سوکایەتی بە ژنان چ کەلتورێکە و چۆن دەیگۆڕین؟ … وتاری هاوبەشی گۆناسعید و ئاسۆکمال

مەلا مەزهەر و مەلا هەڵۆ و مەلاکانی هاوشیوەیەیان سوکایەتی بەژنان بە کارێکی ئاسایی دەزانن ،چونکە بەپێی کەلتوری ئیسلامی ژنان پلەیەکی نزمیان هەیە و چەندین ئایەت و حەدیسیان هەیە کە ژنان بە ئینسانی کامڵ نازانێ و هەمان پلەوپایە و مافیان نیە کە پیاوان هەیانە.

هۆکاری ئەوەی ئەم کەسانە دەتوانن بە ئاسانی لە کوردستاندا سوکایەتی بکەن ، دوو هۆکارە یەکەم ؛زاڵبونی کەلتورێکی پشت بەستو بە بەها پیاوسالاری و ئیسلامیەکانە ،وە دووەم سیاسەتی دەسەڵاتە بۆپشتیوانیکردن و بەهێزکردنی ئەم کەلتورە.

کێ لە پشت ئەم مەلایانەوەیە؟

دەمێ ساڵە هەموو شاهیدی بەهێز کردنی دەزگا دینیەکانین لەسەر دەستی دەسەڵاتی سیاسی لە هەرێمی کوردستان . هاندان و ئاسانکردنی پرۆسەی دروست کردنی هەزاران مزگەوت بە بی باج دان ، تەرخان کردنی بودجەی زەبەلاح بۆ وەزارەتی ئەوقاف ، کردنەوەی دەیان و سەدان فێرگەی دینی و مەزهەبی ، کردنەوەی دەیان کەناڵی ئاسمانی ئیسلامی ، بەهێزکردنی پەروەردەی دینی لە قوتابخانەکان ، بەهێزکردنی ڕەوتی سەلەفیەت و تەرخان کردنی کەناڵی ڕاگەیاندنی تایبەت پێیان ، پێشبڕکێێ حیزبەکان بۆ بە ئەندام پەرلەمان کردنی مەلاکان ، دانانی لیژنەی سانسۆری دینی لەسەر چاپەمەنی و شانۆ و سینەما و مۆسیقا ، تەنها چەند نمونەیەکن لە چۆنێتی پشتیوانی کردنی دەسەڵاتی سیاسی بەناو عەلمانی لە هەرێمی کوردستان لە بونیاد نانی دەزگایەکی زەبەلاحی دینی کە کاریگەری راستەوخۆی لەسەر هەڵس و کەوتی تاک و خێزان و کۆمەڵگە داناوە و کەلتوورێکی گشتی برەو پیداوە کە تیایدا نرخ و بەهای ژنی وەک ئامرازی تێر کردنی ئارەزووی جنسی پیاو و منداڵ خستنەوە و ماڵ بەڕێوەبردن دیاری کردوە لەسەر ئاستی خێزان .

یەکێک لە دەرئەنجامەکانی پشتگیریەکانی دەسەڵات بۆ دەزگای دینی ، دروست بوونی دەیان بانگخواز و کەسایەتی دینی وەک مەلا مەزهەر و مەلا هەڵۆ و د. عەبدولواحید و د. عەبدوللەتیف و ئەوانی تر کە لە چەند ساڵی رابردوودا هەریەکە و بە شیوەی جۆراو جۆر باس لە پێگە و جێگەی ژن دەکەن لە کۆمەڵگە و لە خێزاندا ، هەڵبەت دروست بوونی لە نمونەی ئەم جۆرە بانگخوازانە لە هەرێمی کوردستان تازە نی یە ، بەڵکو لە ساڵی نەوەدەکانیش کەسانی وەک مەلا بەشیرلە شاری هەولێر و مەلا ئەحمەدی خانەقا لە سلێمانی هەبوو وهەمان دەوریان دەگێڕا و هەمان کاریگەریان دادەنا لەسەر زەینی ئەوانەی هاتوو چۆی مزگەوتەکانیان دەکردن . لە گوتارەکانیاندا یەکێ بە ژن دەڵێ جێگەی وا لە چێشتخانە و یەکێ دەلێ ئەگەر ڕێگە نەدەن پیاوەکانیان فرە ژنی بکات داینەسۆرن ، یەکێ تر دەلێ ئەوەی سفور بێت پیاوانی خێزانەکەی “گەوادن” ، یەکێ دەلێت کچان دەبێت تا تەمەنی ١٤ ساڵی بخوێنن و لە دوای ئەوە بدرێن بە شوو و چەندینی تر کە ڤیدیۆکانیان خۆی دەدات لەچەند سەدێک. ئەوان هەروەها قسە دەکەن لە سەر ژنانی هونەرمەند و شانۆکار و گۆرانیبێژ. بەڵام زۆر بە تایبەت تر قسە دەکەن لەسەر چالاکانی نیو ڕێکخراوەکانی ژنان و ئەوانەی لە بواری وەستانەوە بە دژی توند تیژی خێزانی کار دەکەن.

