کۆرۆنا: تێکشکانی سیستەم-2- کاوە جەلال لە ئەڵمانییەوە

بەشی دووەم
دیمانەیەک لەتەک ئێڕنست ڤۆلف
کاوە جەلال لە ئەڵمانییەوە

  • لە بنەڕەتدا نرخی نەوت لەژێر 30 دۆلاوەوە دەتوانێت دێرڤاتەکە بتەقێنێت. ئاخر نەوت گەورەترین شمەکی بیزنیسە لە جیهاندا، لەم بوارەی نەوتیشدا سەرجەمی بیزنیسەکان بەڕێی دێریڤاتەوە مسۆگەر / تەئمین دەکرێن. دێریڤاتەکان گرەوکردنن، گرەوکردنیش تەئمینی بیزنیس دەکات. ئەوجا تەئمینکردنەوە تەنیا کاتێک کارایی خۆی وەردەگرێت، گەر نرخەکانی نەوت لە ئاستێکی دیاریکراودا ڕابگیرێن. یەکێک لەو فێنۆمێنانە کە لە ساڵانی ڕابوردوودا بینیومانە، ئەوەیە کە بەردەوام بەڕێی بانکە ناوەندییەکانەوە هەوڵدراوە رێ لە هاڕەی بازاڕانی پشکەکان بگیرێت یان لەوە کە بازاڕەکانی قەرزدان لە کۆنترۆل دەربچن. ئەو بڕە زەبەلاحەی دێریڤات کە لە پاشخاندا هەبوو، گرنگترین هۆ بوو بۆ هێشتنەوەی سیستەمەکە لە ناجەختیدا. هیچ کەس نازانێت چەند دێریڤات لە جیهاندا هەیە. بۆ نموونە ڕاپۆرتەکانی “بانکی پارەدانی هاوسەنگکەری نێودەوڵەتی” (Bank for International Settlements) لە بازل تەنیا ژمارەی تەخمینی لەخۆدەگرن. بەگوێرەی تەخمینی ئەم بانکە بڕی دێریڤاتەکان 700 ملیۆنە، ئەم ژمارەیەش لە خۆیدا تەواو سووڕهێنەرە …
  • کەس نازانێت بە چەندی ئەمە مامەڵە دەکرێت، یان تا چەند بە (Over the Counter / OTC) مامەڵە دەکرێت …
  • دروست ئەوهایە. بیزنسی ئەوتۆ هەیە کە پێویست نییە لە دەفتەری بانکەکاندا تۆماربکرێت. واتا کایەیەکی زۆر گەورەی ڕەش هەیە کە نابینرێت، لێ شارەزایان ئەم کایە ڕەشە بە 1,2 بلیارد تەخمین دەکەن. گریمان ئەم ژمارەیە تەواو ڕاست نییە، گریمان بە پێچەوانەوە ژمارەکانی بانکی پارەدانی هاوسەنگکەری نێودەوڵەتی لە بازل ڕاستن، سەرەڕای ئەوە هەنووکە سیستەمی دارایی جیهان بە تەقینی ئەم بڵقەی دێریڤاتەکان لە چەند ڕۆژی ڕابوردوودا لەپەلوپۆ کەوتووە. ئێمە دەتوانین ئەم ڕەوشە بە کەروێشکێک بەراورد بکەین کە بە تاپڕ پێکراوە. لە بنەڕەتدا هەموو کەروێشکێکی پێکراو پاشان 30 تا 40 مەتر لە ڕاکردن بەردەوام دەبێت، ئەوجا دەکەوێت، واتا کەروێشکەکە لەکاتی پێکرانییەوە مردووە، لێ ئەو لە کۆتاییدا لەپەلوپۆ دەکەوێت.
  • من رێژەی پارەی یەکجار زۆر دەبیستم، بۆ نموونە بانکی ناوەندیی ئەوروپی (EZB) هەنووکە دەیەوێت سەرلەنوێ 750 میلیارد یۆرۆ بڕژێنێتە نێو سیستەمی داراییەوە، ئەوەش لەو واتایەدا دەکات کە هەموو سەرمایە شیاوەکان دەکڕێت، وا دیارە کە هەروەها های هیل بۆندس (high heel bonds) دەکڕێتەوە، یان پێدەچێت پشکگەلی زۆر بکڕێتەوە. لێ ئەمە بە دیدی من ئاوڕژێنێکی بچووکە بەسەر دۆزەخێکی زەبەلاحدا.
  • گەر لە ڕوانگەیەکی باڵاترەوە لێی بڕوانین، ئەوا ئەو ڕێژەیە زۆر کەمە، هەروەها ئەو هەنگاوە زۆر درەنگ دەنرێت. لێ دەبێت ئەو هەنگاوە بنرێت، چونکە ئەوە مەرجێکی وەبەرهێنەرە گەورەکانە. ئاخر پارەکە ناڕوات بۆ هاوڵاتیان، بەڵکو دەڕوات بۆ وەبەرهێنەرە گەورەکان. حکومەتی دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا خەریکی ئەوەیە بڕی قەبەی پارە بە بۆینگ (Boing) بدات، کەواتە دەیەوێت بە فیرمایەکی بدات کە لە چەند دە ساڵی ڕابوردوودا قازانجی ملیاردی و چەندین ملیاردیی کردووە. کەواتە ماوەیەکی کورت پێش ئەوەی ماڵەکە بچێتەیەک، ئەو جۆرە فیرمایانە پارەی پشتگیری وەردەگرن. ئەوە کە ئێمە ئێستا هەمانە، ماڵێکی گڕگرتووە و دوایەمین بەهاکانی نێوی بە مەبەستی فەرهودکردن دەردەهێنرێن و بەسەر وەبەرهێنەرە گەورەکاندا دابەش دەکرێن.
  • لێ تەنانەت بەبێ ئەو بڵقی دێریڤاتەش، کە لە مەوداکەیدا زۆر گەورەترە وەک لەوەی پێشاندەدرێت، هەنووکە فیرما بچووکترە ناونجییەکان کە بەرگەناگرن گەر هاتوو چوار یان هەشت هەفتە فرۆشیان نەبێت، لەم دۆخەی کوژاندنەوەی بواری ئابووریدا بەرەو ڕاگەیاندنی مایەپووچی دەبرێن. بەمەش ئێمە قەرزی لەدەستچوومان هەیە، بەمەش ئێمە کێشەمان لە سەکتەری بانکدا هەیە کە خۆی جگە لەوە لە کێشەدا دەبینێتەوە …
  • … ئەمە هاڕەکردنێکە / کڕاشێکە (Crash) کە بە ئەنقەست دەهێنرێتە دی …
  • … دروستە، لە پرنسیپدا ئەم بوارە داراییە نەک تەنیا گوللەباران دەکرێت، بەڵکو هاوکات ژەهرخوارد دەکرێت و بەر خەنجەر دەدرێت…
  • دروستە، ئەوجا لە کۆتاییدا فەرهود دەکرێت. لەم پەیوەندییەدا هەروەها چەند فێنۆمێنێکی سەرنجڕاکێش هەن. سێشەممەی رابوردوو فیرمای فۆڵکسڤاگن ڕایگەیاند کە لە چەند هەفتەی داهاتوودا ژمارەیەکی فرەی دروستگەکانی لەکار دەوەستێنێت، گۆیا بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، لێ ئەو ڕاگەیاندنە تەواو شێتانەیە، چونکە وا باوە کە فۆڵکسڤاگن نیازی بەو چەشنە لە ئێوارەی ڕۆژی هەینیدا ئاشکرا دەکات، واتا لە کاتێکدا کە بۆرسەکان داخراون. ئەوجا ئەوان بە تەواوی دەزانن، گەر ئەو ڕاگەیاندنە بخەنە رۆژی سێشەممەوە، ئەوا کۆرسی پشکەکان زۆر بەهێز دادەبەزێت. لێ ئێستا مەسەلەیەکی دیکە دێتە نێو گەمەکەوە: مرۆ تەنانەت بە کۆرسی دابەزیویش دەتوانێت پارەی زۆر پەیدابکات، ئەوەش بەو ڕێیەوە کە مرۆ دەستدەکات بە فرۆشتنی بۆش (Short-Selling). کەواتە شارەزایان (ئینسایدەرەکان) کە پێشتر دەیانزانی فۆڵکسڤاگن بەیانیی ڕۆژی سێشەممە ئەو مەبەستەی ڕادەگەیەنێت، دەرفەتیان هەبوو دەستبکەن بە فرۆشتنی بۆش، واتا گرەو لەسەر کۆرسی دابەزیو بکەن. ئەو جۆرە کەسانە هەفتەی ڕابوردوو بە بڕی یەکجار زۆر پارەیان دەستکەوت.
  • لێ مەبەستی ئەوها کاری پێدەکرێت تا ئەو کاتەی ئێمیتێنتەکان (دەرکەرانی کاغەزی بەهادار) توانستیان بۆ ئەوە مابێت، ئەوجا کاری بەو چەشنە سەرلەنوێ بارەکە دەداتەوە بەسەر بانکە پارەدەرەکاندا.
  • بەڵێ، بەڵێ. وەک گۆتم، ئێمە هەنووکە لە قۆناغی کۆتایی ئەم سیستەمەی پارەداین. ئێمە هەروەها ئەزموونی ئەوە دەکەین کە چۆن وەبەرهێنەرە گەورەکان بێجڵەو خەریکی فەرهودکردنن، ئەو کارەش بێگومان بۆ بچووکەکان پڕمەترسییە. جگە لەوە مەسەلەیەکی دیکە هەیە کە دەمەوێت لێی بدوێم. بۆ نموونە ئێمەرسن (Emerson) لە دەوڵەتە یەکگترووەکانی ئەمەریکا هەفتەی ڕابوردوو 100 هەزار کەسی نوێی لای خۆی دەمەزراند. کەواتە ئێمەرسن یەکێکە لە گەورەترین قازانجکەرەکان. ئەم فیرمایە یەکێکە لە گەورەترین فیرماکانی جیهان، جگە لەوە دەمەوێت ئاماژە بۆ ئەوە بدەم کە ئەو ساڵانێکە، لایەنی کەم دوو ساڵە، لە ئاستی جیهانیدا بە هیچ شێوەیەک زەریبەی نەداوە، بە پێچەوانەوە تەنانەت زەریبەی بۆ خۆی چنیوەتەوە، واتا بەهۆی خاترانەی دەوڵەتییانەی زەریبەوە پارەی دەستکەوتووە. هەنووکە لەم تەنگژەیەدا فیرمایەکی وەک ئێمەرسن بە ڕێژەی یەکجار زۆر قازانج دەکات، بە پێچەوانەشەوە فیرما بچووکەکان بە ڕیز مایەپووچ دەبن. لێ ئێستا دەبێت لە خۆمان بپرسین، کە ئایا بەدووی ئەمەدا چیدی زیاتر ڕوودەدات؟ ئاخر ئەم دۆخە کە ئێمە ئێستا تێی کەوتووین، ناشێت ئەوها بەردەوام بێت.
  • ئەوە پرسیارەکەی دیکەمە. ئێمە ئێستا لە کایەی پێشبینیکردنی چاوەڕوانییەکانداین. ئایا بە ڕای تۆ ئایندە چی دەهێنێت؟
  • پێشبینیکردنی ئەمە زۆر زەحمەتە. لێ سەرەڕای ئەوە دەتوانین پێشبینیی هەندێک شت بکەین. تازە هیچ شتێک فریای ئەم سیستەمە ناکەوێت. کەواتە دەبێت هەنووکە هەرچۆنێک بێت کردار بنوێنرێت، بۆ ئەوەش چەند شیمانەیەک هەن، بۆ نموونە شیمانەی ڕیفۆرمێکی دارایی؛ یان کاتێک ئێستا سنوورەکان داخراون، دەشێت سەرلەنوێ مارکی ئەڵمانی وەک دراو بهێنرێتەوە نێوان؛ شیمانەیەکی دیکە ئەوەیە کە ئەڵمانیا سەرجەم قەرزەکانی لای یەکێتیی ئەوروپا نەناسێنێت، چونکە ئەڵمانیا زامنی زۆر دەوڵەتی لەنێو یەکێتییەکەدا کردووە، ئەوەش بووە بە بار بەسەر بودجەی ئەڵمانیا خۆیەوە، کەواتە ئەڵمانیا دەتوانێت لە کۆتاییدا ببێژێت: “ئێمە هیچ قەرزێک کە یەکێتیی ئەوروپا لای ئێمە هەیەتی، ناگەڕێنینەوە”. لێ ئەوە هێشتا هەر بەس نییە. من وای بۆ دەچم کە لەوەبەدوا پلانێکی فۆندی نێودەوڵەتیی دارایی (International Monetary Fund / IMF) بەکارببرێت، پلانەکەش ئەوەیە کە فۆندی ناوبراو ساڵی 2013 پێشنیاری کرد، واتا: بە ڕێژەیەکی سەدی ی دیاریکراو دەست بەسەر سەرمایەی هاوڵاتیاندا بگیرێت، کەواتە بە ڕێژەی %25 یان %50 دەست بەسەر سەرجەم حسابە بانکییەکانی هاوڵاتیاندا بگیرێت…
  • ئێ خۆی وا باوە کە ڕیفۆرمی دارایی هەمیشە لەتەک دەستگرتن بەسەر سەرمایەدا ئەنجامدەدرێت…
  • … وەک باوە، لە ڕیفۆرمی داراییدا سەرمایەکان بەگوێرەی کۆرسی نوێی ئەو دراوە نوێیە دەستیان بەسەردا دەگیرێت، لێ کارێکی بەم چەشنە لەم ڕەوشەی ئێستادا بەس نییە، بەڵێ من باوەڕ دەکەم کە سەرباری ئەو کارە هاوکات دەستبەسەرگرتنێکی دیکە ڕووبدات…
  • کەواتە مەبەستی تۆ بریتییە لە یاسای 2.0 (لەئەستۆگرتنی بار لە لایەن هاوڵاتیانی پارەدارەوە).
  • بەڵی مەبەستم لەوەیە.
  • ئەی ئێستا بە دیدی تۆ چە چینێکی سەرمایە لە مەترسیدایە؟
  • من هەنووکە وای بۆ دەچم کە سەرجەمی چینەکانی سەرمایە لەمەترسیدان. ئاخر ئێمە لە ڕابوردوودا بینیمان کە لە یۆنان و قوبروس چی کرا. کاتێک لە قوبروس دەستبەسەرگرتنی گەورەی سەرمایە دەستی پێکرد، فۆندی دارایی نێودەوڵەتی (IMF) سەرەتا پێشنیاری کرد کە بە ڕێژەی %25 دەست بەسەر سەرمایەی سەرجەم دانیشتواندا بگیرێت، لێ سیاسییەکان هاتنە گۆ و گۆتیان کە ئەو کارە دەبێت بەهۆی ڕاپەڕین، بۆیە پاشان بڕێک پارە دیاریکرا کە دەبوو لەو دەستبەسەرگرتنە بەدەر بێت، وا بزانم 20 هەزار یان 50 هەزار بوو، واتا بڕی پارەی هەبوو تا ئەو ڕێژەیە زەریبەی نەچووە سەر یان لە خەڵک نەسەنرا، بەڵکو لە 50 هەزار یان 100 هەزار بەرەو ژوور پارە لە خاوەنەکانیان سەنرا. لێ من باوەڕ ناکەم ئەمجارە لێسەندنەکە بەم چەشنە بێت. جگە لەوە من باوەڕ دەکەم، سەرجەمی ئەو هیستریایە کە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە دەوروژێنرێت، لە خزمەتی ئەم دەستگرتنەدایە بەسەر سەرمایەدا، چونکە دەبێت هەرچۆنێک بێت لە ئێستاوە کۆنترۆلی خەڵک بکرێت. ئێستا باشترین شت ئەوەیە کە خەڵک لە ماڵەکانی خۆیاندان، باشترین شت ئەوەیە کە تا ڕادەیەک ئینتەرنێت بکوژێنرێتەوە و پۆلیس کۆنترۆلی شەقامەکان بکات، من هەروەها ئەوەش بەدوور نازانم کە ماوەیەکی دیکە ئەزموونی قەدەغەکردنی هاتوچۆ بکەین. ئیدی بەدووی ئەوانەدا ئاشکرا دەکرێت کە چی ئەنجامدراوە. پاشان بە خەڵک دەگۆترێت کە ئەوان ئێستا هەژارتر بوون و دراوێکی نوێ دەهێنرێتە نێوانەوە. ئەوان بەم شێوازە خۆیان ئامادە دەکەن بۆ سەرکوتکردنی پرۆتستۆی جیاواز، ئاخر خەڵکان هەر وا ئاسان کارێکی بەو شێوەیە قبوڵ ناکەن، خەڵکان لەدژی هەنگاوی بەو چەشنە ڕادەپەڕن …
  • ڕیفۆرمی دارایی پێویستە، ئەوە بێگومان گەر ئەوها کۆنترۆلنەکراو ئەنجامنەدرێت. بێگومان منیش نامەوێت بچمە سەر شەقام. ئاخر گەر ئەو جۆرە ڕیفۆرمە بکرێت، ئەوسا جەنگی ئەهلی هەڵدەگیرسێت. ڕیفۆرمی بەو چەشنە دەبێت ئامادەکراوبێت. گەر ئێمە سەرجەمی وێنەکە لە چیرۆکی کۆرۆنا جیابکەینەوە، دەبینین، کە قەدەغەی هاتوچۆ هەیە، لایەنی کەم زۆر فرۆشگە داخراون، خەڵکان لە وڵاتانی دیکەوە دەهێنرێنەوە بۆ شوێنی گوزەرانی خۆیان، چونکە دەبێت گەشتیارەکان بگەڕێنەوە بۆ وڵاتی خۆیان، جگە لەوە مرۆ بۆی نییە بۆ دەرەوەی وڵات گەشت بکات یان لە دەرەوە بۆ نێو وڵات بێت؛ بە هەر حاڵ، من وای دەبینم کە لەنێو دۆخێکی بێسەروبەردام. لێ گەر ئێمە ئەو هەموو مەسەلە باسکراوە کۆبکەینەوە، ئەوسا ڕەوشەکە بەڕاستی دەشێت ئەوها بکەوێتەوە کە تۆ پێشبینیی دەکەیت. لێ پرسیارەکە ئەوەیە کە ئایا کەی ئەوە ڕوودەدات؟
  • ئەوە بێگومان پرسیارێکی گرنگە. ئەوەی ئێمە لە ڕاستیدا ئەزموونی دەکەین، هیچی دیکە نییە جگە لە کۆر-ێکی دارایی-فاشیستی، کە وا دیارە نێونەتەوەییانە تەلحینکراوە.
  • ئەمە زۆر سەرنجڕاکێشە و هەموو وڵاتان بەشداریی تێدا دەکەن. من دوێنێ بیستم، کە بۆ نموونە بانکی نەتەوەیی سویسرا کار لە کریپتێکی (دراوی دیگیتال) نوێی فرانکی سویسریدا دەکات. بێگومان ڕاگەیاندنی گۆڕانی چاوەڕوانکراو زەحمەتە، بە تایبەتیش گەر مەسەلەکە پەیوەند بێت بە ئایندەوە، لێ گریمان پارەیەکی نوێ هات، ئەوا ئایا بە بڕوای تۆ ئەو پارەیە چە دیزاینێکی دەبێت؟
  • من هەنووکە ناتوانم هیج لەبارەی ئەوە ببێژم. دەشێت دراوێک بێت کە پشت بە ئاڵتون ببەستێت، چونکە ڕەنگە ئاڵتۆن رۆڵێکی گەورە بگێڕێت، یان هێنانەوەنێوانی ستاندارتێکی نوێی ئاڵتون بێت. سەرەڕای ئەوە لێرەدا یەکگرتنەوەیەک لەگۆڕێ نییە. بە هەر حاڵ هەنووکە بانکە ناوەندییەکان بەدەسەڵاترین گەمەکەرن لەم مەسەلانەدا. من هیچ گومانم لەوە نییە کە هەنووکە لە “بانکی پارەدانی هاوسەنگکەری نێودەوڵەتی” (Bank for International Settlements) لە بازل، لە نهۆمی تایبەتی بەڕێوەبەرایەتیدا، یەک لە دوای یەک کۆبوونەوەی باری نائاسایی ئەنجام دەدرێت، چونکە ئێمە لە ساڵانی ڕابوردوودا ئەزموونی ئەوەمان کردووە کە چۆن بانکە ناوەندییەکان سیاسەتی خۆیان لەنێو یەکدیدا پێکەوەدەگونجێنن. ئێستاش کە ناوی بانکی ناوەندیی سویسری هێنرا، گەرەکە بزانین کە ئەم بانکە بریتییە لە ڕاگرێکی گرنگی پشکەکانی ئەپڵ، نێتفلیکس، گوگل و هتاد، ئەم فیرمایانەش نێوکۆییانە یارمەتیی یەکدییان دا بۆ ئەوەی کۆرسگەلی پشکەکان بە بەرزی بهێڵرێنەوە، یان بازاڕەکان تا ڕادەیەک سەقامگیر ڕابگرن. لێ کێشەکە هەنووکە ئەوەیە کە ئەم سینارۆیە ئێستا بەتەواوی تێکشکاوە، ئێستا لەم ڕەوشەدا دەردەکەوێت کە داخۆ چە بانکێکی ناوەندی بەهێزترین و چە بانکێکی دیکە لاوازترین بێت. من ئێستا ناتوانم پێشبینی بکەم کە چۆن سەرجەمی ئەو ڕەوشە دەگۆڕرێت، لێ من وای بۆ دەچم، هەموو ئەوانە کە لە پاشخاندا تەنافەکان دەڕێسن، پەرێشانی کۆنترۆلکردنی ئەم دۆخەن. بۆ نموونە ئەو قەدەغەکردنەی هاتوچۆ کە لە پێشمانەوەیە، دەستوێژێکە بۆ ئەوەی ئەوان چەند ڕۆژێک کات ببەنەوە و پاشان بەدوویدا بڕیارێک بدەن.
  • لێ ئایا ئەو پرسیارە هیچ رۆڵێک دەگێڕیت کە داخۆ چە بانکێک بەهێز و چە بانکێکی دی لاواز بێت؟ ئاخر ئایا ئێمە هەموو بە چەشنێک گلۆبالیزە نەبووین و پێکەوە گرێنەدراوین کە ئیدی هەر کەوتنێک لە هەر جێیەکدا دەبێت بەهۆی کەوتنی هەموو ئەوانی دی، هاوشێوەی پولە ڕیزکراوەکانی دۆمینەیەک کە هەر ئەوەندەی پاڵت بە یەک دانەیانەوە نا، ئیدی ئەو هەموویان بەدووی یەکدیدا دەخات؟
  • بێگومان، ئێمە ئێستا ئەزموونی کاریگەریی ئەم دۆمینەیە دەکەین، بۆیە هەمووی تێکدەشکێت …

*… من بۆیە ڕوو لەم پرسە دەکەم، چونکە بۆ نموونە نەرویژ کە خاوەنی نەوتە، کە ئابوورییەکی پتەوی نەتەوەیی هەیە، کەچی کرۆنی نەرویژی لە چەند ڕۆژی رابوردوودا بە ڕێژەی یەکجار زۆر دابەزی.

  • بەڵێ، چونکە هەموو بەچڕی پێکەوەگرێدراون. دۆیچە بانک هێندە چڕ بە بانکی جەی پی مۆرگان (J P Morgan) و سیتی بانک و هتاد گرێدراوە، کە ئیدی مرۆ لەوێ هەر بڕیارێک بدات، لە جێی دیکەش سەرەنجامی دەبێت. بۆ من هەنووکە ئەو مەسەلەیە زۆر گرنگە کە لە گشت لا سنوورەکان دادەخرێن، لێ بەم کارە گەشە بە ناسیۆنالیزم دەدرێت. مرۆ دەبێت سەرەڕای ئەوە بیر لەوە بکاتەوە کە هێزێکی نێونەتەوەیی لە جیهاندا هەیە و بریتییە لە ئیندوستریی دارایی کە هیچ گرنگییەک بە سنوورەکان نادات. سنوورەکان هەبن یان نەبن، بۆ ئەوان گرنگ نییە. ئەوان تەنانەت سنوورەکانیان بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بەکاربردووە. گەر بۆ ئەوان وڵاتێک وەک گەمژە دەرکەوتبێت، ڕوویان کردۆتە وڵاتێکی دیکە، بەوەش سەرجەم جیهانیان خستۆتە ژێر فشاری خۆیانەوە. لێ هەنووکە من داخستنی سنوورەکان وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوە دەبینم کە ئێلیتی دارایی پشتیوانیی جیاکردنەوەی خەڵک لە ڕووی نەتەوەییشەوە دەکات.
  • زۆر سوپاس. ئێمە نامانەوێت خەڵک بترسێنین. لێ ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە کە ئایا ئێمە چی بکەین؟ ئایا تۆ پارەکانت لە بانک دەرکردووە؟
  • من متمانەم بە بانکەکان نییە، بەگوێرەی پیشەکەم ئەو متمانەیەم نییە. گرنگترین شت ئێستا بۆ هەر مرۆڤێک ئەوەیە کە لە پێکەوەلکاویی کێشەکان تێبگات. ئاخر مرۆ زۆر ئاسانتر بەرگەی دۆخێک دەگرێت گەر بزانێت داخۆ چە هێزگەلێک لە پەیوەندییەکاندا کاران. ژمارەیەکی زۆری خەڵک بەهۆی ئەو هیستریا پزیشکییەوە دوودڵن. لێرەدا دەبێت بەو خەڵکە بگۆترێت: بزانن کە ئایا ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی چییە؟ بڕوانن کە داخۆ زانیارییەکان لەکوێوە دێن! تەماشای ڤیدیۆی هەندێک پزیشک بکەن کە هەوڵ دەدەن هەندێک مەسەلە ڕاستبکەنەوە! واز لەو هیستریا شێتانەیە بێنن! بیر لەوە بکەنەوە کە داخۆ ئەو هیستریایە لە خزمەتی چە لایەنێکدایە؟ ئاخر ئەوە هیستریایەکی دەستکردە، کەواتە لە دەرەوە دەوروژێنرێت…

Over the Counter: مەبەست لە بیزنیسە بە کاغەزی بەهادار لە دەرەوەی بۆرسە.
فرۆشتنی بۆش (Short-Selling): فرۆشتنی بەهای زەمینەیی، کە فرۆشیار جارێ خاوەنیان نییە، لێ هیوادارە بەو فرۆشتنەی ئەوان بەهاکەیان پتر دابەزێت و بەو ڕێیەوە قازانجی زۆر بکات.




وڕێنەیەک لە سەردەمی کۆرۆنادا … ئەمجەد شاکەلی

کاکەحەمەی دێبنە و باوکم(ڕۆحیان شاد و یادیان بەخێر)، ئەحمەد و منیان، بە خۆمان دشداشە و چاکەتەکانمانەوە، بردە دوکانەکەی حەمەی وەستا زۆراب و سەرو پانتۆڵ و سەرو کراسیان بۆ کڕین. هەردووکمان چون یەک، پانتۆڵێکی خاکی و کراسێکی سپی. هاوین بوو، ئێمە چووبووینە کفری بۆوەی لە تاقیکردنەوەی بەکالۆریای پۆلی شەشەمی سەرەتایی ساڵی 1961/1962دا بەشدار بین. یەک ڕۆژ پێش تاقیکردنەوەکە، ئەو جلانەیان بۆ کڕین. ئەوە یەکەم جارم بوو پانتۆڵ لەپێ بکەم. تا پێش ئەوە و تا ئەو تەمەنە هەر دشداشەم لەبەر کردبوو. دشداشە بۆ ماڵ، بۆ گەمەکردن، بۆ میوانی، بۆ جووڵانەوەی ڕۆژانە، بۆ جەژن، بۆ خوێندنگە، بۆ خەوتن و بۆ هەموو شتێک لەبەر دەکرا. لە ڕۆژەکەی دوای ئەو ڕۆژەوە، ئیدی پانتۆڵ جێگەی دشداشەی گرتەوە و لەگەڵ هەڵکشانی تەمەندا تا ئێستا هاتووە.
لە ساڵانی 1980دا هاوڕێم کاک ڕەمزی قەیتوولی لە گەڕانەوەیدا لە گەشتێکی بۆ لەندەن، دشداشەیەکی سپی وەک دیاری بۆ هێنام، کە ئێستاش ماومە. جارجار لە ماڵەوە بۆ خەوتن لەبەری دەکەم یا کە نەخۆش دەکەوم و دەکەومە سەر جێگە لەبەری دەکەم. ساڵی 2018 یش (ڕاز)ی کچم لە حەج گەڕایەوە، دشداشەیەکی مەیلەو بۆر- قاوەیی بە دیاری بۆ هێنام، ئیدی بووم بە خاوەنی دوو دشداشە.
لە سەردەمێکدا لە ماڵی خۆمان، لە تەمەنی منداڵی و مێردمنداڵیدا، جاروبار، کە حەزم لە بینینی هەندی میوان یا کەسێک یا مەیلی چوونەدەرەوە و دیتنی خەڵکم نەکردبا، تەنانەت ئەگەر هاوڕێیانی خۆیشم بووایەن، لەنێو ماڵدا پاڵم لێ دەدایەوە و دادەنیشتم و نەدەچوومە دەرێ. دایکم دەهاتە ژوورێ و بە شێوەزارە گەرمیانییەکەی خۆی دەیگوت: “ئەوە بۆ ناچیتە دەشتۆ، خۆ خەتەنە نەکریایتە، وا لەبن ماڵا خۆت مات داوە، هەڵسە هەڵسە دەی بچۆ دەشتۆ!”. ئەو سەردەمە کەسێک کە خەتەنە دەکرا، دشداشەیەکی لەبەر دەکرد و پاڵی لێ دەدایەوە و نەدەچووە دەرێ.
ئێستا بە سایەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، لە ماڵەوە پاڵم داوەتەوە و دشداشەشم لەبەر کردووە. دشداشە وەک هێمای ئاریشە و کێشە و جۆرە ڕووداوێکی نەخوازراو. تەنێ لەنێوان 15-20 میترێکی بۆشایی نێو ئەپارتمانە 56میترییە چوارگۆشەکەمدا دێم و دەچم. لە دوو پەنجەرەوە دەرێ دەبینم و ئاگاداری هاتوچۆ و جووڵانەوەی گەڕەکم، کە ئەسڵەن بۆ خۆی گەڕەکێکی مردووە. کۆرۆنایش نەبێت هەر مردووە، لێ ئێستا لەم وەرزی کۆرۆنایەدا کپ و بێگیان و مردووترە.
تاکەتاکە مرۆڤ لە پەنجەرەکانەوە دەبینم و ڕەنگە تا دنیا ڕووناکە و تەواوی ڕۆژەکە ژمارەیان نەگاتە 50 کەسێک. بەیانیانی زوو، لە بن دیواری خوارێی ژووری خەوتنەکەم، دەنگی ترپەی پێیە بچکۆلەکانی زارۆکە گچکەکانی باخچەی منداڵانەکەی نزیکێ ماڵمان دێتە گوێم، کە لەلەکانیان دەیانبەنە دەرێ و بەدەم وردە ڕۆیشتنەوە دەنگە ناسکە منداڵانەکانیان، دێنە گوێم.
ئەوەی زۆرتر دڵم پێی خۆشە، سەگەکانن! دوو سەگخانە(باخچەی سەگەل یا سەرپەرشتیخانەی سەگەل یا ماڵەسەگ)، نزیکی ماڵەکەی منن. هەموو ڕۆژانی کار، دووشەممە تا هەینی، کچەکان، ئەوانەی تەمەنیان لەنێوان 16-20 ساڵێکدایە، لەلەکانی سەگەکان، کە بۆ خۆیان 3-6 کیژێک دەبن، ئیدی زیاتر یاکەمتر، هەریەکەیان سەری 10-12 پەتی بەدەستەوەیە و ئەو سەری پەتەکان لە ملی 10-12سەگێک ئاڵاون و ژمارەی سەگەکان لە کەمترین جاردا لە 40 سەگێک کەمتر نییە. سەگی گەورە و زەبەلاح، سەگی گچکەی زۆر گچکە، دێڵ، گەماڵ، سەگی سپی، سەگی ڕەش، سەگی قاوەیی، سەگی سادەی یەک ڕەنگ، سەگی دوو ڕەنگ و تێکەڵ، سەگی بۆرە، سەگی بازە، سەگی سەر بە ڕەگەزی جیاواز، سەگی سەر بە بنەچەی جیاواز و هەموو جۆرە سەگێک، ئارام و بێ دەنگ بەدەوری لەلەکانیاندا وەک بازنەیەک، مانەندی سەرباز و مەشقپێکراو، دەڕۆن و نە گەنگەشە و نە شەڕ و نە دەنگ دەنگ، نە جیاوازیی چینایەتی و نە فشەکردن و خۆبەزلزانی و لووتبەرزی و نە ئێرەیی و نە تێڕەیی و چاوچنۆکی، هێمن هێمن، بەڕێز بەڕێز، لە کەشێکی پڕ لە خۆشەویستی و هاوئاهەنگی و یەکگرتووییدا، نەرم نەرم دەڕۆن و چێژ لەو سروشتە جوانەی دەوروبەری خۆیان وەردەگرن. جارجار لەلەکان ڕادەوەستن و ئەوانیش هەر هەموو ڕادەوەستن. هەموو چاوەنۆڕی فەرمانی دادەکانیانن. من زۆربەی ڕۆژان، نەک بە سایەی کۆرۆناوە، بەڵکە بەسایەی خانەنشینییەوە، ڕۆژانە ئەو دیمەنە، شادییەک، گەشی و خۆشییەک، بە ڕۆحم دەبەخشێ. بۆ من ئەو دیمەنە دەکاتە: ژیان. ئێستاش لەم سەردەمی کۆرۆنایەدا، کە ئەو گەلە سەگ و لەلە و سرووتە ڕۆژانەیە دەبینم، تێدەگەم، هێشتا خەڵک دەچنە سەرکار، چون ئەو سەگانە بۆیە خراونەتە ئەو سەگخانانە، لەبەروەی خاوەنەکانیان کار دەکەن و چۆن منداڵەکانیان دەبەنە، زارۆکخانە، باخچەی منداڵان، بەو جۆرەیش سەگەکانیان لەو سەگخانانە دادەنێن تا ئەودەمی نزیکەی سەعات 17-18 ی ئێواری لە کار دەگەڕێنەوە و سەگەکان و زارۆکەکانیان دەبەنەوە ماڵێ. تا ئەو سەگانە ڕۆژانە ببینرێن، واتە: ژیان نەوەستاوە، واتە: هێشتا ژیان بەردەوامە.
کۆرۆنا، جموجووڵی مرۆڤ و فڕۆکە و ماشێن و شەمەندەفەر و گەشت و سەیران و هاتوچۆی ڕاگرت و وەک چۆن جاران بەرخ دەکرانە کۆزەوە و مامر دەکرانە کولانەوە، کۆرۆنا، کۆزەکۆزەی لە مرۆڤ کرد و کردنیە کۆزەوە و کردنیە کولانەوە. کۆرۆنا، زەنگێک بوو، دنیایەک شتی وەبیر مرۆڤایەتی هێنایەوە و چەپۆکێک بوو، سروشت، نادادی، هەژاری، هەڵاواردنی مرۆڤ، جیاکاری، ژینگە، کێشایان بە تەپڵی سەری مرۆڤدا بۆ وەئاگا هێنانەوەی، ئەگەر بڕیار بێت وەبیرهێنانەوە و وەئاگاهێنانەوە، زەنگێک بن مرۆڤ بێدار بکەنەوە و دید و وزەیەکی نوێی پێ ببەخشن و وانەیەکی نوێی ژیانی فێر بکەن! کەمجار مرۆڤ وانەیەک لە هەڵەکانی خۆی و هەڵەکانی خەڵک و جڤاک فێر دەبێ!
ئێستا ئێمەی، کە ناچینە سەرکار، ئێمەی لەماڵەوە تەڕاح و پاڵلێداوە، ئەو کەسانەین، لە کارکردن دووکەوتووینەوە. لاوەکان دەچنە سەر کار، ئێمە ناچین. ئێمە لە ماڵەوە تەنیاین. هەموو هاوتەمەنانی ئێمە، ئەگەر لە هیچ شتێکدا، لە چین و ڕەنگ و ڕەگەز و ئایین و نەتەوە و….چون یەک و یەکسان نەبین، لە تەنیاییدا یەکسانین. ئێمە هەموومان لە ماڵەوەین. هەندێکمان لە پەنجەرەی ماڵەکانیانەوە، خەڵکانی تێپەڕبوو دەژمێرن و هەندێکمان سەگەل دەژمێرن و هەندێکمان هەر چای دەخواتەوە و هەندێکمان هەر خەرێکی شیولێنانە و هەندێکمان تەماشای فیلم و تیڤی دەکات و هەندێکمان خجڵی فەیسبووک و وەتس ئاپ و ڤایبەر و ئیمۆ و ئینتەرنێتە و هەندێکمان وەدووی هەواڵدا هەڕا دەکات و هەندێکمان نوقمی لاپەڕەی کتێبانە و هەندێکمان وشە ڕیز دەکات و گوتەیەک، هزرێک، خەیاڵێک دەدەرێنێت، هەندێکمان سوودووکۆ دەکات و هەندێکمان گوێ دەداتە مووزیک و هەندێکمان نوێژ دەکات و قورئان دەخوێنێتەوە و هەندێکمان دەخواتەوە و جگەرە دەکێشێ و هەندێکمان بەنێو لیستی ناوی هاوڕێ و دۆست و کەسەکانی نێو تەلێفۆنەکەیدا دەگەڕێ و ئەوەی چوار ساڵیشە پێوەندی پێوە نەکردووە، زەنگی بۆ لێدەدا یا لەو جۆرە کەسانەوە زەنگی بۆ لێدەدرێ و هەندێکیشمان تەمبەڵ و تەوەزەل و زەمتە هیچ، هەر هیچ ناکات و فەلسەفەی”خۆت تەمبەڵی، پاڵدانەوە، هیچ نەکردن، دوای ئەوەش وچاندان و ئیسراحەت کردن” پێڕۆ دەکات، ئەم فەلسەفەیە، لەگەڵ (پەری)ی کچمدا هەردەم توێژینەوەی لەسەر دەکەین و خوێندنەوەی نویی بۆ دەکەین و شتی نوێی دەخەینە سەر و جارجار لە (ناز) و (ڕاز)یشەوە سرووشمان پێ دەبەخشرێت. دیارە هەندێکیشمان زۆرێک لەوانەی گوتران، پێکەوە لە ماڵی دەکات. ئێمە هەموومان تەنیایی یەکیخستووین. تەنیایی، کە پتر دەردێکی پێشکەوتن و نوێگەرایی و جڤاکی مۆدێرنە و کەمتر لە جڤاکگەلێ ڕۆژهەڵاتییدا هەبوو و هەیە، هەرچەندە ئێستا مۆبایل و تیڤی و ئینتەرنێت و جیهانگەری و لاساییییکردنەوە سەدان تڕوتەشقەڵەی شێوژیانی ڕۆژاوایی و تەکنۆلۆجیا و بەزمی دیکە، پەتای تەنیایی گەیاندووەتە ڕۆژهەڵات و تەنانەت جڤاکە سادە و ساکار و سەرەتاییەکانیش. لێرە لە ئەوروپا و بەتایبەت لەم سوێدە، تەنیایی پێوەر و نموونەی ژیانی ستانداردە و پێچەوانەکەی ناستاندارییە.
هەواڵەکانی وەدوویاندا وێڵین، هەواڵی ژیان و مەرگن. لەنێوان ژیان مەرگدا توێژاڵێکی هێندە تەنک هەیە، کە ئێستا لەهەموودەم زیاتر، ئێمەومانان هەستی پێ دەکەین و دەیبینین. میدیاکان پەیتا پەیتا هەواڵی مەرگمان بەسەردا دەبارێنن و وێنەکانی مەرگمان پێشان دەدەن و پێ دەگەیەنن. مرۆڤی پێش ئەم پەتایە، دیارە نە هەموو مرۆڤ، تەنێ یەک شتی دەزانی، ڕاکەڕاکەی ژیان و هەڵپە، بۆ زیاتر پەیداکردنی سامان، پارە، دەوڵەمەندی، دەسەڵات. مرۆڤ وەدووی دنیاویستی و دنیاری و خۆویستیدا غاری دەدا. مرۆڤە گەورەساڵەکان، کاتیان بۆ زارۆک، بۆ خۆیان، بۆ خێزان و خۆشەویستانیان نەبوو. کاتیان نەبوو بیر بکەنەوە. کاتیان نەبوو جوانیی ببینن. کاتیان نەبوو چێژ لە سروشت لە دەنگی سروشت، لە هاژەی با، لە جریوەی مەل، لە دەنگی بێدەنگی، لە دەنگی ئاژەڵ، لە دەنگی خاک، لە دەنگی گیا و گوڵ و ئاو و درەخت و ژین وەربگرن. ئەگەر کۆرۆنا وانەیەک بە مرۆڤ ببەخشێت، ئەوا مرۆڤی دوای کۆرۆنا، وەک مرۆڤی پێش کۆرۆنا نابێت. کۆرۆنا ئێمەی تەنیاخست و ئێمەی کەنارخست، ئێمە ئێستا تەنێ خۆمانین و کەسمان لەگەڵ نییە. ئێمە تەنێ بیر لە دەستشۆردن و خۆخاوێنکردنەوە و دەستوەرنەدان لە دەم و کەپوو و چاو و ڕوومەتمان دەکەینەوە. ئێمە ئێستا بیر لە خواردنەوەی گەرم و شلەمەنی و شتی بە سوود بۆ بەرگریی لەش دەکەینەوە. ئێمە ئەگەر ناچاریش بین بچینە فرۆشگەیەک بۆ کڕینی پێویستییەک، خۆراکێک، خۆمان لە مرۆڤ دوور دەگرێن، نامانەوێ کەس ببینین. تۆ خەڵکی هەرکوێییەکی، چ ڕەگەزێکی، ئێستا تۆیش و هەموو ئەوانی دیکەش لەنێوان ترس و مەرگدان، ئێمە لە بەرزەخداین، ئێمە هەموومان لەو نێوەندەداین.
ئێمە، ئێستاکە و پێشتریش، پێش کۆرۆنا و لە وەرزی کۆرۆنایشدا، دوو جۆر ئێمەین. ئێمەی پایینی پلیکانەکەی جڤاک لە ڕووی چینایەتییەوە و ئێمەکانی دیکەی باڵای پلیکانەی جڤاک لە هەموو ڕوویەکەوە. ئێمەگەل، بە سەر دوو چیندا و هەندێ جار پتریش دەبەش دەبین. ئەوانەی سەرێ، ئەوانەی باڵای جڤاک، سواری چ شەپۆلێک بووبوون و بەرەو کوێ هەنگاویان دەنا! ژیانیان پڕ لە پەلە و کار و جووڵە و مەشغەڵەت و فریانەکەوتن و بێ کاتیی بوو. خۆیان بزر کردبوو و لە ڕاستی هەڵدەهاتن. ئەوان ئێستاش لەم کۆرۆنابارانەدا دەتوانن، لە ڕەوشێکی تردا بن. ئەوان دەتوانن وڵات جێبهێڵن و بە فڕۆکە و بە کەشتی خۆیان و بە نوێترین ماشێنی خۆیان، بەرەو دوڕگەیەکی چۆڵ لە خەڵک، بەڵام پڕ لە ئامرازی پشوو و خۆشگوزەرانی بڕۆن و لەوێ دوور لە مرۆڤ، لەنگەر بگرن و خۆ بپارێزن و کۆرۆنا ڕوویان تێ نەکات. ئەوان دەتوانن بە زەنگێکی تەلیفۆن یا لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە، نەک سێ ژەمە، بەڵکە چوار ژەمە و حەفت ژەمە و فرەتریش، لەگەڵ نایابترین جۆری خواردنەوە و سەد بەزمی دیکە ،بهێننە بەردەرکەی ژووری خەوتنەکەیان. ئەوان دەتوانن ئەگەر تووشی دەردیش بن، بە زەنگێک، باشترین بژیشکی تایبەت و باشترین نەخۆشخانەی تایبەت و نایابترین دەرمان، بگەنە خزمەتیان و چارەسەری دەردەکانیان بکرێت. هەرچی ئێمەکانی خوارێی پلیکانەکەین، کونجی ماڵ و چاوەڕوانی خۆمتکردن، تەنانەت ئەگەر دەردەکەش سەرودڵی گرتین، تاکە ڕێگەمانە لەم کاتەشدا. ئێمە باجی کارە چەپەڵەکانی ئەوانەی سەرێی پلیکانەکە دەدەین. ئێستا، کە کۆرۆنا بەر دەرکەی لێ گرتووین، ئێمەکانی خوارێ، خۆمان دەدۆزینەوە و بۆمان دەردەکەوێت، چەندە لاوازین، چەندە هیچ نین، چەندە بێدەسەڵاتین. ئێستا، لە ڕۆژێکداین، هێندە دەستەپاچەین، دەزانین هیچ شتێک دادمان نادات، ئێمە، ئێستا باجی تەواوی ئەو کارە نابەجێیانەی دەسەڵاتداران و زلهێزان و دارایانی ئەم جیهانە و مرۆڤایەتی دەدەین. ئێستا پێویستمان بە ڕاوەستان و تێگەیشتنمانە لە سەرقاڵی و خجڵبوون.
ئێستا، پێویستمان بە تێگەیشتنە لەوەی، کە زەوی هێندە باری گرانە، ئیدی توانستی هەڵگرتنی ئەو هەموو کاڵا و بەرهەم و شتومەکە بێفەڕ و بێکەڵک و زیادە و ژینگەوێرانکەرانە نەماوە. ئێستا، پێویستمان بە تێگەیشتنە لە گرنگیی پێوەندداری، تێکەڵاوی، یەکدی بەسەرکردنەوە، خۆشەویستی، کات تەرخانکردن بۆ یەکدی. ئێمە لە کەشوفش و تەرەفێکدا دەژیاین، تەنیا بەرهەم و ئازادی و خۆشگوزەرانیمان دەبینی. پێمان وابوو ئەوانە هەموو کێشەکانمان وەلاوە دەنێن. ئێمە هەمیشە ترس و دڵەوڕاکێی لەدەستدانی بەرهەم و ئازادی و خۆشگوزارانیمان بوو. ترس و دڵەڕاوکێ، ژیانمانی ئاڵۆز کردبوو و مێشک و بیر و دیدمان ئاڵۆزکاو بوو. هەموومان مرۆڤگەلێکی ئاڵۆزکاو بووین. کۆمەک و هاریکاری و بەتەنگەوەهاتنی مرۆڤی خودان پێویستی و لێقەوماومان فەرامۆش کردبوو. ئێمە نەماندەزانی، هەموو مرۆڤایەتی گرێدراوی یەکدین. ئێمە دەبێ جیهان بە جۆرێکی دیکە بینا بکەینەوە. جیهانێک بهێنینە گۆڕێ و دروست بکەینەوە، مێشک و بیر و دەروونی مرۆڤ، لەسەر بنەما و بناخەی خۆشەویستی مرۆڤ و هاریکاری و کۆمەک و نەهێشتنی جیاوازیی چینایەتی و ڕەگەزی و ئایینی و نەتەوەیی، بینا بکاتەوە، چون بێ ئەوانە، بێ مێشک و دەروونی ئاسوودە و دروست و ئارام، لەشساغی نایەتە گۆڕێ.
جیهان بۆ دەبێ دوای ڕێبەر و دارا و دەسەڵاتدارگەلێک بکەوێت، خۆیان بخەنە پێش هەموو مرۆڤەکانی دیکەوە و هەموو بەرژەوەند و ئارەزوو و خواستەکانی خۆیان، بە پێویست بزانن و وەپێش هەموو کەس و هەموو شتێکی دیکەی بخەن! وەها ڕێبەرگەلێک دەبێ نەمێنن و وەلانرێن. بۆ بەرەوڕووبوونەی هەر نەهامەتی و دەرد و پەتا و ئاریشەیەک، مرۆڤ، گەل، خەڵک پێویستیان بە شارەزا و زانای باوەڕپێکراو هەیە، پێویستیان بە باوەڕبوون بە دەسەڵاتدارانێکی دڵسۆز هەیە، دەسەڵاتدارگەلێک، هەرچەندە دەگمەنن، کە خەمی گەل و وڵات و مرۆڤایەتی دەخۆن، وڵاتەکانیش پێویستیان بە باوەڕبوون بە یەکدی هەیە. لە جیهاندا سەدان میلیۆن مرۆڤ هەن تەنانەت سەرەتاییترین، مەرجەکانی ژیانێکی شایستەی مرۆڤیان نییە، ئیدی لە ئاوی خواردنەوەوە بیگرە و بە نان و کوڵبەیەک بۆ تێدا ژیان و پۆشاک و هەموو پێویستییەکانی دیکەوە تا دەگاتە خزمەتی تەندروستی و بژیشک و دەرمانیان نییە، کە هەموو ئەوانە دەبنە هۆی مەترسی و دژواری، نە تەنێ بۆ ئەوان، بەڵکە بۆ هەموو مرۆڤایەتی.
دەوڵەتەکان، نەتەوەکان، لەسەر ئەوە ڕاهاتوون، تەنێ بیر لە لەشساغی لەنێو وڵات و خەڵکانی خۆیاندا بکەنەوە، لێ دابینکردنی چارەسەر و تەندروستیی باش بۆ هەر وڵاتێک چین، ئیتالیا، کووبا سۆمال یا ئێران، بە قازانجی گەلانی فرانسا، ئەمەریکا، برازیل یا سوێدیش دەگەڕێتەوە. تووشبوونی مرۆڤ بە کۆرۆنا یا هەر پەتایەکی دیکە، لە ئێران، چین، ئیتالیا یا سپانیا، هەڕەشەیەک نییە تەنێ بۆ خەڵکی ئەو دەڤەرانە، بەڵکە بۆ هەموو یەکێک لە ئێمە لەم جیهانەدا. هەموو مرۆڤایەتی لە سەر یەک تۆپی زەوی دەژین، ئاو و هەوا و خۆر و سروشت و ژینگە و خاک و ئێستا و داهاتوویان، گرێدراوی یەکدین و لە ژیان و مردندا هاوبەشن. هەموو مرۆڤایەتی بەرپرسە لە پاراستنی هەموو مرۆڤێک، هەموو تاکێک، هەموو ئاژەڵێک، هەموو درەختێک، لە هەموو وڵاتێک، لە هەموو جیهاندا. ڕێبەر و سەرکردەی توانا و لێهاتوو و خاوەن بڕیار بۆ کارەساتگەلێکی وەک کۆرۆنا لە جیهاندا پێویستن.
ئێمە، کە لەنێو ماڵدا خۆمان حەشارداوە، ئەگەر بە ئاشکرا و ڕاشکاوانە نەیڵێین، وادەزانین لەبەر هەموو دەرگا و هەموو پەنجەرەیەک و لەژێر هەموو بەرد و تاوێرێک و لەبان هەموو دار و دەوەن و بنجک و تەختە و هەموو توێکڵە میوەیەک و لەبن هەموو دیوارێکدا، کۆرۆنا خۆی مەڵاس داوە و زۆرجاران وا بیر دەکەینەوە و وامان بە خەیاڵدا دێت، کە ئەگەر دەرگا یا پەنجەرە یا هەر کونێکی ماڵەکەمان کراوە بێت، ڤایرۆسی کۆرۆنا بێ سەلام و چاک و خۆشێێ، خۆی وەژووردا دەکات، وەک چاوەڕوانی کردنەوەی دەرکە و پەنجەرە و دەلاقە و کون و کەلەبەر بێت بۆ هاتن بۆ نێو ماڵ.
ئەوەی ئێستا بەسەر مرۆڤایەتیدا تێدەپەڕێت، باجی هەڵسوکەوت و بەرخورد و ڕەوشتە نامرۆڤانەییەکانی ڕێژیم و دەسەڵاتەکانی سەر گۆی زەوییە. زادەی چاوچنۆکی و گەنهزرینی ئەوانەن، هەوساری جیهانیان بەدەستەوەیە و بە ئارەزووی خۆیان داژۆن و مرۆڤایەتی بەرەو هەڵدێر و لەبەینچوون دەبەن. ئێستا جیهانی سەرمایەداری زۆر ئاشکرا و بێ شاردنەوە، لە زمانی سەرکردەکانیانەوە، باس لەوە دەکەن، کە چاوەڕوانی لەبەینچوونی70%ی خەڵکانی وڵاتەکانیانن و داوا لە خەڵک دەکەن، ئامادەی ئەوە بن، ماڵاوایی و خوداحافیزی، بۆ دواجار، لە خۆشەویستان و کەسە نزیکەکانیان بکەن، چونکە ئیدی ڕەنگە نەیانبیننەوە! ئەو کەسە نزیکانە و ئەو خۆشەویستانەی ئەوان باسیان دەکەن، پیرەکانن، حەفتاساڵان و بانتر. ئەوانەن ڕۆژێک لە ڕۆژان هەموو کارا و پڕهێز و گورجوگۆڵ، کاریان دەکرد و بەرهەمیان هەبوو و خشتیان دەخستە سەر خشت و ئەم جیهانەی ئەمڕۆیان دروست دەکرد.
جیهانی سەرمایەداری، ئەوروپا، ئەمەریکا و…ڕێژەی پیر لە وڵاتەکانیاندا 70% پێکدەهێنن و گەنجیان کەمترە. کەمتر زاوزێ دەکەن و منداڵیان کەمتر دەبێت. مرۆڤیان تەمەندرێژن و درەنگ دەمرن. هەشتا و نەوەت و سەت ساڵانیان فرەن و زۆر جاریش لە دەرێ دەبینرێن و چالاکن و وەرزش دەکەن و دەژین. ئەو پیرانە، نزیکەی هەر هەموویان بە تەنێ دەژین. ئەگەر لە ماڵێکیشدا بە تەنێ نەژین، لە خانەی پیران هەریەکەو ژووری خۆی هەیە. ڕۆژاوا و جیهانی سەرمایەداری، لەوە تێدەگەن، کە ئەم هەموو پیرە، کار ناکەن، بەرهەمیان نییە، مووچەی خانەنشینی وەردەگرن، دەمیان هەیە و دەستیان نییە، پێویستیان بە دەرمان و کۆمەکی لەشەکی و مەسرەف و خۆراک و هەموو شتێکە و بۆ خۆیشیان توانستی دابینکردنی ئەو هەموو شتەیان نییە، ئیدی بوونی ئەمانە، لە چاوی سەرمایەداری و ڕۆژاوای بێ دڵ و بێ بەزەییەوە، زیادەیە و کەمبوونەوە و نەبوون و نەمانیان، سەرمایەداری و سەرمایەداران، بە قازانجی دادەنێن.
ئەو تێڕوانینە بۆ خەڵکانێکی بێ بەرهەم و “دەمدار و بێدەست”، زادەی ئەم ڕۆژگارە نییە، بەڵکە بنجوبناوانێکی لە بڕێک دید و هزردا هەیە، کە لەمێژە لەنێو جڤاکی ڕۆژاوادا هەن. هزر یا تیۆرییەکەی مالسۆس لەمەڕ زانستی دانیشووانەوە، کە لە 1798دا، لەژێر ناونیشانی”گوتارێک لەمەڕ بنەما گشتییەکانی دانیشتووان”دا، بڵاوی کردەوە، دەڵێ:” هێزی زیادبوونی دانیشتووان مەزنترە لە هێزی زەوی لە بەرهەمهێنانی خۆراکدا”. مالسۆس، پێیوایە ژمارەی مرۆڤ هەر 25 ساڵ جارێک بەگوێرەی یەک بەدوای یەکی ئەندازەییدا(4-8-16-32-64-128…) زیاد دەکات، هەرچی بەرهەمی خۆراکە بە گوێرەی یەک بە دوای یەکی ژمارەییدا (10-20-30-40-50…) زیاد دەکات. مالسۆس دەڵێ:”مادام مرۆڤ بەبێ خۆراک ناتوانێت بژی، ئەم دوو هێزە نایەکسانە لە گەشەسەندندا، دەبێ هەندەک ڕێگر بێتە ڕێیان بۆ ئەوەی وەک یەکیان لێ بێت، واتە: کەمکردنەوەی ڕێژەی زیادکردنی دانیشتووان، بۆ ئەوەی لەگەڵ ڕێژەی بەرهەمهێنانی خۆراکدا هاوتا ببنەوە”. بەگوێرەی مالسۆس ئەم ڕێگرییانەی، کە ڕێگری لە زاوزێی خەڵک دەکەن، هەم نەئێنی و هەم ئەرێنین. هۆکارە نەئێنییەکان، لە شوونەکردن و ژننەهێناندا بەهۆی دەستکورتییەوە دەبینرێن، هەرچی هۆکارە ئەرێنییەکانە لەپاش سەرنەکەوتنی هۆکارە نەئێنییەکان دێن، کاتێک سروشت و مێژوو، بە نەخۆشی و برسییەتی و جەنگ، قڕ دەخەنە نێو مرۆڤ، ئەو کاتە ئیدی هاوسەنگیی لەنێوان دانیشتووان و خۆراکی دەستەبەرکراودا ڕادەگیرێت. ئەوەی مالسۆس ئاماژەی پێ دەکات، لە ململانێیەکانی باکووری دەوڵەمەند و باشووری هەژاری تۆپی زەویدا و لە سیاسەتی ڕێژیمە نازیست و فاشیست و سەرمایەدارییەکاندا، هەمیشە بینراوە. هەموو ئەم ڕێژیمانە، قڕکردن و کوژتنی بەکۆمەڵی گەلانیان، ئافراندووە و ئەنجام داوە. لە دوو جەنگی جیهانیدا و لە دەیان جەنگی کۆڵۆنیالیزمدا، دیوە دزێوەکەیان وەدەرکەوتووە.
کورتەی بیرۆکەیەک مالسۆس دەریدەبڕێ دەڵێ:”ئەو مرۆڤەی کەسێکی نییە بیژێنێت و ناتوانێت لەنێو جڤاکدا کارێکی دەستکەوێت، دەشبینێت لەسەر خاکەکەی خۆیشیدا، چ بەشە خۆراکێکی چنگ ناکەوێت و نییە، ئیدی لەئەنجامدا، ئەو کەسێکی زیادەیە لەسەر خوانی سروشت، چون ئەو دەورییەکی نییە لەنێو دەورییەکاندا و بەو پێیەش سروشت فەرمانی پێدەدا زەمەن جێبهێڵێت”.
کە زیادبوونی ژمارەی مرۆڤ و کەمیی بەرهەم، بگاتە بارگرانی زەوی و تەحەممولنەکردنی (carrying capacity of land)، بە بۆچوونی مالسۆس، ئیدی ڕەوشەکە دەگاتە قۆناخی چڕی و تەقینەوەی دانیشتووان و بەو پێیەش ڕۆژێک دادێ خۆراک بەشی دەمە برسییەکان ناکات و ئەوەش دەبێتە هۆکاری دروستبوونی جەنگ لەپێناوی خۆراک و ئاودا، ئەوە لایەنە نێودەوڵەتی و جیهانییەکەی، هەرچی پێوەندداریشە بە یەک جڤاکەوە، لەنێو یەک جڤاکدا، دەبێتە هۆی مانەوەی مرۆڤە بەهێز و تواناکان. ئیدی هەژاری و دەرد، بڵاو دەبێتەوە و جەنگیش لەنێوان دەوڵەتاندا و هەژاری لەنێو یەک جڤاکدا دەبنە واقیع و ڕاستی.
مالسۆس دەڵێ:”جڤاکی مرۆڤایەتی بەم جۆرە تەنێ ململانێیە، ژیان بۆ ئەوانە دەمێنێتەوە، باشترینن و سامان و داراییش لەم ململانێیەدا، تەنێ خەڵاتە بۆ ئازا و لێهاتووەکان”. هەموو ئەو ڕێگرییانەی بەلای مالسۆسەوە پێویستن گەرەکە بکرێن یا بێنە دی: برسییەتی، دەرد، جەنگ، هەموو ئەمانە لە وڵاتانی دواکەوتوو و هەژار و گەشەنەسەندوودا ڕوودەدەن و دەبنە هۆی لەنێوبردنی بەشێک لە دانیشتووان، کە ئیدی هاوتایی و هاوسەنگیی بۆ دانیشتووان و چەندیەتی خۆراک دەگێڕدرێتەوە، دیارە بۆ دەسەڵاتداران و دارایانی ئەو وڵاتانە، نەک هەموو مرۆڤەکان. ڕێگرییە خۆپارێزی و ئارەزوومەندییەکان، ژنومێردایەتی نەکردن یا دواخستنی، ئەمە لە وڵاتانی پیشەسازییە پێشکەوتووەکاندا باوە، کە لە کۆتاییدا هاوسەنگییەک لەنێوان ژمارەی دانیشتووان و چەندیەتی خۆراکدا دێتە گۆڕێ.
مالسۆس، گۆڕان و گەشەکردنی دۆزینەوە و داهێنانە زانستییە نوێییەکان و ئاستە هونەرییەکانی، کە بوونەتە هۆی زیادبوونی بەرهەم بە ڕێژەیەکی زۆر، لەبەرچاو نەگرتووە. هەروەها بڵاوبوونەوەی زانیاری و ئاگایی فەرهەنگی، کە بوونەتە هۆی کەمبوونەوەی زاوزێ، نەک بەهۆی ژنومێردایەتی نەکردن، یا دواخستنی، بەڵکە بەهۆی بەکارهێنانی ئامرازی زانستیی نوێ بۆ ڕێگریکردن لە منداڵبوونی، لەبەرچاو نەگرتووە. ئێستا ڕێژەی زیادەی خۆراک گەلێک لە ڕێژەی زیادبوونی دانیشتووان زیاترە، بە تایبەت لە گەلێک لە وڵاتانی پیشەسازییدا، مالسۆس ئەوەیشی لەبەرچاو نەگرتووە. مالسۆس، نادادی و ناهاسەنگی و ناهاوتایی، لە دابەشکردنی خۆراکدا، لەنێوان وڵاتانی دەوڵەمەندی باکووری زەوی و وڵاتانی هەژاری باشووری زەوی، کە کەمینە بەشی زۆرینە دەخوات، لەبەرچاو نەگرتووە. لەگەڵ هەموو کێماسییەکدا لە تیۆرییەکەی مالسۆسدا، ئەم تیۆرییەی بوو بە بنەمایەک و تیۆری (چێبوون و گەشەکردن/Theory of Evolution/ نظریة النشوء والإرتقاء)ی چارڵس داروین و تیۆری (مانەوەی تواناکان /بەهێزەکان/Theory of survival of the fittest/ البقاء للأصلح)ی فرێدریک نیچە (Friedrich Nietzsche)ی بەرهەم هێنا، کە بوون بە سرووشبەخشی نازیزم و فاشیزم و کۆڵۆنیالیزم و کەپیتالیزم و نیولیبرالیزم.
سەرمایەدارییی، کە ئیدی گەیشتووەتە قۆناخی ئیمپریالیزم و هیچ دەرفەت و بوارێکی بۆ باشووری هەژاری گۆی زەوی نەهێشتووەتەوە و تەواوی 50%ی سامان و ئابووری جیهان، ئەگەر لەو ڕێژەیەش زیاتر نەبێت، بە دەست 1%ی جیهانەوەیە، کە دارا و سەرمایەدارانی وڵاتانی باکووری گۆی زەوین. ئێستا ژمارەی میلیۆنێرانی جیهان 36 میلیۆن میلیۆنێرن و لە ساڵی 2022دا دەبنە 44 میلیۆن میلیۆنێر. ئێستا 15،3 میلیۆن میلیۆنێر لە ئەمەریکا(USA) و2،7 میلیۆن میلیۆنێر لە ژاپۆن و 2،2 میلیۆن میلیۆنێر لە بریتانیا(UK) و 1،9 میلیۆن میلیۆنێر لە چین هەن . وڵاتانی سەرمایەداری و سەرمایەداران، ئابوورییان، سامانیان بۆ بەرهەمهێنانی میلیۆنان شتی بێکەڵک و ناپێویست و زیادە هەیە. ئابووری و سامانیان بۆ بەرهەمهێنانی فرە و بە کۆمەڵ و لە یەک کاڵا میلیۆنان جۆر و ڕەنگ و میلیاران تۆن و دانە(Massproduktion)ی لێ دروست دەکەن، کە تەنێ بازاڕی پێ پڕدەکەنەوە و گیرفانی خەڵکی پێ بەتاڵ دەکەنەوە هەیە. ئابووری و سامانیان بۆ دروستکردنی چەک، ئەتۆم، بۆمب، تانک، فڕۆکە، گازی ژاراوی، هەزاران جۆرە تفەنگ و دەمانچە و چەکی لیزەری و بەزمی دیکە، کە بیلیۆنان دۆلاری تێدەچێ هەیە. ئابووری و سامانیان بۆ دەسەڵاتداری توڕەهات و جڤینی بێ نرخ و بێ بایەخ و ئاهەنگی ناپەسەند و کۆشک و تەلاری ڕازاوە و پۆشاکی گرانبەها و وەرزشکار و فووتبۆڵیست و هەزاران جۆری ئەلکحوول و سیگار و خشڵ و زێڕ و سەدان هەزار شتی دیکە هەیە، لێ ئێستا بۆ مرۆڤ، بۆ لەشساغی، بۆ خۆپاراستن، بۆ هەژار و نەدار و برسی و ڕووت و بێماڵ و پەنابەر و هەڵاتوو و لێقەوماو و دەردار، نییە. ئەوەی ئێستا ڕوودەدات، پیادەکردنی جۆرێکە لەو تیۆری و هزر و سیاسەتانەی، کە بە کەمکردنەوەی دانیشتووانە هەژار و نەدارەکەی سەر زەوی، خۆشگوزەرانی بۆ داراکانی سەر زەوی دەستەبەر بکرێ، ئەویش بە سازکردنی جەنگ و پەرەپێدانی هەژاری و دروستکردنی دەرد و نەخۆشی و پشتگوێخستنی ژیانی مرۆڤەکانی دەرێی بازنەی سەرمایە و یانەی سەرمایەداران.
تازەکی لەگەڵ(سوعاد)ی خێزانمدا لە ساڵانی 1980دا هاتبووینە سوێد. زینەت شاکەلی، خێزانی یەکەمی فەرهادی برام، کە باسی نەخۆشخانەکانی سوێدی دەکرد، دەیگوت: هێندە پاک و خاوێنە، ئەگەر خۆراک، چێشت هەروا ڕۆبکرێتە سەر زەوی نێو نەخۆشخانەکە، نێو ژوورەکانی، ڕاڕەوەکانی، مرۆڤ دەتوانێت دانیشی و بە کەوچک و چنگال خۆراکەکە بخوات. مەبەستی لەوە بوو، کە بێتام پاکە. دواتر تووشی نەخۆشخانە و نەشتەرگەری هاتم و دیتم ئەلحەقی ئەو قسەیە ڕاست و دروستە و وایە. ئیدی دوای ئەم هەموو ساڵەی لەم وڵاتەم بۆم ڕوون بووەوە، کە هێندەی گرنگیی بە پاک و خاوێنی و گۆڕینی چەرچەف و پەتوو و بالیف و جێگە و دەسماڵ و دەستەوانە و لیوانی ئاوخواردنەوە و دەفر و سابوون و خواردن و قاوە و چای و فنجانی قاوە و دەسکی دەرگا و پەردە و پۆشاک و تابلۆی نێو ژوورەکان و تەختەی خەوتنەکە و…دەیان وردە شتی تر دەدرێن، هێندە گرنگیی بە نەخۆشی و نەخۆشەکە نادرێ. هێندەی پارەوپووڵ بۆ ئەو وردە شتانە بەفیڕۆ دەدرێ، هێندە پارە بۆ بژیشک و پەرستار و نەخۆش و نەخۆشی خەرج ناکرێت. هاوڕێم کاک حەکیمی کاکەوەیس(یادی بەخێر و ڕۆحی شاد)، یەک دانە ساڵ و نێو هێنایان و بردیان دوای ئەوە توانیان نەخۆشییەکەی دەستنیشان بکەن، ئەویش کەی، دوو مانگ پێش ماڵاوایی لە ژیان! سوێدییەکان، هێندە بەکاوەخۆ کار دەکەن، گەلێ جار، نەخۆشییەکە تەشەنە دەکات و کار لەکار دەترازێت. ساڵانی 1980 لەگەڵ ئێستادا دنیایەک جیاوازیی هەیە. ئەودەم سیاسەتی ماڵی گەل و بیمەی لەشساغی و کۆمەڵایەتی و جۆرێک لە هەرەوەزی و سۆسیالیزم لە گۆڕێدا بوو و نەخۆشخانەکان و بژیشکەکان، سەر بە دەوڵەت بوون، ئێستا زۆرێک لە نەخۆشخانەکان فرۆشراون و بوون بە تایبەت و سەر بە کەرتی تایبەتن. ئێستا دەوڵەت دەستبەرداری بەشی زۆری نەخۆشخانە و خوێندنگەکان بووە و کەرتی تایبەت بوون بە خاوەنیان.
لەم دابارینی کۆرۆنایەدا، سیاسەتێکی هێندە نەرم و لاستیکییانە پێڕۆ دەکەن، مرۆڤ وەڕس دەکات. چین، ئێران، ئیتالیا، سپانیا، ئەڵمانیا و…کۆمەڵێک وڵاتن، تووشی ئەم پەتایە بوون. چین هەر لە دەسپێکی سەرهەڵدانی دەردەکەوە، لەبەر ئەوەی حوکوومەت و دەسەڵات و مەرکەزییەت هەیە، توانیی تا ڕادەیەک ڕێگە لە بڵاوبوونەوەیەکی خێرای دەردەکە بگرێت. شارێکی گەورەی 11 میلیۆنیی وەک ووهان(Wuhan)ی کەرەنتینە کرد و لە جیهان دایبڕی و هاتووچۆ و بازاڕ و زانستگە و خوێندن و کارگە و کارگێڕی و هەرچی شتی دیکەیە لە وڵاتدا داخست و بەوە توانیی ڕێگە لە بڵاوبوونەوەی پەتاکە بگرێ. ئیتالیا و ئەڵمانیا و سپانیا، چونکە سەر بە فەرهەنگێکی ترن، نەیانتوانی وەها کارێک بکەن، بۆیە تەشەنەی کرد. سوێد، لە دەسپێکدا خۆی لە پەتاکە نەبان کرد و بیریان لەوە دەکردەوە، پەتاکە پتر بڵاوببێتەوە، بۆ ئەوەی ببێتە نەخۆشیی کۆمەڵ(گەلەدەرد) و هەموو جڤاک بیگرێتەوەو بە دیتنی ئەمان، کە وای لێهات، ئەودەمی زۆرینەی خەڵک بەرگریی لەش پەیدا دەکەن و لەیەکدییەوە تووش نابن و لەو نەخۆشیی کۆمەڵ و گەلەدەردەوە دەگۆڕدرێت و حاڵەتی بەرگریی کۆمەڵ(گەلەبەرگریی) دێتە گۆڕێ . دەرکەوت ئەمە فشەیەکی گەورەیە. خڕبوونەوەی 500 کەسییان پێش حەفتەیەک قەدەغە کرد، لێ خڕبوونەوەی 499 کەس ڕێگەپێدراو بوو. ئەمڕۆ خڕبوونەوەی 50 کەسیان قەدەغە کرد و خڕبوونەوەی 49 کەسیان ڕێگە پێداوە! ئەمە مەگەر تەنێ کەسێکی کەمئاوەز و دەروون ئاڵۆز بتوانێت لێی تێبگات! سوێد هێشتا لەوە تێنەگەیشتووە، هاتنی ئەپ پەتایە وەک هەڵگیرسانی جەنگێکی جیهانییە، هێشتا ناتوانێت هاتوچۆ، گەشت، بازاڕ، خوێندنگە، فڕۆکەخانە و…دابخات. ئازدی دەداتە ئەو جێگە و خەڵکەکان، بۆ خۆیان بڕیار بدەن. مرۆڤ کاتێک ئەمە دەبینێت، وەک ئەوە وایە، بۆمبباران و جەنگ و زرمەی تۆپ و تانک و فڕۆکە و هێرشی لەشکرە و خەڵکێکی نەزان و منداڵ و لاو، هەڕا دەکەن و خۆ دەدەنە بەر تەقە و لە تانک و سەربازەکانی دوژم نزیک دەکەونەوە و دەسەڵاتیش یا گەورەکان تەماشایان دەکەن و دەڵێن: ئەوان بۆ خۆیان ئازادن و بۆ خۆیان بڕیار لەسەر ژیان و هەڵسوکەوتی خۆیان دەدەن و بۆ خۆیان هەڵبژاردەی خۆیان دەکەن. لە وەها ڕەوشێکدا دەبێ ئەو ئازادی و هەڵبژاردنە پشتگوێ بخرێن و ژیان و خۆپاراستن و سەلامەتی بە تۆبزی بەسەر ئەو مرۆڤانەدا بسەپێندرێت، لێ ئەمە هەرگیز سوێدییەک تێێناگات! سوێد، بەو هەموو دەوڵەمەندی و سامانەی هەیەتی و بەو هەموو باجەی، کۆمپانیا و کارگەکان و لە هەموو تاکێکی سوێدی وەریدەگرێت، کە 30% داهاتی هەموو وڵاتی و دانیشتوویەکی سوێدە، بە خانەنشینکراوەکانیشەوە، کە داهاتێکی گەلێک کەم وەردەگرن، هاواری ئەوەی لێ هەڵساوە، کە جێگە بۆ تووشبووانی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەکاندا نییە. ئامۆژگاریی نەخۆش دەکەن، لە ماڵەوە دانیشی و خۆی کەرەنتین بکات، نەک هەر پیر، بۆ گەنجانیش شتێک ناکەن. ئەگەر تەماشایەکی نەخۆشخانەکانی سوێد بکەیت، دەبینیت حەفت دانە نەخۆشخانە تا بڵێی مەزنی تێدایە، هەریەکەیان چمانی شارێکە، دوای ئەوانە دوانزدە دانەی دیکەیان هەن، کە کەمێک لەوانە گچکەترن و دوای ئەوانەش شەش دانەی دیکەیان هەن، کە کەمێک لەوانە گچکەترن. هەر یەک دانە لەو بیستوپێنج نەخۆشخانانە دەشتێکی داگیرکردووە و هەرەیەکەو سەدان ڕاڕەو و ژوور و هەزاران دەسگە و ماشین و کارمەند و چووزانم چی تێدان و پێشکەوتووترین ئامێریان لەبەردەستە، کەچی هاواری ئەوە دەکەن، چێ بکەن و چۆن بەرەوڕووی ئەم پەتایە ببنەوە! سوێدێک سەدان ساڵە، نە جەنگ، نە برسییەتی نە ئاوارەیی و هەڵاتن و نەهامەتی نەدیوە، کەچی دەستەوەستان دەوەستێ و ناتوانێت چارەسەری نەخۆشەکانی بکات و نەخشە و میکانیزمێک بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و بەرگریکردن و ڕاگرتنی کۆرۆنا دانێت. هێشتا هەزار ڕەحمەت لە کوردستانێکی هەژار و کەمئەزموون و کەمئامێر و کەمدەسگە و کەم بژیشک، کە دەتوانێت بڕیار بدات و کار بکات و فریای نەخۆشەکانی بکەوێت و کۆمەک بە هەموویان، بەوەی پێوستی پێیەتی، بێ جیاوازیی بکات.
هەرچی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنایە لە سوێد، سوێدییەکان، لە دەسپێکدا کردیان بە هەرا، کەوا لە ڕێگەی یەک دوو ئێرانییەوە، کە لەئێرانێ ڕا گەڕاونەوە، بڵاوبووەتەوە. ئێرانییەکان هەر ژمارەیەکی یەکجار کەمیان تووش کرد، ئەویش خێزان و ماڵی خۆیان بوون، لێ بڵاوبوونەوەی پەتاکە بە شێوەیەکی بەربڵاو، لە لایەن ئەو سوێدییانەوە بوو، لە چیاکانی ئەلپ و ئیتالیا و نەمسا و فرانسا و سپانیاوە گەڕانەوە و کە بۆ گەشتیاری و ڕابواردن و وەرزش بۆ ئەو دەڤەرانە ڕۆیشتبوون، ئەوانەیشی لەو وڵاتانە بوون و گەڕانەوە، بەشێکیان خەڵکە دەوڵەمەند و وەزشکار و بەناوێکانی سوێد بوون و هەر لە فڕۆکەکانی ڕا، کە پێیان دەهاتنەوە، خەڵکیان تووشی ئەو دەردە کردبوو تا دەگەیشتنەوە شار و گەڕەک و کۆڵان و ماڵەکانی خۆیان، ئەو دیارییەیان دەبەشییەوە. سوێد هەرگیز باسی لەوانە نەکرد، چون بێجگە لەوەی لە چینە دەوڵەمەندەکەن، لە ئەوروپاوە هاتبوونەوە و بۆ ئەمان، سوێدییەکان دیارە لەکن هەموو ئەوروپاییانی دیکەش هەروایە، ناوهێنانی ئەوروپا بە خراپە یا نەخۆش، کارێکی نەکردەیە. ئەوەش گرێدراوی پاشخانە ڕەگەزپەرستییەکەیە، کە لەکن ئەوروپاییان زۆر بە ڕوونی دەبینرێت. سوێد لە هەمبەر ئەو هەموو تووشبووەی لەوانەوە تووش بوون، متەقی نەکرد و خۆش خۆش باسی ئێرانێی دەهێنایە گۆڕێ. خەڵکێکی زۆر لە سوێد بەو پەتایە مردوون و بەشێکی زۆر لەوانە، خەڵکە بیانییەکەن. ڕێژەیەکی زۆر لە سۆمالییەکانی دانیشتووی سوێد مردن. سوێدییەکان، دەسبەجێ، مردنی ئەو سۆمالی بیانیانەی گەڕانەوە بۆ ناڕێکوپێکی هەلومەرجی ژیانیان و سەردانیکردن و هاتوچۆ و پێوەند و تێکەڵاویی گەرمیان لەگەڵ یەکدیدا. سوێدییەکان باس لەوە ناکەن، کە زۆرینەی بیانییەکان، لەبەر هەژاری و دەستکورتی و نەداری، زۆرێک لە خێزانەکان تێکەڵ و لەگەڵ یەکدیدا دەژین. باپیر و داپیر و کوڕ و کوڕەزا، دەتوانن لەگەڵ یەکدیدا بژین، بەڵام سوێدییەکان هەریەکەو دایکم گوتەنی: وەک قازی کوێر، بە تەنێ خۆی، دەژی و ماڵ و جێگەی خۆی هەیە. سەرەڕای ئەوە، ئەو سۆمالی و بیانیانەی دیکە، هەموو کاری دەرێ، کاری خزمەتگوزاری، بەقاڵی، خۆراکفرۆشی، کارگەری چێشتخانە و قاوەخانە و مەیخانە و ئۆتۆبووس و شەمەندەفەر و پاککردنەوە و ئاژۆری و تاکسی و کاری نێوماڵان و خزمەتی پیر و پەککەوتە و پیرخانە و زارۆکخانە و…زۆری دیکەی لەو جۆرە دەکەن، کە ناچارن و هەر دەبێ بڕۆنە دەرێ، بۆ پەیداکردنی پووڵێک و پاروویەک نان، چون ئەو کارانەی ئەوان لە ماڵەوە ناکرێت، وەک ئەوەی بۆ زۆرینەیەک لە سوێدییەکان دەلوێ. ئیدی بە چوونە دەرەوەیشیان، ئەو بیانیانە و لەنێویشیاندا سۆمالییەکان، لەبەر ئەو تێکەڵاوییەیان و خزمەتکردن و گەیاندن بە خەڵکانی جیاواز، بە هۆی کارەکانیانەوە، ئیدی تووشبوونیان بەو پەتایە، لە خەڵکی دیکە، ئاسانتر و خێراتر دەبێت. نزیکەی زۆرترینی سوێدییەکان، کە نێشتەجێی شارانیشن، لە دەرێی شارەکان، لە دەشت، کەنار زەریا و ڕووبارەکان، نزیک بە جەنگەڵەکان، خانووی تایبەتی هاوینە و جێی وچان و پشوودان و ئیسراحەتیان هەن، کە لە شڵەژانێکی وەک ئەمەی ئێستادا، سواری ماشێنەکانیان دەبن دەچنە ئەو جێگەیانە، کە ئیدی دەرد و بەڵایان پێ ناگات. جیاوازیی چینایەتی، ئەگەر تاکە هۆکار نەبێت بۆ دەرد و بەڵا و پەتا و نەگبەتی و بەدبەختی و کێشەکانی جڤاک و مرۆڤ، ئەوا هۆکارێکی هەرەگرنگ و سەرەکیترین هۆکارە.
مرۆڤ ناتوانێت بڵێت ئەم ڤایرۆسی کۆرۆنایە دروستکراوە، لێ بەدەوکارییەکی لەم جۆرە، لە سروشت و بیرکردنەوەی ئیمپریالیزم و نوێلیبرالیزمەوە دوور نییە. تەواوی ئەوەی ڕوو دەدات، شەرعییەتی سەرمایەداری و ئەم جۆرە ڕێژیمانەی چارەنووسی تۆپی زەوی و گەردوون و مرۆڤایەتییان بەدەستە، دەخاتە ژێر پرسیارەوە، ئایا ئیدی کاتی ئەوە نەهاتووە مرۆڤ بیر لە جۆرێکی دیکەی بەرهەمهێنان و سنوودارکردنی بەرهەمهێنانی ناپێویست و ڕۆڵی پتری دەوڵەت لە ئابوورییدا بکاتەوە! ئایا کاتی تووڕهەڵدانی سیستمی سەرمایەداری بە هەموو گەماری و قڕێژی و نامرۆڤایەتییەکانییەوە نەهاتووە و کاتی ئەوە نەهاتووە دەوڵەتی خەڵک، دەوڵەتی جڤاک، دەوڵەتی سۆسیالیستی، مرۆڤدۆست، ژینگەدۆست و خاوەنی ئابوورییەکی نەخشە بۆ دانراو و ئاراستەکراو، بێتە گۆڕێ و بڕێک مەرکەزییەتی تێدابێت! ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە، دیموکراتی و ئازادی، کە ڕۆژاوا هەمیشە خستوونیە و دەیانخاتە پێش هەموو شتێکەوە، بخرێنە دوای نان و لەشساغی و تەندروستی ئاساییشەوە!

27-03-2020
ئەمجەد شاکەلی




ڕێزو ستایش بۆ جه‌نگاوه‌ره‌ نه‌ناسراوه‌كانی دژی كۆرۆنا … د. زاهیر سوران

مێژووی پڕ خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یی كورد، به‌وه‌ ناسراوه‌ كه‌ ئێمه‌ هه‌میشه‌ شه‌ری به‌رگرییمان كردووه‌ دژی دوژمنان و داگیركه‌ران وهه‌رگیز هێرشمان نه‌كردۆته‌ سه‌ر هیچ كه‌س و هیچ وڵاتێك. شه‌ڕی ئه‌م جاره‌شمان وه‌ك جاری جاران شه‌ڕی خۆپاراستن و مانه‌وه‌مانه‌ تا ڤایرۆسه‌كه‌ خۆشه‌ویسته‌كانمانی لێ نه‌سه‌ندوین. ئه‌وه‌ی شایانی باسه‌ میلله‌تان و حكومه‌ته‌كانی دونیا به‌ هه‌موو هێزی سیاسیی، سه‌ربازیی، ئابووریی، زانستیی، پیشه‌یی و ته‌ندروستییانه‌وه‌ رۆژو شه‌ویان ناوه‌ته‌ بان یه‌ك دژی ڤایرۆسی كۆرۆنا. له‌و پێناوه‌شدا ژماره‌یه‌كی به‌رچاو ڕاسته‌وخۆ خۆنه‌ویستانه‌ خۆیان كردۆته‌‌ قوربانی له‌پێناوی خۆشگوزه‌رانی میلله‌ته‌كه‌یاندا ئه‌وانیش ده‌ستكێش له‌ ده‌ست و ده‌مامكداره‌كانی كه‌رتی ته‌ندروستین.

ئه‌و وڵاتانه‌ی كه‌ سیسته‌می ته‌ندروستییان تێدا به‌رقه‌راربووه‌و گوێیان له‌ شاره‌زایان و پسپۆرانی بواری ته‌ندروستی گرتووه‌ هه‌رچه‌نده‌ به‌رپرسیاریه‌تییه‌كی گه‌وره‌و چاره‌نووسسازیان خراوه‌ته‌ سه‌ر شان، وه‌لێ‌ توانایه‌كی كه‌م یان دیاریی كراویان بۆ دابین كراوه یان له‌به‌رده‌ستیاندا بووەو به‌ڵام‌ توانیویانه‌ به‌ر له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌كه‌ بگرن و ژیانی سه‌دان خه‌ڵك له‌ مردن ڕزگار بکەن‌. گه‌ر سه‌یری كارمه‌ندانی ته‌ندروستی وڵاتان بكه‌ین بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ هه‌رچه‌نده‌ ئه‌وان باشترین كه‌لوپه‌لی خۆپاراستنیان له‌به‌رده‌ستدایه،‌ به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ژماره‌یه‌ك له‌ كارمه‌ندانی ته‌ندروستییان تووشی ڤایرۆسه‌كه‌ بوون و یه‌كه‌م پزیشكیش د (Li Wanliang) چینی بووكه‌ به‌ هۆی تووشبوونی به‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا، كۆچی دووایی كرد، هه‌رچه‌نده‌ سه‌ره‌تا ھەندێک لە ناحاڵییه‌كان له‌سه‌ر هه‌قبێژی (د. لی) بەرەوڕووی هه‌ڕه‌شەو سه‌رزه‌نشت‌ بووەوە، پاشتر كاتێك كارله ‌كار ترازاو ڕاستییه‌كان ده‌ركه‌وت و پاشان (د. لی) كۆچی دوایی كرد ئه‌وسا ده‌سته‌ڵات چۆكی بۆ ڕاستیبێژی و هه‌قبێژییه‌‌كانی ئه‌و پزیشكه دا‌دا.

ئه‌وه‌ی شایانی باسه‌ رۆژانه‌ له‌ سه‌رتاسه‌ری دونیادا كارمه‌ندانی ته‌ندروستی به‌ هۆی سه‌رقاڵی و شه‌ونخونییانەوە‌ له‌گه‌ڵ تووشبووان و مردووان به‌ ڤایرۆسه‌كه‌ خۆشیان تووشی ڤایرۆسه‌كه‌ ده‌بن و له‌و پێناوه‌شدا ژماره‌یه‌كیشیان گیانیان له‌ده‌ست داوه‌! له‌ ئیتالیا نزیكه‌ی٤٠ پزیشكیان لێ مردووه‌، ئه‌وه‌ جگه‌ له‌ كارمه‌ندانی به‌شه‌كانی دی. ڕۆژی ٢٨ ی ئادار، ‌ئیتاڵییه‌كان ئاماژه‌یان به‌و راستییه‌ كرد كه‌ هۆی مردنی كارمه‌ندانی ته‌ندروستی و ئه‌و هه‌موو پزیشكه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ نه‌بوون وكه‌می كه‌لوپه‌لی خۆپاراستنی كارمه‌ندی ته‌ندروستی ئه‌ویش به‌ هۆی ئه‌و ژماره‌ گه‌وره‌ تووشبووه‌ی كه‌ له‌ناكاو ده‌ركه‌وت وكارمه‌ندانی ته‌ندروستی شڵه‌ژاند. چونكه‌ نه‌ ئاماده‌بوون بۆ وه‌رگرتنی ئه‌و هه‌موو نه‌خۆشه‌ نه‌ له‌ توانای پزیشك و نه‌خۆشخانه‌كاندا ‌بوون.

ڕۆژی ٢٨ ی ئادار به‌رپرسانی سوید، ئه‌و ڕاستییه‌یان ڕاگه‌یاند كه‌ ژماره‌یه‌ك له‌ كارمه‌ندانی به‌شی گواستنه‌وه‌ به‌ ئامبولانس و هاوكات پزیشكێكیش تووشی ڤایرۆسه‌كه‌ بووه‌ له‌ به‌شی چاودێری وردا، له‌ بارێكی خراپدا گوزه‌ر ده‌كه‌ن و مه‌ترسی هه‌یه‌ ژماره‌یه‌كی زێده‌تر له‌ كارمه‌ندانی ته‌ندروستی تووشی ڤایرۆسه‌كه‌ ببن یان بمرن. لای خۆشمان پزیشكێك له‌ هه‌ولێرو پزیشكی دی له‌ سلێمانی به‌ هۆی بینینی نه‌خۆشه‌وه‌ (تووشبووی ڤایرۆسه‌كه‌وه)‌ تووشی ڤایرۆسه‌كه‌ بوون و ئێستا هه‌ردووكیان ته‌ندروستیان باشه‌. ڕاسته‌ به‌شێك له‌ نه‌خۆشه‌كانمان چاك بوونه‌ته‌وه‌ به‌ڵام نابێت دوو شتی گرنگ له‌ بیر بكه‌ین ئه‌وانیش بریتین له‌ :-

١-ئه‌وانه‌ی چاكبوونه‌ته‌وه‌ له‌شیان به‌رگری دژی هه‌مان ڤایرۆس دروست ده‌كه‌ن.

٢- به‌لام نزیكه‌ی له‌ ١٤% چاكبووه‌وه‌كان له‌وانه‌یه‌ جارێكی دی تووشی ڤایرۆسه‌كه‌ ببنه‌وه‌.

هه‌رچه‌نده‌ وڵاته‌ پێشكه‌وتووەکان‌ له‌نێو ئامبولانسه‌كان و نه‌خۆشخانه‌كانیاندا ته‌واوی و كه‌لوپه‌لی پێشكه‌توویان له‌ به‌رده‌ستا بووه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌م ژماره‌ به‌رزه‌ له‌ كارمه‌ندی ته‌ندروستی تووشبون و كۆچی دوواییان كردووه. لای خۆشمان هه‌موومان ماندووبوونیان ده‌بینین له‌به‌رئه‌وه‌ هیوادارم حكومه‌ت نه‌هێڵێت كه‌لوپه‌لی خۆپاراستنی كارمه‌نده‌‌كانی كوردستان كه‌م ببێته‌وه‌، ده‌بێت هه‌میشه‌ مشوریان بۆ بخوات بۆ ئه‌وه‌ی بیان پارێزین‌ و تووشی ڤایرۆسه‌كه‌ نه‌بن هاوكات ده‌بێت ئه‌وانیش ده‌ستی پێوه‌ بگرن.

ماوه‌یه‌كه‌ زانایانی ڤایرۆس، تێبینی ئه‌وه‌یان كردووه‌ كه‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا گه‌ر جوڵه‌ی نه‌بێت (هۆكاری گواستنه‌وه‌) ئه‌وا له‌ ماوه‌ی ١٤ رۆژاندا چالاكی فره‌ كه‌م ده‌بێته‌وه، له‌ گه‌رمی ٧٠ پله‌دا ٥ خوله‌كدا ده‌مرێت. نزیكه‌ی ٧ رۆژان له‌سه‌رڕووی ده‌ره‌وه‌ی ده‌مامكی پزیشكی ده‌مێنێته‌وه،‌ له‌به‌رئه‌وه‌ له‌وانه‌یه‌ ئه‌وه‌ هۆكارێك بوو بێت بۆ بڵاوبوونه‌وه‌ی له‌ نێوان كارمه‌ندانی ته‌ندروسیتیدا و پێویسته‌ زوو زوو ده‌مامكه‌كانیان بگۆڕن یان پاكژ بكرێنه‌وه‌. هه‌ر ئه‌و زانایانه‌ ئاماژه‌ی پێده‌كه‌ن كه‌ ڤایرۆسه‌كه‌، له‌سه‌ر كاخه‌ز ٣ كاتژمێر ده‌مێنێته‌وه‌، له‌سه‌ر جلوبه‌رگ و ته‌خته‌ نزیكه‌ی ٢ رۆژان ده‌ژی‌، له‌سه‌ر شووشه‌ نزیكه‌ی ٤ رۆژان ده‌ژی، به‌ڵام له‌سه‌ر پلاستێك نزیكه‌ی ٧ رۆژان ده‌مێنێته‌وه‌. (نوفۆستی ٢٠٢٠.٣.٢٩) .ده‌بێت كارمه‌ندانی ته‌ندروستی هه‌وكردنی چاوه‌كانی خۆیان و كه‌سانی دی به‌ هه‌ند وه‌ربگرن له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پسپۆڕانی چاوی ئه‌مێریكایی ئاماژه‌ بۆ ڤایرۆسی كۆرۆنا ده‌كه‌ن كه‌ له‌وانه‌یه‌ ببێته‌ هۆی سووربوونه‌وه‌ و هه‌وكردنی چاوه‌كان (CDC, Mars 28..2020)

پێویسته‌ ئه‌و راستییه‌ بزانن، كه‌ سه‌دان ویژدانداری وه‌ك من خه‌مخۆرتانه‌و به مێشك و‌دڵ له‌ ته‌كتاندایەو هیوادارم كارمه‌ندان وریاتر‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ نه‌خۆشه‌كان، پاكژكردنه‌وه‌ی ئامبوڵانسه‌كان و كه‌لوپه‌له‌كاندا بكه‌ن و ئه‌و‌ كارمه‌نده‌ی گومانی له ‌خۆی كرد كه‌ ته‌ندروستی باش نییه‌، دەبێت بێ دوو دڵی و شه‌رمكردن پێویسته‌ واز له ‌كاره‌كه‌ی بهێنێت و تێستی خۆی بكات، بۆ ئه‌وه‌ی كه‌سانی نزیك خۆی تووش نه‌كات. له‌ كۆتاییدا پێتان ئێژم :هه‌رچه‌نده‌ میلله‌ت و حكومه‌تی ئێمه‌ به‌های خۆنه‌ویسته‌كان و جه‌نگاوه‌ره‌ ونبووه‌كانی نازانێت، به‌ڵام پێویسته‌ ئێوه‌ له‌ هه‌وڵی ڕزگاركردنی ژیانی نه‌خۆشه‌كاندا بن وبه‌رده‌وام كاری مرۆڤانه‌ی پزیشكی خۆتان ئه‌نجام بده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ربه‌رزو ویژدان ئاسووده‌بن له‌به‌رئه‌وه‌ی گه‌ر كا‌رمه‌ندی ته‌ندروستی ویژدانی ئاسووده‌ نه‌بێت هه‌رگیز سه‌ری به‌رز نابێت. هیوادارم ئه‌وانه‌ی له‌ ١ ئاداره‌وه‌ گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ نیشتمان و ‌خۆیان تێست نه‌كردووه، ده‌بێت ئه‌وانیش به‌تەنگ داوای كارمه‌ندانی ته‌ندروستییه‌وه‌ بێن بۆ تێست كردنیان. به‌ڕێزان، ئه‌وه‌ ترس و شه‌رمی ناوێت، هیچ نییه‌ جگه‌ له‌ وه‌رگرتنی بڕێك خوێن، ئه‌ویش بۆ ئه‌وه‌یه‌ به‌ هه‌موومان زه‌رده‌خه‌نەو پێكه‌نین و جوڵه‌ بگه‌ڕێنینه‌وه‌ نێو ماڵه‌‌كان، بۆ ئه‌وه‌ی فشاری ده‌روونی دانیشتوان كه‌م بكه‌ینه‌وه.‌ چونكه‌ ئه‌م كوردستانه‌ هی هه‌موومانه‌ به‌ ده‌نگ، ڕه‌نگ، ئاین و بۆچوونه‌ جوداكانه‌وه‌ جوانه‌و پێشینان جوانیان فەرمووە‌: به‌ یه‌ك ده‌ست چه‌پڵه‌ لێ نادرێت. هیوادارم كارمه‌ندانی وه‌زاره‌ته‌كانی ناوخۆ و پێشمه‌رگه‌ش به‌رپرسانه‌ له‌ كاتی ئه‌ركه‌كانیاندا خۆیان له‌ هه‌موو جۆره‌ به‌ركه‌وتنێك بپارێزن وبه‌ ئاگاییە مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌لومه‌رجه‌ ئاڵۆزه‌دا بكه‌ن كه‌ هاتۆته‌ گۆڕێ له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌وانیش كوڕو كیژی ئه‌م گه‌ل و نیشتیمانه‌ن و قه‌رزارباریانین.

د. زاهیر سوران

پسپۆڕی نه‌خۆشییه‌ درمییه‌كان و گشتییه‌كان، سلێمانی .

٣٠ / ئاداری ٢٠٢٠




ئه‌ستیاگ دوا پادشای ماده‌كان زوحاكی ماربه‌شانی نه‌ورۆز نییه‌ … ڕه‌سوڵ بۆسكێنی

له‌گه‌ڵ هیوای سه‌لامه‌تی بۆ هه‌موو لایه‌ك و ده‌ربازبوون له‌ سه‌رده‌می ڤایرۆسی كۆرۆنا، له‌به‌ر بێ نازی جێژنی نه‌ورۆزی ئه‌مساڵ، ده‌مه‌وێ له‌و باره‌یه‌وه‌ ئه‌م بابه‌ته‌تان پێشكه‌ش بكه‌م، كه‌ له‌ ڕابردوو له‌ چه‌ند وتارێكدا له‌ ڕیشه‌ی جێژنی نه‌ورۆزمان كۆڵیه‌وه‌ و ڕوونمان كرده‌وه‌، كه‌ نه‌ورۆز جێژنێكی كۆنی كورد و به‌سه‌رهاتێكی ئه‌فسانه‌یی كۆنه‌ و ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ زیاتر له‌ چوار هه‌زار ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، لێره‌ ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌ نیه‌ جارێكی تر به‌ ڕوونكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و بابه‌ته‌دا بچینه‌وه‌، ئێستا قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كه‌ین، كه‌ ئاستیاگ و زوحاك به‌یه‌ك ده‌چووێنن، ئه‌وانه‌ی به‌سه‌رهاتی ئه‌فسانه‌یی كاوه‌ و زوحاك نزیك ده‌كه‌نه‌وه‌ بۆ كۆتایی ده‌سه‌ڵاتی ماده‌كان، ده‌نگۆی ئه‌وه‌ بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌ گوایه‌ ئاستیاگ دوا پاشای ماده‌كان، زوحاك یان (ئه‌ژده‌هاك)ی ماربه‌شان بووه‌، هه‌روه‌ها وا ‌باسی (زوحاك و فه‌ره‌یدون و كاوه‌) ده‌كه‌ن، كه‌ فیرده‌وسی له‌ شانامه‌دا وه‌ك ناسیونالیستێكی فارسی شانازی به‌سه‌ركه‌وتنی كۆڕش به‌سه‌ر دوا پادشای ماد ئاستیاگ ی كورد دا ده‌كه‌ن، ده‌ڵێن له‌ ڕووداوی كاوه‌ و زوحاك ده‌بێ كورد پرسه‌ بگێڕێت نه‌ك جێژن بكات، چونكه‌ له‌و ڕۆژه‌دا ئاستیاگ دوا پادشای ماد له‌لایه‌ن كۆڕشی فارسیه‌وه‌ كوده‌تای به‌سه‌ردا كراوه و كۆتایی به‌ ده‌سه‌ڵاتی كو‌رد هێنراوه‌‌، بۆ چیرۆكی (كاوه‌ و زوحاك)یش ده‌ڵێن: ئاستیاگ دوا پادشای ماد ده‌بێته‌ ئه‌ژده‌هاك و به‌رده‌بێته‌ گیانی خه‌ڵك، بۆیه‌ كاوه‌ی ئه‌فسانه‌یی ده‌كه‌نه‌ كۆڕشی فارسی مێژوویی و ئاستیاگ ی دوا پادشای ماد ده‌كوژێت، ئیتر زوحاك= ئه‌ژده‌هاك به‌ ئاستیاگ چوێنن و كاوه‌ به‌ كۆڕش پێناسه‌ ده‌كه‌ن، به‌م بیانووه‌ چیرۆكی ئه‌فسانه‌یی سه‌ركه‌وتنی كاوه‌ به‌سه‌ر زوحاكدا ده‌كه‌نه‌ ڕووداوی مێژوویی سه‌ركه‌وتنی كۆڕش به‌سه‌ر ئاستیاگ دا، ئینجا لێره‌وه‌ بۆ گه‌مارۆدانی جێژنی نه‌ورۆز له‌ چوارچێوه‌ی چیرۆكی (كاوه‌ و زوحاك)دا ژه‌هری مه‌به‌سته‌كه‌یان ده‌ڕێژن، كه‌ بریتیه‌ له‌وه‌ی نه‌ورۆز یادی سه‌ركه‌وتنی كۆرش به‌سه‌ر ئاستیاگ پادشای ماد، سه‌ركه‌وتنی هه‌خامه‌نشیه‌كانه‌ به‌سه‌ر ماددا، واته‌ سه‌ركه‌وتنی فارس به‌سه‌ر كورد دا، لێره‌وه‌ ده‌گه‌نه‌ مه‌به‌‌سته‌ سه‌ره‌كیه‌كه‌یان و هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی كورد ده‌جووڵێنن، كه‌وا نه‌ورۆز جێژنی فارسه‌ و بۆ كورد لاسایی كردنه‌وه‌ی فارسه‌‌، كه‌ ده‌بوایه‌ بۆ كورد پرسه‌ بوایه‌ نه‌ك جێژن، چونكه‌ باسی شكستی كورد و‌ ڕووخانی ئاستیاگ دوا پادشای ماد و ده‌وڵه‌تی ماده‌.
ئه‌م بنه‌ما هه‌ڵه‌یه‌ی‌ هه‌ندێ نووسه‌ر به‌تایبه‌ت بانگخوازه‌ ئیسلامیه‌كان كه‌ به‌لای ئه‌وانه‌وه‌ جێژنی ئاگرپه‌رست و كافره‌كانه‌، ده‌یكه‌نه‌ بناغه‌ی وته‌كانیان بۆ پێناسه‌كردنی ئاژده‌هاك به‌ ئاستیاگ، كه‌ ئه‌مه‌ یه‌كێكه‌ له‌و بیروڕا هه‌ڵه‌ و بێ بناغانه‌ی زۆر له‌ڕاستیه‌وه‌ دووره‌، به‌داخه‌وه‌ ئه‌م قسه‌ بێ بناغه‌یه‌ به‌سه‌ر ڕۆشنبیری كوردیشدا زاڵ بووه‌، به‌بێ بوونی هیچ به‌ڵگه‌یه‌ك جگه‌له‌ لێكچونێكی ڕواڵه‌تی ناوی ئاژده‌هاك و ئاستیاگ، زۆر جاریش بۆ زیاتر له‌یه‌كتر نزیك كردنه‌وه‌ی ناوی ئاستیاگ ده‌كه‌ن به‌ (ئاستیاك). ئه‌مه‌ش ته‌نیا ڕواڵه‌تێكی فریوده‌ره‌ و خۆشیان باش ده‌زانن بۆچوونێكی بێ بناغه‌یه‌، به‌ڵام له‌ شێوه‌ی گوتنی فێڵ ده‌كه‌ن و بۆ لێك نزیك كردنه‌وه‌ و لێكچواندنی ناوه‌كان ئاژده‌هاك به‌شێوه‌ی ئاژد‌یهاك به‌كاردێنن، هه‌روه‌ها ئاستیاگ به‌شێوه‌ی ئاستیاك به‌كاردێنن، بۆ ئه‌وه‌ی ناوه‌كه‌ له‌یه‌كدی بچێت.
ئه‌گه‌رچی له‌وانه‌یه‌ هه‌ندێكیان ته‌نیا قوربانی ئه‌و بۆچوونه‌ بن، به‌ڵام له‌جیاتی ئه‌وه‌ی ڕاڤه‌ و شیكردنه‌وه‌ و به‌دوادا چوونی وردی بۆ بكه‌ن، قسه‌ی بێ به‌ڵگه‌ و بێ بنه‌ما دروست ده‌كه‌ن، بۆ زیاتر چه‌سپاندنی بۆچوونه‌ هه‌ڵه‌كه‌یان، له‌به‌رنامه‌یه‌كدا كه‌سایه‌تیه‌كی به‌رزی ئیسلامی ده‌یوت: كورد نابێ یادی جێژنی نه‌ورۆز بكاته‌وه،‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی جێژنی مه‌جوسه‌كانه‌ و بۆ كوردی موسڵمان دروست نیه‌ یادی ئه‌و جێژنه‌ بكاته‌وه‌.
له‌ نووسینی ئه‌م بابه‌ته‌دا ده‌مانه‌وێ به‌به‌ڵگه‌ی مێژوویی ئه‌م هه‌ڵه‌یه‌ ڕاست بكه‌ینه‌وه‌، به‌هیوای ئه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌وانه‌ی ئه‌م بۆچوونه‌یان به‌هه‌ڵه‌ وه‌رگرتووه‌، یاخود به‌ئه‌نقه‌ست و بۆ شێواندنی بابه‌ته‌كه‌ ئه‌مه‌ ده‌وروژێنن، واز له‌م بیركردنه‌وانه‌یان بێنن، ئه‌گه‌رچی له‌ڕووی زمانه‌وانیشه‌وه‌ ئه‌م دوو ناوه‌ له‌یه‌كتر جیاوازن، به‌ڵام ئێمه‌ لێره‌ خۆمان له‌لایه‌نی زمانه‌وانی ده‌بوێرین و ته‌نیا گرنگی به‌لایه‌نی مێژوویی ده‌ده‌ین و ده‌مانه‌وێ له‌ڕووی مێژووییه‌وه‌ ساغی بكه‌ینه‌وه‌ كه‌ ئاستیاگ دوا پاشای ماد، زوحاك یان ئاژده‌هاك ی دێوه‌زمه‌ی نه‌ورۆز نیه‌، به‌ڵكو ئاستیاگ دوا پادشای ماده‌كان كه‌سایه‌تیه‌كی هێمن و ئاشتیخواز و لایه‌نگیری هه‌ژاران بووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ ڕوون بكه‌ینه‌وه‌، دروست بوونی ده‌وڵه‌تی ماد و ڕۆژگاری فه‌رمانڕه‌واییان ده‌بێ بزانین تا شكستی ئاستیاگ و له‌ناوچوونی ئیمپراتۆری ماد، ڕوونی بكه‌ینه‌وه‌ ماده‌كان كێن، چۆن ده‌وڵه‌ته‌كه‌یان پێكێنا و چۆن گه‌شه‌ی كرد و هۆكاره‌كانی شكست و له‌ناوچوونی ئاستیاگ دوا پادشای ماده‌كان چی بوو؟، لاپه‌ڕه‌كانی مێژوو هه‌ڵده‌‌ینه‌وه و قسه‌ی ئه‌و نووسه‌ر و مێژوونووسانه‌ وه‌ربگرین، كه‌ شاره‌زای مێژووی ماده‌كانن و له‌نزیكترین سه‌رده‌می ئه‌واندا ژیاون و ڕووداوه‌كانیان به‌دروستی تۆمار كردووه‌‌.
به‌سه‌رهاتی ڕۆژگاری ماد له ‌ژێر ده‌سه‌ڵاتدارێتی ئیمپڕاتۆریێتی هه‌خامه‌نشیه‌كاندا له‌ نووسراوه‌ سێ زمانیه‌كانی (پارسی كۆن، عێلامی، بابلی) هه‌ندێ پاشایان و هه‌روه‌ها نووسراوه‌ی گه‌وره‌ی داریوشی یه‌كه‌م له‌ ڕووكاری بێستون ئاوێنه‌ی یه‌كترن…، ئه‌م به‌ڵگه‌ و سه‌رچاوانه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌سه‌رده‌می ڕووداوه‌كانی ماددا نووسراون نرخدارن، به‌ڵام سه‌رچاوه‌كانی ده‌سته‌ی دووه‌م زۆربه‌یان به‌ زمان گێڕدراونه‌ته‌وه‌ و به‌ده‌می بڵاوبوونه‌ته‌وه‌ له‌به‌ر ئه‌مه‌ ئه‌وانه‌ جێگای باوه‌ڕنین و نرخیان كه‌م تره‌، بایه‌خی ئه‌مانه‌ له‌لایه‌ك به‌ستراوه‌ به‌واقیعی باسه‌كه‌وه‌ و له‌لایه‌كی تریش‌ به‌ویژدان و ئه‌مانه‌ت په‌روه‌ری ئه‌و كه‌سه‌ی‌ باسه‌كه‌ ده‌گێڕێته‌وه‌، ئه‌مانه‌ ده‌كرێن به‌چه‌ن به‌شێكه‌وه‌، نووسه‌ره‌ كۆنه‌كانی یۆنان ده‌كه‌ونه‌ ڕێزی یه‌كه‌م له‌ چوارچێوه‌ی كۆمه‌ڵی دواییدا.
یۆنانیه‌كان له‌سه‌رده‌می شه‌ڕی یۆنان و ئێرانیه‌كاندا له‌سه‌ده‌ی پێنجه‌می پێش زاییندا ئاشنایه‌تیه‌كی باشیان له‌گه‌ڵ مێژووی ڕۆژهه‌ڵاته‌وه‌ په‌یداكرد، له‌و شه‌ڕانه‌دا له‌شكری ماده‌كانیش به‌شدار بوون، یۆنانیه‌كان بیریان له‌ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێكی گه‌وره‌ی هاوڕێی خۆیان ده‌كرده‌وه‌، بێ په‌روا په‌نایان ده‌برده‌ به‌ر ڕۆژگاری كۆن و سه‌رده‌می هه‌خامه‌نشیه‌كان به‌سه‌ر چۆنێتی مێژووی ماد و ئاشوورییه‌كان دا تێده‌په‌ڕین.
هێشتا نه‌وه‌ی زۆر له‌ نێوان بنه‌ماڵه‌ به‌رزه‌كانی ماد دا هه‌بوو، به‌شداری ژیانی سیاسی وڵات بوون و زۆربه‌یان له‌ ئیمپڕاتۆریه‌تی هه‌خامه‌نشییه‌كاندا جێگا و مه‌قامی به‌رزیان به‌ده‌سته‌وه‌ بوو، هه‌روه‌ها گه‌لێك له‌مانه‌ له‌گه‌ڵ یۆنانییه‌كاندا په‌یوه‌ندیان هه‌بوو، له‌به‌ر ئه‌وه‌ ده‌بێ بڵێین له‌و كاته‌دا به‌ڵگه‌ و سه‌رچاوه‌ی ڕه‌سمی ده‌وڵه‌تی ماد له‌لایه‌ن ده‌رباری هه‌ندێ پادشاهانه‌وه‌ ئاگاداری ده‌كرا، له‌م ڕێگایه‌وه‌ له‌گه‌ڵ یۆنانیه‌كانیش په‌یوه‌ندییان هه‌بوو.
داخه‌كه‌م یۆنانییه‌كان ده‌ستیان به‌سه‌رچاوه‌كانی ده‌رباری سه‌ڵته‌نه‌تی هه‌خامه‌نشیه‌كان نه‌ده‌گه‌یشت و دیسانه‌وه‌ له‌ كاتێكدا ئه‌سكه‌نده‌ر له‌سێیه‌كی دوای سه‌ده‌ی چواره‌می پێش زایین، ئیمپراتۆریه‌تی هه‌خامه‌نشییه‌كانی تێكدا و داگیری كرد هه‌موو ئه‌و نووسراوانه‌ی ده‌ربار‌ی شاهی له‌ناوچوون.
له‌باره‌ی سه‌ڵته‌نه‌ت و كیشوه‌ری ماده‌وه‌ چه‌ند زانیارییه‌كی تاكه ‌تاكه‌ له‌ نووسینه‌كانی نووسه‌ره‌ یۆنانییه‌كانی سه‌ده‌ی پێنجه‌می پێش زایین هه‌ن. وه‌كو هكاتی میلتی و هارون لامپساكی و دیونیس میلتی كه ‌له‌باره‌ی داریۆشی یه‌كه‌م نووسیویانه‌، هه‌روه‌ها كسانت لیدیائی نووسه‌ری (مێژووی لیدیا) له‌ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی پێنجه‌م ژیاون، ئه‌مانه‌ ده‌رباره‌ی ماده‌كان شتیان وتووه‌، هلانیك نووسه‌ر و مێژوونووس دروست بوونی ماد ده‌به‌ستێ به‌نووسراوی قاره‌مانانی ئه‌فسانه‌كانی یۆنانه‌وه‌، به‌ڵام له‌باره‌ی ڕێكخستنی ته‌واوی مێژووی ماده‌وه‌ یه‌كه‌مجار مێژوونووسی گه‌وره‌ی یۆنان و دامه‌زرێنه‌ری زانیاری مێژوو (هیرۆدۆت هالیكارناسی) له ‌نیوه‌ی دووه‌می سه‌ده‌می پێش زایین دا هه‌وڵ و كۆششێكی زۆری داوه‌. له‌ساڵی 447ی پێش زایین چووه‌ بۆ ئاتن و دواتر سه‌ری له‌ سه‌رزه‌مینی ماد و پارس داوه‌ و چه‌ند نووسینێكی له‌باره‌ی مێژووی نه‌ریت و ڕه‌وشت و هه‌ستان و دانیشتنی ئه‌و كیشوه‌رانه‌ نووسیوه‌ و بۆ ئه‌وه‌ی مێژووه‌كه‌ی ته‌واو بكات زۆر تێكۆشاوه‌.
هه‌رچه‌نده‌ سوودی له‌ نووسینی نووسه‌ره‌كانی پێش خۆی وه‌ك: هكاته‌ و هلانیك و دیونیسدا وه‌رگرتووه‌، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی گشتی پشتی به‌ لێكۆڵینه‌وه‌ و پرسیاركردن و وته‌ی سه‌رزاری خه‌ڵك به‌ستووه‌، بۆ نموونه‌ له‌باره‌ی مێژووی ماده‌وه‌ سوودی له‌ قسه‌ی خانه‌دانه‌كان وه‌رگرتووه‌ به‌تایبه‌تی (زوپیر). ڕه‌نگه‌ سوودی له‌وته‌ی یه‌كێ له‌ نه‌وه‌ی هارپاك وه‌رگرتبێ، كه‌ ناوبراو یه‌كێ له‌ گه‌وره‌ پیاوانی ماد بووه‌ و سه‌د ساڵ پێشتر نه‌خشێكی شوومی له‌تێكدان و له‌ناوچوونی سه‌ڵته‌نه‌تی ماده‌كان یاری كردووه‌، به‌م جۆره‌ شاره‌زاكان توانیویانه‌ زانیاری شێوه‌ ڕاست، به‌تایبه‌تی له‌باره‌ی داستان و به‌سه‌رهاته‌كانی بنه‌ماڵه‌ی خۆیانه‌وه‌ به‌هیرۆدۆت بده‌ن.
له‌باره‌ی نووسینه‌وه‌ی ڕووداوه‌كانه‌وه‌ هیرۆدۆت (باوكی مێژوو) زۆر به‌ئه‌مانه‌ته‌وه‌ باسه‌كانی نووسیوه‌، له‌ هه‌ندێك جێگادا له‌باره‌ی به‌سه‌رهاتێكه‌وه‌ چه‌ند جۆرێك به‌ڵگه‌ی ده‌ستكه‌وتووه‌، به‌راوردی كردوون و ئه‌وه‌ی له‌هه‌موویان زیاتر ڕاست ده‌رچووه‌ (به‌پێی بیری خۆی و ڕۆشنایی سه‌رچاوه‌كان) ئه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردووه‌ و نووسیوێتی، نووسینه‌كانی ئه‌و تازه‌ترین به‌ڵگه‌ی كۆنه‌ شوناسی ڕۆژهه‌ڵات شوناسیه‌ له‌بابه‌تی ورد و بچوكیش كۆڵابێته‌وه‌، یه‌كێك له‌و به‌ڵگانه‌ی ڕاست و دروستی وته‌كانی هیرۆدۆت ده‌سه‌لمێنێ، نووسراوه‌كانی داریۆشی یه‌كه‌م پادشای هه‌خامه‌نشییه‌ له‌ بێستوون، ده‌ركه‌وتووه‌ ئه‌وه‌ی هیرۆدۆت نزیكه‌ی سه‌د ساڵ دوای ڕووداوی مێژووی كوشتنی گئوماتای مغ نوسیویه‌تی و ناوی ئه‌و شه‌ش كه‌سه‌ی ده‌ستیان له‌ كوشتنه‌كه‌یدا بووه‌ و باسی كردوون به‌ڕاست ده‌رچووه‌، ته‌نیا ئه‌وه‌ نه‌بێ له‌ناوی یه‌كێكیاندا تووشی گومان بووه‌ و ناوی یه‌كێك له‌ نزیكه‌كانی داریۆشی هێناوه،‌ ئه‌و یه‌كه‌ش ده‌ستی له‌و كار‌ و كوشتنه‌دا نه‌بووه‌.
كتسیاس كیندی نووسه‌رێكی تری یۆنانیه‌ و له‌پاش هیرۆدۆت هاتووه‌ و ده‌بێ ناوی بهێنین، كتێبێكی مێژوویی به‌ناوی (پریسكا)داناوه‌، كتسیاس پزیشكێكی ده‌ركه‌وتوو له‌ خزمانی (بقراط) بونیادنه‌ری زانستی پزیشكی بووه‌ و له‌ ده‌وروبه‌ری ساڵی 414 پێش زایین ئێرانیه‌كان به‌دیل گرتویانه‌، بردوویانه‌ بۆ ده‌رباری داریوشی دووه‌می پادشای ئێران، ماوه‌یه‌ك له‌ ده‌رگای داریۆشی دووه‌م و ئارده‌شێری دووه‌م بووه‌ و بۆ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ یۆنانیه‌كان سوودی لێ وه‌رگرتووه‌، ئه‌گه‌رچی قسه‌كانی كتسیاس له‌ڕاستیه‌وه‌ دوورن و ڕواڵه‌تێكی ڕێك و پێكیان نیه‌، به‌ڵام له‌باره‌ی دوا شه‌ڕی نێوان ئاستیاگ و كۆرش قسه‌كانی كتسیاس تاڕاده‌یه‌ك له‌ ڕاستیه‌وه‌ نزیكن، هه‌ندێ له‌ نووسنه‌كانی ئه‌و له‌گه‌ڵ سه‌رچاوه‌ بابلیه‌كاندا یه‌كن.
نووسه‌رێكی تری یۆنانی له‌باره‌ی ده‌وڵه‌تی ماده‌وه‌ شتی نووسیوه ‌(كزنفون= گه‌زنه‌فۆن)ه‌، كه‌ به‌ته‌واوی له‌نووسه‌ره‌كانی تر ڕاستگۆتره‌، زانایه‌كی ئایدیالی و پیاوێكی سیاسی خاوه‌ن ڕێز و قوتابی سوقرات و هاوڕێی ئه‌فلاتون بووه‌، له‌هه‌مان كاتدا یه‌كێك له‌ مامۆستایانی وێژه‌ و گفتوگۆی یۆنان، گرنگتر له‌هه‌موو نووسینه‌ مێژوویی و نیوه‌ مێژووییه‌كانی یۆنانه‌ (هانیكا Hellenika) كه‌ دوا به ‌دوای كتێبه‌كه‌ی (فوكیدید) مێژوونووسی گه‌وره‌ باس ده‌كرێ، كزنفون به‌شداری له‌شكركێشیه‌ی كۆڕشی بچووك، له‌ساڵی 401 پێش زایینی ده‌كا، كه‌ كردیه‌سه‌ر ئارده‌شێری دووه‌م.
كزنفون ده‌یزانی (هیرۆدۆت) كه‌ یه‌كه‌م: له‌سه‌رده‌می سه‌ڵته‌نه‌تی ماددا گه‌لێك وڵات و هۆزی‌ سه‌ربه‌خۆی بینیوه‌، كه ‌له‌دواییدا كه‌وتنه‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی (پارس)ه‌ ئێرانییه‌كانه‌وه‌، دووه‌م: له‌وڵاتی ماددا چه‌ند شانشینێك بووه‌ سه‌ر به ‌دوه‌ڵه‌تی ماد بوون، ئه‌و شانشینه‌ سه‌ربه‌خۆیانه‌ له‌ كۆڕشنامه‌دا باسكراون، زۆربه‌یان ئه‌و ساتراپ نشینه‌ ئێرانیانه‌ بوون، كه‌ كزنفون خۆی هه‌ندێكیانی ناسیووه‌ و هه‌ندێكیشیانی له‌چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی ساده‌ و سه‌رپێییه‌وه‌ وه‌رگرتووه‌، وه‌كو شانشینه‌كانی كاپادۆكیه‌ و ئه‌رمه‌نستان و هیركانیه‌ و شوش …هتد.
نووسه‌ره‌ یۆنانیه‌كانی ئه‌م دواییه‌ ته‌نیا نووسینه‌كانی هیرۆدۆت و كتسیاس و هه‌ندێك له‌ نووسینه‌كانی كزنفون و به‌شێكی زۆر كه‌می (بروس)یان باس كردۆته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌و نووسینانه‌ی ئه‌وان له‌باره‌ی مێژووی سه‌ڵته‌نه‌ته‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی كۆنه‌وه‌ نووسیویانه‌ به‌شێكی كه‌می له‌ داستانێكی مێژوویی تردا هه‌یه‌، ناتوانین بیكه‌ین به‌نووسینی هیچ نووسه‌رێك كه‌له‌مه‌و پێش باسمان كردوون.
دوا سه‌رچاوه‌یه‌ك كه‌باسی مادی كردووه‌ و شایانی ئه‌وه‌ بێ باسی لێوه‌ بكرێ، (مێژووی موسی خورنی) – موسس خورناتسی- نووسه‌ری به‌ناوبانگی ئه‌رمه‌نیه‌، كه‌له‌سه‌ره‌تای سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاستدا دایناوه‌ به‌زمانی ئه‌رمه‌نی بووه‌.
موسی خورنی بۆ نووسینی مێژووه‌كه‌ی خۆی له‌چه‌ند سه‌رچاوه‌ی هه‌مه‌جۆر و فراوان وه‌كو ته‌ورات و نووسینی نووسه‌ره‌ یۆنانیه‌كان و سریانییه‌كان و ئه‌رمه‌نیه‌كان سوودی وه‌رگرتووه‌، له‌سه‌رده‌می موسی خورنیدا كه‌ به‌پێی مێژووه‌ به‌ناوبانگه‌كه‌ی له‌سه‌ده‌ی پێنجه‌م و سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی شه‌شه‌می زایینیدا ژیاوه، كه‌ ماوه‌یه‌كی زۆر له‌ سه‌رده‌می ماده‌كان دوور كه‌وتۆته‌وه‌‌، له‌و كاته‌دا لێكۆڵینه‌وه‌ و ڕه‌خنه‌گرتن له‌ناو نووسه‌ره‌ یۆنانییه‌كاندا نه‌بووه‌.
موسی خورنی نه‌یده‌توانی سود له‌سه‌رچاوه‌ پێشووه‌كان وه‌كو نووسینه‌كانی هرۆدۆت و كتسیاس و كزنفون وه‌ربگرێ، به‌ڵام سوودی له‌و نووسینانه‌ی دوایی وه‌رگرتووه‌، ئه‌و سه‌رچاوانه‌یان باس كردووه‌ و باسه‌كانیان له‌وانه‌وه‌ وه‌رگرتووه‌، هه‌ندێك نووسینه‌كانیشی له‌باره‌ی سه‌رده‌می كۆنه‌وه‌ ده‌دوێن زۆر تێكه‌ڵ و پێكه‌ڵن، ئه‌م ئاڵۆزیه‌ هۆیه‌كی تایبه‌ت تری هه‌یه‌، چونكه‌ موسی خورنی به ‌تایبه‌تی پشتی به‌كتێبی كابرایه‌كی سووریه‌یی به‌ستووه‌ و باسی لێوه‌ كردووه‌، ناوی (مارئاباس كارتینا) بووه‌، له‌وه‌ ده‌چێ ته‌نیا ئه‌و له‌باره‌ی ڕۆژگارێكی نزیكه‌وه‌ زانیاری لێ وه‌رگرتبێ (مارئاباس كارتینا) یا (ئه‌و كه‌سه‌، ئه‌م ناوه‌ی بۆ خۆی داناوه‌) خۆی به‌هاوچه‌رخی یه‌كه‌مین پادشای ئه‌شكانی له‌سه‌ده‌ی دووه‌می پێش زایین له‌قه‌ڵه‌م ده‌دا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نووسینه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ نووسینێكی نووسه‌ره‌ كۆنه‌كانه‌ به‌شێوه‌یه‌كی ناڕێك و پێك، كه‌به‌سه‌ریه‌كدا نووسراون و مێژووی ئه‌و نووسینانه‌ ئه‌گه‌ر له‌سه‌ده‌ی سێیه‌می زاینیدا به‌دواوه‌ نه‌بێ پێشتر نییه‌.
موسی خورنی زۆرتر ئه‌و باسانه‌ی نووسیوه،‌ كه‌ مێژوونووسه‌كانی پێشووتر له‌باره‌ی مێژووی ئه‌رمه‌نستانه‌وه‌ نووسیویانه‌، له‌به‌رئه‌مه‌ باسی (تیگرانی یه‌كه‌م) كۆنترین شای ئه‌رمه‌نستان و … كردووه‌، زۆر به‌وردی داویه‌ته به‌ر سه‌رنج و له‌باسه‌كاندا بایه‌خی پێداوه‌، هه‌روه‌ها ناوی (ئاستیاگ)ی به‌ (ئاژده‌هاك) بردووه‌، لێره‌دا له‌ نووسینه‌كانی موسی خورنیدا ده‌رده‌كه‌وێ مێژوونووسی ئه‌رمه‌نی ناوبراو ویستویه‌تی ئه‌و باسانه‌ی له‌سه‌رچاوه‌ یۆنانییه‌كانه‌وه‌ وه‌ریگرتوون، له‌گه‌ڵ باس و به‌سه‌رهاته‌ مێژووییه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتدا په‌یوه‌ست بكات، ئارده‌هاك azi(s)Dahaka– (ماژدهاك)ی ئاوێستا زۆردارێكی ئه‌فسانه‌یی و مارێكی شێوه‌ ئاده‌میزاد له ‌خه‌ڵكی باوری ( Bawri= بابل) به‌ده‌ستی (ثراتیلون= TraiTeuna) (فه‌ره‌یدون( كوژراوه‌، كه ‌له‌ دواییدا وڵاتی ئاژی- ده‌هاك له‌ دوای سه‌رده‌می سه‌رده‌می پارته‌كان به‌ بابل یان داده‌نا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا ناوه‌كان به‌هیچ جۆرێك له‌ (ئاستیاگ) ناچن، ئه‌م ئاڵۆزیه‌ دیسان له‌كۆنه‌وه‌ تووشی ناوی (ئاستیاگ) بووه‌، هه‌ر چۆن بێ ئه‌م قسه‌ بێ بناغه‌یه‌ له‌سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌مدا سه‌ری له‌ گه‌لێك له‌ نووسه‌رانی ئه‌وروپای ڕۆژئاوا شێواندووه‌ و تووشی هه‌ڵه‌ی كردوون، ئاشكرایه‌ موسی خورنی كه‌متر له ‌شاره‌زایان و نووسه‌رانی ئه‌وروپای سه‌رده‌می تازه‌ سه‌رچاوه‌ی یۆنانی ده‌ستكه‌وتووه‌ و خۆی به‌لێكۆڵینه‌وه‌یانه‌وه‌ خه‌ریك كردووه‌، وه‌كو ئه‌و نامانه‌ی یۆنانییه‌كان ده‌ستیان كه‌وتووه‌، له‌باره‌ی ناوی ماده‌كان و (ئاوێستایی) كه ‌له‌سه‌رده‌می ئه‌ودا كۆن بوون‌ ده‌ستگیری نه‌بووه‌، توانای نه‌بووه‌ یانه‌یویستووه‌ ئه‌و نووسراو و سه‌رچاوانه‌ی ده‌ست بكه‌وێت، به‌ڵكو شێوه‌ی نامه‌كانی چۆن بیستووه‌ به‌و جۆره‌ داویه‌ته‌ به‌ر سه‌رنج و باسی كردووه‌.
موسی خورنی نه‌ك هه‌ر سوودی له‌به‌رسه‌رهاته‌ مێژووییه‌كان وه‌رگرتووه‌، به‌ڵكو سوودیشی له‌ داستانه‌ ئه‌رمه‌نییه‌كانیش وه‌رگرتووه‌، له‌داستانه‌كه‌ی (تیگران) قاره‌مان- مێژوونووسان به‌و ‌تیگرانه‌ی ده‌زانن كه‌ كزنفون باسی كردووه‌، به‌هاوكاری له‌گه‌ڵ فه‌ره‌یدون له‌ دژی ئه‌ژده‌هایه‌ك كه‌ (ئاژده‌هاك)ی ناوبووه‌ ڕاپه‌ڕیون، باسی كراوه‌، دیسانه‌وه‌ (ئاژده‌هاك) و (ئاستیاگ) له‌نووسینه‌كانی كزنفون دا هاوچه‌رخی تیگران بوون، موسی خورنی زیاتر به‌هه‌ڵه‌دا بردووه‌.
نووسینه‌ ئه‌رمه‌نیه‌كان و به‌تایبه‌ت كتێبه‌كه‌ی موسی خورنی له‌چه‌ند بوارێكی جۆربه‌جۆردا باسیان كردوون، به‌ڵام جیاكردنه‌وه‌ و لێكۆڵینه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌ ئه‌رمه‌نیه‌كان زۆر گرانه‌، ڕه‌نگه‌ موسی خورنی له‌هه‌ندێ سه‌رچاوه‌ی تایبه‌تی ڕۆژهه‌ڵاته‌وه‌ سوودی وه‌رگرتبێ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا جێگای باوه‌ڕ نییه‌، له‌سه‌ده‌ی پێنجه‌می زایینیدا به‌سه‌رهاتێكی مێژووویی سه‌ربه‌خۆ بۆئه‌وه‌ بشێ پشتی پێ ببه‌سترێ، له ‌باره‌ی سه‌ڵته‌نه‌تی ماده‌وه‌ كه‌ له‌ سه‌ده‌ی پێنجه‌می پێش زایینه‌وه‌ بووبێت، ده‌توانین بڵێین له‌ ڕۆژگاری ساسانیه‌كاندا له‌سه‌ده‌ی سێیه‌م تا حه‌وته‌می زایینی ته‌نانه‌ت بیره‌وه‌ری هه‌خامه‌نشییه‌كانیش به‌رگوێ نه‌ده‌وكه‌وت، له‌جیاتی قاره‌مانانی ئاوێستا وه‌كو (كوی كوات) (كه‌یقه‌باد) و (كوی خسره‌و) (كه‌یخوسره‌و) و (كوی ویشتاسب) (گشتاسب) و پادشایانی تری كۆنی ناوچه‌كه‌ به‌مجۆره‌ باس ده‌كران، سه‌رده‌می سه‌ڵته‌نه‌تی هه‌خامه‌نشیه‌كان له‌داستانه‌ مێژووییه‌كانی ڕۆژهه‌ڵات، له‌سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕست دا به‌ ته‌واوی فه‌رامۆش كرابوو، ته‌نانه‌ت له ‌باره‌ی ده‌وڵه‌تی پارته‌وه‌ هیچ جۆره‌ زانیاری و شاره‌زاییه‌كی ڕوون و ڕاست نه‌بوو.
دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی ماد
له‌باره‌ی ئه‌و سه‌رچاوانه‌ی باسی مێژووی ماد ده‌كه‌ن، به‌داخه‌وه‌ گه‌لێك له‌و سه‌رچاوانه‌ گومان له‌نووسین و باسه‌كاندا په‌یدا ده‌بێت، كه‌ باسی سه‌رچاوه‌یه‌ك یا نووسه‌ره‌كه‌ی ده‌كه‌ین، پێویسته‌ به‌وردی سه‌رنجی نووسینه‌كه‌ و باری ڕۆژگاری نووسینه‌كه‌ و نووسه‌ره‌كه‌ به‌وردی بده‌ین و له‌ڕواڵه‌تی مێژوویی و ئه‌ده‌بی و سیاسی نووسینه‌كه‌ و نووسه‌ره‌كه‌ به‌وردی بكۆڵینه‌وه‌، ده‌بێ ئه‌وه‌ بزانین هه‌ر باسێك له‌ هه‌ر سه‌رچاوه‌یه‌كه‌وه‌ وه‌رگیراوه،‌ چیه‌ و چ نرخێكی هه‌یه،‌ ئه‌گه‌ر به‌مجۆره‌ نه‌بێ ئه‌وا ناتوانین به‌ڕێك و پێكی و ڕه‌وانی بگه‌ینه‌ ئه‌نجام و بیروڕای خۆمان بچه‌سپێنین.
پێویسته‌ سه‌ره‌تا ئه‌وه‌ بزانین سه‌ڵته‌نه‌تی ئاستیاك دوا پادشای ماده‌كان له‌ كوێوه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌، له‌و ڕوانگه‌یه‌وه‌ یه‌كێتی تیره‌كانی ماد سه‌رچاوه‌ و هۆی سه‌ره‌كی پێكهێنانی ده‌سه‌ڵاتی ماد بوون، له‌م بابه‌ته‌شه‌وه‌ قسه‌ زۆر كراوه‌ و هه‌ر كه‌سه‌ بۆچوونێكی ده‌ربڕیوه‌، كه‌ به‌ناوبانگ ترینیان ڕوانگه‌ی هیرۆدۆت مێژوونووسی نێوداری یۆنانی كۆنه‌، ناوبراو كه‌سێك به‌نێوی (دیۆك یا دیاكۆ= دیۆكس یا دیائۆكۆ) به‌مایه‌ی سه‌ره‌كی یه‌كگرتوویی تیره‌كانی ماد و یه‌كه‌م پێكهێنه‌ری ده‌سه‌ڵاتی ماد ناساندووه‌، ئاشكراشه‌ دیائۆكۆ له‌پێشدا سه‌ركرده‌ی یه‌كێك له‌ هۆزه‌كانی ماد بووه‌ و به‌ قه‌ولی كوتوان له‌سه‌رده‌می هێرشی سارگۆنی دووه‌می پادشای ئاشوور بۆ سه‌ر ماننا و ماد، به‌دیل گیراوه‌ و بۆ سوریه‌ دوورخراوه‌ته‌وه‌.
ئه‌و داستانه‌ی “هیرۆدۆت” بۆ به ‌ده‌سه‌ڵات گه‌یشتنی “دیاكۆ” ده‌یگێڕێته‌وه كه‌ له‌نێو هۆزی خۆیدا جێگای ڕێز بووه‌ و له‌ ژیری و ڕێزلێنانیدا به‌ناوبانگ بووه‌ و زۆربه‌ی خه‌ڵكی هۆزه‌كه‌ی خۆی و بگره‌ خه‌ڵكی لاوه‌كیش بۆ كردنه‌وه‌ی گرێی گرفته‌كانیان ده‌چوونه‌ لای و هێدی هێدی قه‌در و ڕێزی له‌نێو هۆزه‌كه‌ی خۆی و خه‌ڵكدا ئه‌وه‌نده‌ به‌رز بۆوه،‌ كه‌ وایان بیرده‌كرده‌وه‌ به‌بێ ئه‌و هیچ گیروگرفتێك چاره‌سه‌ر نابێ، بۆیه‌ كاتێك هاتنه‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنی كه‌سێك بۆ ڕێبه‌ری قه‌وم، هه‌موو یه‌ك ده‌نگ دیاكۆیان هه‌ڵبژارد.
هیرۆدۆت ده‌نووسێ: یه‌كه‌م كاری دیاكۆ ئه‌وه‌ بوو كۆشكێكی به‌خه‌ڵك ساز كرد و چه‌ند پارێزه‌رێكیشی بۆ گرت، دوایش فه‌رمانی دا له‌ ده‌وری كۆشكه‌كه‌ی شارێكی گه‌وره‌ دروست بكه‌ن، تا ببێته‌ ناوه‌ندی ده‌سه‌ڵات، و گه‌لی ماد له‌ هه‌موو شوێنێك بۆ كاروبار و گیروگرفته‌كانیان بێنه‌ ئه‌و شاره‌، كۆشك و شار به‌دڵی دیاكۆ له‌ شوێنی ئه‌مڕۆی (هه‌مه‌دان) دروست كرا و نێویان نا (هه‌نگماتانه‌، هه‌نگماتان یا ئه‌كباتان) به‌ مانای شوێنی كۆبوونه‌وه، له‌ هه‌مان كاتدا ئه‌و بێ غه‌ره‌زی و عه‌داله‌تی كه ‌له‌پێشدا ده‌یكرد درێژه‌ی پێ ده‌دا، ئه‌و له‌ ماوه‌ی 53 ساڵ پاشایه‌تی خۆیدا قه‌ومه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆی یه‌كگرتوو كرد و هه‌موو كۆششی خۆی بۆ ئه‌وه‌ وه‌گه‌ڕخست، كه‌ بناغه‌ی ده‌سه‌ڵاتێكی به‌هێز دابمه‌زرێنێ، بناغه‌ی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی به‌ ناوی “ماد” ده‌ناسرا به‌هێز تر بكا. دیاره‌ دوای ئه‌و كوڕه‌كه‌ی “فره‌ئۆرتیش یا خشتریته‌” كه‌وته‌ بیری داگیركردنی خاكی خه‌ڵكی تر و فراوان‌ كردنی وڵاتی ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆی.
پێویسته‌ فرائۆرتیش كوڕی دیاكۆ له‌دوای باوكی به ‌یه‌كێك له‌ دامه‌زرێنه‌رانی ئیمپراتۆری ماد بزانین، كه‌ به‌ وته‌ی هیرۆدۆت ئه‌ویان به‌كوڕی دیاكۆ زانیوه‌. فراوه‌رتیش كوڕ یا نه‌وه‌ی دیاكۆ به‌زیادكردنی خاكی ئه‌و ئه‌میرنشینه‌ بچووكانه‌ی له‌ ده‌وروبه‌ری خاكی خۆی بوون، چه‌ند هه‌نگاو له‌ پێكهێنانی ده‌وڵه‌تی ماد نزیك تر بووه‌وه‌. به‌هه‌رحاڵ فرائۆرتیش یا خشتریته‌ دوای 22 ساڵ فه‌رمانڕه‌وایی به‌سه‌ر خه‌ڵكی ماددا كوڕه‌كه‌ی كیاكسار شوێنی گرته‌وه‌، به‌وته‌ی هیرۆدۆت ناوبراو له‌شه‌ڕێكدا له‌گه‌ڵ ئاشوورییه‌كان له‌ ساڵی 652 یا 653 به‌رله‌ زایین كوژرا.
ڕووخانی ده‌وڵه‌تی ئاشووری
یه‌كخستنی هۆزه‌كانی ماد له‌ئه‌نجامدا بوو به‌ هۆی دامه‌زراندنی یه‌كێك له‌ ناوه‌كانی گه‌وره‌ی ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی له‌ دنیای ئه‌و سه‌رده‌م و پێكهێنانی ئیمپراتۆری ماد و یه‌كه‌م ده‌سه‌ڵاتی ڕاسته‌قینه‌ و سه‌ربه‌خۆ. له‌و كاته‌ كه‌ ئاشوورییه‌كان زلهێزی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ بوون، هه‌رچی ده‌سه‌ڵاتی ئاشووری به‌سه‌ر ماددا زیاتر ده‌بوو، زه‌مینه‌ی خۆڕاگری و به‌رگری و بیری خۆڕزگاركردن له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئاشوورییه‌كان له‌نێو خه‌ڵكدا زیاتر ده‌بوو.
هه‌موو ئه‌و شوێنانه‌ی ئاشوور له‌ باكوور و باكووری ڕۆژهه‌ڵاتی وڵاتی گرتبوو و له‌ ده‌ستی ده‌رهێنرایه‌وه‌، به‌ڵام سه‌رهه‌ڵدانی ناكۆكی و ناته‌بایی له‌نێو ئه‌و هێزه‌ یه‌كگرتووانه‌ی ماد‌دا به‌هۆی ئاشوورییه‌كانه‌وه‌ هاته‌ئارا و گه‌یشته‌ جێگایه‌ك پاشای ئاشوور په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ سكاییه‌كان به‌ست و كچه‌كه‌ی دابه‌ پادشای سكایه‌كان، تا ئه‌و له‌و یه‌كگرتنه‌ له‌گه‌ڵ ماده‌كان په‌شیمان بكاته‌وه‌، كۆتایی به‌م سه‌ركه‌وتنتانه‌ هێناو بۆ ماوه‌یه‌ك خه‌یاڵی ئاشووریه‌كانی دڵنیا كرد.
پاشای ئه‌سكیته‌كان بۆ پشتیوانی ئاشوورییه‌كان دژی ماده‌كان وه‌ستا، هه‌ر چۆن بێ له‌ ساڵی 625 پێش زاییندا پادشای ماد له‌ ژێر ڕكێفی ئه‌سكیته‌كان ڕزگاری بووه‌، جارێكی تر وه‌كو ده‌وڵه‌تێكی خاوه‌ن هێز و سیاسی گرنگ هاته‌وه‌ ڕوو.
هیرۆدۆت ده‌ڵێ: له‌سه‌ره‌تای حكومه‌تی كیاكساردا پادشای ماد گه‌لێك هۆز و له‌وانه‌ پارسه‌كان له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی دابوون، به‌ڵام له‌ده‌یه‌ی سێیه‌می سه‌ده‌ی حه‌وته‌می پێش زایین پارس (پرسید) وه‌كو پادشانشینه‌ بچووكه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی عیلام و ئه‌ودیو عیلامه‌وه‌ هێشتا به‌سه‌ربه‌خۆیی ده‌ژیا.
سه‌ركه‌وتنه‌كانی ده‌ره‌وه‌ له‌دوای ده‌ركردنی ئه‌سكیته‌كان له‌سه‌رده‌می حكومه‌تی كیاكساردا له‌ دوای ساڵی 616 پێش زایین ده‌ستی پێ كرد، هیرۆدۆت له‌باره‌ی كیاكساره‌وه‌ ده‌ڵێ: ده‌ڵێن ئه‌و …. یه‌كه‌م كه‌سێك بووه‌ هۆزه‌كانی نیشته‌جێی ئاسیای كرد به‌چه‌ند به‌شێكه‌وه‌ و ڕێكیخست.
ڕه‌نگه‌ چه‌ند ده‌سته‌یه‌كی شه‌ڕكه‌ری تری هۆزه‌كانی تری وه‌كو مانناییه‌كان و ئه‌وانی تر، ئه‌وانیش له‌ ساڵی 612 پێش زایین له‌ناو له‌شكری سه‌ركه‌وتوی مادا بووبن، به‌م هۆیه‌وه‌ سه‌ركه‌وتنی ماد به‌سه‌ر سه‌ركه‌وتنی ته‌واو هۆزه‌كانی ئاسیای نزیك دابنێین، ئیتر كیاكسار بیری له‌وه‌ كرده‌وه‌ باسكی به‌هێزی ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی به‌كاربێنێ له‌ دژی زۆر و سته‌می ئاشوورییه‌كان.
(بروس) مێژوونووسی بابلی ده‌نووسێ: نه‌بوپلاسار پێش شه‌ڕ له‌و هاوپه‌یمانیه‌ ده‌گه‌ڕا له‌سه‌ر بنه‌مای دۆسایه‌تی له‌گه‌ڵ هوخشتره‌ (كیاكسار) هه‌یبوو، له‌ وتوێژێكدا بوونه‌وه‌ هاوپه‌یمان و كچی هوخشتره‌ به‌ناوی (ئه‌مێئی ئیدا)یان داوه‌ به‌ (نه‌بو كدنه‌سر= نه‌بوخودنه‌سر)ی كوڕی نه‌بوپلاسار، به‌مه‌ هاوپه‌یمانی و دۆستایه‌تیه‌كه‌ پته‌و تر بوو، نه‌به‌پلاسار بۆ یه‌كگرتن دژی ئاشوور ڕووی لێنا و دوایه‌ش ماده‌كان ئه‌و كاره‌یان به‌ئه‌ركی خۆیان زانی و بۆ ئه‌نجامدانی له‌ زاگرۆس تێپه‌ڕین و له‌ داوێنی ڕۆژئاوای زاگرۆس له‌ دیجله‌ په‌ڕینه‌وه، دیواری ده‌وری ئاشووریان تێك ڕووخاند و شاری پیرۆزی (ئاشوور) یان گرت، كه‌ هه‌موو ده‌ستكه‌وتی ئاشووری تێدابوو، ئه‌وه‌ی له‌ تاڵان و بڕۆی چه‌ند سه‌ده‌ی وڵاتانی دراوسێ كۆیان كردبووه‌وه‌ هه‌مووی له‌وێ دابوو.
ڕووخانی نه‌ینه‌وا له‌لایه‌ن ماده‌كانه‌وه‌، له‌ مانگی ئوت ی ساڵی 612 پێش زایین بووه‌، گرتنی ئه‌و شاره‌ كه‌چه‌ندین سه‌ده‌ ناوه‌ندی ده‌سه‌ڵاتداریه‌تی هه‌موو ئاسیای ڕۆژئاوا و پایته‌ختی زاڵمانه‌ترین حكومه‌ته‌كانی دنیا بوو، وای به‌حاڵی شارێك كه‌ پڕ له‌ ته‌ڵه‌كه‌ و تاڵان و تایبه‌تمه‌ندیی لێ دوورناكه‌وێته‌وه‌، شه‌قه‌ی شه‌للاق و گڕه‌ی تایه‌ی عه‌ره‌بانان و ته‌په‌ته‌پی سمی ئه‌و ئه‌سپانه‌ی تاوده‌درێن، گوێی فه‌له‌ك كه‌ڕ ده‌كه‌ن، بریقه‌ی شمشیران ده‌دره‌وشێن و نووكه‌ ڕمان تروسكه‌یان دێ، كوژراو یه‌كجار زۆرن و ته‌ پۆلكه‌ی ته‌رمان به‌رچاو ده‌كه‌وێ، به‌واتایه‌كی تر له‌ جه‌نازه‌ی كوژراوان ته‌پۆلكه‌ سازبووه‌، هات و هاواری بڕانه‌وه‌ی ئاو وه‌سه‌ر ئاخ گه‌ڕاوه‌ و كه‌نیزه‌كان به‌دیل گیراون و هه‌ر كه‌س له ‌توانای دابووه‌، چه‌ك هه‌ڵگرێ كوژراوه‌ و ئه‌وانی دیكه‌ش كران به ‌كۆیله‌…‌، داگیركه‌رانی ئاشوور نینه‌وایان وێران كرد، كه‌له‌سه‌ر گۆی زه‌وی نه‌ما و هه‌موو سه‌روه‌ت و سامانی ئه‌و شاره‌یان بۆ ئه‌كباتان (هه‌مه‌دان) نارد و به‌م شێوه‌یه‌ نه‌ینه‌وا بۆ هه‌میشه‌ له‌ناو چوو. شای ئاشوور كه‌ فه‌رمانڕه‌وای دنیایه‌ك بوو، كۆشكی ئیمپراتۆری ئاورتێبه‌ردا و خۆی و بنه‌ماڵه‌كه‌ی له‌نێوگڕی ئاگردا سوتان. به‌ڵام تا ساڵی 609ی پێش زایین به‌ پچڕپچڕی شه‌ر به‌رده‌وام بوو.
بیستی ئه‌یلول (سه‌ره‌تای سپتامبه‌ر)ی 612ی پێش زایین كیاكسار گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ ماد، نا‌بوپلاسار له‌ كه‌لاوه‌ وێرانه‌كانی نه‌ینه‌وادا مایه‌وه‌ و له‌شكره‌كه‌ی هه‌روه‌كو جاران په‌لاماری ئاواییه‌كانی ناوچه‌ دانیشتووه‌كانی ئاشووریان ده‌دا و تاڵانیان ده‌كردن. له‌كاتێكدا له‌شكری بابلیه‌كان به‌دوا پاشماوه‌كانی ئاشووردا له‌ حه‌ڕان له‌شه‌ڕ دابوون، له‌هه‌مان كاتدا ماده‌كان به‌سه‌ختی له‌ ئوراتویان دا و گه‌یشتنه‌ (نوشیا) و پایته‌ختی كیشوه‌ره‌كانیان له‌كه‌ناری ده‌ریاچه‌ی وان بوو، ده‌وڵه‌تی ئورارتویان داگیركرد، پادشای ماد نه‌ك ته‌نیا ئیمپڕاتۆریه‌تی ئاشووری له‌ناوبرد، به‌ڵكو پادشاییه‌كانی ماننا و ئه‌سكیت و ئورارتوشی هێنایه‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆی، ئه‌مه‌ خۆی سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره‌بوو.
به‌قسه‌ی هیرۆدۆت له‌ دوای ڕزگار بوونی ماد له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئه‌سكیته‌كان له‌ساڵی 625 پێش زایین، كه‌ ئه‌سڵی ئه‌سكیته‌كان به‌ڕای زۆربه‌ له‌ قه‌فقازه‌وه‌ هاتبن، بۆ كه‌ناره‌كانی ده‌ریای ڕه‌ش، ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ ئه‌سكیته‌ بیابان نشینه‌كان له‌ئه‌نجامی شه‌ڕی ناوخۆیی چوونه‌ خاكی ماده‌وه‌، به‌ڵام به‌شێك له‌وانه‌ به‌هۆی ناكۆكی ناوخۆیانه‌وه‌ له‌ شوێنی خۆیان مانه‌وه‌ و له‌سه‌ر ئاره‌زووی خۆیان سه‌ریان بۆ كیاكسار دانه‌واند، له‌و سه‌رده‌مه‌دا كیاكسار كوڕی فرائورت كوڕی دیوك حوكمی ماده‌كانی ده‌كرد، ئه‌و له‌سه‌ره‌تاوه‌ داخوازی ئه‌سكیته‌كانی قبوڵ كرد، كه‌ داوای یارمه‌تیان لێ كردبوو، ته‌نانه‌ت كوڕه‌كانی بۆ فێربوونی زمان و پیلانی تیرئه‌ندازی نارد بۆ لای ئه‌وان، به‌ڵام قینی كیاكسار له‌ پاشای ئه‌سكیته‌كان به‌هۆی په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ پاشای ئاشوور بوو مایه‌ی غه‌زه‌بی كیاكسار، ئه‌و كاته‌ كیاكسار له‌ خۆیه‌وه‌ پادشایانی ئه‌سكیتی ڕه‌نجاند و ئه‌وانیش تۆڵه‌ی خۆیان لێ سه‌ند و له‌جیاتی گۆشتی ڕاو گۆشتی یه‌كێ له‌و لاوانه‌یان پێداوه‌ كه‌ بۆ فێربوونی هونه‌ر هاتبوون بۆ لایان، له‌ دواییدا له‌دژی كیاكسار به‌په‌له‌ چوون بۆ لای ئالیات كوڕی سادیات له‌ ساردیس.
كیاكسار داوای خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دانی ئه‌سكیته‌كانی لێ كرد، به‌ڵام پادشایانی لیدی‌ به‌تایبه‌ت ئالیات نزیكه‌ی له‌ساڵی 617 تا 561 پێش زایین له‌ كۆنه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌سكیته‌كاندا په‌یوه‌ندی دۆستانه‌یان هه‌بوو، چونكه‌ دوژمنی كیمیرییه‌كان بوون، به‌م هۆیه‌وه‌ ئه‌و داوای كیاكساری دایه‌ دواوه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ شه‌ڕ له‌نێوان ماد و لیدییه‌كاندا ده‌ستی پێكرد و زیاتر له‌ پێنج ساڵی خایاند، واته‌ له‌ ساڵی 590 تا 585ی پێش زایین درێژه‌ی كێشا.
له‌م شه‌ڕه‌دا هه‌ر جاره‌ی یه‌كێكیان سه‌رده‌كه‌وتن، هه‌ندێك جار وا ڕووی ده‌دا له‌شكره‌كانی ئاسیای بچووك ده‌چوونه‌ ناو خاكی ئاسیای نزیكه‌وه‌، به‌مجۆره‌ ماده‌كان توانیان له‌شكری ئالیات به‌ره‌و ڕۆژئاوا بكشێنه‌وه‌ دواوه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا چونكه‌ شه‌ڕكه‌ره‌كانی ماد له‌و شه‌ڕانه‌ی ساڵانی دواییدا زۆر ماندووببوون، نه‌یانتوانی به‌ ته‌واوی سه‌ركه‌ون و له‌ 28ی مانگی (؟) ساڵی 585ی پێش زایین له‌كاتی شه‌ڕكردن له‌گه‌ڵ لیدیه‌كاندا ڕۆژ گیرا، هه‌ردوولا ڕایان وابوو ئه‌م ڕووداوه‌ غه‌زه‌بی یه‌زدانه‌ و نیان كردنێكی جیهانی سه‌ره‌وه‌یه‌، ڕێكه‌وتن ده‌بێ سولح بكه‌ن و ئاشت ببنه‌وه‌، ئینجا به‌هۆی ناوبژی كردنی بابل و كیلیكیه‌ په‌یمانی ئاشت بوونه‌وه‌یان به‌ست و سنووری نێوان لیدی و ئیمپڕاتۆریه‌تی ماد به‌ درێژایی ڕووباری گالیس (قزل ئیرماكی ئێستا) دیاریكرا، ئه‌م په‌یمانه‌ به‌وه‌ی ئه‌ستیاگ كوڕی كیاكسار ئاریانیای كچی ئالیاتی خواست مه‌حكه‌م تر بوو، هه‌موو ناكۆكیه‌كان له‌بیرچوونه‌وه‌، و له‌ناوا لابران، ڕه‌نگه‌ په‌یمانی ئاشتی به‌هۆی كیاكسارخۆیه‌وه‌ نه‌به‌ستراوه‌، به‌ڵكو به‌هۆی كوڕه‌كه‌یه‌وه‌ ئاستیاگ به‌ستراوه‌، چونكه‌ كیاكسار به‌و خاكه‌ی خستیه‌ ژێر ده‌ستی خۆیه‌وه‌، سنووری ئیمپڕاتۆرێتی مادی تا ئه‌و جێگایه‌ی فراوان كرد،‌ هه‌رگیز له‌وه‌ به‌ولاوه‌ تێنه‌په‌ڕی، هه‌ر له‌ هه‌مان ساڵدا له‌دنیا ده‌رچوو.
ده‌وڵه‌تی ئیمپڕاتۆری ماد
دوای ئه‌م هه‌موو سه‌ركه‌وتنتانه‌ی ماده‌كان به‌دوای یه‌كدا سنووری ئیمپراتۆری ماد زۆر فراوان بوو، ماننای پێشوو (ئازربایجانی ئێران) ناوه‌ندی ئابووری و فه‌رهه‌نگی ئیمپراتۆریه‌تی ماد بوو، هیرۆدۆت به‌م جۆره‌ باسی ڕێكخستنی ئیمپڕاتۆریه‌تی ماد ده‌كات، له‌سه‌رده‌می فارمانفه‌رمایی ماددا هۆزێك حوكمی به‌سه‌ر هۆزێكی تردا ده‌كرد و ماده‌كانیش حوكمیان به‌سه‌ر هه‌موویاندا ده‌كرد، به‌ر له‌هه‌موو به‌سه‌ر ئه‌و هۆزانه‌دا له‌وانه‌وه‌ نزیك تر بوون، ئه‌وان به‌سه‌ر دراوسێكانیاندا و دراوسێكانیشیان به‌سه‌ر هاوسنووره‌كانیاندا، سه‌رچاوه‌ عیبریه‌ كۆنه‌كان له‌باره‌ی پادشای ماده‌وه‌ قسه‌یان كردووه‌ و نووسراوه‌ بابلیه‌كه‌ی (نابونید) ئه‌ویش باسی ماد و ئه‌و پادشایانه‌ی سه‌ر به‌وان بوون باسی كردوون.
ماد یان پادشایی ماد له‌پادشایه‌ كۆنه‌كانی ماد و ماننا و ئه‌سكیت پێكهاتبوو، به‌م هۆیه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی هیرۆدۆت جگه‌له‌ ماد پاریكانیه‌كان، و ئورتوكوریبانییه‌كان، كه‌هه‌مان دانیشتوانی پادشای پێشووی ئه‌سكیت بوون، به‌ڵام سه‌رچاوه‌ی ناوبراو مه‌به‌ستی له‌ (پاریكانیه‌كان) به‌شێك له‌ دانیشتووانی پادشایی ماننا بوون، كه‌هێشتا به‌ته‌واوی له‌گه‌ڵ ماد تێكه‌ڵاو نه‌ببوون، دیسان به‌شێك له‌ ساتراپ نشینه‌كانی ماد ناو ده‌بات، له‌ نووسراوه‌كه‌ی بێستوندا ده‌ڵێ: شاری ئاشووری (ئاربل) ئه‌ویش به‌شێك بووه‌ له‌ خاكی ماد، له‌وته‌كانی (گه‌زنه‌فۆن) (ئاناباسیس) به‌شێوه‌كی گشتی زه‌وی و زاری ئه‌سڵی ئاشوور ببوو به‌به‌شێك له‌ خاكی ماد، دوایش خه‌ڵك به ‌به‌شێك له‌ خاكی مادیان ناوده‌برد، وڵاتی پێشووی ئاشوور كه‌ روی و زاموا و پارسوا و بیت هامبان و كیشه‌سو و خارخار ئه‌مانه‌ش ببوون به‌به‌شێكی وڵاتی ماد.
ماد له‌ ژوورووی ڕۆژئاواوه‌ تاڕاده‌یه‌ك ده‌سه‌ڵاتی په‌یداكردبوو، هه‌ندێك له‌ زه‌وی و زار و دانیشتوانه‌كانیان له‌ هوری و ئۆرارتۆیی و (ماتیانی) بوون، له‌وه‌ ده‌چێ له‌ ڕۆژئاوای ده‌ریاچه‌ی ورمێوه‌ له‌ ده‌راوی ئاراس نیشته‌جێ بوون، هێنابوونیه‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆیانه‌وه‌، هیرۆدۆت دووباره‌ی ده‌كاته‌وه‌ شانشینی ماد له‌گه‌ڵ ساسپیریان- واته‌ هۆزه‌كانی ئیبری و گرجی هاوسنوور بووه‌، دوایی ناوچه‌كانی ئاوڕێژگه‌ی (قزل ئوزون) هۆزه‌كانی كادوسی و كاسپی تیانیشته‌جێ بوون، كه‌ هێشتا نه‌هاتبوونه‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی ماده‌وه،‌ به‌به‌شێكی ئه‌و سه‌رزه‌مینه‌ ده‌ژمێردران، دیاری كردنی سنووره‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ماد گرانه‌، ئێمه‌ وا ده‌زانین ئه‌و سنوورانه‌ به‌جۆرێك بووه‌ به‌شێك بووه‌ له‌سه‌ر زه‌مینی ئاینده‌ی پارت، ئه‌ویش پارچه‌یه‌ك بووه‌ له‌ خاكی ماد.
سه‌رزه‌مینی هۆزی ساگارتیه‌كان ئه‌ویش به‌شێك بووه‌ له‌ خاكی ماد، له‌ كێو و بیابانه‌كانی ناوه‌ندی ئێران (ڕۆژهه‌ڵاتی ئێرانی ئێستا) ده‌ژیان، دوایی ئه‌م ناوچه‌یه‌ كه‌وته‌ سه‌ر وڵاتی پارت. له‌ده‌روبه‌ری ماددا چه‌ند سه‌رزه‌مینێكی خودموختاری و شانشینی و هۆز و حاكمنشین بووه‌ به‌ڕێوه‌به‌ره‌كانیان ماد بوون. به‌ڵام ئه‌مانه‌ به‌شێك نه‌بوون له‌ خاكی ماد، ده‌وڵه‌تی ماد سنووری زه‌وی و زاری خۆی تاڕاده‌یه‌ك ئاشكرا نه‌بووه‌. ئه‌م هه‌موو خاكه‌ پان و به‌رینه‌ بێ ڕكابه‌ر كه‌وته‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئیمپراتۆریه‌تی ماد، به‌ فه‌رمانڕه‌وایی ئاستیاگ.
سه‌رده‌می سه‌ڵته‌نه‌تی ئاستیاگ
بۆ ئه‌وه‌ی به‌ دروستی به‌ ئه‌نجامی ڕووداوه‌كانی سه‌رده‌می سه‌ڵته‌نه‌تی ئاستیاگ بگه‌ین، ده‌بێ لاپه‌ڕه‌ی كتێبی ئه‌و مێژوونووسانه‌ هه‌ڵده‌ینه‌وه‌ كه‌ به‌ وریاییه‌وه‌ ڕووداوه‌كانیان تۆمار كردوون، ئه‌وه‌ ڕوونه‌ هه‌رچه‌ند‌ ئه‌و ڕووداوانه‌ له‌سه‌رده‌می ژیانی نووسه‌ره‌وه‌ نزیكتربن، زۆر تر له‌ ڕاستی ده‌چن، به‌م هۆیه‌وه‌ ده‌توانین پشت به‌ مێژووی سه‌ده‌ی پێنجه‌می پێش زایینی زیاتر ببه‌ستین، تاكو مێژووی سه‌ده‌كانی دوایی.
سه‌رچاوه‌ بابلیه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ڕاستن، به‌ڵام له‌باره‌ی ڕووداوی كۆتایی سه‌ڵته‌نه‌تی ئاستیاگ‌ زۆر شپرزه‌ و ناڕاستن. ده‌بێ بڵێین له‌باره‌ی ڕووداوه‌كانی سه‌ڵته‌نه‌تی ناوبراو‌، هه‌رچۆن بێ تا سه‌ره‌تای جه‌نگ له‌گه‌ڵ پارسه‌كاندا، زۆر سه‌خته‌، به‌ڵام ئه‌و سه‌رچاوانه‌ به‌شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆ تا ڕاده‌یه‌ك شتێك به‌ده‌سته‌وه‌ ده‌ده‌ن، به‌هۆی ئه‌وه‌وه‌ ده‌توانین باری ناوخۆ و كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی سه‌رزه‌مینی ماد له‌ سه‌ده‌ی شه‌سشه‌می پێش زایین بێنینه‌ به‌رچاومان، له‌م ڕووه‌وه‌ سه‌رچاوه‌كان جیاوازیان له‌نێودا نیه‌.
له‌سه‌رده‌می سه‌ڵته‌نه‌تی ئاستیاگ دا سنووری پان و پۆڕی ئیمپراتۆری ماد هێنده‌ فراوان بوو، باسێك له‌ داگیركردن نه‌مابوو، ئه‌م سنووره‌ فراوانه‌ پێویستی به‌ هاتنه‌ ئارای دۆخێكی هێمن و ئاشتی و‌ ئاسایی كردنه‌وه‌ی بارودۆخه‌كه‌ هه‌بوو، هیرۆدۆت ده‌ڵێ: له‌سه‌رده‌می سه‌ڵته‌نه‌تی ئاستیاگ دا هیچ جۆره‌ شه‌ڕێكی گه‌وره‌ نه‌كراوه‌ و هیچ شوێنێك داگیر نه‌كرا، له‌و سه‌رده‌مه‌دا حكومه‌تێكی به ‌ده‌سه‌ڵات و خاوه‌ن پادشا له ‌ماد، ته‌نیا مه‌رجی به‌ربه‌ره‌كانێی گه‌وره‌كان و پشتبه‌ستن به‌خه‌ڵكه‌ ئازاده‌كان ده‌یتوانی بێته‌دی. ئاستیاگ ده‌یویست وڵات به‌ ئاشتی و هاوكاری خه‌ڵكه‌ هه‌ژاره‌كان به‌ڕێوه‌ ببات، خانه‌دان و گه‌وره‌ پیاوه‌كانی پشت گوێ خست، هیرۆدۆت ده‌ڵێ: ئاستیاگ سه‌باره‌ت به‌ پیاوه‌ گه‌وره‌كانی ماد یان (یه‌كه‌مین كه‌سانی نێو ماده‌كان) بێ به‌زه‌یی بووه‌، و پاشماوه‌كانی پادشایانی دهیوپتی Dahypati یش هه‌ر وا بووه‌.
ئاستیاگ له‌ سیاسه‌تی خۆیدا له‌ ئامۆژگاری و ئایینی موغه‌كان سوودی وه‌رده‌گرت، به‌پێی وته‌ی هیرۆدۆت موغه‌كان لای ئه‌و ڕێزیان گیراوه‌ و ئاستیاگ زۆر جار پرسوڕای پێ كردوون، ئه‌و ئامۆژگاریانه‌ به‌پێی وته‌ی (ئی، م، دیانۆكۆف)‌ له‌و سه‌رده‌مه‌دا هێشتا له‌گه‌ڵ نه‌ریتی سه‌ره‌تایی به‌ناوی زراتوشترا ناوده‌برا زۆر جیاواز نه‌بوون، زۆر جێگای سه‌رنجی خه‌ڵكی بوون.
ئاستیاگ له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌ی زراتوشترا موغه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ له‌ده‌وری كۆبوونه‌وه‌ و خزمایه‌تیان بووه‌، ئه‌وه‌مان له‌یاد نه‌چێ به‌رله‌زه‌رده‌شت پاشاكان خۆیان كاهن بوون، له‌ئه‌نجامدا قودره‌ت و ده‌سه‌ڵات و ناویان له‌ پله‌یه‌كی ئایینی دابوو، به‌م جۆره‌ ئه‌و تاكه‌ ئایینه‌ی موغه‌كان نوێنه‌ری بوون، هه‌رچۆنێك بوو گه‌لێك بایه‌خی بۆ پادشایانی ماد هه‌بوو.
هه‌ڵبژاردنی ئاسپیتام مێردی ئامیتیدا كچی ئاستیاگ بۆ جێنشینی له‌نێوان خه‌ڵك و خاوه‌ن كۆیله‌كان كه‌ لایه‌نگیری ئاستیاگ بوون، له‌لایه‌ك و گه‌وره‌ پیاوان و سه‌رپێچیكاره‌كان له‌لایه‌كی تر‌ به‌ربه‌ره‌كانێ و ناكۆكی زۆری هێنا، به‌تایبه‌ت له‌سه‌رده‌می سه‌ڵته‌نه‌تی ئاستیاگ دا هیچ جۆره‌ شه‌ڕێكی گه‌وره‌ نه‌كراوه‌ و هیچ شوێنێك داگیر نه‌كرا، له‌ئه‌نجامدا گه‌وره‌ و كاربه‌ده‌ستانی له‌شكر بێ كار و ده‌ست به‌تاڵ مانه‌وه‌ و هیچ جۆره‌ تاڵانیه‌كیان له‌م ڕێگایه‌وه‌ ده‌ست نه‌كه‌وت و به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانیان ته‌واو شكستی هێنا بوو، له‌به‌رئه‌وه‌ به‌توندی به‌رهه‌ڵستی پادشا وه‌ستان و كه‌وتنه‌ گله‌یی و گازه‌نده‌ و جموجۆڵ له‌ دژی ئاستیاگ، هه‌رچۆن بێ له‌ كیشوه‌ری ئاشووریشدا هه‌ر به‌م جۆره‌ بوو.
هیرۆدۆت خۆی ده‌ڵێ: ئاستیاگ هارپاك ی كرد به‌ فه‌رمانده‌ی له‌شكری ماده‌كان، له‌م ڕووه‌وه‌ هیرۆدۆت وته‌ی ده‌ست و پێوه‌نده‌كانی – هارپاك-ی نووسیوه‌ته‌وه‌، به‌وته‌ی ئه‌و به‌ر له‌ شۆڕشی پارسه‌كان له‌لایه‌ن گه‌وره‌كانی ماده‌وه‌ كۆبوونه‌وه‌ و جموجۆڵ ده‌ستی پێكرد، له‌ دژی سه‌ڵته‌نه‌تی ئاستیاگ، كه‌ هارپاك ده‌یمه‌‌زراند بوو، به‌هۆی ئه‌وه‌ی زۆر له‌ ئه‌ستیاگ ڕه‌نجا بوو.
كۆڕش یه‌كه‌مین كه‌سی خانه‌دانی هه‌خامه‌نشی، كه‌ باوكی كۆڕش كه‌مبۆجیه‌ی یه‌كه‌م و باپیری ئه‌و كۆڕشی یه‌كه‌م له‌ زنجیره‌ی پاشایان بوون، كۆڕش به‌رله‌ نه‌خۆشی و مردنی باوكی ماوه‌یه‌ك له‌ ده‌رباری ماد ژیاوه‌ و به‌شداری له‌شكركێشیه‌كانی ماده‌كانی كردووه‌، ‌له‌سه‌ره‌تای شه‌ڕدا چه‌ند ساڵ بووه،‌ له‌سه‌ر سه‌ڵته‌نه‌تی پارس یان جێنشینی كه‌مبۆجیه‌ی دووه‌م بووه‌.
به‌پێی وته‌ی كتسیاس كۆڕش ئه‌و كاته‌ی له‌ده‌رباری ئاستیاگ دابووه‌، ‌له‌لایه‌ن ئه‌ستیاگه‌وه‌ به‌نوێنه‌ری چوو بوو بۆلای پێشه‌وای كادۆسیه‌كان، ئه‌مانه‌ هۆزێكی گرنگی سه‌ربه‌خۆ بوون، له‌ چیاكانی خوارووتری ڕووباری ئاراس، كۆڕش (ئیبار)ی مه‌یته‌ری له‌گه‌ڵ خۆیدا برد، كه‌ له‌وه‌به‌ر وه‌كو كۆیله‌ ده‌ستگیر كرابوو، ئیبار داخی زۆری به‌رامبه‌ر به‌ماد له‌ دڵ دابوو، له‌به‌رئه‌وه‌ كۆڕشی هاندا بۆ ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات له‌ده‌ست ماده‌كان ده‌ربێنێت و بكه‌وێته‌ ده‌ست پارسه‌كان.

به‌ڕای زۆربه‌ی مێژوونووسان پێكهێنانی پێشه‌كی كاره‌كان دژی ئاستیاگ، كۆبوونه‌وه‌ و جموجۆڵی چینه‌كانی ناوه‌وه‌ی گه‌وره‌كانی ماد به‌ده‌ستی هارپاگ و له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ هاندانی هۆزه‌ جۆربه‌جۆره‌كان بۆ ناو شۆڕش به‌هۆی ئیباره‌وه‌ بووه‌.
هه‌روه‌ها به‌وته‌ی كتسیاس ڕووداوه‌كانی دواتر به‌م جۆره‌یه‌، كۆڕش له‌سه‌ر زه‌مینی كادۆسیه‌كان گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ ئه‌كباتان، گوایه‌ دوایی مۆڵه‌تی له‌ ئه‌ستیاگ وه‌رگرتووه‌ بچێت بۆ لای باوكی له‌ پارس، له‌مه‌دا موغه‌كانیش هاوكاریان كرد، ئیتر ئاستیاگ‌ ڕازی بوو سه‌ردانی باوكی بكات، هیرۆدۆتیش له‌م باره‌یه‌وه‌ نووسیویه‌: به‌ڵام له‌ ڕاستیدا كۆڕش ده‌یویست ڕابه‌ری شۆڕشگێره‌كان بگرێته‌ ئه‌ستۆی خۆی، كه‌ (ئاترادات) پێشه‌وای مه‌زن به‌رپای كردبوو، له‌م كاته‌دا به‌ڕێكه‌وت ژنێك پیلانه‌كه‌ی دۆزییه‌وه‌ و ئاستیاگ پێی زانی و ده‌ستوبرد كه‌وته‌ خۆ له ‌دژی یاخی بووه‌كان له‌شكری كێشا.
ئه‌و كاته‌ هارپاگ نووسراوێكی بۆ كۆڕش نارد، كه ‌له‌فارس نیشته‌جێ بوو، له‌و نامه‌یه‌دا هارپاك كۆڕشی هاندا تا پارسیه‌كان بێنێته‌ شۆڕشه‌وه‌ و بێته‌سه‌ر ئاستیاگ، له‌م ڕووه‌وه‌ به‌ڵێنی پێدا گه‌وره‌ پیاوانی له‌شكری ماد كه‌ له‌لایه‌ن ئاستیاگه‌وه‌ كراون به‌ فه‌رمانده‌ی سوپا هه‌موویان لایه‌نگری ئه‌و ده‌كه‌ن.
ئاستیاگ كه‌ به‌م خۆڕێكخستنه‌ سوپاییه‌ی كۆڕشی زانی، ئه‌وی بانگ كرد بۆ لای خۆی، به‌ڵام كۆڕش له‌وه‌ڵامدا شه‌ڕ كردنی ڕاگه‌یاند، سه‌رچاوه‌ بابلیه‌كان به‌مجۆره‌ ده‌ڵێن كه‌شه‌ڕ له‌نێوان كۆڕش و ئاستیاگ سێ ساڵ درێژه‌ی كێشا، به‌م هۆیه‌وه‌ هیرۆدۆت كه‌ته‌نیا باسی دوو شه‌ڕ و شۆڕی دوایی ماده‌كان ده‌كات، له‌ڕاستی0دا به‌ ئاشكرا بگره‌ و به‌رده‌و ڕووداوه‌كان به‌كورتی باس ده‌كات، له‌شه‌ڕێكدا هارپاك فه‌رمانده‌ بووه‌ و له‌شه‌ڕێكی تردا ئاستیاگ خۆی. به‌وته‌ی كتسیاس ئاستیاگ له‌سه‌ره‌تادا كه‌له‌گه‌ڵ له‌شكری كۆڕشدا كه‌وته‌ شه‌ڕه‌وه‌ شكاندنی، ئاترادات پێشه‌وای مه‌رده‌كان له‌شه‌ردا كوژرا، ئینجا ئاستیاگ كه‌وته‌ شوێن پارسه‌كان و له‌سه‌ر زه‌مینی پارس (پرسید) له‌به‌رامبه‌ر گه‌ردنه‌‌یه‌ك كه‌ له‌باره‌گای پادشایانی پارس واتا –پاسارگاد- كۆتایی پێ دێت، جارێكی تر شكاندنیه‌وه‌، چۆنێتی پارسه‌كان زۆر ناهه‌موار بوو، شكست یان به ‌ئاڵۆزی شكا، كه‌ ژنان له‌ حه‌ساری قه‌ڵاكان ده‌هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌ و هانی شه‌ڕكه‌ره‌كانیان ده‌دا، پرسیان ئایا ده‌تانه‌وێ ڕابكه‌نه‌وه‌ ناو سكی دایكتان ‌و ژنه‌كانتان بێننه‌وه‌.
ئه‌و شه‌ڕه‌ ئه‌وه‌نده‌ به‌ڕاستی و گه‌رم بووه‌، كه‌ ماده‌كان له‌ناكاو له‌شكره‌كانی خۆیان له‌ سنووره‌كاندا ئاگاداركرده‌وه‌ و ماوه‌یان به‌ نابونید پاشای بابل دا، تاكو له ی‌ساڵی 552 پێش زایین شاری حه‌ڕان كه‌ هینی ماده‌كان بوو، له‌ ژوورووی (بین النهرێن) بیخاته‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆی.
له‌ گه‌رمه‌ی شه‌ڕی كۆڕش له‌گه‌ڵ ئاستیاگدا، هارپاگ كه‌ فه‌رمانده‌ی له‌شكری ماده‌كان بوو، له‌گه‌ڵ گه‌وره‌ پیاوانی سوپا و سه‌ركرده‌ له‌شكرییه‌كاندا ئاستیاگی به‌جێ هێشت و چوون بۆ لای كۆڕش و چوونه‌ ناو ڕیزی له‌شكره‌كه‌یه‌وه‌.
له‌وه‌ به‌دواوه‌ هه‌واڵێك له‌ هیرۆدۆته‌وه‌ ده‌گێڕێته‌وه‌، گوایه‌ ئاستیاگ له‌شه‌ڕێكدا ده‌ستگیر كراوه‌ كه‌له‌ دواییدا ڕووی داوه‌ به‌شێوه‌یه‌كی تر باس ده‌كات، چونكه‌ به‌ر له‌ شه‌ڕه‌كه‌ی پاسارگاد باسی سێ شه‌ڕی تر ده‌كات، پارسه‌كان تیایا سه‌رنه‌كه‌وتون، شه‌ڕێك كه ‌له‌ژێر دیواری حه‌ساری قه‌ڵای پاسارگاد ڕوویدا بوو، به‌ خاڵی گۆڕینی چاره‌نووسی شه‌ڕه‌كه‌، له‌دوای ئه‌وه‌ هۆزه‌كانی سه‌ر به ‌ماد، وه‌كو هیركانیه‌كان و له ‌دواییدا پارته‌كان ڕوویان كرده‌ ناو پارسه‌كانه‌وه‌.
له‌ساڵی 550 پێش زایینی له‌گه‌ڵ خیانه‌تی هارپاگ و شه‌ڕی سه‌روماڵی ده‌ست پێده‌كات و هیركانیه‌كان و پارته‌كان، ڕوویان كرده‌ پارسه‌كان و ئاستیاگ هه‌وڵی دا، تاكو په‌لاماری پارسه‌كان ڕابووه‌ستێ و دوایی ڕای كرد، بۆ ئه‌كباتانا و پارسه‌كان پایته‌ختی مادیان داگیركرد.
دوای ئه‌وه‌ كتسیاس به ‌ڕوونی باسی ڕووداوه‌كه‌ ناگێڕێته‌وه‌، هه‌روه‌كو وترا شه‌ڕ دوور و درێژ بووه‌، سه‌ركه‌وتن هه‌ر تاوه‌ی به‌ده‌ست لایه‌كه‌وه‌ بوو، هه‌روه‌كو كتسیاس باسی شه‌ڕه‌كان ده‌گێڕێته‌وه‌، هۆی بنه‌ڕه‌تی سه‌ركه‌وتنه‌كه‌ی كۆڕش هه‌مان خیانه‌تی گه‌وره‌ پیاوه‌ سوپاییه‌كانی ماده،‌ كه‌ هارپاگ سه‌ركرده‌ی هه‌موویان بوو، هیرۆدۆت باسی ئه‌وه‌ ده‌كات، به‌ڵام كتسیاس له‌م باره‌یه‌یه‌وه‌ بێ ده‌نگه‌، له‌وه‌ ده‌چێ پارچه‌ پارچه‌ بوونی هۆزه‌كانی سه‌ر به‌ ماد ئه‌وانیشی به‌و خیانه‌ته‌ دابێته‌ قه‌ڵه‌م، وه‌كو سه‌رنج دراوه‌ له‌ناو نووسینه‌كانی كتسیاسدا شتی ڕاست هه‌یه‌، مێژووی بابلی و نابونید و كتسیاس و هیرۆدۆت ده‌توانین كۆبكه‌ینه‌وه‌ و له‌نێوان هه‌موویاندا وێنه‌یه‌كی ڕاستی ڕووداوه‌كه‌ بخه‌ینه‌ ڕوو.
هه‌واڵه‌كانی هیرۆدۆت ڕاسته‌، چونكه‌ مێژووی ڕووداوه‌كانی بابل لایه‌نگیری ئه‌م نووسینه‌ی هیرۆدۆت ده‌كه‌ن، مێژووی ناوبراو ئه‌و ڕووداوانه‌ له‌ ساڵی 550ی پێش زایین ده‌گێڕێته‌وه‌، واتا كۆتایی شه‌ڕه‌كه‌ باس ده‌كات، به‌ڵام ده‌بێ زانیارییه‌كانی كتسیاس له‌باره‌ی قۆناغی سه‌ره‌تایی شه‌ڕه‌كه‌وه‌ بخرێته‌سه‌ر هه‌واڵه‌كانی هیرۆدۆت.
هیرۆدۆت له‌باره‌ی دوا ده‌سه‌ڵاتدارێتی ئاستیاگه‌وه‌ به‌م جۆره‌ ده‌ڵێت: ئاستیاگ موغه‌كانی خنكاند – له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا تا ئه‌و سه‌رده‌مه‌ باشترین په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵیاندا بوو، چونكه‌ ئامۆژگارییان كردبوو، كه‌ ڕێگای كۆڕش بدات بڕوات، وه‌كو وتراوه‌ به‌شێك له‌ كاهینه‌كان – موغه‌كان له‌گه‌ڵ پارسه‌ یاخیه‌كاندا په‌یوه‌ندییه‌كیان دروست كردبوو، له‌ ڕاستیدا ده‌بینین‌ له‌ دوای ئه‌و ڕووداوانه‌ موغه‌كانی ده‌رباری كۆڕش و كوڕه‌كه‌ی كمبوجیه‌ی دووه‌م گه‌لێك ڕێزیان لێگیراوه‌، سروشتی بیروباوه‌ڕی ئایینی و چۆنێتی باری كۆمه‌ڵایه‌تی كاهنه‌كان وا بووه،‌ كه‌ماوه‌ی نه‌ده‌دا ئه‌وانه‌ ماوه‌یه‌كی درێژ خاوه‌نی سوود و خێر و بێری گشت خه‌ڵك بن.
كۆتایی سه‌ڵته‌نه‌تی ئاستیاگ
له‌ دواییدا كه‌ پارسه‌كان ڕوو له‌ سه‌ركه‌وتن بوون، ئاستیاگ هه‌موو دانیشتوانی ئه‌كباتانای پڕ چه‌ك كرد و له‌ حه‌ساری شار هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌، به‌ڵام ده‌ره‌قه‌تی پارسه‌كان نه‌هاتن و دیسانه‌وه‌ شكان و ئاستیاگ به‌ دیل گیرا، گفتوگۆی هارپاگ له‌گه‌ڵ ئاستیاگ له‌دوای گرتنی ئاستیاگ، هارپاك چووه‌ لای خۆشحاڵی خۆی ده‌ربڕی به‌رامبه‌ر به‌گیرانی، ئاستیاگ به‌ هارپاك ده‌ڵێت: تۆ وه‌زیری حكومه‌تی من بووی، كه‌ به‌رزترین ده‌سه‌ڵاته‌ له‌ دوای پاشا ئه‌ی له‌وێ ده‌بی به‌چی، هیرۆدۆت هارپاگ به‌بێ ئه‌قڵترین و بێ ویژدان ترین كه‌س داده‌نێ، پارسه‌كان ئه‌كباتانایان داگیركرد و به‌پێی مێژووی نابونید ئه‌كباتانایان تاڵان كرد و ژماره‌یه‌ك له‌ خه‌ڵكه‌كانیان به‌ تاڵانی ده‌ستگیركرد و بردیانن.
به‌ وته‌ی كتسیاس ئاستیاگ ده‌موده‌س دوا به ‌دوای شكسته‌كه‌ی به‌دیل نه‌گیرا، به‌ڵكو یه‌كه‌م جار ڕای كرد بۆ ئه‌كباتانا و له‌وێ خۆی شارده‌وه‌، كۆڕش دوای ئه‌وه‌ی گه‌یشته‌ ئه‌كباتانا، فه‌رمانیدا ئامیتیدا كچی ئاستیاگ و مێرده‌كه‌ی (ئاسپیتام) و كوڕه‌كانیان ئه‌سپیتاك و مهابران – ئازار بده‌ن، دوای ئه‌وه‌ ئاستیاگ خۆیدا به‌ده‌سته‌وه،‌ تاكو ئه‌وانه‌ی له‌ ده‌وروبه‌ری ئه‌ون ئازار نه‌درێن.
ئاستیاگ له‌ كوشتن ڕزگاری بوو، (هردۆت و كتسیاس هه‌ردووكیان باسی ئه‌مه‌یان كردووه‌ و له‌مێژووی ڕووداوه‌كانی بابل دا شتێك پێچه‌وانه‌ی ئه‌م باسه‌ نییه‌، به‌وته‌ی كتسیاس به‌ناوی جێنشینی حاكمی هیركانییه‌وه‌ زۆر به‌ڕێزه‌وه‌ نێردرا بۆ ئه‌و سه‌ر زه‌مینه‌ و دوورخرایه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ی پێنه‌چوو خواجه‌یه‌ك كه‌ ناوی (پتساگ) بوو (ئیبار) هانیدابوو به‌ بیانوی دیده‌نی كچه‌كه‌یه‌وه‌، بردی بۆ بیابانێك و له‌وێ به‌ره‌ڵڵای كرد، تاكو به‌سه‌رگه‌ردانی له‌برساندا بمرێ. كتسیاس ده‌ڵێ: دوای ئه‌وه‌ ئامیتیدا چه‌رمه‌سه‌ریه‌كی زۆری بۆ پتساگ نایه‌وه‌، ئیبار خۆی كوشت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا كۆڕش نه‌یده‌ویست سزای بدات.
له‌م نووسینانه‌ی سه‌ره‌وه‌دا‌ به‌ته‌واوی ده‌رده‌كه‌وێ،‌ ماده‌كان به‌درێژایی ڕۆژگاری شه‌ڕ به‌هێزه‌وه‌ ڕاوه‌ستان و ئه‌گه‌ر گه‌وره‌كانی ماد له‌ناوخۆی كیشوه‌ره‌كه‌دا ده‌ستیان به‌ خیانه‌ت نه‌كردایه‌، حكومه‌ت نه‌ده‌كه‌وته‌ ده‌ست پارسه‌كان.
سه‌ركه‌وتنی كۆڕش به‌سه‌ر ئاستیاگ دا ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌ی، كه‌ به‌هۆی گه‌وره‌كانی ماده‌وه‌ ده‌ستی كه‌وتبوو، ده‌سته‌به‌ری ئه‌وه‌ بوو كه‌ یاسای تازه‌ی حكومه‌تی كۆڕش به‌ڕواڵه‌ت له‌گه‌ڵ ماده‌كاندا بگونجێ، به‌م هۆیه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا كه‌ ئه‌كباتانا تاڵان كرا و هه‌ندێك له‌ ماده‌كان به‌دیلی و به‌تاڵانی ده‌ستگیر كران و بران، به‌ڵام هه‌روه‌كو وڵاتێكی داگیركراو و خه‌راج و باجیان خستنه‌سه‌ر، له‌ وته‌یه‌كی‌ ئاستیاگ له‌گه‌ڵ هارپاگ كه‌ هیرۆدۆت باسی كردووه‌، ئاستیاگ ده‌ڵێ: هارپاگ ماده‌كانی به‌یلی گه‌یاند، ئه‌گینا تا ئه‌و كاته‌ش ماده‌كان هه‌موو كاره‌كانیان به‌ده‌سته‌وه‌ بوو، ته‌نیا وه‌كو شتێكی ڕواڵه‌تی پارسه‌كان سه‌ركه‌وتوبوون، نوێنه‌ره‌كانی ئاسپارت خشاریاشایان به‌پادشای ماده‌كان ناوده‌برد، چه‌ندان نموونه‌ی تر له‌م ڕووه‌وه‌ هه‌یه‌، ئه‌وه‌ ده‌زانین كه‌ یۆنانیه‌كان شه‌ڕه‌كانی نێوان یۆنان و پارسیان به‌شه‌ڕی یۆنانییه‌كان و ماده‌كان ناوده‌برد، له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا بۆ ئه‌وه‌ی ڕازی بكرێن گه‌وره‌كانی ماد زنجیره‌ ده‌سه‌ڵاتێكی گونجاویان پێدرا، بۆ نموونه‌:‌ كۆڕش پادشایانی مادی نه‌گۆڕی و له‌ناوی نه‌بردن، به‌ڵكو خۆی كرد به‌پادشای ماد و خۆی هه‌ر به‌ناوی پێشووه‌وه‌ ناونا پادشای پارس، ته‌نانه‌ت له‌ زۆربه‌ی نووسراوه‌كانی سه‌رده‌می داریۆشی یه‌كه‌م، ماد و پارس له‌ڕووی كیشوه‌ره‌كانی تردا یه‌ك بوون، له‌ نووسراوی نووسه‌ره‌ یۆنانیه‌كاندا هاتووه‌ ماوه‌یه‌ك له‌ دوای ئه‌وه‌ و له‌كاتی زنجیره‌ی ناوی پیاوه‌ گه‌وره‌كانی ئیمپڕاتۆریه‌تی هه‌خامه‌نشی، ناوی نوێنه‌ره‌كانی ماد ده‌بینین، یۆنانیه‌كان و هۆزه‌كانی ڕۆژهه‌ڵات پادشای ئیمپڕاتۆریه‌تی هه‌خامه‌نشیان به‌پاشای ماد ناوده‌برد، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا كۆڕش له‌ بابلدا پادشای مادی هێشته‌وه‌ و ساتراپێكی تیا دروست كرد و یه‌كه‌مین ساتراپی ماد ئویبار بوو.
به‌وته‌ی كتسیاس كۆڕش له‌گه‌ڵ كچی ئاستیاگ، كه‌ ناوی ئامیتیدا بوو زه‌ماوه‌ندی كرد، ئه‌م هه‌واڵه‌ له‌ گومان به‌ده‌ر نیه‌. له‌واقیع دا ناوی ئامی تیدا به‌پێی وته‌ی بروس له‌ناو بنه‌ماڵه‌ی ماده‌كاندا به‌كارهێنراوه‌، له‌دواییدا بۆ ناوی ژنه‌ هه‌خامه‌نیشیه‌كان به‌كارهاتووه‌، به‌ڵام پێشتر مێرده‌كه‌ی ئامیتیدا (ئاسپیتام)ی كوشت، كه‌ حه‌قداری تاج و ته‌خت و دوژمنی ئه‌و بوو. مه‌به‌ستی ئه‌وه‌ بوو بۆ داواكاری خۆی واتا حكومه‌تی (قانونی) به‌سه‌ر ئیمپڕاتۆری ئاستیاگ بكا به‌به‌ڵگه‌.. له‌نێوان ماده‌كان و پارسه‌كاندا – وه‌كو میسرییه‌كان نه‌ریت وابوو، كچه‌ زاده ‌یان زاوا (مێردی كچ) ی پادشای پێشوو به‌پێی یاسا حوكمی وڵات بكات.
ژماره‌یه‌ك له‌ گه‌وره‌كانی ماد چوونه‌ لای كۆڕش، وه‌كو هارپاگ كه‌ یه‌كێك بوو له‌سه‌ردارانی سوپای ماد، سێیه‌مین حاكمی كیشوه‌ری لیدی بوو، هارپاگ یونیه‌ی بۆ كۆڕش داگیركرد و حه‌زی نه‌ده‌كرد بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌رزه‌مینی ماد، له‌ئاسیای بچووك جێگیر بوو، موڵك و زه‌وی و زارێكی زۆری خسته‌ ژێر ده‌ست خۆیه‌وه‌، له‌ لیكیه‌ نووسراوێك به‌ زمانی لیكه‌یی و یۆنانی ماوه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌و نووسراوه‌یه‌دا یه‌كێك له‌ نه‌وه‌ی ئه‌وه‌ (؟) كتسیاس ده‌ڵێ: كوڕه‌كانی ئامیتیدا كه ‌له‌ ئاسپیتام یه‌كه‌م مێرده‌كه‌ی ناویان ئاستیاگ و مهابرن – بوو، له‌لایه‌ن كۆڕشه‌وه‌ كرا به‌ ساتراپ و براكه‌ی كه‌ (پارمیس) كوڕی ناشه‌رعی ئاستیاگ یان كوڕی دایكی ئامیتیدا له‌مێردێكی تره‌وه‌- یه‌كێك له‌سه‌ردارانی سوپایی پارس بووه‌، به‌شێوه‌یه‌كی گشتی باسه‌كانی كتسیاس به‌لای ماددا داده‌تاشێ و ڕقه‌به‌ری كۆڕش ده‌كات، له‌نووسراوی بێستوندا داریۆشی یه‌كه‌م ناوی هه‌ندێك له‌سه‌ردارانی پارس ده‌بات كه‌مادی بوون، ته‌نانه‌ت تا سه‌رده‌می خشاریاشا ناوی هه‌ندێك له‌گه‌وره‌كانی پیاوانی مادی بردووه،‌ كه‌ له‌ ده‌ربار‌ی ئیداره‌ی هه‌خامه‌نشیه‌كاندا پله‌ و پایه‌یه‌كی به‌رزیان به‌وده‌سته‌وه‌ بوو، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ته‌نانه‌ت گه‌وره‌كانی ماد له‌باره‌ی داگیركردنی ئه‌و كیشوه‌ره‌وه‌ له‌لایه‌ن پارسه‌كانه‌وه‌ بێ لایه‌ن بوون، هه‌روه‌ها له‌سه‌رده‌می داریوشی یه‌كه‌مدا گه‌لێك شوێن و پله‌ و پایه‌ی گرنگیان به‌ده‌سته‌وه‌ بوو، به ‌تایبه‌تی نه‌وه‌ی ئه‌و حه‌وت خانه‌دانه‌ی كه‌ له‌ كوده‌تاكه‌ی داریوشدا به‌شداریان كردووه‌، ژماره‌یه‌كی كه‌م له‌ بنه‌ماڵه‌ و خانه‌دانه‌كانی ماد له‌گه‌ڵ گه‌وره‌كانی پارسدا تێكه‌ڵ بوون و زۆربه‌ی ئیشوكاری ساده‌یان گرته‌ده‌ست، یان له‌ ڕۆژگاری پڕ له‌ ئاژاوه‌ و سه‌ره‌تای سه‌ڵته‌نه‌تی داریوشی یه‌كه‌مدا (521- 522 پێش زایین و ڕه‌نگه‌ له‌سه‌رده‌می خشاریاشا دیسان 484-486ی پێش زایینی دا له‌ناوچوون.
ئه‌مه‌ به‌سه‌رهات و مێژووی دوا پادشای ماد و سه‌ڵته‌نه‌تی ئاستیاگ بوو، به‌ ڕای زۆربه‌ی مێژوونووسانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌‌، كه‌ به ‌دیقه‌ته‌وه‌ ڕووداوه‌كانیان تۆمار كردووه‌، ئایا كۆتایی سه‌ڵته‌نه‌تی ئاستیاگ، كوێی له‌ كۆتایی زوحاك یا ئاژده‌هاكی ماربه‌شان ده‌چێت، هیچ باسێك له‌ زو‌ڵمی ئاستیاگ و چه‌كوشه‌كه‌ی كاوه‌ و په‌لاماره‌ له ‌ناكاوه‌ی فه‌ره‌یدون نیه‌، هه‌موویان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كۆكن، شه‌ڕی هه‌خامه‌نشی له‌گه‌ڵ ماد، كۆڕش له‌گه‌ڵ ئاستیاگ له‌ ساڵی 553 تا 550 پێش زایین درێژه‌ی كێشا و شه‌ڕ به‌رده‌وام بوو‌‌، له‌ شه‌ڕیشدا هه‌رجاره‌ لایه‌كیان سه‌رده‌كه‌وت، تا دواجار به‌هۆی خیانه‌تی هارپاك و پیاوه‌ گه‌وره‌كانی ماد پارسه‌كان توانیان به ‌ته‌واوی سه‌ركه‌ون، به‌داخه‌وه‌ كورد تائێستاش ڕابردووی خۆی خۆشناوێت و به‌رامبه‌ر به‌ مێژوو و كه‌لتوور و سیاسه‌ت و خانه‌دان و پیاوه‌ گه‌وره‌ و كه‌سایه‌تیه‌ قاره‌مانه‌كانی ڕابردووی خۆی كه‌مته‌رخه‌مه‌ و زۆر به‌ساده‌یی و بێباكانه‌ ده‌ست له‌ خاك و خه‌ڵك و مێژووی خۆی هه‌ڵده‌گرێ بۆ دراوسێ و لایه‌نا‌نی تر، په‌روه‌ردگارا … ده‌بێ ده‌كه‌ی ئه‌و ڕۆژه‌ بێت ئێمه‌ی كوردیش به‌دوای مێژووی دزراوی خۆماندا بگه‌ڕێین و بیدۆزینه‌وه‌ و وه‌ری بگرینه‌وه‌.
ئه‌م بابه‌ته‌ له‌م سه‌رچاوانه‌ وه‌رگیراوه‌:
1- ئی. م. دیانۆكۆف، میدیا، وه‌رگێڕانی: بورهان قانع، چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری- هه‌ولێر، 2008.
2- حه‌بیبوڵڵای تابانی، هاونه‌ته‌وه‌یی كورد و ماد، وه‌رگێڕانی: جه‌لیل گادانی، چاپی دووه‌م، چاپخانه‌ی ڕۆژهه‌ڵات-
هه‌ولێر، 2010.

ڕه‌سوڵ بۆسكێنی
20-3-2020




نا بۆ شەڕ و گرژیی ناوخۆ، بەڵێ بۆ یەکڕیزیی نەتەوەیی و نیشتیمانیی … ڕێبوار ڕەشید

لەم ڕۆژانەدا جیهان سەرقاڵی شەڕکردن دژ بە ڤایرۆسی کورۆنایە و ڕۆژانە بە ملوێن لە خەڵکی هەژارانی جیهان گیرۆدەی بێ کاریی و بێ نانوئاویی و بژێوی دەبن و خەڵکی کوردستان بە حوکمی دڕندەیی سیستەمی داگیرکەریی لە سێ بەشی کوردستاندا گەورەترین قوربانیین.
لە ڕاپەڕینی سەرتاسەریی ئێران لە مانگی یازدەی 2019دا لە رۆژهەڵاتی وڵات بە سەدان گیانبەختکردوومان هەبوو کە تا ئێستایش تەرمی زۆریان دەستنەکەوتوونەوە. بێکاریی و نەداریی و نەهامەتیی سرووشتیی هاووڵاتیانیان لە ڕۆژهەڵات و باکوور کە لە جۆرەکانی خزمەتگوزاریی بێ بەشن کردووە کە دۆزەخ. لە کاتی داگیرکردنی سەری کانییەوە تا ئێستا ئەوە چوارهەم جارە کە دەوڵەتی تورکیا ئاو لە ڕۆژئاوای کوردستان دەبڕێت.ئەم دەوڵەتە داگیرکەرە ڕۆژانە لە عەفرینەوە بۆ گردەسپیی و عەین عیسا و تەلتەمر لە حەسەکە بۆمبباران دەکات.
باشووری وڵات بە داخەوە خاوەنی بەرهەمی ناوخۆی پێویست نییە. مووچە لە کاتی خۆیدا نادرێت و خەڵکی کاسبکار کە بژێوی ژیانیان ڕۆژانە پەیدا دەکەن لەو پەڕی تەنگەتاویی و دژواریی ئابووریی دان.
لە دۆخی وادا کە تەواوی خەڵکی کوردستان دەستیان لە سەر دڵیانە، ئەرکی دەسەڵاتدارانی باشووری کوردستان ئەوەیە کە سەرچاوەی گەیاندنی هێز و وزە و جۆش و خرۆش و هەستیی بەخۆباوەڕی بن بۆ هەموو خەڵکی کوردستان. لەبەرئەوە بردنی هێزی پێشمەرگە لە لایەن پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکیەتیی نیشتیمانیی کوردستان بۆ ناوجەی وەرتێ و زینێ دڵەڕاوکێ و نیگەرانیی کوردستانیان زیاتر دەکات و هەر ئەوەندە نییە کە هەنگاوێکی ناپێویستە، بەڵکو تێکدەر و رووخێنەرە.
ئەم ساڵ کوردستانیان نەیانتووانی نەورۆز پیرۆز بکەن، نەیانتووانی یادی هەڵەبجە و ئەنفال و کۆڕە و ڕاپەڕین بکەنەوە. سیاسەتی دروستی نیتشیمانیی ئەوەیە کە قەرەبووی هەموو ئەو زیانە بۆ خەڵکی کوردستان بکەینەوە. پەیداکردنی فاکتەری گرژیی و نیگەرانیی پێچەوانەی هەست و کرداری قەرەبوونەوەی ئەو زیانانەن.
کوردستانیانی دڵسۆز دەزانن کە 30 ساڵێک لەمەوبەر خەڵکێکی ڕاونراو بە برینداریی و بێکەس و بێدەر، دروست هەروەکوو کوردانی فەیلیی کە لە سەردەمی بەعسی فاشیستدا دووچار بوون، لە باکوورەوە هاتن بۆ باشوور. ئەو کوردانە چونکە خەڵکی دڵسۆز و کارکەر و زەحمەتکێش بوون هاتن لە ناوچەی مەخموور، لە دەشتێکی کاکیبەکایی و لە سەحرایەکی وشک و برینگ و بەردەڵانییدا، بە دەستی خۆیان و بە پلاستیک و نایلۆن و بلۆکی هەرزانبەها ئاوادەنیەکیان بۆ خۆیان دروست کرد و لە شەڕی داعشدا بە خوێنی خۆیان پاراستیان و بە ڕاستیی هەروەکوو گەرمیانی خواروو ئەمانیش سەنگەری پێشەوەی کوردستانن. ئەم ئاوەدانییە ئەوڕۆ بە “کامپی مەخموور” بە ناوبانگە.
ئەوانەی جوون بۆ ئەم کامپە و سەردانی ئەم کامپەیان کردووە دەزانن کە ئەم کامپە هاووێنەی هەموو گەڕەکێکی هەژار و نەداری سلێمانیی و هەولێر و دهۆک و شەنگال و سەقز و مەهاباد و کرماشان و ماردین و دیاربەکرە. شارۆچکەیەکە لە پلاستیک و بلۆک و ئەشتوومەکی هەرزانبەها. خەڵکەکان هەمان خەڵکی گوند و شارەکانی دیکەی کوردستانن. ئەم خەڵکە بە شێوەیەکی دڵسۆزانە هاوکاریی یەکتریان کردووە و باخچەی ساوایان و خوێندنگا و نەخۆشخانەی سەرەتاییان بۆ خۆیان ساز کردووە و تا ئێستا یەک قڕان لە سەر هیچ کەسێک نەکەوتوون، و زیانیان نەک بۆ باشوور و تەواوی کوردستان نەبووە، بەڵکو بوون بە سەرچاوەی بەخۆباوەڕیی و سەربەرزیی و شانازیی بۆ تەواوی کوردستان. هەر هەمان خەڵکی دەم بە پێکەنین بەڵام بریندار و چەوساوەن کە لە سلێمانی و هەولێر و دهۆک و بانە و بۆکان و کرماشان و ئیلام و هتد دەیان بینین. هەمان خەڵکی چەوساوە و زەرەرلێکەوتوو و بێ پارێزەن.
لەبەرئەوە ئابڵووقەدانان لە سەر ئەم شارۆچکە بریندارە ماندووە نەک هەر قازانجێک بە یەکیەتیی نەتەوەیی و نیشتیمانن ناگەیەنێت بەڵکو زەرەری گەورە لە هەستی هاوسەنگەریی و هاودەنگیی کوردستانیمان دەگەیەنێت. زەرەری ئاوا نابێت بە کەم ببیندرێت چونکە زەرەری گەورە بە یەکیەتیی نەتەوەیی و نیشتیمانیان دەگەیەنێت.
لەم ڕووانگەوە ئەرکی سەرشانی هەموو دڵسۆز و تێکۆشەرێکی کوردستانیی ئەوەیە کە داوا بکەین و کار بکەین بۆ ئەوەی بۆ ئابڵووقە لە سەر کامپی مەخموور لاببرێت و ئامێزێکی کوردستانییان بۆ بکرێتەوە، کە ئاوەڕێک لە کامپنیشینیانی ئێزیدیی بدەینەوە کە ئەوە شەش ساڵە بە گەورە و بچووکەوە لە برسیەتیی و هەژاریی و بێ خوێندن و بێ چاوەدێریی ژیان بە سەر دەبەن، کە داوا بکەین هێزی پێشمەرگە لە وەرتێ و زەینێ ببرێن بۆ ناوچە سنووریەکان و ڕووبەڕووی ئێران و تورکیا تا لە شوێنی دروست جێی خۆیان بگرن، کە چالاکوان و ڕۆژنامەوانی سیاسیی و دیموکراسیی ناوخۆ لە زیندانی ناوخۆدا نەبن چون برینی ناتەبایی و ناکۆکیی ناوخۆ ناسۆرتر دەکات، کە سەربەرزیی و شانازیی عەدنان ڕەشیدیی بە هی خۆمان بزانین، کە خاوەن لە گیراوانی کورد لە زیندانەکانی ئێران و تورکیا دەرکەوین، کە خاوەن لە قوربانیانی کارەساتی سرووشتیی کوردستان دەربکەوین کە هەر ئێستا لە سەرپێلی زەهاو دەیبینین و کە بە دڵنیایەوە لە شاڵاوی بارانبارینی ئەم بەهارەدا لە تەواوی کوردستان ڕوو دەدەن. با وەبیرخۆمان بهێنینەوە کە هەژاران و نەدارانی کوردستان ئێستا هەروەها بەڵای ڤایرۆسی کرۆنایشیان ڕووبەڕوو بووەتەوە و لەبەرئەوە هەموو جۆرە بەجۆش و خرؤشکردنێکی مرۆڤی کورد بۆ هەستی خوشکوبرایەتیی، هاووڵاتیی و هاوئاییندەیی دەبێت بە مایەی بەهێزکردنێکی سەنگەری کوردستان.
ئەو دۆخە پایە و پێگەی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکیەتیی نیشتیمانیی کوردستان و ئەوانی دیکە لاواز ناکات، بەڵکو بەهێزتری دەکات.
ئێستا کە نەمانتووانی نەورۆز لە کاتی خۆیدا لە باشوورێک پیرۆز بکەین کە ڕاستەوخۆ لە ژێر دەستی داگیرکەردا نییە دەتوانین پاش بەزاندنی ڤایرۆسی کۆرۆنا ڕۆژێک بۆ پیرۆزکردنی نەورۆز تەرخان بکەین. ئەو ڕۆژە دەتوانێت هەر ڕۆژێک بێت لە مانگی چوار یان پێنج یان کاتێکی دیکەدا بێت. ئەو ڕۆژە نەورۆزی هەموو کوردستان دەبێت، چون بە دڵنیاییەوە کوردی هەموو شوێنێک لە پیرۆزڕاگرتنی ڕۆژێکی وادا خۆیان بە هاوبەش دەزانن. با ئەو نەورۆزە نەورۆزی لە ئامێزگرتنی هەموو مەخموور و شەنگال و ئێزیدیی و فەیلیی و یارسان و کاکەیی و هەورامانیی و گەرمیانیی و بەهدینانیی و هتد و هتد بێت. با نەورۆزی ئاشتەواییی گشتیی و بەهێزکردنی هەستی نەتەوەیی و نیشتیمانییمان بێت.
ئەمە خەیاڵ نییە، بەڵکو داوایەکی سیاسیی و ئەرکێکی سیاسییە کە پێکەوە دەتوانین لە پراکتیکدا ئەنجامی بدەین. خەڵکی چەوساوەی کوردستان شایستەی خزمەت و کامەرانیی و خۆشگوزەرانیی و پێشکەوتنن.
هەموو کوردستانیەکی ئازادیخواز دەزانن کە ئێران و تورکیا وەکوو دوو داگیرکەر ڕۆژبەڕۆژ دژ بە خەڵکی کوردستان خراپتر و توندوتیژتر و سەرکوتگەرتر دەبن. دژایەتیی ئەوان بە هاوسەنگەرییەکی بەرفراوان دەکرێت. سیستەمی سیاسیی و ئابووریی و کۆمەڵایەتیان بەرەو داڕمان دەچێت و ڕوو بە خەڵکی خۆیان و جیهان بێ نرخ و بێ بەها و دەستەوەستان ماون. لە دوا ساتەکانی مەرگیاندا لە هەڵپەدان قازانجی ژیان و زیندووبوونەوە لە ناکۆکیی و ناتەبایی ناوخۆی کورد بکەن.
باشوور دوورگەیەکی دابڕاو لە کوردستانی گەورە نییە و نابێت بهێڵین لە سەر بناخەی ئەو جۆرە تێگەیشتنە سیاسەت بکرێت. بە دڵنیاییەوە ئێران و تورکیاش باشوور وەکوو پارچە خاکێکی بێلایەن و دابڕاو لە کوردستانی گەورە نابین، بەڵکو دەیانەوێت بیکەن بە بەشێک لە سیستەم و نەزمی داگیرکەریی خۆیان و لە پراکتیکدا دژ بە تەواوی کوردستان بە باشوور خۆیشیەوە بەکاری بهێنن.
گرەوی ئازادیخوازیی ئێمە لێرەدایە، کە دەبێت هەموومان تیایدا بەشدار بین و بیبەینەوە!

ڕێبوار ڕەشید
2020/3/29




…کرۆناو بارودۆخی سیاسی ئەمڕۆی ئێران حەمید تەقوایی

لەکۆمەڵگە و بارودۆخی سیاسی ئێراندا هەموو شتێک کەوتوەتە ژێر تیشکی پەتایی کرۆناوە.ڕەوتی پەرەگرتوی ئەوناڕەزایەتیانەی کەلە نۆڤەمبەردا(آبان ماە) دەستی پێکردبوو،لە ڕوبەڕوبونەوەی کرۆنادا وەستاوە لەگەڵ بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کرۆنادا لەڕوی شێوازەوە خەبات وخۆپیشان و کۆبونەوەی ناڕەزایەتی بەکردەوە بویە شتێکی ئاستەمە
وەلە ناوەرۆکیشدا پارێزگاتی خۆپاریزی سایەی بەسەر هەموو شتێکدا کێشاوە.
لە یەکەم نیگادا وادێتە پێش چاو قەیرانی کرۆنا ئەو بزوتنەوە پەرەگرتوەی کەبەکردەوە ئەیتوانی لە هەشتی مارس ڕۆژی جیهانی ژنان وەیان لە خەباتی هەموو ساڵەی کرێکاران بۆ زیاد بونی کرێ و تەناەت بەبیانوی چوارشەمەی سورو مەراسیم وهاتنی جەژنەکانی تردا هەیان بوە وەستاندوەو کۆمەڵگەیەکی ناڕازی وڕاپەڕیوی بەترس و دڵەڕاوکە و هەوڵدان بۆ مانەوە ی خۆی داپۆشیوەو داتەپاندوە.بەڵام ئەمە تەنها ڕواڵەتی مەسەلەکانە.بڵاو بونەوەی کرۆنا تەنها لەترس و نیگەرانی وهەوڵدانی قابیلی تێگەشتن وتەواو ڕەوایی خەڵک بۆ پارێزگاری لە گیانی خۆیان نەبوە.پەرەگرتنی توڕەی ونەفرەتی جەماوەری خەڵک لە ڕژێم وە پشت بەستن بە هێزی خۆیان لە ڕوبەڕو بونەوەی ئەم کارەساتە دیوێکی تری دراوی قەیرانی کرۆنایە.هۆکارێکی گرنگی ترس ودڵەڕاوکەی کۆمەڵگە لە ڕوبەڕوبونەوەی کرۆنادا.هەبونی حکومەتێکە کەنەک تەنها هەنگاوێک بۆ پارێزگاری لەژیانی هاوڵاتیان نانێت بەڵکو هۆکاری سەرەکی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کرۆنایە.لەقوڵایی بێزاری ونیگەرانی خەڵکدا توڕەی و بێزاری لە هەموو تاوانباران شاردراوەتەوە.
هەموان دەزانن کە بەردەوامی گەشتە ئاسمانیەکان بۆ جین،شاردنەوەی مەودای کارەساتەکەو درۆ وتن بەخەڵک،خۆپارێزی لە قەرەنتینەکردنی شاری قوم و هەموو ناوەندەکانی پەرەگرتو بەنەخۆشیەکە،هەڕەشەو دەستگیرکردنی هەموو ئەو دوکتۆرو پەرستارانەی کە ڕاستیەکانیان بۆ خەڵک باس دەکرد و هیتر وهیتر لەنێو هەوڵەکانی حکومەتێکدایە کە کارەساتی ئیستای خولقاندوە.ڕژێم مەسەلەی کرۆنای گۆڕیوە بە بابەتێکی سیاسی-ئاسایشی وبۆ پارێزگاری لە ڕژێم ودەسەڵاتە چەوسێنەرەکەی سودی لێوەردەگرێت.
لەلایەکی تروە ئەبێت قەیرانی کرۆنا لە مەتن و بەردەوامی بزوتنەوەی سەرنگونی خوازیەکی پەرەگرتو کە بە تایبەت لەم لەم پێنج مانگەی دواییدا پەرەی سەندبوو بڕیاری لەسەربدەیت و تاوتوێ بکەیت.لەم ڕوانگەیەشەوە قەیرانی کرۆنا لە ئێران لەگەڵ وڵاتەکانی تری وەک،چاینەو ئیتاڵیادا. بەتەواوەتی جیاوازە.کارەساتیکرۆنا لەدرێژەی ئەو کارەساتانەی تردا کەلە پینج مانگی ڕابردودا ڕوئەدات کە پەیوەندی نێوان حکومەت وخەڵکی بەتەوەواوەتی گۆڕیوە .تەقەکردن لە خەڵکی ناڕازی لەمانگی ئۆکتوبەرو تەقەکردن لە فڕۆکەی نەفەرهەڵگر،ئەمڕۆش بە دەستڕێژی تەقەی ڤایرۆسی کرۆنە بۆ کۆمەڵگە تاوانەکانی حکومەت پەرەسندنێکی تازەی بەخۆیەوەگرتوە.کارەساتی کرۆناش وەک کارەساتەکانی پیشوو دروستکراوی کۆماری ئیسلامیە.کارەساتێک کەلەلایەکیەوە حکومەتێکی تاوانکارو درۆزن وسەرتاپا گەندەڵ وەستاوە وەلەلاکەی ترەوە گۆمەڵگەیەکی بەگیان هاتوو کە دەیەوێت لە شەڕی حکومەت ڕزگاری بێت.پەتایی کرۆنا شێوەی ئەم ڕوبەڕو بونەەی گۆریوە بەڵام ئەم قوتبی بونەوەی نیوان کۆمەڵگەو حکومەتی گەیاندوەتە ئاستێکی توندرو ئاشتی هەنەگرتر و پەرەسەندوتری کردوە.
ڕاپەڕینی ئۆکتۆبەر ئەم ڕاستیەی زۆر ڕاشکاو وئاشکرا لە بەردەم چاوی هەموان دانا کە حکومەتی ئیسلامی هیچ پەیمان وبەرپرسیارەتیەک،تەنانەت بە قسەو بەڕواڵەتی،لەبەرامبەر کۆمەڵگەو ژیانی خەڵکدا نیە.هەموو بە ڕۆشنی بینیان کە میحوەری سیاسەتەکان وکردەوەکانی حکومەت وە تەنانەت ئامانجی ڕاگەینراویان هێشتنەوەی خۆیان لەدەسەڵاتدایەو بەس.تەقەکردن بەئامانجی کوشتنی خەڵکێک کە ناڕەزایەتیان بە سێ قات زیادبونی نرخی بەنزین لە شەوێکدا هەبووە ،وە بەشوینیدا شەڕی پرسەگێڕانی سەرکردە تاوانبارەکەیان کە بەمردنی هەشتا کەس لەژێر دەست وقاچی تاقمەبەکرێگیراوەکانیاندا تەواوبوو.وە پاشان بەتایبەت تەقەکردنی بەئەنقەست لە فڕۆکەی نەفەرهەڵگر،هەموی نیشان دەری ئەو ڕاستیە بون،کە حکومەت خەڵک وەک دوژمنی ڕژێمەکەی سەیردەکات، بۆ مانەوەی خۆی لەدەسەڵات شەڕ دەکات،وەلەم شەڕەدە دەست لە هیچ تاوانێک ناپارێزێت.خەڵکیش کۆماری ئیسلامی نەک وەک دەولەت وحکومەتێک بەڵکو وەک دوژمنی خۆی دەناسێت.قەیرانی کرۆنا ئەم ڕاستیە بنەڕەتیەی جاریکی تر بەڕۆشن ترین شێوە تەئکید کردوە کەلە کۆمەڵگەی ئێراندا شەڕێک لە پێناو مانەوەدا لەئارادایە شەڕی مانەوەی ژیان وئینسانیەت،لەبەرامبەر شەڕی مانەوەی حکومەتێکی تاوانکارو گەندەڵ لەئارادایە.جارێکی تر ئەو ڕاستیە بەرجەستە بویەوە کە ڕژێم بۆ مانەوەی خۆی لەدەسەڵاتدا کارەسات دوای کارەسات دەخولقێنێت..جیاوازی ئەم دواین کارەساتە لەگەڵ ئەوانەی پێشودا ئەوەیە کە ڕژێم ئەمجارە ڤایرۆسی نەخۆشیەکی کوشنەدەی لەگەڵدایە.
حکومەت بە نەخۆشی کرۆناش،وەک ناڕەزایەتی ڕەوایی خەڵک لەدژی گرانی بەنزین،ناڕەزایەتی بە تەقەکردن لە فڕۆکە کەو مەراسیمی ڕێزگرتن لەگیان بەختکردوەکانیان،وەکو بابەتێکی سیاسی-ئەمنی مامەڵەکرد.بابەتێک کە “دوژمانان”
هێناویانەتە کایەوە هەتا لەهەموو”ڕژێمەکە”مان بدەن،قسەی سەرانی دەسەڵات،لە خامنەییەوە هەتا ڕوحانی و تا ئاخوندە بچوک وگەورەکانی تر لەبارەی ڕاست نەبونی ئەم “نەخۆشیە وەهمیە”هەوڵی دوژمانە لەدژی ڕژێم و”پیلانی ترامپە لەدژی شاری پیرۆزی قوم”ئەیسوڕێنن.نیگەرانی هەموو شتێکن ژیانی خەڵک،مەلغەمەیەکیان لەدرۆو خورافات وپێسی وگەوجی وبێ شەرمی ئیسلامیەیان داوەتە کۆمەڵگە وە کاتێک کە ئیتر ناکرێت نکوڵی لە کارساتەکە بکەیت،ئاماری کەسانێک کە بەهاوکاری ڤایرۆسی کرۆنا کوشتبویان،هەروەکو کوشتاری نۆڤەمبەر ،بەلەدەدا یەک زیاتر کەمیان کردبویەوە،تا بەڵکو مەودای تاوانەکانیانی پێبشارنەوە،کرۆنە بەمەسەلەی بەنزین وموشەک نان بە فڕۆکەو نمایشی هەڵبژاردن وهیتر جیاوازن،بەڵام حکومەتی ئیسلامی هەر هەمان حکومەتە،دەسەڵاتێک کە دەکوژێت بۆ ئەوەی بمێنێتەوە.ڤایرۆسی کرۆنا لە ئێران حکومەتی ئیسلامی لەپاڵ خۆیدا بینیەوە،لەبەرامبەریشدا خەڵکی ئێران بەخێرای لەوە تێگەیشتن کە ئەبێت هاوکات لەگەڵ هەردوو ڤایرۆسی کرنا وڤایرۆسی حکومەتی ئیسلامیدا بجەنگن.ئەمڕۆ گۆمەڵگە پاش درۆکان،وشۆک بونی لەسەرەتادا بەخۆیدا هاتوەتەوە.گەیاندنی هەواڵ بەشێوەیەکی فراوان بەتایبەت لەلایەن پزیشکان وپەرستاران وکارمەندە شەریفەکانی تری نەخۆشخانەکانەوە دەستی پیکردوە.گروپە خۆیاریەکان وگروپەکانی هاوکاری لە هەموو جێگایەک بۆ ڕوبەڕوبونەوەی کرۆنا لە پێکهاتندان .هەڵسوڕاوانی سیاسی وئیرانیەکانی دانیشتوی دەرەوەی وڵاتیش بەهانای خەڵکی ئێرانەوە چون.خەڵکی ڕاگرتنی دەوامی زانکۆو قوتابخانەکانیان بەسەر ڕژێمدا سەپاندوە،دەست لەکار کێشانەوەو لەکارخستنی ناوەندەکانی بەرهەمهێنانیش دەستی پێکردوە.
لەلایەکی تروەوە بزوتنەوەیەکی پەرەگرتوو لەلایەن خەڵک وکەسوکاری زیندانیە سیاسیەکان بۆ ئازادکردنیان بە ڕێکەوتوە. لەژێر ئەم فشارەدا حکومەت ناچار بوە کە مۆڵەت بداتە زیاتر لە حەفتا هەزار زیندانی،بەڵام ئەم بزوتنەوەیە ئەتوانێت و ئەبێت هەتا ئازادکردنی هەمو زیندانیانی سیاسی ولانیکەم مۆڵەت پێدانی هەموو زیندانیەکان هەتا مەسەلەی کرۆنا چارەسەر دەکرێت.
ئەم واقیعیەتە نیشانی ئەدات کە ڕوبەڕوبونەوە لەگەڵ ڤایرۆسی کرۆنادا لەگەڵ حکومەتەکەی هاودەستیداپێکەوە ئاڵاون.
لەپیشترین ئامانجی خەڵک ڕێک پاریزگاریە لەژیانی خۆیان وئەوانی تر بەڵام بەشێک لەم هەوڵانە وەستانەوەیە لەبەرامبەر کۆماری ئیسلامیدا.لەهەر هەنگاوێکدا لەگەیاندن وبڵاوکردنەوەی هەواڵ،ئاماری واقیعی ،تا دابەشکردنی هاوکاری تەندوستی ودەرمانی وتا گەیاندنی هاوکاری مالی وکەل وپەل لەدەرەوەی وڵات،ئەبێت لەگەڵ ڕیگریەکانی کۆماری ئیسلامی،لەگەڵ سوپاییەکان وپاوانخوازان وقاچاخ چیەکان ولەگەڵ ڕەواج پێدەرانی خورافات وهەواڵەدرۆکانی دەزگاڕاگەیاندنە درۆ بڵاوکەرەوە حکومەتیەکاندا ڕوبەڕوبێتەوە.
ڕوبەڕوبونەوە لەگەڵ کرۆناو خەباتی خەڵک لەدژی کۆماری ئیسلامی تێکەڵ بون.لەم ڕوبەڕو بونەوەیەدا سێ تەوەرە گرنگی پەیدادەکات:
یەکەم ریکخراوبون لە گەڕەک وناوچەو نەخۆشخانەکانە کاندا لەهەموو شارەکاندا بۆ خۆاری و کۆمەک گەیاندن .جەماوەری خەڵک وپزیکەکان وکارمەندانی نەخۆشخانەکان هەرئێستا خۆیان دەست بەکار بوون و لە ئاستی جیاوازدا دەستیان کردوە بە کۆکردنەوەو گەیاندنی یارمەتی تەندروستی و هاوکاری بەوانەی کە پێوستیان پێیەتی.
دووهەم:راگرتنی هەموو ناوەندەکانی کارو کۆبونەوەو ڕیکخستنی مانگرتنی گشتیش بە ئامانجی دور ڕاگرتنی کۆمەڵگەو هەم بۆ فشار هێنان بۆ حکومەت.ئیستاش بەشوێن چونە سەری باسی مانگرتن لە ناو کرێکارانی کۆمەڵگەی پۆڵای ئەحواز،ئەو کۆمەڵگەیە هەتا دوایین وە لەگەڵ بەڵینی وەرگرتنی هەموو موچەکەیان بەتەوایی لەکاروەستان ڕاگەیەندراوە.وە هەندێک لە بەشەکانی ڕێگای ئاسن لەناویاندا هێڵی مەشهەد بۆ ئەحواز بەشوێن بانگەوازی کرێکارانی ڕێگەی ئاسن لە ١٥ مارسدا بەمانگرتن ڕاگیراوە.ئەم جوڵانەوەیە ئەبێت بەردەوام بێت وپەرەبستینیت هەتا هەموو ناوەندەکانی بەرهەمهێنان دەگرێتەوە.
سێهەم:ناچارکردنی حکومەت بەدابین کردنی پێداویستیەکانی ژیانی خەڵکێک کە توانای دابین کردنی سەرەتایی ترین پێویستیەکانی ژیانیان نیە،تەندروستی ودەرمان ئەبێت بە تەوایی بکرێتە خۆڕایی،خێزانێک کە بەهۆی بڵاو بونەوەی پەتایی کرۆناوە نان هاوەری ماڵەکەیان لەدەستداوە،وەیان بارودۆخی ژیان و گوزەرانیان خراپە،ئەبێت پارێزگاریان لێ بکرێت وە ژیانیان دابین بکرێت.وەکەسانیک،وە خەڵک ئەبێت لە پارەی ئاو کارەباو تەلەفۆن وغاز وقیستە بانقیەکانیان ببەخشرێن.بەتایبەت زیان لێکەوتوترین بەشەکانی کۆمەڵگە لەناویاندا کرێکارانی بێکار، بێ خانەولانەکان.دەستفرۆشان، ومنداڵانی کار و شەقام ئەبێت لەڕوی مالیەوەپاریزگاریان لێبکرێت.ئەم داخوازیانە ئەتوانرێت وئەبێت بەسەر حکومەتدا بسەپێنرێت.لەکۆتایدا قەیرانی کرۆنا دادەبەزێت،گرنگ ئەوەیە کە کۆمەڵگە بەکەمترین زیان ئەم قەیرانە تێپەڕێنێت،وە یەکگرتوانە ترو پێکەوەگرێدراوتر و ڕیکخراوتر لەبەرامبەر حکومەتدا ڕابوستێتەوە.ئەمەش بەتەواوەتی بەستراوە بە خەباتی ئێمەی خەڵکەوە لەم بارودۆخەدا.کێشەو نەهامەتیەکانی تری خەڵک،هەژاری وبێکاری وگرانی وهەڵاواردن وبێ مافی وسەرکوت.هێشتا بێداد دەکات وە ژیانی خەڵک وێران دەکات.قەیرانی کرۆنا ئەم کێشانەی نەخستوەتە لاوە بەڵکو زۆر توندتر وپەرەسەندوتری کردوە.
لەناو ئەم بارودۆخەدا ئەگەری ئەوە هەیەکە قەیرانی کرۆنا خۆی بگۆڕدرێت بە ڕاپەڕین وشۆڕشی جەماوەری،ڕاپەڕنێکی زۆر پەرەگرتوتر لە ڕاپەڕینی نۆڤەمبەر(آبان ماە).کوتای بێت.هیچ کۆمەڵگەیەک خۆکوژی ئەنجام نادات،لەگەڵ توند بونەوەی قەیرانی کرۆنا،قوڵبونەوەی قەیرانی هەژاری وبارودۆخی ژیان وگوزەرانێک کەناتوانرێت تەحەمول بکرێت.بەتەواوەتی ئەگەری تەقینەوەیەکی کۆمەڵایەتەی هەیە. ئەبێت خۆمان بۆ بارودۆخێکی وەها ئامادەکەین.لەکاتێکی وادا ئۆرگانەکانی خۆیاری ،هاوشێوەی ئۆرگانەکانی کۆنترۆڵکردنی گەڕەکەکان لە ڕاپەڕینی نۆڤەمبەردا، بەشێوەی ناوەندە خەباتگیڕەکان کاردەکەن،وە ئەمەش ئەرکی ئەحزاب وهێزە سیاسیە ئازادیخوازەەکانە کە ڕیکخراوکردنی ئەم ڕێکخراوانە لەدەستوری کاری خۆیاندا دابنێن.مانگرتنی گشتیش لایەنێکی گرنگی ترە لە خەباتی کرێکاران وکارمەندان لەبارودۆخی پەرەگرتوی سەرلەنوێی جەماوەریدا.
هەر لەئەمڕۆوە ئەمە لەئەستۆی ئەحزاب وهێزە ڕادیکاڵەکان و کەسایەتی وهەڵسوڕاوان ودامەزراوەکانی بزوتنەوەی کریکاری، بزوتنەوەی ژنان وخوێندکاران وهەموو بزوتنەوە ناڕەزایەتیەکانە،کە پێ بنێنە مەیدان وجەماوەری خەڵک بۆ تێکشکاندنی دێوزمەی کرۆنا حکومەتی کرۆنا سازو ئامادە بکەن.ڕاگرتنی ناوەندەکانی کارو ناوەندەکانی بەرهەمهێنان ریکخستنی مانگرتنی گشتی لەکەناری ڕیکخستنی ئورگانەکانی خۆیاری وخەڵک دامەزراندندا وە ناچارکردنی حکومەت بەدابینکردنی ژیانی خەڵک وبەتایبەتیش زیانلێکەوتوەکان کۆمەڵگە ،لەتەوەرەکانی ئەم هەڵسوڕانانە وەستاون.
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری بەهەموو توانای خۆیەوە لە م ڕوەوە کاردەکات وە هەموو ئەحزاب وهێزە ئازادیخوازەکان بانگەوازدەکات بۆ کارکردن لەم لایەنەوە.
١١\٣\٢٠٢٠
وەرگێڕانی کاوە عومەر
٢٨\٣\٢٠٢٠٢
لینکی بابەتەکە بەفارسی
http://wpiranfa.com/?p=15389




کۆڕۆنا کیشوەرێکی پڕ لە وڵاتی جیھانی یەکەمی لە زەویدا! … ئارام ئازاد

زۆرێک لە ھاوڵاتیانی وڵاتانی جیھانی سێیەم یا تایبەت تر وڵاتانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و کیشوەری ئەفریقا زۆرجار دروشمی “ئێمە کەمترنین لە ھاوڵاتیانی ئەوروپی و ڕۆژئاوایی” یان لە خۆپیشاندان و ڕێپێوانەکانیان بەکارھێناوە و ئەو وڵاتانەیان بە نمونەی ھەرە پێشکەووتویھەموو بوارەکان ھێناوەتەوە ھەر لە سیاسیەوە دەست پێبکە تا دەگاتە خزمەتگوزاری و زۆرجار ژیانی تایبەتی ھاوڵاتی ئەوروپی بە نمونەیباڵا ھێنراوەتە پێش چاو، بەڵام ئەمانە تا ھاتنی ڤایرۆسێک بوو، کە ئەگەر مەودای ڤایرۆسەکە لەو وڵاتەی لێوەی سەری ھەڵدا(چین) پێوانەبکەین تا دەگاتە کیشوەری ئەوروپا ئەوا دەبینین وڵاتانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست نزیکتر بن نەک ئەوروپا یا ڕوون تر وەک خۆیان باسی دەکەنوڵاتانی جیھانی یەکەم* ئەو پرسیارە جەوھەریەی پێویستە لای زۆرێک لە خەڵک گەڵالە ببێ ئەوەیە کە، بۆچی ئاوا پێشبینی نەکراوانە ڕویدا؟وە چۆن لەو وڵاتانەی بە باشترینەکانی جیھان دادەنران لە ڕووی سیستەمی تەندروستی بەو شێوەیە خێرا تەشەنەی کرد؟.
یەکێک لە دکتۆرەکانی وڵاتی ئیتاڵیا لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی ڕاستەوخۆدا بە ئاشکرا وتی “بەڵێ حکومەت و سیستەمی بەڕێوەبردن ودیموکراسیەتمان باشترینن بەڵام ئێمەی ھاوڵاتی نا” ئەم قسەیە چەندین تێبینی و بەرچاو ڕوونی لەخۆ دەگرێ، وڵاتێکی وەک عێراق کەنمونەیەکی زیندووی وڵاتێکی خراپی جیھانی سێیەم بوو و درێژترین سنووریشی لەگەڵ یەکێ وڵاتانە ھەیە کە زۆرترین کەسی تووشبویکۆڕۆنای تێدایە بەڵام توانی بەربە بڵاوبوونەوەی خێرای ڤایرۆسەکە بگرێ، ئایا وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا بەھۆی نەبوونی سیستەمی سنوور لەنێوان وڵاتەکان غەدر لێکراوبوون یا کەمتەرخەمی ھاووڵاتیانی ئەو وڵاتانە ھۆکاری تەشەنەکردنی خێرای ئەو ڤایرۆسە بوو ! کۆمەڵەینێودەوڵەتی گالوپ بۆ ڕاپرسی نێودەوڵەتی لە ساڵی 2015 ڕاپرسیەکی ئەنجام داوە سەبارەت بەو وڵاتە ئەوروپیانەی دوای چونە تەوالێتدەستیان دەشۆن، ئەنجامی ڕاپرسیەکە شۆکھێنەر بوو، وڵاتێکی پێشکەوتوی جیھانی یەکەم لە بابەتی ھۆڵەندا تەنیا لە %50 ھاوڵاتیانیبایەخیان بە دەست شۆردن داوە و وڵاتی ئیتاڵیا لە %57 و وڵاتی بەلجیکا %60 و وڵاتی ئیسپانیا %61 ی ھاوڵاتیان، بایەخ نەدان بەتەندروستی و پاک و خاوێنی لەپاڵ دەیەھا کەم و کوڕی تر نمونەیی بوونی ھاووڵاتی ئەوروپی خستە ژێر بارێک کە ڕەنگە جارێکی تر نەتواننبە فیزەوە بە خەڵکی غەیرە ئەوروپی بلێن “ئێرە ئەوروپایە، کەواتە دەتانپارێزین” ئەمە جگە لە کەمتەرخەمی حکومەت لەمەڕ ڤایرۆسێک کە تەنھاچەند ھەفتەیەک پێشووتر گشت سیستەم و کایەکانی وڵاتێکی یەک ملیار و نیوی لە بابەتی چینی بەرەو داڕوخان برد، ھەر زوو حکومەتی چینھەنگاوی پێویستی گرتەبەر و قەدەغەی ھاتووچۆی ڕاگەیاند و ھەموو شتێکی وەستاند، ناوەندەکانی خوێندن و کۆلێژەکان و جوڵانەوەیشەقام و ھاتنەناوەوە و چوونەدەرەوەی وڵات و کەرتی پیشەسازی و بازرگانی لەپاڵ ئەوەی دەیزانی کە ئەمە زیانی چەندەھا ملیار دۆلاری بەدواوەیە بەڵام لەپاڵ ئەو زیانە زۆرەش ھەنگاوەکان وایان کرد زیانەکان زۆر گەورەتر نەبن، ھەموو ئەمانە لەپێناو زاڵ بوون بەسەر تەشەنەنەکردنی ڤایرۆسەکە و سەرکەوتوو بوو لەم کارە، بەڵام ھەر دوای چەند ڕۆژێک نیشانەکانی تەشەنەکردنی ڤایرۆسەکە لە گشت وڵاتانیئەوروپا بەدی کرا، کەواتە پێویست بوو حکومەت بە خێرایی ھەمان ھەنگاوی بگرتایەتە بەر کەچی نەک ھەر وا ڕووی نەدا بەڵکو وڵاتێکی وەکوبەریتانیا تا ئێستاش ناوەندەکانی خوێندنی دانەخستوە و ھیچ ڕێگەیەکی وای نەگرتوەتە بەر کە کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر تەشەنەنەکردنی زیاتر و زیاتری ڤایرۆسەکە لە کاتێکدا ڕۆژانە مەرگی ئەو کەسانە دەبینن کە بەریتانیان گەیاندە ئەمڕۆ یا وەک ئیتاڵیا کە توانایئەوەی نەماوە خزمەتگوزاری پێویست بۆ ئەو ھەموو تووشبوە زۆرە دابین بکا و زۆر بە سادەیی و بە ناڕاستەوخۆیی پیرەکانیان تێگەیاندووەکە “ژیان لەپێش گەنجەکانە کەواتە ھەوڵ بدە ئەو ڤایرۆسە تووشت نەبێ”، لێرەوە پێویستە ھەموو ھاوڵاتیەکی ئەوروپی دووجار بە خۆیدابچێتەوە جارێکیان لەھەمبەر کەمتەرخەم بوون لە جێبەجێ کردنی ھەندێ پرەنسیپی ڕۆژانەی تەندروستی و جارێکی تریش بۆ ئەوەی بزانن کەحکومەتەکانیان ھەڵبژێرداوی خوایی نییە و مرۆڤ بەڕێوەی دەبا و قابیلی ھەڵە و ڕەخنە لێگرتنە. پێم وایە دوای کۆڕۆنا زەحمەت دەبێ کەئەوروپا قەرەبوی ئەو ھەموو ملیار یۆرۆیە بکاتەوە و جەنگێکی تر دەست پێ دەکا ئەویش جەنگی مایەپوچ بوونی چەندین کۆمپانیای زەبەلاح ودروست بوونی چەندین کۆمپانیای تازەیە بەڵام یەکێتی ئەوروپا ئەو یەکێتیەی جاران نامێنێتەوە.

