کتێب: ژانرە ئەدەبییەكان … سمكۆ محەمەد

ناوی کتێب : ژانرە ئەدەبییەكان
بابەت : ئەدەبی
نووسەر : سمكۆ محەمەد
تابلۆی بەرگ : كاندینیسكی
پیتچنین و هەڵەچن : نووسەر
نەخشەسازی ناوەرۆك و بەرگ : شاخەوان جەعفەر
تیراژ : 1000 دانە
چاپ : چاپی یەکەم
نرخ : 3000 دینار

كتێبی ژانره‌ ئه‌ده‌بییه‌كانی سمكۆ محه‌مه‌د كه‌ بریتیه‌ له‌ 104 لاپه‌ڕه‌و به‌ قه‌باره‌ مام ناوه‌ندی له‌سه‌ر ئه‌ركی خۆی به‌چاپی گه‌یاندووه‌ كه‌وته‌ به‌رده‌ستی خوێنه‌ران. نووسه‌ر له‌م كتێبه‌یه‌دا باس له‌و چه‌مكانه‌ ده‌كات كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ ئه‌ده‌ب و فكره‌وه‌ هه‌یه‌ و له‌ ساڵانی هه‌شتاكانه‌وه‌ هاتووته‌ نێو دونیای ئه‌ده‌بی كوردی، به‌ڵام وه‌كو نووسه‌ر له‌ پێشه‌كی كتێبه‌كه‌یدا نووسیویه‌تی ( به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌و چه‌مكانه‌ درووستكراوی ئێمه‌ نیین و كارمان پێیان نه‌كردووه‌ وه‌كو به‌شێك له‌ شۆڕشی فه‌رهه‌نگی، بۆیه‌ به‌هه‌ڵه‌ كاریان پێكراوه‌ و به‌هه‌ڵه‌ له‌نێو توێژینه‌وه‌ی ئه‌ده‌بیدا كاریان پێكراوه‌، بۆیه‌ منیش جارێكی تر به‌پێی ئه‌و لۆژیكه‌ی كه‌ نوێخوازی به‌ گرینگی ده‌زانێ‌ جارێكی تر پێناسه‌ و شیكردنه‌وه‌م بۆ كردووه‌، یان باشتر بڵێم له‌سه‌ریانم نووسیوه‌).
نووسه‌ر له‌ پێشه‌كی كتێبه‌كه‌یدا ده‌ڵێ‌ “قسه‌كردن له‌سه‌ر ده‌قی ده‌ربار و ده‌قنووسی كورد، وه‌كو جۆرێك له‌تابۆ دیاریكراوه‌ و بووه‌ته‌ هێڵی سوور، ئه‌وه‌ش كه‌جار به‌جار رچه‌شكێنی كردووه‌ و له‌سه‌ر شاعیری ده‌ربار شتی نوسیووه‌، هێنده‌ی له‌ژێر كاریگه‌ری سیاسه‌ت و ئیدیۆلۆژی بووه‌، یان سه‌رچاوه‌كه‌ی له‌كۆنه‌ قینه‌وه‌ بووه‌، هێنده‌ مه‌به‌ستی خزمه‌تكردن نه‌بووه‌ به‌ئه‌ده‌بیات و ده‌رهاویشته‌كانی دیكه‌ی، ئه‌مه‌ له‌حاڵێكدا شاعیری ده‌ربار له‌ده‌روه‌ی دونیای ئه‌ده‌بی كوردی، مێژوویه‌كی هه‌یه‌ و له‌وانه‌ش نمونه‌ی به‌شێك له‌شاعیره‌كانمان هێناوه‌ته‌وه‌”.

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکە…….




لە پەڕاوێزی ململانێی ژیان و مەرگەوە … نووسینی: ستیڤان شەمزینی

-1-

ئەزموونی نەخۆشخانە

کێ لە ئێمە هەیە نەچووبێتە ئەو جێگەیەی پێی دەوترێت نەخۆشخانە؟ گرنگ ئەوەیە کێ لە ئێمە دیقەتی ئەوەی داوە، ئەو شوێنە جێگەی زۆرانبازییەکی گەورەیە لە نێوان هەردوو پاڵەوانە مەزنەکە “ژیان و مردن”؟!. کە بە داخەوە زۆر جار ئەنجامی ئەو زۆرانە بە شکستی ژیان کۆتایی دێت و رۆژانە چەندان کەڕەت ژیان لەو گۆڕەپانە بە دۆڕاویی سەردەنێتەوە. ئەگەرچی چەندان جاری تر میدالیای سەرکەوتن لە گەردن دەکات.
هەمیشە لە کاتی چوونم بۆ نەخۆشخانە بیر لەو ململانێ سەختە دەکەمەوە لە نێوان ئەو دوو هێزەدا لەوەتی وجودی زیندەوەران هەیە لە ئارادایە لە کێشمەکێشی یەکتردان. من وای نابینم مردن درێژکراوەی ژیان بێت، هەمیشە مردن کەوتۆتە دەرەوەی ژیان، بەڵام لە گەمەی مەرگ و ژیندا، یارییەکە بە دۆڕاندنی جاویدانیی ئەو هێزە کۆتایی دێت هەمووان خۆشیان دەوێت ئەویش وەک وتم ژیانە. وابزانم کەسمان گوومانمان لەوە نییە لە کۆتاییدا مردن گرەوەکە دەباتەوە؟ لە زانینی ئەم فاکتە گرنگتر، ئەمەیە: مادام وایە بۆچی بیر لەوە نەکەینەوە چێژ لەو ژیانە وەربگرین کە تاکە سەرمایەمانە لە بووندا؟.
فرۆید هەموو کات جەختی دەکردەوە ژیان بەهایەکی بەرزی نییە، بەڵام تاکە سەرمایەشمانە لە وجوددا.
مادام ئێمە مەحکومین بە یەک جار ژیان، دەبێت بیر لە کوالێتی ژیانمان بکەینەوە و هەوڵ بدەین پانتاییەکەی بۆ ژیانکردن نەک هەر تەنێ هەناسەدان کەڵک لێ وەربگرین، بەو نۆرمە تێفکرینە مامەڵە بکەین ئەگەرچی ژیان لە خۆیدا سەرمایەیەکی زۆر بەنرخیش نەبێت، تاکە شتە سروشت پێی بەخشیوین، ئەو چەند ساڵەی لەناو شانۆی ژیاندا ئەکتەرین زۆرترین چێژی لێوەربگرین.
مارکس ئاسا پرسیاری ئەوەی بۆچی دەژین بگۆڕین بۆ ئەو پرسیارە جددییەی چۆن دەژین؟ لە روانگەی منەوە ئەمە کرۆکی هەموو پرسەکەیە.
لە نەخۆشخانە کاتێک لەسەر ئەو قەرەوێڵە رەقە دەکەویت، جەستەت جگە لە ئازار هیچ تەزوویەکی تری پێدا نایەت، لەشت جگە لە بێهێزیی و داهێزران هیچ شتێکی تر ناگرێتە خۆی.

