جەنگی مرۆڤ لە دژی ژیان … نووسینی: ستیڤان شەمزینی

نەوەکانی داهاتوو لێمان خۆش نابن

پێشکەوتن و خۆشگوزەرانی ئێمە لەسەر وێرانکردنی ژیانی نەوەکانی ئایندە وەستاوە. ئەمە ئەو تراژیدیایە کەم لە ئێمە بیری لێ کردۆتەوە. مرۆڤی تازە خۆرکەی گەردوونە، لە پێناوی ئێستای خۆیدا، دوێنێ دەسڕێتەوە و سبەینێش تاڵ دەکات. مرۆڤی هەنووکە رۆبۆتێکی ئیستهلاکیی بێ هەست و سۆزە، عەقڵی رووت و خۆپەرستی و چاوچنۆکی بۆ بردنی بڕێکی زۆر لە چێژ، بڕستی لەبەر بڕیوە، هیچ کات لەبەر چێژگەرایی و سەرقاڵی بە خەونی گچکەی خۆیەوە، بوارێکی بۆ بیرکردنەوە لە پاشەڕۆژی منداڵەکانی خۆیشی نەهێشتۆتەوە. هیچ کات بیر لەوە ناکەینەوە، کوالێتی و کەشخەیی ژیانمان، فەخفەخە و مودێلبازیمان، عاشقبوون بە مارکە گرانبەهاکان و وێڵبوونمان لە ناو ئەو جیهانە ئاڵۆزەی ریکلامسازیی دروستی کردووە، یەک ئەنجامی هەیە: ئەویش لەناوبردنی ئەو ژینگەیەی تێیدا دەژین، بە کانی و رووبار و دەریا و دەشت و دارستان و کۆی گیاندارەکانییەوە. هاوکات هەڵکەندنی گۆڕێکیشە بۆ ژیانی نەوەکانی داهاتوومان.

کێ بیر لەوە دەکاتەوە ئەو تیشێرتەی لەبەری دایە خوری کام ئاژەڵە؟ پێڵاوەکانی پێستی چ ئاژەڵێکی تر؟ دەستکێش و گۆرەوی و قاپوت و بلوزە خورییەکانی تری بە هەمان شێوە. کێ بیر لەوە دەکاتەوە دەبەیەکی پلاستیکی ئاوی خواردنەوە، کاتێک فڕێی دەدەینە تەنەکە خۆڵێکەوە بۆ کوێ دەچێت؟ کاریگەرییە کیمیاییەکانی لەسەر ژینگە چییە؟ ئەی کێ بیر لە دووکەڵی فابریک و کارگە پیشەسازییەکان دەکاتەوە کاتێک ئەو خەردەلە ترسناکە دەڕژنە سییەکانی کەونەوە؟. هەموو هەڵپە دەکەین، تا ببینە خاوەنی لوکسترین جۆری ئۆتۆمبیل، بە کەشخەترین ئێکسسوارات ماڵەکەمان بڕازێنینەوە، کێ لە خۆی پرسی ئەمانە لەسەر حسابی چی مسۆگەر دەبن؟. ئەمانە کۆمەڵێک پرسیارن لە سەردەمی دیجیتاڵیزەی دنیادا نامۆن، تاراددەیەکیش گاڵتەجاڕ.

لەگەڵ ئەم پێشکەوتنە خێرایەدا و شەپۆلی چوارەمدا، مرۆڤگەلێک هەن لەم سەرزەمینە هێشتا بەهرەمەندین لە ئاوی پاکی خواردنەوە، بەڵام زۆرینەی ئەمانە لانیکەم خاوەن مۆبایلن و ئەندامن لە زیاتر لە تۆڕێکی کۆمەڵایەتیدا، بە گوێرەی دوا راپۆرتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە حەوت ملیار مرۆڤ، شەش ملیاریان خاوەنی تەلەفۆنی دەستین، بەڵام هەمان ئامار ئەوە دەردەخات، لەو حەوت ملیار مرۆڤە، یەک ملیار و نیویان بەهرەمەند نین لە تەوالێتی شایستە. زیاتر لە دوو ملیار کەس لە یوتوب ڤیدیۆیان داونلۆد کردووە یان بڵاویان کردۆتەوە. چەند ملیار کەسیش لە رێگەی تۆڕەکانی وی چات و وەتس ئاپەوە رۆژانە گفتوگۆ لەگەڵ یەکتر دەکەن، کەچی نزیکەی دوو ملیار کەس لە تەواوی جیهاندا، داهاتی مانگانەیان لە خوار دووسەد دۆلارەوەیە. ئەمە سەلمێنەری راستییەکە چۆن تەکنۆلۆژیا هۆشمەندیی مرۆڤی داگیرکردووە، ئەو تەکنۆلۆژیایەی دەستی ناوەتە بینەقاقای جوانییەکانی ژیانەوە. من تەکنۆلۆژیا رەت ناکەمەوە، تەنیا دەمەوێت باڵانس لەنێوان هەستی مرۆڤانە و بەرهەمە تەکنۆلۆژییەکاندا رابگیرێت.