بەلام با بزانین بۆچی دەسەلاتی “بە ناو عەلمانی و لەڕاستیدا خێڵەکی و ئیسلامی” هانی کەسانی کۆنەپەرستان و کەلتوری دژی ژن دەدا ؟

دوانەی دەسەڵات و کەلتوری دژی ژن

حزبە دەسەڵاتدارەکان لە پاراستنی کەلتوری دژی ژندا دەتوانن سود و قازانجێکی مادی زۆر بەدەست بێنن، کە بەپێی بانکی جیهانی ١٤٪ ژنان لەسەر کارن.*١ ئەم ڕاپۆرتەی ٢٠١٩ ڕادەی بەشداری ژنانی کوردستان لە کاردا بە نزمترین ئاست دەزانێ لە جیهاندا. واتە ٨٦٪ ژنان بێکارن و ئەم ملێون ژنە بێکارەش دەبێ لەباری کۆمەڵایتیەوە لە دۆخێکدابن کە فرسەتی ناڕەزایەتیان بەم ژیانە سەختەیان نەبێ و داوای بیمەی بێکاری و بیمەی کۆمەڵایەتی نەکەن و لە ماڵەوە وەک ژنی بێکار خزمەتی خێزان و پیاو بکەن تاکو وەک ژنی ماڵەوە پێناسە بکرێن و هیچ بەرپرسیاریەتیەکی مادی و مافیاکیان لەلایەن حکومەتەوە بۆ حساب نەکرێ. هەربۆیە کەلتورێک کە دەتوانێ ژن بە ژێردەستەی پیاو و کەم بایەخ و سوک سەیر بکا دەبێتە مایەی قبوڵکردنی بێ مافی نیوەی کۆمەڵگەی کوردستان و بەمەش دەسەڵات لە ناڕەزایەتی نیوەی کۆمەڵگە ڕزگاری دەبێ. هەربۆیە دەبینین بودجەیەکی زۆر بۆ دەزگا ئیسلامیەکان سەرف دەکرێ تا هەڕۆژەی فەتوایەک دژی ژنان بدەن و هەوڵ دەدەن یاسای فرەژنی و دژی ژن زیاتر پەرەپێ بدەن.
بەڵام هۆکاری سەرەکی ئەوەی ئەم کەسانە دەتوانن بە ئاسانی لە کوردستاندا سوکایەتی بکەن بە ژنان ، جگە لە پشتیوانی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی بۆیان ، سەرچاوەکەی وا لە کەلتوری ڕەگداکوتاوی پیاوسالاری لە کۆمەڵگەی کوردستاندا، کە مێژوویەکی درێژتری هەیە لە دەسەڵاتی پارتی ویەکێتی و سەرهەڵدانی هێزە ئیسلامیەکان لە کوردستان .
شەریعەت و یاسا ئیسلامیەکان لەگەڵ کۆمەڵێک دابونەریت و بەهای پیاوسالارانە، پێگەی ژن و پیاوی لە نێو خێزاندا بە قازانجی سەرداری پیاو یەکلاکرۆدتەوە. ئەمەش لەباری کۆمەڵایەتیەوە تەواو قبوڵ کراوە نەک هەر لە لایەن پیاوەوە ، بەڵکو لە لایەن ژنانەوە لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی دەگوێزرێتەوە . ئەم سیستەمە کۆمەڵایەتیەی پیاوسالاری لە خێزاندا کەلتوری گشتی لە کۆمەڵگەدا پێک دێنێ. دەسەڵاتیش لەڕێگەی یاسا و ڕیساکانی بەڕیوەبەردن و دامودەزگای دینی فەرمیەوە هەمان سیستەمی پیاوسالاری لە کۆمەڵگەدا یاسایی دەکاتەوە.