هەمیشە بیر لەوە دەکەیتەوە هەلێکی تری ژیانت دەستبکەوێت لە دەرەوەی نەخۆشخانە تا ممارەسەی خۆشییەکانی بکەیت. لە سۆنگەی ئەوەی ئەو کاتانەی لە نەخۆشخانە بەسەری دەبەین، نە بەشێک لە ژیان، نە مردنە، بەڵکو راوەستانێکی سەیرە لەو نێوانەدا.
لەگەڵ ئەوەش مرۆڤ بێ ویژدانانە سەرقاڵی لەناوبردنی خۆشییەکانی ژیانە! نازانم بۆچی وا دەکات؟ بۆچی دەبێت خۆشیی خۆمان لەسەر حیسابی وێرانکردنی گەردوون و فرمێسکی مرۆڤانی دیکە رۆبنێین؟. مرۆڤ تاکە گیاندارە ژینگە پیس دەکات و سروشت وێران دەکات، مرۆڤ مرۆڤی تر برسی و ئاوارە دەکات.
مرۆڤ چەکی کۆکوژ دروست دەکات!. مرۆڤ مرۆڤی تر لە پێناوی خۆپەرستی خۆیدا لەناو دەبات. مرۆڤ مرۆڤی تر دەکاتە کۆیلە. لە نەخۆشخانەوە بەدەر لەم وردبوونەوەیە، فیکر دەکەمەوە فرسەتێکی ترم هەبێت بە فۆرمێکی باڵاتر چێژ لە ژیان وەربگرم، زۆرجاریش بیر لە دڕندەیی مرۆڤی ئەم زەمەنە دەکەمەوە، دەستم دەخەمە ژێر چەناگەم و داڵغە دەمبات، رەنگم هەڵدەپڕوسکێ، ئارەقی بۆن ناخۆش دەرئەدەم.
پزیشکەکان تێبینیم دەکەن وا دەزانن لە مردن دەترسم، لەوە حاڵی نین ژیانی هاوچەرخ و کۆیلایەتی سەردەمی لیبرالیزمی نوێ تۆقاندوومی.
نەخۆشخانە تاکە شوێنە تێیدا بە زەقی هەست بە کێشمەکێشی ژیان و مردن بکەم، هەمیشە وەک لایەنگرێکی سەرسەختی ژیان بە تامەزرۆییەوە سەیر ئەو جەنگە بێ دووکەڵە دەکەم. کاتێک نەخۆشێک بە کەیف خۆشیی نەخۆشخانە جێدەهێڵێت چەپڵە بۆ سەرکەوتنی ژیان لێ دەدەم، بەڵام هەر کات پێچەوانەکەی دەبینم لەبەر خۆمەوە دەڵێم هەموو جارێ گۆزە بە ساغی لە کانی نایەتەوە.
وا دەهزرێم هەموو کات بیرکردنەوە لە ژیان وا دەکات وادەی مەرگی مرۆڤ دواتر بکەوێت. هەر کات رێمان کەوتە نەخۆشخانە بە هەر هۆکارێک بێت کەمێک بە وردی وەک ئەوەی لە میدیتاشیۆندا بین، کەمێک لەو ململانێیە رابمێنین، سەیری ئەو ژیانە بکەین کە هەموو جەنگە دژی مەرگ، رەنگبێ وانەیەکی ئاکاریی و مرۆڤدۆستیمان بداتێ بەقەدەر رقمان لە مەرگ، ژیانی خۆمان و مرۆڤانی دیکەمان خۆشبوێت. کەواتە با ئەوەندەی لە ژیاندا رۆڵ دەگێڕین وەک زیندوویەک رۆحمان لە خڵتەی مەرگدۆستی پاک بکەینەوە، هەوڵی ئەوە بدەین بۆشاییە تاڵەکانی بوونمان بە ئیرۆسیزم پڕ بکەینەوە، گرەنتی دەکەم ئەوسا مەرگ لە بەخیلیدا جەڵدە لێیدەدا. دەی هاوڕێیان وەرن بە هەستی ژیاندۆستی مەرگ بکوژین. ئەم قەتڵە جوانە ئەنجام بدەین.

-2-

چیرۆکەکەم لەگەڵ نەخۆشی سەرەتان

هیچ کات بیرم لەوە نەدەکردەوە لە سییەکانی تەمەندا تووشی نەخۆشییەک دەبم سەرلەبەر ژیان و بیرکردنەوەم لەگەڵیدا دەگۆڕێت. پێموابوو ئەم ژیانە بە گوڵ و رووداوە خۆشەکانییەوە چاوەڕوانمە. ئێوارەیەکی باراناویی زستان بوو، دروست ئێوارەی 12-2-2012 لە ناکاو هەموو شتەکان گۆڕان. هەرچەند ئەو هەواڵەی پێمدرا کە تووشی ترسناکترین جۆری سەرەتان بووم، نەیلەرزاندم. ئێشی هەر ئەوەندە هەبوو وەک ئەوەی دەرزییەک بکەیت بە کێوێکدا. ئەزموونی نەخۆشی سەیرە. هەندێک وا تێگەیشتوون نەخۆشی مرۆڤ لاوازتر دەکات، لای من ئەمە تەواو پێچەوانەوەیە و نەخۆشی مرۆڤ فێری خۆڕاگریی دەکات. بیرم دەکردەوە نەخۆشی درێژخایەن ژیان تاڵ دەکات، ئێستا دەزانم دەکرێت بە نەخۆشی درێژخایانیشەوە ژیان هەر هەنگوین بێت. ئەوە خۆمانین بڕیار لەسەر شێوەی ژیانمان دەدەین.

لای من مردن وەهێمکە مرۆڤ دروستی کردووە و خۆی پێ تۆقاندووە، ئەگەرنا جیاوازیی نێوان ژیان و مردن شتێکی ئەوتۆ نییە، مرۆڤ لە مردندا تەنیا دیوە فیزیکییەکەی ون دەبێت، تەنانەت ئەو خانە زیندووانە هەر دەمێننەوە و شێوەیان دەگۆڕێت. ئەمەش مانای ئەوەیە مەرگ تەنها گۆڕانکارییەکی فیزیاییە و هیچی تر. باوەڕم بە خودایەک هەیە هەریەک لە ئێمەش خۆمان بەشێکین لێی، تۆ دەتوانیت لە رێگەی ئەو خودایەوە کە خۆت بەشێکیت لەو خۆت زیندوو بهێڵیتەوە. جارێک هاوڕێیەکم وتی سروشت خۆی خودایە!! ئەمن ئەودەم لە قووڵایی ئەو دەربڕینە تێنەگەیشتم، بەڵام هەنووکە دەزانم ئەو هێزەی لەناو گەردووندایە نەک لە پشتی گەردوونەوە خودایە، ئێمەش هەریەک بەشێوەی خۆمان جەستەی ئەو خودایە پێکدەهێنین. واتە خودا هێزێکی میتافیزیکیی نییە بەڵکو ئەو وزە چاکەیە لە ناو سروشت و لەناو خودی خۆماندایە. کەواتە ئەو سروشتە ئیلاهییەی مرۆڤ مومکین نییە بمرێت.

پێموانییە سەرەتان هێندە مەترسیدار بێت. کێ بیری لە جەنگەکان کردۆتەوە چەند مەترسیدارترن؟. کێ بیری لە هەژاریی کردۆتەوە چەندە سامناکە؟. تۆقین لە شێرپەنجە تراومایەکی ساختەیە و هیچ کات لە جێگەی خۆیدا نییە. من وەک خۆم نەشتەرگەرییم کردووە، هەردوو چارەسەری کیمیایی و رادیۆلۆجیم وەرگرتووە و بەردەوامیشم لەسەریان. بەڵام لەسەروو هەموو ئەمانەوە دەرمانێکی گرنگتر هەیە، ئەویش بڕوابوونە بە مانەوە لە رێگەی ئەو ویستەی بۆ ژیان هەتە.

ئەوە سێهەم جارە کات بۆ مردنم دادەنرێت، کەچی ئەوە منم بڕیار نادەم بمرم! زانستی پزیشکیم تووشی ئیحراجی کردووە. مردن ئەو کاتەیە تۆ بڕیار بدەیت بمریت. لەوانەشە زۆرجار هەناسەدان بە تەنیا مانای زیندووبوون نەگەیەنێت. ئەوەی من کردوومە لەگەڵ کەنسەر، شتێکی سەیرە، خودی سەرەتانم تووشی سەرەتان کردووە، چوونکە ئەو چەند شاڵاو بهێنێت بۆ من، ئەز بە چەکی ژیاندۆستی و عیشق سەر دڵی داخ دەکەم. خۆشەویستی دەرمانی راستەقینەی شێرپەنجەیە. خۆشەویستی ئەو هێزەیە دوای مردنە فیزیکییەکەش هەر بە زیندوویی دەتهێڵێتەوە.