مرۆڤی هەنووکە بەهۆکاری ئەو پێشکەوتنە تیژڕەوی هەیە، تەوەزل بووە، رۆژانە چەند ملیۆن دایبی بەکاردەهێنرێت لە دنیادا؟؟ لە کاتێکدا ئەڵتەرناتیڤی تر هەیە، بەڵام تەمبەڵبوون و موستهەلیکبوون وای کردووە هیچ بیر لە دەرئەنجامە خراپەکانی نەکەینەوە. هەر لەو ئەوروپایەی من لێی دەژیم رۆژانە بە هەزاران تۆن کاغەز پۆست و نامە بەهۆی بیرۆکراتییەتی دامودەزگانانەوە بەفیڕۆ دەبرێت، کە دەکرێت بە زاڵبوون بەسەر ئەو بیرۆکراتییەتەدا ئەو قەبارە زۆرەی بەفیڕۆدانی کاغەز کەم بکرێتەوە، چوون دواجار ئەو کارە ریشەی دارستانەکان دەبڕێتەوە، وەک ژێدەرێکی گرنگی بەخشینی ئۆکسجین بە ژیانی مرۆڤ. زۆرجار هەندێک وردەکاریی هەیە کەمترین سەرنجی دەدەینێ، وەلێ لە بناغەوە نهێنی گەورەیان لە خۆیاندا شاردۆتەوە. بەڵام مرۆڤی هاوچەرخ هێندە خۆپەرست بووە، هەموو گەردوون وەک نۆکەری مەرام و ئارەزووەکانی دەبینێت، ئەمەش هەروا بێ باج تێناپەڕێت، زۆرترین باجیش نەوەکانی داهاتوو دەیدەن، ئەمە گەر گریمانەی ئەوەش رەت بکەینەوە رۆبۆت جێی مرۆڤ نەگرێتەوە.

تۆماس ماڵتۆس وەک یەکێک لە گرنگترین بیریارانی تیۆری زۆربوونی ژمارەی دانیشتوان، لە کۆتا کۆتاییەکانی سەدەی هەژدە و سەرەتاکانی سەدەی نۆزدە، نەیتوانی لە رێی دوو کتێبە بایەخدارەکەیەوە پێشبینی ئەمڕۆکە بکات کە مرۆڤ دەستی ناوەتە بینەقاقای سروشت و هەموو ئەو هەلومەرجانە لەناودەبات پێویستیی پلەیەکن بۆ بەردەوامیدان بە ژیان، ئەگینا ئەم قەشە ئابووریناسە جەنگی تەقلیدیی وەک فاکتۆرێک بۆ هاوسەنگکردنەوەی ژمارەی دانیشتوان نەدەخستە روو، ئەوەتا ئەگەر هەنووکە جەنگێک رووبدات بەهۆی چەکی ئەتۆمیی و ڤایرۆسییەوە دەبێت و هەموو پێکەوە تێدا دەچین. ئەو پێیوابوو هەڵئاوسانی رێژەی دانیشتوان وا دەکات خۆراک بەشی مرۆڤ نەکات، بەڵام نەیدەتوانی ئەو ئەنجامەی ژاک لاکان پێشبینی بکات، کاتێ جەخت لەوە دەکاتەوە مرۆڤ هێندە ڤایرۆسی کوشندەی لە تاقیگەکاندا پەروەردە کردووە، رۆژێک دێت لێی هەڵدەگەڕێتەوە و بەڵای گەورەی بەسەر دەهێنێت. ئەمەشی بە گەمژەیی ئینسان ناولێنا. ئەمە ئەو کارەساتەیە کەمترینمان بیرمان لێ کردووەتەوە.