*:زۆربەی وڵاتانی جیھانی یەکەم وڵاتی پێشکەوتوو و پیشەسازین دەکەونە کیشوەری ئەوروپا و شۆڕشی پیشەسازی بۆ یەکەم جار لەمکیشورە ڕوویدا لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەھەم، پێش ئەوە خەڵکی ئەوروپا خەریکی کشتوکاڵ بوون .

ئارام ئازاد




ژیان حکایەتە، ژیان شیریینە … جەلال قادر

ئەگەر ئێستا مرۆڤێکی چاخی بەردین زیندوو بێتەوە، ئارەزوو دەکات دووبارە بگەڕیتەوە بۆ ناو ئەشکەوتەکان، لەو تاریکییە بژێتەوە. ئێوەش(ئێستا) لەم سەردەمی پەتایە، خۆزگە بە ڕابووردوو دەخوازن، دەتانەوێت دووبارە لەو دۆزەخە بژێنەوە. چونکە خەمەکانی ڕابووردووتان لەبیرچوەتەوە، لەبیرتان چوەتەوە کە بە هیواو ئاواتی دوا ڕۆژێکی پرشنگدار بوونە.
مرۆڤ تا دوا هەناسەکانی ژیانی، وەک کراسێکی تەڕ بە قەد تەنافێکەوە،چاوەڕوانی تیشکی خۆر دەکات، وشک بێتەوە، هەرکە وشکیش بوەوە با دەیبات. ژیانمان دووبارەیە و حکایەتەکان کۆتاییان نایەت. کەچی ئارەزوودەکەین دەست بە ژیانەوە بگرین، چونکە هەستدەکەین شتێک ماوە بتوانێت دڵمان خۆشکات، شتێک ماوە بمان بەستێتەوە. ژیان زنجیرێکە دەست و پێی بەستووین، بوووینەتە کۆیڵە، خەون بە ئازادی و خۆشەویستییەوە دەبینین.
بەهەربار، ئەوەی من مەبەستمە بیڵێم : ژیان حکایەتە، بە ڕۆژ دەینووسینەوە، بەشەویش حەزدەکەین، بەدیار ئاگردانێەکەوە، بیخوێنینەوە. من تاقە ئارەزووم ئەوەیە، هەر وەک کتێبی (هەزارو یەک شەوە) ڕۆژی حکایەتێک بگێڕمەوە، مەگەر نەمانگووت شتێک هەیە دەمان بەستێتەوە؟
فەرموون ئێوە و حکایەتی ئەمڕۆ: ژیان شیریینە
چای دەمی کێشا، دوو دانە نانی تیریم تەڕ کرد، ماست و پەنیر و ژێر پیاڵەیەک پڕ لە هەنگوینم لەسەر مێزەکە دانا. چاوەڕوانی هاوسەرەکەم بووم، بە زەردەخەنەوە بەیانی باشم لەگەلدا بکات.
هاوسەرەکەم بە پرچی ئاڵۆسکاوی و رووخساری مۆنەوە، بە بێدەنگی هات و لەسەر کورسییەکە دانیشت. لێمپرسی : چیبوە، خەونی ناخۆشت بینیوە؟
وەلامی نەدامەوە.
_ کەسێک، تووڕەی کردوویت، بۆچی وا گرژوو مۆنیت؟
ناچار دوو پیاڵە چاییم تێکرد و بەبێدەنگی دانیشتم.
لەپاش چەند خووڵەکێک هاوسەرەکەم بە دڵتەنگییەوە کەوتە دووان: دەزانیت بۆ تووڕەم؟
( وەلامیم نەدایەوە)
لەوە تووڕەم جارێکیتر، کەس و کارم نەبینمەوە، نەتوانم سەردانی شارەکەم بکەم و دایکم لە ئامێز بگرمەوە. باشە ئێمـە چیبکەین،ئەم ڤایرۆسە لە کوێوە هات؟ ئەگەر ئەم پەتایە درێژە بکێشیت و ڕیگەوبان، ئاسمان بگیریت و فڕۆکەخانەکان داخرێت. ئێمە چیبکەین… ها …پێم ناڵییت بۆ دەبێت چارەنووسمان وابێت؟ بۆ دەبێت هەرچەند ساڵ جارێک ئاوات بە شتێکی نوێوە بخوازین؟ بۆ قسە ناکەیت؟ بۆ وەلامم نادەیتەوە؟
( من بەردەوام بووم لە بێدەنگی، لەتە نانێکم بەدەستەوە گرت و چایی خۆم دەخواردەوە)
کاتێ هاوسەرەکەم هەرچی تووڕەیی هەیبوو هەڵیڕشت.
بە ئاسپایی وەلامیمدایەوە : بەیانی باش ئەزیزم، جوان گوێم لێبگرە، ئەم ژیانە حکایەتە و خۆزگە بە ڕابووردوو مەخوازە، خۆت بدە بەر خۆرو جەستەت برۆنزی بکە، ئیسقانت پتەو بکە. هەوڵدە بۆ ئەمڕۆ بژی، دڵنیابە سبەینێ حیکایەتێکیترە.
هاوسەرەکەم، بە سەڕسووڕمانەوە، لێمی پرسی : مەبەستت چییە؟ حیکایەتی چی؟
_ تۆ ئارام بگرە، کە شەو داهات بۆتی دەگێڕمەوە!.
لەتە نانەکەی ناودەستم بە ماست کرد و کەوچکە چایێ هەنگووینم بەسەریا کرد و خستمە ناو دەمی هاوسەرەکەم. ئەویش پاش ئەوەی فڕی لە چاییەکەیدا، چاوی لە چاوم بڕی و بە بزەخەندەیەکەوە، وتی : ژیان چەند شیریینە!.




كوسته‌نتین كه‌فافی له‌ قه‌سیده‌ی ( شار )دا … و : نه‌ژاد عزیز سورمێ

وتم: بۆ خاكێكی دیكه‌ ده‌چم ، به‌ره‌و كه‌نارێكی تر
شارێكی له‌م شاره‌ چاتر ده‌بینمه‌وه‌ ‌..
هه‌موو هه‌وڵێكم بێ هووده‌یه ‌،
دڵم وێنه‌ی مردوو گۆڕكراوه‌
تاكه‌ی ئارام بم له‌م شوێنه‌دا عه‌قڵم تێك بچێ ؟

چه‌ندی چاوم هه‌ڵبڕین ..
چه‌ندی ته‌ماشای ده‌وروبه‌رم كرد
وێرانه‌ی ڕه‌شداگه‌ڕاوم له‌ ژیانمدا بینی
لێره‌ شوێنه‌واری تاریكی ژیانم ده‌بینم
كه‌ چه‌ندان ساڵم به‌ڕێ كردن ، ونم كردن ،
به‌ته‌واوی وێرانم كردن ..

وڵاتی ترو كه‌ناری دیكه‌ نادۆزیه‌وه‌..

بۆ هه‌ر كوێ بڕۆی شاره‌كه‌ت به‌دواته‌وه‌یه ‌..
له‌ هه‌مان ئه‌و شه‌قامانه‌دا ده‌بی
له‌هه‌مان كووچه‌دا پیریت ده‌گاتێ
له‌هه‌مان ماڵیشدا سه‌رت سپی ده‌بێ ..
هه‌میشه‌ ده‌گه‌یته‌وه‌ ئه‌م شاره‌
هیوا بۆ جێی تر مه‌خوازه‌
هیچ پاپۆڕێكت بۆ نییه ‌.. هیچ ڕێگایێ
ماده‌م ژیانت لێره ‌،
له‌م گۆشه‌ بچووكه‌دا تێكچووه‌..
له‌هه‌ر جێیه‌كدا بی وێرانه‌یه ‌.

  • له‌ http://www.blackcoffee.tech/2017/09/thecity.html كراوه‌ به‌ كوردی .



دەسەڵات و حکومڕانی گەندەڵ، هەڵقولاوی کۆمەڵگەی گەندەڵە* … شاخه‌وان سه‌نگاوی

دەسەڵات و حکومڕانی گەندەڵ …. هەڵقولاوی کۆمەڵگەی گەندەڵە. (بێرتراند روستیڵ)*

ئەگەر دەمی هەر تاکێکی کورد بکەیتەوە بە ژن و پیاو پیر و منداڵ دەبێت بە شیکەرەوە جا سیاسی، تەندروستی، وەرزشی ….هتد. وە بگرە زۆرجار دەم لە هەموو بابەتێک دەکوتێت، بەبێ ئەوەی سەرەداوێکی لە مەڕ ئەو بابەتەوە بەدەستەوەبێت. بۆیە بەو شێوەیەی کە دەبینین کاتێ باس باسی گەندەڵیە هەموومان بەبێ خوێندنوەیەکی بابەتیانە بۆ پاڵنەرە ناوخۆی و دەرەکیەکان، بە ڕاست وچەپدا دەکەوینە سەرو گوێلاکی کاربەدەستان. یان بە دوو پۆستی فەیسبوک دوو ڕەسمی هەست بزوێنانە هەموو ڕابردوی لە یاد دەکەین. هەر بۆیە لە بیرمان دەچێت بەپرسین کێ ئەم دەموچاوانەی کردووە بە کار بەڕێکەرمان؟ یان ئایە ئەمانە بونەوەری فەزاین و لە بۆشایی ئاسمانەوە دابەزیوون بۆ بەڕێکردنی کارەکانی ئێمە ، هەر بۆیە دەڵێم نەخێر ئەمانە نەبونەوەری ئاسمانین نە لە ئاسمانیشەوە دابەزیوون، بەڵکو بگرە ئەمانە هەڵقوڵاوی نێو کۆمەڵگای خۆمان و هەر خۆشمان ئەگەر بە کۆی دەنگ نەبێت ئۆ بەلایەنی زۆرەوە ڕازی بوینە بەهەڵبژاردنی ئەم کاربەڕێکەرانە. ئەوا لە بەرامبەریشدا هیچ یەک لەم کاربەڕێکەرانە بەتکا و پاڕانەوە نەهاتونەتە سەر ئەو کورسیەی ئێستایان. کەواتە ئەوان خۆشیان ڕازی بوونە بە لە ئەستۆ گرتنی ئەو ئەرکە، کەواتە هیچ پێویست بەوە ناکات کاتێک کار بەڕێکەرێک ئەو ئەرکە ئەنجام دەدات کە ئێمە لە پێناویدا هەڵمانبژاردووە. کەواتە چی پێویست دەکات ئەگەر بەرژەوەندیەکی مادی نەبێت کە ئەمیشیان جێگای قبول نیە، بکەوینە پیا هەڵدان بە شان و شەوکەتیانا وە بگرە زۆر جار هێندە پیا هەڵدانێکی ناشەریفانەیە کە دەچێتە خانەی پیرۆز کردنەوە کە دەروازەکانی رەخنە گرتن بۆ ئایندەتریان لە بەرامبەر هەر لادانێک کە لە بەڕێوبردنی حکومەتداریدا دەیکەن. چونکە ئەوانیش بڕیار وایە وەکو ئێمە مرۆڤ بن لە لایەن پیاهەڵدەرانیانەوە قفڵ دەکرێت ئەمە لە کاتێکدا دەبێت پێش هەموو کەس لە لایەن ئەندامانی پارتەکان و هەوادارنی ئەو کەسایەتیانە کار لە سەر ڕەخنەگرتن لە خۆیان بکرێت بۆ ئەوەی تاکی کۆمەڵگا وریا بکرێتەوە لە لادانەکان تا لە کەمترین ماوەدا هەوڵی چارەسەری بۆ بدرێت چونکە کۆمەڵگا پێویستی بە پیاهەڵدان و هات و هاواری سۆشیال میدیا ناکات بگرە چاوی سەریان چاکی و خراپیەکان دەبینن بە کردنی هەر کارێکی چاکیش لە لایەن هەر کاربەدەستێکەوەبێت خەلکی خۆی هەڵیدەسەنگنێ زیاتر خۆشەویست دەبێت لە بەر چاویان کەواتە لە سەر تۆی لایەنگر و هەواردار پێویستە ڕێگر بیت لەو کاربەدەستەی کەتۆ لایەنگریت، تا بەڕێچکەیەکی هەڵەدا نەڕوات تا خۆشەویستیەکەی لە دڵی هەموواندا کەم نەکات کە ئەمیش کارکردنە لە سەر کۆکردنەوەی دەنگ لە ئێستادا بۆ ئایندەی پارتەکەت. کەواتە دەبێت لە خۆمان بە پرسین ئایە ئێمە تا کەیی بەم ڕێچکەیەوە ژیان دەگوزەرێنین؟ کە ئەمیش هۆکارێکە بۆ بەردەوامیدان بەم دۆخەی ئێستا. کەواتە ئێستا کاتی دەسپێکردنەی ئەو گۆڕانکاریەیە کەخۆمان خۆدی سەرچاوەکەین…. دەبێت لە خۆمانەوە دەست پێ بکەین چونکە ئێمە خاڵی وەرچەرخانەکەین، با ئێمە ببین بەتاکی سندوقی هەڵبژاردن کە ئەمیش باشترین کەسی خزمەتکاری ئەمڕۆ باشترین دەنگی سندوقەکانی سبەینێ یە. نەک بەم شێوەیەی ئێستا کەپارتەکان بە چاوی کۆیلەوە تێت دەڕوانن ئەوان چی بەلایانەوە مەبەست بێت بێ گوێدانە خواست ودەنگی تۆی ئەنجامی بدات چونکە ئەو بەلایەوە یەکلایی بۆتەوە دەنگی تۆ هەر هی خۆیەتی چونکە مافت نیە داوای باشترینیان بکەیت، چونکە تا ئێستا تاکی کوردی نەبۆتە تاکی سندوقەکانی دەنگدان.

   شاخه‌وان سه‌نگاوی
                                                                                    shaxewan.saed@gmail.com                                                                                         



عەشق هەڵزنانە بە باڵای تەنهاییدا .. شیعری: ستیڤان شەمزینی

عەشق
ئەو گۆرانییە غەمگینەیە
پێش چڕینی دوا کۆپلە کۆتایی دێ و
دوای خۆی دوو مشت خۆڵەمێش
لە ناو کەمانچەی شکاوی رۆژگاردا جێدەهێڵێ
فووکردنە لە چرای کامەرانی
لە تاریکترین رۆژە تەمومژاوییەکانی گومان،
نوێژێکە لە هەزارەها رکاتی چەمانەوە و
دڵشکان پێکهاتووە
ئازیزم، تۆ ببینە
عەشق کانیاوێکی سوورە
لە سەرچاوەوە لێڵ بووە و
سوور سوور بووە بە خوێناویی
ئەوانەی لە یەکەم نیگادا کوژران و
بوونە چیرۆکی ئەفسووناویی و
حکایەتە درێژەکانی شەوانی زستان
ئازیز، تۆ بڕوانە عەشق شەڕفرۆشتنە
بەو کچە لیمۆییەی دنیای پڕ کردووە لە ناز و
لە نێو چاوەکانیدا جوانییەکی بکوژ و
لە بەشی چەپی سینگیدا ئاسنێکی رەق هەیە و
لەگەڵ بەربوونەوەمان
بۆ نێو ئەو جیهانەی لای چەپی سینگی
مێشکمان ئەپژێ و
لەسەر دیوارەکانی تەمەنێکی بەفیڕۆچوو
بە دوا قەترە خوێن ئەنووسین
خۆشەویستی نەسیم نییە،
بەڵکو گێژەڵووکەی شووم و نەگبەتییە
هاوڕێ، تۆ دیقەت بدە
عەشق گلانی سوارچاکەکانە
لەسەر چیای دڵەوە
بۆ نێو نشێوییەکانی دابڕان و
دۆڵە رەشەکانی گریانێکی ئەبەدی،
خۆخواردنەوەی ئەو لافاوەیە
بەرەو کەنارەکانی مەرگ و
تیاچوون دەمانبات
لەوێش دەمانکاتە هاوەڵی گیانی بە گیانی
هەڵاڵە هەڵوەریوەکانی ئارەزوو
هاوڕێ تۆ بیر لەوە بکەوە
عەشق پەیژەیەکی رزیوە
کەس ناتوانێ قاچ بخاتە سەری و
بەر نەبێتەوە نێو دەربەندی تەنهایی و
ژوورە تەمومژاوییەکانی خۆکوشتن،
لەوێندەرێش لەنێو پەناگە نسرمەکانی
دوور لە هەتاوی رۆمانسییەت
لە پەنا هەناسە ساردەکان و
عومری لە کیسچووەوە
بە دۆشداماویی دەوەستیت و
ئەڵێیت ئای خودایە
عەشق چەند درۆیەکی شیرین بوو!
هاوڕێ تۆ بە قووڵی سەرنج بدە
عەشق ئاوێنەیەکی شکاوی لێو خوێناوییە
سوێندم پێ مەخۆ لەوەتی هەیە
هەر رۆحی ئەو کەنارییانە تیغ ئەکا
کە ئەیانەوێ چارەنووسی خۆیان
لە ناویدا ببیننەوە
عەشق قوم قوم خواردنەوەی حەسرەت و
هەڵزنانە بە باڵای بەرزی تەنهاییدا و
سەماکردنە لەسەر پشکۆی عاتیفە
ئەو عاتیفەیەی خەریکە
لەنێو تەمومژی غوربەتا ون ئەبێت
هاوڕێ تۆ تەنها تەماشا بکە
عەشق رژانی پەرداخێک پێکەنین و
هەڵوەرینی ئەو گۆرانییە بەهارییانەیە
بە دەنگی کەوە کوژراوەکانی
ئەو بنارە دەوترێنەوە
عەشق لورە لوری گورگی غەریزە و
ورشەی کەوا قەترانییەکەی دڵتەنگییە
هاوڕێ لێرەوە لێی بڕوانە
عەشق کۆژانی ئەو کۆترە سیاپۆشانەیە
بەر لە خۆکوشتن دووپشکی خیانەت
ژەهری مەرگی خستە گیانیانەوە
عەشق لرفەی ئەو رەشەبا تووڕەیەیە
چارۆگەی کەشتییەکانی دڵ
لە دەریای بێ بنی فیراقدا ئەدڕێ
هاوڕێ ئەمەوێ لەوە تێبگەیت
عەشق ژەهراویبوونی بای شەماڵە
هەناسەکانت پڕ دەکات لە نائومێدیی و
پێش ئەوەی خۆری نیگایەک
چاوەکانت رووناک بکاتەوە
تۆزی دڵشکان بیناییت تار ئەکات
عەشق خنکانە لە رووباری بێهودەییا و
بەربوونەوەیە لەسەر پەلکەزێڕینەی خەیاڵەوە
بۆ نێو دۆڵەکانی کابووس
هاوڕێ، ئەمەوێت نیشانت بدەم
عەشق هاڕەکردنی دڵە شووشەییەکان و
وێرانبوونی تەلارە گەردن بەرزەکەی غرورە
عەشق ئاگرێکە لە تافی گەنجیمان بەردەبێ و
دەمانکاتە خۆڵەمێشێکی پیری بابردوو
هاوڕێ من چەندان جار
لە دەرگای عەشقم داوە
لەوێ جگە لە سڕبوونی
شەپۆلەکانی تەمەنم هیچی ترم نەدی
لەوێ جگە لە چڕینی سروودە بەردینەکان
هیچی ترم نەوت
لەوێ جگە لە نەفەسدان
لە سیگاری ئارەزووەکان
بەلێوی وشک هەڵاتووی بیابانئاسام
هیچی ترم نەکرد
لەوێ جگە لە نرکە نرکی
خۆزگە مۆمیاکراوەکان
گوێم لە هیچ هاوار و ناڵەیەکی تر نەبوو
هاوڕێ تۆ سەیرێکی من بکە و ببینە
عەشق گۆرانییەکی تەواو نەبووە و
مەرگ دوا کۆپلەی ئەو گۆرانییە
لەسەر جەستەی ساردەوەبووم ئەچڕێ
هاوڕێ تۆ ببینە عەشق ….
عەشق

عەشق

ئەڵمانیا – کۆڵن
ئاگۆست – ئۆکتۆبەری 2017




شانۆ بۆ منداڵان.. ئاکامی لەخۆبایی .. رەزا شـوان

کەسایەتییەکان بە پێی دەرکەوتنیان لەسەر شانۆدا:( پەپوولەکان، ئاگـر، دار، چۆلەکە، شوورە، رووبار، ماسی.. کە پەردە لادرا، هەموویان لەسەر شانۆدان. تەنیا ئاگر نەبێ)
دیمەنی سەر شانـۆ: (دارێکی گەڵا سەوزی کەمێک بـەرز لە لای راستی شانـۆکە دایە.. شوورەیەکی دروستکـراو لە دار لە شـێوەی خـشت ـ تابـووک ـ و چـیمەنتـۆدا کە لە لای چەپی پێشەوەی شانۆکەوەیە.. رووبارێکی شین لە لای پێشەوەی شانۆکە دایە.. دیواری پشتەوەی شانۆکە، سەرانسەر دیمەنـێکی رەنگـین و جـوانە، گـوزارشت لە سروشـت و لە بەهاری کوردستان دەکا.. زنجیرە چـیایەک لەژێـر ئاسمانی شیـنـدا.. دامێـنی زنجـیرە چیاکـان، بە گوڵاڵە سوورە و بە جـۆرەهـا گـۆڵی رەنگـاوڕەنگ رازاوەتـەوە)
کە پەردەی شانۆکە لادەدرێت.. لە بەردەم دارە سەوزەکەدا، پێـنج کچـۆڵەی دەردەکەون کە بـەرگی کـوردی رەنگـاوڕەنگـیان لەبـەردایـە.. هـەریەکـەشـیان دوو بـاڵی پـەپـوولە ئاساییان لە لەسەر شانەکـانیان دایـە.. سەمـا دەکەن و پێکـەوە ئەم گـۆرانیـیە دەڵـێن:
پەپـوولـــــەی بـاڵ نەخـشــــیـنـیـن
شــۆخ و شــەنـگ و رەنـگـیـنـیـن
شـەیــــدای وەرزی بـەهـــــــاریـن
هـۆگــری گــــوڵ و گـوڵــــــزاریـن
پەپـوولــــەی کـوردســـــــــتـانـیـن
لە نــاو بــــــاخ و بـێـســــــتـانـیـن
نـــەرم و نـــۆڵ و ژیـــــــــکـاڵـیـن
هـــــاوڕێـی گـــــوڵ و مـنــــداڵـیـن
پەپـوولــــــــەیـن و دڵـپــــــــاکـیـن
یــــاری دەکـەیـن بـێ بـــــــــاکـیـن
دڵـخــــــۆشـیـن و دڵـشــــــــــادیـن
سـەمــــــا دەکـەیـن ئــــــــــازادیـن
یەکێک لە پەپوولەکان: ئەوە چییە؟ هەست بە شتێکی ترسناک دەکەم.. ئای کە گەرمە.. بۆچی ئەم هەموو ئارەقـەم کـردووە..؟ ئێمە لە وەرزی بەهـارداین.. ئەم گڕە گەرمایەی هـاوین لە کوێـوە هـات؟
لە دەرەوە دەنـگی گـڕەگـڕ و کـڵپەی ئـاگـر دێ.. ئـاگـرەکە بـە قـایـمی قـاقـا پێـدەکـەنی.. هـاهـاهـا.. هـاهـاهـا.
پەپوولەکان بە ترسێکی زۆرە، سەیـری ئەو لایە دەکەن کە دەنگی قـاقـاکەی لێـوە دێ.
هەر ئەو پەپـوولەیە: ئـای.. ئـای.. ئەمـە چـییە؟.. ئاگـر.. ئاگـر.. بەرەو ئـێرەوە دێ.
ئاگرەکە دێتە ژوورەوە.. پەپوولەکان لە ترسی ئاگرە سەریان لێشـێوا.. بۆ لای راست و بۆ لای چـەپ و بـۆ دوا دەڕۆن.
ئاگرەکە (بە دەنگـێکی بەرزەوە پێـدەکەنێ): هـاهـاهـا.. هـاهـاهـا.
پەپوولەیەکی تر: لێرە خۆمان دەشارینەوە.. نا لەوەێ.. لە پشتی شوورەکەوە باشترە.
ئاگرەکە دەست بە سەماکردن دەکات.. هـێز و توانای خۆی دەردەبـڕێت.. بە دەنگێکی بەرزەوە پێـدەکـەنێ.. دوایی لەپـڕێکـدا، لە بـەردەم دارە سەوزەکـەدا دەوەستـێـت.. بە لەخۆبایی و لـووت بەرزییـەوە دەیـدوێـنێ.
ئاگرەکە: ئەمە چـییە؟ لە رێگامـدا مەوەستە؟ تـا زووە لێـم دوورکـەوە.
دارەکە: من لە شوێنی خۆمـدام.. لە رێگـاکەدا نەوەستاوم.. رێگاکەش پان و بەرینە و دەتـوانی پێیـدا بـڕۆیـت.
ئاگرەکە: ئەوە ناترسی؟ لە ڕێمـدا مەوەسـتە و دوورکـەوە.
دارەکە: چـۆن دووربکەومەوە؟ چـۆن؟ چەنـد ساڵێکە مـرۆڤ منی لێرەدا رووانـدووە.
ئاگرەکە: دێـم و لـووشت دەکەم.
دارەکە: تکایە ئەقـڵی خۆت لە دەستمە.. من سوودێکی زۆرم بۆ مرۆڤ و باڵندە هەیە.
ئاگرەکە: سـوود؟.. تۆ سـوودت هـەیە؟ هـاهـاهـا.. هـاهـاهـا.
دارەکە: بەڵێ.. من سوپاسی مرۆڤ دەکەم.. بەرەکەمی پێـدەبەخـشـم.. کـێش بیەوێت لە سێبەرەکەمدا دەحەسێتەوە.. رووەکە بچکۆلەکانیش لە رەشەبا و گەردەلوول دەپارێزم.. لە لقە وشکەوەبـووەکانیشم، شتی بەسوود دروست دەکەن.. لەسەر لقە بەرزەکانیشمدا، چـۆلکە هـێلانەیان کـردووە.. من جـوانی باخچـەکـان و شەقـامەکان و گۆڕەپانەکـانم.
ئاگرەکە: بەسە ئەی دار.. تۆ ناتـوانیت شوێنەکەت بەجـێبهـێڵـیت.. بەڵام مـن دەتـوانم بۆ ئێـرە و ئەوێ بـڕۆم.. دڵخـۆشم و یـاری و سەمـا دەکەم.. هـاهـاهـا.. هـاهـاهـا.
دارەکە: مرۆڤ خـزمەتم دەکات و بایەخم پێدەدات و ئاگای لێمە.. دڵخۆشیش بۆ کەسێک باشە کە چاکە بکـات و خـراپە نەکـات و لەخـۆشی بایی نەبێت.. ئـازاری کەسیـش نەدا.
ئاگرەکە: مـرۆڤ.. مـرۆڤ لـە هـەزاران سـاڵ پێـش ئێـستا، بـە لـێـدانی دوو بـەرد بە یەکتریـدا منیان دۆزییـەوە.
دارەکە: ئەی ئەوە نـازانی.. کە مـرۆڤ پێـش ئەوەی کە تۆ بـدۆزنەوە.. منیان رووانـد.. ئەی ئەوەش نـازانی کە تۆ وەکو رەشەبا و گەردەلـوول وایت.. کە لە زستانـدا رەگەکانم هەڵـدەکـێشن.. لە پایـزیشـدا گەڵاکـانم دەوەرێـنن.. تـۆش دەتـەوێت گـڕم تێـبەردەیـت.
ئاگرەکە: رەشەبـا و گەردەلـوول.. هـاهـاهـا.. رەشەبـا و گەردەلـوول هـاوڕێـمن.. ئـەوان یارمـەتی گەشبوونەوە و گەشەکـردن و بڵاوبـوونـەوەم دەدەن.
دارەکە: ئـەی ئاگـر.. ئەوەش نازانی، کە هەموو کەسێک پێویستی بە کەسانی تر هەیە.. تا لـەم ژیانـەدا یەکـتری تەواوبکەیـن.
ئاگرەکە: واز لەم قـسە زل و فەلسەفـانەت بهـێنە.. پێویستە دان بەوەدا بنـێی، کە من لە تۆ بەهـێزتـرم.. ئەگـینا حەپـەلـۆشـت دەکەم.
دارەکە: نا.. لێم نزیک مەبەەوە.. ئەوەی دەتەوێت دەیکەم.. تا خۆم لە شەڕت لابدەدەم.. تۆ لە من بەهـێزتری.. تۆ لە من بەهـێزتری.. تۆ لە من بەهـێزتری.. (دارەکە دەگـری).
ئاگـرەکە بە قـایمی قـاقـا پێـدەکەنی و سەمـا دەکـا.. تا لە بـەردەم چـۆلەکەیـەکـدا خـۆی بینیـیەوە.. کە بە دەوریـا هەڵـدەفـڕی.. ئاگـرە بە تەڵـفـیسییەوە.. سەیـری چۆلەکەکەی کـرد و بە قـایمی پێی پێکـەنی.. هـاهـاهـا.
ئاگرەکە: چۆلەکەیەک لە رێگـامدا؟ ئەی چـۆلەکە بچکـۆلەکە.. دوورکەوە لە رێگاکەم.
چۆلەکەکە: لە رێگای تـۆدا نەوەستاوم.. رێگـاکەش فـروانە.
ئاگرەکە: ئەوە چۆن دەوێـری لە رووم بوەستیتەوە.. بەم جۆرە قسە لەگەڵمـدا بکەی؟
چۆلەکەکە: من سەرقاڵـم و لەسەر دارەکەدا هـێلانەیەکی تازە بۆ بێچـوەکانم درووست دەکەم و خـۆاردنیان بۆ دەهـێنـم.. کاتی چـەن و چـوون نیـیە.
ئاگرەکە: ئەی لە من ناتـرسی؟
چۆلەکەکە: من لە کەس ناتـرسـم.
ئاگرەکە: چـی؟ چـۆن وا دەڵـێی؟ دەزانی لەگەڵ کـێدا قـسە دەکەی؟.. بە گـڕێکی مـن هەڵـدەپـڕوکـێی و کۆتـایی بە ژیانـت دێ.. زوو بـڕۆ و لە رێگـاکەم دووربکـەوە.
چۆلەکە (دەترسێ و دەچـێتە دواوە و لە پەنـای دارەکەدا خۆی دەشارێتەوە و دەڵێ): قسەکـردن لەگەڵـیـدا سوودی نیـیە.
ئاگرەکە بە خۆشی و پێکەنینەوە دەست بە سەماکردن دەکا.. تا لە بەردەم شوورەیەکدا خـۆی دەبیـنـێتەوە.
ئاگرەکە: ئا ئـیرە کۆتایی رێگـاکەیە؟
شوورەکە: بەڵێ.. ئێرە کۆتایی رێگاکەیە.. پێویستە بگەڕێـیـتە دواوە.
ئاگرەکە: بگـەڕێمە دواوە.. نـا.. نـاگەڕێمە دواواە.. ئەی شـوورەکە، ناتـوانیت رێـم لێ بگـری.. رێـم بۆ چۆلکـە و لاچـۆ لەسەر رێگـاکەم.
شوورەکە: چـۆن.. من لێرە چەسپاوم.. ناتوانـم بجووڵـێمەوە.. من شوورەیەکی قـایمم و بە خـشت و بە چـیمەنتـۆ بنیادنـراوم.
ئاگرەکە: وا دیارە کەلەڕەقـیت و ناتـەوێ فەرمانی من جـێـبەجـێ بکـەی.
شوورەکە: نا.. ناتوانـم جـێـبەجـێی بکـەم.
ئاگرەکە: کەواتە دەبێ سزای ئەم چاوقایمی و سەرپێچییەت وەربگریت.. کاولت دەکەم.
شوورەکە: نا.. نا.. لێمگەڕێ.. لێم نزیک مەبەوە.. تۆ گێچەڵمان پێـدەکەی و بە دوای شەڕدا دەگەڕێی.. پێویستە ئەوە بزانی، کە ئـیرە کۆتایی رێگاکەیە.. لە پشتمەوە ماڵ و خەڵکـیان لێ هـەیە.. لە رەشەبـا و گەردەلـوول و لە دز و داگـیرکەر دەیانپارێـزم.
ئاگرەکە: پێویستە دان بەوەدا بنـێی، کە من لە تـۆ بەهـێزترم.. ئەگـینا وێـرانت دەکەم.
شوورەکە: نـا.. نـا.. وێـرانم مەکـە.. دان بەوەدا دەنـێـم کە تـۆ لە مـن بەهـێزتـری.
ئاگرەکە: هـاهـاهـا.. دارەکـە و چـۆلەکەش پێـشتر، دانیـان پێـدا نـا.. کە مـن لە ئـەوان بەهـێزترم.. ئێستاش تۆ دانی پێدا دەنێی کە من لە تۆ بەهـێزترم.. هـاهـاهـا.. هـاهـاهـا.
ئاگرەکە بە لەخۆبـایی و خۆشـییەوە، دەستی بە سەماکـردن کـرد.. تا خـۆی لەبـەردەم ماسییەکـدا بینییەوە.. کە لە نێو رووبارێکـدا سەمـای دەکرد.. ئاگرەکە بە گرژییەکەوە سەیـری ماسیـیەکەی کـرد و لێی نـزیک بـۆوە.
ئاگرەکە: ئەی ماسییەکە، ئەوە وەکو مـن سەمـا دەکەی..؟
ماسییەکە: بەڵێ.. مـن لەنـاو ئەم رووبارەی لـێی دەژیـم.. مەلە دەکەم و سەما دەکەم.. ئەمـە هـێچی تیـا بەسـەرە؟
ئاگرەکە: ئـەی ناتـرسی؟
ماسییەکە: بۆ بترسم؟ باڵەکانم یارمەتیم دەدەن.. پوولەکەکانم دەمپارێزن.. کلکم ئاراستەم دەکات.. ئیتر بۆ بترسـم.. هیچ هەڵـەیەکـیـشـم نەکـردووە تـا بترسـم.
ئاگرەکە: بەڵام تـۆ وەکو مـن ناتـوانی سەمـا بکەی.
ماسییەکە: لە ناوی رووبارەکەدا، لە تـۆش باشـتر سەما دەکەم.
ئاگرەکە: ئەی ماسییەکە.. تـۆ رکەبەرایەتی لەگەڵ منـدا دەکەی؟
ماسییەکە: رکەبەرایەتی لەگەڵ کەس ناکەم.. بەڵام ئەمـە راسـتی و سـروشـتییە.
ئاگرەکە: ئەی ماسییە لاسارەکە. دەبێ بتـبـرژێـنم.
ماسییەکە: ناتـوانیـت.
ئاگرەکە: مـن ناتـوانـم؟ وا دیـارە گـاڵـتەم پێـدەکـەی.. کەس نەیـوێـراوە و نـاوێـرێ.. ملمـلانێی وا لەگـەل منـدا بکـا.. پێویستە دان بە هـێزی منـدا بنـێی.
ماسییەکە: چـۆن؟
ئاگرەکە (لێی نزیک دەبێتەوە): خۆمـت پێـشـان دەدەم.
ماسییەکە: باشـە چی دەکـەی؟.. ئـەی تـۆ لە رووبـارەکە ناتـرسی؟
ئاگرەکە: لە کەس ناترسم.. هەمووان لە من دەتـرسن.. تۆش پێویستە لە من بترسی.. ئەی ماسییە لاسارەکە، پێویستە بتـبـرژێـنم.
ئاگرەکە بەرەو لای ماسییەکەوە دەجـووڵـێ.
رووبارەکە: چاوەڕێکە ئەی ئاگـرە لەخۆبـاییەکە.
ئاگرەکە: ئەی رووبار، تۆ خۆت لە شتێک هەڵمەقـورتێنە.. کە پەیوەندی بە تۆوە نییە.
رووبارەکە: ئەم ماسییە لە ئاوی مندا مەلەوان دەکا و دەژی.. ئەی ئاگری لەخۆبایی بە خۆتـدا بچـۆرە.. ئایـا ئاکـامی ئەوەی دەتـوێ، دەزانـی بەچـی دەگـا؟
ئاگرەکە: بـاش دەزانـم کە چـیم دەوێ.
رووبارەکە: چـیت دەوێ؟
ئاگرەکە: مـن ئـەم ماسیـیە، کە لە رێگـامدا وەسـتا.. دەبـرژێـنـم.
ئاگرەکە زیاتـر و زیاتـر لەرووبارەکە نزیک بـۆوە.. تا گەیشت بە رووبارەکە.. خۆی بۆ ماسییەکەی نـاو رووبـارەکە هـەڵـدا.. ئاگـرەکە هـاواری لێ هـەسـتا: مـردم.. مـردم.. دووکەڵێکی رەشی لێ هەستا.. لە رووبارەکەدا نوقم بوو و خنکا.. دوایی لاشەی سارد و سڕیـان دەرهـێـنا و لەسەر شانـۆکەدا دایـان نـا.
ماسیـیەکە و دارەکـە و چـۆلەکەکە و شـوورەکە (پێکەوە): زۆر سوپـاس رووبـاری هـاوڕێمان.. کە ئەرکی خـۆت بەجێ هـێنا و لەم ئاگـرە لەخـۆبـاییە رزگارت کـردین.
رووبارەکە: شایـەنی سوپاس نیـیە.. بە ئەرکی سەرشـانـم زانی، کە لەو لەخـۆباییە رزگارتـان بکـەم.
چۆلەکەکە: ئیـتر بە ئـارەزووی خـۆم یـاری و سەما دەکەم.. کەس رێـم لێ ناگـرێـت.
پەپوولەکـانیش (هـاتـنە دەرەوە): زۆر سوپـاس رووبـاری هـاوڕێمـان.
رووبارەکە: شایەنی نییە.. بە ئازادی و بە هەوەسی خۆتان یاری بکەن و سەما بکەن.
یەکێک لە پەپـوولەکـان (کچـۆڵەیەکی دەنگخـۆش) ئەم هـونـراوەیە بە ئـاوازەوە بە دیار لاشـەی ئاگـرەکـەوە دەخـوێنـێـتەوە:
ئـەی ئـاگــــری لەخـۆبـــــایـی
وا تیـاچــووی لـە کۆتـــــــایی
بە هــــێـزی خـۆت دەتـنــازی
دار و دیـــــــوارت گــــــــازی
واتــــزانـی پـێت نـاوێــــــــرن
کـەس نیـیە رێـت لـێ بگـــرن
هـێندەش لەخۆت دەرچـوویت
بە گــژی ئـاویـشــدا چــوویت
بـمــرە گـــۆڕی گـیــــانـت بـێ
دواکـــــۆتـایی ژیــــــانـت بـێ
ئـەوەی لـەخـــــۆی بـایـــــیـە
ئـاکــــامـی ئـاوهـــــــــایـــــیـە

(کۆتــــایی …. شانــــۆکە)
تێـبینی:
() بە دەستکارییەوە ئەم شانۆیەم لە زمانی عەرەبییەوە، وەرگێڕاوە بۆ سەر زمانی کوردی.. شانۆکە لە نووسینی (ئبراهـیم ئەبولخەیـر)ە. لەژێر ناوی (عاقـبة الغـرور).
(
) هـۆنـراوەی پێشەکی و کۆتـایی، لە هـۆنینەوەی خـۆمـن.. لە دەقە عەرەبییەکەدا، هـیچ هـۆنـراوەیەکی تێـدا نیـیە.
() دەکريت رۆڵی ئاگر بدرێت بە منـداڵێکی زیـرەکی باڵابەرز.. بەدلەیـەکی سووری لەبەربێ، کە گوزارشت لە ئاگر بکات.. دەرهێنەر خۆی دەزانێ بۆ ئەم رۆڵە، چۆن گوزارشت لە ئاگر دەکات.
(
) رۆڵی دارەکە و چۆلەکەکە بـدرێـن بە دوو کچـۆڵە.
() رۆڵی شوورەکە بدرێت بە کوڕێک.
(
) رۆڵی ماسییەکە بدرێ بە کچۆڵەیەک.
() دەرهێنەر دەتوانێت بە نایلۆنی شینی تەنک گوزارشت لە رووبارەکە بکات.
(
) پێویستە جلەکانی ئەکتەرەکان لەگەڵ رۆڵەکانـدا بگونجـێن.
() پێنج کچـۆڵە رۆڵی پەپوولەکان ببینن.. جلی کوردی رەنگـاوڕەنگیان لەبەردابێت.. باڵی پەپوولە ئاسایی نەخـشینیش، لەسەر شانەکانیان ببەستن.
(
) هونەرمەنـدی ئاوازدانەر، دەتوانێت ئاوازی خۆش بۆ هەردوو هـۆنراوەکە دابنێت.
() ئەمانە را و پێشنیاری منن.. بەڵام من نە هونەرمەندم و نە دەرهـێنەرم.. دەرهێنەر خۆی دەزانێت، کە چـۆن رۆڵەکـان دابەش دەکا و بە چ شـێوازێکی هـونەریش شانۆکە دەردەهـێنێت.. جلەکـانیش چـۆن هەڵـدەبژێـرێـت.
(
) ئەم شانۆیە بۆ منـداڵانی تەمەن دە ساڵان تا دوانـزە ساڵان و بە سەرەوەتـریش لە گـوونجـاوە.
رەزا شـوان
نەرویـج: ٢٩/ ئـادار/ ٢٠٢٠




كۆرۆنا له‌ نێوان پله‌ باڵاكان و پله‌ نزمه‌كاندا … ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب

له‌ دوای قه‌یرانه‌ دروستكراوه‌كه‌و مووچه‌ برین ونه‌دانی به‌شێكی مووچه‌ به‌ناوی پاشه‌كه‌وت حكومه‌تی كوردستان به‌زمێكی دۆزییه‌و ناوی چاكسازی لێناو به‌ پاره‌ په‌رله‌مانی كوردستانیان ده‌سته‌مۆ كردو په‌رله‌مانتێره‌كان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان به‌ زۆرینه‌ ده‌نگیاندا به‌و چاكسازییه‌و دیاره‌ چاكسازی نه‌بوو به‌ڵكۆ چاكوازی بوو له‌ هه‌ندێ شوێنی گه‌رمیان به‌ یاری ئه‌وترێت وازی.
به‌ڵی چاكسازییه‌كه‌ی حكومه‌ت یارییه‌كی زیره‌كانه‌ بوو بۆ پێدانی خانه‌نشینێكی خه‌یاڵاوی به‌و كه‌سانه‌ی له‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه‌ ده‌نگیان پێدرابوو بۆ ئه‌وه‌ی ببنه‌ نوێنه‌ریان و خواست و داواكانیان بهێننه‌دی و به‌رنگاری گه‌نده‌ڵی و دزی وفرت و فێڵ ببنه‌وه‌ و، له‌مرۆدا به‌و كه‌سانه‌ ئه‌وترێت خانه‌نشینی پله‌ باڵاكان و، هه‌موو خه‌میان كاركردنه‌ له‌ پێناو خۆیان و كه‌سوكارو خزمانیان( دیاره‌ هه‌ندی له‌ په‌رله‌مانتاران پیاوانه‌ و بێترس ده‌نگیان به‌رزكرده‌وه‌و دژ به‌و یارییه‌ وه‌ستان).
بارودۆخی هه‌رێمی كوردستان به‌ بۆنه‌ی قه‌یرانه‌ كوشنده دروستكراوه‌كه‌ سه‌خت و دژوار بوو، له‌ ئێستادا به‌ هۆی كۆرۆناو، قه‌ده‌غه‌كردنی هاتووچۆ بارودۆخه‌كه‌ قورسترو كوشنده‌تر بووه‌ به‌ تایبه‌ت بۆ خانشینی پله ‌نزمه‌كان و، كاسبكاران و زه‌حمتكێشان و كرێكاران و هه‌ژارانی بێ ده‌رامه‌ت.
راسته‌ قه‌ده‌غه‌كردنی هاتووچۆ رێگرتنه‌ له‌ ته‌شه‌نه‌كردنی په‌تای كۆرۆنا به‌ڵام هاوكات برسیكردنی سه‌دان هه‌زار خێزانی هه‌ژاره‌و، حكومه‌ت توانای ئه‌وه‌ی نییه‌ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و پێشمه‌رگه له‌ كاتی خۆیدا‌ بدات و، حكومه‌ت ساڵانێكی زۆره‌ نه‌وت ئه‌فرۆشی و هیچی دیار نییه‌و، جێی ئاماژه‌یه‌ تا ئێستا هاتووچۆ قه‌ده‌غه‌ كراوه‌و ته‌نها تانكه‌ره‌كان وه‌ك جاران كار ئه‌كه‌ن.
وڵاتان فه‌رمانی قه‌ده‌غه‌كردنی هاتووچۆیان كردووه‌ به‌ڵام ئه‌و كه‌سانه‌ی فه‌رمانبه‌رو كرێكاری ده‌وڵه‌ت نین یان كه‌م ده‌رامه‌تن و له‌ ماڵه‌وه‌ن مووچه‌یان ئه‌ده‌نێ و، لای خۆمان كرێكاران و هه‌ژاران و سه‌دان هه‌زار خاوه‌ن ته‌كسی و ئۆتۆمبێلی بارهه‌ڵگرو هه‌زاران خاوه‌ن دوكانی بچوك له‌ ماڵه‌وه‌ن وهیچ شتێكیان پێنادرێت و هه‌ندی خه‌ڵكی ده‌وڵه‌مه‌ندو خاوه‌ن كۆمپانیای گه‌وره‌ ده‌ستی یارمه‌تیان بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ درێژ كردووه‌و جێی سوپاسن به‌ڵام كوا رۆڵی حكومه‌ت؟.
حكومه‌ت باسی دادپه‌روه‌ری ئه‌كات و، ئه‌گه‌ر ئه‌مجاره‌یان له‌ گه‌ڵ هاوڵاتیان راستگۆ نه‌بن شیرازه‌ی كۆمه‌ڵگا زیاتر تێكئه‌چێت وكۆنترۆڵیان نامێنێت بۆیه‌ به‌رامبه‌ر به‌م بارودۆخه‌ پێویسته‌ حكومه‌ت چاكسازی راسته‌قینه‌ بكات و به‌ خۆیدا بچێته‌وه‌ و، ده‌ست نه‌بات بۆ مووچه‌ی مامۆستایان و فه‌رمانبه‌ران و خانه‌نشینانێ پله‌ نزم و، چاكسازی ئه‌بێ له‌ خاوه‌ن كارگه‌ و موڵه‌كان و كێڵگه‌كانی نه‌وت و سه‌رۆك هه‌رێم و سه‌رۆك وه‌زیران ده‌ست پێبكات تا ئه‌گاته‌ وه‌زیران و په‌رله‌مانتاران و، هه‌روا پێویسته‌ ئه‌م خاڵانه‌ خواره‌وه‌ زوو به‌ زوو جێبه‌جی بكات تا كاره‌سات روونه‌دات و جه‌ماوه‌ری خه‌ڵك نه‌یه‌نه‌ سه‌ر شه‌قام و گۆره‌پانه‌كان و ئه‌و كاته‌ هه‌رێم به‌ره‌و كوێ ئه‌چێ؟.
كه‌مكردنه‌وه‌ی ژماره‌ی پاسه‌وانانی ( حیمایه‌) به‌رپرسه‌كان، به‌رپرسی وا هه‌یه‌ به‌تالیۆنێك یان لیوایه‌ك پاسه‌وانی هه‌یه و، نازانم نوێنه‌ری خه‌ڵك پاسه‌وانی بۆچییه‌؟‌.
مووچه و ده‌رماڵه‌‌ی چاش موسته‌شارو پاریزكارو و په‌له‌ باڵاكانی رژێمی دیكتاتۆری سه‌دام حسه‌ێن و حزبی به‌عسی عه‌ره‌بی و به‌شداربووانی پرۆسه‌ی ئه‌نفالی چه‌په‌ڵ ببرن و، ئه‌و جۆره‌ خاین و خۆفرۆشانه‌ بده‌ن به‌ دادگاو ده‌ستیان خوێناویه‌ و بكوژی هه‌زاران هاوڵاتی سڤیلن و ناویان له‌ لیستی تاوانه‌كان هه‌یه و، له‌ هه‌مووی خراپتر پاسه‌وانیان هه‌یه‌‌.
په‌رله‌مانتار به‌ 5 و6 ملیۆن خانه‌نشین نه‌كرێت و پێویسته‌ وه‌ك وڵاتان له‌ پاش ته‌واو بوونی خولی په‌رله‌مان بگه‌رێنه‌وه‌ سه‌ر كاری پێشوویان و له‌وی خانه‌نشین بكرێن، له‌ ئێستادا ئه‌و پاره‌یه‌ كه وه‌ری ئه‌گرن و‌ به‌ یاسا له‌ لایه‌ن خۆیانه‌وه‌ رێكخراوه‌ دزییه‌و بازدانه‌ به‌ سه‌ر كۆمه‌ڵكاو دووره‌ له‌ موراڵی مرۆڤایه‌تی.
نه‌هێشتنی نووستوانی بن دیوارو كه‌سانی مشه‌خۆر.
پارتی ویه‌كێتی خاوه‌ن ده‌زكایه‌كی گه‌وره‌ی راگه‌یاندنن و، بۆ نموونه ده‌زگای ‌ رووداو و ده‌زگای 24 بێ له‌ پێژه‌رو كارمه‌ندان یه‌كی 20 ــ 30 په‌یامنێریان له‌ ناوخۆو ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم هه‌یه‌و دابه‌شكراون به‌ سه‌ر وڵاتان وبێشك هه‌رهه‌موویان له‌ سه‌ر قووتی خه‌ڵك پاره‌ وه‌رئه‌گرن.
ده‌مێكه‌ میوانێكی زۆر ، مه‌به‌ست به‌عسییه‌كان و خه‌ڵكی ترسنۆك و هه‌ڵاتووی عێراقه‌ له‌ كوردستان داڵده‌دراون وخه‌رجیان زۆره‌ وبارگرانیان دروست كردووه‌.
كۆرۆنا ڤیروس مه‌ترسیداره‌و، بۆ رێگری له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی داوا له‌ خه‌ڵك كراوه‌ له‌ ماڵه‌كانیان بمێننه‌وه‌و هاتووچۆ ئه‌كه‌ن و، ئه‌گه‌ر درێژه‌ بكێشێت خه‌ڵكێكی زۆر بێ نان سه‌ر ئه‌نێنه‌وه‌و، پیویسته‌ حكومه‌ت بگه‌رێت به‌ دوای چاره‌سه‌ری نان و ئاو بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ ئه‌گه‌ر رۆژێك بێكار بێت خۆی و مناڵ و خێزانه‌كه‌ی تووشی برسێتی و نه‌خۆشی ده‌روونی ئه‌بنه‌وه‌.

ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب
31/3/2020




کۆڕۆناو مرۆڤی باڵا … مەحمود عەبدوڵڵا

لەسەدەی نۆزدە نیچە هاوارێکی کرد لەدواین مرۆڤ کەدەبێت خەمی وەچەکانی داهاتوی بێت،ڕێک ئەوکاتە کە زەوی هێشتا بەپیت بو ،بۆ چاندنی تۆوی بەنرخترین ئومێدەکان و دیاریکردنی ئامانجێک کە مرۆڤی باڵایه.نیچە هاواریکرد،وەلێ وەک دەڵێت:ئەو خەڵکە پێویستبو لە پێشدا پەردەی گوێی بدڕێت تا بتوانێ بەچاو گوێ بگرێت،ئەو کاتەی کە دواین مرۆڤ تەنها دەنگی دەهۆڵ و هاواری واعیزەکانی دەبیست،ڕێک لەو کاتەدا پێغەمبەرانە هاواریدەکرد و دەیگوت: واوەیلا!ڕۆژی مرۆڤی سوک دێت ،مرۆڤێک کەچیتر هەست بەسوکی خۆی ناکات . نیچە پڕ بەگەروی هاواری دەکرد ڕۆژێک دێت زەوی زڕو بەیار دەبێت چیتر درەختی مرۆڤی باڵای تێدا گەشەناکات.
من دەزانم نیچە ترەمپی دیوە ! ملیۆنان مرۆڤ چەپڵەی بۆلێدەدەن لە و مرۆڤە سوکە. ئەو ئەو ئادەمیزادە پییسەی پێشبینی کردووە کە ئەردۆغان دەبێتە کاریزمای،هەربۆیە هاواری دەکرد ئەی دواین مرۆڤ،ئەی مرۆڤی ئێستا،ئادەمیزاد دەبێت دەریابێت تا بە تێگەڵ بون لەگەل مرۆڤی ئێستا پیس نەبێت،دەبێت دەریابیت تا سوکایەتی ئەو مرۆڤە لەبنی دەریاکەدا بنیشێت. بەڵام دواین مرۆڤ خۆی بەشتێک بادەدا ،ئەوشتە ی ناو دەنا ڕۆشنبیری،بەوە خۆی لەشوانی بزنان جیادەکاتەوە . ئەو لە و کاتەدا کە پێویست بو مرۆڤ فریای خۆی کەوێت،ببێتە وەستا و خانو بۆمرۆڤی باڵا دروستبکات هاواری دەکرد ،من ئ ەوانەم خۆشناوێت لەودیوی ئەستێرەکانەوە بۆ ئومێد دەگەڕێت،من ئەوانەم خۆش دەوێت کە لە پێناو مرۆڤی باڵادا دەبێتە قوربانی،خۆی فیدای زەوی دەکات و دەیگوت:براکانم تکاتان لێدەکەم پەیوەستبن بەزەوییەوە بە ئەمەک بن بۆزەوی،چونکە ئێمە لێرەدا بۆهەتاهەتایە دوبارە دەبینەوە لەودیو ئەستێرەکان هیچ شتێک نییە و خودا مرد ،لەگەڵیدا گوناهبارەکانیش مردن بۆیە واز بێنن لەپێوار . هاواری دەکرد براکانم ڕۆژێک دێت تیری شەوقی مرۆڤ لە دواین مرۆڤ واوەتر ناڕوات،بۆیە ئێستا تۆی ئومێدەکانتان بڕوێنن.ئای !لەو مرۆڤە لەو دواین مرۆڤە کە لەسەر بۆمبی ئەتۆم دانیشتوە،وەک مناڵ یاری پێودەکات. ئای !لەمرۆڤی نزم خەریکە لە کۆڕۆنا خوا دروست دەکاتەوە.خەریکە لەوحەکۆنەکان لە ژێر خاک دەردێنێتەوە. تاقەتی خوڵقاندنی بەهای نوێی نەماوە دەستە و ئەژنۆ دانیشتووە بەدیار کۆڕۆناوە. براکانم ،ئێستا هاوارەکەی نیچە دەبیستن ،بەڵام لەبەر نزمیتان لەجیاتی ڕوخاندنی خانوەکۆنەکانی دواین مرۆف ڕەنگە سواقکارییەکیان بۆبکەن . چونکە ئێوە ناتوانن ببن بەمرۆڤی باڵا ،لەبەر ئەوەی ئیتر مرۆڤی سوک لە ئاسمانەوە چاودێری زەوی دەکات، هەرکەسێک خەریکی چاندنی تۆوی ئومێدەکانی بێت ،خەریکی دروستکردنی خانوبێت بۆ مرۆڤی باڵا ئەوا ،مرۆڤی سوک بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان چاودێری دەکات و دەیڕوخێنێت، کێ هەیە لێرەدا بتوانێت تۆوی ئەوتلیاکە بچێنێت ،گۆشەیەک نەماوە کە مرۆڤی سوک چاوی لێنەبێت . کۆڕۆنا پەردەی گوێیەکانی دڕی،ئێستا مرۆڤ بەچاو دەبیستێ ،وەلێ ئومێدی نەماوە. بەڵێ من ئەترسم خودا لەکۆڕۆنا دروست بکەنەوە،ئەترسم لەوحەکۆنەکان بێننەوە دەر . ئەترسم پاشاکان زیندو بکەنەوە،ئەترسم سوڵتانە خوێڕیەکان لەشوێنی مرۆڤی باڵا دەبنێن.

مەحمود عەبدوڵڵا




کڕۆنا ڤایرۆس، کۆڤید ١٩ … چرۆ زەند

ڕەنگە کۆتایی بێت،
یان
سەرەتایەکی نوێ

ڕەنگە کۆتایی سنوورەکان بێت،
یان
سەرەتایی یەک وڵاتی.
ڕەنگە کۆتایی دوکەڵی پیسی بێت
یان
سەرەتایی ژینگە پاکی
ڕەنگە کۆتایی چەکە کیمیایەکان بێت،
یان
سەرەتای زۆرکردنی پێداویستی تەندروستی،
ڕەنگە کۆتایی مزگەوت و کلێساکان بێت،
یان
سەرەتا بۆ زیادکردنی وانەی پسپۆری خۆراک،
ڕەنگە کۆتایی مادە خواز و ڕاکردن بە دوای دەسڕی کلینیکس بێت
یان
سەرەتا بێت بۆ بەکارهێنانی سامانی سروشتی و ئاو،
ڕەنگە کۆتایی باڕو شوێنی سەماو مشروب خواردنەوە بێت،
یان
سەرەتایی بەسەربردنی کاتی زیاتر لە ماڵدا لەگەڵ کەسی خۆشەویست.
ڕەنگە کۆتایی خەڵکی پارە پەرست و خۆویست، کەم بوود بێت
یان
سەرەتا بۆ ژیری وبەخشندەیی و خۆنەویسی،
ڕەنگە کۆتایی نەشتەرگەری جوانکاری و زیادەڕۆی ماکیاژ فرۆش بێت،
یان
سەرەتا بۆ کات بەفیرۆ نەدان و زیادە مەسرەف
ڕەنگە کۆتایی هێزی سیاسی و پیاوانی بازرگانی دین بێت
یان
سەرەتا بۆ فەلەک ناسی، زانست، وە هونەر دروستی.
ڕەنگە کۆتا زەنگ بێت، یان سەرەتا.
کڕۆنە ڤایرس، نە وڵاتی هەیە، نە سنوور، نە نەتەوە، نە ڕەگەز ونە ئاین،
نە جیاوازیش دەکات لە نێوان دەوڵەمەندو هەژار، وە خوێندەوارو نەخوێندەوار.
تەنها چارەش ژینی تەندروست، پاکی مرۆڤ، خواردنەوەی ئاوی سازگار.
کڕۆنا ڤایرس ڕەنگە کۆتایی بێت یان سەرەتایەکی نوێ.

چرۆ زەند
March 26, 2020




صه‌ڵاحه‌دین له‌ پشت مه‌لا بێت مه‌گه‌ر قه‌زا لای خودا بێت … عیماد عه‌لی

لێره‌دا باس له‌و دووفاقیه‌ی سه‌رجه‌م ئێسلامی سیاسی ناكه‌م كه‌ له‌م سه‌رده‌مه‌ی كۆرۆنا رووی راسته‌قینه‌یان ده‌ركه‌وت، به‌ڵێ وه‌كو چۆن زانست له‌ مێژووی مرۆڤایه‌تیدا ئایین و فه‌لسسه‌فه‌ی میتافیكی خسته‌ كونه‌وه‌ و تاوه‌كو زانست زیاتر پێشكه‌وت و په‌ڕیسه‌ند عه‌قڵ و ئاوه‌ز و بیری واقعی و دونیا بینی روونتر و راستر ده‌بوو، ئاواش له‌م كانته‌شدا ئه‌وه‌ی به‌ خه‌یاڵی زه‌مان و ده‌وران و چاخه‌به‌ردینه‌كان بیر بكاته‌وه‌ ده‌كرێته‌ كونه‌وه‌.
سه‌ره‌ڕای ناكۆكی و ململانێی سه‌ركرده‌كانی ئیسلامی سیاسی و هه‌وڵی شه‌خسی و سودبینینی هه‌مه‌چه‌شنی دونیایی به‌ناوی ئاین و سروته‌كانه‌وه‌، به‌ڵام گه‌ربزانن زه‌ره‌ی تاكێكیان به‌گشتی بۆ ئه‌وانیش ده‌گه‌رێته‌وه بێ سڵه‌مینه‌وه‌ رووی راسته‌قینه‌یان ده‌رده‌خه‌ن، ئه‌وه‌تا هه‌موو لایه‌ك باش ده‌زانێت كه‌ دادوه‌ری له‌ ئۆروپا به‌ چه‌ند قۆناغدا رۆیشتووه‌ تاگه‌یشتۆته‌ ئه‌م وه‌زعه‌ی ئێستایان و، هه‌موو لایه‌ك ده‌زانێت كه‌ دادگاكان له‌ ژێر هیچ ركێف و فشارێكدا نین به‌ هاوشێوه‌ی رۆژهه‌ڵات و، ئه‌گه‌ر هه‌ر كه‌یسێك له‌ بنه‌ڕه‌تدا شایانی یه‌كلاییكردنه‌وه‌ نه‌بێت چه‌ندین جار دواده‌خرێت و تا ده‌گه‌نه‌ قه‌ناعه‌ت به‌ ناوه‌خن و ده‌وره‌به‌ری هه‌ ركه‌یسێك كه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ڵنه‌گرێت هیچ بڕیارێكی سه‌رپێی نادرێت، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر مه‌لا كرێكار هیچ تاوانێكی مرۆڤایه‌تی نه‌كردبا مه‌حاڵ بوو له‌م ماوه‌ دوورودرێژه‌دا راستی راوبۆچون و قسه‌ و ره‌فتاره‌كانی بۆ دادگا ده‌رنه‌چوبایه‌ و مافه‌كانی وه‌رنه‌گرتبا. هه‌موو لایه‌ك ده‌زانن كه‌ بۆ یه‌كلاییكردنی كه‌یسه‌كه‌ی چه‌ندین جار درێژ كرایه‌وه‌ و دووباره‌ كرایه‌وه‌ و تاوه‌كو هه‌موو دادوه‌ران نه‌گه‌یشتنه‌ قه‌ناعه‌ت دوا بڕیاریان نه‌دا، كه‌چی مامۆستا هصه‌لاحه‌دین سكرتێری حزبێكه‌ و خۆی به‌ مافدۆست وحه‌قانی و دونیابینی ئاناسی ودوور بین و خۆ به‌ راست و بیری گونجاوی به‌ڕێكردنی ژیانی مرۆڤایه‌تی و فكری به‌ناو میانڕه‌و راسته‌وخۆ به‌رگری له‌ ناحه‌قی ده‌كات و ئه‌گه‌ر بۆی بكرێت له‌سه‌رجه‌م به‌ها و بنه‌ما سه‌ره‌كیه‌كانی دادوه‌ری له‌ پێناو ئایدیۆلۆجیه‌كه‌ی خۆی ده‌دات و بۆی بكرێت هه‌ر ئێستا له‌ داد و ماف و سه‌رجه‌م عه‌داله‌تیه‌ ئاینیه‌كه‌ی خۆی ده‌دات و به‌ ناحه‌ق مه‌لا كرێكار له‌و تۆمه‌ته‌ی له‌سه‌ر راست بۆته‌وه‌ به‌ به‌رزكی بانان ده‌رده‌كات، ئا ئه‌مه‌یه‌ دووفاقی قسه‌ و كردار و ناچونیه‌كی ره‌فتار و بیر و جیابینی ئایدیۆلۆجیانه‌ی خه‌ڵكانێك هله‌ جه‌وهه‌ردا له‌ پێش 1400 ساڵ ده‌ژین و به‌ ئیدعا له‌ سه‌ده‌ی بیست و یه‌كدان.
جا له‌مه‌وه‌ بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ هه‌موو ئه‌م به‌ناو ئیسلامی و له‌ بنه‌ڕه‌تدا حزبی و ئایدیۆلۆجیا رووتانه‌ هه‌ر كاتێك بۆیان بلوێت ده‌گه‌ڕینه‌وه‌ زه‌مانه‌كه‌ی خۆیان و هه‌موو جیاوازیه‌كانیان ده‌خه‌نه‌لاوه‌ و به‌ یه‌ك ده‌نگ و یه‌ك ره‌نگ ره‌فتار ده‌كه‌ن، به‌ڵام به‌هه‌موو مه‌زهه‌ب و رێگه‌كانیانه‌وه‌ گه‌ر هه‌ڵوێست و پێگه‌یان لاواز بێت، تا بۆیان بكرێت له‌سه‌ر بیری ته‌قیه‌ ده‌رۆن تا ئه‌وكاته‌ی رێگه‌ی ئه‌نجامدانی هه‌ر كارێك بۆیان مه‌یسه‌ر بێت ته‌نانه‌ت توندڕه‌وی بۆ گه‌یشتن به‌ ئامانجه‌كانیان سڵ ناكنه‌وه‌ .
ئاخر مه‌عقول نیه‌ تادوێنی خوێنی یه‌كتریان حه‌ڵاڵ ده‌كرد، ئێستا به‌خور بۆ نه‌یاره‌كه‌یان ده‌گرین. به‌ڵام هۆكاری ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی مامۆستا صه‌لاحه‌دین ته‌نها له‌به‌ر خاتری چاوی ره‌شی ملا كرێكار نیه‌ به‌ڵكو:
1- له‌م زه‌مانه‌ی كۆرۆنادا زۆر وه‌رگۆڕانی خێرا له‌ دونیای سیاسه‌ت وئایدیۆلۆجیای میتافیزیكی و خه‌یاڵی رووده‌دات و باری لاری خۆڕافات و هه‌نگاوی خیڕای راستیی زانست و دونیای حه‌قیقه‌ت وای كردووه‌ كه‌ ئه‌و ره‌وتانه‌ هه‌ست به‌ لاوازیه‌ك بكه‌ن كه‌ تا ئه‌مڕۆ به‌م شێوه‌یه‌ نه‌یانبینیوه‌ و هه‌موو كارێك ده‌كه‌ن بۆ له‌ سه‌ر پێ مانه‌وه‌ نه‌خواسا ئیستغلال كردنی پۆلۆلیستیه‌كیه‌ مه‌لا كرێكا له‌ قازانج بینی حزبی.
2- وابه‌سته‌یی سیاسه‌ت و بانگه‌شه‌ و به‌ستنه‌وه‌ی ئاین و حزبایه‌تی له‌م باردۆخه‌ی زه‌بری كۆرۆنا له‌م ئانوساته‌ و كاریگه‌ریه‌ دوورمه‌وداكه‌ی ئه‌م حزب و كه‌سانه‌ی هێناوه‌ته‌ شڵه‌ژان و، ئه‌وان باش ده‌زانن كه‌ وه‌زعی له‌مه‌ودا تادێت حه‌قیقه‌ته‌كان به‌ كردار و له‌سه‌ر ئه‌رزی واقیع روون ده‌بێته‌وه‌ و ئه‌وان به‌ره‌و كونه‌تاریكه‌ی ژیان تایبه‌تی و سیاسی وفكریان ده‌ڕۆن، هه‌ر وه‌كو زه‌مانی كۆبه‌رنیكۆس و ئاینیشتاین و ستیفن هاوكینگ وه‌رگۆڕانێكی گه‌وره‌ و ئاڵۆگۆڕێكی فكری فراوان و فه‌لسفه‌ی زانستی راسته‌قینه‌ ده‌كرێت و ئه‌وه‌ی خه‌یاڵ و ماوه‌ به‌سه‌رچووه‌ كۆتایی دێت، بۆیه‌ تاكه‌ رێگه‌ و په‌له‌قاژه‌ی ئه‌مانه‌ ئه‌گه‌ر كاتێكی زۆریشی بوێت یه‌كگرتن و هاوكاری وهاوبه‌شی به‌رژه‌وه‌ندخوازیانه‌ به‌ناوی یائیینه‌وه‌.
3- ئه‌مڕۆ به‌م بارۆدۆخه‌ گشتییه‌ی دونیا، حزبه‌ ئیسلامیه‌كان له‌ سه‌رجه‌م جیهانی ئیسلامی و بارودۆخی تایبه‌تی ئیسلامی سیاسی به‌ توندڕه‌و و میانڕه‌ویانه‌وه‌ وای لێكردوون كه‌ بیر له‌ دوای كۆرۆنا بكه‌نه‌وه‌ و تا بۆیان بكرێت شرۆڤه‌ی فاندامینتاڵی هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنه‌ری خۆیان بۆ ئه‌مڕۆی جیهانی دوای كۆرۆنا ده‌كه‌ن.
بۆیه‌، وا ئه‌مرۆ به‌م هه‌ڵوێسته‌ی مامۆستا صه‌لاحه‌دین به‌هادین سه‌ره‌تای ره‌فتار و بیركردنه‌وه‌ی نوێی ئه‌م جۆره‌ بیركه‌ره‌وانه‌ی بۆ هه‌مووان ده‌رخست، ئه‌گینا مه‌به‌ستی مامۆستا صه‌ڵاحه‌دین خودی مه‌لا كرێكار نیه‌ و، ئه‌گه‌ر ئه‌م رووداوه‌ له‌ كانتێكی تردا بوایه‌ ئاوا هه‌ڵوێستێكی له‌م جۆره‌ی مامۆستا له‌ گۆشه‌ی تاریك و بن دیواری باره‌گاكانیشیان نه‌بینرا.




جوگرافیای سیاسی لە سەردەمی کۆرۆنا … نوسینی / بێرنهارد زەند

چالێنجی جیهانی پێویستی بە وەڵامێکی جیهانیه.

نوسینی / بێرنهارد زەند
وەرگێڕانی لە ئینگلیزیەوە / ڕزگار عومەر
سەرچاوە/ بەشی ئینگلیزی ئۆنلاینی گۆڤاری دیر شپیگڵ ی ئەڵمانی

ڕوون کردنەوەی وەرگێڕ:

ئەم ووتارە نموونەیەکە، پارچەیەکە لەو دۆخەی ڕوودەدات و شکل دەگرێ. مەرج نیە وەکو وەرگێڕ لە گەڵ سەرتاپای بۆچوونەکانی نێو ئەو ووتارە من کۆك بم یان ئێوە وەکو خوێنەر کۆك بن. ڕاستە ئێمە لە دۆخی تراژیدیایەکی مرۆیی و تەندروستی دەژین، بەڵام ئەو چانسەشمان بۆ دروست بووە کە پەرچەکردارەکانی وەرچەرخانێکی مێژوویی ببینین. یۆتۆبیاکان، پڕۆژە گەورە مێژووییەکان چەشنی “یەكێتی ئەوروپا” بە ئەزمونێکی زۆر هەستیار تێدەپەڕێ، لە وولاتێك خەڵك ئاڵای یەكێتی ئەوروپا دائەگرێت و لە شوێنیا ئاڵای چین بەرز دەکاتەوە، لە شوێنێکیتر نموونەی ئەم ووتارە هێشتا ناکۆکی و فۆبیا دەبینی لە کۆمەکی چین ، دەبینی “ئەوروپا سالاریی” پەڵ دەکێشێتە ترسی جوگرافیای سیاسی، لەوێوە دەیەوێ پێش بەو گۆڕانکاریە بگرێت، یان پەرچەکردارێك بنوێنێ چەشنی دڵتەنگی هاندەرانی تیمێك کە دڵتەنگیان هیچ لە واقیعی ئەنجامی یاریەکە ناگۆڕێ.

لە گەڵ پەتای کۆرۆنا سیستەمی جیهانی، بە دڵنیایش لە گەڵیدا سیاسەت و جوگرافیای سیاسی گۆڕانکاری زۆر گەورە بە خۆیان دەبینین، ئەوروپا دەتوانێ شەقار بوونی شوناس لەت لەت بوونی مەعنەوی ئەندامەکانی کۆبکاتەوە ؟ دەتوانێ شکستی سیستەمی تەندروستی دروست بکاتەوە؟ لە دوای روخانی فاشیزم لە ئەڵمانیا، دواتر لە قۆناغێکتردا لە دوای ڕوخانی یەكێتی سۆڤیەت، ئەوروپا لە ژێر هەژموون و سێبەری ئەمریکا بووە، ئایا ئەم هەژموونە کاتی ئێکسپایەر بوونی هاتووە؟ چین دەتوانێ ببێتە ئەلتەرناتیڤی ئەم هەژموونە، ئەم پرسیارانە زۆر جدین، کە وەڵامەکانی کلیلی زۆرشتمان بۆ دەکاتەوە، لەم بارەیەوە ئەم ووتارە زۆر شتمان پێدەڵێت، زۆر شتیش ناڵێت! بەڵام لە زمانی فۆبیایەکی شاراوە ئیقاع و ڕێڕەوی ڕووداوەکانمان پێ نیشان دەدات.
…………………………………………………….

جوگرافیای سیاسی لە سەردەمی کۆرۆنا

لە کاتێکدا؛ کە دەوڵەتە ئەوروپیەکان و ئەمریکا سنوورەکانیان دادەخەن ڕوو لە ناوخۆی وڵاتەکانیان دەکەن وەك هەوڵێك بەرگرتن و هێواش کردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا، وڵاتی چین یارمەتیەکانی دەنێرێ بۆ سەرتاسەری جیهان. بەڵام ئەوەی بە ڕاستی جیهان پێویستی پێیە بریتیە لە وەڵامێکی کۆدەنگی ڕێکخراو.
لەم هەفتەیەدا؛ سەرۆکی سڕبیا ووتەیەکی پڕ لە تووڕەیی پێشکەش کرد، ووتەیەك لەو جۆرانەی کە ستۆپێکمان پێ دەکا بۆ بیرکردنەوەو تێڕامان. ئەو بە تووڕەیی ووتی : ” هاوپشتی ئەوروپی بۆ یەکتر نیە، ئەمە تەنیا حیکایەتێکی ئەفسانەیی بوو لە سەر پەڕی کاغەز”. ئەو گلەیی کرد کە ئەوروپا لەم دوایانەدا دەیویست بە زۆرەملێ وا لە سڕبیا بکات کە بۆ هاوردە کردنی کەل وپەل وپێویستیەکان پشت بە ولاتی چین نەبەستێت و لە جیاتی ئەوە لە ئەوروپا پێویستیەکانیان هاوردە بکەن. ئێستاش کە سڕبیا پێویستی بە کەل و پەل بوو لە ئەوروپا، وەڵامەکە ئەوەبوو ” دراوی سڕبیا هیچ نرخێکی نیە.”
سڕبیا کە هێشا ئەندام نیە لە یەكێتی ئەوروپا، دەیەوێ جل و بەرگ وماسكی خۆپارێزی و پزیشکی لە ئەوروپا بکڕێت بۆ خۆئامادەکردنی لە ڕوبەڕووبونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا. بەڵام ئەوروپا نایفرۆشێ بە سڕبیا، چونکە ” فرۆشتنی کەل و پەل و پێویستیە پزیشکیەکان بە دەوڵەتێك کە ئەندامی یەكێتی ئەوروپا نەبێت پێویستی بە ڕێگاپێدانی حکومەتەکان، ئەندامەکانی یەكێتی ئەوروپا هەیە”، کە پێشوتریش لە سەرەتاکانی ئەم هەفتەیە سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا ئۆرسۆلا ڤۆن دیرلین ڕایەگەیاندبو ” نەفرۆشتن هەنگاوی دروستە، چونکە ئێمە ئەو کەل وپەلانەمان بۆ سیستەمەکانی چاودێری تەندروستی خۆمان پێویسته”.
بۆیە سەرۆکی سڕبیا ڤۆیتشی نامەیەکی بۆ سەرۆکی چین (شی جین پینگ) نوسی، دلنیاش بوو کە چین ڕادەکات بۆ پڕکردنەوەی ئەم بۆشایە، سەرۆکی سڕبیا بۆ سەرۆکی چینی نوسی ” من باوەڕم بە براو دۆستی خۆم شی جین پینگ هەیە، هەروەها باوەڕم بە کۆمەك و هاوکاری چین هەیە”.”
دۆخێکی شێتانەیە: ئەو حکومەتەی کە لەسەرەتا ویستی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەکە بشارێتەوە، دواتر کارو ئاکشنی لەڕەگەوە دەست پێکرد بۆ بەرپێکگرتنی ڤایرۆسەکە بە هێواشی و بە تێچونێکی زۆر، ئێستا سەرۆکێکی ئەوروپی ئەم وڵاتە (واتە چین) بە فریاد ڕەس دەزانێت. بکین زۆر کامەران بوو بەو موجامەلەیە. ئاژانسی هەواڵی چینی نوێ (شینگوا) لەم بارەیەوە نوسی ” دۆستی لێ قەوماو دۆستی ڕاستەقینەیە، کاتێ تەوقە نەکردن هان دەدرێ لەئەوروپا، دەستی یارمەتی چین ڕەنگە گۆڕانکاری دروست بکا ” جوگرافیای سیاسی ئاوا ئیش دەکا؛ ئەگەر بۆشایی هەبوو، یەکێك باز دەدا بۆ پڕکردنەوەی.

بێگومان؛ یەكێتی ئەوروپا چاك دەزانێ چین بە شوێن پڕکردنەوەی ئەو بۆشایانەیە. ساڵێك لەمەوبەر، برۆکسل ڕایگەیاند ” چین سیستەمێکی پێشبڕكێکارە هانی ئەلگۆی بەدیلی سیستەمی حوکمڕانی دەدات” . لەگەڵ ئەوەشدا ئێستا ئەوروپا خۆی لایەکی خۆی بۆ ئەم رەقیبە واڵا کردووە ، نەك تەنیا ووڵاتانی بەلقان و ئەوروپای ڕۆژهەڵات، کە چەند ساڵێکە چین هەوڵ دەدات لەوێ قەلەمڕەوی خۆی زیاد بکات، بەڵکو ئێستا لە نێو جەرگەی یەکێتی ئەوروپاش خەریکی هەمان کارە.
وەزیری دەرەوی ئیتاڵیا (لویجی دی مایۆ) دەڵێ ” ڕۆما بۆ دابین کردنی ماسك ئامێری هەناسەدانی دەستکرد داوای یارمەتی کرد”. سەفیری ئیتاڵیاش لە یەكێتی ئەوروپا (مۆریزۆ ماساری) دەڵێت ” کۆمیسیۆنی یەكێتی ئەوروپا، داوایەکی ئیتاڵیای بەرزکردەوە بۆ ئەندامانی یەكێتی ئەوروپا، بەڵام ” سەرکەوتوو نەبوو”
هەر لەم کاتەدا، دوو تیمی پزیشکی چین بۆ یارمەتیدان گەیشتنە ئیتاڵیاو تیمی سێیەمیش لە ڕێگایە. سەرۆکی چین دوای گفتوگۆیەکی تەلەفۆنی لە گەڵ سەرۆك وەزیرانی ئیسپانیا (بیدرۆ سانشیز) ووتی ” ئیسپانیاش دەتوانێ پشت بە کۆمەکی چین ببەستێ. سەرۆکی چین ووتی ” هەمیشە لە دوای باران تیشکی خۆر دێت”. ڕۆژی چوارشەمەش سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا ڤۆن دیرلین ووتی” ووڵاتی چین لەپاڵ پێویستی و کەل و پەلیتردوو ملیۆن ماسك دەدات بە ئەوروپا” .
هەروەها چین یارمەتی عێراق و ئێران و فلیپین دەدات. جاك ما ، دامەزرێنەری کۆمپانیای (Alibaba) ی چینی بۆ بارزگانی پارچەو یەدەگ لە ئینتەرنێت ڕایگەیاند کە ئەوان ٢٠ هەزار یەکەو کەل و پەلی تێست کردنی ڤایرۆس ، ١٠٠ هەزار ماسك، یەك هەزار بەدلەی پزیشکی تایبەت بە دکتۆرەکان و پەرستارەکان بۆ ٥٤ دەوڵەت دەنێرن لە ئەفریقیا، پێشوتریش جاك ما و کۆمپانیای عەلی بابا کۆمەکیان نارد بۆ ژاپۆن و کۆریای باشور و چەندین دەوڵەتیتر.
سیاسەت و- لە درێژ کراوەی خۆیدا جوگرافیای سیاسیش- لە سەردەمی قەیرانەکاندا لە ئیشی خۆیان ناوەستن. بە پێچەوانەوە، ڕەنگە توندتر ببن. ئەمە بە ڕوونی بەرچاومان کەوت، بە تایبەتی لە کێبڕكێ و زۆرانبازی ووڵاتە یەکگرتووەکان و چین، کە دوا بەدوای چەند مانگێك لە شەڕی بازرگانی وێرانکەر شەڕەکە زۆر قوڵتربوو. لە مانگی شوباتدا وڵاتە یەکگرتووەکان رایگەیاند کە نوێنەرانی دەزگا میدیا فەرمیەکانی دەوڵەتی چین لە ئەمریکا وەکو “بەکرێ گیراوی بیانی” مامەڵەیان لە گەڵدا دەکرێت. دوای یەك ڕۆژ لەم قسەیە، چین سێ ژۆرنالیستی ڕۆژنامەی واڵ ستریت ی لە چین دەرکرد، هەروەها وەزارەتی دەرەوەی چین لە ڕۆژی سێ شەمەی ئەم هەفتەیە داوای بەڵگەنامەی کارکردن وەکو ڕۆژنامەنوس لە ١٣ ڕۆژنامەنوسی سەر بە ئاژانسەکانی : نیۆرك تایمز، واشنتۆن پۆست، واڵ ستریت کرد، پێشووتر هەرگیز هەنگاوی لەم بابەتە ڕووی نەداوە.




لەگەڵ کۆرۆنا بەرەو کوێ دە چین؟ … ئاسۆ کمال

کۆرۆنا کێشەیەکی تەندروستیە و هۆکارەکەی ڤایرۆسێکی سروشتیە، بەڵام کێشەی نەتوانینی چارەسەر و ڕوبەڕوبونەوەکەی سیستمی ئێستای سەرمایەداری لێی بەرپرسە.
توش بونی نیو ملێۆن ئینسان و مردنی ٢٤ هەزار کەس نیشانمان دەدا کە سیستمی بەرگری تەندروستی دنیا بە تەواوەتی وێرانە.
ئایا هۆکاری ئەم مەرگە بە کۆمەڵە چیە و بۆچی ئەم سیستمە ناتوانێ بەری پێ بگرێ؟
بێگومان ئەمە ئەمڕۆ پرسیاری هەموو کەسێکە کە بە خەمی گیان و تەندروستی هەزاران و ملێۆنەها ئینسانەوەیە کە بزانێ کەموکوڕیەکە لە کوێدایە و بۆچی چارەسەر و ڕووبەڕوبوونە لەگەڵ ئەم ڤایرۆسەدا سست و لاوازە و ناتوانێ کۆمەڵگە لەم مەترسیە ڕزگار بکا؟ من ئەم پرسیارەم لە ڕیکخراوی تەندروستی جیهانی کرد WHO، ئایا ئامار و ستاتیتستیکی جیهانی چیان لەسەر ئەم چارەسەرە لە بەردەستدایە کە نیشانی بدا کەموکوڕی دەزگای تەندروستی، پەرستیار، دکتۆر، خەستەخانە، دەرمان و چەند پارە پێویستە خەرج بکرێ بۆ زاڵ بوون بەسەر ئەم پەتا کوشندەیەدا؟
بەڕێز کارۆلینا، لە بەشی COVID-19 Solidarity Response Fund وەڵامی داومەتەوە و دەڵێ” هاوکاری تیمەکانی تەکنیکی بۆ ئێران و ئیتالیا نێردراوە و فەندەکانی WHO بۆ پشتیوانی بواری فریاکەوتنی کتوپڕ، خەتەری سەر خەڵک ، دۆزینەوەی کەیس و پێوەری تەندروستی گشتی، چارەسەری نەخۆش، تاقیکردنەوەی تاقیگەکان، کۆنترۆڵی هەکردن و پەرژانە سەر هەموو کۆمەڵگە و هەموو حکومەتەکان، خەرج کراوە. دەزگای پاراستنی شەخسیمان بۆ ٥٧ ووڵات ناردوە، بۆ ٢٨ وڵاتی تریش دەنێردرێ و پێویستیەکانی تاقیگەش بۆ ١٢٠ وڵات نێردراوە.”.
ئەم وەڵامەی WHO نیشانی دەدا کە ١٢٠ دەوڵەت کەمی پێداویستیە سەرەتاییەکانی تاقیگەیی بەرەو ڕووبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای هەیە!. ٨٥ دەوڵەتیش پێویستی پاراستنی شەخسی ! ئەمە ئاماژەیەکە بۆ ئەوەی دەزگای تەندروستی جیهانی ئەمڕۆی سەرمایەداری لە زۆربەی زۆری ووڵاتدا کەموکورتی جدی هەیە ئەگەر نەڵێین وێرانەیە!
نمونەی ئیتالیا نیشانی دەدا کە یارمەتیەکانی ئەم ڕیکخراوەی WHO ناتوانێ گیانی هەزارەها کەس خێرا ڕزگاربکا. کەواتە دەبێ چی بکرێ؟
سەرەتا دەبێ خۆمان وەڵامی ئەو پرسیارە بدەینەوە کە بۆچی سیستمی تەندروستی لە دنیای سەرمایەداری ئەمڕۆدا بێ توانا و بێ دەسەڵآتە بەرامبەر بە چارەسەر یان زاڵ بوون بەسەر ئەم پەتای کۆرۆنایەدا؟ وە کێشەی ئەم سیستمە تەندروستیە کە بناغەی ژیان و مانەوەی ئینسانی سەر ئەم گۆی زەویەیە چیە؟
پێویستە سەیری سامانی دنیا و بەشی کەرتی تەندروستی لەم سامانە بکەین تا بزانین ئەم کێشەیەی سیستمی تەندروستیە جیهانیە لە کوێدایە کە بەرامبەر بە پەتای کۆرۆنا ئاوا بێ دەسەڵاتە؟
سامانی ئەمڕۆی دنیا زیاتر لە ٣٦٠ ترلیۆن دۆلارە.
ئەم ٣٦٠ ترلیۆنە نیوەی لە لای ١کەمتر لە ٪ دەوڵەمەندەکانی دنیا کۆبۆتەوە، کە ژمارەی دەوڵەمەندەکانی چین لە ڕیزی یەکەمدان و دوای ئەو ئەمریکایە. واتە ٤٦.٨ ملیۆن لە ملێۆنەرەکانی دنیا ١٥٨.٣ ترلیۆن دۆلاریان هەیە. کۆی ٧ملیار و٧٠٠ملێۆنی دانیشتوانەکەی زەویش ٢٠٠ ترلیۆنیان هەیە.
بەڵام تەنیا ٩٪بۆ کەرتی تەندروستی سەرفکراوە و ٦٠٪ بەشی دەوڵەتە لەم کەرتەدا و ٤٠٪ کەرتی تایبەت خاوەنی سیستمی تەندروستی جیهانیە.
ئەگەر ئەوە لە بەرچاوبگرین کە ئەو ڕیژەی ٩٪ ی بودجەیە بۆ ١٥ دەوڵەتی دەوڵەمەندی جیهان کە خاوەنی ٨٤.٣٪ ی سامانی دنیان، لەوانەیە سەرمایەیەکی گەورە بێت بۆ کەرتی تەندروستی. بەڵام ڕیژەی ٥٪ بودجەی دەوڵەتە کە بەشێکی زۆری خۆڕاییە. کەواتە ئەو ٤٪ کەرتی تایبەت لە تەندروستیدا خەرجی دەکا خۆڕایی نیە و وەک سامان و قازانج دەگەڕیتەوە بۆ کۆمپانیاکانی ١٪ی سەرمایەدارانی جیهان. هەربۆیە دەتوانین بڵێین کە بودجەی دەوڵەت بۆ تەندروستی ٥٪ ی سامانی گشتی جیهانە کە ٣٦٠ ترلیۆنە.
بەڵام ١٨٠ دەوڵەتی تری جیهان تەنیا خاوەنی ١٥،٧٪ ئەم سامانەن. کەواتە ئەگەر لەم بەشەی تری جیهانی سەرمایەداریدا ٩٪ بودجەش تەرخانی کەرتی تەندروستی بکرێ هێشتا سەرمایەیەکی زۆر ناچیزە و ئەمەش هۆکاری ئەو کەموکورتیە گەورەیەیە کە لە خزمەتگوزاریە تەندروستیەکانی لەم بەشەی “جیهانی هەژاردا” دەیبینین و WHO دەبێ لەم قەیرانی کۆرۆنایەدا فریایان بکەوێ، ئەگەر نا ئەوا لە زۆربەی ئەو ووڵاتانەدا ئیتالیایەکی چاوەڕوان دەکرێ ئەگەر تەقینەوەی کۆرۆنا ڕویان تێ بکا!
پرسیارەکە ئەوەیە کە؛
بۆچی لە سەرمایەداریدا سیستمی تەندروستی لاوەکیە و هێندەی بودجەی سەربازی بۆ سەرف ناکرێ؟
بێگومان وەک مارکس وەڵاممان دەداتەوە؛ ئەوە پرۆسەی شێتانەی چڕبونەوەی کەڵەکەی سەرمایەیە لە دەستی ١٪ سەرمایەدارانی جیهاندا کە دیاری دەکا چی پێویستە نەک ژیانی ٩٩٪ خەڵکی سەرزەوی. ئەم دابەشبونەی سامان نیشانی دەدا کە؛ تەندروستی ئەگەر جێگای قازانج نەبێ ئەوا سەرمایەی تێدا خەرج نەکراوە. بە پێچەوانەوە پرۆسەی چڕبوونەوەی کەڵەکەبونی سەرمایە لە دەستی ١٪ جیهاندا وایکردوە کە تەندروستی ئینسانیش وەک هەر کاڵایەکی تر مامەڵەی لەگەڵدا بکرێ. بەو بە پێیەش کە تەندروستی بەپێی ڕادەی قازانج کردن تیایدا سەرمایە خراوەتە بازاڕ و توانای کڕینی خەڵکی کرێکار و کەم دەرامەتیش دیاریکراوە، هەربۆیە وەک مەیدانێکی سەرەکی سەرمایە پارە خەرج نەکراوە بۆ دابینکردنی پێویستیەکانی خەستەخانە و دەرمان و ئامڕازەکانی پزیشکی و پێگەیاندنی کارمەندانی ئەم بوارە و بگرە پارەی گەڕان و پشکنینەکان و گەشەپێدانی زانستی تەندروستیان بڕی لەم دوو دەیەی ڕابردوودا.
ئەگەر ئەمریکا و چین و ئەوروپا بەو سەرمایەوە کە ٩٪ بۆ تەندروستی دانراوە ڕیژەی مردن تیایدا گە شتۆتە ٢٥ هەزار، دەبێ وڵاتانی هەژارنشینی ئاسیا و ئەفریقا و ئەمریکای لاتین چ مەرگێکی بە کۆمەڵ چاوەڕێیان بکا؟!
ڕێگا چارە چیە؟
بێگومان گۆڕینی سیستمی تەندروستیە. ئێستا شەڕ دژی سیستمی کاپیتالیستی تەندروستی شەڕی پاراستنی ژیانی ملیارەها ئینسانی کرێکار و کەم دەرامەت و پیر و پەکەوتەیە. ئەمە شەڕی چینایەتی ٩٩٪ کۆەمەڵگەی ئینسانیە دژ بە ١٪ سەرمایەداران.
ناڕەزایەتی زانا و دکتۆرەکانی بەریتانیا فشاری لەسەر حکومەتی پارێزگارانی بەریتانیا دانا کە ئەو سیاسەتانەی کە دەیەوێ خەڵک بکاتە قوربانی نەوەستانی بازاڕی سەرمایە بگۆڕێ. مانگرتنی کرێکارانی ئیتالیا و نەچونە سەرکار، لەو بوارانەی کە پێداویستی سەرەکی ژیان دابین ناکەن لە ژێر دروشمی “ژیانمان بەهای لە قازانەکانی سەرمایەداران زیاترە”. فشاری یەکێتیە کرێکاریەکانی ئەمریکا لەسەر حکومەتی ترامپ بۆ ڕاوەستانی کار، کە دەیەوێ لە زەلکاوی کۆرۆناشدا بڵێ “دەبێ بازاڕی سەرمایەی ئەمریکا هەر یەکەم بێ”. ئەمانە نمونەی ئەو هەنگاوانەن کە ئیرادەی زۆربەی کۆمەڵگە دەهێنێتە مەیدان بۆ ئەوەی ئەم دۆخە بگۆڕین.
دەبێ سیستمی تەندروستی ئێستای پێ بگۆڕدرێ.
دەبێ بە خێرایی هەموو پێداویستیەکانی تەندروستی بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ئەم ڤایرۆسە و چارەسەرکردنی لەو ٣٦٠ ترلێۆن دۆلارەی سامانی هەموو کۆمەڵگەی ئینسانیە و نیوەی لە ژێر دەستی ١٪ سەرمایەدارە گەورەکاندایە دابین بکرێ. هەرچی سیاسەتی گرتنەوەیە لە کرێی کرێکار و پەرستیار و پزیشکەکانە، وە هەرچی بڕینی فەندی لێکۆڵینەوە و دابینکردنی تاقیگە و نەخۆشخانە و ئامڕازەکانی تەندروستیە لاببرێ و لەم ٣٦٠ ترلێۆنە ئەو پێداویستیانە دابین بکرێ.
مەسەلەیەک کە ئەمڕۆ سەرمایەداری دەوڵەتی چین وەک بەشێک لە بورژوازی جیهانی و چارەکێکی سەرمایەی جیهانی لە ژێر دەستدایە، بەشان و باڵیدا هەڵدەدا سیاسەتی دیسپلینی دەوڵەتە بۆ کەرەنتینە کردنی خەڵک لە پێناو بەرگرتن بە بڵاونەبونەوەی ئەم پەتایەدا. ئەمە چەواشەکاریەکی تەواوە کە پێمان وابێ سیستمی تەندروستی چین تەنیا بە کەرەنتینە کردنی خەڵک توانیویەتی کە دۆخی ئەم پەتایە بگۆڕێ و بەم پێیە جیاوازی بنەڕەتی لە سیستمی تەندروستی کاپیتالیستی باقی دنیادا هەیە. ژمارەی قوربانیەکانی چین نیشانمان دەدا کە ئەم سیستمی تەندروستی ئەم دەوڵەتە چەند کەمتەر خەم بوو لە سەرەتادا لە وەڵامدانەوە بەو کێشەیە کە بەرەو ڕووی خەڵکی چین و جیهان بوەوە. بەڵام ئێستاش بەهۆی بودجەی تەرخانکراوی چین بۆ پاراستنی تەندروستی خەڵکی ئەم ووڵاتە و کۆنترۆڵی کاتی کەرتی تایبەتی تەندروستی لەلایەن دەوڵەتەوە و گەیاندنی هاوکاری بە ووڵاتانی زیان لێکەوتوو، توانیویەتی گۆڕانکاریەک لە کەمبوونەوەی خێرای قوربانیەکانی چین و جیهاندا بکا. ئەم سیاسەتە بۆ دەوڵەتی سەرمایەداری چین کاتیە و ئەمە دەبێ بکرێت بە سیاسەتی هەمیشەیی ئەم دەوڵەتانە و سیستمێکی جیهانی لە کەرتی تەندروستیدا.
لە کوردستان سەرۆکی حکومەتی هەرێم خەریکی کەمپینی پیتاک کۆکردنەوەیە بۆ چارەسەری دۆخێک کە ئەمە گاڵتە پێکردنە بە خەڵک نەک چارەسەربێ. ئەم حکومەتە گەدەڵە نەک تەنیا دەبێ پارەی نەوتی ئێستا، بە ڵکو پارەی دزراوی ١٥ساڵی ڕابردووی نەوتیش بخاتە ڕوو تاکو خەرجی ڕووبەڕووبونەوەی ئەم پەتایە و دابینکردنی ژیانی کەرەنتینە کراوی خەڵکی پێ دابین بکا. هاوکات هەموو ئەو بڕیارانەی حکومەت کە کەرتی تەندروستی تایبەت کردوە و کردویەتی موڵکی کۆمپانیا و سەرمایەدارەکان دەبێ بکرێتەوە موڵکی حکومەت و هەموو پێداویستیەکی تەندروستی دابین بکا بە خۆڕایی.

ئەم پەتایە فێری کردوین کە بۆ پارێزگاری لە تەندروستی خۆمان دەبێ سیستمی تەندروستی کاپیتالیستی بگۆڕین. پێویستە لە هەموو شوێنێک پێکەوە کرێکاران و خەڵکی زیان لێکەوتوی ئەم پەتایە و هەموو هاوڵاتیان کار بۆ ئەم گۆڕانکاریانە لە سیستمی تەندروستیدا بکەین.
هەروەک فشاری زۆربەی یەکێتیە کرێکاری و حزبە چەپ و سۆشیالیستەکان و ناڕەزایەتیە بەرفراوانەکانی سۆشیال میدیا و کۆکردنەوەی دەنگ و واژۆیە توانیویەتی بڕێک لە بیمەی بێکاری و دابینکردنی موچە و کرێی خانوو و بودجە بۆ ئەم قەیرانە دابین بکا، پێویستە ئەم مافانە هەموو خەڵکی کرێکار و بێکار و کەم دەرامەتی دنیا بگرێتەوە کە توشی ئەم دۆخە بوون و لەو سامانەی کۆمەڵگەی بەشەری کە ئێستا ٣٦٠ ترلیۆنە سەرف بکرێ. ئەم پارە سپیەی کەڵەکەی سەرمایە بۆ ڕۆژی ڕەشی کۆرۆنا سەرف بکرێ.
فەشەل و شکستی ئەم سیستمە تەندروستیەی ئەمڕۆی دنیای سەرمایەداران سەپاندویانە هەڕەشەیەکە بۆ سەر کۆمەڵگەی ئینسانی ئەگەر ئێمە لەم قەیرانەدا ئەو گۆڕانکاریانە بەسەر ئەم سیستمەدا نەسەپێنین بێگومان مەرگی ٢٥ هەزار کەسی ئێستا بەرەو سەر هەڵدەکشێ و لە دوای ئەم ئەزمەی کۆرۆنایەش لەسایەی ئەم سیستمەدا پارێزراو نابین.
هەربۆیە هەر هەنگاوێک ئەمڕۆ بۆ بەخۆڕایی کردن و دابینکردنی تەندروستی خۆمان دەیکەین نیشاندانی نمونەی ئەو کۆمۆنیزمەیە، کە ئێستا ڕۆشنبیرانی وەک ژیژک و کرێکارانی ئیالیا و جیهانی بەخەبەر هاتوو باسی دەکەن. خەباتی ئەمڕۆمان بۆ پاراستنی تەندروستی خۆمان ئەو چرای ئومێدەیە کە دەتوانێ ڕۆژگاری ڕەشی کۆرۆنا بە کۆتایی بسپێرێ.

ئاسۆ کمال




ئەندام پەرلەمانی سوپەرمان …. شوان ئەحمەد باپیر

فەیلەسوفی ئیتاڵی( جیۆڤانی باتیستا فیکۆ ١٦٦٨_١٧٤٤)، کاتێک خولە بەدوای یەک داهاتووەکانی سەردەمەکانی مێژوو بۆ سێ قۆنا‌غ دابەش دەکات، لە نێوانیاندا سەردەمی پاڵەوان”کە خەڵکی پێیان وایە ئەمانە لە مرۆڤ بەرزترو باڵاترن” کە، زیاتر لە چینە ئۆرستۆکراتییەکان خۆیان دەنواند.
لە کاتی ئێستاشدا یەکێک لە پایە گرنگەکانی حوکمڕانی بریتییە، لە پەرلەمانێکی تۆکمە وبوونی ئەندام پەرلەمانانێکی بەتواناو خاوەن بیرۆکە و پسپۆر لە بوارەکانی خۆیان، بە داخەوە، ئەم چەشنە پێوەرە لە پەرلەمانی ئێمە زۆر لاوازە، سەرباری ئەمەش دیاردەیەک چەند بارە دەبێتەوە، زۆرێک لە ئەندام پەرلەمانەکانی کوردستان بە خانەنشینەکانیشەوە، زۆر کات ئەوە بە چاوی خەڵک دادەنەوە، کە موچەی خۆیان نیوەی دەدەنەوە بە حزب، یان کاتی تەنگانەیەک بەرۆکی وڵات دەگرێت، خۆیان نمایش دەکەن و دەڵێن سەدا(٥٠%)ی موچەی خۆمان بەخشی.

ئەی بەڕێز بۆچی کە، یاسای خانەنشینی دەرچوو زۆرێکتان دەپاڕانەوە کە، ئەندام پەرلەمانیش مافی خۆیەتی بەو بڕە زۆرە خانەنشین بێت، بۆچی کە باسی پێدانی ئۆتۆمبێلی گرانبەها و شوقە وەرگرتن دەهاتە گۆڕێ دیسان بە مافی خۆتان دەزانی و لە جیاتی چاو لەو وڵاتانە بکەن، کە قەیرانییان هەیە، ئۆتۆمبێلی خۆیان دەفرۆشن بۆ ئەوەی کە لێنێک لە بارگرانی خەڵکی کەم بکەنەوە، نەوەک دواتر بڵێن حوکمەتەکەمان قەردارە، ئەی بۆچی نا هێیت، پڕۆژەیەکی وا بخەیتە ڕوو، هیچ نە بێت، رێژەیی هەژاری لە وڵات بگەینیە بە نزمترین ئاست، بەرهەمی ناوەخۆ بگەینیتە ئاستی کێبڕکی وڵاتانی دەورو بەرت، هەر ناوچەیەو بە چی بەرهەمێک دەوڵەمەندە، دەیان کارگە بنیات بندرێت لە ڕێگەی پلانی حکومەت و سەرمایەدارە تێگەیشتووەکان ، بۆ ئەوەی هەزاران دەرچووە بێ کارەکانی زانکۆو پەیمانگاکان تیایدا کار بکەن، نەوەک بێیت سەردەمی پێشمەرگایەتی و سەردەمی خەباتی خۆت لە ناو حزب بە خەڵکی هەژارو خێر لە خۆ نە دیوو بفرۆشیتەوە.
قسەکە لەسەر ئەوەیە کە، بێ ڕەچاوکردنی دەرون و هەستی خەڵکی، لێدوانی زۆر گەورەو دژ بە بەڵێنەکانی کاتی هەڵبژاردن، ڕۆژانە بەر گوێی هەتا دەنگ دەرانی خۆشیان، دەدەنەوە.

ڕێگاکان زۆرن بۆ ئەوەی کە هیچ نە بێت تۆزێک دەروونی خەڵک ئاسودە بکەن، نموونە، گەر ڕاست دەکەن و خەمی خەڵکتان هەیە، بفەرموون هەمووتان داوا بکەن هەر یەکەو لە شاری خۆی موچەی ئەم چەند مانگەی خۆی بکاتە دیاری بۆ هەژاران و کرێکاران و خۆشی بە سەر کەسە شایستەکان بەش بکات، لە باشتر بوون و نەمانی ڤایرۆسی کۆڕۆنا، گشتتان داوا بکەن، با موچەتان بە ڕێژەیی (٦٠%) کەم بکرێتەوەو ڕێژەکەی بە یاسا بخرێتە سەر موچەی کەم ئەندامان، ئەمە بێگومان با ئەندام پەرلەمانە خانەنشیەنەکانیش بگرێتەوە، زۆر سەیرە کاری ئەندام پەرلەمان بۆتە لێدوان دان لە سەر یەکتری و سەروەختایەکیش، هەندێک، کە پڕۆژە یاسایەک بۆ شوێنێک یا خود بۆ بەژەوەندی هاوڵاتییان دەر دەچوو، وەک ئەوەی هەنگیان لە کلۆرە دار دۆزیبێتەوە، خۆیان وەک پاڵەوان نیشان دەدا، لە تۆرە کۆمەڵاتییەکان، ئاخر کاری خۆت دەکەی و حکومەت لە بەرژەوەندی گشتی دەبێت ئەمە هەر بیکات، تۆیەک چ پێویست دەکات، بیکەیتە منەت، بۆ ئەوەی ڕۆژگارێک هاوشێوەی خەباتی پێشمەرگایەتی بە چاو هەژاران دابدەیتەوە.
دواتریش زۆرینەیان بەر لە بوون بە ئەندام پەرلەمان لە ناو حزب ودامودەزگاکانی حکومەت، لە سودمەندە گەورەکان بوون، ئەوانەی ئۆپۆزسیۆنیش بەسەر پشتی هەژاران خۆیان کردە خاوەن ڤێلا و شوقە و سیارەی گران بەها، ئینجا بیان دوێنی خۆت لێدەکەن بە شەریفی شامێ.




…كۆرۆنا بووه‌ پشوویه‌ك بۆ مڕۆڤایه‌تی و ژینگه‌ ئه‌حمه‌د كامه‌ران

كۆرۆنا كۆرۆنا كۆرۆنا , ئه‌و پرسه‌ گه‌رمه‌ی كه‌ له‌سه‌ره‌تای ساڵی 2020 وه‌ هه‌موو جیهانی به‌خۆیه‌وه‌ سه‌رقاڵ كردوه‌ , میدیاكان و ڕۆژنامه‌كان سه‌رجه‌میان گه‌رمه‌ی هه‌واڵه‌كانیان ده‌رباره‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئاماره‌كانی تووشبوان و مردوان و چاكبوان بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌, له‌لایه‌كی تره‌وه‌ سه‌رجه‌م سێكته‌ره‌كان و ڕووداوه‌كانی تری جیهان به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو فه‌رامۆش كراوه‌ ته‌نها و قسه‌و باسی گه‌رم له‌سه‌ر ڤایرۆسی كۆرۆنایه‌.
ڤایرۆسی كۆرۆنا یان كۆڤید19 ئه‌گه‌رچی سه‌ره‌تا مه‌ڵبه‌نده‌كه‌ی چین بوو به‌ڵام توانی سنورێكی به‌رفراوان بشكێنێت و خۆی به‌چه‌ندین وڵات دا بگه‌یه‌نێت و ده‌ست به‌ بینه‌قاقای به‌شێك له‌ خه‌ڵكه‌كه‌ی بنێت و كۆتایی به‌ژیانیان بهێنێت,ئه‌مه‌ش وای كرد كه‌ تاكه‌ ڕێگا بۆ خۆپاراستن له‌م ڤایرۆسه‌ كووشنده‌یه‌ بریتیه‌ له‌ داخستنی سه‌رجه‌م سێكته‌ره‌كان و چالاكییه‌كانی ژیانی ڕۆژانه‌ی مڕۆڤایه‌تی, واته‌ لێره‌وه‌ مڕۆڤ بۆ كاتێكی نادیار پشوویه‌ك ده‌دات له‌ ماڵه‌كانی خۆیان و چیتر ناگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ سه‌ركارو چالاكیه‌كانی , كه‌ ئه‌م پشووه‌ش پێ ده‌گوترێت پشووی مڕۆڤایه‌تی له‌سه‌رده‌می ڤایرۆسی كۆرۆنادا . ئه‌گه‌رچی ئه‌م پشووه‌ له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ زیان ده‌گه‌یه‌نێت به‌ كه‌سانی هه‌ژارو كه‌م ده‌رامه‌ت چوونكه‌ كه‌سانێك هه‌ن له‌م سیسته‌مه‌ سه‌رمایه‌داره‌ی ئه‌مڕۆدا ئه‌گه‌ر بۆ ڕۆژێك كارنه‌كه‌ن ئه‌وه‌ برسیه‌تی و چه‌ندین ڕووداوی نه‌خوازراو ڕوویان تێده‌كات, وه‌ له‌پاڵ ئه‌مه‌شدا زیانی ئابووری به‌هێز به‌ وڵاتان ده‌گه‌یه‌نێت ئه‌وه‌ش به‌هۆی داخستنی سه‌رجه‌م كارگه‌گان و كۆمپانیاكان و وه‌ستانی جوڵه‌ی سه‌رجه‌م جوڵكانی بازاڕ. به‌ڵام تاكه‌ كه‌س كه‌ له‌م نێوه‌نده‌دا ده‌بێته‌ قوربانی ئه‌وه‌ چینی هه‌ژاره‌كه‌یه‌ كه‌ له‌لایه‌ك قه‌یرانی ئابووری ڕووی تێ ده‌كات و كه‌ له‌پێشتر هه‌ژار بووه‌ له‌ئێستادا هه‌ژارتر ده‌بێت وه‌ له‌لایه‌كی دیكه‌یشه‌وه‌ ده‌بێت چاوه‌ڕێی مه‌رگی خۆی بكات به‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا, به‌ڵام سه‌رمایه‌داران و بازرگانان زیانێكی گه‌وره‌ و گاریگه‌ریه‌كی ئه‌وتۆ له‌سه‌ر ژیانیان درووست ناكات به‌هۆی زۆری سامانه‌كه‌یانه‌وه‌, به‌ڵام لێره‌دا تاكه‌ ترسی ئه‌وانیش ته‌نیا ڤایرۆسی كۆرۆنایه‌ چوونكه‌ ئه‌م ڤایرۆسه‌ له‌مانای وشه‌ی چینایه‌تی تێناگات و هه‌ركه‌سێكی بیه‌وێت له‌ناوی ده‌بات .
له‌دیوێكی دیكه‌وه‌ ئه‌گه‌ر سه‌یری ڤایرۆسی كۆرۆنا بكه‌ین ده‌بینین كه‌ ژینگه‌ش پشوویه‌كی كاتی وه‌رگرتوه‌ به‌هۆی ئه‌م ڤایرۆسه‌وه‌ , چوونكه‌ ژینگه‌ له‌ كۆتایه‌كانی سه‌ده‌ی بیسته‌وه‌ به‌ولاوه‌ گه‌وره‌ترین هه‌ڕه‌شه‌ی له‌سه‌ره‌ كه‌ ئه‌مه‌ش به‌هۆی ئه‌و پێشكه‌وتنه‌ زۆره‌ی كه‌ له‌لایه‌ن مڕۆڤه‌كانه‌وه‌ ڕۆژانه‌ ئه‌نجام ده‌رێت وه‌ دیارترینیان بوونی زۆرترین ئۆتۆمبیل و چه‌ندین گارگه‌ی جۆراو جۆری گه‌وره‌ یه‌ كه‌ سه‌ره‌نجام هه‌مووی ده‌بێته‌ دووكه‌ڵێك و ڕوبه‌ڕووی ژینگه‌ و ته‌ندرووستی ژیانی مڕۆڤایه‌تی ده‌بێته‌وه‌.

هیوادارم به‌زووترین كات ئه‌م ڤایرۆسه‌ مه‌ترسیداره‌ كۆتایی بێت كه‌ له‌ ئه‌مڕۆدا ڕوبه‌ڕووی مڕۆڤایه‌تی بۆته‌وه‌ به‌تایبه‌تیش بۆ چینی هه‌ژار و كرێكار .




کۆرۆنا: تێكشکانی سیستەم -١… ئامادەکردنی لە ئەڵمانییەوە: کاوە جەلال

ئامادەکردنی لە ئەڵمانییەوە: کاوە جەلال
دیمانەیەک لەتەک ئێڕنست ڤۆلف، ڕۆژنامەوان. ئەم دیمانەیە لە 20.03.2020 لە (eingeschenkt.tv) ئەنجامدراوە. لە خوارەوە بڕێکی کەمی دیمانەکە بە داڕشتنەوەیەکی ئازاد دەدەمەوە. ک. ج.

بەشی یەکەم

  • ئێرنستی هێژا، تۆ کتێبەکەت بەم ناونیشانە نووسیوە: “سونامی ی دارایی بەڕێوەیە”. ئایا هەنووکە خۆمان لە کوێدا دەبینینەوە؟ لە سەرەتای یان لەنێو جەرگەی سونامیەکەداین؟
  • ئێمە لەنێو جەرگەی سونامیەکەداین. ئەوەی هەنووکە دەیبینین دوایەمین گەورە شەپۆلی سونامیەکەیە. ئێمە پێشتر دوو گەورە شەپۆلی دیکەی سونامیەکەمان ئەزموون کردووە، یەکەمیان ساڵی 1998 بوو، ئەو دەمە سیستەمی دارایی هێندەی نەمابوو تێکبشکێت، پاشان ساڵی 2007/2008 کە سیستەمی دارایی لە لایەن بانکە ناوەندییەکانەوە ڕزگار کرا، ئەوەش بە ڕژاندنی زۆری پارە بۆ نێو سیستەمەکە و دابەزاندنی بڕی سوو. لێ ئێستا پێدەچێت شەپۆلی کۆتاییمان هەبێت، چونکە ئێستا دەبێت لە پاشخانی تێکچوونی بۆرسەکاندا کە ئەم ماوەیە لە بازاڕانی پشکەکاندا یان لە بازاڕەکانی قەرزپێداندا بینیمانن، بۆمبی دیرێڤاتەکە (*) تەقیبێتەوە. کەواتە ئەم سیستەمە تازە تیاچوو. ئەوەی ئێمە هەنووکە دەیبینین، بریتییە لە تێکشکانی تەواوەتی و سەرجەمییانەی سیستەمی دارایی، واتا ئەو سیستەمە کە ماوەی 70 ساڵ لەگۆڕێ بوو.
  • ئێمە هەردووکمان دەزانین کە لە تیۆریدا سیستەمەکانی سوو تەمەنکورتن. لێ لە ڕابوردوودا بانکە ناوەندییەکان هەوڵیان دا بەڕێی دابەزاندنی بڕی سوو و لافاوی پارەوە هەموو ئەوانە لە ژیاندا بهێڵنەوە کە لەژێر مەترسیی مەرگدا بوون. ئایا ئەوە ئەمجارەش سەردەگرێت؟
  • من وای بۆ دەچم کە ئەوە ئەمجارە سەرناگرێت. ئێمە لە دیسەمبەری ڕابوردوودا تێکشکانێکی گەورەمان هەبوو. پێشتر بڕی یەکجار زۆری پارە خرایە نێو سیستەمەکەوە، بڕی سووەکان بەردەوام زۆرتر دابەزێنران، ئەوجا بەدوویدا هەوڵ درا سیستەمەکە ڕێکوپێک بکرێتەوە، واتا بگەڕێنرێتەوە بۆ شێوە ئاساییەکەی. لێ ئەو هەوڵە دیسەمبەری ڕابوردوو شکستی هێنا. لە دیسەمبەری ڕابوردووەوە سەرلەنوێ دەبینین کە بڕی سووسەندن بەردەوام پتر دادەبزێنرێت، ئەوە بە شێوازێکی یەکجار زۆر. لە دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دوو کەمکردنەوەی بڕی سوو ئەنجامدران، بە ڕێژەی یەکجار زۆر، جارێک بە بڕی0,5%، جارێکی دیکەش وا بزانم 1,5% یان 1,25%.
  • بە هەر حاڵ کتوپڕ دابەزێنرا بۆ سەر ئاستی سفر. وابزانم ئەوە شەوی یەکشەممەی ڕابوردوو بوو. خۆی دەبوو دابەزاندنەکە ڕۆژی چوارشەممە ڕووبدات، لێ ئەنجامدانی دابەزاندنەکە لە یەکشەممەدا سیگنالێک بوو بۆ بازاڕەکانی دارایی کە پێی گۆتن: بەڕێزان ئیمە ناتوانین تا ڕۆژی چوارشەممە ڕابووەستین…
  • دروستە. ئەوەش پێشانی دەدات کە بانکە ناوەندییەکان چیدی دەرفەتیان نەماوە بۆ ئەوەی ئەم سیستەمە ڕزگاربکەن. ئەوان تەنیا ئەم دوو دەرفەتەیان هەیە: یان بەردەوام پارەی زیاتر دەرخواردی سیستەمەکە بدەن یان بڕی سووەکان دابەزێنن هەتا ئاستی ژێر سفر. لێ ئەو دابەزاندنانەی بڕی سوو نەیانتوانی مەبەست بپێکن. هەموو وەبەرهێنەرانی پارە پشکەکانیان فرۆشت، ئەوان بەکۆمەڵ چوون بۆ بۆرسەکان و شێتانە دەستیان کرد بە کڕینی ئاڵتون و زیو. بە هەر حاڵ، هەنووکە سیستەمەکە لە تێکشکاندایە، بە دیدی من تازە هیچ شتێک فریای ناکەوێت. بێگومان ئێستا دەبێت تاوانبارێک بدۆزرێتەوە بۆ ئەو تێکشکانە. من باوەڕ دەکەم ئێستا ئەو تاوانبارە دۆزراوەتەوە، ئەوەش لە فۆرمی ڤایرۆسێکدا.
  • لێ ئەو دوژمنە نادیارە.
  • بێگومان وایە. من پزیشک نیم، شارەزاییم لە پزیشکیدا نییە، لێ من دەزانم هەندێکی ئەوە ڕاست نییە کە بە ئێمە دەگۆترێت. منیش سەرەتا پەیوەند بە ڤایرۆسەکەوە ترسام، دوای ئەوەی یەکەم هەواڵەکانمان لە چینەوە یان هەواڵە ترسێنەرەکانمان لە ئیتالیاوە پێگەیشتن. لێ مرۆڤ پێویستە لێرەدا ئارام بێتەوە و بە تەواوەتی لەوە بکۆڵێتەوە کە ئەو هەواڵانە لەکوێوە دێن. لە پشتی هەموو هەواڵەکان و ڕەوشەکانی نەخۆشکەوتنەوە ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO) خۆی دەبینێتەوە، ئێستاش گەرەکە بپرسین کە کێ لە پشتی ئەم ڕێکخراوەی تەندروستیی جیهانییەوەیە. ئەم ڕێکخراوە ساڵی 1948 لە لایەن چەندین دەوڵەتەوە دامەزرێنرا، هەر ئەو دەوڵەتانەش لە یەکەمین دە ساڵەکانی تەمەنیدا بە تایبەتی پارەکەیان بۆ دابین دەکرد. لێ ئەوە لە میانەی هەڵوەشاندنەوەی ڕێسا و ڕێنوماکانی پەیڕەویدا لە هێز خرا، ئەمەش دیاردەیەکی زۆر گرنگ بوو لە کایەی سیستەمی داراییدا، کە پێکەوە لەتەک شەپۆلێکی زەبەلاحی بە ئەهلیکردنی کەرتی دەوڵەتیدا ئەنجام درا، کە هەروەها ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانیشی گرتەوە. ئەوە بوو لە حەفتاکانەوە باربووییە دەوڵەتییەکان هەمیشە کەمتر کرانەوە، بەرانبەر ئەوەش باربوویی ئەهلی چوونە نێوییەوە، ئەو دامەزراو و فیرمایانەش بریتین لە فوندەیشنەکان و پیشەسازیی دەرمان کە هەنووکە 85%یان لەدەستدایە.
  • کەواتە ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی ئۆرگانێکی لۆبیی پیشەسازییەکانی دەرمانە؟
  • من وای دەبینم. ئاخر گەر مرۆ تەمویلە داراییەکە لە پاشخاندا ببینێت، ئەوا ناچارە ببێژێت کە ئێستا نەک دەوڵەتان، بەڵکو فوندەیشنەکان و پیشەسازیی دەرمان کاریگەرییان بە سەرییەوە هەیە. ئەو دامەزراوانەش هیچی دیکە نین جگە لە ڕێکخراوی ئەوتۆ کە تێیاندا کەسانی دەوڵەمەند پارەکانیان لە دەستپێڕاگەیشتنی زەریبە بەدووردەگرن. لەم پەیوەندییەدا گەورەترین فوندەیشنی نێو ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی بریتییە لە (bill and miranda gates foundation)، کە خۆی وەک ڕێكخراوێکی خەیری دەردەخات، لێ ئەوەندە بەسە کە تەماشای پاکەتی پشکەکانی فوندەیشنەکە بکەین. ئەو پشکی زەبەلاحی لە کۆکا کۆلا و پێپسی کۆلادا هەیە، کەواتە لە بەرهەمهێنەری ئەتۆدا کە هێندە مەبەستیان تەندروستیی گەل نییە. ئەمە زۆر سەرنجڕاکێشە. ئەوجا پیشەسازیی دەرمانیش بە هەمان شێوە ئەو کاریگەرییەی لەسەر ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی هەیە. با بڕوانین کە لە پاندێمییەکانی ڕابوردوودا چی ڕووی داوە، بۆ نموونە کاتێک ساڵی 2005 ئەلفلۆنزای باڵندە بڵاوبۆوە. ئەو دەمەش وەک ئەمڕۆ لە لایەن ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانییەوە پەرچەکرداری هاوشێوە نوێنرا. ئەو دەمە بەڕێوەبەرێکی ڕێکخراوەكە گۆتی، کە بەهۆی ئەو ئەلفلۆنزایەوە چاوەڕوانی 7 ملیۆن مردوو دەکەن. ئەو دەمەش هیستریایەکی یەکجار گەورە وروژێنرا، حکومەتەکان ناچار بوون بە ڕێژەی خەیاڵی دەرمان لە پیشەسازیی دەرمان بکڕن، لێ لە سەرەنجامدا کەمێک زیاتر لە 150 کەس بەهۆی ئەو ئەلفلۆنزایەوە مردن، لە ئەڵمانیا یەک تاکە کەس نەمرد. لێ تیجارەتەکە بە ڕێژەی خەیالی ئەنجام درا. ئەوجا هەمان ئەو بەڕێوەبەرە ساڵی 2007 گواستییەوە بۆ لای یەکێک لە گەورەترین پیشەسازییەکانی دەرمان بە ناوی نۆڤارتیس (Novartis). ئەو هەموو بەرژەوەندییە لە پاشخاندا کاران. گەر مرۆ ڕەچاوی ئەمانە بکات، ئەوا ئەمڕۆ پێویست ناکات بخزێتە نێو هیستریاوە.
  • کەسان هەن کە بە ترساندن پارە پەیدا دەکەن، ئێمە لە لایەکی دی ئەم قۆناغەی دێریڤاتمان هەیە، کە کۆرسەکانی بۆرسە دادەبەزن. ئێستا سەرەتای ئیفلاسکردنی چەندین فیرما دەستی پێکردووە، دەوڵەتەکانیش بە هەمان چارەسەری ڕابوردوو وەڵام دەدەنەوە، کە لە خودی ڕابوردووشدا سوودی نەبووە، واتا ڕشتنی زۆرتری پارە، یان ڕێکخستنی کاری کورتخایەن و هتد. ئەوجا بەهۆی هیستریای کۆرۆناوە دەوڵەتان لە ئاستی جیهاندا بواری ئابوورییەکەی خۆیان لەکاردەخەن، لێرەشدا بڕی پارە هەڵدەئاوسێنرێت، لێ بەرانبەر ئەوە هەنووکە دەرخستەکانی شمەک و کاروباری خزمەتگوزاری بچووکتر دەبنەوە. ئایا ئەوە ئامادەسازییەکی تەواوەتی نییە بۆ هیوپەر ئینفلاسیۆنێک (گرانبوونی بەزری شمەک)؟
  • بێگومان وایە. وابزانم هۆنگ کۆنگ یەکەم دەوڵەت بوو کە “هێلیکۆپتەر مۆنی” (helicopter money)ی بەگەرخست، واتا پارەی هێلیکۆپتەر کە بەو پێیە هەر هاوڵاتییەک بڕێک پارەی لە لایەن حکومەتەوە یان بانکی ناوەندییەوە بۆ حەواڵە دەکرێت. هەروەها ئەمەریکا هەمان پلانی ڕاگەیاند، حکومەتانی دیکەش لەم پەیوەندییەدا تێبینیی خۆیان دا. لێ پارەی هێلیکۆپتەر دوایەمین هەوڵدانی هیوابڕاوە بۆ ڕزگارکردنی ئەوە کە چیدی ڕزگار ناکرێت. ئاخر ناشێت تەنیا یەکجار پارەی هێلیکۆپتەر بدرێت، بەڵکو دەبێت ناوبەناو لە میانەی دیاریکراودا بدرێت، لێرەشدا ئاشکرایە گەر دەست بنرێتە بینی بواری ئابوورییەوە، ئەوا دەبێت شتێک پارە بەو خەڵکە بدرێت تاکو خۆیان لە ژیاندا بهێڵنەوە. ئەوجا خەڵک بەو پارەیە شت دەکڕێت، کە کاریگەریی لەسەر نرخەکان دەنوێنێت، بۆیە دەتوانین ببێژین کە ئەوە هیوپەر ئینفلاسیۆنی بەدوودا دێت.

    ئەوجا پەیوەند بە نرخی نەوتەوە نێوەندێکی دیکەی گرنگمان هەیە. ئێمە هەنووکە تەنیا تێکشکانی سەرجەمییانەی سیستەمی داراییمان لە جیهاندا نییە، بەڵکو هەروەها خۆمان لە سەرەتای سەردەمی ڕێکخستنەوەیەکی ستراتیژیانەی نوێی ڕێکخراوی جیهاندا دەبینینەوە. لە مانگی سێی ئەم ساڵدا ڕووداوێکی گرنگ هەبوو کە لە نێوەندی گشتیدا ئەوەندە دانوستان نەکرا، واتا کۆنفرانسی ئۆپیک لە ڤیین. هاوکات لەپاڵ ئەودا ڕێکخراوێکی دیکە هەیە بە ناوی ئۆپیک پلوز (Opec plus)، کە روسیا و چەند دەوڵەتێکی دی سەر بە ئەمیانن. ئەم دوو ڕێکخراوە گەورەترین دەرهێنەری نەوتن لە جیهاندا. لەم ڕەوشەدا دەوڵەتی سعودی عەرەبی کە لە ڕۆژهەڵاتی نزیک یەکێک بوو لە گرنگترین هاوپەیمانەکانی ئەمەریکا، تەواو ئاشکرا دژی ئەمەریکا وەستایەوە. بێگومان سەرجەمی مەسەلەکە کەمێک شاررایەوە، وا پێشان درا کە گۆیا سعودی عەرەبی و ڕوسیا ناتوانن ڕێکبکەون، لێرەشدا مەسەلەکە ئەوە بوو کە بڕی دەرهێنانی نەوت کەمبکرێتەوە، چونکە هەنووکە بەهۆی کەمیی ڕێژەی بەرهەمهێنانەوە زۆر کەم داخوازی لەسەر نەوت هەیە، بۆیە ویستیان بڕی دەرهێنانی نەوت سنووردار بکەن بۆ ئەوەی نرخی نەوت بەرز بمێنێتەوە، لێ لەسەر ئەوە وا پێشان درا کە گۆیا نەیانتوانیوە ڕێکبکەون، ئەوجا گۆیا ناکۆکی هەبووە لە نێوان سعودی عەرەبی و ڕوسیادا. لێ گەر بە وردی بڕوانین، ئەوا دەبینین کە گەورەترین دۆڕاوی ئەم مەسەلەیە ئەمەریکایە. ئەمەریکا لە ساڵانی رابوردوودا توانیی بەڕێی فڕێکینگ-ەوە (Fracking) خۆی لە ڕووی وزەوە سەربەخۆ بکات، لێ سەدان ملیۆن دۆلار ڕژێنرانە نێو ئەم ئیندوسترییەی (گەلە فیرما بەرهەمهێنەری) فڕێکینگەوە. کێشەکە ئەوەیە کە فڕێکینگ پێویستی بە نرخێکی تا ڕادەیەک بەرز بۆ نەوت هەیە، نزیکەی 60 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، …
  • لێ ئەوان لە حاڵەتی نرخی هەنووکەی نەوتدا بە 20 یان 26 دۆلار زیانی زۆر گەورە دەکەن…
  • بەڵی ئەو فیرمایانە لە تێکشکاندان. ئەوجا دەبێت هاوکات ئەوەش بزانین کە هەنوکە گەورەترین بڵقی قەرزمان لە ئاستی جیهانیدا هەیە. هەموو ئەو قەرزانە کە هەن و دەبێت بدرێنەوە، هەنووکە توانا بۆ دانەوەیان نییە، بۆیە ئێستا بڕی قەرزی تەمەڵ (**) چەند جا زیاد دەکات، لەم ڕوانگەیەشەوە سیستەمی دارایی لە چەند لاوە فشاری لەسەرە کە ئیدی ناتوانێت خۆی بهێڵێتەوە. کێشەکەی دی بریتییە لە بڵقی دێریڤات. بەڵێ تەنیا دابەزینی نرخی نەوت بۆ ژێر 30 دۆلار لە توانایدایە بڵقی دێریڤات بتەقێنێت، چونکە نەوت لە ئاستی جیهاندا گەورەترین بابەتی بازرگانییە، سەرجەمی بازرگانیەکانیش لە بواری نەوتدا بەڕێی دێریڤاتەوە مسۆگەر دەکرێن، ئەم مسۆگەرکردنەش کاری خۆی پێ بەدیدەهێنرێت گەر نرخی نەوت تا ڕادەیەک لە ئاستێکدا ڕابگیرێت.

() دێریڤات: ئامرازەکانی دارایی کە نرخەکەیان یان کۆرسەکەیان لە بابەتێکی بازاڕەوە وەک بەهایەکی زەمینەیی دیاریدەکرێت. (*) قەرزی تەمەڵ بەو جۆرە قەرەزە دەگۆترێت، کە لە لایەنی قەرزدەرەوە ڕیسکێکی گەورە لە خۆ دەگرێت، کە دەشێت قەرزوەرگر توانای دانەوەی نەبێت.




ئێمەی دوای کۆرۆنا … عومەر محەمەد

ئەمرۆ جیهان لەبەردەم کارەساتێکی جیهانیدایە، پەتای کۆرۆنا ژیان وپەیوەندی کۆمەڵایەتی وئابوری جیهانی خستووەتە دۆخێکی نائارام و جیاوازترەوە، بێگومان پەیوەندی سیاسیش لەسەر ئاستی دونیادا گۆڕانکاری بەسەردادێت و کاریگەری وکاردانەوەکانی لە سەرەتای دەرکەوتندان، ئەوەی کە هەتا ئیستا بەزەقی دیارە نائارامی جیهانە بەدەست ڤایرۆسی کۆراناوە، دەنا هێشتا نائارامی سیاسی وەک پێویست بەدیار نەکەوتووە. بەڵام سەرەتاکانی لە لێدوانەکانی کۆشکی سپی و مۆسکۆو پەکیندا دیارن.
ئەگەرچی هێشتا رێژەی مردن بەهۆی کۆرۆناوە کەمە، بەڵام وروژاندنی لەراگەیاندندا دڵەڕاوکێ وترسێکی زۆری بەجێهێشتووە، ئەمەش بێ هۆکار نییە، بەهەرحاڵ ئێستا مرۆڤایەتی لەبەردەم پرسیاری ئالۆزدایە، ژیان و بەرێوەبردن بەرەو کوێ دەچێت ؟ چارەنوسی مرۆڤ بەتایبەتیش مرۆڤی کەم دەرامەت چی وچۆن دەبێت؟ ئیدی مرۆڤ چۆن دەژی و چۆن دەمرێت ؟ ئەمە پرسیاری هەموو مرۆڤێکە جا کەسێکی سادەی ناو کۆمەڵگابێت یاخود سیاسی، مرۆڤەکان هەرچییەک بن (ئاینی وئایدۆلۆژیی بن، هەر پێگەیەکیان هەبیت، یان نەیانبێت ؟ دینداربن یان بێدین چەپن یان ڕاست) هەموو بەدوای وەڵامەوەن.
لەباری گەنگەشەوە ڕاوبۆچۆنەکان جیاوازن، مەلاکان سەرەتا بەغەزەبی خوداو دواتر بەڕەحمەتیان دەزانی، رایەکیش هەیە بەدەستکردی وڵاتان و جەنگی بایۆلۆژی دەزانن، هەندێکیش وای لێک دەدەنەوە زەوی بەدەست بەرهەمهێنان و پیسکردنی ژینگەوە ماندووە، بەڵام گرفتی ئەم تێڕوانینە لە سەرباری دیوەزانستییەکەشی زیاتر لە ئایدیالیزم و خورافیاتەکەیدایە کەوەک تۆڵەیەکی یەزدانی لێکدانەوەی بۆدەکرێت، لە کاتێکدا ئەمە بەرهەمهێنانەوەی جارێکی تری تراژیدیای مرۆڤە بۆناودونیای خەون وخەیاڵ و چاوەڕوانی و بێدەسەڵاتی مرۆڤ، لەکاتێکدا کە هەر هەژمونی مرۆڤە دەستکاری سروشتی کردووەو کەوتووەتە وێزەی و ئاسمان و زەوی ودەریا دەپشکنێ و ڕاوی قازانج دەکات، جەنگی گەورە هەڵدەگرسێنێ .راستە مرۆڤ وزەوی پێویستیان بەپشووە. بەڵام ژیان بۆمرۆڤ و پاکی بۆ ژینگە، بە دوعاو پاڕانەوەی ئاینداران و خەون وخەیاڵی ڕۆمانسیانە ناگەڕێتەوە، بەڵکو بەپلان وهوشیاری وکەم بوونەوەی تەماح وهەڵپەی قازانج دەبێت.
نیولیبرالیزم و بازاری ئازاد مرۆڤایەتی هەڵداوەتە پەراویزەوەو قازانی کردووەتە سەنتەر، بازاریش قازانج وجوڵەی دەوێ، هەرەوەک چۆن جەنگە گەورەکانی مۆدێرنە خوێن وجەستەی ملیونان مرۆڤ رایدەگرن وماشێنی گەورەی جەنگ هاڕینی مرۆڤ و خەرجکردنی باروت وعەقڵی زاناکان و نەخشەو پلانی ژەنەراڵەکانی جەنگی دەوێ، بازاریش پسپۆڕو زانای گەورەی ئابوری وبازرگانی و بەرهەمهێنان و دۆزینەوەی کڕیارو بەکاربەرو هونەری بازاڕکردنی پێویستە.
لەراستیدا ئەم دۆخەی جیهانگیری مرۆڤایەتی ماندوو دڕدۆنگ کردووە، هەمووشتێک لەپێناوی قازانجدا، لەکاتێکدا مرۆڤی ئاسایی هەموو شتێکی لەپێناوی ژیاندا دەوێت، ئەوەی قازانج لە خوێنیدا دەگەڕێ سەرمایەدارە نەک هەموومرۆڤێک، زۆرینەش ئەوەی هیوای بۆ دەخوازن ژیانێکی شکۆمەندانەی ئارامە نەک قازانجی زۆرو وێرانکردنی زۆر، جەنگاوەرانی سوریاو عێراق ئەوەی هیوای بۆدەخوازن وەستانی جەنگ و گەڕانەوەیە بۆ ژیانێکی بێسەرئێشە، بەڵام کۆمپانیا گەورەکانی بەدەستهێنانی وزە ئەوەی هیوای بۆ دەخوازن بەدەستهێنانی گازونەوتە لەسوریا نەک سەلامەتی گیانی مرۆڤەکان!
لەدوای کۆرۆنا دەوڵەت وکۆمپانیا زەبەلاحەکانی دونیا بەجۆرێکی تر نەخشەی ژیان وجەنگ وململانێکان دەکێشنەوە، بەڵام بەدڵنیایی ئەوەی بیری لێدەکەنەوە بەرژەوەندی تایبەتیە نەک گشتی، قازانجە نەک سەلامەتی مرۆڤایەتی، بەڵام ڕەنگە شێوازی جەنگ وململانێکانیان بگۆڕن، دەرمان وفاکسین دەچنە پاڵ نەوت وگاز ودکتۆرو نێرس وکارمەندانی تەندروستی لەپاڵ سەربازو ژەنراڵەکانی جەنگ دادەنرێن، کارگەی چەکسازی و زانایانی بۆمبەکان و زانایانی بایۆلۆژی ئەرکیان گرانتر دەبێت، فایرۆسی کۆرۆناو ئەوانەی تریش کەلە داهاتودا ناوێکیان بۆ دەدۆزرێتەوە جێگەی ساروخە زیرەکەکان دەگرنەوە.
هەرچۆنێک بێت ڤایرۆسی کۆرۆنا لەروی فیزیکییەوە لە ئێستا کوشندەتر نابێت، بەڵام نائارامی ودڵەراوکێ و جەنگی دەرونی زەمینەسازییەکی باش دەکات بۆ جەنگی داهاتوو، زۆربەى پسپۆڕانی ئابوورى پێیان وایە “جەنگی سارد” کە ئێستا سەرۆکى ویلایەتە یەکگرتووەکان، دۆناڵد ترامپ دژى چین بەتایبەتى بەرپاى کردووە، بۆ هەردوو لایەن “وێرانکارە دەبێت “.بەڵام پێدەچێت جەنگەکە بۆ هەموو جیهان وێرانکار دەبێت ئەم گرنگی دانەش بەکۆرانا ئەوەی لێدەخوێندرێتەوە کە مرۆڤ ئامادەبێت بۆ مەرگی دەستەجەمعی و بێرەحمی، کەهەر ئێستا هەست وسۆزی مرۆیی رولەلێژییە، دەوڵەتەکانیش خوێنساردانە تەماشای مەرگی مرۆڤەکان دەکەن، ئیدی دیکتاتۆرەکان وەک سەدام وهیتەلەرومیلۆسۆڤیچ وئەردۆگان نامێنن، کە ئەوانەی بەکۆمەڵ دەیانکوشتن دەبوو پاساوێکیش بۆ ڕەوایەتی تاوانەکەیان بدۆزنەوە، بەتۆمەتی ( رەگەزە پیسەکەو خیانەتکارانی نیشتمان)دەکوژران، ئیدی مەرگی بەکۆمەڵی مرۆڤ دەچێتە دۆخێکی ترەوە بەپێشچاوی ئازیزانەوە دەبێ و دەوڵەت و پیاوانی ئاینیش وەک قەدەری خوایی و کارەساتی سروشتی و پەتاوتاعونی سەراسەری وێنای دەکەن.

(فەیلەسوفی ئیتالی جیرۆرجیۆئاگامبێن خاوەنی کتێبی، بیرکردنەوە لەڕوانگەی چەپەوە، لەوتارێکی ڕۆژی ٢٦ ی فێبریوەریدا پێیوایە ئەمە لەلایەن دەسەڵاتەوە گەورە کراوە بۆ بەرتەسک کردنەوەی ئازادی لەخەڵک و ڕاهێنانیان بۆ دەسەڵاتی زیاتری دەوڵەت بەسەریانەوە، هەمان بۆچونی هەبوو لەساڵی ٢٠١٦ دا کاتێک بە هۆی هێرشە تیرۆرریستییەکانی داعشەوە، دەوڵەتەکانی ئەوروپا باری نائاسییان ڕادەگەیاند.) بروانە لینکەکەی خوارەوە ماڵپەڕی ئاوێنە رۆژی ٢٤ی ئازاری ٢٠٢٠- ئەنوەر حمەودارا عەزیز. بەپێچەوانەشەوە ژیژاک دەڵێت ڤایرۆسەکە پاشەکشە بەسەرمایەداری دەکات ومرۆڤایەتی یەک دەخاتەوەوسنورێک بۆسەرمایەداری دادەنێت، هەر لەئاوێنەدا ئاماژە بە وتارێکی سلاڤۆی ژیژاک، کراوە کە (ڕەخنە لەم بۆچونە ئەگرێت وپێیوایە ئەم پەتایە جدییەوەو لە دواجاردا زیاتر برەو بەکۆمۆنیزم دەدات، چونکە سەرکەوتن بە سەر کۆرۆنادا هاوکاری وڵاتانی دونیائەخوازێت)
زاهیرباهیر نوسەریی دیاری ئەنارشیست لەوتاری ئەمرۆیدا کەلە واڵەکەیدا بڵاوی کردووەتەوە، باس لە رەوشی لەندەن و هەنگاوەکانی دەوڵەت دەکات بۆ بەرتەسککردنەوەی ئازادییەکان و بێمشوری وخوێنساردی لەبەرانبەر توشبوانی ڤایرۆسی کۆرۆناو دەست ئاواڵاکردنی پۆلیس بۆ ئیجرائاتی توند لەگەڵ سەرپێچی کاران، باهیر نوسیوێتی : (دیمانەی دوێنی شەوی کاتژمێر ٧ی کەنالی 4Tv لەندەن لەگەڵ وەزیری تەندروستی و دکتۆرەکان بەتایبەتی کە ڕاپۆرتی خەستانەیەكیش خوێنرایەوە دەریخست کە هیچ ئامادەکارییەك نەکراوە. تەنانەت هەندێک لە دکتۆرو نێرسەکان لەسەرحسابی خۆیان پێداویستی خۆپاراستنیان کڕیوە. ئێستا ڕونە کە حکومەت خەمی هاووڵاتیانی نیە)
جاک ئەتالی گەورە ئابوریناس و سوسیۆلۆجیستی فرانسی و راوێژکاری پێشوی سەرۆک شیراک لە بلۆگی خۆیدا بابەتێکی گرنگ وئومێد بەخشی بڵاوکردووەتەوەو هاورێم نەوزادشوانی وەریگێڕاوەتە سەرزمانی کوردی رای وایە کە لەسەرەتاوە بەوریایی وهۆشیارییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخە تەندروستیەدا بکەین کەسبەی دەگۆڕێت بە دۆخێکی سیاسی گرنگترین کارێک کە پێویستە بکرێت کۆنترۆڵکرنی شەپۆڵەکانی هەڵچونە تەندروستی و ئابورییەیە کە جیھان دووچاری بووە.
جاک ئەتالی دەڵێت : “ھیچ شتێک گەرەنتی سەرکەوتنمان ناکات و لە کاتی شکستماندا گیرۆدەی ساڵانێکی سەخت و تاریک دەبینەوە ئەمە بەواتای ئەوە نیە کە کارەساتەکە حەتمیە، بەڵام بۆئەوەی بتوانین رێگری لێ بکەین پێویستە دوور بڕوانین، بۆ رابردوو و داھاتویش هەتا بەرچاو روون بین لەمەڕ رووداوەکان ”
ئەوەی جیگەی مەترسییە درندایەتی و بێویژدانی سەرمایەدارییە، پێدەچێت جەنگێکی بایۆلۆژی هەڵبگیرسێنێ و جارێکی دی دونیای دوجەمسەری دروستبکەنەوە بەڵام ئەمجارە ململانێی جەمسەری چینی وئەمریکی مرۆڤەکان بهاڕێت، ململانێی بازرگانی چین وئەمریکا لە ئازاری ساڵی ٢٠١٨ ەوە هەتا دێت گەرمتر دەبێت، (دوابەداوای بڕیاری ترەمپ بۆ داسەپاندنی نرخی کاڵای چینی بەتایبەتیش بە سەر پۆڵاو فافۆنی ھاوردە کە لە چینەوە دەچوونە ئەمریکا دەستی پێکردوە)بروانە ماڵپەری سەحر ١٦ی تەموزی ٢٠١٨ (هەرئەوسا یانگ جچی سەرۆکی لێژنەی کاروباری دەرەوەی پارتی کۆمۆنیستی چین لەبەرانبەر ئەمریکادا گوتی : بەرژەوەندییە گرینگەکانمان ھێڵی سووری پەکینە، ھەرلەبەر ئەمەش ھیچ وڵاتێک، لەوانە ئەمریکاش نابێ لە بارەی لاوازکردنی بەرژەوەندییەکانی چین تووشی وەھم ببێت. وتیشی پەکین سەرباری ھەڵسوکەوتی سیاسیی ئاشتیانەی خۆی داکۆکی لە بەرژەوەندییە گرینگەکانی خۆی دەکات.) هەمان سەرچاوەی پێشوو.
چونکە سەرەتاکانی ئەم جەنگە دیارە هەرچی چینە شەرمنۆکانە باسی ئەوە دەکات کە ئەمریکا ڤایرۆسەکەی پیتاندووەو هەرچی ئەمریکاشە حزبی شیوعی چین بەوە تۆمەتبار دەکات زانیارییان پێنادات لەسەر نەخۆشەکانی کۆرۆنا پۆمپیۆ دەڵێت: (حیزبی شوعی چین بەشدارە لەپێنەدانی زانیاری تەواو لە سەر نەخۆشیەکە بۆ ئەوەی خەڵکانیتر تووش نەبن، کاتی ئەوەش دێت چین تاوانبار بکەین بەم قەیرانە، بە درێژایی ھەزار ساڵی رابردوو ھەموو پەتایەکی گەورە بۆتە ھۆی گوڕانکاری بنەڕەتی لە سیستمی سیاسی میللەتان و ئەو بەھایانەی کە سیستەمەکانیان لەسەر بنیات نراوە. ئەگەر پەتای کۆلێرای سەدەی چواردە لە ئەروپا وەک نمونە لەبەرچاوبگرین کە بووە ھۆی لەناوبردنی نزیکەی سێ یەکی دانیشتوانی کیشوەرەکە ، دەکارین بێ زیادەڕۆیی بڵێین کە رۆڵێکی گرنگی گێڕا لەوەی ئەروپای کۆن چاوبخشێنێتەوە بەپایەی سیاسی پیاوانی ئاینیی و گۆڕانکاری رێشەیی تیا بکات. لە ئەنجامدا دەزگاکانی پۆلیس ھاتە کایەوە بەوەی تاکە شێوازێک بوو بۆ پارێزگاریکردنی گیانی دانیشتوان. ئەوەش بوو بە ھۆی لەدایکبوونی دەوڵەتی ھاوچەرخ و لە گەڵیدا بڵاوبونەوەی توێژینەوەی زانستی وەک بەرئەنجامی راستەوخۆی ئەو کارەساتە تەندروستیە مەزنە) ڕای ئەم ئابوری ناسە ئومێدبەخشە هاوکات رێنیشاندەریشە بەوەی کەمتر کالای ناپێویست بکڕین و بگەڕێینەوە بۆ پێداویستیە بنەڕەتیەکان، بەرای جاک ئیدی لە پۆست کۆرۆنادا ” فێردەبین رێزی مرۆڤ وزەوی بگرین، لەراستیدا ئەوە گرفتی مرۆڤی هاوچەرخ بووە کە غرورانە یاخود گێلانە بەسەرزەویدا رۆیشتووەو نرخی بۆ دانەناوە، ئیدی رۆڵی مرۆڤ بریتی دەبێت لەیارمەتیدانی یەکتری بۆ ڕودانی ئەو گۆڕانکاریەکی باشترو جدی ، نەک ئەم ئەستێرەیە وێرانبکەین.

عومەر محەمەد
٢٥ی ئازاری ٢٠٢٠ – سلێمانی

—————————————————————–
سەرچاوەکان

  1. ماڵپەڕی ئاوێنە رۆژی ٢٤ی ئازاری ٢٠٢٠- ئەنوەر حمەو دارا عەزیز.
  2. وتارێکی هاوڕێم زاهیر باهیر رۆژی ٢٥ی ئازار لەواڵی تایبەتی خۆی.
  3. http://kurdish.sahartv.ir/news/%D8%AC%DB%8C%D9%87%D8%A7%D9%86-i345268 تەلەفزیونی سەحر- کوردی
  4. سەرچاوەی قسەکانی پۆمپیۆ کەناڵی (CNN) ە کە هاوڕێم جەبارئەحمەد وەریگێراوەتە سەر زامانی کوردی ولەواڵی خوی بڵاوی کردووەتەوە.
  5. جاک ئەتالی گەورە ئابوریناس وسوسیۆلۆجیستی فرانسی و راوێژکاری پێشوی سەرۆک شیراک کە لە بلۆگی خۆیدا بەخش وبڵاوی کردووەتەوە، نەوزاد شوانی وەریگێڕاوەتە سەرزمانی کوردی ورۆژی ٢٥ی ئازاری ٢٠٢٠ لە واڵی خۆی بڵاوی کردووەتەوە.



نامەی نووسەرێکی ئیتاڵی بۆ سەرۆکەکانی ئەڵمانیا، بەریتانیا، فەڕەنسا، ئەمریکا … وەرگێڕانی : ڕزگار عومەر

کاتێ تراژیدیا شوناسی یەکگرتوو لەق دەکا

ئێمەتان بە تەنیا جێهێشت!
نووسینی: ستیفانۆ بڕوزیی
وەرگێڕانی لە عەرەبیەوە : ڕزگار عومەر

سوپاس بەڕێز ماکرۆن

سوپاس خاتوو مێرکل

سوپاس کە لە کاتی تەنگانە ئێمەتان جێهێشت

سوپاس کە ڕازی نەبوون؛ تەنانەت ماسکی سادەو شتیترمان بۆ بەرەنگاربوونەوەو بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەکە پێ بدەن!

خۆ ئێمە پارەکەمان دەدا، دەزانن ؟

ئێمەی ئیتاڵی کە ئێوە بە پیس وپۆخڵ بە بێ ڕێز، هەمەجی و ساکار، هەژار..هەندێ جار بەمافیا ناویان دەبەن ! بەڵام با بەبیرتان بهێنینەوە؛ ئێمە بووین یەکەم جار ڕێگاوبان و قوتابخانەمان دروست، ئێمە ئەلف و بێ ی نوسینمان فێرکردن کە ئێوە ئەمڕۆ بەکاری دەهێنن، یاساو ماف، ڕێکخستنی دەوڵەت و دەوڵەتی یاسا ئێمە بۆ ئێوەمان شیکردوە.

ئێمەی ئیتاڵی، خاوەنی کارە هونەریە نەمرەکانی نێو مۆزەخانەکانتانین، خاوەنی دەستنوس و ڕێنماییە دێریینەکان کە ئێوە وانەی لەسەر دەکەن و جێ بەجێی دەکەن. ئیتاڵیەکان؛ ئەوانەی بە قوربانی و بەو شتانەی پێشکەشیان کردووە خاوەنی لەسەدا حەفتای ٧٠٪ کەلەپوری هونەری و کلتوری جیهانن! کەلەپورێك کە ئێوە بۆ ئەوەی خەڵك لە مۆزەخانەکانتان بیبنێ نرختان بۆی داناوە! ئێمەی ئیتاڵی مانای هونەرو کلتورمان بە ئێوە بەخشی کە شارستانیەتەکەی ئێمەو هی ئێوەش لەسەری بنیاتنراوە، مانای بەرزو ڕەهاو ڕێکی ئیستاتیکا، ئەو پایە بەرزە لە دوای ئێمە کەس پێینەگەیشتووە، ئێمەی ئیتاڵی شارستانیەتمان پێدان، شارستانیەتێك کە وێرانتان کرد کاتێ بردتانە سەدەکانی ناوەڕاست، دوایی دووبارە بۆئێوەمان دروست کردەوەو گەشە و پێشکەوتنمان سەرلەنوێ بۆ هێنانەوە لە هونەر، جوگرافیا، ئابوری، ئەندازیاری بیناسازی.

ئێمەی ئیتاڵی پەنیری پەرمەزان، مۆتزەرێلا، بروشوتۆ، مۆرتادیلا، سەلامیی، رافیولی، توتیلینی، لازانیا، جیلاتۆ، پیزا چەندین وچەندین شتیترمان داهێنا! ئێمە ترێ مان بردە فەڕەنسا، ئێمە ئێوەمان فێری شەڕاب دروست کردن و چاندنی دارمێو کرد، هەروەها ئێمەین هەموو ساڵێك دەبێ دژ بە هەوڵەکانتان بوەستینەوە کاتێ لاسایی مارکە بازرگانیەکان و بەروبومەکانمان لە دونیای جوانی و مۆدێلەکاندا دەکەنەوە!

بەڵام ئێوە: بەڕێزان ترامپ و جۆنسن

سوپاس بۆ ئێوە کە لە جیاتی یارمەتیدانمان هەرچی شتێکتان لەدەست هات کردتان بۆ تەریك کردنمان! بەڕێز ترامپ با بە بیرت بهێنینەوە، ئەگەر کەشتیوان و دەریاوانە ئیتاڵیەکان نەبوونایە ئێستا تۆ لە زەویەکی ووشك دانیشتبووی و نەتدەتوانی ڕۆڵی سەرۆك ببینی، ئەگەر دەریاوانێکی ئیتاڵی سەفەری نەکردبا بەرەو نەهات و نادیار ڕەنگە تۆ ئێستا تەنیا توانای پەتاتە خواردنت هەبوایە!

بەڵام تۆ بەڕێز جۆنسن

بە بیرت دەهێنمەوە کە سەروەت و سامانی نەتەوەکەت لە ژێر ئەو ئاڵا ئیتاڵیە دروست بوو، کە ئێمە دامان بە ئێوە لەسەر کەشتیەکانتان هەڵیدەن تا خۆتان لە هێرشی جەردەکانی دەریا بپارێزن، ئاڵای “خاچی قەشە جۆرجیو” کە ناوچەی (گێنەوا)ی ئیتاڵی بە ئێوەیان دا، کە بەبێ بوونی ئەو ئاڵایە ئێوە لە لایەن هێزە دەریاییەکانی دەریای ناوەڕاست بۆمباران دەکران. ئێمە ئێوەمان فێرە دەریاوانی کرد، کە بە خراپە بەکارتان هێنا بۆ فراوان خوازیتان. تا ئەمڕۆش هەر کاتێك تەلەفۆنتان بەکارهێنا داهێنەرەکەی ئێمەتان (میوتچی) لەیاد بێت، کاتێ سەیری تەلەفزیۆن دەکەن یان گوێ لە ڕادیۆ دەگرن ” مارکۆنی” تان لەیاد بێت، هەر کاتێك کارەباتان بەکار‌‌هێنا (ئەگەر تەمەن یاوەرمان بێت) لە یادتان بێت کە هەرگیز دروست نەدەبوو ئەگەر بەرهەمەکانی بلیمەتی ئیتاڵی “فێرمی” نەبوایە.

ئێمەی ئیتاڵی؛

بانکەکان و زانکۆکانمان دروست کرد، ئێمە تیئۆری ئەگەرەکان، تەلارسازی، ئەندازیاری، گەردوناسی، ڕۆژژمێری، مۆسیقامان داهێنا. کریستۆفر کۆلۆمبۆس، مارکۆ پۆلۆ، لیۆناردو داڤینشی، مایکڵ ئەنجیلۆ، بیرنینی، تیتیزیانۆ، ڕافائیلۆ، برۆفیلیسکي، گالیلۆ، ئۆکتاڤیانۆ، فیسبازیانۆ، ئۆریلیۆ، دانتی! دەتوانم بەردەوام بم تا چەند کاتژمێریکیترو ناویتر ڕیز بکەم ، هەموو ئەوانە وەکو ئێمە ئیتاڵی بوون!

گوێبگرن ئازیزانم، کاتێ ناوی ئیتاڵیا دەهێنین، دەبێ ڕێك بوەستی و سەردانەوێنی! دەبێ بزانی ڕەگی شارستانیەتی ڕۆژئاوا لێرەیە! کاتێ لەئەمڕۆدا ئیتاڵیا هانای بۆ هێنان و داوای شتێکی لێکردن، دەبوایە بۆی ڕابکەن و فریای بکەون، چونکە ئەگەر ئیوە دووبارە شارستانیەتی ڕۆژئاوا ببەنەوە سەدەکانی ناوەڕاست باوەڕ ناکەم ئەمجارە ئیتاڵیا سەرلەنوێ هەڵسانەوەتان بۆ دروست بکاتەوە!

دوای هەموو ئەوە، ئەگەر پێتان وایە ئەمە پەیوەندی بە ئێوە نیە، کەواتە شتەکانی خۆتان بۆ خۆتان، چێژ لە ملیۆنان تۆن ئاسن ببینن کە شارەکانتانی کەلەبچە کردووە، کاتێکیش سەردانی مۆزەخانەکانتان دەکەن تکایە لای بەرهەمە هونەریە ئیتاڵیەکان مەوەستن چونکە ئاوا سەردانەکەتان زۆر بەخێرایی کۆتایی دێ! ڕەنگە بتوانن سەردانی کارگەی ئوتومبێلە جوانەکان و کارگەکانی ئوتومبێلی گازوایل بکەن. بڕۆن سەردانی کۆشکەکانتان بکەن، کە لەلایەن ئێمەوە تەنیا وەکو شارۆچکەی سادەیە، یان بڕۆن بۆ ئەو پایتەختانەی کە دەیانەوێ لاسایی ڤینیسیا، فلۆرینسا، ڕۆما بکەنەوە، هەوڵدەن سەردانی جوانترین وڵاتی دونیا ” ئیتاڵیا” نەکەن لە کاتێکدا ئێوە لە پشتەوە خەنجەرتان لێدا، باوەشمان کراوە نابێت، تەنیا بۆ ئەوانە نەبێت کە لەکاتی تەنگانە بە هانامانەوە هاتن! دەرگای شارە جوانەکانی خۆمان کە وێنەی نیە لە دونیا تەنیا بۆ ئەوان واڵادەکەین، ئەوان دەتوانن بچن بۆ سەیرانی شارەکانی: ڤینیسیا، ڕۆما، فلۆرینسا، گێنەوا، ناپۆلی، بولۆنیا، بیزا، سیزی، سیینا،تۆرینۆ،بالیرمۆ، اگریجێتۆ، میلانۆ، کریمۆنا، مانتۆڤا، فیرارا، توسکانا، مۆنت فیراتۆ، دۆلۆمیتی، لابولیا، سیسلی، سێردینیا!

ئیوە بوون وڵاتی یۆنان ی داماوتان بە سیاسەتە ئابوریەکانتان وێران کرد، هەمان هەوڵتان دا لەگەڵ ئیتاڵیا بەڵام شکستان هێنا، ڕەنگە ئێستا پێشبینی هەواڵی کۆتایی ئێمە ببیستن، بەڵام لە ناواخنی ئەم خۆپەرستیە زۆرەتان بیرتان چوو کە ڤایرۆس دان بە سنوورە جوگرافیەکان نانێت و لە هەمووان دەدات، ئەگەر دوێنی یارمەتی ئێمەتان بدایە لە هەوڵەکانمان بۆ کۆنتڕۆڵی ئەو پەتایە لەجیاتی تەریك کردنمان ولۆمە کردنمان، رەنگە خۆتان لە ئەمرۆدا نەدیبوایە لە هەمان دۆخ کە بۆ لە دەست چوونی ئازیزانتان دەگرین!

خۆپەرستیتان گەڕایەوە بۆتان!

سوپاس




ماتەریالیزمی مێسیایی ی ڤالتەر بێنیامین … کاوە جەلال

“ڕۆژی قیامەت بریتییە لەو ئامادەیە کە ئاوڕی لە ڕابوردوو داوەتەوە”

بۆخوێندنەوەی ئەم بابەتە کلیکی ئێرەبکەن ……..




ئەزمون و تراژیدیا … عومەر محەمەد

عومەر محەمەد
٢٥ی ئازاری ٢٠٢٠ سلێمانی

دەڵێن کۆرۆنا هەژارو دەوڵەمەند ناناسێت، ئەگەرچی دەزانم گەیشتووەتە ماڵی سەرۆک و وەزیرو پەرلەمانتارانیش، بەلام هێشتا بڕوا بەوە ناکەم هەژارو دەوڵەمەند نەناسێت، بە هیوام دۆخەکە هێندە خراپ نەبێت وەک چاوەروان دەکەم، چونکە من بە ئەزمونی خۆم لەناو تراژیدیادا بەدەرئەنجامێکی ناخۆش گەیشتووم، بەتایبەتی کاتێک لەرێکخراوێکی بیانی کارم دەکرد، خەڵک موچەو نانی نەبوو ئێمە بەدۆلار موچەمان وەردەگرت، ئەو دڵرەقییەی ئێستا لەپەرلەمانتاران و بەرپرسان دەیبینن، لە کارمەندە خۆشگوزەرانەکانی رێکخراوەکانم دیووە، جا ئەگەر ئێمە لە (N.G.O)کان مانگانە ٢٠٠ دۆلارێکمان وەردەگرت وخۆمان بە پاشا دەزانی، ئەوانەی لەوسەروەختەدا کارمەندی (UN) بوون لە سەروی ١٠٠٠ دۆلاریان وەردەگرت، ئەم نوخبەیە لەهەموو کەس زیاتر بەر مرۆڤی هەژارو شکستخواردوو ئاوارەی ناو سەربازگەو قوتابخانەکان دەکەوتن. ئەو رۆژانە هەژاری هەتا نزیک مەرگ کوشندە بوو، لەبەرانبەریشدا، دڵرەقی و بەدکاری دەسەڵات و سەرمایەداران هەتا لوتکە ڕۆیشتبوو.
کۆی دۆسێی ئەنفالم بە فەرامۆشکراوی وبەبزنسکردن وبازرگانی پیوەکردنەوە دیوە، بازرگانەکانی ئێسک وکەللەسەرم بە ئۆتۆمبیلی های مۆدێل و بە شیکی وبەچاکەت وپانتۆڵ وبەرگی زۆرگرانبەهاوە دیوە، لە ناو دۆسێی ئەنفالدا خوێنساردی و بێباکی نزیکترین کەسی ئەنفالکراوانم دیوە، بەگشتی مرۆڤی بێهەست و بێ ویژدان و بە درەفتارو بێ مۆراڵم زۆردیوە، لەلایەک مرڤ هەبوون لە ناو کۆمەڵگاکاندا هەروا کەمێک لەم لای مەرگەوە دەژیا، بەگشتی ژیانیان لەناو کۆمەڵگا زۆرەملێکان هێندە سەخت وتوش بوو، جیاوازییان لەگەڵ نوگرەسەلمان تەنها ئاوهەوا بوو، دەنا هەمان ژینگەو تاسو حەمام بوو، تەنانەت لەناو خزم وعەشرەت و ماڵەکانیشدا حەجاجێک هەبوو. بەناز* لە تۆپزاوا لە دایک ببوو، دوای ئەنفالکردنی باوکی مامەکانی رێک لە ژورەوە زیندانیان کردبوو، موچەکەی باوکیشیان دەخوارد، ئەگەر لە تۆپزاوا لە باوەشی دایکیدا بوو، لەکۆمەڵگە زۆرە ملێکەدا بینینی دایکیشیان لێ زەوت کردبوو. عەدالەت تاقە دەربازبووی خێزانێکی ٥ کەسییە هەر بۆمەینەتی بەجێماوە ئەو حەجاجی عروبەی نەدیوە بەڵام دەیان شەق وقامچی حەجاجەکانی کوردی بەرکەوتووە، حەجاجەکان عەرەب نەبوون، کوردبوون، ئامۆزای بوون موچەکەشیان دەخواردو تێشیان هەڵدەدا. خاتوون تاقانە دەربازبووی ماڵی باوکێتی هەرئەوەندەی گوتیان موچەی ئەنفالکراوان دێت مامی لەنفوس ئەویشی مراندبوو، لەبەرئەوەی موچەکەی هەڵلوشێت !
ئەم مرۆڤە شکستخواردوانە پێویستیان بەهەستانەوەو شکۆ بوو، کەچی راگەیاندنەکان وا وێنایان دەکردن، کە داوای موچەوئیمتیاز دەکەن ! بەلام نا ئەوان داوای شکۆو دادپەروەرییان دەکرد داوای هەناسەیەکیان دەکرد بۆیان بگەرێتەوە ئاخر خۆ هەموو جارێک هەناسە هەوایەکی پاک نیە، هەندێک جار قسەیەکی خۆشە، سڵاوێکە،
لەڕوی دۆکێومێنت و رۆشنبیریی وبەجیهانی کردنی دۆسێکەو بەجیهان ناساندنەوە گوێم لە فشەوفیشاڵ وفڵتەفڵتی جیاوازبووە، لەزۆر کۆڕوکۆمەلیش بەشداربووم، بەڵام نیازو ئامانج لەدواییدا دەردەکەوت (سەفەر، پارە، پاداشت) و هەندێک جاریش دادەبەزی بۆ خواردنەوەی تەنها بیبسییەک بەبەلاش، بۆفێی ناوهۆتیلەکان و خەون وخەیاڵی بۆفێ خۆرەکان و ژیانی قوربانییەکان لەناو کۆمەڵگەی زۆرەملێی شۆرش و صمودو پیرەمەگرون و بەحرکە زۆر زۆر لێک دورو جیاوازبوون.
کاتێک دەستم دایە تۆمارکردنی چیرۆکەکانی ئەنفال، هێندە خۆشخەیاڵ بووم، وامدەزانی نەک هەردەستم دەگرن بەڵکو رەنگە نەپەرژێمە سەر دۆستان و دڵدانەوەی ئەوانەی دێن هاوکاریم دەکەن، برواتان بێت هەر چالاکوانەکان خەریک بوو سەرم بەفەتارە بدەن، ئەوەی بەراستی و بەدڵ بەتەنگەوە هات کەسە زۆر سادەو ساکارەکانی ناوکۆمەڵگا بوون نەک دەزگا رۆشنبیری وحکومیەکان وڕێکخراوەکانی تایبەت بەئەنفال ! سەدام وبەعس روخان و ئەم بێباکی وخۆدزینەوەیە هەر بەردەوام بوو، ئەوە ٣٣ ساڵ تێپەڕی و ئێوەش وەک من شاهیدی دروستکردنی سەدان مزگەوتن لەلایەن حزبە ئیسلامیەکانەوە، شاهیدی دەیان کافێ و مۆڵ و مەلەوانگەو باخو ڤێلای گرانبەهان لەلایەن دەوڵەمەندانی نیشتمان پەروەرەوە، بەڵام کوا سەنتەرێک بۆ دۆکێومێنت و توێژینەوە ؟ کاتێک قسە دەهاتە سەر ئەنفال وهەڵەبجە هەموویان دەمەوەربوون بەلام کوا خەرمانی چیرۆکە تۆمارکراوەکان ؟ دەیان رێکخراو بۆ ئەو پرسە دروستکران کوان لە کوێن و چییان کرد ؟ هەموویان گوتویانە گۆڤارەکەتان گرنگە، کارێکی باشە و گۆڤاری ئەنفالستان مێژووی ئەنفال دەنوسێتەوە، بەڵام بەلایانەوە ئاساییە ئەم گۆڤارە بووەستێ و چاپ نەکرێت ! حکومەت هاوکاری چەندین کەسی ناچالاکی کردووە بەناوی ئەنفالەوە ئۆفیس دانێت، بەپارەو پولی حزب و حکومەت گەشت بکات، کتێبی خراپ چاپ بکات، ئەمە بۆچی ؟ خراپترین کتێب دەربارەی ئەنفال وهەڵەبجە چاپکراون و سەدان کەس دەڵێن دەستتخۆش بێت کەس نییە بڵێت ئەو کارە خراپەت بۆکرد ؟!
هەتا ئێستا خاوەنی دوو فیلمی زۆرباش نین چیرۆکی ئەنفال وهەڵەبجە بگێڕیتەوە، بەڵام ئامادەبوون هونەرمەندی بیانی، سەماکاری بێ ئەزمون، لۆتی و سۆزانی و دەڵاڵی هەموو شتێک بانگ بکەن بۆکوردستان و بەبەستە دۆلاری لە گیرفان بنێن، لەکاتێکدا دایکان وباوکانی ئەنفالکراو پێویستیان بە سەلامێک بوو، بەرپرسانی وڵات ! دەست ودیاری بەهاداریان بۆ خوشکی گێلفرێندەکەی بریمەر دەنارد ئەگەر باوەرناکەن (برۆن یادەوەریی “ویداد فرانسیس” دیاری پێبەخشراو بخوێننەوە!) .
بەهەرحاڵ، ئەمەم تەنها وەک پێشبینی کارەسات نوسی، بەهیوام ڤایرۆسی کرۆنا هەتا ئێرەبێ و ببڕێتەوە وکارەسات رونەدات، چونکە ئەگەر رویدا لەناوئەم دڵڕەقیەدا مرۆڤایەتی دوابزمارلە تابوتی خۆی دەدات، بە هیوام دوای کۆرونا مرۆڤایەتی وەک ئێستا بێباک وخەمسارد نەمێنێتەوە، خەڵکی هەژار بەتەنگ خۆیانەوە بێن وخۆیان نەدەنە دەست دوعاوپاڕانەوەیاخود وەهمی چاوەروانی لە خێروسەدەقەی دەوڵەمەندان و بەرپرسان. بەڵکو هەژارانیش بەخۆیاندا بچنەوەو ژیانی خۆیان لەسەر بەرژەوەندی گشتی رێکبخەنەوەو دۆخەکە بەبارێکدا وەرچەرخێنن تیایدا مرۆڤ بەشکۆوە بژی و مردووەکانیان بەحورمەتەوە ئەسپەردەی خاک بکەن.

*- هەموو ناوی بەنازو خاتون و عەدالەت خوازراون، بەڵام چیرۆکەکانیان راستیە .




ژیان لە سەردەمی کۆرۆنادا گەڕان بەدوای دیوە ئیستاتیکییەکەی ژیاندا …

نووسینی: ستیڤان شەمزینی

من لێرە باس لە پێکهاتەی جینەتیکی ڤایرۆسی کۆرۆنا و رێوشوێنەکانی خۆپارێزیی ناکەم، ئەمە کاری پزیشکەکان و دامودەزگا پەیوەندییدارەکانە. دەمەوێت لێرەدا سەرنجی خوێنەر بۆ خودی ژیان و بوون رابکێشم، لێ ژیانی ئێمە لە رووی تەندروستییەوە هیچ گرەنتییەکی نییە، ئەمەش مانای ئەوە نییە لە پرۆسەی ژیانکردن بەردەوام نەبین، هەموو بە تازیەباریی و پەژمووردانە چاوەڕێی هاتنی ئەو ڤایرۆسە بکەین، دەشێ ئێمە لە ماڵەکانی خۆمانەوە بە دوای دیوی ئیستاتیکیی ژیاندا بگەڕێین، هونەری ژیانکردن ئەوەیە لە دۆخی کەرانتینەدا رووبەڕێکی تر بۆ بەردەوامیدان بە بوون و ممارەسەی ژیان بدۆزینەوە. ترس لە مردن، یارمەتی ژیان نادات، بەڵکو رێگەی مەرگ نزیکتر دەکاتەوە، هەرچەندە ترس غەریزەیەکی ئینسانییە، بگرە پێویستیشە، بەڵام ناشێ ترس هەموو شتێکمان لە بیر بباتەوە، ناکرێت بە رەنگی پەڕیوەوە چاوەڕێی چارەنووسی خۆمان بکەین. دەبێت گەمە بکەین و بەردەوام بین لەسەر ژیان، ئەمە کارە راستەقینەکەیە دژی مەرگ، ئاخر هەرچەند مردن ئازاربەخش بێت، لەبەرئەوە نییە شتێک لە بارەی ئەو عەدەمییەتەوە دەزانین، نا، لەبەرئەوەیە مرۆڤ لەوە حاڵی بووە لە مەرگدا ئەوەی لە دەستی دەچێت ژیانە. یان ئەو سەرمایە رەمزیی و ماددییانەیە لە تەمەنی خۆیدا بەدەستی هێناون لە دەست دەدات.
مەرج نییە هەموو دەمێک دیوە ئیستاتیکییەکەی ژیان بریتی بێت لە خاوەندارێتیکردن لە شتی گەورە و هاتنەدی ئاواتە مەزنەکان، مرۆڤی ئێمە رانەهاتووە لە بچووکترین رووبەڕدا زۆرترین چێژ وەربگرێت. وەک دەوترێت گەشتی مرۆڤ سەفەری بەردەوامە بەدوای ژیاندا تاکوو بڕێکی زۆر لە شادومانی چنگیر بکات، “شادومانی رێژەییە و ناکرێت تەنیا رووخسارێکی هەبێت”. زۆرجار بیر لەوە دەکەمەوە مەرج نییە بۆ ئەوەی بەختەوەر بین دەبێت شتی زۆر گەورە و گرانبەهامان هەبێت!، جاری وایە بەختەوەریی ئێمە پابەندی شتی زۆر بچووکە. ئەمە چیرۆکێکی “ئۆسکار وایڵد”ی بیر خستمەوە کە بیست و دوو ساڵ زیاترە خوێندومەتەوە. کارەکتەری سەرەکی چیرۆکەکە خوێندکارێکە و لە یەکێک لە دێڕەکانی سەرەتاوە وا دەپەیڤێت “ئاخ بەختەوەریی چەند بەندە بە شتی زۆر بچووکەوە”. ئەو کارەکتەرێکە چی بەرهەمی فەلسەفی و زانستیی هەیە هەموویانی خوێندۆتەوە، بەڵام چون لە باخەکەیدا گوڵێکی سووری نییە تاکو مەرجی سەماکردنی لەگەڵ نازدارێ پێ بەدیبهێنێت، هەست بە خاپووربوونی رۆحیی دەکات. زۆرێکمان لە هەمان دۆخداین. رەنگە من زۆر شتی گەورەم لە ژیاندا هەبێت یان هەبووبێت، بەڵام بەختەوەرییم لە شتێکی زۆر وردیلەدایە، لەوانەیە لەوەدا بێت زمانی گۆی بکردبا و چاوم ببڕیبا ناو چاوانی یار و پێی بڵێم خۆشم دەوێی. هیچ کات نەمتوانیوە بێ چاوداخستن ئەم وشەیە بڵێم. ئەم شتە بچووک دێتە بەرچاو، بەڵام لای من گەورەترین دڵەڕاوکێیە.
ئەوە راستییەکی حاشاهەڵنەگرە مرۆڤ سرووشتکردانە سترێسە، هەڵبەتە مەبەستم سترێسە بچووکەکانی ناو ژیان نییە، بەڵکو مرۆڤ بەشێوەیەکی وجوودیانە سترێسە، بەو پێیەی بوونی مرۆڤ بوونێکە بۆ مردن، ئەوەش سترێس دەکاتە پرۆسەیەکی ناچاریی، ئەمە روانینی قووڵی فەیلەسووفێکی وەک هایدگەرە لەبارەی بوونەوە، ئەو پێیوایە لە بری نائومێدبوون، پێویستە ژیان بە جیددی وەربگرین!. کۆی ئەم تێڕوانینەی لە کتێبە بەنامێکەیدا “بوون و کات Sein und Zeit” و کتێبەکانی تریدا چڕکردۆتەوە و پێداگریی لەوە دەکات رارایی مرۆڤ کۆتایی نایەت چون دەرکی ئەوە دەکات ئەو هاتۆتە بوون و بەرەو مردن رێکەوتووە، لێ تێگەیشتن لە هایدگەر و کتێبی “بوون و کات” کارێکی ئاسان نییە، تەنانەت کوڕەکەیشی تاکوو مرد لە کتێبە دەگمەنەکەی باوکی تێنەگەیشت، بەڵام ئەوەی من تێیگەیشتووم هایدگەر هیچ رێگەیەکی تر لە بەردەم مرۆڤدا ناهێڵێتەوە و مەحکومی دەکاتەوە بە ژیان.. ژیانیش هەروەک لەلای فەیلەسووفی دێرینی گریک “ئەبیکۆر” برتییە لە زنجیرەیەک چێژوەرگرتنی بەردەوام و چڕکردنەوەی هەبوونمان لە پێناوی گەیشتن بە زۆرترین ئەندازەی لەززەت.
نکۆڵی ناکرێت چێژ لە دیتنی کوردییدا، کورت دەکرێتەوە بۆ سێکس، لە کاتێکدا سێکس تەنیا روویەکی چێژە، هەرچەند من وەک “ئیڤا ئایزمان” ناڵێم “شتێکی داڕزیو و گەنیو لە سێکسکردندا هەیە” بەڵام ناتوانم خۆم لەو گۆشەنیگایەی “سلاڤۆی ژیژەک” ببووێرم، کاتێک دەڵێت “سێکسوالێتەی مرۆیی لە خودی خۆیدا لادەرانەیە، ئاوەڵاشە لەبەردەم هەڵگەڕانەوە سادۆمازۆخییەکاندا”. ژیژەک لە قسەکردن بەردەوام دەبێت تا ئەو شوێنەی دەڵێ “من گۆشت و جەستەی هاوبەشەکەم وەک پاڵشتێک بۆ رایکردن و بەدیهێنانی فەنتازییەکانم بەرکاردەهێنم”. ئەمە دەمانباتە بەردەم ئەو پرسیارە ئاڵۆزەی ئایا سێکس پرۆسەیەکە لە چوارچێوەی فەنتازیای پێشوەختەدا؟ ئایا هاوبەشیکردنی سێکسیی تەنیا بۆ رایکردنی ئەو فانتازیایە؟. هەرچۆنێک بێت، سێکس دیوێکی شادییهێنی چێژە، ئەگەرچی ژیان شتێکی جیددیترە لە سێکس، چێژەکانیش بەربڵاوترن لە سێکس، بەڵام خەونی هەموو مرۆڤێکی سەرکوتکراو لە رووی سێکسییەوە دەچێتەوە سەر سێکس.

دەرکی ئەوەش دەکەم دنیا تەواو تاریک داهاتووە، ئەو دۆخەش تەنێ بەهۆی کۆرۆناوە نەخوڵقاوە، دەشێ مرۆڤ لە کاتێکی نزیکدا زاڵ بێت بەسەر ئەو ڤایرۆسەدا و سەرئەنجام گرەوەکە بباتەوە، بەڵام نائومێدییەکانی تری نێو ژیان، بەرهەمی سیستمێکی ئابووری و سیاسیین سایەی کردووە بەسەر جیهاندا. کاپیتالیزم ئەو ڤایرۆسە دیارەیە تەنانەت وەک هیپنۆسی خواوەندی خەون لە ئەفسانەی گریکییدا کە کچی دایکە شەو و باوکە تاریکییە دەستی گرتووە بەسەر روئیاکانیشماندا، بەم هۆکارە هەنووکە شانۆی دنیا بەو دۆخە نیهێلستییەدا تێدەپەڕێت لە فیلمی “جۆکەر”دا تەوزیف کراوە. مرۆڤ چیتر ناتوانێت خاوەنی هیچ خۆی بێت بە خودی تراژیدیاکانیشەوە، ناچار بووە ژیانی خۆی وەک کۆمیدیایەکی خوێن سارد رێک بخات، مەحکومە بووە بەوەی کاردانەوەی کوێرانەی هەبێت و بەرچەکرداری بیر لێنەکراوە و خەفەتبارانە بنووێنێت. شانۆی ژیان لە سایەی سەرمایەداریی و نەبوونی هێزێکی کۆمەڵایەتی لەبەرانبەریدا، لەو شێتخانەیە دەچێت ئارسەر “جۆکەر” سەمای تێدا دەکات. لەم نێوەندەدا سێمپتۆمی ئەدەبی و هونەریی وێنەدانەوەی ئەم دۆخە ناهەموارەن کە ژیانیان کردۆتە جۆرێکی نوێی کابووس. تەنانەت زۆرێک لەو ئومێدانەی مرۆڤ خۆی پێ دەبەستێتەوە، خەنجەرن لە رۆحیدا، سمارتەی دەکەن، تەنانەت هەر هەنگاوێکی بچووک لە راستای دژایەتی سیستمی زاڵ، مشارێکی ئابووری لەبەردەمیدا قووت دەکرێتەوە. لەگەڵ ئەمەشدا دەبێت بەردەوام بین لەسەر ژیان، دەبێت هەریەکەمان لە ماڵەکەی خۆیەوە، رەنگی ژیان بکاتەوە، ئەم کەرانتینەکردنە دەرفەتێکە بۆ رامان و بیرکردنەوە. بۆ بەهێزبوونی مرۆڤ، بۆ بینینی جوانناسانەی ژیان.

ئەوەی لەم دەمەدا بیرم بێتەوە، چیرۆکێکی ئەڵمانییە بە ناوی “ماراسۆنی بۆقەکان”. چیرۆکەکە بەسەرهاتی چەند بۆقێک دەگێڕێتەوە ماراسۆن دەکەن لە گۆڕەپانێکدا لە پێش چاوی هەزاران ئامادەبوو. رێگەکەیان زۆر دوور و درێژە، هەموو بۆقەکان بە گڕوتینەوە دێنە مەیدان، بەڵام لە ژێر کاریگەریی قسەی هاندەران یەک یەک سارد دەبنەوە و دەست لە ماراسۆنەکەیان هەڵدەگرن، بەو پێیەی دەکەونە بن هەراوزەنای تەماشاچییان کە هاوار دەکەن زۆر زەحمەتە ئەو رێگا تولانییە بە بۆقێک ببڕدرێت، بەڵام یەک تاکە بۆق بەهیچ شێوەیەک ناکەوێتە ژێر رکێفی ئەو هاتوهاوارەوە! بۆیە دەگاتە کۆتا خاڵی گەمەکە و سەرکەوتن بەدەستدەهێنێت، هەموو سەریان لەوە دەسوڕمێت چۆن تەنیا ئەو بۆقە لەبەردەم ئەو هەموو هاتوهاوارەدا خۆی گرت و نەڕووخا!؟ کاتێک دەیانەوێت نهێنی ئەمەی لێ بپرسن، بۆیان دەردەکەوێت بۆقە سەرکەوتووەکە نابیست “کەڕ” بووە و بەهیچ کلۆجێک گوێی لە قسەی هاندەران نەبووە. ئەوەی لەم داستانەوە فێری دەبین سووربوونە لەسەر ئامانجەکانمان، گەورەترین ئامانجیش خودی ژیانە.
وەک ئەوەی تازە لە کۆما بێداربووبمەوە، شتەکانم دێنەوە یاد. هەربۆیە لەم دەمەدا شانۆگەریی “ئەحەی کڕنو”م بیر کەوتەوە.
ئەحەی کڕنو ئەو کارەکتەرە ریالییە ئایدیالییە بوو، من لە رێی شانۆگەرییەکی تەلەفزیۆنییەوە پێی ئاشنا بووم. هونەرمەندی کۆچکردوو “عوسمان چێوار” ئەو شانۆگەرییە چەند پەردەییەی بۆ تیڤی ئامادە کردبوو، نازانم چ ساڵێک بوو بە دەقیقی، بەڵام من لە ناوەڕاستی نەوەدەکانی سەدەی پێشوودا لەسەر شاشەی تیڤی گەلی کوردستان بینیوومە. لەم شانۆگەرییەدا ئەحەی کڕنو کەسایەتییەکی نیمچە زۆربایی هەیە، کوردێکی پاکژدڵ و دڵسۆزە و پەیوەندییەکی بەتینی بە ئایدینتێتی خۆیەوە هەیە، لێ کەسایەتییەکی ترسنۆکە، بەڵام خەونە هەرە گەورەکەی ئەوە بوو وەک شەهیدێک و خۆبەختکردوویەکی نیشتمانی ناوی بچێتە دیرۆکەوە، کەچی ئەم خەونە لەناو ترس و بیمی ئەو لە مەرگ بوو بە هەڵم، بەڵام چێوار خەونەکەی بۆ تەواو دەکات و لە رێی شانۆگەرییەکەوە بەو ئارەزووە مەزنەی دەگەیەنێت، بەوەی لە کۆتاییە تراژیدییەکەیدا پەتی سێدارە دەکاتە گەردنی. ئەمەش یەکەمین جار بوو هونەرمەندێکی دەرهێنەری کورد سەرنجم بۆ لای ئەوە پەلکێش بکات کارەکتەرێک بگەیەنێتە خەونەکەی و لە دنیای مەجاز و سیمبولیکدا وەک شەهیدێک ناوی تۆمار بکات.

ئێستاکە وێناکە بە تەواویی هەڵگەڕاوەتەوە و کۆمەڵگە پڕ بووە لەو جەلادە رۆشنبیرییانەی بە پێچەوانەی چێوارەوە ئاوێنەی ئارەزووەکانی تاک و گشت دەشکێنن. خەونە ئاڵەکانمان تەژی دەکەن لە دێو و درنج، سەری خەیاڵەکانمان بە پووچییەکانی خۆیان دەپەڕێنن. من وەک مرۆڤێک چەندان خەونم هەبوو، ناچاربووم هەمان ئەو کارەی چێوار بۆ ئەحەی کڕنوی کردبوو بۆ خۆمی ئەنجام بدەم، کەچی دەستەیەکی رۆشنبیری زار قەرەباڵغ کە مێشکیان لە ناو دەمیاندایە، دێنە نێو خەونەکانمەوە و نەعرەتی نەفرەتیان رۆژە رێیەک بڕ دەکات و بەدەنگێکی نازولاڵ دەقیژێنن درۆ دەکەیت. درۆ دەکەیت. یان چەند پیاوێکی گرگنی ماسکدار تیغ لە لەشی ناسکی خەونەکانم دەکەن و سەمای عاشقانەم بە وازیکردن بە کلکی شەیتان دەبینن، ئەمەش دەکەنە کەرەستەیەکی ژەهراویی و وەک هاوڕازێکی ئەهریمەن بەو گوڵە و گوڵزارەم دەناسێنن من تامەزۆییم هەیە بۆ بۆنکردنیان. کارەساتە گەورەکەی ئێمە ئەوە نییە تەکنۆلۆژیا سەرقاڵی داهێنانی ریکۆردەرێکە بۆ تۆمارکردنی ئەو خەونانەی دەیبینین، بەڵکو چیرۆکە تاڵەکە ئەوەیە ژمارەیەک قەڵەموەشێنی کلاسیکی سەرقاڵی ئەو خەونانەشن بەخۆمانەوە دەیانبینین، یان بەو دنیایەوە دەیبینین بەشێوەیەکی مەجازیی تێیدا هەناسە دەدەین. بۆچی باسی ئەمەم کرد؟ دەمەوێت بڵێم، ناکرێت زوڕنای نائومێدیی وەڕسمان بکات، نابێت بەو دەستە چەپەڵانەی دێنە خەونەکانمەوە ئیدی توانای خەونبینین لە دەستبدەین، ناشێ تەسلیمی ئەو رەشبینییە پووچە ببینن ژیان وەک تاڵاو نیشان دەدات. ئەرکی ئێمە داهێنانی خەونی نوێیە بۆ ژیانێکی جوانتر.
هەنووکە دەستم لەژێر چەناگەم داناوە، بیر لە داهێنانی چێژی نوێتر دەکەمەوە لەم زیندانەی ناو کارانتینەیە. پێموایە خۆشبەختی خورافەیەکی دێرینە، بەڵام لەم کپییەدا خەیاڵ بەوەوە دەکەم، چۆن دەکرێت ژیان زەنگین و جوانتر بکەین، ئەمە لەخودی ژیان خۆیدا نییە، ئەمە ئەرکی خۆمانە بیئافرێنین، من باسی سۆسیالیزم ناکەم وەک سیستمێکی جیهانی، بەڵکو باسی ئەرکێکی تاکەکەسی دەکەم، هیچ نەبێت بیر لە هەندێ لە ئەندێشەکانمان بکەینەوە چۆن و بە چ میکانیزمێک لە بەندیخانەی مێشک ئازادیان بکەین و بێنە سەر ئەرزی واقیع. هەر لەم چرکەساتەدا هەناسەیەکی دەستکرد هەڵدەمژم و بەدەم ئازاری لەشمەوە، زەردەخەنەیەک دێتە سەر لێوم! چونکە ئەو شیعرەی پێش دەساڵم بڵاونەکردەوە کە بەم شێوەیە دەستی پێدەکرد:
بە لای کەلاوەی ژیاندا تێپەڕیم
بۆنی نائومێدیی کاسی کردم
لە ناکاو کەوتمە زێرابی مەرگەوە
ئەگەر ئەمڕۆکە ئەو شیعرە بنووسمەوە، پڕی دەکەم لە هاندان بۆ بەردەوامییدان بە ژیان. تەنیا ئەو دێڕە وەک خۆی دەهێڵمەوە مردنم بە زێراب وەسف کردووە.

25-3-2020
نەخۆشخانەی گلیاد




بە جیهانبوونی دونیا … کەنار فاخر

بەقسەم مەینە،
دەترسم لە زمان بوونەوەم تف لە خۆت بکەیت.
ئەوانەی لەم دێرەدا وازم لێدێنن، لەگەڵم نەژیاون
تا ڕاڤەکەرێکی کەتواری ژێر پێستی شیعرم بن.
بەقسەم بکە،
بێدەنگیم دەهۆڵ و زوڕنایەکی تەقیوە،
کە سەری خۆمتان بۆ بادەدەم لە چاکەی خۆم نییە…
گمە گمەی کۆترەکانی دەستم
هەنگاوەکانم بەرەو تیرێژی پەڕێکی کۆنە شار دەبا.
تا چاو بڕ بکا
ورد و درشتی ئێرە پڕن لە حیکایەت و
شەوان منداڵەکان خەون بە دار لاستیکێکەوە دەبینن و
ژنان لە ڕۆژە زێرابییەکانیان قەڵسن.
گەرچی بە گوند بوونی جیهان وەک ڕووبارێک لە پێشم دەڕوا،
ئەمما نیشتیمان وەک لاسکە گەنمێکی ژەنگاوی پڕە لە بێهودەیی.
لە سەردەمی بە جیهانبوونی دونیادا،
وەکو کرم
لە سەر لقی دار بەڕوویەکدا هەتاو پشتی ئازارەکانمان ماچ دەکا و
ئەهریمەن ئاسا لە تەنیشت ژیانەوە سەرەقوتێ لەگەڵ تابلۆ ڕەنگینەکانی سروشت دەکەین و
وەتەنە دڵگیر و شیرینەکەی “فایەق بێکەس” ئاوەژوو دەکەینەوە بە گوناهـ.
لە توڕەیی ڕەشەبای ئێوارەدا،
شکۆفەی پەیمانێکی ئەبەدی لەدایک بوو.
درەخت سوێند بەسەری دواهەمین گەڵای وەریوی دەخوا،
مەلیش بەسەری ئاسمان سوێند دەخوا و
ئاگر بە سەری ئاو…ئاو بە سەری باران و
بارانیش بە خودا و
خوداش بەهەموویان.
هێشتا پڕم لە وێردی پەلکە گیای مناڵیم،
پڕم لە ژانە شیرینەکانی دوا ژوان و
لە جاڕدانی دەستگرتن بە تەنیایی.
پڕم لە گیرفانە خاڵییەکانی ساتێکی چاوچنۆک و
خۆدزینەوە لە ڕاستییە تۆقێنەرەکان.
پڕم لە مانگی لەت لەت بوو.
لە شقارتەی داگیرساو.
پڕم لە ژووری سارد و سڕی نیشتیمان.
پڕم لە گریان و زەرخەنە،
لە ئاگردانی ئێواران و
لە خوانێکی ڕووتی هەژاران.
پڕم لە شەقامی باڵا بەرزی مۆدێرن و
پڕم لە بەرزە پردی ئەمەکداری نێوان جەللاد و فریشتە.
پڕم لە ئەو…لێ خاڵی لە ناو و دەنگ و ڕەنگی خۆم.
من دەمگووت: شەقامێک هەزاران ڕێبواری لەو سەر تا ئەو سەری عەدەم بەیەک ناساند،
کەچی بە هەزاران ڕێبواری دەست و پێ سپی
فەقیانەی کراسی دوو شەقامیان بەیەکەوە بۆ گرێ نەدرا.
تۆ دەتگووت: بیرتە ئەو چۆلەکانەی بەیانیان خوناوی فرمێسکەکانی شەویان لە خۆ هەڵدەسوی، ئێستاکە بوون بە چیرۆکە قۆشمەییەکانی قەلەباچکەکانی بەر دەرگا.
من دەمگووت:جاران یەک ئاغا و هەزار خزمەتچی،
ئێستا هەزارویەک ئاغا.
تۆش گووتت:جاران یەک نیگا ئاماژەی دونیایێک خۆشەویستی بوو،
ئێستا دونیایێک خۆشەویستی بە نیگایێک دەسڕێتەوە.
هەر وایە ئەزیزم،
لە ئاگردا خۆڵەمێش نەمری بە دەستدێنێ،
لە مرۆشدا بەری دەست.
ژیان چەشنی جگەرەیەک دەمانپێچێتەوە،
ئازار داماندەگیرسێنێ و
کات دەمانکێشێ،
تەمەنیش لە ئاونی مەرگدا سەرمان پاندەکاتەوە.
“بەهانە” ئەمەکدارترین پیاوی تەنگانەی هەموو خراپییەکان و
لەهەمانکاتیشدا بێدەسەڵاترینیان بوو،
ئەو کاتەی درۆکان بەناوی ئەوەوە دەکران چەند بێ زمان بوو!
‏لێرە، زەوی لە خڕێتی خۆی سەری گێژە،
مرۆ لە هاڕاوی ئەو گەردیلانەی ڕۆحی هەنجن هەنجن دەکەن،
بەڵام…
هێشتا هیوایەک هەیە بۆ ژیان.

کەنار فاخر




پێش ئه‌وه‌ی هه‌رچییه‌ك بین، ده‌بێت كورد بین … د. زاهیر سوران

نابێت هه‌یبه‌تی پێشمه‌رگه‌ بشكێنین!

سه‌ره‌تا كه‌ منداڵێك له‌ دایك ده‌بێت، فێری زمانی دایكی ده‌بێت واته‌ دایك، یه‌كه‌م مامۆستای مرۆڤه‌. پاشتر فێری وشه‌و قسه‌كردن ده‌بێت و ئه‌وجا هێدی هێدی فام ده‌كاته‌وه‌و چاكه‌و خراپه‌ له‌ یه‌كدی جودا ده‌كاته‌وه‌. كورد هه‌میشه‌ ژێرده‌سته‌ بووەو‌ هه‌رگیز ئازاد نه‌بووه‌ به‌ئێستایشه‌وه‌‌‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی خۆمان حه‌زمان لێی بووه‌ زمانی دایكمان پشتگوێ بخه‌ین‌، هه‌ستمان به‌ نزمی و سووكی (له‌چاو نه‌ته‌وه‌كانی تردا) كردووه‌، پێمان عه‌یب بووه‌، نه‌مان ویستووه‌ بایه‌خی پێ بده‌ین. ڕاسته‌ هه‌ندێك (به‌ ژماره‌ی ده‌ست ده‌ژمێردرێن) نه‌گبه‌ت كه‌ شێوی شه‌ویان نه‌بووه‌و هه‌موو ژیانی خۆیان ته‌رخان كردووه‌و خه‌ریكی زمان و ئه‌ده‌بیی كوردیی بوون و تەمەنی خۆیان لەپێناویدا کردۆتە قوربانی‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئەدەب و زمانی کوردیی به‌ زیندوویی بمێنێته‌وه‌. به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ كورد به‌ هه‌ڵه‌ له‌ ئایین تێگه‌یشتووه‌.

لای كورد ئایین بۆته‌ هه‌موو شتێك وەک: دایك، باوك، زمان، منداڵ، ویژدان و ته‌نانه‌ت نیشتیمانیش. به‌داخه‌وه‌ لێره‌شدا زۆربه‌مان به‌ هه‌ڵه‌ لێی تێگه‌یشتوون (ناحاڵی)، هه‌ر كه‌س به‌ بۆچوونی خۆی و تێگه‌یشتنی له‌ زمانی ئاره‌بی دژی كورد به‌ كاری ده‌هێنێت كه‌ زمانی زگماكی كه‌سمان نییه‌ و نه‌بووه‌ و لێكی ده‌داته‌وه‌. ئاره‌بی زمانێكی ده‌وڵه‌مه‌ندی ئاڵۆزی نه‌ته‌وه‌یه‌كی بێگانه‌یه‌ ‌و به‌ شه‌دده ‌و فه‌تحه‌یه‌ك مانای وشه‌‌كان ده‌گۆڕدرێن و لێكدانه‌وه‌ی جودای بۆ ده‌كرێت، ئه‌وه‌ش گوناهێكی دییه‌ كه‌ كورد ده‌ی كات له‌به‌رئه‌وه‌ی زۆربه‌ی ئاره‌ب خۆیان ناتوانن لێكدانه‌وه‌ بۆ زمانه‌كه‌ی خۆیان بكه‌ن جا وای له‌ ئێمه‌ی كورد.

با زۆر نه‌چینه‌ ناو بابه‌ته‌كه‌وه‌ ئێستا كاتی ئه‌وه‌یه‌ یارمه‌تی هه‌ژاران بده‌ین نابێت بۆ خۆده‌رخستن بێت نابێتیش ده‌ستی راست به‌ ده‌ستی چه‌پ بزانێت، دڵی یه‌كدی ڕابگرن، ده‌ست مه‌نێن به‌ رووی نه‌دارانه‌وه‌ (ڕۆژان رۆژی له‌ دوایه‌) مه‌هێڵین خراپه‌كار هه‌بێت له‌ نێوماندا، به‌ كوردیی و به‌ كورتی خودا له‌ هه‌موو ئایینه‌ ئاسمانییه‌كاندا فه‌رموویه‌تی چاكه‌ بكه‌ وخراپه‌ مه‌كه‌.

له‌ به‌رواری ٣١ / ١ / ٢٠٢٠ وە‌ به‌ نووسین و به‌ده‌م هاوار ده‌كه‌م، خۆتان له‌م ڤایرۆسه‌ نوێیه‌ بپارێزن! له‌ یه‌كدی نزیك مه‌بنه‌وه‌، ئێمه‌ كوردین فره‌ جایاوازین له‌ كۆمه‌ڵگاكان و نه‌ته‌وه‌كانی دی و ترایبه‌تمه‌ندی خۆمانمان هه‌یه‌ له‌وانه‌یه‌ مۆدێلی خۆپاراستنی ئه‌وان بۆ ئێمه‌و ئێره‌ له‌بار نه‌بێت به‌لام ده‌توانین سوود له‌ بۆچوونه‌كانی دی وه‌ر گرین، باشتره‌ ده‌ستی خۆتان ماچ بكه‌ن له‌ منه‌تی بێگانه‌‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئاش له‌ خه‌یاڵێك ئاشه‌وانیش له‌ خه‌یالێك. نزیكه‌ی٣ هه‌فته‌ زیاتره‌ ڕووی ده‌مم له‌‌ حكومه‌ته‌ ده‌ڵێم:- ئێمه‌ له‌شه‌ری كات داین، كات له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ئێمه‌دا‌ نییه‌! هاوكات داوام (چه‌ندین ته‌كلیف و واسیته‌) له‌ حكومه‌ت كرد ٢ هه‌فته‌ هاتووچۆ (هه‌موو جوڵه‌یه‌ك) قه‌ده‌خه‌ بكات، ئه‌وانیش به‌ كه‌ماڵی ئیسراحه‌ت وەك پیشه‌یی هه‌میشه‌ییان بڕیاره‌كانیان ده‌ركرد . گه‌ر له‌سه‌ره‌تادا شۆڕشگێرانه‌و خێرا گورج و جۆڵانە (سه‌وری و فه‌وری) بڕیاریان بدایه‌ زۆر زۆر باشتر بوو، له‌ ١-١٥ ئازاردا باشتر كۆنترۆل ده‌كرا، ئیمڕۆ زیانه‌ ئابووری و ده‌روونی و ته‌ندروستییه‌كان فره‌ كه‌متر دەبوون، نه‌ده‌گه‌یشتینه‌ قۆناخی فۆبیای چه‌مچه‌ماڵ، ده‌ربه‌ندیخان و سه‌ربین… ‌ زانیاری دژبه‌یه‌ك و هه‌ڵه‌ی راگه‌یاندنه‌كان وایان له‌ خه‌لك كرد چاوه‌ڕێی (چاوه‌ڕوانی نه‌خۆشییه‌كی بێده‌رمانه‌) چاره‌سه‌رو كۆتان و نه‌خۆشخانه‌ بكات، ئه‌وه‌ جگه‌ له‌ بازرگانانی جه‌نگی كۆرۆنا، به‌داخه‌وه‌ به‌ هۆی هه‌ڵه‌ی ڕاگه‌یاندنی فه‌یسبووك و خۆمان و ئیداریی ده‌سته‌ڵاته‌وه‌ گه‌یشتینه‌ ئه‌م ڕۆژه!

ئه‌و ڕۆژه‌ی هه‌مووان له‌سه‌رئه‌عساب ده‌ژین (مێشكمان ماندووه‌)، گشتمان له‌ خۆشه‌ویسته‌كانمان دوورین یان دابڕاوین، كه‌م كه‌س هه‌یه‌ ترووسكێك رووناكی تێدا مابێت، هه‌مووان دەستیان به‌رزكردۆته‌وه‌ بۆ‌ ئاسمان و ده‌پاڕێنه‌وه‌ وده‌ڵێن : خوایه‌ پۆزه‌تیڤ نه‌بێت واته‌ تووشی ڤایرۆسه‌كه‌ نه‌بوو بێت، گه‌ر هه‌بووش با كه‌م بێت چونكه‌ به‌رگه‌ی له‌مه‌ زیاترو خراپتر ناگرین.

به‌ڕێزان، ڤایرۆسی كۆرۆنا‌ هه‌موومانی جه‌نجاڵ كردووه‌و ترسی بڵاوبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشییه‌كه‌ خه‌ریكه‌ ته‌نگمان پێ هه‌ڵده‌چنێت به‌ڵام ده‌بێت هه‌موومان هه‌موو سیناریۆ خراپه‌كانمان له‌به‌رچاودا بێت. هه‌رچه‌نده‌ دره‌نگ وه‌ختانێك بۆ كۆنترۆڵكردنی رێنماییه ته‌ندروستییه‌كانی قه‌ده‌خه‌كردنی هاتووچۆ به‌شێك له‌ شه‌ره‌فی به‌رپرسیاریه‌تییه‌كه‌ درا به‌ پێشمه‌رگه‌، به‌ڵام پێویسته‌ به‌ ژماره‌یه‌كی كه‌م بێت وه‌ك هێمایه‌ك (جۆره ‌ترسانێك) له‌به‌رئه‌وه‌ی كه‌ نابێت ئه‌وه‌نده‌ ئاسایش، پێشمه‌رگه‌‌‌، پۆلیسی هاتووچۆ، كارمه‌ندی قائیمولمه‌قام… تاد بخرێنه‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان (هه‌یبه‌تیان مه‌شكێنن) وا مه‌كه‌ن‌ ئه‌وان قه‌رەڵه‌باڵغی دروست بكه‌ن . ئه‌و برایانه‌ی سه‌ر شه‌قامه‌كان وه‌ك ئه‌وانه‌ی نێو نه‌خۆشخانه‌كان‌ پێویستیان به‌ كه‌لوپه‌لی خۆپاراستن و چه‌تریش (سه‌یوان) هه‌یه ‌چونكه‌‌ نابێت چه‌كه‌كانیان ته‌ڕ ببێت ونابێت ئه‌وه‌نده‌ش له‌ ئۆتۆمۆبیل و سه‌رنشینه‌كانی‌ نزیك ببنه‌وه‌ به‌ركه‌وتن‌ له‌ گه‌ڵ ئۆتۆمۆبیل و سه‌رنشینه‌كانی ناویدا رووبدات (ئه‌وه‌ كارێكی مه‌ترسیداره‌).

ئه‌وه‌ی شایانی باسه‌ نابێت حكومه‌ت پێشمه‌رگه‌و ئاسایش به ناهه‌ق بكات به‌ قوربانی كۆمه‌ڵێك تێنه‌گه‌یشتوو له‌ حكومه‌تیش و له‌ میلله‌تیش. ده‌بێت پێشمه‌رگه‌ له‌ چه‌ند خالێكدا دابنرێن وه‌ك چاودێر بۆ كاتی نه‌خوازراو (هیوادارین پێویست نه‌بێت) نه‌ك بۆ كۆنترۆڵكردن به‌تایبه‌تی كه‌ ئه‌م چه‌ند رۆژه‌ کەش وهه‌وا ناله‌بارەو به‌ره‌و ناخۆشی ده‌چێت.

له‌ كۆتاییدا ده‌بێت ده‌زگاكانی خێرخوازی به‌ هانای كه‌مده‌رمه‌ته‌كانه‌وه‌ بچن (قه‌ڵه‌باڵخی دروست نه‌كه‌ن) راگه‌یاندنه‌كان وشه‌و زمانی پاراوی كوردیی ئاسایی به‌كاربهێنن له‌ ئاخاوتن و نووسیندا، بۆ ئه‌وه‌ی وره‌ی دانیشتووان به‌رزبكه‌نه‌وه (له‌وه‌ زێده‌تر میلله‌ت تووڕه مه‌كه‌ن) ‌و زانستیانه‌ و كوردانه‌ ئاگاداریان بكه‌نه‌وه‌‌ تا هاوكاریی یه‌كدی بن و به‌ یه‌كگرتوویمان سه‌ر ده‌كه‌وین. هاوكات نابێت هه‌ركه‌سێك كه‌مێك ناساخ بێت ڕوو بكاته‌ نه‌خۆشخانه‌ ، ته‌نانه‌ت گه‌ر تووشبوی ڤایرۆسه‌كه‌ش ‌بێت نابێت به‌ته‌مای نه‌خۆشخانه‌ی پێنج ئه‌ستێره‌یی ‌بێت. پێویسته‌ دانیشتوان ئه‌و ڕاستییه‌ بزانن كه‌ ته‌نیا ئه‌وانه‌ی باری ته‌ندروستییان خراپه‌ ده‌برێنه‌ نه‌خۆشخانه‌ ده‌نا ژماره‌یه‌كیان به‌رگریی له‌شیان فره‌ خاسه‌ و باش به‌رگه‌ی ده‌گرن و پێویسته‌ له‌ ماڵه‌وه‌ به‌ پێی نیشانه‌كان چاره‌سه‌ری خۆیان بكه‌ن و كه‌سی ساخ له‌ خۆیان كۆنه‌كه‌نه‌وه!‌ بۆ ئه‌وه‌ی تووشیان نه‌كه‌ن تاكو نه‌خۆشییه‌كه‌ به‌ڕێ ده‌كه‌ن‌. له‌ مانگی نۆڤه‌مبه‌ری ساڵپاردا دا ٤ نه‌خۆشی خۆم تووشی ئه‌نفلۆنزایه‌كی ده‌گمه‌نی به‌هێز بوون (ته‌مه‌نیان له‌سه‌روو ٦٠ ساڵانه‌وه ‌بوون) نزیكه‌ی یه‌ك مانگ له‌ ماڵه‌وه‌ مانه‌وه‌ و نه‌هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌ وه‌لێ كه‌سیان پێیان نه‌خسته‌ نێو‌ نه‌خۆشخانه‌ ‌وسوپاس بۆ خودا ئیمڕۆ هه‌رچواریان قنجو قیتن و ته‌ندروستییان فره‌ خاسه و چ عه‌یبێكیان نییه‌‌.

هیوادارم هه‌مووان كوردانه‌ ئیراده‌تان به‌هێز بێت، بۆ ئه‌وه‌ی به‌رگریی له‌شتان به‌هێز بێت و پێكه‌وه‌ به‌ كه‌مترین زیان له‌ نه‌خۆشییه‌كه‌‌ ڕزگارمان بێت، پێویسته‌ له‌م قۆناغه‌دا چاونه‌ترس بین تێكڕا كارمه‌نده‌ خۆنه‌ویسته‌كانی ته‌ندروستی‌‌ له‌ كاتی پێویستدا (به‌پێی توانا) به‌ هاناتانه‌وه‌ دێین. مرۆڤی خاوەن یژدان و بە ئیرادە ھەمیشە بەرگەی ئازارەکانی ڕۆژگار دەگرێت.

د. زاهیر سوران

پسپۆڕی نه‌خۆشییه‌ درمه‌كان و گشتییه‌كان، سلێمانی.

٢٦ / ئاداری ٢٠٢٠




وریای پڕوپاگه‌نده‌ی تاریكبیران بن! … ئاوات ئه‌سعدی

له‌ هه‌لومه‌رجی نائاساییدا، وه‌كو ئه‌مرۆ كه‌ باس باسی ڤایرۆسی كۆرۆنایه‌، ده‌نگوباسی نائاسایی زۆر ئه‌بێت. زۆرجار مرۆڤی تینوی هه‌واڵ بایه‌خ به‌ هه‌موو بڵاوكراوه‌یه‌ك ئه‌دات، بێ هیچ وردبونه‌وه‌یه‌ك له‌ سه‌رچاوه‌ی هه‌واڵه‌كه‌، یان مه‌ودای راستیی ئه‌و بابه‌ته‌، به‌ تایبه‌ت له‌ جیهانی ئه‌مڕۆی تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان، كه‌ پڕه‌ له‌ هه‌واڵی سه‌یرو سه‌مه‌ره‌ش.
ئه‌م راسته‌یه‌ ساكاره‌ی تینوبوونی هه‌واڵ له‌ لایه‌ن مرۆڤه‌وه‌ بازاری كه‌سانیی “به‌دمه‌به‌ست” و “تاریكبیر” گه‌رم ئه‌كات. ئه‌مانه‌ش زۆرن: سیاسه‌تمه‌دارانی به‌ سروشت په‌ڕگر وكینه‌له‌دڵ، یان ئه‌وانه‌ی خۆیان كردوه‌ته‌ “پسپۆرو شاره‌زا” كه‌ له‌راستیشدا كاره‌كانیان دووره‌ له‌ هه‌موو پێوه‌رێكی زانستی، به‌ تایبه‌تیش لایه‌نگرانی تیۆری كه‌ینوبه‌ین (نڤریه‌ المۆامره‌)، كه‌ هه‌رگیز ناتوانن و نایانه‌وێ خۆیان له‌ قه‌ره‌ی باری راسته‌قینه‌ی رووداوه‌كان بده‌ن… ئه‌م سێ پۆله‌ به‌دمه‌به‌ست و تاریكبیره‌، كه‌ ژماره‌شیان كه‌م نیه‌، به‌ هیوای گه‌یشتن به‌ ئامانجه‌ گوماناوییه‌كانیان، له‌ تاوانباركردنی نه‌یارانیان یاخود بۆ چه‌سپاندنی بیره‌ ژه‌هراویه‌كانیان، له‌ لای خۆیانه‌وه‌ ده‌ست ئه‌كه‌ن به‌ هه‌ڵبه‌ستن و هۆنینه‌وه‌ی هه‌واڵ و بانگاشه‌ی دوور له‌ راستییه‌وه‌. خوێنه‌ری ساده‌و خۆشباوه‌ڕیش به‌م بابه‌تانه‌ ئه‌كه‌وێته‌ داوی خوێندوه‌و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌واڵه‌ هه‌ڵبه‌ستراوانه‌… كێشه‌كه‌ له‌ كاتێكدا ئه‌بێته‌ كێشه‌یه‌كی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی مه‌نگ و گێره‌شێوێن، ئه‌گه‌ر كه‌سانیی ئه‌كادیمی یان رۆشنبیر، به‌ هۆشیاریانه‌، یان له‌ بێ ئاگاییه‌وه‌، ببنه‌ ئامرازی بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌و هێرشه‌ ناله‌باره‌ی تاریكبیران. بۆیه‌ له‌ دامێنی ئه‌م راستیه‌وه‌ ئه‌توانین بڵێین: ئه‌گه‌ر خوێنه‌ر به‌ گشتی و رۆشنبیریش به‌تایبه‌تی ئه‌ركی سه‌رشانی له‌و روه‌وه‌ فه‌رامۆش بكات، كه‌ هیچ به‌دواداچوونێك بۆ ئه‌و هه‌واڵانه‌ ئه‌نجام نه‌دات، ئه‌وا بۆ تاریكبیران زۆر به‌ ئاسانی ئه‌ڕه‌خسێ، بیانكه‌نه‌ ئامرازێ بۆ ئامانجه‌ ره‌شه‌كانی خۆیان و بتوانن دڕ بده‌نه‌ بیروهۆشی كۆمه‌ڵگه‌و، بیروباوه‌ری خه‌ڵكی به‌ جۆرێك بشێوێنن. ئه‌م كێشه‌یه‌ له‌ هه‌موو كۆمه‌ڵگاو وڵاتێكدا هه‌یه‌. ته‌نانه‌ت له‌ ناو كۆمه‌ڵگا دیموكراتیه‌ پێشكه‌وتوه‌كانیشدا هه‌ستی پێده‌كرێت.
باشترین رێگا بۆ به‌رگرتنی ئه‌م شه‌پۆڵه‌ زیانبه‌خشه‌ی به‌دكاران وتاریكبیران ئه‌وه‌یه‌، هه‌ركاتێك هه‌واڵێكی به‌ روخسار گرنگ، به‌ڵام گوماناویت، پێگه‌یشت، به‌ تایبه‌ت ئه‌گه‌ر له‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی نافه‌رمیه‌وه‌ بێت، چه‌ند چركه‌ساتێكی خۆت بۆ ئه‌و هه‌واڵه‌ ته‌رخان بكه‌. لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ك بۆ هه‌واڵه‌كه‌ بكه‌ و بزانه‌، ئاخۆ ئه‌و هه‌واڵه‌، هه‌رهیچ نه‌بێت له‌ لایه‌ن دو سه‌رچاوه‌ی بڕواپێكراو وبێلایه‌نه‌وه‌ پشتراست كراوه‌ته‌وه‌ یان نه‌؟ ئه‌گه‌ر شتی وات نه‌دۆزیه‌وه‌، ئه‌وا به‌ گومانه‌وه‌ ته‌ماشای ئه‌و هه‌واڵه‌ بكه‌. یان هه‌ر هیچ نه‌بێت بڵاوی مه‌كه‌ره‌وه‌. به‌مه‌ش گورزێ له‌ ئامانجی تاریكبیران ئه‌ده‌یت.
ده‌زگای میدیا فه‌رمیه‌كان هه‌زار ویه‌ك حیساب بۆ سه‌رچاوه‌كانیان ئه‌كه‌ن و نایانه‌وێ به‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌واڵی ناڕاست بكه‌ونه‌ به‌ر شاڵاو و ره‌خنه‌وه‌. خۆ ئه‌گه‌ر هه‌واڵێكی گرنگی ئه‌وتۆشیان ده‌ست كه‌وت له‌ سه‌لماندنی راستیه‌كی پڕبایه‌خ یان رچه‌شكێن، ئه‌وا دڵنیابه‌، زۆر به‌ په‌له‌ ئه‌و هه‌واڵه‌ ئه‌گه‌یه‌ننه‌ خوێنه‌رانیان وه‌ك یه‌كه‌مین سه‌رچاوه‌. به‌مه‌ش ئه‌ركێكی سه‌ره‌كی كاره‌كانیان به‌ ئه‌مه‌كه‌وه‌ له‌ راگه‌یاندندا به‌دی ئه‌هێنن.
بۆیه‌ خوێنه‌رو رۆشنبیران پێویسته‌ هه‌میشه‌ وریای هه‌واڵ وپڕوپاگه‌نده‌ی تاریكبیران بن!

ئاوات ئه‌سعدی
25/03/2020




منـداڵان و کۆرۆنـا … رەزا شـوان

ڤایرۆسی کۆرۆنا (گۆڤـید ـ نـۆزدە) لە زۆربەی وڵاتانی جیهانـدا بڵاوبۆتەوە، بـووە بە پەتایەکی ترسناک و کوشندەی جیهانی و ژمارەی تووشبووان و مردووان رۆژ لە دوای رۆژ، لە زیادبوون و هەڵکشاندایە، مرۆڤی سەرقاڵکردوون هەموو بوارەکانی ژیانیشی سڕکردوون.. ڤایرۆسی کۆرۆنا جەنگـێکی بایۆلـۆژی و سایکۆلۆژی دەستەویەخـەی لە دژی مرۆڤ بەرپـا کردووە ، شەڕێکی گەردوونی وەهاش بەبێ زیان و قوربانیدان نییە.
تا ئەمڕۆ دەرمانێکی کاریگەری دژە ڤایرۆسی کۆرۆنا نەدۆزراوتەوە.. بەڵام پزیشکان و دەرماسازان لە هەوڵ و کۆشش و تاقیکرنەوەی بەردەواماندا و زۆر نزیکبوونەتەوە لە بەرهەمهێنانی دەرمانی دژە کۆرۆنا. پێویستە گەشبین بین و بێ هیوا و بێ ئومێد نەبین.
پێویستە بە تەواوی پەیڕەوی رێنماییەکان خۆپاراستن لە تووشبوون بە کۆرۆنا بکەین و مەترسییەکانی ئەم پەتایە بە هەنـد وەربگرین.. وتراویشە: “خۆپـاراست.. باشترە لە چارەسەرکردن”.. هـیوادارم کە تـووش نەبـن و لەم بەڵایـە بەدووربـن.
دێینە سەر کرۆکی باسەکەمان (منداڵان و ڤایرۆسی کۆرۆنا).. بۆچی منداڵان کەمتر یا بە دەگمەن تووشی کۆرۆنا دەبن..؟! ئەم پرسیارە پزیشکان و زانایانی بواری تەندروستی و توێژەرانی ئەم دیاردەیەیان سەرسام کردووە ، تا ئێستا نەگەیشتوونەتە وەڵامێکی راستی و گشتی کە بڕوایان پێی هەبێت.. ئەوەی تا ئێستاش لەم بارەیەوە بڵاویان کردوونەتەوە، بۆچوون و رای تایبەتییە. هەنـدێک پێیان وایە کە هـۆی تووشنەبوونی منداڵان بە پەتای کۆرۆنا، دەگەڕێتەوە بۆ ئەم هـۆیانە:
١ـ لەبەر ئەوەی سییەکانی منداڵان پاکترن و هـەوای پيس کەمتر چووەتە سییەکانیان.
٢ـ منداڵان جگەرە و نێرگەلە ناکێـشن، کە زیان بە سییەکان دەگەیەنن.
٣ـ نەخۆشی درێـژخایـەن لە منـداڵانـدا کەمترە.
٤ـ لەبەر ئەوەی منـداڵان قەڵەو نین و لە جـم و جووڵی بەردەوامـدان.
٥ـ خانەکانی جەستەی منداڵان هوتێـل نین بۆ کۆرۆنا و بتوانن تێیانـدا بحەوێنەوە.
تا ئێستا وتـراوە کە کۆرۆنا مەتـرسی لەسەر تووشبوونی منداڵان نییە و نایگـرن.. بەڵام توێژینـەوەکـان ئەم بۆچـوونەیـان، بە هـەڵە خستەوە و بۆیـان دەرکـەوت کە منـداڵانیـش تووشی کۆرۆنا دەبـن و توانای گواستنەوەشیان بۆ کەسانی تر هـەیە.
ئەو هەواڵەش زۆر بە خێرایی بە جیهانـدا بڵاوبـۆوە، کە کۆرپەیەک دوای سی کاتژمێر لەدایکبوونی لە (٥ / فێبرواری/٢٠٢٠)دا لە وڵاتی چین، تووشی کۆرۆنا بوو، تا ئێستا بچووکترین منداڵی تووشبووی تـۆمارکراوە.

بە پێی تۆژینەوەکانی ناوەندی تەندروستی چین، ژمارەیەک منداڵانی خوار تەمەن (١٠) ساڵانیش تووشی پەتـای (گۆڤـید ـ ١٩) بوون، هەر ئەو ناوەنـدە رەتیشی کـردەوە، کە نیشانەکانی ئەم پەتایە لە منداڵانی تووشبوودا دەرناکـەون.
ئەو (٢٧) منـداڵەی کە لە نەخۆشخانەکـانی شاری (وۆهـان)ی چـیندا خەوێنـران و پشکنینیان بۆ کرا، لە سەرتا هـیچ نیشانەیەکی پەتاکەیان تێدا دەرنەکەوتووە، تەنیا ئێشێکی کەمیان هەبووە، کەمێ کێشەشیان لە کۆئەندامی هەناسەیاندا هەبووە، لەگەڵ ئەوەشدا یەکێکیان گیانی لەدەست دا.

بەڵام (لـویس بـۆنت) کە پزیشکێکی هـۆڵەندییە، کە لـێکۆڵینەوەی لە کـێسەکـەی ئـەم منداڵەی چینییە کـردووە کە گیانی لەدەست داوە، بـۆی دەرکـەوتـووە، کە ئەو منـداڵە کێشەی دیکەی تەندروستی هەبـووە. واتە مردنەکەی بە هـۆی نەخۆشی ترەوە بووە.
پزیشکە هۆڵەندییەکە، ئەوەشی بۆ دەرکەوتووە کە منداڵانی کوڕ زۆرتر لە منداڵانی کچ تـووشی کۆڤـید نـۆزدە دەبـن.. هـیچ ئاماژەیەکـیشی بە هـۆی ئـەم جـیاوازییە نـەداوە. سەنتەری کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییەکانی چین، ئەوانیش لە تۆژینەوەیەکی وردا لەسەر ڤایرۆسی کۆرۆنا، ئەوەیان بۆ دەرکەوتووە، کە ژنـان و منداڵان ئەگەری کەمتریان هەیە بە تووشبوونی ڤایرۆسی کـۆرۆنـا و گیان لە دەسـتـدان.
لەگەڵ ئەوەشدا، منداڵانی تووشبوو دەتوانن ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ گەورەکان بگوازنەوە.
تا ئێستا کەمترین رێژەی تووشبوون بە کۆرۆنا، لە ریزی منداڵانـدا هەیە.. تازەتـرین لێکۆڵینەوەش دەربارەی بڵاوبوونەوەی پەتـای کۆرۆنا، لە لایەن کۆمەڵەی پـزیشکی ئەمریکییەوە بڵاوکرایەـوە، توێـژێنەرەکان ئەوەیان لەم بڵاوکراوەکەیاندا راگەیانـد، کە تووشبووانی کۆرۆنا لە ریـزی منداڵانـدا، بە دەگمەن هـەیە.
مامۆستای زانستی ڤایرۆسەکان لە زانکۆی (ریدینگ) ی ئینگـلتەرا، دەڵێت:”بە هۆکاری نـاروون و نـاورد بە لامـانەوە، وا دەردەکەوێـت کە منـداڵان بە تـەواوی لەو ڤـایـرۆسە پارێـزراون، یان تووشبوونیـان بە قـورسی نیـیە”
ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت، کە منداڵان تووشی نموونەیەکی سووکی نەخۆشییەکە دەبن، بە جۆرێک کە هیچ نیشانەیەکیان پێـوە دیارنییە.. لە کۆتـاییدا دەبێتە هـۆی ئەوەی کە کەسوکاریان بە هەنـدی نەزانن و نەیان بەن بۆ لای پـزیشک یا نەخۆشخـانە.. بـۆیە حەڵەتەکانی تووشبوونیشیان تۆمارناکـرێـت.
مامۆستای وانەبێژ، خاتوو (ناتالی ماکدیرمۆت) لە لە زانکۆی لەنـدن، هاوڕایە و دەڵێت:
“ئەو منـداڵانەی کە تەمەنیان لە پێنج ساڵان زیاتـرە، لەگەڵ هەرزەکارانـدا، سیستمێکی بەرگری بەهێزی پارستنیان هەیە بۆ بەرگریکـردن لە دژی ڤایـرۆسەکان.. لەوانەیە کە تووشبن و ڤـایرۆس بچێتە گیانیانەوە، بەڵام بەسووکی نەخۆش دەکەون، لەوانەش کە هـیچ نیشانەیەکیان لێ بەدی نەکرێـت”
بڵاوبوونەوەی کۆرۆنای ئێستا لە چـیندا، تەنیا روداو نییە، لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی (سارس) لە چیندا، کە هۆیەکەی ڤایرۆسێکە هەر لە جۆرێ کۆرۆنا. لە ساڵی (٢٠٠٣) لە کۆی (٨٠٠٠) توشبوو (٨٠٠) کەس گیانیان لەدەست دا.. لەو ژمارە تووشبووە، رێژەی تووشبوان لە ناو منداڵانـدا، نزیکەی (لە سەدا دە) بوون، بە سووکیش گرتیان.
لە ساڵی (٢٠٠٧) دا ناوەندی کۆنترۆڵی نەخۆشییەکانه ئەمریکی راگەیاند کە (١٣٥) منـداڵ تووشی ڤـایرۆسی (سارس) بوونە.. بەڵام هـیچ حاڵەتێکی گیان لەدەستـدان لە نێوان منـداڵان و هەرزەکارانـدا تۆمار نەکـرا.
هەر (ناتالی ماکدیرمۆت) لەو بڕوایەدایە، کە منداڵان بۆیە تووشی ڤایرۆسەکە نەبوون وەکو گەورەکان، چونکە پەتاکە لە کاتی سەری ساڵی تـازەی چـینیدا بڵاوبـۆوە، لەو کاتەدا قـوتابخانەکان داخـرابـوون. بۆیە رێژەی منداڵانی تووشبوو بە ڤایرۆسی کۆرۆنا دەگمەنە، هەروەها دایکـان و باوکـانیش، لە هەموو کەس زیاتـر جگەرگۆشەکـانیان لە تووشبووان دووریان دەخـەنەوە.. بـەڵام لەگەڵ ئەوشـدا ڤـایـرۆسەکە تەشـەنەی کـرد و بـڵاوبـۆوە.. ئەو بیرۆکەیەش بە هـەڵە کەوتـەوە، کە منـداڵان تووشی کـۆرۆنـا نابـن و نایگـرن.
هەر لەم بارەیەوە، توێـژێنەرانی (ناوەنـدی کۆنترۆڵی نەخۆشییەکانی ئەمریکی) دەڵـێن:
“ئەوانەی لێکۆڵینەوەیان لەسەر ئەو منداڵە تووشبووانە کردوون، ئەوانەی تەمەنیان لە دوانزە ساڵان کەمتر بوون، لە نەخۆشخانەکاندا پێویستییەکی کەمتریان بە چارەسەرکرن هەبووە”
سەرەڕای ئەوەی کە جەخـت لەسەر ژمارەیەکی کەمی منـداڵانی تووشـبوو بە ڤایرۆسی کۆرۆنان کرا، بەڵام شارەزایان بڕوایان بەوە نییە کە ئەم پەتایە بۆ منداڵان ناگوازرێتەوە و تـووش نابـن.
هەر لەم بارەیەوە (ئەنـدرۆ فـریمان) لە زانکۆی ( کاردیـڤ) لە (ویڵـز) کە شارەزایەکی نەخۆشییە گواستراوەکانە، دەڵێت:” ئەمە زیاتر راسترە کە منداڵان رادەیەکی بەرگـرییان لە دژی ڤـایرۆسی کۆرۆنـا هـەیە.. هـۆیەکی کەش بۆ ئـەوە دەگـەڕێتەوە کە دەسـەڵات بە دوادچوون بۆ حاڵەتەکانی منداڵان ناکات کە نیشانەکان لێیان دەرناکەون، یا بۆ ئەوانەی کە نیشانەکان بە سووکی لـێیان دەردەکـەون”
بەرزکردنەوەی ورەی منداڵان:
١ـ پێویستە بە شـێوازێکی ساکار و ئاسان، باسی ڤـایـرۆسی کۆرۆنا بۆ منـداڵان بکەین. ئەو مـژدەیەشیان پێـبدەین، کە منـداڵان زۆر بە کەمی تـووشی ئەم پەتـایە دەبـن، گەر خۆیان بپارێزن تووشینابن، گەر توشیشبن سووک دەیگـرن و زۆرش چاکـدەبنەوە.

٢ـ داوایان لێبکەن کە پابەنـدبن بە رێنماییەکـانی خۆپاراستن لە تووشبوون بە کـۆرۆنا. رۆژی چەنـد جارێک بە ئاوی شلەتـێن و بە سابوون، پاک دەستەکانیان و دەموچـاویـان بشـۆن.. گەر پێویستیشی کـرد لە گەڵ ئێـوەی دایکـان و باوکـانیانـدا بۆ شوێنێک بچـن، پێویستە دەمامک لە دەموچاویان بکەن و دەستکـێش لەدەستەکانیان بکەن.. تەوقـەش لەگەڵ کەس نەکەن، نەچنە شوێنی قەڵەباڵغی، پەنجەش بە دەم و لووت چاویان نەکەن.
٣ـ گەر تووشی تەنگەنەفەسی و کۆکە و ئازار بوون و تایان لێهات و هەست بە ئێش و بێ تاقەتی بکەن.. پێویستە بیانبـەن بۆ نەخۆشخانە و پشکـنینی پێویستیان بۆ بکەن.
٤ـ هەوڵبدەن بە چەند رێگایەک ورەی منداڵەکانتان بەرزبکەنەوە.. لە پێش منداڵەکانتان پێویستە خۆتانیش ورەتان بەرزبێت.. گەشبین و هیواداربن بۆ سەرکەوتن بەسەر پەتای کۆرانـادا.. تا منداڵەکانیشتان چـاو لە ئێوە بکەن و حاڵەتـێکی ئاسایی بێت بە لایـانەوە.
٥ـ چـیرۆکی خۆش و هـۆنراوەی ناسک و مەتەڵـیان بۆ بخـوێننەوە و نوکتەی خۆشیان بۆ بگـێڕنەوە و لەگەڵیانـدا پێبکەنن و یـاری بکـەن.
٦ـ قەڵـەمی رەنگـاوڕەنگ و کاغـەز بخـەنە بەردەستـیان.. با تاوێک بە وێنەکـردنـەوە سەرقـاڵـبن.. تێبـینی وێنەکـانیشیان بکـەن و بزانـن گوزارشـتیان لە چـی کـردوون.
٧ـ بە وانەکـانی قوتابخـانەدا بچـنەوە.. گەر دەتـوانن وانـەی تازەیـان فـێـربکـەن.
٨ـ رۆژی تاوێکـیش، با سەیـری بەرنامەکـانی منـداڵان لە تەلـەفـزیـۆنـدا بکـەن.
٩ـ لە ئیشوکاری ناوماڵـدا، ئەرکی سووکیان پێ بسپێرن و ستایشی کارەکـانیان بکەن.
١٠ـ بێگـومان خـواردن و خواردنـەوەی بـاش و پێویست، توانـای بەرگـری جەستەیی منـداڵەکـانتان لە دژی ڤـایـرۆسی کـۆرۆنـا و لە دژی هەمـوو جـۆرە ڤـایـرۆسەکـانی تر بەهـێز دەکات.. ئەمەش خاڵێکی گـرنگ و پێویستە لە رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنـادا.
١١ـ نووستن بە رادەی پێویست، بەرگری لەش لە دژی ڤایرۆسەکان بەهێزدەکات.. بۆیە پێویستە منداڵەکانتان رابهـێنن کە مەستی نووسـتن بـن.
١٢ـ بێجگە لەو خاڵانەی ئێمە باسمان کرد.. بە دڵـنیاییەوە ئێوەی دایکـان و باوکـانیش رێگای تر و بیـرۆکەی جـوانی ترتان هـەیە، بۆ سەرقاڵکـردنی منداڵەکـانتان و بۆ ورە بەرزکردنەوەیان لەم دۆخە نا ئاساییەی رووبەڕووی هەموو خێزان و تاکێک بۆتەوە.

رەزا شوان
نەرویـج: ٢٥/ ئادار/ ٢٠٢٠




چ حەشرێکە … سەردار جاف

چ حەشرێکە ناو جەرگەی شار
لە پایتەختم
لە ھەموو شارانی دونیا
سەدا و لوورەی چۆڵەوانی
خورپەیەکن
بە ناخی مرۆ ڕۆ دەچێ
لە کەناری
ھەر دەریا و ڕووبار و شارێ
لە سەر شۆستەی
ھەر قەڵايه ك
بن دیوارێ
تەرمی فرمێسکێ دەبینم
لە خەندە و پێکەنینێکی درۆ دەچێ
بۆنی بزەی لێوەکانتان
چرپەی پیاسەی خیابان
پرسەی حەسرەتی گرینۆک
ژاوەژاوی نێو بازاڕتان
فتیلەیەکی پڕپۆڵە و
بە سوتماکن
ژەمێ پشووی ئامێزی ئیبن مستەوفی
نیگای دووری بازاڕی سپی نیشتیمان
دەستەسڕی ئەشکی چاوانمان ھەڵدەخا
کەچی ھەستمان
مردووی ژەنەڕاڵی ڤاکسینێکی
نێو کۆرڤاکن
لەو دیو گەڵا ڕەنگاڵەکانی بن قەڵا
تەسبیحی ھەناسەی ئێوە
دەھۆنێتەوە چۆلەکە
ژەندرمە جل بۆرەکانیش
سۆزی ئێوەیان دزیوە و
دان ڕۆ دەنێن بۆ کۆتر و بۆ تەڵەکە
نافورەکانی لای مەچکۆ
لێوڕێژن لە وشکاییتان
بێ قەڵبەزەی سیحر و جوانی
سەمای مەرگە و
پەنجەمۆری تەڕی ئێوەی
لێ نیشتووە
لە باتەوە
سەرەتاتکێی سیروان و کۆڵانی کۆنی تەعجیل بکە
یا بە بەر قەڵای پڕ دەنگا ڕابمێنە
مەحشەرێکی پڕ شیوەنە
کەسێ نەبێ
شان و ملی قەڵا شێلێ
ئاای کە بە ھەست و پڕ سۆزن
چ ئاپۆڕا و جەنجاڵیتان بۆ ئەم شارە
جێ ھێشتووە

Bad Camberg
25l3 l 2020




نابێ سیاسەتی کەرەنتینەکردنی خەڵك ببێتە بیانو بۆ سەرکوت و بێدەنگکردن!

بەرپرسانی
هەرێم لە هەردوو زۆنی زەردو سەوز، لەسەر ڕەخنەگرتن لە شێوازی مامەڵەی
دەسەڵاتدارانی هەریم لەگەڵ پرسی ڤایرۆسی کۆرۆنا، هەریەکە لە مامۆستا (سەنگەر
جەوهەر) لە شارۆچکەی تەق تەق و رۆژنامەنوس (هێمن مامەند) لە هەولێر، دەستگیر و
زیندانی دەکەن.

ڕەخنەی
هێمن مامەند لە دەسەڵاتدارانی هەولێر ئەوەبووە کە بەرامبەر بە ژیانی هاوڵاتیانی
کەمدەرامەت بێباکن و تائێستا مووچەی مانگی ١٢ی مووچەخۆرانیان نەداوە و ئاماژەی
بەوە کردوە کە ئەگەر بارودۆخەکە بەو جۆرە بڕوات خەڵکی برسی و هەژار ناتوانن هەتا
هەتایە پابەندی مانەوە بن لە ماڵەکانیان و دەڕژێنە سەر شەقامەکان. مامۆستا سەنگەر
جەوهەریش لەسەر ڕەخنەی لە ئیدارەی شارۆچکەی تەق تەق دەستگیراکراوە.

