لەگەڵ پەتای كۆرۆنا ڤایرۆس روناكبیری پزیشكی هاتەناو ماڵەكانمان-3-… ئازاد حەمە

بەشی سێهەم

  • كۆرۆناڤایرۆس ژیانمانی كردە بەشێك لەپزیشكی و تەندروستی:

    لەگەڵ بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆناڤایرۆس (COVID-19) روناکبیری پزیشكی هاتەناو ماڵەكانمان. پەتاكە بووە هۆكاری وروژاندنی زیاد لەپێویستی ناوی پزیشك(Doctor) و خودی پسپۆریەكەش، پزیشكی(Medicine)، تادەگاتە وشەگەلێكی تر وەك تەندروستی، دەرمان، ناساغی (Illness)، پەتا، نەخۆشی (Disease)، پاكوخاوێنی(Hygiene) و نەخۆشیناسی(Pathology) ((ئەو زانستەیە لەسروشت و هۆكاری نەخۆشیبوون دەكۆڵێتەوە))…هتد. ئەمە چەند باشە لایەنی خراپی هەیە. بێگومان باشە كە مرۆڤەكان ئاگایی پزیشكییان هەبێت و ئەوەش بكارێت زانینی تەندروستی لای تاكەكان دروستبكات، بەڵام كاتێك پزیشكی قسە لەسەر تەندروستیمان لە رێگای قسە لە مەرگمان و جەستەی بیمارمان دەكاتە بابەتێكی رۆژانە و بەردەوام لێكەوتەی دەروونی خراپی دەبێت. لێرەوە پزیشكی ترسناكی دروستدەكات، دەبێتە شتێكی تۆقێنەر و مەرگی خۆمانمان بیردەخاتەوە. هەر بۆیە پێویستە بپرسین: تاكوێ پزیشكی مافی قسەكردنی لەسەرجەستە(مەرگ بە كۆرۆنا) هەیە؟ لێرە پێویستمان بەجیاكردنەوەی پزیشكییە لە ڤایرۆسناسی (Virology). پزیشك هەمان ئیشی ڤایرۆسناس ناكات. ڤایرۆسناسی دەچێتە خانەی مایكرۆبایۆلۆجی(microbiology) یەوە، كە كاری لێكۆڵینەوەیە لە زیندە بچووكەكان. ئەدی كێ مافی قسەی لەسەر مەرگ هەیە؟ مەرگی جەستە، بە درمێك، بە ناساغیەك؟كۆرۆنا هۆكاربوو پزیشكی بێتە ناو ماڵەكانمانەوە.كێ ئەم مافەی بە پزیشكیدا؟بێگومان ماهیەتی دیسیپلین(Discipline)ەكە، بەهۆكاری ئەوەی ئێمە دەشێت دووچاربووبێتین، پێوەبووبێتین. بۆیە پزیشكی دێت و ئەو مافە بەخۆی دەبەخشێت قسە لە تەندروستیمان بكات تا جەستەی بیمار(ناساغ)لە جەستەی تەندروست جیابكاتەوە.لەبەرئەوەی پزیشكی”زانست و كرداری تیماركردن و نەهێشتنی نەخۆشی و دەردەكانە” مافی قسەكردنی لەسەر تەندروستیمان لە رێگای دەستنیشانكردنی ئەو پاتۆجێن(Pathogen)ەوە((نەخۆشخەر یان نەخۆشی دروستكەر))هەیە لە جەستەمان شوێنێك بۆ خۆی دابین دەكات.بەمە پزیشكی بەهۆی ئەوەوە، نیشانە(Symptom)كانی ناساغی جەستەمان بۆ بڕیاردان لەسەر چارەنووسی جەستەمان، كە بۆ ئێمە تەندروستیمانە،دەدات.باشە پزیشك جگە لە پسپۆری لە زیندەوەرناسی(بایۆلۆژی)و كارئەندامزانی(فسیۆلۆژی) پێویستە چیتر بزانێت تا قسە لەسەر تەندروستیمان بكات؟ئەم پرسیارە بەو ئاقارە كاردەكات كە روناکبیری پزیشك بخرێتە ژێرپرسیارەوە.پزیشك جگە لە چەمكگەلێكی وەك
    نەخۆش(نەخۆشی)، نیشانەكانی ناساغی، ئازار و دیاریكردنی جێگای ئێش و بیماری چیتر پێویستە بزانێت؟

    بەواتایەكی تر، لەگەڵ كۆرۆناڤایرۆس، كە روناکبیری پزیشكی هاتەناو ماڵەكانمان، هەموو خۆمان بە نەخۆش(Patient) زانی وزمانی پزیشكیش كەوتە گۆگردن. مانای تەندروستییش كە زمانە پزیشكییەكەی لەخۆدا بەرجەستەكردوە لە میدیاكانا خۆی نمایشكرد و زۆنێكیشی بۆ پراكتیزەكردنی خۆی، پاش نەخۆشخانەكان، لە ماڵەكانمانا دۆزییەوە. میدیاكان لە ژێر فشاری كۆرۆناڤایرۆس ماڵەوەیان لێكردینە دەرمانخانە و نەخۆشخانەیەكی بچووك و رۆژانە چەند جارێك وشەگەلێكی وەك: پزیشك، تەندروستی، تووشبوو، نەخۆش، پزیشكی،پەتا، ناساغ، هەڵگری ڤایرۆس، چاكەوەبوو، مردوو، جەستە، دەرمان، ڤاكسین، پاكوخاوێنی، دەرمانخانە، چارەسەر، پشكنین..وهتد بەرگوێمان كەوت. هەموو ئەو وشانەش پزیشكی و پزیشك و نەخۆشخانەیان بیر دەخستینەوە.تەنانەت هەندێك وشە(تەشەنەسەندن، هەڵاوسان، ئاسایش و..) بواری بەكاربردنیان زۆرتر كەوتە ناو بواری پزیشكی و تەندروستییەوە تابواری مێژوو، ئابووری، ئەدەب، سیاسەت. كەوابێت كۆرۆناڤایرۆس ژیانمانی كردە بەشێك لەپزیشكی و تەندروستی.

  • كۆرۆناڤایرۆس پزیشكی كردە شای زانستەكان

    پزیشكی چییە؟ ئەو پرسیارە لە بیركراوەیە (كۆرۆناڤایرۆس) هێنایە ناو گفتوگۆكانمان سەبارەت بە تەندروستی گشتی یان خەڵك(Public health). تەندروستی بووە بابەتی راگەیاندنەكان، پزیشك دەركەوت، نەخۆشی بوو بە چەمكەێك كە جێگای بە هەندێك چەمكی تر لەقكرد كە پێشتر راگەیاندنەكان لەسەری مشەخۆربوون وەك: تێرۆر، گەندەڵی، جێندەر، داعش، یەكسانی و.. هتد. پزیشكی كە كۆرۆنا كردیە بابەتی بەردەوامی ماڵەكانمان واتای نەخۆشی لەگەڵ خۆی گشتیكرد. لەگەڵ واتای نەخۆشی چیتر بەرۆكی گوێگرتنەكانمانی گرت؟ تووشبوون، چاكبوونەوە، مردن، بیماری، ساغی، شفا، پاكوخاوێنی و..هتد. كەواتە پزیشكی خۆی ساناكرد و لە دیسپلینێكی ئاڵۆزەوە بووە روناکبیرییەكی سەرپێی رۆژانە.پزیشكی وەك زانستی دەردناسی و كاركردن لەسەر بیماری و توێكاری جەستە بووە باسی گشت میدیاكان و لەوەكەوت شتێكی تایبەت و لە شوێنێكی دیاریكراودا كاری خۆی بكات یان دەركەوێت، بۆنموونە نەخۆشخانە و هۆڵی توێكاری جەستە و ژووری نەشتەرگەریی.
    بەواتایەكی تر، بەهۆی پەتای كۆرۆناوە زانستی دەردناسی(Pathology)((نەخۆشیناسی، ئەو زانستەی لە سروشت و هۆكاری نەخۆشیبوون دەكۆڵێتەوە))، كە كار لەسەر جەستەی ناساغ و دووچاربوو بە نەخۆشی دەكات بووە بوارێكی دەركەوتوو لە میدیاكانی جیهان و ئیشیشی بووە قسەكردن لە تووشبوو و چاكبووەوە لە ڤایرۆسی كۆرۆنا. مەبەست كۆرۆنا وایكرد دەرمانسازی و پەرستیاری ببن بە زۆرترین چەمكی بەكاربردوو لە میدیا گڵوباڵەكانا. كەس ئێستا قسە لە دان ناكات، لە قووڕگ، لە چاو…. قسەكردن لە ڤێتێرنەری ( Veterinary ) بەتەواوی فەرامۆشكراوە. كەس هەست بە ئازاری ئاژەڵەكان ناكات. ئەوەی گرنگە مرۆڤە. لەوەش گرنگتر مرۆڤی ساغە. هەموو خەمی ئەوەیانە ساغ بن، ساغ دەركەون. پەتای كۆرۆنا وایكرد پزیشكی ئاژەڵ بكەوێتە پەراوێزی پزیشكی مرۆڤەوە. ئێستا كێ باس لە ئازاری ئاژەڵەكان دەكات؟ خۆی دەبایە، بێكومان، مرۆڤ بێت، لێ مرۆڤەكان كەوتونەتە وایخۆیان. پەتای كۆرۆنا وایكردووە مرۆڤەكان ئێستا تەنیا لە خەمی خۆیاندا بن. هاوكات، پەتازانی و نەخۆشیزانی بەهۆی كۆرۆناوە بوونە چەمكە شیرینەكان لەكاتێكا ترسناك و سامناكن. بۆئەوەی پێشگیریش لە نەخۆشبوونمان و ئازاربكەین بێ ئەوەی پێی بزانین، و بشمانەوێت، بووینە بەشێك لە زانستی پزیشكی.ئێستا ئێمە بەهۆی پەتای كۆرۆناوە ماڵەكانمان و شوێنی كارەكانمان بوونە بە نەخۆشخانەیەكی بچووك یان دەرمانخانەیەكی گوازراوە. زۆرترین بوارێكی پزیشكی كە ئێستا لەژێرسایەی ترس لە كۆرۆنا بەكاردەبرێت كارئەندامزانی و زانستی بەرگرییە، ئەڵبەتە لەڕێگای زیندەوەرناسییەوە كە شادەماری گفتووگۆ پزیشكییەكان پێكدێنێت.

    پەتای كۆرۆنا وایكرد پزیشكی ببێتە زاڵترین بواری زانستی. هەموو حەزدەكەین پزیشك بووینایە یان ببین بە پزیشك. گومانی ناوێت زانستە پزیشكییەكان لەڕووی مێژووییەوە لەخۆڕا گەشەیان نەكردووە و مرۆڤایەتی، بە بوونەوەرەكانی تریشەوە، زۆری چەشتوە تا پزیشكی بەم ئاستەی ئەمڕۆ گەیشتووە، بەڵام پزیشكی كە تەندروستی لەخۆدەگرێت بێلایەن نییە و شێوازی جوڵانەوەشی ئاراستەی خۆی هەیە و لە زانستە مرۆییەكان(سیاسەت، دەروونناسی، كۆمەڵناسی)دابڕاو نییە، لەپێش هەموشیانەوە لە فەلسەفە كە لەڕێگای رەوشتەوە، ئێتیك، دێتە ناو پزیشكییەوە. ئەمەش بەهۆكاری ئەوەی كە رەوشتی پزیشكی(Medical ethics) گەلێك میكانیزمی جووڵەی پزیشكی دیاری دەكات و مرۆییبوونی پزیشكی دەخاتە بەردەم بەرپرسیارییەوە. لێرەوە ئاكاری پزیشكی چاودێری دەكرێت و كردەی پزیشك پێناسە دەكرێت و نەخۆشیش بابەتی هاوبەشی نێوان رەوشت و پزیشكی پێكدێنێت. تەنانەت دادوەری پزیشكیش لەگەڵ رەوشت ئیشی خۆیان لەسەر دیاردە تەندروستییەكان دەكەن. لێرە دەشێت نموونە لەسەر تێزەكانی بیرمەندی ئوسترالی پێتەر سینگر (Peter Singer) بهێنینەوە سەبارەت بە ((لەباربردن، كوشتنی ئاولەمە(embryo)، مەرگی باش یان مردنی میهرەبانانە(Euthanasia)، (Infanticide) )) كە لە بواری فەلسەفەی بیۆئێتیكی ئوتیلیتاریستی(Utilitarian bioethics) گفتوگۆی زۆری لەسەرە و پزیشكیش لەسەر دەستی تێزەكانی ئەم فەیلەسوفە تەندروستی و كۆمەڵگە پێكەوە گرێدەدات و هەنگاویش بەرەو سنوردانان بۆ ئازارچەشتن دەنێت. پێتەرسینگر، دوای دەركەوتنی پەتای كۆرۆنا، كار لەسەر زۆر تێزی تازەی خۆی دەكات كە پەیوەندییان بە بابەتی مردن (death) و رەوشتی مرادنەوە (dying) هەیە. ئەو دەمەش تێزە فەلسەفییە ئێتیكییەكانی سینگر سەبارەت بە مەرگ گفتوگۆی لەلایەك بایۆ-فسیۆلۆجی و لەلایەكی تر ئاینی و كۆمەڵایەتی-سیاسی لە خۆدەگرن لەگەڵ تێزی بیرمەندانی بیۆئێتیك (Bioethics) لێرە و لەوێ لە زانكۆكانی رۆژئاوا رووبەڕووی یەكتردەبنەوە و هەڵوێستەی جیاوازیی رەوشتی دروست دەكەن.

  • كۆرۆناڤایرۆس رەوشتی پزیشكی خستەبەر گفتوگۆە

    كۆرۆناڤایرۆس رەوشتی پزیشكی بەرچاویتركرد. بواری پزیشكی، كە دەسەڵاتی تەندروستیش لەخۆدەگرێت، لەگەڵ سەرهەڵدانی پەتای كۆرۆنا زۆرتر وابەستەی بەها رەوشتییەكان بوو و بڕیارە پزیشكییەكانی پزیشكیش پتر لە جاران كەوتنە ژێر چاودێری تاكەكانی كۆمەڵگەوە.پزیشكی خەریكە بەهۆی پەتای كۆرۆناوە دیار لە نادیار، بینراو لە نەبینراو زۆرتر لە جاران لەیەكدی جیادەكاتەوە و ئەوەش دەستنیشاندەكات كە كۆمەڵگە لە چاوەڕوانیدایە. بۆئەو مەبەستەش پزیشك دادوەرییە پزیشكییەكانی كەوتە ئاستێكی پزیشكی ئەوتۆوە كە لایەنی كۆمەڵایەتی و رەوشتیشی تیا بەهەند وەربگیررێت. بەهەمانشێوە، سەرهەڵدانی پەتای كۆرۆناڤایرۆس بڕیاری پزیشكی(Medical Decision) كردە كارێكی ئاڵۆز. ئاڵۆزییەكە لە تایبەتییەتەكەی خودی پیشەی پزیشكییەكەوە سەرچاوەدەگرێت. بڕیارەكەش سەرچاوەی كارئەندامزانی و زیندەوەرناسی هەیە كە لەگەڵ نەخۆشیناسیدا پێكەوە بۆ دەستنیشانكردن (Diagnosis)ی نەخۆشیەكە كاردەكەن. دەستنیشانكردن بۆ چارەسەركردن (Treatment)ە. لێرەشەوە پۆلینێكی تر لەدایكدەبێت كە دەشێت ناونرێت كێ ساغە؟ كێ ناساغە؟ جیاكردنەوەی ناساغ لە ساغ گشت پرۆسەكە داگیردەكات. پەتای كۆرۆنا كە دەركەوت بۆ ناساغكردنمان هات. پزیشكی وەك تاكە بوارێك توانی رووبەڕووی ئەم پەتایە ببێتەوە و پرۆسەی ناساغی بگۆڕێتە ساغی.

    كۆرۆناڤایرۆس گفتوگۆیەكیتری لەبواری دادوەری رەوشتی و بڕیاری پزیشكی دا هێنایە كایەوە. چۆن؟ دیارە كە دادوەری رەوشتی و بڕیاری پزیشكی لە پەیوەندیدان لەگەڵ یەكتردا، بڕیارە پزیشكییەكان چەند لەگەڵ كردە رەوشتییەكان یەكدەگرنەوە و چەندیش پزیشكی (وەك بوارێكی زانست) گوێ لە رەوشت (وەك بوارێكی فەلسەفی) دەگرێت لەو شوێنە دەردەكەوێت كاتێك كە كەیسێكی پزیشكی رووبەڕووی دادوەری رەوشتی دەبێتەوە، ئەمەش تەنیا لەبەر ئەوەی كە زۆرجار پێكدادان لە نێوان بڕیاری رەوشتی و دیلێمای ڕەوشتی(Ethical dilemma)دا روودەدات. پێكدادانەكە لەسەر پێوانەی باشە و خراپە نییە، كە دووچەمكی هێژای فەلسەفەی رەوشتن، بەقەد ئەوەی كاركردنە لەسەر بنەمای سەیركردنی پزیشكیانە بۆ كردە پزیشكیەكە كە ئەوەش پاشخانی كارئەندامزانی و بایۆلۆژی خۆی هەیە. كەوابێت باشە و خراپە دەگۆڕدرێن بۆ دروست و هەڵە كە رەنگە لەتەك بنەما كۆمەڵایەتیەكان، كە ژێرخانی رەوشتی و ئاینییان هەیە یەكبگرنەوە. رێك بابەتی ناشتنی مردووانی كۆرۆناڤایرۆس بەنهێنی یان دوور لەچاوی زۆربە دەشێت ئەم لایەنە بگرێتەوە. ئەو ئارگومێنتانەی پزیشكی باوەڕی پێیەتی كە دەبێت بەو جۆرە بنێژرێن نەك بەوجۆرەی تر هێندەی پەیوەندی بەهەڵبژێرە پزیشكیەكەوەیە هێندە پەیوەندی بە پێوانە رەوشتی یان ئایینییەكانەوە نییە. زۆرجار دەسەڵاتی پزیشكیش كە هێزی خۆی لەناو تەندروستیدا هەیە وەك بەشێك لە دەسەڵاتی سیاسی سەیر دەكرێت و، ئەم لایەنەش لەكاتی ناشتنی مردووانی پەتای كۆرۆنا لە ئیتالیا رەنگدانەوەی خۆی هەبوو. نەك هەر ئەوە بگرە گوزارەی “”لێگەڕێ با بمرێت”” كە لە مێدیاكانا گۆكرا لەناو پزیشكانی ئیتالی كاردانەوەی هەبوو،””لێیگەڕێ بابمرێت”” خەریك بوو ببێتە پرینسیپ لەناو هەندێك لە دامەزراوە تەندروستییەكانی هەندێك لەو وڵاتانەی دەرەقەتی رووبەورووبوونەی پەتاكە نەدەهاتن(لەوانە ئیتالیا).