رەنگە خەڵکانێک هەبن پێیان سەیر بێت دوای یەک دوو رۆژ لە وەرگرتنی چارەسەری کیمیایی یان پاش چەند کاتژمێرێک لە رادیۆ تێراپی، بە “شیکی” خۆم دەگۆڕم و دەچمە رێستۆرانت و وێنەی سێڵفی خۆم بە زەردەخەنەوە دەگرم!، یان شیعر دەنووسم و کار دەکەم لە بواری هۆبییەکانی خۆمدا، دەخوێنمەوە و دەنووسم، بەڵام ئەگەر تۆ بڕیارت دابێت سەرەتان بکوژیت نەک ئەو تۆ بکوژێت، دەبێت ئەوە بکەیت من دەیکەم. وەنەبێ کاتێک ئەم دێڕانە دەنووسمەوە هیچ ئازار و ژانێکم نەبێت، بەڵام هەموو ئەو ژانانە لەناو ئەم نووسینەدا دەمرن، لەگەڵ تایپکردنی هەر وشەیەکدا جۆرێک لە هەڵوەرینی ئازارەکانم هەست پێدەکەم. دەرزییەکی کیمیایی رەنگە بتوانێت سەدان هەزار گەردیلەی سەرەتانیی لە لەشماندا بکوژێت، بەڵام یەک جار وتنی “خۆشم ئەوێی” بەو کەسەی دڵت هەڵیبژاردووە هێندەی سەد دەرزی کیمیایی کاریگەریی هەیە. نووسینی یەک شیعر لای من لە دەیان دەرزی کیمیایی زیاتر گورز لە خەلایا سەرەتانییەکان دەوەشێنێت. کەواتە ئێوەش وەک من بکەن. عیشق و موزیک و بیرکردنەوەی پۆزەتیڤ وەک ئاگربەردان لە پووش سەرەتان دەسووتێنێت. تۆش تاقی بکەرەوە پێش ئەوەی سەرەتان ببێتە میوانێکی چارەگران.

-3-

کاتێک بە زۆر هەناسەی ژیان هەڵدەمژم

جیاوازیی زۆر هەیە لە نێوان زیندووبوون و ژیانکردندا، من بەسەر زیندووم بەڵام ژیان ناکەم، دەمەوێت قاچم لە نێو ژیاندا بچەقێنم نەک بە راکردن بە ناویدا تێپەڕم. من ئەو بەهرەیەم هەیە گۆرانی زۆر نەرم بۆ شتی فرە رەق بڵێم، هەڕەمەکانی میسر و گاشە بەردی چیاکانی کوردستان بۆ من هەر هێمای رەقی نین، دەتوانم نەرمی لەواندا بدۆزمەوە و لانیکەم لەگەڵ دیوە نەرمەکەیان بدوێم. هەر کاتێکیش نۆبە هاتە سەر مردنم. نامەوێت مەرگم ببێتە دیاردەیەکی عاتیفی و زەلکاوی فرمێسکی درۆزنانە. نا، دەمەوێت مەرگم ببێتە شۆکێکی رۆشنبیریی، مەگەر خۆم دیاردەیەکی رۆشنبیریی دژەباو و یاخی نیم؟. یاخیبوون ئەوە نییە دڵداریی لەگەڵ هەستی مێگەل و زۆرینە بکەیت، بەڵکو لەوەدایە زۆرینەی بیرنەکەرەوە رەت بکەیتەوە. مەگەر من لە 17ی شوبات و لە سلێمانی وام نەکرد؟. تاکە دەنگی جیاواز و میلۆدیەکی پێچەوانەی ناو ئەو شارە نەبووم؟.
بەڵێ دەمەوێت مردنم ببێتە تاسانێکی رۆشنبیریی و شلەقاندنی گۆمی مەنگی بیرکردنەوە. دەخوازم ویژدانی ئەوانەش بچزێنم هەمیشە سەرقاڵی کێشانی وێنایەکی شەیتانیانەی منن، لێ جاڕی فریشتەبوون لێ نادەم، نەخێر مرۆڤێکی ئاساییم، بەڵام هیچ نەبێت ئەو ئەهریمەن و بوونەوەرە شەڕئەنگێزە نەبووم نەیاران سکێجیان کردووە بۆم و بۆیشیان چووەتە سەر.
دەمەوێت چیرۆکێکی سەیری لە بیرکراوتان بۆ بگێڕمەوە، جان دەمۆ، شاعیری کەلاوەکان بوو، پیاوێکی سوریالی بوو، وەک بۆهێمییەک لە هیچ شوێنێک نەدەسرەوت، یاخیبوون لە خوێن و هزریدا بوو، هەمیشە جڕتی بۆ دەسەڵات و مێگەل لێدەدا، لە شوێنە گشتییەکاندا میزی دەکرد، جنێوی بە هەموو کەس دەدا، گاڵتەی بە هەموو شت دەهات. لە سەدام نەدەترسا، جنێوی سوکی پێ دەدا، بەڵام لە زەواج دەترسا و هەمیشە بە رەبەنی مایەوە!! چەندان وڵات گەڕا لە شتاقیان ئۆقرەی نەگرت، یەک دیوانی لە دوا بەجێما بەناوی “شڕوشیتاڵ”! دیوانێکی سەیر و عەنتیکە، دیوانێکی تا ئەندازەیەک سوریالی. ئەو ئاسوورییەکی کەرکووکی و نەوەی شارستانییەکی دێرین و عەشتار بوو، کەچی سەعلوکیانە ژیا، رووت و رەجاڵانەش مرد. هەرچەند سەیری خۆم دەکەم، شێوەی ژیان و چارەنووسم دەچێتەوە سەر ئەو.

ئاخر ژیانی منیش زنجیرەیەک رووداون. بەرەڵایی و یاخیبوون، سەرخۆشی و مەستی، عەشق و تێکشکان، جگەرەکێشان و خوێندنەوە، سیاسەت و ناڕەزایەتی، نەخۆشی و ناخۆشی. وەلێ هیچ کات ناپاکیم لە خۆم و هیچ کەسی تر نەکردووە، کەچی زۆرترین ئازار دراوم، هەرچەند من کەسم ئازار نەداوەتەوە نەک لەبەرئەوەی نامەوێت بەڵکو ناتوانم ئازاربەخش بم. مرۆڤێکی باش نیم، هەر مرۆڤێک بانگەشەی باشێتی خۆی کرد ترسناکە. پیاوێکی سەرکێش و بزۆزم، زۆرجار وەک شێتێک لەسەر جادەکان میزم کردووە، جڕتم بۆ مامۆستا لێداوە، جارێکیش جڕتم بۆ وەزیرێک لێدا. حەزم لە ئاشوبە، ئاشوبی جوان. پارەم نییە هەمیشە ئەو پارەیەی دەستم کەوتووە نەچۆتە گیرفانم هەر لە بناغەوە گیرفانم نییە. رقم لە درۆ نییە چونکە ئەدەب درۆیە.

رقم لە مرۆڤی دووفاقیی و ئۆپۆرتۆنیستە، خوام هەیە بەڵام جڕت بۆ ئاینەکان لێ دەدەم، مێشکم وەک جیوە یاری دەکات و جێگیریی ناناسێت. ژنم خۆش دەوێت، وەلێ زوو دڵم لێیان دەشکێ، ئاخر ژنێکی وەهام نەناسیوە بەرگەری ئەو سروشتە نائاساییەم بگرێت. من بەو جۆرە ژیام و بەردەوامم لەسەر ژیان، هیچ کات لە مردن ناترسم و ئەو رۆژەشی دەمرم، شیعر هەتیو دەبێت، عەشق بێکەس، وشە غەمێکی ئەزەلی لە رۆحیدا دروست دەبێت، گوڵی قەسیدە شکۆفە ناکات، شیعر عەشقی بیر دەچێتەوە، هەموو دنیاش منی لە بیر دەچێتەوە جگە لە ژنێکی رەشپۆش بە نهێنی بۆم دەگریێ.