لە هاوینی ساڵی رابردوو “2019” کاتێک دارستانەکانی “ئەمازۆن” دەسووتان، هەموو لەناو دنیا مەجازییەکەی تەکنۆلۆژیای هاوچەرخدا لە کۆمادا بووین، بێ ئەوەی بیر لەوە بکەینەوە ژێدەری بیست و پێنج دەر سەدی ئۆکسجینی جیهان، لە سێرگی شەیتانەکانی سیاسەت و ئابووریدا لەناوچوو. هەروەک سەرچاوەکانی هەواڵ جەختیان لەسەر ئەوە دەکردەوە حکومەتی بەرازیل بۆ رەخساندنی شوێنی گونجاو بۆ بەخێوکردنی مانگا ئەو دارستانەی سووتاند، ئەگەرنا مومکین نەبوو هەروا ئاسان دارستانێکی باراناویی وەک ئەمازۆن لە چەند رۆژێکدا ببێتە رەژوو. لەمەش ترسناکتر ئەو گریمانەیەیە “سلاڤۆی ژیژەک” دەیخاتە روو بەوەی تەکنۆلۆژیای هاوچەرخ سەرقاڵی ئامادەکردنی سروشتێکی ترە جیاواز لە سروشتی ئامادە و ئاسایی ئێستا. هەربۆیە ئەم فەیلەسووفە ئەوە رادەگەیەنێت تەنانەت خودی “سروشت چیدی سروشتی نییە”. ئەمە دیمەنێکە بەردەوام لە چاوی ئێمە دەشاردرێتەوە و هەموو نابیناکراوین و بە کوێریی بەرەو ئەو ژینگە ناسروشتییە پاڵمان پێوە دەنێن.

هەموو سەرقاڵکراوین بە گەمە بچووکەکانی سیاسەتەوە، پرسە هەرە گەورەکەمان لە بیر براوەتەوە، کە چارەنووسی ئەو هەسارەیەیە لەسەری دەژین. ترسی بە بیابانبوون و بە حاویەبوونی زەریاکان و مەترسی دڕانی پەردەی ئۆزۆن، ماندووبوون و گەرم داهاتنی لەشی زەوی، شتێکە لە کۆتایی لیستەکەدا بیری لێ دەکەینەوە. لەو بڕوایەدام زانست چاوی بە پەڕۆیەکی رەش بەستووین، مەستی دەستکەوتەکانی خۆی کردووین و بیر لە ئایندە ناکەینەوە. کارەساتەکە ئەوەیە مرۆڤی نوێ هەموو شتێکی خستۆتە پێناوی خۆشگوزەرانی خۆیەوە وەک ئەوەی کوێر بووبێت، سبەینێی تاڵ دەرک ناکات و نایبینێت. لەم کاتەدا رستەیەکی پەند ئامێزی رەوانشاد مامۆستا “عەلائەدین سجادی”م وەبیر دێتەوە لە سەرەتای کتێبی “گێتیی زیندەوەران”دا، وەک نووسیوویەتی “گەر ئادەمیزادێک کوێر بوو زۆر حەز لە پەڕین ئەکا و زۆر شەهوانی ئەبێ”. سجادی لە هەفتاکاندا باسی ئەم مرۆڤە دەکات شەهوەتی خۆشگوزەرانی بەرچاوی لێڵ کردووە، تەنانەت ئایندەی مناڵەکانی خۆشی چاو لێ ناکات. هەر بۆیە نەوەکانی داهاتوو مافیان هەیە لێمان خۆش نەبن.

ستۆکهۆڵم – سۆلنا

نووسینی: ستیڤان شەمزینی




لەوکاتەوەى لەگەڵم نیت … نەهرۆ

۱ـ
لەوکاتەوەى لەگەڵم نیت،
حەزدەکەم، وەک هەورێکى عاشق نم نم داببارمە نێو کۆشت.
دەزانم خۆشەویستیت شتێکى ئاسایی نییە.
دەبێت، وەک ڕێحانە بۆنى و
وەک نرخى هەسارەکان لەگەڵى مامەڵە بکەم.
وەک تابلۆیەکى توحفەش
بە دیوەخانى شیعرمەوە هەڵیبواسم.

