کرۆنا وەکوو تراجیدیا و پێویست … نووسینی: احمد منتصر

وەرگێڕانی: گۆران عەبدوڵڵا

بێکاربوونی فەرمانبەرێک کە دەیناسی، بێباوەڕبوونی تەواو بە بوونی داهات لە داهاتوودا، پێداویستییەکانی پاککردنەوە، داهاتی ئاسایی ناتوانێت دابینیان بکات. خۆ کارانتین کردن لە ماڵەوە بەبێ مووچە، یان رۆشتن بۆ کار و بوونی ئەگەری زیاتر بە تووشبونت، هتد… ئەمە ئەوەیە کە زۆر کەس نەیویستووە زانیاریان لە بارەوە هەبێت لە سیستەمی سەرمایەداریدا، لەئەمرۆدا هەموو خەڵک بەگشتی تێیدا دەژی.
ناکرێت دڵخۆشبین بەم قەیرانە، تەنانەت ئەگەر بەهانەکانیشمان سەلماند دژ بەم سیستمە، بەئومێدی ئەوەی خەڵک لە دژیان ڕاپەڕێت، بەڵکوو لەسەرمانە ڕابمێنین لە ڕاستییەکی دڵتەزێن کەوا پێویستیمان بە کارەساتێکی لەمشێوەیەیە بۆ ئەوەی بیر لە ڕێکخستنی کۆمەڵگەکەمان بکەینەوە.

ڕاستییە دڵتەنگکەرەکە چییە؟!

وا دەردەکەوێت ژیانمان یەکە، خۆر بۆ هەمووان هەڵدێت، باران بەسەر هەموواندا دەبارێت، بەڵام لەوێ کەسانێک هەن لەپشتی سکرینی کۆمپیوتەرەکانیانەوە کاردەکەن لە ژورێکی ئامادەساز و دڵخۆشکەر، کەسێکی تریش لە ژێرتیشکی خۆرێکی گەرمدا، لەولاترەوە کەسانێک پێشوازی لە باران دەکەن لە ناو کۆشکەکانیانەوە کە هەموو شتێکی بە شێوەیەکی گونجاو ڕێکخراوە، ئەوانی تریش بە شێوەیەکی هەڕەمکی لە ناو خانوگەلێکی شڕ دەژین کە باراناو و ئاوی زێرابەکانیان تێکەڵاودەبێت.
ژیان یەک نییە، ئەمەش واقیع پێمان دەڵێت سەرباری هەر جیاوازی و پۆلینکردنێک، بارودۆخەکە چینایەتییە، بوونت پەیوەستە بە پەیوەندییە چینایەتێکانتەوە، ئەوکاتەی نەخۆشی دێت، ڕووبەڕووی هەموان نابێتەوە وەکوو یەک، هەیە توانای زۆرترین خەرجی هەیە لە ڕێیی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی بیمەوە، یان ئەو پارە زۆرەی کە دەیخاتە دەستی دکتۆرەکانەوە لە باشترین و بەناوبانگترین نەخۆشخانە و کلینیکە تەندرووستێکان، زۆرێکمان لە سەرە دوورو درێژەکان ڕیز دەبەستین بۆ پشکنینی بەخۆڕایی لە خراپترین نەخۆشخانە گشتێکاندا.
ئەمڕۆ پەتای کرۆنا دونیای داگیرکردووە، لەپای بارودۆخێکی تەواو نا دادپەروەرو نایەکسان و بونی ڕیزبەندیەکی گەورەی چینایەتی. جیهان لە دۆخێکی تەواو دژوار و دژدا دەژییت، لە لایەکەوە بوونی ئەو هەموو ئیمکاناتە زۆرەی کاڵاو بوونی ئەو هەموو پێشکەوتنە تەکنۆلۆجییە لە لایەکی ترەوە.
ڕاستییەکی دڵتەنگکەر، کەواتە بە جێهێڵراوین بە تەنیا، بێ کارێکی بەردەوام یان داهاتێکی پۆشتەو پەرداغ یان بونی بیمەی کۆمەڵایەتی، لە ڕاستیدا بەتەنها ماوینەتەوە بۆ ڕووبەرووبونەوەی ئەم پەتایە.

ڕوبەڕووبونەوەیەکی نا دادپەروەرانە

پاش گۆشەگیرکردنی تاک و سەرقاڵکردنیان بە ڕایە گشتێکانی بازرگانی و بابەتگەلێکی بێناوەڕۆک و خوڵقاندنی بارودۆخێکی گشتی لە لاموبالاتی کە لە ڕێی پڕوپاگەندە ئایدیۆلۆجێکانەوە گەشەی پێدەدرێت، هەروەها درووستکردنی کۆمەڵگەیەکی بەکاربەری بێ بەهاو جوانی. هاوڵاتی تۆمەتبار دەکرێت بە نەبوونی حەزی جوانی و پاک و تەمیزی لە ڕووی تاک و ئەخلاقیاتە گشتێکانەوە، وەنەبوونی فەرهەنگی هەڵسوکەوتکردن لەگەڵ کارەساتەکاندا، لەگەڵ زۆرێکی تر لە تۆمەت کە لە بنەڕەتدا لە ئاکامی سیاسەتێکەوە سەرچاوە دەگرێت کە هاوڵاتی تەریک خستۆتەوە لە دونیای خۆی، لە کات و دۆخێکدا هیچ ڕێگایەکی تری لە پێشدا نەماوەتە تەنها ڕزگارکردنی خۆی و خێزانەکەی نەبێت!
وەلانانی هەستی هاوپشتی کۆمەڵایەتی و ئینسانی، وە هەڵوەشاندنەوەی ڕێکخراوەو ئەحزاب و کۆمەڵە و سەندیکاکان و هەر ناوەندێکی تر کە مەبەستی ڕێکخستنی تاک بێت لە ڕێکخراوی بە کۆمەڵدا بە ئامانجی بیری تاکگەرایی و گۆشەگیری. درووستکردنی ڕوحیەتی تاکگەرایی لە مندالاندا بۆ ئەوەی تەنها بیر لە خۆی و داهاتووی خۆی بکاتەوە و هیچ پاڵنەرێکی هاوپشتی کۆمەڵایەتی بۆ ئەوانی تر نەبێت نە بادا ببێتە مایەی دوواخستنی یان سەرئێشە بۆی.

ئەوکاتەی یەکێکیان دەڵێ:

” لەسەر هەمووانە بەمشێوەیە یان بەشێوەیەکی تر هەڵسوکەوت بکەن ….” ئیتر ڕێنوێنی و زانیارێکان دادەبارێنن بەسەر خەڵکدا، دەبێت لە ڕاستییەک وشیار بین کە ئەو خەڵکە دابەشکراون بەسەر چینەکاندا. ڕاستییەک هەیە کاتێک کە چینە هەژارەکان پابەند نابن بە ڕێنوێنییە سەلامەتێکانەوە ئەوە لە نەزانیانەوە نییە وەک ئەوەی لایەنگرانی چینی دەسەڵاتداری سەرکوتگەرە دەیانەوێت ئاوای بناسێنن، بەڵکوو ئەوە بارودۆخی ژیانیانە پاڵیان پێوەدەنێت، شێوەی کارو تواناییە داراییە سادەکانیانە کە ڕۆژانە ناچاریان دەکات لە بەکارهێنانی پاسە گشتێکان و چوونە شوێنە قەرەباڵغەکان. داهاتە سادەکەی بەشی بژێوی ڕۆژانە و کرێ خانوو ئاو و کارەباکەی ناکات ئەی چۆن بتوانێت پێویستییە پاکژ کەرەوەکان و هتد…. دابین بکات.
ئەو کاتەی داوا لە ملیۆنان کەس دەکرێت کە هێزی کاری ڕۆژانەیان دەفرۆشن بۆ دابینکردنی مانگانەکەیان بۆ پەیوەستبون بە ڕێنماییەکانەوە، هەرچەندە سوودمەندیشبن لەو ڕێنماییانە، کەچی پشتگوێیان دەکات چوونکە لەگەڵ بارو گوزەرانی ژیانی ئەودا نایەتەوە کە هەڵاواردنێکی چینایەتی بە سیاسەتێکی دیاریکراو ژوری خەوەکەشی لێداگیرکردووە. ئەمە ڕووبەڕووبونەوە نییە لەگەڵ پەتاکەدا بەڵکوو ئاڵوگۆڕکردنە بە ژیانیانەوە، یان کارەنتین و لەدەستدانی موچە یان چوون بۆ کارو شانسی زیاتر تووشبون بە نەخۆشی، کەواتە سەرپشککردن لە مردن بە برسێتی، یان مردن بە نەخۆشی، هەریەک لەمانە تەواو کەری ئەوی ترە.

قەیران لە ناو قەیران

تاوەکوو ئێستاش ناوەندێکی فراوان هەیە لە چینی ناوەند لە نیگەرانی و گوماندایە لەوەی کارێکیان هەیەو دەیانەوێت دەستی پێوەبگرن، ئەو توێژە بەردەوام لە دڵەڕاوکێی بەردەوامدایە، ترس لەوەی لەچینەکانی خوارەوە لە ئاکامی کێبڕکێ هەلی کارەکەی لە کۆتاییدا لێببرێت، ئەو ترسەشی لە ئاکامی دەستپێوەگرتنیەتی بەهەموو بیرو باوەرە موحافەزەکارەکانەوە. خێزانگەلێکی تەواو پاتریاکی، کە بەردەوام پاڵ بە منداڵەکانیانەوە دەنێن بۆ بەدەستهێنانی بڕوانامەی بەرز بۆ ئەوەی خێزانەکە لە ڕووی چینایەتییەوە بەرزبێتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا ئەم توێژە بەرژەوەندی جیاوازی هەیە و لەگەڵ یەکتر تەبا نابن، چونکە لەسەر بنەمای تاک و بەرژەوەندی تاک بنیاتنراوە: چونکە بەرژەوەندی کەسەکان بەرژەوەندیەکی زاتییە، پەیوەست نییە بە بارودۆخی کۆمەڵەوە.
چینی ناوەند بە چاوێکی سوکەوە دەڕوانێتە هەژاران، چونکە بە دۆڕاویان دەزانێیت و بۆیە چارەنووسیان هەژارییە. چینی ناوەند پێیوایە کار،خواردن، ماڵ و جل و بەرگ و سەیارە مافێکە هەموو کەسێکی سەرکەوتوو شارەزا لە بواری کاردا دەتوانێت دەستیان پێیبگات! چینی ناوەند باس لە حەزو ئارەزو زەوق و خۆشگوزەرانی و سەفەر و سینەما و جۆری خواردنی باش دەکات و پێیوایە زۆرینەی خەڵک دوواکەوتون لە ڕووی فەرهەنگییەوە بۆیە ئەو درکەیان نییە! لە کاتێکدا ئەمشێوەیە لە ژیان بەزۆر بەسەر خەڵکی هەژاردا سەپێنراوە و تەنها وەکوو کاڵا سەیردەکرێن.
ئەم چینە ڕقی لە دەوڵەمەنەکانە و بێزی لە هەژاران دەبێتەوە، هەمیشە فریودەدرێت بە بردنە سەرەوەی داهاتی ساڵانەکەی و قەرزی بانقی و زۆر دەسکەوتی تر ، ئەمیش تەنها خێر و زەکات دەزانێت وەک یارمەتی بۆ خەڵکی هەژار کە لە خۆیدا زۆر ڕووکەشانە و کارێکی نزمە و دەتوانن لە هەر کاتێکدا بیبڕن.
لە خوارەوە ناوەندێکی فراوانی هەژاران هەیە کە بەتەواوی نائومێد بوونە لە کۆمەڵگەو دەوڵەت و هیچ پەیوەندییەکی زیندوویان بە کۆمەڵگەوە نەماوە. لە قەراغەکانی شار ژیان دەکەن، لەو شوێنە قەرەباڵغانە کە بەشێوەیەکی هەڕەمەکیان درووست بوونە و بێبەشن لە خزمەتگوزارێکان و لە بارو دۆخێکی مادی ناجێگیردان، دەبنە قوربانی لەکارێکدا یان دوو، یان قوربانی قەرزوەرگرتن وەیان بە لاڕێدا دەبرێن و تێوەدەگلێن لە کاری جەریمەدا.
هەر بۆیە لە شەڕە گەورەکاندا کۆمەڵگە یەک ڕیز نابن، بەڵکو شەڕی لابەلا دێتە پێشەوە: خەبات لە نێوان نا-کۆمەڵ وەلانراوەکانی کۆمەڵگە و کۆمەڵگە چینی ناوەند کە توانای بەکاربردن و شیعاراتی هەیە، خەبات لە نێوان ئەوەی هیچی نییە و هیچیش لە دەست نادات لەگەڵ ئەوانەی نایانەوێت ئەوەی کۆیانکردۆتەوە لەدەستی بدەن، لە نێوانی ئەوانەی هیچ پەیوەندییەکیان بە کۆمەڵگەوە نییە، لەگەڵ ئەوانەی پەیوەندی و بەرژەوەندی گەورە بە کۆمەڵگەیانەوە دەبەستێت.

کورۆنا وەکوو تراجیدیا و پێویست

ڕۆشنە کرۆنا هەڵگری چ تراجیدیایەکە، نەک هەر خێرا بڵاو بونەوەکەی لە ئاستی کیشوەرەکاندا یان تووشبوون و مردنەکان.
بەڵکوو ئامارەکان ئاماژەی زۆر ترسناک دەخەنەڕوو کە ئاماژەیە بۆ ئەوەی ژیان زۆر خراپبێت لە دۆخێکی جیاوازدا، بەپێی دووا ڕاپۆرتی لیژنەی ئابوری و کۆمەڵایەتی نەتەوەیەکگرتووەکانی خۆرئاوای ئاسیا (ESCWA) بەلایەنی کەمەوە ٥٢ ملیۆن لە خەڵکی وڵاتانی عەرەب زمان کێشەی کەمبونی خواردنیان دەبێت، هەروەها بەگوێرەی ڕێکخراوەی جیهانی خۆراک، ڕێژەی ٧٥% کۆمەڵگەی بەشەرییەت کێشەی کەم خۆراکیان دەبێت، هەمان ڕاپۆرت ئاماژەی بەوە کردووە کەوا وڵاتە عەرەبێکان ساڵانە ٦٠ ملیار دۆلار خواردن بە هەدەر دەدەن!
هەمان ڕاپۆرتی (ESCWA) ئاگاداری دەدات کەوا ١٠٢ ملیۆن لە خەڵکی وڵاتانی عەرەبی بەئاراستەی هێڵی هەژاریدا دەڕۆن، هەروەها لەدەستدانی ملیۆنێک و حەوت سەد هەزار هەلی کار، پێشبینیش دەکرێت داهاتی نێوخۆی وڵاتە عەرەبێکان لایەنی کەم ٤٢ ملیار دۆلار کورت بهێنێت.
هندستان یەکێکە لە وڵاتە تازە پێشکەوتووەکان و خاوەنی دانیشتوانێکی زۆرە، مەزەندە دەکرێت لە ٦٠%ی دانیشتوانەکەی واتە ٥٠٠ ملیۆن بەلایەنی کەمەوە هەڕەشەی برسیبونیان لەسەربێت لەم مانگەدا، ئەی وڵاتە تازە پێشکەوتووەکانی تر دەبێت چۆنبن؟!
ئەمریکا کە ناوەندی سەرمایەداری جیهانە، لە یەک هەفتەدا ٣ ملیۆن خەڵک فۆرمی بێکارییان پڕکردەوە، ئەم ژمارەیە پێنج جار زیاترە لەو ئامارانەی کەلە ١٩٨٢ لە ئەمریکا تۆمار کراون.

