کۆرۆنا: تێکشکانی سیستەم-2- کاوە جەلال لە ئەڵمانییەوە

بەشی دووەم
دیمانەیەک لەتەک ئێڕنست ڤۆلف
کاوە جەلال لە ئەڵمانییەوە

  • لە بنەڕەتدا نرخی نەوت لەژێر 30 دۆلاوەوە دەتوانێت دێرڤاتەکە بتەقێنێت. ئاخر نەوت گەورەترین شمەکی بیزنیسە لە جیهاندا، لەم بوارەی نەوتیشدا سەرجەمی بیزنیسەکان بەڕێی دێریڤاتەوە مسۆگەر / تەئمین دەکرێن. دێریڤاتەکان گرەوکردنن، گرەوکردنیش تەئمینی بیزنیس دەکات. ئەوجا تەئمینکردنەوە تەنیا کاتێک کارایی خۆی وەردەگرێت، گەر نرخەکانی نەوت لە ئاستێکی دیاریکراودا ڕابگیرێن. یەکێک لەو فێنۆمێنانە کە لە ساڵانی ڕابوردوودا بینیومانە، ئەوەیە کە بەردەوام بەڕێی بانکە ناوەندییەکانەوە هەوڵدراوە رێ لە هاڕەی بازاڕانی پشکەکان بگیرێت یان لەوە کە بازاڕەکانی قەرزدان لە کۆنترۆل دەربچن. ئەو بڕە زەبەلاحەی دێریڤات کە لە پاشخاندا هەبوو، گرنگترین هۆ بوو بۆ هێشتنەوەی سیستەمەکە لە ناجەختیدا. هیچ کەس نازانێت چەند دێریڤات لە جیهاندا هەیە. بۆ نموونە ڕاپۆرتەکانی “بانکی پارەدانی هاوسەنگکەری نێودەوڵەتی” (Bank for International Settlements) لە بازل تەنیا ژمارەی تەخمینی لەخۆدەگرن. بەگوێرەی تەخمینی ئەم بانکە بڕی دێریڤاتەکان 700 ملیۆنە، ئەم ژمارەیەش لە خۆیدا تەواو سووڕهێنەرە …
  • کەس نازانێت بە چەندی ئەمە مامەڵە دەکرێت، یان تا چەند بە (Over the Counter / OTC) مامەڵە دەکرێت …
  • دروست ئەوهایە. بیزنسی ئەوتۆ هەیە کە پێویست نییە لە دەفتەری بانکەکاندا تۆماربکرێت. واتا کایەیەکی زۆر گەورەی ڕەش هەیە کە نابینرێت، لێ شارەزایان ئەم کایە ڕەشە بە 1,2 بلیارد تەخمین دەکەن. گریمان ئەم ژمارەیە تەواو ڕاست نییە، گریمان بە پێچەوانەوە ژمارەکانی بانکی پارەدانی هاوسەنگکەری نێودەوڵەتی لە بازل ڕاستن، سەرەڕای ئەوە هەنووکە سیستەمی دارایی جیهان بە تەقینی ئەم بڵقەی دێریڤاتەکان لە چەند ڕۆژی ڕابوردوودا لەپەلوپۆ کەوتووە. ئێمە دەتوانین ئەم ڕەوشە بە کەروێشکێک بەراورد بکەین کە بە تاپڕ پێکراوە. لە بنەڕەتدا هەموو کەروێشکێکی پێکراو پاشان 30 تا 40 مەتر لە ڕاکردن بەردەوام دەبێت، ئەوجا دەکەوێت، واتا کەروێشکەکە لەکاتی پێکرانییەوە مردووە، لێ ئەو لە کۆتاییدا لەپەلوپۆ دەکەوێت.
  • من رێژەی پارەی یەکجار زۆر دەبیستم، بۆ نموونە بانکی ناوەندیی ئەوروپی (EZB) هەنووکە دەیەوێت سەرلەنوێ 750 میلیارد یۆرۆ بڕژێنێتە نێو سیستەمی داراییەوە، ئەوەش لەو واتایەدا دەکات کە هەموو سەرمایە شیاوەکان دەکڕێت، وا دیارە کە هەروەها های هیل بۆندس (high heel bonds) دەکڕێتەوە، یان پێدەچێت پشکگەلی زۆر بکڕێتەوە. لێ ئەمە بە دیدی من ئاوڕژێنێکی بچووکە بەسەر دۆزەخێکی زەبەلاحدا.
  • گەر لە ڕوانگەیەکی باڵاترەوە لێی بڕوانین، ئەوا ئەو ڕێژەیە زۆر کەمە، هەروەها ئەو هەنگاوە زۆر درەنگ دەنرێت. لێ دەبێت ئەو هەنگاوە بنرێت، چونکە ئەوە مەرجێکی وەبەرهێنەرە گەورەکانە. ئاخر پارەکە ناڕوات بۆ هاوڵاتیان، بەڵکو دەڕوات بۆ وەبەرهێنەرە گەورەکان. حکومەتی دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا خەریکی ئەوەیە بڕی قەبەی پارە بە بۆینگ (Boing) بدات، کەواتە دەیەوێت بە فیرمایەکی بدات کە لە چەند دە ساڵی ڕابوردوودا قازانجی ملیاردی و چەندین ملیاردیی کردووە. کەواتە ماوەیەکی کورت پێش ئەوەی ماڵەکە بچێتەیەک، ئەو جۆرە فیرمایانە پارەی پشتگیری وەردەگرن. ئەوە کە ئێمە ئێستا هەمانە، ماڵێکی گڕگرتووە و دوایەمین بەهاکانی نێوی بە مەبەستی فەرهودکردن دەردەهێنرێن و بەسەر وەبەرهێنەرە گەورەکاندا دابەش دەکرێن.
  • لێ تەنانەت بەبێ ئەو بڵقی دێریڤاتەش، کە لە مەوداکەیدا زۆر گەورەترە وەک لەوەی پێشاندەدرێت، هەنووکە فیرما بچووکترە ناونجییەکان کە بەرگەناگرن گەر هاتوو چوار یان هەشت هەفتە فرۆشیان نەبێت، لەم دۆخەی کوژاندنەوەی بواری ئابووریدا بەرەو ڕاگەیاندنی مایەپووچی دەبرێن. بەمەش ئێمە قەرزی لەدەستچوومان هەیە، بەمەش ئێمە کێشەمان لە سەکتەری بانکدا هەیە کە خۆی جگە لەوە لە کێشەدا دەبینێتەوە …
  • … ئەمە هاڕەکردنێکە / کڕاشێکە (Crash) کە بە ئەنقەست دەهێنرێتە دی …
  • … دروستە، لە پرنسیپدا ئەم بوارە داراییە نەک تەنیا گوللەباران دەکرێت، بەڵکو هاوکات ژەهرخوارد دەکرێت و بەر خەنجەر دەدرێت…
  • دروستە، ئەوجا لە کۆتاییدا فەرهود دەکرێت. لەم پەیوەندییەدا هەروەها چەند فێنۆمێنێکی سەرنجڕاکێش هەن. سێشەممەی رابوردوو فیرمای فۆڵکسڤاگن ڕایگەیاند کە لە چەند هەفتەی داهاتوودا ژمارەیەکی فرەی دروستگەکانی لەکار دەوەستێنێت، گۆیا بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، لێ ئەو ڕاگەیاندنە تەواو شێتانەیە، چونکە وا باوە کە فۆڵکسڤاگن نیازی بەو چەشنە لە ئێوارەی ڕۆژی هەینیدا ئاشکرا دەکات، واتا لە کاتێکدا کە بۆرسەکان داخراون. ئەوجا ئەوان بە تەواوی دەزانن، گەر ئەو ڕاگەیاندنە بخەنە رۆژی سێشەممەوە، ئەوا کۆرسی پشکەکان زۆر بەهێز دادەبەزێت. لێ ئێستا مەسەلەیەکی دیکە دێتە نێو گەمەکەوە: مرۆ تەنانەت بە کۆرسی دابەزیویش دەتوانێت پارەی زۆر پەیدابکات، ئەوەش بەو ڕێیەوە کە مرۆ دەستدەکات بە فرۆشتنی بۆش (Short-Selling). کەواتە شارەزایان (ئینسایدەرەکان) کە پێشتر دەیانزانی فۆڵکسڤاگن بەیانیی ڕۆژی سێشەممە ئەو مەبەستەی ڕادەگەیەنێت، دەرفەتیان هەبوو دەستبکەن بە فرۆشتنی بۆش، واتا گرەو لەسەر کۆرسی دابەزیو بکەن. ئەو جۆرە کەسانە هەفتەی ڕابوردوو بە بڕی یەکجار زۆر پارەیان دەستکەوت.
  • لێ مەبەستی ئەوها کاری پێدەکرێت تا ئەو کاتەی ئێمیتێنتەکان (دەرکەرانی کاغەزی بەهادار) توانستیان بۆ ئەوە مابێت، ئەوجا کاری بەو چەشنە سەرلەنوێ بارەکە دەداتەوە بەسەر بانکە پارەدەرەکاندا.
  • بەڵێ، بەڵێ. وەک گۆتم، ئێمە هەنووکە لە قۆناغی کۆتایی ئەم سیستەمەی پارەداین. ئێمە هەروەها ئەزموونی ئەوە دەکەین کە چۆن وەبەرهێنەرە گەورەکان بێجڵەو خەریکی فەرهودکردنن، ئەو کارەش بێگومان بۆ بچووکەکان پڕمەترسییە. جگە لەوە مەسەلەیەکی دیکە هەیە کە دەمەوێت لێی بدوێم. بۆ نموونە ئێمەرسن (Emerson) لە دەوڵەتە یەکگترووەکانی ئەمەریکا هەفتەی ڕابوردوو 100 هەزار کەسی نوێی لای خۆی دەمەزراند. کەواتە ئێمەرسن یەکێکە لە گەورەترین قازانجکەرەکان. ئەم فیرمایە یەکێکە لە گەورەترین فیرماکانی جیهان، جگە لەوە دەمەوێت ئاماژە بۆ ئەوە بدەم کە ئەو ساڵانێکە، لایەنی کەم دوو ساڵە، لە ئاستی جیهانیدا بە هیچ شێوەیەک زەریبەی نەداوە، بە پێچەوانەوە تەنانەت زەریبەی بۆ خۆی چنیوەتەوە، واتا بەهۆی خاترانەی دەوڵەتییانەی زەریبەوە پارەی دەستکەوتووە. هەنووکە لەم تەنگژەیەدا فیرمایەکی وەک ئێمەرسن بە ڕێژەی یەکجار زۆر قازانج دەکات، بە پێچەوانەشەوە فیرما بچووکەکان بە ڕیز مایەپووچ دەبن. لێ ئێستا دەبێت لە خۆمان بپرسین، کە ئایا بەدووی ئەمەدا چیدی زیاتر ڕوودەدات؟ ئاخر ئەم دۆخە کە ئێمە ئێستا تێی کەوتووین، ناشێت ئەوها بەردەوام بێت.
  • ئەوە پرسیارەکەی دیکەمە. ئێمە ئێستا لە کایەی پێشبینیکردنی چاوەڕوانییەکانداین. ئایا بە ڕای تۆ ئایندە چی دەهێنێت؟
  • پێشبینیکردنی ئەمە زۆر زەحمەتە. لێ سەرەڕای ئەوە دەتوانین پێشبینیی هەندێک شت بکەین. تازە هیچ شتێک فریای ئەم سیستەمە ناکەوێت. کەواتە دەبێت هەنووکە هەرچۆنێک بێت کردار بنوێنرێت، بۆ ئەوەش چەند شیمانەیەک هەن، بۆ نموونە شیمانەی ڕیفۆرمێکی دارایی؛ یان کاتێک ئێستا سنوورەکان داخراون، دەشێت سەرلەنوێ مارکی ئەڵمانی وەک دراو بهێنرێتەوە نێوان؛ شیمانەیەکی دیکە ئەوەیە کە ئەڵمانیا سەرجەم قەرزەکانی لای یەکێتیی ئەوروپا نەناسێنێت، چونکە ئەڵمانیا زامنی زۆر دەوڵەتی لەنێو یەکێتییەکەدا کردووە، ئەوەش بووە بە بار بەسەر بودجەی ئەڵمانیا خۆیەوە، کەواتە ئەڵمانیا دەتوانێت لە کۆتاییدا ببێژێت: “ئێمە هیچ قەرزێک کە یەکێتیی ئەوروپا لای ئێمە هەیەتی، ناگەڕێنینەوە”. لێ ئەوە هێشتا هەر بەس نییە. من وای بۆ دەچم کە لەوەبەدوا پلانێکی فۆندی نێودەوڵەتیی دارایی (International Monetary Fund / IMF) بەکارببرێت، پلانەکەش ئەوەیە کە فۆندی ناوبراو ساڵی 2013 پێشنیاری کرد، واتا: بە ڕێژەیەکی سەدی ی دیاریکراو دەست بەسەر سەرمایەی هاوڵاتیاندا بگیرێت، کەواتە بە ڕێژەی %25 یان %50 دەست بەسەر سەرجەم حسابە بانکییەکانی هاوڵاتیاندا بگیرێت…
  • ئێ خۆی وا باوە کە ڕیفۆرمی دارایی هەمیشە لەتەک دەستگرتن بەسەر سەرمایەدا ئەنجامدەدرێت…
  • … وەک باوە، لە ڕیفۆرمی داراییدا سەرمایەکان بەگوێرەی کۆرسی نوێی ئەو دراوە نوێیە دەستیان بەسەردا دەگیرێت، لێ کارێکی بەم چەشنە لەم ڕەوشەی ئێستادا بەس نییە، بەڵێ من باوەڕ دەکەم کە سەرباری ئەو کارە هاوکات دەستبەسەرگرتنێکی دیکە ڕووبدات…
  • کەواتە مەبەستی تۆ بریتییە لە یاسای 2.0 (لەئەستۆگرتنی بار لە لایەن هاوڵاتیانی پارەدارەوە).
  • بەڵی مەبەستم لەوەیە.
  • ئەی ئێستا بە دیدی تۆ چە چینێکی سەرمایە لە مەترسیدایە؟
  • من هەنووکە وای بۆ دەچم کە سەرجەمی چینەکانی سەرمایە لەمەترسیدان. ئاخر ئێمە لە ڕابوردوودا بینیمان کە لە یۆنان و قوبروس چی کرا. کاتێک لە قوبروس دەستبەسەرگرتنی گەورەی سەرمایە دەستی پێکرد، فۆندی دارایی نێودەوڵەتی (IMF) سەرەتا پێشنیاری کرد کە بە ڕێژەی %25 دەست بەسەر سەرمایەی سەرجەم دانیشتواندا بگیرێت، لێ سیاسییەکان هاتنە گۆ و گۆتیان کە ئەو کارە دەبێت بەهۆی ڕاپەڕین، بۆیە پاشان بڕێک پارە دیاریکرا کە دەبوو لەو دەستبەسەرگرتنە بەدەر بێت، وا بزانم 20 هەزار یان 50 هەزار بوو، واتا بڕی پارەی هەبوو تا ئەو ڕێژەیە زەریبەی نەچووە سەر یان لە خەڵک نەسەنرا، بەڵکو لە 50 هەزار یان 100 هەزار بەرەو ژوور پارە لە خاوەنەکانیان سەنرا. لێ من باوەڕ ناکەم ئەمجارە لێسەندنەکە بەم چەشنە بێت. جگە لەوە من باوەڕ دەکەم، سەرجەمی ئەو هیستریایە کە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە دەوروژێنرێت، لە خزمەتی ئەم دەستگرتنەدایە بەسەر سەرمایەدا، چونکە دەبێت هەرچۆنێک بێت لە ئێستاوە کۆنترۆلی خەڵک بکرێت. ئێستا باشترین شت ئەوەیە کە خەڵک لە ماڵەکانی خۆیاندان، باشترین شت ئەوەیە کە تا ڕادەیەک ئینتەرنێت بکوژێنرێتەوە و پۆلیس کۆنترۆلی شەقامەکان بکات، من هەروەها ئەوەش بەدوور نازانم کە ماوەیەکی دیکە ئەزموونی قەدەغەکردنی هاتوچۆ بکەین. ئیدی بەدووی ئەوانەدا ئاشکرا دەکرێت کە چی ئەنجامدراوە. پاشان بە خەڵک دەگۆترێت کە ئەوان ئێستا هەژارتر بوون و دراوێکی نوێ دەهێنرێتە نێوانەوە. ئەوان بەم شێوازە خۆیان ئامادە دەکەن بۆ سەرکوتکردنی پرۆتستۆی جیاواز، ئاخر خەڵکان هەر وا ئاسان کارێکی بەو شێوەیە قبوڵ ناکەن، خەڵکان لەدژی هەنگاوی بەو چەشنە ڕادەپەڕن …
  • ڕیفۆرمی دارایی پێویستە، ئەوە بێگومان گەر ئەوها کۆنترۆلنەکراو ئەنجامنەدرێت. بێگومان منیش نامەوێت بچمە سەر شەقام. ئاخر گەر ئەو جۆرە ڕیفۆرمە بکرێت، ئەوسا جەنگی ئەهلی هەڵدەگیرسێت. ڕیفۆرمی بەو چەشنە دەبێت ئامادەکراوبێت. گەر ئێمە سەرجەمی وێنەکە لە چیرۆکی کۆرۆنا جیابکەینەوە، دەبینین، کە قەدەغەی هاتوچۆ هەیە، لایەنی کەم زۆر فرۆشگە داخراون، خەڵکان لە وڵاتانی دیکەوە دەهێنرێنەوە بۆ شوێنی گوزەرانی خۆیان، چونکە دەبێت گەشتیارەکان بگەڕێنەوە بۆ وڵاتی خۆیان، جگە لەوە مرۆ بۆی نییە بۆ دەرەوەی وڵات گەشت بکات یان لە دەرەوە بۆ نێو وڵات بێت؛ بە هەر حاڵ، من وای دەبینم کە لەنێو دۆخێکی بێسەروبەردام. لێ گەر ئێمە ئەو هەموو مەسەلە باسکراوە کۆبکەینەوە، ئەوسا ڕەوشەکە بەڕاستی دەشێت ئەوها بکەوێتەوە کە تۆ پێشبینیی دەکەیت. لێ پرسیارەکە ئەوەیە کە ئایا کەی ئەوە ڕوودەدات؟
  • ئەوە بێگومان پرسیارێکی گرنگە. ئەوەی ئێمە لە ڕاستیدا ئەزموونی دەکەین، هیچی دیکە نییە جگە لە کۆر-ێکی دارایی-فاشیستی، کە وا دیارە نێونەتەوەییانە تەلحینکراوە.
  • ئەمە زۆر سەرنجڕاکێشە و هەموو وڵاتان بەشداریی تێدا دەکەن. من دوێنێ بیستم، کە بۆ نموونە بانکی نەتەوەیی سویسرا کار لە کریپتێکی (دراوی دیگیتال) نوێی فرانکی سویسریدا دەکات. بێگومان ڕاگەیاندنی گۆڕانی چاوەڕوانکراو زەحمەتە، بە تایبەتیش گەر مەسەلەکە پەیوەند بێت بە ئایندەوە، لێ گریمان پارەیەکی نوێ هات، ئەوا ئایا بە بڕوای تۆ ئەو پارەیە چە دیزاینێکی دەبێت؟
  • من هەنووکە ناتوانم هیج لەبارەی ئەوە ببێژم. دەشێت دراوێک بێت کە پشت بە ئاڵتون ببەستێت، چونکە ڕەنگە ئاڵتۆن رۆڵێکی گەورە بگێڕێت، یان هێنانەوەنێوانی ستاندارتێکی نوێی ئاڵتون بێت. سەرەڕای ئەوە لێرەدا یەکگرتنەوەیەک لەگۆڕێ نییە. بە هەر حاڵ هەنووکە بانکە ناوەندییەکان بەدەسەڵاترین گەمەکەرن لەم مەسەلانەدا. من هیچ گومانم لەوە نییە کە هەنووکە لە “بانکی پارەدانی هاوسەنگکەری نێودەوڵەتی” (Bank for International Settlements) لە بازل، لە نهۆمی تایبەتی بەڕێوەبەرایەتیدا، یەک لە دوای یەک کۆبوونەوەی باری نائاسایی ئەنجام دەدرێت، چونکە ئێمە لە ساڵانی ڕابوردوودا ئەزموونی ئەوەمان کردووە کە چۆن بانکە ناوەندییەکان سیاسەتی خۆیان لەنێو یەکدیدا پێکەوەدەگونجێنن. ئێستاش کە ناوی بانکی ناوەندیی سویسری هێنرا، گەرەکە بزانین کە ئەم بانکە بریتییە لە ڕاگرێکی گرنگی پشکەکانی ئەپڵ، نێتفلیکس، گوگل و هتاد، ئەم فیرمایانەش نێوکۆییانە یارمەتیی یەکدییان دا بۆ ئەوەی کۆرسگەلی پشکەکان بە بەرزی بهێڵرێنەوە، یان بازاڕەکان تا ڕادەیەک سەقامگیر ڕابگرن. لێ کێشەکە هەنووکە ئەوەیە کە ئەم سینارۆیە ئێستا بەتەواوی تێکشکاوە، ئێستا لەم ڕەوشەدا دەردەکەوێت کە داخۆ چە بانکێکی ناوەندی بەهێزترین و چە بانکێکی دیکە لاوازترین بێت. من ئێستا ناتوانم پێشبینی بکەم کە چۆن سەرجەمی ئەو ڕەوشە دەگۆڕرێت، لێ من وای بۆ دەچم، هەموو ئەوانە کە لە پاشخاندا تەنافەکان دەڕێسن، پەرێشانی کۆنترۆلکردنی ئەم دۆخەن. بۆ نموونە ئەو قەدەغەکردنەی هاتوچۆ کە لە پێشمانەوەیە، دەستوێژێکە بۆ ئەوەی ئەوان چەند ڕۆژێک کات ببەنەوە و پاشان بەدوویدا بڕیارێک بدەن.
  • لێ ئایا ئەو پرسیارە هیچ رۆڵێک دەگێڕیت کە داخۆ چە بانکێک بەهێز و چە بانکێکی دی لاواز بێت؟ ئاخر ئایا ئێمە هەموو بە چەشنێک گلۆبالیزە نەبووین و پێکەوە گرێنەدراوین کە ئیدی هەر کەوتنێک لە هەر جێیەکدا دەبێت بەهۆی کەوتنی هەموو ئەوانی دی، هاوشێوەی پولە ڕیزکراوەکانی دۆمینەیەک کە هەر ئەوەندەی پاڵت بە یەک دانەیانەوە نا، ئیدی ئەو هەموویان بەدووی یەکدیدا دەخات؟
  • بێگومان، ئێمە ئێستا ئەزموونی کاریگەریی ئەم دۆمینەیە دەکەین، بۆیە هەمووی تێکدەشکێت …

*… من بۆیە ڕوو لەم پرسە دەکەم، چونکە بۆ نموونە نەرویژ کە خاوەنی نەوتە، کە ئابوورییەکی پتەوی نەتەوەیی هەیە، کەچی کرۆنی نەرویژی لە چەند ڕۆژی رابوردوودا بە ڕێژەی یەکجار زۆر دابەزی.

  • بەڵێ، چونکە هەموو بەچڕی پێکەوەگرێدراون. دۆیچە بانک هێندە چڕ بە بانکی جەی پی مۆرگان (J P Morgan) و سیتی بانک و هتاد گرێدراوە، کە ئیدی مرۆ لەوێ هەر بڕیارێک بدات، لە جێی دیکەش سەرەنجامی دەبێت. بۆ من هەنووکە ئەو مەسەلەیە زۆر گرنگە کە لە گشت لا سنوورەکان دادەخرێن، لێ بەم کارە گەشە بە ناسیۆنالیزم دەدرێت. مرۆ دەبێت سەرەڕای ئەوە بیر لەوە بکاتەوە کە هێزێکی نێونەتەوەیی لە جیهاندا هەیە و بریتییە لە ئیندوستریی دارایی کە هیچ گرنگییەک بە سنوورەکان نادات. سنوورەکان هەبن یان نەبن، بۆ ئەوان گرنگ نییە. ئەوان تەنانەت سنوورەکانیان بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بەکاربردووە. گەر بۆ ئەوان وڵاتێک وەک گەمژە دەرکەوتبێت، ڕوویان کردۆتە وڵاتێکی دیکە، بەوەش سەرجەم جیهانیان خستۆتە ژێر فشاری خۆیانەوە. لێ هەنووکە من داخستنی سنوورەکان وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوە دەبینم کە ئێلیتی دارایی پشتیوانیی جیاکردنەوەی خەڵک لە ڕووی نەتەوەییشەوە دەکات.
  • زۆر سوپاس. ئێمە نامانەوێت خەڵک بترسێنین. لێ ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە کە ئایا ئێمە چی بکەین؟ ئایا تۆ پارەکانت لە بانک دەرکردووە؟
  • من متمانەم بە بانکەکان نییە، بەگوێرەی پیشەکەم ئەو متمانەیەم نییە. گرنگترین شت ئێستا بۆ هەر مرۆڤێک ئەوەیە کە لە پێکەوەلکاویی کێشەکان تێبگات. ئاخر مرۆ زۆر ئاسانتر بەرگەی دۆخێک دەگرێت گەر بزانێت داخۆ چە هێزگەلێک لە پەیوەندییەکاندا کاران. ژمارەیەکی زۆری خەڵک بەهۆی ئەو هیستریا پزیشکییەوە دوودڵن. لێرەدا دەبێت بەو خەڵکە بگۆترێت: بزانن کە ئایا ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی چییە؟ بڕوانن کە داخۆ زانیارییەکان لەکوێوە دێن! تەماشای ڤیدیۆی هەندێک پزیشک بکەن کە هەوڵ دەدەن هەندێک مەسەلە ڕاستبکەنەوە! واز لەو هیستریا شێتانەیە بێنن! بیر لەوە بکەنەوە کە داخۆ ئەو هیستریایە لە خزمەتی چە لایەنێکدایە؟ ئاخر ئەوە هیستریایەکی دەستکردە، کەواتە لە دەرەوە دەوروژێنرێت…

Over the Counter: مەبەست لە بیزنیسە بە کاغەزی بەهادار لە دەرەوەی بۆرسە.
فرۆشتنی بۆش (Short-Selling): فرۆشتنی بەهای زەمینەیی، کە فرۆشیار جارێ خاوەنیان نییە، لێ هیوادارە بەو فرۆشتنەی ئەوان بەهاکەیان پتر دابەزێت و بەو ڕێیەوە قازانجی زۆر بکات.