تێبینی: ئەم نووسینە سێ بڕگەییە لە سێ قۆناغی جیاوازدا نووسراون. بڕگەی یەکەمی مێژووی نووسینی بۆ دیسامبەری 2014 دەگەڕێتەوە. بڕگەی دووەم بۆ رۆژی 4-2-2018 و بە بۆنەی رۆژی جیهانی نەخۆشی شێرپەنجەوە نووسراوە. بڕگەی کۆتایی لە کۆتایی مانگی ئاپریلی 2019 لە مۆڵ ئەسکەندەنافی لە شاری ستۆکهۆڵم نووسراوە.




چین كۆرۆناش تێك دەشكێنێت … عەلی مەحمود محەمەد

شەست رۆژە نەخۆشی كورونا بەرۆكی بە چینیەكان گرتووە, شارە بوكی وهان و چەندین شاری كردووە بە تارمایستان و چۆڵانەو وێرانەیەكی ترسناك, ئەو شەقامە جوان و بازاڕە رەنگاو رەنگ و باڵە خانە بەرزانە لە ترسی ڤایرۆسی كورونا بەرگی سامناكیان پۆشیوە, خەون بەوە دەبینن بەچن بە قوڵایی زەویدا, ئەو خەڵكە داهێنەرو ئیش كەرو بە جوڵەیەشی لە ماڵەوە لە دڵەڕاوكێ و ترس و خۆفدا زیندانی كردووە, لە هەموو تارمایی و مرۆڤێك دەڕەوێنەوە, وڵات بە سامناكی و خەڵكەكەی دەم پێچ و ترساو لە هەموو شتێك دەبینرێن, وڵاتێك نەیارانی بە چەك و پارەو ئابلوقە لە هەقی نەدەهاتن, ئێستا لە رێگای شەمشەمەكوێرەیەكەوە دەیانەوێت پشتی بە زەویدا بدەن و گرەو لەسەر دەردومەینەتی زیاتری بۆ دەكەن تاكو دوری كەنەوە لە خەونە گەورەكانی, لێ نازانن ئەژدیها رابوو لە خەو ترس نازانێت, ئەمساڵ خەونی بە كۆتاییهێنان و بە سفركردنی هەژارییەوە دەبینی و و لە 2025 پڕۆژەی لە چین دروستكراوەو ئیتر پرۆسیسەرو رەقائیق ی دەرەوەی ناوێت كە روحی پیشەسازی نوێ و شۆرشی چوارەمی پیشەسازییە, هەواوی رچە رێگاكەی شكاند, بووە پێشەنگی بەرەو روبونەوەی رۆژئاوا, گەورەترین كەماسییە بۆی لە خولی بەرهەم هێناندا, وا دانرابوو لە 2034 ببێتە وڵاتێكی پێشكەوتوو, وە بەرهەمی نەتەوەیشی بكەوێتە پیش هەمووانەوە, لە ساڵی 2049ش وەكو هێزێكی خاوەند سوپایەكی گەورەی بەهێزی جیهانی و وڵاتێكی دەوڵەمەند دەربكەوێت تیایدا داهاتی تاك تا ئاستی وڵاتانی دەوڵەمەندی جیهان بەرزبێتەوە, ئەمە خەونی سەرۆكەكەی شی بینگە پێش كۆرۆنا, كە لە دوای ماوتسی تۆنگەوە لە هەمووان چەپتر و بەهێزتر و كاریگەرتریشە, لە هەمووانیش خاوەند رۆشنبیریەكی هەمە لایەنەی مەوسوعیترە, هێمن و لەسەر خۆ مامەڵە لەگەڵ پێشهاتەكان دەكات, قورس و سەنگین تاكە كەسە لە جیهان وایكردووە هەموو جارەكان ترامپ بە ناچاری تەلەفۆنی بۆ بكات و لە دەرگاكەی بدات نەك ئەو, ئەو سەرۆكەی موچەی چارەكی موچەی پەرلەمانتارەكانی ئێمەیە لێ بەهێزترین كەسی جیهانیشە, ئێستا لەشەڕ لە گەڵ ڤایرۆسدا نەیاران لە نزاو پاڕانەوەوە تا ترساندن خەون بە چۆك پێدانییەوە دەبینن, تەنانەت ئەوانەشی هەموو جلوبەرگ و تا قیبلەنەماو مێزەرەكانی سەریشیان, بە پێچراوەیی و ئامادەكراوی, چینییە, نزاو رجا بۆ نغرۆبونی دەكەن, لێ نازانن شەڕ لەگەڵ زیرەكی دەستكرد, نەیار هەمیشە بەشی دۆڕانە .
كە كۆمۆنیستەكان دەسەڵاتیان گرتە دەست , بەرهەمی نەتەوەیی چین تەنها67,91 ملیار دۆلار بوو لە ساڵێكدا, وەلێ ئێستا خاوەند ئابورییەكی زەبلاح قەبارەكەی14,140,163ترلیۆن دۆلارە” بێ هۆنگ كۆنگ و ماكاو تایوان”, واتا 2076 جار
زیادی كردووە لەوكاتەوە, وە زیاتر لە دووجاری داهاتی نەتەوەیی هەر 57 وڵاتە ئیسلامیەكەی جیهانیشە,ساڵانەش بە ئەندازەی وڵاتێكی وەك توركیا ئابوورییەكەی زیاد دەكات, چین لە ساڵی 1986 هاتە ناو یانەی ئابووری ترلیۆن دۆلارەوە, لەو ساڵە بەرهەمی نەتەوەییەكەی گەیشتە 1,037,062 دۆلار.
لە دووشەمەی ڕەشی 3ی ئەم مانگە كە دەرگای بازاڕی پشك كرایەوە, یەكسەر هاڕەی كرد رو لە خوار, لێ دوایی ئارامی گرت لە زیانی 393 ملیار دۆلار راوەستا, 5,8 جاری كۆی بەرهەمی نەتەوەیی چینی لەساڵی بەدەستەوە گرتنی دەسەڵات لە لایەن شوعییەكانەوە ئەو رۆژە كۆرۆنا زیانی دا, لێ كۆڵی نەداو بازاڕی پشكی دانەخست, لە بڕی دوعاو نزاو هانا بردن بۆ ئەفسانەكان زیرەكی دەستكرد كەوتە جەنگەوە بەرامبەر بە كورۆنا, داهێنانەكان كوتنە بواری جەنگی دەستەو یەخەوە, رۆبۆت و زیرەكی دەستكرد لە شەقامەكان بە خێرایی سەرسوڕهێنەر هاووڵاتیان دەپشكنن و نەخۆشەكان رادەگرن و دەیاندۆزنەوە, لەناو نەخۆشخانەكانیش رۆبۆتەكان هەموو كارەكانی چارەسەری ئەنجام دەدەن, لە پاككردنەوەوە تا پشكنینی قوڕگ و
چارەسەركردن و دیاریكردنی چارەسەری, دروستكردنی دوو نەخۆشخانەكەش لە ماوەی 9 رۆژدا بونە هێمایەك بۆ بەرەو روبونەوە و دەرخستنی ئیرادە, چینێك پارساڵ 36% بازاڕی پشكی سەركەوت و یەكەمی جیهان بوو, 3ی مانگ بە ترسەوە دەرگای بازاڕی پشكی كردەوە, كۆرۆنا چاركی ئەو دەستكەوتەی لوش دا, بەڵام رۆژانی دواتر پڕیكردەوە, چین تا دێت دەوڵەمەندتر لە رۆژی پێش خۆی دەردەكەوێت, سامانی وڵات ئێستا بایی 63,83 ترلیۆن دۆلارە, لە ساڵی 2003ەوە كە سارس شەڕێكی تری بەسەردا سەپاند , 8,52 جار ئابوورییەكەی زیادی كردووە , ئابوورییەكەی لە 1,660,29
ترلیۆن دۆلارەوە بەرز بۆتەوە بۆ 14,140,163 ترلیۆن دۆلار, هاوكات ژێرخانەكەی تۆكمەترو پێشەنگی شۆڕشی پیشەسازی چوارو جی 5 یشە هەنووكە, لەوكاتە زۆر زۆر بەهێزتر و دەوڵەمەندتریشە.
چین دوای كۆرۆنا, كە پێشبینی دەكەم زیانە گیانییەكانی 10 جار زیاتری سارس بێت, بە توانایەكی زیاترو خەون گەورەترەوە دێتەوە مەیدان, شەڕ چەندە گەورەو مەترسیدار بێت وێڕای زیانەكان, تونای بەرگری و داهێنان زیاتر دە كات , ئەمە وانەیەكە چینیەكان لەدوای رێپێوانی مەزنەوە هەمیشە لێوەی فێر بوونە.




