دراگۆن و کاوبۆی،”ململانێی نێوان چین و ئەمریکا وەکوو دوو مۆدێلی سەرمایەداری “

  

عدنان کریم / سیدنی

شێوازی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری ( کاپیتاڵیزم ) سیستمی زاڵی تاقانەی جیهانی ئەمڕۆی ئێمەیە. پەیوەندیە کۆمەڵایەتی وسیاسیەکانیش ڕەنگدانەوەی هەمان ڕاستین. جیاوازیی شێوەکانی ئەو سیستمە واتە بازاڕی ئازاد وموڵکداریەتیی تایبەت یا کۆنترۆڵکردنی بەشێك یاخود بەشی زۆری مڵکداریەتیی سەرمایە لەلایەن دەوڵەتەوە ، ئەو بنەما نەگۆڕەی پێشوو ناباتە ژێر گومان یاخود پرسیارەوە. لێرەداقازانج نەك سوودبەخشیی بەرهەم بۆ مرۆڤ مۆتیڤی پرۆسەی بەرهەمهێنانە. لە شۆڕشی پیشەسازی بەدواوە هیچکات هێندەی ئێستا پرۆسەی بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتی بەمجۆرە مۆرکی زاڵی سەرمایەداریانەی بەخۆوە نەدیتووە.
لەنێوان ساڵانی 1917 _ 1989 هێژیموونیی ( الهیمنة ) سەرمایەداری وەکوو شێوازی باو وڕۆتینی ڕێکخستنی پرۆسەی بەرهەمهێنان ، کەلێن و درزێکی گەورەی تێکەوت بەهۆی هەڵگیرسانی شۆڕشی سۆسیالیستیی ڕووسیاوە.
ئەو دابەشبوونەی ئابووریی جیهان ، لە 1945 بەدواوەو بەهۆی فراوانبوونەوەی سیستمی سۆسیالیستی و دابەشبوونی جیهان بە دوو ئۆردوگای سۆسیالیستی و سەرمایەداریەوە تەکانێکی گەورەتری بەخۆیەوە بینی. ساڵانی نێوان 1917 _1989 ناسراوە بە قۆناغی تووندبوونەوەی ململانێی نـێوان هەردوو مۆدێلی سەرمایەداری و سۆسیالیستی کە شێوازی بەرهەمهێنان و ناکۆکیی نێوان ئەو دوو مۆدێلە بناغەی سەرجەم بوارەکانی تری ململانێی سیاسی وئایدیۆلۆجی و دیبلۆماسی و سەربازیی پێکئەهێنا. لەم قۆناغەدا بلۆکی سۆسیالیستی بوو بە مۆدێلی چەسپاو لەناو 3/1 ی دانیشتوانی گۆی زەویدا.
ساڵی 1989 سیستمی سۆسیالیستی بەتەواوی شکستی هێنا و ڕووخانێکی دراماتیکیی تووشبوو. تا ئەوسەردەمە لە ئەدەبیاتی سیاسیدا ، ئەو قوناغە بەوە پێناسەئەکرا کە سەردەمی ململانێ و کێبڕکێی نێوان سۆسیالزم و سەرمایەداری تایبەتمەندیی زاڵی هەموو جیهانە، بەڵام بەدوای ڕووخانی ئۆردوگای سۆسیالیستی ، جارێکی تر سەرمایەداری ئەبێتەوە بە سیستمی تاقانە و بێ ڕەقیبی ئابووری وکۆمەڵایەتیی جیهان.
بەڵام زاڵبوونەوەی سەرلەنوێی سەرمایەداری وەکوو تەنیا مۆدێلی زاڵ لە جیهاندا بەمانای کۆتایی یا بنەبڕبوونی قەیران و کێشەی ئەم مۆدێلی بەرهەمهێنان و سەرجەم ئەو سیستمە نیە و نەبووە. هەر ئێستا لە مەڵبەندەکانی توێژینەوە و تینکتانکەکانی Think Tanks ڕۆژئاوادا زووزوو گوێبیستی کۆمێنتی لە چەشنی قۆناغی دوایی سەرمایەداری Late Capitalism وتەنانەت جۆرێك لە هاتنەوەئارای لـێرە و لەوێی سۆسیالزم ئەبین.

گەرچی سەرمایەداریەداری و قەیران دووانەیەکی لێکدانەبڕاون کە دواترینیان قەیرانی 2008 بوو کە شێوازی ڕکوودی ئابووریی بەخۆوە گرتEconomic Recession بەڵام ئەوەی دیار و لە ئایندەی نزیکیشدا شیاوی پێشبینی بێت بریتیە لەو ڕاستیەی کە کاپیتاڵیزم بەگشتی لە ئێستادا لە هیچ لایەکەوە ڕووبەڕووی هەڕەشە یا مەترسیی گەورە وبەتایبەتی ڕووبەڕووی هەڕەشەیەکی وجوودی نەبۆتەوە ولە دنیای ئەمڕۆدا مونافیس و ڕەقیبێك لەمەیدانی کێبڕکێ لەگەڵ سەرمایەداری لە مەیداندا نابینرێت گەر تووشی پەتای ڕیتۆریکی ( ڕستەی شۆڕشگێڕانە ) نەبووبێتین.
بەپێچەوانەی ئەوەوە لە ئەمڕۆدا مۆتوڕی ئاڵوگۆڕەکانی سیستمی سەرمایەداری لەشوێنێکی تردا بەرجەستە بۆتەوە کە ئەویش بریتیە لە ململانێی ناوخۆیی لە نێوان ووڵاتانی سەرمایەداریی ئەمڕۆ و بەدیاریکراویش لە نێوان هەردوو مۆدیلی سەرمایەداریی ئەمریکی و چینی کە لە دنیای ئەمڕۆدا شانیان لەیەك گیرکردووە. ئەم ململانێیە خەسڵەتێکی جەوهەریی سیستمی سەرمایەداریی ئەم قۆناغەیە و هەموو ناکۆکی و ململانێکانی تری ئەم سیستمەی خستۆتەلاوە و کاریگەریی تووندی لەسەریان داناوە.
من لێرەدا مەبەستم نیە بچمە ناو ووردەکاریەکانی سیستمی کۆمەڵایەتی و سیاسیی زاڵ لە چیندا و تەنیا مەبەستم شیوازی ڕێکخستنی بەرهەمهینانی کۆمەڵایەتی و ئابووریی ئەو ووڵاتەیە وەکوو مۆدێلێکی جیاواز لە شێوازی بەرهەمهێنانی کلاسیکیی سەرمایەداریی هاوچەرخ کە نموونەکەی زیاتر لە ڕۆژئاوادا گیرساوەتەوە.
جیاوازیی نێوان ئەم دوو مۆدێلەی گەشەی سەرمایەداری تەنیا لەبواری ئابووریدا پەنگناخواتەوە بەڵکوو پەلی هاویشتووە بۆ سەرجەم کایە کۆمەڵایەتی و سیاسی و کەلتووریەکان.
ماتۆڕی ناوەکیی مۆدیلی سەرمایەداریی ڕۆژئاوا بریتیە لە ئابووری و مڵکداریەتیی کەرتی تایبەتی Private Sector هەرچی مۆدێلی سەرمایەداریی چینیە لەسەر بناغەی ڕۆلی سەرەکیی و جێگەی پێشەنگی دەوڵەت لەبواری بەرهەمهێنان و پلاندانان و سەرجەم ژیانی ئابووریدا ڕاوەستاوە.
ناوهێنانی ئەوەی دووەم بە مۆدێلی چینی نابێ ئەو ڕاستیە پەردەپۆش بکات کە مۆدێلی ئابووریی ناوبراو لە زۆر شوێنی تری جیهانیش بالادەستیەکی بەرچاوی هەیە وەکوو ڤێتنام ، ڤەنزویلا، سەنگاپور ، ڕووسیا ، ئازەربایجان ، جەزائیر ، ڕواندا ، ئەسیوبیا و میسر و زۆر ووڵاتی تر.
خاسیەتی جەوهەریی مۆدێلی ئابووریی چینی لەوێدا بەرجەستە ئەبێتەوە کە دەوڵەت وەکوو کیانێکی سیاسی هەم ڕۆڵی ئەندازیار و پلاندانەری هەموو کایە و کەرتە ئابووریەکان و هەم کەرتی سەرمایەی ژێردەسەڵاتی دەوڵەت کاریگەرترین ، بەهێزترین و ستراتیجیترین بەشی ئابووری و بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتی لەخۆیان ئەگرن و ڕۆڵی ماتۆڕ ودڵی زیندووی سەرجەم بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتی ئەبینێت گەرچی لە چینی هاوچەرخدا ڕێژە و قەبارەی ئابووریەك کە لەلایەن سەرمایەی کەرتی تایبەتەوە مولکداری ئەکرێت ڕوو لە زیادبوون بووە.

ئەمڕۆ هەردوو مۆدیلی ئابووریی ناوبراو لەپانایی جیهاندا هەیمەنەیان کردۆتەسەر کۆمەڵگای مرۆیی جگە لەسەرمایەداریی ڕەیعی کە بەسەر هەردوو مۆدیلەکەدا دابەش بووە وەکوو نموونەکانی لە ئیماراتی عەرەبی ، سعوودیە ، ئێران ، نایجیریا و زۆر ووڵاتی تردا دەبینرێت.
شێوازەکان و ئامرازەکان ململانێ ( منافسة ) لە نێوان ئەم دوو مۆدێلەدا هەمان شێواز و ئامرازەکانی ململانێی نێوان بلۆکی سەرمایەداری و کۆمۆنیستیی پێشوو نین. ئامانجەکانی پشت ئەم ململانێیەی ئەمڕۆی نێوان ئەم دوو بلۆکەی سەرمایەداریی جیهانیش جیاوازن لەوانی پێشووتر. بەڵام ئەوەی گومانی تیا نیە ئەو ڕاستیەیە کە ململانێی Competition نێوان ئەم دوو مۆدێلە ،کە یەك ناوەڕۆکی هاوبەش و دوو فۆرمی جیاوازیان هەیە ، ڕۆڵی سەرەکی دەبینن لە نەخشاندنی بارودۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسیی ئێستا و داهاتووی نزیکی دونیای ئێمە و هەر ئێستا سەرتاپای جیهانیان کردووە بە گۆڕەپانی ململانێیەکی گەورە و بەهێز.

گرنگترین خاسیەتەکانی دراگۆنی چینی Chinese Dragon
ئابووری زەبەلاحی چینی ئەمڕۆ قەرزارباری ئەو ڕیفۆرمە ئابووریە بنەڕەتیەیە کە لە ساڵی 1977 دا لەسەر دەستی دینگ سیاو پینگ دەست پێکرد. لە ساڵی 1978 دا دەوڵەت و کەرتی گشتی خاوەنی ١٠٠٪ قەبارەی گشتیی ئابووری ووڵات بوو و مڵکایەتیی تایبەت لە بوارەکانی پیشەسازی، کشتوکاڵ ، بازرگانی ( دەرەکی و ناوخۆیی ) لە ئاستی سفردا بوو. لە ساڵی 2019 ئەو ڕێژەیە ئاڵوگۆڕێکی ژێرخانیی گەورەی بەسەردا دێت بەجۆرێك دەوڵەت تەنها خاوەندارێتیی 20 ٪ ی لەدەستدا ماوەتەوە و 80 ٪ ی بەرهەمهێنانی ئابووری بە گشتی لەژێر دەستی کەرتی تایبەتدا ئەنجام ئەدرێت.
تا ساڵانی کۆتایی هەشتاکانی سەدەی بیستەم دەوڵەت خاوەندارێتیی زۆربەی ئابووریی ووڵاتی ئەکرد و ڕێژەی کەرتی تایبەتی و ڕۆڵی لە چالاکیی ئابووریدا لاواز بوو. لەسەرووی ماشینی دەوڵەتیشەوە حیزبی کۆمۆنیستی چین و بیرۆکراتیەتی حیزبی دەسەڵاتی ڕەهای هەبوو وەکوو ماشینی سەرەکیی کۆنترۆڵکردن وپلاندانانی پرۆسەی گەشەی ئابووری.
بەدوای ڕووخانی ئۆردووگای سۆسیالیستیی سۆڤیاتیدا بارودۆخی چین و لەنێویشیاندا ئەو هاوکێشەیەی پێشوو ئاڵوگۆڕی قووڵی بەسەرداهات. دەوڵەت و حیزب دووەمین پرۆژەی ڕیفۆرمی ئابووریان خستە بواری جێبەجێکردنەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو بارودۆخە سیاسی و ئابووری و فکریەی کە بەشوێن ڕووخانی بلۆکی سۆسیالیستی و جیهانی تاك قوتبی و نیزامی نوێی جیهانیدا هاتبوونە ئاراوە. ئەم پرۆژەی چاکسازیە زۆر فراوانتر بوو لەوەی کە دینگ سیاو پینگ لە کۆتایی حەفتاکاندا لەدوای مەرگی ماوتسیتۆنگ پیادەی کرد.
تایبەتمەندیی سەرەکیی ڕیفۆرمی ئەم قۆناغە بریتی بوو لە پێدانی ئیمتیازات وبواری زیاتر بە کەرتی تایبەتی و فراوانکردنەوەی بواری زۆرتر بۆ مڵکداریەتی و سەرمایەگوزاریی ناوخۆیی و دەرەکی و سەدان یاسا و پرۆژە بۆ ئاسانکردنی ئەو پرۆسەیە پەسەندکران بێئەوەی هیچ پاشەکشەیەك بکرێت لەبواری ماهیەتی سیاسیی سیستمی دەسەڵاتداردا.
لەدرێژەی ئەم ئاڵوگۆڕانەدا و بۆ یەکەمینجار توێژی ئیلیتی کەرتی ئابووری تایبەت سەری هەڵدا وگەرچی لەچاو بیرۆکراتیەتی حیزبیی دەسەڵاتداردا خاوەنی پایگایەکی سیاسیی ئەوتۆ نەبوو بەڵام ڕۆژ بەڕۆژ ئەم توێژە کۆمەڵایەتیە نوێیە ئەبوو بەخاوەنی پایگایەکی ئابووری و پاشان کۆمەڵایەتیی بەهێزتر و فراوانتر. ئیتر دیاردەکانی ئابووریی سەرمایەداری و کاریگەریە کۆمەڵایەتیەکانی وەکوو بێکاری و هەڵئاوسان و قووڵبوونەوەی جیاوازیی چینایەتی و گرانی و گرێدانەوەی بەهای بازاڕ و شتومەك بە میکانیزمی ڕاستەوخۆی بازاڕەوە بوون بەدیاردەی بەرینی ناو کۆمەڵگای چین بەتایبەتی لەسەدەی نوێ بەدواوە. بە پێی پێوەری Coefficient Gini کە تایبەتە بە پێوانەکردنی نایەکسانی لە بواری دابەشکردنی داهاتدا و بۆ نیشاندانی ئاستی یەکسانی لەداهاتەکاندا لەنێوان ساڵانی 1985 – 2010 دا ڕێژەکە لە 0.30 ەوە بازیدا بۆ 0.50 وبەوجۆرە ڕادەی نایەکسانی لەدابەشکردنی داهات و سامانی نیشتیمانیدا لە چین کەوتە دوای ئەمریکا و بوو بە هاوتای ووڵاتانی ئەمریکای لاتینی.

شایانی بەبیرهێنانەوەیە کە ئەو ئاڵوگۆڕە لە پایگای هەردوو کەرتی تایبەتدا کە ئاشکرا بەقازانجی بەهێزبوونی سەرمایەی کەرتی تایبەتە هاوتا نەبووە لەگەڵ هیچ ئاڵوگۆڕێك لە هیژیمۆنی ( هیمنة ) ی دەوڵەت و سیستمی تاك حیزبی و ئیدارەی بیرۆکراتی لە ووڵاتدا. هێشتا و سەرباری ئەو ئاڵوگۆڕە بونیەویانە لە بنەمای ئابووریی چیندا ، دەسەڵاتی سیاسی درێژە بە مۆمۆدێلی ئۆتۆریتاریان Authoritarian ئەدات و نە هەڵبژاردنی ئازاد و نە ئازادیی دەربڕین بەمانا دیموکراسیە ڕۆژئاواییەکەی و نە ئازادیی چاپەمەنی و سیستمی چەند حیزبی و ….تاد لەو ووڵاتەدا بوونیان نیە.
مۆدیلی گەشەی کەم وێنەی ئابووری چین لەسایەی دەسەڵاتێکی ئۆتۆریتاریدا ، بەو خەسلەتە سیاسیانەوە کە ئاماژەی پێدرا ، ئەو تیۆریە دێرینەی فکری سیاسیی لیبرالیزمی پووچەڵکردەوە کە پێیوابوو تەنها دیموکراسیی لیبرالی ئەتوانێ بەباشترین شێوە پێویستیەکانی گەشەی سەرمایەداری دابین بکات.

بەو مانایە بوونی ناکۆکیەکی گەورە لە کارکردی ئابووریی چیندا بووە بە ڕاستیەکی زەق کە بریتیە لەوەی لەلایەکەوە پایگای چین لەئاستی جیهاندا هەرچی دێ بەهێزتر بووە و بە پێی پێوانەی ڕەها و ڕێژەییش بەشی ئەم ووڵاتە وەکوو زلهێزێکی زەبەلاح لە ئابووریی جیهانیدا زۆر زیادی کردووە بەڵام ڕێژەی نایەکسانی لەناوخۆی ووڵاتەکەدا شانبەشانی ئەوە زیادی کردووە و بەشی زیاتری داهات و سامانی کۆمەڵایەتی بەر کەمینە و ئیلیتی سەرمایەداریی نوێی کەرتی تایبەت کەوتووە. ئەوە لەڕواڵەتدا ڕەوتێکی ناکۆك بەیەك نیشان ئەدا بەڵام لەڕاستیدا یەکێك لە هۆکارە سەرەکیەکانی گۆڕانی چین بەو زلهێز و دراگۆنە زەبەلاحە ئابووریە جیهانیە ئەگەڕیتەوە بۆ هەمان خەسڵەتی ناکۆکی کارکردی گەشەی ئابووری ئەو ووڵاتە کە ئەویش بوونی هێزی کاری هەرزانی سەدان ملیۆنیی چینە ،کە جگە لە هیندستان ، هیچ ئابووریەکی گەورەی جیهانی بەئەندازەی ئەو لێی بەهرەمەند نیە و سەرچاوەی بەلێشاوی قازانج وهۆکارێك و پێشمەرجێکی ئەو گەشە کەموێنە مێژوویەیە.
بەڵام ڕەوتی نایەکسانی بەردەوامی دابەشکردنی داهات و سامانی کۆمەڵایەتی لەسایەی سەرمایەداریی مۆدێلی چینیدا دیاردەیەکی ڕێژەییە هەر بۆیەش ڕادەی هەژاری بەپێچەوانەوە لە پاشەکشەدایە و ئاستی گوزەرانی گشتیی خەڵك و چینی کەمدەرامەتیش زۆر ڕووی لەسەربووە. ئەو ڕەوتە ناکۆکانەی پرۆسەی گەشەی ئابووریی چین خۆشی و لەهەمانکاتدا جۆرێك لە ئاشتەوایی چینایەتی و کۆمەڵایەتیی بەرهەمهێناوە و تیگەیشتن لەو دیاردەیە یارمەتیدەرە بۆ دەرککردنی ئەو ئارامیە سیاسیە کەم وێنەیەش کە کۆمەڵگای چینی بەخۆیەوە دەیبینێت.

ئەم ڕاستیەی باسمان کرد کلیلی تێگەیشتن لە ڕۆڵ و پایگای ئەو ئیلیتە ئابووری و کۆمەڵایەتیە نوێیەشە کە بەرهەمی ئەو ئاڵوگۆڕە جەوهەریانەی ناو هەناوی کۆمەڵگا وفۆرمی نوێی گەشەی ئابووریە. ئەم توێژە کە بەتایبەتی دوای ڕووخانی ئۆردووگای سۆڤیات و شەپۆلی جیهانگیریی قۆناغی ساڵانی دوایی سەدەی پێشووە سەرهەڵئەدا ، بەشێکی زۆریش پەیوەندیەکی تووندی لەگەڵ ئەو سەرمایەگوزاریە دەرەکیەدا هەیە کە هاوزەمان لەو قۆناغەدا ڕوویان کردۆتە بازاڕی کاری هەرزانی چین. ئەم توێژە ئابووریە نوێیە ،گەرچی خاوەنی پایگایەکی ئابووری و کۆمەڵایەتیی بەهێزە ، بەڵام بەپێچەوانەی ووڵاتانی سەرمایەداریی لیبرال – دیموکراتەوە ، ڕازیە بە دوورەپەرێزی و بێ ڕۆڵیی سیاسییی پاسیڤی تا ئێستای و هیچ تەماحێکی سیاسیی سەربەخۆی نیە و تەماهی بووە لەگەڵ سیاسەتی بیرۆکراتیی حیزب – دەوڵەتی چیندا و سەرگەرمی کەڵەکەی سەرمایە و قازانجی خۆیەتی . ئەو دیاردەیە نەك ناکۆك نیە بەڵکوو خاسیەت و بەرهەمی مۆدێلی سەرمایەداریی دراگۆنیی چینە کە نموونەکان وکارکردەکانیم باسکرد.
هەموو ئەو ڕەوتانە پێکەوە ، لەڕووی سیاسیەوە ، کۆمەکیان کردووە بە شکڵگیریی جۆرێك لە هاوپەیمانیی نیشتیمانی و تەوافوقی کۆمەڵایەتی کە لەسەر بنەمای سێکوچکەی دەوڵەتێکی کۆنترۆڵکراو لەلایەن حیزبەوە ، ئیلیتێکی مودرینی ئابووریی چالاك و داینامیك لەپاڵ چینێکی کرێکاری خامۆش بەڵام سوودمەند و خاوەنی پایگایەکی کۆمەڵایەتی نەك سیاسیی بەهێز.
٢٠ ساڵی ڕابووردوو قۆناغێکی مێژوویی دیار و کەموێنەی گەشەی ئابووریی ووڵاتی چین بوو. لەم قۆناغەدا کە جیهانگیری ( گڵۆبالیزەیشن ) گەیشتە ئاستێکی سەرسامهێنەری وا هەموو ڕیکۆردەکانی لەوەوپێشی تێکشکان ، چین توانی بە شێنەیی ، بەڵام لە پرۆسەیەکی عیملاق و کەموێنەی گەشەی ئابووریی مێژوویدا ، گاپ و کەلێنی نێوان ووڵاتەکەی لەگەڵ ڕۆژئاوا بە گشتی و ئەمریکا بەتایبەتی هەرچی کەمتر بکاتەوە.

گەرچی ئەم گەشەسەندنە ئابووریە هەموو بوارەکانی گرتەوە بەڵام بەتایبەتی بوارەکان پیشەسازیی سووك و قورس و بواری ئینفۆرمەیشن و پەیوەندیەکان (کۆمیونیکەشن ) و زانست و I T کەرتی سەرەکیی ئەم ئاڵوگۆڕانە بوون.
پێشئەوەی چین وەکوو زلهێزێك پێبنێتە ناو یاریگای کێبڕکێی جیهانیەوە و ببێ بەم دراگۆنە زەبەلاحەی ئێستا و شان لە شانی ئەمریکا و ژاپۆن و ئەوروپا بدات کە خاوەنی یەکجۆر مۆدێلی ئابووری بوون و بەهەرسیکیان سی زلهێزی یەکەمی ئابووریی جیهانین پیهئەهێنا ، ئەبوایە چین سەرەتا لەناوخۆدا دەست بداتە جیبەجیکردنی پرۆژەیەکی گەورە و زەبەلاحی ریفۆرمی ئابووری و ئیداری. چین نەیئەتوانی بەبێ بازارێکی ناوخۆی بەهێز و بردنەسەری ئاستی گوزەرانی دانیشتوانە هەزار ملیۆنیەکەی ئەوکاتی بەخەویش بیر لەو قەڵەمباز و گەشە ئابووریە گەورەیەی نەوەتەکان بەدواوە بکاتەوە چونکە بوون بەئەندامی کڵاپی زلهێزە ئابووریەکانی جیهان بەگەلێکی برسی و ئاستێکی نزمی دەرامەت وبازاڕێکی ناوخۆیی کەم قەوارە و مۆدێلێکی مردووی ئابووری و سکهەڵڵوشینی ئابووریی خەڵکەکەیەوە ئەستەم و دژوار بوو.
بەپێی پێوەری Gini Coefficient کە تایبەتە بە پێوانەکردنی نایەکسانی لە بواری دابەشکردنی داهاتدا، لەدەساڵی نەوەتەکانی سەدەی پێشوودا ( 1990 ) ئەو ڕێژەیە لە چیندا لە 0. 70) ( ەوە دادەبەزێ بۆ (0.60 )واتە نایەکسانی لە داهاتدا ١٠ یەکە ( وحدة ) ی پێوانەیی دابەزیوە و ئەندازەیەکی باشتری یەکسانی لەقازانجی چینی کەمدەرامەتدا ڕوویداوە. ئەم ئاڵوگۆڕە لە دوو دەیەی دواتریشدا لەبواری چوونەسەری یەکسانی لەو وولاتەدا بەردەوام بووە و ئەم ڕێژەیە بۆ ساڵی 2018 بووە بە ( 0.468 ) .

هەر بە پێی هەمان پیوەر ڕادەی یەکسانی لە بواری داهات لەناوخۆی ئەمریکادا بە ئاراستەی ڕۆیشتنی بەشی زۆرتری سامانی کۆمەڵایەتی بۆ چینە باڵادەستەکان و بەشێکی کەمتری بۆ چینە کەمدەرامەتەکان ڕۆیشتووە. لەساڵی 1979 ڕیژەکە 0.35 ) ( بووە بەڵام لەساڵی 2019 دا بەرزبۆتەوە بۆ 0. 45) ).
هۆکاری سەرەکیی زیادبوونی ئەو نایەکسانیە لە ئەمریکادا بەگشتی ئەگەڕێتەوە بۆ : لاوازیی سەندیکا و نیقابە و یونیۆنەکان ، بەستەڵەکی کرێکان Wage Stagnation ، هەڵئاوسان و چەنین هۆکاری تری هاوچەشن کە بەشێکن لەکارکردی مۆدێلی گەشەی سەرمایەی ئەمریکی.
لەلایەکی ترەوە و گەرچی و بەهۆی ئەو هاوکێشە ئابووریە نوێیەوە کە لە ئاستی جیهاندا لەئەنجامی جێگرتنی چین وەکوو دووەم زلهێزی جیهانی سەریهەڵداوە ، ئاستی دابەشبوونی داهات لە نێوان ووڵاتانیشدا گۆڕانی ڕێژەیی لەقازانجی چیندا بەسەردا هاتووە و چین بەگشتی بەهرەمەند بووە لە ڕێژەیەکی زیاتری داهات وسامانی جیهانی بەبەراوورد لەگەڵ ئەمریکادا ئەمەش لەکاتێکدایە کە ڕادەی دابەشبوونی داهات لەناوخۆی ئەمریکادا ، لەڕووی چینایەتیەوە ، بە زیانی چینەکەمدەرامەتەکان و قازانجی ئەو توێژە 10 ٪ دا بووە کە 80 ٪ ئابووریی ووڵاتیان کۆنترۆڵکردووە. هەرچی چینە ئەوە ئەم ڕێژەیە ڕێك پێچەوانەی نموونە ئەمریکیەکەیەتی. لەناوخۆی ووڵاتدا چینە کەمدەرامەتەکانی ووڵاتی چین ، لەنێوان 1990 – 2015 دا ، هەم لەڕووی ڕیژەیی و هەم لەڕووی ژمارەیی ڕەهاوە ( مطلق و نسبي ) ، بە زمانی ئابووریزانەکان ، و هەمیش بەبەراووردی ڕێژەیی لە ئاستی جیهانیدا ، وەکوو پێشتر نموونەیەکمان لێی هێنایەوە ، بەهرەمەندبوون لە بەشێکی گەورەتری کێکی ئابووری و بەرهەمی گەشەی ئابووری وولاتەکەیان.
لەکاتێکدا کە ڕادەی گەشەی ساڵانەی ئابووری چین لە ساڵی 2018 دا ئەگاتە 6.6 ٪ ئەو ڕادەیە لەئەمریکا لە 2.3٪ تێنەپەڕیوە. هەر لەو ساڵەدا لە کاتێکدا تێکڕای بەرهەمهێنانی نیشتیمانیی Gross Domestic Production واتە GDP لە ئەمریکا خۆی ئەدا لە 21.427 $ تریلیۆن ئەم ڕێژەیە بۆ چین بەرزبۆتەوە بۆ 14.140 $ تریلیۆن یاخود 98 تریلیۆن یوان .