وڕێنەیەک لە سەردەمی کۆرۆنادا … ئەمجەد شاکەلی

کاکەحەمەی دێبنە و باوکم(ڕۆحیان شاد و یادیان بەخێر)، ئەحمەد و منیان، بە خۆمان دشداشە و چاکەتەکانمانەوە، بردە دوکانەکەی حەمەی وەستا زۆراب و سەرو پانتۆڵ و سەرو کراسیان بۆ کڕین. هەردووکمان چون یەک، پانتۆڵێکی خاکی و کراسێکی سپی. هاوین بوو، ئێمە چووبووینە کفری بۆوەی لە تاقیکردنەوەی بەکالۆریای پۆلی شەشەمی سەرەتایی ساڵی 1961/1962دا بەشدار بین. یەک ڕۆژ پێش تاقیکردنەوەکە، ئەو جلانەیان بۆ کڕین. ئەوە یەکەم جارم بوو پانتۆڵ لەپێ بکەم. تا پێش ئەوە و تا ئەو تەمەنە هەر دشداشەم لەبەر کردبوو. دشداشە بۆ ماڵ، بۆ گەمەکردن، بۆ میوانی، بۆ جووڵانەوەی ڕۆژانە، بۆ جەژن، بۆ خوێندنگە، بۆ خەوتن و بۆ هەموو شتێک لەبەر دەکرا. لە ڕۆژەکەی دوای ئەو ڕۆژەوە، ئیدی پانتۆڵ جێگەی دشداشەی گرتەوە و لەگەڵ هەڵکشانی تەمەندا تا ئێستا هاتووە.
لە ساڵانی 1980دا هاوڕێم کاک ڕەمزی قەیتوولی لە گەڕانەوەیدا لە گەشتێکی بۆ لەندەن، دشداشەیەکی سپی وەک دیاری بۆ هێنام، کە ئێستاش ماومە. جارجار لە ماڵەوە بۆ خەوتن لەبەری دەکەم یا کە نەخۆش دەکەوم و دەکەومە سەر جێگە لەبەری دەکەم. ساڵی 2018 یش (ڕاز)ی کچم لە حەج گەڕایەوە، دشداشەیەکی مەیلەو بۆر- قاوەیی بە دیاری بۆ هێنام، ئیدی بووم بە خاوەنی دوو دشداشە.
لە سەردەمێکدا لە ماڵی خۆمان، لە تەمەنی منداڵی و مێردمنداڵیدا، جاروبار، کە حەزم لە بینینی هەندی میوان یا کەسێک یا مەیلی چوونەدەرەوە و دیتنی خەڵکم نەکردبا، تەنانەت ئەگەر هاوڕێیانی خۆیشم بووایەن، لەنێو ماڵدا پاڵم لێ دەدایەوە و دادەنیشتم و نەدەچوومە دەرێ. دایکم دەهاتە ژوورێ و بە شێوەزارە گەرمیانییەکەی خۆی دەیگوت: “ئەوە بۆ ناچیتە دەشتۆ، خۆ خەتەنە نەکریایتە، وا لەبن ماڵا خۆت مات داوە، هەڵسە هەڵسە دەی بچۆ دەشتۆ!”. ئەو سەردەمە کەسێک کە خەتەنە دەکرا، دشداشەیەکی لەبەر دەکرد و پاڵی لێ دەدایەوە و نەدەچووە دەرێ.
ئێستا بە سایەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، لە ماڵەوە پاڵم داوەتەوە و دشداشەشم لەبەر کردووە. دشداشە وەک هێمای ئاریشە و کێشە و جۆرە ڕووداوێکی نەخوازراو. تەنێ لەنێوان 15-20 میترێکی بۆشایی نێو ئەپارتمانە 56میترییە چوارگۆشەکەمدا دێم و دەچم. لە دوو پەنجەرەوە دەرێ دەبینم و ئاگاداری هاتوچۆ و جووڵانەوەی گەڕەکم، کە ئەسڵەن بۆ خۆی گەڕەکێکی مردووە. کۆرۆنایش نەبێت هەر مردووە، لێ ئێستا لەم وەرزی کۆرۆنایەدا کپ و بێگیان و مردووترە.
تاکەتاکە مرۆڤ لە پەنجەرەکانەوە دەبینم و ڕەنگە تا دنیا ڕووناکە و تەواوی ڕۆژەکە ژمارەیان نەگاتە 50 کەسێک. بەیانیانی زوو، لە بن دیواری خوارێی ژووری خەوتنەکەم، دەنگی ترپەی پێیە بچکۆلەکانی زارۆکە گچکەکانی باخچەی منداڵانەکەی نزیکێ ماڵمان دێتە گوێم، کە لەلەکانیان دەیانبەنە دەرێ و بەدەم وردە ڕۆیشتنەوە دەنگە ناسکە منداڵانەکانیان، دێنە گوێم.
ئەوەی زۆرتر دڵم پێی خۆشە، سەگەکانن! دوو سەگخانە(باخچەی سەگەل یا سەرپەرشتیخانەی سەگەل یا ماڵەسەگ)، نزیکی ماڵەکەی منن. هەموو ڕۆژانی کار، دووشەممە تا هەینی، کچەکان، ئەوانەی تەمەنیان لەنێوان 16-20 ساڵێکدایە، لەلەکانی سەگەکان، کە بۆ خۆیان 3-6 کیژێک دەبن، ئیدی زیاتر یاکەمتر، هەریەکەیان سەری 10-12 پەتی بەدەستەوەیە و ئەو سەری پەتەکان لە ملی 10-12سەگێک ئاڵاون و ژمارەی سەگەکان لە کەمترین جاردا لە 40 سەگێک کەمتر نییە. سەگی گەورە و زەبەلاح، سەگی گچکەی زۆر گچکە، دێڵ، گەماڵ، سەگی سپی، سەگی ڕەش، سەگی قاوەیی، سەگی سادەی یەک ڕەنگ، سەگی دوو ڕەنگ و تێکەڵ، سەگی بۆرە، سەگی بازە، سەگی سەر بە ڕەگەزی جیاواز، سەگی سەر بە بنەچەی جیاواز و هەموو جۆرە سەگێک، ئارام و بێ دەنگ بەدەوری لەلەکانیاندا وەک بازنەیەک، مانەندی سەرباز و مەشقپێکراو، دەڕۆن و نە گەنگەشە و نە شەڕ و نە دەنگ دەنگ، نە جیاوازیی چینایەتی و نە فشەکردن و خۆبەزلزانی و لووتبەرزی و نە ئێرەیی و نە تێڕەیی و چاوچنۆکی، هێمن هێمن، بەڕێز بەڕێز، لە کەشێکی پڕ لە خۆشەویستی و هاوئاهەنگی و یەکگرتووییدا، نەرم نەرم دەڕۆن و چێژ لەو سروشتە جوانەی دەوروبەری خۆیان وەردەگرن. جارجار لەلەکان ڕادەوەستن و ئەوانیش هەر هەموو ڕادەوەستن. هەموو چاوەنۆڕی فەرمانی دادەکانیانن. من زۆربەی ڕۆژان، نەک بە سایەی کۆرۆناوە، بەڵکە بەسایەی خانەنشینییەوە، ڕۆژانە ئەو دیمەنە، شادییەک، گەشی و خۆشییەک، بە ڕۆحم دەبەخشێ. بۆ من ئەو دیمەنە دەکاتە: ژیان. ئێستاش لەم سەردەمی کۆرۆنایەدا، کە ئەو گەلە سەگ و لەلە و سرووتە ڕۆژانەیە دەبینم، تێدەگەم، هێشتا خەڵک دەچنە سەرکار، چون ئەو سەگانە بۆیە خراونەتە ئەو سەگخانانە، لەبەروەی خاوەنەکانیان کار دەکەن و چۆن منداڵەکانیان دەبەنە، زارۆکخانە، باخچەی منداڵان، بەو جۆرەیش سەگەکانیان لەو سەگخانانە دادەنێن تا ئەودەمی نزیکەی سەعات 17-18 ی ئێواری لە کار دەگەڕێنەوە و سەگەکان و زارۆکەکانیان دەبەنەوە ماڵێ. تا ئەو سەگانە ڕۆژانە ببینرێن، واتە: ژیان نەوەستاوە، واتە: هێشتا ژیان بەردەوامە.
کۆرۆنا، جموجووڵی مرۆڤ و فڕۆکە و ماشێن و شەمەندەفەر و گەشت و سەیران و هاتوچۆی ڕاگرت و وەک چۆن جاران بەرخ دەکرانە کۆزەوە و مامر دەکرانە کولانەوە، کۆرۆنا، کۆزەکۆزەی لە مرۆڤ کرد و کردنیە کۆزەوە و کردنیە کولانەوە. کۆرۆنا، زەنگێک بوو، دنیایەک شتی وەبیر مرۆڤایەتی هێنایەوە و چەپۆکێک بوو، سروشت، نادادی، هەژاری، هەڵاواردنی مرۆڤ، جیاکاری، ژینگە، کێشایان بە تەپڵی سەری مرۆڤدا بۆ وەئاگا هێنانەوەی، ئەگەر بڕیار بێت وەبیرهێنانەوە و وەئاگاهێنانەوە، زەنگێک بن مرۆڤ بێدار بکەنەوە و دید و وزەیەکی نوێی پێ ببەخشن و وانەیەکی نوێی ژیانی فێر بکەن! کەمجار مرۆڤ وانەیەک لە هەڵەکانی خۆی و هەڵەکانی خەڵک و جڤاک فێر دەبێ!
ئێستا ئێمەی، کە ناچینە سەرکار، ئێمەی لەماڵەوە تەڕاح و پاڵلێداوە، ئەو کەسانەین، لە کارکردن دووکەوتووینەوە. لاوەکان دەچنە سەر کار، ئێمە ناچین. ئێمە لە ماڵەوە تەنیاین. هەموو هاوتەمەنانی ئێمە، ئەگەر لە هیچ شتێکدا، لە چین و ڕەنگ و ڕەگەز و ئایین و نەتەوە و….چون یەک و یەکسان نەبین، لە تەنیاییدا یەکسانین. ئێمە هەموومان لە ماڵەوەین. هەندێکمان لە پەنجەرەی ماڵەکانیانەوە، خەڵکانی تێپەڕبوو دەژمێرن و هەندێکمان سەگەل دەژمێرن و هەندێکمان هەر چای دەخواتەوە و هەندێکمان هەر خەرێکی شیولێنانە و هەندێکمان تەماشای فیلم و تیڤی دەکات و هەندێکمان خجڵی فەیسبووک و وەتس ئاپ و ڤایبەر و ئیمۆ و ئینتەرنێتە و هەندێکمان وەدووی هەواڵدا هەڕا دەکات و هەندێکمان نوقمی لاپەڕەی کتێبانە و هەندێکمان وشە ڕیز دەکات و گوتەیەک، هزرێک، خەیاڵێک دەدەرێنێت، هەندێکمان سوودووکۆ دەکات و هەندێکمان گوێ دەداتە مووزیک و هەندێکمان نوێژ دەکات و قورئان دەخوێنێتەوە و هەندێکمان دەخواتەوە و جگەرە دەکێشێ و هەندێکمان بەنێو لیستی ناوی هاوڕێ و دۆست و کەسەکانی نێو تەلێفۆنەکەیدا دەگەڕێ و ئەوەی چوار ساڵیشە پێوەندی پێوە نەکردووە، زەنگی بۆ لێدەدا یا لەو جۆرە کەسانەوە زەنگی بۆ لێدەدرێ و هەندێکیشمان تەمبەڵ و تەوەزەل و زەمتە هیچ، هەر هیچ ناکات و فەلسەفەی”خۆت تەمبەڵی، پاڵدانەوە، هیچ نەکردن، دوای ئەوەش وچاندان و ئیسراحەت کردن” پێڕۆ دەکات، ئەم فەلسەفەیە، لەگەڵ (پەری)ی کچمدا هەردەم توێژینەوەی لەسەر دەکەین و خوێندنەوەی نویی بۆ دەکەین و شتی نوێی دەخەینە سەر و جارجار لە (ناز) و (ڕاز)یشەوە سرووشمان پێ دەبەخشرێت. دیارە هەندێکیشمان زۆرێک لەوانەی گوتران، پێکەوە لە ماڵی دەکات. ئێمە هەموومان تەنیایی یەکیخستووین. تەنیایی، کە پتر دەردێکی پێشکەوتن و نوێگەرایی و جڤاکی مۆدێرنە و کەمتر لە جڤاکگەلێ ڕۆژهەڵاتییدا هەبوو و هەیە، هەرچەندە ئێستا مۆبایل و تیڤی و ئینتەرنێت و جیهانگەری و لاساییییکردنەوە سەدان تڕوتەشقەڵەی شێوژیانی ڕۆژاوایی و تەکنۆلۆجیا و بەزمی دیکە، پەتای تەنیایی گەیاندووەتە ڕۆژهەڵات و تەنانەت جڤاکە سادە و ساکار و سەرەتاییەکانیش. لێرە لە ئەوروپا و بەتایبەت لەم سوێدە، تەنیایی پێوەر و نموونەی ژیانی ستانداردە و پێچەوانەکەی ناستاندارییە.
هەواڵەکانی وەدوویاندا وێڵین، هەواڵی ژیان و مەرگن. لەنێوان ژیان مەرگدا توێژاڵێکی هێندە تەنک هەیە، کە ئێستا لەهەموودەم زیاتر، ئێمەومانان هەستی پێ دەکەین و دەیبینین. میدیاکان پەیتا پەیتا هەواڵی مەرگمان بەسەردا دەبارێنن و وێنەکانی مەرگمان پێشان دەدەن و پێ دەگەیەنن. مرۆڤی پێش ئەم پەتایە، دیارە نە هەموو مرۆڤ، تەنێ یەک شتی دەزانی، ڕاکەڕاکەی ژیان و هەڵپە، بۆ زیاتر پەیداکردنی سامان، پارە، دەوڵەمەندی، دەسەڵات. مرۆڤ وەدووی دنیاویستی و دنیاری و خۆویستیدا غاری دەدا. مرۆڤە گەورەساڵەکان، کاتیان بۆ زارۆک، بۆ خۆیان، بۆ خێزان و خۆشەویستانیان نەبوو. کاتیان نەبوو بیر بکەنەوە. کاتیان نەبوو جوانیی ببینن. کاتیان نەبوو چێژ لە سروشت لە دەنگی سروشت، لە هاژەی با، لە جریوەی مەل، لە دەنگی بێدەنگی، لە دەنگی ئاژەڵ، لە دەنگی خاک، لە دەنگی گیا و گوڵ و ئاو و درەخت و ژین وەربگرن. ئەگەر کۆرۆنا وانەیەک بە مرۆڤ ببەخشێت، ئەوا مرۆڤی دوای کۆرۆنا، وەک مرۆڤی پێش کۆرۆنا نابێت. کۆرۆنا ئێمەی تەنیاخست و ئێمەی کەنارخست، ئێمە ئێستا تەنێ خۆمانین و کەسمان لەگەڵ نییە. ئێمە تەنێ بیر لە دەستشۆردن و خۆخاوێنکردنەوە و دەستوەرنەدان لە دەم و کەپوو و چاو و ڕوومەتمان دەکەینەوە. ئێمە ئێستا بیر لە خواردنەوەی گەرم و شلەمەنی و شتی بە سوود بۆ بەرگریی لەش دەکەینەوە. ئێمە ئەگەر ناچاریش بین بچینە فرۆشگەیەک بۆ کڕینی پێویستییەک، خۆراکێک، خۆمان لە مرۆڤ دوور دەگرێن، نامانەوێ کەس ببینین. تۆ خەڵکی هەرکوێییەکی، چ ڕەگەزێکی، ئێستا تۆیش و هەموو ئەوانی دیکەش لەنێوان ترس و مەرگدان، ئێمە لە بەرزەخداین، ئێمە هەموومان لەو نێوەندەداین.
ئێمە، ئێستاکە و پێشتریش، پێش کۆرۆنا و لە وەرزی کۆرۆنایشدا، دوو جۆر ئێمەین. ئێمەی پایینی پلیکانەکەی جڤاک لە ڕووی چینایەتییەوە و ئێمەکانی دیکەی باڵای پلیکانەی جڤاک لە هەموو ڕوویەکەوە. ئێمەگەل، بە سەر دوو چیندا و هەندێ جار پتریش دەبەش دەبین. ئەوانەی سەرێ، ئەوانەی باڵای جڤاک، سواری چ شەپۆلێک بووبوون و بەرەو کوێ هەنگاویان دەنا! ژیانیان پڕ لە پەلە و کار و جووڵە و مەشغەڵەت و فریانەکەوتن و بێ کاتیی بوو. خۆیان بزر کردبوو و لە ڕاستی هەڵدەهاتن. ئەوان ئێستاش لەم کۆرۆنابارانەدا دەتوانن، لە ڕەوشێکی تردا بن. ئەوان دەتوانن وڵات جێبهێڵن و بە فڕۆکە و بە کەشتی خۆیان و بە نوێترین ماشێنی خۆیان، بەرەو دوڕگەیەکی چۆڵ لە خەڵک، بەڵام پڕ لە ئامرازی پشوو و خۆشگوزەرانی بڕۆن و لەوێ دوور لە مرۆڤ، لەنگەر بگرن و خۆ بپارێزن و کۆرۆنا ڕوویان تێ نەکات. ئەوان دەتوانن بە زەنگێکی تەلیفۆن یا لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە، نەک سێ ژەمە، بەڵکە چوار ژەمە و حەفت ژەمە و فرەتریش، لەگەڵ نایابترین جۆری خواردنەوە و سەد بەزمی دیکە ،بهێننە بەردەرکەی ژووری خەوتنەکەیان. ئەوان دەتوانن ئەگەر تووشی دەردیش بن، بە زەنگێک، باشترین بژیشکی تایبەت و باشترین نەخۆشخانەی تایبەت و نایابترین دەرمان، بگەنە خزمەتیان و چارەسەری دەردەکانیان بکرێت. هەرچی ئێمەکانی خوارێی پلیکانەکەین، کونجی ماڵ و چاوەڕوانی خۆمتکردن، تەنانەت ئەگەر دەردەکەش سەرودڵی گرتین، تاکە ڕێگەمانە لەم کاتەشدا. ئێمە باجی کارە چەپەڵەکانی ئەوانەی سەرێی پلیکانەکە دەدەین. ئێستا، کە کۆرۆنا بەر دەرکەی لێ گرتووین، ئێمەکانی خوارێ، خۆمان دەدۆزینەوە و بۆمان دەردەکەوێت، چەندە لاوازین، چەندە هیچ نین، چەندە بێدەسەڵاتین. ئێستا، لە ڕۆژێکداین، هێندە دەستەپاچەین، دەزانین هیچ شتێک دادمان نادات، ئێمە، ئێستا باجی تەواوی ئەو کارە نابەجێیانەی دەسەڵاتداران و زلهێزان و دارایانی ئەم جیهانە و مرۆڤایەتی دەدەین. ئێستا پێویستمان بە ڕاوەستان و تێگەیشتنمانە لە سەرقاڵی و خجڵبوون.
ئێستا، پێویستمان بە تێگەیشتنە لەوەی، کە زەوی هێندە باری گرانە، ئیدی توانستی هەڵگرتنی ئەو هەموو کاڵا و بەرهەم و شتومەکە بێفەڕ و بێکەڵک و زیادە و ژینگەوێرانکەرانە نەماوە. ئێستا، پێویستمان بە تێگەیشتنە لە گرنگیی پێوەندداری، تێکەڵاوی، یەکدی بەسەرکردنەوە، خۆشەویستی، کات تەرخانکردن بۆ یەکدی. ئێمە لە کەشوفش و تەرەفێکدا دەژیاین، تەنیا بەرهەم و ئازادی و خۆشگوزەرانیمان دەبینی. پێمان وابوو ئەوانە هەموو کێشەکانمان وەلاوە دەنێن. ئێمە هەمیشە ترس و دڵەوڕاکێی لەدەستدانی بەرهەم و ئازادی و خۆشگوزارانیمان بوو. ترس و دڵەڕاوکێ، ژیانمانی ئاڵۆز کردبوو و مێشک و بیر و دیدمان ئاڵۆزکاو بوو. هەموومان مرۆڤگەلێکی ئاڵۆزکاو بووین. کۆمەک و هاریکاری و بەتەنگەوەهاتنی مرۆڤی خودان پێویستی و لێقەوماومان فەرامۆش کردبوو. ئێمە نەماندەزانی، هەموو مرۆڤایەتی گرێدراوی یەکدین. ئێمە دەبێ جیهان بە جۆرێکی دیکە بینا بکەینەوە. جیهانێک بهێنینە گۆڕێ و دروست بکەینەوە، مێشک و بیر و دەروونی مرۆڤ، لەسەر بنەما و بناخەی خۆشەویستی مرۆڤ و هاریکاری و کۆمەک و نەهێشتنی جیاوازیی چینایەتی و ڕەگەزی و ئایینی و نەتەوەیی، بینا بکاتەوە، چون بێ ئەوانە، بێ مێشک و دەروونی ئاسوودە و دروست و ئارام، لەشساغی نایەتە گۆڕێ.
جیهان بۆ دەبێ دوای ڕێبەر و دارا و دەسەڵاتدارگەلێک بکەوێت، خۆیان بخەنە پێش هەموو مرۆڤەکانی دیکەوە و هەموو بەرژەوەند و ئارەزوو و خواستەکانی خۆیان، بە پێویست بزانن و وەپێش هەموو کەس و هەموو شتێکی دیکەی بخەن! وەها ڕێبەرگەلێک دەبێ نەمێنن و وەلانرێن. بۆ بەرەوڕووبوونەی هەر نەهامەتی و دەرد و پەتا و ئاریشەیەک، مرۆڤ، گەل، خەڵک پێویستیان بە شارەزا و زانای باوەڕپێکراو هەیە، پێویستیان بە باوەڕبوون بە دەسەڵاتدارانێکی دڵسۆز هەیە، دەسەڵاتدارگەلێک، هەرچەندە دەگمەنن، کە خەمی گەل و وڵات و مرۆڤایەتی دەخۆن، وڵاتەکانیش پێویستیان بە باوەڕبوون بە یەکدی هەیە. لە جیهاندا سەدان میلیۆن مرۆڤ هەن تەنانەت سەرەتاییترین، مەرجەکانی ژیانێکی شایستەی مرۆڤیان نییە، ئیدی لە ئاوی خواردنەوەوە بیگرە و بە نان و کوڵبەیەک بۆ تێدا ژیان و پۆشاک و هەموو پێویستییەکانی دیکەوە تا دەگاتە خزمەتی تەندروستی و بژیشک و دەرمانیان نییە، کە هەموو ئەوانە دەبنە هۆی مەترسی و دژواری، نە تەنێ بۆ ئەوان، بەڵکە بۆ هەموو مرۆڤایەتی.
دەوڵەتەکان، نەتەوەکان، لەسەر ئەوە ڕاهاتوون، تەنێ بیر لە لەشساغی لەنێو وڵات و خەڵکانی خۆیاندا بکەنەوە، لێ دابینکردنی چارەسەر و تەندروستیی باش بۆ هەر وڵاتێک چین، ئیتالیا، کووبا سۆمال یا ئێران، بە قازانجی گەلانی فرانسا، ئەمەریکا، برازیل یا سوێدیش دەگەڕێتەوە. تووشبوونی مرۆڤ بە کۆرۆنا یا هەر پەتایەکی دیکە، لە ئێران، چین، ئیتالیا یا سپانیا، هەڕەشەیەک نییە تەنێ بۆ خەڵکی ئەو دەڤەرانە، بەڵکە بۆ هەموو یەکێک لە ئێمە لەم جیهانەدا. هەموو مرۆڤایەتی لە سەر یەک تۆپی زەوی دەژین، ئاو و هەوا و خۆر و سروشت و ژینگە و خاک و ئێستا و داهاتوویان، گرێدراوی یەکدین و لە ژیان و مردندا هاوبەشن. هەموو مرۆڤایەتی بەرپرسە لە پاراستنی هەموو مرۆڤێک، هەموو تاکێک، هەموو ئاژەڵێک، هەموو درەختێک، لە هەموو وڵاتێک، لە هەموو جیهاندا. ڕێبەر و سەرکردەی توانا و لێهاتوو و خاوەن بڕیار بۆ کارەساتگەلێکی وەک کۆرۆنا لە جیهاندا پێویستن.
ئێمە، کە لەنێو ماڵدا خۆمان حەشارداوە، ئەگەر بە ئاشکرا و ڕاشکاوانە نەیڵێین، وادەزانین لەبەر هەموو دەرگا و هەموو پەنجەرەیەک و لەژێر هەموو بەرد و تاوێرێک و لەبان هەموو دار و دەوەن و بنجک و تەختە و هەموو توێکڵە میوەیەک و لەبن هەموو دیوارێکدا، کۆرۆنا خۆی مەڵاس داوە و زۆرجاران وا بیر دەکەینەوە و وامان بە خەیاڵدا دێت، کە ئەگەر دەرگا یا پەنجەرە یا هەر کونێکی ماڵەکەمان کراوە بێت، ڤایرۆسی کۆرۆنا بێ سەلام و چاک و خۆشێێ، خۆی وەژووردا دەکات، وەک چاوەڕوانی کردنەوەی دەرکە و پەنجەرە و دەلاقە و کون و کەلەبەر بێت بۆ هاتن بۆ نێو ماڵ.
ئەوەی ئێستا بەسەر مرۆڤایەتیدا تێدەپەڕێت، باجی هەڵسوکەوت و بەرخورد و ڕەوشتە نامرۆڤانەییەکانی ڕێژیم و دەسەڵاتەکانی سەر گۆی زەوییە. زادەی چاوچنۆکی و گەنهزرینی ئەوانەن، هەوساری جیهانیان بەدەستەوەیە و بە ئارەزووی خۆیان داژۆن و مرۆڤایەتی بەرەو هەڵدێر و لەبەینچوون دەبەن. ئێستا جیهانی سەرمایەداری زۆر ئاشکرا و بێ شاردنەوە، لە زمانی سەرکردەکانیانەوە، باس لەوە دەکەن، کە چاوەڕوانی لەبەینچوونی70%ی خەڵکانی وڵاتەکانیانن و داوا لە خەڵک دەکەن، ئامادەی ئەوە بن، ماڵاوایی و خوداحافیزی، بۆ دواجار، لە خۆشەویستان و کەسە نزیکەکانیان بکەن، چونکە ئیدی ڕەنگە نەیانبیننەوە! ئەو کەسە نزیکانە و ئەو خۆشەویستانەی ئەوان باسیان دەکەن، پیرەکانن، حەفتاساڵان و بانتر. ئەوانەن ڕۆژێک لە ڕۆژان هەموو کارا و پڕهێز و گورجوگۆڵ، کاریان دەکرد و بەرهەمیان هەبوو و خشتیان دەخستە سەر خشت و ئەم جیهانەی ئەمڕۆیان دروست دەکرد.
جیهانی سەرمایەداری، ئەوروپا، ئەمەریکا و…ڕێژەی پیر لە وڵاتەکانیاندا 70% پێکدەهێنن و گەنجیان کەمترە. کەمتر زاوزێ دەکەن و منداڵیان کەمتر دەبێت. مرۆڤیان تەمەندرێژن و درەنگ دەمرن. هەشتا و نەوەت و سەت ساڵانیان فرەن و زۆر جاریش لە دەرێ دەبینرێن و چالاکن و وەرزش دەکەن و دەژین. ئەو پیرانە، نزیکەی هەر هەموویان بە تەنێ دەژین. ئەگەر لە ماڵێکیشدا بە تەنێ نەژین، لە خانەی پیران هەریەکەو ژووری خۆی هەیە. ڕۆژاوا و جیهانی سەرمایەداری، لەوە تێدەگەن، کە ئەم هەموو پیرە، کار ناکەن، بەرهەمیان نییە، مووچەی خانەنشینی وەردەگرن، دەمیان هەیە و دەستیان نییە، پێویستیان بە دەرمان و کۆمەکی لەشەکی و مەسرەف و خۆراک و هەموو شتێکە و بۆ خۆیشیان توانستی دابینکردنی ئەو هەموو شتەیان نییە، ئیدی بوونی ئەمانە، لە چاوی سەرمایەداری و ڕۆژاوای بێ دڵ و بێ بەزەییەوە، زیادەیە و کەمبوونەوە و نەبوون و نەمانیان، سەرمایەداری و سەرمایەداران، بە قازانجی دادەنێن.
ئەو تێڕوانینە بۆ خەڵکانێکی بێ بەرهەم و “دەمدار و بێدەست”، زادەی ئەم ڕۆژگارە نییە، بەڵکە بنجوبناوانێکی لە بڕێک دید و هزردا هەیە، کە لەمێژە لەنێو جڤاکی ڕۆژاوادا هەن. هزر یا تیۆرییەکەی مالسۆس لەمەڕ زانستی دانیشووانەوە، کە لە 1798دا، لەژێر ناونیشانی”گوتارێک لەمەڕ بنەما گشتییەکانی دانیشتووان”دا، بڵاوی کردەوە، دەڵێ:” هێزی زیادبوونی دانیشتووان مەزنترە لە هێزی زەوی لە بەرهەمهێنانی خۆراکدا”. مالسۆس، پێیوایە ژمارەی مرۆڤ هەر 25 ساڵ جارێک بەگوێرەی یەک بەدوای یەکی ئەندازەییدا(4-8-16-32-64-128…) زیاد دەکات، هەرچی بەرهەمی خۆراکە بە گوێرەی یەک بە دوای یەکی ژمارەییدا (10-20-30-40-50…) زیاد دەکات. مالسۆس دەڵێ:”مادام مرۆڤ بەبێ خۆراک ناتوانێت بژی، ئەم دوو هێزە نایەکسانە لە گەشەسەندندا، دەبێ هەندەک ڕێگر بێتە ڕێیان بۆ ئەوەی وەک یەکیان لێ بێت، واتە: کەمکردنەوەی ڕێژەی زیادکردنی دانیشتووان، بۆ ئەوەی لەگەڵ ڕێژەی بەرهەمهێنانی خۆراکدا هاوتا ببنەوە”. بەگوێرەی مالسۆس ئەم ڕێگرییانەی، کە ڕێگری لە زاوزێی خەڵک دەکەن، هەم نەئێنی و هەم ئەرێنین. هۆکارە نەئێنییەکان، لە شوونەکردن و ژننەهێناندا بەهۆی دەستکورتییەوە دەبینرێن، هەرچی هۆکارە ئەرێنییەکانە لەپاش سەرنەکەوتنی هۆکارە نەئێنییەکان دێن، کاتێک سروشت و مێژوو، بە نەخۆشی و برسییەتی و جەنگ، قڕ دەخەنە نێو مرۆڤ، ئەو کاتە ئیدی هاوسەنگیی لەنێوان دانیشتووان و خۆراکی دەستەبەرکراودا ڕادەگیرێت. ئەوەی مالسۆس ئاماژەی پێ دەکات، لە ململانێیەکانی باکووری دەوڵەمەند و باشووری هەژاری تۆپی زەویدا و لە سیاسەتی ڕێژیمە نازیست و فاشیست و سەرمایەدارییەکاندا، هەمیشە بینراوە. هەموو ئەم ڕێژیمانە، قڕکردن و کوژتنی بەکۆمەڵی گەلانیان، ئافراندووە و ئەنجام داوە. لە دوو جەنگی جیهانیدا و لە دەیان جەنگی کۆڵۆنیالیزمدا، دیوە دزێوەکەیان وەدەرکەوتووە.
کورتەی بیرۆکەیەک مالسۆس دەریدەبڕێ دەڵێ:”ئەو مرۆڤەی کەسێکی نییە بیژێنێت و ناتوانێت لەنێو جڤاکدا کارێکی دەستکەوێت، دەشبینێت لەسەر خاکەکەی خۆیشیدا، چ بەشە خۆراکێکی چنگ ناکەوێت و نییە، ئیدی لەئەنجامدا، ئەو کەسێکی زیادەیە لەسەر خوانی سروشت، چون ئەو دەورییەکی نییە لەنێو دەورییەکاندا و بەو پێیەش سروشت فەرمانی پێدەدا زەمەن جێبهێڵێت”.
کە زیادبوونی ژمارەی مرۆڤ و کەمیی بەرهەم، بگاتە بارگرانی زەوی و تەحەممولنەکردنی (carrying capacity of land)، بە بۆچوونی مالسۆس، ئیدی ڕەوشەکە دەگاتە قۆناخی چڕی و تەقینەوەی دانیشتووان و بەو پێیەش ڕۆژێک دادێ خۆراک بەشی دەمە برسییەکان ناکات و ئەوەش دەبێتە هۆکاری دروستبوونی جەنگ لەپێناوی خۆراک و ئاودا، ئەوە لایەنە نێودەوڵەتی و جیهانییەکەی، هەرچی پێوەندداریشە بە یەک جڤاکەوە، لەنێو یەک جڤاکدا، دەبێتە هۆی مانەوەی مرۆڤە بەهێز و تواناکان. ئیدی هەژاری و دەرد، بڵاو دەبێتەوە و جەنگیش لەنێوان دەوڵەتاندا و هەژاری لەنێو یەک جڤاکدا دەبنە واقیع و ڕاستی.
مالسۆس دەڵێ:”جڤاکی مرۆڤایەتی بەم جۆرە تەنێ ململانێیە، ژیان بۆ ئەوانە دەمێنێتەوە، باشترینن و سامان و داراییش لەم ململانێیەدا، تەنێ خەڵاتە بۆ ئازا و لێهاتووەکان”. هەموو ئەو ڕێگرییانەی بەلای مالسۆسەوە پێویستن گەرەکە بکرێن یا بێنە دی: برسییەتی، دەرد، جەنگ، هەموو ئەمانە لە وڵاتانی دواکەوتوو و هەژار و گەشەنەسەندوودا ڕوودەدەن و دەبنە هۆی لەنێوبردنی بەشێک لە دانیشتووان، کە ئیدی هاوتایی و هاوسەنگیی بۆ دانیشتووان و چەندیەتی خۆراک دەگێڕدرێتەوە، دیارە بۆ دەسەڵاتداران و دارایانی ئەو وڵاتانە، نەک هەموو مرۆڤەکان. ڕێگرییە خۆپارێزی و ئارەزوومەندییەکان، ژنومێردایەتی نەکردن یا دواخستنی، ئەمە لە وڵاتانی پیشەسازییە پێشکەوتووەکاندا باوە، کە لە کۆتاییدا هاوسەنگییەک لەنێوان ژمارەی دانیشتووان و چەندیەتی خۆراکدا دێتە گۆڕێ.
مالسۆس، گۆڕان و گەشەکردنی دۆزینەوە و داهێنانە زانستییە نوێییەکان و ئاستە هونەرییەکانی، کە بوونەتە هۆی زیادبوونی بەرهەم بە ڕێژەیەکی زۆر، لەبەرچاو نەگرتووە. هەروەها بڵاوبوونەوەی زانیاری و ئاگایی فەرهەنگی، کە بوونەتە هۆی کەمبوونەوەی زاوزێ، نەک بەهۆی ژنومێردایەتی نەکردن، یا دواخستنی، بەڵکە بەهۆی بەکارهێنانی ئامرازی زانستیی نوێ بۆ ڕێگریکردن لە منداڵبوونی، لەبەرچاو نەگرتووە. ئێستا ڕێژەی زیادەی خۆراک گەلێک لە ڕێژەی زیادبوونی دانیشتووان زیاترە، بە تایبەت لە گەلێک لە وڵاتانی پیشەسازییدا، مالسۆس ئەوەیشی لەبەرچاو نەگرتووە. مالسۆس، نادادی و ناهاسەنگی و ناهاوتایی، لە دابەشکردنی خۆراکدا، لەنێوان وڵاتانی دەوڵەمەندی باکووری زەوی و وڵاتانی هەژاری باشووری زەوی، کە کەمینە بەشی زۆرینە دەخوات، لەبەرچاو نەگرتووە. لەگەڵ هەموو کێماسییەکدا لە تیۆرییەکەی مالسۆسدا، ئەم تیۆرییەی بوو بە بنەمایەک و تیۆری (چێبوون و گەشەکردن/Theory of Evolution/ نظریة النشوء والإرتقاء)ی چارڵس داروین و تیۆری (مانەوەی تواناکان /بەهێزەکان/Theory of survival of the fittest/ البقاء للأصلح)ی فرێدریک نیچە (Friedrich Nietzsche)ی بەرهەم هێنا، کە بوون بە سرووشبەخشی نازیزم و فاشیزم و کۆڵۆنیالیزم و کەپیتالیزم و نیولیبرالیزم.
سەرمایەدارییی، کە ئیدی گەیشتووەتە قۆناخی ئیمپریالیزم و هیچ دەرفەت و بوارێکی بۆ باشووری هەژاری گۆی زەوی نەهێشتووەتەوە و تەواوی 50%ی سامان و ئابووری جیهان، ئەگەر لەو ڕێژەیەش زیاتر نەبێت، بە دەست 1%ی جیهانەوەیە، کە دارا و سەرمایەدارانی وڵاتانی باکووری گۆی زەوین. ئێستا ژمارەی میلیۆنێرانی جیهان 36 میلیۆن میلیۆنێرن و لە ساڵی 2022دا دەبنە 44 میلیۆن میلیۆنێر. ئێستا 15،3 میلیۆن میلیۆنێر لە ئەمەریکا(USA) و2،7 میلیۆن میلیۆنێر لە ژاپۆن و 2،2 میلیۆن میلیۆنێر لە بریتانیا(UK) و 1،9 میلیۆن میلیۆنێر لە چین هەن . وڵاتانی سەرمایەداری و سەرمایەداران، ئابوورییان، سامانیان بۆ بەرهەمهێنانی میلیۆنان شتی بێکەڵک و ناپێویست و زیادە هەیە. ئابووری و سامانیان بۆ بەرهەمهێنانی فرە و بە کۆمەڵ و لە یەک کاڵا میلیۆنان جۆر و ڕەنگ و میلیاران تۆن و دانە(Massproduktion)ی لێ دروست دەکەن، کە تەنێ بازاڕی پێ پڕدەکەنەوە و گیرفانی خەڵکی پێ بەتاڵ دەکەنەوە هەیە. ئابووری و سامانیان بۆ دروستکردنی چەک، ئەتۆم، بۆمب، تانک، فڕۆکە، گازی ژاراوی، هەزاران جۆرە تفەنگ و دەمانچە و چەکی لیزەری و بەزمی دیکە، کە بیلیۆنان دۆلاری تێدەچێ هەیە. ئابووری و سامانیان بۆ دەسەڵاتداری توڕەهات و جڤینی بێ نرخ و بێ بایەخ و ئاهەنگی ناپەسەند و کۆشک و تەلاری ڕازاوە و پۆشاکی گرانبەها و وەرزشکار و فووتبۆڵیست و هەزاران جۆری ئەلکحوول و سیگار و خشڵ و زێڕ و سەدان هەزار شتی دیکە هەیە، لێ ئێستا بۆ مرۆڤ، بۆ لەشساغی، بۆ خۆپاراستن، بۆ هەژار و نەدار و برسی و ڕووت و بێماڵ و پەنابەر و هەڵاتوو و لێقەوماو و دەردار، نییە. ئەوەی ئێستا ڕوودەدات، پیادەکردنی جۆرێکە لەو تیۆری و هزر و سیاسەتانەی، کە بە کەمکردنەوەی دانیشتووانە هەژار و نەدارەکەی سەر زەوی، خۆشگوزەرانی بۆ داراکانی سەر زەوی دەستەبەر بکرێ، ئەویش بە سازکردنی جەنگ و پەرەپێدانی هەژاری و دروستکردنی دەرد و نەخۆشی و پشتگوێخستنی ژیانی مرۆڤەکانی دەرێی بازنەی سەرمایە و یانەی سەرمایەداران.
تازەکی لەگەڵ(سوعاد)ی خێزانمدا لە ساڵانی 1980دا هاتبووینە سوێد. زینەت شاکەلی، خێزانی یەکەمی فەرهادی برام، کە باسی نەخۆشخانەکانی سوێدی دەکرد، دەیگوت: هێندە پاک و خاوێنە، ئەگەر خۆراک، چێشت هەروا ڕۆبکرێتە سەر زەوی نێو نەخۆشخانەکە، نێو ژوورەکانی، ڕاڕەوەکانی، مرۆڤ دەتوانێت دانیشی و بە کەوچک و چنگال خۆراکەکە بخوات. مەبەستی لەوە بوو، کە بێتام پاکە. دواتر تووشی نەخۆشخانە و نەشتەرگەری هاتم و دیتم ئەلحەقی ئەو قسەیە ڕاست و دروستە و وایە. ئیدی دوای ئەم هەموو ساڵەی لەم وڵاتەم بۆم ڕوون بووەوە، کە هێندەی گرنگیی بە پاک و خاوێنی و گۆڕینی چەرچەف و پەتوو و بالیف و جێگە و دەسماڵ و دەستەوانە و لیوانی ئاوخواردنەوە و دەفر و سابوون و خواردن و قاوە و چای و فنجانی قاوە و دەسکی دەرگا و پەردە و پۆشاک و تابلۆی نێو ژوورەکان و تەختەی خەوتنەکە و…دەیان وردە شتی تر دەدرێن، هێندە گرنگیی بە نەخۆشی و نەخۆشەکە نادرێ. هێندەی پارەوپووڵ بۆ ئەو وردە شتانە بەفیڕۆ دەدرێ، هێندە پارە بۆ بژیشک و پەرستار و نەخۆش و نەخۆشی خەرج ناکرێت. هاوڕێم کاک حەکیمی کاکەوەیس(یادی بەخێر و ڕۆحی شاد)، یەک دانە ساڵ و نێو هێنایان و بردیان دوای ئەوە توانیان نەخۆشییەکەی دەستنیشان بکەن، ئەویش کەی، دوو مانگ پێش ماڵاوایی لە ژیان! سوێدییەکان، هێندە بەکاوەخۆ کار دەکەن، گەلێ جار، نەخۆشییەکە تەشەنە دەکات و کار لەکار دەترازێت. ساڵانی 1980 لەگەڵ ئێستادا دنیایەک جیاوازیی هەیە. ئەودەم سیاسەتی ماڵی گەل و بیمەی لەشساغی و کۆمەڵایەتی و جۆرێک لە هەرەوەزی و سۆسیالیزم لە گۆڕێدا بوو و نەخۆشخانەکان و بژیشکەکان، سەر بە دەوڵەت بوون، ئێستا زۆرێک لە نەخۆشخانەکان فرۆشراون و بوون بە تایبەت و سەر بە کەرتی تایبەتن. ئێستا دەوڵەت دەستبەرداری بەشی زۆری نەخۆشخانە و خوێندنگەکان بووە و کەرتی تایبەت بوون بە خاوەنیان.
لەم دابارینی کۆرۆنایەدا، سیاسەتێکی هێندە نەرم و لاستیکییانە پێڕۆ دەکەن، مرۆڤ وەڕس دەکات. چین، ئێران، ئیتالیا، سپانیا، ئەڵمانیا و…کۆمەڵێک وڵاتن، تووشی ئەم پەتایە بوون. چین هەر لە دەسپێکی سەرهەڵدانی دەردەکەوە، لەبەر ئەوەی حوکوومەت و دەسەڵات و مەرکەزییەت هەیە، توانیی تا ڕادەیەک ڕێگە لە بڵاوبوونەوەیەکی خێرای دەردەکە بگرێت. شارێکی گەورەی 11 میلیۆنیی وەک ووهان(Wuhan)ی کەرەنتینە کرد و لە جیهان دایبڕی و هاتووچۆ و بازاڕ و زانستگە و خوێندن و کارگە و کارگێڕی و هەرچی شتی دیکەیە لە وڵاتدا داخست و بەوە توانیی ڕێگە لە بڵاوبوونەوەی پەتاکە بگرێ. ئیتالیا و ئەڵمانیا و سپانیا، چونکە سەر بە فەرهەنگێکی ترن، نەیانتوانی وەها کارێک بکەن، بۆیە تەشەنەی کرد. سوێد، لە دەسپێکدا خۆی لە پەتاکە نەبان کرد و بیریان لەوە دەکردەوە، پەتاکە پتر بڵاوببێتەوە، بۆ ئەوەی ببێتە نەخۆشیی کۆمەڵ(گەلەدەرد) و هەموو جڤاک بیگرێتەوەو بە دیتنی ئەمان، کە وای لێهات، ئەودەمی زۆرینەی خەڵک بەرگریی لەش پەیدا دەکەن و لەیەکدییەوە تووش نابن و لەو نەخۆشیی کۆمەڵ و گەلەدەردەوە دەگۆڕدرێت و حاڵەتی بەرگریی کۆمەڵ(گەلەبەرگریی) دێتە گۆڕێ . دەرکەوت ئەمە فشەیەکی گەورەیە. خڕبوونەوەی 500 کەسییان پێش حەفتەیەک قەدەغە کرد، لێ خڕبوونەوەی 499 کەس ڕێگەپێدراو بوو. ئەمڕۆ خڕبوونەوەی 50 کەسیان قەدەغە کرد و خڕبوونەوەی 49 کەسیان ڕێگە پێداوە! ئەمە مەگەر تەنێ کەسێکی کەمئاوەز و دەروون ئاڵۆز بتوانێت لێی تێبگات! سوێد هێشتا لەوە تێنەگەیشتووە، هاتنی ئەپ پەتایە وەک هەڵگیرسانی جەنگێکی جیهانییە، هێشتا ناتوانێت هاتوچۆ، گەشت، بازاڕ، خوێندنگە، فڕۆکەخانە و…دابخات. ئازدی دەداتە ئەو جێگە و خەڵکەکان، بۆ خۆیان بڕیار بدەن. مرۆڤ کاتێک ئەمە دەبینێت، وەک ئەوە وایە، بۆمبباران و جەنگ و زرمەی تۆپ و تانک و فڕۆکە و هێرشی لەشکرە و خەڵکێکی نەزان و منداڵ و لاو، هەڕا دەکەن و خۆ دەدەنە بەر تەقە و لە تانک و سەربازەکانی دوژم نزیک دەکەونەوە و دەسەڵاتیش یا گەورەکان تەماشایان دەکەن و دەڵێن: ئەوان بۆ خۆیان ئازادن و بۆ خۆیان بڕیار لەسەر ژیان و هەڵسوکەوتی خۆیان دەدەن و بۆ خۆیان هەڵبژاردەی خۆیان دەکەن. لە وەها ڕەوشێکدا دەبێ ئەو ئازادی و هەڵبژاردنە پشتگوێ بخرێن و ژیان و خۆپاراستن و سەلامەتی بە تۆبزی بەسەر ئەو مرۆڤانەدا بسەپێندرێت، لێ ئەمە هەرگیز سوێدییەک تێێناگات! سوێد، بەو هەموو دەوڵەمەندی و سامانەی هەیەتی و بەو هەموو باجەی، کۆمپانیا و کارگەکان و لە هەموو تاکێکی سوێدی وەریدەگرێت، کە 30% داهاتی هەموو وڵاتی و دانیشتوویەکی سوێدە، بە خانەنشینکراوەکانیشەوە، کە داهاتێکی گەلێک کەم وەردەگرن، هاواری ئەوەی لێ هەڵساوە، کە جێگە بۆ تووشبووانی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەکاندا نییە. ئامۆژگاریی نەخۆش دەکەن، لە ماڵەوە دانیشی و خۆی کەرەنتین بکات، نەک هەر پیر، بۆ گەنجانیش شتێک ناکەن. ئەگەر تەماشایەکی نەخۆشخانەکانی سوێد بکەیت، دەبینیت حەفت دانە نەخۆشخانە تا بڵێی مەزنی تێدایە، هەریەکەیان چمانی شارێکە، دوای ئەوانە دوانزدە دانەی دیکەیان هەن، کە کەمێک لەوانە گچکەترن و دوای ئەوانەش شەش دانەی دیکەیان هەن، کە کەمێک لەوانە گچکەترن. هەر یەک دانە لەو بیستوپێنج نەخۆشخانانە دەشتێکی داگیرکردووە و هەرەیەکەو سەدان ڕاڕەو و ژوور و هەزاران دەسگە و ماشین و کارمەند و چووزانم چی تێدان و پێشکەوتووترین ئامێریان لەبەردەستە، کەچی هاواری ئەوە دەکەن، چێ بکەن و چۆن بەرەوڕووی ئەم پەتایە ببنەوە! سوێدێک سەدان ساڵە، نە جەنگ، نە برسییەتی نە ئاوارەیی و هەڵاتن و نەهامەتی نەدیوە، کەچی دەستەوەستان دەوەستێ و ناتوانێت چارەسەری نەخۆشەکانی بکات و نەخشە و میکانیزمێک بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و بەرگریکردن و ڕاگرتنی کۆرۆنا دانێت. هێشتا هەزار ڕەحمەت لە کوردستانێکی هەژار و کەمئەزموون و کەمئامێر و کەمدەسگە و کەم بژیشک، کە دەتوانێت بڕیار بدات و کار بکات و فریای نەخۆشەکانی بکەوێت و کۆمەک بە هەموویان، بەوەی پێوستی پێیەتی، بێ جیاوازیی بکات.
هەرچی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنایە لە سوێد، سوێدییەکان، لە دەسپێکدا کردیان بە هەرا، کەوا لە ڕێگەی یەک دوو ئێرانییەوە، کە لەئێرانێ ڕا گەڕاونەوە، بڵاوبووەتەوە. ئێرانییەکان هەر ژمارەیەکی یەکجار کەمیان تووش کرد، ئەویش خێزان و ماڵی خۆیان بوون، لێ بڵاوبوونەوەی پەتاکە بە شێوەیەکی بەربڵاو، لە لایەن ئەو سوێدییانەوە بوو، لە چیاکانی ئەلپ و ئیتالیا و نەمسا و فرانسا و سپانیاوە گەڕانەوە و کە بۆ گەشتیاری و ڕابواردن و وەرزش بۆ ئەو دەڤەرانە ڕۆیشتبوون، ئەوانەیشی لەو وڵاتانە بوون و گەڕانەوە، بەشێکیان خەڵکە دەوڵەمەند و وەزشکار و بەناوێکانی سوێد بوون و هەر لە فڕۆکەکانی ڕا، کە پێیان دەهاتنەوە، خەڵکیان تووشی ئەو دەردە کردبوو تا دەگەیشتنەوە شار و گەڕەک و کۆڵان و ماڵەکانی خۆیان، ئەو دیارییەیان دەبەشییەوە. سوێد هەرگیز باسی لەوانە نەکرد، چون بێجگە لەوەی لە چینە دەوڵەمەندەکەن، لە ئەوروپاوە هاتبوونەوە و بۆ ئەمان، سوێدییەکان دیارە لەکن هەموو ئەوروپاییانی دیکەش هەروایە، ناوهێنانی ئەوروپا بە خراپە یا نەخۆش، کارێکی نەکردەیە. ئەوەش گرێدراوی پاشخانە ڕەگەزپەرستییەکەیە، کە لەکن ئەوروپاییان زۆر بە ڕوونی دەبینرێت. سوێد لە هەمبەر ئەو هەموو تووشبووەی لەوانەوە تووش بوون، متەقی نەکرد و خۆش خۆش باسی ئێرانێی دەهێنایە گۆڕێ. خەڵکێکی زۆر لە سوێد بەو پەتایە مردوون و بەشێکی زۆر لەوانە، خەڵکە بیانییەکەن. ڕێژەیەکی زۆر لە سۆمالییەکانی دانیشتووی سوێد مردن. سوێدییەکان، دەسبەجێ، مردنی ئەو سۆمالی بیانیانەی گەڕانەوە بۆ ناڕێکوپێکی هەلومەرجی ژیانیان و سەردانیکردن و هاتوچۆ و پێوەند و تێکەڵاویی گەرمیان لەگەڵ یەکدیدا. سوێدییەکان باس لەوە ناکەن، کە زۆرینەی بیانییەکان، لەبەر هەژاری و دەستکورتی و نەداری، زۆرێک لە خێزانەکان تێکەڵ و لەگەڵ یەکدیدا دەژین. باپیر و داپیر و کوڕ و کوڕەزا، دەتوانن لەگەڵ یەکدیدا بژین، بەڵام سوێدییەکان هەریەکەو دایکم گوتەنی: وەک قازی کوێر، بە تەنێ خۆی، دەژی و ماڵ و جێگەی خۆی هەیە. سەرەڕای ئەوە، ئەو سۆمالی و بیانیانەی دیکە، هەموو کاری دەرێ، کاری خزمەتگوزاری، بەقاڵی، خۆراکفرۆشی، کارگەری چێشتخانە و قاوەخانە و مەیخانە و ئۆتۆبووس و شەمەندەفەر و پاککردنەوە و ئاژۆری و تاکسی و کاری نێوماڵان و خزمەتی پیر و پەککەوتە و پیرخانە و زارۆکخانە و…زۆری دیکەی لەو جۆرە دەکەن، کە ناچارن و هەر دەبێ بڕۆنە دەرێ، بۆ پەیداکردنی پووڵێک و پاروویەک نان، چون ئەو کارانەی ئەوان لە ماڵەوە ناکرێت، وەک ئەوەی بۆ زۆرینەیەک لە سوێدییەکان دەلوێ. ئیدی بە چوونە دەرەوەیشیان، ئەو بیانیانە و لەنێویشیاندا سۆمالییەکان، لەبەر ئەو تێکەڵاوییەیان و خزمەتکردن و گەیاندن بە خەڵکانی جیاواز، بە هۆی کارەکانیانەوە، ئیدی تووشبوونیان بەو پەتایە، لە خەڵکی دیکە، ئاسانتر و خێراتر دەبێت. نزیکەی زۆرترینی سوێدییەکان، کە نێشتەجێی شارانیشن، لە دەرێی شارەکان، لە دەشت، کەنار زەریا و ڕووبارەکان، نزیک بە جەنگەڵەکان، خانووی تایبەتی هاوینە و جێی وچان و پشوودان و ئیسراحەتیان هەن، کە لە شڵەژانێکی وەک ئەمەی ئێستادا، سواری ماشێنەکانیان دەبن دەچنە ئەو جێگەیانە، کە ئیدی دەرد و بەڵایان پێ ناگات. جیاوازیی چینایەتی، ئەگەر تاکە هۆکار نەبێت بۆ دەرد و بەڵا و پەتا و نەگبەتی و بەدبەختی و کێشەکانی جڤاک و مرۆڤ، ئەوا هۆکارێکی هەرەگرنگ و سەرەکیترین هۆکارە.
مرۆڤ ناتوانێت بڵێت ئەم ڤایرۆسی کۆرۆنایە دروستکراوە، لێ بەدەوکارییەکی لەم جۆرە، لە سروشت و بیرکردنەوەی ئیمپریالیزم و نوێلیبرالیزمەوە دوور نییە. تەواوی ئەوەی ڕوو دەدات، شەرعییەتی سەرمایەداری و ئەم جۆرە ڕێژیمانەی چارەنووسی تۆپی زەوی و گەردوون و مرۆڤایەتییان بەدەستە، دەخاتە ژێر پرسیارەوە، ئایا ئیدی کاتی ئەوە نەهاتووە مرۆڤ بیر لە جۆرێکی دیکەی بەرهەمهێنان و سنوودارکردنی بەرهەمهێنانی ناپێویست و ڕۆڵی پتری دەوڵەت لە ئابوورییدا بکاتەوە! ئایا کاتی تووڕهەڵدانی سیستمی سەرمایەداری بە هەموو گەماری و قڕێژی و نامرۆڤایەتییەکانییەوە نەهاتووە و کاتی ئەوە نەهاتووە دەوڵەتی خەڵک، دەوڵەتی جڤاک، دەوڵەتی سۆسیالیستی، مرۆڤدۆست، ژینگەدۆست و خاوەنی ئابوورییەکی نەخشە بۆ دانراو و ئاراستەکراو، بێتە گۆڕێ و بڕێک مەرکەزییەتی تێدابێت! ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە، دیموکراتی و ئازادی، کە ڕۆژاوا هەمیشە خستوونیە و دەیانخاتە پێش هەموو شتێکەوە، بخرێنە دوای نان و لەشساغی و تەندروستی ئاساییشەوە!