گومان
لەوەدا نیە کە حکومەتی هەرێم لەهەردوو زۆنی زەرد و سەوزدا، بێجگە لە سیاسەتی
کەرەنتینەکردن و زیندانیکردنی خەڵك لە ماڵەکانیاندا، هیچ رێوشوێنێکی دیکەی نەگرتوە
بۆ ڕوبەڕووبونەوەی کارەساتێك کە ڕەنگە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە ڕووبەڕووی خەڵکی
کوردستان بێتەوە. بێجگە لە هەندێ هەنگاوی کەموکورتی تەندروستی کە بەهیچ جۆرێك
وەڵامدەرەوەی بارودۆخەکە نیەو هەروەها دابەشکردنی برێك کۆمەكی خۆراکی بەسەر هەندێ
هاوڵاتی کەمدەرامەتدا لەرێگای خێرو سەدەقەی هەندێ لە دەوڵەمەندانەوە، کە ئەوەشیان
کردوە بە منەت و موزایەدە بەسەر خەڵکەوە. لە کاتێکدا حکومەتی هەرێم و دوو حزبە
دەسەڵاتدارەکەی ناوچەی سەوزو زەرد، ئەرکیانە لەو سامانەی کە ساڵانێکی زۆرە لە
داهات و قووتی خەڵکی کوردستان تاڵانیان کردوە، کۆمەکی دارایی بە بێکارکراوەکان
بکات و هاوکاری پزیشکی و خۆپاراستن و خۆراک بەسەر هاوڵاتیانی کەمدەرامەتدا دابەش
بکات و مووچەی مووچەخۆران بە بێ دواکەوتن دابەش بکات، بەڵام لە بەرامبەر هەموو
ئەوانەدا بێدەنگ و کەمتەرخەمە. بە هەزاران خێزان پێویستیان بە مووچەکانیانە و
هەزارانی دیکە کە بەکاری رۆژانەیان ژیانی خۆیان و خێزانەکانیان دابین دەکەن، ئێستا
ڕوبەڕووی برسێتی دەبنەوە. ئەوە لە کاتێکدا کە نزیکەی دوو هەفتەیە خەڵك لە
ماڵەکانیاندا کەرەنتینەکراون و تا کۆتایی مانگی ئازار قەدەغەی هاتوچۆ بەردەوام
دەبێت و ئەگەری ئەوەش هەیە کە درێژتر بکرێتەوە!

ئێمە
لە حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان سەرکۆنەی ئەو سیاسەتە ملهوڕانەیەی
دەسەڵاتدارانی هەرێم دەکەین کە بەناوی خۆپاراستن لە ڤایرۆسی کۆرۆناوە دەیانەوێ
فەزای سەرکوت و تۆقاندن بەسەر خەڵکدا بسەپێنن. داوا دەکەین دەستبەجێ هەردوو دەستگیرکراوەکان
ئازاد بکرێن و هاوکات بەرپرسیارێتی خۆیان بۆ دابینکردنی سەلامەتی ژیان و گوزەرانی
هاوڵاتیان جێبەجێ بکەن. بێگومان خەڵکی کوردستان ناتوانێ بەناوی سیاسەتی
کەرەنتینەکردنەوە سیاسەتی برسیکردن  قبوڵ بکات و بەناچاری بۆ پاراستنی
ژیانی خۆیان، وەکو چۆن ئێستا پەیڕەوی لە رێنماییە تەندروستی و خۆپارێزیەکان دەکەن،
بەرگری لە قوتی ژیانیان دەکەن!

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان

٢٥/٣/٢٠٢٠ 




حكومه‌تی ڕۆژ!! … شاخه‌وان سه‌نگاوی

ئه‌گه‌ر به‌ ته‌ماشایه‌كی سه‌رپێیانه‌ش بێت بڕوانیینه‌ كابینه‌ یه‌ك له‌ دوای یه‌كه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم ده‌گه‌ینه‌ ئه‌ڕاستیه‌ی له‌ ئیداره‌ دانی دامه‌زراوه‌كانی دوڵه‌تداریدا به‌ شێوه‌یی پله‌به‌ندی پلان دانان كاریان نه‌كردووه‌، سه‌ره‌ ڕایی هه‌بوونی وه‌زاره‌تێك به‌ ناوی پلاندانان. هه‌ر بۆیه‌ له‌ سه‌رجه‌م كاره‌كانی حكومه‌ت كاریگه‌یی ڕۆژو ڕه‌زامه‌ندی لایه‌نی به‌رامبه‌ر كه‌ كاربه‌ده‌ستان حكومه‌ت به‌ ئامانجی جێ‌ به‌جێكردنی مرامه‌كانی خۆیان به‌ ئامانجی گه‌یشتن به‌و ئامانجه‌ی كه‌ خۆیان ده‌یانه‌وێت نه‌ك دامه‌زراوه‌كانی حكومه‌ت به‌ سه‌ر ده‌رئه‌نجامی كاره‌كانیانه‌وه‌ دیاره‌ چونكه‌ كاربه‌ده‌ستانی ئه‌م هه‌رێمه‌ ئیدی نازانم بڕوایان به‌ پلان نیه‌ یان له‌ بنه‌چه‌دا پلان بوونی نیه‌ بۆجێ‌ به‌جێكردنی كاره‌كان، هه‌ر بۆیه‌ ده‌بینین كاربه‌ده‌ستانی یه‌كه‌می حكومه‌ت و وه‌زاره‌ته‌كان به‌ بێ‌ له‌ به‌رچاوگرتنی ئه‌ركی به‌رپرسیارێتی به‌رامبه‌ر تاكه‌كانی ئه‌م هه‌رێمه‌ ده‌ست ده‌به‌ن بۆ سه‌رجه‌م كایه‌كانی حكومه‌ت داری به‌ نموونه‌ سندوقی خانه‌نیشینی فه‌رمانبه‌ران كه‌ ئه‌مه‌ رێژه‌یه‌ك له‌ موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران ده‌بڕێت به‌ ئێستاشه‌وه‌ بۆ ئه‌م سندوقه‌ كه‌چی تائێستا كه‌س نازانێت ده‌چێته‌ كۆێ وه‌ چی لێدێت؟ هه‌ر بۆیه‌ ده‌بینین كاتێك حكومه‌ت توشی ساده‌ترین قه‌یران ده‌بێت كاربه‌ده‌ست به‌ بێ‌ سڵمینه‌وه‌ له‌ به‌رامبه‌ر هاولاتیان به‌شێوه‌یه‌كی ته‌موو مژاوی ئفلاس بوونی حكومه‌ته‌كه‌یان ڕاده‌گه‌ینن به‌ بێ‌ ئه‌وه‌ی هه‌ستی به‌رپرسیارێتیان تێدابێت، هۆكارێك بێت بۆ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی خۆیان. كاتێك ده‌بینین به‌ سی ساڵ له‌ ته‌مه‌نی حكومڕانی ده‌سلاتی كوردی كه‌چی خاوه‌نی هیچ سیویله‌یه‌كی نقدی نه‌بێت بگره‌ زۆربه‌ی ئاماژه‌كان به‌ سالبیش ده‌رده‌كه‌ون. كه‌واته‌ ئه‌ ئه‌مه‌یه‌ حكومه‌تداری ڕۆژ كاتێك مامۆستایانی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رد هاتنه‌ سه‌رشه‌قامه‌كان به‌و ئامانجه‌ی كه‌ ئه‌م ده‌سته‌ی كومه‌ڵگا عه‌رشی كورسیه‌كانیان هه‌ڵنه‌له‌رزێنن به‌ بێ‌ خوێندنه‌وه‌یه‌كی زانستیانه‌و پلان بۆدانراو به‌ڵكو به‌شێوه‌یه‌كی پیلان بۆدانراو مووچه‌كه‌یان زیاد ده‌كه‌ن و بگره‌ ده‌یخه‌نه‌ سه‌ره‌تای لیستی مانگانه‌ی مووچه‌وه‌، هه‌مان كاریش ڕاست ده‌رده‌چێت كاتێ‌ شه‌ڕی نه‌گریسی داعش سه‌ریی هه‌ڵدا كه‌واته‌ پێشمه‌رگه‌ پارێزه‌ری نیشتمانه‌ ئاراسته‌ی سه‌همه‌كه‌ كاربه‌ده‌ستان به‌لای ئه‌واندا شكایه‌وه‌، ئه‌م جوڵه‌ پێكردنی ئاراسته‌ی سه‌همی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی كاربه‌ده‌ستان تا زه‌مه‌نی كرۆناش به‌رده‌وامی هه‌یه‌. هه‌ر بۆیه‌ ئێستا كه‌ ده‌بینین كه‌رتی ته‌ندروستی و وه‌زاره‌تی ناخۆ له‌ پێشه‌وه‌ی لیسته‌كه‌ی حكومه‌تدایه‌ بگره‌ له‌ ئه‌گه‌ری درێژه‌ كێشانی ئه‌م دۆخه‌ لیستی مووچه‌ به‌م شێوه‌یه‌ی لێدێت ئه‌میش له‌ به‌ر ڕۆشنایی ئه‌وه‌ی له‌ سه‌ر زاری خۆیانه‌وه‌ به‌تایبه‌تیش وه‌زیری ناوخۆ كه‌ ده‌لێت داهاتی ناوخۆ نزیك بۆته‌وه‌ له‌ سفر كه‌واته‌ 250 ملیار دینار له‌ داهاتی ناوخۆ كه‌ حكومه‌ت بۆ مووچه‌ به‌كاری ده‌هێنا كه‌م ده‌كات، له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌شدا كاتی نه‌وت به‌نزیكه‌ 60 دۆلاری ئه‌مه‌ریكی بوو وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتیه‌كان مانگانه‌ 350 ملیاری به‌ شێوه‌یه‌كی نه‌گۆڕ ده‌خسته‌ سه‌ر حسابی وه‌زاره‌تی دارایی ئه‌ی ئه‌گه‌ر هاتوو نرخی نه‌وت به‌نرخی ئه‌مڕۆی كه‌كه‌متره‌ له‌ 22 دۆلار له‌م حاڵه‌ته‌دا ده‌بێت حكومه‌ت پاره‌ بدارت كۆمپانیاكانی نه‌وت ئه‌ویش به‌هۆی جۆرێتی گرێبه‌سته‌ نه‌وتیه‌كانی هه‌ریم كه‌واته‌ ده‌گه‌ینه‌ ئه‌و ئه‌نجامه‌ ئه‌م بڕ پاره‌یه‌ش له‌ داهاتی هه‌رێم ئه‌گه‌ر سفر نه‌بێ‌ كه‌واته‌ نزیكه‌ له‌ سفر. ئه‌وه‌ی ده‌مێنێتوه‌ 21 ملیاره‌كه‌ی هاوكاریه‌كانی حكومه‌تی ئه‌مریكایه‌ كه‌ ئه‌میش كه‌می كردووه‌ بۆ 8 ملیار دینار كه‌واته‌ حكومه‌تی هه‌رێم ئه‌وه‌ی له‌ به‌رده‌ستیدایه‌ ته‌نها ئه‌و 453 ملیاره‌كه‌ی بغداد ده‌ كه‌ به‌ناویی مووچه‌ی مانگی سێ‌ 2020 به‌ڵام حكومه‌تی هه‌رێم بۆ دابه‌شكردنی مووچه‌ی مانگی دوانزده‌ هه‌ندێ‌ له‌ وه‌زاره‌ته‌ بچوكه‌كانی پێ دابه‌ش ده‌كات (بێجگه‌ له‌ وه‌زاره‌ته‌كانی خوێندنی باڵا و په‌روه‌رده‌ و اوقاف) ئه‌و باقیه‌یی ده‌مێنێته‌وه‌ ده‌درێت وه‌ به‌ مووچه‌ی مانگی یه‌كی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و ناوخۆ چونكه‌ به‌رژه‌وه‌ندی ده‌سلاتداران هه‌رێم تا ئێستا له‌ گه‌ڵ ئه‌م دوو وه‌زاره‌ته‌داییه‌ ئه‌مه‌یه‌ پیلانی ده‌سڵاتدارانی ئه‌م هه‌رێمه‌ نه‌ك پلان……….

شاخه‌وان سه‌نگاوی
shaxewan.saed@gmail.com




ئەوەی دەمانەوێت داخستنی بەردەوامی پەڕلەمانە نەك هەموو شوێنێك … زاهیر باهیر

ترسی من ڤایرۆسی کۆرۆنا نییە ، چونکە ئەم قۆناغەش وەکو هەموو قۆناغە ناڕەحەتەکانی دیکە تێدەپەڕێت و ژیان ئاسایی دەبیتەوە. ترسی من دەستنانە بیناقاقەمانە لە لایەن حکومەت و دەوڵەتەوە، دواچۆڕی ئازدیی تاکایەتی و پەیوەوندییە کۆمەڵایەتییەکانمانە ، کۆتاییهێنانی خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکانمانە، درێژەکردنەوەی کاتی سەر کار و خراپکردنی زیاتری بەند و مەرجەکانی سەر کارمانە، لێدانی لانی کەم دوو ساڵی تری بزوتنەوەکەمانە، و زۆری تر لەمانە.
لە بریتانیا تەنها یەك هەنگاومان ماوە بۆ قەدەغەکردنی تەواوی هاتووچۆ. دوێنی شەو، 23/03 پەڕلەمانتارە بەڕیزەکانمان بە ڕاست و چەپ و میانڕە و کۆنەپارێز و لیبراڵەوە … بڕیاری تێپەڕاندنی یاسای ڤایرۆسی کۆرۆنایان بۆ ئەنجوومەنی کۆمۆن، دا ، کە یاسایەکی وەکو ئینگلیز دەلێت دراکۆنیان، بەمەش دوا بزماریان لە کفنی ئازادیی تاك و کۆەمەڵ دا. هەموو پاوەرێك درا بە پۆلیس و گەر پێویستیش بکات [ کە بەڕای من بە زووترین کات ئەوەش دەکەن] دەیەها هەزار سەرباز بکێشنە ناو شارەکانەوە بە تایبەت لەندەن. لە ئەمڕۆوە ئیتر تۆ تەنها لە ڕۆژێکدا یەکجار دەتوانیت بچیتە دەرەوە ئەویش بۆ وەرزش یاخود بۆ بازاڕییکردن، تەنها بۆت هەیە لەگەڵ یەکێك، کە لە ماڵەکەدا بەیەکەوە دەژین، ئەویش بەو مەرجەی ماوەیەك [ مەسافیەك] لە نێونتانا هەبێت . گەر وانەکەیت بە ئاسانی پۆلیس دەتگرێت و سزاشت بۆ دەبڕێتەوە. هەمو دوکان و بازاڕێك جگە لە سوپەر مارکێت و دەرمانخانە کردنەوەیان قەدەخەیە و کردنەوەی هەر دوکانێکی دیکەی هەژاران، دەسگێڕەکانی سەر عەرەبانەکان، هەر هەمووی قەدەخەیە و دووبارە پۆلیس دەتوانێت پێت دابخات و سزاشت بدات.
ئەم بڕیارەش بۆ 2 ساڵە و هەموو 6 مانگ جارێك حکومەت پێیدا دەچێتەوە. دوو ساڵیش عەیامێکە، تەمەنێکی درێژە لە تەمەنی چاوەڕوانی هەژاران و ئەوانەی کە پڕن لە دەسەڵات و دەوڵەت و زۆرداریی و نادادپەروەری و نایەکسانیی.
ئامۆژگاری دەوڵەتیش بە تەنها ” لە ماڵەوە بمێنەرەوە” ئەمە لە کاتێکدا کە سەرەکوەزیران ئەوەی پشتڕاستکردەوە ” … هیچ دەزگەیەکی تەندروستی لە جیهانا نییە کە پیایدا بگات، لێرە قەرەوێڵەی تەواو بۆ ئەوانەی کە لەحاڵەتی زۆر خراپدان نییە، ماشێنی پاککردنەوە و ژیانەوەی سییەکان کافی نییە، ژمارەی دکتۆر و نێرس و … تد کەمن و بە گوێرەی پێویست، نییە ”
سەرەكوەزیران ڕاستدەکات، ئەمڕۆ لە هەموو خەستەخانەکانی بریتانیا بۆ 61 ملیۆن کەس تەنها 8175 لەو ماشینە هەیە، کە لە کاتێکدا 30 هەزار پێویستە. لە ئێستادا تەنها 5000 داواکراوە و ئەویش لە 2 هەفتەی دیکەدا گوایە ئامادە دەبێت.
ئەوەی کە دوێنی شەو دیمانەی کەنالی 4 ی تی ڤی لەندەنی لە هەواڵەکانی کاهژێری 7 دا، بینبێت کە لەگەڵ وەزیری تەندروستی و دکتۆر و نێرس کرا و دواتر ڕاپۆرتی خەستانەیەكیش خوێنرایەوە لەسەر ئەوەی کە لێرە هیچ ئامادەکارییەك نەکراوە. تەنانەت بڕێك لە دکتۆر و نێرسەکان لەسەر حسابی خۆیان پیداویستی خۆپاراستنیان کڕیوە. ئەو کاتە بۆت دەردەکەوێت کە حکومەت و چەندێك مشورخۆری هاووڵاتییەکانێتی. ئەمانە لە لایەکەوە منی گریان و لەلایەکیشەوە ڕقی ئەستور کردم.
لەگەڵ هەموو ئەمانەدا پەڕلەمانتارێکی گەواد [ بە مانا کوردییەکەی نا] نایەتە جواب لێیی و بڵێت ئاخر قوربان بۆچی؟!! ئەوە ئێوەن کە 10 ساڵی ڕەبەقە لەسەر حوکمن واتان لێکردوە؟ پەنجە بکات بە چاویدا بڵێت مردنی هەر کەسێك لەم خەڵکە، جەنابت و حیزبەکەت و هاوڕێ دەوڵەمەند و ساماندارەکانت ئایا بەرپرس نین لێێ؟ لە لایەکی تریشەوە خەڵکی ئەم وڵاتە جوڵەیەك ناکەن و لەبەردەمی ڕەحمەتی دەوڵەت و حکومەتدا دانیشتون ئەوەندەی جگەرە و بیرە و جنس و فوتبۆڵیان هەبێت، ئیدی نان هەیە یا نییە، جار بەجەهەنەم ، ئازادیی قەدەخە دەکرێت یا ناکرێت ؟ جا چییە؟ پەیوەندی بە منەوە چییە؟ خۆ من سیاسەت ناکەم و داخڵ بە سیاسەتیش نابم؟
خەڵکی کەمتر تێدەفکرن کە ئەمە سەرنجامێکی زۆر خراپ و ساڵانێکی ڕەش دەهێنێت. پاش ساڵێکی دیکە سەرمایەداریی هەڵدەسێتەوەو ئەوەی کە نەیتوانیوە لەم ماوەیەدا بیکات ، دەیکات. لە کێشە داراییەکەی 2008 دا سەرمایەداری و دەوڵەتەکانی زۆر بە چاکی و باشی بۆ قازانجی خۆیان قۆستیانەوە . من لێرەدا هەر یەك دوو نموونەیەك دێنمەوە. یەکەم: ناساندنی پلانی ” زیڕۆ کۆنتراك’ واتە کارکردن بێ عەقدە هەر وەکو مەیانی کارکردنەکەی سلێمانی 60 و سەرەتای 70 کان کە بەنا و مقاویل دەهاتن کرێکاریان لەوێوە دەبرد. بەڵام لە ئێستادا مەیانەکە گۆڕاوە بە تێکستی تەلەفونی و پێتدەڵێت “وەرە بۆ کار، یاخود ئەمڕۆ مەیە ، یا چی تر پێویستمان پێت نەماوە”. دووەم: بە پاساوی دەسستگرتنەوە و بوونمان لە قەیراند، هەندێك لە بیمەکان بڕان و ئەوەشی کە ماوەتەوە بەدەستهێنانیان زۆر گرانە و کەمتریشە لە جاران. لە ناساندنی ئەمەشدا تا ئێستا چەندەها کەس خۆی کوشتووە لەبەر ئەوەی لیژنەی پزیشکی بڕیاری داوە ئەم کەسانە شایانی پێدانی ئەو بیمەیە نین ، ئیدی بیمەکە نەخۆشی یا پەککەوتەیی یاخود بێ کاریی، هەر کامیا بێت.
سێیەم: سڕکردنی موچەی هەموو کرێکاران و کارگەران و فەرمانبەرانی کەرتی دەوڵەتیی بە دکتۆر و نێرسەکانیشەوە کە ئێستا لە لایەن حکومەتەوە بە ” پاڵەوان” دەناسرێن و سوپاسیان دەکەن. بە نیسبەت کەری تایبەتیشەوە پارەیەکی کەم بە درێژکردنەوەی وەختی سەر کار و هەلومەرجی خراپی سەرکار .
ئەوەی سەرەوە تەنها 3 خاڵن لە دەیەها خاڵی هێڕشی دەوڵەت و سەرمایەداران بۆ سەرمان. بۆیە لەم قەیرانەی ئێستاشدا من بەش بەحاڵی خۆم چاوەڕوانی خرپترکردنی بارودۆخی ژیانمان دەکەم لەبری باشتری لە هەموو ڕوویەکەوە.
بە گوێرەی ئەزموون و خۆشم و خوێندنەوە و تێفکرینی زۆرم، گەیشتومەتە ئەو بەرەنجامەی گەشەکردنی سەرمایەداری و پێشکەوتنی تەکنەلۆجیا و زیادبوونی ژمارەی کرێکاران نەك هەر بزوتنەوەکە ناباتە پێشەوە بەڵکو دوایشی دەخات ، ئەمە لە ئێستادا ئاوایە. هەر ئەمەشە کە دەبینیت ڕاپەڕین و ناڕەزایی و هەوڵی شۆڕش لە وڵاتانی دواکەوتوی پیشەسازیدا زۆر ترن تاکو ئەم وڵاتانە. گەر یەكێك پێم بڵێ ئەی ئەوە نییە لە فەرەنسا هەیە کە وڵاتێکی پیشەسازیی پێشکەوتووە؟ لە وەڵامدا دەلێم کە نەریت و خو و مێژوی شۆڕشگێرانەیە کە بەرگریی و بەگژاچونەوە دروستدەکات، نەك بەپیشەسازیکردنی وڵات و پێشەوەچوونی تەکنەلۆجیا. خۆشبەختانە ئەوە لە یۆنان و فەرەنسادا هەبوو ، بەڵام حکومەتی چەپی Alexis Tsipras ئەوەی لە یۆنانا نەهێڵاو ، جەنگی کۆرۆناش ڕەنگە کۆتایی بەوەی فەرەنساش بهێنێت. هیوادارم ئاوا نەبێت.

زاهیر باهیر
24/03/2020




ئەولەویاتەكانى سیگمۆند فرۆید … وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: صباحی مەلاعەوڵا

  

سیگمۆند فرۆید یەكێك لەبەرجەستەترین بیریارانی سەدەى بیستەم بوو،ئەو میتۆدێكى نوێی بۆ تێگەیشتن لە كەسایەتى مرۆڤ هێنایە ئارا،و یارمەتی مرۆڤی دا هەنگاوێكی تر لە ڕێگەی كەماڵ بهاوێژێت. شیكردنەوەی كەسایەتى و ڕەفتاری مرۆڤ لەسەر بنەماى دەروونشیكاری فرۆید هەنگاوێكى نوێ بوو بۆ تێگەیشتن لە مرۆڤ و مرۆڤناسی لەفەرهەنگی خۆرئاوادا گۆڕی.ئەمەی لە خوارەوە دەیخوێنیتەوە بابەتێكی ناوازەیە لەبارەى ناسینی كەسایەتی مرۆڤ كە بەناوى سیگمۆند فرۆیدەوە بڵاوكراوەتەوە، هەرچەندە،من گومانم هەیە كە ئەم بابەتە نوسراوی خودی فرۆید بێ،بەڵام بەباشم زانى بەهۆی جوانى بابەتەكەوە بە خوێنەرانى ئاشنا بكەم،هەنوكە بابزانین كێی تر وەك من یەكەم كار- ئەولەویات- شێرەى ئاوى چێشتخانەكە دەگرێتەوە! وەرگێڕ.
گریمانە بكە تۆ لە ماڵەوە دانیشتویت و پێنج ڕووداو لە یەك كاتدا دێنە پێش، بەڵام تۆ چۆن ئەم پێنج كارە ئەنجام دەدەیت،واتە ئەولەویاتەكانى تۆ بۆ ئەنجام دانى ئەم كارانە چییە و كامیان پێش كامیان دەخەیت؟
1 – زەنگی تەلەفۆن لێدەدات!
2 – منداڵەكەت دەگری!
3 – كەسێك لە دەرگا دەدات یان لە پێش دەرگا بانگت دەكات!
4 – جلەكانت لەدەرەوە بە تەناف هەڵواسیوە تا وشك ببنەوە و باران دەبارێ!
5 – شێرەی ئاوی چێشتخانەكەت كردۆتەوە و ئاوەكە بە فیڕۆ دەڕوات!
هەنوكە ئەم پێنج كارە < لە 1 تا 5 > یەك لە دوای یەك ئەنجام بدە و،بزانە بڕیارەكانت چۆن دراون،بەڵام لەگەڵ خۆتدا ڕاستگۆبە و دیاری كردنی وەڵامەكان سەرنج ڕاكێشن.
هەنوكە وەڵامی تێستەكە ببینە و بزانە ئەولەویاتەكانى تۆ چۆنن:
هەریەكێك لەم پێنج كارەى كە لە سەرەوە ئاماژەمان پێدا،شتێك لە ژیانتدا نیشان دەدات،لەبەرئەوە هەر یەكێك لەم كارانەى سەرەوە ئەم مانایانەی هەیە:
1 – زەنگی تەلەفۆن نیشاندەری كارە
2 – منداڵ نیشاندەری خێزانە
3 – دەرگا نیشاندەری هاوڕێ یە
4 – جلەكان نیشاندەری پارەیە
5 – ڕۆیشتنى ئاوی چێشتخانەكە نیشاندەری ئارەزووی( Love Life) سێكسی یە
هەڵبژاردنی یەك لە دواى یەكى ئەم پێنج كارە ئەولەویاتەكانى تۆ لە ژیانت دا نیشان دەدات!.
*** ***
1 – بۆ ئاشنابوون بە فرۆید و دەروونشیكاری پێشنیاری چاپی یەكەمى ئەم پەرتووكەى فرۆید دەكەین كە لەلایەن ئێمەوە كراوەتە كوردى :
پێنج وانە لە دەروونشیكاریدا
سیگمۆند فرۆید
وەرگێڕانى لە فارسییەوە: صباحى مەلاعەوڵا
خانەى چاپ و بڵاوكردنەوەى ئاوێر،چاپی یەكەمى ساڵی 2007 ،هەولێر.

  • بۆ خوێندنەوەى پەرتووكی(پێنج وانە لە دەروونشیكاری سیگمۆند فرۆید) لە كتێبخانەى سایتى (دەنگەكان) كلیكی ئەم لینكە بكە:
    https://dengekan.info/archives/12129

سەرچاوەی وەرگێڕانى ئەم بابەتە:
http://www.lifeistest.com/product/sigmund-freuds-priorities-questions/




نیشتمان لە دەرەوەی ئەنگێزەی ناسیۆنالیستی … نووسینی: ستیڤان شەمزینی

هەرچەندە هەوڵ دەدەم، ناتوانم وەکوو
چۆن خۆم دەمەوێ، ئاوا، باسی وڵاتەکەم بکەم
رەسوڵ هەمزاتۆڤ

فەیلەسووفی هاوچەرخی ئەڵمانی “پیتەر سلۆتەردایک” لە ئینتەرڤیۆیەکی گۆڤاری “فۆکەس”دا لە بارەی بوونی ئاینەکانەوە کە ئەو نکۆڵی لە بوونیان دەکات، رستەیەکی سەرەتانی دەدرکێنێت بەوەی دەڵێت “چەمکی ئاین هەڵەیە و زیانبەخشە، هەروەها بەشێک لەکولتووری ئیمپریالیستی رۆژئاوایشی تێدایە”. سلۆتەرداریک نموونەی هیندییەکان دەخاتە بەرچاو، پێش ئەوەی لەلایەن ئاینناسە ئەوروپییەکانەوە بۆیان روون بکرێتەوە، دەرکیان بە هیندۆسیبوونی خۆیان نەکردووە، بەهەمان شێوە چینییەکان تاکو بە ئەمڕۆش دەگات هەستێکی وایان نییە. بە هەمان فۆرم، ئەوەی بۆ من گرنگە، پێش مودێرنێتە و هاتنە ئارای دەوڵەت نەتەوە “ناسیۆنالیزم” شوناسی نەتەوەیی نەناسرابوو، ئەوە ناسیۆنالیزم بوو خەڵکی پۆڵین کرد بەسەر نەتەوەی جیاجیادا، بەر لە ناسیۆنالیزم ئەو شوناسە لە جێگەیەکی نادیاردا بوو، لەگەڵ ئەوەشدا ناتوانین هاشا لە دابەشبوونی مرۆڤ بکەین بەسەر ناسنامە جوداکاندا، هەر لە ناسنامەی نیشتمانی و رەگەزیی و ئاینییەوە بیگرە تا کۆی شوناسەکانی تر. ئەگەر لە پێشوودا ناسنامەی نیشتمانی تا ئەندازەیەکی زۆر جێگیر بووبێت، لە دنیای گلۆبالدا ئەم جێگیرییە لەبەردەم هەڕەشەدایە، تۆ چۆن دەتوانیت ناسنامەی کەسێک دیاری بکەیت دوو رەگی هەبێت “واتە باوک و دایکی سەر بە دوو نیشتمانی جودابن”؟. زۆرجاریش بیر لە منداڵەکانی خۆم دەکەمەوە، خاوەنی دوو نیشتمانن، وەک ئەوەی “ئەمین مەعلوف” لە کتێبی “ناسنامە بکوژەکان”دا دەیخاتە روو: “لە کەنارەکەی تری رووباری راین بیر لە حاڵی تورکێک دەکەمەوە، سی ساڵ بەر لە ئێستا لە نزیک فرانکفۆرت لە دایکبووە و هەمیشە لە ئەڵمانیا ژیاوە، لە باب و باپیرانیشی باشتر بە زمانەکەی قسە دەکات و دەنووسێت، کەچی لە چاوی ئەو کۆمەڵگەی پەنای داوە ئەڵمانی نییە، وەک چۆن لە دیدی کۆمەڵگەکای خۆیشیەوە تورکێکی راستەقینە نییە”؟!. ئەمە کێشەیەکە فیکری منیشی بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە.
دۆزینەوەی نیشتمان لە مەنفا
ئەگەر لە ئەزموونی خۆمەوە دەست پێبکەم، هاوینی ساڵی 2000م وەک ئێستا لە یادە، لەناو ئەو کامیۆنەی پێی دەڕۆیشتین بە خاکی تورکیادا بە ئامانجی گەیشتن بە وڵاتی گریک، زۆر ئارەزووم دەکرد کاسێتێکی “مەزهەری خالیقی”م لەگەڵ خۆم هەڵگرتبا، تەنیا بە خاتری ئەو گۆرانییە ناودارەی “ئەگەڕێمەوە من بۆ وڵاتەکەم”. چەند کۆپلەیەکم لەو گۆرانییە لەبەربوو هەتا چووینە سەر دەریا هەر لەبەر خۆمەوە دەمووتەوە. بۆ کۆمۆنیستێکی رادیکاڵ و کۆسمۆپۆلیستی وەک من، ئەمە یەکەمین لەحزەی هەستکردنم بە پەیوەندیی قووڵم بە شوێنەوە، لەوێ شوێنێکی ترم دۆزییەوە، جێگەیەک ناوی نیشتمانە. لەوێدا رمەکەم دوورتر هەڵدا، لەو فاکتە دڵنیابوومەوە، ئەو مرۆڤە کوردەی هەمیشە لە نیشتمانەکەی را دەکات، لە هەمان ئەو ساتانەی هەنگاو بە هەنگاو لە وڵاتەکەی دوور دەکەوێتەوە، نایەوێت پەیوەندیی خۆی بە نیشتمانەکەیەوە ببچڕێنێت، لەوە زیاتریش داڵغەی گەڕانەوە، بۆ ئەو نیشتمانەی بە نەفرەتی کردووە زۆرتر لە هەر شتێکی تر مێشکی داگیر دەکات.
ئاخر مرۆڤی ئێمە چەندێک بیەوێت لە شوناسی خۆی، لە نیشتمانی خۆی هەڵبێت، دواجار ئەوە نیشتمانە دەستبەرداری ئەو نابێت، بەردەوام خەون و ترادیسیۆن و زمان وەک رایەڵێکی بەهێز دەمێننەوە لەنێوان کۆچبەر و نیشتماندا، گوریسێکی کولتووریی هەمیشە لە ئارادایە مرۆڤی پەناهەندە بە وڵاتەکەیەوە دەبەستێتەوە، تەنانەت کۆچبەر بەشێک لە کێشەکانی نیشتمان لەگەڵ خۆیدا دەهێنێتە وڵاتی خانەخوێ. وەک چۆن یەکەمین پرسیاریش لە تاراوگەکەیدا رووبەڕووی دەبێتە، پرسیاری شوناس و نیشتمانە،! ئەمە دەبێتە یەکەمین پێناسی مرۆڤی ئاوارە، ئەو پێی خۆش بێت یان نا، بۆ ساڵانێکی درێژتر تەنانەت دوای وەرگرتنی رەگەزنامەی وڵاتی خانەخوێ، شوناسە نیشتمانییەکە تاکە شتێکە ئەوی پێ دەناسرێتەوە. هەروەک ئەوەی نووسەری ئەڵمانی “تۆماس مان” دەیووت “تاراوگە دەردە، ژیانی بۆگەنیوی ئەڵمانیاش مەرگەسات، بەڵام هیچم نەدۆڕاندووە، لە هەر کوێیەک بم ئەڵمانیا لەوێیە، دەنگ و رەنگ و فەرهەنگی ئەڵمانی لە ناخمدایە”. ئەمە دروست قسەی دڵی زۆرینەی دیاسپۆرای کوردە کە وەک لە رۆمانی “جەمشید خانی مامم”دا وێناکراوە، هەمیشە “با”کان دەیبەن و دەیهێنن، هەر جارەی لەسەر زەمینێک و ناشوێنێک دەگیرسێتەوە. کەچی کەشتی کۆچەکەی لە هەر جێگەیەک لەنگەر بگرێت، بە ناسنامە کوردییەوە دادەبەزێت.
ئەگەر دیقەت لە لێکۆڵینەوە ئەنترۆپۆلۆژییەکان بدەین، بە روونی ئەو پەیوەندییە بە تینەی مرۆڤمان بە شوێنەوە بۆ ئاشکرا دەبێت، ئەمەش پەیوەندییەکی خۆڕسک و غەریزییە نەک دروستکراو، چون شوێن یان بە مانایەکی تر نیشتمان موڵکی هەمووانە، ئەمەش رێک پێچەوانەی ناسیۆنالیزمە کە ئایدۆلۆژیایەکی دەستکردە، مرۆڤ ئەگەر “ئەرنست رینان” بخوێنێتەوە تێدەگات ناسیۆنالیزم ئایدۆلۆژیایەکی چەند درەنگ داهێنراوی دەستی مرۆڤە. وەک وتم و جەختیشی لەسەر دەکەمەوە گرێدرانی هەستی مرۆیی بە شوێنەوە غەریزییە، سەرنج بدەن خەڵکانی ئەسکیمۆ لەو نیشتمانە بەفرینە ناتوانن دەستبەرداری ئەو شوێنە سەهۆڵییە ببن، لەهەر کوێ بن خۆیان بەغەریب دەزانن، بە هەمان شێوە دانیشتوانی هێڵی ئیستوا ئەو نیشتمانە سووتێنەرەیان زۆر لە کوێستانەکانی ئالب لەلا دڵگیرترە!. مرۆڤ کاتێک کتێبی “داغستانی من”ی هەمزاتۆڤ دەخوێنێتەوە ئەو هەستەی بۆ دروست دەبێت باسی بەهەشتێکی پانوپۆڕ دەکات نەک نیشتمانێک بەقەدپاڵی چیا و کەژە سەختەکانەوە. هەر ئەم سیحرەیە وا لە مرۆڤی تاراوگەنشین دەکات، هەندەران بە تابووتی خەون و نوستالیژیاکانی لە قەڵەم بدات، یان بەو بەهەشتە وێرانە تێیبگات دوولەتی کردووە، هەمیشە چاوی لەسەر ئەو لەتەی خۆی بێت لە شوێنی یەکەم جێیهێشتووە.

وەک خۆم لام ئاساییە، مرۆڤ نیشتمان جێبهێڵێت، ئەو جێهێشتنە پرۆسەی خۆ تەواوکردنی کەسێتییە. ئەگەرچی شۆڕشی دووەمی تەکنۆلۆژیا دنیای یەک رەنگتر و بچووکتر کردۆتەوە، چیدیکەش ناکرێت غوربەت هەمان غوربەتەکەی نالی یان پیرەمێرد بێت، بەڵام مرۆڤ کە وەک کۆچبەر رووی کردە نیشتمانێک هیچ نوستالیژیایەکی ئەوی تێدا نییە، ون دەبێت، پرۆسەی خۆدۆزینەوەش دەبێتە کردەی زەحمەت، گەڕانەوەی “شێرزاد حەسەن” پەیوەندیی بەم نوستالیژیا و ونبوونەوە هەیە تاوەکو جارێکی تر خۆی لەو نیشتمانەدا بدۆزێتەوە زۆرترین رەخنەی لە کولتوورەکەی هەیە، بەڵام دواجار نیشتمانی غرور و یادگارەکانێتی. هەرواش ژەنەراڵی پایز “حەمەعومەر عوسمان” هەرچەند ناوی تاکە دیوانەکەشی “لەغوربەتا” بێت، کەچی وەک ئەوەی قەڵەمی قەدەر نوسیبێتی رەفاهترین دەوڵەتی باکووری زەوی جێدەهێڵێت و دەگەڕێتەوە بۆ ئەو نیشتمانەی خۆی تێدا هەڵواسی و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.! ئەوان گەڕانەوە تاکو خۆیان لە نیشتماندا دووبارە بدۆزنەوە، لەملاوە ژمارەیەکی کۆچبەری تر هەن، نیشتمان لە مەنفا دەدۆزنەوە، ئەم گروپە نوستالیژیا کەسییەکانیان بۆ رووداو و یادگارییەکانیان دەگۆڕن بۆ پڕۆژەیەکی فیکریی و مەعریفی، لە تاراوگە نیشتمانێک دەدۆزنەوە، هیچ کات نەیانتوانیوە ئەو جۆرە لە نیشتمان لەو کاتانەشی لەناو خودی نیشتماندا ژیاون کەشف بکەن. ئەمەش لە ئەزموونی حاجی قادری کۆییەوە دەستپێدەکات تا بە رۆژی ئەمڕۆمان دەگات. ئەگەر زێدەگۆیی نەبێت دەتوانم باشترین فۆرمی دۆزینەوەی نیشتمان ئەو فۆرمەیە کۆچبەر لە دەرەوەی جوگرافیای نیشتمانەکەی دەیدۆزێتەوە.

کۆچ بەرەو هەندەران
ناشوێن و راسیزم*

لێکۆڵینەوە ئەنترۆپۆلۆژییەکان ئەوەیان سەلماندووە مرۆڤ بە سروشتی خۆی کائینێکی کۆچەرە. لەوەتی مرۆڤ هەیە کۆچ لە ئارادایە ئەگەر لە جوگرافیایەکی بەرتەسکیشدا بووبێت. خەسڵەتی مرۆڤ ئەوەیە هەمیشە لە هەموو جێگەیەک بەدوای ژیانێکی شایستەدا دەگەڕێت، کۆچ لە ئەشکەوتەکانەوە بەرەو دەشت و نشێوییەکان، لە گوندەوە بەرەو شارەکان، لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر، لە بازنە هەرە بچووکەکەیدا لە گەڕەکێکەوە بۆ گەڕەکێکی تر، هەموو یەک واتا بەدەستەوە دەدەن: مرۆڤ شوێنی خۆی بە دوای ژیانێکی شکۆمەندانەدا جێهێشتووە. ئەگەر مێژووی کورد بەسەر بکەینەوە، دەبینین پێکهاتەی میللیی کورد جۆرێک لە یەکێتی نێوان خێڵەکانە، ئەمانیش هەمیشە وەک جەنگاوەری پارتیزان و هۆزی رەوەند خۆیان نواندووە، وەک لە گەشتنامەکانەوە بەو مێژووە ئاشنا دەبین، هەر لە خاتیراتی گەزنەفۆن و مارکۆ پۆلۆوە بیگرە تاکو سیاحەتنامەی ئەولیا چەلەبی و کلۆد ریچ، لەو فاکتە دڵنیا دەبینەوە کورد وەک کۆنفیدراسیۆنێکی تێکچڕژاوی نێوان هۆزەکان، هەمیشە لە دۆخێکی ناجێگیر و کۆچڕەویدا بووە، دواتریش ئەم کۆچە چوارچێوەی سیاسیی و ئابووری و نەتەوەیی وەرگرتووە.
رەنگە راگواستن بەشێکی دانەبڕاو بێت لە کۆچی کورد هەر لەناو نیشتمانەکەی خۆیدا، ئەویش هەر لە زەمانی عوسمانییەکانەوە تاوی ستاندووە بەوەی هۆزێکی وەک باجەڵان لە “ئامەد”ەوە بۆ خانەقین راگوێزراون، کە تاکو ئەم چرکەساتە شاڵاوی “تەرحیل” بە مەبەستی گۆڕینی دیموگرافی لە رۆژئاوای کوردستان و شاری کەرکوکی باشوور و بەشێک لە رۆژهەڵاتی کوردستان هەر بەردەوامە.

ئەوەی ئێمە مەبەستمانە روویەکی تری کۆچە، ئەویش کۆچکردنە بەرەو دەرەوەی نیشتمان. لەم رووەوە دەبێت ئاوڕ لە دوو جۆر کۆچ بدەینەوە، یەکەمیان ئارەزوومەندانە و ئەویتریان بەتۆپزیی. لەوانەیە لە کارەکتەری “مەولانا خالیدی نەقشبەندی”دا هەردوو جۆرە کۆچەکە چاو بکەین، بەوەی سەفەرە زانستییەکەی تاکو هیندستان کۆچێکی ئارەزوومەندانە بووە، هەرچی جێ پێلێژکردن و دەرپەڕاندنێتی لە شاری “سلێمانی”ەوە بەرەو شام فۆرمە تۆپزییەکەی کۆچە، بۆی هەیە مەولانا یەکەمین پەنابەری سلێمانی بێت لەسەر کەیسی بیرکردنەوە و ئازادیی بیروڕا، رێی هاتونەهاتی تاراوگەی هەڵبژاردبێت و لە مەنفاکەیدا سەری نابێتەوە. وەک ئەمە لە ئەزموونی شێخ عوبەیدوڵای شەمزینیشدا بەرجەستە بووە، تاکە جیاوازیی نێوان ئەو دوو شێخەی نەقشبەندییدا تەنێ ئەوەیە یەکەمیان بە دەستی کورد و ئەویتریان بە دەستی بێگانە ناچار بە ژیان و مردن کراون لە مەهجەردا.
لە دنیای تازەدا چەمکەکانی تاراوگە و غوربەت، وەک خۆیان نەماونەتەوە، گلوبالیزم هەموومانی پەلکێش کردووە بۆ سەر یەک خوان، تا هەموو مەکدۆناڵس بخۆین، بە زمانی ئیدیاڵی ئینگلیزیی بدوێین، لەم دنیا نوێیەدا غوربەت و تاراوگە لە لێواری نەماندان رەنگە تەنیا راسیزم بە بیرمان بێنێتەوە هێشتا دنیا یەک رەنگ نییە، ئەمەش بۆ خۆی مایەی گریانە. وەک وتم سەرمایەداریی تەنیا بەوە ناوەستێ جیهان بکاتە یەک بازاڕی هاوبەش، بەڵکو هەڕەشەی سڕینەوەی ناسنامە و کولتوور و زمانە جیاوازەکان دەکات، هەموویان لە یەک بۆتەی دڵخوازی خۆیدا کۆدەکاتەوە، بۆ منێک کە لایەنگریی جیاوازیی و هەمەڕەنگی کولتوور و ئایدێنیتییم، ئەوە مایەی قبوڵ نییە، خەریکە هەموو وەک “دیوگینس”ی سیمای دیاری فەلسەفەی سەگییەکان دەدوێین کە لە دوا دواییەکانی دەوڵەت شاری گریکی و سەرەتای هاتنە ئارای ئیمپراتۆرییەتە جیهانداگرەکاندا، وتی “من خەڵکی جیهانم”. بەوەی چیتر مرۆڤ لە ئاستێکی لۆکاڵیدا بەند ناکرێت، بەڵکو دەبێتە کائینێکی گەردوونی.
هەرچەند پێشتر رەخنە لە کۆمۆنیزم دەگیرا بەوەی سنوورەکان دەسڕێتەوە و فرەڕەنگی لەناو دەبات، ئێستا سەرمایەداریی خۆی ئەم کارە دەکات، ئاخر کۆمۆنیزم جیهان دەکاتە یەکەیەک بۆ تاقیکردنەوەی ئابووری سۆسیالیستی نەک دەست ببات بۆ سڕینەوەی شوناسە جیاوازەکان.

هەرچەند “رێبوار سیوەیلی” لە کتێبی “دیاردەگەرایی تاراوگە”دا کە بەرهەمی ناوەڕاستی ساڵانی نەوەدەکانە دەنووسێت “تاراوگە چیدی وەک سەردەمەکانی رابردوو بارودۆخی تاکە کەسێک نییە دوور لە نیشتمان و زێد و کولتووری خۆی دەژیا و بە بەهۆی چەمکی (شاعیری ئاوارە) و (سیاسیی دوورخراوە) و (دیپلۆماتی هەڵاتوو) دەناسرایەوە، لە ژیانی هاوچەرخدا تاراوگە دیاردەیەکە خاوەنی خەسڵەت و تایبەتمەندیی قوڵی خۆیەتی.. دیاردەیەکە نەک هەر سنوورە جوگرافییەکانی ژیانی پەنابەر هەڵدەگێڕێتەوە، بەڵکو گۆڕانێکی بنەمایش لە کەسێتییەکەیدا دەکات”. لەمە زیاتر “چەمکی غوربەت”یش هەمان دەلالەتی پێشووتری خۆی نییە، وەک ئەوەی “نالی” لە دێڕە شیعرێکدا دەڵێ “لەم شەرحی دەردی غوربەتە.. لەم سۆزی هیجرەتە.. دڵ رەنگە ببێ بە ئاو و بە چاوا بکا عوبور”. بەڵکو خودی تاراوگەش نەک هەمان ئەو تاراوگەیەی ناوەڕاستی نەوەدەکانی سەدەی پێشوو نییە، لە بنەوانەوە گۆڕانێکی سیحریی بەسەردا هاتووە. سەردەمی کۆچی ئێستا و ژیانکردن لە تاراوگە سەردەمێکی تازەیە کە رێورەسمی خۆی هەیە و نەزعەی راسیستانە هاووڵاتیانی خانەخوێ هەڕەشەیەکن بەسەر سەریەوە، هەر ئەوەی بەم دواییانە “ژیژەک” وتی “ئەوروپا لەبەردەم رەشەبادایە” بەوەی لێشاوێکی تری پەنابەر بەرەو ئەم کیشوەرە بەڕێوەن، هەموو زەنگەکانی مەترسی لێدراون، چوون هیچ کات هێندەی نهۆ میدیا و راسیزم بەم بەربڵاوییە وێنای کۆچبەریان ناشرین و دزێو نەکردووە، ئەمەش رەگێکی دەچێتەوە سەر ئەو نەزعەیەی بە ئۆرۆ سێنترالیزم دەناسرێتەوە.

چیتر راسیزم بە پەنهانی نەماوەتەوە، لەناو زەردەخەنە درۆینەکاندا دانەپۆشراوە، بەڵکو لەو فۆرمە شاراوەیە دەرچووە کار لەسەر هەراسانکردنی تاکی پەنابەر بکات بگرە لە ئێستادا لەسەر هەموو ئاستەکان وەڕسی و بێزاریی ئاشکرا دروست دەکات، تا ئەو ئەندازەیەی لەم دوو سێ ساڵەی رابردوودا هەوڵی لەناوبردنی فیزیکیشمان لە چەند شوێن و شارێکی وڵاتانی ئەوروپایی بینیی، بە تایبەت ئەو ژمارەگەلە دەستدرێژیی و کوشتوبڕەی لە وڵاتێکی وەکو ئەڵمانیادا بەرامبەر بە بیانییەکان “ئاوسلەندەر” روویانداوە. ئالێرەدا خەونەکانی کۆچبەر پووچ دەبنەوە، رێگەیەکی تری لەبەردەمدا نامێنێت جگە لە خۆگرێدانەوە بە نیشتمان. جگە لە پڕبوونی هەگبەی خەونەکان بە گەڕانەوە بۆ زێد، بۆ ماڵی یەکەم و دواهەمینی ژمارەیەکی بێشوومار لەوانەی هەست بە دڵنیایی ناکەن، ئاخر نیشتمان و ماڵ هەریەک واتایان هەیە لە زۆربەی زمانەکانی دنیادا، وشەی ماڵ لە رەگە گریکییەکەی خۆیدا Komi جیاواز لە مانای دڵنیایی، بە واتای زادگە و نیشتمانیش بەکارهاتووە.
ئەم شەپۆلە نوێیەی راسیزم، رەنگە نەتوانێت ببێتە لەمپەر لەبەردەم لێشاوی کۆچبەردا، چوون لە ئەندێشەی کۆچبەردا، ئەم ڕەوە پەڕینەوەیە بۆ پارادیس، گەیشتنە بەو ناشوێنەی لە مێشکیدا سکێجی کردووە. ناشوێن “یۆتۆپیا”ی رۆژئاوا وێنایەکی ساختەی داهێنراوی هەموو ئەو مرۆڤانەیە دەیانەوێت بگەنە ژیانێکی شایستە. لەم کاتەدا هەمان تێزەکەی “ئیدوارد سەعید”م بیرکەوتەوە لە کتێبی “رۆژهەڵاتناسی”دا گەڵاڵە کردووە، کە ئەو پێیوایە خۆرهەڵاتناسی تێرمی بیرکردنەوە و روانینی لێڵی مرۆڤی رۆژئاواییە سەبارەت بە خۆرهەڵات، بەوەی سەرزەمینی سوڵتان و کەنیزەک و سێکس و ئیباحیەتە، لەکاتێکدا ئەمە وێنایەکی تەواو ئایرۆنییە و بارگاوییە بە رۆحی ئیمپریالیستی خۆرئاواییەکان. ئەمە هەمان وێنای خۆرهەڵاتییەکانیشە بۆ خۆرئاوا، لە زیهنی هەر کۆچبەرێکدا ئەوروپا پوفێکی گەورە و سەرزەمینی رەفاهیەت و ئازادییە، هەر بۆیە قەدەری خۆیان دەدەنە دەست ریسکەکانی رێگە و هەموو خەونە گەنجەکانیان بە کۆڵیانەوە دەهێننە کیشوەری شێداری پیرەکان. دەگەڕێمەوە سەر ئەزموونی خۆم لە ساڵی 2000 هەر یەکێک لە ئێمە وڵاتێکمان دەستنیشانکردبوو بۆی بچین، بێئەوەی بچووکترین زانیارییمان هەبێت لەسەر ئەو وڵاتە، ئەم کۆچە نائاگایی مرۆڤی ئێمە دەردەخات بێ هیچ بەرچاو روونییەک زێد بەرەو ناشوێن مل دەنێت، لەگەڵ بەتاڵبوونەوەی یۆتۆپیاکە و بەرکەوتن بە گیروگرفتەکانی ژیان لە مەنفا و لەمسی راسیزم و بێ ویژدانی بازاڕی کار، هەست بە بوونی نیشتمان دەکات.
لەم نێوەندەدا لە دنیای بچوککراوەی دەستی گلوبالیزمدا هەست بە لەخۆبێگانە بوون تێیدا سەرهەڵدەدات و نوستالیژیاکانی وەک بورکان دەتەقنەوە. بەختیار عەلی، لە کتێبی “ناشوێن”دا دەنووسێت “غەریبی ئێمە هێندەی بیری نیشتمان دەکات، بیر لە نیشتمان ناکاتەوە”. بەڵام وایدەبینم هەموو ئەوانەشی بیر لە نیشتمان دەکەنەوە، بە هەستی غوبن و غەریبیدا تێپەڕیوون، لە چرکەساتی یەکەمەوە بیری نیشتمانیان کردووە، دواتر ئەو وابەستەبوونە رۆحییە وەرچەرخاوە بۆ پڕۆژەی بیرکردنەوە لە نیشتمان. لەراستیدا ئەگەر مرۆڤی تاراوگەنشین تاسەر لەناو گێژاوی هەستکردن بە غەریبیدا بمێنێتەوە و دەسخەڕۆکراو سەیری خۆی بکات، ناتوانێت بە هیج کوێ بگات جگە لە نەخۆشخانەی دەروونی.

*ناشوێن “یۆتۆپیا”: لە رووی زاراوەسازییەوە ریشەی لەهەردوو وشەی لێکدراوی Ou واتە هیچ و Topia واتە شوێن هەڵهێنجراوە. دەکرێت ناشوێن بەو سەرزەمینە خەیاڵکردە میسالییە پێناسە بکەین هەموو شتێک تێیدا پێرفێکتە.
11-3-2020
ستۆکهۆڵم




کوردستان لە سەردەمی کۆرۆنادا … هۆشیارجەمال

لە ئێستادا کە ڤایرۆسی کۆرۆنا تەنگی بە زۆربەی جیهان هەڵچنیوە، سیستەمی تەندروستی زۆربەی وڵاتە پێشکەوتووەکانی جیهانی خستۆتە ژێر پرسیارەوە، هیچ چارەسەرێکی خێرایان پێ نییە بۆ توشبووانی ئەم ڤایرۆسە و ڕۆژانە سەدان کەس لە وڵاتە جیاوازەکان گیان لەدەستدەدەن و هەزاران کەسی تریش وەک توشبووی نوێ تۆماردەکرێن، کوردستانیش بێ بەش نەبووە لەم ڤایرۆسە کوشندەیە و ڕۆژبەڕۆژ سەرباری هەوڵەکان، بەڵام ژمارەی توشبوان زیاد دەکات.

لە ڕۆژئاوای کوردستان، تا ئێستا بە فەرمی هیچ حاڵەتێکی ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمارنەکراوە، هەر لە سەرەتای دروستبوونی مەترسییەوە کە تۆمارکردنی یەک حاڵەتە لە سوریا، قەدەغەی هاتوچۆی ڕاگەیاندووە، هەروەها ڕاشیگەیاندووە بۆ دەستنیشانکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە لەشی مرۆڤدا، ئامێرێکیان داهێناوە، کە لە (30) چرکەدا دەستنیشانی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەکات لە لەشدا. بەڵام بەهۆی هەژاری و کەمی پێداویستی پزیشکی و مادی چاوەڕوان دەکرێت بەقەد دوژمنێکی هاوشێوەی دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستان قوربانی بخاتەوە، ئەگەر هاوڵاتیان ڕۆشنبیری خۆپارێزییان نەبێت و پابەند نەبن بە ڕێنماییەکانەوە.
لە باکوری کوردستانیش لەم سەردەمی کۆرۆنایەدا دەوڵەتی داگیرکەری تورک لەسەر سیاسیەتی ڕەگەزپەرستانەی خۆی بەردەوامە، لە ڕۆژانی ڕابردوودا دووبارە دەستی کردۆتەوە بە قڕکردنی سیاسی و دەستگیرکردنی سەرۆک شارەوانی شارە کوردییەکان و بەردەوامە لە هەوڵی سڕینەوەی گەلی کورد.

لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش گەشەسەندنی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەردەوامە، کوردانی ئەو بەشەی کوردستان باس لەوە دەکەن کە دەوڵەتی ئێران هیچ لە خەمی خەڵکی ناوچەکەدا نییە و ڕۆژانە مەرگی ئازیزانیان دەبین و کەرتی تەندروستی ڕووی لە شكستە، چاوەڕوانی قوربانی زۆر ئەکرێت لە ناو ناوچە کوردییەکاندا.

هەرچی سیاسییە حوکومڕانەکانی باشوری کوردستانە لە جیاتی هاوکاری کردنی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و کارکردن بۆ دۆزی کورد لە باکوری کوردستان بە هەر ڕێگایەک بێت، بەڵام پاش چارەکە سەدەیەک لە حوکومڕانی ناتوانێت مووچەی مانگێکی فەرمانبەران دابین بکات و ڤایرۆسی کۆرۆنای کردۆتە کاڵای دەستی بۆ چەوساندنەوەی فەرمانبەران، بە پارەی نەوتی دزراوی ئەم میللەتە خێر لە خۆ نەدیوە یەک لەشکر میدیای سێبەری دروست کردووە، لە کاتێکدا کە پارێزگاری سلێمانی هەواڵی دۆزینەوەی چارەسەر، یاخود دابینکردنی دەرمان لەزاری کۆمپانیایەکی ناوخۆییەوە بڵاودەکاتەوە، دەکەونە هێرشکردنە سەری، پرسی ئەم ڤایرۆسە ترسناکەشیان کردووە بەململانێی حیزبی، وەزارەتی تەندروستیش سەرباری ئەوەی ناوچەی سلێمانی بە زۆنی پڕ مەترسی ڤایرۆسەکە دیاری کردووە و ڕۆژانە توشبووی نوێ تۆمار دەکرێت، بەڵام شەوان کە ئامارەکان بڵاودەکاتەوە زۆربەی دەرئەنجامی پشکنینەکان هی شاری هەولێرە، لە کاتێکدا ڤایرۆسەکە لە سنوری سلێمانیدا بەربڵاوترە.

هۆشیارجەمال




…ڤایرۆسی کرۆناو سەرمایەداری لە جیهان حەمید تەقوایی

بڵاوبنەوەی نەخۆشی کوشندەی کرۆنا ژیانی کۆمەڵایەتی لە زیاتر لە سەدوحەفتا وڵاتی جیهاندا بەتەواوەتی شێواندوە و لەزۆرێکیاندا بەکردەوەوەستاندوە.کارو وەرزش وهونەرو سەرگەرمی وگەشت وهەموو کۆڕ وکۆبونەوەو چالاکیەکیە بەکۆمەڵەکانی بەکردەوە وەستاوە.خەڵک لەماڵەوە دانیشتون وەهیچ کەس نازانێت کە ئەم بارودۆخە هەتاکەی درێژەی ئەبێت.قەیرانیکی تەندروستی-پزیشکی بەخێرایی گۆڕاوە بە قەیرانی ئابوری وسیاسی-کۆمەڵایەتی سەرتاسەری دونیایی لەدڵەڕاوکێدا ونکردوە.قسەی ڕۆژ بوەتە قەرەنتینەو لەماڵەوە دانیشەو کۆبونەوە مەکە وتەوقەمەکە وباوەش بەیەکدامەکەن وپێکەوە مەژین وسەفەر مەکەن.هەرچەند لە تەنها وگۆشەگیرترو دورتر لەوانیتر بیت،باشترە!
ئینسانێک کە لەدایک بوی ژیانی کۆمەڵایەتی وکۆبونەوەو هاوژیانی وپێکەوەبونە.ناچار بوە لەپیناو مانەوەی خۆیدا دورکەوێتەوە،لەماڵەوە بمێنێتەوە،خۆپاریزی بکات لە دیدارو بینینەوەی لەگەڵ دۆست و نزیکەکانی،تەنانەت لەسەر شەقام “دورکەوتنەوەی کۆمەڵایەتی”لەگەڵ ئەوانی تر پەیڕەوبکات.لەوتەیەکدا کۆمەڵگە لەپێناو مانەوەی خۆیدا ئەبێت کۆمەڵگە نەبێت!ئەم ناکۆکیە لەکوێەوە هاتوە؟بەڕواڵەت ڤایرۆسێکی تازەدەرکەوتوی نەناسراوو نەخۆشییەکی کوشندە وپەتایەکی سەخت بەرپرسی ئەم بارودۆخەیە.بەڵام ئەمە تەنها ڕواڵەتی قەزیەکەیە،ڕیشەی مەسەلەکە ئەمە نیە.
ئینسان بونەوەرێکی کۆمەڵایەتیە.نەک تەنها کاروبەرهەم ومانەوەی بەتەنیای، بەڵکو تەنانەت فیسۆلۆجی ئینسان،نەک تەنها شوناسی کۆمەڵایەتی بەڵکو بونی بایۆلۆجی ئینسان،قەرزاری ژیانی کۆمەڵایەتیەتی.ئینسان لە دایک بوی کۆمەڵگەیەو پێویستی بەکۆمەڵگەیە.هێزی ئینسان لە ڕوبەڕوبونەوەی بەڵاو کارەساتە سروشتیەکان،ئاگر کەوتنەوەو لافاو وزەمین لەرزەو کولێراوپەتاو درمەکوشندەکانی تر،هەروەها هەوڵ وچالاکی وژیانی کۆمەڵایەتیەتی،وە کاتێکی ۆەک ئەمڕۆ لەبەرامبەر کارەساتێکی سروشتیدا ناچار دەبێت ژیانی کۆمەڵایەتی بوەستێنێت،وە دڵەڕاوکێی توشدەبێت،دەنگۆ بڵاودەکاتەوە،دەچێتەوە ناوخۆی ولەخۆی دەپرسێت کێشەکەلەکوێدایە؟ئەبێت پایەی دژی کۆمەڵایەتی،وە هەر بەو پێیە دژی ئینسانی،بێت کەوا بۆ مانەوەی خۆمان ناچار بین ژیانی کۆمەڵایەتیمان بوەستێنین.گوایە ئەمە تەنها پەتایەکی کوشندە،بەڵکوهەموو ڕژێمی کۆمەڵایەتی ئیستایە کە نامۆیە بە ئێمەوداپۆشراوە بەڕازونهێنی ئاڵۆز.شتێک کەئەبێت لەهەمان ڕژێمی سیاسی -ئابوری-کۆمەڵایەتی ئێستادا لەگەڵ ژیانی کۆمەڵایەتی ئینسان لەناکۆکیدابێت کە کۆمەڵگە لەبەرامبەر بە بڵاوبونەوەی نەخۆشیەکدا بۆستێنێت.

ڕاستیەکەی ئەوەیە کە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی لەگەڵ خۆیدا نەکەوتوەتە ناکۆکی وبەپێی پێناسە ناتوانێت بکەوێتە ناکۆکی.ئەبێت بۆبنەمای کێشەکەلە چینایەتی بونی کۆمەڵگەدا بگەڕێت.ئەوە کۆمەڵگەی ئینسانە یەکسان وئازادەکان نیە کەلەبەرامبەر ڤایرۆسی کرۆنادا کەوتوەتە سەرئەژنۆ،بەڵکو کۆمەڵگەی چینایەتیە.کۆمەڵگەیەک کەلەسەر بنەمای قازانج وکۆکردنەوەی سامانی هەرچی زۆرتری کەمێنەیەکی مفتەخۆری خاوەن سەرمایە ڕیکخراوە.کۆمەڵگەیەکی لەو شێوەیە کەلە بەرامبەر بڵاوبونەوەی نەخۆشیەکی کوشندەدا تێکدەشکێت.ئەوە کۆمەڵگەی ئینسانە یەکسانەکان نیە بەڵکو نیزامی چینایەتیە کەناچار دەبێت خەڵک لەماڵەوە دانیشێنێت هەتا بمێنێتەوە.ئەزمەی کرۆنا قەیرانی نیزامی سەرمایەداریە نەک قەیرانی کۆمەڵگەی ئینسانی.

کۆمەڵگەیەک لەگەڵ بڵاو بونەوەی نەخۆشیەک”غافڵگیر”ئەبێت کە لەسەر بنەمای قازانج هێنان ڕێکخرابێت.نەک لەسەر بنەمای وەڵامدانەوە بە پێویستیەکانی هاوڵاتیان نیزامێک کە تا ئەو جێگایە دەست بۆ تەندروستی ودەرمان دەبات کە قازانجهێنەر بێت بۆی.
ئەڵێن بارودۆخەکە تایبەتە،سەرچاوەو ئیمکاناتی پزیشکی پێویستمان نیە،نەخۆشخانەو پزییشک وپەرستاری پێوستمان نیە.دەمامک ودەستکێش وجیهازی هەناسەدان (جیهازی تنفس)ی دەستکردی کەممان هەیە وهیتر وهیتر.بەڵام ناڵێن کە چەندین ساڵە لە بودجەی خزمەتگوزاریە گشتیەکانیان بردوەو کردویانەتە بودجەی سەربازیەوە،هەموو ساڵێک لەبودجەو بیمە کۆمەڵایەتی وتەندوستی ودەرمانیەکانیان کەمکردوەتەوە،وەدەوڵەمەندەکانیان لەباج بەخشیوە،سک هەڵگوشینی ئابوری وهەژاری وفەلاکەتیان گشتگیر کردوە،هەموشتێکیان سپاردوە بەبازاڕی ئازادو یاسا ئاڵتونیەکانی قازانج هێنانی هەرچی زیاتر.تەندروستی ودەرمانیشیان کردوەتە کاڵاو ئێستا هاوار دەکەن کە ئامادەنین!پارێزگاری ولایەتی نیۆرک دوێنێ ڕاگەیاند کە بەلای زۆروە تا دوهەفتەی تر ئیمکاناتیان سەرچاوەی پزیشکی یان کۆتایی دێت وە گەر چارەسەری دەست وبرد نەبێت ناچارن وەک ئیتاڵیا لەنێوان نەخۆشەکاندا هەڵبژاردن بکەن،ژمارەیەکی دیاریکراو چارەسەر بکەن وئەوانی تر بەمەرگ بسپێرن.لە وڵایەتە یەکگرتوەکان،لەدەوڵەمەندترین وگەورەترین ئابوری جیهان،تەنانەت دەمامک ودەستکێش و جل وبەرگی وپێویستیەکانی نەشتەرگەری زۆر کەم بوەتەوە.ئەڵێن ئەم بارودۆخە پێش بینی کراو نەبوو وە غافڵگیر بوین.بەڵام بالەوە گەڕێین کە لەم چەند دەیەی ڕابردودا پەتایی نەخۆشی هەروەها ئایدزو سارس وئیبۆلا بە ئەندازەی پێویست زەنگی مەترسیان لێداوەو جێگایەکی بۆ غافڵگیر بون نەهێشتبویەوە،پرسیارەکە ئەوەیە کە بۆچی سەرباری گەشەی سەرسوڕهێنەری تەکنەلۆجیا لەشۆڕشی ئەلکترۆنی،شۆڕشی پێشەسازی چوارهەم،تەنانەت دەوڵەمەندترین وڵاتی دونیا بودجەو ئیمکاناتی پێویستی نیە بۆ بارودۆخی لەناکاو؟هەزاران ملیار دۆلار دەکاتەپرۆژە ئەتۆمیەکان وغەیر ئەتۆمیەکانیان بۆ بارودۆخی جەنگیان کە لەوانەیە ڕوبدات،بەڵام کە دەگاتە سەرەی سەلامەتی هاوڵاتیان ئیمکاناتی تەواویان نیە!تەکنەلۆجیای شەڕو بنەکەکان وبارەگا وکادرە سەربازیەکان نیان سەردەبەنە ئاسمان،بەڵام لێکۆڵینەوەی پزیشکی ونەخۆشخانەکان وژمارەی پزیشکەکان وپەرستارەکان هەموو ساڵێک سنوردارتر و کەمتر ولاوازتر دەبنەوە.
جیهانی سەرمایەداری پێش قەیرانی کرۆناش قەیرانی پزیشکی هەبوو،لەگەڵ کێشەی کەم بونی پزیشک وخەستەخانە ودەرماندا بەرەوڕوبوە،بڵاو بونەوەی ڤایرۆسی کرۆنا تەنها کیشەکەی بەرجەستەترو خێراترکرد.ئایا نابێت لە جێگای کۆپانیاکانی بەرهەمهێنانی چەک و مەخزەنەکانی هەڵگرتنی چەک وبنکەکان وبارەگا سەربازیەکان وتەنانەت لە پەنای ئەوانەدا،نەخۆشخانەکان برەو پێبدات وپێویستی پزیشکی ودەرمانی تایبەت بە بارودۆخی کوتوپڕی وەک ئەمڕۆ پاشەکەوت بکرێت،؟ئایا بۆ نمونە لەئەمریکا خەرجی کەمێک لەوەزیاتر لەودوو هەزار ملیار دۆلارەی بۆ هێرش کردنە سەر عێراق خەرجکرا،بەس نەبوو بۆ ئەوەی کە ڤایرۆسی کرۆنا نەبێتە قەیران؟
نەک تەنها بۆ ئەمریکا بەڵکو بۆ هەموو دەوڵەتەکان ئەو کێشانەی کەناوی دەبەن بە “ئاسایشی نەتەوەیی”،وە لە ڕاستیدا مانای واقیعیەکەی شتێک نیەجگەلە پاراستنی هێزو دەسەڵاتی چینی سەرمایەدار،لەپیش هەموو شتێکەوەیە.تەندروستی ودەرمان وپەروەردەو خۆشگوزەرانی کۆمەڵایەتی ولە وشەیەکدا پێویستیەکانی جەماوەری خەڵک لەژێر ڕوناکی پیویستیەکانی قازانج هێنانی سەرمایەکان وبەرژەوەندی وپێداویستیە چینایەتیەکانی لەسەدا یەکە دەسەڵاتدارەکاندا دائەنرێت.ئەزمەی کرۆنا بەڵایەکی سروشتی نیە،بەڵکو بەڵایەکی چینایەتیە.
لەم نێوەدا کۆماری ئیسلامی بارودۆخێکی بەتەواوەتی جیاوازی هەیە.لەئێراندا بەرژەوەندیەکانی چینی سەرمایەدار پێویستی بە چەوسانەوەی توند،بێمافی فراوانی چینی کرێکار وجەماوەری خەڵک،دەسەڵاتی دیکتاتۆری ئاشکراو توندوتیژی سەرکوتگەرەئەم دیکتاتۆریەتە لەم چل ساڵەی دوایدا،لەگەڵ حکومەتێکی ئیسلامی ئەوپەڕی کۆنەپەرست،تاوانبارو هەتا سەر مۆخی ئیسک گەندەڵ نوێنەرایەتی دەکرێت.جیاوازی جمهوری ئیسلامی لەگەڵ دەوڵەتەکانی تردا،تەنانەت لەگەڵ وڵاتانی دراوسێشیدا، لەئەوەدایە کەچەندین ساڵە لەبەرامبەر هیرش وخەباتی خەڵکێکدا کە چەندین جار بەدەنگی بەرز ڕایان گەیاندوە”بڕوخێ کۆماری ئیسلامی “لەگەڵ ئەزمەیەکی هەمەلایەنەدا دەستەوئیخەیە.ئەو حکومەتە بۆ مانەوەی خۆی لەبەرامبەر شەپۆلی ناڕەزایەتی خەڵکیدا دەجەنگێت،وە ئیستراتیجی و ئامانج و ناوەرۆکی سیاسەتەکانی شتێکی تر نیە جگەلەمە.ئەم حکومەتە نەک تەنها هەتا لە قسەشدا بەرپرسیاریەتی وبەڵیننامەی نیە لەبەرامبەر کۆمەڵگەدا بەلکو بەفەرمی وبەئاشکرا خەڵک بەدوژمن ناودەبات وەناوەرۆک وئامانجی هەر سیاسەت وهەڵوێست وهەنگاوێکی جگەلە ڕوبەڕوبونەوە لەگەڵ ئەودوژمنەدا شتێکی ترنیە.ئیستراتیجی کۆماری ئیسلامی دەتوانیت لە دوو وشەدا کورت بکەیتەوە:بکوژەو بمێنەرەوە.
بەریەککەوتنی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ قەیرانی کرۆناش لەهەمان ڕاستادایە.کۆماری ئیسلامی تەنها دەوڵەتێکە کەلەدونیاکەنەک ئاماری نەخۆشەکان و قوربانیەکانی کرۆنا ڕاناگەیەنیت،بەڵکو ئەوپزیشک وخەڵکە شەریفەش کە ڕاستیەکان دەڵێن،بەتاوانی هێرش بۆسەر ئاسایشی وڵات دەکەونە ژێر چاودێری.تەنها دەوڵەتێکە کە کۆمەک وهاوکاریە وەرگیراوەکان بۆ ڕوبەڕوبونەوەی کرۆنا ڕەوانەی بازاڕی ڕەش دەکات وەیا دەیخاتە حسابی هێزە تیرۆریستەکان لە لوبنان وعێراق،وە تەنها دەوڵەتێکە کە بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کرۆنا بە هێرشی بایۆلۆجی بۆسەر پایەکانی ئیسلام ناودەبات وەبۆ ڕوبەڕوبونەوەی ڕێگا بەدوعاکردن ئەدات.خەڵکی ئێران بۆ ڕوبەڕوبونەوە لەگەڵ کرۆنا ئەبێت لەگەڵ ئینسانکوژە دەسەڵاتدارەکانیشدا ڕوبەڕوببنەوە..وەهەر ئێستا ئەم ڕوبەڕوبونەوەیە دەستی پێکردوە.
بگەڕینەوە بۆسەرەتایی باسەکە.پرسیارەکە ئەوەبووکە بۆچی بۆ پارێزگاری لەکۆمەڵگە ئەبێت کۆمەڵگە دابخەیت؟ئەم ناکۆکیە لەکوێوە هاتوە؟ئێستا ئەبێت وەڵامی ئەو ناکۆکیە ڕون بێت.بۆ ڕوبەڕوبونەوە لەگەڵ ئەزمەی کرۆناو ئەزمەو کارەساتی سروشتی تری لەم شێوەیە،ئەوە نەک کۆمەڵگەی ئینسانی،بەڵکو ئەوە کۆمەڵگەی چینایەتیەکە لەناودەبرێت.لە سیستەمێکداکەلەگەڵ ئەزمەیەک کە جێگەی پێشبینیە کەکۆنترۆل دەکرێت غافڵگیردەبێت،جگەلەماڵەوە دانیشاندن و لەکارخستنی کۆمەڵگەو چالاکیە کۆمەڵایەتیەکان چارەیەکی تریان نیە.ئەوبارودۆخەئەمڕۆ دروست بوە ئەوە تەنها ڕێگەی مانەوەیەلەبەرامبەر تارمایی مەرگێکە کە بەسەر دونیاوە لەهاتوچۆدایە.ئەمە تەنها ڕێگەی ڕوبەڕوبونەوەیە لەگەڵ نەخۆشی کوشندەی کرۆنا لەبارودۆخی ئێستای دونیادا.بەڵام ئەم بارودۆخەلەبناغەوە و لەبنەمادا دەتوانرا شتێکیتر بێت.مرۆڤایەتی گرفتار لە نیزامی سەرمایە دەیتوانی لە کۆمەڵگەیەکدا بژیت کە میحوەرو بنەما وفەلسەفەو ئیستراتیجی سیاسی وئابوریەکەی دابینکەری پێویستی هەموو ئینسانەکان بێت.کۆمەڵگەیەکی ئاوەها هەرگیز بەبڵاوبونەوەی ڤایرۆسێک توشی قەیران نابێت،هەتا ناچار بێت بۆ مانەوەی خۆی پەنابەرێت بۆ خەڵوەتی ماڵەکان.
قەیرانی کرۆنا قەیرانی ئابوری سیاسی کۆمەڵایەتی بە پلە قوڵتر بەشوێنخۆیدا ئەهێنێت.ئەوقەیرانانەی کەنەک تەنها نیزامی ئابوری بەڵکو بیرکردنەوەو باوەڕو فەلسەفەی سیاسی ومەنتیق و دونیا بینی جیهانی سەرمایەداری بەقوڵی لەژێر پرسیاردانابوو.هەربەوشێوەی کەلەقەیرانی ئابوری ٢٠٠٨تەنانەت ڕاگەیاندنەکانی بۆرژوازی دانیان پێدانا کە حەق لای مارکس بوو،لەماوەی قەیرانی ئێستاشدا جارێکیتر بیروباوەڕی گشتی جیهان سەرنجیان چوە لای مارکس وسۆسیالیزمی جۆری مارکس.جارێکی تر ئاشکرا بوو کە تەنها نیزامێکی سۆسیالیستی.نیزامێک کەلەسەر بنەمای دابینکردنی پێویستیەکانی هەموو هاوڵاتیان ڕیکبخرێت،دەتوانێت ئەو جۆرە قەیرانانە بۆ هەمیشە چارەسەر بکات.ئەبێت هەوڵبدەی وە ‘ئومێدەواربیت کە لە دونیای دوای کرۆنا سۆسیالیزمی مارکس،سۆسیالیزمیک کە بنەماکەی ئینسان وئینسانیەتە،سەربەرزکاتەوەو ببێتە بزوتنەوەیەکی کاریگەر.
تائەوجێگەی پەیوەندی بە کۆمەلگەی ئێرانەوە دەبێت،نابێت لەبیری کەی کەلەڕوانگەی خەبات وناڕەزایەتیەجەماوەریەکانیشەوە کۆمەڵگە لەژێر دەسەڵاتی جمهوری ئیسلامیدا بارودۆخێکی تایبەتی هەیە.قەیرانی کرۆنا لە ئێران لە ناو ودڵی ڕاپەڕینێ جەماوەریدا بۆ هێنانەخوارەوەی حکومەتی جەلادانی دەسەڵات پێکهات.بزوتنەوەی سەرگونی خوازانەیەک کەلە قەیرانی کرۆنادا دوبارەو بەهێزتر وپەرەگرتوتر لە هەمیشە سەری بەرزدەکاتەوەو هەتا ڕوخاندنی حکومەتی تاوان وبێ ئابڕویی وژێرەوژورکردنی نیزامی دژی ئینسانی سەرمایەداری لە ئێران بەرەوپێشەوە دەڕوات.شۆڕشی سەرکەوتو لەئێران دەتوانێت سەرەتای دەستپێکی لەبەریەک هەڵوەشانی نیزامی سەرمایەداری بێت لەسەرتاسەری دونیادا.

٢٠\٣\٢٠٢٠

وەرگێڕانی کاوە عومەر
٢٣\٣\٢٠٢٠




وشەسازیی (وەبەرهێنانی زمانەوانیی لە کۆڕۆنادا) … ئارام قادر سابیر

چلگیر، چلگیریی، چلە نشینی و چلگە. لەبەرئەوەی وشەی کەرەنتین یان کوارەنتین، لە بنەڕەتدا سێ واتا و دۆخی لە خۆیدا هەڵگرتووە کە وەک سێ ڕەگەز بوونیان هەیە،گ. یەکەم: لە ڕووی زەمەنەوە چل ڕۆژ دەخایەنێت کە لە کۆنەوە ژمارە چل پێوەر و حساباتێکی لە زۆر بابەتی سروشتی و مرۆییدا هەبووە، ئاماژەی وەرزەکان، ئاژەڵ و پەلەوەر و ڕووەک، منداڵبوون و مەرگ، ئەفسانەکان، ئایینی، هتاد … دووەم: لە ڕووی دۆخەوە کەنارگیری و دابڕینە. ئەو شوێنەش کە کەنارگیرییەکەی تێدا دەکرێت، دەشێ بە (چلگە) ناوزەد بکرێ. سێیەم: بۆ مرۆڤ و تەندروستییە. دەشێ لە جۆرەکانی دیکە چل و چلە جیابکرێتەوە.

کەواتە لە زمانی کوردیشدا دەبێ وشەکە لەباری مانا و تێگەیشتنەوە توانستی بەرامبەری لەگەڵ کوارەنتین هەبێت. بۆ نمونە لە وشەی (هاوێر) هیچ کام لەو ڕەگەزانە نین، چونکە بۆ جیاکردنەوەی ئاژەڵە (مەڕوماڵات) لە کاتی زان و دۆشین و …هتاد. لەبەرئەوە، بڕوام وایە وشەی (چلگیر) یان (چلگیریی) و (چلەنشینی) دەشێ واتا بدات و لەسەر زاریش ڕەوان و خۆشگۆیە. کە واتای چل ڕۆژ کەنارگیریی و گۆشەگیریی و خۆدابڕین دەدات بە مەبەستی تەندروستی مرۆڤ، چل ڕۆژ + کەنارگیریی و گیرسانەوە لە جێیەک، هەروەها بە شوێنی کەنارگیرییەکە بگوترێت (چلگە).
پێشتریش لە چل گەردان و مشتەقاتی ترمان هەبووە: چلە، چلچرا، چلچلە، چلەی ماتەمینی، چلەی چوار وەرزی ساڵ، چلەی مناڵبوون، شەوی چلە/یەڵدا، تەنانەت تەمەنی کامڵی لە چل ساڵی… تەنانەت فارسیش زۆر وەبەرهێنانی تێدا کردووە. بە گشتی، چلگیریی بریتییە لە چلگیر-کردنی کەسێک یان کەسانێک یان زیندەوەرانێک لە چلگەیەک کە گومانی توشبوون یان تووشبوون بە نەخۆشییەکی درمی و گوازراوەیان لێدەکرێت.

ئەمەش هەمان نمونەی سێوەکانی دیکارتی فەیلەسوفە، کاتێک پێیوابوو بۆ دیاریکردنی بیرۆکە ڕاست و دروستەکان دەبێ هەموو بیرۆکەکانی ئەقڵ و هۆش بە چەند هەنگاوێکی میتۆدیی لێک جیا بکەینەوە، دواتر دروستەکان بخەینەوە جێگەی خۆیان و هەڵەکانیش لە دەرەوەی ئەقڵ و هۆش دەهێڵینەوە، چونکە سێوێکی ساغ ناتوانێ سێوێکی ڕزیو چاک بکاتەوە، بەڵام سێوێکی ڕزیو دەتوانێ ئەوانی دی داڕزێنێ.

جیاوازییەکی کەم ئەگەر هەبێت، مرۆڤ بۆ فڕێدان شیاو نییە، چونکە هایدیگەر وتەنی دووجار فڕێدراوە! بەڵام میوەی ڕزیو دەشێ فڕێدرێت، بە گشتی نابێ ساغ و ناساغ تێکەڵی و بەرکەوتنیان هەبێت، هەرچەندە ئەمە بۆ نەخۆشی درمە نەک هەموو نەخۆشیەکانی تر وەک ئەوەی عەقڵانیەتی ئامرازیی بەرژەوەندخواز ئەنجامیداوە بە شێوەیەکی گشتگیر و جیاکارییەکی توند لە پێناو قازانجی زیاتردا.
ئارام قادر سابیر: مامۆستای بەشی فەلسەفە لە زانكۆی ڕاپەڕین




له‌یادی 40 ساڵه‌ی شه‌ری قزله‌روچه‌ند راستییه‌ك … ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب

ئه‌مرۆ 24/3/2020 یادی چل ساڵه‌ی شه‌ری قزله‌ره‌و رێك چل ساڵ به‌ر له‌ ئێستاو له‌ رۆژی 24/3/1980 پێشمه‌رگه‌ قاره‌مان و چاونه‌ترسه‌كانی حزبی شیوعی عێراق به‌ مه‌فره‌زه‌یه‌كی {16} كه‌سی به‌رنگاری سوپاكه‌ی دیكتاتۆر سه‌دام حوسه‌ێن و حزبی به‌عسی عه‌ره‌بی و به‌ یاوه‌ری جاشه‌ خۆفرۆشه‌كان بوونه‌وه‌.
سوپاكه‌ی سه‌دامی دیكتاتۆرو حزبی به‌عسی عه‌ره‌بی خوێنرێژ پێنجه‌مین سوپای گه‌وره‌و مۆدێرنی جیهان بوو، خاوه‌نی فرۆكه‌ی جه‌نگی و هه‌لیكۆپته‌روو تۆپ و راجیمه‌و هه‌مووجۆره‌ چه‌كێك بوو، به‌ یاوه‌ری سه‌دان به‌تالیۆنی خه‌فیفه‌ ( موسته‌شارو جاش) و داموده‌زگای ئه‌من و ئیستخبارات.
هه‌ندێ له‌ هاورێیان و خه‌ڵكی تر بیره‌وه‌ری و كتێبیان نووسیوه‌و ئه‌وه‌ی سه‌یره‌ وتوویانه‌ بۆ مێژوو ئه‌م راستییانه‌ ئه‌نووسین تا نه‌وه‌كانی داهاتوو سوودی لێوه‌ربگرن به‌ڵام زۆریان به‌ هه‌ڵه‌داچوون و، لێره‌دائاماژه‌ ئه‌ده‌م به‌ نووسینی هه‌ندێك له‌ هاورێیانی شیوعی و مه‌به‌ستی ژماره‌یه‌كیان ته‌نها سێنگ ده‌رپه‌راندن و هیچی تر ئه‌گێنا بابه‌ته‌كانیان له‌ نووسینه‌كانم و نووسینی هاورییانی دیكه‌ كه‌ له‌ شه‌ره‌كه‌ بوون وه‌رگرتووه‌و به‌ هه‌ڵه‌ دایانرشتووه‌.
دوو سێ هاوریی سه‌ركردایه‌تی له‌ بیره‌وه‌رییه‌كانیاندا به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ئاماژن ناده‌ن به‌ چه‌كی پێشمه‌رگه‌كان چونكه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و كاره‌ بكه‌ن سه‌رو گۆیلاكی خۆیان ئه‌گرێته‌وه‌ و، ئه‌وان وه‌ك به‌رپرس مه‌فره‌زه‌كانیان ناردووه‌ته‌ قووڵایی خاكی كوردستان به‌ خراپترین چه‌ك و به‌بێ ته‌قه‌مه‌نی و تفاقی تر بۆ نموونه‌ مه‌فره‌زه‌كه‌ی قزله‌ر.
هاورێی به‌رێزم موهه‌ند ئه‌لبه‌راك { دوكتۆر سادق} كتێبێكی به‌ ناونیشانی ئه‌ی ره‌قیب نووسیوه‌و هه‌روا هاورێیه‌كی تر به‌ ناو { سه‌لام فه‌واز ئه‌لعوبه‌یدی} كتێبێكی به‌ ناونیشانی { بیره‌وه‌رییه‌كانم له‌باره‌ی ژیانی پێشمه‌رگه‌كان} و، رێزدار دوكتۆر عه‌بدوافه‌تاح عه‌لی بۆتانی هه‌ندێ تێبینی و راستكردنه‌وه‌ی نووسیوه‌و جێی ده‌ستخۆشییه‌و، ئه‌ڵێت كتێبه‌كه‌ی سه‌لام فه‌واز سه‌رچاوه‌یه‌كی گرنگه‌و نابێت له‌ نووسینه‌وه‌ی مێژووی خه‌باتی چه‌كداری پێشمه‌رگه‌ شیوعییه‌كان و به‌شداریان له‌ شۆرشی كوردا پیشتكۆیی بخه‌ێن.
ده‌ستخۆشی له‌ دوكتۆر سادق نووسه‌ری { ئه‌ی ره‌قیب} و سه‌لام فه‌واز نووسه‌ری { بیره‌وه‌رییه‌كانم له‌ باره‌ی ژیانی پێشمه‌رگه‌كان} و، هه‌روا رێزدار دوكتۆر عه‌بدولفه‌تاح عه‌لی بۆتانی ئه‌كه‌م و هیوادارم سه‌ركه‌وتوو بن و له‌ كۆتاییدا داواكارم له‌ هه‌ردوو نووسه‌ر د. سادق و سه‌لام ناوی شه‌ره‌كان و هاورێیان راست بنووسن و هه‌روا رۆژه‌كان بۆ نموونه‌ شه‌ری قزله‌ر له‌ 24/3/1980 روویداوه‌ نه‌وه‌ك 27/3/1980.
هاورێ فه‌یسه‌ڵ ئه‌لفوئادی له‌ كتێبه‌كه‌ی : له‌ مێژووی خه‌باتی چه‌كداری پێشمه‌رگه‌كانی حزبی شیوعی عێراق { 1978 ــ 1989} ئه‌نووسێت :
مه‌فره‌زه‌یه‌ك له‌ 16 هاورێ و دۆستان به‌رپرسی عه‌سكه‌رییه‌كه‌ی مه‌لا حوسه‌ێن و موسته‌شاری سیاسییه‌كه‌ی هاوری فارس ره‌حیم ئه‌ندامی محه‌لی سلیمانی بوون هتد… چه‌كه‌كانیان “” ئالی وغه‌یر ئالی “” 24/3/1980 چوونه‌ ناو دێی قزله‌ر، هاورێیان بریاریاندا بۆ نانخواردن بچنه‌ ناودێ و ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ی بریارێكی روونه‌ كه‌ نابێت به‌ رۆژ بچنه‌ ناودێ، مه‌فره‌زه‌كه‌ پاسه‌وانی توندوتۆڵیان دانه‌ناو، هاورێیان به‌ په‌له‌ چوون بۆ مزگه‌وت و چاوه‌روان بوون نانیان بۆ بێنن و، له‌و كاته‌دا 4 هه‌لیكۆپته‌ر له‌ نزیك مزگه‌وته‌كه‌ هاتنه‌ سه‌ر زه‌وی و باره‌كانیان هه‌ڵرشت 120 كه‌س بوون ویه‌كسر كه‌وتنه‌ ته‌قه‌ رووه‌و مزگه‌وته‌كه‌و، پاشان 7 هه‌لیكۆپته‌ری تر هاتن و باره‌كانیان هه‌ڵرشت و ، نووسه‌ر به‌ ئاره‌زووی خۆی زۆر شتی تری نووسیوه‌.
راسته‌ مه‌فره‌زه‌كه‌ 16 هاوری بوو هه‌ر هه‌موو شیوعی بوون حه‌مه‌ كریم قه‌رچه‌تانی به‌رپرسی عه‌سكه‌ری بوو، هاورێ فارس ره‌حیم له‌وێ نه‌بوو قه‌ت موسته‌شاری سیاسی نه‌بووه‌، چه‌كه‌كان خراپترین چه‌ك بوون، چوونه‌ ناودی پیچه‌وانه‌ی هیچ بریارێك نه‌بوو هاورێیان خۆیان بریار ئه‌ده‌ن، له‌ ناودێ پێشمه‌رگه‌ له‌لایه‌ن ئه‌نجۆمه‌نی دێكه‌ به‌ سه‌رماڵاندا دابه‌ش ئه‌كرێن و ناچنه‌ مزگه‌وت تا نانیان بۆ بێنن، پاسه‌وانی توندوتۆڵ ( كه‌س نازانێت مه‌به‌ستی چییه‌) خۆمان 16 كه‌س بووین من و هاورێ ره‌ووف ره‌شید { بێكه‌س} پاسه‌وان بووین.
هاورێ فه‌یسه‌ڵ فوئادی مێژوو ئه‌نووسێت به‌ڵام مێژووه‌كه‌ ئه‌شێوێنێت.
چل ساڵ به‌ر له‌ ئیستاو له‌ رۆژی (24) ی ئاداری ساڵی (1980) پێشمه‌رگه‌ ئازاو دلێره‌كانی (حزبی شیوعی عێراق) شه‌رێكی پر له‌ قاره‌مانێتی و خۆبه‌خت كردنیان تۆمار كردو ئه‌توانین بڵێن داستانێكی بێ وێنه‌..
رژێمی له‌رزۆكی به‌غدا بۆ داپلۆسینی جه‌ماوه‌رو به‌ هۆی جه‌ژنی نه‌ورۆزه‌وه‌ هێزێكی گه‌وره‌ی سه‌ربازو جاشی هێنابووه‌ شاری سلێمانی و له‌ حاڵه‌تی ئاماده‌باش بوو، ساڵی (1980) به‌ هۆی باران و ته‌روتووشییه‌وه‌ ئاهه‌نگه‌كانی نه‌ورۆز خرابوونه‌ رۆژی (24) ی مانگ و هێزه‌كانی دوژمن له‌ سه‌رپێ بوون بۆ سه‌ركوتكردنی هێزه‌ به‌رهه‌ڵستكاره‌كان.
مه‌فره‌زه‌یه‌كی قاره‌مانی حزب كه‌ له‌ (16) پێشمه‌رگه‌ پێك هاتبوو، به‌یانی زوو دێی زێوێی بناری شاخی سه‌ركه‌شی پیره‌مه‌گروونی به‌جێ هێشت و به‌و سه‌رماو سۆڵه‌یه‌ به‌ره‌و دێی (قزله‌ر) كه‌وته‌رێ و ، به‌فر شكاندن چوونه‌ سه‌ر شاخ و دابه‌زین بۆ دامێنی شاخ بوونه‌ هۆیه‌كی سه‌ره‌كی هیلاك و ماندوو بوونی پێشمه‌رگه‌كان، له‌ كاتژمێری (11) دا پێشمه‌رگه‌كان چونه‌ ناو دێی قزله‌ری سه‌ر به‌ ناحیه‌ی سه‌رچنار بۆ حه‌سانه‌وه‌، به‌ڵام پاش كاتژمێرێك هه‌لێكۆپته‌ره‌كانی دوژمن هاتنه‌ ئاسمانی دێیه‌كه‌ و یه‌كسه‌ر سه‌ربازو جاشیان هه‌ڵرشت و زوو به‌ زوو له‌ هه‌ردوولا ده‌ست كرا به‌ ته‌قه‌كردن.
به‌ڵی پێش چل ساڵ له‌ رۆژێكی وه‌ك ئه‌مرۆدا (24) ی ئاداررژێمی ترسنۆكی فاشی و خۆێنرێژی عێراق به‌ هێزێكی گه‌وره‌ له‌ هێزه‌كانی تایبه‌تی (قوات خاصه‌) به‌ پاڵ پشتی جاش و به‌ (19) هه‌لیكۆپته‌ر هێرشێكی درندانه‌یان كرده‌ سه‌ر مه‌فره‌زه‌ قاره‌مانه‌كه‌ی حزبی شیوعی عێراق له‌ دێی قزله‌رو شه‌رێكی چه‌په‌ڵ و نابه‌رابه‌رو سه‌ختیان هه‌ڵگیرساند.
دوژمنی ترسنۆك به‌ شێوه‌یه‌ك هاتبوو، ئه‌یزانی مه‌فره‌زه‌كه‌ (16) كه‌سه‌و چه‌كه‌كانیان زۆر خراپه‌، به‌ خه‌یاڵی خاوی خۆی هاتبوو مه‌فره‌زه‌كه‌ ده‌ستگیر بكات، له‌ راستیدا چه‌كی پێشمه‌رگه‌كان چه‌كی شه‌ر كردن نه‌بوو، بریتی بوون له‌ (2) كلاشنكۆف و (8) ژێسێ و (5) ماوو* یه‌ك برنه‌و، هه‌موو ئه‌و چه‌كانه‌ش كۆن بوون و، له‌ كاتی ته‌قه‌ كردندا ئه‌وه‌ستان، به‌ڵام سه‌ره‌رای هه‌موو ئه‌و كۆسپ و ته‌گه‌ره‌یه‌ حه‌ماس و وره‌ی به‌رزی پێشمه‌رگه‌و هاورێیان له‌ په‌ره‌سه‌ندندا بوو.
پاش سێ چوار كاتژمێر له‌ شه‌ره‌كه‌ مه‌فره‌زه‌یه‌كی ئازای پێشمه‌رگه‌ی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تی ئیسماعیل گه‌وره‌دێی له‌ قۆڵی چۆخماخه‌وه‌ خۆی گه‌یانده‌ گه‌رمه‌ی شه‌ره‌كه‌و هاتن به‌ هانای برا پێشمه‌رگه‌كانیانه‌وه‌، له‌ كاتژمێری (6) ی ئێواره‌ دوژمن كه‌وته‌ پاشه‌كشێ و كۆكردنه‌وه‌ی زیانه‌كانی و به رووره‌شی بۆ مۆڵگاكانی گه‌رایه‌‌وه‌.
مه‌فره‌زه‌كه‌ برێتی بوو له‌م هاورێیانه‌:
1ـ حمه كريم قه ره جه تانى (حه مه صالح) 2 – حسن رشيد (فه‌لاح) 3- كمال مام همزه (هه‌ژار) 4- عمر حه مه بجكول (ملا حسین) 5- معتصم عبدالكريم (أبو زه‌هره)‌ 6- شفيق كريم (مامۆستا شاهۆ) 7- صلاح الدین حسن (مامۆستا خالد) 8- سه‌رباز مه‌لا ئه‌حمد بانيخيلاني 9- عومه‌ر عه‌لی (عمر بوره‌ سلمى) 10- مامۆستا جه‌مال محمد امين 11- حه‌مه‌ساله‌ح سورداشی (مامۆستا سه‌ردار) 12- ره‌ووف ره‌شید (بێكه‌س) 13- محه‌مه‌د مه‌زلوم (أبو محه‌مه‌د) – 14ـ بورهان ئه‌حمه‌د (عه‌تا) 15- ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب (سیروان) 16ـ (عه‌دنان .ط)**

له‌م داستانه‌ شكۆداره‌دا ئه‌م هاورێیانه‌ شه‌هید بوون:
1- عومه‌ر حه‌مه‌ بچكۆل (مه‌لا حسین)، ئه‌ندامی لێژنه‌ی قاعیده‌، كرێكاری كارگه‌ی ته‌نقیحی سلێمانی.
2- شه‌فیق كریم (شاهۆ) مامۆستای زمانی ئینگلیزی له‌ سانه‌وی رۆشنبیر – سلێمانی، ئه‌ندامی لێژنه‌ی قاعیده‌.
3- موعته‌سه‌م عه‌بدولكه‌ریم (أبو زه‌هره‌) ئه‌ندامی حزب، هونه‌رمه‌ندو وێنه‌كێش {شێوه‌كار}.
4- حه‌سه‌ن ره‌شید (فه‌لاح) – كرێكارو لێپرسراوی هێزی پاراستنی باره‌گای كۆمیته‌ی ناوه‌ندی له‌ به‌غدا، ئه‌ندامی قه‌زا، سلێمانی.
5- كه‌مال مام هه‌مزه‌ (هه‌ژار) ئه‌ندامی حزب، كرێكار، سلێمانی.
برینداربوونی (شه‌هاب) پێشمه‌رگه‌ی دلێری یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان.
شایانی باسه‌ (3) هاورێ له‌و هاورێیانه‌ی به‌شداری شه‌ری قزله‌ریان كرد له‌ شوێنی تر شه‌هید بوون:
1 – سه‌رباز مه‌لا ئه‌حمه‌د بانیخێڵانی له‌ داستانه‌كه‌ی به‌كربایفدا به‌ ده‌ستی مۆسته‌شارجاش تحسین شاوه‌یس شه‌هید كرا.
2- عومه‌ر عه‌لی (عومه‌ری پوره‌ سه‌لما) له‌ كاتی ئه‌نجامدانی ئه‌ركێكی حزب و پێشمه‌رگه‌ له‌ رووباری چه‌می سووره‌بان له‌ نزیك دێی چاڵه‌ خه‌زێنه‌ خنكاوو شه‌هید بوو.
3- سه‌لاح الدین حه‌سه‌ن (مامۆستا خالید) ئه‌ندامی مه‌كته‌بی محه‌لی سڵیمانی ـ له‌ كاتی ئه‌نفاله به‌دناو چه‌په‌ڵه‌كه‌ی رژێمی به‌عسی ترسنۆكدا 1988 كه‌وته‌ داوی چه‌ته‌و چڵكاوخۆره‌كانی رژێم و شه‌هید كرا.
سه‌ركه‌وێ خه‌باتی ره‌وای حزبی شیوعی له‌ پێناو ئاواته‌كانی گه‌ل و نیشتمان..
مردن و سه‌رشۆری بۆ دۆژمنان.
تێبینی: مه‌لا حسین له‌ دێی چۆخماخ ته‌سلیم به‌ خاك كراوه‌.
(4) هاورێكه‌ی تر: شه‌فیق و أبو زه‌هره‌و حه‌سه‌ن و هه‌ژار له‌ دێی (قزله‌ر) نێژران، به‌ڵام بۆ به‌یانی 25 ی ئاداری 1988 دوژمنی ترسنۆك لاشه‌كانیانی بۆ شاری سلێمانی گواسته‌وه‌.
** عه‌دنان . ط له‌ پاش ماوه‌یه‌ك زانرا عه‌دنان چڵكاوخۆری رژێمی حزبی به‌عسی عه‌ره‌بییه‌.
23/3/2020




ژیان جوانە …شیعر : سهراب سپهری وەرگێڕانی : پشکۆ ناکام

” زندگی زیبا است “

“”””””””””””

……. ژیان
پەرۆشی گەیشتنە بە هەمان
سبەیە کە نایەت
تۆ نە لە دوێنێ ی و نە لە سبەی
لاپەڕەی ئەمڕۆ
پڕە لە ” بوون “ی تۆ
شایەت ئەو خەندەیەی ئەمڕۆ
پێی قایل نەبوویت
دوا فورسەتی ” هاوڕێگا” بوون بوایە
……ئومێدە وا بوایە
ژیان یادێکی سەیرە
كە لە سینەی خاکا مایەوە
ژیان ، سەوزترین ئایەتی
ئەندێشەی پەڕەیە
ژیان ، خەیاڵی یەک دڵۆپی دەریا
لە ئارامی ڕووبار
ژیان ، هەستی گوڵ گرتنی
یەک بێستانە، لە باوەڕی ” تۆو”ە وە وە ،،
ژیان ، باوەڕی دەریایە
لە بیری ماسیەکانا
لە ” تەنگ ” بوونی ناو دەریا
ژیان ، دەربڕینی ڕووناکی خاکە
لە ئاوێنەی عەشقا
ژیان ، تێگەیشتنی تێنەگەیشتنەکانە
ژیان ، پەنجەرەیەکی کراوەیە
بە ڕووی دونیای “بوون”ا
تا ئەو پەنجەرەیە کراوە بێ
دونیا بۆ ئێمەیە
……ئاسمان
……نوور ” ڕووناکی “
……عەشق
…….بەختەوەری بۆ ئێمەیە
دڵنیابین لە فورسەتی
كردنەوەی ئەم پەنجەرەیە
دەرگا بۆ نوور دانەخەین
دەرگا بۆ ئارامی پڕ میهرەبانی
شەماڵ دانەخەین
پەردە لە دڵا لابەین
بە پەرۆش و حەماسەوە
سڵاوێک بکەین
سڵاوێک بکەین




ئازادیی وەک بەهای بوون لە ڕۆمانی ”١٩٨٤”ی جۆرج ئۆروێڵدا … ئاسۆس ساڵح

ڕۆمان وەک ژانەرێکی ئەدەبیی بەهۆی پانتایییە فراوانەکەی ئامرازێکی گونجاوە بۆ نووسەران، تاوەکوو لە ڕێگەیەوە هزر و پەیامەکانی خۆیان بەکۆمەڵگە بگەیێنن. ڕۆمانی ”١٩٨٤” یەکێکە لەو ڕۆمانانەی تا ئێستا گرینگی لە دەست نەداوە، بەتایبەت بۆ ئەو وڵاتانەی ئازادیی مرۆڤ تێیدا زۆر کەمە. هەرەها، بەهۆی ئەو پەیام و ئاگادارکردنەوەی لە ناوەڕۆکیدا هەیەتی گرینگی خۆی پاراستووە. ئەم ڕۆمانە لە لایەن ”ئیرک بلەیر” (١٩٠٣ – ١٩٥٠) نووسراوە، ناوی خوازراوی ” جۆرج ئۆڕێڵ”ە. ئەم نووسەرە خاوەنی چەندان وتار و ڕۆمانە، بەگشتی نووسینەکانی ڕەخنەی سیاسیین. لەم ڕێگەیەوە دەیەوێت وشیاریی سیاسیی بڵاوبکاتەوە. گرینگترین بەرهەمەکانی ئەمانەن: دۆڕاو و دەرکراو (١٩٣٣)، ڕۆژانەی بۆرما (١٩٣٤)، ڕێزلێنان بۆ کەتەلۆنا (١٩٣٨)، مەزرای ئاژەڵان (١٩٤٤) و ١٩٨٤ (١٩٤٩) …تاد. ”مەزرای ئاژەڵان”یش یەکێکی ترە لە شاکارەکانی، لەوێدا ڕەخنە لەو سەرکردە دەسهەڵاتخوازانە دەگرێت کە دەیانەوێت لە ڕێگەی شۆڕشەوە بگەن بە دەسهەڵاتی ڕەها. ڕۆمانی ١٩٨٤، لە ڕێگەی ڕەخنەی سیاسییەوە دەیەوێت مرۆڤایەتیی لە دەسهەڵاتی تۆتالیتار ئاگادار بکاتەوە، کە چۆن مەترسین بۆسەر ژیان و ئازادیی مرۆڤ.

ڕۆمانی ١٩٨٤، لە سێ بەش پێکهاتووە، هەر بەشی دابەشی سەر چەند بەندێکبووە. بەگشتی ناوەڕۆکی ڕۆمانەکە باسی دەسەڵاتێکی تۆتالیتار دەکات، کە ئازادییەکانیان لە پێناو دەسهەڵاتی حیزب و ڕێبەری گەورە نەهێشتووە و هەموو شتێک دەبێت لە پێناو حیزب و ڕێبەری گەورەدا بێت. ئەم ڕۆمانە چەند کارێکتەرێکی سەرەکی ڕۆڵی تێدا دەگێڕن، کە ئەمانەن: ”وینستۆن سمیت”، ئەم پیاوەیە کە لە دەسهەڵاتی ڕێبەری گەورە بێزارە، بیری ئازادیی و هەڵگەڕانەوە لە دەسهەڵاتی ڕێبەری گەورە لە مێشکیدا چەکەرە دەکات، بۆ گەیشتن بەم کارەش چەندان کار و چاڵاکی دژە یاسا و بنەمانی حیزبیی ئەنجام دەدات. ”جولیا” کچێکە ئەندامی حیزبە، بەڕواڵەت خۆی وەک دڵسۆزی حیزب پیشان دەدات، بەڵام لە ناوەڕۆکدا وانییە، بەڵکوو دژی دەسهەڵاتی ڕێبەری گەورەیە. جوڵیا ئەندامی ڕێخراوی لاوانی دژە سێکسە، کەچی پەیوەندی سێکسی لەگەڵ چەندان ئەندامی حیز دەبەستێت و دواتریش لەگەڵ وینستۆن سمیت پەیوەندی خۆشەویستیی و سێکسیی دەبەستێت. ”ڕێبەری گەورە” سەرۆکی حیزبە، وێنە و پۆستەرەکانی لە هەموو شوێنێک هەیە، لە فەرمانگە، شەقام و هەموو ماڵێکدا هەڵواسراوە، جگە لەمە بە تەلەسکرین چاودێری هەموو جوڵەیەکی مرۆڤ دەکات، هەمیشە ئەم ئاگادارییە بڵاودەکرێتەوە کە ڕێبەری گەورە چاودێریت دەکات. یەکێکی تر لە کارێکتەرەکان ”ئۆبرین”ە کە لە ناوەندی حیزب بوو، هاوکات ڕۆڵی ئەوەی دەگێڕا کە لەگەڵ ”ئیمانوێڵ گۆڵدستەین”دایە وسەر بە ئەنجومەنی برایەتییە. بەڵام وانەبوو، بەڵکوو پۆلیسی خەیاڵ بوو لە کۆتاییدا هەر ئۆبراین، سمیت دەگرێت و لەسەر لادان و دژ وەستانەوەی بەرامبەر بەحیزب، لێکۆڵینەوە و ئەشکەنجەی دەدات. ”ئیمانوێڵ گۆڵدستەین” لە ڕۆمانەکەدا ڕۆڵی کەسێک دەگێڕێت کە دژی دەسهەڵاتی ڕابەری گەورە و سۆسینگ وەستاوەتە و بڵاوکراوە و کتێب و ئەنجومەنی برایەتیی دژی ڕێبەری گەورە پێکهێناوە، پێشتر هاوشانی ڕێبەری گەورە بووە، بەڵام دوای ئەوەی جموجۆڵی دژی شۆڕش و ڕێبەری گەورەی لێ ئاشکرا بوو، ئیدی بڕیاری کوشتنی بەسەردا بڕا، بەم هۆیەوە ڕایکرد و خۆی شاردببووەوە. هەروەها لە ڕۆمانەکەدا چەند کارێکتەری دیکەی لاوەکیش هەن.

ناوچەی جوگرافیی ڕۆمانەکە لە سێ وڵات پێکهاتووە، کە هەمیشە دژی یەکتر لە شەڕدان. چیرۆکی ڕۆمانەکە لە ”ئۆقیانووسیا”یە (ئۆسیانیا)، سیستەمەکەی بەناوی ”سۆسینگ”ە واتا سۆسیالیزمی ئینگلیزیی، کە ناوچەکانی بەریتانیا، ئەمریکای باکوور، ئەمریکای باشوور، ئوستوڕاڵیا و ئەفریقا باشوور دەگرێتەوە. وڵاتی دووەم ”ئۆراسیا”یە، کە سیستەمەکەی بەلشەفیزمی نوێیە. ناوچەکانی ڕووسیا و ئەوڕوپا و بەشێک لە وڵاتانی ئاسیاش دەگرێتەوە. وڵاتی سێیەم ناوی ”ڕۆژهەڵاتی ئاسیا”یە، سیستەمەکەیان عەشقی مەرگ یان خۆفەوتاندنە. ئەم بەشە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ئاسیای دەگرتەوە، وەک وڵاتانی یابان و کۆریا و چین و ڤێتنام …تاد. جۆرج ئۆروێڵ جیهانی دابەشی سەر ئەم سێ بەشەکردووە، هەریەکەی بە وڵات و سیستەمێکی جیاواز داناوە. شایەنی باسە جۆرج ئۆروێڵ لە یەکێک لە چاو پێکەوتنەکانی دەڵێت: ”فەزای گشتیی چیرۆکەکەم لە بەریتانیا ڕوودەدات، ئەمە بۆ ئەوەی پیشانی بدەم ئەو وڵاتانەی ئینگلیززمانن، دوورنین لەوەی ئەم جۆرە شتانە تێیدا سەرهەڵبدات. دیکتاتۆرییەت، ئەگەر دژی نەجەنگی ئەوە دەتوانێت لە هەر شوێنێک بێت، سەربکەویت.” ئەمە پەیامی نووسەرە بۆ مرۆڤایەتیی کە پێویستە هەمیشە لە هەوڵی بەدەست هێنان و پاراستنی ئازادیی دابن، ئەگینا دەسهەڵات لێیان زەوت دەکات.

حیزبی فەرمانڕەوای ئۆقیانوسیا، چەند درووشمێکی هەبوون، بە هەموو شوێنێک بڵاوکرابوونەوە، درووشمەکان ئەمانە بوون: ”شەڕ ئاشتییە. کۆیلایەتیی ئازادییە. نەزانی هێزە”، هەروەها درووشمێکی تری حیزب ئەوە بوو کە دوو کۆ دوو دەکاتە پێنج (٢ + ٢ = ٥)، لەگەڵ ئەوەی لە هەموو شوێنێک نووسرا بوو ئاگاداربە ”ڕێبەری گەورە” چاودێریت دەکات. ئەمانە بەناو هەموو قوژبنێکی کۆمەڵگەدا بڵاوکرابوونەوە. کۆمەڵگەی وڵاتی ئۆقیانوسیا لە ژێر هەیمەنەی دەسهەڵاتی ڕێبەری گەورە و سیستەمی سۆسینگ، دابەشی سەر سێ پێکهاتە بووە. پلەدار و بەرێوبەرانی حیزب ٢% لایەنگر و ئەڵقەلەگوێکانی حیزب کە ڕێبەری گەورە و حیزبیان بەهەموو شتێک دەزانی و لە دەسهەڵاتی دەرنەدەچوون ١٣% کۆمەڵگەیان پێکهێنابوو. بەشی هەرە زۆری کۆمەڵگەش لە پرۆلیتار و ڕەنجدەران پێكهاتبوو ڕێژەکەی ٨٥% بوو. هەر ئەمەش وای دەکرد وینستۆن سمیت تاکە هیوای بۆ ئازادیی و ڕووخاندنی سیستەمەکە پرۆلیتاریا بێت و دەیگووت: ”گەر هیوایەک هەبێ، تەنها پرۆلیتارە”.

ئازادیی وەک بەهایەکی سەرەکی لە ڕۆمانەکەدا جەختی لەسەرکراوەتە، کە چۆن بوون بەبێ ئازادی ماهیەتی نابێت و خاوەنی بژاردە و بوونی خۆی نابێت، هەمیشە لە ژێرکاریگەریی ئەویتردا دەژیت. لێرەدا بۆ لێکدانەوەی دەقەکانی ڕۆمانەکە، پشت بە تێروانینی بوونخوازانەی ژان پۆڵ سارتەر دەبەستین لەمەڕ ئازادیی، هەڵبژاردن و بڕیاردان، ئازادییی خۆشەویستیی.

ژان پۆڵ سارتەر، بەهۆی نووسین و هەڵوێستەکانییەوە ببووە فەیلەسوفێکی خۆشەویست لە سەردەمی خۆیدا، کارەکانی لەنێو ڕۆشنبیران و قوتابییان و شۆڕشگێران و خەڵکی ئاساییش ناسراو بوو، تەواوی دونیا ئاشنایەتییان لەگەڵ سارتەر پەیدا کرد. سارتەر لە کاتێک بووە زمانحاڵی بوونخوازیی، ئەوڕوپا لە بارودۆخێکی ناسەقامگیردا بوو، بێئومێدیی و ڕەشبینیی و داگیرکاریی و شەڕ …هتد ئەوڕوپا و جیهانی تەنیبوو.

ئەو بابەتانەی سارتەر لە فەلسەفە بوونخوازیییەکەی گرینگی پێداوە ئەمانەن: ئازادی، هەڵبژاردن، بڕیاردان …تاد. بابەتی سەرەکی فەلسەفەکەی سارتەر ئازادییە، و دەبێ تاک ئازادی خۆی بەدەست بێنێت تا بتوانێ بە ئازادانە بریاربدات و هەڵبژاردن بکات. هەروەها، نابێت لەژێر کاریگەری ئەوانیتردا بێت. بوونخوازەکان باوەڕیان وایە بوون لە پێش جەوهەرە، واتە هەموو مرۆڤێک بەر لە هەرشتێک بوونی هەیە. سارتەریش وەک بوونخوازێک ”لەو خاڵەوە دەست پێ دەکات کە بڕوای وایە (بوون) دەکەوێتە پێش (ماهییەت)ەوە. واتە لە پێشدا مرۆڤ دێتە جیهانەوە؛ پاشان لە ڕێی کارەکان و هەڵبژاردنەکانیەوە (ماهیەت)ی خۆی پێک دێنێت. واتە بەبڕوای سارتەر، پێشتر ماهیەتێک نییە بەسەر بوونی مرۆڤدا سەپێندرا بێت.” (کۆمەڵێک نووسەر، ٢٠١٦: ل١٣) هەرچەندە مرۆڤ بە هەڵبژاردن و ئازادانەی خۆی نەهاتۆتە بوونەوە، بەڵام لەم ژیانەدا مرۆڤ ناچارە بەوەی ئازاد بێت. دواجار هەر لە ڕێگەی ئازادی و هەڵبژاردن و بڕیاردان و چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەوانیتردا ناسنامە و ماهیەت بۆ بوونی خۆی دادەنێت. هەڵبژاردن و بڕیاردان، لە گرینگترین و سەرەکیترین بنەماکانی فەلسەفەی بوونخوازیی سارتەرن، ”هەڵبژاردن کڕۆکی فەلسەفەی سارتەرە، بەپێی بۆچوونی ئەو، هەڵبژاردنی ئازاد بەپێی هیچ ڕاستیەکی هەبوو (Existent) بڕیار نادرێت، چونکە کردەیەکە ئاراستەی بۆشایی کراوە، ئەویش ئەو داهاتووەیە کە بوونی نییە.” (کۆمەڵێک نووسەر، ٢٠١٦: ل٥٧) کاتێک مرۆڤ هەڵبژاردن دەکات، نا بێت بکەوەتە ژێرکاریگەری بڕیاری پێش وەختە و چەند بیر و باوڕێکی کە پێشوتر لە هزریدا جێگیر بوونە.

سارتەر، جەخت لەسەر ئازادی مرۆڤ دەکاتەوە، دەبێت بە شێوەیەکی بەرپرسیارانە هەڵبژاردن و بڕیار بدات، نەکەوێتە ژێر کاریگەری ئەوانیتر. بەتێڕوانینی سارتەر، مرۆڤ بەرپرسیارە بەرامبەر ئەو کارانەی دەیکات. هەروەها لای سارتەر ئازادییی خۆشەویستیی گرینگییەکی زۆری پێدراوە و لەم بارەیەوە دەڵێت: ”عەشق شتێکە کە هەرگیز نابێتە واقعیەت، بۆ من خۆشەویستی ئێوە شتێک نییە جگە لەوەی کە ئێوە ناچاربکەم خۆشمتان بووێ و پێچەوانەی ئەم مەسەلەیەش هەر ڕاستە.” (میهرداد میهرین، ٢٠٠٩: ل٤٠٧) سارتەر بیر و تێڕوانینی خۆی لەبارەی خۆشەویستی دەخاتە ڕوو و پێیوایە خۆشەویستی ئازادی لەمرۆڤ دەستێنێ و دەبێ لە خۆشەویستیشدا ئازادی هەبێت. ”بە وتەی سارتەر لەعەشقدا وەک تێکڕای پەیوەندییە مرۆییەکانی تر، ئامانجی ئێمە بەکۆیلەکردن یان بوونە کۆیلەی ئەویترە، لە پێگەی ماسۆشی و سادیدا” (ی. ز لاڤین، ٢٠١٧: ل٥٨٤) سارتەر تیشک دەخاتەسەر مەترسی خۆشەویستی کاتێک کە من ئازادی ئەوی تر لەناو ئەبەم، و ئەویتر ئازادی من لەناو دەبات، یەکەمیان سادیستم ‘چێژ لە ئازاردانی ئەویتر’ و دووەمیان ماسۆشیستم ‘چێژ لە خۆ ئازاردان’ وەردەگرم، بەمەش خۆشەویستی دەبێتە شتێکی ئازار بەخش، دەبێت لە خۆشەویستیدا ئازادی ڕەنگبداتەوە بۆ ئەوەی خۆشەویستێکی سەرکەوتوو بێت.

ڕووحی بەرەنگاریی و ئازادیی: جۆرج ئۆروێڵ لەم ڕۆمانەدا، باسی سەرەکی ئازادیییە، بەمانا سارتەرییەکەی دەیەوێت بڵێت ژیان و بوون بەبێ ئازادیی مانای نییە و لە جەوهەری خۆی دەکەوێت. ڕۆمانەکە باسی دەسهەڵاتێک دەکات کە هەموو ئازادییە تاکەکەسییەکانی دسپلین و سنووردارکردوون. ئەمەش لە ڕێگەی کارەکتەری سەرەکی ڕۆمانەکە بەناوی وینستۆن سمیت بەیاندەکات. دەسهەڵات کارێکی وایکردووە کە مرۆڤەکان بەتەنهاش بن هەست بە ئازادیی نەکەن و لە ترس و دڵە ڕاوکێ دابن، ئەمەش لەڕێگەی چاودێریکردنی خەڵکە بە تەلەسکرن. سارتەر، ئازادیی بوون بەر لە جەوهەر دادەنیت، پیی وایە مرۆڤ دەبێت ئازاد بێت، ئەگەر ئازاد نەبێت ناتوانێ مانا بەبوون و جەوهەری خۆی بدات، دواتر هەر لەڕێگەی ئازاد بوونی خۆیەوە دەتوانێت جەوهەری خۆی بنیات بنێت، ئەگەر وانەبێت ناتوانێ مانا بەو بوونەی بدات و خۆی بوونیادنەری بوونی خۆی نییە، بەڵکوو لە ڕێگەی ئەوانیترەوە بۆی هەڵبژێردراوە. هەروەک سارتەر دەبێژێت: مرۆڤ بە ئازادیی خۆی لە دایک نەبووە بۆیە مەحکوومە بە ئازادیی. لەم ڕۆمانەدا، هیچ ئازادیییەک بوونی نییە تەنانەت بۆ لایەنگرانی حیزبیش، هەمیشە لە ژێر چاودێری وردی دەسهەڵات دان. وینستۆن سمیت کاتێک بێزار دەبێت و لە دەوامی فەرمانگە دەگەڕێتەوە، لە ماڵەوە دەست دەکات بە یاداشت نووسین، کە لەو کاتەدا نووسین قەدەغەبوو. لەسەر کاغەزەکەیدا پێنج جار بەدووای یەکتردا نووسی: ”مەرگ بۆ ڕێبەری گەورە” (جۆرج ئۆڕوێڵ، ٢٠١٨؛ ل٢٩) نووسینی ئەمە خۆی مانادانە بەئازادیی لای وینستۆن سمیت، هەرچەندە ئەم نووسینە خۆی دەرچوون بوو لە یاسا و دژی دەسهەڵاتبوو. نووسینی ئەمە تا لێواری مەرگ نزیکی دەکردەوە، بەڵام وینستۆن ڕووحی ئازادیی لەناویدا چەکەیکردبوو. دەیویست لە ڕێگەی ئەم بەرەنگاریی و دەرچوونە مانایەک بۆ بوونی خۆی بدۆزێتەوە. هەرچەندە نەی دەتوانی بەسەر ترسەکەیدا زاڵ بێت بەڵام ئەم نووسینە خۆی مانادانە بە ئازادیی و بوون لای وینستۆن.

حیزب کۆمەڵێ دروشمی هەبوو، یەکێک لە درووشمەکانی ئەوە بوو: دوو کۆ دوو دەکاتە پێنج. دەبوو باوڕ بەمە بکەن، باوڕ نەهێنان دووچاری تەنگەژە و سزادانی زۆری دەکردن. حیزب ئەمەی بۆ ئەوە دەکرد تاوەکوو بڵێت دەبێت باوڕ بە لۆژیکی حیزب بکەن، ئەوەی حیزب دەڵێت ئەو ڕاستە. سمیت کە بیری دەکردەوە لە بەرامبەر هێزێکی گەورە وەستاوەتەوە دڵی دادەخورپا، بەڵام هەر بڕوای بە ڕاسییەکان بوو، نەوەک لۆژیکی حیزب. لە یاداشتێکیتردا دەنووسێت: ”سەربەستیی کاتێ سەربەستیییە کە بتوانی بڵێی: دوو و دوو دەکاتە چوار. ئەگەر باوڕ بەمە بهێندرێ، ئیدی هەموو شتەکانی دی، خۆیان بەدوویدا دێن” (جۆرج ئۆروێڵ، ٢٠١٨؛ ل١٠٨) سمیت لێرەدا بەرامبەر ئەو باوڕە دەوەستێتەوە کە بەسەریدا سەپێندراوە. ئاماژەش بەوە دەدات کاتێک توانیت باوڕ بەڕاستییەکان بهێنیت ئەوکات دەتوانی ئازادییش بەدەست بهێنیت، واتە دەرباز بوون لە دەست باوڕی ئەویدیکە، کە لێرەدا دەسهەڵاتە. وینستۆن هەوڵی ئازادبوون دەدات، بەڵام ناشتوانێ بە ئازادانە هەم ڕەفتار بکات هەمیش دەریببڕێت. واتە ئازادیی لە هزریدا هەیە بەڵام ناتوانێ بەرجەستەی بکات.

لە یەکێک لە ڕووداوەکانی ناو ڕۆمانەکەدا، وینستۆن سمیت و جولیا، پەیوەندی بە ئۆبراینەوە دەکات، کە ئەندامی ناوندی حیزب بوو، هاوکات وا خۆی دەرخست کە لایەنگری گۆڵدستەینە و ئەندامی ئەنجومەنی برایەتییە دژی دەسهەڵات. لە بەشێک گفتووگۆی نێوانیاندا لە یەکەم دیداردا سمیت و جولیا خواستی خۆیان بۆ ئازادیی و نەجات بوون لە دەسهەڵات دەربڕی. ئۆبراین چەند پریسارێکی ئاراستە کردن بە بەڵێ وڵامیان دایەوە. ” – ئامادەن ژیانی خۆتان بەخت کەن؟ + بەڵێ. – ئامادەن خۆتان بکوژن؟ + بەڵێ. – ئامادەن خراپەکاری وابکەن کە ببێتە هۆی مەرگی سەدان کەس؟ + بەڵێ. ….” (جۆرج ئۆڕوێڵ، ٢٠١٨؛ ل٢٢٦) ئەم گفتووگۆیە دەرخەری ئەوەیە کە ئازادیی لە پێش هەموو شتێکەوەیە لای سمیت و جولیا، چونکە سڵ لەوە ناکەنەوە ئەگەر تاوانیش ئەنجام بدەن تاوەکوو دەگەن بە ئازادیی. خواستی ئازادیی لای ئەوان لەسەروی هەموو شتێکەوەیە.

دوای ئەوەی وینستۆن ئاشکرا دەبێت و دەسگیر دەکڕێت لە زیندان لەگەڵ یەکێک لە گیراوەکاندا بەناوی پارسۆنز قسە دەکات، ئەویان بەهۆی ئەوە گرتووە چونکە لە خەویدا گوتبووی بمرێ ڕێبەر گەورە و لەسەر ئەمە کچەکەی خۆی شکایەتی لێکردبوو. پارسۆنز دەڵێت: ”بمرێ ڕێبەری گەورە! بەڵێ وام گوتووە. بیستم چەند جارێ ئەوەم دووپات کردۆتەوە. لە بەینی خۆماندا بێ، خۆشحاڵم بەوەی کە بەر لەوەی کارەکە گەندتر بێت دەسیگیر کرام. دەزانی بەتەمام لە دادگا بڵێم چی؟ دەمەوێ بڵێم سوپاستان دەکەم بۆ دەربازکردنم بەر لەوەی کار لەکار بترازێ” (جۆرج ئۆروێڵ، ٢٠١٨؛ ل٣٠٧) ئەو دەربڕینانەی پارسۆنز دەرخەی ئەوەن کە ئەم کارێکتەرە، ناتوانێت هزری ئازادیی لە خۆیدا چەکەرە پێبکات، بەڵکوو حەزی لە ژێردەستەییەکی مەحکوومکراوە. بۆ ئەمە هیچ قوربانییەک نادات. ئەم کارێکتەرە بوونێکی ئازاد نییە و ناتوانێت خۆی بڕیاری ئازادانە بدات بەڵکوو هەمیشە لەژێر نیگا و کاریگەریی ڕێبەری گەورەدایە. تەنانەت زەمینە بۆ ئەو ژێردەستییەی خۆشی خۆشدەکات. کاتێک سەبارەت بە پەروەردەی کچەکەی دەڵێت: ”هیچ قینم لێی نییە. بەڕاستی سەریشم پێیەوە بەرزە. ئەمە، ئەوە دەگەیەنێ کە لە پەروەردەکردنیدا درێغیم نەکردووە.” (جۆرج ئۆروێڵ، ٢٠١٨؛ ل٣٠٨) ئەمە بەمانای ئەوە دێت نەک تەنها خۆی بوونێکی ئازادانەی نییە، بەڵکو کچەکەشی خستووەتە ژێرکاریگەریی ئەم تێگەیشنەی حیزب و دەسهەڵات.

دوای ئەوەی وینستۆن سمیت و جولیا لەلایەن دەسهەڵاتەوە دەگیرێن، کە بەشی سێیەمی کتێبەکە بۆ ئەمە تەرخانکراوە. تێیدا بە جۆرەها شێواز سزا دەدرێن و ئەشکەنجە دەدرێن تا لێواری مەرگ. ئەمش بۆ ئەوەی مێشکیان بشۆردرێتەوە لە هەر هزر و خەیاڵێک دژی ڕیبەری گەورە. لە زیندان کە ئیتر ئازادیی فیزیکیی نەما کار لە هزری ئازادییش دەکات. لە سەرەتا، کە سمیت دەگیرێت، هەوڵدەدات بەردەوام بێت لەسەر هزری ئازادیی و بەرگەی هەموو شتێک بگرێت و ددان نەنێت بە هزری حیزب. لەم بەشەدا چەندان گفتووگۆی تێدایە کە جێگەی تێڕامانن. بەتایبەت گفتووگۆکانی نێوان سمیت و ئۆبراین، کە لە زینداندا لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکرد. وینستۆن لەوێشدا هزری ئازادیی هەر هەبوو، بەڵام بەهۆی ئەشکەنجەدانییەوە نەیدەتوانی بەردەوام بێت، تەنانەت لە ژووری ١٠١ دا دەست لە جولیاش بەردەدات و داوا دەکات جولیا سزا بدرێت لە جیاتی ئەو. لە یەکێک لە گفتووگۆکان لەکاتی لێکۆڵینەوە لەنێوان سمیت و ئۆبرایندا، سمیت لەوێش لەسەر یاداشتەکەی سووربوو، کاتێك ئۆبراین دەپرسێت: ”لە بیرتە لە دەفتەری یاداشتەکانتدا نووسیوتە: (ئازادی ئەوەیە کە بتوانی بڵێی دوو و دوو دەکاتە چوار؟)” (جۆرج ئۆڕوێڵ، ٢٠١٨؛ ل٣٢٧) وینستۆنیش دەڵێت: بەڵێ لەبیرمە. لەوکاتەدا ئۆبراین دەستی هەڵدەبڕێت و دەڵیت: وینستۆن چەند پەنجەم نیشاندایت، ئەویش دەڵێ چوار. ئەوجارە ئۆبراین دەڵێت: ”ئەی ئەگەر حیزب بڵێت چوار نییە و پێنجە، ئەوکات چەندە؟” (جۆرج ئۆڕوێڵ، ٢٠١٨؛ ل٣٢٧) وینستۆن دەڵێت: چوار. ئەم بەر هەڵستییە لەسەر ڕاستیی دەرخەری قسەکەی خۆیەتی کە سەربەستی لە شتی بچوکەوە دێت. لەگەڵ ئەوەی لەژێر ئەشکەنجە بوو بەڵام ویستی ئازادیی وای نەکرد وینستۆن بەپێی لۆژیکی حیزب بڕیاربدا و بڵێ پێنج. ئەم گفتووگۆیە بەردەوام دەبێت تا ئەشکەنجەدانی وینستۆن زیاتر دەکەن. هەر بەدەوام دەبێت و دەڵێ چوار. بەڵام دواتر ئۆقرەی دەبێت و دەڵێت پێج. بەڵام ئۆبراین پەی بەوە دەبات کە وینستۆن هزری هەر لای چوارەکەیە. ئازادانە نەیگوتووە پێنج. ئەم ئازاردانە بەردەوام دەبێت تاوەکوو وای لێ دێت وینستۆن دەڵێت: پێنج، حەزەم پێنج ببینم. وینستۆن ئازادانە بڕیاری نەداوە، تەنانەت حەزدەکات ئازادانە بیرنەکاتەوە تا لەم بارودۆخە دەربچێت.

دوابەدوای ئەوەی ماوەیەکی زۆر لە زینداندا دەمێنێتەوە، لە کۆتایدا وینستۆن هەوڵی ئەوە دەدات کە دژی هزری ئازادیی خۆی بووەستێتەوە. ماوەیەک لە جاران باشتر خواردنی پێدەدەن و ئاوی گەرم و جلی نوێشی پێدەدەن تاوەکوو کەمێك هێزی گەڕایەوە بەر و ئەو ددانانەی مابوونی ئەوانیشیان بۆی لابرد و بۆیان کرد بووە تاقمەی ددان. لە ژورەکەی کاغەز و قەڵەمێکی پێدەدە. وینستۆن دەستی کرد بە نووسین و ئەم سێ دروشمە دەنووسێت: ”کۆیلایەتی ئازادییە. دوو و دوو دەکاتە پێنج. خوا دەسهەڵاتە” (جۆرج ئۆڕوێڵ، ٢٠١٨؛ ل٣٦٣-٣٦٤) ئەم سێ درووشمە دەرخەری ئەوەیە حیزب توانیویەتیی لەڕێگەی ئەشکەنجەدانی جەستەیی وابکەن هزری وینستۆن بگۆڕن و هزری ئازادیی لە مێشکی دەربکەن. کۆیلایەتیی ئازادیییە خۆی درووشمێکە دژی ئازادیی و بوونێکی ئازاد، کاتێک مرۆڤ کۆیلە بێت ناتوانێ جەوهەر و هزرێکی ئازادانەی هەبێت. هەروەها، ڕازی بوون بەوەی دوو کۆ دوو دەکاتە پێنج ڕازی بوونە بە لۆژیکی حیزبیی و هەموو ویستەکانی حیزب ئەگەر نا ڕاستیش بن. درووشمی خوا دەسهەڵاتی مانای ئەوە دەدات، کە دەسهەڵات دەتوانێت خۆی وەک خودا نیشانبدات، لۆژیک ئاوەژوو بکاتەوە، وابکات بپەرسترێت و مرۆڤ بکاتە بەندەی خۆی.

لەم ڕۆمانەدا ئازاد بوون زۆر جەختی لەسەر کراوەتەوە بەڵام، ئەنجامەکەی هەر کۆیلە بوونە. واتە حیزب بەسەر هزری ئازادانەی تاکەکەسدا سەردەکەوێت. ئەم ڕەشبینیی و بێئومێدییە بۆ ئەوە نییە مرۆڤ تەسلیمی دەسهەڵاتی تۆتالیتار ببێت، بەڵکوو بۆ ئەوەیە مرۆڤ هەوڵ بدات ئەم هزرە ئازادەی هەیەتی بیپارێرێت تاوەکوو دەسهەڵاتێکی تۆتالیتار سەرهەڵنەدات و هەموو دەسهەڵاتەکەی بۆ زەوتکردنی ئازادیییەکان بێت.

هەڵبژاردن و بڕیاردان: لە ڕوانگەی سارتەرەوە، بڕیاردان و هەڵبژاردن دەبێت بە شێوەیەکی ئازادانە و بەرپرسانە بێت. مرۆڤ کاتێک هەڵبژاردن یان بڕیارێک دەدات نابێت لەژێر بیروباوڕێکی پێشینەیی یان داپڵۆسێنەر بێت. بەڵکوو دەبێت بەپێی بەژەوەندی و چاکەی گشتی بڕیار بدات و بژارە باشەکە هەڵبژێرێت. دەبێت لەم کاتەشدا هەست بەئازادیی بکات و لە دۆخێکی ئازادانە دابێت. لەم ڕۆمانەدا، بەهۆی نەبوونی ئازادیی تاکەکان ناتوانن خاوەن بژاردە و بڕیاری خۆیان بن. بەڵکوو هەموو کات لای دەسهەڵاتی حیزب و ڕێبەری گەورەوە بۆیان دیاریکراوە، بەمەش دەگەین بەو خاڵەی ئازادیی لە بڕیار و هەڵبژاردنی کارێکتەرانی ناو ڕۆمانەکەدا نییە.

وینستۆن سمیت و جولیا، وەک دوو کارێکتەری سەرەکیی ناو چیرۆکی ڕۆمانەکە هەمیشە لەژێر چاودێری و هەژموونی دەسهەڵات بڕیارەکانیان دەدا. وینستۆن بۆ ئازاد بوون بڕیاری هەڵگەڕانەوە لە دەسهەڵاتی ئۆقیانووسیا دەدات. بەڵام دوایی زۆرێک لە بڕیارەکانی لە ئەنجامی نەبوونی ئازادییەوەن، تا دەگاتە ئەو ئاستەی دەستبەردری هەموو شتێک ببێت بە جولیاشەوە. جولیاش کە ئەندامی بزوتنەوەی لاوانی دژە سێکس بوو، وای لێدێت دەست لە هەموو بڕیارەکانی هەڵبگرێت، و دەستبەرداری وینستۆنیش بێت لە پێناو ژیانی خۆیدا.

لەو ساتانەی جولیا و وینستۆن لە پەیوەندیی دان، لە ژوانێکیان جولیا جلەکانی ئەندامی حیزب دادەکەنێت و پشتێنی سوور کە هێمای ئەندامانی دژە سێکس بوو لە پشتی دەکاتەوە، حەزیەیەکی کورت و مکیاژێک دەکات بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە سەر ڕەسەنایەتیی ژنیەتیی خۆی. بە وینستۆن سمیت دەڵێت: ”دەزانی دەمەوێت جاری داهاتوو چی بکەم؟ دەستێ جلی ژنانەی ڕاستی وەگیر بهێنم و لەبری ئەم بەدلە دوابڕاوە بیپۆشم. بیر لەوە دەکەمەوە گۆرەوی ئاوریشم و پێڵاوی پاژنەبڵندیشم هەبن. دەمەوێ دەمەوێ لەم ژوورەدا ژن بم نەک هاوڕی حیزب” (جۆرج ئۆروێڵ، ٢٠١٨؛ ل١٨٨) لە قسەکانی جولیا دیارە بە ویستی خۆی نییە بووەتە ئەندامی حیزب و دژە سێکس، بەڵکوو مەحکوومکراوە بەم شێوازە بێت و ڕەفتار بکات. هەر بۆیەشە ویستی گەڕانەوەی بۆ سەر ژنیەتیی خۆی هەیە. ئەو هەڵبژاردنانە هی حیزبن نەوەک هی خوودی جولیا. ئەمەش ڕوونە کە بەشێوەیەکی ئازادانە ئەم هەڵبژاردنانەیان نەکردووە، بەڵکوو بەسەریاندا سەپێندراوە.

وینستۆن سمیت، بەهۆی ویستی بۆ ئازادیی دوای ئەوەی لەلایەن دەسهەڵاتەوە دەگیرێت، لێکۆڵینەوەیەکی زۆری لەگەڵ دەکرێت، بۆ ئەوەی بیخەنەوە ژێرکاریگەریی و خۆیان. ئۆبراین بە وینستۆن دەڵێت: تۆ بۆ ئەوە لێرەی تا ئاقڵت بکەین. واتە ئەم جارەی هەڵبژاردن و بڕیارەکانت لەژێر هزری ئێمە دەبێت نەوەک ئازادانە بڕیار بدەیت. لەکاتی لێکۆڵینەوە لە ژووری ١٠١ دا، ئەشکەنجەیەک بۆ وینستۆن ئامادەکرا بوو کە دوو جرجی گەورە و برسی لەناو قەفەزێکەوە ئەخرانە سەر ڕوخساری وینستۆن. تاوەکوو ئەوەی بڕیارەکانی پێبگۆڕن دوای ئەو هەموو مانەوەیە لە زیندان و ئەشکەنجەدانە گووتی ڕقم لە ڕێبەری گەورەیە. بۆ گۆڕینی بڕیارەکەی ویستیان ئەم سزایەی بدەن، لە ئەنجامدا وینستۆن بڕیاری دەست بەردار بوون لە جولیا دا، لەژێر ئەم مەترسیانە بڕیاری خۆشویستنی ڕێبەری گەورەشیدا.
وینستۆن گووتی: ”ئەم بەڵایە بەسەر جولیادا بێنن! من نا! جولیا! هەرچی لێدەکەن باکم نییە. دەموچاوی ونجڕونجڕ بکەن، هەموو جەستەی هەڵدڕن. من نا! جولیا! جولیا! من نا!” (جۆرج ئۆروێڵ، ٢٠١٨؛ ل٣٧٦) ئەم بڕیارە و هەڵبژاردنەی وینستۆن بە ئەشکەنجەدانی جولیا ئازادیی تێدا نییە و لەژێر ئەشکەنجە بووە، هەروەها جولیاش هەمان شتی بەرامبەر وینستۆن کردبوو لەکاتی سزادانی. دوای ئازادکردنیان هەردووکیان یەکتریان بینییەوە بەڵام ویستی مانەوەیان نەبوو وەک جاران ئەمەش هەڵبژاردنی خۆیان نەبوو بەڵکوو، دەسهەڵات بەزۆی بەسەریدا سەپاندن.
وینستۆن سمیت، پێشتر ڕقی لە ڕێبەری گەورە بوو، دوای توانی وابکات خۆشی بوێت ئەمەش دوای ئەهەموو ئازارەی چەشتی لە زیندان. لە کۆتا دێری ڕۆمانەکەدا واهاتووە کە وینستۆن: ”بەسەرخۆیدا سەرکەوت. ڕێبەری گەورەی خۆشویست” (جۆرج ئۆروێڵ، ٢٠١٨؛ ل٣٩٢) هەڵبەت بڕیاردانی خۆشویستنی ڕێبەری گەورە بڕیارێکی ئارەزوومەندانە نەبوو، بەڵکوو مەحکوومکرابوو بەوەی دەبێت خۆشی بووێت، واتا هەڵبژاردنێکی تر نەبوو جگە لە خۆشویستنی ڕێبەی گەورە.

نووسەر لەم ڕۆمانەدا، دەیەوێت لەسەر زاری کارێکتەرەکانەوە بڵێت: لە دەوڵەت و دەسهەڵاتی تۆتالیتاردا ئازایی لە بڕیاردان و هەڵبژارن نییە. لە دۆخێکی وادا مرۆڤەکان ناتوانن خاوەنی هەڵوێست و بڕیاری خۆیان بن، بەڵکوو بۆیان هەڵبژێردراوە و لای ئەوانەوە ئاراستە دەکرێن. هەر ئەمەشە وادەکات بڵێین بەگشتی لەم ڕۆمانەدا، ئازادیی هەڵبژاردن و بڕیاردان نییە. بەڵکوو مەحکووم و وابەستەکراون بە بڕیارەکانی دەسهەڵاتی حیزب و دەوڵەتەوە.
ئازادییی خۆشەویستیی: خۆشەویستیی بەبێ ئازادی سەر دەکێشێت بۆ ململانێ. هەر ئەمەیە وادەکات سارتەر ئازادیی بکاتە جنچینەی خۆشەویستێکی سەرکەوتوو. ئەو پێی وایە ئەگەر ئازادیی نەبێت خۆشەویستیییەکی ڕاستەقینە درووست نابێت. هەروەها، خۆشەویستی دابەش دەکاتە سەر دوو جۆر یەکەمیان خۆشەیستیی سادیستییانەیە، دووەمیش خۆشەویسێکی ماسۆشییانەیە. هەردووکیان لە ئەنجامی خستنە ژێرکاریگەریی و نیگای یەکتر درووست دەبن. بۆ ئەوەی خۆشەویستی نەکەوێتە ناو ئەم دژواریییەوە، سارتەر ئازادیی لە خۆشەویستیی بە چارەسەر دەزانێت. لەم ڕۆمانەدا، چەند جۆڕێکی خۆشەویستیی تێدایە، وەک: خۆشەویستییی بۆ حیزب، سەرۆک و وڵات. خۆشەویستییی بۆ ڕەگەزی بەرامبەر …تاد. ئەم خۆشەویستیانە هیچیان لە فەزایەکی ئازادانەدا نییە هەربۆیە دەکەونە ململانێ و تەنگەژەوە.

خۆشەویستیی نێوان وینستۆن و جولیا خۆشەویستیییەکی ئازادانەیە. ئەم دووانە دوای یەکتر ناسین و پەیوەندی بەستن لە دۆخێکی تەواو داپڵۆسێنەردا، خۆشەویستێکی ئازادانە درووست دەکەن. هیچ کامیان ئەویتر ناخاتە ژێر نیگا و هەژموونی ئەویتر، تا کۆتاییش کە لەیەکتر دادەبڕێن بە شێوەیەکی وا قسە لەگەڵ یەکتر ناکەن کە قین لە دڵبن بەرامبەر یەکتر. لە یەکەم ژوانیاندا، دوای تەواوکردنی سێکس، وینستۆن لە جولیا دەپرسێت و ئەویش وڵام دەداتەوە: ”پێشوتر ئەم کارەت کردووە؟
بێگومان سەدان جار – یا، بەهەرحاڵ بیست-سی جار.
لەگەڵ ئەندامانی حیزبدا؟
بەڵێ هەموو جارێک لەگەڵ ئەندامانی حیزبدا” (جۆرج ئورێڵ، ٢٠١٨؛ ل١٦٤)
دوای درکاندنی ئەم ڕاستییە وینستۆن دڵی لە جولیا ناڕەنجێت، چونکە بەمە دەزانێ کە ئەندامانی حیزب لە ناوخۆیاندا لە پێشێلکردنی بنەما حیزبییەکانی خۆیانن. هەر ئەمەیە واکات وینستۆن دڵخۆش بێت و بە جولیا دەڵێت: ”گوێ بگرە، چەند پیاو سواری خۆت کردبێ، هێندە زیاترم خۆش دەوێی، تێدەگەی؟” (جۆرج ئورێڵ، ٢٠١٨؛ ل١٦٤) بەهۆی ئەوەی خۆشەویستییەکەیان لەسەر بنەمایەکی ئازادانە و ویستی خۆیان بوو، یەکتریان نەدەخستە ژێر بڕیارەکانی یەکتر و خۆیان بەسەر یەکتردا نەدەسەپاند. لە کردار و گوفتارتاندا ئازادیی هەبوو و ڕاستییەکەیان بەیەکتر دەگووت. هەروەها هۆکاری سەرەکیش کە وینستۆن وای گووت ئەوە بوو، تێگەیشتبوو حیزب دەبێت لە ناوەخۆی گەندەڵ بێت و هەرەس بهێنێت.
ئەم دووانە تەنها خۆشەویستییان لە نێوان بوو لەسەر ئەو بنەمایەش هەڵسوکەوتیان لەگەڵ یەکتر دەکرد. نەک لەسەر بنەمای ژن و مێرد یان هەر پرەنسیپێکی یاسایی یان کۆمەڵایەتیی یاخود دینیی. ئەم ئازادییە لە هەڵبژاردنی خۆشەویسیی بۆ کەسێک وادەکات بەئاسانیی وازی لێنەهێنی. وینستۆن، لە ئازار و ئەشکەنجەشدا تا توانای هەبوو لە بیری جولیا بوو. خۆشەویستی ئەم دوو کارێکتەرەی ناو ڕۆمانەکە تەواو ئازادانە بوو لە باودۆخێکی تەواو نا ئازاد و پڕ دسپلیندا، ئەم جۆرە خۆشەوستیییە لە نێو ئەم دووکارێکتەوە بەرجەستە بووە.

دەسهەڵات دەیویست هەرچی خۆشەویستیییە بۆ ڕێبەری گەورە و حیزب بێت، بەدەر لەوە جێگەی قبوڵ نەبوو. ئەو خۆشەویستییەی حیزب دەویست بۆ ڕێبەری گەورە، لە دیدی سارتەردا دەچێتە چوارچێوەی خۆشەویستیی سادیستییانە، چونکە ئازادیی لەم خۆشەویستییەدا بوونی نییە. بەڵکوو بەسەریدا سەپێندراوە. هەر ئەمەیە وادەکا وینستۆن ڕقی لە حیزب و ڕێبەری گەورە بێت. چونکە ئازادییان لێ زەوتکردووە. تەنانەت دوای چەندین مانگ لە زیندن و ژێر ئەشکەنجە پێش ئەوەی بیبەن بۆ ژووری ١٠١ لە وڵامی ئۆبرایندا دەڵێت ڕقم لە ڕێبەری گەورەیە. بەڵام دوای وای لێدەکەن بەزۆر ڕێبەری گەورەی خۆش بووێت. لە کۆتا پەرەگرافی ڕۆمانەکەدا جۆرج ئۆروێڵ ئاوا وێنای خۆشەویستیی وینستۆن سمیت دەکات بۆ ڕێبەری گەورە؛ ”چاوی بڕییە سیما دێوئاساکە. چل ساڵی خایاند تا تێگەیشت چ بزەیەک لە ژێر ئەو سمێڵە ڕەشەدا شاردراوتەوە. ئای لەو دڵپیسییە و ئای لەو ستەمکارییە نا پێویستە! هەی ملهوڕی لەدەست خۆشەویستی سەرهەڵگرتوو! دوو دڵۆپ ئەشک کە تێکەڵاوی بۆنی جن بوون بەگۆنایدا هاتنە خوارێ، بەڵام هەموو شتێ لە جێی خۆیدا بوو. ململانێ کۆتایی هات. بەسەر خۆیدا سەرکەوت ڕێبەری گەورەی خۆش ویست.” (جۆرج ئۆروێڵ، ٢٠١٨؛ ل٣٩١-٣٩٢) لە کۆتاییدا حیزب سەرکەوتوو دەبێت لەوەی کە وینستۆن بخاتە ژێر ڕکێفی خۆی و ڕێبەری گەورەشی خۆش بوێت. بەڵام ئەمە خۆشەویستێکی ئازادانە نییە، بەڵکوو بەسەردا سەپێندراوە.

دەرئەنجام: لەم ڕۆمانەدا، نووسەر وستوویەتی ئازادیی بکاتە بابەتی سەرەکی بەڵام، بە ئازاد بوونی کارێکتەرەکان کۆتایی نایەت. هەر ئەمە وادەکات هەستێکی ڕەش بینیی و نا ئومێدانە لە ڕۆمانەکەدا بەدەر بکەوێت لەبەرامبەر دەسهەڵاتە ستەمکارەکان. بە گوتەی خودی نووسەر ئەمە ئاگادارکرنەوەیە بۆ مرۆڤ تاوەکوو پارێزگاریی لە ئازادییەکەیان بکەن گەینا ڕەنگە لە هەرکاتێک بێت دەسهەڵات ببێتە دکتاتۆر بەسەر گەلەکەیدا. نووسەر لە ڕێگەی هەردوو کارێکتەرەکە وینستۆن سمیت و جولیا بەرجەستەی خواستی ئازادیی لە مرۆڤدا وێنا دەکات. هەرەها، لاینگرانی حیزب و ڕێبەری گەورە وەک لەناوبەری ئازادیی و دەسهەڵاتێکی تۆتالیتار وێنا دەکات، کە چۆن لە پێناو سەرۆک و حیزب ئازادیان نەهێشووە و ژیانێکی دەدەسەریان بۆ بۆ گەل دروستکردووە. لە ڕێگەی دامەزراوەکان و تەکنەلۆژیاوە هەموو خەڵکیان خستۆتە ژێر چاودێری خۆیان.
لەم ڕۆمانەدا، هەموو شتێک داگیرکراوە و ئازادیی لێ دابڕاوە. هەر ئەمەشە وادەکات کارێکتەرەکان هەست بە ئازادیی نەکەن و هەڵبژاردن و بڕیارەکانیشیان پەیوەستە بەو دۆخەی حیزب درووستیکردووە. ئەو ڕووحە ئازادەی بەدوای هەناسەی ئازادییدا دەگەڕێت، لە کۆتاییدا لەناو دەبرێت. ئەمەش هەڵگری ئەو پەیامەیە کە سیستەمە تۆتالیتارەکان لە دەستی کەسێکی دیکتاتۆردا بێت، هەموو ئازادییەکان لەناو دەبات لەپێناو دەسهەڵات و مانەوەی خۆیدا. هەربۆیە، بۆ ئەوەی مرۆڤ ئازادی لێزەوت نەکرێت دەبێ بەرگریی لە ئازادیی بکات، چونکە بوون بەبێ ئازادیی ناتوانێ مانا بە جەوهەری بوونایەتیی خۆی بدات؛ مرۆڤ و ژیان بەبێ ئازادیی لە مانا دەکەون.

ئاسۆس ساڵح


لیستی سەرچاوەکان:
_ جۆرج ئۆروێڵ، ١٩٨٤، و: حەکیم کاکەوەیسی، چاپی سێیەم ٢٠١٨، چاپخانەی ئەندێشە.
_ ت. ز. لاڤین، لە سوقراتەوە تا سارتەر، و: ئارام مەحمود ئەحمەد، فەلسەفە بۆ هەمووان، چاپی یەکەم ٢٠١٧، چاپخانەی حەمدی.
_ مهیرداد میهرین، قوتابخانە فەلسەفییەکان، و: سیدۆ داود عەلی، چاپی یەکەم ٢٠٠٩، چاپەمەنی گەنج / سلێمانی.
_ کۆمەڵێک نووسەر، بوونگەرایی ڕێبازێکی فکری و فەلسەفی، و: کۆمەڵێک وەرگێر، ساڵی چاپی یەکەم ٢٠١٦، چاپخانەی سەردەم _ سلێمانی
_ مۆریس کرانستۆن، سارتەر لە نێوان فەلسەفە و ئەدەبدا، و: سامان عەلی حامید، چاپی یەکەم ٢٠٠٨، چاپەمەنی گەنج / سلێمانی.




ئێمە لە بریتانیا لەبەردەم جەنگی هەمە جۆرەداین … زاهیر باهیر

مەترسی کۆرۆنا بۆ ئەم سەرەدەمەی ئیستا کەسەردەمی پێشکەوتوترین تەکنەلۆجیا و زانستە ، مەترسییەکی یەکجار گەورەیە و هیچ کەسێكمان چاوەڕوانمان نەدەکرد کە بەم شێوەیە یەخەمان بگرێت. ئابووریمان داڕمێنێت، ژیانمان لێهەراسان بکات ، خوشەویسستمانمان لێببات ، پەیوەندی کۆمەڵایەتیمان کۆتا بکات، بڕوا و متمانەمان بە خۆمان و بە زانستیش ئاوا لەق بکات.
ڕووداوەکان بە پەلە دێن و دەڕۆن، بڕیارەکانیش لەوان بە پەلەتر دەدرێن، ترس و نیگەرانی خەڵکیش خراپتر کارایی خۆیان دادەنێن، ژیانمان بارگران دەکەن، دەروونمان شێواوتر دەکەن.
ئێمە لە بریتانیا نەك هەر لەبەردەم جەنگی ڕووبەڕووبونەوەی کۆرۆنەداین، بەڵکو لەبەردەم جەنگی سایکۆلۆجی حکومەتیشداین، کە بەردەوام لە دەماندنی هەمانەی پڕ لە ترساندنی خەڵکی و دڵەڕاوکێدایە. هاوکاتیش لەبەردەم جەنگی بژێوی و مانەوەمانداین، گەر کار وەکو ئەم هەفتەیە بڕوات و کەمەپەینی ترساندنی خەڵکی هەر بەردەوامبێت، بە تایبەت لە لەندەن دەبینین خەڵکی لەبەر بێ نانیی، بێ بوونی کەرەسەی پێداویستیی بە هەموو چەشنەکانیییەوە، بەدیارچاومانەوە، دەمرن. ئای کە سوێیەکی سەختە، ئای کە دیمەنێکی لە یاد نەچوو و هاوکات خەمناکە.
ئەوەی کە زیاتر کارایی دەروونیی و نیگەرانیی تاك و کۆمەڵایەتی دروستکردووە، خودی هاتنی کۆرۆنا نییە ، بەڵکو هەنگاوەکانی حکومەتە کە دەینێت، گفتار و کردار و بڕیارەکانێتی کە دەیدات، کە کەمپەینی بەردەوامی تۆقاندنە. بەمەش کە دەیکات تا ئێستا دوو دەستکەوتی بەدەستهێناوە: توانیوێتی کۆنترۆڵی خەڵکی بکات ، هەروەها خەڵکی وابەستە بە دەوڵەت بکات.
‘تۆنی بێن’ کۆنە پەڕلەمانتاری بریتانیا و چەپ و سۆشیالیستی بەناوبانگی ئەم وڵاتە لە یەكێك لەو 10 خاڵە گرنگەی کە وتوونی، ئەمە یەکێکیانە” ” وا تێدەفکرم کە دوو ڕێگا هەیە کە خەڵکی پێ کۆنترۆڵدەکرێت، یەکەمیان تۆقاندن و ترساندنی خەڵیکیی ، دووەهەمیان، تێشکاندن یاخود وێرنکردنیان”.
لە ڕاستیدا ئێمە تۆقێنراوین و ئەم تۆقینەش سەرەنجام تێکماندەشکێنێ و دوای کارەساتی کۆرۆنا گەر بەخۆماندا نەیەینەوە، دەبێت شوکرانەبژێری دەوڵەت و خاوەنکاربین و بە هەموو شتێك ڕازیبین هەر لە کرێ و موچەی کەمەوە، کەمبوونەوەی مافەکان و ئازادییەکانمان و مەرج و بەندی خراپی سەرکارمان تا دەگاتە زۆری تر.
نکوڵی لەوە ناکرێت کە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە دوای سەردەمی جەنگی جیهانی دووهەمەوە مەترسیدارترین ڤایرۆسە. ئەوەشی کە وای لێکردووە لە بریتانیا مەترسیدار بێت ئەوەیە کە 10 ساڵ زیاترە حکومەتی موحافیزین بە بیانوی قەیرانی ئابوورییەوە کە وەکو پاساوێکی سیاسیی، سیاسەتی دەستگرتنەوەیان [ تەقەشوف] بەسەرمان سەپاندوە. ئەمەش کارایی خراپی لەسەر بەشی تەندروستی ئەم وڵاتە بە خراپی دروستکردووە، هەر لە تەرخاننەکردنی پارەی تەواو و بەتایبەتیکردنی هەندێك لە بەشەکانی لە کەرتی دەوڵەتییەوە و ڕێگادان بە دکتۆرە باشەکان کە نیوەکار کاربکەن و نیوەی دیکە لە کلنیکە یا خەستەخانە ئەهەلییەکانا، بڕی نەخۆشی زۆر کە بەشێکی بەهۆی نەدارایی و نەبوونی پارەی تەواو بۆ خۆپاراستن لە سەرما و گەرما و تد تا ڕادەی گۆڕینی یاسای بەشی تەندروستی کە لەتەك ستاندەری ڕێکخراوی تەندروستی جیهانا نایەتەوە. لەمانەش زیاتر هاتنەدەرەوەمان لە یەکێتی ئەورپا کە دڵەڕاوکێیەکی زۆری بۆ دکتۆر و نێرس و کارمەندەکانی تری کە لە وڵاتانی دیکەی ئەوروپاوە هاتوون، دروستکرد زۆربەیان ناچارکران کە بەجێمانبهێڵن و بچنەوە بۆ وڵاتانی خۆیان. ئەمانە هەمووی وای کرد کە ئێـە نوقسانی 50 هەزار نێرس و 5 هەزار دکتۆرمان لە بەشی تەندروستیدا، لە ئێستادا هەیە.
بەم جۆرە بەشی تەندروستی لێرە نە ئامادەکاری و نە دەرمانی تەوا و نە قەرەوێڵەی کافی و نە ئامراز و جیهازەکانی کە لە ئێستادا زەروورن ، هیچیانی نییە. ئەمە جگە لەوەشی کە تا ئێستاش دکتۆر و نێرس و کارمەند و کرێکارانی پاککەرەوەی بیناکان کە بەرەی پێشەوەی ئەم جەنگەن پشکنینی [ تێست] ئەم پەتایەیان بۆ نەکراوە. ئەمەش تاوانە کە کاتێك دکتۆرێك ، نێرسێك چارەسەری تووشبووان دەکات کەچی خۆی لە هەبوونی ئەو پەتایە دڵنیا نەبێت!! لە دڵەڕاوکێ و نەبوونی متمانە بەخۆیدا، بێت.
هۆکاری نەپشکنینیش تەنها بڕی پاەیە کەهەر پشکنینێك 20 پاوەندی تێدەچێت. ئەمەش بە دەوری خۆی بواری دروستکردنی پارەیەکی خەیاڵی بۆ کلینک و خەستەخانە ئەهلییەکان ڕەخساندوە، کە ئەوان ئەم هەلەیان قۆستۆتەوە کە لە بەرانبەر 250 پاوەند تا 370 پاوەند ئەوان ئەم پشکنینیە دەکەن.
ئەمە بێ لەوەی تا ڕادەیەك لە دوێنێوە ، 21/03 ، ژیانیان لە لەندەندا وەستاندووە بە داخستنی باڕ و نادی و کۆفی شۆپ و چێشتخانە و سینەما و شانۆ و یانەکانی وەرزشکردن و مەلەکردن و تد . ئەوە ڕاستە کە دەوڵەت پێرێ، 20/03 ، بریاری دا ئەوانەی کە لەو بەشانەدا کاردەکەن لە سەدا 80 موچەکەیان وەردەگرن کە خودی ئەمەش ئینگلیز پێی دەڵێت، Pay cut ، واتە موچە/کرێ بڕین بە ڕێژەی لە سەدا 20 کە لە کاتێکدا کرێکاران و هەژاران هیچ ڕۆڵێکیان لە ڕوودانی ئەم ئافاتەدا، نەبووە.
هاوکاتیش لەم بڕیارەی حکومەتدا شتێکی بۆ ئەوانەی کە بە بێ عەقد کار دەکەن [ زیڕۆ کۆنتراکت ] کە زیاترن لە 600 هەزار، هەروەها ئەوانەی کە بزنسی بچوک یاخود کار بۆخۆیان دەکەن، تێدا نییە ئەمە جگە لە بارودۆخی زیاتر لە 5 ملیۆن خانەنشینکرا و زیاتر لە 3 ملیۆن منداڵ کە لە هێڵی برسێتیدا دەژین.
ئەو بڕیارە کە دەوڵەت دوێنێ دای لەبەر چاوی کاڵی کرێکاران نەبوو بەڵکو لەبەر دانەڕمانی ئابووریی بوو کە یارمەتی خاوەنکار و خاوەنکارگەو کۆمپانیاکانی دا. چونکە گەر هەموو ئەم کرێکارانە بێ پارە و موچە بچنەوە ماڵەوە ناتوانن بژین و دواتر زەمینە بۆ هاتنە سەر شەقامی خەڵکی و تێكشکاندنی هەرچی هەیە لە بینای دەوڵەتی و کۆمپانیا و بانق و بوغازەی گەورەی خواردن و کەلەوپەل و بردنی هەرچی تیادا بێت، کە لەم زروفەدا زۆر ئەستەم دەبێت بۆ دەوڵەت کە بتوانێت ئاسایش بۆ ناو شار بگێڕێتەوە و هاوکاتیش مولزەم دەبێت بە قەرەبووکردنەوە.
هەرچی بزنسە زەرەر ناکات ڕەنگە قازانج و سوود بێتە خوارەوە بەڵام ئەوەتا دەوڵەت 330 ملیار دۆلاری بۆ تەخانکردون، باجی لەسەر هەڵپەساردوون ، بڕێك پارەی کرێکارەکانیان بۆ دەدات، خۆشیان لە دائیرەی تەئمین شتێك پارە وەردەگرنەوە.
لە نانی ئەم هەنگاوەدا حکومەتیش بە ڕۆلی خۆی قازانج دەکات هەم بزنس و هەم بڕێك لە کرێکارانیش رازیدەکات و خۆی شیریندەکات و هەڵبژاردنی داهاتووش مسۆگەر دەکات. لە لایەکی دیکەشەوە کار لەسەر دابڕینی پەیوەندی خەڵکی دەکات کە بە هێچ شێوەیەك نەچنە دەرەوە و لە ماڵەوە بن مەگەر کاری یەکجار زەرووریان هەبێت، ئێمەشی ئاوا ترساندووە کە گەر دراوسێیەکت پێویستی بە یارمەتی تۆ بێت ، نە هەموو کەسێك ئامادەیە بچێت بە دەمییەوە نە هەموو دراوسێیەکیش متمانە بە یارمەتیدەرانی دەکات لە ترسی ڤایرۆسەکە، نەبا بۆی بەریت .
لەمانەش ترسناکتر ، کە رەنگە لە هەفتەی داهاتووە بێت، قەدەخەکردنی خەڵکییە هەر لەژێڕ بیانوی کەمکردنەوەی مەترسیی ڤایرۆسەکە و یارمەتی دانی بەشی تەندروستی. کە خەڵکی ناچارە بیگرێتە بەر چونکە ئەمان زەمینەسازییان هەفتەیەکە بۆ ئەمە کردووە بە وتنی ئەوەی کە ئەم دەردە تاکو بەهاری ساڵی ئایندە دەخایەنێت ، 4 کەس لە 5 کەسی ئەم وڵاتە تووشی دەبن کە بە ڕێژەی سەدی لە سەدا 80 ی دانیشتوانی بریتانی، لە 5 کەس 4 کەس بە ژمارەش 7.9 ملیۆنیان داخڵی خەستەخانە دەبن، ئەگەریی ئەوە هەیە ژمارەی قوربانییان لە نێوانی 318،660 و 531،100 کەس بن. ئایا شتێکی دیکە دەمێنیت کە لەمە زیاتر نیگەرانت بکات، بتتۆقێنێت، بێ وررەت بکات ڕادەستی تەنهایی و بێ چارەیی و بێ کەسییی بێ ئومێدیت بکات؟
ئەوەی کە دەوڵەت هەوڵی بۆ نەداوە، بچوکترین ئامادەکاریی بووە لە بەرانبەر ئەم پەتایەدا کە 3 مانگە لە ئارادایە : لەوانە هیچ جۆرە سوودێکی لە ئەزمون و توێژینەوە و زانیارییەکانی چین وەرنەگرت، تا ئێستا دەمامك و دەسکێش بۆ کارمەندانی خەستەخانە نییە، دەرمانی تەواو نییە، ماشێنی یارمەتیدانی ژیانەوەی سییەکان کەمە، پێشوەخت کۆنتراکتێك لە تەك هەندێك ئوتێلدا نەکراوە بۆ کردنی بەشێکیان بە خەستەخانە گەر پێویستی کرد ، یارمەتی شارەوانییەکان بە بڕێکی زیاتر پارە نەکراوە کە ئەوان یارمەتی کەسانی پەککەوتە و پیر و منداڵان کە پێویستیان بە پێداویستی تەواو هەیە…تاکو شتێك ئەرك لەسەر خەستەخانەکان، کەمببێتەوە . لە مانەش گرنگتر لە 3 ساڵی ڕابووردووە 50 هەزار نێرس و 5،500 دکتۆر خانەنشینکراون و یاخود کاریان لە بەر فشار و باری تەندروستییان بەجێهێڵاوە ، حکومەت لە دوێنێوە، 21/03 وە داوایان لیدەکات کە بگەڕێنەوە ” بەشی تەندروستی پێویستی پێتانە” . کاتێك کە ئەمانە نەکراون کەچی هێشتا بێ ئابڕوانە لەبری هێنانەوەی پۆزش و بەڵێندان بە کردنی هەموو شتێك و دڵنەواییکردنمان ، دێن دەمان تۆقێنن تاکو تێمانبشکێنن .
سەرەڕای ئەمانەش، ئێمە لەژێر هەرەشەی نەبوونیشداین، نەبوونی نان و سەوزە و میوە و وشکەداین، گەلێك لە سوپەرمارکێتەکان ڕەفەکانیان بەتاڵە ئەوەشی کە هەیە بڕێك دانراوە کە ناتوانیت لەوە زیاتر بکڕیت، شیر و پەنیر و گۆشت و ماسی و هەندێك خواردنی دیکە لە قەیراندان. لەو لاشەوە کێڵگەوانەکان و خاوەنکێڵگەکان باڕەیا لێ هەستاوە کە دەرەقەتی بازاڕ نایەن بە هۆی ئەو تۆفان و زریانەی کە ئەمساڵ بووە ئێستاش بە هۆی کۆرۆناوە کە لە وەرزی بەرهەم ڕنین و کۆکردنەوەیدا هاتنی 60 هەزار کرێکار لە وڵاتەکانی دیکەوە، لەدەستدەدەن. هەر بە گوێرەی راپۆرتێکی دیکە، کێڵگەکان زیاتر لە 80 هەزار کرێکاریان دەوێت ئەمانە لە کوێوە بهێنن؟!! بۆیە لاتان سەیر نەبێت کە کۆمەڵەی کێڵگەوان و خاوەنکێڵگەکان داوا لە دەوڵەت دەکەن کە ” سوپای زەوییان” بۆ بنێرێت ، واتە سەرباز بنێرن بۆ کارکردن لە زەوییەکان.
جگە لەوەی سەرەوەش بەهۆی سیاسەتی ئابوری لیبراڵ و بازاڕ و گڵۆبەلایزیشنەوە و گۆڕینی کەش و هەواوە لە بریتانیا ساڵ بەسەڵ بەرهەمی کشتیاری و کێڵگەکانی ئێرە لە کەمبوونەوەدا دەبێت. لەم بارەشدا بازاڕ متمانە دەکاتە سەر بەرووبوومی هاوردە لە ولاتانی وەکو ئیسپانیا و یۆنان و تورکیا و ئەفەریقاوە ئەمەش بە هۆی دەردی کۆرۆناوە گرفتێکی گەورەی دروستکردووە کە ئێستا بەشێك لەو وڵاتەنە یا خۆیان توشی ئەو دەردە بوون یاخود لە چاوەڕاونیی هاتنی ئەو ئافاتەدان.

زاهیر باهیر
22/03/2021
Zaherbaher.com




ناساندنێک بۆ ڕۆمانی کەوتنی ئاسمانەکان … هۆشیارجەمال

ئەم ڕۆمانەی نووسەر و ڕۆماننووس (جەبار جەمال غەریب) یەکێکە لە ڕۆمانە هەرەجوانەکانی ناو ئەدەبی کوردی.  

 ساتەوەختی ڕووداوەکان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی یەکێک لە جەنگە دیارەکانی ناوچەکە، ئەویش جەنگی ٨ ساڵەی نێوان عێراق و ئێرانە. کەمن نامەوێت قسە لەسەرکۆی ڕووداوەکانی ناو ڕۆمانەکە بکەم و بۆخوێنەری بەجێ دەهێڵم.
 نووسەر زۆر ورد کاری لەسەر ئەوە کردوە کە چۆن ئەم جەنگە لە ڕوکەشدا و بەپێی گێڕانەوەی مێژوو تەنها باس لە ژمارەی قوربانی و جۆری جەنگ و ساڵانی شەڕ و ڕۆڵی زلهێزەکان دەکرێت، بەڵام جەبار جەمال غەریب لەم ڕۆمانەدا بەزمانێکی ئەدەبی کاری لەسەر ئازارەکانی جەستە و دەروونی مرۆڤەکان کردووە کە چۆن جەنگ ژیانی لێ تێکداوە. خێزانەکانیان پەرتەوازە بوون و لەبەر یەک هەڵوەشاونەتەوە.
بەشێکی زۆری شوێنی ڕووداوەکان شاری سلێمانیە لە باشوری کوردستان کە نووسەر وەک جوگرافی ناسێک ناوی زۆربەی گەڕەکەکان دەهێنێت. سەرباری ئەوەی کرۆکی ڕۆمانەکە جەنگە و کاریگەریەکانی جەنگە، بەڵام باسی دیارەکانی ئەم شارە دەکات وەک جیاواز لەشارەکانی تر کە گرنگترینیان دیاردەی شەڕەگەرەکە لە نێوان گەنجەکانی شارەکەدا. لێرەوە تێدەگەین کە ئێمەی تاکی کورد چەند لەبازنەیەکی دیاریکراودا بیردەکەینەوە. ئەمە دۆخی شاری ڕۆشنبیری بووه کە گەنجەکانی ئەو کات زۆربەیان کاریگەر بوون بە ئایدیا نوێکانی ئەو کات وەک چەپ و ناسیۆنالیست و حیزبەکوردیەکان کە ئەو دەمە لەشاخ بوون. 

ئەم گەنجانە لەبری ئەوەی کۆڕی ڕۆشنبیری و کتێب چالاکی ڕۆژانەیان بێت، بەشێکی ژیانیان بە شەڕە گەرەک بەسەر بردووە!




عوسمانییەکان و مێژوویەک لە تاوان و بێڕەوشتییان … رەزا شـوان

گەر بە مێژووی دەوڵەتی عوسمانی ئیمپریالیزم و بە مێژووی سوپای دڕندەی تورکیادا بچینەوە، ئەو راستییەمان بۆ دەردەکەوێت، کە دەوڵەتی عوسمانی لە دروستبوونیەوە تا رووخاندنی، لەسەر بنەمای کوشتن و سەربڕین و خوێنڕشتنی بێتاوانان و داگیرکردن و سووتاندن و ێرانکردن و دزی و تاڵانیکردن و دەسترێژی و لاقەکردنی کچان و ژنـان و بڵاوکردنەوەی تـرس و تۆقانـدن و بە دەربەدەرکردن و بە راگواستنەوی زۆرەملێی خەڵکی رەسەنی ئەو شار و وڵات و شوێنانەی کە داگیریان دەکردن، دروست بوونە.
دەوڵەتی عوسمانی یەکەمین دەوڵەتی تیرۆریستییە لە جیهاندا. داعشی تیرۆریستیش کە لە لایەن تورکیا و قەتەرەوە دروست کرا، درێژەیان بە هەمان بەدڕەوشتی و بە کردەوە قێزەوەن و تاوانەکانی دەوڵەتی عوسمانی دەدا.. خوێنڕشتن و سەربڕین و دەسترێژی و بێڕەوشتی و دزی و تاڵانیکـردن و بڵاوکردنەوەی ترس و تۆقانـدن لەوانەوە فـێربوون.
دروشمی عوسمانییەکان ئەمە بوو (بسووتێنە، تاڵانکە، وێرانکە، رابویرە، بکوژە) هەر شار و وڵاتێکیان داگیربکردایە، بۆ چاوشکاندنی خەڵکییەکەی و بڵاوکردنەوەی ترس و تۆقاندان، بە هەزاران کەسی سڤیل و بێتاوانیان دەکوشت، تەنانەت دەستیان لە منداڵانی نێو لانکیش نەدەپاراست. دەسترێژیان دەکردە سەر کچان و ژنان، ئینجا ئەو وڵاتانەیان تاڵان دەکردن و وێرانیان دەکردن.. سووکایەتییان بە خەڵکەکەی دەکرد و بە چاوێکی زۆر سووکیشەوە لێیان دەڕوانین. بەشێکی زۆریشیان بە زۆرداری دەربەدەر دەکردن.
ئەم بەدڕەوشتی و بێڕەوشتی و نامەردی و تاوانە قێزەوەنانە تا ئەمڕۆش سوپای دڕندە و رەگەزپەرست و خوێنڕێژی تورکیا درێژەی پێدەدەن.. چونکە ئەو خەسڵەت تاوانانە و کارە قێزەوەنانە بوونە بە بەشێک لە کەلتووری بۆگەنیان و بە بەشێک لە ئایدۆلۆژیای رەگەزپەرستی و دەمارگیرییان.. تۆرانییەکان تا ئەمڕۆش جگە لە تورک دان بە بوونی هیچ نەتەوەیەکی تردا نانێن و بە شایەنی ماف و ژیان و مانیان نازانن.. بە داخەوە کە نەوەکانی ئەمـڕۆشیان بە هەمان ئایدیا و کولتووری بۆگەن گۆش و پەروەردە دەکەن. ئەمەش بڕیارێکی فەرمی کەماڵ ئەتاتورکی رەگەزپەرستی گوڕبەگۆڕ بوو، کە لە ساڵی (١٩٢٣) دا، کۆماری تورکیای فـاشستی راگەیانـدا، ئەو بـڕیارە رەگەزپەرستییەشی دەرکرد، کە لە تورکیادا، جگە لە تـورک هـیچ نەتەوەیەکی تر بوونیان نییە، سەرکردە یەک لە دوای یەکەکانی تورکیا، تا دەگاتە ئەردۆگانی رەگەزپەرستیش، لەسەر هەمان ئەو ئایدییە بۆگەنە رەگەزپەرستییەی ئەتاتوک روێشتوون و دەڕۆن و جگە لە تورک دان بە هیچ نەتەوەیەکی تردا نەنـاون و نانێن.. دەیانەوێت نەتەوەکانی تر ژینوسایـد بکەن یان لە بۆتەی نەتەوەی تورکدا بیان توێننەوە.. بۆ هێنانەدیی ئەم نیازە گڵاوەیان
کۆمەڵکوژیان لە ئەرمەنییەکان و لە ئێمەی کورد و لە یۆنانییەکان و لە ئاشوورییەکان کـردن. هەوڵی تیرۆرکردنی زمان و کولتوور و داب و نەریت و بەهاکانی ئەم گەلانەیان دا و دەدەن.. ئەمڕۆش درێـژە بە هەمان سیاسەت و ئایـدیای رەگەزپـەرستی دەدەن.
بە داخیشەوە کە نەوەکانیشیان، بە رەگەزپەرستی و توندڕەوی و دەمارگیری کوێرانە و بە رقی رەش و بە دژایەتی کردنی نەتەوەکانی تر، بە تایبەتیش دژایەتیکردنی نەتەوەی کورد گـۆش و پەروەردەیان دەکەن و رایان دەهـێنن.
سەرتاپای مێژووی دەوڵەتی عوسمانی، میژوویەکی بۆگەنە پڕە لە خوێنڕشتن و کوشتن و وێرانکردن و تاڵانیکرن و بێڕەوشتی و دەستدرێـژی و نامەردی و تاوانی قـێزەوەنن. ماوەی حوکمڕانی عوسمانییەکان، پەڵەیەکی رەش و قێزەوەن و شەرمەزاری تا هەتایە بە تەوێـڵی عوسمانییەکان و بە تورکیای میراتگرییانەوە، لە ئەتاتورکی رەگەزپەرستی گۆڕبەگۆڕیشەوە تا دەگاتە ئەردۆگانی سیکۆپاتییەوە.. ئەوەی کە پێی دەڵین مرۆڤایەتی و رەوشت و بەزەیی، لای عوسمانییەکان و لای سوپای تورکیادا بوونیان نەبووە و نین.
باسکردن لە کوشتن و لە تاوان و لە کارە قێزەوەنەکانی دەوڵەتی عوسمانی کە بەرانبەر بە گەلانی، ئەرمەنی و یۆنانی و عەرەب و کورد و رۆم و ئاشوورییەکان ئەنجامیان داون، هێندە زۆرن، باسکردن لێیان بە دەیان پەرتووکیش کۆتاییان نایەت.. گەرچی تا ئێستا، چەندین پەرتووک لە بارەی تاوانەکانیانەوە دەرچوون، بەڵام هێشتا زۆر کەمن.
ئێمە لەم نووسینەماندا، بە کورتی و بە چڕی، وەکو نموونە، ئاماژە بە هەندێ لە تاوان و کارە بێڕەوشتی و قێزەوەنەکانی سوڵتان و پاشا و سۆپای دڕنـدەی تورکیا دەدەیـن:
لە کۆشکەکانی سوڵتانەکانی عوسمانیدا، لە ئیستانبوڵ، پـڕبوون لە کەنیزەی جوان و لە خزمەتکار و لە کۆیلە.. رابواردنی سوڵتانەکانەکان لەگەڵ کەنیزەکاندا، کارێکی قێزەوەنی بە ئاشکرا بوو، باو و بڵاوبوو لە نێویاندا. لە کۆشکی سوڵتانەکاندا گەورە فەرمانبەرێک هەبوو بە ناوی (ئاغای خەساندن) کە لە دوای سوڵتانەوە، پێگە و پایە سێیەمی هەبوو. ئاغای خەساندن، بەرپرس بوو لە خەساندنی هەموو پیاوە خزمەتکارەکانی نێو کۆشکی سوڵتانی.. ئەمەش تاوانێکی سێکسی بوو دەرهەق بە کەسانێکی بێتاوان و بێدەرەتـان.
خاتوو (مـای دی تـوروک) خـێزانی خـدێـوی میسر، عەبـاس حیلـمی دووەم، لە بیرەوەرییەکانیدا دەگێڕێتەوە و دەڵێت:” لە کۆشکی سوڵتانەکاندا، دەستدرێژیکردن و لاقەکردنی کەنیزەکان بەبێ شەرم و بە ئاشکرا ئەنجام دەدران، کە نیزەکان کە دووگیان دەبوون دەبوایە منداڵەکانیان لەبارببردنایە” بۆ جیاکردنەوەی ژنانی سوڵتانەکانیش لە کەنیزەکان، دەبوایە کەنیزەکان باڵاپـۆشیان (بە عەبـایەکی رەش) یان بپۆشیایە.

ئەو شازادە ئەرمەنییە، گەلێ شتی تری بێڕەوشتی لەبارەی سوڵتانەکانی عوسمانییەکان دەگێڕێتەوە، کە لەنێو کۆشکی سوڵتانیدا روویان داون، بۆ نموونە دەگێڕێتەوە و دەڵێت: “سۆڵتـان ئیبراهـیمی یەکەم، لەگەڵ وەزیـرەکانیدا زۆر جار گەشتی ناو شاریان دەکرد، رۆژێکیان لەگەڵ پاسەوانەکانیدا، گەشتێکی نیو شار دەکات، چاوی بە ژنێکی قەڵەوی جوان دەکەوێت و پێی سەرسام دەبێت، کە دەگەڕێنەوە بۆ کۆشک، بە پاسەوانەکانی دەڵێت، بە زووترین کات ئەو ژنە قەڵەوە بدۆزنەوە و بۆمی بهێنن. پاسەوانەکانی دوای گەڕانێکی زۆر دەیـدۆزنەوە و دەیهـێنن بۆ کۆشک. سوڵتان لە خۆی نزیکی دەکاتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی ئیرەیی بردنی ژنەکانی سوڵتان. سوڵتان ئێوارە خوانێك رێکدەخات و بانگی ژنەکانیشی دەکات.. لە کاتی نانخواردنـدا، بە پاسەوانەکانی دەڵـێت: هەموو ژنەکانم بەرن و لە ناویان بدەن و نەیان بینمەوە، ئەم ژنـە قەڵـەوە بەسە و مەستی ئارەزووەکـانم دەکات”
لە ساڵی (١٩١٤ـ١٩٢٢) کە سوپای عـوسمانی، لە ئیستانبوڵ و لە ئەزمیر و لە چەند شارێکی تر و لە یۆنـاندا، دەستیان بە کۆمەڵکوژی و سەربڕینی کریستیانە یۆنانییەکان کرد، لە پێشا بە تەواوی تاڵانیان کردن، زیاتـر لە (٧٥٠) هـەزار پیاو و ژن و منداڵیان لێ کوشتن، لاقەی کچان و ژنیان کردن، بەشێکی زۆر لە کچان و ژنانی یۆنانی، مردنیان پێ باشتر بوو، لەوەی کە سوپای عوسمانی دەستدرێژیان بۆ بکەن، خۆیان فڕێدایە نێو دەریاوە، یا لەسەر گرد و چیا بەرزەکانەوە خۆیان هەڵدایە خوارەوە و خۆیان کوشت، تا ئەمڕۆش شاخـێکی بەرز لە (ئەسینا) ی پایتەختی یۆناندا، وەکو بیرەوەرییەکی رەش و قێزەوەن بۆ بێڕەوشتییەکانی سوپای عوسمانییەکان، سەردانی ئەم شاخە دەکەن، کە بە سەدان کچـان و ژنـانی یۆنانی خۆیان لەم شاخەوە هەڵـدایە خوارەوە و خۆیـان کوشت. بۆچی عوسمانییەکان یۆنانییەکانیان کۆمەڵکـوژی کردن؟ یەکەم لەبەر ئەوەی کە تورک نەبوون و یۆنانی بوون و خەڵکی رەسەنی ئەو وڵاتە بوون، دووەمیش لەبەر ئەوەی کە موسڵمان نەبـوون و کریسـتیان بوون.. عوسمانییەکان بەوەشەوە نەوەستان، چەنـدین شوێنی پیرۆزی ئاینی و کولتووری و مێـژووی یۆنانییەکان هەبـوون، لە دوای دزین و تاڵانکردنی شتومەکەکانیان، هەر هەموویانیان رووخانـدن.. تەنانەت مزگەوتی ئێستای (سوڵتـان ئەحـمەد) لە ئیستانبوڵ، لە پێشا کڵێسایەکی یۆنانییەکـان بوو، رمانیان و ئەو مزگەوتەیان لە شوێنی دروستکرد. عوسمانییەکان، پێشتریش زنجیرە تاوانی دڕندانەی تریان لە دژی یـۆنانییەکان ئەنجامـدان و بە هەزاران کەسی سڤـیلیان لـێيان کوشت.
لە ساڵی (١٥١٦) دا، لە رۆژئاوای کوردستان بە تایبەتیش لە شاری (حەلەب) دا، زیاتر لە (٩٠) هەزار پیاویان کوشتن و سەربڕین، دەسترێژییان کردە سەر ژنانیش.. بازاڕ و سامانیشیان دزین و تەڵانیان کردن.. بە زۆریش قـوربانییەکان لە(عەلەوییەکان) بوون، کە کوردن، ئەم کۆمەڵکوژییەی حەلەب بە (سەربـڕینی گـرد) ەکە ناودەبـرێت، چونکە سوپای دڕندەی عوسمانی سەری سەربـڕاوەکـانیان کۆکردەوە و لەسەریـەک کەڵەکیان کردن، شێوەی گردێکـیان لێ پێکهـێنان.. ئەمەش بۆ چاوشکانـدن و ترس و تۆقانـدنی خەڵەکییەکە بـوو.
هەر لە ساڵی (١٥١٦) دا، سوپای عـوسمانی، لە شاری (قاهیرە) ی پایتەختی میسردا، زیاتر لە (١٠) پیاو و ژن و منداڵیان کوشت و دەستدرێژیان بۆ سەر کچان و ژنان کرد.
دکتۆر (جمال الغیطاني) میسری، باس لە داگیرکردنی میسر لە لایەن عـوسمانییەکانەوە دەکات و دەڵێت:”ژیانی مرۆڤ هیچ نرخێکی نەبوو، سوپای ئینکشاری عوسمانی، هەر ساتێک هەر کەسێکیان بویستایە دەیان کوشت، هەر ئافرەتێکیان بویستایە دەیان برد و بە ئاشکرا لاقەیان دەکرد، تەنانەت گەر لە نێو مزگەوتیش بوایـە”
لە ساڵی (١٨٤٢) دا، کە عـوسمانییەکان شاری (کەربـەلا) یان لە عـێراقیان داگیرکرد، زیاتر لە (١٠) هەزار ژن و پیاویان لە کەربەلا کوشـت و لاقەی کچان و ژنانیان کردن.
لە ساڵی (١٩١٥) دا، (فەخری پاشا) شاری (مەدینە) ی سعـوودیەی کردە مۆڵگایەکی سەربازی عوسمانی و (مزگـەوتی پێغـەمبەر) یشیان کردە بارەگایەکی سەربازی، دوای ئەوەی کە چی کەل وپەل و شتی بەنرخ و بەڵگەنامەی مێژوویی تێدابوو، تاڵانیان کردن. دەسترێژیشیان کردە سەر کچان و ژنانیان. بە زۆرەملێش بەشێکی زۆری خەڵکی شاری مەدینەیان راگواستەوە و لە شار دەریانیان کردن.
لە ساڵی (٢٠١٨) دا، لە سعوودییەدا، فـیلمێکی دیکۆمێنتارییان لە بارەی تاوانەکـانی دەوڵەتی عـوسمانی کە دەرهـەق بە عـەرەبەکانی ناوچـەی حیجـاز ئەنجـامیان دان.
لە (٢٤ی/ ئەپریل /١٩١٥) دا شاڵاوە گەورەکەی ژینوسایدکردنی ئەرمەنییەکان دەستی پێکرد، کە تا ئەمڕۆش بە گەورەترین تاوانی کۆمەڵکـوژی مـرۆڤ لە جیهانـدا دادەنرێ. پێشتریش زنجیرەیەک تاوانی تریـان بەرانبەر بە ئەرمەنییەکان ئەنجام دابوون. عوسمانییە رەگەزپەرستەکان، کۆمەڵێک بوختان و تاوانی بێ بنەمایان بۆ ئەرمەنییەکانه هەڵبەست کە خەڵکی رەسەنی ناوچەکە بوون بە ناپاکی و بە (تاوانی جوداخـوازی ) کە گەورەترین تاوان بوو بە لای عوسمانییەکانەوە، ئەرمەنییەکانیان تاوانبار کردن، بە (كافـریش) ناویان بردن، بەڵام ئەم تاوانانە لە راستییەوە زۆر دووربوون و مەهانەیان پێگـرتن.. هەموو تاوانێکیان ئەوەبوو، کە تورک نەبوون و ئەرمەنی بوون، لە تورک رۆشنبیرتر و شارستانی تر و زاناتر بوون.. لە پێشا چ رۆشنبیر و نووسەر و ئەدیب و زانای ئەرمەنییەکان هەبوون هەموویان گـرتن.. سەریانیان بـڕین یا لە سێدارەیان دان یا رادەیەکی زۆری (مۆرفـین) یان دەکردە گیانیانەوە و ژەهـراویان دەکردن، دەمردن. دواتر لەشکرێکی تایبەتیان بە ناوی ( تیپەکانی حەمیدی) یەوە پێکهێنا، کە بە تایبەتی ئەرکی کوشتن و سەربڕین و لە سـێدارەدان و دەستدرێژی و بە زۆر راگواستنەوەی ئەرمەنییەکانیان پێسپـێرا بوو.
ئەم کۆمەڵکوژی و رەشەکوژییەی ئەرمەنییەکان لە لایەن عوسمانییەکانەوە، بە چەند ناوێک ناودەبرێت وەکو: (دۆزەخی ئەرمەنییەکان) و (تاوانی گەورە) و (قەسبخانەی ئەرمەنییەکان).. کە (ملـێون و نیـوێک) ئەرمەنییان بە دڕندەترین و نامەردترین شێوە، کوشت.. سوپای بێڕەوشت و نامەردی عوسمانییەکان، بە بەرچاوی مێرد و باوک و کوڕ و براوە، دەسترێژیان دەکردە سەر کچان و ژنانی ئەرمەنی و لاقـەیان دەکـردن، تانەت لاقەی کچانی تەمەن نۆ ساڵانیشیان دەکرد.. دواتر رووتیانیان دەکردنەوە و هەڵیانیان دەواسین و لە سێدارەیان دەدان، یا بە شمشێر سەریان دەپەڕاندن.. لە دواییشدا هەموو پیاوەکان و کوڕەکانیان دەکوشتن. بەشێکیشیان لە برسـان و لە سەرما رەقـبوونەوە و مردن.. ژمارەیەکی کەمیان بە رەزالەت دەربازبوون و روویان لە رۆژئاوای کوردستان و لە باشووری کوردستان کـرد.. ئێمە ماڵمان لە گەڕەکی ئەڵماس، لە شاری کەرکووک بوو، چەند ماڵێکی ئەرمەنی لە گەڕەکەکەماندا بوون. کە لە شاڵاوەکانی تورکیا رزگاریان ببوو و گەیشتبوونە کەرکووک.. دواتر هەنـدێک لەو خێزانانە خۆیان گەیاندە ئەرمینیا.

تراژیدیای ئەرمەنییەکان پەڵەیەکی قێزەوەن و شەرمەزارییە بە نێوچەوانی تورکیاوە کە هەرگیز لێیان نابێتەوە.. هەموو ساڵێک لە ساڵڕۆژی (تراژیـدیای ئەرمەنییەکـان) دا، بە ملیۆنان تف و نەفـرەت لە تورکیای خوێنڕێژ و رەگەزپەرست و داگیرکەر دەکرێت.. ئەم تاوانە بێوێنانە هەر لە تورک دەوەشێـنەوە.
سوپای عوسمانییەکان لە نیوان ساڵانی (١٩١٥ ـ ١٩١٨) دا، زیاتـر لە (نیـو ملـیۆن) سریان و کلدان و ئاشوریشیان بە دڕندەترین شێوە کوشت.. ماڵ و سامانیشیان بە تاڵان بـردن و گونـدەکانیشیان وێرانکـردن، بە زۆرەملێش لە خاکی خۆیانـدا دەربەدەریانیان کـردن و بەشێکی زۆریان کۆچیان پێکردن.

عوسمانییە نامەرد و بێڕەوشتەکان، شێوازێکی کوشتنی قێزەوەنیان داهێنا، بە تایبەتیش لە دژی عەرەبە یەخسیرەکان بەکاریان دەهـێنا، کە بریتی بوو لە تێبڕینی تێڵا (خـازوخ) یا (قازوخ) خازوخ بریتی بوو لە دارێکی درێژ، کە سەرێکیا زۆر تیژ دەکرد، ئەم سەرە تیژەیان دەبڕییە کۆمی ئەو یەخسیرەوە، بۆ ئەوەی بە ئەشکەنجە و ئازارێکی زۆر و بە سووکایەتییەوە بیکوژن.. بە مێکوتێکیش لە سەرەکەی تری خازوخەکەیان دەدا، ماوەی چەنـد کاتژمێرێکی دەخایانـد، بۆ ئەوەی زیاتـر ئازاری ئەو کەسە بـدەن و بە رەزالەت بیکوژن، تا لە دەمییەوە یا لەسەر شانیەوە نووکە تیژەکەی خازووخەکە دەهـاتە دەرەوە.. ئینجا خازوخەکەیان لە زەوی دەچەقانـد.. بەم شێوە بێڕەوشتی و نامەردییەی دوور لە هەست و بەزەیـی ئەو کەسە بێتاوانانەیان دەکوشت. جەلادە ئەنجامدەرەکانی ئەم تاوانانە لە لایەن سوڵتانەوە خەڵات دەکـران.
لە دوای هەرەسهێنانی شۆڕشەکەی (شێخ سەعـیدی پیران) و هەڵگیرساندنی شۆڕشی (ئاگـری) لە باکووری کوردستانـدا، تورکیا ئۆپەراسیونێکی گەورەی سەربازی لە دژی کورد دەست پێکرد و تەڕ وشکیان پێکەوە دەسووتاند و دەستیان لەژن و منداڵی کوردی ناو لانکیش نەدەپاراست.. چەندین کۆمەڵکوژی و رەشەکوژیان لە کورد کرد.. چەندین بێڕەوشتیان بەرانبەر بە کورد کـرد، وەکو پێشتر وتمان، کە بەدڕەوشتی و بێڕەوشتی بەشێکە لە خەسڵەت و لە کولتووری بۆگەنیان.

دەگێڕنەوە کە ئەفسەرێکی تورک بە کۆمەڵـێک سەربازی تورکەوە، دەچـنە گونـدێکی نزیک شاری (وان) گوندی (گەرمـاوا ئەدمـان) لە باکووری کوردستان.. ئەفسەرەکە بانگی کوێخای گوندەکە دەکات و پێی دەڵێت:” دەبێ هەر ئێستا لەگەڵ کوڕەکەتدا بچن بۆ شار و (خواردنەوە ـ ئارەق) بۆ ئەم سەربازانە بهێنن” کوێخاش دەڵێت:” باشە ئێستا یەکێک دەنێرم بۆیان بهێنێت” بەڵام ئەفسەرەکە رازی نابێت و پێی دەڵێت:” هەر دەبێت خۆت و کوڕەکەت بچن” دیارە لەم پێداگرتنەی، بەهانەی پێگرتووە و نیازێکی ناپاکی و خراپی هەبووە، کوێخا ناچار دەبێت کە خۆی کوڕەکەی بچن بۆ شار تا خواردنەوەیان بۆ بهێنن. هەتا ئەڕۆن و دێنەوە، ئەفسەرەکە و سەربازەکانی بە زۆر دەسترێـژی دەکەنە سەر ژنی کوێخا و چەنـد ژنێکی تری گونـدەکە و لاقەیان دەکەن. کاتێ کە کوێخـا و کوڕەکەی بەرەو گوندەکەیان دەگەڕێنەوە، ژنەکەی دەچێت و هانای بۆ دەبات و پێی دەڵێت:” ئەمانە بە زۆر لاقەی ئێمەیان کرد” کوێخاش قسە ناکات، لە کاتی میوانداری و خواردنەوەکەدا، بە هاوکاری پیاوانی گوندەکە، ئەو ئەفسەرە نامەردە و هەموو سەربازە بێڕەوشتەکانی دەکوژن. دوایی پەیوەنـدی بە شۆڕشگـێڕانی شۆڕشی (ئاگـری) یەوە دەکەن و دەڕۆن.
پاش بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە و گەیشتنی بە دەوڵەتی تورک، ئەتاتورکی گۆڕبەگۆڕی خوێنڕێژ، فەرمان دەدات کە کۆمەڵکوژی کورد لەو ناوچەیەدا بکەن کە سەربازەکانیان کوشتوون.. بۆ ئەم مەبەستەش هێزێکی سەربازی زەبەلاح بە قورسترین و تازەترین چەکی کوشندەوە، دەنێرێت و ئۆپەراسیونێکی چەنـد مانگی ئەنجام دەدەن و لە چەنـد لایەکەوە، پەلاماری (دۆڵـی زیـلان) دەدەن.. زیاتـر لە (١٨٠) گوندیـان وێـران کرد و هەموو خەڵکەکەیان کوشت کە نزیکەی (٤٧) هەزار کورد بوون.. کچان و ژنانێکی زۆری کورد، لەسەر بان یا لەسەر لووتکە شاخەکانەوە خۆیان هەڵـدانە خوارەوە و خۆیـان کوشتن، مـردنیان پێ باشتر بوو لەوەی سوپای بێڕەوشتی تورکیا دەسترێژیان
بۆ بکەن.
مەخابین کە کۆمەڵێک جاش و خۆفـرۆشی کورد، ببوون كڵاوسووری پێش لەشکر و بە رابەر و بە چاوساغی سوپای تورکیا.. رۆڵێکی زۆر ناپاکیان هەبوو لە سەرکوتکـردنی شۆڕشی ئاگـری و لە لەشکرکێشی سوپای تورکیا بۆ سەر گونـدەکان و وێرانکـردنیان. زیاتر لە هەشت هەزار گوندیان لە باکووری کوردستان تاڵان کرد و وێرانیان کردن.

هەر لە (دۆڵی زیلان) دا بە سەدان خێزانی هەڵهاتووی کوردمان کەوتنە کەمینی سوپای تورکیا و شەهیدبوون، ژمارەی تێکڕای کوژراوەکان لەو دەڤەرەدا نزیکەی (٦٠) هەزار پیاو و ژن و منداڵی کورد بوون.. لەو کاتەوە دۆڵی زیلان بە (دۆڵـی خوێـن) ناودەبرێت. لە ئێستادا، فیلمێکی دیکۆمێنتاری بە کوردی بەرهەمهـێنراوە بە ناوی (دۆڵـی خوێـن) کە لە بەرهەمێنانی (سعـادە ئـۆڵغـنۆ) یە.

لە شکستیهێنانی شۆڕشەکەی (سەیـد رەزای دێـرسـیم)، لە ساڵی (١٩٣٦ـ ١٩٣٧) سوپای تورکیای رەگەزپەرست، بەتۆپ و بۆردومانی فرۆکەی جەنگی، کۆمەڵکوژی و رەشەکوژییەکی تریان لە گەلی کوردمان کرد. کە بە (قەسابخانەی دێریسیم) ناودەبرێت. زیاتر لە (٩٠) هەزار پیاو و ژن و منداڵی بێتاوانی کوردیان کوشت.. بە هەزاران دۆنم دار و دارستانیان سوتاند، بە سەدان گوندی کوردیان تاڵانکرد و وێرانیان کردن.. بەڵام تورکیا تەنها دانی بە کوشتنی (٣٠) هەزار کوردا لە دێرسـیم دا نا.
شۆڕشی ئاراراتیش یا (شۆڕشی ئاگری داغ) لە ساڵی (١٩٢٧ ـ ١٩٣٠) لە باکووری کوردستاندا، کە لە لایەن ژەنەڕاڵ (ئیحسان نوری پاشا) ەوە سەرکردایەتی دەکرا، کە ئاڵای کوردستانیان لە سەر لوتکەی چیای ئاگری داغ و هەموو لوتکەکانی چیاکانی تری دەڤەرەکە هەڵکرد و شنەبای ئازادی دەیشەکاندنەوە، ماوەی چوار ساڵ سەربەخۆییان راگەیاند و پایتەختەکەشیان گوندی (کورداڤـا) ی نزیک چیای ئارارات بوو.. زەبـر و زیانێکی زۆریان بە سوپای تورکیا گەیاند.. تورکیا گەورەتری هێزی بو سەرکوتکردنی شۆڕشی ئاگری نارد، کە قورسترین و کوشندەترین چەکیان پێبوو. زیاتر لە پەنجا هەزار سەرباز دەبوون. لە چەنـد لایەکەوە گەمارۆی ئاگـری داغ و ناوچەکەیـان دا، فـرۆکە جەنگییەکانی تورکیا بە بۆمبی ژەهـراوی ئاگری داغ و گوندەکانیان بۆردومان کردن.

کە شۆڕشەکە شکستی هـێنا، سوپای تورکیا بە دڕنـدەترین و قـێزەوەنترین شێوە رەفتاریان لەگەڵ خەڵکی کوردی ناوچـەکەدا کـرد.. بە هـەزاران پیاو و ژن و منـداڵانی کوردیان کوشت و گوندەکانیان تاڵان کردن و سوتاندیان، بەشێکی زۆری خەڵکەکەشیان دەربەدەرکردن یا بە زۆرەملێ کۆچـیان پێکـردن.. کۆمەڵکوژی کوردیان رەوا کرد، لە (٢٢٠) گوندی دەڤەرەکەدا زیاتر لە (١٠) هەزار کوردیان شەهید کرد.. (١٥٠٠) منداڵ و ژنی کوریان لە چاڵێکـدا بەستـنەوە و ئاگـریان تێـبەردان و سووتانـدیانن.
بە سەدانیش ژن و منداڵی کوردیان هەڵدانە ناو رووبارەکان و خنکاندنیان.
ئەو ئەشکەوتانەش کە چەندین خێزان لە ترسا خۆیان تیا شاردبوونەوە، دەمەکانیان بە بەرد گرتن و سواقیان دان.. تێکڕا زیاتر لە (١٥٠) هەزار کوردیان لە دەڤەری ئارارات و لە دۆڵی زیلان دا کوشت. زیاتریش لە ملیۆنێک کوردیان بە زۆرەملێ راگواستنەوە بۆ ناوچەکانی تورک. تورکێکی زۆریشیان هاوردن بۆ شار و ناوچە ناوچە کوردستانییەکان بە مەبەستی گۆڕینی دیمۆگرافیای باکووری کوردستان لە بەرژەوەندی نەتەوەی تورک.

لە ( ١٩/١٢/١٩٧٨) دا، سوپای تورکیای فاشستی، پەلاماری شاری (مرعـش) یان لە باکوری کوردستان دا، مەلاکانی تورکەکان ئەو فەتوایەیان دەرکرد:” ئەوەی کوردێکی عەلەوی بکوژێت، وەکو ئەوە وایە کە پێنج جار حـەجی کردووبێت” زیاتر لە (٥٠٠) گەنجی کوردیان بە ئەشکەنجەدان و لێدان کوشت.. تەنانەت گەنجێکی کوردیان پارچە پارچە کـرد و گۆشتەکەیان کوڵانـد.
کۆمەڵـیکیش زۆریش لاوی کوردیان خستە نێو چاڵی پـڕ لە مـادەی (ئەسـید) ەوە و ژەهـراوی کـران و کوشتیانیان.
لە ساڵی (١٩٩١) ەوە، تا ساڵی (١٩٩٤) پۆلیس و میتی حەرمزادەی تورکیا زیاتر لە (٤٥٠٠) کوردیان تـیرۆرکـردوون.. بێجگە لەوەی بە هـەزاران کوریان بە بوخـتان و بیانووی هەڵبەستراوی بێ بنەما، خستوونەتە زیندانەوە و پيسترین ئەشکەنجە و ئازار دەدرێـن.. هەر لەبەر ئەوەی کورد و تورک نین و خەڵکی رەسەن و خـاوەنی راستیی ئەو خاکـەن.
هەر لە باکووری کوردستان، لە شارۆچکەی (رۆبوسکی) یشدا، بە بۆردومانی فرۆکەی جەنگییەکانی تورکیا (ئێف شانگزە)، بەبێ تاوان (٣٤) کوردیان کوشت، کە منداڵیان لە نێودابـوون.. ئەردۆگان لە پاداشتی ئەم تاوانە سوپاسالاری تورکیای خـەڵات کرد.

بە پیلانی میتەکانی تورکیا، بە ئاگاداری ئەردۆگان، لە (٩/ ئوکتۆبەری/٢٠١٣) لە شاری (پاریس) ی پایتەختی فەرەنسا، سێ ژنە چالاکوان و تێکۆشەر و سیاسەتمەداری کوردی باکووری کوردستانیان تیرۆرکرد، کە ئەمە ناوەکانیان: ساکـینە جانسز (سـارا)، ڤـیدان دۆغـان (رۆژیـن)، لەیـلا شایلـەمەز (رونـاهی) کە بە شێوازێکی زۆر نامەردانە تیرۆرانیان کردن. ئەم تاوانە یەکێکە لە تاوانە نێودەوڵەتییەکان.. بە داخەوە کە هـیچ لێکۆڵینەوەیەکیان لەگەڵ ئەو تیرۆریستە میتانەی تورکیادا نەکرد.. ئەم چاوپۆشین و بێدەنگییە بووە هـاندان بۆ ئەوەی تورکیا، تاوانی زیاتر لە دژی کورد ئەنجام بدات.
دوور نییە و نزیکە، کە هەموومان دەزانین، کە لە داگیرکردنی شاری (عەفـرین) لە رۆژی (١٨/ ئادار/٢٠١٨) لەگەڵ چەند شارۆچکەیەکی تری رۆژئاوای کوردستاندا، بە هەڵکردنی چرای سەوز لە لایەن روسیا و ئەمریکاوە بۆ تورکیا، سوپای تورکیا و جاشە بەکرێگیراوەکانی ئەم شارانەیان داگیرکرد، نامەردییەکی زۆریان بەرانبەر بە کورد کرد و دەکەن.. تا ئەمڕۆش تالانکردن و کوشتن و بێ سەروشوێنکردنی کورد لە عەفرین لە لایەن تورکیاو جاشەکانییەوە درێژەیان هەیە.

ئاشکراشە کە تورکیا چەکی کیمیاوی و فسفۆری سپیی سووتێنەر و بۆمبی لەرێنەری وێرانکردنی لە کوشتنی ژنـان و منداڵانی بێتاوانی کورد بەکارهـێنان لە رۆژئاوای کوردستان بەکارهێنا و کۆمەڵکوژی کوردیان کرد و بە هەزاران کوردی لە نیشتمانی بابوباپیرانیان بە زۆر دەرکردن.. بە داخەوە کە کۆمەڵگای جیهانی تا ئەمـڕۆش لەم تاوانانەی تورکیا بێدەنگن.. بەفەرمی لۆمە و شەرمەزاری تورکیایان نەکردووە.
ئەوەش بە لای خوێنەرانی کوردمانەوە زانراوە. کە سوڵتان (سەلیمی یەکەم) لە شەری سەفەوییەکاندا لە رۆژی (٢٣/ئەوگوست/١٥١٤) دا بۆ یەکەمین جار لە مێژوودا، لە شەڕی (چاڵدیران) کە دەکەوێتە رۆژهەڵاتی کوردستا، ئەو شەڕەی نێوانیان عوسمانی و سەفەوییەکان، بە دابەشکـردنی کوردستان لە نێوانیاندا کۆتایییان پێهێنا، ـ بە هەزاران تف و نەفرەتیان لـێبێت ـ دوایش سوڵتان سەلیمی خوێنڕێـژ، پەلاماری رۆژهەڵاتی دا و تا گەیشتە شاری (تـەورێـز) و گرتی، لەم هێڕشەیـدا، زیاتر لە (٤٠) هـەزار کەسی بێتاوانی بە دڕندەتـرین شێوە کوشت، بەشێکی زۆریانی زیندەبەچاڵکـردن یا بە ئاگـر سووتاندیان، لەو چـل هـەزارە ژمارەیەکی کوردیشیان تێـدابوو. هەر ئەم سوڵتـانە خوێنرێـژە لە پێناوی دەسەڵاتی سوڵتانیدا، دوو بـرای خۆشی کوشـت، ناویان ( کورکود و ئەحمەد) ە، باوکیان لە رایسپاردبوون، وەکو جێگـرەوەی خـۆی بـۆ دوای مـردنی دەستنیشانی کـردبـوون.

بێگومان، بە بەڵگەوە، هێڕشەکانی داعشی تیرۆریستی دروستکراوی تورکیا. لەسەر داواکردن و فەرمانی ئەردۆگان و پشتگیری لۆجستی ئەو بوو، کە داعشی تیرۆریست و بێڕەوشت لە رۆژی (١٣/ سێپتەمبەری/ ٢٠١٤) دا هـێڕشیان کردە سەر شاری کۆبانی قـارەمان لە رۆژئاوای کوردستان، لەم بارەیەوە، سەرکردەیەکی داعشی بە دیلگـیراو بە ناوی (طـە عبدالرحیم عبـداللە) کە لە شاری (دیـر الزور) لە لایەن شەڕڤانانی رۆژئاوای کوردستانەوە دەستگیر کرا، دانی پێـدا نا و وتی:” ئێمە لەسەر داواکـردن و پێـداگرتنی رەجـەب تەیب ئۆردوگان، هـەر بە فەرمانی ئەویش هـێڕشمان بۆ سەر کۆبـانی کرد و فەرمانەکەیمان جێبەجێ کرد” بەڵام شەڕڤانانی کوردستان، وانەی ئەوتۆیان بە داعش دا کە هەرگـیز لە بیریان ناچـێتەوە، کردیانیان بە پەندی زەمانە، سەریان پێ شۆڕکردن و بوو بە سەرەتای بەزین و لێژبوونەوەی داعـش و لە ناوچـوونیان.. لە دوای (١٣٤) رۆژی شەڕی دەستەویەخەی قارەمانانە لە (٢٦/ یونایەر/٢٠١٥) دا کۆبانی و هەموو کوردستان ئاهـەنگی رزگارکـردنی کۆبانیان گـێڕا.. ئەمەش خەنجـەرێک بـوو کە لە دڵی ئەردۆگان درا.
هەر تورکیاش پیلان داڕێژ و نەخشەداڕێژی بۆ داعش داڕشت و یارمەتی پێویستی دا و لەسەر فەرمانی ئەردۆگان، لە (١٠/ یۆنیۆ/٢٠١٤) دا شاری موسڵ یان داگیرکرد. کە لە ( ٩/ یۆلیۆ/٢٠١٧) بە هاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق رزگار کرا. بە داخەوە کە بەرپرسانی کوردمان زۆر نابەڵـەدن و هيچ پێشبینییەکیان بۆ دوای رزگـارکردنی موسڵ نەکـرد، کەچی حەیدەر عەبادی بەو مەرج رازی بوو، کە پێشمەرگە نابێت بچـێتە ناو شاری موسڵەوە ـ کە شارێکی داگیرکراوی کوردستانییە ـ هەر دوای رزگاری موسڵ، بە گەلەکۆمەیی عێراق و ئێران و تورکیا و بە هەڵکردنی چرای سەوز لە لایەن ئەمریكاوە و بە ناپـاکی هەنـدێ لە بەرپـرسە بازرگانە نەوت دز و گازفرۆشەکـانی کورد، بە سێ قـۆڵی لە رۆژی ( ١٦/ ئوکتۆبەر/٢٠١٧) دا، عێراقی داگیرکەر، کەرکووک وخانەقین و خورماتوو و مەخمور و پـردێ یان داگیرکرد.. هەموو ئەم شکستیانە بۆ نەبـوونی سەرکردایەتيەکی دڵسۆزی کورد دەگەڕێنەوە.. هێندەی دەسەڵات پەرست و پارەپەرست و بنەماڵە پەرست و بەرژەوەنـدی پەرسـتن، چارەکی ئەوە، بیر لە چـارەنـووس و لە بەرژەوەندییەکانی گەلەکـەمان ناکەنەوە.. ئەی ئیستا بۆ ناوێـرن موزایـدە بکەن و بڵـێن کەرکووک قـودس و دڵی کوردستانە؟؟
هێڕشی سەر شاری (شەنگال) یش لە باشووری کوردستاندا، لە لایەن داعشەوە، کە لە رۆژی (٣/ ئەوگوستی/٢٠١٤) دا داگیریان کرد، هـەر لەسەر داوای ئەردۆگـان و بە فەرمانی ئەوشبوو.. کە ویستیان بە تەواوی ژینۆسایـدی برا ئێزیـدییەکانمان بکەن.. کە ژمارەیەکی زۆریان کۆمەڵکوژکـران و ژمارەیەکی زۆری کچان و ژنەکـانیشیان گـرتن و بردیانیان، زۆر نامەردانە دەسترێـژیان کردە سەریان.. بەشـێکی زۆریشیان لە شاری (موسڵ) و لە (رەقە) وەکو کویلە و کەنیزە فرۆشتیانن.. بە هاوکاری و بەشداریکردنی هەموو هـێزە کوردستانییەکان، لە رۆژی (١٣/ئوکتۆبەر/٢٠١٥) دا، شاری شەنگال لە داعش رزگار کرا.. تا ئەمڕۆش چارەنووسی زیاتر لە سێ هـەزار کچان و ژنانی ئێزیـدی کورد نادیـارە.. بە داخـەوە کە حکومەتی هەرێـمی باشووری کوردستان تا ئەمڕۆش بە جدی و دڵسۆزی و بە کرداری سۆراغـیان ناکەن و بۆیان نەگەڕاون و بە دواداچوونیان بۆ ئەم کێسە نەکـردوون.. تا ئەمڕۆش گومانێکی زۆر لەسەر سـیناریۆی چۆنییەتی و بە ئاسانی گرتنی شەنگـال لە لایـەن داعشەوە هـەیە، کۆمەڵـێک نهـێنی ئاشکـرابـوو و ئاشکرانەبوو و دەستی لە پشتەوەیە.. ئەمە دوورو درێژە و پێویستی بە باسێکی تـرە.
هەموو ئەو کارە خۆکوژییانە و تەقینەوەی ئەو بۆمب و ئۆتۆمبیلە مینڕێژکراوانەی کە لە شارەکانی کوردستاندا دەقـێنرێنەوە، زۆربەیان لە لایەن میتی تورکیاوە، نەخەشیان بۆ کێشرابوون و پێداویستییەکانیانی جێبەجێکردنیانیان بۆ داعـش دابین کـردوون.
جا نازانم، (سـوڵـتان ئەردۆگـان) بە چ خەسڵەت و کـار و رەفـتار و رەوشـتێکی باپـیرە عـوسمانییەکـانییەوە، شانـازی دەکات و دەنـازێت..؟؟ بە خوێنڕشتن و کوشتن و دزی و تاڵانیکردنیان..؟؟ یا بە کۆمەڵکوژی گەلانی بێتاوان و داگیرکردنی خاکەکـانیان..؟؟ یا بە دەسترێژیکردنیان بۆسەر کچان و ژنان..؟؟ بەم تاوانە قێزەوەنانەیانەوە شانازی دەکات و دەنـازێت..؟؟ یا بە مـێژووی رەشییان کە سەرتاپا پـڕە لە تـاوان و بێڕەوشتیان..؟؟ ئەم تاوانانە و بە هەزاران تاوانی قێزەوەنی تر کە سوڵتانەکانی عوسمانی و سوپای دڕنـدەی تورکیا و ئەتاتـورکی رەگەزپەرستی گۆڕبەگـۆڕ، تا دەگاتە خودی سوڵتان ئەردۆگانیش، کە بەرانبەر بە گەلانی بێتاوان و ئاشتیخواز ئەنجامیان داون.. بە تایبەتیش بەرانبەر بە گەلی کوردمان، هەموو ئەم تاوانانە پەڵـەی شەرمەزارین بە نێوچـەوانی تورکیاوە.. کە هەرگـیز لیان نابنەوە و ناتوانن بیان شارنەوە.
گەر بە راستی دادپەروەری و ویژدانی جیهانی و مرۆڤایەتی و مافەکانی مرۆڤ و یاسای نیۆدەوڵـەتی هەبوونـایە، دەبـوایە لە دەمێکـەوە، ئەردۆگـان وەکو تاوانبـارێکی جـەنگ بـدرایەتە دادگـای تاوانە نێـودەوڵەتییەکـان و دادگـایی بکـرایە.

تۆرانییە رەگەزپەرستەکان، لە ڤایرۆسی کۆرۆنا زۆر پیستر و مەترسیدارترن. ئەوەندەی ئەوان لە گەلانی بێتاوانیان کوشتوون.. بە دە ساڵیش ڤایرۆسی کۆرۆنا ئەو ژمارەیەی لە جیهـانـدا پێ ناکوژرێت.. بە دڵنیاییەوە، دژە کۆرۆنا دەدۆزرێتەوە.. بـەڵام زۆر زەحـمەتە کە دژە تـۆرانی رەگەزپـەرست و دەمارگـیری کوێـرانە و رق رەش بـدۆزرێتـەوە.
(نیلسون مانـدێلا) راسـتی وت، کە دەڵـێت:” گەر دەتـەوێـت تـورک بناسـیت.. بـۆ یـەک رۆژ ببـە بە کـورد..”

رەزا شـوان
نەرویـج: (١/ نـەورۆز/٢٧٢٠) کوردی… بەرانبەر بە (٢١/ ئـادار/٢٠٢٠) زاینی.




خۆپارێزیی – شیعر بۆ منداڵان… ڕۆستەم خامۆش

ئێـمـە چــەنـد پـاک و ژیریــن
هــۆشـمــەنـد و ڕۆشنبـیریــن

بــەڵــــێ ئـێـــمــەی منـــداڵان
نـاچـیـنــە جـــادە و کـــــۆڵان

خـــۆپــارێـزیـــن بــە چــاکیی
بــۆ خـاوێـنــی و بـــۆ پــاکیی

بـەڵــکــو بـــە تـەنـدروســـتی
دوور لـــە دەرد و لــە سسـتی

بـژیـــن بـــەبـــێ نــەخۆشیی
لەشساغ بین هەر بە خۆشیی

     شیعر بۆ منداڵان
    ڕۆستەم خامۆش
      هەولێر 2020



ماتەمینی و تاسەباری گشتی بۆ مرۆڤایەتی ڕادەگەێنم … نیگار نادر

بۆ گشت هاوژیانانی خۆشەویست لەسەر ئەو زەویە

من وەک دانیشتوویەکی سەر ئەو زەویە، لەناخمڕا زۆر زۆر بە ئازارو تاسەبارم بە مەرگی کتوپڕی نزیکەی نۆ هەزار مرۆڤی بێتاوان لەو جیهانە نائاسایشەدا.
چ هێدمەگرتنێکە کە چرکە بە چرکە دەبینین و دەبیستین باهۆزێکی ڤایرۆسی گشتگیر هەڵیکردوەو بەکۆمەڵ ئەو مرۆڤە جوانانە وەکو گەڵای دەرخت بەردەداتەوە ، تێکرا هەموو دانیشتوانی جیهانی گەڕاندۆتەوە ناو ماڵەکانیان و سیستەمی ئابووری پەکخستووە و ئاسایشی تەندروستی خستۆتە تەنگژیەکی قوڵەوە .
مرۆڤایەتی لەسەرەتای پێخستنە ناو نائاسایشی و هەڵاسازیەکی گەورەدایە ،یەکەم نیشانەشی بە سەرهەڵدانی ئەو ڤایرۆسە توقێنەرە دەستپێدەکات، کە دەکرێ بڵێین بیرکردنەوەی سڕکردوە، وایکردوە مرۆڤ دەستی نەڕواتە هیچ کارێک و بەبێ جوڵە دەستبکێشێتەوە لە تەواوی ئامانج و هیوایەکانی، تەنها ئەوەندەی مرۆڤ لەدەستی بێت ، ئۆمیدکرنە بۆ دۆزینەوەی ڤاکسینێکێ خێرا ، نزا خوێندنە بۆ ڕاوەستانی ئەو ڕووحڕێزانە لەدەستدەرچووە.
دەمەوێ لێرەوە هەر تاسەباریم نا ،بەڵکو ترسێکی گشتی ڕابگەێنم ،کە پێویستە لەژیانی داهاتووی سەر ئەو زەمینەدا چاوەڕێ بکەین ،حەتمەن ڕووبەڕوشیان دەبینەوە، ئەو ترسانەش بریتین لە بێهێزی و بێدەسەڵاتی زیاتری مرۆڤ و جێگیرەوەی بە ڕۆبۆتەکان، لە دەستەوەستانی زانستی ڕاستەقینە، شێواندنی ژینگە، زاڵبوونی سەروەری ئینفۆتەکنەلۆژیستەکان ، تێکشکانی بەها مرۆییەکان،سەرهەڵدانی جەنگە بایۆلۆژیەکان،خەرەندە بەرینە چینایەتیەکان، لە قەیران هاویشتنی تەندروستی مرۆڤەکان، کۆیلەبوونی * ئۆلگۆریتمی هۆشی دەستکردە ، هتد..
لێرەبەدوا ئێمە دەبێت ئازایەتی ڕاگەیاندنی نائومێدی و ترسەکانمان، هەبێت، چونکە ئەو سەردەمە لەخۆڕا نەکراوەتە سەردەمی خواردنی خێرا ، بەناوبانگبوونی خێرا، دەوڵەمەندبوونی خێرا ، پێکگەیشتنی خێرا ، بەڵکو دەبێت چاوەڕێی مەرگی خێراشی تێدا بکەین ، کە کۆرۆنا جۆرێکە لەو مەرگە خێرایە، ئەو مەرگەی کە هەموو مرۆڤایەتی سڕ کردوە لە چاوەڕوان نەکردنی دا.
.
بە خۆم و پێنووسەکەمەوە سەری تاسەباری دادەنوینێن بۆ قوربانیە بەخەسار رۆیشتوەکانی ئەو باهۆزە شوومە، بۆ هەموو مرۆڤایەتی، بۆ کەسوکاری دڵبەژانیان، بۆ بیرمەندان و نووسەرانی راستەقینە.
هەروەها هێڤیدارم ئەو باهۆزی ڤایرۆسە، کارەساتەکە نەکاتە مەرگێکی سەرتاسەری گشتگیرتر ، ناچارمان نەکات بە دەستکێشانەوەو دڵکێشانەوە لە ژیانی داهاتوومان. لە دڵیشم را سەلامەتی بۆ هەموو هاوژیانەکانی سەر ئەو زەویە دەخوازم و ئومێدەکەم لەو جیهانە نائاسایشەدا ، لە ئایندەدا بتوانین ژیانێکی کەمێک ئارامتر بەسەربەرین.

.* ئولگۆریتمی هۆشی دەستکرد: گۆگڵ ، ئەمازۆن، فەیسبووک.

Negar nadir
\١٩\٣\٢٠٢٠




کۆرۆنا وئەرکی پاراستنی زەوی … بەهزاد ئەحمەد

لەماڵەکانتان بمێننەوە، دەرگاکان داخەن، پەنجەرەکان داپۆشن، پشوو درێژبن.
یەکتری لە باوەش مەکەن، یەکتر ماچ مەکەن، تەوقە مەکەن، با مەودای نێوانتان لە پێنج مەتر کەمتر نەبێت.
دەست مەدەن لە لووت و چاو و گوێ و دەمتان، گەر شوێنێکتان خورا، مەیخورێنن ،دەستمەدەن لە دار و دیوار و تەختە و ئاسن… ئۆقرەبگرن، پشوودرێژبن.
خۆتان لە ناو ماڵەکانتاندا دیل بکەن، پێداویستی و خۆراک ئەوەندەی ئەیتوانن کۆیکەنەوە،بخۆن و بخەون و لەناو جێگاکانتان بمێننەوە.

ئەمانە ئەو دێڕانەن ئەم رۆژانە گوێمان لێی دەبێت، ناوڕۆکی هەموو ئەم رێنوماییانەی زانستە پزیشکییەکان لەسەردەمی بڵاو بوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنادا توانا ی زانستە پزیشکییەکان دیاری ئەکەن بۆ رزگارکردنی مرۆڤ لە بەڵایەک کە کۆئەندامی هەناسە ی مرۆڤ ئەکات بەئامانج.
ئەگەرچی ئەم رێنوماییانە تا ئێستا تەنها رێکارێکن کە مرۆڤ بتوانێت بۆ رووبەرووبونەوەی ئەم بەڵایەرەچاویان بکات، بەڵام هێشتا ئەمە مانای ئەوە نییە کە پرسیارە سەرەکییەکانمان وەلانەین لە کاتێکدا کەجێهێشتنی ئەم پرسیارانەن بوون بە هۆی ئەم قەیرانانەی مرۆڤی ئەم سەردەمە ترسناکترین دۆخی تیابەرێبکات.

ئەمرۆ دوای ئەوەی مرۆڤ پێیوابوو زەوی ئاوەدان کردوەتەوە و شار و وڵاتەکانی لێک نزیک کردوەتەوە وئامراز و ئامێرەکانی داهێناون بۆ کارئاسانی و دوونیای کردووە بە گوندێکی بچووک، دوای ئەو هەموو شانازییەی مرۆڤ بەوەی کە هەر بە زەوییەوە ناوەستێ و ماڵەکان ئەباتە سەر ئەستێرەکانی تر و هەوڵ ئەدات دۆزینەوە لە گەردوندا بکات و نەبینراوییەکانی بخاتە ژێر تەلەسکۆپ و دیوە شاراوەکانی هەڵماڵێت، دوای هەموو ئەم شانازییانە ئەبینین شارەکان چۆڵ ئەکرێن و رێگای نێوان وڵاتەکان ئەبەسترێن و مەودا بۆ دووری مرۆڤەکان لە یەکتر دیاری ئەکرێن، دوای شەڕە گەورە و جیهانییەکانی مرۆڤ بەرامبەر بە مرۆڤ، جارێکیتر کۆلانەکان چۆڵ ئەکرێن و ماڵەکان ئەبن بە زیندان و حەشارگە و شارەکان چۆڵ و بێ گیان ئەکەون.

ئەمە وا ئەکات بپرسین:

ئایا ڤایرۆسێک ئاوا ولە ماوەیەکی کەمدا شکست بەو هەموو شانازییەی مرۆڤ ئەهێنێت؟
ئایا بەرهەمی چەندەها ساڵەی مرۆڤ کە لە زانست و تەکنۆلۆجیادا خۆی ئەنوێنێت، بەو ماوە کەمە هەرەسئەهێنێت ؟
جگە لەو رێنوماییانە و جگە لە هیوایەک بۆ دروستکردنی ڤاکسینێک، زانست هیچ وەڵامێکی هەیە بۆ ئەمدۆخە؟
ئەوەی ئێستا ئەگوزەرێت دۆخێکە سروشت بەرهەمهێنەریەتی یان مرۆڤ؟
زانست چی رۆڵێکی نەرێنی لە بەرهەمهێنان یان بڵاوکردنەوەی ئەم پەتایەدا هەیە ؟

ئەوە روونە کە تا ئێستا جیهان جگە لە زانستە پزیشکییەکان هیچ ئامرازێکی تری بەدەستەوە نییە بۆرووبەروبوونەوە هەر نەخۆشییە ک یان پەتا و ڤایرۆسێ ک کە رووی تێئەکات، بەڵام دوای بانگەشەی مرۆڤ بۆ گشت ئەو پێشکەوتنە زانستی و تەکنۆلۆجییانە و یەکەم دەرکەوتەی دەستەوەستانی مرۆڤ بۆ روبەروبونەوەی وەها دۆخێک ،پرسیاریک سەرهەڵئەدات کە ئایا سەردەمی تێپەڕاندنی زانستە پزیشکییەکان نەهاتووە؟ ئەم پرسیارە هە ربەوەندەشەوە ناوەستێت بەڵکوو تا ئەو شوێنە ئەڕوات کە ئایا ئەمە سەردەمی تێپەڕاندنی زانستە یان پاراستنی ؟

کێشەی زانست چییە ؟
دۆزینەوەکان و پەردەهەڵماڵین لەسەر نەزانراوییەکانی گەردوون وسروشت و زیندەوەران، وەک بەشەدەرکییەکان و ناسینی مرۆڤ بە هەردوو لایەنە بەرجەستەیی و نابەرجەستەییەکەیەوە، وەک بەشە ناوەکییەکان، تا ئێستا لە ئامانجە سەرەکییەکانی زانستن، لە ناویانیشدا زانستە پزیشکییەکانی تایبەت بە مرۆڤ و ئاژەڵ و ناسینیان ولێپرسراو لە چارەسەری نەخۆشی یان هەر کێشەیەک لە بەرکەوتن بە تەنێک یان شتێکەو ە کە دەبێتە هۆی تێکچوونی سیستەمی کارکردنی لەشی ئەو زیندەوەرە.
تا ئەمڕۆ مرۆڤ هیچ هۆکارێکی راستەقینەی تر شک نابات پەنای بۆ ببات لە کاتی رووبەروبوونەوەی هەر تێکچوونێ کە لە بونیاتی ناوەکییدا جگە لەزانستە پزیشکییەکان، بەڵام ئەمە ش ئەوە ناگەێنێت کە زانستی پزیشکی وەڵامدەرەوەی تەواو بێت و رووبەڕووی قەیران نەبێتەوە.
دوای دۆزینەوەی ڤایرۆسەکان و دەستەوەستانی پزیشکەکان لە بەرامبەر هەندێک لەم ڤایرۆسانەدا و بەتایبەتتر دوای سەرهەڵدانی کۆرۆنا و بانگەشەی سیستەمەکان بۆ ناردنەوەی مرۆڤ بۆ ماڵەوە، چیتر زەنگێکی ترسناک دێتە گوێمان و ئیتر کاتی پرسیارکردنی مرۆڤە لە کەموکورییەکانی زانست، ئەم پرسیارانەش کاتێک بەهایان ئەبێت پرسیاری فەلسەفی بن، چونکە زانست خۆی بەرهەمێکی فەلسەفەیە ❪وەک ییکارت ئەڵێ❫ وهەمیشە فەلسەفە لێپرسراو و ئاراستەکەریەتی، بە جۆرێک رەهاکردنی زانست لەهەر دۆخێکدا شیمانەی سەرهەڵدانی قەیرانی گەورەی وەک ئەم قەیرانەن کە ئەمڕۆ مرۆڤ و ئامرازە زانستییەکانی تێکەوتوون.
لەدەرەوەی فەلسەفە هەموو جۆرە رەخنەکردن و تانەدانێک لە زانست، لە جۆری تانە ئاین ی و بەهانە ووەهمی بانگەشەکراو، ئەبێت قەدەغە بکرێت و رێگەنەدرێت ئەوانە شکستەکانی خۆیان بخەنە پاڵ کەماسییەکانی زانست.
هەرچی کێشەی زانستە تەنها فەلسەفە بڕیاردەریەتی، دابڕانی زانست لە فەلسەفە دەرچونیەتی لەو ئامانجەی بۆی هاتوەتەدی و ئاراستەگرتنیەتی بەرەو شێوازێکی مەترسیدار، شێوازێکی بێ پرسیار و بێ شیکار،جۆشداماو لەبەردەم ئاستەنگییەکان و بگرە لە هەندێ دۆخدا خود بە خود بەرهەمهێنەری ئاستەنگ.
ئەوەش ئەو دۆخەیە کە ئەمڕۆ تێیداین، ئەو زانستەی بەرەو ئەستێرەکانی تر بەڕێدەکردین، ئەمڕۆ رێنومایی لەماڵ مانەوەمان ئەکات.

ئەوەی زانستی لە زادەیەکی پڕ لە جوڵە و پرس یای لە چییەتیەوە گۆڕی بۆ کۆتەڵەدارێکی بێ رەگ(دیکارت) وپرسیارەکانیشی گۆڕی بە پرسیار لە چۆنێتی(هایدگەر)، ئەوەی سەرزەمینی لە نشینگەیەکی دامەزراو و سەوزەوە گۆڕی بۆ کارگەی گەورە گەورە و دوکەڵ و مرۆڤی خستەسەر کەڵکەڵەی تێر نەبوون و زەوی دایەدەست کۆمەڵێک سەرمایەداری چاوبرسی و ئەوانی تری دامەزراند وەک کرێکار، ئەوە هەمان ئەو زانستەبوو کە پشتی کردبووە پرسیارەکان و هەمیشە وەڵامەکانی ناو خودی پرسیارەکانا زیندەبەچاڵ ئەکرد.
ئەمانەی خوارەوە نمونەی هەندێک وەڵامی زانستی سەردەمن بۆ زیندەبەچاڵ کردنی هەندێ پرسیار:

• شەمندەفەر چییە؟ بۆ پێوستمانە / وەڵامی زانست: هۆکارێکە بۆ ئاسانکاری گواستنەوە، پێویستمانە بۆزوو گەشتن لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر. پرسیار داخرا.
• فڕۆکە چییە؟ بۆ چیمانە / هەمان وەڵام بۆ بڕینی مەودای دوورتر. پرسیار داخرا.
بەم جۆرە کشان لە دووچەرخە و ئۆتۆمبیلەوە دەست پێدەکەن تا دەگاتە موشەک و دوور هاوێژەکان،هەمیشە بەدواداچوونی پرسیار بە پرسیار جێگەیەکی نییە لە زانستی هاوچەرخدا، مانەوەی زانستیهاوچەرخ لەم دۆخەدا مرۆڤ لە بەرهەمهێنەرێکی ئامانجدارەوە لە ناو ئەرکی فەلسەفیدا ئەگۆڕێت ب ۆبەرهەمهێنەرێکی ب ێ ئامانج لە ناو کایە زانستییەکەیدا، بەم جۆرەش بەرهەمهێنان لەپێناو بەرهەمهێناندائەبێتە ئەرکی لە پێشینەی زانست و بوونی مرۆڤ لەسەرزەوی ئەبەسترێتەوە بە خاوەندارێتی کردنی بۆ بەرهەم هاتووە بێ ئامانجەکانی، نەک هەر ئەوەندە بەڵکو خودی زانست ئەبێتە مۆتەکەیەکی گەورە بۆفەلسەفە و خاڵێک بۆ کۆتایی فەلسەفە دادەنێت ❪هایدگەر❫ و هەموو چەمک و بەدیهێنراوەکانی فەلسەفەش ئەگۆڕێت بۆ دەستەواژە ی بێ مانا، ئەم دۆخە سەردەمی کۆتایی مانایە.

