بانگەوازێک بۆ ئارامى … سروشت نەوزاد

سەبارەت بەشیعرى (بانگەواز بۆ گۆڕهەڵکەن )ى سەباح ڕەنجدەر

بێگومان ئەدەبیات نەخشى ئەو دونیایەیە کە مرۆڤ وەک ئاڵۆزترین بوونەوەرى بوون، بەهەموو هزرو تێڕوانین و پێکهاتەکانیەوە لێى نیشتەجێیە. ڕەنگە شیعر وەک ژانرێکى تایبەتى ئەدەب، زیاتر لە هەر ژانرێکى دیکە، هەڵگرى پانتاییەکى فراوانتر بێت بۆ ئازادى زمان و خەیاڵ لە تێڕوانینەکانیدا لە بارەى جیهان و مرۆڤ و شتەکان. بەم هۆیەش هەندێک جار دونیاگەلێکى ئاڵۆز و سەیرو سەمەرەتر لە جیهانى شیعردا بوونیان هەیە و ژینگەو جوڵەو دیمەنەکان نائاشنا و نامۆن و کەمتر ناسراون.

ئەوەى کە تیۆریزانى ڕووسى، (شکلۆڤسکى) پێى وایە شیعر بە پلەى یەکەم یارییە لەگەڵ زمان، واتە زمانى شیعر هەڵدەستێت بە خۆ قوتارکردن لەو زمانە باوەى هەموو شتەکان یەک ڕەنگ دەکات و ڕەهەندى نامۆیی و نائاشناییان پێ دەبەخشێت. کەواتە ئەگەر شیعر مامەڵەى یەکەمى لەگەڵ زماندا بێت، زمانیش وەک ئەوەى (هایدیگەر) بە ماڵى بوونى دەزانێت، واتە زمان ئەو جێگەیەیە کە مرۆڤ دەتوانێت زات و بوونى خۆى تێدا بدۆزێتەوەو بە هۆیەوە تەعبیر لە بوون و خۆشى و ئازار و مەینەتییەکانى بکات. واتە ئەوەى ماهیەت و بوون و شوناس بە مرۆڤ دەبەخشێت زمانە.
زمان هەڵگرى حەقیقەتى بوونە. کەواتە زمانى شیعر دەبێتە هەڵگرى وەزیفەیەکى قوڵ و ئاڵۆز لە هەمبەر لۆچى و درز و کەلێن و پەنهانییەکانى بوون و یارییەکى نا ڕاستەوخۆ و ئیستاتیکى لەگەڵ دەرکەوتە ناسراو و نەناسراوەکانى سەرزەمینى بووندا دەکات.

شیعرى (بانگەواز بۆ گۆڕهەڵکەن) هەڵگرى جیهانبینییەکى ڕوونە لە بارەى ژیان و مردنەوە. ژیان لەم شیعرەدا وێناى تراژیدیایەکە بۆ بوونى مرۆڤ. مردنیش دیاردەیەکى میتافیزییکیە بۆ ئازادى ڕۆح و بەدەستهێنانەوەى ئەو ژیانەى لە جیهانى فیزیکیدا، گیرۆدەى دەرد و ئازار و نا عەدالەتییە.

(من هیچ پرسیارێکم لە خودى شیعر نییە، بەڵام ئەو پرسیارى سەیر سەیرى لە من هەیە. وەک ئەوەى من خوداوەندێک بم و نهێنى ژیان و مردن و زیندوو بوونەوەم لابێت. هەردووکیشمان دەمانەویت ئەویندارانەو لە خۆ بووردوانە لەگەڵ یەکتردا بژین. هەمیشەش خۆم لە روداوى گەرماو گەرم بە دوور گرتووەو چاوەروانى خەمڵین بوویمە. لەگەڵ ئەوەشدا ڕووداوە گەرماو گەرمەکان بەر ئەنجامى جوڵانەوەى ڕاستەقینەى ژیان و دۆخن ).
ژیان هەمیشە لە دۆخگۆڕیندا جۆرە بەرزو نزمییەکى ناڕێکى تێدایە.
سەباح رەنجدەر لەم شیعرەدا، دەیەوێت لەم دۆخگۆڕین و بەرزو نزمیە ناڕێکەى ژیاندا ڕزگارى ببێت و مانایەک بە ژیان و دادپەروەرى بدات. لەم کاردانەوەیەشیدا ژیان و مردن دەهێنێتە ناو زمان و نووسینەوە.

بە گشتى شیعرى سەباح رەنجدەر شیعرى داخراوو دەستەمۆنەکراون. شیعرگەلێکن ئیمکانى ئەوەیان نییە بە بێ تێڕامان و تێهزرین و خۆ ماندووکردن، خوینەر بتوانێت ڕاگوزەرانە لەگەڵ ژینگەو جیهانبینى دەقەکان بە سانایی پەیوەندى دروست بکات. ئەوەش پەیوەندى بەو پێکهاتە زمانیەوە هەیە کە خەسڵەتیکى قورس و گران، لە هەمانکات فرە مانا و فرە دەلالەت بە پێکهاتەى شیعرى ئەو دەدەن. واتە ئەو پیکهاتە فۆڕمى و زمانیەى کە نزیکەى هەمیشە، لە شیعرى ئەودا لەسەر شێوازى تایبەت لە هەڵبژاردن و بەکارهێنانى وشەو هەڵبژاردنى شێواز و جۆرى ڕستەو دەربڕینەکان و شیعریەت و فەزاسازیدا ڕادەوەستێ. زمان لە شیعرى سەباح ڕەنجدەردا لە واتاى فەرهەنگى خۆى دادەماڵرێت و لەوە دەکەوێت ئەرکى گەیاندنى ڕوت و کۆنکریتى بەرجەستە بکات.

لێرەشەوە کۆشش بۆ دۆزینەوەى واتاى چاوەڕوانکراو لە ڕێگەى تێڕوانین لە زمانى شیعرەکانیەوە، خوینەر بە لاڕێدا دەبات. هەر ئەم خەسڵەتەشە کەمتازۆر وێناسازییە شیعریەکانى ئەو دەکەنە وێناى خەیاڵى و زەینى. هەر بۆیە ئەو تایپەى شیعرسازى و زمان و گەمە زمانیە سرکەکانى شیعرى ئەوى لەسەرە، بە نیسبەت شیعرى کوردییەوە تایپیکى تایبەت و جیاوازە.
ئەو هێڵە زمانیەش کە کەمتازۆر بە نێو شیعرى ئەودا درێژ دەبێتەوە، شیعرەکان لە دەرەوەى سادەکارى و سەتحیەت پیشان دەدات. بۆیە نزیکەى هەمیشە، شیعرى ئەو لە ڕوکەشدا لە بارەى شتێک یان بابەتێکەوە دەدوێت، بەڵام لە قوڵایدا شتێکى فرە چین و فرە بابەتیانە تر دەدوێنێت.
دیارە بە حوکمى تایبەتکاریە زمانیەکانى، ئەم گەمەو یاریانە ئاسان بە چاو نابینرێت، بەڵکو دەرکى پێ دەکرێت و لە پشتەوەى لۆف و لارە ڕێیەکانى ڕستەو دەربڕینەکانیدا خۆى دەشارێتەوە.
دیارە ئەم خەسڵەتەش دەرئەنجامى تەم و مژو تێترنجاندنى زۆرە ملێ و بارکردنى بیرو هزرە فەلسەفیەکان نییە بۆ نێو دەق، وەک ئەوەى لە بەشێکى شیعرى نوێى کوردیدا باوە. بەڵکو دیاردەیەکى سروشتییەو هاوتەریبە لەگەڵ ئیستاتیکاى جوڵەدار و شێوازى ڕیتم و مۆسیقاى سروشتى بونیادى دەقەکان.

لە تێڕوانینیکى گشتییەوە شیعرى (بانگەواز بۆ گۆڕهەڵکەن) زادەى ئەو پەیوەندى و بەرکەوتنانەن کە شاعیر بە دەرەوە دەبەستنەوە. دیارە مرۆڤ بە گشتى دیاردەیەکى کۆمەڵایەتیە و ژیانى کۆمەڵایەتیانەى مرۆڤیش سیخناخ بەو ڕوبەرو بوونەوەو ململانێ و بەرکەوتنانەن کە ڕۆژانە ڕوو دەدەن و زادەى پەیوەندیمانن بە بوونى ئەوانى دیکەوە. هەموو پەیوەندى و بەرکەوتنێکیش، گۆڕەپانێکە لە ململانێ و زنجیرەیەکە لە پێکدادان و گیرو گرفتەکان.

شیعرەکەش بە هۆى هەندێک وێنەى ناباو و تەعبیرى تازەو گونجاندنیان لە شێوەى نا ئاشناو نەناسراودا، توانیویەتى لە نێو لۆچ و تەم و مژى پشتەوەى دێڕەکانیدا وێنایەکى ڕوون دەربارەى بوونى مرۆڤ و مردن و هاوکات ئەو ژیانە دەمارگیر و نەخۆشەى کە کۆڵان و شەقامەکانى بوونى تەنیوە بەدەستەوە بدات.
شیعرەکە لە دوو بەش پێک دێت: دوو جیهانبینى (ژیان و مردن)ى تێدا بەرجەستەیە. بەشى یەک کە دەکاتە سەرەتاى شیعرەکە و تا ناوەڕاست درێژ دەبیتەوە، جیهانبینى و تێڕامانێکە لە بارەى مردنەوە. بەشى دووەمیش لە کۆتایی بەشى یەکەمەوە دەست پیدەکات، تێڕامانە لە بارەى ژیانەوە.
لە دەستپێکى ئەم دەقەدا، زەوى دەبێتە پانتایى نیشتەجێبوونەکان و مەیدانى ڕوبەڕوبوونەوەکانى نێوان ئارامى و زەبرو زەنگەکانى واقیع:
دەستم لەسەر دوو باڵى فریشتە بوو
بە نان و ئاوو ئاگرى خۆمەوە دابەزیمە سەر زەوى
وەک ئاماژەمان پێدا، بەشى یەکەمى شیعرەکە دەربارەى مردنە و پەرچەکردارێکە لە بارەى ئەو ژیانە بۆش و لەرزۆکەى هەناوى بوونى تەنیوەو هەمیشەش لەگەڵ مەرگدا ڕوبەرووە. ژینگەى ئەم بەشە لە شیعرەکە، ژینگەیەکى غەمگین و ترسناکە. وە بارگاوى بەو دەردوو ئازارانەیە کە ئابڵوقەى بوونیان داوە. ژینگەیەک کە زۆرینەى کاراکتەرەکانى لە جەوهەردا، لە دەرەوەى خواست و ئارەزوەکانى خۆیاندان. لێرەدا ئەو خەسڵەتەى بوون کە وێناى کێشراوە، خەسڵەتیکى ئیفلیج و پەککەوتەیە. وە گرێدراوى تراژیدیاى مێژووى دێرینەى خۆیەتى. ئەم تێڕوانینەش لە سەرەتاى شیعرەکەدا دەبێتە هۆکارى پەرچەکردارو هەڵگەڕانەوەى شاعیر دژ بە ژیان. وە خواست و ئارەزووى خۆى بۆ مردن مانیفێست دەکات:
بە
جۆشى دەنگ و زایەڵەو زەنگ و
و
و
و
ە وە یاد
دروود
پەیام
ستایش

هەواڵى جێگۆڕکێى سەباح سابیر حەسەن
١٨/١١/١٩٦٥ _ ١٨/١١/٢٠٤٥
لە بستە خاکێکى مراد خوازو ماندوودا
شادیەکانى دەبیستێتەوە
هەشتا ساڵ دەزوو بە دەرزى وەکردنێکە
بە سەر ڕاوەشاندنى پڕ خەمەوە