27-03-2020
ئەمجەد شاکەلی




ڕێزو ستایش بۆ جه‌نگاوه‌ره‌ نه‌ناسراوه‌كانی دژی كۆرۆنا … د. زاهیر سوران

مێژووی پڕ خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یی كورد، به‌وه‌ ناسراوه‌ كه‌ ئێمه‌ هه‌میشه‌ شه‌ری به‌رگرییمان كردووه‌ دژی دوژمنان و داگیركه‌ران وهه‌رگیز هێرشمان نه‌كردۆته‌ سه‌ر هیچ كه‌س و هیچ وڵاتێك. شه‌ڕی ئه‌م جاره‌شمان وه‌ك جاری جاران شه‌ڕی خۆپاراستن و مانه‌وه‌مانه‌ تا ڤایرۆسه‌كه‌ خۆشه‌ویسته‌كانمانی لێ نه‌سه‌ندوین. ئه‌وه‌ی شایانی باسه‌ میلله‌تان و حكومه‌ته‌كانی دونیا به‌ هه‌موو هێزی سیاسیی، سه‌ربازیی، ئابووریی، زانستیی، پیشه‌یی و ته‌ندروستییانه‌وه‌ رۆژو شه‌ویان ناوه‌ته‌ بان یه‌ك دژی ڤایرۆسی كۆرۆنا. له‌و پێناوه‌شدا ژماره‌یه‌كی به‌رچاو ڕاسته‌وخۆ خۆنه‌ویستانه‌ خۆیان كردۆته‌‌ قوربانی له‌پێناوی خۆشگوزه‌رانی میلله‌ته‌كه‌یاندا ئه‌وانیش ده‌ستكێش له‌ ده‌ست و ده‌مامكداره‌كانی كه‌رتی ته‌ندروستین.

ئه‌و وڵاتانه‌ی كه‌ سیسته‌می ته‌ندروستییان تێدا به‌رقه‌راربووه‌و گوێیان له‌ شاره‌زایان و پسپۆرانی بواری ته‌ندروستی گرتووه‌ هه‌رچه‌نده‌ به‌رپرسیاریه‌تییه‌كی گه‌وره‌و چاره‌نووسسازیان خراوه‌ته‌ سه‌ر شان، وه‌لێ‌ توانایه‌كی كه‌م یان دیاریی كراویان بۆ دابین كراوه یان له‌به‌رده‌ستیاندا بووەو به‌ڵام‌ توانیویانه‌ به‌ر له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌كه‌ بگرن و ژیانی سه‌دان خه‌ڵك له‌ مردن ڕزگار بکەن‌. گه‌ر سه‌یری كارمه‌ندانی ته‌ندروستی وڵاتان بكه‌ین بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ هه‌رچه‌نده‌ ئه‌وان باشترین كه‌لوپه‌لی خۆپاراستنیان له‌به‌رده‌ستدایه،‌ به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ژماره‌یه‌ك له‌ كارمه‌ندانی ته‌ندروستییان تووشی ڤایرۆسه‌كه‌ بوون و یه‌كه‌م پزیشكیش د (Li Wanliang) چینی بووكه‌ به‌ هۆی تووشبوونی به‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا، كۆچی دووایی كرد، هه‌رچه‌نده‌ سه‌ره‌تا ھەندێک لە ناحاڵییه‌كان له‌سه‌ر هه‌قبێژی (د. لی) بەرەوڕووی هه‌ڕه‌شەو سه‌رزه‌نشت‌ بووەوە، پاشتر كاتێك كارله ‌كار ترازاو ڕاستییه‌كان ده‌ركه‌وت و پاشان (د. لی) كۆچی دوایی كرد ئه‌وسا ده‌سته‌ڵات چۆكی بۆ ڕاستیبێژی و هه‌قبێژییه‌‌كانی ئه‌و پزیشكه دا‌دا.

ئه‌وه‌ی شایانی باسه‌ رۆژانه‌ له‌ سه‌رتاسه‌ری دونیادا كارمه‌ندانی ته‌ندروستی به‌ هۆی سه‌رقاڵی و شه‌ونخونییانەوە‌ له‌گه‌ڵ تووشبووان و مردووان به‌ ڤایرۆسه‌كه‌ خۆشیان تووشی ڤایرۆسه‌كه‌ ده‌بن و له‌و پێناوه‌شدا ژماره‌یه‌كیشیان گیانیان له‌ده‌ست داوه‌! له‌ ئیتالیا نزیكه‌ی٤٠ پزیشكیان لێ مردووه‌، ئه‌وه‌ جگه‌ له‌ كارمه‌ندانی به‌شه‌كانی دی. ڕۆژی ٢٨ ی ئادار، ‌ئیتاڵییه‌كان ئاماژه‌یان به‌و راستییه‌ كرد كه‌ هۆی مردنی كارمه‌ندانی ته‌ندروستی و ئه‌و هه‌موو پزیشكه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ نه‌بوون وكه‌می كه‌لوپه‌لی خۆپاراستنی كارمه‌ندی ته‌ندروستی ئه‌ویش به‌ هۆی ئه‌و ژماره‌ گه‌وره‌ تووشبووه‌ی كه‌ له‌ناكاو ده‌ركه‌وت وكارمه‌ندانی ته‌ندروستی شڵه‌ژاند. چونكه‌ نه‌ ئاماده‌بوون بۆ وه‌رگرتنی ئه‌و هه‌موو نه‌خۆشه‌ نه‌ له‌ توانای پزیشك و نه‌خۆشخانه‌كاندا ‌بوون.

ڕۆژی ٢٨ ی ئادار به‌رپرسانی سوید، ئه‌و ڕاستییه‌یان ڕاگه‌یاند كه‌ ژماره‌یه‌ك له‌ كارمه‌ندانی به‌شی گواستنه‌وه‌ به‌ ئامبولانس و هاوكات پزیشكێكیش تووشی ڤایرۆسه‌كه‌ بووه‌ له‌ به‌شی چاودێری وردا، له‌ بارێكی خراپدا گوزه‌ر ده‌كه‌ن و مه‌ترسی هه‌یه‌ ژماره‌یه‌كی زێده‌تر له‌ كارمه‌ندانی ته‌ندروستی تووشی ڤایرۆسه‌كه‌ ببن یان بمرن. لای خۆشمان پزیشكێك له‌ هه‌ولێرو پزیشكی دی له‌ سلێمانی به‌ هۆی بینینی نه‌خۆشه‌وه‌ (تووشبووی ڤایرۆسه‌كه‌وه)‌ تووشی ڤایرۆسه‌كه‌ بوون و ئێستا هه‌ردووكیان ته‌ندروستیان باشه‌. ڕاسته‌ به‌شێك له‌ نه‌خۆشه‌كانمان چاك بوونه‌ته‌وه‌ به‌ڵام نابێت دوو شتی گرنگ له‌ بیر بكه‌ین ئه‌وانیش بریتین له‌ :-

١-ئه‌وانه‌ی چاكبوونه‌ته‌وه‌ له‌شیان به‌رگری دژی هه‌مان ڤایرۆس دروست ده‌كه‌ن.

٢- به‌لام نزیكه‌ی له‌ ١٤% چاكبووه‌وه‌كان له‌وانه‌یه‌ جارێكی دی تووشی ڤایرۆسه‌كه‌ ببنه‌وه‌.

هه‌رچه‌نده‌ وڵاته‌ پێشكه‌وتووەکان‌ له‌نێو ئامبولانسه‌كان و نه‌خۆشخانه‌كانیاندا ته‌واوی و كه‌لوپه‌لی پێشكه‌توویان له‌ به‌رده‌ستا بووه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌م ژماره‌ به‌رزه‌ له‌ كارمه‌ندی ته‌ندروستی تووشبون و كۆچی دوواییان كردووه. لای خۆشمان هه‌موومان ماندووبوونیان ده‌بینین له‌به‌رئه‌وه‌ هیوادارم حكومه‌ت نه‌هێڵێت كه‌لوپه‌لی خۆپاراستنی كارمه‌نده‌‌كانی كوردستان كه‌م ببێته‌وه‌، ده‌بێت هه‌میشه‌ مشوریان بۆ بخوات بۆ ئه‌وه‌ی بیان پارێزین‌ و تووشی ڤایرۆسه‌كه‌ نه‌بن هاوكات ده‌بێت ئه‌وانیش ده‌ستی پێوه‌ بگرن.

ماوه‌یه‌كه‌ زانایانی ڤایرۆس، تێبینی ئه‌وه‌یان كردووه‌ كه‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا گه‌ر جوڵه‌ی نه‌بێت (هۆكاری گواستنه‌وه‌) ئه‌وا له‌ ماوه‌ی ١٤ رۆژاندا چالاكی فره‌ كه‌م ده‌بێته‌وه، له‌ گه‌رمی ٧٠ پله‌دا ٥ خوله‌كدا ده‌مرێت. نزیكه‌ی ٧ رۆژان له‌سه‌رڕووی ده‌ره‌وه‌ی ده‌مامكی پزیشكی ده‌مێنێته‌وه،‌ له‌به‌رئه‌وه‌ له‌وانه‌یه‌ ئه‌وه‌ هۆكارێك بوو بێت بۆ بڵاوبوونه‌وه‌ی له‌ نێوان كارمه‌ندانی ته‌ندروسیتیدا و پێویسته‌ زوو زوو ده‌مامكه‌كانیان بگۆڕن یان پاكژ بكرێنه‌وه‌. هه‌ر ئه‌و زانایانه‌ ئاماژه‌ی پێده‌كه‌ن كه‌ ڤایرۆسه‌كه‌، له‌سه‌ر كاخه‌ز ٣ كاتژمێر ده‌مێنێته‌وه‌، له‌سه‌ر جلوبه‌رگ و ته‌خته‌ نزیكه‌ی ٢ رۆژان ده‌ژی‌، له‌سه‌ر شووشه‌ نزیكه‌ی ٤ رۆژان ده‌ژی، به‌ڵام له‌سه‌ر پلاستێك نزیكه‌ی ٧ رۆژان ده‌مێنێته‌وه‌. (نوفۆستی ٢٠٢٠.٣.٢٩) .ده‌بێت كارمه‌ندانی ته‌ندروستی هه‌وكردنی چاوه‌كانی خۆیان و كه‌سانی دی به‌ هه‌ند وه‌ربگرن له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پسپۆڕانی چاوی ئه‌مێریكایی ئاماژه‌ بۆ ڤایرۆسی كۆرۆنا ده‌كه‌ن كه‌ له‌وانه‌یه‌ ببێته‌ هۆی سووربوونه‌وه‌ و هه‌وكردنی چاوه‌كان (CDC, Mars 28..2020)

پێویسته‌ ئه‌و راستییه‌ بزانن، كه‌ سه‌دان ویژدانداری وه‌ك من خه‌مخۆرتانه‌و به مێشك و‌دڵ له‌ ته‌كتاندایەو هیوادارم كارمه‌ندان وریاتر‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ نه‌خۆشه‌كان، پاكژكردنه‌وه‌ی ئامبوڵانسه‌كان و كه‌لوپه‌له‌كاندا بكه‌ن و ئه‌و‌ كارمه‌نده‌ی گومانی له ‌خۆی كرد كه‌ ته‌ندروستی باش نییه‌، دەبێت بێ دوو دڵی و شه‌رمكردن پێویسته‌ واز له ‌كاره‌كه‌ی بهێنێت و تێستی خۆی بكات، بۆ ئه‌وه‌ی كه‌سانی نزیك خۆی تووش نه‌كات. له‌ كۆتاییدا پێتان ئێژم :هه‌رچه‌نده‌ میلله‌ت و حكومه‌تی ئێمه‌ به‌های خۆنه‌ویسته‌كان و جه‌نگاوه‌ره‌ ونبووه‌كانی نازانێت، به‌ڵام پێویسته‌ ئێوه‌ له‌ هه‌وڵی ڕزگاركردنی ژیانی نه‌خۆشه‌كاندا بن وبه‌رده‌وام كاری مرۆڤانه‌ی پزیشكی خۆتان ئه‌نجام بده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ربه‌رزو ویژدان ئاسووده‌بن له‌به‌رئه‌وه‌ی گه‌ر كا‌رمه‌ندی ته‌ندروستی ویژدانی ئاسووده‌ نه‌بێت هه‌رگیز سه‌ری به‌رز نابێت. هیوادارم ئه‌وانه‌ی له‌ ١ ئاداره‌وه‌ گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ نیشتمان و ‌خۆیان تێست نه‌كردووه، ده‌بێت ئه‌وانیش به‌تەنگ داوای كارمه‌ندانی ته‌ندروستییه‌وه‌ بێن بۆ تێست كردنیان. به‌ڕێزان، ئه‌وه‌ ترس و شه‌رمی ناوێت، هیچ نییه‌ جگه‌ له‌ وه‌رگرتنی بڕێك خوێن، ئه‌ویش بۆ ئه‌وه‌یه‌ به‌ هه‌موومان زه‌رده‌خه‌نەو پێكه‌نین و جوڵه‌ بگه‌ڕێنینه‌وه‌ نێو ماڵه‌‌كان، بۆ ئه‌وه‌ی فشاری ده‌روونی دانیشتوان كه‌م بكه‌ینه‌وه.‌ چونكه‌ ئه‌م كوردستانه‌ هی هه‌موومانه‌ به‌ ده‌نگ، ڕه‌نگ، ئاین و بۆچوونه‌ جوداكانه‌وه‌ جوانه‌و پێشینان جوانیان فەرمووە‌: به‌ یه‌ك ده‌ست چه‌پڵه‌ لێ نادرێت. هیوادارم كارمه‌ندانی وه‌زاره‌ته‌كانی ناوخۆ و پێشمه‌رگه‌ش به‌رپرسانه‌ له‌ كاتی ئه‌ركه‌كانیاندا خۆیان له‌ هه‌موو جۆره‌ به‌ركه‌وتنێك بپارێزن وبه‌ ئاگاییە مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌لومه‌رجه‌ ئاڵۆزه‌دا بكه‌ن كه‌ هاتۆته‌ گۆڕێ له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌وانیش كوڕو كیژی ئه‌م گه‌ل و نیشتیمانه‌ن و قه‌رزارباریانین.

د. زاهیر سوران

پسپۆڕی نه‌خۆشییه‌ درمییه‌كان و گشتییه‌كان، سلێمانی .

