ئازادیی وەک بەهای بوون لە ڕۆمانی ”١٩٨٤”ی جۆرج ئۆروێڵدا … ئاسۆس ساڵح

ڕۆمان وەک ژانەرێکی ئەدەبیی بەهۆی پانتایییە فراوانەکەی ئامرازێکی گونجاوە بۆ نووسەران، تاوەکوو لە ڕێگەیەوە هزر و پەیامەکانی خۆیان بەکۆمەڵگە بگەیێنن. ڕۆمانی ”١٩٨٤” یەکێکە لەو ڕۆمانانەی تا ئێستا گرینگی لە دەست نەداوە، بەتایبەت بۆ ئەو وڵاتانەی ئازادیی مرۆڤ تێیدا زۆر کەمە. هەرەها، بەهۆی ئەو پەیام و ئاگادارکردنەوەی لە ناوەڕۆکیدا هەیەتی گرینگی خۆی پاراستووە. ئەم ڕۆمانە لە لایەن ”ئیرک بلەیر” (١٩٠٣ – ١٩٥٠) نووسراوە، ناوی خوازراوی ” جۆرج ئۆڕێڵ”ە. ئەم نووسەرە خاوەنی چەندان وتار و ڕۆمانە، بەگشتی نووسینەکانی ڕەخنەی سیاسیین. لەم ڕێگەیەوە دەیەوێت وشیاریی سیاسیی بڵاوبکاتەوە. گرینگترین بەرهەمەکانی ئەمانەن: دۆڕاو و دەرکراو (١٩٣٣)، ڕۆژانەی بۆرما (١٩٣٤)، ڕێزلێنان بۆ کەتەلۆنا (١٩٣٨)، مەزرای ئاژەڵان (١٩٤٤) و ١٩٨٤ (١٩٤٩) …تاد. ”مەزرای ئاژەڵان”یش یەکێکی ترە لە شاکارەکانی، لەوێدا ڕەخنە لەو سەرکردە دەسهەڵاتخوازانە دەگرێت کە دەیانەوێت لە ڕێگەی شۆڕشەوە بگەن بە دەسهەڵاتی ڕەها. ڕۆمانی ١٩٨٤، لە ڕێگەی ڕەخنەی سیاسییەوە دەیەوێت مرۆڤایەتیی لە دەسهەڵاتی تۆتالیتار ئاگادار بکاتەوە، کە چۆن مەترسین بۆسەر ژیان و ئازادیی مرۆڤ.

ڕۆمانی ١٩٨٤، لە سێ بەش پێکهاتووە، هەر بەشی دابەشی سەر چەند بەندێکبووە. بەگشتی ناوەڕۆکی ڕۆمانەکە باسی دەسەڵاتێکی تۆتالیتار دەکات، کە ئازادییەکانیان لە پێناو دەسهەڵاتی حیزب و ڕێبەری گەورە نەهێشتووە و هەموو شتێک دەبێت لە پێناو حیزب و ڕێبەری گەورەدا بێت. ئەم ڕۆمانە چەند کارێکتەرێکی سەرەکی ڕۆڵی تێدا دەگێڕن، کە ئەمانەن: ”وینستۆن سمیت”، ئەم پیاوەیە کە لە دەسهەڵاتی ڕێبەری گەورە بێزارە، بیری ئازادیی و هەڵگەڕانەوە لە دەسهەڵاتی ڕێبەری گەورە لە مێشکیدا چەکەرە دەکات، بۆ گەیشتن بەم کارەش چەندان کار و چاڵاکی دژە یاسا و بنەمانی حیزبیی ئەنجام دەدات. ”جولیا” کچێکە ئەندامی حیزبە، بەڕواڵەت خۆی وەک دڵسۆزی حیزب پیشان دەدات، بەڵام لە ناوەڕۆکدا وانییە، بەڵکوو دژی دەسهەڵاتی ڕێبەری گەورەیە. جوڵیا ئەندامی ڕێخراوی لاوانی دژە سێکسە، کەچی پەیوەندی سێکسی لەگەڵ چەندان ئەندامی حیز دەبەستێت و دواتریش لەگەڵ وینستۆن سمیت پەیوەندی خۆشەویستیی و سێکسیی دەبەستێت. ”ڕێبەری گەورە” سەرۆکی حیزبە، وێنە و پۆستەرەکانی لە هەموو شوێنێک هەیە، لە فەرمانگە، شەقام و هەموو ماڵێکدا هەڵواسراوە، جگە لەمە بە تەلەسکرین چاودێری هەموو جوڵەیەکی مرۆڤ دەکات، هەمیشە ئەم ئاگادارییە بڵاودەکرێتەوە کە ڕێبەری گەورە چاودێریت دەکات. یەکێکی تر لە کارێکتەرەکان ”ئۆبرین”ە کە لە ناوەندی حیزب بوو، هاوکات ڕۆڵی ئەوەی دەگێڕا کە لەگەڵ ”ئیمانوێڵ گۆڵدستەین”دایە وسەر بە ئەنجومەنی برایەتییە. بەڵام وانەبوو، بەڵکوو پۆلیسی خەیاڵ بوو لە کۆتاییدا هەر ئۆبراین، سمیت دەگرێت و لەسەر لادان و دژ وەستانەوەی بەرامبەر بەحیزب، لێکۆڵینەوە و ئەشکەنجەی دەدات. ”ئیمانوێڵ گۆڵدستەین” لە ڕۆمانەکەدا ڕۆڵی کەسێک دەگێڕێت کە دژی دەسهەڵاتی ڕابەری گەورە و سۆسینگ وەستاوەتە و بڵاوکراوە و کتێب و ئەنجومەنی برایەتیی دژی ڕێبەری گەورە پێکهێناوە، پێشتر هاوشانی ڕێبەری گەورە بووە، بەڵام دوای ئەوەی جموجۆڵی دژی شۆڕش و ڕێبەری گەورەی لێ ئاشکرا بوو، ئیدی بڕیاری کوشتنی بەسەردا بڕا، بەم هۆیەوە ڕایکرد و خۆی شاردببووەوە. هەروەها لە ڕۆمانەکەدا چەند کارێکتەری دیکەی لاوەکیش هەن.

ناوچەی جوگرافیی ڕۆمانەکە لە سێ وڵات پێکهاتووە، کە هەمیشە دژی یەکتر لە شەڕدان. چیرۆکی ڕۆمانەکە لە ”ئۆقیانووسیا”یە (ئۆسیانیا)، سیستەمەکەی بەناوی ”سۆسینگ”ە واتا سۆسیالیزمی ئینگلیزیی، کە ناوچەکانی بەریتانیا، ئەمریکای باکوور، ئەمریکای باشوور، ئوستوڕاڵیا و ئەفریقا باشوور دەگرێتەوە. وڵاتی دووەم ”ئۆراسیا”یە، کە سیستەمەکەی بەلشەفیزمی نوێیە. ناوچەکانی ڕووسیا و ئەوڕوپا و بەشێک لە وڵاتانی ئاسیاش دەگرێتەوە. وڵاتی سێیەم ناوی ”ڕۆژهەڵاتی ئاسیا”یە، سیستەمەکەیان عەشقی مەرگ یان خۆفەوتاندنە. ئەم بەشە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ئاسیای دەگرتەوە، وەک وڵاتانی یابان و کۆریا و چین و ڤێتنام …تاد. جۆرج ئۆروێڵ جیهانی دابەشی سەر ئەم سێ بەشەکردووە، هەریەکەی بە وڵات و سیستەمێکی جیاواز داناوە. شایەنی باسە جۆرج ئۆروێڵ لە یەکێک لە چاو پێکەوتنەکانی دەڵێت: ”فەزای گشتیی چیرۆکەکەم لە بەریتانیا ڕوودەدات، ئەمە بۆ ئەوەی پیشانی بدەم ئەو وڵاتانەی ئینگلیززمانن، دوورنین لەوەی ئەم جۆرە شتانە تێیدا سەرهەڵبدات. دیکتاتۆرییەت، ئەگەر دژی نەجەنگی ئەوە دەتوانێت لە هەر شوێنێک بێت، سەربکەویت.” ئەمە پەیامی نووسەرە بۆ مرۆڤایەتیی کە پێویستە هەمیشە لە هەوڵی بەدەست هێنان و پاراستنی ئازادیی دابن، ئەگینا دەسهەڵات لێیان زەوت دەکات.

حیزبی فەرمانڕەوای ئۆقیانوسیا، چەند درووشمێکی هەبوون، بە هەموو شوێنێک بڵاوکرابوونەوە، درووشمەکان ئەمانە بوون: ”شەڕ ئاشتییە. کۆیلایەتیی ئازادییە. نەزانی هێزە”، هەروەها درووشمێکی تری حیزب ئەوە بوو کە دوو کۆ دوو دەکاتە پێنج (٢ + ٢ = ٥)، لەگەڵ ئەوەی لە هەموو شوێنێک نووسرا بوو ئاگاداربە ”ڕێبەری گەورە” چاودێریت دەکات. ئەمانە بەناو هەموو قوژبنێکی کۆمەڵگەدا بڵاوکرابوونەوە. کۆمەڵگەی وڵاتی ئۆقیانوسیا لە ژێر هەیمەنەی دەسهەڵاتی ڕێبەری گەورە و سیستەمی سۆسینگ، دابەشی سەر سێ پێکهاتە بووە. پلەدار و بەرێوبەرانی حیزب ٢% لایەنگر و ئەڵقەلەگوێکانی حیزب کە ڕێبەری گەورە و حیزبیان بەهەموو شتێک دەزانی و لە دەسهەڵاتی دەرنەدەچوون ١٣% کۆمەڵگەیان پێکهێنابوو. بەشی هەرە زۆری کۆمەڵگەش لە پرۆلیتار و ڕەنجدەران پێكهاتبوو ڕێژەکەی ٨٥% بوو. هەر ئەمەش وای دەکرد وینستۆن سمیت تاکە هیوای بۆ ئازادیی و ڕووخاندنی سیستەمەکە پرۆلیتاریا بێت و دەیگووت: ”گەر هیوایەک هەبێ، تەنها پرۆلیتارە”.

ئازادیی وەک بەهایەکی سەرەکی لە ڕۆمانەکەدا جەختی لەسەرکراوەتە، کە چۆن بوون بەبێ ئازادی ماهیەتی نابێت و خاوەنی بژاردە و بوونی خۆی نابێت، هەمیشە لە ژێرکاریگەریی ئەویتردا دەژیت. لێرەدا بۆ لێکدانەوەی دەقەکانی ڕۆمانەکە، پشت بە تێروانینی بوونخوازانەی ژان پۆڵ سارتەر دەبەستین لەمەڕ ئازادیی، هەڵبژاردن و بڕیاردان، ئازادییی خۆشەویستیی.

ژان پۆڵ سارتەر، بەهۆی نووسین و هەڵوێستەکانییەوە ببووە فەیلەسوفێکی خۆشەویست لە سەردەمی خۆیدا، کارەکانی لەنێو ڕۆشنبیران و قوتابییان و شۆڕشگێران و خەڵکی ئاساییش ناسراو بوو، تەواوی دونیا ئاشنایەتییان لەگەڵ سارتەر پەیدا کرد. سارتەر لە کاتێک بووە زمانحاڵی بوونخوازیی، ئەوڕوپا لە بارودۆخێکی ناسەقامگیردا بوو، بێئومێدیی و ڕەشبینیی و داگیرکاریی و شەڕ …هتد ئەوڕوپا و جیهانی تەنیبوو.

ئەو بابەتانەی سارتەر لە فەلسەفە بوونخوازیییەکەی گرینگی پێداوە ئەمانەن: ئازادی، هەڵبژاردن، بڕیاردان …تاد. بابەتی سەرەکی فەلسەفەکەی سارتەر ئازادییە، و دەبێ تاک ئازادی خۆی بەدەست بێنێت تا بتوانێ بە ئازادانە بریاربدات و هەڵبژاردن بکات. هەروەها، نابێت لەژێر کاریگەری ئەوانیتردا بێت. بوونخوازەکان باوەڕیان وایە بوون لە پێش جەوهەرە، واتە هەموو مرۆڤێک بەر لە هەرشتێک بوونی هەیە. سارتەریش وەک بوونخوازێک ”لەو خاڵەوە دەست پێ دەکات کە بڕوای وایە (بوون) دەکەوێتە پێش (ماهییەت)ەوە. واتە لە پێشدا مرۆڤ دێتە جیهانەوە؛ پاشان لە ڕێی کارەکان و هەڵبژاردنەکانیەوە (ماهیەت)ی خۆی پێک دێنێت. واتە بەبڕوای سارتەر، پێشتر ماهیەتێک نییە بەسەر بوونی مرۆڤدا سەپێندرا بێت.” (کۆمەڵێک نووسەر، ٢٠١٦: ل١٣) هەرچەندە مرۆڤ بە هەڵبژاردن و ئازادانەی خۆی نەهاتۆتە بوونەوە، بەڵام لەم ژیانەدا مرۆڤ ناچارە بەوەی ئازاد بێت. دواجار هەر لە ڕێگەی ئازادی و هەڵبژاردن و بڕیاردان و چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەوانیتردا ناسنامە و ماهیەت بۆ بوونی خۆی دادەنێت. هەڵبژاردن و بڕیاردان، لە گرینگترین و سەرەکیترین بنەماکانی فەلسەفەی بوونخوازیی سارتەرن، ”هەڵبژاردن کڕۆکی فەلسەفەی سارتەرە، بەپێی بۆچوونی ئەو، هەڵبژاردنی ئازاد بەپێی هیچ ڕاستیەکی هەبوو (Existent) بڕیار نادرێت، چونکە کردەیەکە ئاراستەی بۆشایی کراوە، ئەویش ئەو داهاتووەیە کە بوونی نییە.” (کۆمەڵێک نووسەر، ٢٠١٦: ل٥٧) کاتێک مرۆڤ هەڵبژاردن دەکات، نا بێت بکەوەتە ژێرکاریگەری بڕیاری پێش وەختە و چەند بیر و باوڕێکی کە پێشوتر لە هزریدا جێگیر بوونە.