ئەم سێ کوچکەی پیاوسالاری و دەسەڵات و دین، هەمویان بونەتە ئەو زەمینە کۆمەڵایەتی و یاساییە و ئەو داب ونەریتە خێڵەکی و دژی ژنە جێکەوتوە لە کۆمەڵگەدا، کە گوتاری ئەمڕۆی ئیسلامی سیاسی ومەلاکان لە ئەساسەوە پشتیان پێ بەستووە . ئەمەش بوەتە ئەو کەلتور و فەرهەنگ و زانیاریانەی کە زۆربەی کۆمەڵگە هەیانە دەربارەی ژن ، وە تا ئەمڕۆ نەک بەردەوامە ، بەڵکو هێزی بەبەردا دەکرێتەوە و زیندوو دەکرێتەوە . مانەوەی ئەم کەلتورە دواکەتوانە لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا فرسەتی بە هەندێ مەلای کۆنەپەرست و ئیسلامی سیاسی و دەسەڵاتیش داوە کە هێرش و سوکایەتی بۆسەرژنان بکەنە کارێکی ئاسایی، کە ڕۆژانە لە کۆمەڵگەدا دژ بەژنان دەکرێ.

ئەم کەلتوورە گشتی یە جگە لەوەی کە لەبەرژەوەندی پایە و دەسەڵاتی تاکی پیاوە بەگشتی ، کاریگەری خۆی لەسەر تاکی ژنیش داناوە . بە پێی ئەم بەها گشتیە کە دانراوە بۆ ژن ، باشترین نمونەی ژن دایکێکە کە ژنی ماڵەوەیە و خزمەت بەهەموو خێزان دەکات ، دایکێکە کە مێردی نەماوە دانیشتوە بە دیار مندالەکانیەوە بۆ خزمەتکردن پێیان ، ژنێکە کە بێ دەنگە شەرمنە و قسە لە قسەی پیاودا ناکات و ..هتد . ئەم جۆرە لە ژیان تەواو بە دڵی دەزگا دینیەکانە و بە دڵی دەسەلاتیشيە .
سەرمایەداری ژنانی ڕاپێچی کارکردن لەدەرەوە کردوە و لە ماڵ دەری هێناون. بەڵام هێشتا ئاستی هوشیاری بە مافەکانیان و بە بەها کۆمەڵایەتیەکان لە ئاستێکی کەمدایە. هاوکات دەسەڵاتی سیستەمی پیاوسالاری خێزان و سیستەمی عەشیرەتی و میلیشیایی حکومەت و دەسەڵاتی دین بەسەر یاسا و بەڕیوەبردن و ژیانی گشتیدا هێشتا بەهێزە و زاڵە لە کۆمەڵگەدا.
بەڵام ئەو گۆرانکاریانەی بەسەر پێگەی سیاسی وئابووری راستەقینەی ژندا هاتوە لە کۆمەڵگای کوردستاندا، پێچەوانەی خواست و ئارەزووی دەزگای دینی و ئەو نۆرمە کۆمەڵایەتیانەیە کە خوازیاریەتی ، و بەشێکی زۆر لە ژنان پابەند نیین بەو بەهایانە و بە شایەنی خۆیان نازانن ، بەڵکو هەوڵ بۆ ڕێزگرتن لە مافەکانیان دەدەن . کێشەکە لێرەوە دەست پێ دەکات .
ژنان بە هۆی هاتنە مەیدانی کار و فشاری بێکاریەوە دەستیان داوەتە کارکردن لە مەیدانی جۆراوجۆری کۆمەڵگەدا.هاوکات گۆڕان بەسەر کەلتوری کۆمەڵگەدا هاتوە بە هۆی گەورەبونی خێرای شارە گەورەکانیشدا لەئاکامی زیادبونی لەڕادەبەدەری دانیشتوان و دەست ڕاگەیشتنی هەموان بە ئەنتەرنێت و سۆشیال میدیا. ئەم دۆخە تازەیە هوشیاریەکی گلۆباڵی سەبارەت بە ژیانی مۆدێرن دروستکردوە، کە ئیتر ئەو کەلتور و دابونەریتە کۆنانە بونەتە ڕێگر وچیتر ژنان ئەو کەلتورە کۆنە قبوڵ ناکەن و ڕوبەڕوی دەبنەوە.