    بەپێیی ئەوە بێت لای سەرەوە باسكرا، كۆرۆناڤایرۆس تێگەیشتنی بۆ واتای ئۆتۆنۆمی(سەربەخۆیی) نەخۆشیش گۆڕی. راستە ئۆتۆنۆمی بەشێكە لەو ئاگاییە روناكبیرییەی نەخۆش پێویستە سەبارەت بە دۆزی نەخۆشییەكەی هەیبێت، بەڵام لە حاڵەتی وەك كۆرۆنا دا بڕیاری لەسەرووی ئەوەوە(نەخۆشەكەوە) بەسەر جەستە و تەندروستیدا دەدرێت. تەندروستی نەخۆش(لەو جۆرەی كۆرۆنا) تەندروستی هەموانە، چارەنووسی زۆرێكیش بە چارەنووسی تەندروستی ئەوەوە بەندە بۆیە بڕیاری پزیشكی لێرە بریارێكی تاك رەهەند دەبێت ئەمەش هەمووی دەچێتە خانەی ئاسایشی نەتەوەوە.جەستە لە حاڵەتی وادا موڵكی تاك نییە و بەشێكە لە جەستەی كۆمەڵگە كە ئاسایشی وڵات لێی بەرپرسیارە. جەستەیەكی كۆرۆنادار، ئایدزدار. جەستەیەك كە هەڵگری كۆرۆناڤایرۆسە جەستەیەكی ترسناكە و دوورخستەوەی لە جەستەكانی تر بەرپرسیارییەكی تەندروستییە. تەندروستیش هەروەك وتمان بێ لایەن نییە و بەشێكە لە سیاسەتی وڵات(شار) بۆیە بڕیاری تاك لایەنانەی پزیشك لەسەر چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ جەستە پەیوەندی بەم خاڵەوە هەیە تا شتێكی تر. بەم جۆرە جەستەی سەردەمی كۆرۆناڤایرۆس جەستەیەكی گفتوگۆواوییە. جەستەیەكی بێ لایەن نییە. جەستەیەكی سیاسییە. مەرگیشی هەر سیاسییە. لێرەوە گفتوگۆی بەسیاسیكردنی مەرگ و جەستە دێتەگۆڕێ. لەو وڵاتانەی كە پەتاكە شەكەتیانیكرد، مردووان یان تووشبووان یەكسانكران بە جەستەكان، ئەمڕۆ چەند كەس لە فەرەنسا یان ئەلمانیا دووچاری پەتاكە بوون بووە باس لە جەستە. جەستە و شوێن بوونە باسی میدیاكان. جەستەی ئیتالی و جەستەی ئەمەریكی و … هتد. جەستە چەند لاوازبێت و چۆن پەتاكە پێیدەوێرێت، جەستەی تر چەند بەهێزە و كاری تێناكات. جەستە و بەرگری بوونەكەی بووە باس. چۆن جەستەمان بەهێزبكەین و باشی بەخێوبكەین ئەوەش بووە بابەت. ژەمەكانی خواردنی و بەهێزكردنی جەستە. بۆیە دەستكرا بە پروپاگەندەی رەگەزپەستی كە ئەوروپاییەكان بەرازخۆرن و چینییەكان پیسخۆرن و، ئێمەی رۆژهەڵاتی خواردنی تازە دەخۆین و ئەوان خواردنی بەستوو. بەبێ ئەوەی پسپۆران لە خواردنناسی و ژەمی خوارن بێنەسەرخەت و هەڵەكان راستكەنەوە جەستە كرایە كۆیلەی كولتوور.

    كۆرۆناڤایرۆس ئاقارێكی تری بە تێگەیشتنی رەوشتیانەی پزیشكی دا. دەبینن لەگەڵ ئەم پەتایە دكتۆر كۆمەڵایەتیتر بوو و پزیشكیش پتر لە جاران بەهاكان لەبەرچاودەگرێت. سەرەتا، و ئێستاش، بەشێك لە تووشبووان و دواجار قووربانیانی دەستی كۆرۆنا ئەوانەبوون لە كەرتی پزیشكی كاردەكەن. بەم جۆرە بەها بە جۆرێكی خەستتر لە جاران هاتە ناو كەرتی تەندروستییەوە. دەشێت لێرە بوترێت ترس لە پەتای كۆرۆنا هۆكار بوو بۆ زۆرتر رەوشتیبوونی كەرتی تەندروستی لە ئاستێكی گڵوباڵ؟ بێگومان سەرەتای قووربانیەكانی شاری یۆهانی چینی پۆلێك پزیشك و پەرستیار بوون. جیهان لە قۆناغی پاشكۆرۆنا ڤایرۆس(Post-Coronavirus) رەنگە وابكات كە بەشێك لە وڵاتان بیر زۆرتر، جیاوازتر، لە كارمەندانی كەرتی تەندروستی بكەنەوە تا قۆناغی پێش كۆرۆناڤایرۆس(Pre-coronavirus). كەمترین شتێكیش كە جیهان پاشكۆرۆناڤایرۆس Post-Coronavirus شیاوە بیكات بیركردنەوەیە لە باشتركردنی مووچە و پێداویستییەكانی بواری كاری تەندروستی و ئاوڕدانەوە لە ژیانی پرایڤت و پشوویان. ئەمەو وتنەوەی بەهای رەوشتی، رەوشتی پزیشكی و دادوەری رەوشتی پزیشكیش دەشێت لە ئاستێكی هاوچەرخ و باڵای ئەكادێمی تر ببن بە بەشە وانە لە كۆلێجەكانی پزیشكی، پەرستیاری، ڤێتێرنەری و بۆ ئەو مەبەستەش پێویستە فەلسەفەی رەوشت و فەلسەفەی پزیشكی كاریگەریی لەناو بەشەكانی زانستە پزیشكی و تەندروستییەكاندا دابنێن.

  • خۆیەكسانكردنی كۆرۆناڤایرۆس بەمەرگ

    پزیشكی بەهۆی كۆرۆناوە چالاكتر بوو. ئێستا پزیشكی زۆرتر بیردەكاتەوە. پزیشك پتر لە جاران چالاكەوانە.كۆرۆنا داوای كاری خۆبەخش و چالاكەوانی لە پزیشك و پزیشكی دەكات. پزیشك واتە سەربازی ون، بەڵام كەناڵەكانی بازرگانی تەندروستی و دەرمانسازی نەوەستاون و هەوڵی گەورە كۆمپانیاكانی دەرمان كێ زووتر ڤاكسینی ئەنتی كۆرۆناڤایرۆس دروستبكات كێبركێی تووندی تێكەوتووە. لەم حاڵەتە ڤاكسین بووە دەرمان(چارەسەر)،ئەویش واتە رزگاركردن لە مەرگ، كەمكردنەوە ئازار و لەوسەریشەوە نەهێشتنی ترس، ترس لە مەرگ بە كۆرۆناڤایرۆس. كۆرۆنا مەرگمان بیردەخاتەوە. كۆرۆنا بێ لایەن نییە. مادامەكی هێنەری مەرگە و لە رێگای ئەوەوە مەرگ واتای خۆی لە كۆمەڵگە جارێكی تر بەدەستهێنایەوە. كەوابێت كۆرۆنا نەك هەر وەك هێزێكی نادیار، دوژمنێكی نەناسراو، بگرە وەك هێزێكی مێتافیزیكیش خۆی نمایش دەكات. ئەمەش بەهۆكاری ئەوەی كۆرۆناڤایرۆس خۆی بە مەرگ یەكسانكرد، بەو شتە ونەی لە گشت شوێنێك دەخولێتەوە و هەر نادیارە. كۆرۆناڤایرۆس لە رێگای ناوی مەرگەوە مەرگی لە ونبوون خست. لە رێگای ئیعلانكردنی مەرگی كەسێكەوە رق لە مەرگ بوو بە رق لە كۆرۆناڤایرۆس.

  • ئیدیای پاكوخاوێنی ئیدیای كۆرۆناڤایرۆس نییە

    بۆ كەمكردنەوەی، تەنانەت نەهێشتنی ترس لە مەرگ و لاوازكردنی دەسەڵاتی مەرگاوی كۆرۆناڤایرۆس پاكوخاوێنی(Hygiene) بووە سەرباسی راگەیاندنەكان. پێش كۆرۆناڤایرۆس پاكوخاوێنی هەبووە بەس ترس لە مەرگ بە كۆرۆناڤایرۆس هۆكاربوو بۆ ئەوەی كە كۆرۆناڤایرۆس پاكوخاوێنی بۆخۆی قۆرخ بكات. پاكوحاوێنی بەهۆی ئەم ڤایرۆسەوە بوو بە بیزنز(Business)، دەرمانخانەكان بەشێكی زۆر لە ئەركی ئەم بیزنزەیان لەئەستۆگرت. ئیدیای پاكوخاوێنی ئیدیای كۆرۆناڤایرۆس نییە، بەڵام كۆرۆناڤایرۆس بۆ خۆجیاكردنەوە و خۆسنورداركردن پاكوخاوێنی كرد بە دیوارێك لەنێوان دووچاربووان و دووچارنەبووان. ئیدیای پاكوخاوێنی لەدێر زەمانەوە هەوڵیداوە پیسی بخاتە دەرەوەی خۆی. خاوێن دەمێكە لەگەڵ پیس، هەروەك چۆن باشە لەگەڵ خراپە، لە رووبەڕووبونەوەدان. خاوێنی و پیسیش بابەتی شەڕی چین و كارەكتێریش دێنێتە گۆڕێ. واتە دەوڵەمەند كە دەبێت بە هێمای خاوێنی و هەژاریش كە دەبێت بە هێمای پیسی كۆرۆنا ئەو ئیدیایەی لەبنڕا هەڵوەشانەوە. ئێستا پیس و پاك، هەژار و دەوڵەمەند، خۆیان پاكدەكەنەوە. هەنووكە پیس و پاك، هەژار و دەوڵەمەند لەیەك دەترسن و خۆیان لەیەكتر بەدووردەگرن. سەرسامیەكە ئەوە نییە، بەڵكو ئەوەیە كە خاوێنی لەگەڵ پەتای كۆرۆناڤایرۆس بوو بە ئەرك و فەرمان و لەوەكەوت كە كردەیەكی خۆی بێت. لەحاڵەتی پەتای ناوبراودا خاوێنبوون داوایە و ئەوەش وایكردوە ببێتە بەرپرسیارییەكی رەوشتی فەرمی. لێرەوە رەوشت فەرمی دەبێت، حاوێنی بەیاسادەكرێت و خۆپارێزی ویستێكی ئیداری-تەندروستی دەبێت.بەمجۆرە، ئەوەی كە خاوێنبیت ئەوە ترسە نەك خۆشی. خاوێنی دەمووەختی بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا ئازادی تیا نییە و دیسیپلینە. خاوێنی لەم شێوەیە ،خاوێنیەكی زێدەرۆیتیاكراوە، شتێكە لە دەرەوەی ویستی خود، دەستشتنیش كە خاوێنیەكە دەپارێزێت بووە رۆتینێكی بێزاركەر.زێدەرۆی لە دەست دەستشتن و لە خاوێنی بەرهەمی ترسە لە كۆرۆنا. دیاردە هیچگەراكە، لێرە، ئەوەیە كە بە نەمانی پەتای كۆرۆناڤایرۆس، تا پاندێمییەكی تر، خاوێنی خۆی دەشارێتەوە، یان هەروەك پێشتر خاوێنی دەبێتە بابەتی چین و توێژە كۆمەڵایەتیەكان و خۆی بە ئاستی هاوچەرخی و هۆشیاری چینایەتی تاكەكانەوە هەڵدەواسێت. راستە زۆرجار ئەو بنەما رەوشتیانە دەكرێت بە سەرەتا بۆ خاوێنی كە ریشەی مێتافیزیكییان(یان لاهوتیان)هەیە، كە ئەمەش وادەكات كەسیێكی ئیماندار، وەك كەسێكی خاوێن، لە كەسێكی بێ ئیمان، وەك كەسێكی ناخاوێن، جیابكرێتەوە. بەپێیی ئەوەی كە خاوێنی خواستێكی مرۆییە و پەیوەندی بە ئاستی كولتووری تاكەوە هەیە ناشێت بەو جۆرە پۆلینبكرێت. خاوێنی لە شارستانی و كولتوورێكەوە بۆ ئەوی تر فۆرمی جیاوازیی كۆمەڵایەتی وەردەگرێت و مۆدێرنەش رۆڵی راستەوخۆی لە پاك و خاوێنی دیوە. ئێمە لەبەر خودی خۆمان خۆمان خاوێن رادەگرین نەك ئەویتر. خاوێنی كردەیەكی مرۆییە و پەیوەندی بەئاگایی مرۆڤەوە هەیە نەك شتێكیتر. مرۆڤ تاكە بوونەوەرێكە كە دەزانێت خاوێنی ئەركێكی رەوشتییە و دیوێكی جوانكاریشی هەیە. ئاین قۆرخی واتای خاوێنی دەكات بۆمەبەستی مێتافیزیكی خۆی، هەندێك لە ئاینەكانیش بەلوتبەرزی ئاینییەوە قسەدەكەن وخاوێنی تەنها بەئایینەكەی خۆیانەوە گرێ دەدەنەوە. خاوێنی كە دیاردەیەكی رەوشتی مرۆیی نا-مێتافیزیكییە پەیوەندی بە پێوانە رەگەزپەرستی وشۆفێنییەكانەوە( دەوڵەمەند خاوێنترە، سپی خاوێنترە، موسڵمان خاوێنترە،ئەوروپایی خاوێنترە، پیاو خاوێنترە) نییە. كۆرۆنا لە هەنووكەدا تێگەیشتنی بۆ خاوێنی و خاوێنبوون بەجۆرێك گۆڕی كە بۆخۆی قۆرخكرد. پێوانەی خاوێنبوونی خستە ئاستێكی تر. ئێستا هەموو خاوێنین بە بێ جیاوازی. ئەمەش ترسە لە مەرگ كە ترس لە كۆرۆناڤایرۆس، واتە ترسە لە دژە جەمسەری خاوێنی كە پیسییە. بەشێك لە ترسەكە سەرچاوەی یاسای هەبوو. بەیاسا خاوێنیمان هەڵبژارد. یاسا(غەرامە)خاوێنیكردین.

ماویەتی …..

ئازاد حەمە




-ئەفسانە چییە؟ … ڕێباز محەمەد جەزا بەشی سێهەم


[ڕاپۆرتێك دەربارەی چێتی ئەفسانەو خورافیات ]

(چەند جۆرێك لە ئەفسانە )
(نمونەی ئەفسانە )
ئەفسانەكان فرەچەشنن و چەندین جۆریان هەیە ، هەریەكەیان دەربڕینن لە واتا و مەبەستەكانی ئەفسانە ، بەپێی قۆناغ و مەبەستە جیاوازەكان ، ناوەرۆك و بەكارهێنانیان گۆڕانكاریان بەسەردا هاتووەو گرنگترینیان بریتین لە :
یەكەم / ئەفسانەی دروستبوون ” خەلیقەت ” : ……

بۆ درێژەی بەشی سێیەم کلیکی ئێرەبکەن ……

بەشی دووەم …..

بەشی یەکەم …….




یەکێ لە گەورە بیرمەند و مێژوو نووسەکانی هاوچەرخ بناسە… هەڵۆبەرزنجەیی

      یەکێ لە گەورە بیرمەند و مێژوو نووسەکانی هاوچەرخ بناسە.
          یوڤال نوح هاراری    Yuval Naoh HARARI 
     

” پێی ناوێ مێژوو بگۆڕین،ئەگەر هیچمان لەدەست دێت،
با ئێستا و دوا ڕۆژ بەرەو چاکتر بگۆڕین”. مەسعوود محەمەد

ساڵێ زیاترە بابەتێکم لە سەرچەمکی ( ئازادی) و خوێندەوە و لەوێدا بۆ یەکەمجار ناوی (یوڤال نوح هاراری) وەک بیرمەند و مێژوونووس و فەیلەسووفێکی ئیسرائیلی گەورەی هاوچەرخ بەرچاو کەوت.ئەو چەند بڕگەیەی بۆچوونەکانی لەسەر سیستەمی لیبەڕاڵی سەرنجی ڕاکێشام. هەڕەشەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا، کارێکی کرد، ئەم ماوەیەی خۆ دابڕان و خزانە نێو ماڵەوەم بۆ زۆر لە خەون و پرۆژەی نیوناچڵ و لەبەرچاو گیراوەکانم تەرخان کرد. یەکێ لەوانە ناوی هاراریم وەبیرکەوتەوە. لە ئینتەرنێت و یوتوبدا، کەوتمە سۆراخی. 3 کتێبە دیارەکەی کراون بە ئەڵمانی و بەداخەوە من دەستم پێێان ڕاناگات. بەڵام کۆمەڵێ چاوپێکەوتنی ڤیدیۆیی و نووسین و کۆڕ و سەمیناریم خوێندەوە و گوێ لێ گرت. زۆر بابەتەکان بە زمانی ئینگلیزی بوون، من تەنها توانیم سوود لە ئەڵمانیەکانی وەرگرم و ٥ـ٦ کاتژمێرێ گوێی لێ بگرم و دوو بابەتیشم لەسەر خوێندەوە.
ئەمەی بەردەستان پوختە و ناوەڕۆکی ئەو تێز و بۆچوونانەی ناوبراوە و بەندە بڕگە بە بڕگە بە تێگەیشتنی خۆم وەرم گرتووە و بەسەلیقەی خۆشم دامڕشتۆتەوە. وەک بەرکوڵێ بۆ ناسینی ئەم مێژووناسە گەورە، کە ئیمڕۆ باتەکانی بوونە جێی سەرنجی سەرۆکی دەوڵەتانی ئەوروپای ڕۆژئاوا و ئەمەریکا و سیاسەمەدار و نووسەر و ئابووریناسانی جیهان.. هاراری بەردەوام بە ڕێگاوە بە پایتەخت و ناوەندە زانستی و زانستگەدا دا، دەگەڕێ و بیروبۆچوونەکانی پێشکەش دەکات. گوێگرەکانی بەتامەزرۆوە ڕیگای دوور بە نرخی زۆر دەبڕن، تا گوێیان لە تێزەکانی بێت.
بەداخەوە پێموایە لە دنیای ڕۆشنبیریی کوردیدا و میدیاکەیدا، باس و خواستێکی تێروتەسەلەی لەسەر ئەم دەنگ و بۆچوونانەی هاراری بەرچاو ناکەوێ. هیچ کام لە کتێبەکانی نەکراونەتە کوردی. لەکاتێکدا بازاڕی چاپەمەنی کوردی، پڕ بووە لە بابەتگەل و شتی جۆراوجۆری ئەوتۆ کە لە رەفەی ناو مۆزەخانەکانیشدا بە زەحمەت جێگایان دەبێتەوە. دیارە من ناڵێم ئەو بابەتانە نابێ هەبن، بەڵکو گەرەکمە بڵێم کتێبە هەنووکەیی و گرنگ و ورووژێنەرەکانی سەردەم لەپێشترن. دیسان بەداخەوە چاپەمەنی کوردستان سەرەتا زۆر بە حیزبی کراوە و بۆ خزمەتی مەرامە سیاسییەکان، خەسڵەت و سیفەتی ئایدۆلۆژی و ئایینی پێوە نراوە. هەردوو ئاڕاستەکەش بەشێکییان بە وەرگێڕانی سەقەت و شێواو و لەزمانی دووەم و سێیەمەوە و حیزبەکانیش بە کەسانی ناشایستە و ناکارامە مۆنۆپۆڵیان کردووە.
Harari 3 لە کتێبە ناودارەکانی بریتین لە : ( کورتەیەکی مێژووی مرۆڤایەتی وەک مێژووی کۆن. مێژووی ئایندە و 21 وانە بۆ سەدەی21).