سارتەر، جەخت لەسەر ئازادی مرۆڤ دەکاتەوە، دەبێت بە شێوەیەکی بەرپرسیارانە هەڵبژاردن و بڕیار بدات، نەکەوێتە ژێر کاریگەری ئەوانیتر. بەتێڕوانینی سارتەر، مرۆڤ بەرپرسیارە بەرامبەر ئەو کارانەی دەیکات. هەروەها لای سارتەر ئازادییی خۆشەویستیی گرینگییەکی زۆری پێدراوە و لەم بارەیەوە دەڵێت: ”عەشق شتێکە کە هەرگیز نابێتە واقعیەت، بۆ من خۆشەویستی ئێوە شتێک نییە جگە لەوەی کە ئێوە ناچاربکەم خۆشمتان بووێ و پێچەوانەی ئەم مەسەلەیەش هەر ڕاستە.” (میهرداد میهرین، ٢٠٠٩: ل٤٠٧) سارتەر بیر و تێڕوانینی خۆی لەبارەی خۆشەویستی دەخاتە ڕوو و پێیوایە خۆشەویستی ئازادی لەمرۆڤ دەستێنێ و دەبێ لە خۆشەویستیشدا ئازادی هەبێت. ”بە وتەی سارتەر لەعەشقدا وەک تێکڕای پەیوەندییە مرۆییەکانی تر، ئامانجی ئێمە بەکۆیلەکردن یان بوونە کۆیلەی ئەویترە، لە پێگەی ماسۆشی و سادیدا” (ی. ز لاڤین، ٢٠١٧: ل٥٨٤) سارتەر تیشک دەخاتەسەر مەترسی خۆشەویستی کاتێک کە من ئازادی ئەوی تر لەناو ئەبەم، و ئەویتر ئازادی من لەناو دەبات، یەکەمیان سادیستم ‘چێژ لە ئازاردانی ئەویتر’ و دووەمیان ماسۆشیستم ‘چێژ لە خۆ ئازاردان’ وەردەگرم، بەمەش خۆشەویستی دەبێتە شتێکی ئازار بەخش، دەبێت لە خۆشەویستیدا ئازادی ڕەنگبداتەوە بۆ ئەوەی خۆشەویستێکی سەرکەوتوو بێت.

ڕووحی بەرەنگاریی و ئازادیی: جۆرج ئۆروێڵ لەم ڕۆمانەدا، باسی سەرەکی ئازادیییە، بەمانا سارتەرییەکەی دەیەوێت بڵێت ژیان و بوون بەبێ ئازادیی مانای نییە و لە جەوهەری خۆی دەکەوێت. ڕۆمانەکە باسی دەسهەڵاتێک دەکات کە هەموو ئازادییە تاکەکەسییەکانی دسپلین و سنووردارکردوون. ئەمەش لە ڕێگەی کارەکتەری سەرەکی ڕۆمانەکە بەناوی وینستۆن سمیت بەیاندەکات. دەسهەڵات کارێکی وایکردووە کە مرۆڤەکان بەتەنهاش بن هەست بە ئازادیی نەکەن و لە ترس و دڵە ڕاوکێ دابن، ئەمەش لەڕێگەی چاودێریکردنی خەڵکە بە تەلەسکرن. سارتەر، ئازادیی بوون بەر لە جەوهەر دادەنیت، پیی وایە مرۆڤ دەبێت ئازاد بێت، ئەگەر ئازاد نەبێت ناتوانێ مانا بەبوون و جەوهەری خۆی بدات، دواتر هەر لەڕێگەی ئازاد بوونی خۆیەوە دەتوانێت جەوهەری خۆی بنیات بنێت، ئەگەر وانەبێت ناتوانێ مانا بەو بوونەی بدات و خۆی بوونیادنەری بوونی خۆی نییە، بەڵکوو لە ڕێگەی ئەوانیترەوە بۆی هەڵبژێردراوە. هەروەک سارتەر دەبێژێت: مرۆڤ بە ئازادیی خۆی لە دایک نەبووە بۆیە مەحکوومە بە ئازادیی. لەم ڕۆمانەدا، هیچ ئازادیییەک بوونی نییە تەنانەت بۆ لایەنگرانی حیزبیش، هەمیشە لە ژێر چاودێری وردی دەسهەڵات دان. وینستۆن سمیت کاتێک بێزار دەبێت و لە دەوامی فەرمانگە دەگەڕێتەوە، لە ماڵەوە دەست دەکات بە یاداشت نووسین، کە لەو کاتەدا نووسین قەدەغەبوو. لەسەر کاغەزەکەیدا پێنج جار بەدووای یەکتردا نووسی: ”مەرگ بۆ ڕێبەری گەورە” (جۆرج ئۆڕوێڵ، ٢٠١٨؛ ل٢٩) نووسینی ئەمە خۆی مانادانە بەئازادیی لای وینستۆن سمیت، هەرچەندە ئەم نووسینە خۆی دەرچوون بوو لە یاسا و دژی دەسهەڵاتبوو. نووسینی ئەمە تا لێواری مەرگ نزیکی دەکردەوە، بەڵام وینستۆن ڕووحی ئازادیی لەناویدا چەکەیکردبوو. دەیویست لە ڕێگەی ئەم بەرەنگاریی و دەرچوونە مانایەک بۆ بوونی خۆی بدۆزێتەوە. هەرچەندە نەی دەتوانی بەسەر ترسەکەیدا زاڵ بێت بەڵام ئەم نووسینە خۆی مانادانە بە ئازادیی و بوون لای وینستۆن.

حیزب کۆمەڵێ دروشمی هەبوو، یەکێک لە درووشمەکانی ئەوە بوو: دوو کۆ دوو دەکاتە پێنج. دەبوو باوڕ بەمە بکەن، باوڕ نەهێنان دووچاری تەنگەژە و سزادانی زۆری دەکردن. حیزب ئەمەی بۆ ئەوە دەکرد تاوەکوو بڵێت دەبێت باوڕ بە لۆژیکی حیزب بکەن، ئەوەی حیزب دەڵێت ئەو ڕاستە. سمیت کە بیری دەکردەوە لە بەرامبەر هێزێکی گەورە وەستاوەتەوە دڵی دادەخورپا، بەڵام هەر بڕوای بە ڕاسییەکان بوو، نەوەک لۆژیکی حیزب. لە یاداشتێکیتردا دەنووسێت: ”سەربەستیی کاتێ سەربەستیییە کە بتوانی بڵێی: دوو و دوو دەکاتە چوار. ئەگەر باوڕ بەمە بهێندرێ، ئیدی هەموو شتەکانی دی، خۆیان بەدوویدا دێن” (جۆرج ئۆروێڵ، ٢٠١٨؛ ل١٠٨) سمیت لێرەدا بەرامبەر ئەو باوڕە دەوەستێتەوە کە بەسەریدا سەپێندراوە. ئاماژەش بەوە دەدات کاتێک توانیت باوڕ بەڕاستییەکان بهێنیت ئەوکات دەتوانی ئازادییش بەدەست بهێنیت، واتە دەرباز بوون لە دەست باوڕی ئەویدیکە، کە لێرەدا دەسهەڵاتە. وینستۆن هەوڵی ئازادبوون دەدات، بەڵام ناشتوانێ بە ئازادانە هەم ڕەفتار بکات هەمیش دەریببڕێت. واتە ئازادیی لە هزریدا هەیە بەڵام ناتوانێ بەرجەستەی بکات.

لە یەکێک لە ڕووداوەکانی ناو ڕۆمانەکەدا، وینستۆن سمیت و جولیا، پەیوەندی بە ئۆبراینەوە دەکات، کە ئەندامی ناوندی حیزب بوو، هاوکات وا خۆی دەرخست کە لایەنگری گۆڵدستەینە و ئەندامی ئەنجومەنی برایەتییە دژی دەسهەڵات. لە بەشێک گفتووگۆی نێوانیاندا لە یەکەم دیداردا سمیت و جولیا خواستی خۆیان بۆ ئازادیی و نەجات بوون لە دەسهەڵات دەربڕی. ئۆبراین چەند پریسارێکی ئاراستە کردن بە بەڵێ وڵامیان دایەوە. ” – ئامادەن ژیانی خۆتان بەخت کەن؟ + بەڵێ. – ئامادەن خۆتان بکوژن؟ + بەڵێ. – ئامادەن خراپەکاری وابکەن کە ببێتە هۆی مەرگی سەدان کەس؟ + بەڵێ. ….” (جۆرج ئۆڕوێڵ، ٢٠١٨؛ ل٢٢٦) ئەم گفتووگۆیە دەرخەری ئەوەیە کە ئازادیی لە پێش هەموو شتێکەوەیە لای سمیت و جولیا، چونکە سڵ لەوە ناکەنەوە ئەگەر تاوانیش ئەنجام بدەن تاوەکوو دەگەن بە ئازادیی. خواستی ئازادیی لای ئەوان لەسەروی هەموو شتێکەوەیە.

دوای ئەوەی وینستۆن ئاشکرا دەبێت و دەسگیر دەکڕێت لە زیندان لەگەڵ یەکێک لە گیراوەکاندا بەناوی پارسۆنز قسە دەکات، ئەویان بەهۆی ئەوە گرتووە چونکە لە خەویدا گوتبووی بمرێ ڕێبەر گەورە و لەسەر ئەمە کچەکەی خۆی شکایەتی لێکردبوو. پارسۆنز دەڵێت: ”بمرێ ڕێبەری گەورە! بەڵێ وام گوتووە. بیستم چەند جارێ ئەوەم دووپات کردۆتەوە. لە بەینی خۆماندا بێ، خۆشحاڵم بەوەی کە بەر لەوەی کارەکە گەندتر بێت دەسیگیر کرام. دەزانی بەتەمام لە دادگا بڵێم چی؟ دەمەوێ بڵێم سوپاستان دەکەم بۆ دەربازکردنم بەر لەوەی کار لەکار بترازێ” (جۆرج ئۆروێڵ، ٢٠١٨؛ ل٣٠٧) ئەو دەربڕینانەی پارسۆنز دەرخەی ئەوەن کە ئەم کارێکتەرە، ناتوانێت هزری ئازادیی لە خۆیدا چەکەرە پێبکات، بەڵکوو حەزی لە ژێردەستەییەکی مەحکوومکراوە. بۆ ئەمە هیچ قوربانییەک نادات. ئەم کارێکتەرە بوونێکی ئازاد نییە و ناتوانێت خۆی بڕیاری ئازادانە بدات بەڵکوو هەمیشە لەژێر نیگا و کاریگەریی ڕێبەری گەورەدایە. تەنانەت زەمینە بۆ ئەو ژێردەستییەی خۆشی خۆشدەکات. کاتێک سەبارەت بە پەروەردەی کچەکەی دەڵێت: ”هیچ قینم لێی نییە. بەڕاستی سەریشم پێیەوە بەرزە. ئەمە، ئەوە دەگەیەنێ کە لە پەروەردەکردنیدا درێغیم نەکردووە.” (جۆرج ئۆروێڵ، ٢٠١٨؛ ل٣٠٨) ئەمە بەمانای ئەوە دێت نەک تەنها خۆی بوونێکی ئازادانەی نییە، بەڵکو کچەکەشی خستووەتە ژێرکاریگەریی ئەم تێگەیشنەی حیزب و دەسهەڵات.

دوای ئەوەی وینستۆن سمیت و جولیا لەلایەن دەسهەڵاتەوە دەگیرێن، کە بەشی سێیەمی کتێبەکە بۆ ئەمە تەرخانکراوە. تێیدا بە جۆرەها شێواز سزا دەدرێن و ئەشکەنجە دەدرێن تا لێواری مەرگ. ئەمش بۆ ئەوەی مێشکیان بشۆردرێتەوە لە هەر هزر و خەیاڵێک دژی ڕیبەری گەورە. لە زیندان کە ئیتر ئازادیی فیزیکیی نەما کار لە هزری ئازادییش دەکات. لە سەرەتا، کە سمیت دەگیرێت، هەوڵدەدات بەردەوام بێت لەسەر هزری ئازادیی و بەرگەی هەموو شتێک بگرێت و ددان نەنێت بە هزری حیزب. لەم بەشەدا چەندان گفتووگۆی تێدایە کە جێگەی تێڕامانن. بەتایبەت گفتووگۆکانی نێوان سمیت و ئۆبراین، کە لە زینداندا لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکرد. وینستۆن لەوێشدا هزری ئازادیی هەر هەبوو، بەڵام بەهۆی ئەشکەنجەدانییەوە نەیدەتوانی بەردەوام بێت، تەنانەت لە ژووری ١٠١ دا دەست لە جولیاش بەردەدات و داوا دەکات جولیا سزا بدرێت لە جیاتی ئەو. لە یەکێک لە گفتووگۆکان لەکاتی لێکۆڵینەوە لەنێوان سمیت و ئۆبرایندا، سمیت لەوێش لەسەر یاداشتەکەی سووربوو، کاتێك ئۆبراین دەپرسێت: ”لە بیرتە لە دەفتەری یاداشتەکانتدا نووسیوتە: (ئازادی ئەوەیە کە بتوانی بڵێی دوو و دوو دەکاتە چوار؟)” (جۆرج ئۆڕوێڵ، ٢٠١٨؛ ل٣٢٧) وینستۆنیش دەڵێت: بەڵێ لەبیرمە. لەوکاتەدا ئۆبراین دەستی هەڵدەبڕێت و دەڵیت: وینستۆن چەند پەنجەم نیشاندایت، ئەویش دەڵێ چوار. ئەوجارە ئۆبراین دەڵێت: ”ئەی ئەگەر حیزب بڵێت چوار نییە و پێنجە، ئەوکات چەندە؟” (جۆرج ئۆڕوێڵ، ٢٠١٨؛ ل٣٢٧) وینستۆن دەڵێت: چوار. ئەم بەر هەڵستییە لەسەر ڕاستیی دەرخەری قسەکەی خۆیەتی کە سەربەستی لە شتی بچوکەوە دێت. لەگەڵ ئەوەی لەژێر ئەشکەنجە بوو بەڵام ویستی ئازادیی وای نەکرد وینستۆن بەپێی لۆژیکی حیزب بڕیاربدا و بڵێ پێنج. ئەم گفتووگۆیە بەردەوام دەبێت تا ئەشکەنجەدانی وینستۆن زیاتر دەکەن. هەر بەدەوام دەبێت و دەڵێ چوار. بەڵام دواتر ئۆقرەی دەبێت و دەڵێت پێج. بەڵام ئۆبراین پەی بەوە دەبات کە وینستۆن هزری هەر لای چوارەکەیە. ئازادانە نەیگوتووە پێنج. ئەم ئازاردانە بەردەوام دەبێت تاوەکوو وای لێ دێت وینستۆن دەڵێت: پێنج، حەزەم پێنج ببینم. وینستۆن ئازادانە بڕیاری نەداوە، تەنانەت حەزدەکات ئازادانە بیرنەکاتەوە تا لەم بارودۆخە دەربچێت.