یه‌كه‌م كتێبی مێژوویی كه‌ خوێندمه‌وه‌… ئه‌حمه‌د كامه‌ران

له‌ گه‌رمای هاوینی ساڵی 2015 بوو كه‌ ئه‌وكات پۆلی 10 ئاماده‌یی به‌شی وێژه‌ییم ته‌واو كرد له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له‌ چاوه‌ڕوانی قۆناغێكی تری خوێندن دابووم. هاوینه‌كه‌ زۆر دوورو درێژو گه‌رم بوو له‌پاڵ ئه‌وه‌ی هاوینێكی گه‌رم و دوورو درێژ بوو، كه‌چی كات له‌ شوێنی خۆی وه‌ستابوو، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك جوڵه‌ی نه‌ده‌كرد.
بارودۆخی ناوچه‌كانی ده‌ورووبه‌رمان ناله‌بار بوو به‌هۆی سه‌رهه‌ڵدانی گرووپێكی تیرۆرستی به‌ناوی(داعشه‌وه‌) كه‌ ترسێكی زۆری له‌نێو دڵی خه‌لكی درووست كردبوو, به‌ڵام به‌هه‌رحال من به‌شێوه‌یه‌ك توانیم زاڵ بم به‌سه‌ر ئه‌و هاوینه‌ گه‌رم و دوورو درێژه‌دا، ئه‌ویش له‌ ڕێگای خوێندنه‌وه‌ی كتێب و سه‌یركردنی فلیمه‌ سینه‌مایه‌كان بوو كه‌ ئه‌م دوانه‌ بۆم بوونه‌ دوو هۆكاری گرنگ كه‌ توانیان چێژێكی گه‌وره‌ پێم ببه‌خشن له‌و هاوینه‌ گه‌رمه‌دا له‌ هه‌مانكاتیشدا وه‌ كو هاوڕێیه‌ك وابوون بۆ من.
هه‌ستم نه‌ده‌ركرد كه‌ چۆن كات و ڕۆژه‌كانی هاوین تێپه‌ڕبوو به‌هۆی خوێندنه‌وه‌ و سه‌یركردنی فلیمه‌ سینه‌مایه‌كان ,به‌ڵام ئه‌وه‌ی بۆ من زۆر به‌چێژتر و سوود به‌خشتر بوو خوێندنه‌وه‌ی كتێبه‌كه‌ بوو كه‌ هه‌رچه‌نده‌ بینه‌ری زۆرترین فلیمی سینه‌مایی بووم، به‌ڵام نه‌گه‌یشته‌ ئه‌و چێژه‌ی كه‌ له‌كاتی خوێندنه‌وه‌ هه‌مبوو بۆ لاپه‌ڕه‌كانی كتێب.

ئێواره‌یه‌كی گه‌رمای هاوین بوو بڕیارم دا بڕۆم بۆ بازار بۆ كڕینی كتێبێك و له‌گه‌ڵ چه‌ند فلیمێكی سینه‌مایی، به‌ڵام كتێبه‌كه‌ی ئه‌م جاره‌م جیاواز بوو كه‌ هاوكات به‌ كڕینی ئه‌و كتێبه‌ بووه‌ دووه‌م كتێب كه‌ من بیكڕم له‌ كتێبخانه‌ وه‌ , چوونكه‌ به‌هۆی ئه‌وه‌ی خۆشه‌ویستی من بۆ دونیای كتێب و خوێندنه‌وه‌ زۆر نوێ بوو كه‌ ته‌نیا نزیكه‌ چه‌ند مانگێگ له‌مه‌و پێش بوو من ئاره‌زووم له‌ خوێندنه‌وه‌ی كتێب درووست ببو , ئه‌و كتێبه‌ی كه‌ كڕیم كتێبێكی مێژوویی بوو ده‌رباره‌ی ژیانی كه‌سایه‌تیه‌ك و سیاسه‌ته‌كانی بوو كه‌ خۆم له‌سه‌ره‌تادا ته‌نها گوێبیستی بووم به‌شێوه‌یه‌كی كورت له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كه‌ هه‌رچه‌نده‌ خۆمیش قوتابیه‌كی وێژه‌یی(ئه‌ده‌بی) بووم ئیتر بڕیارم دا كه‌ كتێبێكی مێژوویی بكڕم به‌ ناوی(مسته‌فا كه‌مال ئه‌تاتورك ) كه‌ له‌لایه‌ن مه‌نسور عه‌بدلحه‌كیم نووسرابوو وه‌ له‌لایه‌ن شه‌ویار حه‌سه‌نه‌وه‌ كرابوو به‌ كوردی له‌ ساڵی(2012)هه‌ولێر, كڕینی ئه‌م كتێبه‌ مێژووییه‌ له‌وه‌دا هات كه‌ له‌ پۆلی 10ی ئاماده‌یی وانه‌یه‌كی تایبه‌تمان ده‌رباره‌ی مێژوو هه‌بوو كه‌ زۆر سه‌رسامی ئه‌و وانه‌یه‌ بووم وه‌ له‌هه‌مان كاتیشدا له‌ وانه‌ی مێژوو نمره‌یه‌كی زۆر باشیشم هێنا , هه‌ڵبه‌ته‌ مامۆستای مێژووه‌كه‌مانیش مامۆستایه‌كی زۆر شاره‌زاو ڕۆشنبیر بوو له‌ بواری مێژوودا كه‌ ناوی مامۆستا نه‌وزاد كه‌لهور بوو له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا یه‌كێك بوو له‌ مامۆستا ڕووناكبیره‌كانی قوتابخانه‌ی ڕۆژی نوێی كوڕان , كه‌ له‌هه‌مان كاتیشدا خاوه‌نی چه‌ند كتێبێكی چاپكراو بوو, ئیتر هه‌ر ئه‌وه‌ بوو كه‌ منیش وا بڕیارم دا كه‌ یه‌كه‌م كتێبی مێژوویم ده‌رباره‌ی ژیانی و سیاسه‌تی مسته‌قا كه‌مال ئه‌تاتورك بێت بۆ خوێندنه‌وه‌, له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كتێبێكه‌ نزیكه‌ی چوارسه‌د لاپه‌ڕه‌بوو كه‌ ئه‌مه‌ش وای له‌ من كرد ئه‌م كتێبه‌ دووجار بیخوێنمه‌وه‌ چوونكه‌ كتێبه‌ خۆی له‌ چه‌ندین بابه‌تی جۆارو جۆر بینیه‌وه‌ ده‌رباره‌ی كه‌سایه‌تی (مسته‌فا كه‌مال ئه‌تاتورك) .