دەوری ناڕازیەتی ژنان لە گۆڕینی کەلتوردا

ناڕەزایەتی و ڕوبەڕوبونەوانەکانی ژنان چ لەناو خێزاندا دەسەڵاتی پیاوی لەزراندوە ،و چ لە ئاستی کۆمەڵگەدا ڕوبەڕوی دەسەڵاتی دین و پیاوانی ئاینی دەبێتەوە و دەیان خاتە قەفەسی تاوانباریەوە ،و چ لەئاستی حکومەت و پەرلەمانیشدا داوای پاراستن و یاسای مافەکانی ژنان دەکا.
لە ناڕەزایەتیەکانی مامۆستایان و فەرمانبەران و کرێکاراندا سەبارەت بە موچە و ڕوبەڕوبونەوەی پلانەکانی حکومەت لە کاتی قەیرانەکاندا، کاریگەری بەشداری ژنان دەبینین لەسەر کاڵکردنەوەی کەلتوری زاڵی پیاوسالاری و بەکەم گرتنی ژنان .
ئەمانە هەموو زەمینە دروست دەکەن بۆ سەرهەڵدانی کەلتورێکی ئینسانی و مرۆڤدۆستانە لەکۆمەڵگەدا کە ڕێز لە جێگە و مافەکانی ژنان بگرێ.هەرچەند ئەمانە تەنیا زەمینەیەکی سەرەتایین و هێشتا نەبوونەتە هوشیاریەکی گشتی وکۆمەڵایەتی کە کاریگەری لەسەر کەلتوور دابنێت بەتەواوەتی،بەڵام کەلتووری کۆن ترسی لەناوچونی لێنیشتوە و پەلاماری هەر پێشکەوتنێک و گۆڕانکاریەک دەدەن کە ژنان لە کەلتوری کۆمەڵگەدا دروستی دەکەن ، دەست دەبەن بۆ توند تیژی نواندن بەرامبەر بە ژنان .

ئەمە شەڕێکی کەلتوریە لەنێوان کەسانی کۆنەپەرستی وەک مەلا مەزهەر و مەلا هەڵۆ و هاوپەیمانەکانیان لەنێودەسەڵات و لە حزبە ئیسلامیەکاندا لەگەڵ ژنانی ئازادیخواز و هاوپەیمانەکانیان لە ڕێکخراوەکانی ژنان و ڕیكخراوە چەپ و سێکۆلار و کۆمۆنیست و پارێزەر لەمافەکانی مرۆڤدا.

هاتنە مەیدانی ژنان و پیاوانیکی ئازادیخواز لەدژی مەلا مەزهەر و ڕاپێچکردنی بۆ دادگا و خستنە قەفەسی تاوانباریەوە کارێکە کە سەری ئەو ڕمەیە کە ئەم گۆرانکاریە هێناویەتی ، ئەوە پێگەی ژنانە کە جێی بە گوتاری ئەوان لێژ کردوە . ژنان و پیاوانێکی ئازا و جەسور کە نوێنەرانی ئەو کەلتورە دژە ژنە ڕاپێچی دادگا دەکەن ، کارێکی گرنگ دەکەن بۆ تێکشکاندنی کەلتوری سوکایەتی بەژنان و ئەمە بەشێکە لە خەباتێکی ئاشکرا دژی کەلتوری زاڵی کۆمەڵگە.
هاتنە مەیدانی ئەم ژن و ڕیكخراوانەیان دژی سوکایەتی و فرەژنی درێژەی ئەو هەوڵانەیە کە بزوتنەوەی ژنان لە سێ دەیە دژی کوشتنی ژنان لە کوردستان دەیکەن. بەشێکی ڕیکخراوەکانی ژنان بەردەوام خەریکی پاراستنی ژنان بون لە شێلتەرەکان و بەهانا چونی ئەو ژنانەی لە توندوتیژی خێزانی هەڵاتون. ئەوەی دەبینین لە کوردستاندا کۆمەڵێک ڕیکخراو و چالاکی ژن هەیە و لە خەباتی بەردەوامدان بۆ پارێزگاری لە مافەکانی ژنان. ئەم کارە مەلا و لایەنە ئیسلامیەکانی هەراسان کردوە و بە هەڕەشەیان دەزانن بۆ سەر کەلتورێکی دواکەوتوانە کە ئەوان لەسایەیدا دەتوانن ڕاوی دەنگی خەڵکی پێ بکەن بۆ بەدەستهێنانی پۆست و شەریک بون لە تاڵانی داهاتی کۆمەڵگە.