دوابەدوای ئەوەی ماوەیەکی زۆر لە زینداندا دەمێنێتەوە، لە کۆتایدا وینستۆن هەوڵی ئەوە دەدات کە دژی هزری ئازادیی خۆی بووەستێتەوە. ماوەیەک لە جاران باشتر خواردنی پێدەدەن و ئاوی گەرم و جلی نوێشی پێدەدەن تاوەکوو کەمێك هێزی گەڕایەوە بەر و ئەو ددانانەی مابوونی ئەوانیشیان بۆی لابرد و بۆیان کرد بووە تاقمەی ددان. لە ژورەکەی کاغەز و قەڵەمێکی پێدەدە. وینستۆن دەستی کرد بە نووسین و ئەم سێ دروشمە دەنووسێت: ”کۆیلایەتی ئازادییە. دوو و دوو دەکاتە پێنج. خوا دەسهەڵاتە” (جۆرج ئۆڕوێڵ، ٢٠١٨؛ ل٣٦٣-٣٦٤) ئەم سێ درووشمە دەرخەری ئەوەیە حیزب توانیویەتیی لەڕێگەی ئەشکەنجەدانی جەستەیی وابکەن هزری وینستۆن بگۆڕن و هزری ئازادیی لە مێشکی دەربکەن. کۆیلایەتیی ئازادیییە خۆی درووشمێکە دژی ئازادیی و بوونێکی ئازاد، کاتێک مرۆڤ کۆیلە بێت ناتوانێ جەوهەر و هزرێکی ئازادانەی هەبێت. هەروەها، ڕازی بوون بەوەی دوو کۆ دوو دەکاتە پێنج ڕازی بوونە بە لۆژیکی حیزبیی و هەموو ویستەکانی حیزب ئەگەر نا ڕاستیش بن. درووشمی خوا دەسهەڵاتی مانای ئەوە دەدات، کە دەسهەڵات دەتوانێت خۆی وەک خودا نیشانبدات، لۆژیک ئاوەژوو بکاتەوە، وابکات بپەرسترێت و مرۆڤ بکاتە بەندەی خۆی.

لەم ڕۆمانەدا ئازاد بوون زۆر جەختی لەسەر کراوەتەوە بەڵام، ئەنجامەکەی هەر کۆیلە بوونە. واتە حیزب بەسەر هزری ئازادانەی تاکەکەسدا سەردەکەوێت. ئەم ڕەشبینیی و بێئومێدییە بۆ ئەوە نییە مرۆڤ تەسلیمی دەسهەڵاتی تۆتالیتار ببێت، بەڵکوو بۆ ئەوەیە مرۆڤ هەوڵ بدات ئەم هزرە ئازادەی هەیەتی بیپارێرێت تاوەکوو دەسهەڵاتێکی تۆتالیتار سەرهەڵنەدات و هەموو دەسهەڵاتەکەی بۆ زەوتکردنی ئازادیییەکان بێت.

هەڵبژاردن و بڕیاردان: لە ڕوانگەی سارتەرەوە، بڕیاردان و هەڵبژاردن دەبێت بە شێوەیەکی ئازادانە و بەرپرسانە بێت. مرۆڤ کاتێک هەڵبژاردن یان بڕیارێک دەدات نابێت لەژێر بیروباوڕێکی پێشینەیی یان داپڵۆسێنەر بێت. بەڵکوو دەبێت بەپێی بەژەوەندی و چاکەی گشتی بڕیار بدات و بژارە باشەکە هەڵبژێرێت. دەبێت لەم کاتەشدا هەست بەئازادیی بکات و لە دۆخێکی ئازادانە دابێت. لەم ڕۆمانەدا، بەهۆی نەبوونی ئازادیی تاکەکان ناتوانن خاوەن بژاردە و بڕیاری خۆیان بن. بەڵکوو هەموو کات لای دەسهەڵاتی حیزب و ڕێبەری گەورەوە بۆیان دیاریکراوە، بەمەش دەگەین بەو خاڵەی ئازادیی لە بڕیار و هەڵبژاردنی کارێکتەرانی ناو ڕۆمانەکەدا نییە.

وینستۆن سمیت و جولیا، وەک دوو کارێکتەری سەرەکیی ناو چیرۆکی ڕۆمانەکە هەمیشە لەژێر چاودێری و هەژموونی دەسهەڵات بڕیارەکانیان دەدا. وینستۆن بۆ ئازاد بوون بڕیاری هەڵگەڕانەوە لە دەسهەڵاتی ئۆقیانووسیا دەدات. بەڵام دوایی زۆرێک لە بڕیارەکانی لە ئەنجامی نەبوونی ئازادییەوەن، تا دەگاتە ئەو ئاستەی دەستبەردری هەموو شتێک ببێت بە جولیاشەوە. جولیاش کە ئەندامی بزوتنەوەی لاوانی دژە سێکس بوو، وای لێدێت دەست لە هەموو بڕیارەکانی هەڵبگرێت، و دەستبەرداری وینستۆنیش بێت لە پێناو ژیانی خۆیدا.

لەو ساتانەی جولیا و وینستۆن لە پەیوەندیی دان، لە ژوانێکیان جولیا جلەکانی ئەندامی حیزب دادەکەنێت و پشتێنی سوور کە هێمای ئەندامانی دژە سێکس بوو لە پشتی دەکاتەوە، حەزیەیەکی کورت و مکیاژێک دەکات بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە سەر ڕەسەنایەتیی ژنیەتیی خۆی. بە وینستۆن سمیت دەڵێت: ”دەزانی دەمەوێت جاری داهاتوو چی بکەم؟ دەستێ جلی ژنانەی ڕاستی وەگیر بهێنم و لەبری ئەم بەدلە دوابڕاوە بیپۆشم. بیر لەوە دەکەمەوە گۆرەوی ئاوریشم و پێڵاوی پاژنەبڵندیشم هەبن. دەمەوێ دەمەوێ لەم ژوورەدا ژن بم نەک هاوڕی حیزب” (جۆرج ئۆروێڵ، ٢٠١٨؛ ل١٨٨) لە قسەکانی جولیا دیارە بە ویستی خۆی نییە بووەتە ئەندامی حیزب و دژە سێکس، بەڵکوو مەحکوومکراوە بەم شێوازە بێت و ڕەفتار بکات. هەر بۆیەشە ویستی گەڕانەوەی بۆ سەر ژنیەتیی خۆی هەیە. ئەو هەڵبژاردنانە هی حیزبن نەوەک هی خوودی جولیا. ئەمەش ڕوونە کە بەشێوەیەکی ئازادانە ئەم هەڵبژاردنانەیان نەکردووە، بەڵکوو بەسەریاندا سەپێندراوە.

وینستۆن سمیت، بەهۆی ویستی بۆ ئازادیی دوای ئەوەی لەلایەن دەسهەڵاتەوە دەگیرێت، لێکۆڵینەوەیەکی زۆری لەگەڵ دەکرێت، بۆ ئەوەی بیخەنەوە ژێرکاریگەریی و خۆیان. ئۆبراین بە وینستۆن دەڵێت: تۆ بۆ ئەوە لێرەی تا ئاقڵت بکەین. واتە ئەم جارەی هەڵبژاردن و بڕیارەکانت لەژێر هزری ئێمە دەبێت نەوەک ئازادانە بڕیار بدەیت. لەکاتی لێکۆڵینەوە لە ژووری ١٠١ دا، ئەشکەنجەیەک بۆ وینستۆن ئامادەکرا بوو کە دوو جرجی گەورە و برسی لەناو قەفەزێکەوە ئەخرانە سەر ڕوخساری وینستۆن. تاوەکوو ئەوەی بڕیارەکانی پێبگۆڕن دوای ئەو هەموو مانەوەیە لە زیندان و ئەشکەنجەدانە گووتی ڕقم لە ڕێبەری گەورەیە. بۆ گۆڕینی بڕیارەکەی ویستیان ئەم سزایەی بدەن، لە ئەنجامدا وینستۆن بڕیاری دەست بەردار بوون لە جولیا دا، لەژێر ئەم مەترسیانە بڕیاری خۆشویستنی ڕێبەری گەورەشیدا.
وینستۆن گووتی: ”ئەم بەڵایە بەسەر جولیادا بێنن! من نا! جولیا! هەرچی لێدەکەن باکم نییە. دەموچاوی ونجڕونجڕ بکەن، هەموو جەستەی هەڵدڕن. من نا! جولیا! جولیا! من نا!” (جۆرج ئۆروێڵ، ٢٠١٨؛ ل٣٧٦) ئەم بڕیارە و هەڵبژاردنەی وینستۆن بە ئەشکەنجەدانی جولیا ئازادیی تێدا نییە و لەژێر ئەشکەنجە بووە، هەروەها جولیاش هەمان شتی بەرامبەر وینستۆن کردبوو لەکاتی سزادانی. دوای ئازادکردنیان هەردووکیان یەکتریان بینییەوە بەڵام ویستی مانەوەیان نەبوو وەک جاران ئەمەش هەڵبژاردنی خۆیان نەبوو بەڵکوو، دەسهەڵات بەزۆی بەسەریدا سەپاندن.
وینستۆن سمیت، پێشتر ڕقی لە ڕێبەری گەورە بوو، دوای توانی وابکات خۆشی بوێت ئەمەش دوای ئەهەموو ئازارەی چەشتی لە زیندان. لە کۆتا دێری ڕۆمانەکەدا واهاتووە کە وینستۆن: ”بەسەرخۆیدا سەرکەوت. ڕێبەری گەورەی خۆشویست” (جۆرج ئۆروێڵ، ٢٠١٨؛ ل٣٩٢) هەڵبەت بڕیاردانی خۆشویستنی ڕێبەری گەورە بڕیارێکی ئارەزوومەندانە نەبوو، بەڵکوو مەحکوومکرابوو بەوەی دەبێت خۆشی بووێت، واتا هەڵبژاردنێکی تر نەبوو جگە لە خۆشویستنی ڕێبەی گەورە.

نووسەر لەم ڕۆمانەدا، دەیەوێت لەسەر زاری کارێکتەرەکانەوە بڵێت: لە دەوڵەت و دەسهەڵاتی تۆتالیتاردا ئازایی لە بڕیاردان و هەڵبژارن نییە. لە دۆخێکی وادا مرۆڤەکان ناتوانن خاوەنی هەڵوێست و بڕیاری خۆیان بن، بەڵکوو بۆیان هەڵبژێردراوە و لای ئەوانەوە ئاراستە دەکرێن. هەر ئەمەشە وادەکات بڵێین بەگشتی لەم ڕۆمانەدا، ئازادیی هەڵبژاردن و بڕیاردان نییە. بەڵکوو مەحکووم و وابەستەکراون بە بڕیارەکانی دەسهەڵاتی حیزب و دەوڵەتەوە.
ئازادییی خۆشەویستیی: خۆشەویستیی بەبێ ئازادی سەر دەکێشێت بۆ ململانێ. هەر ئەمەیە وادەکات سارتەر ئازادیی بکاتە جنچینەی خۆشەویستێکی سەرکەوتوو. ئەو پێی وایە ئەگەر ئازادیی نەبێت خۆشەویستیییەکی ڕاستەقینە درووست نابێت. هەروەها، خۆشەویستی دابەش دەکاتە سەر دوو جۆر یەکەمیان خۆشەیستیی سادیستییانەیە، دووەمیش خۆشەویسێکی ماسۆشییانەیە. هەردووکیان لە ئەنجامی خستنە ژێرکاریگەریی و نیگای یەکتر درووست دەبن. بۆ ئەوەی خۆشەویستی نەکەوێتە ناو ئەم دژواریییەوە، سارتەر ئازادیی لە خۆشەویستیی بە چارەسەر دەزانێت. لەم ڕۆمانەدا، چەند جۆڕێکی خۆشەویستیی تێدایە، وەک: خۆشەویستییی بۆ حیزب، سەرۆک و وڵات. خۆشەویستییی بۆ ڕەگەزی بەرامبەر …تاد. ئەم خۆشەویستیانە هیچیان لە فەزایەکی ئازادانەدا نییە هەربۆیە دەکەونە ململانێ و تەنگەژەوە.

خۆشەویستیی نێوان وینستۆن و جولیا خۆشەویستیییەکی ئازادانەیە. ئەم دووانە دوای یەکتر ناسین و پەیوەندی بەستن لە دۆخێکی تەواو داپڵۆسێنەردا، خۆشەویستێکی ئازادانە درووست دەکەن. هیچ کامیان ئەویتر ناخاتە ژێر نیگا و هەژموونی ئەویتر، تا کۆتاییش کە لەیەکتر دادەبڕێن بە شێوەیەکی وا قسە لەگەڵ یەکتر ناکەن کە قین لە دڵبن بەرامبەر یەکتر. لە یەکەم ژوانیاندا، دوای تەواوکردنی سێکس، وینستۆن لە جولیا دەپرسێت و ئەویش وڵام دەداتەوە: ”پێشوتر ئەم کارەت کردووە؟
بێگومان سەدان جار – یا، بەهەرحاڵ بیست-سی جار.
لەگەڵ ئەندامانی حیزبدا؟
بەڵێ هەموو جارێک لەگەڵ ئەندامانی حیزبدا” (جۆرج ئورێڵ، ٢٠١٨؛ ل١٦٤)
دوای درکاندنی ئەم ڕاستییە وینستۆن دڵی لە جولیا ناڕەنجێت، چونکە بەمە دەزانێ کە ئەندامانی حیزب لە ناوخۆیاندا لە پێشێلکردنی بنەما حیزبییەکانی خۆیانن. هەر ئەمەیە واکات وینستۆن دڵخۆش بێت و بە جولیا دەڵێت: ”گوێ بگرە، چەند پیاو سواری خۆت کردبێ، هێندە زیاترم خۆش دەوێی، تێدەگەی؟” (جۆرج ئورێڵ، ٢٠١٨؛ ل١٦٤) بەهۆی ئەوەی خۆشەویستییەکەیان لەسەر بنەمایەکی ئازادانە و ویستی خۆیان بوو، یەکتریان نەدەخستە ژێر بڕیارەکانی یەکتر و خۆیان بەسەر یەکتردا نەدەسەپاند. لە کردار و گوفتارتاندا ئازادیی هەبوو و ڕاستییەکەیان بەیەکتر دەگووت. هەروەها هۆکاری سەرەکیش کە وینستۆن وای گووت ئەوە بوو، تێگەیشتبوو حیزب دەبێت لە ناوەخۆی گەندەڵ بێت و هەرەس بهێنێت.
ئەم دووانە تەنها خۆشەویستییان لە نێوان بوو لەسەر ئەو بنەمایەش هەڵسوکەوتیان لەگەڵ یەکتر دەکرد. نەک لەسەر بنەمای ژن و مێرد یان هەر پرەنسیپێکی یاسایی یان کۆمەڵایەتیی یاخود دینیی. ئەم ئازادییە لە هەڵبژاردنی خۆشەویسیی بۆ کەسێک وادەکات بەئاسانیی وازی لێنەهێنی. وینستۆن، لە ئازار و ئەشکەنجەشدا تا توانای هەبوو لە بیری جولیا بوو. خۆشەویستی ئەم دوو کارێکتەرەی ناو ڕۆمانەکە تەواو ئازادانە بوو لە باودۆخێکی تەواو نا ئازاد و پڕ دسپلیندا، ئەم جۆرە خۆشەوستیییە لە نێو ئەم دووکارێکتەوە بەرجەستە بووە.