کێبڕکێی کاوبۆی و دراگۆن !!
بنەڕەتیترین خەسلەتی جیهانی سەرمایەداریی هاوچەرخ بریتیە لە کێبڕکێی تووند و بەهێزی نێوان ئەو دوو جەمسەرە ئابووریە جیهانیە و تەرازووی هێزێکی نوێ کە لەو بوارەدا هاتۆتە ئاراوە لەو کاتەوە کە چین توانی ، لەپرۆسەیەکی خێرای دەساڵیدا ببێت بەجێگرەوەی ژابۆن و بەوجۆرە ، دوای ئەمریکا ، پایگای دووەمین زلهێزی جیهانی داگیر بکات.
گەرچی تووندبوونەوەی ململانێی نێوان ئەمریکا و چین زیاتر لە قاڵبی کێبڕکێیەکی جیۆپۆلیتیکیدا خۆی دەرئەخا بەڵام ئەوە تەنیا پەردەیەکی ناسکە و لە پشتیەوە ڕاستیەکی تر خۆی حەشارداوە کە بریتیە لە کێبڕکێی تووندی مۆدێلی چینی و ئەمریکی لەهەموو بوارە ئابووریەکاندا.
( لە 1970 دا ڕۆژئاوا 56 ٪ بەرهەمی ئابووریی جیهانی دروست ئەکرد لەکاتێکدا ئاسیا بە ژاپۆنەوە 19 ٪ ی بەردەکەوت. ئەمڕۆ پاش سێ نەوە لەو میژووە هاوکێشەکە گۆڕاوە بۆ 37 ٪ بۆ لایەنی یەکەم و 43 ٪ بۆ دووەم. ئەو ئاڵوگۆڕە گەورەیە بەپلەی یەکەم بەرهەمی ئەو گەشە ئابووریە سەرسووڕهێنەرەیە کە لە ووڵاتانی وەکوو چین و هیندستاندا ڕوویداوە.) P 13 Foreign Affairs
قەڵەمبازی کەم وێنەی هاوچەرخی ئابووریی چین دیاردەیەکی کەم وینەیە لە مێژووی دوور یا نزیکدا. هاتنی چین وەکوو زلهێزێکی ئابووری بۆ سەر شانۆی جیهان هاوکات بوو لەگەڵ شەپۆلی بەجیهانیبوونی کۆتایی سەدەی پێشوو. ئەو هاوزەمانیبوونە زەخم و تین و تاوێکی تری دا بە ئابووری چین کە خۆی بێ لەوەش خاوەنی دینامیزمێکی نموونەیی بوو. ئەم گەشەکردنە کە هەم لەڕووی ئاسۆیی و عەموودیەوە هێز و گوژمێکی تایبەتی هەبوو ،کارلێکی جیهانیی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا وبەردەوامیش کاریگەریەکانی لە قووڵبوونەوەدان. جگە لەوە ئەبێ ئەو ڕاستیەشمان لێ وون نەبێ کە گەشەی ئابووریی چین سەرەتا وەك هەر پرۆسەیەکی ئابووری لە چوارچێوەی بازاڕی ناوخۆوە دەستی پێکرد بەڵام لەسەروبەندی ئابووریەکی بەجیهانیبوودا پرۆژەی ڕیفۆرمی ئابووریی دووەمی دەستپێکرد. ئەم گەشە ئابووریە بەهۆی تایبەتمەندیەکانی ئابووریی چینیەوە هەر زوو کەوتە بەردەم بەربەستی توانای کەم و بەرتەسکی بازاڕی ناوخۆیی وئەو بازاڕە بوو بە چوارچێوەیەکی تەسك و بگرە بەربەست بۆ هەڵمژین و ئیحتیواکردنی ئەو گەشە ئابووریە داینامیکە. لیرەوە و وەکوو پێویستیەکی حەتمی دیاردەی دەرکەوتنی چین لە شانۆی ئابووری جیهانیدا چ لەبواری بازرگانی یا بواری سەرمایەگوزاریی جیهانی ، ئەبێ و بوو بەڕاستیەکی چاوەڕوانکراو.
ئەم پرۆسەیە، واتە بەهێزبوونی پایگای ئابووریی چین لە ئاستی جیهانیدا، بەشێوەیەکی چاوەڕوانکراو و ئۆتۆماتیکی ئەبێتە مایەی پێکدادانی نێوان ئەم مۆدێلەی گەشەی سەرمایەداری لەگەڵ مۆدێلی کاپیتاڵیزمی ڕۆژئاوا و بەتایبەتیش ئەمریکا. بەوجۆرە یەکێك لەکاریگەرترین دیاردەکان لە 20 – 25 ساڵی ڕابووردوو، لەڕووی ئابووریەوە لە ئاستی جیهاندا ، بریتیە لەدەرکەوتنی چین وەکوو زلهێزێکی ئابووریی جیهان کە لەپرۆسەیەکی خێرا و نائاسایی 20 ساڵیدا بوو بەدووەمین هێزی ئابووریی جیهانی ئەمڕۆی ئێمە.
ڕاستە لەدیدی خەڵکی جیهانەوە مۆدێلی دەسەڵاتی بیرۆکراتی – حیزبی و سیستمی سیاسی ئۆتۆریتانی Authoritarian چینی هێندەی مۆدێلی دەسەڵاتی لیبرال – دیموکراتی ئەمریکا و ڕۆژئاوا جێپەسەند و دڵگیر نیە بەڵام ئەوە نەیتوانیوە ببێت بە ڕیگر لەبەردەم چیندا تا بەوپەڕی هێزەوە حوزورێکی گەورەی هەبێ لەبواری پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکان و لەئاستی جیۆپۆلیتیکی و بازرگانیی نێودەوڵەتیدا.

چینی ئەمڕۆ بەکارخانەی هەموو جیهان ئەشوبهێنرێت. ئەم ووڵاتە بەچەکی هێزی ئابووری و هێزی لەبن نەهاتوو و داینامیکی مۆدێلێکی ئابووری کە زۆر بەتواناترە لە مۆدێلی گەشەی سەرمایەداریی کلاسیکی ڕۆژئاوا لە بواری موبەلایزکردنی هێزی کار وسەرچاوەکان و بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتی ، ڕێکخستنی زیندووی پرۆسەی بەرهەمهێنان ، تەنانەت لەناوخۆی بازاڕی ئەمریکاشدا تەنگی بەو ووڵاتە هەڵچنیوە و وەکوو هێزێکی کێبڕکێکەری زەبەلاح یەخەی بەسەرجەم بلۆکی سەرمایەداریی ڕۆژئاوا گرتووە ولەدوای ڕووخانی ئۆردووگای سۆڤیەتیەوە بووە بە گەورەتری چاڵێنج بۆ ئۆردووگای ڕۆژئاوا وبەتایبەتی بۆ ئەمریکا.
ئیدارەدانی پرۆسەی بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتی لەو ئاستە فراوانەی وولاتی چیندا و خستنەگەڕی ئۆردووی فراوانی هێزی کار و مۆدێلێکی بازرگانیی چالاك و تۆکمە لەئاستی جیهاندا ، بازاڕێکی ناوخۆیی گەورە و فراوان و داینامیك توخمەکانی تری بەرهەمهێنانی ئابووریەکی قەبە و ئەنجامدانی ئاستێکی بەرز و داینامیکی گەشەکردن ، هەموو پێکەوە لەسایەی سیستمێکی سیاسیی ئۆتۆریتاریانی سەنتراڵدا توخمە جەوهەریەکانی مۆدیلی دراگۆنی سەرمایەداریی چینیی ئەم سەردەمە پێکدێنن.
تا ئەم چرکەساتە مۆدێلی دراگۆنی چینی بووە بە نموونەیەکی سەرکەوتوو و زیندووی کەموێنەی گەشەی ئابووری کە لە 50 ساڵی ڕابووردوودونموونەیەکی تری وا بەرچاو ناکەوێت.
نموونەیەکی بەرچاوی دەرکەوتنی ستراتیجیی ئابووریی چینی کە بەرجەستەی ئەو خەسلەتەی ئەکات وەکوو زلهێزێکی جیهان و زەخمێکی تری ئەداتێ بریتیە لە پرۆژەی ( ڕیگا و پشتێنە Road & Belt Initiative ) یاخود ڕێگەی ئاورێشمین کە نیشاندەری تمووحی زیاتری ئەو ووڵاتەیە بۆ بە‌هێزکردنی پایگای جیهانیی خۆی لەڕێگەی پێکەوە گرێدانی چەندین ووڵات و کیشوەر ( قارة ) لەچوارچێوەی پرۆژەیەکی زەبەلاحی گەشەی ئابووری و سەرمایەگوزاری و ژێرخانیدا کە پشتی بەستبێ بە تەمویل و سەرمایەگوزاری و پلاندانان و سەرپەرشتی هاوبەشی چین و ئەو ووڵاتانەی پێوەی گرێ ئەدرێن. ئەو پرۆژەیە لە ئەمریکا و ڕۆژئاوا وەکوو زەنگی مەترسیەکی گەورە تەماشا ئەکرێت و بەدەیان شێواز هەوڵی ڕیگریکردن لێی و بەدناوکردنی ئەدرێت. ئەمڕۆ ڕۆڵ و جێگا و پلانەکانی ستراتیجیەتی چین لە ئاستی جیهاندا لەلایەن ئەمریکاوە وەکوو گەورەترین چالێنجی دوای کۆتایی جەنگی سارد تەماشا ئەکرێت و بەمەترسیەکی گەورە لەبەرانبەر پایگا و هەیمەنەی جیهانیی ئەمریکا لەقەڵەم ئەدرێت.

ئەم پرۆژەیە هەوڵێکە بۆ گرێدانەوەی ژمارەیەکی زۆری ووڵاتانی جیهان لەچوارچێوەی شەراکەتێکی سەرەتا ئابووریدا لەژێر هەیمەنەی ئابووری چین لەخزمەت ستراتیژیی ئەمرۆی ئەو زلهێزەدا. پشتێنەی مالیی پرۆژەی ناوبراو زیاتر لە 5 تریلیۆن دۆلارە. بۆ مەحکەمکردنی پایگای خۆشی ، چین بەنیازی دامەزراندنی ئۆرگان وڕێکخراو ودامودەزگای مالی و بانکی و ئابووری ویاساییە بۆ ئاسانکردنی جێبەجێکردنی ئەو پرۆژەیە وتا ئێستا لەو چوارچێوەیەدا سەرقاڵی دامەزراندنی دامەزراوەیەکی قەزاییە بەمەبەستی گەڕانەوە بۆی لەبواری چارەسەرکردنی کێشەی کۆنتراکت و کرێدیتی مالی وڕیکەوتننامە لەگەڵ دەولەتانی بەشدار لەو پرۆژەیە و یەکلاکردنەوەی هەر کەیسێکی جیاوازی و پێکدادانی یاساییدا.
هەوڵەکانی ووڵاتی چین لەڕاستای دەستپێکردنی پرۆژەی ناوبراودا مایەی پێشوازی بووە لەلایەن زۆر ووڵاتانی جیهانەوە.
کۆمپانیا چینیەکان لەبواری دروستکردنی ژێرخانی ئابووری لە چەشنی بەندەرەکان ، پاڵاوگە ، هێڵی شەمەندەفەر ، تۆنێڵ و ڕیگە و بەنداو …تاد ، ناوبانگ و شارەزایی وتواناییەکی داینامیك و سەرسووڕهێنەریان هەیە بەبەراوورد بە کۆمپانیا ڕۆژئاواییەکان وهەر ئێستا سەدان کۆنتراکتیان لەوبوارانەدا لەگەڵ ووڵاتانی وەکوو جەزائیر ، میسر ، کازاخستان ، عێراق ، ڕواندا ، مالی ، پاکستان و زۆری تردا ئیمزاکردووە.
جگە لەوە ، تایبەتمەندیەکی ستراتیجیەتی نێودەوڵەتیی چین ئەوەیە کە ، بەپێچەوانەی ئەمریکا و ئەوروپاوە ، دەستێوەردان و دەخالەت لەکاروباری سیاسی و ئاسایشی ئەو وولاتانەدا ناکات یالانی کەم بەو شێوە کلاسیکیە توخنی سیاسەت و کێشە ناوخۆییەکانیان ناکەوێت. بەپێچەوانەوە چین لەو بوارەدا جۆرێك لەڕێزگرتن لەتایبەتمەندیی ئەو ووڵاتانە و سیاسەتی شەراکەت و یەکسانی لەگەڵیاندا پەیڕەو ئەکات . چین لەم بوارەدا سوودی زۆر وەرئەگرێ لەو ڕاستیەی کە ووڵاتەکەی مێژوویەکی خراپ وناوێکی زڕاوی نیە لەکایەی پەیوەندیە دەرەکی و نێودەوڵەتیەکانیدا بەپێچەوانەی ئەمریکا و زۆربەی ئەوروپاوە کە فایلی کۆلۆنیالیزم و جەنگ و تاڵانکردنی سامانە سرۆشتیەکانی ووڵاتانی جیهان سێیەم مایەی ڕسوایی و شەرمێکی مێژوویین بۆیان و تا ئێستاش لەبواری پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکاندا بەچاوی گومانەوە دەڕوانرێتە هەر هەنگاو و پرۆژە و پێشنیارێکی ئەوان. ئەم سیاسەت و ڕابووردەوی چین جێی دڵخۆشی و پەسەندی ئیلیتی دەسەڵاتداری ووڵاتانی شەریکی ئەوە لەئاسیا و ئەفریقیا و ئەمریکای لاتین وزەنگێکی دڵخۆشکەریشە بۆ بڕیاربەدەستانی سیاسی و کۆمپانیاکانی دراگۆنی چینی.
هەر لەدرێژەی هەوڵەکانی لەوبوارانەی پیشوودا چین بێوچان سەرگەرمی بنیاتنانی دامودەزگای نیونەتەوەیی پیویستە بۆ خزمەت بەو پرۆژەیە و سەرجەم پایگا جیهانیەکەی وەکوو زلهێزێکی جیهان ئەمڕۆمان لە چەشنی بانکی سەرمایەگوزاری ژیرخانی ئاسیا The Asian Infrastructure Investment Bank کە هاوچەشنی بانکی نێودەلەتی World Bank و بانکی دراوی نێودەوڵەتین I F M International Monetary Fund کە لە قۆناغی شەڕی سارددا و وەکوو بەشێك لە ستراتیجیەتی ئەمریکا بۆ بەهێزکردنی پایگا و ستراتیجیەتی ئابووریی خۆی و لاوازکردنی ئۆردووگای کۆمۆنیستیی ئەوکاتە دایمەزراندن.
نابێ ئەوەش پشتگوێ بخەین کە خودی ناوخۆی ئەمریکا وچینیش گۆڕەپانێکی تری ئەم کێبڕکێ و ململانییەن لەنێوان ئەو دوو زلهێزەدا وهەردوولا پەنا بۆ دەیان شیوازی شەڕی دەروونی ، ئایدیۆلۆجی ، فەرهەنگی و کەلتووری ئەبەن بۆ قبووڵاندنی مۆدێلە جیاوازەکانیان و کاریگەری دانان لەسەر زەین و هۆش و کەلتووری دانیشتوانی یەکتر.
لە کاتێکدا ئەمریکا لەڕێی بۆردوومانی ئیعلامیەوە ئەیەویت سۆزی خەڵکی چین ڕاکێشێت بەرەولای مۆدێلی ژیان و فەرهەنگ و شارستانیەتی ئەمریکی و دیموکراتی لیبرالیی ڕۆژئاوا وژیانی سەرکەوتووی چینیە پەناهندەکان لە ئەمریکا وستایلی ژیانی مۆدرینی ئەوان ، چین بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەوجۆرە کەمپەینە و پووچەڵکردنەوەی ئەیەوێ لەڕێی بەرزکردنەوەی گیانی نیشتیمانی و بەها مێژوویی و شارستانیەکانی چین و بردنەسەری ئاستی گوزەرانی دانیشتوانەکەیەوە لای هاووڵاتیان خۆی ئەوە جێگیربکات کە ستراتیجیەتی ئەمڕۆی چین ئەتوانێ ووڵاتەکەیان بکات بە هێزێکی کاریگەر و زلهێزی جیهانی ئەمڕۆ . ئامانجی ئەمریکا لەو پرۆپاگەندانە شتێك نیە جگە لە هەوڵێك بۆ دروستکردنی کەلێن لەنێو حکوومەت و گەلی چین و چاوی بەو پایگا سەرکەوتنانەی ئەو ووڵاتە هەڵنایات.
یەکێك لەکارتەکانی دەستی ئەمریکا لەم بوارەدا کێشەی هۆنگ کۆنگە. داهاتووی هۆنگ کۆنگ و جۆری پەیوەندیی لەگەڵ چین و جۆری سیستمی سیاسی و دەستووری لەو کانتۆنە ،گرێیەکی گەورەیە بۆ چین نەك تەنها لەبواری ئابووریدا بەڵکوو لە زۆر بواری تریشدا و یەکێك لە چاڵینجەگەورەکانی بەردەم ئەو ووڵاتەیە.

ئەمریکا بەپلانی زۆر وورد ئەم مەسەلەیەی کردووە بە کارتێکی فشار بۆ خاوکردنەوەی پرۆسەی بەهێزبوون و بالادەستیی جیهانیی چین. ئەمریکا بێوچان لەهەوڵدایە بۆ بەکارهێنانی مەلەفی هۆنگ کۆنگ لەپاڵ فایلی مافی مرۆڤ و ئازادیە سیاسی و فەردیەکانی تر لە چینی حیزبی کۆمۆنیستدا تا بتوانێ پشێوی و نائارامی لەناو چیندا بەرپابکات و ڕێبگرێت لە دراگۆنی چین و بڵاوبوونەوەی نفووزی لە ئاستی جیهاندا. بەڵام ئەمریکا تا ئێستا لەوبوارەدا سەرکەوتنێکی ئەوتۆی بەدەستنەهێناوە چ لەبواری بەرتەسککردنەوەی نفووزی چین لە هۆنگ کۆنگ و مەکاو لەچوارچێوەی سیستمی ( یەك ووڵات و دوو سیستم ) . لەپاڵ ئەوەشدا چین توانیویەتی بەهەمان شێوە ڕێگری جیددی بکات لە دزەکردنی نفووزی ئەمریکا لەناوخۆی چین وتەشەنەکردنی ئەو بزووتنەوە ناڕەزایەتیە لیبرالیەی هۆنگ کۆنگ بۆ شوێنەکانی تری ووڵات کە ئەوە ئەڵقەیەکی پلانەکەی ئەمریکایە.
ڕیگرتن لەتەشەنەکردنی نفووز و پایگای ئەمریکا لەناو دانیشتوانی هەموو پارچەکانی ووڵاتدا ئەولەویەتی کاری ئێستای حیزبی کۆمۆنیست و حکوومەتی چینە وەکوو مەیدانێکی ئەو کیبڕکێ و ململانی جیهانیە لەگەل ئەمریکا کە گەرچی زیاتر قاڵبێکی فکری و ڕۆشنبیری و کەلتووریی گرتۆتەخۆی ، بەڵام سەرکەوتنەکانی چین لە ئاستی جیهانی و تەشەنەکردنی نفووزی ئەو مۆدێلە ئابووری و ستراتیجیە چینیە لە ئاستێکی بەرینی شانۆی جیهانیدا ، توانیویەتی تای تەرازووەکە لە ناوخۆی ووڵاتیشدا بە قازانجی چین و پێچەوانەی هەوڵەکانی ئەمریکا بشکێتەوە و یەکێتی و یەکپارچەیی خەڵك و حکوومەتی چین بەهێزتر بکات.
لەپەنای ئەو بابەت و ئامراز و مەیدانانەدا کە ئەم ململانێ و کێبڕکێیە تیایدا بەرجەستە ئەبێتەوە ئەمریکا بەردەوامە لە دانانی کۆسپ و قۆرت لەبەردەم ڕەوڕەوەی زەبەلاحی دراگۆنی چینیدا. بوارەکان و ئامرازەکان بەشێکیان بەم شێوازانەی خوارەوەن :
یەکەم : نانەوەی نائارامی و دلەڕاوکی لەناوچەی پاسیفیك و خوارووی ئاسیا و دروستکردنی بلۆکی سیاسی و ئابووری و ئەمنی و سەربازیی دژە چینی لە نێوان ووڵاتانی دەوروبەر یا هاوسنووری چین وخۆشکردنی ئاگری ململانێی ناوچەیی و دژایەتیی ئەو ووڵاتە بەهاوکاریی ووڵاتانی وەکوو ( فلیپین ، تایلەند ، ڤێتنام ، ئەندەنووسیا ، کەمبۆدیا ، ژاپۆن و کۆریای باشوور ) . ئەمریکا جگە لە ترساندنی ئەم ووڵاتانە لە چین لەهەوڵدایە کە کێشە کۆن و مێژووییەکانی ئەم ناوچەیە بۆ ئەو مەبەستە تەوزیف بکات. لە 30 ساڵی ڕابووردوودا دەیان پەیماننامە و ڕێکخراوی وەکوو ( ڕێکخراوی خوارووی ڕۆژهەڵاتی ئاسیا – سیاتۆ ) و ( ئاسیان Association of South East Asian Nations ) ی دروستکردووە بەئامانجی تەحجیم کردنی ڕۆڵی ڕوولەگەشەی چین لەو ناوچەیەدا.

دووەم: ئاگرخۆشکردن بۆ هاڵایساندن و پەرەسەندنی کێشەی سنووریی خاکی و ئاوی لەنێوان ووڵاتانی وەکوو ژاپۆن و فلیپین و ڤێتنام لەگەڵ چیندا.

سێیەم: پەرەدان بە میلیتاریزەکردنی بارودۆخ و فەزای ناوچەکە و فرۆشتنی چەك و تەقەمەنی بەو ووڵاتانەی کێشەیان لەگەڵ چیندا هەیە و کردنەوەی دەیان بنکەی سەربازی.

یەکێك لەئامانجەکانی ئەو سیاسەتی میلیتاریزەکردنەی فەزای ناوچەکە لەلایەن ئەمریکاوە بریتیە لەوەی چین بخرێتە ژێر فشارەوە تا بەشی زۆرتری بودجە و ئیمکانیاتی مالی و مرۆیی و تەکنولۆجی و پیشەسازیی خۆی لەبواری کێبڕکێیەکی چەکدار ( سباق التسلح ) ی بەرنامە بۆ دارێژراودا خەرج بکات و کەمتر بیپەرژیتە سەر ستراتیجیە ئابووریە سەرکەوتووەکەی و لەسەر حسابی بەرنامە ئابووریەکانی ڕووبکاتە خۆ تەیارکردنی سەربازی بەهەموو ئاکامە تێکشکێنەرەکانیەوە بۆ داهاتووی پڕ لە ئومێدی ئەو ووڵاتە. ئەمریکا لەسەروبەندی شەڕی سارددا و بەتایبەتی لەسەردەمی ڕۆناڵد ڕیگندا بە پیادەکردنی بەرنامەی بەناو شەڕی ئەستێرەکان ( حرب النجوم ) توانی سەرکەوتووانە هەمان گەمە لەگەڵ سۆڤیەتی ئەوکاتەدا بباتەوە و سەرەنجام ئابووری ئەو ووڵاتە میلیتاریزەبکرێت و دواتریش تووشی داتەپانێکی ژێرخانیی گەورە ببێت کە ڕێی خۆشکرد بۆ ڕووخانی بلۆکی سۆسیالیست و هەڵوەشانەوەی یەکێتیی سۆڤیاتیش.
جگە لەبەکارهێنانی ئەو چەکانەی باسمان کرد ، ئەمریکا لەجبەخانەکەیدا دەستی بردووە بۆ زۆر شێواز و چەکی تر لە ململانێی پڕلەهەڵپەیدا لەبەرانبەر بە چین.
کاوبۆی ئەمریکی لەهەوڵێکی گەرمدایە بۆ کەڵكوەرگرتن لەچەکی ئاین و مەزهەب و ورووژاندنی سۆز و گیانی ئاینیی وەکوو سلاحێکی سیاسی لەناو بەشە جیاجیاکانی خەڵکی چیندا لەچوارچێوەی هەمان کێبڕکێ بۆ خاوکردنەوەی قەڵەمبازی ئابووریی تەنینی چینی.
هاندان و داڵدەدان و دنەدانی دالای لاما و بەکارهێنانی کارتی کەمایەتییی تیبتیەکان ، ورووژاندنی مەسەلەی تایوان ، ئیستیغلالکردنی فایلی موسوڵمانە ئیگۆریەکان ، دنەدان و پشتگیریی کەنیسە غەربیەکان بۆ پەرەدان بە کەمپەینی تەبشیری ئاینیی مەسیحی و بەکارهێنانی وەکوو چەتر و ئامرازێکی سیاسی و ئایدیۆلۆجی ، هاندانی دەیان سێکتی مەزهەبیی وەکوو فاڵۆن گۆنگ .. تاد ، چەند نموونەیەکی تری ئەو لۆبیکردنە ئەنتی چینیەن کە ئەمریکا لە ستراتیجیەتی ناوبراوی خۆی لەم بوارەدا پەنای بۆ بردوون.
لەم سەردەمەدا خوارووی ڕۆژهەڵاتی ئاسیا ، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ، ڕۆزهەڵاتی دوور ، ئەفریقیا ، ئەمریکای لاتین وبوارێکی زۆرتری جوگرافیای جیهان بووە بە گۆڕەپانی ململانی و کێبڕکێیەکی فراوان و بەهێزی ئەو دوو زلهێزە کە هەریەکەیان هەڵگری پەیام و ئەلتەرناتیوێکی نوێیە بۆ دنیای ئابووری و سیاسی و ستراتیجیی هەموو گۆی زەوی.
مەسەلەی ووزە ، بازرگانی ، تاریفەی ئابووری ، سەرمایەگوزاری و گوێزانەوەی سەرمایەکان و بزاوتی جیهانییان ، قوتببەندی و فراکسیۆنە سیاسیەکان ، پەیماننامە و ڕیکەوتنە دووقۆڵی و چەند قۆڵیەکان و سەرجەم فەزای جیۆپۆلیتیکی جیهان و سیاسەتی نێودەوڵەتی بەگشتی ، زۆر بەتووندی و بەپلەی یەکەم کاریگەری لەو کێبڕکێیە وەرئەگرن و هەر هەموویان لەسایەی و لەژێر تیشکی ئەودا لەهەوڵی دووبارەپیناسەکردنەوەی خۆیاندان.
ئەوانە هەموو ئاکامی دەرکەوتن و تەکانی ڕۆکیت ئاسای دراگۆنی چینی ئەمڕۆن.
دراگۆن یا دراگن ( تنین ) Dragon گیانلەبەریکی ئەفسانەیی زەبەلاحە کە لەکەلتوور و فۆلکلۆری چینیدا سیمبولی هێز و قەبەیی و ئیرادەیە.

نیسانی 20
adnakerim22@hotmail.com

Foreign Affairs, Volume 99. January / February 2020
As China Goes, So Goes the World: Karl Gerth 2010
Communist International Economics: P.J.D. Wiles 2008




دیموکراسی دڕندەکان … عومەرمحەمەد

سەرمایەداری سیستەمێکە لەرواڵتدا شارستانی ولەناوەرۆکدا دواکەوتوو بێڕەحمە، بەو رێکخراوانەشییەوە کە گوایا پارێزەری مافی مرۆڤ و ژینگە پارێزن، زاناو داناو ئاکادیمیست وتیوریسەنەکانی ئەم سیستمە بە ئەندازەی جەلادەکان و کۆلۆنێل وسوپاسالارەکان تاوانبارن، ئەوان ناتوانن هەتا سەر لە پەنای بروانامەیەک ولە ناو پۆشتەیی و ڕێکپۆشییدا لاوازی و خۆپارێزی بشارنەوە، ناتوانن ناخی وێران وگەمژەیی لە خەڵکی سادەوساکاریش بشارنەوە.
کاتێک باس لە رێکارەکانی توێژینەوەی زانستی و ئەتەکێتی دانیشتن و نانخواردن و چونەبەردەم دادگاو سەرۆک و مایک و هەندێک فڵتەفڵتی تردەکەن، ئەمانە نە بەهای خۆیان دەزانن ونەهی زانستیش، چونکە لەبەرانبەر پیسبوونی ژینگەو جەنگ و قوربانییەکانی زۆر خوێنساردو بێ هەست و بێ مۆڕاڵن.*
(کوشتاری عێراق وسوریا) و دڕندایەتی داعش و بەرخۆدانی رۆژئاواو شکاندنی داعش و دیلەکانیان و بەجێهشتنیان بۆ رۆژئاواو ئیدارەی خۆسەری باشترین نمونەی درندایەتی و ناسەروەری یاسای سەرمایەداری رێکخراوەکانێتی.
لە باشوری کوردستانیش، ئەمانە لە سەرەتای بانگەشەی بازاری ئازادو گڵۆبالیزمدا بە مەکرو حیلەبازی و خۆنواندنێکی لێنەهاتووەوە باسی شنەبای دیموکراسی و نەمانی دونیای دیکتاتۆرەکانیان دەکرد، کەچی لە پەنای دیکتاتۆرە لۆکاڵییەکانیانەوە، سەردەمە وێرانبووەکەی مرۆڤیان بەکرانەوەو دیموکراسی و تەکنۆلۆژیا وچەرخی مۆبایل، ناودەبرد و چاویان لەو راستیانە دەنوقاند ژنکوژی دیاردەیەکی مەترسیداری ولات بوو، ئەم گەمژەیەتییە هەتا سەردەمی کۆرۆناش هەربەردەوامە ..!
جارێک یەکێک لەم گەمژانە لە سوڵحێکی عەشایەریدا دانیشتبوو، باسی پێشکەوتنی دونیاو دیموکراسی بۆ مەجلیسەکە کردبوو، گوتبوی : ئێستا دەوڵەتەکان پێشبڕکێیانە لە ناردنی مووشەکەکانیان بۆ سەرمانگ، ئامۆزایەکم لەو مەجلیسە دانیشتبوو پێی گوتبوو:

  • کاکە تۆ هێشتا لەسوڵحی عەشایەریدا دانیشتووی ئێمە ئیستا ساروخمان بۆ نانێردرێتە سەرمانگ، با ئەم کێشەیەی سەرزەوی نەهێڵێن. مەبەستی ئەوکێشە کۆمەڵایەتیە بوو کەبۆی کۆببونەوە.
    بەهیوام کۆرۆنا بیرێک بەمرۆڤی زەحمەتکێش بکاتەوەو چیدی بە دوای قسەی بفدراوی سیاسی درۆزن و مەلای بێویژدان و هەڵوەری حزبەکان فریونەخوات و بە ئازایەتیەوە بڵێت : زانست ودیموکراسی وئاین بە تورێکی قوڕاوی ئەگەر بۆبەرژەوەندی گشتی نەبن .
  • جارێکیان لەهەولێر لەکۆنفرانسێکدا بەیەکێک لەم ئەکادیمیە مەکربازانەدا تەقیمەوە کە قسەی لەسەردادگایی کردنی سەدام و رێکارە نادیموکراسییەکەی دەکرد، تەنانەت فڵتەفڵتی ئەوەشی کرد کە دادگای باڵای تاوانەکان، پەلەی کردووە لە بریاردان و لەوەش ئەنفالی بەجێنۆساید ناساندووە.. عەجایەب ئەوهەموو ئەکادیمیستە قاتلەبەرەی پایتەخت فزەیەکیان نەکرد!! ئەمەچییە کابرا دادوەری دادگای نێودەوڵەتیی وئەکادیمییە ؟! چۆن دەبێت قسە لەقسەی چاوشین وقژ زەردەکاندا بکرێ !