٣٠ / ئاداری ٢٠٢٠




ئه‌ستیاگ دوا پادشای ماده‌كان زوحاكی ماربه‌شانی نه‌ورۆز نییه‌ … ڕه‌سوڵ بۆسكێنی

له‌گه‌ڵ هیوای سه‌لامه‌تی بۆ هه‌موو لایه‌ك و ده‌ربازبوون له‌ سه‌رده‌می ڤایرۆسی كۆرۆنا، له‌به‌ر بێ نازی جێژنی نه‌ورۆزی ئه‌مساڵ، ده‌مه‌وێ له‌و باره‌یه‌وه‌ ئه‌م بابه‌ته‌تان پێشكه‌ش بكه‌م، كه‌ له‌ ڕابردوو له‌ چه‌ند وتارێكدا له‌ ڕیشه‌ی جێژنی نه‌ورۆزمان كۆڵیه‌وه‌ و ڕوونمان كرده‌وه‌، كه‌ نه‌ورۆز جێژنێكی كۆنی كورد و به‌سه‌رهاتێكی ئه‌فسانه‌یی كۆنه‌ و ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ زیاتر له‌ چوار هه‌زار ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، لێره‌ ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌ نیه‌ جارێكی تر به‌ ڕوونكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و بابه‌ته‌دا بچینه‌وه‌، ئێستا قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كه‌ین، كه‌ ئاستیاگ و زوحاك به‌یه‌ك ده‌چووێنن، ئه‌وانه‌ی به‌سه‌رهاتی ئه‌فسانه‌یی كاوه‌ و زوحاك نزیك ده‌كه‌نه‌وه‌ بۆ كۆتایی ده‌سه‌ڵاتی ماده‌كان، ده‌نگۆی ئه‌وه‌ بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌ گوایه‌ ئاستیاگ دوا پاشای ماده‌كان، زوحاك یان (ئه‌ژده‌هاك)ی ماربه‌شان بووه‌، هه‌روه‌ها وا ‌باسی (زوحاك و فه‌ره‌یدون و كاوه‌) ده‌كه‌ن، كه‌ فیرده‌وسی له‌ شانامه‌دا وه‌ك ناسیونالیستێكی فارسی شانازی به‌سه‌ركه‌وتنی كۆڕش به‌سه‌ر دوا پادشای ماد ئاستیاگ ی كورد دا ده‌كه‌ن، ده‌ڵێن له‌ ڕووداوی كاوه‌ و زوحاك ده‌بێ كورد پرسه‌ بگێڕێت نه‌ك جێژن بكات، چونكه‌ له‌و ڕۆژه‌دا ئاستیاگ دوا پادشای ماد له‌لایه‌ن كۆڕشی فارسیه‌وه‌ كوده‌تای به‌سه‌ردا كراوه و كۆتایی به‌ ده‌سه‌ڵاتی كو‌رد هێنراوه‌‌، بۆ چیرۆكی (كاوه‌ و زوحاك)یش ده‌ڵێن: ئاستیاگ دوا پادشای ماد ده‌بێته‌ ئه‌ژده‌هاك و به‌رده‌بێته‌ گیانی خه‌ڵك، بۆیه‌ كاوه‌ی ئه‌فسانه‌یی ده‌كه‌نه‌ كۆڕشی فارسی مێژوویی و ئاستیاگ ی دوا پادشای ماد ده‌كوژێت، ئیتر زوحاك= ئه‌ژده‌هاك به‌ ئاستیاگ چوێنن و كاوه‌ به‌ كۆڕش پێناسه‌ ده‌كه‌ن، به‌م بیانووه‌ چیرۆكی ئه‌فسانه‌یی سه‌ركه‌وتنی كاوه‌ به‌سه‌ر زوحاكدا ده‌كه‌نه‌ ڕووداوی مێژوویی سه‌ركه‌وتنی كۆڕش به‌سه‌ر ئاستیاگ دا، ئینجا لێره‌وه‌ بۆ گه‌مارۆدانی جێژنی نه‌ورۆز له‌ چوارچێوه‌ی چیرۆكی (كاوه‌ و زوحاك)دا ژه‌هری مه‌به‌سته‌كه‌یان ده‌ڕێژن، كه‌ بریتیه‌ له‌وه‌ی نه‌ورۆز یادی سه‌ركه‌وتنی كۆرش به‌سه‌ر ئاستیاگ پادشای ماد، سه‌ركه‌وتنی هه‌خامه‌نشیه‌كانه‌ به‌سه‌ر ماددا، واته‌ سه‌ركه‌وتنی فارس به‌سه‌ر كورد دا، لێره‌وه‌ ده‌گه‌نه‌ مه‌به‌‌سته‌ سه‌ره‌كیه‌كه‌یان و هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی كورد ده‌جووڵێنن، كه‌وا نه‌ورۆز جێژنی فارسه‌ و بۆ كورد لاسایی كردنه‌وه‌ی فارسه‌‌، كه‌ ده‌بوایه‌ بۆ كورد پرسه‌ بوایه‌ نه‌ك جێژن، چونكه‌ باسی شكستی كورد و‌ ڕووخانی ئاستیاگ دوا پادشای ماد و ده‌وڵه‌تی ماده‌.
ئه‌م بنه‌ما هه‌ڵه‌یه‌ی‌ هه‌ندێ نووسه‌ر به‌تایبه‌ت بانگخوازه‌ ئیسلامیه‌كان كه‌ به‌لای ئه‌وانه‌وه‌ جێژنی ئاگرپه‌رست و كافره‌كانه‌، ده‌یكه‌نه‌ بناغه‌ی وته‌كانیان بۆ پێناسه‌كردنی ئاژده‌هاك به‌ ئاستیاگ، كه‌ ئه‌مه‌ یه‌كێكه‌ له‌و بیروڕا هه‌ڵه‌ و بێ بناغانه‌ی زۆر له‌ڕاستیه‌وه‌ دووره‌، به‌داخه‌وه‌ ئه‌م قسه‌ بێ بناغه‌یه‌ به‌سه‌ر ڕۆشنبیری كوردیشدا زاڵ بووه‌، به‌بێ بوونی هیچ به‌ڵگه‌یه‌ك جگه‌له‌ لێكچونێكی ڕواڵه‌تی ناوی ئاژده‌هاك و ئاستیاگ، زۆر جاریش بۆ زیاتر له‌یه‌كتر نزیك كردنه‌وه‌ی ناوی ئاستیاگ ده‌كه‌ن به‌ (ئاستیاك). ئه‌مه‌ش ته‌نیا ڕواڵه‌تێكی فریوده‌ره‌ و خۆشیان باش ده‌زانن بۆچوونێكی بێ بناغه‌یه‌، به‌ڵام له‌ شێوه‌ی گوتنی فێڵ ده‌كه‌ن و بۆ لێك نزیك كردنه‌وه‌ و لێكچواندنی ناوه‌كان ئاژده‌هاك به‌شێوه‌ی ئاژد‌یهاك به‌كاردێنن، هه‌روه‌ها ئاستیاگ به‌شێوه‌ی ئاستیاك به‌كاردێنن، بۆ ئه‌وه‌ی ناوه‌كه‌ له‌یه‌كدی بچێت.
ئه‌گه‌رچی له‌وانه‌یه‌ هه‌ندێكیان ته‌نیا قوربانی ئه‌و بۆچوونه‌ بن، به‌ڵام له‌جیاتی ئه‌وه‌ی ڕاڤه‌ و شیكردنه‌وه‌ و به‌دوادا چوونی وردی بۆ بكه‌ن، قسه‌ی بێ به‌ڵگه‌ و بێ بنه‌ما دروست ده‌كه‌ن، بۆ زیاتر چه‌سپاندنی بۆچوونه‌ هه‌ڵه‌كه‌یان، له‌به‌رنامه‌یه‌كدا كه‌سایه‌تیه‌كی به‌رزی ئیسلامی ده‌یوت: كورد نابێ یادی جێژنی نه‌ورۆز بكاته‌وه،‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی جێژنی مه‌جوسه‌كانه‌ و بۆ كوردی موسڵمان دروست نیه‌ یادی ئه‌و جێژنه‌ بكاته‌وه‌.
له‌ نووسینی ئه‌م بابه‌ته‌دا ده‌مانه‌وێ به‌به‌ڵگه‌ی مێژوویی ئه‌م هه‌ڵه‌یه‌ ڕاست بكه‌ینه‌وه‌، به‌هیوای ئه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌وانه‌ی ئه‌م بۆچوونه‌یان به‌هه‌ڵه‌ وه‌رگرتووه‌، یاخود به‌ئه‌نقه‌ست و بۆ شێواندنی بابه‌ته‌كه‌ ئه‌مه‌ ده‌وروژێنن، واز له‌م بیركردنه‌وانه‌یان بێنن، ئه‌گه‌رچی له‌ڕووی زمانه‌وانیشه‌وه‌ ئه‌م دوو ناوه‌ له‌یه‌كتر جیاوازن، به‌ڵام ئێمه‌ لێره‌ خۆمان له‌لایه‌نی زمانه‌وانی ده‌بوێرین و ته‌نیا گرنگی به‌لایه‌نی مێژوویی ده‌ده‌ین و ده‌مانه‌وێ له‌ڕووی مێژووییه‌وه‌ ساغی بكه‌ینه‌وه‌ كه‌ ئاستیاگ دوا پاشای ماد، زوحاك یان ئاژده‌هاك ی دێوه‌زمه‌ی نه‌ورۆز نیه‌، به‌ڵكو ئاستیاگ دوا پادشای ماده‌كان كه‌سایه‌تیه‌كی هێمن و ئاشتیخواز و لایه‌نگیری هه‌ژاران بووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ ڕوون بكه‌ینه‌وه‌، دروست بوونی ده‌وڵه‌تی ماد و ڕۆژگاری فه‌رمانڕه‌واییان ده‌بێ بزانین تا شكستی ئاستیاگ و له‌ناوچوونی ئیمپراتۆری ماد، ڕوونی بكه‌ینه‌وه‌ ماده‌كان كێن، چۆن ده‌وڵه‌ته‌كه‌یان پێكێنا و چۆن گه‌شه‌ی كرد و هۆكاره‌كانی شكست و له‌ناوچوونی ئاستیاگ دوا پادشای ماده‌كان چی بوو؟، لاپه‌ڕه‌كانی مێژوو هه‌ڵده‌‌ینه‌وه و قسه‌ی ئه‌و نووسه‌ر و مێژوونووسانه‌ وه‌ربگرین، كه‌ شاره‌زای مێژووی ماده‌كانن و له‌نزیكترین سه‌رده‌می ئه‌واندا ژیاون و ڕووداوه‌كانیان به‌دروستی تۆمار كردووه‌‌.
به‌سه‌رهاتی ڕۆژگاری ماد له ‌ژێر ده‌سه‌ڵاتدارێتی ئیمپڕاتۆریێتی هه‌خامه‌نشیه‌كاندا له‌ نووسراوه‌ سێ زمانیه‌كانی (پارسی كۆن، عێلامی، بابلی) هه‌ندێ پاشایان و هه‌روه‌ها نووسراوه‌ی گه‌وره‌ی داریوشی یه‌كه‌م له‌ ڕووكاری بێستون ئاوێنه‌ی یه‌كترن…، ئه‌م به‌ڵگه‌ و سه‌رچاوانه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌سه‌رده‌می ڕووداوه‌كانی ماددا نووسراون نرخدارن، به‌ڵام سه‌رچاوه‌كانی ده‌سته‌ی دووه‌م زۆربه‌یان به‌ زمان گێڕدراونه‌ته‌وه‌ و به‌ده‌می بڵاوبوونه‌ته‌وه‌ له‌به‌ر ئه‌مه‌ ئه‌وانه‌ جێگای باوه‌ڕنین و نرخیان كه‌م تره‌، بایه‌خی ئه‌مانه‌ له‌لایه‌ك به‌ستراوه‌ به‌واقیعی باسه‌كه‌وه‌ و له‌لایه‌كی تریش‌ به‌ویژدان و ئه‌مانه‌ت په‌روه‌ری ئه‌و كه‌سه‌ی‌ باسه‌كه‌ ده‌گێڕێته‌وه‌، ئه‌مانه‌ ده‌كرێن به‌چه‌ن به‌شێكه‌وه‌، نووسه‌ره‌ كۆنه‌كانی یۆنان ده‌كه‌ونه‌ ڕێزی یه‌كه‌م له‌ چوارچێوه‌ی كۆمه‌ڵی دواییدا.
یۆنانیه‌كان له‌سه‌رده‌می شه‌ڕی یۆنان و ئێرانیه‌كاندا له‌سه‌ده‌ی پێنجه‌می پێش زاییندا ئاشنایه‌تیه‌كی باشیان له‌گه‌ڵ مێژووی ڕۆژهه‌ڵاته‌وه‌ په‌یداكرد، له‌و شه‌ڕانه‌دا له‌شكری ماده‌كانیش به‌شدار بوون، یۆنانیه‌كان بیریان له‌ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێكی گه‌وره‌ی هاوڕێی خۆیان ده‌كرده‌وه‌، بێ په‌روا په‌نایان ده‌برده‌ به‌ر ڕۆژگاری كۆن و سه‌رده‌می هه‌خامه‌نشیه‌كان به‌سه‌ر چۆنێتی مێژووی ماد و ئاشوورییه‌كان دا تێده‌په‌ڕین.
هێشتا نه‌وه‌ی زۆر له‌ نێوان بنه‌ماڵه‌ به‌رزه‌كانی ماد دا هه‌بوو، به‌شداری ژیانی سیاسی وڵات بوون و زۆربه‌یان له‌ ئیمپڕاتۆریه‌تی هه‌خامه‌نشییه‌كاندا جێگا و مه‌قامی به‌رزیان به‌ده‌سته‌وه‌ بوو، هه‌روه‌ها گه‌لێك له‌مانه‌ له‌گه‌ڵ یۆنانییه‌كاندا په‌یوه‌ندیان هه‌بوو، له‌به‌ر ئه‌وه‌ ده‌بێ بڵێین له‌و كاته‌دا به‌ڵگه‌ و سه‌رچاوه‌ی ڕه‌سمی ده‌وڵه‌تی ماد له‌لایه‌ن ده‌رباری هه‌ندێ پادشاهانه‌وه‌ ئاگاداری ده‌كرا، له‌م ڕێگایه‌وه‌ له‌گه‌ڵ یۆنانیه‌كانیش په‌یوه‌ندییان هه‌بوو.
داخه‌كه‌م یۆنانییه‌كان ده‌ستیان به‌سه‌رچاوه‌كانی ده‌رباری سه‌ڵته‌نه‌تی هه‌خامه‌نشیه‌كان نه‌ده‌گه‌یشت و دیسانه‌وه‌ له‌ كاتێكدا ئه‌سكه‌نده‌ر له‌سێیه‌كی دوای سه‌ده‌ی چواره‌می پێش زایین، ئیمپراتۆریه‌تی هه‌خامه‌نشییه‌كانی تێكدا و داگیری كرد هه‌موو ئه‌و نووسراوانه‌ی ده‌ربار‌ی شاهی له‌ناوچوون.
له‌باره‌ی سه‌ڵته‌نه‌ت و كیشوه‌ری ماده‌وه‌ چه‌ند زانیارییه‌كی تاكه ‌تاكه‌ له‌ نووسینه‌كانی نووسه‌ره‌ یۆنانییه‌كانی سه‌ده‌ی پێنجه‌می پێش زایین هه‌ن. وه‌كو هكاتی میلتی و هارون لامپساكی و دیونیس میلتی كه ‌له‌باره‌ی داریۆشی یه‌كه‌م نووسیویانه‌، هه‌روه‌ها كسانت لیدیائی نووسه‌ری (مێژووی لیدیا) له‌ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی پێنجه‌م ژیاون، ئه‌مانه‌ ده‌رباره‌ی ماده‌كان شتیان وتووه‌، هلانیك نووسه‌ر و مێژوونووس دروست بوونی ماد ده‌به‌ستێ به‌نووسراوی قاره‌مانانی ئه‌فسانه‌كانی یۆنانه‌وه‌، به‌ڵام له‌باره‌ی ڕێكخستنی ته‌واوی مێژووی ماده‌وه‌ یه‌كه‌مجار مێژوونووسی گه‌وره‌ی یۆنان و دامه‌زرێنه‌ری زانیاری مێژوو (هیرۆدۆت هالیكارناسی) له ‌نیوه‌ی دووه‌می سه‌ده‌می پێش زایین دا هه‌وڵ و كۆششێكی زۆری داوه‌. له‌ساڵی 447ی پێش زایین چووه‌ بۆ ئاتن و دواتر سه‌ری له‌ سه‌رزه‌مینی ماد و پارس داوه‌ و چه‌ند نووسینێكی له‌باره‌ی مێژووی نه‌ریت و ڕه‌وشت و هه‌ستان و دانیشتنی ئه‌و كیشوه‌رانه‌ نووسیوه‌ و بۆ ئه‌وه‌ی مێژووه‌كه‌ی ته‌واو بكات زۆر تێكۆشاوه‌.
هه‌رچه‌نده‌ سوودی له‌ نووسینی نووسه‌ره‌كانی پێش خۆی وه‌ك: هكاته‌ و هلانیك و دیونیسدا وه‌رگرتووه‌، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی گشتی پشتی به‌ لێكۆڵینه‌وه‌ و پرسیاركردن و وته‌ی سه‌رزاری خه‌ڵك به‌ستووه‌، بۆ نموونه‌ له‌باره‌ی مێژووی ماده‌وه‌ سوودی له‌ قسه‌ی خانه‌دانه‌كان وه‌رگرتووه‌ به‌تایبه‌تی (زوپیر). ڕه‌نگه‌ سوودی له‌وته‌ی یه‌كێ له‌ نه‌وه‌ی هارپاك وه‌رگرتبێ، كه‌ ناوبراو یه‌كێ له‌ گه‌وره‌ پیاوانی ماد بووه‌ و سه‌د ساڵ پێشتر نه‌خشێكی شوومی له‌تێكدان و له‌ناوچوونی سه‌ڵته‌نه‌تی ماده‌كان یاری كردووه‌، به‌م جۆره‌ شاره‌زاكان توانیویانه‌ زانیاری شێوه‌ ڕاست، به‌تایبه‌تی له‌باره‌ی داستان و به‌سه‌رهاته‌كانی بنه‌ماڵه‌ی خۆیانه‌وه‌ به‌هیرۆدۆت بده‌ن.
له‌باره‌ی نووسینه‌وه‌ی ڕووداوه‌كانه‌وه‌ هیرۆدۆت (باوكی مێژوو) زۆر به‌ئه‌مانه‌ته‌وه‌ باسه‌كانی نووسیوه‌، له‌ هه‌ندێك جێگادا له‌باره‌ی به‌سه‌رهاتێكه‌وه‌ چه‌ند جۆرێك به‌ڵگه‌ی ده‌ستكه‌وتووه‌، به‌راوردی كردوون و ئه‌وه‌ی له‌هه‌موویان زیاتر ڕاست ده‌رچووه‌ (به‌پێی بیری خۆی و ڕۆشنایی سه‌رچاوه‌كان) ئه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردووه‌ و نووسیوێتی، نووسینه‌كانی ئه‌و تازه‌ترین به‌ڵگه‌ی كۆنه‌ شوناسی ڕۆژهه‌ڵات شوناسیه‌ له‌بابه‌تی ورد و بچوكیش كۆڵابێته‌وه‌، یه‌كێك له‌و به‌ڵگانه‌ی ڕاست و دروستی وته‌كانی هیرۆدۆت ده‌سه‌لمێنێ، نووسراوه‌كانی داریۆشی یه‌كه‌م پادشای هه‌خامه‌نشییه‌ له‌ بێستوون، ده‌ركه‌وتووه‌ ئه‌وه‌ی هیرۆدۆت نزیكه‌ی سه‌د ساڵ دوای ڕووداوی مێژووی كوشتنی گئوماتای مغ نوسیویه‌تی و ناوی ئه‌و شه‌ش كه‌سه‌ی ده‌ستیان له‌ كوشتنه‌كه‌یدا بووه‌ و باسی كردوون به‌ڕاست ده‌رچووه‌، ته‌نیا ئه‌وه‌ نه‌بێ له‌ناوی یه‌كێكیاندا تووشی گومان بووه‌ و ناوی یه‌كێك له‌ نزیكه‌كانی داریۆشی هێناوه،‌ ئه‌و یه‌كه‌ش ده‌ستی له‌و كار‌ و كوشتنه‌دا نه‌بووه‌.
كتسیاس كیندی نووسه‌رێكی تری یۆنانیه‌ و له‌پاش هیرۆدۆت هاتووه‌ و ده‌بێ ناوی بهێنین، كتێبێكی مێژوویی به‌ناوی (پریسكا)داناوه‌، كتسیاس پزیشكێكی ده‌ركه‌وتوو له‌ خزمانی (بقراط) بونیادنه‌ری زانستی پزیشكی بووه‌ و له‌ ده‌وروبه‌ری ساڵی 414 پێش زایین ئێرانیه‌كان به‌دیل گرتویانه‌، بردوویانه‌ بۆ ده‌رباری داریوشی دووه‌می پادشای ئێران، ماوه‌یه‌ك له‌ ده‌رگای داریۆشی دووه‌م و ئارده‌شێری دووه‌م بووه‌ و بۆ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ یۆنانیه‌كان سوودی لێ وه‌رگرتووه‌، ئه‌گه‌رچی قسه‌كانی كتسیاس له‌ڕاستیه‌وه‌ دوورن و ڕواڵه‌تێكی ڕێك و پێكیان نیه‌، به‌ڵام له‌باره‌ی دوا شه‌ڕی نێوان ئاستیاگ و كۆرش قسه‌كانی كتسیاس تاڕاده‌یه‌ك له‌ ڕاستیه‌وه‌ نزیكن، هه‌ندێ له‌ نووسنه‌كانی ئه‌و له‌گه‌ڵ سه‌رچاوه‌ بابلیه‌كاندا یه‌كن.
نووسه‌رێكی تری یۆنانی له‌باره‌ی ده‌وڵه‌تی ماده‌وه‌ شتی نووسیوه ‌(كزنفون= گه‌زنه‌فۆن)ه‌، كه‌ به‌ته‌واوی له‌نووسه‌ره‌كانی تر ڕاستگۆتره‌، زانایه‌كی ئایدیالی و پیاوێكی سیاسی خاوه‌ن ڕێز و قوتابی سوقرات و هاوڕێی ئه‌فلاتون بووه‌، له‌هه‌مان كاتدا یه‌كێك له‌ مامۆستایانی وێژه‌ و گفتوگۆی یۆنان، گرنگتر له‌هه‌موو نووسینه‌ مێژوویی و نیوه‌ مێژووییه‌كانی یۆنانه‌ (هانیكا Hellenika) كه‌ دوا به ‌دوای كتێبه‌كه‌ی (فوكیدید) مێژوونووسی گه‌وره‌ باس ده‌كرێ، كزنفون به‌شداری له‌شكركێشیه‌ی كۆڕشی بچووك، له‌ساڵی 401 پێش زایینی ده‌كا، كه‌ كردیه‌سه‌ر ئارده‌شێری دووه‌م.
كزنفون ده‌یزانی (هیرۆدۆت) كه‌ یه‌كه‌م: له‌سه‌رده‌می سه‌ڵته‌نه‌تی ماددا گه‌لێك وڵات و هۆزی‌ سه‌ربه‌خۆی بینیوه‌، كه ‌له‌دواییدا كه‌وتنه‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی (پارس)ه‌ ئێرانییه‌كانه‌وه‌، دووه‌م: له‌وڵاتی ماددا چه‌ند شانشینێك بووه‌ سه‌ر به ‌دوه‌ڵه‌تی ماد بوون، ئه‌و شانشینه‌ سه‌ربه‌خۆیانه‌ له‌ كۆڕشنامه‌دا باسكراون، زۆربه‌یان ئه‌و ساتراپ نشینه‌ ئێرانیانه‌ بوون، كه‌ كزنفون خۆی هه‌ندێكیانی ناسیووه‌ و هه‌ندێكیشیانی له‌چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی ساده‌ و سه‌رپێییه‌وه‌ وه‌رگرتووه‌، وه‌كو شانشینه‌كانی كاپادۆكیه‌ و ئه‌رمه‌نستان و هیركانیه‌ و شوش …هتد.
نووسه‌ره‌ یۆنانیه‌كانی ئه‌م دواییه‌ ته‌نیا نووسینه‌كانی هیرۆدۆت و كتسیاس و هه‌ندێك له‌ نووسینه‌كانی كزنفون و به‌شێكی زۆر كه‌می (بروس)یان باس كردۆته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌و نووسینانه‌ی ئه‌وان له‌باره‌ی مێژووی سه‌ڵته‌نه‌ته‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی كۆنه‌وه‌ نووسیویانه‌ به‌شێكی كه‌می له‌ داستانێكی مێژوویی تردا هه‌یه‌، ناتوانین بیكه‌ین به‌نووسینی هیچ نووسه‌رێك كه‌له‌مه‌و پێش باسمان كردوون.
دوا سه‌رچاوه‌یه‌ك كه‌باسی مادی كردووه‌ و شایانی ئه‌وه‌ بێ باسی لێوه‌ بكرێ، (مێژووی موسی خورنی) – موسس خورناتسی- نووسه‌ری به‌ناوبانگی ئه‌رمه‌نیه‌، كه‌له‌سه‌ره‌تای سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاستدا دایناوه‌ به‌زمانی ئه‌رمه‌نی بووه‌.
موسی خورنی بۆ نووسینی مێژووه‌كه‌ی خۆی له‌چه‌ند سه‌رچاوه‌ی هه‌مه‌جۆر و فراوان وه‌كو ته‌ورات و نووسینی نووسه‌ره‌ یۆنانیه‌كان و سریانییه‌كان و ئه‌رمه‌نیه‌كان سوودی وه‌رگرتووه‌، له‌سه‌رده‌می موسی خورنیدا كه‌ به‌پێی مێژووه‌ به‌ناوبانگه‌كه‌ی له‌سه‌ده‌ی پێنجه‌م و سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی شه‌شه‌می زایینیدا ژیاوه، كه‌ ماوه‌یه‌كی زۆر له‌ سه‌رده‌می ماده‌كان دوور كه‌وتۆته‌وه‌‌، له‌و كاته‌دا لێكۆڵینه‌وه‌ و ڕه‌خنه‌گرتن له‌ناو نووسه‌ره‌ یۆنانییه‌كاندا نه‌بووه‌.
موسی خورنی نه‌یده‌توانی سود له‌سه‌رچاوه‌ پێشووه‌كان وه‌كو نووسینه‌كانی هرۆدۆت و كتسیاس و كزنفون وه‌ربگرێ، به‌ڵام سوودی له‌و نووسینانه‌ی دوایی وه‌رگرتووه‌، ئه‌و سه‌رچاوانه‌یان باس كردووه‌ و باسه‌كانیان له‌وانه‌وه‌ وه‌رگرتووه‌، هه‌ندێك نووسینه‌كانیشی له‌باره‌ی سه‌رده‌می كۆنه‌وه‌ ده‌دوێن زۆر تێكه‌ڵ و پێكه‌ڵن، ئه‌م ئاڵۆزیه‌ هۆیه‌كی تایبه‌ت تری هه‌یه‌، چونكه‌ موسی خورنی به ‌تایبه‌تی پشتی به‌كتێبی كابرایه‌كی سووریه‌یی به‌ستووه‌ و باسی لێوه‌ كردووه‌، ناوی (مارئاباس كارتینا) بووه‌، له‌وه‌ ده‌چێ ته‌نیا ئه‌و له‌باره‌ی ڕۆژگارێكی نزیكه‌وه‌ زانیاری لێ وه‌رگرتبێ (مارئاباس كارتینا) یا (ئه‌و كه‌سه‌، ئه‌م ناوه‌ی بۆ خۆی داناوه‌) خۆی به‌هاوچه‌رخی یه‌كه‌مین پادشای ئه‌شكانی له‌سه‌ده‌ی دووه‌می پێش زایین له‌قه‌ڵه‌م ده‌دا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نووسینه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ نووسینێكی نووسه‌ره‌ كۆنه‌كانه‌ به‌شێوه‌یه‌كی ناڕێك و پێك، كه‌به‌سه‌ریه‌كدا نووسراون و مێژووی ئه‌و نووسینانه‌ ئه‌گه‌ر له‌سه‌ده‌ی سێیه‌می زاینیدا به‌دواوه‌ نه‌بێ پێشتر نییه‌.
موسی خورنی زۆرتر ئه‌و باسانه‌ی نووسیوه،‌ كه‌ مێژوونووسه‌كانی پێشووتر له‌باره‌ی مێژووی ئه‌رمه‌نستانه‌وه‌ نووسیویانه‌، له‌به‌رئه‌مه‌ باسی (تیگرانی یه‌كه‌م) كۆنترین شای ئه‌رمه‌نستان و … كردووه‌، زۆر به‌وردی داویه‌ته به‌ر سه‌رنج و له‌باسه‌كاندا بایه‌خی پێداوه‌، هه‌روه‌ها ناوی (ئاستیاگ)ی به‌ (ئاژده‌هاك) بردووه‌، لێره‌دا له‌ نووسینه‌كانی موسی خورنیدا ده‌رده‌كه‌وێ مێژوونووسی ئه‌رمه‌نی ناوبراو ویستویه‌تی ئه‌و باسانه‌ی له‌سه‌رچاوه‌ یۆنانییه‌كانه‌وه‌ وه‌ریگرتوون، له‌گه‌ڵ باس و به‌سه‌رهاته‌ مێژووییه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتدا په‌یوه‌ست بكات، ئارده‌هاك azi(s)Dahaka– (ماژدهاك)ی ئاوێستا زۆردارێكی ئه‌فسانه‌یی و مارێكی شێوه‌ ئاده‌میزاد له ‌خه‌ڵكی باوری ( Bawri= بابل) به‌ده‌ستی (ثراتیلون= TraiTeuna) (فه‌ره‌یدون( كوژراوه‌، كه ‌له‌ دواییدا وڵاتی ئاژی- ده‌هاك له‌ دوای سه‌رده‌می سه‌رده‌می پارته‌كان به‌ بابل یان داده‌نا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا ناوه‌كان به‌هیچ جۆرێك له‌ (ئاستیاگ) ناچن، ئه‌م ئاڵۆزیه‌ دیسان له‌كۆنه‌وه‌ تووشی ناوی (ئاستیاگ) بووه‌، هه‌ر چۆن بێ ئه‌م قسه‌ بێ بناغه‌یه‌ له‌سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌مدا سه‌ری له‌ گه‌لێك له‌ نووسه‌رانی ئه‌وروپای ڕۆژئاوا شێواندووه‌ و تووشی هه‌ڵه‌ی كردوون، ئاشكرایه‌ موسی خورنی كه‌متر له ‌شاره‌زایان و نووسه‌رانی ئه‌وروپای سه‌رده‌می تازه‌ سه‌رچاوه‌ی یۆنانی ده‌ستكه‌وتووه‌ و خۆی به‌لێكۆڵینه‌وه‌یانه‌وه‌ خه‌ریك كردووه‌، وه‌كو ئه‌و نامانه‌ی یۆنانییه‌كان ده‌ستیان كه‌وتووه‌، له‌باره‌ی ناوی ماده‌كان و (ئاوێستایی) كه ‌له‌سه‌رده‌می ئه‌ودا كۆن بوون‌ ده‌ستگیری نه‌بووه‌، توانای نه‌بووه‌ یانه‌یویستووه‌ ئه‌و نووسراو و سه‌رچاوانه‌ی ده‌ست بكه‌وێت، به‌ڵكو شێوه‌ی نامه‌كانی چۆن بیستووه‌ به‌و جۆره‌ داویه‌ته‌ به‌ر سه‌رنج و باسی كردووه‌.
موسی خورنی نه‌ك هه‌ر سوودی له‌به‌رسه‌رهاته‌ مێژووییه‌كان وه‌رگرتووه‌، به‌ڵكو سوودیشی له‌ داستانه‌ ئه‌رمه‌نییه‌كانیش وه‌رگرتووه‌، له‌داستانه‌كه‌ی (تیگران) قاره‌مان- مێژوونووسان به‌و ‌تیگرانه‌ی ده‌زانن كه‌ كزنفون باسی كردووه‌، به‌هاوكاری له‌گه‌ڵ فه‌ره‌یدون له‌ دژی ئه‌ژده‌هایه‌ك كه‌ (ئاژده‌هاك)ی ناوبووه‌ ڕاپه‌ڕیون، باسی كراوه‌، دیسانه‌وه‌ (ئاژده‌هاك) و (ئاستیاگ) له‌نووسینه‌كانی كزنفون دا هاوچه‌رخی تیگران بوون، موسی خورنی زیاتر به‌هه‌ڵه‌دا بردووه‌.
نووسینه‌ ئه‌رمه‌نیه‌كان و به‌تایبه‌ت كتێبه‌كه‌ی موسی خورنی له‌چه‌ند بوارێكی جۆربه‌جۆردا باسیان كردوون، به‌ڵام جیاكردنه‌وه‌ و لێكۆڵینه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌ ئه‌رمه‌نیه‌كان زۆر گرانه‌، ڕه‌نگه‌ موسی خورنی له‌هه‌ندێ سه‌رچاوه‌ی تایبه‌تی ڕۆژهه‌ڵاته‌وه‌ سوودی وه‌رگرتبێ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا جێگای باوه‌ڕ نییه‌، له‌سه‌ده‌ی پێنجه‌می زایینیدا به‌سه‌رهاتێكی مێژووویی سه‌ربه‌خۆ بۆئه‌وه‌ بشێ پشتی پێ ببه‌سترێ، له ‌باره‌ی سه‌ڵته‌نه‌تی ماده‌وه‌ كه‌ له‌ سه‌ده‌ی پێنجه‌می پێش زایینه‌وه‌ بووبێت، ده‌توانین بڵێین له‌ ڕۆژگاری ساسانیه‌كاندا له‌سه‌ده‌ی سێیه‌م تا حه‌وته‌می زایینی ته‌نانه‌ت بیره‌وه‌ری هه‌خامه‌نشییه‌كانیش به‌رگوێ نه‌ده‌وكه‌وت، له‌جیاتی قاره‌مانانی ئاوێستا وه‌كو (كوی كوات) (كه‌یقه‌باد) و (كوی خسره‌و) (كه‌یخوسره‌و) و (كوی ویشتاسب) (گشتاسب) و پادشایانی تری كۆنی ناوچه‌كه‌ به‌مجۆره‌ باس ده‌كران، سه‌رده‌می سه‌ڵته‌نه‌تی هه‌خامه‌نشیه‌كان له‌داستانه‌ مێژووییه‌كانی ڕۆژهه‌ڵات، له‌سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕست دا به‌ ته‌واوی فه‌رامۆش كرابوو، ته‌نانه‌ت له ‌باره‌ی ده‌وڵه‌تی پارته‌وه‌ هیچ جۆره‌ زانیاری و شاره‌زاییه‌كی ڕوون و ڕاست نه‌بوو.
دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی ماد
له‌باره‌ی ئه‌و سه‌رچاوانه‌ی باسی مێژووی ماد ده‌كه‌ن، به‌داخه‌وه‌ گه‌لێك له‌و سه‌رچاوانه‌ گومان له‌نووسین و باسه‌كاندا په‌یدا ده‌بێت، كه‌ باسی سه‌رچاوه‌یه‌ك یا نووسه‌ره‌كه‌ی ده‌كه‌ین، پێویسته‌ به‌وردی سه‌رنجی نووسینه‌كه‌ و باری ڕۆژگاری نووسینه‌كه‌ و نووسه‌ره‌كه‌ به‌وردی بده‌ین و له‌ڕواڵه‌تی مێژوویی و ئه‌ده‌بی و سیاسی نووسینه‌كه‌ و نووسه‌ره‌كه‌ به‌وردی بكۆڵینه‌وه‌، ده‌بێ ئه‌وه‌ بزانین هه‌ر باسێك له‌ هه‌ر سه‌رچاوه‌یه‌كه‌وه‌ وه‌رگیراوه،‌ چیه‌ و چ نرخێكی هه‌یه،‌ ئه‌گه‌ر به‌مجۆره‌ نه‌بێ ئه‌وا ناتوانین به‌ڕێك و پێكی و ڕه‌وانی بگه‌ینه‌ ئه‌نجام و بیروڕای خۆمان بچه‌سپێنین.
پێویسته‌ سه‌ره‌تا ئه‌وه‌ بزانین سه‌ڵته‌نه‌تی ئاستیاك دوا پادشای ماده‌كان له‌ كوێوه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌، له‌و ڕوانگه‌یه‌وه‌ یه‌كێتی تیره‌كانی ماد سه‌رچاوه‌ و هۆی سه‌ره‌كی پێكهێنانی ده‌سه‌ڵاتی ماد بوون، له‌م بابه‌ته‌شه‌وه‌ قسه‌ زۆر كراوه‌ و هه‌ر كه‌سه‌ بۆچوونێكی ده‌ربڕیوه‌، كه‌ به‌ناوبانگ ترینیان ڕوانگه‌ی هیرۆدۆت مێژوونووسی نێوداری یۆنانی كۆنه‌، ناوبراو كه‌سێك به‌نێوی (دیۆك یا دیاكۆ= دیۆكس یا دیائۆكۆ) به‌مایه‌ی سه‌ره‌كی یه‌كگرتوویی تیره‌كانی ماد و یه‌كه‌م پێكهێنه‌ری ده‌سه‌ڵاتی ماد ناساندووه‌، ئاشكراشه‌ دیائۆكۆ له‌پێشدا سه‌ركرده‌ی یه‌كێك له‌ هۆزه‌كانی ماد بووه‌ و به‌ قه‌ولی كوتوان له‌سه‌رده‌می هێرشی سارگۆنی دووه‌می پادشای ئاشوور بۆ سه‌ر ماننا و ماد، به‌دیل گیراوه‌ و بۆ سوریه‌ دوورخراوه‌ته‌وه‌.
ئه‌و داستانه‌ی “هیرۆدۆت” بۆ به ‌ده‌سه‌ڵات گه‌یشتنی “دیاكۆ” ده‌یگێڕێته‌وه كه‌ له‌نێو هۆزی خۆیدا جێگای ڕێز بووه‌ و له‌ ژیری و ڕێزلێنانیدا به‌ناوبانگ بووه‌ و زۆربه‌ی خه‌ڵكی هۆزه‌كه‌ی خۆی و بگره‌ خه‌ڵكی لاوه‌كیش بۆ كردنه‌وه‌ی گرێی گرفته‌كانیان ده‌چوونه‌ لای و هێدی هێدی قه‌در و ڕێزی له‌نێو هۆزه‌كه‌ی خۆی و خه‌ڵكدا ئه‌وه‌نده‌ به‌رز بۆوه،‌ كه‌ وایان بیرده‌كرده‌وه‌ به‌بێ ئه‌و هیچ گیروگرفتێك چاره‌سه‌ر نابێ، بۆیه‌ كاتێك هاتنه‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنی كه‌سێك بۆ ڕێبه‌ری قه‌وم، هه‌موو یه‌ك ده‌نگ دیاكۆیان هه‌ڵبژارد.
هیرۆدۆت ده‌نووسێ: یه‌كه‌م كاری دیاكۆ ئه‌وه‌ بوو كۆشكێكی به‌خه‌ڵك ساز كرد و چه‌ند پارێزه‌رێكیشی بۆ گرت، دوایش فه‌رمانی دا له‌ ده‌وری كۆشكه‌كه‌ی شارێكی گه‌وره‌ دروست بكه‌ن، تا ببێته‌ ناوه‌ندی ده‌سه‌ڵات، و گه‌لی ماد له‌ هه‌موو شوێنێك بۆ كاروبار و گیروگرفته‌كانیان بێنه‌ ئه‌و شاره‌، كۆشك و شار به‌دڵی دیاكۆ له‌ شوێنی ئه‌مڕۆی (هه‌مه‌دان) دروست كرا و نێویان نا (هه‌نگماتانه‌، هه‌نگماتان یا ئه‌كباتان) به‌ مانای شوێنی كۆبوونه‌وه، له‌ هه‌مان كاتدا ئه‌و بێ غه‌ره‌زی و عه‌داله‌تی كه ‌له‌پێشدا ده‌یكرد درێژه‌ی پێ ده‌دا، ئه‌و له‌ ماوه‌ی 53 ساڵ پاشایه‌تی خۆیدا قه‌ومه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆی یه‌كگرتوو كرد و هه‌موو كۆششی خۆی بۆ ئه‌وه‌ وه‌گه‌ڕخست، كه‌ بناغه‌ی ده‌سه‌ڵاتێكی به‌هێز دابمه‌زرێنێ، بناغه‌ی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی به‌ ناوی “ماد” ده‌ناسرا به‌هێز تر بكا. دیاره‌ دوای ئه‌و كوڕه‌كه‌ی “فره‌ئۆرتیش یا خشتریته‌” كه‌وته‌ بیری داگیركردنی خاكی خه‌ڵكی تر و فراوان‌ كردنی وڵاتی ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆی.
پێویسته‌ فرائۆرتیش كوڕی دیاكۆ له‌دوای باوكی به ‌یه‌كێك له‌ دامه‌زرێنه‌رانی ئیمپراتۆری ماد بزانین، كه‌ به‌ وته‌ی هیرۆدۆت ئه‌ویان به‌كوڕی دیاكۆ زانیوه‌. فراوه‌رتیش كوڕ یا نه‌وه‌ی دیاكۆ به‌زیادكردنی خاكی ئه‌و ئه‌میرنشینه‌ بچووكانه‌ی له‌ ده‌وروبه‌ری خاكی خۆی بوون، چه‌ند هه‌نگاو له‌ پێكهێنانی ده‌وڵه‌تی ماد نزیك تر بووه‌وه‌. به‌هه‌رحاڵ فرائۆرتیش یا خشتریته‌ دوای 22 ساڵ فه‌رمانڕه‌وایی به‌سه‌ر خه‌ڵكی ماددا كوڕه‌كه‌ی كیاكسار شوێنی گرته‌وه‌، به‌وته‌ی هیرۆدۆت ناوبراو له‌شه‌ڕێكدا له‌گه‌ڵ ئاشوورییه‌كان له‌ ساڵی 652 یا 653 به‌رله‌ زایین كوژرا.
ڕووخانی ده‌وڵه‌تی ئاشووری
یه‌كخستنی هۆزه‌كانی ماد له‌ئه‌نجامدا بوو به‌ هۆی دامه‌زراندنی یه‌كێك له‌ ناوه‌كانی گه‌وره‌ی ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی له‌ دنیای ئه‌و سه‌رده‌م و پێكهێنانی ئیمپراتۆری ماد و یه‌كه‌م ده‌سه‌ڵاتی ڕاسته‌قینه‌ و سه‌ربه‌خۆ. له‌و كاته‌ كه‌ ئاشوورییه‌كان زلهێزی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ بوون، هه‌رچی ده‌سه‌ڵاتی ئاشووری به‌سه‌ر ماددا زیاتر ده‌بوو، زه‌مینه‌ی خۆڕاگری و به‌رگری و بیری خۆڕزگاركردن له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئاشوورییه‌كان له‌نێو خه‌ڵكدا زیاتر ده‌بوو.
هه‌موو ئه‌و شوێنانه‌ی ئاشوور له‌ باكوور و باكووری ڕۆژهه‌ڵاتی وڵاتی گرتبوو و له‌ ده‌ستی ده‌رهێنرایه‌وه‌، به‌ڵام سه‌رهه‌ڵدانی ناكۆكی و ناته‌بایی له‌نێو ئه‌و هێزه‌ یه‌كگرتووانه‌ی ماد‌دا به‌هۆی ئاشوورییه‌كانه‌وه‌ هاته‌ئارا و گه‌یشته‌ جێگایه‌ك پاشای ئاشوور په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ سكاییه‌كان به‌ست و كچه‌كه‌ی دابه‌ پادشای سكایه‌كان، تا ئه‌و له‌و یه‌كگرتنه‌ له‌گه‌ڵ ماده‌كان په‌شیمان بكاته‌وه‌، كۆتایی به‌م سه‌ركه‌وتنتانه‌ هێناو بۆ ماوه‌یه‌ك خه‌یاڵی ئاشووریه‌كانی دڵنیا كرد.
پاشای ئه‌سكیته‌كان بۆ پشتیوانی ئاشوورییه‌كان دژی ماده‌كان وه‌ستا، هه‌ر چۆن بێ له‌ ساڵی 625 پێش زاییندا پادشای ماد له‌ ژێر ڕكێفی ئه‌سكیته‌كان ڕزگاری بووه‌، جارێكی تر وه‌كو ده‌وڵه‌تێكی خاوه‌ن هێز و سیاسی گرنگ هاته‌وه‌ ڕوو.
هیرۆدۆت ده‌ڵێ: له‌سه‌ره‌تای حكومه‌تی كیاكساردا پادشای ماد گه‌لێك هۆز و له‌وانه‌ پارسه‌كان له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی دابوون، به‌ڵام له‌ده‌یه‌ی سێیه‌می سه‌ده‌ی حه‌وته‌می پێش زایین پارس (پرسید) وه‌كو پادشانشینه‌ بچووكه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی عیلام و ئه‌ودیو عیلامه‌وه‌ هێشتا به‌سه‌ربه‌خۆیی ده‌ژیا.
سه‌ركه‌وتنه‌كانی ده‌ره‌وه‌ له‌دوای ده‌ركردنی ئه‌سكیته‌كان له‌سه‌رده‌می حكومه‌تی كیاكساردا له‌ دوای ساڵی 616 پێش زایین ده‌ستی پێ كرد، هیرۆدۆت له‌باره‌ی كیاكساره‌وه‌ ده‌ڵێ: ده‌ڵێن ئه‌و …. یه‌كه‌م كه‌سێك بووه‌ هۆزه‌كانی نیشته‌جێی ئاسیای كرد به‌چه‌ند به‌شێكه‌وه‌ و ڕێكیخست.
ڕه‌نگه‌ چه‌ند ده‌سته‌یه‌كی شه‌ڕكه‌ری تری هۆزه‌كانی تری وه‌كو مانناییه‌كان و ئه‌وانی تر، ئه‌وانیش له‌ ساڵی 612 پێش زایین له‌ناو له‌شكری سه‌ركه‌وتوی مادا بووبن، به‌م هۆیه‌وه‌ سه‌ركه‌وتنی ماد به‌سه‌ر سه‌ركه‌وتنی ته‌واو هۆزه‌كانی ئاسیای نزیك دابنێین، ئیتر كیاكسار بیری له‌وه‌ كرده‌وه‌ باسكی به‌هێزی ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی به‌كاربێنێ له‌ دژی زۆر و سته‌می ئاشوورییه‌كان.
(بروس) مێژوونووسی بابلی ده‌نووسێ: نه‌بوپلاسار پێش شه‌ڕ له‌و هاوپه‌یمانیه‌ ده‌گه‌ڕا له‌سه‌ر بنه‌مای دۆسایه‌تی له‌گه‌ڵ هوخشتره‌ (كیاكسار) هه‌یبوو، له‌ وتوێژێكدا بوونه‌وه‌ هاوپه‌یمان و كچی هوخشتره‌ به‌ناوی (ئه‌مێئی ئیدا)یان داوه‌ به‌ (نه‌بو كدنه‌سر= نه‌بوخودنه‌سر)ی كوڕی نه‌بوپلاسار، به‌مه‌ هاوپه‌یمانی و دۆستایه‌تیه‌كه‌ پته‌و تر بوو، نه‌به‌پلاسار بۆ یه‌كگرتن دژی ئاشوور ڕووی لێنا و دوایه‌ش ماده‌كان ئه‌و كاره‌یان به‌ئه‌ركی خۆیان زانی و بۆ ئه‌نجامدانی له‌ زاگرۆس تێپه‌ڕین و له‌ داوێنی ڕۆژئاوای زاگرۆس له‌ دیجله‌ په‌ڕینه‌وه، دیواری ده‌وری ئاشووریان تێك ڕووخاند و شاری پیرۆزی (ئاشوور) یان گرت، كه‌ هه‌موو ده‌ستكه‌وتی ئاشووری تێدابوو، ئه‌وه‌ی له‌ تاڵان و بڕۆی چه‌ند سه‌ده‌ی وڵاتانی دراوسێ كۆیان كردبووه‌وه‌ هه‌مووی له‌وێ دابوو.
ڕووخانی نه‌ینه‌وا له‌لایه‌ن ماده‌كانه‌وه‌، له‌ مانگی ئوت ی ساڵی 612 پێش زایین بووه‌، گرتنی ئه‌و شاره‌ كه‌چه‌ندین سه‌ده‌ ناوه‌ندی ده‌سه‌ڵاتداریه‌تی هه‌موو ئاسیای ڕۆژئاوا و پایته‌ختی زاڵمانه‌ترین حكومه‌ته‌كانی دنیا بوو، وای به‌حاڵی شارێك كه‌ پڕ له‌ ته‌ڵه‌كه‌ و تاڵان و تایبه‌تمه‌ندیی لێ دوورناكه‌وێته‌وه‌، شه‌قه‌ی شه‌للاق و گڕه‌ی تایه‌ی عه‌ره‌بانان و ته‌په‌ته‌پی سمی ئه‌و ئه‌سپانه‌ی تاوده‌درێن، گوێی فه‌له‌ك كه‌ڕ ده‌كه‌ن، بریقه‌ی شمشیران ده‌دره‌وشێن و نووكه‌ ڕمان تروسكه‌یان دێ، كوژراو یه‌كجار زۆرن و ته‌ پۆلكه‌ی ته‌رمان به‌رچاو ده‌كه‌وێ، به‌واتایه‌كی تر له‌ جه‌نازه‌ی كوژراوان ته‌پۆلكه‌ سازبووه‌، هات و هاواری بڕانه‌وه‌ی ئاو وه‌سه‌ر ئاخ گه‌ڕاوه‌ و كه‌نیزه‌كان به‌دیل گیراون و هه‌ر كه‌س له ‌توانای دابووه‌، چه‌ك هه‌ڵگرێ كوژراوه‌ و ئه‌وانی دیكه‌ش كران به ‌كۆیله‌…‌، داگیركه‌رانی ئاشوور نینه‌وایان وێران كرد، كه‌له‌سه‌ر گۆی زه‌وی نه‌ما و هه‌موو سه‌روه‌ت و سامانی ئه‌و شاره‌یان بۆ ئه‌كباتان (هه‌مه‌دان) نارد و به‌م شێوه‌یه‌ نه‌ینه‌وا بۆ هه‌میشه‌ له‌ناو چوو. شای ئاشوور كه‌ فه‌رمانڕه‌وای دنیایه‌ك بوو، كۆشكی ئیمپراتۆری ئاورتێبه‌ردا و خۆی و بنه‌ماڵه‌كه‌ی له‌نێوگڕی ئاگردا سوتان. به‌ڵام تا ساڵی 609ی پێش زایین به‌ پچڕپچڕی شه‌ر به‌رده‌وام بوو.
بیستی ئه‌یلول (سه‌ره‌تای سپتامبه‌ر)ی 612ی پێش زایین كیاكسار گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ ماد، نا‌بوپلاسار له‌ كه‌لاوه‌ وێرانه‌كانی نه‌ینه‌وادا مایه‌وه‌ و له‌شكره‌كه‌ی هه‌روه‌كو جاران په‌لاماری ئاواییه‌كانی ناوچه‌ دانیشتووه‌كانی ئاشووریان ده‌دا و تاڵانیان ده‌كردن. له‌كاتێكدا له‌شكری بابلیه‌كان به‌دوا پاشماوه‌كانی ئاشووردا له‌ حه‌ڕان له‌شه‌ڕ دابوون، له‌هه‌مان كاتدا ماده‌كان به‌سه‌ختی له‌ ئوراتویان دا و گه‌یشتنه‌ (نوشیا) و پایته‌ختی كیشوه‌ره‌كانیان له‌كه‌ناری ده‌ریاچه‌ی وان بوو، ده‌وڵه‌تی ئورارتویان داگیركرد، پادشای ماد نه‌ك ته‌نیا ئیمپڕاتۆریه‌تی ئاشووری له‌ناوبرد، به‌ڵكو پادشاییه‌كانی ماننا و ئه‌سكیت و ئورارتوشی هێنایه‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆی، ئه‌مه‌ خۆی سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره‌بوو.
به‌قسه‌ی هیرۆدۆت له‌ دوای ڕزگار بوونی ماد له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئه‌سكیته‌كان له‌ساڵی 625 پێش زایین، كه‌ ئه‌سڵی ئه‌سكیته‌كان به‌ڕای زۆربه‌ له‌ قه‌فقازه‌وه‌ هاتبن، بۆ كه‌ناره‌كانی ده‌ریای ڕه‌ش، ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ ئه‌سكیته‌ بیابان نشینه‌كان له‌ئه‌نجامی شه‌ڕی ناوخۆیی چوونه‌ خاكی ماده‌وه‌، به‌ڵام به‌شێك له‌وانه‌ به‌هۆی ناكۆكی ناوخۆیانه‌وه‌ له‌ شوێنی خۆیان مانه‌وه‌ و له‌سه‌ر ئاره‌زووی خۆیان سه‌ریان بۆ كیاكسار دانه‌واند، له‌و سه‌رده‌مه‌دا كیاكسار كوڕی فرائورت كوڕی دیوك حوكمی ماده‌كانی ده‌كرد، ئه‌و له‌سه‌ره‌تاوه‌ داخوازی ئه‌سكیته‌كانی قبوڵ كرد، كه‌ داوای یارمه‌تیان لێ كردبوو، ته‌نانه‌ت كوڕه‌كانی بۆ فێربوونی زمان و پیلانی تیرئه‌ندازی نارد بۆ لای ئه‌وان، به‌ڵام قینی كیاكسار له‌ پاشای ئه‌سكیته‌كان به‌هۆی په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ پاشای ئاشوور بوو مایه‌ی غه‌زه‌بی كیاكسار، ئه‌و كاته‌ كیاكسار له‌ خۆیه‌وه‌ پادشایانی ئه‌سكیتی ڕه‌نجاند و ئه‌وانیش تۆڵه‌ی خۆیان لێ سه‌ند و له‌جیاتی گۆشتی ڕاو گۆشتی یه‌كێ له‌و لاوانه‌یان پێداوه‌ كه‌ بۆ فێربوونی هونه‌ر هاتبوون بۆ لایان، له‌ دواییدا له‌دژی كیاكسار به‌په‌له‌ چوون بۆ لای ئالیات كوڕی سادیات له‌ ساردیس.
كیاكسار داوای خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دانی ئه‌سكیته‌كانی لێ كرد، به‌ڵام پادشایانی لیدی‌ به‌تایبه‌ت ئالیات نزیكه‌ی له‌ساڵی 617 تا 561 پێش زایین له‌ كۆنه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌سكیته‌كاندا په‌یوه‌ندی دۆستانه‌یان هه‌بوو، چونكه‌ دوژمنی كیمیرییه‌كان بوون، به‌م هۆیه‌وه‌ ئه‌و داوای كیاكساری دایه‌ دواوه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ شه‌ڕ له‌نێوان ماد و لیدییه‌كاندا ده‌ستی پێكرد و زیاتر له‌ پێنج ساڵی خایاند، واته‌ له‌ ساڵی 590 تا 585ی پێش زایین درێژه‌ی كێشا.
له‌م شه‌ڕه‌دا هه‌ر جاره‌ی یه‌كێكیان سه‌رده‌كه‌وتن، هه‌ندێك جار وا ڕووی ده‌دا له‌شكره‌كانی ئاسیای بچووك ده‌چوونه‌ ناو خاكی ئاسیای نزیكه‌وه‌، به‌مجۆره‌ ماده‌كان توانیان له‌شكری ئالیات به‌ره‌و ڕۆژئاوا بكشێنه‌وه‌ دواوه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا چونكه‌ شه‌ڕكه‌ره‌كانی ماد له‌و شه‌ڕانه‌ی ساڵانی دواییدا زۆر ماندووببوون، نه‌یانتوانی به‌ ته‌واوی سه‌ركه‌ون و له‌ 28ی مانگی (؟) ساڵی 585ی پێش زایین له‌كاتی شه‌ڕكردن له‌گه‌ڵ لیدیه‌كاندا ڕۆژ گیرا، هه‌ردوولا ڕایان وابوو ئه‌م ڕووداوه‌ غه‌زه‌بی یه‌زدانه‌ و نیان كردنێكی جیهانی سه‌ره‌وه‌یه‌، ڕێكه‌وتن ده‌بێ سولح بكه‌ن و ئاشت ببنه‌وه‌، ئینجا به‌هۆی ناوبژی كردنی بابل و كیلیكیه‌ په‌یمانی ئاشت بوونه‌وه‌یان به‌ست و سنووری نێوان لیدی و ئیمپڕاتۆریه‌تی ماد به‌ درێژایی ڕووباری گالیس (قزل ئیرماكی ئێستا) دیاریكرا، ئه‌م په‌یمانه‌ به‌وه‌ی ئه‌ستیاگ كوڕی كیاكسار ئاریانیای كچی ئالیاتی خواست مه‌حكه‌م تر بوو، هه‌موو ناكۆكیه‌كان له‌بیرچوونه‌وه‌، و له‌ناوا لابران، ڕه‌نگه‌ په‌یمانی ئاشتی به‌هۆی كیاكسارخۆیه‌وه‌ نه‌به‌ستراوه‌، به‌ڵكو به‌هۆی كوڕه‌كه‌یه‌وه‌ ئاستیاگ به‌ستراوه‌، چونكه‌ كیاكسار به‌و خاكه‌ی خستیه‌ ژێر ده‌ستی خۆیه‌وه‌، سنووری ئیمپڕاتۆرێتی مادی تا ئه‌و جێگایه‌ی فراوان كرد،‌ هه‌رگیز له‌وه‌ به‌ولاوه‌ تێنه‌په‌ڕی، هه‌ر له‌ هه‌مان ساڵدا له‌دنیا ده‌رچوو.
ده‌وڵه‌تی ئیمپڕاتۆری ماد
دوای ئه‌م هه‌موو سه‌ركه‌وتنتانه‌ی ماده‌كان به‌دوای یه‌كدا سنووری ئیمپراتۆری ماد زۆر فراوان بوو، ماننای پێشوو (ئازربایجانی ئێران) ناوه‌ندی ئابووری و فه‌رهه‌نگی ئیمپراتۆریه‌تی ماد بوو، هیرۆدۆت به‌م جۆره‌ باسی ڕێكخستنی ئیمپڕاتۆریه‌تی ماد ده‌كات، له‌سه‌رده‌می فارمانفه‌رمایی ماددا هۆزێك حوكمی به‌سه‌ر هۆزێكی تردا ده‌كرد و ماده‌كانیش حوكمیان به‌سه‌ر هه‌موویاندا ده‌كرد، به‌ر له‌هه‌موو به‌سه‌ر ئه‌و هۆزانه‌دا له‌وانه‌وه‌ نزیك تر بوون، ئه‌وان به‌سه‌ر دراوسێكانیاندا و دراوسێكانیشیان به‌سه‌ر هاوسنووره‌كانیاندا، سه‌رچاوه‌ عیبریه‌ كۆنه‌كان له‌باره‌ی پادشای ماده‌وه‌ قسه‌یان كردووه‌ و نووسراوه‌ بابلیه‌كه‌ی (نابونید) ئه‌ویش باسی ماد و ئه‌و پادشایانه‌ی سه‌ر به‌وان بوون باسی كردوون.
ماد یان پادشایی ماد له‌پادشایه‌ كۆنه‌كانی ماد و ماننا و ئه‌سكیت پێكهاتبوو، به‌م هۆیه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی هیرۆدۆت جگه‌له‌ ماد پاریكانیه‌كان، و ئورتوكوریبانییه‌كان، كه‌هه‌مان دانیشتوانی پادشای پێشووی ئه‌سكیت بوون، به‌ڵام سه‌رچاوه‌ی ناوبراو مه‌به‌ستی له‌ (پاریكانیه‌كان) به‌شێك له‌ دانیشتووانی پادشایی ماننا بوون، كه‌هێشتا به‌ته‌واوی له‌گه‌ڵ ماد تێكه‌ڵاو نه‌ببوون، دیسان به‌شێك له‌ ساتراپ نشینه‌كانی ماد ناو ده‌بات، له‌ نووسراوه‌كه‌ی بێستوندا ده‌ڵێ: شاری ئاشووری (ئاربل) ئه‌ویش به‌شێك بووه‌ له‌ خاكی ماد، له‌وته‌كانی (گه‌زنه‌فۆن) (ئاناباسیس) به‌شێوه‌كی گشتی زه‌وی و زاری ئه‌سڵی ئاشوور ببوو به‌به‌شێك له‌ خاكی ماد، دوایش خه‌ڵك به ‌به‌شێك له‌ خاكی مادیان ناوده‌برد، وڵاتی پێشووی ئاشوور كه‌ روی و زاموا و پارسوا و بیت هامبان و كیشه‌سو و خارخار ئه‌مانه‌ش ببوون به‌به‌شێكی وڵاتی ماد.
ماد له‌ ژوورووی ڕۆژئاواوه‌ تاڕاده‌یه‌ك ده‌سه‌ڵاتی په‌یداكردبوو، هه‌ندێك له‌ زه‌وی و زار و دانیشتوانه‌كانیان له‌ هوری و ئۆرارتۆیی و (ماتیانی) بوون، له‌وه‌ ده‌چێ له‌ ڕۆژئاوای ده‌ریاچه‌ی ورمێوه‌ له‌ ده‌راوی ئاراس نیشته‌جێ بوون، هێنابوونیه‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆیانه‌وه‌، هیرۆدۆت دووباره‌ی ده‌كاته‌وه‌ شانشینی ماد له‌گه‌ڵ ساسپیریان- واته‌ هۆزه‌كانی ئیبری و گرجی هاوسنوور بووه‌، دوایی ناوچه‌كانی ئاوڕێژگه‌ی (قزل ئوزون) هۆزه‌كانی كادوسی و كاسپی تیانیشته‌جێ بوون، كه‌ هێشتا نه‌هاتبوونه‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی ماده‌وه،‌ به‌به‌شێكی ئه‌و سه‌رزه‌مینه‌ ده‌ژمێردران، دیاری كردنی سنووره‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ماد گرانه‌، ئێمه‌ وا ده‌زانین ئه‌و سنوورانه‌ به‌جۆرێك بووه‌ به‌شێك بووه‌ له‌سه‌ر زه‌مینی ئاینده‌ی پارت، ئه‌ویش پارچه‌یه‌ك بووه‌ له‌ خاكی ماد.
سه‌رزه‌مینی هۆزی ساگارتیه‌كان ئه‌ویش به‌شێك بووه‌ له‌ خاكی ماد، له‌ كێو و بیابانه‌كانی ناوه‌ندی ئێران (ڕۆژهه‌ڵاتی ئێرانی ئێستا) ده‌ژیان، دوایی ئه‌م ناوچه‌یه‌ كه‌وته‌ سه‌ر وڵاتی پارت. له‌ده‌روبه‌ری ماددا چه‌ند سه‌رزه‌مینێكی خودموختاری و شانشینی و هۆز و حاكمنشین بووه‌ به‌ڕێوه‌به‌ره‌كانیان ماد بوون. به‌ڵام ئه‌مانه‌ به‌شێك نه‌بوون له‌ خاكی ماد، ده‌وڵه‌تی ماد سنووری زه‌وی و زاری خۆی تاڕاده‌یه‌ك ئاشكرا نه‌بووه‌. ئه‌م هه‌موو خاكه‌ پان و به‌رینه‌ بێ ڕكابه‌ر كه‌وته‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئیمپراتۆریه‌تی ماد، به‌ فه‌رمانڕه‌وایی ئاستیاگ.
سه‌رده‌می سه‌ڵته‌نه‌تی ئاستیاگ
بۆ ئه‌وه‌ی به‌ دروستی به‌ ئه‌نجامی ڕووداوه‌كانی سه‌رده‌می سه‌ڵته‌نه‌تی ئاستیاگ بگه‌ین، ده‌بێ لاپه‌ڕه‌ی كتێبی ئه‌و مێژوونووسانه‌ هه‌ڵده‌ینه‌وه‌ كه‌ به‌ وریاییه‌وه‌ ڕووداوه‌كانیان تۆمار كردوون، ئه‌وه‌ ڕوونه‌ هه‌رچه‌ند‌ ئه‌و ڕووداوانه‌ له‌سه‌رده‌می ژیانی نووسه‌ره‌وه‌ نزیكتربن، زۆر تر له‌ ڕاستی ده‌چن، به‌م هۆیه‌وه‌ ده‌توانین پشت به‌ مێژووی سه‌ده‌ی پێنجه‌می پێش زایینی زیاتر ببه‌ستین، تاكو مێژووی سه‌ده‌كانی دوایی.
سه‌رچاوه‌ بابلیه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ڕاستن، به‌ڵام له‌باره‌ی ڕووداوی كۆتایی سه‌ڵته‌نه‌تی ئاستیاگ‌ زۆر شپرزه‌ و ناڕاستن. ده‌بێ بڵێین له‌باره‌ی ڕووداوه‌كانی سه‌ڵته‌نه‌تی ناوبراو‌، هه‌رچۆن بێ تا سه‌ره‌تای جه‌نگ له‌گه‌ڵ پارسه‌كاندا، زۆر سه‌خته‌، به‌ڵام ئه‌و سه‌رچاوانه‌ به‌شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆ تا ڕاده‌یه‌ك شتێك به‌ده‌سته‌وه‌ ده‌ده‌ن، به‌هۆی ئه‌وه‌وه‌ ده‌توانین باری ناوخۆ و كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی سه‌رزه‌مینی ماد له‌ سه‌ده‌ی شه‌سشه‌می پێش زایین بێنینه‌ به‌رچاومان، له‌م ڕووه‌وه‌ سه‌رچاوه‌كان جیاوازیان له‌نێودا نیه‌.
له‌سه‌رده‌می سه‌ڵته‌نه‌تی ئاستیاگ دا سنووری پان و پۆڕی ئیمپراتۆری ماد هێنده‌ فراوان بوو، باسێك له‌ داگیركردن نه‌مابوو، ئه‌م سنووره‌ فراوانه‌ پێویستی به‌ هاتنه‌ ئارای دۆخێكی هێمن و ئاشتی و‌ ئاسایی كردنه‌وه‌ی بارودۆخه‌كه‌ هه‌بوو، هیرۆدۆت ده‌ڵێ: له‌سه‌رده‌می سه‌ڵته‌نه‌تی ئاستیاگ دا هیچ جۆره‌ شه‌ڕێكی گه‌وره‌ نه‌كراوه‌ و هیچ شوێنێك داگیر نه‌كرا، له‌و سه‌رده‌مه‌دا حكومه‌تێكی به ‌ده‌سه‌ڵات و خاوه‌ن پادشا له ‌ماد، ته‌نیا مه‌رجی به‌ربه‌ره‌كانێی گه‌وره‌كان و پشتبه‌ستن به‌خه‌ڵكه‌ ئازاده‌كان ده‌یتوانی بێته‌دی. ئاستیاگ ده‌یویست وڵات به‌ ئاشتی و هاوكاری خه‌ڵكه‌ هه‌ژاره‌كان به‌ڕێوه‌ ببات، خانه‌دان و گه‌وره‌ پیاوه‌كانی پشت گوێ خست، هیرۆدۆت ده‌ڵێ: ئاستیاگ سه‌باره‌ت به‌ پیاوه‌ گه‌وره‌كانی ماد یان (یه‌كه‌مین كه‌سانی نێو ماده‌كان) بێ به‌زه‌یی بووه‌، و پاشماوه‌كانی پادشایانی دهیوپتی Dahypati یش هه‌ر وا بووه‌.
ئاستیاگ له‌ سیاسه‌تی خۆیدا له‌ ئامۆژگاری و ئایینی موغه‌كان سوودی وه‌رده‌گرت، به‌پێی وته‌ی هیرۆدۆت موغه‌كان لای ئه‌و ڕێزیان گیراوه‌ و ئاستیاگ زۆر جار پرسوڕای پێ كردوون، ئه‌و ئامۆژگاریانه‌ به‌پێی وته‌ی (ئی، م، دیانۆكۆف)‌ له‌و سه‌رده‌مه‌دا هێشتا له‌گه‌ڵ نه‌ریتی سه‌ره‌تایی به‌ناوی زراتوشترا ناوده‌برا زۆر جیاواز نه‌بوون، زۆر جێگای سه‌رنجی خه‌ڵكی بوون.
ئاستیاگ له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌ی زراتوشترا موغه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ له‌ده‌وری كۆبوونه‌وه‌ و خزمایه‌تیان بووه‌، ئه‌وه‌مان له‌یاد نه‌چێ به‌رله‌زه‌رده‌شت پاشاكان خۆیان كاهن بوون، له‌ئه‌نجامدا قودره‌ت و ده‌سه‌ڵات و ناویان له‌ پله‌یه‌كی ئایینی دابوو، به‌م جۆره‌ ئه‌و تاكه‌ ئایینه‌ی موغه‌كان نوێنه‌ری بوون، هه‌رچۆنێك بوو گه‌لێك بایه‌خی بۆ پادشایانی ماد هه‌بوو.
هه‌ڵبژاردنی ئاسپیتام مێردی ئامیتیدا كچی ئاستیاگ بۆ جێنشینی له‌نێوان خه‌ڵك و خاوه‌ن كۆیله‌كان كه‌ لایه‌نگیری ئاستیاگ بوون، له‌لایه‌ك و گه‌وره‌ پیاوان و سه‌رپێچیكاره‌كان له‌لایه‌كی تر‌ به‌ربه‌ره‌كانێ و ناكۆكی زۆری هێنا، به‌تایبه‌ت له‌سه‌رده‌می سه‌ڵته‌نه‌تی ئاستیاگ دا هیچ جۆره‌ شه‌ڕێكی گه‌وره‌ نه‌كراوه‌ و هیچ شوێنێك داگیر نه‌كرا، له‌ئه‌نجامدا گه‌وره‌ و كاربه‌ده‌ستانی له‌شكر بێ كار و ده‌ست به‌تاڵ مانه‌وه‌ و هیچ جۆره‌ تاڵانیه‌كیان له‌م ڕێگایه‌وه‌ ده‌ست نه‌كه‌وت و به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانیان ته‌واو شكستی هێنا بوو، له‌به‌رئه‌وه‌ به‌توندی به‌رهه‌ڵستی پادشا وه‌ستان و كه‌وتنه‌ گله‌یی و گازه‌نده‌ و جموجۆڵ له‌ دژی ئاستیاگ، هه‌رچۆن بێ له‌ كیشوه‌ری ئاشووریشدا هه‌ر به‌م جۆره‌ بوو.
هیرۆدۆت خۆی ده‌ڵێ: ئاستیاگ هارپاك ی كرد به‌ فه‌رمانده‌ی له‌شكری ماده‌كان، له‌م ڕووه‌وه‌ هیرۆدۆت وته‌ی ده‌ست و پێوه‌نده‌كانی – هارپاك-ی نووسیوه‌ته‌وه‌، به‌وته‌ی ئه‌و به‌ر له‌ شۆڕشی پارسه‌كان له‌لایه‌ن گه‌وره‌كانی ماده‌وه‌ كۆبوونه‌وه‌ و جموجۆڵ ده‌ستی پێكرد، له‌ دژی سه‌ڵته‌نه‌تی ئاستیاگ، كه‌ هارپاك ده‌یمه‌‌زراند بوو، به‌هۆی ئه‌وه‌ی زۆر له‌ ئه‌ستیاگ ڕه‌نجا بوو.
كۆڕش یه‌كه‌مین كه‌سی خانه‌دانی هه‌خامه‌نشی، كه‌ باوكی كۆڕش كه‌مبۆجیه‌ی یه‌كه‌م و باپیری ئه‌و كۆڕشی یه‌كه‌م له‌ زنجیره‌ی پاشایان بوون، كۆڕش به‌رله‌ نه‌خۆشی و مردنی باوكی ماوه‌یه‌ك له‌ ده‌رباری ماد ژیاوه‌ و به‌شداری له‌شكركێشیه‌كانی ماده‌كانی كردووه‌، ‌له‌سه‌ره‌تای شه‌ڕدا چه‌ند ساڵ بووه،‌ له‌سه‌ر سه‌ڵته‌نه‌تی پارس یان جێنشینی كه‌مبۆجیه‌ی دووه‌م بووه‌.
به‌پێی وته‌ی كتسیاس كۆڕش ئه‌و كاته‌ی له‌ده‌رباری ئاستیاگ دابووه‌، ‌له‌لایه‌ن ئه‌ستیاگه‌وه‌ به‌نوێنه‌ری چوو بوو بۆلای پێشه‌وای كادۆسیه‌كان، ئه‌مانه‌ هۆزێكی گرنگی سه‌ربه‌خۆ بوون، له‌ چیاكانی خوارووتری ڕووباری ئاراس، كۆڕش (ئیبار)ی مه‌یته‌ری له‌گه‌ڵ خۆیدا برد، كه‌ له‌وه‌به‌ر وه‌كو كۆیله‌ ده‌ستگیر كرابوو، ئیبار داخی زۆری به‌رامبه‌ر به‌ماد له‌ دڵ دابوو، له‌به‌رئه‌وه‌ كۆڕشی هاندا بۆ ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات له‌ده‌ست ماده‌كان ده‌ربێنێت و بكه‌وێته‌ ده‌ست پارسه‌كان.