دەسهەڵات دەیویست هەرچی خۆشەویستیییە بۆ ڕێبەری گەورە و حیزب بێت، بەدەر لەوە جێگەی قبوڵ نەبوو. ئەو خۆشەویستییەی حیزب دەویست بۆ ڕێبەری گەورە، لە دیدی سارتەردا دەچێتە چوارچێوەی خۆشەویستیی سادیستییانە، چونکە ئازادیی لەم خۆشەویستییەدا بوونی نییە. بەڵکوو بەسەریدا سەپێندراوە. هەر ئەمەیە وادەکا وینستۆن ڕقی لە حیزب و ڕێبەری گەورە بێت. چونکە ئازادییان لێ زەوتکردووە. تەنانەت دوای چەندین مانگ لە زیندن و ژێر ئەشکەنجە پێش ئەوەی بیبەن بۆ ژووری ١٠١ لە وڵامی ئۆبرایندا دەڵێت ڕقم لە ڕێبەری گەورەیە. بەڵام دوای وای لێدەکەن بەزۆر ڕێبەری گەورەی خۆش بووێت. لە کۆتا پەرەگرافی ڕۆمانەکەدا جۆرج ئۆروێڵ ئاوا وێنای خۆشەویستیی وینستۆن سمیت دەکات بۆ ڕێبەری گەورە؛ ”چاوی بڕییە سیما دێوئاساکە. چل ساڵی خایاند تا تێگەیشت چ بزەیەک لە ژێر ئەو سمێڵە ڕەشەدا شاردراوتەوە. ئای لەو دڵپیسییە و ئای لەو ستەمکارییە نا پێویستە! هەی ملهوڕی لەدەست خۆشەویستی سەرهەڵگرتوو! دوو دڵۆپ ئەشک کە تێکەڵاوی بۆنی جن بوون بەگۆنایدا هاتنە خوارێ، بەڵام هەموو شتێ لە جێی خۆیدا بوو. ململانێ کۆتایی هات. بەسەر خۆیدا سەرکەوت ڕێبەری گەورەی خۆش ویست.” (جۆرج ئۆروێڵ، ٢٠١٨؛ ل٣٩١-٣٩٢) لە کۆتاییدا حیزب سەرکەوتوو دەبێت لەوەی کە وینستۆن بخاتە ژێر ڕکێفی خۆی و ڕێبەری گەورەشی خۆش بوێت. بەڵام ئەمە خۆشەویستێکی ئازادانە نییە، بەڵکوو بەسەردا سەپێندراوە.

دەرئەنجام: لەم ڕۆمانەدا، نووسەر وستوویەتی ئازادیی بکاتە بابەتی سەرەکی بەڵام، بە ئازاد بوونی کارێکتەرەکان کۆتایی نایەت. هەر ئەمە وادەکات هەستێکی ڕەش بینیی و نا ئومێدانە لە ڕۆمانەکەدا بەدەر بکەوێت لەبەرامبەر دەسهەڵاتە ستەمکارەکان. بە گوتەی خودی نووسەر ئەمە ئاگادارکرنەوەیە بۆ مرۆڤ تاوەکوو پارێزگاریی لە ئازادییەکەیان بکەن گەینا ڕەنگە لە هەرکاتێک بێت دەسهەڵات ببێتە دکتاتۆر بەسەر گەلەکەیدا. نووسەر لە ڕێگەی هەردوو کارێکتەرەکە وینستۆن سمیت و جولیا بەرجەستەی خواستی ئازادیی لە مرۆڤدا وێنا دەکات. هەرەها، لاینگرانی حیزب و ڕێبەری گەورە وەک لەناوبەری ئازادیی و دەسهەڵاتێکی تۆتالیتار وێنا دەکات، کە چۆن لە پێناو سەرۆک و حیزب ئازادیان نەهێشووە و ژیانێکی دەدەسەریان بۆ بۆ گەل دروستکردووە. لە ڕێگەی دامەزراوەکان و تەکنەلۆژیاوە هەموو خەڵکیان خستۆتە ژێر چاودێری خۆیان.
لەم ڕۆمانەدا، هەموو شتێک داگیرکراوە و ئازادیی لێ دابڕاوە. هەر ئەمەشە وادەکات کارێکتەرەکان هەست بە ئازادیی نەکەن و هەڵبژاردن و بڕیارەکانیشیان پەیوەستە بەو دۆخەی حیزب درووستیکردووە. ئەو ڕووحە ئازادەی بەدوای هەناسەی ئازادییدا دەگەڕێت، لە کۆتاییدا لەناو دەبرێت. ئەمەش هەڵگری ئەو پەیامەیە کە سیستەمە تۆتالیتارەکان لە دەستی کەسێکی دیکتاتۆردا بێت، هەموو ئازادییەکان لەناو دەبات لەپێناو دەسهەڵات و مانەوەی خۆیدا. هەربۆیە، بۆ ئەوەی مرۆڤ ئازادی لێزەوت نەکرێت دەبێ بەرگریی لە ئازادیی بکات، چونکە بوون بەبێ ئازادیی ناتوانێ مانا بە جەوهەری بوونایەتیی خۆی بدات؛ مرۆڤ و ژیان بەبێ ئازادیی لە مانا دەکەون.

ئاسۆس ساڵح


لیستی سەرچاوەکان:
_ جۆرج ئۆروێڵ، ١٩٨٤، و: حەکیم کاکەوەیسی، چاپی سێیەم ٢٠١٨، چاپخانەی ئەندێشە.
_ ت. ز. لاڤین، لە سوقراتەوە تا سارتەر، و: ئارام مەحمود ئەحمەد، فەلسەفە بۆ هەمووان، چاپی یەکەم ٢٠١٧، چاپخانەی حەمدی.
_ مهیرداد میهرین، قوتابخانە فەلسەفییەکان، و: سیدۆ داود عەلی، چاپی یەکەم ٢٠٠٩، چاپەمەنی گەنج / سلێمانی.
_ کۆمەڵێک نووسەر، بوونگەرایی ڕێبازێکی فکری و فەلسەفی، و: کۆمەڵێک وەرگێر، ساڵی چاپی یەکەم ٢٠١٦، چاپخانەی سەردەم _ سلێمانی
_ مۆریس کرانستۆن، سارتەر لە نێوان فەلسەفە و ئەدەبدا، و: سامان عەلی حامید، چاپی یەکەم ٢٠٠٨، چاپەمەنی گەنج / سلێمانی.