سەردەمی کۆتایی مانا

مرۆڤ لە سەرەتای دەرکەوتنیەوە لە سەر زەوی هەموو هەوڵێکی بۆ مانا بەخشین بووە بە شتەکان، لەسەرەتاییترین ماناوە تا گەشتن بە فەلسەفە، دواتر فەلسەفەش ئەچێتە دۆخی چەقبەستنەوە، دۆخی نادیاری وپەی نەبردن بە وەڵام تا لەدایک بوونی زانستە سروشتییەکان و بەدوایدا زانستە مرۆییەکان، ئیتر زانست ئەبێتە رکابەری گەورە و بەڵێنی گەورە خۆیان ئەخزێننە نێو تەحەدییەکانیەوە، تا کار ئەگاتە ئەوەی زانست وەک یەکەیەکی لێکدابڕاو لە فەلسەفە خۆی نمایش بکات، ئەمە چۆن؟
وەک پێشتر ئەرکی فەلسەفەمان باس کرد لە پرسیار لە چییەتی، هەروەک وتمان زانستی هاوچەرخ دورکەوتنەوەیە لە چییەتی شتەکان و کشان بە ئاراستەی چۆنیەتی شتەکاندا، یان قەتیسمان لە بینیندا ونەناردنی وێنە لە بینینەوە بۆ شیکاری و بارنەکردنی بە گومان لە چییەتی چۆنایەتییەکان. ❪گەڕانەوە بۆ چییتیوۆنایەتی لای مارتن هایدگەر❫
هەموو ئەمانە هێشتا بەتەواوی زانستیان نەئەکرد بە کایەیەک لە دەرەوەی فەلسەفە، ئەگەر بهاتایەو خۆی بارگاوی نەکردایە لە هەندێک لووتبەرزی و بەڵێنی گەورە گەورە، وەک دابینکردنی خۆشگوزەرانی ودۆزینەوە و هەڵماڵینی نهێنییەکانی ناوەوە و دەرەوەی مرۆڤ و بچوک کردنەوەی مەودای نێوان مرۆڤەکان، ئەم بەڵێنانە و داهێنراوە زانستییەکانی تری وەک هۆکارەکانی پەیوەندی و گواستنەوە و دۆزینەوەی ئەنتەرنێتو گەشەسەندنی بیرکاری و بەرنامەسازی و کۆمپیوتەر، مۆبایلی زیرەک و ئەوانی تر، هەموو ئەمانەمرۆڤیان مەست کرد و هەستی خۆبەشت زانییان برد تا ئەوپەڕی، هەروەک چۆنیش سەرقاڵییان بەبەکارهێنانەوە دایبڕاندن لە گومانی ”بۆ بەکارهێنان؟”.
زانست بۆ ئەم کارەی پێویستی بە پیاچوونەوە بوو بە چەمکەکانی ناو فەلسەفەدا، بەوەی مانادان بەکار و بەرهەمی مرۆڤی لەئاستێکی بەرزەوە دابەزاند بۆ ئاستی شتە دووبارە و رۆبۆتییەکان، بەوەشەوە نەوەستا بەڵکوو دوای سەرکەوتنەکانی لە بەرۆبۆت کردنی مرۆڤ و بەکاربردنی لەئیشی دووپات بووەوەی بێ پرسیار و بێ جوڵەدا، ئیدی ئەوەی زانی کە ئەکرێت بەرهەمهێنانی خودی رۆبۆت کار و بازرگانییەکانی ئاسانتر و بە تێچووی کەمتر بەرێبکات، ئەوسا مرۆڤی کرد بە شتێکی بی سوود و بێ کار و لە سوچی ماڵەکاندا گیریدان، هەر لێرەوە هەوڵەکان ناخودئاگایانە چڕبوونەوە بۆ ئەوەی زەوی بکرێت بە کەرەنتیخانەیەکی گەورە.

لەم کاتەدا مانا لە هەبوویەکی یەکلانەکراوە و نادڵنیا و مەزنەوە گۆڕدرا بە شتێکی زۆر دڵنیا و بچوک، ئەمەش سەردەمی کۆتایی مانایە و هەر لەگەڵ خۆیدا سەردەمی کۆتایی فەلسەفەش، ئیتر بانگەشەکەرانی فەلسەفە دونیا پڕئەکەن لە لێکدانەوە کرچ و روکەشەکانیان و سەرنجی خەڵک لە پرسیاری گەورەوە ئەهێننە سەر شتەبچووکەکان، دەست لە بوونی خودی مرۆڤ هەڵئەگرن و سەرقاڵت ئەکەن بە لاوەکیترین شتەوە، تەنانەت رەخنەکانیشیان لە زانست، رەخنەی لاوەکین و تەنها وەک پێویستییەک بۆ تێرکردنی ئارەزووی رەخنەیی مرۆڤ بەکارئەبرێن و هیچی تر.

کۆرۆنا، هەنگاوێک نزیکتر لە مەرگ
نوێترین دەرکەوتەی نزیکی لە مەرگ ڤایرۆسی کۆرۆنایە، تا ئێستا زۆربەی ئەو لێکدانەوانەی بۆ ئەم مەرگەنوێیە کراون، ئەوانەی کەمێک هێزیان تیابێت هەر ئاوانەن کە بە دەوری بازنە زانستییەکەدا ئەسوڕێنەوە، جگە لەمانەش ئەوانی تر بۆ خەیاڵی سیاسی و ئاینی هەندێ مرۆڤی ناو ئەو سیستەمانە نوسراون.
هەندێک پێیان وابوو ئەم ڤایرۆسە دروستکراوی ئەمریکایە، هەندێکی تر وتیان زادەی تاقیگاکانی شاری وهانی چینە، هەندێک ئەڵێن دروستکراوی سەرمایەدارییە وشتی لەم جۆرە…. ئەمە جگە لەوەی کەسانی ناوکایەی ئاینی و سیاسیش قسەیان هەبووە کە من بە پێویستی نازانم قسەکانی ئەوانتان بەبیر بێنمەوە.
هەموو ئەم لێکدانەوانە جگە لەوەی ئەوەندەی تر دەستەواستانمان ئەکەن لە بەرامبەر ناسینی ئەم دۆخە، هیچ یارمەتییەکمان نادەن تا تێبگەین لەوەی هێرشی بۆ هێناوین، ئەمە لە کاتێکدا خودی ئەم ڤایرۆسە هەڵگری لێڵی و ئاڵۆزییەکی زۆرە کە وا ئەکات تێگەشتنێکی ئاسان نەبێت.

ئەوەی لێمان دیارە مەرگ و ترسە کە لە گشت جێگەیەک خۆی بۆ مەڵاس داوین، بە جۆرێک ناتوانی لە هیچ شوێنێک دڵنیابیت، ئەوەی لە بەرچاومانە چۆڵ کردنی شارەکانە، کەوتنی مرۆڤە، بەستنی رێگاکانە، داخستنی سنورەکانە، تەنانەت بەرەو گۆشەگیرکردنی مرۆڤ ئەڕوات، کە ئیتر لەم کاتەدا هەر کەسێکی ئاسایی ئەتوانێت مەترسییەکان بە چاوی سەر ببینێت.
ئیدی جگە لە بینینی مەترسییەکە قسەیەک نییە کە بتوانین لە ناو ئەم دۆخەدا بیڵێین، تەنها شتێک بتوانرێت بووترێت ئەوەیە کە لە دەرەوەی ئەبینرێت، ئەویش بە هاتنەدەرەوە لەو بازنەیەی زانست و خۆپارێزی لە هەرکۆلکە لێکدانەوەیەک کە زیان بە بیرکردنەوە فەلسەفییەکە بگەێنێت.

گەڕانەوە بۆ پرسیارە مەزنەکان دەرچوونە لەو دۆخی سەرقاڵییەی ئەمڕۆ مرۆڤی پێ گیرۆدەیە، ئەو دۆخەی بەها لە مرۆڤ وەرئەگرێتەوە و ئەیانکات بە تەنی هاوشێوە و دووپاتبوەوەی بێ پرسیار. ئەم دۆخە دووپاتبوەوەی مرۆڤ خۆبەخۆ دۆخی مەرگە بە بوون یان نەبوونی هەر ڤایرۆسێک، بەڵام کاتێک مرۆڤ راستەوخۆ مەترسییەکە هەست پێ ئەکات، ئیتر ناتوانێت بەردەوام بێت لەو نۆرمەی پێی قورمیش کراوە، تەنانەت خودی سیستەمە قورمیشکەرەکە ئامۆژگاریت ئەکات بە و ەستان، بە مانەوە لە ماڵەوە، لە کاتێکداپێشتر هەمان سیستەم لە ماڵەکان دەریئەکردین و بەرەو کارگە و بازاڕەکان ئاراستەی ئەکردین.
ئێستاش ئەم سیستەمە بێئاگایە لەوەی کە ناکرێت تاسەر لە کونجی ماڵەکاندا بین و دەرگاکان لەسەر خۆمان دابخەین، لە هەمان کاتیشدا ناکرێت پێچەوانەی رێنوماییەکان هەڵسوکەوت بکەین و ببینە هۆی نانەوەی کارەساتی لەوە گەورەتر، واتە دۆخەکە بە هەردوو ئاراستەکەیدا بەرەو مەترسی ئەکشێت.

ئەی چی بکەن؟
ئەو دۆخەی سەرقاڵی ئەمرۆمان پێمان ئەڵی ئەوەیە کە هیچ نیازێک نییە بۆ خۆداماڵین لە زانست، تەنانەت توانا و ئامادەییەکی لەم جۆرەش بوونی نییە، چونکە زانست بەشێکە لە بوونی ئەمڕۆییمان و هەردوورکەوتنەوەیەک لێی بەرەو دێوانەیی ئاراستەمان ئەکات، لە هەمان کاتیشدا ناتوانین نکوڵی لەوە بکەین کەخودی زانست و تەکنۆلۆجیا ئەگەر بەرهەمهێنەری ئەم مەرگەساتەش نەبن ئەوا بەشدارن لە دروست بوون و تەشەنەکردنیدا، ئیدی شەمەندەفەر و فرۆکە و رێگاکان تەنها مرۆڤ ناگوازنەوە لە جێگایەکەوە بۆ جێگایەکیتر بەڵکو لەگەڵ مرۆڤدا ڤایرۆسەکانیش ئەگوازنەوە.
ئێستا کە هەنگاوێک نزیکترین لە مەرگەوە، لە هەر کاتێکی تر گرینگترە گەڕانەوەمان بۆ لای پرسیارەمەزنەکان، ئەبێت جارێکی تر زانست بخەینەوە ژێر پرسیارەوە، هاوکات خودی زانست لەگەڵ هاوتەریب بەفەلسەفە گەشە بکات و بتوانێت لە قۆناغی دوورتردا شوێنی یەکتربڕی خۆی لەگەڵ فەلسەفە بدۆزێتەوە.

کۆرۆنا و مرۆڤی دابەستە

تا ئێستا دوو رێگا هەیە بۆ رووبەروبوونەوە.

رێگای یەکەم داخستنی مرۆڤە بە رووی مرۆڤدا و مانەوە بە گوێرەی توانا لە ماڵەوە، ئەم رێگا بۆ دابڕاندنی نەخۆشە لە تەندروستەکان و هێشتنەوەی نەخۆشە تا چاک بوونەوە یان مردن بە بێ ئەوەی کەسێکی ساغ لێیەوە تووش بێت. بەڵام ئەم رێگایە پێویستی بە توانایەکی لە بن نەهاتووە کە لە ئێستادا بەدی ناکرێت لەهەموو شوێنێکی سەر زەوی، دواتریش مرۆڤ بە گوێرەی خایاندنی ئەم نەخۆشییە لە دابەستەییدا ئەمێنێتەوە، مرۆڤی دابەستەش مرۆڤێک نییە دوای تێپەڕاندنی قەیرانەکە سودبەخش بێت.
دابەستە مرۆڤێکی تێکشکاوە لەرووی دەرونییەوە و بێتوانایە لەرووی مێشک و جەستەییەوە، بۆیە قەیرانی دابەستەکردنی مرۆڤ قەیرانێکی تر ئەبێت لەدوای کۆرۆناوە، کە رەنگە ئەمەیان کاتێکی زیاتری بوێت بۆدەرچوون لێی.
سەرکەوتنی مرۆڤ لە کەمی و زۆری ژمارەیدا نییە بەڵکو لە بوون یان نەبوونی کەسانی هۆشیاردایە، لەئێستاوە ئەوە دیارە کە مرۆڤی کەرەنتینەکراو بۆ ماوەیەکی درێژ مرۆڤێکی تەندروست دەرناچێت، تەنها لەم دۆخەدا مرۆڤ ئەتوانێت بەرگری لە مانەوەی جەستەیی خۆی بکات، ئەویش ئەگەر بتوانێت بەجەستەیەکی تەندروستەوە بمێنێتەوە، ئەگینا لە رووی دەروونی ناوەکییەوە ئەبێتە کەسێکی تێکشکاو ئەگەر لە ئێستاوە هەوڵی وشیارییەکی سەرتاسەری بۆ هەموو جیهان نەدرێت، هۆشیارییەک هیوایەک دروست بکات بۆداهاتوو، تا ماوەی کەرەنتینەکردن درێژتر بێت مرۆڤ بتوانێت زیاتر هێزبهێنێتەوە ناو خۆی و بگرە ئەوماوەیە وەک ماوەی گومانی دیکارتی بەرێکات ❪ بنواڕ ە پرەنسیپی گومان لای رینیە دیکارت❫

رێگای دووهەم پشت بەستنە بەو تووشبوانەی کە دوای تووش بوون چاک ئەبنەو ە.

ئەم رێگایە تا ئێستا زۆر نەکەوتوەتە جێبەجێ کردنەوە، چونکە هێشتا لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی
نەخۆشییەکەداین و ئەم رێگایەش بەو پرەنسیپە کار ئەکات کە مرۆڤی بەهێز لە رووی جەستە و دەروونیەوە بتوانێت خۆی دەرباز بکات لەو ڤایرۆسە و ئەوانەی کە نەیانتوانی دەربازبن کۆتاییان بێت، بێ ئەوەی ئێمەبتوانین ئیشێکی زۆر گەورە بکەین بۆ رزگار کردنیان.
ئەم رێگایە لە ئێستاوە بەر تانە و تەشەر ئەکەوێت لە لایەن خەڵکانێکەوە کە پێیان وایە رێگایەکی مرۆڤانە نییەو هەوڵە بۆ کوشتنی پیر و بەتەمەنەکان و خۆرزگارکردنی حکومەتەکانە لەو داهاتە زۆرەی بۆ پیر وخانەنشین و خاوەن پێداویستی تایبەت و نەخۆشە درێژخایەنەکان و ئاوانی تر دابین ئەکرێن، ئەمە جگە لەوەی ئەمە بە رێگا یان یاسای مێگەل باس ئەکەن، بگرە ئەشڵێن کە دوور نییە ئەمە دروستکراوی ئەو وڵاتانەخۆیان بێت بۆ گەڕانەوەی ئەو داهاتانە، ئەشڵێن هەر لەبەر ئەمەیە زۆرێک لە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکاخەمساردن لە رووبەروبوونەوەیدا.

دوای کۆرۆنا، ئەرکی پاراستنی زەوی

ئەرکی دوای کۆرۆنا لە ئێستاوە دەست پێئەکات، جگە لەوەی باسمان کرد لەسەر شکستی زانست، کە شتێکە ئەبێ دانی پیابنرێت و ئەشبێت دان بەوەدا بنرێت کە بەهەر جۆرێک بێت مرۆڤ و زانستەکانی بەشدارن لەنانەوەی ئەم قەیرانەدا، دوای ئەوەش دانایی لە هەموو کاتێکی تر بۆ مرۆڤ پێویستە و ئەرکی پاراستنی بەهامرۆییەکان و پاراستنی زەوی لەسەر شانی داناکانی ئەمرۆیە.
زانستیش وەک دوا بەرهەمی مرۆڤ شتێکە ئەبێ پارێزگاری لێ بکرێت تا ئەوکاتەی مرۆڤ ئەتوانێت لەقۆناغێکەوە بیگەێنێت بە قۆناغێکی باشتر، لە ئێستادا هەر پشت کردنێک لە زانست پشت کردنە لە مرۆڤ ونانەوەی پاشاگەردانییە و گەڕانەوەیە بۆ سەردەمی چاخە بەردینەکان و خراپتریش.
ئەم ڤایرۆسە و پاشکەوتەکانی تەنها پەلاماری مرۆڤ نادەن، بەڵکو پەلاماری بەهاکانیشی ئەدەن و هیچگومانێک نییە کە دۆخی دوای رزگار بوون دۆخێکی تەواو جیاواز ئەبێت لە دۆخی ئێستا بە رەچاوکردنی ئەوەی ئەم دۆخەی ئێستا چەند دەخاێنێت، تا درێژتربێت قەیراناوی تر ئەبێت، بۆیە رێگای کورت و دانایی زۆر و بیرکردنەوەی زۆر ئەرکی لە پێشینەی ئەمرۆی مرۆڤن بۆ دەرچوون لەم دۆخە.

لەو دوو رێگای پێشتر کە باس کران، ئەکرێت چارەسەرێکی باشتر پێکبێت.

لە رێگای یەکەم دا ئەبێت پارێزگاری و جیاکردنەوەی مرۆڤ بخرێتە ژێر بارێکی تەندروستترەوە نەک بەمشێوەی ئێستا کە مرۆڤ دابەستە بکات، ئەبێت مرۆڤ بە زیندانیش لە ناو ماڵدا هیوای ئازادی لەدەست نەدات و بەرگەی چاوەڕوانی رۆژێکی باشتر و ئایندەیەکی باشتر بگرێت و بتوانێت خۆی پڕچەک بکات بەبیرکردنەوە و دانایی و هەمیشە لە ناو ئەو پرسیارە مەزنانەدا بژی کە مرۆڤایەتی لە سەرەتای بوونیەوە بەرهەمی هێناون، جگە لە پارێزگاری کردن لە توانای جەستەیی و دەروونی و بەرز راگرتنی شکۆی مرۆڤانەی خۆی، هەروەها هەست کردن بە ئازاری مرۆڤی تر لە کۆمەڵگاکانی تر و بەرەنگاربوونەوەی دۆخەکە وەک یەک جەستە و یەک گیان. بەمە مرۆڤ ئەتوانێت پارێزگاری لە توخمی خۆی و لە بوونی سروشتی خۆی وەک ئەوەی کە هەیە بکات و تەنانەت ئامادەش بێت بۆ رووبەروبوونەوەی هەر دۆخێکی تری هاوشێوەی ئەمەش.
ئەمەش لەمرۆدا ئەبێت دەزگاکان و حکومەت و میدیاکان پێی هەستن، گەورەترین ئەرکی ئەمان بەرزراگرتنی هیوای مرۆڤە و راهێنانیەتی بۆ بەرگەگرتن و تێپەڕاندنی دۆخەکە.

لە رێگای دووهەمیشەوە مرۆڤ ئەتوانێت واقیعیانەتر دۆخەکە ببینێت و هەست بە مەترسییەکانی بکات، بەوەش ئەتوانین بەشێک لە ئەنجامە خراپەکانی ئەم دۆخە پێشبینی بکەین و بتوانین قبوڵی بکەین، ئەویش دوای ئەوەی هەموو توانایەکمان بەکارئەبەین بۆ دەرچوون بە کەمترین زیان.
بەڵام ئەوەی لەم رێگاوە هەڵئەهێنجرێت ئەو ئەرکەیە کە چاکبووانی ئەم نەخۆشییە ئەکەوێتە سەریان، ئەرکی دوای کۆرۆنا کە ئەرکی پاراستنی زەوییە.
چاکبووان ئەبێت رابهێنرێن و فێربکرێن چۆن دەسکەوت و بەهاکانی مرۆڤ بپارێزن، ئەبێ پەلە بکرێت لەدەوڵەمەندکردنی بیری چاکبووان و خۆشیان هەستیان بەوە بەهێزبێت و بزانن کە چ ئەرکێکیان لەسەرە، ئەمە ئەو کارەیە کە ئەبێت یەکسەر و بێ دواکەوتن دەست پێ بکرێت و هیچ دەرفەتێک نییە بۆ دواخستنی، چونکە داهاتووی زەوی لە ئێستادا بەدەست ئەوانەوەیە و ئەوان ئەبنە بەرپرسی سەرەکی پاراستنی زەوی.
دیسان ناچارم ئەوە دووپات بکەمەوە کە ئەرکی گەورە دوای پاراستنی زەوی ئەرکی گەڕانەوەیە بۆپرسیارە مەزنەکان و گواستنەوەی مرۆڤە لە سەردەمی قەیرانی زانستەکانەوە بۆ سەردەمی زانستی پرەنسیپدارو پرسیاری دانەخروان.




گرووپی هاوپشتیی کۆڵان گرووپە خۆجێییەکانی هاوپشتیی گەڕەک … هەژێن

لەنێو هەر کۆڵانێک کە ئێمە دەژین، کەسانێک هەن، کە بە هۆکاری پیریی و نەخۆشیی و پەککەوتەیی و کەمئەندامیی توانای دابینکردنی پێداویستییەکانی خۆیان نییە، چ بە هۆکاری نەتوانین و مەترسیی دەرچوون لە ماڵ، چ بە هۆی نەبوونی توانای کڕین.

ئێمە وەک هاوسێ و وەک مرۆڤ و وەک بەرپسیاریی هوشیاربوون، ئەرکی هاوپشتیکردنی ئەو کەسانە دەکەوێتە ئەستۆ، هەڵبەتە ئەگەر خۆمان لە باری تەندرووستیی و جەستەیی لەبار و گونجاو بین.

لەوانەیە بەهۆی دانەچڵەکانی ئەو هەست و بەرپرسیارییە کۆمەڵایەتییەی سەرشانی خۆمان، هێشتا ئێمەی لە دوای پاساو بگەڕێین و وەک خۆدزینەوەیەک بپرسین؛ ئەی منداڵان و خزمانی خۆیان نایێن و ئەو ئەرکە لە ئەستۆناگرن و ئەنجامنادەن؟

بێجگە لەوەی کە ئەو پرسیارە لە هوشیاریی و لۆجیک دوورە، دەکرێت پرسیارەکە پێچەوانە بکەینەوە و لە خۆمان بپرسین؛ ئەگەر ئێمە لە دایک و باوکی خۆمان دوور بووینایە و بەهۆی قەدەخەبوونی هاتووچۆ یان دووریی شوێنی ژیان یان نەخۆشبوونی خۆمان توانای فریاگوزاریی خزمانی خۆمان نەبووایە، چی؟ ئایا هەر ئاوا وەک ئێستا کەمتەرخەمانە و نادەربەسانە دەمانگوت : بۆچی منداڵان و خزمانی خۆیان فریای ئەوان ناکەون؟

بەبێ گومان نەخێر و بەپێچەوانەی ئەوە خۆزگەخواز دەبووین و زۆر سوپاسگوزار دەبووین، ئەگەر هاوسێیانی خزمانی ئێمە لە کاتی تەنگانە فریای ئەوان بکەون و پێداویستییەکانی ئەوان دابینبکەن.

دەی لەسەر هەمان بنەما، پێویستە هەر یەک لە ئێمە لە شوێنی ژییانی خۆمان [لە ئاستی گوند و کۆڵان و گەڕەک] بۆ پێکهێنانی (گرووپی هاوپشتیی هاوسێیان) بانگەوازبکەین و ژمارە تەلەفۆنێک بۆ پەیوەندیکردن دەستنیشانبکەین. هەڵبەتە تاکو ئەو کاتەی کە (گرووپی هاوپشتیی کۆڵان) و (گرووپەکانی هاوپشتیی گەڕەک) پێکنەهاتوون، پێویستە هەر کەس لەنێو کۆڵانەکەی خۆی، لەوێ کە هاوسێکان ئەو دەناسن و بڕوای کۆمەڵایەتییان بە ئەو هەیە، پێویستە هەر کەس بەخۆبکەوێت و چاوەڕێی درووستبوونی گرووپی کۆڵان نەبێت [هاوکاتی هەوڵدان بۆ درووستبوونی گرووپی هاوپشتیی کۆڵانەکەی خۆی، هەوڵبدات خۆی بە تەنیا ئەو ئەرکە ئەنجامبدات]، چونکە گرووپە خۆجێییەکان لەو دەستپێشخەرییە کەسییانەوە دەستپێدەکەن و سەرهەڵدەدەن و پابەندکردنی بەشداریکردنی هەر کەسێک و چاوەڕوانمانەوەی هەر کەسێك بۆ درووستبوونی گرووپەکان، دەبێتە هۆی دواکەوتنی درووستبوونی گرووپەکان، بە واتایەکی دیکە، بەو ڕادەی کە هەر کەسێک زووتر لە شوێنی ژییانی خۆی بەخۆدەکەوێت، بە هەمان ڕادە درووستبوون و سەرهەڵدانی گرووپەکان نزیکتر دەبێت.

چۆنیەتی سەرهەڵدانی گرووپی هاوپشتیی کۆڵان؟

وەک پێشتر ئاماژەدرا، کەسێک بە ڕاگەیاندنی ئامادەیی خۆی بۆ هاوپشتیکردنی هاوسێیانی پیر و نەخۆش و پەککەوتە و کەمئەندام یان هەر کەسێکی دیکە کە کۆمەک و هاوپشتی ئێمەی پێویست بێت، لەنێو کۆڵان بە هەڵواسینی بانگەوازێک بۆ پێکهێنانی گرووپێک بۆ هاوپشتیی هاوسێیان یان بڵاوکردنەوەی بانگەوازەکە لەنێو تۆڕی کۆمەڵایەتیی و نووسینی ژمارە تەلەفۆنێک بۆ پەیوەندی، هەڵبەتە ئەگەر بکرێت لەسەر بانگەوازە چاپکراووەکە وێنەی کەسی بانگەوازکەر هەبێت، تاکو بڕوای کۆمەڵایەتیی هاوسێیان بەدەستبهێنێت، هەر ئاوا بۆ ئەوەی هەوڵی هاوپشتییانەی ئێمە لە هەوڵ و هەلپەرستیی کەسانی دیکەی ساختەچی و دەستبڕ یان پڕۆپاگەندەکەرانی ڕامیار و مشەخۆر جیابکرێتەوە.

پاش پەیوەندیکردن و ئامادەیی کەسانی دیکە، لەنێو کۆبوونەوەیەکی ئاشکرا و بە لەبەرچاوکردنی باری تەندرووستی و ئاسایی ئێستا، دەکرێت کۆبوونەوەی پێکهێنانی گرووپەکە لەنێو چات-مەسینجەرێک بێت و هەموو هاوسێیان بتوانن بەشداریبکەن، بۆ نموونە چات-گرووپی فەیسبووکیی لە عیراق و چات-گرووپی تێلەگرامیی لە ئێران، لەبەر ئەوەی کە لەو دوو وڵاتە زۆبەی خەڵک بەکاربەری ئەو دوو تۆرانەیە و نائاشنا نییە و بەکاربردنی ئەوان ئاسانە، ئەگەر نا چات-مەسینجەری دیکەی وەک سیگناڵ Signal و جیتسی Jitsi هەن، کە زۆر باشتر و پارێزراوترن. بەڵام بەداخەوە وەک فەیسبووک مەسینجەر و تێلەگرام گەلیی و گشتیی نەبوونەتەوە و زۆبەری خەڵک ئاگاداری بوونی ئەوان نییە.

لەنێو کۆبوونەوەکە، کەسانی ئامادەی هاوپشتیکردنی هاوسێییان خۆیان دەناسێنن و ژمارە تێلەفۆنی خۆیان بۆ پەیوەندیی ڕادەگەیێنن و بەشدارانی دیکە دەتوانن ژمارە تەلەفۆنی ئەو کەسانە بە هەموو دانیشتووانی کۆڵانەکە بگەیێن.

بەو جۆرە کۆڵان بە کۆڵان تاکو ئاستی گەڕەک و شار گرووپەکان پێکدێن و لە کاتی پێویست چالاکانی کۆڵانەکان دەتوانن فریای کۆڵانەکانی دیکە بکەون، بەڵام ئەوە بەس لە باری پێویستی و گرفتاریی چالاکانی ئەو کۆڵانە. چونکە هاوپشتیی هاوسێییان بڕوا و ناسین و دڵنیایی پێویستە، بەتایبەت کەسانێک کە کەمتر لە ماڵ دەردەچن و پیر و نەخۆش و پەککەوتە و کەئەندامن، پێویستە دڵنیایی زۆرتریان هەبێت. هەڵبەتە، بە بەردەوامبوونی چالاکییەکان، بڕوای کۆمەڵایەتیی پتەوتر و جێگیرتر و فراوانتر دەبێت و تەنانەت ئاستی کۆڵان و گەڕەکیش تێدەپەڕینێت. بەڵام سەرەتا درووستکردن و گێڕانەوەی پێویستە، چونکە هەزاران و سەدان ساڵە ئیمپڕاتۆرییەکان و دەوڵەت و پارتییە ڕامیارییەکان و دەزگەکان و ڕامیاران خەریکی لەنێوبردنی بڕوا و هاوپشتیی کۆمەڵایەتین و درووستکردنەوە و گێڕانەوەی ئەوەی لەنێوبردراوە، شێلگیرییەکی بەردەوامی پێویستە.

ئەرکەکانی گرووپی هاوپشتی کۆڵان؟

لەباری نائاسایی ئێستا کڕینی خۆراک و پێداویستییەکانی دیکە بۆ ئەو کەسانەی کە بە خۆیان توانای دابینکردنی پێداویستییەکانی خۆیان نییە، گەیاندنی ئەو کەسانە بە پزیشک و نەخۆشخانە، بەسەرکردنەوەی بەردەوام بە هۆی تێلەفۆن و تەنانەت سەردانیکردن بەلەبەرچاوگرتنی ڕێنوێییە تەندرووستییەکان بۆ خۆپاراستن لە بڵاوکردنەوە و تووشبوون بە پەتاکان.

بەڵام لە باری ئاسایی و نەبوونی پەتاکان، دەکرێت شەونشینی و گەشت و پیاسەکردن لەتەک کەسانێک کە هاوپشتی ئێمە دەخوازن. بۆ نموونە لە یابان خوێندکاران [قۆناخی نێوەندیی و ئامادەیی] هەر کەسە وەک بەشێک لە پراکتیک سەردانیکردن و کڕین و چێکردنی خواردن و پیاسەکردن لەتەک نەخۆشان و پیران و پەککەوتان و کەمئەندامان لە ئەستۆدەگرێت و بەگوێرەی کات و حەزی خۆی ڕۆژانە یان چەند جارێک لە هەفتە ئەو کەسانە سەردانیدەکات و زۆر جار دەکرێت چەند خوێندکارێک لە کەسانی سەرپەرشتیکراو گرووپێک بۆ سەیران و گەشت و چوونە سینەما یان چوون بۆ پەڕتووکخانەی گشتتیی و باخی گشتیی و شوێنەکانی سەرگەرمیی ڕێکبخەن، یان ڕێکخستنی کۆبوونەوە و خواردنی بەیانی پێکەوە لەنێو نێوەندەکانی کۆڵان و گەڕەک پێشنیاربکەن.

چۆنیەتی ڕێکخستن و ئەنجامدانی هاوپشتی؟

کەسێک کە هاوپشتیکردنی کەسانی پیر و نەخۆش و پەککەوتە و کەمئەندام ئامادەیی خۆی دەربڕیوە و ژمارە تەلەفۆنی خۆی بڵاوکردووەتەوە، لەلایەن ئەو کەسانەی هاوپشتییان پێویستە تەلەفۆنی بۆ دەکرێت، یان بە چات-مەسینجەر لیستی پێویستییەکانی پێدەگات، پێداویستییەکان لەو شوێنانەی کە کەسی داخوازیکەردەستنیشانیکردووە دەکڕێت و دەگەیێنێتە بەردەگە و بە تەلەفۆن بڕی پارەکە بە کەسەکە دەڵێت و کەسەکە هاوپشتیکراوەکە پارەکە لەنێو زەرفێک دەنێت و لەبەردەرگەکەی دادەنێت. لەباری هەبوونی نەخۆشی و گرانەتا، لەبەر ڕۆشنایی ڕێنوێنییە تەندرووستییەکان، کەمترین نزیکبوونەوە و بەریەککەوتن درووست دەبێت. بەڵام ئەگەر پێویستییەکان بەشێک لە کۆمەکە کۆمەڵایەتییەکانی بەخشینی خۆراک و پۆشاک و شمەکی دیکە بێت، ئەوا بە گەیاندنی کۆمەکەکە بە بەردەرگەی کەسە هاوپشتیکراوەکە، بۆ بردنی کۆمەکەکە ئاگاداردەکرێت و گرفتی پێدانی پارە و تووشبوونی پەتا نابێت.

چۆن لە خراپەکاریی و فڕوفێڵی کەسانی خراپەکار بەردەگیردرێت؟

بەداخەوە، لەم کاتە کە لە هەموو کات زیاتر مرۆڤەکان بەتایبەت کەسانی پیر و نەخۆش و پەککەوتە و کەمئەندام ناچارن و کۆمەک و هاوپشتیی دەخوازن، لە زۆر شوێن، تەنانەت لە ئۆروپا کەسانێک پەیدابوون کە بەناوی ڕێنوێنی تەندرووستیی و بیمەی دەرمانیی و تیمی پشکنین و تەنانەت بەناوی کۆمەک و هاریکاری لە خەڵکی ناچار پارە دەکێشنەوە.

لەبەرئەوە، پێویستە هاوکاتی ڕاگەیاندنی ئامادەیی خود بۆ کۆمەک و هاوپشتیی هاوسێییان و درووستکردنی گرووپی هاوپشتیی هاوسێیان، وێنە و ژمارە تێلەفۆن و ناونیشانی خود بە چالاکانی گرووپی هاوپشتیی کۆڵان و کەسانێك کە بە ئەوان کۆمەک و هاوپستیی دەگەیێنین، بدەن و چالاییەکان ئاشکرا و ڕاگەیێندراو بن. هەر ئاوا دانیشتووانی کۆڵان بەتایبەت پیران و نەخۆشان و پەککەوتە و کەمئەندامان لە هەوڵی خراپکارانەی کەسانی نەناسراو ئاگادار و وریابکرێنەوە.

هەڵبەتە نابێت، ئەو ئاگادارکردنەوە و وریاکردنەوانە ببێتە هۆکاری لەنێوبردنی بڕوای کۆمەڵایەتیی بە یەکدی و گومان درووستکردن لەنێو هاوسێیان، بەڵکو پێویستە بەس بە ڕادەی بەرگرتن لە هەوڵی خراپکارانەی کەسانی مشەخۆر و دەستبڕ و بۆرجوا سیفەت، ئاگادارکردنەوەکان بەردەوام بن.

چۆنیەتی یەکگرتنەوە و هاریکاری نێوان گرووپی کۆڵانەکان و یەکگرتنەوەیان لەنێو تۆڕی هاوپشتیی گەڕەک؟

لەتەک درووستبوونی گرووپی هەر کۆڵانێک، پێویستە دەستبەجێ بۆ بانگەوازکردن و هاندانی دانیشتووانی کۆڵانەکانی دیکە هەوڵبدرێت و تاکو ئەو کاتەی کە لە کۆڵانی تەنیشت گرووپی هاوپشتیی درووستنەبووە، پێویستە وەک نیشاندانی نموونەیەک لە باشیی گرووپی هاوپشتیی کۆڵان، بەگوێرەی توانا و کات لە پیران و نەخۆشان و پەککەوتان و کەمئەندامانی کۆڵانەکانی دیکە هاوپشتیی بکرێت و ئەزموون و ڕێنوێنییەکانی خود بە ئەوان بگەیێندڕین، ئەزموونەکان و چالاکییەکان و نموونەکان لەنێو شەونشینی خێزان و پەیوەندی و گفتۆی نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبکرێنەوە.

کاتێک گرووپەکانی هاوپشتیی دوو کۆڵان لەنێوان خۆیان هاریکارییدەکەن و گرووپی دیکە درووستدەبن، پێویستە بۆ پێكهێنانی تۆڕی گرووپە هاوپشتییەکانی گەڕەک هەوڵبدرێت و هەر وەک کۆبوونەوەی ئینتەرنێتیی چالاکانی گرووپی هاوپشتیی کۆڵانێک لە باری نائاسایی وەک ئێستا، یان کۆبوونەوەی خۆجێی لە باری ئاسایی دوور لە مەترسی پەتا و قەدەخەبوونی هاتوچۆ، چالاکانی گرووپە هاوپشتییەکانی گشت کۆڵانەکانی گەڕەکێک کۆبوونەوە بکەن و گفتوگۆبکەن و پەیوەندیی و چالاکییەکانی خۆیان ڕێکبخەن.

چۆنیەتی سەرپەرشتیکردنی گرووپەکان و ڕێکخستنی بڕیاردانەکان؟

گرووپە هاوپشتییەکانی کۆڵان و گەڕەک، گرووپی خۆبەخشانە و هاریکاریی و دوور لە قازانج و پلە و پایەی ئابووریی و ڕامیاریی دەبن و لەوەش زیاتر گرووپەکان دارای هیچ پەیوەندی و تایبەتمەندییەکی پارتییایەتی و ئایدیۆلۆجیی و ڕامیاریی نابن و نابێت بە پڕۆپاگەندەی ڕامیاریی پارتیی و ڕێکخراوە ڕامیارییەکان بواربدرێت؛ فیلۆسۆفیی گرووپی هاوپشتیی کۆڵان و تۆڕەکانی هاوپشتیی گوند و گەڕەک و شار بریتی دەبێت لە ( هاوپشتیی هاوسێ بۆ هاوسێ) و بنەمای هاوپشتیکردن و پەیوەندییەکەش بنەما و پەیوەندییەکی کۆمەڵایەتیی دەبێت و پێویستە لە هەموو پەیوەندییەکی بازرگانیی و ئابووریی و ڕامیاریی و دەستەبژێریی دووربگیردرێت.

کاتێک ئەوە ئامانج و ئەوە شێوازی چالاکییکردنی گرووپە خۆجێییەکانی هاوپشتیی کۆڵان و گەڕەکەکان بێت، بەبێ بێگومان شێواز و ئاستی سەرپەرشتیکردن و بڕیاردانیش گشتیی و کۆڕابەریی (هەمووان ڕابەریی، یان نەبوونی ڕابەریی) دەبێت و هیچ کەس سەرۆک و هیچ کەس هاوسەرۆک نییە و سەرۆکایەتی و ڕێکخستن و بڕیاردانی قووچکەیی بوونی نابێت، هەر ئاوا کە لە باری ئاسایی هاوسێییان هیچ کەس سەرۆک و هیچ کەس ملکەچ، هیچ کەس فەرماندەر و هیچ کەس فەرمانبەر نییە، هەر ئاوا لە ڕێکخستن و سەرپەرشتیکردن و بڕیاردانی گرووپەکانی هاوپشتیی کۆڵان و گەڕەک هیچ کەس سەرۆکی کەسێكی دیکە یان گرووپەکە نییە، هەمووان هاوئاست و هاودەنگ و هاوبڕیار و هاوئەرک و هاوبەرپرسایریی دەبن، ڕێک بە هەمان شێوەی سرووشتی ژییانی کۆمەڵایەتیی.

ئامانج لە درووستکردنی گرووپی هاوپشتیی کۆڵان و تۆڕی گرووپە هاوپشتییەکانی کۆڵانەکانی گەڕەک، بەس هاوپشتیی و کۆمەک و هاریکاریی کاتیی ئەم سەردەمەی بڵاوبوونەوەی پەتا نییە و پێویستە بە ئاسۆی بەردەوامیی پاش تێپەڕاندنی ئەو پەتایە و بۆ بوارەکانی دیکەی ژییان و پێداویستییەکانی کۆلانەکان و گەڕەکان و گوند و شارەکان پەلبهاوێت و وەک تان و پۆی ڕێکخستنی کۆمەڵایەتییانەی دانییشتووان مرۆڤی کۆمەڵی ئازاد و یەکسان و دادپەروەر پەرووەردەبکەن

بێجگە لەوە، لە باری ئاسایی و تێپەڕاندنی باری نائاسایی بڵاوبوونەوەی پەتا و مەترسییەکانی دیکە، دەکرێت گرووپەکانی هاوپشتیی کۆڵان پێکهێنانی بنکەی ئالووێرکردن و بەخشینی شمەکە زیادەکان، درووستکردنی باخچە کشتوکاڵییەکانی کۆڵان و گەڕەک، بردن و هێنانەوەی منداڵان بۆ باخچە و فێرگە و ڕێکخستنی گەشتکردن و سەیرانی هاوسێییان، درووستکردنی سندووقی کۆمەکی هاوسێییان، پێکهێنانی دەستەکانی پاراستنی کۆڵان و دابینکردنی ئاساییش بۆ دانیشتتووان لە باری هەبوونی مەترسیی جەنگیی و سەربازیی و هەر ئاوا خاوێنکردنەوەی ژینگە و پاراستنی ژینگە و بازنەکانی هاریکاری و ئاڵووێرکردنی بەرهەم و پێداویستییەکان و … تد

نموونەی زیندوو لەو بارەوە، هەر ئێستا لە ئەمەریکا و ئۆروپا لەسەر بنەماکانی کۆمەکی بەرانبەرانە mutual aid درووستبوون و پێکدەهێندرێن و تەنانەت ئامانج و چالاکیی ئەوان زۆر لەو ئاستە زیاتر و فراوانترە، کە من لەنێو ئەم نووسینە وەک نموونە ئاماژەمداوە. ئەوەش بۆ شێوەی ڕێکخستنی ژییانی کۆمەڵەکان دەگەڕێتەوە، کە لەنێوان هەرێم و کۆمەڵەکانی ئۆروپا و ئەمەریکا جیاوازییەکی چەندایەتی و چۆنایەتیی هەیە و لەو بارەوە نووسینەکەی من فرەتر ئاراستەی کۆمەڵی هەرێم و کۆمەڵەکانی خۆرهەڵاتی ناوین دەبێت، بەڵام هاوکاتیش وەک پێداویستییە سەرەتاییەکان بۆ پێکهێنانی گرووپەکانی هاوپشتیی هاوسێیان لەنێو کۆمەڵەکانی دیکەی ئۆروپا و ئەمەریکا ئەو هەنگاوانە هەر بنەما دەبن.

هەژێن
١٩ی مارچی ٢٠٢٠




دەوڵەتی کوردی لە دیدی ئەوانەوە! …ھەلۆ بەرزنجەیی

” دەوڵەت گرنگترین داهێنانە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا”…. کارل. ڤ. دۆیچ

ماوەیەکی باشە، بە وردی و بە دیقەتەوە سەرنج دەگرم لە بیروڕای گشتی تورکی و عەرەبی و فارسی و بە تایبەت ڕۆشنبیران و کەسایەتییە گوێ لێگیراوەکانی نەتەوە سەردەستەکانی دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستان. ئاخر باری سەرنجی ئەوانم گەلێ لا مەبەستە، ھەر نەبێت گوایە ئەم تاقمە بە چەند ئاوێک لەچاو سیاسی و دەسەڵاتدارەکانیان دا شۆراونەتەوە!. وەک دەبینین ئەم دەستەیە جارەوجار گەر بە کزیی و لاوازیی و لەژێر لێویشەوە بێت، دەیانەوێ دەنگ ھەڵبڕن و شتێ بڵێن خۆیان لە دەسەڵات و عەوامی خەڵک جودا بکەنەوە….
ئێمە گوێمان لە دەنگە شەرمنەکانیان دەبێت، گوایە لەگەڵ مافی کورد دان و ھەندێکیان وەک « حەسەن عەلەوی و سادق زێباکلام » زیاتر هەنگاو دەنێن و دەڵێن: لەگەڵ مافی کورداین تا ڕادەی دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی.
لەڕاستیدا ئەمەش دیوێکی ئەو مەسەلەیە، کە ڕەنگە دەمودەست و بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی ببێتە مایەی دڵخۆشی هەر تاکێکی کوردستانی.
لێ گرفتەکە لەوەدایە کاتێ بە وردی دەچیتە بنج و بناوان و گەوھەری بۆچوونی ئەم دەستە و تاقمەوە ،دەبینیت، ئەمان زیاتر لەوانی دیکە لە پەرۆشی پاراستن و چەسپاندن و زامنکردنی دەوڵەتەکەی خۆیان و بەرژەوەندی باڵای نەتەوەکەیان و ستراتیژی ئاسایشی نەتەوەیی نەتەوەکەیان دان. لەم ڕوەوە ھەرچییەک بۆ تۆ بخوازن، بە ئامانجی خزمەتکردنی پرسی نەتەوایەتی و دەوڵەتە زۆڵەکەکەی خۆیانە. بەواتایەکی دی ئەم بۆچوونە بەرھەمی قەناعەتێکی چەسپاو و ئەزموونێکی دەوڵەمەند و باوەڕێکی بەرزی مافی گەلان و ڕێزگرتن لە ویست و خواستی ئەوانی تر نییە. ئاخر وەک مێژوو سەلماندوویەتی، ئەوان ! ھێندە سوورن لەسەر دژایەتی بوونی کورد و ژیان و مافە سروشتییەکانی، تەنانەت مافی ژیانی ئاسایشی بۆ ناسەلمێنن و بە شایستەی چ ھەقێکی نازانن. لە ھەرڕوانگەیەکەوە بڕواننە پرسەکەی تۆ، وا خۆیان و ھەموو ئاسایشی نەتەوەیی و بەرژەوەندییە دوور و نزیکەکانیان ھەر لەبیرە.
کاتێکیش بۆ کورد لەگەڵ خواست و دامەزراندنی دەوڵەتدان، دەوڵەتی ناوبراویان وەک ئامڕازێک گەرەکە بۆ پتەوکردن و مەحکەمکردنی پێگەی نەتەوەیەتی خۆیان لەو ململانێ و شەڕە ستراتیژی و پرسی ئاسایشی نەتەوەییدا ، کە بەدرێژایی مێژوو ھەیان بووە و دەیان بێت. ھۆکەشی ئەوەیە کیانەکان دەستکردن، نەک بەرھەمی خەباتی میللی و جەماوەریی ، بۆیەکا ھەمیشە لە دڵەڕاوکێ و ترس و نیگەرانیدان .
ئاخر لە ناوچەکەدا ململانێ و شەڕی باڵا دەستی ئەوانە، بەشێکە لە مێژووی تۆمارکراوی ڕاستەقینەی ناکۆکییەکانی نێوانیان. ئەوان تا ئێستا ترس لە کێشەی کورد و رەھەندە نەتەوەییەکانی ، وا بەسەریاندا شکاوەتەوە بە تاکتیک لەگەڵ یەکتردا بوونەتە ھاوپەیمان و لە نێوان خۆیاندا ڕێکەوتنامەیان مۆر کردووە.ڕێکەوتننامەی جەزائیر بە نموونە.
جێی سەرنجە هەردوو لا کۆکن لەسەر خاڵێک ، کە ئاسایش و بەرژەوەندی خۆیانی تێدا دەبیننەوە. ھاوباوەڕەکانی عەلەوی، لە دیدی عروبەیانەوە دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردی لە باشووری کوردستان، بە ستراتیژێکی باش و گرنگ دەبینن کە وەک قەڵغان بۆ پاراستنی دەروازەی ڕۆژھەڵاتی عارەبایەتی، لە ھێرش و چاوتێبڕینی فارس و تورک بپارێزێ…بە ھەمان پێودانگ و تێڕوانین، ئاغای زێباکەلام، دەڵێ: لەگەڵ دامەزراندنی دەوڵەتی کوردیداین لە باشوور، بە نێت و ئاواتی پاراستنی دەوڵەتی ئێران لە ھەڕەشە و مەترسییەکانی عەرەب و تورک.
ھەردوو دەستەکەش بەس باوەڕیان بە دەوڵەتی کوردی لەو بەشەی باشووردا ھەیە، کە بۆتە دیوار و کۆسپێ لەبەردەم خەون و ئاواتی نەتەوەیی خۆیان دا. دەنا زێباکەلام کورد بە فارسی ڕەسەن لەقەڵەم دەدا و تەنانەت مافی خودموختاریشیان لە ڕۆژهەڵاتدا بۆ ناسەلمێنێ. ئەو پێی وایە کورد وەک ئێرانییەک ئەرکە لەسەری شانی داکۆکی بکات لە ئێران و بەرپەرچی ئەو هەڕەشانە بداتەوە، کە لە دەرەوە ڕووتێ دەکەن.
شایانی ئاماژە پێدانە، گەورە زانای تورکی دۆستی کورد «ئیسماعیل بێشکچی» ، وەک تاکە دەنگی تاقانە و ناوازە، لەم دیدەوە بە دوور دەگرین، چونگە ئەو و باوەڕ و تێزەکانی و سزاچەشتنی زۆر و بەردەوامی تێکۆشان و بەرگریی کردن لە پێناوی کورد دا ، بواری چ دەمەتەقێیەکی لەسەر دڵسۆزیی و باوەڕی پتەوی نەلەقیوی زانستیانە و مرۆڤدۆستانەی بۆ کەس نەهێشتۆتەوە. لەتەک ئەوەشدا، بە دووری نابینم ھێشتا لە نێو تورکدا کەسانی تریان ھەبن، وا بیر بکەنەوە وەک ئەوانەی لەسەرێ ئاماژەمان پێ دا.
کەواتە دەرئەنجام ئەوەڕوون و ئاشکرا دەبێت، تا 50% بەرەو ژوورتری تورک و فارس و عەرەب نەبنە بێشکچی ئاسایەکی زانست پەروەر و واقیعبین و مرۆڤدۆست و خاوەن ھەڵوێست ، وا خۆتەفرەدانە ھەر چاوەڕێی داری زڕ بکەیت بەرت بۆ بگرێ و بڵێیت تورک و عەرەب و فارس تێڕوانینی واقیعی و مرۆڤدۆستییانەیان بۆ پرسی کورد ھەیە و ئیمڕۆ نا سبەی بەشێوەیەکی دیموکراسی دەتوانرێ چارەسەری کێشی کورد بکرێ!. ئاخر بنەمای سەرەکی دیموکراسی بە پێوەری زۆرینە و کەمینە دەپێورێ… کورد لە ھەموو بەشە ناشروشتییەکانی تێ ترێنجدراوە، کەمینەیە و ھیچ کات تاکە بڕیارێک بە دەنگ دان و دیموکراسی ناباتەوە.
ئەوەی لێرە گرنگ و ھەستیارە ئاماژەی پێ بدەین، جێی داخە کەوا ھێشتا سیاسی و ڕۆشنبیرانی کورد ھەن، چەند گالیسکەیەک لە یەک ئەسپ دەبەستن!؟…خەباتی نەتەوایەتی کورد، وەک کێشەی نەتەوە و خاکێکی داگیر و دابەشکراو دەکەنە قوربانی دید و بۆچوونێکی ئاینزاییی یاخود ئایدۆلۆژی و مل بۆ خودی دێفاکتۆکە نادەن..
ئەوە واقیعی تاڵی کوردە بەدەست داگیرکەرەکانییەوە. دەکرێ بڵێین کەم وێنەو بێ ھاوتایە، لە سەختی و تراژیدیایی دا. کەواتە، دەستەبژێر و سیاسی کورد، پێویستە کار بۆ بەرھەم ھێنانی گوتار و میکانیزمێکی تری خەبات و بەرەنگاری بکەن.، نەک خۆ وابەستە و دیلی دەقی کتێب و تیۆرییە نامۆکان بکەن.
بەداخەوە زۆرینەی ئەم دوو بەرە ڕۆشنبیر و سیاسییەی کورد،جێ پەنجەیان لەبەرھەمھێنان و داھێنانی کۆشک و تەلاری ھزر و ڕۆشنبیریی کوردیدا نییە، بەڵکو ھەر خەریکی گواستنەوەی ھەڵە و جوینەوەی وتراوە سواوەکان و گرتنەبەری ئەزموونە شکست خواردووەکان و لاسایکردنەوە
پڕ لەناجۆریی و دۆڕاویی نامۆکان دەکەن. بەم ھۆیەشەوە، کورد بە تێکڕا ، لەو مێژووە جەنجاڵ و پڕ لە کوێرەوەرییەی خۆیدا، وزە و سەرمایە و حەزو ئاوات و توانا و لێوەشاوەییەکی گەورە و بێ شومار و گرنگی بە فیڕۆ چووە.
لە ئێستاشدا، چاوپێکەوتنی بیرمەندێکی شیعەی لوبنانیم خوێندەوە« ئەنیس نەقاش» گوایە لە کتێبەکەیدا بەناوی « الکونفیدرالیە المشرقیە» دەرەتانێکی باشی بۆ چارەسەرکردنی کێشە نەتەوەییەکانی وەک دۆزی کوردی خستۆتە بەرچاو.خواستی« دامەزراندنی کۆنفیدڕاڵییەکی رۆژھەڵاتییە لەسەر ململانێ بە سیاسەت نەک بە ناسنامە»…واتە کوردێکی شیعە لەگەڵ فارسێکی شیعە و عەرەبدا یەکگرن و دژ بە کوردێکی سوننە و فارس و عەرەب بن… چونکە ناوبراو پێی وایە، « دابەشکردنی جوگرافیا لەسەر بنەمای ئەتنیکی و مەزھەبی و ئاینی سەرەتای شەڕە نەوەک کۆتایی» … ھاوکات ناوبراو پێی وایە:« کێشەکان ئەوکاتە دەست پێدەکەن کە داوای دروستکردنی نەخشەی نوێ بکەین لەسەر بنەمای جیاکاری نەتەوەیی». واتە لە ئێستاوە کورد بۆی نییە داوای دەوڵەتی خۆی بکات . کاتێکیش دەسەڵاتی کورد ، وەک فارس و تورک و عەرەب نەبێت، شوێن و پێگەیشی لەوان لاوازترە. ئەم بۆچوونە دەیسەلمێنێ کە ئەو ناتوانێ لە خەیاڵی باڵا دەستی عەرەب و ھەژموونی شیعەگەرایی دەرچێ و ھەمیشە خۆی وەک عەرەب پێویستە باڵا دەست بێت و ھاوشان پێشوەخت مسۆگەر بێت ، کە براوەی مەدانە و هەروەها ڕەنگە وەک شیعەش بەھەمان شێواز بیر کاتەوە. ئاخر ئەو فەزڵی عەرەبوون و موسوڵمان بوون بۆی سەلماندووە و پسووڵەکەی داوەتێ. ناوبراو پێی وایە :«دەوڵەتی بنیاتنراو لەسەر نەژادی و دین بەرەو ئاستەنگی گەورە دەبێتەوە». کەچی سەرسەختانە داکۆکی لە ئێران ودەوڵەتە دەستکردەکانی دیکەی عەرەبی دەکات. دەڵێ: »ناوی کوردستان لە ئێران ھەیەتی، ئەوە لە دەوڵەتێکی یەکگرتوودا دەبێ… لە ئێران کورد وەک ھەر عەرەب و تورکمان و فارسێکە، چونکە ئێران لە شەش ئەتنیک پێکھاتووە و یاسا جیاوازییان لە نێواندا ناکات. ئەوێ وەکو کۆنفیدڕاڵییەکی ئەتنیکانەیە لە ئیمپراتۆرییەکی فارسیی بچووکدا«. کەواتە تۆ ھەرچی بەدەست بھێنی ھەر لەژێر ڕکێف و ھەژموونی ئەواندا دەرناچیت و ئێرن ئەو نموونە باڵا و سەرمەشقەیە، مافی خۆیەتی باڵادەست و ئیمپراتۆر بێت و تۆش لە پەراوێزدا ژیان بگوزەرێنی.
ئەم بیرمەندە دەڵێ« لەم کۆنفیدڕاڵییەدا شوێنێک بۆ زایۆنیزم نییە، بەڵام فەلەستین دەبێتە بەشێک لەوە». ئەم ڕاگەیاندنە کتومت ناوەڕۆک و گەوھەری ناڕوون و ناواقیعی و عروبەچێتی و مەزھەبگەرایی بەدیار دەخات.ئاخر ناوبراو ھەم مافی ژیان بۆ ئەوان/ جولەکە ناسەلمێنێ و ھەمیش لە خەیاڵی گرد و مۆڵکردنی وزە و توانا مرۆیی و ئابووری و سیاسییەکانی گەلانی ناوچەکەدایە، بۆ یەکخستنیان لە بەرە و سەنگەرێک دا، لەبەرامبەر جولەکە یاخود ئەوەی ئەو بەردەوام بە زایۆنیزم ناوی دەبات. کەواتە کورد و گەلانی دیکە دەبێت وەک عەرەب شەڕی جیھادی و فەتوای لەناوبردنی ئیسرائیل رابگەیەنن. ئەمەش کتومت پاشکۆیی و چوونە پەراوێزی شەڕ و ململانێیەکەوە نیشان دەدات، کە لە سوودی کورد و خودی ناوچەکەشدا نییە. بە کورتی و کرمانجی ئەرکی سەرەکی کورد دژایەتی داگیرکەران و سەربەخۆیی بەدەستھێنانە.
کاتێک دەڵێ: فەلەستین دەبێتە بەشێکی ئەو کۆنفیدڕاڵییە، واتە دەوڵەتی فەلەستین … ئەو نایەوێ كۆنفیدڕاڵی لەنێوان گەلانی ناوچەکەدا دروست بێت، بەڵکو دەیەوێ عەرەب بە 24دەوڵەتەوە و فارس بە ئیمپراتۆرییەتەکەیەوە ببنە بەشێک لەو جوگرافیا سیاسییە و شەڕی زایۆنیزم درێژە پێ بدەن. کەواتە ئەوە دەزانین ، ئەو نایەوێ کوردی بەیەکگرتوویی و وەک یەک دەوڵەتی سەربەخۆ بێتە ناو ھاوکێشەوە، بەڵکو وەک بەشە بندەستەکانی چوار دەوڵەتە داگیرکەرەکەی. ھەر لەم ڕوانگەیەشەوەیە ھەر ھەوڵ و ئاڕاستەیەکی خەبات و ویست و داوای کورد، بۆ دەوڵەتی کوردی بێت، لەدەرەوەی ویست و کۆنتڕۆڵی ئەوانەوە بێت، یەکەوڕاست بە کاری ئیمپریالیزمی دەزانن و بە ئیسرائیلی دووەم ناوزەدی دەکەن.
ئەنیس نەقاش لە دوا پەرەگرافی قسەکانیدا دەڵێ: »کۆنفیدڕالیزمی ڕۆژھەڵات، کێشەی کورد چارەسەر دەکات.« ناسنامەی مەشریقی دەبێت» ئەمەش جەوھەری گەلانی دیموکراتیکە کە تیۆرییەکەی سەرۆک ئۆجەلان داوای دەکات«.
وەک دەبینین ناوبراو، جەخت لەسەر تیۆرییەکەی ئۆجەلان دەکاتەوە. مەخابن ساڵانێکە لە تیۆرییەکەی ئۆجەلانیش دا تارمایی پاشەکشەیەکی گەورە لە دۆزی نەتەوەیی دا بەرچاو دەکەوێت و جێگە و پێگە و ناونیشانی « دەوڵەتی نەتەوەیی » نییە.کەواتە ھەردوو لا ھاوبەشن لەم پرسە گەوھەرییەدا و بە خۆڕاییش نییە نقاش بۆ رامکردنی کورد ھانای بۆ تێزەکانی ئۆجەلان بردووە.
لێرەدا لای ئەوان/ بۆ ئەوان گرنگ و داواکراو ئەوەیە، کورد بانگاشە و داخوازی «ناسنامەیەکی نەتەوەیی و نیشتمانێکی سەربەخۆ و بوونە دەوڵەت» تی نەبێت و بزری کات. ئەمەش ئەو دەرئەنجامەیە کە گوتاری ئایینی و ئایدۆلۆژیای ئینتەرناسیۆنالیست و ئەندێشەی کۆسمۆپۆلێتی و خەون و خەیاڵی یۆتۆبیایی، سەرمەستەکانی دوور لە واقیع و دەروون نەخۆش و خاوەن گرێی خۆبەکەمزانەکانی بەرەیەکی فراوانی کوردی پێی گرفتار بوون.
بە دیوەکەی تریش دا ئەو دیمەنە قێزەون و بێزارکەر و ئومێدکوژە نمایش دەکات، کە دەستەبژێری گەلانی سەردەست، چ جیاوازییەکی بنجییان لەتەک خەڵکی ڕەشۆک و سیاسی و سەربازی وڵاتەکەی خۆیاندا نییە. بەداخەوە زۆری ماوە لەنێو شۆرش و ڕاپەڕینەکانی کورد دا، ژمارە و ڕێژەیەکی بەرچاو لە ڕۆڵەی گەلانی سەردەست ببین، ھاوشانی کورد بۆ مافی نەتەوەیی و ژیان و دیموکراسی کورد تێ بکۆشن، وەک ئەوەی کاتی خۆی رۆشنبیرە فەرەنسییەکان بۆ سەربەخۆیی جەزایر دژ بە وڵاتەکەی خۆیان کردیان.
کەواتە گەر واقیعبین بین و دروست ریال پۆلەتیک بخوێنینەوە، ئەوەمان بۆ دەسەلمێ، دەمێکە
ئەو خەونە بەتاڵ بۆتەوە، ئەوان! ببنە بەشێک لەو تێکۆشەرانەی بۆ ئامانجەکانی تۆ تێ بکۆشن. گەر هەشبن ! ئەوا ڕێژەیان لە پەراوێزدان.
شایانی گوتنە، لەم وانە مێژووییەوە، باشتر حاڵی بوون، کە پێویستە ستراتیژ و ئامانجی ـ بەدەوڵەتبوون ـ ی خۆمان ڕوون و ئاشکرا بکەین و لە ڕوانگەی خۆمانەوە لەسەر زەمینەی واقیعی کۆمەڵایەتی و مێژوویی و سیاسیەوە ، بەرامبەر بە خۆمان و ئەوان! ئەم ھەقیقەتە مێژووییە بیکەینە دێفاکتۆیەکی نەگۆڕی چەسپاو ، نەک بەدیار داری زڕ و خەونی نەزۆکی ئەوانەوە دۆش دابمێنین.

ھەلۆ بەرزنجەیی 1.3.2020




خوێندنەوەیەکی هاوچەرخانە بۆ نەورۆز و مێژوی نەورۆز … دکتۆر مەولود ئیبراهیم حەسەن

نەورۆز کۆنترین و گەورەترین و گرنگترین جەژنی هه موو مرۆڤایەتیەو ئەو جەژنە ش هه ر لەسەرەتاوە لە کوردستان سەری هه ڵداوەو هه ر لە کوردستانیشەوە بە دنیا دا بڵاو بووەتەوە،ئێستا بە تەواوی ساغ بووەتەوە کە جەژنی نەورۆز هه مان جەژنی زیندوو بوونەوەی (دەمموزی-خوداوەندی سۆمەریەکان-تەمموز) ە کە لەداستانی هه رەکۆنی سۆمەریدا، بە پێی باوڕی ئایینی سۆمەریەکان ، دەمموزی پاش ئەوەی شەش مانگ وەک سزادانێک دەچێتە (جیهانی ژێرەوەو- بن دنیایێ) لە ڕۆژی نەورۆدا کەدەکاتە ڕۆژی یەکەمی مانگی یەکەمی ساڵی نوێی سۆمەری ، دەمموزی زیندوو دەبێتەوە.ئەو زیندوو بوونەوەیە ڕەهه ندێکی ئایینی ئەفسانەیی سروشتی فەلەکی هه یە، چۆن لەم ڕۆژەدا شەوو ڕۆژ بەرابەردەبن و ساڵ نوێ دەبیتەوە هه ر بۆیە ئەو ڕۆژە کراوە بە ڕۆژی یەکەمی ساڵی نوێ و کۆنتری ساڵنامەی مێژووییش لەوێوە دەست پێدەکات.کە بەڕای ئێمە ئەم ساڵ و ساڵنامەیەو زیندوو بوونەوەی دەمموزی بۆ دوازدە تا پازدە هه زارساڵ پێش زاین دەگەڕێتەوە ، کە هاوزەمەنە لەگەڵ (کشتوکالی ئەشکەوت) لەدەورو بەری ( ئەشکەوتی شانەدەر)و لەگەڵ سەرهه ڵدانی (یەکەمین گوندی کشتوکالی-گوندی زەڤیاچەمێ) کە دیسان بەڕای ئێمە زەمەنەکەی تا پازدە هه زارساڵ پێش زایین دەڕوا. کە ئەو سەرەتا کستوکالیەی ئەشکەوت و گوند دروستکردنە سەرەتای قۆناخێکی گرنگی شارستانیەتەو لەوێوە مرۆڤایەتی پێ دەنیتە قۆناخێکی تری ژیان ، کە زۆر جیایە لەگەل (شارستانییەتی ئەشکەوت) ١هه ر ئەو گۆرانکاری و پێشکەوتنەشە لە ناوچەکە دەبێتە هۆی دروستبوونی (شاری حەسەن کیف) تەمەن دوازدە هه زار ساڵەیی و ( پەرستگای گرێ ناڤوکێ)و (شاری ژیر زەمینی دێرینکۆیۆ) هه شت چین بە ژێر یەکەوەی کوردستان کە ئەم دووەش تەمەنیان بۆ دوازدە هه زار ساڵ پێش زایین دەگەڕێتەوە، کە ئەم دووشارو پەرستگا مەزنە هه رسێکیان کاری شاخکۆلین وزەمین کۆلین و بەردتراشینە کە دەتوانین بە سەردەمی(شارستانیەتی بەرد تراشێن )٢ ناوی ببەین!ئەگەر بەوردی سەرنج بدەین ئەوا گرێ ناڤوکێ پەرستگایەی زۆر گەورەیەو بازنەییە، هه روەها لە نێو شاری ژێرزەمینی دێرینکۆیۆش پەرستگا هه یە کە ئێمە لە لێکۆلینەوەی (دێرینکۆیۆ لەنێوان جیهانی ژێرەوەوی داستانی دەمموزی و بەهه شتی ژێر زەمینی جەمشید) دائەوەمان سەلماندووە کە شاری ژێر زەمینی دێرینکۆیۆی کوردستانی باکوور هه مان جیهانی ژێرەوەی داستانی (عەشتارو دەمموزی) یە، کە لەویدا هه موو ئەوانەی دەچنە خوارەوە وەک سزایەک حەوت دەرگا دەبڕن، کە لە دیرینکۆیۆ لە حەوت دەرگا زیاتر هه یە ، ئەمەش پێمان دەڵێ ؛ شاری دیرینکۆیۆ هه مان جیهانی ژێرەوەی داستانە سۆمەریەکەیە، کە دیسان دەکرێ هه مان ( بە هه شتی ژیرزەمینی جەمشید – وەر) ئەویش بێت .ئەمەش ڕێگای ئەوەمان بۆ خۆش دەکات کە بڵێین: ئەو پەرستگایانە شوێن و جوگرافیای ڕێوڕەسمی چوونە خوارەوی دەمموزی و ڕۆژی زیندوو بوونەوەی بن !
ئەمە هه مووی جارێکی تر دەری دەخات کە( جەژنی نەورۆز) هه مان ڕۆژی زیندوو بوونەوەی دەمموزیییەکە بە ( جەژنی زەگموک)ناسراوە.دەمموزیش داستانێکی هه رە کۆن و گرنگی سۆمەریەکانە ، سۆمەریەکانیش بە ڕای زۆربەی شارەزایان و میژووناسانی کوردستان و ڕۆژهه ڵات ئەوانەن کە لە کوردستانەوە چوونەتە خوارەوەو لەوێ قۆناخێکی تری شارستانیەتیان دەستپێکردووە، کە چوونە تە خوارەوە کوردستانیان چۆڵ نەکردووەو پەیوەندیان لەگەڵ دا نە بڕاوە، بۆ بەڵگەش ئێستا بەردەوام شوینەواری سۆمەریەکان لە کوردستان – هه موو کوردستان – دەدۆزریتەوە ، شوینەواری پێش چوونە خوارەوەیان و دوای چوونە خوارەوەشیان. هه ر بۆیە هه ندێک لە میژووناسانی ناوجەکە سۆمەریەکان بە باپیرانی کورد دەزانن و هه شن دەڵێن: سۆمەریەکان ئەوانەن کە لە ئەشکەوتی شانەدەر هاتوونەتە دەرەوە.
ئەمانە هه مووی ئەوە دەسەلمێن کە نەورۆز جەژنی زەگمەکی سۆمەریەو لە ڕؤژی زیندوو بوونەوەی دەمموزی ئەو جەژنە پیرۆزکراوەو بەردەوام پیرۆز دەکرێ ئەو جەژنەش لە کوردستان سەری هه ڵداوەوهه ر لە کوردستانیش بە دنیادا بڵاو بووەتەوە، چونکە شارستانیەت و کلتوری سۆمەریەکان کاریگەری بەسەر هه موو ئەو میللەت و وڵاتانەی دەورو بەرەوجیهانەوە هه بووە، هه ر بۆیە( گوتی و میتانی وئیلامی و حثی و میدی و کاردۆخیەکان و…هه موو ئەو هۆزو میللەتانەی لە مێژوودا دێنەوە ناو پڕۆسەی مێژووی پیگەیشتنی کورد) ئەم جەژنەیان کردووەوجگە لەوانە نەورۆز هه ر زوو پێش زاین و سەردەمی سۆمەرەوەو ئەکەدو بابلی و ئاشوریش نەوزۆزیان کردووەو ئەوەتە مێژوو باسی ( نەورۆزی بابلی) مان بۆ دەکات و لەسەردەمی ئاشوریش بە ئەکیتۆ ناوبراوە ، ئەمەش ئاسایی بووە ئەم جەژنە جیهانیە گەیشتووەتە هه روڵاتێک و نێو هه ر میللەتێک ئەوا ئەوانیش لە گەڵ کلتوری خۆیان گونجاندوویانە ، بە ڵام ..هه رگیز نەیانتوانیوە میژووەکەی بگۆڕن . ئەوەتە ئێستا لەم هه موو وڵاتانەدا نەورۆز ساڵانە یاد دەکرێتەوە هه مووشێ لە هه مان ڕؤژە ، بۆ نموونە وڵاتانی میسرو هیندو چێن و ئەفغان و تاجیکستان و ئازربایجان و ترکمنستان و قەرەغیزستان و ترکیاو زۆری تر ..! زۆربەشیان نەورۆز بە هی خۆیان دەزانن؛ بەڵام ؛ هیچیان هێندەی کورد بەڵگەی میژوویی و جوگرافی و مرۆیی و زەمەنییان نیە بۆ سەڵماندنی خاوەنداریەتیەکە!

نەورۆزی جیهان
ئەم مێژووەی نەورۆز ئەوە دەسەلمێنێ کە نەورۆز هه ر لەسەرەتاوە ڕەهه ندێکی جیهانی وەر گرتووە و چووتە نیو پەیمان و ڕێککەوتنە گەورەکان ، لەساڵی (٢٣٠زاینی) ئەردەشێری بابکان پاشای دامەزرێنەری ئیمپراتۆریەتی ساسانی لە شەڕێکدا پاشای یۆنانی دەشکێنێ ولە پەیماننامەیەک دا چەند خاڵێکی بەسەرئەو پاشایەدا دەچەسپێنێ ، یەکێ لە خاڵەکان ئەوە بووە کە لە وڵاتەکەی خۆی نەورۆز وەک جەژنێکی وڵات پیرۆز بکات . بە هۆی ئەو کۆنی و زۆری بڵاو بوونەوەی نەورۆز بە نێو وڵاتاندا تێکەڵ بە میژووی زۆر وڵات و نەتەوان بووەو بە زۆر شێوە ڕووداوی ئەفسانەیی و مێژوویی و ئاینی دراوەتە پاڵ و لە هه ر وڵات و لە نێو هه ر نەتەوەیەک میژوێکی بۆ خۆی پەیدا کردووە ، کە بەم هۆیەوە هه مووان نەورۆز بە هی خۆیان دەزانن، بەڵام؛ کۆنتری و سەرەتایی ترین مێژوو بۆ نەورۆز مێژووی سەر هه ڵدانیەتی لە کوردستان ، مێژووێک کە هیچ مێژوو نووسێک ناتوانی ڕەتی بکاتەوە ، هه ر بەم هۆیەشە کە نەورۆز لە نیو کورد دا ڕەهه ندی کلتوری و ئایینی و سروشتی و نەتەویی وەرگرتووەو تێکەڵ خوێنی خەبات بووە ، ئەوە هه رکوردە لە پێناو نەورۆز خوێنی رژاەو قوربانی بۆ داوە ، دیسان ئەوە هه رکوردە مانگی یەکەمی ساڵی خۆی بە ناوی جەژنی نەورۆزکردووە .
نەتەوە یەکگرتووەکان و بە جیهانی بوونی نەورۆز
نەتەوە یەکگرتووەکانساڵی ٢٠١٠ لەسەرداوای چەند دەوڵەتێکی وەک ئیران و ترکیاو پاکستان و ئەفغانستان و چەندانی تر..کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان جەژنی نەورۆزیان بە فەرمی کرد بە جەژنێکی جیهانی و وەک کلتوری ئاشتی ناساندیان ،تا ئێرە کارێکی جوان و پیرۆز بوو، بەلام؛ بەداخەوە نەتەو یەکگرتووەکان کەوتە هه ڵەیەکی گەورەوە، کە لە ڕووی میژووییەوە بە جەژنێکی ئیرانیان ناوبردوو تەمەنەکەیان بە سێ هه زار ساڵ خەملاند! لە کاتێکدا ئەمە غەدرێکی گەورەیە لە کۆنترین جەژنی هه موو مرۆڤایەتی دەکرێ کە زیاتر لە دوازدە هه زار ساڵە بە بەردەوامی ئەو جەژنە لە کوردستان و تەواوی میزۆبۆتامیاو بگرە هه موو جیهان پیرۆزکراوە !
من لە لێکۆڵینەویەکدا بە ناو نیشانی ( ڕیشەی مێژوویی نەورۆز لە سایت و مالپەرە ئیرانیەکان) بە شێوەیەکی زانستی مێژوویی سەلماندوومە کە ئەو جەژنە لە سۆمەرەوە دێت و بۆ ئەم کارەش ڕای زۆربەی شارەزاو مێژوو نووسانی ئیرانیم هێناوەتەوە ، کە هه موویان پێ لەسەر ئەوە دادەگرن کە نەورۆز لە سۆمەرەوە دێت و جەژنێکی نێوان دوو رووبارانەو تەمەنی زۆر لە سێ هه زار ساڵ پترە! لەوەش کە هه ندێک میژوو نووس نەورۆز بە جەمشید پاشای کەیانی دەبەستنەوە ، کە دەڵێن : جەمشید بەسواری دووچەرەخە زیرینەکەی کە دێو بە ئاسماند بەرەو بابلیان دەبرد، بەتیشکی ڕۆژ زێڕی دوو چەرخەکە بریسکایەوەوخەڵکەکە بەو ڕۆژەیان گوت: (ڕۆژی نوێ – نەورۆز) هه ر ئەو مێژوو نووسانە خۆشیان ئەوە دەڵێن و دەنووسن : ئەگەرچی نەورۆز زۆر پێش ئەوڕۆژەش پیرۆزکراوە . ئەوە جگە لەوەی کە هاتنی جەمشید بۆ بابیل زەمەنەکەی دەهێنێتەوە هه زارەی دووەمی پێش زایین ، کە ئەو زەمەنە زۆر درەنگە بۆ دروستبوونی نەورۆز، نەورۆزی سەری ساڵی سۆمەری و داستانی دەمموزی . لەوە شدا دەتوانین ڕای زۆر لە مێژوو نووسە ئیرانیەکان بێنینەوە کە بە پێداگریەوە نەورۆز بە نەورۆزی دوو ڕووباران و سۆمەر دەزانن، جگە لەوەی کە زۆر لێکۆڵەرو پسپۆری ترک و عەرەب و ڕۆژ ئاوایی ..نەورۆز بە جەژنێکی کوردستانی و کورد دەزانن و لە لێکۆڵینەوەکانیان باسیان کردووە.
ناوی نەورۆز
وەک دەرکەوت نەورۆز لە زەگمەکی سۆمەریەوە هاتووە، ماناکەشی هه ر ڕۆژی نوێ و ساڵی نوێ دەکات، هه ر بۆیە ئەو ناوە لەگەڵ زمان و سەردەمەکان شێوازی جۆراوجۆری وەرگرتووە، بەڵام؛ لە مانای سەرەکی خۆی دوور نەکەوتووەتەوە، لە ڕووداوێکی مێژوویی میدیەکان لە هه زارەی چوارەمی پێش زایین لە ناوچەی ڕەواندز پاشایەکی میدیەکان بە سەر دوژمنە کەی دا سەر دەکەوێ ونۆ ڕۆژ دەمینێ بۆ جەژنی نەورۆز ، چۆن ئەو سەردەمە هه موو سەرکەوتنەکان دەخرانە ڕۆژی نەورۆزو لە نەورۆزا ڕادەگەیێندران ، پاشاکە ئەو نۆڕۆژەی کرد بەجەژن تا ڕؤژی نەورۆزو خەڵکەکە بەردەوام ئاهه نگیان دەگێڕا، هه ر بۆیە پاشتر بە نەورۆز دەگوترا (جەژنی نۆ ڕۆژە) هه روەها لەسەردەمی ساسانیەکان بە جەژنی نەورۆزیان دەگوت 🙁 نوک ڕۆژ) دواتر بە هۆی نووسین و لێکنەکردنەوەی (ز- ژ) لە نووسین دا بە هۆی نە بوونی (ژ) دەنووسرا( نوک روز) ئەمە بەردەوام بوو، تا- نوک- یش بوو بە – نو- نەو – و دواجار لە سەر – نەورۆز – جێگیر بوو، دیارە- نو- و- نوو- و- نەو- هه رسێکیان کوردین وئەمە بەردەوام بوو، بەڵام ؛ بە هۆی نەبوونی – ۆ- و- ژ- و بەکار نە هێنانی بزوێنی (ە)ی کورت نەورۆژ لە جیاتی – نەوڕۆژ – نوروز- دەنووسرا.پاشتر کورد بە هۆی چارە سەر کردنی دەنگەکانی وەک – ڕ- و – ژ – بەکار هێنانی بزوێنی کورت (نەورۆز) ی نووسی و بەردەوام بوو، بەڵام ؛ – ز- ی نەکرد بە – ژ – نەورۆزی بە نەورۆز هێشتەوە، ئەگەر بەوردی گوێ سوکی گوێ لە فارسەکان ڕابگرینو سەرنجی نووسینەکانیان بدەین ئەوا لە گۆکردندا دەڵێن: ( نەورۆز)و دەنووسن (نوروز) بەڵام، نەورۆزەکەی ئەوان سوکترە لە – نەورۆز – ی کورد.ئەوەش کە برەوی زۆری بە ناوی (نەورۆز)دا کتێبی گەورەو کۆنی فارسی (شاهنامە ) بوو ، بە هۆی گرنگی و زۆر خوێندنەوەی بەردوامی شاهنامە لە ناوچە کەداناوی نەورۆزیش کەوتەسەرزاران و نێو شیعرو دیوانەکانەوە .
نەورۆز کلتوری داگیرکراو
لێکۆڵەران بە بەڵگەوە سەلماندوویانە کە نەورۆز جەژنێکی کوردستانی و کوردە، ئێستاش نەتەوە یەکگرتووەکان بە فەرمی وەک جەژنێکی ئیرانی ناساندوویەتی و تەمەنەکەی بە سێ هه زار ساڵ لە قەلەم داوە ! بۆ ڕاستکردنەوەی ئەم هه ڵەیەی نەتەوە یەکگرتووەکان پێویستە(٠ پەرلەمان و حکومەتی هه رێم) لە گەڵ حکومەتی عیراق لێژنەیەکی پسپۆر لە مێژووی کۆن وسۆمەرو نەورۆزو یاساناس ودبلۆماسی پێکبێنن و بە فەرمی داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان بکەن هه ڵەکەی خۆی ڕاست بکاتەوە . بۆ ئەوەی نەورۆز بە ناوی راستەقینە مێژووییەکەی خۆی بناسرێ و بگەڕێتەوە وڵاتی ڕاستە قینەی خۆی .
نەورۆزو چەند ڕەهه ندێکی تر
ئێستا کە نەورۆز بە فەرمی لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکان کراوە بە جەژنێکی جیهانی و بەتەواوی ناسراوە ، پێویستە کورد وەک خاکێکی داگیرکراو سەیری بکات و هه وڵی گەڕانەوەی بدات ، کە بە بروای ئێمە کارێکی ئەستەم نیەو دەکرێ هه وڵی بەردەوام بەرهه می ببێت.
تا ئەو کارە بە فەرمی دەکرێ پێویستە حکومەتی کوردستان (نێوەندی نەورۆز)٣* دابمەزرێنی و لەسەر زۆر ئاستەوە کاری لەسەر بکات و بیکات بە پردی نێوان وڵاتان. بە تایبەت کە خاکی سەر هه ڵدانی نەورۆز کوردستانەو دەکرێ چەقی ئەو نێوەندەش (ئەشکەوتی شانەدەر) بێت ،
نێوەندی نەورۆز پێویستەچی بکات؟
نەورۆز بەو ڕەهه ندە مێژوویی و گرنگیەی کە هه یەتی شیاوی ئەوەیە لەزۆر لاوە کاری بۆ بکەین .
یەکەم: دامەزراندنی تێپی شانۆیی نەورۆزو ئەو تێپە بەسود وەرگرتن لە کلتوری یادکردنەوەو مێژووەکەی شانۆگەری و درامای چەند ئەلقەیی پێشکەش بکات وئەم دراماو سانۆگەریانە لەناوەودەرەو بڵاوبکرێن و لەسەر تەختە شانۆی وڵاتان پێشکەش بکرێن.
دووەم: سێنەمای تایبەت بە نەورۆز دابمەزرێ و بە فلمی جۆراوجۆر کار لە سەر کلتورو میژووی نەورۆزبکرێ و قۆناخە جۆراوجۆرەکانی میژووی نەورۆز بەدنیا بناسرێندرێ ، هه ر لەسەردەمی ئەشکەوت و گوندی تازەو تادێتە نێو شارو سەردەمی خەباتی نەتەویی و تادەگاتە ئەمڕۆ.
سێیەم : دامەزراندنی تیپی شایی و هه ڵپەڕکی و گۆرانی کوردی بەتایبەت پەیوەند بە نەورۆزو ئەو تیپانە ڕێو ڕەسمی زیندووکردنەوەو یادکردنەوەی کۆن و نوێی نەورۆز بژێیننەوە،
چوارەم : دروستکردنی پەیوەندی هونەری و کلتوری لە نێوان هه موو ئەو وڵاتانەی کە لە کۆنەوە نەورۆز پیرۆزدەکەن ونەورۆزان ئەو تیپانە بێنە کوردستان و میهرەجانی گەورەو جۆراوجۆر بگێڕن .
پێنجەم: دامەزراندنی تێپی هونەرمەندانی شێوەکارو فۆتۆگرافەر کە گرنگی بە بۆنەکانی نەورۆزو سروشتی کوردستان بدەن و وێنە جوان و تابلۆگرنگەکان بکرێن بە پۆستەرو بەدنیادا بڵاوبکرینەوە.
شەشەم ؛ دامەزراندنی دەستەی شاعیران و نووسەرانی نەورۆز کە بە بەرهه می نەورۆزی ساڵانە کۆرو سمینار بگێڕن و بەرهه مەکانیان چاپ بکرێن و بڵا و بکرێنەوە .
حەوتەم: ساڵانە پێشبڕکیی نێوان گۆرانیبیژو شاعیرونووسەرو شێوەکارو شانۆکارو سینەماکارو تیپەکانی هه ڵپەڕکێ سازبکرێ و یەکەمەکان بە ( خەڵاتی نەورۆزی) ٤*خەڵات بکرێن .
هه شتەم: کردنەوەی ئوتێل و چێشتخانەو فرۆشگاو شانۆو سینەما لەدەورو بەری ئەشکەوتی شانەدەرو پێشکەسکردنی خزمەتگوزاریەکان وخۆشکردنی ڕێگاوبان لە هه موو کوردستانەوە تا شانەدەربۆ ئەوەی خەڵک لە هه موو وڵاتانەوە ڕووی تێبکەن.
نۆیەم : دامەزراندنی دەستەیەکی چالاکی میدییاکاری گەشت و گوزاری و شوێنەواری تا ڕاددەی دامەزراندنی کەنالێکی تەلەفزیۆنی تایبەت بە نیوەندی نەورۆزو بۆ بڵاوکردنەوەو ناساندنی چالاکیە کانی سەبارەت بە نەورۆز.
دەیەم: ئەمانە هه مووی دەبێتە هۆی رەخساندنی هه لیکار بۆ چەندین هه زار گەنجیکچ و کوڕی کوردستان و گەڕێکی گەرمی ئابووری دروست دەبێت وکوردستان دەتوانێ بەم کارانە پەیوەندی جۆراوجۆر لە گەڵ زۆربەی وڵاتان پەیدابکات و سودی زۆری سیاسی و دبلۆماسی و ئابووری لێببێنێ.
یازدەهەم: دامەزراندنی تیپی جۆراوجۆری وەرزشی نەورۆزو تێکەل بوون بە چالاکیە وەرزشیەکانی جیهان و بەناوی نەورۆزو بانگکردنی تیپەوەرزشیەکان لە ڕۆژانی نەورۆزو دروستکردنی پێشبڕکێی نەورۆزی و خەڵاتکردنی تیپە براوەکان بە (خەڵاتی نەورۆز)و بە ئارمی نەورۆزەوە.

دواجار ئەم کارو چالاکیانە بۆ نەورۆزو لە ڕۆژانی نەورۆز چاوی دنیای هاوچەرخ لە سەر کوردستان کۆدەکاتەوەو زۆر کۆمپانیا جیهانیەکان بەمەبەستی قازانج و گەشەی ئابووری بە ڕێگای جۆراو جۆری ئەدەبی و هونەری و سینەمای و کلتوریەوە تێکەڵ بەم چالاکیانەی ساڵانەدەبن و بازاڕەکە گەرم تر دەکەنو کوردستان دەبێتە خاوەنی جۆرێک لە (ئۆلەمپیاتی نەورۆز)٥* وهاوشانی ئۆلەمپیاتە جیهانیەکانی تر.

:
وێنەکان بەژمارە
١-سفرەی نەورۆزی
٢-دیاری بردن بۆ پاشا بە بۆنەی نەورۆزپێش زایین
٣-شایی نەورۆزی کچانی ئامەد
٤-جەمشید پاشای کەیانی خاونی – وەر- بە هه شتی ژێرزەمینی – دوازدە هه زار ساڵ پێش زایین
٥-ئەشکەوتی شانەدەرکۆنترین ئەرشیفی هه موو جیهان
٦-ئاگری نەورۆز گەشاوەیە بەدەست گەنجانی ئاکرێ
٧-هێلکاری شاری دیرینکۆیۆی هه شت چێن بەژێریەکەوە ی دوازدە هه زار ساڵ پێش زایین
٨-پەرستگای گرێ ناڤوکێی دوازدە هه زار ساڵ پێش زایین
٩-شاری حەسەن کیف دوازدە هه زار ساڵ پێش زایین
١٠-نەورۆز لە هه ولێر
١١-جەماوەری نەورۆز لە ئامەد
تێبینی: وینەکان بە پێ ژمارەو لە دویەک لە نیو نووسینەکەدا بڵاو دەکرێنەوە.

پەراویزەکان:

١* شارستانییەتی ئەشکەوت : بە پێی ئەو لێکۆڵینەوانەی کە لە نیو ئەشکەوتەکان کراون بە گشتی و بە تایبەت ئەشکەوتی شانەدەر، دەری دەخات مرۆڤەکانی نێو ئەشکەوت خاوەنی جۆری ژیانی خۆیان بوون و جۆرە بیرۆکەیەکی ئایینیان هه بووەو بیرێکی ئەفسانەیی و جۆریک لە گوڵناسیی و خاون زمان و ژیانی کۆمە ڵایەتی ئەشکەوتی خۆیان بوون ،بۆیە دەکرێ بە شاەستانییەتی ئەشکەوت بناسرێ، هه ر بە م شێوەیە دەتوانین شارستانییەتی گوندو شارستانیەتی شارو شارستانیەتی دەوڵەت ناو ببەین، شارستانییەتی شار بۆ سەردەمی شارە وڵات و شارە قەڵا دەگەڕێتەوەو شارستانییەتی دەوڵەتیش واتە کۆبوونەوەی چەند شارێک لە ژێر یەک جۆر حوکمی دەوڵەتی دابن،
٢* شارستانییەتی بەردتراشین : ئەگەر سەرنج بدەین لە کوردستان لە زۆر جیگا بەرد بەکارهاتووەو ئەشکەوت کۆڵدراوەو شاخ تراشراوە ، ئەمەش شاری گەورەی دروستکردووەو ماڵی زۆری تێدا حەواوەتەو نموونەی شاری حەسەن کێف و شاری ژێر زەمینی هه شت چین لە ژیر چینی دێرینکۆیۆ کە دەگوترێ جێگای سی هه زار تا پەنجا هه زار کەسی بە مەروماڵاتەوە دەبووەوە.ئەم (شارستانییەتی بەردتراشین) ە لە پێش( شارستانییەتی قوڕ) دێت.
٣* نیوەندی نەورۆز: دامەزراندنی نێوەندێک بە ناوی – نێوەندی نەورۆز- دەکرێ ئەم نێوەندە سەر بە پەرلەمان بێت و پرۆگرام و بەرنامەی ساڵانەی خۆی هه بێت.
٤* خەڵاتی نەورۆز: بۆ هه موو ئەم جۆرە چالاکیانەی کە باسمان کرد وەک تیپی هونەری و ئەدەبی و سێنەمایی و وەرزشی و کلتوری ، لە پێشبڕکێی نیوانیاندا بە خەڵاتی تایبەتی نەورۆز خەلات بکرێن و ئەو خەلاتە نرخ و بەهای دیاری کراوی هه بێت.
٥* ئۆلەمپیاتی نەورۆز : کۆبوونەوی ساڵانەی ئەم هه موو تیپە چۆراوجۆرە لە کاتی دیاری کراوی نەورۆزو دووبارەبوونەوەی ساڵانەی بۆ خۆی شێوەیەکی ئۆلەمپیات وەردەگرێ و دەکرێ هه ر بەو ناوە ناوبنرێ .


دکتۆر مەولود ئیبراهیم حەسەن
نەورۆزی- ٢٠٢٠- هه ولێر




نه‌ورۆز له‌سه‌رده‌می كۆرۆنا … ئه‌حمه‌د كامه‌ران

نه‌ورۆز یاخود مانگی به‌هار كه‌ به‌ جوانترین وه‌رزی ساڵ داده‌نرێت بۆ مڕۆڤه‌كان, هاوكات بۆ كورد ئه‌م وه‌رزه‌ بۆی جیاوازتره‌ له‌گه‌لانی تر چوونكه‌ خاوه‌ن مێژوویه‌كی تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌ كه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌رده‌می كاوه‌ی ئاسنگه‌ر كه‌ له‌و ڕۆژه‌دا به‌سه‌ر زوحاك سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت و مه‌شخه‌ڵی ئاگری نه‌ورۆز داده‌گیرسێنێت ئه‌و ڕۆژه‌ش 21ی ئازاره‌ كه‌ هه‌موو ساڵێك ئه‌م ڕۆژه‌ به‌یه‌كه‌م ڕۆژی نه‌ورۆز داده‌نرێت و وه‌ هاوكاتیش به‌ساڵی نوێی كوردی داده‌نرێت, ئه‌گه‌رچی به‌دریژایی مێژوو داگیركه‌ران و دووژمنانی كورد به‌ره‌ده‌وام هه‌وڵیان داوه‌ كه‌ كورد ئه‌م بۆنه‌ تایبه‌ته‌ی خۆی نه‌كاته‌وه‌ به‌تایبه‌تی له‌سه‌رده‌می ڕژێمی به‌عس كه‌ ته‌واوی ئه‌م بۆنه‌یه‌ی له‌ كورد قه‌ده‌غه‌كردبوو به‌ڵام هیچ كاتێك نه‌یتوانی ئیراده‌ی كوردبوون له‌ تاكی كورد قه‌ده‌غه‌بكات.
هه‌ڵبه‌ته‌ كورد له‌م مانگی به‌هار و نه‌ورۆزدا خاوه‌نی ڕۆژی (ڕه‌ش و سپیه‌) ئه‌وانیش بریتین له‌:
ڕۆژه‌ ڕه‌شه‌كه‌ له‌ 16 ئازاری ساڵی1988 وه‌ ده‌ستی پێكرد كه‌ ئه‌ویش بریتی بوو له‌ ئه‌نجامدانی زنجیره‌ شاڵاوێكی گه‌وره‌ی ئه‌نفال و كیمیاوباران كه‌ كرایه‌ سه‌رگه‌لی كورد و به‌تایبه‌تیش هه‌ڵبجه‌ی شه‌هید كه‌ ده‌یان ڕۆله‌ی كورد به‌پیرو به‌گه‌نجه‌وه‌ بوونه‌ قوربانی شاڵاوی ئه‌نفاله‌كه‌ی ڕژێمی به‌عس كه‌ ئیتر به‌هار و نه‌ورۆزی ئه‌و ساڵه‌ بۆ كورد بووه‌ نه‌ورۆزێكی ڕه‌ش.
به‌ڵام پاش چه‌ند ساڵێك له‌و ڕووداوه‌ ڕه‌ش و تاریكه‌ كه‌ كرایه‌ سه‌ر گه‌لی كورد به‌ڵام له‌ به‌هاری ساڵی 1991 كورد توانی ڕۆژی سپی بۆخۆی تۆماربكات ئه‌ویش به‌ ده‌ركردنی به‌عس بوو له‌ ناوچه‌كانیان دا كه‌ ناویان لێنا ڕاپه‌ڕین ئه‌گه‌رچی برینه‌كان و ئازاره‌كانی كورد هه‌روه‌كو خۆی مابوو به‌ڵام توانیان به‌هارو نه‌ورۆزی ئه‌و ساڵه‌ به‌ خۆشی و به‌ڕۆژێكی سپی به‌ڕێی بكه‌ن.
پاش 28 ساڵی دیكه‌دا له‌ به‌هارو نه‌ورۆزێكی تردا جارێكی تر كورد ڕووبه‌ڕووی ناخۆشیه‌كی تر بووه‌ كه‌ ئه‌ویش بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنایه‌, هه‌رچه‌نده‌ ئه‌م ڤایرۆسه‌ به‌ته‌نیا گه‌لی كوردی نه‌گرتۆته‌وه‌ به‌ڵكو هه‌موو جیهانی به‌خۆیه‌وه‌ سه‌رقاڵ كردوه‌ وه‌ هه‌روه‌ها سه‌رلێشێوانێكی گه‌وره‌ی له‌سه‌ر گۆی زه‌ویدا درووست كردوه‌, تاكه‌ چاره‌سه‌ری ئه‌م ڤایرۆسه‌ش له‌ ئێستادا بریتیه‌ له‌ خۆپاراستن و دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ شوێنی گشتی و قه‌ره‌باڵغی , واته‌ نابێت هاوڵاتیان بۆ كاتێكی نادیار ڕووبكه‌نه‌ شوێنه‌گشتیه‌كان و قه‌ره‌باڵغی درووست بكه‌ن چوونكه‌ ده‌رئه‌نجامه‌كه‌ی ده‌بێته‌ هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ فراوانبوونی ڤایرۆسه‌كه‌, ئه‌مه‌ش وا ده‌كات كه‌ نه‌ورۆزی ئه‌م ساڵ و ده‌نگه‌ زوڵاله‌كه‌ی حه‌سه‌ن زیره‌ك له‌ سه‌یرانگاكانی كوردستان جمه‌ی نه‌یه‌ت هاوشێوه‌س ساڵه‌كانی دیكه‌دا, بێگومان ئه‌مه‌ش نابێته‌ هیچ كێشه‌یه‌ك چوونكه‌ گه‌شت و نه‌ورۆز بۆنه‌یه‌كی ساڵانه‌ و كه‌لتورێكه‌ كه‌ هه‌موو ساڵێك دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌ به‌ڵام ته‌ندرووستی و جه‌سته‌ی مڕۆڤ هه‌موو ساڵێك دووباره‌ نابێته‌وه‌, ئه‌گه‌ر ئێمه‌ش گرنگی به‌ته‌ندرووستی خۆمان نه‌ده‌ین ده‌رئه‌نجامه‌كه‌ی ده‌بێته‌ هۆی زیانگه‌یه‌ندان به‌خۆمان و ده‌ورووبه‌ره‌كانمان , بۆیه‌ نه‌ورۆزی ئه‌م ساڵ به‌ نه‌ورۆزی خۆپاراستن له‌ ته‌ندرووستی خۆمان و خێزان و كۆمه‌ڵگاكه‌مان داده‌نێین بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین به‌شێوه‌یه‌كی سه‌لامه‌ت سه‌ربكه‌وین به‌سه‌ر ئه‌م ڤایرۆسه‌ كووشنده‌یه‌ كه‌ هاتۆته‌ ناومانه‌وه‌.




شیعر بۆ مناڵان- نـــەورۆز … محەمەد بەرزی

ئەمڕۆ جەژنی نەورۆزە
یادێکی زۆر پیرۆزە

وڵات جوان و ڕازاوە
ئاڵای بەرزی شەکاوە

سەری ساڵی تازەیە
دنیا پڕ لە بزەیە

یەکەم ڕۆژی بەهارە
وەرزی گوڵ و گوڵزارە

جەژنی خۆشی و شادییە
پەیامی ئازادییە

مێژوی کوردی ئازایە
داستانی کاوەی تیایە

٢١ / ٣ / ٢٠١٧




بۆ نەورۆزی ئەمساڵ … عەلی حەمەڕەشید

ئەم نەورۆزە لە مـاڵ دەبین
بڕیارە بۆ ھیچ کـوێ نەچین
بەرگی کــوردی دەکەینەبەر
لەمـــــاڵەوە نایەینەدەر
مۆمی ڕەنگاو ڕەنگ دەھێنین
لەحـەوشە دایدەگیرسێنین
ئاوا یـــــادی دەکەینەوە
سرودەکــــەی دەڵێینەوە

٢٠/٣/٢٠٢٠

عەلی حەمەڕەشید




شیعر بۆ منداڵان … نەورۆز … ڕۆستەم خامۆش

نــــه‌ورۆزه‌ ئـــه‌مــــــڕۆ گـیـانـــه‌
وه‌رزی بـــــه‌هــــــاری جــــوانـــه‌
ســـــــه‌ری ســـــــاڵی كـوردیــیـه‌
ڕۆژێـــكــــی پــــڕ شــــــادیــــیـه‌
ســـه‌یری ده‌شـت و دۆڵ و شــاخ
بـبـینــن گـــوڵـــی نـێـــو بـــــــاخ
تـه‌مــاشـــا كــــه‌ن خـــه‌ڵــكـیـنــه‌
كـوردسـتـان چــه‌نــد ڕه‌نـگــیـنـه‌
دڵـــگـــــیــــــره‌ ، ئـــــــاوه‌دانــــــه‌
كــــاتی گـه‌شـت و ســـه‌یرانـــــه‌
یـاخــوا هـــــــه‌ر ئــــاوه‌دانــبــێ
ئـــــازادیــــی بـــــه‌رقـــــه‌راربـــێ

 

  ڕۆستەم خامۆش



لە یادی 149 ساڵەی كۆمۆنەی پاریسدا, یەكەم حكومەتی هەژاران لە مێژوودا … عەلی مەحمود محەمەد

بزوتنەوەی مێژوو، رەنگدانەوەی گۆڕانكاری یە كۆمەڵایەتی و ئابووری و فەرهەنگی و زانستی وسیاسییەكانە‌ لە سەر هەڵدان و دامركاندنەوە، هەڵچون و داچون، گەشە سەندن و سست بونەوەی بەردەوامدایە, ئەم هەڵكشان و داكشانە، ناتوانێت رێگر بێت، لە بەردەم رەوتی بەرەوپێشچوونی مێژوو، ئەگەر بۆ ماوەیەك توانیبێتی رایبگرێت، یان رەوتی روداوەكان بە پێچەوانەی گەشەكردنی مێژوو بوبێت، ئەو بارودۆخە تاكو سەر نەبووە، دەشێت ستەمكاران و چەوسێنەران و كۆنەپەرستان بزوتنەوەی نوێخوازی سر بكەن، بۆ ماوەیەك لە رەوتی ئاسایی گەشەسەندنی خۆی بیوەستێنن و پاشەكشەی پێبكەن ، وەلێ بۆ هەتا هەتایە ناتوانن ئەم پەیامەیان بسەپێنن, چونكە ژیان لە گەشە كردنی بەردەوامە و راوەستان و پاشەكشە بۆ دواوە رەتدەكاتەوە , كاروان بۆ ئازادی و یەكسانی وەك روبار رێگای خۆی دەكاتەوە.

كۆمۆنی پاریس ، یەكەمین دەوڵەتی كرێكاران و زەحمەتكێشانی بیرو بازو بوو لە مێژوودا تا ئەو كات، كە تێیدا زەنگی رزگاری خۆیان ،لە چنگ سەرمایەداری و داگیركاری ، دواكەوتویی و كۆنەپەرستی ، نیشتمان فرۆشی و سازشكردن بە بەها نیشتمانی و نەتەوایەتییەكان لێدا, بە دەنگی زوڵاڵیان، جیهانی كۆن و پڕ مەینەتی ستەم و خیانەتی سەرمایەدارانی سازشكاریان هێنایە لەرزین , رەنجدەرانی بیرو بازوو كرێكارانی پاریس ، بۆ یەكەمین جار لە مێژووی مرۆڤایەتی دا، دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان، بە هاوپەیمانیەتی لە گەڵ،سەرجەم ستەمدیدانی دیكەی كۆمەڵگا دامەزراند, لە رابردوودا لە جەرگەی تەواوی ڕاپەڕین و شۆرشەكاندا ،پرۆلیتاریا بە چەك لە شەقامەكان دەجەنگان ،خوێنیان شەقامی شاران، ناو باریكارد، سەنگەرەكانی پێشەوەیان دەنەخشاند ، كە كار دەگەیشتە سەر ئاكامی راپەڕین، بۆرژواكان پێشتر لە جەرگەی ئاڵ و گۆڕەكان لە ترسا خۆیان لە خەباتی چەكداری دزیبوەوە دژ بە كۆنەپەرستی و دەرەبەگایەتی ، سەری تەڵەكەبازی و دزێویان لە كون دەردەهێنایە دەرێ ، بە دوو دڵۆپ فرمێسكی فێڵبازانە ،كە گوایە بۆ شەهیدانی راپەڕین هەڵیان رشتووە دەهاتنە پێشەوە، دەورو بەری دەسەڵاتیش كەسی تێدا نەبوو ،ئەوەی شەهید شەهید ، بریندار بریندار ،خەباتكاران لە سەنگەرەكانی پێشەوە، برسییەكانیش بە دوای پەیدا كردنی پاروە نانەوە بوون , ئەوانیش دەسەڵاتیان وەك پارویەكی زێڕین دەقۆستەوە, بۆرژوا لە سەرەتاوە بە فێڵ و تەڵەكەبازی و پەیمانی درۆ، دەستی بەسەر دەسەڵاتدا دەگرت ، بە دوایدا دكتاتۆری بێ پەردەی دا دەسەپاند بەسەر كۆمەڵگادا ،ئەمە باری سیاسی و شۆرشگێرانەی ئەوروپا بوو تاكو بەرپاكردنی كۆمۆنەی پاریس, لە كۆمۆندا، كرێكاران بۆ یەكەم جار لە نەبونەوە بوون بە بوون .

لە پێناو بەرژەوەندی چینایەتی خۆیان ، كاریگەرتر و بە ئەنجام تر لە ساڵی 1848 هاتنە مەیدان , سەلماندییان بە بەرپا كردنی شۆرش، هیچ لە دەست نادەن، بەڵكو جیهانێك بە دەس دێنن.كۆمۆنی پاریس ، تەمەنێكی كورت ژیا تەنها 72 رۆژ بوو, قەڵەمڕەوی دەسەڵاتەكەی بەشێك لە پاریس بوو, , بۆرژوازی فەرەنسی ، بە پشت ئەستوری كۆنەپەرستانی ناوخۆو هەموو ئەوروپا بە تایبەتی ئاڵمانیا ،بە ئیمكاناتی مادی و مەعنەوی زۆرەوە، تێكیان شكاند ، ئابڵوقەی ئەم كۆمارە ساوایەیان لە هەرچوار لاوە دا ،لە تەمەنی 72 رۆژەیدا, بە وەحشیگەرییەكی بێ وێنە ، خەڵتانی خوێنیان كرد, نەیان هێشت لە سەر پێی خۆی رابوەستێت ، تا جیهان بە هەنگاوە شۆرشگێرانەكانی ، رۆشن بكاتەوە, دەروازەی رزگار بوون لەبرسێتی و هەژاری و نایەكسانی بۆ مرۆڤایەتی بخاتە سەر پشت ,كۆمۆن دەسەڵاتی نموونەیی چینی كرێكارە لەمێژوودا، كە راستەوخۆ كرێكاران و رەنجدەرانی كۆمەڵ، دەسەڵاتیان بەرێوە دەبرد , لێ دوبارەبونەوەی وەك خۆی بۆ جارێكی دیكە،پاش ئەم هەموو گۆڕانكارییە هەمەلایەنە لە بوارە جۆراوجۆرەكاندا خەونە , ئەو 72 رۆژەی كۆمۆنی تێدا ژیا ،72 رۆژی راپەڕینی چكدارانەو خەباتی چەكدارانە بوو ، ئاگری چەك نەیهێشت بیركردنەوەوەو داهێنان ، رۆڵی خۆیان بگێڕن ، كۆمۆنە زیاتر بە بریارە دادپەروەرانیەكانی و بە داهێنانەكانی مێژووی مرۆڤایەتی رۆشن بكاتەوە ,ئەو 72 رۆژە ، بۆ هەردوو چینی كرێكار و سەرمایەدار، رۆژێكە بۆ هەتا هەتایە لە بیر ناكرێت.

كرێكاران و دۆستانی بە ئاواتی گەرانەوەی ، سەرمایەدارانیش بە ئاواتی نەبینینەوەی, كۆمۆن دەری خست ، ئەگەر جەماوەر دەسەڵاتدار بێت، لە ماوەیەكی كەمدا، دەتوانێت بەشێكی زۆر ،لە شوێنەوارەكانی چەوساندنەوە، لە ناو بەرێت,لەو ماوە كورتەی كۆمۆن پێیدا تێپەڕی ، توانی زۆر كار ، لە بەرژەوەندی چەوساوەكاندا ئەنجام بدات، كە بۆرژوازی بە دەیان ساڵ دەسەڵاتداریەتی، نەی توانی بەشێكی كەمی جێبەجێ بكات , هەرچەندە بەشێكی زۆر لەو داواكاریانە ، لە بەرنامەشیدا هەبوو, بەڵكە بە پێچەوانەوە ، بە دوای تێكشكانی كۆمۆنە، بوونە سوررچاكی هەڵوەشانەوەی دەسكەوتەكانی ، هەوڵیاندا لە بیرو هۆشی رەنجدەرانی دەربكەن, ئەمە ئەوە دەرەخات، ئەو چاكسازییانەی ئەمرۆ لە كۆمەڵگای مرۆڤایەتی ئەنجام دراوە ،دیاری بۆرژواكان نییە بۆ مرۆڤایەتی ، لە سەر سینی زێرین پێشكەشیان كردبێت,بەڵكە هەر یەكەی لەو دەستكەوتانە تاكو هەنووكە خوێنی لێ دەتكێت و بەردەوام خوێنی لەسەر رژاوە، تێكۆشانی دورودرێژی سیاسی بۆ كراوە .

بۆرژوازی تا پێیان كرا ، كۆیلەداری ، چەوساندنەوەی بێ پەردە، یاسای هەڵبژاردنی كۆنەپەرستانە، بە درێژایی سەدان ساڵ تەمەنی دەسەڵاتیان دەنگدان و خۆپاڵاوتن ، تەنها بۆ خاوەند سەرمایە و پیاوماقوڵان و مەلاكەكان و پیاوان بوو … شەرو داگیركاری ، كوشت و بری گەلانی ژێر دەست ، كاری مناڵان و ژێر دەستەیی ژنان،نیشتمان فرۆشی و دەست تێكەڵكردن لەگەڵ داگیركەران……. سیمای دەسەڵاتیان بوو.دەستكەوتە كۆمەڵایەتی و سیاسی و ریفۆرمە ئابوورییەكان، بەرهەمی تێكۆشانی كۆمۆنارەكان ، و هاورێیانی كۆمۆنارەكان، و ئازادی خوازان، و توێژە پێشكەوتنخوازەكانی كۆمەڵگایە، لە درێژەی تێكۆشانی چەند سەدەی رابردودا. بە خەباتی خۆیان، لە پانتایی جیهاندا، سەپاندویانە بەسەر دەسەڵاتداراندا.پەندو ئەزمونوكانی كۆمۆنە ، بۆ هەتا هەتایە، لە دڵ و دەرونی یەكسانیخوازاندا، بە زیندویی دەمێنێتەوە .ئەمەش مانای ئەوە نیییە، تەواوی بِرگە بە بِرگەی ، كردارو یاساو رێساكانی كۆمۆنە ، بە پیرۆز بزانرێت تا رادەی پەرستن , بەڵكە بەشێك لەو بریارانە ، دوێنێ پێشكەوتنخوازانە بون ، ئەمرۆ ئەو ناوەرۆكەی لە دەس داوە , ژیان داخوازی نوێتری هێناوەتە پێشەوە, خوێندنەوەكانی دوێنێی كۆمۆنە، ئەمرۆ خوێندنەوەی نوێتری دەوێت لە یەكسانیخوازەكان .

ئەمرۆ پاش 149 ساڵ لە كۆمۆنە ،چینی كرێكارو چەوساوەكانی جیهان، دەبێت بە چاوێكی رەخنەگرانەوە، سەیری برگە بە بڕگەی دەسكەوت و پەندو ئەزمونەكانی بكەن، وانەی نوێی لێ هەڵێنجن، پەندەكانی بكەنە چرای تێكۆشانیان بۆ سەما كردنی ئایندەیان بۆ گوڵ.كۆمۆن دەوڵەتی رۆمانسیانەی هەژاران بوو، لە لایەكی شاری پاریسی بچوكی ئەوسا دامەزرا ، وڵاتێكی سادە ، بێ پەیوەندی دەرەوە ، ژمارەی دانیشتوانی كەم و جوگرفیایەكی بچوك و تەمەنێكی كورت , ئەم تروسكەی روناكییە، لەناو شەوەزەنگی ئەوسای ئەوروپاوە لە دایك بوو, جیهانی بە هەنگاوە مەزنەكانی رۆشنكردەوە .هەرجارێك و هەر رۆژێك و هەر سەردەمێك كۆمۆن دەخوێنیتەوە ، لایەنی نوێ، ئەزمونی نوێ ، خوێندنەوەی نوێ بەرهەم دەهێنێت.دەتوانین مێژوی نوێی جیهان ، لە ئاوێنەی مێژووی فەرەنساوە بخوێنینەوە, ماركس ڕوداوەكانی فەرەنسا ، زۆرتر لە ڕوداوی هەر وڵاتێكی دیكە كاری تێكردووە ، ئەوەی بۆ فەرەنسا لە پەرتوكەكانی جەنگی ناوخۆیی و، هەژدەهەمی برۆمێردی لویس پۆناپارتدا نووسی, بۆروداوەكانی هیچ وڵاتێكی نەنووسی ، ئەوەشی بۆ كۆمۆنەی نوسی بۆ شۆرشی 1848 ی ئەوروپا نەنووسی .

ئەمرۆ لە هەموو كات زیاتر زۆر لە هەڵسەنگاندنەكان رابردوو لەسەر كۆمۆنە كەوتۆتە ژێر پرسیارەوە ، خوێندنەوەی نوێی كۆمۆنە لەم سەردەمە لە هەموو كات زیاتر دەتوانێت خزمەت بە بیری سۆسیالستی بكات ، هەرچەندە ئەمكارە سەنگینە و لە پێش هەموو كارێكەوە پێویستی بە بیری ئازادە و دابڕانە لە چەمك و تێزە چەقبەستووەكان ، ئەوەی ئەم چركە ساتە نوێیە ، پاش هەناسە هەڵكێشانێكی دیكە كۆن دەبێت و دەبێتە بەشێك لە رابردوو, چۆن لە رابردوودا كۆمۆنەی پاریس كاریگەری گەورەی لەسەر بیری سۆسیالستی دانا ، لەگەڵ خۆیدا زاراوەی نوێی هێنایە ناو بیری ماركسییەوە ، بەهەمان شێوە خوێندنەوەی سەر لەنوێی ئەمرۆی كۆمۆنە جارێكی دیكە دەتوانێت كاریگەری لەسەر دوبارە بەرهەمهێنانەوەی بیری سۆسیالستی هەبێت, تەنانەت لە هەندێك بواردا كۆمۆنە پێش خوێندنەوەكانی ماركس كەوت , سۆسیالزمێك بتوانێت وەڵام بە داخوازی تێكۆشانی ستەمدیدانی كۆمەڵ لەسەردەمی جیهانگیری و سەرمایەی گڵۆباڵ و شۆرشی چواری پیشەسازی و زیرەكی دەستكرد و لە دایك بوونی بریكاریا بداتەوە, سۆسیالزمێك هەوادارانی بە داهێنانەكانی ، لە ئەشكەوتی خەوتویی دەربكاتە دەرەوە ، جیهانی ئەمرۆ ، پارسەنگی هێزەكان و پێشكەوتنی زانست و ئازادییەكانی تاكە كەس و شێوازی تێكۆشان و خۆ رێكخستن و قەیرانی سستەمی پەرلەمانی و ئاسۆی دیموكراسیەتی راستەوخۆیی كۆمۆنانەو قەیرانی ژینگەو تەندروستی كە وەك سەردەمی كۆمۆنە لە مەلاریا سوپای ناپلیۆنی تێك شكاندبوو, هەژاران بەسەرچاوەی نەخۆشی دەزانرا, ئێستا جیهان لە شەڕی ڤایرۆسدا دەستەوەستانە, هێشتا قەیرانی ئەنتی بایۆتیكیش لە رێگایە و مەترسیدارترە, دەبێت ئەمانەو سەدان شكی دیكە بە شێوەی ریالیستیانە بخوێنێتەوە, بۆ ئەوەی چەپ و بیری سۆسیالستی نەك لە كاروانی پێشكەوتن دوا نە خات، بەڵكە بیكاتەوە داهێنەری گۆڕانكاری مێژووییو وەك ئەلتەرناتیفی ئەمڕۆی سەرمایەداری بیناسێت .

دەستپێشخەریەكانی كۆمۆنە چی بوون

كۆمۆنەی پاریس ,لە سستەمی بەڕێوەبەرایەتی دەسەڵاتدا ,توانی شێوازێك , لەبەوەبەرایەتی داهێنێت,لەپێش خۆیدا نموونەی نەبووە, داهێنانەكانی لە بەرێوەبەرایەتیدا , بووە سەر مەشقی دیموكراتیزە كردنی دەسەڵات لەوكات, تەنانەت لە دەیەكانی دواتریشدا , گرنگترین كۆڵەكەكانی دەسەڵات لە كۆمۆنەدا بریتی بوو لە :_1- سەرچاوەی دەسەڵاتداری لە كۆمۆنەدا, ئەو بڕیارانە نی یە لەسەرەوە قەبوڵ كرابێت لە بەرژەوەندی چینی سەرمایەدار بێت, بەڵكە ئەو بڕیارانەیە كە لە خوارەوە خەڵك دەیدات, بڕیارەكان ئەنجامی كارو چالاكی داهێنەرانەی جەماوەرە, نەك بەرژەوەندی دەسەڵاتداران .2-هەڵوەشاندنەوەی داموو دەزگای بیروكراتیكی دەوڵەتی, لە بەرامبەردا دامەزراندنی سستەمێكی بەڕێوەبەرایتی نا ناوەندی دیموكراتیك . 3-هەڵوەشاندنەوەی سوپا و تەواوی هێزە چەكدارە پیشەییەكان و كەمكردنەوەی پۆلیس , كە لە دژی جەماوەر و لە پێناو سەركوت كردنی جەماوەر دامەزرابوون ,لە بڕی ئەوە, چەكدار كردنی جەماوەر بە گشتی ,تا خەڵك پارێزگاری لە خۆیان بكەن. 4-هەڵبژاردنی ڕاستەوخۆی كاربەدەستانی دەوڵەت, لادانیان هەركاتێك زۆربەی ئەوانەی هەڵیان بژاردووە بیانەوێت, یەكێك لە كەماسییەكانی سستەمی پەرلەمانی ئەوەیە تا كۆتا كات ناتوانرێت نوێنەرەكان لاببردرێن, كە زۆرجار لە بری بەرژەوەندی خەڵك, قازانجی سەرمایەدارو ئۆلیگارشییەكان جێبەجێدەكەن .

هەروەها دیاری كردنی لایەنی زۆری كرێی بەرپرسانی بەرزی دەوڵەت بە 6000 فرەنك , كە زیاتر نەبوو لە مانگانەی كرێكارێكی شارەزا,ئەمەش دەربڕی ئەوەیە, تەواوی ئیمتیازاتی فەرمانبەرە گەورەكان هەڵوەشایەوە.ئەندامانی هەڵبژێردراوی كۆمۆن , ئەوەیان ڕەت كردەوە, لە نێوان خۆیاندا, دەسەڵات دابەش بكەن , بڕیار دان و ڕاپەڕاندن, لە یەكتری جودا بكەنەوە لە 29-3, دوای 11 رۆژ لە راگەیاندنی كۆمۆنە, ئەندامانی هەڵبژێردراوی كۆمۆن كۆبونەوە , لە نێوان خۆیان كارەكانیان دابەش كرد, بەسەر 9 كۆمیتە دابەش بوون, لە بری وەزارەخانەكانی پێشوو. یەكەم بڕیار كە كۆمۆنە دای, ڕاگرتنی ئەو بڕیارە بوو, كە دژ بە كرێچیەكان دەرچوبوو, تیایدا ڕاگرتنی دانی كرێی خانوی هەڵوەشاندبوەوە , بە گوێرەی بڕیاری نوێ, ڕاگرتنی كرێی خانوی نەدراو, لە دوای بەرواری ئۆكتۆبەری ساڵی ڕابردوەوە, بۆ ماوەیەكی دیاری كراوو راگرترابوو, هەروەها بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی دانی كرێی خانوو , لە 1 ئەبریلەوە تا 1 یۆنی , هەروەها ئەو موڵكە داگیر كراوانەی , پێشتر دەستی بەسەردا گیرابوو, گەڕێنرایەوە بۆ خاوەنەكانیان .
فەرمانی دووەم نە فرۆشتنی كەل و پەلە دانراوەكان لە بانكی فەرەنسە . فەرمانی سێیەم هەڵوەشاندنەوەی سەربازگیری بوو . كە خۆی لە هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری تەجنیدی زۆرە ملێ و سوپای نیزامی دەبینیەوە .هەروەها لە فەرمانێكی دیكەدا, بڕیاری بەش بەش كردنی قەرز بوو, بە گوێرەی كۆمبیالاتی بازرگانی , بۆ ماوەی سێ ساڵ درێژ كرایەوە,ئەم بڕیارەش لە بەرژەوەندی بۆرژوای بچوكدا بوو, كە مایە پوچی ئابووری هەڕەشەی لێ دەكردن , بەڵام ئەم بڕیارە , لە 12 ئەبرێل هەڵوەشایەوە , وەستاندنی وەرگرتنی كۆمبیالە و هەڵوەشاندنەوەی هەموو داوایەك, لە مەڕكومبیالە, هەروەها لە هەمان دانیشتندا, بڕیار لەسەر جێگیر كردنی بێگانەكان, لەو جێگەیەی بۆیان دیاری كرابوو درا. لە 1 ئەبریل بڕیار لەسەر ئەوە درا , نابێت هیچ كارمەندێك لە كۆمۆنە لە 6000 فرەنك زیاتر وەرگرێت(1 ) . لە 2 ئەبریل , بڕیاردرا لەسەر جیاكردنەوەی كەنیسە, لە دەوڵەت , وە هەڵوەشاندنەوەی بودجەی كاروباری ئاینی, بڕیارەكە لە چەند خاڵێك پێك هاتبوو , بریتی بوو لە : جیاكردنەوەی كەنیسە لە دەوڵەت – نەمانی بودجەی ئەوقاف – هەموو موڵك و بینایەكانی كەنیسەو كۆمەڵە ئاینیەكان, ببنە موڵكی دەوڵەت-پشكنینی موڵكە داگیركراوەكان و خستنە بەردەستی گەل .لە 8 نیسان , بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی فێركردنی ئاینی لە قوتابخانەكان درا, واتە پەیوەندی خوێندن بە كەنیسەوە پچڕێنرا.لە 6-13 ئەبریل چەندین بڕیار دەركرا, سەبارەت بەو شوێن و ئارمانەی , كە هێماو دەربڕی گیانی شۆفینیەتی فەرەنسی بوون, ستوونی ڤاندۆم كە نیشانەی یەكەم سەركەوتنی ناپلوێن بوو, لە لایەن گەلەوە ڕوخێنرا.

لە 16 ئەبریل بڕیار درا, ئەو كارگەو فابریقانەی, كە بە بێ هیچ هۆیەك,لە كاركردن ڕاوەستابوون ,یاخود خاوەندەكانیان خۆیان شاردبوەوە ,یاخود هەڵاتبوون ,یان وایان بە باش زانیبوو كار ڕابگرن, ئەركی بەڕێوەبردنییان, بە ساندیكا كرێكارییەكان سپێردرا,ئەوانیش بە شوڕو شەوقەوە كارەكانییان ئەنجام دا, بۆ جێ بە جێ كردنی ئەم كارە, 43 كۆمەڵەی بەرهەم هێنان و 7 كۆمەڵەی بەكارهێنانیان ڕێك خست.
هەروەها كۆمۆن بیری ئیعدام كردن و (غەرامەت ) لە سەر كرێكارانی هەڵوەشاندەوە.
لە 6 ئەبریل, لە ئاهەنگێكدا (مقصلە) یان سوتاند(2).لە 20 ئەبریل بڕیاری یاساغ كردنی كاری شەوانەی كرێكارانی نانەواخانەكان درا , ئەو كات باوبوو شەوانە نانەواخانەكان كار بكەن.هەروەها بڕیار درا قازییەكان ئازادانە هەڵبژێردرێن, هەركاتێكیش پێویست كرا لابردرێن. لە بڕیارێكی دیكەدا, بڕیاری قەدەغە كردنی سزادانی كرێكاران دەركراو یاساغ كرا, وە سزاشی بۆ دەركرا, وە بیرۆ بۆ دۆزینەوەی كار بۆ بێكاران دانرا-واتە نەك بە تەنها بە تەنگی كرێكارانەوە دەهات بەڵكە لە هەوڵی دۆزینەوەی كار و وەسەر كار خستنی بێكارانیش بوو ,هەروەها چاودێرێك و 8 مفەوەزی دانا بەسەر هێَڵی شەمەندەفەرەوە , تا كارو باری هێڵی شەمەندەفەر رێكبخات ,كە فەرەنسا لەو كاتە گەورەترین هێڵی شەمەندەفەری لە دوای ئەمەریكا هەبوو لە ئاستی جیهاندا , هەروەها دەستی بەسەر ئەو شوقانەدا گرت كە خاوەنەكانییان هەڵاتبوون بۆلای تیر لە ڤێرسای بەسەر كرێكاراندا دابەشی كردن 3.هەرچی بواری پەروەردەو فێركردنە, كۆمەڵێك بڕیار لە بەرژەوەندی منداڵانی هەژار دەركرا ,لەوانە خوێندن بە زۆرو خۆڕایی بۆ هەمووان , لەگەڵ دابەش كردنی جل و بەرگ و خواردن بە خۆڕایی بەسەر خوێندكاراندا, كە لە ساڵی 1870 دا سێ یەكی منداڵانی فەرەنسە, ناچونە قوتابخانە, چونكە لە ماڵەوە نایانتوانی خەرجیی خوێندنییان دابین بكەن, قوتابخانەی ئاینیەكان, خەرجییان گران بوو, وە لە قوتابخانە ئاساییەكان جێگە نەبوو (4 ), بە پەسەند كردنی خوێندن بە زۆر و خۆڕایی ,توانرا چەكی پەروەردە ,لە دەست بۆرژواو چینە داراكان دەربهێنرێت, كە لەوە پێش مافی خوێندن و پەروەردە, تەنها بۆ ئەوان بوو, لە هەمان پەیوەنددا, بڕیاری زیاد كردنی موچەی مامۆستایانیش درا, بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە, كارەكانیان ڕاپەرێنن, هەروەها كار پێكردنی منداڵانیش قەدەغە كرا.

لە ماوەی 72 ڕۆژی دەسەڵاتدارییەتی كۆمۆنەدا, هێمنی و ئاسایشی هاوڵاتیان دابین كرا , تەئمینی ئاسایش و ژیانی جەماوەر كرا, لەو ماوەیەدا هەرچەندە شۆِڕشیش تازە سەركەوتبوو, پاریس خاڵی بوو, لە هەموو شەڕ و كوشتارێك, تەنها چەند ڕوداوی بچوكی پەرتەوازەی لێرەو لەوێ نەبێت, وەك ڕوداوی مەیدانی فنرۆم ,هیچی كە ڕوی نەدا.دزی ,بەرتیل ,ساختەكاری سیمای دەسەڵاتەكانی پێشتر بوو, یەكێك لە تەڵەكەبازەكان, وەزیری دەرەوەی فەرەنسە بوو , كەسیش لێیانی ناپرسییەوە, بەڵام كۆمۆنە, یەكێك لە ئەندامانی خۆی, لەسەر ئەو شێوە كارانە دەركرد, بڕیاری گرتنیشی دا .
هەروەها هەموو حكومەتەكانی پێشوو, هەموو كۆبونەوەو رێككەوتننامەكانیان, بەنهێنی ئەنجام دەدا, كەس ئاگاداری ناوەڕۆكەكانی نەبوو, بەڵام كۆمۆنە ئەم نەڕێتەی توڕ دا , هەموو شتێكی بۆ جەماوەر ئاشكراكرد , تا ئاگاداری سەرجەم كەم و كوڕییەكانی بن.لە 6 ئەبرێل كۆمۆن لە وەڵام بە ئیعدام كردنی ئەندامەكانی لە لایەن ڤێرسایەوە, بڕیارێك دەردە كات, لە 26 ئایار پاش ئەوەی سوپای ڤێرسای سەدان كەس لە كۆمۆنارەكان ئیعدام دەكات, لە وەڵامدا كۆمۆنەش 42 لە لایەنگرانی ڤێرسای, ئیعدام دەكات ,لە ناویاندا قەشەی پاریسی تێدا بوو.لە 21 ئەبریل كۆمیتە دانراوەكان دەسەڵاتی ڕاپەڕاندنیان پێ دەدرێت.لە 1 ئایار بڕیاری كۆمیتەی ڕزگاری درا , كە دەسەڵاتی چاودێری هەموو نوێنەران و لیژنەكانی پێ سپێردرا, كە 45 لە گەڵ و 23 دژ بوون,لە 15-5 ,برۆدۆنیەكان دژ بەو كۆمیتەیە, بەیاننامەیەكیان دەركرد,كە پاشان ئەنتەرناسیۆنالی یەكەم, لە 21-5 ڕەخنەی لەو بەیاننامەیە گرت.هەرچەندە بۆردومان و هێرشی ڤێرسای, لەو ماوەیەدا بەردەوام بوو, بەڵام كۆمۆنە بە داهێنانەوە, لەو ماوە كورتەدا, ئەم هەموو بڕیارانەی دا , لە خزمەت جەماوەری هەژارو ستەمدیدەدا دەركرد, كە بۆ ئەمڕۆ دەشێت زۆر قسەیان لەسەر بكرێت و مێژوو زۆریانی رەتداوە, هەندێكیشی بخرێتە بەر رەخنە.

لە خوارەوە دەمەوێت چەند بڕیارێك كە گەلێك لە دوای كۆمۆنە بڕیاری لەسەر درا وەك چەسپاندنی دەسەڵاتی عەلمانی لە فەرەنسا بخەمە ڕوو , تەنها بۆ سەلماندنی ناوەڕۆكی پشكەوتنخوازانەی بڕیارەكانی كۆمۆنە ,لەوانە-ساڵی 1879 بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پشوی بە زۆری ڕۆژی یەكشەمووان درا كە وەك ئەركێكی ئاینی سەیردەكرا,خەبات دژ بە كۆمەڵە ئاینیەكان و چەسپاندنی سیمای دنیایی بەسەر گۆڕستانەكان لە ساڵی 1881 درا, رێگە دان بە تەڵاق لە ساڵی 1884 , بڵاوكردنەوەی پەروەردەی گشتی بەسەر پەرشتی جول فیری, ساڵی 1883 خوێندن بووە خۆڕایی لە دەزگا دەوڵەتییەكان, ساڵی 1886 بڕیار درا پەروەردە تەنها كاری مامۆستا عەلمانیەكان بێت , تا ئەو كاتانە كەنیسەی كاسۆلیكی گرنگترین هاوپەیمانی پاشماوەی پاشایەتی خوازان بوو, بە هەموو شێوەیەك دژ بە دامەزراندنی سستەمی كۆماری بوو 5. هەڵبژاردن لە سەدەی 19 لە بەریتانیا و فەرەنسا وەك دوو پێشەنگی مەڵبەندی دیموكراتی لە جیهاندا دەنگدان تیایاندا تەنها بۆ دەوڵەمەندان بوو, تەنانەت ژنان تا چلەكانی ئەم سەدەیە مافی دەنگدانیان نەبوو 6. كەچی لە كۆمۆنەدا دەرگای دەنگدان و خۆپاڵاوتن بۆ هەمووان بێجیاوازی لەسەر پشت بوو .1- نصوص مختارە فردریك انكلس اختیار تعلیق جان كاسا ترجمە وصفی البنی ص 343).2- كۆمۆنەی پاریس –ئەبوبەكر خۆشناو –سلصمانی 2002 ل 44.

كۆمەڵكوژی كۆمۆنە

لە 31 ئایاردا, لە كاتێكدا تییر لە ناو لاشەی كۆمۆنارەكان ڕاوەستابوو وتی: (ئەم دیمەنە ترسناكە وانەیە بۆ دوا ڕۆژ).لە ئاكامی شەڕدا 20000 كۆمۆنار كوژران لە ناو سەنگەرو شەقامەكان ,30000 یش لە زیندانەكان مردن, دادگای مەیدانی تا ساڵی 1875 بەردەوام بوو , هەروەها 13700 كەس لە وڵات دورخرانەوە, لەناویاندا 60 مناڵ و 8 ئافرەت هەبوون *.لە پاش تێكشكانی كۆمۆنە, ماركس و ئەنگلس بە شانازییەكی شۆڕشگێرانەوە ,بە پرۆلیتاریایان وت: (كۆمۆنە هێزەكانی جیهانی كۆن وایان زانی بە تەواوی لەناو چوو, كۆمۆنە زیندووە بەڵكو لە هەموو كاتێكی ڕابردوو بەهێزترە و ئەتوانیین لە گەڵتانا هاوار بكەین بژی كۆمۆنە).ئۆجین پۆتیەش لەو كاتەدا وتی (كۆمۆنە نەمرە , ناشمرێ).تییرییش بە دوای سەركوتكردنی كۆمۆنەدا وتی :(ئێستا بۆ ماوەیەكی زۆر لەگەڵ سۆسیالستەكان تەواو)(7).

ڤیكتۆر هۆگۆش كە تا دواچركەی ژیانی( ساڵی 1885 مرد) , بە شانازییەوە داكۆكی لەوە كرد ,كە پشتگیری لە كۆمۆنە كردووە (8). قسەكەی تییر ڕاست دەرچوو,لەوەی بۆ ماوەیەك بزوتنەوەی سۆسیالستییان كپ كرد, تا ساڵی 1904 شۆڕش لە جیهاندا دامركایەوە (9).* ئەم ئامارانە ,لە سەرچاوەیەكەوە, بۆ یەكی كە دەگۆڕیِن .لە ڕۆژمێری كۆمۆنە هاتووە :(ئیعدام كردنی 30000 – لە 26 ئایار تا ئۆكتۆبەری 1874 لە 24 دادگای سەربازییدا 80 مناڵ و 132 ژن و 9958 پیاو حوكمە دەن .270 كەس ئیعدام دەكەن و 4016 كسیش دور دەخەنەوە ,326 كەسیش زیندانی دە كەن) .ڕۆژنامەكانی ئەوكات نووسیویانە كە ڕوباری سین سوور هەڵگەڕاوە, بە خوێنی ئەو هەموو كوژراوو بریندارانەی كە فڕێ دراونەتە ناو ئەو ڕوبارەوە (گاورباخی ژمارە 6-2003-كیسرا هەورامی).** بە فەرمانی گالیفی جەلاد 20000 گولەباران و 45000 كرێكار وە كۆماریخواز گرتران ,لە ناو ئەوانە 15000 بە ئەشكەنجە یان هەڵواسین لە ناو بردران- موجز تاریخ حركە نقابیە ج 1 ص 99).لە گشتدا ئەوە دەردەكەوێت دەیان هەزار بونە قۆچی قوربانی كۆمۆن, گیان بەخت كردوان ژمارەیان یەكجار زۆرە , ئەمەش دەربڕی دڕندەیی بۆرژوازییە , كە ئەمڕۆ خۆی , وەك مەلایكەتی ئازادی و دیموكراسی و ئاشتیخوازی نیشان دە دات.

بە بەرچاوی زۆر شایەد حاڵەوە پاریس ببووە قەسابخانە , یەكێك لەو شایەدانە هنری دونان دامەزرێنەری خاچی سوور بوو, وتی: ئەمەش كۆمەڵكوژی بوو لە شاردا ئەنجامدرا .لە 28 ئایار لە ڕوكێت 1900 كەس لە سێدارە دران , لە گۆڕستانی بابە لاشینز و مونبارناس و گۆڕەپانەكانی لۆكسمبۆرگ و باخی مزنسو و .. . فڕن بەكارهێنرا بۆ سوتاندنی تەرمەكان , بە زیندویی پیاوانی كۆمۆن زیندە بەچاڵ كران بە تایبەت لە باخچەی سان جاك .بە پێی ڕۆژنامەی ئیفننغ ستاندارد پێشبینی ژمارەی كوژراوەكان ناكرێت , لەبەر زۆری , مەزەندە كرا بە 20-30 هەزار كەس , 4322 زیندانی ” الكتاب الاسود للراسمالیە “ترجمە د.انگون حمصی , دار الگلیعە الجدیدە سوریا دیمشق 2006 , ل75 .13440 دادگاییكران لەوانە , 3313 بە غیابی دادگاییكران ” هەمان سەرچاوە , ل76 .لە بەرواری 15-6 سێدارەدان لە جەنگەڵستانی بۆلۆنیا ئەنجامدرا , لە كوشتن دەستیان هەڵنەگرت , تاكو بۆگەنی تەرمەكان ناچاریانی نەكرد, لە كەنیسەی مادلین 300 كەس لە سێدارەدرا , لە گۆڕپانی بانتیون 700-800 كەس لە سێدارە درا .لە دوای چەندین هەفتە لە ڕوداوی سافوارین , پاككەرەوەكانی پاریس لە سێدارەدران , تەنها لە بەرئەوەی دەستەكانیان ڕەش بوو, ئەمەش بەوە لێكدرایەوە بارود دەستەكانیانی ڕەش كردبێت , لە خوارەوەی ئەلبون-نۆف لە سێدارەدان بۆ ماوەی 8 ڕۆژی ڕەبەق بەردەوام بوو, 3000 كوژراو لە زیندانی كالیدونیا و پردی پاپۆڕەكان و ئەنبارەكان ” هەمان سەرچاوە ل87 “. هەروەها 70000 ژن و منداڵ بێبەریكران لە بەڵگەنامەی یاسایی , زیاتر لە 10000 كەس دوور خرانەوە ” هەمان سەرچاوە , ل87 ” .36909 زیندانی كۆمۆنی كرێكاری دەستی بوون ” هەمان سەرچاوە , ل88 ” .
1-الپقافە الجدیدە عدد 4 نیسان1987 –كومونە باریس محتواها گبقی و مچمونها الوگنی –یحیا علوان ص95.2-التاریخ الاقتصادی لعصر الامبریالیە ..ترجمە عبد الالە النعیمی ..الجز‌و الپانی .ف بۆلیانسكی.مركز الابحاپ والدراسات الاشتراكیە فی عالم العربی.الگبعە الاولی.ل8.3-نامیلكەی وتاری ماركسیزم و گیانی ڕیڤیزینیزمزچاپكراوی كۆمەڵەی ڕەنجدەرانی كوردستان.4-كۆمۆنەی پاریس –ئەبوبەكر خۆشناو ل 65.5-لینین حولە كومونە باریس ص 18.6-التاریخ الاقتصادی لعصر الامبریالیە ..ترجمە عبد الالە النعیمی ..الجز‌و الپانی .ف بۆلیانسكی.مركز الابحاپ والدراسات الاشتراكیە فی عالم العربی.الگبعە الاولی.ل19.7-ڕۆژنامەی بەیان ئیمارات 26-8-2002.8-هەمان سەرچاوەی ژمارە 5.9-گاورباخی ژمارە 6-2003 كیسرا هەورامی.




کۆرۆنا و جیابوونەوە … نووسینی: بەکر ئەحمەد

قەدەغەکردنی هاتووچۆ و درێژکردنەوەی بەردەوام بوونی مانەوەی هاولاتییان لە مالەکانیاندا وەک یەکێک لە ستراتیژییەکانی کەمکردنەوەی ڕێژەی تووشبوون بە کۆرۆنا لەبەرچاودەگیرێت. لەم ڕیگایەوە، مەترسی بلاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە سنووردارتر دەکریت بەوەی کە فرسەتی بەریەککەکوتنی ئینسانەکان لە فەزای گشتی کۆمەلگادا ، کەمتردەبێتەوە.
بەڵام هاوکاتیش دەرفەتی پێکەوەبوونی زیاتری ئینسانەکان لە فەزای شەخسی و تایبەتیدا، لە ماڵدا زیاتر دەبێت.
هاوکیشەیەکی ماتماتیکی سادە دەکرێ باشتر ئەم وێنەیە بخاتە بەرچاو.
ئەگەر پیاو کرێکاری ماڵ بێت، ئەوا لە بیستو چوار سەعاتی شەو ورۆژێکدا، ١٠ تا ١٢ کاتژمێر لە کارە و سەعەتەکانی دیکەیشی لە ماڵدایە.
بەوەی کە پیاوی کۆمەلگای کوردی بە جیا لە سەعەتکار دەکرێ چەندەها سەعاتی دیکە لەدەرەوە بێت، دەرفەتی بینینی منداڵ و خێزان، تا دێت کەمتر دەبێتەوە.

شەقی کۆرۆنا بۆ ئەوەی کە ئینسان یەکتری تووشنەکات و لەماڵەوە بێت، ئەم هاوکیشە ماتماتیکییەی سەرەوە هەڵدەگێڕێتەوە و پیاو ناچاردەکات لە جیاتی ١٠ سەعات لەماڵەوەبوون، ٢٤ سەعات لە ماڵدا بگوزەرێنێ.
بەمەش فرسەتی بینینی هاوسەر و منداڵ لە چەند سەعاتێکی کەمەوە دەبێتە چەند بەرانبەر.
ئەم هاوکیشەیەش بۆ ژنی ماڵ، بەهەمان شێوە ئاڵوگۆڕی بەسەردا دێت و لە جیاتی ئەوەی ماوەیەکی کەمتر هاوسەری ببینێ، ناچارە، هاوسەری خۆی وەک “مووی لووت” لە بیست وچوار سەعاتدا لەبەرچاودا بێت.
نیشاندانی ئەم وێنەیە بەمجۆرە، بە مانای ئەوە نییە کە ژنانی کورد کارناکەن و کۆمەلگای کوردی لەمرۆدا ئاڵوگۆڕێکی بەسەردا نەهاتووە. بەڵکو لە چوارچێوەیەکی گشتی و بنەرەتیدا ، هێشتاش کۆمەلگای کوردی ملکەچی ئەم جۆرە لەکاردابەشکردنی دەرەوە و ماڵە.
بۆیە ستراکچەری ئەم پێکەوەژیانییەی خێزان ڕووبەرووی کۆمەلێک چاڵێنجی تازەدەبێتەوە کە لەشەقەکانی کۆرۆنا بێئازار و دەردیسەری تر نییە. بە تایبەت لە کاریگەریدانان لەسەر ئەوەی کە چ فشارێک لەسەر پەیوەندییەکە دادەنێت.
بەڵام ئەگەر ئەم سترەکچەرە پاتریارکییەش کە من ئاماژەم پێدا لەبەرچاونەگرین و تەنها سەعاتەکانی پێکەوەبوونی ئینسانەکان زیاتر بکەین لە ژێر هەلومەرجێکی نۆرماڵ و نا نۆرماڵدا، ئەوا کۆمەڵێک ریسک ناخۆویستانە دێنەپیش کەدەکرێ کاریگەری سەیر لەسەر پەیوەندییەکە دابنێ. لێرەوەیە کە من دەمەوێ پەیوەندییەکی سەیر لەبەینی کۆرۆناو جیابوونەوەدا نیشانبدەم.
بەڵام باشترە سەرنج لەو لێکۆڵینەوانە بدەم کە دەکرێ کۆمەککەری ئەم باسە بێت.
با سەرنجێک لە مەملەکەتی جیابوونەوە بدەین کە سویدە.
لە ٥٠٪ ی پەیوەندیە خێزانییەکان لە سویددا بە جیابوونەوە کۆتایی دیت. ئەم ژمارەیە هەموو ساڵێک لە هەلکشاندایە بە تایبەت لە سالەکانی دوای ٢٠٠٠وە.
بێگوومان جیابوونەوە لەم باسکردنەی مندا مانایەکی نێگەتیڤ ناگرێتە خۆیی و دەکرێ وەک هۆکارێکی پۆزەتیڤ سەرنج بدرێت بەوەی کە ئینسانەکان کاتێک ناتوانن بەیەکەوە هەڵبکەن، باشترە و ڕاستترە لەو پەیوەندییە بچنە دەر.
بە جیا لە هۆکارە ئابووریەکان، دوورکەوتنەوەی ئارەزووەکان لە یەکتری، “دڵپیسی” ، ئازاردانی فیزیکی و دەروونی لە پەیوەندییەکەدا، کۆمەڵێک فاکتەری دیکە هەن کە وەک ریسکێکی سەیر کاریگەری لەسەر پەیوەندییەکە دادەنێت و ئاراستەی پەیوەندییەکە بەرەو جیابوونەوە زیاتر دەکات.
ئەمە بەشێک لەو ریسکە سەیرو سەمەرانەن کە ئەگەری جیابوونەوە لە سویددا زیاتردەکات.

کاتێک هەردوو بەیەکەوە لە پشوودان
مانگەکانی شەش و حەوت و هەشت و دوانزە کە پشووەکانی هاوین و سەری ساڵی تێدەکەوێت، بەرزترین ئامارەکانی جیابوونەوەی تیا تۆماردەکرێت. ئاخر کاتێک ئینسان لە ماوەیەکی زیاتردا یەکتردەبینێت، فرسەتی بینینی دیو و گۆشەی زیاتری بەرانبەرەکەی بۆ دەردەکەێت کە لە رۆژانی غەیری پشوو و دەردی سەریەکانی رۆژانەدا ئیمکانی بینینی نییە.
بۆیە بەریەککەوتن و بەیەکداهەڵشاخانەکان زیاتردەبێت و فشارێکی زیاتر بۆسەر پەیوەندییەکە دروستدەبێت.

کاتێک کرێی کارەکان کەمترە
کڕێ کار فاکتەرێکی گرنگە بۆئەوەی پەیوەندییەک درێژ یان کورتخایەن بێت. بوونی خوێندنی باڵا کە دەکرێ کرێ بەرزتربکاتەوە، بە هەمان شێوە هەمان کاریگەری هەیە.
کرێی کەم و خوێندنی کەمتر، بە یەکێک لەو ریسکە گەورانە سەرنج دەدرێت کە فشار بۆسەر پەیوەندییەکە دروستدەکات.

کاتێک یەکێکیان کیشی دەدابەزێنێت
کاتێک یەکێک لە پەیوەندییەکەدا “خرپن”ەو کێشی زیادە و کێشی خۆی دادەبەزێنێ، بەمەش بەخۆباوەڕبوونێکی زیاتر بۆ خۆی بەدەستدەهێنێ و ئەگەر لە پەیوەندییەکی ناسالمدا ژیان بەسەردەبات، ئەوا ئاسانتر هەنگاودەنێ بۆ ئەوەی پەیوندییەکە جێبهێڵیت و کەسێکی دیکە بدۆزێتەوە.

کاتێک هەردوو گەنجن
لەبەر ئەو هۆکارە سادەیەی کە لەو تەمەنەی ئەواندا نازانن چییان لە ژیان دەوێت و رۆژبەڕۆژ لە یەکدی دوورتر دەکەونەوە.

کاتێک قەت دەمەقاڵێ و قنەشەڕێک لە نێودا روونادات
هیچ جووتێک نییە کە هەمیشە لە شامی شەریفدا بژین و دەمەقاڵێ و قنەشەڕێک نەکەوێتە نێوانیانەوە. بۆیە ئەوانەی کە هیچ کاتێک بیروراکانییان بەر بەریەکەوتنێکی رۆژانە ناکەوێ ، فرسەتی ئەوەیان نییە کە دەرفەتێکی شیاو بۆ دەربڕینی نەگوونجاندەکانییان بکەنەوە و لە دۆخێکی بوغزاویانەدا ژیان بەسەردەبەن.

کاتێک خەریکی نۆژەنکردنەوەی ماڵ دەبن
بەوەی لەم دۆخەدا ئارەزوو ویستە جیاوازەکان لە هەڵبژاردنی رەنگ و قەنەفە و بەرز و نزمی دیوار و کەرەستەی موبەقدا لە بەریەککەوتنێکی رۆژانەدایە، فشارێکی زیاتر لەسەر جووتەکە پێک دێت.

کاتێک منداڵی بچووک لە نێودایە.

ئەمانەی سەرەوە بەشێکی کەم لەو ریسکە سەیر و سەمارانەیە کە لەباری ئامارەوە پشتراسکراوەتەوە و وەک ئەو ریسکانە تەماشادەکرێن کە دەکرێ پەیوەندییەکە بەرەو هەڵدێر بەرێت. بێگوومان بەلەبەرچاوگرتنی ئەو چوارچێوە کولتوری و کۆمەلایەتییەی کە هیچ بەهایەکی نائەخلاقی لەسەر چەمکەکانی “بێوەژن”ی و”بێوەپیاو”ی دانانرێت.

بەڵام ئەگەر بگەڕێمەوە سەر بابەتە سەرەکییەکەی خۆم، کۆرۆنا و جیابوونەوە، دەکرێ بڕیاری نەچوونەدەرەوەی هەمووان لەماڵدا و زیادکردنی سەعاتەکانی لەبەرچاویەکتردابوون، گۆشە و لایەنی جۆراوجۆری پیشتر نەبینراو دەربخات و فشار و مەترسییە گەورەکەی کە هەمووان لەبەرانبەریدا لەماڵخزێنراون، قلشتی نێوان ئینسانەکان گەورەتر بکات و مەسافەی نێوان ئارەزو و حەزەکان نیوان ئینسانەکان زیاتر بکات.
ئەگەر کۆرۆنا خۆی ریسکێکی گەورەیە لەسەر ژیانی ئینسانەکان، ئەوا ریسکە لاوەکییەکانی دیکە کە بەهۆی کاریگەرییەکانی ئەوەوە بەرۆکی بە ئینسان گرتووە، زەربەیەکی دیکە لە ئینسانەکان دەدات کە دەکرێ لە دوای سڕبوون و مردنی ڤایرۆسی کۆرۆنادا، ڤایرۆسی نەگوونجان لە نێوان ئینسانەکاندا ئەکتیڤ تر بکاتەوە.
بینینی پەیوندی نێوان دووئینسان لەم کۆنتیکستەدا، دەکرێ وشیاری ئەوان زیاتر بکات و ئاقلانەتر ئەم ئەزمە رۆحی و سایکۆلۆژییە تێپەڕێنن.

نووسینی: بەکر ئەحمەد
2020-03-18




ڤایرۆسی كۆرۆنا و جیاوازی ئێمه‌ و ئه‌وروپا ! … ئاری زێندینی

مه‌به‌ستم له‌ ( ئێمه‌ ) هه‌رێمی كوردستانه‌ واته‌ ( حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ) كه‌ له‌ ئێستادا له‌ نۆیه‌مین (9 ) كابینه‌دایه‌ كه‌چی ناتوانێت مووچه‌ دابین بكات ! به‌ڵام له‌ په‌تایی ( ڤایرۆسی كۆرۆنا ) خۆی وا پیشان ده‌دات و خه‌ڵكی چه‌واشه‌ كردووه‌ له‌ ده‌زگا راگه‌یاندن و ئه‌و راگه‌یاندنه‌ سێبه‌روپاشكۆی حیزب و حكومه‌تن هاوڵاتیانی ئه‌و هه‌رێمه‌ وا چه‌واشه‌ ده‌كه‌ن كه‌ باشترین سیسته‌می ته‌ندروستی و دڵسۆزترین ده‌سه‌ڵاتدارین بۆ رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی ( ڤایرۆسی كۆرۆنا ) و چاره‌سه‌ر كردنی هاوڵاتیان ! نازانم چۆن دڵسۆزیه‌ك چۆن سیسته‌می ته‌ندروستی چۆن حوكمڕانیه‌ك له‌ ئێستادا هه‌موو ده‌یبینن خه‌ڵكی ئه‌و هه‌رێمه‌ چه‌ند ناڕازیه‌ و بێزاره‌ ناتوانرێت ( به‌رمیلێك نه‌وت) ئاماده‌ بكات له‌ یه‌ك ساڵدا ! .
كه‌سانێكی دیاریكراو له‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی خۆی و ده‌ست له‌ پشتدانی حیزب و ده‌زگا راگه‌یاندنه‌كان خه‌ڵكی ئه‌و هه‌رێمه‌ وا تێده‌گه‌ینن و باس ده‌كه‌ن ئه‌زموونی رووبه‌روبوونه‌وه‌ی ( ڤایرۆسی كۆرۆنا ) له‌ ئه‌وروپ سه‌ركه‌وتووتربووه‌ وا داده‌نێن پێش ئه‌وان خۆمان ئاماده‌ كردوو باری نائاسایمان راگه‌یاندو ده‌وامی قوتابخانه‌كانمان ڕاگرت , ئه‌وه‌ ئازایه‌تی نیه‌ به‌ڵام بۆ هه‌رێمێكی قوڕبه‌سه‌ری وه‌كو ئێمه‌ ئاقڵی بوو زۆر ! چونكه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌و هه‌رێمه‌ باش خۆیان ده‌ناسن ژێرخانی ئابووری سفره‌ و چ بێ‌ سه‌روبه‌ریه‌ك ده‌گوزه‌رێ‌ له‌ كاتی كاره‌ساتێكی واش ده‌زانن چ ماڵویرنیه‌ك تووشیان دێت هه‌روه‌ك ئه‌زموونی مرۆڤێكی نه‌دارونه‌خۆش كه‌م ده‌رامه‌ت هه‌ر زوو ئاگاداری خۆی ده‌بێت له‌ ترسان نه‌وه‌ك له‌ بیركردنه‌وه‌ی ئاقڵانه‌وه‌وستراتیجیانه‌ ئه‌و هه‌رێمه‌ و ئه‌و حكومه‌ته‌ی هه‌رێمه‌ش هه‌ر وایه‌ هه‌روه‌ك جاره‌ك رۆژنامه‌نووسێكی بیانی ده‌یگۆت خه‌ڵكی ئه‌و هه‌رێمه‌ له‌ كاتی كاره‌سات و شه‌ڕ بیر له‌ هه‌ڵاتن ده‌كه‌نه‌وه‌ به‌ره‌و چیاكان و سنووره‌كان هه‌روه‌ك بینیمان له‌ دوایی ڕاپه‌ڕین و شه‌ڕی داعش به‌ڵام له‌ په‌تایی ڤایرۆسی كۆرۆنا مه‌جبووری له‌ ماڵه‌كه‌ی خۆی بمێنێته‌وه‌ هیچ وڵات و شوێنێكیان شك نه‌برد, ئه‌وه‌ش گوناح و خه‌تایی خه‌ڵكی ئه‌و هه‌رێمه‌ نییه‌ به‌ڵكو ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌و هه‌رێمه‌ لێی به‌رپرسیاره‌ ناتوانن خۆشه‌ویستی دروست بكه‌ن ئه‌گه‌ر نا منێكی هاوڵاتی ئه‌و هه‌رێمه‌ چۆن حه‌زناكه‌م باشترین سیسته‌می ته‌ندروستی و خه‌مخۆرترین حكومه‌تمان هه‌بێت , ئه‌دی وا نابینن خه‌ڵكی ئه‌و هه‌رێمه‌ بۆ به‌سیترین و سووكترین نه‌خۆشی روو له‌ وڵاتی ئێران و توركیا وڵاتانی ئه‌ورووپا ده‌كه‌ن كوا باشترین وپێشكه‌وتووترین سیسته‌می ته‌ندروستی و بیركردنه‌وه‌ی عاقڵانه‌ی ( 29) ساڵ حوكمڕانی كوردی ! هاوڵاتی ئه‌وروپی له‌ وڵاتی خۆی چاره‌سه‌رده‌كرێ‌ به‌ پاره‌كی كه‌م و یان سیسته‌می ته‌ندروستی بێ‌ به‌رامبه‌ر كه‌چی هاوڵاتی ئه‌و هه‌رێمه‌ له‌به‌ر بێ‌ پاره‌یی و كه‌م ده‌رامه‌تی و نه‌بوونی پاڵپشتی ته‌ندروستی ده‌وڵه‌تی و حكومی وازیان له‌ هه‌ستیارترین ئه‌ندامی جه‌سته‌ی خۆیان ده‌هێنن كه‌ ( دڵ )ه‌ ناتوانن چاره‌سه‌ری بكه‌ن چونكه‌ پاره‌كی زۆری ده‌وێ‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌ تایبه‌تی وئه‌هلی و ناحكومیه‌كان !

جا لێره‌دا گه‌ر ئه‌وروپا دره‌نگتر بڕیاڕیدا رووبه‌روی ڤایرۆسی كۆرۆنا بێت چ حكومه‌ته‌كان چ هاوڵاتیان له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌ ئه‌وان له‌ ژیانێكی ئاسایی و یاسایی و به‌سیسته‌م و دوور له‌ گه‌نده‌ڵی و بیركردنه‌وه‌ی ئاقڵانه‌وستراتیجی و دووربینی چونكه‌ وڵاتانی ئه‌وروپا ژیانی خه‌ڵكه‌كه‌ به‌ سیسته‌م و دامووده‌زگاكانی حكومه‌ت و كارگه‌وپیشه‌سازی و كۆمپانیاكان و داهات و به‌رهه‌م به‌سیسته‌مه‌ كاریگه‌ری ده‌بێت له‌ سه‌ر تاك به‌ تاكی هاوڵاتیانی وه‌كو ئه‌و بێ‌ سه‌رووبه‌ری و بێ‌ سیسته‌می لای خۆمان نییه‌ بۆیه‌ هۆكاری سه‌ره‌كی بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌م ڤایرۆسه‌ له‌ ئه‌وروپا زیاتر ئه‌وه‌یه‌ سروشتی ئه‌م ڤایرۆسه‌ خۆی وایه‌ له‌ قه‌ره‌باڵغی ی تێكه‌ڵاوی و به‌ریه‌ك كه‌وتن بڵاوده‌بێته‌وه‌ ئه‌وه‌ش روونه‌ ئه‌وروپا به‌هۆی خۆشگوزه‌رانی و سیسته‌م و گه‌شتیاری خه‌ڵك رووی تێده‌كات مه‌سه‌له‌ ئه‌وه‌نیه‌ ئێمه‌ زوو بیرمانكردۆته‌وه‌ ئه‌وان دره‌نگ چونكه‌ جیاوازی ئێمه‌وئه‌وان ئاسمان و ڕیِسمان , ڕه‌ش و سپی , مردوو زیندوو , مریشك و كه‌ڵه‌شێر ! به‌ڵام لای خۆمان كه‌س نازانێت پاره‌ی مووچه‌ له‌ كوێ‌ دێت و كۆمپانیا و شوێنه‌ حیزبی و تایبه‌تیه‌كان كه‌س باج و پاره‌ی كاره‌با نادات , جا بۆیه‌ ئه‌و هه‌رێمه‌ حكومه‌ت هه‌بی نه‌بی خه‌ڵك ده‌وام بكات نه‌كات هه‌ر وه‌كو خۆیه‌تی هه‌رێمێكی به‌كاربه‌رومشه‌خۆروگه‌نده‌ڵه‌ نه‌وه‌كو به‌سیسته‌م و به‌رهه‌مهێن ! له‌ ئه‌وروپا گرنگترین شت متمانه‌ به‌ خۆبوونی هاوڵاتیان و حكومه‌ته‌ چونكه‌ له‌ ژیانێكی ره‌فاهیه‌ت و خۆشیگوزه‌رانی و یه‌كسانی ده‌ژین دوور له‌ ترس و نایه‌كسانی بیریان بۆ شتی خراپ ناچێت وه‌كو هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان نین هه‌رده‌م ماَڵه‌كان و خانووه‌كانیان پڕی دۆلارو بووه‌ته‌ كۆگایی خۆراكی ( برنج و گه‌نم و جۆو ئارد وساوار) ئاماده‌ی كاره‌سات و ماڵوێرانی ئه‌مه‌ش بێ‌ متمانه‌یی خه‌ڵكی ئه‌و هه‌رێمه‌یه‌ تا سه‌ر ئێسقان و سه‌د له‌ سه‌د له‌ حوكمڕانی (30) ساڵه‌ی ده‌سه‌ڵاتی كوردی دوایی ڕاپه‌ڕینه‌ مه‌زنه‌كه‌ی به‌هاری (1991) ! .




ڤایرۆسی کۆرۆناش بووە قۆزاغەی …نمایشکردنی نژادپەرستی و مەزهەبی! ریبوار عارف

لە کاتیکدا کە ریگخراوی جیهانی تەندروستی گوزارشتی تووشبوونی زیاتر لە 185 هەزار کەس و گیان لیەدەستدانی 7500 کەس دەدات، یەکیەتی ئەوروپا دويني 17.3.2020 لە هەنگاویکی تازەدا بریاری راگرتنی هاتنی پەنابەران و کۆچکردوان دەدات؛ بە پاساوی خۆپاراستن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا. هەرلەمبارەوە ( ئیمانوئل مکرون سەرۆککۆماری فەرەنسه) داوا دەکات کە هەموو ولاتانی ئەوروپا هەول بدەن بەشیوەیەکی یەک دەست و یەکگرتووانە هەنگاوبنین بۆ جی بەجیکردنی ئەو بڕیارە.
بیرۆکەی داخستنی سنوورەکان سەرەتا لە ولاتانی ئەندامی ریکەوتننامەی شەنگنەوە دەستی پیکراو دواتر لە ئاست هەموو ولاتانی ئەوروپادا سەراسەری بویەوەو ئیستە بەجۆریکە نەک تەنیا یەکیەتی ئەوروپا، بەلکو تەنانەت کۆمیسیۆنی بالای نەتەوە یەکگرتووەکانی کاروباری پەنابەریش بەهەمان شیوە بریاری دەست راگرتن دەدەن لە هینان و گواستنەوەی پەنابەران بۆ ولاتانیک کە تیدا مافی پەنابەریان پەسەندکراوە. داخستنی سنورەکان لە دۆخیکدا دیتە پیشەوە کە بەداخەوە ئیتالیا مەترسیەکی یەکجار گەورەی لەسەرەو هاوکات ئیسپانیاش لەبەر کەم کردنەوەی مەترسی ڤایرۆسەکە دەستیان داوەتە هەنگاونانیکی زۆر زیاتر بەمەبەستی ئارام کردنەوەی بارودۆخەکە.
لەروالەتدا ئەم بریارو هەنگاوانەی ئەوروپای یەکگرتوو ئورگانە نیودەولەتیەکان تەنیا بۆ پاراستنی گیانی هاولاتیان و ریگرتنە لە بلاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەلام هەقیقەتەکەی ئەوەیە کە ئەم لۆژیکی خۆپاراستنە نەک تەنیا بارگاویە بە كردەوەيەكي راسیستی و نژادپەرستانە، بەلکو خودی بريارەكە بەتەواوی مانا نەژادپەرستانەیە. وەک هەموومان ئاگادارین کە لەم چەند سالانەی رابردودا لە ولاتانی ئەوروپا جولانەوەیەکی بەرچاو هەبوو کە خوازیاری داخستنی سنوورەکان بوون بە رووی پەنابەران و کۆچکردواندا. هاتنی ئەم ڤایرۆسەو بلاوبوونەوەی بە نیو ولاتانی ئەوروپادا دەرفەتیکی گونجاوی پیکهینا کە ئەم ولاتانە بە بەهانەی ریگرتن لە ڤایرۆزی کۆرۆنا هەنگاوی یەکەم بنین بۆ جی بەجیکردنی ئەو خەونەی حیزب و ریکخراو جولانەوەیەي کە سالەهایە لە شەری داخستنی سنوورەکاندان، کە بەدلنیای ئەم شەرە تەنیا بەمەوە ناوەستیتەوەو ئەگەر وەک بریاریکیش شتیکی کاتی بیت بەلام وەک ئامانج و ستراتیجیک کە ئەم ولاتانە هەیانە رەوەندیکی بەردەوام و دریژکراوە دەبیت تا ئاستانەی کۆتای هینان و ریگرتن لە هاتنی هەرجۆرە پەنابەرو کۆچ کردویەک بۆ ولاتانی ئەوروپا!
بۆیە ئەوەی ئەمرۆ لە ولاتانی ئەوروپا بەرۆشنی ئیمە رووبەرووی دەبینەوە ئەوەیە کە حیزب و لایەنە راسیستەکان وەک دیویکی قەومگەرای و ناسیۆنالیستی بە راشکاوی و شانازیەکی زۆرەوە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئەوان سالەهای سالە حکومەت ولایەنە دەسەلاتدارەکانی ولاتانی ئەوروپایان لە مەترسی هاتنی پەنابەران و کاریگەریە نەرییەکانی ئاگادارکردوەتەوە لە هەولی کۆتای هینان بەو سیاسەتانەدا بووين، بەلام بەرەو حیزب و دەسەلاتداریەتیەک لە بەرمبەرمان وەستانەونەتەوە کە ئیستە خۆشیان هەمان ئەو بۆچۆنانەی ئیمەیان هەیە کە سالەهایە ئیمە بۆی دەجەنگین!
بەهەمان شیوە ئیمە ئەم رۆژانە بە دیویکی تردا ئەم روانكە نائينسانيە دەبينينەوە ئەويش لە روانگەی ئیسلامی سیاسیەوەيە کە بەهەمان شیوە لیوان لیوە لە پشت بەستن بە رق و قینو پەنابردن بۆ ئاسان نیشاندانی مەرگ و لە نیوچوونی هەزاران ئینسان بە پاساوی ئەمری خوداو دیاریکردنی پیشوەختی چارەنووسی ئینسان لە دەرەوەی تواناو ئیرادەو دەست بەکاربوونی خۆی. لەمەش خراپتر ئەوەیە کە ئیسلامی سیاسی ئەم ڤایرۆسە بە تۆلەیەکی ئیلاهی دەزانیت لە کوفارو هەموو ئەو کەس و کۆمەلگایانەی کە ئینکاری بوونی خواداو ئاینی پیرۆزی ئیسلام دەکەن. بۆیە لەماوەی دوو هەفتەی رابردودا بینمان و بیستمان کە لە چ ئاستیکی بەرفراواندا ئەم جولانەوە کۆنەپەرستەیە کەوتنە بانگەشەو فتوای قرکردنی کوفارو ملحیدەکان و بی بەها نیشاندانی هەموو بوونی کۆمەلگای مرۆڤایەتی لەدەرەوەی بازنەی ئاینی ئیسلامدا.
ئەوەی ئیمە لیرەدا بە رۆشنی دەیبینین میتۆدی جیاکاریە کە خالی هاوبەشی راسیزم و ئیسلامی سیاسی دەتوانیت لەوەدا یەکانگیربیت کە چۆن هەردوولا بی باکن لە چارەنووسی ئینسان و چۆن بە چاوی ئائیدۆلۆژیەوە مامەلە لەگەل ئەم تراژیدیا گەورەيەدا دەکەن کە بەرۆکی بە چارەنووسی مرۆڤ گرتووە. ئەمیان دەلی دەبیت هەموو سنورەکان دابخەین بۆ پاراستنی ولات و میلەتی خۆمان بەرووی پەنابەران و کۆچکردوانداو، ئەویتریشان دەلیت ئەمە تۆلەو سزایەکی خودایە دژ بە هەموو بی باوەران و ملحیدین و کەسانیک کە بروایان بە ئاینی ئیسلام نیە. بەم شیوەیە ڤایرۆسی کۆرۆنا پیمان دەلیت کە گەورەترین ڤایرۆسیک کە لە راستیدا هەرەشە بەردەوام و گەورەکەی ژیانی مرۆڤایەتیە هەموو ئەو جیهانبینی و ئایدۆلۆژیانەیە کە لە دەرەوەی نازنامەی ئینسانی بوون دریژە بە تەمەنی خۆیان دەن. هاوکات هەقیقەتەکەی ئەوەیە کە کۆمەلگتای مرۆڤایەتی بۆ رزگار بوون لە ڤایرۆسی کۆرۆنا لەهەموو سەردەمیک زیاتر پیویستی بە بەرپا بوونی یەک بزوتنەوەی ئینسانیە لە دەرەوەی هەر جولانەوەیەکی نژادی و ئاینی و جنسی و ئایدلۆژی، جولانەوەیەک کە ئیرادە دەگەرینیتەوە بۆ ئینسان و نازنامەی ئینسانی بوون بە تەنیا چەکی راوەستانەوە دەزانیت کە لە سەنگەری زانست و ئینسانگەریدا ئاویتە بووبیت!
ئەوروپای یەکگرتوو ریکخراوە نیودەولەتیەکان ریکخراویکی تایبەتی وەک کۆمیسیۆنی بالای نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەگەر زەرەیەک پەیوەست بوونایە بەو نازنامە ئینسانی و تەنانەت بەو ريكەوتننامەي جنيفي سالي 1951يشەوە ئەوا دەکرا وەک ئینسان مامەلەیان لەگەل هاتنی ئەو ئینسانانە بکردایەو ریگەی چارەسەرکردن و فریاگوزاریان بۆ دابین بکردنایەو بە بەهانەی بوونی ئەم ڤایرۆسەوە لە مافی پەنابەری بی بەشیان نەکردنایە!




دووانەی لەیەک موتوربەکراو … کەنعان مەدحەت

لە کلیلی دەرگا داخراوەکە دەگەڕێم
پێم لە مێشکی پووک و
بەرنامەی ژەنگن و
کەڕولێداویان دەکەوێ
دڕک بە هیچ روونکردنەوەیەک نابەم
بۆ دڕکی ژەهراوی ،
دەبێ ،
هەمیشە بە هەنگاوکانمەوە بیگرێ
رۆژانە قەدی ساڵنامە داتاشراوەکە
لە بێخەوە ڕائەتەکێنم
وەرزی پۆلێنکردنی
گوڵە تیشکم پێ ڕاگەیەنێ
لە پەنجەرە درز لێ کەوتەکەوە
دزە بکاتە خانەخوێم و
لەبەر تیشکی ڕۆشناییا سەرەخەو بشکێنم
رۆژانە.. ڕۆژانە..
نۆت ، بۆ ئاوازی لە باڵدانی پەپوولە و
خەرمانە شەو ،
بۆ لەرەی شەپۆل داڕێژم
رۆژانە.. ڕۆژانە..
لە لق و پۆپی درەخت دەپاڕێمەوە
ڕێم بەن ، ڕێ ،
رێ….
هەڵۆ و سەنگەر
وەک دوو هێمای ،
تابلۆی (دووانەی لەیەک موتوربەکراو)
لە پێشانگا و بۆن و
سەرتاسەری مۆزەخانەکانی مێشکما هەڵبواسم
بەرلەوەی دەستی ڕاوچییەکانم پێ بگەن
چوون بەرانی قۆچ لێکراو
لێی بکەوم




ڤایرۆسستان … نەوزاد بەندی

ڤایرۆس زۆرن ..
وەک ڤایرۆسی
بڕینی مووچە و
خواردنی نیوەی ڕاستی
یان سێ بەشی ..
ڤایرۆسی هەواڵی ناخۆش ،
بادانەوەی
هەزاربارەی
هەمان تەشی ..
ڤایرۆسی قسەی زلکردن
گەمژاندن و
دەروونی گەل کاولکردن ..
ڤایرۆسی خواردنی بودجە
هەر بە کاڵیی ..
ڤایرۆسی وون بوونی دۆلار
بە ملیۆنەها و بە ملیار ..
ڤایرۆسی بێدەنگی ولاڵیی ..
ڤایرۆسی کوشتنی خەونی
لاوان و
لەبار بردنی
دنیا جوانەکەی مناڵیی ..
ڤایرۆسی ترس و دوو دڵیی..
چڵکاوخۆریی ..
دوو زمانیی ..
سەدان جۆر پیس و پۆخڵیی
ڤایرۆسی بێ منەتیی تەواو
ڤایرۆسی شەقتێهەڵدان لە
مامۆستای پیری بەشخوراو ..
ڤایرۆسی زوڵم و نادادیی
ڤایرۆسی قبول خاس لەناو
زانکۆکانا و
کردنی زانست وزانین
بە جۆرێ لە مەلها و نادی ..
ڤایرۆسی یاریکردن بە
داهاتووی ملیۆنەها کەس ..
بۆ قازانج و بردنەوە نا ،
هەر بۆ هەوەس ..!
ڤایرۆسی موچەی بن دیوار ،
پارووی حەرام ، لول و دایس
ڤایرۆسی ڕاکردن لە دەست
داعش و حەسەن پلایس ..
ڤایرۆسی لە برسا کوشتن ..
پەراوێزخستنی خەڵکی
کەمئەندام و ..
شکاندن وسەیرکردنیان
بەچاوی سوک و بێ کەڵکیی
ڤایرۆسی کردنی گەمژه
به پڕۆفیسۆر وبە دکتۆر ..
ڤایرۆسی کوشتنی زانا ..
لێدانی دانا بە سەد جۆر ..

ڤایرۆس زۆرن ..
زۆرن ..
زۆر ..زۆر ..




پارادایمەکانی جەنگ لە جەنگی تەقلیدییەوە بۆ جەنگی بایۆ تەکنیکی … نووسینی: ستیڤان شەمزینی

رەنگبێ کۆنترین کتێب لە بارەی جەنگەوە دانراوەکەی “سۆن- تزۆ”ی دانای چینی بێت بە ناوی “هونەری جەنگ”. ئەم کتێبە پێشکەشکردنی چەند تیۆرییەکە لە بارەی کردەی جەنگ، هەڵبەت بەپێی ئەو کۆنێکستەی کتێبەکەی تێدا نوسراوە کە بۆ بیست و پێنج سەدە بەر لە ئەمڕۆ دەگەڕێتەوە. کاکڵەی تیۆرییەکانی سۆن-تزۆ لەوەدا خۆی دەنوێنێت پێویستە جەنگ لە پێناوی ئامانجێکی رەوادا بێت، تەنانەت بیریشی لەوە کردۆتەوە لەو کاتەی جەنگ سەرتاپای کۆمەڵگە یان جیهان دەتەنێتەوە دەبێت رەچاوی بەها مرۆییەکان بکرێت، نابێت بە هیچ پاساوێک ئەو بەهایانە ژێرپێ بخرێن!. پرسیارەکە ئەوەیە داخۆ ئامانجە رەواکانی جەنگ چین؟. ئەگەر تاوانبار نەکرێین بە ناواقیعبینی، دەمەوێت بڵێم جەنگەکان هیچ بەهانە و ئامانجێکی رەوایان نییە!. ئەگەر لەو کتێبە دوورتریش بڕۆین، ئەوەی ئارکۆلۆژیستەکان لەسەر گاشە بەرد و چەرم دەیدۆزنەوە وەک پاشماوەی شارستانییە دێرینەکان، بەشی شێریان باسی جەنگی نێوان مەملەکەتەکان و پادشاکان دەکەن، تەنانەت رووداوی هێندە هۆڤانەی تێدایە، لە کاتی خوێندنەوەیاندا هەست بە جۆرێک لە تۆقین دەکەین.

جەدەلی ئەوەی مرۆڤ لە ریشەوە بوونەوەرێکی شەڕخوازە یان نا؟ هەم بابەتێکی فەلسەفی و دەروونشیکارییە هەم بەم دواییانە بۆتە جێگەی سەرنجی زانستە نوشدارییەکان. هێشتاش مشتومڕ لەو بارەوە بە پایان نەگەیشتووە، بەڵام ئێمە لێرەدا دەبێت جیاوازیی نیشان بدەین لەنێوان دەستەواژەی “شەڕ” و چەمکی “جەنگ”!، بە واتای ئەوەی شەڕ کردەیەکە لەنێوان تاکەکاندا، بەڵام جەنگ بازنەیەکی فراوانترە و لەنێوان وڵاتان و شارستانی و بەرژەوەندییە دژ بەیەکەکاندا دەقەومێت. بەدیوێکی تردا مافمان هەیە بڵێین جەنگ لە دایکبووی ساتەوەختێکە مرۆڤ بەسەر گروپی نەتەوەیی و ئابووری و رەگەزیی جودا جودا دابەش بوو. لەم نێوەندەشدا دووبارە پرسیاری ئەوەی مرۆڤ بە سروشتی خۆی شەڕخوازە یان ئاشتیدۆست؟ تا ئەمڕۆ بەرسڤێکی کۆنکرێتی پێنەدراوەتەوە. ئەمە هەمان ئەو پرسیارەیە کاتی خۆی زانایەکی مەزنی وەک “ئەنشتاین” لە “فرۆید”ی دەکات. لە وەڵامەکەی “فرۆید”دا روونە: جەنگەکان بەشێکن لە غەریزەی مەرگدۆستی و دەروونی شەڕئەنگێزی خودی مرۆڤ، هەروەک ئەو ویستەش بە پێویستییەک دەزانێت بۆ بەردەوامبوونی ژیان!!. ئەمە بەرسڤێک بوو “ئەنیشتاین” چاوەڕوانی نەبوو.

ئەگەرچی بەرسڤەکەی “فرۆید” دەتوانێت تا ئەندازەیەک رازیمان بکات، بەڵام پرسیارێکی خودی خۆم دەخەمە روو: ئایا ناتوانین ئەو نەزعە شەڕئەنگێزەی مرۆڤ بگۆڕین بۆ وزەیەکی پۆزەتیڤ؟. وەڵامەکەیم لا نییە، چوونکێ ئەم پرسیارە هێشتا بە دوای وەڵامێکی قایلکەردا دەگەڕێت. لەگەڵ ئەمەشدا لەبەرچاو نەگرتنی فاکتۆرە ئابووری و سیاسییەکانی جەنگ تەڵخکردنی وێنایەکە پێویستە هەموو بە شەفافی بیبینین، هەوڵێک هەیە لە پشتی ئەو پاساوە دەروونیانەوە بۆ شاردنەوەی چەند راستییەک لە بارەی فاکتۆرەکانی بەرپابوونی جەنگ. ئەمە ئەو قسەیە ئیۆلۆجیستەکانی جەنگ پێیان خۆش نییە، چوونکە جەنگ درێژەپێدانە بە سیاسەت بە فۆرمێکی توندتیژ و مەرگبار. خولاسە مەبەستمە بڵێم: هۆکاری هەڵگیرسانی جەنگەکان بەدەر لەو نەزعە شەڕانییەی بەشێکە لە سایکۆلۆژیای خودی مرۆڤ، کەچی لەملاوە فاکتۆرە ئابووری و سیاسییەکان رۆڵێکی ئێجگار گرنگ دەگێڕن لە راستای قەومانی جەنگەکان بە بەرینی مێژوو.
نکۆڵی لەوەش ناکەین جەنگەکان هەمیشە دیوێکی تری سیاسەتن، سیاسەتن بە فۆرمی کاولکاریی و دڵڕەقی، هاوزەمان مامانی گۆڕانکاریی ریشەیشن. هەروەک لە دێر زەمانەوە تاوەکوو هەنووکە تێبینی کراوە، زۆرینەی گۆڕانکارییە سیاسیی و جوگرافییەکان بگرە تێکەڵاوبوونی شارستانێتییەکان بە هۆی جەنگەکانەوە روویانداوە. بۆ وێنە لە دوای جەنگی جیهانی یەکەم نەخشەی سیاسیی و جوگرافی تەنانەت کولتووری جیهان بەشێوەیەک گۆڕا، نۆسترادامۆس زیندوو بووبایەتەوە نەیدەتوانی بیناسێتەوە. لە پاش جەنگی دووەمی جیهانیش نەخشەی دنیا بە تایبەت کیشوەری ئەوروپا سەرلەبەر گۆڕا، لە نەوەدەکانی سەدەی رابردووش جەنگ لە ناوچەی باڵکان بە دیاریکراویی لە یوگسلاڤیای پێشوو بووە هەوێنی گۆڕانکاریی گەورە، بەو ئەندازەی جوگرافیای ناوچەکەی بە جۆرێکی تر دیزاین کردەوە، ئەمیش بە لە دایکبوونی چەندین دەوڵەتی نوێ لەسەر پاشماوەی یوگسلاڤیا، ئەمەش کردەیەک بوو لە توانای پێشبینی نەک سیاسەتمەدار بگرە هیچ جادووگەرێکیشدا نەبوو، تەنانەت جۆرج ئۆروێل لە رۆمانی “باخچەی ئاژەڵان”دا توانی پێشگۆیی رووخانی شورەوی بکات، بەڵام بە هیچ کلۆجێک نەیتوانی مەزندەی ئەو گۆڕانە بکات لە باڵکاندا هاتەئارا.
بەڵگە نەویستە لە بەرەبەیانی مێژووەوە، جەنگ بەشێک بووە لە سروشت و ژیانی مرۆڤ، ئەگەر دیقەت بدەین لەگەڵ گەشەی شارستانێتیدا رووخسارەکانی جەنگیش گۆڕاون. بە پێچەوانەی دیتنی “مارکس”ەوە زانست و پێشکەوتن نەک نەبووە هۆی خۆشنوودی بەڵکو لە هەموو لایەکەوە بەڵای گەورەتری هێنا و قوڕەکەی خەست و خۆڵتر کردوەوە. ئەگەر بمانەوێت لە روانگەی “ئالڤین تۆفلەر”ەوە سەیری پرۆسەی پێشڤەچوونی شارستانی مرۆڤایەتی بکەین. جەنگ و ئامڕازە جەنگییەکان شانبەشان لەگەڵیدا لەبەرەوپێش چووندا بوون. تۆفلەر سێ قۆناغ دەستنیشان دەکات لە پێشکەوتنی ژیاردا، ئەوانیش قۆناغی “کشتوکاڵی، پیشەسازیی، تەکنۆلۆژیی”ن. ئەمە دروست پێچەوانەی دابەشکارییەکەی “کارل مارکس”ە کە پێنج قۆناغ دەستنیشان دەکات. ئەم سەردەمە تۆفلەرییانەش تەنیا یەک شێوە و رووخساریان نییە، ئەگەر لە رووی ئابوورییەوە هەردوو سیستمی فیودالیزم و سەرمایەداریی بن، ئەوا لە رووی جەنگ و ئامڕازە سەربازییەکانییەوە شەقڵی جیاوازتریان وەرگرتووە.

قۆناغی کشتوکاڵی، لە رووی ئابوورییەوە خاوەندارێتی زەوییە لەلایەن مرۆڤەوە، سەردەمی کۆیلەداریی و فیوداڵیشی لە خۆیدا جەم کردۆتەوە، لەم پێڤاژۆیەدا جەنگەکان پێویستیان بە پاڵەوانە، بەو پێیەی ئامڕازە جەنگییەکان پێویستیان بەهێزی عەزەڵی زۆر هەبووە، بەڵام لە قۆناغی پیشەسازییدا پارادیمی جەنگ دەگۆڕێ و بڕێکی کەمتر لە هێزی بازوو دەخوازێت، لە سۆنگەی ئەمەی ئامێرەکان لە تیروکەوان و شمشێر و مەنجەنیقەوە دەگۆڕێن بۆ تفەنگی سادە و تۆپی دوورهاوێژ، ئەمەش سەردەمی قارەمان و سوارچاکەکانی بەکۆتا گەیاند، هەر لەم نێوەندەدا “دۆنکیشۆت” سەربردەی ئەو گوزارانەوەیە لە قۆناغی کشتوکاڵییەوە بۆ پیشەسازیی، کارەکتەری دۆنکیشۆت بۆیەکا بوو بە قۆشمە، چوونکە هێشتا لەناو ئەو ئەندێشە کۆنەدا دەژیا، قۆناغەکە ماڵئاوایی لێ کردبوو. لە قۆناغی سێهەمدا “باڵادەستی تەکنۆلۆژیا” ئامێرە جەنگییەکان بە راددەیەک پێشکەوتنیان بە خۆیانەوە بینی، هیچ پێویستییەک بە هێزی میکانیکی ئینسان نەما، لە جێگەی تفەنگە تەقلیدییەکان و تۆپە دوورهاوێژەکان، فڕۆکەی شەبەح و ئاپاچی و چەکی پێشکەوتووتر رۆڵیان پەیدا کرد. لەم روانگەوەیە زۆر جار دەوترێت جەنگی کەنداو “گەردەلولی بیابان” تەنیا رووبەڕووبوونەوەی رژێمی عێراق و هاوپەیمانان نەبوو، بەڵکو جۆرێکیش بوو لە بەرەو رووبوونەوەی هەردوو شەپۆلەکە، بەوەی ئەمەریکا و هاوپەیمانانی نوێنەرایەتی شەپۆلی سێهەم بوون، دەوڵەتی عێراقیش میراتگری شەپۆلی دووەم و پیشەسازیی چەک و چۆڵ. هەنووکە مرۆڤایەتی لە سەردەمی شەپۆلی چوارەمدایە، جەنگ جگە لە سیما تەقلیدییەکەی، فۆرمی جەنگی زانیاریی و بایۆتەکنیکی وەرگرتووە.

وەلێ بە رواڵەت وەها دەردەکەوێت ژمارەی جەنگەکان کەمیان کردبێت، کەچی راستییەکە لە پێش چاومان شاردراوەتەوە، جەنگەکان لە جاران زۆرتر و قورستر لە ئارادان. لەوانەیە جەنگە تەقلیدییەکان ژمارەیان وەک رابردوو هێندە بەرچاو نەبێت و بەهۆی پێشکەوتنی زانستی پزیشکی و خێرایی چارەسەر و گواستنەوە ژمارەی قوربانییەکان کەمتر بووبنەوە، هێشتاش ئەمە مانای کەمبوونەوەی جەنگ ناگەیەنێت، هەرچەند سەمپڵی جەنگی دە بۆ پانزە ساڵی رابردووی عێراق و سوریا ئەگەر لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا بوایە بە جەنگێکی جیهانی نێوزەد دەکرا، لە راددەی ئەم دڵنیایەمان کەم دەکاتەوە. بەڵام لە نموونەی ئۆپەراسیۆنی کوشتنی “قاسم سولەیمانی”دا، راستەوخۆ هارد پاوەری شەپۆلی چوارەم خۆی نمایش دەکات کە بە فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوان گەورەترین ئامانج پێکرا، ئەمە ئەگەر سی ساڵێک لەمەوپێش بوایە پێویستی بە شەڕی دەستویەخەی سوپایی دەبوو، تا ئەو پاشەکشەیە بە ئێران بکەن، چونکە کوشتنی قاسم سولەیمانی لەناوبردنێکی سیمبولیکییە و واتای سەرەتای بڕینەوەی دەستی ئێران دەگەیەنێت لە دەرەوەی وڵاتی خۆیدا.
جەنگ لەم شەپۆلە تازەیەدا وەک حەربا وایە و توانایەکی سەرسوڕهێنەری هەیە لە شێوە گۆڕیندا، جەنگەکان رۆژانە روودەدەن، لێ تفەنگەکان کەمتر لە جاران دەنگیان دێت، کەچی رۆژانە دەیان جەنگی ئابووری و دەروونی و بایۆلۆژیی بە بێدەنگی روودەدەن، بە جۆرێکیش فریودراوین تەرمەکان دەژمێرین وەک رووداوێکی ئاسایی نەک قوربانیانی جەنگ.
سامناکترین جەنگ لە سایەی شەپۆلی چوارەمدا بەڕێوە دەچێت، ئەویش جەنگی بایۆلۆژییە. ئەگەرچی مێژووی جەنگی بایۆلۆژیی زۆر کۆنە، شێوە هەرە تەقلیدیی و ساکارەکەی خۆی لەوەدا دەبینییەوە سوپا شەڕکەرەکان تەرمی کوژراوی یەکتریان دەخستە ناو سەرچاوەکانی ئاوی خواردنەوەوە، تاکو خنکان و نەخۆشی لە لەشکری بەرامبەردا دروست بێت. یان ئەوروپاییەکان لە رێگەی سیل و تاعون و کولێراوە هەشتا دەر سەدی ئەمەریکاییە رەسەنەکان “هیندە سوورەکان”یان قڕکرد و لەو رێگەیەوە دەستیان بەسەر ئەو قاڕەدا گرت، هەنووکەش نوێباوترین جەنگی بایۆلۆژیی لە ئارادایە، ئەمیش لە رێی هێرش و پەلاماری ڤایرۆسییەوە.

ئەمڕۆ جیهان لە تراومایەکی گەورەدایە بەهۆی ڤایرۆسی “کۆڤید نۆزدە” ناسراو بە “کۆرۆنا”ەوە.، کە بە بڕوای من جەنگێکی بایۆلۆژییە لە دژی بەرژەوەندیی هەندێک دەوڵەت. رووسەکان کۆرۆنا بە چەکێکی بایۆلۆژیی ئەمەریکایی لە قەڵەم دەدەن، ئەوەش لەسەر زاری سکرتێری حزبی لیبرال دیموکراتی راستڕەوی رووسی لە ئینتەرڤیۆیەکی رادیۆییدا جەختی لەسەر کرایەوە بەوەی گوایە ئەم ڤایرۆسە دەستکردی ئەمەریکایە، ئەمەش کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە و سەنتەری دیراساتی راندی ئەمەریکی ئەم هەوڵە چڕەی رووسەکان لە رێی ماسمێدیاوە بە لولەی تۆپێک پێناسە دەکات، تۆپی خەیاڵی و چەواشەکارانە دەنێت بە شکۆی ئەمەریکاوە. بە وردبوونەوە لە جۆری ڤایرۆسەکە و جوگرافیای بڵاوبوونەوەی، گوومانەکان زیاتر دەبن بەوەی رێی تێناچێت ئەم ڤایرۆسە لە رێی شەمشەمەکوێرەوە بڵاوبووبێتەوە.
هەرچەند زانست سەلماندوویەتی شەمشەمەکوێرە تاکە شیردەرە بتوانێت بفڕێت و زۆرترین ڤایرۆس لەگەڵ خۆیدا هەڵبگرێت و بگوازێتەوە، بەڵام پرسیاری سەرەکی ئەوەیە هەزاران ساڵە چینییەکان مار و دووپشک و زۆر مێروو و گیانداری تر وەک خواردن بەکاردەهێنن، بۆچی تازە ئەم ڤایرۆسە پەیدا بوو؟. ئایا هەزاران ساڵە شەمشەمەکوێرە هەمان دی ئێن ئەی ئێستای نەبووە؟. هەرچەند ئەوەش فەرامۆش ناکەین بە دووریی بیست و حەوت کیلۆمەتر لە شاری “وۆهان” کە مەڵبەندی تەشەنەکردنی کۆرۆنایە، لە ساڵی 2017ەوە “پەیمانگای وۆهان بۆ لێکۆڵینەوەی ڤایرۆسەکان” دامەزراوە، وەکو پێشتر لە رۆمانی “چاوی تاریکییەکان”ی “دین کۆنتز” لە ساڵی 1981دا، بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لەو شارەوە پێشبینی کرابوو.

هەر لەم دەرفەتەدا دەمەوێت هێما بۆ ئەوە بکەم، تاکو تەکنۆلۆژیا پێشبکەوێت جەنگ زیاتر توانای دۆنادۆنی دەبێت، لەم راستایەدا جەنگی بایۆلۆژیی هەڕەشەیەکە لەسەر ئایندەی مرۆڤایەتی، رەنگە دڵڕەقترین و بێ بارووتترین جەنگیش بێت، وەلێ هەتاکو کۆمپانیاکانی بواری چەک دروستکردن مابن، جەنگی تەقلیدیش هەر برەوی دەمێنێت بە تایبەت لەم ناوچەیەی ئێمەی لێ دەژین. کۆمپانیاکانی چەک هەر خۆیان ئایدۆلۆژیای توندئاژۆ و حزبی پەڕگیر و دەوڵەتی دیسپۆتیستی و فەرمانڕەوای دیکتاتۆر دەهێننە سەر شانۆ، هەر خۆیشیان دژەکانیان دروست دەکەن و بازاڕی چەک فرۆشتنیان گەرم و پڕ هەڕمێنتر دەکەن. ئەمە ئەو داستانەیە چەند سەدەیەکە ئێمەی خەڵکی رۆژهەڵاتی زەمین پاڵەوانە کاریکاتۆرییەکین.

نووسینی: ستیڤان شەمزینی
2-3-2020
ستۆکهۆڵم – سۆلنا




ناساندنی کتێب: بژاردەی دووەم … هەڵۆ بەرزنجەیی

بژاردەی دووەم

بەرەنگاربوونەوەی لێقەومان، بنیاتنانی خۆگونجاندن، دۆزینەوەی دڵخۆشی
نووسینی شێریڵ ساندبێرگ و ئادەم گرانت…………. لە ئینگلیزییەوە : محمەد حەمە ساڵح تۆفیق
لە بڵاوکراوەکانی هیوا فاوندەیشن ………………….. چاپی یەکەم:٢٠١٩ …………. ٢٥٩ لاپەڕە
” ئەم کتێبە لەبارەی توانا و گیانی مرۆڤانەوە دەدوێت بۆ کۆششکردن.

ئێمە بەدوای ئەو هەنگاوانەدا دەگەڕێین کە خەڵک دەتوانن بینێن،چ بۆ یارمەتیدانی خۆیان، یان بۆ خەڵکانی تر. هەروەها کنە و پشکنین لە سایکۆلۆجیای ئاسایبوونەوە و تەحەداکانی بەدەستهێنانەوەی متمانە و دووبارە گێڕانەوەی خۆشی و ئاسوودەیی دەکەین… هەروەها مشتومڕ لەسەر ئەو بوارانە دەکەین کە دەبنە هۆی دروستکردنی کۆمەڵگە،کۆمپانیای خۆگونجێن و منداڵانی بەهێز پەروەردە دەکەن و دووبارە خۆشەویستی دەچێننەوە”.ل٢٤
کاروانی ژیانی مرۆڤ هەمیشە بە ڕاستە شەقامێکی تەخت و بێ کۆسپدا ناڕوات. بەشێکی زۆری ڕێگاکەی پێکهاتووە لە هەوراز و نشێو و لۆڤە و پێچاوپێچ. بەواتایەکی دیکە دنیا، بە حەز و خواست و پرۆگرامی پێشوەختی نەخشە بۆکێشراو ناچێت بەڕێوە. گرفت و ناخۆشی و تەنگانە و پێشهاتی جۆراوجۆر دیاردەی دانەبڕاوی چارەنووسی ژیانی هەر تاکێکە. زۆر گرفت هەن، چارەسەریان بە هەر جۆرە ئامڕازێک بێت بە سانایی دەکرێت. مرۆڤیش بۆیە سەروەر و باڵادەستی ئەم گەردوونەیە، چونکە توانای هۆش و بیرکردنەوە و زاڵبوونی هەیە، بەسەر دەورووبەروو و چارەسەری کێشەکان دا.
ئەم یاسا بەڵگەنەویستە، لەوە بەدەر نییە،کە کێشە دەروونییەکان و ئەوانەی وەک شەپۆلێکی قورس و گران لەسەر دڵ و هەناو هەڵدەکەن و قرچەی لێ هەڵدەستێنن، جەستە هەلا هەلا دەکەن و تونا و وزە دەگووشتن و بیرکردنەوە بەرەو وشک بوون و دەبەن و هیوا و ئاسۆی ژیان تەڵخ و ڕەش دەکەن، زامێکی دەروونی قووڵی بەئازارن، مرۆڤ کڵۆڵ و بەستەزمان دەکەن. ئەم بوونەوەرە بۆ ئەوەی بەرەو ڕوویان بێتەوە، پێویستی بە خۆڕاگریی و بەربەرەکانییەکی زۆر هەیە. هەندەک جارانیش بە تەنها لە عۆدە نایەت و بۆ ئەوەی لەژێر باری سەختی دەرد و ئازارەکان دا ڕاست بێتەوە،ناچاری کۆمەک و هاوکاریی ئەوانی دیکە دەبێت.
دەروازەی باسەکە بە ناسینی کچ و کوڕێک دەست پیدەکات و دوایی هاوسەرگیریی دەکەن و دەبنە خاوەنی دوو منداڵ. پاش ١١ ساڵ پێکەوە ژیان لەناکاو ژنەکە دەکەوێ بەسەر کۆستی مێردەکەیدا. ئیدی ژنە دەچێتە دۆخێکی ئالۆز و دژوارەوە و سەری دنیای لێ دێتەوە یەک. بە ناچاری و هەناسەساردی و خەمباری شان دەداتە بەر لرفەی شەپۆلە بێ روحمەکانی ڕۆژگار. خەمی خۆی لەبیر دەچێتەوە و خەمی منداڵەکانی دەبێتە سەرباری خەمەکان و هەروەک خۆی دەڵێ بەدیوێکدا: ” پێی زەحمەتە هەواڵی مردنی باوکیان بداتە منداڵەکانی” و بەدیوە گەورەکەشدا، لە پەڕۆشی ئەوەدا گێنگڵ دەخوا،کە “جارێکی تر منداڵەکانی نەگەڕێنەوە دۆخی ئاسایی ژیان”. بەڵام ژنە (شێریڵ) لە مەودایەکی کورتدا،دوای ئەوەی چیرۆک و بەسەرهاتی دەیان ژنی تری کۆست کەوتوو و خەمبار و لێقەوماو دەبیستێ و دەخوێنێتەوە،ورە دەداتە خۆی و دەیەوێ گورجوگۆڵانە و زوو ڕاست بێتەوە بەڕووی ئەم ناڕەحەتییەدا وئیلهام وەردەگرێ لە: “شاعیران و فەیلەسووفان و زانایان وایان فێریان کردووین،کە ژیانمان تا سەر هەمیشە لەیەک ئاستدا نابێت”.
هەر لەسەرەتاوە تا کۆتایی پاڵەوانی باسەکان بە گشتی ژنان/ دایکانی لێقەوماو و کۆسکەوتوو و ماندوی دەستی ژیان و گورزخواردووی دەستی قەدەری بێڕوحمانەی قورس. دایکانێک دوای مردن و لەدەستدانی هاوسەریان بە کۆشێ منداڵەوە دەکەونە گۆڕەپانی جەنجاڵ و سەختی ژیانەوە. ئەم باس و بەسەرهاتانە پێم وایە هەبوونی لە سەرتاسەری کوردستاندا،شتێکی نامۆ نییە و ڕەنگە خێزان و گەڕەکێک نەبێت ئەم دیاردەیەی نەبێ. باوک شەهید دەبێت، لەسێدارە دەرێ و کۆمەڵێ منداڵ لەدواییدا بەسەر ژنەکەدا جێ دەمێنێ. برا لە سێدارە دەدرێ دایک و کۆمەڵێ خوشک لە کۆمەڵگەی باوکسالاریدا تەنیا دەمێننەوە. ئەم کۆپلە شیعرەی مامۆستا شێرکۆ بێکەس پێناسەیەکی جوانی ئەم دۆخەیە.
چاوی زستان، بێ وەنەوزە،پێڵووی ئارامی لێک نانێ… شەستە باران،هەزار بەهار، نادا بە کوڵی گــــریانێ
شەوی تاریک، وەها چۆکی لەسەر سنگی شار داداوە… لە سەیوانی، هەر ماڵێکدا، دار ئـــەرخەوانێ ڕواوە
چیرۆکەکانی نێو کۆمەڵگەی کوردەواری هەموو دەیانزانین و لێی تێدەگەین. ئەوانەشی لێرەدا ئاماژەیان پێ کراوە، زیاتر هی کەسانێکی کۆست کەوتوون و خەفەت و داخ و نائومێدی هێندەی مشتێک لەسەر دڵ و دەروونیان پەپکەی کردووە و هەموو ئاسۆ گەشەکانی ژیانی لێ گرتوون. بەڵام نەبەزیون و کۆڵنەدەرانە لە زەریای ژیاندا سەوڵ لێدەدەن.
ئاخر واقیعی ژیانی ئەوروپا، وەک کۆمەڵگەی پیشەسازی و مۆدێرنە و شاری گەورە و کاری سەخت و کۆتوبەندی گرێبەستەکانی کاردن، لە مێژە پەلوپۆی مرۆڤی ئەم دەڤەرەی بەستوو و تا ڕادەی پڕووکاندن شەکەتی کردووە. مرۆ زۆرجار ناچاربووە، بەتەنیا ڕووبەڕووی سەختی ژیان بێتەوە، هەربۆیە دیاردەی هاوسەگیریی و منداڵ خستنەوە کز و سستە و ڕێژەکەی زۆر نزمە. تاک و ڕێکخراو و دەوڵەتە ڕۆژئاوایی و مۆدێرنەکان بەوە ناسراون، بۆ هەر کار و بەرنامە و پرۆژەیەکیان لە هەر ئاستێکدا بێت، ١ـ ٣ پلان و بژاردەیان هەس. ئەمەش وای کردووە ئامادەکاریی پێشوەخت بۆ گەلێ ئەگەری کراوە بکەن و لەمەشدا گەلێ سەرکەوتوون. کەواتە ئەوە نهێنی سەرکەوتنی مرۆڤەکانە،کە دەبێت ئەو میکانیزم و خەسڵەتەی ئامادەکارییەی پێشوەخت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەگەرە جۆراوجۆرەکان ئامادە بکاکەن و حازربەدەستی بکەن و بپارێزن، تا بتوانن بەرەنگاری چرکەساتەکانی لێقەومان ببنەوە.
کۆمەڵگە ڕۆژهەڵاتییەکان کە هێشتا گەشەی پێویستی ژیانی پیشەسازی و تەکنەلۆژیا و مۆدێرنەیان تێنەپەڕاندووە، لەگەڵ ئەوەشدا پەیوەندییە مرۆییەکان لێرەش وردە وردە بەرەو کاڵبوونەوە و خاوبوونەوە دەچن.
لەلایەکی دیکەوە دنیای ئەمڕۆ بۆخۆی بۆتە، شانۆگەرییەکی تراژیدیایی بێ بڕانەوەیە و سیخناخە بە شەڕ و کارەسات و کوشتن و مەرگی بەردەوامی ئازیزان و لەدەستدانی کەسە خۆشەویستەکان. بەم جۆرە زەمینەی لەبار لە ئاردایە،بۆ خەمبار بوونی مرۆڤە هەست ناسک و دەروون پاکەکان. ئیدی بۆ بەربەستکردنی داڕمانی هەموو بەها جوانەکانی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی، مرۆڤەکان پێویستیان بە پێداویستی و ئامڕاز و هۆکارەکان هەیە لە لایەک وەک کەرەسەی ماددی و لەلایەکی ترەوە دڵ و دەروونێکی بەهێز و ویست و خواستێکی پۆڵایین و گیان و ڕۆحێکی لێک نزیک بوونەوە و هاوکاری یەکتر کردن و خۆشەویستی و بەهانا چوونی یەکترەوە.
بنۆڕە، مرۆ گەورەکان،کە کوڕی ژان و ئازارە قورسەکان بوون، لە ژیانەوە فێربوون ڕێگای سەخت بۆ خۆیان و کەسانی تر تەخت بکەن.
کتێبەکە”بژاردەی دووەم” پڕە لە بەسەرهات و سەرگورشتەی جۆراوجۆر و وانەی گرنگ و بۆچوونی زانستانەی پزیشک و دەرونناس و کۆمەڵناسەکان. هاوکات نموونەی زیندووی لە کولتوور و فەرهەنگی گەلانەوە هەڵگۆزیوە. لە کارەساتە مرۆییەکانی ڕۆژگاری مێژوو و هاوچەرخەوە باسگەلێکمان دەخاتە بەرچاو بۆ بەرچاو ڕوونی وفێربوون و بەرزکردنەوە باوەڕبەخۆبوون. ئەوەتا دەڵێ:”فەرهەنگی ئەمریکی وای سەپاندووە کە لە وەڵامی چۆنیت؟دا تەنها وشەی ،باش، بەس نییە… بەڵکو پێویستە ،،زۆر زۆر باش،،مان هەبێت”. یاخود گەر خەونی دی “خەونی ئەمەریکی” ببینە. ئەمەش بۆ خۆی کردنەوە پەنجەرەیەکی نوێ لەبەردەم بیرکردنەوەمان دا، کە چۆن و چەند گەشبین بین و باوەڕ پتەو هەڵسوکەوت بکەین و پەرچە کردارمان بۆ کردارەکان چۆن بێت.

ساتێ مرۆ دەکەوێتە تەنگانەوە، تەنانەت داڕشتنی ڕستەیەک و دەربڕینی وشەیەکیش بۆ خۆی ئاماژەیە بە هیواگەشی یاخود هیوابڕاوی بە ژیان. نووسەر دەنووسێ: ” من هەمیشە هەست بە ترس دەکەم” ئەو دوای باوەڕ بەخۆبوون و ڕابوونەکەی دەیکاتە” من هەندێ کات هەست بە ترس دەکەم”. لەم هەڵسانەوە و وەرچەخانەدا ،وەک سەرەتا و پرنسیپ هەر دەبێت پشت بەخۆت ببەستی، ئاخر وەک دەڵێن: گەر خەڵکی تر سەرت بۆ بخوڕێنێ، ئازارەکەت بەتەواوی ناشکێ. ئیدی ئەو بوونەوەرەی ناوی مرۆڤە،بە حەتمی لە کاروانی ژیانیدا ڕووبەڕووی کۆسپ و کۆست و کێشە و دەردیسەری دەبێتەوە، دەبێ بچێتە ناو سەنگەرێکەوە، بە ڕووی لێقەوماندا بەرەنگاری بکات و لەگەڵ سەختی و نالەباری هەڵکەوتوو و بارودۆخدا خۆی بگونجێنێ و بۆ ڕزگار بوون لە کارەسات و نەهامەتی و کوێرەوەرییەکان. هەوڵی گەیشتە ترۆپکی دڵخۆشی و شادی بدات. ئەمەش ئەو هاوکێشەیە، کە پاڵەوانی سەر شانۆکەی ژیان هەر مرۆڤە و مرۆڤ و کردە کۆمەڵایەتی و داهێنانە سەرسووڕهێنەرەکانی. لێرەشدا ئەرک و پێداویستی سەر شانی هەر تاکێکی تەندروست و سوودبەخشی کۆمەڵگەیە، باوەڕ بەخۆبوون لە خۆیدا بخوڵقێنێ و گیانی هاوکاری کردنی ئەوی تر لە خۆیدا ساز بدات و بکاتە پرنسیپ. ئەوجا بەم دوو چەکەوە و پێکڕا، دەرەتانی بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشە و کارەساتە دەرەکی و دڵتەزێنەکانمان پێ جێبەجێ دەبێت.

هەر تاکێکی کۆمەڵگەش بە بازنەیەکی پەیوەندی گرێ دراوە، کە لە چەقی بازنەکەوە دەست پێدەکات. دایک و باوک بە منداڵەکانیانەوە و دایک و باوکی خۆیان و برا و خوشک و پاشان خزم و ئەوجا هاوڕێ و دۆستانەوە. ڕاگرتنی پەیوەندی لەم ڕووبەرەشدا، خۆشنوودی و جوانییەکی زیاتر بە ژیانمان دەبەخشێ . ئەوەش لەکەس شاراوە نییە، بۆ ئەوەی تێگەیشتنێکی کامڵ یاخود نیوە کامڵمان بۆ ژیان هەبێت، گەرەکە ئەزموونداری بکەین و لە ئەزموون و تاقیکردنەوەی سەرکەوتووانەی ئەوانی تریشەوە فێر بین. هەروەک س. کێرکگاردی فەییلەسووف دەڵێ:” ژیان تەنها بە درەنگ وەختەوە دەتوانیت لێی تێبگەیت،بەڵام دەبێت پێشوەختە بزانیت چۆن دەژیت”. کەواتە بڕوانە چەند هونەرە مرۆ بتوانێ ڕۆژگارە ناخۆش و دڵتەنگییەکانی ژیان بگۆڕێ بە شادمانی و هیواگەشی. ئەم کارەش هەر بە مرۆڤ دەکرێ.
لە وڵاتە پێشکەوتووەکانی جیهاندا، بە هەزاران جۆری میتۆد بۆ لێکۆڵینەوەی لە سەر تراوما و دەرەدە دەروونی و کێشە کەسییەکان کراون و هەن. بودجەی زەبەلاحیشیان بۆ تەرخان کراوە، هەر بۆ نموونە لەوڵاتی بەریتانیا وەزارەتێکی تایبەت بۆ کێشەی (تەنیایی) مرۆڤەکان دامەزرێندراوە. چونکە ئەم دیاردەی تەنیاییە هەڕەشەیەکی زەقە لەسەر مرۆڤی سیستەم و کۆمەڵگە پێشکەوتووەکان. شکست و تێکشکان و سەرنەکەوتون و نەگەیشتن بە ئاوات لە قۆناغێکدا، دەبێت ببنە مایەی فێربوون و سوود لێوەرگرتن و وانەی سوودبەخش بۆ ئایندەیەکی بێ شکست و دۆڕاندن و هەڵاتن…
” یەک لە باشترین ڕێگاکان بۆ ئەوەی بە جوانی خۆمان ببینین،داواکردنە لە خەڵکی تر کە ئاوێنەیەکمان بۆ بەرز بکەنەوە”. سا بنۆڕە کامە پەند لەم ڕستە زیندووەدا هەیە و چ پەیام و جوانییەکی تێدا حەشار دراوە. هەروەها چ بە مرۆڤ دەڵێ، هەروەک چۆن دەڵێن: یەکێ لە گۆڕەپانەکەدا یاری نەکا، نازانێ یاریزان بۆ هەڵە دەکات”. مرۆ چەند داهێنەر و مەعلانیش بێت، هێشتا پێویستی بە سەرنج و تێبینی بەرامبەر/ هاوڕێ و دۆستەکەی هەیە،تا پێی بڵێ،ئەمە شێوە و شێواز و باش و خراپی و جوانی و ناشیرنێتی. نەشتەگەر و نووسەر ئاتۆڵ گاوەندە دەڵێ:” وەرزشکاران و گۆرانیبێژان، ڕاهێنەریان هەیە،ئاخۆ ئێوەش هەتانە؟”. چ خۆش بوو هەر تاکێک ڕاهێنەر و ئامۆژگاریکەرێکی هەبوایە، بە گیان و هەستی مرۆڤدۆستی و نیشاندانی ڕێی ڕاست و فێرکردنی کردەوەی چاک، لەسەر سێکوچکەی زەردەشتی مەزن(بیری چاک و قسەی چاک و ڕەفتاری چاک) بهاتینایەتە گۆڕەپانی ژیانەوە. ئاخر هەموو پێویستمان بە زانینی زیاتر و پەروەردەی باشتر هەیە.

هەر کاتێ پێویستت بە باوەشێکی نەرم و مەجلیسێکی گەرم و چێژێکی خۆشی ژیان بوو، گەرەکت بوو پەڕۆیەک لە بەسەرهات و کوێرەوەرییەکانی ئەوانی دیکە دابدڕی و ئەزموونت دەوڵەمەند بکەیت، پەنا بۆ ئەم کتێبە و ئامۆژگارییەکانی بەرە، وەک گۆپاڵ و دارشەقێ تا بە هەورازەکانی ژیان هەڵگەڕێی و بە دۆڵ و نشێوەکاندا شۆڕبیتەوە و هەتا هەموو ڕێگا سەختەکانی ژیان بە هونەر و داهێنانی داهێنەرانەی خۆت نەرم و پێدەشت بکەیت. بە باوەڕی من هەقە هەموو کەسانی بواری پەروەردە و فێرکاری و دەروونناسی و ستراتیژی ئاشاییشی نەتەوەیی ئاگایان لەم باسوخواستانەی ناوەڕۆکی ئەم بەرهەمە بێت، چونکە کەموزۆر پەیوەندی ڕاستەوخۆی هەیە بە مرۆڤەکانی نیشتمانی داغانبووی ئێمەشەوە و چارەنووسە خەمناک و بەختەوەرییەکانیانەوە. ئاخر لە کوردستانی فرمێسک و خوێن، لە ئەنجامی شەڕی داسەپاوی داگیرکەران بەسەرماندا،(ئەنفال و هەڵەبجە و داعش و لە سێدارەدان و ڕاوەدوونانی …هتد)،کوێرەوەری و کارەسات و گوناحەکانی دەستی خودی خۆشمان، ژمارەی بێوەژن و برا گەشمردە بوو، ئافرەتی لێقەوماو و تاکی بێدەرەتان هێندەی گەڵای دارەکانیان لێ هاتووە. برای وەرگێڕ لە دوا لاپەڕەکاندا بەکورتە نووسینێک باس لەوە دەکات بۆچی ئەم کتێبەی هەڵبژاردووە و کردووە بە کوردی ،کە دەبێتە تەواوکەری بۆچوونەکانی من لەم بوورەدا.
ئەوجا پێش ماڵئاوایی جێی خۆیەتی دەستخۆشییەکی باش لە مامۆستا محەمەدی وەرگێڕی ئەم بەرهەمە نازدارە بکەم. هەم بۆ هەڵبژاردنی ئەم بەرهەمە ناوازەیە،کە ڕەنگە لە داهاتوویەکی نزیکدا زیاتر بایەخی دەرکەوێ و گەلێ کەس خۆی تێدا ببینێتەوە.، هەمیش بۆ ئەو زمانە تەڕو پاراوە و سەلیقە وردەی لێرەدا بە خەرجی داوە… لەڕاستیشدا، پتر ئیرەیی دەبەم بەو حەوسەڵە و بیندرێژی و پشووودرێژییەی هەیبووە، لە وەرگێڕانی ئەم بابەتە نوییەدا بۆ کتێبخانەی کورد. دەستخۆش مامۆستای بەپەرۆشی وشە و ڕۆشنبیریی کوردی، بۆ ئەم دیارییە ژیکەڵەیەتان بۆ کتێبخانەی کوردی. ماندوو نەبن لە خزمەتکردن.

سەرنج: هەموو ئەو وشە و ڕستانەی خراونەتە نێو دوو”…” ەوە لە کتێبەکەوە وەرگیراون.

هەڵۆ بەرزنجەیی ١١/٣/٢٠٢٠




کتێب: دیدار لە بارەی شیعر و ڕۆژنامەنووسی … نەژاد عەزیز سورمێ

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن ….




کتێب: ئامیان… چوارینەی شیعری … نەوزاد مەرگەیی

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرە بکەن ……




حیجاب وئازادی پۆشین چاوپێکەوتنی ژنی ئازاد لەگەڵ حەمید تەقوایی

ژنی ئازاد: دوو هەفتە تیدەپەڕیت بەسەر هەڵوەشاندنەوەی یاسای قەدەغەکردنی حیجاب لە لایەن دەوڵەتی ئیسلامگەرایی تورکیاوە لەشوێنەدەوڵەتیەکاندا.پارتی دەسەڵاتداری دادوگەشەو لایەنگرانی ئەردۆغان دەڵین پەسەند کردنی یاسای نوێ،ئازادی دەربڕین دەگەڕێتەوە، بۆ وڵاتێک کەلەسەدا ٩٨ی دانیشتوانەکەی موسڵمانن.بۆچونی ئێوە چیەلەم بارەیەوە؟

حەمید تەقوایی:قەدەغەکردنی حیجاب لە شوێنە دەوڵەتیەکاندا هیچ پەیوەندی بەئازادی ئاین ودەربرینی ئاینیەوە نیە.ئەمە بەشێکە لە پێشگرتن بە دەستێوەردانی ئاین لەدەوڵەتدایە و لەڕاستیدا لە بنمایی جیایی دین لەدوڵەت وسیکۆلاریزمەوە سەرچاوە دەگرێت.هەرکەسێک ئازادە هەر ئاینێکی هەبێت بەڵام مافی ئەوەی نیە، کە لە ناوەندە دەوڵەتیەکان وهەروەها ناوەندەکانی پەروەردەو بەرهەمهێناندا سود لە نیشانە ئاینیەکان وەربگرێت.حیجاب وەک سەڵیب وئەستێرەی داود،ڕەمزێکی ئاینیە و نابێت هیچ لەم سمبولانە لەناوەندە دەوڵەتی وپەروەردە وبەرهەمهێنانەکاندا نیشان بدرێن.

ژنی ئازاد:ئەڵێن مەرجی وەرگرتنی تورکیا لەیەکیتی ئەورپادا قوبوڵ کردنی چاکسازیە لەوڵاتەدا.دەوڵەتی تورکیا بانگەشەی ئەوە دەکات کە یەکێک لەو چاکسازیانە هەڵوەشانەوەی یاسای قەدەغەی حجابە لە شوێنە دەوڵەتیەکاندا.بۆچی ئەبێت یەکیتی ئەوروپا مەرجێکی لەو شێوەیە دابنێت وەلەبنەڕەتیشدا ئەگەر مەرجیکی لەو شێوەیەدابنرێت تاچەند بەرژەوەندیەکانی خەڵک،وبەتایبەت ژنانی تورکیا دەستەبەردەکات؟

حەمید تەقوایی:ئەگەر ئەم مەرجە ڕاست بێت، هۆکارەکەی گێڕانەوەی دوبارەی ئاینە بۆ سیاسەت وقوتابخانەوچالاکی کۆمەڵایەتی وڕۆشنبیری، وە فرەکلتوری(ماڵتی کەڵچەریزم)سەردەمانێکە لە ڕۆژئاوا تیئۆریزە وئاراستە دەکرێت.بەشێکی تری کیشەکە ئیمتیازدانی وڵاتانی ئەوروپایە بە بزوتنەوەی ئیسلامی سیاسی وهێزە ئیسلامیەکان لە ئەورپا بە ئامانجی دەستەمۆکردن وەگۆێڕایەڵکردنیانە، ئەم هەنگاوانە لەخزمەتی بەرژەوەندیەکانی خەڵک وەیا ژناندا نابێت،بەڵکو لەگەڵ ئامانجی سیاسی وئابوری وبەرژەوەندی چینی دەسەڵاتداری ئەو وڵاتانە لەبەندو بەست و سازش ومامەڵە لەگەڵ هێزو دەوڵەتە لەڕادەبەدەرکۆنەپەرستە ئیسلامیەکاندا خزمەت دەکات.

ژنی ئازاد:ئیوە دژی ئەوەن کە ژنان بەڕیژەیەک بڕۆنە دائیرەونەشوێنە دەوڵەتیەکان بە حیجابەوە .ئایا ئەم دژایەتیەی ئێوە بەر بەئازادی جل وبەرگ پۆشین ناگرێت؟بؤچی ئێوە باوەڕتان بەئازادی جلوبەرگ پۆشین نیە بۆ کەسانی پێگەیشتو؟

حەمید تەقوایی:حیجاب جۆرێک نیە لە جلوبەرگ پۆشین.ژنان لەبەر مۆدێل وجوانی ولەباری وەیا ئاسودەی وپاراستن لە گەرماو سەرما،سەرپۆش وپەچەو بورقەعیان هەڵنابژێرن.بەڵکو بەهۆیی جێبەجێکردنی دەستورە ئاینەکەیانەوە دەبنە باڵاپۆش.هیچ ژنێک لەبەردەم ئاوێنەدا لەخۆی ناپرسێت ئەمڕۆ چاکەت وپانتۆڵ لەبەرکەم یان حیجاب بدەم بەرسەرمدا!هەر جلێک بپۆشێت ناچارە کە حیجابی بکات بەسەردا.هەر ئەم ڕاستیە سادەیە نیشانی ئەدات کە حیجاب پۆشاک نیە.لەبنەڕەتدا فەلسەفەی ئاینی پۆشاک نیە بەڵکو”بەدور ڕاگرتن”ی ژنانە لە چاوی پیاوانی نامەحرەم.حجاب پێچانەوەولەپاکەت نانی سێکسی ژنانە وەک کاڵا کەهەر خاوەنەکەی دەتوانێت بیکاتەوە.من ڤێدیۆی ئاخوندێکم بینی کەلە مینبەرەکەیدا ژنی دەچواند بەو سەرپۆشەیە کەلەسەر کەبابی سەفەری دادەنێن.ئەیوت ئەگەر ئەتانەوێت پیاوەکان هەستیان بۆ ژنەکانتان نەجولێت ئەبێت حجاب بکەیتە سەرژنەکانتان!(لینکی ڤیدیۆکەی لەخوارەوە دادەنێم)
خاڵێکی تر ئەوەیە کە تەنانەت ئەگەر حیجاب بەجۆرە پۆشاکێکیش بزانین دیسان لە هەموو شوێنێک وناوەندێکی دەوڵەتی وکۆمەڵایەتی پێی ناگەین.هاوڵاتیەکی ئازاد هاوڵاتیەکی ئاسایی هەرچی پێ خۆشە بالەبەری کات،بەڵام پەرستارێک،یا پۆلیسێک،یا وەرزشکارێکی تۆپی پێ ناتوانێت لەسەر کارەکەی خۆی ئامادەبێت.تەنانەت زۆرێک لە یانەو ڕیستۆرانت وئەنجومەنەکان وهیتر کۆدی جل وبەرگیان هەیە کەئەگەر لەو ڕیعایەتی نەکەیت لەو ناوەندە ڕێگاتان پێنادەن.کاتێک هاوڵاتیان دەچنە پەیوەندی کاری کۆمەڵەیی وبەرهەم هێنان ئەبێت بڕیارەکانی ئەو کارە وەیان ئەو کۆمەڵە دیاریکراوە پەیڕەوبکات.کەسێک کەنایەوێت ئەم سنورداردارکردنانە قبوڵ بکات لەو پەیوەندی وکۆمەڵە دیاری کراوانەدا بەشدار نابێت.

ژنی ئازاد:ئایا بەنایاسایی کردنی حیجاب، لە ناو بزوتنەوەو باوەڕدارانی بە ئایندا ڕەوایەتی نادەیتێ؟
ئەگەر حیجاب کۆنەپەرستانەو دواکەوتوانەیە،کەوایە،ئاینی خۆی ولەناویشیاندا ئیسلام کە زۆرتردواکەوتوە وە کۆنەپەرستانەیە.بۆچی ڕایناگەیەنیت کە هەموو ئاینەکان قەدەغەن؟

حەمید تەقوایی:لە بەریەک کەوتن لەگەڵ ئایندا ئەبێت جیاوازی لەنیوان ئاین وەک باوەڕێکی کەسی وئاین وەک کاری دەوڵەتی-کۆمەڵایەتیدا قبوڵ بکەین.ئاین لەهەردو بارەکەدا کۆنەپەرستانەو دواکەوتوانەیە،بەڵام ڕێگای ڕوبەڕوبونەوەیان وەک یەک نیە.ئاین وەک باوەڕ ناتوانیت ونابێت قەدەغەبکرێت.ڕێگای خەبات لەدژی باوەڕی ئاینی ڕۆشنگەری وکاری زانستی و فەرهەنگیەوە نەک قەدەغەکردنی یاسایی.ئەوەی کە دەبێت قەدەغە بکرێت دەستێوەردانی ئاینە لە ژیانی کۆمەڵایەتی هاوڵاتیان-دەوڵەت وسیستەمی پەروەردە وسیستەمی دادوەری وناوەندەکانی بەرهەمهێنان وهیتر.بۆچی کە ئەم کارە نەک بە باوەڕ بەڵکو لەگەڵ ماف وئازادی وهاوڵاتیان لەناکۆکیدایە.تەنانەت کۆمەڵگایەک کە بیەوێت ئازادی باوەڕ(عەقیدە) وەک باوەڕی تایبەتی زامن بکات ئەبێت سیکۆلاریزم وسڕینەوەی مەزهەب لە کاروباری کۆمەڵاتیدا وەک بنەما وەربگرین .لەهەر رژێمێکدا کە ئاینێکی دیاریکراو-وەک ئاینی فەرمی وەیان ئاینی زۆرینە وەیا حکومەتی پاپای فاتیکان وەیا ولایەتی فەقیە وهیتر-پێگەیەکی تایبەت بەدەست ئەهێنێت بیەوێت یان نا باوەڕەداران بە ئاینەکانی تربەهاوڵاتی پلەدوو هەژماردەکرێن .نمونەی زیندو پێگەی بەهایئەکان ودەروێشەکان وەیان تەنانەت ئەهلی سونەیەلەڕژێمی کۆماری ئیسلامیدا .

ئەرکی دەوڵەت بەدور ڕاگرتنی کۆمەڵگەیە لە یاساو سونەت وکارکردی کۆنەپەرستانەو دژی ئینسانی مەزهەب.تەنانەت لە ئاستی پراتیکی وفەردی وکەسی لەهەر شوێنێک کە ئەو سونەتانە لەگەڵ ماف وئازادیە سیاسی وکۆمەڵایەتی وحورمەتی هاوڵاتیان و تەنانەت مافی ئاژەڵانیشدا ناکۆک دەبێت ئەبێت قەدەغەبکرێت.بەشودانی منداڵانی کچ دەبێت قەدەغەبکرێت،تەنانەت ئەگەر دایک وباوک وکچەکەش خۆیان ڕازی بن.حیجابی مناڵان وخەتەنەی کوڕانێی منداڵ وزنجیر وقەمە وەشاندن وسەربڕینی ئیسلامی ئاژەڵانیش ئەبێ قەدەغە بکرێت.بنەمای ئەم قەدەغەکردنانە ناکۆکی ئەو سونەت ویاسا وکردەوانەیەلەگەڵ مافە سەرەتاییەکانی هاوڵاتیان وەیان ئاژەڵاندا.لێرەدا ئیتر تەنانەت تایبەتمەندی و یاان سەرچاوەی ئاینی ئەم کردەوانە گرنگی نیە.ئەوە کرنگ نیە کەسێک بە فەرمانی خودا وەیان لەبەر دەمارگری میللی وڕاسیستی وەیان بە هۆی ئاڵۆزی دەرونیەوە ئەم کارانە دەکات.گرنگ ئەوەیە کە ئەم کردەوانە لەگەڵ مافە سەرەتاییەکانی هاوڵاتیاندا ناکۆکەو هەر بەو هۆیەوە دەبێت قەدەغەبکرێت.

هەتا ئەو شوێنەی کە مەسەلەکە پەیوەست دەبێتەوە بەبابەتی جێ مەبەستمان کە حیجابە، هەر بەو شێوەیەی کە ڕونمکردەوە حیجابیش وەک هەر دەرکەوتن و سومبوڵیکی ئاینی تر ئەبێت لە ناوەندە حکومی وپەروەردەیی وبەرهەمهێنانەکاندا قەدەغەبکرێت.بەڵام حیجاب تەنانەت وەک هەڵبژاردنێکی کەسی ولەدەرەوەی ئەم ناوەندانەش کارێکی کۆنەپەرستانەیە کە لە ڕوانین بۆ ژن وەک کاڵایەکی سێکسی خۆشی دەبینێت وە دژی حورمەت وکەرامەتی ئینسانی ژنانە.لەباری عەمەلیشەوە حیجاب-وەک پێڵاوی دارین کە یابانیەکان لەپێی کچانیان دەکرد-ناکۆک بوو لەگەڵ جوڵان ویاری وچالاکی لەشولاری کچەمنداڵەکان وچالاکی فیزیکی وەرزشی ژنانە.حیجاب کۆت وبەندێکە کەهەر لەمنداڵیەوە ژنان دەباتە دواوەو لە پێگەی ژێردەستەیی پیاودا ڕایدەگرێت.بەو دەلیلەیە کە ئێمە خوازیاری لەنێوچونی حیجابین لەکۆمەڵگەدا،بەڵام بۆ گەیشتن بەم ئامانجە نەک بەیاسا بەڵکو دەست بۆ کاری فەرهەنگی وزانستی وڕۆشنگەری دەبەین.

ژنی ئازاد:ئەگەر ژنانی سەرو تەمەنی یاسایی خۆیان لەڕیفراندۆمێکی ئازاددا بڵین حەزدەکەین حیجابمان هەبێت،ئێوە قبوڵی ئەکەن؟ئەگەر قبوڵی نەکەن ناچنە ڕیزی ئەو بزوتنەوانەی کە گوێ بە دەنگ زۆرینەی خەڵک نادەن وپیشێلی دەکەن ؟
حەمید تەقوایی:ڕای خەڵک معیاری دەست نیشانکردنی ڕاستی نیە.ئەگەر لە سەردەمی گالیلۆدا لە ئەورپا ڕیفراندۆمیان بکردایە ئەگەری زۆر هەبوو کە سوڕانەوەی زەوی بەدەوری خۆردا دەنگی نەدەهێنا!کڵێسای کاسۆلیک کە ئەوسەردەمە گالیلۆیان ناچار بەتۆبەکردن کرد لەڕاستیدا نوێنەرایەتی زۆرینەی ئەوسەردەمەی دەکرد.ڕای زۆرینە لەبنەڕەتدادیموکراسی بۆ بڕیاردانی عەمەلی-بەڕێوەبردن بایەخی هەیە، نەک بۆ دەستنیشانکردنی باش لەخراپ وەیان ڕاست لەهەڵە .دەربارەی حیجابیش هەر هەمان کار ڕاستە.ئەگەر تەنانەت هەموو خەڵکی کۆمەڵگە دەنگ بدەن بەحیجاب ،ئەوە حیجاب نابێتە کارێکی ئیجابی وپیشکەوتوخوازانە.هەر بەو شێوەیەی کە دەنگی هەموو کۆیلەکان بەکۆیلایەتی .کۆیلایەتی ناکاتە جێگای قبوڵ ومۆڵەت پێدراو.ئەبێت ئاگامان لەوەبێت کە شتێک بەناوی حیجابی ئیختیاریەوە بونی دەرەکی نیە.تەنانەت ژنانی ئاینی کەوا بیردەکەنەوە بەئیرادەی خۆیان حیجابیان قوبوڵکردوە لەراستیدا بە زۆری ئاین-ئەخلاقی-سونتەتێک کە لەلایەن کۆمەڵگەو بەتایبەت پیاوانی خێزان-ولەوڵاتێکی وەک ئێراندا لەلایەن دەوڵەتەوە-دەسەپێنرێت ملیان داوە*.