٣١ی ئازاری ٢٠٢٠ سلێمانی




…به‌های جیاوازییه‌كان و باجی جیاوازییه‌كان سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی

بێگومان هه‌موو جیاوازنووسینێك، به‌هایه‌كی مه‌عریفی هه‌یه‌، به‌ڵام باجیشی هه‌یه‌.چونكه‌ هه‌موو جیاوازكه‌وتنه‌وه‌یه‌ك، ئاماژه‌یه‌كه‌ بۆ ده‌رچوون له‌ بازنه‌ی سواو و ده‌ركه‌وتنێكی نوێ. هه‌موو نوێیه‌كیش، له‌ هه‌ر ڕووێكه‌وه‌ و له‌ سه‌ر هه‌ر ئاستێكه‌وه‌ بێت، به‌ توندی له‌لایه‌ن ئه‌ویتری كۆنه‌وه‌ ڕه‌تده‌كرێته‌وه‌ و دژایه‌تی ده‌كرێت. ڕه‌نگه‌ ئه‌و دژایه‌تییه‌، زه‌مه‌نێكی درێژ بخایه‌نێت، وه‌لێ ئه‌وه‌ سروشتی دینامیكییانه‌ی ژیانه‌، كه‌ دواجار هه‌موو كۆنێك به‌ سه‌ر ده‌چێ و ده‌چێته‌ په‌راوێزی مێژوو. بۆیه‌ جیاوازییه‌كان چه‌ند به‌هایان هه‌بێت، هێنده‌ش باجی ده‌ركه‌وتن و سه‌رهه‌ڵدانییان هه‌یه‌. مه‌گه‌ر گۆران له‌ سه‌ره‌تاوه‌ به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ شێخ نوری و ڕه‌شید نه‌جیب، به‌ ناداهێنه‌رو لاواز نابینرا؟كه‌چی دواتر كامه‌یان بوونه‌ ناو و ده‌نگ؟به‌های جیاوازییه‌كان، ناونیشانی كورته‌ وتارێكی سه‌باح ڕه‌نجده‌ری شاعیره‌ و له‌ ماڵپه‌ڕی سه‌نگینی (ده‌نگه‌كان) بڵاوكراوه‌ته‌وه‌. شاعیر له‌م كورته‌ وتاره‌یدا، به‌ چه‌ند بۆچوونێكی پوخت و چڕ، له‌ باره‌ی به‌های جیاوازیی و ئه‌زموونی نالی و گۆران، كه‌ دووشاعیری دیارو جیاوازی نێو ئه‌زموونی شیعری كوردین، دواوه‌.بێگومان نالی، له‌ ئه‌زموونی شیعری كوردی، شاعیرێكی بێ هاوتایه‌.ئه‌زموونی شیعری نالی ئه‌زموونێكی ده‌وڵه‌مه‌نده‌ له‌ بابه‌ته‌ جیاوازه‌كانی شیعر له‌ ڕووی ئایینی و فه‌لسه‌فی و سۆفیگه‌ریی وغه‌ریبی وزۆر بواری دیكه‌. به‌ پێچه‌وانه‌ی شاعیره‌ كلاسیكه‌كانی دیكه‌، كه‌ ده‌كرێ بڵێین ئه‌زموونی شیعرییان له‌ ئۆبژێكتێكدا چڕ كردۆته‌وه‌. بۆنموونه‌: شێخ ڕه‌زا به‌ شیعری هه‌جوو، حاجی قادر به‌ شیعری نه‌ته‌وه‌یی،مه‌حویی به‌ شیعریی سۆفیگه‌ریی وبوون، مه‌وله‌وی به‌ ناتورالیزم، وه‌فایی به‌ ڕه‌گه‌زی لیریك، كه‌چی نالی زۆرتر له‌ شوناسێكی شیعری هه‌یه‌، كه‌ پێی ده‌ناسرێته‌وه‌. وه‌لێ هه‌مان ئه‌و نالییه‌ داهێنه‌ره‌، شیعری مه‌ستووره‌ی ئه‌رده‌لانیشی نووسیوه‌. به‌ بڕوای سه‌باح ڕه‌نجده‌ری شاعیر، ئه‌و شیعره‌ له‌ ژێر كاریگه‌رییه‌تی ململانێكانی بابان و ئه‌رده‌لانه‌كان نووسراوه‌ و نالی مه‌ستووره‌ ده‌كاته‌ فاكتێك بۆ لێدان له‌ ئه‌رده‌لانییه‌كان، به‌ تایبه‌تی كه‌ خۆی له‌ ژێر قه‌ڵه‌مڕه‌وی بابانه‌كاندا ژیاوه‌.
له‌ ڕوانگه‌ی نووسه‌ره‌وه‌، ئه‌و شیعره‌ی نالی،تیرێكه‌ و له‌ كه‌وان ده‌رچووه‌، نالی ئه‌وه‌نده‌ی مه‌به‌ستێكی سیاسی هه‌بووه‌، ئه‌وه‌نده‌ مه‌به‌ستی ئیرۆتیك و جه‌سته‌ی مه‌ستووره‌ نییه‌، به‌ تایبه‌تی كه‌ ئه‌و هه‌موو شیعره‌ ڕۆمانسییه‌كانی خۆی، له‌سه‌ر حه‌بیبه‌ چڕكردۆته‌وه‌. پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌، نالی بۆچی شیعرێكی له‌و شێوه‌یه‌ ده‌نووسێت كه‌ ئێستاشی له‌گه‌ڵدابێت، وه‌ك پنتێكی ڕه‌ش له‌ نێو پانتاییه‌كی سپی گه‌وره‌ له‌ ئه‌زموونی نالی ده‌بینرێت؟ ڕه‌نگه‌ هه‌ر له‌ خودی ئه‌و كورته‌ وتاره‌وه‌ به‌و وه‌ڵامه‌ بگه‌ین، ئه‌ویش ده‌رباربوونه‌. ده‌رباربوون ڕیگه‌یه‌كه‌ وه‌ك ڕه‌نجده‌ر وته‌نی فریوت ده‌دا، تیرت پێ له‌ كه‌وان ده‌هاوێت، كه‌ تیریش له‌كه‌وان ده‌رچوو، گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ نییه‌. ده‌سه‌ڵاتێكی ئاراسته‌كه‌ر، له‌ پشت ئه‌و بیركردنه‌وه‌ و ڕوانینی نالییه‌وه‌ هه‌یه‌.
ئه‌م شیعره‌، كه‌ هونه‌رێكی جوانی له‌ ده‌ربڕینی شیعری تێدایه‌، وه‌لێ یه‌كێكیشه‌ له‌و شیعرانه‌ی ده‌كرێته‌ بابه‌تی لێدان له‌ نالی. ئه‌و كه‌ شاعیرێكی دیارو داهێنه‌ر بووه‌، چ پێویست به‌وه‌ ده‌كات، ئه‌زموونی جیاوازی خۆی، له‌ ژێر كاریگه‌ریه‌تی میرانی بابانه‌وه‌، به‌و شیعره‌وه‌ خه‌وشدار بكات؟كاتێ شاعیر ده‌كه‌وێته‌ ژێر هه‌ژموونی ئایدیاو ده‌سه‌ڵاتێكی دیاریكراو،ئه‌وا ئه‌وه‌ی به‌ پله‌ی یه‌كه‌م باجی ئه‌و كه‌وتنه‌ ژێر كاریگه‌ریه‌تییه‌ ده‌دات، ئه‌وا خۆی و ئه‌زموونه‌كه‌یه‌تی. مه‌گه‌ر ئێستاش له‌ په‌راوێزی ئه‌و شیعره‌وه‌ نالی به‌ چاوێكی دیكه‌ سه‌یر ناكرێت؟یه‌كێكی دیكه‌ له‌و شاعیره‌ داهێنه‌رانه‌ی كه‌ نووسه‌ر باسی ده‌كات، گۆرانه‌.
سه‌باح ڕه‌نجده‌ر ده‌نووسێت:(گۆران به‌ وردی بیری نه‌كردۆته‌وه‌، گه‌وهه‌ری بابه‌تی نه‌ناسیوه‌ و كه‌وتۆته‌ ژێر كاریگه‌ری ئایدۆلۆژییا). بێگومان، ئه‌و ڕاستییه‌كه‌ كه‌ نا هونه‌رترین و لاوازترین شیعره‌كانی گۆران به‌بۆچوونی لێكۆڵه‌رانی ئه‌ده‌بی، ئه‌و شیعرانه‌ن كه‌ له‌ ژێر كاریگه‌رییه‌تی ئایدۆلۆژییا و بیری چه‌پ و چه‌پخوزای نووسیونی. كاتێ به‌راوردی ئه‌و گۆڕانكارییه‌ فیكرییه‌ ده‌كه‌ین له‌ ژیانی گۆران، ده‌بینین ئه‌و شیعرانه‌ی بۆ سروشت و ئافره‌ت و جوانی نووسیوه‌، زۆر هونه‌ریانه‌ترن له‌و شیعرانه‌ی بۆ ئایدۆلۆژییایه‌كی دیاریكراو نووسینی. هه‌ڵبه‌ته‌ قسه‌ لێره‌ له‌ سه‌ر بیروڕای سیاسی نییه‌، كه‌ مرۆڤ ئازاده‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی، به‌ڵكو قسه‌ له‌ سه‌ر داهێنان و ده‌قی نه‌مره‌ كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئایدۆلۆژییاوه‌ ده‌مێنێته‌وه‌ و نابێته‌ به‌شێك له‌ مێژوو.هیچ شتێك هێنده‌ی ئایدۆلۆژییا،سیاسه‌ت و ده‌رباربوون، له‌ به‌های شیعرو پیرۆزی شیعرو ئه‌ده‌بییات نادا.
كه‌م نین ئه‌و نووسه‌رو شاعیره‌ به‌ توانایانه‌ی، ئه‌زموونی دیاری نووسینییان هه‌یه‌، به‌ڵام وابه‌سته‌ییان بۆ ئایدۆلۆژییا بێزراوی كردوون. لێره‌دا، ئه‌و ده‌رباربوون و تێر پێ له‌ كه‌وان هاویشتنه‌مان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت، كه‌ ڕه‌نجده‌ر له‌ نووسینه‌كه‌ی باسی ده‌كات.داهێنان، به‌ره‌نجامی هه‌وڵی تاكه‌كه‌سی و قووڵبوونه‌وه‌ و ڕامانه‌. گۆران به‌ ته‌نها، دابڕانێك له‌ نێوان شیعری كلاسیك و ئازاد دروست ده‌كات. نوێكاری له‌ زمان ده‌كات و شیعری سه‌روادار ده‌سڕێته‌وه‌. ئه‌زموونی گۆران، ئه‌زموونێكی تایبه‌ت و شوناسێكی دیاریكراوی هه‌یه‌.شاعیرێكی داهێنه‌ره‌،به‌ڵام ده‌رباربوونی بۆ ئایدۆلۆژییا، وای لێده‌كات، دیسانه‌وه‌ تیری پێ له‌كه‌وان ده‌رچێت. دیاریكردنی نالی و گۆران و قسه‌ له‌باره‌ كردنییان له‌و وتاره‌ كورته‌دا، جه‌خت كردنه‌وه‌یه‌ له‌ ناونیشانی وتاره‌كه‌ی كه‌ به‌های جیاوازییه‌كانه‌. چونكه‌ هه‌موو جیاوازبوونێك، ده‌رچوونه‌ له‌ بازنه‌ی باو كه‌ دواجار به‌هایه‌كی تازه‌ی هه‌یه‌.هه‌میشه‌ داهێنانیش، ده‌ره‌نجامی ڕوانینی جیاوازو بیر كردنه‌وه‌ی جیاوازه‌.زۆرجار ته‌مه‌ن و مێژووێكی ده‌وێت، تاده‌توانین ئه‌و جیاواز كه‌وتنه‌وه‌یه‌ دروست بكه‌ین. نووسه‌ر له‌ په‌راوێزی وتاره‌كه‌یدا ده‌نووسێت:(جیاوازیبوون شتێكه‌ ته‌مه‌نم له‌ پێناوی دانا،جه‌سته‌و ڕوحم بۆی ته‌رخان كرد، نه‌مویستووه‌ له‌ شاعیرانی ده‌وروبه‌رم جیاواز بم،هه‌وڵمداوه‌ له‌ ئه‌زموونی خۆم جیاوازبم).

سه‌باح ڕه‌نجده‌ر، چونكه‌ به‌ ئه‌زموونێكی جیاوازی شیعرییه‌وه‌ له‌ ڕووی فۆڕم و ناوه‌ڕۆك ده‌نووسێت، پتر له‌ هه‌موو كه‌س هه‌ست به‌ به‌های جیاوازییه‌كان و باجی جیاوازییه‌كانیش ده‌كات.ئه‌و ده‌زانێت ده‌رچوون له‌ هه‌مووه‌كی،چ نه‌فره‌تێكی لێ ده‌كه‌وێته‌وه‌، ده‌زانێت چه‌ند سه‌خته‌ بتوانیت جیاوازبیت، وه‌لێ چه‌ندیش گرنگه‌. شاعیرێك كاتێ هه‌موو ته‌مه‌ن و ڕوحی خۆی بۆ جیاوازنووسین له‌وانیتر ته‌رخان ده‌كات، باش له‌و ڕاستییه‌ گه‌یشتووه‌، كه‌ جیاوازكه‌وتنه‌وه‌، به‌رهه‌می چ خه‌رمانه‌یه‌كی ڕۆشنبیریی گه‌وره‌ و شه‌ونخوونییه‌كی دوورو درێژیی خوێندنه‌وه‌ و كتێبه‌كانه‌.بۆ ئه‌وه‌ی جیاوازبنووسین، ده‌بێ ته‌مه‌نێك و ئه‌زموونێك ته‌رخان بكه‌ین.ده‌بێ سه‌ره‌تا، له‌بازنه‌ی باو ده‌رچیت، دواتر هه‌وڵی به‌رجه‌سته‌كردنی شوناسێكی تایبه‌تی بۆخۆت بده‌یت و پاشانیش ئه‌و شوناسه‌ درێژه‌ پێ بده‌یت تا له‌ كۆتاییدا ئه‌زموونێكی تایبه‌تی ده‌ڕه‌خسێ. هه‌موو كه‌سێك ئه‌و سه‌لیقه‌ و بوێرییه‌ی نییه‌ ته‌مه‌ن و ڕوحی خۆی بۆ جیاواز كه‌وتنه‌وه‌ ته‌رخان بكات، بۆیه‌شه‌ ده‌بینین جیاوازنووسه‌كانمان كه‌من.به‌ڵام نابێ ئه‌وه‌مان بیربچێت جیاوازكه‌وتنه‌وه‌، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی بیركردنه‌وه‌ی جیاوازو بیركردنه‌وه‌ی جیاوازیش، به‌رهه‌می مرۆڤی جیاوازه‌. بۆیه‌ من له‌گه‌ڵً ئه‌و بۆچوونه‌ نیم، كه‌ شاعیرێك ته‌نها ده‌توانێت له‌ ئه‌زموونی خۆی جیاوازبێت،به‌ڵام نه‌یه‌وێت له‌ شاعیرانی ده‌وروبه‌ری جیاواز بێت!مه‌گه‌ر جیاوازكه‌وتنه‌وه‌، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی جیاوازی بیرو بۆچوون و بیركردنه‌وه‌ی كه‌سه‌كان نییه‌؟.

من ده‌زانم شاعیر نایه‌وێت، بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ بكات كه‌ له‌ شاعیرانی تر جیاوازه‌، بۆ ئه‌وه‌ی كه‌سانێك ئه‌مه‌ به‌ خۆ گه‌وره‌یی نیشاندان و شانازیكردنی ئه‌و به‌ ئه‌زموونی خۆیه‌وه‌ نه‌بینن، به‌ڵام ئه‌زموونی شیعری ئه‌و،ئه‌زموونێكی هاوشێوه‌ی ئه‌وانیتر نییه‌. من وه‌ك خوێنه‌رێك، باوه‌ڕم وایه‌ ئه‌و ئه‌زموونه‌ ته‌نها ئه‌زموونی ئه‌وه‌، بۆیه‌ نه‌ (رزگار جه‌باری و نه‌ژیار ئه‌سوه‌د)یش ناتوانین وه‌ك ئه‌و بیر بكه‌ینه‌وه‌ و دنیاببینین، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌و نووسیویه‌تی. مرۆڤه‌كان ئه‌گه‌ر هاونزیكییان به‌ ئه‌ندازه‌یه‌كی وه‌هاش بێت، كه‌ له‌ یه‌كتری جیانه‌كرێنه‌وه‌، هێشتا پۆینتێك بۆ جیاوازكه‌وتنه‌وه‌یان هه‌یه‌. بۆیه‌ كه‌سمان ناتوانین، وه‌ك ئه‌وی تر بیر بكه‌ینه‌وه‌ و واقیع ببینین.هه‌ر ئه‌و بیركردنه‌وه‌ جیاوازه‌شه‌ ده‌بێته‌ ده‌سپێكی جیاوازكه‌وتنه‌وه‌ی نووسه‌رێك له‌ نووسه‌رێكی دیكه‌. له‌ ڕاستیدا، سه‌باح ڕه‌نجده‌ر له‌و كورته‌ وتاره‌ی خۆیدا، به‌ شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆ ده‌یه‌وێت ئه‌وپه‌یامه‌ بگه‌یه‌نێته‌ شاعیران كه‌ ئایدۆلۆژییاو ده‌رباربوون، بكوژی شیعرن. چۆن ئایدۆلۆژییا، ده‌بێته‌ سڕینه‌وه‌ی به‌های جیاوازیه‌كان و جوانییه‌كان. به‌ نموونه‌ وه‌رگرتنی هه‌ریه‌ك له‌ نالی و گۆرانیش، كه‌ دووشاعیرو جیاوازی داهێنه‌ری نێو ئه‌زموونی شیعری كوردین، جه‌خت كردنه‌وه‌یه‌ له‌ هه‌ژموونی ئایدۆلۆژییا به‌ سه‌ر داهێنان و جیاوازییه‌كان وجوانییه‌كان. ئه‌مه‌ به‌و مانایه‌ نییه‌،كه‌ شاعیران و ئه‌دیبان، له‌ ده‌ره‌وه‌ی واقیعی گه‌له‌كه‌یان بژین، به‌ڵكو به‌و مانایه‌ی ئه‌ده‌ب له‌ سیاسه‌ت و ئایدۆلۆژییاو حزبایه‌تی، به‌هادارترو گه‌وره‌تره‌، ئه‌مه‌شه‌ مه‌به‌ستی ڕاسته‌قینه‌ی نووسه‌ر، له‌ كڕۆكی وتاره‌كه‌ی. گریمان ئه‌گه‌ر بابانه‌كان نه‌بووانه‌، نالی هه‌مان ئه‌و نالییه‌ نه‌ده‌بوو؟ گۆران ئه‌گه‌ر چه‌پ و كۆمۆنست نه‌بووایه‌، هه‌مان ئه‌و شاعیره‌ جواننووس وجواندۆست و سرووشت دۆسته‌ نه‌ده‌بوو؟ كه‌واته‌ بۆچی ده‌رباربوون، تیرمان پێ له‌كه‌وان بهاوێت.
له‌ڕاستیشدا وایه‌، كه‌م نین ئه‌و نووسه‌روشاعیرانه‌ی له‌و په‌ڕی توانا و لێهاتووی نووسین دانه‌ و كه‌سانی داهێنه‌رن، كه‌چی ته‌نها له‌ په‌راوێزیی وابه‌سته‌یان بۆ حزبێكی دیاریكراو په‌راوێز ده‌خرێن. ئه‌ده‌بیات به‌گشتی و شیعریش به‌تایبه‌تی، نابێ بخرێنه‌ تای ته‌رازووی سیاسه‌ت، وه‌ك ئه‌وه‌ی بزورگی عه‌له‌وی ده‌ڵێت:(به‌هه‌ڵه‌ی دابردووین).شاعیری ده‌ربارو شیعری ئایدۆلۆژییا، زوو ده‌كه‌ونه‌ په‌راوێزی مێژوو،به‌های مه‌عریفی و زه‌مه‌نییان نامێنێت. یه‌كێك له‌ خه‌سڵه‌ته‌ دیاره‌كانی داقی داهێنه‌رانه‌ ئه‌وه‌یه‌، كه‌ نابێته‌ به‌شێك له‌ مێژوو، به‌ڵكو له‌هه‌ر كات و زه‌مه‌نێكدا خوێنه‌ر بگه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ری، ده‌توانێت به‌ مانای تازه‌ و نوێ بگات. ئه‌وه‌ بۆیه‌ نالی دوای سێ سه‌د ساڵیش هێشتا هه‌ر ده‌خوێنرێته‌وه‌، چونكه‌ شیعره‌كانی له‌ مانا نه‌كه‌وتوون.گۆران ئێستا یه‌كێكه‌ له‌و شاعیرانه‌ی، له‌ سێ به‌شی شاعیره‌ گه‌نج و ساده‌ نووسه‌كانی ئێستا،زۆرتر ده‌خوێنرێته‌وه‌.گۆران و نالی، جیاوازنووسن وه‌ك ئه‌وه‌ی ڕه‌نجده‌ر باسی كردووه‌، هه‌ر ئه‌و جیاوازنووسینه‌ش، هێزو وزه‌ی مانه‌وه‌ی مێژوویی و زه‌مه‌نی به‌و دووشاعیره‌ داوه‌.جیاوازی، كردارێكه‌ ڕه‌نگه‌ دژایه‌تی بكرێت، ڕه‌تبكرێته‌وه‌، خۆی لێ ببواردرێت و نه‌بینرێت،هه‌وڵی بێ به‌هاكردنی بدرێت، وه‌لێ دواجار، وه‌ك ته‌وژمی ئاوێكی به‌ خوڕ،ڕێڕه‌وی خۆی ده‌دۆزێته‌وه‌ و به‌ربه‌سته‌كان تێك ده‌شكێنێ و ده‌ڕوا…

ڕواندز نه‌ورۆزی 2020




لە پەراوێزى تێگەیشتن لە زمان … ناودار زیاد

زمان کەرەستەیەکە بۆ دەربڕین و، هۆکار و ئامڕازێکە بۆ لێکتێگەیشتن، هەر لەبەرئەمەیە بە دیاردەیەکى مرۆڤایەتى و کۆمەڵایەتی دادەنرێت. بەوپێیەى دیاردە مرۆیى و کۆمەڵایەتییەکانیش بەردەوام لە گۆڕاندان، بۆیە زمان پێدراوێکى نەگۆڕ و چەقبەستوو نییە و، هیچ کاتێکیش ناگاتە پلەى تەواوەتى و کامڵبوون و پێگەیشتنى ڕەها، بەڵکو بێپسانەوە بەهۆى دەسکارى و سەربارخستنەوە شێوە و ناوەڕۆک و واتا و دەلالەتەکانى لە بزاوت و پێشڤەچووندایە. بەڵام ئایا زمان هەر ئەوەندەیە و بەس؟ بۆ ئەوەى تیشکێک بخەینە سەر ڕۆڵى زمان و، سەرنجى بەشێک لە ئەفسوون و خەسڵەت و تواناکانى بدەین، لەم نووسینە کورتەدا هەندێک لەم تابلۆ قەشەنگە ڕادەمێنین.
مرۆڤ لە ڕەوتى بەرەوپێشچوونى ژیانى خۆیدا پێش ئەوەى نووسین و تۆمارکردن دابهێنێت لەڕێگەى کولتورێکى زارەکییەوە ژیانى کۆمەڵایەتییانەى خۆى ڕێکدەخست. کولتورى زارەکیش پشت بە گێڕانەوەى دەماودەم و پشتاوپشت دەبەستێت( ). لە گێڕانەوەى زارەکیشدا حیکایەتخوان، چیرۆکبێژ، یاخود بوێژ دەبێت زۆرباش دەرەقەتى زمان بێت، خۆشى درک بەوە دەکات ئەوەى وا دەکات گوێى لێ ڕابگیرێت ئەوەیە کە تا چەند تاقەتى بەسەر وشەکاریى و ڕستەسازى و دەربڕیندا دەشکێت و، چۆن دەتوانێت لە ڕێى سیحرى گێڕانەوەوە گوێگرانى ئەبڵەق و سەراسیمە بکات. ئەمە دواتر لە نووسینیشدا ڕەنگدەداتەوە، هەر بۆیە دەبینین ئەوەى کەسێک دەیگێڕێتەوە یاخود دەینووسێت، هەمان شت کەسێکى تر بەجۆرێکى جیاواز دەیگێڕێتەوە یاخود دەینووسێت، ئەوەى دەقاودەق و وەک خۆى دەیگێڕێتەوە و باسیدەکات بە ئەزبەرکردن و لاساییکردنەوە ناودەبرێت و خواستراو نییە. هەر ئەمەشە وا دەکات هیچ دوو کەسێکى هەمان زمان، هەمان زمان وەک یەک بەکارنەهێنن. تەنانەت جیاوازى لە گۆکردنى وشەکان ئەم گریمانەیە پشتڕاست دەکاتەوە. بەوپێیەى زمان بە توندى بە هەست و بیر و ئەندێشە و تێگەیشتنى مرۆڤەوە گرێدراوەتەوە، هەر مرۆڤێکیش مێشک و بیرکردنەوە و هەستى جودا و سەربەخۆى خۆى هەیە، بۆیە دەربڕینى ئەم هزر و هەست و بیرۆکانە لەڕووى شێواز و قاڵبەوە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکى تر دەگۆڕێت.

مرۆڤ بەدرێژایى قۆناغەکانى گەشەسەندنى تەمەنى، وردە وردە درک بەوە دەکات کە بەشێک لە بوون و ناسنامە و ئەوێتى و کەسایەتى و حزور و پەیوەندییەکانى لەڕێى زمانەوە شکڵدەگرێت. لەناو بەرهەمە ئەدەبییەکاندا کەمیان وەک کتێبى (داغستانى من)ى شاعیرى گەورەى داغستان (ڕەسوڵ هەمزەتۆڤ) (١٩٢٣-٢٠٠٣) هەڵوەستەیان لەسەر ڕۆڵ و بایەخى زمان کردووە، ئەوەتا لە پاژى تایبەت بە زماندا لە زارى (شامیلى گمرى) پێشەواى شۆڕشگێڕانى داغستانەوە دەڵێت: “دەبێت زمانەکەمان وەکو زگمان بپارێزین”. ئەمە بەو واتایە دێت چۆن مرۆڤ ورگى لە برسێتى و جەستەى لە زەبر و پەلامار دەپارێزێت بەو شێوەیە دەبێت پارێزگاریى لە زمانەکەى بکات. لە شوێنێکى دیکەى هەمان کتێبدا دەڵێت (حاجى موراد)ى موریدى (شامیل) وتوویەتى: “وشە وەکو گولـلە وان، خەساریان مەکەن”( ). وەک چۆن گولـلە دەبێت لەکاتى پێویستیدا و بۆ پێکانى ئامانجێک بتەقێندرێت، مرۆڤیش دەبێت بەو جۆرە زارى هەڵبێنێت.

لێرەدا دەچینە لاى فەیلەسوفى نەمساوى (لۆدڤیک ڤیتگنشتاین) (١٨٨٩-١٩٥١). ئاخر هیچ فەیلەسوفێک وەک وى دەستى بە وشەوە نەگرتووە. (ڤیتگنشتاین) دەڵێت وتن فۆڕمى هەیە و ئەم فۆڕمەش ماناى هەیە. واتا ئەوەى فۆڕمى وتن دیاریدەکات ماناکەیەتى. بەڵام ئەگەر بپرسین مانا چۆن بەرهەمدێت؟ لە ڕوانگەى (ڤیتگنشتاین)ەوە ئەوەى مانا بەرهەمدێنێت فاکتە. کەواتە مانا لە وتندا بەرجەستە دەبێت و، وتنیش وێنە یاخود مۆدێلێکە لە فاکت. بەمجۆرە سنورەکانى زمانى هەر کەسێک ماناى سنورەکانى جیهانى ئەو کەسەیە. لێرەوە ئەو وتە بەناوبانگەى (ڤیتگنشتاین) دەخوازین کە دەڵێت: “ئەوەى مرۆڤ ناتوانێت قسەى لەسەر بکات، لەوبارەیەوە پێویستە بێدەنگ بێت”. ئەمەش دەمانبات بەرەو پرسى ئابوریى زمان، چونکە ئابوریکردن لە قسەکردندا یەکێکە لە باوەڕەکانى فەلسەفەى لۆژیک. لەم سۆنگەیەوە هەر درێژدادڕى و زۆر وتنێک دەبێتە هۆى دوورکەوتنەوە لە ئامانج و مەبەستى قسەکردن( ). هەرچەندە فەیلەسوفى مەزن (مارتین هایدیگەر) (١٨٨٩-١٩٧٦) زمان وەک تاکە بوارى لێکدانەوە و تێگەیشتن دادەنێت. پێیوایە ئێمە ئەو کاتانەى کە قسەش ناکەین و هیچ ناڵێین، ئەوا هەموو ساتێک و بێپسانەوە بەشێوازێک دەدوێین، جا لەگەڵ خۆماندا بێت یاخود لە ڕێگەى ئەو کردەیەوە بێت کە ئەنجامى دەدەین، چونکە پەیڤین یاخود دووان سروشتى مرۆڤە. تا ئەو ڕاددەیەى هەر شتێک لەم گەردوون و ژیانەدا بێت: پەیکەرێک، پارچە مۆسیقایەک، درەختێک، کاڵایەک… تاد هەموو ئەمانە لە چوارچێوەى زماندا جێدەگرن. بەم جۆرە لاى (هایدیگەر) دازایین (Dasein) واتا بوون دەکەوێتە ناو زمانەوە( ).

لاى باوکى هێرمۆنیتیک (شلایرماخەر) (١٧٦٨-١٨٣٢) دوو جۆر لێکدانەوە بۆ واتا زمانەوانییەکان هەن، ئەوانیش: لێکدانەوەیەکى ڕێزمانى یاخود دەستوریى، کە بەپێى ئەم لێکدانەوەیە واتاى هەر دەربڕینێک لەناو ئەو زمانەدایە کە لە کۆمەڵگەدا بەکاردێت. لەگەڵ لێکدانەوەیەکى دیکە کە هونەریى یاخود دەروونییە، ئەمەش پەیوەندیدارە بە ژیانى شەخسى هەر کەسێکەوە لەڕووى فیکرى و دەروونییەوە( ). کەواتە هەم واتاى دەربڕین و گوزارەکان لە زمانێکەوە بۆ زمانێکى تر دەگۆڕێت، زۆربەى جار ئەمە لە پەندى پێشیناندا دەبینینەوە، هەم تاکو دۆخى دەروونى تاکەکەس جێگیرتر بێت و ئاستى فیکرى و مەعریفى بەرزتر بێت ئەوا زمان لاى ئەو کەسە باڵاتر و هونەریتر دەردەکەوێت. هەرچەندە نابێت ئەوە فەرامۆش بکەین کە واتاى وشە دیاریکراو و سنوردارە، هەروەکو دەبینین فەیلەسوفى ئەمەریکى (جان هرش) دەڵێت زمان لەسەر دوو کۆڵەکەى بنەڕەتى ڕاوەستاوە: یەکێکیان واتاییە، کە هیچ کاتێک گۆڕانى بەسەدا نایەت. بەڵام لێرەدا گرنگى پایە و ستوونەکەى دیکەى زمان دەردەکەوێت کە بریتییە لە مەبەستە دەلالییەکەى زمان، چونکە قسەکردن و وشە و زمان بەپێى کات و شوێن و مەبەست و نیەتى قسەکەر گۆڕانى بەسەردا دێت. سەربارى ئەمە فەیلەسوفى فەڕەنسى (پۆل ڕیکۆر) (١٩١٣-٢٠٠٥) کاریگەرى میتافۆڕیش زیاد دەکات، چونکە بە تێڕوانینى (ڕیکۆر) میتافۆڕ ئەو شتانە دەردەبڕێت کە بە شێوازى تر شیاوى دەربڕین نین، لە نموونەى قسەى نەستەق و پەندى پێشینان و شیعر و ئەدەب و ئایکۆن و ئیمۆجییەکان و… تاد( ).