ئێمە لە بریتانیا لەبەردەم جەنگی هەمە جۆرەداین … زاهیر باهیر

مەترسی کۆرۆنا بۆ ئەم سەرەدەمەی ئیستا کەسەردەمی پێشکەوتوترین تەکنەلۆجیا و زانستە ، مەترسییەکی یەکجار گەورەیە و هیچ کەسێكمان چاوەڕوانمان نەدەکرد کە بەم شێوەیە یەخەمان بگرێت. ئابووریمان داڕمێنێت، ژیانمان لێهەراسان بکات ، خوشەویسستمانمان لێببات ، پەیوەندی کۆمەڵایەتیمان کۆتا بکات، بڕوا و متمانەمان بە خۆمان و بە زانستیش ئاوا لەق بکات.
ڕووداوەکان بە پەلە دێن و دەڕۆن، بڕیارەکانیش لەوان بە پەلەتر دەدرێن، ترس و نیگەرانی خەڵکیش خراپتر کارایی خۆیان دادەنێن، ژیانمان بارگران دەکەن، دەروونمان شێواوتر دەکەن.
ئێمە لە بریتانیا نەك هەر لەبەردەم جەنگی ڕووبەڕووبونەوەی کۆرۆنەداین، بەڵکو لەبەردەم جەنگی سایکۆلۆجی حکومەتیشداین، کە بەردەوام لە دەماندنی هەمانەی پڕ لە ترساندنی خەڵکی و دڵەڕاوکێدایە. هاوکاتیش لەبەردەم جەنگی بژێوی و مانەوەمانداین، گەر کار وەکو ئەم هەفتەیە بڕوات و کەمەپەینی ترساندنی خەڵکی هەر بەردەوامبێت، بە تایبەت لە لەندەن دەبینین خەڵکی لەبەر بێ نانیی، بێ بوونی کەرەسەی پێداویستیی بە هەموو چەشنەکانیییەوە، بەدیارچاومانەوە، دەمرن. ئای کە سوێیەکی سەختە، ئای کە دیمەنێکی لە یاد نەچوو و هاوکات خەمناکە.
ئەوەی کە زیاتر کارایی دەروونیی و نیگەرانیی تاك و کۆمەڵایەتی دروستکردووە، خودی هاتنی کۆرۆنا نییە ، بەڵکو هەنگاوەکانی حکومەتە کە دەینێت، گفتار و کردار و بڕیارەکانێتی کە دەیدات، کە کەمپەینی بەردەوامی تۆقاندنە. بەمەش کە دەیکات تا ئێستا دوو دەستکەوتی بەدەستهێناوە: توانیوێتی کۆنترۆڵی خەڵکی بکات ، هەروەها خەڵکی وابەستە بە دەوڵەت بکات.
‘تۆنی بێن’ کۆنە پەڕلەمانتاری بریتانیا و چەپ و سۆشیالیستی بەناوبانگی ئەم وڵاتە لە یەكێك لەو 10 خاڵە گرنگەی کە وتوونی، ئەمە یەکێکیانە” ” وا تێدەفکرم کە دوو ڕێگا هەیە کە خەڵکی پێ کۆنترۆڵدەکرێت، یەکەمیان تۆقاندن و ترساندنی خەڵیکیی ، دووەهەمیان، تێشکاندن یاخود وێرنکردنیان”.
لە ڕاستیدا ئێمە تۆقێنراوین و ئەم تۆقینەش سەرەنجام تێکماندەشکێنێ و دوای کارەساتی کۆرۆنا گەر بەخۆماندا نەیەینەوە، دەبێت شوکرانەبژێری دەوڵەت و خاوەنکاربین و بە هەموو شتێك ڕازیبین هەر لە کرێ و موچەی کەمەوە، کەمبوونەوەی مافەکان و ئازادییەکانمان و مەرج و بەندی خراپی سەرکارمان تا دەگاتە زۆری تر.
نکوڵی لەوە ناکرێت کە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە دوای سەردەمی جەنگی جیهانی دووهەمەوە مەترسیدارترین ڤایرۆسە. ئەوەشی کە وای لێکردووە لە بریتانیا مەترسیدار بێت ئەوەیە کە 10 ساڵ زیاترە حکومەتی موحافیزین بە بیانوی قەیرانی ئابوورییەوە کە وەکو پاساوێکی سیاسیی، سیاسەتی دەستگرتنەوەیان [ تەقەشوف] بەسەرمان سەپاندوە. ئەمەش کارایی خراپی لەسەر بەشی تەندروستی ئەم وڵاتە بە خراپی دروستکردووە، هەر لە تەرخاننەکردنی پارەی تەواو و بەتایبەتیکردنی هەندێك لە بەشەکانی لە کەرتی دەوڵەتییەوە و ڕێگادان بە دکتۆرە باشەکان کە نیوەکار کاربکەن و نیوەی دیکە لە کلنیکە یا خەستەخانە ئەهەلییەکانا، بڕی نەخۆشی زۆر کە بەشێکی بەهۆی نەدارایی و نەبوونی پارەی تەواو بۆ خۆپاراستن لە سەرما و گەرما و تد تا ڕادەی گۆڕینی یاسای بەشی تەندروستی کە لەتەك ستاندەری ڕێکخراوی تەندروستی جیهانا نایەتەوە. لەمانەش زیاتر هاتنەدەرەوەمان لە یەکێتی ئەورپا کە دڵەڕاوکێیەکی زۆری بۆ دکتۆر و نێرس و کارمەندەکانی تری کە لە وڵاتانی دیکەی ئەوروپاوە هاتوون، دروستکرد زۆربەیان ناچارکران کە بەجێمانبهێڵن و بچنەوە بۆ وڵاتانی خۆیان. ئەمانە هەمووی وای کرد کە ئێـە نوقسانی 50 هەزار نێرس و 5 هەزار دکتۆرمان لە بەشی تەندروستیدا، لە ئێستادا هەیە.
بەم جۆرە بەشی تەندروستی لێرە نە ئامادەکاری و نە دەرمانی تەوا و نە قەرەوێڵەی کافی و نە ئامراز و جیهازەکانی کە لە ئێستادا زەروورن ، هیچیانی نییە. ئەمە جگە لەوەشی کە تا ئێستاش دکتۆر و نێرس و کارمەند و کرێکارانی پاککەرەوەی بیناکان کە بەرەی پێشەوەی ئەم جەنگەن پشکنینی [ تێست] ئەم پەتایەیان بۆ نەکراوە. ئەمەش تاوانە کە کاتێك دکتۆرێك ، نێرسێك چارەسەری تووشبووان دەکات کەچی خۆی لە هەبوونی ئەو پەتایە دڵنیا نەبێت!! لە دڵەڕاوکێ و نەبوونی متمانە بەخۆیدا، بێت.
هۆکاری نەپشکنینیش تەنها بڕی پاەیە کەهەر پشکنینێك 20 پاوەندی تێدەچێت. ئەمەش بە دەوری خۆی بواری دروستکردنی پارەیەکی خەیاڵی بۆ کلینک و خەستەخانە ئەهلییەکان ڕەخساندوە، کە ئەوان ئەم هەلەیان قۆستۆتەوە کە لە بەرانبەر 250 پاوەند تا 370 پاوەند ئەوان ئەم پشکنینیە دەکەن.
ئەمە بێ لەوەی تا ڕادەیەك لە دوێنێوە ، 21/03 ، ژیانیان لە لەندەندا وەستاندووە بە داخستنی باڕ و نادی و کۆفی شۆپ و چێشتخانە و سینەما و شانۆ و یانەکانی وەرزشکردن و مەلەکردن و تد . ئەوە ڕاستە کە دەوڵەت پێرێ، 20/03 ، بریاری دا ئەوانەی کە لەو بەشانەدا کاردەکەن لە سەدا 80 موچەکەیان وەردەگرن کە خودی ئەمەش ئینگلیز پێی دەڵێت، Pay cut ، واتە موچە/کرێ بڕین بە ڕێژەی لە سەدا 20 کە لە کاتێکدا کرێکاران و هەژاران هیچ ڕۆڵێکیان لە ڕوودانی ئەم ئافاتەدا، نەبووە.
هاوکاتیش لەم بڕیارەی حکومەتدا شتێکی بۆ ئەوانەی کە بە بێ عەقد کار دەکەن [ زیڕۆ کۆنتراکت ] کە زیاترن لە 600 هەزار، هەروەها ئەوانەی کە بزنسی بچوک یاخود کار بۆخۆیان دەکەن، تێدا نییە ئەمە جگە لە بارودۆخی زیاتر لە 5 ملیۆن خانەنشینکرا و زیاتر لە 3 ملیۆن منداڵ کە لە هێڵی برسێتیدا دەژین.
ئەو بڕیارە کە دەوڵەت دوێنێ دای لەبەر چاوی کاڵی کرێکاران نەبوو بەڵکو لەبەر دانەڕمانی ئابووریی بوو کە یارمەتی خاوەنکار و خاوەنکارگەو کۆمپانیاکانی دا. چونکە گەر هەموو ئەم کرێکارانە بێ پارە و موچە بچنەوە ماڵەوە ناتوانن بژین و دواتر زەمینە بۆ هاتنە سەر شەقامی خەڵکی و تێكشکاندنی هەرچی هەیە لە بینای دەوڵەتی و کۆمپانیا و بانق و بوغازەی گەورەی خواردن و کەلەوپەل و بردنی هەرچی تیادا بێت، کە لەم زروفەدا زۆر ئەستەم دەبێت بۆ دەوڵەت کە بتوانێت ئاسایش بۆ ناو شار بگێڕێتەوە و هاوکاتیش مولزەم دەبێت بە قەرەبووکردنەوە.
هەرچی بزنسە زەرەر ناکات ڕەنگە قازانج و سوود بێتە خوارەوە بەڵام ئەوەتا دەوڵەت 330 ملیار دۆلاری بۆ تەخانکردون، باجی لەسەر هەڵپەساردوون ، بڕێك پارەی کرێکارەکانیان بۆ دەدات، خۆشیان لە دائیرەی تەئمین شتێك پارە وەردەگرنەوە.
لە نانی ئەم هەنگاوەدا حکومەتیش بە ڕۆلی خۆی قازانج دەکات هەم بزنس و هەم بڕێك لە کرێکارانیش رازیدەکات و خۆی شیریندەکات و هەڵبژاردنی داهاتووش مسۆگەر دەکات. لە لایەکی دیکەشەوە کار لەسەر دابڕینی پەیوەندی خەڵکی دەکات کە بە هێچ شێوەیەك نەچنە دەرەوە و لە ماڵەوە بن مەگەر کاری یەکجار زەرووریان هەبێت، ئێمەشی ئاوا ترساندووە کە گەر دراوسێیەکت پێویستی بە یارمەتی تۆ بێت ، نە هەموو کەسێك ئامادەیە بچێت بە دەمییەوە نە هەموو دراوسێیەکیش متمانە بە یارمەتیدەرانی دەکات لە ترسی ڤایرۆسەکە، نەبا بۆی بەریت .
لەمانەش ترسناکتر ، کە رەنگە لە هەفتەی داهاتووە بێت، قەدەخەکردنی خەڵکییە هەر لەژێڕ بیانوی کەمکردنەوەی مەترسیی ڤایرۆسەکە و یارمەتی دانی بەشی تەندروستی. کە خەڵکی ناچارە بیگرێتە بەر چونکە ئەمان زەمینەسازییان هەفتەیەکە بۆ ئەمە کردووە بە وتنی ئەوەی کە ئەم دەردە تاکو بەهاری ساڵی ئایندە دەخایەنێت ، 4 کەس لە 5 کەسی ئەم وڵاتە تووشی دەبن کە بە ڕێژەی سەدی لە سەدا 80 ی دانیشتوانی بریتانی، لە 5 کەس 4 کەس بە ژمارەش 7.9 ملیۆنیان داخڵی خەستەخانە دەبن، ئەگەریی ئەوە هەیە ژمارەی قوربانییان لە نێوانی 318،660 و 531،100 کەس بن. ئایا شتێکی دیکە دەمێنیت کە لەمە زیاتر نیگەرانت بکات، بتتۆقێنێت، بێ وررەت بکات ڕادەستی تەنهایی و بێ چارەیی و بێ کەسییی بێ ئومێدیت بکات؟
ئەوەی کە دەوڵەت هەوڵی بۆ نەداوە، بچوکترین ئامادەکاریی بووە لە بەرانبەر ئەم پەتایەدا کە 3 مانگە لە ئارادایە : لەوانە هیچ جۆرە سوودێکی لە ئەزمون و توێژینەوە و زانیارییەکانی چین وەرنەگرت، تا ئێستا دەمامك و دەسکێش بۆ کارمەندانی خەستەخانە نییە، دەرمانی تەواو نییە، ماشێنی یارمەتیدانی ژیانەوەی سییەکان کەمە، پێشوەخت کۆنتراکتێك لە تەك هەندێك ئوتێلدا نەکراوە بۆ کردنی بەشێکیان بە خەستەخانە گەر پێویستی کرد ، یارمەتی شارەوانییەکان بە بڕێکی زیاتر پارە نەکراوە کە ئەوان یارمەتی کەسانی پەککەوتە و پیر و منداڵان کە پێویستیان بە پێداویستی تەواو هەیە…تاکو شتێك ئەرك لەسەر خەستەخانەکان، کەمببێتەوە . لە مانەش گرنگتر لە 3 ساڵی ڕابووردووە 50 هەزار نێرس و 5،500 دکتۆر خانەنشینکراون و یاخود کاریان لە بەر فشار و باری تەندروستییان بەجێهێڵاوە ، حکومەت لە دوێنێوە، 21/03 وە داوایان لیدەکات کە بگەڕێنەوە ” بەشی تەندروستی پێویستی پێتانە” . کاتێك کە ئەمانە نەکراون کەچی هێشتا بێ ئابڕوانە لەبری هێنانەوەی پۆزش و بەڵێندان بە کردنی هەموو شتێك و دڵنەواییکردنمان ، دێن دەمان تۆقێنن تاکو تێمانبشکێنن .
سەرەڕای ئەمانەش، ئێمە لەژێر هەرەشەی نەبوونیشداین، نەبوونی نان و سەوزە و میوە و وشکەداین، گەلێك لە سوپەرمارکێتەکان ڕەفەکانیان بەتاڵە ئەوەشی کە هەیە بڕێك دانراوە کە ناتوانیت لەوە زیاتر بکڕیت، شیر و پەنیر و گۆشت و ماسی و هەندێك خواردنی دیکە لە قەیراندان. لەو لاشەوە کێڵگەوانەکان و خاوەنکێڵگەکان باڕەیا لێ هەستاوە کە دەرەقەتی بازاڕ نایەن بە هۆی ئەو تۆفان و زریانەی کە ئەمساڵ بووە ئێستاش بە هۆی کۆرۆناوە کە لە وەرزی بەرهەم ڕنین و کۆکردنەوەیدا هاتنی 60 هەزار کرێکار لە وڵاتەکانی دیکەوە، لەدەستدەدەن. هەر بە گوێرەی راپۆرتێکی دیکە، کێڵگەکان زیاتر لە 80 هەزار کرێکاریان دەوێت ئەمانە لە کوێوە بهێنن؟!! بۆیە لاتان سەیر نەبێت کە کۆمەڵەی کێڵگەوان و خاوەنکێڵگەکان داوا لە دەوڵەت دەکەن کە ” سوپای زەوییان” بۆ بنێرێت ، واتە سەرباز بنێرن بۆ کارکردن لە زەوییەکان.
جگە لەوەی سەرەوەش بەهۆی سیاسەتی ئابوری لیبراڵ و بازاڕ و گڵۆبەلایزیشنەوە و گۆڕینی کەش و هەواوە لە بریتانیا ساڵ بەسەڵ بەرهەمی کشتیاری و کێڵگەکانی ئێرە لە کەمبوونەوەدا دەبێت. لەم بارەشدا بازاڕ متمانە دەکاتە سەر بەرووبوومی هاوردە لە ولاتانی وەکو ئیسپانیا و یۆنان و تورکیا و ئەفەریقاوە ئەمەش بە هۆی دەردی کۆرۆناوە گرفتێکی گەورەی دروستکردووە کە ئێستا بەشێك لەو وڵاتەنە یا خۆیان توشی ئەو دەردە بوون یاخود لە چاوەڕاونیی هاتنی ئەو ئافاتەدان.

زاهیر باهیر
22/03/2021
Zaherbaher.com




ناساندنێک بۆ ڕۆمانی کەوتنی ئاسمانەکان … هۆشیارجەمال

ئەم ڕۆمانەی نووسەر و ڕۆماننووس (جەبار جەمال غەریب) یەکێکە لە ڕۆمانە هەرەجوانەکانی ناو ئەدەبی کوردی.  

 ساتەوەختی ڕووداوەکان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی یەکێک لە جەنگە دیارەکانی ناوچەکە، ئەویش جەنگی ٨ ساڵەی نێوان عێراق و ئێرانە. کەمن نامەوێت قسە لەسەرکۆی ڕووداوەکانی ناو ڕۆمانەکە بکەم و بۆخوێنەری بەجێ دەهێڵم.
 نووسەر زۆر ورد کاری لەسەر ئەوە کردوە کە چۆن ئەم جەنگە لە ڕوکەشدا و بەپێی گێڕانەوەی مێژوو تەنها باس لە ژمارەی قوربانی و جۆری جەنگ و ساڵانی شەڕ و ڕۆڵی زلهێزەکان دەکرێت، بەڵام جەبار جەمال غەریب لەم ڕۆمانەدا بەزمانێکی ئەدەبی کاری لەسەر ئازارەکانی جەستە و دەروونی مرۆڤەکان کردووە کە چۆن جەنگ ژیانی لێ تێکداوە. خێزانەکانیان پەرتەوازە بوون و لەبەر یەک هەڵوەشاونەتەوە.
بەشێکی زۆری شوێنی ڕووداوەکان شاری سلێمانیە لە باشوری کوردستان کە نووسەر وەک جوگرافی ناسێک ناوی زۆربەی گەڕەکەکان دەهێنێت. سەرباری ئەوەی کرۆکی ڕۆمانەکە جەنگە و کاریگەریەکانی جەنگە، بەڵام باسی دیارەکانی ئەم شارە دەکات وەک جیاواز لەشارەکانی تر کە گرنگترینیان دیاردەی شەڕەگەرەکە لە نێوان گەنجەکانی شارەکەدا. لێرەوە تێدەگەین کە ئێمەی تاکی کورد چەند لەبازنەیەکی دیاریکراودا بیردەکەینەوە. ئەمە دۆخی شاری ڕۆشنبیری بووه کە گەنجەکانی ئەو کات زۆربەیان کاریگەر بوون بە ئایدیا نوێکانی ئەو کات وەک چەپ و ناسیۆنالیست و حیزبەکوردیەکان کە ئەو دەمە لەشاخ بوون. 

ئەم گەنجانە لەبری ئەوەی کۆڕی ڕۆشنبیری و کتێب چالاکی ڕۆژانەیان بێت، بەشێکی ژیانیان بە شەڕە گەرەک بەسەر بردووە!




