پەتا؛ تیئۆر و شوناس … ڕزگار عومەر

ئەمڕۆ؛ بە حوکمی کارەکەم دەبوایە بچوومایە کۆبوونەوەیەك لە یەکێ لە هۆتێلەکانی عەنکاوە لە شاری هەولێر. جارانی پێشوو؛ دەچوومە کۆبوونەوەی هاوشێوە سیکیوریتەکان تەرکیزێکی زۆریان لەسەر جانتاکەی شانم دەکرد و دەبوایە سەیری بکەن و بیپشکنن وەکو بەشێك لە ئەرکەکانیان. ئەمڕۆ ئەگەرچی جانتاکەی شانم ئەگەرچی گەورەتر بوو بەڵام سیکیوریتیەکان هیچ سەیری جانتاکەیان نەکرد، بە داوایەکی ” نیمچە فەرمانپێکردن” ووتیان بێ زەحمەت لەسەر ئەم هێڵە بوەستە، بەو ئامێرەی کە لە دەمانچە دەچێ نێوچەوانیان پشکنیم ، کە دڵنیابوون گەرمی لەشم هەڕەشە نیە ووتیان ” فەرموو” ، من ئەوەم پێ کارێکی زۆر دروست و پێویست بوو.

ئێمە لە سەردەمێکی زۆر ناهاوسەنگ و پڕ لە هەڕەشە دەژین؛ جەنگەکان، تێکچوونی سروشت و ژینگە ، داڕمانی ئابوری جیهانی، پەتا تەندروستیەکان کە لە ساڵی ٢٠٠٠ وە چەند ساڵ جارێك ڤایرۆسێك پەیدا دەبێت !
هەموو ئەو هەڕەشانە نەك تەنیا موژدەکانی جیهانگیری وەکو گەڵای داران هەڵوەران، بەڵکو لە جیاتی موژدەکان و دونیایەکی باشتر، بەجیهانی کردنەوەی ” چارەنوسی نادیار” لە ئێستادا جێگیر بوو.
جیهانگیری بە تێگەیشتن و تەماحە ئابوریەکانی لە گەڵ هەڵوەرینیدا ئەو لق و پۆپانەشی لە گەڵ خۆی ووشك کردەوە؛ کە دەیتوانی کۆششی نێونەتەوەیی مرۆڤەکانی ئەم زەمینە لە یەك پلاتفۆرمی عەمەلی کۆبکاتەوە بۆ ڕووبەڕووبونەوەی هەڕەشەکان، ئەوەی ئێستا لە جیهاندا زۆربەی دونیا بە یەکەوە گرێ دەدا ” ترسه “، ئەو شتەی فرۆید لە شوێنێك جەرئیتر لە هەموومان پێناسەی دەکاو پێ ی دەڵێ ” سوڵتانی تۆقین : مردن ” .
لەم کۆبوونەوە یونیڤێرسالەی ترسدا کە بێ گرێدانی هیچ کۆنفرانسێکی نێو نەتەوەیی و بێ هیچ تێچوونێکی پێشوەختەو ئامادەکاری تیئۆری بەدەست هات سنوورە جوگرافیەکان توندتر دەکرێن. یەکەمجارە سەفەر نەکردن و بڕیاری تاکەکان بۆ خۆشاردنەوە لە ماڵەوە دەبێتە تاعونێکی ئابوری بۆ کۆمپانیاکانی گەشت و گوزارو بۆ ئەو ووڵاتانەی بژێوی سەرەکیان لەسەر هاتنی ” ئەوانیتر” بوو.
ئەزموونێك کە ئەم ترسە خوڵقاندی تەنیا ئیحتیات وەرگرتنی زیاتری تەندروستی نیە، بەڵکو بە شێوەیەکی زۆر ترسناك و خوێناوی و پڕ لە مردن نیشانی داین هەڵوێستی سەرتاسەری بۆ نموونە سەفەر نەکردن دەتوانێ چۆن سیستەمی ئابوری و تەونی بەرژوەندی و پارە وێران و ڕسوا بکات.