مەلا مەزهەر بە پشتیوانی لایەنە کۆنەپەرستەکانی هەولێر دەتوانێ خەڵک کۆبکاتەوە کە پارێزگاری لە سوکایەتی بەژنان و فرەژنی بکەن بە ئاشکرا. لە نێو تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بە هەزاران گەنج و پیاو سوکایەتیان بە ژنان دەکرد و بە وپیاوانەی بەرگریان دەکرد لە شکاتی ژنان . جوێن و سوکایەتی وبەکار هێنانەوەی دەستەواژەکانی مەلا مەزهەر ، تێکەڵ کرابوون بە هاوار هاواری هیستریای گوایە هێرشکراوەتە سەر خودا و پێغەمبەر و دینەکەیان . پیاوانی فرە ژن هاتبووەن سەرجادە و بەرگریان دەکرد ، پۆلێک پێشمەرگە ،بە بێ ئەوەی لە بیریان بیت کە هاوڕێکانیان لە شەڕی داعشدا گیانیان لە دەست دا،بەڵام ئێستا هاواریان دەکرد، ئیمە پشتگیری لە مەلا مەزهەر دەکەین . ئەمە سیناریۆیەک نیە دروست کرابێ بەڵکو ئەمە واقعیەتی بونی سێ کوچکەی دەسەڵات و دین و کەلتوری سوکایەتی بەژنە کە لە کوردستاندا ئامادەیە و جەماوەری خۆی هەیە. بەرەی ئازادیخوازی کۆمەڵگە پێویستە وشیارانە لەپەیوەندی نێوان ئەم سێ کوچکەی کۆنەپەرستیە بڕوانێ تاکو ڕوبەڕوی سیناریۆکانیان ببێتەوە و ڕێگاکانی شکانی تابوی ئەم کۆڵەکانەی کۆنەپەرستی لە یاسا و کەلتور و ژیانی ڕۆژانەدا نیشانی کۆمەڵگە بدا.

بۆچی زۆربەی کۆمەڵگەی کوردستان بەرامبەر سوکایەتی بەژنان بێ دەنگە؟

ئەوەی جێگای سەرنجە بێ دەنگی بەشێکی زۆری کۆمەڵگەیە بە بیانوی جۆراوجۆرەوە، وەک ئەوەی ئێستا کاتی مەسەلەی ژن نیە و ئەمە بۆ لەبیربردنەوەی ناڕەزایەتیە بە دەسەڵات، یاخود ئەوەی شکات و دادگایی تەنیا مەلایەک سودی نیە و ئەوە مەلا گەورە دەکات و بیانوی ئەوەی ڕێکخراوەکانی ژنان گەندەڵیان تێدایە، یاخود دادگا گرنگ نیە و هیچی پێ ناکرێ.
ئەمانە هەمووی نیشانی دەدا کە کەلتوری سوکایەتی بەژنان و ترس لە گۆڕینی ئەم کەلتورە ئەوەندە بەهێزە کە هەر ناڕەزایەتیەکی ڕەوا و پێشکەوتوانە دەخرێتەژێر پرسیارەوە لە لایەن زۆرینەی کۆمەڵگەوە . ئەم بیانوانەش جۆرێک لە خۆدزینەوەیە لە بەرپرسیارێتی بەشداری لە گۆڕینی کەلتوری دواکەتوانەی دژی ژن لە کۆمەڵگەدا.
ئەگینا هەموو ڕۆژێ خەڵک دەتوانێ ناڕەزایەتی بەرامبەر بە دەسەڵات دەرببڕێ و دەریشی بڕیوە . ئیتر بۆ هاتنە مەیدانی ژنان بۆ مافەکانیان دەبێ ڕیگری بکا لە ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە دەسەڵات ؟
بەپێچەوانەوە ئەگەر هەر بەشێکی کۆمەڵگە ناڕەزایەتی بەرامبەر بە گۆشەیەکی نایەکسانی و نادادپەروەری دەسەڵات دەرببڕێ، ئەوا دەسەڵات دەکەوێتە ژێر فشاری بەشێکی زۆرتر لە کۆمەڵگەوە و بەرەی ناڕەزایەتی شۆڕشگێڕانەی پێ بە‌هێزتر دەکرێ دژی دەسەڵات. گرنگی نەدان بە ناڕەزایەتیەکانی ژنان بەرامبەر بە کۆڵەکەیەکی کۆنەپەرستی دەسەڵات بەمانای خستنەلاوەی خواستێکی گرنگی ژنانە لە باشتربونی دۆخیاندا و لەبەر چاو نەگرتنی مەسەلەی ژنانە کە هەزارەهایان لێ بوەتە قوربانی دەسەڵات و کەلتور و هاندانی کۆنەپەرستانی دینی.