۲ـ
لەوکاتەوەى لەگەڵم نیت،
دووریت وەک فرمێسکێکى خوێناوى لە چاومدا هەڵدەگرم.
ئاوازێکى بێهوودەم، لە هەڵپەڕکێی کچە کوردەکان.
بە هاوڕێکانم دەڵێم:ئەو لەگەڵم نییە.
ئێستە پەڕەسێلکەیێکى دێوانەم،
هێلانەکەم ون کردووە.
نامەوێت سێبەرەکەم هەست بەو سەرگەردانییەم بکە.
نامەوێت ون بم
دەمەوێت بێیتەوە.

۳ـ
لەوانەیە شەوێکى خەمگین
ئیلهام لە تاریکى وەربگرم،
لە نامەیەکدا بۆت بنووسم:خۆشمدەوێی.
شێوەم لە هەسپێکى دڵتەڕ بکات،
لە نێو پەراوێزى دووریت باڵبگرم.
بە بیر هەستم دێیەوە، کە دووریت.
دەزانم ئێستە :
چاوت وەک گۆزەیێکى تژی لە مەى، بریسکە دەداتەوە.

شەوێکى خەمگین دەمەوێت
بەرەنگارى نامەى عاشقەکانت ببمەوە،
ئەو نامانەی دڵۆپ دڵۆپی ڕژاوتە نێو دڵت.
بە پفێک
لە چاوەکانتا ڕۆیشتن بکوژێنمەوە.

٤ـ
لەوکاتەوەى لەگەڵم نیە،
ڕێگە ساردو سامناکە.
من دەزانم: خۆشەویستەکەم، لەگەڵ زەمانە لە جەنگدایە.
لە بیابانى ژیان، هەناسەى تێکۆشانەکانى دەبێتە بیرەوەرى.
دەزانم
نائومێدى هەڕەشەى لێدەکات.

من تەنها دەمەوێت
لەگەڵم بێت، وەک ئاگر کاغەزى تەنیاییم بسوتێنێت.
وەک میلۆدى گۆرانى ژیانم لەگەڵ بچڕێت.
بمپارێزێت لە باوبۆران
گورکەکان دەمخۆن.
ئێستە ئەو لەگەڵم نییە.