ئەمانە و لەوەش زیاتر ئاکامەکانی ئەو پەتا جیهانییەمان پێ نیشان دەدات کە چۆن هەموو ئەو پەتایانەی تریشی خستەوە ڕوو کە چۆن مرۆڤ لەسەدەی بیست و یەکیشدا لەگەڵیاندا دەژی: برسێتی و ئاوارەیی و بێکاری، بەڵام کرۆنا گرنگی خۆشی هەیە چونکە بیری جیهانی بونی بە هاوڵاتی دا، ملیۆنەها کەس لە ئاستی جیهاندا هەستی بەوەکرد ئەزمەی جیهانی چی دەگەیەنێت، گرنگە بەو ڕادەیەی توانیتی تۆپی پێ و چەندین دیاردەو بابەتی پوچ ڕابگرێت، گرنگە بەوڕادەیەی بۆ مرۆڤ دەردەکەوێت کە چۆن هاوپشتی و کارە مرۆڤانەکانیان لە پێناوی کاری بەکۆمەڵ و سامانی گشتیدا گرنگی خۆی هەی، گرنگە بەو ڕادەیەی کە پەردەی لادا لەسەر برسێتی و پێویستییەکانی ملیۆنەها ئینسان بە داو دەرمانی خۆڕایی لە ئاستی جیهانیدا، گرنگە بەو ڕادەیەی تێگەشتن فەراهەم دەکات سەبارەت بە گشتیکردنی نەخۆشخانەکان و دەستەبەرکردنی بەرهەمە پێویستییەکان بە گوێرەی پێویست، گرنگە بەو ڕادەیە کە سەرنجی خەڵک بۆ ئەو قەیرانە ڕادەکێشێت کە لە ناو جەرگەی سیاسەتی جیهانیدایە، ئەوەی کراوەتە بەشێک لە ژیانمان. ئەمە لەخۆشیدا تیشک دەخاتە سەر ئەو هەموو دزییەی کە لێمان دەکرێت لە خواردن و پێداویستییە تەندروستی و ژیانێکان، لە جیاتی ئەوەی تاک گیرۆدەی کێشە تایبەتێکانی خۆی بێت، هەمووان دەکەوینە بەرانبەر یەک تراجیدیای گشتییەوە، دەوڵەمەند و خاوەن گەنجینەکانیش لە قەیراندا ناچار دەبێت سەروەتەکانیان بخەنە پێش چەوساوەو هەژارەکان، هەمووان لە بەر ڕمی پەتاداین، جیاوازی و چارەسەر هەر سیاسەتە، یان سیاسەت و پاشتر چارەسەر، وە ژیان بەرهەمدەهێنرێتەوە لە بەرژەوەندی گشتیدا و سیاسەت بەرهەمی دەبێت بۆ هەمووان.
لە کۆتاییدا ناتوانین بگەڕینەوە بۆ بارودۆخی ئاسایی ئەوەی پێیمان دەوت ژیان لە بنەڕەتدا و بەدیاریکراوی ژیان نەبوو.

أحمد منتصر
كاتب سياسي واجتماعي من مصر

سەرچاوە:

https://al-hamish.net/author/ahmedmontasser/




رۆشنبیری کورد و خولانەوە لە بازنەی ترادیسیۆندا * … نووسینی: ستیڤان شەمزینی

رۆشنبیری راستەقینە کەسێکی رادیکاڵە، نە ئەخلاقگەرایە و نە ئامانجگەرا
جان پۆڵ سارتەر

رۆشنبیری کورد هیچ نییە جگە لەبوونەوەرێک کە وێنەدانەوەی هەمان ئەو دۆخە کۆمەڵایەتی و سیاسییەیە لە کوردستاندا بوونی هەیە. راستە مرۆڤ بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتییە و ژیان و بیرکردنەوەی دەکەوێتە بن کارتێکردنی سروشتی سیاسیی و کۆمەڵایەتی و ئابووری ئەو ژینگەیەی تێیدا دەژی، بەڵام رۆشنبیری کورد بە هەموو پێوانەیەک مرۆڤێکی نەریتییە و هیچ جیاوازییەکی ئەوتۆی نییە لەگەڵ تێکڕای خەڵکدا، هەروەک ئەوان بیر دەکاتەوە و رەفتار دەکات، وەک ئەوانیش لەزۆربەی ئەگەر و پێشهاتەکاندا دەکەوێتە ژێر کاریگەریی سۆزەوە نەک عەقڵ، ئەوەش پێچەوانەوەی بیرکردنەوەی رۆشنبیر و کاری رۆشنبیرییە. لەپووختەترین پێناسەدا رۆشنبیر کائینێکی عەقڵانییە و بیرکردنەوە و مامەڵەی لەسەر پێوەرە عەقڵانییەکانە، بەڵام رۆشنبیری کورد بیرکردنەوە و رەفتارەکانی زادەی سۆز و میزاج و کۆمەڵێک پێوەری خێڵەکین کە بەهەموو فۆرمێک لە دژی عەقڵانییەتن.

ئەو هەموو بڕیار و تێزەکانی خۆی لەبەرئەنجامی خوێندنەوەی قووڵ و روانگەی زانستەوە فۆرمۆڵە نەکردووە، بەڵکو زیاتر کەوتۆتە ژێر رکێف و قورسایی بیرکردنەوەی گشتیی و دیاردە باوەکانەوە. رۆشنبیری کورد کاتێک هەست بەزەقبوونەوەی دیاردە و پرسێک دەکات لەئاستی گەلێریدا “شەعبی”، ئەو بێگەڕانەوە بۆ زانست و خوێندنەوەی هەمەلایەنە لەگەڵ دیاردەکە خۆی دەگونجێنێت، ئیدی لەوە بەولاوە هیچ هەڵسەنگاندنێکی بۆ واقیعەکە و ئەنجامەکانی دواتر نییە. بۆیەکا رێگە بەخۆم دەدەم بێژم، رۆشنبیری کورد بەردەوام لەچوارچێوەی بازنەی نەریتی کۆمەڵایەتی و سیاسیی باودا دەخولێتەوە و زۆر لەوە بێتواناترە هەنگاوێک لەو چێوەیە دەربچێت ترادیسیۆن بە دەوری هەموو تاکەکاندا کێشاوێتی بە خودی رۆشنبیریشەوە.

رۆشنبیری کورد و سیاسەت

نووسەری ناوداری بەرەچەڵەک کورد “یەشار کەمال” جارێکیان لە دیمانەیەکیدا وتی “بەڵام سیاسەت هونەر دەخاتە مەترسییەوە”. ئەگەر کەمێک بۆ نێو قووڵایی و دیوی ناوەوەی ئەم وتەزایە بڕۆین، بێگوومان دیارە مەبەستی یەشار کەمال ئەوەیە: رۆشنبیریی و سیاسەت دوو کێڵگەی جیاوازن، ئەگەرچی هەندێکجار لەیەکتریش نزیک بن، بەڵام دواجار هەردوو شتی لەیەک جیاوازن. بەم پێیە خستنە خزمەتی هونەر و رۆشنبیریی بۆ سیاسەت کارێکە هونەر و رۆشنبیریی دەخاتە بەردەم مەترسییەوە. گەر کەمێک ئەم حاڵەتە روونبکەینەوە، دواجار لەنێوان سەرکردەیەکی سیاسیی و رۆماننووس و شاعیرێک هیچ جیاوازییەک نامێنێت ئەگەر هەردووکیان بەدوو ئامڕازی ناچوونیەک خزمەتی ئامانجێکی هاوشێوە بکەن کە سیاسەتە. ئەم دەربڕینەش هیچکات قێزەونکردنی سیاسەت نابەخشێت، بەڵام رۆشنبیریی رۆشنبیرییە و سیاسەتیش سیاسەت.
رۆشنبیری کورد بەدرێژایی دەیەکان ئەرکێکی سیاسیی گەورەی لەئەستۆ گرتبوو، ئەگەر لەشاعیرە کلاسیک و دێرینەکانەوە بیگرین تاکو دەگاتە نووسەرە هاوچەرخەکانمان، هەریەک بە نۆرەی خۆیان کایەی رۆشنبیریی و ئەدەبییان بۆ ئامانجی سیاسیی بەکاربردووە، ئەمەش زادەی غیابی سیاسیی و سەرکردەی سیاسیی گەورە بووە تاوەکوو بتوانێت لەرێی هونەرەکانی سیاسەتەوە خەباتی نەتەوایەتی کورد لە وێستگەیەکەوە بۆ یەکێکی تر بگوازێتەوە. ئەگەر بڕوانین، “حاجی قادری کۆیی” شاعیر، لەرێی شیعرەوە دەیەوێت گیان و هەستی نەتەوەیی و ناسیۆنالیستیی لە کن نەوەکانی کۆتایی سەدەی نۆزدەی کورد دروستبکات، وەک ئەوەی ئەو لەشارەکانی ئەوکاتی تورکیای عوسمانیدا هەستیپێکردووە. پیرەمێرد و دڵدار و بێکەس و قانع و…تد، هەریەک بەنۆرەی خۆیان و لە جیهانبینی خۆیانەوە بەهەمان کار هەڵستاون، بەڵام ئایا وەزیفەی شیعر، دروستکردنی هەستی ناسیۆنالیستییە یان نا؟.
بێگوومان شیعر ئەو وەزیفەیەی لای سەرەوەی نییە، شیعر هونەر و هەڵکۆڵینە لەبواری زماندا، شیعر هەستی ناوەوەی مرۆڤە، بەڵام کاتێک هەموو شتێک هەر لە شیعرەوە تا دەگاتە وتاری رۆژنامەکان بارگاویی دەبن بە سیاسەت، دیارە ئیشکالییەتێک لەجیهانبینی رۆشنبیری کورددا بوونی هەیە. چوونکە هەمیشە دەیەوێ هەم رۆشنبیر بێت و هەم سیاسەتمەدار، ئەدەب بنووسێت بۆ مەبەستی سیاسیی، شیعر بنووسێت بۆ بەرگریی نەتەوەیی و ئامانجی سیاسیی …هتد، ئەم ئیشکالیەتەش ئەگەرچی لەمێژینەیە وەک لەپێشتردا ئاماژەمان بۆ کردووە، بەڵام تا بەئێستاش دەگات هەمان نەریت و کار بەردەوام خۆی بەرهەمدەهێنێتەوە.
وەک خۆم لەچەند ساڵی رابروودا زۆر دڵخۆشبووم بەبانگەشەی دەستەیەک رۆشنبیری کورد بۆ لێک جیاکردنەوەی سیاسەت و هونەر و ئەدەبیات لەیەکتر، تا هەر کام بەجیا لەکێڵگەی خۆیاندا درێژە بەچالاکیی بدەن، ئومێدێکی گەورە بوو وەختێک دەستەبژێری نوێی رۆشنبیریی کوردیی دەیەویست خۆی لەسیاسەت جیابکاتەوە و ئەو کارە بۆ سیاسەتمەدارەکان جێبهێڵێت، ئەو دەنگانە بەئاشکرا دەیانووت با جارێکی تر ئەزموونی ئەحمەد هەردی و هێمن موکریانی دووبارە نەکەینەوە کە بینیمان سیاسەت سەری ئەدەبەکەیانی خوارد، کەچی بەداخەوە هەمان ئەو دەستەبژێرە هەموو ئەدەب و جووڵە و کارە رۆشنبیرییەکانی خۆیان خستۆتە گرەوێکی سیاسیی رووت و سەرکەوتن و ژێرکەوتنی بزووتنەوەیەکی رامیاریی دیاریکراوەوە. ئەمەش یەکێک لە نەخۆشییە کوشندەکانی رۆشنبیریی کوردیی کە هەمیشە کاری رۆشنبیریی، یان تێکەڵاو بە کاری سیاسیی کراوە یاخۆ بووە بە پاشکۆی سیاسەت.

تۆنی مۆریسۆن، دەڵێت “نابێت خۆم بخەمە هەڵوێستێکی وەهاوە کۆتاییەکەی ئاشکرا بێت، یان چوار دەوری داخراو بێت، چوونکە ئەوەی لە دونیای نووسیندا کردوومە بە ئامانجی بەرفراوانکردنی ئاسۆکانم بووە، نەک داخستنیان”. بە پێچەوانەوە رۆشنبیری کورد خۆی خستۆتە کۆڵانە داخراوەکانی سیاسەتەوە، ئەو کۆڵانانەی لە دەرچەیەکی فراوانەوە دەچیتە ناویان و هیچ رێگەیەکیش نییە بۆ دەرچوون تیایاندا، ئەو کۆڵانانەی وەک تونێلێکی رەش و تاریک وەهان. رۆشنبیری کورد بەردەوام خۆی دەخاتە نێو کۆمەڵێک مەعمەعەی سیاسییەوە، دواجاریش جگە لەنائومێدیی هیچی تری لێ ناچنێتەوە، رۆشنبیری کورد دۆنکیشۆتانە بڕیار دەدات و دەیان سەرچڵیی دەکات بۆ ئامانجی سیاسیی کە هەمیشە ئاسۆکانی نووسینی تاریک و تەسکتر دەکاتەوە. کەوابوو سیاسەت یەکێکە لە نەخۆشییە موزمن و ترسناکەکانی رۆشنبیریی کوردیی و لەوەتی تاکی رۆشنبیری کورد هەیە زیاد لەهەر شتێکی تر باجی هەڵوێستە سیاسییەکانی خۆی دەدات. راستە رۆشنبیر مرۆڤێکی دابڕاو نییە لەواقیع و بوونەوەرێکی بێ هەڵوێستیش نییە، بەڵام پێش هەر شتێک ئاشکرایە رۆشنبیر هیچ کات سیاسەتمەدار نییە.