کاتێ مرۆڤەکانی دونیا لە نێوان ژیان مردن مانەوە هەڵدەبژێرن ، ئەم هەڵبژاردنە ئەگەرچی سەد لە سەد تەندروستیە بەڵام ئیلهامێکی بە هێزی نێونەتەوەیشە بۆ هەر کەسێك کە بیەوێ ببینێ لە دونیای واقیعیدا سایزی گەورەی هەڵوێستی یەکگرتوو چی دەخوڵقێنێ! ئیلهامیشە بۆ هەر کەسێك ئەگەر لەم هەرا و تۆقینە جیهانیەدا بڕوای وابێت هیشتا دەرفەتێك ماوە بۆ بنیات نانەوەی پڕۆسەی هەڵوێستە گشتیە یونێڤێرسالەکان، زیاد لەوەش : ڕەنگە ئێستا لە پرسی نێونەتەوەییدا کاتێکی گونجاو بێت لە تەنیشت مارکس کورسیەك بۆ فڕۆید دابنێین ! ڕەنگە ئەو دەمی پرسی تەندروستی جیهانی لە ڕێگای خەباتێکی چڕ و ئاراستە کراو ببێتە بەرپرسیاریەتێکی جیهانی ، ئەو دەمی بە سانسۆر کردن و کول کردنی لەسەدا نەوەدی میدیای جیهانی و لۆکەلیەکان، ئومێد دەبێت دەجال و فیگەرە ئاینیەکان لە کڵێساکانی ڕۆژئاواو مزگەوتەکانی ڕۆژهەڵات دەجار بیربکەنەوە لە لووت تێوەردان لە پرسێکی تەواو پزیشکی تەواو زانستی.

تا مانگی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩ ؛ هەڵگرتنی پاسپۆرتێکی ئەمریکی ، ئەوروپی، سەنگاپوری ئیمتیازێکی تایبەتی هەبوو بە بەراورد بە پاسپۆرتی چەند وولاتێکی تری جیهان ، لەوە ئاسانتر نەبوو ئەوساو ئێستاس بۆ تیئۆری کۆمەڵایەتی یان ڕاستەی ئایدیۆلۆژی کە ئەم جیاکاریە لە ئیمتیاز بداتە بەڕ ڕەخنەو سوکی بکات. بەڵام لەم دۆخە شازە یەکەمجارە تیۆری کۆمەڵایەتی لەچەند لاوە فشاری لەسەرە، چونکە ئێستا ئەو ئیمتیازاتانە لە سنوورەکان و لە فڕۆکەخانەکان لەبەندەرەکان پولێکی قەلپ ناهێنێ، تاقە شت کە چارەنوست دیاری دەکا تایە “گەرمی جەستەتە” وەك ئاماژەو هێمایەکی موحتەمەل کە تۆ ڕەنگە هەڵگری ڤایرۆسەکە بیت، ئەم دۆخە تازەیە چ لەو ئاستەی ئێستا بوەستێ چ زیانی گەورەتر بەر مرۆڤایەتی بکەوێت تازە دونیای گۆڕی ، ناڵێم بۆ باشتر، بەڵکو بە جۆرێك گۆڕی کە تیئۆرو ڕەخنەی کۆمەڵایەتی، نوکی ڕمی ڕەخنەی سیاسی ، دەبێ لە گەڵیدا بگۆڕێ، دەبێ تیئۆری کۆمەڵایەتی ببێتە پێکهاتەیەك لە مەنزومەیەکی گەورەتری مانەوە، دەبێ بیر لەوە بکاتەوە شوناسی تازەی تەندروستی ” جەستە” چ یەکگرتنێك چ جیاکاریەك دروست دەکا؟ عەدالەتی تەندروستی یانی چی ؟

هەروەکو چۆن لە ئێستادا ” ئیتاڵیا ” مۆڵگەی یەکەمی گواستنەوەی پەتایە (کۆرۆنایە) بۆسنوورەکانی ئەوروپا ، ٦٧٣ ساڵیش لەمەوبەر هەر ئیتاڵیا یەکەم مۆڵگەی گواستنەوەی تاعونی ڕەش بوو بۆ ئەوروپا کە بووە هۆی مردنی ٢٠٠ ملیۆن کەس . لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی ١٣٤٧ ژمارەیەك کەشتی (١٢ کەشتی) گەڕانەوە کەنارەکانی ئیتالیا. کاتێ کەشتیەکان گەیشتن ژمارە زۆرەکەی سەرنشینەکانی یان مردبوون یان لە ئان و ساتی مردن بوون بە هۆی تاعونی ڕەش، تێکەڵ بوون لە نێوان سەرنشینان و ئەوانەی لە کەنار چاوەڕێیان دەکرد ڕوویداو سەرەڕای دوورخستەوەی کەشتیەکان لە کەنار، کار لە کار ترازا.