یەکێ لە بۆچوون و تێزە هەرە سەرەکییەکانی ئەم بیرمەندە، ئەوەیە پێی وایە “مرۆڤایەتی لەسەر لێواری مردنە”. واتە چارەنووسی بەرەو کۆتایی دەچێ . ئەویش نەک بەو شێوەیەی وەک خۆی دەڵێ: لە فیلمی هۆڵیۆددا هەیە، ڕۆبۆرتێ دێ و هەموو خەڵکەکە دەکوژێ و ئیدی دنیا تەواو”. بەڵکو لە ئێستا لەبەردەم 3 هەڕەشە و مەترسیی گەورەدایە.
1ـ شەڕی ئەتۆم.
2 ـ کێشەی ژینگە.
3 ـ گۆڕانەکانی تەکنەلۆژیا.

نووسەر پێی وایە قەبارەی ئەم هەڕەشانە هێجگار گەورە و گلۆبالن، هەر بۆیە نەتەوە و دەوڵەتەکان بەتەنیا و لۆکالی ناتوانن بەڕەو ڕووی بنەوە و پێویستە بە چەکی گلۆبال ڕووبەڕووی بوەستنەوە. بەڵام بەداخەوە ئەوەی لەسەر زەمینی واقیع وەک دێڤاکتۆ دەیبینین ئەوەیە، هەنووکە سیاسەتی سەر شانۆی جیهانی ، بەتایبەت لەنێو دیاترینیان یەکێتی ئەوروپادا، بەدیار ناکەوێ. لەکاتێکدا ئەم یەکێتییە بۆ ئەوروپا و جیهان زۆر گرنگە لە ڕووی ئاشتی و خۆشگوزەرانی و پێشکەوتنەوە.
مێژووی سەدەی ڕابووردوو دادەنێ، بە مێژووی فاشیزم کە شەڕی نێوان نەتەوە و دەوڵەتەکانە، لەدوای جەنگی جیهانی دووەمەوە سەرنگوم بووە. لەگەڵ مێژووی کۆمەنیزم، کە شەڕی چینەکانە. ئەویش لە کۆتایی سەدەکەدا داڕما و مێژووی لیبەرالیزم کە ململانێی نێوان تاکە ئازادیخوازەکان و ستەمکارانە، تا ئێستا 70 ساڵ زیاترە لەسەر پێی خۆی وەستاوە و هەناسە دەدات. هاراری ڕەخنە و بۆچوونی لەسەر لیبەڕالیزم، هەیە و پێشی وایە هێشتا باشترین سیستەمە. دیسان ئەم سیستەمەش هەموو خەونەکانی نەهێناوەتە دی و جێی گشت خواستەکانی مرۆڤی تێدا نابێتەوە و ئێستا لە دۆخێکی شڕدایە.
بەم پێیە ئاماژەکان وامان پێ دەڵێ،کە مرۆڤ نائومێد بووە بۆیەشە دەبێتە دۆڕاوی یەکەمی ئەم پێشهاتانە. بە وتەیەکی تر تەکنەلۆژیا و قەڵەمبازە گەورەکانی لە بواری پێشکەوتن و کۆنتڕۆڵکردنی مرۆڤ لەلایەن سیستەمەکانەوە ـ هاراری پێی وایە لەسایەی ئەم پێشکەوتنەدا ستەمکاری و دیکتاتۆری زیاتر دەبێت و زۆر خراپتر لەوەی لەسەر دەستی هیتلەر و ستالین و مۆسۆلۆنی و فرانکۆدا ئەنجام دراـ . بۆنموونە ئاماژە بەوە دەدات لە چین، منداڵی قوتابخانەکان بازنێکی بایۆمەترییان لە مەچەک کراوە، گوایە بۆ هاوکاری فێربوون و خوێندنە، لێ لە ڕاستیدا بۆ کۆنتڕۆڵکردنی منداڵەکەیە. مامۆستا دەزانێ: چی دەکات ؟ کەی دەخەوێ؟ لەگەڵ کێ سەرقاڵە و 24 کاژێر چی دەکات؟ و…هتد.هەروەها دەڵێ: ئەم میتۆدە لەسەر سیاسییەکانیش هەمان شتە.
هاراری پێی وایە ئێستا مرۆڤ هەرچی بکات، هۆکەی ئەوەیە خۆی وەک جاران بە بەختەوەر و ئاسوودە نابینێ. جاران باوەڕ وابوو، مرۆڤ لەلایەن دەسەڵاتی خواوەندەوە بەڕێوە دەبرێت. خواوەند پێمان دەڵێ چ باشە و چ خراپە. پاشا و سەرۆکەکانیش لە سێبەری ئەم بۆچوونەدا ساڵانێکی زۆر خۆیان بەسەر خەڵکدا سەپاند بوو. بە کورتی لێردا ئەقڵ و هۆش یەخسیری دەقەکانی تەورات و ئینجیل و قورئانە و دەرفەتی کاری سەربەخۆ و بڕیاردەر و داهێنەرانەی نییە. دواتر کە ڕینیسانس و هومانیزم سەریان هەڵدا، ئەو بۆچوونە لەق و کز بوو. مرۆڤ تێگەیشت کەوا لە خودی مرۆڤەوە دەسەڵات وەردەگرێ و خۆی بڕیار دەدات چۆن هەڵسوکەوت بکات. لەسەدەی 21 و ئایندەدا، ئەمانە هەموویان دەگۆڕێن و داتایزم/Dataisim جێیان دەگرێتەوە. واتە تەکنەلۆژیا لە ڕێگای داتاکانەوە دەبێتە هێز و سەرچاوەی دەسەڵاتی بڕیاردە بەسەر مرۆڤ دا.
ئەم مێژوونووسە پێ بە پێی ڕووداوەکان و گۆڕانکارییەکانی پەیوەست بە مرۆڤەوە هاتوو. ئەو هێند سەرقاڵی رابووردوو نییە، بە ئەندازەی ئەوەی کەوتۆتە لیکۆڵینەوە و وێڵی چارەنووسی مرۆڤە لە 2050 و سەدەکانی ئایندەدا. هاراری لە کتێبی یەکەم دا چەردەیەکی لەم مێژووە بەسەر کردۆتەوە..دواتر لە کتێبی دووەم دا Homo Deus، باسەکانی چارەنووسی مرۆڤ لە ئایندەدا دەکات و ئەوجا بە کتێبی سێیەم ئەڵقەی باسەکەی تەواو دەکات لە نێوان سێکوچکەی رابوورد و ئێستا و ئایندەدا. ئەو دەڵێ: ئێمە مێژوو لە ڕێگای مرۆڤەوە دەناسین. داتا و تەکنەلۆژیا ناتوانێ مێژوومان پێ بڵێ. هەروەها دەڵێ: ئێمە نە لە ڕابوردوودا ژیاوین و نە لە ئایندەشدا دەژین، بەڵکو ڕۆڵەی ئەم سەردەمەی خۆمانین.
کاتێ نووسەر ڕۆژگار و ساڵی 2050 وەک نموونە دێنێتە بەرچاو، کە تێیدا ئامێری زیرەک و تەکنیکی بایەلۆژی، ڕۆڵی هەرە هەرە یەکلاکەرە و چارەنووسساز و بڕیاردەر دەگێڕن،دەڵێ: ئەوە شۆڕشی نەپساوی تەکنەلۆژیایە بەو ڕۆژەمان دەگەیەنێ.
لە ئێستا کە نەخۆشی پەتای کوشندە ـ ئەو کاتێ کتێبەکانی نووسیوە، ڤایرۆسی کۆڕۆنا لە ئاراد نەبووە ـ برسێتی و قاتوقڕی گەورە و جەنگی جیهانی گەورە بەسەر چووە. مرۆڤ بە زۆر ئاواتی خۆی گەشتووە و بەردەوامە لە دەست ڕاگەیشتنی بە دەستکەوتی تردا، کەچی هەستی ئاسوودەیی و حەسانەوەی پێویستی نییە. هەرچەندە هاراری وتەنی، مرۆڤ هەزار هێندی مرۆڤی جاران بەهێزترە بە پێداویستییەکانی سەردەم، کەچی نەیتوانیوە کۆنترۆڵی تەواوی دەوروبەری خۆی بکات. یاخود ڕوونتر بڵێم مرۆڤ دەسەڵاتی بەسەر دەرەوەی خۆیدا ناشکێ. هەربۆیە گەرەکە ئینجا ئیستێک بکات و بگەڕێتەوە بۆ خودی خۆی وڤۆکۆس بخاتەوە سەر ناوەوی خۆی و گۆڕانکاری جەوهەری لە ناوەوەی خۆیدا ئەنجام بدات. خودی خۆی لێرەدا مەبەست جەستە و مێشک/ ئەقڵە.
لە دیدگای نووسەرەوە، ئەم نابەختەوەریی و نائاسوودەییەی مرۆڤ و گەیشتی بەم چارەنووسەی سەرەمەرگ، دەگەڕێتەوە بۆ دوو بنەما:
1ـ دەسەڵتخوازی زیاتر. 2 ـ بەختەوەری زۆرتر.
ئالێرەدا رۆژنامەوانێک لێی دەپرسێ: جا خۆ ئەمە کتومت لیبەڕالیزمە، بە سیستەمە کاپیتالیزمەکەیەوە. ئەویش لەوەڵامدا دەڵێ: لە لیبەڕالیزمدا بەهرەدارەکان توانای زیاتریان هەیە، لە خۆشگوزەرانتر بژین، ئەگەرچی لەم سیستەمەدا بایەخ بە تاک و خێزانیش دەدرێ. حەزی دەسەڵات و بەختەوەری و خۆشگوزەرانی و بەدەستهێنان زیاتر، کاپیتالیزمە. ئیدی مرۆڤ چی لەمە زیاتر دەوێت؟. هاراری دەڵێ: ئەمە ڕاستە ، بەڵام گەر خەڵک لە کاپیتالیزم دا، ڕازی بن بەوەی پێی گەشتوون، واتە قنیات بکەن ، ئەوە مانای وایە کاپیتالیزم دەمرێ. بەڵێ ئەمە خەسڵەتی مرۆڤە، نەک کاراکتەری کاپیتالیزم، کاپیتالیزم هاتووە کاری لەسەر ئەم زەمینەیە کردووە و بەردەوام دەکات.
هاراری پێی وایە کاتێ شۆڕشی پیشەسازی سەری هەڵدا، هەموو دەوڵەتان بەگەرمی پێشوازییان لێ نەکرد. تەنها بەریتانیا و فەرەنسا و ئەڵمانیا بە زوویی بەرو ڕووی چوون و هاوشانی هەنگاویان هەڵهێنا. دەرئەنجام دەینینین ئەمانە پێشکەوتوون و ئەوانەی دواکەوتن، بەجێمان و نەیانتوانی وەک پێویست خۆیان لەگەڵ گۆڕانکارییەکان دا بگونجێن.
ئەم یاسایە بۆ ئێستاش هەمان شتە، هەر وڵاتێ نەیەوێ لەگەڵ ئەم شۆڕشەی تەکنەلۆژیادا هەنگاو بنێ و خۆی بگونجێنێ، دوا دەکەوێ. بەواتایەکی ئەو وڵاتانە دەبنەوە کۆلۆنی ـ وەک جاری جارانی ئەفەریقا و ئاسیاـ ئەوانەی ڕابەرایەتی ئەم شۆڕشە دەکەن. ئاخر ساڵی 2050 وەک ئێستا نابێت!. باشتر بڵێم لە 100 و 200 ساڵی تردا دانیشتوانی گۆی زەوی، وەک ئێستا کە لە لایەن مرۆڤەوە داگیرکراوە، وا نامێنێتەوە. بەڵکە هەموو دەبنە نموونە بوونەوەرێکی سایبۆرگ لە شاری سایبۆرگCyborg Cities .
نووسەر دەڵێ: سەدەی داهاتوو، بۆ مرۆڤ ئوتومبێل و چەک و خۆراک هێندە گرنگ نابێت، بەڵکو جەستە و هۆش/ مێشک ئەمانە دەبنە جێی بایەخی سەرەکی مرۆڤ. ئەمەش کتومت دەکاتە ئەوەی بەهێزەکان و ئاقڵەکان چانسی ژیانیان زیاتر هەیە.
ڕۆژنامەنووسێک لێی دەپرسێ: تۆ ڕۆڵی ئایین دەخەیتە دەرەوە، لە کاتێکدا داتاکانی ئێستا پێمان دەڵێ: رۆژبەرۆژ خەڵک زیاتر روودەکاتەوە ئایین و رێژەکەش تا ساڵی 2050 زۆر زیاتریش دەبێ.
ساڵی 2010٢٠١٠ % کریستیان، 31,4، موسڵمان 23,2 ، بێ ئایین16,4، بودایی7,1 ، ئەوانی تر 6,7، جولەکە0,2 .
ساڵی 2050 ڕێژەی کریستیان31,4، موسوڵمان29,7 ، بێ ئاین 13,2، بودایی5,2 ئەوانی تر5,5 ، جولەکە0,2