به‌ڕای زۆربه‌ی مێژوونووسان پێكهێنانی پێشه‌كی كاره‌كان دژی ئاستیاگ، كۆبوونه‌وه‌ و جموجۆڵی چینه‌كانی ناوه‌وه‌ی گه‌وره‌كانی ماد به‌ده‌ستی هارپاگ و له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ هاندانی هۆزه‌ جۆربه‌جۆره‌كان بۆ ناو شۆڕش به‌هۆی ئیباره‌وه‌ بووه‌.
هه‌روه‌ها به‌وته‌ی كتسیاس ڕووداوه‌كانی دواتر به‌م جۆره‌یه‌، كۆڕش له‌سه‌ر زه‌مینی كادۆسیه‌كان گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ ئه‌كباتان، گوایه‌ دوایی مۆڵه‌تی له‌ ئه‌ستیاگ وه‌رگرتووه‌ بچێت بۆ لای باوكی له‌ پارس، له‌مه‌دا موغه‌كانیش هاوكاریان كرد، ئیتر ئاستیاگ‌ ڕازی بوو سه‌ردانی باوكی بكات، هیرۆدۆتیش له‌م باره‌یه‌وه‌ نووسیویه‌: به‌ڵام له‌ ڕاستیدا كۆڕش ده‌یویست ڕابه‌ری شۆڕشگێره‌كان بگرێته‌ ئه‌ستۆی خۆی، كه‌ (ئاترادات) پێشه‌وای مه‌زن به‌رپای كردبوو، له‌م كاته‌دا به‌ڕێكه‌وت ژنێك پیلانه‌كه‌ی دۆزییه‌وه‌ و ئاستیاگ پێی زانی و ده‌ستوبرد كه‌وته‌ خۆ له ‌دژی یاخی بووه‌كان له‌شكری كێشا.
ئه‌و كاته‌ هارپاگ نووسراوێكی بۆ كۆڕش نارد، كه ‌له‌فارس نیشته‌جێ بوو، له‌و نامه‌یه‌دا هارپاك كۆڕشی هاندا تا پارسیه‌كان بێنێته‌ شۆڕشه‌وه‌ و بێته‌سه‌ر ئاستیاگ، له‌م ڕووه‌وه‌ به‌ڵێنی پێدا گه‌وره‌ پیاوانی له‌شكری ماد كه‌ له‌لایه‌ن ئاستیاگه‌وه‌ كراون به‌ فه‌رمانده‌ی سوپا هه‌موویان لایه‌نگری ئه‌و ده‌كه‌ن.
ئاستیاگ كه‌ به‌م خۆڕێكخستنه‌ سوپاییه‌ی كۆڕشی زانی، ئه‌وی بانگ كرد بۆ لای خۆی، به‌ڵام كۆڕش له‌وه‌ڵامدا شه‌ڕ كردنی ڕاگه‌یاند، سه‌رچاوه‌ بابلیه‌كان به‌مجۆره‌ ده‌ڵێن كه‌شه‌ڕ له‌نێوان كۆڕش و ئاستیاگ سێ ساڵ درێژه‌ی كێشا، به‌م هۆیه‌وه‌ هیرۆدۆت كه‌ته‌نیا باسی دوو شه‌ڕ و شۆڕی دوایی ماده‌كان ده‌كات، له‌ڕاستی0دا به‌ ئاشكرا بگره‌ و به‌رده‌و ڕووداوه‌كان به‌كورتی باس ده‌كات، له‌شه‌ڕێكدا هارپاك فه‌رمانده‌ بووه‌ و له‌شه‌ڕێكی تردا ئاستیاگ خۆی. به‌وته‌ی كتسیاس ئاستیاگ له‌سه‌ره‌تادا كه‌له‌گه‌ڵ له‌شكری كۆڕشدا كه‌وته‌ شه‌ڕه‌وه‌ شكاندنی، ئاترادات پێشه‌وای مه‌رده‌كان له‌شه‌ردا كوژرا، ئینجا ئاستیاگ كه‌وته‌ شوێن پارسه‌كان و له‌سه‌ر زه‌مینی پارس (پرسید) له‌به‌رامبه‌ر گه‌ردنه‌‌یه‌ك كه‌ له‌باره‌گای پادشایانی پارس واتا –پاسارگاد- كۆتایی پێ دێت، جارێكی تر شكاندنیه‌وه‌، چۆنێتی پارسه‌كان زۆر ناهه‌موار بوو، شكست یان به ‌ئاڵۆزی شكا، كه‌ ژنان له‌ حه‌ساری قه‌ڵاكان ده‌هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌ و هانی شه‌ڕكه‌ره‌كانیان ده‌دا، پرسیان ئایا ده‌تانه‌وێ ڕابكه‌نه‌وه‌ ناو سكی دایكتان ‌و ژنه‌كانتان بێننه‌وه‌.
ئه‌و شه‌ڕه‌ ئه‌وه‌نده‌ به‌ڕاستی و گه‌رم بووه‌، كه‌ ماده‌كان له‌ناكاو له‌شكره‌كانی خۆیان له‌ سنووره‌كاندا ئاگاداركرده‌وه‌ و ماوه‌یان به‌ نابونید پاشای بابل دا، تاكو له ی‌ساڵی 552 پێش زایین شاری حه‌ڕان كه‌ هینی ماده‌كان بوو، له‌ ژوورووی (بین النهرێن) بیخاته‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆی.
له‌ گه‌رمه‌ی شه‌ڕی كۆڕش له‌گه‌ڵ ئاستیاگدا، هارپاگ كه‌ فه‌رمانده‌ی له‌شكری ماده‌كان بوو، له‌گه‌ڵ گه‌وره‌ پیاوانی سوپا و سه‌ركرده‌ له‌شكرییه‌كاندا ئاستیاگی به‌جێ هێشت و چوون بۆ لای كۆڕش و چوونه‌ ناو ڕیزی له‌شكره‌كه‌یه‌وه‌.
له‌وه‌ به‌دواوه‌ هه‌واڵێك له‌ هیرۆدۆته‌وه‌ ده‌گێڕێته‌وه‌، گوایه‌ ئاستیاگ له‌شه‌ڕێكدا ده‌ستگیر كراوه‌ كه‌له‌ دواییدا ڕووی داوه‌ به‌شێوه‌یه‌كی تر باس ده‌كات، چونكه‌ به‌ر له‌ شه‌ڕه‌كه‌ی پاسارگاد باسی سێ شه‌ڕی تر ده‌كات، پارسه‌كان تیایا سه‌رنه‌كه‌وتون، شه‌ڕێك كه ‌له‌ژێر دیواری حه‌ساری قه‌ڵای پاسارگاد ڕوویدا بوو، به‌ خاڵی گۆڕینی چاره‌نووسی شه‌ڕه‌كه‌، له‌دوای ئه‌وه‌ هۆزه‌كانی سه‌ر به ‌ماد، وه‌كو هیركانیه‌كان و له ‌دواییدا پارته‌كان ڕوویان كرده‌ ناو پارسه‌كانه‌وه‌.
له‌ساڵی 550 پێش زایینی له‌گه‌ڵ خیانه‌تی هارپاگ و شه‌ڕی سه‌روماڵی ده‌ست پێده‌كات و هیركانیه‌كان و پارته‌كان، ڕوویان كرده‌ پارسه‌كان و ئاستیاگ هه‌وڵی دا، تاكو په‌لاماری پارسه‌كان ڕابووه‌ستێ و دوایی ڕای كرد، بۆ ئه‌كباتانا و پارسه‌كان پایته‌ختی مادیان داگیركرد.
دوای ئه‌وه‌ كتسیاس به ‌ڕوونی باسی ڕووداوه‌كه‌ ناگێڕێته‌وه‌، هه‌روه‌كو وترا شه‌ڕ دوور و درێژ بووه‌، سه‌ركه‌وتن هه‌ر تاوه‌ی به‌ده‌ست لایه‌كه‌وه‌ بوو، هه‌روه‌كو كتسیاس باسی شه‌ڕه‌كان ده‌گێڕێته‌وه‌، هۆی بنه‌ڕه‌تی سه‌ركه‌وتنه‌كه‌ی كۆڕش هه‌مان خیانه‌تی گه‌وره‌ پیاوه‌ سوپاییه‌كانی ماده،‌ كه‌ هارپاگ سه‌ركرده‌ی هه‌موویان بوو، هیرۆدۆت باسی ئه‌وه‌ ده‌كات، به‌ڵام كتسیاس له‌م باره‌یه‌یه‌وه‌ بێ ده‌نگه‌، له‌وه‌ ده‌چێ پارچه‌ پارچه‌ بوونی هۆزه‌كانی سه‌ر به‌ ماد ئه‌وانیشی به‌و خیانه‌ته‌ دابێته‌ قه‌ڵه‌م، وه‌كو سه‌رنج دراوه‌ له‌ناو نووسینه‌كانی كتسیاسدا شتی ڕاست هه‌یه‌، مێژووی بابلی و نابونید و كتسیاس و هیرۆدۆت ده‌توانین كۆبكه‌ینه‌وه‌ و له‌نێوان هه‌موویاندا وێنه‌یه‌كی ڕاستی ڕووداوه‌كه‌ بخه‌ینه‌ ڕوو.
هه‌واڵه‌كانی هیرۆدۆت ڕاسته‌، چونكه‌ مێژووی ڕووداوه‌كانی بابل لایه‌نگیری ئه‌م نووسینه‌ی هیرۆدۆت ده‌كه‌ن، مێژووی ناوبراو ئه‌و ڕووداوانه‌ له‌ ساڵی 550ی پێش زایین ده‌گێڕێته‌وه‌، واتا كۆتایی شه‌ڕه‌كه‌ باس ده‌كات، به‌ڵام ده‌بێ زانیارییه‌كانی كتسیاس له‌باره‌ی قۆناغی سه‌ره‌تایی شه‌ڕه‌كه‌وه‌ بخرێته‌سه‌ر هه‌واڵه‌كانی هیرۆدۆت.
هیرۆدۆت له‌باره‌ی دوا ده‌سه‌ڵاتدارێتی ئاستیاگه‌وه‌ به‌م جۆره‌ ده‌ڵێت: ئاستیاگ موغه‌كانی خنكاند – له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا تا ئه‌و سه‌رده‌مه‌ باشترین په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵیاندا بوو، چونكه‌ ئامۆژگارییان كردبوو، كه‌ ڕێگای كۆڕش بدات بڕوات، وه‌كو وتراوه‌ به‌شێك له‌ كاهینه‌كان – موغه‌كان له‌گه‌ڵ پارسه‌ یاخیه‌كاندا په‌یوه‌ندییه‌كیان دروست كردبوو، له‌ ڕاستیدا ده‌بینین‌ له‌ دوای ئه‌و ڕووداوانه‌ موغه‌كانی ده‌رباری كۆڕش و كوڕه‌كه‌ی كمبوجیه‌ی دووه‌م گه‌لێك ڕێزیان لێگیراوه‌، سروشتی بیروباوه‌ڕی ئایینی و چۆنێتی باری كۆمه‌ڵایه‌تی كاهنه‌كان وا بووه،‌ كه‌ماوه‌ی نه‌ده‌دا ئه‌وانه‌ ماوه‌یه‌كی درێژ خاوه‌نی سوود و خێر و بێری گشت خه‌ڵك بن.
كۆتایی سه‌ڵته‌نه‌تی ئاستیاگ
له‌ دواییدا كه‌ پارسه‌كان ڕوو له‌ سه‌ركه‌وتن بوون، ئاستیاگ هه‌موو دانیشتوانی ئه‌كباتانای پڕ چه‌ك كرد و له‌ حه‌ساری شار هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌، به‌ڵام ده‌ره‌قه‌تی پارسه‌كان نه‌هاتن و دیسانه‌وه‌ شكان و ئاستیاگ به‌ دیل گیرا، گفتوگۆی هارپاگ له‌گه‌ڵ ئاستیاگ له‌دوای گرتنی ئاستیاگ، هارپاك چووه‌ لای خۆشحاڵی خۆی ده‌ربڕی به‌رامبه‌ر به‌گیرانی، ئاستیاگ به‌ هارپاك ده‌ڵێت: تۆ وه‌زیری حكومه‌تی من بووی، كه‌ به‌رزترین ده‌سه‌ڵاته‌ له‌ دوای پاشا ئه‌ی له‌وێ ده‌بی به‌چی، هیرۆدۆت هارپاگ به‌بێ ئه‌قڵترین و بێ ویژدان ترین كه‌س داده‌نێ، پارسه‌كان ئه‌كباتانایان داگیركرد و به‌پێی مێژووی نابونید ئه‌كباتانایان تاڵان كرد و ژماره‌یه‌ك له‌ خه‌ڵكه‌كانیان به‌ تاڵانی ده‌ستگیركرد و بردیانن.
به‌ وته‌ی كتسیاس ئاستیاگ ده‌موده‌س دوا به ‌دوای شكسته‌كه‌ی به‌دیل نه‌گیرا، به‌ڵكو یه‌كه‌م جار ڕای كرد بۆ ئه‌كباتانا و له‌وێ خۆی شارده‌وه‌، كۆڕش دوای ئه‌وه‌ی گه‌یشته‌ ئه‌كباتانا، فه‌رمانیدا ئامیتیدا كچی ئاستیاگ و مێرده‌كه‌ی (ئاسپیتام) و كوڕه‌كانیان ئه‌سپیتاك و مهابران – ئازار بده‌ن، دوای ئه‌وه‌ ئاستیاگ خۆیدا به‌ده‌سته‌وه،‌ تاكو ئه‌وانه‌ی له‌ ده‌وروبه‌ری ئه‌ون ئازار نه‌درێن.
ئاستیاگ له‌ كوشتن ڕزگاری بوو، (هردۆت و كتسیاس هه‌ردووكیان باسی ئه‌مه‌یان كردووه‌ و له‌مێژووی ڕووداوه‌كانی بابل دا شتێك پێچه‌وانه‌ی ئه‌م باسه‌ نییه‌، به‌وته‌ی كتسیاس به‌ناوی جێنشینی حاكمی هیركانییه‌وه‌ زۆر به‌ڕێزه‌وه‌ نێردرا بۆ ئه‌و سه‌ر زه‌مینه‌ و دوورخرایه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ی پێنه‌چوو خواجه‌یه‌ك كه‌ ناوی (پتساگ) بوو (ئیبار) هانیدابوو به‌ بیانوی دیده‌نی كچه‌كه‌یه‌وه‌، بردی بۆ بیابانێك و له‌وێ به‌ره‌ڵڵای كرد، تاكو به‌سه‌رگه‌ردانی له‌برساندا بمرێ. كتسیاس ده‌ڵێ: دوای ئه‌وه‌ ئامیتیدا چه‌رمه‌سه‌ریه‌كی زۆری بۆ پتساگ نایه‌وه‌، ئیبار خۆی كوشت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا كۆڕش نه‌یده‌ویست سزای بدات.
له‌م نووسینانه‌ی سه‌ره‌وه‌دا‌ به‌ته‌واوی ده‌رده‌كه‌وێ،‌ ماده‌كان به‌درێژایی ڕۆژگاری شه‌ڕ به‌هێزه‌وه‌ ڕاوه‌ستان و ئه‌گه‌ر گه‌وره‌كانی ماد له‌ناوخۆی كیشوه‌ره‌كه‌دا ده‌ستیان به‌ خیانه‌ت نه‌كردایه‌، حكومه‌ت نه‌ده‌كه‌وته‌ ده‌ست پارسه‌كان.
سه‌ركه‌وتنی كۆڕش به‌سه‌ر ئاستیاگ دا ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌ی، كه‌ به‌هۆی گه‌وره‌كانی ماده‌وه‌ ده‌ستی كه‌وتبوو، ده‌سته‌به‌ری ئه‌وه‌ بوو كه‌ یاسای تازه‌ی حكومه‌تی كۆڕش به‌ڕواڵه‌ت له‌گه‌ڵ ماده‌كاندا بگونجێ، به‌م هۆیه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا كه‌ ئه‌كباتانا تاڵان كرا و هه‌ندێك له‌ ماده‌كان به‌دیلی و به‌تاڵانی ده‌ستگیر كران و بران، به‌ڵام هه‌روه‌كو وڵاتێكی داگیركراو و خه‌راج و باجیان خستنه‌سه‌ر، له‌ وته‌یه‌كی‌ ئاستیاگ له‌گه‌ڵ هارپاگ كه‌ هیرۆدۆت باسی كردووه‌، ئاستیاگ ده‌ڵێ: هارپاگ ماده‌كانی به‌یلی گه‌یاند، ئه‌گینا تا ئه‌و كاته‌ش ماده‌كان هه‌موو كاره‌كانیان به‌ده‌سته‌وه‌ بوو، ته‌نیا وه‌كو شتێكی ڕواڵه‌تی پارسه‌كان سه‌ركه‌وتوبوون، نوێنه‌ره‌كانی ئاسپارت خشاریاشایان به‌پادشای ماده‌كان ناوده‌برد، چه‌ندان نموونه‌ی تر له‌م ڕووه‌وه‌ هه‌یه‌، ئه‌وه‌ ده‌زانین كه‌ یۆنانیه‌كان شه‌ڕه‌كانی نێوان یۆنان و پارسیان به‌شه‌ڕی یۆنانییه‌كان و ماده‌كان ناوده‌برد، له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا بۆ ئه‌وه‌ی ڕازی بكرێن گه‌وره‌كانی ماد زنجیره‌ ده‌سه‌ڵاتێكی گونجاویان پێدرا، بۆ نموونه‌:‌ كۆڕش پادشایانی مادی نه‌گۆڕی و له‌ناوی نه‌بردن، به‌ڵكو خۆی كرد به‌پادشای ماد و خۆی هه‌ر به‌ناوی پێشووه‌وه‌ ناونا پادشای پارس، ته‌نانه‌ت له‌ زۆربه‌ی نووسراوه‌كانی سه‌رده‌می داریۆشی یه‌كه‌م، ماد و پارس له‌ڕووی كیشوه‌ره‌كانی تردا یه‌ك بوون، له‌ نووسراوی نووسه‌ره‌ یۆنانیه‌كاندا هاتووه‌ ماوه‌یه‌ك له‌ دوای ئه‌وه‌ و له‌كاتی زنجیره‌ی ناوی پیاوه‌ گه‌وره‌كانی ئیمپڕاتۆریه‌تی هه‌خامه‌نشی، ناوی نوێنه‌ره‌كانی ماد ده‌بینین، یۆنانیه‌كان و هۆزه‌كانی ڕۆژهه‌ڵات پادشای ئیمپڕاتۆریه‌تی هه‌خامه‌نشیان به‌پاشای ماد ناوده‌برد، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا كۆڕش له‌ بابلدا پادشای مادی هێشته‌وه‌ و ساتراپێكی تیا دروست كرد و یه‌كه‌مین ساتراپی ماد ئویبار بوو.
به‌وته‌ی كتسیاس كۆڕش له‌گه‌ڵ كچی ئاستیاگ، كه‌ ناوی ئامیتیدا بوو زه‌ماوه‌ندی كرد، ئه‌م هه‌واڵه‌ له‌ گومان به‌ده‌ر نیه‌. له‌واقیع دا ناوی ئامی تیدا به‌پێی وته‌ی بروس له‌ناو بنه‌ماڵه‌ی ماده‌كاندا به‌كارهێنراوه‌، له‌دواییدا بۆ ناوی ژنه‌ هه‌خامه‌نیشیه‌كان به‌كارهاتووه‌، به‌ڵام پێشتر مێرده‌كه‌ی ئامیتیدا (ئاسپیتام)ی كوشت، كه‌ حه‌قداری تاج و ته‌خت و دوژمنی ئه‌و بوو. مه‌به‌ستی ئه‌وه‌ بوو بۆ داواكاری خۆی واتا حكومه‌تی (قانونی) به‌سه‌ر ئیمپڕاتۆری ئاستیاگ بكا به‌به‌ڵگه‌.. له‌نێوان ماده‌كان و پارسه‌كاندا – وه‌كو میسرییه‌كان نه‌ریت وابوو، كچه‌ زاده ‌یان زاوا (مێردی كچ) ی پادشای پێشوو به‌پێی یاسا حوكمی وڵات بكات.
ژماره‌یه‌ك له‌ گه‌وره‌كانی ماد چوونه‌ لای كۆڕش، وه‌كو هارپاگ كه‌ یه‌كێك بوو له‌سه‌ردارانی سوپای ماد، سێیه‌مین حاكمی كیشوه‌ری لیدی بوو، هارپاگ یونیه‌ی بۆ كۆڕش داگیركرد و حه‌زی نه‌ده‌كرد بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌رزه‌مینی ماد، له‌ئاسیای بچووك جێگیر بوو، موڵك و زه‌وی و زارێكی زۆری خسته‌ ژێر ده‌ست خۆیه‌وه‌، له‌ لیكیه‌ نووسراوێك به‌ زمانی لیكه‌یی و یۆنانی ماوه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌و نووسراوه‌یه‌دا یه‌كێك له‌ نه‌وه‌ی ئه‌وه‌ (؟) كتسیاس ده‌ڵێ: كوڕه‌كانی ئامیتیدا كه ‌له‌ ئاسپیتام یه‌كه‌م مێرده‌كه‌ی ناویان ئاستیاگ و مهابرن – بوو، له‌لایه‌ن كۆڕشه‌وه‌ كرا به‌ ساتراپ و براكه‌ی كه‌ (پارمیس) كوڕی ناشه‌رعی ئاستیاگ یان كوڕی دایكی ئامیتیدا له‌مێردێكی تره‌وه‌- یه‌كێك له‌سه‌ردارانی سوپایی پارس بووه‌، به‌شێوه‌یه‌كی گشتی باسه‌كانی كتسیاس به‌لای ماددا داده‌تاشێ و ڕقه‌به‌ری كۆڕش ده‌كات، له‌نووسراوی بێستوندا داریۆشی یه‌كه‌م ناوی هه‌ندێك له‌سه‌ردارانی پارس ده‌بات كه‌مادی بوون، ته‌نانه‌ت تا سه‌رده‌می خشاریاشا ناوی هه‌ندێك له‌گه‌وره‌كانی پیاوانی مادی بردووه،‌ كه‌ له‌ ده‌ربار‌ی ئیداره‌ی هه‌خامه‌نشیه‌كاندا پله‌ و پایه‌یه‌كی به‌رزیان به‌وده‌سته‌وه‌ بوو، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ته‌نانه‌ت گه‌وره‌كانی ماد له‌باره‌ی داگیركردنی ئه‌و كیشوه‌ره‌وه‌ له‌لایه‌ن پارسه‌كانه‌وه‌ بێ لایه‌ن بوون، هه‌روه‌ها له‌سه‌رده‌می داریوشی یه‌كه‌مدا گه‌لێك شوێن و پله‌ و پایه‌ی گرنگیان به‌ده‌سته‌وه‌ بوو، به ‌تایبه‌تی نه‌وه‌ی ئه‌و حه‌وت خانه‌دانه‌ی كه‌ له‌ كوده‌تاكه‌ی داریوشدا به‌شداریان كردووه‌، ژماره‌یه‌كی كه‌م له‌ بنه‌ماڵه‌ و خانه‌دانه‌كانی ماد له‌گه‌ڵ گه‌وره‌كانی پارسدا تێكه‌ڵ بوون و زۆربه‌ی ئیشوكاری ساده‌یان گرته‌ده‌ست، یان له‌ ڕۆژگاری پڕ له‌ ئاژاوه‌ و سه‌ره‌تای سه‌ڵته‌نه‌تی داریوشی یه‌كه‌مدا (521- 522 پێش زایین و ڕه‌نگه‌ له‌سه‌رده‌می خشاریاشا دیسان 484-486ی پێش زایینی دا له‌ناوچوون.
ئه‌مه‌ به‌سه‌رهات و مێژووی دوا پادشای ماد و سه‌ڵته‌نه‌تی ئاستیاگ بوو، به‌ ڕای زۆربه‌ی مێژوونووسانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌‌، كه‌ به ‌دیقه‌ته‌وه‌ ڕووداوه‌كانیان تۆمار كردووه‌، ئایا كۆتایی سه‌ڵته‌نه‌تی ئاستیاگ، كوێی له‌ كۆتایی زوحاك یا ئاژده‌هاكی ماربه‌شان ده‌چێت، هیچ باسێك له‌ زو‌ڵمی ئاستیاگ و چه‌كوشه‌كه‌ی كاوه‌ و په‌لاماره‌ له ‌ناكاوه‌ی فه‌ره‌یدون نیه‌، هه‌موویان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كۆكن، شه‌ڕی هه‌خامه‌نشی له‌گه‌ڵ ماد، كۆڕش له‌گه‌ڵ ئاستیاگ له‌ ساڵی 553 تا 550 پێش زایین درێژه‌ی كێشا و شه‌ڕ به‌رده‌وام بوو‌‌، له‌ شه‌ڕیشدا هه‌رجاره‌ لایه‌كیان سه‌رده‌كه‌وت، تا دواجار به‌هۆی خیانه‌تی هارپاك و پیاوه‌ گه‌وره‌كانی ماد پارسه‌كان توانیان به ‌ته‌واوی سه‌ركه‌ون، به‌داخه‌وه‌ كورد تائێستاش ڕابردووی خۆی خۆشناوێت و به‌رامبه‌ر به‌ مێژوو و كه‌لتوور و سیاسه‌ت و خانه‌دان و پیاوه‌ گه‌وره‌ و كه‌سایه‌تیه‌ قاره‌مانه‌كانی ڕابردووی خۆی كه‌مته‌رخه‌مه‌ و زۆر به‌ساده‌یی و بێباكانه‌ ده‌ست له‌ خاك و خه‌ڵك و مێژووی خۆی هه‌ڵده‌گرێ بۆ دراوسێ و لایه‌نا‌نی تر، په‌روه‌ردگارا … ده‌بێ ده‌كه‌ی ئه‌و ڕۆژه‌ بێت ئێمه‌ی كوردیش به‌دوای مێژووی دزراوی خۆماندا بگه‌ڕێین و بیدۆزینه‌وه‌ و وه‌ری بگرینه‌وه‌.
ئه‌م بابه‌ته‌ له‌م سه‌رچاوانه‌ وه‌رگیراوه‌:
1- ئی. م. دیانۆكۆف، میدیا، وه‌رگێڕانی: بورهان قانع، چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری- هه‌ولێر، 2008.
2- حه‌بیبوڵڵای تابانی، هاونه‌ته‌وه‌یی كورد و ماد، وه‌رگێڕانی: جه‌لیل گادانی، چاپی دووه‌م، چاپخانه‌ی ڕۆژهه‌ڵات-
هه‌ولێر، 2010.