گرنگی بەسەر کردنەوەی ئەم نموونەیەی مێژوو تەنیا لە سودفەی ئەوە نیە کە سەرەتای تاعونی ڕەش و کۆرۆنا لە مانگی ئۆکتۆبەر بووە، یان لەوە نیە کە لە هەردوو جاردا ئیتالیا بوو بە پردی گەیاندنی پەتا بۆ ئەوروپا، لەوەش نیە کە هەردوکیان سەرچاوەکەیان ووڵاتی چین بوو! بەڵکو دوو خاڵ هەیە دەمەوێ تەرکیزی لەسەر بکەین ئەویش تەرکیزی زیاتر لە سەر “ڕەگ”ی دیاردەکان دۆزینەوەی تەونی دیالیکتیکی لە پشت دیاردەکان.
یەکەم خاڵ؛ ئەو دەمی گۆڕانی ئاو هەوا کاریگەری زۆری کردە ووشك بوونی سەوزایی ئەو شوێنانەی هەزاران مشك و ئاژەڵە هاوشێوەکان لێ ی دەژیان لە ووڵاتی چین، ئەمە وای کرد بە هەزاران مشک ڕوو بکەنە شارەکان و کەنارەکان تێکەڵ بەو شت و مەکانە بن کە کەشتیەکانی ئەوروپا دەیانگواستەوە بۆ هەموو شوێنەکانی دونیا، بەشێکی زۆر لەو مشکانە توشی تاعون ببوون پەرینەوە بۆ ناو کەشتیەکان.ئەو پێشکەو مێشولە هەرە بچوکانەی خوێنی مشکەکانیان دەمژی دەچوونە سەر سەرنشینانی کەشتیەکان و چزووی ڤایرۆسیان لە جەستەیان وەردەدا، ئیتر بوو بە پەتا لە ناو کەشتیەکان و گەیشتە ئەوروپا. ئەمە نیشانمان دەدا هەر گۆڕانکاریەك لە ئیکۆلۆژیای (سیستەمی ژینگەیی) زەوی باجی خۆی هەیە.
دووەم خاڵ ئەوەیە ؛ تاعونی ڕەش نزیکەی ٧ ساڵێکی خایاند لە ئەوروپا، تاعون بەس مرۆڤی نەکوشت واتا تاقە “بکەر” نەبوو بەڵکو لە پڕۆسەی زاڵ بوون بەسەریدا، چەندین قەسابخانە ڕوویدا دژ بە کەمایەتیە ئاینیەکان و بە کۆمەڵ کوشتنیان گوایە “غەزەبی خوا” لەوانە بۆتە هۆکاری ناردنی ئەم سزایە! هەندێك لەو گروپانە کاتێ جینۆساید دەکران کەمترین ڕێژەی توشبوانیان هەبوو بە تاعون! لە پڕۆسەی زاڵبوون بەسەر تاعوندا هەندێ مەزهەبی ئاینی زۆر توندڕەو پەیدابوو لە کلێساکانی ئەوروپا، هاوشانی ئەو بەتایبەتی لە دوا ساڵەکانی تاعون هەندێ مەزهەبی کراوەترو ئاشتەوایی خۆی هێنایە پێشەوە.

نەخۆشی و پەتا لە ئێستامان هەروەکو حەوت سەدە لەمەوبەر تەنیا پرسێکی تەندروستی و بایلۆژی نیە، بەڵکو پرسێکی پڕ لەبەرپرسیاریەتی فەلسەفە و ڕادیکالیزم و تیئۆری کۆمەڵایەتیە.ئەم نەخۆشی و پەتایە دانراوە تەمەنەکەی تا گەرم بوونی دونیا درێژە بکێشێ، بەڵام ئەگەر ئەم فەرزیەتەش لە ڕووی تەندروستی و زانستیەوە پشت ڕاست بکرێتەوەو دەرمانی گونجاوی بۆ بخرێتە بەردەستی مرۆڤەکانی دونیا بە ” یەکسانی ” ئەوە هێشتا ساڕێژی ئەو برینە رۆحیە ناکا کە کەشفی ئەوەی کرد فەوزایەکی گەورە هەیە لە ئیدارە دانی دونیا چ وەکو تاك تاکی دەوڵەتەکان چ وەکو پرەنسیبە جیهانیەکان لە رووبەڕوبەوەی چارەنوسە هاوبەشەکان ! مرۆڤ توشی دڵەڕاوکێیەکی قوڵ بووە ، چونکە چیتر یەکەمین گومان لێکراو ” ئەویتر” نیە، دراوسێکەی نیە، بەڵکو یەکەمین گومان لێکراو هەڕەشە لەسەر خۆی “خۆیەتی ” !