عوسمانییەکان و مێژوویەک لە تاوان و بێڕەوشتییان … رەزا شـوان

گەر بە مێژووی دەوڵەتی عوسمانی ئیمپریالیزم و بە مێژووی سوپای دڕندەی تورکیادا بچینەوە، ئەو راستییەمان بۆ دەردەکەوێت، کە دەوڵەتی عوسمانی لە دروستبوونیەوە تا رووخاندنی، لەسەر بنەمای کوشتن و سەربڕین و خوێنڕشتنی بێتاوانان و داگیرکردن و سووتاندن و ێرانکردن و دزی و تاڵانیکردن و دەسترێژی و لاقەکردنی کچان و ژنـان و بڵاوکردنەوەی تـرس و تۆقانـدن و بە دەربەدەرکردن و بە راگواستنەوی زۆرەملێی خەڵکی رەسەنی ئەو شار و وڵات و شوێنانەی کە داگیریان دەکردن، دروست بوونە.
دەوڵەتی عوسمانی یەکەمین دەوڵەتی تیرۆریستییە لە جیهاندا. داعشی تیرۆریستیش کە لە لایەن تورکیا و قەتەرەوە دروست کرا، درێژەیان بە هەمان بەدڕەوشتی و بە کردەوە قێزەوەن و تاوانەکانی دەوڵەتی عوسمانی دەدا.. خوێنڕشتن و سەربڕین و دەسترێژی و بێڕەوشتی و دزی و تاڵانیکـردن و بڵاوکردنەوەی ترس و تۆقانـدن لەوانەوە فـێربوون.
دروشمی عوسمانییەکان ئەمە بوو (بسووتێنە، تاڵانکە، وێرانکە، رابویرە، بکوژە) هەر شار و وڵاتێکیان داگیربکردایە، بۆ چاوشکاندنی خەڵکییەکەی و بڵاوکردنەوەی ترس و تۆقاندان، بە هەزاران کەسی سڤیل و بێتاوانیان دەکوشت، تەنانەت دەستیان لە منداڵانی نێو لانکیش نەدەپاراست. دەسترێژیان دەکردە سەر کچان و ژنان، ئینجا ئەو وڵاتانەیان تاڵان دەکردن و وێرانیان دەکردن.. سووکایەتییان بە خەڵکەکەی دەکرد و بە چاوێکی زۆر سووکیشەوە لێیان دەڕوانین. بەشێکی زۆریشیان بە زۆرداری دەربەدەر دەکردن.
ئەم بەدڕەوشتی و بێڕەوشتی و نامەردی و تاوانە قێزەوەنانە تا ئەمڕۆش سوپای دڕندە و رەگەزپەرست و خوێنڕێژی تورکیا درێژەی پێدەدەن.. چونکە ئەو خەسڵەت تاوانانە و کارە قێزەوەنانە بوونە بە بەشێک لە کەلتووری بۆگەنیان و بە بەشێک لە ئایدۆلۆژیای رەگەزپەرستی و دەمارگیرییان.. تۆرانییەکان تا ئەمڕۆش جگە لە تورک دان بە بوونی هیچ نەتەوەیەکی تردا نانێن و بە شایەنی ماف و ژیان و مانیان نازانن.. بە داخەوە کە نەوەکانی ئەمـڕۆشیان بە هەمان ئایدیا و کولتووری بۆگەن گۆش و پەروەردە دەکەن. ئەمەش بڕیارێکی فەرمی کەماڵ ئەتاتورکی رەگەزپەرستی گوڕبەگۆڕ بوو، کە لە ساڵی (١٩٢٣) دا، کۆماری تورکیای فـاشستی راگەیانـدا، ئەو بـڕیارە رەگەزپەرستییەشی دەرکرد، کە لە تورکیادا، جگە لە تـورک هـیچ نەتەوەیەکی تر بوونیان نییە، سەرکردە یەک لە دوای یەکەکانی تورکیا، تا دەگاتە ئەردۆگانی رەگەزپەرستیش، لەسەر هەمان ئەو ئایدییە بۆگەنە رەگەزپەرستییەی ئەتاتوک روێشتوون و دەڕۆن و جگە لە تورک دان بە هیچ نەتەوەیەکی تردا نەنـاون و نانێن.. دەیانەوێت نەتەوەکانی تر ژینوسایـد بکەن یان لە بۆتەی نەتەوەی تورکدا بیان توێننەوە.. بۆ هێنانەدیی ئەم نیازە گڵاوەیان
کۆمەڵکوژیان لە ئەرمەنییەکان و لە ئێمەی کورد و لە یۆنانییەکان و لە ئاشوورییەکان کـردن. هەوڵی تیرۆرکردنی زمان و کولتوور و داب و نەریت و بەهاکانی ئەم گەلانەیان دا و دەدەن.. ئەمڕۆش درێـژە بە هەمان سیاسەت و ئایـدیای رەگەزپـەرستی دەدەن.
بە داخیشەوە کە نەوەکانیشیان، بە رەگەزپەرستی و توندڕەوی و دەمارگیری کوێرانە و بە رقی رەش و بە دژایەتی کردنی نەتەوەکانی تر، بە تایبەتیش دژایەتیکردنی نەتەوەی کورد گـۆش و پەروەردەیان دەکەن و رایان دەهـێنن.
سەرتاپای مێژووی دەوڵەتی عوسمانی، میژوویەکی بۆگەنە پڕە لە خوێنڕشتن و کوشتن و وێرانکردن و تاڵانیکرن و بێڕەوشتی و دەستدرێـژی و نامەردی و تاوانی قـێزەوەنن. ماوەی حوکمڕانی عوسمانییەکان، پەڵەیەکی رەش و قێزەوەن و شەرمەزاری تا هەتایە بە تەوێـڵی عوسمانییەکان و بە تورکیای میراتگرییانەوە، لە ئەتاتورکی رەگەزپەرستی گۆڕبەگۆڕیشەوە تا دەگاتە ئەردۆگانی سیکۆپاتییەوە.. ئەوەی کە پێی دەڵین مرۆڤایەتی و رەوشت و بەزەیی، لای عوسمانییەکان و لای سوپای تورکیادا بوونیان نەبووە و نین.
باسکردن لە کوشتن و لە تاوان و لە کارە قێزەوەنەکانی دەوڵەتی عوسمانی کە بەرانبەر بە گەلانی، ئەرمەنی و یۆنانی و عەرەب و کورد و رۆم و ئاشوورییەکان ئەنجامیان داون، هێندە زۆرن، باسکردن لێیان بە دەیان پەرتووکیش کۆتاییان نایەت.. گەرچی تا ئێستا، چەندین پەرتووک لە بارەی تاوانەکانیانەوە دەرچوون، بەڵام هێشتا زۆر کەمن.
ئێمە لەم نووسینەماندا، بە کورتی و بە چڕی، وەکو نموونە، ئاماژە بە هەندێ لە تاوان و کارە بێڕەوشتی و قێزەوەنەکانی سوڵتان و پاشا و سۆپای دڕنـدەی تورکیا دەدەیـن:
لە کۆشکەکانی سوڵتانەکانی عوسمانیدا، لە ئیستانبوڵ، پـڕبوون لە کەنیزەی جوان و لە خزمەتکار و لە کۆیلە.. رابواردنی سوڵتانەکانەکان لەگەڵ کەنیزەکاندا، کارێکی قێزەوەنی بە ئاشکرا بوو، باو و بڵاوبوو لە نێویاندا. لە کۆشکی سوڵتانەکاندا گەورە فەرمانبەرێک هەبوو بە ناوی (ئاغای خەساندن) کە لە دوای سوڵتانەوە، پێگە و پایە سێیەمی هەبوو. ئاغای خەساندن، بەرپرس بوو لە خەساندنی هەموو پیاوە خزمەتکارەکانی نێو کۆشکی سوڵتانی.. ئەمەش تاوانێکی سێکسی بوو دەرهەق بە کەسانێکی بێتاوان و بێدەرەتـان.
خاتوو (مـای دی تـوروک) خـێزانی خـدێـوی میسر، عەبـاس حیلـمی دووەم، لە بیرەوەرییەکانیدا دەگێڕێتەوە و دەڵێت:” لە کۆشکی سوڵتانەکاندا، دەستدرێژیکردن و لاقەکردنی کەنیزەکان بەبێ شەرم و بە ئاشکرا ئەنجام دەدران، کە نیزەکان کە دووگیان دەبوون دەبوایە منداڵەکانیان لەبارببردنایە” بۆ جیاکردنەوەی ژنانی سوڵتانەکانیش لە کەنیزەکان، دەبوایە کەنیزەکان باڵاپـۆشیان (بە عەبـایەکی رەش) یان بپۆشیایە.

ئەو شازادە ئەرمەنییە، گەلێ شتی تری بێڕەوشتی لەبارەی سوڵتانەکانی عوسمانییەکان دەگێڕێتەوە، کە لەنێو کۆشکی سوڵتانیدا روویان داون، بۆ نموونە دەگێڕێتەوە و دەڵێت: “سۆڵتـان ئیبراهـیمی یەکەم، لەگەڵ وەزیـرەکانیدا زۆر جار گەشتی ناو شاریان دەکرد، رۆژێکیان لەگەڵ پاسەوانەکانیدا، گەشتێکی نیو شار دەکات، چاوی بە ژنێکی قەڵەوی جوان دەکەوێت و پێی سەرسام دەبێت، کە دەگەڕێنەوە بۆ کۆشک، بە پاسەوانەکانی دەڵێت، بە زووترین کات ئەو ژنە قەڵەوە بدۆزنەوە و بۆمی بهێنن. پاسەوانەکانی دوای گەڕانێکی زۆر دەیـدۆزنەوە و دەیهـێنن بۆ کۆشک. سوڵتان لە خۆی نزیکی دەکاتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی ئیرەیی بردنی ژنەکانی سوڵتان. سوڵتان ئێوارە خوانێك رێکدەخات و بانگی ژنەکانیشی دەکات.. لە کاتی نانخواردنـدا، بە پاسەوانەکانی دەڵـێت: هەموو ژنەکانم بەرن و لە ناویان بدەن و نەیان بینمەوە، ئەم ژنـە قەڵـەوە بەسە و مەستی ئارەزووەکـانم دەکات”
لە ساڵی (١٩١٤ـ١٩٢٢) کە سوپای عـوسمانی، لە ئیستانبوڵ و لە ئەزمیر و لە چەند شارێکی تر و لە یۆنـاندا، دەستیان بە کۆمەڵکوژی و سەربڕینی کریستیانە یۆنانییەکان کرد، لە پێشا بە تەواوی تاڵانیان کردن، زیاتـر لە (٧٥٠) هـەزار پیاو و ژن و منداڵیان لێ کوشتن، لاقەی کچان و ژنیان کردن، بەشێکی زۆر لە کچان و ژنانی یۆنانی، مردنیان پێ باشتر بوو، لەوەی کە سوپای عوسمانی دەستدرێژیان بۆ بکەن، خۆیان فڕێدایە نێو دەریاوە، یا لەسەر گرد و چیا بەرزەکانەوە خۆیان هەڵدایە خوارەوە و خۆیان کوشت، تا ئەمڕۆش شاخـێکی بەرز لە (ئەسینا) ی پایتەختی یۆناندا، وەکو بیرەوەرییەکی رەش و قێزەوەن بۆ بێڕەوشتییەکانی سوپای عوسمانییەکان، سەردانی ئەم شاخە دەکەن، کە بە سەدان کچـان و ژنـانی یۆنانی خۆیان لەم شاخەوە هەڵـدایە خوارەوە و خۆیـان کوشت. بۆچی عوسمانییەکان یۆنانییەکانیان کۆمەڵکـوژی کردن؟ یەکەم لەبەر ئەوەی کە تورک نەبوون و یۆنانی بوون و خەڵکی رەسەنی ئەو وڵاتە بوون، دووەمیش لەبەر ئەوەی کە موسڵمان نەبـوون و کریسـتیان بوون.. عوسمانییەکان بەوەشەوە نەوەستان، چەنـدین شوێنی پیرۆزی ئاینی و کولتووری و مێـژووی یۆنانییەکان هەبـوون، لە دوای دزین و تاڵانکردنی شتومەکەکانیان، هەر هەموویانیان رووخانـدن.. تەنانەت مزگەوتی ئێستای (سوڵتـان ئەحـمەد) لە ئیستانبوڵ، لە پێشا کڵێسایەکی یۆنانییەکـان بوو، رمانیان و ئەو مزگەوتەیان لە شوێنی دروستکرد. عوسمانییەکان، پێشتریش زنجیرە تاوانی دڕندانەی تریان لە دژی یـۆنانییەکان ئەنجامـدان و بە هەزاران کەسی سڤـیلیان لـێيان کوشت.
لە ساڵی (١٥١٦) دا، لە رۆژئاوای کوردستان بە تایبەتیش لە شاری (حەلەب) دا، زیاتر لە (٩٠) هەزار پیاویان کوشتن و سەربڕین، دەسترێژییان کردە سەر ژنانیش.. بازاڕ و سامانیشیان دزین و تەڵانیان کردن.. بە زۆریش قـوربانییەکان لە(عەلەوییەکان) بوون، کە کوردن، ئەم کۆمەڵکوژییەی حەلەب بە (سەربـڕینی گـرد) ەکە ناودەبـرێت، چونکە سوپای دڕندەی عوسمانی سەری سەربـڕاوەکـانیان کۆکردەوە و لەسەریـەک کەڵەکیان کردن، شێوەی گردێکـیان لێ پێکهـێنان.. ئەمەش بۆ چاوشکانـدن و ترس و تۆقانـدنی خەڵەکییەکە بـوو.
هەر لە ساڵی (١٥١٦) دا، سوپای عـوسمانی، لە شاری (قاهیرە) ی پایتەختی میسردا، زیاتر لە (١٠) پیاو و ژن و منداڵیان کوشت و دەستدرێژیان بۆ سەر کچان و ژنان کرد.
دکتۆر (جمال الغیطاني) میسری، باس لە داگیرکردنی میسر لە لایەن عـوسمانییەکانەوە دەکات و دەڵێت:”ژیانی مرۆڤ هیچ نرخێکی نەبوو، سوپای ئینکشاری عوسمانی، هەر ساتێک هەر کەسێکیان بویستایە دەیان کوشت، هەر ئافرەتێکیان بویستایە دەیان برد و بە ئاشکرا لاقەیان دەکرد، تەنانەت گەر لە نێو مزگەوتیش بوایـە”
لە ساڵی (١٨٤٢) دا، کە عـوسمانییەکان شاری (کەربـەلا) یان لە عـێراقیان داگیرکرد، زیاتر لە (١٠) هەزار ژن و پیاویان لە کەربەلا کوشـت و لاقەی کچان و ژنانیان کردن.
لە ساڵی (١٩١٥) دا، (فەخری پاشا) شاری (مەدینە) ی سعـوودیەی کردە مۆڵگایەکی سەربازی عوسمانی و (مزگـەوتی پێغـەمبەر) یشیان کردە بارەگایەکی سەربازی، دوای ئەوەی کە چی کەل وپەل و شتی بەنرخ و بەڵگەنامەی مێژوویی تێدابوو، تاڵانیان کردن. دەسترێژیشیان کردە سەر کچان و ژنانیان. بە زۆرەملێش بەشێکی زۆری خەڵکی شاری مەدینەیان راگواستەوە و لە شار دەریانیان کردن.
لە ساڵی (٢٠١٨) دا، لە سعوودییەدا، فـیلمێکی دیکۆمێنتارییان لە بارەی تاوانەکـانی دەوڵەتی عـوسمانی کە دەرهـەق بە عـەرەبەکانی ناوچـەی حیجـاز ئەنجـامیان دان.
لە (٢٤ی/ ئەپریل /١٩١٥) دا شاڵاوە گەورەکەی ژینوسایدکردنی ئەرمەنییەکان دەستی پێکرد، کە تا ئەمڕۆش بە گەورەترین تاوانی کۆمەڵکـوژی مـرۆڤ لە جیهانـدا دادەنرێ. پێشتریش زنجیرەیەک تاوانی تریـان بەرانبەر بە ئەرمەنییەکان ئەنجام دابوون. عوسمانییە رەگەزپەرستەکان، کۆمەڵێک بوختان و تاوانی بێ بنەمایان بۆ ئەرمەنییەکانه هەڵبەست کە خەڵکی رەسەنی ناوچەکە بوون بە ناپاکی و بە (تاوانی جوداخـوازی ) کە گەورەترین تاوان بوو بە لای عوسمانییەکانەوە، ئەرمەنییەکانیان تاوانبار کردن، بە (كافـریش) ناویان بردن، بەڵام ئەم تاوانانە لە راستییەوە زۆر دووربوون و مەهانەیان پێگـرتن.. هەموو تاوانێکیان ئەوەبوو، کە تورک نەبوون و ئەرمەنی بوون، لە تورک رۆشنبیرتر و شارستانی تر و زاناتر بوون.. لە پێشا چ رۆشنبیر و نووسەر و ئەدیب و زانای ئەرمەنییەکان هەبوون هەموویان گـرتن.. سەریانیان بـڕین یا لە سێدارەیان دان یا رادەیەکی زۆری (مۆرفـین) یان دەکردە گیانیانەوە و ژەهـراویان دەکردن، دەمردن. دواتر لەشکرێکی تایبەتیان بە ناوی ( تیپەکانی حەمیدی) یەوە پێکهێنا، کە بە تایبەتی ئەرکی کوشتن و سەربڕین و لە سـێدارەدان و دەستدرێژی و بە زۆر راگواستنەوەی ئەرمەنییەکانیان پێسپـێرا بوو.
ئەم کۆمەڵکوژی و رەشەکوژییەی ئەرمەنییەکان لە لایەن عوسمانییەکانەوە، بە چەند ناوێک ناودەبرێت وەکو: (دۆزەخی ئەرمەنییەکان) و (تاوانی گەورە) و (قەسبخانەی ئەرمەنییەکان).. کە (ملـێون و نیـوێک) ئەرمەنییان بە دڕندەترین و نامەردترین شێوە، کوشت.. سوپای بێڕەوشت و نامەردی عوسمانییەکان، بە بەرچاوی مێرد و باوک و کوڕ و براوە، دەسترێژیان دەکردە سەر کچان و ژنانی ئەرمەنی و لاقـەیان دەکـردن، تانەت لاقەی کچانی تەمەن نۆ ساڵانیشیان دەکرد.. دواتر رووتیانیان دەکردنەوە و هەڵیانیان دەواسین و لە سێدارەیان دەدان، یا بە شمشێر سەریان دەپەڕاندن.. لە دواییشدا هەموو پیاوەکان و کوڕەکانیان دەکوشتن. بەشێکیشیان لە برسـان و لە سەرما رەقـبوونەوە و مردن.. ژمارەیەکی کەمیان بە رەزالەت دەربازبوون و روویان لە رۆژئاوای کوردستان و لە باشووری کوردستان کـرد.. ئێمە ماڵمان لە گەڕەکی ئەڵماس، لە شاری کەرکووک بوو، چەند ماڵێکی ئەرمەنی لە گەڕەکەکەماندا بوون. کە لە شاڵاوەکانی تورکیا رزگاریان ببوو و گەیشتبوونە کەرکووک.. دواتر هەنـدێک لەو خێزانانە خۆیان گەیاندە ئەرمینیا.