نەهرۆ/ زستانی ۲۰۲۰




لە ڕوانگەی سەرنجەوە … عەلی حەمەڕەشید بەرزنجی

ھەمیشە قوتابخانە و باخچەی منداڵان مەڵبەندێکی سەرەکی و باش بوون بۆپەروەردە وفێربوون و فێرکردن ،کاریگەری ئەرێنی تایبەتی خۆیان ھەبووە و ھەیە لەسەر منداڵ.ئەنجام دانی چالاکی ھونەری و وەرزشی و ئەدەبی لە ناو قوتابخانە و باخچەکاندا ڕۆڵی گرنگی خۆیان دەگێڕن لە پەرەسەندن و گەشەکردنی ھەموو توانا و بەھرە شاراوەکانی منداڵاندا و دەبێتە ھۆی خۆشکردن و جوانکردن و ڕازاندنەوەی ژینگەی فێربوون کە لە ڕێیەوە قوتابخانە و باخچە و مامۆستا و خوێندن لای منداڵ زیاتر خۆشەویست دەکات و ھانیان دەدات بۆ بەرەوپێشچوون و سەرکەوتنی زیاتر،ھەوڵ و ماندوو بوونی کارگێڕی قوتابخانە وباخچە و مامۆستایانیش وەک تیمێک دەبێتە ھەوێنی سەرجەم سەرکەوتنەکان لەو بوارەدا و گیانی ھاوکاری و ھاوڕێیەتی جوانتر و باشتر لە نێوانیاندا دەچەسپێت چونکە ھەموویان بۆ مەبەستێک کار دەکەن و گومانی تێدا نییە کە کاری لەو شێوەیەش بەبەشداری و ھەوڵی ھەمووان دێتە بەرھەم و دەبێتە ھۆی سەرکەوتن و پێشکەوتنی باخچە و قوتابخانە و بەرزکردنەوەی ئاستی خوێندن و پەروەردەیەکی باش و دروست. فیستیڤاڵ و ئەنجام دانی چالاکی جۆراو جۆر کە منداڵان و قوتابییانی بەھرەمەند و بەتوانا بەشداری تێدا بکەن زۆر گرنگە و پێویستە لە باخچە و قوتابخانەدا ساز بکرێت،تەنھا گرنگی نەدرێت بە خوێندن و ئەو لایەنانە فەرامۆش بکرێت بۆیە وا پێویست دەکات کە لە باخچە و قوتابخانەکاندا مامۆستای تایبەت و پسپۆڕی ھونەر و مۆزیک و وەرزش ھەبن وەکو چۆن مامۆستای تایبەت و پسپۆڕ بۆ وانەکانی تر ھەیە،کە ھۆکارن بۆ خۆشتر کردنی ژینگەی فێربوون و لە ھەمان کاتیشدا دەبێتە ھۆی نەشونماکردنی بەھرە و تواناکی منداڵ لەو بوارانەدا.نابێت ئەوەشمان لە بیر بچێت کە ھەر چالاکییەک کە ئەنجام دەدرێت پێویستی بە بەرنامە و پلانی تایبەت و باش ھەیە تا دوور بێت لە دوو بارە بوونەوە و سواوی و ھەوڵی کار و چالاکی نوێ و داھێنەرانە چونکە سەردەمەکە وا دەخوازێت .ھەوڵبدرێت کە ئەو چالاکییانەی کە پێشکەش دەکرێن لە ئاستی تەمەنی منداڵاندا بن .ئەگەر باخچە بوو ئەوا پێویستە سەرجەم چالاکییەکان بۆ ئەو قۆناغە بن و لە گشت ڕووەکانەوە گونجاو بن ،تەنھا مەبەست خۆشی بەخشین بە منداڵان نەبێت ،بەڵکو زانیاریشیان پێ ببەخشێت . ھەروەھا لە قوتابخانە و خوێندنگەکانیشدا بە ھەمان شێوە چالاکییەکان لە ئاستی تێگەیشتنی ئەواندا بن و بوارەکانیش فراوانتر بن،چونکە تەمەنەکەیان جیاوازە .ئەنجامدانی ھەموو ئەم چالاکییانە دەبنە ھۆکارێکی باش بۆ ئەوەی ھەنگاوەکان گورجتر و تۆکمە تر بن لە پێناو بەرەو پێشچوونی پرۆسەی خوێندن.