هه‌ڵبه‌ته‌ كه‌م كه‌س هه‌یه‌ ناوی ئه‌م كه‌سایه‌تیه‌ی نه‌بیستبێت كه‌ ناوێكی دیارو له‌هه‌مان كاتیشدا كاریگه‌ریه‌كی ئه‌وتۆی درووست كرد به‌سه‌ر مێژووی توركیاو وه‌ هاوكاتیش ته‌واوی جیهان به‌تایبه‌تیش بۆ كورد,مسته‌فا كه‌مال ئه‌تاتورك خۆی به‌ناوی باوكی هه‌موو توركان ناساند كه‌ هاوكات له‌ پاش ڕووخاندنی گه‌وره‌ترین ده‌وڵه‌ت و ئیمڕاتۆریه‌تی تورك كه‌ ئه‌ویش ده‌وڵه‌تی عوسمانی بوو كه‌ ئه‌م ئیمڕاتۆریه‌ته‌ له‌ ساڵی 1299ز بناغه‌كه‌ی خۆی دامه‌زراند به‌ سه‌رۆكایه‌تی (عوسمانی كوڕی ئه‌رته‌غۆل) كه‌ به‌ یه‌كه‌م سوڵتانی ده‌وڵه‌تی عوسمانی داده‌نرا, ئه‌م ده‌وڵه‌ته‌ خۆیان به‌ میراتگری ئاینی ئیسلام داده‌نا به‌ڵام بۆ دواجار له‌ پاش هه‌شت سه‌ده‌ له‌ حوكمڕانی ئه‌م ده‌وڵه‌ته‌ له‌ جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌م له‌ ساڵی 1914ز به‌ ته‌واوه‌تی له‌ناوچوون ئه‌مه‌ش وای كرد مسته‌فا كه‌مال ئه‌تاتورك ببێته‌ فه‌رمانڕه‌وای ده‌وڵه‌تی نوێی توركیای كۆماری وه‌ هاوكاتیش كۆتا سوڵتانی ده‌وڵه‌تی عوسمانیش عه‌بدلحه‌میدی دووه‌م بوو,كاریگه‌ری ئه‌تاتورك به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگای ئه‌وكاته‌ی توركیا ئه‌وه‌ بووه‌ كه‌ توركیا له‌و كاته‌ له‌ ژێر ئایدۆلۆژیای ده‌وڵه‌تی عوسمانی بوو واته‌ ده‌وڵه‌تێكی ئیسلامی بوو, به‌ڵام به‌ چاو توروكانێك ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ كۆتایی پێ هات و وڵات كه‌وته‌ ژێر هه‌ژموونی دیموكراسیه‌ت, به‌ڵام دیموكراسیه‌ك له‌ ژێر به‌رگی دیكتاتۆریه‌ت به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ ئافره‌تانی به‌زۆرله‌ سه‌رپۆشكردن قه‌ده‌غه‌كرد كه‌ هه‌رچه‌نده‌ به‌شێكی ئافره‌تان بڕیاره‌كه‌ی ئه‌تاتوركیان پێ باش بوو كه‌ به‌ ئازادی ئافره‌ت ناویان ده‌برد چوونكه‌ له‌سه‌رده‌می ده‌وڵه‌تی عوسمانی ئافره‌تان به‌رده‌وام وه‌كو كۆیله‌یه‌ ك ته‌ماشا ده‌كران له‌ پاڵ ئه‌مه‌شدا بانگی مزگه‌وته‌كانی نه‌هێشت بۆ نوێژكه‌ران كه‌ ئه‌مه‌ش له‌ قالبی دیموكراسی ده‌رچووبون زۆربه‌ی كاره‌كانی ئه‌تاتورك, كه‌ ئه‌مه‌ش وای كرد ناڕازایه‌تیه‌كی گه‌وره‌ی به‌دوای خۆیدا بهێنێت, به‌ڵام له‌پاڵ ئه‌وه‌شدا خه‌لَِكانێكی زۆر پشتگیری له‌ كاره‌كه‌ی ئه‌تاتوركیان كرد , به‌مه‌ش وڵات خۆی له‌ دوو به‌ره‌ی دژ به‌یه‌كتر بینیه‌وه‌ به‌ڵام له‌ ده‌رئه‌نجامدا ئه‌تاتورك ئه‌و به‌ره‌یه‌ی كه‌ دژی بوون به‌رده‌وام بوو له‌ سه‌ركوتكردنیان, له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌به‌رده‌وامی ده‌یگوت ده‌بێت توركیا ببێته‌ پێشكه‌وتوترین ده‌وڵه‌ت له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ته‌واوی جیهان ئه‌وه‌ش به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی زمانی خۆمان نه‌ك زمانی عه‌ره‌بی بیابانی كه‌ چه‌ندین سه‌ده‌یه‌ توركیا خۆی له‌ دواكه‌وتوویی ده‌بینیه‌وه‌ له‌سایه‌ی ئه‌و زمانه‌وه‌, به‌ڵام له‌مه‌و به‌دوادا به‌هه‌موو جیهان پیشانی ده‌ده‌ین كه‌ وڵاته‌كه‌مان له‌ چ ئاستێكی پێشكه‌وتن دا ده‌بێت, ئیتر به‌مانه‌وه‌ نه‌وه‌ستاو هه‌ڵستا به‌ چه‌ندین كاری دیكه‌ كه‌ ئیتر خه‌لكیش وای لێهات ملكه‌چی كاره‌كانی بن , به‌ڵام له‌ پاڵیدا گرووپێك هه‌بوون به‌رده‌وام دژایه‌تی ئه‌تاتوركیان ده‌كرد,ئه‌گه‌رچی به‌پێی ئه‌و باسكردنه‌ بێت ئه‌تاتورك كه‌سێكی مێ باز بوو كه‌ به‌رده‌وام حه‌زی له‌ ڕابواردن و خواردنه‌وه‌ بووه‌ كه‌ هه‌رچه‌نده‌ ڕۆژێكیان به‌ سه‌رخۆشی ده‌یه‌وێت ده‌ستدرێژی بكاته‌ سه‌ر خوشكی خێزانه‌كه‌ی به‌ڵام سه‌ركه‌وتوو نابێت له‌ كاره‌ ئاژه‌ڵیه‌كه‌ی.

سه‌باره‌ت به‌ پرسی كورد و ئه‌تاتورك , پرسێكی ڕه‌ش و تاریكه‌ بۆ گه‌لی كورد به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ كورد هه‌لێكی زێرینی بۆ هاتبووه‌ پێش له‌و سه‌رده‌مه‌دا بۆ درووستبوونی ده‌وڵه‌تێك به‌ڵام مسته‌فا كه‌مال ئه‌تاتورك بووه‌ ڕه‌شه‌بایه‌كی ڕه‌ش بۆ كورد كه‌ ته‌واوی مافه‌كانی كوردی زه‌وت كرد و به‌رده‌وام بوو له‌ دژایه‌تی و چه‌وساندنه‌وه‌یان له‌پاڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌تاتورك ناوی كورده‌كانی نابوو(توركی چیایی)
به‌ڵام بۆ دواجار له‌ ساڵی 1938 ئه‌تاتورك به‌ نه‌خۆشیه‌كی كووشنده‌ كۆچی دوایی كرد وه‌ به‌یه‌كه‌م سه‌رۆك كۆماری توركیا داده‌نرا له‌ مێژووی توركیای كۆماری.




لە پەراوێزدا … نەوزاد بەندی

— کە ڕەنجی ٣٠ ساڵی ھونەرمەندێک + یەک چەقەنەی چەکدارێ لە ڤێلایەکدا بەریەک ئەکەون و ئەبنە دراوسێ—

چەکدار : وەرە بالکۆنەکەوە
تۆ بە کەمانچە
شار پڕکە لە ئاواز
من بە دەمانچە
شار پڕ ئەکەم
لە ھەتیوو
بێوەژن و
لانەواز ..