تراژیدیای ئەرمەنییەکان پەڵەیەکی قێزەوەن و شەرمەزارییە بە نێوچەوانی تورکیاوە کە هەرگیز لێیان نابێتەوە.. هەموو ساڵێک لە ساڵڕۆژی (تراژیـدیای ئەرمەنییەکـان) دا، بە ملیۆنان تف و نەفـرەت لە تورکیای خوێنڕێژ و رەگەزپەرست و داگیرکەر دەکرێت.. ئەم تاوانە بێوێنانە هەر لە تورک دەوەشێـنەوە.
سوپای عوسمانییەکان لە نیوان ساڵانی (١٩١٥ ـ ١٩١٨) دا، زیاتـر لە (نیـو ملـیۆن) سریان و کلدان و ئاشوریشیان بە دڕندەترین شێوە کوشت.. ماڵ و سامانیشیان بە تاڵان بـردن و گونـدەکانیشیان وێرانکـردن، بە زۆرەملێش لە خاکی خۆیانـدا دەربەدەریانیان کـردن و بەشێکی زۆریان کۆچیان پێکردن.

عوسمانییە نامەرد و بێڕەوشتەکان، شێوازێکی کوشتنی قێزەوەنیان داهێنا، بە تایبەتیش لە دژی عەرەبە یەخسیرەکان بەکاریان دەهـێنا، کە بریتی بوو لە تێبڕینی تێڵا (خـازوخ) یا (قازوخ) خازوخ بریتی بوو لە دارێکی درێژ، کە سەرێکیا زۆر تیژ دەکرد، ئەم سەرە تیژەیان دەبڕییە کۆمی ئەو یەخسیرەوە، بۆ ئەوەی بە ئەشکەنجە و ئازارێکی زۆر و بە سووکایەتییەوە بیکوژن.. بە مێکوتێکیش لە سەرەکەی تری خازوخەکەیان دەدا، ماوەی چەنـد کاتژمێرێکی دەخایانـد، بۆ ئەوەی زیاتـر ئازاری ئەو کەسە بـدەن و بە رەزالەت بیکوژن، تا لە دەمییەوە یا لەسەر شانیەوە نووکە تیژەکەی خازووخەکە دەهـاتە دەرەوە.. ئینجا خازوخەکەیان لە زەوی دەچەقانـد.. بەم شێوە بێڕەوشتی و نامەردییەی دوور لە هەست و بەزەیـی ئەو کەسە بێتاوانانەیان دەکوشت. جەلادە ئەنجامدەرەکانی ئەم تاوانانە لە لایەن سوڵتانەوە خەڵات دەکـران.
لە دوای هەرەسهێنانی شۆڕشەکەی (شێخ سەعـیدی پیران) و هەڵگیرساندنی شۆڕشی (ئاگـری) لە باکووری کوردستانـدا، تورکیا ئۆپەراسیونێکی گەورەی سەربازی لە دژی کورد دەست پێکرد و تەڕ وشکیان پێکەوە دەسووتاند و دەستیان لەژن و منداڵی کوردی ناو لانکیش نەدەپاراست.. چەندین کۆمەڵکوژی و رەشەکوژیان لە کورد کرد.. چەندین بێڕەوشتیان بەرانبەر بە کورد کـرد، وەکو پێشتر وتمان، کە بەدڕەوشتی و بێڕەوشتی بەشێکە لە خەسڵەت و لە کولتووری بۆگەنیان.

دەگێڕنەوە کە ئەفسەرێکی تورک بە کۆمەڵـێک سەربازی تورکەوە، دەچـنە گونـدێکی نزیک شاری (وان) گوندی (گەرمـاوا ئەدمـان) لە باکووری کوردستان.. ئەفسەرەکە بانگی کوێخای گوندەکە دەکات و پێی دەڵێت:” دەبێ هەر ئێستا لەگەڵ کوڕەکەتدا بچن بۆ شار و (خواردنەوە ـ ئارەق) بۆ ئەم سەربازانە بهێنن” کوێخاش دەڵێت:” باشە ئێستا یەکێک دەنێرم بۆیان بهێنێت” بەڵام ئەفسەرەکە رازی نابێت و پێی دەڵێت:” هەر دەبێت خۆت و کوڕەکەت بچن” دیارە لەم پێداگرتنەی، بەهانەی پێگرتووە و نیازێکی ناپاکی و خراپی هەبووە، کوێخا ناچار دەبێت کە خۆی کوڕەکەی بچن بۆ شار تا خواردنەوەیان بۆ بهێنن. هەتا ئەڕۆن و دێنەوە، ئەفسەرەکە و سەربازەکانی بە زۆر دەسترێـژی دەکەنە سەر ژنی کوێخا و چەنـد ژنێکی تری گونـدەکە و لاقەیان دەکەن. کاتێ کە کوێخـا و کوڕەکەی بەرەو گوندەکەیان دەگەڕێنەوە، ژنەکەی دەچێت و هانای بۆ دەبات و پێی دەڵێت:” ئەمانە بە زۆر لاقەی ئێمەیان کرد” کوێخاش قسە ناکات، لە کاتی میوانداری و خواردنەوەکەدا، بە هاوکاری پیاوانی گوندەکە، ئەو ئەفسەرە نامەردە و هەموو سەربازە بێڕەوشتەکانی دەکوژن. دوایی پەیوەنـدی بە شۆڕشگـێڕانی شۆڕشی (ئاگـری) یەوە دەکەن و دەڕۆن.
پاش بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە و گەیشتنی بە دەوڵەتی تورک، ئەتاتورکی گۆڕبەگۆڕی خوێنڕێژ، فەرمان دەدات کە کۆمەڵکوژی کورد لەو ناوچەیەدا بکەن کە سەربازەکانیان کوشتوون.. بۆ ئەم مەبەستەش هێزێکی سەربازی زەبەلاح بە قورسترین و تازەترین چەکی کوشندەوە، دەنێرێت و ئۆپەراسیونێکی چەنـد مانگی ئەنجام دەدەن و لە چەنـد لایەکەوە، پەلاماری (دۆڵـی زیـلان) دەدەن.. زیاتـر لە (١٨٠) گوندیـان وێـران کرد و هەموو خەڵکەکەیان کوشت کە نزیکەی (٤٧) هەزار کورد بوون.. کچان و ژنانێکی زۆری کورد، لەسەر بان یا لەسەر لووتکە شاخەکانەوە خۆیان هەڵـدانە خوارەوە و خۆیـان کوشتن، مـردنیان پێ باشتر بوو لەوەی سوپای بێڕەوشتی تورکیا دەسترێژیان
بۆ بکەن.
مەخابین کە کۆمەڵێک جاش و خۆفـرۆشی کورد، ببوون كڵاوسووری پێش لەشکر و بە رابەر و بە چاوساغی سوپای تورکیا.. رۆڵێکی زۆر ناپاکیان هەبوو لە سەرکوتکـردنی شۆڕشی ئاگـری و لە لەشکرکێشی سوپای تورکیا بۆ سەر گونـدەکان و وێرانکـردنیان. زیاتر لە هەشت هەزار گوندیان لە باکووری کوردستان تاڵان کرد و وێرانیان کردن.

هەر لە (دۆڵی زیلان) دا بە سەدان خێزانی هەڵهاتووی کوردمان کەوتنە کەمینی سوپای تورکیا و شەهیدبوون، ژمارەی تێکڕای کوژراوەکان لەو دەڤەرەدا نزیکەی (٦٠) هەزار پیاو و ژن و منداڵی کورد بوون.. لەو کاتەوە دۆڵی زیلان بە (دۆڵـی خوێـن) ناودەبرێت. لە ئێستادا، فیلمێکی دیکۆمێنتاری بە کوردی بەرهەمهـێنراوە بە ناوی (دۆڵـی خوێـن) کە لە بەرهەمێنانی (سعـادە ئـۆڵغـنۆ) یە.

لە شکستیهێنانی شۆڕشەکەی (سەیـد رەزای دێـرسـیم)، لە ساڵی (١٩٣٦ـ ١٩٣٧) سوپای تورکیای رەگەزپەرست، بەتۆپ و بۆردومانی فرۆکەی جەنگی، کۆمەڵکوژی و رەشەکوژییەکی تریان لە گەلی کوردمان کرد. کە بە (قەسابخانەی دێریسیم) ناودەبرێت. زیاتر لە (٩٠) هەزار پیاو و ژن و منداڵی بێتاوانی کوردیان کوشت.. بە هەزاران دۆنم دار و دارستانیان سوتاند، بە سەدان گوندی کوردیان تاڵانکرد و وێرانیان کردن.. بەڵام تورکیا تەنها دانی بە کوشتنی (٣٠) هەزار کوردا لە دێرسـیم دا نا.
شۆڕشی ئاراراتیش یا (شۆڕشی ئاگری داغ) لە ساڵی (١٩٢٧ ـ ١٩٣٠) لە باکووری کوردستاندا، کە لە لایەن ژەنەڕاڵ (ئیحسان نوری پاشا) ەوە سەرکردایەتی دەکرا، کە ئاڵای کوردستانیان لە سەر لوتکەی چیای ئاگری داغ و هەموو لوتکەکانی چیاکانی تری دەڤەرەکە هەڵکرد و شنەبای ئازادی دەیشەکاندنەوە، ماوەی چوار ساڵ سەربەخۆییان راگەیاند و پایتەختەکەشیان گوندی (کورداڤـا) ی نزیک چیای ئارارات بوو.. زەبـر و زیانێکی زۆریان بە سوپای تورکیا گەیاند.. تورکیا گەورەتری هێزی بو سەرکوتکردنی شۆڕشی ئاگری نارد، کە قورسترین و کوشندەترین چەکیان پێبوو. زیاتر لە پەنجا هەزار سەرباز دەبوون. لە چەنـد لایەکەوە گەمارۆی ئاگـری داغ و ناوچەکەیـان دا، فـرۆکە جەنگییەکانی تورکیا بە بۆمبی ژەهـراوی ئاگری داغ و گوندەکانیان بۆردومان کردن.

کە شۆڕشەکە شکستی هـێنا، سوپای تورکیا بە دڕنـدەترین و قـێزەوەنترین شێوە رەفتاریان لەگەڵ خەڵکی کوردی ناوچـەکەدا کـرد.. بە هـەزاران پیاو و ژن و منـداڵانی کوردیان کوشت و گوندەکانیان تاڵان کردن و سوتاندیان، بەشێکی زۆری خەڵکەکەشیان دەربەدەرکردن یا بە زۆرەملێ کۆچـیان پێکـردن.. کۆمەڵکوژی کوردیان رەوا کرد، لە (٢٢٠) گوندی دەڤەرەکەدا زیاتر لە (١٠) هەزار کوردیان شەهید کرد.. (١٥٠٠) منداڵ و ژنی کوریان لە چاڵێکـدا بەستـنەوە و ئاگـریان تێـبەردان و سووتانـدیانن.
بە سەدانیش ژن و منداڵی کوردیان هەڵدانە ناو رووبارەکان و خنکاندنیان.
ئەو ئەشکەوتانەش کە چەندین خێزان لە ترسا خۆیان تیا شاردبوونەوە، دەمەکانیان بە بەرد گرتن و سواقیان دان.. تێکڕا زیاتر لە (١٥٠) هەزار کوردیان لە دەڤەری ئارارات و لە دۆڵی زیلان دا کوشت. زیاتریش لە ملیۆنێک کوردیان بە زۆرەملێ راگواستنەوە بۆ ناوچەکانی تورک. تورکێکی زۆریشیان هاوردن بۆ شار و ناوچە ناوچە کوردستانییەکان بە مەبەستی گۆڕینی دیمۆگرافیای باکووری کوردستان لە بەرژەوەندی نەتەوەی تورک.

لە ( ١٩/١٢/١٩٧٨) دا، سوپای تورکیای فاشستی، پەلاماری شاری (مرعـش) یان لە باکوری کوردستان دا، مەلاکانی تورکەکان ئەو فەتوایەیان دەرکرد:” ئەوەی کوردێکی عەلەوی بکوژێت، وەکو ئەوە وایە کە پێنج جار حـەجی کردووبێت” زیاتر لە (٥٠٠) گەنجی کوردیان بە ئەشکەنجەدان و لێدان کوشت.. تەنانەت گەنجێکی کوردیان پارچە پارچە کـرد و گۆشتەکەیان کوڵانـد.
کۆمەڵـیکیش زۆریش لاوی کوردیان خستە نێو چاڵی پـڕ لە مـادەی (ئەسـید) ەوە و ژەهـراوی کـران و کوشتیانیان.
لە ساڵی (١٩٩١) ەوە، تا ساڵی (١٩٩٤) پۆلیس و میتی حەرمزادەی تورکیا زیاتر لە (٤٥٠٠) کوردیان تـیرۆرکـردوون.. بێجگە لەوەی بە هـەزاران کوریان بە بوخـتان و بیانووی هەڵبەستراوی بێ بنەما، خستوونەتە زیندانەوە و پيسترین ئەشکەنجە و ئازار دەدرێـن.. هەر لەبەر ئەوەی کورد و تورک نین و خەڵکی رەسەن و خـاوەنی راستیی ئەو خاکـەن.
هەر لە باکووری کوردستان، لە شارۆچکەی (رۆبوسکی) یشدا، بە بۆردومانی فرۆکەی جەنگییەکانی تورکیا (ئێف شانگزە)، بەبێ تاوان (٣٤) کوردیان کوشت، کە منداڵیان لە نێودابـوون.. ئەردۆگان لە پاداشتی ئەم تاوانە سوپاسالاری تورکیای خـەڵات کرد.