ئارەزوو خواستى شاعیر وایە کە هەشتا ساڵ بژى و مردنەکەشى لە ڕۆژى لە دایک بوونى بێت.
(هەواڵى جێگۆڕکێ) هەواڵ و حەزو ئارەزویەکە بۆ مردن. وشەکانى (زەنگ و زایەڵە و دەنگ و جۆشى و یاد و دروود و پەیام و ستایش) وشە گەلى ڕۆشن و جۆشدارن، حەزوو ئارەزو داوایەکى پڕ جۆش و خرۆشن تا لە (بستە خاکێکى مراد خوازو ماندوودا) لە ئەزموونى ژیانکردنێکى هەشتا ساڵەییدا، بە شادى و ئارامى بگەن. بەڵام لە بنەڕەتدا ئەم خواست و داوایە حەزو داوایەکى غەمگین و ڕاڕایە چونکە:
هەشتا ساڵ دەزوو بە دەرزى وەکردنێکە
بەسەر ڕاوەشاندنى پڕ خەمەوە
ئەم شیعرە شیعرى گەڕان و لێوردبوونەوەیە، شیعرى تێهزرینى بوون و عەوداڵ بوونە بە دووى خود و ماهیەتى هەبوونى خوددا. لە دیوى ناوەوەى وشەکان و ڕستە و دیمەنە شیعریەکاندا، نهێنیەکى قوڵ هەیە کە حەزى پرسیارو گومان و لێوردبوونەوەى سەرجەم پێکهاتەکانى بوونیان تێدا بەرجەستەیە. تەکنیکى شیعرەکە زۆرتر تەکنیکێکى سینەماییە. پاڵپشتى جووڵەو وێنە زەینى و دیمەنە پەرتە شیعریەکانن. پێکهاتەى جووڵەو ئاڕاستەى دەربڕینەکان لە وێنە و دیمەنیکەوە دەگوازرێنەوە بۆ وێنەو دیمەنێکى دیکەو پێکهاتەیەکى ڕێک و یەک ئاڕاستەیان نییە.
دیمەنى سەرەتاى شیعرەکە، دیمەنێکى کزو کاڵە و جوڵەو دەربڕینەکان ساردو کەم ڕەنگن. بە پێچەوانەى دیمەنەکانى کۆتاى شیعرەکە، ئەگەر چیش لەسەر هێڵى دوو دڵى و گومانن، بەڵام ڕەنگەکان دەگەڕێنەوەو سێبەر لەسەر ڕستەکان نامێنن.
لە دەرئەنجامى پرسیار و گومان و تێڕامانە بوونیەکانى شاعیردا، پەرچەکردارى لەبەرامبەر ژیان و ئەو ئەزموونەى کە تێیدا دەژی دروست دەبێت. شاعیر دەچێتە ناو دۆخگۆڕینەوە و ئەزموونێکى دیکە لە نێو مردندا تاقى دەکاتەوە. سەرجەم پرسیار و گومانەکانیشى لەگەڵ خۆى دەبات و ڕۆحى گەڕیدەى شاعیر لەوێدا، بەدووى خۆى و گەشتن بە شادى و ڕوناکیەکانى ژیانى خۆیدا دەگەڕێت.
(لە نیوان ئەم دوو مێژووەدا ١٨/١١/١٩٦٥ _ ١٨/١١/٢٠٤٥ کە دراو و داواکراون، مێژوویەکى تر نییە. یان هەوڵدان بۆ دروستکردن و قەوارەپێدانى مێژوویەکى لەم بارەیەوە نییە. بگرە وەهمێکى جوان و ناوەندێکى چالاک هەیە. بڕواى بە خۆشبەختى و خەڵاتى خوداى هەیە. دەشیەوێت ئاگر لە خوداوەند بدزیت، پاشان لە پەرجوویەکدا بمێنێتەوە. پەرجووى حەزى ژیان و داهێنان، ماناو بوونى کەسایەتى خۆى تێدا بپارێزێت ) :
ببورە مووچڕکێک چاوى لێڵ کردم و سۆزێکى تایبەت گرتمى
مەلێکى کۆچەرى لەسەر لکى درەختێک نیشتەوە
خوێنى پێى بەسەر لکەکەوە جێما
چووم تەواوى درەختەکە و خوێنەکەم ماچ کرد
لێرەدا شاعیر بەڕێگەى فەنتازى و خەیاڵى، گەشت بە نێو مردندا دەکات. (سۆزێکى تایبەت) ئاماژەیە بۆ خواست و ئارەزوویەکى پڕ جۆش و خرۆشى مردن. (درەختەکەش) سەرزەمینى مردنە و (مەلێکى کۆچەریش) ڕۆحى گەریدەى شاعیرە کە خوێنى لەبەر دەڕوات و ئاماژەى پێکران و شەیدایى گەڕان و نەسرەوتنە بە دواى خۆى و دۆزینەوەى ڕوناکى و ئارامیەکانى ژیانى.
وەرە خەونم باڕوو گەنمام
خوێنى پێى باڵندە بێ و لە ئاگر ڕابمێنم
لە ئاگر ڕامان ئاشق وەک میوە پێدەگەیەنێ
بستە خاکە ماندووەکەش یەکپارچە دەبێتە
مۆسیقاو گۆزەى پڕ
(بستە خاکە ماندووەکەش) ئاماژەدانە بە گۆڕ و (مۆسیقاو گۆزەى پڕ) دەلالەتى ئارامى و ئاسودەییە، کە لە ڕێگاى عاشق بوون بە هۆى لە ئاگر ڕامانەوە بەدەست دێت، کە دیارە ئاگریش ڕەمزى ڕووناکى و هێز و تینە و ڕەگەزێکە لە رەگەزەکانى بوون، لەسەر بنەماى فەلسەفەى یۆنانى، کە پێى وایە جیهان لە چوار توخمى: (ئاو و ئاگر و با و خۆڵ) پێک دێت.
لە ئاکامدا هەر دەگەم بە باڵى باڵندەى بریندار و دڵى خۆم
پێشبینى ڕامان و گەڕانەکانى ڕۆحى گەڕیدەى شاعیر، گەشتنە بە قوڵاییەکانى ناخى خۆى و دۆزینەوەى ڕووناکى و ڕۆشنکردنەوەى کەلێن و کەلەبەرەکانى دەرونى خۆى.
ئەرێ مێژوو لە کتێبى چەندەمى ئاسمانى
بەشێکم بۆ تەرخان دەکات
ئەوکاتەى مێژوو باسى خودایى دەهێنێتە سەر سەکۆ و ماڵەکانمان
من لە ناو حیکمەت و هێزى قسەکانى ئەودا
قوڵ و بێدەنگ و گوێڕایەڵ
هەناسەى ئاسودەیی هەڵدەمژم و بیر لە خۆم دەکەمەوە
ڕۆحى گەڕاڵى شاعیر کە بە نێو کەلێن و قوڵاییەکانى ناخى خۆیدا شۆڕبۆتەوە، هەر لە گەڕاندایە. هاوتەریب لەگەڵ پێشبینیەکانى بۆ دۆزینەوەى ئاسودەیى و روناکى، پرسیار و گومانەکانى نەرەویونەتەوە. (کتێبى ئاسمانى) لە تێڕوانینە دینیەکەیەوە هەڵگرى ئەو دەستور و ڕێبازە بێ کەم و کورتیانەن کە ژیانى نموونەى و ئارامى نەبڕاوە بۆ مرۆڤ دەستەبەر دەکەن. شاعیریش لێرەدا بۆ دەستەبەر کردنى ئەو ئاسودەییە خوازراوەى خۆى، دەیەویت هانا بۆ ژیانى نەمرى نێو کتێبە ئاسمانییەکان بەرێت و هاوکات لە ڕێگەى پێگەشتن و نزیک بوونەوە لە خودا و خۆدانە دەست تواناو هێزى نادیار و بێسنوورى خودادا، هەناسەى ئاسودەیی لە نێو مردندا هەڵبمژێت و ئارامى بە دەستبهێنیت.
سەباح ڕەنجدەر لەم دەقەیدا، ڕێبازى وردبوونەوەى عیرفانیانەى هەڵبژاردووە. شیعر بە نێو حەقیقەتەکانى بووندا دەگێڕێت و دەیباتە نێو ژیان و دونیاى خوداى و حەقیقەتى ڕۆژگارەوە.
شیعر لاى ئەو کتێبێکى ئاسمانییە و هەڵگرى حەقیقەتەکانى ڕۆژگار و بوونە. هەر بۆیە خۆراکى ڕۆحى و زیندوو بوون و مانەوەى خۆى لە شبعرەوە وەر دەگریت و لەوێدا بەدووى زمان و شوناسى خۆیدا دەگەڕێت.
تەرمەکەم لەبەر هەیوانێک داندراوە
پورەى شیعر دەورى گرتووم و ناوى شیعرم لەسەر لێوە
لێرەدا تەرمەکەى شاعیر فۆکسى لەسەرە. وەسفى ئەو حاڵەت و دۆخە دەکات کە تەرمەکەى لەبەر هەیوانێک دانراوە و بە هۆى شیعر پەروەرى و هۆگرى شاعیر و بڕوابوونى بە هێزى بێسنوورى شیعرەوە، لە ڕوناکى بەخشین بە دەرون و ڕۆحى سرک و عەوداڵیەوە، دەیەوێت لە هەستیارترین چرکەساتەکانى ژیانیدا، دەستبەردارى شیعر نەبێت و لە نێو شیعر و ئەفسوونەکانیدا بژییەت و بمرێت و لە دایک ببێتەوە. شیعر بۆ ئەو حەوشە و ماڵى خودایە، گوناهى هەموومانى لێ پاک دەبیتەوە و تێیدا دەبین بە فریشتەو خوداوەند.
شیعر ئامانجى بەختەوەرى و جێگاى هەموو هیوا و خۆشادومانکردنێکە. لە ڕێگایەوە دەتوانرێت پەیوەندى بە جیهانى فریشتەو خوداوەندەوە ببەستیت. کەواتە لێرەدا، حیکمەتى وشە حیکمەتى شیعرە. واتە حیکمەتى وشە گەڕانەوەیە بۆ پاکى و دادپەروەرى.
خوداى سەد و یەک ناو
حیکمەتى وشەم تێدا بخرۆشێنەو لە شاعیرە
چاو هەڵاوگێڕ
دڵڕەش
بەدگۆ
دەرونکلۆر
و
و
و
ە کان بمپارێزە

لە ڕێگاى حیکمەتى شیعر و وشەوە کە پانتاییەکن بۆ (دڵپاکى و ڕاستگۆیی دەرونڕۆشنى و دادپەروەرى)، شاعیر دەیەوێت لە شەڕى ئەوانى دیکەى (دڵڕەش و بەدگۆ و دەرونکلۆرەوە) بە دووربێت. لەم دێڕە شیعریانەدا، ئاماژەى گەڕانەوە بۆ ژیانى واقیعى شاعیر بەرجەستەیە کە بە هۆى شیعر پەروەرى و دەرچوون لە بازنەى گروپ و خەریک بوون بە کارى تاکە کەسی و هەوڵى دروستکردنى ئەزموونى جیاکاریانەى شاعیردا، ئەوانى دیکەى سەغڵەت و داخ لە دڵ کردووە. ئەمانیش لە بەرامبەردا لە هەوڵى دامرکاندنەوە و کوژاندنەوەى ئەو ڕوناکیانەدا بوون کە لە شاعیر و جیاکارییەکانیەوە دەرچوون. بەڵام شیعر لاى شاعیر پەیامى ڕاچڵەکاندنە و ئەو ئاگرەیە هەرگیز خامۆش نابێت، ئەو سیستمەیە دادپەروەرى دەهێنێت.
دیمەنەکانى کۆتاى ئەم شیعرە، دیمەنى زیندوو بوونەوە و لە دایک بوونەوەن. دیمەنى هێور بوونەوەى ڕۆحى گەڕاڵ و دۆزینەوەى زمان و ناسنامەى شاعیرن. وەسف و وێناکان ڕەنگدار و گەشن. زمان لە ڕستەکانى کۆتایى دەقەکەدا ڕوون و بێ گرێن. وشەکان ساف و خرۆشاون و هەستى ژیانەوە پەخش دەکەن.
شاعیرى گەڕاوەى شەڕى گوگیش
دوودڵى خامۆش دەبێ و گۆێ بۆ گۆرانى هۆگرى ڕادەدێرێت
یادەوەرییە بەخشندەکانى و بەهرە و سروش و شیعر دێنە فریاى
ئەى خوداى سەدو یەک ناو ڕێبوارێکى ڕۆشنى
و