وەرگیڕانی کاوە :عومەر
١١\٣\٢٠٢٠
٢١\١٠\٢٠١٣ لەژنی ئازاددا بڵاوکراوەتەوە
بڵاوکراوەی فیتنە-بزوتنەوەیەک لەپێناو ڕزگاری ژناندا
لینك به اراجیف آخوند
https://www.youtube.com/watch?v=LCNlwlA_CgA
مندرج در زن آزاد شماره ۱۵




سۆزی كچێك بۆ باوكه‌ زیندانی كراوه‌كه‌ی له‌تابلۆیه‌كدا… ن: ئه‌حمه‌د كامه‌ران

ده‌رباره‌ی سۆزداری و خۆشه‌ویستی مڕۆڤه‌كان بۆ یه‌كتری مێژوویه‌كی زۆركۆنی هه‌یه‌ كه‌ هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ درووست بوونی مڕۆڤایه‌تی له‌سه‌ر ئه‌م گۆی زه‌ویه‌دا, ئه‌گه‌ر چی جاروباریش ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ سۆزداری و خۆشه‌ویستیه‌ی مڕۆڤه‌كان ده‌گۆڕێت بۆ په‌یوه‌نده‌ی ڕق و كینه‌ كه‌ ده‌رئه‌نجامه‌كه‌یشی زۆر ڕووداوی ناخۆشی لێده‌كه‌وێته‌وه‌ له‌نێوان مڕۆڤه‌كان ئه‌گه‌ر چی له‌پاشان په‌شیمانی به‌دوای ئه‌و مڕۆڤه‌ توڕه‌یه‌دا دێت كه‌ هه‌ستاوه‌ به‌توڕه‌یی و ڕه‌فتاری ناشرین بۆ به‌رامبه‌ره‌كه‌ی به‌ڵام له‌كۆتایی دا كاره‌كه‌ لێك ترازانی لێ كه‌وتۆته‌وه‌ , بۆیه‌ ده‌بێت به‌رده‌وام مڕۆڤه‌كان به‌خۆشه‌ویستی و سۆزدایه‌وه‌ بۆ یه‌كتر بژین هه‌تاوه‌كه‌ كۆتا چركه‌ ساته‌كانی ژیانیان , چوونكه‌ ده‌رئه‌نجامی خۆشه‌ویستی نێوان مڕۆڤه‌كان ده‌بێته‌ دڵخۆشی دڵه‌كان و به‌خشینی ئاسووده‌یی به‌یه‌كتر و جوانكردنی سیمای كۆمه‌ڵگا … هتد
ئه‌گه‌رچی خۆشه‌ویستی مڕۆڤ پێك دێت له‌ دوو ڕه‌گه‌ز كه‌ ئه‌ویش نێر(پیاو) مێ(ئافره‌ت) ئه‌مه‌ به‌ واتای ئه‌و نایه‌ت كه‌ خۆشه‌ویستی ته‌نیا له‌ گۆشه‌ی دڵداریدا كۆ بكرێته‌وه‌ كه‌ ئه‌ویش له‌نێوان (كچ و كوڕدا)ڕووده‌دات, نه‌خێر به‌ڵكو سنوری خۆشه‌ویستی سنورێكی زۆر فراوانی له‌ ڕاده‌به‌ده‌ری هه‌یه‌ كه‌ هیچ پێوانه‌یه‌ك ناتوانێت هه‌ژماریان بكات هه‌رچه‌نده‌ زۆر جاری وا هه‌یه‌ ده‌بینین مڕۆڤ خۆشه‌ویستی بۆ ئاژه‌ڵێك درووست ده‌بێت كه‌ ئه‌وه‌ش شتێكی ئاساییه‌ چوونكه‌ ئه‌و مڕۆڤه‌ له‌كۆتایی دا سۆزێكی له‌و ئاژه‌ڵه‌و بینیوه‌ بۆیه‌ هه‌ستی سۆزداری بۆی درووست بووه‌ كه‌چی جاری وا هه‌یه‌ سۆزی ئاژه‌ڵێك بۆ مڕۆڤێك زۆر له‌وه‌ گه‌وره‌تره‌ له‌ سۆزی مڕۆڤ بۆ مڕۆڤێكی دیكه‌, چوونكه‌ مڕۆڤی وا بوونی هه‌یه‌ كه‌ به‌رده‌وام ئاره‌زووی ئه‌وه‌ ده‌كات مڕۆڤی به‌رامبه‌ره‌كه‌ی كه‌سێكی ڕه‌زیل و ڕیسواو كۆیله‌ی خۆی بێت یاخود به‌رده‌وام هیوای ناخۆشی و دۆڕانی بۆ ده‌خواسێت له‌ ژیانی دا….
به‌ڵام ده‌رباره‌ی سۆزی خۆشه‌ویستی مڕۆڤه‌كان به‌شی زیاتری ده‌كه‌وێته‌ به‌ر ڕه‌گه‌زی مێ(ئافره‌ت) كه‌ به‌رده‌وام خاوه‌ن دڵێكی به‌سۆزه‌ بۆ خۆشه‌ویستی, ئه‌مه‌ش به‌هۆی ئه‌وه‌ی ڕه‌گه‌زی مێ(ئافره‌ت) ده‌بێته‌ پیرۆزترین ڕه‌گه‌ز كه‌ ئه‌ویش بوونی به‌ دایك , چوونكه‌ كاتێك ڕه‌گه‌زی مێ ده‌بێت به‌ دایك هه‌ست و سۆزی خۆشه‌ویستی زیاتر ده‌بێت بۆ به‌رامبه‌ره‌كانی به‌تایبه‌تیش بۆ منداڵه‌كانی كه‌ ئاماده‌یه‌ له‌پێناویان دا هه‌موو شتێك بكات.
یه‌كێك له‌ نمونه‌ جوانه‌كانی خۆشه‌ویستی ڕه‌گه‌زی مێ كه‌ پڕیه‌تی له‌ وه‌فاداری و قوربانیدان ئه‌ویش له‌ تابلۆیه‌كدا به‌دی ده‌كرێت كه‌ له‌لایه‌ن هونه‌رمه‌ندی شێوه‌كار( ڕۆبنزه‌)وه‌ كێشراوه‌ له‌ساڵی 1630ز كه‌ ئێستا ئه‌و تابلۆیه‌ له‌ مۆزه‌خانه‌ی رایكس میوزایم له‌ ئه‌مستردام(هۆله‌ندا)یه‌.
تابلۆكه‌ وێنه‌ی پیاوێكی پیری زیندانی كراوه‌ له‌گه‌ڵ كچێك كه‌ له‌ هه‌مان كاتدا كچ و باوكن , دیمه‌نێك تێدا ده‌بینین له‌نێو ئه‌و تابلۆیه‌دا كه‌ زۆر تووشی سه‌رسوڕمانمان ده‌كات كه‌ كچه‌كه‌ مه‌مكی خۆی له‌كراسه‌كه‌ ده‌رده‌كات وبه‌مه‌مكه‌كانی شیر ده‌دات به‌ باوكه‌ پیره‌ زیندانی كراوه‌كه‌ی.
كێشانی وێنه‌ی ئه‌و تابلۆیه‌ له‌ ڕووداوێكی ڕاسته‌قینه‌ی مێژوویی وه‌رگیرا له‌ ڕۆما , پیاوه‌ پیره‌كه‌ ناوی (سایمۆنه‌) وه‌ كچه‌كه‌ش ناوی (پیرۆیه‌) سایمۆن سه‌ركرده‌یه‌كی سه‌ربازی ڕۆمایه‌ كه‌ له‌ جه‌نگێكدا شكست ده‌هێنێت له‌به‌رامبه‌ر جێرمانه‌كان, ئیتر ده‌ستبه‌جێ پاشای ڕۆما بڕیاری زیندانی كردن بۆ سایمۆن ده‌رده‌كات بۆ هه‌تا هه‌تایه‌, وه‌ پاشای ڕۆما فه‌رمانی كردبوو كه‌هیچ جۆره‌ خواردنێكی پێ نه‌درێت, به‌ڵام ته‌نیا كچه‌كه‌ی بۆی هه‌یه‌ سه‌ردانی بكات به‌مه‌رجێك هیچ خواردنێكی پێ نه‌بێت, به‌ڵام له‌كاتی له‌سه‌ردانی كردنی پیرۆی كچی بۆ لای باوكی ڕاسته‌وخۆ به‌ مه‌مكه‌كانی شیر ده‌دات به‌باوكی ,كه‌ئه‌مه‌ش وای له‌سایمۆن كرد به‌هێزتر بێت,ئیتر ڕۆژێكیان پاشای ڕۆما به‌و كاره‌ی كچه‌كه‌ی سایمۆن ده‌زانێت , هه‌ربۆیه‌ زوو بڕیاری ئازادكردنی سایمۆن ده‌دات كه‌ ئه‌مه‌ش وه‌كو وه‌فایه‌ك بۆ خۆشه‌ویستی كچێك بۆ باوكه‌كه‌ی كه‌بۆ دواجار ئه‌و تابلۆیه‌ ده‌بێته‌ سیمبولێكی جوان بۆ خۆشه‌ویستی و وه‌فاداری.
وێنه‌ی تابلۆكه‌ دیمه‌نێكی پڕاو پڕ له‌ تراژیدی و خۆشه‌ویستی بۆمان نیشانده‌دات , وه‌ له‌هه‌مانكاتیشدا په‌یامێكیشمان پێ ده‌دات كه‌ ده‌ڵێت: مڕۆڤه‌كان ئه‌وكاته‌ جوانن كه‌ هه‌ست و سۆزی خۆشه‌ویستیان بۆ یه‌كتری ده‌رده‌بڕن و دوورده‌كه‌ونه‌وه‌ له‌ هه‌موو جۆره‌ ڕق و كینه‌یه‌ك, وه‌كو له‌ دیمه‌نی ئه‌و تابلۆیه‌ بینیمان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ خۆشه‌ویستی كچێك بۆ باوكه‌كه‌یه‌تی كه‌ له‌ كووچێكی زیندان دایه‌, هه‌ركاتێك خۆشه‌ویستی له‌نێوان مڕۆڤه‌كان كۆتایی هات و گۆڕدرا بۆ ڕق و كینایه‌تی ئه‌وكاته‌ ئیتر ده‌بێت بڵێن مڕۆڤایه‌تی كۆتایی هات.
له‌ تابلۆكه‌دا دیمه‌نێكی تر به‌ر چاومان ده‌كه‌وێت ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ڕه‌گه‌زی مێ (ئافره‌ت) چه‌ند ڕه‌گه‌زێكی به‌وه‌فان كه‌ توانیویانه‌ هه‌تاوه‌كو تاڕاده‌یه‌كی به‌رچاو سۆز و خۆشه‌ویستی بڵاوبكه‌نه‌وه‌ , به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه‌ جێگای داخه‌ له‌لایه‌ن به‌شێكی زۆری پیاوانه‌وه‌ خوێندنه‌وه‌و تێڕوانینیان بۆ ئافره‌ت له‌ گۆشه‌یه‌كی جه‌سته‌دا كۆی ده‌كه‌نه‌وه‌ واته‌ ته‌نیا بۆ ئاره‌زوو سێكسیه‌كان لێیان ده‌ڕوانن كه‌ئه‌مه‌ش بیركردنه‌وه‌یه‌كی هه‌ڵه‌یه‌ كه‌ ده‌بێت به‌پێچه‌وانه‌كه‌یه‌وه‌ بیر بكرێته‌وه‌ له‌به‌رامبه‌ر ڕه‌گه‌زی مێ(ئافره‌ت) چوونكه‌ له‌كۆتایی دا مڕۆڤ له‌ دوو ڕه‌گه‌ز پێك هاتووه‌ ئیتر پێویست به‌وه‌ ناكات هیچ كام له‌ ڕه‌گه‌زه‌كان خۆی زاڵ بكات به‌سه‌ر ڕه‌گه‌زێكی تر به‌ڵكو ده‌بێت هه‌ردووكیان له‌ یه‌ك ئاستدا بن و شان به‌شانی یه‌كتر له‌سه‌ر ئه‌م گۆی زه‌یه‌دا درێژه‌ به‌ژیان بده‌ن و سۆز و خۆشه‌ویستی بڵابكه‌نه‌وه‌ بۆ یه‌كتری…




جاڕدانی باری لە ناکاو ئامادەکردنی / پارێزەر/ لوقمان مصطفی صالح

یاسای باری لەناکاو یاخود نائاسایی (حالە طواری) جیاوازە لەگەڵ یاسا بەرکارەکانی تری ووڵات،لە بەرئەوەی لەلایەن سەرۆکی ووڵاتەوە بە بڕیارێکی تایبەت به‌ مه‌رسوومیك دەردەچێت، به‌ پیی ئه‌حكامی عورفی یان ئه‌وه‌ی پیی ده‌لین باری له‌ناكاو ، ده‌تواندرئ باری له‌ناكاو بسه‌پینرئ به‌سه‌ر هەمووڵات یاخوود بەشێکی یا ناوچەیەکی دیاریکراو بەتەنیا،زۆر جار ماوەکەی دیاری دەکرێت، كه‌ بۆ چه‌ند ماوه‌یه‌ و كه‌ی كۆتایی پێدێ .
کەواتە لە هەرێمی کوردستان پشت بەست بەقانونی ژمارە (١)ساڵی ٢٠٠٥ سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان ⁄عێراق ھەموارکراو دەقی مادەی (١٠) بڕگەی(٨ ، ٩) تایبەت بە دەسەڵاتەکانی سەرۆکی ھەرێم بۆ (جاڕدانی باری نائاسایی و سەرپەرشتی کردنی کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی کوردستان)دەرھەق بە جاڕدان و توندترکردنی ڕێنمایەکان. بۆنمونە.. بەرنگاربونەوەی ئافاتی (کۆرۆنا) کە لە ئێستادا بەرۆکی دونیاو کوردستانیشی گرتووە،بەمەبەستی پاراستنی ژیانی چین و توێژەکان کە زەرورەتێکی ئەخلاقی و قانونی و شەرعیە لە پێناو پاراستنی گشتی و بەرژەوەندی گشتیدا.
ئەم یاسایە (یاسای باری لە له‌ناكاو) ئەو دەسەڵاتە دەداتە دەسەڵاتی جێبەجێکار کەهه‌ڵسێ به‌ سه‌ندنه‌وه‌ی چه‌ند سه‌لاحیاتیك له‌ ده‌سه‌لاتی( ته‌شریعی و قه‌زائی ) بۆ ده‌سه‌لاتی جیبه‌جیكردن.كه‌ تا ڕادەیەک ده‌سه‌لاتی ڕەهای دەبێت لە پیادەکردنی دەسەڵاتەکانی خۆی.وه‌ک دیاریكردنی( ماف و ئازاد )ی هاولاتیان وە ده‌ستگیركردنی گومانلیكراون ویاخود ئەوکەسانەی کە سەرپێچی بریارەکان دەکەن بۆ ماوه‌یه‌ك كه‌ دیاری نه‌كراوه‌ به‌بێ ئاراسته‌كردنی تاوانه‌كه‌یان، یان بێبه‌شكردنی مافی گردبوونه‌وه‌ یان( منع تجول )و له‌ كات و شوینی دیاریكراو .
وه‌ ده‌ستوور هه‌میشه‌ ئه‌و لایه‌نە به‌رپرسیار دیاری ده‌كات كه‌ هه‌لده‌ستئ به‌ راگه‌یاندنی بارودۆخی له‌ناكاو و وه‌ ئه‌و حاله‌تانه‌ی كه‌ یاسا ریگه‌ی داوه‌ باری نایاسایی تیدا رابگه‌یه‌ندریت، كه‌ ولات ڕووبەرووی ده‌بیته‌وه‌ وه‌كو :روودانی سروشی و مرۆیی وەک ئەوەی ئێستا لە هەرێمی کوردستان دەگوزەرێ بە هۆی بڵاو بوونەوەی کۆرۆنا ڤایرس باری لەناکاو ڕاگەیەندراوە.وە بە پێی یاسا سزای بۆ دانراوە کە هەرکەس سەرپێچی بکات.
سزای سەرپێچی بریاری لیژنەی دەسەڵات پێدراو
مادەی (240) یاسای سزادانی عیراق / هەرکەسێک سەرپێچی بریاری فەرمانبەر کە لە خزمەتی گشتی دایە یان لیژنەی شارەوانی یان لیژنەی رەسمی دەسەلات پێروی کرد سزا دەدرێت بە بەندکردن [ حبس ] زیاتر نەبێت لە [٦]شەش مانگ یان بە پێبژاردن زیاتر نەبێت لە ۱۰۰ دینار(هەڵبەتە بری پارەکە لە ئێستادا هەموارکراوەتەوە)
نمونە :
۱ـ سەرپێچی کرنتینە قەدەغەی هاتووچۆ ـ
۲ـ سەرپێچی ئەوکەسانەی لەدەرەەی ولات گەراوەتەوە عیراق و کوردستان ناچن بۆ لیژنەی پزیشکی پشکنینی کۆرۆنە و کرنتینە ـ
تاوانی زیان گەیاندن بە تەندوستی گشتی
مادەی (368)لە یاسای سزادان / هەرکەسێک کارێک بکات بێتە هۆی مەترسی بلاو بونەوەی نەخۆشیەکی ترسناک زیان بە ژیانی خەڵک بگەیەنێ سزادەدرێت بە بەندکردن [حبس] بۆ ماوەیەک زیاتر نەبێت لە [ ۳ ]سێ ساڵ ـ
مادەی (369) لە یاسای سزادان / دەلێت گەرهاتوو بەهۆی بلاوبونەوەی ئەم نەخۆشیە خەڵک مردن یان بووەهۆی بریندار ( بعاهة مستدیمة) سزادەدرێت بە زیندانی کردن [ سجن ] بۆ ماوەیەک زیاتر نەبێت لە [ 15 ] ساڵ ـ
نمونە /سەرپێچی ئەوکەسانەی هەڵگری نەخۆشی کۆرۆنەن ناچن بۆ لیژنەی پزیشکی فحسی کۆرۆنە کرنتینە لەناو خەڵک دەسورێن و دەبنە هۆی بلاو بونەوەی نەخۆشی.




کرۆنا.. پەتایەکی تازەو سەر دەمیکی نوێ … دکتۆر مەولود ئیبراهیم حەسەن

چەندخاڵێکی گرنگ بۆ بەرچاوی هه مووان.

کرۆنا وەک پەتایەک کە ئێستا هه موو جیهانی گرتووتەوە، بەسروشتی دروست بووبێ و بڵاو بووبێتەوە..یان دروستکراوبێ و سیاستی پیلانگێڕیی بەدواوە بێت! نە خۆشیەکەو بووە بە واقیع وقوربانی لێکەوتەوەو بە سەتان هه زارو ملێۆنانی خستووەتە خۆپارێزیی وهه موو جیهان ڕۆژ بە رۆژ چاکترو توند تر دەکەوێتە بەربەرەکانی ئەم نەخۆشیە سەرتاسەریەی هه موودنیا، ئەرکی بۆ هه موو وڵاتێک و شارێک و ماڵێک و تاکێک پەیداکردووە، هه ر بۆیە دەتوانین بڵێن.. یەکەمینجارە هه موو مرۆڤایەتی بە یەک شێوە ژیان بە سەردەبەن. ئەم ڕەوشە نوێیە لە داهاتوودا سەرتاسەری ژیان دەخاتە قۆناخێکی ترکە زۆر جیادەبێت لە پێش بڵاوبوونەوەی کرۆنا! گۆڕانکاری لە باری دەروونی تاک و پەیوەندی خیزان و کۆمڵگاو سیاسەتی حکومەتەکان .هه ر ئێستا سەرەتای ئەم گۆڕانکاریە بەدەرکەوتووە. ئەمە ڕەوشی هه موو ڕووداوە گەورەو فرەوانەکانی جیهانن..هه ر بۆیە ئەرکی زانکۆکان و لێکۆڵەرەکانە هه ر ئێستا بە هیوای لێکۆڵێنەوەپێویست و زانستیانە چاوی خۆیان بکەنەوەو لە نێو ڕووداوکانی وڵات بۆ پسپۆری خۆیان داتاو بەڵگە کۆبکەنەوەو بە دوای ئەنجامی زانستیەوەودا بگەڕێن و زیانەکان بکەن بە مایەی تاقیکردبەوەی بەسود و دەرس وەرگرتنی پێویست.
چەند لایەنێکی نوێی گۆرانکاریەکان..
-گۆڕانگاری ئەدەبی و هونەری و میدیایی ، ئێستا بەروونی بەرچاوە کە قۆناخێکی نوێی ئەدەب و هونەرو میدیایی دەستی پێکردووەو ئەرکی پسپۆرانی ئەم بوارانەیە دەست بەکاربن و لێنەگەڕێن ئەم سەرەتایە لە ڕێگای ڕاست و دروستی خۆی دوور بکەوێتەوەو هه ڵەو ناڕێکی نەکەن بە کارێکی باوو کارەچاکەکان برەو پێبدرێن و کەسە چاککردووەکان ئافەرین بکرێن.
-لە ڕووی تاکەوە تاکی وڵات زۆربەی هه رە زۆری لەماڵەوە خۆی خستووەتە خۆپارێزی و بێکار لەسنوورێکی بەرتەنگ شەوو ڕۆژ بەسەر دەبات ، پێویست دەکات پسپۆرەکان هاریکاری ئەو تاکانە بکەن کەژیانی نێوماڵەوە بێ تاقەت و نیگەرانیان دەکات ، بەرنامەی زانستی و پیاوانی شارەزا لە ڕادیۆو تەلەفزیۆنەکانو میدیا بەگشتی ڕێنمایی و ڕێنیشاندەریان بن بۆ خۆ گونجاندن لە گەڵ ئەم ڕەوشە نوێیەو دەرچوون بە تەندورستی.

  • خیزانەکان بۆ یەکەمجار هه موو ئەندامانی خێزان پێکەوە بۆ ماوەیەکی درێژ لە ماڵەوەکۆدەبنەوەو دەمێننەوە، پێویستە پسپۆرانی خانوادەیی ئەوانیش لە میدیاکان هاوکاریان بکەن وڕێنیشاندەریان بن بۆ خۆگونجاندن و دەرچوون لە م ڕەوشەو بە سەلامەتی دەروونی و جەستەیی و ڕؤشنبیریەکی پێویست.
    -حکومەت پێویستە وەزارەتەکان هه ر ئێستا لێکۆڵێنەوە لە توانای خۆیان بکەن و کەم و کورتی و لایەنە باشەکانی خۆیان بناسن و کەم و کورتیەکان بەرە بەرە کەم بکەنەوەو خاڵە باشەکان ڕۆژ بە ڕؤژ بە هێز بکەنو پێویستیەکان بەردەست بکەن .
    -ئابووری ..پێویستە تاک و خیزان و کۆمەڵگەو حکومەت بە چاوێکی ترو بە شارەزاییەکی زۆرتر بیر لە دارایەکی خۆڕاگرو بە هێز بکەنەوەو بەردەوام داهاتوو و ئەم جۆرە پێشهاتانەیان لە بەر چاو بێتو ئامادەیی پێویستی بۆ ڕەچاوبکەن.
    -لە رووی تەندرووستیەوەزانکۆکان و پسپۆرەکان بەوەردی پێشهاتە نوێکانی نەخۆشی و پێویستیە دەرمانی و کەرستەییەکان دەسنیسان بکەن و نەخشە بۆ داهاتوو بکێشن.
    -وەزارارەتی ناوخۆ پێویست دەکات بەوردی کەسانی شارەزایی خۆی دابنێ و ڕۆژ بە ڕؤژو شوێن بە شوێن سەرنجی کارەکان و کەم و کورتی و پێویستیەکان بدات و ئامێرو ماشێن و کەرەستەی پێویست پەیدا بکات و شێوازی سەرکەوتوو هه ڵبژیری بۆ داهاتوو.
    -پەروەردەو خوێندنی باڵا پێویستە هه رچێ زووە بیر لە جۆری خوێندنی جێگرەوەو بکەنەوەو ئامێرو کەرەستەی پێویستی بۆ پەیدا بکەن و نە هێڵن منداڵ و گەنجەکانمان لە خوێند دوور بکەونەوەو سارد ببنەوە، هه رچی زووە تواناکانیان بخەنە کارو بیانخەنە بەدەم جۆرێکی تر لە خوێندن کە زۆرتر پشت بە خۆ دەبەستێ ، ئەمەش دیسان پێویست بەتەلەفزیۆنی تایبەت و بەرنامەی زانستی و پەروەردەیی دەکات کە بگونجێن لە گەڵ ئەم سەردەمەدا.
    -وەزارەتی کشتوکال پێویستە ئەم وەزارەتە هه رچی زووە پلانی سەوزکردنی وڵات وزۆرکردنی بەرهه م دابنێ ودەستی شارەزای جوتیارەکان بخاتە کارو گرنگیەکی پێویست بە گوندو جوتیار بدات و ئامێری تازەو ڕێگاکانی زانستی گونجاو لە گەڵ ئاوو هه وای وڵات بخاتە بەردەم جوتیارەکان ویارمەتی بەرهەمهێنانی دانەوێلەو گۆشت و شیرەمەنی ومریشک و هێلکەبداتو لەم ڕووەو جوتیارەکان بخاتە پێشبڕکێی بەرهه م چاکی و زۆرییەوە.
    -بەنداوو ڕووباروکانیەکان و ئاوی ژێرزەوی دەخوازن بە بەرنامەی کورت و درێژ زۆر بکرێن و چاک بکرێن و هه موو کوردستان بگریتەوە، چۆن ئەمانە یارمەتی کشت وکال و سەوزکردن و جوانکردنی وڵات دەدەن .
    -ڕێگاو بان و پردەکان پێویستە بەبەرنامەی سەرتاپاگیرچاکبکرێنەوەو زۆربکرێن، چۆن ئەمانە یارەتی دەری زووگەیشتن وڕزگارکەری نەخۆش و پێویستەکانن و دەبنە هۆی ئاسان و سەلامەتی هاتووچۆکردن لە نێو شاروگوندەکانی کوردستان.

دکتۆر مەولود ئیبراهیم حەسەن
١٧/٣/٢٠٢٠
هه ولێر




زاناکانی بەریتانیا داوای گۆڕینی پلانی حکومەت دەکەن … ئاسۆکمال

٤٤٤ زانای بەریتانی داوای گۆڕینی پلانی حکومەت دەکەن کە مەترسی زیاتر لەسەر ژیانی خەڵک دروست دەکات.
ئەم زانایانە بەپێی بەراوردی داتای توشبوانی بەریتانیا کە ڕیك دێتەوە لەگەڵ توشبوانی وڵاتانی ئیالیا، ئیسپانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا، دەڵێن ئەگەر حکومەت بڕیاری دورکەوتنەوەی کۆمەڵایەتی نەدا، واتە دوورکەوتنەوەی خەڵک لە یەکتری لە بۆنە وشوێنە گشتیەکاندا و بێگومان شوێنی کاری بە کۆمەڵیش لە کارگە و فەرمانگەکاندا دەگرێتەوە، ئەوا دەیان هەزار لە چەند ڕۆژی داهاتودا توش دەبن.
هەروەها ڕەخنە لەو بێ دەربەستیەی حکومەت دەگرن کە باسی “توش بونی بە کۆمەڵ دەکا” کە گوایە دواتر مەناعە و بەرگری لەش زیاد دەکا و دەڵێن گەشەی ئێستای ئەم پەتا و ڤایرۆسە بەری پێ ناگیرێ و لە کاتی تەقینەوەی بڵاوبونەوەکەیدا لە چەند هەفتەی داهاتودا ملێۆنەها کەس توش دەکا وئەمە بەڕیوەبەری تەندروستی وخەستەخانەکان دەخاتە ژێر فشارێکی گەورەوە و ژیانی خەڵکیکی زۆرتر دەخاتە مەترسیەوە.
ئەوان پێشنیاردەکەن کە حکومەت پێوەری دورکەوتنەوەی کۆمەڵایەتی پەیڕەو بکا تاکو گەشەی ئەم ڤایرۆسە خاوبکاتەوە کە بەمە ژیانی هەزاران کەس دەپاریزرێ.
پارتی کرێکارانی ئۆپۆزسیۆنیش ڕەخنەی لەم بێ دەربەستیەی حکومەتی پارێزگارانی سەرمایەدارانی بەریتانیا گرتوە کە پشتی کردۆتە کارکردن لەگەڵ ناوەندە نێودەوڵەتیەکان بۆ بەرگرتن بە بڵاوبونەوەی ئەم پەتایە لە ئاستی جیهانیدا.
سەرۆکی حکومەت زۆر بێشەرمانە ڕایگەیاندوە کە دەبێ خەڵک خۆی ئامادەبکا بۆ ئەوەی کەسە نزیکەکانی لەدەست بده ن و ئەگەر مناڵان نەچنەوە قوتابخانە باوک و دایکیان ناچنەوە سەرکارەکانیان و هاوکات ئاشکراشە کە خزمەتگوزاریە تەندروستیەکان هەر ئێستا کورتیان هێناوە لەوەی بتوانن فریای پشکنین بۆ هەزاران توش بو بکەن و پێداویستیە سەرەتاییەکانی پاکوخاوێنیش بۆ خەڵک فەراهەم نەکراوە . ئاشکرایە ئەم پلانە بێ دەربەستیەی حکومەت تەنیا نەخشەی زیان نەگەیشتن بە کۆمپانیا گەورەکان و ملیاردێرەکانی بەریتانیایە و ئامادەنیە ژیانی کرێکاران و خەڵکی بەریتانیا لەم بەڵایە بپارێزێ، ئەگەر فشاری زیاتری لەسەر دانەنرێ.
گوێنەدان و بێدەربەستی ئەم حکومەتە بە ژیانی خەڵک بەردەوامە و تا ئێستا وەڵامی ئەم پێشنیارانەی زانایانی بەریتانیای نەداوەتەوە.
http://maths.qmul.ac.uk/…/UK_scientists_statement_on_corona…

ئاسۆکمال
لندن




بیرتانە … رەسوڵ عەزیز محەمەد

بیرتانە دەتانگوت هێشتا زوو‌‌ە کەی کاتی ماڵەوەیە٫ دەتانگوت هێشتا ئێوارەیە خۆ مریشک نین بۆ ئێمە هێشتا هەر نیوەڕۆیە: هەموو ئەو رۆژانە بەسەر چوون دایکت؛ باوکت و خوشک و برایەکانت یان خێزانەکەت تەلەفۆنیان دەکرد: ئێستا دێمەوە ئەو ئێستا دێمەوە یانزدە و دوانزدەی شەو بوو دەبێ ئاخ بۆ ئەو رۆژانە بخۆیی کەنایەتەوە. پێشتر لەهەر دەنگەدەنگێکی ماڵەوە سولفت لە ئۆتۆمبێل دەدا و دەڕۆیشتیت، بەڵام ئێستا بێ دەنگ ئاقڵ دانیشتووی خواخواتە کەس نەڵێ بڕۆ دەستوچاوت بشۆ.
یەکسەرلەدوو خولەکی کەناڵەکان پێت دەڵێن؛ ئێستا تۆ وەک گەورەی ماڵەوە ئاقڵ دانیشتووی ئێستا کۆنترۆلی تیڤی لەدەستی تۆ دایە لەجیاتی هەمووان دەڵێیت سەیرەکەن دونیای ئاژەڵەکان چەند سەیرە؛ لەبیرتان چوو دەمەتەقێی ئێوە سەبارەت بەرشە و ریاڵ دەگەیشتە لای بەتەمەنەکان ئەوانیش دەیانگوت خۆ دیسان براکوژی هەڵنەگیرساوە؛ یان لەماڵەوە بێ پرس هەڵدەستا و دەڕۆشتی. ئێستاش دەتەوێ بچیتە دوکانەی ئەوبەر وادەزانیت کارەنتینە لەبەر دەرگا وەستاوە؛ ئەوانەی خێزاندارن بەناچارێ گوێ بۆ خێزانەکانیان رادەگرن باسی وات گوێ لێ دەبێ پێت سەیرە و لەدڵی خۆتدا دەڵێیت دەبێ راست بێ؟ دیارە ئاگام لەهیچ نییە هەواڵی ئەوبەری گەڕەک لەچەند خولەکێک دەزانیت و دەزانیت لەم ماوەیە چەند کەس تەڵاقدراوە و کێ هاوسەری دووەم و سێییەمی هێناوە؛ دەزانم ئاخ بۆ ئەو رۆژانە هەڵدەکێشی کە لەبەرزاییەکانی کەسنەزان و ئەزمەڕ، هاوار و دەنگی گۆرانیتان پۆلیسیشی هێناوە ناو شایی. لەبیرتان چوو یان بەبیرتان بێنمەوە کاتێک باسی کچە شۆخ و شەنگەکانی بەیرووت و مۆسکۆ و پاریستان دەکرد ئێستاش بەحەسرەتانە تا سەر زێی کەڵەک بڕۆن؛ ئێستاش لەدیار ماڵەوەدا دوو خولەک جارێک سەری رەزامەندی دەلەقێننْ.




کــۆرۆنــا … شیعر بۆ مناڵان – محەمەد بەرزی

پەتا و دەردی کۆرۆنا
گەیشتۆتە هەموو دنیا

ئەوەی پاک و وریایە
زۆر دوورە لەو بەڵایە

دەرمانەکەی لا ڕوونە
ئاوی گەرم و سابوونە

لە ماڵەوە خۆی ئەگرێ
تا ئەو پەتایە نەگرێ

ناوەستێ لە لای کەسێ
کۆکە کۆکی ناوەستێ

پژمە و کۆکەی ئەوانە
پڕ پڕە لە کۆڕۆنا

١٧ / ٣ / ٢٠٢٠




کۆڕۆنا … شیعر بۆ منداڵان – ڕۆستەم خامۆش

بــــــــــڕۆ بــــــــڕۆ کـۆڕۆنـا
بــــــڕۆ دوورکــــەوە لێمـان
ڕێـنـمــایـیـمـــان وەرگـــرت
چەند پاکە شوێن و جێمـان

تـا بـژیــــن بـــە لـەشـساغی
وا بـــە ڕێــکـــی پـابەنـدیـن
پـــابــەنـــد بـــە ڕێـنــمـایـی
واتـا ژیـر و هـۆشــمـەنـدیـن

بـەڵێــن بــێ و بـڕیـارمــانـدا
بـەردەوام دەسـتمان بشۆین
بـــــۆ شــوێـنـی قــەرەبــاڵـغ
نـاچیـن و هــەرگیــز نـاڕۆین

تـەنــدروســــتــیـمــان دەوێ
بــۆ خـۆمـان و ئــەو خـەڵـکە
ژینمان خۆشـدەوێ و دەڵێین
خــۆپــاراســـتـن بـــە کـەڵـکە

      شیعر بۆ منداڵان 
     ڕۆستەم خامۆش
    هەولێر ۲٠۲٠/۳/۱۷



خۆرەتاوی پێکەنینی منداڵەکان … عەلی مستەفا

سەرە قەڵەمێک بۆ کتێبی شەوە سپییەکان، یاداشتی پیاوێکی جوو لە پێناو ئازادی گەلی جوولەکە و بنیاتی دەوڵەتی ئیسرائیل.

شەوە سپییەکان، یاداشتێکە لەو ڕووداوانەی کە واقیعێکی تاڵ و پڕ کارەساتمان بۆ دەگیڕێتەوە، هەقیقەتێکە لە گەیشتن و فرمێسکی شادوومانی، ئەوەیە نووسەری نێو واقیعی ڕووداوەکان لە دوا دێری کتیبەکەیدا دەڵێت:(بەڵام خۆ ڕۆژەکەش دێت و ئەویش لەبەر خۆرەتاوی پێکەنینی منداڵەکان پاڵبداتەوە). ئەوە ئەو ئومێدەیە دواجار دەمانگەینێتە ئەو باوەڕەی، لە دوای هەموو کێفەڕاتێکی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و… دان بەخۆماندابگرین و ژیرانە هەنگاو هەڵبگرین بۆ ئەوەی ببین بە ڕەمز و یاداشتێکی نەمر و زیندوو بۆ پێکەنین و گەشاندنەوەی منداڵانی گەل و نیشتمان.
شەوە سپییەکان- مێناحێم بێگن هەم نووسەر و هەم وەچاغی هەموو ئەو ئارێشانەی لە پێناو گەلی جوو و خاکی پیرۆزدا بە ڕوویدا دەتەقنەوە، شەفیقی حاجی خدر وەک هەروا وەرگێڕانەکەی کردووە و سەرنجمان بۆ بندین دەبات. ئەم کتێبە ئەزموونێکی شێوە ئەدەبییە، لە نێو مەغزای سیاسی و جەنگە دۆڕاوەکانی مرۆڤایەتی. چۆنییەتی گێڕانەوەکان ئەگەر لە شێوە واقیعییەکە نزیکە، بەلام هونەرێکی وەستایانەیە بتوانیت لە نێو ئەو هەموو جەنجاڵیانەی نێو ژینگە کۆنکریتییەکاندا، ڕەنگ بەبەر هەموو دیمەنێک و بەرنگاریی و نائومێدیدا بکەیت، گرنگە بتوانیت ڕادەست نەبوون لە نێو ئازاری نائومێدیدا بکەیتە تروسکاییەک بۆ ئەوەی دواجار منداڵانی نیشتمان بە پێکەنینەوە باسی ئازادی خاکی پیرۆز و گەڕانەوەی ئازادی خوازان بکەن. (بێتار) ڕێکخراوێکی قۆرخکاری سیاسی و سەرمایەکان نەبوو، بە پێچەوانەوە کێڵگەیەک بوو بۆ پیتاندنی بیری جوو و ئازادی خاکی پیرۆز و بە دیهێنانی ئامانجی دەیان ساڵەی دەوڵەتی ئیسرائیل.
ئاخر بەراستی ئەمانە ئامانج و ئیمانی بچووک و کەم نەبوون، هەڵبەتە ئازار و بەربەستی گەورش دێنە پێشەوە، بەڵام ئامانج و ڕێگای ڕاست نایەڵێت لە هیچ شتێک سڵ بکرێتەوە. نووسەر بەرپرسێکی باڵای ئەم ڕێکخراوە بووە و لە پێناو بەها گەوروەکان خەباتی کردووە، تەنانەت ڕادەستی هیچ ئیرادەیەکی ئاسایشی سۆڤیەتی و کەمپە جۆرا و جۆرەکانی زۆرەملێی سەربازی کارگەری و داکردن نەبۆتەوە. ئیتر هەموو ئەمانە ئیمانن بەو دڵۆپە خوناوانەی بۆ ئایندە خەونیان پێوە دەبینی.

نووسەر لە پاڵ هەموو ئەو کۆشش و تێکۆشانەی لە پێناو بەهاکانی خاکی ئیسرائیل کردوویەتی، بە وریایی و هۆشیارییەوە گوفتار و ڕەفتاری نوواندووە، تەنانەت هەستی گومان و جیاوازییەکانیشی لا پرسێکی گرنگ بووە، لە شوێنێکدا لەسەر دەسەلات و حکومەتەکانی ناوچەکە بۆچوونی جودای هەبووە وەک دەڵێت: هیتلەر یان ستالین هیچیان بۆ ئێمە باش نین، بەڵام جیاوازیشیان هەیە، ستالین پاڵتۆ خورییەکەم لەبەر دادەکەنێت، کەچی هیتلەر گیانم. لا٢٤ ، ئەو خەباتە پڕ مەترسییە بووە کە تەواوی جووەکان لە پێناو سەربەرزییەکی یەکجارەکی کردییان، لە پاڵیدا هیچ باوەڕێک و سەرمایەیەکی باوەڕپێکراویان نەبووە، بۆیە بە گومانەوە دەیانڕوانییە سیاسەت و هاوپەیمانیەتییەکانی دونیا. دوو دەوڵەتی گەورەی جیهانی ڕوسیا و ئەڵمانیا کە لە جەنگی جیهانیدا لە هەمبەر یەکتردا جگە لە خوێنی یەکتر بگرە جووەکانیان کردە سووتەمەنی نێو ئاگرەکە و زۆر خراپ جووەکانیان لەبەین دەبردن، بەتایبەتی ئەڵمانیای هیتلەر، کە کورەی بۆ توانەوەی جوو بنیات ناو، لە بەینی بردن.

جوو، میللەتێکی تیکۆشەر و پەرت و بڵاو، بەردەوامیش لە ئازار و ئەشکەنجە دابوونە، چونکە بەردەوام لە خەبات و هەوڵ دابوونە بۆ بە دیهێنانی ئامانجە سەرەکی و نیشتمانییەکانییان. گرنگترین شت کە لە نەتەوەی جوودا بە دی بکرێت، ئەوەیە تا ساتی بەدەستهێنانی مافەکانیش یەکگرتووبوونە، کۆمەک و هاوکارییان بۆ بنیاتی دەوڵەتی جوو بەسەریەکەوە ناوە. هەڵبەتە نەتەوەی وا ئەگەر سەرژمێرییەکەی بگاتەوە ئاستی خوارەوەی پێکهاتەی نەتەوەیی بەهۆی ئەو جەورو ستەمەی لێیدەکرێت، ڕۆژێک دێت لە پاڵ پێکەنینی مندڵاکان دابنیشێت و مارشی سەرکەوتن بەسەر هەموو نەیارانی لێبدات، ئەو کاتەیە کەوتن پاشەکشەشی ئەستەم دەبێت، وەک هەنووکە دەبینین دەستی بنیاتی جوو لە هەموو پێکهاتەکانی دونیادا جەمسەر دەگرێت و یار و نەیار لە ئاستیدا هەڵوەستە دەکەن.

ئەم کتێبە لە زۆر شت نزیکی کردمەوە، خوێندنەوەی زۆری بۆ هێنام لە بارەی ئەو جیهان و واقیعە بێبنەوانەی تێیکەوتووین، سەرنجی جوان و ئومێدبەخشانەشی پێدام، بەتایبەتی کاتێک جوو لە پێناو ئازادی و بنیاتی دەوڵەتی جوولەکە هەموو مردن، بەلام دواجار پەیامی ئامانج سەردەکەوێت.
کورد وەک نەتەوەیەکی زیاتر لە (٣٠) ملیۆنی تا ئێستاش خەون بە دەوڵەتەوە دەبینێت، ئاخر هۆکار زۆرن، دەبا لێگەڕێین تا دێینە سەر باسە دروستەکەی. نووسەر دەڵێت: تراژیدیای ئەوان، تراژیدیا تایبەتەکەی ئەوان، کە لە مێژووی خەباتی مرۆڤایەتیدا وێنەی نەبووە، من لێرەدا دەگێڕمەوە. من ئەوانم لە جۆش و خرۆش و کەساسی خۆیاندا بینی، من ئەوانم لە دڵشادی خۆیاندا و لە بندینی بێمرادیشدا بینی.

ئاخر هەرگیز سووتانەوە وکڕووزانەوەی ئەو کەسە بەجۆشانە، ئەو بێوادە نەگبەتانەم نەبینییوە، هەرگیز داڕمان و کەوتنێکی لە هی ئەوانم بەزەبرتر نەبینییوە. لا ٣٤ ، ئەگەر قسەکردن بێت لەو ستەم و ئازارانەی کە لە بەندیخانەکاندا هەبوونە، ئەوا کورد لە پێناو ئازادی خاک و نەتەوەکەی زۆری لەم چەشنە ستەم و ئازارانە چەشت و ڕاکێشی بەر پەتی قەنارە کران و نەگەڕانەوە، ئەمە هەمووی ئەو ئازار و تراژیدییا واقیعییانەن کە بەسەر گەلانی چەوساوەدا هاتوون، لە نێویشیاندا گەلی کورد، ئەوەتا جوولەکە لە ساڵی ١٩٤٨ ەوە بوو بە خاوەنی کیان و دەوڵەتی خۆی و کۆمەڵگەی عەرەبیش چ دەنگ بای لێوەنەهاتن. ئەم ئازارانەی کە گەلی جوولەکە لە بەندیخانەکانی یەکێتی سۆڤیەت و ئەڵمان و پۆڵۆنیا و فەرەنسا و تەواوی دنیادا بینییان بوون بە مایای شانازی بۆ دەوڵەتی ئیسرائیل و گەلەکەی، هەمووی لە میژووی شانازی و سەروەریدا نووسرایەوە. هیچیان نەبوون بە بەند و باوی منەت بەسەر خاک و میللەتەوە، راکێش ڕاکێشی پۆست و سەرمایە مەستی نەکردن، ئامانج سەرکەوتنی گەل بوو بەسەر شکستە نەخوازراوەکان.

لەبارەی گرتنەکە کەلەسەرتای کتیبەکەوە دەخوینرێتەوە، وەرگێڕ گواستنەوەی کردووە، لە زمانێکەوە بۆ زمانێکی تر، بەڵام خۆ ئەوە کەم نییە و ئاسانیس نییە، سەرەتای دەرکەوتنی دیمەنێکە لە نێو سێگۆشەی یەکتر خواردنەوەدا، ئەم وەرگێڕانە بۆ ئێمەی کورد پیویستییەکی یەکجار گەورەیە، دەبوایە زووتر ئەم ئینگلیزی زانە، ئەوەنا یەکێکی تر بە وەرگێڕانی ئەم کتێبە و هاوچەشنەکانی هەستابایە، چونکە هاوڵاتی و کەسایەتی کوردیش بەم چەشنە کەوتوونەتە بەر شەپۆلی گرتن و دەزیندان خستنی لە لایەن نەیاران و کاربەدەستانی سەردەم و چەرخە جوداکان. بۆ گرنگە جوانتر و خێراتر ئاشنای خەبات و تێکۆشانی گەلانی تر بین؟ بۆ کەلتوورەکان خێراتر دەگوازرێنەوە و سەرنجی نەرممان بۆیان دەبێت؟ ئاخر ئەمە بەشێکی گرنگە لە ژیان و ئەزموونی خەباتی مەدەنی و ڕۆشنبیری نەتەوە، دەبێت خێرا پەنجە ببردرێت بۆ کاری پێویست و میللەت لە ژێر هەژموونی تەسکی تاک بیری و پەیڕەوی کەسی دەرباز بکرێت. خەباتی سیاسی و شۆڕشگێڕی کورد بە شێوەیەک سەری هەڵدا و خوێنی لە پێناودا ڕژا و دەیان سەرکردە و ڕۆلەی ئەم میللەتە بوونە قوربانی و لە ئاکامدا تەواوی ماندی بوونی خەبات پیچەوانە هەڵگەڕایەوە، ئەمەش مایای شانازی نییە بۆ هیچ تاکێکی میللەتی کورد، چونکە ئەزموونی ئیداری و کارگێڕی کورد لە پاوانی خەباتگێڕاندا فەشەلی هێناوە و تەواوی ئامانجەکان بوونەتە بابەتیکی قۆرخکاری، ئەم قۆرخکارییەش لەسەر حزب و تاکە کەسیدا خۆی بینیوەتەوە، بەم پێودانگەش بازرگانی سیاسی و سیاسی حزبی بەرهەم هاتووە، لە کاتێکدا پێویستبوو سیاسی نیستمانی بەرهەم هاتبووایە.
کورد و جوولەکە دوو نەتەوەن بە درێژایی ڕۆژگارەکانیان خەباتیان کردووە لە پێناو بەدەست هێنانی مافە ڕەواکانیان و مسۆگەر کردنی چارەنووسی خاک و میللەتەکەیان. هەڵبەتە ئازار و شکەنجەی زۆریش بە ڕوویاندا مسۆگەر و بەردەوام بوو. گرتن و تێهەڵدان و برسی کردن و ئاوارەیی و دەربەدەری… چی نەما ئەم میللەتانە بەسەریان نەیێت، بەڵام دواجار جوولەکە دەبێتە دەوڵەت و مافەکانی تەواو مسۆگەر دەکات، تەنانەت دەستێکی درێژیشی هەیە بەسەر جیهانەوە و هاوپەیمانی بەهێزیشی هەن. ئەوەی جێگای نیگەرانییە کورد وەک بابەتێکی سیاسی و گەلێکی ستەملێکراو ماوەتەوە لە ناوچەکەدا، هەڵبەتە هەرێمێکمان هەیە، ئەویش جێگای ئومێدی سەقامگیری و بەتەنگەوەچوونی نیشتمانی و سیاسی نیە بۆ تەواوی گەلی کورد لە هەموو دونیادا.
لە خوێندنەوەی ئەم کتێبەدا زۆر شت لە جیاوازی و خاڵە لێکچووەکان دەکەونە بەرچاو، کە جێگای خۆیەتی لە ئاستی فراوانتر وەک توێژینەوەیەکی ئەکادیمی لە بواری سیاسەتی دەولی نێوخۆیی دیراسەی لەبارەوە بکرێت، بۆ ئەوەی بتوانرێت کۆمەکی جێگرەوەمان بۆ بکات لە پانتایی سیاسی و پەیوەندی دیبلۆماسیدا.

عەلی مستەفا
٢٠٢٠




خوێندنه‌وه‌یه‌ك بۆ ڕۆمانی كه‌لیده‌ر ی ــ محموود ده‌وڵه‌تئابادی … وه‌رگێڕانی: سیامه‌ند شاسواری – زانا خدر

ڕۆمانی ده‌ به‌رگی كه‌لیده‌ر چ له‌ ڕووی قه‌باره‌ی كتێبه‌كه‌وه‌ چ له‌ ڕووی ناوه‌ڕۆكه‌وه‌ به‌ مه‌زنترین شاكاری ئه‌ده‌بی ئێرانی داده‌نرێت. له‌ ڕووی ناوه‌ڕۆكه‌وه‌ كتێبێكی قوڵ و ده‌وڵه‌مه‌ندی تژی له‌ پرسیاری فه‌لسه‌فی، هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای خوێندنه‌وه‌ی دا، خوێنه‌ر ئه‌گه‌ر به‌ركه‌وتنیشی له‌گه‌ڵ پرسیاره‌كه‌دا نه‌بێت له‌ نێو كتێبه‌كه‌دا، خۆی ده‌پرسێت(بۆچی؟). كتێبێكی پڕ بایه‌خ و پێویست بۆ ئێمه‌ی كورد كه‌ باس له‌ ڕه‌وتی مێژووییه‌كی زۆرگرنگی كورده‌كانی خۆراسان ده‌كات، كتێبێك كه‌ ئه‌توانین وه‌ك سه‌رچاوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی دابنێین بۆ زانستی (ده‌روونزانی كۆمه‌ڵایه‌تی- تاكی كورد).
لێره‌دا هه‌وڵ ئه‌ده‌م به‌و زمانه‌ كرچ وكاڵه‌م به‌ چه‌ند دێرێك چه‌ند لایه‌نێكی كتێبه‌كه‌ شه‌ن و كه‌و بكه‌م بۆ ئه‌و خوێنه‌ره‌ به‌ڕێزانه‌ی ئاشنای ئه‌م كتێبه‌ گرنگه‌ نین. هیوادارم له‌ گه‌وره‌یی كتێبه‌كه‌ كه‌م نه‌كه‌مه‌وه‌!
هه‌موومان له‌ ئه‌زموونی ژیانی خۆمان و كه‌سانی ده‌ورووبه‌رمان، ڕۆژێك له‌ ڕۆژان ناچار بووینه‌ بپرسین: بۆچی مرۆڤ ئه‌ترسێ؟ تاكه‌ی مرۆڤ ژێرده‌سته‌یی و كۆیلایه‌تی قبوڵ ئه‌كات؟ ڕه‌نگه‌ ده‌وڵه‌تئابادی كه‌ له‌ ژیانی خۆیدا چه‌ندین كاری جیا جیای ئه‌نجامداوه‌، زۆرترین جار ئه‌م پرسیاره‌ی ئاڕاسته‌ی ناوه‌وه‌ی خۆی كردبێت.
لابۆتی ده‌ڵێت: ڕاسته‌ به‌ستنه‌وه‌ی خه‌ڵك له‌ سه‌ره‌تادا كارێكی قوڕسه‌، ئه‌ویش به‌ جۆرێك پێویست ده‌كات زه‌بر و زۆری تێدا پیاده‌ بكرێت، وه‌لێ ئه‌وه‌ش ڕاسته‌ كه‌ نه‌وه‌ی دواتر به‌ ئاسانی ملكه‌چ ده‌بێت.(خۆبه‌كۆیله‌كردن/ئاتین دولابۆتی. وه‌رگێڕانی: ڕێبوار سیوه‌یلی و مراد حه‌كیم).
ئه‌وه‌ی له‌م ڕۆمانه‌دا ده‌وڵه‌تئابادی بۆمان ده‌گێڕێته‌وه‌، قبوڵكردنی ئه‌و ملكه‌چی و ژێرده‌ستایه‌تییه‌ی خه‌ڵكی خۆراسانه‌، واته‌ قبوڵكردنی كۆیلایه‌تی له‌ ژێرده‌ستی ئاغاكاندا. ئالاجاقی وه‌ك نوێنه‌ری كوێخایه‌كی سته‌مكار و مێژووی سته‌مكاری سه‌ر كورده‌كان و ئاغاكانی ئالاجاقی وه‌ك نوێنه‌ری ته‌واوی مێژووی كورد له‌ جاشایه‌تی و قبوڵكردنی بوون به‌ ده‌ربار. جوتیار و خه‌ڵكی برسی و ڕه‌ش و ڕووتی مه‌ڵبه‌نده‌كه‌، وه‌ك نوێنه‌ری به‌شمه‌ینه‌ت و زه‌لیل و كۆیله‌یه‌كی ترسنۆكی داڕوخاو. ده‌وڵه‌تئابادی ده‌ڵێت: زۆرجاران ڕووی داوه‌ كۆمه‌ڵێك له‌ بن ده‌سته‌كان، له‌ خاڵی په‌ڕینه‌وه‌ی ترس و گه‌یشتن به‌ سازان، گه‌یشتونه‌ته‌ ڕاده‌ی ستایشی جه‌للاده‌كه‌یان و هه‌موو ئه‌وینه‌ ونبووه‌كانی خۆیان له‌ودا دۆزیوه‌ته‌وه‌ و له‌ باوه‌ڕی خۆیان ئاخنیوه‌! ئه‌مه‌ هیچ نییه‌ مه‌گه‌ر خۆ شاردنه‌وه‌ له‌ ترس، له‌ په‌نای ترسدا. جۆرێك هه‌ڵاتنه‌ له‌ دڵه‌ڕاوكێی به‌رده‌وام، تاو نه‌هێنان له‌ به‌رامبه‌ر خۆفدا، خۆ هه‌ڵاواردن له‌ ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی خۆت به‌ شكست خواردووی مسۆگه‌ری ئه‌و ئه‌زانی و وه‌ها ملكه‌چی شكۆ و مه‌زنایه‌تییه‌كه‌ی بوویت، هیچ ڕێگه‌یه‌ك له‌ به‌رامبه‌ر خۆتدا نابینی جگه‌ له‌وه‌ی ببێ به‌ شتێكی وا له‌ په‌نایدا خۆت بشاریته‌وه‌.
ئه‌مه‌ هه‌مان ئه‌و قسه‌یه‌ كه‌ لابۆتی ده‌ڵێت: ده‌ست و پێوه‌نده‌كانی زۆردار خۆیان نه‌فی ده‌كه‌ن و هه‌رچی له‌ ده‌ستیان دێ ده‌یكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ڕه‌زامه‌ندی زۆرداران وه‌ده‌ست بهێنن، نه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی بۆخۆیان ژیانێكی ئاسایی بژین. .(خۆبه‌كۆیله‌كردن/ئاتین دولابۆتی. وه‌رگێڕانی: ڕێبوار سیوه‌یلی و مراد حه‌كیم).

هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه‌ ڕوونه‌ كه‌ هه‌میشه‌ ده‌سه‌ڵات سیاسه‌تی برسی كردن و زۆر لێكردن به‌كار ئه‌هێنێ بۆ به‌ كۆیله‌ كردنی ئه‌وی تر، به‌ڵام بۆچی كۆیلایه‌تی قبوڵ ئه‌كرێ؟ مه‌گه‌ر خه‌ڵكی ناتوانن ڕووبه‌ڕوو ببنه‌وه‌؟ ناڕازی بن؟ چی ده‌كرێت له‌ به‌رامبه‌ر ده‌نگی ناڕازی گشتیدا؟
گوڵمحمد كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ كاره‌كته‌ره‌ یاخییه‌كان و ڕووبه‌ڕووی حكومه‌ت و ئاغا هه‌ڵساوه‌ و ده‌یه‌وێ داد بسه‌نێ بۆ خه‌ڵكی. به‌ گشتی ئه‌مه‌ یه‌كێكه‌ له‌و هه‌زاران كه‌سه‌ی چیتر كۆیلایه‌تی و ترس و دڵه‌ڕاوكێی قبوڵ نییه‌، ناتوانێ هه‌روا بژی. ئه‌م فیگه‌ره‌، یان ئه‌م جۆره‌ له‌ تاك و كه‌سانی جورئه‌ت په‌یدا كردوو، چقڵی چاوی سته‌مكارانن، به‌ هه‌ر جۆرێ بووه‌ ئه‌یانه‌وێ ئه‌م ده‌نگه‌ ناڕازییه‌ بێده‌نگ بكه‌ن. سه‌ید شه‌رزا كه‌ یه‌كێكی وه‌ك گوڵمحمد بوو، دواتر بوو به‌ پیاوی میری و خۆی به‌ده‌سته‌وه‌ دا، له‌ گفتوگۆیه‌كیدا له‌گه‌ڵ گوڵمحمد، ده‌ڵێت: كۆیله‌ی ده‌سه‌ڵات! ده‌سه‌ڵات چه‌نده‌ به‌هێزتربێت، ئه‌وان له‌ به‌رامبه‌ری دا ئاسانتر خۆ به‌ده‌سته‌وه‌ ئه‌ده‌ن و مل كه‌چ ئه‌كه‌ن.

ئه‌گه‌ر بپرسین بۆچی؟ ڕه‌نگه‌ ئه‌مه‌ سه‌ختترین ئه‌نجام بێ كه‌ ده‌وڵه‌تئابادی پێی گه‌یشتبێ: له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بڕوایان به‌ هیچ ده‌سه‌ڵاتێك له‌ خۆیاندا نییه‌. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كراوه‌ به‌ مێشكیاندا كه‌ ده‌سه‌ڵات به‌س شیاوی ئه‌وانه‌یه‌ كه‌ له‌وان چاكترن. هه‌رچی چۆن بێت دڵی خۆیان به‌وه‌ ئه‌ده‌نه‌وه‌ كه‌ ده‌سه‌ڵاتی به‌هێزتر چاكتر ئه‌توانێ بیانپارێزی. ڕه‌نگه‌ بیرت له‌وه‌ كردۆته‌وه‌ كه‌ بۆچی هه‌میشه‌ چاویان له‌ یه‌كێكی تره‌؟!. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌رگیز خۆیان به‌ ئاده‌میزاد ناژمێرن. له‌ منی ببیسه‌ گوڵمحمد ئه‌م خه‌ڵكه‌ی من دیومه‌ هه‌رگیز به‌ چاوی مرۆڤی سه‌ربه‌ست و خاوه‌ن ماف سه‌یری خۆیانیان نه‌كردووه‌ و هه‌رگیز له‌ ناخی خۆیاندا بۆخۆیان ناگه‌ڕێن.

هه‌میشه‌ حوكمی كه‌سی یاخی سه‌ركوتكردن بووه‌، به‌ درێژایی مێژووی كورد ئه‌مه‌ بینراوه‌. له‌ وه‌ڵامی گوڵمحمد كاتێ ده‌پرسێ: بۆچی ده‌سه‌ڵاتی میری سه‌ری منیان ده‌وێت؟
سه‌ید شه‌رزا ده‌ڵێت: تۆ له‌و كه‌سانه‌ی كه‌ خۆت ناسیوه‌ و خۆت دۆزیوه‌ته‌وه‌، جیاوازی تۆ له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی ڕیشیان به‌ كلكی گاوه‌ گرێدراوه‌، هه‌ر ئه‌مه‌یه‌. تۆ خۆت ناسیوه‌ و متمانه‌ت به‌ خۆت هه‌یه‌، تۆ بڕوات كردووه‌ كه‌ مرۆڤی.
……………..
لایه‌نێكی تری ئه‌م ڕۆمانه‌، هه‌ڵوه‌سته‌ كردنه‌ له‌سه‌ر پیاو سالاری، كه‌ زۆر به‌ ورد و قوڵی، له‌م ڕۆمانه‌دا، ده‌روونی تاكی كوردی داوه‌ته‌ به‌ر نه‌شته‌ر و ده‌یه‌وێت له‌م لایه‌نه‌ی بكوڵێته‌وه‌.
شێرۆ وه‌ك باڵیۆزی هه‌میشه‌ ئاماده‌ی نێو مێژووی كورد، باڵیۆزی كچانی سته‌مدیده‌ی ده‌ستی پیاو سالاری، ئافره‌تێك قوربانی داب و نه‌ریتێكی سته‌مكار و قێزه‌ون. ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجه‌ ده‌وڵه‌تئابادی جوان په‌ی به‌م پاڕادۆكسه‌ بردووه‌ له‌ نێو ده‌روونی پیاوی كورد و داب و نه‌ریتی كوردیدا، له‌لایه‌ك خزمه‌ت به‌ پیاو ده‌كات، كچی بۆ هه‌ڵه‌گرێت، خه‌ڵكی له‌ پێناو ده‌كوژێ، ژن ده‌ره‌كا و په‌راوێزی ئه‌خات و لێی ئه‌دا، له‌لایه‌كی تر كچی خۆی نادا به‌ پیاوێك كه‌ خۆی هه‌ڵی ئه‌بژێرێ، پرچی كچی ڕه‌دوو كه‌وتووی ئه‌بڕێت، پێی له‌ ماڵی خۆی قه‌ده‌غه‌ ئه‌كات، قبوڵی ناكاته‌وه‌ و به‌ر نه‌فره‌تی ئه‌خات.
مه‌دیار، خاڵی شێرۆ، هاوڕێ له‌گه‌ڵ گوڵمحمد برای شێرۆ و، مام و پورزای شێرۆ، هه‌وڵی ڕفاندن و هه‌ڵگرتنی سه‌وقی ده‌ده‌ن، بۆ مه‌دیار، كه‌ عاشق و مه‌عشوقن. له‌م فه‌ڕاغه‌، كاتێ شێرۆ چاوی براكه‌ی به‌سه‌رییه‌وه‌ نابینێت، له‌ هه‌مان شه‌وی نوته‌ك دا، ڕه‌دووی ماه ده‌روێشی خۆشه‌ویستی ده‌كه‌وێت. ڕزگار بوون له‌ داب و نه‌ریت و هه‌ڵاتن به‌ره‌و باوه‌شی عه‌شق.

په‌ناگه‌ی ماهـ ده‌روێش و مه‌نزڵی نوێی له‌گه‌ڵ شێرۆ، پشت قایم به‌ ئاغای گوند، بابقولی بوندار، گوندی قه‌ڵاچیمه‌نه‌. هه‌میشه‌ ده‌سه‌ڵاتداری داماڵراو له‌ ئه‌خلاق و ئینسانییه‌ت، كاتێك كه‌سێكی هه‌ڵاتو یان زه‌لیل و داماو ده‌كه‌وێته‌ داوی، هه‌وڵی قۆستنه‌وه‌ی ئه‌م هه‌له‌ ده‌دات. به‌رده‌وامی خوا ئه‌م هاوكێشه‌یه‌ هه‌روا بووه‌، بابقولی بوندار یه‌كێكه‌ له‌و نا ئینسانانه‌ی، هه‌لی ئه‌وه‌ به‌ده‌ست ئه‌هێنێ، شێرۆ بكات به‌ كه‌نیزه‌ و ماهـ ده‌روێشیش بكات به‌ غوڵام.
به‌گمحمد، برا بچوكی شێرۆ، كاتێ ده‌زانێ خوشكی ڕه‌دوو كه‌وتییه‌، شوێن پێی خوشكی هه‌ڵده‌گرێت و ده‌چێت له‌ قه‌ڵاچیمه‌ن پرچی خوشكی ده‌بڕێت و بۆ باوكی ده‌هێنێته‌وه‌. تۆی خوێنه‌ر، كاتێ ئه‌م دیمه‌نانه‌ به‌سه‌ر یه‌كه‌وه‌ له‌ یادگه‌تدا شه‌ن و كه‌و ئه‌كه‌ی، له‌خۆت ده‌پرسیت: بۆچی قژی كچه‌كه‌یان كه‌ ڕه‌دوو كه‌وتووه‌ ئه‌بڕن، به‌مانای بێ به‌ری بوون و پاككردنه‌وه‌ی شه‌ڕه‌ف، به‌ڵام سمێڵی كوڕه‌كه‌یان نابڕن كاتێ كچێك هه‌ڵه‌گرێت؟

هیچم باس نه‌كردووه‌، ئه‌مه‌ مشتێكه‌ له‌ خه‌روارێك: دووڕوویی، فێڵی ئاغاكان، نانه‌وه‌ی دووبه‌ره‌كی له‌ نێو چینی جوتیار و چه‌وساوه‌، هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ی ژیانی زه‌نگین بۆ هه‌ژاری و داماوی، نۆكه‌ری كردن، خۆشه‌ویستی، شه‌ڕ و هه‌ڵاتن… داستانێكی مه‌زن، كه‌ من به‌ پێویستی ئه‌زانم بخوێندرێته‌وه‌.




ئایا خودا بوونی هه‌یه ؟ … كاوه‌ هادی

ئێمه‌ چه‌ندان هه‌زار ساڵه‌ ، نه‌وه‌ بۆ نه‌وه‌ درۆ ده‌گوازینه‌وه‌ . هه‌ركه‌س مه‌رام و هه‌نجه‌تی خۆی هه‌یه‌ له‌م درۆڕاگواستنه‌وه‌‌دا . دڵنیام هۆكاری له‌دایكبوونی ئه‌م هه‌موو درۆیانه ته‌نها درۆكردن نه‌بووه‌ . داخوا مرۆڤه‌كانی ده‌پانزه‌ هه‌زار ساڵ پێش ئێمه‌ ، چیان له‌ باره‌ی گه‌ردون زانیبێت ؟ چۆن له‌ خۆرهه‌ڵاتن و خۆرئاوابوون تێگه‌شتبن ؟ چۆن تاریكی و روناكی یان مردن و ژیانیان شرۆڤه‌ كردبێت ؟ هه‌زاران هه‌زار دیارده‌ و روداوی بێ وه‌ڵام ژیانی لا جه‌نجاڵ و تاڵ كردبن ، به‌ تایبه‌ت بۆ مرۆڤه‌ بێ چاره‌كانی ئه‌و ده‌مه‌ ،‌ له‌و ده‌مه‌وه‌ هتا ئه‌م ساته‌وه‌خته‌ش مرۆڤه‌كان هه‌رگیز كۆكوته‌با نیین و كۆكوته‌باش نابن له‌ ئاست وه‌ڵامه‌ ئاڵۆزه‌كاندا ، به‌ئاشكه‌را و به‌نهێنی ته‌واوی مرۆڤایه‌تی رێككه‌وتن له‌سه‌ر بوونی خودایه‌ك كه‌ خوڵقێنه‌ری ئه‌م هه‌موو موجیزه‌ و دیارده‌ سه‌رسوڕهێنه‌رانه‌یه‌ ، به‌ڵام هه‌نووز كۆكنین له‌ سه‌ر شێواز و ڕه‌نگ وڕوخسار و هه‌ڵسوكه‌وتی ئه‌و خودایه‌ .

دایكان و باوكان له‌ خۆشه‌ویستی جگه‌ر گۆشه‌كانیان ، له‌ ترسی ئازار و ئه‌شكه‌نجه‌ی دۆزه‌خ ، له‌ مه‌لابانگدانه‌وه‌ هه‌تا نیوه‌شه‌و درۆی شاخدار شاخدار ده‌خه‌‌نه‌‌ مێشكی منداڵكانیان‌ ، قه‌باره‌ی هێندێ درۆ هێند گه‌وره‌یه ،‌ به‌دوری نازانم خۆشیان باوه‌ڕیان پێ هانیبێت یان لانیكه‌مه‌كه‌ی ئه‌وه‌ ناكه‌ن كه‌ خۆیان ده‌یڵێن . به‌هه‌رحاڵ جه‌رگ شیرینه‌، به‌ڵام ده‌بێت دایك وباوكێكی نه‌خوێنده‌وار چۆن بتوانن؟ به‌ره‌نگاریی كه‌سێك بكه‌ن كه‌ دوانزه‌ علمی هه‌بێت و نه‌ك هه‌ر خۆیان به‌ڵكو داپیره‌وباپیره‌یشیانی لێكدی حه‌ڵاڵ كردبێت هه‌موو كۆمه‌ڵگه‌ رێز له‌م كه‌سانه‌‌ ده‌گرن و ئه‌وان له‌م دونیادا به‌ تۆپزی خۆیان كردۆته‌ جێگرو نماینده‌ی خودا ، كام خوداش ئه‌و خودایه‌یی كه‌ له‌م ده‌ڤه‌ره‌ی ئه‌وان‌ باشترین خودایه‌ ، هه‌مووان كۆكن كه‌ ئه‌م خودایه‌ تاك وته‌نهایه ، ئه‌وان‌ چند ئه‌م خودایه‌یان خۆشبوێت ئه‌ویش هه‌ر هێنده‌ ئه‌وانی خۆشده‌وێت !!!. ‌

مه‌لا یان مامۆستای ئاینی ، وه‌ك هه‌موو كاروكاسپیه‌كی دی سه‌رقاڵن به‌م پیشه‌یه‌وه‌ ، هه‌ر وه‌ك تووتی ئه‌وه‌ی فێركراون ده‌یڵێن و ده‌یڵێنه‌وه‌ .جارجاره‌ش له‌ پێناو پوڵوپاره‌ و ماڵی دونیادا ، كێچێكت لێ ده‌كه‌نه‌ فیل فیلێكیشت لێ ده‌كه‌نه‌ كێچ . ئه‌و باسوخواسه‌ی له‌ باره‌ی به‌هشت و دۆزه‌خ ده‌كرێن نه‌ك سوكایه‌تیه‌ به‌ مرۆڤ و مرۆڤایه‌تی ، بگره‌ سوكایه‌تییه‌ به‌ خۆیان و ئه‌و خودایه‌یی كه‌ خۆیان بۆخۆیانیان خوڵقاندوه‌ ، من لێره‌دا هیچ نمونه‌یه‌كی ئه‌و سوكایه‌تی و گاڵته‌جاڕییه‌ باس ناكه‌م بۆ ئێوه‌ی قه‌درگران . به‌خۆشی یان به‌ ناخۆشی زۆر تا كه‌م ئه‌م نمایندانه‌ی خودا ده‌نگی ناڕازیان كپ كردوه ، سه‌ری ڕازیبونمان پێ ده‌له‌قێنن . كێ ده‌توانێت ده‌ستی دڵخوازه‌كه‌ی بگرێت و له‌ ماڵی باوكی كچه‌وه‌ بی گوازێته‌وه‌ بێ ره‌زامه‌ندی مه‌لای گه‌ڕه‌ك ؟ كێ ده‌توانێت له‌ پرسه‌ی ئازیزێكیدا به‌ كاكی مه‌لا بڵێت ئه‌رێ فڵته‌فڵت ، من جه‌رگم سوتاوه‌ تۆش خه‌ریكی وڕێنه ‌و درۆ و ده‌له‌سه‌ییت ؟.

هێند خه‌وخۆش و ئه‌قڵسوك نیم به‌ چواردێڕوله‌تێ‌ نووسین ، كۆنترین و ئاڵۆزترین گر‌فتی مرۆڤایه‌تیتان بۆ حه‌ل بكه‌م ، یان هێنده‌ رووقایمبم گفتی وه‌ڵامی ئه‌و هه‌موو پرسه‌ بێ وه‌ڵامه‌ وه‌ك هێلكه‌ی پاكراو‌ بخه‌مه‌ نێو چنگتان . من بێ هیوا و ره‌شبین نیم ، ده‌كرێت له‌لای ئێمه‌یش كار له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌‌ ئاڵۆزانه‌ بكرێن هه‌رچۆن له‌ وڵاتانی پێشكه‌وتوو خاوه‌ن ئه‌قڵدا كاریان له‌سه‌ر كرده‌وه‌ . به‌ڵام ده‌بێت كه‌سانی پسپۆڕ و شاره‌زا هه‌ر وه‌ك ته‌نی جاڵجاڵۆكه‌ كاری بۆبكه‌ن ، به‌ڵكو رۆژێك دابێت مرۆڤه‌كان به‌ ئاره‌زوی خۆیان بێ ترس و له‌رز نێر و مێ هه‌رچی له‌ دڵ و ده‌رونیاندایه‌‌ هه‌ڵی بڕێژن ، جا ئه‌و ده‌مه‌ هه‌ركه‌سه‌ ئازاده‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی وه‌ڵامی دڵنشینی خۆیدا . من ته‌واو ته‌واو تێده‌گه‌م له‌و چین و توێژانه‌ی كه‌ ده‌ڵێن زمان ڕه‌حتبێ سه‌ر ڕه‌حه‌ته‌ . به‌ڵام پڕ به‌ده‌نگ هاوار ده‌كه‌م خه‌ڵكی هه‌ژار و دڵساف خه‌ڵكی پاك و خاوه‌ن ویژدان ، سه‌رانی تۆ سه‌رانی وڵاته‌كه‌ت سه‌رانی ئه‌م دونیا گه‌وره‌یه‌ ، هه‌موویان وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ چاك ده‌زانن كه‌ خودایه‌ك بوونی نییه‌ و هیچ كه‌س نماینده‌ و په‌یامبه‌ری ئه‌و نییه‌ له‌م دونیایه‌دا .

ئه‌وه‌ كاری فه‌یله‌سوف و زاناكانه‌ ، باس له‌بوون و نه‌بوونی خودا بكه‌ن ، یان رونتربڵێم گه‌ر بڕوات به‌ بوونی خودایه‌ك هه‌یه‌ ئه‌وا خودایه‌ك له‌ نزیك تۆ بونی هه‌ییه‌ ، خۆ ئه‌گه‌ر بڕوات به‌ بوونی خودا نییه‌ ئه‌وا دڵنیابه‌ هیچ خودایه‌ك له‌ ئه‌رز و ئاسمان بوونی نییه‌ . به‌ڵام ته‌نانه‌ت گێله‌كانیش چاویان لێییه‌ كه‌ به‌ناو خه‌مخۆر و سه‌رۆك حیزب و سه‌رۆك وڵات و خاوه‌ن پۆسته‌ باڵاكان ، چۆن به‌ درۆ و ده‌له‌سه‌ و به‌ ناوی خودا و ئاین و مه‌زهه‌ب ، ئێوه‌یان كردۆته‌ په‌یژه‌یه‌ك بۆ سه‌ركه‌وتنی خۆیان و گه‌مژاندنی هه‌تاهه‌تای ئێوه‌ . جێگه‌ی داخه‌ جه‌نگ و ترس و برسێتی له‌و ده‌ڤه‌ره‌ به‌دبه‌خته‌ی ئێمه‌دا زه‌مینه‌یه‌كی له‌ باره‌ بۆ به‌رده‌وامبونی ئه‌م هه‌موو نه‌هامه‌تی وباوه‌ڕكردن به‌م چیرۆكه‌ سه‌یروسه‌مرانه‌ی ده‌ستی مرۆڤ ، دواجار هۆكاری ترس و تۆقان و ماڵكاولی خۆی به‌ ده‌ستی خۆی .

من گه‌شبینم به‌ڵام هه‌رگیز هێنده‌ش گێلۆكه‌ نیم ، چاوه‌ڕوانی سه‌ركرده‌یه‌كی باڵا یان نیمچه‌باڵابم ، كه‌ ده‌توانن به‌جۆرێ له‌ جۆره‌كان كارێ بكه‌ن له‌ پێناو رۆشنگه‌ریدا و ئه‌م راستیانه‌ وه‌ك خۆی بخه‌نه‌ به‌ر چاو و هزرمان ، ئه‌وان له‌ پێناو من و تۆدا ملی خۆیان له‌ چه‌قۆ ناسون ، ئه‌وان سه‌ركه‌وتنی خۆیان ده‌وێت . به‌داخه‌وه‌ ته‌واوی سه‌ركرد ه‌ دێرین و نوێكان ، نه‌ك كارێ ناكه‌ن له‌و بواره‌دا به‌ڵكو ئاماده‌ن له ‌پێناو ده‌سه‌ڵات و مانه‌وه‌ی خۆیان ، میلله‌ت سه‌د هێنده‌یتر بگه‌مژێنن و خاك و خۆڵمان هه‌رزان فرۆشكه‌ن .

كاوه‌ هادی




لەو خۆشیەی کە هەیانبووە! – نوسینی: ئیساک ئاسیمۆڤ – وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: ئیدریس مستەفا

ئەو شەوە ، مارجی، لە یادەوەرەکەی خۆیدا نووسیتی. لە سوچێکی سەرەوەی لاپەوەرەکە بەرواوری ١٧ی مانی پێنجی ٢٠١٥٥ی لەسەر بوو، نوسیبوی: ئەمڕۆکە، تۆمی، کتێبێکی راستەقینەی دۆزیەوە.” کتێبێکی زۆر کۆن بوو. باپیرەی مارجی جارێکیان وتبوی کاتێک منداڵ بووە باپیری پێی گوتبوو رۆژگارێک هەبوو چیرۆکەکان چاپ دەکران لەسەر کاغەز. کتێبەکەیان کردەوە لاپەڕەکانی زەرد و ژەنگاوی ببون، و زۆر عەنتیکە بوو ئەو وشانەی لەسەر نوسرابوو کە لەسەر شاشەکان دەبینرێن بەڵام نەدەجوڵان و لە جێ خۆیان بوون. کاتێک دەگەڕانەوە بۆ لاپەڕەی پێشووتر کە خوێدنابوویانەوە وشەکان هەر لە جیی خۆیان مابوون.
تۆمی وتی: “ئەوە چیە! کاتێک کتێبی ئاوها دەخوێنیتەوە و لێی تەواو دەبی قەست دەکەی فڕێ بدەیت. لە شاشەی تەلەفزیۆنەکەی ئێمەدا ملیۆنێک کتێبی تیدایە و دەشتوانێ زیاتریش بگرێ، کەجی ناتوانی فڕێی بدەی.”
مارجی وتی: ” ئەوەی منیش وایە. ئەم یازدە ساڵان بوو هێندەی تۆمی کتێبی ئەلەکترۆنی نەدیبوو. تۆمی سیازدە ساڵان بوو. لە تۆمی پرسی: ئەم کتێبەت لە کوێ دۆزیەوە؟. تۆمی بە کتێبەوە سەرقاڵ بوو، بێ ئەوەی سەیری مارجی بکات وتی: لە ماڵی خۆمان ، لە هەورەبانەکە لەسەر رەفەکان بوو.” ئەی باسی چ دەکات. مارجی لە تۆمی پرسی. تۆمی وتی: “باسی قوتابخانە دەکات.”
مارجی بە قێزەوەنیەکەوە وتی: مەکتەب؟ چی لە بارەی مەکتەبەو نوسراوە؟ ئەی کە رقم لە قوتابخانەیە.” مارجی زۆر رقی لە قوتابخانە بوو، بەتایبەت دوای ئەمە زیاتر رقی لێیە. مامۆستا ئەلەکترۆنیەکەی ماڵەوەیان چەند تاقیکردنەوەیەکی یەک لە دوای یەکی جوگرافیای دابوو پێی،، بەڵام لە هیچیان باش نەبوو بوو. بۆیە دایکی بە بێتاقەتیەکەوە سەیرێکی مارجی کرد و سەرێکی لەقاند. ناردی بە شوێن کابرای میکانیکدا بۆ چاکردنەوەی مامۆستا کۆمپئوتەریەکەی.
کابرای میکانیکی هات، کورتە بالایەکی سوورە بوو، دۆڵابێکی سەفەری پێ بوو، پڕی لە کەرەستەی چاکردنەوە بوو وەک وایەر و دەڕنەفیسی کارەبایی. خەندەیەکی بۆ مارجی کرد و سێوێکی داپێی و کەوتە هەڵوەشانی مامۆستا ئەلەکترۆنیەکە. مارجی هیوای خواست نەتوانێ بە زوویی چاکی بکاتەوە، بەڵام کابرا توانی مامۆستا ئەلەکترۆنیە کۆمپیوتەریەکە چاک بکاتەوە. شاشەیەکی گەورە و رەشی ناشیرین هەبوو، هەموو وانەکان و پرسیار و وەلامەکانیشی تێدا خەزن کرابوو. ئەو بەشەی مارجی زۆر رقی لێ بوو، بەشی خانەخوێندن (هۆم-ۆرک) و لاپەڕەی تاقیکردنەوەکانی لە خۆگرتبوو. ئەو لە تەمەنی شەش ساڵیەوە، دەبوو یەکبینە هەموویان بنوسێتەوە بە کۆدی تابەت ئینجا مامۆستا ئەلکترۆنیەکە یەکسەرە مارکی دادەنا لەسەری.
کابرای میکانیکی خەندەیەکی کرد و سەرێکی خۆشیی لەقاند دوای ئەوەی تەواو بوو. بە دایکی مارجی وت: “خاتوو جۆنس، خەتای کچەکەت نیە کە ئەنجامی باشی نیە. وانەی جوگرافیاکە خۆی گرفتی خێرایی هەبوو. ئەم شتانەش هەندێ جار روودەدات. کەمێک هێواشم کردەوە بۆ تەمەنی دەوربەری دە سالی.بە گشتی پرۆگرامەکان ئێستا باش دەڕۆن بەڕێوە.” لەگەڵ ئەم قسانەدا دەستێکیشی هێنا بەسەر مارجیدا.
مارجی زۆر بێ تاقەت بوو چونکە ئاواتی دەخواست مامۆستا ئەلەکترۆنیەکە لە ماڵەوە چاک نەبوایەتەوە و بیان بردایە بۆ چاکخانە. چونکە جارێکیان مامۆستاکەی (تۆمی)یان بردبوو بۆ چاکخانەکە و دوای زیاتر لە مانگێک هێنایانەوە بۆی، بەشی مێژووەکەی تەواو خراپ ببوو. مارجی بە تۆمی گوت:”بۆ هەموو کەس لە بارەی قوتابخانەوە دەنوسێت؟.” تۆمی بە سەرسوڕمانێکەوە سەیرێکی کرد و پێ وت:” ئاخر مەتەبەکەیان لە هی ئێمە ناچێت هەی بێ عەقڵ. ئەوە جۆرێک لە قوتابخانە بووە کە سەدان سال پێش ئێشتا بوونی هەبووە.” بە دەنگێکی بڵند، بە وریاییەوە وشەیەکی گەورەی دەرپەراند “چەند سەدەیەک پێش ئێستا.”
مارجی کەمێک بریندار بوو، وتی:”ئاخر من چووزانم ئەوان چ جۆرێک قوتابخانەیان هەبووە چەندان ساڵ پێش ئێشتا.” کەوتە سەر خوێندنەوەی کتێبەکە و وتی:”ئەرێ بە راست مامۆستاشیان هەبووە.” تۆمی وەڵامی دایەوە، وتی:”بە دڵنایییەوە مامۆستایان هەبووە، بەڵام مامۆستای ئاسایی وەک ئێمەی نا بەڵکو ئەوان مامۆستای مرۆڤیان هەبووە.” مارجی بە حونەرێکەوە وتی:”چی! مامۆستای مرۆڤ؟ چۆن مرۆڤ مامۆستا بووە.” تۆمی وەڵامی دایەوە:”بەڵی، دەگەڵ خوێندکارە کچ و کوڕەکانیش دەدوا و پرسیاری لێدەکردن و هۆمۆرکیشی دەدانێ بۆ ماڵەوە.” مارجی هەر دەیگوت:”ئاخر مرۆڤ ئەوەندە عاقڵ بووە ببێ بە مامۆستا.” تۆمی یەکسەر بۆی سەندەوە و گوتی:” بە دڵنیاییەوە مرۆڤ زۆر عاقڵ بوون. ئێستاش باوکم وەک مامۆستاکەم (ماۆستا ئەلەکترۆنیەکە) شت دەزانێ.” مارجی گوتیەوە:”باوەڕناکەم. مرۆڤ هێندەی مامۆستاکەی ئێمە شت بزانێ.” تۆمی گوت:” بەڵێ پێم وایە ئەوەندەی مامۆستاکەمان دەزانێ.”
مارجی ئامادەیی ئەو جۆرە لە گفتوگۆی نەبوو. وتی” من حەزناکەم کەسێک بیتە ماڵەکەمان و دەرسم پێ بڵێتەوە.” تۆمی هاواری کرد بەسەریا و وتی “مارجی تۆ شت زۆر نازانی. مامۆستاکەیان لە ماڵەیان نەدەژیا لەگەڵیان، بەڵکو خانویەکی تایبەتی گەورەیان هەبووە و هەموو مندالەکان جوونە بۆ ئەوێ خوێندویانە.” مارجی وتی “هەموو مندالەکان یەک شت فێردەبوون؟.” تۆمی گوتی “بەڵی ئەگەر لە یەک تەمەندا بوونایە.” مارجی وتی:”بەڵام دایکم ئەڵی مامۆستا دەبێ ئامادەکرا و جێگیرکرابێت لە شوێنێک کە وانەی جیاواز بڵێتەوە و پڕ بە پێستی عەقڵی هەر کچ و کوڕێکی خوێندکار بێت.” تۆمی کەمێک گیڤ بووە و وتی:”ئەوان ئاوها نەیانخوێندووە و مامۆستاش ئاوها وانەی نەگوتۆتەوە. ئەگەر حەزت پیی نیە مەیخوێنەرەوە و تەواو.” ئەمە بەو مانایە نیە من حەزم پیی نەبێ، مارجی یەکسەر وەڵامی دایەوە و ئینجا کەوتە خوێندنەوەی ئەو قوتابخانە سەیروسەمەرانەی کتێبەکە باسی دەکات.
هێشتا نیوەی پەرتوکەکەیان تەواو نەکردبوو، دایکی مارجی هاواری کرد: “مارجی کاتی مەکتەبە.” مارجی وەڵامی دایەوە: “جارێ نا دایکە.” دایکی دیسانەوە هاوری کرد و وتی “ئەڵێم هەر ئێستا. هەروەها کاتی تۆمیشە دەبێ بروا.” مارجی چاری نەما و زانیتی هەر دەبێ بروات بە تۆمی وت:” دەتوانم دوای قوتابخانە کەمە کەمە لەگەڵتدا بیخوێنمەوە.؟” تۆمی شانێکی بە قنجی بۆ هەڵتەکاند و وتی: “بۆ نا.” بە دەم فیکە لێدانەوە کەوتە ڕێ و کتیبە تۆزاویەکەی خستە بن هەنگڵیەوە.
مارجی چوو بۆ ژووری قوتابخانەکە کە مامۆستا ئەلکترۆنیەکەی لێ دامەزراوە. رێک لە تەنیشت هۆدەی خەوتنەکەیەوە بوو. مامۆستای ئەلەکترۆنی کراوە بوو بۆ دەرس گوتنەوە لە کات و شوێنی خۆیدا، تەنها شەمموان و یەکشەموان نەبێت. دایکی پیی وابوو کچان دەتوانن باشتر فێر ببن ئەگر لە کاتی ئاسایی خۆیاندا بچنە ژووری قوتابخانەکەیانەوە. شاشەکە کرایەوە و دەڵێ: لە پرۆگرامکەمدا دانراوە کە ماتماتیک وانەی ئەمڕۆمانە. بۆ ئەوەی دەرەسەکەمان بە ابشی بروات تکایە (خانەخوێندن)ی هۆمۆرکی دوێنێ بخەرە شوێنی گونجاوی ناو کۆمپیوتەرەکە. مارجی بە بێ تاقەتیەکەوە دەستی بە خوێندن کرد، بەلام دڵی هەر لای ئەو شێوە قوتابخانانە بوو کە لە کتێبەدا باپیرە گەورەی باپیری باسی کردووە کاتێ منداڵ بوونە. ئەو کاتانەی مندالانی دەرودراوسێ کۆدەبوونەوە، قسانیان دەکرد و دەتریقانەوە، رۆژانە و لە یەک کاتدا بەیەکەوە دەچون بۆ قوتابخانە. تاوێک لە ناو گۆڕەپانی مەکتەبەکە بەزم و رەزمیان دەکرد و ئینجا دەچونە پۆلەوە و دواتر هەموان بە یەکەوە رێی مالەوەیان دەگرتەبەر بە قسەی خۆش و پێخەنینەوە. هەموان بە یەکەوە یەک شت فێردەبوون چونکە هەر کەسەو یارمەتی ئەوی تری دەدا لە شتێکدا گەر لایان قورس بوایە و ئەرکی خانخوێندنیش ئاسانتر دەبوو. لە هەمووی خۆشتر مامۆستاکان مرۆڤ بوون. لەو کاتەدا گڵۆپی مامۆستا ئەلکترۆنیەکە فلاشی دەکرد و دەیوت ئەم هاوکێشەیە بنوسەوە. مارجی ئاگای لە دەرس هەر نەمابوو بەڵکو هەر بیری لەوە دەکردەوە منداڵان جەندە کاتی خۆشیان بەسەر بردووە لە قوتابخانە. لە دڵی خۆیدا دەیگوت: ئای لەو خۆشیەی هەیانبووە!

نوسینی: ئیساک ئاسیمۆڤ




گۆڤاری کەلێن ژمارە 7

ناوه‌ڕۆك

وتار، ڕه‌خنه‌ و لێكۆڵینه‌وه‌:

چیرۆك:

مه‌له‌فی چیرۆك: چیرۆكی چیرۆكنووسانی باشووری كوردستان.

شیعر:

سینه‌ما:




هەڵەبجە ئازارێکی بەردەوام … هۆشیارجەمال

 لەگەرمی شەری هەردوو دەوڵەتی دراوسێ عێراق و ئێران لە لایەک، کە ڕۆژانە سەدان کەسی لە هەردوو دەوڵەت دەکردە قوربانی.هەروا ماڵوێرانی و نەهامەتی بۆ تاک بە کاتی هاوڵاتیانی هەردوو وڵات دەهێنا، لەلایەکی تریشەوە شەڕی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد لە باشوری کوردستان لەگەڵ حوکومەتی عێراق، کە لە لایەن سەدامی دیکتاتۆرەوە بەڕێوە دەبرا، کە بە هۆی ئەوەی بەشێكی زۆر لە سەرکردایەتی سیاسی ئەو کاتی کورد خوێندنەوەی وردیان بۆ دۆخەکە نەبوو.

هەربۆیە بوونە بەشێک لەو ململانێ و شەڕە سەختەی بۆ ماوی هەشت ساڵ بەردەوام بوو. هەربۆیە قەزای هەڵەبجە بە شێوەیەکی کاتی کەوتە دەست بەشێك لە هێزی پێشمەرگە، پاشان ڕژێمی سەدام بەشێوەیەکی دڕندانە کەوتە بۆردومانکردنی شارەکە بە چەکی کیمیای قەدەغە کراو. کە لەچەند خولەکێکدا زیاتر لە (٥) هەزار کەسی شەهید کرد و هەزاران کەسی تری بریندارکرد.
بریندارەکانی چەکی کیمیاوی، لەجیاتی چارەسەر لە نەخۆشخانەکانی عێراق، ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و وڵاتی ئێران کران. کەتا ئێستاش ژیانی بەشێک لەو برینداران و کەسوکاری شەهیدان لەژێر کاریگەری ئەو کیمابارانەی ئەو کاتدا ماوە.
ئێستاش کە (٣٢) ساڵ بەسەر کیمیابارانی هەڵەبجە دا تێپەڕێوە، سەرباری ئاوەدانی شارەکە و کردنی بەشێک لەپرۆژە خزمەتگوزاریەکان بۆ شارەکە. هەروەها کردنی شارەکە بە پارێزگا، بەڵام ئەو شارە برینێکی سارێژنەبووە، ئازارێکی بەردەوامە. چونکە خزمەتگوزاریەکانی هەر لەئاستی پێداویستیدا نین. ئەمە سەرەڕایی بوون بە پارێزگا هیچ سیمایەکی شاری پێوە دیار نیە. تەنها ناوە و لایەنە سیاسیەکانیش لەجیاتی خزمەتکردنی شارەکە لەڕێگای نوێنەرانیان لە حوکومەتەوە، شارەکەیان کردۆتە شوێنی ململانێی سیاسی و لەبەرانبەردا خەڵك قوربانی دەدەن.
هەروەها تائێستا حوکومەتی هەرێمی کوردستان نەتوانیەوە وا لە حوکومەتی عێراق بکات قەرەبووی کەسوکاری شەهیدان و بەرکەوتوانی چەکی کیمایی لەو شارە بکاتەوە.
سەربارەی ئەوەی حیزبەکوردیەکان لەزۆربەی وڵاتانی جیهان و ئەوروپا نوێنەرایەتیان هەیە و ساڵانە پارەیەکی زۆری بۆ تەرخان دەکەن. بەڵام وەک پێوست کاریان بۆ کەیسی هەڵەبجە نەکردوە بۆ ئەوەی لەسەر ئاستی جیهان وەک جینۆساید بیناسێنن.
بەبڕوای من ئەمساڵ بۆ خەڵکی هەڵەبجە هیمای خۆشحاڵیە! چونکە بەهۆی مەترسی کۆرۆناوە هیچ یادێک بەهۆی تێپەرینی(٣٢)ساڵ بەسەر کیمیابارانکردنی شارەکەدا ناکرێتەوە.
هەربۆیە ئەمەش وا دەکات کە نەکردنەوەی یادەکە هاوشێوەی ساڵانی ڕابوردوو، پارەیەکی زۆر نەخورێ و گەندەڵی تێدانەکرێت و دواتر بە خزمەت بەشارەکەی بفرۆشنەوە. هەروەها بەڵێنی گەورەی بێ ناوەڕۆک بەخەڵکی شارەکە نەدرێت کە دواتر بەدڵنیاوە هیچی لێ جێبەجی ناکرێت.




بۆچی دادگای باڵای تاوانەكانی عێراقی تاوانی كۆمەڵكوژی پێشمەرگەكانی گوردانی شوانی شاردەوە ؟ … عەلی مەحمود محەمەد

ر ش ر ناسراو بە ر ر سەركردەیەكی كۆمەڵە, سكاڵا لەسەر حكومەتی ئێرانی بەرامبەر بە تاوانی كۆمەڵكوژی 71 پێشمەرگەی گوردانی شوان لە چوارچێوەی تاوانی كیمیابارانی شاری هەڵەبجە لای دادوەری لێكۆڵینەوەی لقی سلێمانی دادگای باڵای تاوانەكانی عێراقی تۆمار دەكات لەسەر ناوی سازمانی كوردستانی حكا ناسراو بە كۆمەڵە” سكاڵاكە لای من پارێزراوە”, بە پێی وتەی وەرگیراوی سكاڵاكەر 60 پێشمەرگەی كۆمەڵە لە میانی تاوانەكە گیان بەخت دە كەن و 11ەش وەك دیل دەكرێن دواترلە زیندانی شاری سنە ئیعدام دەكرێن, كە بۆخۆی ئیعدام كردنی دیلی جەنگ تاوانێكی دیكەیە بە پێی رێكەوتنامەی جنێف, “پێشتر لە گەڵ دادوەری بەڕێزی ناوبراو ك ع ر گفتوگۆمان لەوبارەیەوە كردبوو وە زانیاری پێویستمان خستبووە بەردەستی”, ئەو تاوانە وەك كات و جوگرافاو ئەكتەرەكانی تاوانی هەڵەبجە دەچنە چوارچێوەی هەمان تاوانەوە, پاش وەرگرتنی وتەی ناوبراو لە چوار لاپەڕە بە ژمارەی ” 2202,203,2204,2205 ” لە دۆسیەی ئامادەكراو بۆ دادگای باڵای تاوانەكان , وەك سكاڵا خرایە ناو دۆسیەی تاوانی كیمیابارانكردنی شاری هەڵەبجەوە , دەبوایا لە كاتی دادگای دۆسیەی هەڵەبجە بەشێك بوایە لە پرۆسەی دادگاییەكە, لە كاتێكدا تاوانی ناوبراو بە پێچەوانەی تاوانی كیمیابارانكردنی شاری سەردەشت لەسەر زەوی عێراق و لە چوارچێوەی تاوانی هەڵەبجە لە روی جوگرافیاو كاتەوە روی دابوو,بە هەموو پێوەرێك دەبوایا سكاڵاكە پەسەند بكرابایا و بچوایەتە دەستوری كاری دادگاوە,كەچی بە پێچەوانە فەرامۆش كرا بەهۆی نا سەربەخۆیی و سیاسی بوونی خودی دادگاكەوە, تەنانەت نەك سكاڵاكەر بانگ نەكرا بۆ دادگا وەك هەموو سكاڵاكەرانی دی دۆسیەی كیمیابارانكردنی شاری هەڵەبجە لە كاتی دادگا , بگرە لە دۆسیەكە دەركراو وەڵامیش نەدرایەوە بە رەتكردنەوەش , لەوكاتانەدا بە دواداچوونم بۆی كرد بەڵام بێ هودە بوو, دیارە هەمان دۆسیە لە كاتی دادگایكردنی فرانس ڤان ئانرات لە وڵاتی هۆڵەندا كاك م ب م برد بۆلای داواكاری گشتی هۆڵەندا بۆ سكاڵاكردن لە كۆماری ئیسلامی ئێران لەوێش دۆسیەكەیان پەسەند نەكرد, بەهۆی بەرلێكەوتنی بەرژەوەندییەكانی هەردوو وڵاتەوە.

تاوانی شەهید كردنی پێشمەرگەكانی رۆژهەڵات ” كۆمەڵە , سوپای رزگاری و حیزبی دیموكرات..” لە كاتی ئەنجامدانی تاوانی هەڵەبجە, تاوانێكی نێونەتەوەییەو كات و شوێن ناتوانێت دۆسیەكە دابخات, لە هەر كات و شوێنێك دەتوانرێت بهێنرێتەوە بەر رۆژەف بۆ نموونە سكاڵاكردن لە دادگایەكی وەك وڵاتی ئەرجەنتین , ئەم تاوانە بەشێكە لە تاوانی هەڵەبجە و دەبوایا ئێستا ناوی ئەو قوربانیانە لە پاڵ ناوی قوربانیانی هەڵەبجە جوت بكرابایا لەناو مۆنمێنتی هەڵەبجە و هەمووشیان لە گۆڕستانە رەمزییەكە كێلی تایبەتی خۆیان هەبوایا, وەك ئەو پێشمەرگانەی لایەنە بەشداربووەكانی باشور كە لەو رۆژگارەدا گیانیان بەخت كرد, لە پێناو خەونە ناشرینەكانی سەركردەكانیان, هاوكات لایەنە بەشداربووەكانی شەڕی هەڵەبجە لە ” ینك, پدك, حسك, بزوتنەوەی ئیسلامی, مەجلس ئەعلاو حیزبی دەعوە..” , بە فەرمی داوای لێبوردنیان لێیان بكردبایا بەهۆی ئەوەی بێ ئاگاداركردنەوەیان خستیانیانە ناو جەهەنەمی شەڕەكەوە, بە تایبەت ” كۆمەڵەو رزگاری” بەهیچ شێوەیەك لە بیارە ئاگادار نركراونەتەوە لە شەڕەكە بە پێچەوانەی هەندێك بڵاوكراوەی هەندێك بەرپرسی باشور, وە پێویستە قەرەبووی كەسوكاریانیان بكرێتەوەو وەك شەهیدی هەڵەبجە لە روی قەرەبووی مەعنەوی مادی تۆمار بكرابانایاو مۆنمێنتێكیش

بۆ قوربانیانی رۆژهەڵات لە گۆڕستانی شەهیدانی هەڵەبجە دروست بكرابایا.

عەلی مەحمود محەمەدبەرواری 9-3-2006




کورتە چیڕۆکی – پاقلە … هاشم عەبدوڵا

ئەوەی لە بازاڕ دوکاندارەکان بێزار دەکا کەمفرۆشی و بێ موشتەریە ، بەڵام ئەوەی لە کتێبفرۆشی بێزاری دەکردم سیرەی پاقلە فرۆش بوو هەفتەی جارێک وەک مەندوب دوکانەکانی کتێب فرۆشی بەسەر دەکردەوە ئەو کتێبانەی خوێنەریان کەمبوو کتێبفرۆشەکان پێیان دەدا ئەویش بەکاری دەهێنا دەیکرد بە زەرفی قوچەکی و پاقلەی تێدەکرد بۆ کڕیارەکان تەنها من کتێبم پێ نەدەدا سەیرێکی دەکردم و کە دەیبینی گرنگی زۆر بە کتێبەکان دەدەم بە گاڵتەوە دەیوت “مامۆستا لێرە ئەوانەی قازانج لە کتێب دەکەن پاقلە فرۆشەکانن نەک نوسەرەکان” بەتامی پاقلەکەی ساردی دەکردمەوە لە توڕەیی .
دەمەو عەسرێک سیرە لە پێش دوکان بە دیارکەوتەوە داوای پاقلەم لێ کرد بەدەم پاقلە خواردنەوە خەریکی خوێندنەوەی پەڕە قوچەکیەکەی پاقلەکە بووم خوێندنەوەی سەرنجی ڕاکێشام هەستم کرد ئەم نوسینەم پێشتر خوێندۆتەوە سەیری کتێبی سەر عەرەبانەکەم کرد جگە لە پەڕەکەی نێو دەستم سێ پەڕی تری لێ بەکارهێنابوو
-“سیرە کام کتێب فرۆشی سەرخۆش ئەم کتێبەی پێدای؟”
سیرە سەیرێکی کتێبەکەی کرد
-لێرە نەمهێنا پیاوێکی پیر پێیدام .
ئەو ڕۆژە لە بری بێزارکردنم پرسیاری لە مێشکم دروست کرد سەرنجی ڕاکێشام چونکە کتێبەکە یەکێک بوو لە باشترین و پڕفرۆشترین ڕۆمان کە باس لە قارەمانێکی جەنگ دەکا توانویەتی لە جەنگ ڕزگاری بێت و بگەڕێتەوە نیشتیمان، وەک لێکۆڵەرێک کەوتمە پرسیارکردنەوە
-هەر ئاوا بە خۆڕای ؟

  • لە کوێ پێی دای؟
    سیرە کە خەریکی سەروبن پێکردنی پاقلە بوو ڕوی تێکردم
    -لە کۆڵانیک پێاوێکی شەل منداڵەکەی داوای پاقلەی کرد پیاوەکەش پارەی پێ نەبوو منیش دڵم پێی سوتا جێیەک پاقلەم بە خۆڕایی پێی دا پیاوەکە زۆر دڵی پێخۆش بوو سوپاسی کردم ڕۆشتەوە ماڵەوە هاتەوە کۆڵان ئەو کتێبەی پێدام .
    -سیرە ماڵەکە پێ دەزانیەوە؟
    سیرە سەیرێکی کردم وەک ئەوەی ماندوو بێ لەم پرسیارانە
    -بەڵی بەڵام بۆچی لات بۆتە موزوع و لێی دەکۆڵیەوە؟
    -سیرە ڕەنگە ئەو پیاوە بەستەزمانە کتێبی چاک و زۆری هەبێ با لە دەستمان نەچێ دەترسم لە بێ پارەییان هەمووی هەراج کا عەرەبانەکەت لێرە بە جێ بێلە لەلای دوکانەکەم خێراکە با بڕۆینە ماڵەکە.
    سیرە بە تکا لێکردنەوە
    -مامۆستا ئێستا زۆر ماندومە با بەیانی بچین.
    -دڵم مەشکێنە ئەو جارە ئیشم پێت بووە.
    هەرچی پارە هوبوو لە دوکانەکم هێنام سیرەم ڕازی کرد و بە پێشە خۆم دا ڕۆیشتین بۆ ماڵی پیرە پیاوەکە لە دەرگامان دا پیاوەکە دەرگای کردەوە سیرەی ناسیەوە بەخێرهاتنی کردین دانیشتبوین سیرە بەهۆی پێشەکەیەوە لەگەڵ منداڵان هاوڕێیە منداڵی پیاوەکە لەگەڵ سیرە قسەی دەکرد منیش لە ماڵەکەم دەڕوانی ماڵێکی زۆر بێ سەروبەر بوو هەژاریان پێوە دیار بوو هیچ کتێبێکیشم نەبینی بەخۆم نەوەستام و یەکسەر چومە سەر بابەتەکە
    -کتێبێکێم بینی تۆ بە سیرەت دابوو دیارە کتێب دەخێنیەوە مامە گیان؟
    پیاوەکە بەدەم پێچانەوەی جگەرەوە وەڵامی دامەوە
    -نەخێر من کتێب ناخوێنمەوە تەنها ئەو کتێبەشم هەبوو پیاوێک بەدیاری پێیدام .
    کە کتێب ناخوێنیتەوە بۆچی دیاری لەم شێوەیان بۆ هێنای پیاوەکا کێ بوو ؟
    -نازانم ئەفەندیەک بوو چەند ساڵێک لەمەو بەر زۆر دەهات بۆ ماڵەکەم دەی وت باسی ئەو نەهامەتیانەم بۆ بکە کە بەسەرت هاتوون لە جەنگ دا قەڵەمێک و دەفتەرێک لە دەست بوو هەر قسەیەکم دەکرد دەینوسیەوە گرنگیەکی زۆری پێ دەدام من پێموابوو فەرمانبەری حکومەتەو بۆ بەدواداچون و قەرەبوکردنەوە پاداشت کردنی لێقەوماوانی جەنگ هاتووە منیش هەموو ژیان و معاناتی خۆمم پێ دەوت دواین جار هات کتێبەکەی بە دیاری پێدام و بەگەرمی دۆقەی لەگەڵ کردم و پێ وتم جێگای شانازی بۆ وڵاتەکەمان کتێبەکەش هەر لە ماڵەوەم دانابوو هەستم کرد هیچ سودێکی بۆ من نیە بەو پاقلە فرۆشەم دا تا پاقەی تێبکا و سودێکی بۆ ئەو هەبێ .
    بە گرنگیپێدانێکی زۆرەوە گوێم لە پیاوەکە گرت پاش ئەوەی لە قسەکانی تەواو بوو سەیرێکی پیاوەکەم کرد لە بابەتەکە تێگەیشم حەوسەڵەی دانیشتنم نەما هەرچی پارەم پێ بوو بە پیاوەکەم دا پێم وت سەیرێکی کردم بە سەرسوڕمانەوە پێم وت
    -تکایە بەبێ ئینکاری کردن وەری گرە هەمومان لەم نیشتیمانە قەرزاری ئێوەی قارەمانین.
    بە سیرەم وت “درەنگە ئێوارە هات بابڕۆینەو”خواعافیزیمان لە پیاوەپیرکە کرد و لە ماڵەکە هاتینە دەرەوە لە ڕێگا بیرم لای چیڕۆک نوسی بەستەزمان بوو کە هەوڵی دابوو واقع بنوسێتەوە لە ڕێگەی نوسینەوە ناتوانی پاڵەوانەکان لە مەینەتی دەربهێنی بە هەموو هەستناسکیەوە هەوڵبدەی لە دەرون و خولیاو ئاواتەکانیان ناگەی ئەوەی قارەمانەکە دیویست ستایش و ناوبانگ نەبوو،بە درێژای ڕێگای گەشتنەوە بازاڕ بیرم لەمە دەکردەوە گەیشتینەوە بەردەم دوکانەکە سیرە چوە لای عەرەبانەکەو کتێبەکەی دەست دایە سەیرێکی کردم ویستی کتێبەکەم پێبدا ئەو چەند پەڕەی کە لە کتێبەکە لێکرا بۆوە هەستی جوڵاندم کە لەبنەڕەتدا ئەم کتێبە چەند پەڕێکی کەمە بیرۆکەی ئەوەی لا دروست کردم کە پێویستە کۆتاییەکی جوانی بۆ دروست بکرێ پێویستە قارەمانەکە لە کۆتایی دا دڵخۆش بەدیارکەوەی بە سیرەم وت ” بوەستە نەڕۆی” چەند کتێبێکی ڕۆمانوسی ئەفەندیم لە دوکانەکەم دا هەبوو بە سیرەم دا بۆ ئەوەی بۆ پاقلە فرۆشی بەکاری بێنێ هیچ پارەیەکم لێ وەرنەگرت لە بری پارە داوام لێکرد هەموو ڕۆژێک بە خۆڕایی پاقلە بدا بە منداڵی پیاوەپیرەکە .



هونەری کۆلاژ، مێژوو .. تەکنیک .. ئەزموون … نووسینی نەژاد عەزیز سورمێ

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن ….




گووتاری پۆپۆلیستی و خەونی بچوکی ڕۆشنبیرانی کورد … ستیڤان شەمزینانی

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن …..




رۆشـنبـیری راسـتی کـێیە؟ … رەزا شـوان

لە دەستپێکی ئەم نووسینەدا، پێویستە ئەوە بڵێین کە رۆشنبیری پێویستی بە بڕوانامەی ماستەر یا دکتۆرا یا نومرەی باڵا نییە.. ئەوە ناگەیەنێت ئەوەی بڕوانامـەی نەبێت، ئیـتر رۆشنبیر نییە.. رۆشنبیری بە پسپۆرییەکی دیاریکـراوەوە نەبەستراوەتەوە، کە پێویستە بیکەی بە پسپۆریت بۆ ئەوەی ببیت بە رۆشـنبیر.. پێویستە بـزانین کە رۆشـنبیر کێـیە؟

هەر نەتەوەیەک لە نەتەوەکانی جیهان دەتوانێت مامۆستا، پزیشک، ئەندازیار، ئەفسەر، پیشەکـار لە هەمـوو بوارەکـانی زانیـاریـدا دروسـت بکـات.. بەڵام ناتـوانێت بە ئاسـانی نووسەرێک یا شاعـیرێک یا رۆشـنبیرێک یا هـونەرمەنـدێک دروسـت بکـات. چونکـە ئەم پیشەسازییە، بریتییە لە بەهـرەی خۆڕسکی، کە لەگەڵ مـرۆڤـدا لەدایک دەبێت. بە درێژایی رۆژگاریش ئەم بەهـرانەی گەشەدەکات.. بەهـرەمەندان دەبنە خاوەی خەیاڵ و بـیرۆکە و داهـێنان و بەخـشـین.. تا دەگـەنە پلـەی رۆشـنبـیری.
ناتوانین وشەی یا زاراوەی”رۆشنبیری” بخەینە پاڵ هەرکەسێکی فێربوو و خوێندەوار،
یا هەرکەسێکی خاوەن بڕوانامەی بەرز و باڵا و بڕوانامە بکەین بە پێوەر بۆ رۆشـنبیر، یا هەرکەسێک چەند پەرتووکێکی خوێندەوە، یا هەرکەسێک هەشت نۆ بابەتی نووسی و بڵاویکـردەوە، یا هـەرکەسـێک لە سێ و چـوار دیـداری تەلـەفـزیـۆنیـدا دەرکەوت.. ئیـتر بە رۆشـنبیر نـاوی بەریـن.
رۆشـنبیری راسـتی، پێویستی بە کۆمەڵێک مەرج و خەسڵەتی رۆشنبیرییە.. خوێنـەران و خەڵکـیش لە میـانەی بەرهـەمە رۆشنبیرییەکـانی و داهـێنانەکانی و رەفـتارەکـانییەوە، بڕیـاری ئەوە دەدەن کە ئەو کەسە شایـەنی ئەوەیە کە بە رۆشـنبیر ناوزەنـد بکـرێت، یا بە کۆڵکەرۆشـنبیر یا بە نـاڕۆشـنبیر ناوبـبرێت.
بەداخـەوە کە لە ئەمـڕۆدا لە کوردسـتانـدا، بـە راسـت و بـە چـەپـدا وشـەی رۆشـنبـیری دەبخـشێننەوە.. خـراوەتە پاڵ ناوی چەندین کەسانی هیچ لەبار، کە هەموو شتێکن بەس رۆشـنبـیرنین، سێ شەو و سێ رۆژ لە مەنجەڵێکـدا بیان کوڵـێنن، دڵۆپێک رۆشنبیرییان لـێنایـەتە بەرهـەم.
هەر کاکێک، کۆمەڵێک پەرتووکـی خوێندەوە و لە سێ دیمانەی تەلەفـزیـۆنیدا دەرکەوت و هـەشت نـۆ قسەی بـاق و بـریـقی کرد و چەنـد درۆیـەکی شاخـداری هـەڵـڕشت، چەنـد
چەنـد نووسراوێکی کـرچ و کـاڵی بڵاوکـردەوە، لە دوو کـۆڕێکـدا بەشـداری کـرد.. ئیـتر خۆی بە رۆشنبیر ناودەبات. هـێندەش فـیزل و لەخۆبایی دەبێت، ئەفلاتوون و ئەرستۆ و پـیرەمێردیش بە شاگردی خۆی نازانێت.. ئا ئەمەیە پەتـای رۆشـنبیری لە کوردستانـدا.
رۆشـنبیری راستی ئەو کەسەیە، کە توانا و بەکگراوندێکی رۆشنبیری باشی هـەیە. بە هەموو واتای وشەکەوە، کەسێکی نوێخواز و گۆڕانخواز و داهـێنەرە. توانای داهێنانی رۆشـنبیری هـەیە.. کەسێکە کە خـووی بە خوێنـدنەوەوە گـرتووە، خوێندنەوە بووە بە بەشێک لە ژیانی.. بێ دابـڕان بابەتی هەمەجۆرە دەخوێنێتەوە. بە شێوازێکی راسـت و دروستیش سوود لە و زانست و زانیارییانە وەردەگرێت کە دەیانخوێنێتەوە. بە وردیش لێکدانەوەیان بۆ دەکات، بە شـێوازێکی لۆژیکـیش سەرنـج و روانینی خۆشی لە بارەی ناوەڕۆک و بیرۆکەکانی بابەتەکانەوە دەردەبڕێت. هەستیش بەوە دەکات کە رۆشـنبیری ئاسۆ و سنوورێکی دیاریکراوی نییە.. بەڵکو رۆشنبیری کانییەکی ئاو زوڵاڵی هەمیشە خـوڕە و لەبـەری دەڕوات و لـێـیدەخـورێتەوە و وشـک ناکـات.
رۆشنبیری راستی، کەسێکی هۆشیارە و ویژدان زیندووە، خاوەنی هەڵوێست و بیر و را و بۆچوون و تێڕوانینی خۆیەتی.. بڕوا و متمانەیەکی زۆریشی بە تواناکانی خۆی هەیە.
ئاگـاداری پێشکەوتن و گۆڕانکارییەکانی سەردەمەکەیەتی.. ئاگـاداری ئەو بـارودۆخـەیە کە گەل و نیشتمانەکەی پـێیداتـێدەپـەڕێـت.. رۆشـنبیری راسـتی، کەسێکی تـوونـدرەو و کەللـەڕەق و دەماگیر نییە، خۆی ناسەپێنێت، کەسێکی کـراوەی میانـڕەوە، بیرفـراوان و قـووڵە. رێـز لە را و بیرۆکە و بۆچوونی جـیاوازی کەسانی تر دەگـرێت.. بە شێوازێکی لـۆژیکی و دروستـیش رەخـنە دەگـرێـت و هـەستی کەسیش بـرینـدار نـاکـات.. کەسـێکە هەموو بیرۆکەکان دەخوێنێتەوە، گوێ بۆ هەموو راو و تێڕوانینێکی جیاوازیش دەگرێت. هەموو ئەو بابەتانەش کە دەیانخوێنێـتەوە یا گوێی لـێانـدەبێت، بە وردی شیان دەکاتەوە و لـێکـیان دەداتـەوە و بیـر و را و روانیـنی تایبەتی خـۆی لەبـارەیانـەوە دەبێـت.

رۆشنبیری راستی، کەسێکئ ئازادە و خاوەن هەڵـوێست و پـرەنسپێکی نەگۆڕە، ناچـێتە ژێر رکـێفی ئایـدۆلـۆژیایەکی تەسکی سنووردار و لایەنـداری داخـراوەوە، کە نەتـوانێت سنوور ببەزێنێت و نەتوانێت بە ئازادی گوزارشت لە را و بۆچوونەکانی بکات.. ئازادی بۆ رۆشنبیر، فاکتەرێکی پێویست و گرنگە، چونکە رۆشنبیر بەبێ ئازادی رۆشنبیر نییە و ناتوانێت بە راستی و راشکاوی گوزارشت لە هـیوا و خەون و بـڕوا و پرەنسیپەکـانی بکات.. رۆشنبیر لە میانەی ئازادییەوە، ئاسۆکـان لە بەردەمـیدا واڵا دەبنەوە و کـەش و هەوایەکی گونجاویشی بۆ داهێنان بۆ دەڕەخسێت، بۆ دەربڕینی ئەوەی کە لە ناخی دایە.
بـوونی ئـازادی و دیموکـراتی و بـوونی سەقـامگـیری سیاسی و ئابـووری و ئـارامی و ئاساییش، فـاکتەری سەرەکین و پاڵـنەر و هانـدەرن بۆ ئـەوەی رۆشـنبیر بەبێ تـرس و چەکـەرە گـوزارشـت لە هـزر و لە بۆچـوون و بیرۆکەکـانی بکات.
رۆشـنبیری راسـت، کوردسـتان پـەروەرێکی دڵسـۆزە، لە ئـاستی کـێـشە و ئـازارەکـانی نەتەوەکەیدا.. بێلایەن نییە و دوورەپەرێز راناوەستێت و نابێت بە تەماشاکەر. بەڵکو بە پێچەوانەوە، خۆی بە رەنگ و دەنگی گەلەکەی دەزانێت و سەرسەختانە داکۆکی لە مافە رەواکانی دەکات، لە دووتـوێی هـزر و بیـریدا، کێشەکـان و خەم و ئـازارەکانی گەلـەکەی لەکۆڵ کردووە.. بە ئەوپەڕی توانایەوە خەبات دەکات و دەجەنگێ.. خاوەنی پرۆژەیەکی رۆشـنبیرییە بۆ هـۆشـیارکـردنەوە و بۆ راپـەڕینی گەلـەکـەی لە نـەزانـین و دواکـەوتن چەوسانـەوە و وژێـردەسـتی، لە خـەو رایـان دەپـەڕێنـێت و بـەرەو ئـازادی و رزگـاری پێـشیان دەکەوێت و دەبێـتە هەڵگـری پەیـامێکی پیـرۆز، دەبێتە باڵـێۆزی نەتـەوەکەی و پێشێلکارییەکـان و تاوانەکـانی داگـیرکەرانی کوردستان بە گـەلانی جیهـان دەگـەیەنێت.
رۆشـنبیری راسـتی، هـەرگـیز سـازش لەسەر پـرەنسیپەکـانی ئـازادی و دیمـوکـراتی و دادپـەروەری و یەکسانی و مافـەکـانی مـرۆڤ ناکـات.. ئـازا و دلـێر و چاونەتـرسە، لە چاوسوورکـردنەوە و هەڕەشەی داگیرکەرانی کوردستان و دەسەڵاتـدارانی خۆسپـێن و ستەمکـاران سڵـناکـاتەوە.. ئامادەشـە کە بـاجـی ئـەم هەڵـوێسـتانـەی بـدات.
چاو لە گەندەڵی و لە دزینی سامانی گەلەکەی و لە پێشێلکارییەکان ناپۆشێت و بێـدەنگ نابێت، هەردەم دژی پێشێلکارییەکانی مافەکانی مـرۆڤ و ژنـان و منداڵان دەوەستێتەوە. پەردە لەسەر تاوانەکان و کارە دزێو و قێزەوەنەکان هەڵدەماڵێت و رسوا و شەرمەزاری تاوانبـاران دەکـات و نەفـرەت بـارانیـان دەکـات.
رۆشـنبیری راستی، لەوانـەیە کە کۆمەڵگـەکەی بە یاخی بـوو لەو راستییەی هـەیە و لە سەردەمەکەی بزانن، کۆمەڵگە بە وشکی رەفتاری لەگەڵـدا بکەن و یان گاڵتەی پێبکەن، لەوانەیە بە هۆی بیـرۆکە دژە باوەکانییەوە، یا وەستانەوەی لە دژی ئەو نەریتە بۆماوە بەسەرچوانـەی کۆمەڵگەکەیەوە، لۆمە و نەفـرەتیشی بکەن.. بەڵام رۆشـنبیری راســت بە رەخنەگـرانی زۆر و بە کەمی لایەنگـرانی کاری تێناکەن، گـرنگ بەلایـەوە شکانـدنی بەستەڵەک و گەیانـدنی ئەو پەیـام و ئەو بیرۆکانـەیەتی، کە بەرە و گـۆڕان و داهـێنان و هـێنانەدی داهـاتوویەکی باشتر بۆ کۆمەڵگەکەی ئاراستەیان دەکات.. چونکە رۆشـنبیری راست و هۆشیار، خۆی بە ویژدان و بە ئەقـڵی نەتەوەکەی دەزانێت، کە هەست بەوەش بکات کە هـەڕەشە لەسەر مافەکانی گەلەکەی هەیە و کۆمەڵگەکەی سەرکـوت دەگـرێت، دەستەوەستان و بێدەنگ و بێهەڵویست نابێت.. رۆشـنبیری راسـت هەڵگـری راستییە لە رووی زۆرداریـدا.. هەڵگـری چـرایە لە تارێکـیدا.. خەنجەرێکە لە رووی ناڕەواییـدا.
رۆشـنبیری راسـتی، نابێـت خـۆفـرۆش و قەڵـەمـفـرۆش و بەکـرێگـیراوبێـت، بۆ پـارە و گیرفـان پـڕکردن و پارووی چـەور و دەستکەوتی تایبەتی، خۆی بدۆڕێنێ و راستییەکان هەڵبگێڕێتەوە، لە ئاستی ستەم و زۆرداری و تاوانەکانی تاوانباران و گەنـدەڵی و دزی و پێشێلکارییەکانی دەسەڵاداران، خوی کوێر و کەڕ و لاڵ بکات و پشت لەگەلەکەی بکات.
یا ببێت بە تەشیڕێس و شان تەکـێن و پیڵاودانـەری دەسەڵاتـداران، ببێت بە زوڕناژەن و چەپڵەلـێدەری گەندەڵکاران و مافـیا و دزەکـانی سامانەکانی گەلەکەمان، ستایشیان بکات و بە بە نـاڕەوا بە شـان و باڵـیانـدا هـەڵـبـدات.. مامەحـەمـەییان لەبـەردەمـدا بکـات.
تا ئەمـڕۆش کۆمەڵـگەی کوردیمان، بە دوای ئەو رۆشـنبیرە راسـتی و دڵسۆز و ئـازا و هۆشیارانەدا دەگەڕێـت ـ کە زۆر کەمـەن ـ تا چـرای رۆشنبیری کوردی بەرزبکەنەوە و پێشی جەماوەری گەلەکەمان بکەون و ببن، بە دەنگ و رەنگی راستی کورد. لە رێگای زانسـت و زانیـاری و هـزری نـوێ و داهـێنانەوە، نوێخوازی و گۆڕانکاری ئەنجام بدەن و کۆمەڵگـەی کوردیمان راپـەڕێنـن و پێـشی بخـەن.. مـژدەی بنـیادنـانی داهـاتـوویـەکی گەشـتر بۆ کـورد و کوردستان رابگـەیـەنـن.
میللەتەکەمان چـۆن دەتوانێت راپەڕێـت و لە شکـستی هەڵـبسێتەوە و لە چەوسانەوە و کوێـرەوەری ونەهـامەتییەکانی و لە پەرتـەوازەیی و ململانـێی حـیزبە دەسەڵاتـدارەکان رزگـاری بێت.. گەر رۆشـنبیرانی هـۆشیار و دڵسۆز و کوردستان پەروەری بە راسـتی نەبنـە رابـەری راپـەڕین و بە چـرا هـەڵگـری رۆشـنبـیری.
لە ئەمـڕۆدا، دەسـەڵاتـدارانی کوردسـتان و بەرپـرسانـی بـاڵای پـارتـە سـیاسیـیەکـان لە کوردسـتانـدا، بەپێی بەرنامەیەکی داڕێـژراوی لە بەرژەوەنـدی خۆیان و بنەماڵەکـانیان، بۆ قورخکردن و خۆسەپاندن و درێژەدان بە مانەوەیان لە دەسەڵاتـدا.. پارەیەکی زۆری میللـەتەکەمـان بـۆ کـڕینی رۆشـنبیران و کۆڵـکە رۆشـنبـیران و نووسـەران و میـدیـا و راگـەیانـدنی بەکـرێگـیراو لە پـارەی گەلەکـەمان خـەرجـدەکـەن.. بۆ ئـەوەی بە شـان و باڵیانـدا هەڵـبدەن و سـتایشیان بکەن، وەکو کەسی شـیاو لە شـوێنی شـیاودا بیـاناسن و رەوایـی بە دەسەڵاتـیـان بـدەن و بیـانخـەنە سەرووی یاسـاوە.. لە کاتـێکـدا کـە ئەمـانە کەسانی نەشیاون و شوێنی شیاویـان قورخکـردوون.. کۆمەڵێک کەسانی فـشۆڵی هـیچ لەبـارن.. ئەم کۆڵکە رۆشـنبیر و نووسەرانە، رۆڵێکی ناپاک و قـێـزەوەنیـان هـەیە. لە پاڵپشتیکـردنی ستەمکـاران و گەنـدەڵکاران و دزەکـانی دەسەڵات.. بـوونـە بەشـێک لە ئـەوان و بە بەشـێک لە تاوانـەکـانیان دەرهـەق بە گەلـەکەمـان.
پێـم وایـە، جاشی قەڵەمفـرۆش زۆر ناپاکتر و مەترسیدارترە لە جاشی چەکهەڵگـرتوو.
خوێنەرانی دڵسۆز و کەسانی هـۆشیاری گەلەکـەمـان، دەتـوانن بە ئاسانی رۆشـنبیرانی راسـتی و دڵسـۆز لە رۆشـنبیرانی درۆزنـە و خـۆفـرۆش و بەکـرێگـیراو جـیابکـەنەوە.
لە کۆتـاییـدا حەزدەکـەم ئـەوەش بڵـێـیـن، زۆرم پـێخـۆشـە کە گـەلی کـوردمـان ببـێت بە خـاوەنی هـەزاران رۆشنبـیری راستی و دڵـسۆز و پـاک.. بـەڵام ئـەوانـەی پێـیان دەڵـێن رۆشـنبـیر، کە بە راسـتی رۆشـنبیربـن و لە ئاستی پیـرۆزی ئـەم وشەیـەدابـن و بـزانـن کە چ بەرپرسـیارێتیـیەکی گرنگ و چارەنووسازیـان بەرانبەر بە ئەمڕۆ و بە داهـاتووی کورد و کوردسـتان لە ئەستۆ دایە.. پێـویستیشە بە کرداری و بە ئەنجامیش رۆشـنبیری و دڵسـۆزی خـۆیـان بسەلـمێـنـن.

رەزا شـوان
نەرویـج: ١٥/ ئـادار/ ٢٠٢٠




كۆڕۆنا و گه‌نده‌ڵی … ئاری زێندینی

     

 حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گه‌نده‌ڵی و بێباكیه‌كه‌ت  بێتام و عه‌یب بووه‌ به‌ڵام له‌ سایه‌ی حوكومداری تۆ وشه‌ی عه‌یبه‌ش عه‌یب نیه‌, زۆر ترسناكتری له‌ په‌تای كۆڕۆنا كۆڕۆنا په‌تاییه‌كه‌ دێت و ده‌ڕوا ململانێی ژیانه‌ له‌سه‌ر زه‌وی هه‌روه‌كو په‌تایه‌كانیتر سروشتییه‌ ! وا مه‌زانه‌ له‌به‌ر كۆڕۆنا تۆمان له‌ یاد نییه‌ له‌ ناو قه‌بریش تا چل رۆژیش گۆشتمان نامێنێ هه‌ر باست ده‌كه‌ین  تۆ به‌و هه‌موو شان و شه‌وكه‌ت و ناوبانگیه‌ به‌ درۆ و ده‌له‌سه‌ ناتوانی منێكی هاوڵاتی و مامۆستا ڕازی بكه‌ی كه‌چی  غه‌درمان لێده‌كه‌ی , له‌ شاییدا له‌ زه‌ماوه‌ندا له‌ شین و ڕۆڕۆ له‌ سه‌ره‌ مه‌رگ و ئاویلكه‌دان و شه‌و تا ڕۆژ ده‌بێته‌وه‌ هه‌ر تۆم له‌ بیره‌ ئه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان .

له‌ په‌تایی كۆڕۆنا هه‌ر مه‌جال وه‌رده‌گری ئه‌ی زاڵم چه‌ندی پێت بكرێت مووچه‌ دواده‌خه‌ی به‌س بزانم تۆ چیت به‌ چی خۆت دا هه‌ڵده‌ڵێی , ململانێی ئێمه‌ و تۆ زۆر سه‌ختره‌ له‌ په‌تای كۆڕونا , ده‌رده‌سه‌ری پاشه‌كه‌وتی مووچه‌ و دواكه‌وتنی مووچه‌ سه‌رباری كه‌می خزمه‌تگوزاری و نه‌دانی نه‌وت و بێ‌ قانوونی له‌م هه‌رێمه‌ , كۆڕۆنا له‌ سه‌رووی 28پله‌ گه‌رمی نامێنی و بێهێز ده‌بێت به‌ڵام تۆ له‌سه‌رووی 100پله‌ی گه‌رمی فه‌هره‌نهایه‌تی به‌هێزتر ده‌بیت به‌رامبه‌ر فه‌رمانبه‌ران و مامۆستایان و خه‌ڵكی كه‌مده‌رامه‌ت , ده‌توانم و ده‌زانم خۆ بپارێزم له‌ كۆرَۆنا به‌ڵام نازانم چۆن خۆم له‌ تۆ نه‌جات بده‌م و قورتاركه‌م , پێوستم به‌ ڕێنمایی تۆ نیه‌ ده‌زانم به‌ پاره‌ومووچه‌ی من ده‌ژی و چاكه‌ ده‌كه‌ی ساڵت كردۆته‌ نۆ ( 9 ) مانگ سێ‌ مانگ مووچه‌ی خه‌ڵك بۆ خۆت پاشه‌كه‌وت ده‌كه‌ی پڕۆژه‌ی پێ‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ی ئه‌وه‌ مناڵیش ده‌زانی وه‌ڵلا عه‌یبه‌ . تۆ بوی به‌ په‌تا په‌تای (لوتكه‌ی گه‌نده‌ڵی ) له‌ هیچ كونجی ئه‌و دونیایه‌ شتی وا نییه‌ ! ڤایرۆسی كۆڕۆنا هه‌ناوولوت و قورگمان ده‌گری به‌ڵام تۆ هه‌موو گیانمان گرتووه‌ تۆ له‌ ناو ماڵه‌كانیشمان وازمان لێناهێنی مناڵی سێ‌ ساڵه‌ش ده‌زانی تۆ (45 ) رۆژ مووچه‌ ده‌ده‌ی چونكه‌ حه‌فازه‌ودایبی دوو جار به‌كاردێت . په‌تایی تۆ هه‌رچوار وه‌رزه‌ نه‌ك یه‌ك وه‌رزی تا سه‌د ساڵیتر زانستی پزیشكی هاوچه‌رخ ناتدۆزێته‌وه‌ ! ڤایرۆسی كۆڕۆنا ( كۆڤید 19 ) مناڵ و ته‌مه‌نه‌كان ناگرێته‌وه‌ به‌ڵام تۆ هه‌موو ته‌مه‌نه‌كان ناپارێزی زاڵم , مردن به‌ كۆڕۆنا كۆتایی به‌ژیانی مرۆڤ ده‌هێنی به‌ڵام مرۆڤه‌كان له‌ هه‌رێمه‌ ده‌مرن هێشتا زوڵم و خه‌فه‌ت و شایسته‌ دارایی و پاشه‌كه‌وت و پله‌به‌رزكردنه‌وه‌ هه‌ر بۆ نه‌گه‌ڕانده‌وه‌ بێ‌ شه‌رم بڕۆ ده‌بڕۆ بازرگانی نه‌وت و گه‌نمی له‌ ده‌ره‌وه‌ بهێنه‌ بیدا به‌ به‌ غدا قوڕبه‌سه‌ر جوتیاری فه‌قیر بكه‌ چ نه‌مایه‌ نه‌كه‌ی گه‌ر تۆ نیی ئه‌ی بۆ ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ نیه‌ كه‌ له‌ ڤایرۆسی كۆڕۆنا خراپترن . هه‌موو كات و وه‌ختێك تووشی باروو دۆخیك ده‌بی داوای هاوكاری له‌ خه‌ڵك و خه‌ڵكی ده‌وڵه‌مه‌ند و وڵاتان ده‌كه‌ی ئه‌ی به‌ خۆت چیت به‌س مژولی خه‌وتن و خواردن و ڕابواردن و كه‌یف و سه‌فایی , نه‌ ئیمانم به‌ تۆیه‌ نه‌باوه‌ڕم به‌ تۆیه‌ هه‌تا دونیا مایه‌ ئه‌وه‌ بڕیاڕی خۆمه‌وقه‌ناعه‌تی خۆمه‌ پێویستم به‌ كوردبوون و كوردایه‌تی نییه‌ چونكه‌ جه‌نابت هه‌ند دیموكراتی فه‌رقی من و عه‌ره‌ب و به‌نگلادیشی نییه‌ له‌م هه‌رێمه‌ ! ئه‌گه‌ر باسی كوردایه‌تی و كوردبوون ده‌كه‌ی پاشه‌كه‌وت و مووچه‌ی ته‌واو و دوانه‌كه‌وتن و پله‌ به‌رزكردنه‌وه‌وشایسته‌ دارایه‌كان بگه‌ڕێنه‌وه‌ به‌ڵام تۆ خه‌ڵكت وا په‌روه‌رده‌كردووه‌ كه‌ باسی مووچه‌ بكه‌ی به‌ ده‌رۆزه‌كه‌ری له‌ قه‌ڵم بده‌ی و فشه‌ت پێ‌ دێ‌ ( 26) مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانت لایه‌ به‌ سه‌ر بڵندی ده‌ڵێی ده‌بێت به‌غدا بیداته‌وه‌ ئه‌وه‌ چ سه‌ر ئێشه‌یه‌كه‌ فه‌رمانبه‌ر تووشی ده‌بێت . حكومه‌تی هه‌رێم به‌ خوای كه‌س تۆی خۆش ناوێ‌ چونكه‌ هه‌ڵبژاردن به‌ خۆت ده‌یكه‌ی قه‌ڵه‌می لێده‌ده‌ی و ده‌نووسی , نه‌وت و بایع و ئازوخه‌ومووچه‌وداوده‌رمان و ده‌رزی ئه‌نسۆلین و پاره‌ی هه‌ندێك له‌ فه‌رمانبه‌رانت و نیوه‌ی فه‌رمانبه‌رانت له‌ به‌غداوه‌ بۆ دێت بابزانم ئازایه‌تی تۆ چیه‌ ناتوانی گه‌ڕكێك ئاوه‌دان بكه‌یه‌وه‌ ئاو كاره‌باوقیرتاوبكه‌ی هه‌ر ده‌ڵێی بوودجه‌ نیه‌ ئه‌ویش هه‌ر به‌ غداد بۆ واز له‌ به‌غداد ناهێنی بێ‌ به‌غداوبارودۆخی نێده‌وڵتی و هاوپه‌یمانان نه‌بێت یه‌ك مانگ ناتوانی خه‌ڵك به‌ڕێوه‌ ببه‌ی ! ئه‌وه‌ چ حوكمڕانیه‌كه‌ ئه‌فسانه‌یه‌ خورافه‌یه‌ یان تابلۆیه‌كی سوریالییه‌ , تۆ ناهێلی بایكۆت و خۆپیشاندان بكه‌ین و گردبوونه‌وه‌ ئه‌نجام بده‌ین مه‌جبوورین به‌ نووسین ناخی خۆمان ده‌ڕببڕین چونكه‌ گه‌نده‌ڵیه‌كه‌ت به‌ره‌وه‌ ئه‌وه‌ ده‌چێت ببیت به‌ دزی ناوێرم بلێم دزی ! به‌سه‌ ئیتر پیاوی چاك به‌ ده‌ستنوێژهه‌ڵگره‌و روو له‌ قیبله‌ دوعای چاكه‌وكاری چاكه‌ ئه‌نجام بده‌ نه‌ك چاكسازی به‌ قسه‌ پاشه‌كه‌وت و مووچه‌ ریكبخه‌وه‌ ئه‌گه‌ر نا به‌ته‌مای چوونه‌ هه‌ڵبژاردن له‌ من و له‌ كه‌سانیتر مه‌كه‌ ئه‌ی چۆن من هاوڵاتی گرنگم یه‌ك ده‌نگ بۆ هه‌ڵبژاردن به‌ خۆت ناڵێی یه‌ك ده‌نگ كاریگه‌ری هه‌یه‌ .
زۆر عه‌یبه‌ بۆ منی هاوڵاتی و ئه‌گه‌ر به‌ كوردم ده‌زانی خۆشگوزه‌رانم نه‌كه‌ی مه‌خسه‌دم ئه‌وه‌ی مافی مرۆڤ هه‌یه‌ له‌م هه‌رێمه‌ نیه‌ سفڕه‌ , كاروچاكسازی و كرده‌وه‌كانت هه‌موو كاتی و به‌نج و پینه‌وپه‌ڕیه‌ تا قیامه‌ت ئه‌وه‌ ئیشته‌ ! ده‌شزانم ئه‌و قسانه‌ی من به‌ وڕێنه‌ حیساب ده‌كه‌ی هه‌روه‌كو چۆن قسه‌وڕێنمایی و چاكسازیه‌كانت لای خه‌لكی وڕێنه‌ و لای لاییه‌ بۆ مناڵێكی ناو بێشكه‌ , بڕیاڕم داوه‌ هه‌تا مردن به‌وشێوه‌ باست بكه‌م به‌تایبه‌تی ئه‌و (48) كاتژمێره‌ی باری نائاسایت ڕاگه‌یاند له‌ ماڵه‌وه‌ زیاتر گه‌نده‌ڵیه‌كانت به‌دیاربكه‌وێت ئه‌و به‌رواره‌ی ئه‌و وتاره‌ ده‌نووسم تاكو ئێستا ئه‌و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌ ( 26) مووچه‌ و ملیۆنه‌ك و نیو دینار جیاوازی مووچه‌ و ئه‌مساڵیش ( 2020) به‌ ( 40) ڕۆژ مووچه‌ دابه‌ش ده‌كات , وه‌ی لێهاتیه‌ ئه‌وه‌ی پیاوبی به‌ ناپیاوی دابنێن و ئه‌وه‌ی مه‌رد بی به‌ نامه‌ردی دانێن و ئه‌وه‌ی عاقڵه‌ به‌ شێتی دانێن ئه‌وه‌ی داوای مووچه‌ بكات به‌ ده‌رۆزه‌كه‌ری دانێن ئه‌وه‌ی داوای خۆپیشاندان بكات به‌ خائینی دانێن, وه‌ره‌ (30 ) سی ساڵ حوكمڕانی بكه‌ی كه‌س تۆی خۆش ناوێ‌ به‌و هه‌موو پاره‌وترسه‌ی ده‌ده‌نه‌ خه‌ڵكی ئه‌و هه‌رێمه‌ , كۆڕۆنا زه‌ڵاته‌یه‌ له‌ چاو تۆ حكومه‌تی هه‌رێم , خۆش حكومڕانی .




لە گۆشەگیریی چوار دیواری ڕۆژی یەکەمی کۆرۆناوە … نووسینی : نەوزاد بەندی

پزیشکە چینییەکان بەردەوام بە شەو و ڕۆژ لە هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەر بوون بۆ کۆرۆنا بە جۆرێ دایبییان هەڵگرتبوو ، کاربەدەستانی ئێمەیش ۳۰ ساڵە کێشەی کارەبایان بۆ چارەسەر نەکراوە و کام قات و بۆینباخیش گرانبەهایە ئەیپۆشن ..کام ڤێلا و تاوەر مۆدێرنە ، بۆ خۆیانی ڕۆ دەنێن ..
مرۆڤ کە ئەرکی سەرشانی خۆی نەزانی و ..خۆی لەگەڵ کەسانی تردا بەراورد نەکرد به مەبەستی بەخۆدا چوونەوە و خۆ چاککردن ، ئەوە لە بازنەی مرۆڤایەتیی دەردەچێ و ..لە دابەستە و پەیکەر و مردووەوە نزیک ئەبێتەوە ..
کێشەکە لێرەدایه ، مرۆڤی کورد نابێ پێشکەوێ ..نابێ بیر بکاتەوە ..نابێ داهێنان بکات ..نابێ بەرهەمهێن بێ ..بۆ ئەوەیش کۆمەڵێ پەیکەری سارد و سڕ و بێ گیانیان کردووە به بەرپرسی ..
لە هەر چرکەیەکدا کە دەژیت ..لە هەر دیمەنێک کە دەیبینیت ..لە هەر هەنگاوێ کە دەینێیت ، حەقی خوێندنی فاتیحایەکت هەیە بۆ گیانی دەرچووی دەسەڵات ..
ئازاربەخشترین ساتیش ئەو ساتەیه کە سەفەر دەکەیت و ..سەیری خزمەتگوزارییە گشتیەکانی گەلان دەکەی ..سەیری شەقام و پرد و میترۆ و تراموای و ئوتۆبیس و دار و درەخت و جوانکاریی شارەکانیان دەکەیت ..ئا لەو کاتەدا هەست دەکەی زۆر خراپ دۆڕاندووتە ، خۆت و ماڵ م مناڵ و داهاتوو و مرۆڤایەتیت ..نایشزانیت کەی و لە کوێ و چۆن ئەو قومارەت کردووە …..!




كێ ئه‌بێته‌‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق و كه‌ی؟… ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب

پێنج مانگه‌ خۆپیشاندان و راپه‌رین له‌ به‌غداو شاره‌كانی ناوه‌راست و خوارووی عێراق ده‌ستیپێكردووه‌و سه‌ره‌رای تێهه‌ڵدان و گرتن و ئازارو ئه‌شكه‌نجه‌دان زیاتر له‌ پێنج سه‌د شه‌هیدو بیست و پێنج هه‌زار بریندارو هه‌زاران بێسه‌روشوێن كه‌س نازانێت عێراق به‌ره‌و كوێ مل ئه‌نێت و به‌ هوێ بارودۆخه‌كه‌و بێتوانایی حكومه‌ته‌كه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی له‌ دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ر بۆ داخوازییه‌كانی جه‌ماوه‌رو خۆپیشانده‌ران ناچاركرا ده‌ست له‌كار بكێشێته‌وه‌.
سێ مانگه‌ حكومه‌ته‌كه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی له‌ كاركه‌وتووه‌و حزبه‌كانی شیعه‌ سه‌ریان لێشێواوه‌و روویاكرده‌ ئێران و له‌ شاری قوم به‌ سه‌رپه‌رشتیاری ئێران كۆبوونه‌وه‌و له‌ هاتنه‌وه‌یاندا كه‌سیكیان به‌ ناو ( محه‌مه‌د ته‌وفیق عه‌لاوی) دا به‌ سه‌رۆك كۆمار بۆ ئه‌وه‌ی ببێته‌ سه‌رۆك وه‌زیران به‌ڵام محه‌مه‌د عه‌لاوی له‌ پاش یه‌ك مانگ خۆی و ناوی كابینه‌كه‌ی چوونه‌ په‌رله‌مانی عێراق و، له‌وی به‌ هۆی ناكۆكی نێوان شیعه‌كان شكستیهێناو كشایه‌وه‌.
تا ئێستا لايەنە شیعەکان لە دیاریکردنى کاندیدى سەرۆک وەزیران دوورن و، رۆژانه‌ كۆئه‌بنه‌وه‌و ته‌نها ناوی دوو كه‌س یان سێ كه‌س تاوتوێ ئه‌كه‌ن و ناگه‌نه‌ ئه‌نجام و، به‌وه‌ش كێشه‌یان بۆ سه‌رۆك كۆمار به‌رهه‌م ساڵح دروستكردووه‌و، شاراوه‌ش نییه‌ به‌رهه‌م ساڵح له‌ ژێر فشاری ئێران و حزبه‌ شیعه‌كانه‌و تا ئه‌م ساتانه‌دا چاوه‌روانه‌ كه‌سێك له‌لایه‌ن ئه‌و حزبانه‌ ده‌ستنیان بكرێت.
مسته‌فا كازمی بێت یان عه‌لی شوكری یان كه‌سێكی تر ئه‌بێت له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ كۆده‌نگی له‌ سه‌ر بێت ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا خرپیشانده‌ران ئه‌ڵێن : ئێمه‌ بریار ئه‌ده‌ین كێ ببێت به‌ سه‌رۆك وه‌زیران، ئێمه‌ خاوه‌ن بریارین، خه‌ڵك خاوه‌ن بریاره‌، خه‌ڵك به‌ ده‌نگی به‌رز ئه‌ڵێن : ئێران بۆ( ده‌ره‌وه‌ بۆ ده‌ره‌وه‌) و، ئه‌وه‌ كه‌سه‌ له‌لایه‌ن حزبه‌كانی خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات به‌ربژێر ئه‌كرێت پێویسته‌ كه‌سێك بێت خه‌ڵك پێی قایل بێت نه‌ ئه‌مریكاو ئێران، پێویسته‌ هه‌موو لایه‌ك تواناو ئیراده‌ی خه‌ڵك پشتگوێ نه‌خات.

خه‌ڵك به‌رپژێریكی ناوێت ته‌نها له‌لایه‌ن به‌رهه‌م ساڵحه‌وه‌ په‌سه‌ند بكرێت و، حزیه‌ شیعه‌كان دژ به‌ خواست و داوای خه‌ڵكن، ئه‌و خه‌ڵكه‌ دژ به‌ پرۆسه‌ی سیاسی و تایفه‌گه‌ری و پشكپشكێنه‌و گه‌نده‌ڵی و دزیی راپه‌ریوه‌و ئه‌یانه‌وێت عێراق له‌ دارمان و گه‌نده‌ڵی و هه‌ژاری و برسێتی و نه‌خۆشی رزگار بكه‌ن و، له‌ پێناو نه‌مانی مێلیشیاو چه‌ك به‌ ده‌سته‌كان تێئه‌كۆشن و، به‌ دوای ناسنامه‌ی نێشتمان بوون ودیموكراسی راسته‌قینه‌و و دادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌گه‌رێن.
ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی ته‌نها سه‌ره‌تا بوو، خواست و داوای خۆپیشانده‌ران و خه‌ڵكی راپه‌ریو درێژه‌ی ئه‌بێت و، سوورن له‌ سه‌ر هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق و تا هه‌نوكه‌ خۆپیشاندانه‌كان به‌ ئامانجه‌كانی گه‌ل نه‌گه‌یشتووه‌و، پرۆسه‌ی سیاسی ئاواته‌كانی گه‌ل ئه‌كوژێت و له‌ ناویان ئه‌بات و، ئه‌مه‌ش هه‌لێكی زێرینه‌ بۆ چه‌سپاندنی چاكسازی گه‌وره‌و، هه‌رسێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ ( سه‌رۆك كۆمار، سه‌رۆك په‌رله‌مان و سه‌رۆك وه‌زیران)‌ ده‌ست له‌ یه‌حه‌ی خه‌ڵك به‌ربده‌ن و، هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ بكرێت و، ئه‌وانه‌ی به‌شدار بوون له‌ دارمانی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی عێراق سزابدرێن.
ئێران به‌ ناوی ئاین و ئیسلامه‌وه‌و له‌رێی حزبه‌ شیعه‌كانی خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات گیروگرفت و كێشه‌كانی ئه‌گوێزێته‌وه‌ بۆ عێراق و وڵاتانی ناوچه‌كه‌و به‌و شێوه‌یه‌ش هه‌وڵی زیاتر ئه‌دات بۆئه‌وه‌ی ئه‌و وڵاتانه‌ بخاته‌ ژێرهه‌یمه‌نه‌و كۆنترۆڵی پاسداران و سوپاكه‌ی و هه‌ر سه‌باره‌ت به‌ دانانی كه‌سێك بۆ سه‌رۆك وه‌زیران عێراق و، بۆ رێكخستنی ناوماڵی شیعه‌ عه‌ڵی شه‌مخانی ئه‌منیداری گشتی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نیشتمانی ئێران خۆی گه‌یانده‌ به‌غداو، یه‌كسه‌ر له‌ گه‌ڵ سه‌ركرده‌كانی حزبه‌ شیعه‌كان كۆبووه‌وه‌و، بێشه‌رمانه‌ ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی عێراق سه‌ر به‌ هادی عامری و موقته‌دا سه‌درو نوری مالكی و ئه‌وانی تر له‌ سه‌ر ته‌له‌فزیۆن و سه‌ته‌لایته‌كان رایاگه‌یاندو وتیان شه‌مخانی ئامۆژكاریمانیكرد بۆ رێكخستنی ناوماڵمان و زاڵبێن به‌ سه‌ر كیشه‌كانی نێوانمان و دیاریكردنی كه‌سێك بۆ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران و، دیاره‌ ئه‌و كه‌سه ئه‌بێت‌ به‌ پێی خواستی ئێران دابنرێ
‌عه‌لی شه‌مخانی له‌ كاتێكدا وڵاته‌كه‌ی دووچاری كۆرۆنا بووه‌ته‌وه‌ سه‌ردانی عێراقی كردو، ئاره‌زوومه‌ندانه‌ هاتووچۆ ئه‌كات و كۆبوونه‌وه‌ ئه‌نجام ئه‌دات و، ته‌مێی شیعه‌كان ئه‌كات و، له‌ رووی ئه‌من وئاسایشه‌وه‌ له‌ گه‌ڵ فالح فه‌یاز راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق كۆبووه‌وه‌و باسی بارودۆخی عێراق و حه‌شدی شه‌عبی و ده‌ركردنی هێزه‌كانی ئه‌مریكا و هێزه‌ بیانییه‌كان كردو، له‌ پاش گه‌رانه‌وه‌ی بارودۆخی ناوخۆی عێراق و ناوچه‌كه‌ به‌ هؤی بۆردومان و هێرشكردنه‌ سه‌ر بنكه‌ سه‌ربازییه‌كانی ئه‌مریكاو هاوپه‌یمانان روو له‌ گرژی و ئاڵۆزی ئه‌كات.
له‌ كاتی نووسینی ئه‌م وتاره‌ هه‌واڵێك بڵاوكرایه‌وه‌ كه‌ حزبه‌ شیعه‌كان كۆكن له‌ سه‌ر ناوی نه‌عیم ئه‌لسوهه‌یل ببێت به‌ سه‌رۆك وه‌زیران و، ئه‌م نه‌عیمه‌ راوێژكاری سه‌رۆك كۆماری پێشووتری عێراق بووه‌و كوری برای تاڵب ئه‌لسوهه‌یله‌ كه‌ له‌ لایه‌ن حزبی به‌عسی عه‌ره‌بی له‌ لوبنان كوژراو، ئه‌گه‌ر زۆره‌ پۆسته‌كه‌ وه‌ربگرێت وچانسی زیاتره‌و رۆژانی داهاتوو په‌رده‌ له‌ سه‌ری لا ئه‌بات.

15/3/2020.




کۆرۆنا تێرمێکی نوێی بایۆتیرۆریزم یا کۆلۆنیالیزمێکی ڤایرۆسی … نیگار نادر

بایۆتیرۆریزم (Bioterrorism) بریتییە لە ئەنجامدانی هێرشی بایۆلۆژی، لەڕێگەی ناردنی ڤایرۆس، یا پەتای کوشندە، یا ژەهر و بەکتریایەکان، بەمەبەستی نەخۆشکردن و کوشتن، لەلایەن دەوڵەتێک یان تیرۆریستان و دوژمن و نەیارانی هەر دەوڵەتێکەوە، بەرامبەر دەوڵەتیکی تر، هێرشەکان ڕاستەوخۆ، لە ڕێگەی ناردنی ڤایرۆسەکان، یان لەڕیگەی مرۆڤەوە و، مرۆڤ دەبێتە هەڵگریان و گوێزەرەوەیان، یان ناڕاستەوخۆ، لە ڕێگەی ئاوی خواردنەوە ، هەوا ، خواردەمەنی ، کەلوپەل و دەرمانەوە بڵاودەکرێنەوە .
بایۆتیرۆریزم، بە جۆرو شێوازی جیاواز ، هەروەها بە پلان و تاکتیکی جیاواز، ئاراستە و هێرشی پێ ئەنجامدەرێت، هەر لەبەرئەوەشە، زیاتر بە ڤایرۆسی سیاسی دەناسرێت ، بەمەبەستی زەبر وەشاندن لە سیستەمی ئابووری و سەرچاوەی مرۆیی وگۆڕینی باڵانسی هێزو هەڵبژاردنەکان بەکاردەهێنرێت ، هەروەها دەوڵەتان، ساڵانە بۆ داڕشتنی ستراتیژیەتی بایۆبەرگری (biodefense)، بودجەی زۆر گەورە تەرخاندەکەن، بەمەبەستی دۆزینەوەی ڤاکسینەکان، لەبەر سەختی هۆکاری دەستنیشانکردنیان و پێشگیری و بەرەنگاربوونەوەیان ، هەر لەبەئەوەشە، کە هێرشی ڤایرۆسی بە یەکێک لەسەرەکیترین هەڕەشەو مەترسییەکان دەژمێردرێت ، کە ئامانجی تێکدان و زەبروەشاندنە لە ئاسایشی نەتەوەیی هەر وڵاتێک لە جیهاندا .
هێرشی بایۆتیرۆریزمی ( ڤایرۆسی)، بەبەراورد لەگەڵ هێرشی تیرۆرستی چەکداری ، مینڕێژی و تەقینەوەی بۆمب، بە یەکێک لە خەتەرترین هەڕەشەكان دادەنرێت، لەسەر ژیانی هاووڵاتیان و تێکدانی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و ئاسایشی تەندروستیان ، هەر بۆیە زۆربەی بیرمەندان و سێکۆلارەکانی ئاسایشی نەتەوەیی، پێیانوایە لە سەردەمی بەجیهانیبووندا، ئەگەری ڕوودانی ئەو هێرشە ڤایرۆسیە ، دەهێندە زیاترە لە ئەگەری ڕوودانی هێرشە تیرۆریستیەکان، و قوربانی زۆر زیاتریشی لێدەکەوێتەوە، هەڕەشەیەکی مەترسیدارو شاردراوەشە بۆ سەر ئاسایشی مرۆفایەتی.
لەو سەردەمەدا، دەوڵەتان شانبەشانی کڕین و دروستکردنی چەک و بنیادنانی هێزی بەرگریان، بەردەوامن لە توێژینەوە و دروستکردنی تاقیگەی تایبەت، بەستانداری جیهانی ،بەمەبەستی بەرگریکردن لە هێرشی ڤایرۆسی بۆ بەرەنگاربوونەوەی بایۆتیرۆریزم و چەکی بایۆلۆژی ، لەتاقیگە بایۆلۆژیەکاندا، جۆرەها ئامێری سەردەمی و تەکنۆلۆژی بەکاردەهێنن، بۆ دەستنیشانکردن و دۆزینەوەی هەر هەوڵێک، کە گومانبکرێ ئەگەری هێرشی ڤایرۆسی و بەکتریاییە، وە دەبێتە هۆی تێكچوونی باری تەندروستی و گیانلەدەستدانی هاووڵاتیانیان، هەروەها ساڵانە ڕاپۆرتی پێشبینیکردنی ئەگەری گوماناویترین هێرشی چەکی بایۆلۆژی، دەخەنە بەر دەستی ئەنجوومەنی ئاسایش و دواتریش لایەنی پەیوەندیدار، بە پاراستنی ئاسایشی تەندروستییەوە.
لە مێژووی ڤایرۆسەکاندا پاش تاعوون و کولێرا و گرانەتا و سیل، کە مەزەندە دەکرێت بە سەدان هەزارو ملیۆنەها مرۆڤیان کوشتبێت، لەساڵانی شەستەکاندا، ئایدز دیارترین ڤایرۆسە، کە مرۆڤایەتی تووشی ترس و هەژان کردبێت، دواتریش لەسەردەمی بەجیهانیبووندا، ئەنفلۆنزای باڵندەو بەرازو سارس و ئێبۆلا، لە شاشەی میدیاکانی جیهانەوە راگەیەنران ، بەڵام دواتر زۆر بەخێرایی، بەبێ ئەوەی زیانی گەورە بدەن چارەسەریان بۆ دۆزرایەوە و نەبوونە جێگای زەندەقچونێکی جیهانی ، بەڵام ئەمجارەیان ئەوەی لەگەڵ سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەرکەوتووە، پەیامێکی جیاوازتر بە جیهان دەدات، هاوتای جیاوازی سەردەمەکە، کە سەردەمی کۆلۆنیالیزمی تەکنۆلۆژیایە .
کۆرۆنای سەردەمی کۆڵنیالیزمی تەکنۆلۆژیا ، چرکە بە چرکە، لە جۆرەها سەرچاوەی میدیایی و سوشیالمێدیاییەوە، چەندین زانیاری دروستکراوو ، ئاراستەکراو و تەموومژاوی بڵاودەکەنەوە، کە سەدانبار خێراییەکەی زیاترو تیژترە، لە خێرایی تەشەنەکردنی ڤایرۆسەکە، و جیهانی بەگشتی تووشی تۆقاندنێکی سەرسوڕهێنەر کردووە! ئەوەی ئەو ڤایرۆسە لەوانی تر جودای دەکاتەوە، ئەوەیە کە کۆی ئاسایشی دەروونی مرۆڤەکان، ئەو جیهانەی پێکەوە شێواندووە، پەیامێکی ترسناکی بۆ ژیانی داهاتوومان هەڵگرتووە، کە جارێ دروست ناتوانرێ دەستنیشانبکرێت ، چونکە وەک چۆن سروشتی ڤایرۆسەکە نادیارەو شێوەی خۆی دەگۆڕێ، بەهەمان شێوەش تا ئێستا پەیام و دەرهاویشتەکانی لە گۆڕاندایە.

کۆرۆنا چ زەنگێکە؟
کۆڕۆنا زەنگێكی ئاگادارکردنەوەیە، بۆئەوەی بزانین لێرە بەدواوە ئەو جیهانە چەندە مەترسیدارە، بۆئەوەی تێبگەین هەموو سیستەمی ئاسایشی جیهانی، سیستەمی تەندروستی جیهان ،سیستەمی بەرگری دەوڵەتان، هەموو داهێنانە زانستییەکان ، هەموو چارەسەرە پزیشکیەکان ، دەرەقەتی ڤایرۆسێک نایەن!، کە بەچاو نابێنرێ ؟! هەموو ئەو دژە ڤایرۆس و تاقیگەی پشکنین و چاودێریانە ، سیستەمی پشکنینی سەر سنوورەکان ، سیستەمی ناسا لەئاسمان، ناتوانن بەرگری لەو ئیزرائیلە گچکەیە بکەن، کە سنورەکان ناناسێ، و هاوشێوەی تۆڕی ئینتەرنێت بە جیهاندا ڕەگدادەكوتێت و مرۆڤەكان پیکەوە گرێدەدات؟!
بەدرێژایی مێژووی هاتنی پەتاو ڤایرۆسەکان، گومان لەسەر پەیدابوون و دروستكردن و سروشتی بوونەکەیان هەبووە، هەندێکیان کە بە دروستکراو ناودەبرێن، بەمەبەستی قڕکردنی مرۆڤایەتی ، وەک قڕکردنی نەژادی و دینی و سیاسی و ئابووری، لەنێوان دەستەڵاتدارە پانخوازەکانی ئەو جیهانەدا، سەریانهەڵداوە ، بۆ نموونە ئایدز کە لەئەفەریقا سەریهەڵداوە، تا ئێستاش لەیبڵێکە بۆ مرۆڤە ڕەشپێستەکان و مرۆڤ هەمیشە لییان دەسڵەمێتەوە، بەڵام تائێستا کۆڕۆنا زۆر ناڕوونە، ڕاستە لە چین سەریهەڵداوە، بەڵام سنووربەزاندنە تیژەکەی زۆر گوماناویترە.
لەئێستادا دوای پیشەسازی چەک دروستکردن و، پیشەسازی دەرمان دروستکردن، لە ترۆپکی پیشەسازییە قازانجبەخشەکانی جیهان دەژمیردرێت ، لەبەرئەوە دوورنییە، چارەسەری کۆرۆناش بکەوێتە ناو ئەو بازنە سەرمایەداریەی کە ئامانجی بێت قازانجێکی گەورەی لەداهاتوودا پێ گەرەنتی بکات! یان زەنگێک بێت بۆ پێکەوە بەستنی، تەندروستی مرۆڤەکانی هەموو جیهان و دەستەمۆکردنیان، بە هەڕەشەیەکی کوشندەی وەک کۆرۆنا لە داهاتوودا بە فۆرمێكی جیاوازتر.
هێرشی ئەو ڤایرۆسە( کۆرۆنا)، ئەوەندە کتوپڕە، تائێستا هیچ لە زاناو فەیلەسوف و بیرمەندو سێکۆلارەکانی جیهان، نەیانتوانیوە دیدی خۆیان بە زانستی وبە وردی لەسەر بوەشێنن، تەنها هەندێک مەزەندە هەن، كە ئایا سەرهەڵدانی شەڕێکی بایۆلۆژی نوێیە؟ یان ئەوەتا تاکتیکێکە بۆ بەدەستەوەگرتنی جڵەوی ئیمپراتۆریەتی پیشەسازی و ئابووری ئەو جیهانە ؟ یا تێکڕوخاندنی سیستەمی جیهانی و شکاندنی باڵانسی هێزە؟!.
لە ئێستادا هەموو ئاماژەکانی کۆرۆنا پێمان دەڵێن، کە جیهان بەگشتی خراوەتە کەرەنتینەیەکەوە و لەنێوان دووڕیانێکدا قەتیس ماوە، ئەویش : بەرزبوونەوەی رێژەی قوربانییەکان و توقاندێکی گشتگیری جیهانی و کوشتنی بەكۆمەڵی هەزارەها مرۆڤە ، یان دۆزینەوەی دەرمانێكی چارەسەری دژە ڤایرۆسەكەیەو، بەمەبەستی قازانجێکی بازرگانی و ؟ ناساندنیەتی وەکو فریادڕەسێکی گشتگیر، بۆ ئەو جیهانەو هاوشێوەی جەنگی دژە تیرۆری، پاش یانزدەی سێپتەمبەر و سەرهەڵدانی داعش، بەبیانووی پاراستنی سیستەمی ئاسایشی جیهان.
لە دووماهیدا بەدیدی من ، لەو سەردەمە سەرمایەداریەی نیولێبرالیزمدا بەتایبەت نیولێبرالیزمی ئابووری، کۆرۆنا کۆلۆنیالیزمێکی ڤایرۆسی نوێیە، بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆلۆنیالیزمی تەکنۆلۆژیا سەریهەڵداوە، لەسەرەتای یەکەمی ئەو سەدەیەوە، بە ئامانجی تۆقاندن و هەڕەشەکردن لەسەر ئاسایشی تەندروستیمان ، هەروەها چۆنیەتی خۆپاراستن و سەلامەت مانەوەمان، لەلایەن سیستەمێکەوە سەرکردایەتی دەکرێت ، كە لەداهاتووشدا جیهان دەکاتە کۆلۆنییەکی تەندروستی هێدمەگرتوو ، جەنگێکی بایۆلۆژی نوێ دەبێت، هاوشێوەی جەنگی دژە تیرۆر لە جیهانێکی بێ سیستەمدا، کە کولتوورە ڕەسەنەکان دەهاڕێت، و لەداهاتووشدا ئاسایشی مرۆڤایەتی بەو جۆرە هەڕەشانە دەشڵەژێنێت، و دەیانخاتە ژێر کۆنترۆڵ و رکێفی خۆیەوە.

ژێدەرەکان:
1_https://www.historyofvaccines.org/content/articles/biological-weapons-bioterrorism-and-vaccines
2_ https://www.thelancet.com/journals/laninf/article/PIIS1473-3099(18)30298-6/fulltext
3_ https://www.dhs.gov/biowatch-program
4_https://sphcm.med.unsw.edu.au/news/could-mers-coronavirus-be-bioterrorism-new-study-shows-why-could-be-one-explanations-paradoxes
5_https://www.teleforwarding.com/blog/technology-colonialism-a-summary/

نیگار نادر
\١١\٣\٢٠٢٠




شانۆی چەوساوەکان لە سیاسەتدا نووسینی: زاهیر عەبەڕەش

ساڵی 1964 بەرازیل کودەتایەکی سەربازیی بەخۆیەوە دەبینێت کە ئەمریکا پاڵپشتی ئەو کودەتا سەربازییە بوو. تەواوی بەرازیل بەساربازگە دەکرێت و عەسکەر دەسەڵاتێکی تەواو وەردەگرێت، ئەوەش تەواو پێچەوانەی دید وبیروباوری ئاوگۆستۆ بواڵ بوو، کە ئەو کاتە وەک کەسێکی چالاکوانی کولتوری دەناسرا، لەساڵی 1971 ئۆگستۆبواڵ لەلایەن هێزی سەربازیەوە دەڕفێنرێت و ئازارو ئەشکەنجەیەکی زۆر دەدرێت لەسەر بیرو باوەرە کۆمۆنسیتی و ئەکتیڤیستیەکەی، ئەویش بەناچاری هەڵدێت و ڕوو لەوڵاتی ئەرجەنتین و پاشان وڵاتی فەرەنسا دەکات.
لەساڵی 1984 دا کاتێک ئۆگستۆبواڵ دەگەڕێتەوە بۆ بەرازیل بە چەند میتۆدێکی جوراو جۆری شانۆیی کار دەکات، لەگەڵ ئەوەشدا سەنتەرێک بۆ شانۆی چەوساوەکان دادەمەزرێنێت. بواڵ لەوە تێدەگات کە پێویستە گەشە بە کارەکەی بدات و بەدوای چەند فۆرمێکدا بگەرێت بۆ گوزارشتکردن لە شانۆی چەوساوەکان و. گەرەنتی بەردەوام بوونی ئەو شانۆیەی هەبێت.
بواڵ تارمای ئەو چەوساندنەوەیەی هەر بەسەرەوە مابوو کاتێک دەگەرێتەوە، ئەو دەیووت ئێستاش لە ناخی هەموو تاکێکماندا چەوساندنەوەیەک هەیە،کە هەموو نۆڕمەکان و پەتا خراپەکانی کۆمەڵگای تێدایە، چەوساندنەوە لە ناخماندا دەژی، جا بەهوشیاریەوە بێت یان ناهوشیاری. کۆیلەش لە ناخی خۆیدا حوکمرانی قبووڵکردووە، بۆیە دەبێت بە پێی یاسا ئەو چەوساندنەوەیە، لەکۆمەڵگاو لە ناخماندا بنەبڕ بکەین.

هەر لەبەر ئەوە، لە شاری ڕیۆ دی جانیرۆ، شانۆی یاسادانان ( The legislative theatre) دادەمەزرێنێت، کە فۆرمێکی تری درامایە، کە جاری وا هەیە تیشک و ئاسۆکانی بۆ داهاتوو درێژدەبێتەوە، وەک بناغەیەک بۆ گۆڕینی واقیعیەتی کۆمەڵایەتی. کە پەیوەندیەکەی تەواوی شانۆ و سیاسەت دەخاتە بەرچاو، بیرکردنەوە لەم فۆڕمی کارکردنە، ئەوەیە کە بەشداران خۆیان کاریگەربن لە پرۆسەی شانۆو سیاسیدا.
ئێمە نەک تەنها پێویستمان بە گۆرینی خۆمان هەیە، بەڵکو پێویستیشمان بە گۆڕینی کۆمەڵگا هەیە، باشترین جۆریش بۆ ئەم گۆرانکاریانە، گۆرینی یاساکانە. ئەم میتۆدی شانۆی یاسادانانە سەرنج و حەزی خەڵکانێکی زۆری بۆ گوڕین و گەشەکردنی پرسە لۆکاڵیەکان راکێشا، بەتایبەتی لای تاکەکان وگروپە تایبەتیەکان، ئەوانەی بەشێوەیەکی ترادیسێۆنی و تەقلیدی کاریان دەکرد.

بواڵ لە ساڵی‌ (1992) بۆ ئەنجومەنی‌ شارەوانیی‌ شاری‌ (ڕیۆ دی‌ جانیرۆ) هەڵبژێردرا، ئەو هێزو دەسەڵاتەی کە لە ئەنجومەنەکەدا هەیبوو، بەکاریهێنا بۆ ئەوەی کە بەشێوەیەکی جیاواز کاربکات. بواڵ لەو ماوەیەدا لەگەڵ 19 جۆر گروپی دووچاربوو بە کێشەو نەهامەتی لەکۆمەڵگادا کاری کردبوو. ئەو هەوڵیدابوو لەگەڵ ئەو جۆرە لەخەڵک و گروپانەدا نمایش پێشکەش بکات، کە لەبارەی کەسەر و کێشەو پێداویستەیەکانی خۆیانەوە بدوێن. ( کە ئێمە دەڵێن کۆمەڵگای بچوک واتە وەک توێژی جوتیاران، کاسبکاران، پارێزاران، کرێکاران، کرێنشینان، شوفێران، مامۆستایان، نەخۆش و پەککەوتە یان ئەوەنەی دووچاری نەخۆشی ئایدز بوون، هتد.. هەموو ئەمانە ئەم توێژانە کۆمەڵگا گەورەکە پێک دەهێنن) لە نۆبەی خۆشیاندا، هەر کۆمەڵەیەک و گروپێک لە گفت و گۆدابوو لەگەڵ کۆمەڵە لۆکاڵیەکە و گروپەکەی خۆیدا. لەگەڵیشیدا لە لە دیالۆگدا بوون لەگەڵ کۆمەڵەکانی تردا. ئەم گروپانە لە ناوخۆیاندا فێستیڤاڵیان دروست دەکرد، لەناو ئەم ڤیستیڤاڵانەدا پێشنیارێکی زۆر دەهات و دروست دەبوون لەبارەی ڕێکخراو کۆمەڵگا بچوکەکەی خۆیان.

ئەکتەرێک و پارێزەرێک پێشنیازەکانیان کۆدەکردەوەو لە شێوەی یاسادا پێشنیازیان بۆ بواڵ دەکرد، ئەو پێشنیازانەش دەگۆرا بۆ یاساو لەسەر مێزەکەی بواڵ دادەنرا. ئەویش لەدەستەکەی خۆی لە ئەنجومەنی شارەوانی هەموو ئەو پێشنیارانەی پێشکەش بە هاوڕیکانی دەکرد، بۆ قسەلەسەرکردن لەسەری بۆ ئەوەی بگۆردرێت بۆ یاسا. هەموو پێشنیازەکانی بواڵ لە خەڵکەکەوە دەهاتن و بۆ ئەنجومەنەکە دەرۆیشتن. هیچ پێشنیازێک لە خودی بواڵەوە نەرۆیشتبوو، ئامرازی بەدەستهێنانی پێشنیارەکانیش تەنها ئەو جۆری میتۆدی کارکردنە بوو. هەروەها لە سەردەمی بواڵدا 13 لەو پێشنیارانەی خەڵک، لە ئەنجومەنەکەدا بوو بە یاسا. ئەو جۆرە میتۆدی کاکردنی شانۆیە لەدواجاردا دەبێتە دەنگ و فۆرمێکی هاوکار و هونەری و دەستپێشخەر بۆ گفتو گۆ. پاشان ئەم جۆری شانۆیە، شانۆی یاسادانان بەزۆربەی ووڵاتانی دونیادا بڵاودەبێتەوە. بەسەرکەوتنێکی گەورە ئەژمار دەکرێت لە کەنەدا و بەریتانیادا.

لەساڵی 2008 بواڵ کاندیدکرا بۆ خەڵاتی نۆبڵ لە ئاشتیدا، بەهۆی کارەکانی لە دژی چەوساندنەوە، ئامرازێکی هونەری و بەیارمەتی شانۆی چەوساوەکان، ئەوەش لەلایەن خەڵکەوە دانی پێدانراوە وەک گەورەترین ئامرازی زانیاری و کۆمەڵگا. ئەوکەسانەشی بواڵیان بۆ وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵ کاندید کرد لە ناویاندا ئەندامانی حوکمەت، براوەکانی خەلاتی نۆبڵ، ئەندمانی مەحکەمەی نێودەوڵەتی، پرۆفیسۆرەکانی زانستەسیاسیەکان و ئەندامانی پەرلەمان بوون.

——————————————————–
ئۆگستۆ بواڵ
لە 16/ 3/ 1931 لە بەرازیل لەدایکبووە
لە 2 / 5 / 2009 بۆ دواجار ماڵئاوایی دەکات.




کەرکووکەخەم – سیانزدە – ئەمجەد شاکەلی

ئەگەر لەنێو تێلێڤزیۆنە کوردییەکاندا، یەک دانە وەک باشترین و کارامەترین و چالاکترین و ڕێکوپێکترین و بڕێک ترینی دیکەش هەڵبژێردرێت، پێم وایە تێلیڤزیۆنی ڕووداو ئەو دانەیەیە. وەک بۆ خۆیشیان زۆر جاران دەڵێن”یەکەمی بێ ڕکابەر”ە. ئەمەی دەیڵێم ڕێکلام نییە بۆ ڕووداو، بەڵکە ڕاستییەکە و زۆرێک لە شارەزایانی بواری میدیا ددانی پێدا دەنێن، لێ ئەمە بە هیچ شێوەیەک ناکاتە بێ عەیبی و بێ خەوشی و نەبوونی کێماسی لەکن ڕووداو. ڕووداو، ڕێکلامێکی یەکجار فرە و بەردەوام و وەڕسکەر بۆ کاڵا و خۆراک و بەرهەمی تورکی، ئیدی لە ئاڵتوونسا و برنج و مۆبیلە و ناوماڵە و پۆشاک و شیر و سەدان شتی دیکەوە تا دەگاتە پەخشکردنەوەی ڕاستەوخۆی گوتار و چالاکییەکانی سیاسەتکاران و بازرگانان و پێشانگە و شوێنە گەشتیارییەکان و فیلم و شتگەلی دیکەی تورکیا، دەکات. دیارە نەک هەر ئێستا، بەڵکە تەنانەت لەو دەمەشدا، کە تەواوی خەڵکی کوردستان باسی لە بایکۆتی کاڵا و شتومەکی تورکیی دەکرد.
ئەو مێشک پڕکردنەی مرۆڤی کورد، لە لایەن ڕووداو و گەلێ تێلێڤزیۆنی دیکەی کوردییەوە، لە تورکیا و تورکی و تورکایەتی و شتگەلی دیکەی پێوەنددار بەو ناو و وشانەوە، کاریگەرییەکی یەکجار نەئێنی و خراپی لەسەر مرۆڤی کورد، بەتایبەت نەوەی نوێ و خەڵکانێکی ڕاڕا و بێهێز دەبێت. ئەو ڕێکلامانە گەورەکردنەوەی تورکیا و تورک و بچووککردنەوەی کوردستان و مرۆڤی کوردە.

ماوەیەکە ڕۆژانە چەندین جار ڕێکلامێک لە ڕووداوەوە پەخش دەکرێت، کە گوێت لێی دەبێ لات وایە یەکێک لە شتە هەرەگەورەکان یا گەورەترین شت لە مێژووی کورددا، ڕوویداوە یا ڕوودەدات! دەنگێکی پاک و ڕوون و پڕهێز مژدەیەک ڕادەگەیەنێت، بە خەڵک، نەک هەموو خەڵکێک، خەڵکێکی تایبەت، بە دانیشتووانی شاری کەرکووک، وەک ئەوەی هیچ هێما و شوێنەوارێکی عەرەباندن لە کەرکووک نەمابێت و تەواوی عەرەبی هاوردە گەڕابێتنەوە، وەک ئەوەی مزگێنی ڕزگاربوونی کەرکووک و تێکەڵبوونی بە هەرێمی کوردستان ڕابگەیەنێت، وەک ئەوەی کەرکووک و تەواوی ئەو دەڤەرانەی نەهاتوونەوە سەر هەرێم، گەڕێنرابێتنەوە، وەک ئەوەی لە زاخۆوە تا زرباتییە و بەدرە و جەسسان، واتە تەواوی باشووری کوردستان، ئازاد کرابێت و ئیدی گەلی باشووری کوردستان خاوەنی تەواوی خاکی خۆیەتی، مژدەکە وا دێتە بەرگوێ! کەچی ئەو مژدەیە بۆ کەرکووکییان، مژدەی چای، کیسەیەکی چای بۆنداری ڕەنگ بۆرە، کە کابرای مژدەدەر بە “چای معطر کیس رصاصي” ڕێکلامەکەی بۆ دەکات و مژدەکەی بەو هەموو هێز و وزەیەوە بە دانیشتووانی کەرکووک دەگەیەنێت، وەک ئەوەی کەرکووکییان پەرووشی ئەو مژدەیەن و بەو مژدەیە ئیدی تەواوی کێشەکانی پتر لە سەد ساڵیان چارەسەر دەبن. ئەو ڕستەیەی “چای معطر کیس رصاصي”یە و بەو دەربڕینە عەرەبییە توند و خەستە، بە جۆرێک دێتە بەگوێ و بەرچاو، هیچ وشەیەکی کوردی بۆ چای معطر کیس رصاصي نەبێت!
27-02-2020




ئایا کڕۆنا دەبێتە گیوتین بۆ ملی خامەنەئی وە ئێران دەکاتە ناوەندی دەستپێکی ڕێنسانس لە ناوچەکەدا؟

کەیوان فەرامەرزی …..

حکومەتی ئائینی ئێران پێیوابوو لە پێناو چەندپاتە پتەوکردنی ژێربینای هڵۆڵ و کرمەڵۆکی رژیمی جەهل و خورافە دەتوانێ بە دانەخستنی بنکە ئائینییەکان وەک ئیمامزادە و حوسینییە و مزگەوتەکان بیسەلمێنێ کە ناوەندە مەزهەبییەکان توانایی بەرەنگارییان بەرامبەر بە ڤایرۆسی کڕۆنا هەیە و لە هەمانکاتدا درۆی شاراوەیان بۆ گیرۆدەبوان بە موقەدەساتی شیعەگەری ئاشکرا نەبێ.
نوێنەرانی ئاسمانی پێیان وابوو بەشاردنەوەی ڕاستییەکان لەوانەیە تا ئاشکرابوونی توشبوونی بە کۆمەڵی خەڵک بە نەخۆشی، هەم خەڵک دێنە سەر سندوقی دەنگدان و یادی ٢٢ی ڕیبەندان هەم چارەسەری نەخۆشییەکە دەدۆزرێتەوە.
بەرپرسایەتی ئەو تاوانە گەورەیە ڕاستەوخۆ دە کەوێتە سەر شانی دەسەڵاتدارانی رژیمی ئێران کە لە پێناو مانەوەی خۆیان سەروەت و سامانی گشت ئێرانیان فیدای بەرژەوەندییەکانی خۆیان و ئائینیان کردوە، لە هەموو وڵاتانی دنیا بەشێک لە داهات و تەنانەت پاشەکەوتەکانیش بۆ کاتی قەیرانەکانە، کەچی لە وڵاتی ئێران تەنیا بودجەی ناوەندە ئائینییەکانی قوم هەشتا بەرابەری بودجەی تەرخانکراوە بۆ قەیرانە سەراسەرییەکان! تەنانەت خەرجی دیاریکراو بۆ گۆڕی خومەینی چوار بەرابەری بڕی ئەو پارەیەیە کە بۆ قەیرانەکان دیاری کراوە!
نەکۆڵی کردن و شاردنەوەی بەئەنقەستی ڕاستییەکان یانی هەڵاتن و خۆ حەشاردانی لە بەرامبەر بەرپرسایەتی گیان لەدەستدانی بە کۆمەڵی هاووڵاتیان، هاندانی قوربانیانی خوڕافە و تاوانی خۆیان ڕادەستی بنکە ئائینییەکان و خۆیشیان لە باشترین نەخۆشخانەکانی ئامریکا و ڕۆژئاوا!
سون تزوی یەکێک لە مەزنترین پسپۆرانی نیزامی چینی بوو کە لە شەش سەد ساڵ پێش میلاددا دەڵێ: لە هەموو شەڕێکدا فریودانی دوژمن ئەساسە واتە بەلاڕێدابردنی دوژمن بۆ گەیشتن بە ئامانجەکان نیشانەی لێهاتوویی و بەتوانا بوونە لە داهێناندا لە پێناو شکەستی دوژمن، دوژمنی کۆماری سێدارەش خەڵکی وڵاتەکەی خۆی و دنیای دەرەوەیە کە جیا لە ناوبردنی ناڕازییان نیزیک نیو سەدەیە بە فریودان و درۆ کردن خەڵکانێکی لە دەوری خۆی ڕاگرتوە بەڵام ئەم جارە ئەم کەمینە خەڵکەش بۆایان دەرکەوت کە ئاشکرا نەکردنی توشبوانی نەخۆشی بە کڕۆنا بەڵگەیەکی حاشاهەڵنگرە بۆ سەلماندی نیزیک نیوسەدە فریودان و درۆ لە گەڵ بیری گشتی جەماوەری ناو کۆمەڵگا ئیتر نە کۆماری سێدارە مەشروعییەتی ماوە و نە خەڵک باوەڕ بە درۆی سەر مەنبەرەکانیان دەکات، بۆیە دەڵێن کڕۆنا کێچی خستە کەوڵی پاشماوەی حکومەتەکەی خومەینی بۆ نموونە زۆر بەرپرس هاتنە سەر مێدیا سەراسەرییەکان و بە درۆ بۆ فریودانی خەڵک وتیان ئێمەش نەخۆشین!

لە سەر ڤایرۆسی کڕۆنا ڕۆژانە بەدەیان بۆچوون دەکەوێتە ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، هێرشی ئامریکایە بۆ سەر چین لە هەمبەر شەڕی ئابوری! پاشگەزبوونەوەی ئەمریکایە لە سەر گلۆبالیزاسیۆن-جیهانگیریی ئابوری! لە وڵاتی چین لە کاتی دروست کردنی چەکی بیوڵۆژیکی ئەم ڤایرۆسە درزی کردۆتە دەرەوە! مرۆڤ بە گشتی و بەتایبەت لە چێن شێوازی بەکارهێنانی خواردەمەنی گۆریوە و بۆتە لاواز بوونی سیستمی بەرگری بەشر بەرامبەر بە نەخۆشییەکان! ئەوانە و سەدان بۆچوونی دیکە لە لایەن خەڵکانێک دێنە ناو باسەکان و دبنە پرسیار، هەموو ئەوانە لە کۆمەڵگای ئێراندا لە بەرژەوەندیی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ئێراندایە کە خەڵکی پێ فریو بدات و خۆی وەک پەرپرس بەرامبەر بە خەڵک نیشان بدات وە تاوانەکانی لە کاتی ئەم قەیرانەدا حەشار بدات.

دزیی سپای پاسداران لە یارمەتی وڵاتانی دەرەوە قزێونە بەڵام ئەم دیاردە نامرۆڤانەیە کردەوەیەکی تازە نییە کاتێک ١٦ی ئازاری ١٩٨٨ لە لایەن ڕژیمی بەعسەوە ھەڵەبجە بە بۆمبی شیمیایی کۆمەڵکوژی کرا دنیای نێودەوڵەتی یارمەتییەکانی خۆیان ڕەوانەی کوردستانی باشور کرد زۆربەی خۆڕاک، پۆشاک وە ئەو کەل و پەلانەی وا لە لایەن نەتەوەیەکگرتۆکانەوە وەک یارمەتی بۆ خەڵکی هەڵبجە ڕەوانە کرابوون لە شارەکانی ئێران لە لایەن سپای پاسدارانەوە ببونە کالای بازرگانی و کاسپییان پێیوە دەکرد لە سەر شەقامەکانی زۆربەی شارەکان دەفرۆشران، هێج گومانی تێدا نییە زۆربەی ئەو یارمەتییانەی وا بۆ بەرەنگاری لە هەمبەر ڤایرۆسی کڕۆنا ڕەوانەی ئێران کراون لە لایەن کاربەدەستانی حکومەت، بەتایبەت سپای پاسدارانەوە دەستی بەسەردا گیراوە و دواتر یا کاسپی پێوەدەکەن یا ڕادەستی لق و پۆقەکانی سپاسی قودس لە وڵاتانی دەوروبەر دەکرێ، ڕۆژنامەی شپیگڵی ئاڵمانی باس لە ناردنی دەیان تۆن کەل و پەلی پەێوەندیدار بە کۆنتڕۆڵی ڤایروسی کڕۆنا بۆ ئێران دەکات لە حاڵێکدا لە نەخۆشخانەکان ئاسەوارێک لەم یارمەتییە نابیندرێت و باسی ناکرێت و دیسان لە سەر شەقامەکانی ئێران و ناو بازاڕ بە نرخێکی گران بۆتە داهات بۆ سپای پاسدارانی ئێران.

وڵاتانی ڕۆس و چین لە دانیشتنەکانی شوڕای ئەمنییەتی نەتەوە یەکگرتوەکان لە ساڵی ٢٠١٩دا لە سەر کەیسی ئێران نەتەنها نەکۆڵیان لە ناکارامەبوونی دەسەڵاتداریی ڕژیم دەکرد بەڵکۆ لە بەرامبەر تروریسمی نێودەوڵەتی و سەرەڕۆیی کۆماری ئیسلامی ئێران پشتیان لە هەموو یاسا نێودەوڵەتییان کرد، ئێشتاش هیچ دوور نییە لە هەمبەر داخوزییەکانی دنیای دژە دیکتاتۆر و ترۆریسم، نەتوانایی یا بەئەنقەست کۆنتڕۆڵ نەکردنی ڤایرۆسی کرۆنا لە لایەن کاربەدەستانی رژیمی ئێرانەوە بەتایبەت محەمەدی سەعیدی نوێنەری دەست نیشاندەی خامەنەئی لە شاری قوم، دوو وڵاتی زلهێزی ئەندامی شوڕای ئەمنییەتی نەتەوە یەکگرتوەکان واتە چین و رووس رووبەڕوی مشتە کوڵەیەک ببنەوە.
زۆر کەس دەڵێن خۆ ئیتالیا و زۆر وڵاتی دیکە وەک ئێران گیرۆدەی ڤایرۆسی کڕۆنا بوون و نەیانتوانیوە کۆنتڕۆڵی بکەن ئەگەر وایە ئەوانێش تاوانبارن، ئەم بەراوەردە زۆر ناڕەوایە لە بەر ئەوە کە لە ئیتالیا یا زۆر وڵاتی دیکەی گیرۆدە بە ڤایرۆسی کڕۆنا هیچ شتێک شاراوە نییە و هاووڵاتیان ئاگادار دەکەنەوە هەروەها پێداویستییەکانی لەبەردەست، تایبەت نییە بۆ چەند دەسەڵاتدار و لە ناو حکومەتدا قەفیسی نەخواردوە جیاوازی دز و دڵسۆز لە کردەوەی دەسەڵاتداراندا روونە، ئیتالیا پێنج سەد ساڵە ئەسپاردەکردنی بەڵا و نەخۆشی بە ئائین ڕاوناوە بۆتە مەهدی تەمەدونی ئوروپا کەچی حکومەتی ئێران تازە وەک یاسای کلیسا لە سەدەکانی سێزدە و چواردە، هانی خەڵک ئەدات پەنا بۆ ئیمامانی شیعە ببن و گۆیا دوعا شەفابەخشە!
نە دوعا پێشنیارەکەی خامەنەای بڕی کرد نە نوشتۆکەی ڕۆحانی کە وتی لە ڕیگای دورەوە زیارەتی ئیمامانی مردوو بکەن!
مەبەست لە ئاماژەکانی سەرەوە ئەوەیە ئەگەری ئەوە هەیە کە دوای تێپەربوونی خەڵکی ئێران بەسەر ئەو ئیپیدمییە، بێکارامەیی رژیم و بەکوشتدانی خەڵک لە پێناو بەرژەوەندیی مانەوەیاندا تێکەڵ بە ناڕەزایەتییە سەراسەرییەکان ببێت و خەڵک بیکەنە چەکی ڕاماڵینی ڕژیمی جەهل و خورافە و تاوان. هەروەها ئێران نموونەی ڕینسانسێک بۆ خۆی و ناوچەکە لە مێژوی مرۆڤایەتیدا تۆمار بکات.

کەیوان فەرامەرزی




ڕۆڵی باشووری كوردستان لە ڕاپەڕینی شێخ عوبەیدوڵڵای نەهریدا-4- ڕه‌سوڵ بۆسكێنی

به‌شی چواره‌م
كۆنگره‌ی سه‌رۆك هۆزه‌ كورده‌كان له‌نه‌هری

دوابه‌دوای شكستی یه‌كه‌می شۆڕشه‌ چه‌كداریه‌كه‌ی شێخ عوبه‌یدوڵڵا دژبه‌ بابی عالی ساڵی (1879) و ناڕه‌زایی هه‌ندێك له‌ سه‌رۆك هۆزه‌ كورده‌كان دژ به‌ شه‌ڕی عوسمانی، ناچار شێخ ده‌بوایه‌ به‌دوای تاكتیكی دیكه‌دا بگه‌ڕێ، شێخ بیری له‌ كۆنگره‌یه‌كی فراوانی سه‌رۆك هۆزه‌‌ كورده‌كان كرده‌وه‌، بۆئه‌وه‌ی له‌م كۆنگره‌یه‌دا ئامانجه‌كانی خۆی به‌سه‌رۆكه‌ كورده‌كان بگه‌یه‌نێ و ئاراسته‌یان بكات، به‌ره‌و ڕاپه‌ڕین به‌مه‌به‌ستی ئازادكردنی كوردستان، بۆ ئه‌مه‌ش بانگه‌وازی سه‌رۆك هۆزه‌ كورده‌كانی كرد بۆ به‌شداری كردنی كۆنگه‌كه‌ له‌ نه‌هری.
ئه‌و كۆنگره‌یه‌ به‌ئاماده‌بوونی زۆربه‌ی سه‌رانی خێڵه‌كان، ناودارانی كورد، پیاوانی ئایینی و نوێنه‌رانی هه‌موو چینه‌كانی كۆمه‌ڵ له‌ گوندی نایری (نه‌هری) ناوچه‌ی شه‌مزینان به‌سترا، تێدا بڕیاری پێكه‌وه‌نانی (كۆمه‌ڵه‌ی خێڵه‌ كورده‌كان) درا ئه‌ویش به‌ نۆره‌ی خۆی بڕیاری به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاڵای خه‌باتی شۆڕشگێڕانه‌ی دا دژی هه‌ردوو ده‌وڵه‌تی توركیا و ئێران.
دوای بانگه‌وازی شێخ عوبه‌یدوڵڵا زۆرێك له‌ سه‌رۆك هۆز و پیاوانی ناوداری كورد له‌ نه‌هری كۆبوونه‌وه‌، له‌ئه‌نجامدا یه‌كێتی كوردان”كۆمه‌ڵه‌ی كوردان” وه‌كو كۆنفدراسیۆنێكی خێڵه‌كی له‌سه‌ر ده‌ستی شێخ عوبه‌یدوڵڵا له‌ ته‌موزی‌ (1880) دروستبوو، ئه‌م كۆنگره‌ خێڵه‌كیه‌ی سه‌رۆك هۆزه‌ كورده‌كان زیاتر كاریگه‌ری هۆكاری ڕۆحانی شێخ عوبه‌یدوڵڵا و ڕایه‌ڵه‌ زۆر و زه‌وه‌نده‌كانی ته‌ریقه‌ی نه‌قشبه‌ندی بوو، نه‌وه‌كا هۆكاری بابه‌تی ناو كۆمه‌ڵگا، كه‌ سه‌رۆك هۆزه‌ كورده‌كان له‌سه‌ر بانگه‌وازی شێخ عوبه‌یدوڵڵا هاتبوون بۆ نه‌هری.
شێخ له‌ كۆنگره‌كه‌دا وتارێكی بۆ ئاماده‌بووان خوێنده‌وه‌، وتاره‌كه‌ی شێخ عوبه‌یدوڵڵا و خواسته‌كانی بۆ دامه‌زراندنی كوردستانێكی سه‌ربه‌خۆ له‌لایه‌ن زۆربه‌ی به‌شدارانی كۆنگره‌كه‌وه‌ په‌سند كرا، هه‌موو به‌شداربووانی كۆنگره‌ی نوێنه‌رانی خێڵه‌ كورده‌كان به‌تێكڕای ده‌نگ ئاماده‌یی خۆیان بۆ خه‌بات و گیانبازی له‌ پێناوی ڕزگاری كوردستان پیشاندا. دوای گفتوگۆ و هه‌ڵسه‌نگاندنی بارودۆخی ئه‌و ڕۆژگاره‌ بڕیار درا ئه‌مجاره‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان بن ده‌ستی ئێران ڕاپه‌ڕین ئه‌نجام بدرێ.
كاپتن كلایتن ده‌ڵێت: شتێكی به‌ڵگه‌نه‌ویسته‌ نوێنه‌ره‌كانی له‌ هه‌موو لایه‌كدا سه‌رقاڵ بوون، هه‌وڵی ڕاكێشانی نه‌ك ته‌نیا هه‌موو خێڵه‌ كورده‌كان، به‌ڵكو نه‌ستوری و ئه‌رمه‌نیه‌كانیشیان ده‌دا، داوایان لێ ده‌كات بده‌نه‌ پاڵی. ئه‌و كوردانه‌ی هاتوونه‌ته‌ وان ده‌ڵێن، شێخ عوبه‌یدوڵڵا ناردوویه‌تی به‌دوی خه‌ڵكیدا و داوایان لێ ده‌كات دژی ئێران ڕاپه‌ڕن، واته‌واتیش هه‌یه‌ دوای ئه‌وه‌ی شێخ له‌ ئێرانیه‌كان ده‌بێته‌وه‌ لاده‌دات بۆسه‌ر توركه‌كان، من له‌و باوه‌ڕه‌دام ئه‌و (شێخ) پلانێكی به‌ربڵاوی هه‌یه‌ بۆ ڕێكخستنی هه‌موو كورد، له‌وڵاتێكی سه‌ربه‌خۆدا به‌سه‌رۆكایه‌تی خۆی. یه‌كه‌م شت هه‌لومه‌رجه‌كان سه‌رنجیان بۆ لای ئێران ڕاكێشاوه‌. هه‌وڵ ده‌دات حكومه‌تی ئێران ناچار بكات وه‌ك فه‌رمانڕه‌وای كورده‌كانی ئێران دانی پێدا بنێت، پاشان لائه‌داته‌وه‌ بۆ ئه‌و ته‌ڕه‌فه‌ و هه‌وڵ ده‌دات مافه‌كانی له‌ تور‌كان وه‌ده‌ست بێنێ.

ئاراسته‌ كردنی ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ به‌ره‌و ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان

له‌كاتی به‌ستنی كۆنگره‌كه‌ و دوای گفتوگۆی نێوان به‌شدار بووانی كۆنگره‌، چه‌ند هۆكارێك بوونه‌ هۆی ئه‌وه‌ی ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ له‌ كوردستانی بن ده‌ستی ئێرانه‌وه‌ ده‌ست پێ بكات، شێخ عوبه‌یدوڵڵا كاتێك هه‌ستی به‌دووڕایی له‌ناو كۆنگره‌كه‌دا كرد، كه‌ چه‌ند سه‌رۆكێكی كورد حه‌ز به‌وه‌ ناكه‌ن له‌ ده‌وڵه‌تی عوسمانی ڕاست ببنه‌وه‌، ئه‌وسا بڕیاری دا نه‌خشه‌ی ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ی بگوڕێت بۆ كوردستانی بن ده‌ستی ئێران، شێخ نه‌ك ده‌وڵه‌تی عوسمانی، به‌ڵكو ئێرانیشی به‌دوژمنی كورد داده‌نا، دووربینی شێخ له‌وه‌دابوو بارودۆخی هه‌ڵكه‌وتووی له‌ده‌ست نه‌دا، ئه‌و بارودۆخه‌ی وه‌ك خۆی ڕوونی كرده‌وه‌، كه‌ بریتی بوو له‌ دۆخی سیاسی و ئابووری ئێران، كه‌ له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی عوسمانی له‌شه‌ڕ دابوون، هه‌روه‌ها نیاز وابوو ناوچه‌ به‌پیت و به‌ره‌كه‌ته‌كانی كوردستانی ئێران ببنه‌ به‌ردی بناغه‌ی ئابووری دواڕۆژی بزووتنه‌وه‌كه‌ و پێشخستنی، به‌تایبه‌ت له‌ به‌رپاكردنی شۆڕش له‌ئێراندا مه‌سه‌له‌ی دابین كردنی ئازوخه‌ی هێزه‌كه‌ی ئاسانترده‌كرد، بۆ پێداویستیه‌كانی خۆی بۆ شه‌ڕكردن له‌گه‌ڵ دوژمنی سه‌ره‌كی و به‌هێزدا واته‌ ده‌وڵه‌تی توركیا، هه‌روه‌ها ئه‌و به‌شه‌ی كوردستان له‌بن ڕكێفی ئێران دایه‌ بارودۆخی له‌بارتره‌، ئێران له‌مڕۆدا لاوازتره‌، به‌وه‌ براكانی خۆمان ڕزگار ده‌كه‌ین، شێخ عوبه‌یدوڵڵا ئاوڕێكی ته‌واوی له‌ دووبه‌ره‌كی و ناحه‌زی ئایینی نێوان كورده‌ سونی مه‌زهه‌ب و ئێرانیه‌ شیعی مه‌زهه‌به‌كان دایه‌وه‌، جگه‌له‌مه‌ش حیسابی په‌یوه‌ندی نێوان ده‌وڵه‌تی عوسمانی و ئێرانی كرد. ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌ی دوای شه‌ڕه‌كه‌ی ڕووسیا و عوسمانی سارد وسڕی تێ كه‌وت، هه‌روه‌ها شه‌ڕی ئێران له‌گه‌ڵ خێڵه‌ توركمانه‌كان. شێخ عوبه‌یدوڵڵا ئه‌وه‌شی له‌یاد نه‌كرد، ئاوڕ له‌ كێشه‌ی دووبه‌ره‌كی بداته‌وه‌، له‌سه‌ر كێشه‌كه‌ی (گیرات) له‌ نێوان ئینگلیز و ئه‌فغانستاندا په‌یداببوو، ئه‌و دووبه‌ره‌كی و به‌یه‌كداچوونه‌ی ئێرانی ناچار كردبوو، به‌شێكی هێزه‌كانی به‌ره‌و ناوچه‌ ڕۆژهه‌ڵاتیه‌كانی بنێرێت، ئه‌وه‌ش بێگومان له‌سه‌ر حیسابی لاوازكردنی هێزه‌كانی بوو له‌ ناوچه‌ ڕۆژئاواییه‌كاندا، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش شێخ له‌ناو كورده‌كانی ئێراندا ناو و شۆره‌تێكی گه‌وره‌ی هه‌بوو، گه‌لێك له‌ عه‌شره‌ته‌ كورده‌كان به‌شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆ خۆیان به‌پیاو و ژێرده‌سته‌ی شێخ داده‌نا، نه‌ك حكومه‌تی ئێران، هه‌رچی كێشه‌ی ڕزگاركردنی كورده‌كانی ده‌وڵه‌تی عوسمانییه‌، ئه‌وه‌ خرایه‌ قۆناغی دووه‌می ڕاپه‌ڕینه‌كه‌،سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌وانه‌ش له‌هیرش بۆ سه‌ر ئیران شێخ وای بۆ ده‌چووه‌، گریمانی هه‌راسان كردن و توڕه‌كردنی ده‌وڵه‌ته‌‌ ئه‌وروپاییه‌كان كه‌متره‌.

دوای ته‌واوبوونی كۆنگره‌ و داڕشتنی نه‌خشه‌ی كاركردن، شێخ عوبه‌یدوڵڵا بڕیاری به‌رپا كردنی شۆڕشی ده‌ركرد. له‌ وتاره‌كه‌ی شێخ عوبه‌یدوڵڵا له‌ كۆنگره‌ی ته‌موزی ساڵی (1880)ی نوێنه‌ری خێڵه‌كاندا خوێنرایه‌وه‌، ده‌رده‌كه‌وێ ئامانجی جوڵانه‌وه‌كه‌ ڕزگاری كوردستان و پێكه‌وه‌نانی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ بووه‌.
ویلیان جی ئابۆت كۆنسۆلی گشتی ورمێ بۆ میسته‌ر تۆمسن ده‌نووسێت: ئێستا شێخ هیچ نهێنیه‌كی له‌ نیازه‌كانیدا نه‌هێشتۆته‌وه‌، پڕۆژه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه‌ خۆی به‌سه‌رۆكی ئه‌ماره‌تێكی كوردی دابنێت و هه‌موو كوردستانیش له‌ توركیا و ئێراندا بلكێنێت به‌یه‌كه‌وه‌.

به‌ڵگه‌نامه‌كانی به‌ریتانیا ده‌ڵێن ده‌وڵه‌تی ئێران له‌ زۆر ده‌مێكه‌وه‌ چاودێری و ئاگاداری شێخ عوبه‌یدوڵڵا بووه‌ بۆ شۆڕش و به‌م بۆنه‌یه‌شه‌وه‌ له‌ ساڵی (1878)ه‌وه‌ تا ساڵی (1880) ده‌وڵه‌تی ئێران چه‌ندین یاداشتنامه‌ی به‌ ده‌وڵه‌تی عوسمانی پێشكه‌ش كردووه‌، تیایدا ده‌وڵه‌تی عوسمانی له‌وه‌ هوشیار كردۆته‌وه‌ كه‌ نزیكه‌ی (5) هه‌زار كوردی چه‌كدار، له‌سه‌ر سنووره‌كانی ئێران- عوسمانی خڕ بوونه‌ته‌وه‌، … كه‌چی ده‌وڵه‌تی عوسمانی هیچ جۆره‌ هه‌ڵوێست و كاردانه‌وه‌یه‌كی له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م خۆسازدانه‌ی شێخ عوبه‌یدوڵڵا نه‌نواندووه‌، … تا ناچار ده‌وڵه‌تی ئێران له‌ ڕێگای موحسین پاسای باڵوێزی ئێرانه‌وه‌ له‌ ئه‌سته‌مبوڵ، ڕۆژی (22- 12- 1880) یاداشتنامه‌یه‌كی له‌و باره‌یه‌وه‌ بۆ ئاگاداری به‌ده‌وڵه‌تی به‌ریتانیا پێشكه‌ش كردووه‌.

له‌و كاته‌دا عوسمانی به‌دۆخێكی لاوازدا تێده‌په‌ڕی به‌و پێیه‌ی پڕۆژه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی ئه‌رمه‌ن هه‌مان شێوه‌ به‌ره‌و ڕووی به‌رژه‌وه‌ندی بابی عالیش ده‌بوونه‌وه‌، بۆیه‌ زۆر ئاسایی بوو هه‌ر هیچ نه‌بێ تا كێشه‌كان ده‌گه‌نه‌ بوارێكی قوڵتر عوسمانی له‌به‌رامبه‌ر بزووتنه‌وه‌كه‌ی شێخ عوبه‌یدوڵڵا چاوبپۆشێ و دواجار عوسمانی تێگه‌یشت بزووتنه‌وه‌كه‌ی شێخ چه‌كێكی دووسه‌ره‌یه،‌ هه‌م بۆ گوشار خستنه‌ سه‌ر ئیمپراتۆری قاجار و هه‌م بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی پڕۆژه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی ئه‌رمه‌ن، پێده‌چێت شێخ له‌سه‌ر ئه‌م ئه‌نجامانه‌دا هاوكێشه‌ی له‌شكركێشیه‌كه‌ی پێچه‌وانه‌ كردبێته‌وه‌ و ئه‌مجار ویستوویه‌ له‌ كوردستانی بنده‌ستی ئێرانه‌وه‌ ده‌ست پێ بكات، دواتر كوردستانی بنده‌ستی عوسمانی ڕزگار بكات و بانگی یه‌كگرتنه‌وه‌ و سه‌ربه‌خۆیی كوردستان هه‌ڵبدات.
ئه‌گه‌رچی ئه‌مانه‌ و كۆمه‌ڵێك هۆكاری دیكه‌ بۆ ئه‌م كاره‌ هه‌بوون، به‌ڵام تائێستاش ڕوون نیه‌ ڕه‌وتی ڕووداوه‌كان له‌ گه‌رمه‌ی شۆڕش و ڕاپه‌ڕینی دژ به‌بابی عالی چۆن كۆنتڕۆل كران و چۆن شێخ عوبه‌یدوڵڵا كۆتایی به‌م ڕاپه‌ڕینه‌ هێنا و ئاراسته‌ی ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ی له‌ دژی عوسمانی و بابی عالی واز لێهێنا و له‌شكركێشیه‌كانی ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ی بۆ سه‌ر ئیمپراتۆری ئێرانی قاجاری گۆڕی، بێ گومان ده‌بێ شێخ له‌وه‌ ئاگادار بووبێ، ڕووسیا ده‌وڵه‌تی ئێرانی به‌نێچیری حه‌ڵاڵزاده‌ی خۆی ده‌زانی و ئاماده‌ نه‌بوو ڕێگا به‌كه‌سێكی دیكه‌ بدات ده‌ست بۆ ئه‌م نێچره‌ درێژ بكات، بێگومان ده‌بێ شێخ له‌وه‌ش بێ ئاگا نه‌بووبێ‌، ده‌وڵه‌تی عوسمانی هه‌ر هێنده‌ پشتیوانی ده‌كات تاكو گرفت و گێچه‌ڵێك بۆ ئێران دروست بكات، تا بتوانێ له‌و ڕێگایه‌وه‌ داواكاریه‌كانی خۆی به‌سه‌ر ئێراندا فه‌رز بكات، به‌تایبه‌ت كه‌ عوسمانی كۆمه‌ڵێك كێشه‌ی زه‌وی و ئاوی له‌گه‌ڵ ئێراندا هه‌بوو.
له‌لایه‌كی دیكه‌ش ڕۆڵی ئینگلیز له‌ ناوچه‌كه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك دروست بوونی ده‌وڵه‌تێكی كوردی له‌به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌و نه‌بوو.هاوسه‌نگی ناوچه‌كه‌ی تێك ده‌دا. به‌تایبه‌ت بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ كلایتۆن سه‌ركونسولی ئینگلیز له‌ وان، ڕووبه‌ڕوو له‌ دوو دانیشتن له‌گه‌ڵ خودی شێخ ئه‌وه‌ی بۆ دووپات كردبووه‌وه‌، به‌ریتانیا ئاماده‌یه‌ به‌ره‌و ڕووی هه‌موو “گه‌ڕه‌ لاوژه‌یه‌ك” و بێ یاساییه‌ك بوه‌ستێ، كه‌ ببێته‌ مایه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسی بۆ سه‌ر یه‌كێتی ئیمپراتۆری عوسمانی. له‌كاتێدا هه‌موو مێژوونووسه‌كان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كۆكن شێخ عوبه‌یدوڵڵا ده‌یوست ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆ بۆ كورد دابمه‌زرێنێ، ئایا شێخ عوبه‌یدوڵڵا حیسابی چۆن له‌سه‌ر ئه‌م ڕووداوانه‌ كردووه‌، ئه‌مانه‌ كۆمه‌ڵێك پرسیارن به‌هیواین له‌داهاتوودا وه‌ڵامه‌كه‌یمان به‌ڕوونی ده‌ست كه‌وێت.

ماویه‌تی ……




ڕۆژێك له‌ ڕۆژه‌كانی زانكۆم … ئه‌حمه‌د كامه‌ران

قۆناغی زانكۆ یه‌كێكه‌ له‌هه‌ره‌ قۆناغه‌ جوان و كورته‌كانی ژیانی مڕۆڤی خوێنده‌وار كه‌ تێیدا به‌چه‌ندین خۆشی و ناخۆشی تۆمارده‌كات, به‌ڵام به‌رده‌وام ئه‌وه‌ی كه‌ زۆر خۆشتر ده‌بێت له‌ زانكۆ ڕۆژه‌ خۆشه‌كانه‌.
27|1|2020 ڕۆژی دووشه‌م بوو وه‌كو هه‌مو ڕۆژه‌كانی ترم به‌ره‌و كۆلێژه‌كه‌م به‌ڕێ كه‌وتم به‌ڵام ئه‌م ڕۆژه‌ بۆ من جیاوازتر بوو له‌ ڕۆژه‌كانی تری كۆلێژم , چوونكه‌ میوانی شاعیر و نووسه‌ری جواننوس و سه‌ركه‌وتوو مامۆستا سه‌لام عومه‌ر بووم بۆیه‌ ئیتر ئه‌و ڕۆژه‌ی كۆلێژم ته‌نیا بیرم له‌لای ئه‌وه‌ بوو كه‌ بگه‌مه‌ لای مامۆستا, بێگومان هه‌ستم به‌ دڵخۆشی ده‌كرد كه‌ وه‌كو قوتابیه‌كی كۆلێژ و نووسه‌رێكی تازه‌ پێگه‌یشتوو بڕۆمه‌ خزمه‌تی نووسه‌ر و شاعیرێكی جواننوس كه‌ خاوه‌نی خه‌رمانێكه‌ گه‌وره‌یه‌, پاش ئه‌وه‌ی دوو محازه‌ره‌ی كۆلێژم ته‌واو كرد ئیتر بۆ كاتژمێرو نیوێك مۆڵه‌تمان هه‌بوو بۆ ده‌ستپَكردن به‌ محازه‌ره‌یه‌كی تر, منیش خۆم ئاماده‌كرد بۆ ئه‌وه‌ی به‌ره‌و لای مامۆستا سه‌لام عومه‌ر بڕۆم, ئه‌و شوێنه‌ی كه‌ من بۆی ده‌ڕۆیشتم خۆشبه‌ختانه‌ بۆ من نزیك بوو كه‌ له‌ ته‌نیش كۆلێژه‌كه‌مان بوو ئه‌و شوێنه‌ش باره‌گای سه‌ره‌كی حزبی شوعی بوو, كه‌ تێیدا مامۆستا سه‌لام عومه‌ر له‌ به‌شی ڕاگه‌یاندنه‌كه‌ی بوو. منیش به‌ ده‌فته‌رو مه‌لزه‌مه‌كانم كه‌وتمه‌ ڕێ و نزیك بوومه‌وه‌ له‌ ده‌رگای سه‌ره‌كی حزب كه‌ براده‌رێك له‌پێش ده‌رگاكه‌ وه‌ستابوو چه‌كدار بوو جلێكی جوانی سه‌ربازی له‌به‌ردابوو له‌گه‌ڵ كڵاوێكی سووردا ,منیش لێی نزیك بوومه‌وه‌و سڵاوێكم لێی كرد و ئه‌ویش گوتی: به‌خێربێت فه‌رموو,كاتێك كه‌ گوتی فه‌رموو منیش تۆزێك شڵه‌ژام و زمانم پاش و پێشی كرد , به‌هه‌رحاڵ گوتم من میوانی مامۆستا سه‌لام عومه‌رم له‌ مه‌كته‌بی ڕاگه‌یاندن , ڕاسته‌وخۆ پیاوه‌ چه‌كداره‌كه‌ گوتی. فه‌رموو به‌ڕێز به‌خێربێیت , منیش خۆم به‌ژووره‌وه‌دا كرد كه‌ ئه‌مه‌ یه‌كه‌م جارم بوو بێمه‌ ناو ئه‌و بینایه‌ گه‌وره‌یه‌ , هه‌موو كاتێك كه‌ له‌ كۆلێژ ته‌واو ده‌بووم له‌ چاوه‌ڕوانی پاس دابووم به‌ڵام به‌به‌رده‌وامی چاوێكم له‌سه‌ر ئه‌و بینایه‌ گه‌وره‌یه‌ بوو كه‌ زۆر به‌ ئاوات بووم جارێك سه‌ردانێكی بكه‌م و به‌ناویدا بگه‌ڕێم بێگومان له‌كۆتایی دا توانیم سه‌ردانێكی نێو ئه‌و بینایه‌ بكه‌م , كاتێك چوومه‌ ژووره‌وه‌ له‌ ده‌رگای سه‌ره‌كیه‌كه‌وه‌ حه‌وشه‌یه‌كی گه‌وره‌ هاته‌ پێشم به‌ڵام من خۆم له‌ بنه‌ڕه‌تدا شاره‌زای جیاگاكه‌ی مامۆستا سه‌لام نه‌بووم به‌هۆی ئه‌وه‌ی یه‌كه‌م جارم بوو سه‌ردانی ئه‌و شوێنه‌ بكه‌م به‌ڵام له‌به‌رامبه‌ر م ناونیشانی كه‌ناڵی ڕێگام هاته‌ پێشم ڕاسته‌وخۆ تۆزێك وه‌ستام و چوومه‌ نێو بیره‌وه‌ری ڕۆژانی جوان و ناخۆش , ئه‌و ڕۆژانه‌م بیرده‌هاته‌وه‌ كه‌ بینه‌ری چه‌ندین به‌رنامه‌ی جوانی كه‌ناڵی ڕێگا بووم, به‌ڵام ناخۆشیه‌كه‌ی بۆمن ئه‌وه‌ بوو كه‌ به‌بیرم هاته‌وه‌ یه‌كه‌م ڕۆژی پرسه‌كه‌ی خاڵم هونه‌رمه‌ند (ته‌ها ئاغاجان)دا كه‌ كۆتایی هات گه‌ڕاینه‌وه‌ ماڵه‌وه‌ ڕاسته‌وخۆ خستمه‌ سه‌ر ڕێگا بینیم كورته‌یه‌ك له‌ژیانی خاڵم نیشان ده‌دات ئیتر زۆر دڵم ته‌نگ بوو ئه‌و ڕۆژه‌ , به‌ڵام ئیتر له‌ خه‌یاله‌كه‌م دا به‌خۆم هاتمه‌وه‌و كۆمه‌ڵێك پیاوی به‌ته‌مه‌ن به‌لام دا تێپه‌ڕین و سڵاوێكیان له‌ من كرد هه‌موویان به‌ كه‌سانی ڕۆشنبیر و نووسه‌ر ده‌چوون چوونكه‌ من ده‌موو چاوی ئه‌و جۆره‌كه‌سانه‌ ده‌ناسم به‌تایبه‌تی هه‌ڵسوكه‌وتیان, ئیتر منیش به‌وشوێنه‌دا ڕۆیشتم كه‌ئه‌و پیاوانه‌ی لێ هاتن به‌ڵام ئه‌وانه‌چوونه‌ ده‌ره‌وه‌ له‌ باره‌گای حزب وابزانم كۆبوونه‌وه‌و شتی وایان هه‌بوو به‌ڵام د. كاوه‌ محمود و كاك هیوا عومه‌ریان تێدا نه‌بوو كه‌ زۆر سه‌رسامی ئه‌م دووكه‌سایه‌تیه‌م له‌بواری سیاسه‌ت و نووسین دا, به‌هه‌رحاڵ خۆم به‌شوێنێك دا كرد و كۆمه‌ڵێك براده‌ر وه‌ستابوون منیش سڵاوم لێیان كردو پێیان گوت: بێزه‌حمه‌ت ئێره‌ مه‌كته‌بی ڕاگه‌یاندنه‌, براده‌رێك وه‌ڵامی دایه‌وه‌و گوتی: به‌ڕێز ئێره‌ مه‌كته‌بی سیاسی حزبه‌ , مه‌كته‌بی ڕاگه‌یاندن له‌ته‌نیشتمانه‌وه‌یه‌ ئیتر به‌منی نیشان دا وتی ئه‌وه‌یه‌ له‌ نهۆمی سێیه‌مه‌ مامۆستا سه‌لام عومه‌ر , منیش سووپاسم كرد كه‌وتمه‌ ڕێ به‌ره‌و نێو مه‌كته‌بی ڕاگه‌یاندن كاتێك چوومه‌ ژووره‌و چۆڵ بوو كش و مات كه‌شێكی ئارام و ڕۆشنبیرانه‌ بوو له‌ناكاو شتێك به‌ناو مێشكم دا هات گوتم: ئه‌گه‌ر هه‌موو ڕۆژێك لێره‌ بم بۆخۆم من ده‌بمه‌ نووسه‌رێكی گه‌وره‌ چوونكه‌ به‌ڕاستی كه‌شه‌كه‌ زۆر خۆش و ئارام بوو ده‌نگی هیچ جه‌نجاڵیه‌ك نه‌هات به‌س نه‌مزانی كتێبخانه‌ی لێ بوو یاخود لێی نه‌بوو,هێواش هێواش به‌ره‌و نهۆمی سێیه‌م به‌ڕی كه‌وتم بۆ دواجار گه‌یشتمه‌ نهۆمی سێیه‌م به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ ماندووبووم وه‌كو ئه‌وه‌ وابوو كه‌ به‌یانیه‌كه‌ی زوو هه‌ستاوم بۆ كرێكاری , نهۆمی سێیه‌م زۆر گه‌وره‌و بوو كۆمه‌ڵێك ژووری لێ بوو هه‌ر ژوورێك ناوێكی له‌سه‌ر نوسرابوو منیش خۆم به‌ژوورێك داكرد نووسرابوو نووسه‌ران چوونكه‌ گوتم ئێستا مامۆستا له‌م ژووره‌ بۆ خۆی دانیشتوه‌ له‌ كه‌شێكی پڕ له‌ ئارامی دایه‌ , ڕاسته‌وخۆ ده‌رگاكه‌م كردوه‌و كوڕێكی گه‌نجی قۆزم به‌پێش چاو كه‌وت ئیتر ده‌مزانی مامۆستا په‌یوه‌ندی به‌م ژووره‌وه‌ نیه‌ , ئه‌ویش گوتی به‌خێربێی فه‌رموو, منیش گوتم سووپاس به‌سه‌ به‌دوای ژووری مامۆستا سه‌لام عومه‌ر ده‌گه‌ڕێم ئه‌و لێره‌یه‌ , ئه‌ویش گوتی به‌ڵی ئه‌وه‌تا ژووره‌كه‌ی منی برده‌ لای ژووره‌كه‌ی مامۆستاو له‌ ده‌رگاكه‌ی كرده‌وه‌ كوڕه‌ قۆزه‌كه‌ به‌ مامۆستای گوت, مامۆستا سه‌لام میوانت هاتوه‌ بێته‌ ژووره‌وه‌ كاتێك چاوم به‌ مامۆستا سه‌لام كه‌وت بینیم له‌سه‌ر قه‌نه‌فه‌ بۆ خۆی دانیشتوه‌ هه‌ركه‌ منی بینی ڕاسته‌وخۆ گوتی: به‌خێربێیت كاك ئه‌حمه‌د فه‌رموو وه‌ره‌ ژووره‌وه‌ , منیش به‌ڕاستی تۆزێك شه‌رمم بۆ هات كه‌وا له‌گه‌ڵ كه‌سایه‌تیه‌كی وه‌كو مامۆستا سه‌لام عومه‌ر دابنیشم, ئیتر چوومه‌ ژووره‌وه‌ دانیشتین به‌یه‌كه‌وه‌ ده‌ستمان كرد به‌قسه‌و گفتگۆو هه‌ندێك ئامۆژگاری جوان و به‌سوود له‌لایه‌ن مامۆستاوه‌ وه‌رگرت و له‌ پاشان هه‌ستایه‌وه‌ پێ به‌ره‌و لای مێزه‌كه‌ی ڕۆیشت بۆ ئه‌وه‌ دوو كتێبی جوانی ناسكی خۆی بۆ من بێنێت و به‌ دیاری پێشكه‌شم بكات , كتێبه‌كه‌ دانه‌یه‌كیان ڕۆمان بوو به‌ناوی جن بۆ خۆیم ده‌بات, وه‌ دانه‌كه‌ی تریش ناوی دیوانێكی شعری جوانكیله‌ بوو به‌ناوی هێلانه‌یه‌ك له‌ په‌شمه‌ك كه‌ له‌پێشتردا له‌ ڕێگای پی دی ئێف له‌ناو مۆبایله‌كه‌مه‌وه‌ هه‌موویم خوێندبوو كه‌ جوانترین ڕۆژانی بۆمن تۆماركرد ئه‌و دیوانه‌شعره‌ به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان به‌هه‌ردوو شێوه‌كه‌ی له‌لامه‌ كه‌ به‌كتێب و هه‌میش به‌نێو مۆبایله‌كه‌م دا,ئیتر بۆ كاتژمێر قسه‌و ئامۆژگاری به‌ڵام بۆ كۆتا جار ماڵئاوایم له‌ مامۆستا كرد و وێنه‌یه‌كمانیش پێكه‌وه‌ چركاندو, وه‌ ڕاسته‌وخۆ گه‌ڕامه‌وه‌ بۆ كۆلێژ ئیتر .
هاوشێوه‌ی كتێبه‌كانی ترم ئه‌م دووكتێبه‌ی مامۆستاش له‌نێو كتێبخانه‌كه‌م به‌جوانی ڕیز كردو پاش هه‌فته‌یه‌ك له‌ ته‌وابوونی خوێندنه‌وه‌ی كتێبێكی دیكه‌م , له‌پاشان ده‌ستم به‌خوێندنه‌ی ڕۆمانی جن بۆ خۆیم ده‌بات كه‌ ڕۆمانه‌كه‌ی مامۆستا سه‌لام عومه‌ر بوو له‌ 278 لاپه‌ڕه‌ پێك هاتبوو, هه‌ڵبه‌ته‌ ڕۆمانه‌كه‌ جیاواز بوو له‌و ڕۆمانانه‌ی تر كه‌ خوێندبوومه‌وه‌, چوونكه‌ ڕۆمانه‌كه‌ی مامۆستا ڕۆمانێك بوو ده‌رباره‌ی ژیانی خۆی كه‌ به‌درێژایی ته‌مه‌نی به‌تایبه‌تی ڕۆژانی پێشمه‌رگایه‌تی و پێك هێنانی خێزان چه‌ندین ئازار و ناخۆشی بینیوه‌ به‌ درێژایی ئه‌و ڕۆژگاره‌, به‌ڵام له‌لایه‌كی تری ڕۆمانه‌كه‌ی په‌یامی باوه‌ڕبه‌خۆبوون و چۆك نه‌دانی ده‌دا به‌خوێنه‌ران,به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه‌ سه‌رنجی منی له‌نێو ئه‌و ڕۆمانه‌ ڕاكێشا كۆتایه‌كانی بوو چوونكه‌ ژیانی له‌نێوان دوو ئه‌ستێره‌ی جیاواز به‌سترابوو, كه‌ ئه‌ستێره‌یه‌ك زۆر دادپه‌روه‌ر و هیچ جۆره‌ جه‌نگ و جیاوازی ئاین و حزب و ڕه‌گه‌زی تێدا به‌دی ناكرێت هه‌مووی زۆر ئاسایی ده‌ژین, به‌ڵام ئه‌ستێره‌كه‌ی تر ئه‌و ئه‌ستێره‌یه‌ كه‌ئێمه‌ ئێستا تێداین پڕیه‌تی له‌ جه‌نجاڵی و جه‌نگ.

13|3|2020




کرۆنا … مەولود ئیبراهیم حەسەن

ئێستا..
من هه ست دەکەم
بەتەواوی
مرۆڤێکی جیهانیم،
ئەوە نیە من و ترەمپ
هه ردووکمان
وەک یەک
لە کرۆنا دەترسین!


ئەمە جاری دووەممە
خۆم لە ماڵەوە بەند دەکەم
جاری یەکەم
فیراری شەڕی هه شت ساڵە بووم
ئەمجارە
هه ڵاتووی دەستی کرۆنام.


لە هه موو ژیانما
لەگەڵ دوژمنەکانما
هه ر چەکێکیان هه بووبێ
ڕوو بە ڕوو بوویمەتەوە،
ئەمە جاری یەکەممە
لەدەست کرۆنا ڕادەکەم.


لە هه موو شەڕێکماندا
پێکەوە سەنگەرمان لە دوژمن گرتووە
ئەم جارە
لە نێو سەنگەری ماڵەوە
بە چەکی ئاو
بەتەنیا
شەڕی دوژمنێکی جیهانی دەکەم.


هه رچی پێشکەوتن و شارستانیەت هه یە
هه موویم وەلا ناوە
تەواو پشتم بە ئامۆژگاریەکانی داپیرەم بەستووە
لە شەڕی گرانی کڕۆنا
بەتەواوی
خۆم دەخیلی
سیرو
لەیموون و
زەنجەبیل و
بیبەر کردووە.


دەرگای هه موو پەرستگاکانی
بە ڕووی خواپەرستان داخستووە
کرۆنا کردی
ئەوەی هیچ داگیرکەرێک نەیکردووە .


لەو ڕۆژەوە دەستت گوشیوم
تا ئێستا نەمشوشتووە
لە پشکنینا دەرکەوت
هه رچی ڤایرۆسی کرۆنا هه یە
بە گەرمی خۆشەویستی
هه موویت کوشتووە..

* ١٣/٣/٢٠٢٠ – هه ولێر




پۆشاکی کوردی … عەلی حەمەڕەشید بەرزنجی

ڕۆڵــەی کــورد و کوردستانین
خاوەن کلتوری خۆمــــــانین
چونکەپۆشاکمــــان کـوردییە
زۆر جوانە لـــــە وێنەی نییە
وا شانازیی پێوە دەکـــــەین
دەیسەلمێنێ کە ئێمــــە ھەین
بەو پۆشاکــــەوە ناسراوین
دەیپارێزین ھەتــا مـــاوین
ڕازاوە و جــــــوان و ڕەنگینە
لــــەلای ھەموومــــان شیرینە
کاتێ دەیپۆشین ئاســــودەین
ھەست بە خۆشی و شادی دەکەین
لــە ھەمـــوو شوێنێکی جیھان
ناسنامەیەکــە بــــۆ کوردان

١١/٣/٢٠٢٠




کۆرۆنا … نەوزاد بەندی

کۆبوونەوە بێ سوودەکان
کە پڕ پڕن لە غەیبەت و
جوینەوەی قسە بێتامەکانی
قەڵاچۆ کرد ، کۆرۆنا

پۆز لێدانی خاوەن پرسە
قەڵەباڵغەکان و
دڵشکانی خاون پرسە چۆڵەکانی
قەڵاچۆ کرد ، کۆرۆنا ..

گرتنی جادە وشوستەی
شارەکانی
بە سەدان هەزار مرۆڤی بێ ئیش
کە سەیری یەکتر ئەکەن و
پوشێ ناخەنە سەر پوشێ ،
یاساغ کرد ، کۆرونا ..

باری ساختەی
جومله فرۆشی بێ ڕەحم و ..
سەیران و حەیوانخواردنی
تەنگە ئەستوورەکانی
نەهێشت ، کۆرۆنا …

کفر و لووتبەرزی و
بڵندگۆی
لە بتەکانی سەرزەمین ،
سەندەوە ، کۆرۆنا ..

نمایشێکی بچووکی
ڕۆژی قیامەتی نیشانداین ،
بە بێ تکت
بە خۆڕایی
هاتنیش بۆ هەمووانە ،
کۆرۆنا ..

بیری ئەوانەی خستەوە
کە دنیایان لەسەر خۆیان
تاپۆکردبوو ،
کە نەک دنیا ،
خۆیشیان موڵکی خۆیان نین ،
کۆرۆنا ..

دڵی سەدان هەزار لاوی
بێ ئیشی
قوڕنەی ماڵی دایەوە ،
کاتێ بازرگانەکانیشی
بە بێ ئیشی ناساند و
ڕاپێچی چوار دیواری
ماڵی کردن
کۆرۆنا ..

شتی ترشی ئەنجام دا ،
کە زۆر زۆرن
کە نابژێررێن ..
کۆرۆنا ..




16ی سێ داوای لێبوردن بكەن لە خەڵكی هەڵەبجە … عەلی مەحمود محەمەد

مرۆڤ كە بیركردنەوەی باشی هەبوو بۆ كردارەكانی, ویستی لەسەر چاكەكاری و خزمەتی مرۆڤ بێت ,كرداری خراپ ناكات ,چونكە بیركردنەوە دەگۆڕێت بۆ هەست و كاریگەری لە سەر كردارە خودییەكان تاك و گروپ دادەنێت, بەڵام شەڕی هەڵەبجە یەكێك لە بیركردنەوە نەفرەتلێكراوەكانی هەندێك سیاسیەكانی ئەوكاتی كورد بوو كە كرا, بیرۆكەكەیەكی خراپەكاری بوو ئەنجامدرا, بۆیە چاوەڕوانی ئەنجامی باشی لێناكرا چونكە نیەت لە كارەكە چاكەكاری نەبوو, بەهۆی ئەوەی بیركردنەوەی خراپی لە پشتەوە بوو, ئەویش لە پێناو بەرژەوەندی گروپەكان كە خۆی لە چەند پارتێكی سیاسی دەبینییەوە ” ینك, پدك, حسك, بزووتنەوەی ئیسلامی”گەل تێكەڵاو بە شەڕێكی ماڵوێرانكەر كرا, كە دوو دەوڵەتی دەوڵەمەندی ئێران و عێراقی هاڕی بوو, لە زۆر لاوە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی ئەم لایەنانە لە گەڵ ئێران دەیخوێنیتەوە شوێن پەنجەی شەیتانانە بە تاوانەكەوە دیارەو ناشرینیەكانی بە عەبای دڕاوی ئێستای ئەم سیاسیانە بۆ هەتا هەتایە ناشاردرێتەوە, مێژووی تاوانی هەڵەبجە مێژوویەكە لە ناو گازو ئێسك و پروسك و ناشرینی و تاواندا غەرق بووە, لە هەموو 16ی 3 یەكدا سەر دەردێنێتەوە, هەموو بكەران و بەشداربووانیش تا ئێستا سزای خۆیان وەرنەگرتووەو قەرەبووی مادی و مەعنەوی قوربانیان نەكراونەتەوەو راستییەكانیش تا ئێستا لە دەمی ئەكتەرەكانەوە بڵاو نەكراوەتەوە وەك خۆی.

ئەوانەی تاوانیان ئەنجامدا لە هەڵەبجە ,لە بەعسەوە بۆ ئێران و بۆ حیزب و تاكی لایەنە كوردییەكان (( چونكە تاوانی دزی دەخرێتە ئەستۆی تاكەكان, بەڵام لێپرسینەوەو سزا لە نەخشەی تاوانەكە لە ئەستۆی لایەنەكانە, كە نەیانكرد ئەوجا دەبنە شەریكە بەش لە كۆی تاوانەكە )), ئەوان هەموو لەو رۆژانە مرۆڤایەتیان لە ناخی خۆیاندا كوشت, بۆیە هەر هەوڵێك بۆ سووككردنی تۆمەتەكەیان بدرێت و داكۆكیان لێبكرێت دەچێتە چوار چێوەی خیانەت لە قوربانیانی تاوانەكەو رزگاركردنی تۆمەتبار لە لێپرسینەوەو دەرخستنی راستیەكان, راستی تاوانێك وەك گەورەترین تاوانی چەكی كیمیاوی بەرامبەر بە شارێكی سڤیل نشین لە مێژووی مرۆڤایەتیدا.
تاوانی هەڵەبجە هەر ئەوە نییە كە نغرۆ بوونی شار لە گازی كیمیاوی و 5000 قوربانی و ئازارەكانی كامیل عەبدوالقادرەكان و عەلییەكان و لوقمانەكان و حیكمەتەكان و ئاراسەكان و …… ڕوی دڕندەیی ڕژێمی بەعس دەربخات, ئەوانەی ئەمڕۆ قازانجیان بینیوە لە ڕوخاندنی سەدام بێن لە هەڵەبجە, لەسەر مۆنمێنتی قوربانیان و كەلاوەكانی نەعلەتی رژێمی بەعس بكەن و شەرعیەت بە دەسەڵات و كردارەكانیان و جەنگەكانیان بدەن, سیاسیەكانی كورد هەمیشە قازانج و تام لە بینینی ڕۆڵی قوربانیەوە دەبینن, ئاخ و ئۆف بۆ هەڵەبجەی دیكە دەككێشن تا بازرگانی زیاتری پێبكەن, تۆمەتبارانی 16-3ش كە دزیان كرد و هەڵەبجەیان بە هەڵەكانیان بۆ ئەو مەرگە ساتە برد بە هێنانی سوپای ئێران, ئەو رۆژانەی دواتر خۆیان بە بەشێك لەو قوربانیانە دەناسێنن, بۆ ئەوەی چیاووكی سیاسیان پێ بدرێت.
ئەو جەنگاوەرانەی لە پەلاماری هەڵەبجەدا, ڕزگار كردنی دراوی ناو بانكەكەی هەڵەبجەیان بە بەهاتر دەزانی لە ڕزگار كردنی خەڵكی هەڵەبجە, وێنای كەسایەتی راستەقینەی ئەو فەرماندارانە دیاری دەكات, واتا لە پلە بەندی بەهاكاندا لای ئەوان هەمیشە پارە گرنگترە لە مرۆڤ وەك دواتر رونتر سەلماندیانەوە لەو كاتەی كرانەوە حوكمداری كوردستان پاش راپەڕینی خۆرسكی خەڵكی كوردستان, پارەیەك هەمیشە تاقیكردنەوەی باڵا بووە بۆ فەرماندارانی كورد و هەمیشە بەرەو بێباوەڕی و خیانەتیانی بردووە وەك عەلی وەردی دەڵێت :تا بەرژەوەندی زیاتر بێت باوەڕ لاواز تر دەبێت .
چیرۆكی تاڵانكردنی بانكەكەی هەڵەبجە, تاكو دنیا دنیایە, لە پاڵ وێنەكەی عومەر خاوەر, دەربڕی مەزڵومیەتی خەڵكی ئەم شارەیە, كە لە چركە ساتێكدا روح و ماڵ و سەرمایەكانیان هەموو پێكەوە هوزەمان دزران, بڕینی بانكی هەڵەبجە لە دیرۆكی تاوانەكاندا بوو بە سومبولی تاڵان و بڕۆی شار لە لایەن هێز گەلێكەوە گوایە بۆ بەختەوەری و یەكسانی دەستیان داوەتە چەك و پەیمانی بوون بە رۆبن هودیان دابوو بە گەل لێ دواتر لە مافیا خراپتر بوون, بوون بە كارگاو كارخانەی بەرهەمهێنانی دزی نا قۆڵا , كەچی لە پڕ دەبن بە گەورەترین دز, هەروەك چۆن عومەر خاوەر بووە بە سومبولی 5000 شەهید بەهۆی منداڵەكەیەوە , ئاوا ئەوانیش بوون بە ناشرینترین دزی كوردی .
تاوانی هەڵەبجە پڕە لە چیرۆكی سەیر و سەمەرە ,چ لە لایەن بەعس و ئێرانەوە , یان لە لایەن لایەنە بەشداربوەكانی كوردییەوە ,بەمەش هەندێك پێشمەرگەی تاوانكار بوونە جەلاد جەماوەریش بووە قوربانی دەست قوربانی وەك ئێدوارد سەعید دەڵێت “بوونە قوربانی قوربانی “, جیهانی غەریب و عەجائیب , ناشرینی بێ وێنە. ناشرینیەكانی ئەو كات, بە دەسەڵات و هێزو دەوڵەمەندی ئەمڕۆی تۆمەتباران هەرگیزاو هەرگیز ناشاردرێتەوە و جوان ناكرێت , وەك پشكۆی بن خۆڵەمێشە , بە زەبروزەنگیش پرسیارەكان لە قوڕگی جەماوەر خەفە ناكرێن, هەر دەبێت لاپەڕەكانی هەڵبدرێتەوە بۆ ئەوەی وەك خۆی چۆن بووە ئاوا بچێتە مێژوەوە.ئەزموونی ناشرین و سەرنەكەوتوو پێویستی بە شیكردنەوەی قول هەیە نەك شاردنەوە, پێویستە لێكۆڵینەوەو لێكدانەوەی لەسەر بكرێت, پێویستە بە بۆچوونی نوێوە سەیری ئەو ئەزموونە بكردرێت, هەموو ئەزموونێك بە نرخە ئەنجامگیری لێكدانەوە و لێكۆڵینەوە لە سەری بكرێت, شیكردنەوەی ئەزمونەكان باشتر كەسە سەركەوتوو و شكست خواردووەكان لە قۆناغە مێژووییەكاندا دەناسێنێت, نەك شیعارات و لە خشتە بردنی خەڵك بە دروشمی پۆپۆلیستانە, لە ئەزموونە تاڵەكان مرۆڤەكان وەك ئەوەی هەن دەناسرێن و دەمامكەكان هەڵدەماڵرێن و رووەكان ئاشكرا دەكرێن.

هەڵسوكەوت بە تایبەت ناشرینەكانی وەك هەڵەبجە , پێچەوانەی بیروباوەڕ ,لایەن توشی قەیرانی ناسنامە دەكات, ئەمەش وایكردو وا دەكات هەموو بیروباوەڕەكانی تۆمەتبار بكەوێتە ژێر پرسیارەوە,گومان لە سەر هەموو رابردووی تاوانكار درووست بكات, هەڵەبجە بەم ئەركە هەڵستا و ئەم پەیامەی گەیاند, تەواوی بیروباوەڕی ئەو شۆرشگێڕە ئەفسونیانەی بردە ژێر پرسیارەوە, كە تاوانیان بەرامبەری كرد, تاوان تەنها گاز بارانەكە نییە كە بەعس و خاوەند گازو چەكەكانن, بگرە هێنانی سوپای ئێران , كردنی شار بە بەرەی شەڕ, تۆپبارانكرنی خەڵكی سڤیل, بە بارمتەگرتنی خەڵكەكەو نەهێشتنی دەربازبونیان, تاڵان و بڕۆو …. هەموو تاوانبارن .
سەركردەكانی ئەوكات, ئەوانەی كە بڕیاری ئەم كردە سەربازییەیان دا , هیچ كات نایانەوێت باس لەم تاوانە بكرێت و بەرەو روی رەخنە ببنەوە, یاخود هەر قسەیان لەسەر بكرێت ,چونكە لە نیەتیاندا نییە دووبارەی نەكەنەوە, جۆرج سانتیانا دەڵێت :ئەو كەسانەی كە ناتوانن ڕابردوو وەبیر خۆیان بهێننەوە, تاوانبارن بە دووبارە كردنەوەی(( ل132, نهێنی سەركەوتن لە ژیاندا-برایان ترێسی ,و.محەمەد شەهدی ,دەزگای چاپ و بڵاوكردنەوەی رۆژهەڵات 2009)), كەواتە نهێنی دان نە نانی ئەوان و ئەمان بە راستییەكان چییە , جگە لە بردنەوەی گەل بۆ نەهامەتیەكی دیكە نەبێت.یەكەم كاری هێزە داگیر كەرەكەی هەڵەبجە لە دوای 15ی ئازاری 1988, نە پاكسازی شار بووە لە هێزە سەركوتكەرەكان, نە رێكخستن و هوشیار كردنەوەی خەڵك بوو لە هەموو ئەگەرێك, نە سەردانی رێكخستنەكان و ماڵی شەهیدان بووە, نە خەمی برینداران ….بەڵكە تاڵان بووە:پاش شكستی چاوەڕوانكراوی هێزەكانی بەعس و دابەزینی هێزە كوردی و ئێرانییەكان و مەجلیسی ئەعلا, كارە دزێوەكانی تاڵان و دزی و فەرهودی فەرمانگەكان لە لایەن دەسەڵاتدارانی نوێوە دەستیپێكرد كەوتنە فڕاندنی سەیارەو مومتەلەكاتی دائیرەكان,پاشان بووە كێشە و كێبڕكێ بۆ داگیر كردنی بیناكان بۆ كردنیان بە بارەگای حیزبی (لڤین- ئەو هەڵە ستراتیژییەی كیمیابارای لێكەوتەوە- یاسین رەسول عوسمان – ژمارە 87 بەرواری 15ی مارتی 2009 ل12).
ئەوەندەی لە شەڕی هەڵەبجە گرنگی بە پاراستنی بانكی شار و پارەی ناو قاسەكەی درا لە لایەن فەرماندە سەربازییەكانی پێشمەرگەو ئێرانەوە, بە ئەندازەی زەڕەیەكی ئەوەندە گرنگی بە سەلامەتی خەڵكی شار بدرایا, ئەوە ژمارەیەكی زۆر كەمتر لەوەی ئێستا هەیە قوربانی دەدرا, كە دواتر وەك خۆیان چەندین جار دوبارەیان كردۆتەوە , ژمارە زۆرەكەش 5000 بۆیان بوو بە نیعمەت و دەستكەوتی هەڵەبجە لە دەیان ملیۆن دیناری ناو بانكەكەی كردە ملیارها دۆلار, ئەوانەی ئێستا من دەیاننووسمەوە, وتەی من نین , بەڵكە شایەدی و وتەی خودی فەرماندەكانی هێرشەكانن بۆ سەر شاری هەڵەبجەیە, وەك دەبینیین لە ناخۆشترین هەل و مەرجی سەربازیدا , لەسەردەمی مەرگی بە كۆمەڵی گەلدا , فەرماندەكان هەموو بیر و هۆشیان لای دەسكەوتە و ژیانی چەندین هاوڕێی خۆیان دەخەنە مەترسییەوە لە پێناو پاراستنی پارووی چەوری ناو قاسەكە : ئێوارەی یەكەمی گرتنی هەڵەبجە , یەكێك لەو شوێنانەی بایەخی زۆرمان پێ دا (( بانقی )) هەڵەبجە بوو – كارەساتی كیمیابارانی هەڵەبجە بەهاری 1988- شەوكەت حاجی مشیر ل 52 .
دوای گرتنی شاری هەڵەبجە ینك ئەركی پاراستنی بانكەكەی گرتۆتە ئەستۆ ,بۆیە هەموو تۆمەتەكان بەرەو رووی ئەو دەكرێتەوە لە بڕینی بانكەكە ((چەند پێشمەرگەیەكی ینك كە ژمارەیان 15 كەس دەبوو بە سەرپەرشتی م,ح,ع ماوەتی بە فەرمانی بەرپرسەكەیان بانكیان گرتە ئەستۆ ,لەو ماوەیەدا دووجار بە كۆستەرەو لەحیم هەوڵیان دا قاسەی بانكەكە بشكێنن, بەڵام بە هۆی تۆكمەیی قاسەكەوە كە لە ناو دیواردا بوو ,بۆیان نەشكێنرا (لڤین – ژمارە 87-ل15).قادری سەعید سۆفی بەڕێوەبەری بانكی هەڵەبجە بڕی پارەی ناو بانكەكە دیاریدەكات (( بانكی هەڵەبجە ئەوكات بڕی 780000 دیناری خەڵكی تێدا بوو هەموی دزرا )) (كێ بانكەكەی هەڵەبجەی بڕی – لڤین ژمارە 87 – ل 16 – هونەر حەمە ڕەشید – عیرفان ئەحمەد-بژار ناشاد ) .قادر سۆفی سەعید: بانك دوو كلیلی هەبوو, یەكێكیان لای من بو, یەكێكیشیان لای بەرپرسی سندووق بوو,ئەوانەی بانكەكەیان بڕی كلیلیان نەبوو, بەڵكە بە تی ئێن تی دەرگاكەیان تەقاندبوەوەو شكاندبویان,دواتر هەموویان دزیبوو ,كە ئێمە دوایی گەڕاینەوە بۆ هەڵەبجە ,بۆمان دەركەوت بەم شێوەیە دزراوە ( لڤین ژ 87 –ل17).بەڵام پێشمەرگەیەكی ئەوكاتی ینك رای جیاوازیان لەمبارەیەوە هەیە : فایەق گوڵپی دەڵێت : (بانقی هەڵەبجە پێش تەقاندنەوەی كلیلەكەی وەرگیرابوو لە بەڕێوەبەری بانقەكە, پێش تەقاندنەوەی پارەكە دزرابوو,من وامبیستووە بەڕێوەبەری بانقەكە كلیلەكانی داوەتە شەوكەتی حاج مشیر و ئەو پارەكەی دزیووە ,یەكێتی و پارتیش دواتر هەندێك لە كادیرەكانی خۆیان سزا دا لەسەر ئەو بابەتە ,هەندێك لەو كەسانەیان گرت وەك كەماڵ شاكیر لە سنە ,بەڵام دوایی حكوومەتی ئێران دەستیخستە ناو كارەكەو سوڵحیانكرد لە نێوان خۆیاندا, بەڵام ئەوە دەڵێم كە مامۆستا شاهۆو حەمەی حەمە سەعید یەك شتیان نەدزیووە,كە ئەوان زۆر دژایەتی منیش دەكەن لە ناوچەكە ,ناكۆكی نێوان نەوزاد نۆرۆڵی و شەوكەتی حاجی مشیر لەسەر مەسەلەی هەڵەبجە بوو ,كە شەوكەت هەندێك شتی هێنابوو ,بەڵام نەوزاد شكاندبووی ( لڤین -87 –ل17), بەمجۆرە دەبینین بە 870000 دیناری ئەوكاتە دڵیان ئاوی نەخواردۆتەوە بەڵكە پەلاماری شتی بچوكیشیان داوە.