لێرەدا پرسیارى پەیوەندى سروشت و پێکهاتەى جەستەیى مرۆڤ لەگەڵ زماندا دێتە پێشەوە، بۆ تێگەیشتن لە پەیوەندى نێوان مێشک یاخود جەستە لەگەڵ زماندا پێویستە بچینە لاى لقە-زانستى سۆسیۆلۆجیا و فسیۆلۆژیاى مۆخ. بەوەندە ئیکتیفا دەکەین لا لە سێ تیۆرەى گرنگ بکەینەوە کە سروشتى پەیوەندى نێوان زمان لەگەڵ هزر یاخود مێشکدا ڕاڤە دەکەن: تیۆرییەک پێیوایە هیچ پەیوەندییەک لەنێوان زمان و هزردا نییە، چونکە سروشت و فەرمانەکانیان جودایە. هزر لە مانا و قسە و وشەکانەوە سەرچاوە دەگرێت، لەکاتێکدا سەرەکیترین فەرمانى ئاخاوتن و زمان بریتییە لە گەیاندنى هزریى لەنێوان تاکەکەسەکاندا. بەڵام تیۆرییەکى دیکە دەڵێت هزر لە زماندا تواوەتەوە، چونکە هزر زمانێکى بێدەنگە و، لە زمان دانابڕێت – ئەم تیۆرە نزیکە لە بۆچوونەکانى (هایدیگەر)ەوە دەربارەى زمان، کە پێیوایە دازایین (بوون) لەناو زماندایە- کۆتا تیۆرەش لەنێوان هەردوو تیۆرەکەى پێشووتردا ڕادەوەستێت و پێیوایە پەیوەندییەکى ڕێژەیى لەنێوان هزر و زماندا هەیە، واتا هەردووکیان وابەستە و گرێدراوى یەکترن، بەجۆرێک کەسێک کە مێشکى بەهێز و بەهرەمەند بێت ئەوا زمانى پێگەیشتووتر دەبێت. کەسێکیش کە لاڵ بێت یاخود نەخۆشییەکانى دیکەى جەستەیى هەبێت، ئەوا هەرچەندە لەڕووى هزر و مێشکەوە بەتوانا بێت، بەڵام لە زماندا گرفت و کۆسپى بۆ دروست دەبێت( ). لێرەدا فیزیکزان و گەردوونناسى بەریتانى (ستیفن هاوکینگ) (١٩٤٢-٢٠٠٨) نموونەیەکى بەرچاوە، کە سەربارى نەخۆشى بێهێزى ماسولکەکان و نەبوونى تواناى قسەکردن و نووسین و جووڵە، بەڵام لە داهێنانە مەعریفى و زانستییەکانیدا گەیشتە لوتکە.

وێڕاى ئەوە، ئێمە لە زماندا ڕووبەڕووى گرفت و کێشەیەکى دیکەش دەبینەوە: مرۆڤ زۆرجار بێئەوەى مەبەستى هەبێت و خۆى بخوازێت دەکەوێتە ناو هەڵە تێگەیشتنەکانى خۆیەوە، ئەوەتا ڕێبەرى ڕۆحى تبتییەکان (دالاى لاما) (١٩٣٦-) دەڵێت: مامەڵەکردنمان لەگەڵ وشە و زماندا دەبێت بە وردى و وریایى بێت چونکە زۆربەى کات تێگەیشتنى چەوت و هەڵەى خۆمان لە شت و دیاردە و ڕووداوەکان دەهێنینە سەر زمان، بێئەوەى کە مەبەستمان گواستنەوەى هەڵە و چەوتیى تێگەیشتنەکەمان بێت. بۆ ڕوونکردنەوەى زیاترى ئەم بیرۆکەیە بەسەرهاتێک دەگێڕێتەوە: ڕۆژێک لە ڕۆژان کابرایەک چاوى بە ماسییەکى گەورە دەکەوێت. خەڵک لێى دەپرسن: ماسییەکە چەندە گەورە بوو؟ کابراکە هەم بە وشە و هەمیش بە سیما پێیان دەڵێت کە ماسییەکى گەورە و زەبەلاح بوو. خەڵکەکە بەم وەڵامە ڕازى نابن و دیسان پرسیارى لێدەکەنەوە کە ماسییەکە چەندە دەبوو؟ ئەمجارە کابرا لە وەڵامدا دەڵێت ماسییەکە گەورە بوو، بەڵام زۆریش نا. خەڵکەکە بە پێداگرییەوە داواى لێدەکەن پێیان بڵێت کە ماسییەکە بەدیاریکراوى چەندە دەبوو؟ پیاوەکە بەناچارى دان بەوەدا دەنێت کە ماسییەکە هێندەش گەورە نەبووە!( ). ئەم بەسەرهاتە ئەوە دەڵێت کە لەڕاستیدا پیاوەکە لە سەرەتاوە نەیویستووە درۆیان لەگەڵدا بکات. تەنیا بێئەوەى بیر لە قسەکان بکاتەوە، یەکسەر وەڵامى پرسیارى خەڵکیى داوەتەوە.

نەک تەنها ئەوەندە، بەڵکو بیرمەندى ئەمەریکى (نوام چۆمسکى) (١٩٢٨-) پەردەى لەڕووى ڕەهەندى دیکەى زمان لاداوە، ئەوەتا (چۆمسکى) باوەڕى وایە سەربارى ئەوەى زمان بە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و کارلێکە کۆمەڵایەتییەکانەوە گرێدراوەتەوە، کە بریتییە لە گەیاندن، بەڵام لە هەموو ڕەگەزەکانى دیکەى سیستەمى پێکهاتەیى مەعریفیى مرۆڤ ئاڵۆزترە، بۆیە وێڕاى کاریگەرى کولتور و بۆماوەیى و ئەو ژینگەیەى لێى پەروەردە دەبێت، کەچى مرۆڤ لەژێر ڕۆشنایى بارودۆخ و ڕووداوەکانەوە بیردەکاتەوە. هەندێکجار ناتوانرێت بیرکردنەوەکان لە ڕێگاى وشەوە گوزارشتییان لێبکرێت، بەتایبەت ئەوکاتانەى شتێک دەبینین دوور لە چاوەڕوانى و پێشبینییەکانمانە. زۆرجاریش مرۆڤ شتێک دەڵێت کەچى ئەوەى بیرکردنەوە و مێشکى دەرناچێت( ). لە هەندێک دۆخیشدا مرۆڤ شتێک دەڵێت بۆ ئەوەى شتێکى دیکە بشارێتەوە و نەیڵێت یاخود سەرنجەکان بەلاڕێدا ببات. ئەمە زۆرکات لەکاتى دادگایى و لێپرسینەوە و ڕەوتى لێکۆڵینەوەکاندا بەدیدەکرێت.

هەندێک پێیانوایە زمان دەبێت ڕەسەن و پاک و پەتیى بێت، بەو واتایەى بەدوور بێت لە وشە و چەمک و دەستەواژەى بیانى و زمانەکانى تر. ئەم بۆچوونە لە باوەڕێکى ناسیۆنالیستى پەڕگیرەوە سەریدەرهێناوە، دەنا هیچ زمانێکى زیندوو نادۆزیتەوە کە هەڵگرى وشە و چەمک و دەستەواژەى زمانەکانى دیکە نەبێت، ئەوەتا بیرمەندى ئێرانى (داریوش ئاشورى) (١٩٣٨-) لە گفتوگۆیەکدا کە (عەلى ئەسغەر سەید ئابادى) لەگەڵیدا سازیداوە باس لە پەیوەندى نێوان زمانە مۆدێرنەکان و زمانەکانى پێش مۆدێرنە دەکات، تاکە جیاوازى نێوانیان بە کرانەوەییانەوە گرێدەدات، پێیوایە زمانێک ئەگەر نەتوانێت مانا و مەبەستى نوێ قبوڵ بکات و، هەوڵى خواستن و هێنانە ناوەوەى وشە و زاراوەى نوێى زانستى بۆ ناو زمانەکەى نەدات، ئەوا وەک زمانێکى بەستوو یاخود لەنگ و ناتەواو دەمێنێتەوە. لەپاڵ ئەمەشدا زمان کاتێک بەرەو گەشەسەندن و بەرفراوانبوون دەڕوات کە زەین و ئەندێشە و خەیاڵى تاکەکان بەرەو کرانەوە و مۆدێرنبوون بڕوات، بەو واتایەى بەبێ زەین و تێگەیشتن و ئەندێشەى مۆدێرن زمانێکى مۆدێرنیش نابێت( ).
لە کۆتاییدا، بە ڕوانگەى فەیلەسوفى ئەڵمانى (یۆرگن هابرماس) (١٩٢٩-) کۆتایى بە بابەتى زمان دێنین، بابەتێک کە سەدان کتێب هەڵدەگرێت. (هابرماس) ئەرکى زمان تەنها لە دەربڕین و گوزارشتکردن و نیشاندانى وێنە و وەسفکاریدا کورت ناکاتەوە، بەڵکو ئەرکدارى دەکات بە گێڕانى ڕۆڵى پەیوەندیکاریی، ئەمەش بە تواناى ڕاڤەکاریی زمانەوە دەبەستێتەوە، بە ئامانجى پەیبردن بە هەموو مەبەست و دەلالەتەکانى زمان، هەموو ئەو مەبەست و دەلالەتانەى کە لە پشتى ئەو گوتە و کردارانەوەن کە زمان کاتێک گوزارشتیان لێدەکات ناتوانێت پەیامەکەیان بگەیەنێت، یاخود بە ئاڕاستەیەکى دیاریکراوى مەبەستداردا پاڵیان پێوەدەنێت، بۆیە ئەرکى زمانە لە سەرەتادا هەوڵى تێگەیشتنى سەرتاپاگیر و فرەڕەهەند بدات، تاکو لە ناکۆکى و ناڕوونى بەدوور بێت. بەڵام تەنها لێرەدا ڕاناوەستێت، بەڵکو زمان لەسەریەتى ڕۆڵى ڕزگاریخوازییش بگێڕێت، بەتایبەت کاتێک بۆ چارەسەرکردنى گرفتەکان بەکاردێت، ئەمەش بەدینایەت تەنها بە گفتوگۆ و دیالۆگى کراوە و ئازاد و بەردەوام نەبێت( ).




ئەوە دەوڵەت و دەسەلاتن کە موبادەرەکانیان لە خەڵکی سەندۆتەوە*… زاهیر باهیر

ئافاتی کۆرۆنا وای کردوە کە خەڵکی تا ڕادەیەك لە ڕاپەڕاندنی کاروبارەکانیانا و ڕێکێخستنەوەی ژیانی خۆیان و دەوروبەریشیانا، متمانە بکەنە سەر خۆیان.
ئەم چەند نموونەیەی خوارەوە ئەوە نیشان دەدەن کە خەڵکی بە داهێنانەکانیان ئەوە دەسەلمێنن گەر سەرچاوەکانی سامانە سروشتی و کۆمەڵایەتییەکانیان لە چنگا بێت زەرووربوونی دەوڵەت و دەسەڵات پاساوێکی نامێنێت.
ئەمانەی خوارەوە تەنها چەند داهێنانێکی خەڵکییە لە شوێن و وڵاتانی جیاوازدا :

• لە بریتانیا بە هەزارەها گرپی هارریکاریی بێ بەرانبەریی دامەزراون، Mutual Aid، لە یارمەتیدانی خەڵکانێك کە پێویستیان بە یارمەتی هەیە.

• لە شاری وەوهان-ی چین کە لەوێوە گوایە کۆرۆنا سەریدەرهێناوە ، پاش ئەوەی کە دەوڵەت قەدەخەی ئامرازەکانی هاتوچۆی کەرتی دەوڵەتی کرد تاکو هەموو کەس لە ماڵەوە بمێننەوە، خەڵکەکەی هاتن قیتاری سەیارەیان دروستکرد لە گواستنەوەی خەڵکیدا بۆ خەستەخانەکان و هێنانەوەیان.

• لە شاری جیهانسبێرگی جنوبی ئەفەریقا خەڵکی هاتن تیمی تاقمی پێداویسییتییان دروستکرد بۆ یارمەتیدانی ئەو خەلکانەی کە خانوویان نییە ، واتە لە چواردیواری بەناو خانوویەکی لە تەنەکە و مقەبا و پوشوو و پەڵاش دروستکراودا دەژین. لەو پێداویستیانە : دیتۆڵی تەعقیمکردنی دەست ، کاغەزی تەوالێت ، بتڵی ئاوی پاك و خواردەمەنی. لە شاری کەیپ تاون ئەوانەی کە شارەزاییان لە کاروباری نەخۆشی چارەسەرکردندا هەبوون گروپیان دروستکرد لە گەڵ شوێندا، گەر کاتێك کە خەستەخانەکان پڕ بوون و نەیاتوانی چی تر نەخۆش وەرگرن ، ئەمان بە دەوری خۆیان ئەو کارە ئەنجام بدەن .
• لە ئەمەریکا گروپ بۆ یارمەتی کارمەندانی دکتۆر و نێرس خەستەخانە، دروستبووە، کە خۆیان وەختیان نییە تاکو پێداویستییەکانی خۆیان دابین بکەن . هەر لەوێ منداڵێکی 8 ساڵان گروپێکی دروستکردووە کە یارییەکان نیشانی منداڵان دەدات و بە یەکەوە دەیکەن . گروپی دیکە دروست بووە تاکو یارمەتی منداڵانی ئەو دایك و باوکانە بدات کە کە باوك و دایکیان زۆر سەرقالی کاری دیکەن.

• لە نەرویچ گروپێك لەوانەی کە لە کۆرۆنا چاکبوونەتەوە درروستبووە بۆ یارمەتیدانی خەڵکی کە ئەو کارانە بە خەڵکانێك کە تا ئێستا ساغن ناکرێت چونکە مەترسیدارە بۆئەوان کە بیکەن و لە کردنیا ڕەنگە توشی کۆرۆنا ببن.

• لە بولگاریا گروپ دروستبووە بۆ پێدانی کۆفی بەیانیانا و هەروەها بە قسە یارەمەتیدانی کەسانێك کە گرفتیان هەیە. ئەو کارەش بە ئینگلیزی پێی دەلێن counselling . لە پراگ گروپێك لە قوتابیان دروستبووە کە لای منداڵانی دکتۆر و نێرس و کارمەندانی خەستەخانەکان دەمێننەوە کە خۆیان لەسەر کارن .

• لە شاری دوبلن لە ئیرلەندە لە بلۆکێك خانوو یاری ‘ بینگۆ’ کە پێی دەڵێن ” balcony bingo ” لە ڕێگای فەیسبووکەوە دروستکردوە کە بە هەزاران کەس تیایدا بەشدارن .

• لە شاری بریستۆڵ-ی بریتانیا گروپێك لە ئافرەتان دروستبووە کە کاریان پەیداکردنی داوودەرمانە بۆ ئەو کەسانەی کە ناتوانن لە ماڵەکانیان بێنە دەرەوە.

• لە لاتیڤیا بە هەمان شێوە گروپی جیا جیا دروستکراون بۆ مەبەستی جیا جیا.

• لە وڵاتی فلیپین دیزاینەری پۆشاک دوکانەکەی گۆڕیوە بۆ دروستکردنی پێداویستییەکانی خۆپاراستن لە پەتای کۆرۆنا.

• لە یەك هەفتەدا گروپێك لە دکتۆر و تەکنیشنەکان و پسپۆڕان توانییان لە ماوەی هەفتەیەکدا جیهازی هەناسەوەرگرتن و بوژانەوەی سییەکان دروست بکەن کە تێچونی تەنها 370 دۆلاری ئەمەریکییە بە هاوکاری کۆمۆنێتییەکان.
*ئەم زانیاریانە لە وتارێکی نوسەر و چالاکوانی ناسراوی ژینگە George Monbiot کە لە ڕؤژنامەی گاردیانی 31/03/2020 ، وەرگیراوە بەڵام تایتڵی وتارەکەی ئەو جیایە .

01/04/2020
Zaarifbaher.com




داعش یان ئیسلام بە ئۆرسۆدۆکسی؟ … نووسینی: ستیڤان شەمزینی

رەنگە هیچ ناوێک هێندەی داعش “دەوڵەتی ئیسلامی عێراق و شام” لەماوەی ئەم دوو ساڵەی دواییدا، نەبووبێتە مایەی تێڕامان و جێگەی باس و خواسی هەمەلایەنە چ لەسەر ئاستی میدیا و ناوەندەکانی سیاسەت، چ لەسەر ئاستی گەلێری و میللی. ئەگەرچی گۆشەنیگاکان لەمەڕ تێفکرین و خوێندنەوە بۆ خودی داعش و ئامانجەکانی ئەو تەوژمە تیرۆریستییە لێک جودان، بەڵام دەکرێت خاڵی ناوکۆیی و بەیەک گەیشتنی دیتن و شرۆڤەکان لەوەدا یەکبگرنەوە کە زۆرینە کۆکن لەسەر ئەوەی ئەم گروپە تیرۆریستییە دژی هەموو بەها مرۆیی و مودێرنەکانی ژیانی هاوچەرخە و دەیەوێ گالیسکەی مێژوو بۆ سەدە تاریکەکان بگەڕێنێتەوە.
ئەم رێکخراوە ئەگەرچی نوێباوە لەسەر گۆڕەپانی سیاسیی و واقیعی کۆمەڵایەتی، بەڵام ئەو دنیابینییەی داعش نوێنەرایەتی دەکات، زۆر دێرینە و تەمەنێکی چەند سەدەیی تێپەڕ کردووە. لە باری واقیعییەوە رێکخراوێک بە ناوی “دەوڵەتی ئیسلامی عێراق و شام” بۆ دوای رووخانی ریژێمی عێراق و سەدام لە نیسانی 2003 دەگەڕێتەوە، واتە هاوزەمان لەگەڵ گواستنەوەی شەڕی شانە و تۆڕە تیرۆریستییەکان بۆ ناوەڕاست و باشووری عێراق و پارچە پارچەبوونی ئەلقاعیدە، ئەم گروپە لە ناو کەشێکی پڕ تیرۆر و خوێناوییدا سەرهەڵدەدات.
رەگوڕیشەی ئەم گروپە دەگەڕێتەوە بۆ رێکخراوی‌ (التوحید و الجهاد) بە سەرپەرشتی‌ (ئەبو موسعەب زەرقاوی‌)، لە ئۆکتۆبەری‌ هەمان ساڵ پاش بەرفراوانبوونی‌ چالاکییەکانیان و بەیعەتدانیان بە(ئوسامە بن لادن) و وەرگرتنی‌ رەزامەندیی‌ لەلایەن قاعیدەوە، ناوی‌ خۆیان گۆڕی‌ بۆ رێکخراوی‌ (القیادە الجهاد فی‌ البلاد الرافیدین) و بوونە باڵی‌ قاعیدە لە عێراق. ساڵی‌ (2006)دا (ئەبو موسعەب زەرقاوی‌) لە ئەنجامی‌ بۆردوومانی‌ فڕۆکە جەنگییەکانی‌ ئەمەریکا لە باکووری‌ بەعقوبە کوژرا، هەر ئەوکات (ئەبو ئەیوب میسری‌) ناسراو بە (ئەبو حەمزەی‌ مهاجر) شوێنی‌ گرتەوە. پاشان ‌ لە 15-10-2006 ئەم رێکخراوە بڕیاری‌ خۆ رێکخستنەوەیاندا لەچوارچێوەی‌ فۆرمێکی‌ نوێتردا خۆیان بەناوی‌ ( دولە العراق الاسلامیە) راگەیاند و (ئەبو عومەر بەغدادی‌) کرابە ئەمیری‌ رێکخراوەکە.
لە بەرواری‌ 19-4-2010دا لە رێی‌ ئەنجامدانی‌ ئۆپەراسیۆنێکی‌ هاوبەشی‌ هێزەکانی‌ ئەمەریکا و سوپای‌ عێراق (ئەبو عومەر بەغدادی‌ و ئەبو حەمزەی‌ مهاجر) پێکەوە لە بەغداد کوژران. دە رۆژ پاش کوژرانیان، ئەنجوومەنی‌ شورای‌ دەوڵەتی‌ ئیسلامی‌ لە کۆبوونەوەیەکی‌ نائاساییدا بڕیاریدا (ئەبوبەکر بەغدادی) دەستنیشان بکات، وەک ئەمیری‌ نوێی‌ رێکخراوەکە.
هەر دوای تێکچوونی بارودۆخی ناوخۆیی سوریا و بەرپابوونی شەڕی چەکدارانە بە مەبەستی رووخاندنی ریژێمی ئەسەد، (ئەبو بەکر بەغدادی) خۆی گەیاندە سوریا و هەر لەوێ چاوی‌ کەوت بە کەسایەتییە دیارەکان و باڵە جیاکانی‌ دیکەی‌ رێکخراوی‌ قاعیدە لە و وڵاتەدا، بەتایبەت (الجبهة النصرة). بەغدادی‌ پێشنیاری‌ یەکگرتنی‌ گروپە جیهادییەکانی‌ بۆ (ئەیمەن زەواهیری،‌ رابەری‌ رێکخراوی‌ قاعیدە) بەرزکردەوە لە سوریا و عێراق. دوای‌ دوو مانگ لەم پێشنیارە (زەواهیری‌) رەزامەندیی‌ نیشاندا، بەم چەشنە لە بەرواری‌ 9-4-2013 لە رێی‌ تۆمارێکی‌ دەنگییەوە (بەغدادی‌) رێکخراوی‌ (الدولە الاسلامیە فی‌ العراق و الشام- داعش)ی‌ راگەیەند.

پاشتر بەهۆی لاوازبوونی ریژێم لە سوریا، توانیان سەرەتا چەند ناوچەیەکی ستراتیجی لە سوریا داگیر بکەن و شاری “رەققە” بکەنە پایتەختی خەلافەتەکەیان، دواتریش بەهۆی لاوازیی حکوومەتی نوێی عێراق بە سەرۆکایەتی “نوری مالیکی” توانیان چەند شارێکی گەورەی وەک موسڵ و تکریت و بەشێک لە پارێزگای ئەنبار و دیالە و کەرکووک بگرن، هاوکات بەرەو ناوچە کوردستانییەکانی وەک شەنگال و جەلەولا و مەخموور و گوێڕ پێشڕەویی بکەن. لە ئێستادا داعش قەڵەمڕەوی هەیە بەسەر ناوچەیەکی فراوان و ستراتیجی لە هەردوو وڵاتی عێراق و سوریادا و لە شەڕێکی قورس و یەکلاکەرەوەشدایە لەگەڵ سوپای عێراق و پێشمەرگە لەلایەک و هێزە ئاسمانییەکانی وڵاتانی هاوپەیمانی رۆژئاوایی بەتایبەت ئەمەریکا، لەلاکەی ترەوە.
ئەوەی ئێمە گەرەکمانە لێرەدا قسەی لەسەر بکەین، هۆکار و شێوازەکانی دروستبوونی رێکخراوی داعش نییە، هەروەک چۆن نامانەوێ گریمانەی سەرەنجام و کۆتایی ئەو رێکخراوەش بکەین. جگە لەوەش نامانەوێ باسی ئەو گەمە ناوچەیی و نێودەوڵەتییانە بکەین کە لە شەڕی داعشدا هەیە، هەروەک چۆن ئەوەی جێگەی باسی ئێمە نییە ئەو سیناریۆیانەشە لە پشت هاتنە ئارای رێکخراوێکی تێرۆریستی وەک داعش هەیە. ئامانجی سترۆکتۆری ئێمە بریتییە لە بەراووردکاریی لە نێوان رەفتار و کردەوەکانی داعش لەگەڵ دەقە ئاینییەکانی ئیسلام و ئەزموونی چەند سەدەیی دەسەڵاتی ئیسلامی، چوونکە هەندێک دەیانەوێ ئەو مامەڵە دڵڕەقانەی داعش و تاوانکارییەکانیان بخەنە دەرەوەی چوارچێوەی ئیسلام.
ئێمە لێرەدا بەڵگەی ئەوە دەخەینە روو، مامەڵەی داعش و تاوان و کاولکاریی و رەفتارە هۆڤانەکەیان شتێکی نامۆ نییە لەناو مێژووی ئیسلامیدا، تەنانەت شتێکی نامۆ نییە بە تێکستە قورئانییەکان. تەنانەت نامۆ نییە بە هەڵسوکەوتی ئیسلام لە پێغەمبەرەوە تا هەنووکە. بە پێچەوانەوە زۆربەیان لە میانەی دەسەڵاتی خەلافەتی ئیسلامیدا پیادە کراون، رەنگە داعش رێکخراوێکی نوێ نەبێت لە بواری داهێنانی کوشتن و بڕیندا، بەقەدەر ئەوەی هێزێکی تازەیە کە نوێنەرایەتی عەقڵییەت و مامەڵەیەکی نامرۆڤانەی زۆر دێرینتر دەکات. هەربۆیە من داعش بە دیاردەیەکی تازە نابینم لە مێژووی ئیسلامیدا، بەقەد ئەوەی زیندووبوونەوەی رۆحێکی وێرانکارە کە بارگاوییە بە رۆحی ئیسلامگەریی.
ئەگەر ئێمە سەیری قورئان بکەین، وشەی “کوشتن- قتل” بەهەموو مانا و رەهەندە جۆراوجۆرەکانییەوە 174 جار دووبارە بۆتەوە، بەڵام وشەی “نوێژ” کە یەکێکە لە سەرەکیترین کۆڵەکانی ئاینی ئیسلام تەنیا 99 جار دووبارە بۆتەوە. یەک ئایەت هەیە کە رۆژووی کردووە بە یەکێک لە روکنەکانی ئیسلام و ساڵانە ملێونان موسڵمان یەک مانگ بەڕۆژوو دەبن، بەڵام دەیان ئایەت هەیە کە هانی کوشتن و خوێنڕشتنی ناموسڵمانان دەدەن، چەندین ئایەت هەیە جیهاد و کوشتاری کردۆتە یەکێک لە بنەماکانی ئاینەکە. بۆیەکا لەم روانگەوە دەتوانین بڵێین خودی ئاینەکە ئەوەندەی بواری تێدایە بۆ توندوتیژیی و سڕینەوەی بەرانبەر، بە چارەگی ئەوە زەمینەی پێکەوەژیان و یەکتر قبوڵکردن و تولەرانسی تێدا نییە.
رەنگبێ خەڵکانێک هەبن، نموونەی کۆمەڵێک ئایەت بهێننە پێشەوە کە باس لە ئازادیی ئاین و هەڵبژاردنی بیروڕا دەکات، لە چەشنی “لا اکراە فی الدین” و کۆمەڵێک ئایەتی تری هاوشێوە، بەڵام بە سەرنجدان لە خودی ئەوەی پێی دەوترێ “علوم القران” بۆمان دەردەکەوێت زۆرینەی ئەو ئایەتانە “نەسخ” بوونەتەوە، ئایەتی نەسخبووەش حوکمی لێ وەرناگیرێت، بە پێچەوانەوە هەموو ئەو ئایەتانە بە ئایەتەکانی سورەتی “التوبە” نەسخ بوونەتەوە. چوونکە ئەو ئایەتانەی پێشوو زادەی قۆناغی مەککە بوون، چون لە قۆناغی سەرەتای بانگەوازی ئیسلامیدا ئاینەکە بانگەشەی ئازادیی ئاین و ئامانجی هاوبەشی ئاینەکانی تری دەکرد، بەڵام لە قۆناغی مەدینەدا کاتێک باڵانسی هێز بەلای موسڵماناندا دەشکێتەوە، ئایەتەکان زمانیان دەگۆڕێت بۆ زمانی هەڕەشە و کوشت وبڕ.
نووسەری نێوداری عەرەب “هادی عەلەوی” لە کتێبەکەیدا “مێژووی ئەشکەنجەدان لە ئیسلامدا” بە وردیی و هەمەلایەتە تیشکی خستۆتە سەر شێوازەکانی کوشتن و ئەشکەنجەدانی نەیارانی ئیسلام بە درێژایی مێژووی ئیسلام، ئەگەر بە وردیی بەراوورد بکەین لە نێوان ئەو فۆرمانە لە توندوتیژیی کە داعش بەکاریدەهێنێت لەگەڵ ئەو شێوازانەی لە مێژووی ئیسلامیدا بەکارهاتووە، جیاوازییەکی ئەوتۆ بەدی ناکەین شیاوی باسکردن بێت.

عەلەوی لە کتێبی ناوبراودا، چەندین شێوازی توندوتیژیی و ئەشکەنجەدان و لەناوبردنی فیزیکی خستۆتە روو، لە نموونە “کەوڵکردن، سووتاندن، سەرپەڕاندن، لێدان و جەڵدە لێدان، پەل و پۆ بڕین، ئەشکەنجەدانی جنسی، ئەشکەنجەدان بە چەرخ، زگ هەڵئاوساندن لە رێگەی چەرخەوە، کوشتن بە قسڵ “الموت بالنورە”، تەزاندن و رەقکردنەوەی پاش قامچیکاریی، زگ هەڵئاوساندن لە رێگەی بەنجەوە، پچڕینی گۆشت لەلاشە، شکاندن بە دوو داری ئەستوور، تێڵا تێبڕین و کوت کوتکردن، کوشتن لە رێگەی برژاندن، گوێ و لوت بڕین و چاو هەڵکۆڵین، بۆری ئاگرین، نینۆک کێشان، ئەشکەنجەدان بە قامیش، زیندە بەچاڵکردن، لە خاچدان و هتد…..”.
ئەگەر سەیر بکەین داعش شتێکی نوێی لە بواری کوشتن و توندوتیژیدا دانەهێناوە، جگە لە دووپاتکردنەوەی ئەو شێوازانەی بە درێژایی دەسەڵاتی ئیسلامی پەیڕەوکراون. سەرپەڕاندن بە شمشێر و سووتاندن دوو شێوازن داعش زۆرترین جار پەیڕەویی لێ دەکات، ئەوەش لە مێژووی ئیسلامیدا زیاتر لە چەندین جار دووبارە بۆتەوە.
هادی عەلەوی دەنووسێت: ئەبوبەکری سدیق لە میانەی ئامۆژگارییەکانی بۆ ئەو سوپایەی بۆ لەناوبردنی هەڵگەڕاوەکان ناردوویەتی فەرمانی پێداون بیانسووتێنن. هەروەها “تەبەری” دوو کتێبی لەمبارەوە هەیە و رووداوی وەهای تێدایە کە بە فەرمانەکانی ئەو جێبەجێ کراون. “بەلازەڕی” لە “فتوح البلدان”دا ئەوەمان بۆ دەگێڕێتەوە “خالیدی کوڕی وەلید” هەندێک لە هەڵگەڕاوەکانی دوای بەدیل گرتنیان سووتاندووە.
بەشێکی بەرچاویش لە فوقەهای ئیسلامی رێگە دەدەن بە سووتاندنی مرۆڤ بەتایبەتی بە پشت بەستن بە نموونەی سووتاندنی هەڵگەڕاوەکان و پیاوێکی نێرباز لە سەردەمی ئەبوبەکری سدیقدا. داعش پاساوی شەرعی و نموونەی پیادەکراوی کردۆتە پاڵشت بۆ سووتاندنی نەیارانی خۆی. لە نووسراوێکدا رێکخراوی‌ دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) وەڵامی ئەو پرسیارە (حوکمی‌ سووتاندنی کافر تاوەکو دەمرێت چییە؟) دەداتەوە و چەند بەڵگە و فەرموودە و تەفسیرێک دەهێنێتەوە و شەرعیەت دەداتە سووتاندنی‌ مرۆڤ.
لەو نووسراوەدا داعش رایگەیاندووە لە هەر دوو مەزهەبی شافعی ‌و ئەحناف سووتاندن بە رەهایی رێگەپێدراوە و پشتیان بە فەرموودەیەکی پێغەمبەر (محەمەد) بەستووە کە وتوویەتی (کەس بەئاگر سزا نادرێت تەنیا خودا ئەو کارە دەکات)، واتا خودا خۆی خەڵک دەسوتێنێت، مەهلەبیش وتوویەتی “ئەو رەتکردنەوەیەی خودا مەبەستی حەرامکردنی نییە بە رەهایی”، بەڵکو رێگەپێدراوە. لە بەشێکی تری‌ نووسینەکەدا داعش ئاماژەی بەوە کردووە کە ئیبن حەجەر “رێگەی بە سووتاندن داوە و هاوەڵانیش ئەوەیان کردووە، تەنانەت پێغەمبەریش ئاسنی سوورکراوەی‌ بە ئاگر کردووەتە چاوی عەرەنییندا و خالیدی کوڕی وەلیدیش چەندین کەسی لە خەڵکی (رەدە) سوتاندووە”.
خودی توندوتیژییەکە لەسەردەستی پێغەمبەر “محەمەد” دەستی پێکردووە، لە سەردەمی ئەودا توندوتیژیی و جیهاد وەک پارێزەری ئاینەکە ناسێندرا، لە رێگەی ئایەتەکانی جیهاد بەتایبەت سورەتی “تەوبە” فۆرمۆڵەی جیهادی ئیسلامی کرا، بۆ نموونە دەستکەوت و غەنیمەتی شەڕ بە پێی ئایەتێک دیاریکرا کە دەبوو پێنج یەکی هەر غەنیمەیەک بۆ خودی پێغەمبەر بێت، هاوکات خوێن و ماڵی نەیارانی ئیسلام حەڵاڵ کرا، ئەمە جگە لەوەی هاوسەرەکانیان دەکرانە کەنیزەک و وەک دەستکەوتی شەڕ بەسەر سوپای ئیسلامیدا دابەش دەکران.