و
و بەهرە
سروش
شیعر
ماندوو ماندووم ماندووم

دەستم بگرە با بچمە ماڵى ڕۆشن
ماڵم لە سێبەرى باڵى باڵندەیەک دانا
گوتى لەبەر خاترى تۆ بۆ ماوەیەک فڕین دوا دەخەم
تا پشوو دەدەیت و تێرخەو دەبیت و خەونێک دەبینیت
خەونى
تەورات
ئینجیل
قورئان

ئەرێ شادیی بێهودە خەونەکانم چى لێ بکەم

ماڵى ڕۆشن ئاماژەى ماڵێکى گەورەیە لە تەورات و ئینجیل و قورئان، کە بە پێى دیدگای ئاینى چاوگى ئومێد و ئارامى نەبڕاوەن، ئەو ماڵەیە کە دواجار ڕۆحە سەرکەش و عیرفانیەکەى شاعیر، بە هەوڵى نزیک بوونەوە لە خودا، دەیەوێت دەستى خۆى و شیعر و وشەکانى بگرێت ولە دایک بوونەوەى ئاوێزان بە کتێبە ئومێدبەخش و ڕۆشنەکانى خودا ببێت تا بە بەختەوەرى و ڕۆشنایى ناخى خۆى بگات و لەوێشدا خەونەکانى ئاوێزانى هەمان خەونەکانى (تەورات و ئینجیل و قورئان) ببێت. بەڵام لە دێڕى کۆتایی ئەم دەقەدا (ئەرێ شادیی بێهودە خەونەکانم چى لێ بکەم) قورسایى خەم و نائومێدییەک لە گۆڕێدایە و سەرتاپای ئەو خەونە پوچەڵ دەکاتەوە کە بە دووى شادیى و ئارامیەکەیدا وێڵ بوو. ئەم پرسیارە گومان و نا دڵنیاییە. پرسیارێکە سەبارەت بە مانەوە و شکڵ و ئاڕاستەى نادیارى چۆنیەتى بونیادنانى ژیان و درێژەدان و بە ژیان.

سوبێکت لێرەدا گومانکارێکە و دواى گەڕان و لێوردبوونەوەکانى بە دووى خۆى و ماهیەتى هەبوون و شوناسى خۆیدا، سەرئەنجام گەشتووە بە ناخى خۆى. ئاوێزان بە زمانى خودا و کتێبەکانى بووە. بەڵام هۆشیارى زمان لەم دەقەدا، کە لە نێو جیهاندا دەجوڵێ و لە تەواوى بوون و پێکهاتەکانى ڕادەمێنیت، زمانێکى گومانکارە و لەو ڕاڕەوانەى بووندا جێ دەمێنێت کە دەیەوێت حەقیقەتیان تێدا کەشف بکات.

سروشت نەوزاد

سەرچاوەکان:

  • سەباح ڕەنجدەر، حەزدەکەم ئەوەندە بژیم، دیوانى شیعرى، بەڕێوەبەرایەتى چاپ و بڵاوکردنەوەى هەولێر، چاپخانەى ڕۆشنبیرى،
    چاپى یەکەم، ٢٠١٤، هەولێر، لا١١
  • سەباح ڕەنجدەر، چوار کتێب لەبارەى شیعرەوە، بیروڕاى ئەدەبى، چاپخانەى دەزگاى چاپ و پەخشى سەردەم، چاپى یەکەم، ٢٠١٧،
    سلێمانى، لا ١٩٠
  • سەرچاوەى پێشوو، سەباح ڕەنجدەر، چوار کتێب لە بارەى شیعرەوە، لا ١٩٢



كورد له‌به‌رده‌م كاریگه‌رییه‌كانی شەری دەروونیدا … ڕه‌سوڵ بۆسكێنی

جه‌نگ كاره‌ساتێكه‌ هه‌موو بنه‌ماكانی ئاوه‌دانی و ئابووری و په‌روه‌رده‌ و كۆمه‌ڵایه‌تی …هتد، له‌به‌ین ده‌بات، هه‌ر لەسەرەتای دروست بوونی مرۆڤەوە شەڕ و كێشه‌ و ململانێ لەنێوان مرۆڤەکاندا هەبووە، بەهۆی هەستی خۆپەرستی و بەرژەوەندخوازی تاکلایەنەی مرۆڤ، بۆ خۆ پاراستنیان پەنایان بۆ شەڕ بردووه،‌ لەگەڵ ڕكابه‌ر و بەرژەوەندپەرستەکانی تر، هه‌ریه‌ك له‌ لایه‌نه‌كانی جه‌نگ هه‌موو كارێك ده‌كه‌ن بۆ سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر لایه‌نی به‌رامبه‌ردا، سه‌ره‌ڕای به‌كارهێنانی هێزی زۆر و سوپای مه‌شق پێ كراو، فێڵ و ده‌هۆی جه‌نگیش به‌كارهێنراوه‌، له‌گه‌ڵ پێشكه‌وتنی ژیان لایه‌نی جه‌نگیش پێشكه‌وتووه‌ و جگه‌له‌ هێز لایه‌نی تریان به‌كارهێناوه‌، وه‌ك گوشاری ناوه‌كی و جه‌نگی ده‌روونی، بۆ له‌به‌ین بردن و ڕووخانی وره‌ی هێزی دوژمن له‌ ناوه‌وه‌، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ سه‌ره‌تای جه‌نگی ده‌روونی له‌لایه‌ن چینیه‌ كۆنه‌كان سه‌ری هه‌ڵداوه‌ و دواتر گرنگی زیاتر به‌م لایه‌نه‌ی شه‌ڕ دراوه‌ و له‌لایه‌ن هیندییه‌كان په‌ره‌ی پێدراوه‌، ئه‌گه‌رچی ئه‌و كاته‌ شێوازێكی سه‌ره‌تایی هه‌بووبێت، به‌هۆی دۆست و سیخوڕه‌كانیان له‌ ناوه‌وه‌ی دوژمنه‌وه‌ كاریگه‌ری زۆری له‌سه‌ر خه‌ڵكه‌كه‌ی داناوه‌، له ‌شێوه‌ی ترس و له‌رز خستنه‌ دڵی دوژمنه‌وه‌، دڵه‌ڕاوكێ و فیتنه‌یی و نانه‌وه‌ی دووبه‌ره‌كی له‌ناو دوژمن، به‌تایبه‌ت به‌رزه‌فت كردن و كڕینی كه‌سانی لاواز له ‌ناو سه‌ركرده‌كانیان، زۆربه‌ی لایه‌نه‌كانی شه‌ڕ ئه‌مانه‌یان له‌گه‌ڵ یه‌كتر به‌كارهێناوه‌، ته‌نانه‌ت ئه‌مه‌ له‌كۆندا له‌ناو كۆمه‌ڵگای كوردیش هه‌بووه‌، له‌ چاره‌كی یه‌كه‌می هه‌زاره‌ی دووه‌می پێش زایین، له‌كاتی شه‌ڕی هه‌ردوو ده‌سه‌ڵاتداری كورد، شانشینی توروككی و گوتیه‌كان شه‌ڕی ده‌روونیان له‌گه‌ڵ یه‌كتر به‌كارهێناوه‌، بۆ نموونه‌: كاتی (شێپڕاتۆ) یه‌كێك له‌پاشایانی توروككی نامه‌ بۆ (كوواری) فه‌رمانڕه‌وای شمشاره‌ ده‌نێرێت، سه‌ره‌ڕای هاندانی دژی گوتیه‌كان، باسی ئه‌وه‌ ده‌كات یه‌كێك له‌ناو شاری گوتیه‌كان هه‌یه‌ ده‌ڵێت:” له‌ شاره‌كه‌ یه‌كێكی لێ هه‌یه‌ ئه‌وها ده‌ڵێ: وه‌ره‌ من شاره‌كه‌ ده‌ده‌م (ڕاده‌ست) به ‌تۆ ده‌كه‌م”.

كاریگه‌ری شه‌ڕی ده‌روونی به‌ درێژایی مێژوو به‌رده‌وامی هه‌بووه‌، ته‌نانه‌ت له‌ دوای جه‌نگی ساردی نێوان بلۆكی ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژئاوا زیاتر په‌ره‌‌ی سه‌ند و گه‌یشته‌ قۆناغی زێڕینی خۆی و په‌نایان برده‌به‌ر هه‌موو شێوه‌یه‌كی جه‌نگی ده‌روونی بۆ سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر لایه‌نی به‌رامبه‌ر و یه‌كلاكردنه‌وه‌ی ناكۆكیه‌كانیان، دیاره‌ به‌هۆی پشكه‌وتنی ته‌كنه‌لۆژیاوه‌، شێوه‌ی جه‌نگی ده‌روونیش كاریگه‌ری زیاتر بوو، به‌هۆی به‌كارهێنانی شێوازه‌كانی جه‌نگی ده‌روونی له‌گه‌ڵ یه‌كتر، وه‌ك بڵاوكردنه‌وه‌ی ده‌نگۆ و پڕوپاگه‌نده‌، سیخوڕی و مینبه‌ری ڕاگه‌یاندن له‌ ڕۆژنامه‌ و ته‌له‌فزیۆن و بڵاو كراوه‌، ته‌نانه‌ت به‌كارهێنانی تابووری پێنجه‌م.

‌ تابووری پێنجه‌م و كاریگه‌ری له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگا

زانایان‌ كۆك نین له‌سه‌ر پێناسه‌یه‌كی یه‌كگرتوو بۆ تابووری پێنجه‌م، پێناسەی جۆراو جۆریان بۆ كردووه‌، ‌ تابوری پێنجەم دەستەواژەیەکە به‌كاردێت بۆ گروپێک لە ناو گروپێکی گەورەتر، لە ناو نەتەوەیەک یاخود شارێکی گەمارۆ دراودا، پشێوی دەنێنەوە. بە ئاشکرا بۆ پشتیوانی سوپا یاخود هێزیکی دەرەکی. لە ڕێگای پڕوپاگه‌نده‌ و تێکدان، بڵاوکردنەوەی زانیاری هەڵە، یاخود کاری سیخوڕی لەلایەن دڵسۆزانی هێزێکی دەرەکی لە ناوخۆی هێزی به‌رامبه‌ر، كار و چالاکیەکانی تابووری پێنجەم دەکرێ به‌ ئاشکرابن یان نهێنی.