رۆشنبیری کورد .. ترادیسیۆن و تازەگەریی

رۆشنبیر نابێت بوونەوەرێکی نەریتی بێت و بەهەمان ئەو رێچکە و توولەڕێیانەدا بڕوات سەرجەم کۆمەڵگە پێیدا دەڕۆن، ئەو رێگەیەکی جیاوازی هەیە و هەمیشە خوڵقێنەری نەریت و روانگەی نوێ و دنیابینی نوێیە. رۆشنبیر نەک لەگەڵ نەریتە باوەکانی کۆمەڵ دۆستایەتی و نزیکایەتی نییە، بەڵکو سەرلەبەریان رەتدەکاتەوە، کاتێکیش ترادیسیۆن رەتدەکاتەوە بە ئەڵتەرناتیڤەوە دەست بۆ ئەم ئەرکە دەبات. رۆشنبیران بەدیهێنەرانی جیهانبینی و واقیعە تازەکانن، هەر هیچ نەبێت وەک تاکەکەس دژی هەموو ئەو بەها سواوانە دەوەستنەوە مرۆڤ کۆت و بەند دەکەن. بەپێی ئەم پێناسەیە “کارڵ مارکس” رۆشنبیرە، چوون ئەو هاتووە سیستمی سەرمایەداریی رەتبکاتەوە و لە جێیدا ئەڵتەرناتیڤی تایبەتی خۆی پێیە. “چۆمسکی” رۆشنبیرە، چوونکە ئەو تاقانەترین تاکی دەستەبژێرە لە ئەمەریکا کە سەرلەبەری ئەو دنیابینییە رەتدەکاتەوە خۆی لە سەردارێتی ئەمەریکادا دەدۆزێتەوە.
رۆشنبیری کورد رۆشنبیرێکی سووننەتییە و دەستی بە باڵای ئەو نەریتە کۆمەڵایەتییە سواوانە گرتووە مرۆڤی کوردی کۆت و زنجیر کردووە، رۆشنبیری کورد لەناو هەمان ئەو فەزایەدا دەژی، ترادیسیۆنەکانی کۆمەڵی کوردەواری وەک جوگرافیایەک بۆ ژیان و بیرکردنەوە دیاریکردوون. رۆشنبیری کورد هەمیشە خەریکی جووینەوە و دووبارەکردنەوەی ئەو میتۆد و تێزانەیە لانیکەم چەند دەیەیەک بەر لەئێستا لە ئەوروپا وەک دوا تێز و دوا میتۆد لە ئارادابوون، وەک خۆم رۆشنبیرێکی کورد شک نابەم ئاگای لە دوا گەشەکردنە فیکریی و فەلسەفییەکانی ژیاری خۆرئاوا بێت، لەوەش خراپتر بەهەموو گرێ دەروونی و خەسڵەتە خێڵەکییەکانییەوە خوازیارە وەک ئیلێتی و رۆشنبیری مۆدێرن ناوی بهێنرێت.
ئانتۆنی گیدنز دەنووسێت: ریشەی وشەی سووننەت tradition دەگەڕێتەوە بۆ زەمەنگەلی کۆن. وشەی ئینگلیزیی tradision لەریشەی لاتینی tradere وەرگیراوە و بەواتای گواستنەوە یان پێدانی شتێکە بەکەسێک پارێزگاریی لێبکات. بەم پێیە ترادیسیۆن بە مانای پارێزگارییکردن لە شتێکی دیاریکراو دێت لەیەک دۆخدا. رۆشنبیر نابێت پارێزگاریی لەهیچ دۆخێکی راوەستاو بکات، بەپێچەوانەوە ئەرکی ئەوە لایەنگریی لە گۆڕان و وەرچەرخانی بەردەوام بکات، هەروەک چۆن پێویستە خاوەنی بڕوایەکی کۆنکرێتی نەبێ، بەڵکو دەبێت بەردەوام سەرقاڵی هەڵکۆڵین و توێژینەوەی زانستیی بێت، ئەوەش زامنی زیندوو مانەوەی تاکی رۆشنبیرە. ترادیسیۆن هەمیشە دژی تازەگەریی و بیر و بۆچوونە نوێیەکانە، هیچ بیر و بۆچوونێکی نوێش لەئارادا نییە ئەگەر رۆشنبیر لە ئارادا نەبێت. با نموونەیەک وەربگرین، لەسەدەکانی ناوەڕاستدا کەنیسە بەهەموو توانایەکەوە بۆ داکۆکیکردن لە عەقڵییەتی رەها و چەسپاوی ئاینیی “کریستیانی”، بەرەو رووی زانایان و رووناکبیران وەستایەوە، چیرۆکی گالیلۆ و سووتاندنی زانایان و ئەشکەنجەدانی لایەنگرانی بیردۆزەکانی “کۆپەرنیکۆس” لە ئاستی میللیشدا بیستراوە، کە نموونەیەکی هەرە دیاری شەڕی نێوان ترادیسیۆن و تازەگەریی بووە. ئێستاش هەمان شەڕ لە نێوان ترادیسیۆن و تازەگەریی لە ئارادایە بەڵام بەئامڕاز و فۆرمی جیا “دیارە لێرەدا قسە لەسەر خۆرئاوایە”.

رۆشنبیری کورد نەک هەر کێشەی لەگەڵ نەریتەکاندا نییە، بەڵکو ئەویش بەشێوەیەک لەشێوەکان پارێزگاییان لێدەکات و ئیلهامیان لێوەردەگرێت، ئەو نەک ناتوانێت تازەگەر و مودێرن بێت بەڵکو هەر لەبنەماوە نایەوێت کارێکی لەو جۆرە ئەنجامبدات، چوونکە لەدژی خۆیەتی و بوونی ئەو وەک ژمارەیەک کەسی ئیستهلاکیی دەخاتە بەردەم پرسیاری زۆرە. بەبڕوای “ئاکیا یوتاکا”ی شاعیری ژاپۆنی “نوێگەریی هاوچەرخی دەگرێتەوە”. واتە دەرخوارددانی بەرهەمی هاوچەرخ بە خوێنەری هاوچەرخ، بەرهەمهێنانی گووتاری رۆشنبیریی هاوچەرخ بۆ مرۆڤی هاوچەرخ، ئەگەر ئەدەب و رۆشنبیرییەک گوزارشت لەکێشە و خەون و دنیابینی مرۆڤی هاوچەرخ نەکات، نەک نوێگەر نییە بەڵکو کەلەپوورێکی بێ کەڵکە، چەندە ئەشکەوت بۆ مرۆڤی شارنشینی ئەم چاخە وەک شوێنی نیشتەجێبوون بایەخی هەیە، بەرهەمی کۆن “واتە بە فۆرم و تەکنیک و ناوەڕۆکی کۆن” ئەوەندە بایەخی بۆ مرۆڤی مودێرن هەیە، ئەو مرۆڤەی لە سەدەی زانیاریی و دیجیتاڵدا دەژی.

چوونکە وەک “نازک ئەلملائیکە” بۆی چووە “ژیانی سەردەمانە ئەدەبی تازەی دەوێ، وەچەی نوێی شیعریی و ئازاد دەخوازێت، تاکوو داهێنانێک پێشکەش بکات هاوتەریب بێت لەگەڵ داخوازیی و سەرنج و تێڕوانینەکانیان بۆ ژیان”. کێشەی رۆشنبیریی کوردیی ئەوەیە باسی واقیعێک بۆ مرۆڤی کورد دەکات نەک پێی ئاشنا نییە بەڵکو لەگەڵیشی ناگونجێت. ئەگەر رۆژانە، لاپەڕەی رۆژنامە و گۆڤارەکان بکەینە نموونەیەکی زیندوو، ئەوا رۆژنامەی کوردیی ئەوەندەی خاوەنی مێنتەلێتییەکە کە هەمان مێنتەلێتی سیاسییەکانە، بەچارەگی ئەوە خاوەنی دیدێکی رۆژنامەوانی و رۆشنبیریی نییە، رۆژنامەی کوردیی بووە بە حکایەتێکی سەیر و بەردەوام جگە لەدوێنێ شتێکی تری پێ بەرهەم نایەتەوە. بەدەگمەن لەرۆژنامەی کوردییدا خزمەتگوزاریی بۆ خوێنەران هەیە، من ئەگەر بمەوێ سبەی بڕۆم بۆ دهۆک هیچ رۆژنامەیەک نییە پێمبڵێ داخۆ کەش و هەوا چۆن دەبێت. ئیدی لەم نموونەی سادەوە بیگرە تاکوو دەگاتە گەورەترین نموونە. ئەمەش دەرخەری ئیفلاسیی باکگراوەندی رۆشنبیریی و رۆژنامەوانیی، نووسەر و رۆژنامەنووسی کوردە.
ئەدۆنیس پێیوایە “رۆشنبیریی عەرەبیی پەیوەندیی نییە بە ژیانی عەرەبییەوە لە ئێستادا، چوونکە ئەو رۆشنبیرییە نەیتوانیوە خۆی داببڕێنێت لە رێڕەوی تەقلیدییانە، پێویستە لەسەر رۆشنبیری عەرەب خۆی داماڵێت لە بەرگی تەقلیدییانە تا هیچ نەبێت بتوانێت لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی ژیاندا هەنگاو بنێت”. رۆشنبیری کورد هەر هەمان ئەو کارانە دەکات، سیاسییەکان دەیکەن، رۆشنبیری کورد دوورترین سنووری بیرکردنەوەی لە سنووری بیرکردنەوەی سیاسییەک تێناپەڕێت، بەپێچەوانەوە هەندێکجار سیاسیی و توێژە تەکنۆکراتەکان چەند فرسەخێک لە پێشی رۆشنبیرەکانمانەوەن هەم لە رووی تێفکرێنەوە، هەم لە رووی جۆری مامەڵەکردنەوە.

ئەوەشی لەناوەندی رۆشنبیریی کوردییدا روو دەدات، هەر هەمان شتە کەلەناو زەمینەی کۆمەڵایەتی کوردییدا روودەدات، کاتێک گوێت لە جەدەل و دایەلۆگی نێوان دوو رۆشنبیر دەبێت، هیچ تێرم و موفەردەیەک نییە بیسەلمێنێت ئەو دووانەی گفتوگۆ دەکەن رۆشنبیرن نەک خەڵکێکی رەشۆک، چوونکە رۆشنبیری کورد بەهەمان زاراوە و تەکنیکەوە مامەڵە لەگەڵ کایەی رۆشنبیرییدا دەکات کە خەڵکی رەشۆک و ئاسایی لە قسە و گفتوگۆی ئاسایی نێوان خۆیاندا بەکاریدەهێنن. زۆرجار زمانی دایەلۆگ و پەیڤینی نێوان خەڵکی ئاسایی و تەنانەت نەخوێندەوار لە ئاستێکی بەرز و ئەخلاقیتردایە بە بەراوورد بەپەیڤینی رۆشنبیری کورد. دروستکردنی چیرۆکی سەیر و عەنتیکە، هەڵبەستنی تۆمەتی درۆ، دەستبردن بۆ ئابڕووی ئەویتر، چەند نموونەیەکن رۆشنبیری کورد هیچکات سڵی لێنەکردوونەتەوە لە کاتێکدا زۆر دڵنیام بۆ هاووڵاتیانی ئاسایی “عەوام” هەروا هاسان نەبووە ئەو جۆرە تۆمەتانە بدەنە پاڵ یەکتر.

رۆشنبیری کورد و کەلەپووری رۆشنبیریی کوردیی

هیچ رۆشنبیرییەک ناتوانێت هەنگاوی تازەگەریی بنێت بەبێ ئاوڕدانەوە لە کەلەپوور. هیچ رۆشنبیرییەک ناتوانێ وێستگەکەی بەجێبهێڵێت بێ خوێندنەوە و هەڵکۆڵینی کەلەپووری رۆشنبیریی. ئەگەرچی ئێمەی کورد لەرووی کەلەپووری رۆشنبیرییەوە هەژارین، بەڵام ئاوڕدانەوە بۆ رەگوریشەی ئەو رۆشنبیرییە یەکێک لە مەرجەکانی تێپەڕاندنێتی. هەرچەندە کولتووری نووسین لەنێو کورددا کولتوورێکی تازەیە بە بەراوورد بەگەلانی تر، هەم لەبەرئەوەی گەلێکی رەوەند و دوور لەژیانی شارنشینی و شارستانی بووە، هەم بەو هۆیەی بەردەوام گەلێکی ژێردەستە و داگیرکراو بووە، تۆ سەیر بکە لەسەردەمی رێنیسانسی ئەوروپادا، ئەو کیشوەرە شەپۆل و مەوجی دەدا و رۆژانە هەزاران لاپەڕە لەفیکر و فەلسەفە بەرهەم دەهاتن، کورد چیتری لێ بەجێنەماوە جگە لە مەم و زین، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بمانەوێت یان نا، کەلەپوورێکی رۆشنبیرییمان هەیە کە زیاتر شیعر بەسەریدا زاڵە، ئەوەش بناغەکانی رۆشنبیریی ئێمەیە.
وەک لەسەرەتاشەوە وتمان شیعر هەموو وەزیفەیەکی لە ئەستۆی خۆی دانابوو، هەر لەسیاسەتەوە تا دەگاتە چاکسازیی کۆمەڵایەتی. شیعر تاکە زمان بوو نەوەکانی پێشووی کورد تێیبگەن و تینووێتیان پێی بشکێت، ئەمەش لەبەرئەوەی شیعر زمانی قۆناغی کشتوکاڵییە و تەنانەت هۆزە زۆر سەرەتایی و دواکەوتووەکانیش دەتوانن شیعری جوان و ئاست بەرز بێژن و بنووسن، بەڵام ناتوانن رۆمان بنووسن، ناتوانن لە فیکر و فەلسەفە تێبگەن، بۆیە ئاساییە بۆ کوردێک کە تا سەرەتای سەدەی بیستەم ئاشنای ژیانی شارنشینی نەبووە، کەلەپوورە رۆشنبیرییەکەی بریتی بێت لە شیعر. ئاساییە شاعیرەکان دەستەی یەکەم و پێشڕەوی رۆشنبیرانی کورد بن.
خەزعەل ئەلماجدی پێیوایە، “هەرچەندە بەنێو قووڵایی زەمەندا رۆبچین، ئەوەندە کاریگەریی رابردوو کەم دەبێتەوە، بەڵام رابردوو وەک دەست، دەستی لێنادرێت، لەسەر هونەرمەند یان داهێنەر پێویستە ئەو مێژووە هەڵکۆڵێت نەک بۆ گەڕان بە دوای حەقیقەتدا، بەڵکو بۆ گەڕان بە دوای بنەڕەتێک بۆئەوەی بتوانێت رەخنە لەو بنەڕەتە بگرێت و دووبارە رەگەزەکانی ئەو بنەڕەتە لە شیعر و هونەر و فیکر بنیاتبنێتەوە”. کەچی رۆشنبیری کورد هێشتا “رەفیق حیلمی” نەخوێندۆتەوە بازیداوە بۆ ئارکۆلۆژیای مەعریفە و سەرقاڵی “میشێل فۆکۆ”یە!. رۆشنبیرێکی کوردمان هەیە هێشتا بە کتێبەکانی “مەسعود محەمەد” ئاشنا نەبووە، دەم لە پۆست مودێرنە دەکوتێ و خوێندنەوە بۆ پەرتووکەکانی “زیگمۆند باومان” دەکات، رۆشنبیرێکمان هەیە هێشتا چوار دێڕی نییە لەسەر “جەزیری” یان “خانی”، سەدان لاپەڕەی لەسەر درێدا یان مارکس رەشکردۆتەوە، تەنانەت من رۆشنبیرم دیوە بەبێ ئەوەی یەک دێڕی “مارکس”ی خوێندبێتەوە، هەموو فەلسەفەی ئەو فەیلەسووفەی زەڕبی سفر کردووە و وەک ئەوەی دیزاینەری جلوبەرگ بێت، دەڵێت مارکس و تێزەکانی باویان نەماوە!!.
رۆشنبیری ئێمە رۆشنبیرێکی کڵۆڵە، بناغەی کارە رۆشنبیرییەکانی لەسەر لم و لە هەوای شێداری وەهمدا هەڵچنیوە، رۆشنبیری کورد، بوونەوەرێکە نەک توانای تێپەڕاندنی رابردووی نییە چوونکە لێی تێنەگەیشتووە، تەنانەت توانای دووبارەکردنەوەی ئەو رابردووەشی نییە، زۆرێک لەوانەی دەم لەفەلسەفەی هاوچەرخ وەردەدەن نەک “مەسعود محەمەد”یان تێنەپەڕاندووە دەبێت بەوە قنیات بکەین ئەگەر بتوانن بگەنە ئاستی ئەو لەتوێژینەوە و شرۆڤەی فیکر و فەلسەفەدا، ژمارەیەک شاعیر بوون بەنوێنەری شیعری کوردیی نەک هەر ناتوانن چەند هەنگاوێکیش پێش “گۆران” بکەون، بەڵکو دەبێت بەوە رازی ببین ئەگەر بتوانن ئەوەیان لەدەست بێت “گۆران” لە کاتی خۆیدا لە بۆتەی ئەدەب و نوێکردنەوەی شیعری کوردییدا ئەنجامی دا.