  • * *

کە لە توبی عەدلی ، تەماشای حەواصڵی شاعیرێ ئەکەن ، ئەمانە ئەخوێننەوە:

دڵم پڕە
لە ھەواڵ و ھەوڵی فڕاندنی یار
لە مۆڕەی باوک ..
لە کەلەپچە..
لە ئیلقائلقەبزی پۆلیس..
لە چەقۆی ئەبوئەڵقەی برا..
لەپەیژەی دز ..
لە نامەی نیوەتەواو کراو
و
نیوەقەدکراو
و
نیوە ھەڵدراو
بۆ
حەوشەی یار ..
پڕە لە ڕەسمی ڕەش و سپی و
ڕەنگاوڕەنگ و
جامی وێنەی
زەردھەڵگەڕاو

ئەمە دڵە
یان پاشماوەی
پۆلیسخانە و
حەپسخانە ؟

ئەمە شارە
یان زیندانە ؟




ئایا محه‌مه‌د عه‌لاوی ئه‌بێته‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق؟ … ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب

وادیاره‌ حزبه‌كانی ده‌سه‌ڵات به‌ پاڵپشتی حزبێكی كوردستانی ناوی ( محه‌مه‌د ته‌وفیق علاوی) یان داناوه‌ ببێته‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق و سیناریۆكی دانانی عادل عه‌بدولمه‌هدی دووباره‌ ئه‌كه‌نه‌وه‌و هه‌ر هه‌موویان له‌ خزمه‌تی جێبه‌جێكردنی فه‌رمانه‌كانی پاسداران و سوپای ئێرانن و له‌م دوواییدا حزبوڵلای لوبنانی له‌ رێی محه‌مه‌د كوسرانی مشه‌خۆرو به‌رپرسی دوسییه‌ی ( فایلی) عێراق خوێ هاویشته‌ ناو گه‌مه‌ی دانانی سه‌رۆك وه‌زیران و ئه‌مانه‌ له‌ سه‌ره‌تاوه‌ جێپێی خویان قایم ئه‌كه‌ن وه‌ك هێزێكی توكمه‌ كۆڵه‌كه‌ی ئێرانن له‌ناو خاكی عێراقدا داكوتراون.
پێكدادان و هه‌ڵپژان و ململانێی ‌نێوان خۆپیشانده‌ران وخه‌ڵكی راپه‌ریوو هێزه‌ چاره‌ ره‌شه‌كانی ئیسلام به‌ سه‌رۆكایه‌تی موقتدا سه‌در رابه‌ری ره‌وتی سه‌درو ره‌وته‌كه‌ی به‌ناو كڵاو شینه‌كان ، تێهه‌ڵچوون نییه‌ له‌ نێوان چینه‌ جۆراوحۆره‌كانی كۆمه‌ڵگاو، زۆرانی ئابووری نییه‌ له‌ نێوان چینه‌ زۆرانبازه‌كان و خۆكوژه‌كان به‌ڵكو هه‌ڵپژان وململانێیه‌ له‌ نێوان یه‌ك چین، چینێك بێبه‌شه‌ له‌ خه‌یرو سامانی وڵاته‌كه‌ی و به‌ نه‌داری و هه‌ژاری وبرسێتی ئه‌ژی و، تاقمێكی دزو گه‌نده‌ڵ هه‌موو سامانی عێراقیان هه‌ڵلووشی و بۆیه‌ خۆپیشاندان بۆ چاكسازی و له‌ دژی گه‌نده‌ڵی ده‌ستێپێكردو، گه‌نده‌ڵكاران به‌ سه‌رۆكایه‌تی شێتۆكه‌ی توندره‌و داوڵه‌كه‌ی ئێران موقته‌دا چه‌كیان هه‌یه‌و پشتیان به‌ ئێران ئه‌ستووره‌و، به‌ به‌رچاوی دونیا خۆپیشانده‌ران ئه‌كوژن.
عێراق به‌هێزترین به‌ڵگه‌یه‌ به‌ده‌ست ئێرانه‌وه‌ له‌ حاڵه‌تی گفتوگۆ كردن له‌ گه‌ڵ وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكاو، مانه‌وه‌ی عێراق له‌ ژێر هه‌ژمون و كۆ‌نترۆڵ وركێفی ئێران تا ئه‌و كاته‌ی گیروگرفت و كێشه‌كانی له‌ گه‌ڵ ئه‌مریكا چاره‌سه‌ر ئه‌كات بژارده‌یه‌كی ئیستراتیژییه‌و ، موقته‌دا سه‌دریش به‌هێزترین داشی دامه‌یه‌ ‌ به‌رامبه‌ر به‌ راپه‌رینه‌ مه‌زنه‌كه‌ی به‌غداو شاره‌كانی ناوه‌راست وخوارووی عێراق ، ئه‌و راپه‌رینه‌ كه‌ سه‌رئێشه‌ی بۆ عه‌مامه‌ و په‌رۆ له‌ سه‌ره‌كانی قوم و تاران درۆستكردووه‌و، هێرشی تاقمی سه‌در بۆ سه‌ر گۆره‌پانی { ته‌حریر} و، هه‌رشه‌كانی پیاوه‌ به‌ هێزه‌كه‌ی شیعه‌ وجه‌ماوه‌ره‌ ده‌به‌نگه‌كه‌ی داشێكی به‌هێزه‌ دژ به‌ خۆپیشانده‌ران و راپه‌رێنه‌كه‌ ته‌نها زۆرانێكه‌ له‌ پێناو مانه‌وه‌ی ئێران و، به‌ نه‌مانی تاقمی سیاسی گه‌نده‌ڵ و، دامه‌زراندنی حكومه‌تێكی نیشتمانی به‌ پێی خواست و ئاره‌زووی شه‌قامی عێراقی مانای ئه‌وه‌یه‌ سه‌ره‌تایه‌كه‌ بۆ كۆتایی پێهێنانی رژێمی ئێرانی سه‌ركوتكه‌ر.
له‌ پاش گفتوگۆو وته‌وێژێكی دوورو درێژ له‌ نێوان هه‌ردوو سه‌ركرده‌ی شیعه‌ موقته‌دا سه‌درو هادی عامری به‌ ئاگاداری ئێران گه‌یشتنه‌ ئه‌وه‌ی ناوی محه‌مه‌د ته‌وفیق عه‌لاوی وه‌ك پاڵێوراو بۆ سه‌رۆك وه‌زیران بده‌ن به‌ به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆك كۆمارو، پێشتر تاقمی عامری سه‌ر به‌ ئێران سێ ناویاندا به‌ سه‌رۆك كومارو هه‌رسێكیان جێی متمانه‌ی خۆپیشانده‌ران نه‌بوون و، هه‌روا نه‌یانتوانی له‌رێی مێلیشیاكان و چه‌كداره‌كانیان به‌ كوشتن و گرتن وخه‌ڵك رفاندن خۆپیشاندانه‌كان له‌ناو به‌رن و، ئێران له‌وه‌ ئه‌ترسێت راپه‌رینه‌كه‌ سه‌ربكه‌وێت و به‌وه‌ش كونترۆڵیان به‌ سه‌ر بارودۆخه‌كه‌ نامێنێت و هه‌موو شتێك له‌ ده‌ستیان ده‌رئه‌چێت و، هه‌ره‌شه‌ی ئه‌وه‌ی كردووه‌ ئه‌گه‌ر سه‌رۆك وه‌زیران به‌ پێی نه‌خشه‌ی خۆیان نه‌بێت عێراق ئه‌سووتێنن.
ئه‌وه‌ی سه‌یره‌ حزبی ده‌عوه‌ی شیعه‌ سه‌ر به‌ نوری مالكی سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووتر دژ به‌ دانانی محه‌مه‌د عه‌لاوییه‌ به‌ڵام هه‌ندێك له‌ لایه‌نه‌ سوننییه‌كان پشتگیری لێئه‌كه‌ن و ترسی چاره‌نووسی سیاسی ئاینده‌یان لێنیشتووه‌ به‌ڵام گرنگ دوابریاری لاوانی راپه‌رینه‌كه‌یه‌ كه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك گؤی ناده‌نه‌ پرته‌و بۆڵه‌و بوختانی ناحه‌زان و ئه‌وانه‌ی ئه‌یانه‌وێت راپه‌رینه‌كه‌ له‌كه‌دار بكه‌ن یان له‌ قورسی و سه‌نگی كه‌مبكه‌نه‌وه‌ و، بۆ ئه‌ومه‌به‌سته‌ سیخور و كۆمه‌ڵێك شه‌للاتی له‌ چه‌قو هه‌ڵگرو ده‌مانجه‌ی بێده‌نگی و دار حه‌یزه‌ران بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ بۆ تێكدانی راپه‌رینه‌كه‌و هیچ سوودیان نه‌بووه‌.