ڕه‌سوڵ بۆسكێنی
20-3-2020




نا بۆ شەڕ و گرژیی ناوخۆ، بەڵێ بۆ یەکڕیزیی نەتەوەیی و نیشتیمانیی … ڕێبوار ڕەشید

لەم ڕۆژانەدا جیهان سەرقاڵی شەڕکردن دژ بە ڤایرۆسی کورۆنایە و ڕۆژانە بە ملوێن لە خەڵکی هەژارانی جیهان گیرۆدەی بێ کاریی و بێ نانوئاویی و بژێوی دەبن و خەڵکی کوردستان بە حوکمی دڕندەیی سیستەمی داگیرکەریی لە سێ بەشی کوردستاندا گەورەترین قوربانیین.
لە ڕاپەڕینی سەرتاسەریی ئێران لە مانگی یازدەی 2019دا لە رۆژهەڵاتی وڵات بە سەدان گیانبەختکردوومان هەبوو کە تا ئێستایش تەرمی زۆریان دەستنەکەوتوونەوە. بێکاریی و نەداریی و نەهامەتیی سرووشتیی هاووڵاتیانیان لە ڕۆژهەڵات و باکوور کە لە جۆرەکانی خزمەتگوزاریی بێ بەشن کردووە کە دۆزەخ. لە کاتی داگیرکردنی سەری کانییەوە تا ئێستا ئەوە چوارهەم جارە کە دەوڵەتی تورکیا ئاو لە ڕۆژئاوای کوردستان دەبڕێت.ئەم دەوڵەتە داگیرکەرە ڕۆژانە لە عەفرینەوە بۆ گردەسپیی و عەین عیسا و تەلتەمر لە حەسەکە بۆمبباران دەکات.
باشووری وڵات بە داخەوە خاوەنی بەرهەمی ناوخۆی پێویست نییە. مووچە لە کاتی خۆیدا نادرێت و خەڵکی کاسبکار کە بژێوی ژیانیان ڕۆژانە پەیدا دەکەن لەو پەڕی تەنگەتاویی و دژواریی ئابووریی دان.
لە دۆخی وادا کە تەواوی خەڵکی کوردستان دەستیان لە سەر دڵیانە، ئەرکی دەسەڵاتدارانی باشووری کوردستان ئەوەیە کە سەرچاوەی گەیاندنی هێز و وزە و جۆش و خرۆش و هەستیی بەخۆباوەڕی بن بۆ هەموو خەڵکی کوردستان. لەبەرئەوە بردنی هێزی پێشمەرگە لە لایەن پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکیەتیی نیشتیمانیی کوردستان بۆ ناوجەی وەرتێ و زینێ دڵەڕاوکێ و نیگەرانیی کوردستانیان زیاتر دەکات و هەر ئەوەندە نییە کە هەنگاوێکی ناپێویستە، بەڵکو تێکدەر و رووخێنەرە.
ئەم ساڵ کوردستانیان نەیانتووانی نەورۆز پیرۆز بکەن، نەیانتووانی یادی هەڵەبجە و ئەنفال و کۆڕە و ڕاپەڕین بکەنەوە. سیاسەتی دروستی نیتشیمانیی ئەوەیە کە قەرەبووی هەموو ئەو زیانە بۆ خەڵکی کوردستان بکەینەوە. پەیداکردنی فاکتەری گرژیی و نیگەرانیی پێچەوانەی هەست و کرداری قەرەبوونەوەی ئەو زیانانەن.
کوردستانیانی دڵسۆز دەزانن کە 30 ساڵێک لەمەوبەر خەڵکێکی ڕاونراو بە برینداریی و بێکەس و بێدەر، دروست هەروەکوو کوردانی فەیلیی کە لە سەردەمی بەعسی فاشیستدا دووچار بوون، لە باکوورەوە هاتن بۆ باشوور. ئەو کوردانە چونکە خەڵکی دڵسۆز و کارکەر و زەحمەتکێش بوون هاتن لە ناوچەی مەخموور، لە دەشتێکی کاکیبەکایی و لە سەحرایەکی وشک و برینگ و بەردەڵانییدا، بە دەستی خۆیان و بە پلاستیک و نایلۆن و بلۆکی هەرزانبەها ئاوادەنیەکیان بۆ خۆیان دروست کرد و لە شەڕی داعشدا بە خوێنی خۆیان پاراستیان و بە ڕاستیی هەروەکوو گەرمیانی خواروو ئەمانیش سەنگەری پێشەوەی کوردستانن. ئەم ئاوەدانییە ئەوڕۆ بە “کامپی مەخموور” بە ناوبانگە.
ئەوانەی جوون بۆ ئەم کامپە و سەردانی ئەم کامپەیان کردووە دەزانن کە ئەم کامپە هاووێنەی هەموو گەڕەکێکی هەژار و نەداری سلێمانیی و هەولێر و دهۆک و شەنگال و سەقز و مەهاباد و کرماشان و ماردین و دیاربەکرە. شارۆچکەیەکە لە پلاستیک و بلۆک و ئەشتوومەکی هەرزانبەها. خەڵکەکان هەمان خەڵکی گوند و شارەکانی دیکەی کوردستانن. ئەم خەڵکە بە شێوەیەکی دڵسۆزانە هاوکاریی یەکتریان کردووە و باخچەی ساوایان و خوێندنگا و نەخۆشخانەی سەرەتاییان بۆ خۆیان ساز کردووە و تا ئێستا یەک قڕان لە سەر هیچ کەسێک نەکەوتوون، و زیانیان نەک بۆ باشوور و تەواوی کوردستان نەبووە، بەڵکو بوون بە سەرچاوەی بەخۆباوەڕیی و سەربەرزیی و شانازیی بۆ تەواوی کوردستان. هەر هەمان خەڵکی دەم بە پێکەنین بەڵام بریندار و چەوساوەن کە لە سلێمانی و هەولێر و دهۆک و بانە و بۆکان و کرماشان و ئیلام و هتد دەیان بینین. هەمان خەڵکی چەوساوە و زەرەرلێکەوتوو و بێ پارێزەن.
لەبەرئەوە ئابڵووقەدانان لە سەر ئەم شارۆچکە بریندارە ماندووە نەک هەر قازانجێک بە یەکیەتیی نەتەوەیی و نیشتیمانن ناگەیەنێت بەڵکو زەرەری گەورە لە هەستی هاوسەنگەریی و هاودەنگیی کوردستانیمان دەگەیەنێت. زەرەری ئاوا نابێت بە کەم ببیندرێت چونکە زەرەری گەورە بە یەکیەتیی نەتەوەیی و نیشتیمانیان دەگەیەنێت.
لەم ڕووانگەوە ئەرکی سەرشانی هەموو دڵسۆز و تێکۆشەرێکی کوردستانیی ئەوەیە کە داوا بکەین و کار بکەین بۆ ئەوەی بۆ ئابڵووقە لە سەر کامپی مەخموور لاببرێت و ئامێزێکی کوردستانییان بۆ بکرێتەوە، کە ئاوەڕێک لە کامپنیشینیانی ئێزیدیی بدەینەوە کە ئەوە شەش ساڵە بە گەورە و بچووکەوە لە برسیەتیی و هەژاریی و بێ خوێندن و بێ چاوەدێریی ژیان بە سەر دەبەن، کە داوا بکەین هێزی پێشمەرگە لە وەرتێ و زەینێ ببرێن بۆ ناوچە سنووریەکان و ڕووبەڕووی ئێران و تورکیا تا لە شوێنی دروست جێی خۆیان بگرن، کە چالاکوان و ڕۆژنامەوانی سیاسیی و دیموکراسیی ناوخۆ لە زیندانی ناوخۆدا نەبن چون برینی ناتەبایی و ناکۆکیی ناوخۆ ناسۆرتر دەکات، کە سەربەرزیی و شانازیی عەدنان ڕەشیدیی بە هی خۆمان بزانین، کە خاوەن لە گیراوانی کورد لە زیندانەکانی ئێران و تورکیا دەرکەوین، کە خاوەن لە قوربانیانی کارەساتی سرووشتیی کوردستان دەربکەوین کە هەر ئێستا لە سەرپێلی زەهاو دەیبینین و کە بە دڵنیایەوە لە شاڵاوی بارانبارینی ئەم بەهارەدا لە تەواوی کوردستان ڕوو دەدەن. با وەبیرخۆمان بهێنینەوە کە هەژاران و نەدارانی کوردستان ئێستا هەروەها بەڵای ڤایرۆسی کرۆنایشیان ڕووبەڕوو بووەتەوە و لەبەرئەوە هەموو جۆرە بەجۆش و خرؤشکردنێکی مرۆڤی کورد بۆ هەستی خوشکوبرایەتیی، هاووڵاتیی و هاوئاییندەیی دەبێت بە مایەی بەهێزکردنێکی سەنگەری کوردستان.
ئەو دۆخە پایە و پێگەی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکیەتیی نیشتیمانیی کوردستان و ئەوانی دیکە لاواز ناکات، بەڵکو بەهێزتری دەکات.
ئێستا کە نەمانتووانی نەورۆز لە کاتی خۆیدا لە باشوورێک پیرۆز بکەین کە ڕاستەوخۆ لە ژێر دەستی داگیرکەردا نییە دەتوانین پاش بەزاندنی ڤایرۆسی کۆرۆنا ڕۆژێک بۆ پیرۆزکردنی نەورۆز تەرخان بکەین. ئەو ڕۆژە دەتوانێت هەر ڕۆژێک بێت لە مانگی چوار یان پێنج یان کاتێکی دیکەدا بێت. ئەو ڕۆژە نەورۆزی هەموو کوردستان دەبێت، چون بە دڵنیاییەوە کوردی هەموو شوێنێک لە پیرۆزڕاگرتنی ڕۆژێکی وادا خۆیان بە هاوبەش دەزانن. با ئەو نەورۆزە نەورۆزی لە ئامێزگرتنی هەموو مەخموور و شەنگال و ئێزیدیی و فەیلیی و یارسان و کاکەیی و هەورامانیی و گەرمیانیی و بەهدینانیی و هتد و هتد بێت. با نەورۆزی ئاشتەواییی گشتیی و بەهێزکردنی هەستی نەتەوەیی و نیشتیمانییمان بێت.
ئەمە خەیاڵ نییە، بەڵکو داوایەکی سیاسیی و ئەرکێکی سیاسییە کە پێکەوە دەتوانین لە پراکتیکدا ئەنجامی بدەین. خەڵکی چەوساوەی کوردستان شایستەی خزمەت و کامەرانیی و خۆشگوزەرانیی و پێشکەوتنن.
هەموو کوردستانیەکی ئازادیخواز دەزانن کە ئێران و تورکیا وەکوو دوو داگیرکەر ڕۆژبەڕۆژ دژ بە خەڵکی کوردستان خراپتر و توندوتیژتر و سەرکوتگەرتر دەبن. دژایەتیی ئەوان بە هاوسەنگەرییەکی بەرفراوان دەکرێت. سیستەمی سیاسیی و ئابووریی و کۆمەڵایەتیان بەرەو داڕمان دەچێت و ڕوو بە خەڵکی خۆیان و جیهان بێ نرخ و بێ بەها و دەستەوەستان ماون. لە دوا ساتەکانی مەرگیاندا لە هەڵپەدان قازانجی ژیان و زیندووبوونەوە لە ناکۆکیی و ناتەبایی ناوخۆی کورد بکەن.
باشوور دوورگەیەکی دابڕاو لە کوردستانی گەورە نییە و نابێت بهێڵین لە سەر بناخەی ئەو جۆرە تێگەیشتنە سیاسەت بکرێت. بە دڵنیاییەوە ئێران و تورکیاش باشوور وەکوو پارچە خاکێکی بێلایەن و دابڕاو لە کوردستانی گەورە نابین، بەڵکو دەیانەوێت بیکەن بە بەشێک لە سیستەم و نەزمی داگیرکەریی خۆیان و لە پراکتیکدا دژ بە تەواوی کوردستان بە باشوور خۆیشیەوە بەکاری بهێنن.
گرەوی ئازادیخوازیی ئێمە لێرەدایە، کە دەبێت هەموومان تیایدا بەشدار بین و بیبەینەوە!

ڕێبوار ڕەشید
2020/3/29




…کرۆناو بارودۆخی سیاسی ئەمڕۆی ئێران حەمید تەقوایی

لەکۆمەڵگە و بارودۆخی سیاسی ئێراندا هەموو شتێک کەوتوەتە ژێر تیشکی پەتایی کرۆناوە.ڕەوتی پەرەگرتوی ئەوناڕەزایەتیانەی کەلە نۆڤەمبەردا(آبان ماە) دەستی پێکردبوو،لە ڕوبەڕوبونەوەی کرۆنادا وەستاوە لەگەڵ بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کرۆنادا لەڕوی شێوازەوە خەبات وخۆپیشان و کۆبونەوەی ناڕەزایەتی بەکردەوە بویە شتێکی ئاستەمە
وەلە ناوەرۆکیشدا پارێزگاتی خۆپاریزی سایەی بەسەر هەموو شتێکدا کێشاوە.
لە یەکەم نیگادا وادێتە پێش چاو قەیرانی کرۆنا ئەو بزوتنەوە پەرەگرتوەی کەبەکردەوە ئەیتوانی لە هەشتی مارس ڕۆژی جیهانی ژنان وەیان لە خەباتی هەموو ساڵەی کرێکاران بۆ زیاد بونی کرێ و تەناەت بەبیانوی چوارشەمەی سورو مەراسیم وهاتنی جەژنەکانی تردا هەیان بوە وەستاندوەو کۆمەڵگەیەکی ناڕازی وڕاپەڕیوی بەترس و دڵەڕاوکە و هەوڵدان بۆ مانەوە ی خۆی داپۆشیوەو داتەپاندوە.بەڵام ئەمە تەنها ڕواڵەتی مەسەلەکانە.بڵاو بونەوەی کرۆنا تەنها لەترس و نیگەرانی وهەوڵدانی قابیلی تێگەشتن وتەواو ڕەوایی خەڵک بۆ پارێزگاری لە گیانی خۆیان نەبوە.پەرەگرتنی توڕەی ونەفرەتی جەماوەری خەڵک لە ڕژێم وە پشت بەستن بە هێزی خۆیان لە ڕوبەڕو بونەوەی ئەم کارەساتە دیوێکی تری دراوی قەیرانی کرۆنایە.هۆکارێکی گرنگی ترس ودڵەڕاوکەی کۆمەڵگە لە ڕوبەڕوبونەوەی کرۆنادا.هەبونی حکومەتێکە کەنەک تەنها هەنگاوێک بۆ پارێزگاری لەژیانی هاوڵاتیان نانێت بەڵکو هۆکاری سەرەکی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کرۆنایە.لەقوڵایی بێزاری ونیگەرانی خەڵکدا توڕەی و بێزاری لە هەموو تاوانباران شاردراوەتەوە.
هەموان دەزانن کە بەردەوامی گەشتە ئاسمانیەکان بۆ جین،شاردنەوەی مەودای کارەساتەکەو درۆ وتن بەخەڵک،خۆپارێزی لە قەرەنتینەکردنی شاری قوم و هەموو ناوەندەکانی پەرەگرتو بەنەخۆشیەکە،هەڕەشەو دەستگیرکردنی هەموو ئەو دوکتۆرو پەرستارانەی کە ڕاستیەکانیان بۆ خەڵک باس دەکرد و هیتر وهیتر لەنێو هەوڵەکانی حکومەتێکدایە کە کارەساتی ئیستای خولقاندوە.ڕژێم مەسەلەی کرۆنای گۆڕیوە بە بابەتێکی سیاسی-ئاسایشی وبۆ پارێزگاری لە ڕژێم ودەسەڵاتە چەوسێنەرەکەی سودی لێوەردەگرێت.
لەلایەکی تروە ئەبێت قەیرانی کرۆنا لە مەتن و بەردەوامی بزوتنەوەی سەرنگونی خوازیەکی پەرەگرتو کە بە تایبەت لەم لەم پێنج مانگەی دواییدا پەرەی سەندبوو بڕیاری لەسەربدەیت و تاوتوێ بکەیت.لەم ڕوانگەیەشەوە قەیرانی کرۆنا لە ئێران لەگەڵ وڵاتەکانی تری وەک،چاینەو ئیتاڵیادا. بەتەواوەتی جیاوازە.کارەساتیکرۆنا لەدرێژەی ئەو کارەساتانەی تردا کەلە پینج مانگی ڕابردودا ڕوئەدات کە پەیوەندی نێوان حکومەت وخەڵکی بەتەوەواوەتی گۆڕیوە .تەقەکردن لە خەڵکی ناڕازی لەمانگی ئۆکتوبەرو تەقەکردن لە فڕۆکەی نەفەرهەڵگر،ئەمڕۆش بە دەستڕێژی تەقەی ڤایرۆسی کرۆنە بۆ کۆمەڵگە تاوانەکانی حکومەت پەرەسندنێکی تازەی بەخۆیەوەگرتوە.کارەساتی کرۆناش وەک کارەساتەکانی پیشوو دروستکراوی کۆماری ئیسلامیە.کارەساتێک کەلەلایەکیەوە حکومەتێکی تاوانکارو درۆزن وسەرتاپا گەندەڵ وەستاوە وەلەلاکەی ترەوە گۆمەڵگەیەکی بەگیان هاتوو کە دەیەوێت لە شەڕی حکومەت ڕزگاری بێت.پەتایی کرۆنا شێوەی ئەم ڕوبەڕو بونەەی گۆریوە بەڵام ئەم قوتبی بونەوەی نیوان کۆمەڵگەو حکومەتی گەیاندوەتە ئاستێکی توندرو ئاشتی هەنەگرتر و پەرەسەندوتری کردوە.
ڕاپەڕینی ئۆکتۆبەر ئەم ڕاستیەی زۆر ڕاشکاو وئاشکرا لە بەردەم چاوی هەموان دانا کە حکومەتی ئیسلامی هیچ پەیمان وبەرپرسیارەتیەک،تەنانەت بە قسەو بەڕواڵەتی،لەبەرامبەر کۆمەڵگەو ژیانی خەڵکدا نیە.هەموو بە ڕۆشنی بینیان کە میحوەری سیاسەتەکان وکردەوەکانی حکومەت وە تەنانەت ئامانجی ڕاگەینراویان هێشتنەوەی خۆیان لەدەسەڵاتدایەو بەس.تەقەکردن بەئامانجی کوشتنی خەڵکێک کە ناڕەزایەتیان بە سێ قات زیادبونی نرخی بەنزین لە شەوێکدا هەبووە ،وە بەشوینیدا شەڕی پرسەگێڕانی سەرکردە تاوانبارەکەیان کە بەمردنی هەشتا کەس لەژێر دەست وقاچی تاقمەبەکرێگیراوەکانیاندا تەواوبوو.وە پاشان بەتایبەت تەقەکردنی بەئەنقەست لە فڕۆکەی نەفەرهەڵگر،هەموی نیشان دەری ئەو ڕاستیە بون،کە حکومەت خەڵک وەک دوژمنی ڕژێمەکەی سەیردەکات، بۆ مانەوەی خۆی لەدەسەڵات شەڕ دەکات،وەلەم شەڕەدە دەست لە هیچ تاوانێک ناپارێزێت.خەڵکیش کۆماری ئیسلامی نەک وەک دەولەت وحکومەتێک بەڵکو وەک دوژمنی خۆی دەناسێت.قەیرانی کرۆنا ئەم ڕاستیە بنەڕەتیەی جاریکی تر بەڕۆشن ترین شێوە تەئکید کردوە کەلە کۆمەڵگەی ئێراندا شەڕێک لە پێناو مانەوەدا لەئارادایە شەڕی مانەوەی ژیان وئینسانیەت،لەبەرامبەر شەڕی مانەوەی حکومەتێکی تاوانکارو گەندەڵ لەئارادایە.جارێکی تر ئەو ڕاستیە بەرجەستە بویەوە کە ڕژێم بۆ مانەوەی خۆی لەدەسەڵاتدا کارەسات دوای کارەسات دەخولقێنێت..جیاوازی ئەم دواین کارەساتە لەگەڵ ئەوانەی پێشودا ئەوەیە کە ڕژێم ئەمجارە ڤایرۆسی نەخۆشیەکی کوشنەدەی لەگەڵدایە.
حکومەت بە نەخۆشی کرۆناش،وەک ناڕەزایەتی ڕەوایی خەڵک لەدژی گرانی بەنزین،ناڕەزایەتی بە تەقەکردن لە فڕۆکە کەو مەراسیمی ڕێزگرتن لەگیان بەختکردوەکانیان،وەکو بابەتێکی سیاسی-ئەمنی مامەڵەکرد.بابەتێک کە “دوژمانان”
هێناویانەتە کایەوە هەتا لەهەموو”ڕژێمەکە”مان بدەن،قسەی سەرانی دەسەڵات،لە خامنەییەوە هەتا ڕوحانی و تا ئاخوندە بچوک وگەورەکانی تر لەبارەی ڕاست نەبونی ئەم “نەخۆشیە وەهمیە”هەوڵی دوژمانە لەدژی ڕژێم و”پیلانی ترامپە لەدژی شاری پیرۆزی قوم”ئەیسوڕێنن.نیگەرانی هەموو شتێکن ژیانی خەڵک،مەلغەمەیەکیان لەدرۆو خورافات وپێسی وگەوجی وبێ شەرمی ئیسلامیەیان داوەتە کۆمەڵگە وە کاتێک کە ئیتر ناکرێت نکوڵی لە کارساتەکە بکەیت،ئاماری کەسانێک کە بەهاوکاری ڤایرۆسی کرۆنا کوشتبویان،هەروەکو کوشتاری نۆڤەمبەر ،بەلەدەدا یەک زیاتر کەمیان کردبویەوە،تا بەڵکو مەودای تاوانەکانیانی پێبشارنەوە،کرۆنە بەمەسەلەی بەنزین وموشەک نان بە فڕۆکەو نمایشی هەڵبژاردن وهیتر جیاوازن،بەڵام حکومەتی ئیسلامی هەر هەمان حکومەتە،دەسەڵاتێک کە دەکوژێت بۆ ئەوەی بمێنێتەوە.ڤایرۆسی کرۆنا لە ئێران حکومەتی ئیسلامی لەپاڵ خۆیدا بینیەوە،لەبەرامبەریشدا خەڵکی ئێران بەخێرای لەوە تێگەیشتن کە ئەبێت هاوکات لەگەڵ هەردوو ڤایرۆسی کرنا وڤایرۆسی حکومەتی ئیسلامیدا بجەنگن.ئەمڕۆ گۆمەڵگە پاش درۆکان،وشۆک بونی لەسەرەتادا بەخۆیدا هاتوەتەوە.گەیاندنی هەواڵ بەشێوەیەکی فراوان بەتایبەت لەلایەن پزیشکان وپەرستاران وکارمەندە شەریفەکانی تری نەخۆشخانەکانەوە دەستی پیکردوە.گروپە خۆیاریەکان وگروپەکانی هاوکاری لە هەموو جێگایەک بۆ ڕوبەڕوبونەوەی کرۆنا لە پێکهاتندان .هەڵسوڕاوانی سیاسی وئیرانیەکانی دانیشتوی دەرەوەی وڵاتیش بەهانای خەڵکی ئێرانەوە چون.خەڵکی ڕاگرتنی دەوامی زانکۆو قوتابخانەکانیان بەسەر ڕژێمدا سەپاندوە،دەست لەکار کێشانەوەو لەکارخستنی ناوەندەکانی بەرهەمهێنانیش دەستی پێکردوە.
لەلایەکی تروەوە بزوتنەوەیەکی پەرەگرتوو لەلایەن خەڵک وکەسوکاری زیندانیە سیاسیەکان بۆ ئازادکردنیان بە ڕێکەوتوە. لەژێر ئەم فشارەدا حکومەت ناچار بوە کە مۆڵەت بداتە زیاتر لە حەفتا هەزار زیندانی،بەڵام ئەم بزوتنەوەیە ئەتوانێت و ئەبێت هەتا ئازادکردنی هەمو زیندانیانی سیاسی ولانیکەم مۆڵەت پێدانی هەموو زیندانیەکان هەتا مەسەلەی کرۆنا چارەسەر دەکرێت.
ئەم واقیعیەتە نیشانی ئەدات کە ڕوبەڕوبونەوە لەگەڵ ڤایرۆسی کرۆنادا لەگەڵ حکومەتەکەی هاودەستیداپێکەوە ئاڵاون.
لەپیشترین ئامانجی خەڵک ڕێک پاریزگاریە لەژیانی خۆیان وئەوانی تر بەڵام بەشێک لەم هەوڵانە وەستانەوەیە لەبەرامبەر کۆماری ئیسلامیدا.لەهەر هەنگاوێکدا لەگەیاندن وبڵاوکردنەوەی هەواڵ،ئاماری واقیعی ،تا دابەشکردنی هاوکاری تەندوستی ودەرمانی وتا گەیاندنی هاوکاری مالی وکەل وپەل لەدەرەوەی وڵات،ئەبێت لەگەڵ ڕیگریەکانی کۆماری ئیسلامی،لەگەڵ سوپاییەکان وپاوانخوازان وقاچاخ چیەکان ولەگەڵ ڕەواج پێدەرانی خورافات وهەواڵەدرۆکانی دەزگاڕاگەیاندنە درۆ بڵاوکەرەوە حکومەتیەکاندا ڕوبەڕوبێتەوە.
ڕوبەڕوبونەوە لەگەڵ کرۆناو خەباتی خەڵک لەدژی کۆماری ئیسلامی تێکەڵ بون.لەم ڕوبەڕو بونەوەیەدا سێ تەوەرە گرنگی پەیدادەکات:
یەکەم ریکخراوبون لە گەڕەک وناوچەو نەخۆشخانەکانە کاندا لەهەموو شارەکاندا بۆ خۆاری و کۆمەک گەیاندن .جەماوەری خەڵک وپزیکەکان وکارمەندانی نەخۆشخانەکان هەرئێستا خۆیان دەست بەکار بوون و لە ئاستی جیاوازدا دەستیان کردوە بە کۆکردنەوەو گەیاندنی یارمەتی تەندروستی و هاوکاری بەوانەی کە پێوستیان پێیەتی.
دووهەم:راگرتنی هەموو ناوەندەکانی کارو کۆبونەوەو ڕیکخستنی مانگرتنی گشتیش بە ئامانجی دور ڕاگرتنی کۆمەڵگەو هەم بۆ فشار هێنان بۆ حکومەت.ئیستاش بەشوێن چونە سەری باسی مانگرتن لە ناو کرێکارانی کۆمەڵگەی پۆڵای ئەحواز،ئەو کۆمەڵگەیە هەتا دوایین وە لەگەڵ بەڵینی وەرگرتنی هەموو موچەکەیان بەتەوایی لەکاروەستان ڕاگەیەندراوە.وە هەندێک لە بەشەکانی ڕێگای ئاسن لەناویاندا هێڵی مەشهەد بۆ ئەحواز بەشوێن بانگەوازی کرێکارانی ڕێگەی ئاسن لە ١٥ مارسدا بەمانگرتن ڕاگیراوە.ئەم جوڵانەوەیە ئەبێت بەردەوام بێت وپەرەبستینیت هەتا هەموو ناوەندەکانی بەرهەمهێنان دەگرێتەوە.
سێهەم:ناچارکردنی حکومەت بەدابین کردنی پێداویستیەکانی ژیانی خەڵکێک کە توانای دابین کردنی سەرەتایی ترین پێویستیەکانی ژیانیان نیە،تەندروستی ودەرمان ئەبێت بە تەوایی بکرێتە خۆڕایی،خێزانێک کە بەهۆی بڵاو بونەوەی پەتایی کرۆناوە نان هاوەری ماڵەکەیان لەدەستداوە،وەیان بارودۆخی ژیان و گوزەرانیان خراپە،ئەبێت پارێزگاریان لێ بکرێت وە ژیانیان دابین بکرێت.وەکەسانیک،وە خەڵک ئەبێت لە پارەی ئاو کارەباو تەلەفۆن وغاز وقیستە بانقیەکانیان ببەخشرێن.بەتایبەت زیان لێکەوتوترین بەشەکانی کۆمەڵگە لەناویاندا کرێکارانی بێکار، بێ خانەولانەکان.دەستفرۆشان، ومنداڵانی کار و شەقام ئەبێت لەڕوی مالیەوەپاریزگاریان لێبکرێت.ئەم داخوازیانە ئەتوانرێت وئەبێت بەسەر حکومەتدا بسەپێنرێت.لەکۆتایدا قەیرانی کرۆنا دادەبەزێت،گرنگ ئەوەیە کە کۆمەڵگە بەکەمترین زیان ئەم قەیرانە تێپەڕێنێت،وە یەکگرتوانە ترو پێکەوەگرێدراوتر و ڕیکخراوتر لەبەرامبەر حکومەتدا ڕابوستێتەوە.ئەمەش بەتەواوەتی بەستراوە بە خەباتی ئێمەی خەڵکەوە لەم بارودۆخەدا.کێشەو نەهامەتیەکانی تری خەڵک،هەژاری وبێکاری وگرانی وهەڵاواردن وبێ مافی وسەرکوت.هێشتا بێداد دەکات وە ژیانی خەڵک وێران دەکات.قەیرانی کرۆنا ئەم کێشانەی نەخستوەتە لاوە بەڵکو زۆر توندتر وپەرەسەندوتری کردوە.
لەناو ئەم بارودۆخەدا ئەگەری ئەوە هەیەکە قەیرانی کرۆنا خۆی بگۆڕدرێت بە ڕاپەڕین وشۆڕشی جەماوەری،ڕاپەڕنێکی زۆر پەرەگرتوتر لە ڕاپەڕینی نۆڤەمبەر(آبان ماە).کوتای بێت.هیچ کۆمەڵگەیەک خۆکوژی ئەنجام نادات،لەگەڵ توند بونەوەی قەیرانی کرۆنا،قوڵبونەوەی قەیرانی هەژاری وبارودۆخی ژیان وگوزەرانێک کەناتوانرێت تەحەمول بکرێت.بەتەواوەتی ئەگەری تەقینەوەیەکی کۆمەڵایەتەی هەیە. ئەبێت خۆمان بۆ بارودۆخێکی وەها ئامادەکەین.لەکاتێکی وادا ئۆرگانەکانی خۆیاری ،هاوشێوەی ئۆرگانەکانی کۆنترۆڵکردنی گەڕەکەکان لە ڕاپەڕینی نۆڤەمبەردا، بەشێوەی ناوەندە خەباتگیڕەکان کاردەکەن،وە ئەمەش ئەرکی ئەحزاب وهێزە سیاسیە ئازادیخوازەەکانە کە ڕیکخراوکردنی ئەم ڕێکخراوانە لەدەستوری کاری خۆیاندا دابنێن.مانگرتنی گشتیش لایەنێکی گرنگی ترە لە خەباتی کرێکاران وکارمەندان لەبارودۆخی پەرەگرتوی سەرلەنوێی جەماوەریدا.
هەر لەئەمڕۆوە ئەمە لەئەستۆی ئەحزاب وهێزە ڕادیکاڵەکان و کەسایەتی وهەڵسوڕاوان ودامەزراوەکانی بزوتنەوەی کریکاری، بزوتنەوەی ژنان وخوێندکاران وهەموو بزوتنەوە ناڕەزایەتیەکانە،کە پێ بنێنە مەیدان وجەماوەری خەڵک بۆ تێکشکاندنی دێوزمەی کرۆنا حکومەتی کرۆنا سازو ئامادە بکەن.ڕاگرتنی ناوەندەکانی کارو ناوەندەکانی بەرهەمهێنان ریکخستنی مانگرتنی گشتی لەکەناری ڕیکخستنی ئورگانەکانی خۆیاری وخەڵک دامەزراندندا وە ناچارکردنی حکومەت بەدابینکردنی ژیانی خەڵک وبەتایبەتیش زیانلێکەوتوەکان کۆمەڵگە ،لەتەوەرەکانی ئەم هەڵسوڕانانە وەستاون.
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری بەهەموو توانای خۆیەوە لە م ڕوەوە کاردەکات وە هەموو ئەحزاب وهێزە ئازادیخوازەکان بانگەوازدەکات بۆ کارکردن لەم لایەنەوە.
١١\٣\٢٠٢٠
وەرگێڕانی کاوە عومەر
٢٨\٣\٢٠٢٠٢
لینکی بابەتەکە بەفارسی
http://wpiranfa.com/?p=15389