لە كاتێكدا هەڵەبجە بۆنی سێۆو سیرە بۆگەنی خەردەل دای گرتبوو, قوربانیان بە لۆری تەرمەكانیان بار دەكرا و بە كۆمەڵ دەنێژران بە سەر یەكترەوەو بە بەرچاوی كامیراكانی جیهانەوە, عومەر خاوەر خەوی ئەبەدی بە ڕزگاركردنی كوڕە تاقانەكەیەوە دەبینی, مردن بە موو لە هەمووانەوە دوور بوو, كەس باوەڕی بە چاوی خۆی ناكرد, لەو شەوە چارەنووس سازەدا فەرماندەی گشتی ڕزگاركردنی هەڵەبجە خەوی پەمبەیی بە ڕزگاركردنی قاسەكەوە دەبینی,ئەمەی خوارەوە وتەی من نییە, بەڵكە دانپێنانی خودی فەرماندەی هێرشەكەیە بۆ سەر هەڵەبجە, وڵات بە وڵات خەڵك دەنێرێت لە بری داو دەرمان بۆ كۆسرەو مەكینەی لەحیم و موجازەفە بە روحی هاوڕێكانییەوە دەكات بۆ دراوەكەی ناوی : بۆ شەوی 16-17-3-1988 چەند بە ئامێری هۆكی تۆكی هەوڵم دا تاوەكو (( كاك مەجیدی حاجی علی )) م پەیدا كرد و لێم پرسی كێ لای بانقەكەیە ئایا ئێوە ئێستا لە كوێن , وەڵامی دامەوە ئێمە وە هەموو پێشمەرگەكان لە شار نەماوین و كەس خۆی لەناو شاردا ناگرێت لە ترسی كیمیاباران , كەس خۆی نادا بە كوشت بۆ پاسەوانی كردنی بانق.
ووتی خەمت نەبێ نەك هەر ئێمە هیچ كەس لەو گەڕەكەدا نەماوە لە ترسی كیمیاوی, بۆ ڕۆژی 18-3-1988 تۆزێك بارودۆخەكە هێور بوویەوەو بۆردومانی ناو شار كزبوو , دوبارە داوام لە(( كاك مەجید حاجی علی )) كرد كە بە خۆی پێشمەرگەكانی بڕۆنەوە ناو شار بۆ پاراستنی بانقەكە كە تا بزانیین چی لێ بكەین هەر بەو شێوەیە بە هەزار حاڵ توانیمان پێشمەرگەكانی ڕازی بكەین بڕۆنەوە ناو شار ئاگایان لە بانقەكە بێت هەرچەندە هەموو ئەیان ووت (( كاك شەوكەت )) پێشمەرگە ناتوانێ لەناو شاردا بمێنێ , هەندێكیان بریندار بووبوون ڕۆیشتبونەوە بەرەو ووڵاتی خۆیان لە دیوی ئێرانەوە , ئەوەشی كە ماوە خۆیان ناخەنە بەر مەترسی مردن لەبەر قاصەیەك كە نازانرێ چی تێدایە- كارەساتی كیمیابارانی هەڵەبجە بەهاری 1988- شەوكەت حاجی مشیر ل53 .تەنها بە نیگابانیكردن لەسەر پاراستنی قاسەكە نەوەستان, بەڵكە كۆمەڵێك پێشمەرگەی بێچارە , جەستەی خۆیان خستە بەر مەترسی بڕیاری چاوچنۆكانەی فەرماندەكانیان, لەو ڕۆژانەدا نەك تەنها مرۆڤ, بگرە بەرد و شاخ زەوییش خۆی لەبەردەم شوێنەواری ژەهر بارانەكە ناگرت, كەچی نیگابانی و پاراستنی بانكەكە بەردەوام بوو بە چركەش لێی جیانابنەوە, ئەگەر هەموو خەڵكی هەڵەبجە گیانەڵایان بدایا بۆ تۆزێك داوو دەرمان, ڕزگاركەرانی شار گوێیان لێیان نەبوو وەك بینیمان و خوێندمانەوە لە زمانی خۆیانەوە, مێش نابوو بە میوانیان چونكە ماسكی دژە گاز و دەرزی دژە كیمیاویان پێبوو , بەڵام بۆ شكاندنی قاسەكەو پاراستنی دەستكەوتەكان ناوی لە هەوڵی بێوچاندا بوون و بە دوای حەتمییەتەوە بوون بۆی تا پەیدای بكەن, وڵاتان دەگەڕان بۆ پەیداكردنی ئامێر و دەزگایەك تا نێچیرەكەیان بۆ ئازاد بكات و دەرگاكەیان بۆ بكاتەوەو شاد بنەوە بەوەی لە پێناویدا باوەڕوئامانجەكانیان كردە قوربانی .

هێشتا تارمایی كیمیاوییەكە بە تەواوەتی لەسەر شار نەنیشتبوەوە, تەرمی قوربانیان لە گۆڕە بە كۆمەڵەكان نەنرابوون, بەرپرسانی پێشمەرگە بۆ شاری پاوە لە رۆژهەڵاتی كوردستان دەچن بۆ هێنانی كۆسرە و لەحیم تا قاسەكەی پێ بشكێنن, بۆ ئەوەی دەستیان بە دەسكەوتەكانی ناوی بگات و غەنیمەكەی حەڵاڵ بكەن : بۆ ئەم مەبەستە (( كاك حامید و مامۆستا صاڵح )) ڕۆیشتن بۆ پاوە لەوێ (( دینەمۆو كۆسرەكەیان هێنا )) چونكە لە هەڵەبجە كارەبا نەمابوو بەهۆی بوردومانەكەوە . ڕۆیشتبوون زۆر هەوڵیان دابوو بۆ بڕینەوەی قاصەكە بەڵام بێ سوود بوو هیچی لێ نەبڕی بوییەوە چونكە پۆڵایەكی زۆر قایم بوو . بۆ ڕۆژی 19-3 هاتنەوە لام ووتیان هیچ سوودی نی یە و ناكرێتەوە – كارەساتی كیمیابارانی هەڵەبجە بەهاری 1988- شەوكەت حاجی مشیرل 54 .لە 16-3 بە دواوە شار بۆتە وێرانە, نغرۆ بووە بەسەر یەكدا , ژەهریش كردویەتی بە جەهەنەمە راستەقینەكەو رۆژی حەشرە, بەڵام بەرپرسان بە بست لە قاسەكە دوورناكەونەوە, قیبلەی ئەوان قاسەیە لەو رۆژە پڕ نەهامەتی و حەشرەدا, لەو كاتەی هەزاران كەس لە خەڵكی هەڵەبجە كوێر دەبن بە گازی كیمیاوی, ئەمان نیگابانی چڕتر دەكەنەوە لەسەر قاسەكە, چاوەكانیان زەقتر دەكەنەوە بۆ پاراستنی تاڵانییەكەی ناوی, گوێ بە شوێنەواری گازی كیمیاوی نادەن, لەو كاتەی سەدان منداڵ بەبێ سەرپەرشتیار دەمێننەوە لە پەناگەو ناو شیوو دۆڵەكان و لوتكە ساردەكانی هەورامان خۆیان گرمۆڵە دەكەن و لە برسان فرمێسكەكانیان دەخۆنەوە و دەبنە نیچیری ئێرانیەكان و تا ئێستا نابینرێنەوە, هەزارانیان بەدەم سوتانەوە خۆزگەیان بە مەرگ دەخواست, كەچی ڕزگاركەرانی هەڵەبجە نا بگرە وێرانەرانی, دەورو پشتی قاسەكە چۆڵ ناكەن لە پێناو گەیشتن بە دەسكەوتەكەی ناوی , پەلەیانە زوو بیشكێنن و پارەكەی ناوی فریای ئەوخەڵكە بخەن و گەرمیان بكەنەوە , كە لەو دیوو سنوورەوە لە برسان و لە سەرما یەك لە دوای یەك بەدەم ئازارەوە سەر دەنێنەوە !! , ئەمەیە درۆزنی و دوڕویی سیاسی كورد , كەچی گوایا لە ناكاودا زرمەی ناخۆشتر لە كیمیابارانكردنی هەڵەبجە دەبیستن , خەونەكانیان دەبێت بە سەراب, هەرچەندە جەماوەر ئەوەندە درۆی بۆ كراوە باوەڕی بەم سیناریۆیەی خوارەوەش نییە(( بۆ ئاگاداری ئەم نوسینەی كاك شەوكەت لە وەڵامە بە تۆمەتباركردنەكان بۆیە وەك داكۆكینامەیەك نوسراوە تا تۆمەتەكان لەسەر خۆی بڕەوێنێتەوە , بۆیە پێویستە لێكۆڵینەوەی ورد بكرێت ئەوجا بڕیاری تۆمەتباركردن بدرێت )) : شەوی 21-22-3-1988 لە كاتێكدا من و مامۆستا صاڵح قادر و كاك حامیدی حاج خالید و كاك قادر كۆكۆیی لەگەڵ كۆمەڵێكی تر لە لێپرسراوەكانی ((ی ن ك )) لە عەبابەیلێ بووین سەعات ((10)) شەو گوێمان لە تەقینەوەیەكی گەورە بوو لە ناو شاری هەڵەبجەدا – كارەساتی كیمیابارانی هەڵەبجە بەهاری 1988- شەوكەت حاجی مشیرل5 5 .

كە ئەم هەواڵە جەرگبڕە ناخۆشە دەبیستن, بێشك بەلایانەوە لە بۆردومانكردنی شاری هەڵەبجە جەرگبڕتر بوو, ئێشی لە 5000 تەرمی شار گەورەتر بوو, بۆیە بە پەلە خۆیان دەگەیەننە بانقەكە تا فریای خەونەكانیان بكەون, بە بان تەرمەكانا دەڕۆن و ئاوڕ لە نوزەی بریندارەكان نادەنەوە, پێ بە بان سەری قوربانییەان دەنێن, بۆ ئەوەی زوتر دەست لە ملی دینارە سەوزەكان بكەن , كەچی بە وتەی خۆیان بەبێ ئومێدی دەگەڕێنەوە, هەرچەندە زۆربەی خەڵكی هەڵەبجە گومانیان لە ڕاستی ئەم وتەیە هەیە : هەر شەو سەعات ((12)) كاك حامیدی حاجی خالید و مامۆستا صاڵح كە ئەو هەواڵەیان بیست یەكسەر ڕۆیشتین بۆ هەڵەبجە, سەردانی بانقەكەیان كردبوو كە دیبوویان بە تەواوی دیوارەكانی ڕووخاون و (( قاصەكەی )) تەقی بوویەوە … كارەساتی كیمیابارانی هەڵەبجە بەهاری 1988- شەوكەت حاجی مشیر ل 56 .

كەچی ئەوان چەند كاتژمێرێك خۆیان دەگرن , كە بە پێی سیناریۆی پەرۆشیەكان پێشوی خۆی بێت راست نییە((سەر لە بەیانی من و مامۆستا صاڵح ڕۆیشتین یۆ هەڵەبجە و سەردانی لای بانقەكەمان كرد هیچ پاسەوانێكی لێ نی یەو قاصە و بیناكە هەموی تەقێنراوەتەوە لە ناو بەرد و ئاسن و دیوارە ڕوخاوەكانیدا تەنها دوو نیوە تورەكەی بچووك پارەی ئاسنمان دۆزییوەوە لە (( 10 فلس +25 فلس +50 فلس+100 فلس+250 فلس)) كە هەمووی نەی ئەكردە شەش هەزار دینار . سەیر لەوەدابوو كە هەموو ماندووبووین تەنها یەك لەت دیناری كاغەز یان 10 دیناری یان 25 دیناریمان نەدۆزییەوە كە بیسەلمێنێ كە قاصەكە بە پارەوە تەقێنراوەتەوە , ئەگەر چەند نموونەیەكمان دەست كەوتایە دەرئەكەوت قاصەكە بە پارەوە تەقێنراوەتەوە- كارەساتی كیمیابارانی هەڵەبجە بەهاری 1988- شەوكەت حاجی مشیر ل 57 .
دوای تەقاندنەوەی قاسەكەش لە خوێنی بە ناهەق ڕشاوی پارەكەی ناوی خۆش نابن و لێپرسینەوەی لەسەر دەكەن , كەچی خوێنی 5000 هاووڵاتی كەس نییە لێی بپرسێتەوە و تەرمەكانی بژمێرێت و خاوەندارییەتیان لێ بكات, لێپرسینەوەكانیش بۆ شاردنەوە نەك دەرخستنی راستییەكان : پێش نیوەڕۆی 23-3-1988 لەوێ كۆبوینەوە كە لێپرسراوی یەكەمی حیزبەكان هاتبوون لە ناوچەكەدا , چونكە كۆبونەوەكە لەسەر داوای من بوو , لە پێشدا من قسەم كرد پێم ووتن تەقینەوەی ئەم بانقە نابێت هەروا بە ئاسانی بڕوات بە تایبەت ئێمە وەك (( ی ن ك)) لێپرسراوی یەكەم بووین لە سەرەتای شەڕدا كە شاری هەڵەبجە گیراوە ل58 .گرنگ نییە بانكەكە و پارەكەی ناوی كەوتبێتە دەست كێ, كە زۆر ڕیوایەت و چیرۆكی جۆراوجۆری لەسەر دەگێڕنەوە, گرنگ ئەوەیە ئەوەی دزیوییەتی بەشێك بووە لە هێزی بەناو ڕزگاركەری هەڵەبجە ” سەری هەڵەبجەییەكان بۆ بەعس ماڵەكەشیان بۆ هێرشبەران ” .ئەوەی جێگای سەرنجە بۆ ئێمە, ئەوەندەی گرنگی بە بانكەكەی هەڵەبجە دراوە, هەزاریەكی ئەوەندە گرنگی بە چارەنووسی خاوەند پارەی ناو بانقەكە نەدراوە!, دیارە بۆ ئەوەی ببن بە خاوەندی شەرعی پارەی بانقەكە تاكە ڕێگا ئەوەیە لە خاوەنەكەی ڕزگاریان بێت .بینیمان هەڵەبجەییەكان پێكەوە بۆ مەرگ بردراون, شەریشِ لەسەر میراتەكانیان سازكراوە, هەموو كات لە مێژووی نوێی كورددا شەڕ بۆ دەسكەوتی شوێنەكانە نەك خەڵكەكەی .

قەرەبووكردنەوەو داوای لێبوردنكردن

پشیلە هەر پشیلەیە و تاوانیش كێ بیكات هەر تاوانە , دەسەڵات یان ئۆپۆسیۆن , چەكداری حومەت یان چەكداری نەتەوەیەك داوای رزگاری بكات, پێویستە لێپرسینەوە لە بكەرانی بكرێت, ئەو لایەنانەی ( ینك , پدك, سۆسیالست ,بزووتنەوەی ئیسلامی,مەجلیس ئەعلا- كۆماری ئیسلامی ئێران) كە بڕیاری ئەم جەنگە نەگریسەیان داو هەڵەبجەیان بۆ چالاكیەكەیان هەڵبژارد و دەستیان كرد بە تاڵان و رێگە گرتن لە خەڵك و بە بارمتە گرتنیان تاوانیان ئەنجامداوە بە تایبەتی بڕیار بە دەستانی ئەوكاتی ئەو لایەنانە كە تا ئێستا بێدەنگیان هەڵبژاردووە, هەموو ئەوانەی گلاونەتە تاوانەكەوە بە تایبەت رابەرە دەست ڕۆیشتوەكانیان لە بڕیاردان, رابەرایەتیكردن, زانینی جەنگەكەو ئاگادارنەكردنەوەی خەڵك و لایەنەكانی رۆژهەڵات,دزیكردن و رێگە گرتن لە هاووڵاتیان بەرپرسن لە بەشێك لە تاوانەكە و پێویستە داوای لێبوردن بكەن لە قوربانیان و بنەماڵەكانیان و بۆ مێژووش پێویستە راستییەكان دەرخرێت و بە دۆكۆمێنت بكرێت, هاوكات لایەنەكانیان پێویستە لە مومتەلەكات و بودجەی حیزبەكانیان بەشێك لە قەرەبووكردنەوەی هەڵەبجە بە تایبەت بانكی هەڵەبجە و دزینی ماڵی هاووڵاتیان بگرنە ئەستۆ .
كۆمەڵگاكان كاتێك سەركەوتوو دەبن كە ڕێبەرەكانیان پرسیاری بەجێ و باش لە خۆیان بكەن و دان بە هەڵەكانیان بنێن, ئەوان نەیان زانیووە كە كونی بچوك دەبێتە هۆی نقوم بونی كەشتی گەورە, بڕیارێكی هەڵەی سەربازی بچووك (( هەڵەی گەورە بوو )) لەوانەیە تاوانی مەزنی وەك هەڵەبجەی لێبكەوێتەوە .ئەو چەكدارانەی ئەو رۆژە هەڵەبجەیان كرد بە شاڕێگای سەفەری پاسداران بۆ كەربەلا ,هیچ گرنگیان بە هاووڵاتیان نەدا ومرۆڤایەتیان لە ناخی خۆیان كوشت:سام لابود یەكێ لە كرێكارەكانی كەشتی ماریا لوئیزا گیانی خۆی بۆ تۆمار كردنی فلیمێك لە بریندار بوونی دوولفین بەهۆی ڕاوە ماسی لە مەترسی هاویشت ل242- هەنگاوی بچووك بۆ سەركەوتنی گەورە -ئانتۆنی ڕابینز ,و.

محەمەد شەهدی -دەزگای چاپ و بڵاوكراوەی ڕۆژهەڵات 2010 , كەچی ئەم سیاسیانە بە هەنگاوی شەڕی هاوبەش لە گەڵ ئێران نەك دۆلفینێك هەزاران مرۆڤ و گیاندارو گوندیان نغرۆ كردو خۆشیان وەك بەرزەكی بانان بە گیرفانی پڕەوە بۆی دەرچوون.پێویستە لایەنە سیاسییەكانی بەشدار بوو لە شەڕی هەڵەبجە قەرەبووی ئەوانە بكەنەوە كە نەیتوانیووە گرەنتی پاراستنی ژیانیان بكەن بە تایبەتی لە تاوانەكانی جینۆساید, دەبوایا لایەنە سیاسیەكان گرەنتی پاراستنی ژیان و ماڵ و ئاسایشی هاووڵاتیانیان بكردایە لە بری دزینی ماڵیان و رێگە گرتن لە رزگاركردنی خۆیان و هێشتنەوەیان وەك بارمتە لە كاتی جەنگدا كە بۆخۆی توانی جەنگە.بۆیە ئەوان هەموویان لە تاوانێكدا هاوبەشن,ئەویش ئەوەیە نەیانتوانی هاوكاری و كۆمەكی ئەو خەڵكە بكەن كە ژیانیان خستە مەترسییەوە .لە كاتێكدا لایەنە كوردییەكان هیچ كەسێكیان سزا نەدا بەرامبەر بەو هەموو كارە دزێوانەی لە هەڵەبجە و ئەنفال ئەنجامدران كەچی دەبینین :ژەنەرال یاماشیتا لە گەڵ 900 یابانی دیكە لە دوای جەنگ بە تاوانی جەنگ ئیعدامكران ,بە تاوانی ئەوە ئیعدام كران لە كۆتایی جەنگدا سەربازەكانی تاوانیان ئەنجام دابوو ,لەو كاتەی كۆنترۆڵی بەسەریانا نەمابوو ((ژەنەراڵ یاماشیتا)) 501 سنە الغزو مستمر –نعوم تشومسكی,المدی ,گبعە الپانیە 1999ص386.

بە پێچەوانەشەوە زۆر جار لە مێژوودا لە ژێر پەردی ڕزگار كردندا تاوان ئەنجام دراوە و كەچی لە تاوانبار نەپرسراوەتەوە:ساڵی 1965 زانكۆی ئۆكسفۆرد دكتۆرای شەرەفی بەخشی بە ترۆمان كە فەرمانی بۆردومانی هیرۆشیماو ناكازاكی دا , لە كوردستانیش بە هەمان شێوە زۆر جار دەبینین خەڵات دەبەخشرێتە ئەو تاوانبار و تۆمەتبارانەی پرسی جینۆسایدی گەلی كورد.لە كاتێكدا خەڵكی هەڵەبجە بەهۆی دەبەنگی بڕیاردەرانی شەڕی هەڵەبجەوە سەرو ماڵیان چوو , ئەو پارەیەی دایان نابوو بۆ رۆژی رەش بووە پاروی چەوری دزەكان ,هاووڵاتیەك ئاوا چیرۆكی هاووڵاتییەكی داماو دەگێڕێتەوە كە هەولی وەرگرتنەوەی پارەكەی بووە لە بانكی هەڵەبجە :بانكی هەڵەبجە دەكەوێتە ناوەندی شار و بانكێكی كۆن و تۆكمە بوو, لەو كاتەدا پیاوێكی دراوسێمان بەڕێوەبەری بوو , زۆر باش لە یادمە لە حەوشەكەماندا باوكم و بەڕێوەبەری بانك و چەند پیاوێكی دراوسێمان گفتوگۆیان دەكرد دەربارەی هێرشەكە و ئایندەی هەڵەبجە و كاردانەوەی ,پیاوێی هەورامی هات و داوای 16000 دیناری سویسری دەكرد, بەڕێوەبەری بانك سوێندی خوارد كلیلەكانی لێسەندراون و ئاگای لە بانك نەماوە, لە راستیدا نازانم ئایا پیاوانی رژێم كلیلەكانیان لێسەندبوو یان پێشمەرگە و هێزە كوردییەكان (لڤین –ژ87 –ل15).

ئەم كارە دزێوانەی لە هەڵەبجە ئەنجامدران هەموو دەچنە چوارچێوەی تاوانە نێونەتەوەییەكانەوە كە زۆربەیان ئێران ئەنجامی داون (( تاوانە گەورەكە كە كیمیا باران و ئەنفالكردنی خەڵكەكەیەتی بەعس ئەنجامی داوە )) ,بەپێی مادەی 8 خاڵی د,فەقەرەی ئەلف لە ئەركانەكانی تاوان بە پێی پەیمانامەی رۆما “پێشێلی گەورە بەرامبەربە پەیمانەی جنێف 12-8-1949 كرا لە :”لە ڕوخاندن و دەست بەسەردا گرتنی مومتەلەكاتی نا سەربازی چ حكوومی یان سڤیل”قوتابخانە,كارخانە,كتێبخانە,نەخۆشخانە,بانك…. “.ئیعدامی بێ دادگایی دیلەكانی كۆمەڵە و ناچار كردنی یەكیان بۆ كاركردن لە ڕیزەكانی بەرامبەر ,پەلاماری ناوچەی سڤیل نشین, دەركردن و گواستنەوەی خەڵكی هەڵەبجە دوای داگیركردنی … .المادە8(2)(هه)5جریمە الحرب المتمپلە فی النهبالاركان1-ان یقوم مرتكب الجریمە بالاستیلا‌و علی الممتلكات معینە.2-ان یتعمد مرتكب الجریمە حرمان المالك من هژه الممتلكات والاستیلا‌و علیها للاستعمال الخاص او الشخصی.
3-ان یكون الاستیلا‌و بدون الموافقە المالك.
4- ان یصدر السلوك فی السیاق نزاع مسلح غیر دولی او یكون مقترنا به.
5-ان یكون مرتكب الجریمە علی علم بالڤروف الواقعیە التی تپبت وجود نزاع مسلح (( ص309وپائق اساسیە مختارە ژات صلە بالمحكمە الجنائیە الدولیە “منشورات محكمە الجنائیە الدولیە”,گبعە الپانیە 2009 )).
دەبوایە دوای راپەڕینی خەڵكی كوردستان, بەرپرسانی دەستڕۆیشتووی لایەنەكانی جەنگی هەڵەبجە بچونایەتە سەر مەزاری شەهیدان و داوای لێبوردنیان لە هاووڵاتیان بكردایە, لە بودجەی حیزب و حكوومەت رێژەیەكی زۆریان بۆ قەرەبووكردنەوەی خەڵكی هەڵەبجە ببڕدایەتەوە, هاوكات بە نرخی رۆژ و بە خستنە سەری قازانج بە پێی هێزی كڕینی ئەوكاتی ئەو 870000 دینارە لەوكاتە قەرەبووی زەرەرمەندانی بانكی هەڵەبجەیان بكردایەتەوە, هەرچەندە هەنگاوێكی زۆر بچووكی ناتەواو لەم بوارەدا نراوە وەك بەڕێوەبەری بانكی ئەو سەردەمە دانی پێدا دەنێت,ئەوەش لام روونە زۆربەی بەر دەستڕۆیشتووانی ناو حیزب كەوتووە:قادر سۆفی سەعید : ئێمە تا ماوەیەكی زۆر پارەكانمان بۆ ئەو كەسانە دەگێڕایەوە كە داوایاندەكرد, بەڵام دواتر وەستێنرا ,بەهۆی ئەوەی خەڵك زۆر درۆیانكرد,لەوەی كە چەندێك پارەیان لە بانقدا بووە (لڤین –ژمارە 87 – ل 17).لە كۆتاییدا دەڵێم كاتی ئەوە هاتووە سیاسییە بڕیار بە دەستەكانی ئەوكاتی لایەنەكانی شەڕی هەڵەبجە با لە 16ی ئادار بچنە هەڵەبجە و داوای لێبوردن لە خەڵكەكەی بكەن و لە مومتەلەكات و بودجەی حیزبەكانیان قەرەبووی زیانلێكەوتوان و هەموو دانیشاوانەكەی بكەنەوە .پێویستە ئەكتەرانی ئەوكاتی پەلاماردان, بڕین, هێنانی پاسدار , رێگا گران لە خەڵك, بەشداربووانی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكە, نەخشە داڕێژەران دان بە راستییەكاندا بنین , داوای لێبوردن بكەن, قەرەبووی قوربانیان بكەنەوە.




ڕیۆ … کۆرۆنا … ئەحمەد ڕەسوڵ

“بازرگانی و هەر جۆرە چالاکی و جوڵەیەکی مرۆیی پەکی کەوتبوو. خەڵکی بە توندی نیگەران بوون بەرامبەر دەردێک کە بووەتە هۆی تێکدانی ئەو شێوە ژیانەی کە دەقیان پێوەگرتبوو لەگەڵ ئەو خوو و نەریتە باوانەی کە هەست و دەروونی ئەوانی لەسەر ڕاهاتبوو. بۆیە خەڵک تووشی شڵەژان، ترس و توڕەیی لەو پەتا تازەیە هاتبوون چونکە تاعون بووبووە لەمپەر لەبەردەم هەست و خوویاندا لەلایەک و بەرژەوەندیەکانیشیان لەلایەکی دیکەوە. بەڵام بەرەنگاربوونەوەی تاعون کوا بە گوێرەی هەست و بەرژەوەندیەکان بەڕێوەدەبرێ؟!”
ئەوەی سەرەوە پەرەگرافێک لە نێو ڕۆمانی “تاعون The Plague” ی ئەلبێر کامۆیە لە ساڵی ١٩٤٧ بڵاوکراوەتەوە کە باس لە سەرهەڵدان و بڵاوبوونەوەی تاعون دەکات لە شاری کەناردەریایی “وەهران Oran”ی جەزائیر لە ساڵانی چلەکانی سەدەی بیستدا. شاری وەهران “ئۆران” لە مێژووی خۆیدا چەندین جار بڵاوبوونەوەی پەتا و تاعونی بە خۆیەوە بینیوە کە دواهەمینیان لە ساڵی ١٩٤٤ دا بووە. هەڵبەت کە هەموو ئەو جارانەی پەتا یان تاعون لەو شارە بڵاوبووەتەوە، ژمارەی توشبووان و قوربانییان ڕێژەیەکی زۆر نەبووە.

ڕۆمانەکە چەندین کارەکتەری جودا و دژبەیەکی تێدایە لە باری بۆچوون و جیهانبینییەوە لە ئاست کێشەگەلی وجودی و هەم لەباری بەرپرسیارێتی و ڕژدبوون “جدییەت” ەوە لە ئاست ژیانی کۆمەڵایەتی و فەزای گشتییدا. ئەم بیر و تێگەیشتنە جیاوازانە لە گفتوگۆیەکی قووڵ و درێژدان لەمەڕ پرسگەلی جوداوە، بەڵام ئەوەی کە هەمووان دەخاتە نێو یەک بەرەوە و وادەکات هەمووان هاوشانی یەکدی ڕاوەستن، بڵاوبوونەوەی تاعونە.

دکتۆر بێرنارد ڕیۆ کە پاڵەوانی سەرەکی نێو ڕۆمانەکەیە، کەسێکی بیرفراوان و ڕۆشنبیرە کە پیشە و زانستی پزیشکیی وەک ڕێگایەک بۆ بەرجەستەکردنی لەخەمدابوونی ئینسان و بەتەنگەوە چوونی مرۆڤ دەبینێت و فریاکەوتنی ژیان و ڕزگارکردنی ژیان بە کاری هەرە سەرەکی و لەپێشینەی خۆی وەک ئینسانێک بە تەنیشت هەموو ئینسانەکانی دیکەوە، هەم وەک پزیشک کە پیشەیەکە بە تەنیشت هەموو پیشەکانی دیکەوە و پتر نیە و زانستی پزیشکییش زانستێکە بە تەنیشت هەموو زانستەکانی دیکەوە، دەبینێت. دکتۆر ڕیۆ لە پەیوەندیەکی قووڵ و پڕ گوتوبێژدایە لە تەک کۆمەڵێک لە هاوڕێیانی کە لە دەوروبەریدا دەژین، کە پیشەی جیاواز و پلەی خوێندەواری و بڕوانامەی جیاوازیان هەیە. دکتۆر ڕیۆ لە سەردان و دەواکردنەکانیدا بۆ نەخۆشەکانی هێندەی ژیانپێبەخشینەوە و چاککردنەوەیانی بۆ گرنگە هێندە ئەوەی بۆ گرنگ نیە کە وەک پزیشکێکی زیرەک و دانا ببینرێت، هێندەی پێبەخشینی ئاسودەیی و ئارامیی دەروونیی بە نەخۆشەکانی و پێشکەشکردنی ڕێز و خۆشەویستی بە ئەوانی پێ گرنگە هێندە کەڵەکە کردنی سەروەت و سامانی بۆ گرنگ نیە. هێندەی زیندەگیی، جا هی هەر کەس بێت، بۆ گرنگە هێندە پارەوپوڵی بۆ گرنگ نیە.

ڕیۆ هەر لەسەرەتای دەرکەوتن و کەم کەم بڵاوبوونەوەی تاعونەوە، کە کەم کەم و دواتر زیاتر و زیاتر هاتنەوە دەرەوەی مشک و جرجەکان بەنیوە مردوویی و لە دۆخی گیانەڵادا لە زێراب و سەرەنوێلک و شوێنەکانی دیکەوە و دەرکەوتنیان بە مردوویی لە هەر کون و قوژبنێکدا هێمای سەرهەڵدان، دەرکەوتن و بڵاوبوونەوەی پەتایەک بوو کە دواتر بوو بە تاعونێکی ترسناک و کوشندە، ڕیۆ هەر زوو دەرکی بە گەورەیی و دڕندەیی تاعونەکە کرد و بۆیە تەواوی ووزە و توانای خۆی کۆکردەوە و خۆی بۆ تەرخانکرد کە بەو هۆیەوە پێڕانەدەگەیشت بە دەواکردن و ئاگالێبوون لە هاوسەرەکەی خۆی کە نەخۆشییەکی درێژخایەنی هەبوو.
“یەکەمین شتێک کە تاعون بە دیاری بۆ هاووڵاتییانی ئێمە هێنای، نامۆبوون بوو. واتا غەریب بوونی مرۆڤ بە شار، شەقام، شتەکان و مرۆڤەکانیدی”
دوای ماوەیەک، گشت دەروازەکانی شارەکە داخران و شارەکە بەتەواوی دابڕێنرا “بە قەولی ئێستا کۆرەنتینquarantine یان کەرەنتایم quarantime کرا” لە شوێنەکانیدی، کە ئەمەش بوو بە هۆی لێکدابڕانی خەڵک لە نزیکان و خۆشەویستانیان. واتا تاعون بوو بە هۆی لێکدابڕان و ئاگالێنەمانی خەڵکی لەیەکدی تا ڕاددەی نامۆ بوونی خەڵک بە یەکدی و تەنانەت نامۆبوون بە شوێن و شتەکانیش.

ڕیۆ لە گفتوگۆکانیدا هێندە بە قووڵی ئەرگیومێنتسازیی دەکات دەربارەی هاوکاری و هاودەردی بۆ مرۆڤ تا ئەوەندەی ئیمکان و لە توانا و تێگەیشتنماندا بێت نابێت کەمتەرخەمی بکەین بۆ هەر کەسێک کە پێویستی پێمانە بەبێ لەبەرچاوگرتنی پێداهەڵگوتن و ستاییش یان پاداشت و سوپاسێک کە بەدەستی بێنین لەوپێوەندەدا. ئەنجامی گوتوبێژەکان بەو بارەدا دەکەوێتەوە کە هاوڕێیانی ڕیۆ خۆبەخشانە چەندین گروپ و تیمی تەندروستی پێکدەهێنن بۆ هاوکاریکردن و فریاکەوتنی ئەوانەی تووشی تاعون دەبن و کارئاسانییکردن بۆ پزیشک و پەرستاران لە نەخۆشخانە و ناوەندەکانی چارەسازییدا. هێندە ژمارەی تاعونلێدراوان زۆر دەبن تا وایلێدێت بواری خواردن و خەوتن هێندە کەم دەبێتەوە بۆ پزیشک و پەرستاران هەروا بۆ خۆبەخشانی تیمە فریاگوزارییە تەندروستیەکان بە ڕاددەیەک تەنها چەند کاژێری کەم خەوتن و تەنها دوو ژەم خواردنی بەپەلە، بەڵام ڕیۆ هەندێ شەو هیچ ناخەوێت و هەندێ شەویدی تەنها جەند کاژیرێکی زۆر کەم هەروەها خواردنیش تەنها ژەمێک.

لە وەها دۆخێکدا، یەکێک لە خۆبەخشانی تیمە فریاگوزارییەکان کە هاوڕێیەکی ڕیۆیە و لە گفتوگۆکانیاندا بیروبۆچونی جودا و هەندێکجار دژ بە بیروبۆچونی ڕیۆی هەیە، لە کاتی سەرقاڵبوون بە تاعونلێدراوێکی زۆر بەتەمەن کە خۆی لە بنەمادا نەخۆشیی دیکەشی هەبوون، وە بەو هۆکارەی کە تاعونلێدراوان گەلێک زۆرن و فریاناکەون، هەروەها هەمووان ڕوون دەزانن کە کابرای زۆر بەتەمەن دەمرێت، بەجۆرێک هەر خۆ پێوە سەرقاڵکردنێک و دەواکردنێکی نەک نایگەیەنێتە چاکبوونەوە بەڵکو ناتوانێت چەند ڕۆژێکیتر زیاتر بخاتە سەر ژیانی ئازاراویی و واوەتریش هیچ چارەسەر و تێدا مەسرەفکردنێکی دەوا و دەرمان تەنانەت نەک ڕۆژێک بەڵکو چەند کاژێرێکیش ناخاتە سەر تەمەنیی، بۆیە هاوڕێکەی ڕیۆ دەڵێت با واز لەوانە بێنین بۆ خۆیان بمرن کە هەر دەمرن هەرچی بکەین و نەکەین، بەجێی ئەوە بە خەڵکی دیکەوە سەرقاڵ بین و ئەو دەواودەرمانە کە هاتۆتە کزی و زۆر کەم بووەتەوە بۆ ئەوانی دیکە بەکاربێنین کە ڕەنگە ئەنجامێکی هەبێت. بەڵام ڕیۆ وەک هەمیشە بۆچونە نەگۆڕەکەی خۆی پاتە دەکاتەوە و دەڵێت:
هەرچی دانایی و زانستێک کە دەیزانین لەگەڵ دەواودەرمانێک کە بەردەستە و هەر ووزە، کات و تواناییەک کە لە ئیمکانماندایە دەبێت لەهەر کەسێکدا بەخەرج بدەین بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەوەی تەمەنی هەرچەندێک بێت و هەر نەخۆشیی و دەردێکی هەیە و تەنانەت ئەگەر نەک کاژێرێک بەڵکو خولەکێکیش بۆ لەژیاندا مانەوەی زێتر نەکات.

لە کۆتاییدا کە تاعون پاشەکشە دەکات و شارەکە بەرەو ڕزگاربوونی تەواوەتی دەچێت لەو پەتا دڕندەیە، خەڵک دەکەونە ئاهەنگگێڕان و دەربڕینی شادمانیی خۆیان وسوپاسگوزاریی پێشکەش بە ڕیۆ دەکەن، بەڵام ڕیۆ بەو هۆیەی کە بەو سوپاسگوزاریی و ڕێزلێنانە کەیفساز نیە، بۆیە هەر زوو لەگەڵ هاوڕێکانی و ئەوانەی لە دەوروبەریدان بابەتی قسەکردن و گفتوگۆ دێنێتە گۆڕێ و لە پەیوەند بەو گیانی هاوکاری و هاودەردییەی کە هاوڕێکانی و خۆبەخشانیدی لە نێو گروپ و تیمە فریاگوزارییە تەندروستیەکاندا پێشانیاندا “هەڵبەت کە دەبێ هێما بۆ ئەوە بکەین کە ڕیۆ باوەڕی نەگۆڕی بەوە هەبوو کە ڕەگەزەکانی ئاکاری بەرزی مرۆیی لە وێنەی چاکەخوازی، ژیاندۆستی، هاوکاری و هاودەردی مرۆڤ لە هەمبەر مرۆڤدا، ڕەگەزە زاڵ و بەهێزەکانی نێو سروشت و دەروونی ئینسانن سەرباری هەر بارودۆخێک و هەر ژینگەیەکی فەرهەنگی و کلتوری، واتا ئەم ڕەگەزانەی بە بنەمایی و نەگۆڕ دادەنان لە نێو وجودی ئینساندا لە هەر جێیەکی ئەم دنیایەدا” دەڵێت: “ئەوەی لە نێو نەهامەتییەکاندا مرۆڤ فێری دەبێ، ئەوەیە کە لەنێو کەسەکاندا ئەوەی شایان بە ستاییش و پێداهەڵگوتنە زیاترە لەوەی شایان بە سەرزەنشتکردنە. “




ده‌قی ئه‌ده‌بی له‌ نیگاری كاریكاتێریدا – به‌شی (4) – هه‌ندرێن خۆشناو

له‌سه‌ر بناغه‌ی بوونی یان نه‌بوونی ده‌قی ئه‌ده‌بی (توانج) له‌ كاریكاتێردا ، ده‌توانرێت كاریكاتێر پۆڵێن بكرێت بۆ چه‌ند جۆرێك ئه‌وانیش: 1- كاریكاتێری بێ ده‌قی ئه‌ده‌بی. 2- كاریكاتێری به‌كارهێنه‌ری ده‌سته‌واژه‌ی ئه‌ده‌بی یان ئامرازه‌كانی ده‌ربڕی زمانه‌وانی.

3- كاریكاتێر له‌گه‌ڵ توانجدا:

ئه‌و نیگاره‌ كاریكاتێرییه‌یه‌ كه‌ پشت به‌ توانجی ئه‌ده‌بی ده‌به‌ستێت بۆ روونكردنه‌وه‌ی ناوه‌ڕۆكی تابلۆكه‌، توانجه‌كه‌ش به‌ ره‌گه‌زی دووه‌می تابلۆكه‌ ده‌ژمێردرێت، نابێت تێكه‌ڵیه‌ك بكه‌ین له‌ نێوان ناولێنان و ئه‌و توانجه‌ی كه‌ بوونی كاریگه‌ری نابێت له‌سه‌ر ناوه‌ڕۆكی تابلۆكه‌، وه‌كو ده‌سته‌واژه‌ی (سۆزه‌ گه‌رمه‌كان) له‌ نیگاره‌كه‌ی مه‌حمود ئه‌لزه‌واویدا، كه‌ سڕینه‌وه‌ی ئه‌و ده‌سته‌واژه‌یه‌ هیچ كاریگه‌رییه‌كی نابێت له‌سه‌ر گه‌یاندنی ناوه‌ڕۆكی نیگاره‌كه‌ به‌ بینه‌ران، به‌ڵام ئه‌و توانجه‌ی كه‌ ئێمه‌ مه‌به‌ستمانه‌ ئه‌وه‌یه‌، كه‌ به‌بێی ئه‌و تابلۆكه‌ سه‌ری لێده‌رناكرێت، یان لێكدانه‌وه‌ی جیاوازی بۆ ده‌كرێت، بۆ نمونه‌ تابلۆكه‌ی‌ مه‌حمود كه‌حیل، سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی باشوری ئه‌فریقیا، كه‌ سندوقی هه‌ڵبژاردن دیاره‌ و له‌لای راستیه‌وه‌ كاغه‌زی ده‌نگدان و له‌ لای راستی سندوقه‌كه‌ش وشه‌ی (به‌ڵێ)، و له‌لای چه‌پیه‌وه‌ چه‌ند نارنجۆكێك و له‌ چه‌پی سندوقه‌كه‌ش‌ وشه‌ی (نه‌خێر) نووسراوه‌، و له‌ پێشه‌وه‌ی سندوقه‌كه‌ش نووسراوه‌ (هه‌ڵبژاردنی باشوری ئه‌فریقیا). ئه‌گه‌ر ئه‌م رسته‌یه‌ لابده‌ین، نازانین رووداوه‌كه‌ باسی چی ده‌كات، و نیگاره‌كه‌ش شێوه‌یه‌كی گشتی وه‌رده‌گرت، بۆیه‌ لێره‌دا توانج گرنگه‌، و خوێنه‌ر ناتوانێت بزانێت كه‌ مه‌به‌ست لێی تایبه‌ت ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ی‌‌ باشوری ئه‌فریقیایه‌.

4- كاریكاتێری هاوشان له‌گه‌ڵ ده‌قی ئه‌ده‌بی گاڵته‌جاڕدا:

ئه‌و كاریكاتێره‌یه‌ كه‌ بۆ ده‌رخستنی ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی پشت به‌ دووجۆر ئامرازی ده‌ربڕ ده‌به‌ستێت، شێوه‌كاری و ئه‌ده‌بی. له‌م جۆره‌ كاریكاتێره‌دا ده‌قی ئه‌ده‌بی و نیگاری شێوه‌كاری دوو ئامرازی ته‌واوكاری یه‌كترین، و هه‌ردووكیان یه‌كه‌یه‌كی ته‌واو و پته‌و پێكدێنن، به‌ته‌نیا و به‌بێ یه‌كتری ناتوانن ده‌ربڕی خۆیان بن، له‌وانه‌یه‌ ده‌قی ئه‌ده‌بی گفتوگۆیه‌ك بێت له‌ نێوان پاڵه‌وانانی كاریكاتێره‌كه‌، یان چه‌ند رسته‌یه‌ك بێت له‌سه‌ر زاری پاڵه‌وانێكی كاریكاتێره‌كه‌، یان ده‌قێكی دوور و درێژیش بێت، بۆ نمونه‌ كاریكاتێری هونه‌رمه‌ند (سێرگی ستیلماشونۆك) له‌ بێلاڕوسیا، كه‌ له‌ دوو نیگار پێكدێت، له‌ یه‌كه‌میاندا باوكه‌كه‌ كوڕه‌كه‌ی ناچارده‌كات به‌ خواردن و ده‌ڵێت (ده‌بێت بخۆی ئه‌گه‌ر نا …)، له‌ دووه‌میشدا كاتێك كوڕه‌كه‌ گه‌وره‌ ده‌بێت، بۆینباغی باوكی ده‌گرێت و هاوارده‌كات و ده‌ڵێت (ده‌مه‌وێت بخۆم ئه‌گه‌ر نا …)، ده‌توانین كاریكاتێره‌كه‌ی هونه‌رمه‌ندی میسری (جومعه‌) و كاریكاتێره‌كه‌ی هونه‌رمه‌ندی میسری (عادل سه‌عید) هه‌روا به‌ نمونه‌ بێنینه‌وه‌، كه‌ له‌ هه‌ردووكیاندا یه‌كێك له‌ پاڵه‌وانه‌كانی كاریكاتێره‌كه‌ رسته‌یه‌ك ده‌رده‌بڕێت. هونه‌رمه‌ندی فه‌ڵه‌ستینی تیرۆركراو (ناجی ئه‌لعه‌لی) به‌ به‌كارهێنانی ده‌قی ئه‌ده‌بی دوور و درێژ و هه‌ندێك جار هۆنراوه‌ی میللی ناوبانگی ده‌ركردبوو، له‌ زۆربه‌ی كاریكاتێره‌ میسریه‌كانیشدا واباوه‌ كه‌ گفتوگۆ و توانج هه‌یه‌، له‌ كاریكاتێری سوریایشدا زۆركه‌م گفتوگۆ و توانجی ئه‌ده‌بی ده‌بینین، ئه‌مه‌ش پۆلێنكردنی كاریكاتێره‌كان نیه‌، به‌ڵكو ڕاده‌ربڕینێكه‌ له‌سه‌ر دیتنی زۆرێك له‌ كاریكاتێره‌ به‌رده‌سته‌كانی ئه‌م دوو وڵاته‌.
ده‌بێت بگه‌ڕێینه‌وه‌ سه‌ر قسه‌كردن له‌سه‌ر به‌كارهێنانی ده‌قی ئه‌ده‌بی له‌ كاریكاتێردا، ئه‌وه‌ به‌بیربێنینه‌وه‌ كه‌ نابێت ده‌ق به‌رده‌می شێوه‌كاری بگرێت و پاڵی پێوه‌بنێت بۆ پله‌ی دووه‌م، به‌ڵكو پێویسته‌ هاوسه‌نگیه‌ك له‌ نێوانیاندا هه‌بێت، كه‌ نابێت كاریكاتێره‌كه‌ گرنگی و بایه‌خی نه‌مێنێت، بوونی و نه‌بوونی وه‌ك یه‌ك وابێت، له‌ حاڵه‌تێك توانرا ده‌ست له‌ شێوه‌كاری به‌ربێت له‌ كاریكاتێردا، و قایلبوون به‌ ده‌قی ئه‌ده‌بیش بۆ گه‌یاندنی ناوه‌ڕۆكی بابه‌ته‌كه‌ به‌س بێت، ئه‌و كات ئه‌و بابه‌ته‌ ناتوانرێت به‌ كاریكاتێر ناوبنرێت و نابێته‌ كاریكاتێر، چونكه‌ شێوه‌كاری تێیدا وه‌كو هۆكارێكی یاریده‌ده‌ر خراوه‌ته‌نێو، بۆ زێتركردنی كاریگه‌ری بابه‌ته‌كه‌، ده‌توانێن ئه‌و كات بڵێین كه‌ بابه‌ته‌كه‌ ده‌بێته‌ به‌شێك له‌ هونه‌ره‌كانی ئه‌ده‌بی گاڵته‌جاڕ، زیاتر له‌وه‌ی كه‌ كاریكاتێر بێت، چونكه‌ قایلبوون به‌ ده‌قی ئه‌ده‌بی به‌سیه‌تی بۆ گه‌یشتن به‌ جه‌ماوه‌ر به‌بێ شێوه‌كاری، ئه‌گه‌ر ده‌قه‌ ئه‌ده‌بیه‌كه‌ش بسڕینه‌وه‌، ئه‌وا شێوه‌كاریه‌كه‌ چه‌ند هێڵێكی سه‌رلێشێواوی بێ مانا ده‌مێنێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش به‌ دڵنیاییه‌وه‌ كاریكاتێر نیه‌.
بۆیه‌ پێویسته‌ له‌سه‌ر‌ هونه‌رمه‌ندی كاریكاتێریست پێشتر كاره‌كه‌ی خۆی شێوه‌كاریانه‌ و دواییش ئه‌ده‌بیانه بونیات بنێت، به‌مه‌ش هاوسه‌نگی پێویستی ده‌ست ده‌كه‌وێت، ئه‌گینا نیو كاریكاتێر و نیویش ئه‌ده‌ب به‌رهه‌مدێنێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌قه‌ ئه‌ده‌بیه‌كه‌ش ده‌گاته‌ خوێنه‌ر، كه‌چی دووره‌ له‌ شێوه‌ سه‌ركه‌وتووه‌كانی ئه‌ده‌بی گاڵته‌جاڕه‌وه‌.




گرنگی وەسف لە هایکوی تەقلیدی … سەرهەنگ خامۆش

وەسف لە هایکوی تەقلیدی بە مەرجێکی سەرەکی دادەنرێت واتە چۆن وەسفی دیمەنێک دەکەیت کەدەیبینیت جا ئەگەر خەیاڵ بێت یا هەست کردن هەندێک جار وەسفەکە ئەوەندە ئیستاتیکایانە خۆی دەنوێنێت و سەرنجی خوێنەر ڕادەکێشێت جوانترین وێنا بەرجەستە دەبێت هەرچەندە خودی دیمەنەکەش بەم شێوەیە نەبێت بۆ نمونە گۆزەیەکی شکاو یا گوڵدانێکی شکاو یاخود کەلاوەیەک گرنگ ئەوەیە تۆ چۆن وەسفی ئەو دیمەنە دەکەیت و سەرنجی خوێنەر ڕادەکێشیت کە ئەویش باس لە سادەیی و جوانی واتە(سابی و وابی) دەکات کە بە ژانرێکی سەرەکی هایکو دادەنرێت، لە فەلسەفەی ڕۆژئاوا وەسف بە هۆکارێکی سەرەکی دادەنرێت لە هایکو بۆ ئەم وێنا کردنەی کە بەچاو دەبینرێت چونکە زهنی خوێنە زێتر تێکەڵ بە جوانی ئەو وشانەی هایکست دەبێت کەباس لەو دیمەنە دەکات، هایکستانی کورد هەندێکان جگە لە ساکاری و گواستنەوەی وێنە هەر وەک لە سەرەتا باسم کرد چ لەڕوانگەی خەیاڵ چ درک کردن، هەر بۆیە هەندێک جار لەسنوری چەق بەستوی ڕواڵەت و دیالێکت دەردەچن پەنا دەبەنە ئەو ڕێبازە ڕادیکاڵەی کە زوربەی هایکستانی سەردەمی و ئەوروپی پەیوەستن پێی بە تایبەتی وەسف کە هەموو مەرجەکانی سینۆگرافی و سادەیی دوور ئاڵۆزی واتە (کارۆمی) لێ بەدی دەکرێت، هەر وەک (شیکی) شاعیر لەم بارەوە دەڵێت پێویستە وەسف لە هایکودا گواستنەوەی ئەو دیمەنە بێت کە هایکست ڕاکشاوانە باس لەو دیمەنە دەکات خوێنەر توشی واق وڕمان دەکات کە هەستەکە ڕاستەوخۆ لە دیمەنەکە وەرگیرابێت نەک لە دیدگای خود کە ئەمەش پێی دەگوترێت (شاسێ)، مەرج نیە هایکوی تەقلیدی یەکسەر پەیوەست بێ بە خودی وەرز یا بابەتێکی دەست نیشان کراو دەکرێ وشەیەک گوزارشت لەم وەرزە یا لەو بابەتەوە بکات کە ئەمەش پێی دەگوترێ (کیگۆ) ، هەر بۆ ئەمەش لەم ڕوانگانەدا چەند هایکوێکی هایکستانی کورد دەخەمە بەرچاو:

کۆڵیتێک
هێلکەیەکی گەرم،
گارەگاری مریشک

قوبادی جەلیزادە
٭٭٭

چڵ بۆ چڵ
لەگەڵ باڵەکانیدا چاوم دەفڕێ ـ
بولبول!

ملکۆ ئەحمەد
٭٭٭

ئاسمانی جۆش داوە،
تەنیایی ئەکاتە میوانی ڕۆح
خۆرئاوابوون!

سۆزە بەرزنجی




راپەڕینی شیعریی کەنعان مەدحەت … لەتیف بێوار

دواهەمین شیعری شاعیری بە توانا کەنعان مەدحەت لە یادی راپەڕیندا هاتە بەرچاوانی خوێنەران، لەو شیعرەدا شاعیر زۆر کارامانە بە دوای زمانێکی تردا دەگەڕێ بەدەر لەوەی رۆژانە قسەی پێ دەکەین تاکو شیعرەکەی بخاتە خانەی نەمرییەوە، ئەو شیعرە هەرچەندە تایبەت نەکراوە بە جێگەو زەمەنێکی دەستنیشانکراوەوە، لەبەرئەوە دەتوانرێت بۆ هەموو ژینگەو زەمانێك بەکاربێت- مادام ئەو سیمایانەی لەو شیعرەدا دەدرەوشێنەوە لە واقیعی کۆمەڵگاو مرۆڤەکاندا بوونی هەبێت، کەم شاعیریش هەن ئەو پەتە باریکە بدۆزنەوەو رایەڵەی بابەتەکانی پێ بهۆننەوە، لەو شێوازە جادووییە شارەزابن کە نهێنی ئەو دەقانە لە خۆیانی دەگرن، ئەمەشە کە لە کۆتاییدا فرەواتایی دەبەخشێتە دەقەکان.
شیعرەکەی شاعیری بە توانا کەنعان مەدحەت ناونیشانی ڕاپەڕینی لە خۆ گرتووە، لەمەوە دەردەکەوێت کە نزیك لە یادی راپەڕینی ساڵی ١٩٩١دا شاعیر دەیەوێت روانین و دیدگای شیعریی خۆی لەو فۆرمەدا پێشکەش بکات، بێ ئەوەی کەس داوای نووسینی ئەو شیعرەکەی لێکردبێت یان لەبەرامبەردا خەلات و شاباشی بکەن، نووسینی ئەم شیعرە تەنیا لەبەر ئەوەیە کە ویژدانی زیندوو و ئەزموونی دەوڵەمەندو مرۆڤدۆستانەی شاعیر داوای ئەو هەڵوێستەی لێدەکەن، شاعیر وەك چۆن شیعرەکەی دابەشی ٣ کۆپلە کردووە، هەرواش هەر کۆپلەیەك دەربڕین لە زەمەنێکی دیاریکراو دەکات، بەم شێوەیەی خوارەوە:
١- زەمەنی رابردوو/ کۆپلەی یەکەم
٢- زەمەنی ئێستا / کۆپلەی دووهەم
٣- زەمەنی داهاتوو/ کۆپلەی سێهەم
شاعیر لەسەرەتادا زۆر شاعیرانە و بە شێوازێکی شیعریی دەستپێکی شیعرەکەی بەو هەموو چیرۆکە مەرگەساتانەی رابردوو دەست پێدەکات کە ئەو دوو حیزبە نابووتەی لەمەڕ خۆمان کە ماوەی ٣٠ ساڵە بە ناوی میللەتەوە قۆرخی دەسەلاتیان کردووە و دەکوژن و دەبڕن و دەدزن پاڵەوانی سەرەکین تیایداو شان بەشانی ئەو چیرۆکە جەرگهەژێنانەی پێشتر کە رژێمێکی دیکتاتۆری عەرەب ئەکتەرەکەی بوو بەسەر خەڵکی سڤیلی نەتەوەکەمانیان هێنا و بەداخەوە ئێستاشی لەگەڵدابێت بەردەوامی هەیە، کەواتە کاتێك چیرۆکێك بوونی دەبێت کە بەسەرهاتێك هەبێت و شایستەی گێڕانەوە بێت، لەبەر ئەمەیە شاعیری شۆڕشگێڕو مرۆڤدۆستی کورد کەنعان مەدحەت زۆر سەرنجڕاکێشانە خوێنەر دەخاتە ناو ململانێی ئەم دەقە پڕ هێماو کۆدەوە، بەوەی کە بائاگادار بین ئێستاش خۆمان بەشێکین لەو چیرۆکانە، چونکە چیرۆکەکان تەواو نەبوون و کارەسات و قەیران یەك لە دوای یەك دروست دەکەن دەیانکەن بە یەخەی میللەتەوە، کەواتە شاعیر زۆر جیهانبینانە لە دودندێکی بڵندەوە دەڕوانێت و دەڵێت ستەم هەر ستەمە جا گەر فارسێك یان عەرەبێك یان تورکێك یان کوردێك بیکات، تەم هەر تەمە، تاریکایی هەر تاریکاییە، چ یەکێتی و پارتی رووناکیمان لەسەر بکوژێننەوە یان بەعس و جەندرمەو ئیتلاعات، بەڵام ئەم چیرۆکەی کەنعان دووبەرەکی یەکێتی وپارتی لە خۆ دەگرێت کە دیمەنەکان زۆر ئاڵۆزتر دەکات و دۆخەکە زۆر نالەبارتر دەکات، ئەو دوو حیزبە مافیاییە وەکو دوو تەوەرەی گۆی زەوی وان، هەرچەندە دەست لەناو دەست دەنێن و بەیەکەوە نەوتی هاونیشتیمانانی ئەو پارچە زەویە دەدزن، بەڵام لە ژێرەوە چاڵ بۆ یەکتر هەڵدەکەنن و هەمیشەش هەر میللەتی تێدەکەوێت، هەر وەك بچوکترین نموونە گەر لەوێ کەسێکی یەکیتی تەعین بێت لێرەش دەبێت یەکێکی پارتی تەعین بێت، ئیتر با دەرچووی زانکۆی گیرفان خاڵییش لە ژێر سایەی ئەم دەسەڵاتە مافیاییەدا سیربخوات و زوڕنا لێبدات، ئەم دوو بەرەکییە گەر رۆژگارێك گەشتبێتە ئەو رادەیەی ئەسیری جەنگی یەکترییان گوللـەباران کردبێت کە دژی هەموو پرەنسیپە جیهانییەکانی کاتەکانی جەنگ و ئاشتییە، ئەمەش وەك شاعیر دەڵێت بەشە ئاگرینییەکانی چیرۆکەکە بوون، ئەوا ئێستا بە عەبادی شوێنەجێناکۆکەکان تەسلیمی ئاغای شەمخانی دەکرێت، گەر شۆڕشگێرەکانی پەکەکە لە ڕێی ئیبراهیم خەلیلەوە تەسلیمی جەندەرمە بکرێن، ئەوا خەباتکارانی رۆژهەڵات لەسەر شەقامەکانی پێنجوێن و سلێمانیدا بە رۆژی رووناك تیرۆر دەکرێن و لە باشماخەوە یارمەتییە لۆجستیکیەکانیان دەگاتە سیخوڕەکان. لە فڕۆکەخانەی سلێمانییەوە ئەو فڕۆکەوانەی بەشداری لە کیمیابارانی هەڵەبجەدا کرد رەوانەی دەرەوەی وڵات دەکرێت!
چیرۆکەکان.. تەواوبوونیان نییە
تەمێکی ڕانەماڵ
دووبەرەکییەکی یەکسان..
لە نیوان بەشە ئاگرینییەکاندا
هەمیشە
بە کوڵە
لە کۆپلەی ژمارە دوودا باری ئێستا دەکەوێتە بەر تیشکی ئەفراندنی شیعرییەوەو ئەو هەموو تاوان و کوشتارو ستەم و تالانییەی لە رابردوودا ویژدانی بەشێکی زۆری مرۆڤەکانی کوشت، لێرەدا پێ دەنێتە قۆناغێکی نوێوەو دەبێتە ئارەزووی رەنگاورەنگ لای بەشێکی تری ئەو هاوڵاتییانەی چاویان لە گۆڕانکاری و خەبات و فرە ڕەنگییەوەیەو دەیانەوێت لە ئاڵای سەوزو زەرد ڕزگاریان بێت، لە ئازاری ١٩٩١دا راپەڕینیان کردو کەچی مافیاکان بەرەکەیان خوارد، لە شوباتی ٢٠١١دا خۆپیشاندانیان کردو بە هێزی ئاگرو ئاسن کپ کرایەوەو سڵاو لە شەهیدەکانی ئازادی، ئیتر لێرەدا شێوازی خەبات دەگۆڕدرێت و شۆڕشگێرەکان دەست دەکەن بە مانگرتنی سەرانسەری، بایکۆتی هەموو ئەندام و بڕیارو ئۆرگانە حیزبییەکان دەکەن و دوکانەکانیان دادەخەن، ناچن بۆ فەرمانگەکان، جوڵەی ژیان دەوەستێنن تا کاتی پاکبوونەوەی ژینگەی کوردستان لەو ڤایرۆس و بەکتریا زیانبەخشانە، دروشمیان ئەوە دەبێت کە بەیەك دەنگ دەڵێن: ئیتر بەسە میللەت دەیەوێت بە دادپەروەریی بژی، گەل دەیەوێت بەری رەنجی راپەرین بخوات.. هاتنی ئەم زەمەنە حەتمییەو یاسای سروشتیش وایە زوڵم دەتوانێت هەر هێندە درێژە بکێشێت، قەزافی و زەینولعابدین بن عەلی نموونەیەکی دیارن کە جامی رقی میللەتیان بەسەردا ڕژا، شاعیر دەڵێت میللەتی مافخوراو لە ژێر دەسەڵاتی سێکوچکەییدا مان دەگرێت، لێرەدا وەستانێك وەردەگرین و دەڵێین سێکوچکە راڤەی زۆرە؛ ئایا دەسەلاتی کوڕو باوک و کوڕەزایە؟ یان پارەو کورسی و خیانەتە، یاخود نومایندەکردنی هەر سێ حوکمەتە فاشیستەکەی ئێران و سوریاو عێراقە کە ئەو دوو حیزبە هیچ سێ و دوویەك ناکەن و زۆرجاریش بێ شەرمانە بۆ تەسفییەکردنی یەکتر پەنایان بۆ دەبەن وەك چۆن لە ئابی ١٩٩٦دا پارتی پەنای بۆ حوکمەتی بەعس بردو یەکێتیش بۆ ئیتلاعات و پاسداران.
بە خوڕینی
یادەوەرییە تۆقێنەرەکان
کۆمەڵە ئارەزوویەکی هەمەڕەنگ
لە ژێرخانی سێ کوچکەدا..
مان دەگرن
شاعیری شۆڕشگێڕی کوردو ئەفرێنەر کەنعان مەدحەت لە کۆپلەی سێدا قەڵەمبازێکی جوان دەدات و خوێنەر دەخاتە کەشێکی پڕ هیواو ئومێدەوە، خەیاڵێك پڕ لە گوڵی رەنگاوڕەنگ، خۆشییەك تەمی سەر خەرەند برەوێنێتەوەو سەری هەمووان سوك بکات لەو مەراق و خۆخواردنەوانەی یەخەی گەورەو بچووکی گەلی کوردی گرتووە، دەبێت شۆڕش و راپەڕین بەسەر ئەو گەندەڵانەدا بکرێت، تا ئەوانە دەمڕاست بن نەگبەتی بەرمان نادات، ئەوانە ئێکسپایەر بوون و زەمەنیان بەسەرچووە، دەبێت خەباتی سوراچاکان سەرلەنوێ بدرەوشێتەوەو خۆشی و زەردەخەنە بۆ هەموو مافخوراوان بگێڕدرێتەوە، داوای خوێنی ١٢ هەزار کوژراوو بێ سەروشوێنی شەڕەکانی ناوخۆ لەسەرانی ئەو دوو خێڵە بکرێت، خوێنی سەردەشت و کاوەکان بزر نابن، دەبێت میللەت بە قوڕ دەرگاو پەنجەرەی مەکۆو مەڵبەندو لقەکان سواغ بدات و بۆ هەتا هەتایە ئەو پەڕە رەشەی سەرچاوەی دواکەوتن و نەگبەتی و کارەسات و قەیرانەکان بوو هەڵبداتەوەو توڕی بداتە ناو زبڵدانی مێژووەوە، میللەت دەبێت دڵی بە تیشکی ئەستێرەیەك خۆش نەبێت، ئەوانە گرگن و بچوکن و هەمووان تیشك لە مانگ و خۆرەوە وەردەگرن، ئەی بۆچی خۆمان راستەوخۆ لە خۆری راستەقینەی سەربەستی و یەکسانی و دادپەروەریی بەهرەدار نەبین؟ لەبری ئەوەی چاوەڕوانی موچەو نیوکیلۆی برنجی ئێکسپایەری بایعی بین وەکو سەدەقە پێمان بدەن با بەدەستی خۆمان بیسێنین و داهاتەکان بە یەکسانی دابەش بکرێت و بنخانی ولاتی پێ بونیات بنێین، ببینە خاوەنی ئیرادەی پۆڵایی و یەکڕیزیی لەسەر بنەمای دڵسۆزیی بهێنینە دی نەك ئینتیمای حیزبیی، با بێکاری و چەوسانەوەی کۆمەڵایەتی و سیاسی قەڵاچۆ بکەین، چی لەوە خۆشترە دەست بە خەبات بکەین و هیوای گۆڕانکاری و لە گۆڕنانی گەندەڵیی و عەقڵییەتی فاشیستی حیزبی قەڵاچۆ بکەین کە کۆنترۆڵی هەموو گەردیلەیەکی ژیانیان کردووە لە کوردستانی باشوور لە پێناوی بەرژەوەندی دوو بنەماڵەدا، کوا پێشکەوتن و گۆڕانکاری لە عەقڵدا؟ کوا خوێندەواریی و پەروەردە؟ کوا دڵسۆزیی و داهێنان و گەشەپێدان؟ ئەمانە هەموو لە لایەن مەڵبەندو لق و مەکۆوە تاسێندراون و گۆڕ بزرن، لە ژوورە ئینفیرادەکانیاندا رۆژانە ئەشکەنجە دەردرێن، با لە گەڵ شاعیردا خەباتی مرۆڤدۆستی و نیشتمانپەروەریی دەست پێبکەین و دزەکان وەدەرنێین، ئەوانە نایانەوێت کەس تێبگات و هەناسەی راستەقینەی ئازادی و مافەکان بدات، ئیتر بەسە با ئەو تەمەنە کورتەی ژیان بەس بە ڕەزالەتەوە بەسەر بەرین، لە پیناوی چیدا وامان لێ دەکەن ئەی جانەوەرە سەوزو زەردەکانی رۆژە شوومەکان! ئیتر میللەت دەبێتە خاوەنی بڕیارو بەدەستی خۆی مافە زەوتکراوەکانی دەسێنێت..
چی لەوە خۆشتر
سەرلەنوێ
سوار بە هەورازا سەرکەوێ
لە جێی مەکۆ و
مەڵبەند..
سەنگەر هەڵبژێرێ
ئەستێرەکان راماڵی و
خوو ،
بە مانگەوە بگرێ




ماسادۆنیا و گۆرانییه‌كانی … و : نه‌ژاد عزیز سورمێ

(ماسێدۆنیا ) وڵاتێكی ڕووتان و ژیانی تێدا گرانه‌ ، ‌ گۆرانییه‌كانیشیان به‌ ڕه‌نگی
وڵاته‌كه‌یانه‌ .. گۆرانی كێویایه‌تی و تراژیدی ، نوێشكی ئه‌و ڕووته‌ڵانانه‌ن ، وێنه‌یان
پڕبه‌پڕی كاره‌ساته‌كانی مێژووی پێكهاتنیانه‌ ..
ماسۆدۆنیا كه‌وتووه‌ته‌ نێوان وڵاتانی سڕبستان و بوڵگارستان و ئه‌لبان و گریك ، پایه‌ته‌ختی شاری سكۆپیایه ‌و زمانه‌كه‌یان ماسادۆنییه‌ كه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر سڵاڤی باشوور ، زۆربه‌ی دانیشتوانیشی سڵاڤین له‌ پاڵ هه‌ندێ ئه‌لبان و ڕۆمان و كه‌م تا كورتێكی تورك .
سڵاڤییه‌كان له‌ سه‌رده‌می ڕۆمه‌ بیزنتینیه‌كانه‌وه‌ ( سه‌ده‌ی 9 و 10 ) بوون به‌ كریستیان ، له‌سه‌ده‌ی چوارده‌یه‌میشدا توركه‌ عوسمانییه‌كان وه‌ك داگیركه‌ر هاتنه‌ ناویان ..
له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو به‌رگری و به‌ره‌نگاری و ناڕه‌زایی و خۆڕاگرتنه‌یشیاندا
حوكمی عوسمانی تا سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌م مایه‌وه‌ .
دوای شه‌ڕی دووه‌می جیهان ئه‌و وڵاتانه‌ هه‌موویان ئازاد بوون ، ماسادۆنیاش
بوو به‌ كۆمارێكی ناو كۆماره‌كانی یه‌كیێتی كۆماره‌كانی یۆگسلاف .
ڕاستیی ئه‌و شه‌ش سه‌ده‌یه‌ی به‌سه‌ر ماسادۆنیادا تێپه‌ڕی برینی قووڵ و پڕ له‌
كاره‌سات و ڕووداو و پێشهاتی جه‌رگبڕی به‌خۆوه‌ بینی ، قوربانی زۆریان دا ،
گه‌لێك یاخی بوون و به‌ چۆل و چیایان كه‌وتن ، زۆریان وایان لێ هات چه‌ك هه‌ڵگرن و تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ی ڕێگری بكه‌ن ، به‌تایبه‌تی ڕێیان له‌ بازرگانه‌ توركه‌كان ده‌گرت و ڕووتیان ده‌كردنه‌وه‌ .
ماسدۆنییه‌كان گیانفیدایی ڕۆڵه‌كانیان هه‌میشه‌ له‌بیره‌ كه‌ چه‌ند له‌ پێناوی سه‌ربه‌خۆییدا ماندوو بوون و قوربانییان داوه‌ .
ئه‌م گۆرانییانه‌ كه‌ زۆربه‌یان له‌ داب و نه‌ریتی‌ خۆیانه‌وه‌ هاتوون سه‌یر ده‌كه‌ی هیچیان
خاڵی نین له‌ تراژیدیا .

(1)
ئیڤۆ ده‌زیندانی دایه‌
هه‌ڵۆیه‌كی له‌سه‌ر شانی هه‌ڵده‌نیشێ
چاوی ئیڤۆ هه‌ڵۆ ئاو ده‌ده‌ن
له‌ سیمایشی تێر ده‌بێ ..

  • ئه‌ی باڵدار
    ئه‌وا گه‌وره‌و به‌هێز بووی
    منیش ده‌تنێرمه‌وه‌ ماڵێ .
  • ماڵه‌كه‌تان چۆن بناسم ؟
  • حه‌وشه‌ی ماڵمان كانییه‌كی سپی لێیه‌
    دارێكی وشكی به‌سه‌ره‌وه‌یه‌
    سێ مه‌لی ڕه‌ش له‌سه‌ر ئه‌و دره‌خته‌ وشكه‌ن
    مه‌لی یه‌كه‌م
    كه‌ له‌ سپێده‌وه‌ ده‌گری تا ئێواره‌
    خوشكمه‌
    مه‌لی دووه‌م
    كه‌ له‌ نیوه‌ڕۆوه‌ ده‌گری تا نیوه‌شه‌و ،
    ژنه‌كه‌مه‌ .
    ئه‌وه‌ی هه‌رگیز له‌ ناڵه‌ و فیغان ناكه‌وێ
    ئه‌وه‌ دایكمه‌ .

(2)
خۆر داده‌كشێ
كچێك له‌به‌ینی دوو دارستانی سه‌وز و
دوو ده‌ریاچه‌ی سارد
گوڵ ده‌چنێ ..
له‌ خوا به‌ده‌ر
كه‌سی له‌گه‌ڵدا نییه‌
كه‌س نییه‌ ئاگاداری بێ
كه‌ له‌سه‌ر خۆڵدا پاڵ كه‌وت
به‌ردێكی له‌بن سه‌ری بوو
به‌رد مارێكی له‌سه‌ر بوو
( خوایه‌ ئه‌و كیژه‌ بمرێنه‌
تا پرچی بكه‌م به‌ هێللانه‌ و
له‌ گۆشتی ده‌م وچاوی بخۆم
چاوه‌كانی بخۆمه‌وه‌ .. )
خوا نزای ماری قبووڵ كرد
كچه‌كه‌ مرد
مار ،
پرچی كرد به‌ هێللانه‌ و
له‌ گۆشتی ده‌م وچاوی خوارد
چاوه‌كانی خوارده‌وه‌ .

(3)
مانۆلا له‌سه‌ر (فاردار)
خه‌ریك بوو پردێك
دروست بكا
به‌ڕۆژ ئیشی لێ نه‌ده‌كرد
حه‌زی ده‌كرد شه‌وان ده‌ستی بداتێ
چی بكا باشه‌ ؟
سه‌ركاری نارد
مانۆلیكای ژنی بانگ كا

  • مانۆلیكا
    سه‌رۆك منی ناردووه‌
    له‌ قه‌راخی ڕووباریه‌ تۆی ده‌وێ
    زووكه‌ ، تا پێت ده‌كرێ له‌زێ بكه‌ .
  • به‌ مانۆلا بڵێ
    كوڕه‌كه‌م ده‌نوێنم و دێم .
    كوڕه‌كه‌ی ده‌نێو لانكێ نا
    تێی هه‌ڵكرده‌ گۆرانیانیان بۆی
  • ( ڕۆڵه‌ بابت منی ده‌وێ
    به‌ زووترین كات له‌سه‌ر فاردار ئاماده‌ بم
    ئه‌گه‌ر بۆ خۆشه‌ویستی بێ
    كراسێكی سپی ده‌پۆشم
    ئه‌گه‌ر بیه‌وێ بمكوژێ
    كراسێكی ڕه‌ش
    ئه‌گه‌ر بۆ ژوانێ بێ
    بنووه‌ ڕۆڵه‌ خه‌وی خێرت بێ
    گه‌ر بۆ مه‌رگ بێ
    ڕۆڵه‌ خێرا له‌خه‌و ڕابه‌ )
    به‌ره‌و فاڕدار شۆڕ بووه‌وه‌
  • مانۆلا بۆ چیت بووم ؟
    گه‌ر بۆ ژوانێ بێ سپی
    گه‌ر بشته‌وێ بمكوژی ، ڕه‌ش ده‌پۆشم ..
    مانۆلا ده‌ستی گرت
    له‌سه‌ر دیواری :
  • ( من هه‌رگیز سووم له‌خۆ نییه‌
    مانۆلا ! به‌زه‌یت به‌ كوڕه‌كه‌ماندا بێته‌وه‌
    كه‌ ده‌گری و
    له‌ دوای من وێڵ ده‌بێ )
    له‌و كاته‌دا
    مناڵه‌كه‌ له‌ خه‌و ڕاپه‌ڕی و
    خێرا به‌ره‌و فاڕدار هات
    هاواری ده‌كرد و ده‌گریا
    باوكی ده‌ستی گرت و ئامێزی تێوه‌رێنا
    پێكه‌وه‌
    هه‌ردووكیانی
    به‌ دیواری پرده‌كه‌وه‌ نووساند
    له‌و ده‌مه‌دا پرد بیڵیند بوو و
    بیناش نه‌ڕما .

(4)
سه‌گه‌كان ده‌وه‌ڕن ..
كه‌واته‌ شه‌ڕانییه‌كان خه‌ریكن دێن..
خۆت له‌نێو ئه‌م خاكه‌ ڕه‌شداگه‌ڕاوه‌دا
له‌نێو سنگی زێڕینیه‌وه‌.. بشاره‌وه‌..
شه‌ڕانی هاتن..
لێیان پرسین:
-كوا براكه‌ت؟
-تۆ پیاو خراپی
نازانم براكه‌م له‌ كوێیه‌..
-گه‌ر پێمان نه‌لێی،
چاوه‌كانت ده‌ڕژێنین..
پێی نه‌وتن..
چاویان ڕژاند..
-پێمان ناڵێی كوا براكه‌ت؟
ئه‌گه‌ر نه‌ڵێی ده‌ستت ده‌بڕین..
ده‌ستیان بڕی..
-جێی براكه‌تمان پێ ناڵێی؟
ئه‌گه‌ر نه‌ڵێی قاچت ده‌بڕین
قاچیان بڕی و ڕۆیشتن..
به‌ زه‌وی ڕه‌شداگه‌ڕاودا ڕه‌ت بوون..
له‌وێ ، له‌ سنگی زێڕینییه‌وه‌
(بیستانۆ) یان دۆزیه‌وه‌..
گرتیان..
په‌لیان به‌زنجیرێكی زیوین به‌ست و
به‌ره‌و دارستانێكی دووریان برد..
(ئالینا) قیژاندی
بیستانۆ برام
نه‌ چاوم هه‌یه‌ بتبینم
نه‌ ده‌ست باوه‌شت پێدابكه‌م
نه‌ پێم هه‌یه‌ له‌گه‌ڵت بێم..

(5)

ڕۆژگاری ڕه‌ش
(ستوجان)ی ماندوو كردبوو
نه‌ خۆراك .. نه‌ پاره‌
نۆ منداڵیش..
ستوجان خوشكێكی ده‌وڵه‌مه‌ندی هه‌بوو
مێگه‌لێ مه‌ڕو حه‌وت خه‌رمانی هه‌بوو..

  • خوشكم
    نه‌ختێ گه‌نمه‌شامیم ده‌ویست
    بۆ خۆراكی زارۆكان.. برازای خۆتن
  • ستوجان ، برام
    به‌و ڕێیه‌دا شۆڕبه‌ره‌وه‌و
    چاوه‌ڕوانی كاروان بكه‌
    (300) ئێستری نه‌واون ..
    له‌ دوای كێشان و تاوتووكردنی گه‌نم
    پاشماوه‌كه‌یت ده‌ده‌مێ
    …………………………..
    ستوجان ، برام
    ته‌نیا ده‌نكێكیش زیاد نه‌بوو
    ستوجان ده‌ستی دایه‌ ته‌لیسه‌كی
    چووه‌ شینكاو پڕی كرد له‌ لم ..
    هه‌ڵی گرت به‌ره‌و ماڵه‌وه‌..
    كه‌ مناڵه‌كانی بینیان..
    خێرا به‌ره‌و پیرییه‌وه‌ هاتن..
    پێ خواس .. برسی..
    لمی وردو زێڕینی بۆ هه‌ڵڕشتن
    خواردیان..
    مردن..
    گۆڕێكی بۆ هه‌ڵكه‌ندن ، هه‌موویانی ناشت..
    خۆیشی له‌ ماڵێ هاته‌ده‌ر ببێته‌ ڕێگر .

(6)
هه‌موو شه‌وێ ،
به‌ كراسێكی خوێناوییه‌وه‌ دێته‌ لام
كه‌لله‌سه‌ری بڕاوی تیا پێچراوه‌..
دایه‌ ئه‌مرۆ به‌یانی ده‌ستێكی بۆ هێنام
ئه‌ڵقه‌یه‌كی زێڕی پێوه‌بوو..
من ده‌زانم ئه‌و ده‌سته‌ هی كێ بوو ،
ئای دایه‌
بۆچی منت دایه‌ ئه‌و پیاوه‌
ئه‌و ده‌سته‌ بڕاوه‌
ده‌ستی كوستاندینی برام بوو..

(7)
بۆگدانا
له‌سه‌ر لووتكه‌ی ئه‌و گرده‌دا خه‌و بردییه‌وه‌..
په‌لكه‌گیا .. رایه‌خی بوو..
سه‌رینی .. گوڵی چیابوو
قه‌دی سه‌وز.. لێفه‌ی بوو
شوانێكی لاو.. به‌لایدا رابوورد
نه‌ده‌ویست هه‌ڵیبستێنێ..
نه‌ دڵی ده‌هات جێی بهێڵێ..
بۆیه‌ به‌هه‌موو هێزیه‌وه‌ده‌ستی كرد به‌ شمشاڵ لێدان..

(8)
گه‌رگوڵت ویست ،
شه‌ونم له‌سه‌ر په‌ڕه‌ی دابێ..
به‌یانیان وه‌ره‌
ئه‌گه‌ر ئاوی شیرینت ویست
له‌ نیوه‌ڕۆیانا وه‌ره‌..
به‌ڵام كاتی خۆشه‌ویستی .. ئێوارانه‌.

(9)
كوڕو كچێك
یه‌كدییان خۆشده‌ویست و
ماچیان نه‌ده‌زانی ..
كچ كوڕه‌كه‌ی به‌ چاوی ڕه‌شی ماچ ده‌كرد
كوڕه‌كه‌یش ده‌نكه‌ ترێی
له‌ ده‌می كچه‌كه‌ ده‌نا ..
گوێی له‌ خشپه‌ی پێی دایكی بوو
ده‌چووه‌ بازاڕ تاڵه‌گیایان بكڕێ ژه‌هراویان بكا
كوڕه‌كه‌ له‌ نیوه‌ڕۆدا مرد
كچه‌كه‌ له‌ شه‌وا
له‌ یه‌كدی به‌ستن
به‌ په‌یتوونێكی چوارئه‌سپی هه‌ڵیگرتن
كچ له‌ دووڕییانێكدا و
كوڕیش له‌ سێڕییانێك نێژرا
كچه‌كه‌ بوو به‌ بنه‌مێوێ
كوڕه‌كه‌یش بوو به‌ گوڵێ
كچ هێشووی دان
كوڕ چڵی گوڵ
پێك گه‌یشتن و لێك ئاڵان
دایك هه‌واڵی پێ گه‌یی
چه‌قۆیه‌كی هێنا
هێشوو و چڵه‌كانی بڕی
دوو ئاگری كرده‌وه‌
هه‌ر یه‌كی ده‌یه‌كی هاوێت
خۆڵه‌مێشه‌كه‌یشی كۆ كرده‌وه‌و
به‌ باخچه‌یدا بڵاوی كرده‌وه‌
باخچه‌ ڕه‌یحانی لێ شین بوو
ڕه‌یحان پیاوان له‌ بن شه‌پقه‌كانیان ده‌نێن
كچانیش له‌به‌ر به‌رۆكێ
مناڵانیش له‌ ده‌ستی ده‌گرن ..

(10)
سێ ساڵ بوو ستوجان
داوای بۆجانای ده‌كرد و
دایكی داواكه‌ی ڕه‌ت ده‌كرده‌وه‌
بۆجانا خۆشیده‌ویست
چووه‌ ژووره‌كه‌ی
سندووقه‌ تازه‌ بۆیه‌كراوه‌كه‌ی كرده‌وه‌
كراسه‌ سپییه‌كه‌ی ده‌رهێنا
ده‌به‌ری كرد و خۆی پێ خه‌مڵاند
جێی له‌ حه‌وشه‌ی ماڵێدا ڕاخست و
له‌سه‌ری پاڵ كه‌وت
خۆی مراند ..
كه‌ دایكی‌ بینی
هه‌موو قژی خۆی ڕنییه‌وه‌
ده‌ستی كرد به‌ ناڵه‌و فیغان
برایه‌كانی وتیان :
ئه‌م كچه‌ فریومان ده‌دا
ده‌چین له‌ دارستان مارێك دێنین
پێوه‌ی ‌ده‌نێین
چوونه‌ دارستان
مارێكیان هێنا و پێیان وه‌نا ،
نه‌بزووت

  • په‌نگران دێنین
    هه‌ر نه‌بزووت
    وتیان با ستوجان بانگ كه‌ین
    ئه‌گه‌ر مردنه‌كه‌ی ساخته‌ بێ
    بگاته‌ ئێره‌ دێته‌وه‌خۆ
    هه‌ڵده‌ستێته‌وه‌
    ستوجانیان بانگ كرد
    ستوجان هات
    ده‌ستی ده‌مه‌مكان گێڕا
    هه‌ستایه‌وه‌ ..
  • ئای چ شیرنه‌خه‌وێك بوو
  • مارمان پێوه‌نای نه‌بزووتی
    بۆچی پێوه‌ی نه‌دای ؟
  • دایه‌
    كه‌ مارتان پێوه‌نام
    وه‌كو شه‌ونم بۆ من وا بوو
    كه‌ په‌نگرتان پێوه‌نام
    خۆر هێمنی ده‌كردمه‌وه‌
  • بۆجانا
    ئه‌ی كه‌ ستوجان ده‌ستی بۆ مه‌مكان بردی
    بۆچی له‌خه‌و ڕانه‌په‌ڕی .. نه‌ترسای؟
  • ئای ئای
    توخوا ستوجان ده‌ستی بۆ مه‌مكان بردم ؟
    كه‌واته‌ ده‌بێ شووی پێ بكه‌م !

(11)

  • ستوجانیكا
    لێوت بۆچی
    له‌ لۆكه‌ی زه‌رهه‌ڵگه‌ڕاو ده‌چن ؟
  • له‌ ئه‌ژمه‌تان
    له‌ داخی سه‌فه‌ری تۆ بۆ (ماربۆڤۆ)
  • ستۆجانیكا خۆشه‌ویستم
    به‌ مه‌رگی ئه‌سپه‌كه‌م
    ده‌ستم بۆ هیچ ئافره‌تێكی دی نه‌بردووه‌
  • ئه‌سپ خۆراكی كسۆكانه‌
    به‌ چاوانم سوێند بۆ بخۆ
  • كوڕم بمرێ
    ده‌ستم بۆ ئافره‌تی دی نه‌بردووه‌
  • كوڕ هی هه‌ردووكمانه‌
    به‌ چاوانم سوێند بۆ بخۆ .
  • له‌ ژماره‌ 10ی ته‌مووزی 1980 ی گۆڤاری ( الاقلام ) ی وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری
    عێڕاقییه‌وه‌ كراوه‌ به‌كوردی – بڕوانه‌ ل 67 .



خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌م ڕۆمانی فه‌رهاد پیڕباڵ و شتی تریش… ئه‌حمه‌د كامه‌ران

به‌رواری 26|2|2020 بوو كه‌هاوكات كۆتا ڕۆژی ده‌وامی كۆلێژم بوو ئه‌مه‌ش به‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا بۆیه‌ هه‌فته‌یه‌ك زووتر بڕیاری پشوویان دا,بۆیه‌ منیش بڕیارم دا كه‌ ئه‌م یه‌ك مانگه‌ی پشوو له‌ ماڵه‌وه‌م بۆ خۆم به‌هه‌لێكی گرنگ بیقۆسمه‌وه‌ كه‌ به‌شتی به‌سوود و گرنگ به‌ڕێی بكه‌م چوونكه‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا قوتابیانی زانكۆ له‌ كاتی پشووه‌كاندا ده‌بێت به‌شێكی كاته‌كانیان بۆ خۆیان به‌شتی به‌سوود و گرنگ به‌سه‌ر ببه‌ن به‌تایبه‌تیش كاتێك ته‌رخان بكرێت بۆ خوێندنه‌وه‌ی كتێب, نه‌ك زۆربه‌ی كاته‌كان خۆت به‌شتی بێ كه‌ڵك زیانبه‌خش به‌سه‌ر ببه‌یت, هه‌ربۆیه‌ بڕیارم دا له‌ كۆلێژه‌وه‌ بكه‌ومه‌ ڕێ بۆ بازاڕ بۆ كڕینی كتێب له‌ خانه‌ی ئاشتی , وه‌ بڕیارم دا ڕۆمانێكی فه‌رهاد پیڕباڵ بكڕم ئه‌ویش به‌ناوی (مولازم ته‌حسین و شتی تر…) كه‌ چاپی سێیه‌م بوو به‌ڵام ساڵه‌كه‌ی ڕوون نه‌بوو به‌س ئه‌وه‌ی من بزانم له‌ 2001 چاپ كرابوو , ئیتر به‌هه‌ر حاڵ ئه‌وه‌ بۆ من بووه‌ یه‌كه‌م ڕۆمانی فه‌رهاد پیڕباڵ كه‌ بیكڕم , به‌ڵام له‌ پێشتردا له‌ ساڵی 2019 له‌ پێشانگای نێوده‌وڵه‌تی كتێب یه‌ك كتێبی فه‌رهاد پیڕباڵم كڕی به‌ ناونیشانی(ئه‌وكتێبانه‌ی ژیانیان گۆڕیم) كه‌ له‌ كۆمه‌ڵێك وتاری ئه‌ده‌بی پێك هاتبوو , وتاره‌كان زۆر جوان و به‌پێز بوون بۆیه‌ ئیتر حه‌ز م چووه‌ خوێندنه‌وه‌ی كتێبه‌كانی فه‌رهاد پیڕباڵ بۆیه‌ ئه‌م جاره‌یان بڕیارم دا یه‌كه‌م ڕۆمانی ئه‌و بخوێنمه‌وه‌ كه‌ هه‌رچه‌نده‌ چه‌ندین ڕۆمانی دیكه‌ی هه‌یه‌, كه‌ له‌فرسه‌تێكدا هه‌وڵبده‌م ئه‌وانی تریش بخوێنمه‌وه‌.

خودی (د.فه‌رهاد پیڕباڵ) به‌لامه‌وه‌ گرنگ نیه‌ كه‌ سه‌ر به‌ چ هێزێك و چ لایه‌نێكه‌ ئه‌وه‌ی به‌لای منه‌وه‌ گرنگه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ نووسه‌رێكی كورده‌ و هیچی تر… ,به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ده‌بینین به‌رده‌وام ڕووبه‌ڕووی دژایه‌تی كردن و سه‌ركوتكردن ده‌بێته‌وه‌ , ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ بۆمان ده‌رده‌خات كوردستان له‌ژێر هه‌ژموونی دیكتاتۆری دواكه‌وتن دایه‌ له‌سایه‌ی ئه‌م حكومه‌ته‌وه‌ , چوونكه‌ ئازاردانی كه‌سێكی وه‌كو فه‌رهاد و نمونه‌كانی چه‌ندین پرسیار و بۆشایی به‌دوای خۆی به‌جێ ده‌هێلێته‌وه‌, بۆیه‌ فه‌رهاد پیڕباڵ به‌شێكه‌ له‌و نموونه‌ی جوانه‌ی كوردستان و شاری هه‌ولێر كه‌ ده‌بێت به‌ هه‌موولایه‌كه‌وه‌ ڕێزی لێبگرین, هه‌موو جارێك باسی ئه‌وه‌ ده‌كرێت كه‌ وڵاتانی تر كه‌سانی وه‌كو ئه‌فلاتۆن و ئه‌رستۆ و هێگل و ئه‌لبێرت كامۆیان هه‌یه‌ له‌گه‌ل َ چه‌ندین كه‌سانی تر… كه‌چی ده‌گوترێت كورد هیچ كه‌سێكی هاوشێوه‌ی ئه‌وانی نیه‌, نه‌خێر به‌پێچه‌وانه‌ كوردیش به‌ چه‌ندین كه‌سی جوان و ئه‌زموونداری هه‌یه‌ له‌بواره‌ جیاوازه‌كان دا, دیارترینیانیش فه‌رهاد پیڕباڵه‌ كه‌ وه‌كو سیمبولێك وایه‌ بۆ گه‌لی كورد به‌ نووسینه‌ جوانه‌كانی توانیویه‌تی خزمه‌تێكی به‌رچاوی گه‌له‌كه‌ی بكات, یاخود له‌پاڵ ئه‌مانه‌وه‌ به‌داخه‌وه‌ هه‌ندێ تاكی كوردی نه‌فام هه‌یه‌ كه‌ به‌ فه‌رهاد پرباڵ به‌كه‌سێكی شێت له‌ قه‌له‌م ده‌ده‌ن كه‌ ئه‌مه‌ خۆی له‌ بنه‌ڕه‌تدا هه‌ركه‌سێك ئه‌م وشه‌یه‌ی له‌ ده‌میه‌وه‌ بێته‌ ده‌ره‌وه‌ له‌ به‌رامبه‌ر د.فه‌رهاد ئه‌وه‌ سه‌ره‌تا خۆی كه‌سێكی نه‌خۆش و شێت و دواكه‌وتووه‌.

ڕۆمانی مولازم ته‌حسین و شتی تر… باس له‌ ڕووداوه‌كان و نه‌هامه‌تیه‌كانی گه‌لی كورد ده‌كات به‌ده‌ستی ڕژێمی به‌عسه‌وه‌ , ئه‌گه‌ر چی ناوه‌كه‌ی گۆڕدراوه‌ بۆ مولازم ته‌حسین به‌ڵام خۆی له‌ ڕاستیدا له‌ سه‌رده‌می به‌عس له‌شاری سلێمانی كه‌سایه‌تیه‌كی دیاری به‌عسی هه‌بوو كه‌ خه‌ڵكی زۆر لێی ده‌ترسان وه‌ پیاوێكی زۆر مه‌ترسیدار بوو ناوی مولازم موحسین بوو به‌ڵام له‌ ڕۆمانه‌كه‌ی فه‌رهاد پیڕباڵ ئاماژه‌ به‌ناوێكی تر ده‌كات كه‌ له‌بنه‌ڕه‌تدا هه‌ر ئه‌وكاسایه‌تیه‌ به‌ڵام ناوه‌كه‌ی گۆڕدراوه‌, وه‌ له‌هه‌مان كاتیشدا دوو كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی تریش له‌نێو ڕۆمانه‌كه‌دا بوونی هه‌یه‌ ئه‌ویش به‌ناوی جوامێر و ئه‌خته‌ر, كه‌ جوامێر به‌ڕێوبه‌ری كشتوكاڵی سلێمانیه‌ به‌ڵام له‌پاشان به‌ره‌و شاخ ده‌ڕوات پێش ئه‌وه‌ی بڕوات بۆ شاخ ئه‌خته‌ر خۆشه‌ویسته‌كه‌ی ده‌كاته‌ (ژن) و دواتر به‌جێی ده‌هێلێت كه‌ له‌م نێوه‌نده‌دا ئه‌خته‌ر ده‌بێته‌ قوربانی جوامێر و مولازم ته‌حسین و چالاكیه‌كانی حزب له‌شاخ كه‌ دواتریش سه‌ركردایه‌تی شاخ ئه‌خته‌ر ده‌كه‌نه‌ به‌رپرسی ڕێكخستنه‌كانی شار بۆ ئه‌وه‌ی ڕاپۆرتیان بۆ بنوسێت و ڕه‌وانه‌ی شاخی بكات, چه‌ند جارێك جوامێر به‌ڵێنی پێده‌دات بیخوازێت به‌ڵام ده‌ڵێت سه‌ركردایه‌تی حزب ڕازی نین جارێ, چوونكه‌ ئه‌خته‌ر له‌ناو سلێمانی ببوه‌ به‌ بنێشته‌ خۆشه‌ی ده‌می خه‌ڵك كه‌ به‌ قه‌حپه‌ ناویان ده‌برد كه‌ به‌رده‌وام ده‌یان گوت: ئه‌م كچه‌ جوانه‌ جارێك له‌ باوه‌شی جوامێره‌و جارێكیش له‌باوه‌شی مولازم ته‌حسینه‌ به‌خوا به‌جوانیه‌كه‌ی دڵی هه‌ردوكیان بۆ خۆی بردوه‌ ئیتر له‌گه‌ڵ چه‌ندان قسه‌و قسه‌لۆكی دیكه‌.

ئه‌گه‌ر چی بۆ دواجار سه‌ركردایه‌تی شاخ بڕیارده‌ده‌ن كه‌ مولازم ته‌حسین له‌ بۆسه‌یكدا بگرن بیبه‌نه‌ شاخ ئه‌مه‌ش له‌ ڕێگای جوامێر و ئه‌خته‌ره‌وه‌ ئه‌م كاره‌ ده‌بێت ئه‌نجام بدرێت به‌ڵام جوامێر له‌لایه‌ن مولازم ته‌حسینه‌وه‌ سه‌ری له‌لاشه‌ی لێده‌كرێته‌وه‌و , له‌پاشانیش كه‌ مولازم ته‌حسین كاری به‌ ئه‌خته‌ر ته‌واو ده‌بێت به‌ پاسه‌وانه‌كانی ده‌ڵێت ئه‌م قه‌حپه‌یه‌ش لێره‌ دووربخه‌نه‌وه‌, چوونكه‌ مولازم ته‌حسین ئه‌خته‌ری وا هه‌ڵخه‌له‌تاندبوو كه‌ گوایه‌ ده‌یه‌وێت هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ دا بكات به‌ڵام ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ بوو كه‌ كاره‌كه‌ی خۆی پێ ئه‌نجام بدات و له‌پاشانیس ئه‌خته‌ریش له‌ناو ببات…..
له‌ دیوێكی نێو ڕۆمانه‌كه‌ به‌شێك له‌ ئازاره‌كانی گه‌لی كورد بۆمان ده‌خاته‌ ڕوو كه‌ چه‌ند ڕۆژگارێكی ناخۆشیان تێپه‌ڕاندوه‌ له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی دیكتاتۆری به‌عس, وه‌هه‌روه‌ها به‌رده‌وام هه‌وڵی سه‌ركوتكردنی شۆڕش و خه‌باتی كوردانیان ده‌دا له‌ پێناو سه‌ربه‌خۆیان , ئه‌گه‌رچی خوێنی ده‌یان ڕۆله‌ی كورد به‌كچ و كوڕو پیاو و ژنه‌وه‌ بوونه‌ قووربانی به‌ڵام بۆ دواجار به‌عس كه‌وته‌ مێژووی ڕه‌شه‌وه‌.

4|3|2020




ناوی كتێب: تيۆری سياسی لای عبدالله ئۆج ئالان … نووسينی: نەوزاد خالد صالح ( نەوزاد مەرگەیی)

ناوی كتێب: تيۆری سياسی لای عبدالله ئۆج ئالان
بابەت: توێژینەوەی فەلسەفی
نووسينی: نەوزاد خالد صالح ( نەوزاد مەرگەیی)

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن …..




ده‌بێت خۆمان به‌ هانای خۆمانه‌وه‌ بین! … د . زاهیر سوران

به‌ڕێزان له‌ هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ زانیاری بێ بنه‌مای چه‌واشه‌كارو دژ به‌ یه‌ك بڵاوده‌كرێنەوه‌ له‌ بێ باوكیدا میلله‌ت گیری خواردووه‌! له‌ نێوان به‌رداشی حكومه‌ت و سوزو هه‌ستی ئه‌و كه‌سانه‌دا كه‌ بارودۆخه‌كه‌ تێكده‌ده‌ن و نایانه‌وێت تێبگه‌ن كه‌ هه‌لومه‌رجه‌كه‌ چه‌نده‌ مه‌ترسیداره‌!

ئێمه‌‌ میلله‌تێكین به‌ قسه‌ هه‌موومان دكتۆرین! ئه‌ندازیارین، شیكه‌ره‌وه‌ی سیاسی و سه‌ربازین! راوێژكارین، شاره‌زاین، قسه‌زان و مه‌لابه‌زێن و بێ عه‌یب (خەوش) و دڵسۆزو خه‌مخۆرو ئازاین به‌ڵام به‌ كرده‌وه‌ له‌دوای داووه‌ین واته‌ قڕه‌ین!

له‌ وڵاتان بۆ نمونه:‌ سوید ژماره‌ی تووشبووان گه‌لێك لێره‌ زیاتره‌ به‌ڵام كه‌س خۆی ناشارێته‌وه دانیشتوان به‌ ته‌له‌فۆن په‌یوه‌ندی به‌ لایه‌نی ته‌ندروستییه‌وه‌ ده‌كه‌ن و گه‌ر پێویست بوو پێیان ده‌ڵێن: له‌ ماڵدا بمێننه‌وه‌ وئیتر كه‌س ناكه‌وێته‌ كۆمێنت نووسین و جنێو قسه‌ی ناشایسته‌ به‌ چه‌پ و راستی خۆیدا، ئیمڕۆ قه‌ره‌باڵخی سه‌رجاده‌و بازارو شایی و كنیسه‌و شوێنه‌ گشتییه‌كان فره‌كه‌م بوونه‌ته‌وه‌.

لای خۆمان به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ئیتر له‌ به‌یانییه‌وه‌ خه‌لك خه‌ریكی ناوبازاره‌ بۆ گۆشتی پشته‌مه‌خزه‌و برنجی كوردی وكه‌لوپه‌لی یاپراخ، ده‌ڵێی سه‌د ساڵه‌ یاپراخیان نه‌خواردوه!‌ بۆ ئه‌و ده‌شته‌. نازانم ئه‌م میلله‌ته‌ بۆ ئه‌وه‌نده‌ خه‌ریكی ورگییه‌تی؟ قسه‌ی قۆری سه‌د ساڵ له‌مه‌وبه‌ر دووباره ‌ده‌كه‌نه‌وه‌ به‌ڵام پاكوخاوێنی تاك وكۆو كه‌لوپه‌لی رۆژانه‌ی پیس و قسه‌و ئامۆژگارییه به‌نرخ و پێویستییه‌‌كان پشت گوێ ده‌خه‌ن؟

هاوڵاتی به‌ڕێز وه‌زعه‌كه‌ خراپتر مه‌كه‌ن، تكا ده‌كه‌م ئه‌م پێنچشه‌مەو هه‌ینییه‌ له‌ ماله‌وه‌ مه‌یه‌نه‌ ده‌ره‌وه‌و ماڵه‌كانتان پاكژبكه‌نه‌وه‌، ده‌سكی ده‌رگاكانتان ده‌سكی به‌لوعه‌و ده‌مانچه‌ی تاره‌ت گرتنه‌كانتان كه‌ رۆژانه‌ ده‌یان جار ده‌ستییان بۆ ده‌به‌ن نێو ئۆتۆمۆبیله‌كانتان (ته‌كسی و كۆسته‌ره ‌كۆنه‌ ٢٠ نه‌فه‌رییه‌كان) پاكژ بكه‌نه‌وه‌.

ئه‌وه‌تا رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی داوا له‌ده‌سته‌ڵاتدارانی ئێراق ده‌كات كه‌ دۆخه‌كه‌ مه‌ترسیداره‌و جۆری ٢ ی مه‌ترسیداره‌كه‌ی ڤایرۆسه‌كه‌ش له‌ ئێران بڵاوبۆته‌وه‌! گه‌ر كه‌مته‌رخه‌م بین ئه‌وا كوردستان به‌ده‌ردی ئێران ده‌ڕوات و كۆنترۆل له‌ده‌ست ده‌دات. به‌ڵام لای كورد هه‌مووی دونیاو شتێك فشه‌یەو كه‌سیش كردارێكی باش نانوێنێت له‌به‌رئه‌وه‌ پێویسته‌:

١- پێویسته‌ حكومه‌ت به‌ جورئه‌ته‌وه‌ وخێراو (چوارشه‌ممه‌ پاش نیوه‌ڕۆ تا شه‌ممه‌ به‌یانییه‌كه‌ی) هاتووچۆ ڕابگرن بۆ ئه‌وه‌ی قه‌ره‌باڵخی دروست نه‌بێت و به‌وردییه‌وه‌ سه‌یری هاتنه‌ژووره‌وه‌و به‌رز بوونه‌وه‌ی ژماره‌ی نه‌خۆشه‌كان بكه‌ن، ئاگركوژێنه‌ره‌و پۆلیس و ئاسایش بخه‌نه‌ ئاماده‌باشییه‌وه‌و با له‌ ئێشكگریی خۆیاندا بن.

٢-پێویسته ‌حكومه‌ت رێگه ‌بدات ته‌نیا وته‌بێژی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و وه‌زاره‌ته‌كانی ته‌ندروستی و ناوخۆ قسان بكه‌ن گه‌ر ده‌توانن دۆخه‌كه‌ به‌ڕێوه‌ به‌رن، با ئیتر وه‌زیره‌كان له‌ شاشه‌كان دوور بكه‌ونه‌وه‌ (دیارده‌یه‌كی ناشیرینه‌) با ئیتر پارێزگاكان نه‌یه‌نه‌ سه‌ر شاشه‌كان با بڵاوكراوه‌كان له‌ لایه‌نێكه‌وه‌ بێت كه‌ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستییە.‌

٣- نابێت ده‌سته‌ڵات به‌ كۆمێنت نووسانی تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و به‌رژه‌وه‌ندی په‌رستیانی ئه‌ملاولا ده‌ستخه‌ڕۆ ببن كه‌ ته‌نیا خه‌می گیرفانی خۆیانه‌ هیچ حسابێك بۆ میلله‌ت ناكه‌ن، ده‌توانن ئینته‌رنێتیش دابخه‌ن، بۆ نا ؟ ئێوه‌ گه‌ر دڵسۆزن خه‌می میلله‌تتان بێت گوێ له‌ قسه‌ی زلی ئه‌م و ئه‌و مه‌گرن، دڵسۆزی و خه‌مخۆری خۆتان بۆ میلله‌ت نیشان بده‌ن!

٤- ده‌بێت حكومه‌ت هه‌یبه‌ت بۆ خۆی بگێڕێته‌وه‌ (له‌ هه‌ندێك هه‌ل و مه‌رجدا، له‌ پێناوی پاراستنی ئاسایشی نیشتیمانی و سه‌لامه‌تی دانیشتواندا ده‌بێت به‌ تۆپزی یاسا به‌رقه‌رار بكرێت) پێویسته‌ كه‌سانی بڕیارده‌ری خۆنه‌ویست مه‌له‌فی رێگرتن له‌ ڤایرۆسه‌كه‌ بگرنه‌ ده‌ست.

٥- پێویسته‌ حكومه‌ت ته‌له‌فزیۆنه‌كان ئاگاداربكاته‌وه‌ ماتریاڵی بێ سوودو ترسناك و زیانبه‌خش و چه‌واشه‌كار بڵاونه‌كه‌نه‌وه‌. ٦ كاتژمێر جارێك باسی كۆرۆنا بكرێت، كۆمێنت نووسین قه‌ده‌خه‌ بكرێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ته‌له‌فزیۆنه‌كانیش به‌بێ ئه‌وه‌ی هه‌ست به‌ لێپرسینه‌وه‌ بكه‌ن به‌س بۆ ئه‌وه‌ی بازاڕیان گه‌رم بێت (ژماره‌ی بینه‌رانیان زیاد بێت) كه‌سانی جنێوفرۆش و كۆمێنت نووسی كوردیی نه‌زانی جنێوفرۆش كۆده‌كه‌نه‌وه‌ له‌ بابه‌ته‌كان. ئه‌وه‌ ئازادی نییه‌ ئه‌وه‌ به‌ڕه‌ڵایی و تێكدانی شیرازه‌ی ئاسایشی ته‌ندروستی و نه‌ته‌وه‌یی ئه‌م میلله‌ته‌یه‌ ئێوه‌ به‌رپرسیارن بۆ مێژوو فریای كه‌ون!

گه‌ر حكومه‌ت به‌هانی ئه‌م نامه‌یه‌وه‌ نه‌هات و ئه‌نجامی نه‌دا ئه‌وا ده‌بێت هه‌ر كه‌س له‌ لای خۆیه‌وه‌ خۆی هۆشیاربكاته‌وه‌و به‌ڵام قه‌یران دروست مه‌كه‌ن ئه‌وه‌ كردارێكی پێشوه‌خته‌ی به‌سووده‌ تا كاتێكی دیی.

به‌ڕێزان زانستییانه‌ پێتان ئه‌یه‌ژم:‌ تكایه‌ له‌م رۆژانه‌دا له‌ ماڵه‌كانتاندا بمێننه‌وه‌ داخستنی فه‌رمانگه‌كان مانای گه‌شت و گوزاركردن نییه‌ به‌ مانای كه‌مكردنه‌وه‌ی قه‌ره‌باڵخییه‌ له‌ پێناو سه‌لامه‌تیتاندا . له‌م هه‌لومه‌ر‌جه‌دا هه‌موو هاتووچۆیه‌ك وسه‌ردانێك مه‌ترسیداره‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ژماره‌ی ئه‌و هاوڵاتیانه‌ی كوردستان كه‌ به‌ پاره‌ له‌ ده‌روازه‌ی مونزرییه‌ی سه‌ر به‌ ئێراق‌ بۆ خۆدزینه‌وه‌ (بندیوار) له‌ جوداكردنه‌وه‌ی ٢ هه‌فته‌ییه‌كه ی خۆمان به‌بێ‌‌ بێویژدانانه‌ هاتوونه‌ته‌وه‌ نێو كوردستان زۆر له‌وه‌ زیاتره‌ كه‌ ده‌زانراو رۆژانه‌ له‌زێدبووندایه‌(ئیراق خۆی به‌ ئه‌نقه‌ست ئه‌و خاڵه‌ سنوورییه‌ دا ناخات) و زۆر زۆر مه‌ترسیداره‌!

تكایه‌ پشت و په‌نای یه‌كدی بن چاوه‌ڕه‌ی ده‌ستی بێگانه‌ مه‌بن!

د . زاهیر سوران
پسپۆری نه‌خۆشییه‌ گشتییه‌كان و درمییه‌كان، سلێمانی
١٠/ ٣ / ٢٠٢٠




کۆرۆنا و بەرپرسیارێتی تاک … پارێزەر/ لوقمان مصطفی صالح

بەرپرسیارێتی تاك لە کۆمەڵگادا گرنگی خۆی هەیە،چونکە خودی مرۆڤ خۆی لێی بەرپرسە و دەبێت پابەندی سەرجەم یاساو ڕێساكانی ژیانیشبێ كە لە ڕێگەی هەڵقوڵاوی داب و نەریتی ناو كۆمەڵگەكەی خۆی پەیڕەوی دەكات، كە بێگومان لەم جۆرە بەرپرسیارێتیەدا تاك خۆی لە ناو كۆمەڵگەدا دەرەنجامی ئەرێنی ونەرێنی هەڵدەگرێت و هەندێك جاریش دەرەنجامەكان و لێکەوتەکانی بە هەردوو جۆرەكەیەوە كاریگەری دەبێت لەسەر خێزان و کۆمەڵگا بە گشتی.
ئەم بەرپرسیارێتیە زیاتر لەکاتە هەستیارە کاندا دەردەکەوێ،کاتێ قەیرانێک دێتە ئاراوە جاچی درووستکراوبێ یاخوود سرووشتی، بۆ نمونە ئەم پەتا گشتگیرە کە بە( ڤایرۆسی کۆرۆنا )یاخود( کۆڤید ١٩ )ناسراوە،کە هەموو جیهانی بە خۆیەوە سەرقاڵکردووە،بۆتە مەترسی بۆ سەرجەم مرۆڤایەتی.
لێرەدا تاک دەتوانێ بە شێوەیەکی ئەرێنی ڕۆڵی مێژوویی خۆی ببینێ،هەر لە هاوکاری و ووریاکردنەوەی خێزان و دەوروبەری لەو مەترسیە سامناکەی کە روبەروی مرۆڤایەتی بۆتەوە،نەک بە پێچەوانەوە ڕۆڵی نەرێنی بگێڕێ،کەواتە بەشداری تاک بریتییە لە کۆمەڵێک چالاکی کە هاوڵاتیان چ وەک تاک یان وەک گروپ ئەنجامیدەدەن.دەتوانێ هەوڵبدات بەرژەوەندی گشتی بپارێزێت و بەشداربێت لە پرۆسەی نەهێشتنی قەیرانەکان بە سرووشتی و دەستکردەکانیشەوە،بەشداربێ لە بڕیاردان و بەرێوەبردنی وڵات و گەشەکردنی کۆمەڵگادا.
ئەم بەشداریکردنە یان ئەم چالاکییانە دەکرێت مادیی یان مەعنەوی بێت، دەکرێت لە رێگەی خستنەڕووی بیروڕایەکەوە یان لە رێگەی کارەوە یان کۆمەک و تەمویلکردنەوە یان هەر رێگەیەکی دیکەوە بێت کە دواجار دەبێتە هۆکاری تێپەراندنی قەیرانەکە و گەشەکردن و پێشخستنی کۆمەڵگا لەسەرجەم ئاستەکان.
مەبەست لە چالاکی تاک لە ناو کۆمەڵدا بریتییە لە بەشداریکردنی تاک یان گروپ لە کۆمەڵێ چالاکی جۆراوجۆر، لەوانە بەشداریکردن لە رێکخراوە خێرخوازییەکانە بۆ دوو مەبەست: لەلایەک بۆ سەلماندنی بوونی کەسایایەتی خۆیەتی، لەلایەکی کەشەوە هەست دەکات بەو ئەرکەی کارێکی مرۆڤانەی ئەنجامداوە،هەروەها دەتوانێ هەڵمەتی خۆبەخشانە بۆ چاودێریکردن و بەدەمەوەچونی بەساڵاچوان منداڵان و خاوەن پێداویستی تایەبەت بکات، سەرپەرشتیکردنی منداڵانی بێ دایک و باوک و بێ نەوا، رێکخستنی جووڵەی هاتووچۆ، بەشداریکردن لە هۆشیارکردنەوەی تەندروستی بەتایبەت پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا و هەستان بە پاککردنەوەو پاراستنی ژینگە بۆ دەرباز بوون لەم دەردە کوشندەیەی کە رووی تێکردووین…هتد بکات.




ڕۆمان: ئامەرتات … نەوزاد مەرگەیی

ناوی كتێب : ئامه‌رتات
بابه‌ت : ڕۆمان
نووسینی : نه‌وزاد خالد صاڵح)نه‌وزاد مه‌رگه‌یی(
تیراژ : )500 )دانه‌
نرخ : )4000 )دینار
شوێنی چاپ : چاپخانه‌ی ڕۆژهه‌ڵات/هه‌ولێر
له‌به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی كتێبخانه‌ گشتیه‌كان ژماره‌ی سپاردنی )622)ی ساڵی 2015ی پێ دراوه‌

بۆ خوێندکەوەی ئەم بابەتە کلیکی ئێرەبکەن …..




ئەی داد بێ داد … نەوزاد بەندی

پێکەنین و لە هەمان کاتدا قوڕ بەسەریی لەوەدایە کونسوڵی چین کە بەرگری لەشی هەزار ئەوەندەی ئێمە زیاترە ، دەمامکی کردووە ، کەچی بەێوەبەری تەندروستی و کاربەدەستانی کورد بە بێ دەمامکن ..
ئاخر کێشەکە لەوەدایە ..بێ متمانەیی خەڵک بەرامبەر ئەم دەسەڵاتە لێرەدایە ..لە ڕاگەیاندنەکاندا ئەڵێن دوو کەس زیاتر کۆببنەوە بە قەڵەباڵغیی ئەژمار ئەکرێت و ئەبێ دوور بین لێیەوە ، کەچی پێنج شەش کاربەدەستی عاشقی کامێرا و سێڵڤی و کونسوڵ ، سەریان کردووە بە سەری یەکتردا هەتاکو زومی کامێراکە بیانگرێتە خۆی ..
بە خەڵک ئەڵێن بەبێ دەمامک قسە مەکەن ، خۆیشیان بە بێ دەمامک و نزیک لە یەکەوە ، ئەوەی ئەیڵێن نایڵێنەوە ..
ئاخر ئەمەیە کە نازانم ناوی لێ بنێم چی ، ئەمەیە نەخوێندەواریی به کردار ..ئەمەیە دوو فاقیی لە شێوەی درامایەکی پێکەنین هێن و لە هەمان کاتدا تراژیدیدا ..
بژی کونسوڵ
بژی کامێرا
بژی قات و بۆینباخ
بژی بازرگانیکردن بە کۆرۆناوە ..




تكایه‌ خۆتان به‌م خورادنانه‌ هه‌ڵ مه‌خه‌ڵه‌تێنن! … د زاهیر سوران

له‌و كاته‌وەی‌ كه‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا ناسراو بووە به‌ (كۆڤید ١٩) و ده‌ركه‌وتووه‌ چه‌ندین ماڵپه‌ر، كه‌س و لایه‌ن، زانیاریی هه‌له‌قومه‌له‌ق و چه‌واشه‌كار بڵاو‌ده‌كه‌نه‌وه! بەبێ ئەوەی ھیچ زانیارییەکی پزیشکی لەخۆ گرت بێت،‌ له‌سه‌ر كاریگه‌ریی هه‌ندێك خۆراك (چه‌ندین پرسیاری سه‌یرو سه‌مه‌ره‌م لێكراوه‌ له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌تانه‌) ڕاسته‌ پێشتر كاریگه‌رییان هه‌بووه‌ له چاككردن و باشتركردنی ته‌ندروستی یان به‌هێزكردنی كۆئه‌ندامی به‌رگریی له‌شدا به‌ڵام له‌م ماوه‌ كورته‌دا ئه‌و راستیانه‌ ده‌ركه‌وتوون، كه‌ هیچ كام له‌م خۆراكانه‌ كاریگه‌ریی ڕاسته‌وخۆ یان باشیان له‌سه‌ر ڤایرۆسه‌كه‌ نییه‌! ته‌نیا خۆ هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنه‌و به‌س و هه‌ندێك كه‌س ده‌روونی وای لێك ده‌ده‌نه‌وه‌ كه‌ ڕاستن به‌ڵام لە ڕووی زانستییانەوە‌ هه‌ڵه‌ن! گرنگترین و‌ ناسراوترینییان ئه‌مانه‌ن:
١-سیر
ڕێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی ده‌لێت: ڕاسته‌ كه‌ سیر خۆراكێكی ته‌ندروسته‌و دژی میكرۆبه‌كان ده‌جه‌نگێت، به‌ڵام هیچ به‌ڵگه‌یه‌ك نییه‌ كه‌ مرۆڤ ده‌پارێزێت له‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا.
جاری واش هه‌یه‌ زێده‌خۆری زیانبه‌خشه‌ به‌ ته‌ندروستی بۆ نمونه‌: كاتێك خانمێك ١،٥ كیلۆگرام سیری خواردبوو تووشی ئه‌وه‌ بوو بوو كه‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌ بمێنێته‌وه‌ بۆ چاره‌سه‌ر.
به‌لام سه‌وزه‌، میوه‌و ئاو، هه‌موویان یارمه‌تی ده‌رن بۆ ئه‌وه‌ی به‌ ته‌ندروستییه‌كی باشه‌وه‌ بمێنینه‌وه‌. وه‌ڵێ هیچ به‌ڵگه‌یه‌ك نییه‌ كه‌ ئه‌مانه‌ له‌ ڤایرۆسه‌كه‌ ده‌مانپارێزن.

٢-مه‌عجیزه‌
هه‌ندێك كه‌س ده‌بێژن كه‌ گوایه‌ مه‌عجیزه ‌(دووه‌م ئۆكسیدی كلۆر) كه‌ بۆ سپیی كردنه‌وه‌ی جلوبەرگ و پاكژكردنه‌وه‌ی قوماش و په‌ڵه‌ به‌كاردێت یارمه‌تی له‌ناوبردبردنی ڤایرۆسه‌كه‌ ده‌دات.
ساڵی پار به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خۆراك و ده‌رمانی ئه‌مێریكایی ئاگادارییه‌كی بڵاوكرده‌وه‌ له‌سه‌ر مه‌ترسی خواردنه‌وه‌ی مه‌عجیزه‌و وڵاتانی تریش هه‌مان ئاگاداركردنه‌وه‌یان بڵاوكرده‌وه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ تكایه‌ تووخنی مه‌كه‌ون.

٣-پاكژكه‌ره‌وه‌ خۆماڵییه‌كان (له‌ ماڵدا دروست ده‌كرێن)
له‌ ئیتالیا كه‌ ئێستا گه‌رمه‌ی بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌كه‌ی تێدایه‌‌ مه‌ترسی نه‌مانی پاكژكه‌ره‌وه‌كان له‌ بازاردا له‌ ئاردایه‌ . له‌به‌رئه‌وه‌ خه‌ڵكی هه‌وڵده‌ده‌ن له‌ ماڵه‌وه‌ پاكژكه‌ره‌وه‌ دروست بكه‌ن كه‌ هیچ سوودێكی نییه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی كه‌:
ئه‌و پاكژكه‌ره ‌دروستكراوانه‌ رێژه‌ی ئه‌لكهولیان ناگاته‌ له‌ ٦٠-٧٠% و ته‌نانه‌ت مه‌شروباتی وه‌ك ڤۆدكا رێژه‌ی ئه‌لكهوله‌كه‌ی ته‌نیا ده‌گاته‌ له‌ ٤٠% كه‌ ڤایرۆس ناكوژێت.

٤- ئاوخورادنه‌وه‌ هه‌ر ١٥ خوله‌كێك
مه‌ڵپه‌رێك له‌ فه‌یسبوك ئامۆژگاری پزیشكێكی یابانی بڵاوكردۆته‌وه‌ كه‌ گوایه‌ ئاو خواردنه‌وه‌ی ٤ جاران له‌ كاتژمێرێكدا ڤایرۆسه‌كانی نێو ده‌م ده‌رده‌كاته‌ ده‌ره‌وه‌! هه‌رچه‌نده‌ له‌ زاراوه‌‌ ئاره‌بییه‌كه‌ی دا نزیكه‌ی ٣٥٠ هه‌زار جاران سه‌یركرابوو به‌ڵام مامۆستایانی زانكۆی بلۆمفیڵد ده‌ڵێن: هیچ به‌ڵگه‌یه‌ك بۆ ئه‌مه‌ نییه‌ كه‌ فره‌ ئاو خواردنه‌وه‌ ڤایرۆس ده‌كاته‌ ده‌ره‌وه‌ی له‌ش.

٥-گه‌رماو دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ ئایسكرێم.
زانیاریی زۆر هه‌یه‌ كه‌ گوایه‌ به‌رزی پله‌ی گه‌رما (وه‌ك كورد خه‌وی پێوه ‌ده‌بینێت) ڤایرۆسه‌كه‌ بكوژێت له‌به‌رئه‌وه‌ ده‌ڵێن: ئاوی گه‌رم بخۆره‌وه‌ و به‌ ئاوی گه‌رم خۆت بشوره‌ یان به‌ فیۆن قژت هیشك بكه‌ره‌وه‌.
هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و زانیارییانه‌ له‌لایه‌ن چه‌ند كه‌سێكه‌وه‌ ته‌زویركرابوو به‌ ناوی (رێكخراوی یۆنیسكۆ) وه‌ بڵاوكرابووه‌وه‌ وه‌لێ دواجار رێكخراوه‌كه‌ بڵاوكراوه‌ ته‌زویره‌كه‌ی به‌درۆخسته‌وه‌، ئه‌میش درۆ ده‌رچوو.
ئێمه‌‌ ده‌زانین ڤایرۆسه‌كان به گشتی له‌ هاوین دا ماوه‌یه‌كی كه‌م له‌ده‌ره‌وه‌ی له‌شدا ده‌ژین، به‌ڵام تا ئێستا زانستییانه‌ نازانرێت ئایا به‌رزی گه‌رمای هاوین چه‌نده‌ كاریگه‌ری هه‌یه‌ له‌سه‌ر خودی ڤایرۆسه‌كه‌؟
هاوكات ده‌ڵێن: گه‌رمكردنی جه‌سته‌و خۆ دانه‌ به‌رتیشكی خۆر هیچ سوودێكی دژی ڤایرۆسه‌كه‌ نییه‌!
هه‌روه‌ها خواردنه‌وه‌ی ئاوی گه‌رم پله‌ی گه‌رمی له‌ش ناگۆڕێت گه‌ر بێت ونه‌خۆش نه‌بێت و پله‌ی گه‌رمی له‌ش به‌رز نه‌بێت.
هاووڵاتیانی به‌ڕێز، هه‌رچه‌نده‌ زانایانی ئه‌م بوارده‌ ده‌ڵێن: كه‌ هێشتا زۆر زانیاریی له‌سه‌ر ڤایرۆسه‌كه‌و نه‌خۆشییه‌كه‌ نازانرێت به‌ڵام ماوه‌ی‌ خه‌مڵێنراوی كڕكه‌وتنی ڤایرۆسه‌كه‌، واته‌ له‌‌ ڕۆژی تووشبوونه‌وه‌ به‌ ڤایرۆسه‌كه‌ تا ده‌ركه‌وتنی نیشانه‌كان له‌ یه‌كێكی تووشبوودا نزیكه‌ی ٥ رۆژی گه‌ره‌كه‌.
ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ تا ١٢ ڕۆژان نیشانه‌یان تێدا ده‌رناكه‌وێت، له‌وانه‌یه‌‌ ئه‌وانه‌ هه‌ڵگریی هه‌وكردنه‌كه‌‌ بن.
گه‌ر گومان ده‌كه‌یت تووشبوویت یان له‌و شوێنانه‌وه‌ هاتوویت كه‌ ڤایرۆسه‌كه‌ی تێدا بڵابۆته‌وه‌، باشترین ئه‌ركی مرۆڤانه‌و ئه‌خلاقی سه‌رشانت ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بۆ ماوه‌ی ٢ هه‌فته‌ خۆت له‌ ماڵه‌وه‌ گل (بهێڵیته‌وه‌) بده‌یته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌سانی دیی بێ تاوان تووش نه‌كه‌یت.
له‌ كۆتاییدا ده‌مه‌وێت ئاگادارتان بكه‌م كه‌ زانیاریی هه‌ڵه‌و چه‌واشه‌ زوو بڵاوده‌بێته‌ به‌ڵام ئه‌وه‌ی راست و هه‌قه‌ زۆر ڕه‌قه‌و جاری وا هه‌یه‌ باوه‌ڕی پێ ناكرێت. تكاده‌كه‌م ده‌روونی خۆتان چه‌واشه ‌مه‌كه‌ن به‌ نووسینی نازانستی و خۆتان به‌ ماڵپه‌ڕه‌ دروستكراوه‌كانه‌وه‌ سه‌رقاڵ مه‌كه‌ن، باشترین رێگا خۆپاراستنه‌ به‌ڵام به‌م شێوازه‌ی خواره‌وه‌:

١-خۆت له‌و كه‌سانه‌ نزیك مه‌كه‌ره‌وه‌ كه‌ ته‌ندروستییان باش نییه‌!
٢-ده‌ست مه‌به‌ بۆ چاوه‌كانت و ده‌مولێوت، هه‌روه‌ها په‌نجه‌ مه‌كه‌ به‌ لووتتدا كاتێك ده‌سته‌كانت نه‌شوردراون و پیسن!
٣-تكایه‌ له‌ كاتی كۆكه‌و پژمین دا ده‌سته‌سڕی كاغه‌ز به‌كاربهێنه‌وه‌ فڕێی مه‌ده‌ ته‌نیا بیكه‌ره‌ نێو نایلۆنی خۆڵه‌وه‌ تا ده‌توانیت به‌زوویی ده‌سته‌كانت بشۆره‌.

د زاهیر سوران

پسپۆری نه‌خۆشییه‌ درمییه‌كان و گشتییه‌كان، سلێمانی .




سه‌نگ و قورسایی حزبی شیوعی و ناحه‌زان… ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب

ناحه‌زان و دوژمنانی شیوعییه‌ت له‌ چاوپێكه‌وتن و لێدوانه‌كانیان هه‌لیان بۆ ئه‌ره‌خسێ و هیرشی توندو تیژو ژه‌هراوی و دوور له‌ راستگۆیی‌ ئاراسته‌ی حزبی شیوعی ئه‌كه‌ن به‌ بێ ئه‌وه‌ی رابردوو تێكۆشانی ئه‌و حزبه ماندونه‌ناسه‌‌و رۆڵی كارامه‌ی له‌ پێناو چه‌سپاندنی ئاوات و خواست و ئاره‌زوو ئازادی گه‌ل و نیشتمان بهێننه‌ به‌رچاویان و كوێرانه‌ قسه‌ی پرۆپوچ ئه‌خه‌نه‌‌نه‌ پاڵی ئه‌و حزبه‌ مه‌زنه‌ خاوه‌ن تێكۆشان و هه‌زاران شه‌هید.
له‌گرته‌یه‌كی ڤیدیۆیی و، له‌ به‌رنامه‌ی رووداو مێژووی كه‌ناڵی NRT له‌ چاوپێكه‌وتنكدا له‌ گه‌ڵ به‌رێز : حامید حاجی غالی ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی نێشتمانی كوردستان و به‌رپرسی نووسینگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی په‌رده‌ له‌ سه‌ر زۆر شت هه‌ڵئه‌داوه‌و ئه‌ڵێت ئێمه‌ی یه‌كێتی له‌ گه‌ڵ پارتی دیموكراتی كوردستان و حزبی سۆشیالیستی كوردستان و ئیسلامییه‌كان بانگهێشت كراین بۆ ئێران و له‌وێ له‌سه‌ر چۆنێتی گرتنی شاری هه‌ڵه‌بجه‌ رێككه‌وتین و هه‌روا چۆنێتی هێنانی سوپای پاسداران و، له‌ هاتنه‌وه‌ماندا بۆ خۆ پاراستن له‌ چه‌كی كیمیاوی ماسك (قناع) و ده‌رزیان به‌ سه‌رماندا دابه‌ش كرد.
پێشكه‌شكاری به‌رنامه‌كه‌ پرسیاری كردو وتی : ئه‌ی ماسك و ده‌رزیتان دا به‌ خه‌ڵكی شار ؟.
حامید: نه‌خێرو، كێ ئه‌توانێت به‌و شه‌وه‌ ئه‌و كاره‌ بكات.
پێشكه‌شكار: رۆڵی تۆ له‌و ئۆپراسیۆنه‌، ئۆپراسیۆنی گرتنی شاری هه‌ڵه‌بجه‌ چی بوو؟
حامید : به‌رپرسی سه‌ربازی پێشمه‌رگه‌كانی یه‌كێتی بووم و، به‌ موقده‌م ( تارانی) م وت من هیزه‌كانم ئه‌نێرمه‌ پێشه‌وه‌و، موقده‌م تارانی زۆری پێخۆش بوو.
پێشكه‌شكار : هه‌ندی لایه‌ن له‌ مه‌ترسی ئه‌و جۆره‌ ئۆپراسیۆنه‌ ئاگادارییان پێداون ، وه‌ك حزبی شیوعی و ئیسلامییه‌كان.
حامید : حزبی شیوعی چی ، كه‌ی ئه‌و قورسایه‌ی هه‌یه‌ به‌شداری بكه‌ن یا نه‌كه‌ن ، په‌نجا كه‌سێكن!.
پێشكه‌شكار ئاماژه‌ به‌ زۆر شت ئه‌دات وه‌ك : تاڵانكردنی پاره‌و زێری بانقی هه‌ڵه‌بجه‌و ته‌قاندنه‌وه‌ی و ، ته‌قاندنی بینای توتنه‌كه‌ (تنقیحه‌كه‌) و بردنی كتێب و هه‌موو ده‌ستنووس و شتی ترو، ئه‌ڵێن بۆ یه‌ك ئه‌نكوستیله‌ په‌نجه‌ی مردووتان بریوه‌ته‌وه و، ئیوه‌ تاوانبارن به‌وه‌ی خه‌ڵكتان ئاگادار نه‌كردووه‌و، سور ئه‌زانن سه‌دام حوسه‌ێن به‌رامبه‌ر به‌و كاره‌ی ئیوه‌و ئێران ده‌ستناپارێزێت‌ و، بۆچی فرۆكه‌وان( تارق ره‌مه‌زان) كه‌ كیمیاوی رشت به‌ سه‌ر هه‌ڵه‌بجه‌و سێوسێنان له‌ سلێمانی ئازادتان كرد
حامید وتی : نه‌مانزانی سه‌دام حوسه‌ێن كیمیاوی به‌ سه‌رماندا ئه‌رژێنێت و، من ئاگام له‌ بردنی پاره‌ی بانقه‌كه‌ نییه‌و وابزانم ئێران بردوویه‌تی و، په‌نجه‌و ده‌ستی كه‌س نه‌براوه‌ته‌وه‌و ئه‌وه‌ بوختانه‌و، سه‌باره‌ت به‌ تارق ره‌مه‌زان نازانم چی بڵێم دیاره‌ ( خه‌ت مایله‌) و كارێكی باشی بۆ كورد كردووه‌ بۆیه‌ ئازاد كراوه‌و ‌، حامید حاجی غالی ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی خۆی له‌ زۆر شت دزییه‌وه‌و وه‌ڵامی نه‌داوه به‌ڵام هاوكاری ئێران له‌ كرتنی هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ شانازی ئه‌زانێت.‌
له‌میانی ئاخافتنه‌كانی به‌رپرسی مه‌كته‌بی كۆمه‌ڵایه‌تی یه‌كێتی زۆری شتی باسكردو راشكاوانه‌ وتی ئێمه‌ هیچمان نه‌كرد به‌ڵكو خه‌ڵك راپه‌رینی كردو، من به‌رپرسی عه‌سكه‌ری بووم وه‌ك حامیدی حاجی غالی هیچم بۆ راپه‌رین نه‌كرد به‌ڵام به‌رێز حامید ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی و به‌رپرسی مه‌كتبی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ و نابی به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك زمانی زبر به‌كار بهێنێت وهه‌وڵ نه‌دات مێژوو بشێوێنێت و راستگۆیان قسه‌ بكات و، بۆ بیرهێنانه‌وه‌ی له‌ سه‌نگ و قورسایی حزبی شیوعی پێویسته‌ به‌ خۆیدابچێته‌وه‌،
له‌ سه‌ره‌تای تێكۆشانی چه‌كداری په‌یوه‌ندی نێوان حزبی شیوعی و یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان بته‌وو سه‌قامگیر بوو، له‌و سه‌رده‌مه‌دا جاروباری گرژی و ناكۆكی وده‌مارگیری رووی ئه‌داو، زۆر جار رێكه‌وتن له‌ نێوان هه‌ردوولا ئه‌كراو، له‌ شه‌رو پێكدادان له‌ گه‌ڵ رژێمی خوێنرێژی حزبی به‌عسی عه‌ره‌بی به‌ هانای یه‌كتر ئه‌چوون و، هاتووچۆو وسه‌ردانی یه‌كتر له‌ نێوان جه‌لال تاڵه‌بانی سكرتێری گشتی یه‌كێتی و عه‌زیز محه‌مه‌د سكرتێری حزبی شیوعی عێراق گه‌رم بوو، به‌ڵام به‌ كرداری دوژمنكارانه‌ ناحه‌زان توانیان شه‌رێكی خوێناوی له‌ پشتاشان دروستبكه‌ن و، بووه‌ هۆی شه‌هید كردنی 67 شیوعی و( لێره‌دا وه‌بیر به‌رپرسه‌كه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی یه‌كێتی ئه‌هێنمه‌وه‌و ئه‌ڵێم شیوعیه‌كان 50 یان 60 كه‌س نین كاكی به‌رپرسی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌ڵكو خاوه‌نی هه‌زاران شه‌هیدن‌.
له‌ پاش قه‌سابخانه‌كه‌ی پشتاشان و، ئاشتبوونه‌ جاریكی تر تێكۆشان له‌ دژی رژێمی به‌عسی عه‌ره‌بی له‌ نێوان پێشمه‌رگه‌كانی حزبی شیوعی و یه‌كێتی درێژه‌ی هه‌بوو وه‌ك گرتنی شارۆچكه‌ی قه‌ره‌داغ و، شه‌ركه‌ی قه‌لاقایمزو كه‌لۆش و گه‌رمیان له‌ رۆژانی ئه‌نفالداو، خوێنی شه‌هیدانی شیوعی و یه‌كێتی تێكڵاو بوو ، ته‌نها له‌ به‌رنگاری فاشیسته‌كانی به‌عسدا له‌ 9 ی نیسانی 1988 له‌ ئاوایی تازه‌شارو شیخ حه‌میدی بناری گل خوێنی 8 قاره‌مانی شیوعی به‌ سه‌رپه‌رشتی مولازم سامی و 12 قاره‌مانی یه‌كێتی نێشتمانی كوردستان به‌ سه‌رپه‌رشتی فه‌رمانده‌ی شه‌هید نازم بچكۆل و، به‌رنگاربوونه‌وه‌ی هاورێیانی حزبی شیوعی و هه‌ڤاڵانی یه‌كێتی بۆ زیاتر له‌ ماگێك دژ به‌ رژێمی دیكتاتۆری به‌غدا له‌ دۆڵه‌ كۆكاو شاخی چه‌كوش له‌ قه‌ندیلی سه‌ركه‌ش.
بێشك به‌رێز حامید حاجی غالی وه‌ك فه‌رمانده‌و پێشمه‌رگه‌ی دێرین ئه‌زانێت شیوعییه‌كان و حزبه‌ نه‌به‌زه‌كه‌یان حزبی شیوعی هیچ كات له‌ تێكۆشان دوانه‌كه‌وتووه‌و رۆڵیان دیاره‌ له‌ شه‌ۆه‌كانی : قزله‌ر، سێكانی، بادێنان، باڵه‌كایه‌تی، سوێله‌میش، بۆڵقامیش، شه‌قلاوه‌، سماقوڵی ، گه‌رمیان و نه‌وجول و هتد…
10/3/2020




مه‌رگ وشوناسی نه‌مریبوون … سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی

ڕانانێك بۆ كتێبی دڵشاد مه‌ریوانی نوێكاری چیڕۆكی كوردی

زۆرن ئه‌و مرۆڤانه‌ی،كه‌له‌ دوای مه‌رگیان نه‌مر ده‌بن وشوناسی مانه‌وه‌ و نه‌مری وه‌رده‌گرن.ئه‌م جۆره‌ مرۆڤانه‌، له‌ بری ئه‌وه‌ی مانه‌وه‌یان له‌ ژیان نه‌مریان بكات،ئه‌وا چیڕۆكی مه‌رگ و مردنیان ده‌بێته‌ شوناسێك بۆ هه‌میشه‌ مانه‌وه‌یان به‌ زیندوویی له‌ یاده‌وه‌ری ئێمه‌دا.ئه‌مه‌ به‌و مانایه‌ نییه‌، هه‌موو مردنێك وێستگه‌یه‌ك بێت بۆ نه‌مریبوون، چونكه‌ كه‌م نین ئه‌وانه‌ی له‌ ژیان و دوای ژیانیش، له‌ په‌راوێزی مێژوودان.به‌ڵكو نه‌مریبوون به‌و مانایه‌ی ژیانی ئه‌وان له‌ مه‌رگییانه‌وه‌ ده‌ست پێ ده‌كات.ئیدی ئه‌وان به‌ ڕوح، به‌ مێژوو، به‌ داهێنانه‌كانییان هه‌میشه‌ له‌ نێو ئێمه‌دان، با به‌ جه‌سته‌ش ونبن.یه‌كێكیش له‌و مرۆڤه‌ نه‌مرانه‌، نووسه‌ری شه‌هید(دڵشاد مه‌ریوانی)یه‌.

بێگومان ئه‌م ناوه‌، ناوێكی دیارو ئاشنایه‌ له‌ نێوه‌ندی ئه‌ده‌بی كوردی ولای هه‌موومان. نووسه‌رێك كه‌ ژیان و نووسینه‌كانی، یاخیبوون بوون له‌ دژی ده‌سه‌ڵات و گه‌ڕان به‌ دوای سه‌ربه‌ستی و ئازادی. مرۆڤێك، تینووی ئازادی وسه‌ربه‌خۆیی، هه‌ربۆیه‌شه‌ دواجار به‌ده‌ستی فاشییه‌ به‌عسییه‌كانه‌وه‌، له‌ سێداره‌ ده‌درێت. چیڕۆكی ژیانی ئه‌م نه‌مره‌، لێره‌وه‌ ده‌ست پێ ده‌كات.كتێبی(دڵشاد مه‌ریوانی نوێكاری چیڕۆكی كوردی) هه‌وڵێكی دیكه‌یه‌، له‌ پێناو ناساندنی ئه‌زموونی ئه‌م نووسه‌ره‌ شه‌هیده‌، كه‌ نووسه‌رێكی فره‌ به‌هره‌ بووه‌وه‌ له‌ چه‌ندین ژانری ئه‌ده‌بییه‌وه‌، ده‌قی نووسیوه‌. ئه‌م كتێبه‌، له‌ چه‌ند باسێكی سه‌ربه‌خۆ پێكهاتووه‌. له‌ باسی یه‌كه‌مدا، نووسه‌ری كتێبه‌كه‌ دیدو هه‌ڵسه‌نگاندنی نووسه‌رانی كوردی له‌ باره‌ی ئه‌زموونی نووسینی مه‌ریوانییه‌وه‌ خستۆته‌ ڕوو. كه‌ هه‌موویان باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ مه‌ریوانی، نووسه‌رێكی فره‌ به‌هره‌ بووه‌وه‌ له‌یه‌ك كاتدا، شیعرو چیڕۆك و ڕۆمان و شانۆنامه‌ و لێكۆلینه‌وه‌ی ئه‌ده‌بیشی نووسیوه‌. به‌ تایبه‌تیش تێڕوانینی خۆی له‌ باره‌ی چیڕۆكی كوردییه‌وه‌ خستۆته‌ روو له‌ ڕووی مێژووییه‌وه‌. باسی دووه‌م، لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كه‌ له‌ باره‌ی ڕه‌گه‌زی ناونیشان له‌ چیڕۆكه‌كانی مه‌ریوانیدا. كه‌ له‌ یه‌ك كاتدا، ناونیشانی چیڕۆكه‌كانی جۆراوجۆرن و هه‌ندێكییان نوێن و هه‌ندێكیشیان ئاسایی و كۆن. وه‌لێ ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجه‌ ئه‌وه‌یه‌، كه‌ مه‌ریوانی هه‌موو جۆره‌كانی ناونیشانی كردۆته‌ تایتلی ده‌قه‌كانی.ئه‌و له‌یه‌ك كاتدا ناونیشانی(پیشه‌ییگیانه‌وه‌رانئامێردره‌ختناوكاتشوێن)ی كردۆته‌ ناونیشانی چیڕۆكه‌كانی. ئه‌مه‌ش ده‌لاله‌ته‌ له‌وه‌ی كه‌ ناونیشان، وه‌ك ده‌سپێك و یه‌كه‌م ئه‌ڵقه‌ی به‌ یه‌كه‌وه‌ گرێدانی خوێنه‌ر به‌ ده‌قه‌وه‌، بایه‌خێكی زۆری لای ئه‌و هه‌بووه‌.بۆ هه‌ریه‌ك له‌و ناونیشانانه‌ش، نووسه‌ری كتێبه‌كه‌، نموونه‌یه‌كی ڕاڤه‌كراوی هێناوه‌ته‌وه‌. ئه‌م هه‌مه‌ جۆریه‌ له‌ ناونیشان، ئاماژه‌یه‌كه‌ بۆ دنیابینی فراوانی مه‌ریوانی له‌ بواری نووسینی چیڕۆكدا. كه‌ مه‌به‌ستی بووه‌، هه‌موو بابه‌تێك له‌ چیڕۆكدا به‌رجه‌سته‌ بكات. له‌ باسێكی دیكه‌ی كتێبه‌كه‌دا، نووسه‌ر ئاماژه‌ به‌ سیماكانی نوێخوازی چیڕۆك لای ئه‌و نووسه‌ره‌ شه‌هیده‌ ده‌كات و بڕوای وایه‌،كه‌ چیڕۆكنووس له‌ میانه‌ی ئه‌و ته‌كنیكانه‌ی له‌ چیڕۆكه‌كانیدا به‌كاری هێناون،توانیویه‌تی چیڕۆكی كوردی له‌ فۆڕمی مۆپاسانی ده‌ربهێنێت. له‌م ڕوانگه‌یه‌شه‌وه‌ گرنگی زۆری به‌ كورتبڕی و چڕكردنه‌وه‌ی وێنه‌ و زمان، ڕه‌مزو زمانی ناڕاسته‌ وخۆ،كۆتایی كراوه‌ داوه‌. كه‌ ئه‌م سیما هونه‌رییانه‌،به‌شێكن له‌ هونه‌ری چیڕۆكی نوێی كوردی. وێرای ئه‌مه‌ش مه‌ریوانی، دووجۆر له‌ ته‌كنیكی دیكه‌ی له‌ چیڕۆكه‌كانیدا خستۆته‌ كه‌ ڕوو كه‌ پێشتر نه‌بوونه‌، ئه‌وانیش تێكهه‌ڵكێشكردنی شیعرو چیڕۆك به‌یه‌كه‌وه‌، هاوكات ته‌كنیكی دانانی بۆشایی، كه‌ هزری خوێنه‌ر له‌ به‌رده‌م پرسیارو ڕامان ڕاده‌گرێت.
مه‌ریوانی مه‌به‌ستی بووه‌ چیڕۆكه‌كانی پرسیار لای خوێنه‌ر دروست بكه‌ن وبچێته‌ نێو دنیابینی شاراوه‌ی چیڕۆكه‌كانه‌وه‌. به‌شێكی دیكه‌ی ئه‌و كتێبه‌، كه‌ به‌بڕوای من وه‌ك خوێنه‌رێك گرنگی تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌، ئه‌ویش بڵاوكردنه‌وه‌ی سێزده‌ چیڕۆكی ئه‌و نووسه‌ره‌یه‌ كه‌ له‌ كۆبه‌رهه‌می چیڕۆكه‌كانیدا نین. به‌مه‌ش ده‌كرێ بڵێین ئه‌وه‌ی پێشتر كۆكراونه‌ته‌وه‌ له‌ چیڕۆكه‌كانی، ناتوانرێت ناوی كۆچیڕۆكی لێ بنرێت. چونكه‌ ناكرێت كۆ به‌رهه‌م بێت و به‌ڵام چه‌ندین به‌رهه‌می دیكه‌ی تێدا نه‌بێت. ئه‌مه‌ له‌لایه‌ك، له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، ئه‌م سێزده‌ چیڕۆكه‌، له‌ چیڕۆكه‌ هه‌ره‌ جوان و پڕماناكانی دڵشاد مه‌ریوانین، كه‌ناكرێت له‌ كۆچیڕۆكه‌كانیدا نه‌بن. ئه‌م چیڕۆكانه‌، دنیابینییه‌ك كۆیان ده‌كاته‌ كه‌ ئه‌ویش مرۆڤدۆستی و هاتنه‌وه‌ به‌گژ جیاوازی چینایه‌تی و كاركردنه‌ له‌ پێناو دنیایێكی یه‌كساندا. كه‌ مرۆڤه‌كان هه‌موویان وه‌ك یه‌ك هاوماف و هاوژیان و هاو سه‌ربه‌ستی بن.
خوێنه‌ر كاتێ ئه‌و چیڕۆكانه‌ ده‌خوێنێته‌وه‌، كه‌ زۆرینه‌یان له‌ دوای شكستی شۆڕشی كورد له‌ هه‌فتاكانی سه‌ده‌ی ڕابردوو نووسراون، ده‌گاته‌ ئه‌و بڕوایه‌ی كه‌ ئه‌م نووسه‌ره‌ شه‌هیده‌، هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ بڕوای به‌ مردن و له‌ سێداره‌دان له‌ پێناو وشه‌ی ئازاد و مرۆڤی ئازاد و نه‌ته‌وه‌ی ئازاد هه‌بووه‌. چونكه‌ له‌ ناوه‌ڕۆكی ئه‌و چیڕۆكانه‌دا، زۆر به‌ ڕاشكاویی، به‌گژ ئه‌قڵی فاشییانه‌ی به‌عس و ئه‌وسته‌مه‌ سیاسییه‌ دادێته‌وه‌،كه‌ له‌ مرۆڤ ده‌كرێت. مه‌ریوانی، چونكه‌ هه‌ڵگری بیرێكی سۆسیالیزمی بووه‌، ئیدی مرۆڤ ده‌كاته‌ چه‌قی چیڕۆكه‌كان و له‌ خه‌م و ئازاره‌كانی ده‌دوێت. له‌ چیڕۆكی ڕۆژانی ژیانمدا،كاره‌كته‌ری چیڕۆكه‌كه‌ له‌ شێوه‌ی شووشه‌ عه‌ترێك خۆی ده‌رده‌خات. هه‌موو ڕۆژێك قوتابییه‌كی ته‌مه‌ن هه‌ڤده‌ ساڵی هه‌ژار دێت و به‌دیار جامخانه‌كه‌وه‌ ده‌ڕوانێته‌ (پاترا)، وه‌لێ پاره‌ی نێو گیرفانی، به‌شی ئه‌وه‌ ناكات عه‌تره‌كه‌ بكڕێت.عه‌تره‌كه‌ش نایه‌وێت كه‌سانێك بیكڕن كه‌ زه‌نگینن.ئه‌مه‌ش وه‌ك هێمایه‌ك بۆ نه‌بوونی دادپه‌روه‌ری له‌ نێوان مرۆڤه‌كاندا، كه‌ مه‌ریوانی ڕه‌خنه‌ی ده‌كات.

له‌ چیڕۆكی گره‌وه‌ی ئینجانه‌ ده‌ڵێت:(نانه‌واكانی هه‌موولایه‌ك یه‌ك بگرن،با ته‌نووره‌كان دابه‌ش بكه‌ین). بێگومان هه‌موومان ده‌زانین كه‌ نانه‌واچییه‌كان، له‌ چ چینێكی كۆمه‌ڵگه‌ن، هاوكات، ته‌نوور كه‌ ئامرازی دروست كردنی نانه‌، كاتێ دابه‌ش ده‌كرێت، به‌ مانای ئه‌وه‌ دێت هه‌مووان وه‌ك یه‌ك ده‌بین و یه‌كسان ده‌بین. نانه‌واكان یه‌كگرن،دروست ئه‌و دروشمه‌یه‌ كه‌ ده‌ڵێت_(كرێكارانی جیهان یه‌كگرن!).له‌ چیڕۆكی ڤاڵیۆمدا، چیڕۆكنووس له‌ چاوه‌ڕوانی هاتنی فریادره‌سێكدایه‌، كه‌ كارگه‌ی نارنجۆكه‌كان بكات به‌ كارگه‌ی بووكه‌ شووشه‌، ئه‌مه‌ش وه‌ك هێمایه‌كه‌ بۆ نه‌مانی شه‌ڕو ئاشووب له‌ ژیانی مرۆڤدا.له‌ چیڕۆكی چونكه‌كانیشدا، مه‌ریوانی زۆر به‌ڕاشكاویی، به‌ زمانێكی ڕه‌مزئامێز، ڕه‌خنه‌ له‌ ڕژێم و كاره‌كته‌ره‌كانی ده‌گرێت. جارێكی دیكه‌ به‌ گژ ئه‌قڵی جیاوازیی چینایه‌تی و پله‌به‌ندی مرۆڤدا دێته‌وه‌، له‌ ژێر ناوی شوناسی كۆمه‌ڵایه‌تی و پیشه‌یی.
كاتێ داوا له‌ مامۆستایان ده‌كرێت، كه‌ هێمای زانست و فێربوونن، ڕێزی پێشه‌وه‌ بۆ پیاوه‌ گه‌وره‌كان چۆڵبكه‌ن. لێره‌وه‌ش نووسه‌ر ڕه‌خنه‌ له‌و ئه‌قڵه‌ دواكه‌وتووه‌ ده‌گرێت، كه‌ پێی وایه‌ شتێك هه‌یه‌ به‌ ناوی مرۆڤی گه‌وره‌ و مرۆڤی بچووك.پێگه‌ی مامۆستاو په‌روه‌رده‌، لای ده‌سه‌ڵاتێك نیشان ده‌دات، كه‌ بڕوای به‌ مرۆڤی گه‌وره‌ و مرۆڤی بچووك هه‌یه‌.كه‌ ڕێزی زانست و خوێنده‌واری لا نییه‌. به‌ڵكو ته‌نها،ئه‌وانه‌ی به‌لاوه‌ گرنگن، كه‌له‌ خزمه‌ت ئایدیا فاشییه‌كه‌ی دایه‌. له‌ چیڕۆكی هه‌ڵوێستی جوتیارێكیشدا، باس له‌و هه‌ڵوێسته‌ مرۆڤدۆستییه‌ ده‌كات،كاتێ جوتیاره‌كه‌ ده‌ینوێنێت. شوفێرێك كوڕی جوتیاره‌كه‌ ده‌شێلێت و ده‌یكوژێت، كه‌چی باوكی منداڵه‌كه‌، له‌ هه‌ڵوێستێكی جوان و مرۆڤدۆستانه‌دا، شوفێره‌كه‌ ده‌به‌خشێت و هیچ كاردانه‌وه‌یه‌كی به‌رامبه‌ر نابێت.لێره‌وه‌ش چیڕۆكنووس ئه‌و په‌یامه‌ ده‌گه‌یه‌نێت، كه‌ ده‌بێ لێبوورده‌ و به‌خشنده‌ بین. هه‌رگیز بیرله‌ تۆڵه‌ سه‌ندنه‌وه‌ نه‌كه‌ینه‌وه‌، چونكه‌ دواجار هه‌موومان هه‌ر مرۆڤین. ناكرێت وه‌ڵامی خوێن به‌ خوێن بده‌ینه‌وه‌.
به‌گشتی فه‌زای ئه‌و سیانزه‌ چیڕۆكه‌،فه‌زایه‌كه‌ كه‌ تیایدا مرۆڤ چه‌قی باسه‌كانه‌.چیڕۆكه‌كان ڕه‌هه‌ندێكی مرۆڤدۆستییان هه‌یه‌، كه‌ باس له‌ جیاوازی چینایه‌تی وپێگه‌ی مرۆڤ ده‌كه‌ن. ڕه‌خنه‌ له‌و ئه‌قڵه‌ سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئایدۆلۆژییه‌ ده‌گرێت، كه‌ بڕوای به‌ پله‌ به‌ندی مرۆڤ و جیاوازی چینایه‌تی هه‌یه‌. دژی ئه‌و تێڕوانینه‌ ده‌وستێته‌وه‌، كه‌ مرۆڤ له‌سه‌ر بنه‌مای هاووڵاتی پله‌ یه‌ك و پله‌ دوو ده‌بینێت. له‌و چیڕۆكانه‌دا، ڕه‌خنه‌ له‌و ده‌سه‌ڵاته‌ ده‌گرێت، كه‌ ئازادی وسه‌ربه‌ستی،ژیانێكی شكۆمه‌ندانه‌ و مرۆڤانه‌ به‌ مرۆڤ ڕه‌وا نابینێت. ڕه‌خنه‌گرتنێك كه‌ دواجار له‌ پێناویدا ژیانی خۆی كرده‌ قوربانی و ته‌رمه‌كه‌شی نه‌دۆزرایه‌وه‌. به‌مه‌ش ئه‌و مرۆڤه‌ كه‌ڵه‌گه‌ته‌، به‌ جه‌سته‌ ونبوو، وه‌لێ به‌ ڕوح ، به‌ مێژوو، به‌ نووسینه‌كانی هه‌میشه‌ له‌ نێوماندایه‌.له‌ كۆتاییدا ده‌ست خۆشانه‌ له‌ نووسه‌ری كتێبه‌كه‌ برای چیڕۆكنووس و لێكۆڵه‌ر(سابیرڕه‌شید) ده‌كه‌م. ئه‌م نووسه‌ره‌، چه‌ند ساڵێكه‌ وه‌ك سه‌ربازێكی ون، شانی داوه‌ته‌ به‌ر كۆكردنه‌وه‌ و نووسینه‌وه‌ و به‌ ئه‌رشیفكردنی مێژووی چیڕۆكی كوردی. كارێك كه‌ له‌ ڕاستیدا ئه‌ركی ده‌زگاو ناوه‌ندێكی ئه‌كادیمی و توێژینه‌وه‌ییه‌، وه‌لێ له‌ غیابی ئه‌واندا، بێگومان ده‌بێ كه‌سانی وه‌ك ئه‌و بیكه‌ن. كه‌ دواجار كاره‌كه‌یان و خۆشیان ناویان ده‌چێته‌ مێژوو، ئه‌مه‌ش گه‌وره‌ترین شانازییه‌ بۆ خۆیان و ئه‌ده‌به‌كه‌شیان…

*په‌راوێز:ناوی كتێب،دڵشاد مه‌ریوانی نوێكاری چیڕۆكی كوردی،نووسینی:سابیر ڕه‌شید،پڕۆژه‌ی كتێبخانه‌ی چیڕۆكی كوردی_زنجیره‌ 4،ساڵی چاپ 2019….

*ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ ڕۆژنامه‌ی(ڕێگای كوردستان)ژماره‌(1210)ی ڕۆژی 3/3/2020بڵاوكراوه‌ته‌وه‌…




جیاوازبوون: فۆرمێك له‌ بیركردنه‌وه‌ … سه‌باح ڕه‌نجده‌ر

له‌ داهێناندا پێویسته‌ شكۆی جیهانێك بناسین و خۆشمانبوێ، جیهانی جیاوازییه‌كان. جیاوازییه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی كرده‌یی گوزارشت له‌ هه‌قیقه‌تی جیهان و ڕێكخستنی ئه‌زموونه‌كان ده‌كه‌ن. ئه‌ستێره‌ی چلپه‌ڕی خۆداڕشتنن. خوڵقاندنی جیهانی جیاوازییه‌كان، جیهانێكی ته‌واو ڕه‌سه‌ن و هونه‌ری ژیانێكی بێگه‌رده‌، ته‌نیا شتێك هه‌ڕه‌شه‌ له‌ داهێنان ده‌كات، نه‌بینینی جیاوازییه‌كانه‌، نه‌بینینی هونه‌ری ژیانێكی بێگه‌رد و په‌ی پێنه‌بردنه‌‌.
بینین و دانپێدانانی جیاوازییه‌كان له‌ هێزی ڕوونی داهێنان و پێكهاته‌ی ڕووداوه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت و په‌ره‌ ده‌ستێنێ، ده‌بێته‌ بابه‌تی ده‌ربڕاو و بابه‌تی ده‌ربڕ، به‌ئاستی داهێنه‌رانه‌ی خۆیدا ده‌ڕوات و ڕێڕه‌و ده‌كاته‌وه‌. گۆڕان و وه‌رچه‌رخان و واقیع و خه‌یاڵ و ده‌نگ و زرینگانه‌وه‌ و سه‌رمه‌شقییه‌كان، له‌دایكبوونی جیاوازییه‌كان و ته‌واوكه‌ری ژیانێكی بێگه‌ردن، واتاكانی نوێبه‌خشی دیاریده‌كه‌ن و په‌ی پێده‌به‌ن، به‌ڵام زمانی هاوبه‌شی هه‌موومان نییه‌.
نالی و گۆران، هۆگرییه‌كی تایبه‌تیم بۆیان هه‌یه‌، جادووگه‌ر و خۆداڕێژن له‌ زمان و وێناكردندا. دوو شاعیری گه‌وره‌ و جیاوازی زمانی كوردین. ئه‌و زمانه‌ی داهێنه‌ری زۆری په‌روه‌رده‌ كردوون و خستوونیه‌ته‌ سه‌ر سه‌كۆ و پێشانی داون، شه‌رمێكی ترسناكم به‌رانبه‌ریان هه‌یه، نموونه‌ی داهێنانیان دامه‌زراندووه‌‌، له‌ناو خوێنده‌وارانی كۆمه‌ڵگای كوردیدا له‌شوێنی شیاوی خۆیان داندراون، خاوه‌ن تاج و ته‌ختن.
نموونه‌یه‌ك نوێنه‌ری گشت نییه‌. له‌ هه‌مانكاتیشدا سنووردار ناكرێت: نالی شیعری: (مه‌ستووره)‌ی له‌ ئه‌نجامی ناكۆكی نێوان میرنشینی بابان و میرنشینی ئه‌رده‌ڵان. له‌ژێر كارتێكه‌ر و ڕاسپارده‌ی سه‌رله‌شكر و فه‌رمانڕه‌واكانی بابان وه‌ك ده‌ربارێك فریوی خواردووه‌، بۆ له‌كه‌داركردنی سه‌رله‌شكر و فه‌رمانڕه‌واكانی ئه‌رده‌لان نووسیوه‌، ده‌رباربوون ڕێگایه‌كی تایبه‌تی ده‌ربڕینه‌، تیرت له‌ كه‌وان پێ ده‌ترازێنێت و به‌شێوه‌ی جۆراوجۆر فریوت ده‌دا، وه‌ك ده‌ق، ده‌قێكی تابڵێی ئێستێتیكی و پڕ هونه‌ری جۆراوجۆره و خه‌یاڵی خوێنه‌ر ده‌گه‌یه‌نێته‌ ئاستی باڵا‌، فۆرمی گۆشه‌نیگای هه‌یه‌. مه‌ستووره‌ی له‌خه‌ونێك، ده‌یه‌وێ قه‌ده‌غه‌كراوه‌ی لێ له‌دایك ببێت. وه‌رگرتووه‌، خه‌ونی هونه‌ری شیعرییه‌ت، كاری له‌سه‌ر پێكهاته‌ زمانه‌وانییه‌كان و دیوی نهێنی زمان كردووه، وریایی نیشان داوه‌‌. هیچ بوارێكیش بۆ ئه‌گه‌ر و گومان نه‌ماوه‌ته‌وه‌ وه‌ك مه‌به‌ست و مه‌رام ئاراسته‌كراوه‌، خۆڕسكی چێژ و چه‌شه‌ی كه‌سایه‌تی خۆی تێدا نییه‌، ده‌سه‌ڵاتی ئاراسته‌كه‌ریش پشتیوانی و هه‌لی بۆ ڕه‌خساندووه‌.
ئه‌م پرسیاره‌ی له‌م پرس و هۆكار و به‌رهۆكاره‌وه‌‌ ده‌بێت بكرێ. خۆ حه‌بیبه‌ تاكه‌ دڵبه‌ری بێگه‌رد و پاراوی شاعیر بووه‌، ئه‌گه‌ر مه‌رام و مه‌به‌ست و تاكتیكێكی سیاسی نه‌بووبێت، بۆ ئه‌م ئه‌زموونه‌ بێگه‌رد و پاراوه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌مدا تاقی نه‌كردووه‌ته‌وه، ئه‌مه‌ پرسیارێكی ناڕوون و لێڵ نییه‌‌.
مرۆڤێكی داهێنه‌ر و پڕ زانیاری، به‌ زانیاری هاوچه‌رخی وه‌ك گۆران، به‌ وردی بیری نه‌كردووه‌ته‌وه‌ و گه‌وهه‌ری بابه‌تی نه‌ناسیوه‌، كه‌وتووه‌ته‌ ژێر كاریگه‌ری ئایدیۆلۆژیا و پێوه‌ری گه‌ردوونبوونی شیعری بێگه‌رد و پاراوی تا ئاستێك له‌ چه‌ند شیعرێكیدا، به‌تایبه‌تی له‌ شیعری: (ڕێگای له‌نین)، یان شیعری: (مۆسكۆی ئه‌یار) له‌ ده‌ست ترازاوه‌، یان لێی گۆڕاوه‌. خاوه‌ن بنه‌ما پێویسته‌ له‌ هه‌موو كاتێكدا پابه‌ندی بنه‌ماكانی خۆی بێت و لێی فێربێته‌وه‌، زاڵبوونی تێڕوانینی ئایدیۆلۆژیا بۆ شیعری بێگه‌رد، دۆزه‌خێكی زیندووه‌، له‌قووڵایی بڕیار و هه‌ڵبژاردندا ده‌یهاڕێ.
داهێنه‌ر، كه‌ هه‌موو هه‌سته‌كانی له ‌ده‌قێكدا كۆده‌كاته‌وه‌ و دایده‌هێنێت و لێی ده‌بێته‌وه‌. ده‌بێته‌ نموونه‌ی ده‌ربڕینێكی ناوازه‌، هیچ شتێك ناتوانێت ئازادی ئازار بدات، چونكه‌ هه‌ستی به‌ ئه‌زموونی خۆی كردووه‌، خوێنه‌ریش بانگده‌كات هه‌ست به‌ ئه‌زموونی خۆی بكات و نموونه‌ی ده‌ربڕینێكی ناوازه‌ ببینێت، كه ‌‌وه‌ك ته‌واوكه‌ری بوون مامه‌ڵی له‌گه‌ڵدا كراوه‌، له‌و مامه‌ڵه‌كردنه‌دا ئازادی ده‌چێته‌ ناو خه‌یاڵه‌وه‌. دیوی ڕاسته‌قینه‌ی ڕووداوه‌كان سروشتێكی ئه‌فسانه‌یی و حاڵه‌تێكی شیعرییان هه‌یه‌. ده‌گونجێت له‌گه‌ڵ باری ئاڵۆزی جیهان له‌به‌ر یه‌كدا ڕابگیرێن و پێوانه‌یان بۆ بكرێ، به‌ په‌له‌په‌ل و گیانێكی تووڕه‌یییه‌وه‌ نه‌نووسرێن، به ‌سروشتی خۆی شێوه‌ وه‌رده‌گرێ و له‌كۆی پێكهاته‌كانییه‌وه‌ كامڵ ده‌بێت و ده‌بێته‌ ئه‌زموونی كه‌سی.
هه‌میشه‌ لێكۆڵه‌ران هێما و ناسنامه‌ و مۆرك و ئه‌زموونی تاكه‌كه‌سی داهێنه‌ر له‌ناو شته‌ گوتراوه‌كاندا ده‌دۆزنه‌وه و پشكنینی شاره‌زایی و دانایی له‌ مانای كراوه‌دا بۆ ده‌كه‌ن، ده‌یخه‌نه‌ به‌رده‌م هه‌ڵبژاردنی زمانی كلتوور و ساتی داهێنان‌. داهێنه‌ر به‌های خۆی ده‌ناسێت و به‌ تێگه‌یشتنه‌وه‌ ده‌‌خوێنێته‌وه‌ و قووڵ ده‌بێته‌وه‌، ڕایه‌ڵ و تانۆپۆی تاوتووێكان ورد ده‌چنێت، خۆدروستكردنێكی ڕاسته‌قینه‌ ده‌كاته‌ بنه‌مای وردبوونه‌وه‌. له‌ یه‌كێتی بۆچوون و ئومێدی فریوده‌ر و وێرانكردنی ژیان و به‌لاڕێداچوونیش دوورده‌كه‌وێته‌وه، له‌كارتێكردن له‌ خوێنه‌ر و هۆكاری كارتێكردن له‌ خوێنه‌ریش نزیكده‌بێته‌وه‌‌.
شیعر هه‌رچه‌نده‌ خودیی و فه‌نتازیش بێت، به‌ڵام ده‌بێ له ‌گه‌وهه‌ر و ناوكیدا په‌یوه‌ندییه‌ك له‌گه‌ڵ خوێنه‌ر دروستبكات. خوێنه‌ریش قه‌ت ناتوانێ به‌ ته‌واوی دار و په‌ردووی داهێنانه‌كه‌ی به‌رجه‌سته ‌بكات. وێنه‌یه‌ك ئه‌گه‌ر خه‌یاڵییش بێت، كه‌ بووه‌ نووسین و نووسرا، ده‌بێته‌ هه‌قیقه‌ت و واقیع تێیدا ده‌گۆڕێ، خوێنه‌ر ده‌خاته‌ باوه‌شی ئێستێتیكایه‌كی نه‌بینراو و په‌روه‌رده‌كردنی زه‌ینییه‌وه‌. تۆڕێكی به‌رفراوانی په‌یوه‌ندییه‌ زه‌ینییه‌كان دێته‌ ئاراوه‌ و نیشانه‌ زه‌ینییه‌كان ده‌ناسێنێت.‌
له‌م باروبواره‌دا شیعر واقیع دروستده‌كات. كاته‌كان تێیدا تێكه‌ڵ ده‌بن و ڕیتمی كات وه‌ك ئاماده‌ییه‌كی ئێستێتیكی ده‌رده‌كه‌وێت و ده‌بێته‌ ڕیتمێكی كراوه‌ی په‌یوه‌ندی دامه‌زراندن، و‌زی په‌یوه‌ندی و كرداریش له‌خۆی وه‌رده‌گرێت. خه‌یاڵ بانگی شاعیر ده‌كات بینووسێت و ڕووبه‌ڕووی هه‌قیقه‌تی بكاته‌وه‌، پێ بنێته‌ دنیای بوونه‌وه‌ و به‌ر شته‌كان بكه‌وێت و شته‌كان ناوبنێت.
من هاووڵاتیم، شاعیریشم. وشیاری ئێستێتیكی دروستده‌كه‌م. له‌گه‌ڵ وڵاته‌كه‌مم و دژی دوژمنه‌كانی ده‌وه‌ستمه‌وه‌ و ده‌جه‌نگم. ڕووگه‌نمای ئێستێتیكی ده‌دره‌وشێنمه‌وه‌، به‌ڵام له‌ ناخێكی باوه‌ڕبه‌خۆبوو و كاریگه‌رییه‌كی ڕاسته‌قینه‌دا به‌ بچووكترین هه‌ڵه‌ی ده‌سه‌ڵات ناڵێم به‌ڵێ، به‌ ڕوونی له‌ بنه‌ڕه‌تی هه‌ڵه‌ ده‌ده‌م. له‌ بنیادنانی نوێبه‌خشیدا، پێشڕه‌وی به‌ڕێوه‌بردن و دامه‌زراندن ده‌كه‌م و مێژوو ده‌خه‌مه‌گه‌ر. به‌ ته‌واوی كارامه‌ییه‌وه‌، باوه‌ڕم به‌ پاكی و بێلایه‌نی شاعیر هه‌یه‌. به‌و باوه‌ڕه‌ی خودا به‌ نێردراو و په‌یامبه‌رانی ته‌ورات و ئینجیل و قورئانی به‌خشیوه‌‌، ڕێنوێنی كردوون بۆ به‌ڕێوه‌بردن و دامه‌زراندن. له‌وانه‌ش دووركه‌وتوومه‌ته‌وه‌، كه‌ كۆمه‌ڵێك گوجیله‌ی به‌ حه‌وه‌حه‌و به‌ كلكیانه‌وه‌ به‌ستراونه‌ته‌وه و ڕاوچی فیستیڤاڵ و خه‌ڵاته‌كانن‌.
واقیعم وه‌ك ئه‌وه‌ ده‌وێ، كه‌ له‌ناو تابلۆكانی محه‌مه‌د عارفدا هه‌یه‌ و ده‌یه‌وێ ڕێگایه‌كی چالاك بۆ وشیاربوونه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگا بكاته‌وه‌. سروشتیشم وه‌ك ئه‌وه‌ ده‌وێ، كه‌ له‌ناو تابلۆكانی ئازاد شه‌وقی دا هه‌یه و سووره‌ له‌سه‌ر سه‌ركێشیی‌، هه‌م ئه‌فسانه‌ن و هه‌م هێما. توندوتیژيیان به‌رانبه‌ر وێناكردن تێدا نییه‌، وزه‌ی ده‌سه‌ڵات له‌خۆیان وه‌رده‌گرن. واقیع و سروشت بنه‌چه‌ی ئه‌فسانه‌ و هێماكانن. ناتوانین ناڕه‌زایی به‌رانبه‌ریان ده‌رببڕین بێئه‌وه‌ی بچینه‌ ناوچه‌ قووڵه‌كان و له‌ ڕووداوی مه‌رگیش نه‌ترسێین، یان بوونی شاعیر به‌را‌نبه‌ر بوونی و‌اقیع و سروشت ڕانه‌گرین، شیعری بێگه‌رد واقیع و گشت شته‌كان تاقی ده‌كاته‌وه‌. نه‌ك واقیع و شت ئه‌و تاقی بكه‌نه‌وه‌.
ئه‌گه‌ر من هه‌ر له‌دایك نه‌بوومایه‌، یان بمردبوومایه،‌ یه‌كێكی دی واقیع و سروشتی به‌ دیدی من ده‌بینی و ده‌ربڕینی لێ ده‌كردن. نموونه‌: ڕزگار جه‌باری، یان ژیار ئه‌سوه‌د ….. تاد، گرینگ ئه‌وه‌یه‌ بیركه‌ره‌وه‌یه‌ك به‌ فیكر ده‌ژیا و ده‌ربڕینی له‌ واقیع و سروشت ده‌كرد و توانایی و ئاماده‌یی منی ده‌ڕسكاند، به‌رانبه‌ر بوونی واقیع و سروشتی ڕاده‌گرت‌. ئه‌مه‌ ناوكی جیاوازییه‌كانه، له‌یه‌ك شوێن ناوه‌ستێت، به‌شدارده‌بێت له‌ بیركردنه‌وه‌ و ده‌ركه‌وته‌كان، هێز بۆ واقیع و سروشت و خۆی دروست ده‌كات‌.
ئه‌ده‌ب به‌خشنده‌ و مهره‌بانه‌ له‌گه‌ڵیدا مامه‌ڵه‌م خۆشه‌ و هه‌ر زوو چێژ و چه‌شه‌ی وشه‌م دۆزییه‌وه‌ و شاگه‌شكه‌بووم، خوێن له‌ بڕبڕه‌ی پشتمه‌وه‌ بۆ مێشك و دڵم جما‌ و هه‌ڵكشا، خانه‌كانی سووڕی ده‌ورانی چالاككرد. هه‌میشه‌ له‌ ئاسۆیه‌كی دوور به‌ وێناكردنێكی زه‌ینییه‌وه‌ ده‌ست پێده‌كه‌م و خوێنه‌ریش ئاشنای ئه‌و هه‌سته‌م ده‌بێت و توانایی و ئاماده‌یی من ده‌ناسێت، له‌ چه‌ند شیعرێكمدا درێژدادڕیم كردووه‌ و چه‌ندان لێكچوون، كه‌ پێویستییان به‌ بژاركردن بووه‌، بژارم نه‌كردوون و هێشتوومنه‌ته‌وه، یه‌ك له‌ كه‌مته‌رخه‌می و نه‌زانینی من بووه‌‌. گرفتی چێژ و چه‌شه‌ ده‌هێننه‌ پێشه‌وه‌ و مه‌یل و ئاره‌زووی خوێنه‌ر ده‌كوژن، وه‌نه‌وز ده‌دا و په‌رۆشی بۆ خوێندنه‌وه‌ كه‌م ده‌بێت. ئه‌وكات‌ ئه‌م ڕووداوه‌ له‌ شیعری من ڕووی دا، كه‌ بیری سوریالیزم به‌سه‌رمدا زاڵ بوو، وێنه‌م به‌سه‌ریه‌كدا كه‌ڵه‌كه‌ ده‌كرد.
كه‌ جیاوازبم به‌ ئازادیی ته‌واوه‌وه‌، له ‌بنه‌ڕه‌ت و چۆنیه‌تییه‌وه‌ جیاواز ده‌بم، پێویستیم به‌ پاڵپشتێكی گرینگ، نووسین و پێكهاته‌ و توانایی و ئاماده‌یی خۆم له ‌بیركردنه‌وه‌ و ڕووداودا هه‌یه‌ و به‌س، ده‌قی نایابیش به‌ وێنه‌ نایابه‌كانيیه‌وه‌ له‌ یاده‌وه‌ری خوێنه‌ر ده‌مێنێته‌وه‌ و ده‌بێته‌وه‌ جووڵه‌ی ئاگایی، نائاگاییش سه‌رزه‌مینێكی نه‌ناسراوه، ئه‌وه‌ی ئاگایییه‌ گونجاوه‌. ئه‌وه‌ی نائاگایییه‌ بابه‌تێكه‌ بیری لێده‌كرێته‌وه‌ ئاخۆ بۆ نییه‌، ئه‌گه‌ر هه‌بوو ئایه‌ ده‌بێته‌ گونجاو، یان نا.
له‌ فه‌رهه‌نگی هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌ك ڕووی نه‌داوه‌ شاعیرێك هێزی ئه‌وه‌ی تێدابێت، شاعیرانی دی بداته‌ دواوه‌ و بیانخاته‌ بازنه‌ی مه‌ترسییه‌وه‌، خۆی به ‌ته‌نیا بمێنێته‌وه‌. نه‌مویستووه ‌له‌ شاعیرانی هاوچه‌رخ و ده‌وروبه‌رم جیاوازبم. هه‌وڵم داوه‌ له‌ ئه‌زموونی خۆم جیاوازبم، جیاوازیم له‌ دیوی ئه‌و دیودا نییه‌.
له‌ ناوه‌وه‌ی خۆمدایه‌. ئاستداریه‌كانیش له‌ ماك و شێواز و ماناكاندایه‌. له ‌شوێنه‌واری ئه‌زموونی پێشتریشم به‌تاڵ ببمه‌وه. گوێڕایه‌ڵی ئه‌و ڕۆحه‌ جیاوازانه‌ ده‌بم، كه‌ ڕێنوێنیم ده‌كه‌ن بۆ جیاوازبوون و حه‌ز و توانام به‌كاربهێنم، به‌ ساده‌یی و ڕاستگۆیی دۆخ بگۆڕم و پێوه‌رێكم هه‌بێت بۆ به‌كاربردنی كار و تواناكانم له‌ به‌ڕێوه‌بردن و دامه‌زراندندا، مۆسیقاش پێش زمان ده‌ربڕینی له‌ هه‌سته‌كان و پێداویستییه‌ جیاوازه‌كانی ڕۆحی مرۆڤ كردووه‌.
مرۆڤ، كه‌ له‌ ئازاره‌ باوخوازه‌كان ڕاده‌كات بۆ كه‌ناڵێكی چێژبه‌خش ده‌گه‌ڕێت تا هۆكاری چاره‌سه‌ری ئازاره‌ باوخوازه‌كان بدۆزێته‌وه‌، ده‌چێته‌ ناو ڕه‌هه‌ندی چێژبه‌خشی شیعری بێگه‌رد و پاراو و جیاوازه‌وه. له‌ جیاوازبووندا شیعری بێگه‌رد و پاراو خۆی كه‌شف ده‌كات و خۆیمان پێشكێش ده‌كات‌.
جیاوازیبوون به‌خشینێكی هه‌ستییه‌، ته‌مه‌نم له‌ پێناوی دانا. جه‌سته‌ و ڕۆحم بۆی ته‌رخانكردووه‌، به‌ قووڵایی نادیارییه‌كان و ئاوێنه‌ی هه‌سته‌وه‌ردا‌ ڕۆچووم و لێكدانه‌وه‌م بۆ دروستبووه‌، ژیان له‌ناو شیعردا بگه‌یه‌نم به ‌واتا ڕاسته‌قینه‌كه‌ی خۆی. ستایشی جیاوازی و داهێنان ده‌كه‌م. هه‌وڵدان بۆ دۆزینه‌وه‌ی داهێنانی جیاوازییه‌كان شتێكه‌ له‌ ژیاندا ونه‌.
له‌ شاعیره‌ جیاوازه‌كان زۆر فێربووم، تا خه‌ون و به‌رزه‌ئاواته‌كانم به‌رجه‌سته‌ بكه‌م و دۆخی په‌روه‌رده‌كردن وه‌ربگرن‌. په‌یوه‌ندی جیاوازییه‌كان به‌هێزن و منیان وه‌ك شاعیرێك په‌روه‌رده ‌كرد و پانتاییه‌كی لێ حاڵیبوونیان به‌كاركردن و نیشانه‌كردن بۆ كردوومه‌ته‌وه‌، له‌ناویدا ئه‌ركی بوون و به‌خشین و توانایی و ئاماده‌یی خۆم بڕسكێنم، ژیان له‌ناو شیعردا بگه‌یه‌نم به ‌واتا ڕاسته‌قینه‌كه‌ی خۆی، كه‌ باڵاترین پله‌ی خۆبوونییه‌. پرسیاری كاركردن و نیشانه‌كردنی لێ دروستده‌كه‌م و ده‌یخه‌مه‌ڕوو. باش و خراپی له‌باره‌وه‌ ده‌ڵێم، هه‌ندێك نیشانه‌ و پرسیاریش به‌ هه‌ڵواسراوی ده‌هێڵمه‌وه‌، له‌ ڕوونترین فۆرمیشدا، چێژ له‌ په‌ڕانپه‌ڕی كلاسیك و په‌ڕانپه‌ڕی نوێبه‌خشی وه‌رده‌گرم، له‌ چییه‌تی زیندووبوونه‌وه‌ی ده‌پرسم، ئه‌م پرسین و پرسینه‌وه‌یه‌ له‌ نێوان من و شیعردا وه‌ك جه‌نگێكی گه‌وره‌ی بێكۆتایی ده‌مێنێته‌وه‌، پێداگری له‌ پێناوی مانه‌وه‌ ده‌كه‌م، تا شه‌هیدم ده‌كات. ده‌چمه‌ ڕوونترین فه‌زای بوونه‌وه‌، كه‌ هه‌موو فه‌زاكانی دیكه‌ تێیدا كۆتایییان پێدێت.

ئاداری 2020 هه‌ولێر
سه‌باح ڕه‌نجده‌ر




د. ساماڵ مانیی لە چاوپێكەوتنێکی تایبەت بە شارپریس، سەبارەت بە ٨ی مارس

د. ساماڵ مانیی لە چاوپێكەوتنێکی تایبەت بەشارپریس بۆ ٨ی مارس، باس لەدۆخی ژن‌و ژیانی جێندەریی لەهەرێمی كوردستان بەتایبەتی لەڕووی فەلسەفییەوە دەكات ‌و وردەكارییەكەی دەخاتەڕوو

شارپرێس: بە تێڕوانینی تۆ لە ڕوانگەی فەلسەفیەوە، پرسی ژن لە کوردستاندا بەرەوپێش چووە یان بەرەودوا؟

د. ساماڵ مانیی: پێم خۆشە کە لە تێڕوانینی فەلسەفیەوە بێت نەک سیاسی، گەرچی بە سادەیی قسەکانم ئەکەم بەڵام بە تێڕوانینی فەلسەفی وەڵام ئەدەمەوە. چونکە من هیچ حەز لە باسی سیاسی ناکەم، گەر باسی سیاسەت و سیاسیکاران بکەم لە سوودی خۆیانە چونکە باسکردنەکەم هەوڵێکن بۆ تێگەیاندن، گەرچی پێی نازانن.
لەبەر ئەوەی کە کەسانیتر هەن لە تێڕوانینی سیاسیەوە و لە تێڕوانینی فێمینیستیەوە و لە تێڕوانینی جێندەرناسیەوە دەتوانن باسی پرسی ژن بکەن لە کوردستاندا، بە پێویستی دەزانم لە ڕوانگەی فەلسەفەوە باسی بکەم و لەهەمان کاتدا لەبەر ئەوەی ماوەی ساڵێکە لەسەر فەلسەفەی جێندەر دەنووسم تێڕوانینەکەم فەلسەفەی جێندەرییە کە باس دێتە سەر پرسی ژن/جێندەر لە کوردستانا.
تێڕوانینی من لە ڕوانگەی فەلسەفەوەیە بەگشتیە، چونکە فەلسەفە ماڵی خۆمە و لە ماڵی خۆم بە ئاسانی و بە ئاسودەی دەدوێم. لەو لایەنەوە لە فەلسەفەدا هەبوونی ‘ڕاستە رێ’ ی بەرەوپێش چوون بەئاسانی پەسەند ناکرێت لەبەر ئەوەی ڕاستە رێگاکان زەمینەی نەگۆڕیان پێویستە، ئەو زەمینە نەگۆڕەش نیە، چونکە کۆمەڵگە و کەڵتور بەردەوام گۆڕانکارییان تیا ڕوودەدات.

بە ڕای من هەموو کۆمەڵگەیەک -هەر کۆمەڵگەیەک- بە کۆمەڵگەی کوردستانەوە، کۆمەڵگەیەکی نەچەقیوە و هەمیشە لە جوڵەو گۆڕانکاریدایە، هێزی جیا جیا دەوری تیا دەبینێت کە لە زانستی کۆمەڵناسی و زانستی سیاسیدا پێیان دەوترێت ‘ هێزی گیرفانیی’ و مەبەستیان لە پارە وەرگرتن نیە، بەڵکوو مەبەستیان لە گیرفانی بە هێزی بچوک بچوکن لەناو کۆمەڵگەکەدا، وەکو: خێزان، حیزب، بنەماڵە، شار، زانکۆکان، دەزگاکانیتر، بزوتنەوە سیاسی و ئۆپۆزۆسیۆنی و ڕۆشنبیری و رێکخراوەکانی ژنان و لاوان و هتد. لە هێزە گەورەکەشدا حکومەت و پەرلەمان و ئابووری و هتد هەن. کەوتۆتە سەر ئەوەی پارسەنگی هێزەکان چۆنە و پەیوەندییان بەیەکەوە چۆنە لەهەر کۆمەڵگەیەکدا. ئەم هێزانە چۆن و بەچ لایەکدا ئەو گۆڕان و جوڵەیەی کە بە بەردەوامی هەن لە کۆمەڵگەکەدا دەبەن و ئاڕاستەیان دەکەن. بۆ نموونە بە یاسایەک دەکرێت گۆڕانکاریەک لە کۆمەڵگەدا ڕووبدات کە توانای چارەسەرکردنی کۆمەڵێک کێشە و ڕێگرییش لە کۆمەڵێک کێشە بکات، ئەوەش هەندێک کەس بە بەرەو پێشچوونی دەژمێرێت و هەندێکمان بە باشکردنی ژیانی بەکۆمەڵیی دەژمێرین.
هەروەهاش بە بومەلەرزەیەک یان تاعونێک یان جەنگێک دەکرێت جۆرە گۆڕانکاریەک لە کۆمەڵگەیەک یان چەند کۆمەڵگەیەکدا ڕووبدات کە دەکرێت بە بەرەودوا چوون بژمێردرێت. ئەوەی گرنگە لێرەدا ئەوەیە مادام دەزانین کۆمەڵگە شتێکی چەقیو و وەستاو و نەگۆر نیە، دەتوانین دەستکاری ئەو گۆڕان و جوڵەیە بکەین و بە ئاڕاستەیەکدا بیبیەن کە بۆ فەراهەمکردنی ژیانێکی خۆشتر و باشتر و ئاسودەتر لە کۆمەڵگەکەدا بێت؛ ژن نیوەی ئەو کۆمەڵگەیە و هەموو کۆمەڵگەیەکە، دەبێت دەستکاری و بەکارهێنانی جوڵە و گۆڕانکاریەکان و باڵانسی هێزە گیرفانیەکان ناو هەر کۆمەڵگەیەک بەردەوام حساب بۆ ئەوە بکات نیوەی کۆمەڵگە ئاسودە بن و ژیانێکی سەربەرزانەتر و خۆشتریان بۆ فەراهەم بکرێت؛ بە کورتی حیساب بۆ کردنیان بەرنامە و پلانی باش دروست دەکات و پێوەری کۆمەڵگەی باشن.

شارپرێس: تۆ باست لە فەلسەفەی جێندەری کرد، فەلسەفەی جێندەری چیە؟

د. ساماڵ مانیی: فەلسەفەی جێندەر، لەبەر ئەوەی بوارێکی نوێیە لە فەلسەفەدا، زۆر کەس هەر نەشیبیستوە، هەرلەبەر ئەو نوێ بونەشە فەلسەفەی جێندەری لە کوردستانا نەناسراوە و ناخوێنرێت لە زانکۆکاندا، لە بازنەی ڕۆشنبیریشدا باس ناکرێت.
هەر لەبەر ئەوەش بوو، کە دوو سێ ساڵێک لەمەوبەر، هەر پاش تەواوکردنی دوکتۆراکەم زۆرم هەوڵدا لە زانکۆی ئەمەریکی لە سلەیمانی بەشی فەلسەفە بکەمەوە و کۆرسی فەلسەفەی جێندەری تیا ڕێکبخەم و بیڵێمەوە، بەڵام نەیانهێشت، خۆ سەرۆکی زانکۆکە ئاگادارە چەندم هەوڵدا و تێم گەیاندن ،هتد.

دوەم هەوڵم لەو بارەیەوە، لە فەلسەفەی جێندەریدا بوو بە کوردی، نوسینی دوا کتێبی ‘هەگبەی زانین’م بۆ فەلسەفەی جێندەر تەرخانکردوە ، ئەو کتێبەم تایبەتە بە فەلسەفەی جێندەری ونوسینی تەواو بوە هەر هێندەی ماوە کە لە چاپ بدرێت و لە کوردستان بڵاو ببێتەوە، هەوڵ ئەدەم زوو ئەمە بکەم.

سێ یەم هەوڵم لە فەلسەفەی جێندەریدا لە سەرەتای ساڵی رابوردودا بوو، بە ‘پرۆژەی باشکردنی ژینگەی ئەکادیمی ژنە لە زانکۆکانی کوردستان دا’. ئەوە پرۆژەیەکە لە خزمەتی گشتیدایە و بودجەی ناوێت، سوود بە نیوەی کۆمەڵگەی کوردی دەگەیەنێت و سوود بە هەموو زانکۆکانی کوردستان دەگەیەنێت بە بێ جیاوازییان. جگە لەمەش، پرۆژەیەکی زۆر بە سوود و باشی فەلسەفەی جێندەریی یە، ویستم چەند ساڵێکی ژیانی خۆمی بۆ تەرخان بکەم : هەم پرۆژەیەکی فەلسەفی بوو، هەم پرۆژەیەکی جێندەری بوو، هەم پرۆژەیەکی ئەکادیمی بوو. سەرەڕای ئەوەش ‘لە مشتمایە’؛ مەبەستم لەوەیە بۆ کردنی ئەو پرۆژەیە هەستم ئەکرد ‘لەماڵی خۆمدام’ چونکە پڕ بە پێستی شارەزایی و پسپۆڕیم بوو.
ئەو پرۆژەیەم لە مانگی حەوت و هەشتی ساڵی رابوردوەوە پێشکەش بە وەزارەتی خوێندنی باڵا کردووە. جارێ نازانم ڕێ ئەدەن بیکەم یان نا؟ پێش کۆتایی سەری ساڵی ڕابووردوو نوسینێکم لەسەر بڵاوکردەوە لە ڕۆژنامە کوردیەکاندا بۆ ئەوەی بێدەنگی لەسەر بجوڵێنم و دوا نەکەوێت. ئەمانە ئیشی منن، زۆرم پێخۆشە بە پرۆژەی لەو جۆرە لەسەر ئەرزی واقیع تیۆریە فەلسەفیەکان بخەمە جێبەجێکردنی پراکتیکیەوە لە بواری ئەکادیمی و فیکری و ڕۆشنبیریدا، ئەو پرۆژەیەم لەسەر تیۆری فەلسەفی ‘زەین و بیرکردنەوە لە ژینگەی ژیانکردندا’ یە.

فەلسەفەی جێندەری جیاوازە لەوەی کە بە ‘فێمینیزم’ و ‘جێندەرناسی’ ناسراوە و دەخوێندرێت لە ناو بوارەکانی سیاسەت و کۆمەڵناسیەوە. بەڵام فەلسەفەی جێندەری پەیوەندی هەیە بە هەردووکیانەوە، لەبەر ئەوەی لە تێڕوانینی فەلسەفەوە لە بابەتەکانی ئەوان دەڕوانێت هەندێک لە ئارگیومەنتەکانیشیان ڕەت دەکاتەوە، هەندێکیتریان پشتڕاست دەکاتەوە، فەلسەفەی جێندەر ئارگیومەنتی فەلسەفی خۆی هەیە لەسەر ئەو بابەتەی کە هاوبەشە لە نێوانماندا کە ئەویش پرسی ژن/ جێندەرە.
فەلسەفەی جێندەری و ئەوەی کە من نوسیومە لەم کتێبە نوێیەمدا، ‘فەلسەفەی سیاسی’ نیە سەبارەت بە پرسی ژن/جێندەر. لە فەلسەفەی سیاسیدا هەروەکو ئەوەی کە لە زانستی سیاسیدا هەیە، یان لە تێۆریەکانی فەلسەفەی سیاسی هەن، لەوانە بۆ نموونە: مارکسیزم و لێکدانەوە و دەرکەوتە جیا جیاکانی وەك کۆمۆنیزم و سۆشیالیزم و سۆشیال دیمۆکراتی، هەروەها کاپیتالیزم، لیبرالیزم، و پۆستمۆدیرنیزم و هتد. هەر یەک لەوانە سەرنج وتێگەیشتنی خۆیان هەیە لەسەر پرسی ژن/جێندەر. بەڵام فەلسەفەی جێندەر گەرچی ڕادەمێنیت لەسەر هەموو ئەوەی لە تێۆریدا هەن سەبارەت بە ژن/جێندەر، بەڵام خۆی نابەستێتەوە بە هیچ کامیانەوە و زۆر کەمتر باسی ئەو تیۆریانەش دەکات کە لە فەلسەفەی سیاسیدا هەن .

ئێستا کە ڕوونم کردەوە فەلسەفەی جێندەری چی ناکات، بۆ ئەوەی دەریخەم باسی چی دەکات، بە کورتی دەڵێم هەموو ئەو نوسینە فەلسەفیانەی کە لە بواری فەلسەفەدا هەن و ڕۆشنایی دەخەنە سەر پرسی ژن لە تێگەیشتنە فەلسەفیەکاندا، هەموو ئەو نوسینە تیۆریە فەلسەفیانەی ژن لە بواری فەلسەفەدا دروستی دەکەن؛ دەچنە ئەو خانەیەوە کە پێی دەڵێین فەلسەفەی جێندەر یا فەلسەفەی جێندەریی.
بۆ نموونە، ئەم کتێبە تازەیەم کە ئاماژەم پێکرد، دەچێتە پۆلینکردنی فەلسەفەی جێندەرییەوە لە بواری فەلسەفەدا، لە کاتێکدا کتێبەکانیترم نوسینی فەلسەفی ژنێکن لە بواری فەلسەفەدا. ئەم دوو پۆلینکردنە گەرچی هەردووکیان هەر لە فەلسەفەدان بەڵام جیاوازیەک دەرئەخەن لە ئاڕاستەکەیاندا، نەک لە بوارەکەیاندا. جیاوازیەکەیان جیاوازی ئەو بابەتەن کە لەسەری دەنوسم لە فەلسەفەدا، ئەگینا وەکوتر هەموویان هەر فەلسەفەن، ئەم جیاوازیە تەنها ئاماژە بەوە دەکات کە ئێمە تەنها فەلسەفەی جێندەری نانوسین بەڵکوو فەلسەفە دەنوسین و ڕاڤە دەکەین و هەرلەبەر ئەوەشە کە فەلسەفەی جێندەری دەنوسین.

کەواتە، پرسی جێندەر یان پرسی ژن، تەنها لە گۆشەنیگای سیاسەتکردن و فێمینیزمی و ئیشی رێکخراوەیی و مۆبەلایزەکردنی ڕێکخستنی ژناندا نابینرێت، پانتایی زۆرە، ئەو لەیبڵانەی کە هەبوون وەکو فێمینیزم و جێندەر و فەلسەفەی سیاسی یان مارکسیزم و لیبرالیزم وهتد، جێگەی هەموو بیرکردنەوە وهەوڵەکانی ژن ناکاتەوە لە بواری فیکریدا. ئێمە( مەبەستم لە ڕەگەزی مێینەی مرۆڤە) کە نیوەی هەموو کۆمەڵگەیەک لەسەر ڕووی ئەم زەویەدا پێک دەهێنین، بێ گومان جیاوازیمان زۆرە و بیرکردنەوەمان جیاوازە و ئەو بوارە فیکریانەی کە تیایدا هەین و ئەنوسین زۆرن، لە ڕووی ئەزموونکردنی ژیان و خوێندنیشەوە جیاوازین، ئەزموونی ژیانمان جیاوازی هەیە و زۆر لە بابەتی جیاواز وەردەگرین و زۆر لە بابەتی جیاوازیش دەبەخشین. ئەم جیاوازیانەمان دەبێت ببینرێت وبە جیاوازیەکانەوە کۆبکرێتەوە وەکو ئەزموونی بیرکردنەوە و مێژووی ژن.

بە پێویستم زانی کە نوسینی فەلسەفەی جێندەری بە کوردی بهێنمە فەرهەنگی کوردستانەوە. پێش خۆتەرخانکردنیشم بۆ فەلسەفە، جێندەر و کۆرسی مێژووی بیرکردنەوەی فێمینیستی ئەورۆپی و مێژووی یاساکانی جووتبوون لە ئەمەریکا م خوێندوە وەکو بەشێک لە بڕوانامەی بەکالۆریۆسەکەم لە زانکۆی لەندەن دا، لەناو کۆمەڵێک لە کۆرسیتر سەبارەت بە دەوڵەتانی تازە پێگەیشتوو/ دروستبوو وەکو ئەوانەی پاش کۆلۆنیالیزم دروستکراون، هەروەهاش مێژووی دروستبوونی دەوڵەت لە ئەورۆپا و هتد. ئەوانە هەمویان لە سێ بواردا بوون، مێژوو، کۆمەڵناسی و زانستی سیاسی، بەڵام فێمینیزم و جێندەریان دەگرتەوە و زەمینەی تێڕوانینێکی فراوانیان لەلا پێکهێنام لەسەر فیکر و ناوەرۆکی بوارە ئەکادیمیەکانی دەرەوەی فەلسەفە و پرس و ئاڕاستەکانیان. هەر لەبەر ئەوەش هانیان دەداین بیانخوینین شان بەشانی فەلسەفە، زۆر بەسوود بوون و تێگەیشتنێکی فراوانیان لا دروستکردم و یەکێکن لەو ئیشانەی کە باش بووە کردوومن.

شار پرێس: بە رای تۆ، کۆمەڵگەی ئێمە تا چەند بە ئاگایە لە پرسی ژن /جێندەر؟

د. ساماڵ مانیی: من لەدایک بوو و گەورەبووی کوردستانم، گەرچی لە ئێستادا کە سەرنج ئەدەم لە ژیانم، دەبینم کە زۆربەی ژیانم لە بەریتانیا و ئەورۆپا ژیاوم. بەڵام پێش ئەوەی ببم بە پێشمەرگەی پێش ڕاپەڕین و زۆر پێش ئەوەی بێمە هەندەران، لە دەیەی حەفتاکان و هەشتاکاندا لە کوردستاندا خوێندنەوەی زۆرم لە فەلسەفەی سیاسی دا کردبوو، لەبەر سیاسەتکردن. ئەو خوێندنەوانە وای کرد کە بە ئاسانی ببینم لە کوێدا تیۆریەکانی فەلسەفەی سیاسی کورت دەهێنن لە پرسی ژن دا و لە کوێدا ئاراستەیەکی بەهێز دەبەخشن بە پرسی ژن ، هەر لە سەرەتاشەوە هەوڵم دا ئەوە لە سیاسەتی کوردی بگەیەنم.
مێژووی ژن لە سیاسەتدا و تێکەڵبوونی بە فەلسەفەی سیاسی (ئەوەی پیاوان پێی دەڵێن ‘دەستو پەنجە نەرم کردن’) لە مێژووی کورد دا هەیە و بەڵام مێژوو بە ڕاستی نەنوسراوەتەوە لە کوردستانا، لەبەر ئەو هۆیانەی کە هەموو دەیانزانین.
ئەگینا خۆپەروەردەکردن و خوێندنەوە بەشێک بوو لە ڕۆشنبیری وسیاسەتکردن لە شەست و حەفتا و هەشتاکاندا، دایکی من گەرچی خوێندەوار نەبوو بەڵام لەبەر ئەوەی خۆی سیاسیکار بوو (نەک لەبەر باوکم) لەسەرەتای شەستەکاندا باسی لە گرنگی نەوت دەکرد لە دروستکردنی دەوڵەتی کوردیدا بۆ گەڕەکەکەمان، هەتا بڵێی لیبراڵانە و چەپانە بیری لە ژن و ژیانی ژن دەکردەوە. ئەو کاتانە وەک ئێستا نەبوو، هەرکەسێک سیاسەتی بکردایە و هەوڵی خۆپەروەردەکردنی خۆی بدایە مەحاڵ بوو تێپەڕنەکات بە کوچەی فەلسەفەی سیاسیدا و تێڕوانینی ئەو تیۆرە سیاسیانە لەسەر پرسی ژن نەخوێنێتەوە یان بەر گوێی ی نەکەوێت، جا چ ژن بوایە یان پیاو،کەوتبوە سەر هەوڵی خۆی و توانای لە تێگەیشتن و حەز بە تێگەیشتن پێش سیاسەتکردن و لەکاتی سیاسەتکردندا.

نەوەی پیش من ونەوەی من و نەوەی دوای من، لە شەستەکاندا لە حەفتاکاندا و لە هەشتاکاندا چیمان دەخوێندەوە؟ فەلسەفەی سیاسی، فەلسەفەی ئەڵمانی، کۆی بیری چەپ بە کۆمۆنیزم و سۆشیالیزم و سۆشیال دیمۆکراتی یەوە، هەروەها کاپیتالیزم و بیری لیبراڵی، هەموو ئەمانە بەشێکن لە فەلسەفەی سیاسی و هەریەک لەمانەش تێۆری و لێکدانەوەی خۆی هەیە و تێڕوانینی خۆی هەیە لەسەر پرسی ژن، ئەگەر تەنها ئەوانەشت بخوێنایەتەوە جگە لە فێمینیزم و شەپۆلی ڕەوتەکانی ڕەخنەگری لەو تیؤریانە، مەحاڵ بوو بەر پرسی ژن نەکەوتیتایە.
لەبەر ئەوەیە کە دەڵێم ئەوانەمان کە ڕۆشنبیر بووین و بە ڕۆشنبیریەوە چوینە ناو سیاسەتەوە، کە لەسیاسەتدا ئیشمان دەکرد تێڕوانینی خۆمان بەخشیوە بەو سیاسەتە لە ناو کوردستاندا و دروستمان کردون و گەورەمان کردوون، بەرکەوتنمان هەبووە بە پرسی جێندەر و فێمینیزیم و تێڕوانینە جێندەریەکانی ناو فەلسەفەی سیاسی و ڕەنگدانەوەی ئەوە هەیە لە مێژوودا، بەڵام بە مەبەست شاردراوەتەوە.

تۆ بە پرسیارەکانت هەر لە سەرەتاوە دەمبەیتە ناو باسکردنی سیاسەتەوە ، من حەز بە باسکردنی سیاسەت ناکەم وەکو وتم ، وازم لە سیاسەتکردن هێناوە لە ١٩٩٣ وە. لەگەڵ ئەوەشدا ئەبێت قسەکەم تەواو بکەم، ئەبێت ئەوەش بڵێم کە هەموو ئەوانەی سیاسەتیان دەکرد ڕۆشنبیر نەبوون، مەبەستیشم لە ژن و پیاوە. ئەو تێڕوانین و بۆچوونە هەڵەیە کە ‘سیاسەت’کردن و ‘ڕۆشنبیری’ تێکەڵ دەکات، یان چوونە شاخ و پێشمەرگایەتی لەگەڵ ڕۆشنبیری تێکەڵ دەکات، چ بۆ خوێندنەوەی مێژوو بێت یان بینینی حاڵی ئێستا/حاڵی حازر. سپێکترۆمێک لە پۆلینکردنی جیاجیامان هەیە لە بزووتنەوەی کورد دا، ‘قوربانی’ مان یەکجار زۆرە،’ قارەمان’مان زۆرە، ‘خۆبەخش’مان زۆر بوو، ‘ئازا’ مان زۆرە، ‘جەنگاوەر’مان زۆر زۆرە، ‘توشبوو’ ی سیاسەتیشمان یەکجار زۆرە بە بۆنەی ئەندامێکی خێزانەکەیەوە. هەموو ئەمانە هیچیان خەڵکی خراپ نەبوون، بە پێچەوانەوە کەسانی باش وگرنگی کوردبوون، کۆمەڵێک لەو خەسڵەتانە جێی شانازین، بەڵام لە جوملەی ڕۆشنبیران نین. لە کاتێکدا مێژوو و زانستی مێژوو ناسی و نوسینەوەی مێژوو دەبێت پۆلینکردنەکان لە یەک جیا بکاتەوە، ئەمە زۆر گرنگە بەتایبەتی بۆ کورد، جگە لەوەی پایەیە لەهەر کەڵتورێکدا، دەبێت بەهەند وەربگیرێت.

شارپرێس: ئەگەر بەراوردێک لە نێوان سیستەمی ووڵاتانی ڕۆژئاواو و سیستەمی کوردستانا بکەین لەسەر پرسی ژن، کام لەو دوانە باشترە ؟

د. ساماڵ مانیی: پرسیارەکانت بەدوای وەڵامێکدا دەگەڕێن کە چارەسەری بنەڕەتی بدەن بە دەستەوە، ئەمە لایەنێکی ئیجابی هەیە و لەناو ڕۆژنامەگەرە ڕۆشنبیرەکانی کوردی دا و هەروەهاش لەناو ڕۆشنبیرەکاندا بەگشتی، زۆر دیارە و دەیبینم لە قسەکردنیان لەگەڵ مندا. لایەنە ئیجابیەیەکەی بریتیە لە حەزی تێگەیشتن و تێگەیاندن و کۆتایی هێنان بە کێشە و پرس و نەهامەتیەکان، ئەمە حەزێکی ڕەوایە، من ئەو جۆرە حەزەم بەلاوە پەسەندە. بەڵام، بۆ کۆتایی هێنان بە هەموو ئەوانە، دەبێت لێیان تێبگەین، بۆ ئەو تێگەیشتنەش ئیشی ووردی دەوێت، بە سەدان لێکۆڵینەوە و توێژینەوەی بە کۆاڵەتی بەرز پێویستە. سەرەڕای هەموو ئەوەش هێشتا لە وەڵامی پرسیارێکدا ئەو هەموو لێکۆڵینەوەیە خۆی دەرنابڕێت و خۆی نادات بەدەستەوە.

بەکورتی ئەمەوێت بڵێم، ژن نە لەسەر زەمینێکتر دەژی و نە کۆمەڵگەی تایبەت بە خۆی هەیە و نە بەتەنیا دەژی، لەو کۆمەڵگەیەدا دەژی کە پیاو و ژن پێکیان هێناوە، ژیانی ژن وەکو ژیانی پیاو پەیوەستە بە سیستەمی سیاسی و جەنگەکان و سیستەمی ئابووری و تێگەیشتنی کەڵتوری و ڕەوتی ڕۆشنبیری و ڕەوتە سیاسیەکان و کواڵەتیی و ئاستی بەرزی ڕۆشنبیری و ئەکادیمی ، هتد. لەبەر ئەمەیە بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارەت دەبێت لە پێشدا بە تەواوی هەڵسەنگاندنی سیستەمی سیاسی ئەورۆپا و ڕۆژهەڵات بکەم، بەراوردی جۆری حیزبەکانی ئەورۆپا و ڕۆژهەڵات بکەم، پێگەکانی دەسەڵات لە ناو کۆمەڵەگەی ئەورۆپا و ڕۆژهەڵات بەراورد بکەم، سیستەمی ئابووری لە ئەورۆپا و لە ڕۆژهەڵات بەراورد بکەم، یاساکانی ئەورۆپا و ڕۆژهەڵات بەراورد بکەم، پرسی توندبوونی دینداری لە ئەورۆپا و ڕۆژهەڵات بەراورد بکەم، تێڕوانینی یاسایی و کەڵتوریی بۆ ‘خۆشەویستی’ و ‘هاوسەریکردن’ و ‘جیابوونەوە’ و شتی وردەیتری ژیانکردن لە کۆمەڵگەکاندا بەراورد بکەم لە نێوانی ئەورۆپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەند/ کوردستان.
لەمانەش گرنگتر زۆر مەسەلەیتریش هەن کە فیکرین و پەیوەندیان هەیە و کاریگەرن لەسەر ژن و پرسی ژن، بۆ نموونە وەکو ئازادی بیروڕا دەربڕین، ئازادیە شەخسیەکانی تاک، هتد. ئەمانە و زۆریتریش کە پێویستن لەو بەراوردکاریەدا هەبن و لە پرسی ژن دا تاووتوێ بکرێن، ئەو بەراوردکاریانە، بۆ نموونە، وەکو مێژووی فیکریی ئەورۆپا و مێژووی فیکریی کورد، هەروەهاش پاشخانی فەلسەفی ئەورۆپا و پاشخانی فەلسەفی کورد. هەر وەڵامێک بۆ ئەو پرسیارە دەبێت هەموو ئەوانە بگرێتەوە کە باسی پرسی ژن لەو بەراوردکردنەدا بکات.
ئەمە بە دیدارێکی کورت ناکرێت. لەوانەیە بە یەک کتێب یان توێژینەوەی وورد و دورودرێژ بکرێت، وا من باسم کرد کە چۆن دەکرێت، هیوادارم کەسێک بیکات بە کتێبێک و سوودی هەبێت.

شارپرێس: پرۆژەکانت چین لە کوردستان؟ بەتەمای چی بکەیت لە کوردستاندا کە پەیوەندی هەبێت بە مەسەلەی جێندەرەوە؟

د. ساماڵ مانیی: من خۆم ژنم و کوردم و لە بواری فەلسەفەدا هەم، هەموو ئەو بەربەستانەی دەخرێنە بەرپێم ، بە هەر بەهانەی ڕێگرتنێک بێت بریتیە لە نادادپەروەری جێندەری، گەر نادادپەروەری جێندەری نەبێت دەبوایە پاڵپشتیەکی زۆرم بکرایە و یارمەتیدانێکی زۆرم بکرایە بۆ هەموو پرۆژەکانم. ڕاستیەکەی، هەرواشم چاوەڕێ دەکرد، لەبەر ژمارە کەمی ژن لە بواری فەلسەفەدا لە کوردستانا. هەر لەبەر ئەوەشە تا ڕادەی سەرسوڕمان پێم سەیربوو لە گەڕانەوەی پێشوومدا لە ٢٠١١-٢٠١٣دا زۆر ناحەقانە و توندوتیژییانە ناچاریان کردم بۆ کردنی دوکتۆراکەم ئیستیقالە بکەم لەو پیشەیەی تیا دەژیم ، کە فەلسەفەیە.

بیرکردنەوەکانم و نوسینەکانم و ئیشەکانم لە بواری فەلسەفەدان، هەندێک لە ئیشەکانم کە لە ڕابووردودا کردوومن دەچنە خانەی فەلسەفەی سیاسی و زانستی سیاسیەوە، لەبواری سیاسەتدان. هەندێکیان لەبواری جێندەردا بوون و هەن ، لە ناو بازنەی سیاسیەوە و لە پێشمەرگایەتیدا و لە ناو ڕەوەندی کوردانی تاراوگەدا: بە ڕێکخستنی کۆرس و بە ڕێکخستنی کۆنفرانس و بە وتار نوسین و بە هەڵوێست وەرگرتن و بە پرسیار ووروژاندن لە کۆڕ و بۆنەکاندا مەسەلەی جێندەریم خستۆتە ڕوو و تاووتوێ کردوە .

لە ئێستامدا، دەمەوێت هەندێک ئیش لە فەلسەفەی جێندەری دا بکەم، شان بەشانی ئیشە فەلسەفیەکانیترم. لەبەر ئەوە چەندین پرۆژەم هەبوون و هەوڵم بۆ دان بیانکەم لە کوردستان لەم چەند ساڵەی ڕابووردودا.
بەڵام کەس ناتوانێت هیچ بکات ئەگەر حیزبەکان نەیەڵن بیکات، هەموو ژنێکیش دەتوانێت شتی باش بکات ئەگەر حیزبەکان داینێن لە شوێنی باش دا و پرۆژەی باشی بخەنە بەردەست.
ئەمە تەنها مەسەلەیەکی سیاسی نیە، بەڵکوو فەلسەفیشە، پێشتر لە کتێبێکدا باسی ئەوەم کردوە کە کاتێک کەسێک دانێیت لە پێگەیەکی بەرزدا بۆ نموونە، گەر پێشتر هیچیشی نەزانیبێت یان تواناو تێگەیشتنێکی کەمیشی هەبووبێت، لەو پێگەیەدا هێندەی زانیاری دەکەوێتە بەردەست هەر بە حوکمی پێگەکەی فێر دەبێت، لەبەر پێگەی خێزانییش هێندە هاندەدرێت ئیتر توانای تیا دروستبێت.
پێچەوانەکەشی ڕاستە، بەهەمان شێوەش گەر بەردەوام ڕێگە لە کەسێک بگریت هەرچەندەش بەتوانا و لێهاتوو بێت، هەموو تواناکەی لەدەست دەدات و لێهاتوییەکەی دەپوکێتەوە و نامێنێت، ئەمە ڕاستیەکە کە دەبێت وەکو ژەهر نۆشی بکەین.

بۆیە پێداگرم لەسەر ئەوەی هەموو ژنێکی کورد وەکو یەک ‘نادادپەروەری بەرامبەر ژن’ بەرناکەوێت، هەندێکمان زۆرمان بەردەکەوێت و هەندێکمان کەمتر و هەندێکمان بە ئاستەم بەریکەوتوە، ئەو باڵانسە پێویستی بە ڕاستکردنەوە هەیە و تێڕوانینی جێندەری دەبێت هەموو ئەوانە ببینێت، ئیشکردنیش لە پرسی ژن دا دەبێت هەموو ئەوانە بگرێتەوە وڕاستیان بکاتەوە.

جگە لەمانە، وا یەکەم کتێبی فەلسەفی ‘فەلسەفەی جێندەری’م بە زمانی کوردی نوسیوە و تەواو بووە، لەم یەک دوو مانگەدا بڵاوی دەکەمەوە، بە مەبەستی دروستکردنی فەلسەفەی جێندەری لە بواری فەلسەفەی ئەکادیمیدا، هەروەهاش لە ناوەندە ڕۆشنبیریەکاندا.




پەیڤێکی خەمناك بۆ کۆچبەران و پەنابەران … زاهیر باهیر

ئەی نەگبەت، ئەی سەر لێشوێنراو . پەنجەی سەرکەتنی چی بەرزدەکەیتەوە، خۆ قەڵای خەیبەرت نەگرتووە..، خۆ دووژمنت نەشکاندووە..، تەلبەن و سنورەکانی نێو دەوڵەتانت نەبەزاندووە…، لەشکری ئەسکەندەری گەورەت بە فەتارات نەبردووە…..

باوانەکەم تۆ سەرت لێشێوێنراوە…، تۆ سوکایەتی دونیات لە نیشتمانی “خۆتا” پێکراوە…، ژیانت لێتاڵکراوە..، خاکت لێزەوتکراوە.. فرۆشراوە..، سەراپای ژیانی خۆت و خێزانت بە کۆیلە کراوە….
ئەزیزی من، تۆ ئەڵاهو و ئەکبەری چیتە ، گەورەیی و مەزنیی کێ؟ ئەو کەسەی کە پەروەردگارە لای تۆ..، ئەو کەسەی کە دادوەر و بەخشەندە و میهرەبانە لای تۆ…، ئەو زاتەی کە هەموو کارێکی باش و خراپی دەخەیتە ئەستۆ…. ئەو.. هەم دادوەرە و هەم زاڵمە و هەم ڕەحیمە لای تۆ ….

کەسەکەم ئەو ئەڵایەی کە تۆ هەر بەکۆرپەلەیی لە باوەشی دایکت کەوتیتەخوارەوە و بە ناوییەوە گۆش کرایت، بانگیان بە گوێ و مێشكدا هەڵدایت، بە پاکی و گەورەیی و بەخشەندەیی و میهرەبانی و سەرچاوەی ژیان و مردن… ، ئەویان پێ ناسیت… دەی بیرێ بکەرەوە بزانە بۆ چی تۆی ئاوا دەربەدەرکرد ، بۆچی تۆی لە ژیانی نێو خێزان و هاوەڵان و خەڵکانی خۆت ، بێ بەش کرد… بۆچی ئۆمەتەکەی خۆی بەو دەردە برد.. ڕڕۆژێك تۆفانەکەی نوح، ڕۆژێك بومەلەرزە، ڕۆژێك تاعونی بۆ نازڵ کرد…ڕۆژێکی دیکە جەنگی ئەهلی .. گروپی تیرۆریستی… داگیرکردنی سەبازیی بۆ دروست کرد … پێشتریش نەبوونیی ،نەخۆشی، بێ کاریی بێ ژیانی بۆ دابینکرد. ….

ئەی بەدبەخت هێشتا هەر ئەڵاهو ئەکبەر!!، هێشتا هەر متمانە و بڕوای بێ سەر و بەر!! هێشتا پاڕاناوە و ئاهو ناڵەو سوپاسگوزاریی بێ بەرهەم و بێ بەر!!….ئاخر چی تر ماوە بیچێژی؟! ، چی تر ماوە نەیبینی..مەگەر لە ئێستادا هەر جامی ژەهری مردن نەنۆشی….

باوانەکەم من دەزانم کە تۆ لە چ جەهەنەمێکەوە هەڵهاتویت و ملت بە حساب بۆ بەهەشت ناوە، ئومێدی دواڕۆژ و ئایندەی خۆتت لەسەر بنیاتناوە… بەهەشتێك کە جەستە تێیدا زیندووە و ڕۆح تێیدا مردووە … پەیوەندیی حەقیقی نێوان خەڵکی تێیدا نامۆیە و لە کەڵك کەوتووە … ئەوەی لای تۆ جوانە و بەهادارە … لێرە بێ بەهاو ناکارە….بەهەشتێکی بێ بنەمایە…. نە شەرابی بەلاش و نە حۆری خۆڕایی و ڕووپۆشی تیایە …
.. هۆ هۆ باوانی باوانەکەم ….. کاتێک کە لە شاشەی تیڤییەکانەوە دەتبینم کە چ سوکایەتییەکت پێدەکرێت ، لە سەفەرەکەتا چ سەرمایەیەکت لێ دروست دەکرێت ، لە لایەن دڕندە دووپێکانەوە چ ئازار و ئەشکەنجەیەکت دەدرێت… لەگەڵ هاتنی وێنەکەتا….لە تەک بینینی شێوەی شێواوتا ، لە نێو دۆشدامان لە بیرکرنەوەی داهاتوتا …. گریانم بۆت دێت…..دڵم ژان و ڕۆحم بەری تۆڵە، و تۆڵە کردنەوە لە سەرەوران و دەوڵەت و سیاسەتمەداران ، دەگرێ…..، قەستمە ببمە بۆمبایەك و پیایانا بتەقمەوە … ببمە ڕوبارێك لە ژەهر و ئاو و خواردن و خواردنەوەیان، ژەهراویکەمەوە… قەسمتە ببمە بۆمبێكی چێنرا و داڕێژراو سەیارەکانیان ، تەیارە شەخسییەکانیان، کۆمپنیاکانیان بێ زیانی کارگەرانییان …. بتەقێنمەوە …تاکو بۆ هەمیشە لەسەر ڕوی نەخشەی جیاوازکاری و زۆردارێتی و چەوساندنەوە ….وێنەیان جەستەیان … یادەوەرییان …. پلانیان ….بسڕمەوە … بەڵام کاتێك وێنەکانتان … لەسەر شاشەکە دەڕەوێتەوە … منیش هێدی هێدی ڕۆحم کەمێك ئارامی تێدەگەڕێتەوە …کەمێك هۆش و گۆشم تێدێتەوە و بیردەکەمەوە… کێشەکان بەمە بنەبڕ نابێت ، جیاوازییەکان و نایەکسانییەکان و نادادوەرییەکان بەمە لەناو ناچێت ..

کەسە داماوەکەم، تۆ وادەزانی بە گەیشتنت بە ئێرە کێشە نامێنێ … وادەزانی ئاو و هەوای ئێرە ئارامیی و بەختەوەریی هەمیشەیی دێنێ ؟ … تۆ نازانیت … تۆ هێشتا تەپوتۆزی ڕێگە لە جەستەی شەکەتت نەبووەتەوە …. تۆ هێشتا ڕەنگی هەڵپڕوکاوی ڕێگای هات و نەهاتت، ئاسایی نەبووەتەوە ، تۆ هێشتا دڵی لە دڵ کەوتوت … مێشکی ماندووت …ئارام نەبوەتەوە …. من دەزانم گەیشتنیشت بە ئێرە کە چ دەردەسەرییەك چاوەڕوانتە .. چ مەترسییەك هاوڕێ وهاوکاتتە.. چ بەخێرنەهاتنێك و ڕووگرژییەك بەرەو ڕووتە….چ نامۆییەك چاوەڕوانتە …. چ مۆتەکەیەك لە خەونی شەوانەتا میوانتە …
وای ئەزیزم….لەم هەموو نەهامەتی و دەردەسەرێییە … لەم تالوکەییەی ژیان و بێ چارە نوسییە…لەم غوربەتی ” بەهەشتە” و تەنهاییە … من لێرەوە دڵم بۆت ژان دەکات … کە تۆ ئاوا دەبینم، بارو دۆخی تۆ گەر من تۆزێك گیانی مرۆیانەم تیادابێت..ئەمەی تۆ ژیانم لێ تاڵ دەکات….

پێویستت نییە کە قسەی من بە هەند وەرگریت … زەروور نییە کە ئەزموونی من و زۆری ترمان لە چاو بگریت …. هەر گیزیش ناکرێت خواستی خۆت و چارەنوسی خۆتیش بکەیت … بیدەیتە دەست حیکایەتی یەکێکی دیکە … بڕیار بڕیاری خۆتە و چیت دەوێت، بیکە … بەڵام هاوکاتیش سەرنجامەکەی پەسەند و تەحەمول بکە.