کەوابوو ئاساییە ئەگەر بڵێین رۆشنبیری کورد نەک لەسەر خەرمانی کەلەپووری رۆشنبیریی کوردیی و بە توێژینەوە لەخاڵە بەهێز و لاوازەکانی ئەو رۆشنبیرییە، ناتوانێت تەکانێک بۆپێشەوە بدات، بەپێچەوانەوە بەهۆی نەخوێندەواریی و کڵۆڵیی مەعریفییەوە خەریکە ئەوەشی هەیە نابووتی دەکات و بۆ هەمیشە لەناوی دەدات. رۆشنبیری تازەی کورد هیچ ئیزافەیەکی پێ نییە، بۆیە هێشتا ئێمە تینووێتی خۆمان لە شیعری نالی و مەحوی و مەولەوی، لەکتێبەکانی مەسعود محەمەد و لە رۆمانەکانی ئیبراهیم ئەحمەد و حسێن عارف ..هتد، دەشکێنین، ئەمە لەیەکێک لە ماناکانیدا دەستکورتیی مەعریفیی ئەو ئیلێتییە لووت لەئاسمان و شڵەژاوەیە لە ئەدەبیاتی خۆماندا بە رۆشنبیری کورد ناوزەدمان کردوون.
ئەدۆنیس، دەربارەی گرفتەکانی رۆشنبیریی عەرەبی دەدەوێت و پێیوایە: رۆشنبیریی عەرەبیی لەئەمڕۆدا بوونی نییە!. دەتوانین رۆشنبیریی عەرەبیی لەدوو شتدا کورت بکەینەوە: یەکەمیان رۆشنبیریی تەقلیدگەرا و کتێبە کۆنە ئاینییەکان، ئەویش لە رواڵەتدا نەوەک لە ناواخن و ناوەڕۆکدا. دووەم: رۆشنبیریی وەرگێڕدراو. بەدەر لەم دوو حاڵەتە شتێک نییە بەناوی رۆشنبیریی عەرەبییەوە. ئەم حاڵە لەرۆشنبیریی کوردییدا گەلێک خراپترە، چوون کەلەپووری نووسین و فەرهەنگی کورد بە بەراوورد بە کەلەپووری نووسینی عەرەبیی گەلێک هەژارە، تەنانەت ئاینی راستەقینەی کورد “زەردەشتییەت” چی لێنەماوەتەوە جگە لەچەند پەڕەیەکی پەرش و بڵاوی کتێبی “ئاوێستا”، ئەو زانا و عارفە موسڵمانە کوردانەشی بەدرێژایی مێژوو هەڵکوتوون، هەمیشە بە زمانی عەرەبیی نووسیوویانە، ئەمە لەلایەک و لەبارێکی تریشدا کولتووری وەرگێڕان لەنێو کورددا زۆر سست و لاوازە و لەریزی نەبووان حیسابی بۆ دەکرێت. وا بیر دەکەمەوە، خراپمان نەوتووە ئەگەر بڵێین شتێک نییە بەناوی رۆشنبیریی کوردییەوە بەپێچەوانەوە ئەوەی هەیە ئیقتباس و دووبارەکردنەوەیە، بەم هۆیەوە رۆشنبیریی کوردیی کەمترین کاریگەریی هەیە لەسەر رێڕەوی ژیانی خەڵک و ئاڕاستەکردنی بیر و بۆچوونیان بەفۆرمێکی نوێ و هاوچەرخانە.

تاراوگەی رۆشنبیری کورد

هاوڕێیەکی دێرینم، یەکێکە لەمارکسیستە خوێندەوار و چالاکەکان و لەسەرەتای حەفتاکانی سەدەی رابردووەوە وەک مارکسیستێک کاریکردووە، بەڵام لەدەیەی هەشتاکاندا بەهۆی بارودۆخی سیاسیی ئەوکاتی وڵاتەوە ئاوارە و دەربەدەری مەنفا بوو، لە ئەڵمانیا گیرسایەوە. بۆ منی باسکرد ئەو لەکوردستان زۆرترین بەرهەمەکانی مارکس و ئەنگلس و لینین و بیرمەندانی تری سۆسیالیستی خوێندبۆوە، وەختێک چۆتە ئەڵمانیا و بەزمانی ژێرمانی و لە کەش و فەزای سەرمایەداریی خۆرئاوادا، بەرهەمەکانی کارڵ مارکس و هزرمەندە مارکسیستەکانی دیسان خوێندۆتەوە، سەر لەبەر دید و بۆچوونەکانی ئاوەژوو بۆتەوە، بەو مانایە نا، دژی دیدی سۆسیالیستی خۆی وەستاوەتەوە بەڵکو بەو واتایەی هەستیکردووە ئەوەی ئەو لەمارکسیزم تێگەیشتووە لەکوردستاندا هیچ شتێکی لە مارکسیزم نەچووە، تەنانەت وەکوو کەسێک کە هیچ بەرهەمێکی سۆسیالیستی نەخوێندبێتەوە لە سەرەتاوە دەستی کردبووەوە بەخوێندنەوەیان.
مەبەستم لەگێڕانەوەی ئەو حکایەتە هەروا بەکورتی بۆ روونکردنەوەی ئەو حاڵەتەیە رۆشنبیری ئێمە دەرگیریی بووە، ئەویش هەم نەزانینی زمانی بێگانە، هەم بێبەشبوونە لەژیان لەسایەی ئەزموونی دەوڵەمەندی فەرهەنگ و رۆشنبیریی خۆرئاواییدا. ئەگەر سەدەیەک بەر لەئێستا سەدان رۆشنبیر و منەوەری کورد بچوونایەتە ئەوروپا و لەوێ سەرقاڵی توێژینەوە و مەعریفە و فیکر بوونایە بێشک ئێستا ئەوە حاڵی رۆشنبیریی کوردیی نەدەبوو، کە بە بۆچوونی زۆربەمان رۆشنبیرییەکی بەرتەسک و هەژارە. دووریی جوگرافیی و نەبوونی کیانێکی کوردیی لە فۆرمی دەوڵەتێکدا، وایکرد زۆر درەنگتر لە تورک و عەرەبەکان رۆشنبیرانی ئێمە بەر کولتووری رۆشنبیریی رۆژئاوایی بکەون، کە ئەو کولتوورە خەنی و بەهێزە بناغەی ژیاری پێشکەوتووی ئێستاکەی دنیایە.

ئەگەر نموونەی حاجی قادری کۆیی بهێنینەوە، یارمەتییەکی زۆرمان دەدات بۆ روونکردنەوەی ئەو دۆخە. حاجی یەکێکە لەو شاعیرە دەگمەن و سەرەتاییانەی راستەوخۆ و بێ سڵەمینەوە باسی ژیاری خۆرئاوا و ئاستی پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی و سیاسیی و فەرهەنگیی ئەو شارستانییەی کردووە، بەڵام حاجی قادر ئەزموونێکی بەرجەستەی لەگەڵ ئەو ژیارەدا نەبووە، هیچ کات سەفەری پاریس یان لەندەن یاخۆ هەر پایتەختێکی تری وڵاتانی ئەوروپای نەکردووە، لە نزیکەوە ئاشنای قوتابخانە فیکریی و فەلسەفییەکانی ئەو ژیارە نەبووە، ئەو لە رێگەی خوێندنەوە و بیستنەوە سەرسام بووە بە خۆرئاوا، بێگوومان ئەگەر حاجی قادر، دەرفەتی هەبووایە و بچووبایەتە ئەوروپا بێگوومان سەرلەبەری سەرسامبوونی بۆ ئەوروپا دەگۆڕا و رەنگە پرۆسەکە لەسەرسامبوون و چەند کۆپلە شیعرێکەوە وەرچەرخایە بۆ پڕۆژەیەکی فیکریی و رۆشنبیریی گرنگ. وەک چۆن “مەولانا خالیدی نەقشبەندی” لە هیندستانەوە دێتەوە بەپڕۆژەیەکی ئاینیی- نەتەوەییەوە یاخۆ چۆن “حاجی تۆفیقی پیرەمێرد” بە پڕۆژەیەکی رۆژنامەنووسیی و نەتەوەییەوە لەئەستەمبۆڵەوە بۆ سلێمانی دەگەڕێتەوە، دەکرا ئەگەر سەفەری شاعیر و منەوەرانی کورد بە تایبەت لەو سەدەیەدا بگەیشتبایەتە ئەوروپا سیمای رۆشنبیریی کوردیی ئەوسا و ئێستاش لە ریشەوە بگۆڕابایە و هەنووکە لەقۆناغێکی پێشکەوتووتری رۆشنبیرییدا بووینایە.