کۆڕۆنا کیشوەرێکی پڕ لە وڵاتی جیھانی یەکەمی لە زەویدا! … ئارام ئازاد

زۆرێک لە ھاوڵاتیانی وڵاتانی جیھانی سێیەم یا تایبەت تر وڵاتانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و کیشوەری ئەفریقا زۆرجار دروشمی “ئێمە کەمترنین لە ھاوڵاتیانی ئەوروپی و ڕۆژئاوایی” یان لە خۆپیشاندان و ڕێپێوانەکانیان بەکارھێناوە و ئەو وڵاتانەیان بە نمونەی ھەرە پێشکەووتویھەموو بوارەکان ھێناوەتەوە ھەر لە سیاسیەوە دەست پێبکە تا دەگاتە خزمەتگوزاری و زۆرجار ژیانی تایبەتی ھاوڵاتی ئەوروپی بە نمونەیباڵا ھێنراوەتە پێش چاو، بەڵام ئەمانە تا ھاتنی ڤایرۆسێک بوو، کە ئەگەر مەودای ڤایرۆسەکە لەو وڵاتەی لێوەی سەری ھەڵدا(چین) پێوانەبکەین تا دەگاتە کیشوەری ئەوروپا ئەوا دەبینین وڵاتانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست نزیکتر بن نەک ئەوروپا یا ڕوون تر وەک خۆیان باسی دەکەنوڵاتانی جیھانی یەکەم* ئەو پرسیارە جەوھەریەی پێویستە لای زۆرێک لە خەڵک گەڵالە ببێ ئەوەیە کە، بۆچی ئاوا پێشبینی نەکراوانە ڕویدا؟وە چۆن لەو وڵاتانەی بە باشترینەکانی جیھان دادەنران لە ڕووی سیستەمی تەندروستی بەو شێوەیە خێرا تەشەنەی کرد؟.
یەکێک لە دکتۆرەکانی وڵاتی ئیتاڵیا لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی ڕاستەوخۆدا بە ئاشکرا وتی “بەڵێ حکومەت و سیستەمی بەڕێوەبردن ودیموکراسیەتمان باشترینن بەڵام ئێمەی ھاوڵاتی نا” ئەم قسەیە چەندین تێبینی و بەرچاو ڕوونی لەخۆ دەگرێ، وڵاتێکی وەک عێراق کەنمونەیەکی زیندووی وڵاتێکی خراپی جیھانی سێیەم بوو و درێژترین سنووریشی لەگەڵ یەکێ وڵاتانە ھەیە کە زۆرترین کەسی تووشبویکۆڕۆنای تێدایە بەڵام توانی بەربە بڵاوبوونەوەی خێرای ڤایرۆسەکە بگرێ، ئایا وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا بەھۆی نەبوونی سیستەمی سنوور لەنێوان وڵاتەکان غەدر لێکراوبوون یا کەمتەرخەمی ھاووڵاتیانی ئەو وڵاتانە ھۆکاری تەشەنەکردنی خێرای ئەو ڤایرۆسە بوو ! کۆمەڵەینێودەوڵەتی گالوپ بۆ ڕاپرسی نێودەوڵەتی لە ساڵی 2015 ڕاپرسیەکی ئەنجام داوە سەبارەت بەو وڵاتە ئەوروپیانەی دوای چونە تەوالێتدەستیان دەشۆن، ئەنجامی ڕاپرسیەکە شۆکھێنەر بوو، وڵاتێکی پێشکەوتوی جیھانی یەکەم لە بابەتی ھۆڵەندا تەنیا لە %50 ھاوڵاتیانیبایەخیان بە دەست شۆردن داوە و وڵاتی ئیتاڵیا لە %57 و وڵاتی بەلجیکا %60 و وڵاتی ئیسپانیا %61 ی ھاوڵاتیان، بایەخ نەدان بەتەندروستی و پاک و خاوێنی لەپاڵ دەیەھا کەم و کوڕی تر نمونەیی بوونی ھاووڵاتی ئەوروپی خستە ژێر بارێک کە ڕەنگە جارێکی تر نەتواننبە فیزەوە بە خەڵکی غەیرە ئەوروپی بلێن “ئێرە ئەوروپایە، کەواتە دەتانپارێزین” ئەمە جگە لە کەمتەرخەمی حکومەت لەمەڕ ڤایرۆسێک کە تەنھاچەند ھەفتەیەک پێشووتر گشت سیستەم و کایەکانی وڵاتێکی یەک ملیار و نیوی لە بابەتی چینی بەرەو داڕوخان برد، ھەر زوو حکومەتی چینھەنگاوی پێویستی گرتەبەر و قەدەغەی ھاتووچۆی ڕاگەیاند و ھەموو شتێکی وەستاند، ناوەندەکانی خوێندن و کۆلێژەکان و جوڵانەوەیشەقام و ھاتنەناوەوە و چوونەدەرەوەی وڵات و کەرتی پیشەسازی و بازرگانی لەپاڵ ئەوەی دەیزانی کە ئەمە زیانی چەندەھا ملیار دۆلاری بەدواوەیە بەڵام لەپاڵ ئەو زیانە زۆرەش ھەنگاوەکان وایان کرد زیانەکان زۆر گەورەتر نەبن، ھەموو ئەمانە لەپێناو زاڵ بوون بەسەر تەشەنەنەکردنی ڤایرۆسەکە و سەرکەوتوو بوو لەم کارە، بەڵام ھەر دوای چەند ڕۆژێک نیشانەکانی تەشەنەکردنی ڤایرۆسەکە لە گشت وڵاتانیئەوروپا بەدی کرا، کەواتە پێویست بوو حکومەت بە خێرایی ھەمان ھەنگاوی بگرتایەتە بەر کەچی نەک ھەر وا ڕووی نەدا بەڵکو وڵاتێکی وەکوبەریتانیا تا ئێستاش ناوەندەکانی خوێندنی دانەخستوە و ھیچ ڕێگەیەکی وای نەگرتوەتە بەر کە کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر تەشەنەنەکردنی زیاتر و زیاتری ڤایرۆسەکە لە کاتێکدا ڕۆژانە مەرگی ئەو کەسانە دەبینن کە بەریتانیان گەیاندە ئەمڕۆ یا وەک ئیتاڵیا کە توانایئەوەی نەماوە خزمەتگوزاری پێویست بۆ ئەو ھەموو تووشبوە زۆرە دابین بکا و زۆر بە سادەیی و بە ناڕاستەوخۆیی پیرەکانیان تێگەیاندووەکە “ژیان لەپێش گەنجەکانە کەواتە ھەوڵ بدە ئەو ڤایرۆسە تووشت نەبێ”، لێرەوە پێویستە ھەموو ھاوڵاتیەکی ئەوروپی دووجار بە خۆیدابچێتەوە جارێکیان لەھەمبەر کەمتەرخەم بوون لە جێبەجێ کردنی ھەندێ پرەنسیپی ڕۆژانەی تەندروستی و جارێکی تریش بۆ ئەوەی بزانن کەحکومەتەکانیان ھەڵبژێرداوی خوایی نییە و مرۆڤ بەڕێوەی دەبا و قابیلی ھەڵە و ڕەخنە لێگرتنە. پێم وایە دوای کۆڕۆنا زەحمەت دەبێ کەئەوروپا قەرەبوی ئەو ھەموو ملیار یۆرۆیە بکاتەوە و جەنگێکی تر دەست پێ دەکا ئەویش جەنگی مایەپوچ بوونی چەندین کۆمپانیای زەبەلاح ودروست بوونی چەندین کۆمپانیای تازەیە بەڵام یەکێتی ئەوروپا ئەو یەکێتیەی جاران نامێنێتەوە.

*:زۆربەی وڵاتانی جیھانی یەکەم وڵاتی پێشکەوتوو و پیشەسازین دەکەونە کیشوەری ئەوروپا و شۆڕشی پیشەسازی بۆ یەکەم جار لەمکیشورە ڕوویدا لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەھەم، پێش ئەوە خەڵکی ئەوروپا خەریکی کشتوکاڵ بوون .

ئارام ئازاد




ژیان حکایەتە، ژیان شیریینە … جەلال قادر

ئەگەر ئێستا مرۆڤێکی چاخی بەردین زیندوو بێتەوە، ئارەزوو دەکات دووبارە بگەڕیتەوە بۆ ناو ئەشکەوتەکان، لەو تاریکییە بژێتەوە. ئێوەش(ئێستا) لەم سەردەمی پەتایە، خۆزگە بە ڕابووردوو دەخوازن، دەتانەوێت دووبارە لەو دۆزەخە بژێنەوە. چونکە خەمەکانی ڕابووردووتان لەبیرچوەتەوە، لەبیرتان چوەتەوە کە بە هیواو ئاواتی دوا ڕۆژێکی پرشنگدار بوونە.
مرۆڤ تا دوا هەناسەکانی ژیانی، وەک کراسێکی تەڕ بە قەد تەنافێکەوە،چاوەڕوانی تیشکی خۆر دەکات، وشک بێتەوە، هەرکە وشکیش بوەوە با دەیبات. ژیانمان دووبارەیە و حکایەتەکان کۆتاییان نایەت. کەچی ئارەزوودەکەین دەست بە ژیانەوە بگرین، چونکە هەستدەکەین شتێک ماوە بتوانێت دڵمان خۆشکات، شتێک ماوە بمان بەستێتەوە. ژیان زنجیرێکە دەست و پێی بەستووین، بوووینەتە کۆیڵە، خەون بە ئازادی و خۆشەویستییەوە دەبینین.
بەهەربار، ئەوەی من مەبەستمە بیڵێم : ژیان حکایەتە، بە ڕۆژ دەینووسینەوە، بەشەویش حەزدەکەین، بەدیار ئاگردانێەکەوە، بیخوێنینەوە. من تاقە ئارەزووم ئەوەیە، هەر وەک کتێبی (هەزارو یەک شەوە) ڕۆژی حکایەتێک بگێڕمەوە، مەگەر نەمانگووت شتێک هەیە دەمان بەستێتەوە؟
فەرموون ئێوە و حکایەتی ئەمڕۆ: ژیان شیریینە
چای دەمی کێشا، دوو دانە نانی تیریم تەڕ کرد، ماست و پەنیر و ژێر پیاڵەیەک پڕ لە هەنگوینم لەسەر مێزەکە دانا. چاوەڕوانی هاوسەرەکەم بووم، بە زەردەخەنەوە بەیانی باشم لەگەلدا بکات.
هاوسەرەکەم بە پرچی ئاڵۆسکاوی و رووخساری مۆنەوە، بە بێدەنگی هات و لەسەر کورسییەکە دانیشت. لێمپرسی : چیبوە، خەونی ناخۆشت بینیوە؟
وەلامی نەدامەوە.
_ کەسێک، تووڕەی کردوویت، بۆچی وا گرژوو مۆنیت؟
ناچار دوو پیاڵە چاییم تێکرد و بەبێدەنگی دانیشتم.
لەپاش چەند خووڵەکێک هاوسەرەکەم بە دڵتەنگییەوە کەوتە دووان: دەزانیت بۆ تووڕەم؟
( وەلامیم نەدایەوە)
لەوە تووڕەم جارێکیتر، کەس و کارم نەبینمەوە، نەتوانم سەردانی شارەکەم بکەم و دایکم لە ئامێز بگرمەوە. باشە ئێمـە چیبکەین،ئەم ڤایرۆسە لە کوێوە هات؟ ئەگەر ئەم پەتایە درێژە بکێشیت و ڕیگەوبان، ئاسمان بگیریت و فڕۆکەخانەکان داخرێت. ئێمە چیبکەین… ها …پێم ناڵییت بۆ دەبێت چارەنووسمان وابێت؟ بۆ دەبێت هەرچەند ساڵ جارێک ئاوات بە شتێکی نوێوە بخوازین؟ بۆ قسە ناکەیت؟ بۆ وەلامم نادەیتەوە؟
( من بەردەوام بووم لە بێدەنگی، لەتە نانێکم بەدەستەوە گرت و چایی خۆم دەخواردەوە)
کاتێ هاوسەرەکەم هەرچی تووڕەیی هەیبوو هەڵیڕشت.
بە ئاسپایی وەلامیمدایەوە : بەیانی باش ئەزیزم، جوان گوێم لێبگرە، ئەم ژیانە حکایەتە و خۆزگە بە ڕابووردوو مەخوازە، خۆت بدە بەر خۆرو جەستەت برۆنزی بکە، ئیسقانت پتەو بکە. هەوڵدە بۆ ئەمڕۆ بژی، دڵنیابە سبەینێ حیکایەتێکیترە.
هاوسەرەکەم، بە سەڕسووڕمانەوە، لێمی پرسی : مەبەستت چییە؟ حیکایەتی چی؟
_ تۆ ئارام بگرە، کە شەو داهات بۆتی دەگێڕمەوە!.
لەتە نانەکەی ناودەستم بە ماست کرد و کەوچکە چایێ هەنگووینم بەسەریا کرد و خستمە ناو دەمی هاوسەرەکەم. ئەویش پاش ئەوەی فڕی لە چاییەکەیدا، چاوی لە چاوم بڕی و بە بزەخەندەیەکەوە، وتی : ژیان چەند شیریینە!.




كوسته‌نتین كه‌فافی له‌ قه‌سیده‌ی ( شار )دا … و : نه‌ژاد عزیز سورمێ

وتم: بۆ خاكێكی دیكه‌ ده‌چم ، به‌ره‌و كه‌نارێكی تر
شارێكی له‌م شاره‌ چاتر ده‌بینمه‌وه‌ ‌..
هه‌موو هه‌وڵێكم بێ هووده‌یه ‌،
دڵم وێنه‌ی مردوو گۆڕكراوه‌
تاكه‌ی ئارام بم له‌م شوێنه‌دا عه‌قڵم تێك بچێ ؟

چه‌ندی چاوم هه‌ڵبڕین ..
چه‌ندی ته‌ماشای ده‌وروبه‌رم كرد
وێرانه‌ی ڕه‌شداگه‌ڕاوم له‌ ژیانمدا بینی
لێره‌ شوێنه‌واری تاریكی ژیانم ده‌بینم
كه‌ چه‌ندان ساڵم به‌ڕێ كردن ، ونم كردن ،
به‌ته‌واوی وێرانم كردن ..

وڵاتی ترو كه‌ناری دیكه‌ نادۆزیه‌وه‌..

بۆ هه‌ر كوێ بڕۆی شاره‌كه‌ت به‌دواته‌وه‌یه ‌..
له‌ هه‌مان ئه‌و شه‌قامانه‌دا ده‌بی
له‌هه‌مان كووچه‌دا پیریت ده‌گاتێ
له‌هه‌مان ماڵیشدا سه‌رت سپی ده‌بێ ..
هه‌میشه‌ ده‌گه‌یته‌وه‌ ئه‌م شاره‌
هیوا بۆ جێی تر مه‌خوازه‌
هیچ پاپۆڕێكت بۆ نییه ‌.. هیچ ڕێگایێ
ماده‌م ژیانت لێره ‌،
له‌م گۆشه‌ بچووكه‌دا تێكچووه‌..
له‌هه‌ر جێیه‌كدا بی وێرانه‌یه ‌.

  • له‌ http://www.blackcoffee.tech/2017/09/thecity.html كراوه‌ به‌ كوردی .



دەسەڵات و حکومڕانی گەندەڵ، هەڵقولاوی کۆمەڵگەی گەندەڵە* … شاخه‌وان سه‌نگاوی

دەسەڵات و حکومڕانی گەندەڵ …. هەڵقولاوی کۆمەڵگەی گەندەڵە. (بێرتراند روستیڵ)*

ئەگەر دەمی هەر تاکێکی کورد بکەیتەوە بە ژن و پیاو پیر و منداڵ دەبێت بە شیکەرەوە جا سیاسی، تەندروستی، وەرزشی ….هتد. وە بگرە زۆرجار دەم لە هەموو بابەتێک دەکوتێت، بەبێ ئەوەی سەرەداوێکی لە مەڕ ئەو بابەتەوە بەدەستەوەبێت. بۆیە بەو شێوەیەی کە دەبینین کاتێ باس باسی گەندەڵیە هەموومان بەبێ خوێندنوەیەکی بابەتیانە بۆ پاڵنەرە ناوخۆی و دەرەکیەکان، بە ڕاست وچەپدا دەکەوینە سەرو گوێلاکی کاربەدەستان. یان بە دوو پۆستی فەیسبوک دوو ڕەسمی هەست بزوێنانە هەموو ڕابردوی لە یاد دەکەین. هەر بۆیە لە بیرمان دەچێت بەپرسین کێ ئەم دەموچاوانەی کردووە بە کار بەڕێکەرمان؟ یان ئایە ئەمانە بونەوەری فەزاین و لە بۆشایی ئاسمانەوە دابەزیوون بۆ بەڕێکردنی کارەکانی ئێمە ، هەر بۆیە دەڵێم نەخێر ئەمانە نەبونەوەری ئاسمانین نە لە ئاسمانیشەوە دابەزیوون، بەڵکو بگرە ئەمانە هەڵقوڵاوی نێو کۆمەڵگای خۆمان و هەر خۆشمان ئەگەر بە کۆی دەنگ نەبێت ئۆ بەلایەنی زۆرەوە ڕازی بوینە بەهەڵبژاردنی ئەم کاربەڕێکەرانە. ئەوا لە بەرامبەریشدا هیچ یەک لەم کاربەڕێکەرانە بەتکا و پاڕانەوە نەهاتونەتە سەر ئەو کورسیەی ئێستایان. کەواتە ئەوان خۆشیان ڕازی بوونە بە لە ئەستۆ گرتنی ئەو ئەرکە، کەواتە هیچ پێویست بەوە ناکات کاتێک کار بەڕێکەرێک ئەو ئەرکە ئەنجام دەدات کە ئێمە لە پێناویدا هەڵمانبژاردووە. کەواتە چی پێویست دەکات ئەگەر بەرژەوەندیەکی مادی نەبێت کە ئەمیشیان جێگای قبول نیە، بکەوینە پیا هەڵدان بە شان و شەوکەتیانا وە بگرە زۆر جار هێندە پیا هەڵدانێکی ناشەریفانەیە کە دەچێتە خانەی پیرۆز کردنەوە کە دەروازەکانی رەخنە گرتن بۆ ئایندەتریان لە بەرامبەر هەر لادانێک کە لە بەڕێوبردنی حکومەتداریدا دەیکەن. چونکە ئەوانیش بڕیار وایە وەکو ئێمە مرۆڤ بن لە لایەن پیاهەڵدەرانیانەوە قفڵ دەکرێت ئەمە لە کاتێکدا دەبێت پێش هەموو کەس لە لایەن ئەندامانی پارتەکان و هەوادارنی ئەو کەسایەتیانە کار لە سەر ڕەخنەگرتن لە خۆیان بکرێت بۆ ئەوەی تاکی کۆمەڵگا وریا بکرێتەوە لە لادانەکان تا لە کەمترین ماوەدا هەوڵی چارەسەری بۆ بدرێت چونکە کۆمەڵگا پێویستی بە پیاهەڵدان و هات و هاواری سۆشیال میدیا ناکات بگرە چاوی سەریان چاکی و خراپیەکان دەبینن بە کردنی هەر کارێکی چاکیش لە لایەن هەر کاربەدەستێکەوەبێت خەلکی خۆی هەڵیدەسەنگنێ زیاتر خۆشەویست دەبێت لە بەر چاویان کەواتە لە سەر تۆی لایەنگر و هەواردار پێویستە ڕێگر بیت لەو کاربەدەستەی کەتۆ لایەنگریت، تا بەڕێچکەیەکی هەڵەدا نەڕوات تا خۆشەویستیەکەی لە دڵی هەموواندا کەم نەکات کە ئەمیش کارکردنە لە سەر کۆکردنەوەی دەنگ لە ئێستادا بۆ ئایندەی پارتەکەت. کەواتە دەبێت لە خۆمان بە پرسین ئایە ئێمە تا کەیی بەم ڕێچکەیەوە ژیان دەگوزەرێنین؟ کە ئەمیش هۆکارێکە بۆ بەردەوامیدان بەم دۆخەی ئێستا. کەواتە ئێستا کاتی دەسپێکردنەی ئەو گۆڕانکاریەیە کەخۆمان خۆدی سەرچاوەکەین…. دەبێت لە خۆمانەوە دەست پێ بکەین چونکە ئێمە خاڵی وەرچەرخانەکەین، با ئێمە ببین بەتاکی سندوقی هەڵبژاردن کە ئەمیش باشترین کەسی خزمەتکاری ئەمڕۆ باشترین دەنگی سندوقەکانی سبەینێ یە. نەک بەم شێوەیەی ئێستا کەپارتەکان بە چاوی کۆیلەوە تێت دەڕوانن ئەوان چی بەلایانەوە مەبەست بێت بێ گوێدانە خواست ودەنگی تۆی ئەنجامی بدات چونکە ئەو بەلایەوە یەکلایی بۆتەوە دەنگی تۆ هەر هی خۆیەتی چونکە مافت نیە داوای باشترینیان بکەیت، چونکە تا ئێستا تاکی کوردی نەبۆتە تاکی سندوقەکانی دەنگدان.

   شاخه‌وان سه‌نگاوی
                                                                                    shaxewan.saed@gmail.com                                                                                         



عەشق هەڵزنانە بە باڵای تەنهاییدا .. شیعری: ستیڤان شەمزینی

عەشق
ئەو گۆرانییە غەمگینەیە
پێش چڕینی دوا کۆپلە کۆتایی دێ و
دوای خۆی دوو مشت خۆڵەمێش
لە ناو کەمانچەی شکاوی رۆژگاردا جێدەهێڵێ
فووکردنە لە چرای کامەرانی
لە تاریکترین رۆژە تەمومژاوییەکانی گومان،
نوێژێکە لە هەزارەها رکاتی چەمانەوە و
دڵشکان پێکهاتووە
ئازیزم، تۆ ببینە
عەشق کانیاوێکی سوورە
لە سەرچاوەوە لێڵ بووە و
سوور سوور بووە بە خوێناویی
ئەوانەی لە یەکەم نیگادا کوژران و
بوونە چیرۆکی ئەفسووناویی و
حکایەتە درێژەکانی شەوانی زستان
ئازیز، تۆ بڕوانە عەشق شەڕفرۆشتنە
بەو کچە لیمۆییەی دنیای پڕ کردووە لە ناز و
لە نێو چاوەکانیدا جوانییەکی بکوژ و
لە بەشی چەپی سینگیدا ئاسنێکی رەق هەیە و
لەگەڵ بەربوونەوەمان
بۆ نێو ئەو جیهانەی لای چەپی سینگی
مێشکمان ئەپژێ و
لەسەر دیوارەکانی تەمەنێکی بەفیڕۆچوو
بە دوا قەترە خوێن ئەنووسین
خۆشەویستی نەسیم نییە،
بەڵکو گێژەڵووکەی شووم و نەگبەتییە
هاوڕێ، تۆ دیقەت بدە
عەشق گلانی سوارچاکەکانە
لەسەر چیای دڵەوە
بۆ نێو نشێوییەکانی دابڕان و
دۆڵە رەشەکانی گریانێکی ئەبەدی،
خۆخواردنەوەی ئەو لافاوەیە
بەرەو کەنارەکانی مەرگ و
تیاچوون دەمانبات
لەوێش دەمانکاتە هاوەڵی گیانی بە گیانی
هەڵاڵە هەڵوەریوەکانی ئارەزوو
هاوڕێ تۆ بیر لەوە بکەوە
عەشق پەیژەیەکی رزیوە
کەس ناتوانێ قاچ بخاتە سەری و
بەر نەبێتەوە نێو دەربەندی تەنهایی و
ژوورە تەمومژاوییەکانی خۆکوشتن،
لەوێندەرێش لەنێو پەناگە نسرمەکانی
دوور لە هەتاوی رۆمانسییەت
لە پەنا هەناسە ساردەکان و
عومری لە کیسچووەوە
بە دۆشداماویی دەوەستیت و
ئەڵێیت ئای خودایە
عەشق چەند درۆیەکی شیرین بوو!
هاوڕێ تۆ بە قووڵی سەرنج بدە
عەشق ئاوێنەیەکی شکاوی لێو خوێناوییە
سوێندم پێ مەخۆ لەوەتی هەیە
هەر رۆحی ئەو کەنارییانە تیغ ئەکا
کە ئەیانەوێ چارەنووسی خۆیان
لە ناویدا ببیننەوە
عەشق قوم قوم خواردنەوەی حەسرەت و
هەڵزنانە بە باڵای بەرزی تەنهاییدا و
سەماکردنە لەسەر پشکۆی عاتیفە
ئەو عاتیفەیەی خەریکە
لەنێو تەمومژی غوربەتا ون ئەبێت
هاوڕێ تۆ تەنها تەماشا بکە
عەشق رژانی پەرداخێک پێکەنین و
هەڵوەرینی ئەو گۆرانییە بەهارییانەیە
بە دەنگی کەوە کوژراوەکانی
ئەو بنارە دەوترێنەوە
عەشق لورە لوری گورگی غەریزە و
ورشەی کەوا قەترانییەکەی دڵتەنگییە
هاوڕێ لێرەوە لێی بڕوانە
عەشق کۆژانی ئەو کۆترە سیاپۆشانەیە
بەر لە خۆکوشتن دووپشکی خیانەت
ژەهری مەرگی خستە گیانیانەوە
عەشق لرفەی ئەو رەشەبا تووڕەیەیە
چارۆگەی کەشتییەکانی دڵ
لە دەریای بێ بنی فیراقدا ئەدڕێ
هاوڕێ ئەمەوێ لەوە تێبگەیت
عەشق ژەهراویبوونی بای شەماڵە
هەناسەکانت پڕ دەکات لە نائومێدیی و
پێش ئەوەی خۆری نیگایەک
چاوەکانت رووناک بکاتەوە
تۆزی دڵشکان بیناییت تار ئەکات
عەشق خنکانە لە رووباری بێهودەییا و
بەربوونەوەیە لەسەر پەلکەزێڕینەی خەیاڵەوە
بۆ نێو دۆڵەکانی کابووس
هاوڕێ، ئەمەوێت نیشانت بدەم
عەشق هاڕەکردنی دڵە شووشەییەکان و
وێرانبوونی تەلارە گەردن بەرزەکەی غرورە
عەشق ئاگرێکە لە تافی گەنجیمان بەردەبێ و
دەمانکاتە خۆڵەمێشێکی پیری بابردوو
هاوڕێ من چەندان جار
لە دەرگای عەشقم داوە
لەوێ جگە لە سڕبوونی
شەپۆلەکانی تەمەنم هیچی ترم نەدی
لەوێ جگە لە چڕینی سروودە بەردینەکان
هیچی ترم نەوت
لەوێ جگە لە نەفەسدان
لە سیگاری ئارەزووەکان
بەلێوی وشک هەڵاتووی بیابانئاسام
هیچی ترم نەکرد
لەوێ جگە لە نرکە نرکی
خۆزگە مۆمیاکراوەکان
گوێم لە هیچ هاوار و ناڵەیەکی تر نەبوو
هاوڕێ تۆ سەیرێکی من بکە و ببینە
عەشق گۆرانییەکی تەواو نەبووە و
مەرگ دوا کۆپلەی ئەو گۆرانییە
لەسەر جەستەی ساردەوەبووم ئەچڕێ
هاوڕێ تۆ ببینە عەشق ….
عەشق

عەشق

ئەڵمانیا – کۆڵن
ئاگۆست – ئۆکتۆبەری 2017




شانۆ بۆ منداڵان.. ئاکامی لەخۆبایی .. رەزا شـوان

کەسایەتییەکان بە پێی دەرکەوتنیان لەسەر شانۆدا:( پەپوولەکان، ئاگـر، دار، چۆلەکە، شوورە، رووبار، ماسی.. کە پەردە لادرا، هەموویان لەسەر شانۆدان. تەنیا ئاگر نەبێ)
دیمەنی سەر شانـۆ: (دارێکی گەڵا سەوزی کەمێک بـەرز لە لای راستی شانـۆکە دایە.. شوورەیەکی دروستکـراو لە دار لە شـێوەی خـشت ـ تابـووک ـ و چـیمەنتـۆدا کە لە لای چەپی پێشەوەی شانۆکەوەیە.. رووبارێکی شین لە لای پێشەوەی شانۆکە دایە.. دیواری پشتەوەی شانۆکە، سەرانسەر دیمەنـێکی رەنگـین و جـوانە، گـوزارشت لە سروشـت و لە بەهاری کوردستان دەکا.. زنجیرە چـیایەک لەژێـر ئاسمانی شیـنـدا.. دامێـنی زنجـیرە چیاکـان، بە گوڵاڵە سوورە و بە جـۆرەهـا گـۆڵی رەنگـاوڕەنگ رازاوەتـەوە)
کە پەردەی شانۆکە لادەدرێت.. لە بەردەم دارە سەوزەکەدا، پێـنج کچـۆڵەی دەردەکەون کە بـەرگی کـوردی رەنگـاوڕەنگـیان لەبـەردایـە.. هـەریەکـەشـیان دوو بـاڵی پـەپـوولە ئاساییان لە لەسەر شانەکـانیان دایـە.. سەمـا دەکەن و پێکـەوە ئەم گـۆرانیـیە دەڵـێن:
پەپـوولـــــەی بـاڵ نەخـشــــیـنـیـن
شــۆخ و شــەنـگ و رەنـگـیـنـیـن
شـەیــــدای وەرزی بـەهـــــــاریـن
هـۆگــری گــــوڵ و گـوڵــــــزاریـن
پەپـوولــــەی کـوردســـــــــتـانـیـن
لە نــاو بــــــاخ و بـێـســــــتـانـیـن
نـــەرم و نـــۆڵ و ژیـــــــــکـاڵـیـن
هـــــاوڕێـی گـــــوڵ و مـنــــداڵـیـن
پەپـوولــــــــەیـن و دڵـپــــــــاکـیـن
یــــاری دەکـەیـن بـێ بـــــــــاکـیـن
دڵـخــــــۆشـیـن و دڵـشــــــــــادیـن
سـەمــــــا دەکـەیـن ئــــــــــازادیـن
یەکێک لە پەپوولەکان: ئەوە چییە؟ هەست بە شتێکی ترسناک دەکەم.. ئای کە گەرمە.. بۆچی ئەم هەموو ئارەقـەم کـردووە..؟ ئێمە لە وەرزی بەهـارداین.. ئەم گڕە گەرمایەی هـاوین لە کوێـوە هـات؟
لە دەرەوە دەنـگی گـڕەگـڕ و کـڵپەی ئـاگـر دێ.. ئـاگـرەکە بـە قـایـمی قـاقـا پێـدەکـەنی.. هـاهـاهـا.. هـاهـاهـا.
پەپوولەکان بە ترسێکی زۆرە، سەیـری ئەو لایە دەکەن کە دەنگی قـاقـاکەی لێـوە دێ.
هەر ئەو پەپـوولەیە: ئـای.. ئـای.. ئەمـە چـییە؟.. ئاگـر.. ئاگـر.. بەرەو ئـێرەوە دێ.
ئاگرەکە دێتە ژوورەوە.. پەپوولەکان لە ترسی ئاگرە سەریان لێشـێوا.. بۆ لای راست و بۆ لای چـەپ و بـۆ دوا دەڕۆن.
ئاگرەکە (بە دەنگـێکی بەرزەوە پێـدەکەنێ): هـاهـاهـا.. هـاهـاهـا.
پەپوولەیەکی تر: لێرە خۆمان دەشارینەوە.. نا لەوەێ.. لە پشتی شوورەکەوە باشترە.
ئاگرەکە دەست بە سەماکردن دەکات.. هـێز و توانای خۆی دەردەبـڕێت.. بە دەنگێکی بەرزەوە پێـدەکـەنێ.. دوایی لەپـڕێکـدا، لە بـەردەم دارە سەوزەکـەدا دەوەستـێـت.. بە لەخۆبایی و لـووت بەرزییـەوە دەیـدوێـنێ.
ئاگرەکە: ئەمە چـییە؟ لە رێگامـدا مەوەستە؟ تـا زووە لێـم دوورکـەوە.
دارەکە: من لە شوێنی خۆمـدام.. لە رێگـاکەدا نەوەستاوم.. رێگاکەش پان و بەرینە و دەتـوانی پێیـدا بـڕۆیـت.
ئاگرەکە: ئەوە ناترسی؟ لە ڕێمـدا مەوەسـتە و دوورکـەوە.
دارەکە: چـۆن دووربکەومەوە؟ چـۆن؟ چەنـد ساڵێکە مـرۆڤ منی لێرەدا رووانـدووە.
ئاگرەکە: دێـم و لـووشت دەکەم.
دارەکە: تکایە ئەقـڵی خۆت لە دەستمە.. من سوودێکی زۆرم بۆ مرۆڤ و باڵندە هەیە.
ئاگرەکە: سـوود؟.. تۆ سـوودت هـەیە؟ هـاهـاهـا.. هـاهـاهـا.
دارەکە: بەڵێ.. من سوپاسی مرۆڤ دەکەم.. بەرەکەمی پێـدەبەخـشـم.. کـێش بیەوێت لە سێبەرەکەمدا دەحەسێتەوە.. رووەکە بچکۆلەکانیش لە رەشەبا و گەردەلوول دەپارێزم.. لە لقە وشکەوەبـووەکانیشم، شتی بەسوود دروست دەکەن.. لەسەر لقە بەرزەکانیشمدا، چـۆلکە هـێلانەیان کـردووە.. من جـوانی باخچـەکـان و شەقـامەکان و گۆڕەپانەکـانم.
ئاگرەکە: بەسە ئەی دار.. تۆ ناتـوانیت شوێنەکەت بەجـێبهـێڵـیت.. بەڵام مـن دەتـوانم بۆ ئێـرە و ئەوێ بـڕۆم.. دڵخـۆشم و یـاری و سەمـا دەکەم.. هـاهـاهـا.. هـاهـاهـا.
دارەکە: مرۆڤ خـزمەتم دەکات و بایەخم پێدەدات و ئاگای لێمە.. دڵخۆشیش بۆ کەسێک باشە کە چاکە بکـات و خـراپە نەکـات و لەخـۆشی بایی نەبێت.. ئـازاری کەسیـش نەدا.
ئاگرەکە: مـرۆڤ.. مـرۆڤ لـە هـەزاران سـاڵ پێـش ئێـستا، بـە لـێـدانی دوو بـەرد بە یەکتریـدا منیان دۆزییـەوە.
دارەکە: ئەی ئەوە نـازانی.. کە مـرۆڤ پێـش ئەوەی کە تۆ بـدۆزنەوە.. منیان رووانـد.. ئەی ئەوەش نـازانی کە تۆ وەکو رەشەبا و گەردەلـوول وایت.. کە لە زستانـدا رەگەکانم هەڵـدەکـێشن.. لە پایـزیشـدا گەڵاکـانم دەوەرێـنن.. تـۆش دەتـەوێت گـڕم تێـبەردەیـت.
ئاگرەکە: رەشەبـا و گەردەلـوول.. هـاهـاهـا.. رەشەبـا و گەردەلـوول هـاوڕێـمن.. ئـەوان یارمـەتی گەشبوونەوە و گەشەکـردن و بڵاوبـوونـەوەم دەدەن.
دارەکە: ئـەی ئاگـر.. ئەوەش نازانی، کە هەموو کەسێک پێویستی بە کەسانی تر هەیە.. تا لـەم ژیانـەدا یەکـتری تەواوبکەیـن.
ئاگرەکە: واز لەم قـسە زل و فەلسەفـانەت بهـێنە.. پێویستە دان بەوەدا بنـێی، کە من لە تۆ بەهـێزتـرم.. ئەگـینا حەپـەلـۆشـت دەکەم.
دارەکە: نا.. لێم نزیک مەبەەوە.. ئەوەی دەتەوێت دەیکەم.. تا خۆم لە شەڕت لابدەدەم.. تۆ لە من بەهـێزتری.. تۆ لە من بەهـێزتری.. تۆ لە من بەهـێزتری.. (دارەکە دەگـری).
ئاگـرەکە بە قـایمی قـاقـا پێـدەکەنی و سەمـا دەکـا.. تا لە بـەردەم چـۆلەکەیـەکـدا خـۆی بینیـیەوە.. کە بە دەوریـا هەڵـدەفـڕی.. ئاگـرە بە تەڵـفـیسییەوە.. سەیـری چۆلەکەکەی کـرد و بە قـایمی پێی پێکـەنی.. هـاهـاهـا.
ئاگرەکە: چۆلەکەیەک لە رێگـامدا؟ ئەی چـۆلەکە بچکـۆلەکە.. دوورکەوە لە رێگاکەم.
چۆلەکەکە: لە رێگای تـۆدا نەوەستاوم.. رێگـاکەش فـروانە.
ئاگرەکە: ئەوە چۆن دەوێـری لە رووم بوەستیتەوە.. بەم جۆرە قسە لەگەڵمـدا بکەی؟
چۆلەکەکە: من سەرقاڵـم و لەسەر دارەکەدا هـێلانەیەکی تازە بۆ بێچـوەکانم درووست دەکەم و خـۆاردنیان بۆ دەهـێنـم.. کاتی چـەن و چـوون نیـیە.
ئاگرەکە: ئەی لە من ناتـرسی؟
چۆلەکەکە: من لە کەس ناتـرسـم.
ئاگرەکە: چـی؟ چـۆن وا دەڵـێی؟ دەزانی لەگەڵ کـێدا قـسە دەکەی؟.. بە گـڕێکی مـن هەڵـدەپـڕوکـێی و کۆتـایی بە ژیانـت دێ.. زوو بـڕۆ و لە رێگـاکەم دووربکـەوە.
چۆلەکە (دەترسێ و دەچـێتە دواوە و لە پەنـای دارەکەدا خۆی دەشارێتەوە و دەڵێ): قسەکـردن لەگەڵـیـدا سوودی نیـیە.
ئاگرەکە بە خۆشی و پێکەنینەوە دەست بە سەماکردن دەکا.. تا لە بەردەم شوورەیەکدا خـۆی دەبیـنـێتەوە.
ئاگرەکە: ئا ئـیرە کۆتایی رێگـاکەیە؟
شوورەکە: بەڵێ.. ئێرە کۆتایی رێگاکەیە.. پێویستە بگەڕێـیـتە دواوە.
ئاگرەکە: بگـەڕێمە دواوە.. نـا.. نـاگەڕێمە دواواە.. ئەی شـوورەکە، ناتـوانیت رێـم لێ بگـری.. رێـم بۆ چۆلکـە و لاچـۆ لەسەر رێگـاکەم.
شوورەکە: چـۆن.. من لێرە چەسپاوم.. ناتوانـم بجووڵـێمەوە.. من شوورەیەکی قـایمم و بە خـشت و بە چـیمەنتـۆ بنیادنـراوم.
ئاگرەکە: وا دیارە کەلەڕەقـیت و ناتـەوێ فەرمانی من جـێـبەجـێ بکـەی.
شوورەکە: نا.. ناتوانـم جـێـبەجـێی بکـەم.
ئاگرەکە: کەواتە دەبێ سزای ئەم چاوقایمی و سەرپێچییەت وەربگریت.. کاولت دەکەم.
شوورەکە: نا.. نا.. لێمگەڕێ.. لێم نزیک مەبەوە.. تۆ گێچەڵمان پێـدەکەی و بە دوای شەڕدا دەگەڕێی.. پێویستە ئەوە بزانی، کە ئـیرە کۆتایی رێگاکەیە.. لە پشتمەوە ماڵ و خەڵکـیان لێ هـەیە.. لە رەشەبـا و گەردەلـوول و لە دز و داگـیرکەر دەیانپارێـزم.
ئاگرەکە: پێویستە دان بەوەدا بنـێی، کە من لە تـۆ بەهـێزترم.. ئەگـینا وێـرانت دەکەم.
شوورەکە: نـا.. نـا.. وێـرانم مەکـە.. دان بەوەدا دەنـێـم کە تـۆ لە مـن بەهـێزتـری.
ئاگرەکە: هـاهـاهـا.. دارەکـە و چـۆلەکەش پێـشتر، دانیـان پێـدا نـا.. کە مـن لە ئـەوان بەهـێزترم.. ئێستاش تۆ دانی پێدا دەنێی کە من لە تۆ بەهـێزترم.. هـاهـاهـا.. هـاهـاهـا.
ئاگرەکە بە لەخۆبـایی و خۆشـییەوە، دەستی بە سەماکـردن کـرد.. تا خـۆی لەبـەردەم ماسییەکـدا بینییەوە.. کە لە نێو رووبارێکـدا سەمـای دەکرد.. ئاگرەکە بە گرژییەکەوە سەیـری ماسیـیەکەی کـرد و لێی نـزیک بـۆوە.
ئاگرەکە: ئەی ماسییەکە، ئەوە وەکو مـن سەمـا دەکەی..؟
ماسییەکە: بەڵێ.. مـن لەنـاو ئەم رووبارەی لـێی دەژیـم.. مەلە دەکەم و سەما دەکەم.. ئەمـە هـێچی تیـا بەسـەرە؟
ئاگرەکە: ئـەی ناتـرسی؟
ماسییەکە: بۆ بترسم؟ باڵەکانم یارمەتیم دەدەن.. پوولەکەکانم دەمپارێزن.. کلکم ئاراستەم دەکات.. ئیتر بۆ بترسـم.. هیچ هەڵـەیەکـیـشـم نەکـردووە تـا بترسـم.
ئاگرەکە: بەڵام تـۆ وەکو مـن ناتـوانی سەمـا بکەی.
ماسییەکە: لە ناوی رووبارەکەدا، لە تـۆش باشـتر سەما دەکەم.
ئاگرەکە: ئەی ماسییەکە.. تـۆ رکەبەرایەتی لەگەڵ منـدا دەکەی؟
ماسییەکە: رکەبەرایەتی لەگەڵ کەس ناکەم.. بەڵام ئەمـە راسـتی و سـروشـتییە.
ئاگرەکە: ئەی ماسییە لاسارەکە. دەبێ بتـبـرژێـنم.
ماسییەکە: ناتـوانیـت.
ئاگرەکە: مـن ناتـوانـم؟ وا دیـارە گـاڵـتەم پێـدەکـەی.. کەس نەیـوێـراوە و نـاوێـرێ.. ملمـلانێی وا لەگـەل منـدا بکـا.. پێویستە دان بە هـێزی منـدا بنـێی.
ماسییەکە: چـۆن؟
ئاگرەکە (لێی نزیک دەبێتەوە): خۆمـت پێـشـان دەدەم.
ماسییەکە: باشـە چی دەکـەی؟.. ئـەی تـۆ لە رووبـارەکە ناتـرسی؟
ئاگرەکە: لە کەس ناترسم.. هەمووان لە من دەتـرسن.. تۆش پێویستە لە من بترسی.. ئەی ماسییە لاسارەکە، پێویستە بتـبـرژێـنم.
ئاگرەکە بەرەو لای ماسییەکەوە دەجـووڵـێ.
رووبارەکە: چاوەڕێکە ئەی ئاگـرە لەخۆبـاییەکە.
ئاگرەکە: ئەی رووبار، تۆ خۆت لە شتێک هەڵمەقـورتێنە.. کە پەیوەندی بە تۆوە نییە.
رووبارەکە: ئەم ماسییە لە ئاوی مندا مەلەوان دەکا و دەژی.. ئەی ئاگری لەخۆبایی بە خۆتـدا بچـۆرە.. ئایـا ئاکـامی ئەوەی دەتـوێ، دەزانـی بەچـی دەگـا؟
ئاگرەکە: بـاش دەزانـم کە چـیم دەوێ.
رووبارەکە: چـیت دەوێ؟
ئاگرەکە: مـن ئـەم ماسیـیە، کە لە رێگـامدا وەسـتا.. دەبـرژێـنـم.
ئاگرەکە زیاتـر و زیاتـر لەرووبارەکە نزیک بـۆوە.. تا گەیشت بە رووبارەکە.. خۆی بۆ ماسییەکەی نـاو رووبـارەکە هـەڵـدا.. ئاگـرەکە هـاواری لێ هـەسـتا: مـردم.. مـردم.. دووکەڵێکی رەشی لێ هەستا.. لە رووبارەکەدا نوقم بوو و خنکا.. دوایی لاشەی سارد و سڕیـان دەرهـێـنا و لەسەر شانـۆکەدا دایـان نـا.
ماسیـیەکە و دارەکـە و چـۆلەکەکە و شـوورەکە (پێکەوە): زۆر سوپـاس رووبـاری هـاوڕێمان.. کە ئەرکی خـۆت بەجێ هـێنا و لەم ئاگـرە لەخـۆبـاییە رزگارت کـردین.
رووبارەکە: شایـەنی سوپاس نیـیە.. بە ئەرکی سەرشـانـم زانی، کە لەو لەخـۆباییە رزگارتـان بکـەم.
چۆلەکەکە: ئیـتر بە ئـارەزووی خـۆم یـاری و سەما دەکەم.. کەس رێـم لێ ناگـرێـت.
پەپوولەکـانیش (هـاتـنە دەرەوە): زۆر سوپـاس رووبـاری هـاوڕێمـان.
رووبارەکە: شایەنی نییە.. بە ئازادی و بە هەوەسی خۆتان یاری بکەن و سەما بکەن.
یەکێک لە پەپـوولەکـان (کچـۆڵەیەکی دەنگخـۆش) ئەم هـونـراوەیە بە ئـاوازەوە بە دیار لاشـەی ئاگـرەکـەوە دەخـوێنـێـتەوە:
ئـەی ئـاگــــری لەخـۆبـــــایـی
وا تیـاچــووی لـە کۆتـــــــایی
بە هــــێـزی خـۆت دەتـنــازی
دار و دیـــــــوارت گــــــــازی
واتــــزانـی پـێت نـاوێــــــــرن
کـەس نیـیە رێـت لـێ بگـــرن
هـێندەش لەخۆت دەرچـوویت
بە گــژی ئـاویـشــدا چــوویت
بـمــرە گـــۆڕی گـیــــانـت بـێ
دواکـــــۆتـایی ژیــــــانـت بـێ
ئـەوەی لـەخـــــۆی بـایـــــیـە
ئـاکــــامـی ئـاوهـــــــــایـــــیـە