دیالێکتیکی ڕۆشنایی … کاوە جەلال

دیالێکتیکی ڕۆشنایی (تەنویر) تێزەکەی هۆرکهایمەر و ئادۆرنۆیە لەبارەی بوونی ڕۆشنایی بە میتۆس. واتا ڕۆشنایی هەنگاوی نا بۆ ئەوەی مرۆڤ لە خورافیات ڕزگار بکات و بیکات بە سەروەری سروشت، لێ سروشت سەرەڕای ژێرخستنی تەسلیم نەبوو، بەڵکو تۆڵەی خۆی لە مرۆڤ سەندەوە، ئەویش بەوە کە وەک سروشتێکی دووەمین سەروەریی خۆی لەو ڕێکخراوە کۆمەڵایەتییانەدا بەدیهێنایەوە کە مرۆڤان دایانمەزراندوون، واتا دەسەڵاتی مرۆڤ بەسەر سروشتدا وەرچەرخایەوە بۆ دەسەڵاتی مرۆڤ بەسەر مرۆڤدا، ئەوەش بریتییە لە دیالێکتیکی ڕۆشنایی.
تێزە کرۆکییەکەی ئادۆرنۆ و هۆرکهایمەر لێرەدا ئەوەیە، کە پیاوانی (ئەمڕۆ هەروەها ژنانی) زانست تا ئەو ڕادەیە سروشت دەناسن کە بتوانن لێوەی شتێک دروست بکەن، بۆ نموونە گۆمێکی کبریتاوی وەک دەستوێژی بەرهەمهێنانی باروت وەردەگرن، لێ چی بەسەر ئەو دەڤەرەدا دێت، یان مەکینەکان لە پرۆسەی بەرهەمهێناندا چە جۆرە گازێک فڕێ دەدەنە نێو ژینگەوە، ئەوە لاوەکییە. گرنگ ئەوەیە کە چۆن مرۆڤ بکرێت بە بکەری (سەبژێکتی) جیهان بۆ ئەوەی تا ڕادەی شیان جیهان دیاری بکات، واتا دەسەڵاتی بەسەردا بنوێنێت. ئەوە ئامانجی ریالیزم و ئیدیالزمە. هەردووکیان لە مرۆڤی نێو جیهان ئەدگارە مرۆڤییەکانی دادەماڵن (تەجرید دەکەن) و لێوەی بکەرێکی نامۆبوو لە خۆ و جیهان بنیات دەنێن کە گەرەکە مێتۆدیانە دەست بنێتە بینی سروشت و هەر شتێکی لێ بسەنێت کە سوودمەند بێت، کە قازانجهێن بێت.
ئەمڕۆ سەرلەنوێ بە ڕۆشنی تێزەکانی قوتابخانەی فرانکفورت لە لایەن خودی داکەوتەوە ڕاستێنرانەوە. بکەری جیهان هێشتا هەر نەیتوانیوە سروشتی ژێردەستە تەسلیمی مەبەستەکانی خۆی بکات، بەڵگەی ئەم تێڕوانینەش ئەوەیە کە سروشت لە گشت ڕوویەکەوە تۆڵەی خۆی لە کۆمەڵگە مرۆڤییەکان سەندۆتەوە و بەردەوام دەسەنێتەوە: لە بنەڕەتدا ئەوە لاوەکییە کە داخۆ ڤایرۆسی کۆرۆنا بەرهەمی یەککەوتنی دوو جینی دوو ئاژەڵی جیاواز بێت لە زیادەڕەوییەکانی مرۆڤەوە، یان دروستکراوێکی نێو لابۆر بێت، گرنگ ئەوەیە کە ڤایرۆسەکە “لە دەست مرۆڤ دەرچووە” و وەک هەڕەشەیەک بەرۆکی سەرجەم مرۆڤایەتیی گرتووە. تا هەنووکە سەرجەم زانایانی جیهان دەرەقەتی نەهاتوون. بێگومان دەشێت لە کۆتاییدا بە دۆزینەوەی دەرمانێکی ڕاگیرکەر دەرەقەتی بێن، لێ بەوە جیهان لە دەرهاویشتەکانی ئەتککردنی سروشت بەتەواوی ڕزگاری نابێت. توانەوەی سەهۆڵی تەوەرەکانی گۆی زەوی، زستانی بەهارئاسا لەنێو جەرگەی ئەوروپادا، بۆ نموونە چەکەرەکردنی درەختەکانی ئەڵمانیا لە چلەی زستاندا، هاوکات لافاوی چاوەڕواننکەراو، تەنینەوەی وشکایی لە ئەفریکا و ئاسیا و زۆر جێی دیکەی جیهاندا تۆڵەی سروشتن لە مرۆڤایەتی بەهۆی بەرهەمهێنانی بێجڵەوی توانامەندانی سەرمایەگەرییەوە.