“مامۆستا جەعفەر” لەکتێبی “مێژووی بیری کوردی” لاپەڕە “433”، دەربارەی سەرسامیی حاجی قادری کۆیی بە ژیاری خۆرئاوا دەنووسێت، (شاعیر خۆی شار بەشاری ئۆرۆپای رۆژاوا نەگەڕاوە و لەهیچ لایەنێکیش، لە لایەنەکانی کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی و فەرهەنگی و پیشەسازی قووڵ نەبۆتەوە. ئەو لەدوا شاری نیمچە رۆژهەڵاتی– نیمچە رۆژئاوای خوارووی رۆژهەڵاتی ئەوروپادا، یان بەشی ئاسیایی ئەستەمبۆڵ ژیاوە. ئەو ئیعجاب و سەرسوڕمان و رامانە بەهۆی بیستنی وخوێندنەوەی دەنگوباس و راپۆرتەوە بووە، یان بینینی هەندێ داهێنانی ئەوروپی ..هتد، بێگومان شاعیر، فەڕەنسی، یان ئینگلیزی بزانیبایە و لەشارێکی فەڕەنسا یان بەریتانیای گەورە بژیابایە “نموونە: رفاعە رافع الگهگاوی –تخلیێ الابریز فی تاخیێ باریز-“، ئەو دەمە حاجی بە شێوەیەکیتر باسی ئۆرۆپای دەکرد و سەرسوڕمانەکەی بەشێویەکیتر دەبوو).
ئەگەر حاجی تاراددەیەکی زۆر سەرسام بووبێت بە شارستانێتی ئەوروپا، ئەوە لەولاوە دەیان شاعیری تری کلاسیک و کۆنمان هەیە، زۆرتر لەژێر کاریگەریی ئاینی ئیسلام و بە دیاریکراویی تەسەوف دابوون، بۆیە بە بەراوورد بە عەرەب و تورک و فارسەکان، کورد زۆر درەنگ ئاشنای ئەوروپا بوو، درەنگتریش رۆشنبیرەکانی گەیشتنە ئەوروپا تاکوو سەرسامییان بگۆڕن بە پڕۆژە. عەرەبەکان لەسەردەمی هەستانەوە “رێنیسانس”دا، ژمارەیەکی باشی رۆشنبیرەکانیان گەیشتنە ئەوروپا و توانیان سوود لەئەزموونی ئەوێ وەربگرن، فارسەکانیش هەروا. تورکیش، ئەگەرچی عوسمانییەکان نەیاری سەرسەختی ئەوروپاییەکان بوون کەچی ناچاربوون سوود لە کولتوور و رۆشنبیرییان وەربگرن، بەڵام لەگەڵ هاتنە سەر کاری ئەتاتورک و ئیتحاد ئەلتەرەقی بۆ سەر کورسی دەسەڵات لە تورکیای نوێدا، پرۆسەی پرۆ رۆژئاوایی زیاتر بەهێز بوو، تەنانەت بووە کردەیەک لە خوێندنگە و زانکۆکانەوە دەستیپێکرد تاکوو دەگاتە ئاستی راگەیاندن و دەسەڵاتیش. لەم بارودۆخەدا کورد بەهۆی زوڵم و زۆریی داگیرکەرانەوە ببووە نەتەوەیەکی پاشکەوتوو، بێبەش بوو لە پریشکی فەرهەنگی رۆژئاوایی، بۆیە رۆشنبیرییەکەی سەد دەر سەد رۆشنبیرییەکی خێڵەکیی بوو، یان لە باشترین حاڵەتدا لەچێوەی کولتووری کۆمەڵگەی کوردییدا خۆی لە قاڵبدابوو .
هزرمەندی ناسراوی عەرەب “هاشم ساڵح” لەیەکێک لە وتارەکانیدا دەربارەی ئەزموونی خۆی لەئەوروپا، نووسیبووی “زۆر بەراشکاویی و بێ هیچ فێڵکردنێک دەڵێم: ئەگەر بەر لە چارەگە سەدەیەک پێش ئێستا ئەو هەلەم بۆ هەڵنەکەوتبایە و سەردانی ئەوروپام نەکردبایە، ئەوا دەژیام و دواتریش دەمردم بەبێ ئەوەی لە هیچ شتێک گەیشتبم” پاشان “ئەگەر نەهاتمایەتە ئەوروپا نەمدەزانی رێگایەکی دی جگە لەو رێگا کۆنە بەجێماوە سەدان ساڵەیە، هەیە بۆ تێگەیشتن لەئاین”. لەدۆخی کوردییدا بەشێک لەرۆشنبیرانی کورد دان دەنێن بەوەدا ئەزموونی ئەوروپا بۆ ئەوان بایەخێکی گرنگی هەبووە و ئەگەر لەیەکێک لەچرکەساتە مێژووییەکاندا نەچوونایەتە ئەوروپا ئەوە هەر وەک رۆشنبیرێکی تەقلیدیی دەمانەوە.
فەرهاد پیرباڵ یەکێکە لەو رۆشنبیرانە و لەیەکێک لەدیمانەکانی خۆیدا کە لە ساڵی 2004 لەگەڵیدا سازدراوە، باسی ئەزموونی خۆی لەپاریس دەکات و لەوەڵامی پرسیارێکدا دەڵێت “پێش ئەوەی بچمە پاریس لێرە لە رێگەی زمانەکانی عەرەبی و فارسی، بەرهەمی سوریالیم خوێندبۆوە، بەڵام هیچ کاریگەرییەکی ئەوتۆیان بەسەر منەوە جێنەهێشت و لە ناوەڕۆکەکەی تێنەگەیشتم، بەڵام دوای چوونە پاریس، پێموایە لە ناوەڕۆکەکەی تێگەیشتم و وەک گوتم سوودێکی زۆرم لێبینی هەر لەوێش کەشفی کوردبوونی خۆم کرد، زانیم کورد و کوردبوون چییە، تۆ شوێنێکی تر دەبینی و دەخوێنییەوە، ئنجا دەزانی تۆ لە کوێی مەسەلەکانی و تۆ چیت و پێویستیت بەچییە؟”. خولاسە پیرباڵ زۆر لەوە زیاتر پێداگیریی دەکات و تەنانەت بوونی خۆی وەک کوردێک لە کوچە و کۆڵانەکانی پاریس و لەشەقامی شانزێ ئەلیزێ و قاوەخانەی مۆنتی کارلۆ دەدۆزێتەوە، ئەمە هەمان ئەزموونی پیرەمێردی شاعیرە کە پڕۆژە ناسیۆنالیستیێکی خۆی لەکوچە و کۆڵانەکانی ئەستەمبۆڵدا گەڵاڵە دەکات و دەیهێنێتەوە بۆ کوردستان، ئەوە لەهەمان ئەزموونی مەولانا خالید دەچێت لەمەنفا پڕۆژەیەکی ئاینی و نەتەوەیی دەدۆزێتەوە و دەیهێنێتەوە بۆ وڵات. بۆیەکا بۆ تێگەیشتن لەخودی خۆت ئەوجا لەجوغز و بنج و بنەوانی رۆشنبیریی و فەرهەنگی چەندین سەدەی خۆرئاوایی، پێش هەر کارێک پێویستە لانیکەم چەند ساڵێک لە وڵاتانی رۆژئاوای ئەو کیشوەرە بژیت و توانات هەبێت بەسەر یەکێک لە زمانە گرنگەکانی ئەوروپادا.
ئێرە شوێنی ئەوەیە بپرسین: ئایا رۆشنبیرانی کورد “ئەوانەی لە ئەوروپان” چەند کەڵکیان لە مانەوەیان لەو کیشوەرە و لەژیاری خۆرئاوا وەرگرتووە؟ ئایا جگە لە چەند تاکێک رەوەندێکی زۆری کورد لەرۆژئاوا توانیووێتی پەرە بەرۆشنبیریی خۆی بدات بەسوود وەرگرتن لەئەزموونی ئەوێ؟، ئایا مانەوەی چەندان ساڵەی سەدان قەڵەم بە دەستی کورد لەوڵاتانی خۆرئاوایی، هیچ پڕۆژەیەکی رۆشنبیریی نوێ و تازەگەری بەدوای خۆیدا هێناوە؟. لە راستیدا شیاوترین وەڵام بەو پرسیارانە، تەنێ نەخێرە. رۆشنبیری کورد ئەگەرچی بەجەستە لەستۆکهۆڵم یان لە پاریس یاخۆ لەندەنە، کەچی وەک رۆح و وەک دنیابینی لە کوێرە گوندێکی تەریکی کوردستانە، رۆشنبیری کورد ئەگەرچی گەیشتۆتە ناو زانکۆ بەناوبانگەکانی جیهان، بەڵام وەک تێگەیشتن و بیرکردنەوە هێشتا ناتوانێت چێوە و بۆتەی خێڵەکیی تێپەڕێنێت و ببێتە خاوەنی دنیابینییەکی شارستانی و نوێ کە بەهەموو کلۆجێک پێچەوانەی ئەو نەریتە خێڵەکییە بێت هەژموونی بەسەر عەقڵی تاک و کۆی کۆمەڵی کوردەوارییدا کردووە.
رۆشنبیری کورد ئەگەرچی لە رشتەکانی فەلسەفە و سۆسیۆلۆجیا و زانستە مرۆییەکانی تردا دەخوێنێت، کەچی هێشتا بەهەمان زمان دەپەیڤێت کە زمانی کۆمەڵێکی رەوەند و کشتوکاڵییە. ئەمەش دەرخەری واقیعێکی تاڵە، ئەویش ئەوەیە رۆشنبیری کورد وەک هەزاران کرێکاری بیانیی رووی لەخۆرئاوا کردووە “لێرەدا مەبەست بێ نرخکردن و سووکایەتی نییە بە چینی کرێکار” تەنانەت کەمترین توانای تێکەڵبوون و کارلێککردنی هەیە لەگەڵ کولتووری وڵاتانی ئەوروپی یان خۆرئاواییدا. لە کورتترین دەربڕیندا، رۆشنبیری کورد بەهەمان دنیابینی و عەقڵییەتەی گوند و شارەکانی کوردستانەوە لە ئەوروپا دەژی، کە نە توانای پڕۆژەی رۆشنبیریی نوێی هەیە بە پشبەستن بە ئاستی پێشکەوتنی ئەوێ، نە دەتوانێ وەک تاک خۆی تەیار بکات بە زانست و فەرهەنگی مودێرنی خۆرئاوایی.

وتەی کۆتایی

ئەو ئیسلامییە توندڕۆیەی بەچەقۆ هێرشی کردە سەر “نەجیب مەحفوز”، بە هۆکاری نووسینی رۆمانی “اولاد حارتنا”، کاتێک لە دادگا پرسیاری لێکرا، ئایا رۆمانەکەت خوێندۆتەوە؟. زۆر بێباکانە لەوەڵامدا وتی: نەخێر، بەڵام ئەمیرەکەم خوێندویەتییەوە و ئەو باشتر دەزانێت چییە!!. بەشێک لەرۆشنبیرانی ئێمە بەهەمان شێوەی ئەو ئیسلامییە توندڕۆیە بیر دەکەنەوە و رەفتار دەکەن، مارکس رەتدەکەنەوە و نەیانخوێندۆتەوە، نیتشە دەکەن بە پێغەمبەری نازییەکان و مەحکوومی دەکەن کەچی نەیانخوێندۆتەوە، جنێو بە لینین دەدەن و یەک کتێبی ئەویان بە بینین هەر نەبینیوە جا نەخاسمە خوێندبێتییانەوە. رۆشنبیریی کوردیی بەهۆی ئەو تەرزە رۆشنبیرەوە لە ئەو ئیسلامییە توندڕۆیەی بەچەقۆ هێرشی کردە سەر “نەجیب مەحفوز”، بە هۆکاری نووسینی رۆمانی “اولاد حارتنا”، کاتێک لە دادگا پرسیاری لێکرا، ئایا رۆمانەکەت خوێندۆتەوە؟. زۆر بێباکانە لەوەڵامدا وتی: نەخێر، بەڵام ئەمیرەکەم خوێندویەتییەوە و ئەو باشتر دەزانێت چییە!!. بەشێک لەرۆشنبیرانی ئێمە بەهەمان شێوەی ئەو ئیسلامییە توندڕۆیە بیر دەکەنەوە و رەفتار دەکەن، مارکس رەتدەکەنەوە و نەیانخوێندۆتەوە، نیتشە دەکەن بە پێغەمبەری نازییەکان و مەحکوومی دەکەن کەچی نەیانخوێندۆتەوە، جنێو بە لینین دەدەن و یەک کتێبی ئەویان بە بینین هەر نەبینیوە جا نەخاسمە خوێندبێتییانەوە. رۆشنبیریی کوردیی بەهۆی ئەو تەرزە رۆشنبیرەوە لە سەرگەردانی و بێناسنامەییەکی گەورەدا ژیان دەباتە سەر.
رۆشنبیرێکمان هەیە بێ هیچ توێژینەوە و ئاناتۆمییەک بیرێکی سیاسیی یان فەلسەفیی پیرۆز دەکات و یەکێکی دیکە دەداتە بەر نەفرەت. تۆ سەیر بکە بێویژدانترین رۆشنبیری دونیا بەرامبەر بە”مارکس”، رۆشنبیری کوردە، چوونکە هەم وێنای “مارکس”ی هاوجووت کردووە لەگەڵ وێنای ئوسامەی کوڕی لادن و خوێنڕێژێکی وەک جۆزیف ستالین، هەم هەر باسی مارکس هاتە پێشەوە یەکسەر رەتیدەکاتەوە و بەپێغەمبەری مرۆڤکوژیی وەسپی دەکات، بەبێ ئەوەی بیری بکەوێتەوە، هەر ئەو فەیلەسووفە بوو، وتی “مرۆڤ گەورەترین سەرمایەیە”، بەبێ ئەوەی بیری بکەوێتەوە ئامانجی هەرە سەرەکیی مارکس تەنیا و تەنیا مرۆڤی رووت و گێڕانەوەی مرۆڤ بۆ دۆخی سروشتیی خۆی بوو، بەڵام ئەو هیچ نابینێ و کتێبی “کۆتایی مێژوو”ی کردووە بەتەلقینی بیری ئەو فەیلەسووفە مەزنەی کە هەمیشە وەک “تابۆیەک بەئاسمانی” جیهانەوە ئامادەیی هەیە. خولاسە ئەوەی پەیوەندیی بە ناوەڕۆکی ئەم باسەوە هەبێت ئەوەیە رۆشنبیری کورد بوونەوەرێکی بیرکەرەوە نییە، بوونەوەرێکی خەلاق و داهێنەر نییە، بوونەوەرێکی ناوازە و خاوەن دنیابینییەکی جودا نییە لە دنیابینی گشتیی. بەم هۆیەوە رۆشنبیری کورد هەم رۆشنبیرێکی ئەخلاقگەرایە و هەم ئامانجگەرا، بەپێچەوانەوەی ئەو وتەزایەی “سارتەر”ەوە کە ئێمە لەسەرەتای نووسینەکەوە بەتایتڵی گەورە هێمامان بۆ کردووە.

*ئەم نووسینە چاپتەری یەکەمە لە کتێبی “گووتاری پۆپۆلیستی و خەونی بچووکی رۆشنبیرانی کورد” کە لە ساڵی 2018 لە کوردستان چاپ و بڵاوکراوەتەوە.