له‌ پاش ده‌ستنیشان كردنی محه‌مه‌د عه‌لاوی به‌رامبه‌ر به‌ خۆپیشانده‌ران كه‌ هه‌ر زوو وێنه‌كه‌یان له‌ دیوارداو له‌ ژێری نووسیان گه‌نده‌ڵه‌و نامانه‌وێت و، بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی كاردانه‌وه‌یان له‌ گرته‌یه‌كی ڤیدیۆ ( ده‌نگ و ره‌نگ) عه‌لاوی هه‌ندی ئه‌ركی خسته‌ ئه‌ستۆی خۆی وه‌ك : سزادانی بكوژانی خۆپیشانده‌ران و دژایه‌تیكردنی گه‌نده‌ڵی و ناچێته‌ ژێر باڵی هیچ حزبێك و ئه‌گه‌ر فشاریان خسته‌ سه‌ر یه‌كسه‌ر ده‌ست ئه‌كێشێته‌وه و، سه‌ره‌رای ئه‌مانه‌ به‌ ده‌نگی به‌رزو حه‌ماسه‌تی جه‌ماوه‌ر‌ هه‌ر هه‌موویان ره‌تیان كرده‌وه‌و ، وتیان ئاسته‌نگی زۆر بۆ خۆی كابینه‌كه‌ی دروست ئه‌كه‌ێن نه‌گاته‌ په‌ۆله‌مان.
گه‌مه‌كه‌ی موقته‌دا سه‌در زوو په‌رده‌ی له‌ سه‌ر هه‌ڵماڵرا به‌ ناردنی چه‌ندین كۆمه‌ڵ له‌ لایه‌نگیرانی بۆ گۆره‌پانی { ته‌حریر} و، به‌ زه‌بری چه‌قوو ده‌مانچه‌و و شه‌ره‌ تێڵا توانیان باره‌گای خۆپیشانده‌ران و خه‌ڵكی راپه‌ریو له‌ ( چیشتخانه‌ی توركی) ده‌ربكه‌ن و، ئه‌م هه‌نگاوه‌ش هاوكات بوو له‌ گه‌ڵ واژووكه‌ی دوكتۆر به‌رهه‌م ساڵح ومتمانه‌ به‌خشین به‌ محه‌مه‌د عه‌لاوی و، راگه‌یاندنه‌ پر درۆكه‌ی موقته‌دا كاتێ وتی: گه‌ل عه‌لاوی هه‌ڵپژاردووه‌و، موقته‌دا وا ئه‌زانێت گه‌لی عێراق ته‌نها ئه‌و سه‌رلێشێواوانه‌ی خۆیه‌تی.
له‌ به‌غدا موقته‌دا توانی بۆ ماوه‌یه‌كی كورت ده‌ستبه‌سه‌ر مه‌یدانی { ته‌حریر} بگرێت و، پاشان زیاتر ریسوا بوو كاتێك خۆپیشانده‌ران سه‌ربه‌رزانه‌ گه‌رانه‌وه‌ مه‌یدانه‌كه‌و، ئێستا له‌ به‌غداو كوت {واسط } وعه‌ماره { میسان} ‌و به‌سره‌و ناسرییه‌ { زیقار} و سه‌ماوه‌ { موسه‌ننا} وحیلله‌ {بابل}و كه‌ربه‌لاو و نه‌جه‌ف و دیوانیه‌ نایانه‌وێت عه‌لاوی پۆستی سه‌رۆك وه‌زێران وه‌ربگرێت و ، دانیشتوانی ئه‌و پارێزگایانه‌ ئه‌ڵێن : محه‌مه‌د ته‌وفیق عه‌لاوی به‌شیكه‌ له‌ حزبه‌ شیعه‌ گه‌نده‌ڵه‌كانی ده‌سه‌ڵات و، ماوه‌یه‌كی دوورو درێژ كادری پێشكه‌وتووی حزبی ده‌عوه‌ی گه‌نده‌ڵگار بووه‌. بۆیه‌ كه‌س سوور نییه‌ له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی عه‌لاوی ببێت به‌ سه‌رۆك وه‌زیران جگه‌ له‌ داشی دامه‌كه‌ی ئێران موقته‌دا كه‌ بووه‌ته‌ ئامانجی خۆپیشانده‌ران و هه‌ر هه‌موو له‌ دژی هاوار ئه‌كه‌ن و به‌ گه‌نده‌ڵی سه‌ره‌كی ناوی ئه‌به‌ن.
خۆپیشانده‌ران و خه‌ڵكی راپه‌ریوی به‌غداو شاره‌كانی ناوه‌راست و خوارووی عێراق داوا ئه‌كه‌ن :
هه‌موو ئه‌زانن چۆن ( عادل عه‌بدولمه‌هدی) یان هێنا هه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ ( مه‌حه‌مه‌د عه‌لاوی) یان هێناوه‌و، له‌ لایه‌ن حزبه‌كانی ده‌سه‌ڵات پشتگیری لێئه‌كرێت و نابێت دژ به‌ ده‌ستیوه‌ردانی ئێران و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی بوه‌ستێت و ئه‌مه‌ش لای خۆپیشانده‌ران جێی قبولكردن نێیه‌ و، ئایا عه‌لاوی ئه‌توانیت ئه‌ركه‌كانی به‌ باشی به‌رێوه‌ببات وه‌ك هه‌ڵبژاردنێكی پاك و پوخته‌و پێشوه‌خته‌ و، دۆزینه‌وه‌و ده‌ستنیشان كردنی بكوژانی خۆپیشانده‌ران و سزادانیان و، فایلی گه‌نده‌لكاران بجولێنێت و بدرین به‌ داگا و، ئه‌بێت حكومه‌تی داهاتوو دوور بێت له‌ تایفه‌گه‌ری و پشكپشكێنه‌و به‌ فه‌رمانی گه‌نده‌ڵكاران كار نه‌كات و، به‌بێ ترس و ئازایانه‌ بریار بدات و سه‌ربه‌خۆیی خۆی بپارێزێت وكار له‌ پێناو به‌رژه‌وه‌ندی نیشتمانی بكات و بتوانێت متمانه‌ی خه‌ڵكی راپه‌ریو مسۆگه‌ر بكات، هه‌ڵوێستی هه‌بێت له پاراستنی ‌ ئازادی و رێزگرتن له‌ مافی مرۆڤ و، به‌و جۆره ‌هه‌ڵسوكه‌وته‌ كاره‌كانی حكومه‌ت به‌ره‌وپێش ئه‌روات و، خه‌ڵكی عێراق زۆر نه‌هامه‌تیان دیوه‌و كاریان ئه‌وێت نه‌ قسه‌و باس و سۆز.
ئایا محه‌مه‌د ته‌وفیق عه‌ڵاوی ئه‌بێته‌ سه‌رۆك وه‌زیران یان جه‌ماوه‌ری راپه‌ریو ئه‌یخه‌ن و ناهێڵن بگاته‌ ئاواته‌كه‌ی و، ئه‌گه‌ر بوو به‌ سه‌رۆك وه‌زیران ئایا ئه‌توانێت مه‌رجه‌كانی ئێران پشت گوێ بخات و، رۆژانی داهاتوو توانای عه‌ڵاوی ئه‌خاته‌روو به‌رامبه‌ر به‌ حزبه‌كانی ده‌سه‌ڵات و میلیشیاكانیان.
له‌ هه‌مووی سه‌یرتر هه‌ردوو دوژمنه‌كه‌ ئه‌مریكاو ئێران پێشوازی له‌ هاتنی عه‌لاوی ئه‌كه‌ن و، ئه‌م دووانه‌ هه‌رده‌م به‌ دوای رزگاری گه‌لان ناگه‌رێن جكه‌ له‌ به‌رژه‌وندی خۆیان و، به‌م زوانه‌ محه‌مه‌د عه‌لاوی بۆ خه‌ڵكی عێراق و ناوچه‌كه‌و دونیا ده‌رئه‌كه‌وێت.

5/2/2020