زاهیر باهیر
07/03/2020

Zaherbaher.com




ڕۆڵی باشووری كوردستان لە ڕاپەڕینی شێخ عوبەیدوڵڵای نەهریدا-3- ڕه‌سوڵ بۆسكێنی

به‌شی سێیه‌م
گه‌شه‌كردنی ڕاپه‌ڕینه‌كه‌

له‌ماوه‌یه‌كی كه‌مدا ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ پێشكه‌وتنی زۆری به‌خۆوه‌ بینی و زۆربه‌ی ناوچه‌كانی باشووری كوردستانی گرته‌وه‌، سه‌ره‌تا ده‌وڵه‌تی عوسمانی ویستی له‌ڕێگای نوێنه‌ر و ئاگاداركردنه‌وه،‌ وابكات شێخ واز له‌ ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ی بێنێ، له‌وباره‌یه‌وه‌ باڵوێزخانه‌ی فره‌نسا له‌پاشكۆی ڕاپۆرتی ژماره‌ (149) تێراپیا (28)ی ئۆكتۆبه‌ری (1879) ده‌لێت: له‌وه‌تای دوا بروسكه‌نامه‌ی (39)دا كه‌ شه‌ره‌فی ئه‌وه‌م هه‌بوو له‌ مێژووی (8)ی سێپتامبه‌ری ڕابردوو بۆ جه‌نابی به‌ڕێزتان ڕه‌وانه‌ بكه‌م، شۆڕشی چه‌كداری كورد چووه‌ته‌ قۆناغێكی ناسك و گرنگی زۆری به‌خۆیه‌وه‌ گرتووه‌، له‌ ژماره‌یه‌ك له‌ مزگه‌وتدا ناوی شێخ عوبه‌یدوڵڵا سه‌رۆكی ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ له‌جیاتی ناوی سوڵتان له‌ خوتبه‌ یا نوێژی هه‌ینی دا خوێندراوه‌ته‌وه‌. هه‌روه‌ها له‌وه‌شیان دڵنیا كردمه‌وه‌ ئه‌م شێخه‌ له‌قه‌بی پاشای به‌ ژماره‌یه‌ك له‌ نزیكانی خۆی به‌خشیوه‌. ئه‌وه‌شی ڕاگه‌یاندووه‌ توركه‌كان به‌هیچ شێوه‌یه‌ك موسڵمانی ته‌واو نین.
بۆیان نووسیوم فه‌یزی پاشا دوو كه‌سایه‌تی كورد یه‌كێكیان له‌ كه‌ركوك و ئه‌وی دیكه‌شیان له‌سلێمانیه‌وه‌ وه‌كو وه‌فد ناردۆته‌ لای شێخ عوبه‌یدوڵڵا، تا ئاگاداری بكه‌نه‌وه‌ و هه‌وڵ بده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی بڕیار بدات مل بدات، به‌ڵام هه‌وڵه‌كانیان بێ سوود بووه‌ و ئه‌م نێراوانه‌ سه‌رنه‌كه‌وتوون.
ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ی كورد گه‌لێك له‌ ناوچه‌كانی كوردستانی توركیا و ئێرانی گرته‌وه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ مایه‌ی سه‌رسوڕمان نه‌بوو ئینگلیز به‌ئاگادارییه‌وه‌ چاوی تێ ببڕێت و هه‌وڵی له‌ناوبردنی بدات. مێجه‌ر ترۆتێری كونسوڵی به‌ریتانیا له‌ ئه‌رزروم ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ی كوردی هێنده‌ لا گرنگ و سامناك بوو، ناچار ماوه‌یه‌كی درێژ له‌ ئه‌رزروم مایه‌وه‌ و به‌شداری هه‌موو ئه‌و خۆئاماده‌كردنه‌وه‌ی كرد بۆ كه‌ لێدانی ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ی كورد له‌ گه‌ڕدابوو.
ئه‌سته‌مبوڵ دوای ئه‌وه‌ی زانیاریه‌كی باشی له‌ خۆئاماده‌كردنه‌كه‌ی شێخ كۆكرده‌وه‌، كه‌وته‌ خۆی له‌ پایزی (1879) موشیرسامی پاشای له‌شكری چواره‌می ڕاسپارد ڕێوشوێنی پێویست بگرنه‌به‌ر و به‌ره‌و ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ بچێت، حكومه‌تی عوسمانی كه‌هه‌ستی به‌مه ‌كرد خێرا موفتی وانی نارده‌ لای شێخ، به‌نیازی ئه‌وه‌ی گفتوگۆی له‌گه‌ڵدا بكات، هه‌رچه‌نده‌ گفتوگۆكه‌ هه‌فته‌یه‌كی نه‌خایاند، به‌ڵام ئه‌نجامێكی ئه‌وتۆی نه‌دا به‌دڵی كاربه‌ده‌ستانی عوسمانی بێت، شێخ عوبه‌یدوڵڵا مه‌به‌ستی خۆی بۆ موفتی خسته‌ڕوو، به‌تایبه‌تی ناڕه‌زایی خۆی ده‌رباره‌ی ده‌ستگاكان و خراپ به‌كارهێنانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئه‌و ده‌ستگایانه‌ ده‌ربڕی.
داوای گفتوگۆ له‌گه‌ڵ شێخ عوبه‌یدوڵڵا له‌لایه‌ن عوسمانیه‌وه‌
هه‌موو ئه‌و ده‌نگوباسانه‌ی له‌لایه‌ن چاووڕاكانی ئینگلیزه‌وه‌ ده‌رباره‌ی كوردستان كۆده‌كرانه‌وه‌، خێرا ده‌گه‌یشته‌ سامی پاشا. ئه‌مه‌ش وای كرد سامی پاشا ئاگای له‌ دۆخی ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ بێت و بزانێت چۆن هه‌نگاو هه‌ڵ بێنێ و چی بكات. سامی پاسا حه‌زی كرد چاوی به‌شێخ بكه‌وێت و داوای ڕوون كردنه‌وه‌ی هۆیه‌كانی ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ی لێ بكات، به‌ڵام شێخ ڕازی نه‌بوو چاوی پێی بكه‌وێت و له‌گه‌ڵیدا كۆببێته‌وه‌.
شێخ هۆی په‌لاماردانی پیاو‌ه‌كانیشی بۆسه‌ر ئه‌و هێزه‌ی له‌ موسڵه‌وه‌ هاتبوو، به‌وه‌ ڕوون كرده‌وه‌ له‌به‌ر پاراستنی نیشته‌نیه‌ بێ ده‌سه‌ڵاته‌كان بووه‌” پاراستنی ئه‌وانه‌ له‌ده‌ست درێژی كردنی ناڕه‌وای سه‌ربازه‌كان” به ‌ئه‌ركێكی پێویستی سه‌رشانی داناوه‌.
سامی پاشا هه‌ر كه‌ گه‌یشته‌ وان خێرا داوای له‌ شێخ كرد له‌گه‌ڵ به‌حری به‌گی نوێنه‌ر و یاوه‌ری سوڵتان عوبدولحه‌میدی دووه‌مدا بكه‌وێته‌ گفتوگۆ، به‌حری به‌گ ڕاسپێرابوو به‌هه‌موو جۆرێك جا له‌ڕێی پاره‌وپول و ده‌م چه‌وركردنه‌وه‌ یان له‌ڕێی به‌ڵێن و گفت به‌خشینه‌وه‌ بێت وا له‌شێخ بكات واز له‌ نیازی ڕاست بوونه‌وه‌ بێنێت. كاتێ به‌حری به‌گ كه‌ گه‌یشته‌ هه‌كاری ئه‌م وته‌یه‌ی دا:”من ده‌عوه‌تی شێخ ده‌كه‌م بچێت بۆ ئه‌سته‌مبوڵ، ئه‌گه‌ر به‌رهه‌ڵستی بكات، ئه‌وا منیش لای خۆمه‌وه‌ به‌ هێزه‌كانی ئیمپڕاتۆریه‌ته‌وه‌ ده‌كشێمه‌ سه‌ری”.
له‌پاشكۆی نامه‌یه‌كی ئیرل گرانڤێل بۆ مسته‌ر گۆشن ی ناردووه‌، ده‌ڵێت: ” وروژاندنێك ئێستا له‌ ئارادایه‌ به‌حری به‌گ ده‌چێت بۆ لای سه‌رۆك خێڵه‌ كورده‌كان و هه‌ندێ جار به‌ڵێنیان ده‌داتێ، هه‌ندێ جار ئیستعگاف، وه‌هه‌ندێ جاریش هه‌ڕه‌شه‌ به‌كاردێنێت، بۆ یه‌كخستنی هه‌موویان له‌ده‌وری یه‌ك سه‌رۆك هه‌مان سه‌رۆك كه ‌شێخ عوبه‌یدوڵڵایه‌.” كه‌ ڕاپه‌ڕین نه‌كه‌ن و وازبێنن، به‌ڵام ئه‌مه‌ش‌ سوودی نه‌بوو، هه‌تا زمان لوسی و به‌ڵێنه‌كانی به‌حری به‌گیش ئه‌نجامیان نه‌دا، شێخ فه‌رمانی دا به‌هه‌موو كورده‌كانی ژێرده‌ستی باج و سه‌رانه‌ نه‌ده‌ن به‌ میری و له‌ ڕوویان ڕاست ببنه‌وه‌، ئه‌وه‌شی به‌وه‌ بۆ میری ڕوون كرده‌وه‌ گوایه‌ كاربه‌ده‌ستان بێ به‌زه‌ییانه‌ باجێكی له‌ پله‌ به‌ده‌ر له‌ میلله‌ت ده‌ستێنن.
ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ له‌ماوه‌یه‌كی كه‌مدا ناوچه‌یه‌كی فراوانی گرته‌وه‌، ده‌رباره‌ی فراوانی ڕاپه‌ڕینه‌كه له‌یه‌كێك له‌ به‌ڵگه‌نامه‌كانی به‌ریتانیدا هاتووه‌:”ئه‌م كۆمه‌ڵه‌یه‌ له‌ هه‌موو شوێنێك لكی هه‌یه‌.
كۆتایی ڕاپه‌ڕینی یه‌كه‌می شێخ عوبه‌یدوڵڵا
هه‌ر له‌سه‌ره‌تای ڕاپه‌ڕینه‌كه‌وه‌ ده‌وڵه‌تی عوسمانی هه‌وڵی ده‌دا به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ بوه‌ستێنێ، له‌به‌رئه‌وه‌ داوای له‌شێخ كرد له‌گه‌ڵیاندا بكه‌وێته‌ گفتوگۆ، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌نجامی ئه‌و گفتوگۆیانه‌ نادیاره‌،‌ به‌ڵام به‌پێی فه‌رمانی له‌شكركێشی عوسمانی بۆ ئامێدی و لێدانی ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ وادیاره‌ گفتوگۆكان سه‌ركه‌وتو نه‌بوون، به‌ڵام شێخ عوبه‌یدوڵڵا بۆ زیاتر خۆئاماده‌كردن بۆ ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ بروسكه‌ی بۆ سه‌رۆك وه‌زیران ناردووه‌، به‌مه‌به‌ستی دواخستنی كاته‌كه‌، بۆ باشتر خۆئاماده‌كردن بۆ ڕاپه‌ڕینه‌كه‌، وه‌ك له‌ هه‌مان ڕاپۆرتی باڵوێزخانه‌ی فره‌نسا ئاماژه‌ی به‌و گفتوگۆیانه‌ داوه‌ و له‌و بایه‌وه‌ ده‌ڵێت: “واپێده‌چێ هیچ شتێكی ڕوون له‌باره‌ی یه‌كه‌مین گفتوگۆكانه‌وه‌ له‌به‌رده‌ست نه‌بێ، كه‌ نزیكه‌ی یه‌ك مانگی خایاند له‌ (15)ی حوزه‌یرانه‌وه‌ تا (15)ی ته‌مووز، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئاشكرایه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌م گفتوگۆیانه‌ هیچ ئه‌نجامێكی ڕه‌زامه‌ندكارانه‌یان لێوه‌شین نه‌بوو، چونكه‌ هه‌ر له‌یه‌كه‌م ڕۆژه‌كانی مانگی ته‌مووزه‌وه‌ فه‌رمان بۆ سه‌ركردایه‌تی سه‌ربازی موسڵ هات، كه‌ به‌یه‌ك به‌تالیۆن (450) سه‌رباز، كه‌ دابه‌ش ده‌بن بۆ سه‌ر سێ ڕه‌تڵی گه‌ڕۆك، به‌ره‌و هه‌رێمه‌كانی ڕاپه‌ڕیوه‌كا‌ن به‌ڕێ بكه‌ون، چه‌ند ڕۆژێك دواتر ئه‌فسه‌ری گشتی ژه‌نه‌ڕاڵی لیوا ئه‌ده‌هه‌م پاشا گه‌یشت بۆ ڕایی كردنی فه‌رمانێكی نوێی حكومه‌ت بۆ سه‌رپه‌رشتی ئۆپه‌راسیۆنه‌كان بكات، ڕۆژی (13)ی ته‌موز له‌گه‌ڵ (2) له‌شكری پیاده‌ (160) سه‌رباز و یه‌ك به‌شی تۆپخانه‌ی چیایی موسڵی جێ هێشت. كاتێك گه‌یشته‌ ئامێدی، داوای هاوكاری له‌ والی موسڵ كرد، به‌ڵام دواتر له‌لایه‌ن ڕاپه‌ڕیوان تێكشكێنراو نه‌یتوانی تیپی سه‌ربازیش له‌ كوردستان دروست بكات، بابی عالی له‌ هه‌وڵی ڕێكخستن و ناردنی سوپادا بوو، بۆ تێكشكاندنی بزوتنه‌وه‌كه‌.
هه‌روه‌ها فه‌رمان بۆ والی به‌غدا ده‌رچوو به‌ خۆی و لیوایه‌كی گه‌رۆكی چوار به‌تالیۆنه‌وه‌ پێوه‌ندی به‌موسڵه‌وه‌ بكات، له‌ هه‌مان كاتدا سریه‌یه‌كی سواره‌ له‌ ئۆردوی موسڵ و یه‌ك به‌تالیۆنی پیاده‌ له‌ جزیره‌وه‌ به‌ڕێكران بۆ پێوه‌ندی كردن به‌ ئه‌دهه‌م پاشا له‌ ئامێدی، دواجار موشیر سامح پاشا كۆنه ‌سه‌ركرده‌ی سوپای ئه‌رزروم، وه‌كو كۆمیسێری ئیمپراتۆری له‌ كوردستان دیاری كراو فه‌رمانی پێدرا ده‌ستبه‌جێ هاوڕێ له‌گه‌ڵ ژه‌نه‌ڕاڵی تیپ ڕه‌جه‌ب پاشا و كۆمه‌كێكی زۆر له‌لایه‌ن ئۆردووی سوڵتانه‌وه‌ بكه‌ونه‌ڕێ. له‌گه‌ڵ گه‌یشتنی بروسكه‌ ڕاسته‌وخۆكان له‌لایه‌ن شێخ عوبه‌یدوڵڵاوه‌ بۆ سه‌رۆك وه‌زیران ڕه‌وانه‌ كران بابی عالی گۆڕانكاریه‌ك به‌سه‌ر هه‌ڵوێستی داهات. بێگومان شێخ عوبه‌یدوڵڵا حه‌ز ده‌كات خه‌باته‌كه‌ی دوا بخات، كه‌ وا هه‌ست ده‌كات هێشتا خۆی بۆ ئاماده‌ نه‌كردووه‌، یا ده‌یه‌وێ به‌لای كه‌میه‌وه‌ تا وه‌رزی سه‌رما و سۆڵه‌ داهاتن دوای بخات، كه‌ ته‌واو له‌ قازانجی پرسی ئه‌و دایه‌.
هه‌روه‌ها باڵوێزخانه‌ی فره‌نسا له ڕاپۆرتی ژماره‌ (155) كۆنستانتینۆبل (8)ی دیسامبه‌ری (1879) ده‌لێت: شێخ عوبه‌یدوڵڵا كوڕه‌كه‌ی خۆی بۆ وان بۆ لای سه‌ركرده‌ی سوپای چواره‌م سامح پاشا ناردووه،‌ بۆ ئه‌وه‌ی دڵسۆزی خۆی بۆ سوڵتان نیشان بدات، ئه‌م سه‌ردانه‌ بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی له‌ ڕۆژنامه‌ كۆنسته‌نتینۆبلیه‌كان، ژماره‌یه‌ك ڕاگه‌یاندنی ڕه‌سمی بڵاوبكه‌نه‌وه‌ له‌وه‌ی دڵنیابوون‌ سه‌رۆكی شۆڕش بێ گوناهه‌.
هه‌ڵبه‌ته‌ واده‌رناكه‌وێ بتوانین لێره‌دا شتێكی دیكه‌ ببینین جگه‌له‌ مانۆڕێك، كه‌ پێشتر سه‌ركه‌وتوانه‌ به‌ر له‌سێ مانگ له‌لایه‌ن شێخ عوبه‌یدوڵڵا به‌كارهاتووه‌ و بێ هیچ گومانێك شێخ عوبه‌یدوڵڵا به‌رگه‌ی بانگهێشتنه‌ پڕ گوشاره‌كانی گرتووه‌، كه‌ داوای لێ ده‌كه‌ن خۆی پێشكه‌ش به‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌ عوسمانیه‌كان بكات. ئه‌و كاتانه‌ وه‌ك به‌ڕێز سیۆفی گوته‌نی، هه‌موو ناوچه‌كانی نێوان موسڵ، كه‌ركوك و سلێمانی هێنده‌ به‌چه‌ته ‌(پێشمه‌رگه‌)ی كورد ته‌نراون به‌شێوه‌یه‌ك كاروانی نێوان ئه‌م شارانه‌ ته‌نیا بۆ ئه‌و كاروانانه‌ ده‌بوو هێزێكی سه‌ربازی به‌هێزیان له‌گه‌ڵ دابووه، ته‌نانه‌ت له‌ خودی كه‌ركوك، كه‌نیمچه‌ گه‌مارۆ درابوو نرخی گه‌نم ده‌ جاران له‌ نرخی ئاسایی خۆی به‌رزبۆته‌وه‌.
ئه‌وه‌ی ئاسان نیه‌ پێشبینی ئه‌وه‌ بكرێ ئه‌م كاروبارانه‌ به‌كوێ ده‌گه‌ن، بێگومان ئه‌مه‌ ده‌وه‌ستێته‌ سه‌ر هۆیه‌ سه‌ره‌كیه‌كانی خواستی كورده‌كان و نه‌خوازه‌ش ڕه‌وشی پێوه‌ندی نێوان توركیا و ئێران، ئه‌وه‌ی كه‌متر جێگای دڵنیاییه‌ ئه‌وه‌یه‌ وه‌ك ئێمه‌ پێشبینیمان كردبوو، توركه‌كان بێ توانان له‌وه‌ی به‌ شێوه‌یه‌كی سه‌ربازی تا به‌ر له‌وه‌رزی داهاتنی خراپی زستان ڕه‌فتار بكه‌ن و كورده‌كان هه‌موو شوێنه‌كانی خۆیان پاراستووه‌ و له‌ته‌واوی زستاندا بێده‌نگ ده‌بن و له‌ وانه‌یه‌ له‌ خاكه‌لێوه‌دا چه‌ندین ڕه‌وشی تێك ئاڵۆز بوو سه‌رهه‌ڵبداته‌وه‌ و به‌ئاسانی كاری نیگه‌ران بۆ توركیا بهێننه‌ پێشه‌وه‌.
ئه‌وه‌ی ڕاستی بێ شێخ به‌لایه‌وه‌ چاكتر وابوو دان به‌خۆیدا بگرێت و چاوه‌ڕوان بێت، ئه‌مه‌شی له‌به‌ر ئه‌وه‌ بوو، چونكه‌ هێشتا بۆی نه‌كرابوو، به‌ته‌واوه‌تی هێزی هه‌موو ئه‌و سه‌رۆكه‌ كوردانه‌ یه‌ك بخات، كه‌ هاتبوونه‌ ڕیزی ڕاپه‌ڕینه‌كه‌وه‌. نه‌یده‌ویست سه‌ركێشی بكات و ڕووبه‌ڕووی هێزی عوسمانی چه‌كدار و مه‌شق پێكراو بوه‌ستێ. كه‌ زستان هات چالاكی ڕاپه‌ڕیوه‌كان ته‌واو كز بوو. له‌ چالاكی كه‌وت و له‌ شوێنی خۆی چه‌قی، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كاربه‌ده‌ستانی عوسمانی له‌ ئامانجه‌ دووره‌كان و دوا ڕۆژه‌كانی شێخ عوبه‌یدوڵڵا ده‌سڵه‌مینه‌وه‌.
شێخ عوبه‌یدوڵڵا ڕای وابوو كورده‌كانی هه‌كاری ناتوانن به‌ته‌نیا ڕووبه‌ڕووی ده‌وڵه‌تی عوسمانی بوه‌ستن و بچنه‌ كۆڕی خه‌باته‌وه‌. له‌به‌ر ئه‌وه‌ هه‌وڵی دا به‌شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ سه‌رۆكه‌ كورده‌كانی تردا په‌یدا بكات، به‌و نیازه‌ی جۆره‌ یه‌كێتیه‌كی عه‌شیره‌ته‌كان پێك بێنێ.
ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ی كورد ئه‌و ڕاپه‌ڕینه‌ی شێخ به‌شداری تێدا كرد و تووشی نه‌هامه‌تی هات، ئه‌وه‌ش مایه‌ی دڵخۆشی نه‌ك عوسمانی به‌ڵكو به‌ریتانیای دۆستی عوسمانی بوو، كه‌ كلایتۆن ئاماژه‌ی بۆ كردووه‌” ده‌نگوهه‌واڵی دڵ خۆشكه‌ره‌ی ” به‌سه‌رۆكه‌كه‌ی گه‌یاند و ئه‌وه‌شی به‌تایبه‌تی ده‌ست نیشان كرد” به‌گشتی بۆم هه‌یه‌ ئه‌وه‌ ڕابگه‌یه‌نم، ڕاپه‌ڕینه‌ ڕاسته‌قینه‌ (جدی)یه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی كورد تێداچوو و سه‌روشوێنی نه‌ما”.
دوابه‌دوای شكستی یه‌كه‌می شۆڕشه‌ چه‌كداریه‌كه‌ی شێخ دژبه‌ بابی عالی (1879) و ناڕه‌زایی هه‌ندێك له‌ سه‌رۆك هۆزه‌ كورده‌كان دژ به‌ شه‌ڕی عوسمانی، ناچار شێخ ده‌بوایه‌ به‌دوای تاكتیكی دیكه‌دا بگه‌ڕێ، شێخ پێی وابوو هێشتا نه‌یتوانیوه‌ وه‌ك پێویست خۆی بۆ ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ ئاماده‌ بكات، له‌به‌رئه‌وه‌ بانگه‌وازه‌كه‌ی به‌ناو سه‌رۆك خێڵه‌كاندا چڕتر كرده‌وه،‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ده‌وری كۆببنه‌وه‌ و خۆی ئاماده‌بكات بۆ ڕاپه‌ڕینێكی تر.
په‌راوێزه‌كان:
(1)هه‌میشه‌ شۆڕشه‌كانی كورد تۆمه‌تی ئه‌وه‌یان دراوه‌ته‌ پاڵ، كه‌ به‌ده‌ستی بێگاته‌ دروست كراون، یان كورد نه‌ته‌وه‌یه‌كی شه‌ڕخوازن و بۆ تاڵان و دزی و جه‌رده‌یی ڕاپه‌ڕیون، ڕاپه‌ڕینی شێخ عوبه‌یدوڵڵاش له‌وه‌ به‌ده‌رنه‌بوو، ئێران به‌ده‌سیسه‌ی عوسمانی ده‌زانی و ڕووسیا و به‌ریتانیاش تۆمه‌تی تاڵانی و ڕاووڕووتیان ده‌دایه‌ پاڵی، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا باش ده‌یانزانی ئه‌م ڕاپه‌ڕینه‌ له‌ڕووی هۆشی نه‌ته‌وه‌یی سه‌ری هه‌ڵداوه‌، ئه‌گه‌ر لای هه‌مووشیان وانه‌بێت لای هه‌ندێكیان وایه‌ و لانی كه‌م شێخ عوبه‌یدوڵڵا و به‌شێكی زۆر له‌ سه‌رانی ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ بۆ كوردستانێكی سه‌ربه‌خۆ له‌ خه‌بات و تێكۆشان دابوون.

ڕه‌سوڵ بۆسكێنی
ماویه‌تی
…………………..




ناماقـووڵییەکانی بەشار ئەسەد … رەزا شـوان

دیکتاتۆری رەگەزپەرستی رسوابوو و ملشۆڕی سوریا (بەشار ئەسەد) لە دیمانەیـەکی تەلەفـزیـۆنیدا، لەگەڵ کەنـاڵی (روسـیای ئەمـڕۆ) دا، ناماقـوڵی و قەوچەقـەوچی کـرد و وتی:”شتێک نییە لە سوریادا کە ناوی کێشەی کورد بێت، بە هۆیەکی ساکارەوە، کورد هەیە لەگەڵ مێژوودا لە سوریا دەژین، بەڵام ئەو کۆمەڵانـەی کە هـاتـوون بۆ باکـوور، تەنیـا لە سەدەی رابـردوودا هاتـوون، بە هـۆی سەرکوتکـردنیـان لە لایـەن تورکیاوە وەککو میوانمان وەیانمان گرت “
ئەم قسـەیەی بەشـار ئەسەدی رەگـەزپەرست، لەلایـەن پارتـە کوردییەکـانی رۆژئـاوای کوردستان و کەسایەتییە کوردییەکانەوە، ناڕەزاییەکی زۆری لێکەوتەوە، شەرمەزاری ئەم رقـە رەشـەی داگـیرکەرانی کوردسـتان دەکـەن، کە تـا ئەمـڕۆش دان بە ناسـنامەی پەنجـا ملیۆن کورد نانێن و هەوڵی سڕینەوەی ناسنامەی کورد دەدەن، دان بەوەدا نانێن، کە کێشەی کورد، کـێشەی گەلـێکی مـاف زەوتکـرا و کوردسـتان داگـیرکـراوە.
ساڵی پێراریش، ئەردۆگان هەمـان قسەی کـرد و وتی:” کـێشەیەک نییە لە تورکـیادا بە ناوی کێشەی کوردەوە”. ئەمە قسەیەی هەموو داگیرکەرانی کوردستانە. مەبەستیشیان نکوڵـیکردنە لە بوونی نەتەوەی کـورد.

وا دیارە بەشـار ئەسەدی سەرشـۆڕ، زۆر گـێل و نەزانـە. لە بـارەی مێـژووی کورد و مێژووی باپیرانی خۆیەوە.. کورد بە هەزاران ساڵ پێش تورک و عەرەب، لەم ناوچەیدا ژیـاون، بەڵام نەتەوەی عەرەب بە باپیرانی بەشار ئەسەدیشەوە، نامۆن و لە دوورگەی عەرەبییەەوە هـاتـوون و ئەو شوێنانەیـان لە کورد داگیرکـردوون.
بەشار ئەسەدی گێلەپیاو، وادیارە گەمژەیت و مێژوو ناخوێنیتەوە و بەقەی قوتابییەکی سەرەتایی لە مێژوو و لە خەباتی گەلان لە پێناوی ئازادی و رزگاریدا نازانیت.. ئەگیینا ئەو قسە پووچانەت نەدەکـرد ” کێشەیەک نییە بەناوی کێشەی کورد لە سوریـا”
(میتانییەکان) کە باپیرانی کورد بـوون، لە سەدەی شانـزەمیندا، لە دەوروبـەری سـاڵی (١٥٠٠) پێش زاینی، لە رۆژئاوای کوردستان، ئیمبراتۆرییەتی میتانیان دامەزراند، ئیمبراتۆرییەتێکی فراوانیان بوو، کە پایتەختەکەیان شاری (واشۆکـانی) بوو، دەکەوێتە سەر رووباری (فیشخابوور) هاوسنوور بوون لەگەڵ دەوڵەتی فەرعەونییەکانی میسردا. میتانیـیەکـان فـەرمانـڕەوایی بەشی هـەرەزۆری کوردسـتانیان دەکـرد.
تا ئەمڕۆش (قەڵای کوردان) لە ناوەڕاستی شاری (حەلەب) دا بە سەرکەشی ماوەتەوە، بەڵگەیەکە بۆ دەسەڵات و بۆ فەرمانـڕەوایی کورد لە رۆژئـاوای کوردسـتانـدا.
(گەڕەکی کوردان) لە دیمەشی پایتەختی سوریادا، کە یەکـێکە لە کـۆنترین گەڕەکەکانی دیمەشـق، کە ناوەکـەیان گۆڕیـوە بە (رکـن الدیـن) گەڕەکـێکی گـەورەی کوردنشـینە، بەڵگەیەکی تـرە بۆ بوونی کـورد لە دەڤـەرەدا.
(گۆڕی سەلاحـەدینی ئەیـووبی) لە دیمەشـق، ئەم سەرکردە کوردە نەبوایە، فەلەستین و سوریاش دەکەوتنە بندەستی لە شکـری ئەوروپـاوە.
ئەی شۆڕشگیڕی کوردمان (ئیبراهـیم هەنانـۆ) کە لە دژی داگیرکەری فەرەنسا راپەڕی و چەنـدین کورد بوونە قوربانی لە پێناوی رزگارکردنی رۆژئـاوای کوردستان و سوریا، تا ئەمـڕۆش نـاوی(ئیـبراهـیم هـەنـانـۆ) لەسەر زاری هەموو سـورییەک دایە، جگە لە بەشار ئەسەدی بێ ئاگـا نەبێت.

لە کۆن و لە ئەمڕۆشدا، بە هەزاران نووسەر و رۆشنبیر و زانـا و دانا و هونەرمەنـدی کورد خـزمەتی زانیاری و رۆشنبیری و ئەدەبی سوریایان کرد.. گەر ناوی هونەرمەندان و دەرهێنەران و ئەکتەر و شانۆکارانی کورد، لە لیستی شانۆ و دراما و سینەمای سوریا دەربکەیـن.. لیستەکەیـان دێتـە سـەر سفـر.
بەڵام بە داخەوە نە عەرەب و نە تورک و نە فارس، چاکە و پیاوەتی کوردیان لەبەرچاو نییە و منەتیان پێی نییە.. زۆر دڕنـدانە و نامەردانە وەڵامی پیاوەتی کوردیان داونەتەوە و دەدەنـەوە، بە رەشەکـوژی و بە داگیرکردنی کوردستان و بە هەوڵـدان بـۆ سڕینەوەی ناسنامەی کـورد پاداشتی گەلەکەمان دەدەنەوە.

زۆر بەڵگەی مێژوویی و کەرەستەی بە جێماو هەن، ئەو راستییانە دەسەلمێنن، کە ئەم شوێنـانە شـوێنی کـوردن، تـورک و عـەرەب لە تورکـیا و عـێراق و سوریـادا نامـۆن و خەڵکی رەسەنی ئەو شوێنانە نیـن، لە ئاسیای بچـووک و مەنگـۆلیا و نیمچـە دوورگەی عـەرەبەوە هـاتـوون.. رووشیان لە کوێ کـردبێت، تـاڵان و وێـرانیان کـردوون.
بـەری تیشکی رۆژیش بە بێـژنگ ناگـیرێت.. ناتـووان راستییەکـان پەردەپـۆش بکـەن.
بەشار ئەسەدی رەگەزپەرست، گیلەپیاو و هـەرزەگـۆ، تـازە بە تاـزە دەڵـێت، لە سوریادا کـێشەیـەک نییە بە نـاوی کـێشەی کـورد.. گـەر شەڕڤـانانی کـورد نەبـوونـایە، داعـشی تیرۆریست نەک هەر (رەقە) و (دێر الزور) بەڵکو شاری (دمەشق ) یشیان داگیردەکرد.

ئەی جەلاد، بەم قسانـەت وەڵام و پاداشـتی کورد دەدەیتـەوە..؟!
دیکتاتۆری فـشۆڵ و بەزیـو، تۆ بە چ ئابڕوویەکەوە قسە دەکەیت، سووریا کەوتۆتە بن دەستی، سوپای تورکیا و پاسدارانی ئێران و جاشە بەکرێگیراوەکانی تورکیا و قەتەر و، روسیا و ئەمریکا و داعـشەوە، جـا چـۆن لە رووت دێ قسەبکـەیت و لـە دژی کـورد ناماقـوڵی بکەیـت.
بەڵام رۆژی تۆش نـزیکبۆتەوە، چـارەنووسی تۆش لە چارەنووسی سەدام و قـەزافی و زین العابدین و عومەر حەسەن بەشیر باشتر نابێت.. ئەو رۆژە نزیکە کە کونە مشکت لێببێت بە قەیسەری و سـزای تاوانە قێزەوەنەکانت وەربگریت.. چونکە هەموو زۆردار و ستەمکـار و دیکتاتـۆرێک کۆتـاییەکی رەشی هـەیە.

٩/ ئادار/٢٠٢٠




بە بۆنەو هەشتوو(8) مارسی، ڕۆ گەردوونی ژەنێوە … موختار کەریمی

مافوو ژەنێ مافێو ئێنسانین

پەی گردیما ئاشکران کە عانێو باسوو مافی و پاشێلکاری مافی کریۆ، فرەتەر باسوو مافوو ژەنێ کریۆ تا مافوو پیای. چیگەنە ئی پەرسێ مەێ وەرەو کە مافوو ژەنێ کامەنە کە فرەتەر باسش سەرەو کریۆ یان پاشێل کریۆ؟ مەگەر باسکەردەی جە مافوو مرۆڤی مافوو ژەنێ نمەگێرۆوە؟ مەگەر گرد ئانزانێو، چ ژەنی بۆ و چ پێا هەر چەنی جە ئەڎابیەیشاوە مافی یەکسانشا نیەن؟ مەگەر مادەو یۆهەموو مافەکاو مرۆڤی نمەواچۆ: ” مرۆڤەکا بە ئازادی جە ئەداێ بیەنێ و جە ماڤ و ڕێزەنە پێسەو یۆینێ. گردشا ساحیوو ژیری و ویژدانینێ و مشۆ چەنی یۆترینی بە گیانێوە (واڵەو) برایانە هۆرزووکەوت کەرا”؟. جە ڕاسیەنە مەخسەڎو جاڕنامەو گەردوونی مافەکاو مرۆڤی هەردوی ڕەگەزێن بە بێ جیاوازی.
بەڵام بە کردار و جە ژیوای ڕوانەینە و دلێ فرەو گۆمەڵگاکانە پاسە نیەن و واقێعیەت چێویەتەرما پەنە ماچۆ.
جە ئاستوو دنیاینە ئێمە ڕوانە وینمێ و موانمێوە و مژنەومێ کە بە ئاشکرا مافوو ژەنێ بێڕەحمانە پاشێل کریۆ تەنیا بۆنەو ئانەیوە کە ژەنینە. ئی ویرە سەقەتە بە درێژایی تارێخینە بیەن و ئیسەیچە هەر هەن. تەنانەت جە شۆڕشوو فەرانسەینە (1789) گەڵالەکەری “مافوو مرۆڤی و مافوو شارۆمەندی” تەنیا پێاشا بە ساحیو ماف دا قەڵەم. جە وەڵاتوو سویسینە کە یۆ چا وەڵاتانە ویەردێوی دووری دێمۆکراسیوازانەش هەن، 700 ساڵێ ژەنی مافی سیاسی نابەرابەرشا بێ.
ساڵانە سەڎان ھەزار کناچڵێ ھەر جە لەمەو ئەڎاێشانە سەقتێ کریا و یان بە زاڕۆلەیی کوشیا و ودلێنە مشا چوون کناچێنێ و ویری پیاسالار و هۆکارەکاتەری کوڕی بە شیاتەر مزانا تا کناچێ. بە ھەزاران و گێرە دەیان ھەزار ژەنی جە جەنگەکانە دەس بەسەرێ کریا و و بەزۆر دەسدرێژی سکیشا کریۆ سەر و یان پێسەو کۆیلەی ورشیا.نموونەو داعشی چی سەردەمەنە هیشتا ئینا وەرەچەماماوە. جە 5 ژەنا ژەنیە جە لاو شووەکەیشەو ھەڕەشێش وەنە کریۆ، دریۆش وەنە یان بە زور دسدرێژیش کریۆ سەر. ساڵانە یەرێ(3) ملیۆنێ کناچێ خەتەنە کریا و پەی ھەمیشەی جەپێوەنڎی سروشتی جنسی بێ بەشێ با.
هەر جە پانیشتوو کوردستانی (بێجگەم هەورامانی) جە ماوەو دەسەڵاتداری 29 ساڵەیشەنە بە هەزاران ژەنێ بە بەهانێ جۆراوجۆرێ بە دەسوو کەس وکاریشا کوشیاینێ و یان چیروو گوشار و هەڕەشانە وێش سۆچنان.
گردوو ئی پاشێلکاریا تەنیا بە بەھانێ ئا دەور و پاگە کۆمەڵایەتیاوە کریا کە کۆمەڵگا و داب و نەریتە کۆنە و دماکەوتەکا پەی ژەنێشا دیاری کەردەن و بە زور سەپنانشا سەرشەرە. بکەرێ ئی پاشێلکاریا تەنانەت ئەگەر دریا بە دادگایچ، جە کۆتایینە بە بێ تاوان و بە بێ سەزا برێ مشا. فرەو جارا بە بەهانێ ئانەیوە کە ئینە کێشێو شەخسین و پێوەندیش بە کۆمەڵگا و بە یاسایوە نیەن، ئی تاوانکاریە شاریۆوە. سەروو بنەماو ئی وێرە چەوتەیوە وێنمێ کە چەنی مافەکاو مرۆڤی جە ” ژیوای شەخسینە” بێڕەحمانە پاشێلێ کریا و بێ پەشتیوانێ مەناوە.
ئی کردەوا بە ئاشکرا دژ بە جاڕنامەو گەردوونی مافەکاو مرۆڤینێ، چوونکە ئی مافا گەردوونیەنێ و سنوور نمەشناسا و هەمێشە و گرد یاگیەنە مشۆ بە بێ جیاوازی پەیڕەو کریا و پارێزیا. ئی جاڕنامە بە ئەرکوو گرد دەوڵەت و دەسەڵاتدارێوەش مزانۆ کە پاشێلکەراو ئی مافا بە بێ جیاوازی بڎۆ بە دادگای و بە سەزای یاسایشا یاونۆ، وھەمیشە و ھەر یاگیەنە کە با، چ جەنگ بۆ، چ ئاشتی، چ دلێ گلێرگەینە بۆ یا جە ژیوای شەخسینە، پەیگێڵی یاسایشا پەی کریۆ.
ڕێکوزیاو چنەویەردەی میانەتەوەیی(ئەمنێستی ئینتێرنەشنەڵ)* پێسەو پارێزەروو مافەکاو مرۆڤی گوشار وزۆ سەروو گردوو دەسەڵاتدارا کە بە ئەرکوو وێشا هۆربێزا و سنوورێو پەی پاشێکەراو مافوو ژەنێ بنیارە و بە سەزاشا یاونا. پەی ئی مەخسەڎیە و پەی کۆتای ئاردەی بە پاشێلکاری مافوو ژەنا، ڕێکوزیاو چنەویەردەی میانەتەوەیی داوا جە دەسەڵاتدارا کەرۆ کە کرژ پی ئەرکا هۆربێزا:
١- هۆرەوڕوشکنای هەر یاسایەو کە جیاوازی وزۆ بەینوو ژەن و پیای و بۆ بە هۆکاروو بەکارئاردەی توندوتێژی دژ بە ژەنا.
٢- پەسەند کەردەی یاساو پارێزنای ژەنا وەرانوەروو دیاردەو توندوتێژیەو.
٣- کرداری توندوتێژ وزیۆ چێروو چەمداری و پەیگێڵی و سەزای یاسایش پەی دیاری کریۆ
٤- گرد کردارێو کە بە بەھانێ جیاوازی ڕەگەزی دژ بە ژەنا ڕوە مڎۆ، بە یاسا وەرش پەنە گێریۆ و بکەراو ئی کرداریە دریا بە دادگای.
٥- ئێمکانات پەیواز جە دەسیاوو ژەنانە بۆ پەی وێپارێزنای و پەنابەردەی بە دەموودەسگا یاساییەکا.
٦- ڕێکوزیای یاسایێ و کۆمەڵایەتیێ پەی ئا ژەنا کە بێێنێ قورابنی توندووتێژی مەرزیارە و ئانێچ کە ھەنێ پەشتیوانی یاساییشا چەنە کریۆ ئێمکاناتشا پەنە دریۆ.
٧- ئا کەس و لایەنا کە پەی مافەکاو مرۆڤی بە گردی و پەی ماڤوو ژەنا بە تایبەتی گژیا، یاسا پارێزنۆشا و هامکاریشا کەرۆ.
٨- ئا دەموودەسگا و ڕێکوزیا نادەوڵەتیا(ن. جی. ۆ) کە پەشتیوانی چی مافا کەرا، بە بێ جیاوازی پەشتیوانی یاساییشا چەنە کریۆ، بە هێزتەرێ کریا و پارێزیا.
(ڕێکوزیاو چنەویەردەی میانەتەوەیی) amnesty international*

موختار کەریمی – ئاڵمان، 2020.03.08




پەتای ترس: تەنزەچیرۆک … ن/جەلال قادر

لەترسی پەتای کرۆنا، هەر موسافرێک هەلگرم، ئەلکحولی دیتۆل بەدەستی دادەکەم.
ئەم بەیانییە، ژن و مێردێکی گەنج، بەترسەوە لە کورسی پشتەوەی تەکسیەکەم دانیشتیبوون، دەمامکیان بەستابوو. داوایان لێکردم بیانگەنمە شەقامی پزیشکان.
موسافرەکەم، بە نووکی پەنجەی دەمامکەکەی لەسەر دەمی لابرد، سمێلی درێژی کە دەمی داپۆشیبوو وەدەرکەوت و وتی : کاکی شوفێر، ناترسیت لە پەتای کرۆنا؟

  • بەڵی دەترسێم، بەلام ناکرێت لەمالەوە دانیشم و واز لە کاسبی بهێنم.
    ژنەکە برۆی باریکی هەڵتەکاند و بە پەنجەی باریکی دەمامکەکەی سەردەمی وەک پەردەی سینەما لابرد، بەڕیزێک دندانی مروارییەوە، کەوتە ئاخافتن : خاڵۆ، دوا دەنگ و باسی ڤایرۆسی کرۆنا چییە؟ ئایە تا ئێستا هیچ چارەسەرێکیان دۆزیوەتەوە؟
  • نەخێر، دەبێت چاوەڕووان بین.
    پیاوەکە وتی : من بزانم دەستی خۆیانی تیایە، دەیانەوێت ئەم سەرزەمیینە بکەن بە دۆزەخ!.
  • خۆیان کێن؟
  • ئەوانەی چەک دەفرۆشن و جەنگ هەڵدەگیرسێنن، ئەوانەی ژینگەیان پیس کردوە.
    بە ئارامی و لەسەرخۆ وەلامیمدایەوە؛ تۆ ڕاستدەکەیت. بەلام بە بڕوای تۆ، ئێمە دەبێت چی بکەین؟
    ژنەکە وتی : دەبێت خۆمان بپارێزین.
    بۆ ساتێک بێدەنگی کەوتە نێوانمانەوە. پاشان لێیانم پرسی : ئەی خێرە، ئێوە دەچن بۆ سەردانی پزیشک؟
    خانمەکە پێکەنی. پیاوەکە سەرێکی هێنایە پێش و چرپاندی : هاوسەرەکەم دووگیانەیە.
    پاشئەوەی پیرۆزباییم لێیانکرد، وتم: ئومێدەوارم، تا ئەو کۆرپەیە دێتە دنیاوە، پەتای کرۆناش تەواوبێت!.
    ژنەکە بە شادییەوە وتی : دەڵین، ئەو ڤایرۆسە منداڵی بچووک ناکوژێت، تەنیا کار لە پیاوی بەتەمەن دەکات!.
    ئەم وتەیە دڵتەنگی کردم. بەلام، بێدەنگ بووم تا هەردووکیان دابەزین و بەجێیانهێشتم.
    لە ڕێگە، سەرڵێشێوانە بیرم لە تەمەنی خۆمکردەوە، لەخۆم پرسی : ئایە منیش ئینسانێکی بەتەمەنم؟ نەخێر، باوەڕناکەم، ئاخر مرۆڤی بەتەمەن واتە سەرووی شەست و حەفتا ساڵ. من تازە پێمناوەتە پەنجا ساڵی، نا باوەڕناکەم، من لەنەوەی نوێم.
    بەم شێوەیە لەبەرخۆمەوە قسەمدەکرد، لەپڕ دام لە قاقای پێکەنین، چاوم پڕبوو لە ئاو.
    بە ڵەپی دەستم فرمێسکی سەر ڕوومەتم سڕییەوە. لەناکاو هەستمکرد پڵەی گەرمای لەشم بەرزبوەتەوە، عارەقی شین و مۆرمکرد، یەک دووجار کۆخیم. سێ بارە کۆخیمەوە تا بزانم دەنگی کۆخەکەم، وشکە یا تەڕە، چەندینجارتر کۆخێم، بەلام دڵنیا نەبووم و بۆم ڕووننەبوەوە. نەمزانی چیبکەم، ناچار بە نیگەرانییەوە دڵنەوایی خۆمدایەوە : نا، نا، نابێت بترسێم، چونکە ڕاستە بەتەمەنم و گەورەم، بەلام بە عەقڵ هێشتا منداڵم!.



راپەڕین … کەنعان مەدحەت

چیرۆکەکان.. تەواوبوونیان نییە
تەمێکی ڕانەماڵ
دووبەرەکییەکی یەکسان..
لە نیوان بەشە ئاگرینییەکاندا
هەمیشە
بە کوڵە

بە خوڕینی
یادەوەرییە تۆقێنەرەکان
کۆمەڵە ئارەزوویەکی هەمەڕەنگ
لە ژێرخانی سێ کوچکەدا..
مان دەگرن

چی لەوە خۆشتر
سەرلەنوێ
سوار بە هەورازا سەرکەوێ
لە جێی مەکۆ و
مەڵبەند..
سەنگەر هەڵبژێرێ
ئەستێرەکان راماڵی و
خوو ،
بە مانگەوە بگرێ




قاوە گرەوە … شیعر : نزار قبانی … وەرگێڕانی : پشکۆ ناکام

گۆرانی: عبد الحلیم حافڤ

“”””””””””’

لە تەنیشتمەوە دانیشت
بە چاوێکی پڕ لە ترسەوە
ئەیڕوانیە کوپە هەڵگەڕاوەکەم
ووتی : كوڕم ، غەم دات نەگرێ
خۆشەویستی لە قەدەری تۆیا نووسراوە
كوڕم: ئەوەی لە پێناوی خۆشەویستیا
گیانی لەدەست یاوە
شەهیدە و نەمردوە
“””
زۆر لێی ووردبوە
زۆر سەیری کرد
هیچ کوپێکم
وەک ئەوەی تۆ نەگرتۆتەوە
تا ئێستا هیچ غەمێکم
وەک ئەوەی تۆ نەبینیوە
ئەبێ بێ دابڕان
هەر بە دەریای خۆشەویستیا بڕۆی
سەرتاپای ژیانت
كتێبێکی فرمێسکاویە
قەدەری تۆ وایە
دیلی نێوان ئاو و ئاگر بی
سەرەڕای رابردوەکانی
سەرەرای ئاگرەکانی
سەرەڕای ئەو خەفەتەی
شەو و ڕۆژ لە ناخمانایە
سەرەڕای ڕەشەبا
سەرەڕای باران و گێژەڵۆکە
خۆشەویستی کوڕەکەم
بەتام ترین قەدەرە
“”””””
لە ژیانتا کوڕم
ژنێک هەیە
چاوەکانی ؟!! خودایە لەو چاوانە ، خودایە
دەمی وەک هێشوە
پێکەنینەکەی گوڵ و مۆسیقایە
قژە قەرەجیە شێت ئاساکەی
بە هەموو قوژبنێکا
ئەگەڕێ لەم دونیایە
بە ژنێک ئەگەی کوڕم
دڵت موبتەلای ئەبێ
ئەو هەموو دونیایە
“”””””’
بەڵام ئاسمانت باراناوییە
ڕێگەکەشت بن بەستە ، داخراوە
خۆشەویستەکەت کوڕم :
لە کۆشکێکی چاودێری کراوا نووستوە
ئەوەی داوای بکا
ئەوەی بچێتە ژوورەکەیەوە
ئەوەی نزیکی باخچەکەی بێتەوە
ئەوەی ویستی پڕچەکانی بکاتەوە
كوڕم :
وون بووی ئەبەدیە
“”””””””
كوڕم
هەموو شوێنێک بە دوایا ئەگەڕێی
پرسیار لە شەپۆلی دەریاکان
و
پرسیار لە کەنارە دەریایەکانی پڕ لە ” فەیروزە – نگین” ئەکەی
دەریا و دەریا بۆی ئەگەڕێی
فرمێسکەکانت ئەبنه لافاوی دەریا
دڵتەنگیت گەورە ئەبێ
تا وەک درەختی لێ دێ
ڕۆژێکیش کوڕم
ئەگەڕێیتەوە
بە دۆڕاوی ….بە دڵ شکاوی
پاش سەفەری تەمەن تێئەگەی
بەدوای داوی دوکەڵەوە بوی
چونکە خۆشەویستەکەت کوڕم
بێ خاک و بێ ووڵات و بێ ناوونیشانە
چەن ئاستەمە کوڕم
ژنێکت خۆش بوێ
ناو ونیشانی نەبێ




ئەوە باخچە نییە.. ئەوە نەندیخانەیە! .. نووسینی : رەزا شـوان

پار لە شاری دهـۆک، لە پۆلی شەشەمی قوتابخانەی دهـۆکی سەرەتایی تێکەڵاو بووم.
مامۆستا نیـگار وانـەی زانیـارییەکانی پێـدەوتینەوە. مامۆستایەکی زۆر رووخۆشە، بە زمانێکی شیرین و بە شێوازێکی سووک و ئاسان بابـەتە زانیارییەکـانی تێدەگەیانـدین.
بە کچـە شیرینەکانم و بە کـوڕە ژیرەکانم بانگی دەکردین. ئێمەش خۆشمان دەویست و خۆشـمان دەوێـت و رێـزێکی زۆرمـان بـۆی هـەیە.
مامۆستا نیگار، بە ناوی”گەشتی زانیاری” مانگی جارێک بە سواری پاس پۆلەکەمانی دەبرد بۆ چەنـد کارگـەیەک و چەنـد کـێڵگەیەک و بۆ وێسـتگەی کـارەبا و بۆ وێستگەی پاڵاوتنی ئاوی دهۆک. خۆشی و سوودێکی باشمان لەو گەشتە زانیارییانەمان وەرگرت.
لە مانگی نـەورۆزی ساڵی رابـردوو، مامۆسـتا نیـگـار وتی:”کچـە شـیرینەکـانم، کـوڕە ژیـرەکـانم، پێتانخۆشە کە هەفتەی داهـاتوو، گەشتی زانیاریمان بۆ “باخچـەی ئـاژەڵانی دهـۆک بێـت؟”
هەموومـان دەستمان هەڵـبڕی و پێـکەوە: بـەڵێ مامـۆستا گـیان زۆرمـان پێخـۆشـە.
بەشـێکی زۆری هـاوڕێیانی پۆلەکەم، پێشتر جـارێک یا زیـاتر چووبـوون بۆ باخچـەی ئـاژەڵانی دهـۆک. بەڵام مـن تـا ئەو رۆژە باخچـەی ئـاژەڵانی هـیچ شوێنـێکم نەدیـبوو. بـۆیـە حـەزم دەکـرد، کە لە نـزیـکەوە ئـاژەڵ و باڵـندە کـێوییەکـان ببـیـنم.
چـووین بۆ باخچـەی ئاژەڵانی دهـۆک.. چەنـد جـۆرە ئاژەڵ و باڵـندەی کـێوی جـوانیان لێیە، وەکو: شـێر، پڵنـگ، ورچ، گورگ، ئاسکە، رێـوی، چەقەڵ، هەڵـۆ، کوندەپەپوو، کـەو، سوێـسکە، چەنـدین جـۆری تـری ئـاژەڵ و باڵـندەی سروشـتی کوردسـتان.
هـاوڕێکانم دڵخۆشبوون و زەردەخەنە کەوتە سەر لـێوانیان. بەڵام مـن بە پێچـەوانەی هاوڕێکانـم، بە بینـینی ئەو ئـاژەڵ و باڵـندانە لەناو ئەو شیشبەنـدە کـلیلکراو و ژوورە تەسکـانە و قـەفـەزە داخـراوانـەدا، دڵـتـەنگ بـووم.. بەزەیـیـم پـێـیان دەهـاتـەوە.. کـە گەڕاینەوە بۆ قوتابخانە. وەکو گەشتەکانی ترمان، بە کـورتی باسی گەشتەکەمـان کرد.

مامۆستا نیگـار: هەمووتان دڵخـۆشبوون بە گەشتەمان بـۆ باخچـەی ئاژەڵانی دهـۆک؟

هەمـوو هـاوڕێـانی پۆلـەکـەمـان: بـەڵێ مامۆســتا، گـەشـتـێکی خـۆش بـوو.
بـەڵام مـن لە دوای هـاوڕێکـانـمەوە، دەسـتم هـەڵبـڕی و وتـم: مامۆسـتا گـیان، بە لای منـەوە گەشـتـێکی خـۆش نەبـوو، بـووە هـۆی دڵـتەنـگـیـم.
مامۆستا نیگار: بۆ دلۆڤان، کچی شیرینم بۆ پێت خۆش نەبوو و بووە هۆی دڵتەنگیت؟
ـ ئەی مامۆسـتا گـیان، بەڕێـزتان چەنـد جـارێک پێـت نـەوتـین پێـویستە بەزەیـیمان بە ئـاژەڵ و باڵـندەدا بێـتـەوە و دژی راوکـردنیـان بیـن؟
مامۆستا نیگار چاوەکانی کرانەوە و بە زەردەخـەنەوە، وتی: بەڵێ راسـتە مـن وامـوت.
ـ مامۆسـتا گیان، هـاوڕێکـانم، بە چـاوی خۆمان بینیمان، کە چـۆن ئەو ئـاژەڵ و باڵـندە بەسزمانانە، لەناو ئەو شیـشبەندە تەنگانە و قەفەز و ژوورە تەسکانەدا، هەر ئـەمسەر و ئەوسەریـان دەکـرد و لە ئـێمەیـان دەڕوانی.. وەکـو لـێمان بپـاڕێنەوە، کە بەزەیـیمان پێـیانـدا بێـتەوە و دەرگاکانی شیـشبەنـد و ژوور و قەفەزەکانیان لـێبکەینـەوە، دەرپەڕن و رابـکـەن و هـەڵـبفـڕن و ئـازادبـن.
ئـازادی بـۆ مـرۆڤ و بـۆ ئـاژەڵان و باڵـندان، لـە هەمـوو شـتێ پێـویستر و شـیرینـترە.

ئەوەی بیـنیمان باخچـە ئاژەڵان نییە.. بەڵکو بەنـدیخانەی ئاژەڵان و باڵندانە.. باخچەی راسـتی ئـەوان ژینـگـەی سروشـتی جـوانی کـوردسـتانـە.. کە بـە ئـازادی لـێـیدەژیـن.
مامـۆسـتا نیـگـار کە گـوێی لـەم قـسانـەم بـوو.. زۆر گەشـایـەوە و بـاوەشـی لـێـدام.. هـاوڕێکـانیـشـم چـەپـڵـەیـەکی قـایمـیـان بـۆ لـێـدام.
مامۆســتا نیگـار: ئـەی ئافـەریـن دلـۆڤـان گـیان، قسەکانـت زۆر جـوان و راسـتن.. بە تەواوی لەگەڵ قسەکانـدام.. لە ئەمڕۆوە دەبم بە هـاوڕێی بەزەیی بە ئاژەڵان و باڵندان.
هـاوڕێیـانی پۆلـەکـەم: مامۆستا گیان، ئێمەش قسەکـانی دلۆڤـانی هـاوڕێمـان بە جـوان دەزانین، ئێمەش دەبین بە هـاوڕێیانی بەزەیی بە ئاژەڵ و باڵندان و دژی راوکردنیانین.

نـەرویـج: ٢٠٢٠




ڕێکخراوەکان و ژنانی یەکسانیخواز لە تاراوگە پشتیوانی کەمپەینی ٨ مارس ، ڕۆژی جیهانی ژنان لە هەرێمی کوردستان دەکە ن

ئێمە وەک هەڵسوراوانی یەکسانیخواز و ریکخراوەکان لەدەوەرەی کوردستان پشتیوانی کەمپینی ئاززادیخوازان و ڕێکخراوەکانی ژنان و چالاکوانان دەکەین کە لە ٨ مارس و ڕۆژی جیهانی ژناندا ڕایانگەیاندوە لەژێر ناونیشانی( دەوەستینەوە بەرامبەر سوکایەتیکردن بە ژنان ، دەستدریژکارانی تاوانی دەستدرێژی سێکسی دەبیت سزای توند بدرێن. ).
خەبات و خواستەکانی ژنان و ڕێکخراوەکانیان لە کوردستان جێگەی پشتیوانی هەموو ئینسانێکی ئازادیخواز و یەکسانی خوازە لە ناوەوە و دەرەوە دا ، وە هەوڵێکی گرنگە لە ڕاستای کۆتایی هێنان بەو سوکایەتی و بێڕێزییەی ڕۆژانە لە لایەن دەزگا دینی و بەشێک لە پیاوانی ئاینی لە هەرێمی کوردستان بە ماف و کەرامەتی ژنانی کوردستانی دەکرێت. وە هاوکات خەباتێکی ڕەوایە بۆ کۆتایی هێنان بە دیاردە و تاوانی قێزەونی دەستدرێژی سێکسی بۆسەر مناڵان و کچان. .
ئێمە ڕووبە حکومەتی هەرێم و دەزگای دادوەری و پەرلەمانی کوردستان ناڕەزایەتی خۆمان دەردەبڕین بەرامبەر بە درێژەدان بەم دۆخە ناشایستە و پڕلەستەمە کە بەرامبەر بەژنان ومنداڵان دروست بووە ، وە پێمان وایە کە دەزگا دەوڵەتیەکان بێدەنگ و کەمتەرخەمن لەئاست تاوانباران . بەداخەوە لە کاتێکدا ڕۆژانە و بە ئاشکرا تاوانباران سوکایەتی بەژنان و ڕێکخراوەکانیان دەکەن ، کەچی زۆر جارنەک هەر پشتیوانی یاسایی و مادی دەکرێن ، بەڵکو مینبەرەکانی میدیا بۆ گوتارەکانیان ئاوەلا دەکرێت لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە. هەربۆیە داوادەکەین کە کاتی ئەوە هاتتوە کە حکومەتی هەرێم و پەرلەمان و دەزگای دادوەری ، لێپرسراوەتی لە خۆیان نیشان بدەن و پابەند بن بە ستانداردە نێو دەوڵەتیەکان بۆ پاراستنی ژنان و منداڵان لە دەست توند و تیژی و سوکایەتی و دەستدرێژی . پێویستە لە سەریان کە هەم بە یاسا و هەم بە کردەوە سوکایەتی بەژنان و دەستدرێژی سێکسی بەتاوان دابنێن و سزای پیویست بۆ ئەنجامدەرانی دابنێن .
جارێکی تر لە ٨ مارسدا پیرۆزبایی لە خەباتی ژنانی کوردستان دەکەین و هاوپشتی و هاوکاری نێوان هەڵسوراوانی ژنانی تاراوگە و ژنانی کوردستان پتەوتر دەکەین لە پێناو گەیشتن بە کۆمەڵگەیەک کە یەکسانی هەمەلایەنی ژن و پیاو و مافەکانی ژنانی تێدابەرقەرابێت…
ڕێکخراوی ژنانی کورد و خۆرھەڵاتی ناوەڕاست/ بەریتانیا
گۆنا سەعید/بەریتانیا
گولزار علی چالاکی بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان/دانمارک .
سەنتەری کلارا بو ژنان و گەنجان /دانمارک .
میدیارەوف بیگەرد /شانوکار /دانمارک
دکتورە نگین جە عفەر /پسپۆڕو بۆردی دانمارک لە نە خۆشیەکانی ژنان و منداڵان بون/دانمارک
پرشنگ سە عید /روژنامەنوس /دانمارک
ناوەندی سیکولاری کورد/دانمارک.
لاوژە جەواد /چالاک بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان/دانمارک
سارا عومەر /روژنامە نوس /نوسەر/داکوکیکار لە مافەکانی مروڤ/دانمارک
.سەوسەن سەلیم/بەریتانیا
ئەمەل سەعید کوردە /هونەرمەند /لەندەن.
روناک ئەحمەد/کولن ئەلمانیا
هاژە خەفاف /کۆڵن/ ئەڵمانیا
ناوەندی ئامێز/ بۆ ئاوێتەبونی كولتوری كوردی ئەڵمانیا/ کۆڵن
ڕێکخراوی خەندە لە شاری کۆڵن/آلمانیا.
خەندان جزا/ چالاکی مافی مرۆڤ/دانیشتوی نەرویج ا
تارا توانا/ جيگرى سةروكى يةكيتى ژنانى سوسيالديموكرات/سويد
/ڕووناک شوانی/ نووسەر/ سوێد
نووسەر/مامۆستا/سوێد /ڕێواس ئەحمەد بانیخێڵانی
گۆنا عەلی/ پەرستار سوید.
هێرۆ ڕە شید /ستۆکهۆڵم /ڕاوێژکاری کۆمەڵایەتی /سەنتەری ژن لە ستۆکهۆڵم /سوید
شیرین ئە حمەد /چالاکی بزوتنەوەی یەکسانی خوازی ژنان /سوید
ساکار زیرین /قوتابی دکتورا لە زانکوی هومبولدت /بەرلین
ئالا فرج/ژنانی عیراقی لە فنلندا
کەژاڵ نوری /چالاکەوانی ژنان /هوڵندا




فێمینیزمی پۆستمۆدیرنیستی و بزوتنەوەی نوێی ڕزگاری ژنان لە ئێران! … حەمید تەقوایی

بابەتی قسەوباسەکەی من ڕەخنەیە لە پۆستمۆدیرنیزم لە گۆشەنیگای ڕزگاری ژنان ونەخشێک کە شۆڕشی داهاتوی ئێران دەیگێڕێت لە بزوتنەوەی نوێی ڕزگاری ژناندا نەک تەنها لە ئێران بەڵکو لەسەر ئاستی جیهانیش.
هەروەک دەزانن کە چەوسانەوەی سەر ژنان، بێمافی ژنان، و بەگشتی هەڵاواردنی ڕەگەزی کیشەیەکی نێونەتەوەییە و تەنانەت لە پێشکەوتوترین وڵاتانی بەناو لانکەی دیموکراسی و پیشەسازی ڕۆژئاواشدا ئەیبینیت. دواین نمونەش بزوتنەوەی “منیش “me too لەئەمریکایە. هەڵاواردنی ڕەگەزی لە هەموو جێگایەک هەیە. لەوانەیە لە وڵاتانی ڕۆژئاوادا لەڕوی یاسایی و مافەوە هەڵاواردن ئەوەندە بەرچاو نەبێت – کە هێشتا لەو ئاستەشدادەتوانرێت ئاماژە بکرێت بەکرێی یەکسان بەرامبەر کاری یەکسان، کە هێشتا تەنانەت لە وڵاتانی ڕۆژئاواشدا بەفەرمی نەناسراوە بەڵام بەهەرحاڵ بنەمای کیشەکە ئابوری – کۆمەڵایەتی – فەرهەنگییە و ئەبێت لە ڕیشەوە چارەسەر بکرێت.

لە ئێران بێمافی ژنان بێدادیەتی وە تەنانەت قابیلی بەراوردکردن نییە بەوڵاتانی تر. لە کۆماری ئیسلامیدا بێمافی و هەڵاواردنێکی ئاشکرا کەلەسەر ئاستی یاسایی، دەوڵەتی، فەرمی و بەئاشکرا لە دژی ژنان بەڕێوەدەچێت بێوێنەیە. یەکەمین پرسیار ئەوەیە کە ئەمە لەکوێوە هاتوە؟ بۆچی بەوشێوەیەیە؟ لەئاستێکی سیاسیدا وەڵامەکە ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی حکومەتێکی ئاینیەو لەناوەڕۆکدا دژی ژنەو بێمافی ژنانیش وەک ئامڕازی دەسەڵاتی خۆی، دەسەڵاتی ڕژێمی ئیسلامی سەرمایە لە ئێران بەسەر خەڵکدا بەکاربراوە. بەڵام لە ئاستێکی پایەیتردا ئەم پرسیارە دێتەپێشەوە کە ئەم بزوتنەوە ئیسلامیە لە کوێوە سەری هەڵداوە و چۆن بەدەسەڵات گەیەشتوە؟

ڕیشەی کیشەکە ئەوەیە کە بزوتنەوە دەسەڵاتدارەکان چ ئەحزاب، چ دەوڵەتەکان و تەنانەت بزوتنەوەکان ومەیلە جیاوازە ڕاستڕەوەکان وە تەنانەت لیبراڵ چەپەکان وفێمینیزمی باو (سونەتی)، ئیتر توانای وەڵامدانەوەیان بەکێشەکانی ژنان لەهیچ جێگایەکی جیهان نییە. بەهەمان شێوەش کە توانای وەڵامدانەوەیان بەهیچ نۆرمێکی مۆدێرن وپێشکەوتوی ئینسانی نیە. لیرەدایە بە بۆچونی من باسی پۆستمۆدێرنیزم دێتە ئاراوە. من لە چەندین گفتوگۆدا ڕونمکردوەتەوە کە چۆن پۆستمۆدێرنیزم لە دوا بچوکترین پێشکەوتوخوازی، ئینسانیەت، پێشکەوتن، تازەگەری، مۆدێرنیزم و مەدەنیەت کە سەردەمانێک پێناسەی لیبرالیزمی بورژوازی ودیموکراسی بۆرژوازی بوو، سەردەمێک ئاڵای بۆرژوازی بوە لەبەرامبەر سەدەی ناوەڕاستیەکاندا، داشۆراوە. لە دوالێکدانەوەدا بەپێی ئەم تێکستە وبەهۆی ئەم پارادایمە(نموزەج) پۆستمۆدێرنیزمەیە کە پێگەی ژن لە ئێران تا ئاستی سەدەکانی ناوەڕاست هێنراوەتە خوارەوە. کۆماری ئیسلامیش هەمان مامەڵە لەگەڵ ژنان دەکات کە بۆ نمونە لەسەدەکانی ناوەڕاستدا لە ئەوروپا وە یان لە ئێرانی سەردەمی سەفەویەکان وەیان قاجاردا هەیانبوو ڕوبەڕوبەنەوەی حکومەت لەگەڵ ژناندا شتێکی هەرلەم شێوەیە بوو.

پۆستمۆدێرنیزم لە ڕاستیدا پێش مۆدێرنیزمە، دوای مۆدێرنیزم نیە، مۆدیرنیزمی پیشوتر نیە، پۆست مۆدێرنیزم واتە گەڕانەوە بۆ دواوە. واتە گەڕانەوە لە مۆدێرنیزمەوە بۆ نەریتەکان، یاسا، فەلسەفەی سیاسی، فەلسەفەی کۆمەڵایەتی سەدەکانی ناوەڕاست. کیشەی ژنان لە ئێران باشترین نیشانەی ئەم کێشەیەیە. لەدوا لێکدانەوەدا و لە چوارچێوەکی گشتیدا جێگەو ڕێگەی ئەمڕۆی ژنان لە ئێراندا نیشاندەری ئەوەیە کەلەڕوی نێونەتەوەییەوە ژن لەچ پێگەیەکدایە. ئەمە دەبێتە هاوڕێبازی ئەو فێمینیستەی کە بۆ بەرگری لە ژنانی ئیسلامی دەچێت حیجاب دەپۆشێت.
بەخۆی دەڵێت فێمینیست و لایەنگری مزگەوت دروستکردنە لە شارەکانی ئەوروپا، بەخۆی ئەڵێت فێمینیست بەڵام کوشتاری ناموسی نادیدە ئەگرێت و بەسەریاندا تێدەپەڕێت ودەڵێت ئەوە بەشێک “لەکلتوری خۆیان”ە. بەخۆی دەڵێت فێمینست بەڵام خوازیاری ئەوەیە کە لەکەندا یاسای ئیسلامی لە کاروباری خێزانیدا لە لایەن دادگاکانی شەریعەوە جێبەجێبکرێت بۆ ئەوانەی کەلە کۆمەڵگە ئیسلامزەدەکانەوە هەڵهاتون وپەنابەرن. ئێمە لە کەنەدا لەبەرامبەر ئەم دەرکەوتنەی دادگاکانی شەریعەدا وەستاینەوەو پاشەکشەمان پێکرد. هیچ لیبریاڵێک لەو مەیدانەدا نەبوو، هیچ دیموکراتێک لەو مەیدانەدا نەبوو. هەر کەسێک ئەگەر کەمێک بۆنی شۆڕشی گەورەی فەرەنسای کردبێت ئەبوایە لە دژی ئەمە بوەستایەتەوە، بەڵام مەسەلەکە بەپێچەوانەوە بوو. هەرچەندە بەناو فێمینیست تر وهەرچەندە بەڕواڵەت لیبریاڵ چەپترن، بەڵام زۆرتر لە پاڵ دەستی ئیسلامی سیاسیدا دەوەستن. لە حیزبە سیاسیەکانیشدا هەر بەو شێوەیەیە.
ڕاستڕەوی فاشیست لە هەڵوێستگیری ڕاسیستیانەوە لەدژی ئیسلامی سیاسیە بەڵام چەپی بورژوازی لەتەنیشت ئیسلامی سیاسیدا وەستاوە. فێمینیزمیش ئەڵقەیەکە، یەک مۆزائیکێکە، لەم لێکدانەوەیە و ئەوان ئاستی پێگەی ژنیان ئەوەندە هێناوەتە خوارەوە بەشێوەیەک کە بەرگری دەکەن لە یاساکانی سەدەکانی ناوەڕاست کە لە کۆماری ئیسلامی ئێراندا جێبەجێدەکرێت وە لەخودی ڕۆژئاوادا ئیمتیاز دەدەن بە کۆنەپەرستی ئیسلامی. نەک تەنها لەپەیوەند بە بێمافی لەڕادەبەدەری ژنان لەوڵاتانی ئیسلامزەدەدا هیچ ناڕەزایەتیکیان نییە بەڵکو ئەیانەوێت یاسای دژە ژنی ئیسلامی لەکاروباری خێزانیدا لەڕیازو تاران وکابۆڵەوە هاوردەبکەن و لە لەندەن وپاریس وتۆرۆنتۆ جێبەجێیبکەن.

ئەم مەیل و فەلسەفە سیاسیە بە پۆست مۆدێرنیزم ناودەبرێت و ئەمە فەلسەفەی چەپی بۆرژوازیە. گاڵتەجاڕی مێژوو لێرەدایە. ڕاستی توندڕەو دەڵێت پەناهەندەکانی کۆمەڵگە ئیسلامزەدەکان هەر مرۆڤ نین، ئەوانە جیهان سێهەمین و ئەبێت بیانخەیتە دەریاوە. بەڵام چەپی بۆرژوازیش کەزۆر بانگەشەی لیبریالیزم و ئازادی ڕادەربڕینان هەیە ئەڵین کوشتنی ناموسی کەم بکەنەوە. بانگەشەی ئەوەدەکات لە یاساکانی خۆیاندا ئەگەر مەسیحیەکی دانیشتوی ئەوروپا یان لەدایکبوی ئەوروپا تاوانی ناموسی ئەنجام بدات سزای توندمان هەیە، بەڵام سەبارەت بەو کەسەی کەلە سوریاوە هاتوەو لێرە بوەتە پەنابەر وکچکەی کوشتوە لەبەر ئەوەی خۆشەویستی کوڕی هەبوە، کێشەکە جیاوازە و ئەبێت بەتوندی نەیگرین وەیان تەنانەت چاوپۆشی لە تاوانەکەش بکرێت چونکە کلتور وئاینێکی تری هەیە! ئەمە بەراورد بکە لەگەڵ بنەماکانی کۆمەڵگەی مەدەنیدا، لەگەڵ یەک هاوڵاتی و یەک یاسا، لەگەڵ بنەمای یەک وڵات و یەک یاسا وە هەموو کەسێک لەبەرامبەر یاسادا یەکسانە. هەواڵێک لەمانە نیە.
ئەم بارودۆخە لە ڕوی سیاسەیەوە تەرجومەکراوە بۆ هاتنەسەرکاری حکومەتی دژە ژنی کۆماری ئیسلامی لە ئێران. بەبۆچونی من کۆماری ئیسلامی لەسەرشانی یەک فەلسەفە وجیهانبینی و ئاڕاسەتەیەکی گشتی پۆست مۆدێرنیستیەوە بەدەسەڵات گەیشت. هەرگیز بەو شێوەیە نەبوو کە لە کۆنفرانسی گوادالوپدا دەوڵەتانی ڕۆژئاوا بڕیاریان دابێت و کۆماری ئیسلامیان هێنابێتە سەرکار. بارۆدۆخێکی گشتی سیاسی وپارادایمێک(نەموزەج) بوو، شێوە بیرکردنەوەیەک بوو کە پێیوابو کۆمەڵگەی ئێران کۆمەڵگەیەکی ئیسلامیەو نۆرم و ستانداردە مەدەنیەکانی ڕۆژئاوا لەبارەیەوە پشتڕاست ناکاتەوە.

ئیستاش هەر دەڵێن کۆمەڵگەی ئێران ئیسلامیە، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئیسلامیەو ئیسلامی سیاسی ڕەگ وڕیشەی لە کلتوری خەڵکدا هەیە. دەڵێن داعش وکۆماری ئیسلامی بەڕواڵەت دوو لقی جیاوازن لە ئیسلام وە شەڕەکەشیان عەقیدەتییە(ئایدۆلۆژیە) واتە لەبەر ئەوەیە کە یەکێکیان سونەیەو یەکێکیان شعەیە.١٤٠٠ساڵ بوو کە ئەم شیعەو سوننانە لە سوریاو عێراق و ئێران لەگەل یەکدا ئەژیان وهەواڵێک لە تیرۆریزمی ئیسلامی وبزوتنەوەی ئیسلامی سیاسی نەبوو. دەزانم کەلە سەردەمی سەفەویەکان وخەلیفەکانی عەباسیدا مەزهەب ئاڵای زۆرێک لە شەڕەکان بوو بەڵام باردۆخی ئەمڕۆ درێژکراوەی ئەوانە نیە. لەبەرامبەریەرکدا دەجەنگین بەڵام لە مێژوی مۆدێرنی ئەم سەد ساڵەی دوایدا دیاردەیەکی هاوشێوەی داعش یان کۆماری ئیسلامیمان نەبوە. ئەمڕۆ ئەوانە هەوساریان بچڕاوەو بەربونەتە گیانی خەڵک. بۆچی پۆست مۆدێرنیستەکان ئەگەڕینەوە بۆ کەلتورو باوەڕەکان؟: شیعە لەبەرامبەر سونەدا و شارستانیەتی ئیسلامی لەبەرامبەر شارستانیەتی رۆژئاوایدا! دوو کەلتور، دوو شارستانیەت. شەڕی شارستانیەتەکان! بەربەریەتێک کەلەبنەڕەتدا بەهۆی سیاسەتی پۆست مۆدێرنیستی بۆرژوازیەوە سەری هەڵداوە دەخەنە ئەستۆی فەرهەنگ وکەلتوری خەڵکێک کەخۆیان بونەتە قوربانی ئەم سیاسەتانە!
ئەمە لوتکەی بۆگەنکردن و بۆگەناو و لیتاویکە کە بۆرژوازی ئەمڕۆ بەسەر جیهانیدا سەپاندوە و یەکەمین قوربانیەکانیشی ژنانن. وە هەر لەبەر ئەوەشە کە هێزی بزوتنەوەی ڕزگاریخوای ژنان و هێزی ژنان هێزێکی بنەڕەتی لێدان لەم بارودۆخەیە.
بۆچی ئێمە دەڵێین شۆڕشی داهاتوی ئێران ژنانە دەبێت؟ وەیان بەدەربڕینێکی باشتر بۆچی شۆڕشی سۆسیالیستی لە ئێران ژنانە ئەبێت؟ ئەمە تەنها لەبەر ئەوە نیە کە ژنان لە ڕیزی پێشەوەن و زۆر ئازان، تەنها لەبەر ئەوەنیە کە ژنان، هەر لەیەکەمین ڕۆژەوە هەتا ئەمڕۆ لە دژی حیجاب ڕاوەستاون، لەڕیزی پێشەوە لەبەرامبەر کۆماری ئیسلامیدا ڕاوەستاون. هەموو ئەوانە دروستن. بەڵام لایەنی گرنگتری ئەوەیە کە بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی ژنان ڕوبەڕوی هەموو دژە ژنیەکی بۆرژوازی پۆستمۆدێرنیستی دەبێتەوە.
بنەمای کیشەکە ئەوەیە کە لەبیرکردنەوە و فەلسەفەی سیاسی سەرمایەداری ئەمڕۆدا کیشەی هەڵاواردنی ڕەگەزی بەتەواوەتی خراوەتەلاوە. ڕەگ و ڕیشەی کیشەکە سەرمایەداری سەردەمی پۆست مۆدێرنیزمە. ڕوانگەو ڕێبازێک کە تەنانەت ناڵێت ژنی هیندۆسی نابێت لەگەڵ هاوسەرە مردوەکەیدا بسوتێنرێت. کەژنێکی نەیجیری کاتێک هاوسەرەکەی لەدەست ئەدات نابێتە بەشێک لە موڵکی خێزانی هاوسەرەکەی. ناڕەزایەتی بەرامبەر بەوەنیە کە ژنە نەیجیریەکان کەنەک هەرتەنها هیچ موڵک ومیراتیک نابەن بەڵکو خۆشی ئەبێت بەبەشێک لە موڵکی باوکی هاوسەرو وبرای هاوسەرەکەی. ئەوانە هەموو ڕۆژێک ڕوئەدەن.
ئایا ئەمە لەسەر مێزی فێمینیستەکاندا هەیە؟ لەسەر ڕوی مێزی دیموکراتەکاندا هەن؟ لەسەر ڕوی مێزی لیبڕاڵەکاندا هەن؟ تەنانەەت لەسەر ڕوی مێزی کۆمۆنیزمی باو(سوننەتی) هەن؟ نەخێر! لەسەر ڕوی مێزی کۆمۆنیزمی کرێکاریدا هەیە. وە کاتێک ئێمە جەخت لەسەر ستمکێشی ژنان دەکەینەوە ئەلێن کرێکارتان لەبیرکردوە. وەڵامی ئێمە ئەوەیە کە ڕەخنە لە بێمافیەکانی ژنان قوڵترین ڕەخنەیە لە بۆرژوازی جیهانی. تەنها کرێکار دەتوانێت ژن ڕزگار بکات. تەنها سۆسیالیستەکانن کە دەتوانن ژنان ئازاد بکەن. فێمینیزمی ناسۆسیالیستیمان نیە. من لە ساڵیادی حیزبیشدا وتم ئازادی ناسۆسیالیستیمان نیە. شارستانیەتی ناسۆسیالیستیمان نیە، مەدەنیەتی ناسۆسیالیستیمان نیە. ئەلێیت نا، سەیری ترامپ بکە، ئەڵێیت نا، ئیسلامی سیاسی وکۆماری ئیسلامی ببینە. دەوڵەتەکان وبزوتنەوە بەناو لیبریاڵ-چەپەکان ببینە کە کوشتاری ناموسی نەک لە ئێران بەڵکو لەخودی پایتەختەکانی ئەورپاشدا ئەبەخشن بە ئیسلامیزم. دەزانم کە بەرژەوەندی ئابوریان بەوشێوەیە پێویست دەکات.
بەڵام ئەمە یەک ئاستی کێشەکەیە، ئاستێکی سیاسی-ئابوریە ویەکەمین بەرخورد بە کێشەکە ئەمەیە. بەڵام ئەم بەرژەوەندیە ئابوریەی ئەمڕۆ بەڕێبازی پۆست مۆدێرنیزم تیئۆریزە و ڕونکراوەتەوە و ئاڕاستەکراوە. بۆرژوازی بەفەرمی وبە ئاشکرا دەستی شۆردوە لە شارستانیەت و پێشکەوتنخوازی، بەرژەوەندیە قوڵە ئابوریەکانیشی وە ئابوری سیاسی ئەم قۆناغەی واپێوست دەکات کەمرۆڤەکان لە شوناسە ناوخۆیی، ئاینی، نەتەوەیی، میللی و ناوچەییەکانی خۆیان بئاخنێت وبەو ناونیشانە بیانناسێنێت. یەکەمین وزۆرترین قوربانی ئەم ڕوانگەیە ژنانن. ژنان لەوڵاتانی ئیسلامزەدەدا و ژن لە هەموو وڵاتاندا.
بەهەمان هۆکار ڕوبەڕوبونەوەیەک کە ئێمە لە ئێران هەمانە، خەباتی ئێمە بۆ ڕزگاری ژنان، مەودایەکی جیهانی لەخۆگرتوە. ئەمە ڕوبەڕوبونەوەیەکە لەدژی هەموو سیستەمی فکری، سیاسی و کەلتوری کە فێمینیزمەکەی لە مۆنتریاڵ سەرپۆش دەدات بەسەریدا، ڕۆژی میللی حیجاب ڕادەگەیەنێت وە خوازیاری مزگەت دروستکردن ئەبێت وە داوای جێبەجێکردنی یاسای خێزانی ئیسلامی لە هەرێمی ئۆنتاریۆی کەنەدا ئەبێت وە لە بەریتانیاش هەتا ئەمرۆ مەریەم نەمازی دژی ئەم کۆنەپەرستیە دژە ژنیە دەجەنگێت.
ئێمە لەکەنەدا کارێکمان کرد کە سەرۆک وەزیرانی لیبریاڵی ئەو کاتەی هەرێمی ئۆنتاریۆ پاش زیاتر لەمانگێک کەمپینی بەهێز دژی دادگاکانی شەریعە کە هۆما ئەرجومەند سەرپەرشتی دەکرد لە کۆتاییدا ناچار بوو کە ڕایگەیەنێت یەک وڵات ویەک یاسا. ئەوەی کە ئێمە لە شەقامەکاندا هاوارمان دەکرد وە ئاڵای خەباتمان بوو، لەزمانی سیاسەتمەدارێکی لیبریاڵ هاتەدەرەوە وناچارمانکرد کە بەبنەمای لیبریاڵی ومۆدێرنیستی خۆیدا بچێتەوە. بەرمان بە یاساکانی شەریعە و دادگاکانی ئیسلامی گرت لەکەنەدا، بەڵام خوێندنگە ئاینیەکان هێشتا هەن، قوتابخانەی ئیسلامییان هەیە، قوتابخانەی کاتۆلیکیان هەیە، قوتابخانەی جولەکەیان هەیە.
سکۆلاریزم سێ سەد ساڵ بەرلە ئێستا لە سەردەمی ڕۆشنگەریدا، ڕایانگەیاند کە ئاین لە خویندن وپەروەردە جیایە وە ئیستا چەپترین لیبریاڵی بۆرژوازیەکان خوازیاری خوێندنگەی ئیسلامی، یەهودی وکاتۆلیک وهیترن. وەجارێکی تریش یەکەمی قوربانی هەر ژنانن.
فێمینیزمی واقیعی، فێمینیزمی سۆسیالیستیەو ئەو ئاڵای ڕزگاری ژنانەی کە چینی کرێکار بەرزی دەکاتەوە تایبەتمەندیەکی هەیە کە تەنانەت لە فیمینیزمێک کە لە دەیەی شەست وحەفتاکاندا لە ترۆپکی هێزی خۆیدا بوو چەندینبار لەپێشترە. ئەم تایبەتمەندیانە بەبڕوای من بەر لەهەر شوێنێکی تر لەبزوتنەوەی ڕزگاری ژنان لە ئێراندا نوێنەرایەتی دەکرێت.
کاتێک فشار دەخەیتە سەر زەمبەلەکێک(سپرینگ) وبەرەڵای دەکەیت لە جێگای یەکەمی خۆی ناوەستێت بەڵکو سەدان پێ بەرەو پێشتر دەپەڕێت. کاتێک حکومەت ژنی ئێرانی دەبات بۆ قوڵایی بێمافی، وابیر نەکەیتەوە کەدەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی شا؛ لە سوید لەپێشتر دەبن، قسەکەرانیتری پانێلەکە، شیرین وشەهلا ئەمەیان بەیانکرد. ژن لە ئێران بەشێوەیەک هەڵسوکەوت دەکات وە تەوەقوع وخواستگەلێک دەخاتە ڕوو کەنەک تەنها لە وڵاتانی ئیسلامزەدەدا نائاسایی و لەدەرەوەی داب ونەریتەکانە بەڵکو فیمینیستكی پۆست مۆدێرنیستی تەنانەت لە کۆمەڵگەکەی خۆشیدا ئەو چاوەڕوانیەی نیە کە بەوشێوەیە بێت. بزوتنەوەی ڕزگاری ژنان لە ئێران لەڕوی لێدان لە تاپۆکان و پیرۆزیە ئاینیەکان وپیاوسالاریەکان، لە ڕوی ئازادی پەیوەندی سێکسی کە داوای دەکەن، لەڕوی بانگەشەیەکەوە کە هەیەتی. چاوەڕوانیەک کە هەیەتی، پێشبینیەک کە لە ژیان هەیەتی لەڕیزی پێشەوەی بزوتنەوەی ڕزگاری ژنان لە دونیا وەستاوە.

یەکەمین تایبەتمەندی فێمینیسمی سۆشیالیستی دژایەتی ئاینە وە ئەمە گرنگترین تایبەتمەندی بزوتنەوەی ڕزگاری ژنانە لە ئێراندا. ئاین لەدەوڵەتدا، توندوتیژی ئیسلامی دژی ژنانی گۆڕیوە بە یاسا وخوڕەوشت و پڕوپاگەندەی دەوڵەتی لەکۆمەڵگەدا وە ئەم واقیعیەتە یەک تایبەتمەندی قوڵی دژی مەزهەبی بەخشیوەتە بزوتنەوەی ڕزگاری ژنان لە ئیراندا. بەڵام دەمارگیری دژی ژنان تەنها تایبەت بەئیسلام نیە. پیاوانی یەهودی لە نزاو پاڕانەوەکانیاندا سوپاسی خودا ئەکەن کە بە ژن دروستی نەکردون، کاتۆلیکەکان ژن بەئامڕازی بەرهەمهێنانی منداڵ دەزانن، وە هەموو ئاینەکان دواکەوتوانەترین و کۆنەپەرستانەترین تێڕوانین و یاسای دژی ژنان نوینەرایەتی دەکەن. ئاینە باوەکانی ئەمڕۆ ڕەگوڕیشەیان لەچاخی بەردین و دواکەوتویی مرۆڤایەتیدایە کە ژن وەک کۆیلەی سێکسی و ئامڕاز و کاڵای سێکسی سود لێوەرگرتنی پیاوان مامەڵەی لەگەڵکراوە. لەم ڕوەوە تایبەتمەندی دژە ئاینیبونی بزوتنەوەی ڕزگاری ژنان لە هەموو وڵاتەکاندا لەگرنگترین تایبەتمەندیەکانیەتی.
ڕزگاری ژن لە ئێران لەگروەی ڕەخنەی سۆشیالیستی لە ئاین وشۆڕشی سۆشیالیستیدایە. ناتوانێت بەو شێوەیە نەبێت. چ کەسێک؟ کام دیموکرات، کام لیبریاڵ، کام فیمینیست، ئەیەوێت دادخوازی ژنێک بێت کە ئەیەوێت لەژێر دەسەڵاتی ئیسلام بچێتەدەرەوە؟ فیمینیستی لیبریاڵی کە خۆی لە تۆرۆنتۆو ستۆکهۆڵم ولەندەن خەریکی مزگەوتسازییە، خەریکە بۆ بەرگری لە “کلتوری ئیسلامی” حیجاب دەکاتە سەری، خەریکە چاوپۆشی لە کوشتنی ناموسی دەکات؟ ئایا ئەوانەن دەیانەوێت کیشەی ژنان چارەسەر بکەن؟!
ئاغای ڕەزا پەهلەوی کاتێک دەیەوێت بەرگری لەمافی ژنان بکات وەک بەخێوکەری نەوەی داهاتو شانازیان پێوە دەکات. تاچەر خانم(مارگرێت تاچەر) هەر ئەمەی دەوت، ئاغای ترامپیش هەروا دەڵێت، پاپای مەزنیش هەروا دەڵێت. “بەهەشت لەژێر پێی دایکاندایە” ئەمە بەشێک لەقسەی هەموو مەزهەبیەکان وهیزە ڕاستڕەوەکانە لەبەرگری لە”پێگەی بڵندی ژن” لەکۆمەڵگەدا. هەرکاتێک قەیران دروست دەبێت ژنان دەنێرنەوە ماڵەوە هەتا نەوەی داهاتو پەروەردە بکەن وە کاتێکیش پێویستیان بەهیزی کارەکەیەتی بەنیوەی کرێی پیاو بەکاریدەهێنن. هێشتا کیشەی یەکسانی کرێکان، کرێی یەکسان بەرامبەر بەکاری یەکسان کێشەیەکی چارەسەرنەکراوە تەنانەت لە کۆمەڵگەکانی ڕۆژئاواشدا. لەم ڕوانگەیەوەو لەئاستێکی جیهانیدا دەبێت بڵیت بزوتنەوەی ڕزگاری ژنان، بزوتنەوەی نوێی ڕزگاری ژنان، تایبەتمەندیەکی چەپ و سۆشیالیستی هەیە. ڕەگ وڕیشەگەلێکی ئەم جوڵانەوەیە لە دونیادا ئەبینیت. بەبۆچونی من بزوتنەوەی ناڕەزایەتی خۆڕوتکردنەوەو بزوتنەوەی فێمین نزیکترین جوڵانەوە و ڕەگ وڕیشەی ناڕەزایەتی نویی ڕزگاری ژنانن لە بارودۆخی ئەمڕۆدا.

تایبەتمەندیەکی ئەم جوڵانەوانە – فێمین و ناڕەزایەتی خۆڕوتکردنەوە – تاپۆشکاندنە. تاپۆشکاندن، نەک تەنها تابۆشکێنی دژی ئاین بەڵکو بەگشتی تاپۆشکێنی دژی پیرۆزیەکان و خوڕەوشت وداب ونەریتەکان وکەلتوری دژی ژنان، ئەرکێکی گرنگی ڕزگاری ژنانە. لەسەدا نەوەدی تاپۆکان وپیرۆزیەکان لە دژی ژنانە، لەسەدا نەوەدی خوڕەوشتە بۆگەنەکان لەسەر بنەمای چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ژنان و هەڵسوکەوتکردن لەگەڵ ژن وەک شەرەف، وەک کاڵای سێکسی، وەکو زەعیفە و بەناونیشانی ڕەگەزی دوهەم، وەک دایکی منداڵان، وەکو پەروەردەکەری نەوەی داهاتو، وە وەکو هەموو شتێک جگە لە مرۆڤی یەکسان و هاوبەها لەگەڵ پیاو نەبێت. مەودایەکی گرنگی خوڕەوشتی زاڵ بەسەر هەر کۆمەڵگەیەکدا سوکایەتیکردن وهەڵاواردنە لەدژی ژنان. لەو ڕوەوە تاپۆشکاندن و ڕوبەڕوبونەوە لەگەڵ خوڕەوشت ونەریتە زاڵەکانیش ئەبێت وەک تایبەتمەندیەکی تری بزوتنەوەی نوێی ڕزگاری ژنان هەژمار بکرێت.
تایبەتمەندیەکی تری بزوتنەوەی نوێی ڕزگاری ژنان گشتیبون و جیهانداگریەکەیەتی. ئەمڕۆ هیچ فێمینیستێک قسەلە مافی جیهانداگری و یەکسانی ژنانی هەموو وڵاتان ناکات، لەبەر ئەوەی کە فێمینیزمی ئەمڕۆ لەسەر ناوەرۆک و جێوڕێی پۆستمۆدێرنیزمەوە خۆی پێناسە دەکات. پۆستمۆدێرنیسم بەپێی پێناسە باوەڕی بە بنەمای جیهانیبونی هیچ شتێک نیە، باوەڕی بە جیهانیبونی ئازادی نیە، باوەڕی بەجیهانی بونی شارستانەیەت نیە، باوەڕی بە جیهانیبونی پێشکەوتنخوازی نیە، باوەڕی بەپێشڕەویکردن لە مێژودا نییە، باوەڕی بەوە نییە کە کۆمەڵگەی پێشکەوتوتر لە کۆمەڵگەی تر هەن. دەڵێن ” شارستانیەتی” جیاواز بونیان هەیە و هەموو شارستانیەتەکان یەکسانن. لەو باوەڕەدان کە کەلتوری نەیجیریەکان کە بێوەژن بەبەشێک لە موڵکی باوکی هاوسەرەکەی دەزانن شارستانیەتێکی ترە وە ئەبێت بە بەڕێز هەژمار بکرێت! بەگشتی ڕەەتکردنەوەی جیهانیبونەوە و شارستانیەت وپێشکەوتنی جیهانی پاژنەیەکی ئاسنینی بۆرژوازی ئەمڕۆیە. وە لە ئەنجامدا چەکێکی کاریگەری بزوتنەوەی ڕزگاری ژن جیهانیبونەوەیە. ئەم بزوتنەوەیە دەتوانێت خەڵکی دونیا لە دەورییەک کۆبکاتەوە چونکە تەکنەلۆژیای ئەمڕۆ لەگەڵ ئێمەیە. ئینەرنێتمان لەگەڵە، تویتەرمان لەگەڵە، شۆڕشی میسر جیهانی بویەوە، هەر ئێستا هەواڵی هەفت تەپە جیهانی بۆتەوە، نەک بەهۆی ڕاگەیاندنە فەرمیەکانەوە بەڵکو بەهۆی ئەو ڕاگەیاندنانەی کەبەدەست خەڵک خۆیانەوەیە. ئەوکلیپانەی ئێمە لەوێ وەریدەگرین، ئەو کلیپانەی کەلە سیمینارەکەدا بینیتان لە تەلەفزیۆنی کۆماری ئیسلامیەوە بڵاونەکراوەتەوە، بی بی سیش ئامادەی نەکردوە، خەڵک ئامادەیان کردوە و بڵاویان کردوەتەوە. تەکنەلۆجیای جیهانی لەگەڵ ئێمەدایە. ئەمەش ناکۆکیەکی ترە بۆ پۆستمۆدێرنیستەکان! فەرهەنگێکی ناوخۆیی- ناوچەیی سواری تەکنەلۆژیایەک دەکەن لە کاتێکدا کە هەموو جیهانی بەیەکەوە بەستۆتەوە.
زۆر سەرنج ڕاکێشە! سەردەمانێک کە هەموو شتێک ناوخۆیی ولۆکاڵی بوو تەلەفیزیۆن وڕادیۆ وکۆمپیوتەر نەبوو، بۆرژوازی هاواری بەهاو مافە جیهانداگرەکانی دەکرد، بەڵام ڕۆژێک کە تەکنەلۆجیا ئەوەندە پەیوەندیەکانی نزیکردۆتەوە کە دونیا ببێتە گوندێکی بچوک، هەموو بەهاکان ناوچەیی وناوخۆیی بونەتەوە! بانگەشەی ئەوە دەکەن کەبەها ومافە جیهانیەکان کە هەموو بە ئینتەرنیت پێکەوە بەستراونەتەوە و تەلەفۆن ومۆبایل لە گیرفانی هەر گوندنشینێک دایە، ناوخۆیی – ناوچەییە. لە ڕواڵەتدا بەها ومافەکان ناخۆیی – ناوچەیین، ,بەڵام تەکنەلۆجیا وکەلتوری مادی خەڵک جیهانییە! ناکرێت زانست وتەکنەلۆژی بکەیتە ناوچەیی و ڕێژەیی. ئاخوند کە ناتوانێت بەو وڵاخ هاتوچۆ بکات وەیان ژنی فێمینیست کەبۆ هاوپشتیکردن لەگەل ژنی ئیسلامزەدە سەرپۆش لەسەر دەکات ناتوانێت بڕواتە لای نافورەیەک ئاو بهێنێت وەیان قاپەکان وجلوبەرگەکان بە ئاوی ساردی ڕوبارەکە بشوات! ئامێری جلشۆر و قاپشۆری ئەوێت. ئەوانە ناکرێت بکەیتە ناخۆیی-ناوچەیی، ئەمە جیهانیە. بەڵام کاتیک دەگەین بەئازادی ژن، ئەڵێن هەرکەس بە ئاین وکەلتوری خۆی. لەسەر ئەم ناکۆکیە ئەبێت بۆرژوازی وردبکەین نەک تەنها لەمەیدانی ژناندا بەڵکو لەهەموو مەیدانەکاندا. لە کۆمپیتەرو ئینتەرنێت وڕادیۆ و تەلەفزیۆنەکانیان سود وەردەگرن تا زانست وکەلتور و فەلسەفەیەک کەگەیشتوە بەم دەستکەوتە مادیە جیهانیە ڕەتبکەنەوە! ئەبێت بۆرژوازی لەسەر ئەم ناکۆکیەی بکوترێت و ئێمە خەریکین ئەوکارە دەکەین.
دیاردەیەکی تر کە سیاسی ترە ئەوەیە کە ئەبێت بزوتنەوەی رزگاری ژن خۆی وەک هیزێکی چالاک و چارەنوساز لە دژی ئیسلامی سیاسی ببینێت. ئەمڕۆ ئەوەی کە ئاڵای ئاینی لە سیاسەت ومەیدانی جەنگی چینایەتیدا، لە هەمو شوێنێک نەک هەرتەنها لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەرزکردوەتەوە، ئیسلامی سیاسیە. وە پاژنەی ئاسنینی ئیسلامی سیاسیش کیشەی ژنانە. ڕویەکی هاوبەشی بزوتنەوە جیاوازەکانی ئیسلامی سیاسی،داعش، کۆماری ئیسلامی، ئەرۆغان، ئیسلامی “میانەڕەو” ڕۆحانی وسروش، موجاهید وڕەوتە ئیسلامیەکانی تر، دژە ژنبونی هەموو ئەو‌هیزانەیە. ئەبێت بە ئاڵای ڕزگاری ژنانەوە بچیتە شەڕی ئەمانەوە و ڕەخنەیان لێبگرێت و بیانخاتە لاوە. بزوتنەوەی ڕزگاری ژنان بەتایبەت لەبارودۆخی ئەمڕۆدا ئەبێت تایبەتمەندیەکی ڕادیکاڵی دژایەتی لەگەڵ بزوتنەوەی ئیسلامی سیاسی و دەوڵەتەکان وهێزە سەروکۆنەپەرستەکانی ئەم بزوتنەوەیەی لە هەموو جیهاندا هەبێت.
وە سەرئەنجام بەلەبەرچاوگرتنی هەموو ئەو تایبەتمەندیانەی کە ڕونمکردنەوە ڕەخنەی پایەیی لە بۆچون وتیئوری پۆستمۆدێرنیزم لە گۆشەنیگای کێشەی ژنان وبێمافی ژنان یەکێک لە ئەرکە بنەڕەتیەکانی بزوتنەوەی ڕزگاری ژنانە لەم سەردەمەی ئێمەدا.
من قسەکانم بەوە کۆتایی پێدەهێنم کەلە ئێران ژنان لە بێمافترینەکانن. یەکێک کە گۆێبیستی ئەوە دەبێت کەلە کۆماری ئیسلامیدا ژنان مافی ئەوەیان نیە وەک تەماشاچیش بڕۆنە ناو یاریگاکانەوە لەوانەیە وابیربکاتەوەکە ڕێگەدان بە چونە ناو وەرزشگا وەک دەستکەوتیک یان شتێکی لەو جۆرە ژنی ئێرانی ڕازیبکات. بەبڕوای من کەسێک کە بەو ئەنجامە گەیشتبێت هەڵەدەکات. مەنسور حیکمەت دەڵێت ناتوانیت کەمێک ئازادی بدەیتە خەڵکی وڕازیان بکەیت. خەڵک تەواوی ئازادیان دەوێت. ناتوانیت ژنان بگێڕیتەوە بۆ سەردەمی شاو بڵێیت سەرکەوتین! ئیستا لەجیاتی ڕۆژی لەدایک بونی فاتیمەی زەهرا ئاشکراکردنی حیجابی ڕەزاخانی دەکەن بەجەژن. وەلە گەڕان بەدوای ڕوخساری ژنی ئازاددا لەجیاتی ١٤٠٠ لەمەبەر، دەگیڕنەوە بۆ ٢٥٠٠ساڵ لەمەوبەوبەر. ئیتر ئەمە وەڵامی هیچکەس نیە. ئەمەوێت بڵێم ئەوەی کە ژنی ئێرانی گەیاندوەتە بێخی بێمافی، مانای ئەوە نییە کە بەکەم ڕازی دەبن بەڵکو مانای ئەوەیە کە دەگەرێتەوە و لە لەوپەڕی ئازادیدا دەوەستێت. ئێمە بەردەوام وتومانە کە شۆڕشی ئێران گورزی کۆتایی ئەدات لە ئیسلامی سیاسی. منیش ئەوەی بۆ زیاد ئەکەم کە شۆڕشی ئێران هەروەها لیدانیکی کاریگەر دەبێت لە بێمافی ژنان لە هەموو دونیا.

لەگەڵ سوپاسم بۆ ئەمیر تەوەکولی بۆ نوسینەوەی دەقی ئەم قسەوباسە
*قسەوباسی حەمید تەقوایی لە سیمیناری “ژنان، شۆڕشی ژنانە وبزوتنەوەی ڕوخاندنی کۆماری ئیسلامی” لە ٨ی دیسەمبەری ٢٠١٨ پێشکەشکراوە ودواتر لە ئەنتەرناسیۆناڵی ژمارە ٧٩٥ بڵاوکراوەتەوە.

وەرگێڕانی لە فارسیەوە: کاوە عومەر
پێداچونەوە: هیوا ئەحمەد




بۆ ڕۆژی جیهانی ژن …. چاوە

چرا هەڵکەین

هەستن زووکەن چرا هەڵکەن
سات ساتی ڕێ داگرتنە
با بە کۆمەڵ چرا هەڵکەین
بەرچاومان ڕوون بکەینەوە
دەوری دونیا بدەینەوە
دونیا تاریکە
تا بڵێی تاریک تاریک
ڕێ بڕانه و ئەنگوستەچاو
چاو چاوی چاودار نابینێ
بینایی بستێ بڕ ناکا
کەس هەنگاوێ ڕێ دەر ناکا
هۆ گشت کەسان! هۆ بێبەشان!
هۆ ژنانی بێماف و لاوانی بێباک!
هۆ عاشقانی ئازادی!
با هەر کامەو لە ئاست خۆمان چرا هەڵکەین
چرای بەرچاو ڕوونکەر هەڵکەین
با ڕێبواران ڕێ دابگرن
هۆ هۆ دەستەی مەشخەڵ بەدەست
مەشخەڵەکان بەقەد باڵای هیمالایا بەرز کەنەوە
با لە مەشخەڵی ئۆلۆمپیک گەشێن و گەشاوەتر بن
وەک مەشخەڵی ئۆلۆمپیکیش جیهانگر و جیهانگەڕ بن
دەوری دنیایان پێ بکەین
شاربە شار، گەڕەک بە گەڕەک
جادە جادە و کۆڵان کۆڵان
ڕووناکایی بپژێنینه دەر و ماڵان


چاوە – ٧ی مارسی ٢٠٢٠




ده‌سكه‌وته‌كان و مافه‌كانی كورد له‌پاش ڕاپه‌رینه‌وه‌ … ئه‌حمه‌د كامه‌ران

ڕاپه‌رین یاخود شۆِرش, ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه‌ له‌لایه‌ن چینی هه‌ژاران و كرێكاران و گه‌لی سته‌ملێكراو درووست بووه‌, ئه‌مه‌ش به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌و گه‌له‌ یاخود ئه‌و چینه‌ هه‌ژاره‌ به‌رده‌وام له‌ژێر سته‌ملێكردن دابوو له‌لایه‌ن كه‌سانی فه‌رمانڕه‌واو كه‌سانی كاربه‌ده‌ستی سه‌رمایه‌داری زه‌به‌لاحه‌وه‌,هه‌ربۆیه‌ له‌ ده‌رئه‌نجامدا ئه‌و گه‌ل و چینه‌ هه‌ژارانه‌ وه‌ به‌تایبه‌تیش چینی كرێكاران ده‌ستیان نایه‌ ناو ده‌ستی یه‌كتر و زه‌نگی ڕاپه‌رین و شۆڕشیان لێدا له‌ دژی ده‌سه‌ڵات داره‌ فاشیزم و دیكتاتۆره‌كان,ئه‌گه‌ر چی ده‌رئه‌نجامی به‌شێكی ئه‌و ڕاپه‌رینانه‌ كه‌ له‌مێژوودا هه‌ڵگیرساوه‌ زۆربه‌یان ده‌رئه‌نجامی باشیان هه‌بووه‌ , وه‌ به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ هه‌ندێكی تر هیچ گۆڕانێكی ئه‌وتۆی به‌سه‌ر نه‌هاتبوو.

هه‌موو گه‌لێگ له‌ جیهان به‌پێ قۆناغ و بارودۆخه‌ جیاوازه‌كان زه‌نگی ڕاپه‌رین و شۆڕشیان لێداوه‌ له‌پێناو سه‌ربه‌خۆیی و سه‌قامگیری ئابووری و سیاسی و كۆمه‌ڵایاتی,هه‌روه‌ها له‌نێویشیاندا گه‌لێكی ستمه‌لێكراوی گه‌وره‌ی ئه‌م گۆی زه‌ویه‌دا كه‌ به‌رده‌وام له‌ژێرده‌سته‌و چه‌وساندنه‌وه‌دا خۆی بینیوه‌ته‌وه‌ ئه‌ویش گه‌لی (كورده‌) ئه‌و گه‌له‌ی كه‌ خاكه‌كه‌ی دابه‌ش كراوه‌ بۆسه‌ر چوار پارچه‌…به‌ڵام له‌ كۆتایه‌كانی سه‌ده‌ی بیسته‌م له‌ ڕۆژی 5|3|1991 پارچه‌یه‌كی گه‌لی كورد ده‌ست ده‌خه‌نه‌ نێو ده‌ستی یه‌كترو بڕیاری ڕاپه‌رین و شۆڕش ده‌ده‌ن له‌ دژی ده‌سه‌ڵاتی دیكتاتۆری داگیرگاری به‌عس كه‌ له‌ شۆڕشه‌كه‌یان داوا ده‌كه‌ن خاكه‌كه‌یان چۆڵ بكه‌ن و سه‌ربه‌خۆ بن خۆیان ده‌سه‌ڵات داری خۆیان بكه‌ن , چوونكه‌ ئیتر تووڕه‌یی گه‌یشتبووه‌ سه‌ر ئێسكه‌كانی گه‌لی كورد, ئه‌و پارچه‌یه‌ش باشووری كورستان بوو كه‌ یه‌كه‌م ناوچه‌ش زه‌نگه‌كه‌ی لێدرا شاری(ڕانیه‌)بوو.

بۆ دواجا توانیان ڕژێمی به‌عس شار به‌ده‌ر بكه‌ن و خاكه‌كه‌یان ئازاد بكه‌ن له‌ژێر چنگی دووژمنان , ئیتر له‌پاش ئازادبوونی پارچه‌ی باشووری كوردستان كه‌ لكێندرابوو به‌عێراقه‌وه‌ كه‌ توانی قه‌واره‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ بۆ خۆی درووست بكات و حكومه‌ت و په‌رله‌مانیش دابمه‌زرێنێت به‌ناوی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌, واته‌ له‌وه‌ به‌دوادا ئه‌م پارچه‌ی بۆ خۆی كاروباره‌كانی خۆی به‌ڕێوه‌ده‌بات هه‌روه‌كو نیمچه‌ سه‌ربه‌خۆیه‌ك , به‌ڵام جیاواز له‌ سێ پارچه‌كه‌ی تر كه‌ به‌وڵاتانی سوریا و توركیاو ئێران لكێنرابوون به‌رده‌وام بوون له‌ ژێر ده‌سته‌ی ئه‌و سێ ده‌وڵه‌ته‌ .
هه‌ڵبه‌ته‌ به‌شێكی ئه‌و داگیركاری و چه‌وساندنه‌وه‌ی كورد كه‌ له‌به‌رامبه‌ری ئه‌نجام ده‌درێت, ده‌گه‌ڕێته‌ بۆ نێو خودی یه‌كڕیزی خۆی چوونكه‌ ده‌سه‌ڵات دارانی كورد هیچ كاتێك كاریان له‌سه‌ر گوتاری یه‌ك ده‌نگی و یه‌ك هه‌ڵوێستی نه‌كردۆته‌وه‌ ,بۆیه‌ به‌رده‌وام دووژمنان زه‌فه‌ریان به‌كورد هێناوه‌, دیارترین نمونه‌ش ئه‌وه‌ بوو كه‌ له‌پاش چه‌ند ساڵێكی كه‌م له‌ درووست بوونی هه‌رێمێكی نیمچه‌ سه‌ربه‌خۆ به‌ڵام نه‌بوونی یه‌ك ده‌نگی و گوتاری هاوبه‌ش وای كرد كه‌ دوو هێزی ده‌سه‌ڵات دار پارتی و یه‌كێتی بكه‌ونه‌ جه‌نگ و سه‌نگه‌ر له‌یه‌كتر ڕابگرن كه‌ ئه‌و شه‌ڕه‌ش به‌ شه‌ڕی ناوخۆ داده‌نرا, واته‌ لێره‌و دووباره‌ پرسه‌كان و ده‌سكه‌وته‌كانی كورد كه‌وتنه‌ مه‌ترسیه‌وه‌ به‌هۆكاری كێشه‌و ناخۆیه‌كانی نێو ماڵی كورد, هیچ دوور نه‌بوو كه‌ كورد به‌هۆی ئه‌و جه‌نگه‌ ناوخۆیه‌وه‌ ئه‌و نیمچه‌ قه‌واره‌یه‌ی خۆی له‌ده‌ست بدات, به‌ڵام هه‌وڵه‌كانی نێوده‌وڵه‌تی وكه‌ش و هه‌وا سیاسیه‌كه‌ ڕێگای به‌و بارودۆخه‌ نه‌دا كه‌ جارێكی تر پارچه‌ی باشووری كوردستان بكه‌وێته‌وه‌ ژێر ده‌ستی عێراق وه‌كو پارێزگایه‌كی ده‌ره‌جه‌ دوو و سێ مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ دا بكات.
ئه‌گه‌رچی له‌ كۆتایی دا جه‌نگ له‌نێوان ئه‌و دوو هێزه‌ ده‌سه‌ڵات داره‌ كۆتایی هات به‌ڵام ساردی و گرژی و ئاڵۆزی و گوتاری دژ به‌یه‌كیان له‌نێوان دا به‌ردوام بوو.
هه‌رچه‌نده‌ له‌پاش ڕاپه‌ڕینه‌وه‌ ده‌ست كرا به‌درووسكردنی پڕۆژه‌ و خزمه‌تگوزاری به‌ڵام ته‌نیا به‌وشێوه‌یه‌كی لاوه‌كی بوون به‌ڵكو به‌شێوه‌یه‌كی زه‌ق نه‌توانراوه‌ سه‌رجه‌م ئه‌و پڕۆژه‌و خزمه‌تگوزاریانه‌ پێشكه‌ش به‌ هاوڵاتیان بكرێت له‌لایه‌ن حكومه‌تی كوردیه‌وه‌ كه‌ له‌ پاش ڕاپه‌رین دامه‌زرا, له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كه‌ من تێبینم له‌م حكومه‌ته‌ كوردیه‌دا كردوه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ڕۆژ به‌ ڕۆژ بناغه‌ی چینایه‌تی له‌نێو كۆمه‌ڵگای كوردی به‌ره‌و زه‌ق بوونه‌وه‌ ده‌ڕوات له‌سه‌رجه‌م كه‌رته‌كانی خزمه‌تگوزاری كه‌وه‌كو یه‌ك پێش كه‌ش ناكرێت بۆ سه‌رجه‌م تاكه‌كان.

ئه‌گه‌ر چی ئێستا پارچه‌ی باشوور به‌ نیمچه‌ سه‌ربه‌خۆیه‌ك داده‌نرێت جیاواز له‌ پارچه‌كانی تر, به‌ڵام عێراق به‌رده‌وام هه‌وڵی ئه‌وه‌ ده‌دات ئه‌و پارچه‌ سه‌ربه‌خۆیه‌ی كوردستان بگه‌ڕێنه‌ته‌وه‌ ژێر ده‌ستی خۆی به‌هه‌ر ڕێگایه‌ك بێت كه‌ ئه‌وه‌ش وه‌كو خه‌ونێكی كوڵاو وایه‌ , به‌ڵام له‌ساڵی 2017 كورد بڕیاری ڕیفراندۆمێكی دا كه‌ ئیتر به‌یه‌كجاریه‌تی ماڵئاوایی له‌ عێراق بكات, به‌ڵام ئه‌و ڕیفراندۆمه‌ شكستی هێناو ده‌رئه‌نجامه‌كه‌ی بووه‌ له‌ ده‌ستدانی به‌شێك له‌ خاكی كوردستان, به‌ڵام خۆی له‌ بنه‌ڕه‌تدا ئه‌و به‌شه‌ی كه‌ له‌ ده‌ستی كورد ده‌رچوو ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان بوون واته‌ هیچ په‌یوه‌ندیه‌كی فه‌رمی به‌كورده‌وه‌ نه‌بوو به‌ڵكو به‌داخه‌وه‌ ناوچه‌یه‌كه‌ دووژمنان وه‌كو گورگ چاویان ناوه‌ته‌ سه‌ری كه‌ هه‌ریه‌ك له‌ پێكهاته‌كانی ئه‌و ناوچانه‌ ده‌ڵێن: (هی ئێمه‌یه‌) به‌ڵام ڕاستی ته‌نیا هی كورده‌و موڵكی هیچ كه‌سێكی تر نیه‌.
پێویسته‌ كورد جارێكی تر ڕاپه‌رینێكی گه‌وره‌تر بكات به‌هه‌ر چوار پارچه‌كه‌یه‌وه‌ بۆ درووست بوونی كوردستانێكی گه‌وره‌و ئازاد كه‌ له‌ ژێر چه‌تری ئاڵای ڕه‌نگینی كوردستاندا بحه‌سێته‌وه‌, چوونكه‌ ئیتر ئه‌و كاته‌ كورد سه‌رجه‌م ماف و دسكه‌وته‌كانی به‌ده‌ست ده‌هێنێت.




كورد بڕیاری داوه‌ تێنه‌گات! … د. زاهیر سۆران

کورد وتەنی: لەکانی درەنگیان پێچووە ، لە ڕێگە ڕادەکەن!
سەعید گەوھەر خوای لێخۆش بێت، دەیوت:
کورد گوێناگرێت و تەنیا بۆ دوو شت بەکاری دەھێنێت ، گوارەو عەینەک !

وەک ده‌ڵێن ٣ جۆر مرۆڤ هه‌یه‌:
١-مرۆڤێک ‌ بڕیاری داوه‌ تێ نه‌گات. (ئه‌م جۆره‌ كه‌سانه‌ بڕیاریان داوه‌ له‌ هیچ تێ نه‌گه‌ن).
٢-مرۆڤێکی دیی بڕیاری داوه‌ كه‌م (به‌ ئاسته‌م) تێ بگات. (ئه‌مانه‌ به‌ رێژه‌یه‌كی به‌رز ناتوانن تێبگه‌ن و دوو دڵن).
٣-مرۆڤی سێیەمیان بڕیاری داوه‌ تێ بگات. ئه‌م جۆره‌ مرۆڤانە‌ به‌ماندوو بوون و شه‌ونخونی كێشان هه‌وڵ ده‌ده‌ن هه‌لو‌مه‌رجه‌كان بقۆزنه‌وه‌ و تێ بگه‌ن!
قوربانتان نه‌بم! به‌بێ زوویر بوون و ناوناتۆره‌ داهێنان (كورد چیكلدانه‌ی بچووكه‌و داهێنه‌ری تێكشكاندنی یه‌كدییه‌) له‌ یه‌كتری ئێمه‌ (حه‌ج و به‌گی هی خۆمانه‌) هه‌روه‌ك رووداو ده‌ڵێ یه‌كه‌می بێ ڕكه‌به‌رین ، واته‌ جۆری یه‌كه‌مین! ئێمه‌ نه‌خۆشییه‌كه‌مان نه‌بووه‌ به‌ڵكو بۆمانیان هێنا یان ئه‌وه‌ته‌ بۆمان ده‌هێنن كه‌ پێی ده‌ڵێن‌ نه‌خۆشی هاورده‌ ، نه‌گبه‌تییه‌كه‌ له‌وه‌دایه‌ ئێمه‌ی كورد به‌رده‌وام به‌ هه‌موو شتێك گاڵته‌مان پێ دێت و ده‌ڵێین : فشه‌یه‌.
توخواكه‌تان چه‌ند كه‌س هه‌وڵی داوه‌ له‌مێژووی پڕخه‌بات و قوربانی و ئه‌نفال و كیمیاباران و كۆڕه‌و هه‌موو نه‌هامه‌تییه‌كانی دی ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه‌ وانه‌یه‌ك وه‌رگرێت و لێی تێبگات (به‌ په‌نجه‌ی ده‌ست ده‌ژمێردرێت).
پاش ڕاپه‌ڕین ده‌سته‌ڵاتدارانی كورد كامیان هه‌وڵیاندا له‌ ئازادی و دیموكراتی و په‌ڕله‌مان و ئه‌ركی سه‌رشان و هه‌ست به‌ لێپرسینه‌وه‌و مافی مرۆڤ و به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی كه‌سوكاری شه‌هیدان و بێده‌ره‌تانی ئه‌م میلله‌ته‌ به‌سه‌ر بكاته‌وه‌ یان شه‌ڕی ده‌روونی و نائارامی قه‌یرانه‌ یه‌ك له‌دوا یه‌كه‌كان كه‌ به‌رۆكی كوردی ده‌گرت بڕه‌وێنێته‌وه‌ به‌ده‌گمه‌ن كه‌سانی گونجاو بۆ شوێنی گونجاویان داناوه‌ تاد… یان شه‌وو رۆژیان خسته‌ سه‌ریه‌ك و هه‌وڵیاندا بۆ دروستكردنی ده‌وڵه‌تۆكه‌یه‌ك ؟ میلله‌ت ده‌ڵێت : هه‌وڵیان دا بۆ خۆیان .

پاش رێفراندۆم كام سه‌ركرده‌ بوێرانه‌و (غاندی) ئاسا به‌رده‌وام هه‌وڵیاندا بۆ به‌دیهێنانی ئه‌و خه‌ونه‌ دێرینه‌ی كورد (ده‌وڵه‌تی كوردی) كه‌ له‌م ١٠٠ ساڵه‌ی رابردوودا زێده‌ترله‌ نیو ملیۆن كوردی نه‌گبه‌تی له‌بیرچووی كرده‌ سووته‌مه‌نی و وه‌ك تڕی بن گۆم له‌ده‌ستمان چوون .
با ئیمڕۆشی له‌سه‌ر بێت كه‌ یه‌كێك له‌ مه‌ترسیدارترین نه‌خۆشی به‌رۆكی پێگرتووین به‌ڵام ئێمه‌ هه‌ر وه‌ك جاران چۆن شه‌ڕی خۆتڕێنمان كردووه‌ (پێشمه‌رگه‌ی باش بووین) ئێستاش به‌ كه‌للە‌ ‌ره‌قییه‌كه‌ی جاران و به‌رده‌وام خه‌ریكی هاوار هاوارو سه‌رچۆپی و هه‌لهه‌له‌ی عاره‌بین واده‌زانین به‌و بۆچوونه‌ هه‌ڵه‌یه‌ی خۆمان كه‌ وه‌ك (وەژارەیەک) وه‌همێك بۆ خۆمانمان دروستكردووه‌و كه‌ وای تێ گه‌یشتووین (‌هه‌‌موو دونیا هه‌ڵه‌یه‌ و ترسنۆكه‌) هه‌رخۆمان به‌ڕاست ده‌زانین وخۆمان كردۆته‌ سوور‌ی به‌رله‌شكری كاره‌سات و نه‌گبه‌تی و له‌ناو بردنی خۆمان به‌ ده‌ستی خۆمان و فیتی بێگانه‌ خۆمانی پێ فریو ده‌ده‌ین.
ئا له‌م سات و كاته‌دا زۆربه‌ی زۆرمان ڤایرۆسی كۆرۆناو دینی ئیسلامی پیرۆزی وه‌ك چێشتی مجێو‌ر تێكه‌ڵی كردووه‌، ده‌رئه‌نجامه‌كه‌شی باش نییه‌ و باشیش نابێت له‌وانه‌یه‌ فره‌ خراپ به‌سه‌رماندا بشكێته‌وه‌ ئه‌و كاته‌ گه‌ر بتوانین خۆمان له‌سه‌ر پێ بگرین ئه‌وسا ده‌بێت كاڵه‌ك به‌ ئه‌نۆ بشكێنین له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌ر كاتێك دیین تێكه‌ڵ به‌ زانست و حوكم كرا كاره‌ساتی دڵته‌زێن و نه‌گبه‌تی به‌دواوه‌یه‌ و له‌به‌رئه‌وه‌ ده‌بێت حكومه‌ت به‌ جورئه‌ت بێت و بڕیارده‌ر بێت نه‌ك ئه‌م و ئه‌وكاریگه‌ری بكه‌نه‌ سه‌ر كۆمه‌ڵگا وهه‌رزه‌كاره‌كان فریو بده‌ن و به‌ هه‌ڵه‌دا بیابه‌ن ، گه‌رم و گووڕترین نمونه‌و به‌ڵگه‌‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌كه‌یه‌ له‌ كوریای باشوور .
ئه‌م وڵاته‌ یه‌كێكه‌ له‌ ده‌وڵه‌ته‌ نمونه‌ییه‌ پێشكه‌وتووه‌ پیشه‌سازییه‌ سه‌ركه‌وتووه‌كانی دونیا . كاتێك ڤایرۆسی كۆرۆنا گه‌یشته‌وڵاته‌‌كه‌‌ كۆمه‌ڵێكی سنوورداری دیندار بوونه‌ هۆی تووشبوونی نزیكه‌ی ٤٠٠٠ كه‌س، كاتێك حكومه‌ت پێیزانی كارله‌كار ترازا بوو هه‌رچه‌نده‌ دواتر سه‌ركرده‌ ئایینیه‌كه‌ به‌ به‌رچاوی كامێراكانه‌وه‌ داوای لێبوردنی له‌ میلله‌ته‌كه‌ی كرد به‌ڵام دره‌نگ بوو له‌به‌رئه‌وه‌ داواكاری گشتیی وڵاته‌كه‌ سه‌ركرده‌كه‌ی تۆمه‌تباركرد به‌ فریودان و رێگرتن له‌ ئه‌نجامدانی كاری كارمه‌ندانی خۆپاراستن و‌ هۆشیاركردنه‌وه‌ی ته‌ندروستی و بڕیاره‌ بیده‌نه‌‌ دادگا.
هاوڵاتیانی به‌رێز، ئه‌م ڤایرۆسه‌ هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی‌ به‌ هیچ دیینێك و نه‌ته‌وه‌یه‌ك و بیروباوه‌ڕێكه‌وه‌ نییه،‌ ته‌نانه‌ت بە ئایینی ئیسلامی پیرۆزه‌وه‌ مزگه‌وت داخستن و نه‌مانی پرسه‌و گرتنه‌به‌ری رێوشوێنه‌ تەندروستییەکان، ته‌نیا بۆ رێگرتنه‌ له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌كه‌ (له‌وشوێنانه‌دا خه‌ڵكی له‌ پاڵ یه‌كدان، ئه‌وه‌ش مه‌ترسییه‌كه‌یه‌) به‌ڵكو په‌یوه‌ندی هه‌یه‌ به‌ چۆنییه‌تی په‌تازانی ڤایرۆسه‌كه‌، خۆپاراستن له‌ ڕێگاكانی بڵاوبوونه‌وه‌و نێزیك نه‌بوونه‌وه‌ له‌ كه‌سانی گومانلێكراو یان تووشبووه‌وه ‌. هه‌موو ئاینه‌كان جوانن به‌ مه‌رجێك ئایین بۆ مه‌به‌ستی تایبه‌تی یان شه‌خسی به‌كار نه‌هێنرێت ، نموونه‌ و به‌ڵگه‌ش كۆریا بوو. له‌به‌رئه‌وه‌ی مه‌ترسی كۆنتڕۆڵ نه‌كردنی ڤایرۆسه‌كه‌ له‌ ئارادایه‌ چونكه‌ لای خۆمان‌ له‌سه‌ره‌تای بڵاوبوونه‌وه‌یداین و ده‌بێت ئه‌و راستییه‌ تێبگه‌ین و بزانین كه‌ هه‌رێم‌ ده‌وڵه‌تی چین، ئێران، ئیتالیا، كۆریاو ئیمارات نییه‌ كه‌ شه‌وو رۆژ به‌ هه‌موو توانای زانستی و بودجه‌كانیانه‌وه‌ ناتوانن رێگه‌ له‌ تووشبوونی هاووڵاتیانیان بگرن.

تكا ده‌كه‌م بۆ دواجار له‌ كه‌لی شه‌یتان وه‌رنه‌ خواره‌وه‌و هه‌وڵ بده‌ن تێبگه‌ن دوژمنێكی نه‌ناسراوی نه‌بینراو له ‌نێوماندایه‌ خۆتان له‌ یه‌كتری به‌ دوور بگرن، با هه‌ركه‌س له‌شوێنی خۆیه‌وه‌ خودا په‌رستی خۆی بكات خودا هه‌موومان ده‌بینێت پێویستی به‌ خۆ ریزكردن، خۆ ده‌رخستن ، هاوار هاوار ، وێنه‌وگرتن و سێلڤی نییه‌ به‌ڵكو پێویسته‌ دڵ و ده‌روون و ویژدانی خۆتان پاك رابگرن به‌بێئه‌وه‌ی زیان به‌كه‌سانی دیی بگه‌یه‌نێت واته‌ تووشی ڤایرۆسه‌كه‌یان بكات. له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌م حكومه‌ته‌ی ئێمه‌ هیچ توانایه‌كی دارایی ، پسپۆری خۆپاراستن ، سه‌نته‌ری ده‌ستنیشانكردن و كۆنترۆڵكردنی نه‌خۆشییه‌‌كان (پرۆژه‌یه‌كه‌ زێده‌تر له‌ ٩ ساڵه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی حكومه‌تی كوردستان فڕێ‌ دراوه‌) و ته‌نانه‌ت‌ وكه‌لوپه‌لی پزیشكی پێویستی له‌به‌رده‌ستدا نییه‌ (ئه‌وان خه‌ریكی شتێكی ترن) تا تووش نه‌بووین با سه‌رمان بپارێزن با خۆمان خه‌ریكی خۆپاراستنی خۆمان بین بۆئه‌وه‌ی دوایی وه‌ك (چین و ئێران) مان لێ نه‌یه‌ت خۆشه‌ویسته‌كانمان بكه‌ونه‌ سه‌رشه‌قامه‌كان و ته‌نانه‌ت نه‌توانین لاشه‌كانیان كۆ بكه‌ینه‌وه‌ !

د. زاهیر سۆران
پسپۆری نەخۆشییە درمییەکان و گشتییەکان – سلێمانی
٧ی مارس ٢٠٢٠




ڤایرۆسی دۆلارۆنا … نەوزاد بەندی

وەریگرن ..
لەو دەملیارەی
ئەوروپا ..بەشی خۆتان ..
بیخەنە سەر ئەوانی تر ..
بێ دۆلار چرکەیەک ناژین ،
کە کۆرونایش ملی شکان ،
ئەبنە تیری کەوانی تر ..
وەریگرن ..
چونکە ئێوە ،
لە مێژە به دۆلار نەبێ ،
هەناسەتان بۆ نامژرێ ..
ئەزانی لەوەتەی هاتوون
لەبەر دۆلار
خوێنی ڕەش و
ڕووت و هەژار ،
بە حەق و ناحەق ئەڕژرێ ؟
ئەزانی ئێوە موعتادی
دۆلار و یۆرۆی
حازرین ؟
وا ڕاهاتوون ..
وەریگرن ..
گەر سەری گرت ،
سەری گرن ..
گەر بەری گرت ،
هەڵیگرن ..
وەریگرن ..
ئیتر هیچ کێشەمان نییە ،
تەنها ئەفسانەی
عەنتەری کۆرۆنا و
بەس ..
وەریگرن ..
بەڵکو ئەمە خوایە ببێ
به دواقەپاڵی
تاڵانی و ..
بێنن هەرەس..

وەریگرن ..
ئەوە تاکە پیشە و
ئیش و
بەهرەتانە ،
هەم لەئێستا و هەم لە کۆنا ..
ئەوەیش ماک و نیشانەیە
هی ڤایرۆسی
دۆلارۆنا ..




دوو هۆنراوە بۆ منداڵان … عەلی حەمەڕەشید بەرزنجی

خاوێنم

ھەتا خــــاوێن بم
کردوومـە بـــە خوو
وەکـــــو پێویستی
ڕۆژانــــــە زوو زوو
بــــۆ ڕاگــــرتنی
پاکیی جەستەی خۆم
دێم دەستەکــانم
بـە سـابون دەشۆم
…..

سابون

من سابونم کەف دەکــــەم….بـــــۆپاکیی ھەوڵدەدەم

چڵک و میکــرۆب و پیسی….ڕادەکــەن کـــە منیان دی

لەگەڵ ئاو دا دوو ھــاوڕێین….بەیەکەوە بەکـــــار دێین

تـــا لە نەخۆشی دوور بن….دڵخۆش و ڕومەت ســور بن

بــە سابون دەستتان بشۆن….پاشان بۆ خـــواردن بڕۆن

من ھــــۆی خاوێنی ئێوەم…..بــۆ خزمەتتان بەڕێوەم

2020/2/26
عەلی حەمەڕەشید بەرزنجی




پەتا؛ تیئۆر و شوناس … ڕزگار عومەر

ئەمڕۆ؛ بە حوکمی کارەکەم دەبوایە بچوومایە کۆبوونەوەیەك لە یەکێ لە هۆتێلەکانی عەنکاوە لە شاری هەولێر. جارانی پێشوو؛ دەچوومە کۆبوونەوەی هاوشێوە سیکیوریتەکان تەرکیزێکی زۆریان لەسەر جانتاکەی شانم دەکرد و دەبوایە سەیری بکەن و بیپشکنن وەکو بەشێك لە ئەرکەکانیان. ئەمڕۆ ئەگەرچی جانتاکەی شانم ئەگەرچی گەورەتر بوو بەڵام سیکیوریتیەکان هیچ سەیری جانتاکەیان نەکرد، بە داوایەکی ” نیمچە فەرمانپێکردن” ووتیان بێ زەحمەت لەسەر ئەم هێڵە بوەستە، بەو ئامێرەی کە لە دەمانچە دەچێ نێوچەوانیان پشکنیم ، کە دڵنیابوون گەرمی لەشم هەڕەشە نیە ووتیان ” فەرموو” ، من ئەوەم پێ کارێکی زۆر دروست و پێویست بوو.

ئێمە لە سەردەمێکی زۆر ناهاوسەنگ و پڕ لە هەڕەشە دەژین؛ جەنگەکان، تێکچوونی سروشت و ژینگە ، داڕمانی ئابوری جیهانی، پەتا تەندروستیەکان کە لە ساڵی ٢٠٠٠ وە چەند ساڵ جارێك ڤایرۆسێك پەیدا دەبێت !
هەموو ئەو هەڕەشانە نەك تەنیا موژدەکانی جیهانگیری وەکو گەڵای داران هەڵوەران، بەڵکو لە جیاتی موژدەکان و دونیایەکی باشتر، بەجیهانی کردنەوەی ” چارەنوسی نادیار” لە ئێستادا جێگیر بوو.
جیهانگیری بە تێگەیشتن و تەماحە ئابوریەکانی لە گەڵ هەڵوەرینیدا ئەو لق و پۆپانەشی لە گەڵ خۆی ووشك کردەوە؛ کە دەیتوانی کۆششی نێونەتەوەیی مرۆڤەکانی ئەم زەمینە لە یەك پلاتفۆرمی عەمەلی کۆبکاتەوە بۆ ڕووبەڕووبونەوەی هەڕەشەکان، ئەوەی ئێستا لە جیهاندا زۆربەی دونیا بە یەکەوە گرێ دەدا ” ترسه “، ئەو شتەی فرۆید لە شوێنێك جەرئیتر لە هەموومان پێناسەی دەکاو پێ ی دەڵێ ” سوڵتانی تۆقین : مردن ” .
لەم کۆبوونەوە یونیڤێرسالەی ترسدا کە بێ گرێدانی هیچ کۆنفرانسێکی نێو نەتەوەیی و بێ هیچ تێچوونێکی پێشوەختەو ئامادەکاری تیئۆری بەدەست هات سنوورە جوگرافیەکان توندتر دەکرێن. یەکەمجارە سەفەر نەکردن و بڕیاری تاکەکان بۆ خۆشاردنەوە لە ماڵەوە دەبێتە تاعونێکی ئابوری بۆ کۆمپانیاکانی گەشت و گوزارو بۆ ئەو ووڵاتانەی بژێوی سەرەکیان لەسەر هاتنی ” ئەوانیتر” بوو.
ئەزموونێك کە ئەم ترسە خوڵقاندی تەنیا ئیحتیات وەرگرتنی زیاتری تەندروستی نیە، بەڵکو بە شێوەیەکی زۆر ترسناك و خوێناوی و پڕ لە مردن نیشانی داین هەڵوێستی سەرتاسەری بۆ نموونە سەفەر نەکردن دەتوانێ چۆن سیستەمی ئابوری و تەونی بەرژوەندی و پارە وێران و ڕسوا بکات.
کاتێ مرۆڤەکانی دونیا لە نێوان ژیان مردن مانەوە هەڵدەبژێرن ، ئەم هەڵبژاردنە ئەگەرچی سەد لە سەد تەندروستیە بەڵام ئیلهامێکی بە هێزی نێونەتەوەیشە بۆ هەر کەسێك کە بیەوێ ببینێ لە دونیای واقیعیدا سایزی گەورەی هەڵوێستی یەکگرتوو چی دەخوڵقێنێ! ئیلهامیشە بۆ هەر کەسێك ئەگەر لەم هەرا و تۆقینە جیهانیەدا بڕوای وابێت هیشتا دەرفەتێك ماوە بۆ بنیات نانەوەی پڕۆسەی هەڵوێستە گشتیە یونێڤێرسالەکان، زیاد لەوەش : ڕەنگە ئێستا لە پرسی نێونەتەوەییدا کاتێکی گونجاو بێت لە تەنیشت مارکس کورسیەك بۆ فڕۆید دابنێین ! ڕەنگە ئەو دەمی پرسی تەندروستی جیهانی لە ڕێگای خەباتێکی چڕ و ئاراستە کراو ببێتە بەرپرسیاریەتێکی جیهانی ، ئەو دەمی بە سانسۆر کردن و کول کردنی لەسەدا نەوەدی میدیای جیهانی و لۆکەلیەکان، ئومێد دەبێت دەجال و فیگەرە ئاینیەکان لە کڵێساکانی ڕۆژئاواو مزگەوتەکانی ڕۆژهەڵات دەجار بیربکەنەوە لە لووت تێوەردان لە پرسێکی تەواو پزیشکی تەواو زانستی.

تا مانگی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩ ؛ هەڵگرتنی پاسپۆرتێکی ئەمریکی ، ئەوروپی، سەنگاپوری ئیمتیازێکی تایبەتی هەبوو بە بەراورد بە پاسپۆرتی چەند وولاتێکی تری جیهان ، لەوە ئاسانتر نەبوو ئەوساو ئێستاس بۆ تیئۆری کۆمەڵایەتی یان ڕاستەی ئایدیۆلۆژی کە ئەم جیاکاریە لە ئیمتیاز بداتە بەڕ ڕەخنەو سوکی بکات. بەڵام لەم دۆخە شازە یەکەمجارە تیۆری کۆمەڵایەتی لەچەند لاوە فشاری لەسەرە، چونکە ئێستا ئەو ئیمتیازاتانە لە سنوورەکان و لە فڕۆکەخانەکان لەبەندەرەکان پولێکی قەلپ ناهێنێ، تاقە شت کە چارەنوست دیاری دەکا تایە “گەرمی جەستەتە” وەك ئاماژەو هێمایەکی موحتەمەل کە تۆ ڕەنگە هەڵگری ڤایرۆسەکە بیت، ئەم دۆخە تازەیە چ لەو ئاستەی ئێستا بوەستێ چ زیانی گەورەتر بەر مرۆڤایەتی بکەوێت تازە دونیای گۆڕی ، ناڵێم بۆ باشتر، بەڵکو بە جۆرێك گۆڕی کە تیئۆرو ڕەخنەی کۆمەڵایەتی، نوکی ڕمی ڕەخنەی سیاسی ، دەبێ لە گەڵیدا بگۆڕێ، دەبێ تیئۆری کۆمەڵایەتی ببێتە پێکهاتەیەك لە مەنزومەیەکی گەورەتری مانەوە، دەبێ بیر لەوە بکاتەوە شوناسی تازەی تەندروستی ” جەستە” چ یەکگرتنێك چ جیاکاریەك دروست دەکا؟ عەدالەتی تەندروستی یانی چی ؟

هەروەکو چۆن لە ئێستادا ” ئیتاڵیا ” مۆڵگەی یەکەمی گواستنەوەی پەتایە (کۆرۆنایە) بۆسنوورەکانی ئەوروپا ، ٦٧٣ ساڵیش لەمەوبەر هەر ئیتاڵیا یەکەم مۆڵگەی گواستنەوەی تاعونی ڕەش بوو بۆ ئەوروپا کە بووە هۆی مردنی ٢٠٠ ملیۆن کەس . لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی ١٣٤٧ ژمارەیەك کەشتی (١٢ کەشتی) گەڕانەوە کەنارەکانی ئیتالیا. کاتێ کەشتیەکان گەیشتن ژمارە زۆرەکەی سەرنشینەکانی یان مردبوون یان لە ئان و ساتی مردن بوون بە هۆی تاعونی ڕەش، تێکەڵ بوون لە نێوان سەرنشینان و ئەوانەی لە کەنار چاوەڕێیان دەکرد ڕوویداو سەرەڕای دوورخستەوەی کەشتیەکان لە کەنار، کار لە کار ترازا.
گرنگی بەسەر کردنەوەی ئەم نموونەیەی مێژوو تەنیا لە سودفەی ئەوە نیە کە سەرەتای تاعونی ڕەش و کۆرۆنا لە مانگی ئۆکتۆبەر بووە، یان لەوە نیە کە لە هەردوو جاردا ئیتالیا بوو بە پردی گەیاندنی پەتا بۆ ئەوروپا، لەوەش نیە کە هەردوکیان سەرچاوەکەیان ووڵاتی چین بوو! بەڵکو دوو خاڵ هەیە دەمەوێ تەرکیزی لەسەر بکەین ئەویش تەرکیزی زیاتر لە سەر “ڕەگ”ی دیاردەکان دۆزینەوەی تەونی دیالیکتیکی لە پشت دیاردەکان.
یەکەم خاڵ؛ ئەو دەمی گۆڕانی ئاو هەوا کاریگەری زۆری کردە ووشك بوونی سەوزایی ئەو شوێنانەی هەزاران مشك و ئاژەڵە هاوشێوەکان لێ ی دەژیان لە ووڵاتی چین، ئەمە وای کرد بە هەزاران مشک ڕوو بکەنە شارەکان و کەنارەکان تێکەڵ بەو شت و مەکانە بن کە کەشتیەکانی ئەوروپا دەیانگواستەوە بۆ هەموو شوێنەکانی دونیا، بەشێکی زۆر لەو مشکانە توشی تاعون ببوون پەرینەوە بۆ ناو کەشتیەکان.ئەو پێشکەو مێشولە هەرە بچوکانەی خوێنی مشکەکانیان دەمژی دەچوونە سەر سەرنشینانی کەشتیەکان و چزووی ڤایرۆسیان لە جەستەیان وەردەدا، ئیتر بوو بە پەتا لە ناو کەشتیەکان و گەیشتە ئەوروپا. ئەمە نیشانمان دەدا هەر گۆڕانکاریەك لە ئیکۆلۆژیای (سیستەمی ژینگەیی) زەوی باجی خۆی هەیە.
دووەم خاڵ ئەوەیە ؛ تاعونی ڕەش نزیکەی ٧ ساڵێکی خایاند لە ئەوروپا، تاعون بەس مرۆڤی نەکوشت واتا تاقە “بکەر” نەبوو بەڵکو لە پڕۆسەی زاڵ بوون بەسەریدا، چەندین قەسابخانە ڕوویدا دژ بە کەمایەتیە ئاینیەکان و بە کۆمەڵ کوشتنیان گوایە “غەزەبی خوا” لەوانە بۆتە هۆکاری ناردنی ئەم سزایە! هەندێك لەو گروپانە کاتێ جینۆساید دەکران کەمترین ڕێژەی توشبوانیان هەبوو بە تاعون! لە پڕۆسەی زاڵبوون بەسەر تاعوندا هەندێ مەزهەبی ئاینی زۆر توندڕەو پەیدابوو لە کلێساکانی ئەوروپا، هاوشانی ئەو بەتایبەتی لە دوا ساڵەکانی تاعون هەندێ مەزهەبی کراوەترو ئاشتەوایی خۆی هێنایە پێشەوە.

نەخۆشی و پەتا لە ئێستامان هەروەکو حەوت سەدە لەمەوبەر تەنیا پرسێکی تەندروستی و بایلۆژی نیە، بەڵکو پرسێکی پڕ لەبەرپرسیاریەتی فەلسەفە و ڕادیکالیزم و تیئۆری کۆمەڵایەتیە.ئەم نەخۆشی و پەتایە دانراوە تەمەنەکەی تا گەرم بوونی دونیا درێژە بکێشێ، بەڵام ئەگەر ئەم فەرزیەتەش لە ڕووی تەندروستی و زانستیەوە پشت ڕاست بکرێتەوەو دەرمانی گونجاوی بۆ بخرێتە بەردەستی مرۆڤەکانی دونیا بە ” یەکسانی ” ئەوە هێشتا ساڕێژی ئەو برینە رۆحیە ناکا کە کەشفی ئەوەی کرد فەوزایەکی گەورە هەیە لە ئیدارە دانی دونیا چ وەکو تاك تاکی دەوڵەتەکان چ وەکو پرەنسیبە جیهانیەکان لە رووبەڕوبەوەی چارەنوسە هاوبەشەکان ! مرۆڤ توشی دڵەڕاوکێیەکی قوڵ بووە ، چونکە چیتر یەکەمین گومان لێکراو ” ئەویتر” نیە، دراوسێکەی نیە، بەڵکو یەکەمین گومان لێکراو هەڕەشە لەسەر خۆی “خۆیەتی ” !




دیالێکتیکی ڕۆشنایی … کاوە جەلال

دیالێکتیکی ڕۆشنایی (تەنویر) تێزەکەی هۆرکهایمەر و ئادۆرنۆیە لەبارەی بوونی ڕۆشنایی بە میتۆس. واتا ڕۆشنایی هەنگاوی نا بۆ ئەوەی مرۆڤ لە خورافیات ڕزگار بکات و بیکات بە سەروەری سروشت، لێ سروشت سەرەڕای ژێرخستنی تەسلیم نەبوو، بەڵکو تۆڵەی خۆی لە مرۆڤ سەندەوە، ئەویش بەوە کە وەک سروشتێکی دووەمین سەروەریی خۆی لەو ڕێکخراوە کۆمەڵایەتییانەدا بەدیهێنایەوە کە مرۆڤان دایانمەزراندوون، واتا دەسەڵاتی مرۆڤ بەسەر سروشتدا وەرچەرخایەوە بۆ دەسەڵاتی مرۆڤ بەسەر مرۆڤدا، ئەوەش بریتییە لە دیالێکتیکی ڕۆشنایی.
تێزە کرۆکییەکەی ئادۆرنۆ و هۆرکهایمەر لێرەدا ئەوەیە، کە پیاوانی (ئەمڕۆ هەروەها ژنانی) زانست تا ئەو ڕادەیە سروشت دەناسن کە بتوانن لێوەی شتێک دروست بکەن، بۆ نموونە گۆمێکی کبریتاوی وەک دەستوێژی بەرهەمهێنانی باروت وەردەگرن، لێ چی بەسەر ئەو دەڤەرەدا دێت، یان مەکینەکان لە پرۆسەی بەرهەمهێناندا چە جۆرە گازێک فڕێ دەدەنە نێو ژینگەوە، ئەوە لاوەکییە. گرنگ ئەوەیە کە چۆن مرۆڤ بکرێت بە بکەری (سەبژێکتی) جیهان بۆ ئەوەی تا ڕادەی شیان جیهان دیاری بکات، واتا دەسەڵاتی بەسەردا بنوێنێت. ئەوە ئامانجی ریالیزم و ئیدیالزمە. هەردووکیان لە مرۆڤی نێو جیهان ئەدگارە مرۆڤییەکانی دادەماڵن (تەجرید دەکەن) و لێوەی بکەرێکی نامۆبوو لە خۆ و جیهان بنیات دەنێن کە گەرەکە مێتۆدیانە دەست بنێتە بینی سروشت و هەر شتێکی لێ بسەنێت کە سوودمەند بێت، کە قازانجهێن بێت.
ئەمڕۆ سەرلەنوێ بە ڕۆشنی تێزەکانی قوتابخانەی فرانکفورت لە لایەن خودی داکەوتەوە ڕاستێنرانەوە. بکەری جیهان هێشتا هەر نەیتوانیوە سروشتی ژێردەستە تەسلیمی مەبەستەکانی خۆی بکات، بەڵگەی ئەم تێڕوانینەش ئەوەیە کە سروشت لە گشت ڕوویەکەوە تۆڵەی خۆی لە کۆمەڵگە مرۆڤییەکان سەندۆتەوە و بەردەوام دەسەنێتەوە: لە بنەڕەتدا ئەوە لاوەکییە کە داخۆ ڤایرۆسی کۆرۆنا بەرهەمی یەککەوتنی دوو جینی دوو ئاژەڵی جیاواز بێت لە زیادەڕەوییەکانی مرۆڤەوە، یان دروستکراوێکی نێو لابۆر بێت، گرنگ ئەوەیە کە ڤایرۆسەکە “لە دەست مرۆڤ دەرچووە” و وەک هەڕەشەیەک بەرۆکی سەرجەم مرۆڤایەتیی گرتووە. تا هەنووکە سەرجەم زانایانی جیهان دەرەقەتی نەهاتوون. بێگومان دەشێت لە کۆتاییدا بە دۆزینەوەی دەرمانێکی ڕاگیرکەر دەرەقەتی بێن، لێ بەوە جیهان لە دەرهاویشتەکانی ئەتککردنی سروشت بەتەواوی ڕزگاری نابێت. توانەوەی سەهۆڵی تەوەرەکانی گۆی زەوی، زستانی بەهارئاسا لەنێو جەرگەی ئەوروپادا، بۆ نموونە چەکەرەکردنی درەختەکانی ئەڵمانیا لە چلەی زستاندا، هاوکات لافاوی چاوەڕواننکەراو، تەنینەوەی وشکایی لە ئەفریکا و ئاسیا و زۆر جێی دیکەی جیهاندا تۆڵەی سروشتن لە مرۆڤایەتی بەهۆی بەرهەمهێنانی بێجڵەوی توانامەندانی سەرمایەگەرییەوە.
ئێمە لە بنەڕەتدا تا هاتنی نوێکاتی ئەوروپی، یان وەک لە ناوچەی ئینگلیزی زماندا دەگۆترێت: سەردەمی مۆدێرنی ئەوروپی، ناتوانین لە سەروەریی مرۆڤ بەسەر سروشتدا بدوێین. ئاخر لە سەردەمانی پێش نوێکاتدا نە ئاژەڵەکان، نە کەش و نە خودی زەوی بابەتی سەروەریی مرۆڤ بوون. جوتیاران و پیشەگەرانی دەستی بەگوێرەی پێداویستییەکانیان “مامەڵە”یان لەتەک سروشتدا دەکرد، واتا سروشت بۆ ئەوان ئۆبژێکت نەبوو. لێ داواکارییەکەی فڕەنسیس بەیکن بۆ ئازادکردنی مرۆڤ لە وەهم و کردنی بە سەروەری خۆی و جیهان، یان بناغەڕشتنی ئاوەزگەرایانەی بکەر لە لایەن دێکارت، کە هاوکات لەو ڕەوتەدا ئاوەزی لە لەش جیاکردەوە و لەشی سروشتی ی وەک بەشێک لە جیهانی میکانیکی دانا، هەرە یەکەمین هەوڵە هزرییەکان بوون بۆ کردنی مرۆڤ بە سەروەری سروشت، ئەوەش بە سەرەنجامێکی ستەمەوە، کە سەرجەم ئەو کێشە ناوبراوانەی ژینگەیان بەدوودا هات. لێ گەرەکە لێرەدا ئاماژە بۆ ئەوە بدەین کە ڕەخنەی فرانکفورتییەکان لە ئاوەز داوای پشتکردنە ئاوەز ناکات، بەڵکو ئەوانی راسیۆنال زیادەڕەوییەکانی راسیۆنالێتیی ئامرازی بەهۆی سەرەنجامە سامناکەکانییەوە دەخەنە ژێر پرسیارەوە (لەوانە هۆلۆکۆست)، چونکە هزر بە دیدی ئەوان ئەمڕۆ تەنیا دەتوانێت ڕەخنەیی بێت، لێرەشدا هزری ڕەخنەیی کە مارکس لە بنەڕەتدا گۆڕانی پێدا، پەرە پێدەدەن بۆ نێو پەیوەندیی مرۆڤ و سروشت.
بێگومان ئەمڕۆ هەندێکی مرۆڤان و وڵاتان لە هەندێک بەشی جیهاندا داوای پتر ژینگەپارێزی دەکەن. سەرەڕای ئەوە سروشت هێشتا هەر بێپشوو ئۆبژێکتی ڕوتاندنەوەیە، بە تایبەتی لای ئەو گەلانە کە تازە هاتوونەتە سەر شانۆی ئابووری جیهان، لێ وڵاتەکانیان لە بنەڕەتدا زبڵدانی وڵاتانی بەرهەمهێنەری سەرمایەگەرین، لەوانە کوردەکان (و زۆر گەلی دیکە)، کە بە ئەوپەڕی دڕندەییەوە و هاوکات ‘شەلم کوێرم ناپارێزم’ دەست دەنێنە نێو سروشتی وڵاتەکەیانەوە و بە ئەوپەڕی چڵێسییەوە دەیڕووتێننەوە. لێ کێشەکە لەو جۆرە گەلانەدا ئەوەیە، کە بیرچوونەوەی خۆیان وەک بەشێک لە سروشت پتر پاڵهێزە بۆ ئەوەی بەرەو پێش هەڵبێن، بۆ نموونە خانووەکانیان هەمیشە بە وزەی زیاتر گەرم یان فێنک بکەن، هەمیشە پتر چارەسەری سەرەکی لای پزیشکان و لە دەرماندا ببینن، ئەوجا وڕ و کاسییان لە ژیاندا دەرفەتیان ڕەخساندووە کە لە نێویاندا نوێنەرانی خورافیات زیت ببنەوە و بە بۆنەی نەخۆشییەکانیانەوە قسانی هەلەق مەلەق بکەن، بەو ڕێیەشەوە بە تایبەتی هەوڵ بدەن نانی بەلاش و دەسەڵاتیان بۆ دەرکەوتنی ڕۆژانە لە ‘پەرستگەکان’ی بەناو خوداپەرستیدا مسۆگەر بکەن، بۆیە بە ئارەزووی خۆیان تیۆریی پیلانگێڕی دەهۆننەوە، یان تەنانەت هێندە شوولیان لێ هەڵکێشاوە کە بە خۆیان ڕەوا دەبینن نازناوی شەهید لە بەرۆکی داماوانی بە ڤایرۆس مردوو بدەن.




جۆكه‌ر .. ئه‌و فیلمه‌ی زێتر له‌ ملیار دۆلار داهتی بوو … حه‌یده‌ر عه‌بدولڕه‌حمان

دایكم ئامۆژگاری ده‌كردم هه‌میشه‌ زه‌رده‌خه‌نه‌ به‌سه‌ر لێومه‌وه‌ بێت و به‌خته‌وه‌ربم، بۆیه‌ ده‌بێت ته‌نیا ئامانجێكم ئه‌وه‌ بێت كه‌خۆشی و پێكه‌نین بۆ جیهان ده‌سته‌به‌ر كه‌م..
ئه‌مه‌ دیالۆگێكی (ئارسه‌ر فلیك) ی قۆشمه‌بازه‌ له‌فیلمی (جۆكه‌ر) كه‌ فیلمێكی ئه‌مریكیه‌ له‌ده‌رهێنانی (تود فلیبس) و پاڵه‌وانیه‌تی (خواكین فینیكس) ه‌ كه‌بۆ ئه‌مساڵ له‌فیستیڤاڵی ئۆسكاری سینه‌مایی دا بوو به‌ناودارترین فیلمی سه‌رده‌م و بۆ 9 خه‌ڵاتی ئۆسكار پاڵێوراو سێ‌ له‌و خه‌ڵاتانه‌ی به‌ده‌ست هێنا، له‌وانه‌: خه‌ڵاتی باشترین ئه‌كته‌ر بۆ (خواكین فینیكس) و خه‌ڵاتی باشترین موزیكی وێنه‌یی درا به‌ (هیلدۆر گونادوتیر) و خه‌ڵاتی باشترین دیزاینی جلوبه‌رگ ، جگه‌ خه‌ڵاتی (شێری زێڕین ) له‌ فیستیڤاڵی ڤینیسیای سینه‌مایی.
فیلمه‌كه‌ بۆ یه‌كه‌م جار له‌مێژووی سینه‌مادا بوو به‌خاوه‌نی زۆرترین داهات و زێتر له‌ یه‌ك ملیار دۆلاری به‌ ده‌ست هێنا، پێشتر له‌چه‌ندین فیستیڤاڵدا نمایش كراوه‌، له‌وانه‌ له‌فیستیڤاڵی ڤینیسیا، تۆرنتۆ، نیۆیۆرك، هامبۆرگ، زیورخ، به‌ڵام دوای نمایش كردنی له‌ئۆسكارو به‌ ده‌ست هێنانی خه‌ڵاته‌كان فیلمه‌كه‌ كه‌وته‌ قۆناغێكی تر له‌سه‌ركه‌وتن و به‌ده‌ست هێنانی داهات.
ئاراسته‌ی فیلمه‌كه‌:
فیلمه‌كه‌ گوتارێكی مرۆیی به‌خۆیه‌وه‌ هه‌ڵده‌گرێت و ده‌یه‌وێت بڵێت زۆر جاران كۆمه‌ڵگا له‌بری ئه‌وه‌ی هه‌وڵ بۆ بونیاتنانه‌وه‌ی مرۆڤ و چاره‌سه‌ری گرفته‌كانی بدات، كه‌چی مرۆڤ ناچار ده‌كات به‌ره‌و رووخان و تاوانكاری بچێت، له‌ئه‌نجامی به‌كه‌م زانین و سوكایه‌تی پێكردن و قۆرخ كردنی تاك به‌ره‌و ژێر ده‌سته‌یی و دۆڕاندنی به‌ها مرۆییه‌كانی.
فیلمه‌كه‌ ده‌ڵێت: هه‌ندێ‌ جار مرۆڤ له‌دڕه‌نده‌ بێ‌ به‌زه‌یی تر ده‌بێت و به‌ده‌ست به‌خوێن بوون و رق نه‌بێت ناتوانێت له‌كۆمه‌ڵگادا جێی خۆی بكاته‌وه‌، ته‌نها له‌رێگه‌ی دڵ ره‌قی ده‌توانیت هه‌بیت..به‌مه‌ش به‌هایه‌ك بۆ مرۆڤ به‌جێ‌ ناهێڵێ‌ له‌سه‌رده‌می نوێ‌ دا .
چیرۆكی فیلمه‌كه‌ له‌ره‌سه‌ندا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ساڵی 1981 كاتێ‌ (ئارسه‌ر فلیك) ی ئه‌كته‌ری كۆمێدی و لیبۆكی ئاهه‌نگه‌كان له‌گه‌ڵ دایكه‌ نه‌خۆشه‌كه‌ی له‌شاری غوسام ده‌ژین .
ئارسه‌رـ دووچاری نه‌خۆشیه‌كی ئه‌قڵی بۆته‌وه‌، ئه‌م نه‌خۆشیه‌ وای لێ‌ ده‌كات ناوه‌ ناوه‌ به‌بێ‌ هۆو له‌ كاتی نه‌گونجاودا له‌خۆیه‌وه‌ پێبكه‌نێ‌ ، بۆ چاره‌سه‌ریش پشت به‌خزمه‌تگوزاریه‌كانی حكومه‌ت ببه‌ستێت.
هه‌میشه‌ هه‌ست به‌ بێ‌ نرخ بوون و لاوازی خۆی ده‌كات، ئه‌و ئامانجه‌ی دایكی فێری كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی پێكه‌نین و ئاسووده‌یی به‌خه‌ڵكی ببه‌خشێت هیچ نرخ و به‌هایه‌كی نیه‌ له‌كۆمه‌ڵگایێكی دڵ ره‌قدا، رۆژێكیان كاتێ‌ له‌ شه‌قامێكی غوسام دروشمێكی هه‌ڵگرتووه‌ للایه‌ن چه‌ند گه‌نجێكی سه‌ره‌ رۆ گاڵته‌ی پێ‌ ده‌كه‌ن و ئازاری ده‌ده‌ن، بۆیه‌ راندال ـ ی هاوڕێ‌ ی ده‌مانچه‌یه‌كی ده‌داتێ‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌و حاڵه‌تانه‌دا به‌رگری له‌خۆی بكات..
كاتێ‌ له‌نمایشێكی نه‌خۆشخانه‌یه‌كی منداڵاندا نمایش پێشكه‌ش به‌نه‌خۆشه‌كان ده‌كات، ئارسه‌ر ده‌مانچه‌كه‌ی له‌ گیرفانیدا ده‌كه‌وێته‌ خواره‌وه‌، ئه‌مه‌ ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی له‌كاره‌كه‌ی دوور بخرێته‌وه‌، به‌ تایبه‌ت دوای ئه‌وه‌ی (راندال)ی هاوڕ ێ‌ ی درۆی ئه‌وه‌ی بۆ هه‌ڵده‌به‌ستێ‌ كه‌ (ئارسه‌ر) ده‌مانچه‌كه‌ی لێ‌ كڕیووه‌، بۆیه‌ به‌خه‌فه‌تباری كاره‌كه‌ی به‌جێ‌ دێڵێ‌ و سواری شه‌مه‌نده‌فه‌رێك ده‌بێت سێ‌ گه‌نجی تێدایه‌، ئه‌و سێ‌ گه‌نجه‌ شه‌ڕ به‌ژنێك ده‌فرۆشن و گاڵته‌ی پێ‌ ده‌كه‌ن، (ئارسه‌ر) له‌و كاته‌دا پێكه‌نینه‌ نائاساییه‌كه‌ ده‌یگرێ‌، له‌مه‌دا سێ‌ گه‌نجه‌كه‌ توڕه‌ ده‌بن و ده‌یانه‌وێ‌ لێی بده‌ن، به‌ڵام (ئارسه‌ر) وه‌ك به‌رگری كردنێك دوو له‌وان ده‌كوژێ‌، پاشان دوای سێیه‌میان ده‌كه‌وێ‌ تا نه‌یكوژێ‌ وازی لێ‌ ناهێنێ‌.
ئه‌م هه‌واڵه‌ وروژێنه‌ره‌ له‌ میدیاكاندا بڵاو ده‌بێته‌وه‌، شاری غوسام ده‌خرۆشێنێ‌، زۆرێك دڵخۆشن پێی به‌ تایبه‌ت هه‌ژارو نه‌داره‌كان، زۆرێكیش پێی دڵته‌نگن وه‌ك ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان، ئه‌وه‌تا ( تۆماس واین ) باسی ئه‌وه‌ ده‌كات و ده‌ڵێت ئه‌وانه‌ی به‌خیلی به‌كه‌سانی سه‌ركه‌وتوو ده‌به‌ن لیبۆكه‌كانن.
له‌وێوه‌ خۆ نیشاندان دژی ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانی غوسام ده‌ست پێده‌كات، بۆیه‌ هه‌موو خۆنیشانده‌ره‌كان ده‌مامكی لیبۆكه‌كانی چه‌شنی ئارسه‌ر له‌ به‌ر ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ وا ده‌كات حكومه‌ت ده‌رمانی چاره‌سه‌ر له‌ (ئارسه‌ر) ببڕێ‌ .
دواتر كاره‌كانی (ئارسه‌ر) ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی ئاژاوه‌ له‌هه‌موو شاره‌كه‌دا سه‌ر هه‌ڵبدات و له‌ئه‌نجامدا تۆماس و هاوسه‌ره‌كه‌ی بكوژرێن، ئارسه‌ریش زێتر روو له‌تاوانه‌كانی بكات و دایكی خۆی بخنكێنێ‌ و راندالی هاوڕێشی به‌ دڵره‌قتریین شێوه‌ خه‌ڵتانی خوێن بكات، پاشان به‌هۆی كوشتنی پێشكه‌ش كاری نمایشه‌كان له‌ناو هۆڵی شانۆدا ئاسه‌ر راده‌كات، به‌ڵام دواتر له‌لایه‌ن پۆلیسه‌وه‌ ده‌ستگیر ده‌كرێت، ئارسه‌ر له‌په‌جه‌ره‌ی ئۆتۆمبیلی پۆلیس ئه‌و خۆ نیشاندانه‌ گه‌وره‌یه‌ ده‌بینێ‌ كه‌ سه‌راپای شاری گرتۆته‌وه‌ ، ده‌ست ده‌كات به‌پێكه‌نین، له‌و كاته‌دا ئۆتۆمبیلێكی فریاكه‌وتنی نه‌خۆشخانه‌ خۆی به‌ئۆتۆمبیلی پۆلیس دا ده‌كێشێ‌ و ئارسه‌ر رزگار ده‌كه‌ن، ئه‌و كاته‌ خوێن له‌شێوه‌ی پێكه‌نین به‌سه‌ر روخساریدا ده‌رژێ‌، هاوكوف له‌گه‌ڵ دروشمی حۆ نشانده‌ران و را ده‌كات له‌دوایه‌وه‌ شوێن پێیه‌كانی بخوێن ده‌رده‌كه‌وێ‌ .
(خواكین فینیكس ) گه‌وره‌ترین ئه‌كته‌ری سه‌رده‌م:
به‌پێی بۆچوونی ره‌خنه‌گران (خواكین فینیكس ) ئه‌دایه‌كی ئه‌وتۆی له‌ فیلمه‌كه‌دا كردووه‌، كه‌ به‌پێی قسه‌ی ئه‌وان ئه‌دای وا سه‌رسوڕێنه‌ر دووباره‌ نابێته‌وه‌، بۆیه‌ ناوی ئه‌كته‌ری سه‌رده‌می لێندراوه‌.
ئه‌و ئه‌كته‌ره‌ ماوه‌یه‌كی زۆر خه‌رێكی خۆ ئاماده‌كردن بووه‌ بۆ بینینی رۆڵی ( ئارسه‌ر) سه‌ره‌تاش له‌وه‌ ده‌ستی پێكردووه‌، كه‌ له‌ش و لارێكی گونجاو بۆ خۆی دروست بكات كه‌ له‌ له‌شولاری ( جۆكه‌ر) گونجاو بێت بۆ ئه‌مه‌ش 23 كیلۆگرامی له‌ كێشی خۆی دابه‌زاندووه‌.
هه‌روا چه‌ندین توێژینه‌وه‌ی له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنی شێوه‌ی پێكه‌نینی نه‌خۆشه‌ ده‌روونیه‌كانی پێكه‌نین كردووه‌، ویستویه‌تی وێنه‌ی كاراكته‌رێك نیشان بدات ، كه‌ جیاواز بێت له‌ جۆكه‌ره‌كانی تر، چه‌ند كتێبێكی خوێدۆته‌وه‌ ده‌رباره‌ی تیرۆری سیاسی، تا له‌ شێوه‌ی ئه‌م جۆره‌ كوشتارییه‌ رابێت.
خواكین ـ له‌دیمانه‌یه‌كی ته‌له‌فزیۆنی دا دوای ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌ی له‌ فیلمی جۆكه‌ر به‌ده‌ستی هێنا گوتی : تا ئێستا چه‌ندین فیلم له‌ژێر ئه‌و ناونیشانه‌ ئه‌نجام دراوه‌، به‌ڵام ئێمه‌ ئاره‌زوومان بوو فیلمێكی جیاواز بكه‌ین كه‌ له‌ هه‌موو فیلمه‌كانی تری له‌م جۆره‌ جیاواز بێت، بۆیه‌ ئێمه‌ پێویستیمان به‌جۆرێك له‌ئازادی دان به‌خۆمان هه‌بوو، ئه‌م ئه‌ركه‌ بۆ( تود) زۆر گرنگ بوو كه‌ نووسه‌ری سیناریۆكه‌ بوو، من كه‌ تێكست و سیناریۆكه‌م خوێنده‌وه‌ هه‌ستم كرد كه‌ پێشتر شتی وام نه‌خوێندۆته‌وه‌.
ئه‌و رۆڵه‌ بۆمن جێگه‌ی بایه‌خ بوو كه‌ بزانم چۆن (ئارسه‌ر) له‌ ( جۆكه‌ر) دا به‌رجه‌سته‌ بكه‌م، به‌تایبه‌ت زمانی جه‌سته‌ لای ئارسه‌ر ، وه‌ك كه‌سێكی هه‌میشه‌ شڵه‌ژاو،كه‌ هه‌ست به‌ ده‌سته‌پاچه‌یی و نه‌مانی ئه‌مان ده‌كات، له‌گه‌ڵ ئه‌و جۆكه‌ره‌ی هه‌ست به‌ئاسووده‌ی ته‌واو ده‌كات به‌رامبه‌ر به‌خۆی، بۆیه‌ بۆ ئێمه‌ گرنگ بوو بتوانین ئه‌و دوو لایه‌نه‌ له‌كه‌سایه‌تی دا به‌گرنگ وه‌ربگرین,
كه‌ لێی ده‌پرسن : پێگه‌كانی وێنه‌ گرتنت چۆن بینی؟ وه‌ك غوتام سیتی؟
ده‌ڵێت : به‌ڵێ‌ نیۆیۆرك ، زۆر سه‌رنج راكێش بوو، ئێمه‌ له‌شوێنی زۆر گرنگ فیلمه‌كه‌مان وێنه‌ گرت، ئه‌و شوێنانه‌ی بۆ وێنه‌ گرتن دروستیان كردبوو زۆر گرنگ و سه‌رنج راكێش بوون، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌كته‌ر توانستی خۆی له‌ئه‌داو نواندندا له‌ ده‌وروبه‌ری خۆی وه‌رده‌گرێت و له‌گه‌ڵیدا ئاوێته‌ ده‌بێت،
لێی ده‌پرسن : له‌ منداڵیدا تا چه‌ند هۆگری كتێبی وێنه‌دار بوویت ؟ هه‌ستت ده‌كرد وێنه‌ی ئه‌و كه‌سایه‌تیانه‌ ببێته‌ مایه‌ی هۆگر بوونی خه‌ڵكی پێیانه‌وه‌؟
ده‌ڵێ‌ : به‌ڵێ‌ له‌منداڵی زۆر خۆم سه‌رقاڵی كۆكردنه‌وه‌ی وێنه‌ی ئه‌و كه‌سایه‌تیانه‌ ده‌كرد.
ـ كاتێ‌ فیلمه‌كه‌ پێش كه‌ش به‌جه‌ماوه‌رێكی جیهانیی كرا، تۆ هه‌ستت چی بوو؟
ـ من له‌ دوا ده‌ خوله‌كی كۆتایی فیلمه‌كه‌ هاتم، بۆیه‌ فیلمه‌كه‌م نه‌بینی، حه‌زم نه‌ده‌كرد له‌و كاته‌دا له‌سینه‌ما بم و له‌گه‌ڵ بینه‌ردا دانیشم، ره‌نگه‌ من وه‌ك تۆ نه‌توانم ته‌ماشای فیلمه‌كه‌ بكه‌م، چونكه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ر دیمه‌نێكدا، ده‌بوا هه‌ناسه‌ی ئه‌وه‌ هه‌ڵكێشم كه‌ فیلمه‌كه‌ ئاوا بواو ئاوا نه‌بوایه‌، بۆیه‌ ئه‌مه‌ بۆ من خۆش نه‌بوو.
موزیكی وێنه‌یی فیلمه‌كه‌:
له‌ پێش بڕكێی موزیكی وێنه‌یی دا موزیك خه‌ڵاتی ئۆسكاری به‌ده‌ست هێناو ره‌خنه‌گران وای بۆ ده‌چن كه‌ به‌شێك له‌فاكته‌ره‌كانی سه‌ركه‌وتنی فیلمه‌كه‌ موزیكه‌، به‌تایبه‌ت بۆ به‌رجه‌سته‌ كردنی دیمه‌نه‌ وروژێنه‌ره‌كانی ترس و تاوان، له‌وانه‌ش پارچه‌ موزیكی (كۆل می جۆكه‌ر) كه‌ خاتوو(هیلدر جونادوتیر) ئاماده‌ی كردووه‌.
ره‌خنه‌گران و جۆكه‌ر :
دوای نمایش كردنی فیلمی جۆگه‌ر بیرو رای جیا جیای زۆر ده‌رباره‌ی فیلمه‌كه‌ ده‌وروژان، خواكین ـ ی پاڵه‌وانی فیلمه‌كه‌ ده‌گێڕێته‌وه‌ كه‌ دوای نمایش كردنی فیلمه‌كه‌ بۆ یه‌كه‌م جار منداڵ و خوشك و براكانی خۆمم له‌گه‌ڵ دابوون، كه‌ گه‌ڕینه‌وه‌ ماڵه‌وه‌ گوێم له‌بیروراكانیان گرتبوو هه‌ر یه‌كه‌و به‌شێوه‌یه‌ك باسیان لێوه‌ ده‌كردو منیش گوێم لێ‌ گرتبوون، دڵ خۆش بووم به‌وه‌ی بیروراكان لێكتر جودا بوون.
به‌هه‌مان شێوه‌ به‌شێك له‌ ره‌خنه‌گره‌كان پێیان وا بوو فیلمه‌كه‌ هانی ئاژاوه‌گێڕی ده‌دا، چونكه‌ جۆكه‌ر كه‌ كه‌سێكی له‌ یاسا ده‌رچووه‌، كۆنترۆلی خۆی له‌ده‌ست ده‌دات، له‌ئه‌نجامی ئه‌و فشاره‌ ده‌روونیانه‌ی ده‌خرێته‌ سه‌ری، بۆیه‌ له‌زۆربه‌ی هۆڵه‌كانه‌ی سینه‌ما رێگایان به‌بینه‌ر نه‌دا ماسك له‌گه‌ڵ خۆیاندا ببه‌نه‌ هۆڵی سینه‌ما له‌ترسی ئاژاوه‌ نانه‌وه‌ی بینه‌ران.
ده‌رهێنه‌ره‌ فیلمه‌كه‌ ده‌ڵێت: من ئه‌و جیاوازیه‌م له‌بیرورادا پێ‌ خۆشه‌، ده‌رباره‌ی هه‌ر پرسێك له‌فیلمه‌كه‌دا چونكه‌ پێم وایه‌ ئه‌م جیاوازییه‌ له‌قازانجی ئێمه‌ دایه‌، من مه‌به‌ستم نه‌بووه‌ خه‌ڵك هان بده‌م بۆ توندو تیژی، یان كرده‌وه‌كانی ئارسه‌ر نوێ‌ كه‌مه‌وه‌.
هه‌روه‌ها (كۆمه‌ڵه‌ی فیلمی ئه‌مریكی) فیلمی جۆكه‌ری ته‌رخان كرد ته‌نها بۆ به‌ ته‌مه‌نه‌كان، چونكه‌ فیلمه‌كه‌ زۆر دیمه‌نی توندوتیژی و تاوان و خوێنی تێدایه‌.
رۆژنامه‌ی (دیلی میل) ی به‌ریتانی ده‌ڵێت: زۆر له‌بینه‌ران له‌هه‌موو جیهاندا له‌كاتی نمایشدا رایان كردۆته‌وه‌ ده‌ره‌وه‌ به‌هۆی دیمه‌نه‌ تاوانكارییه‌كان و داوایان كردووه‌ فیلمه‌كه‌ رابگیرێ‌، هه‌ندێ‌ له‌هۆڵه‌كانیش هه‌ڕه‌شه‌یان لێ‌ كراوه‌ به‌راگرتنی فیلمه‌كه‌.
بینه‌رێك كه‌ هۆڵی سینه‌مای به‌جێ‌ هێشتبوو له‌كاتی نمایش دا ده‌ڵێت : فیلمه‌كه‌ ئه‌وه‌نده‌ كاری لێ‌ كردم به‌شێوه‌یه‌كی سایكۆلۆژی ئه‌قڵی بینه‌ر ده‌گۆڕێت، چی نه‌مابوو منیش ببم به‌ئاژاوه‌گێڕو تاوانبارێك بۆیه‌ زوو هۆڵه‌كه‌م به‌جێ‌ هێشت.

حه‌یده‌ر عه‌بدولڕه‌حمان




قاهیرە شاری شەو! … زاهیرعەبەڕەش

رۆژی 20 ی فێبروەری ساڵی 2020 بۆ سازدانی وارکشۆپێک لەسەر هونەری شانۆ گەیشتمە شاری قاهیرە لە ووڵاتی میسر. گەشتەکەم لەسەر بانگهێشتی ( فرقە شمس المسرحي) بوو. کە هونەرمەند و بەرێوەبەری بەرهەم (حسن شمس الدین) بەرێوەبەری ئەم دەزگا هونەریەیە. هاوکات هونەرمەند عومەر دەروێش هاوسەفەری ئەم گەشتەم بوو. وارکشۆپەکەم لەسەر شانۆ، تەرکیز و نواندن بۆ ماوەی دوورۆژ لە کاتژمێر دەی بەیانی تا حەوت ئێوارە بەردەوام بوو.
جگە لە ئەندامانی گرووپی شانۆی رۆژ و هەندێک خوێندکاری پەیمانگای بەرزی شانۆ دوورۆژنامەنووسی رادیۆ و تەلەفزیۆنی میسری بەشداری وارکشۆپەکەیان کرد. ئەوەی جێی سەرنج بوو هاوکات لەگەڵ ئەم وارکشۆپەی مندا. بەگوێرەی سەرچاوە رۆژانامەوانیەکانی میسر، نزیکەی حەوت هەزار کۆرو کۆبوونەوەی هونەری،ئەدەبی و وارکشۆپی تر هەبوو لەهەمان هەفتەدا. هەروەک بەرێوەبەری هونەری حسن شمس پیی ڕاگەیاندم کە نزیکەی حەوسەد کەس ناوی خۆی بۆ ئەو وارکشۆپە نوسیبوو. بەڵام من پێم ڕاگەیاندبوو کە تەنها وارکشۆپەکەم بۆ دوانزە تا چواردەکەس دەکەم، لەگەڵ ئەوەشدا هەژدە خوێندکار بەشداری وارکشۆپەکەی کرد. کە خۆشبەختانە فیدباکێکی زۆری وەرگرت و بووە جێی رەزامەندی بەشداربوان. لە رۆژنامەکانی میسردا باسی لێوەکرا. یەکێک لەو شتانەی کە جەختیان لێکردبووە کە ئەم وارکشۆپە بێ بەرامبەرەو بە خۆراییە. چونکە پێدەچوو هەموو وارکشۆپێک لەو ووڵاتەدا بە بەرامبەر بێت و بێ بەرامبەر وارکشۆپ نەکرێت. وابڕیاریشە لە ئایندەیەکی نزیکدا سەردانی شاری قاهیرە بکەمەوە بۆ پێشکەشکردنی شانۆییەک کاری رێژی بۆ بکەم.

ووڵاتی میسر نزیکەی سەدو چوار میلیۆن دانیشتوانەکەیەتی و بیستوسێ میلیۆن کەسی لە پایتەختی شارەکەدا دەژی. ووڵاتی میسر یەکێکە لەو وڵاتانەی کە زانکۆ، مزگەوت، سینەما، شانۆ و مۆزەخانەی دێرینی لییە. زانکۆی ئەزهەر کە بەیەکێک لە زانکۆ دێرینەکان دادەنرێت کە و زانستی شەریعە و فیقهی ئیسلامی تێدا وتراوەتەوە. میسر خاوەنی زۆرترین نووسەر، ئەدیب، رۆشنبیری و هونەرمەندی عەرەبە، کە هەرکەسە لە ووڵاتانی عەرەبیدا ناو پێگەیەکی تایبەتیان هەیە. جێگەی باسکردنیشە کە هەندێک لە ناوداران و ڕۆشینبیران و هونەرمەندانی ئەم ووڵاتە بنچەو رەگێکی کوردستانیان هەیەو لە باب و باپیرانیانەوە خەڵکی کوردستانن و، بەهۆی سیاسەتی ناعەدالەتی و جەورو ستەمی دەوڵەتی عوسمانیەوە یان ڕایانکردووە و پەراگەندەبوون یان بەزۆر نەفی ئەو ئەوولاتە کراون. یان لەگەڵ لەشکری ئیسلامیدا بۆ ئەو وولاتە هاتوون، نموونەیشیان زۆرە.

یەکێک لەو شتانیە کە لە شاری قاهیرە تێبینم کرد، شارێکە لە هیچ شارێکی ئەم دونیایە ناچێت، تەواو پیچەوانەیە، شەو ڕۆژ پیچەوانە بۆتەوە، لە شەودا گەلێک جوانترە وەک لە رۆژ، لە شەودا مرۆڤەکان بەخەبەرن، شەو جمەی دێت لە خەڵکانی هاتووچۆکەر.
خەڵکێکی زۆر دینداری تێدابوو، ئەوی بەدیم کرد زۆرلە پیاوەکانیان ناوچەوانیان شین ببووە کە لێم دەپرسی بۆ ناوچەوانت شینە، دەیان گووت ئەوە نیشانەی تاعەتی خودایەو ئەنجامی نوێژکردنی زۆرە. بەڵام لەراستیدا پیاوە ئاینیە توندرەوە سەلەفیەکانی ئیسلام هەندێکیان فتوایان داوە کە ئەگەر ناوچەوانت شین بووە، مانای وایە تۆ لە خوداوە نزیکیت، بۆیە لەکاتی سوجدەبردندا زۆر بە توندی ناوچەوان دەکێشن بەزەویدا.
قاهیرە شارێکە پاراستی ژینگە لەدواپلەدا دێت، رێگەو بانەکان لەبەر دووکەڵی ئۆتۆمۆبیل ڕەش دەچنەوە، زۆر بەدەگمەن کافتریەک دەبینیت کە نێرگەلەو جگەرەی تێدا نەکێشرێت. ئەو هەفتەیەی کە لە قاهیرەبووین لەگەڵ هونەرمەند عمر دەروێش بە چەندان سەعات دەگەراین بۆ کافتریایەک کە نێرگەلە و جگەرەی تێدا نەکیشرێت بەڵام نەماندەدۆزیەوە. شارێکە دەنگ و ژاوەژاوێکی سەیری هەیە کە لە هیچ شارێکی دونیادا نیە. بەشاری مێشولە بەناوبانگە، هیچ شوێنێکی ئەم دوونیایە هێندەی قاهیرە مێشولەی نیە.

بەڵام بەدیوێکی تردا، شاری ئەدەب و هونەرە. لەگەڵ هاوسەفەرەکەم لە شەقامێکی پێنج کیلۆمەتری چوار سینەما و دوو هۆڵی شانۆیمان ژمارد سەرەڕای چەند ئۆفیسێکی دەزگای هونەری. لەدەمی هونەرمەند و ئەدیبەکۆنەکانیانی خۆیانەوە کە گێرایانەوە، ئەو سەردەمەی کە جەمال عبدلناسر سەرۆک کۆماری میسربوو، کۆبونەوەیەک بە هونەرمەندان و ئەدیبانی ئەو وەختە دەکات و، پێیان ڕادەگەیەنێت دەبێت سینەماو شانۆ بچێتە دوورترین کوێرەدێ لە میسردا. ئەوانیش بەدەم بانگەواز و ڕاسپاردەکەیەوە دەچن. هەموو شەوێک لەهاویندا سینەمای گەڕۆک دەچێتە دوورترین گوند و شارەکانی میسر، هەموو هونەرمەندا بەناوبانگەکانی ئەو دەمە بەشداردەبن لە پیشاندانی فیلم و پێشکەشکردنی شانۆیی و بەستنی کۆڕ و کۆبونەوەی هونەری لە قەزاو دێهاتەکاندا. ئەوەش لەو سەردەمە دەبێتە بنچینەیەکی بەهێز بۆ پەیوەندی دەسەڵات و هونەرمەندان و کایە هونەریەکە. میزانیەی وەزارەتی رۆشنبیری و هونەری ئەو سەردەمە زۆرترین پشکی بەردەکەوێت.
وڵاتێکە زۆرترین رێزی لە هونەرمەندو ئەدیبانی خۆی دەگرت لە چاو وولاتە عەرەبی ئیسلامیەکانی تردا. شاری قاهیرە بەهەزارەها دەزگای شانۆ و سینەمای لێبوو، لە پاڵیشیدا لە نوێژی هەینیدا جادەکانیش بەرنەدەکەوتتن بۆ نوێژی جومعە. ئەو کافتریاو قاوەخانانەی کە هونەرمەند و ئەدیبەکانیان سەردانیان کردووە، بۆتە مۆزاەخانەیک، شوێنێکی کلتووری ئەو شارە، یاخود ماڵەکانیان بە شێوەیەکی کلتوری پاراستووە و کردویانە بە مۆزەخانە.
هەر لەو هەفتەیەدا دوای تەواوبوونی وارکشۆپەکەم هاوریەکی شاعیرمان بانگهێشتی گەرەکێکی کۆن میللی کردین، لە باڵەخانەیەکی کۆندا کە پێیان دەوت صالۆنی شیعری گەرەک. گەورەترین شاعیری ئێستای میسر آحمد عبدالمعطي حجازي کە هاوڕێی نزیکی صلاح عبدالصبور بوو لەگەڵ چوار ڕەخنەگری ئەدەبی، کە نزیکەی سی کەسێک کۆبونەوەو باسیان لە زمانی شیعری نوێ و کلاسیک دەکرد. بەتەنیشت ئەو باڵەخانەیەوە، ماڵێکی تر هەبوو بەناوی بیت العود، کە بۆ موسیکزیانی کوردی نەسیر شەمە کرابووە و تێدا منداڵان و خوێندکارانی فێری ئامێری عود دەکرد.




روانگەیەکی تر لە هەمبەر دۆزی مێینە … ستیڤان شەمزینی

-1-
ژنی ئێمە “کورد” زیاد لە هەر شت خۆی وەک جەستە دەبینێت. ژن هەیە بۆ شکانی نینۆکێکی دەستکرد کە چەند دۆلارێک خەرجی بووە، چەند رۆژێک ماتەمینی دەگرێت. بە حوکمی مانەوەی زۆرم لە نەخۆشخانە، چەندان ژنی رۆژهەڵاتی یان سەر بە کولتوورە پریمیتیڤەکانم بینیوە لە کاتی تووشبوونیان بە کەنسەر و ئامادەسازیی بۆ پرۆسەی شیمۆ تێراپی تێر بۆ هەڵوەرینی پرچەکانیان گریاون کە هێشتا بەسەریانەوە مابوون. ئەمە ئاوێنەیەکی بچووکە شتی گەورەتری تێدا دەبینین، بەوەی هێشتا زۆرینەی ژنی ئێمە و هی هەموو شوێنەکانی تریش بە رێژەیەکی فراوان خودی خۆیان و هۆشەمەندییان کورت دەکەنەوە تەنێ بۆ جەستە بایۆلۆژییەکە. تەنانەت ئەو جەستەیەش نا خۆیان دەیانەوێت، بەڵکو ئەو فۆرمە لەشولارەی پیاو لێی داوا دەکات، ئەم داواکاریی و بینینەی پیاوانیش بە بەردەوامیی لە رەهەندی سێکسوالێتی و دیدی پاتریارکییەوەیە، بەوەی پێویستە ژن بۆدیەکی سەرنجڕاکێشی هەبێت.
نەشتەرگەریی جوانکاریی ژنان و بە کۆمەڵایەتیکردنەوەی فۆرمی کچانی فۆتۆ مۆدێل هەر لەناو هەمان بۆتەدا خۆی دەبینێتەوە. وەک لای هەمووانیش روونە زۆرینەی دیزاینەرانی مۆدیلاتی جلوبەرگ لە نێرینە پێکهاتوون و بۆ کارەکەیان سەلیقەی نێرسالاریی خۆیان و پیاوانی دیکە رەچاو دەکەن. هەروەک “تۆماس کاریلف” لە کتێبی “فەلسەفەی جلوبەرگ”دا ئاماژەی بۆ دەکات “ئێستا مرۆڤ جوانی سروشتییانەی جەستەی لە بیر کردووە، جەستەی بۆتە جێگەی هەڵواسینی پۆشاکی تەنک و نیان”. سیما هۆلیۆدییەکانی ژن مانای راددەی بەرزی ئازادیی نییە، بەڵکو مانای بە کاڵابوون و ئۆبژێکتەبوونی ژنی لە خۆگرتووە، ئاخر نموونە ئایدیاڵەکەی هۆلیۆد “مارلین مۆنرۆ”یە، ئەو ئەکتەرە تەنیا وەک بۆدیەکی قەشەنگ و سێکسی دڵخوازی سێکسیزمی پیاوسالارانە زەق کراوەتەوە، ئەگەر لەمەش بگەڕێین تاکو ئێستا فێمینستێکی کورد و ناوچەکەم نەبینی بۆ پرۆتستۆی دیاردەی بە کاڵابوونی جەستەی مێینە قژی خۆی بتاشێت و نیشانی بدات ژنبوون کورت ناکرێتەوە بۆ لەشولاری نەرم و شل، چاو و ئەبرۆی جوان، زوڵف و کوڵمی ئاڵی نێو جیهانی شیعری پیاوان.
-2-
ئەگەر بە دیدێکی مارکسییانە سەیری بابەتی چەوساندنەوەی ژن بکەین، یەکەمین ساتەوەختی جیاوازیی چینایەتی ئەو چرکەساتەیە قۆناغی دایکسالاریی “ماتریارکی” کە لە رووە ئابوورییەکەوە بە کۆمۆنەی سەرەتایی دەناسێنرێت، گڵۆڵەی دەکەوێتە لێژیی، یەکەمین قوربانی ئەو جیاوازییە چینایەتییەش هەر خودی ژن بووە کە بوو بە کاڵایەک لەو هەموو کاڵایانەی تری سیستمی پیاوسالاریی “پاتریارکی” سەپاندوویەتی. ئەمە دیدی ماتریالیستییە بۆ بنەچە و ئەو کێشەیەی پێی دەوترێت کێشەی مێینە، تاکو مرۆڤ لە جەبریەتی ئابووری و کڵێشە داسەپاوەکانی نیولیبرالیزم و کاپیتالیزمی هاوچەرخ دەرباز نەکرێت، مومکین نییە ئەو تەوقەی لە ملی ژن کراوە بشکێندرێت. بە پێچەوانەوە رەوتی نیولیبرالیزم، لە هەوڵی سڕینەوەی هەموو ئەو دەستکەوتانەشدایە لە سەرەتای لیبرالیزم و گەشەکردنی سەرمایەدارییدا وەک پێویستییەک بۆ پڕۆلیتاریزەکردنی کۆمەڵگە فەراهەم کران.
ئەگەرچی لە رووکەشدا ئەم ئارگۆمێنتە وەک دۆگماتیزمی بیروباوەڕ “جمود العقائدی” دەبینرێت، بەڵام لە باری کردارییەوە فاکتێکی حاشاهەڵنەگرە. دەستنیشانکردنی رۆژێک بۆ بەرەنگاریی توندوتیژیی دژی مێینە، یان دانانی رۆژێکی تر وەک رۆژی جیهانیی ژن “هەشتی مارس”، هیچ نییە جگە لەو گەمە بچووک و ئەفیونە ریفۆرمیستییە لابەلایانەی سیستمی سەرمایەداریی هەڕمێنی پێ دەدات. تۆ ئەگەر خوازیاری کۆتاییهێنان بە توندوتیژیی و هەڵاواردنی جێندەریی بیت، ئەولەویترین کارت بەگژداچوونەوەی سیستمی پیربووی سەرمایەدارییە، هەروەک “نینا بیرۆک”ی فێمینستی سوێدیی ئاماژەی پێدەدات “لۆژیکی سەرمایەداریی بریتییە لە راوکردنی قازانج” و پایەکانی ئەم سیستمەش لەسەر باڵادەستی رەگەزیی و ئابووری راوەستاوە، بێ ئەم هەنگاوە ریشەیی و رادیکاڵە هەرچی تر بکرێت خولانەوەیە لە بازنەی کولتووری باوکسالارییدا، وەک وتیشم پیاوسالاریی کۆڵەکەیەکی هەرە گرنگی ریژێمی سەرمایەیە.
-3-
ژنان ناتوانن بێ پیاوان و پیاوانیش ناتوانن بێ ژنان هیچ هەنگاوێک بۆ ئازادیی بنێن، رەنگە ئەم تەرزە روانینە هەندێک فێمینستی رادیکاڵ هەراسان بکات، وەلێ من لە ریشەوە بەد گوومانم لە هەبوونی ریزێکی فراوانی ژنانی فێمینستی کورد. ئەوە راستە مێژووی جیهان مێژوویەکی نێرانەیە، هەر ئەوەی تێکڕای پێغەمبەرەکان پیاون، تەنانەت تێکڕای فەیلەسوفەکانیش هەر نێرن، ئەمە کارێکی کردووە ئاین و فەلسەفە یارمەتی نێرینەیی دنیا بدەن، دنیا ئێستا پێویستی بە مێینەییە، رزگارکردنی مرۆڤایەتی پێویستی بە مێینەیە. ئەم کارەش بە هاوبەشی لەگەڵ ئەو نێرانە دەکرێ بڕوایان بەوە هەیە جێندەریزەکردنی ژیان و دنیا بەلاڕێدا دەمانبات و لەوسەری ستەمکارییەوە سەردەردەهێنێت، ژیان دەبێت بەشێوەی مرۆڤسالارانە رەنگڕێژ بکرێتەوە. فێمینیزمی پەڕگیر کە کینەی بەرامبەر بە پیاوی بایۆلۆژیی هەیە، مەترسیدارترە لە پیاوسالاریی. بۆیە لە پێناوی چەسپاندنی یەکسانی رەگەزیی دەبێت بەرامبەر بە کولتووری پاتریارکی بوەستینەوە، نەک جۆشی قێزهاتنەوە لە پیاو بدەین وەک بەدەن و قەبارە بایۆلۆژییەکە.
ئێمە پێویستیمان بە بزووتنەوەیەکی فێمینستییە “بە ژن و پیاوەوە، بەو پێیەی لە بناغەوە فێمینیزم رێبازێکی فیکریی داکۆکیکار لە ژنە یان تیۆرییەکە بۆ دەرخستنی ناهاوسەنگیی رەگەزیی” ژن بهێنێتەوە سەنتەری ژیانی سیاسیی و بەڕێوەبردن و کۆمەڵایەتی و ئابووری. ئەگەرچی لە رووکەشدا هەنگاوەکان دەبینرێن بەو ئاڕاستەیە، بەڵام ئەم پرۆسەیە لە پێشنۆرەدا زیهینییە، ئەمەش کاری رۆشنگەرانەی زۆری پێویستە تاکو پیاوسالاریی وەک عەقڵییەت لە مێشکی مرۆڤدا ریشەکێش بکرێت. ئاوەزی نێرسالاریی درمێکی تایبەت نییە بە پیاوان، دەبێت بزانین بەشی هەرە زۆری ژنانیش هەڵگری هەمان ئەو ڤایرۆسەن. هەر لەم روانگەوە دەبێت پیاوسالاریی وەک سیستمێکی گشتگیر کە سایەی کردووە بەسەر هۆشمەندیی زۆرینەدا بە هەردوو رەگەزەوە حیسابی لەسەر بکرێت. نەک وەک ئارەزوویەکی سادیستانەی پیاو “پیاوی بایۆلۆجی”. هەر بۆیە لەیەکەم دێڕدا گرنگی ئەو خەباتە هاوبەشەم بە بیر هێنایەوە.
-4-
میلیتاریزەی ژن هیچ کاتێک مانای دەستەبەری بڕێکی زۆر لە مافی ژن ناگەیەنێت، بەڵکو بەشێوەیەک لە شێوەکان ژن دەکاتە سووتەمەنی بەرەو پێشچوونی سیاسەتێک لەسەر بنەمای نێرسالاریی خۆی فۆرمۆڵە کردووە. خەریکە دیاردەیەک لە کۆمەڵگەی ئێمە زەق دەبێتەوە کە وێنای ژنی ئایدیاڵ و ئازاد لە دیمەنی چەک بەدەستبوونی کچە گەریلا و شەڕڤاندا خۆی دەبینێتەوە. جیاواز لەوەی ئەم وێنایە وێنایەکی ساختەیە، لەوێشدا مەترسیدارە ئازادیی ژن تەنیا لە چەکدارکردنی ژندا کورت دەکاتەوە. لە کاتێکدا وەک وتم زۆرترین جار میلیتاریزەی ژنان سیاسەت و ئایدۆلۆژییەکی پیاوانە دەباتە پێشەوە، ئەمەش بۆ خۆی جۆرێکە لە زەوتکردنی ماف و ژیانی نۆرماڵی مێینە.
ئەم تەرزە روانینە بە ئیفێکتی ئاپۆچێتی خەریکە دەبێتە باوەڕێکی کۆنکرێتی، بێ ئەوەی بیر لەوە بکەینەوە سیستمی تۆتاڵی ئاپۆچێتی، وەک رەوتێکی ئایدۆلۆژیی تاکڕەهەند و نێرسالار ژنی کردۆتە رۆبۆتێکی عەسکەریی، نەک ئەوەی سیستمێکی هێنابێتە ئارا لەسەر بناغەی یەکسانیی رەگەزیی. داتاشینی ئەو پەیکەرە ئایدیاڵە بۆ ژنانی گەریلا زادەی روانینی سێکسوالێتییە بۆ ژن، بەوەی ژن ئاستی خۆی لە ژنەوە تێپەڕاندووە بۆ بوونەوەرێکی تر، بۆ جەنگاوەر. ئەگەرنا بۆچی داهێنەرانی ژن لە بوارەکانی هونەر و ئەدەب و نووسیندا ئەو ئەفسوونەیان لە چواردەور دروست نەکراوە؟ بەڵکو هەمیشە وێنایەکی دزێویان لە ئەندێشەی زۆرینەدا هەیە، “هەڵبەتە لێرەدا باسی دۆخی کوردیی دەکەم” بۆچی هەمیشە ژنانی یاخی ناچەکدار لە “قەحپە” زیاتریان پێ ناوترێت؟.
وا دەهزرێم ناسیۆنالیزم و ئایدۆلۆژییە تۆتالیتارییەکان پێویستیان بە داتاشینی قارەمان و سوپەر مرۆڤە، ژنە گەریلاش ئەو سوپەر مرۆڤانەن لە کارگەی ئایدۆلۆژیی ئاپۆچێتیدا بەرهەم هاتوون. خۆ ئەم چەکدارکردنەی ژن چ لە جیهان چ لە کوردستان دیاردەیەکی نوێباو نییە، جیا لە سوپای فەرمی دەوڵەتان، چەندان بزووتنەوەی ئۆپۆزیسیۆنی چەکدار ژنانیان چەکدار کردووە. ئەگەر پەنا بۆ نموونە ببەین ئەوە بزووتنەوەی سەربەخۆیخوازی میللی لە نیپاڵ وەک بزووتنەوەیەکی چەپی ماویستی چل دەر سەدی گەریلاکانیان ژنن. هەروەها زۆرێک لە نەواتی سەربازیی پڵنگەکانی تامیل لە سریلانکا لە ژنان پێکهاتوون، من هەر بە ئەنقەست نموونەی ئەو دوو هێزەم هێنایەوە، چون ئەو کۆمەڵگایانە لە باری فەرهەنگییەوە لە دواوەن.
لەم سۆنگەوە دووبارە جەخت لەسەر ئەوە دەکەمەوە میلیتاریزەی ژن نەک ماف نییە بەڵکو فۆرمێکی ترە لە چەوساندنەوە. رەنگە ئەم قسانە بۆ ئەم چرکەساتە تووڕەیی زۆرمان بەسەردا بڕژێت، بەهۆی ئەوەی کەوتووینە ژێر سۆزی ئەو وێنا سوپەرانەی لە میدیاکانەوە دەیانبینین، بەڵام بە رەوینەوەی تەمی ئەم سۆزە و لەگەڵ یەکەم قسەی عەقڵدا، تەنانەت لەوە تێدەگەین “ژنۆلۆژیی” عەبدوڵا ئۆجەلان، کتێبێکی سەفسەتەئامێزە. ئاخر ئاپۆ لەو کتێبەدا رۆڵی پێغەمبەرێک دەگێڕێت تاکو تیۆریسیۆن، ئەو دووبارە پێگەی ژن بەرز دەکاتەوە بۆ ئاستی خواوەندێتی، ئەمەش خواستی پاکیزەیی ژنانی لە خۆگرتووە، هاوکات بۆ ئەوەی ژن بەرزبێتەوە بۆ ئەو ئاستە خواوەندییە دەبێت لە ژنەوە ببێتە شۆڕشگێڕێک، ئەمە دروست پرۆسەی بە پیاوبوونی ژنە، لە ئەرزی واقیعشدا کچە گەریلا دەبینین تەنیا سمێڵی لە پیاو کەمترە.

ستیڤان شەمزینی
یانیوەری 2020
ستۆکهۆڵم




ئایە دەکرێت لۆمەی خەڵکی بکەین لە ڕانەپەڕینیان دژ بە دەسەڵات؟ … زاهیر باهیر

زۆرێك لە نوسەران و ڕۆشنبییران و ئەهلی فەیسبووك سوکایەتییەکی زۆر بە دانیشتوانی کوردستان دەکەن کە گوایە ترسنۆکن، هیچوپوچن، هەر شایستەی ئەو ژێردەستی و زۆرداری و نەبوونییەن. هەندێکیشیان ئەهۆنانە و دەیانکەن بە مەڕ و پێویستبوونیان بە شوان.
من ڕایەکی زۆر جیاوازم لەو کەسانە هەیە و هەرگیزیش ڕێگا بەخۆم نادەم ئەگەر خۆم، یامنداڵەکانم لە پێشەوەی ناڕەزایی و خۆپیشاندانەکانەوە، نەبم و نەبن ، بێم و بانگەشەیەکی ئاوا بکەم و هاوکاتیش تاوانباریان بکەم بە نەکردنی کارێك لەوانەی سەرەوە.
بەڕای من ئەوەی کە لە کوردستانا دەگوزەرێت هەمان شتە کە لە سەراپای وڵاتانی ئەوروپی و ئەمەریکی و کەنەدا و ئۆسترالیا و وڵاتانی دیکەدا دەگوزەرێت. بە بەراوردیش بە دەوڵەمەندی ئەم وڵاتانە و ئەو جۆری ستاندەرەی کە ژیانی خەڵکی لێرە پێویست دەکات، زەمینەی ڕاپەڕین هەیە. لەم وڵاتانەش زۆر داخوازیی و پرس هەیە کە خەڵکی دەبێت ڕۆژانە بۆی بچێتە سەر شەقام و تەنانەت لە وڵاتێکی وەکو بریتانیا و ئەمەریکادا زۆر ڕەوایە کە خەڵکی بە هەموو چەشنەکان دژایەتی دەوڵەت و دەسەڵات بکات بۆ بەدیهێنانی داخوازییەکانیان.
بەهەر حاڵ ئەوەیان پرسێکی دیکەیە و من زیاتر دەمەوێت لەسەر کوردستان [ باشور ] بدوێم و هۆکاری ئەوەی کە بۆچی خەڵکی ئامادەی ڕاپەڕین نییە، قسە بکەم. گومان لەوەدا نییە کە بارودۆخێکی یەکجار خراپ لە کوردستانا دەگوزەرێت و دانیشتوانی ئەوێ زۆر زیاتر لە ئێمەیەك کە لە دەرەوەی ئەوان دەژین دەزانن و هەر ئەوانیشن کە زیاتر لە هەموو کەسێکی دیکە باجەکەی دەدەن .
بەڕای من هۆکارێك هەن کە خەڵكی لە کوردستانا ڕاناپەڕن و قەبوڵی ئەو بارودۆخە دەکەن. ئەو هۆکارانەش:
یەکەم: تێکەڵەیەکی کولتوریی خێڵایەتی و دینی: ئەمە ڕێگرێکی گەورەیە لەوەی کە خەڵکی بە خۆیدا بێتەوە و بیەوێت چارەسەری زامەکانی خۆی بکات و پەنا بۆ شتێك لایەنێکی دیکە، نەبات. ئەو کولتورە دینی و خێڵەکییە هەمیشە لەخزمەتی دەسەڵات و سەرەوەریی و باڵادەستیدا بووەو یارمەتی مانەوەی ئەوانی داوە و کاری داخوازیکردن بووە لە هەژاران و بە قەبوڵکردنی ئەو بارودۆخە ، نەبا خوا خراپەی خراپتر بدات ، کە ئەمەش لەڕێگادایە.
دووەم: کۆمەڵی کوردی: لانی کەم کۆمەڵی کوردی لە ساڵی 1946 وە تاکو ئێستا ڕێگای پینەدراوە کە بە مێشك و عەقڵی خۆی بیر بکاتەوە یاخود متمانە و بروا بکاتە سەر خودی خۆی ئەوەش بەشێکی بە هەبوونی هەمە چەشنە و زۆرینەی پارتی سیاسیی کە هەموو هەوڵ و کۆششیان لە پێناوی دەسەڵاتا بووە. بۆ ئەمەش ئەوان شەڕی فکری و سەربازیی مەیدانییان کردووە بۆ زیادکردنی پانتایی هەژموون و دەسەڵاتیان. هەر بەم هۆکارەشەوە ئەوان هەمیشە لە ڕواندنی تۆوی ئیدۆلۆجییەتی خۆیانا بوون لەو شوێنانەدا. هەموو ئەمانەش وای لە خەڵکی کوردستان کردووە کە بڕوا و متمانە بکەنە سەر ئەوان ، لەبری خۆیان .
سێیەم: سیستەمی پەروەردەی خێزانی و ڕۆشنبیریی و فەرهەنگیی : ئەمانەش کەهەر هەموویان لە سەر بناخەیەکی قوچکەیانە دامەزراون ، کار و هەوڵیان لە پێناوی دروستکردنی تاکی ئازاددا نەکردووە. تاکێكیان دروستنەکردوە کە بناخەیەکی پتەوی خۆ خۆیی و سەربەخۆی ، هەبێت بەڵکو لەبری ئەوە تاکێکیان دروستکردووە کە دوای کولتوری کۆمەڵایەتی [ بەشە خراپەکەی] و دینی و وابەستەیی و نامۆیی، ببێت.
چوارەم: ئەو بارودۆخە تایبەتییەی کە کوردستانی تیادایە : ئەو بارو دۆخە تایبەتییە کە کە کوردد لەوێدا پێیدا تێپەڕیوە و هەر لە کارەساتی شەڕی نەگریسی کوردایەتی و ڕاگوێزینی زۆرە ملیی و کوشتن و بڕین لە سەر دەستی حکومەتە یەکبەدوایەکەکانی عێراقدا و کیماوی و ئەنفال و مانەوە لە بەرانبەر هەڕەشەی گەورەتری حکومەتانی دەوروبەر : عێراق، ئێران ، تورکیا .. ئەمان هەمووی وبوونی بارێك لە ئەزموون بۆ خەڵکی وای لێکردوە کە دەڵێت ڕەنگە هەر ” دەستی لینەدەین، باشتر بێت” . بی گومان میدیای دەسەڵات و حکومەتی هەرێم و حیزبەکانیش هەمیشە بەوە خەڵکی کوردستانیان ڕاگرتووە و ترساندووە.
پێنجەم : فاشییەتی دەسەڵات : حکومەتی هەرێم و دەسەڵاتەکەی هەر وەکو هەموو دەسەڵاتێکی دیکە دڕندە و فاشین لەسەرکوتکردنی خەڵکیدا. دەسەڵات هەر کات کار بگاتە سەر ئەوەی جێگایان پێ لەق بکرێت بە هیچ شێوەیەك دەستناپارێزن لە کوشتن و بڕین و هەموو شێوەیەکی تۆقاندن و تیرۆر دژ بە خەڵکی ڕاپەڕیو بەکاردەهێنن. خەڵکی لە کوردستانا ئەمەیان بیینوە و دەیبینن و ناکرێت هەر وا بە ئاسانی سنگی خۆیان و منداڵیان بنێنە بەر گولەی دەسەڵاتەوە.
شەشەم: خودی بارودۆخی کوردستان: ڕاستە ئەمڕۆ بارودۆخی کوردستان خراپە بەڵام هێشتا بە بەراورد بە خەڵکی بەغدا و باشور و ئێران و میسر و هیندستان و پاکستان و نایجیریا و خواروی ئەفەریقا و زۆری تر لە ولاتانی دونیا، بارودۆخی خەڵکی لە کوردستان زۆر لەوان باشترە . ئیتر خەڵکی بە جۆرێك لە جۆرەکان ژیانی خۆی دەبر کردووە و ئەو برسێتی و ڕەشوڕووتییەی کە لەو شوێنانەی کە ناوم هێنان، هەیە ، لە کورستاندا ئەوەندەی من بزانم، نییە. دیارە ئەمەس ئەوە ناگەیەنیێت کە دەبێت برسێتی و نەبوونیی، شۆڕش و ڕاپەڕین دروستبکات، بەڵام بمانەوێت و نەمانەوێت ڕۆڵی خۆی هەیە.
شەشەم : ڕۆڵی چەپ و کۆمۆنیست و ئەنارکیستەکان: لە ڕاستیدا چەپ و کۆمۆنیستەکان ڕۆڵێکی ئەو تۆیان نەبووە لەناو خەڵکیدا. شەڕی نێوخۆیی خۆیان لەسەر دەسەڵات و پلەبەندیی نێو حیزبایەتی و شەڕی ئیدۆلۆجیانە کردونی بە چەندەها بەش و کەرتەوە کە ناتوانن دەورێکی ئاوایان لە کوردستانا هەبێت هەم لە پشتگیری خەڵکی و هەم لە بەشداری خۆیشاندانەکانا، لە هەر ڕووداوێکدا کە دێتە پێشەوە.
هەرچیش ئەنارکیستەکانە ئەوانیش پێگە و سەنگێکیان لە کوردستانا نییە تا ئێستاش قورسایی سەرەکی خراوەتە سەر کردنی هەڵمـەتی ڕۆشنگەریی سەبارەت بە ئەنارکیزم و ناسینی و گواستنەوەی ئەزموونەکانی دەرەوە بۆ ئەوێ. بە پلەی دووهەیش بانگەشەی دروستکردنی گروپی خۆجێیی ئاسۆیانە و ڕێکخراوی جەماوەریی ناقوچکەیی و کردنی کاری هەرەوەزی، دەکەن . ئەمە جگە لەوەی کە ئەنارکیستەکان باوەڕیان بە حیزب و ڕۆلی حیزب و سەرکردایەتی و ڕابەرایەتی هیچ جۆرە خۆپیشاندان و ڕاپەڕینێك نییە. ئەوەی کە ئەوان باوەڕیانە بەشداریکردنە و چالاکبوونە لەو ڕووداوانەدا و گواستەنەوەی ئەزموونەکانە و متمانەپێکردنی تاکە و دروستکردنی وەرکشۆپە بۆ لەیەکدییەوە فێر بوون و هاوبەشکردنی ڕۆشنبیریی و بەهرەی شەخسی [تالەنت] و سەلیقە و توانایە . هاوکاتیش ڕێگەگرتن ، گەر بکرێت ، لە حزب و حیزبییەکان و کەسانی ناودار و ئیدۆلۆجیا بۆ کۆنترۆڵکردنی خەلكی و لە قاڵبدانیان بە مەبەستی بەکارهێنانیان بۆ بەرژوەندی تایبەتی حیزبیان و کەسایەتییەکان و دەوڵەتانی دەرودراوسێ و ناوچەکە.
ئالێردا پێ لەوە دەنێم کە بەشێكی نەبوونی جوڵەی کۆمەڵایەتی دەکەوێتە سەر ئەستۆی ئێمە هەموومان کە دەکرێت لۆمەی خۆمان بکەین ، نەك خەڵکی کە نەمان توانیوە ئەو پێگە و سەنگەمان هەبێت چونکە لە ڕاستیدا هۆکارێکی ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ئێمە وەکو پێویست چالاك نین و نەمانتوانیوە و ناتوانین ، فکر و مەبادیئەکانمان بە باشی و بە ڕوونی بگەیەننیە خەڵکی .

زاهیر باهیر
04/03/2020
Zaherbaher.com




ئای له‌مینا…. مینای دڵم ئه‌شكێنێ‌ … چنوور نامیق

كه‌لووی دوانه‌ باسی به‌ختم بۆ ئه‌كات و
پێكه‌نین رووم داگیر ئه‌كا
سه‌ر ئه‌نێمه‌ په‌نجه‌ره‌یه‌كی بێ‌ مینا
(ئای له‌مینا) ، دڵم ئه‌كاته‌ هه‌ڵمات و
ده‌ستی درێژی دره‌ختێك
له‌ په‌نجه‌ره‌ی شكاوه‌وه‌
ده‌یان جار دڵم ئه‌گۆڕێ‌…
له‌بێ مینایی په‌نجه‌ره‌ (ئای له‌مینا)
مینای دڵم ئه‌شكێنێ‌
به‌بێ‌ ئیزن
به‌ناو شاری نوته‌كی روحما گه‌شت ئه‌كا…
له‌بێ شوشه‌یی په‌نجه‌ره‌
چاوم لێیه‌
سه‌رده‌می تاعونی كامۆ و
ئه‌وینی دووری كۆلێرا
به‌دوای كۆرۆنا ئه‌گه‌ڕێن..
له‌ بێ مینایی په‌نجه‌ره‌
لێو ئه‌نێمه‌ سه‌ر پێڵاوی فڕیوی با
تا ته‌نیاییم كۆكه‌مه‌وه‌
سه‌ر ئه‌نێمه‌ سه‌ر خه‌می پیرۆزی زه‌وی
له‌سجودا خۆم بیر ئه‌چێ‌…..
له‌ سه‌رده‌می كولێراوه‌ به‌ڕێوه‌م و
وا سه‌رده‌می كۆرۆنایه‌
ناگه‌مه‌ جێ‌……
له‌بێ مینایی په‌نجه‌ره‌
گوێم له‌ شپرزه‌یی تۆیه‌
لێو ئه‌نێمه‌ سه‌ر ده‌سته‌ زبره‌كانی شه‌و
بۆ نازانی له‌رزوتای شه‌وان تاعه‌ته‌؟
له‌په‌نجه‌ره‌ی شكاوه‌وه‌
سه‌ر ئه‌نێمه‌ سه‌ر زه‌وییه‌ ده‌رده‌داره‌كه‌م
له‌ قوژبنی سه‌د ساڵ ته‌نیایی خه‌یاڵم
جیئه‌مێنم…
هه‌ڵبه‌سته‌كه‌م
كورسێكه‌ی خۆی ئه‌سوڕێنێ‌
باسی وه‌فای پشیله‌كه‌ و سپله‌یی سه‌گم بۆ ئه‌كا
باسی ساردی خۆره‌تاو و
دڵگه‌رمی مانگم بۆ ئه‌كا
باسی خوێندكاری سه‌لار و
مامۆستا لاساره‌كانی پۆلی تاعونم بۆ ئه‌كا
باسی عه‌شقێكی له‌ بیرچووی به‌ر ده‌رگای شه‌وم بۆ ئه‌كا
منیش بوومه‌ به‌بوكه‌ڵه‌ی
(ئای له‌مینا )
به‌ویستی خۆی ئه‌مجولێنێ‌

له‌ بێ شوشه‌یی په‌نجه‌ره‌
عه‌شقی سه‌رده‌می كولێرا
خۆی به‌ په‌نای روحما ئه‌كا و
ڤێرمینا به‌ده‌ستكێشه‌وه‌ به‌به‌رده‌مما دێت و ئه‌چێ‌ ….

له‌ بی َمینایی په‌نجه‌ره‌
هه‌ورێكی شپرزه‌ی ئاسمان به‌كه‌مامه‌ی گومانه‌وه‌
به‌سه‌ر باخه‌ قژ ئاڵۆزه‌كه‌ی روحی مندا
زۆر رۆمانسیانه‌ ئه‌بارێ‌
كه‌ده‌بارێ‌ ئه‌مكا به‌تۆ…
باوانه‌كه‌م
سه‌خاوه‌تی په‌تای عه‌شق
وێرانه‌ هه‌واری كردم…..
بێداریم مه‌كه‌ ئاوێنه‌
با نهێنی شه‌ونوێژی من
له‌پاڵ نێرگه‌له‌یه‌كی دڵپڕا
سه‌دای مینا نه‌شێوێنێ‌…

هه‌ڵبه‌سته‌كه‌م
ئێستا نه‌زان به‌ جاده‌كانی بێشاریم
نابینا به‌ لیمۆبوونم،
له‌ نێوان كاتی كولێرا و ئالوده‌بوونی كۆرۆنا
لێم ناگه‌ڕێ‌ بێم و بچم….
له‌گه‌ڵ پارادۆكسه‌كانی هه‌ڵبه‌سته‌كه‌م
نێرگه‌له‌یه‌ك به‌ده‌نگی تۆم ئاشنا ئه‌كا و به‌خۆم نامۆ
لێره‌ كه‌س به‌ ئاشنا نابێ‌
له‌كه‌ناری هه‌تیویمدا ئاره‌زووی كۆشی تۆ ئه‌كه‌م
ئه‌ی میهره‌بان…
هه‌ڵبه‌سته‌كه‌م كورسێكه‌ی به‌جێ‌ ناهێڵێ‌
نه‌با كه‌سێك له‌گه‌ڵ ته‌نیاییم دانیشێ‌
لێناگه‌ڕێ‌
بچمه‌ لای غه‌ریبیمه‌وه‌…
من ئه‌ڕۆم و هه‌ڵبه‌سته‌كه‌م هه‌ر كورسێكه‌ی جێ‌ ناهێڵێ‌
له‌بێ مینایی په‌نجه‌ره‌ ئای له‌مینا
مینای دڵم ئه‌شكێنێ‌ و
به‌ته‌نیشتما گوزه‌ر ئه‌كا.
كلووی دوانه‌ باسی به‌ختم بۆ ئه‌كات و
دوای سه‌رده‌مێك
له‌ په‌نجه‌ره‌ شكاوه‌كه‌وه‌ ون ئه‌بم..

4-3-202
تێبینی

(ئای له‌مینا) مه‌به‌ست گۆرانی ئای له‌مینایه‌
هه‌ڵبه‌سته‌كه‌م.. هه‌ڵبه‌ستی كچم
مینا — شوشه‌




مناڵێک بە ڕیشی سپیەوە … نەوزاد بەندی

ھێشتا
حەزئەکەم بچم بۆ دوکانی
کۆڵانەکەی ئەودیو ،
لولەیەک تاعین و
سێ نوقڵی ترش و شیرین
بکڕم و
بە ڕاکردن بێمەوە بۆ ماڵ ،
نەک قەرەج بمفڕێنێ ..
ھێشتا مناڵەکەی جارانم ،
حەزئەکەم
ھەر نێرگز کەوتە ناوبازاڕ ،
وەک گاکێویی
کە قیروسیا لە کەڵبەی تیمساح ئەکات و
ئەڕواتە ناو ڕووبارەوە ،
پێ بە جەرگی خۆما بنێم
قیروسیا لە بۆکس خەنجەر
قیر وسیا لە قۆچەقانی
شەقاوەکانی سەرکارێز بکەم و
بۆ ئاگری نەورۆز
ڕاکەم بۆ تایە کڕین ..
پڕ بەدڵ ئەمەوێ
کە شەوی ھاوین
فەرشی ئەستێرەی داخست و
مێشولەکان
لە دەوری گڵۆپی نیۆنی
ژووری ھەورەبان
دەستیان کرد بە دانس و سەما ،
بە خۆم و بیجامەی
خەت خەتی پۆپلین و
ڕادیۆیەکی EIC
پرتەقاڵیی
قەبارەی پاکەتێ سیگار ،
بە تەنیا بچم بۆ سەربان ..
بە ھەر چوار لادا بڕوانم،
لە دوای تاکە وون بووە
نەناسراوەکەی
خۆم بگەڕێم ..
لە دەرگا ئەپاڕێمەوە ،
جارێکی تر
دەنگی لە دەرگادانەکەی
باوکم
بۆ لێبداتەوە ،
ئەرێ تۆ بڵێی دەرگاکان
میمۆری و ئەو شتانەیان
تێدا نەبێ ؟
تاکو دیسان بە تاسەوە ،
ڕاکەم دەرگای بۆ بکەمەوە ..
پێش ئاوەڵا بوونی دەرگا
بۆنی زەمیلە ھەرمێکەی
بێتە ئەمدیو …؟!
نۆتەی دەنگی
دوو ڕیشۆڵەی
ناو زەرفێکی کون کون بمکا
بە خۆشبەختترین بوونەوەر..!
ھێشتاکە ھەر
چاوەڕوانی
پەشمەکفرۆشەکە ئەکەم ،
کە ژنانی
گەڕەک زۆر پێی تێک ئەچوون و
ئەیانووت : ددانی بە دەمی مناڵی
گەڕەکەوە نەھێشتووە،
ئەو عەبوسی
شەکرفرۆشی
نانەجیبە..
کە لەلای مناڵی گەڕەک
جوانترین و
بە ئەمەکترین
بە کەڵکترین
فرۆشیاری
ھەموو شار بوو ..

من ھێشتاکە ….
مناڵم.. ھەر مناڵم
مناڵێکی
پێست چرچ و لۆچی
سەر سپی !




جه‌نگی ئه‌مریكا و تاڵیبان، له‌قه‌ته‌ره‌و پێ ده‌نێته‌ قۆناغێكی تر … ئه‌حمه‌د كامه‌ران

ئه‌مریكا وڵاته‌ زلهێزه‌كه‌ی جیهان كه‌ به‌چه‌كه‌ پێشكه‌وتوه‌كانی و به‌ ئابووریه‌ به‌هێزه‌كه‌ی به‌رده‌وام خۆی به‌سه‌ر هه‌موو جیهان ده‌سه‌پێنێت به‌تایبه‌تیش ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست كه‌ به‌رده‌وام هه‌وڵده‌دات له‌ژێر سیاسه‌ته‌كانی خۆیدا بێت وپه‌نجه‌ی هه‌ركه‌سێكیش ده‌قرتێنێت كه‌ ده‌ست به‌سه‌ر ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست دا بگرێت, وه‌ هه‌روه‌ها بڕیاری هه‌ڵگیرسانی جه‌نگ ده‌دات له‌گه‌ڵ هه‌ر وڵاتێك و هه‌ر گرووپێكی تیرۆرستی كه‌ بزانێت ده‌بێته‌ هۆكارێك بۆ تێكچوونی ئاسایشی وڵاته‌كه‌ی و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ئه‌مه‌ش له‌ پێناو چاوه‌ جوانه‌كانی ئه‌م ناوچه‌یه‌ نیه‌ به‌ڵكو له‌ پێناو خێر و بێره‌ به‌ پیته‌كه‌یتی كه‌ دیارترینیان(نه‌وته‌).
ساڵی 2003 ئه‌مریكا بڕیاری جه‌نگی دا له‌ دژی ڕژێمی به‌عس و سه‌دام حسێن و به‌ڵام بۆ دواجاریش له‌ناوی برد و عێراقی ڕزگار كرد له‌ ده‌ستی حكومه‌تێكی دیكتاتۆر به‌ڵام له‌پاشان عێراق پێنایه‌ قۆناغێكی ڕه‌شی حوكمڕانی ئاڵۆز كه‌ به‌چه‌ندان دیكتاتۆر هاتنه‌ گۆڕه‌پانه‌كه‌وه‌.
ساڵی 2014 گرووپێكی تیرۆرستی سه‌ری هه‌ڵدا به‌ناوی داعش كه‌ جارێكی تر ئه‌مریكا بڕیاری جه‌نگی دا دژی ئه‌و ڕێكخراوه‌ تیرۆرستیه‌ كه‌ به‌هاوكاری هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان و سووپای عێراق بۆ دواجار توانیان شانه‌ زیندوه‌كانیان له‌ناوببه‌ن به‌تایبه‌تیش له‌پاش كوژرانی سه‌ركرده‌كه‌یان به‌ناوی ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی له‌لایه‌ن هێزه‌كانی ئه‌مریكاوه‌.
به‌ڵام درێژترین جه‌نگی ئه‌مریكا كه‌ بۆماوه‌ی بیست ساڵ به‌رده‌وام بوو ئه‌ویش جه‌نگی ئه‌مریكا و تاڵیبان بووله‌ ئه‌فغانستان كه‌ ئه‌مریكا له‌و جه‌نگه‌ به‌هه‌زاران سووپا و زیانی ئابووری پێگه‌یشتووه‌ , سه‌ره‌تای هه‌ڵگیرسانی ئه‌و جه‌نگه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ساڵی 2001 كه‌ هاوكات له‌گه‌ڵ ڕووداوه‌كانی 11 سێپته‌مبه‌ری ئه‌و ساڵه‌ كه‌ له‌له‌لایه‌ن فڕۆكه‌یه‌كه‌وه‌ هێرش كرایه‌ سه‌ر چه‌ندین تاوه‌ری گرنگی بازرگانی ئه‌مریكا كه‌ به‌ هێرشێكی تیرۆرستی له‌ قه‌له‌م درا كه‌ به‌سه‌رۆكایه‌تی ئوسامه‌ بلادن سه‌رۆكی ڕێكخراوی قاعیده‌ ئه‌نجام درابوو, له‌و كاته‌وه‌ جۆرج بۆش سه‌رۆكی ئه‌وكاته‌ی ئه‌مریكا بڕیاری جه‌نگی دا دژی ڕێكخراوه‌ تیرۆرستیه‌كانی ئه‌فغانستان له‌نێویشیاندا تاڵیبان كه‌ ئه‌م ڕێكخراوه‌ له‌ساڵی 1994 دامه‌زرابوو , ئه‌گه‌ر چی ئوسامه‌ بلادن پاش چه‌ند ساڵێك له‌ ڕووداوه‌كه‌ی 11ی سێپته‌مبه‌ر دا بۆ دواجارله‌ساڵی 2011 كوژرا به‌ڵام جه‌نگ كۆتایی نه‌هات له‌نێوان هێزه‌كانی ئه‌مریكا و تاڵیبان به‌ڵكو جه‌نگه‌گه‌ زیاتر گه‌رمی پێوه‌ دیاربوو, به‌هۆی ئه‌م جه‌نگه‌وه‌ ئه‌فغانستان ڕۆژ به‌دوای ڕۆژ به‌ره‌و دواكه‌وتوترین وڵات هه‌نگاوی ده‌نا له‌ ده‌ر ئه‌نجامی ئه‌و جه‌نگه‌ بێ ئامانجه‌.
به‌ڵام بۆ دواجار له‌ به‌رواری 29 ی شوباتی 2020 له‌ شاری ده‌وحه‌ی قه‌ته‌ر ڕێكه‌وتنامه‌یه‌كی ئاشتیانه‌ مۆركرا له‌نێوان (تاڵیبان وئه‌مریكا) ئه‌مه‌ش دوا به‌دوای ئه‌وه‌ دێت كه‌ ئه‌مریكا له‌ له‌سه‌ره‌تای ساڵی 2020 وه‌ كه‌سایه‌تیه‌كی دیاری ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی تیرۆكرد له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی به‌غداد ئه‌ویش قاسم سوله‌یمانی بوو زه‌برێكی كووشنده‌ی له‌ ئێران و سیاسه‌ته‌كه‌ی وه‌شاند , واته‌ ده‌توانم بڵێم حكومه‌ته‌كه‌ی دۆناڵد تڕامپ زۆر جیاوازتر بوو له‌ حكومه‌ته‌كانی پێشووی ئه‌مریكا كه‌ توانی زۆر به‌وشێوه‌یه‌كی بوێرانه‌ سه‌ربكه‌وێت به‌سه‌ر سه‌رجه‌م پرسه‌ سیاسی و ئابووری و گرووپه‌ تیرۆرستیه‌كان به‌تایبه‌تیش له‌ كوشتنی قاسم سوله‌یمانی و ڕێكه‌وتنه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ تاڵیباندا كه‌ له‌پێشتردا به‌تایبه‌تیش له‌سه‌رده‌می ویلایه‌تی باراك ئۆباما نه‌ی ده‌توانی هیچ كام له‌م دوو كاره‌ ئه‌نجام بدات, ئه‌گه‌رچی هێشتا نازانرێت دۆخی ئه‌مریكا و دۆنالد ترامپ و به‌تایبه‌تیش ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌ره‌و كوێ هه‌نگاو ده‌نێت هه‌تاوه‌كو پاش هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكا كه‌ ئاخۆ بۆ جارێكی تر تڕامپ دێته‌وه‌ گۆڕه‌پانی سیاسی یاخود ماڵئاوایی ده‌كات و سه‌رۆكایه‌تی بۆ كه‌سێكی تر و بۆ سیاسه‌تێكی نوێ به‌جێ ده‌هێلێته‌وه‌ …..
ئه‌گه‌رچی ڕێكخراوی تاڵیبان به‌گرنگترین ڕێكخراو داده‌نرا بۆ هاوكاریه‌كانی داعش له‌ عێراق و سوریا له‌ سه‌ره‌تای ساڵی 2014 , كه‌چی خۆی له‌بنه‌ڕه‌تدا تاڵیبانیش هه‌ربه‌ته‌واوكه‌ری فكری داعش و قاعیده‌ و گرووپه‌ تیرۆرستیه‌كانی تر داده‌نرێت به‌ڵام له‌ژێر ناوێكی تره‌وه‌ كاره‌كانی خۆی ئه‌نجام ده‌دا, كه‌ ئه‌فغانستانی خستبووه‌ گه‌وره‌ترین قه‌یرانی ئابووری و سیاسی و كۆمه‌ڵاتیه‌تیه‌وه‌, له‌ نێویشیاندا ئافره‌تان له‌ ئه‌فغانستان گه‌وره‌ترین قوربانی ده‌ستی ئه‌و ڕێكخراوه‌ بوون , چوونكه‌ ڕێكخراوه‌كه‌ له‌سه‌ر فكری ئاینی ئیسلام بنیات نراببو كه‌ ئه‌مه‌ش وای كردبوو به‌ناوی ئاینه‌وه‌ ئافره‌ت له‌ كونجی ماڵه‌ كانی خۆیانه‌وه‌ زیندانی بكرێن, یاخود جیاواز له‌وانه‌ ئافره‌تان و كچان گه‌وره‌ترین هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌ست درێژی سێكسیان به‌سه‌ره‌وه‌ بوو له‌ ئه‌فغانستان, به‌ڵام دوا به‌دوای ڕێكه‌وتنامه‌كه‌یان له‌ قه‌ته‌ر, ئومێدێك به‌دی ده‌كرێت كه‌ بارودۆخی ئه‌فغانستان و فكری تیرۆر كۆتایی بێت له‌ ئه‌فغانستان و ته‌واوی ناوچه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست, یاخود به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌گه‌ری سه‌رهه‌ڵدانی فكرێكی نوێتری تیرۆر چاوه‌ڕوانی ئه‌فغانستان ئه‌و ناوچانه‌ ده‌كات به‌ڵام به‌ به‌رگێكی جیاوازتره‌وه‌ بۆیه‌ ده‌بێت چاوه‌ڕوانی دیمه‌نه‌كانی داهاتوو بكه‌ین كه‌ بزانین چیمان بۆ ده‌خاته‌ ڕوو.

لێره‌دا پرسیارێك درووست ده‌بێت كه‌ ئاخۆ به‌ هه‌ڵگیرسانی ئه‌و جه‌نگه‌ و له‌پاشان ئه‌نجامدانی ڕێكه‌وتن چ ده‌سكه‌وتێكیان به‌ده‌ست هێنا؟

ئه‌حمه‌د كامه‌ران| نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌نووس




سووتووی مێژوو … ستار ئه‌حمه‌د

لە كاتێكدا
داود ئۆغڵو
كورد دەكوژێ
كەچی سەركردەكانی ئێمە
لەئەنقەرە
روومەتی دەلێسنەوە
پێیان زۆرە
دیكتاتۆرێك
روویەكی خۆشیان بداتێ
ئەوەتانێ
ئەمەریكا
بارەگای داعش
دەڕفێنێ
نەوەكوو زەبریان بگاتێ
هەر بەرپرسەكەی خۆمانە
تەنكەری نەوتیان دەداتێ
چش لەپێشمەرگەو
شەهیدان
كێ لەئەحواڵیان دەپرسێ
كوردستان هەر چوار پارچەبوو
لەسایەی سەری ئەمانە
ئێستا بووە بەسەدو سێ
ئای كەباری خاك گرانە
هەر رۆژەی كەرتێكی دەڕمێ
نەبووە لەنێو چاڵی نەوتا
بۆ كەرتە نانێك بگریت و
دەست لەخەڵكی پان كەیتەوە
ماڵ لەخاوەن ماڵ حەرامە
كووچەو شەقامی شارەكان
هەمووی زامە
بۆ كوێ دەڕۆیت
هەر بۆنی بۆمب و بارووتە
نیشتمانە خاپوورەكەم
پڕ لەگەداو رەش و رووتە
مێشكم لەجەستەم تۆراوە
پەنجەم بەدەستم نامۆیە
ئەم خاكە خێری بۆ خەڵكەو
كۆتی دەستی من و تۆیە
نامۆین به‌رۆحی خۆمان و
مال و مناڵ و
كوچه‌و شار
نیشتمان سه‌راپا گڕه‌
لاوه‌كانمان
وه‌كوو مه‌لێكی بریندار
كه‌وتوونه‌ته‌ باڵه‌ فڕه‌
كه‌نار نه‌ما
توێشووی سه‌فه‌ری لێ‌ نه‌خه‌ن
هه‌ر رۆژه‌ی له‌هه‌ڵدێرێكا
ده‌بنه‌ سوتووی مێژوو ته‌مه‌ن
بۆ نانێكی ده‌م ره‌شه‌با
به‌دوای گه‌رووی جانه‌وه‌رو
سكی گورگا باویشك ده‌ده‌ن
له‌م سنووری خوێنینه‌وه‌
بۆ ئه‌و ته‌لبه‌ندی وڵاتان
ته‌كان ده‌ده‌ن
چه‌ندین ته‌رم و
ئێسك و پروسكی هاوخوێنم
له‌ دیده‌ی رووباری زه‌برو
ده‌ریای رقی سنووره‌كان دۆزرانه‌وه‌
لانه‌یه‌ك نه‌بووه‌ هێلانه‌ی
كۆرپه‌یه‌كی ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌
رۆح و جه‌سته‌مان خه‌واڵوو
خه‌ون و خۆراكی سه‌فه‌ره‌
خه‌مخۆرێكم له‌م خاكه‌دا
به‌دی نه‌كرد
به‌ر شاڵاوی بزربوون و
ئاواره‌یی كیژان بگرێ‌
له‌ژانی گه‌نج و بێداران
وردبێته‌وه‌
كوردستانم
هه‌موو ساتێك
تاكێكی خۆی له‌ده‌ست ده‌دات
چركه‌ نییه‌
زامێكی نوێی نه‌كولێته‌وه‌

ستار ئه‌حمه‌د




…ناتۆش پاڵپیشتی تیرۆریستان ئه‌گرێت ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب

ئاشكرایه‌ له‌ هه‌ر كوێ شه‌ر روویدابێت كوردو كوردستانیان به‌ هۆی وڵاته ‌داگیركه‌ره‌كانی كوردستان دووچاری گرتن و كوشتن بوونه‌ته‌وه‌ و هه‌روا له‌ ناوبردنی سامان و دارایی هاوڵاتیانی و خاپوركردنی خاكه‌كه‌ی و ئه‌وه‌تا توركیا چه‌ندین ساڵه‌ شه‌رێكی خوێناوی به‌ نه‌خشه‌و پلانێكی دارێژراوی توكمه‌ دژ به‌ كوردانی باكووری كوردستان‌ هه‌ڵگیرساندووه‌و، سه‌دان هه‌زار كه‌س له‌ سڤیلی بێ ده‌سه‌ڵات دووچاری گرتن و زیندانیكردن و كوشتن بوونه‌ته‌وه‌ له‌ سه‌ر خاكی باوپاپیرانیان ده‌ركراون و ماڵ و سامانیان تاڵانكراوه‌و باخ و بێستان و ره‌زو دارستانه‌كانیان سووتێنراوه‌و، وئاوایی و گوندو شاره‌كانیان وێران كراوه.
بۆ زیندوكردنه‌وه‌ی خه‌لافه‌تی عوسمانلی مردوو پێچووه‌ چاره‌دێزه‌كه‌یان ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان هه‌ڵپه‌ هه‌ڵپیه‌تی و ده‌ست بۆ هه‌موو لایه‌ك ئه‌بات و، ته‌نها له‌ سوریا به‌ ناوی كۆنترۆڵ كردنی سنور ده‌ستیگرت به‌ سه‌ر شارۆچكه‌ی جه‌رابلوس و پاشان گرتنی شاری عه‌فرین و، له دواییدا، له‌ ئوكتۆبه‌ری ساڵی 2019 هێرشی زەمینی و ئاسمانی سوپای تورکیا و گروپە توندڕەوەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان، دەستیپێکرد. سه‌ره‌ڕای دژایه‌تی و هه‌ڵوێستی توندی جیهانی به‌ڵام توركیا به‌رده‌وامه‌ له‌ داگیركاری و ژماره‌یه‌كی زۆر خه‌ڵكی مه‌ده‌نییان كردۆته‌ ئامانج و به‌و ‌هۆیه‌وه‌ كوژراو برینداری زۆری لێكه‌وتووه‌ته‌وه‌.
ئه‌مرۆ له‌ شاری ئیدلب شه‌ر گه‌رمه‌ له‌ نێوان توركیاو سوریاو، ئیدلب شارێكی سوریایه‌و له‌ سه‌ره‌تای راپه‌رینی خه‌ڵكی سوریا دژ به‌ رژێمی به‌شار ئه‌لئه‌سه‌دو به‌ پاڵپشتی حكومه‌تی ئیخوان ئه‌لموسلمینی توركیاوه‌و به‌هۆی لاوازی حكومه‌تی سوریاوه له‌ ساڵانی پێشوو كه‌وته‌ده‌ست توندره‌وه‌ تیرۆریسته‌كان وله‌لایه‌ن توركیاوه‌ به‌رێوه‌ئه‌براو، له‌مرۆدا حكومه‌تی سوریا به‌ پاڵپشتی روسیا ئه‌یوێت شاره‌كه‌ له‌ چنگی ئه‌ردۆگان و تیرۆریستان بسێنێته‌وه‌.

توركیا هه‌موو هه‌وڵ و تواناكانی خستووه‌ته‌گه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی ئیدلب له‌ ژێر ركێفی بمێنێته‌وه‌و ناوچه‌یه‌كی ئارامی لێدروست بكات و، له‌م رێگاشه‌وه‌ ئه‌توانێت له‌ كورد بدات گوایه‌ كورده‌كان مه‌ترسین له‌ سه‌ر بارودۆخی توركیا به‌ڵام له‌ راستیدا ئیدلب له‌ رووی ستراتیژی جۆگرافیاوه‌ بۆ توركیا گرنگییه‌كی زۆری هه‌یه‌و له‌وانه‌ : یه‌كێكه‌ له‌و ناوچانه‌ی له‌ سه‌ره‌تاوه‌ له‌ شۆرشی خه‌ڵكی سوریا به‌شداری كردووه‌و، ناوچه‌یه‌كی ستراتیژییه‌و توركیا له‌و باوه‌ره‌دایه‌ پاراستنی ئیدلب ریگا نادات ده‌ستی دوژمنان بگاته‌ خاكی توركیا و، ریگا خۆشكه‌ره‌یه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ ده‌ریای ناوه‌راست { ده‌ریای سپی} و، نزیكه‌ له‌ شاری لازقییه‌ كه‌ به‌ دڵی رژێمی سوریا ئه‌ژمێردرێت و ئه‌وه‌ش بایه‌خی ستراتیژییه‌كه‌ی زیاد ئه‌كات و، هه‌روا نزیكه‌ له‌ شاری‌ ریحانییه‌ی ویلایه‌تی هاتای و، ئیدلب شاریكی گه‌وره‌یه‌و زیاتر له‌ دوو ملیۆن و نیو خه‌ڵكی لێیه‌ و له‌ شاره‌كانی تره‌وه‌ به‌ تایبه‌تی شاری حه‌ڵه‌ب روویان له‌وێكردووه‌.
شه‌ر گه‌رمه‌و سوپای سوریا به‌ یارمه‌تی روسیاوه‌ پێشره‌وی كردووه‌و به‌شێكی فراوانی له‌ خاكی ئێدلب رزگاركردووه‌ و، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان سه‌رۆكی توركیا هه‌ره‌شه‌ ئه‌كات و، ئه‌یه‌وێت سوریا بكشێته‌وه‌و، به‌ پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ ئه‌ڵێت ئێمه‌ش هێرش ئه‌كه‌ێن و ده‌ست ناپارێزین وبۆردومانی ناوچه‌كانی تریش له‌ ده‌ره‌وه‌ی سنوری ئیدلب ئه‌كه‌ین.
به‌ هۆی شه‌ری زه‌مین و ئاسمانییه‌وه‌، تۆپباران و فرۆكه‌ی دوو وڵات توركیاو سوریا خه‌ڵكی سڤیل به‌ره‌ورووی له‌ناوچوون بوونه‌ته‌وه‌و نان و ئاویان لێبراوه‌و، دوور نییه‌ ئه‌م شه‌ره‌ زیاتر په‌ره‌بسێنێت و ببێت به‌ شه‌رێكی گه‌وره‌ به‌ تایبه‌ت هێزه‌كانی سوپای سوریا له‌لایه‌ن روسیاوه‌ یارمه‌تی ئه‌درێن و، له‌ سه‌ره‌تای ئه‌م هه‌فته‌دا زیاتر له‌ 33 سه‌ربازی توركیاو 50 سه‌ربازی سوریا كوژراون و، ئه‌م شه‌ره‌ ئاسایش و سه‌قامگیری ناوچه‌كه‌ به‌ره‌و گرژی و ئاڵۆزی زیاتر ئه‌بات و، ئه‌گه‌ر ته‌شه‌نه‌ بكات به‌ ته‌واوه‌تی ئه‌ته‌قێته‌وه‌و لایه‌نی تریش ئه‌گرێته‌وه‌.‌‌
ئه‌ردۆگان زۆر هه‌وڵیدا وڵاتانی په‌یمانی زه‌ریای باكوری ئه‌تله‌نتێك ( ناتۆ) رازی بكات به‌وه‌ی ناوچه‌یه‌كی ئارام و دابراو له‌ خاكی سوریا دروست بكات به‌ڵام ئه‌و وڵاتانه‌ گۆێیان پێنه‌داو، روسیا توانی ئه‌و بۆشایه‌ پر بكاته‌وه‌و پشتگیری له‌ سوریا

ئه‌كات و، به‌ هۆی سوریاوه‌و له‌ سه‌ر بانگهێشتنی حكومه‌تی به‌شار ئه‌لئه‌سه‌د روسیا جێپێی له‌ ناوچه‌كه‌ قایم كردووه‌.
نووسه‌رێك له‌ شیكردنه‌وه‌ی بارودۆخی ناوچه‌كه‌ به‌ ناوی مارتن شۆلۆڤ ئه‌نووسێت و ئه‌ڵێت : ئێستاكه‌ ده‌ستی روسیا له‌ كێشه‌و گیروگرفتی له‌ گه‌ڵ توركیادا بڵنده‌و، ئه‌وه‌ سێ ساڵه‌ سه‌باره‌ت به‌ باكوری سوریاوه‌ مشتومریانه‌ به‌ڵام مشتومره‌كه‌ له‌م دواییه‌دا گوازرایه‌وه‌ بۆ پێكدادانێكی ترسناك له‌ نێوان دوو لایه‌ن یه‌كه‌میان سوریاو روسیاو دووه‌میان توركیاو تیرۆریستان
ئه‌ردۆگان جارێكی تر زه‌لیلانه‌ رووی كرده‌ ناتۆو داوای یارمه‌تی كردو، به‌ پێی نووسین و په‌ره‌گرافه‌كانی یاسای هاوپه‌یمانی ناتۆ‌ ئه‌بێت ئه‌و وڵاته‌ی‌ ئه‌ندامی ناتۆیه‌و تووشی شه‌ر بێت له‌لایه‌ن ناتۆوه‌‌ یارمه‌تێبدرێت و پشتگیری لێوه‌ بكرێت به‌ڵام له‌م حاڵه‌ته‌ی توركیا ئه‌ندامه‌كانی ناتۆ وتیان هێرشكردنه‌ سه‌ر سه‌ربازانی توركیا هه‌ره‌شه‌ له‌ توركیا ناكات و، به‌وته‌ی ئه‌و ئه‌ندامانه‌ هێشتا شه‌ر گه‌رم نییه‌و، له‌ به‌رامبه‌ردا ئه‌ردۆگان هه‌ره‌شه‌ی له‌ یه‌كێتی ئه‌وروپا كرد به‌وه‌ی رێگا له‌ به‌رده‌م كۆچبه‌ران واڵا ئه‌كات به‌ره‌و ئه‌وروپا برۆن و هه‌ره‌شه‌كه‌ی جێبه‌جێ كردو هه‌زاران كۆچبه‌ر روویان له‌ بولگاریاو یۆنان كردووه‌و له‌لایه‌كی تره‌وه‌ پۆتین سوره‌ له‌ سه‌ر كۆتاییهێنان به‌ جه‌نگ له‌ رێی هێرشی ئاسمانییه‌وه‌و شاره‌كه‌ بخاته‌وه‌ ژێر ركێفی سوریاو، به‌و هه‌نگاوه‌ش روسیا له‌ ناوچه‌كه‌ جێگیر ئه‌بێت و، به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی توركیا ته‌ماوه‌ییه‌ و به‌ روونی دیارنییه‌ و له‌ ساڵی 2012 تا 2016 پشتگیری له‌ ئۆپۆزیسیۆنی چه‌كداری كردو هه‌موو هیواو مه‌رامه‌كانی توركیا ئه‌وه‌ بوو كورد له‌ سنوره‌كانی دووربخاته‌وه‌و له‌ ئێستادا هه‌ردوولا (توركیاو سوریا) شه‌ریان ناوێت و هه‌وڵی ئاگربه‌س ئه‌ده‌ن.
پێویسته‌ ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان پشوویه‌ك بدات و به‌ خوێدا بچێته‌وه‌و واز له‌ سیاسه‌تی داگیركردنی خاكی وڵاتێكی تر بێنێت و، هه‌روا به‌ شێوازێكی دووفاقه‌ هه‌ڵسوكه‌وتنه‌كات ، له‌لایه‌ك یارمه‌تی تیرۆریستان ئه‌دات و، له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ ئه‌یه‌وێت له‌ گه‌ڵ فلادیمیر پۆتین نزیكبێته‌وه‌ و، پیویسته‌ ئه‌ردۆگان له‌ جه‌نگی سوریادا وانه‌ فیربێت و، وانه‌زانێت چوونه‌ ناوی خاكی وڵاتێكی تر گه‌شتوگوزاره‌ و، دیاره‌ پرۆژه‌كه‌ی توركیا به‌ره‌و نه‌مان مل ئه‌نێت.