لە وەڵامدا دەڵێ ئایین گرنگە لێ رابین و قەشە و مەلاکان، هەموو شت دەبەنەوە بۆ دەسەڵات و توانای خواوەند.ئەمانە نەک هیچیان دانەهێناوە،بگرە بەرامبەر زۆر داهێنانی نوێ بەگومانن،وا هەست دەکەن هەستیان بریندار کراوە. ئاین جاران سەرچاوەیەکی توانای داهێنان بوو، ئێستا بۆتە پەرچەکرد،لەبەرامبەر گۆڕانکارییەکاندا. ئەوەتا ژمارەی خۆکوشتن، زیاترە لە ژمارەی کوژراوی جەنگەکان.
لە ڕوانگەی Harariوە ئەو ئالوودەیی و هۆگری و توانەوەی مرۆڤ لە ئامێرە تەکنەلۆژییەکان دا، وەک Smatphon مرۆڤی سەدەی داهاتوو، دەبێتە نیوە مرۆڤ و نیوە کۆمپیوتەری ئۆتۆماتیکی. لەگەڕانەوەدا بۆ ناوەوەی خۆمان، سەنزۆری بایۆمەتری دەبێتە بەشێک لە جەستەمان، بەشەکەی تری بەهۆی سۆشیال میدیاوە دەبنە سمارتفۆن. لەم ڕێگایەوە شت وەردەگرین و دەدەینەوە. بۆ نموونە بەهۆی ئاپێکەوەApp ێکی ناو سماتفۆنەکەتەوە، دەتوانێ کاتێ بە شەقامێکدا دەڕۆیت و مەیلی سێکست هەیە، کەسێکت دی بە دڵت بوو.دەتوانی بزانی داخۆ ئەویش خرۆشی سێکسی هەیە؟١. لەم کاتەدا کەسەکە پەستانی خوێنی زیاد دەکات و پێڵووی چاوەکانی گەورە دەبن. ئەو ئاپەی تەلەفونە زیرەکەکە ـ سمارتڤۆنەکە ئەم کارە ئەنجام دەدات.دوای ئاڵۆرگردنی داتاکان، کۆنتاکت لەگەڵ ئەو کەسەدا ساز دەدات،ئاخر ئەویش هەمان سمارتفۆنی پێیە. ئەوکات ئەگەر ئەویش مەیلی لەسەر سێکس کردن بوو، ئەوە دیدار و بە یەکگەیشتن دێتە ئاراوە. کەواتە نە مێشک ،نە چاو، نە دەم ئەم کارەی ئەنجام نەدا،بەڵکو داتاکان.
لە باس و نموونەیەکی تردا بۆ باندۆڕی شۆڕشی تەکنەلۆژیا لەسەر ئایندەی مرۆڤ، دەڵێ: کاتێ تۆ ئوتومبێل دەئاژوویت و لە چوار ڕیانێکدا دەتەوێ بەدەستی ڕاستدا، بڕۆیت، ناڤیگەیشن/ Navigation یاخود گی پی ئێس GPS، زەنگی هۆشیاریت بۆ لێدەدات و دەڵێ: لەوێوە مەڕۆ ، گیراوە!، ترافیک زۆرە. ئەمەش دەیسەلمێنێتەوە کە تەکنەلۆژیا تابێت دەبێتە جێی متمانە و سەرچاوەی زانیاری وەرگرتن،زیاتر لە هەست و زانینی خۆمان. کەواتە مرۆڤی ئایندە لە پرۆسەی ژیان دا بە میتۆدی خواڕەزمی ئۆرگانی Algorismus پێویستی بە زانیاری تەکنەلۆژیایی و تەکنیکی زیاتر هەیە، Technical Know- how.
بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم باسی بڕیاردان و هەڵسەنگاندن و خەمڵاندنە ژمێریارییە خوارەزمییە دەڵێ: مەیمونێکی پاڤیان زۆر زۆری برسییەو دەچێتە دارستانێکەوە بە دوای مۆزدا دەگەڕێ. دار مۆزێ دەبینێتەوە،تەماشا دەکات شێری لە ژێردایە. مەیموونەکە دەکەوێتە بەردەم سەرکێشییەکی تێکەڵ لە ئازایەتی و ترسنۆکی. بەلام مەیموونی ناوبراو لە چرکەساتێکی کەمدا دەبێت بڕێار بدات،ئایا بچی مۆز لە دارەکە بکاتەوە؟ داخۆ مۆزەکان گەیون؟ تۆ بڵێی شێرە پێی بزانێ؟ ئایا بەم برسێتییە توانای هەڵاتنی لەبەردەم کەڵبەی شێرەکەدا هەیە؟ چەند هەنگاوی تری ماوە بگاتە دارەکە و کۆمەڵێ هێنانوبردنی دیکە. مەیموونەکە هەموو ئەم لێکدانانەوە بە هەستی خۆی دەکات،نەک بە کاغەز و قەڵەم، یاخود هەژماردنی خوارەزمییەوە.
هەرچەندە هاراری بایەخ و حەزی زیاتر بۆ کۆمەڵایەتی و سیاسەت و فەلسەفەیە و زۆر بە دنیای تەکنەلۆژیا و بایەلۆژییەوە سەرقاڵ نییە،لەگەڵ ئەوەشدا شرۆڤە و لێکدانەوەکانی لەسەر ئەو بنەمایانە دەکات و دەڵێ: دەبێ خۆمان باشتر بناسین، هەروەک سوکرات و فەیلەسووفەکانی تر داوامان لێ دەکەن. ئیدی دەسەڵات لە خواوەند و هومانیزمەوە دەگاتە دەست داتایزمDataismus/
داتاکان دەبنە بزوێنەری و فەرمانمان پێ دەدەن. هەڵبەت ئاماژەش بەوە دەکات کە تەکنەلۆژیا خاڵی لاوازی هەیە، ئەویش ئەوەیە کە ڕۆح و هەستی نییە، دەنا هەموو کارەکانی مرۆڤ دەیکات ئەو باشتر ئەنجامی دەدات.
خاڵێکی تری سەیرو سەمەرە ئەوەیە دەڵێ: مرۆڤەکانی ئایندە دەتوانن زیاتر بژین… دەوڵەمەندەکان ماوەیەکی زۆر بە گەنجی بمێننەوە. ئەمەش نرخ و تێچووی زۆر و گرانە.!. بەڵام ئەم دۆخە دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی کێشەی کۆمەڵاتی گەورە، چونکە هەژارەکان ناتوانن بێدەنگ و رەزامەند بن. شایانی ئاماژە پێدانە دنیای تەکنەلۆژیای زیرەکی دەستکرد و تەکنەلۆژیای بایەلۆژی، مرۆڤ دەخاتە بەردەم دنیایەکی کراوە و بێ کۆتایی،بە هەزاران هەزار ئەگەری کراوەوە. ڕنگە ئەکاتە کەمرۆڤ کۆنترڵێ دەوروبەری لەدەست خۆی دەدات،ئیدی ئاماژە ترسناکەکان سەرهەڵ بدەن. ئەوە نییە هاراری دەڵێ: سێ شت وا دەکەن براوەی ئایندە لە ڕێگایانەوە مەیسەر بێت: باشترکردنی جیناتەکان، ئەمەش شتێکی زەحمەت نییە. لە ڕووی تەکنیکەوە سایبۆرگ خۆمان باشتر تەیار بکەین و ببینە نیوە ئامێرێک و بەکارهێنەرانی زیرەکی دەستکردەوە.
دواجار دوو مەرجی سەرەکی باس دەکات، کەپێویست و کاریگەرن بۆ مرۆڤی ئایندە:
1ـ تێگەیشتن لە بایۆلۆژیا. 2 ـ توانای بەکارهێنانی کۆپیوتەر.
لە وەرامی پرسیارێکی لۆژیکیدا،ئایا دڵخۆشی لەو ژیانەی سەدەی ئایندە،کە مرۆڤ پێی دەگات بژیت؟ دەڵێ: گرنگترین پرسیار مەسەلەی ” پەرۆش و خەمباری و ئازاچەشتنە”. سەدەئ21 بە هۆی ئەو شتانەی باسمان کرد،یەک جۆر ئایندەمان ناداتێ، بەڵکو ئاسۆی جۆراوجۆرمان لەبەردەمدا دەکاتەوە…لەسەر خۆمان وەستاوە، چۆن ڕەفتار دەکەین. ئایا شۆڕشی تەکنەلۆژی ئەم پەڕۆش و ئازارچەشتنە گەورە دەکات، یاخود بچووکی دەکاتەوە؟ با نموونیەک لەسەر ئاژەڵ بهێنمەوە کە دەزانین گیانلەبەرانی وەک مانگا و مریسک و بەراز، چ ئازار و قوربانییەک دەچێژن. ئێمە دەزانین کایەی بازرگانی و شیرەمەنی و گۆشت ملیاردەها پارەی تێدەچێ. هەر یەک لەو ئاژەڵانە بە خەرجییەکی زۆر بۆ گۆشتەکەیان بەخێو دەکرێن. تەکنەلۆژی بایەلۆژی دەتوانێ ئەم پەڕۆشە گەورە بکات و ئەو ئاژەڵانە بە خێراترین شێواز ئالیک بدات،تا گۆشتی زۆرتر بە زووترین کات بگرن و قازانج زیاتر بەدەست بهێنن. چا ئەو ئاژەڵانە چ ئازار و ناڕەحەتییەک دەچێژن بۆ خاوەن کۆمپانیاکان هیچ گرنگ نییە. بەڵام دیسان لە ڕێی تەکنەلۆژی بایەلۆژییەوە دەتوانرێ،خانەیەکی گۆشت بەخێو بکرێ هێندەی گۆشتی ستێکێک Stek و بخورێت. کەواتە پێویست ناکات بۆ خواردنی ستێکێک گایەک بەخێو بکرێ و سەر ببڕدڕێ،بەڵکو لەم ڕێگایەوە ئەنجام بدرێ. پێش چەند ساڵێ پارچەیەک ستێکی دروستکراو بە 300,000$ دۆلار بوو، ئێستا بە دەوری 11$. لە ئایندەدا دەکرێ خواردنی مەکدۆناڵ هەرزانتر بفرٶشرێ.
بەڕێزان، ئەمە پوختە ئەو تێز و بۆچوونانەی هارارین، کە لە زۆربەی ڤیدیۆ و چاوپێکەوتنەکانیدا جەختی لەسەر کراوەتەوە. لێرەدا ئاماژە بەو هەڕەشە و مەترسییانە دەبێ بکرێ، کە دەرکەوتنی چین وەک زلهێزێکی زەبەلاحی ئابووری و تەکنەلۆژی نوێ ، سەرچاوەی بەشێکی ئەو ترس و هەڕەشانەیە کە هاتوونەتە بەردەم مرۆڤ.
چونکە کۆمەڵگای تەندروست ئەوەیە، لە رووی سیاسییەوە خاوەنی سیستەمێکی دیموکراسی بێت، بە هەموو ڕەهەندەکانییەوە. لە ڕووی ئابووریشەوە دەرفەتی بازاڕی ئازاد فەراهەم بکات و مرۆڤەکان لە سایەیدا خۆشگوزەران و بەختەوەر بن. دیارە ئەوەش ڕاستە کە مرۆڤ هێشتا لە تێکوشاندایە بۆ گەیشتن بە بەختەوەری کۆتایی. ئەمەش واتای وەستانی ژیانە…مرۆڤ دەستەوسان دەبێ و لە داهێنان دەکەوێ. بۆیە مانەوەی زەمینەیەکی فراوان و بە ڕوومەت بۆ ململانێ و پێشبڕکێکان بە تەندروستی زۆر پێویستە.
من پێم وایە لیبەڕالیزم لەگەڵ ئەوەشدا هەنووکە ڕووبەڕووی ئاستەنگ و هەڕەشەی گەورە بۆتەوە، دیسان تا ئێستا سەرباری کەموکوڕییەکانیشی، ـ دەکرێ و پێویستە چاکتر بکرێن ـ باشترینە کە مرۆڤ پێی گەشتووە. هاراریێ ددان بەم ڕاستییەدا دەنێ و هێنری کیسنجەریش لە دوا وتاریدا بەبۆنەی مەترسییەکانی ڤایرۆسی کۆڕۆناوە، داوا دەکات لە ئەمەریکا بە هەموو هێز و توانای خۆیەوە پارێزگاری لە لیبەڕالیزم بکات.
ئەم تێزانەی هاراریش وەک گەلێک لەوانەی پێش خۆی، هەر لە چوارچێوەی هیپۆتێزەدا دەمێننەوە. بەڵام ئەوەش ڕاستە لە هەنووکەدا شۆڕشی تەکنەلۆژیا بە هەموو تەوژم و هێزی خۆیەوە سەرکردایەتی مرۆڤ بەرەو جیهان و گەردونێکی زۆر سەیر و نادیار دەکات.
من دەڵێم گەر مرۆڤ وەک بوونەوەر لەم ژیانەدا دەستەوسان کرا، ئەوە هەموو چەمک و تێگەیشتن و شێوازەکانی ژیان سەرەوبن دەبنەوە و دەبێتە حەشر و قیامەتە گەورەکە.مرۆڤ تا ئێستا بە کردەوە باش و خراپەکانییەوە، باڵا دەستی و سەروەری بەسەر دەوروبەری خۆیدا هەبوو. دەکرێ بەردەوام کار بۆ چاکردنی هەڵە و کەموکوڕییەکان بکەین،لێ ناکرێ مرۆڤ بکرێتە کۆیلەی ئاغاگەلێکی تر. گەر بەو وێستگەیە گەشتین هەرچی ترسناک و نادیارە مرۆڤ دەبێت خۆ بۆ ئاماد بکات.
کەواتە پێویست و گرنگە هەر هەنگاوێکی گەشەکردن و بەرەوپێشچوون و پێشکەوتن،هەیە و دێتە پێشمان، گەرەکە هاوشانی وردی هەنگاوەکانی مرۆڤ بێت و بە سوودی بەرژەوەندییەکانی تێکڕای مرۆڤایەتی کۆتایی بێت. نەک دەستەوتاقمێکی بەهرەمەند و دەوڵەمەند و جەستە بەهێز و چاوچنۆک و زاڵم هەموو دەسەڵات و مافێکیان هەبێت جیهان دادۆشن. بە دوا وتەی مامۆستا مەسعوود محەمەد ” لاپەڕەی مێژوو و کۆمەڵایەتی بەوە دادەخرێتەوە،مرۆ لە بوونێکدا لابەری و تەنها غەریزە تیایدا فەرمانڕەوا بێ”. دەست لەم بابەتە هەڵدەگرم. ئاخر کورد وتەنی: ئەم هەوریرە ئاو زۆر دەخوا.
بە هیوای ئایندەیەکی تژی لە ئازادی بۆ نەتەوەکان و بێ چەوساندنەوە و دادۆشین و خۆشی و ئارامی و داهێنانی نوێ و ژیانێکی پڕ لە ڕوومەت و دادپەروەرانە بۆ تاکی مرۆڤ.

هەڵۆبەرزنجەیی٤/٤/٢٠٢٠




خوێندنەوەیەک بۆ ڕۆمانی دەریاس و لاشەکان … هۆشیار جەمال

     ڕۆمانی دەریاس و لاشەکانی ڕۆماننووس” بەختیار عەلی” کە دواین
بەرهەمی نووسەرە، یەکێکە لە ڕۆمانە تایبەتەکانی ناو کتێبخانەی کوردی، کە کارکردنە لە
ناو مێژووی شۆڕشی کورد و ململانی حیزبە کوردیەکان. هەروەها بوون بە قوربانی مرۆڤی کورد
بەبێ ئەوەی هیچ گۆڕانکاریەکی جێگای باس لە بارۆدۆخی ژیانی هاوڵاتیان ڕووبدات.

       نوسەر شوێنێک یان شارێک یان کاتێکی دیاری کراوی
ئاشکرا نەکردوە کە ڕووداوەکانی ناو ڕۆمانەکە ڕوویانداوە تێدا، بەڵام هەرشارێکی هەرێمی
کوردستان بە نموونە بهێنیتەوە گونجاوە بۆ ئەوەی وەک شوێنی ڕووداوەکان بیهێنیتە بەرچاوت.
لەم ڕۆمانەدا بەزمانێکی سادە کۆی حوکومڕانی شکستخواردوی حیزبی کوردی باس دەکات و  چوونە ململانێی سەرکردەیەکی شۆڕشگێڕ لە هەناوی یەکێک
لە دوو حیزبەکە دژی سیستەمی حکومڕانی دوو حیزبەکە 
بانگەشەی ئەوە دەکات بە خەباتی مەدەنی شۆرش هەڵبگیرسێنێت. بەڵام لەواقعدا ناتوانێت
بەمەدەنی شۆڕشەکەی هەڵگیرسێنیت و دوبارە شار دەبێتە شوێنی ململانێی حیزبەکان و شەڕی
چەکداری.

     نووسەر ئەوەندەی لەم ڕۆمانەدا کاری لەسەر ئەوە کردووە کە باس لەبیرکردنەوەی
تاکی ڕۆژهەڵاتی بەگشتی و تاکی کورد بەتایبەت بکات کە چۆن لە جیاتی ئەوەی خۆیان وەک
مرۆڤێکی خاوەن بڕیار و خەباتگێر و داکۆکی کار لە مافەکانیان ببین و شەڕی بۆ بکەن، بە
پێچەوانەوە خۆیان بچوک دەکەنەوە و بەردەوام سەرجەم چین و توێژەکان هەژاران، کاسبکاران،
جوتیاران، ڕۆشنبیران هەموویان وێلی ئەوەن کە چۆن کەسایەتیەکی سیاسی بهێنن و بیکەن بە
کارێزما و خۆیان بچوک نیشانبدەن لەبەردەمیدا.

    لەم ڕۆمانەدا تاکەکانی کورد زۆربەی هەرە زۆری یان بتێکی سیاسی دروستکردوە
و پێی وایە فریاد ڕەسیەتی، یان وێلی دروستکردنی بتێکی سیاسی ترە بۆ ئەوەی لە دۆخی ناهەموار
ڕزگاری بکات.  کۆمەڵگا بۆتە دووبەشەوە بەشێكی
خۆی بە خزمەتکار و داکۆکی کاری گۆڕستانی بەرپرسان دەزانێت و پێی وایە هێمای ژیانن و  مردوەکانیان سەرچاوەی ژیانی ئەوان. بەشێکی تریان
هەوڵدەدەن شۆڕش هەڵبگیرسێن و لەسەرەتای دروستکردنی کارێزمای نوێ و سەرمەشقی نوێن.  هەوڵدەدەن یەکەم شوێن کە لە کاتی شۆرش دەست دەگرن
بەسەریدا گۆرستانی شاربێت، چونکە لای کۆمەڵەکەی تر پیرۆزە.  بەڵام لە دواجاردا شۆرشگێران خۆشیان دەبنە پاسەوانی
گۆڕی سیاسییە شۆرشگێرەکەی خۆیان.

    لە ڕۆمانەکەدا کەسیایەتیەکان هێندە خۆیان بچوک دەکەنەوە کە لە ساتەوەختەکانی
شۆڕش و دەرکردنی یەکەم بەیاننامەی شۆڕشەکەیان لە جیاتی بیربکەنەوە لەخەیاڵی خۆیاندا
تارماییی سەرکردەکەیان بەرنامەیان بۆ دادەنێت، دواتریش لە کاتی شەڕی کۆڵان بە کۆڵان
لەگەڵ هێزەکانی دژ یان تارمایی سەرکردە شۆڕشگێرەکە بەشدارە لە شەڕەکانیان، وە پاڵپشتیانە
بۆ سەرکەوتن.

    تەوەرێکی تری ڕۆمانەکە بابەتی لاشەی کوژراوانی جەنگی ناو شارەکە لە نێوان
شۆڕشگێران و دوو حیزبی دەسەڵاتدار دەکوژرێت. بەڵام هیچ گرنگیان پێ نادرێت، یاخود لەدوای
مردنیان وەک مرۆڤێک بەڕێزەوە بەخاک بسپێردێت. ئەمەش دەرخەری ئەوەیە ئەم هێزانە مرۆڤ
وەک کاڵایەک دەبینن کە تا ئەو شوێنەی کاریان پێبوو بەکاری بهێنن و دواتر لاشەکەی هیچ
گرنگ نەبێت بەلایانەوە کە بە خاکی بسپێرن.

     لێرەوە دەکرێت هەموو ئەو کەسانەی ئەم ڕۆمانە دەخوێننەوە لە خۆیان بپرسن
وێڵی دوای دروستکردنی بتی سیاسین؟ یان دروستکردنی کارێزما؟ یاخود دەیانەوێت لەم هەرێمی
کوردستانە شەڕبکەن لە پێناو ئەوەی وەک مرۆڤ بژین و مافەکانیان بە دەست بهێنین؟ یان
هەربەردەوام دەبن لەوەی نەوە دوای نەوە بگەڕێن بەدوای دروستکردنی کارێزما و بتی سیاسین
بۆ ڕزگارکردنیان لە دەست نادادپەروەری؟ هەروا بەردەوام دەبن لەسەر پیرۆزکردنی قسەکانیان
هاوشێوەی ئاین و خودا؟