تابوری پێنجەم ئه‌و پڕوپاگه‌ند و هه‌واڵه‌ چه‌واشه‌كاریانه‌ی دایده‌ڕێژن و بڵاوی ده‌كه‌نه‌وه‌ كاریگه‌ری زۆری هه‌یه‌ له‌سه‌ر داڕووخانی هه‌ستی كۆمه‌ڵگا، له‌به‌رئه‌وه‌ تابووری پێنجه‌م بەشێکە لە شەری دەروونی بۆ داڕووخانی وره‌ی لایه‌نی دوژمن یا نه‌یار و به‌رامبه‌ر، ئه‌م زاراوه‌یه‌ ئه‌گه‌رچی پێشتر به‌كار ده‌هات، به‌ڵام بۆ یه‌كه‌مجار له‌سه‌رده‌می شه‌ڕی ناوخۆی ئیسپانیا له‌ ساڵی 1936- 1939 كه‌وته‌ ناو فه‌رهه‌نگی سیاسیه‌وه‌، كاتێ كۆنه‌په‌رستانی ناوخۆ به‌ سه‌ركردایه‌تی فرانكۆ له‌ دژی كۆماریخوازه‌كان له‌جه‌نگ دابوون.

ئەمیلیۆ مۆلا جەنەراڵی نیشتیمانی ئیسپانیا لە ساڵی 1936دا لە کاتی جەنگی ناوخۆی ئیسپانیادا، بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی وره‌ی لایه‌نگره‌كانی و گومان خستنه‌ دڵی دوژمنه‌كانیه‌وه‌‌ بە یەکێ لە ڕۆژنامەنووسەکان دەڵێ: بۆ كاتی هێرش بردن هەر چوار تابووری سوپاکەی لە نزیک مه‌درید و تابووری پێنجەمیشی لە ناوەوەی مەدرید ئاماده‌ن و هاوکاری دەکەن، بۆ پەلاماردانی دەوڵەتی کۆماری مەدرید، ئه‌و كاته‌ تابووری پێنجه‌م بۆ ئه‌و خۆفرۆشانه‌ به‌كارهات، كه‌ له‌خزمه‌ت سوپای فرانكۆدابوون، به‌ڵام سیخوریان بۆ مولا ده‌كرد، به‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی پڕوپاگه‌نده‌ و بێزاری ده‌ربڕین له‌ دوژمنه‌كانی.
بەشێک لەزانایانی ئەم بوارە پێیان وایە شەری دەروونی ئەو شەڕەیە، کە بەشیکی زۆر لەدەزگاکانی دەوڵەت دەخرێتە خزمەتی و زۆرێک لە پێداویستیەکانی بۆ فەراهەم دەکرێت، بەمەبەستی تێکشکاندن و لەناوبردنی بیر و هۆشی لایەنی بەرامبەر، شه‌ڕی ده‌ڕوونی كۆمه‌ڵگا تێكده‌شكێنێ و وره‌ و ئارامی خه‌ڵك له‌ناوه‌وه‌ داده‌ڕوخێنێ، (ئەیزنهاوەر) لە پێناسەی بۆ ئەم جۆرە شەڕە دەلێت ( شەری دەروونی هەلێکە بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتن بەسەر لایەنی بەرامبەر بەبێ هیچ زیانێکی گیانی ).
ئه‌نجامی ئه‌م كاره‌ پیسه‌، له‌ڕێگای خه‌ڵكانی شاره‌زا و لێهاتوو به‌م كاره‌ ده‌كرێت، بۆ به‌رزه‌فت كردنی هه‌ستی مرۆڤ به‌كارده‌هێنرێت و ده‌بێته‌ هۆی داماڵینی هه‌ستی مرۆڤایه‌تی و نه‌ته‌وایه‌تی له‌ زۆرێك خه‌ڵكی ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌ و خودی مرۆڤ له‌ بیركردنه‌وه‌ی ئازاد و به‌ویستی خۆی دوورده‌خاته‌وه‌ و وابه‌سته‌ی وتی و تی و پڕوپاگه‌نده‌كانی كۆمه‌ڵگا ده‌بێت، ئه‌مه‌ش ئاكامی داڕووخان و نه‌هامه‌تی و به‌دبه‌ختی بۆ ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌ دێنێ.

كورد و جه‌نگی ده‌روونی
كورد به ‌درێژایی مێژوو قاره‌مانیه‌تی زۆری نواندووه‌ و سه‌ری بۆ كه‌س نه‌چه‌ماندووه‌، دوژمنه‌كانیشی ئه‌وه‌یان زانیوه‌ و لایه‌نی ده‌روونی كورد شاره‌زا بوون و نه‌یانویستوه‌ ده‌سه‌ڵاتی میر و پاشاكانی كورد په‌ك بخه‌ن، به‌ڵكو كاتێك وڵاته‌كه‌یان داگیركردووه‌، هه‌ندێك ده‌سه‌ڵات و سه‌ربه‌ستیان به‌ میر و ده‌سه‌ڵاتدارانی كورد داوه‌ و ته‌نیا به‌وه‌نده‌ وازیان هێناوه‌ دیاری و خه‌ڵات و باجیان لێ ستاندوون، كاتی شه‌ڕی دوژمنیش كوردیان به‌گژ دوژمنه‌كانیاندا كردووه‌ و شه‌ڕی دوژمنیان پێ كردوون و دوژمنیان پێ ته‌مبێ كردوون، له‌لایه‌كی تر هه‌میشه‌ سه‌ركوتیان كردوون و شه‌ڕی ده‌روونیان له‌گه‌ڵ كردوون، كه‌ گوایه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی كورد بێ شا و سوڵتانه‌كان هیچ نین، واشیان له‌خه‌ڵكی كورد گه‌یاندووه‌ سه‌ركرده‌كانی خۆیان بێ ده‌سه‌ڵاتن، ئه‌وه‌ شا و سوڵتانه‌كانی فارس و توركن ئه‌وان ده‌پارێزن، ئه‌م گومان چاندنه‌ له‌ دڵی خه‌ڵكی گشتیدا بووه‌ته‌ هۆكارێكی خراپ له‌سه‌ر ده‌روونی كورد، كه‌ ڕابردووی خۆی خۆش نه‌وێ و ‌ڕێز له‌هیچ شتێكی خۆی نه‌گرێ، بۆ نموونه‌ له‌سه‌رده‌می قاره‌مانێكی وه‌كو سه‌لاحه‌دینی ئه‌یوبی، هه‌رچه‌نده‌ له‌و سه‌رده‌مه‌ بیروباوه‌ڕی ناسیونالیستی باوی نه‌بوو، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌تی كوردی به‌ناوی بنه‌ماڵه‌یه‌كی كوردیه‌وه‌ له‌سه‌ر ناوچه‌كه‌ چه‌سپاند و له‌ باخه‌كانی هه‌ورامانه‌وه‌ تا شه‌پۆله‌كانی ده‌ریای ناوه‌ڕاست حوكمی كورد بوو، نموویه‌كی به‌رزی له‌ ئازایه‌تی و خۆڕاگری و متمانه‌ و دادپه‌روه‌ری پیشانی دۆست و نه‌یاری دا، كه‌چی به‌فیتی دوژمنان سه‌دان تیر و توانجی لێ ده‌ده‌رێت، گوایه‌ كوردایه‌تی نه‌كردووه‌، نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌ ته‌نا‌نه‌ت تا ئه‌مڕۆش یه‌ك سه‌ركرده‌ی كوردیش نابینیه‌وه‌ هه‌مووان له‌سه‌ری كۆك بن، ئه‌م حاڵه‌ته‌ نه‌شازه‌ ته‌نیا له‌ناو كورد باوی هه‌یه‌، ئه‌گینا كێ ئاماده‌یه‌ له‌به‌ر چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌كی خراپ له‌نه‌ته‌وه‌كه‌ی بێزار بێت، هه‌زاران نموونه‌ی زیندوو له ‌مێژووی مرۆڤایه‌تیدا هه‌ن‌، هه‌ر بۆ دوور نه‌ڕۆین كاتێك ته‌واوی خه‌ڵكی ژێر ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌تی عوسمانی له‌به‌ر دزی و شڕه‌خۆری و گه‌نده‌ڵی و بێ دادی وه‌زاڵه‌ هاتبوون، له‌ ده‌سه‌ڵاتی عوسمانی بێزار بوون، له‌به‌ر ئه‌وه‌ لاوه‌ توركه‌كان (حزبی ئیتحاد و ته‌ره‌قی) یان دامه‌زراند بۆ ده‌رچوون له‌و بارودۆخه‌ و له‌ناوبردنی خه‌لیفه‌ی عوسمانی، به‌ڵام هه‌ر كه‌سێك بیروباوه‌ڕی ئه‌وانی قبوڵ بوایه‌، مه‌رجێكیان هه‌بوو، ئه‌ویش ئه‌وه‌ بوو ده‌بوایه‌ یه‌كێتی و پیرۆزی خاكی عوسمانی بپارێزێت، ته‌نانه‌ت ئه‌ردۆغانیش سه‌دان له‌ دۆست و هاوڕێ و برا موسڵمانه‌كانی خۆی كوشت و ده‌ربه‌ده‌ركردن، ئایا ئه‌مه‌ بووه‌ته‌ هۆی بێزاری ده‌ر‌بڕینی تورك له‌توركیا و وڵاتی خۆیان، بۆ فارس و عه‌ره‌بیش هه‌روا.
له‌ بێ به‌هاكردنی سه‌ركرده‌ و خه‌بات و تێكۆشانی كورد خۆشی كه‌م بێ هه‌ڵه‌ و كه‌موكوڕی نه‌بووه‌‌، چونكه‌ سه‌ره‌ڕای به‌شداری كورد له‌ سوپاكانی دوژمن، به‌تایبه‌ت فارس و تورك و عه‌ره‌ب، وه‌ك برا گه‌وره‌یان شه‌ڕیان بۆ كردوون، زۆرجار هه‌ر ئه‌و براگه‌ورانه‌ش ناكۆكیان له‌نێوان سه‌رده‌ كورده‌كان دروست كردووه‌ و به ‌یه‌كتریان به‌شه‌ڕ داون، نموونه‌ی له‌و جۆره‌مان زۆر زۆره‌، ته‌نانه‌ت تائه‌مڕۆش ئه‌م كاره‌ به‌رده‌وامی هه‌یه‌، هه‌ر ئه‌مه‌ش بووه‌ته‌ هۆی دروست كردنی ناكۆكی و لێك ترازانی لایه‌ن و ده‌سه‌ڵاتدارانی كورد، دوژمن و ولاتانی تریش باشتر توانیویانه‌ له‌ درز و كه‌لێنی ئه‌م ناكۆكیانه‌وه‌ بێنه‌ ناوه‌وه‌ی كورد، ئه‌وه‌ی ناكرێ بكرێت، پێیان كردووین، له‌ سوك كردن و بێ ئه‌رزش كردنی خه‌بات و تێكۆشان و سه‌ركرده‌ و ڕه‌مز و سونبوله‌كانی نه‌ته‌وه‌كه‌مان، هه‌تا ئه‌مڕۆ هه‌زاران كه‌س له‌پێناوی ئه‌م نیشتمانه‌ خۆشه‌ویسته‌دا گیانی به‌خشی و هه‌تا دنیا ماوه‌ به‌نه‌مری ده‌مێنێته‌وه‌ و جێگای شانازییه‌، كه‌چی دوژمنه‌كانمان وایان له‌لا بێ ئه‌زش كردووین خۆمان گاڵته‌ به‌ڕابردووی خۆمان ده‌كه‌ین، پێشمه‌رگه‌ ناوێكی پیرۆز و هێمای قاره‌مانه‌تی نه‌ته‌وه‌كه‌مانه‌، به‌گه‌واهی دۆست و دوژمن له‌جیاتی مرۆڤایه‌تی سه‌رسه‌خترین دوژمنیان ڕیسوا كرد، كه‌چی دژه‌كانمان ئه‌وه‌‌نده‌‌یان له‌لا‌ بێ ئه‌رزش كردووین، خۆمان گاڵته‌ی پێ ده‌كه‌‌ین و تانه‌ و ته‌شه‌ری لێ ده‌ده‌ین، له‌م سوك كردن و بێ ئه‌رزش كردنه‌دا میدیاكار و گۆڤار و ڕۆژنامه ‌و تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانیش كه‌میان نه‌كردووه‌، له‌ بێ به‌هاكردنی خه‌بات و تێكۆشانی نه‌ته‌وه‌ی كورد و زڕاندنی ناوی خه‌باتكاره‌كانی، ئه‌مانه‌ هه‌مووی به‌پلان له‌لایه‌ن دوژمنه‌كانمانه‌وه‌ كاری وردی له‌سه‌ر ده‌كرێت و كاریگه‌ری زۆریان له‌سه‌ر ده‌روونی كۆمه‌ڵگای كوردی به‌تایبه‌ت له‌باشوور هه‌یه‌، به‌شێوه‌یه‌‌ك نائومێدی ڕووی له‌م كۆمه‌ڵگایه‌ كردووه‌ متمانه‌ به‌هیچ شتێك نه‌ماوه‌.
ئێمه‌ی كورد به‌تایبه‌ت له‌ باشووری كوردستان بێ ئه‌وه‌ی خۆمان هه‌ست بكه‌ین، به‌سه‌ختی كه‌وتوینه‌ته‌ به‌ر شاڵاوی ئه‌م ده‌رده‌ كوشنده‌یه‌، دژه‌كانمان وازیان له‌ به‌كارهێنانی له‌شكر و سوپا هێناوه‌ و به‌بێ خه‌رج و باج و به‌ماندوونێكی كه‌م له‌ ڕێگای سیخوڕ و نۆكه‌ره‌كانیانه‌وه‌ درێغی ناكه‌ن له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی پڕوپاگه‌نده‌ و چاندنی هه‌واڵی خراپ و درۆ و ناڕاست، زۆرجار هه‌واڵی ڕاستیش به‌جۆرێك له‌ پێوانه‌ی خۆی گه‌وره‌تر ده‌كرێت، هه‌موومان ده‌تاسێنێ، سه‌دان هه‌واڵی وا كه‌ ده‌ڵێن: هه‌رچی به‌سه‌رمان بێت ده‌نگ مه‌كه‌ن فارس و تورك و عه‌ره‌ب له ‌ئێمه‌ی بێ پشت و په‌نا به‌هێزترن و له‌ناومان ده‌به‌ن، ئه‌مریكا درۆی له‌گه‌ڵ كردین و ئێمه‌ی فرۆشت و ماڵمان وێران بوو، كه‌س پشتیوانمان نیه‌ و ده‌خورێین، دكتۆر و به‌شی ته‌ندروستی ئێمه‌ زاڵمن و خێرا بڕۆن بۆ وڵاتانی ده‌ره‌وه‌، سه‌دان قسه‌ و هه‌واڵی له‌م جۆره‌ بڵاو ده‌كرێته‌وه‌، به‌ڵام پێشتریش ئه‌وانه‌ هه‌ر هه‌بوون و وا خۆشبه‌ختانه‌ هه‌ر ماوین، له‌لایه‌كی تر ڕۆژانه‌ گوێمان پڕ و مێشكمان كاس بووه‌ له‌وه‌ی برنجه‌كه‌مان هه‌مووی نایلۆنه‌، ڕۆنه‌كه‌مان هه‌مووی سیكۆتین و پلاستیكه‌، پسكیته‌كان پڕن له‌ حه‌بی ژه‌هراوی… ئه‌مانه‌ و هه‌زاران پڕوپاگه‌نده‌ی ژه‌هراوی تر، ئێمه‌ بێ بیرلێكردنه‌وه‌ و بێ ئه‌وه‌ی خۆمان هه‌ست بكه‌ین به‌دوا قسه‌ی دوژمنه‌كانمان ده‌كه‌وین و هه‌ریه‌ك له‌به‌ر خۆمانه‌وه،‌ وه‌ك تووتی ده‌یڵێینه‌وه‌ و خۆمان ئه‌وه‌نده‌ی تر هۆكاری ئاڵۆزكردنی بارودۆخه‌كه‌ین و خێراتر بڵاوی ده‌كه‌ینه‌وه‌، ئه‌مه‌ وای كردووه‌ هه‌ر یه‌كێك له‌م وڵاته‌ متمانه‌ی به‌هاوڕێی، به‌كۆمه‌ڵگا، به‌ په‌رله‌مان و حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵات نه‌ماوه‌، له‌كاتێكدا كورد زۆر ده‌مێكه‌ ڕێگای ئه‌وه‌ی نه‌دراوه‌ حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی خۆی پێك بێنێ، ده‌بێ به‌هه‌موو گیان و تواناوه‌ ئه‌م حكومه‌ت و په‌رله‌مانه‌ بپارێزێ و بنه‌ماكانی زیاتر بچه‌سپێنێ، كه‌چی ئێستا به‌هۆی چه‌ند كه‌سێكی ناڕاستگۆ و دز و گه‌نده‌ڵ و نابه‌رپرسیار له‌ هه‌موو شتێك ناڕازی و به‌گومانه‌ و هه‌موو شتێك وێران ده‌كات.
ئه‌مانه‌ ڕاستن یا درۆ ئه‌وه‌ كارێكی تره‌، به‌ڵام من ده‌مه‌وێ بڵێم تابووری پێنجه‌می دوژمن و نه‌یاره‌كانمان ته‌نانه‌ت هی خۆمان له‌ناو ئێمه‌دا ئه‌وه‌نده‌ كاران، ئه‌گه‌ر فریا نه‌كه‌وین خه‌ڵك ده‌ڕووخێنن و كۆمه‌ڵگاكه‌مان تێكده‌شكێنن و له‌ناومان ده‌به‌ن. زۆربه‌مان له‌بیرمانه‌ سه‌دان گه‌نج و لاوی كورد ژیانی خۆشگوزه‌رانی و ئاسووده‌یی شاری به‌جێ جێشت و ڕووی كرده‌ شاخ و ڕۆحی خۆی له‌سه‌ر به‌ری ده‌ستی دانا و له ‌پێناوی گه‌ل و نه‌ته‌وه‌كه‌یدا كه‌وته‌ خه‌بات و تێكۆشان، بۆ گه‌یشتنی نه‌ته‌وه‌ی كورد به‌مافه‌ ڕه‌واكانی و ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی و به‌ده‌ستهێنانی دادپه‌ره‌وه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی، هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه‌ جێگای شانازی و ڕێز لێ گرتنه‌، به‌ڵام كه‌ دواتر دێته‌وه‌ ناو شار و چه‌ند دانه‌یه‌كیان له‌جیاتی كه‌سێكی تێكۆشه‌ر و خه‌باتگێڕ ده‌بێته‌ كاره‌كته‌رێكی دز و گه‌نده‌ڵكار، دوژمنانیش سوودیان له‌م دۆخه‌ وه‌رگرتووه‌ و ئه‌و ڕۆژگاره‌ زێڕینه‌ی خه‌باتیان لێكردووین به‌شتێكی زۆر ناشیرین و دزێو، له‌ ڕێگای جاسوس و تابووری پێنجه‌میان ده‌نگۆ و پڕوپاگه‌نده‌ی ژه‌هراوی بڵاو ده‌كه‌نه‌وه‌، كه‌ ئه‌مه‌یه‌ كوردایه‌تی و خه‌بات و تێكۆشان، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و كاره‌ پیرۆزه‌ له‌لای خه‌ڵكی كورد سوك و بێ ئه‌رزش بكه‌ن، له‌ ڕاستیشدا كاریگه‌ری زۆریان له‌سه‌ر دۆخی ده‌روونی كورد به‌ تایبه‌ت له‌ باشوور داناوه، هه‌مووشمان به‌ دوای ئه‌واندا ده‌یڵینه‌وه‌ و كه‌س ناڵێت، ئه‌و گه‌نده‌ڵ و دزانه‌ ڕاسته‌ تا دوێنێ تێكۆشه‌ر و خه‌باتگێڕ بوون و مایه‌ی خۆشحاڵی و جێگای ئومێدی ئێمه‌ بوون، به‌ڵام حاشا ئه‌مڕۆ دڵسۆز و نوێنه‌ری كورد نین و پێویسته‌ لێپرسینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا بكرێت، ئه‌وانه‌ له‌جیاتی سوود گه‌یاندن زیان به‌پرۆسه‌كه‌مان ده‌گه‌یه‌نن.
گه‌لۆ… وه‌رن مه‌ردی چاك بن با چیتر به‌قسه‌ی دوژمنان دڵی خۆمان و كۆمه‌ڵگاكه‌مان له‌خه‌بات و وڵاته‌كه‌مان نه‌ڕه‌نجێنین، به‌ڵكو به‌هێمنانه‌ و ژیرانه‌ به‌ره‌و ئاقارێكی باشی به‌رین، بۆ پوچه‌ڵ كردنه‌وه‌ی پیلانی دوژمنان و گه‌یاندنی وڵاته‌كه‌مان به‌ كه‌نارێكی ئارام و ئاسووده‌. ‌

20- 1- 2020




چیڕۆکی چەند شعریکم … مەولود ئیبراهیم حەسەن

ساڵی ١٩٨٢ لە زانکۆی بەغدا دەمخوێند ، سەرەتای ساڵی دووەمی خوێندن کچێکم ناسی بە ناوی (……) ناسێنی من بۆ ئەو کچە بەمەبەستی گەیشتن بوو بە ئەنجام ، هه ردوومان هه ر زوو لە سەر ئەوە ڕێککەوتین یەکتر ناسین و خۆشەویستیەکە مان زۆر بەرچاوو هه رزەکارانە نەبێ..بە هۆی ئەوی ئەوکات من چۆن چەند ساڵێک لە خوێندن دوا کەوتبووم ، تەمەنم لە هاوکلاسەکانی خۆم گەورەتر بوو، هه ر بۆیە پەیوەندیەکەمان زۆر پیرۆزو پڕ ڕێز بوو بۆ یەکتر ، هه ر زووش بڕیارمان دا دوای تەواوکردنی خوێندن ، پەیوەندیەکەمان بکەین بە فەرمی و ئاشکرای بکەین.زۆر بە هێمنی و تا ڕادەیەکی زۆر بە نهێنیش یەکترمان دەبینی ، ئەو پەیوەندیە لە سەرەتاوە بووە هۆی ئەوە چەند کۆپڵە شیعرێکی بۆ بنووسم و کە بە یەکیش دەگەیشتین بۆم دەخوێندەوە ، یەکەمین پارچە شێعر ئەمەی خوارەوە بوو.