ئێمە لە بنەڕەتدا تا هاتنی نوێکاتی ئەوروپی، یان وەک لە ناوچەی ئینگلیزی زماندا دەگۆترێت: سەردەمی مۆدێرنی ئەوروپی، ناتوانین لە سەروەریی مرۆڤ بەسەر سروشتدا بدوێین. ئاخر لە سەردەمانی پێش نوێکاتدا نە ئاژەڵەکان، نە کەش و نە خودی زەوی بابەتی سەروەریی مرۆڤ بوون. جوتیاران و پیشەگەرانی دەستی بەگوێرەی پێداویستییەکانیان “مامەڵە”یان لەتەک سروشتدا دەکرد، واتا سروشت بۆ ئەوان ئۆبژێکت نەبوو. لێ داواکارییەکەی فڕەنسیس بەیکن بۆ ئازادکردنی مرۆڤ لە وەهم و کردنی بە سەروەری خۆی و جیهان، یان بناغەڕشتنی ئاوەزگەرایانەی بکەر لە لایەن دێکارت، کە هاوکات لەو ڕەوتەدا ئاوەزی لە لەش جیاکردەوە و لەشی سروشتی ی وەک بەشێک لە جیهانی میکانیکی دانا، هەرە یەکەمین هەوڵە هزرییەکان بوون بۆ کردنی مرۆڤ بە سەروەری سروشت، ئەوەش بە سەرەنجامێکی ستەمەوە، کە سەرجەم ئەو کێشە ناوبراوانەی ژینگەیان بەدوودا هات. لێ گەرەکە لێرەدا ئاماژە بۆ ئەوە بدەین کە ڕەخنەی فرانکفورتییەکان لە ئاوەز داوای پشتکردنە ئاوەز ناکات، بەڵکو ئەوانی راسیۆنال زیادەڕەوییەکانی راسیۆنالێتیی ئامرازی بەهۆی سەرەنجامە سامناکەکانییەوە دەخەنە ژێر پرسیارەوە (لەوانە هۆلۆکۆست)، چونکە هزر بە دیدی ئەوان ئەمڕۆ تەنیا دەتوانێت ڕەخنەیی بێت، لێرەشدا هزری ڕەخنەیی کە مارکس لە بنەڕەتدا گۆڕانی پێدا، پەرە پێدەدەن بۆ نێو پەیوەندیی مرۆڤ و سروشت.
بێگومان ئەمڕۆ هەندێکی مرۆڤان و وڵاتان لە هەندێک بەشی جیهاندا داوای پتر ژینگەپارێزی دەکەن. سەرەڕای ئەوە سروشت هێشتا هەر بێپشوو ئۆبژێکتی ڕوتاندنەوەیە، بە تایبەتی لای ئەو گەلانە کە تازە هاتوونەتە سەر شانۆی ئابووری جیهان، لێ وڵاتەکانیان لە بنەڕەتدا زبڵدانی وڵاتانی بەرهەمهێنەری سەرمایەگەرین، لەوانە کوردەکان (و زۆر گەلی دیکە)، کە بە ئەوپەڕی دڕندەییەوە و هاوکات ‘شەلم کوێرم ناپارێزم’ دەست دەنێنە نێو سروشتی وڵاتەکەیانەوە و بە ئەوپەڕی چڵێسییەوە دەیڕووتێننەوە. لێ کێشەکە لەو جۆرە گەلانەدا ئەوەیە، کە بیرچوونەوەی خۆیان وەک بەشێک لە سروشت پتر پاڵهێزە بۆ ئەوەی بەرەو پێش هەڵبێن، بۆ نموونە خانووەکانیان هەمیشە بە وزەی زیاتر گەرم یان فێنک بکەن، هەمیشە پتر چارەسەری سەرەکی لای پزیشکان و لە دەرماندا ببینن، ئەوجا وڕ و کاسییان لە ژیاندا دەرفەتیان ڕەخساندووە کە لە نێویاندا نوێنەرانی خورافیات زیت ببنەوە و بە بۆنەی نەخۆشییەکانیانەوە قسانی هەلەق مەلەق بکەن، بەو ڕێیەشەوە بە تایبەتی هەوڵ بدەن نانی بەلاش و دەسەڵاتیان بۆ دەرکەوتنی ڕۆژانە لە ‘پەرستگەکان’ی بەناو خوداپەرستیدا مسۆگەر بکەن، بۆیە بە ئارەزووی خۆیان تیۆریی پیلانگێڕی دەهۆننەوە، یان تەنانەت هێندە شوولیان لێ هەڵکێشاوە کە بە خۆیان ڕەوا دەبینن نازناوی شەهید لە بەرۆکی داماوانی بە ڤایرۆس مردوو بدەن.