فیتنه‌ی سیاسی له‌ هه‌رێم دیارده‌یه‌كی مه‌ترسیداره‌ … ڕه‌سوڵ بۆسكێنی

له‌گه‌ڵ هه‌ر جووڵانه‌وه‌ و سه‌ركێشی و خه‌باتێكی نه‌ته‌وه‌یی كورددا، دوژمنانی كورد و دۆسته‌كانییان ژان ده‌یانگرێ و له‌گه‌ڵ هاتنه‌ئارای هه‌ر حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتێكی كورد هه‌موو دوژمنه‌كانی كه‌وتونه‌ته‌، سۆسه‌ و ڕاوێچكه‌ی خراپه‌كاری و چینینی ته‌ونی خیانه‌ت تا به ‌ئامان و زامان ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌یان له‌بار بردووه‌ و ئاهی ئاسووده‌ییان به‌دڵ و ده‌روون داهاتووه‌، نموونه‌ی زۆر و زیندوومان له‌ ڕابردووی دوور و نزیكیشدا هه‌یه‌، سه‌دان جار له‌ ئه‌وجی ده‌سه‌ڵاتدا خلۆریان كردۆته‌وه‌، نزیك ترین جوڵه‌ و كرداری قێزه‌ونی دوژمنه‌كان له‌ دوای ڕاپه‌ڕینی به‌هاری گه‌له‌مان له‌ باشووری كوردستان و دروست بوونی په‌رمان و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌ستی پێكرد، له‌و ڕۆژه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی كوردی له‌م‌ وڵاته‌ خۆشه‌ویسته‌دا كه‌وته‌ خزمه‌ت و ئاوه‌دان كردنه‌وه‌ی نیشتمانه‌كه‌ی، توركیا و ئێران و سوریا هه‌ر به‌سێ مانگ جارێك له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی نهێنی و چڕ و پڕدا پیلانیان داده‌ڕێژا و دوای ته‌واو بوونی كۆبوونه‌وه‌كه‌شیان زۆر زاڵمانه‌ و بێ شه‌رمانه‌ به‌ئاشكرا له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا زۆر ڕاشكاوانه‌ ده‌یانوت: ئه‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌مان تایبه‌ت بوو به‌ چاره‌نووسی هه‌رێمی كوردستان، له‌ژێره‌وه‌ش ده‌كه‌وتنه‌ چاندنی داوی غه‌در و ناپاكی، تا ئاواته‌كه‌یان به‌دی هات و كورد گیرۆده‌ی شه‌ڕێكی ناوخۆی بێزراو و قێزه‌ون بوو، له‌و ڕۆژه‌وه‌ ئیتر له‌ ڕێگای ده‌سنده‌ و چڵكاوخۆره‌كانیان مه‌رامه‌كه‌یان پێكهات و وازیان له‌ كۆبوونه‌وه‌كانیان هێنا، ئه‌و شه‌ڕه‌‌ بووه‌ هۆی وێرانكاری و ماڵوێرانی و نه‌مانی متمانه‌ له‌نێوان هێزه‌ سیاسیه‌كان و جه‌ماوه‌ری هه‌رێمی كوردستان، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش چه‌ندان تۆڕی خراپه‌كاری و جاسوسی و خیانه‌تكارانیان له‌ناو خه‌ڵكدا چاند، بۆ له‌به‌ریه‌ك هه‌ڵوه‌شاندنی كۆمه‌ڵگای كوردی و نه‌مانی بڕوا و متمانه‌ و بوونه‌ ماكی فیتنه‌ و ئاژاوه‌ نانه‌وه‌ له‌نێو جه‌ماوه‌ری هه‌رێم و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كاندا، كه‌ تۆوی ئاڵۆزی و ئاژاوه‌یان بره‌و پێدا و له‌ ڕێگای پیاوه ده‌ست چێنه‌‌كانیانه‌وه‌ فیتنه‌ و خراپه‌كاری ڕۆژ به‌ڕۆژ له‌ هه‌ڵكشاندایه‌، به‌هۆی پێشكه‌وتنی ته‌كنه‌لۆژیا و كه‌ناڵه‌ جۆربه‌جۆره‌كانه‌وه‌ له‌ ڕێگای ڕاگه‌یاندن و تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانیشه‌وه‌ ئه‌وه‌نده‌ی تر بره‌وی پێ درا و به‌ره‌و دوا ڕۆژێكی ترسناك هه‌نگاو ده‌نێ.
فیتنه‌ی سیاسی دیاردەیەکی ترسناکە، ده‌بێ ڕێگای لێ بگیرێ، نەک لەبەر ئەوەی قسە لەسەر ڕووداوە سیاسیەکان ده‌كه‌ن، یا وه‌ك خۆیان له‌ گوێی خه‌ڵكی ده‌چرپێنن نهێنی و خراپه‌كاریه‌كان بۆ خزمه‌تی هاوڵاتیان ڕووداوه‌ سیاسیه‌كانی هەرێمی کوردستان ئاشكرا ده‌كه‌ن، بەڵکو لەبەر ئەوەی نیه‌ته‌ خراپه‌كانیان له‌ هه‌ستی خه‌ڵكی كوردستان ده‌چه‌سپێنن و به‌رده‌وام خەریکی وروژاندنی هه‌ستی جەماوەری كوردستانن، له‌لایه‌كی تر كه‌وتونه‌ نانه‌وه‌ی فیتنه‌ی سیاسی و دنه‌دانی جه‌ماوه‌ری لایەنێک دژ بەلایەنێکی تر بره‌و پێ ده‌ده‌ن. ئه‌و كاره‌كته‌ره‌ كۆنتڕۆڵ كراوانه‌ له‌ناو كوردا كه‌م نین، كه‌له‌هه‌ر بۆشاییه‌كی سیاسی و ئیداری و ئابوور…هتد، ئاماده‌ییان هه‌یه‌، عه‌لی جه‌وانمه‌ردی وه‌ك نموونه‌: ئەم پیاوە چەندین جارە بێ له‌به‌رچاوگرتنی دۆخی هه‌ستیاری كوردستان له‌كاتی هه‌ر ڕووداو و پێشهاتێكدا فرسه‌ت دێنێ و ژه‌هره‌كه‌ی خۆی ده‌ڕێژێت، هه‌ر وه‌ك لەكاتی هێرش و لەشکر کێشیەکانی تورکیا بۆسەر بنكه‌ و باره‌گاكانی پەکەکە، له‌ فه‌رمایشته‌كانیدا تورکی وەکو هێزێكی خاوه‌ن ماف و پەکەکەی وەکو دوژمنی کورد و هێزێکی ئیرانی ده‌ناساند، به‌ گوتاره‌ تورکانە و تێروانینه‌ میتیەكه‌ی ئه‌وه‌ی توركیا به‌هێزی سه‌ربازی و به‌پێشكه‌وتوترین چه‌كی ناتۆ نه‌یده‌توانی بیكات، ئه‌و ده‌یویست له‌ڕێگای به‌شینه‌وه‌ی هه‌ڵوێستی نیشتمانی و كوردایه‌تی و جوڵاندنی هه‌ست و سۆزی خه‌ڵك بۆ توركیای ئه‌نجام بدات. هه‌روه‌ها له‌كاتی موشه‌ك باران كردنی حزبی دیموكراتی كوردستان له‌ كۆیه‌، كه‌به‌داخه‌وه‌ زیانی گیانی به‌شێك له‌ كادره‌كانی ئه‌و حزبه‌ی لێكه‌وته‌وه‌، له‌و كاته‌دا وای بڵاوده‌كرده‌وه‌ كه‌ بنكه‌ی ئه‌و موشه‌كانه‌ سه‌رچاوه‌كه‌یان له‌سلێمانی و له‌ناو هه‌رێمه‌وه‌ ئاراسته‌ ده‌كرێت، زۆرجا قسه‌ی وا بڵاو ده‌كاته‌وه‌ گوایه‌ ئەرتەشی ئێرانی هاتۆته‌ ناو هەرێمی کوردستان و زۆنی سەوز و خاكی هەرێم له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ داگیر كراوه‌. ئه‌وه‌ی زۆر گرنگه‌ و زیاتر سه‌رنجڕاده‌كێشێت ئه‌وه‌ یه‌ له‌ هه‌ر دۆخێكی هه‌ستیاری هه‌رێم كه‌ دێته‌ پێش بارودۆخی ناسكی هه‌رێم به‌ ئامانج ده‌گرێ و به‌شێوه‌یه‌ك جه‌ماوه‌ری هه‌ردوو حزبی سه‌ره‌كی پارتی و یەکێتی ده‌وروژێنێ، دۆخه‌كه‌ به‌ئاراسته‌یه‌كدا ده‌بات له‌ لێواری بەرپاکردنی شەڕێکی ترسناکدا به‌جێی دێڵێ.
هه‌موومان له‌بیرمانه‌ لە کاتی ڕێفراندۆم نه‌ لایه‌نگرانی پارتی و خه‌ڵكانی هه‌رێم هێنده‌ی ئه‌و‌ پیاوه‌ دڵگه‌رم بوون، له‌سه‌رخستنی ڕیفراندۆم و نه‌ له‌ كاتی هێرشه‌كانی سوپای عیراق بۆ ناوچه‌ ڕزگاركراوه‌كان و كه‌ركوك له‌ ١٦ی ئۆکتۆبەردا جه‌ماوه‌ر و هێزه‌ شه‌ڕكه‌ره‌كانی عیراق هێنده‌ كارا و دڵخۆش بوون، له‌ دنەدانی كادر و لایه‌نگرانی هه‌ردوو حزب به‌ئاراسته‌ی هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ ژه‌هری ده‌ڕشت . دواجاریش بەسوودوەرگرتن لە هەڵهاتنی زیندانیەکانی سەقز، مسته‌فا سه‌لمیی كرده‌ بیانوو هاته‌وه‌ ناو گۆڕه‌پانه‌كه‌ و دۆخی هه‌رێمی وروژاند، له‌كاتێكدا هیچ له‌لایه‌نێك له‌ حزبه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان نه‌یانگرته‌خۆ و ڕاشیان گه‌یاند له‌كاتی هه‌ڵاتنی زیندانیه‌كان ناوبراو له‌ شاری بانه‌ گیراوه‌ته‌وه‌، كه‌چی ئه‌و پیاوه‌ دووباره‌ كه‌وته‌ وروژاندنی لایه‌نه‌كان دژی یه‌كتر، بێباك له‌ ئه‌نجامی ئه‌م فیته‌نه‌كاریی وئاژوه‌گێڕیه‌ چی ڕوو ده‌دا و كاردانه‌وه‌كانی چی ده‌بێ.
ئه‌وه‌ی ئه‌م كاره‌ی بۆ فیتنه‌چیه‌كان ئاسان كردووه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هەرکەس به‌پێوه‌ری پارتی كوردایه‌تی نه‌كات و لەگەڵ کوردایەتییه‌کەی ئەودا نەیه‌تەوە، ئەوە به‌ خائین و خۆفرۆش ناوزه‌دی ده‌كات، ئه‌گه‌رچی ئه‌مه‌ ڕه‌گێكی قوڵی هه‌یه‌، به‌ڵام پارتیش پێویسته‌ ئه‌و ڕاستیه‌ باش بزانێت، كه‌ فیتنه‌ی سیاسی جۆرێكی خه‌ته‌رناكه‌ له‌ پڕوپاگه‌نده‌ و له‌وانه‌یه‌ به‌بێ ویستی خۆمان بكه‌وینه‌ ناو ته‌ڵه‌كه‌وه‌، ئه‌و كاته‌ هه‌موو شتێك كۆتایی دێت، ئێستا ئه‌م جۆره‌ فیتنه‌یه‌ به‌جۆرێك ئه‌م هه‌رێمه‌ی شه‌كه‌ت كردووه‌، داهاتوومان نادره‌، بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌م دۆخه‌ پێویسته‌ هه‌موو خه‌ڵكی كوردستان و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان و به‌تایبه‌ت پارتی و یه‌كێتی ئه‌وه‌ بزانن، ئه‌گه‌ر هوشیارانه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م كاره‌ نه‌كرێت، له‌وانه‌یه‌ له‌هه‌ر كاتێكدا فیتنەی سیاسی كاره‌ساتێكی گه‌وره‌ و خه‌مهێنه‌ر لەهەرێمی کوردستان ده‌خوڵقێنێ، ئه‌و كاته‌ په‌شیمانی هیچ گرنگیه‌كی نیه‌.




گرنگی سینەما لەسەردەمی کرۆنا ومرۆڤ بەگشتی … دانا محمد عبدوڵا

یەكێك لەو دەزگایانەی بایەخێكی زۆری هەیە‌و كاریگەریی بەهێزی هەیە لەسەر ژیانی مرۆڤ سینەمایە، واتە سینەما دەتوانێت كاریگەریی لەسەر تێروانین و بیرکردنەوە و چۆن ژیانی مرۆڤ هەبێت ، سینەما خۆی لە خۆیدا هۆكارێكە بۆ درووستكردنی پەیوەندیی لە نێوان ئێمە‌و ئەوانی تردا
هونەر شێوەیەكی گشتی وەك (تۆڵستۆی) دەڵێت بریتییە لە هۆكاری پەیوەندیی (communication) لە نێوان تاكەكاندا، واتە پەیوەندیی لە نێوان ئەو كەسەی كە ئەدای هونەرەكە دەكات لەگەڵا كەسی وەرگر، بۆیە ئەم پێناسەیەی (تۆڵستۆی) سەبارەت بە هونەری سینەما‌و فیلم، راستتر دەكەوێتەوە، شاشە بەگشتی‌و شاشەی سینەما بەتایبەتی، بەردەوام بە یەكێك لە هۆكارە گرنگەكانی پەیوەندیی ناسراوە، سینەما هەمیشە هەوڵی داوە جۆرێك لە هۆگریی‌و پەیوەستبوون لە نێوان خۆی‌و بینەردا درووست بكات‌و لەو پێناوەشدا خۆی بە ئۆرگانێكی زیندووی كۆمەڵگە ناساندووە‌و سوودی لە سەرجەم ئەو بابەت‌و دیاردانە وەرگرتووە كە کۆمەڵناسی و دەروونناسی بە وردی لەسەریان وەستاوە‌و بەردەوام كەرەستەی توێژینەوە‌و باس‌و خواسی زانایان بووە… هەر بۆ نموونە گرنگترین بابەت كە لە دەروونناسییدا بایەخی تایبەتی پێدراوە‌و لە فیلم‌و سینەماشدا بە زەقی رەنگی داوەتەوە (زمانی قسەكردن‌و زمانی جەستە بووە)، ئەم دوو بوارە لە گرنگترین‌و كاریگەرترین هۆكاری درووستكردنی كۆنتاكت‌و پەیوەندیین‌و لە سینەماشدا بایەخی زۆریان پێ دراوە، لە دەروونناسیشدا‌و بە تایبەتی دەروونناسی گەشە‌و كۆمەڵایەتی گرنگیی‌و پێگەی خۆیان هەیە.
بەشێكی گرنگی سینەماش لەم دوو بەشە پێك دێت، دیالۆگ‌و ئاكتین، هەردووكیان ئامانجەكە تێیدا ئەوەیە پەیوەندیی لە نێوان خۆی‌و بینەر یاخود وەرگردا درووست بكات‌و بە ناڕاستەوخۆیی‌و لە رێگەی شاشەوە پەیامێك بە بینەر بگەیەنێت. لە دەركەوتنی سینەماوە رۆڵی كاریگەریان لە ئاڕاستەكردن‌و درووستكردنی دونیابینی مرۆڤ بۆ بابەتە سیاسی‌و ئابوری وكۆمەڵایەتی‌و دەروونییەكان لە ئاستێكی بەرزدا هەبووە، بەتایبەت ئەو گەلانەی كە هۆگرییان بۆ شاشە هەبووە،
بە بەڵگە دەركەوتووە تێڕوانینی مرۆڤی ئەمریكی
تا ئاستێكی زۆر كەوتۆتە ژێركاریگەریی فیلمەكانی هۆڵیودەوە، (سكیب داین یونگ) لەو كتێبەی باس لەوە دەكات كە ماوەیەك لە ئەمریكا لە ژێر كاریگەریی ئەو فیلمانەی لە هۆڵیوود بەرهەم دەهێنران، مامەڵە‌و تێڕوانینی خەڵك گۆرانیان بەسەردا دەهات ، یاخود نیگاكردنی خەڵك بە شێوەیەكی سلبی‌و ئیجابی گۆڕانكاریان بەسەردا هاتووە،
لێرەوە دەگەینە ئەو دەرەنجامەی سینەما زۆرجار دەبێتە سەرچاوەی دونیابینی خەڵك بۆ ژیان‌و دید‌و تێڕوانینی بینەر یاخود وەرگر بۆ شتەكانی دەوروبەری، بۆیە فیلم دەكرێت جۆرێك بێت لە روئیا‌و دونیابینی بۆ ئەو دیاردانەی كە ئێمە دەیانبینین.




لێبووردنەکەی ئەردۆگان تەنیا دزەکان و مافیاکان دەگرێتەوە.. رەزا شوان

لە رۆژی دوو شەممە ( ١٣/ ئەپریل/٢٠٢٠) دوای تاوتوێکردن و مشومڕێکی زۆر لە نێوان ئەندام پەرلەمانەکانی پارتەکەی ئەردۆگان، پارتی ناداد و ناگەشەپێدان و پارتی بزووتنەوەی نەتەوپەرستی هاوپەیمانی، لەگەڵ پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان، کە لە ئەندامانی پارتی دیموکراتی گەلان (هە دە پە) و لە ئەندامانی پارتی گەلی کۆماری (جە هە پە) لە دانیشتنی پەڕلەمانی تورکیادا، دەربارەی ئەو پرۆژە لێبووردنە گشتییە لە بەندکراوەکان، بە هۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە بەندیخانەکانی تورکیادا، ئەو پرۆژەیەش لە لایەن پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی رەگەزپەرستەوە پێشنیار کرابوو، سەرجەم پارتە ئۆپۆزسیوەنەکان ویستیان هەندێ لە بڕگەکانی ئەم لێبووردنە گشتییە دەستکاری بکرێت و بیگۆڕن، تا بێ جیاوازی هەموو بەندکراوە سیاسییەکان و خاوەن بیروڕا جیاوازەکان و هەموو رۆژنامەنووسەکانیش بگرێتەوە.. بەڵام لەم هەوڵەیاندا سەرنەکەوتن، چونکە پارتەکەی ئەردۆگان و پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی، زۆرترین کورسییان لە پەرلەماندا هەیە.. بۆیە بەبێ گوێدان بە رەخنە و بە پێشنیار و داواکانی پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان.. بە زۆربەی دەنگەکانی ئەندامانی پەرلەمان (٢٧٩) دەنگ بە بەڵێ، بەرانبەر بە (٥٩) دەنگ بە نەخیر، بریار لەو پرۆژەیە لێبووردنە گشتییە درا و بوو بە یاسایەک.. ئەم یاسایەش لە رۆژی چوار شەممەوە (١٥/ ٤/٢٠٢٠) چووە بواری جێبەجێ کردنەوە.
ئەم یاسا لێبووردنە گشتییەی تورکیا لە بەشێک لە بەندکراوەکان، رەخنە و ناڕەزاییەکی زۆری لێکەوتەوە، لە ئاستی ناوخۆی تورکیا و لە لایەن رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی، وەکو: رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی، رێکخراوی چاودێـری مافەکانی مـرۆڤی جیهانی (هیومان رایتش وۆچ) و گەلی لایەن و میدیای ئازاد و ئازیدخوازانەوە. چونکە ئەم یاسا لێبووردنەی تورکیای زیندانستان.. بەنداکراوە سیاسییەکان و خاوەن بیروڕای جـیاواز و ئازادیخوازان و رۆژنامەنووسان و مافپەروەران و نووسەران و پارێزەران و هونەرمەندان و مامۆستایان و قوتابیان و ئاکادیمییەکان و چالاکوانانی مافەکانی ژنان و منداڵان و مرۆڤ ناگرێتەوە.. ئەو کەسانەش ناگرێتەوە کە رۆژی لە رۆژان ئەو کفرەیان کردووە و بە حەزرەتی سوڵتان ئەردۆگانیان وتوون، پێت خوار داناوە، یا کـل بە بەری چاوتەوەیە، یا هەڵهەڵە و چاپڵەیان بۆ فیشاڵ و درۆ و دەلەسەکانی لێنەداون و شاباشیان نەکردوون.. بەندکراوە پیر و پەکەوتووەکانەش ناگرێتەوە، کە لە زیندانە پیس و تاریک و سامناکەکانی تورکیادا، تووشی نەخۆشی جەستەیی و دەروونی بوونە و پێویستیان بە بەزەیی و چارەسەرکردن و ئازادکردن هەیە.
یاسا لێبووردنەکەی ئەردۆگان، تەنیا بەندکراوە دزەکان و باندە مافیاکان و پیاوکوژان و قـوڵبڕان و قاچاغچییەکانی ماددە هۆشبەرەکان و هەموو ئەو بێڕەوشتانەش دەگرێتەوە کە دەسترێژی سێکسیان بۆ سەر کچان و ژنان و منداڵان کردوون، کە لە پارتی ناداد و ناگەشەپێدانی دەسەڵاتەوە نزیکن.
بێگومان چاوەڕوانی ئەوە دەکرا، کە ئەم لێبووردنە گشتییە لە بەندکراوان، بەندکراوانی کورد نەگرێتەوە، چونکە پرۆژەیەک لە لایەن پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی رەگەزپەست و رق رەشەوە پێشنیار کرابێت، کە تا سەر ئێسقان رقیان لە نەتەوەی کوردە، یاسایەک لە لایەن ئەردۆگانی دیکتاتۆرەوە واژۆ بکرێت، کە تا ناقڕگەی بە خوێنی بێتاوانای گەلی کوردمان سوورە.. دەبێت چاوەڕوانی ئەوەیان لێبکرایە کە لە کوردی بێتاوان ببوورن؟
لە یاسا لێبووردنەکەی ئەردۆگاندا، ئەوەی تێدایە کە ئەم یاسایە تیرۆریستان ناگرێتەوە. گەر ئەمە راستە و دادپەروەری و یاسا لە تورکیادا هەن و سەروەرن.. پێویستە لەسەر خودی ئەردۆگانی دیکتاتۆری ستەمکار جێبەجێ بکرێت. چونکە ئەردۆگان تاوانبارترین و خوێنڕێژترین و رەگەزپەرسترین و سیکۆپاترین و تیرۆریسترین کەسە لە جیهانـدا.. رەشەکوژی و کۆمەڵکوژیەکی زۆری لە گەلی کوردی بێتاوانمان کردووە و دەکات.
لە فەرهەنگی رەگەزپەرستی ئەردۆگاندا، هەموو کورێک تیرۆریستە، بەڵکو کوربوون بەلایەوە تاوانە.. بەلامەوە هەروەکوو چیرۆکی (گورگ و بەرخۆلە) کە وایە.. دڵنیام کە هەمووتان لە قوتابخانەدا ئەم چیرۆکەتان خوێندۆتەوە، یا داپیرە بۆی گێڕاونەتەوە، کە گورگێ بیانوو بە بەرخۆلەیەک دەگرێت، بەوە تاوانباری دەکات گوایە ئاوی جۆگەلەکەی لێ لێخن کردووە، بەرخۆلەکەش پێی دەڵێت: تۆ لە سەرووی منەوە ئاو دەخۆیتەوە، ئاوەکە لای تۆوە بۆ لای من دێت.. بە کورتی گورگەکە چەندین بیانوو و درۆودەلەسەی تر بۆ بەرخۆلە بێتاوانەکە هەڵدەبەستێت.. گورگەکە لە دواییـدا بە بەرخۆلەکەی وت: “پێویست ناکات باسی بێتاوانی خۆتم بۆ بکەیت.. ئێوە هەر لە بنەڕەتەوە تاوانبارن و دۆژمنی گورگن، بۆیە دەبێ بتخۆم.. کوردیش دەڵێ ” کە زۆر هـات.. قەواڵە بە تـاڵە”