لە سەردەمی پێغەمبەردا، تیرۆری نەیارانی ئاینەکە لەلایەن خودی پەیامبەرەوە رەوایی پێدرا و چەندین جار پیادەکرا لە نموونەی: کوشتنی “عەسمای کچی مەروان”. کە پێغەمبەر “عومەیری کوڕی عودەی” نارد بۆ کوشتنی، ناوبراو لە ناو مناڵەکانیدا کە بەدەوریدا نوستبوون ئەم ژنەی کوشت، بە پاساوی ئەوەی زەمی پەیامبەری کردبوو.
کوشتنی “ئەبی عەفەکی یەهودی” کە تەمەنی لە 100 ساڵ تێپەڕیبوو، نموونەیەکی ترە لە تیرۆر لە سەردەمی پێغەمبەردا. ئەبی عەفەک شیعری هەجوی لەسەر پەیامبەر دەوت، ئەوەبوو پێغەمبەر “سالمی کوڕی عومەیر”ی نارد بۆ کوشتنی، ئەویش لە کاتی خەودا شمشێرێکی کردە ناو جەرگی و کوشتی. پاشان کوشتنی “کەعبی کوڕی ئەشرەف” کە قوڕەیشی هاندەدا دژی موسڵمانان، نموونەیەکی ترە لە تیرۆر لە سەردەمی پێغەمبەردا، چوون خودی پێغەمبەر سەرپەرشتی راستەوخۆی کوشتنەکەی کرد و 5 پیاوی نارد بۆ لەناوبردنی و تاکو “بقیع الفرقد”یش چوو لە تەکیاندا، پاش ئەوەی “کەعب”یان کوشت و سەرە بڕاوەکەشیان هێنایەوە بۆ پێغەمبەر.

هاوزەمان کوشتنی “ئەبی رافع کوڕی عەبدوڵڵا، سەلامی کوڕی ئەبی حەقیق، دایکی قرفە، ئیبن شەیبنینە” کۆمەڵە کوشتنێک بوون لەسەر راسپاردەی خودی پێغەمبەر ئەنجامدران بەتۆمەتی هەجوکردن و دژایەتی پەیامبەری ئیسلام. ئەگەرچی لە گرتنی مەککەدا لێبوردنی گشتیی دەرکرا، بەڵام وەک “عەلی دەشتی” لە کتێبەکەیدا “بیست و سێ ساڵ پێغەمبەریی” ئاماژەی بۆ کردووە: پێغەمبەر چەند کەسێکی جیاکردەوە و فەرمانی دا لەهەر جێگەیەک دۆزرانەوە بیانکوژن تەنانەت ئەگەر پەنایان بردبێتە بەر کەعبەش. ئەمانە بریتی بوون لە: سەفوان کوڕی ئومەییە، عیکرمە کوڕی ئەبوجەهل، عەبدوڵڵای کوڕی خەتەل، مقبس کوڕی سەباب، حویرس کوڕی نەفیر. شەشەم کەس “عەبدوڵڵای کوڕی ئەبی سەرح” بوو کە ماوەیەک لە مەدینەدا دەستەی نووسەرانی وەحی بوو. هەروەها دوو کەسی تر بەناوەکانی “فرتنا و قریبە” لەبەرئەوەی چەندین بەیت و دێڕی گاڵتەجاڕانەیان لە بارەی پێغەمبەرەوە بڵاوکردبووەوە.
هەر لە سەردەمی پێغەمبەردا، قەلاچۆی هەر سێ هۆزە جولەکەکەی مەدینە کرا، تەنانەت بەپێی ژێدەرە مێژووییەکانی خودی موسڵمانان خۆیان، تەنیا لە هۆزی “قریزە” نزیکەی 8 هەزار کەس زیندەبەچاڵکران و سەروەت و سامانیان بە غەنیمەت گیرا و ژنەکانیان کرانە کەنیزەک و مناڵەکانیشان بە کۆیلە. دواتر لە ساڵی حەوتەمی کۆچی، پێغەمبەر فەرمانی گرتنی قەڵای خەیبەر دەدات کە شوێنی ئاوارە جووەکان بوو، پاش ئەوەی کوشتارێکی زۆریان لێدەکات، سامانەکانیان تاڵان دەکرێت و ژنەکانیان دەکرێنە کەنیزەک، تەنانەت خودی پێغەمبەر “سەفیەی کچی حەی کوڕی ئەختەب” وەک دەستکەوتێکی شەڕ لە خۆی مارە دەکات کە دیلێکی جوو بوو.
ئیبن ئیسحاق، باسی گرتنی قەڵای خەیبەر دەکات و دەڵێت: پێغەمبەر “کینانەی کوڕی رەبیع” بانگ دەکات کە شوێنی گەنجینە شاراوەکەی بەنی نەزیری دەزانی، پرسیاری شوێنی گەنجینەکەی لێکرد، ئەویش ئینکاری کرد شوێنی گەنجینەکە بزانێت. بۆیە پیاوێکی یەهودی بانگ کرد و ئەو یەهودییە بە پێغەمبەری وت بەچاوی خۆم کینانەم دیوە هەموو رۆژێک دەهات بۆ ئەم کەلاوەیە. پێغەمبەریش بە کینانەی وت دەزانی ئەگەر گەنجینەکە لێرە بدۆزمەوە دەتکوژم؟. کینانەش وتی بەڵێ. پێغەمبەر فەرمانی کرد کەلاوەکە هەڵبکەنن و ئەوانیش هەڵیانکەند، شوێنی چەند گەنجینەیەک دەرکەوت، پێغەمبەر پرسیاری لە کینانە کرد شوێنی گەنجینەکە لە کوێدایە؟. کینانەش ئینکاری دەکرد، پێغەمبەر بە زوبێری کوڕی عەوامی وت بڕۆ کینانە ئەشکەنجە بدە تا پێی دەردەخەیت. دواجار پێغەمبەر کینانەی ناردە لای محەمەدی کوڕی مسلمە و ئەویش ملی پەڕاند.
دەبینین سوپای ئیسلام دەستی نەپاراستووە لە کوشتن و سەرپەڕاندن، تاڵانکردن و بە کەنیزەک گرتنی ژنان. تەنانەت بەشێک لە مێژوونووسان پێیانوایە فاکتۆری دەستکەوت و غەنیمەت رۆڵێکی گرنگی گێڕاوە لە سەرکەوتنەکانی سوپای ئیسلام هەر لە سەردەمی پێغەمبەرەوە تا دوا چرکەساتی قۆناغی فتوحاتی ئیسلامی.
عەلی دەشتی، لە کتێبی “ئیسلامناسی”دا دەنووسێت: لە “فتوج البلدان”ەوە وا دەردەکەوێت کە ئەبوبەکری سدیق، لە ناردنی سوپا بۆ شام، لە هاندەری دەستکەوت و غەنیمەت کەڵکی وەرگرتووە و بەهیوای چنگکەوتنی دەستکەوت و غەنیمەت سوپاکە بەرەو شام هاندراوە. هەروەها لە رۆستەم “فەرماندەی سوپای ئێران” و “مغیرەی کوڕی شعبە”ش وا گەیەندراوە کە هاندەری شەڕی عەرەبەکان لە باوەڕێکی ئاینییەوە نەهاتووە بەڵکو بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوت و غەنیمەت بووە.
“بارتولد” و “گلدزیر” و “فیلیپ حتی” و توێژەرانی دیکەش لە لێکۆڵینەوەکانیان وای دەردەخەن کە جەنگاوەرانی عەرەب پتر بەمەبەستی چنگخستنی ماڵ و دەستکەوت و سامان وەک هاندەرێکی سەرەکی شەڕیان دەکرد. لەم روانگەوە عەرەبە بەدووەکان کە نانی خۆیان لە رێی غەزەوات و بە نووکی شمشێر پەیدا دەکرد، بوونە بزوێنەری سوپای عەرەبی ئیسلامی. بەم بۆنەوە بوو “ئیبن خەلدون” گەیشتە ئەو بڕوایەی عەرەبی موسڵمان دەستی بگاتە هەر شوێنێک وێرانی دەکات.
ئەگەر چاوێک بە “فتوحاتی ئیسلامی”دا بخشێنینەوە و بە چاوێکی رەخنەگرانەوە سەیری مێژوو بکەین، رەنگە سوپای ئیسلام لە ریزی دڵڕەقترین و وێرانکەرترین سوپاکاندا بێت بە درێژایی مێژوو. مرۆڤ کاتێک مێژووی “تەبەری” و “تەواوی مێژوو”ی “ئیبن ئەسیر” و چەندان کتێبی تری مێژوویی دەخوێنێتەوە، تێدەگات ئەوەی ئیسلامی بەو خێراییە گەیاندە زۆر جێگەی دوور و ئاینەکە لەماوەیەکی پێوانەیدا گەیشتە رۆژهەڵاتی دوور و نزیک لێوارەکانی ئەوروپا، حیکمەت و بەخشندەیی ئاینەکە نەبوو، بەقەدەر ئەوەی ترس بوو لە سوپایەکی دڵڕەق کە تەنیا و تەنیا کوشتن و کاولکاریی دەزانی.
د.کامیل نەجاڕ، باسی فتوحاتی ئیسلامی دەکات و دەنووسێت: غەزای سیند و هیند لەسەردەمی “حەجاجی کوڕی یوسفی سەقفی”دا بە لوتکەی توندوتیژیی جیهاد لە ئیسلامدا پێناسە دەکرێت. سەرکردەی سوپای حەجاج لە سینددا ساڵی 712ی زاینی “محەمەدی کوڕی قاسم” بوو. حەجاج ئەو فەرمانەی بۆ دووپاتکردەوە کە هەڵستێت بە کوشتنی هەموو ئەو پیاوانەی شەڕیان کردووە و کەنیزەکەکانیش بەدیل بگرێت. لەسەر ئەم بڕیارە کاتێک موسڵمانەکان چوونە ناو شاری “برهامباد”ەوە “محەمەدی کوڕی قاسم” فەرمانی دەرکرد هەموو ئەو پیاوانەی سەرباز بوون سەریان بپەڕێنرێت. ژمارەی سەربڕوانەی ئەو کارەساتەش بە شەش هەزار کەس مەزندە کراوە و هەندێکیش دەڵێن شانزە هەزار بووە.
هیندیش کە لە ساڵی 1000ی زاینی لەلایەن “مەحموود قارنی”ەوە داگیرکرا، لەگەڵ خۆیدا گەردەلولێکی بردە ئەو وڵاتە، پەرستگاکانی رووخاند، ئاڵتوون و زێڕ و زیوویان هەڵلووشی، ئەوەندەی خوا حەز و ئارەزووی کرد کوشتاریان کرد، یەکەمجار بە دیلکردنی پاشا “بنجاب” دەستیپێکرد و دواتر دانیشتوانی “قور”یان ناچار کرد ببنە موسڵمان، کاتێکیش شاری “ماتورا”یان داگیرکرد کە شوێنگە و قیبلەگای خوا “کریشنا” بوو، گەورەترین پەرستگایان رووخاند و تێیدا دەستیان گرت بەسەر 500 پەیکەری ئاڵتوونی رەشادی کە درێژیی هەر پەیکەرێک پێنج یارد بوو. هەروەها لە شاری “سومنات”یش “مەحموود قارنی” زیاتر لە 50 هەزار کەسی کوشت و ئەوەی بۆی کرا تاڵانی کرد.
لە ساڵی 793دا ئەمیر هیشام، سوپایەکی بە سەرکردایەتی “عبدالملک بن عبدالواحد” ناردە ناوەڕاستی ئەندەلوس و ئەویش قەڵەمڕەوی کرد تا گەیشتە قەیرەوان. بە درێژایی چەند مانگێک لە تەواوی وڵاتەکەدا کاری هەر ئەوە بوو بکوژێت و هەڵلووشێ و ژنەکانیان بە کەنیزەک ببات. کاتێکیش بە سەلامەتی گەڕایەوە ئەوەندە دیل و کەنیزەکی لەگەڵ خۆیدا هێنابووەوە مەگەر هەر خودا دەنا کەس ژمارەیانی نەدەزانی.

سوپای ئیسلام نەک هەر دەستی لە کوشتوبڕ نەباراستووە، بەڵکو گەیشتبێتە هەر شوێنێک پرۆسەیەکی کاولکاریی دەستپێکردووە، تەنانەت بە بڕوای “عەلی دەشتی” نووسەری کتێبی “ئیسلامناسی” کوشتنی “عومەری کوڕی خەتاب” لەسەر دەستی “فەیرۆز ئەبو لولوئە” کاردانەوەی ئەو دڕندەییەی سوپای ئیسلام بووە. بۆیە دەنووسێت: کاتێک دیلەکانی شەڕی “نەهاوەند”یان بۆ مەدینە دەبرد، فەیرۆز لەولاوە وەستابوو، سەیری دیلەکانی دەکرد و دڵی منداڵە وردەکانی دەداوە و دڵنەوایی دەکردن و دەستی بەسەردا دەهێنان و دەیگووت: “عومەر جەرگی خواردم”. ژن و کچە دیلەکانی ئەم شەڕانەیان لە بازاڕی مەدینە فرۆشت و ناوی “وسبانا” و “ئوسرا”یان لێنان.
ئەو پرۆسە وێرانکارییەی لە سەردەمی عومەری کوڕی خەتتابدا دەستیپێکرد و تا دواڕۆژەکانی تەمەنی خەلافەتی عەبباسی بەردەوام بوو، لە ئاستێکدایە، جاری وا هەیە مرۆڤ تووشی شۆک دەکات. تەنانەت ماتریاڵە بێ رۆحەکانیش لە دڕندەیی سوپای ئیسلامی دەرباز نەبوون. چەندان پەیکەری بەنرخیان شکاند، چەندان پەرستگا و کتێبخانەیان سووتاند، هەزارەها جێگەی پەرستنیان کاول کرد، هەزارەها ئاسەواری شارستانێتییە دێرینەکانیان لەگەڵ زەوی تەخت کرد.
“ئیبن خەلدون” لە کتێبی “المقدمە”دا دەنووسێت: کاتێک سەعدی کوڕی وەقاس شاری “مەداین” داگیر دەکات، بە نامەیەک لە “عومەری کوڕی خەتاب”ی پرسی چی لەو هەموو کتێبانە بکات کە لە مەداین هەن؟. عومەر لە وەڵامدا نووسیبووی: هەموویان بە ئاودا بدە. ئەگەر ئەو شتانەی لەو کتێبانەدا هەن بۆ رێنماییکردن بن ئەوا خوا قورئانی بۆ ئێمە ناردووە کە لەمانە رێنیشاندەترە، خۆ ئەگەر ئەم کتێبانەش بێجگە لە مایەی گومڕایی شتێکی دیکە نەبن ئەوا خوا لە شەڕی ئەم کتێبانە بەدوورمان دەگرێت. لەبەرئەوە هەموو ئەم کتێبانە بە ئاودا بدە یان بیانسووتێنە.

وەنەبێت ئەمە شەپۆلی توندوتیژییە تەنیا لە سەردەمی خەلاقەتی عومەرەوە سەریهەڵدابێت، بەڵکو لە ساتەوەختی جەنگی “بەدر”ەوە دەستیپێکردووە و پێغەمبەر خۆی لە چوارچێوەیەکی پیرۆزدا فۆرمۆڵەی کردووە. دواتر لە سەردەمی ئەبوبەکری سدیق ئەو توندوتیژیی و وێرانکارییە پەرەیسەندووە و پاشان قۆناغ بە قۆناغ زیاتر تەشەنەی کردووە، بەڵام هەموو ئەمانە بە پاڵپشت بە دەقی قورئانی و فەرموودەی پێغەمبەر ئەنجام دراون.
ئەگەر نموونەیەک بهێنینەوە لە سەردەمی دەسەڵاتی “ئەبوبەکر”دا، هێرشی سوپای ئیسلام بوو بۆ سەر ئەوانەی بە “هەڵگەڕاوە” ناوزەد کراون، لە کاتێکدا زۆربەی ئەوان باوەڕداربوون بە ئیسلام بەڵام ئامادە زەکاتدان نەبوون. کەچی ئەبوبەکر بە سووتاندن و کوشتن و سەرپەڕاندن وەڵامی داونەتەوە. بۆ وێنا هەر لە سەردەمی فەرمانڕەوایی ئەودا، خالیدی کوڕی وەلید، پاش ئەوەی لەسەر نەدانی زەکات “مالیکی کوڕی نویرە” لەناوچەی “بەتاح” دەکوژێ و دەیسووتێنێت و بەزۆرەملێ ژنەکەی مارە دەکات لەخۆی، خودی خەلیفەی ئیسلام بێدەنگ بووە لەم تاوانە لەکاتێکدا کەسێکی وەک مالیک باوەڕی بە ئیسلام هەبووە.

رەفیق سابیر، لە کتێبەکەیدا “ئیمپراتۆریای لم” دەنووسێت: رەنگە سەرنجڕاکێشترین رووداوی دەوڵەتی ئومەوی ئەو پەلامارە بێت بە فەرمانی یەزیدی کوڕی مەعاویە کرایە سەر خەڵکی شاری مەدینە. کە بەحکومڕانی یەزید رازی نەبوون. دوای داگیرکردنی شارەکە سەرلەشکری ئومەوییەکان “مسلمی کوڕی عەقەبە” رێگەی بە سەربازەکانی دا تاکو سێ شەو و سێ رۆژ بە ئارەزووی خۆیان بکوژن و تاڵان بکەن و دەستدرێژیی بکەنە سەر ژنان. سەرچاوەکانی مێژووی ئیسلامی دەنووسن کە لە ئەنجامی ئەو دەستدرێژییە جنسییەی کرایە سەر ژنانی مەدینە حەوت هەزار منداڵی بێژوو لە شارەکەدا لە دایکبوون.

بە ئاوڕدانەوەیەکی خێرا لەم نموونە مێژووییانە و دەیان نموونەی تری هاوشێوە هەر لە غەزای بەدرەوە تاکو دوا هەناسەی دەوڵەتی خەلافەت، بەو ئەنجامە دەگەین داعش ئیزافەیەکی پێ نەبووە بۆ سەر ئەو شێوازانەی لە میانەی 14 سەدەی تەمەنی ئاینی ئیسلامدا پەیڕەو کراون، رەنگە تەنیا ماتریاڵەکان و میکانیزمەکانی ئەو پرۆسە کاولکارییانە گۆڕابن، بەو واتایەی ئەگەر پێشان بە پاچ و گۆپاڵ پەیکەر و شوێنەوارەکان کاولکرابن، ئێستا داعش بە تی ئێن تی کاولیان دەکات، ئەگەر پێشوو بە شمشێر و تیر جەنگیان کردبێت، هەنووکە سەربازەکانی داعش بە تازەترین چەکی پێشکەوتوو شەڕ دەکەن. ئەگەر جاران ئەسپسوار بووبن، حاڵی حازر داعش خاوەنی هەزاران ئۆتۆمبیلی جۆری هەمەرە.
من پێموایە ئەو بۆچوونە زۆر سادە و کرچ و کاڵە کە پێیوایە داعش رێکخراوێکی نامۆیە بە ئیسلام. یان ئەوەتا خاوەنانی ئەو بۆچوونە وێنایەکی خەیاڵی لە ئیسلامیان وەرگرتووە و فاکتە مێژووییەکان نەدیوە، یان ئەوەتا بە ئەنقەست پاکانە بۆ خودی ئیسلام دەکەن. چوونکە بمانەوێ یان نەمانەوێ خودی ئاینەکە زەمینەیەکی شێداری هەیە بۆ پەروەردەکردن و رسکانی ئەو تەرزە لە تیرۆریزم. چوون ناکرێت موسڵمان بیت و باز بەسەر سورەتی “تەوبە”دا بدەیت یان چاو لە ئاست ئایەتەکانی توندوتیژیی و جیهاد بنووقێنیت.
ئەوەی داعش دەیکات، نموونەی پیادەکراوی هەیە هەر لەسەردەمی پێغەمبەرەوە تا ئەم ساتەوەختە. داعش هیچ دیاردەیەکی نوێی لە توندوتیژیی و فاناتیسم و وێرانکاریی دانەهێناوە. بە دەربڕینێکی تر داعش رێکخراوێکی نوێیە، بەڵام نوێنەرایەتی عەقڵییەتێکی کۆن و دێرینتر دەکات، کە تا ئەم چرکەساتەش ئامادەبوونێکی جیددی هەیە و هەڕەشەیەکی پلە یەکیشە بۆ سەر ژیار و ژیانی شارستانی مرۆڤایەتی هاوچەرخ. ئەوانەی دەڵێن نەخێر داعش نوێنەرایەتی ئیسلام ناکات. هەرگیز ناتوانن وەڵامێکی پڕاوپڕ و لۆجیکی ئەم پرسیارە بدەنەوە. ئەگەر داعش نوێنەرایەتی ئیسلام ناکات، ئەی نوێنەرایەتی کام ئایدولۆجیا و ئاین و دیدگا دەکات؟.
ئەوانەی پێیانوایە داعش و ئیسلام دوو کایە و دوو پێدراوی جیاواز لە یەکترن، چۆن وەڵامی مێژوو دەدەنەوە کە دیرۆکی ئیسلامی تژیەتی لە نموونەی ئەو کاولکاریی و کوشتارەی داعش ئەمڕۆ پیادەیان دەکات؟. ئاینەکە خۆی بەرپرسیاری یەکەمە نەک خودی کەسەکان. نەک خوێندنەوە و روئیاکان. چوونکە کەسانێک هەن دەیانەوێ بڵێن ئەوە تەنیا ئیجتهادێکە لە ئیسلامدا، بەڵام بە خوێندنەوەی دیرۆک و تەماشاکردنی شکستی رەوتە عەقڵانییەکانی ناو ئاینی ئیسلام لە نموونەی “موعتەزیلە” و هەرەسی خولیای ریفۆرمیستە ئیسلامییەکان، دەگەینە ئەو بڕوایەی خودی ئاینەکە چەقبەستوو و توندوتیژە نەک خوێندنەوە و روانگەکان.
لەگەڵ ئەوەشدا ناتوانین کاریگەریی چەند کەسایەتییەکی وەک “ئەحمەدی کوڕی حەنبەل، ئیبن تەیمییە، محەمەدی کوڕی عەبدولوەهاب، سەید قوتب” نادیدە بگرین لە فۆرمۆڵەبەندیی ئیسلامی فێندەمینتالیست و ریشەییخواز. ئەو چوار کەسە زیاتر لە هەر کەسی تر بۆ بزووتنەوە ئیسلامییە جیهادیی و تەکفیرییەکان، گرنگ و پڕ بایەخترن، چوونکە ئەوانە داوای گەڕانەوەیان دەکرد بۆ ساتەوەختی “سەلەفی ساڵح” و هەموو بۆچوونە عەقڵانی و ریفۆرمیستەکانیان رەت دەکردەوە.

رۆڵی سەید قوتب لەگەڵاڵەکردنی ئەو دیدگا جیهادیی و تەکفیرییەی ئێستا هەیە، رەنگە کاریگەرتر بێت، چوونکە قوتب پیاوێکی حەرەکی بووە و لە هەموویان هاوچەرختر بووە. ئەو لە رێگەی نووسینەکانییەوە فۆرمۆڵەی بزووتنەوەی جیهادییەکانی کرد. بەتایبەت لە رێگەی کتێبە بەناوبانگەکانی وەکوو “1-هذا الدین. 2-المستقبل لهذا االدین. 3- الاسلام و مشکلات الحضارە. 4- فی ضلال القران. 5- مقومات التصور الاسلامی. 6- خصائص التصور الاسلامی. 7-معالم فی الطریق. 7- لماذا اعدمونی”. قوتب لە کتێبی “مەشخەڵەکانی رێ” بەم دێڕە دەستپێدەکات “ئەمڕۆ تەواوی جیهان لە جاهیلییەتدا دەژی”.
بە بڕوای قوتب، جاهیلییەت ناولێنانێکی رووت نییە بۆ سەردەمێکی دیاریکراو کە پێش سەرهەڵدانی ئیسلام دەگرێتەوە، بەڵکو جاهیلییەت لە دەرەوەی زەمەنەکانە و هەموو ئەو کۆمەڵگایانە دەگرێتەوە لە دەرەوەی ئیسلامن یان لە بەها و عەقیدەی ئیسلامی لایانداوە. سەید قوتب دنیاى وەک دوالیزمێک دەبینی لەنێوان ئیسلام و کوفردا، لەم سۆنگەوە جیهانی دابەشی دوو دنیا کردبوو “جاهیلییەت و ئیسلام” یان “دارولسەلام و دارولحەرب”. ئەو جیهادی بە تاکە میکانیزمی لەناوبردنی ئەو جاهیلییەتە دەزانی کە بە جاهیلییەتی نوێ ناوەزەدی دەکرد.

قوتب، خەونی بە خەلافەتی ئیسلامییەوە دەبینی، لەم روانگەوە جیهادی بە تاکە میکانیزمی هێنانەدی ئەو خەونە حساب دەکرد، بۆیە کۆمەڵگە و دەسەڵاتی تەکفیر دەکرد و داوای هەڵتەکاندنی دامەزراوەکانی دەکرد. ئەو گەرەکی بوو نەوەیەک دروست بکات لەسەر رقبوونەوە لە شارستانی خۆرئاوا، بۆیە لە جێگەیەکدا دەنووسێت “پێویستە رۆڵەکانمان وا پەروەردە بکەین کە رقێکی زۆریان لە شارستانی ئەوروپی بێت. رقێک لە ئایندەدا وایان لێ بکات تۆڵە لە مرۆڤی سپی بکەنەوە، ئەو مرۆڤەی سەر زەوی پڕ کردووە لە گەندەڵی و خراپەکاریی”. تۆ بڵێی رووداوەکانی یانزەی سپتامبەری 2001 بۆ سەر ئەمەریکا هێنانەدی ئەو خەونەی قوتب نەبێت لەسەر دەستی تەکفیرییەکان کە لە رێگەی تێزەکانی قوتبەوە پەروەردە و گۆشکرابوون؟.

قوتب، لە هەناوی ئیخوانەوە هاتە دەرەوە، ئەگەرچی ئیخوان بە رووکەش وەک میانڕەو دەردەکەوێت، بەڵام زۆر زوو توندڕەویی قوتب ئیخوانی تێپەڕاند. ئێمە دەتوانین بڵێن سەید قوتب پردی پەیوەندییە لە نێوان ئیسلامییە تەکفیریی و جیهادییەکان بە داعشیشەوە لەگەڵ ئین تەیمییە و ئەحمەدی کوڕی حەنبەل و محەمەدی کوڕی عەبدولوەهاب و تێزە توندڕەو و ئسوڵییەکانیان، ئەوانیش ئەڵقەیەکی وەسڵن لە نێوان سەید قوتب و ئەو “سەلەفی ساڵح”ەی لای قوتب بە “جیل قرانی فرید” ناوزەدکرابوون. واتە بەبێ ئامادەبوونی سەید قوتب لەم نێوەندەدا رەوتی ئیسلامی جیهادی یان بۆ زەمەنێکی تر دوادەکەوت یان قاچێکی ئیفلیج دەبوو.
خولاسەی قسەی ئێمە ئەوەیە ئەو ئیسلامەی داعش نوێنەرایەتی دەکات، ئەو ئیسلامە دڵخوازەی سەید قوتبە، هەمان ئەو ئیسلامەشە ئیبن تەیمییە و ئیبن حەنبەل و ئیبن عەبدولوەهاب تامەزرۆی بوون، ئیسلامەکەی ئەوانیش هەمان ئەو ئیسلامە ئۆرجیناڵەیە کە لەسەردەمی پێغەمبەر و دەسەڵاتی خەلافەتی راشیدیندا بوونی هەبووە. ئەوەی لێرەدا دەمەوێت بیدرکێنم ئەوەیە لای من جیاوازییەکی ئەوتۆ نییە لە نێوان کار و کردەوەی داعش و غەزەواتی سەردەمی سەرەتای ئیسلام، بە پێچەوانەوە هەوڵی گێڕانەوەی هەمان واقیعە لەم زەمەنەدا.
پەیوەندیی نێوان داعش و کرۆکی ئیسلام پەیوەندییەکی کۆنکرێتییە، داعش بێ رتووش داوای گەڕانەوە بۆ سەردەمی پێشان و ساتەوەختی بانگەوازی ئیسلامیی لە مەککە دەکات، لەگەڵ ئەوەشدا هەرچەند مامەڵە دزێوەکانی داعش بۆ مرۆڤایەتی سەردەم جێگەی شۆک و ئیست بن، بەڵام هیچ کات ناتوانین خۆمان لەو راستییە ببووێرین داعش هەمان نەریتی کوشت و بڕ و کاولکاریی دووبارە دەکاتەوە کە ئیسلامی پێشین ئەزموونی کردووە. بۆیە هەر هەوڵێک بۆ تەکفیر و خستنە دەرەوەی داعش لە چوارچێوەی ئیسلام نەک شکستخواردووە بەڵکو هەوڵێکی ناکام و کۆمیدییە، چوونکە خەونی خەلافەت و جێگیرکردنی ئیسلام لە رێگەی جیهادەوە هەمان خەونی یەکەم ئەڵقەی موسڵمانان بوو لە ماڵی ئەرقەمی کوڕی ئەبی ئەرقەمەوە.

نووسینی: ستیڤان شەمزینی

ستۆکهۆڵم

تێبینی: ئەم وتارە بەشی یەکەمە لە کتێبی “داعش لوتکەی تیرۆریزمی ئیسلامی”. کە لە سەرەتای ساڵی 2015 چاپ و بڵاوکراوەتەوە.