سەرەتا..
دەریا شین بوو
ئاسمان شین بوو
دوو چاوی تۆ شێن.
سەری ساڵی ئەشق بوو
ئەو ڕۆژەی کە ..
ئەستێرەی گیانمان
بۆ یەک خشین .
١٩٨٢- بەغدا


هه ڵبژاردن..
سەری ساڵی ئەشق بوو
سێ جار بازی دڵی خۆم هه ڵدا
باز..
پاش زۆر فڕێن
پاش زۆر گەڕان
بەسەر سەری جوانە کچان
هه ر سێ جار
بەسەر شانی( شا پەریێ ) دەنیشتەوە
بازی دڵم بێ وچان .
من فریشتەم و
ئەشقی دڵیشم خوایی
دەبوو دڵبەریشم پەری بێ
دەستت دەمن
بۆ خوا خۆشە تەنیایی.
٢١/٢/١٩٨٢ – بەغدا


تۆ…
زۆر کچی جوان
لە تۆ جوانتر
وەک مەلی سەرمابردووی
ڕۆژانی بەفر
خۆ لە جامی دڵم دەسوون
ئاواتیانە بێنە ژوورێ
بەڵام، دڵم
چەشنی کۆشکێی ئەفسوناوی
دەرو پەنجەرەی داخراون خشت.
کەچی هه ر تەنیا ناوی تۆ دەبیسم
گیانم دێتە پێشوازی
دەرو پەنجەرەی دڵم دەکرێنەوە
دەکەونە سەر پشت.
زۆر کچ..
ڕامدەکێشی چاوی
زۆر کچ..
شێتم دەکا باڵای
کەچی ..دڵم وڵاتیکە
ژێردەستەی تۆ
پایتە ختێکە
بە تەنی تۆی تێدا پاشای .
زۆر کچ..
بە بەر چاوما ڕادەبن
زۆر جوان
گوێ لە گۆرانی و شیعرم دەگرن
زۆر کچ بۆم دەژین
زۆریش بۆم دەمرن.
کەچی دڵم
کەچی هه ستم
جۆتە ژنی دەس لە دنیا بەرداون
خۆ بۆ ڕۆژی تۆ هه ڵدەگرن.
زۆر کچ..
دوگمەی سینەم بۆ دەکاتەوە
زۆر کچ ..
لە سەر سینەم خەو دەیباتەوە
زۆر کچ ..
بە عەشقەوە هه ناسەم دەخواتەوە
کەچی دڵم
خونچەیەکە بە تەنیا
بە بۆنی هه ناسی تۆ
دەپشکوێ و دەم دەکاتەوە.
٢١/١٢/١٩٨٢- بەغدا


سەر خەو..
لە سەیری گوڵان دەهاتەوە،
پەری.
کە دیم خەو دەیباتەوە،
پەری.
سینەم بۆ ڕاخست
سەری پێکرد.
لەسەر دڵما
هه واری خەوێکی کورتی چیکرد.
ئەو ڕۆژە بوو کەمن دەمویست.
سینەم ببێتە سەرینی
یاری جوان و خۆشەویست.
فەرمانم دا ..
چێتر لێنەدا دڵم
نەوا بە خرپەی دڵ
لە خەو ڕابێ غونچە گوڵم.
سینەم چیتر پشو نە خواتەوە
نەوەک دەنگی هه ناسەم
پەری نووستووم خەبەر کاتەوە.
خوێن لە بەدەنما نە سوڕێ
تا کام دەماریش زۆر بچووکە
نەکا بە دەنگی خزینی خوێن
وە ئاگا بێ
ئەو پەریە خەو سووکە.
٣/١٩٨٣- بەغدا


عەشقی تۆ..
لە چاوی تۆ
چەندین شیعر دەخوێنمەوە
کە هێشتاکە نە نووسراون
لە گەرووی تۆ..
چەندین ئاواز دەبیسم
کە هێشتاکە نە بیسراون
لە لیوی تۆ..
چەندین خەندە دەبینم
کە هێشتاکە نە بینراون.
تۆ چ کیشوەرێکی نە دۆزراوەی؟
تۆ چ بووکێکی نە گوێزراوەی؟
گۆرانی تۆ
چ ئاوازێکی خواییە؟
بە هاری تۆ
چ دەشتێکی پڕ شاییە؟
ئەشقی تۆ
چ شێتیەکی دڵنیاییە؟
١٩٨٣- بەغدا


گوڵ..
ئەو گوڵەی پێتدام کچەکە
گوڵ نە بوو
گوللە بوو لێتدام کجەکە
گوڵ وەری
گوڵێکی زۆر ساکار بوو
گوڵی دوو ڕۆژەی بەهار بوو
بەڵام، ئەو مانای
لەوگوڵە هاتە دەست کچەکە
ئەو بوو مەبەست.
ئەو دەمە
چ دەمێکی نەمر بوو
ئەو شوێنە
چ شوێنێکی پیرۆز
ئەو خەندە
چ ناسک و دڵگر بوو
ئەو سەرنجە
چ گەرم و بە سۆز
ئەو گوڵەی پێتدام کچەکە
گوللە بوو لیتدام کجەکە
گوڵ وەری
دڵ تازە پشکووت
ئەی پەری
بە تیشکی ڕووت.
١٩٨٣- بە غدا


لە کۆڕسی دووەمی ساڵی سێیەم ئەو کچە سەفەرێکی ماڵەوەی کرد،کە گەڕایەوە بە بێ هیچ پێشەکیەک و زۆر کت و پڕ گوتێ : بەینی من و تۆ کۆتایی هات! ئەمەی گوت و ڕۆیشت ..ڕۆیشت وئەمە دوا دیدارو گفتوگۆمان بوو . وەک هه ر گەنجێک لەم کاتانە مرۆڤ جۆرێک لە شۆک دەیگرێ! شەو زر بە ئازارەو ڕۆژم کردەوە،بەڵام ، دوایی گەیشتمە ئەوی دەبێ منیش دوا بڕیار بدەم. هه ر بۆیە بەم شێعرە هه ست و دوا بڕیاری خۆم دەربڕێ .
بروسکە !
ئەو فەرهه نگەی وشەی ( گوڵ)ی تێدا بێ،(گوللە) شی تیدایە.
دوێنێ
هه واڵی مەرگی تۆم
لە زاری خۆت بیست.
بووی بە تەرم و
بەڕێم کردی.
سوێم نە بۆوە
هه رچەند ڕؤژانێ
تاجی سەرم بووی
کە چی ئە مڕۆ پێڵاویت و
لەپێم کردی.
دیارە سۆزو توڕەییەکی زۆری تێدایە،بەڵام ، لەم کاتانەدا سۆز جلەو ناکرێ!
دواجار کە دیوانەکەم(خۆت لە من بزر مەکە!) دەرچوو ساڵی ١٩٨٥بە هۆی کچیکەوەکە هه ردوکمانی دەناسی ، دیوانەکەی کەوتبووە دەست و ئەم شیعرەی خوێندبووەوە ، دەستی کردبوو بە گریان.




سووتان … ن/جەلال قادر

سەرەتا پێیان گووتم نەخۆشە و زوو بگەرە فریای. بەلام دەمزانی درۆم لەگەل دەکەن، هەستمکردبوو ئەو کەسەی خۆشمویست و بەشێک بوو لەژیانم بەجێیهێشتم.
هەرچەندە لەسەرکارەکەم، تا نەخۆشخانە چارەگە ڕێگەیەک دەبوو، بەلام خۆزگەم دەخواست، ڕێگاکە دوورودرێژتربێت و نەبڕێتەوە. مێشکم خەریکبوو بتەقێت، دڵم خەبەری دابوو، ئەو دیارییە جوانەی خوا پێیبەخشیم، ئێستا لێی وەرگرتمەوە.
نزیک بە دەرگەی نەخۆشخانەکە کەوتم، یەک دوو برادەر باوەشیان پێماکرد و گووتیان: لەژێر نەشتەرگەرییە و کاتژمێرێکیتر دەیهێننە دەرەوە.
برادەرێکم تووند دەستی گووشیم و بەدووی خەتێکی شین کەوتین. لەدەست گووشین و بێدەنگی برادەرەکانم تێگەیشتم جگەرگۆشەکەم ماڵئاوایی لێکردووم.
بەرچاوم تاریک بوو،نەختۆکەک هەست و هۆشم لای خۆم مابوو. بیرم لەوەدەکردەوە، ئیتر دەبێت بەشێوەیەکیتر بژێم، پارچەیەک لە لەشم جوودا بوەتەوە و بە جەرگ سوووتاویی سەردەنێمەوە.
سواری دەستگیرێکیان کردم، خێرا گەیاندمیانە سەر قەلەوێرەیەک. پەرستارێک دەرزیەکی لێدام.
کەمێک هاتمەوە هۆش خۆم. هاوسەرەکەم بەدیارسەرمەوە دانیشتبوو، بەخووڕ دەگریا.
لێمپرسی : چیبووە، ڕاستیەکەم پێبڵێ…

  • ڕۆیشت بە یەکجارییییییییییی…
    لەبەر گریان، نەیتوانی قسەی تەواوکات، باوەشی پێماکرد. دەستێکم بەسەریدا هێنا. گوێم لەهەنسکی گریانی گرت. ئاگر لەجەرگی بەربووبوو.
  • ژنەکە…هیچ چارێکمان نییە، دەبێت ڕاست بیینەوە، ئەگەر بەدرۆش بێت، دووبارە بژێینەوە.
  • تووبڵێی بتوانین…
  • من و تۆ، یەکەم کەس نین جەرگمان دەسووتێت، هەڵسە بابڕۆین تەرمەکەی ببینین، سەروماچێکی بکەین،لەباوەشی بگرین و وابزانین سەفەردەکات بۆ شوێنیکی دوور و نایبینینەوە.
  • نا …من ناتوانم، تەرمی جەرگەکەم ببینم. تۆ بڕۆ بیبینە و لەجیاتی منیش ماچی بکە.
  • پێکەوە دەچین….لەبیرت نەچێت ئێمەش مردنێکمان لەپێشە.

لەگەل میوانەکان بەرەو ژووری ماتەمینی چووین. تەرمی جەرگەکەم لەسەر قەلەوێرەیەک دانرابوو.
خۆم و هاوسەرەکەم سەرییمان هەلدایەوە رووخساریمان ماچکرد. زۆر سوپاسی ئەو خۆشەویستیەمانکرد کە بە ئێمەی بەخشی بوو.
هاوسەرەکەم یەک دووجار تەرمەکەی کردە باوەش و بەمیوانەکانی گووت : سەیرکەن بە مردوویەتیش هەر جوانە.
لەگەل مامۆستای ئایینی نزامان لەسەرخوێند. چەند پەرستارێک هاتن و تەرمەکەیان بردە دەرەوە.
خۆم و هاوسەرەکەم باوەشمان بەیەکتردا کرد. میوانەکانش ئێمەیان لەئامێزگرت.
داوام لە میوانەکانکرد گەردنی ئازادکەن، چیتر نایبینینەوە.
لەنەخۆشخانەکە هاتینە دەرەوە، من و هاوسەرەکەم لەپشتی ئۆتۆمبیڵی برادەرێک دانیشتبووین. شوفێرەکە گووتی : دەچین بۆ ماڵی ئێمە و پرسەش لەوێ دادەنیین.
گووتم : نەخێر…

  • نابێت بگەڕێنەوە بۆ ماڵی خۆتان، چونکە هێشتا ماڵەکەتان بۆنی جگەرگۆشەکەتانی لێدێت.
  • کێ دەلێت، جارێکیتر دەگەڕێینەوە بۆ ماڵ.
  • ئەی بۆ کوێ دەچن؟
    هەناسەیەکی پڕ لەخەمم هەڵکێشا و هاوسەرەکەم تووند لەباوەش گرت، هەستم بە خرمەی ناو هەناوی دەکرد. گووتم : تکایە …لێخووڕە…بۆ شوێنێکی دوور کەس نەمانبینێتەوە.
    فرمێسک بەچاوەکانی شوفێرەکە هاتە خوار و گووتی : خۆزگە هیچ دایک و باوکێک، مەرگی منداڵەکانیان نەدەبینی تا ئەو ڕۆژەی دەمرن.
    سەیرێکی دەرەوەم کرد و سەرم هەڵبڕی، بینیم ئاسمان زەرد هەڵگەڕاوە، باڵندەیەکش وەک خۆر دەسووتا و دەفڕی.