وتەیەکی روسیشم بیردێتەوە، کە دەگەڕێتەوە بۆ سەردمی حوکمڕانی قەیسرییەکان لە روسیادا. دەربارەی ستەمکاری دەسەڵاتدار و گرتنی بێتاوانانە، دەڵێت:”ئێوە بیانگرن.. ئێمەش توومەتیان بۆ هەڵدەبەستین و تاونباریان دەکەین” ئەم قسەیە بە تەواوی پڕ بە پێستی رژێمی فاشستی تورکیایە، کە بە هەزاران کوردی بێتاوانیان گـرتوون و بە بیانوو و توومەت و بوختانی هەڵبەستراوی بێ بنەما و بێ بەڵگە و دوور لە راستییەو، بە تاوانی (جوداخوازی) و (ناپاکی گەورە) و (لایەنگـری پەکەکە) بە تیرۆریست تاوانبار کراون و بە ناڕەوا و نادادپەروەری و (یاسای دارستان) سزای زینـدانی تا هەتایەیان بە سەریاندا سەپاندوون.. یا لەژێر لێدان و ئەشکەنجەداندا، یا ژەهـریان بۆ کردوونەتە ناو خواردنەکانیانەوە، شەهیدیانیان کردوون. بەندکراوی واشمان هەن، زیاتر لە سێ ساڵە بەندکراون، تا ئێستا دادگایی نەکراون.. نازانن بۆ بەندکـران و بۆ لێیان ناپرسنەوە؟! هیچ لە خۆیان شک نابەن و هیچ تاوانێکیان نەکردووە.. تەنیا ئەوە نەبێت کە کوردن.
لە ئەمڕۆدا زیاتر لە (٣٠٠) هەزار بەندکراوی سیاسی و خاوەن بیروڕا و ئایدۆلۆژیای جیاواز و ئازادیخواز و قەڵەمی بوێر و دلێر، لە بەندیخانەکانی تورکیای زیندانستان دان، هەریەکەیان بە تاوانێک تاوانبار کراون.. بە ناڕەوا و نادادپەروەرانەش سزادراون.
بۆیە رەوایی و دادپەروەری لەم یاسا لێبووردنە تازەیەی تورکیادا نییە.. راست نییە کە لێبووردنێکی گشتی بێێت، بەڵکو لێبووردنێکی تایبەتییە، بۆ دزەکان و بۆ پیاوکوژان و ژنکوژان و بۆ باندەکانی مافیای نزیک لە رژێـم.. بۆ بێڕەوشتانی دەسترێژکەر بۆ سەر ئافرەتان و منداڵان. یاسایەکە بۆنی بۆگەنی رەگەزپەرستی و جیاوازی نەتەوەیی لێدێت.

ئەم یاسا بە ناوە لێبووردنە گشتییەی ئەردۆگان، بە پێچەوانەی هەمـوو یاسا و رێـسا لێبووردنەکانی دەوڵەتانی ترەوەیە تەنانەت پێچەوانەی دەوڵەتە دیکتاتۆرییەکانیشەوەیە. لە وڵاتاندا کە لێبووردنی گشتی بۆ بەندکراوان دەربکەن، بە تایبەتی لێبووردنەکانیان لە پێش هەموویانەوە، ئازادکردنی بەندکراوە سیاسییەکان دەگرێتەوە.. لێبووردنەکانیان دز و مافیاکان و پیاوکوژان و ژنکوژان ناگرێتەوە.
بێگومان لێبووردنەکەی ئەردۆگان لێبووردنێکی مەبەست سیاسییە، نەک مرۆڤـایەتی و ویـژدانییە. هەرگیز ئەردۆگان، بڕیارێک دەرناکات و هیچ یاسایەکیش واژۆ ناکات، گەر مەبەست و بەرژەوەندییەکی تایبەتی خۆی لە پشتیانەوە نەبێت.. لە ئێستاوە دەیەوێت خۆی بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتوو تورکیا ئامادە بکات.. تا ببێت بە سەرۆکی خۆسەپێنی تا هەتایە و دەسەڵاتەکانی قایمتر بکات و پایە و پۆستە باڵاکانی دەوڵەت و حکومەتی تورکیا قورخ بکات، بۆ بنەمەڵەکەی و بۆ ئەو تەشیرێس و پێڵاودانەرانەی، کە لە خۆی و لە دەسەڵاتەکەیەوە نزیک کردوونەتەوە.. دەیەوێت بە دەستێکی ئاسنین زیاتر و زیاتر دەمکوت و سەرکوتی ئازادیخوازان و مافـزەوتکراوان و هـێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی تورکیا بکات.. رەنگە ئەوەش نەزانێت، کە چارەنووسی هەموو دیکتاتۆر و ستەمکارەکان بە مەرگی رەش و بە رسوایی گۆڕبەگۆڕکراون و کۆتاییان هاتووە و کۆتاییان دێت.

لە ئەمڕۆدا، لە سایەی دەسەڵاتی ئەردۆگانی لەخۆبایی و بڕیارە تاکڕەوییەکانی بە هـۆی شکستییەکانی لە سیاسەتی ناوەوەی تورکیا و لە دەروەدا، رۆژ لە دوای رۆژ نەیارانی لە زۆربووندان و درزی گەورەتریش دەکەوێتە ریزی پارتەکەی.. گڵۆڵەی رژێمەکەی بەرەو لێژبوونەوە دەچێت.. تورکیا دووگیانە بە کودەتایەکی سەربازی چاوەڕوان کراو.
جامی ناڕەزایی و بێزاری خەڵکی تورکیادا، پڕبووە و لێیدەرژێ.. ژیان و گوزەرانی خەڵکئ زۆر سەخت بووە.. رێژەی بێکاری لە هەڵکشاندایە و لە سەدا زیاتر لە پانزەی تێپەڕاندووە، بێکاری کێشەیەکی گەورەی تورکیایە.. تادێت ئابووری تورکیا بەرەو تەپین و داڕمان دەچێ، لیرەی تورکیش بێ نرختر بووە و تادێت لە دابەزیندایە.. گەلێ کۆمپانیای بەرهەمهێنان لە کار وەستاون و خەریکە مایەپووچبن.. کەرتی گەشتیاریش کە بڕبڕەپشتی ئابووری تورکیایە ئیفلیج بووە.. نرخی خۆراک و شتومەکی پێویست و سووتەمەنی و وزە، سێ هێندەی جاران بەرز بوونەتەوە.. بڵاوبوونەوەی کۆرۆناش بە شێوەیەکی ترسناک لە تورکیادا، هێندەی تر ئابووری و بارودۆخی سیاسی شڵەژاندووە.
کەچی ئەردۆگان باکی نییە.. لەسەر ئەم بارودۆخە نالەبارەشەوە، بە هەزاران جاشی ئیسلامی بەکرێ گرتوون و رەوانەی شەڕی سوریا و لیبیای کردوون، جاشەکانی لێبیای مانگانە (دوو هەزار) دۆلاریان دەداتێ.. بەڵام خێزانی تورکی وا هەن، مانگی دوو سەد دۆلاریشیان دەست ناکەوێت.. بە کوێرەوەری و کوللـەمەرگی ژیان بەسەردەبەن.
ئەردۆغان، بۆ هێنانەدی خەونی سوڵتانی، پارەیەکی زۆری تورکیای بە فێڕۆداوە، بۆ بڵاوکردنەوەی ڤایرۆسی (ئیخوان ئەلشەیاتین) لە وڵاتانی عەربیدا، پارەیەکی زۆریشی لە یارمەتیدانی داعـشی تیرۆریستدا خەرج کرد.. هەر بە پارەش یارمەتی رێکخراوی حەماسی بەکرێگیراوی دەدا، بەڵام لەمەشدا شکستی هێنا و پیلانەکانی سەریان نەگرت. ئێستا کەوتۆتە زەڵکاوی سوریا و لیبیاوە.. نازانێت کە چون خۆی لێ دەرباز بکات و دوا تنۆکە ئارقە شەرمەزارییەکانی دەموچاوی بسڕێتەوە.. ئەردۆگان دەیەوێت لەسەر دوو گوریسیش یاری بکات.. خۆی بە دۆستی روسیا و ئەمریکا بزانێت، رەنگە وابە بزانێت کە هەردووکیانی خەڵەتاندوون.. بەڵام ئەمریکا و روسیاش دەزانن کە ئەردۆگان بایی چەندە و چەند نابەڵەد و گەمژە و کۆڵەوارە لە سیاسەتی نیودەوڵەتیدا. هێندە پەنای بۆ روسیا بردووە، رێز و شکۆداری نەماوە و بەساردی و سڕییەوە بەخێرهاتنی دەکەن و بەڕێی دەکەن.. دەزانن کە کابرایەکە بەر و پشتی بۆ نییە و درۆزنێکی قەولوبەولییە.
ئەردۆگان هەڕەشەی لە کوردیش کرد، وتی رۆژئاوای کوردستان دەکەمە گۆڕستانی کورد.. لەم خۆفشکردنەوەش شکستی هێنا.. چونکە بە زەبری هێز کورد لەبن نایات.
ئەمڕۆ لە ناو تورکیادا، ئەوانەی نکوڵییان لە بوونی ناسنامەی کورد دەکرد.. بە دەنگی بەرزەوە دان بەوەدا دەنێن، کە کێشەی کورد بۆتە کێشەیەکی نێودەوڵەتی و هەرگیز لە رێی لەشکرتاری و هـێزەوە چارەسەر ناکرێت و کێشەکە قووڵتر و گەورەتر دەبێتەوە.
لە بارەی دەرچوونی یاسای لێبووردنە گشتییەکەی ئەردۆگان، بۆ ئازاد کردنی بەشێک لە بەندکراوەکانی نزیک لە دەسەڵات لە زیندانە پاستیلەکانی تورکیادا.. حەزمان کرد کە را و رەخنەی چەند کەسانێک و رێکخراوێک، بە ئێوەی خوێنەرانی بەڕێز بگەیەنین:
پەرلەمانتاری کورد (عومەر فاروق جەرجیری ئۆغڵو) ئەندامی پارتی گەلانی دیموکرات (هە دە پە) لە دانیشتنەکەی رۆژی دووشەمەی رابردوودا، بۆ بڕیار دان لەسەر یاساکە، لە بەردەم پەرلەمانتارانی ناو هۆڵی پەرلەماندا، کە گوێیان لە را و پێشنیارەەکانی ئەوان نەگرت بۆ ئەوەی یاسای لێبوورنەکە، هەموو بەندکراوە سیاسییەکانیش بگرێتەوە، وتی: “ئێمە بە کاری خۆمان هەستاین و ئاگادارمان کردنەوە، لەمەوە دواش ئێوە بەرپرسن، لە مردن بە هـۆی کۆرۆناوە.. خوایە شایەت بە لەوەی کە کردمان”
پارێزەری ناسراوی تورک (ئۆگور بویراز)، لە مانگی ئاداری رابردوودا، دەربارەی پاکێجی لێبووردنی گشتی، وتی:”ئامانج لەم لێبووردنە، بە ویـژدانی نییە دەرهەق بە ستەملێکراوان.. بەڵکو رزگارکردنی تاوانبارانی نزیک لە دەسەڵاتە”
رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی:”یاساکە، گەلێ لە بەندکراوەکانی بەلاوە ناوە، کە لە پێشترن بۆ ئەوەی ئازادبکرێن لێیان گەڕاون بۆ ئەوەی رووبەڕووی کارەسات ببنەوە”

رێکخراوی (هیومان رایتش وۆچ) یش، ناڕەزایی خۆی دەربڕی و رەخنەیەکی زۆری لەم یاسایە گرتووە کە دادپەروەری تێدا نییە.
(مەحسوني قـارەمان) کە پارێزەرێکە، لە پارێزەرەکانی هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان (سەڵاحەدین دەمیرتاش) کە لە ساڵی (٢٠١٦) وە لە زیندانی شاری (ئەدەرنە) دایە.. باس لەوە دەکات گەرچی دادگا بڕیاری ئازادکردنی دا.. بەڵام تا ئێستا ئازاد نەکراوە.. لە مانگی یانزەی ساڵی رابردوو، تەندروستی دەمیرتاش تێکچوو و بوورایەوە و تووشی ئازاری سنگ و هەناسەتەنگی بوو.. لەسەر فشار و داوی پارێزەر (ئایگول دەمیرتاش) کە خوشکی سەلاحەدین دەمیرتاشە، بردیان بۆ نەخۆشخانە، لە ئێستا هەر لە بەندیخانەیە و تەندروستی باشە.. لە گەلی لایەنەوە داوا لە تورکیا کرا کە سەڵاحەدین دەمیرتاش بێتاوانە و ئازادی بکەن، بەڵام ترژێمی تورکیا هەموو داواکانی رەتکردەوە و ئازادیان نەکردووە.. پارێزەرەکانیشی داوایان کرد، بە هۆی نالەباریی تەندروستییەوە، دەمیرتاش ئازاد بکەن. بەڵام داواکەی ئەمانیش رەتکرایەوە.
پارێزەر (مەحـسونی قـارەمان) لە بارەی ئەم یاسایەی ئەردۆگانەوە، دەڵێ:”ئەم یاسا تازەیە، داددپەرەوەری تێدا نییە و نایاساییە”
سەڵاحەدین دەمیرتاش دەڵێ:” لە تورکیا، دادگا و دادپەروەری و یاسا و دادوەر نییە”
١٦/ ئەپریل/٢٠٢٠




له‌ ده‌ستم دێ … شیعری شه‌هید: زانا مه‌حموود حه‌مزه‌

به‌ سه‌ر لوتكه‌ به‌رزه‌كانی هه‌دادانا سه‌ر ده‌كه‌وی
تا له‌ كۆشی ته‌م و مژا ئارام بگری
به‌ نێو ئاسمانی بێ كۆتای خه‌ونه‌كانتا
ڕێگه‌ی نه‌هاتنه‌وه‌ ده‌گری
ماوه‌ی چواره‌م دروست ده‌كه‌ی
تا له‌ نێوان كه‌وشه‌نی تۆ و ڕه‌شه‌بادا
خه‌ونه‌كانت ، ئه‌سوتێن و
مه‌بادا … هیوا و ئاواتی زڕت ڕادا
تووڕه‌ بوونت، ئه‌ستێره‌كه‌ی نیگام ڕادا
*
ده‌زانم كۆشكی خه‌یاڵت
له‌ شوشه‌یه‌ و به‌ پلارێ
ده‌توانم ورد و خاشی كه‌م
ده‌زانم دڵت شاریكی ..
سڵۆكی ژێر هه‌وری تاره‌
له‌ ده‌ستم دێ .. به‌ ئاسانی كاوڵاشی كه‌م

به‌ڵام چبكه‌م دڵم نایه‌
چی گوڵی زه‌ردی لێوته‌
به‌ ماچێكی پڕ له‌ ڕاستی بژاكێنم
گه‌ڵای گه‌شی سۆز و نازت
به‌ هه‌ناسه‌م هه‌ڵوه‌رێنم




هاوبەندەکانی پێشمەرگایەتی… عارەبانەی تڕاکتۆر …دڵشاد تاقانە

چلوحەفتەمین هاوبەند وێنانوسی پێشمەرگەی قۆناغی ڕزگاری نیشتمانیە سەردەمی شاخ..