مێژووی شانازی- لە یادی گیان بەختکردووانی شوراکانی کوردستان … ئاسو کمال

هەموو ساڵێک لە یادی ئەم ئازیزانەماندا پەپولەی خەیاڵمان دەفڕێت بۆ سەر یادەوەری ئەم پۆلە هاوڕێ گەنج و پڕ لە وورەیە کە لە ڕۆژانی ٣١ئازار و ١ نیسانی ١٩٩١ لە ڕووبەڕووبونەوەی هێرشی بەعسدا بۆ سەرکوردستان بەداخێکی زۆرەوە گیانیان لەدەست دا. یادی ئەم هاوڕییانەی لای هەموو ئەو نەوەیەی کۆمۆنیستەکان و کەسانی ئازادیخواز و یەکسانیخوازی کوردستان کە بەشداربوون لە ڕاپەڕینی ١٩٩١دا بەرز و جێگای شانازیە. ئەوان یادەوەری بزوتنەوەیەکی شورایی گەنج و پڕ لە شانازی بوون لە کوردستان.
بزوتنەوەی شورایی بریتی بوو لە نەوەیەک لە کچ و کوڕی شۆڕشگێڕی کوردستان کە دەستیان دایە چەک بۆ ڕوخانی بەعس لە کوردستان و بۆ یەکەم جار لە مێژووی کۆمەڵگەی کوردستاندا بزوتنەوەیەکیان بەڕێخست کە کرێکار و فەرمانبەر و خەڵکی هەژار و ئازادیخوازی گەڕەک و کارگە و فەرمانگەکانی کۆدەکردەوە و هانی دەدان کە خۆیان لە ڕیگەی شوراکانیانەوە ئیدارەی کۆمەڵگە بگرنە دەست.
ئەم پۆلە هاوڕێیە هەمیشە لە ڕیزی بزوتنەوەی شوراییدا بە گیانێکی هاوڕێیانە و لە خۆبردوویی و دڵ پڕ لە هیوا بە ئایندەیەکی باشترەوە لە نێو کۆڕ و کۆمەڵی خەڵکدا هەڵدەسووڕان و لە ڕیزی هێزی چەکداری شوراکانیشدا ئازا و جەسوور و شێلگیر بوون بۆ پارێزگاری کردن لە خەڵکی کوردستان بەرانبەر بە پەلاماری دڕندانەی بەعس لە کۆتایی ئازار و سەرەتای نیساندا و لەم پێناوەشدا گیانیان بەختکرد.
ئەم بزوتنەوە شوراییە گەنجە جێگای شانازی ئێمەیە، چونکە مێژوویەکە کە ئێمەی کۆمۆنیستەکان یەکەم جار فرسەتی کاری ئاشکرامان لە نێو کرێکاران و خەڵکی ئازادیخواز بۆ کرایەوە و یەکەم تەجروبەی کاری سیاسی نێو جەماوەرمان بوو، بەڵام ڕاستەوخۆ جەماوەری کرێکار و فەرمانبەر و ئازادیخوازانی کوردستانمان کۆکردەوە تا خۆیان بێنە مەیدان و ڕێگە نەدەن کە لە جێگای بەعس هێز و حزبی تر و بەڕیوەبەر وکاربەدەستانی دوێنێی حکومەتی بەعس خۆیان بسەپێنن بەسەر خەڵکی کوردستاندا. هەربۆیە سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و بە تایبەت “باوکی هەژاران”کەی کە بە “پیاوکوژی کۆمۆنیستەکان” ناوی دەرکردبوو،کە هێشتا لە دیوی ئێرانەوە نەگەشتبوەوە ناو شارەکانی کوردستان، لەڕادیۆی “دەنگی گەلی کوردستان” ەوە بانگەوازی دژی شوراکان بڵاوکردەوە و دژایەتی چینایەتی بورژوازی کورد و سەرمایەدارانی ئێستای هەر ئەو کاتە بە شوراکان و کۆمۆنیستەکان و خەڵکی کرێکار و ئازادیخوازی کوردستان ڕاگەیاند.
شانازی کردنی ئەمڕۆی ئێمە بەو مێژووە کورتەی شوراکانەوە، شانازیە بە کۆمەڵێک بەهای سیاسی و کۆمەڵایەتیەوە.
شانازیە بەوەی هەر لەیەکەم ڕۆژەکانەوە ئێمە لەگەڵ جەماوەری چینەکەی خۆماندا بووین بۆ ڕزگاربوون لە دەست بەعس و لە دەست بەرەی بورژوازی کوردستانیش. بەرەیەک کە ٢٩ ساڵە هیچی لە بەعس کەمتر نەکردوە لە چەوسانەوە و ستەمی چینایەتی و بڕینی موچە ودزینی داهاتی کوردستان و گرتن و تیرۆری ئازادیخوازان و کوشتنی ژنان و گێڕانەوەی کۆنەپەرستی.
شوراکان شانازین بەوەی کە بۆ یەکەم جار وەک بزوتنەوەی کرێکاری وکۆمۆنیستی یەکگرتووانە و بێ گوێدانە جیاوازی سیاسی و فکری دەستمان دایە کاری کۆکردنەوەی جەماوەر و دروستکردنی گروپەکانی گەیاندنی خزمەتگوزاری و بەرگرتن بە گەڕانەوەی بەعس.
ئەمڕۆ لە یادی هاوڕێیانی گیان بەختکردووماندا یادی ئەو شانازیانەی بزوتنەوەکەیان دەکەینەوە. ئەمڕۆ جارێکی تر بە پشت بەستن بەو تەجروبانەی بزوتنەوەی شورایی، لە ڕیکخستن و هاندان و بەرگریکردنی جەماوەری، وە کردنیان بە کۆڵەکەیەکی پتەوی بزوتنەوەی کرێکاران و چەوساوەکانی ئەمڕۆی کوردستان ئەو یادەی ئەوان بۆ هەمیشە بەزر و بەڕیز ڕادەگرین.

ئاسو کمال




بە ھەگبەیەکی کوردانەوە، گەشتێک بە دیوانەکەی (جەلال مەلەکشا) دا …هەڵۆ بەرزنجەیی

گەشتیاری میللەتە پێشکەوتووەکان کاتێ دەچنە بینینی وڵاتان، سەرەتا دەکەونە شارەزابوون لە فەرھەنگ و کولتووری ئەو نەتەوە و وڵاتانە. بۆ ئەم حەز و خولیایە زیندووەیان، ھەمیشە سەردانی مۆزەخانە و شوێن و پاشماوە کۆن و مێژووییەکان، دەخەنە سەری ھەرە سەرەوەی لیستی گەشتەکەیان… ئینجا ھەوڵی بەدەستھێنانی بلیتی ئۆپێرا و شانۆ و کۆنسێرت و گەلەری و شوێنە ھونەرییەکانی دیکە دەدەن. ئیدی بەم جۆرە چێژی ڕۆحی و بژێوی زانین و زانیاری لە گەشتەکەیان وەردەگرن و شتی لێوە فێر دەبن. دەرئەنجام دەبنە خاوەنی جیھانبینییەکی فراوان لەسەر پێشکەوتن و کەلەپوور و شارستانێتی میللەتەکان.
لەم گەشتەمەدا بە نێو جیھانی فراوان و پڕ لە گوڵ و گوڵزار و وێنەی شیعری بەرز و تەکنیکی لێوەشاوانە و خەیاڵی فراوان و سەلیقەی شاعیرانە و گەلێ لایەنی دیکەی ئەم دیوانەدا، خۆم وەک ئەو گەشتیارانە دێتە بەرچاو. بەڵام گەشتەکەی من ھەر لە نیشتمانی خۆمدایە. لەبەر زۆر ھۆکار نیشتمانم جارێ بە داگیرکراوی و دابەشکراوی و بێ کیانی و بێ ئاڵایی ماوەتەوە و بێ پەساپۆرتم و دەرفەتێکی ئازادانەی گەشتی جیھانم بۆ نەڕەخساوە… جارێ ھێشتا دەرگای قەفەزێکی ئاسنینم لەسەر کڵۆم کراوە و توانام نییە بە حەز و خواستی خۆم لە شەقەی باڵ بدەم.. ـ لەمەدا ئێوەش هەر وەک منن ـ . جا لەتەک ئەو ڕاستیانەشدا، من ھێشتا پێویستم بە زانین و زانیاریی و شارەزایی لە وڵاتی خۆمدا ھەیە. پێویستە لە نێو بەرھەم و نووسین و کاری ھونەریی و چالاکییەکان دا، ئەو وێنە و دیاردانە دیاری بکەم و لێیان بدوێم، کە بەھا و نرخی گفتوگۆ و شرۆڤەکردنیان پێویستە…
ھەنووکە دیوانی شاعیرێکی داھێنەر و خاوەن ئەزموون و ڕێچکەشکێنی تایبەتمەند بەسەر دەکەمەوە. بێ ئەملاولا کردن یەکە و ڕاست بەدوای ئەو بیرۆکە و پرس و حەز و خولیا و ئەو تایبەتمەندییەدا دەگەڕێم، کە بە دیدی من پێویستە لە ھەر تاکێکی کوردی نووسەر و ھونەرمەند و بازرگان و ڕەنجدەر و کاربەدەست و بەرپرس دا ئامادەگی ھەبێت. ئاخر ڕاستییەکان لە حوکمی بەڵگەنەویستدان! ڕۆڵەی میللەتێکی بندەست، ھەر دەبێت بۆ ئازادی و سەربەخۆیی بیر بکاتەوە و تێبکۆشێ و بنووسێ و داھێنان بکات… هتد.
(جەلال مەلەکشا) ناوێک نییە، دوور بێت لە ھیچ خوێنەرێکی کورد. ئەو بە کۆمەڵێ شیعری شێواز تایبەت و زیندووی بارگاوی بە ڕەگەزەکانی کوردبوون و بانگی ئازادی و بیر و ھزری مرۆڤ، جوانی نیشتمانی کورد و ڕۆحی بەربەرەکانی و بەگژداچوونەوەی دەسەڵاتی بێگانە. قارەمانی ژێر ئەشکەنجە و ژووری تاریکی زیندانەکان، ھەر زوو ناسنامەی تایبەتی و کەسی و شیعری خۆی بەدەستھێناوە و بە پێناسەی تایبەت بە خۆیەوە چۆتە نێو کایەی ڕۆشنبیریی کوردییەوە.
مەلەکشا، لەکات و ڕۆژگارێکدا ئەم هونەر و جوانییە تۆمار دەکات، کە ژیان دەرەتانی زۆر شتی لێ بڕیوە. لە ڕووبەر و مەملەکەتێکدا ئەم ھەڵوێستە تۆمار دەکا، دەسەڵاتێکی خوێناوی و ستەمکار و دواکەوتووی داگیرکەر حاکمی زاڵە بەسەرییەوە. ئەم دیاردە و سیفەتەش بۆتە نھێنی و پەنھانی گەورەیی سەرکەوتنی ئەم شاعیرە، لە کاروانی شاعیرێتی خۆیدا، جوانی و پیرۆزیی و نرخی بەرزی بەخشیوە بە جیھانی شیعرەکانی.
ئەو شیعرانەی مەلەکشا پێشکەشی کردووین، گەر زادەی بارودۆخێک بونایە، کە شاعیر بەوە تۆمەتبار بوایە، لە کۆشک و تەلارێک سوڵتان ئاسا پاڵی لێداوەتەوە و وەعز دەدات و ئامۆژگاری دەفرۆشێتەوە. ئەوە بەرھەمەکانی چ سوودێکیان نەدەبوو و نەشدەبوونە کەرەسە و بابەتی ئەم نووسینە. خۆ گەر بهاتایە و لە دوورەوەی نیشتمانیشەوە پەیامی بۆ بناردباینایە، دیسان ھەقمان بوو بڵێین: تۆ دووری لێمان و باش ئاگات لە ئازارەکانی نیشتمان نییە و قسەی سەرمێزی ڕازاوە و سکی پڕ دەکەیت. ھەرچەندە دەبێت ئەوە بڵێم، پەیامی جەنتڵمامانە و واقیعی و زیندوو، لە ھەر دەڤەرێک و پێگەیەکەوە بێت، ھەر پەیامە و زەبری خۆی ھەیە. نەخێر مەلەکشا ھێشتا بۆ خۆی بە خاکدا چەقیوە و زێدەکەی توند و گەرم لە ئامێز گرتووە و یەک تاقە سەنتیمەتر لە نەتەوە و خاکەکەی دوور نییە.
پێویستە ئاماژە بەو ڕاستییە بدەم،ناسینیم بۆ شاعیر شیعرەکانی لە ڕێگای گۆڤاری سروەی خنجیلانەوەیە و لەمێژیشە بەتاسەوە بووم دیوانەکەی مەلەکشام دەستکەوێت و بیخوێنمەوە. ڕێکەوت وابوو، خوشکەزای خۆشەویستم ھێمن حسین دەبوو بۆ چارەسەر بچێتە ئێران. منیش داوام لێ کرد، سۆراخی ئەم دیوانەم بۆ بکات. ھێمن لە شاری سنەی خۆشەویست لە دۆستێکی ھەواڵی ئەم بەرھەمە دەپرسێ. مامۆستا شادمان ئەو برا ئازیزە کە ھاوکاریی زۆری ھێمن دەکات لە چارەسەری نەخۆشییەکەیدا،لە ڕۆژی 7.3.2018 دا ئەم دیوانەم لە ڕێی ھێمنەوە پێشکەش دەکات. سوپاس مامۆستا ئازیز بۆ دیارییە جوان و بەنرخەکەت.
ھەر کە بەدەستم گەشت دەستبەجێ وەک ھەنگوینم لە کلۆری داردا دۆزیبێتەوە، بە تاسەوە کەوتمە خوێندنەوەی. ئیدی لێگەڕام دەرفەتێکی ناچیزە ساز بێت، بەچەند وشەیەک لە ڕوانگەیەکی جیاوازەوە، سەرنج لە دیوانی ناوبراو بگرم و قسەی خۆمی لەسەر بکەم. من لێرەدا ھەروەک گەشتیاری ئاماژەپێکراو ، تەنھا وێڵی باوەڕ و جیھانبینی و تەواوی ئەو شتانەم کە دەکەونە بەر حوکمی چەمکی کوردبوون و بنەمای کوردایەتی لە خۆ دەگرن.
دەمەوێ لەم ڕوانگەیەوە چی لە عۆدەی ھزر و قەڵەمەکەمدا بێت، بیخەمە گەڕ و دوایی ھەگبەکەمی لێ پڕ بکەم و پێشکەشی خوێنەرانی بکەم. لەم کارەدا ھەرچی سوودبەخش بوو، ئەوە ماڵی ھونەرە بەرزەکەی مامۆستا مەلەکشا و ئەدەبی کوردییە و ھەرچیش قەڵب و نالەبار بوو، دەبێتە بە ماڵی من و بە سنگفراوانییەوە لێتان وەردەگرمەوە. دیوانەکە وەک گوڵجاڕێک تژییە لە گوڵی بۆنخۆشی ڕەنگاوڕەنگی جوان. لێ من ھەر بەدوای ئەو گوڵەی خۆمدا وێڵم، کە مەبەستمە و گەرەکمە چەپکێکی بۆ ئێوەش لێ ئامادە بکەم و پێشکەشتانی بکەم.
ئەو گوڵانەی چیرۆکی خاک دەگێڕنەوە، بۆنی نیشتمانیان لێ دێت. ئەو گوڵانە خوێن لە زام و برینیان دێ و چوونەتە سەنگەری بەربەرەکانی داگیرکەرەوە. ئەو گوڵانەی بە خوێنی گیانبەختکردووانی کورد ئاو دراون، ئەو گوڵانەی بوونەتە سیمبۆلی ئازادی و بەھا جوانەکانی تری کوردبوون و مرۆڤ بوونەوە. بەڵێ ئەم تەوەرانە لەم نووسینەدا جێیان دەبێتەوە. ئەم تایبەتمەندی و ڕاستییەش وام لێ دەکات، لە پێشڕا لە خودی شاعیر و خوێنەری بەڕێزیش داوای لێ بووردن بکەم، کەوا من جارێ بە وشیارییەوە دەڵێم، تەنیا کڕیاری ئەم جۆرە گوڵانەم.. با پسپۆڕان و کڕیارانی دیکە خۆیان سەرگەمی گوڵەکانی دیکە بن. ئەوەش دەبێ بگوترێ، مافی ڕەوای ھەر لایەکمانە چ گوڵێک دەکڕین.
دیوانی ج. مەلەکشا، لەبەر بارودۆخی ناسروشتی و پڕ لە گێرمەوکێشەی سیاسی پڕە لە شیعرگەلێکی سیمبۆلی . شاعیر لە شیعری (بێ وڵات) دا ھەر زوور دەرک بەوە دەکات لە جوگرافیای جیھان دا و لە سەر ئەتڵەس، بە ھۆی ئەو زوڵم و زۆرداری و چەوساندنەوە و تاڵانییەی دوژمنەکانییەوە بەسەردیدا سەپاندووە، نەخشە وڵاتی خۆی نادۆزێتەوە. ھەر بۆیە کاتێ دەمرێ و ژیان بەجێ دێڵێ، بستە خاکێ نابینێ لاشەکەی تێدا بنێژرێت.
بێ وڵات
چل ساڵە من
تەرمی خۆمم لە کۆڵ ناوە
دەتگێڕم و ئەشک ئەڕێژم
ڕێگەی دووری تەمەن ئەبڕم
بستێ خاکم دەست ناکەوێ
ئەم جەستە پڕ لە ئازارەی
تیا بنێژم! ل ٣١
شاعیر لەم بابەتە زۆر دوور ناکەوێتەوە ڕەپوڕاست پەیامی خۆی بەڕووی داگیرکەراندا دەتەقێنێتەوە و لە شیعرێکی دیکەدا دەڵێ :
وشەی پیرۆز
مێژوو دەڵێ
سەدان کەڕەت
گۆڕەپانی منیان کردە جەھەندەم و
وڵاتێکیان تیا ھەڵقرچان!
بەڵام ھەرگیز نەیانتوانی
دوو دیاردە
لەسەر سینگم بسڕنەوە:
یەکیان کورد و
ئەوی تریان
وشەی پیرۆزی کوردستان ل٣٢
کەواتە دوژمن بەو ھەموو توانا و ھێزەیەوە ناتوانێ ناسنامەی نەتەوەیی بسڕێتەوە. ئەوە زیاتر لە 25 سەدە بەڵگەی مێژوو. دواتر لە ئاکامی بێ دادیی و نەبوونی ئازادی، ناتوانێ سەردانی دەزگیرانی بکات :

تۆڵەی چاوپێکەتن
ئەی گیانەکەم!
بڵا پۆلیسەکان بنوون
زیندان بنوێ
بێدەنگی گشت بەند و قاوشەکان بگرێ
دەلاقەی ژوورەکە داناخەم
چاوەڕوانم بەڵێنت پێدام شەوێ
بخزێیتە ناو خەونەکانم
کاتێ ھاتی دەخیلت بم
کەس نەتبینێ
چونکە پۆلیس بەتاوانی نافەرمانی
تۆڵەی چاوپێکەوتنی تۆم لێ دەستێنێ! ل ٣٣
شاعیر لە زیندانە و بە زۆر تاوانی هەڵبەستراوی بەسەردا ساخ کراوەتەوە. خەون بە دیداری گراوییەکەیەوە دەبینێ، کەچی زۆر بە چرپە پێی دەڵێ: گەر ھاتی با کەس نەتبینێ، دەنا تۆڵەم لێ دەکەنەوە. لێرەدا ئاماژە بۆ دڕندەییەکی تری داگیرکەر دەکات.. چۆن و لەبەر چی زیندانییەک سزای قورستر دەبێت.. چۆن تۆڵەی لێ دەکەنەوە! بۆ لێی دەکەنەوە و لەسەر چ شتێکی سزایەکی نوێی قورستری دەدەن!.؟؟ شاعیر ناتوانێ باز بەسەر ئەو ھەستەدا بدات، کە دەوری کەسایەتی و نیشتمانی تەنیووە. ئەوەتا بێ ئەوەی داوای لێ بکەین، خۆی پێمان دەڵێ خەڵکی کوێیە و چ چارەنووسێکی هەیە و ئەندێشەکانی چین….
بەخشش
خەڵکی وڵاتی گریانم
کێڵگەی کامتان وشک و برینگە
ھەر دوو چاوم پێشکەش ئەکەم
وەک شەم لەناو شەوەزەنگا
دەسووتێم و دەتوێمەوە
شەوگاری کامتان زۆر ڕەشە
دڵی ڕوونم دابەش ئەکەم ل٣٦
ئەم شاعیرە وەک مرۆڤێکی ماف زەوتکراو و بێ سەربەستی، لە پەیامێکدا کە بریتییە لە داوای ئاوات و حەزێکی سروشتی ژیان ، خواستێکی ھێجگار سادە و ساکار دەردەبڕێت، کە لە ھەموو مێژووی مرۆڤایەتی و خەباتی گەلاندا نموونەی نییە و بەرچاو ناکەوێ.
کاتالانییەک گەرچی بێ دەوڵەتە! بەڵام دەتوانێ لە بەرشلۆنەوە بۆ ھەر شارێکی تری وڵاتەکەی و جیھان گەشت بکات. ئیرلەندییەک چەند لەژێر ستەمی ناسیۆنالیستی ئینگلیزدا دەناڵێنێ، لێ لە دەبلنەوە بۆ ھەر کوێی بوێت بێ گرفت دەتوانێ بڕوا و بێت.
کەچی چ جارێ کاوەی کوڕی شاعیر لە گەراجی سنە، گوێی لە دەڵاڵەکان نابێت، ھاوار بکەن… سلێمانی سلێمانی، ئوتومبێل بۆ سلێمانی یاخود ئامەد و قامیشلۆ!.. ئاخر سنوورەکان لەنێو دڵی کوردستاندا بە زۆرەملێی کێشراون تۆخن و بە تەلی دڕکاوی و جەندرمەی دڵڕەق تەنراون، دەرباز بوونیان سەختە…
کاوە، دەبێ بۆ گەیشتن بەودیو سنووری دەستکرد!، دیوار بڕوخێنێ و سنوور ھەڵتەکێنێ، یان وەک کۆڵبەرەکان! لەسەر سنوور سەرکێشی بکات و بە قاچاخی! بڕوا ، تا تەقەی لێ بکرێ و بکوژرێ. یاخود ھاوشێوەی کەسێکی نافەرمی سنووری دەستکرد ببەزێنێ ئەوجا بە ترس و دزییەوە خۆی بگەیەنێتە سلێمانی . ئەمەش دیسان بێ پاسپۆرتی داگیرکەر نابێت .
ئاواتێک
ئاخۆ دەبێ،
ئەو ڕۆژە بێ
کاوەی کوڕم
جانتای سەفەر کاتە شانی؟
دەڵاڵانی بەر گاراژی شاری سنە
ھاوار بکەن:
سلێمانی، سلێمانی! ل٤٥
لە تابلۆی شیعری شەھید دا ھەموو پەیامەکانی میللەتێکی بندەست و دەسەڵاتێکی دڕندە و خوێناوی و ڕەگەزەکانی سیاسەتی نامرۆڤایەتی داگیرکەر بەرچاو دەکەون. گەر کوردستان سەربەخۆ بێت، نە سنوور بەناو دڵیدا دەکێشرێ و نە بێگانە داوای پەساپۆرت لێدەکات و نە کەسیش بە قاچاخچی ناو دەردەکات.
شەھید
کۆترێ سپی
نامەی ئاشتی
وڵاتێکی زامداری بۆ مێژوو ئەبرد
ڕاوچی ھاتن
دێوجامەیان بۆ ڕاگرت و
دەسڕێژیان کرد لە پڕ زەوی زریکاندی
ئاسمان
لەخەو ڕاچڵەکا
خوێنی کۆتر
دڵۆپ دڵۆپ بەسەر ھەموو تکا! ل ٤٨
مەلەکشا ھێندە سەرسەختانە و بە باوەڕەوە بەرەنگاری دوژمن بۆتە، باجەکەی بەسەر بردنی تەمەنێکی زۆری ژیانێتی لە زیندان. زیندان هێمای مەدالیای شانازی سەر سنگی مەلەکشایە. ئێستا شاعیر بۆتە سیمبۆلێکی دیار و خۆشەویستی بەرخۆدانی زیندان.. زیندان ھێندە بەسەر ژیانی شاعیرەوە شوێن پێی ھەیە، لە شیعرە دیارەکەیدا دەڵێ:
زیندانی
لەنێو ژوورە تاکە کەسییە تەنگەکەمدا
ھەڵکوڕماوم
کارەساتێ بەڕێوەیە
لەو دێو دیوار
وەردیانەکەم ڕاوەسراوە
دەلاقەتەکی بچکۆلە
لەسەر سینگی دەرکەکەیەو داخراوە
کۆترە باریکەی خەیاڵم
تامەزرۆیە ھەڵفڕێت تا،
ئاسمانی کاکی بە کاکی !
وەردەیانەکەم…
دەلاقەکە دەکاتەوە و
لێم دەڕوانێ
ئەو تاریکی دەبینێ و من ڕووناکی ! ل ٤٩

ئەم ھاوکێشەی تاریکی بۆ دوژمن و ڕووناکی بۆ من، دەچێتەوە سەر بنچینەی میتۆلۆژیای کۆنی کوردی. شاعیر لەوێوە وێنە شیعرییەکەمان بۆ ڕادەگوازێ.. ئاخر خۆر ھێشتا ھەر توخمێکی گرنگی ژیانە و لای کورد بەرز و پڕ بەها و پیرۆز دەماشا دەکرێ.
لەو شیعرەدا کە بۆ کچێکی قەرەجی وتووە و مەلەکشا ھێندە عەوداڵی نیشتمانە، قەرەجی لێ دەبێتە نیشتمان و نیشتمانی خۆی لێ دەکاتە قەرەج… ئەم مەدالیا دوو دیوە شاعیر تێیدا بێ نیشتمان و بێ ئازادی و بێ مافە ، بەڵگەی ھەموو ئەو ستەم و چەوسانەوە و ناھەقییەیە کە باری گرانی سەر شانی شاعیر پێک دێنن. گەر بێ دەوڵەتی تا سەر ئێسک ئازاری شاعیری نەدابێ، گەر بێ ناونیشانی خەمی گەورەی شاعیر نەبێ، گەر بێ ناسنامەیی دەردی گرانی مەلەکشا نەبێ،ئەدی شاعیر چۆن خۆی دەکاتە قەرەجێکی بێ نیشتمان و ناونیشان قەرەج. ئاخر شاعیر چۆن خۆی دەکاتە قەرەج ،لە کاتێکدا قەرەج خۆیان گەرۆکن و بێ نیشتمانن و ناسنامەیان لەم گۆی زەوییەدا بزرە !؟… لە کاتێکدا نیشتمان بۆخۆی پارچە زەوییەکی جێگیر و دیاریکراو و ناسراوە و خاوەنی پێناسەیە.
لەشیعری گەڕانەوەدا مەلەکشا دەڵێ: کاتێ لە غەریبی مردم، ڕەنگە مەبەستی تاران بێت، یان ھەر شوێنێکی تری دوور لە کوردستان، نابێت لەوێ بمنێژن.. کەواتە دوای ماڵئاوایش لە ژیان شاعیر نایەوێ دوور لەخاک و نەتەوەکەی خۆی، شوێنێکی تری بۆ تەرخان بکەن و لێی بنێژرێت. بۆیەکا دەڵێ:
گەڕانەوە
گەلێ یاران!
کاتێ مردم، دەخیلتان بم!
لەم غەریبستانە مەمنێژن
جەستە ماندووە خەمڕێژەکەم بسووتێنن
خۆڵەمێشە خەمبارەکەم
بە ئاوی دیجلە بسپێرن!
دیجلە دەمبا بۆ ئۆقیانووس
دەبمە ھەڵم و دەگەڕێمەوە بۆ ئاسمان
بای زریانیش ھەڵدەکات و
جەستەی سپیی چەشنی ھەورم
دەباتەوە بۆ کوردستان!
دڵتەنگ ، دڵتەنگ
لەسەرچاوەکەی ژیانمەوە
چەشنی ھەورێکی خەماژۆ، دادەبارێم
لە کوێستان و لە پێدەشت و دارستانا
دادەبارێم، تۆزقاڵ تۆزقاڵ
ژیلەمۆی دڵ، دابەش دەکەم
بەسەر ھەموو کوردستانا! ل ٦١

لەتیف ھەڵمەتیش وێنەیەکی شیعری نزیک بەمەی ھەیە. کەواتە شاعیر ببرێ بۆ هەر کونجێکی گۆی زەوی و بەرزایی ئاسمان و قوڵایی زەوی و دوورایی نەخشەی جیھان ھەر دێتەوە بۆ نیشتمان و زێدی خۆیی و لەوێدا ڕۆحی ئارام دەگرێ و دەتوانی خەوی قوڵی یەکجارەکی بکات. ڕۆح و جەستەی ئاوێزانی بۆنوبەرامەی خاکی خۆی بکاتەوە. ئەم ھەستە قوڵە و وابەستە توندەی شاعیر بە نیشتمانەوە، سەرچاوەی ئەو گیانە بەرزەی خۆڕاگریی نەبەزییەتی، بەرامبەر بە ھەموو ناڕەحەتییەکانی ژیان.
چەند پەڕەیەکی تر لە دیوانەکەی ھەڵنادەینەوە، دەکەوین بەسەر پارچە شیعری زێڕینی دڵخۆش دا . لەوێدا شاعیر لە چەند بەیتێکی کورتدا ھەموو شت دەڵێ و پەیامەکەی تەواو زیندوو و ئاگرینە و چ شاراوەیەکی لە خۆ نەگرتووە.
دڵخۆشی
کڵاوم لارە!
قەڵەمەکەم
لە بەرامبەر چی سوڵتان و
فەرمانڕەوا و … داگیرکەرە
کڕنووش نابات!
ھیچیش وەک ئەو
تفەنگە دەم بە ھاوارە
وا لە پەنا قەڵەمێکدا
لەسەر پێیە…
منی ئەوینداری وڵات
دڵخۆش ناکات! ل ٦٢