باسی دادگایی کردنی مەلایەک بەکەم دەگیرێ ، بەڵام وەک لە بەیانی کەمپینی (#ئەوەستینەوەبەرامبەرسوکایەتیکردنبە_ژنان )دا هاتوە: “ئەم کەیسە وەک کەیسی چەند کەسێک و چەند ڕێکخراوێک سەیر نەکا کە سوکایەتیان پێکراوە ، بەڵکو ئەمە کەیسی سوکایەتی کردنە بە هەموو ژنانی کوردستان.”
بەڵێ ، ئەمڕۆ دادگایی کردنی ڕەمزێکی کۆنەپەرستی و خستنەقەفەسی تاوانباریەوە بەمانای خستنە قەفەسی کەلتور و یاسایەکە کە سوکایەتی بەژنان و فرەژنی بەڕەوا دەبینێ . بەم پێیە ئەمە نیشانەی ئاشکرابونی توانا و ئیرادەی ئازایانەی ژنانی ناڕازیە کە ڕیگە بە هیچ کەس ولایەنێکی کۆنەپەرست نادەن سوکایەتی بەژنان بکەن و دەیکەنە نمونە بۆ هەموو کۆنەپەرستانی تر.
بیانوی ئەوەی دادگایی کردن ئەم مەلایانە گەورەدەکا! بەڵام ئەم مەلایانە پلەوپۆست و گرنگی خۆیان لای دەسەڵات هەیە و بەم دادگایی کردنە گەورە نابن. هەربۆیە ئەمەش بیانویەکی بێ هێزە بۆئەوانەی کە دەڵێن مەلا گەورەمەکەن و نازانن کە چ پەیوەندیەکی ڕۆحی و مادی لەنێوان دەسەڵات و ئەم جۆرە لە پیاوانی ئاینیدا هەیە. دادگاییکردنی هەر کەسێکی کۆنەپەرست و سزادانی ئیرادەی ژنان زیاتر بەهێز دەکا بۆ هاتنە مەیدان و ڕوبەڕوبونەوەی دەسەڵاتێک کە پارێزەر و سەرچاوەی مادی هەموو ئەم کۆنەپەرستیەیە لە کوردستاندا.

بیانوی ئەوەی بەشێکی ڕیکخراوەکانی ژنان بەشیکن لە دەسەڵاتێکی گەندەڵ وبێگومان گەندەڵی ئەوانیشی گرتۆتەوە و کاریگەری خراپی لەسەر ناوی ڕیكخراوە پارێزەرەکانی ژنانیش داناوە،بەڵام ئەمە ناکاتە سڕینەوەی چالاکی ئەو کۆمەڵە ڕیکخراوەی تری ژنان و هەڵسوڕاوانی ژنان ، کە بەهۆی چالاکیەکانیانەوە بۆ پارێزگاری و داڵدەدانی ژنان و ڕزگارکردنیان لە توندوتیژی خێزانی و وەستانەوەیان بەرامبەر بە فرەژنی و فەتوای زانایانی ئیسلامی و سوکایەتی بەژنان ،هەمیشە لە ژێر هەڕەشە و زمانی زبری مەلا و لایەنە ئیسلامیەکاندان.

ئەوانەشی دەڵێن دادگا گرنگ نیە چونکە حکومەت خۆی گەندەڵە و دادگانیشی گەندەڵن و هیچیان پێ ناکرێ. ئەمە جۆرێک لە پاسیڤیزم بەرهەم دەهێنێ کە هیچ نەکرێ بەرامبەر بەدەسەڵات . ئەم بۆچونە هیچ لە تەرازوی هێزی نیوان ژنان و دەسەڵات و دین نازانێ و پێی وایە کە ئەگەر هیچمان نەکرێت ئەوا شەرعیەت بە دەسەڵات نادەین! ئەمە چ لۆژیکێکە کە لە هیچ کردندا شەرعیەتی دەسەڵات نامێنێ!؟ ئەمە جگە لە پاسیڤیزم هیچی ترنیە و ناتوانێ ناوی هیچ شۆڕشگێڕیەتیەکی لێ بنێی. ئەم بۆچونە توانای ڕوبەڕوبونەوەی دەسەڵاتی نیە بە چەکەکانی خۆی وەک دادگا و یاساکان، وە فشار بۆ جێبەجێکردن و سەلماندنی خواستی خەڵکی ناڕازی و سەپاندنیان بەسەر دەسەڵاتدا بە پیویست نازانێ، چونکە خۆی بەشێک لەو خەباتە ڕۆژانە نیە کە گۆڕانکاری لە کۆمەڵگەدا دروست دەکا.