کورتەیەک لە مێژوی سەرهەڵدانی یەکی ئایار !… مستەفا باهر

یەکی ئایار ڕۆژی جیهانی چینی کرێکاران، رۆژی بیرهێنه‌ره‌وه‌ی مێژوی خه‌باتی چینی کرێکاره‌ له‌سه‌رتاسه‌ری جیهاندا، لە په‌یوەند به‌ خه‌باتی کرێکارانەوه‌ بۆ کەم کردنەوەی کاتی کارکردن لە ڕۆژێکدا بۆ‌ هه‌شت کاتژمێر‌.
هەمو ساڵێک لە یەکی ئایاردا لەبەشێکی زۆری جیهاندا کرێکاران بەو بۆنەیەوە مارشی یەکی ئایار بەڕێدەخەن و جەژندەگێڕن . ئەو ڕۆژە لە بەشێکی زۆری ئەو وڵاتانەدا بوە بە پشوی رەسمی. بەڵام لە بەشێکی تری ولاتەکان وەک ئەمەریاکاو کەندا و ئوسترالیا لەکاتێکی ترد دەکرێتە پشو کە لەمانگی ئەیلولدایە ڕۆژی یەکی ئایار بە رەسمی ناناسن. چەند وڵاتیش هەیە کە تاوەکو ئێستا ڕێگا نادرێت بە کرێکاران هیچ جۆرە چلاکیەک بکەن و ئەوڕۆژەش بە ڕەسمی ناناسن وەک،(سعودیەی عەرەبی،عومان و ئەفغانستان.). بزانین سەرتای سەرهەڵدانی ئەم رۆژە لە کوێوە سەرچاوەی گرتوە.
سەرەتای ئەم بیرۆکەیە لە لایەن کریکارنی ئوسترالیاوە دەستی پێکرد . لە رۆژی ٢١ نیسانی سالی ١٨٥٦ کریکارانی ئوسترالیا بڕیاری ڕاگرتنی یەک رۆژ کارکردنیان دا و ، لە کۆبونەوەیەکی فراواندا بڕیاریان دا کە خەبات بکەن بۆ کەم کردنەوەی کاتی کارکردن ، کە دەبیت کاتی کارکردن لە رۆژێکدا لە ٨ کاتژمێر زیاتر نەبێت.کە لەوکاتەدا کرێکارن لە ١٢ بۆ ١٤ کاتژمێر کاریان دەکرد.
بڕیاری ئەم کریکارنە هەر بە ووڵاتەوە نەوەستا ،بەرەو ئەمریکا ڕۆشت ،لەوێش لە سالی ١٨٦١ تێکۆشان بۆ کەم کردنەوەی کاتژمێرەکانی کارکردن دەستی پێکرد. له‌ ساڵی ١٨٧٧ کرێکارانی هێلی ئاسن مانیان گرت و داوای کەم کردنەوەی سەعات کاریان دەکرد، بەڵام له‌لایه‌ن پۆلیس‌ و سوپای ئه‌مریکاوه‌‌ به‌ شێوه‌یه‌کی توند‌وتیژ هێرشیان کرایه‌ سه‌رو سەرکوتیان کردن.
له‌ ساڵی ١٨٨٤دا فیدراسیۆنی سه‌ندیکا‌و یه‌کێتیه‌ کرێکاریه‌ ڕیکخراوه‌کان له‌ ویلایەتە یه‌گرتووه‌کانی ئەمریکاو‌‌ و که‌نه‌دا که‌ له‌ساڵی ١٨٨١ ەوە پێکهات بوو،‌‌ بڕیارێکی ده‌رکرد که‌ له‌ به‌شێکیدا‌ ده‌ڵێت:” له‌ یه‌کی ئایاری ١٨٨٦ به‌دوواوه‌ ده‌بێ کرێکاران لە ڕۆژێکدا تەنها هه‌شت سه‌عات کاربکەن، بانگه‌وازی هه‌موو ڕێکخراوه‌ کرێکاریه‌کان دەکەین که‌ یاساکان به‌ جۆرێک ئاراسته‌ بکه‌ن له‌گه‌ڵ ئه‌م بڕیاره‌دا بێته‌وه‌”.
ساڵێک دوای ئه‌وه‌ هه‌مان فیدراسیۆن به‌یانێکی تری بڵاوکرده‌وه‌‌ و تیایدا دووپاتی دەکردەوە که‌ سیسته‌می هه‌شت سه‌عات کار ده‌بێ له ١ی ئایاری ١٨٨٦ەوە کاری پێبکرێت، لە ئەمەریکاش کرێکاران رۆژانە ١٠ بۆ ١٢ و ته‌نانه‌ت ١٤ کاتژمێر کایان دەکرد.
له‌ چه‌ند مانگ به‌ر له‌ ڕۆژی دیاریکراوەوە واتە ١ی ئایاری ١٨٨٦بە سەدان هه‌زاران کرێکار، ڕێکخراو و ناڕێکخراو هاتنه‌ مه‌یدانی خه‌باته‌وه‌، شاری شیکاگۆ له‌ ویلایه‌تی ئیلینۆی ناوه‌ندی خه‌بات‌ و ڕوبه‌ڕوبوونه‌وه‌ بوو له‌ پێناوی کەم کردنەوەی سەعاتی کارکردن، یه‌کێتی ناوه‌ندیی کار له‌ شیکاگۆ ڕابه‌رایه‌تی ئه‌م جووڵانه‌وه‌یه‌ی ده‌کرد که‌ پێکهاتبوو له‌ 22 یه‌کێتی‌ و ریکخراوی کرێکاری.لە یەکی ئایاردا بە ١٠٠ سەدان هەزار کرێکار راژانە سەرشەقامەکان و بە دروشمی ٨ کاتژمێر بۆ کارکردن ٨ کاتژمێر بۆ پشوو ،هەشت کاتژمێریش بۆ خەو،. دروشمێکی تریش هەشت کاتژمێر کارکردن بەبێ بڕینی هەقدەست لەوکاتەدا کریکاران رۆژانە بە ٣ دۆلار کاریان دەکرد، ڕژانە سەر شەقامەکان.
له‌ رۆژی ٣ ئایاری ١٨٨٦ که‌ هێشتا له‌ هه‌ندیک شوێن مانگرتن به‌رده‌وام بوو بۆ به‌دیهێنانی خواستی هه‌شت سه‌عات کار، له‌ کۆمپانیایه‌ک به‌ ناوی ماکۆرمیک پۆلیس ته‌قه‌ی له‌ مانگرتنی کرێکاران کرد و‌ ژمارەیەک کوژاراو برینداری لێکەوتەوە. بۆ ڕۆژی دوایی به‌ مه‌به‌ستی ناڕه‌زایی ده‌ربڕین به‌رانبه‌ر بەو په‌لاماره‌ دڕندانه‌یهی پۆلیس. بانگه‌وازی گردبونەوەی کرێکاریی له‌ مه‌یدانی هه‌یمارکێت ‌له‌ شاری شیکاگۆ ده‌کرێت.
گردبونەوەکە به‌ شێوه‌یه‌کی ئارام بەڕێوەدەچێت، کاتێک دوا قسه‌که‌ر له‌سه‌ر مینبه‌ر ده‌بێت کۆبوونه‌وه‌که‌ به‌ هۆی باران بارینی زۆرەوە. ژمارەی بەشداربوان زۆر که‌م ده‌بێته‌وه‌‌و ته‌نها ٢٠٠ که‌س له‌ مه‌یدانه‌که‌دا ده‌مێنن‌، له‌و کاته‌دا هێزێکی پۆلیس که‌ بریتی ده‌بێت‌ له‌ ١٨٠ پۆلیس ده‌ڕژێنه‌ مه‌یدانه‌که‌‌ و فه‌رمان ده‌ده‌ن‌ که‌ بڵاوه‌ بە گردبونەوەکە بکرێت‌، له‌ کۆتاییدا بۆمبێک له‌لایه‌ن نه‌ناسراوێکه‌وه‌ کە تا ئێستاش ناسنامەی ئاشکرا نەکراوە فڕێ ده‌درێته‌‌ ناو پۆلیسه‌کانه‌وه‌‌ و پۆلیسێک ده‌کوژرێت‌ و شه‌ش پۆلیسی تر بریندارده‌بن‌.
له‌ پاش ئه‌وه‌ پۆلیس ته‌قه له‌ کرێکاران ده‌که‌ن ‌‌‌و ژماره‌یه‌کیان لێ ده‌کوژن‌ و بریندار ده‌که‌ن تا ئێستاش به‌ شێوه‌یه‌کی دیاریکراو ڕانه‌گه‌ینراوه‌ که‌ چه‌ند سیڤیل به‌ ده‌ستی پۆلیس کوژراون‌، پاشان پۆلیس په‌لاماری ماڵی کرێکاران‌ و ئۆفیسی یه‌کێتیه‌ کرێکاریه‌کانی ده‌ده‌ن‌‌ و سه‌دان کرێکار ده‌ستگیر ده‌که‌ن‌.
سه‌ره‌نجام به‌بێ هیچ به‌ڵگه‌یه‌کی سه‌لمێندراو له‌ دادگایه‌کی بێسه‌ره‌وبه‌ردا، حه‌وت که‌س له‌ ڕابه‌رانی کرێکاریی به‌ تۆمه‌تی پیلانگێڕان بۆ کوشتنی پۆلیس به‌ سێدارە و که‌سێکیان به‌ ناوی ئۆسکار نیب به ١٥ ساڵ زیندان سزا دەدرێن، له ١١ی نۆڤه‌مبه‌ری ١٨٨٧دا چوار له‌و ڕابه‌رانه‌ به‌ ناوی )ئه‌لبێرت پارسۆنس، ئه‌دۆلف فیشه‌ر، ئۆگۆست سپایس‌ و جۆرج ئینجل) لەسێدارە دەدرێن و لویس لینگ له‌ زینداندا خۆی ده‌کوژێت‌.یەکێک لە سیدارە دراوەکان بەناوی (ئەو گەست سبایس) سەرنوسەری رۆژنامەیەکی کرێکاری بوو دەڵێت
( ئەوکاتە دێت کە بێدەنگیمان لە گۆڕەکانماندا بەهێزتردەبێت لە وتارەکانمان).هەروەها نامەیەک بۆ هاژینەکەی و منداڵە بچوکەکەی بەناوی جیم دەنوسێت کە پاشان هاوژینەکەی لە کۆبونەیەکی جەماوەریدا دەیخوێنیتە کە تیادا دەڵێت.( کوڕە بچوکەکەم کاتێک کە گەورە دەبیت و دەبیت بە لاو کە هیواکانی من جێبەجێ دەکەیت ،ئەوکاتە دەزانیت من بۆچی کوژراوم،هیچ شتێکم نیە پێت بڵێم تەنها ئەوەندە دەڵێم کە من بێتاوانم.لەپێناو ئامانجێکی پیرۆزدا دەمرم بۆیە ناترسم،کاتێک کە گەورەدەبیت شانازیم پێوەدەکەیت و چیرۆکی من بۆ هاوڕێکانت دەگێڕیتەوە.
دوای لێکۆلینەوەیەکی زۆر ورد کە چەند ساڵی خایاند گومان لەوە دەکرێت کە پۆلیسەکان خۆیان بۆمبەکەیان هاویشبیت .ئەم کرێکارانە هەمویان بێتاوان دەرچون. لەساڵی ١٩٩٢ لەسە بڕیاری عومدەی شیگاگۆ ئەوپارکە کرا بە شوێنێکی گرنگی ئەو شارە. لەسالی ٢٠٠٤ مۆنیمینتێک بۆ هەمو قوربانیانی ئەو کارەساتە لەو پارکە دانرا.
ڕەنگدانەوەی ڕوداوەکەی شیگاگۆ لە ئەوروپا !
لە ساڵی ١٨٨٩ له‌ یه‌که‌مین کۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نته‌رناسیۆنالی دووه‌م (دووەم ڕێکخراوی جیهانی کرێکاران) که‌ له‌ پاریس به‌بۆنه‌ی سه‌دساڵه‌ی شۆڕشی فه‌ره‌نساوه به‌سترا، به‌ پیشنیاری رایمۆند لاڤیان، بە بۆنه‌ی ساڵیادی ناڕه‌زاییه‌کانی شیکاگۆوە، بانگه‌وازی خۆپیشاندانی سه‌رتاسه‌ری‌ و جیهانی له‌ یه‌کی ئایاری ساڵی ١٨٩٠دا کرد، خۆپیشاندانەکان‌ به‌ ڕادده‌یه‌ک سه‌رکه‌وتوو بوون که‌ ساڵی دواتر واتە ١٨٩١ یه‌کی ئایار به‌ ڕه‌سمی له‌ لایه‌ن کۆنگره‌ی دووه‌می ئه‌نته‌رناسیۆنالی دووەم‌ وه‌ک چالاکیه‌کی ساڵانه‌ ناسرا. لەم مێژوە بە دواوە لە ئەوروپاش هەمو ساڵێک یادی یەکی ئایار بەرز ڕاگیراوە،زۆر چاریش شەڕوپێکدادان لەبەینی کریکاران و پۆلیسدا دروست دەبوو، کوژراو برینداری زۆری لێدەکەتەوە.لەسالی ١٨٩١ لە رۆژی یەکی ئایاردا تێک هەڵچون لەبەینی پۆلیس و کرێکارانی هەریەک لە فەرنسا، ئیتالیا، هەنگاریا دروست بوو ژمارەیەک کوژارو برینداری لێکەوتەوە.
لە ساڵی ١٩٠٤ لە کۆنفرانسی ئەنتەر ناسیۆناڵی دووهەم لە ئەمیستەردام بانگەوازی هەمو پارتە سۆسیال-دیمکراتیەکانو یەکێتیە کرێکریەکانی کرد لە هەموو وولاتەکان بۆ خۆپیشاندان لە رۆژی یەکی ئایاردا بۆ بەدەست هێنانی خواستی هەشت کاتژمێر کار لە ڕۆژێکدا.لەو مێژوە بەدواوە ساڵانە خۆپیشاندان و مانگرتن لەسەرتا سەری جیهاندا دەکرا. بۆ نمونە

له‌ یه‌کی ئایارسالێ ١٩١٩ له‌ ویلایه‌تی ئۆهایۆ له‌ ئه‌مریکا پۆلیس هێرش دەکاتە سەر خۆپیشاندەران و تیایدا ٤٢ کەس له‌ کرێکاران کوژراون‌و بریندار بوون‌ ته‌نها له‌به‌رئه‌وه‌ی ئاماده‌ نه‌بوون ئاڵا سوره‌کانی ده‌ستیان داگرن‌ (شایانی باسه‌ پاش ئه‌و ڕووداوه‌ ئاڵای سور له‌ ئۆهایۆ به‌ یاسا قه‌ده‌غه‌ کراوه‌)
له‌ ووڵاتی ئه‌لمانیا له‌ یه‌کی ئایاری ساڵی ١٩١٢٩ کریکاران خۆپیشاندانیان سازکرد و پۆلیس هێرشی کردە سەریان و ٣٢ کرێکار کوژراون‌‌ و ژمارەیەکیش بریندار بوون.
لە یەکی ئایاری ساڵی ١٩٧٧ لە تورکیا پۆلیس هێرشی کردە سه‌ر خۆپیشاندانی یه‌کی ئایار له‌ مه‌یدانی ته‌قسیمی ئه‌سته‌مبوڵ ٤٢ کوژراو و ٢٢٠ برینداری لێ که‌وته‌وه‌.

عێراق .

لە ١٥ نیسانی ساڵی ١٩٤٥ کرێکارانی هێلی ئاسن دوای ئەوەی بۆ ماوەیەک لەگەل بەڕیوەبەری کۆمپانیاکە کەوتنە گفتوگۆ بۆ جێبەجێ کردنی داوا کاریەکانیان کەبریتی بوو لە زیادکردنی کرێ،جێبەجێ کردنی بریاری یاسای کاری ژمارە ٧٢ ی ساڵی ١٩٣٧ دوای ئەوەی داواکانیان بۆجێبەجێ نەکرا. کریکاران بۆ ماوەی ٢١ ڕۆژ دەستیان کرد بە مانگرتن.بەرێوەبەرایەتی کۆمپانیاکە بەهاوکاری پۆلیس کەوتنە گرتنی بەشێک لە کرێکاران بەتایبەتی سەرۆکی نەقابەکە .دوای ئەوش کرێکاران هەر بەردەوام بوون تا سوپای بەریتانا بەشداری کردو نەقابەکەی بەتەوایەتی داخست .

لە یەکی ئایاری ساڵی ١٩٤٦ کرێکارانی کۆمپانیای نەوتی کەرکوک لە عیراق داوای زیادکردنی مووچەکاناین کرد.لەگەڵ کۆمەڵیک داوکاری تر.دوای ئەوەی کە ماوەیەکی زۆر چاوەڕوانیان کرد و جوابیان نەدرایەوە ،لە رۆژی ٣ی تەموزی ساڵی ١٩٤٦ کریکارانی شەریکەی نەوت دەستاین بەمانگرتن کرد.لە ٧ی تەموز وەیزری ئابوری (الاقتصاد) عێراق کە بابەعلی شێخ محمود بوو هات سەردانی کردن. چەند گفتو چەند هەڕەشەی لێکردن ،بەڵام کرێکااران هەر سوربون لەسەر مانگرتنی خۆیان. لە رۆژی ١٢ تەموز کرێکاران و خانەوادەکاناین لە پارکی گاورباغی کۆدەبنەوە، پۆلیس هێرش دەکاتە سەریان و ١٢ کەسیان لێدەکوژێت و٣٠ کەسیش بریندار دەبێت.پارێزگای کەرکوک بەرێوەبەری پۆلیسی کەرکوکی تاوان بار کرد ئەویش لەلای خۆیەوە فەرماندەی ئەو مەفرەزەیەی کە ناردبوی بۆ سەرکوت کردنی خۆپیشاندەران ئەفسەرێک بوو بەناوی سەعید عبدالغنی ئەوەی تاوانبار کرد، بەڵام لە دادگادا هەمویان بێتاوان دەرچون. تەنها وەزیری ناوخۆعبدللە قصاب نەبێت کە لە ڕۆژی ١٧ ی ئاب لەسەر ئەو کارەساتە دەستی لە کارکێشایەوە .

لە ٢٣ی نیسانی ساڵی ١٩٤٨ کرێکارانی شەریکەی نەوتی کەی ٣ لە نزیک شارۆچکەی حەدیسە، بۆ باشترکردنی ژیانیان و زیادکردنی کریکەیان و هەقی بەڕەسمیەت ناسینی ڕێکخراوەکەیان دەستیان بەمانگرتن کرد ،لە دوای ١٤ رۆژ مانگرتن دەسەڵاتداران، نانی کریکارەکانیان بڕی کە لە ریستۆرانتی شەریکەکە دەیان خوارد. لەگەڵ بڕینی ئاو کارەبا لە ماڵەکانیان لە هەمو لایەکەوە گەمارۆی ئابوریان خستنە سەریان. کرێکاران لە رۆژی یەکی ئایردا بە ڕێپێوان بەرەو بغدا ڕێکەوتن کە ٢٥٠ کم دورە، هەرچەدنە لەڕیگا بەشیکیان گیرانو گەراندنیانەوە بۆ سەر کارەکانیان و ئەونی تریشیان پێش ئەوەی بەگەنە بغداد بڵاوە پێکردن .ئەم خۆپیشاندانە لەوکاتەدا حزبی شوعی عێراقی سەرپرشتی دەکرد.