قەسیدەی ( ماسکەکەت فڕێدە ئەی شۆخ ) … ناڵە حەسەن

              

ماسکەکەت فڕێدە ئەی شۆخ
با ڕووناکی چاوەکانت
تێکەڵ بە شەوەکانی عومرم بێ
با خۆرەتاوی خەمەکانت
بڕژێتە نێو خۆرئاوابوونەکانی خەیاڵم
با جوانیەکانی ڕوخسارت
تێکەڵ بە سروشتی هەناسەم بێت
با شەونمی سەر پەڕەی لێوەکانت
نیشتیمانی نێو خەونەکانم تەڕ بکات

ماسکەکەت فڕێدە ئەی شۆخ
من دەمەوێ حەقیقەتی ڕوخسارت ببینم
ڕووت ڕووت وەکو با
ڕووت ڕووت وەکو بەفر
ڕووت ڕووت وەکو ئاو
هەر بەم باڵا ڕووتە ڕێواسییەوە
لەنێو منداڵدانی عەشقەوە
وەرە نێو ماڵە ڕەنگینەکەی شیعر
هەر بەم ئەدگارە ڕووتە ئاتەشیەوە
لە نێو منداڵدانی شیعرەوە
وەرە نێو ماڵە ڕەنگینەکەی ژیان
ماسکەکەت فڕێدە ئەی شۆخ
وەک کچە کۆچەریەکانی نێو نیشتیمانی خەون
سادە و ساکار
لە نێو گەرمیانی ئارەزوومەوە
وەرە نێو کوێستانی ڕۆحم
لە نێو پەرستگەکانی دڵی من
ڕووت ڕووت بەرەوە /
ڕووت ڕووت وەکو عەشق
ڕووت ڕووت وەکو شیعر
ڕووت ڕووت وەکو ژیان

چیت لێبشارمەوە ئەی شۆخ ..؟!
من ماڵم لە هیچ شوێنێک نەبوو
هیچ شوێنێک ماڵی منی لێ نەبوو
نیشتیمانی من لە هیچ کیشوەرێک نەبوو
هیچ کیشوەرێک نیشتیمانی منی لێ نەبوو
ئێستا /
من نیشتیمانم بە کۆڵ خۆم داداوە
لە نێو کیشوەرەکانی باران
لە ژێر ڕەشماڵێکی ڕەش ڕەش
ڕەش ڕەش وەکو بەفر
لەنێو خەیاڵێکی سپی سپی
سپی سپی وەکو سێبەر
لە چاوەڕوانیت دام
لێرە / سروشت و خواو
هەموو زیندەوەرەکان
لە چاوەڕوانیت دان
تۆش ماسکەکەت فڕێدە و وەرە ..!

کە هاتی
ئەو دەفتەرەی
یادەوەریەکانی خۆمم تیا نووسیبوو
لەگەڵ خۆت دا بۆم بهێنە
بیرت نەچێت
تۆش هەموو شتێکم بۆ بنووسە
ئەو ڕۆژەی کە گوتت
من لە پەنجەرەکانی مردنەوە دەڕوانم
یان کە گوتت
من لەنێو مردنەوە خەون دەبینم
یان کە گوتت
ژیان تەنها ئەو وەرزانەی خۆش بوو
کە عاشق بووم
تکایە ئەی شۆخ
هەموو شتێکم بۆ بنووسە ، هەموو شتێک
باسی ئەو
شەوە سوور سوورە سەوداسەریەشم بۆ بکە
کە مەست مەست
باسی مردن و ماسکت بۆ دەکردم
مەست مەست وەکو مۆم
لە نێو میلۆدیەکانی مردن دەتوایەوە
مەست مەست
باسی وەرزە وەنەوشەییەکانی کچێنی خۆتت
بۆم دەکرد
مەست مەست باسی ئەو ئێوارە ئەرخەوانیەی
کە لە ژیان یاخی بوویت
خۆتدایە دەست گەردەلوولی مەملەکەتی مردن
ئەی شۆخ
من لەنێو نیشتیمانی باران
لە ژێر ڕەشماڵێکی ڕەش
ڕەش ڕەش
وەک بەیانیە کازێوەییەکانی عەشق
لەنێو خەیاڵێکی شین
شین شین
وەک ئێوارە لێو بە خەندەکانی شیعر
لە چاوەڕوانیت دام
تۆش / تەنها ماسکەکەت فڕێدە و وەرە
ئەی شۆخ
بیرت نەچێت / بەر لەوەی بێیت
باسی هەڵوەرینی ئەو گەڵایانەم بۆ بکە
کە لە وەرزە بێ مەیلەکان دەتۆرێن
باسی ئەو شەقامانەم بۆ بکە
کە چیتر دڵیان بە پیاسەی عاشقەکان ناکرێتەوە
باسی ئەو ڕووبارانەم بۆ بکە
کە لە شەوە خامۆشەکاندا گۆرانی بۆ هەور ناڵێن
باسی بێهوودەیی عەشقم بۆ بکە لە نێو مردنی ژیاندا
باسی ڕەشبوونی سێوەکانم بۆ بکە
لە نێو عەبەسیەتی سەوزایی درەختەکاندا
باسی تەڵخبوونی ئاوێنەکانم بۆ بکە
لە سەردەمی خۆکوشتنی کات دا
باسی بە خۆڵەمێشبوونی کتێبە پیرۆزەکانم بۆ بکە
لە نێو خەیاڵی سەربازێکی تێکشکاوی سەردەمی جەنگەکاندا

ئەی شۆخ بیرت نەچێت
باسی ڕووتبوونەوەی بەهارم بۆ بکە
لە نێو خەیاڵی پاییزدا
باسی ڕووتبوونەوەی پەپوولەم بۆ بکە
لە نێو خەیاڵی گوڵە سپیەکان دا
باسی ڕووتبوونەوەی خۆرەتاوم بۆ بکە
لەنێو خەیاڵی کازیوەدا
باسی ڕووتبوونەوەی ئەستێرەکانم بۆ بکە
لە نێو خەیاڵی ئاسمان دا
باسی ڕووتبوونەوەی تریفەم بۆ بکە
لە نێو خەیاڵی تاڤگەکاندا
باسی ڕووتبوونەوەی خاکم بۆ بکە
لە نێو خەیاڵی نیشتیماندا

ئەی شۆخ
کە هاتی /
من لە نێو دڵۆپە بارانێک
ڕووت ڕووت
لەژێر ڕەشماڵێکی پەمەییدا
ڕووت ڕووت
لە نێو خەیاڵێکی نازنجی دا
لە چاوەڕوانیت دام
کە هاتی / بیرت نە چێت
هەموو شتێکم بۆ باس بکە ، هەموو شتێک
تۆش / دە بەڕێکەوە دەی
تەنها / ماسکەکەت فڕێدە و وەرە

ئەی شۆخ
لە نێو کیشوەری باراندا
پێویستیت بە ماسک نیە
لێرە پێویستیت بە پەنجەرە نیە بۆ ڕوانین
لێرە هەموو شتەکان ڕووتن وەکو ئاو
لێرە هەموو شتەکان دەبریسکێنەوە
وەک تراویلکە هەنارییەکانی ئێواران
لێرە نیشتیمانمان وەک بەرماڵێک
لەژێر ڕەشماڵێک ڕاخستووە
نوێژە عەشقی لەسەر دەکەین
لێرە هەموو زیندەوەرەکان عاشقن
لێرە ژیان بە مانای عەشق
لێرە عەشقیش بە مانای ژیان
ئەی شۆخ من لێرانە
لەژێر ڕەشماڵێکی سوور سوور
لە سەر بەرماڵەکەی نیشتیمان
لە چاوەڕوانیت دام
لێرە سروشت و خوا و
هەموو زیندەوەرەکان / لە چاوەڕوانیت دان
تۆش تەنها ماسکەکەت فڕێدە و وەرە …!

                                                          سەرەتای ئەیلولی ٢٠١٠



بۆ نموونه‌ … سابیر سدیق

ئه‌و شه‌وانه‌ی ،
له‌ شوێنێکی دوووور دووور …
به‌رامبه‌ر کڵێسایه‌ک
بیری له‌وه‌ ده‌کرده‌وه‌
به‌ زیندووی مانگ بدوێنێ
وە بە جوانی ،
خەون بە ئەستێرەوە ببینێ
کەسانێک ،
بە دەمامکەوە
بۆ نموونه‌ ..
به‌ ده‌مامکی ( پەپوولە ) ە وە
دزەیانکردو .. هەڵفڕینە ناو ئەوەوە .
*
ئه‌و رۆژانه‌ی ،
لە شوێنێکی دووور دور
به‌ دنیایه‌ک غه‌ریبیه‌وه‌
سه‌رقاڵی چاندنی گوڵ بوو
کەسانێک ،
بە ناوی خوازراوەوە
بۆ نموونه‌
به‌ ناوی ( ئاوە‌ ) وه‌
دزه‌یان کرد و
رژانە رۆحی ئەوەوە




پرزه شیعر … بەڕێز دکتۆر نەجم ئەلوەن ی برام.. شیعرەکەتم خوێندەوە

دکتۆر مەولود ئیبراهیم حەسەن

پرزه شیعر
۲/ ۱ / ۲۰۲۰
شیعر : د. نه جم ئه ڵوه نی

من نامه وێ
باسی ژانی شه وانی ته نیایی خۆتم
بۆ بکه یته سه رگوزه شته ی
ژوانه کانمان
من نامه وێ گوێ له گریانی په پووله ی
پاییزانی ناخت بگرم
ئه گه ر ده ته وێ بۆ من بی
ده بێ ته نیا
تریفه ی مانگ
له سه ر ڕووخسارت ببینم
ده بێ ته نیا
به زمانی گوڵاڵه کان
باسی عیشق و
میهره بانی و
دڵسۆزی خۆتم بۆ بکه ی …؟
من له مێژه وام گوتووه
ئه گه ر ژنێ
به قه د هه تاو ڕووناک نه بێ
ئه گه ر ژنێ
به قه د ڕووبار هێمن نه بێ
ئه گه ر ژنێ
وه ک کولێره گه رم و نه رم و ناسک نه بێ
با نه یه له ناو ناخمدا
خه مه کانی خۆی بکاته ڕه شه بایه و به گریانی
هۆمای به ختم بتارێنێ.