عارەبانەی تڕاکتۆر..
تاقە پێشمەرگەکیش نیە سواری عارەبانەی تراکتۆر نەبووبی بەلەق لەق و شەقە شەق
نەیبردبی لەو گوندەوە لۆ ئەو گوند! ئەوکات وا فریادڕەس بوو وامان دەزانی سواری
ماشێنی پۆڕشە و فیرایری دەبین، جا خۆ لێیگەڕێ لەپێشمەرگایەتیش نەبی کەممان
هەیە بەمنداڵی لەکۆڵانەکانی شار خۆی پێوە نەگرتبی و دوو شۆڕی مزریشی لەسەر
نەخواردبی لەلایەن هاژووشتەکەی. چەندین جار بەهۆیەوە کەوتیتە کەمینی دوژمن
هەروا کۆپتەر دەگەیشتە سەریان و کێشەی شەڕ دروست دەبوو. لەعارەبانەی
تڕاکتۆرەکان زۆرەها نوکتە و ڕابواردن یان گۆرانی گۆتن بارکرایە لۆیە هاوبەندی
ژیانی پێشمەرگەی ئەوێ ڕۆژیە و ئێستاش پوزڵ یا کەرتە وێنەیەکی تەواوکاری
نوسراوی مێژووە. بەپێچوونە شەڕ یا بریندار و گەشمەرگ گواستنەوە یا ڕاگواستنی
ئەنفالەکانیش بەکارهاتیە. ئەگەر لەدوای شەوەڕێیەکی زۆر و پڕ شەکەتی لەگوندێک
دەسکەوتبا ئەوە دەبووە لانک وای ڕادەژاندی خەوە کوتکە دەیبردیەوە. دوای
گەڕانەوەی بەپێیانی پێشمەرگەکانی دەشتی کۆیە لەبناری قەندیلەوە تا گوندی
گرجانی بیتوێنێ لەویش بەتڕاکتۆر بەڕێگای دەم بەحری تا بگەنە داری قەمتەران
بەرەو بناری کۆسرەت. لۆ بەدبەختی عارەبانەکە دەرکەی پێوەنابی یەک
لەپێشمەرگەکان لەسەرلێوارەی دادەنیشی هەرئەوەندە دەزانن شەپەی لێوەدێ دەکەوتە
خوارێ… چاکە زەویەکە نەرمێنە و دەبتە هاوار هۆپ هۆپ کابراش ڕایدەگری، دەچنە
سەر پێشمەرگەکە ئەویش چاوی دەکاتەوە وەک زانی شتەک ڕویدایە بەس چبوو؟ سەری
سوڕمایە! چونکە هەند ماندی ببوو دوای کەوتنەکەشی هەربەخەبەر نەهاتبوو.

دڵشاد تاقانە




بــاڵــنــدە … لیۆ تۆلستۆی .. و: محەمەد بەرزی

منداڵە ژیرەکان ، توانا لە ڕۆژی جەژنی لە دایکبوونیدا ، دیاری زۆر جوانی بۆ هاتبوو . مامیشی دیارییەکی سەیری بۆ هێنابوو ، کە بریتیی بوو لە قەفەزێکی پچکۆلە و داوێک بۆ گرتنی باڵندە . توانا بەو دیارییەی مامی زۆر دڵخۆشبوو ، لە هەموو دیارییەکانی تریشی لا بەنرختر بوو ، بۆیە لە خۆشیاندا بەڕاکردن بردی بۆ لای دایکی و وتێ : ( دایە گیان لە ناو هەموو دیارییەکاندا ئەم دیارییەی مامم لە هەموو دیارییەکان پیێ جوانتر و باشترە ، چونکە دەتوانم باڵندەی پیێ بگرم ) . جا چونکە دایکی حەزی لە گرتن و ئازاردان و بەندکردنی باڵندە نەبوو ، بەو دیارییە زۆر دڵتەنگبوو ، بۆیە بە توانای وت : ( ئەو دیارییە دیارییەکی باش نییە ، چونکە نابێ باڵندە بگرین و ئازاریان بدەین و لە ناو قەفەزدا بەندییان بکەین ) . بەڵام توانا بە پێچەوانەی دایکییەوە زۆر شادمانبوو ، هەر بۆیە گوێی لە دایکی نەگرت ، هەر زۆر بە خێرایی ڕایکردە ناو باخچەکەیان و داوەکەی بۆ باڵندەکان نایەوە و تۆزێکیش دانی بە دەوری داوەکەدا بۆ ڕۆکردن ، لە پەنایەکیشدا خۆی شاردەوە و خوا خوایبوو داوەکە دانەیەکیان بگرێت . ئەوەی سەیر بوو باڵندەکان کاتیک لە دانی دەوری داوەکە نزیکدەکەوتنەوە ، دەترسان و بە خێرایی دووردەکەوتنەوە . جا ئەگەرچی توانا ماوەیەکی زۆر چاودێریکردن ، بەڵام هیچ باڵندەیەکیان نە چوون بە لای داو و قەفەزەکەدا ، ئیتر توانا بە تەواوی تاقەتی نەما ، بە ناچاری باخچەکەی بەجێهێشت و چوو بۆ خواردنی نانی ئێوارەی . پاش نانخواردن ، توانا زۆر بە پەلە گەڕایەوە بۆ ناو باخچەکە ، سەیریکرد داوەکە باڵندەیەکی پچکۆلانەی گرتووە ، هەر بۆیە لە خۆشیاندا نەیدەزانی چیی بکات ، باڵندەکەش لە ترساندا دڵی وەک بینی ئاو دەلەرزی ، بەڵام توانا گوێی نەدایە و گورج لە داوەکەی کردەوە و خستییە ناو قەفەزەکەوە و دەرگاکەشی خڕ لەسەر داخست و خێرا بە ڕاکردن و هاوار هاوار و خۆشییەوە چوو بۆ لای دایکی و وتی : ( دایە گیان ئەها داوەکەم چۆلەکەیەکی گرتووە ) . دایکی کە دیمەنی باڵندەکەی بینی وتی : ( ئەوە چۆلەکە نییە ، ئەوە بولبولە و دەنگیشی زۆر خۆشە ) … ئنجا بە توانای وت : ( تکایە ئەو بولبولە دەنگخۆشە بەرەڵڵابکە ، با تووشی ئازار نەبێت ) . توانا لە وەڵامدا وتی : ( نەخێر بەرەڵڵای ناکەم و زۆر حەزدەکەم لە لام بمێنێتەوە ، هیچ خەمێکیشت نەبێ ، ڕۆژانە هەر خۆم دان و ئاوی بۆ دادەنیم و ژێرەکەشی بە جوانی پاکدەکەمەوە و خزمەتی باشیشی دەکەم ) .
توانا بۆ ماوەی دوو ڕۆژ زۆر بە پەرۆشەوە خزمەتی بولبولەکەیکرد . دان و ئاوی بۆ دادەنا و قەفەزەکەشی بۆ پاکدەکردەوە . بەڵام ڕۆژی سێیەم ، تۆزێک تاقەتی نەما و بولبولەکەی لەبیرکرد . کاتێ دایکی تەماشای بولبولوکەیکرد ، سەیریکرد نە دان و ئاوی بۆ دانراوە ، نە ژێریشی پاککراوەتەوە . هەر بۆیە بە توانای وت : ( تکایە واز لەو بولبولە بەسزمانە بهێنە و دەرگای قەفەزەکەی بۆ بکەرەوە با ئازاد بێت و بچێتەوە لای هاوڕێکانی . باشە ئەی تۆش حەزدەکەی ئاوا بتخەنە ناو قەفەزێکەوە و دەرگات لەسەر دابخەن ؟ ) . بەڵام توانا گوێی لەو قسانەی دایکی نەگرت ، تەنها وتی : ( تۆ خەمت نەبێت ، ئیتر هیچکاتێک پشتگوێی ناخەم و لە مەولا هەموو ڕۆژێک دان و ئاوی بۆ دادەنێم و بە جوانیش قەفەزەکەی بۆ پاکدەکەمەوە ) . هەر بۆیە گورج چوو بۆ لای قەفەزەکە و دەرگاکەیکردەوە ، تا پاکی بکاتەوە ، پاشان جامی ئاوەکەی دەرهێنا ، تا ئاوی تازەی بۆ بهێنێت ، بەڵام لەبیری چوو لە دوای خۆیەوە دەرگای قەفەزەکە دابخات ، بە مەش بولبولەکە فرسەتی هانی و بە هەموو هێز و توانای خۆیەوە گڤەیکرد و باڵەکانی کردەوە و دەرپەڕییە دەرەوە و لە ناو ژوورەکەدا چەند جارێک بە خێرایی خولایەوە . پاشان لە ناکاو و زۆر بە قایم خۆیدا بە پەنجەرەیەکدا ، تا بڕواتە دەرەوە ، بەڵام نەیزانی ڕووی پەنجەرەکە شووشەیە ، هەر بۆیە یەکسەر بە تەوقی سەردا کەوتە خوارەوە و تەپەیەکی پچکۆلەی لیێ هەستا . کاتی توانا بولبولەکەی لەسەر زەوییەکە بینی ، گورج چوو هەڵیگرتەوە و خێرا نووسانی بە سنگییەوە ، بەڵام بە حاڵ دڵە پچکۆلەکەی لێی دەدا و بە گران هەناسەی دەدا .. توانا ڕوویکردە دایکی و وتی : ( دایە گیان : تکایە چیی بۆ بکەین باشە ؟ ) . لە وەڵامدا دایکی وتی : ( ئیستا ناتوانیین هیچی بۆ بکەین ) . ئەو ڕۆژە توانا بە خەمباری و زویری تا دەرنگانێکی شەو بە دیار بولبولەکەوە مایەوە . پاشان ئەوەندە ماندوو بوو چوو نووست ، بەڵام لەبەر خەفەتی بولبولە جوانەکەی نەیدەتوانی بنووێت ، ئەو شەوە چەند جارێک خەبەری بۆوە . بۆ بەیانی ، کە لەخەوە هەستا خێرا ڕایکرد بۆ لای قەفەزەکە ، تەماشایکرد بولبولەکە لەسەرپشت کەوتووە و قاچەکانی لێ بڵاوکردۆتەوە و گیانی دەرچووە . بەمەش توانا زۆر دڵتەنگ و پەست و بێزار بوو ، چاوەکانی پر بوون لە فرمێسک و زوو زووش دەیوت : ( من هۆکاری مردنی ئەم بولبولە جوانە بووم ، خۆزگە ئەو دیارییەم بۆ نەهاتایە و ئەم باڵندەیەم نەگرتایە ، خۆزگەش هەر زووش بە قسەی دایکە خۆشەویستەکەی خۆمم بکردایە و ئەم بولبولە جوانەم بەرەڵلابکردایە و ئاوا نەمردایە ) . ئنجا بە چاوی پڕ لە فرمێسکیشەوە وتی : ( مەرج بێت لەمەودوا نە هیچ باڵندەیەک بگرم ، نە هیچ باڵندەیەک ئازار بدەم و نە هیچ باڵندەیەکیش لە ناو قەفەزدا بەند بکەم . چونکە پێویستە ئەوانیش وەک من و دایکم و هەموو گیانلەبەرێکی تر ، بۆ خۆیان بە خۆشی و شادی و ئازادی بژین ) .


تێبینی : دەستکارییەکی زۆر کەمی ئەم چیرۆکەم کردووە .