. رۆژی یەکی ئایار بوو بە رۆژی خەبات و تێکۆشان بۆچینی کرێکاران، لەو بەروارەوە تا ئێستا ساڵانە لەڕۆژی جیهانی کرێکاراندا ،کرێکاران لەسەرتاسەری جیهان چالاکی ڕێکدەخەن و لە زۆر وڵات هێرش دەکرێتە سەریان و دەرئەنجام قوربانی لێدەکەوێتەوە.ئەم کێشمە کێشە چینایەتە هەر بەردەوام دەبیت تا کریکارو سەرمایەدارمابیت، تا چوسینەرو چەوساوە مابیت ئەم نایەکسانیە دەمێنێت. تەنها هێزێکیش کە دەتوانێت کۆتایی بەم ململانیە چینایەتیە بێنێت شۆرشی کرێکاری وهاتنە مەیدانی چینی کرێکارە بۆ گرتنە دەستی دەسەڵات تەنها حکومەتی کریکاریە کە یەکسانی بەرقەر ردەکات.

بژی یەکی ئایار رۆژی هاوپشتی چینایەتی کرێکاران
مستەفا باهر
هڵسنکی

٢٥/٤/٢٠٢٠




ئاتەئیزم و بزوتنەوەی دژی ئاینی دیمانە لەگەڵ محسین ئیبراهیمی … وەرگێڕانی: کاوە عومەر

بەشی دوهەم

سیامەک بەهاری:ململانێ ودژایەتی ئاین وئاتەئیزم لە ئێران مێژویەکی پڕ لە هەورازو نشێوی هەیە.بەر لەوەی بچینەناو ئێرانی هاوچەرخ وجوڵانەوەی دژی ئاینی فراوان لەناو خەڵکدا باشترە چاوگێڕانێکی کورتی خێرامان هەبێت بەم بابەتەدا.کێشمەکێش لە دژی ئاین لە کاتی بزوتنەوەی مەشروتەدا چۆن بوە؟کەسە دیارەکانی ئەو بابەتە چ کەسانێک بون وە چیان دەوت؟
محسین ئیبراهیمی:لە ئێرانیش وەک هەموو دونیا.مامەڵە لەگەڵ ئاینی ڕێکخراو وە ئاین بەشێوەی گشتی توێژێکی فراوان لەجوڵانەوەی هزری وسیاسی خۆدەگرێت.هەوڵدان بۆ چاکسازی لە ئاین خۆیدا،گونجاندنی ئاین لەگەڵ پێداویستیە نوێیە کۆمەڵایەتی وئابوریەکاندا،جوڵانەوەی سیکۆلاریستی بە مانای جیایی “ئاین لە دەوڵەت” ڕەخنەو گاڵتەکردن بە خورافاتی ئاینی و دورخستنەوەی پیاوانی ئاینی،ئاتەئیسم وەکو بێ باوەڕی بەخودا و باوەڕ نەبون بە خولقێنەرو سەرئەنجام ئەنتی تەئیسم واتە بەرهەڵستی و خەباتی کاریگەر لەگەڵ باوەڕ بەخودابون و سڕینەوەی خودا لە ژیانی فکری ئینسانەکاندا لایەنی جیاوازن لە ڕوبەڕوبونەوە لەگەڵ ئایندا.کە لە نیوەی سەدەی نۆزدەهەم ولەکاتی ڕودانی شۆڕشی مەشروتەدا جوڵانەوەیەکی پەرەسەندوی بەخۆیەوە بینی.
چەند تایبەت مەندیەکی هاوبەش و دیار لەنیوان ناسراوترین کەسایەتیەکانی ئەو سەردەمەدا کەبە “ڕۆشنگەرانی” بەرلە شۆڕشی مەشروتە ناسراون وە بەشێوەیەک لەگەڵ ئایندا ڕوبەڕوبونەوەیان هەیە.
لەگەڵ پێشەوایانی ئاینی و ئاینی ڕێکخراودا کێشەیان هەیەو لەبەرامبەریاندا هەڵوێستی ڕەخنەگرانە وڕیفۆرمیستیان هەیە بەڵام لە هەمان کاتدا لە بەرامبەر مەسەلەی خوداو قورئان وپیغەمبەردا زۆر پارێزکارن.ڕەخنە لەخورافاتی ئاینی دەگرن وگاڵتەی پێدەکەن بەڵام وابیر دەکەنەوە کە خوداو پەیامبەرو ئیمامەکان ئەبێت بپارێزرێن..وابیر دەکەنەوە کە ئەبێت چاکسازی لە ئیسلامدا بکرێت ولەگەڵ بارودۆخی نۆێدا بیگونجێنین چونکە بەو شێوەیەی ئیستای ناتوانێت وەڵام بە پێویستیە ئابوری وکۆمەڵایەتیەکانی ئەم سەردەمە بداتەوە.هەندێک لە ڕوی سیاسیەوە باوەڕیان بە”یەکێتی زانا و بیرمەندەکانە” و وابیر دەکەنەوە کە بڕیارە زاناکان ئیسلام ڕزگارکەن و هۆشمەندەکانیش مەملەکەت؛بڕیارە زانا وەڵامی دەرونی خەڵک بدەنەوەو بیرمەندەکانیش بە پێویستیە ئابوری وکۆمەڵایەتیەکان ولە کۆتاییدا هەردوکیان کۆمەک بکەن بە”گەشەو پێشکەوتن”ی مەملەکەت!بوچونێک کە دواتر لە بزوتنەوەی مەشروتەدا ناچار بوو سازشێکی سیاسی بکات لەگەڵ پیاوانی ئاینیداسازشێک کەلەسەر بنەماکەی یاسای پەیوەندیدار بە گونجاندنیان لەسەر بنەمای شەریعەتی ئیسلامی بە تەئیدکردنی پێنج موجتەهیدە پلەیەکەمەکەی.

ئەدەبیاتی”ڕۆشنگەران” و”نوێخوازانی” ناسراوی ئەو سەردەمەی وەکو عەبدولکەریم تالیبۆف ،میرزا مولکەم خان وتەنانەت ئاغاخان کرمانی کەڕادیکاڵترە لەوانیترە لێوان لێوە لە بەخشین بە ئاین لەکاتی بەربەرەکانێی لەگەڵ زانایانی ئاینی و ڕەخنەو تەنانەت ڕوبەڕوبونەوەی لەگەڵ خورافەتی ئاینیدایەلەم نێوەدا میرزا فەتح عەلی کە مەلازادە یەکی لەیزپەڕێنراو(مستثى)ەکە پێویستە بەشێوەیەکی جیاواز قسەی لەبارەوە بکێت.
عەبدلڕەحیم تالیبۆف یاسای دابەش دەکات بەسەر مادی و مەعنوەیدا.یاسا بە تەواوکەری شەرع دەزانێت.پەیامبەرانیش بەدانەری یاسای پەیوەندیدار بەڕۆح و دەرون وداناو زاناکانی میللەتێکیش وەکو یاسادانەری مادی دەناسێنێت.بەبۆچونی ئەو جگە قسەی خودا گوایە وەک خودا کۆنە وهەموو یاسا ئاینیەکان دەکرێت بەپێی سەردەم بیان بیانگۆڕیت.
میرزا مولکەم خان کەسایەتیەکی دیکەی دیاری نوێ خوازی ئەم سەردەمەیە کە بەوتەی خۆی ئەیەوێت”هزری سیاسەتی ڕۆژئاوا”لەگەڵ”تێگەشنی ئاینی ڕۆژهەڵاتدا”تێکەل بکات.کۆنەپارێزیەکەی لەبەرامبەر بەئایندا لەلایەکەوە لەگەڵ دواکەوتوی خەڵک شرۆڤەدەکات: “هزری پێشکەوتوخوازی مادییم لە فافەی ئاین پێچراوەدا ئەخستە ڕوو بۆ ئەوەی کە هاونیشتیمانیەکانم ئەو واتایانە بەجوانی تیبگەن.”بۆ بردنە پێشەوەی بیروڕاکانی پەنای بۆ باوەڕی زانایانی ئیسلام دەبرد بەو ڕونکردنەوەی کە:”لەم مەملەکەتەدا بەبێ دەسەڵاتی ئیسلام،واتە بەبێ سەرکرایەتی زانایانی ئیسلام هیچ کارێک بەدروستی ناچێتە پێشەوە.”
میرزا ئاغاخان کرمانی کەلەنێو ئەو توێژەدا لەهەمویان ڕادیکاترە ناکۆکیەک لەنیوان ئاین وتەمەدوندا نابینێت بەڵام لەهەمان کاتدا هەموو ئاینەکان بەبەرهەمی بارودۆخی مێژوویی و شیاوی گۆڕان ولەناوچون دەزانێت.ئاین بە بەرهەمی ترس و نەزانین دەزانیت وە ئاواتەخوازە کە گەشەی زانست ببێتە هۆکاری کەمبونەوەی بیروباوەڕی ئاینی.لەبارەی خوداوە ئەڵێت”خودا خەڵکی دروست نەکردوە بەڵکو ئەوە خەڵکە کە خودایەکیان دروست کردوە..واتە خەیاڵێکیان داتاشیوە.”هۆکارێکی پێشکەوتنی ڕۆژئاوا بەوە دەزانێت کە:”مەیسحیەکان ئینجیلی دروستکراوی بێ سەروبەرییان ماچکرد و لە سەر تاقی کڵێسا دایان نا و هەنگاویان بەروە دونیایی زانست وهونەرنا ئەگینا ئەمڕۆ هیچ کەس لەوان گەداترو هەژارترو نەزانتر نەدەبوو”.
میرزا ئاغاخان کرمانیش وەکو ملکەم خان کۆنەپارێزی(موحافەزەکار)یەکەی لەبەرامبەر ئاین و پێویستی کۆمەک وەرگرتن لە زاناکان دەخاتەپاڵ ئاستی تێگەشتویی خەڵک.هەرچەندە زانایانی ئاینی”بە “مشتێک مەلای بێ هەست “” ناودەهێنێت بەڵام وای بۆدەچێت کە””چونکە هەتا ئێستا خەڵکی ئێران فەلسەفەی هێز نیە وە هەمویان چەوساوەو و پێویستیان بە فەناتیسم هەیە(دەمارگیری ئاینی)…داوای کۆمەك لە خێڵی نیوە زیندوی مەلایان هەتا ئاستێکی دیاری کراو یارمەتی داوا بکات ئەگەری هەیە زوتر بگاتە ئامانجەکەی.”لەبەراورد بە میرزا ملکەم خان ئەم کەمترخۆشباوەڕی هەبوو بە پێاوانی ئاینی وەوە ئەوانی “بە مشتێک مەلای بودەڵەو کەم ئاوەز”ناودەهێنا.ئەڵبەت ئەویش وە باقی ڕوشنگەرە ناسراوەکانی تر چزوی گەستنی نەدەگەشتە ڕەخنەی میرزا فەتح عەلی ئاخوندزادە کەئارامیدا نەدەمایەوە کە هەموو ئاینی بە بنەماو سەرچاوەی فەسادی ئەخلاقی ئینسانی دەزانی.
ئەبینین کە بەشێکی گرنگی نوێخوازانی سەردەمی شۆڕشی مەشروتە کەلە ئەدەبیاتی مێژونوسانی ‘ڕۆشنگەری’ ناویان دەهێنرێت لەڕوانگەی ڕەخنەی ڕادێکاڵ لە ئاین لە ناتەواوی ڕاستەقینەدا ئازاریان دەکێشا.پێویستە لە فرسەتێکی تردا سەبارەت بنەما کۆمەڵایەتی وچینایەتیەکانی ئەو ناتەواویانە قسەبکەین.

سیامەک بەهاری:میرزا فەتح عەلی ئاخوندزادە کێ بوو؟جیاوازی لەگەڵ کەسایەتیە ڕەخنەگرەکانی تری ئاین سەردەمەکەیدا لەچیدابوو؟پێگەی لە مێژووی ئاتەئیسم لە ئێراندا چییە؟
محسین ئیبراهیمی:ئاخوندزادە ڕەخنەگرێکی ئاشتی هەڵنەگری دژی ئاینی بوو.بێ باکانە ڕەخنەی لە خودا و پەیێغەمبەروقورئان وئیمام وئیمام جومعەو مەلا وخورافات دەگرت وە گاڵتەی دەکردن وەبەزەیی بەهیچ دەرکەوتەیەک لە دەرکەتوە ئاینیەکاندا نەدەهاتەوە..ئەو هەر ئاتەئیستێک نەبوو بەڵکو ئەنتی تەئیستێکی تەواو کەماڵ بوو.
ئاخوند زادەش وەک ڕۆشنگەرەکانی پێش شۆڕشی فەرەنسا پێکەوە دژی هەردوو پاشایەتی ڕەهاو ئاین بوو.جوتێک کەلە کەناری یەکدا وپێکەوە کۆمەڵگەیان ئەسیر کردبوو.ئاتەئیسمیش تەنها جوڵانەوەیەکی ڕۆشنبیرانەی دژی ئاین نیە بەڵکو دژی سەرکوتی پاشایەتیشە.لەمەیدانی سیاسیدا باوەڕی بەوە نەبوو کە ڕیفۆرم لەسەرەوە بکرێت..لەڕوانگەی ئەوەوە شۆڕشی جەماوەری خەڵک بەوتەی خۆی”گیللەت هەموی”ڕێگە چارەیەهەرچەندە ئامانجی سیاسی لە شۆرشێکی لەو شێوەیە لە مەرجدارکردنی پاشایەتی لەسەر بنەمای یاسا شتێکی زیاتر نەبوو.
لە ئەدەبیاتی لێکۆڵەرەوەکانی سەردەمی مەشروتەدا ئاماژە بە پرۆتستانیسمی ئەو کراوە.بەڵام ئەو بەپیچەوانەی پرۆتستانیسمی مارتن لۆسەری سەدەی شانزە بەهیچ شێوەیەک خوازیاری ڕیفۆرمی ئاینی نیە.مەبەستی نیە نیوانگری لەنێوان باوەڕدار وخودا بخاتە لاوەو وەئینسان ڕاستەوخۆ بەبێ پێغەمبەرو ئیمام ببەستێتەوە بەخوداوە بەڵکو دەیەوێت کە خودا خۆی ڕیشەکێش بکات.لە پیناسەی پروتستانیسمەکەی خۆیدا ئەڵێت کە ئینسان ئەبێت بەتەواوەتی وبۆ یەکجاری خۆی لە “مافی خودا”ڕزگار بکات وتەنها بە”مافەکانی خولقێنەرەوە”پابەند ببێت.نەک تەنها دەیەوێت دەستی ئاین و پیاوانی ئاینی لەکاروباری حکومەتدا کۆتابکات بەڵکو ئەیەوێت ئاین لە قەڵەمڕەوی ژیانی خەڵک بەتەواوەی بسڕێتەوە.بەرگری لە عەقڵی ئینسان دەکرد لەبەرامبەر ئاین و داب ونەریتدا.باوەڕی بەخوداو درستکەر نەبوو.دونایی وبونەوەرەکانی بە خالق وخولقێنەریش دەزانێت.
وەکو ئەنتی تەئیستێکی سەرسەخت،لە ڕێگای هێرشکردن بۆ بارەگای خوداو بۆ کتێب وپەیامبەران وئیمامەکانیشی سۆزێکی نەدەنواند.هەموو سومبوڵە ئاینیەکانی بە چزوی ڕەخنەو وتەنزەکانی دەگەزیت. ناڕەزایەتی دەرئەبڕێت لەدژی توندوتیژی و نادادپەروەری خودا لەدۆزەخدا.گاڵتە بە لەموباریکترو لەشمشێر تیژترو لە ئاگر سوتێنەرتری پردی سیرات دەکات.کەخودا لەدۆزەخەکەیدا چێژ لەبەردەوام زیندوکردنەوە و سوتاندنەوەیان وردەگرێت”بە میر غەزەب وجەلاد وقەساب”ناودەبات بانگەواز دەکات کە ئەبێت لە خودایەکی دڵ بەرد وبێ بەزەیی، خودایەک کە هێج بەرامەیەکی لە دادپەروەری ووێژدان هەڵنەمژیوە وە”دژیکە” دورکەوینەوە .