ژماره‌یه‌ك له‌ سه‌ربازانی لاو به‌ خۆشحاڵییه‌وه‌ چوونه‌ ناو خاكی سوریاو، به‌ پێی ئاخافتنه‌كانی ئه‌ردۆگان و خۆهه‌ڵكێشان و راگه‌یاندنه‌كانی له‌و باوه‌ره‌دا بوون ئه‌مان به‌هیچ شێوه‌یه‌ك تووشی زه‌ره‌روزیان نابن به‌ڵكو ته‌نها سورییه‌كان زه‌ره‌ر ئه‌كه‌ن و، نه‌یان ئه‌زانی جه‌نگ گاڵته‌ی مناڵان نییه‌و، له‌كاردانه‌وه‌ی زیانه‌كانی به‌ فه‌رمانی ئه‌ردۆگان تۆره‌كانی ئه‌نته‌رنێت له‌ شاره‌كانی توركیا پچراو پێجه‌كانی فێسبوك داخران بۆ ئه‌وه‌ی زه‌ره‌روزیانه‌كانی له‌ خه‌ڵك بشارنه‌وه‌و، له‌ شاره‌كانی ئه‌نكه‌ره‌ی پایته‌خت و ئێسته‌نبول خۆپیشاندان دژ به‌ ئه‌ردۆگان و جه‌نگه‌كه‌ی ئه‌نجامدراو ئه‌گه‌ر ئه‌ردۆگان له‌ سه‌ر ره‌فتاره‌كانی بمێنێته‌وه‌ دوور نییه‌ له‌ هه‌موو شاره‌كانی توركیا خۆپیشاندان دژی ده‌ستپێبكات.
ئه‌ردۆگان داوای لە هاوپەیمانی باکوری ئەتڵەسی ( ناتۆ) کرد لە پرسی سوریادا یارمەتی بدەن، به‌ كردار نه‌وه‌ك ته‌نیا به‌ قسه یارمه‌تی توركیا بده‌ن‌ به‌ڵام ناتۆ هیچ یارمه‌تییه‌كی پێشكه‌ش نه‌كردو، ئه‌مجاریان هانا بۆ مۆسكۆ ئه‌بات و بریاره‌ رۆژی 5 ی ئازار له‌ مۆسكۆ چاوی به‌ فلادیمیر پۆتین بكه‌وێت و، سه‌ره‌رای تێكشكاندن و دۆراندن ئاكار خه‌لوسی وه‌زیری به‌رگری توركیا له‌ به‌یاننامه‌یه‌كی پر له‌ درۆ باسی له‌ جه‌نگی ئیدلب كردو وتی هێرشه‌كانمان دژ به‌ سوپای سوریا به‌ سه‌ركه‌وتوویی به‌رێوه‌ئه‌چێت.
ناتۆ له‌ سه‌ر زاری سكرتێری گشتی رێكخراوی ناتۆ یێنس ستۆلتێبێرگ
Jens Stoltenberg, پشتیوانی رێكخراوه‌كه‌ی بۆ توركیا ده‌ربری رایگەیاند هاوپەیمانان هاوخەمیی خۆیان بۆ کوژرانی سەربازە تورکەکان دەرئه‌برن و داوای له‌ روسیاو سوریای كرد هێرشه‌كانیان بوه‌ستێنن و، قسه‌كانی ستۆلتێبێرگ یارمه‌تییه‌ بۆ توندره‌وه‌ تیرۆریسته‌كان.
هه‌زاران كورد به‌ ده‌ستی ئه‌ردۆگان و توركیا كوژران به‌ڵام رۆژێك له‌ رۆژان ناتو ده‌نگی به‌رز نه‌كرده‌وه‌و هاوخه‌می ئه‌ندامه‌كانی بۆ گه‌لی كورد ده‌رببرێت و داوا له‌ ئه‌ردۆگان بكات هێرشه‌كانی بۆ سه‌ر شارو دیهاته‌كانی كوردستان بوه‌ستێنێت و، له‌مرۆدا ئه‌ستێره‌ی ئه‌ردۆگان سه‌ره‌وخوار ئه‌بێته‌وه‌و عه‌فرین و شارو دیهاته‌كانی تریش ئازاد ئه‌كرێن و، دووریش نییه‌ شورشێك دژ به‌ ئه‌ردۆگان به‌رپا بێت.
4/3/2020




ئەدەبی منداڵان – ڤایرۆسی کۆرۆنا … فەرهاد ئەحمەد بەرزنجی

بۆ ئەوەی پەتای ڤایرۆس
نەمبات بەرەو نەخۆشی
خاوێنی خۆم ڕادەگرم
هەتا بژیم بەخۆشی۰

ئەمڕۆ کۆرۆنا باوە
پەتای ئەم سەردەمەیە
دەبێ خۆبپارێزین
لەو دەردە کوشندەیە۰

بۆیە بەسابون و ئاو
دەستەکانم جوان دەشۆم
بۆئەوەی تەندروستبم
گرنگی دەدەم بەخۆم۰

دەسڕ بەکاردەهێنین
لەکاتی پژمەو کۆکین
کۆبونەوەو جەنجاڵی
تاماوەیەک ڕادەگرین۰

ڤایرۆسی کۆرۆنایە
ژیانی زۆر کاتییە
پلەی گەرما بەرز بوو
ئیتر ئەو بوونی نییە۰

۵ ـ ۳ ـ ۲۰۲۰
فەرهاد ئەحمەد بەرزنجی




به‌فری گه‌رم له‌ نێوان خه‌ڵات و ره‌خنه‌دا … حه‌یده‌ر عه‌بدولڕه‌حمان

له‌ كورته‌ فیلمی ( به‌فری گه‌رم) ی ده‌رهێنه‌ر ( عه‌دنان عوسمان) كه‌ خه‌ڵاتی باشترین ده‌رهێنانی له‌ فیستیڤاڵی سینه‌مای دژ به‌ تیرۆر به‌ ده‌ست هێنا، سیناریۆی یه‌كێ‌ له‌و تراژیدیا پڕ له‌مه‌رگه‌ساتانه‌ی سه‌رده‌می داعش ده‌بینین كه‌ چۆن ژن و پیاوو منداڵێك له‌تاو خۆ رزگار كردن له‌مه‌رگ له‌ ده‌ست تاوانكاران راده‌كه‌ن و روو له‌ناوچه‌یكی شاخاوی پڕ له‌به‌فرو به‌سته‌ڵه‌كی ه‌مین رێژكراو ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی له‌وێوه‌ به‌ره‌و شوێنێكی ئارام بچن.
له‌رێگادا له‌نێو كه‌شو هه‌وای ساردو شه‌خته‌به‌ندی به‌فرو، لووره‌ لووری گورگ و، سه‌رماو سۆڵه‌ی كوشنده‌، به‌رگه‌ی ئه‌و هه‌لومه‌رجه‌ سه‌خت و دژواره‌ ناگرن، ناتوانن به‌رده‌وامی به‌ رۆیشتن بده‌ن، بۆیه‌ ژنه‌كه‌ مۆرالی به‌رده‌وام بوونی ده‌ڕوخێ‌ و به‌سه‌ر مێرده‌كه‌ی دا هاوار ده‌كات، بۆ ئه‌و كاره‌ساته‌ت به‌سه‌ر هێناین، كه‌ ده‌تزانی تووشی ئه‌و هه‌موو ئه‌شكه‌نجه‌و ئازاره‌ ده‌بین، فه‌رموو تابلۆكانت بسووتێنه‌ باخۆمانی پێ‌ گه‌رم كه‌ینه‌وه‌، بۆ تابلۆكانت ئه‌وه‌نده‌ به‌ نرخ بوون ؟ ئه‌وه‌نده‌ لات خۆشه‌ویست بن نه‌یانسووتێنی ؟ پیاوه‌كه‌ كه‌ تاقه‌ شتێك له‌گه‌ڵ خۆی هێنابێت بۆ ئه‌و كۆچه‌، تابلۆكانی بوو كه‌ نه‌یتوانی به‌ جێیانی بیڵێ‌، ئه‌و تابلۆیانه‌ به‌لای ئه‌وه‌وه‌ به‌نرخترین سه‌رو سامانی بوو.
ئه‌وه‌نده‌ی سه‌رماو سۆڵ ته‌نگی پێ‌ هه‌ڵچنین و شتێكییان له‌و ناوه‌ به‌فراویه‌دا شك نه‌ده‌برد كزه‌ ئاگره‌كه‌یانی پێ‌ جۆش بده‌ن، كه‌چی هێشتا ده‌ستی نه‌ده‌چووه‌ ئه‌وه‌ی ئه‌و تابلۆیانه‌ی خۆی بسووتێنێ‌ و منداڵ و ژنه‌كه‌ی له‌ ته‌وژمی سه‌رما رزگار بكات …بۆیه‌ به‌ ژنه‌كه‌ی ده‌ڵێت: ئه‌ی تۆ نه‌بووی ده‌تگوت با بڕۆین ئه‌گه‌ر له‌ئه‌شكه‌وتێكیشدا بژین له‌وه‌ باشتره‌ بمان كوژن ؟
ژنه‌كه‌ كه‌ شتێ‌ له‌و له‌حزه‌یه‌دا به‌هانای نه‌ده‌هات هه‌ره‌شه‌ی له‌ مێرده‌كه‌ی ده‌كرد بگه‌ڕێنه‌وه‌ له‌مردنی ناو به‌فر باشتره‌، ئه‌وان به‌رگه‌ی سه‌رماو ره‌وه‌ گورگێكی تر ناگرن، كه‌ له‌ پێشیانه‌وه‌ ره‌وه‌ گورگی چیاكان و له‌ دواوه‌شیانه‌وه‌ ره‌وه‌ گورگێكی تری داعش بوون، له‌و نێوه‌نده‌دا نه‌یده‌زانی كامه‌ مردن هه‌ڵبژێرێ‌، بۆیه‌ ده‌ستی كوڕه‌كه‌ی گرت به‌ره‌و دواوه‌ گه‌ڕانه‌وه‌، ئه‌مجاره‌ پیاوه‌كه‌ ناچاری ئه‌وه‌ بوو پێ‌ له‌جه‌رگی خۆی بنێ‌ و یه‌كه‌ یه‌كه‌ی تابلۆكانی به‌ده‌سته‌كانی خۆی بسووتێنێ‌، له‌و ساته‌ وه‌خته‌دا ره‌نجی هه‌موو ته‌مه‌نی بۆ ئه‌و له‌ته‌نیا گڕه‌ ئاگرێك به‌نرختر نه‌بوو.
دواتر دوای شه‌وێكی خۆ گه‌رم كردنه‌وه‌ به‌سوتانی تابلۆكان و خۆ گه‌رم كردنه‌وه‌ به‌ له‌ئامێز كردن و ماچی گه‌رمی ژنه‌كه‌ی شه‌و ده‌به‌نه‌ سه‌ر، بۆ به‌یانی كه‌ رۆژ ده‌بێته‌وه‌ به‌ڕێ‌ ده‌كه‌ونه‌وه‌، به‌ڵام له‌رێگادا ده‌كه‌ونه‌ ناو چاڵێكی مین و چاره‌نووسه‌ ره‌شه‌كه‌ روو به‌ روویان ده‌بێته‌وه‌و ده‌ته‌قنه‌وه‌ و ده‌مرن .

ئاماج و فه‌لسه‌فه‌ی فیلمه‌كه‌:

ده‌رهێنه‌ر له‌داڕشتنی ئه‌و سیناریۆیه‌داو له‌ چوارچیوه‌ی رووداوو دیالۆگه‌كاندا وه‌ك پێویست ده‌ست نیشانی زه‌مه‌نی نه‌كردووه‌، بینه‌ر ده‌زانێت ئه‌و ژن و مێردو منداڵه‌ ئه‌و رێگه‌ سه‌خته‌ به‌فرینه‌ ده‌گرنه‌به‌ر، ده‌یانه‌وێت رابكه‌ن، به‌ڵام نازانێ‌ بۆچی راده‌كه‌ن! به‌ره‌و كوێ‌ ده‌چن!
ژنه‌كه‌ كاتی خۆی گوتبووی بچین له‌ئه‌شكه‌وتێكا بژین له‌وه‌ باشتره‌ بمان كوژن.
ئه‌مه‌ ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت كه‌ ئه‌وان له‌ده‌ست كوشتن راده‌كه‌ن، به‌ڵام كێ‌ ده‌یان كوژێ‌؟ ده‌رهێنه‌ر به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له‌هیچ گرته‌یه‌ك و دیالۆگێكدا ناوی داعش یان تیرۆرستانی نه‌بردووه‌، به‌ڵام له‌ده‌ستپێكی فیلمه‌كه‌ی دا چه‌ند دێرێكی به‌ زمانی ئینگلیزی نووسیووه‌ كه‌گوایه‌ ئه‌وانه‌ له‌ده‌ست داعش راده‌كه‌ن، به‌مه‌ش ئامانجی سه‌ره‌كی فیلمه‌كه‌ی بۆ بینه‌ر نادیار كردووه‌.
سیناریۆكه‌ له‌رووی بیرۆكه‌وه‌ ئه‌گه‌ر ده‌رهێنه‌ر ئه‌و بۆشاییانه‌ی پڕ كردایه‌وه‌ و هه‌ندێ‌ گۆڕانكاری له‌ هه‌ندێ‌ دیمه‌ندا بكردایه‌ سیناریۆیه‌كی كاریگه‌رتر ده‌بوو، به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر دیمه‌نی سووتانی تابلۆكانی هه‌ڵگرتایه‌ و وێنه‌یه‌كی جوانتر له‌وه‌ی پێ‌ ببه‌خشیبوایه‌، به‌شێوه‌یه‌ك مردنی به‌گه‌وره‌تر نه‌زانیبوایه‌ له‌ تابلۆكانی، دوای ته‌قینه‌وه‌كه‌ تابلۆكانی هه‌ر له‌ئامێز بونایه‌، یاخود منداڵه‌كه‌ی به‌ زیندوویی به‌جێ‌ هێشتایه‌و منداڵه‌كه‌ وه‌ك نه‌وه‌ی ئاینده‌ تابلۆكانی له‌ ئامێز گرتایه‌، ئه‌و كات هه‌م كاراكته‌ره‌كه‌ به‌هێزتر ده‌بوو، هه‌م هونه‌ریش وه‌ك گوتارێكی ئاشتی خوازانه‌ی مرۆڤایه‌تی به‌مردن له‌ناو نه‌ده‌چوو.
به‌گشتی فیلمه‌كه‌ نه‌فه‌سی كورته‌و خراوه‌ته‌ نێو چوارچیوه‌ی كورته‌ فیلم و ماوه‌كه‌ی ته‌نها 19 خوله‌كه‌، ده‌رهێنه‌ر كاتی پێویستی به‌ده‌سته‌وه‌ نیه‌ بۆ به‌رجه‌سته‌ كردنی زۆر رووداوو گرته‌ی دیكه‌ كه‌ ده‌رهێنه‌ر خۆی و ئێمه‌ش ئاواتمان بۆی ده‌خواست ،چونكه‌ كه‌شو هه‌وای سیناریۆكه‌ زۆر له‌بار بوو بۆ ئه‌وه‌ی فیلمه‌كه‌ سنووری كورته‌ فیلم جێ‌ بێڵێ‌ و ببیێته‌ فیلمێكی درێژ، پێم وایه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و سیناریۆیه‌ تێر كرابوایه‌، هه‌ندێ‌ گۆڕانكاری له‌ دیمه‌نه‌كانی ئه‌نجام درایه‌، ده‌بوو به‌یه‌كێك له‌ فیلمه‌ سه‌ركه‌وتووه‌كان .

ده‌رهێنان :

ده‌رهێنه‌ر له‌ده‌ستپێكی (به‌فریگه‌رم ) بایه‌خێكی گرنگی به‌ سیناریۆ داوه‌، كه‌ بۆته‌ بنه‌مایه‌كی هه‌ره‌ مكۆم بۆ چاره‌نووسی فیلمه‌كه‌ی، سیناریۆكه‌شی به‌ خۆی داڕشتووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو سه‌ربه‌ستیه‌ك به‌خۆی بدات بۆ به‌رجه‌سته‌ كردنی ئه‌و خه‌یاڵانه‌ی بیریان لێ‌ ده‌كاته‌وه‌، ئامرازه‌كانی سیناریۆشی خستۆته‌ به‌رگێكی واقیعی و سروشتی بۆ ئه‌وه‌ی به‌ ساده‌ترین زمان، فه‌لسه‌فه‌ی فیلمه‌كه‌ به‌بینه‌ر بگه‌یه‌نێت، به‌تایبه‌ت له‌داڕشتنه‌وه‌ی دیالۆگدا، كه‌ به‌راِستی زمانی سینه‌مایه‌و له‌ زمانی هه‌موو هونه‌ره‌كانی دیكه‌ جودایه‌، ئه‌وه‌نده‌ی سینه‌ما پێویستی به‌ وێنه‌ هه‌یه‌، ئه‌وه‌نده‌ پێویستی به‌ دیالۆگ نیه‌، چونكه‌ وێنه‌ له‌ سینه‌مادا ئه‌لته‌رناتیفی زمان و دیالۆگه‌..

ده‌رهێنه‌ر و ئه‌كته‌ر و وێنه‌گر كاتێك ده‌توانن ده‌سه‌ڵاتی هونه‌ریی خۆیان نیشان بده‌ن، كه‌ بتوانن روو به‌رووی هه‌لومه‌رجی سه‌خت و دژوار ببنه‌وه‌، بینه‌ر بخه‌نه‌ گێژاوێك له‌ نیگه‌رانی، وه‌ك ئه‌و رووبه‌ره‌ به‌فراوان و ترسناكه‌ی ناو شاخ و دۆڵی پڕ له‌هه‌ڵدێرو دڕنده‌و ئاژه‌ڵی مه‌ترسیدار ، كه‌ جێ‌ به‌جێ‌ كردنی فیلم تێیدا ده‌بێته‌ ئه‌ركێكی نا ئاسایی بۆ ستافی فیلم، به‌تایبه‌ت له‌و گرتانه‌ی له‌شه‌ودا تۆمار ده‌كرێن و ده‌رهێنه‌ر پێویستی به‌دابه‌ش كردنی رووناكی و بلاجكتۆرات و پاراستنی كوالیتی وێنه‌گرتن ده‌بێت.
بۆیه‌ (كات ) و( شوێن) له‌ فیلمدا گرنگی تایبه‌تی خۆیان هه‌یه‌و سیمای تایبه‌تی خۆیان به‌سه‌ر پانتایی فیلمدا به‌ جێ‌ دێڵن.
جێ‌ به‌جێ‌ كردنی فیلم له‌و شوێن و كاتانه‌دا پێویستی به‌ دابین كردنی كه‌لو په‌ل و ئامرازه‌ ته‌كنیكی و هونه‌ریی و كه‌ره‌سته‌و شوێنی حه‌وانه‌وه‌ی ستاف و خۆراك ده‌بێت بۆ ماوه‌ی چه‌ندین رۆژ، كه‌ ره‌نگه‌ ئه‌و كه‌ره‌سته‌و ئامرازانه‌ له‌سینه‌مای ئێمه‌دا بوونیان نه‌بێت ، یان خه‌رجی زۆریان بوێت، بۆیه‌ هه‌ندێ‌ جار ئه‌ركی ده‌رهێنه‌ر له‌و هه‌لو مه‌رجانه‌دا قورستر بێت و ناچاری ئه‌وه‌ بێت چاوپۆشی له‌زۆر ده‌رفه‌تدا بكات و له‌ده‌ستی بچێت .

ته‌نێكی نامۆ له‌ جه‌سته‌ی فیلمه‌كه‌دا : له‌سه‌ر ئه‌و رێگه‌ پڕ له‌ نه‌هامه‌تیه‌ی ئه‌و ژن و پیاوو منداڵه‌ به‌ره‌و چاره‌نووسێكی نادیار گرتویانه‌ته‌ به‌ر، ده‌رهێنه‌ر دیمه‌نێكی سێكسی دروست ده‌كات، كه‌ بینه‌ر به‌ئاسانی هه‌ست ده‌كات ئامانج له‌و گرته‌یه‌دا ته‌نها وروژاندنی بینه‌ره‌.
راسته‌ كه‌ هه‌ندێ‌ حاڵه‌تی له‌ ئامێز گرتن له‌ كه‌شو هه‌وای ساردو دڵ ته‌زێن دا ره‌نگه‌ ببێته‌ سه‌رچاوه‌یه‌ك بۆ گه‌رمی به‌خشین ، به‌ڵام به‌و شێوه‌ ناوازه‌یه‌ نا كه‌ بینه‌ر هه‌ست بكات دیمه‌نه‌كه‌ به‌ئه‌نقه‌ست درێژ كراوه‌ته‌وه‌ به‌ ئامانجی وروژاندنی.
ریتمی فیلمه‌كه‌ له‌ قۆناغی پێش ئه‌و دیمه‌نه‌ ریتمێكی خێرایه‌، ریتمێك له‌گه‌ڵ هه‌لومه‌رجێكی ته‌نگه‌تاودا ده‌ڕوات و حاڵه‌تێكی ده‌روونی گرژی بۆ بینه‌ر دروست كردووه‌، له‌چاوه‌ڕوانی چاره‌نووسی ئه‌و هه‌لو مه‌رجه‌ سه‌ختو دژواره‌دا، به‌پێچه‌وانه‌ی ریتمی دیمه‌نه‌ سێكسیه‌كه‌یه‌ كه‌ ریتمێكی هێورو له‌سه‌رخۆیه‌، هه‌موو شتێ‌ ئاساییه‌، نه‌هه‌ست كردن به‌سه‌رما، نه‌گرژی و تۆقین له‌ ده‌نگی لووره‌ لووری گورگ، وه‌ك ئه‌وه‌ی شوێنی ئه‌و سێكس كردنه‌ گوازرابێته‌وه‌ بۆ هوتێله‌ پێنج ئه‌ستێره‌كان، بۆیه‌ ده‌رهێنه‌ر نه‌ك هه‌ر هه‌لومه‌رج و شوێنی رووداوه‌كانی له‌ بیرچۆته‌وه‌، ته‌نانه‌ت منداڵه‌كه‌ش دیار نه‌ماوه‌و بینه‌ر نازانێ‌ ئه‌و منداڵه‌ی له‌سه‌رمان هه‌ڕه‌شه‌ی مردنی له‌سه‌ر بوو، چی به‌ سه‌رهات؟

ئه‌كته‌ر :

ئه‌كته‌ر له‌ فیلمه‌كه‌دا فاكته‌رێكی به‌هێزی راگرتنی ریتمی فیلمه‌كه‌یه‌، چونكه‌ له‌رووی ئه‌داو بزووتنه‌وه‌، له‌گه‌ڵ هه‌مان ریتمی كه‌شو هه‌واكه‌و رووداوه‌كاندا ده‌ڕوات .
بۆیه‌ ئه‌كته‌ر پێویستی به‌وه‌ هه‌یه‌ له‌رووی ده‌روونی و سایكۆلۆژییه‌وه‌ خۆی بۆ به‌رجه‌سته‌ كردنی ئه‌و حاڵه‌ته‌ نامۆیه‌ ئاماده‌ بكات و بتوانێت كارێك بكات، به‌شێك له‌ ئیمای هه‌ست كردن به‌سه‌رما له‌جه‌سته‌و ئه‌دای ئه‌كته‌ره‌وه‌ وه‌رگرێت كه‌ تاكه‌ فاكته‌رێكی گه‌یاندنی كاریگه‌ری ئه‌و ئه‌تمۆسفیره‌یه‌ بۆ بینه‌ر.

ئه‌كته‌ره‌كانی (به‌فری گه‌رم) ( نیگار محه‌مه‌د، بیلال زه‌نگه‌نه‌، په‌نار ئیبراهیم) ببوون به‌پارچه‌یه‌كی زیندوو له‌به‌رجه‌سته‌ كردنی رووداوه‌كان، له‌ناو ئه‌زموونێكی قورس دابوون، كه‌ ره‌نگه‌ هه‌ندێ‌ هه‌لو مه‌رج كاریگه‌رییان هه‌بێ‌ له‌سه‌ر ئه‌دای ئه‌كته‌ر به‌تایبه‌ت هه‌لومه‌رجێكی قورسی وه‌ك كات و شوێنی روداوه‌كانی ئه‌و فیلمه‌، هه‌ردوو ئه‌كته‌ر ئه‌دایێكی جوانیان ئه‌نجام دا كه‌ جیگه‌ی سه‌رنج بێت.
به‌ڵام ئاره‌زووم بوو ده‌رهێنه‌ر منداڵه‌كه‌ ته‌نها وه‌ك كۆمبارس له‌ فیلمه‌كه‌دا به‌كار نه‌هێنێ‌ ، هه‌ندێ‌ دیمه‌ن و دیالۆگی تایبه‌تی بۆ دروست كردایه‌، منداڵه‌كه‌ بێ‌ وه‌زیفه‌ نه‌ده‌مایه‌وه‌و كاریگه‌رییه‌كی به‌ جۆشی دروست ده‌كرد.

وێنه‌ و موزیك و كاریگه‌ریه‌كانی ده‌نگ :
وه‌ك له‌وێنه‌ی فیلمه‌كه‌دا ده‌بیندرێت، وێنه‌گر ( حشمه‌ت نارنجی) ده‌ستێكی ره‌نگینی له‌هونه‌ری وێنه‌گری سینه‌مایی دا هه‌یه‌، ئه‌و ده‌ست ره‌نگینیه‌ كاریگه‌ری خۆی به‌سه‌ر گرته‌و كوالیتی فیلمه‌كه‌دا به‌جێ‌ هێشتووه‌و نرخ و به‌های خۆی داوه‌ته‌ رووداوه‌كان و فاكته‌رێكی هه‌ره‌ به‌هێزی ئه‌و سیما جوانه‌ی له‌ فیلمه‌كه‌ ده‌رده‌كه‌وێت وێنه‌گرتنیه‌تی، چونكه‌ وێنه‌ هاوكێشه‌ی فیلم ده‌گۆڕێت، ئه‌وه‌ی له‌وێنه‌ گرتندا هه‌ستی پێ‌ ده‌كرێت ئه‌م خاڵانه‌یه‌:

1.بۆ بژاركردنی گرته‌ی كلۆس زۆرتر بایه‌خ به‌ دیمه‌نی ماچ و دیمه‌نه‌ سێكسیه‌كه‌ دراوه‌، له‌زۆر شوێندا بۆشایی هه‌یه‌ له‌گرته‌ی كلۆس، له‌وانه‌ش تا ئێستا روخساری منداڵه‌كه‌ و ئه‌كته‌ره‌ پیاوه‌كه‌ به‌و گرته‌یه‌ هاوسه‌نگ نه‌بووه‌، ئه‌وه‌ی بینراوه‌ به‌شی زۆری گرته‌ی گشتی و گرته‌ی مام ناوه‌ندی بوو، چونكه‌ بینه‌ر به‌ په‌رۆشی ئه‌وه‌یه‌ روخساری ئه‌كته‌ره‌ پیاوه‌كه‌و منداڵه‌كه‌ش ببینی، به‌ تایبه‌ت له‌ كاتی ته‌وژمی سه‌رما ده‌كرا به‌ كلۆس له‌رزینی منداڵه‌كه‌ ده‌ركه‌وتایه‌.

  1. دوا دیمه‌نی كۆتایی كه‌ دیمه‌نی سه‌رله‌به‌یانی رۆیشتنی هه‌ر سێ‌ كاراكته‌ره‌ له‌ چیاداو رووداوی ته‌قینه‌وه‌كه‌و مردنی كار اكته‌ره‌كانه‌، دیمه‌نێكی گشتی لاوازه‌، نه‌خراوه‌ته‌ نێو به‌رگێكی ته‌عبیری یان ره‌مزی، كه‌ ببێته‌ چاره‌سه‌رێكی درامی لۆژیكی بۆ به‌ده‌سته‌وه‌دانی فه‌لسه‌فه‌ی كۆتایی دراماكه‌، ده‌بوا كامێرا رۆڵێكی كاریگه‌ر تری بینیوبایه‌ بۆ به‌رجه‌سته‌ كردنی ئه‌و رووداوه‌و دوور به‌دووری نه‌یڕوانیبا ئه‌و روداوه‌ كاریگه‌ره‌،
    وێنه‌ له‌ به‌رجه‌سته‌كردنی ئه‌و رووداوه‌ نه‌یتوانی تراژیدیاكه‌ به‌رجه‌سته‌ بكات و تینوویه‌تی بینه‌ر له‌ كۆتاییه‌كه‌یدا بشكێنێ‌ ..

    موزیكی وێنه‌ :
    موزیكی وێنه‌یی ئامرازی هه‌ره‌ به‌هێزی به‌رجه‌سته‌ كردنی ریتمه‌،به‌هه‌ر سێ‌ جۆری ریتمی رووداوو ریتمی ئه‌كشنی ئه‌كته‌رو ریتمی وێنه‌ی، كه‌ هاوشان له‌گه‌ڵ هه‌ر سێ‌ ئه‌و ریتمانه‌دا ده‌ڕوات و هیچ له‌و ریتمانه‌ به‌بێ‌ موزیك ناتوانن به‌رجه‌سته‌ بكرێن.
    له‌و فیلمه‌دا موزیك ئه‌و رۆڵه‌ی نه‌بینی ، چونكه‌ موزیكی تایبه‌ت بۆ فیلمه‌كه‌ دانه‌ندراوه‌، ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ موزیكی گشتیه‌ و ته‌نها بۆ پڕكردنه‌وه‌ی بۆشاییه‌و پێویستی به‌شاره‌زاو ئه‌ندازیاری تایبه‌تی بواری موزیكی وێنه‌ییه‌، ئه‌گه‌رنا له‌كات و شوێنێكی ئاوا ترسناكدا بینه‌ر پێویستی به‌ به‌رجه‌سته‌ كردنی حاڵه‌ته‌ ده‌روونیه‌كانه‌ بۆ ده‌رخستنی دیوی ناوه‌وه‌ی كاراكته‌رو ئه‌وه‌ی له‌ناخی دایه‌.
    به‌ڵام موئه‌سیراتی ده‌نگ..كه‌ له‌و شوێنه‌ ترسناكانه‌دا ده‌بێته‌ زه‌روره‌ت، تا رادده‌یه‌ك به‌كار هاتبوو، به‌ تایبه‌ت له‌ده‌رخستنی لووره‌ لووری گورگ، به‌ڵام دیسان كه‌شو هه‌وای فیلمه‌كه‌ پێویستی به‌زیاتر .
    ئه‌نجام : ره‌نگه‌ ئه‌م ئه‌زموونه‌ی عه‌دنان عوسمان ببێته‌ خاڵێكی دیارو به‌رچاو له‌ كاروانی هونه‌ری ئه‌ودا و رێ‌ خۆشكه‌ر بێت بۆ ده‌وڵه‌مه‌ند بوونی ئه‌زموونی فیلمی درێژو به‌رهه‌می به‌ چێژ تر .




ده‌قی ئه‌ده‌بی له‌ نیگاری كاریكاتێریدا – به‌شی (3) — هه‌ندرێن خۆشناو

له‌سه‌ر بناغه‌ی بوونی یان نه‌بوونی ده‌قی ئه‌ده‌بی (توانج) له‌ كاریكاتێردا ، ده‌توانرێت كاریكاتێر پۆڵێن بكرێت بۆ چه‌ند جۆرێك ئه‌وانیش:

1- كاریكاتێری بێ ده‌قی ئه‌ده‌بی:

ئه‌و نیگاره‌یه‌ كه‌ له‌ وێناكردنی ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی و گه‌یاندنی به‌ جه‌ماوه‌ره‌وه‌ ته‌نیا پشت به‌ ئامرازه‌ ده‌ربڕه‌ شێوه‌كارییه‌كان ده‌به‌ستێت، به‌بێ به‌كارهێنانی هیچ جۆرێك له‌ ئامرازه‌ ده‌ربڕه‌ ئه‌ده‌بیه‌كان، ئه‌و نیگاره‌ كاریكاتێرییه‌ واباوه‌ له‌ رۆژنامه‌كاندا به‌ یاوه‌ری ڕسته‌ی (به‌بێ توانج) بڵاوده‌كرێته‌وه‌، كه‌ هه‌ندێك پێیانوایه‌ كه‌ ئه‌مه‌ توانجێكی ئه‌ده‌بی پێویسته‌، ته‌نانه‌ت بۆ ئه‌مجۆره‌ كاریكاتێرانه‌ش، كه‌ له‌ راستیدا وانیه‌، چونكه‌ زۆرێك له‌ رۆژنامه‌كان ئه‌م رسته‌یه‌ به‌كارناهێنن له‌گه‌ڵ كاریكاتێره‌كه‌دا، له‌گه‌ڵ نه‌بوونیشی هیچ له‌ كاره‌كه‌ ناگۆڕێت، بۆ نمونه‌ له‌سه‌ر ئه‌م جۆره‌ كاریكاتێرانه‌، ئاماژه‌ به‌ دوو كاریكاتێری هونه‌رمه‌ندی لیبیایی محه‌مه‌د ئه‌لزه‌واوی ده‌ده‌ین، له‌گه‌ڵ بوونی توانجی (سۆزه‌ گه‌رمه‌كان) له‌گه‌ڵ كاریكاتێره‌كه‌دا‌، كه‌چی له‌گه‌ڵ لابردنیشی هیچ له‌ بابه‌ته‌كه‌ ناگۆڕێت، له‌كاریكاتێری دووه‌میشدا به‌ لابردنی رسته‌ی (به‌بێ توانج) به‌هه‌مان شێوه‌. شایانی باسه‌ كه‌ بوونی ده‌سته‌واژه‌ی (به‌بێ توانج) نه‌ریتێكه‌ له‌ رۆژنامه‌كاندا و هیچی تر نا.

2- كاریكاتێری به‌كارهێنه‌ری ده‌سته‌واژه‌ی ئه‌ده‌بی یان ئامرازه‌كانی ده‌ربڕی زمانه‌وانی:

ئه‌م كاریكاتێره‌ش له‌ بنه‌مادا جیاوازی نیه‌ له‌گه‌ڵ‌ جۆری یه‌كه‌م، چونكه‌ ئامرازه‌ ده‌ربڕه‌ ئه‌ده‌بیه‌كان لێره‌دا ره‌گه‌زێكی زیادكراو نین له‌ نیگاره‌كه‌، بۆ روونكردنه‌وه‌ش نمونه‌ی كاریكاتێری هونه‌رمه‌ند عه‌لی فه‌رزات دێنینه‌وه‌ (بوه‌سته‌ بۆ پشكنین)، كاتێك له‌ نیگاره‌كه‌دا ده‌سته‌واژه‌ی (بوه‌سته‌ بۆ پشكنین) ده‌بینین، ئه‌م جۆره‌ ده‌سته‌واژه‌یه‌ توانجێك نیه‌ یان تێخستنێك نیه‌ بۆ نیگاره‌كه‌، به‌ڵكو ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه‌ به‌ڕاستی له‌سه‌ر به‌ربه‌سته‌كانی پشكنین نووسراوه‌، بۆ ئاگاداركردنه‌وه‌ی رێبواران، بۆیه‌ به‌خۆی به‌شێكه‌ له‌ نیگاره‌كه‌ و نابێته‌ ره‌گه‌زی دووه‌م شانبه‌شانی شێوه‌كارییه‌كه‌.
ده‌توانین بڵێین ئه‌و ده‌سته‌واژانه‌ی كه‌ هه‌ن له‌م جۆره‌ نیگارانه‌دا، ناوی ئه‌و شتانه‌ن كه‌ له‌ نیگاره‌كه‌دا هه‌ن، وه‌كو ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر دوكانێك بنووسرێت (دوكانی به‌قاڵی) یان (قه‌سابخانه‌) و شتی تر له‌م بابه‌تانه‌، كاریكاتێریسته‌كه‌ش وێنه‌ی گرتوون وه‌كو شته‌كانی تری نێو بابه‌ته‌كه‌، له‌م روانگه‌یه‌وه‌ ئه‌م جۆره‌ كاریكاتێرانه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی ته‌واو پشت به‌ ئامرازه‌ ده‌ربڕه‌ شێوه‌كارییه‌كان ده‌به‌ستن، و نیگارێكی ئاوێته‌ نین.




ڕه‌هه‌ندی بوونگه‌رایی له‌ هۆنراوه‌ی “بێ ئارامی” مامۆستا “ئه‌حمه‌د هه‌ردی” دا … هاوڕێ خالید

هه‌رچه‌نده‌ بابه‌ته‌كه‌م یه‌ك ناونیشانه‌، به‌ڵام وا ده‌خوازێت كه‌ كورته‌یه‌ك له‌سه‌ر فه‌لسه‌فه‌ی بوونگه‌رایی (Existentialism) ئاماژه‌ پێبده‌م. له‌به‌رئه‌وه‌ی سروشتی ئه‌و فه‌لسه‌فه‌یه‌ به‌جۆرێكه‌ ئه‌گه‌ر له‌ ئاسته‌ تیۆریه‌كه‌ی بریتی بێت له‌ تێكسته‌ تیۆریه‌كانی فه‌یله‌سوفان، ئه‌وا له‌ ئاسته‌ پراكتیكیه‌كه‌یدا بریتییه‌ له‌ پراكتیزه‌كردنی بیرۆكه‌ تیۆریه‌كان له‌ دووتوێی ده‌قه‌ ئه‌ده‌بیه‌كاندا، بۆیه‌ بیرۆكه‌ و چه‌مكه‌ تیۆریه‌كان تێكه‌ڵ به‌ده‌قه‌ ئه‌ده‌بیه‌كان ده‌كرێن، به‌شێكی زۆر له‌ فه‌یله‌سوفه‌ بوونگه‌راكان له‌ چوارچێوه‌ی ده‌قێك و له‌ فۆرمێكی ئه‌ده‌بییدا، پرسێك یان چه‌ند پرسێكی بوونگه‌رایی ده‌وروژێنن، كه‌ له‌یه‌ككاتدا سه‌ره‌ڕای به‌هاو چێژی ئه‌ده‌بی، به‌های ڕاستی و دروستی و كۆمه‌ڵێك به‌های ئاكاری و مرۆیی له‌خۆ ده‌گرن، كه‌ ئه‌مه‌ی دواییان به‌ته‌واوی له‌ سنوری فه‌لسه‌فه‌دایه‌.

فه‌لسه‌فه‌ی بوونگه‌رایی فه‌لسه‌فه‌ی (خود)ه‌ نه‌ك بابه‌ت، فه‌لسه‌فه‌ی سوژه‌یه‌، فه‌لسه‌فه‌ی مرۆڤه‌ وه‌ك هه‌بووێك له‌ناو بووندا به‌م پێیه‌، هه‌ر له‌سه‌ر په‌یوه‌ندی مرۆڤ به‌ بوون كارده‌كات، میتۆدی ئه‌م ڕه‌وته‌ی فه‌لسه‌فاندن، (فینۆمینۆلۆجی) یه‌، واته‌ چۆن دیارده‌ له‌ (هۆش) بۆ من ده‌رده‌كه‌وێت یا خۆی ده‌رده‌خات. گرنگترین چه‌مكه‌ كلیلی و بنه‌ڕه‌تییه‌كانی ئه‌م فه‌لسه‌فه‌یه‌ بریتین له‌ (ئازادی، نیگه‌رانی،، ترس، نامۆبوون، پوچیه‌ت، خۆكوژی، یاخی بوون، هتد…)
ئه‌گه‌رچی ئه‌م ته‌وژمه‌ فه‌لسه‌فیه‌ نوێیه‌ به‌به‌راورد به‌ ڕێبازه‌كانیتر سه‌ره‌تاكه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م، به‌ڵام ڕابه‌رانی بڕوایان وایه‌ فه‌لسه‌فه‌یه‌كی ڕه‌سه‌نه‌ و ڕیشه‌كه‌ی بۆ یۆنان ده‌گێڕنه‌وه‌ وه‌هه‌روه‌ها ڕه‌وته‌ باوه‌ڕداره‌كه‌ی (یه‌سوعی مه‌سیح) به‌نموونه‌ ده‌هێننه‌وه‌ كه‌ پێیان وایه‌ ئه‌زموونه‌یه‌كی (وجودی) بووه‌. بۆچونێكی دیكه‌ش هه‌یه‌ كه‌ هه‌ندێك له‌ مێژوونووسان و نه‌یارانی ئه‌م فه‌لسه‌فه‌یه‌ ده‌ڵێن، ئه‌م فه‌لسه‌فه‌یه‌ فه‌لسه‌فه‌ی سه‌رده‌می قه‌یرانه‌ له‌ هه‌ناوی ته‌نگژه‌ و ناكۆكییه‌ گه‌رمه‌كانی سه‌ده‌ی بیسته‌م هاتۆته‌ ده‌ره‌وه‌. ئیتر هه‌رچۆنێك بێت ئه‌وه‌ی گرنگه‌ ئه‌وه‌یه‌، خاڵی ده‌ستپێك و دواهه‌مین ئامانج له‌م فه‌لسه‌فه‌یه‌دا: (مرۆڤــ) خۆیه‌تی.

ئه‌م فه‌لسه‌فه‌یه‌ به‌دوای شوناس و ماهیه‌تی مرۆڤ له‌ناو بووندا ده‌گه‌ڕێ، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ته‌نها گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ بۆ خودی مرۆڤ خۆی، واتا مرۆڤ تاكه‌ ئامرازه‌ بۆ تێگه‌یشتن له‌خودی خۆی.
ئه‌م ڕه‌وته‌ به‌ بابه‌ت و میتۆدی نوێ و جیاواز ده‌ركه‌وت، ڕابه‌ره‌كانیشی له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌ده‌ب به‌ جیهانبینه‌كی بوونگه‌رایانه‌یه‌ بابه‌ته‌كانیان ده‌نووسی به‌تایبه‌ت له‌ چیڕۆك و ڕۆمانه‌كانیاندا، ئه‌مه‌ به‌ڕوونی دیاره‌.
له‌دوای جه‌نگی دووه‌می جیهانی ئه‌م فه‌لسه‌فه‌یه‌ پێشوازیه‌كی گه‌رمی لێكرا. وه‌كو په‌رچه‌كردارێك به‌رامبه‌ر به‌ سه‌راو ژێربوونی ئامانجه‌كانی ڕۆشنگه‌ری، له‌ئه‌نجامی هه‌ڵخڵیسكانی مرۆڤ و كه‌وتنه‌ گۆمی به‌ربه‌ریه‌ته‌وه‌، له‌ عه‌قڵانیه‌ته‌وه‌ به‌ره‌و ناعه‌قڵانیه‌ت، له‌ مه‌ده‌نیه‌ته‌وه‌ بۆ هه‌مه‌جیه‌ت.

به‌مشێوه‌یه‌ش فه‌یله‌سوفی بوونگه‌را، خه‌ریكی ئه‌زموونكردنی خودی گرفته‌كانه‌ له‌ بووندا، له‌لای بونگه‌راكان ((بوون)) بنه‌ڕه‌تی هه‌موو شتێكه‌ و پێش ماهییه‌تی ده‌خه‌ن. به‌مه‌ش كۆجیتۆ و عه‌قڵ سه‌نته‌ریزمی( ڕێنیه‌ دیكارت) هه‌ڵده‌گێڕنه‌وه‌. ئا لێره‌وه‌ له‌بابه‌ت و میتۆد جیاده‌بنه‌وه‌.
خه‌باتی بوونگه‌راكان له‌پێناو مرۆڤه‌، دروستتر بڵێین له‌پێناو پڕۆژه‌ی (مرۆڤ) له‌ (بوون) دایه‌، بوونگه‌راكان ماهیه‌تی مرۆڤ وه‌كو ماهیه‌تێكی ناجێگیرو كراوه‌ كه‌ له‌ گۆڕانكاری دایه‌ ده‌ناسێنن.
گرینگترین پرسیارێك كه‌ بوونگه‌راكان وروژاندیان، ئه‌م ناعه‌قڵانیه‌ته‌ له‌ گه‌ردوون بۆ؟ ئایا ڕه‌هه‌ندی باڵا له‌ مرۆڤ ته‌نها عه‌قڵانی بوونه‌؟ ئایا به‌ته‌نها عه‌قڵ ده‌توانین ژیان بكه‌ین؟ به‌مه‌ش ته‌وژومی مۆدێرنیته‌و ئامانجه‌كانی ڕۆشنگه‌ری و لۆجیكی سه‌رمایه‌داریان خسته‌ ژێر ڕه‌خنه‌ی توند دوای ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌نجام و ئامانجه‌كانیان به‌یه‌كه‌وه‌ ناكۆك بوون.
هه‌موو ئه‌م باس و خواسانه‌ خزانه‌ نێو ڕێڕه‌وی ئه‌ده‌ب. له‌وێ له‌ كۆنێكستی ئه‌ده‌بدا فه‌یله‌سوفه‌ ئه‌دیبه‌كان، كه‌وتنه‌ تاوتوێكردنی گرفته‌كانی مرۆڤ له‌بووندا، ئه‌مه‌ش به‌تایبه‌تی له‌لای نوێنه‌رانی بوونگه‌را، (سارته‌ر و كامۆ) زۆر به‌ڕوونی دیاره‌.

ڕه‌نگدانه‌وه‌ی جیهانبینی بوونگه‌رایی له‌ ئه‌ده‌بی كوردیدا:

له‌نێو ئه‌ده‌بی كوردیدا له‌ باشوری كوردستان، هیچ ئه‌دیبێكی دیاریكراومان نیه‌ بچێته‌ خانه‌ی بوونگه‌راییه‌وه‌ به‌واتایه‌كی ته‌واو بوونگه‌رابێ، واتا به‌چاویلكه‌یه‌كی بوونگه‌راییانه‌ بڕوانێته‌ بوون و بوونی مرۆیی و خه‌ریكی ئه‌و بابه‌تانه‌ بێ كه‌ ده‌كه‌ونه‌ سنوری فه‌لسه‌فه‌ی بوونگه‌راییه‌وه‌ ، به‌ڵام تاك و ته‌را هه‌ندێك به‌رهه‌م ده‌كه‌ونه‌ به‌رچاو كه‌ له‌ گۆشه‌یه‌كی بوونگه‌راییانه‌وه‌ ده‌ڕوانێته‌ بوون و بایه‌خ به‌گرفتێكی ئۆنتۆلۆجی و بوونی بدات. هه‌ڵبه‌ته‌ له‌لای میلله‌تانی تر پرسی بوونگه‌رایی و زیاتر به‌ره‌و پێشه‌وه‌ چووه‌ و له‌ناو كلتوری كورددا هه‌نگاوی نه‌هاویشتووه‌ و چه‌كه‌ره‌ی نه‌كردووه‌، ئه‌مه‌ش به‌بۆچوونی ئێمه‌ تایبه‌تمه‌ندی میلله‌تی كورده‌ له‌سه‌ده‌ی بیسته‌م كه‌ خاوه‌نی دۆزێكی جیاوازه‌ كه‌ كێشه‌ی شوناس و خه‌باتی نه‌ته‌وایه‌تی بوو له‌ ناوچه‌كه‌دا، بۆیه‌ ده‌بینین ئه‌ده‌بی كوردی سه‌ده‌ی بیسته‌م خاوه‌ن ته‌رزێكی ناسیونالیستیانه‌یه‌ وه‌ ئه‌مه‌ش به‌جۆرێكه‌ وه‌كو تارماییه‌ك تێكڕای ئه‌ده‌بی كوردی ته‌نیوه‌، بۆیه‌ ده‌توانین بڵێین شوێنێك نه‌ماوه‌ته‌وه‌ له‌ ئه‌ده‌بی كوردی لای شاعیرانی كورد كه‌ هه‌ستی نیشتیمانپه‌روه‌ری و پڕ حه‌ماسی نه‌یته‌نیبێ، هه‌روه‌ك لای “هێمن” به‌ ڕوونی دیاره‌،
(ته‌نانه‌ت وه‌ختی ده‌ستبازی له‌گه‌ڵ یار ئه‌من ئه‌ی نیشتیمان تۆم هه‌ر له‌بیره‌) له‌م نموونه‌یه‌دا هه‌ستی به‌هێزی نیشتیمانپه‌روه‌ری شاعیر، زاڵتره‌ له‌ هه‌ستی تایبه‌تی و بوونگه‌راییانه‌ی ئه‌و، هه‌ستی چركه‌ ساتی له‌گه‌ڵ یار بوون كه‌ بنه‌ڕه‌تی و بوونی تره‌ له‌هه‌ستی نیشتیمانپه‌روه‌ری ده‌بینرێت، هه‌ستی بوونگه‌راییانه‌ی ئه‌و پله‌یه‌ك پاش هه‌ستی نیشتیمانپه‌روه‌رانه‌ی دێت، هه‌ستێكی لاواز و نا ئاماده‌ و نا چاڵاكه‌، هێمن پێمان ده‌لێت: من و یار و شیعریش قوربانی نیشتیمان. له‌لای”هه‌ژار”یش ئه‌م هه‌سته‌ نیشتیمانپه‌روه‌رییه‌ به‌شێوه‌یه‌كی تر خۆی مانیفێست ده‌كات بارگاوی ده‌كرێت به‌كۆمه‌ڵ ئه‌قوالی ئاینی. هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌مه‌ میراتێكه‌ و پێش ئه‌م شاعیرانه‌، لای خانی و جگه‌رخوێن ده‌ست پێده‌كات دواتریش ئه‌م هه‌سته‌ گشتیه‌ (ده‌سته‌ جه‌معی)یه‌ لای زۆربه‌ی له‌ شاعیره‌ نوێكان و گروپی ڕوانگه‌ش به‌رده‌وامی ده‌بێت.
به‌و پێیه‌ی كاركاردن له‌نێو ئه‌ده‌ب و هونه‌ر، خۆی پرۆسه‌یه‌كه‌ كه‌ ڕه‌نگدانه‌وه‌ی خودی هۆش و ئاگامه‌ندی و هه‌ستی نووسه‌ره‌كه‌یه‌تی به‌ڵام ئه‌ده‌بی بوونگه‌رایانه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بوونی مرۆڤ و خودی خۆی ده‌كاته‌ كه‌رسته‌ی توێژینه‌وه‌، واته‌ كه‌رسته‌و بابه‌ت و میتۆدی خۆی هه‌یه‌ به‌م پێیه‌ ناتوانین هیچ شاعیر و ئه‌دیبێك به‌ته‌واوی بخه‌ینه‌ ئه‌م چوارچێوه‌یه‌، بۆیه‌ ده‌توانین بڵێین ئه‌ده‌بی كوردی له‌ چاو گه‌لانی ناوچه‌كه‌ له‌ ڕه‌هه‌نده‌ بوونگه‌راییه‌كه‌ی كورتی هێناوه‌.
به‌ڵام یه‌كێك له‌م شاعیرانه‌ی كورد كه‌ سه‌رنجی زۆر به‌لای خۆیدا ڕاده‌كێشێت،
“م.ئه‌حمه‌د هه‌ردی”یه‌. ئه‌وه‌ی جێگای سه‌رنج و بایه‌خه‌، وه‌ زۆر به‌ڕوونی هه‌ستی پێده‌كرێت لای هه‌ردی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌ هه‌ستێكی بوونگه‌راییانه‌ی زۆر تایبه‌تی ده‌نوسێت، جیاواز له‌و هه‌سته‌ی پێشوو كه‌ لای شاعیرانی وه‌ك (خانی و جگه‌رخوێن و سالم و كوردی و هێمن، هتد….) هه‌بوو.

ئه‌گه‌ر سه‌رنج بده‌ین ده‌بینین، هه‌ستی نامۆیی و ته‌نیایی، بێ ئارامی و بێزاری باڵی به‌سه‌ر كۆی شیعره‌كانیدا كێشاوه‌. ئه‌گه‌ر له‌ناو دێری شیعره‌كانیشدا بگه‌ڕێیین هۆكاری ئه‌و بێزاری و نامۆییه‌یه‌ نادۆزینه‌وه‌، چونكه‌ ناكه‌وێته‌ ناو بوونی مادییه‌وه‌ به‌ڵكو هۆكاره‌كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی بوونی ماددیه‌. نیگه‌رانی و بێزاری ئه‌گه‌ر هۆكاره‌كه‌ی له‌ناو بوونی مادده‌ دابێت، ئه‌وا به‌ نیگه‌رانی ئۆنتۆلۆجی دانانرێت به‌ڵكو نیگه‌رانیه‌كی ساخته‌یه‌ و ناڕه‌سه‌نه‌. به‌ڵام ئه‌و نامۆییه‌ی له‌ بونیادی ئه‌و (شاعیر)ه‌ دایه‌، ڕیشه‌یه‌كی ئۆنتۆلۆجی و “بوونگه‌را”یانه‌ی هه‌یه‌. واتا نامۆیی و بێزاریه‌كی ئۆنتۆلۆجی، ڕه‌سه‌ن و زیندووه‌. ئه‌وه‌ی زۆر به‌ زه‌قی دیاره‌ له‌ شیعری، “بێ ئارامی” كه‌ له‌ساڵی 1938 نوسیوویه‌تی:
ئاخ و داخ و ده‌رد، له‌ده‌ست ته‌نیایی،
په‌شێوی بێ حه‌د، ده‌ردی بێ دوایی
(هه‌ستكردن به‌ ته‌نیایی به‌مشێوه‌یه‌ له‌ناو ئه‌و هه‌موو جه‌نجاڵییه‌ی ژیان، سه‌ره‌تای چركه‌ ساتێكی فه‌لسه‌فییه‌، كه‌ مرۆڤ هه‌ست ده‌كات فڕێ دراوه‌ته‌ ناو ئه‌و گه‌ردوونه‌ و به‌ ته‌نیایه‌)
ئه‌م سه‌رسامیه‌ (سه‌رسام بوون، یه‌كێك له‌ خه‌سڵه‌ته‌كانی بیری فه‌لسه‌فییه‌)
بێ ئارامیه‌
دڵ ناكامیه‌
كه‌ی كۆتایی دێ؟
نه‌ له‌ناو گوڵزار
نه‌ لای خزم و یار،
ئۆقره‌ ناگرم…!
(ئه‌و بێ ئارامی و بێ ئۆقره‌یی و نیگه‌رانییه‌، لێره‌دا كه‌ هیچ هۆكارێكی ماددی و سۆزداری له‌ پشت نییه‌، ئه‌مه‌ به‌و واتایه‌ دێت كه‌ ئه‌م هه‌سته‌ ئۆنتۆلۆجی و ڕه‌سه‌نه‌ )
له‌ ده‌ست شار هه‌ڵدێم، ده‌چمه‌ ناو گوڵزار
له‌وێش هه‌ڵناكه‌م، دێمه‌وه‌ ناو شار!
وه‌ك ئارام نه‌ماو
دڵ و پێ سوتاو
خانه‌ی خه‌و ڕوخاو
له‌ دنیا بێزار…!
كه‌ به‌ تێكه‌ڵبوون، وه‌ها بێزارم
بۆچ به‌ ته‌نیایی په‌شێوه‌ كارم؟! (دووباره‌ پرسیاركردن له‌م هه‌ستكردن به‌ ته‌نیا بوونه‌ و واق وڕمان له‌ناو ئه‌و هه‌موو هه‌راو زه‌نایه‌ی گه‌ردوون، به‌ دۆخێكی بوونگه‌رایانه‌ داده‌نرێت.)
بۆ وه‌ك ڕه‌نجه‌ڕۆم؟
وه‌ڕس بووم له‌ خۆم
بۆ هه‌ر كوێ ئه‌ڕۆم
دڵ بێ قه‌رارم؟!
به‌مشێوه‌یه‌ ئه‌م ڕوكردنه‌ (خود) یه‌، له‌ كۆنتێكستی شیعریدا، تاوتوێكردن و وتوێژكردنی (خود) ، داهێنانی ستایلێكی ته‌واو نوێیه‌ له‌ ئه‌ده‌بی كوردییدا، هه‌ردی یه‌كێكه‌ له‌و شاعیرانه‌ی كه‌م له‌سه‌ری نوسراوه‌، به‌ڵام چه‌ند بۆچونێك هه‌ن له‌سه‌ری له‌م چوارچێوه‌یه‌شدا ڕه‌خنه‌كراوه‌ له‌لایه‌ن (كاكه‌ی فه‌لاح)ه‌وه‌، به‌ڵام بۆچوونی گرنگ له‌باره‌یه‌وه‌ بۆچوونی (گۆران)ه‌، كه‌ وتویه‌تی: (هه‌ردی قوتابخانه‌یه‌كی زۆر نوێ و تایبه‌ته‌ له‌ ئه‌ده‌بی كوردی) دا.
ئه‌وه‌ی كه‌ ماوه‌ پێویسته‌ ئاماژه‌ی پێبدرێت، ” هه‌ردی” له‌ پێشه‌كی دیوانی (ڕازی ته‌نیایی) دا، ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌ كه‌ ئه‌و خوێنه‌رێكی بواری فه‌لسه‌فه‌ بووه‌ زیاتر له‌وه‌ی خوێنه‌ری ئه‌ده‌ب و دیوانی شاعیران بێت، ئه‌مه‌ش سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه‌ به‌داهێنه‌ری ئه‌و شێواز و ستایله‌ نوێیه‌ داده‌نرێت، ڕه‌نگه‌ خود ئاگایانه‌ به‌ره‌و ئه‌و شێوازه‌ و ستایله‌ چووبێت، چونكه‌ ئه‌م هه‌سته‌ چاڵاكه‌ تایبه‌ته‌، باڵی به‌سه‌ر زۆربه‌ی شیعره‌كانیدا كێشاوه‌.




“وان”؛ وشه-پاشگرێکی پیرۆز و ڕه‌سه‌ن … نووسینی: زانکۆ یاری

لێکۆڵینه‌وه‌ی زمانه‌وانی، زمان ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌کات و توانای زمان به‌رانبه‌ری گۆڕان ده‌پارێزێت؛ واتا دەتوانین سەدان ڕاستیی ئایینی، سیاسی، کۆمەڵایەتی و هتد، لە نێو زمان‌دا لەڕێگەی وردبوونەوە لە زمانی کوردی، بدۆزینەوە. زمانی کوردی، زۆربه‌ی ڕاستییه‌ مێژوویی و زمانه‌وانییه‌کانی خۆی، لە نێو خه‌زینه‌که‌ی‌دا شاردووتەوە؛ ئه‌ویش وشه ڕه‌سه‌نه‌کانی له زاراوه جیاجیاکانی‌دا که باس له مێژوویه‌کی زۆر دوور و چاندێکی پڕشکۆ ده‌که‌ن. لێرەدا له‌ڕووی ڕێزمانییه‌وه، وشەی “وان” که وشه‌یه‌کی کۆنی کوردییه و له ڕێزمان‌دا وه‌کوو پاشگرێک هەڵبژێردراوه، له‌م نووسراوه‌دا وه‌ک به کورتی چاوێکی پێ‌دا ده‌خشێنین.

له زمانی کوردی‌دا، پاشگری (Suffix) “وان” کە لە فارسی‌دا به‌شێوه‌ی “بان”، هاتووه لە بنچینەدا لە وشەی (خوا-وان)ی کوردی وەرگیراوە کە پاشان وردە‌وردە لەسەر زمان بووه‌تە “خواوەن-خاوەن” ئینجا بووه‌تە “خوداوەن-وەند” و پاشان له کوردیی ئێستادا، پێشگرێکی تری بەسەردا هاتووه و “خاوندار-خاوەنداری” و “خاوەندارێتی”ی لێ دروست‌کردووە. هەموویان لە ڕه‌گی کوردیی “وان”ه‌‌وه هاتوون. هه‌روه‌ها، پاشگری “وان” لە کورمانجی ژووری‌دا دەبێتە “ڤان”، بەم پێیە‌ش ئەم پەرەسەندنە دیالێکتییە، واتا گۆڕانکاریی فۆنتیکی (Phonetic) ئەوە دەگەیەنێت کە گۆڕان بەسەرداهاتنی لەسەرەخۆی پیتی (و W) بۆ (ڤ V) وەک لە “ئاو” بۆ “ئاڤ”دا دەبینین. بە پێی چوارچێوه و پێک‌هاته‌زانیی وشه (Morphology) بە گشتی وان و ڤان پاشگرێکە کە بکەری ناوەکە دابین دەکات. ئەم رێسایە لە زمانی کوردی‌دا گونجاوە و دەتوانین چه‌ندین نموونە وشه‌ی لێکدراو، بۆ ئەم رووداوە بێنینەوە. وه‌کوو نموونه، له سه‌ره‌تادا وشه‌ی “وان”، ئەوە ناوی دەریاچەی “وان”ت وه‌بیر دێنێتەوە. هه‌روا که ئاماژه‌ درا لە کورمانجی ژووری‌دا زۆربه‌ی “و”کان، دەکەنە “ڤ”؛ تەنیا دەریاچەی “وان” نەبێت.

ئەوەی بڵێین که لە کرمانجیی ژووری‌دا (باکوور)، “ڤان”ی پاشگر لەگەڵ “وان”ی ناوی دەریاچەی وان، یه‌ک ڕه‌گ و واتایە و ناوی “وان” واتای پیرۆزبوون دەگەیەنێت، یان ڕاستتر بڵێین واتا “خاوەنێکی پیرۆز” و بەم شێوەیە وشەی “وان” له لای باکورییه‌کانه‌وه، ڕەهەندێکی پیرۆزی هەیە. چونکوو دەریاچەی وان لەژێر چیای ئاراراتی پیرۆز و نزیک چیای جووددا هەڵکەوتووە، ئەو شوێنە پیرۆزەی کە ده‌ڵێن یەکەمین گیانه‌وه‌ران تێی‌دا هەڵکەوتوون و کەشتیی نووحی پێغەمبەریش هەر له‌وێ نیشتۆتەوە!؛ (به‌پێی تۆژینەوەی هه‌ندێک له مێژووناسان، ئەوەش واتای ئەمە دەگەیەنێت کە دەریاچەی وان دەبێ پاشماوەی ئەو بۆران و فه‌رته‌نه‌ی نووح بێ که هێشتا لەوێ ماوەته‌وە!) هۆ و نهێنیی ئەمەش کە تا ئێستا وان نەکراوە بە ڤان لای باکوورییەکان، ڕه‌نگه هه‌ر ئەم پیرۆزبوونەی دەریاچەکەیە کە بە دەسەڵاتی خواوەند گوتراوە!. ئەوەی کە زۆرتر شیاوی ڕامانە و ڕەنگە بە پێوەری زمان‌ناسی و لێکۆڵینەوەی مێژوویی سازگار بێ و بکرێت زۆرتر گرنگیی پێ بدرێت، دەتوانێت ئەم چه‌ند وشه‌ی خوارەوه بێ کە له هەمان “وان” پێک‌هاتوون:
-مێهره‌وان؛ واتا کەسێک کە “مێهر”ی هەیە. کەواتە “مهربان”ی فارسی هەمان میهرەوانی به ڕه‌چه‌ڵه‌ک کوردییه. ئاماژه: په‌ره‌ستنی مهر، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئایینی میترائیسم که یه‌که‌م ئایینی کوردی بووه.

-مەریوان: وشە یا لێکدراوی زمانیی “مەریوان”، پێک‌هاتەی دوو وشەی “مێهر” و “وان-بان” بێت کە لە ڕەوتی زەمان‌دا “بان” بە “وان” گۆڕابێت!. بەم بۆچوون و لێکدانەوە کە هەندێک شرۆڤەی دەکەن، واتای مەریوان یا “مێهربان” به‌رچاوتر و ڕوونتر و و زۆرتر شیاوی پەسەندی دەنووێنێت، چاودێر و پارێزەری “مێهر”ە. واتا شوێنی چاودێر و پارێزەری مێهرە، که مەبەست له‌و ئایینه پیرۆزه کوردییه و جێگاکه‌یه‌تی!.
-پاڵه‌وان؛ که پێک‌هاتووه له پاڵە+وان، کە بە کەسێكی به‌هێز دەڵێن بەرگری لە خەڵکی “پاڵە” بکات و خۆی بە خاوەنی پاڵان بزانێت.
-مه‌له‌وان؛ مه‌له‌وان وشه‌یه‌کی ته‌واو کوردییه. له فه‌رهه‌نگی “زانستگای کوردستان”دا، هاتووه: (malavan)، (ناو)، مه‌ڤان، مه‌لوو، ده‌ریاوان، گه‌میه‌وان؛ واتا ئه‌و که‌سه‌ی که له‌سه‌ر که‌شتی کار ده‌کاتن. له “فه‌رهه‌نگی باشوور”دا، نووسینی ئاکۆ جه‌لیلیان، چاپی چواره‌م، هاتووه: خزمه‌تکاری که‌شتی، ئاڤژه‌ن. له فه‌رهه‌نگی “زنار”دا، نووسینی حه‌مه که‌ریم عارف، بۆ ئه‌م وشه لێکدراوه نووسراوه: که‌شتیوان. واتا خودای که‌شتی.
-باخەوان؛ وشەی باخەوان لە دوو وشەی باخ+وان پێکهاتووه. باخ ناوە و وانیش پاشگرە. کورمانجییەکەی دەبێتە باخچەڤان، واتە پارێز و خاوەن و بەخێوکاری یەک‌بە‌یەک دڵی گوڵ و گیاکانی باخ. واتا بەرپرسی گوڵان، هەر ئەو باخەوانەشە کە دەتوانێت هەر کاتێک بیەوێ بە هەر شێوازێک ژیان و هەرچی گیانه‌وه‌رانی باخەکەیه، کۆتایی پێ بێنێت. ئەمەش تەنیا لە دەسەڵاتی خواوەن‌دا هەیە. میناک: -ئاشەوان؛ واتا خاوەنی ئاش. -قازەوان؛ واتا پارێزەری قازان. هه‌روه‌ها نچیروان، ژیلوان و سه‌‌دان نموونه‌ی‌تر…

نووسینی: زانکۆ یاری
12 Jun, 2019

سه‌رچاوه‌کان:
-یه‌عقووبی، حوسێن، “زمان، وەرگێڕان و په‌یوه‌ندی کولتووره‌کان”، وەرگێڕانی: ئیسماعیل زارعی، چاپخانه‌ی دەزگای ئاراس، کۆلێژی په‌روەرده، سۆران، چاپی یه‌که‌م-هه‌ولێر 2007.
-موکریانی، د. کوردستان، 1977، “سیر تطور زبان کوردی و مجموعه زبان های ایرانی”، چاپی یه‌که‌م، 1394.
-فه‌رهه‌نگی “زانستگای کوردستان”، چاپی 1385، سنه.
-فه‌رهه‌نگی “باشوور”، نووسینی ئاکۆ جه‌لیلیان، چاپی چواره‌م.
-فه‌رهه‌نگی “زنار”، نووسینی حه‌مه که‌ریم عارف، 2006، هه‌ولێر.
-فه‌رهه‌نگی “کاوه”، له‌سه‌ر ئینتێڕنت-به‌ڕۆژ. (http://farhangumejuikawa.com/kawe/index.php)
-ماڵپه‌ڕی “یاگه‌ی زمانی کوردی”، به‌شی ڕێنووس. (http://yageyziman.com/Renusi_Kurdi.htm)
-Http://trovamy.altervista.org/ English: Wikitionary, (available under the CC BY-SA 3.0 license).




کورۆنا … عزیز شریف و ئیبراهیم محمد

وەک ڤایرۆسێک یەکێکی تر لەو ڤایرۆسانەیە کە لەهەناوی سیستەمی سەرمایەداریەوە بە دنیا هاتووە بۆماوەیەکی دیاریکراو یەخەی ئینسانەکان دەگرێت و خۆی بە ڤایرۆسێکی تر دەگۆڕێت ! ئەگەرچاوخشانێکی کورت بەسەر مێژووی سەد ساڵی ڕابردوودا بخشێنین ئەوا هەر دەورەیەک لە دەورەکانیمێژووی سەدساڵ ڕابردوو هەڵگری ڤایرۆسێکی کوشندە بووە کە ژیانی هەزاران تا بە ملێۆنان ئینسانیکردۆتە قوربانی خۆی . لەسەرەتای سەدەی بیستدا پەتای ئیسپانی بە نمونە ۲٠ ملیۆ ئینسانیکوشتووە ، ئایدز لەسەرەتای پەیدابوونیەوە تابەئێستا دەگات ۳٦ ملێۆن ئینسانی کوشتووە . کۆلێرا و نەخۆشیەکانی تر تا بە پەتای باڵندە و بەراز لەم سەرەتایانەی سەدەی بیست و یەکەدا دیسان بەهەزارانئینسانی کردۆتە قوربانی . جەنگە جیهانیەکانی یەک و دوو ، جەنگە ناوچەیی و ناوخۆییەکان ، جەنگەقەومی و تائیفیەکان دیسان قوربانیەکانیان ملێۆنان ئینسای تر بووە . ئەگەر کەمێک لۆژیکانە بۆسەرچاوەی ئەم ڤایرۆسانە بگەڕێینەوە ئەوا ئەوەی دەستگیرمان دەبێت ئەمەیە کە ئەم ڤایرۆسانەلەهەناوی قازانج پەرستی سەرمایەداریەوە سەرچاوەیان گرتووە . ئەم سیستەمە مۆتیڤ (هاندەر) یئینسانە بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین سود و قازانج ، لەم پێناوەشدا لەهیچ شتێک سڵی نەکردۆتەوە . ئەگەر لە ڕابردوودا بڵاو بوونەوەی پەتای دژە تەندروستی ئینسان بەشێوەی ئەم سەردەمە بڵاو نەبووەهۆکارەکەی ئەمەبووە کە سەرمایە وەکو ئەمڕۆ سنورەکانی کراوە نەبووە ، بەڵام پەتا و ڤایرۆسیجەنگەکانی سەرمایە لەمسەر بۆ ئەو سەری زەوی بڵاو بووە . ئەوەی کۆرۆنا و نەخۆشیە سەردەمیەکانیتر لە کوڵێرا و ئاوڵە و سوورێژە و سیل و تاعون جیا دەکاتەوە ئەو گومانە لە سەرچاوە و هۆکاری ئەمنەخۆشیە دەکرێت بەشێوەیەک بەڵا سروشتیەکانی گۆڕیوە بۆ بەڵا دەسکرد و بەرهەمهاتوەکان ئامانجیپشتی ئەم گومانە ئەو بنبەستەیە کە کرێزە (ئەزمە) ی ئەم سیستەمە هیچ چارەسەرێکی نیە بۆ کێشەکانیلە ڕەوەندی ڕوو لە خواریا خۆی لەپشتی ڤایرۆسێکەوە دەشارێتەوە ….. ئێستاش کۆرۆنا دوا ڤایرۆسیهەڕەشەکار لەئینسان نابێت ، هەتا سەرچاوەکەی ، یانی سیستەمی سودپەرستی سەرمایەداریلەناونەبرێت ناوە نەناسراوەکانی ڤایرۆسەکانی تر لەسەر ڕێمان دەبن !

عزیز شریف

ئیبراهیم محمد




کورتەنامەی شیعریی – بەشی یانزەهەم … فەتاح حەسەن

ئەتۆ..
بازنەی خۆشەویستیی منی
کۆتاییەکەت..
سەرەتایە.


بڕوام نەدەکرد
خۆرئاوابون
هێندە جوان بێ
تا لەنێوان
گەردنی دوو گەنجدا دیم،
لە ساتی ماچی ناودەما.


ئەگەر
تەنها یەک کەس
حەز بە بیستنی
ترپەی دڵم بکا
حەز دەکەم
تۆبی و بەس.


لەو ساتەدا
كە دوو ئاشق
خوا حافیزی لەیەك دەكەن
دڵم لەخۆم دادەمێنێ و
زیاتر
ھەست بەتەنھایی دەكەم.


ئەوی ئەتۆ
ناوی دەبەی
بەدواھەمین ماچ
لەلای ئەمن،
گەر دوەم نەبێ
یەكەمە. دكتۆر وتی:-
ئەتۆ كۆڵی لەژماردنی ماچ.


ئەگەر
مانای خۆشەویستیی نازانی
خۆت نەخەیە، داوی عیشقەوە،
خۆشەویستیی
گەمەی منداڵان نییە
هەی ماڵ خراب.


کە،پێیدەڵیم.. خۆشمدەوێی
واهەست دەکەم
پیت بەپیتی خۆشەویستیی
کلوە بەفرن و
بەسەر تۆی دەریادا، دەبارێ.

فەتاح حەسەن
دانیمارك/ ڤالبی




پارچه‌كانم كۆكه‌نه‌وه‌ … ستار ئه‌حمه‌د

كەرتێكی چوار پارچەی لەشم
رۆژی رووناك
لەگۆڕنرا
كوانێ كچە
چاوكاڵەكانی سنجارم
لەكوێی ئەم چەرخە چەپ گەڕە ..؟
فرۆشران
كێ هاتە دەنگ ..؟
كوا كامەیە
مافی گەلان ..؟
هەرچۆن هەڵەبجەی شەهیدم
بەغازی خەردەل كوێر كرا
گەرمیان و كوێستانی رۆحم
ئەنفال كران
دۆستانی كورد
هاوپەیمان و
وڵاتانی بەناو ئیسلام
فرمێسكیان لەچاو دەرنەچوو
خۆیان كەڕ كرد
ئینسانیەت
لەسەراپای گۆی زەویدا
سڕایەوە
هەر ئەوانیش
جارێكی دی
داعشیان هێنایە گۆڕێ
ئاگری تاوانی سەدام
جارێكی تر كرایەوە
لەكام چەرخ و زەمانەدا
ئینسانیان وەكوو دڕندە
لەنێو گڕا سووتاندووە ..؟
كوا جوولەكە
تاوانی وای
بەرامبەر عەرەب كردووە ..؟
كەچی فرمێسكیان ناسڕن
شەوو رۆژ
بەدووچاو دەگرین
بۆ فەلەستین
وەكوو ئەوەی
ژیان تەنها بۆ ئەوان بێت
هەواو زادو
خاك و وڵات
بۆ خەڵكانی تر تاوان بێت
ئەمانە دروشمیان خوێنە
ئاڵایان برا كوشتنە
لەئادەمەوە تا ئەمڕۆ
هەر تاوان پیشەیان بووە
قابیل هابیلی سەربڕی
مەئموون ئەمینی تیرۆر كرد
ویستیان یوسف بخنكێنن
حوسێن و حەسەنی باوكیان
بەو دەردە برد
مێژووی عەرەب
تاڵانی و ژن رفاندنە
نەزانی و زانا كوشتنە
ئیتر دڵم بەچی خۆش بێت
من لەخاكێكا
چرۆم كرد
جوانی و قەڵەم لەخاچ دەدەن
فوو دەكەنە چرای ماڵان
ژەهراوو
گازی كیمیاوی
بەسەر كۆرپەو
گەنج و شارما دەبارێنن
وەرە قووتی رۆژانەی تۆ
لەنێو خوانی ئەمانە بێت
تەنانەت هەوای خودایان
ژەهراوی كرد
كێ دەتوانێ
بڕوا بكات
رۆژێك ببنە
برا بۆ كورد ..؟

ستار ئه‌حمه‌د




‎بابه‌ت –ئایا جاره‌سه‌ری فایروسی کۆرۆنا هه‌یه‌؟ … جێگر ئومێد

‎به‌ هیوای ته‌ندروستی باش بوو هه‌موو لایه‌ك هیواخوازم دوور بین له‌ نه‌خوشی –لیره‌ و له‌وی بابه‌تی سوشیال میدیا بووته‌ کۆرۆنا له‌ هه‌موو جیهان ریكاری یاسای توند گراوتە به‌ر كه‌ به‌ شیوه‌كی خیرا به‌شیك له‌ ولاتان گرتەوە(COVID-19)ناسراوە
‎وه‌ تا ئیستا هیج جۆره‌ جاره‌سه‌ریك نه‌دوزراته‌وه‌ ته‌نها ریگاکانی خوباراست نه‌بیت و ته‌نها بهیز كردنی سیسته‌می
‎بەرگریە
‎به‌و هوی كه‌ فایروسی كرونا ناتوان بو ئاسان بناسریته‌وه‌ له‌ له‌ش ئه‌مه‌ش وای كردوه‌ تا ئیستا جیهان به‌دوای جاره‌سه‌ری بگەرین
‎وه‌ ترسی ولات له‌وه‌ دایه‌ نه‌توانین جاره‌سه‌ریك وا زوو بدوزنه‌وه‌ و وه‌كو پایدامكی سالی 1918 به‌روكی جیهان بگریت به‌داخه‌وه‌ بووه‌ مردنی زیاتر له‌ 20 ملیون كه‌س وه‌ ترسی ئه‌م فایروسه‌ به‌ شیوه‌كی خیرا بلاو ده‌بیته‌وه‌ له‌ هه‌وا توانای زیان هه‌یه‌ بو ماوه‌ی 3 روز

ئایا بو تا ئیستا ڤاكسین نیه‌ بو فایروسی كرونای (٢٠٢٠) ؟
پیوسته‌ سه‌ره‌تا بگه‌رین لو دوزینه‌وه‌ً جۆری ڤایرۆسه كه پیكهاته ی ڤایرۆسه كه و چۆنیتی كاركردنو چالاكی ڤایرۆسە که . تیست كردنی عیلاجه كه راسته و خۆ له سه ر فایرۆسه كه . گه ر سه ركه وتوو بوون ئینجا ده بێیت تاقیبكریته وه له سه ر مرۆف یان ئاژه ڵه كان تا دڵنیا ببنه وه له وه ی ده رمانه كه كار ده كات له جه سته ی ئاژه له كه و سه ركه وتوو ده بێت له جه نگ كردن ڵه گه ڵ ڤایرۆسه كه ..وه‌ هه‌تا ئیستا هیج تاقیكرنه‌وه‌ك سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه‌.
تاقیکردنەوەی یەکەم لەسەر بەکارهێنانی هەردوو دەرمانی نەخۆشی ئایدز HIV لۆپیناڤیر و ڕیتۆناڤیر ، لەهەمانکاتدا تاقیکردنەوەکەی دیکە لەسەر دژە ڤایرۆسی ڕێمدیسڤیر کراوە.
وه‌كوتای تاقیكردنه‌وه‌كان كه‌ ولاتان ده‌دوزنه‌وه‌ . بو كرونا (مارانا-1273)ناوه‌كه‌یه‌تی . ئیستا له‌ سه‌ر 25 خوبه‌خش تاقیده‌كریته‌وه‌ .
ئه‌م پروتینه‌ ده‌كاته‌ ئامانج كه‌ له‌ سه‌ر جه‌سته‌ی ڤایروسه‌كه‌یه‌، ئامانجی ئه‌و پروتنیه‌ كه‌ ریگا به‌ فایروس ده‌دات زیان به‌ خانه‌ی له‌شی مروف بگه‌ینی

قوتابی به‌شی ده‌رمانسازی: جیگر امید




پۆل شائۆل: پووچتر له‌ دووباره‌كردنه‌وه‌ی ئه‌وانی دی؛ دووباره‌كردنه‌وه‌ی خوده‌ … وه‌رگێڕان/ ئه‌مین بۆتانی

پۆل شائۆل هه‌ر له‌گه‌ڵ به‌دیاركه‌وتن و ناسینی وه‌ك شاعیرێك له‌سه‌ره‌تای هه‌فتاكانی سه‌ته‌ی رابردووه‌وه‌، به‌وه‌ ناسراوه‌ كه‌ هه‌میشه‌ گۆڵمه‌زی ناوه‌ته‌وه‌ و به‌رده‌وام بۆته‌ مایه‌ی ورووژاندنی كێشمه‌كێش. هه‌میشه‌ ئه‌وه‌ی ره‌تكردۆته‌وه‌ بچێته‌ پاڵ ئه‌وانی دی و مه‌رایی بۆ ره‌خنه‌ بكا.. ئه‌و تا بڵێی لاساره‌ و خۆی راده‌ستی پێوه‌ره‌ حازربه‌ده‌سته‌كان و فریوی سه‌رسامبوون ناكات، بۆیه‌ ئه‌زموونه‌كه‌ی ئه‌و بریتیه‌ له‌ پێشنیارگه‌لێكی نوێ بۆ چامه‌ی شیعریی سه‌رده‌م و بۆ خودی شێوازی نووسین.

پۆل به‌وه‌ تۆمه‌تبار كرا كه‌ چامه‌ی نه‌ریتیی له‌ بنج و بنه‌وانه‌وه‌ هه‌ڵته‌كاندووه‌، هه‌روه‌ها زمانیشی تێكوپێكداوه‌، به‌ڵام ئه‌و مكوڕه‌ له‌سه‌ر ته‌فروتوناكردنی خود؛ به‌واتای تێپه‌ڕاندنی به‌رده‌وامی خود و هه‌میشه‌ ئه‌زموونكردن، ئه‌زموونكردنێكی به‌رده‌وام به‌مه‌به‌ستی گه‌ڕان به‌دوای په‌نهاندا، یان له‌پێناو په‌یبردن به‌و ئازادیه‌ی كه‌ سنووره‌كانی ره‌خنه‌ رایناگرن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ره‌خنه‌ ره‌هایه‌ و شیعریش رێژه‌یی، بۆیه‌ به‌ بۆچوونی ئه‌و ئه‌م دووانه‌ به‌یه‌كناگه‌ن.
په‌یڤین له‌گه‌ڵ هه‌ڵبه‌ستڤان پۆل شائۆل پرسیاری زۆر هه‌ڵده‌گرێ‌ و نیشانگه‌لێكی زۆری پرسیار به‌ هه‌ڵواسراوی ده‌مێننه‌وه‌؛ به‌ هیوای ئه‌وه‌ی ده‌رفه‌تیان هه‌بێ له‌ په‌یڤینه‌كانی داهاتوودا بخرێنه‌ روو، چونكه‌ په‌یڤین و دایه‌لۆگ تامه‌زرۆی یه‌قین نیه‌ به‌قه‌د ئه‌وه‌ی یارمه‌تیده‌ره‌ بۆ خستنه‌ڕووی پرسیاری نوێ‌.

من خۆم پێشكێش ناكه‌م؛ ئه‌وه‌ خوێنه‌ره‌كانن پێناسه‌م ده‌كه‌ن، كار و به‌رهه‌مه‌كانم ناوونیشانی منن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی من ئه‌وه‌ پتر له‌ سی ساڵه‌ شیعر ده‌نووسم، ئه‌وه‌ی ده‌شمخوێنێته‌وه‌ بۆی هه‌یه‌ باش و خراپم له‌باره‌وه‌ بڵێ.. ئه‌وه‌ هه‌ر زۆر ئاساییه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی مرۆڤ خۆی وه‌ك پێشنیارێك وایه‌ بۆ جیهان، نووسینیش پێشنیاری مرۆڤه‌ بۆ ئه‌وانی دی كه‌ ده‌توانن ره‌تی بكه‌نه‌وه‌ یان قبووڵی بكه‌ن، ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به‌ منیشه‌وه‌ هه‌یه‌؛ خه‌ڵكانێك هه‌ن حه‌زیان له‌ شیعره‌كانم نیه‌…هه‌ندێكیش به‌ تامه‌زرۆییه‌وه‌ ئاره‌زووی ده‌كه‌ن.
له‌ بنه‌ڕه‌تدا شاعیر وه‌ك سه‌ركرده‌ و حزب نیه‌ له‌ جیهانی سێیه‌م؛ تاوه‌كو خه‌ڵك له‌ ده‌وری كۆبێته‌وه‌ و هه‌وڵ بدا كۆده‌نگییه‌ك بۆ خودی خۆی به‌ده‌ستبێنێ‌، شیعر و چامه‌ و تابلۆ؛ یان هه‌ر ژانرێكی دیكه‌ی هونه‌ریی خه‌ڵك دابه‌ش ده‌كا و مه‌وبه‌ست لێی كۆده‌نگیی نیه‌، بۆیه‌ هه‌ر شاعیر و هونه‌رمه‌ندێك هه‌وڵ بۆ كۆده‌نگی بدا؛ گومانم له‌ شاعیرێتی و داهێنانه‌كه‌یه‌تی.

كه‌ جیهان دابه‌ش بكه‌ی؛ واته‌ شتێكی نوێ پێشكێش بكه‌ی خه‌ڵك له‌سه‌ری جیاواز بن، خه‌ڵكانێك هه‌ن به‌رگه‌ی سه‌رچڵی و ریسكی نوێ‌ ناگرن… خه‌ڵكانیش هه‌ن به‌ رێزه‌وه‌ له‌و ئه‌زموونه‌ نوێیه‌ی ئێمه‌ ده‌ڕوانن، بۆ نموونه‌ هه‌ندێ كه‌س هه‌ن پرسیار ده‌كه‌ن: بۆچی پۆل شائۆل به‌رده‌وام خۆی هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه‌؟ دیاره‌ كه‌ هه‌ر نووسه‌رێك له‌وه‌ی دی جیاوازه‌. من ئه‌و پرسیاره‌ گرنگه‌ زۆر ده‌مته‌زێنێ‌، به‌ڵام له‌هه‌مان كاتدا وام لێ ده‌كا پێوه‌ست بم به‌وه‌ی كه‌ هه‌ر ئه‌زموونێكی نوێ له‌لای شاعیر پێویسته‌ رێخۆشكه‌ر بێ بۆ هاتنه‌ئارای ئه‌زموونی نوێتر، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی گرفتی شیعری عه‌ره‌بی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌ندێ شاعیر شێوازی نوێی نووسینیان دۆزییه‌وه‌… دواتر به‌ درێژایی ته‌مه‌نیان لاسایی خۆیان كرده‌وه‌، كه‌ سه‌ره‌نجام ئه‌زموونه‌كه‌یان وه‌ك گۆماوی لێهات و تووشی ده‌به‌نگی و دووباره‌بوونه‌وه‌ و مردن هاتن.
له‌گه‌ڵ من وه‌بیر خۆتی بێنه‌وه‌؛ كه‌ گشت ئه‌زموونه‌ سه‌ره‌تاكانی شاعیران هه‌میشه‌ باشتر بووه‌ له‌ دوا ئه‌زموونه‌كانیان، چونكه‌ ده‌ستیان له‌ نوێكردنه‌وه‌ و ئه‌زموونكردن هه‌ڵگرت، چونكه‌ ئه‌وان هه‌ستی ره‌خنه‌گرانه‌یان به‌سه‌ر خودی خۆیان له‌ده‌ستدا، چونكه‌ ئه‌وان له‌ناو خۆیاندا گریمانه‌ی پێغه‌مبه‌رانه‌یان تاودا… بۆیه‌ هه‌ر شتێك ئه‌وان بینووسن؛ بوو به‌ بتی پیرۆزكراو، بێگومان ئه‌وه‌ش مه‌رگی شاعیره‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ر شاعیرێك ئه‌گه‌ر رۆژانه‌ خۆی ته‌فروتونا نه‌كات… هه‌ڵبه‌ت به‌ مانا ئه‌رێنیه‌كه‌ی، به‌ مانا هه‌ڵوه‌شانگه‌راكه‌ی، به‌و مانایه‌ی به‌خۆی بڵێ: ئه‌م ئه‌زموونه‌ به‌كۆتا هات و له‌سه‌رم پێویسته‌ ئه‌زموونێكی نوێ به‌رپا بكه‌م.. ئه‌گینا ئه‌و شاعیره‌ وه‌ك مردوو وایه‌.
هه‌ر به‌وه‌ بزانه‌ كه‌ كاروانی شاعیره‌ مردووه‌كان به‌رده‌وام قه‌ره‌باڵغ تر ده‌بێ، چونكه‌ له‌سه‌ر خوانی فێستیڤاڵه‌ شیعریه‌كان ده‌له‌وه‌ڕێن، ئه‌و فێستیڤاڵانه‌ی خه‌ریكه‌ شیعریش پیس ده‌كه‌ن، ئێستا ژماره‌ی شاعیری فێستیڤاڵه‌كان كڵاشه‌ ده‌كا، وه‌ك بڵێی حورمه‌ت و رێزمه‌ندیی شیعر له‌ فێستیڤاڵه‌كانه‌ نه‌ك له‌ناو په‌رتووك.

من چل ساڵ ره‌تم كرده‌وه‌ بچمه‌ سه‌ر سه‌كۆ و شیعر بخوێنمه‌وه‌، هه‌ندێ له‌ هاوڕێیانم به‌ گله‌ییه‌وه‌ پێیان گوتم كه‌ ئه‌وه‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ر ناوبانگ و ئاماده‌گی میدیاییم ده‌بێ، به‌ڵام من پێمگوتن: بۆ من باشتره‌ میدیاكان بدۆڕێنم نه‌ك شیعر، له‌ دواییدا هه‌ردووكیانم قازانج كرد، راسته‌ من دوای چل ساڵ به‌شداریم له‌ كۆڕێكی شیعریدا كرد له‌ پاریس و دانه‌یه‌كی دیش له‌ له‌نده‌ن، به‌ڵام من حه‌زم له‌ فێستیڤاڵه‌ شیعریه‌كان نیه‌… زه‌وق و ئاره‌زووم ئاوایه‌… به‌م شێوه‌یه‌ش خۆم ده‌ناسێنم، ئه‌وانی دیكه‌ش بۆیان هه‌یه‌ دیدی جیاوازیان هه‌بێ.

ئه‌وه‌ ئه‌زموونێكه‌ ساڵی 1977 به‌كۆتا هات، به‌ڵام ئه‌زموونێكه‌ كاریگه‌ری به‌سه‌ر شیعری عه‌ره‌بییه‌وه‌ هه‌بوو، به‌ر له‌وه‌ شیعری عه‌ره‌بی شیعرێكی زاوزێگه‌ر، رۆمانتیكی، سوریالی، دوور و درێژی توولانی بێزاركه‌ر بوو….هتد، ئه‌وه‌بوو چامه‌ی چڕوپڕم داهێنا، چامه‌ی كورتبڕ و تژی هێما و گرۆڤ، رووبه‌ری سپیشم كرده‌ به‌شێك له‌ سینۆگرافیا وه‌ك شانۆ، كردمه‌ به‌شێكی ته‌واوكه‌ری په‌یڤ، پڕاوپڕ له‌ هێما و ئاماژه‌، كه‌ ئه‌مه‌یان ئه‌زموونی هه‌ره‌ سه‌ختی من بوو له‌ دووتوێی هه‌ردوو دیوانی ( روخسارێك ده‌كه‌وێ‌ و ناگات) و (با-ی ڤالا) پێشكێشم كرد، دواتر چامه‌ی دوو رسته‌ و سێ رسته‌ییم هۆنیه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌و ئه‌زموونه‌ شیعرییه‌ قورس بوو، چونكه‌ فۆرم به‌ ته‌نیا به‌س نیه‌… په‌رشبوونی رووبه‌ری سپی له‌ نێوان رسته‌ و وشه‌كانی چامه‌ به‌ ته‌نیا كه‌ڵكی نیه‌، یاریه‌ زمانه‌وانیه‌كه‌ گرنگه‌؛ كه‌ یاریه‌كی سه‌خت و ورده‌ له‌ هه‌مان كاتدا، چونكه‌ چامه‌ی درێژ ده‌شێ به‌رگه‌ی لاوازی بگرێ‌ وه‌ك رووبار، به‌ڵام ئه‌و چامه‌ بچووكه‌ یه‌ك رسته‌ و دوو رسته‌ییانه‌ وه‌ك په‌پووله‌ وان، به‌ شنه‌ بایه‌ك ده‌كه‌ونه‌ خواره‌وه‌، به‌ ته‌نیا پیتێكی زبر كه‌ له‌ شوێنی شیاوی خۆیدا نه‌بێ؛ هه‌موو ریتمه‌كه‌ ئاڵۆز ده‌كا.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، من ده‌ڵێم ئه‌و ئه‌زموونه‌ به‌ كۆتاهات، له‌دوای با-ی ڤالا ده‌بوایه‌ ئه‌زموونه‌كه‌ فره‌وان بكه‌م، ده‌بوایه‌ له‌ ته‌فروتوناكردنی بونیادی زهنیه‌ت (مێنتالیتی) و زمانه‌وانی و لۆژیكی شیعر بپه‌ڕمه‌وه‌ به‌ره‌و ئه‌زموونێكی نوێتر و ته‌واو جیاواز، به‌ره‌و ئه‌زموونێكی هاودژ به‌ ئه‌زموونی پێشووم كه‌ له‌ هه‌ردوو دیوانی (مردنێك بۆ یادگاری) و (لاپه‌ڕه‌كانی ونبووه‌كه‌)دا به‌رجه‌سته‌یه‌.

له‌مه‌شیاندا دیسان ترسم له‌ دووباره‌بوونه‌وه‌ هه‌بوو، بۆیه‌ روومكرده‌ زمانی كه‌له‌پوور، من وه‌ك ئه‌وانی دی نه‌هاتم به‌ردێكی دێرین بێنم و بیخه‌مه‌ نێو دیوارێكی نوێوه‌، نا، نا، من رسته‌م هه‌ڵبژارد، هه‌مان چامه‌م هه‌ڵبژارد و كارم له‌سه‌ر كرد (وه‌ك مانگێكی درێژی عه‌شق) كه‌ خه‌ته‌رناكترین په‌رتووكه‌ نووسێبتم و خه‌ڵكی به‌گشتی و ئه‌شراف و محافزكارانیش خۆشیان ویستبێ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌و په‌رتووكه‌مدا گه‌ڕانه‌وه‌ هه‌بووه‌ بۆ زمان و ده‌سته‌واژه‌ كه‌له‌پووریه‌كان، من له‌و دیوانه‌مه‌وه‌ (وه‌ك مانگێكی درێژی عه‌شق) به‌ره‌و په‌رتووكی ( نه‌مانی دۆخه‌كان) رۆیشتم وه‌ك ده‌قێكی كراوه‌، هه‌ندێ توخمی شانۆییم وه‌ك هه‌وێن تێكه‌ڵ كرد، ئه‌و ئه‌زموونه‌ قورس و هه‌ڵپڕووكێنه‌ره‌، به‌ڵام من هه‌میشه‌ به‌دوای نوێكردنه‌وه‌دا گه‌ڕاوم.. بۆیه‌ ئه‌وه‌ دوو ساڵه‌ هیچم نه‌نووسیوه‌.

شیعر هونه‌رێكی سه‌خته‌، هونه‌ری چامه‌ی كه‌ڵه‌گه‌ت، من هێشتا له‌سه‌ر ئه‌و بۆچوونه‌م، تاوه‌كو ئاسه‌واری چامه‌یه‌كی پێشتری خۆم بسڕمه‌وه‌، ناچارم په‌لاماری شانۆ بده‌م… یان كار له‌سه‌ر زمان بكه‌م، خه‌ریكی هزر و سیاسه‌ت بم، تاوه‌كو له‌ ئاسه‌واری ئه‌زموونێك به‌تاڵ ببمه‌وه‌؛ ده‌مه‌وێ‌ به‌دوای ئه‌زموونێكی نوێدا بگه‌ڕێم، ئه‌زموونێك له‌ ژیان و ئێشوئازار… له‌ عه‌شق و مه‌رگ، له‌ خوێندنه‌وه‌ی شیعر و وێژه‌، تۆ هه‌میشه‌ پێویستت به‌ نوێكردنه‌وه‌ی كه‌ره‌سته‌كانته‌، له‌سه‌رت پێویسته‌ هه‌ڵیانگریته‌وه‌ و كۆنترۆڵیان بكه‌ی… به‌ڵام شاعیرێك بێت و هیچ كه‌ره‌سته‌یه‌كی پێ نه‌بێت بۆ كرده‌ی ره‌نگجۆری، بێگومان ئه‌وه‌ شاعیرێكه‌ كه‌وتۆته‌ ته‌ڵه‌ی خودی خۆیه‌وه‌، له‌ نموونه‌ی زۆرێك له‌و شاعیرانه‌ی من و تۆش ده‌یانناسین و پێویست ناكا ناویان بێنین.

بڕوام پێ بكه‌، من ئێستا حه‌ز له‌ په‌یڤی رووخان و هه‌ڵته‌كاندنی زمان ناكه‌م، ئه‌وه‌ دروشمی سوریالی و داداییه‌كان بوو كه‌ گۆڤاری شیعر و خاوه‌نه‌كانی نوێخازی و ئه‌دۆنیس په‌یڕه‌ویان كرد… كه‌ من به‌لامه‌وه‌ وه‌همه‌، بۆیه‌ له‌ جیاتی ئه‌وه‌؛ من پێشنیاری ته‌فروتوناكردنی خودم كرد. له‌ راستیدا شیعر فێڵبازییه‌، جارانیش گوتراوه‌ كه‌ جوانترین شیعر درۆزنانه‌ترینیه‌تی؛ به‌ڵام نه‌ك به‌مانا ئه‌تیكیه‌كه‌ی، به‌ڵكو به‌ مانا خه‌یاڵكاریه‌كه‌ی، به‌واتای هاونزیكی مژاره‌كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆ، سه‌باره‌ت به‌ كه‌له‌پووره‌وه‌ش؛ من نه‌مویستووه‌؛ نه‌ كه‌له‌پوور ته‌فروتونا بكه‌م و نه‌ زیندوویشی بكه‌مه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی پێویسته‌ بكرێ‌ ده‌بێ زمان به‌ر ختووكه‌ و نه‌قیزه‌ بدرێ‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی شیعر خۆی نه‌قیزه‌دانی سه‌رتاپای زمانه‌ به‌ كه‌له‌پوور و سه‌رده‌مه‌كه‌یه‌وه‌، هه‌ڵبه‌ت نه‌قیزه‌دان به‌مانای ئه‌زموونگه‌ری، منیش له‌ ئه‌زموونكردندا ده‌ژیم.
ئێستا من له‌ (نه‌مانی دۆخه‌كان) شانۆم ئاوێته‌ی شیعر كردووه‌، وه‌ك تۆش ده‌زانی؛ بایه‌خپێدانی من به‌ شانۆ هاوته‌ریبه‌ به‌ شیعر و هزر و زمان….. هتد. له‌ كۆتاییشدا ئه‌گه‌ر من بمه‌وێ‌ چامه‌یه‌كی شیعری بۆ ئه‌وه‌ بنووسم ته‌نیا خۆشه‌ویستی خۆم بدركێنم و عه‌شقی خۆم بۆ سێكس ده‌ربڕم یان خۆم له‌قه‌ره‌ی سیاسه‌ت بده‌م؛ ئه‌وه‌ من ده‌توانم ئه‌وانه‌ بكه‌م له‌ رێگای نووسینی وتارێكه‌وه‌ (ئێ خۆ من رۆژنامه‌ڤانم)؛ یان ده‌توانم له‌ لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كدا بیكه‌م یان له‌….، به‌ڵام شیعر كاتێ ده‌ینووسی؛ پێویسته‌ شتێكی نوێ بخاته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌ته‌؛ یان سه‌ر به‌رهه‌می داهێنراوی ئه‌وانی دی. دووباره‌كردنه‌وه‌ی ئه‌وانی دی شتێكی پووچه‌ و له‌وه‌ش پووچتر دووباره‌كردنه‌وه‌ی خوده‌.

من نموونه‌یه‌كی پێشوه‌خته‌م نیه‌، نموونه‌كه‌ی من له‌به‌ر ده‌ممه‌، بۆیه‌ ده‌بینی كه‌ گشت تیووریه‌كانی شیعر پووچ و بێمانان، تۆ یه‌كه‌مجار چامه‌یه‌ك ده‌هۆنیه‌وه‌ و دواتر تیووریزه‌ بۆ شیعر ده‌كه‌ی، یان ده‌خوێنیه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بزانی چۆن شیعرت نووسیوه‌، هه‌موو سنووره‌كانی شیعر له‌ دوای ده‌قه‌وه‌ دێن نه‌ك به‌ر له‌ ده‌ق، كه‌ ده‌كه‌وێته‌ پێگه‌ی ناكۆتاوه‌.
هه‌موو تیووریه‌كانی شیعر هاتن و رۆیشتن و شیعر هه‌ر مایه‌وه‌، كه‌س ناتوانێ‌ شیعر به‌ده‌سته‌وه‌ بگرێ‌ و هه‌ڵگرێته‌وه‌، گشت قوتابخانه‌ شیعریه‌كان قوتابخانه‌ی بۆنه‌ و هه‌ڵكه‌وته‌كانن؛ له‌ ساته‌وه‌ختێكی مێژووییدا دێن و ده‌ڕۆن، به‌ڵام ده‌ق ده‌مێنێته‌وه‌، ئه‌و قوتابخانانه‌ وه‌ك راسته‌ وان؛ فه‌زا و بۆشاییان پێ ده‌پێوین، ره‌خنه‌ هه‌میشه‌ ره‌ها و شیعریش رێژه‌ییه‌؛ بۆیه‌ هه‌رگیز به‌یه‌كناگه‌ن.

پێشه‌نگه‌كان نه‌مان و كۆتاییان هات، یان زۆربه‌یان وه‌ك شیعر و هزر كۆتاییان هات، هه‌موو بیروبۆچوونه‌كانیان سه‌باره‌ت به‌ نوێخوازییه‌وه‌ هه‌ر له‌ بنه‌ڕه‌تدا لاواز و په‌ڕپووت بوو، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بۆچوونه‌كانیان په‌یوه‌ندییان به‌ ده‌قه‌وه‌ نه‌بوو، به‌ڵكو وابه‌سته‌ی هه‌ندێ زانیاری بوون له‌باره‌ی ره‌خنه‌ی رۆژئاوایی؛ یان ره‌خنه‌یی كۆن و كلاسیك، یان ره‌خنه‌ی كه‌له‌پووری، بۆ نموونه‌ ئه‌وان كاتێك له‌باره‌ی په‌خشانه‌ شیعره‌وه‌ شتیان ده‌نووسی؛ ئێمه‌ لێره‌ جارێ‌ په‌خشانه‌ شیعرمان هه‌ر نه‌بوو، ئه‌وان پشتیان به‌ سۆزان برناره‌وه‌ به‌ستبوو كه‌ به‌رهه‌مه‌كانی له‌باره‌ی په‌خشانه‌ شیعری فه‌ره‌نسی بوو، سۆزان برنار له‌ بۆدلێره‌وه‌ شتی وه‌رده‌گرت و هه‌تا ساڵی 1960 لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌سه‌ر گشت تێكسته‌ فه‌ره‌نسیه‌كانی ئه‌و قۆناغه‌ كرد و یاسا و رێساكانیشی هه‌ڵێنجا.
كه‌چی ئێمه‌ هاتینه‌ سه‌ر حازره‌كی و كاره‌نجام و هه‌ڵێنجراوه‌كانی سۆزان برنارمان له‌باره‌ی ده‌قه‌ شیعریه‌كانی فه‌ره‌نساوه‌ برد و به‌سه‌ر شیعری عه‌ره‌بیمان پراكتیك و پیاده‌ كرد، هه‌ڵبه‌ت به‌ر له‌وه‌ی ده‌قی ره‌سه‌ن و خۆماڵی خۆمانمان هه‌بێ له‌و كایه‌وه‌. ده‌ره‌نجامیش ژماره‌یه‌ك تێز و تیووریزه‌مان بۆ زیاد بوو له‌باره‌ی په‌خشانه‌ شیعری عه‌ره‌بییه‌وه‌ كه‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا بوونی نه‌بوو.

من یه‌كه‌مین لێكۆڵینه‌وه‌ی ئه‌كادیمی خۆمم له‌باره‌ی په‌خشانه‌ شیعر وه‌ك تێزێكی زانكۆیی له‌ ساڵی 1971دا پێشكێش كرد كه‌ بابه‌تێكی نوێ و پێشه‌نگ بوو له‌ بواره‌كه‌ی خۆیدا، بێنه‌ پێشچاوی خۆت زانكۆی به‌یرووت ده‌بێ ئه‌وسا چه‌ند پێشكه‌وتوو و گرنگ بووبێت له‌ رووی ئه‌كادیمییه‌وه‌ هه‌تاوه‌كو نامه‌یه‌ك وه‌رگرێ‌ له‌باره‌ی په‌خشانه‌ شیعر؛ كه‌ زانكۆ عه‌ره‌بیه‌كان هه‌ر دانیان پێدا نه‌ده‌نا.
گرنگ ئه‌وه‌یه‌ ئێستا به‌رهه‌مه‌كه‌ی سۆزان برنار له‌ فه‌رنسا كاریگه‌ری نه‌ماوه‌ و ئكسپایه‌ر بووه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی شیعری فه‌ره‌نسی (خۆت ده‌زانی من شاره‌زای شیعری فه‌ره‌نسیم) هه‌ر له‌ شێسته‌كانی سه‌ته‌ی رابردووه‌وه‌ گۆڕاوه‌ به‌ ئێستاشه‌وه‌، ئه‌و رێسایانه‌شی سۆزان برنار هه‌ڵێنجای؛ ئێستا نه‌ به‌كه‌ڵكی شیعری فه‌ره‌نسی و نه‌ به‌كه‌ڵكی شیعری عه‌ره‌بییش دێ، به‌ڵام ره‌خنه‌گره‌كانمان هێشتا له‌ تیووریزه‌ شیعرییه‌كانی خۆیان پشتی پێ ده‌به‌ستن.
من له‌ كۆنگره‌ی شیعر له‌ قاهیره‌ له‌باره‌ی په‌خشانه‌ شیعره‌وه‌ نووسیم و ره‌خنه‌م گرت و وه‌ڵامی سۆزان برناریشم دایه‌وه‌ له‌باره‌ی شیعری فه‌رنسی و عه‌ره‌بی، به‌ڵام شاعیران و ره‌خنه‌گرانمان ناخوێننه‌وه‌ و ئاگایان له‌ پێشهاته‌كان نیه‌… زۆربه‌یان له‌سه‌ر شكۆی جارانی خۆیان وه‌نه‌وز ده‌ده‌ن، بۆ خۆیان لای پۆل ڤالێری و ئاندرێ بریتۆن راكشاون، راسته‌ ئه‌وانه‌ مه‌زن و بلیمه‌ت بوون؛ به‌ڵام كۆتاییان پێهات.

چامه‌ی شیعری و شانۆ؛ دوو هونه‌رن به‌یه‌ك ناگه‌ن، په‌یوه‌ندییان به‌یه‌كه‌وه‌ نیه‌، هه‌ر هونه‌رێك له‌وانه‌ بونیاد و جه‌سته‌ی تایبه‌ت به‌خۆیان هه‌یه‌، هه‌ر یه‌ك له‌وانه‌ كه‌ره‌سته‌ و پێڕه‌وی خۆیانیان هه‌یه‌، كاتێك ئێمه‌ چامه‌یه‌ك ده‌نووسین پێویسته‌ بزانین كه‌ ئێمه‌ جه‌سته‌یه‌ك به‌یه‌كه‌وه‌ ده‌لكێنین و ناكرێ‌ به‌ شتێكی دیكه‌وه‌ ناوبنرێ‌، ئێمه‌ چامه‌یه‌كی شیعری دده‌نووسین نه‌ك راپۆرتێكی سیاسی یاخود وتارێك، چونكه‌ هونه‌ری وتاربێژی و هونه‌ری وتارنووسینیش هه‌یه‌، به‌ڵام چامه‌ هه‌ڵكه‌نراو و داهێنراوێكی شیعرییه‌، كاتێكیش شانۆ ده‌چێته‌ نێو ئه‌و چامه‌یه‌وه‌؛ ئه‌وه‌ ده‌بێ بگۆڕێ‌ بۆ جه‌سته‌ی چامه‌ تاوه‌كو ببێته‌ چامه‌ی شیعری. ئه‌گه‌ر گێڕانه‌وه‌یشی هاته‌ سه‌ر، ئه‌وه‌ ده‌بێ گێڕانه‌وه‌كه‌ بۆ زمانی چامه‌ بگۆڕێ، ئه‌گه‌ر ئه‌و گۆڕانه‌ش رووینه‌دا؛ ئه‌وسا وادیاره‌ كه‌موكوڕییه‌ك له‌ كرۆكی خودی نووسیندا هه‌یه‌.
هه‌مان شت بۆ شانۆش ده‌گونجێ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی شانۆ بونیادێكی سه‌ربه‌خۆی هه‌یه‌ و جیاوازه‌ له‌ رۆمان و ره‌نگ و سینه‌ما، تۆ ده‌توانی شیعر و گۆرانی و سینه‌ما بخه‌یته‌ نێو شانۆوه‌، به‌ڵام به‌و مه‌رجه‌ی ئه‌و ژانرانه‌ ببنه‌ توخمی شانۆیی، خۆ ئه‌گه‌ر وه‌ك له‌شی سه‌ربه‌خۆ مانه‌وه‌؛ ئه‌وه‌ بێگومان كێشه‌ی ئاوێته‌نه‌بوون و له‌به‌ریه‌كهه‌ڵوه‌شانه‌وه‌یه‌ك له‌ بونیادا هه‌یه‌.

كاتێك تۆلستۆی (جه‌نگ و ئاشتی) نووسی؛ بیست لاپه‌ڕه‌ی جوانترین شیعری هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌و شیعره‌یه‌ خزمه‌ت به‌خۆی ناكات وه‌ك شیعر؛ به‌ڵكو له‌خزمه‌ت بونیادی رۆمانه‌كه‌دایه‌، بۆیه‌ زۆر ئه‌سته‌مه‌ یه‌كێكمان بتوانێ‌ ئه‌و هه‌ردوو هونه‌ره‌ بنووسێ، ئه‌وه‌ كارێكه‌ هه‌رگیز ئاسان نیه‌. منیش له‌ میانی ئه‌و رۆشنبیریه‌ یه‌كجار فره‌وانه‌ی هه‌مه‌ له‌باره‌ی شانۆوه‌؛ له‌گه‌ڵ ئه‌و ئه‌زموونه‌ی نووسین و دید و روئیایه‌م بۆ نمایشه‌كان، شتێكم له‌لا گه‌ڵاڵه‌ بووه‌ بتوانم سنووری نێوان ئه‌و دوو هونه‌ره‌ بناسم و له‌یه‌كتریان جیابكه‌مه‌وه‌، و ئه‌گه‌ر به‌ناویه‌كداچوون ئه‌وه‌ ده‌بێ یه‌كێكیان له‌ پێناو ئه‌وه‌كه‌ی دی بتوێته‌وه‌، هه‌روه‌ك چۆن له‌هه‌ردوو به‌رهه‌مه‌كه‌مدا به‌رجه‌سته‌یه‌ (نه‌مانی دۆخه‌كان) و شانۆیی (زۆرخانه‌) كه‌ خاتوو نیزال ئه‌شقه‌ر له‌ ساڵی 1990دا وه‌ك ئه‌كته‌ر نمایشی كرد و له‌وێ‌ شیعرمان وه‌ك هه‌وێن و رۆح له‌ بنیاتنانی شانۆییه‌كه‌دا به‌كارهێناوه‌.

ئێستا له‌ فه‌ره‌نسا ئه‌زموونی نوێ هه‌ن بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی چامه‌ شیعریه‌كان به‌ رێگای شانۆی كراوه‌، كه‌ له‌ رێی فۆرمه‌وه‌ ساز ده‌كرێ‌، ئێمه‌ش پێویسته‌ گوێڕایه‌ڵی ئه‌وی دی بین كاتێك ئه‌زموونكاری ده‌كات؛ ئه‌گه‌ر ئه‌و كه‌سه‌ عه‌ره‌ب بێ یاخود بیانی، ئێستا شانۆ په‌ل بۆ ده‌ره‌وه‌ی ده‌ق و ئه‌كته‌ر ده‌هاوێژێ، شانۆ ده‌یه‌وێ‌ ته‌نانه‌ت له‌ ده‌ره‌وه‌ی خودی شانۆدا به‌دوای چاره‌سه‌ریدا بگه‌ڕێ ، هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه‌ش پێچه‌وانه‌ی تیووریه‌كانی برۆتۆڤسكی و ئارتۆ یه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی شانۆ ئێستا ته‌سك تره‌ له‌وه‌ی بتوانێ‌ ئه‌و هه‌موو گۆڕانكاریانه‌ له‌خۆ بگرێ‌، ئه‌مه‌ش خۆی له‌خۆیدا پرسێكی مه‌ترسیداره‌.
من وای ده‌بینم كه‌ ده‌بێ شانۆ هه‌موو توخمه‌كانی وه‌ك سینۆگرافی و كریۆگرافی و جلوبه‌رگ و ماكیاژ و میوزیك وا لێ بكات له‌گه‌ڵ بونیاده‌ سه‌ربه‌خۆكه‌ی خۆیدا ئاوێته‌ بكا، كه‌ جیاوازه‌ له‌ بونیادی چامه‌ی شیعری و رۆمان و سینه‌ما، هاوكات چاودێریی ئه‌و ئه‌زموونانه‌ی تێكستیش بكرێ‌ كه‌ سنووری نێوان ئه‌و ژانرانه‌ی ده‌ربڕین ده‌ته‌قێننه‌وه‌ و خاپوور ده‌كه‌ن.
من خراپترین ره‌خنه‌گرم، به‌باشتری ده‌بینم ئه‌وانی دی ره‌خنه‌م لێ بگرن. له‌وه‌ خۆشتر نیه‌ ره‌خنه‌ت ئاراسته‌ بكرێ‌، به‌ڵام زۆر بێتامه‌ كه‌سانێك پێتدا هه‌ڵبده‌ن وه‌ك مه‌رایی، ئه‌گه‌ر ئه‌وانی دی وه‌ك مه‌رایی له‌سه‌رم بنووسن هه‌ست به‌ سووكایه‌تی خۆم ده‌كه‌م؛ وه‌ك بڵێی زلله‌یه‌كیان له‌په‌ناگوێم دابێ، كه‌سانی وا هه‌ن درۆم له‌گه‌ڵدا ده‌كه‌ن، به‌رتیلم پێ ده‌ده‌ن و ئازادیم ئازار ده‌ده‌ن.
له‌باره‌ی قوتابخانه‌ ره‌خنه‌ییه‌كانیشه‌وه‌؛ من پێوایه‌ هه‌ر هه‌موویان باریان كرد و نه‌مان، ریالیزم و بونیادگه‌ری باویان نه‌ما، سوریالییه‌ت وه‌ك قوتابخانه‌كانی پێش خۆی رۆی، من دژی گشت قوتابخانه‌ ره‌خنه‌ییه‌كانم. ره‌خنه‌ی راسته‌قینه‌؛ دۆخێكی دیده‌نیی نێوان ره‌خنه‌گر و ده‌قه‌، دیده‌نیی نێوان دوو خه‌یاڵی بێ سنوور و بێ هزری پێشوه‌خته‌. هه‌ر ئه‌وه‌شه‌ راده‌ستبوونی چاوكراوه‌ و به‌ ئاگا و خۆگر له‌یه‌ك كاتدا.

بۆ ده‌بێ من ملكه‌چی رێسا باوه‌كانی كۆمه‌ڵگا بم بۆ ئه‌وه‌ی به‌دڵی خاوه‌نی ئه‌و رێسایانه‌ بم،، چونكه‌ كار و ئه‌ركی من له‌ شیعردا شكاندنی رێساكانی ئه‌و سه‌رسامبوونه‌یه‌ كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ نه‌خۆشیه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ و ده‌ربڕین له‌ راوه‌ستان و بێجووڵه‌یی و دۆگماتیكی قۆناغێكی ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌ ده‌كه‌ن، كاری من تێكشكاندنی توخمه‌كانی ئه‌و سه‌رسامبوونه‌یه‌، با سه‌ره‌تا له‌ وردوخاشكردنی رێساكانی سه‌رسامبوون به‌خۆم و له‌ خاپووركردنی خودشه‌یداییه‌وه‌ ده‌ستپێبكه‌م، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كاتێك شاعیر زۆر به‌خۆی سه‌رسام ده‌بێ وه‌ك (ئه‌دۆنیس)؛ ئه‌وسا مانای وایه‌ چیڕۆكه‌كه‌ به‌كۆتا هات… بڕوام پێ بكه‌ من ئه‌م قسه‌یه‌ وه‌ك ره‌خنه‌ ده‌كه‌م، ئه‌دۆنیس یان نزار قه‌بانی به‌ر له‌ مردنی، و هه‌ر یه‌كێك له‌و شاعیره‌ خودشه‌یدا و نه‌رجسیانه‌ كه‌سانی ده‌رده‌دار و نه‌خۆشن.

شاعیر لێی داواكراوه‌ هه‌میشه‌ ئه‌و هێزه‌ی هه‌بێ بتوانێ‌ خۆی په‌رتوپار بكات و خودی خۆی داڕوخێنێ‌، هه‌روه‌ك له‌ كۆڕێكی پێشوومدا گوتم كه‌ هه‌ر ئه‌زموونێك شاعیر بینووسێته‌وه‌ بریتییه‌ له‌ وردوخاشكردنی ئه‌زموونێكی پێشتری خۆی، من كه‌ (نه‌مانی دۆخه‌كان)م نووسی؛ ئه‌وسا به‌ كرده‌ی وردوخاشكردن هه‌ڵده‌ستام نه‌ك وه‌لانانی ئه‌زموونی (با-ی ڤالا) وه‌ك پاكتاوكردنێكی كاتی؛ یان ئه‌شكه‌نجه‌دانێك، ئه‌مه‌ش خۆی له‌خۆیدا جۆرێكه‌ له‌ مازۆچییه‌ت، به‌مه‌ش چامه‌ی شیعری ده‌بێته‌ جۆرێك له‌ په‌لاماردان و سادیزم دژ به‌ زمان، به‌ڵام له‌هه‌مان كاتدا مازۆچیه‌تیشه‌ ده‌رهه‌ق به‌ خود.
چامه‌ په‌لاماردان و ده‌ستدرێژیكردنه‌ بۆ سه‌ر زمان، ده‌ستدرێژیكردنه‌ بۆ سه‌ر شانۆ كاتێك خۆم به‌ رێسا و بنچینه‌ی حازربه‌ده‌ست ببه‌ستمه‌وه‌ و هه‌وڵ بده‌م له‌ رووی ئایینی و ئایدۆلۆژییه‌وه‌ پراكتیكیان بكه‌م؛ یان له‌چوارچێوه‌ی هه‌ر قوتابخانه‌یه‌كی ناسراودا بیانخه‌مه‌ گه‌ڕ، گشت ره‌خنه‌گرانی سه‌ته‌ی بیسته‌م كه‌سانی ئایدیۆلۆژی بوون، و هه‌ندێكیان ئایدیۆلۆژی و خودشه‌یدا بوون، هه‌ر شاعیرێك بوو به‌ ئایدیۆلۆژیایه‌كی سه‌ربه‌خۆ، رێده‌كا و به‌ پلاستیك داپۆشراوه‌، دڵی پلاستیكه‌، مێشكی پلاستیكه‌، هه‌سته‌كانی پلاستیكن، پێویسته‌ شاعیرانمان نه‌چنه‌ نێو فێستیڤاڵه‌ شیعریه‌كانه‌وه‌ و به‌و وه‌رگێڕانه‌ش غه‌ڕا و له‌خۆبایی نه‌بن له‌ رێگای په‌یوه‌ندی كه‌سێتیه‌وه‌ ده‌كرێن… ئه‌و شكۆمه‌ندییه‌ پووچ و به‌تاڵه‌ و شاعیران دروست ناكا، به‌ڵكو تێكوپێكیان ده‌دا.

من كاتێك ده‌نووسم بیر له‌ هیچ توخمێك ناكه‌مه‌وه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی شیعر و شانۆ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی شانۆی بازرگانی كاتێك به‌زمێك به‌كارده‌با؛ چاك ده‌زانێ‌ به‌وه‌ ده‌توانێ‌ چه‌پڵه‌ڕێزانی گه‌رم و داهاتێكی باش وه‌ده‌ستبێنێ‌، به‌ڵام من مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ نه‌فه‌ر و مه‌عمیل ناكه‌م، خوێنه‌ر له‌ دیدی من مه‌عمیل نیه‌ و له‌ ساته‌وه‌ختی نووسینی شیعردا ملكه‌چی هیچ سازشێك نابم له‌گه‌ڵیدا، هه‌روه‌ها من بیر له‌ هیچ مه‌رجه‌عێكی ره‌خنه‌یی و پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ جه‌ماوه‌ردا ناكه‌مه‌وه‌. په‌رتووك به‌لامه‌وه‌ وه‌ك منداڵێكی زۆڵ وایه‌… لاواز و نه‌رمه‌لیق، كاتێك په‌رتووك له‌ شاعیر جیا ده‌بێته‌وه‌ وه‌ك لاوازێكی نه‌رمه‌لیق وایه‌، ده‌شێ فڕێی بده‌ی یان بیفلیقێنیه‌وه‌، تفی لێ بكه‌ی یان بیسووتێنی، بۆت هه‌یه‌ خۆشت بوێ‌ یان له‌گه‌ڵی جووت بیت و بیكه‌یته‌ چه‌تر، ئه‌وه‌یه‌ چاره‌نووسی مه‌زن و نه‌قۆڵای په‌رتووك؛ كه‌ ببێته‌ زۆڵ و بیژی دوور له‌ ركێفی شاعیر، شاعیران لای ئێمه‌ هه‌تا له‌ ژیاندان په‌رتووكه‌ خراپه‌كانیان هه‌ڵده‌گرن، كاتێ‌ ده‌شمرن و كۆچ ده‌كه‌ن گشت نووسینه‌كانیان ده‌كه‌وێ‌ و په‌رشده‌بێته‌وه‌.

بۆیه‌ پێویسته‌ په‌رتووك سه‌ربه‌خۆ و به‌دوور بێ له‌ كه‌سێتی شاعیر و پێگه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و تایفی و ده‌سه‌ڵاتداری و ته‌نانه‌ت داراییه‌كه‌یشی، و بۆیه‌ پێت ده‌ڵێم دارایی؛ ئه‌ویش له‌به‌ر هۆكارێكی ساده‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی توێژێكی شاعیرانی ده‌وڵه‌مه‌ندمان له‌ كه‌نداو و ده‌ره‌وه‌ی كه‌نداو بۆ په‌یدا بووه‌، هه‌زاران دۆلار وه‌ك به‌رتیل ده‌ده‌نه‌ شاعیره‌ گه‌وره‌كان بۆ ئه‌وه‌ی له‌سه‌ریان بنووسن و به‌ به‌ژن و باڵایاندا هه‌ڵبده‌ن.
به‌ر له‌ ئێستا ده‌سه‌ڵات به‌رتیلی ده‌دایه‌ شاعیران، به‌ڵام ئێستا شاعیران خۆیان بوونه‌ته‌ راوچی خه‌ڵاته‌كان و ده‌وڵه‌مه‌ندانی شیعر و قسه‌ له‌سه‌ر نوێخوازی ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ چ نوێخوازیه‌كه‌؟! ئه‌مه‌ چ شیعرێكه‌؟! چۆن شیعری به‌رخودان بۆ دواكه‌وتوویی و توندوتیژی و كوشتن و دۆگمابوون بنووسم، هاوكات به‌رتیل وه‌رگرم بۆ پیاهه‌ڵدانی شیعری دواكه‌وتوو و هزری دواكه‌وتووی كۆنه‌پارێز؟… پێم بڵێ چۆن؟.

كه‌واته‌ هاوبه‌ندی و به‌رده‌وامیی له‌ رێگه‌ی سازش نه‌كردنه‌وه‌ ده‌بێ، له‌سه‌رت پێویسته‌ له‌گه‌ڵ خۆتدا به‌رده‌وام بیت بۆ ئه‌وه‌ی بتوانی له‌گه‌ڵ ئه‌وانی دی به‌رده‌وام بیت، به‌رده‌وامی و هاوبه‌ندیی هونه‌ری و ستاتیكییش پرسێكی رێژه‌ییه‌، ئه‌وه‌ی تۆ به‌ نامۆی ده‌بینی؛ له‌وانه‌یه‌ هاوڕێیه‌كی دی به‌هه‌مان شێوه‌ نه‌یبینێ، نامۆیی و ناڕوونی وه‌ك شیعر پرسێكی رێژه‌ییه‌… من خۆشم وه‌ك بۆچوون؛ هونه‌ره‌كانی نووسین جیا له‌ یه‌كتر ده‌بینم، من وتاری رۆژنامه‌ڤانی له‌باره‌ی پرسه‌كانی هزر و سیاسه‌ت و كۆمه‌ڵگه‌وه‌ ده‌نووسم كه‌ وتاری بوێر و راسته‌وخۆن.. هه‌روه‌ها له‌ خۆپێشاندانه‌كانیش وتار ده‌ده‌م، ئه‌مه‌یان شتێكه‌ و نووسینی شیعر شتێكی تره‌. به‌ڵام هه‌رگیز بۆم نیه‌ چامه‌یه‌كی شیعریی وتارئامێز بهۆنمه‌وه‌ و بڵێم ئه‌مه‌یان زیاتر ده‌توانێ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ خه‌ڵكدا دروست بكا، چونكه‌ ئێمه‌ هونه‌ری وتاربێژییمان هه‌یه‌ و هونه‌ری نووسینی وتاریشمان هه‌یه‌… بۆیه‌ ده‌ڵێم قه‌سیده‌ شتێكی تره‌.

سه‌رچاوه‌:
انور بدر (لبنان)، القدس العربی 16/12/2004




ده‌سپێك له‌ چیڕۆكی (دوایین شه‌وی مینا)ی تێكۆشه‌ر خالید_دا … سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی

بێگومان ده‌سپێك له‌ هه‌موو ده‌قێكدا، یه‌كه‌م ئه‌ڵقه‌ی گرێدانی ده‌قه‌ به‌ خوێنه‌ر و یه‌كه‌م ده‌روازه‌ی چوونه‌ نێو ده‌قیشه‌ له‌ دوای ناونیشان وه‌ك ئاماژه‌یه‌كی گشتی ده‌ق. زۆرجار سیحری گێڕانه‌وه‌ی ڕووداوێك له‌ سه‌ره‌تاوه‌، ئه‌و هه‌سته‌ لای خوێنه‌ر دروست ده‌كات كه‌ به‌ دوای ڕووداوه‌كان دابچێت وكه‌مه‌ندكێشی بكات.واته‌ له‌ سه‌ره‌تای ده‌قه‌وه‌، هه‌رته‌نها گێڕانه‌وه‌ یاخود سه‌ره‌تای باسه‌كان گرنگ نییه‌، له‌وه‌ گرنگتر ئه‌وه‌یه‌ چیڕۆكنووس یاخود ڕۆماننووس، چه‌ند ده‌توانێت له‌ ڕێگه‌ی ئه‌و ده‌سپێكه‌وه‌، خوێنه‌ر بباته‌ نێوڕووداوه‌كانی ده‌قه‌كه‌.گه‌لێك جار ده‌سپێكی ده‌قێك هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ ئه‌و تێڕوانینه‌مان بۆ دروست ده‌كات كه‌ به‌دوای ڕووداوه‌كانه‌وه‌ بچین.

له‌ هه‌ندێ ده‌قی چیڕۆك و ڕۆماندا،ده‌سپێكی ده‌قه‌كه‌ له‌ ڕووی سیحری گێڕانه‌وه‌ و ته‌كنیكی داڕشتنه‌وه‌ هێنده‌ لاوازو ناهونه‌رییه‌، كه‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ خوێنه‌ر درك به‌وه‌ ده‌كات كه‌ ئه‌وه‌ی ده‌یخوێنێته‌وه‌ چیڕۆك و ڕۆمان نییه‌، به‌ڵكو گێڕانه‌وه‌یه‌كی میللییانه‌ی حیكایه‌ت ئامێزه‌ و هیچ بنه‌مایه‌كی هونه‌ری گێڕانه‌وه‌ی چیڕۆكی تێدا نییه‌. ئه‌گه‌رچی گێڕانه‌وه‌ ڕه‌گه‌زێكی هاوبه‌شه‌ له‌ چیڕۆك و حیكایه‌تدا، به‌ڵام دواجار گێڕانه‌وه‌ له‌م دووژانره‌ له‌ ڕووی بونیادی هونه‌رییه‌وه‌ ته‌واو جیاوازن له‌ یه‌كتری.چونكه‌ چیڕۆك ژانرێكی ئه‌ده‌بی هاوچه‌رخه‌ به‌ به‌راورد له‌ گه‌ڵ حیكایه‌ت و ئه‌فسانه‌كان. كه‌ ڕه‌نگه‌ مێژووه‌كه‌یان بۆ هه‌زاران ساڵ له‌ مه‌وبه‌ر بگه‌ڕێته‌وه‌.ئه‌گه‌ر چیڕۆك بێ هه‌موو ئستاتیكایه‌كی زمان و ده‌ربڕین، ته‌نها له‌ گێڕانه‌وه‌دا كورتبكه‌ینه‌وه‌، ئه‌وا جیاوازییه‌كی ئه‌وتۆ له‌ نێوان چیڕۆك و حیكایه‌تدا نامێنێته‌وه‌.
ئه‌وه‌ ئستاتیكای زمان و بینای هونه‌ری چیڕۆكه‌، چێژی خوێنه‌وه‌ به‌ خوێنه‌رده‌دات نه‌ك گێڕانه‌وه‌ به‌ ته‌نها. چونكه‌ ئێمه‌ له‌ حیكایه‌ت و ئه‌فسانه‌كانیشدا به‌ر گێڕانه‌وه‌ ده‌كه‌وین، كه‌واته‌ بۆچی هه‌مان ئه‌و چێژه‌ی چیڕۆك و ڕۆمانێكمان لادروست ناكه‌ن؟.بێگومان ئه‌مه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ هونه‌ری چیڕۆك و ته‌كنیكی گێڕانه‌وه‌ كه‌ ده‌بێ چیڕۆكنووس زۆر وردبینانه‌ دركی پێ بكات.

چیڕۆكی(دوایین شه‌وی مینا) یه‌كێكه‌ له‌و چیڕۆكانه‌ی، ده‌سپێكی سه‌رنج ڕاكێشی هه‌یه‌. خوێنه‌ر كاتێ ناونیشانی ئه‌و چیرۆِكه‌ ده‌بینێت، به‌ر ده‌لاله‌تێكی پرسیار ئامێز ده‌كه‌وێت، كه‌ دوا شه‌وی مینا ده‌بێ چۆن بێت؟ چی ڕوویدابێت؟ ئه‌م ده‌سپێكه‌ پرسیار ئامێزه‌،، خاڵێكه‌ كه‌لێیه‌وه‌ خوێنه‌ر ده‌چێته‌ نێو ڕووداو و گێڕانه‌وه‌كان.له‌و چیڕۆكه‌شدا، خوێنه‌ر له‌ ده‌سپێكی ده‌قه‌كه‌، ئه‌و پرسیاره‌ی لادروست ده‌بێت، كه‌ مینا كێیه‌؟ دوایین شه‌و له‌ ژیانی ئه‌ودا چی ڕوویداوه‌؟ئیدی لێره‌وه‌ ده‌چینه‌ نێو ڕووداوه‌كانی چیڕۆكه‌كه‌. مینا كه‌ كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی چیڕۆكه‌كه‌یه‌، كه‌سێكی جووت ڕه‌گه‌زه‌(نێره‌مووك).
ئه‌م دۆخه‌ بایۆلۆژییه‌، وایلێكردووه‌ له‌ ئاستی ده‌روونی، ڕوحی و خێزانی هه‌ست به‌ تێكشكاندنێكی گه‌وره‌ بكات. ئه‌مه‌ش، دۆخی ڕوحی و سایكۆلۆژی هه‌موو ئه‌وانه‌یه‌ كه‌له‌و جۆره‌ ڕه‌گه‌زه‌ تێكه‌ڵه‌ن، به‌تایبه‌تیش له‌ كۆمه‌لگه‌ ڕۆژهه‌ڵاتیه‌كاندا، پێچه‌وانه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی خۆرئاوایی، كه‌ ئه‌مه‌ به‌شتێكی ئاسایی ده‌بینن. ژیانی مینا، له‌ چوار دیواری ژوورێكدایه‌ هاوشێوه‌ی زیندانییه‌ك. له‌ ماڵه‌وه‌ ڕێگه‌ی ناده‌ن بچێته‌ ده‌ره‌وه‌، ته‌نها ده‌توانێت جارجاره‌ له‌ په‌نجه‌ره‌ی ژووره‌كه‌وه‌ سه‌یری ده‌ره‌وه‌ بكات.

ئه‌و باجی هاتنه‌ بوونێك ده‌دات، كه‌ دوور له‌ خواستی خۆیه‌تی.(مینا تا ڕۆژێك به‌رله‌ مردنی ئاسمانی نه‌بینی،هه‌روای ده‌زانی دنیا ته‌نها ئه‌و چه‌ند ماڵه‌یه‌ كه‌ كه‌وتوونه‌ته‌ قه‌د پاڵی ئه‌و شاخه‌وه‌). تاكه‌ كه‌سێك دڵنه‌وایی بكات،كاكیه‌تی كه‌ فێری خوێندنه‌وه‌ ونووسینی ده‌كات. وه‌لێ مانه‌وه‌ی مینا به‌و دۆخه‌ بایۆلۆژییه‌، هه‌میشه‌ بۆ ڕێحانه‌ی دایكی مایه‌ی شه‌رمه‌زاریی و نه‌نگییه‌. بۆیه‌ ڕۆژێك مه‌لاجه‌میلی مه‌لای مزگه‌وتی گه‌وره‌، له‌ گه‌ڵ ئاپۆڕایه‌ك له‌ خه‌ڵك هه‌ڵده‌كوتنه‌ سه‌ر ماڵی میناو داوا له‌كه‌س و كاری ده‌كه‌ن بیكوژن. چونكه‌ مانه‌وه‌ی ئه‌و بوونه‌وه‌ره‌ نامۆیه‌، مایه‌ی نه‌هامه‌تی وئاشووبه‌.ئه‌گینا به‌رنه‌فره‌تی خوا ده‌كه‌ون، دڵۆپێك باران به‌هۆی ئه‌وه‌وه‌ نه‌باریوه‌. كاكی گه‌رچی ئه‌ویش هاوشێوه‌ی مینایه‌، وه‌لێ دیوه‌ پیاوه‌كه‌ی زیاتره‌ به‌ پێچه‌وانه‌ی مینا، كه‌ دیوه‌ ژنانه‌كه‌ی زاڵتره‌، دژی مه‌لا جه‌میل ده‌وه‌ستێته‌وه‌ به‌رگری له‌ مینا ده‌كات، كه‌ هیچ تاوانێكی نییه‌ و خوا وه‌های دروستكردووه‌.

وه‌لێ ئه‌وان هه‌رسوورده‌بن كه‌ نابێ نێره‌مووكێك له‌ گونده‌كه‌یان بێت، چونكه‌ به‌رنه‌فره‌تی خوا ده‌كه‌ون. تا دواجار ڕێحانه‌ی دایكی، ده‌كه‌وێته‌ ژێر كاریگه‌ریه‌تی مه‌لا جه‌میل و داوا له‌كاكی ده‌كات كه‌ ده‌بێ(هه‌ر ئه‌مشه‌و ئه‌و كاره‌ ته‌واو بكات). واتا مینا بكوژێت. ئه‌میش دواجار مینا له‌ ماڵ ده‌باته‌ ده‌ره‌وه‌ له‌ چۆڵه‌وانییه‌كدا تفه‌نگێك ده‌نێت به‌میناوه‌ و ده‌یكوژێت.
عومه‌ر، گه‌رچی په‌شیمانه‌ له‌و كاره‌و هه‌رگیزا و هه‌رگیز باوه‌ڕی به‌وه‌ نییه‌ مینا بكوژێت، وه‌لێ له‌ ژێر فشاری كۆمه‌ڵگه‌، ڕێحانه‌، مه‌لا جه‌میل، ئه‌و كاره‌ ده‌كات. (مینا به‌پێی خۆی به‌ره‌ و مه‌رگ ده‌كه‌وێته‌ ڕێ،به‌رله‌وه‌ی فیشه‌كه‌كه‌ بته‌قێنم په‌شیمان بووم،به‌ڵام ته‌قاندم و نام به‌ میناوه‌،ته‌نیا وشه‌یه‌ك له‌ ژێر لێوه‌كانییه‌وه‌ به‌ ئاسته‌م بیستم گوتی:عومه‌ر). به‌م جۆره‌ ژیانی مینا له‌ شه‌وێكدا كۆتایی دێت و خوێنی ده‌ڕژێت. میناییه‌ك كه‌ تا مرد ده‌ره‌وه‌ی نه‌بینی، كه‌سێكی ئاسایی نه‌بوو.له‌و چیڕۆكه‌دا،مینا نموونه‌یه‌كه‌ بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌ ڕووی بایۆلۆژی و جه‌سته‌ییه‌وه‌ هاوشێوه‌ی ئه‌ون.به‌ تایبه‌تیش له‌ كۆمه‌ڵگه‌ ئایینی و سوننه‌تی و دواكه‌وتووه‌كاندا.

كه‌ پیاوبوون به‌ هێمای ئازایه‌تی و گه‌وره‌یی و شكۆمه‌ندی ده‌زانن. بیرمان نه‌چێت ئه‌م جۆره‌ مرۆڤانه‌، كه‌ دوور له‌ ویست و خواستی خۆیان دروستكراون و هاتوونه‌ته‌ بوون،هه‌میشه‌ له‌ ترسی كۆمه‌ڵگه‌، ناتوانن ناسنامه‌ی خۆیان ئاشكرا بكه‌ن. هه‌میشه‌ به‌ مرۆڤێكی كه‌متر له‌ مرۆڤی ئاسایی ته‌ماشا ده‌كرێن. ده‌كه‌ونه‌ به‌ر شكانه‌وه‌، توانج، ئه‌تككردنی كه‌سی و كۆمه‌ڵایه‌تی، ته‌نانه‌ت خێزانه‌كانیشیان به‌ شه‌رمه‌وه‌ ده‌یانگرنه‌ خۆ و تا بتوانن هه‌وڵده‌ده‌ن ڕه‌گه‌زه‌كه‌یان بۆ ئه‌وانیتر ئاشكرا نه‌بێت.له‌ كاتێكدا، ئه‌وانیش هاوشێوه‌ی هه‌ر مرۆڤێكی دیكه‌، ئاره‌زوی ژیان ده‌كه‌ن و ده‌یانه‌وێت بژین. تیمه‌ی ئه‌و چیڕۆكه‌، یه‌كێكه‌ له‌جوانترین ئه‌و تیمانه‌ی كه‌ كراوه‌ته‌ بابه‌تی چیڕۆكه‌كه‌. چیڕۆكنووس، كه‌سیه‌تییه‌كی په‌راوێزخراو، شه‌رمنده‌، تێكشكاو و نامۆی كردۆته‌ پاڵه‌وانی چیڕۆكه‌كه‌ی.
هه‌ر ئه‌مه‌شه‌ خه‌سڵه‌تی چیڕۆكی جوان وسه‌ركه‌وتوو.

چونكه‌ یه‌كێك له‌ سیماكانی چیڕۆك و ڕۆمانی سه‌ركه‌وتوو ئه‌وه‌یه‌، چه‌ند شته‌ په‌راوێزخراوه‌كان ده‌كاته‌ تیمه‌ی نووسین. ئه‌و شتانه‌ی كه‌ ڕه‌نگه‌ به‌لای زۆربه‌مانه‌وه‌ بوون و نه‌بوونییان هیچ له‌ مه‌سه‌له‌كان نه‌گۆڕێت وبه‌ خه‌یاڵیشمان دانایه‌ن. ئه‌مه‌ له‌لایه‌ك، له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، خه‌سڵه‌تێكی هونه‌ری دیكه‌ی ئه‌م چیڕۆكه‌ ئه‌وه‌یه‌، كه‌ كۆتاییه‌كی كراوه‌ی هه‌یه‌. واته‌ چیڕۆكنووس له‌ گێڕانه‌وه‌ی ڕووداوه‌كاندا، خاڵێكی بۆ كۆتایی هێنانی گێڕانه‌وه‌كه‌ دیار نه‌كردووه‌. چونكه‌ كاتێ مینا ده‌كوژرێت، بكوژی مینا ده‌ڵێت:(گوێم له‌ ده‌نگێك بوو،كه‌ له‌ دووره‌وه‌ به‌ره‌به‌ره‌ نزیك ده‌بووه‌وه‌، وه‌رن دڵنیابن له‌م ڕێگه‌یه‌وه‌ ڕۆیشتوون و به‌م نزیكانه‌ ده‌یاندۆزینه‌وه‌). لێره‌وه‌ش ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت، كه‌ ده‌شێ ڕووداوه‌كان له‌دوای كوژرانی میناشه‌وه‌ به‌رده‌وامیان هه‌بێت. چونكه‌ كه‌سانێك به‌ دوای ئه‌وان داده‌چن و ده‌گه‌ڕێن.

به‌مه‌ش خوێنه‌ر له‌ به‌رده‌م به‌رده‌وامی گێڕانه‌وه‌ی ڕووداوه‌كان دایه‌. دواجار ده‌ڵێم، دوایین شه‌وی مینا، یه‌كێك بوو له‌ جوانترین ئه‌و چیڕۆكانه‌ی له‌ كۆی ده‌یان چیڕۆك له‌و ماوانه‌ی ڕابردوودا،وه‌كو خوێنه‌رێك خوێندومه‌ته‌وه‌. ئه‌مه‌ ده‌ڵێم، به‌بێ ئه‌وه‌ی چیڕۆكنووسه‌كه‌ بناسم و بینیبێتم…

*دوایین شه‌وی مینا، چیڕۆك،نووسینی:_تێكۆشه‌ر خالید.ماڵپه‌ری چیڕۆك..




دروستکردنی دەوڵەت لە نێوان کورد و جولەکەدا … هۆشیار جەمال

زۆر جار نوسەر و ڕۆشنبیرە ناسیۆنالیستە کوردەکانی نزیک لە حیزبە دەسەڵاتدارەکانی باشوری کوردستان باس لە هاوبەشی پرسی جولەکە و کورد ئەکەن لە ناوچەکەدا وەک دوو کێشەی مێژوویی. بەتایبەت لە پرسی دروستکردنی دەوڵەتی کوردیدا هاوشێوەی ئەو دەوڵەتەی کە جولەکە دروستی کردوە.
لە ماوەی ڕابردوودا کە کتێبی دەوڵەتی یەهوود لە نوسینی (تیۆدۆر هرتزل)م خوێندەوە. کە نیو سەدە پێش دروستبوونی دەوڵەتی ئیسرائیل نوسیویەتی، تێگەیشتم لەوەی کە چەند بە پلانی ورد و بە بەرنامە دەوڵەیەکەیان دروستکردوە، بەڵام لە کوردستان حیزبە دەسەڵاتدارەکان لە چارەکە سەدەی ڕابردوودا پلان و بەرنامەکانیان دووبەش بووە، بەشێکی دەچێتە خانەی بازرگانی و موزایەدەکردن بە پرسەکە، بەشەکەی دیکەشی ڕێک پێچەوانەی جولەکەیە کە لەسەرتاسەری دونیاوە هاوڵاتیانی بە بەرنامە کۆچ پێکردن بۆ ئەو شوێنەی مەبەستی بوو.
هەرچی سیاسیەکانی کوردە بە پلان و بەرنامە وایان لە هاونیشتمانی کرد لە دۆخی جێگیر و کۆبۆوە لە نیشتیمانەکەی خۆیدا نەمێنێت و کۆچی ناسایی بکات بەرەو وڵاتانی ئەوروپا و بڵاوبێتەوە بە جیهاندا !

  جولەکەکان لە پێش دروستکردنی دەوڵەت دەیانگوت هیچ کام لە دەستکەوتەکانمان لە دەست نادەین، بەڵكو دەیان چەسپێنین، هیچ مافێکمان بە فیڕۆنادەین لە پێناو مافێكی باشتردا نەبێت. ئەم دێرانە تێگەیشتنی ئەوانە بۆ دروستبوونی دەوڵەت، بەڵام حیزبە دەسەڵاتدارەکانی باشوری کوردستان هەردەم بەهۆی  شکستەکانیانەوە لەبواری پلانداندا، مەترسی لەسەر ئەزموونی هەرێمی کوردستان هەیە.  لە کاتێکدا کە لەشارێکی گرنگی وەک کەرکوک دەسەڵاتدار بوون، بەڵام بەهۆی شەڕی کۆکردنەوەی پارەوە  نەیانتوانی مافەکانی نەتەوەکەیان لە شارێکی وەک کەرکوک بچەسپێنن.
 جولەکە پێش دروستکردنی دەوڵەت بە پلان و بەرنامەی ورد بۆ ئەوەی هەستی نیشتمانی دروست بکات لەناو تاکەکانیدا، بڕیاریدا لەو شوێنی جێگیر دەبن خانوو بۆ کرێکارانی کۆچ کردووش بکات کە لەسەر خەرجی کۆمپانیا دروستدەکرێت کەنابێت ئەم خانوانە لەو خانوە ناشرین و خراپانە بچن کە لە ئەوروپا دەدرێت بەکرێکاران. 

 بەڵام لە کوردستان ئەم چینە چالاکەی کۆمەڵگا لە سادەترین مافەکانیان بێ بەشن. هیچ یاسایەک کارپێکەر نیە مافەکانیان بپارێزێت و بە هاوڵاتی پلە دوو سەیر دەکرێت. کەسانی بە ناو ڕۆشنبیریش لەکاتی کۆبوونەوە و کۆڕەکانیاندا، نەک هەر ڕێزیان لێناگرن، بەڵکو بە چاوی کەم دەیانبین و وەک چینێکی شکستخواردوی بێ بڕوانامە سەیریان دەکەن و جنێویشیان پێ دەدەن!

جولەکە  تێروانینی بۆ کاری خێرخوازی بۆ هەژاران و دەرۆزەکەرەکان ئەوە بوو: کە پێویستە پارەیەکی دیاری کراویان پێ بدرێت و لەدەزگایەکدا کاربکەن و هەژار  و دەرۆزەکەرەش بەشانازیەوە بژێوی خۆی دابین بکات.
  هەرچی پلانی دەسەڵاتداری هەرێمە بۆ ئەم پرسە ئەوەیە کە دەرۆزەکەرەکان لەناوشارەکان چۆن ئێستا بڵاوبوونەتەوە هەروابن و هەژارانیش هەرکات بەرپرسێک نزیکی هەڵبژاردن بوو یان ویستی ببێتە سەردێری هەواڵەکان خۆی و کامێرەمانی کەناڵەکەی دەچێت لەو پارە دزراوەی هاونیشتمانیە هەژارەکە خۆی بڕێک پارەی دەداتێ، یاخود ڕێکخراوی بەناو خێرخوازی بەناوی کوڕ و باوک و برای کە لەژیاندا نەماون لە پارەی نەوتی ئەم باشوری کوردستانە دروستکراوە وەک خێر و سەدەقە هاوکاری هەژاران دەکرێت و لە چەندین گەشتی هەواڵدا دووبارە بڵاوی دەکەنەوە و کەرامەتی دەڕوشێنن. بەپلانیش دەیانەوێت هاونیشتمانی هەر لەدۆخی هەژاریدابێت  بۆ ئەوەی هەردەم لە دەرگای ئەم بەرپرس و ئەو بەرپرس بێت.
  جولەکە لەسەر پرسی سوپا و ئاڵا، نیو سەدە پێش دروستکردنی دەوڵەتەکەی بڕیار دەدات یەک سوپا و یەک ئاڵای هەبێت. 
 لە باشوری کوردستان  ئەو حیزبانەی بانگەشەی دروستکردنی دەوڵەتی کوردی دەکەن ئامادەنین هێزە ناڕێكخراوە حزیبەکانیشیان تەسلیمی حکومەت بکەن. لەنێوان دوو پارچەی کوردستاندا لەسەر پرسی ئاڵای کوردستان ڕێك ناکەوت، ئەمە لەکاتێکدا جولەکە لەچەندین وڵاتەوە هاونیشتمانی خۆی بردەوە و نیشتەجێکرد لەخاکی فەلەستین بەڵام دوو حیزبی دیاری کوردی وەک پارتی و پەکەکە کە یەکەمیان خۆی بە خاوەنی پرۆژەی دەوڵەتی کوردی دەزانێت و  دووەمیان خۆی بەخاوەنی پرۆژەی دیموکراتی گەلان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەزانێت، ئامادە نین ڕێگا بدەن خەڵکی شەنگال بچێتەوە شارەکەی خۆی و دەبێت ژیان لە ژێر خێمە و ئاوارەیی لەشارێکی تر بەرێتە سەر.

لەکۆتایدا  دەپرسم  ئایا بەم ئەقڵیەتەوە بڕیاردرابوو ڕیفراندۆم بکرێت و دەوڵەتمان بۆ دروستبکرێت؟ 
ئایا ئەم ئەقڵیەتە چەند ساڵی تر حوکمی ئەم هەرێـمە دەکات و دروستکردنی دەوڵەت وەک موزایەدە دەفرۆشنەوە بەخەڵکی و لە جیاتی ئەوەی ڕۆشنبیری نەتەوەی دروستبکەن لەناو تاک بەتاکی هاونیشتمانیاندا، تاکەکان فێر دەکەن جنێو بە نیشتیمان و خاک و ئایندەی خۆیان بدەن؟



ڕۆڵی باشووری كوردستان لە ڕاپەڕینی شێخ عوبەیدوڵڵای نەهریدا-2- … ڕه‌سوڵ بۆسكێنی

به‌شی دووه‌م
یه‌كه‌مین پێكداهه‌ڵپژانی كورد و عوسمانی 1879

تا ئێستا هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌سه‌ر مێژووی شۆڕشی شێخ عوبه‌یدوڵڵایان نووسیوه‌، به‌ درێژی باسی ڕاپه‌ڕین و له‌شكركێشی شێخ عوبه‌یدوڵڵایان له‌ ساڵی (1880) كردووه‌ بۆ سه‌ر ده‌وڵه‌تی قاجاری، بۆ ڕزگاركردنی كوردستانی بن ده‌ستی ئێران، به‌ڵام زانیاری ورد و باوه‌ڕ پێكراو ده‌رباره‌ی سه‌ره‌تای شۆڕش له‌ نیوه‌ی دووه‌می ساڵی (1879) به‌ده‌سته‌وه‌ ناده‌ن، به‌تایبه‌ت سه‌ره‌تاكانی شۆڕش و یه‌كه‌مین پێكداهه‌ڵپژانی كورد و عوسمانی، چۆن سه‌ره‌تا شۆڕشه‌كه‌ دژ به‌ بابی عالی به‌رپابوو، چۆنیش دواتر ڕه‌وتی ڕووداوه‌كان وه‌رسوڕانه‌وه‌ بۆ له‌شكركێشی بۆ سه‌ر ئیمپڕاتۆری ئێران، بێگومان كۆمه‌ڵێك هۆكار و ڕووداوی جیۆپۆلیتیكی و ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تی ڕۆڵیان بینی له ته‌قینه‌وه‌ی شۆڕشه‌كه ‌و ئاراسته‌كردنی شۆڕشه‌كه‌ ڕووه‌ و ئێران. له‌وانه‌: شكانی ئیمپڕاتۆری عوسمانی له‌به‌رامبه‌ر ڕووسیای قه‌یسه‌ری، به‌شی زۆری هه‌رێمه‌ موسڵمانه ناتوركیه‌كانی له‌ ڕۆژهه‌ڵات دژی بابی عالی ڕاست كرده‌وه،‌ دواتر كۆنگره‌ی به‌رلین (13ی ته‌موزی 1878) و هێنانه‌پێشه‌وه‌ی پرسی ئه‌رمه‌ن له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ئه‌نادۆڵ، به‌پێویستیه‌وه‌ ڕووبه‌ڕووی به‌رژه‌وه‌ندیه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی كورد ده‌بوونه‌وه‌، ماده‌ی (61)ی كۆنگره‌ی به‌رلین، كه‌ داوای چاكسازی ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی عوسمانی ده‌كرد.
به‌داخه‌وه‌ تائێستا مێژووی یه‌كه‌مین پێكداهه‌ڵپژانه‌ چه‌كداریه‌كانی عوسمانی و شۆڕشی شێخ عوبه‌یدوڵڵا ڕوون نیه‌، چۆن و كه‌ی و له‌كوێ سه‌ری هه‌ڵدا، به‌ڵام به‌ڵگه‌نامه‌كانی باڵوێزخانه‌ی فه‌ڕه‌نسا له‌ عوسمانی ئاماژه‌یان به‌و ڕووداوانه‌ داوه‌، كه‌ (د. نه‌جانی عه‌بدوڵا) له‌ دووتوێی كتێبێكدا چاپی كردوون، ئه‌گه‌رچی پێویستی به‌ڵێكۆڵینه‌وه‌ی زیاتره‌، به‌ڵام هه‌ندێك زانیاریمان له‌سه‌ر ڕووداوه‌كانی ئه‌و ڕۆژگاره‌ بۆ ڕوون ده‌كه‌نه‌وه‌، ئه‌و به‌ڵگه‌نامانه‌ گرنگی زۆریان هه‌یه‌، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له‌نزیكه‌وه‌ ئاگاداری ڕووداوه‌كان بوون، به‌هۆی ململانێ نێوده‌وڵه‌تیه‌كانه‌وه‌ هه‌ریه‌ك له‌ ڕووسیا و به‌ریتانیا ڕۆڵی زیاتریان هه‌بوو له‌به‌رپابوونی شۆڕشه‌كه‌دا وێڕای ئێرانی و عوسمانیه‌كان، به‌ڵام فره‌نسا ئه‌وه‌نده‌ی ڕووسیا و به‌ریتانیا خاوه‌ن به‌رژه‌وه‌ندی نه‌بوون و بێ لایه‌نانه‌ تر ڕه‌فتاریان كردووه‌، ئێمه‌ لێره‌ جارێكی دیكه‌ ئه‌وانه‌ بیر دێنینه‌وه‌، تا شاره‌زایانی ئه‌و بواره‌ زیاتر به‌دواداچوونی بۆ بكه‌ن.
سه‌ره‌تای ڕاپه‌ڕینه‌كه‌
شێخ عوبه‌یدوڵڵا كه‌ شوێن ئامانجی كوردستانێكی سه‌ربه‌خۆ كه‌وتبوو، سه‌ره‌تا ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ی له‌ كوردستانی بنده‌ستی عوسمانی ده‌ست پێكرد، له‌ وان و موسڵ به‌ئاراسته‌ی ڕه‌واندز و كه‌ركوك و سلێمانی، سه‌ره‌تای ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ له‌مانگی حوزه‌یرانی ساڵی 1879 له‌ هه‌ردوو ویلایه‌تی وان و موسڵدا ڕوویدا، دواتر به‌ره‌و ئاراسته‌ی ڕه‌واندز و شاری كه‌ركوك په‌ره‌ی سه‌ند و توانیان كۆنتڕۆڵی لای چه‌پی ڕووباری دیجله‌ تا ئه‌و به‌ری كه‌ركوك بكه‌ن، له‌وباره‌یه‌وه‌ باڵوێزخانه‌ی فره‌نسا له‌ به‌شی ئه‌تاشه‌ی سه‌ربازی له‌ تێراپیا (12)ی ئۆكتۆبه‌ری (1879) ده‌رباره‌ی ڕاپه‌ڕینی كوردستان بۆ وه‌زیری وڵاته‌كه‌ی ده‌نووسێت:هه‌وه‌ڵین نیشانه‌ی ئاشوبی (ڕاپه‌ڕین)ی كورده‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ نزیكه‌ی به‌ر له‌ پێنج مانگ، شۆڕشه‌كه‌ له‌ تخوبی هه‌ردوو ویلایه‌تی دیاری كراوی وان و موسڵدا ده‌ستی پێكرد، هه‌ر له‌ یه‌كه‌م ڕۆژه‌كانی مانگی حوزه‌یرانه‌وه‌ به‌ڕێز سیوفی (Siofi) كارداری جێگری كونسولی فره‌نسا له‌موسڵ ئاماژه‌ی كرد بۆ ده‌ستپێكی ئه‌م بزاڤه‌ له‌ناو هۆزه‌كانی نێوان ده‌ربه‌ندی زابی گه‌وره‌، له‌ڕۆژهه‌ڵاتی چیای ( Dschoudid- چیاییه‌كانی كاردۆخ) و ناو قه‌زای ئامێدی و ئاكرێ، كه‌ سه‌ر به‌ ویلایه‌تی موسڵن، له‌و كاته‌وه‌ شۆڕش به‌ به‌رفراوانیه‌كی زۆره‌وه‌ خوارووی ڕۆژهه‌ڵات، به ‌ئاراسته‌ی ڕه‌واندز و تا كه‌ركوكی گرتبۆوه‌.
به‌ڕێز (سیۆفی) ئاماژه‌ی به‌وه‌ داوه‌ سه‌رۆكی هه‌ره‌ دیاری ئه‌م فیۆداڵیته‌ی كورد شێخێكی چیاییه‌، ناوه‌كه‌ی له‌كاتی جه‌نگی (ڕووسی – عوسمانی) له‌ ساڵی (1877) دا هاتۆته‌ ناوانه‌وه‌، پێی ده‌ڵێن شێخ عوبه‌یدوڵڵا. ئه‌وه‌ی ئه‌وه‌ ده‌چه‌سپێنێ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌م سه‌رۆكه‌ به‌ پۆلێكی (700) تا (800) لایه‌نگیره‌وه‌ ده‌ستی پێكردووه‌ و له‌مانگی ته‌مووزه‌وه‌ ژماره‌یان بوو به‌ (5000) كه‌س، له‌و كاته‌وه‌ هێزه‌كانی ڕۆژبه‌ڕۆژ زیاد ده‌كه‌ن، له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ شێخ عوبه‌یدوڵڵا هیچ شتێكی فه‌رامۆش نه‌كردووه‌، له‌وه‌تای بڕیاری داوه‌ سه‌ركردایه‌تی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌ بگرێته‌ ده‌ست، كه‌ بنچینه‌كه‌ی وا پێده‌چێ خۆكردی (عفوی) (1) بێت، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو گرنگیه‌كی پێ بدات، كه‌ بشێ بیخاته‌ بنده‌ست خۆیه‌وه‌، شێخ له‌به‌رامبه‌ر هاونیشتمانیه‌كانیه‌وه‌ به‌رپرسیارێتی ئه‌م چه‌ك هه‌ڵگرتنه‌ی خسته‌سه‌ر شانی خۆی و به‌ئاشكرا ڕایگه‌یاند پاڵه‌وانی كورده‌ چه‌وساوه‌كانه‌، به ‌بانگه‌وازی كردنی كورده‌كان بۆ خۆگردكردنه‌وه‌ له‌ ده‌وری ئه‌و چه‌ندین نامه‌ و بانگه‌وازی دۆستانه‌ی بۆ هه‌موو هۆز و به‌گه‌كان نارد، تا بانگهێشتیان لێ بكات بۆ ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی پێوه‌ بكه‌ن، ته‌واوی ناوچه‌ی باشوور و ڕۆژهه‌ڵات كه‌ ڕاسته‌وخۆ له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و دابوون، یه‌كه‌مین ناوچه‌ بوون وه‌ڵامی ئه‌م ده‌ست له‌پشت دانه‌یان دایه‌وه‌ و هه‌موویان به‌ته‌واوی ڕابوون، هه‌قی ئه‌وه‌مان هه‌یه‌ وابیر بكه‌ینه‌وه‌ كورده‌كانی باكوور به ‌پیر جوڵانه‌وه‌كه‌وه‌ ده‌چن، چونكه‌ له‌ كۆتایی ته‌مووزه‌وه‌ له‌ موسڵه‌وه‌ نووسیویانه‌، ژماره‌یه‌كی زۆر په‌یوه‌ندیان پێوه‌ كردووه‌، و بێ وه‌ستان ده‌گه‌نه‌ ئامێدی و قه‌زایه‌ هاوسێكانی.
شێخ عوبه‌یدوڵڵا به‌و نیازه‌ی پشتگیری نه‌ته‌وه‌ دراوسێكانی تریش مسۆگه‌ر بكات، له‌گه‌ڵ مارشه‌معونی سه‌رۆكی ئایینی ئاسوورییه‌كان و شه‌ریفی مه‌ككه‌ و خدێوی میسر كه‌وته‌ گفتوگۆ، عه‌ره‌به‌كانی ویلایه‌تی به‌غدا، له‌ڕێی فه‌رغان پاشای سه‌رۆكیانه‌وه‌ شێخ عوبه‌یدوڵڵایان ئاگاداركرد ئاماده‌ن پشتگیری بكه‌ن.
به‌پێی ئه‌و ڕێكه‌وتنه‌ ده‌بوو هێزه‌كانی كورد دوای داگیركردنی موسڵ له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی عه‌ره‌ب یه‌ك بگرنه‌وه‌، دابه‌ش كردنی هێزه‌كانی ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ به‌م جۆره‌ بوو: به‌شێك له‌ هێزی ڕاپه‌ڕیوه‌كان به‌سه‌رۆكایه‌تی شێخ عه‌بدولقادری كوڕه‌ بچووكی شێخ عوبه‌یدوڵڵا له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی عه‌شره‌تی مه‌نگوڕ و مامه‌شی ئێران ده‌بوو شاره‌كانی ئامێدی، موسڵ داگیربكه‌ن. به‌شێكی تریش به‌سه‌رۆكایه‌تی شێخ عوبه‌یدوڵڵا ده‌ستگا به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌كانی شاری وان بگرن.
له‌و ڕۆژانه‌دا كاتێك ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ی شێخ عوبه‌یدوڵڵا له‌ خۆ كۆكردنه‌وه‌دابوو، له‌شوباتی ساڵی (1879) له‌ باكووری ڕۆژهه‌ڵاتی گۆماوی وان بزووتنه‌وه‌یه‌كی له‌ خۆڕا (عفوی)(1) له‌ناو عه‌شره‌تی حیدرانلی دژی ده‌وڵه‌تی عوسمانی سه‌ری ده‌رهێنا، به‌قسه‌ی ڕائید تروتێری كونسولی ئینگلیز له‌ ئه‌رزروم هۆی سه‌ره‌كی ڕاپه‌ڕینی حیدرانلی هه‌ژاری و برسێتی و بێ سه‌روشوێنی بوو. بزووتنه‌وه‌كه‌ی حیدرانلی چالاكانه‌ دایه‌ پاڵ شێخ عوبه‌یدوڵڵا.
شێخ عوبه‌یدوڵڵا له‌ سه‌ره‌تای ئابی ساڵی (1879) له‌سه‌ر كورده‌كانی گه‌راكلی هه‌ڵی دایه‌ و نوێنه‌رانی خۆی نارده‌ لای كورده‌ دراوسێكان و داوای لێكردن لابده‌نه‌ ته‌ك ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ی و بانگه‌وازێكی بڵاوكرده‌وه‌، له‌و بانگه‌وازه‌دا له‌وه‌ ده‌دوا جاران ناوچه‌كانی كوردنشین له‌ژێرده‌ستی عوسمانیدا نه‌بوون، ئه‌وه‌شی تیا ئاشكرا كرد كه‌ خه‌ریكی خۆ ئاماده‌كردنه‌ به‌و نیازه‌ی په‌لاماری ئامێدی بدات. شێخ عه‌بدولقادری كوڕیشی نارده‌ سه‌ر هێزه‌كانی سه‌رداری موسڵ كه‌ بێ به‌زه‌ییانه‌ خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌یان ده‌چه‌وسانده‌وه‌.
له‌م ڕووه‌وه‌ كرێبلی كونسولی ڕووس له‌ ئێران له‌ كانوونی یه‌كه‌می ساڵی (1879) ده‌نووسێت: شێخ نیازی وایه‌ ڕاپه‌ڕینێك دژی ده‌وڵه‌تی عوسمانی هه‌ڵگیرسێنێ، به‌ته‌مای ئه‌وه‌یه‌ له‌ كوردستانی عوسمانی حكومه‌تێكی سه‌ربه‌خۆ به‌سه‌رۆكایه‌تی خۆی پێك بێنێ و شاری موسڵیش بكاته‌ بنكه‌ و باره‌گا.
یه‌كه‌م كرده‌ی شۆڕشه‌كه‌ له‌ هه‌ر كوێیه‌ك هه‌ستیان بكردبوایه‌ باڵاده‌ستن كاربه‌ده‌سته‌ توركه‌كانیان ڕاوده‌نا. وه‌ك ئه‌وه‌ی ده‌ڵێن له‌ به‌رواری ژووروو و له‌ ڕه‌واندز ڕوویاندا. له‌موسڵ واباوه‌ شێخ بۆ ڕاپه‌ڕین عه‌بدوڵڵا ئاغای به‌گی كوردی زێباری هانداوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌هێرشێكی له‌ناكاو شوێنی چكۆله‌ی ناوه‌ندی به‌هێزی ئامێدی بگرێ، كه‌ ده‌یه‌وێ بیكات به‌ باره‌گای حكومه‌ته‌كه‌ی.
له‌هه‌موو ئه‌م جاڕنامانه‌دا شێخ عوبه‌یدوڵڵا ڕایده‌گه‌نێت بڕیاری داوه‌ ده‌ست بكات، به‌خه‌باتێكی تاسه‌ر دژ به‌توركه‌كان و هه‌میشه‌ ئه‌وه‌ زیاد‌ ده‌كات كورده‌كان بێ تاقه‌ت بوون له‌ دانی باج و چه‌وساندنه‌وه‌، داوای خاوه‌ندارێتیه‌كی هاوچه‌شنی ئه‌وه‌ی بوڵگاره‌كان هه‌یانه‌ ده‌كات، به‌پێشكه‌وتنی ڕووداوه‌كانه‌وه‌ شێخ ڕایده‌گه‌یه‌نێ سه‌ركردایه‌تی ئه‌م ده‌وڵه‌ته‌ نوێیه‌ وابه‌سته‌یه‌ ده‌گرێته‌ ئه‌ستۆی خۆی، كه‌ ساڵانه‌ سه‌رانه‌یه‌كی ساده‌ به‌ ده‌سه‌ڵاتی سوڵتان بدات.
ته‌نیا مه‌به‌ستی كوردستانی نێو قه‌ڵه‌مڕه‌وی عوسمانی نییه‌
شێخ لایه‌نی دیپلۆماسیشی پشت گوێ نه‌خست، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ له‌مانگی ئه‌یلولدا دووجار پێوه‌ندی به‌ڕووسه‌كانه‌وه‌ كرد و داوای هاوكاری لێ كردن، بۆ ئه‌مه‌ش یوسف ئاغای نارده‌ كونسوڵخانه‌ی ڕووسیا له‌وان، به‌ڵام ڕووسیا ئاماده‌یی ده‌رنه‌بڕی بۆ هاوكاری كورد، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ڕووسیا له‌و بڕوایه‌دابوو شێخ عوبه‌یدوڵڵا ته‌نیا مه‌به‌ستی كوردستانی نێو قه‌ڵه‌مڕه‌وی عوسمانی نییه‌، به‌ڵكو په‌لاماری كوردستانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئێرانیش ده‌دات، ئه‌م كاره‌یان له‌به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان نه‌ده‌بینی، جارێكی دی شێخ عوبه‌یدوڵڵا له‌ ئۆكتۆبه‌ری 1879پێوه‌ندی به‌كونسوڵخانه‌ی ڕووسیاوه‌ كرد، له‌ناو ده‌وڵه‌تی عوسمانی كه‌ هاوكاری بكه‌ن، بۆ جاری سێیه‌م سه‌ید محه‌مه‌د سه‌عیدی وه‌ك نوێنه‌ری خۆی نارد بۆ لای كامساراكانی كۆنسوڵی ڕووسیا، سه‌ید محه‌مه‌د بۆ ڕووسه‌كانی ڕوون كرده‌وه‌، خراپی ده‌سه‌ڵاتی عوسمانیه‌كان به‌رامبه‌ر به‌كورد، داوای هاوكاری له‌ ڕووسه‌كان كرد و بیری خستنه‌وه،‌ كه‌ چۆن هاوكاری ڕووسیا بوون، له‌ كاتی ململانێكان له‌گه‌ڵ عوسمانیه‌كان و به‌ریتانیه‌كان، به‌ڵام ڕووسه‌كان به‌هیچ شێوه‌یه‌ك هاوكاری كوردیان نه‌كرد، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ دژایه‌تیشیان ده‌كردن. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا شێخ عوبه‌یدوڵڵا له‌ هه‌وڵه‌ دیپلۆماسیه‌كانی به‌رده‌وام بوو له‌گه‌ڵ كاربه‌ده‌ستانی ڕووس و به‌ریتانیا.
(1) هه‌میشه‌ شۆڕشه‌كانی كورد تۆمه‌تی ئه‌وه‌یان دراوه‌ته‌ پاڵ كه‌ به‌ده‌ستی بێگاته‌ دروست كراون، یان كورد نه‌ته‌وه‌یه‌كی شه‌ڕخوازن و بۆ تاڵان و دزی و جه‌رده‌یی ڕاپه‌ڕیون، ڕاپه‌ڕینی شێخ عوبه‌یدوڵڵاش له‌وه‌ به‌ده‌رنه‌بوو، ئێران به‌ده‌سیسه‌ی عوسمانی ده‌زانی و ڕووسیا و به‌ریتانیاش تۆمه‌تی تاڵانی و ڕاووڕووتیان ده‌دایه‌ پاڵی، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا باش ده‌یانزانی ئه‌م ڕاپه‌ڕینه‌ له‌ڕووی هۆشی نه‌ته‌وه‌یی سه‌ری هه‌ڵداوه‌، ئه‌گه‌ر لای هه‌مووشیان وانه‌بێت لای هه‌ندێكیان وایه‌ و لانی كه‌م شێخ عوبه‌یدووڵڵا و به‌شێكی زۆر له‌ سه‌رانی ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ بۆ كوردستانێكی سه‌ربه‌خۆ له‌ خه‌بات و تێكۆشان دابوون.

…..ماویه‌تی




ئایا جەنگ لەنێوان ئیمپریالیزمی ئەمریکی و ئیمپریالیزمی چیندا ڕودەدات؟ … تاهیر حاجی حەسەن

ڤایرۆسی ناسراو بەکۆرۆنا،وا کەمتر لەمانگێک بڵاو بوەتەوەو مەیدانی بڵاوە پێکردنەکەیشی شاری وهانی چینە. بڵاو بونەوەی خێرای ڤایرۆسەکە،کارێکی وای ئەنجامداوە،کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەرجەم کایە هەستیارەکانی ژیان داناوە،بەتایبەتیش لەڕوی ئابوریەوە،قۆناخێکی هێناوەتە پێشەوە،پەکەوتنێکی بەرچاوی لەنێو کەرتە پیشەسازی و ئابوریەکاندا دروست کردوە لەگشت لایەکەوە. بێگومان لەڕوی پێگەی گشتی کۆمەڵگەکانیشەوە،ترس و دڵەڕاوکێیەکی زۆری لێکەوتۆتەوە،بەئەندازەیەک،ئیتر وەک ئەوە وایە مرۆڤ تەواو دەستەپاچە بێت لەبەرانبەر پێگەی نادیاری ڤایرۆسەکەدا تاچارەسەری خێرای بۆ بدۆزێتەوە. بۆچی ئاوا دڵەڕاوکێیەک بەرهەمدەهێنرێت؟ کێ لێی بەرپرسیارەو دەرئەنجامەکانی بەکوێ دەگات؟

ململانێی نێوان پێگەی گەشەسەندوی ئابوری وڵاتی چین لەبەرانبەر پێگەی ئابوری ئەمریکاو ڕوسیاو وڵاتانی ئەوروپا، کەوڵاتانی خاوەن مێژوویەکی لەپێشترن بەبەراورد کردن بەپێگەی ئابوری وڵاتی چین،بازدانێکی گەورەی بەخۆوە بینیوەو سواری شەپۆلی قۆناخ بوە. یانی ئەو پێشکەوتنە زۆرەی لەگشت بوارە جۆراوجۆرەکان،جالەکەرتی پیشەسازیەوە تادەگات بەکەرتی بەرهەمهێنانی کاڵا جۆراوجۆرەکانی نێو بەرهەمهێنانی پڕ لەتەکنەلۆجیاو تەندروستی و خۆراکی و ڕێگاوبان دروست کردن و پیشەسازی بواری سەربازی،کارێکی وای کردوە،پێگەی گشت بەرهەمهێنانی لەوڵاتانی دیکەدا داوەتە دواوەو وڵاتانی جیهانی ناچارکردوە،زۆرترین هاوردەکەری کاڵای چینی بن.
بۆ؟ چونکە لەوڵاتی چیندا،کەخاوەن هێزێکی گەورەی هەرزانی دەستی کارە،دەرفەت لەبەردەمیدا ڕەخساوە لەلایەک بۆ ڕاکێشانی زۆرترین شەریکات تابڕۆن لەوێ سەرمایەگوزاری خۆیان بکەن و قازانجێکی خەیاڵیش وەدەست بخەن،بێگومان لەڕێی چەوساندنەوەیەکی گەورەی چینەبەرهەمهێنەرەکانەوە،شەریکاتەکان قازانجەکانیان خەیاڵیە،هەروەک چۆن وڵاتانی دیکەیتر بونیان هەیە لەڕوی هەرزانی هێزی کارەوەو بۆ وەبەرهێنەرانیش جۆرێک لەئارامی و گەرەنتی بونی هەیە،ڕوی تێدەکەن و قازانجی گەورە وەدەست دەخەن،وڵاتی چینیش ئاوایە لەڕوی هەرزانی هێزی کارەوە،ئەوە بێجگە لەوەی چین بۆخۆی خاوەن داهێنان و خوڵقێنەری گەورەی نێو کۆی بوارەکانی بەرهەمهێنانە،لەلایەکیتر،خودی دەوڵەتی چین،بوەتە جێگەیەک بۆ گەشەسەندنی خێرای و دەرچون لەقۆناخی وەستاو بون،یانی ئیتر ئەو دەوڵەتە خاوەن پێگەی داگیرکردنی گەورەی بازاڕەکانی جیهانە.

ئیمپریالیزمی ئەمریکی،بەخۆی و لوت بەرزیەکەی لەڕوی مێژووی پێگەکەیەوە،هێندەی سەرقاڵی ئاڵۆزکردنی جیهان بوە لەڕێی جەنگەوە،بەو ئەندازەیە پێگەی بەرهەمهێنانی لەبوارەکانی تردا نەبردۆتە پێشەوە. جادەشیەوێت هەر وەک سەرداری جیهانیش بمێنێتەوە. لەم سەدەی پڕ لەداهێنان و یەخسیر کردنی زانست لەپێناو پێگەی هەیمەنەی چینێکی چەوسێنەری وێرانکەردا،کێبەرکێ و ململانێکان ناچنە قۆناخی داهێنانە مەزنەکانەوە کەلەبەرژەوەندی کۆی گشت کۆمەڵگەکانی جیهان بشکێتەوە،بەڵکو ئەو ململانێ وداگیرکاری بازاڕو گەڕان بەدوای داگیرکاری زیاتردا،ئەمە لەکاتێکدا،گشت وڵاتانی جیهان،بەتایبەتیش ئەو زۆرینەی کەدەست ڕۆیشتون لەبواری بەرهەمهێناندا،لەسایەی پێشکەوتنی ئامرازە زیرەکەکاندا،بەرهەمهێنان لەکۆی بوارەکاندا،زۆر زیاترن لەپێویستیەکانی مرۆڤ، وەئەم کۆ خاوەنانەی دەوڵەتانی بەرهەمهێنەرانەیش،پێویستیان بەساغ کردنەوەی کاڵا جۆراوجۆرە بەرهەمهاتوەکانیان هەیە،ئالێرەوە ململانێکان پەل دەهاوێت بۆ ڕوبەڕوبونەوەی جەنگ. لەبیرمان نەچێت،لەئاست پێگەی گەشەی خێرای پیشەسازیە جۆراوجۆرەکان،(کۆمەڵگەکان ئاستی پێگەی چینایەتی و قڵشتی چینایەتی زیاترو چەوساندنەوەی چینایەتی، گەورەتر بوە،دیارە لەکۆمەڵگەیەکەوە بۆ ئەویتر جیاوازی هەیە).

بەڵام ئاخۆ هەلومەرجەکان لەم قۆناخەدا ڕێگە بەجەنگێکی گەورەی نێوان زلهێزانی جیهان دەدات؟
هەلومەرجێک لەسەردەمی هەردو جەنگی جیهانگری یەکەم و دوەمدا،بونی هەبو،بەجۆرێک بو،لەلایەک پێگەو ئاستی هۆشیاری گشت کۆمەڵگەکان و پێگەیەک کەبەرهەمهێنەری پیشەسازی سەربازی پێی گەیشتبو،بەجۆرێک بو،کەتەحەمولی ڕودانی جەنگە کاولکاریەکانی کرد،ئەویش بەلەدەستدانی ملیۆنان ملیۆن لەمرۆڤ و دابەش کردنەوەی جیهان لەنێوان گشت زلهێزەکاندا. بەڵام پێگەی گشتی کۆمەڵگەکان لەوڵاتانی خاوەن پیشەسازی گەورەداو ئاستێک لەچونەسەری کۆی گشتی هۆشیاریەک کەبونی هەیە،هەروا پێناچێت بەئەندازەی سەردەمی ڕابردوی هەردوجەنگ ئاسان بێت،دەست ببرێت بۆ بەرپاکردنی جەنگێکی گەورەی نێونەتەوەی. چونکە لەلایەک،پێگەی تەکنەلۆجیای سەربازی وەحشیانە بەشوێنێک گەیشتوە توانای وێرانکاری و نابوت کردنی هەیە،کەهیچ گەرەنتیەک بونی نیە تابتوانرێت پێگەی خودی سیستەم و ڕابەرایەتیەکانیان پارێزراوبێت،بۆیە، هەرچۆن شرۆڤە و بەدواداچونێک بکرێت،ئاوا جەنگێکی گەرم قابیلی ڕودان نیه،بەڵکو پێدەچێت،جەنگەکە،بەشێوازی نەرم بڕواتە پێشەوەو جارێکیتر قۆناخ بۆ کێبەرکێی نێوان زلهێزان پێویستی بەڕێکخستنەوەیەک هەبێت لەهاوسەنگی هێزو دابەشکردنەوەکاندا. گەر جەنگەکەیش ڕوبدات،ئەوکات پێناچێت کۆمەڵگەکان هەروا دەستەوەستاو بن و یان پشتگیری لەدەوڵەتەکانیان بکەن،بەڵکو وایدەبینم،زۆر خێرا هەلومەرجەکان دەبنە دەرفەت و قۆناخێک بۆ دەست بردنی بەرپاکردنی شۆڕشی کۆمەڵایەتی.

جەنگێک لەوڵاتانی ڕۆژهەڵات بونی هەیە،دەرئەنجامی لاوازی پێگەی هۆشیاری گشت گۆمەڵگە بەیان دەکات کەناتوانن دژی بوەستنەوەو بیوەستێنن،بۆیەش تائێستا توانراوە درێژەی پێبدرێتو لەهەمانکاتیشدا،ئەو جەنگانەی لەوڵاتانی ڕۆژهەڵات و باکوری ئەفریکاو وڵاتنێکیتری ئەفریکادا بونیان هەیەو وەگەڕخستنیان زۆر قورس نیە تادواجار بەزەرەرو دەست بردنی کۆمەڵگەکان بۆ بەرپاکردنی شۆڕشێکی گەورەی کۆمەڵایەتی بشکێتەوە کەلەزەراری خودی سیستەمی سەرمایەداری جیهانی بشکێتەوە،بەوەکالەتەن جەنگی نێوان زلهێزانی جیهانە.
ئیمپریالیزمی ئەمریکی لەگەڵ ڕوبەڕوبونەوەی شکستەکانی لەوڵاتانی ڕۆژهەڵات و ئەفغانستان،بەهەمان ئەندازەیش کاریگەری پێگەکەی لەسەر وڵاتانی ئەوروپایش دادەنێت،هەربۆیە یەکێتی وڵاتانی ئەوروپایش لەبەردەم لەرزینێکی گەورەدایە. هەیمەنەی پێگەی ڕوسیا،لەڕوی سەربازی و ئابوریشەوە،بەئەندازەیەکە،چیتر ئەمریکا ناتوانێت وەک زلهێزێکی بێ ڕکابەر بونی هەبێت. وڵاتانی ڕۆژهەڵات لەسوریاوە تا لیبیا،نمونەیەکی ڕۆشنن لەم نێوەدا،کەبەچ ئەندازەیەک ململانێکان لەنێو پەلامارو داگیرکاری و کڕین و فرۆشتنێکدان!

لەگەڵ ئەوەیشدا،قۆناخ بەجۆرێکە،بێقەیران نابێت و هەر ڕۆژە مرۆڤایەتی لەنێو لێواری بێگەرەنتی ژیانکردندا،بونی دەبێت. یانی ئەم سەدەیە،لەگەڵ پێشوەچونی زانست و پێگەی بەرهەمهێنانی خێرا لەگشت بوارەکاندا،هێشتا بەشێکی گەورە لەمرۆڤ ڕۆژانە لەبەردەم برسێتی و لەناوچوندایە،لەکاتێکدا،کۆگاکان بەئەندازەیەک پڕ لەبەرهەمن،کەزیاد لەبونی پێویستی ڕۆژانەی مرۆڤەکانە. کاتێک نایەکسانی دەبێتە سروشتی بەڕێوەبردنی ژیانی نێو کۆمەڵگەکان،ئەوکات،ململانێ و دژایەتی و جەنگ بونی دەبێت.مێژووی مرۆڤایەتی مێژووی کێشمەکێش و ململانێ چینایەتیەکان بوە. قۆناخی ئێستایش درێژە پێدەری ئەو مێژووە دورودرێژەیە،بەڵام تاگەشەی کۆمەڵگەکان لەڕوی بەرهەمهێنان و داهێنان و زانستەوە بچێتەپێشەوە،بەو ئەندازەیەش هۆشیاری گشتی کۆمەڵگەکان و هۆشیاری سیاسی چینایەتیش لەگەڵیدا دەچێتە پێشەوە،سیستەمی سەرمایەداری خۆی بەرهەمهێنەری ئاوا قۆناخکیش دەبێت،یان دەبێت خۆی و گشت مرۆڤایەتی لەڕێی جەنگێکی نابوت بونەوە لەنێوبەرێت،یان هەرچۆنێک بێت،قۆناخ دەگاتە ساتێک مرۆڤایەتی بەناچاری دەست دەبات بۆ بەرپاکردنی شۆڕشی کۆمەڵایەتی و کۆتای هێنان بەقۆناخی چەوساندنەوەی چینایەتی و لێسەندنەوەی قۆرخکاری و داگیرکاری کۆی هۆکارەکانی بەرهەمهێنان لەژێرچنگی چینێکی کەمایەتی و وەدەستەوەگرتنی کۆمەڵگە خۆی بۆ ئەو هۆکارە ژیانیانەو خۆبەڕێوەبردنێکی هەرەوەزیانە.

ڤایرۆسی کۆرۆنا،ڤایرۆسی جەنگ و ململانێی نێوان شەریکات و دەوڵەتانی جیهانە لەدژی یەکتری و تاقی کردنەوەی پێگەی کۆمەڵگەکانیشە لەوەی تاچ ئاستێک دەتوانێت تەحەمولی ئەم بەربەریزمەی سەرمایەداری بکات. بێگومان کاتێک زۆرینەکە نەبنە خاوەن ئەڵتەرناتیڤێک بۆ جێگرتنەوە بەسیستەمی باو،ئەوکات،وەک هەر قۆناخێکی پێشوی مرۆڤایەتی و بڵاو بونەوەی درمە جۆراوجۆرەکان،تەحەمول دەکرێت و بڕێک لەناودەچێت و بڕێکیش دەمێننەوە. ڤایرۆسەکان مرۆڤ بەرهەمی دەهێنێت،نەک ئەوەی لەبان سروشتەوە هێنرابێت،وەک ئەوەی لەم قۆناخەدا مەلاکان بانگەشەی بۆ دەکەن کەئەوە حۆڵەی خودایە لەوڵاتانی کافرو وڵاتێکی وەک چینیش بەتایبەتی.گەمژەییەتیش بەو ئەندازەیە بونی هەیە،گەرچی مەلاکانیش پارێزەری مانەوەی سیستەمی باوی چەوساندنەوەی مرۆڤبەدەستی مرۆڤەوەن.

تاهیر حاجی حەسەن
01/03/2020




هێزی یاسا لە جێبەجێکردنی دایە … پارێزەر:لوقمان مصطفی صالح

جێبەجێكردنی یاسا، یەكسانی تاكەكان لە كۆمەڵگەدا زامن دەكات و یەكەمین هەنگاویشە بۆ گەڕاندنەوەی متمانە بۆ خەڵك و توندكردنەوەی پەیوەندیەكانی نێوان تاك و یاسا و بەرقەراربونی دادپەروەری. چارەسەری سەرکەوتوویش لەرێگەی هێزی جێبەجێکاری یاساوە دەبێت، واتە دەزگا پەیوە ندیدارەکان دەبێت بریارە یاساییەکان وەک خۆی جێبەجێبکەن. هەر بۆ وەبیر هێنانەوە لەخولەکانی پێشوتری پەڕلەمانی کوردستاندا زۆرێک لە مادەی یاسایی دەرچوێنران، تەنها نووسراوەتەوەو لە دوو توێی نامیلکەیەکی قەشەنگدا ڕازێنراوەتەوە ، یاخود لە وەقائعی هەرێمی کوردستاندا شوێنی پێ پرکراوەتەوە ، مێژوو بەرواریشی لەسەرتۆمار کراوە، لە خوارەوەی یاساکەش واژۆی سەرۆکی هەرێمیی کوردستانی لەسەرە ، کە دەبێت لەرۆژی دەرچوونیەوە لە پاش بڵاو کردنەوە ی و تەواوبونی ماوە یاساییەکەی پێویستە بچێتە بواری جێ بەجێ کردنەوە.
ئەم مادە یاسایی یانە وەکو دەق لەرووی ناوەرۆک و شێوە یاساییەکەیەوە هیچ کێشەیەکی تیانیە ، چونکە لەلایەن کۆمەڵێک لە یاساناسان و کە سانی شارەزاو پرۆفیشناڵ لە بواری یاسادا دانراوە ، پاشان لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستانیش لە پاش دایەلۆگێکی تێرووتەسەل گتووگۆی چرووپری لەسەر کراوە پاشان خراوەتە دەنگدانەوەو بە دەنگی زۆرینەی پەرلەمانتاران پەسەند کراوە.
بەڵام لە رووی پراکتیکیەوە هەندێ لەو یاساییانە تائێستاشی لەگەڵدابێت نەچٶتە بواری جێ بەچێ کردنەوە، بێ ئەوەی هیچ لێژنەیەکی چاودێر بوونی هەبێت کە بەدوادا چونی بۆبکات،بێگومان ئەوەکاری پەرلەمانی کوردستانە ، چونکە پەرلەمانی کوردستان-عێراق یان ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردستان-عێراق ئەنجومەنی نوێنەرانی دانیشتووانی ھەرێمی کوردستان وھێزی یاسادانەری حکومەتی ھەرێمی کوردستانە.
پەرلەمانی کوردستان بۆی ھەیە ھەر یاسایەکی فیدڕاڵی لە ھەرێمدا بخاتە کار کە بەدەر بێت لە تایبەتمەندیی دەسەڵاتەکانی فیدڕاڵی کە لە ماددەی ١١٠ی دەستووری کۆماری عێراقی فیدڕاڵیدا ھاتوون. کەواتە ئەرکی پەرلەمانی کوردستانە هەستێت بە درووست کردنی لێژنەیەک بۆ بە دواداچوونی ئەومادە یاساییەیانەبکات کە نووستوی سەر رەفەکانن ولە بەکار نە هێنانیاندا زەرد هەڵگەراوون.
هەندێک لە نموونەی ئەومادە یاساییە کارپێنەکراوانەش:-
+یاسای سزای لە سێدارەدانە واتە مادە( ٤٠٦) فق٣١ هەرلەسەرەتای درووست بونی پەرلەمان و حکوموتی هەرێمی کوردستانەوە کۆمەڵێک کەسی تاوانبار سزای لەسێدارەدانیان بۆدەرچووە ، نەسزاکە جێ بە جێ دەکرێت بە سەرتاوانبارەکاندا نە یاساکەش هەموار دەکرێتەوە.
+یاسای قەرەبووکردنەوەی ئەوکەسانەی کە بێتاوان دەسگیر دەکرێن و پاشان کە دەردەکەوێت بێتاوانن بە پێی یاسای قەرەبووکردنەوەی
ڕاگیراوان و حوکمدراوان لە کاتی بێ تاوانی و دەرچوونیان لە هەرێمی کوردستان – عیراق کە بە یاسای ژمارە( ١٥ )سالی ٢٠١٠ ناسراوە کە لە هەردو مادە (٤ و ٥ )دا هاتوە ئەوکەسانەی کە بەبێ تاوان دەسگیر کراون و حوکم دراون کە سەلمێندرا بێتاوانن ئەوە دەتوانن بەچەند رێکارێکی یاسایی داوای قەرەبو بکەن.
+یاسای قەدەغە کردنی فرەژنی ، یاسای ژمارە (١٥) ساڵی ٢٠٠٨ ئەوکەسانەی کە ژنی دوەم دەهێنن لە پەرلەمانی کوردستان دەرچووە کە زۆرترین گفتگۆی لە بارەیەوە کراوە، بەڵام تائێستا وەک پێوەیست کاری پێنەکراوە، بەپێچەوانەوە بۆتە کێشە بۆ هەندێ شوێن کە لەدەرەوەی ئیدارەی حکومەتی هەرێمی کوردستانە لەو جێگایانە هاوسەرگیری دووەم ئەنجام دەدەن و کە سە رئێشەو قەڵەباڵغەکی زۆری لەسەر ئیدارەی ئەوشوێنانە درووست کردووە.
٢٠٠٧ – +یاسای قەدە‌غەکردنی جگەرەکێشان یاسای ژمارە ( ٣١) لە پەرلەمانی کوردستان دەرچووە ، بەهەمان شێوە وەک پێویست جێ بە جێ نەکراوە ، چونکە لە شوێنە گشتیەکاندا کە نابێت جگەرەی تێدا بکێشرێت کە چی پێشێلی یاساکە دەکرێت ودەکێشرێت ، لە بەئەوەی لایەنی جێ بە جێ کارهەڵناستێت بە ئەرکی سەر شانی خۆی بۆ سزادانی بەکارهێنەرانی وای کردوە هێزی یاساکەی لاوازتر کردووە.
ئەمە جەند نموونەیەک بوون لەو یاسا نووستوانە ، کە تەنها وەک ناو بوونیان هەیە کە چی لە واقعدا ئامادەگیی یان نیە و کاریان پێ ناکرێت ،
بێگوومان ئەمەش دەگەرێتەوە بۆ کەم تەرخەمی پەرلەمانی کوردستان کە هیچ لێژنەیەکی چاودێریان نیە تا بەدوادا چوونیان لەسەر بکات و لێپێچینەوەی جدی لە بەکار نەهێنانیان و وەیاخود خراپ بەکار هێنانی ئەومادە یاسایی یانە بکات کە خۆیان لە پەرلەمان دەریان چواندووەوبە زۆرینەی دەنگ پەسەند کراوە، بێشک هێزی هەر یاسایەک لە جێ بە جێ کردنی دایە بەقەد ئەوەی کە بە تەنها نووسراوی سەر پەرەیەکی کاعەز بێت و هیچی تر.




کۆرۆنا…یان جەنگی بایولۆژی؟ … لەتیف بێوار

وابزانم زۆرێك لە ئێمە فیلم کارتۆنی دۆناڵد ترامپی بینیوە کە لە سەدەی رابردوودا نیشان دەدراو بە دیاریکراوی لە ساڵی ١٩٨٧دا لە لایەن (دوونسبێریی)ەوە بەرهەمهێنرا، کە لەو کارتونەدا ترامپ رۆڵی سەرۆك وەزیرانی ئەمریکا دەگێڕێت. و ئەوانەش لەو کاتەدا منداڵ بوون ئێستا گەورەن و بەو سەرۆکە لە مێژە ئاشنان و هیچ موفاجەئەیەکی تێدا نییە.

ئێمە باسمان لەو پێشبینییە نییە کە چۆن بەرهەمهێنراو بە ج مەبەستێك بوو، بەڵام ئەم بیرۆکەیە دەمانگەیەنیتە راستی بیرۆکەیەکی تر سەبارە ت نەخۆشی ڤایرۆسی کۆرۆنا، ئەویش رۆمانی نووسەری ئەمریکی (دین کۆنتز)ه بە ناونیشانی (چاوی تاریکیەکان)، کە لەساڵی ١٩٨١دا بڵاوی کردەوە .

ئەم رۆمانەش بە هەمان شێوەی کارتۆنەکە پێشبینی ڤایرۆسی کۆرۆنای لە پێش ٣٩ ساڵەوە کردووە. بەلام لەگەڵ سەرهەڵدانی ئەم ڤایرۆسەداو دوای ٣٩ ساڵ لا بەلای ئەم رۆمانەدا کرایەوەو زیاتر ناسراو چەندان جار چاپکرایەوە، ئەو رۆمانە باس لەوە دەکات کە لە ناوچەی (وۆهان)ی چاینەدا ڤایرۆسێك بڵاودەبیتەوەو کۆنترۆڵکردنی لەدەست دەردەچێت، کاتێك زاناکان لە تاقیگەکانی سەربازگەیەکی چاینەدا وەکو هەوڵی پەرەدان بە چەکی بایۆلۆژی کار لەسەر پەرەدان بەو ڤایرۆسە دەکەن، بەڵام هەر زوو کۆنترۆڵیان لەدەست دەردەچێت، رۆمان نووس ناوی (وۆهان -٤٠٠)ی لێ دەنێت، پاڵەوانی ئەم رۆمانە دایکێکی جەرگ سوتاوە کاتێك پێش ساڵێك کورەکەی سەفەری چاینە دەکات و بێ سەروشوێن دەبێت، بەڵام بە هۆی ئەوەی کە چەند نامەیەکی بەدەست دەگات کە هێشتا کوڕەکەی لە ژیاندا ماوەو نەمردووە بڕیار دەدات بچێت سەردانی چاینە بکات و سۆراخی کورەکەی بکات، بەهەمان جۆر کاتێك دەگاتە سەرەداوی شوێنی کوڕەکەی، بۆی دەدەکەوێت کە دەستبەسەرە لە سەربازگەیەکی تاقیگەی چاینەداو بەهەڵە توشی ئەو ڤایرۆسە بووە.

رۆمان نووس لەو رۆماندا باس لەوەش دەکات کە تاقیگەکە دەکەوێتە دەرەوەی شاری (وۆهان) کە لەراستیدا هەر واشە کاتێك ساڵی ٢٠١٧ ئەو تاقیگەیەی بە ناوی(پەیمانگای وۆهان بۆ لێکۆڵینەوەی ڤایرۆسەکان) دامەزراو تاکە تاقیگەیەکی بایۆلۆژی پلە چواری سەلامەتییە لەو ناوچەیە کە دەکەوێتە ٢٧ کیلۆمەتر لە دەرەوەی شاری (وۆهان)دا.
لە کاتێکدا ئەم ڤایرۆسە هەر زوو لە چاینەدا تەشەنەی کردو هەزاران کەس توشیان بوو و بە سەدانیان کۆچی دواییان کرد، وا بڵاوبۆتەوە لە ئێستا کە زاناکان دەڵێن ئەم ڤایرۆسە لە مارەوە دروست دەبێت و شەمشەمەکوێرە دەیگوێزێتەوە، راستە ئەو دوو گیانەوەرە خۆراکی بەشێك لە چاینەییەکانە، بەڵام ئەو بەیەکگەیشتنەی ڤایرۆس لەو دوو توخمە جیاوازەی گیانەوەران و پاشان ڕێتێچوونی بۆ گواستنەوەی بۆ مرۆڤ هێشتا جێی پرسیاری زانایانی جیهانە، هەندێکیش دەپرسن بۆچی لەم کاتەدا بە دیاریکراوی؟
گەر ئێمە واز لە بیرۆکەی پێشوەختەی موئامەرە بهێنین، بەڵام ئەم باسە جیی لێکۆڵینەوەیەکی وردەو هەروا ناتوانرێت سەرپێیانە بڕیاری بەسەردا بدرێت.

لە لایەکی ترەوە هەر زوو لە ڕێگای ئێرانەوە تەشەنەی کرد بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ترسێکی گەورەی خستە ناو دڵی دانیشتووانی سەرانسەر سەر گۆی زەوی، ئێمەی کورد کە زۆرجار کارتێکراو و وەرگر بووین لەبری ئەوەی کارتێکەری دەوروبەرو رووداوەکان بین و سەرچاوەی وەرچەرخانەکان بین، هێشتاش لە ژێر دەسەڵاتێکی دەرەوەی یاسادا دەژین و بەلاڕیدا دەبرێین دەکەوینە ژێر پلان و بیرکردنەوەی دەسەلاتی مافیاییەوە لەڕێی موتابەعەکردنی کەناڵەکانیان و بڕواپێکردنیان و چەپڵە بۆلێدانیان، ئەو دەسەلاتەی کە لە هیچ کلۆجێکی دنیادا حسابی نە دەوڵەت نە حوکمەت نە قەوارەی سیاسی بۆ ناکرێت، بەڵکو وەکو باندێکی مافیایی تەماشا دەکرێن و مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت، لەبەر ئەمەش هاوڵاتیانی کوردان لە شوێنە جیاوازەکانی تری دنیادا لە رووی مامەڵەی فەرمییەوە هەر بەچاوی ئەو دەسەڵاتە نایاساییە تەماشا دەکرێن و مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت کە سوکایەتی و بێڕێزییە. کاتی ئەوەیە تا زووە خۆمان داتەکێنین لە نەفرەتی ئەو دوو بنەماڵەیەو بسمیلی بە مرۆڤ بوون دەربکەین و چیدی چاوەڕوانی روبعە موچەی خێرو سەدەقە نەبین لەلایەن ئەو دزانەوە.

  • – – – – –
    ١-Doonesbury
    ٢-The Eyes of Darkness



دەوڵەتی کوردی لە دیدی ئەوانەوە! …ھەلۆ بەرزنجەیی

دەوڵەت گرنگترین داهێنانە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا”…. کارل. ڤ. دۆیچ

ماوەیەکی باشە، بە وردی و بە دیقەتەوە سەرنج دەگرم لە بیروڕای گشتی تورکی و عەرەبی و فارسی و بە تایبەت ڕۆشنبیران و کەسایەتییە گوێ لێگیراوەکانی نەتەوە سەردەستەکانی دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستان. ئاخر باری سەرنجی ئەوانم گەلێ لا مەبەستە، ھەر نەبێت گوایە ئەم تاقمە بە چەند ئاوێک لەچاو سیاسی و دەسەڵاتدارەکانیان دا شۆراونەتەوە!. وەک دەبینین ئەم دەستەیە جارەوجار گەر بە کزیی و لاوازیی و لەژێر لێویشەوە بێت، دەیانەوێ دەنگ ھەڵبڕن و شتێ بڵێن خۆیان لە دەسەڵات و عەوامی خەڵک جودا بکەنەوە….
ئێمە گوێمان لە دەنگە شەرمنەکانیان دەبێت، گوایە لەگەڵ مافی کورد دان و ھەندێکیان وەک « حەسەن عەلەوی و سادق زێباکلام » زیاتر هەنگاو دەنێن و دەڵێن: لەگەڵ مافی کورداین تا ڕادەی دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی.
لەڕاستیدا ئەمەش دیوێکی ئەو مەسەلەیە، کە ڕەنگە دەمودەست و بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی ببێتە مایەی دڵخۆشی هەر تاکێکی کوردستانی.
لێ گرفتەکە لەوەدایە کاتێ بە وردی دەچیتە بنج و بناوان و گەوھەری بۆچوونی ئەم دەستە و تاقمەوە ،دەبینیت، ئەمان زیاتر لەوانی دیکە لە پەرۆشی پاراستن و چەسپاندن و زامنکردنی دەوڵەتەکەی خۆیان و بەرژەوەندی باڵای نەتەوەکەیان و ستراتیژی ئاسایشی نەتەوەیی نەتەوەکەیان دان. لەم ڕوەوە ھەرچییەک بۆ تۆ بخوازن، بە ئامانجی خزمەتکردنی پرسی نەتەوایەتی و دەوڵەتە زۆڵەکەکەی خۆیانە. بەواتایەکی دی ئەم بۆچوونە بەرھەمی قەناعەتێکی چەسپاو و ئەزموونێکی دەوڵەمەند و باوەڕێکی بەرزی مافی گەلان و ڕێزگرتن لە ویست و خواستی ئەوانی تر نییە. ئاخر وەک مێژوو سەلماندوویەتی، ئەوان ! ھێندە سوورن لەسەر دژایەتی بوونی کورد و ژیان و مافە سروشتییەکانی، تەنانەت مافی ژیانی ئاسایشی بۆ ناسەلمێنن و بە شایستەی چ ھەقێکی نازانن. لە ھەرڕوانگەیەکەوە بڕواننە پرسەکەی تۆ، وا خۆیان و ھەموو ئاسایشی نەتەوەیی و بەرژەوەندییە دوور و نزیکەکانیان ھەر لەبیرە.
کاتێکیش بۆ کورد لەگەڵ خواست و دامەزراندنی دەوڵەتدان، دەوڵەتی ناوبراویان وەک ئامڕازێک گەرەکە بۆ پتەوکردن و مەحکەمکردنی پێگەی نەتەوەیەتی خۆیان لەو ململانێ و شەڕە ستراتیژی و پرسی ئاسایشی نەتەوەییدا ، کە بەدرێژایی مێژوو ھەیان بووە و دەیان بێت. ھۆکەشی ئەوەیە کیانەکان دەستکردن، نەک بەرھەمی خەباتی میللی و جەماوەریی ، بۆیەکا ھەمیشە لە دڵەڕاوکێ و ترس و نیگەرانیدان .
ئاخر لە ناوچەکەدا ململانێ و شەڕی باڵا دەستی ئەوانە، بەشێکە لە مێژووی تۆمارکراوی ڕاستەقینەی ناکۆکییەکانی نێوانیان. ئەوان تا ئێستا ترس لە کێشەی کورد و رەھەندە نەتەوەییەکانی ، وا بەسەریاندا شکاوەتەوە بە تاکتیک لەگەڵ یەکتردا بوونەتە ھاوپەیمان و لە نێوان خۆیاندا ڕێکەوتنامەیان مۆر کردووە.ڕێکەوتننامەی جەزائیر بە نموونە.
جێی سەرنجە هەردوو لا کۆکن لەسەر خاڵێک ، کە ئاسایش و بەرژەوەندی خۆیانی تێدا دەبیننەوە. ھاوباوەڕەکانی عەلەوی، لە دیدی عروبەیانەوە دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردی لە باشووری کوردستان، بە ستراتیژێکی باش و گرنگ دەبینن کە وەک قەڵغان بۆ پاراستنی دەروازەی ڕۆژھەڵاتی عارەبایەتی، لە ھێرش و چاوتێبڕینی فارس و تورک بپارێزێ…بە ھەمان پێودانگ و تێڕوانین، ئاغای زێباکەلام، دەڵێ: لەگەڵ دامەزراندنی دەوڵەتی کوردیداین لە باشوور، بە نێت و ئاواتی پاراستنی دەوڵەتی ئێران لە ھەڕەشە و مەترسییەکانی عەرەب و تورک.
ھەردوو دەستەکەش بەس باوەڕیان بە دەوڵەتی کوردی لەو بەشەی باشووردا ھەیە، کە بۆتە دیوار و کۆسپێ لەبەردەم خەون و ئاواتی نەتەوەیی خۆیان دا. دەنا زێباکەلام کورد بە فارسی ڕەسەن لەقەڵەم دەدا و تەنانەت مافی خودموختاریشیان لە ڕۆژهەڵاتدا بۆ ناسەلمێنێ. ئەو پێی وایە کورد وەک ئێرانییەک ئەرکە لەسەری شانی داکۆکی بکات لە ئێران و بەرپەرچی ئەو هەڕەشانە بداتەوە، کە لە دەرەوە ڕووتێ دەکەن.
شایانی ئاماژە پێدانە، گەورە زانای تورکی دۆستی کورد «ئیسماعیل بێشکچی» ، وەک تاکە دەنگی تاقانە و ناوازە، لەم دیدەوە بە دوور دەگرین، چونگە ئەو و باوەڕ و تێزەکانی و سزاچەشتنی زۆر و بەردەوامی تێکۆشان و بەرگریی کردن لە پێناوی کورد دا ، بواری چ دەمەتەقێیەکی لەسەر دڵسۆزیی و باوەڕی پتەوی نەلەقیوی زانستیانە و مرۆڤدۆستانەی بۆ کەس نەهێشتۆتەوە. لەتەک ئەوەشدا، بە دووری نابینم ھێشتا لە نێو تورکدا کەسانی تریان ھەبن، وا بیر بکەنەوە وەک ئەوانەی لەسەرێ ئاماژەمان پێ دا.
کەواتە دەرئەنجام ئەوەڕوون و ئاشکرا دەبێت، تا 50% بەرەو ژوورتری تورک و فارس و عەرەب نەبنە بێشکچی ئاسایەکی زانست پەروەر و واقیعبین و مرۆڤدۆست و خاوەن ھەڵوێست ، وا خۆتەفرەدانە ھەر چاوەڕێی داری زڕ بکەیت بەرت بۆ بگرێ و بڵێیت تورک و عەرەب و فارس تێڕوانینی واقیعی و مرۆڤدۆستییانەیان بۆ پرسی کورد ھەیە و ئیمڕۆ نا سبەی بەشێوەیەکی دیموکراسی دەتوانرێ چارەسەری کێشی کورد بکرێ!. ئاخر بنەمای سەرەکی دیموکراسی بە پێوەری زۆرینە و کەمینە دەپێورێ… کورد لە ھەموو بەشە ناشروشتییەکانی تێ ترێنجدراوە، کەمینەیە و ھیچ کات تاکە بڕیارێک بە دەنگ دان و دیموکراسی ناباتەوە.
ئەوەی لێرە گرنگ و ھەستیارە ئاماژەی پێ بدەین، جێی داخە کەوا ھێشتا سیاسی و ڕۆشنبیرانی کورد ھەن، چەند گالیسکەیەک لە یەک ئەسپ دەبەستن!؟…خەباتی نەتەوایەتی کورد، وەک کێشەی نەتەوە و خاکێکی داگیر و دابەشکراو دەکەنە قوربانی دید و بۆچوونێکی ئاینزاییی یاخود ئایدۆلۆژی و مل بۆ خودی دێفاکتۆکە نادەن..
ئەوە واقیعی تاڵی کوردە بەدەست داگیرکەرەکانییەوە. دەکرێ بڵێین کەم وێنەو بێ ھاوتایە، لە سەختی و تراژیدیایی دا. کەواتە، دەستەبژێر و سیاسی کورد، پێویستە کار بۆ بەرھەم ھێنانی گوتار و میکانیزمێکی تری خەبات و بەرەنگاری بکەن.، نەک خۆ وابەستە و دیلی دەقی کتێب و تیۆرییە نامۆکان بکەن.
بەداخەوە زۆرینەی ئەم دوو بەرە ڕۆشنبیر و سیاسییەی کورد،جێ پەنجەیان لەبەرھەمھێنان و داھێنانی کۆشک و تەلاری ھزر و ڕۆشنبیریی کوردیدا نییە، بەڵکو ھەر خەریکی گواستنەوەی ھەڵە و جوینەوەی وتراوە سواوەکان و گرتنەبەری ئەزموونە شکست خواردووەکان و لاسایکردنەوە
پڕ لەناجۆریی و دۆڕاویی نامۆکان دەکەن. بەم ھۆیەشەوە، کورد بە تێکڕا ، لەو مێژووە جەنجاڵ و پڕ لە کوێرەوەرییەی خۆیدا، وزە و سەرمایە و حەزو ئاوات و توانا و لێوەشاوەییەکی گەورە و بێ شومار و گرنگی بە فیڕۆ چووە.
لە ئێستاشدا، چاوپێکەوتنی بیرمەندێکی شیعەی لوبنانیم خوێندەوە« ئەنیس نەقاش» گوایە لە کتێبەکەیدا بەناوی « الکونفیدرالیە المشرقیە» دەرەتانێکی باشی بۆ چارەسەرکردنی کێشە نەتەوەییەکانی وەک دۆزی کوردی خستۆتە بەرچاو.خواستی« دامەزراندنی کۆنفیدڕاڵییەکی رۆژھەڵاتییە لەسەر ململانێ بە سیاسەت نەک بە ناسنامە»…واتە کوردێکی شیعە لەگەڵ فارسێکی شیعە و عەرەبدا یەکگرن و دژ بە کوردێکی سوننە و فارس و عەرەب بن… چونکە ناوبراو پێی وایە، « دابەشکردنی جوگرافیا لەسەر بنەمای ئەتنیکی و مەزھەبی و ئاینی سەرەتای شەڕە نەوەک کۆتایی» … ھاوکات ناوبراو پێی وایە:« کێشەکان ئەوکاتە دەست پێدەکەن کە داوای دروستکردنی نەخشەی نوێ بکەین لەسەر بنەمای جیاکاری نەتەوەیی». واتە لە ئێستاوە کورد بۆی نییە داوای دەوڵەتی خۆی بکات . کاتێکیش دەسەڵاتی کورد ، وەک فارس و تورک و عەرەب نەبێت، شوێن و پێگەیشی لەوان لاوازترە. ئەم بۆچوونە دەیسەلمێنێ کە ئەو ناتوانێ لە خەیاڵی باڵا دەستی عەرەب و ھەژموونی شیعەگەرایی دەرچێ و ھەمیشە خۆی وەک عەرەب پێویستە باڵا دەست بێت و ھاوشان پێشوەخت مسۆگەر بێت ، کە براوەی مەدانە و هەروەها ڕەنگە وەک شیعەش بەھەمان شێواز بیر کاتەوە. ئاخر ئەو فەزڵی عەرەبوون و موسوڵمان بوون بۆی سەلماندووە و پسووڵەکەی داوەتێ. ناوبراو پێی وایە :«دەوڵەتی بنیاتنراو لەسەر نەژادی و دین بەرەو ئاستەنگی گەورە دەبێتەوە». کەچی سەرسەختانە داکۆکی لە ئێران ودەوڵەتە دەستکردەکانی دیکەی عەرەبی دەکات. دەڵێ: »ناوی کوردستان لە ئێران ھەیەتی، ئەوە لە دەوڵەتێکی یەکگرتوودا دەبێ… لە ئێران کورد وەک ھەر عەرەب و تورکمان و فارسێکە، چونکە ئێران لە شەش ئەتنیک پێکھاتووە و یاسا جیاوازییان لە نێواندا ناکات. ئەوێ وەکو کۆنفیدڕاڵییەکی ئەتنیکانەیە لە ئیمپراتۆرییەکی فارسیی بچووکدا«. کەواتە تۆ ھەرچی بەدەست بھێنی ھەر لەژێر ڕکێف و ھەژموونی ئەواندا دەرناچیت و ئێرن ئەو نموونە باڵا و سەرمەشقەیە، مافی خۆیەتی باڵادەست و ئیمپراتۆر بێت و تۆش لە پەراوێزدا ژیان بگوزەرێنی.
ئەم بیرمەندە دەڵێ« لەم کۆنفیدڕاڵییەدا شوێنێک بۆ زایۆنیزم نییە، بەڵام فەلەستین دەبێتە بەشێک لەوە». ئەم ڕاگەیاندنە کتومت ناوەڕۆک و گەوھەری ناڕوون و ناواقیعی و عروبەچێتی و مەزھەبگەرایی بەدیار دەخات.ئاخر ناوبراو ھەم مافی ژیان بۆ ئەوان/ جولەکە ناسەلمێنێ و ھەمیش لە خەیاڵی گرد و مۆڵکردنی وزە و توانا مرۆیی و ئابووری و سیاسییەکانی گەلانی ناوچەکەدایە، بۆ یەکخستنیان لە بەرە و سەنگەرێک دا، لەبەرامبەر جولەکە یاخود ئەوەی ئەو بەردەوام بە زایۆنیزم ناوی دەبات. کەواتە کورد و گەلانی دیکە دەبێت وەک عەرەب شەڕی جیھادی و فەتوای لەناوبردنی ئیسرائیل رابگەیەنن. ئەمەش کتومت پاشکۆیی و چوونە پەراوێزی شەڕ و ململانێیەکەوە نیشان دەدات، کە لە سوودی کورد و خودی ناوچەکەشدا نییە. بە کورتی و کرمانجی ئەرکی سەرەکی کورد دژایەتی داگیرکەران و سەربەخۆیی بەدەستھێنانە.
کاتێک دەڵێ: فەلەستین دەبێتە بەشێکی ئەو کۆنفیدڕاڵییە، واتە دەوڵەتی فەلەستین … ئەو نایەوێ كۆنفیدڕاڵی لەنێوان گەلانی ناوچەکەدا دروست بێت، بەڵکو دەیەوێ عەرەب بە 24دەوڵەتەوە و فارس بە ئیمپراتۆرییەتەکەیەوە ببنە بەشێک لەو جوگرافیا سیاسییە و شەڕی زایۆنیزم درێژە پێ بدەن. کەواتە ئەوە دەزانین ، ئەو نایەوێ کوردی بەیەکگرتوویی و وەک یەک دەوڵەتی سەربەخۆ بێتە ناو ھاوکێشەوە، بەڵکو وەک بەشە بندەستەکانی چوار دەوڵەتە داگیرکەرەکەی. ھەر لەم ڕوانگەیەشەوەیە ھەر ھەوڵ و ئاڕاستەیەکی خەبات و ویست و داوای کورد، بۆ دەوڵەتی کوردی بێت، لەدەرەوەی ویست و کۆنتڕۆڵی ئەوانەوە بێت، یەکەوڕاست بە کاری ئیمپریالیزمی دەزانن و بە ئیسرائیلی دووەم ناوزەدی دەکەن.
ئەنیس نەقاش لە دوا پەرەگرافی قسەکانیدا دەڵێ: »کۆنفیدڕالیزمی ڕۆژھەڵات، کێشەی کورد چارەسەر دەکات.« ناسنامەی مەشریقی دەبێت» ئەمەش جەوھەری گەلانی دیموکراتیکە کە تیۆرییەکەی سەرۆک ئۆجەلان داوای دەکات«.
وەک دەبینین ناوبراو، جەخت لەسەر تیۆرییەکەی ئۆجەلان دەکاتەوە. مەخابن ساڵانێکە لە تیۆرییەکەی ئۆجەلانیش دا تارمایی پاشەکشەیەکی گەورە لە دۆزی نەتەوەیی دا بەرچاو دەکەوێت و جێگە و پێگە و ناونیشانی « دەوڵەتی نەتەوەیی » نییە.کەواتە ھەردوو لا ھاوبەشن لەم پرسە گەوھەرییەدا و بە خۆڕاییش نییە نقاش بۆ رامکردنی کورد ھانای بۆ تێزەکانی ئۆجەلان بردووە.
لێرەدا لای ئەوان/ بۆ ئەوان گرنگ و داواکراو ئەوەیە، کورد بانگاشە و داخوازی «ناسنامەیەکی نەتەوەیی و نیشتمانێکی سەربەخۆ و بوونە دەوڵەت» تی نەبێت و بزری کات. ئەمەش ئەو دەرئەنجامەیە کە گوتاری ئایینی و ئایدۆلۆژیای ئینتەرناسیۆنالیست و ئەندێشەی کۆسمۆپۆلێتی و خەون و خەیاڵی یۆتۆبیایی، سەرمەستەکانی دوور لە واقیع و دەروون نەخۆش و خاوەن گرێی خۆبەکەمزانەکانی بەرەیەکی فراوانی کوردی پێی گرفتار بوون.
بە دیوەکەی تریش دا ئەو دیمەنە قێزەون و بێزارکەر و ئومێدکوژە نمایش دەکات، کە دەستەبژێری گەلانی سەردەست، چ جیاوازییەکی بنجییان لەتەک خەڵکی ڕەشۆک و سیاسی و سەربازی وڵاتەکەی خۆیاندا نییە. بەداخەوە زۆری ماوە لەنێو شۆرش و ڕاپەڕینەکانی کورد دا، ژمارە و ڕێژەیەکی بەرچاو لە ڕۆڵەی گەلانی سەردەست ببین، ھاوشانی کورد بۆ مافی نەتەوەیی و ژیان و دیموکراسی کورد تێ بکۆشن، وەک ئەوەی کاتی خۆی رۆشنبیرە فەرەنسییەکان بۆ سەربەخۆیی جەزایر دژ بە وڵاتەکەی خۆیان کردیان.
کەواتە گەر واقیعبین بین و دروست ریال پۆلەتیک بخوێنینەوە، ئەوەمان بۆ دەسەلمێ، دەمێکە
ئەو خەونە بەتاڵ بۆتەوە، ئەوان! ببنە بەشێک لەو تێکۆشەرانەی بۆ ئامانجەکانی تۆ تێ بکۆشن. گەر هەشبن ! ئەوا ڕێژەیان لە پەراوێزدان.
شایانی گوتنە، لەم وانە مێژووییەوە، باشتر حاڵی بوون، کە پێویستە ستراتیژ و ئامانجی ـ بەدەوڵەتبوون ـ ی خۆمان ڕوون و ئاشکرا بکەین و لە ڕوانگەی خۆمانەوە لەسەر زەمینەی واقیعی کۆمەڵایەتی و مێژوویی و سیاسیەوە ، بەرامبەر بە خۆمان و ئەوان! ئەم ھەقیقەتە مێژووییە بیکەینە دێفاکتۆیەکی نەگۆڕی چەسپاو ، نەک بەدیار داری زڕ و خەونی نەزۆکی ئەوانەوە دۆش دابمێنین.

ھەلۆ بەرزنجەیی 1.3.2020




کوڕی بێوەژنێ … عەبدولرەحمان فەرهادی

لە ناوەڕاستی حەفتاکان کە پۆلی شەشی زانستیم تەواو کرد، نمرەکەم بایی ئەوە بوو لە کۆلیجی زانستەکان لە زانکۆی سلێمانی وەربگیرێم، ئەو کاتە باوکم تەواو کەوتبووە ساڵەوە و پیر و کەنەفتە بووبوو، ماڵمان لە خانووێکی دووچاوەی یەک لە گەڕەکە کۆنەکانی عەربەت بوو، منی عەربەتیی، بۆ جارێکیش چەندە! سلێمانیم نەبینیبوو.
لەگەڵ حەمیدی ئامۆزام بۆ یەکەمجار، ڕوومکردە ئەو شارە، کە ئەویش لە کۆلیجی ئاداب لەوێ وەرگیرابوو. سەرەتا بەر لەوەی لە بەشى ناوخۆ ناومان بێتەوە، مانگێک لە چاوە خانووێکی داتەپیوی مەڵکەندی دەژیاین، ئێوارەیەکیان لەگەڵ حەمید بەرەو بازاڕ شۆڕبووینەوە، لاتوپات و گیرفان نیمچە بەتاڵ تێی وەردەسووڕاین، گەیشتینە دەوروبەری مزگەوتی کاک ئەحمەی شێخ و لەولاوە چەند پڕوپیرەژنێک ماست و سەرتوێژ و قەیماغیان دانابوو دەیانفرۆشت، لێیان نزیک بووینەوە و من دەمویست جامێ بچکۆڵەی ماست بۆ نانی ئێوارە بکڕم، پیرەژنەکان بە ھۆی قسەوباسی نێو خۆیانەوە بەریان بە خەڵکەوە نەمابوو، زۆرم بەلاوە سەیر بوو! چما ئەم پیرەژنە سەرگەردانانە بۆ قسە ھاتوون یان بۆ کار و کەسابەت؟ زیاتر لێیان نزیک کەوتمەوە تا بزانم لە چیی دەدوێن، دواتر گوێم لێیان بوو قسە و لفتیان لەبارەی کێچەوە بوو، یەکیان دەیگوت: من حەجمینم لەدەست کێچ نەماوە، ئەویتر بۆی دەسەندەوە: کێچ شەوێ نایەڵێ بەکامی دڵ بخەوم، لەولاتر پیرەژنێکی چاویلکە لەچاوی گۆچان لەپاڵ کە زۆر زیت و زرنگ دیار بوو، دەیگوت: نازانم کەی لەدەست ئەم کێچە پیسە قورتارمان دەبێت! مەراقمە بۆ جارێک کێچێک چەندە! بەدەست بگرم. منیش فزوولەن ویستم ھەر بۆ شۆخی لەمبارەوە لەگەڵی بدوێم و لە بەرانبەرییەوە وەرامیم دایەوە:
پورێ گیان توخوا ناوت چییە؟
وەرامی دامەوە: من ناوم (گورجی) یە، بۆ؟
گوتمێ: پوورە گورجی گیان، دەبا من چارەسەریی ئەم کێچە لەعنەتییەت بۆ باسکەم، ڕێگایەک ھەیە بۆ لەناوبردنی یەکجارەکیی کێچ و با بۆتی باسکەم.
ھەستم کرد گەشانەوە بە ڕووخساری باجی گورجییەوە دەرکەوت و بە سەرسڕمانەوە تەماشای دەکردم:
دا دەی ڕۆڵە گیان چۆن چۆنی؟
پوورە گورجی ئێوە لە ماڵەوە خۆڵەمێش(مشکی)تان ھەیە؟
ئەی چۆن نیمانە!
پوورە گورجی، تۆ ھێڵەگت بینیوە؟
ئەی چۆن بەساقە.
ھێڵەگێک بێنە چەند مشتێ مشکیی تێکە.
ئێ ێ ێ ێ؟
ئینجا مشکییەکە لە بنی ھێڵەگەکەوە بێنەوە.
ئێ ێ ێ ێ؟
بیخە ناو ھێڵەگێکی وردتر.
ئێ ێ ێ ێ ؟
پاشان لە تافتەی بدە.
ئێ ێ ێ ێ ؟
ئینجا خۆڵەمێشە پۆدراوییەکە لەسەر دەسڕێک ڕاخە.
ئێ ێ ێ ێ ؟
پاشان یەک یەک کێچەکان بگرە و پێڵووی چاویان بکەوە و مشکییەکەی تێکە، بەمجۆرە کێچ تەواو دەبن و بۆ ھەتاھەتا لە کێچ ڕزگارتان دەبێ .
ھەستم کرد پوورە گورجی زۆر لێم دەھری بوو و تێگەیشت بە بەزمێکم بردووە!
بە سەر و ڕووخسارێکی پەشۆکاوەوە ڕووی کردمێ و پێی گوتم:
بەساقە ە ە ە ە؟
وەرامم دایەوە: بەڵێ پوورێ گیان؟
پێی گوتم:
بە ساقەەە ە، توخوا تۆ کوڕی بێوەژنێ نیی؟
• بیرۆكه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌ به‌سه‌رهاتێكه‌ مامۆستا غه‌ریب پشده‌ری به‌ جۆرێكی تر بۆی گێڕامه‌وه‌، لای من ئه‌م ده‌قه‌ی لێكه‌وته‌وه‌.




چەمـکی رۆشـنبیری … رەزا شـوان

لە ئەمڕۆدا، وشەی “رۆشنبیری” یا “رووناکبیری” زۆر بەر گوێمان دەکەون، لەسەر زاری هەرە زۆری رۆڵەکـانی گەلی کوردمانـن، لە زمانی کوردیمانـدا هەردوو وشەکە
یەک واتایـان هـەیە، بە زارەکی و بە نـووسین هـەردوو وشـەکە بەکـاردەهـێنین. دوو وشەشن لە وشەکانی ناو فەرهەنگی زمانی کوردی.. هەردوو وشەکەش لێکدراون لە
(رۆشن + بـیر) و (رووناک + بـیر) پێکهاتـوون.. بە یەکێکيش دەوتـرێت رۆشنبیر یا روونـاکبیر کە بیر فـراوان و تێگەیشتووبێت و باکگـراوندێکی زانیاری گـشتی هەبێت.
وشەی رۆشنبیری یا رووناکبیری کوردی بەرانبەر بە وشەی “کولتوور” ئینگلیزی و وشەی “الثـقـافة”ی عەرەبی بەکـارهـاتـوون.. بەڵام وشەی”کـولتـوور” لە بنەڕەتـدا، وشەیـەکی رەسەنی لاتیـنییە، بە واتـای “چـانـدنی زەوی” دێـت.
لە زمـانی کوردیـدا، لە قسەکـردن و نووسیـندا، وشـەی رۆشـنبیری زیاتـر لە وشـەی روونـاکبیری بەکـارمان هـێناوە و بەکاری دەهـێنین.. رۆشـنبیری شێوەیـەکی فـەرمی وەرگـرتـووە، گـرنگییەکی زیاتـرمـان پێی داوە، دەقـی گـرتووە و خـۆی سازکـردووە.

شـاری سلـێمانی قەشـەنگ و جـوان لـە باشـووری کوردسـتان، کـرا بـە “پایتـەخـتی رۆشنبیری کوردستان” ئەم نازنـاوەش شایەنی خۆیـەتی، چونکە شاری سلـێمانی لە دروسـتـبوونییەوە تـا ئەمـڕۆ، مەڵـبەنـدی داهـێنانی روشـنبـیری و داهـێنانی ئەدەبـی کوردیمـان بـووە.
لە سەردەمێکی کۆنـەوە وشەی رۆشنبیری بـووە بە وشەیـەک لە وشەکـانی زمـانە
جـیاوازەکـانی گـەلانی جیهـان. بـەڵام ئـەم وشـەیە وەکـو خـۆی نەمـایەوە، بـووە بە زاراوەیەکی زانیـاری و واتـایـەکی دیـاریکـراوی گـرتـۆتە خـۆی.
زانایـانی مـرۆڤـناس، زاراوەی رۆشنبیرییان خستە ناو فەرهـەنگی زانیـارییەوە، لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەمیشەوە گـەلێ پێناسەیان بۆ دانـا، پوخـتەی باسەکانیشیان
بەمـە کۆتاییـان پێهـێـناون، کـە “رۆشـنبیری بـریتـییە لـە کـۆمـەڵـێک لـە چـالاکـییە ئەنجامـدراوەکـانی مـرۆڤ”
زاراوەی رۆشـنبیری ـ لە نـاورۆک و پێکهاتەیـدا ـ لە بەهـا مرۆییەکان جـیانابێتەوە. رۆشـنبیری بـەردی بناغـەیە لە گەشەکـردن و لە گـۆڕان بـۆ بەرزتـر و دروسـتر لە رەفـتار و لە هەلسوکەوتەکانی مـرۆڤ، بووە بە بەشـێک گرنگ لە ژیانی مـرۆڤ و
لێی جیانابێتەوە. دەتـوانین بڵێين، رۆشنبیری بریتییە لە شارستانی مـرۆڤ لە رووی مـادی و رۆحـییەوە.
رۆشـنبیری هەمیـشە لە نوێبـوونەوە و لە گـۆڕان و داهـێنان دایـە. توانـای گـۆڕان و پێشکەوتنی کۆمەڵـگەی هەیە. لەم سەردەمەشدا، کە سەردەمی گـڵۆبالیزم و شۆڕشی تەکنەلـۆژیایە، بە هـۆی خێرایی و ئاسانی پەیوەنـدی و دەزگاکانی گەیاندنەوە، گەلانی
جهـیان لە یەکـتری نزیکـبوونەتەوە، سوودیـان لە رۆشـنبیری یەکـتری وەرگرتـوون، کـاریگەریشیان لەسەر رۆشـنبیری یەکـتری هـەیە. ئەمەش هـۆکـارێکی ئەرێنیـیە بـۆ
گەشەکردن و دەوڵەمندبوون و فـرە رۆشنبیری.. بەڵام هەر گەلێکیش، هەوڵدەدات کە
رەسەنایەتی و تایبەتمەندییەکـانی رۆشـنبیری خۆی لەدەست نـەدات و بیان پارێـزێت.
زانای ئەنترۆپۆلـۆژی ئینگـلیزی (ئەدوارد تایلـۆر: ١٨٣٢ـ ١٩١٧) لە پەرتووکێکیدا
بە ناوی (رۆشنبیریی سەرەتـایی) یەوە، لە ساڵی (١٨٧١) دا چاپیکـردووە، جـارێک زاراوەی (رۆشنبیری) بەکارهـێناوە، جارێکی تر زاراوەی (شارستانی) بەکارهـێناوە.
خۆی یەکلایی کـردەوە و وشـەی (رۆشـنبیری) پەسەنـد و جـێگـیرکرد.
تایلۆر لەو پەرتووکەیدا ئەم پێناسە کلاسیکییەی بۆ وشەی رۆشنبیری داناوە، دەڵێت:
“رۆشنبیری لە گەلێ شت پێکهـاتووە، وەکو زانیاری، بیروبـاوەڕ، هـونەر و ئـەدەب، رەوشـت، داب و نەریـتی کۆمەڵایەتی، یاسـا، هەمـوو تواناکـان و ئەو نەریتـانـەی کە مـرۆڤ وەکو ئەنـدامێک، لە کۆمەڵـەوە وەریـان دەگـرێت”
توێـژێنەرەکـان، بەدواداچـوون و لێکـۆڵـینەوە و لێکـدانـەوەی زیاتـریـان بـۆ وشـەی رۆشـنبیری کـرد. پێناسەی تـریان بۆ ئەم وشەیە دانـا. بە سەدان پێناسەیـان بۆ کرد.
بـەڵام تـا ئێستا پێـناسەکەی (تایلـۆر) بـووە بە هـەوێـن و بە بنەمـای پێـناسەکـان.
هەندێ لە زانایانی ئەنترۆپۆلۆژی بەم جۆرە پێناسەی رۆشنبیری دەکەن:”رۆشنبیری گـشت ئەو شـتانە دەگـرێتەوە کە گەلـێک لە گـەلان هـێنابێـتیانە ئـاراوە، ئیـتر یاسا و رێسا و کەلەپـووری کۆمەڵایەتی بن، یا شتە دروستکـراوە بەرهەم هـێنراوەکان بن”
(رۆبەرەت بـیرستـید) یش بەم شـێوە ساکـارە پێناسەی رۆشـنبیری دەکـات و دەڵـێت:
“رۆشنبیری ئەو شێوە پێکهاتەیە، کە بریتییە لە گشت ئەو شتانەی بیری لێدەکەینەوە
یا ئەو کـارانەی دەیـان کەیـن یا ئـەو شـتانـەی هەمـانن”
هەنـدێکی کە رۆشـنبیری بە سـتایلـێکی ژیـان دەزانـن.
لە پێناسەیـەکی تـردا لە پێناسەکان:”رۆشـنبیری بـریتییە لە کۆمەڵـێکی کۆی فاکـتەرە سـیاسی و کۆمەڵایەتی و هـزرییەکـان، ئەو فاکتەرانەن کە هەمووان لێـیان تێدەگەن و قـبۆڵـیان دەکـەن”
(جەواهـێر لال نەهـرۆ) ش دەڵـێت:” رۆشـنبـیری بـریتـییە لە یەکـێتی ئەقـڵ و رۆح”
(ئەندریە مالڕۆ) دەڵێت:”رۆشنبیری و زانستی پاچێکە بیرۆکەکانمانی پێ هەڵدەکەنین”
(جـۆن ستیوارت میل) یش دەڵێت:”رۆشـنبیری بەبی ئـازادی، ئەقـڵێکی فـراوانی ئازاد دروست ناکـات”

تا ئەمڕۆش چەمکی رۆشنبیری لە فـراوانبوون دایە، بە پێی گۆڕان و شوێن و کات و جیاوازییەکان لە داب و نەریت، پێناسەی زیاتری بۆ دەکرێ و شتی زیاتریش دەخرێتە سەری، شتە باونەماو و نەگونجاوەکانیشی لێ لادەبرێ. دەکرێت لێکۆڵینەوەی زیاتری لەسەر بکرێت، لەوانەشە لە داهاتوودا، پێناسەی تری بۆ بکەن و شتی نوی و بابەتی زیاتری بخـەنە سەر.
چەمکی رۆشـنبیری بە واتـا گـشتییەکەی ئەمـەیە:” کە لە هـەموو شتـێکـدا، شتـێکی لـێـبزانیت”
لە سـەدەی بیستەم لە ئەوروپـادا، بایـەخـێکی باشـیان بە وشـەی رۆشـنبـیری دا، لە ئێستاشدا رۆشنبیری پێگەیەکی گەورەی لە ئەدەب و رۆژنامەکانی ئەوروپیـدا هەیە.
هەنـدێ کەس بە وشەی (شارستانی) ناویـان بـردووە.
لە ئەمڕۆدا، رۆشنبیری بووە بە زمان و بە پێـوەری پێشکەوتن و بە مایـەی رێز و شکـۆداری و شانـازی بـۆ گـەلانی رۆشـنبـیر.
پەندێکی رووسی دەڵێت:”وەکو چۆن پەڕ تاووس دەڕازێنێتەوە، هەر بەم جۆرەش، رۆشـنبیری مـرۆڤ دەڕازێنێـتەوە”
بە کورتی لەو کاتەوە کە پێناسەی جۆراوجۆر بۆ چەمکی رۆشنبیری کراوە، وشەی رۆشـنبیری پێشکـەوت و هەمـوو لایەنەکـانی ژیـانی مـرۆڤ و بوارەکانی زانیـاری، زانستی، ئـەدەبی، هـونەری، کۆمـەڵایەتی، داب و نەریـت، رەفـتار و هەڵسوکـەوت، بەهـا مرۆییەکـان دەگـرێتـەوە.
لە هەموو حکومەتەکانی جیهـانیشدا، وەزارەتێک بە ناوی وەزارەتی رۆشنبیرییەوە هەیە، کە ئەرکی چالاکی و گەشەکردن و پێشکەوتنی رۆشنبیری لە ئەستۆ گرتووە.

لە زۆربـەی وڵاتـە پێشکەوتووەکانی جیهانـدا، لە هەر شار و شارۆچکە و دێیەکـدا، چەندین یانە و کۆمەڵە و گروپ و دەزگا و مەڵبەندی کولتووری یا رۆشنبیری هەن.
شایەنی باسیشە، لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی ئەوروپا و ئەمریکا و ئوسترالیا،
کە رەوەنـدی کـوردیـان لێ هـەیە. “کـۆمەڵـەی کـولـتووری کـوردی” یا ” کۆمـەڵەی رۆشـنبیری کـوردی” و “گـرووپی هـونـەر و ئـەدەبی کـوردی” شیان لێ هـەن.
ساڵانـە چەنـدیـن چـالاکی پێشکـەش دەکـەن. ئـاهـەنـگی جـەژنی نـەورۆز دەگـێڕن و
یـادی ساڵـڕۆژی بـۆنـە نەتـەوەییـە خـۆش و نـاخـۆشـە کوردییەکـانـمان دەکـەنـەوە.
رۆڵـیکی گـرنگـیان هـەیە، لە ناسانـدن و گەیانـدنی رۆشـنبـیری و هـونەر و داب و نەریتی رەسـەن و جـوانی کوردیمان بە نەوی نوێمان لە تـاراوگـەدا، ئاشناکـردنیشـیان بە گـەلانی ئـەو وڵاتـانـەی کە لـێـیان دەژیـن.

رەزا شـوان
نەرویـج: ١ی/ ئادار/ ٢٠٢٠