مەلەکشا زۆر دڵخۆشە قەڵەمەکەی نەبەزە و شانازی بە تفەنگی شانی پێشمەرگە و ڕاپەرینەکانی کورد دەکات. ئاخر ئەم لە خۆ ڕاپەرموونە کە جێی شانازی شاعیر و شیعرەکانێتی بۆ خەڵک لە سەرچاوەیەکی دڵسۆزانەی کوردبوونەوە ھەڵقوڵاون. ئەم ھەموو ھەوڵ و تێکۆشان و باوەڕ بەرزییە، بە ئازادی و سەربەستی و مافی ژیان وا دەکات شاعیر بڵێ:
تاوان
چونکە ئەموت:
مرۆڤ دەبێ،
ئازاد و شاد و سەربەست بێ
شادی، دڵداری، ئازادی
بنەڕەتی ژیان بێت
بچووکترین وشەی ئەوین
ماچ و ئاواز و ھەڵبەست بێ
دڵیان کۆڵیم
داخی ھەزار خەمیان چزان بە جەرگمەوە
مۆری سووری قاچاخ بوونیان
کوتا بە وشە و شیعر و دەفتەرمەوە ل ٩٥
دە سا بنۆڕن ئەم دەنگە شیعرییە، لە دووتوێی خۆیدا، سادەترین داوای لە – ئازادی، شادی ، دڵداری، شیعر و ئاواز گۆرانی – بۆ مرۆڤ و ژیان ھەڵگرتووە، جەرگی زامدار کراوە، ھەستی ڕووشێندراوە، زیندانی کراوە، لێپێچینەوە لە وشە و شیعر و بەرھەمەکانی کراوە…دوژمنەکانی بە ئەشکەنجەدان و پێشێلکردنی مافی بوون و ژیانی، وەڵامییان داوەتەوە.
کوردستانم بۆ بێنەوە
… کە خۆم ناسی،
وتم: دایە! من کێم و چیم؟
خەڵکی کام شار
کام مەڵبەندی ڕووی سەر زەویم؟
وتی: ڕۆڵە…
تۆ کوردی دیل و ھەژار
نیشتمانت کوردستانە
بەڵام ناوی نیشتمانت،
لەسەر نەخشەی جیھان نییە
بێ نیشانە!!
وتم : دایە!
باوکم کوانی؟
بۆچی ھەرگیز دەستی حەزی نەگووشیوم
بە کام تاوان
من ھەتیوم؟!
وتی : ڕۆڵە!
ڕۆژێ کاتێ داگیرکەران
شاریان سووتان
تفەنگی مافی کردە شان
لێزمەی خوێنی گەشی لەشی
بەسەر لێوی خاکا پژان
وتم دایە! ئەی براکەم؟
شەپۆلی خەم
ئاوی ماتەم
گۆمی چاوی پڕ کرد لە ئەستێرەی فرمێسک!
وتی ڕۆڵە!
لە کازیوەی وەرزی ڕەشا
لاشەیان کردە نیشانە
خەونەکانی ئازادی ئەم کوردستانەی
بردە ژێر خاک
گیانی پاکی کردە فیدای
سەربەستی ئەو نیشتمانە!
وتم دایە!
ئەی من چبکەم؟
ھەستا سەر پێی
تفەنگێکی بڕنەو کورتی بزمارڕێژی دایە دەستم
وتی ڕۆڵە
ئەی ھۆی ئاوات و مەبەستم
دەیان ساڵە لە چوار لاوە
کوردستان وەک پاڵەوانێ
لە قەڵای دێوی داگیرکەر
دەست و پێی زنجیر کراوە
ڕێبازی خوێن بگرە و بڕۆ
دوعای گەلی چەوساوەی کورد لە پشتی تۆ
سنوورەکان بشێوێنە
سیمای ونبووی خۆت لە نێو مێژووی کۆنا بدۆزەرەوە
کوردستانم بۆ بێنەوە
با بە دەوریا بسوڕێمەوە
کوردستانم بۆ بێنەوە
با دانیشم لەتە – لەتە
وڵاتەکەم بدروومەوە! ل ١٩٠
لێتان ناشارمەوە سەرەتا ویستم لە گوڵجاری ئەم دیوانەدا ئەم تاقە گوڵە بچنم و پێشکەشتان بکەم.. ئاخر مەلەکشا لێرەدا پەلی بۆ زۆر بواری گرێدراو بەو ئاوات و خاڵەوە ڕاکێشاوە، کە بەندە مەبەستێتی. ئەم شیعرە بۆ ئەم باسە و بۆ گێڕانەوەی داستانی دوور و درێژی مێژووی کورد، پانۆڕامایەکی پڕاوپڕە.. ئاماژەی بە ھەموو دیمەنەکانی خەباتی کورد کردووە. تێکڕای چیرۆکەکانی پەیوەست بە کوردبوونەوەی گێڕاوەتەوە.. ئەڵقە بە ئەڵقەی باسەکانی تایبەت بە شۆڕشی ئاماژە پێداوە. زۆر کۆد و ھێمای پرسگەلی جیاوازی داوەتە دەستمان ، وانەی ھەڵبژاردنی شێوازی خەباتی خستۆتە بەرچاومان و وێنەیەکی گەورەی دوژمنیشی بۆ کێشاوین. ئەو داگیرکەرەی نەخشەی نیشتمانەی مەلەکشای دزیوە، سامانەکەی تاڵان کردووە و دەکا، ئازادییەکانی لێ قەدەغە کردووە، مافی پێشێل کردووە و دەیچەوسێنێتەوە و ھەوڵی قڕ کردنی دەدات،ئەویشمان وەک خۆی پێ دەناسێنێ.
ئەم شیعرە دەتوانێ بۆ خۆی بێتە دیوانێک، ئاخر ھێندەی دیوانێکی شیعر، مانای لە خۆگرتووە و بارگاوییە بە پرسی کورد و دۆزە ڕەواکەی .لە درێژەی باسی نیشتمانی دزراودا، مەلەکشا دەیەوێ پێمان بڵێ بۆ ئەو ھێندە عەوداڵ و شەیدای کوردستانی دایکە. نیشتمان چییە و چی دەگەیەنێ؟ نیشتمان بۆ مەلەکشا لە یەک کات دا ، دایک، زێد و نیشتمان و ھاوکات بە مانا مەجازییەکی دەوڵەتیشە. بڕوانە چ دەڵێ:
تووڕەیی
لەم جیھانە،
پەلەوریش
نیشتمانی بۆ خۆی ھەیە
دارستانێ، تاقە داشێ
ئاوارەش بێ
نیو ئەشکەوتێ، بن پاساری!
چۆن شێت نەبم، نەچم بە گژ کوێستانێکا و
چوار ڕێیانی گەردوون نەگرم
ھێشتا بستێ خاک شک نابەم
تیا بژیم، تیا بمرم!
چۆن شێت نەبم
ھەموو ڕێگام لێ بەسراوە
بەھەر جادە و شەقامێکا ڕادەبوورم
تەپۆڵکەیەک
کڵاوێکی سەربازابەی کەسەر ناوە
دڵ و گیرفان دەپشکنێ
بەڵفەی خوایشم لەگەڵدا بێ
ڕێگام دەگرێ
نەکا نەخشەی وڵاتێکم لە گیرفان و
ڕەمزی نھێنیی ناوێکم لە دڵدا بێ!
چۆن شێت نەبم
تووڕەم، توڕە….
وەک ئاگرم
شمشێرێکی ھەڵکیشراوم
لەناو بریسکەی خوێنی خۆما ئەزریکێنم
ھەتا کالان نەدۆزمەوە
ئۆقرە ناگرم!
خوا ئەزانێ
من حەز ناکەم، وەک ئەشقیا
سەرگەردان بم لەم کوێستانە
ڕێگام بدەن بێمە خوارێ
ھیچم ناوێ لەم جیھانە
جگە نەختێ سەربەستی و
بستێ خاک و
ئاڵایەک و
ڕەشماڵێکی قەرەجانە! ل ١٩٧
شاعیر حەسرەتی بێ وڵاتی داخی زۆری بە جەرگیدا ناوە. ئەو نە دەیەوێ وڵاتێکی تر داگیر بکات و نە بەسەر کەسەوە خۆی بکاتە بێگانە و نە گەرەکێتی ستەم لە خەڵکی تر بکات و بێ نیشتمانیان کات. مەلەکشا تەنھا و تەنھا وێڵی دوای دایکی خۆیەتی، ئەو بەس ئەو ھەوار و زێدەی دەوێ، ئەو خاک و ئاوەی مەبەستە، کە لێی زادە بووە و پێی پەروەردە بووە. دەیەوێ بە ئارامی و دڵنەوایی و ئاشتی دوور لە کوشتن و بڕین و زیندانی و ئەشکەنجەدان و ڕاوەدوونان- کە سیمای ھەرە زەقی ژیانی ناو دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستانە – بژی بە سەربەستی لە سەر خاکی باووباپیرانی و ئاڵای نەتەوەکەی بەسەر کۆشک و باڵەخانەکانییەوە بشەکێتەوە. جا گەر خۆشی لە سایە و لەژێر ڕەشماڵێکی قەرەجئاساکانیش دا ژیان بگوزەرێنێ، ھەر بەختەوەر و ڕەزامەندە، چونکە خاوەنی سێبەری دەوڵەت و شیلەی ئازادییە…
کوردستان
کاتێ پێنووسی چارەنووس
کەوتە گەڕان،
لەدوای ئەوەی
نەخشەی عەرد و دنیای نەخشان.
کە گەیشتە لای خۆرھەڵاتی نێوەڕاست
لەسەر خاڵێک،
ساتێ ڕاما
نازانم بۆ.. کەوتە لەرزین
دڵی شکا، چاوی تۆقی،
دڵۆپێ خوێن
بەسەر ئەو خاڵەدا تکا!
خێرا ھاتن، دەوریان تەنی
شەقڵیان کرد
بە پەرژین و موورد و تێمان!
گەڕان، ناوێک بدۆزنەوە
فرمێسکی چاوی گەردوونی تیا بگونجێ
ئێنجا ھاتن
ناوی ئەو خاڵە سوورەیان
نا، کوردستان! ل١٩٩
خوێنەری ھێژا، برای نووسەر…
بە گرنگی دەزانم ئاوڕی زیاتر لەم شاعیرە و دیوانەکەی بدرێتەوە، چونکە ئەمە دەنگێکە لەسەردەمێکی سەخت و دژواردا گوێمان لێی دەبێت. ھاوارێکە سەرەداوەکانی بە سێبەری شیعری پەشێوی گەورە دەگاتەوە. ناڵەیەکە درێژەی دەنگی مامۆستا ھەژار و ھێمنی پێوە دیارە و ھاوکات مەلەکشا بە تایبەتمەندی خۆیەوە ھاتۆتە سەر شانۆی ئەدەبی کوردی. بەڕاستی شیعری “زڕەی زنجیری وشە دیلەکانە”.
ھاوارێکی سەردەمێکی تەواو سامناک و پڕ لە ستەمکارییە.. دەنگێکە لە قەیرانی بیروبۆچوونەکان و قاتووقڕی کوردبوون دا ، نەعرەتەی خۆی ھەڵبڕیووە. شێواز و ڕێچکەیەکە بە جیاواز لەوانی دیکە ئامادەیی خۆی سەلماندووە . ئاخر ھەموو کەس توانای ئەوەی نییە لە دوای ئەو کەڵە شاعیرانە جێی خۆی باسانایی لە پانتایی شیعر و ئەدەبی کوردیدا بکاتەوە، مەگەر مەلەکشای پادشای وشە و وێنەی شیعریی کورت و مانا پڕ و باڵا بەرز و سەلیقەی زرنگانەی شاعیرانە و ئەو تایبەتمەندییەی شاعیری پێ ناسراوە .
مەلەکشا دەنگێکە زادە و ھەڵقوڵاوی ناو ناخی مێژووی ڕاپەرین و شکست، تێکۆشان و قوربانی، ستەمکاری و نامرۆڤایەتی داگیرکەر و ژیانە چڤاکییەکەی کورد. بانگەوازیی شیعریی مەلەکشا، دەرئەنجامی چەشتنی راستەوخۆی زوڵم و زۆرداریی زیندانە تاریکەکانی سەردەمی شای گۆڕبەگۆڕ و کۆماری پەت و سێدارەیە و بە ڕوون و ئاشکرایی، سیما و مۆرکی بێ نیشتمانی و بێ ئازادی و بێ دەوڵەتی کوردیان پێوە دیارە..

هەڵۆ بەرزنجەیی٣٠/٣/٢٠٢٠


کۆی بەرھەمە شیعرییەکانی جەلال مەلەکشا کوردی و فارسی چاپی یەکەم ١٣٩٣/٢٠١٥ ٤٦٢لاپەڕە
بەشی کوردی : زڕەی زنجیری وشە دیلەکان




جه‌مال عیرفان …یه‌كه‌م ڕووناكبیری تیرۆركراوی مێژووی كورد … نوسینی: ئه‌حمه‌د كامه‌ران

ڕووناكبیران و نووسه‌ران ئه‌و چینه‌ی كه‌ به‌دریژایی مێژوو وه‌ كو قه‌ڵغانێكی گه‌وره‌ وابوونه‌ بۆ كۆمه‌ڵگاكانیان له‌ دژی ده‌سه‌ڵاته‌ فاشیزم و ستمه‌كاره‌كان , كه‌ به‌رده‌وام به‌چه‌كی ده‌ستیان كه‌ قه‌ڵه‌مه‌كه‌یان بووه‌ ڕوبه‌ڕوی ده‌سه‌ڵاتداران بوونه‌ته‌وه‌ له‌ هه‌ر ستمه‌كاریه‌ك كه‌ له‌به‌رامبه‌ر چینی هه‌ژار و كرێكاران ئه‌نجام درابێت, ئه‌گه‌رچی به‌پێچه‌وانه‌ش هه‌بووه‌ به‌درێژایی مێژوو كه‌ ڕووناكبیرو نووسه‌ری قه‌له‌م فرۆش واته‌ ئه‌و جۆره‌ نووسه‌رانه‌ ته‌نیا قه‌له‌مه‌كانیان له‌ پێناو ده‌سه‌ڵاته‌ سته‌مكاره‌كان بووه‌ وه‌ هه‌روه‌ها به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك خۆلیان كردۆته‌ چاوی هه‌ژاران و زۆرجاریش له‌دژی چینی هه‌ژاران وه‌ستاونه‌ته‌وه‌ به‌ڵام ئه‌و جۆره‌ نووسه‌رانه‌ هه‌رزوو له‌گه‌ڵ شه‌پۆلی ناڕه‌زایه‌تی چینی هه‌ژارو كرێكاران ڕاسته‌وخۆ نوقم بوونه‌ یاخود ئیتر به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك پێگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی خۆیان له‌ده‌ست داوه‌, جاری واش هه‌بووه‌ هه‌رله‌لایه‌ن خودی ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ ڕاسته‌وخۆ ئه‌و نووسه‌رانه‌ كۆتایی به‌ژیانیان ده‌هێنرێت چوونكه‌ ئیتر ده‌سه‌ڵات كاری پێ نامێنێت و له‌ دره‌نگانی شه‌و له‌ كوچه‌ی شه‌قامێك كۆتایی به‌ژیانی ده‌هێنێت, به‌ڵام هه‌میشه‌ نووسه‌رو ڕووناكبیره‌ ڕاسته‌قینه‌كان به‌سه‌ربه‌زری له‌ناو خه‌لك ده‌ژین و به‌سه‌ربه‌رزیش تیرۆرده‌كرێن كه‌ له‌پاشان ده‌بنه‌ سیمبولێك بۆ كۆمه‌ڵگا.
ئه‌وه‌ی له‌م وتاره‌دا ده‌مه‌وێ باسی بكه‌م , ئه‌ویش كه‌سایه‌تیه‌كی تیرۆكراوی مێژووی كورده‌ كه‌ هاوكات به‌یه‌كه‌م ڕووناكبیر و نووسه‌ری تیرۆركراوی كورد داده‌نرێت , ئه‌و كه‌سایه‌تیه‌ش ناوی (جه‌مال عیرفان) كوردێكی ئازادی خواز و ڕۆشنبیر به‌ڵام ده‌ستێكی دیكتاتۆرانه‌و ناڕۆشنبیرانه‌ جه‌مال عیرفانی تیرۆكرد.

كوردیش به‌ درێژایی مێژوو خاوه‌نی كۆمه‌ڵێك له‌نووسه‌ر و ڕووناكبیری ئازاو بوێر بووه‌ كه‌ توانیویه‌تی به‌ قه‌له‌مه‌كه‌ی پارێزگاری له‌ میله‌ته‌كه‌ی خۆی بكات له‌به‌رده‌م هه‌موو جۆره‌ سته‌مكاریه‌ك بوه‌ستێته‌وه‌ به‌ڵام بۆ دواجار ئه‌و نووسه‌رو ڕووناكبیرانه‌ چاره‌نووسێكی نادیاریان به‌رده‌كه‌وێت, یه‌كێك له‌و ڕووناكبیر و نووسه‌رانه‌ی كورد كه‌ ڕه‌نگه‌ ته‌نیا زۆركه‌س ناوه‌كه‌ی بیستبێت هه‌روه‌ها به‌شێوه‌یه‌كی ته‌واو ده‌رباره‌ی ژیانی ئاشنا نه‌بووه‌ كه‌ ئه‌ویش (جه‌مال عیرفان)ه‌ هه‌رچه‌نده‌ خۆم له‌سه‌ره‌تادا ته‌نیا وه‌كو ناو گوێبیستی ئه‌و كه‌سایه‌تیه‌ بووم به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی فراوان ئاشنایه‌تی ژیانی نه‌بووم به‌ڵام له‌پاشان له‌كاتی بڵاوبوونه‌وه‌ی كتێبێكی به‌ڕێز كاك مۆفه‌ق میراوده‌لی كه‌ له‌ كۆتایی ساڵی 2019 بڵاوكراوه‌ به‌ناونیشانی (جه‌مال عیرفان ڕووناكبیرێكی گومناو) كه‌ كاری ئاماده‌كردن كۆكردنه‌وه‌ی بۆ كردبوو , ئیتر به‌هۆی ئه‌و كتێبه‌ توانیم ئاشنایه‌تیه‌كی فراوان ده‌رباره‌ی ژیان و كاره‌كانی په‌یدابكه‌م , خۆی له‌ڕاستیدا ئێمه‌ ده‌بێت به‌رده‌وام ئه‌و كه‌سایه‌تیانه‌ی خۆمان كه‌ به‌درێژایی مێژوو كه‌ ژیاون و توانیویانه‌ خزمه‌ت بكه‌ن به‌ نیشتمانه‌كه‌یان بۆیه‌پێویسته‌ له‌یادیان نه‌كه‌ین, كتێبه‌كه‌ له‌ 190 لاپه‌ڕه‌ پێك هاتبوو , كتێبه‌كه‌ له‌چه‌ند به‌شێك پێكهاتبوو به‌شێكیان تایبه‌ت كرابوو به‌ وتاره‌كانی جه‌مال عیرفان كه‌ ئه‌و كاوت له‌ ڕۆژنامه‌ی پێشكه‌وتن ده‌ینووسی وه‌ به‌شه‌كانی تریش كۆمه‌ڵێك یاداشت و بیره‌وه‌ری كه‌سانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ن كه‌ كه‌نزیك بوونه‌ له‌جه‌مال عیرفانه‌وه‌ كه‌ له‌سه‌ریان نوسیوه‌ هه‌ربۆیه‌ به‌ڕێز كاك مۆفه‌ق میراوده‌ولی هه‌ڵستاوه‌ به‌ كۆكردنه‌وه‌یان له‌ كتێبێكدا بۆ ئاشنابوونی خوێنه‌ران به‌ ژیانی جه‌مال عیرفان.
جه‌مال عیرفان له‌ساڵی 1881 له‌دایك بووه‌ دایكی كورده‌و باوكیشی چه‌ركه‌سه‌یه‌,به‌ڵام بۆ دواجار له‌ به‌رواری 12|12| 1923 ده‌ستێكی ڕه‌ش هه‌ڵده‌كوتێته‌ سه‌ر ماڵه‌كه‌ی جه‌مال عیرفان به‌چه‌ند گوله‌یه‌ك كۆتایی به‌ژیان و خه‌باتی ده‌هێنن بۆ ڕۆژی دواتر له‌ مه‌راسیمێكی تایبه‌تی به‌ ئاماده‌بوونی خه‌ڵكێكی زۆر به‌خاكی ده‌سپێرن , هه‌رچه‌نده‌ ده‌رباره‌ی مردنه‌كه‌ی قسه‌ی زۆر جیاواز هه‌یه‌ كه‌ هه‌تاوه‌كو ئێستا نازانرێت به‌ده‌ستی كێ كوژراوه‌ كه‌چی هه‌ندێك ده‌ڵێن له‌لایه‌ن ئینگلیزه‌كانه‌وه‌ كوژراوه‌ وه‌ هه‌ندێكی تریش كه‌ پێی وایه‌ ده‌ستی خیانه‌تی ناوخۆیی تێدایه‌ كه‌ تێیدا شێخ مه‌حمود پێی تاوه‌نبار ده‌كه‌ن , به‌ڵام بڕیاردان له‌سه‌ر كوشتنه‌كه‌ی زۆر كارێكی قورسه‌ كه‌ سه‌ده‌یه‌ك تێپه‌ڕیوه‌ به‌سه‌ر تیرۆركردنه‌كه‌ی, چوونكه‌ جه‌مال عیرفان جگه‌ له‌وه‌ی نووسه‌رو ڕووناكبیرێكی كوردی شاری سلێمانی بووه‌ له‌و سه‌رده‌مه‌دا كه‌چی له‌هه‌مانكاتیشدا ئه‌فسه‌رو سیاسه‌تمه‌دارێكی كورد بوو له‌سووپای عوسمانی به‌ڵام جه‌مال عیرفان خاوه‌ن فه‌لسه‌فه‌ی تایبه‌ت به‌خۆی بووه‌ وه‌ له‌هه‌مانكاتیشدا خاوه‌نی بیرێكی چه‌پی ئازادی خوازانه‌ بووه‌ كه‌ دژی هه‌موو جۆره‌ نایه‌كسانی و نادادپه‌وه‌ریه‌ك بۆته‌وه‌.
به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه‌من ده‌مه‌وێت ئاماژه‌ی پێ بكه‌م ده‌رباره‌ی تیرۆركردنه‌كه‌ی جه‌مال عیرفان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ خۆی له‌ دوو تێرۆر ده‌بینێته‌وه‌ ( تیرۆری سیاسی و تیرۆری فكری) ئیتر ئه‌وه‌ گرنگ نیه‌ كه‌له‌لایه‌ن هه‌ركه‌سێكه‌وه‌ ئه‌نجام درابێت .
ئه‌وه‌ی له‌م وتاره‌دا باسم لێوه‌ی كرد ته‌نها نمونه‌یه‌كی دیاری مێژووی كورد بوو كه‌ تێیدا ڕووناكبیرێك له‌سه‌ر فكری ئازادی خوازانه‌ تیرۆركراوه‌ . به‌ڵكو به‌درێژایی مێژوو كه‌سایه‌تی زۆر هه‌بوونه‌ كه‌ له‌لایه‌ن فه‌رمانڕه‌واكان تیرۆركراون یاخود شار به‌ده‌ر كراون , بۆ نمونه‌ سۆكرات فه‌یله‌سوفی یۆنانی كه‌ به‌رده‌وام ڕخنه‌ی له‌ پاشا ده‌گرت به‌ڵام بۆ دواجار ژه‌هر خوارد كرا له‌لایه‌ن پاشاوه‌ , وه‌هه‌روه‌ها كارل ماركس كه‌ به‌رده‌وام پشتیوانی چینی هه‌ژاران و كرێكارانی ده‌كرد و له‌دژی چینی بورژه‌وازیه‌كان وه‌ستایه‌وه‌ به‌ڵام له‌لایه‌ن بورژه‌وازیه‌كانه‌وه‌ شار به‌ده‌ركرا ,ئیتر ئه‌مانه‌وه‌ چه‌ندین كه‌سانی تر به‌ڵام بۆ دواجار ئه‌و كه‌سانه‌ ناویان و ڕێباز و كاره‌كانیان به‌زیندوویی ماوه‌ته‌وه‌ بۆ خه‌ڵك.




دوو کتێبی نوێی نووسەر ئاسۆ بیارەیی

هەسارەکانی یادەوەرییم: یادەوری پێشمەرگایەتییە

هەگبەیەکی کۆساران: یادەوری پێشمەرگایەتی خۆی و باوکیەتی




ئادمین وەک ماسک … ئارام قادر صابر

ئادمین یان ئەدمین (Admin) چەمکێکی کارگێڕیی و بەڕێوەبردنە، کورتکراوەی (Administration) و (Administrator)ە. بە واتای کەسێک کە ڕەوایەتی و ماف و لێهاتوویی بۆ دەسەڵاتێک هەیە کە لە ڕێگەی ئیدارە و بەڕێوەبەرییەوە مومارەسەی دەکات. ئەمەش زیاتر لە جیهانی بازرگانیدا ڕووندەبێتەوە.
ئەم چەمکە لە دنیای تەکنۆلۆژیا و سایبەریدا واتایەکی تا ڕادەیەک جیاوازتری پێدراوە بۆ مامەڵە کردن لەگەڵ هەژمارێکی تایبەت، کە ئادمین وەک خاوەن و کۆنتڕۆڵکار ڕۆڵدەبینێت (بێگومان ئادمینەکان و هەژمارەکانیش لە ژێر چاودێری و کۆنتڕۆڵ و لێپرسینەوەی بەردەوامدان، لەلایەن دەسەڵاتێکی سەرووتر).

لێرەدا من نامەوێ لەسەر خودی چەمکەکە زۆر وردبمەوە، بەڵکو مەبەستمە ئادمین وەک وەزیفە (Function) لە جیهانی سایبەریدا بکەم بە کێشەی ئەم نووسینە، ئەویش بە تایبەت لەو پانتاییە ئینتەرنێتییەی کە کورد تیایدا کەوتۆتە پەیوەندی و نمایش و کەناڵداریی و … وەک سوبێکتێکی ئەم جیهانە مەجازیە مامەڵە دەکات. تایبەتتریش نوخبە جیاوازە کۆمەڵایەتییەکانی دنیای کوردی.
ئارگیومێنتێک دەخەمەڕوو کە: ئادمین لای نوخبە جیاوازەکانی کورد، جگە لە وەزیفەی ئادمین لە هەردوو واقیعی بنچینەیی و واقیعی مەجازیدا، بەر ئەرکێکی دیکە کەوتووە، ئەویش بریتییە لە ئادمینێتی وەک ماسک و ئۆباڵکێشی بۆ لابردن یان هەڵنەگرتنی بەرپرسیارێتی.

بۆ نمونە لای سیاسی، مەلا و کەسانی دینی، ڕۆشنبیران، هونەرمەند و میدیاکار و (ئەستێرەکان!)، دەسەڵاتدار و کەسانێک کە خاوەنی جۆرێک لە هەژموون و پێگەن، لە ساتەوەختی ئیحراجی و تەریقی و هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی لە ڕەفتار و گوفتار و کردەوەیەکی خۆیان، لە ژێر ناوی ئادمینەوە خۆیان لە بەرپرسیارێتی دەدزنەوە، واتا نایانەوێت «خۆیان بەرپرسی کردەوەکانی خۆیان بن» و «ئازاد نین!». بە تایبەت کاتێک هەڵە دەکەن، جنێو دەدەن، کەسانی دی بلۆک دەکەن، وەڵامی نەشیاو دەدەنەوە … هتاد. ئەم کەسایەتییە شاراوەیەی ئادمین ئەوەمان بیر دەخاتەوە کە دەڵێن (نوسینگەی فڵان) و (وتەبێژێک بە ناوی فڵان) …

لە ڕاستیدا، یەکێک لە ئەگەرەکان بریتییە لەوەی کە ئادمینەکان ناوی وەهمین و وەک ماسک و داپۆشەر لە کاتی تەنگانە فریای ئەو جۆرە کەسانە دەکەون. واتا هەمان کەسە ڕاستەقینەکان خۆیانن بەڵام لە کاتی لێقەوماندا خۆیان دەکەن بە ئادمین، یان ئەوەتا ماسکێکە بۆ داپۆشینی ئەو ڕووە جنێودەر و توندوتیژ و کوشندە و ستەمکارەی کە ئەو نوخبە جیاوازانە نایانەوێت نیشانی بدەن و کەشف بن. خۆ ئەگەر بە ڕاستی کەسێک هەبێت و ئاگای لە هەژمارەکەیان بێت، ئەوا لێرەشدا ئادمین وەک کەسێکی بێدەسەڵات و موچەخۆر و کرێگرتە دێتەبەرچاو، کە لە شوناس و وەزیفەی ئادمینی ڕاستەقینە دوورخراوەتەوە و لە توانایدا نییە نەک ئەلف و بێ، بگرە بەبێ ئیزنی ئەو پەنجە بخاتە ئاو یان سەر کیبۆردەوە. بە کورتی، لێرەدا ئادمین کارگێڕ نییە، بەڵکو کارەکانی گێڕە!!

هەر بە ڕاستی ئەو جۆرە کەسانە ئامادەن هەژماری خۆیان بدەنە دەست کەسانێک کە هەڵە دەکەن؟ چونکە لە کاتی ئاساییدا ئادمینێک لە گۆڕێدا نییە و خودی خۆیانن، ئایا ئامادەن کەسێکی دی لە بری ئەوان بڵێت و بنوسێت و دیالۆگ بکات و پەیوەندی جۆر بە جۆر ببەستێ؟ یان لە ژیانی ڕۆژانەدا هیچ ئادمینێکیان هەیە و قبوڵە؟ ئەگەر پێویستیش بێت؟ یان کورد گوتەنی: «ئەگەر گیرام ئەزم، ئەگەر نەگیرام دزم»، ئەم پەندە بەسەریاندا دەسەپێت و واتاکەی دەبێتە «ئەگەر بە دڵتان بوو منم، گەرنا ئادمینە».