گەشتی مەیدانی و سوودەکانی… ئەحمەد کامەران

گەشتی مەیدانی بریتیە لە گەشتێکی زانستی و ئەکادیمیانە کە تایبەتە بەو کەسانەی هەڵدەستن بە کاری توێژینەوە یاخود ئەو خوێندکار و کادیرانەی کە سەرەتا هاتونەتە نێو ناوەندێکی ئەکادیمی و زانستیانە بۆ درێژەدان و خزمەتکردنی ئەو زانستە ، هەڵبەتە ئەم گەشتەش بۆ ئەوە ئەنجام دەدرێت هەتاوەکو ئەو کادیرو خوێندکارانە بەشێوەیەکی فراوانتر ئاشنایەتیان لەگەڵ ئەو زانستە درووست بێت کە تێیدا دەخوێنن.
دیارترین ئەو بەشە یاخود ئەو ناوەندە زانستیەی کە پێویستی بە گەشتێکی مەیدانی زۆر هەیە وە جیاوازتر لە ناوەندەکانی دیکە ئەویش بریتیە لە ( ناوەندی شوێنەوار) کە ساڵانە بە چەندین کادیری تازە پێگەیشتوو لەم ناوەندە زانستیە وەردەگیرێن بۆ ئەوەی لە داهاتوودا ببنە کادیرێکی باڵای شوێنەوارناس بۆ خزمەتی ناوچە شوێنەواری و کەلەپووریەکانی وڵاتەکەیان.
بەڵام ئەوەی کە جێگای نیگەرانیە ئەوەیە کە حکومەت لە هەموو ڕوویەکەوە گرنگی ئەوتۆی بە بەشی شوێنەوار و شوێنەوارناسان نەداوە کە هەرچەندە لە چەند وتارێکی پێشووترم ئاماژە م بە گرنگی نەدانی حکومەت کردوە لە بەرامبەر بە شوێنەوار و شوێنەوارناسان، لەگەڵ ئەوەشدا هیچ جۆرە داهاتێکی دیاری کراو تەرخان ناکرێت بۆ ئەو کادیرو خوێندکارە تازەپێگەیشتوانە کە ساڵانە ڕوو دەکەنە خوێندنی زانستی شوێنەوار بۆ ئەنجامدانی گەشتی مەیدانی و زانستی بۆ ناوچە شوێنەواریەکانی کوردستان و دەرەوەی کوردستان ، چوونکە خۆی لە بنەڕەتدا زانستی شوێنەوار واتە ئەنجامدانی زۆرترین گەشتی مەیدانی بۆ ناوچە شوێنەواریەکان ، ئەمەش بۆ زیاتر ئاشنابوونی ئەو خوێندکارانەیە بە فراوانی ئەو زانستەی کە تێیدا دەخوێنن، نەک تەنها خوێندکار لە گۆشەیەکی ژووری داخراوی نێو ناوەندەکە زیندانی بکرێت و چەندین مەلزەمەی ژەهر خواردبکرێت، بەداخەوە لەپاش تەواوبوونی هەر چوار ساڵ خوێندنەکەی لەو ناوەندە زانستیە کەچی ئەو خوێندکارانە تەنیا کاغەزێکی بەدەستەوەیە نوسراوە تۆ بڕوانامەی بەکارلیۆس بە دەستهێناوە لەم ناوەندە زانستیە کەچی ئاستی زانستیشی هیچ…
هەڵبەتە نوسینی ئەم وتارە پەیوەندی بەخودی خۆمەوەش هەیە چوونکە منیش لە ئێستادا لە ناوەندێکی زانستی وەکو خوێندکار دەخوێنم کە ئەویش(شوێنەوارە) .
لێرەدا لەم وتارەم دا شایەنی باس و سووپاسە بۆ مامۆستای زۆر خۆشەویستمان کەهاوکاتیش یەکێکە لەهەرە مامۆستا بە ئەزموونەکانی نێو زانستی شوێنەوار لە کۆلێژی ئەدەبیاتی زانکۆی سەڵاحەدین ئەویش ڕێزدار(م.سازان سەباح پیڕباڵ) کە توانیویەتی بە ئەتەکێتێکی زۆر زانستیانەو ڕۆشنبیرانە خزمەتی زانستی شوێنەوار بکات،ئەگەر چی بەڕێزیان لەپاڵ خزمەتی زانستی شوێنەوار ، لەلایەکی دیکەوە وەکو خەمخۆرێک بۆ خوێنکارانی بەشی شوێنەوارناسی هەڵستا بە پێشکەشکردنی داوایەک بۆ ئەنجامدانی گەشتێکی زانستی بۆ سەر قەلاتی هەولێر بە هاوکاری دوو مامۆستای دیکەدا(م.زیاد ئەحمەد |م. مەهدی جەلال) لە بەرواری 25|2|2020 کە ئەمەش بەیەکەم گەشتی زانستیمان دادەنرێت بۆ وەرگرتنی زانیاری بەشێوەیەکی ڕاستەو خۆ دەربارەی قەلات و مێژووەکەی ، هەرچەندە مێژوویەکەی بەشوێوەیەکی زۆر ڕوون دیار نیە بەڵام بەپێی ئەو نووسینە مسماریانە بێت کە دۆزراونەتەوە ئاماژە بەوە دەکەن کە لەسەردەمی شووسین و ئامارسین واتە پێش 3000 ساڵ پ.