بە پیلانی میتەکانی تورکیا، بە ئاگاداری ئەردۆگان، لە (٩/ ئوکتۆبەری/٢٠١٣) لە شاری (پاریس) ی پایتەختی فەرەنسا، سێ ژنە چالاکوان و تێکۆشەر و سیاسەتمەداری کوردی باکووری کوردستانیان تیرۆرکرد، کە ئەمە ناوەکانیان: ساکـینە جانسز (سـارا)، ڤـیدان دۆغـان (رۆژیـن)، لەیـلا شایلـەمەز (رونـاهی) کە بە شێوازێکی زۆر نامەردانە تیرۆرانیان کردن. ئەم تاوانە یەکێکە لە تاوانە نێودەوڵەتییەکان.. بە داخەوە کە هـیچ لێکۆڵینەوەیەکیان لەگەڵ ئەو تیرۆریستە میتانەی تورکیادا نەکرد.. ئەم چاوپۆشین و بێدەنگییە بووە هـاندان بۆ ئەوەی تورکیا، تاوانی زیاتر لە دژی کورد ئەنجام بدات.
دوور نییە و نزیکە، کە هەموومان دەزانین، کە لە داگیرکردنی شاری (عەفـرین) لە رۆژی (١٨/ ئادار/٢٠١٨) لەگەڵ چەند شارۆچکەیەکی تری رۆژئاوای کوردستاندا، بە هەڵکردنی چرای سەوز لە لایەن روسیا و ئەمریکاوە بۆ تورکیا، سوپای تورکیا و جاشە بەکرێگیراوەکانی ئەم شارانەیان داگیرکرد، نامەردییەکی زۆریان بەرانبەر بە کورد کرد و دەکەن.. تا ئەمڕۆش تالانکردن و کوشتن و بێ سەروشوێنکردنی کورد لە عەفرین لە لایەن تورکیاو جاشەکانییەوە درێژەیان هەیە.

ئاشکراشە کە تورکیا چەکی کیمیاوی و فسفۆری سپیی سووتێنەر و بۆمبی لەرێنەری وێرانکردنی لە کوشتنی ژنـان و منداڵانی بێتاوانی کورد بەکارهـێنان لە رۆژئاوای کوردستان بەکارهێنا و کۆمەڵکوژی کوردیان کرد و بە هەزاران کوردی لە نیشتمانی بابوباپیرانیان بە زۆر دەرکردن.. بە داخەوە کە کۆمەڵگای جیهانی تا ئەمـڕۆش لەم تاوانانەی تورکیا بێدەنگن.. بەفەرمی لۆمە و شەرمەزاری تورکیایان نەکردووە.
ئەوەش بە لای خوێنەرانی کوردمانەوە زانراوە. کە سوڵتان (سەلیمی یەکەم) لە شەری سەفەوییەکاندا لە رۆژی (٢٣/ئەوگوست/١٥١٤) دا بۆ یەکەمین جار لە مێژوودا، لە شەڕی (چاڵدیران) کە دەکەوێتە رۆژهەڵاتی کوردستا، ئەو شەڕەی نێوانیان عوسمانی و سەفەوییەکان، بە دابەشکـردنی کوردستان لە نێوانیاندا کۆتایییان پێهێنا، ـ بە هەزاران تف و نەفرەتیان لـێبێت ـ دوایش سوڵتان سەلیمی خوێنڕێـژ، پەلاماری رۆژهەڵاتی دا و تا گەیشتە شاری (تـەورێـز) و گرتی، لەم هێڕشەیـدا، زیاتر لە (٤٠) هـەزار کەسی بێتاوانی بە دڕندەتـرین شێوە کوشت، بەشێکی زۆریانی زیندەبەچاڵکـردن یا بە ئاگـر سووتاندیان، لەو چـل هـەزارە ژمارەیەکی کوردیشیان تێـدابوو. هەر ئەم سوڵتـانە خوێنرێـژە لە پێناوی دەسەڵاتی سوڵتانیدا، دوو بـرای خۆشی کوشـت، ناویان ( کورکود و ئەحمەد) ە، باوکیان لە رایسپاردبوون، وەکو جێگـرەوەی خـۆی بـۆ دوای مـردنی دەستنیشانی کـردبـوون.

بێگومان، بە بەڵگەوە، هێڕشەکانی داعشی تیرۆریستی دروستکراوی تورکیا. لەسەر داواکردن و فەرمانی ئەردۆگان و پشتگیری لۆجستی ئەو بوو، کە داعشی تیرۆریست و بێڕەوشت لە رۆژی (١٣/ سێپتەمبەری/ ٢٠١٤) دا هـێڕشیان کردە سەر شاری کۆبانی قـارەمان لە رۆژئاوای کوردستان، لەم بارەیەوە، سەرکردەیەکی داعشی بە دیلگـیراو بە ناوی (طـە عبدالرحیم عبـداللە) کە لە شاری (دیـر الزور) لە لایەن شەڕڤانانی رۆژئاوای کوردستانەوە دەستگیر کرا، دانی پێـدا نا و وتی:” ئێمە لەسەر داواکـردن و پێـداگرتنی رەجـەب تەیب ئۆردوگان، هـەر بە فەرمانی ئەویش هـێڕشمان بۆ سەر کۆبـانی کرد و فەرمانەکەیمان جێبەجێ کرد” بەڵام شەڕڤانانی کوردستان، وانەی ئەوتۆیان بە داعش دا کە هەرگـیز لە بیریان ناچـێتەوە، کردیانیان بە پەندی زەمانە، سەریان پێ شۆڕکردن و بوو بە سەرەتای بەزین و لێژبوونەوەی داعـش و لە ناوچـوونیان.. لە دوای (١٣٤) رۆژی شەڕی دەستەویەخەی قارەمانانە لە (٢٦/ یونایەر/٢٠١٥) دا کۆبانی و هەموو کوردستان ئاهـەنگی رزگارکـردنی کۆبانیان گـێڕا.. ئەمەش خەنجـەرێک بـوو کە لە دڵی ئەردۆگان درا.
هەر تورکیاش پیلان داڕێژ و نەخشەداڕێژی بۆ داعش داڕشت و یارمەتی پێویستی دا و لەسەر فەرمانی ئەردۆگان، لە (١٠/ یۆنیۆ/٢٠١٤) دا شاری موسڵ یان داگیرکرد. کە لە ( ٩/ یۆلیۆ/٢٠١٧) بە هاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق رزگار کرا. بە داخەوە کە بەرپرسانی کوردمان زۆر نابەڵـەدن و هيچ پێشبینییەکیان بۆ دوای رزگـارکردنی موسڵ نەکـرد، کەچی حەیدەر عەبادی بەو مەرج رازی بوو، کە پێشمەرگە نابێت بچـێتە ناو شاری موسڵەوە ـ کە شارێکی داگیرکراوی کوردستانییە ـ هەر دوای رزگاری موسڵ، بە گەلەکۆمەیی عێراق و ئێران و تورکیا و بە هەڵکردنی چرای سەوز لە لایەن ئەمریكاوە و بە ناپـاکی هەنـدێ لە بەرپـرسە بازرگانە نەوت دز و گازفرۆشەکـانی کورد، بە سێ قـۆڵی لە رۆژی ( ١٦/ ئوکتۆبەر/٢٠١٧) دا، عێراقی داگیرکەر، کەرکووک وخانەقین و خورماتوو و مەخمور و پـردێ یان داگیرکرد.. هەموو ئەم شکستیانە بۆ نەبـوونی سەرکردایەتيەکی دڵسۆزی کورد دەگەڕێنەوە.. هێندەی دەسەڵات پەرست و پارەپەرست و بنەماڵە پەرست و بەرژەوەنـدی پەرسـتن، چارەکی ئەوە، بیر لە چـارەنـووس و لە بەرژەوەندییەکانی گەلەکـەمان ناکەنەوە.. ئەی ئیستا بۆ ناوێـرن موزایـدە بکەن و بڵـێن کەرکووک قـودس و دڵی کوردستانە؟؟
هێڕشی سەر شاری (شەنگال) یش لە باشووری کوردستاندا، لە لایەن داعشەوە، کە لە رۆژی (٣/ ئەوگوستی/٢٠١٤) دا داگیریان کرد، هـەر لەسەر داوای ئەردۆگـان و بە فەرمانی ئەوشبوو.. کە ویستیان بە تەواوی ژینۆسایـدی برا ئێزیـدییەکانمان بکەن.. کە ژمارەیەکی زۆریان کۆمەڵکوژکـران و ژمارەیەکی زۆری کچان و ژنەکـانیشیان گـرتن و بردیانیان، زۆر نامەردانە دەسترێـژیان کردە سەریان.. بەشـێکی زۆریشیان لە شاری (موسڵ) و لە (رەقە) وەکو کویلە و کەنیزە فرۆشتیانن.. بە هاوکاری و بەشداریکردنی هەموو هـێزە کوردستانییەکان، لە رۆژی (١٣/ئوکتۆبەر/٢٠١٥) دا، شاری شەنگال لە داعش رزگار کرا.. تا ئەمڕۆش چارەنووسی زیاتر لە سێ هـەزار کچان و ژنانی ئێزیـدی کورد نادیـارە.. بە داخـەوە کە حکومەتی هەرێـمی باشووری کوردستان تا ئەمڕۆش بە جدی و دڵسۆزی و بە کرداری سۆراغـیان ناکەن و بۆیان نەگەڕاون و بە دواداچوونیان بۆ ئەم کێسە نەکـردوون.. تا ئەمڕۆش گومانێکی زۆر لەسەر سـیناریۆی چۆنییەتی و بە ئاسانی گرتنی شەنگـال لە لایـەن داعشەوە هـەیە، کۆمەڵـێک نهـێنی ئاشکـرابـوو و ئاشکرانەبوو و دەستی لە پشتەوەیە.. ئەمە دوورو درێژە و پێویستی بە باسێکی تـرە.
هەموو ئەو کارە خۆکوژییانە و تەقینەوەی ئەو بۆمب و ئۆتۆمبیلە مینڕێژکراوانەی کە لە شارەکانی کوردستاندا دەقـێنرێنەوە، زۆربەیان لە لایەن میتی تورکیاوە، نەخەشیان بۆ کێشرابوون و پێداویستییەکانیانی جێبەجێکردنیانیان بۆ داعـش دابین کـردوون.
جا نازانم، (سـوڵـتان ئەردۆگـان) بە چ خەسڵەت و کـار و رەفـتار و رەوشـتێکی باپـیرە عـوسمانییەکـانییەوە، شانـازی دەکات و دەنـازێت..؟؟ بە خوێنڕشتن و کوشتن و دزی و تاڵانیکردنیان..؟؟ یا بە کۆمەڵکوژی گەلانی بێتاوان و داگیرکردنی خاکەکـانیان..؟؟ یا بە دەسترێژیکردنیان بۆسەر کچان و ژنان..؟؟ بەم تاوانە قێزەوەنانەیانەوە شانازی دەکات و دەنـازێت..؟؟ یا بە مـێژووی رەشییان کە سەرتاپا پـڕە لە تـاوان و بێڕەوشتیان..؟؟ ئەم تاوانانە و بە هەزاران تاوانی قێزەوەنی تر کە سوڵتانەکانی عوسمانی و سوپای دڕنـدەی تورکیا و ئەتاتـورکی رەگەزپەرستی گۆڕبەگـۆڕ، تا دەگاتە خودی سوڵتان ئەردۆگانیش، کە بەرانبەر بە گەلانی بێتاوان و ئاشتیخواز ئەنجامیان داون.. بە تایبەتیش بەرانبەر بە گەلی کوردمان، هەموو ئەم تاوانانە پەڵـەی شەرمەزارین بە نێوچـەوانی تورکیاوە.. کە هەرگـیز لیان نابنەوە و ناتوانن بیان شارنەوە.
گەر بە راستی دادپەروەری و ویژدانی جیهانی و مرۆڤایەتی و مافەکانی مرۆڤ و یاسای نیۆدەوڵـەتی هەبوونـایە، دەبـوایە لە دەمێکـەوە، ئەردۆگـان وەکو تاوانبـارێکی جـەنگ بـدرایەتە دادگـای تاوانە نێـودەوڵەتییەکـان و دادگـایی بکـرایە.

تۆرانییە رەگەزپەرستەکان، لە ڤایرۆسی کۆرۆنا زۆر پیستر و مەترسیدارترن. ئەوەندەی ئەوان لە گەلانی بێتاوانیان کوشتوون.. بە دە ساڵیش ڤایرۆسی کۆرۆنا ئەو ژمارەیەی لە جیهـانـدا پێ ناکوژرێت.. بە دڵنیاییەوە، دژە کۆرۆنا دەدۆزرێتەوە.. بـەڵام زۆر زەحـمەتە کە دژە تـۆرانی رەگەزپـەرست و دەمارگـیری کوێـرانە و رق رەش بـدۆزرێتـەوە.
(نیلسون مانـدێلا) راسـتی وت، کە دەڵـێت:” گەر دەتـەوێـت تـورک بناسـیت.. بـۆ یـەک رۆژ ببـە بە کـورد..”

رەزا شـوان
نەرویـج: (١/ نـەورۆز/٢٧٢٠) کوردی… بەرانبەر بە (٢١/ ئـادار/٢٠٢٠) زاینی.




خۆپارێزیی – شیعر بۆ منداڵان… ڕۆستەم خامۆش

ئێـمـە چــەنـد پـاک و ژیریــن
هــۆشـمــەنـد و ڕۆشنبـیریــن

بــەڵــــێ ئـێـــمــەی منـــداڵان
نـاچـیـنــە جـــادە و کـــــۆڵان

خـــۆپــارێـزیـــن بــە چــاکیی
بــۆ خـاوێـنــی و بـــۆ پــاکیی

بـەڵــکــو بـــە تـەنـدروســـتی
دوور لـــە دەرد و لــە سسـتی

بـژیـــن بـــەبـــێ نــەخۆشیی
لەشساغ بین هەر بە خۆشیی

     شیعر بۆ منداڵان
    ڕۆستەم خامۆش
      هەولێر 2020