دارێک … ڕۆستەم خامۆش

دارێـک لـە حـەوشــەمـانـە
ئای، كـە بەرز و زۆر جوانـە

كــاتـێ دەچـيــــنـــە ژێــری
چـەنــدە خـۆشــە سێبـەری

هەست پێدەكەين گرينگـە
بـــۆ پێويســتی لـــە ژینگـە

زۆر بــە ســـوودە و ناهێڵێ
تـــۆز و خـــۆڵ بێـتـە مـاڵێ

  ڕۆستەم خامۆش 
  هەولێر ۲٠۱۷/۷/۱۸



پاسۆک و چالاکی و هەڵوێستێکی گەورەی مێژوویی و تاقانە …ھەڵۆ بەرزنجەیی

بەشی ١ ـ ٣

لە مێژووی بزاڤی ڕزگارخوازی کورددا، زۆر داستان و قارەمانێتی و ڕووداوی گەورە تۆمار کراون. گەلێ ھەڵوێست و مەردایەتیش بە زیندوویی نوسراونەتەوە و بوونەتە لاپەڕەیەکی گەشی مێژوومان..
ئەم چیرۆکەی لێرەدا بۆتان دەگێڕینەوە، جگە لەوەی لێوان لێوە لە ھەموو ئەو خەسڵەتانەی ئاماژەمان پێدا، ھاوکات ھەڵگری کۆمەڵێ تایبەتمەندی جیاواز و بێ نموونەیە، بەتایبەت لە ڕووی مێژوویی و نەتەوەیی و سیاسی پاش نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول . ئەو مێژووەی کە بەداخەوە سیخناخە بە گیانی حیزب حیزبێنە و خۆپەرستی و خۆخۆری و بەرژەوەندی پەرستی و زۆر شتی تری نەرێنی. دوای نسکۆ١٩٧٥، کۆمەڵێ حیزب و ئایدۆلۆژیا و گروپی نوێ، بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییە زلەکە بە خێرایی، ھاتنە کۆڕی خەباتەوە. بەداخەوە بە سەروسیما و مۆرکی حیزبایەتی و ئەقڵێتی تاقە حاکمی گۆڕەپان و پاوانخوازی و دڕندۆکی لەگەڵ یەکتردا، ھەنگاویان ھەڵھێناوە و ئەندامانی خۆیان گۆشت کردووە.
بێ خۆھەڵدانەوە و لووت خشان لە ھەوری ئاسمان و بە درۆکردن و فووی فشە کردنە خۆ ، لەم ڕووبەر و واقیعەی خەبات دا، تەنھا کار و تێکۆشان و بیرکردنەوەی پارتی سۆسیالیستی کورد – پاسۆک شێوە و ئامانج و مانایەکی دیکەی ھەیە، یاخود بارگاوین بە خەسڵەت و مانای جیاواز. هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو سەرچاوە و پیرۆزییەی گوتارە ڕەپوڕاستەی پاسۆک بووە خاوەنی و بانگاشەی بۆدەکرد و بە پراکتیکیش نوێنەرایەتی دەکرد.
گەر مێژوو نەشێوێندرێ و ھەر کەس و لایەک ھەق و مافی خۆی لەگەڵدا بکرێ و بدرێتێ، پێوەرەکانیش لەسەر بنەمای ڕاستییە مێژووییەکان و ڕاستگۆیی شۆڕشگێریی و دڵسۆزی و پابەندبوون بێت، بۆ پیرۆزی و گەورەیی و مانای « نەتەوە و نیشتمان» و شۆڕشە ڕەواکەی، ئەوا کەس ناتوانێ شان بدات لە شانی پاسۆک، لە ڕووی چەندایەتی و چۆنایەتی خەباتەوە لەو ئیمکانێتەی بۆی لواوە و دەسەڵاتی ھەبووە.
بێئاگایی بەشی هەرە زۆری جەماوەر لەم راستییانە، دەگەڕێتەوە بۆئەوەی پاسۆک دەزگایەکی بەھێز و کاریگەر – ڕادیۆ و تیڤی- نەبوو. تا بتوانێ ئەم باس و ڕووداوانە خێراتر و باشتر و ڕاستەوخۆتر بگەیەنێتە جەماوەر. لەلایەکی ترەوە ئەوەی دوێنێ خاوەنی دەسەڵات و ئیمکانێتێ بوو، ئەمڕۆش بە ھەمان شێوە، بێ ڕوحمییەکی گەورە دەکات لەگەڵ مێژوودا. لە نووسینەوەی مێژوودا شێواندن دەکات و ھەڵسوکەوت کردنی لەگەڵ رووداو و بەسەرهاتەکانی دوێنێمان و تەنانەت ئەمڕۆکەشدا هەر نابەپرسانەیە.. بۆ ئەم باسەی لێرەدا دەیخەمە بەرچاوتان،ـ کە خودی ڕووداوەکەم لە دەمی بکەری چالاکییەوە و کۆمەڵێ بەشداربووەوە وەرگرتووە ـ ئاوڕدانەوەیە لە یەکێ لەچالاکییە ھەرە دیارەکان، لەسەر دەستی ھێزی پێشمەرگەی پاسۆک دا. بەداخەوە زۆر کەس لێی بێ ئاگان و لە مانا و ناوەڕۆک و ڕەھەندەکانی تری حاڵی نەبوون. دواتر بەندە لەچەند گۆشەنیگایەکەوە تیشکی بایەخ و گرنگی و تاقانەیی دەخەمە سەر چالاکییەکە.
سەرەتا جێی خۆیەتی ئاماژە بۆ ئەوە بکەم، ئامانجی ئەم ئاوڕدانەوەیە بۆ خۆ ستایشکردن و پاداشت وەرگرتن و لۆمە و سەرزەنشتکردنی ھیچ کەس و لایەک نییە، بەڵکو زیاتر بۆ ھەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی پڕ لە شانازی و قارەمانێتی و پاکێتی و دڵسۆزی کەم وێنەیە، بەمانا فراوانەکەی کوردایەتییە. شایانی وتنە، ونبوون و فەرامۆشکردن و نکۆڵی کردنی ئەم چیرۆک و ناواخن و ھەڵوێستە جوانەکەی، کە مشتێ لەخەروارێکە!،بەرلەوەی نادیدەگرتنی بکەرەکەی( پاسۆک) و شێواندنی ناوەکەی و خودی ڕاستییەکان بێت، ناهەقییەکی گەورەیە بە مێژوو و سەربڕینی ڕاستییەکانە بە چەقۆی کوول.
پاسۆک.. ھەر لە ڕسکانییەوە، بایەخی زۆری دا بە ڕێکخستن و خۆ پەروەردەکردن و ئامادەکاریی و تێگەیشتن، لە چەمکی شۆڕشکردن و خەباتی ڕزگاری نیشتمان و ھۆشیارکردنەوەی تاکی شۆڕشگێڕی کورد – پێشمەرگە – ی خۆنەویستی گیان لەسەر دەستی کوردایەتی، لە ناھۆشیاریی و ڕەشۆکێتی دڵسۆزانەی بێ ستراتیژ و پرنسیپێتی. ھەر بۆیەشە لە سەرەتاوە یەکێ لە دروشمە ناوەندی و گەشەکانی « چەکی بێ بیروباوەڕ سێدارەی جەماوەرە» ی بڵند کردەوە. بەڵێ بڕیاری تەرخانکردنی قورسایی 10ساڵ خەباتی سەرەتا، بۆ خۆ چەکدارکردن بوو، بەو خەسڵەت و مانایانەی لەسەرێ ئاماژەمان پێدان. ئەم تایبەتمەندی و خەسڵەتەش بوو، سەلماندی کە ڕێکخستنەکانی پاسۆک بە تایبەتی لە شاری سلێمانی بەھێزترین و تۆکمەترین ڕێکخستنی دەست وەشێن و چالاک بوون و لە کەرکووکیش زۆر چالاک گاریگەربوون لە پەروەردەکردنی ئەندامان،دوژمنیش لێی تۆقا بوو. لەو ڕۆژگارەدا ئەرکی ڕێکخستنەکان سەخت و فرە لایەن بووە. کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر دوژمن و خۆفرۆشان، یەکێ بووە لە چالاکییە بەرچاو و گرنگ و زیندووەکانی ڕێکخستنەکان. بێ ئەم میتۆدە، کاری پێشمەرگە و شۆڕش لە شارەکاندا سەخت بوو.
قوتابی/ خوێندکارە عەرەبەکان کە لە چوارچێوەی ڕێکخراوی بەناو « یەکێتی نیشتمانی بۆ قوتابیانی عێراق» ڕێک خرابوون، سەر بە پارتی بەعس بوون. ئەم ڕێکخراوە پێسەییە ھیچی لە دەزگایەکی ھەواڵگیریی و ئاسایشی کەمتر نەبوو. ھەم سیخوڕییان بەسەر خوێندکارە کوردەکانەوە دەکرد، ھەمیش گوشاری زۆریان بۆ بەعسیکردن دەخستە سەر خوێندکارە کوردەکان. لەم ڕووەوە ئەوانیش ناو زڕاو ببوون.
ھەڵگیرسانی شەڕی ئێران و عێراق ١٩٨٠- ١٩٨٨، دەرفەتێکی باشی خوڵقاند بۆ ئاوێتەبوونی زیاتری ھێزی پێشمەرگە و ڕێکخستنەکان و جەماوەر. توانرا سوودێکی باش لە لاوازی و کزی دەسەڵاتی بەعس لە کوردستاندا ببینرێ. بەڵێ سەرەتای ھەشتاکانی سەدەی ڕابووردوو، کەم شەو ھەبووە، مەفرەزەیەکی پاسۆک یان زیاتر نەھابێتە شاری سلێمانییەوە و بە چالاکی و دەستکەوتی جۆراوجۆرەوە جێ دەستی خۆی بە ڕووداوەکانە نەخش نەکرد بێت. شار و گەڕەکە ئازاد و نیمچە ئازادەکانی ئازادی و گۆیژە و سەرکارێز و ئیبراھیم پاشا و گردی سەیوان، گەواھی بۆ ئەم ڕاستییە دەدەن. جۆری چالاکییەکانیش دەست وەشاندن بوو لە دامو دەستگا و سیمبۆڵ و ھێزە دڕندەکانی ڕژێم و سزادانی تاوانبار و خۆفرۆشان و تەمێ کردن و ئامۆژگاری کردنی ھەڵخەڵەتێندراوان و پروپاگەندەی ئەرێنی بۆ پێشمەرگە و شۆڕش و بەرزکردنەوەی ورەی جەماوەر و تۆقاندنی داگیرکەر. چالاکییەکانی پێشمەگەی پاسۆک بەشێکی باشیان لە لاپەڕەکانی ئاڵای سووری کوردایەتیدا لەژێر ناونیشانی« تیشکێ لە خۆری کوردایەتی- دێڕێک لە داستانی بەچکە شێرانی نەتەوەیی» دا بڵاو کراونەتەوە. یەکێ لە دیاترینیان:
ـ شەوی ١٦-١٧/ ٢/ ١٩٨١ دەستەی شەھید « ملازم محەمەد شەوقی» دێنە ناوشاری سلێمانییەوە، کۆمەڵێ وردە چالاکی دەکەن، لە دانانی بازگە و ڕوونکردنەوەی ڕێبازی شۆڕش بۆ خەڵک و تەمێ کردنی ھەندێ خۆفرۆش. نیوەشەوێکی درەنگ لەگەڕانەوەدا بە لای بینایەکی بەرزدا تێدەپەڕن، کە ھێشتا گڵۆپەکانی داگیرساوە و جمەی دێ لە خەڵک. زوو بۆیان ئاشکرا دەبێت، کە ئەمە بەشی ناوخۆیی خوێندکارە عەرەبەکانە ناو زڕوەکەیە، کە پێشتر کۆمەڵێ ڕاپۆرتی ڕێکخستنەکانیان لەسەر ھاتووە و باسی ڕۆڵ و بوونی خراپی ئەمانە دەکەن.
بە پێی پلانێکی ژیرانە، کە زادەی ئەو چرکەساتەیە، فەرماندەی مەفرەزەکە ئاگاداری پێشمەرگەکان دەکاتەوە و پێیان دەڵێ : دەچینە سەر ئەم بەشە ناوخۆییە و کەستتان ورتە و قسە ناکەن و ھەر بە ئاماژە و دەست ڕاوەشاندن قسە لەگەڵ یەکتردا بکەن. فەرماندەی ژیر و خاوەن ئەزموون تەنیا 14 پێشمەرگەی لەگەڵ دەبێت. سەرەتا چوار پێشمەرگەیان لەبەر دەرگا و ناوەوە دادەمەزرێنێ. ئینجا دەرگا دەشکێنن و ھێڵی تەلەفونەکە دەپچڕێنێ و بە 6 پێشمەرگە و بە جلی کوردییەوە دەچنە دوا نھۆمی خوێندکارەکانی لێیە. ھەموویان کۆ دەکرێنەوە و بەزمانێکی عەرەبی ڕەوان و دبلۆماسێتێکی بەرزەوە، سەرەتا و نابەدڵانە و بە درۆ!، دەکەوێتە پیاھەڵدان بەشانوباڵی بەعس و شۆڕش و سەددام دا. دوای کاژێر و نیوێکی قسەی لەم جۆرە دەڵێ: ئێستا کارێکی تایبەتی گرنگمان ھەیە، کێ ئامادە ھاوکاریمان بکات!.( ئەو ڕۆژگارە ھێزە ھەواڵگریی و ئاسایشەکانی ڕژێم زۆرجار بەجلی کوردییەوە دەردەچوون، بۆ لە سەرلێشێواندنی جەماوەر)!. لەگەڵ ئەم گوتنەدا، نزیکەی 200 خوێندکارێک دەستیان بەرز دەکەنەوە و ئامادەیی خۆیان بۆ بەشداری لە چالاکییەکەدا دەدەبڕن. فەرماندە سەرەتا سەری دەسووڕمێ و دیارە بۆ ئەو بارودۆخە کەم دەرفەتە و بوونی ژمارەیەکی کەمی پێشمەرگە، کۆنترۆڵکردنی دوو سەد کەسی دیل زۆر زەحمەت دەبێت. بۆیەکا بروسکەئاسا بیرۆکەی ئەوەی بۆ دێ ، ھەر ژمارەیەکیان لە دیارەکان، واتە ئەندام و بەرپرسە گەورەکانیان لێ ھەڵدەبژێرن. ئیدی یەکە یەکە بانگیان دەکات و لە پلەی حیزبییان دەپرسێ. ئەوەی زۆر پەرۆشە و«نصیر»و« نصیر متقدم» بەرەو ژوورە، جیایان دەکەنەوە ئەوانی دیکە بەڕەڵا دەکەن.
دەرئەنجام 30 کەسێکیان لێ جیا دەکرێتەوە کە 8 یان خەڵکی ئوردون دەبن. ھەر لە حەوشەی بەشی ناوخۆییەکەدا، 3 یان، لە مەسەلەکە تێدەگەن، دەست دەکەن بە گریان و کڕووزانەوە. ئەو سیانە بەجێی دێڵن.. پاش تۆزێ لەناکاو لەبەردەم دەرگای دەرەوەی بەشی ناوخۆییەکەدا ، کابرایەکی تێکسمڕوای کەتەی زل بە جلوبەرگی کوردییەوە ڕێیان پێ دەگرێ و دەڵێ: گەر ئێوە ئەمانە بەرن من ئابڕووم دەچێ. فەرماندەش لەکاتێکدا دڵی بەتەواوی بەم پاسەوانە دەسووتێ، لێ لەوەڵامدا دەڵێ: گەر تکەیەک ئابڕووشت نەمێنێ ھەر دەیان بەین.
مولام شوان، کە مێژووی لە مێژووی پاسۆک جیا ناکرێتەوە، ھەزاران جار گیانبازی بە ژیان و ڕۆحی کردووە و لەمەرگ گەڕاوەتە، فەرماندە و ئەندازیار و پاڵەوانی ئەم داستانەیە لەتەک دەستەیەک لە ڕۆڵە هەرە جەربەزە و ئازا و لێهاتووەکانی پاسۆکدا. م. شوان دەڵێ: بەھەر ناری عەلییەک بوو خوێندکارەکانمان بە نەعل و بیجامەوە، گەیەندرانە گوندی قڕگەی نزیک شار و چیای گۆیژە… لەوێ پشوویەکی کورت دەدەن و پێڵاوی لاستیک و جلوبەرگ بۆ خوێندکارەکان دابین دەکرێ.. دوای ئەوە کێشە و مەترسییەکی تر دێتە بەردەم مەفرەزەکە. ئەویش بریتییە لە ڕێگای پشتی قڕگە و ھەڵگەڕان بەگۆیژەدا، ڕێگایەکی باریک و سەختە و کۆمەڵێ رەبایەی سەربازیش بەسەر چیای گۆیژەوە بوون. کۆنتڕۆڵکردنی 27 کەسی دیل لەلایەن 14 پێشمەرگەوە کارێکی ئاسان نەبووە. بۆیەکا فەرماندە بە بیرۆکەیەکی تری زرنگانە، بیر لە کۆنتڕۆڵی بارودۆخەکە دەکات و خوێندکارەکان کۆدەکاتەوە و پێیان دەڵێ: ئێستا بەم توولە ڕێ بارکەدا بۆ ئەودیو ئەم شاخە ھەڵدەگەڕێن. ئەوەی ھەر جموجوڵێک بکات و لە ڕیز و ڕێگاکە دەرچێ، لەم ناوە گورگی برسی و دڕندە دەیخوات. ئەوسا ھەر کەسە خۆی بەرپرسە دەبێت لە ژیانی خۆی نەک ئێمە!. بەم شێوەیە و لە ترسا بێ قڕەوبڕە ھەموو ڕێگاکە دەبڕن و دەگەنە گوندی بناویلەی شارباژێر.
دیمەنی ئەم دیوی ڕووداوەکە و پەردەیەکی دیکەی ئەم شانۆیە، بریتییە لەشپرزەیی و دۆخی ھستریایی ھەموو داودەزگاکانی ڕژێمە لە شاری سلێمانی و کەرکووک و بەغدا و ئوردن و سووریا و لای فەلەستینی و – خوێندکارە ئوردونی و فەلەستینییە بەجێماوەکان ھەر زوو ھەواڵیان دابوو بە لایەنە پێوەندارەکانی خۆیان – و کۆمکاری عەرەبی. ڕژێم دەکەوێتە پەلەقاژە و تەماح بەردانە بەر ئەم لایەن و ئەو کەسایەتی بۆ ئازادکردنی خوێندکارەکان. شاندێکی پاسۆک کەوتە گفتوگۆ!، لێ بەهیچ ئاکام و دەستەکەوتێ نەگەشت. ئەم وەخۆ کەوتنەی ڕژێم، ھۆکارەکەی ڕوونە: کاری لەم چەشنە چاوەڕوان نەکراو بوو، لە رووی چەندایەتی و چۆنایەتییەوە قەبارەی چالاکییەکە زۆر گەورە و کاریگەر بوو. گوشاری بەردەوامی مەلیک حسین و حکومەتی ئوردونی لەسەر بوو، لەو ڕووەوەی قوتابییەکانی میوانی دەوڵەتێکی عەرەبی بوون و بەم چارەنووسە ترسناکە گەیشتوون . ھێزێک ئەم چالاکییەی ئەنجام داوە، ڕەنگە لە ھەژمارد و لێکدانەوەکانی ڕژێمی عەفلەقدا، زۆر بەکاریگەر و گرنگ ڕیزبەند نەکرا بێت… بەتایبەت دوای ئەوەی ئەو ھەموو پێشنیازەی بە پارە و دەستکەوتی کەسی و حیزبی پێشکەش کرد و گوێی لێ نەگیرا… ئیدی بەم دۆخە پێشھاتووە ڕژێم ھێندەی تر شپرزە و ھەراسان بوو. ڕژێم کەوتە ھەواڵ ناردن لەڕێی لایەن و کەسەکانی خۆی و پیاو ماقوڵانی کوردستان، فەلەستینییەکان بەسەرکردایەتی یاسرعەرەفات کەوتنەجموجوڵ لە ڕێی ڕوو لێنان و گوشار بۆھێنان بۆ رەوانشاد مام جەلال و د. مەحمود ، کە ئەو دەم لە سووریا بوون. سکرتێری یەکێتی نیشتمانی دووجار سەغڵەت بوو. جارێ گوایە ئەو حاکمی گۆڕەپانەکەیە و چالاکییەکە لەدەڤەری دەسەڵاتی ئەودا کراوە و لایەنی تر نەک حیزبەکەی ئەو چالاکییەکەیان کردووە، تا دەستکەوتەکەی بچنێتەوە و جارێکی تریش وەک دۆستێکی نزیکی وڵاتە عەرەبی و فەلەستینییەکان. بەم شێوە ئەمانیش واتە سکرتێری یەکێتی و دکتۆر مەحمود کە لە دیمەشق بوون، بەردەوام پەیوەندییان دەکرد و نامەیان داوای ئازادکردنی دەستبەجێی گیراوەکانیان دەکرد. بیانووشیان ئەوە بوو با زیان بە پەیوەندی کورد و فەلەستینییەکان نەگات!. حکومەتیش لای خۆیەوە لە سەرێکەوە لەتەک ھەوڵەکانی بەم شێوازە بۆ ئازادکردنی خوێندکارەکان، لە سەرێکی ترەوە سەرگەرمی نەخشەکێشانی سیاسی و لەشکریش بوو. ئاخر ئەم چالاکییە، سەلماندنی کە بەعس و ڕژێمەکەی دەسەڵاتیان بەسەر شاری سلێمانیدا نییە و لەتەک کوشتنی مامۆستاکەی زانکۆدا، بووە هۆکاری ئەوەی رژێم زانکۆی سلێمانی بگوێزێتەوە شاری هەولێر.
پاسۆک ملی نەدا بۆ ھیچ تەماحێکی مادی کە خرابووە بەردەمی- بۆ نموونە، ئەگەر پاسۆک نێتی بەدەستھێنانی دەستکەوتی خۆیی بوایە، خۆ دەیتوانی بڕە پارەیەکی زۆر بە ملیۆنەھا وەرگرێ و خۆی پێ پۆشتەوپەرداخ و تەیار و چەکدار بکات و بەو پارەیە خزمەتێکی ھاوبیرەکانی خۆی بکات-. لێ گوێی بە ھیچ تکا و گوشارێکی کەس و لایەنێک نەدا و ئەو دەستکەوتانەشی ڕەتکردووە.. بەڵکە لە بری ئەوە،وەک پارتێکی خاوەن دۆزی نەتەوەی ڕەفتاری کردوو و بەرپرس لەبەردەم مێژوودا، کۆمەڵێ داواکاری – دواتر لە ڕەھەند و ماناکانی، وەک گەوھەری ئەم باسە دەدوێین- وەک پاکێجێک، دا بە ڕژێم. داواکارییەکان لە ڕووی چۆنێتیەوە ڕاستەوخۆ لە داوای سیاسی و نەتەوەییدا خڕ بوونەتەوە و گەلێ جیاوازن لە ھەموو ئەو داخوازییانەی تا ئێستا، لە لایەنەکانی ترەوە خراوەتە بەردەم دوژمن. یاخود لەم جۆرە ھەرا و قەیرانانەدا پێشکەش ڕژێم کراوە و داوا کراوە. چونکە داخوازییەکان ڕەهەندی جیاوازتریان هەیە.
ڕژێم بێ ئەوەی بیەوێ دان بنێ بە داواکانی پاسۆک دا،وەک نیشاندانی نێت پاکی گورجوگۆڵانە هەندێ کاری کرد. دەستی کرد بە بەردانی 100 خێزانی کەسوکاری پێشمەرگە و بەرپرسی ھەموو لایەنەکان. کە بۆ ئەو ڕۆژگارە کارێکی گەورە و دەستکەوتێکی سیاسی و مێژوویی بوو. کشانەوەی ھێزە ئوردونییەکە و نەھاتنی ھێزی دیکە بۆ کوردستان، خاوکردنەوەی زەبروزەنگ لەسەر شاری سلێمانی.(ئەمەش ناواخن و ناوەرۆکی بەشێکی هەرە زۆری داخوازییەکانی پاسۆک بوون،دواتر بەڵگەکان دەبینن). شاراوە نییە ھێزێکی کەم دەرامەتی وەک پاسۆک لەو ڕۆژگارە دا، لە قۆناغی خەباتی پارتیزانی و لە ناوچە و دەڤەری وێرانکراو و خاپووردا بوو. ڕووداوەکان لە ھەناوی جەنگێکی خوێناوی درێژخایەنی نێوان عێراق و ئێران دا بوو . کۆمەڵێ پارت و ڕێکخراوی ناتەبا و دوژمن بەیەک لەسەر گۆڕەپانی باشوور کوردستان هەبوون دژ و نەیار بوون بە پاسۆک. توانای زەبەلاحی زەمینی و ئاسمانی دەوڵەتی داگیرکەری عێراقی و کۆمەڵێ فاکت و دێفاکتۆی تر لەسەر زەمینی واقیعە خوڵقا بوون، کە وایان کرد، بۆ پاسۆک سەخت بێت، ئیدارەدان و ھەڵسوڕاندن و شاردنەوە و بەخێوکردنی 27 زیندانی/ بارمتە.

١٦/٤/٢٠٢٠




لە کۆتایی تەمەندا ..ئینجا … شیعری : نەوزاد بەندی

قاچمان
پڕبوون
لەو
هەنگاوانەی
ئەبوو هەڵمانهێنانایە و
کەچی هەڵماننەهێنان ..
دڵمان
پڕبوو
لەو
ووشانەی
ئەبوو بمانووتنایە و
کەچی دەرماننەهێنان ..

مێشکمان
پڕبوون
لە
وێنەی جوان ،
کەچی
هیچمان نەکێشان ..

بۆیە
ئێستا
قاچ و
دڵ و
مێشکمان
لە زینداندان
لە زیندان ..

تازە دوای چی ،
بە دار عەکاز ،
سنوور و
شاخەکان ئەبڕی ؟
تازە دای چی …؟

تازە دوای چی ،
قسەی عەمارەپووی سی ساڵ
ئەدەیتە بەر خۆر و
بە دەمێکی بێ دانەوە
دەریانئەبڕی ..؟
تازە دوای چی ..؟

تازە دوای چی ،
ڕەنگە کاڵەوە بوو و
لێڵەوەبووەکانی مێشکت ،
ئەڕژیتە سەر لاپەڕەکان ..؟
تازە دوای چی ..؟

تازە هەنگاو
هەموو مانگێ
لەسەرەی موچەدا
سڕ سڕ ئەبێ و
ناگاتە ماڵەوە ئەمرێ ..
تازە ووشە ،
موڵکی دەزگا زەبەلاحەکانە و
خورماخۆرەکانی ئۆپۆزیسیۆن
ڕام ئەکەن و ..
بۆینباخی لە مل ئەکەن ..
وا ئەزانن بوون بە هەڵۆ و
لێره و لەوێ
قسەی فودراو و زل ئەکەن
تازە تابلۆ ،
نایەتە بەر لێزمەی فڵچە و ..
لافاوی سپی
دەفتەری تابلۆی
من و تۆ ..
هەموویان بوون بە نانخۆر و
بە جلشۆری
کۆشک و تاوەر و ڤێلاکان ..

من و تۆ ماوینەتەوە ..
لەسەر دروشمێکی یاساغ
زوو پێی ئەووترا نەتەوە ..