ز ناوی هاتووە، لەگەڵ ئەوەشدا کۆنترین شارە کە ژیانی تێدا هەبووە، لەهەمان کاتیشدا هەتاوەکو ئێستا تاکە شوێنەوار ە لە کوردستان ناوی لە لیستی یۆنسکۆ تۆمارکراوە کە ئەمەش جێگای بایەخ دانە بە مێژوو ولایەنی شارستانیەتی کورد، هەرچەندە بەهۆی ئەو داگیرکاری و سەرکوتکردنەی نەیارانی کورد ئەمەش وای کوردوە کە لایەنی مێژوو و پاشماوە شوێنەواریەکانی کورد بکەونە لێواری مەترسیەوە ، لەگەڵ ئەوەشدا حکومەت کەم تەرخەمی خۆی لەلایەنی شوێنەواری نیشاندەدات بەڵکو بە پێچەوانەوە دەبێت حکومەت لەپاڵ سەرجەم پرۆژەکانی دیکەی پڕۆژەی ناوچە شوێنەواریەکان گرنگیەکی ئەوتۆتری پێ بدرێت .
ئەگەر چی لە میانی ئەو گەشتە زانستیە بەسوودەمان کە بە سەرپەرشتی بەڕێز مامۆستا سازان سەباح پیڕباڵەوە ڕێکخرابوو کە توانیمان لە نزیکەوە وەکو کادیرێکی تازە پێگەیشتووی بواری زانستی شوێنەوار ، ئاشنایەتیەکی نزیک پەیدا بکەین لەگەڵ سەرجەم شوێنەکانی نێو قەلات، هەرچەندە بەشێک لە شوێنەکانی قەلات داخرابوون بەتایبەتی حەمامەکەی ئەمەش بەهۆی دووبارە دەستپێکردنەوە بە نۆژنکردنەوەی قەلات کە لەساڵی 2014 بەهۆی قەیرانی دارایی و سەرهەڵدانی جەنگی داعشەوە ڕاگیرابوون، چوونکە بەشێکی زۆری خانووەکانی نێو قەلات ڕووخاون وە هەندێکی تریشیان مەترسی ڕووخانیان لەسەر دایە بۆیە دەبێت حکومەت دەستبەجێ بەشێوەیەکی فراوان دەست بکاتەوە بە نۆژەن کردنەوەیان وە دووبارە گەڕانەوەی ژیان بۆ سەر قەلات لەگەڵ ئەوەشدا بکرێتە شوێنێکی گەشتیاری جوان و ڕازاوە بەهۆی ئەوەی قەلات دەکەوێتە نێو جەرگەی شاری هەولێر کە ئەمەش وا دەکات گەشتیارێکی زۆر ڕووی تێبکەن و لە هەمان کاتیشدا دەبێتە داهاتێک بۆ خەزێنەی حکومەت لە کەرتی گەشتیاری و لەگەڵ ئەوەشدا دەبێتە دەرگایەکی باش بۆ کردنەوەی دامەزارندنی خوێنکارانی بەشی شوێنەوار .
بەڵام لەگەڵ ئەو گەڕانە بەردەوامیەمان بە نێو قەلات دا، دیمەنێکی زۆر ناشرینی دواکەوتوانەم کەوتە پێش چاوم کە ئەویش بریتی بوو لە نووسینی هەندێک وشەی بێکەڵک و ناشرین بەسەر دیوارەکانەوە کە ئەمەش وای کردبوو سیمایەکی ناشرین پێشکەش بکات ، هەرچەندە لەپێشتردا لە ڕێگای وتارێکم لە ڕۆژنامەی خەبات ژمارە (5733) 21|4|2019 لە ژێر ناونیشانی (ئاستی ڕۆشنبیری تاک لە بەرامبەر شوێنەوار کەلەپوور) کە تێیدا ئاماژەم بە بوونی ئەو دیاردە ناشرینانە کرد کە لەسەر دیواری ناوچە شوێنەواریەکان بوونیان هەیە، چوونکە لە ڕاستیدا بەشێکی تاکی کورد زۆر بێ بەرپرسیارانە مامەڵە دەکەن لەگەڵ ناوچە شوێنەواریەکانی خۆیان دا بەتایبەتیش ئەو دیمەنە ناشرینەی سەر قەلات کە بەچاوەکانی خۆم بینیم ، بۆیە دەبێت ئەو جۆرەکەسانە کاتێک بەم کارە هەڵدەستن ڕاستەوخۆ یاسا بە بڕێک پارە سزایان بدات بۆ ئەوەی جارێکی دەست بۆ ناشرینکردنی ناوچە شوێنەواریەکان نەبەن.
سەرنجێکی ترم دەربارەی گەشتە مەیدانەکەمان بۆ سەر قەلات لە بەرواری 25|2|2020 ئەوەیە کە لەلاین بەشێکی خوێندکارەکانەوە زۆر کرچ و کاڵی و بێ بەهایی پێوە دیاربوو کە زیاتر خۆیان خەریکی گرتنی وێنەو سناپەوە بوون کەچی کەمتر گرنگی و تێبینیان لەسەر گەشتەکە هەبوو.