(کۆتــــایی …. شانــــۆکە)
تێـبینی:
() بە دەستکارییەوە ئەم شانۆیەم لە زمانی عەرەبییەوە، وەرگێڕاوە بۆ سەر زمانی کوردی.. شانۆکە لە نووسینی (ئبراهـیم ئەبولخەیـر)ە. لەژێر ناوی (عاقـبة الغـرور).
(
) هـۆنـراوەی پێشەکی و کۆتـایی، لە هـۆنینەوەی خـۆمـن.. لە دەقە عەرەبییەکەدا، هـیچ هـۆنـراوەیەکی تێـدا نیـیە.
() دەکريت رۆڵی ئاگر بدرێت بە منـداڵێکی زیـرەکی باڵابەرز.. بەدلەیـەکی سووری لەبەربێ، کە گوزارشت لە ئاگر بکات.. دەرهێنەر خۆی دەزانێ بۆ ئەم رۆڵە، چۆن گوزارشت لە ئاگر دەکات.
(
) رۆڵی دارەکە و چۆلەکەکە بـدرێـن بە دوو کچـۆڵە.
() رۆڵی شوورەکە بدرێت بە کوڕێک.
(
) رۆڵی ماسییەکە بدرێ بە کچۆڵەیەک.
() دەرهێنەر دەتوانێت بە نایلۆنی شینی تەنک گوزارشت لە رووبارەکە بکات.
(
) پێویستە جلەکانی ئەکتەرەکان لەگەڵ رۆڵەکانـدا بگونجـێن.
() پێنج کچـۆڵە رۆڵی پەپوولەکان ببینن.. جلی کوردی رەنگـاوڕەنگیان لەبەردابێت.. باڵی پەپوولە ئاسایی نەخـشینیش، لەسەر شانەکانیان ببەستن.
(
) هونەرمەنـدی ئاوازدانەر، دەتوانێت ئاوازی خۆش بۆ هەردوو هـۆنراوەکە دابنێت.
() ئەمانە را و پێشنیاری منن.. بەڵام من نە هونەرمەندم و نە دەرهـێنەرم.. دەرهێنەر خۆی دەزانێت، کە چـۆن رۆڵەکـان دابەش دەکا و بە چ شـێوازێکی هـونەریش شانۆکە دەردەهـێنێت.. جلەکـانیش چـۆن هەڵـدەبژێـرێـت.
(
) ئەم شانۆیە بۆ منـداڵانی تەمەن دە ساڵان تا دوانـزە ساڵان و بە سەرەوەتـریش لە گـوونجـاوە.
رەزا شـوان
نەرویـج: ٢٩/ ئـادار/ ٢٠٢٠




كۆرۆنا له‌ نێوان پله‌ باڵاكان و پله‌ نزمه‌كاندا … ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب

له‌ دوای قه‌یرانه‌ دروستكراوه‌كه‌و مووچه‌ برین ونه‌دانی به‌شێكی مووچه‌ به‌ناوی پاشه‌كه‌وت حكومه‌تی كوردستان به‌زمێكی دۆزییه‌و ناوی چاكسازی لێناو به‌ پاره‌ په‌رله‌مانی كوردستانیان ده‌سته‌مۆ كردو په‌رله‌مانتێره‌كان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان به‌ زۆرینه‌ ده‌نگیاندا به‌و چاكسازییه‌و دیاره‌ چاكسازی نه‌بوو به‌ڵكۆ چاكوازی بوو له‌ هه‌ندێ شوێنی گه‌رمیان به‌ یاری ئه‌وترێت وازی.
به‌ڵی چاكسازییه‌كه‌ی حكومه‌ت یارییه‌كی زیره‌كانه‌ بوو بۆ پێدانی خانه‌نشینێكی خه‌یاڵاوی به‌و كه‌سانه‌ی له‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه‌ ده‌نگیان پێدرابوو بۆ ئه‌وه‌ی ببنه‌ نوێنه‌ریان و خواست و داواكانیان بهێننه‌دی و به‌رنگاری گه‌نده‌ڵی و دزی وفرت و فێڵ ببنه‌وه‌ و، له‌مرۆدا به‌و كه‌سانه‌ ئه‌وترێت خانه‌نشینی پله‌ باڵاكان و، هه‌موو خه‌میان كاركردنه‌ له‌ پێناو خۆیان و كه‌سوكارو خزمانیان( دیاره‌ هه‌ندی له‌ په‌رله‌مانتاران پیاوانه‌ و بێترس ده‌نگیان به‌رزكرده‌وه‌و دژ به‌و یارییه‌ وه‌ستان).
بارودۆخی هه‌رێمی كوردستان به‌ بۆنه‌ی قه‌یرانه‌ كوشنده دروستكراوه‌كه‌ سه‌خت و دژوار بوو، له‌ ئێستادا به‌ هۆی كۆرۆناو، قه‌ده‌غه‌كردنی هاتووچۆ بارودۆخه‌كه‌ قورسترو كوشنده‌تر بووه‌ به‌ تایبه‌ت بۆ خانشینی پله ‌نزمه‌كان و، كاسبكاران و زه‌حمتكێشان و كرێكاران و هه‌ژارانی بێ ده‌رامه‌ت.
راسته‌ قه‌ده‌غه‌كردنی هاتووچۆ رێگرتنه‌ له‌ ته‌شه‌نه‌كردنی په‌تای كۆرۆنا به‌ڵام هاوكات برسیكردنی سه‌دان هه‌زار خێزانی هه‌ژاره‌و، حكومه‌ت توانای ئه‌وه‌ی نییه‌ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و پێشمه‌رگه له‌ كاتی خۆیدا‌ بدات و، حكومه‌ت ساڵانێكی زۆره‌ نه‌وت ئه‌فرۆشی و هیچی دیار نییه‌و، جێی ئاماژه‌یه‌ تا ئێستا هاتووچۆ قه‌ده‌غه‌ كراوه‌و ته‌نها تانكه‌ره‌كان وه‌ك جاران كار ئه‌كه‌ن.
وڵاتان فه‌رمانی قه‌ده‌غه‌كردنی هاتووچۆیان كردووه‌ به‌ڵام ئه‌و كه‌سانه‌ی فه‌رمانبه‌رو كرێكاری ده‌وڵه‌ت نین یان كه‌م ده‌رامه‌تن و له‌ ماڵه‌وه‌ن مووچه‌یان ئه‌ده‌نێ و، لای خۆمان كرێكاران و هه‌ژاران و سه‌دان هه‌زار خاوه‌ن ته‌كسی و ئۆتۆمبێلی بارهه‌ڵگرو هه‌زاران خاوه‌ن دوكانی بچوك له‌ ماڵه‌وه‌ن وهیچ شتێكیان پێنادرێت و هه‌ندی خه‌ڵكی ده‌وڵه‌مه‌ندو خاوه‌ن كۆمپانیای گه‌وره‌ ده‌ستی یارمه‌تیان بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ درێژ كردووه‌و جێی سوپاسن به‌ڵام كوا رۆڵی حكومه‌ت؟.
حكومه‌ت باسی دادپه‌روه‌ری ئه‌كات و، ئه‌گه‌ر ئه‌مجاره‌یان له‌ گه‌ڵ هاوڵاتیان راستگۆ نه‌بن شیرازه‌ی كۆمه‌ڵگا زیاتر تێكئه‌چێت وكۆنترۆڵیان نامێنێت بۆیه‌ به‌رامبه‌ر به‌م بارودۆخه‌ پێویسته‌ حكومه‌ت چاكسازی راسته‌قینه‌ بكات و به‌ خۆیدا بچێته‌وه‌ و، ده‌ست نه‌بات بۆ مووچه‌ی مامۆستایان و فه‌رمانبه‌ران و خانه‌نشینانێ پله‌ نزم و، چاكسازی ئه‌بێ له‌ خاوه‌ن كارگه‌ و موڵه‌كان و كێڵگه‌كانی نه‌وت و سه‌رۆك هه‌رێم و سه‌رۆك وه‌زیران ده‌ست پێبكات تا ئه‌گاته‌ وه‌زیران و په‌رله‌مانتاران و، هه‌روا پێویسته‌ ئه‌م خاڵانه‌ خواره‌وه‌ زوو به‌ زوو جێبه‌جی بكات تا كاره‌سات روونه‌دات و جه‌ماوه‌ری خه‌ڵك نه‌یه‌نه‌ سه‌ر شه‌قام و گۆره‌پانه‌كان و ئه‌و كاته‌ هه‌رێم به‌ره‌و كوێ ئه‌چێ؟.
كه‌مكردنه‌وه‌ی ژماره‌ی پاسه‌وانانی ( حیمایه‌) به‌رپرسه‌كان، به‌رپرسی وا هه‌یه‌ به‌تالیۆنێك یان لیوایه‌ك پاسه‌وانی هه‌یه و، نازانم نوێنه‌ری خه‌ڵك پاسه‌وانی بۆچییه‌؟‌.
مووچه و ده‌رماڵه‌‌ی چاش موسته‌شارو پاریزكارو و په‌له‌ باڵاكانی رژێمی دیكتاتۆری سه‌دام حسه‌ێن و حزبی به‌عسی عه‌ره‌بی و به‌شداربووانی پرۆسه‌ی ئه‌نفالی چه‌په‌ڵ ببرن و، ئه‌و جۆره‌ خاین و خۆفرۆشانه‌ بده‌ن به‌ دادگاو ده‌ستیان خوێناویه‌ و بكوژی هه‌زاران هاوڵاتی سڤیلن و ناویان له‌ لیستی تاوانه‌كان هه‌یه و، له‌ هه‌مووی خراپتر پاسه‌وانیان هه‌یه‌‌.
په‌رله‌مانتار به‌ 5 و6 ملیۆن خانه‌نشین نه‌كرێت و پێویسته‌ وه‌ك وڵاتان له‌ پاش ته‌واو بوونی خولی په‌رله‌مان بگه‌رێنه‌وه‌ سه‌ر كاری پێشوویان و له‌وی خانه‌نشین بكرێن، له‌ ئێستادا ئه‌و پاره‌یه‌ كه وه‌ری ئه‌گرن و‌ به‌ یاسا له‌ لایه‌ن خۆیانه‌وه‌ رێكخراوه‌ دزییه‌و بازدانه‌ به‌ سه‌ر كۆمه‌ڵكاو دووره‌ له‌ موراڵی مرۆڤایه‌تی.
نه‌هێشتنی نووستوانی بن دیوارو كه‌سانی مشه‌خۆر.
پارتی ویه‌كێتی خاوه‌ن ده‌زكایه‌كی گه‌وره‌ی راگه‌یاندنن و، بۆ نموونه ده‌زگای ‌ رووداو و ده‌زگای 24 بێ له‌ پێژه‌رو كارمه‌ندان یه‌كی 20 ــ 30 په‌یامنێریان له‌ ناوخۆو ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم هه‌یه‌و دابه‌شكراون به‌ سه‌ر وڵاتان وبێشك هه‌رهه‌موویان له‌ سه‌ر قووتی خه‌ڵك پاره‌ وه‌رئه‌گرن.
ده‌مێكه‌ میوانێكی زۆر ، مه‌به‌ست به‌عسییه‌كان و خه‌ڵكی ترسنۆك و هه‌ڵاتووی عێراقه‌ له‌ كوردستان داڵده‌دراون وخه‌رجیان زۆره‌ وبارگرانیان دروست كردووه‌.
كۆرۆنا ڤیروس مه‌ترسیداره‌و، بۆ رێگری له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی داوا له‌ خه‌ڵك كراوه‌ له‌ ماڵه‌كانیان بمێننه‌وه‌و هاتووچۆ ئه‌كه‌ن و، ئه‌گه‌ر درێژه‌ بكێشێت خه‌ڵكێكی زۆر بێ نان سه‌ر ئه‌نێنه‌وه‌و، پیویسته‌ حكومه‌ت بگه‌رێت به‌ دوای چاره‌سه‌ری نان و ئاو بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ ئه‌گه‌ر رۆژێك بێكار بێت خۆی و مناڵ و خێزانه‌كه‌ی تووشی برسێتی و نه‌خۆشی ده‌روونی ئه‌بنه‌وه‌.

ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب
31/3/2020




کۆڕۆناو مرۆڤی باڵا … مەحمود عەبدوڵڵا

لەسەدەی نۆزدە نیچە هاوارێکی کرد لەدواین مرۆڤ کەدەبێت خەمی وەچەکانی داهاتوی بێت،ڕێک ئەوکاتە کە زەوی هێشتا بەپیت بو ،بۆ چاندنی تۆوی بەنرخترین ئومێدەکان و دیاریکردنی ئامانجێک کە مرۆڤی باڵایه.نیچە هاواریکرد،وەلێ وەک دەڵێت:ئەو خەڵکە پێویستبو لە پێشدا پەردەی گوێی بدڕێت تا بتوانێ بەچاو گوێ بگرێت،ئەو کاتەی کە دواین مرۆڤ تەنها دەنگی دەهۆڵ و هاواری واعیزەکانی دەبیست،ڕێک لەو کاتەدا پێغەمبەرانە هاواریدەکرد و دەیگوت: واوەیلا!ڕۆژی مرۆڤی سوک دێت ،مرۆڤێک کەچیتر هەست بەسوکی خۆی ناکات . نیچە پڕ بەگەروی هاواری دەکرد ڕۆژێک دێت زەوی زڕو بەیار دەبێت چیتر درەختی مرۆڤی باڵای تێدا گەشەناکات.
من دەزانم نیچە ترەمپی دیوە ! ملیۆنان مرۆڤ چەپڵەی بۆلێدەدەن لە و مرۆڤە سوکە. ئەو ئەو ئادەمیزادە پییسەی پێشبینی کردووە کە ئەردۆغان دەبێتە کاریزمای،هەربۆیە هاواری دەکرد ئەی دواین مرۆڤ،ئەی مرۆڤی ئێستا،ئادەمیزاد دەبێت دەریابێت تا بە تێگەڵ بون لەگەل مرۆڤی ئێستا پیس نەبێت،دەبێت دەریابیت تا سوکایەتی ئەو مرۆڤە لەبنی دەریاکەدا بنیشێت. بەڵام دواین مرۆڤ خۆی بەشتێک بادەدا ،ئەوشتە ی ناو دەنا ڕۆشنبیری،بەوە خۆی لەشوانی بزنان جیادەکاتەوە . ئەو لە و کاتەدا کە پێویست بو مرۆڤ فریای خۆی کەوێت،ببێتە وەستا و خانو بۆمرۆڤی باڵا دروستبکات هاواری دەکرد ،من ئ ەوانەم خۆشناوێت لەودیوی ئەستێرەکانەوە بۆ ئومێد دەگەڕێت،من ئەوانەم خۆش دەوێت کە لە پێناو مرۆڤی باڵادا دەبێتە قوربانی،خۆی فیدای زەوی دەکات و دەیگوت:براکانم تکاتان لێدەکەم پەیوەستبن بەزەوییەوە بە ئەمەک بن بۆزەوی،چونکە ئێمە لێرەدا بۆهەتاهەتایە دوبارە دەبینەوە لەودیو ئەستێرەکان هیچ شتێک نییە و خودا مرد ،لەگەڵیدا گوناهبارەکانیش مردن بۆیە واز بێنن لەپێوار . هاواری دەکرد براکانم ڕۆژێک دێت تیری شەوقی مرۆڤ لە دواین مرۆڤ واوەتر ناڕوات،بۆیە ئێستا تۆی ئومێدەکانتان بڕوێنن.ئای !لەو مرۆڤە لەو دواین مرۆڤە کە لەسەر بۆمبی ئەتۆم دانیشتوە،وەک مناڵ یاری پێودەکات. ئای !لەمرۆڤی نزم خەریکە لە کۆڕۆنا خوا دروست دەکاتەوە.خەریکە لەوحەکۆنەکان لە ژێر خاک دەردێنێتەوە. تاقەتی خوڵقاندنی بەهای نوێی نەماوە دەستە و ئەژنۆ دانیشتووە بەدیار کۆڕۆناوە. براکانم ،ئێستا هاوارەکەی نیچە دەبیستن ،بەڵام لەبەر نزمیتان لەجیاتی ڕوخاندنی خانوەکۆنەکانی دواین مرۆف ڕەنگە سواقکارییەکیان بۆبکەن . چونکە ئێوە ناتوانن ببن بەمرۆڤی باڵا ،لەبەر ئەوەی ئیتر مرۆڤی سوک لە ئاسمانەوە چاودێری زەوی دەکات، هەرکەسێک خەریکی چاندنی تۆوی ئومێدەکانی بێت ،خەریکی دروستکردنی خانوبێت بۆ مرۆڤی باڵا ئەوا ،مرۆڤی سوک بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان چاودێری دەکات و دەیڕوخێنێت، کێ هەیە لێرەدا بتوانێت تۆوی ئەوتلیاکە بچێنێت ،گۆشەیەک نەماوە کە مرۆڤی سوک چاوی لێنەبێت . کۆڕۆنا پەردەی گوێیەکانی دڕی،ئێستا مرۆڤ بەچاو دەبیستێ ،وەلێ ئومێدی نەماوە. بەڵێ من ئەترسم خودا لەکۆڕۆنا دروست بکەنەوە،ئەترسم لەوحەکۆنەکان بێننەوە دەر . ئەترسم پاشاکان زیندو بکەنەوە،ئەترسم سوڵتانە خوێڕیەکان لەشوێنی مرۆڤی باڵا دەبنێن.

مەحمود عەبدوڵڵا




کڕۆنا ڤایرۆس، کۆڤید ١٩ … چرۆ زەند

ڕەنگە کۆتایی بێت،
یان
سەرەتایەکی نوێ

ڕەنگە کۆتایی سنوورەکان بێت،
یان
سەرەتایی یەک وڵاتی.
ڕەنگە کۆتایی دوکەڵی پیسی بێت
یان
سەرەتایی ژینگە پاکی
ڕەنگە کۆتایی چەکە کیمیایەکان بێت،
یان
سەرەتای زۆرکردنی پێداویستی تەندروستی،
ڕەنگە کۆتایی مزگەوت و کلێساکان بێت،
یان
سەرەتا بۆ زیادکردنی وانەی پسپۆری خۆراک،
ڕەنگە کۆتایی مادە خواز و ڕاکردن بە دوای دەسڕی کلینیکس بێت
یان
سەرەتا بێت بۆ بەکارهێنانی سامانی سروشتی و ئاو،
ڕەنگە کۆتایی باڕو شوێنی سەماو مشروب خواردنەوە بێت،
یان
سەرەتایی بەسەربردنی کاتی زیاتر لە ماڵدا لەگەڵ کەسی خۆشەویست.
ڕەنگە کۆتایی خەڵکی پارە پەرست و خۆویست، کەم بوود بێت
یان
سەرەتا بۆ ژیری وبەخشندەیی و خۆنەویسی،
ڕەنگە کۆتایی نەشتەرگەری جوانکاری و زیادەڕۆی ماکیاژ فرۆش بێت،
یان
سەرەتا بۆ کات بەفیرۆ نەدان و زیادە مەسرەف
ڕەنگە کۆتایی هێزی سیاسی و پیاوانی بازرگانی دین بێت
یان
سەرەتا بۆ فەلەک ناسی، زانست، وە هونەر دروستی.
ڕەنگە کۆتا زەنگ بێت، یان سەرەتا.
کڕۆنە ڤایرس، نە وڵاتی هەیە، نە سنوور، نە نەتەوە، نە ڕەگەز ونە ئاین،
نە جیاوازیش دەکات لە نێوان دەوڵەمەندو هەژار، وە خوێندەوارو نەخوێندەوار.
تەنها چارەش ژینی تەندروست، پاکی مرۆڤ، خواردنەوەی ئاوی سازگار.
کڕۆنا ڤایرس ڕەنگە کۆتایی بێت یان سەرەتایەکی نوێ.

چرۆ زەند
March 26, 2020




صه‌ڵاحه‌دین له‌ پشت مه‌لا بێت مه‌گه‌ر قه‌زا لای خودا بێت … عیماد عه‌لی

لێره‌دا باس له‌و دووفاقیه‌ی سه‌رجه‌م ئێسلامی سیاسی ناكه‌م كه‌ له‌م سه‌رده‌مه‌ی كۆرۆنا رووی راسته‌قینه‌یان ده‌ركه‌وت، به‌ڵێ وه‌كو چۆن زانست له‌ مێژووی مرۆڤایه‌تیدا ئایین و فه‌لسسه‌فه‌ی میتافیكی خسته‌ كونه‌وه‌ و تاوه‌كو زانست زیاتر پێشكه‌وت و په‌ڕیسه‌ند عه‌قڵ و ئاوه‌ز و بیری واقعی و دونیا بینی روونتر و راستر ده‌بوو، ئاواش له‌م كانته‌شدا ئه‌وه‌ی به‌ خه‌یاڵی زه‌مان و ده‌وران و چاخه‌به‌ردینه‌كان بیر بكاته‌وه‌ ده‌كرێته‌ كونه‌وه‌.
سه‌ره‌ڕای ناكۆكی و ململانێی سه‌ركرده‌كانی ئیسلامی سیاسی و هه‌وڵی شه‌خسی و سودبینینی هه‌مه‌چه‌شنی دونیایی به‌ناوی ئاین و سروته‌كانه‌وه‌، به‌ڵام گه‌ربزانن زه‌ره‌ی تاكێكیان به‌گشتی بۆ ئه‌وانیش ده‌گه‌رێته‌وه بێ سڵه‌مینه‌وه‌ رووی راسته‌قینه‌یان ده‌رده‌خه‌ن، ئه‌وه‌تا هه‌موو لایه‌ك باش ده‌زانێت كه‌ دادوه‌ری له‌ ئۆروپا به‌ چه‌ند قۆناغدا رۆیشتووه‌ تاگه‌یشتۆته‌ ئه‌م وه‌زعه‌ی ئێستایان و، هه‌موو لایه‌ك ده‌زانێت كه‌ دادگاكان له‌ ژێر هیچ ركێف و فشارێكدا نین به‌ هاوشێوه‌ی رۆژهه‌ڵات و، ئه‌گه‌ر هه‌ر كه‌یسێك له‌ بنه‌ڕه‌تدا شایانی یه‌كلاییكردنه‌وه‌ نه‌بێت چه‌ندین جار دواده‌خرێت و تا ده‌گه‌نه‌ قه‌ناعه‌ت به‌ ناوه‌خن و ده‌وره‌به‌ری هه‌ ركه‌یسێك كه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ڵنه‌گرێت هیچ بڕیارێكی سه‌رپێی نادرێت، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر مه‌لا كرێكار هیچ تاوانێكی مرۆڤایه‌تی نه‌كردبا مه‌حاڵ بوو له‌م ماوه‌ دوورودرێژه‌دا راستی راوبۆچون و قسه‌ و ره‌فتاره‌كانی بۆ دادگا ده‌رنه‌چوبایه‌ و مافه‌كانی وه‌رنه‌گرتبا. هه‌موو لایه‌ك ده‌زانن كه‌ بۆ یه‌كلاییكردنی كه‌یسه‌كه‌ی چه‌ندین جار درێژ كرایه‌وه‌ و دووباره‌ كرایه‌وه‌ و تاوه‌كو هه‌موو دادوه‌ران نه‌گه‌یشتنه‌ قه‌ناعه‌ت دوا بڕیاریان نه‌دا، كه‌چی مامۆستا هصه‌لاحه‌دین سكرتێری حزبێكه‌ و خۆی به‌ مافدۆست وحه‌قانی و دونیابینی ئاناسی ودوور بین و خۆ به‌ راست و بیری گونجاوی به‌ڕێكردنی ژیانی مرۆڤایه‌تی و فكری به‌ناو میانڕه‌و راسته‌وخۆ به‌رگری له‌ ناحه‌قی ده‌كات و ئه‌گه‌ر بۆی بكرێت له‌سه‌رجه‌م به‌ها و بنه‌ما سه‌ره‌كیه‌كانی دادوه‌ری له‌ پێناو ئایدیۆلۆجیه‌كه‌ی خۆی ده‌دات و بۆی بكرێت هه‌ر ئێستا له‌ داد و ماف و سه‌رجه‌م عه‌داله‌تیه‌ ئاینیه‌كه‌ی خۆی ده‌دات و به‌ ناحه‌ق مه‌لا كرێكار له‌و تۆمه‌ته‌ی له‌سه‌ر راست بۆته‌وه‌ به‌ به‌رزكی بانان ده‌رده‌كات، ئا ئه‌مه‌یه‌ دووفاقی قسه‌ و كردار و ناچونیه‌كی ره‌فتار و بیر و جیابینی ئایدیۆلۆجیانه‌ی خه‌ڵكانێك هله‌ جه‌وهه‌ردا له‌ پێش 1400 ساڵ ده‌ژین و به‌ ئیدعا له‌ سه‌ده‌ی بیست و یه‌كدان.
جا له‌مه‌وه‌ بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ هه‌موو ئه‌م به‌ناو ئیسلامی و له‌ بنه‌ڕه‌تدا حزبی و ئایدیۆلۆجیا رووتانه‌ هه‌ر كاتێك بۆیان بلوێت ده‌گه‌ڕینه‌وه‌ زه‌مانه‌كه‌ی خۆیان و هه‌موو جیاوازیه‌كانیان ده‌خه‌نه‌لاوه‌ و به‌ یه‌ك ده‌نگ و یه‌ك ره‌نگ ره‌فتار ده‌كه‌ن، به‌ڵام به‌هه‌موو مه‌زهه‌ب و رێگه‌كانیانه‌وه‌ گه‌ر هه‌ڵوێست و پێگه‌یان لاواز بێت، تا بۆیان بكرێت له‌سه‌ر بیری ته‌قیه‌ ده‌رۆن تا ئه‌وكاته‌ی رێگه‌ی ئه‌نجامدانی هه‌ر كارێك بۆیان مه‌یسه‌ر بێت ته‌نانه‌ت توندڕه‌وی بۆ گه‌یشتن به‌ ئامانجه‌كانیان سڵ ناكنه‌وه‌ .
ئاخر مه‌عقول نیه‌ تادوێنی خوێنی یه‌كتریان حه‌ڵاڵ ده‌كرد، ئێستا به‌خور بۆ نه‌یاره‌كه‌یان ده‌گرین. به‌ڵام هۆكاری ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی مامۆستا صه‌لاحه‌دین ته‌نها له‌به‌ر خاتری چاوی ره‌شی ملا كرێكار نیه‌ به‌ڵكو:
1- له‌م زه‌مانه‌ی كۆرۆنادا زۆر وه‌رگۆڕانی خێرا له‌ دونیای سیاسه‌ت وئایدیۆلۆجیای میتافیزیكی و خه‌یاڵی رووده‌دات و باری لاری خۆڕافات و هه‌نگاوی خیڕای راستیی زانست و دونیای حه‌قیقه‌ت وای كردووه‌ كه‌ ئه‌و ره‌وتانه‌ هه‌ست به‌ لاوازیه‌ك بكه‌ن كه‌ تا ئه‌مڕۆ به‌م شێوه‌یه‌ نه‌یانبینیوه‌ و هه‌موو كارێك ده‌كه‌ن بۆ له‌ سه‌ر پێ مانه‌وه‌ نه‌خواسا ئیستغلال كردنی پۆلۆلیستیه‌كیه‌ مه‌لا كرێكا له‌ قازانج بینی حزبی.
2- وابه‌سته‌یی سیاسه‌ت و بانگه‌شه‌ و به‌ستنه‌وه‌ی ئاین و حزبایه‌تی له‌م باردۆخه‌ی زه‌بری كۆرۆنا له‌م ئانوساته‌ و كاریگه‌ریه‌ دوورمه‌وداكه‌ی ئه‌م حزب و كه‌سانه‌ی هێناوه‌ته‌ شڵه‌ژان و، ئه‌وان باش ده‌زانن كه‌ وه‌زعی له‌مه‌ودا تادێت حه‌قیقه‌ته‌كان به‌ كردار و له‌سه‌ر ئه‌رزی واقیع روون ده‌بێته‌وه‌ و ئه‌وان به‌ره‌و كونه‌تاریكه‌ی ژیان تایبه‌تی و سیاسی وفكریان ده‌ڕۆن، هه‌ر وه‌كو زه‌مانی كۆبه‌رنیكۆس و ئاینیشتاین و ستیفن هاوكینگ وه‌رگۆڕانێكی گه‌وره‌ و ئاڵۆگۆڕێكی فكری فراوان و فه‌لسفه‌ی زانستی راسته‌قینه‌ ده‌كرێت و ئه‌وه‌ی خه‌یاڵ و ماوه‌ به‌سه‌رچووه‌ كۆتایی دێت، بۆیه‌ تاكه‌ رێگه‌ و په‌له‌قاژه‌ی ئه‌مانه‌ ئه‌گه‌ر كاتێكی زۆریشی بوێت یه‌كگرتن و هاوكاری وهاوبه‌شی به‌رژه‌وه‌ندخوازیانه‌ به‌ناوی یائیینه‌وه‌.
3- ئه‌مڕۆ به‌م بارۆدۆخه‌ گشتییه‌ی دونیا، حزبه‌ ئیسلامیه‌كان له‌ سه‌رجه‌م جیهانی ئیسلامی و بارودۆخی تایبه‌تی ئیسلامی سیاسی به‌ توندڕه‌و و میانڕه‌ویانه‌وه‌ وای لێكردوون كه‌ بیر له‌ دوای كۆرۆنا بكه‌نه‌وه‌ و تا بۆیان بكرێت شرۆڤه‌ی فاندامینتاڵی هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنه‌ری خۆیان بۆ ئه‌مڕۆی جیهانی دوای كۆرۆنا ده‌كه‌ن.
بۆیه‌، وا ئه‌مرۆ به‌م هه‌ڵوێسته‌ی مامۆستا صه‌لاحه‌دین به‌هادین سه‌ره‌تای ره‌فتار و بیركردنه‌وه‌ی نوێی ئه‌م جۆره‌ بیركه‌ره‌وانه‌ی بۆ هه‌مووان ده‌رخست، ئه‌گینا مه‌به‌ستی مامۆستا صه‌ڵاحه‌دین خودی مه‌لا كرێكار نیه‌ و، ئه‌گه‌ر ئه‌م رووداوه‌ له‌ كانتێكی تردا بوایه‌ ئاوا هه‌ڵوێستێكی له‌م جۆره‌ی مامۆستا له‌ گۆشه‌ی تاریك و بن دیواری باره‌گاكانیشیان نه‌بینرا.