هاتنەمەیدانی ئێستای ژنان دژ بە سوکایەتی و دژی فرەژنی بەشێک لەو شەڕە کەلتوریەیە کە دەتوانێ بەهەر سەرکەوتنێک لە دادگا و یاساکاندا نیشانەی گۆڕانکاری ڕادیکاڵانە بێ لە کەلتوری کۆمەڵگەدا بەرامبەر بەژنان. ژنان کاتێک دەتوانن کەلتوری دژی ژن بخەنە قەفەسی تاوانباریەوە، بەمە نیشانی کۆمەڵگەی دەدەن کە کەلتوری دواکەوتوانە و دژی ژن دەبێ بگۆڕدرێ. هەرچەندە ئەم بزوتنەوەیە لە ئێستادا لاواز بێ و نەتوانێ خەڵکێکی زۆر کۆبکاتەوە ، هیچ لەوە کەم ناکاتەوە کە ئەم بزوتنەوە شۆڕشگێڕانەی ژنان شەڕێکی گرنگ و چارەنوسازدەکا لەگەڵ کەلتوری دژی ژن و ڕەمزەکانیدا کە بەهەموو شێوەیەک لە لایەن دەسەڵات و ناوەندی دژی ژنانەوە پشتیوانی دەکرێن.
گرنگە هەموو کەسێکی ئازادیخواز و یەکسانی خواز بزانێ کە پشتیوانی ئەم بزوتنەوەی ژنانە ڕێگای بەهێزکردنی ئەم کەلتورە پێشکەتنخوازی و مرۆڤدۆستانەیە لە کۆمەڵگەدا و بە هەوڵی هەمو ئازادیخوازان سەرکەوتودەبێ.

*١https://www.worldbank.org/en/news/feature/2019/03/21/helping-women-in-kurdistan-region-of-iraq-to-find-jobs
گۆنا سعید و ئاسۆکمال




غوربت … سەمیرە سابیر

ئەگەر هاتی رۆژباش ڕابچڵەکێنە
ئەگەر هاتی شەو باش بدوێنە،
نەچەپکە گوڵ، نەشرینی خۆش
نەعەترو گوڵاوی بۆن خۆش
مەهێنە بۆم، من پەپولەیەکی ئازادنیم،
کەلەبچەی دێرە شعرەکانم
ئەگەر هاتی ئەم جارەیە
من لەو پیاڵە قاوەییە
سارترم بۆت،
تاڵترم بۆت،
ئەمجارەیان نەدووچاوی پڕ ئەوینت
نەگوتنی پڕ شیرینت
نام هەژێنن نام گریێنن
ئەمجارەیان دڵ تەپ تەپ
دەنگی نایە.
بۆدیدارت بۆ رووخسارت
ئەمجارەیان نۆری تۆیە بۆ دڵشکان
بۆگلەی و چاوی پڕ لە گریان.
ئەمجارەیان ئەگەر هاتی،
نۆرەی تۆیە بۆ غوربەت.

سەمیرە سابیر




کتێب: گەڕان بە دوای جوانییەكان لە ڕووبەرە فەرامۆشكراوەكاندا … عەتا قەرەداخی

ناوی کتێب : گەڕان بە دوای جوانییەكان لە ڕووبەرە فەرامۆشكراوەكاندا
بابەت : لێكۆڵینەوە
نووسەر : عەتا قەرەداخی
پیتچنین و هەڵەچنی : نووسەر
نەخشەسازی ناوەرۆك : ميديا ئيبراهيم شكاك
بەرگ : شاخەوان جەعفەر
تیراژ : 500 دانە
چاپ : چاپی یەکەم – چاپخانەی ڕۆشنبیری- هەولێر/ 2020

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن …….




دەبەنگی … تێکست : د.چیا زەنگەنە وەرگێڕانی : پشکۆ ناکام

دەبەنگیە ،
تا بیرکەیتەوە
هەر دەبەنگیە
ئەم گەلە
لە بێ ئاگایی
و
“شێتێ””تی
و
پەی نەبردن بە راستییەکان
لە خەوێکی قووڵا لێی کەووتوە
دەبەنگی
سنوورەکانی بەزانوە
سەرۆک وەک خودا
وەک بنیاتنەری ئاسمان ئەبینێتەوە
ئێستاش ، پیرۆز یی
لە میزی حوشتر
و
هەوای بیابانا ئەهۆ نێتەوە
قوڕ بەسەر نەتەوەیەک
كە دەبەنگ بێ
فەرمانڕەواکان
ڕیش سپییەکان
ئالودەی خیانەتیان کرد
بەرگی نیشتمان پەروەییان
پێ لەبەرکرد
دەیان فورسەت
كە دووبارە نابێتەوە
بە لا ڕێ برا
پاشان لەناو برا
دەبەنگیە
بە شان و باڵی نیشتمانا
هەڵبەیت ، کە سەرکردەکان
كۆمەڵێک بازرگان
بە ناوی خوا
بەناوی گەل
لەژێر مێزەرەکانا
لە دیوی ناوەوەی جببەکانا
بازرگانی لێهاتوون
بۆ سفرەکان
بۆ داهاتەکان
بۆ قاسەکان
بۆ بەریوەبردنی دەربار
هێند شارەزان
كەس لێیان ناباتەوە
ئەوان: نوێنەرایەتی خوا ئەکەن
فەرمانی بریکاری
خوایان بۆ نووسراوەتەوە
كوشتن و غەزەب
وێرانیی و نەفرەت
وەک خۆشەویستی
و
حورمەت لێنان بۆ گەل
بە نموونە ئەهێننەوە