ئارام قادر صابر:مامۆستاى فەلسەفە لە زانكۆی ڕاپەڕین




ڕۆڵی باشووری كوردستان لە ڕاپەڕینی شێخ عوبەیدوڵڵای نەهریدا-5- … ڕه‌سوڵ بۆسكێنی

به‌شی پێنجه‌م


شێخ عوبه‌یدوڵڵا و كه‌مه‌ نه‌ته‌وه‌كانی تر

له‌ كوردستان دا، له‌ كۆنه‌وه‌ چه‌ند نه‌ته‌وه‌یه‌ك پێكه‌وه‌ ده‌ژین، جگه‌له‌ كورد گه‌لی ئاسووری و گه‌لی ئه‌رمه‌نیش له‌هه‌ندێ جێگادا پێكه‌وه‌ نیشته‌جێ بوون، له‌ ژێر سایه‌ی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی دا، دینی مه‌سیحی به‌ ڕه‌سمی ناسراوه‌، به‌ڵام هه‌رگیز مه‌سیحیه‌ك ئه‌و مافانه‌ی نه‌بووه‌، كه‌ موسڵمانێك هه‌یبووه‌، زۆر جار جیاوازی دینیان لێ كراوه‌ به‌به‌هانه‌ی چه‌وساندنه‌وه‌ و ئازاردان و كوشتن و تاڵان كردن. له‌ قه‌ڕنی 17 هه‌مدا ده‌وڵه‌تانی ئه‌وروپی چه‌وساندنه‌وه‌ی مه‌سیحیه‌كانیان كرده‌ بیانوی خۆخزاندنه‌ كاروباری‌ ناوچه‌كه‌. میسیونێری دینی به‌ناوی یارمه‌تیدان و پارێزگارییه‌وه‌ بنكه‌ی به‌هێزیان تێدا دامه‌زرا‌ند، پاشتریش ده‌وڵه‌ته‌ ئه‌وروپاییه‌كان مه‌سیحیه‌كانی ناو ئێران و عوسمانیان كرده‌ بنكه‌ی ده‌ستوه‌ردانه‌ كاروباری ناوچه‌كه‌، بۆ دابینكردنی ده‌ستكه‌وته‌كانی خۆیان، كه‌ڵكی زۆریان له‌وان وه‌رگرت، ده‌سه‌ڵاتدارانی ڕۆم و عه‌جه‌میش ئه‌وه‌یان ده‌كرده‌ به‌هانه‌ی توندكردنی چه‌وساندنه‌وه‌ی مه‌سیحیه‌كان.
كورد گه‌لێكی موسڵمانه، هه‌م به‌دین له‌ ئاسووری و ئه‌رمه‌نیه‌كانی هاونیشتمانیان جیا بوون، هه‌م به‌ زمان و ڕه‌گه‌ز جیاواز بوون، ناكۆكی به‌رژه‌وه‌ندی ئابووری هه‌ندێ جار ناكۆكی له‌نێوان كورد و مه‌سیحیه‌كاندا دروست كردووه‌، جیاوازی دین و زمان ناكۆكیه‌كانی قوڵتر كرده‌وه‌، هه‌ندێ له‌ مه‌لا و شێخه‌كانیش هه‌ندێ جار ئاگری ناكۆكیه‌كانیان خۆش كردووه‌ و هانی كوردیان داوه‌ له‌ دژی ئه‌وان، میسیۆنێره‌ ئه‌وروپی و ئه‌مریكاییه‌كانیش هه‌ندێ جار ده‌وری خراپیان گێڕاوه‌ له‌ تیژكردنی ناكۆكیه‌كان و هاندانی مه‌سیحیه‌كان دژی كورد، دواتریش كونسوڵگه‌كانی به‌ریتانیا و ڕووسیا ده‌سه‌ڵاتی به‌هێزیان تێدا دروست كرد بوون و بۆ خزمه‌تی ده‌وڵه‌ته‌كانی خۆیان به‌كاریان ده‌هێنان.
هه‌ر له‌سه‌ره‌تای بزووتنه‌وه‌كه‌دا ئاشكرا ده‌ركه‌وت شێخ تا چ ڕاده‌یه‌ك حه‌ز به‌چاكه‌ و په‌یوه‌ندی دۆستانه‌ له‌گه‌ڵ دانیشتووه‌كاندا ده‌كات، به‌تایبه‌تی له‌گه‌ڵ دانیشتووه‌ گاور و ئه‌وروپاییه‌كاندا، هه‌ر ئه‌مه‌ش بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی فه‌رمانی دا ده‌ستدرێژی و تاڵانی كردن له‌و ناوچانه‌ی شه‌ڕیان تیادا ده‌كرێت قه‌ده‌غه‌یه‌.
كۆنگره‌ی‌ سه‌رۆك خێڵه‌كان له‌ نه‌هری ڕووداوێكی مێژوویی بوو له‌ مێژووی گه‌لی كوردا، له‌سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌مدا، به‌ڕای شێخ عوبه‌یدوڵڵا ئامانجی هه‌ره‌ گه‌وره‌ی ئه‌و كۆنگره‌یه‌، یه‌كخستنی هه‌موو عه‌شره‌ته‌ كورده‌كان و پێك هێنانی ڕاپه‌ڕینێكی گشتی بوو. به‌ڵام چه‌ند سه‌رۆك عه‌شره‌تێك ئه‌وانه‌ی عوسمانی كڕیبوویانن هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای كۆنگره‌كه‌وه‌ ئه‌وه‌یان خسته‌به‌رده‌م ئه‌و یه‌كێتی سه‌رۆكه‌ كوردانه‌، ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ دژی ئه‌رمه‌نه‌كان و گاوره‌كانی تر به‌كاربهێنرێت، به‌ڵام شێخ به‌توندی دژی ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ وه‌ستا، بۆ هه‌مووانی ڕوون كرده‌وه:” ئه‌گه‌ر ئه‌سته‌مبوڵ هه‌تا ئه‌و ساته‌ به‌سه‌ر زاری پشتی كوردی گرتبێت، ئه‌وه‌ به‌و مه‌به‌سته‌ بووه‌ له‌ گاوره‌كانی ئه‌نادۆڵ ڕاستیان بكاته‌وه‌، خۆ ئه‌گه‌ر هاتوو ئه‌رمه‌نه‌كان له‌ئه‌نجامی ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ تیاچوون، ئه‌وسا كورد لای كاربه‌ده‌ستانی عوسمانی نرخیان نامێنێ و به‌فلسێك نایان كڕێ…، ئه‌گه‌ر ڕاپه‌ڕینی كورد ئاراسته‌ی ئه‌رمه‌نی بكرێ، ئه‌وسا‌ ده‌وڵه‌ته‌ ئه‌وروپاییه‌كان له‌ كورد ڕاست ده‌بنه‌وه”.
شێخ عوبه‌یدوڵڵا له‌و بڕوایه‌ دابوو دوژمنایه‌تی كورد و ئه‌رمه‌ن له‌ قازانجی دوژمنان دایه‌ و قازانجی كوردی تێدانییه‌، بۆیه‌ ویستی دۆستایه‌تی كورد و ئه‌رمه‌ن پته‌و بكا و هه‌رچی ناكۆكی هه‌یه‌ له‌نێوان كورد و ئه‌رمه‌ن دا به‌شێوه‌یه‌كی هێمنانه‌ چاره‌سه‌ری بكا، ئه‌و یه‌كێ له‌ ئه‌رمه‌نه‌كان كه‌ ناوی (سیمۆن یاكۆ فلۆویچ گیلیكارۆف) بوو، به‌وه‌زیری كاروباری ده‌ره‌وه‌ دانا. له‌ هه‌مان كاتدا ئاسووورییه‌كان له‌ ماوه‌ی ئه‌م ڕووداوانه‌دا یارمه‌تیه‌كی زۆری كوردیان داو پشتگیریان كردن، ئه‌مه‌ی ئاسووریه‌كان له‌به‌ر ئه‌وه‌ بوو شێخ ڕه‌فتار و كرده‌وه‌ی دۆستانه‌ی له‌گه‌ڵ ئاسوورییه‌كانی ناوچه‌كه‌یدا هه‌بوو، ئه‌مه‌ش بۆ ئینگلیزه‌كان ماپه‌ی په‌ژاره‌ بوو.
شێخ عوبه‌یدوڵڵا چه‌ند جارێك نامه‌ و نوێنه‌ری نارده‌ لای ئه‌رمه‌نی و ئاسوورییه‌كان، به‌مه‌ستی به‌شداری كردنیان له‌ ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ دژی ده‌وڵه‌تانی ئێرانی و عوسمانی، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ كوردستانی سه‌ربه‌خۆدا له‌چه‌وسانه‌وه‌ ڕزگاریان بن و به‌مافه‌كانی خۆیان بگه‌ن. به‌هه‌وڵه‌ به‌رده‌وامه‌كانی ئه‌گه‌ر شێخ نه‌یتوانی بێ دۆستایه‌تی ئه‌و گه‌لانه‌ به‌ده‌ست بێنێ ئه‌وا هیچ نه‌بێ توانی وایان لێ بكا له‌ ململانێی كورد و دوژمنه‌كانی دا بێ لایه‌ن ڕابوه‌ستن.

ماویه‌تی ….

ڕه‌سوڵ بۆسكێنی




یادی شکۆی کۆچی دوایی گەورە بیرمەندی کورد مامۆستا( مەسعوود محەمەد) … ھەڵۆ بەرزنجەیی

یادی شکۆی کۆچی دوایی گەورە بیرمەندی کورد مامۆستا( مەسعوود محەمەد) …
لە فۆڕمی – گازندەیی و سکاڵایەک– دا

ئێمە ئیمڕۆ لەبەردەم شکۆی یادی مەرگی بیرمەندێکی کورداین… کە زیاتر لە نیو سەدە بە تاقی تەنیا، لە ھەلومەرجێکی ھێجگار ئاڵۆز و سەختی ڕۆژگاری ململانێ سەخت و ڕادیکالەکان دا . لەدەڤەرێکی پڕ لە کێشمەکێشی خوێناوی و لە نێو فەزایەکی دواکەوتووی بەجێماوی ھەژاردا، تەنیا بە خۆیی و قەڵەم و باوەڕ و فیکرییەوە، لە مەیدانی کایەکانی مەعریفە و ڕۆشنبیریی و زمان و نووسینی کوردیدا، تاکە شۆڕەسوارێکی بێ ڕکەبەری گۆڕەپانەکە بوو.
بیرمەندێک تەنیا باڵ دەجەنگا دژ بە لەشکرێکی بێ فەڕ ، لە خوێنەوارو خاوەن بڕوانامە و قەڵەم بەدەست،لە ناحەزانی سەر لێشێواوی و دواکەوتوویی لاسایکەرەوە و ڕاسپێردراوی ئێرە و ئەوێ….
بیرمەندێک مەیدانی شەڕی بە مانای – ململانێی ئەقلانی و شارستانییە دوور لە زەبروزەنگەکەی – لە گەڵ ئەوانیتردا بۆ خۆی دیاری کرد بوو. بەڵام چ کەسێ نەبوو لەو لەشکرەی ئاماژەمان پێدا، بە بوێرییەوە بێت و بچێتە مەیدانەوە و زۆرانباری لەگەڵ قەڵەم و ھزری بکات…. لە خۆ ڕابفەرمووێ و بێ و ئەم بیرمەند ڕاپێچێتە سەر شانۆ و بە دیاکۆکی بابەتی تاووتوێی پرسە گرنگەکانی نێو پانتایی سیاسەت و ڕۆشنبیری و فیکری ئەو ڕۆژگارەی لەتەکدا بکات.
بیرمەندێک لە ھەر پێگە و مەقام و شوێنێکدا بوو بێت، بێ شەرم و کۆکردن لە کەس و دەسەڵاتێک ، ئەوەی زادەی ھەق و ڕاستی و کوردایەتی بووبێت، و ویستبێتی ھەرچییەکی تر بڵێ، وتوویەتی و نووسیوێتی بێ پەروا لە بەرزترین فۆڕمی داڕشتن و بە ھەناسەیەکی پڕ لە خاکەڕایی و زۆر بابەتی و واقیعییەوە پێشکەشی کردووین .

ئەم بیرمەندە گەورە مامۆستا(مەسعوود محەمەد) ە( ١٩١٩ ـ ٢٠٠٢) ، کە بارستایی کەسایەتی فیکری بارتەقای بابەتگەلێکی چڕوپڕی تژی لە پرسی گەورە و پیرۆز لە بوونی مرۆڤ و بەھا جوانەکانە، لە ڕەھەندێکی قووڵ و فراوانی خزمەتی کوردبوون دا.
مامۆستا مەسعوود بە کتێبە فیکرییەکانی، ناو و پێگەیەی گەورە و سەرمەشقی بە ترۆپک و پانتایی و درێژایی « ھزر و مێژوو و جوگرافیا و کۆمەڵایەتی و فەرھەنگی» کوردبوون دا ، نەخش بووە.
ئەم بیرمەندە تا لە ژیاندا بوو، جگە لە داتاشینی تۆمەت و جوێنی بازاڕی و ھەڵبەستی درۆ و دەلەسە و نامەردێتی حیز بە خاڵی خۆی فێرە! و دژایەتی کوێرانە و بایکۆتی نەزانانە و ھەموو شێوازە ناشیرینەکانی تری دژایەتی، ھیچی تری لە زۆربەی ھەرە زۆری ھاو قەڵەم و ھاو ڕۆشنبیر و ھاو سەردەمەکانی خۆیەوە نەچنییەوە. سیاسییەکانیش لەگەڵیدا وەک پێویست بە مروەت نەبوون. ئەم بەرە سەرلێشێواو و ناحەزە چەندی بۆیان بکرایەبا، ڕووی لاپەڕە ڕووزەردەکانیان ڕەش دەکردەوە، بە جوێن و باسی نزم و پووچ و بریندارکردنی کەسی مامۆستا مەسعوود.
ئەوە بڕگەیەکی خەمناکی چیرۆکی دوێنێمانە ، دەی ئەوەتا ئێستا لە سایەی دەسەڵات و توانای خۆیی خۆمانەوە، چ بایەخدانێک بەم بیرمەند و کەسە سیمبۆلییەکانی تری مێژوومان نییە… ھەر ئەوانە لەبەرچاو و ڕێز لێگیراون!، کە چوونەتە ژێر چەتری حیزب و لایەنێکەوە و خۆیان چەمەلەخی شوێنێک کردووە. لەم پرۆسەیەشدا ڕێوی کراوەتە شێر و خراپ بە باش و..ھتد.
ھیچ کام لە ئێمە ھیچ شەقامێکی سەرەکی و ناوەندی پێشکەوتووی جیھانی نەدی، بە پەیکەری بیرمەند و ئەدیب و ھونەرمەندەکانی نەڕازابێتەوە. لە شارێکی وەک بەرلین دا ، ناوی گۆتە بەسەر زیاتر لە 55 شوێن لە شەقام و قوتابخانەوەیە و بگرە شانۆ و پەیمانگا گەورە گەورەی فەرمی و نافەرمی بەناوی گۆتەوە ھەیە. کەچی وەک دەزانین ناوی مامۆستا لە شارەکەی خۆی و ناو بنەماڵە رۆشنبیرەکەی خۆی ، شاری کۆیەی ئازیزی مەڵبەندی ڕۆشنبیریی و ھونەر !کۆتەڵ و پەیکەرێ بۆ گەورە زانا و فەیلەسووف و بیرمەند مەسعوود محەمەد بەرچاو ناکەوێت.!..
ئای چ ئەفسووسە ئەم دنیای ئەقڵێت و سیاسەت و دەسەڵاتی کوردییە!؟ ئای چەند ئازاربەخشە کوردبوون لەسایەی دەسەڵاتێکی بێ ئاگا و نابەرپرس و دوور لە ھەستی کوردبوون دا . برالە داخۆ تۆ پێت سەیر و سەمەرە و جێی پرسیار نییە، مەیدانی قەزافی و جەواھیری و شەقامی فڵان و فیسار لە کوردستان ھەبێ، کەچی وەک ئەوەی زانکۆ و پەیمانگا و ناوەندی تایبەتی بەناوی مەسعوود محەمەدە نییە، کوچە و کۆڵانێکیش بەرچاوناکەوێت، تابلۆی ناوی ئەم بیرمەندەی لەسەر بێت….!!

ئەرێ تۆش ناپرسی بۆ سیاسەتی دەسەڵاتی کوردی ھێندە بێ مروەت و قێزەون و چاو قایم و زات کوێرە؟!. چۆن دەتوانێ و بە چ ڕوویەکەوە نکۆڵی لە ھەڵاتن و ئاوابوونی خۆر بکات؟!..وەک ئەوەی ناو و بەرھەم و ھزری مەسعوود محەمەد پەردەپۆش دەکات. ئاخر فەرامۆشکردنی ھزر و قەڵەمێکی وەک مەسعوود محەمەد، واتە بەھەند وەرنەگرتنی تێکڕای فیکر و ڕۆشنبیریی و مەعریفەی کوردی. ئەمەش واتە نادیدە گرتنی چیای پیرەمەگروون و لوتکەی حەسارۆستی نیشتمان.{ ٣ بەرگ نوسین لەسەر حاجی قادر و ٣ بەرگ لەسەر مرۆڤ و دەوروبەر و ٢ کتێب لەسەر نالی و چەندان بەرھەمی تری ناوازە و بەنرخ لەسەر زمان و فیکر… ھتد}، چۆن نرخیان بۆ دانانرێت و لە بیر دەکرێن؟!..دە پێم ناڵێن چۆن و لە چ زەمینەیەکدا دەتوانرێ ئەم خەرمانە لە فیکر و فەلسەفە و مەعریفە وەلا بنرێ و بازی بەسەردا بدرێت؟!..
ھەقی خۆمانە بپرسین ئەم کەمتەرخەمی و کێماسییە چ مانایەکی ھەیە و چ پەیامێکی ترسناکی لە خۆ گرتووە؟! داخۆ ڕەوای ھەقە دەسەڵاتێکی خۆیی لەشکرێ قەڵەم بەدەست و ھەزاران دەستگای میدیایی زەبەلاح، مەرگی کەڵە بیرمەندێکی کورد جێی بایەخیان نییە؟!…
بیرمەندێک بە ھەموو پێوەرێک بە بیرکردنەوەی قوڵ و نووسینی بەپێز و چڕوپڕ و زمانێکی بێ ھاوتا لە دەربڕین و داڕشتن دا، جێدەستی تاقانەی بە سەرلەبەری مێژووی نیو سەدەی ڕابووردووی فەرھەنگ و نووسینمانەوە ھەیە. کارێکی لەم چەشنە چەند نیشانەی بێباکی و گێلێتیی و لە خۆبایی بوونە، دە ھێندە بەڵگەی نەزانی و ناکارامەیی و نادڵسۆزیی و خۆکوژیشە.
ئاخر مامۆستایەک بتوانێ بە زەبری قەڵەمێکی ڕووت و بێ پشت و پەناو بێکەس، ئەم ھەموو خزمەتە بکات و شەڕی ئەو بەرەیەکی فراوانە بکات و بەرگری لە چەمکی « کوردبوون» و بەھای « مرۆڤ» بکات، کە بەخۆڕایی و ترسنۆکانە دەیان سەپاند بەسەریدا، دەبێ چ مرۆڤێک بوو بێت؟!.. چەند متمانەت و باوەڕی بە خۆی ھەبوو بێت .تا چ ئەندازەیەک پشت ئەستوور و بەھێز بوو بێت، بە قەناعەتە فیکریی و فەلسەفییەکانی؟!. چەند خۆی بە ڕاست زانیبێت… حیکمەت و زرنگی ئەو ھەڵوێستە، ئەوە ڕۆژگاری ئەمڕۆ دەری خست ، کێ ڕاست و کێ سەرگەردان و دوای کڵاوی بابردوو کەوت بوو.
ھەرچۆنێک بێت، مەسعوود محەمەد حەزی لە چەلەحانێ و وتی وتی و چیرۆکە بێزراوەکانی شیر لۆ داپیرە و ئاستی نزمی بازاڕی ھەلاھەلاکراوی رۆشنبیریی کوردی نەبوو. گەر شەڕیشی پێ فرۆشرابێت، بێدەنگی ھەڵبژاردووە. یاخود زۆر بەدەگمەن بە ئەدەبێکی بەرزەوە وەڵامی داوەتەوە.
ئەو تەنیا یەک شەڕی بە ئاشکرا دەکرد و سەنگەرێکی ھەڵبژارد بۆ شەڕەکەی ، کە ڕەھەندی داکۆکی کردنەکەی و بەرەکەی بۆ خێر و خۆشی گشتی بێت، بۆ توانەوەی شەختە و ھەڵتەکاندنی دۆگماکان بێت، بۆ ژیانێک بێت مرۆڤ لەسەر گۆی زەوی سەروەر بێت، نەک زەلیل و کۆیلە، مرۆڤ ڕەفتارە خراپەکانی کەمکاتەوە و تای تەرازووی چاکەی قورس بکات…
سەدەی بیستەم، ئەگەر کورد ژانێکی گرتبێ، ئەوە مەسعوود محەمەد لەدایک بووە. ئەم بیرمەندە ئەگەر ھەموو شتێکیشی نەوتبێ !، ھێندە بەرھەم و نووسینی شاکاری دوای خۆی بۆ بەجێھێشتووین، پڕن لە وەڵامی پرسیارە ھەستیار و مەتەڵ ئاساکان . ئەو پرسیارانەی خوێنەر ناچار دەکەن، ئەقڵ و مێشکی بۆ بخاتە کار، ئەو پرسیارانەی پێویستە بە تێڕامان و بیرکردنەوە ئیستیان لەسەر بکرێ. ھاوکاتیش مامۆستا بە وەڵامدنەوەی پرسیارە ئالۆزەکان و کردنەوەی گرێکوێرەکان، چرایەکی ڕووناکی داگیرسان بۆ ڕاماڵینی تاریکی و کەم کردنەوەی نەزانی و پاراستنی بەھای پیرۆز و داھێنەرانەی مرۆڤ و تەختکردن و گوڵڕێژکردنی ڕێگای ژیانێکی شایستەی ناواخن تێر بە ئازادی و پێشکەوتن و زانیاری و حەسانەوەی بە ڕوومەت.
بە درێژایی بیرکردنەوە و نووسین، مەسعوود محەمەد ھەوڵ و تەقەلایەکانی بۆ ڕاستکردنەوەی ھەڵە و ڕۆشنبیرکردنی جەماوەری چەواشەکراو و بەگژداچوونەوەی درۆ و دەلەسە و بێ مانایی و ھەڵبڕینی دەستی ڤیتۆ بەرامبەر بە ناڕاستی و ستەمەکان بووە، بە دروشمی گیان و پرنسیپ و ئاگایی بەرز و بە فۆڕمی ڕاستی و ھەق ویستن و خۆشەویستی مرۆڤەوە.لەم ھاوکێشە و ڕووبەرەشدا، بەشە گەورەکەی پەند و وانە و ئامۆژگارییەکانی بۆ ڕۆڵە نەوجەوانەکانی نەتەوەکەی خۆی بووە.
ڕاستییەک ھەیە سەرووی ھەموو باسەکان دەکەوێتەوە. ئەویش بریتییە لە وەی مەرج نییە من ھاوباوەڕی ھەر کەسێک بم و کتومت وەک یەک بیر بکەینەوە،. ئاخر بیرمەندێک دەڵێ:(گەر دووان وەک یەک بیریان کردەوە، یەکێکیان زیادەیە) بەڵام زۆر گرنگە چاوپۆشی لە ھەقیقەت راستی نەکرێ و بەشە ھەقی ئەو کەسەی جیاواز لە تۆ بیر دەکاتەوە بپارێزرێ. ناحەزە فیکرییەکانی مەسعوود محەمەد تاک و تەرایەکی ڕێزداریان لێ دەرچێ، سەرپاکیان ھێندە زاڵم و جەللادی سەر گیان و ئازادی بیر و ھزر و فکربوون، بە ژەھری ئایدۆلۆژیاکەی خۆیان، مافی مەسعوود محەمەدی بیرمەندیان بە ئاشکرا زەوت دەکرد. ھەرچەند لەگەڵ ئەوەی ئەوانە سەردەمێکی زۆر خاوەنی ھێز و دەسەڵات بوون، لێ بە ھەموو ھەوڵ و چەواشەکاری و پلانگێڕیی و کڵابازییانەوە، نەیان توانی بارستایی و قەبارەی کاریگەرێتی و ھێز و گەورەی مەسعوود محەمەد بسڕنەوە.
بۆ ئەم یادی18 ساڵ تێپەربوونە بەسەر کۆچی دواییدا، مامۆستا مەسعوود محەمەد دا ، مەڵۆیەکتان لەخەرمانی بیر و نووسینینە ڕەنگینەکانی تێهەڵکێش کردووە.

.1.4.2020

ھەڵۆ بەرزنجەیی




جەنگ لە گەڵ ڤایرۆسەکاندا … پارێزەر/ لوقمان مصطفی صالح

ئەگەر جەنگ پێناسەبکەین بەبەراورد لەگەڵ جەنگی ڤایرۆسەکان دەتوانیین بڵێین:- جەنگ بە شێوەیەکی گشتی بریتیە لە شەڕیک کە درووستکەری خودی مرۆڤە کە لەنیوان دوو دەولەتدا یان دوو بەرەدا ڕودەدات وە هەندیک جار دریژخایەنە هەندیکیشیان ماوەکەیان کورتەو بەسەرکەوتنی یەکیکیان کۆتای دیت.هەر کەباس لە جەنگ دەکرێت یەکسەر بەینی دوولایەنی شەڕکەر گەر دوو دەوڵەتبێ یا دوولایەنی ناکۆکی یەک ووڵاتبێ، ئەگەر جیهانی بێ یاخود هەرێمی یاخود ناوخۆییێ، لەپێش چاومان وێنادەبێ،ڕودانی هەر جەنگێک کۆمەڵێک بنەمای یاسایی خۆی هەیە، گەرچی هەندێ جار پێشێلی بنەما یاساییە نێودەوڵەتیەکان دەکرێت،جەنگ هەرچەندە کاولکاری و ماڵوێرانیە بەڵام دووژمنێکی ناسراوە، پێشترزانراوە دووژمنەکەت کێیە،بەنیازی چیە،چی کەرەسەو ئامێری سەربازی هەیە،دەتوانی خۆتی بۆ ئامادەبکەی بە هەموو شێوازەکانی بەرگری روبەروی ببیتەوە،هەرچەندە جەنگ بە شێوەیەکی گشتی کوشتن و وێرانی و قات و قڕی بەرهەم هێناوە بۆ مرۆڤایەتی،بەڵام هەمیشە هیوایەک هەبوە بۆ نەمانی جەنگەکە، ئومێد بەخشیەک هەبووە لای خەڵکی کە ئەویش بە کۆتایی هێنانی هەر جەنگێک دەسپێکی ژیانێکی نوێ و ئاوەدان کردنەوەو بنیاد نانەوەی ژێرخان و سەرخانی ئابوری ووڵاتە.
بەڵام جەنگ لەگەڵ ڤایرۆسەکان بەتایبەت (کۆرۆنا)جەنگێکە لەگەڵ دوژمنێکی بێهەستی بێ پەلوپۆ،مرۆڤ کوژی خۆکوژی مشەخۆر،دوژمنێکی ترسناک، تاریک، بێچەک ،بێتەقە،بەردەوام لە هێرشدایە. بۆ گەیشتن بە ئامانجەکەی خودی مرۆڤ هەم ئامانجە هەم چەکی دەستێتی و هەم قەڵغانی خۆپاراستنێتی.سەرکەوتن بۆ لە ناوبردنی ئەم دووژمنە ترسناکە ناسینێتی،بۆیە دەکرێت واپێناسەیکەین و بڵێین:- ڤایرۆسەکان لەنێویاندا(كۆرۆنا) بریتیە لەكۆمەڵێك لەڤایرۆس و دەبێتە هۆی نەخۆشكەوتنی مرۆڤ وئاژەڵ ، كاتێك توشی مرۆڤ دەبێت كۆمەڵێك كێشەی تەندروستی لێدەكەوێتەوە، بەئاسانی لەنێوان مرۆڤەكان دەگوزارێتەوە.ئەویش بە هۆی ئەوەی (( ڤایروس یان پاڵاوتە (بە ئینگلیزی: Virus) وردکەی زۆر بچووکن. لە ناوکەترشی ڕایبۆزی و بەرگی پرۆتینی پێک دیت. ھەر چەندە ڤایرۆس زیندەوەر نییە لەگەڵ ئەوەیش گرنگن لە تووشکردنی زیندەوەران بە نەخۆشی و یارمەتیدەرن لە بواری لێکۆڵینەوە بو ماوەییەکان کە دەبنە ھۆی گۆڕان لە فەرمانەکاندا. بەڵام دوو ھۆکار ھەیە لەبەردەم مرۆڤدا کە ناتواندرێت بە ئاسانی بەسەریدا زاڵبێت و ڤایرووسەکە لە ناو ببرێت:

  1. ڤایرووسەکە زۆر بچووکە بە چاو نابینرێن.
  2. ڤایرووس زوو ماددە بۆماوەیەکەی دەگۆڕێ لەناو خانە خوێدا))
    ڤایرۆسەکان دوژمنێکە هەر بە سرووشتی خۆیان خۆڕسکن و هەر لە مێژە لەشەڕێکی دەستەویەخەدان لە گەڵ مرۆڤەکان،بەڵام خۆشبەختانە هەمیشە بەرانبەر مرۆڤەکان دۆڕاون، زۆر لە نەخۆشییە ترسناکەکان لەو ڤایرۆسانەوە پەیدادەبن کە مرۆڤی وەک خانە خوێی خۆی سورشتی خۆیان بەکاردێنن. لە نەخۆشییە ڤەیرۆسییە ھەرە باوەکانی مرۆڤ (ھاڵامەتی ئاسایی، ئاوڵەی ئاوی، سوڕێژە، ملەخڕە ، ئیفلیجی منداڵ، ھاری، ھەوکردنی جگەر،جۆرەکانی کۆرۆنا). نەخۆشییە ڤایرۆسسیەکان دەتوانن توشی ئەندامە جیاوازەکانی لەشی مرۆڤەکان ببن، لەوانەش دەماغ و جگەر و دڵ و ھەردوو سیەکان و پێستی مرۆڤ.
    لە گەڵ ئەوەشدا قسە زۆر هەیە لەسەر ئەوەی کە هەندێکیان دەستکردی مرۆڤەکان خۆیانبن بۆ یەکلایی کردنەوەی کێشەکانیان لەگەڵ ڕکابەرەکانیاندا، وەک دەگوترێت (کۆڕۆنا تەنها ڤایرۆسێکی ئاسایی نیە،بەڵکو شەڕی زلهێزەکانە بۆ شکستی ئابوری و گۆڕینی دراو و سیستەمی کۆنتڕۆڵ کردنی جیهان! ) بۆقازانجی زیاترو پاراستنی بەرژەوەندیەکانیان،جەنگی بایۆلۆجی بەکاربێنن،واتا بەکارهێنانی هۆکارەکانی وەکو بەکتریا و ڤایرۆس کە دەبێتە هۆی بلاوبوونەوەی نەخۆشیەکانی دژی مرۆڤ و ئاژەلان و رووەک بە پێچەوانەی بۆچووونەکانی خەڵکی ئەو جۆرە جەنگە ناوی لێنراوە جەنگی میکرۆبی ، بە درێژایی سەدان ساڵە بەکارهێنراوە.لەکۆندا سووپاکان لاشەی مردووانی تووشبوو بە کۆلێرا و تاعون یان ئەخستە بیری ئاوی دوژمنەکانیانەوە.
    بۆیە گرنگە ڤایرۆسەکانی نمونەی کۆرۆنا نەکەینە دێوەزمە بۆ ترساندنی خۆمان و خێزان و دەوروبەرمان ، لەگەڵ ھەموو ئەمانەشدا بۆ سەلامەتی خۆمان کەس و کارمان وەک ئەرکێکی ئەخلاقی و نیشتیمانی بۆ خۆپاراستن لە هێرشی ڤایرۆسەکان بە تایبەت (کۆرۆنا)کەلە ئێستادا هێرشی بۆ تەواوی جیهان دەسپێکردووە،ئەم دوژمنە بێ ئامانە و تێکشکاندنی و قوتار بوون لێی تەنها و تەنها گوێڕایەڵی و پابەند بوونە بە ڕێنوماییە تەندرووستیەکان.



ئەدەبی منداڵان- خۆپارێزی لەکۆرۆنا … فەرهاد ئەحمەد بەرزنجی

بەرەنگاری کۆرۆنا
بۆتە ئەرکی هەموومان
دەبا باش بیپارێزین
خۆمان و ژینگەکەمان۰

ڕێنماییەکان ئاسانن
کاتێک لەماڵ دەردەچین
دەستەوانە لەدەستکەین
دەمامکیش ببەستین۰

لەناوماڵ بۆ خاوێنی
پاکژکەر بەکاردێنین
دەبێت بەسابون و ئاو
زوو زوو دەستمان بشۆرین۰

من دڵنیام گەر وابین
بەدوورین لەنەخۆشی
ژینگەمان خاوێن دەبێ و
هەموو دەژین بە خۆشی۰

۳۱ـ۳ـ۲۰۲۰
فەرهاد ئەحمەد بەرزنجی