سڵاو دکتۆر نەجم برای بەڕێزم .. زۆر سوپاس کە هه رجارەی شیعریکی تازە دەنووسی ، گەورەیی دەکەیت و
بۆمی دەنیرێت، ئەمڕۆش بە مێژووی ساڵی تازەو بەرواری ٢/١/٢٠٢٠ جارێکی تر بە شێعرێکی تازەو گەرم بەسەرت کردمەوە . دکتۆر گیان منیش هه موو جاریک شیعرەکانت دەخوێنمەوەو زۆر جاریش دەستخۆشیم لێکردوون ، بەڵام ، ئەمجارە ناوەرکی شێعرەکەت ڕای تەکاندم ! ناچاربووم زیاتر لە جارێک و دوو شیعرەکە بخوێنمەوە ،لەگەڵ خوێندنەوەی دووبارەو سێ بارە ..پرسیارم لا دروست بوو. سەرەتا پرسیم ئەو خاتوونەی کە دکتۆر شێعری بۆ نووسیوەو ئەم هه موو داواکاریەی لێی هه یە ، چ کائینێکە؟ ئەوا گوتمان ژنێکی جوانەو ناسکەو تەڕو برەو گوڵڕەنگ و پەپوڵە ئاسایە ؛ باشە ئەو خاتوونە لە کوێ دەژی و لە نیو چ ماڵ و کۆمەلگەیەک پەروەردەبووە ؟ ئەو ژنە ئەم هه موو هێزی خۆشی بەخشێن ودڵدار ڕازی کردنە لە کوێ بێنێ ؟ بە تایبەت ژنی کۆمەڵگای کوردەواری ! با ئەو ژنە ژنی خەیاڵی شاعیریش بێت ..بەڵام ، خەیاڵیش بناخەی لەسەر واقیعە ؛ بەتایبەت خەیاڵێک کە ژن کارەکتەرەکەیەتی ! ژنێکی ئاوا لە کوێی دنیا دەست دەکەوێ کە هیچ خەمێکی نە بێت و ئامادەی ئەم هه موو خۆشی بەخشێن و جوانی بە خشێنە بێت و گوێ لە خواستەکانی شاعیر بگرێ و یەکسەر وەک لە ئەفسانەکان داهاتووە ( تەشتی نەدامێ) بیت و خاوەنەکەی هه ر جۆرە خواردنێکی لێبخوازێ بە – پت – لیدانیک گەرم و نەرم وتەڕو تازە هه ڵمی لێ هه ڵبستێ و بێتە بەردەست! ئەوا گوتمان ژنێکی جوان بە خواستی شاعیر پەیدابوو؛ دەکرێ ئەو ژنە هیچ گرفت وخەم و کێشەیەکی نە بێت و ئەویش نەخوازێ دڵدارو دڵسۆزێکی وەک شاعیری دەسکەوێ و دەردە دڵی خۆی بۆ بکات و کەمێک خەمی بڕەوێنێتەوە ؟ سەیرکە برای شاعیرمان – دکتۆرنەجم- چەند بە فەرمانەوە ڕوو لەو ژنە دەکات و دەڵێ: (من نامەوێ باسی ژانی شەوانی تەنیایی خۆتم بۆ بکەیتە سەر گوزەشتەی ژوانەکانمان!) با ئەو سەرگوزەشتەیە گریانی پەپولەش بیت ! بەڵێ شاعیر لە ژنەی دەوێ ، نەک لە یەک ژواندا ، بەڵکو لە هه موو ژوانەکانی داهاتووش دا نایەوەێ گوێی لە باسی ژانی شەوانی تەنیایی ئەو بێت ! من نامه وێ گوێ له گریانی په پووله ی
پاییزانی ناخت بگرم. شاعیر ئەوانەی لە ژنە ناوێ ! سەیرکە داوای چی دەکات : ئه گه ر ده ته وێ بۆ من بی
ده بێ ته نیا
تریفه ی مانگ
له سه ر ڕووخسارت ببینم
.شاعیر بەردەوام دەبێت و یەک یەک خواستەکانی خۆی بۆ باس دەکات وبەفەرمان پێی دەڵێ : ده بێ ته نیا
به زمانی گوڵاڵه کان
باسی عیشق و
میهره بانی و
دڵسۆزی خۆتم بۆ بکه ی …؟
دەبێ ، بەڵێ دەبێ؛ کە ئامرازی فەرمانی بێ چەندو چوونە! ناکرێ داوا لێکراو جی بەجێی نەکات، چونکە ئەو فەرما
نە هی ئەوڕۆنیە! من له مێژه وام گوتووه
ئه گه ر ژنێ
به قه د هه تاو ڕووناک نه بێ
ئه گه ر ژنێ
به قه د ڕووبار هێمن نه بێ
ئه گه ر ژنێ
وه ک کولێره گه رم و نه رم و ناسک نه بێ
با نه یه له ناو ناخمدا
خه مه کانی خۆی بکاته ڕه شه بایه و به گریانی
هۆمای به ختم بتارێنێ.
ئەوەی شاعیری پیاو لە ژنی – ژن – ی دەوێت ،ئەوە هه ر لە حوریە بە هه شتیەکان دەوەشێتەوە، نەک ژنێکی نێو کۆمەڵگای کوردەواری!! ئە گەر بە م شێوەیەش نەبێت ..نایەوێ! ئەمە عەشق نیە ، ئەمە هه ڵبژاردنە، هه ڵبژاردنیش زیاتر لە گەڵ کڕین دەگونجێ ، نەک عەشق !! من دەزانم ، خواستی برای شاعیر ڕیشەی لەو کلتورە دوورو درێژو شێعرەکلاسیکی و شێعری نوێ و هاوچەرخ و سەردەمە کەی کوردوە هاتووە ، کە لە خۆشەویستیدا- پیاوان – ژنیان کردووە بەو کارگەی بەرهه م هێن و خۆشی بە خشەی کە پیاو خۆی بە قوربان دەکات و دەبێتە خاکی بەرپێی و وبە سەرچاوەی بەخشێنی هه موو خۆشیەک و هه موو جوانیەکی دەزانێ !! دیارە دڵدارە ڕاستەقینەکان ئەوانەن کە خۆ بە قوربانی یەکتر دەکەن لە کاتی پێویست بکات ،نموونەی بەرچاویش لە مێژووی کوردەواریدا (خەج و سیامەند)ەکانن. لە هه موو شیعری کوردی دا، بەتایبەت لە شیعری دڵداریدا ، بەدەگمەن شێعریک دەستدەکەوێ باس لە خەمەکانی ژن بکات و پیاو بیەوێ خەمی بڕەوێنێتەوەو خۆشی بدا بەوو ئەویش هه ست بکات پشت و پەنایەکی دڵسۆزو خۆشی بەخش ودڵدارێکی دڵسۆزی هه یە ! نەک دڵدار لەوە بترسێ کە خۆشەویستەکەی گریانی خۆی بکات بەڕەشە باو هومای بەختی شاعیر بتارێنێ! ئەگەر لەم ڕووەوە سوکە گلەییەک لە ڕابردوو بکرێ ، ئەوا ئەمرۆو لە سەدەی بیست و یەک و لە شاعیرانی ڕۆشنبیرو مامۆستایانی زانکۆو ڕۆشنبیرێکی پێشکەوتن خوازو بڕوا هه بوو بە مافی ژن !! ئەم سوکە گلەییە دەبێ ببێ بەچی ؟! ئەم فەزا شعریەی کە ئاوا سەیری ژن دەکات ، هه موومان کەم و زۆر کەوتووینەتە ژێر کاریگەری و لە نووسین و هه ڵس و کەوتمان ڕەنگ دەداتەوە ، بەڵام ، ئێستا ڕۆژی ئەوە هاتووەو درەنگیشە ، کە ئیتر هه ر بە تەنیا قسە بۆ ژن نەکەین و خواستی خۆمانی لینەخوازین و بوونی ئەو بەتەنیا لە- جوان – یە بەرچاوەکەدا نەبینین ودەسەڵاتی خۆمان لە دەسەڵاتی ئەو بە بەرزتر نەزانین ! بەڵکو کاتی ئەوەیە بیدوێنین و گوێ لیبگرین و ڕای لە گەڵ بگۆڕینەوە وەک مرۆڤ و ژن بیبێنین و ئەویش بگاتە ئەو ئاستەی کە پیاو وەک مرۆڤ و پیاو ببێنێ وهه ست بە دەسەڵاتێکی لە خۆ بەرزتر نەکات و دواجار هه ردوو لا ئەوەی کە پێکیان دەبەستێتەوە خۆشەویستی ڕووتی ڕوحی بێت و نەک دەسەڵاتێکی تر ! لەو مرۆڤەش تەنیا جوانی دەرەوەو نەبینین و چاوی دڵ بەکاربێنین و مەجنوون ئاسا جوانیەکانی لەیل لەروح دا ببینین ولە وەڵامی خەڵکدا- زیرەک – انە بڵێن: دەنا بیڵڵاهی وایە ، تۆ لە چاوی من بیبینە! شارلی شابلن لە نامە بە ناوبانگەکەی ، کە بۆ ژیرالەدینی کچی نووسیوە ، نووسیویەتی : کچم ژیرالەدین؛ هیوادارم تۆ ئاخیر کەس بیت بچیتە دورگەی ڕووتان و ئەوە لە بیر نە کەی کە لەش و لاری ڕووتی تۆ هی ئەو کەسەیە کە ڕووحی ڕووتی تۆ هی ئەوە . هه روەها دکتۆر نەوال سەعداوی ژنە زانای پیاو ناس دەنووسێ : ئۆرجازمی ڕاستە قینە، ئەوکاتە دروست دەبێت کە ژن و پیاو بەڕاستی ڕووحی ڕووتی یەکتریان خۆش دەوێ . ئەگەر پەیوەندی و خۆشەویستی و دڵداری نێوان ژن و پیاو بۆ ئەوە بێت ، تا( ئۆرجازمی ژیان) و ڕاستەقینە بەدەست بێت ، ئەو ئۆرجازمە، واتە ئەو خۆشیە ڕاستە قینە بەدەست نایێت ، تا بڕوا بە یەکتری ڕاستەقینە وخۆشەویستی ڕووحی ڕاستەقینە و تێگەیشتنی وەک یەک و ڕاستەقینە لە نێوان ژن و پیاو دروست نە بێت و لە وڵاتی خۆشەویستیان دا خۆشەویستی ڕووحی دەسەڵاتدار نەبێت ! بەداخەوە ، زۆر بەی هه رە زۆری پەیوەندیەکانی نێوان ژن و پیاو، نەک هه ر ئێستا لە کۆنەوە پەیوەندی کۆمەڵایەتین ؛ نەک پەیوەندی ڕووحی ، هه ربۆیە ..ئەوانەی بەڕاستی لەو پەیوەندیەدا دەگەنە ئۆرجازمی ڕاستەقینەی ژیان ژمارەیان زۆر کەم و دەگمەنە .
………………………..
تێبینی: ئەم جۆرە خوێندنەوەی ناوەرۆکی شیعر ئەگەر دەرگایەکی تازە بەسەر شیعردا دەکاتەوە و شیعرەکەی برای بەڕێزم دکتۆر نەجم ئەلوەنیش وەک نموونە خراوەتە بەرچاو، ئەوە تەنیا دکتۆر نەجم نیە ، بەم جۆرە شیعرە دەنووسێ ! هه موو شاعیرانی ڕۆهه ڵات و کوردیش لە ئێستاو ڕابردووش ئەم جۆرە شیعرەیان نووسیوە، من خۆشم کەم و زۆر لە ڕابردوودا لە نیو شیعرەکانم دا ئەم جۆرە شیعرو بیرۆکەم هه یە .




لەبەردەم باڵوێزخانەی عێراقی لە لەندەن خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی ڕێکدەخرێت

با پێکەوە دژبە سەرکوت و کوشتارو ڕفاندنی خۆپیشاندەران ناڕەزایەتی دەربڕین
ئێمە لە هەردوو رێکخراوەکانی بەریتانیای حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق و حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، بۆ بەرگری لە جەماوەری ڕاپەڕیوی عێراق لە پێناو بەدیهێنانی ئازادی و خۆشگوزەرانی ژیانێکی باشتردا و دژ بە هێزە میلیشیاکانی حکومەتی عێراقی کە بە پاڵپشتی جمهوری ئیسلامی ئیران بۆ لەخۆین هەڵکێشانی جەماوەری ناڕازی عێراق درێژە پێدەدەن، رابوەستین.
لە خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی بەردەم پاڵوێزخانەی عێراقی کە لەلایەن لاوانی سەربەخۆی عێراقی لەلەندەن راگەیەندراوە بەشداری بکەین و ڕێگا نەدەین خەڵکی ڕاپەڕیوی شارەکانی عێراق ببنە قوربانی هێزە میلیشیاو سەرکوتگەرەکانی عێراق.

رۆژی هەینی ٢١/٢/ ٢٠٢٠
کاتژمێر ١٢ی نیوەڕۆ تا ٢ی دوانیوەڕۆ
شوێن بەردەم سەرفارەتی عێراقی لەلەندەن
IRAQI EMBASSY IN LONDON
21 Queen’s Gate
South Kensington, London SW7 5JE

نزیکترین ئیستگای قیتار:
Gloucester Road station
رێکخراوەکانی بەریتانیای
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق – حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان

بۆ زانیاری زیاتر پەیوەندی بکەن بەم ژمارە تەلەفونانەوە:
07856032991- 07476204121