پارچه‌كانم كۆكه‌نه‌وه‌ … ستار ئه‌حمه‌د

پارچەیەكی دیكەی لەشم
دەیەوێت ناخم بگۆڕێ
لەرووكەشم جیابووەتەوە
جارێك رەنگی سەوز دایدەگرێ و
جارێكی تر ..
زەردو ناسك دەبێتەوە
بەدروشمی هەر دەیگۆڕین
سلێمانی كردە پاچە
كەركوكی لەخۆی زویر كرد
هەولێر زۆر لێیان بێزارە
دهۆك لەنەخشەیانا مرد
چییان گۆڕی
هەڵگوردیان بردە قەندیل و
زاگرۆسیان هێنا بۆ گەرمیان …؟
هەڵەبجەیان دا بەبەغداو
تكریتیان خستە سەر دهۆك ..؟
هەر سەوزن و
تەنها كەمێك كاڵبوونەوە
شكۆو رێزی پێشینەیان
لەدەست دەرچوو
دڵێكم بوو كردیان بەدوو
من لەنێوان دوو بەرداشا
دەمیان هاڕی
باری ئەوانیش
هاتە شانم
جاران تەنها كوردستان بوو
ئێستا خاوەنی
سەد خاك و
چەندین پاشاو نیشتمانم
لەم كەركوكە
شەوان گرمەی
تۆپ و گوللە و نارنجۆكە
داعش دێت و داعش دەڕوا
كەرتێكی تری دەروونم
بەتوندی جەستەم دادەگرێ
بەڕدێنی جەنجاڵەوە
بەدەرپێی كورت و
شان بەخوێنی بەرماڵەوە
باسی ئبمامی ئەحمەدو
بوخاری لنگەو قووچ دەكەن
بوونەتە دەمچەرمووی
شارەكەم و
كوردی رەسەن
سڵاو بەزاری دایكمان قەدەغەیە
ناولێنانی تازە مناڵ
بەكوردی هەر زۆر مەحاڵە
بەگژ دارو بەردا دەچن
بەباڵای تورك و عەرەبا
وێرد دەخوێنن
پەروەردەی دەستی ئوسامەو
غەلی باپیری خۆمانن
خۆیان نەبێت
هەموو دونیا
بەكافرو جوو دەزانن
وەرە لەنێو
ئەم گێژاوی خوێن رشتنە
لەنێو ئەم بازاڕی مەرگ و
خاك و میللەت فرۆشتنە
بەرگەی بەزم و
بالۆرەی ردێن و
پەچەو ژنهێنان و
سێكس بگرە
سات لەدوای سات
رۆڵەیەكی ترمان دەڕوات
قارەمانێك شەهید دەبێت
ژن و
نەوەی بەجێماویان
بێ مووچەو
خانوو
قووتی رۆژ
جەسنەی سەربڕاوی
براو
مێردو كەسیان
دەخرێتە كۆش
بەم شەوگارەش
هەر درۆیە
بەسەر شاشەی تیڤی و
كەناڵەكانا دەبارێ
خەمی گەورەیان گیرفانەو
دەترسن
مووچەو
حیمایەو
ماشینەكانیان نەمێن
جارو باریش
سروودێكمان بەگوێ دەدەن
كەس نەڵێت كورد مردووە
زیندووەو قەت نامرێ و
هەر دەمێنێ
باكوورم خاك بەدەربووە
بەپیلانی زلهێزەكان
هاپۆیان رادەستی توركیا كرد
گلێنەی دیاربەكرو
ئامەدو عەنتابیان برژان
هەر چۆن بەرێكەوتن نامەكەی
لۆزانی شوم
كوردستانیان
چوار پارچەكرد
ئێستاش ئارەزوویان وایە
باكورو باشوور لێك وەردەن
رۆژهەڵات و رۆژئاوا
لێك بترازێنن

ستار ئه‌حمه‌د