محمەد وەک’مێبازێک” دەناسێنێت کە بەپێی باوەڕی زانایانی ئاینی سونەو شیعەش خۆیان”چونکە چاوی کەوتە سەر هەر هەرژنێک وئارەزوی جوڵا بۆی ئەوە هاوسەرەکەی ئەرکیتی کە لیی جیاببیتەوە هەتا لەو مارە بکریت” گاڵتە و سوکایەتی بەخودا دەکات کە شوێن کەوتەی شەهوات وئارەزواکانی پەیامبەرەکەیەتی و””پلەی کارخانەچێتی محمەدی”قبوڵ کردوە.:خودای موسڵمانەکان هەرکاتێک شەهوەتی پێغەمبەر جوڵابێت وە ئارەزوی ژنێک دەکات بە ئایەتێکی پێویستەوە جوبرەئیل دەچێتە سەروکاری بە شێوەیەک کە”پەڕو باڵەکانی جوبرەئیلی بێچارەش … لەم هەمو هاتو چۆیەدا هەڵوەری وتێکشکابون.
قورئانی نەک هەر بەکتێبێکی ئاسمانی نەدەزانی بەڵکو بەکتێبێکی دەزانی کە سەرچاوەی لە”خەیاڵاتی” محمەدو،”خەیاڵاتی بیکەڵک وباوەڕی پوچی”وەگتبوو.
لە دایک بونی ئیمامەکان لە پەهلەوی دایکەوە دەست پێدەکات وە پەیدا نەبونی ئیمام زەمان بە جۆرەئەفسانە یەک دەزانێت کە تەڵەکەبازەکان دروستیان کردوە و ساویلکەو جاهیلەکان دوبارەی دەکەنەوە. ئەو ڕستە پڕ مانایەی واڵتەر بهێننەوە بیرتان کە”یەکەمین ئاخوند یەکەمین فێڵباز بوو کەلەگەڵ یەکەمین گێلدا پەیوەندیان کرد.
بەهۆی دژە ژن بونی هێرشی توند ئەکاتە سەر ئیسلام.لەبەرگری کردن لەمافی ژندا وەکو ئینسانێک هێرش دەکاتە سەر پەیامبەر کە ئەسڵەن ئەو چ مافێکی هەیە کە بە هاتنەخوارەوەی ئایەتی حیجاب نیوەی بەنی بەشەری خستوەتە “زیندانی هەتاهەتایی” ژن لە ئەدەبیاتی ئاخوندی زادەدا ئینسانێکە کەلە بەرامبەر بێ مافی وستەمی سەر ژناندا بەرگری دەکات و ئەیەوێت ئازاد بێت لە بڕیاردان لەسەر ژیانی خۆی. ئاخوندی زادە بەسەر هیچ نانکۆکیەکی ئیسلام لەگەڵ خۆشیەکانی ئینساندا تێناپەڕێت.لەبەرامبەر کوشتن وئەشکەنجەی مۆڵەت پێدراو لە کایەن ئیسلامەوە بەرگری لە مافی ژیانی ئینسان دەکات.تەنانەت دوژمنایەتیەکانی ئیسلامیش لەگەڵ شادیەکانی ئینساندا لە نیگاتیژو وردبینانەکانی ئاغازادەدا بە شاراوەی نامێنێتەوە.
ئەو بەتەنها دژی خورافەتی ئیسلامی نیە.هەموو ئاینەکان بە”ئەفسانە” دەزانیت وەبۆ بەرگری لە ئینسانیەت لە دژی هەموو ئاینەکانە.بەکورتی ئەو تەنها ئاتەئیستێک نیەکە لەباوەڕی کەسییدا رزگاری بوبێت لە خورافەتی خودا.دژی خودایەکە،کە خەبات لە دژی خوداو خورافاتەکانی بە لایەنێکی گرنگی خەباتێکی کۆمەڵایەتی وسیاسی دەزانێت لە دژی دیسپۆتیزم(سەرکوت)و زۆرداری وبێ بەشی ونایەکسانی.دژە خودایی(Anti-theism)لایەنێکی شۆڕشە لەدژی بارودۆخی ئیستایە.لەم ڕوانگەیەوە چاولە(لاسای،و) ڕۆشنبیرانی ئەورپا دەکاتەوە کە ئەوەندە “بەرنگاری وخەباتیان کرد کە خەڵکیان هەڵخڕاند هەتا””ڕیوالیسیۆن،واتە شۆڕشیان کرد” و خۆیان “لە ژێردەستەیی مەسیحیەت ودەسەڵاتی پاپا وقەشەکان ئازادی کرد.

ناسیۆنالیزمی ئاخوند زادە

ناتوانیت باسی ئاخوند زادە بکەیت و سەبارەت بە ناسیۆنالیستیەکەی قسەنەکەیت.ئەویش وەک هاوسەردەمەکانی گیرۆدەی مەیلی ناسیۆنالیستی دژی عەرەبییە.باسی ئیسلام وەکو ئاینێکی عەرەبی دەکات کە ناکۆکە لەگەڵ کلتوری ئێرانیدا.توانج لە ئێرانیەکان ئەدات کە بۆ کارەساتەکانی نەتەوەیەک پرسە دەگێڕن کە لەگەڵ ئەوانەدا”نە هاونیشتیمانن ونە هاوزمان”نن.قەڵس دەبێت کە”عەرەبە سەباییەکان تایبەتمەند و سروشت دڕندەکان””کتێبە”فارسیەکانیان’سوتاند ولەناوبرد.سەرئەنجام شانازی بە پادشاکانی حەخا مەنشیە ئێرانیەوە دەکات و وەکو “پادشا فریشتە کردارەکانی فارس” ناویان دەبات “کە یاسای دادپەروەرانەیان”عەرەبەکانیان نابود کرد:” ئەی بەداخەوە بۆ تۆ ئەی ئێران!شکۆکەت لەکوێیە؟هێزەکەت لە کوێیە؟خۆشیەکانت لەکوێیە؟کەعەرەبە ڕوت وبرسیەکان هەزارو دووسەد وهەشتا ساڵە تۆیان بەدبەختکردوە”.
بەبڕوای من دەتوانیت ئەم ڕوانینە بە جدی وەربگریت کە ئەم بێزاریە لەڕادەبەدەرەی لە ئیسلامێک کە لە عەرەبستانەوە سەریهەڵداوەو پەیامبەرەکەشی کەسێکی سەر بە خێڵە عەرەبەکانە کاریگەری هەبوە لەسەر ئەم تێڕوانینە ناسیۆنالیستیەیی.وادەرئەکەوێت ناوهێنانی ئیسلام لەگەڵ عەرەبستان و پەیامبەرێک لە خێڵە عەرەبەکانە کە بۆتە هۆکاری ئەوەی هەرچی نەهامەتیەکانی خەڵکی ئێرانە شانبەشانی ئیسلام بە عەرەبەکانیش دەگشتێنێت.ئاشکرایە کە هەر ڕادەیەک لە بێزاری لە ئاینێک کەجگەلە داڕزاوی و سوکایەتی ودواکەوتویی و زەلیلی و خوێنرێژی هیچی لی سەوز نەبوە هێشتا ناتوانێت پاساو دەری هیج دەرەجەیەک لە ناسیۆنالیزمی دژی عەرەب و لەپەنای ئەودا کڕنوش بردن بێت لەبەرامبەر شکۆو مەزنی پادشاکانی دێرینەکانی ئیراندا.
باقڕ موئمینی لە لیکۆلینەوە بەنرخەکەیدا لە کتێبی “ئاین و دەوڵەت لە سەردەمی مەشروتەدا”سەبارەت بەچاوپۆشیەوە سەبارت بە ناسیۆنالیزمەکەی ئاخوندی زادە قسەدەکات.ئەڵێت ئەو سەرباری هیرشی بۆ سەر ئیسلام وەکو ئاینیکی عەرەبی و سوکایەتی بە عەرەبەکان”هاوسەنگی خۆی لە نێوان زیادەڕۆی و کەمتەرخەمیەکاندا لەدەست نادات و پیگەی خۆی وەک ناسیۆنالیستێکی دیموکرات وپێشکەوتوخوازی پیشڕەو دەپارێزێت”.
ئەبێت ئەوەش زیاد بکەی کە ناسیۆنالیسمی ئاخوندی زادە لەهەمان کاتتدا لەژێر کاریگەری پێوستی جینایەتی و کۆمەڵایەتی بۆرژوازی تازە سەرپیکەوتودایە بۆ دروستکردنی دەوڵەتی-میللەتە.ئەو لە ئەدبیاتەکانیدا نەک تەنها”قسە لەتوانای میللەت وپاراستنی نیشتیمان لە دەستبەسەراگرتنی نەتەوە بێگانەکان” دەکات.بەڵام لەهەمان کاتتدا”نیشتیمان پەرستی میللەتی فەرەنسا”و برەودان بە زانست وشارستانیەتی ئەوروپی ڕاسپاردەو و تەرویج دەکات هەتا بنەمایەک بۆ”ڕێکخستنی ئێرانیەکان بەشێوەی میللەتی یەکگرتو وسەربەخۆ وبەهرەمەند لە ئازاد وپیشکەوتویی”بێت.واتە لایەنێکی گرنگی تری ناسیۆنالیسمی ئاخوندی زادە هەوڵدان بوە بۆ سەربەخۆیی”دەوڵەت-میللەت” هەر بەو شێوەی کە پیشتر لە ئەوروپا بەئەنجام گەیشتوە.خەبات دژی دواکەوتوی کلتوری وئاینیش لایەنێکی گرنگی تری هەر ئەو هەوڵەیە*.

٢\١٠ ٢٠١٥
وەرگیڕانی کاوە عومەر
٢٣\٤\٢٠٢٠
ماویەتی …..




ئه‌م دنیا و ئه‌و دنیا به‌ده‌ر له‌م دنیایه‌ … سەباح ڕەنجدەر

بڵێی جارێكی تر خۆمان له‌ خۆمان ڕابمێنین

ژیان درێژ ببێته‌وه‌

                   *        *        *

هه‌ڵم
تاوده‌ده‌م
به‌ره‌و
ئاسمان

با ببارێ

به‌ڵا
لاده‌دا
و وێنه‌ی
ناو كاتی مردوو

ده‌كاته‌وه‌ به‌ هەنگ

بۆ بەهێزكردنی شیلە
دەیانڕژێنێتە كۆڵانەكانی شار

شارێك له‌ بیره‌وه‌ریدا
خوێنی ناو برینی
ده‌رده‌كه‌وێ

كاتژمێریش ده‌به‌مه
دواوه

ڕوخساری نوێژكه‌رێك
گه‌ڕایه‌وه‌ ناو یه‌كه‌م
گزنگ 

شان و ملی دایكی تامه‌زرۆیی
شێلا

له‌ شێوه‌ی
شیر هه‌وێنبوو

خوێنی ناو برینی ناسی
و شمشێری ڕووتی دراده‌ست

نه‌بووه
وێنه‌ی
ناقۆڵا و په‌ڵه‌‌یه‌كی
هه‌ڵبزڕكاو

له نزیك ڕێگایه‌ك
دانیشتووم و هێز ده‌خه‌مه‌وه
ئه‌ژنۆم

ڕۆژ سپێده بدات

به‌ ڕوونییه‌كی
ته‌واو
ڕوون ده‌چمه
ناو شار

ڕووه‌كی
تیشكی سه‌رسوڕهێنه‌ر

ڕه‌گی
ده‌هێنێته‌ ناو ده‌ستی
و گه‌ڵاكانی
ناكه‌ون

ده‌شتایییه‌ك
كه خاوه‌نی
كلیله‌كانی
دنیایه

ڕوخساری گه‌رمی
باپیرانی سروشتخوازیش‌

ده‌رگای
شار كلیل و قفڵی نه‌كه‌وتووه

له‌ سێبه‌ری
كلكی ئه‌ژدیها
داندراوه‌

هاتوچۆ تێیدا ده‌ستی
به‌ تاج

بۆ سه‌ری
كه‌س
درێژ ناكات

جگه له نه‌ریت
و ڕێوڕه‌سمی
پشیله‌

نامۆ و ناكام له‌به‌ر
ئاگری حه‌وت
ماڵان

به‌چكه‌ چاونه‌پشكوتووه‌كانی
گه‌رم
ده‌كاته‌وه‌

مۆسیقای پێی ئاشنا
نابیسترێ

ئاوی شار لێڵ و گرانه

به‌ڕۆژوو
ناتوانێ بیخواته‌وه

شیعر و نوێژی هاوڕێ
خاكییه‌كه‌م

دواڕكات له‌ به‌ره‌به‌یاندا
ناسینه‌ له چاوێكی گه‌رمدا

ئاسۆی تێدا سوورده‌بێت

یان شكۆی ئاهه‌نگێكه‌

دڵی بۆمان ده‌كاته‌وه‌ و جوانی ده‌هێنێته‌ ناومان

ده‌ستێك
ده‌بێته‌ هه‌ڵگری

هه‌موو
ناو و میوه‌ی
دره‌خته‌ به‌ ته‌مه‌نه‌كان

به ده‌شتایییه‌كی
تابڵێی ڕوون ڕاده‌كا

هه‌ناسه‌یه‌ك
وه‌رده‌گرێ

چاوی به‌رزده‌كاته‌وه
و ده‌بینێ
سوارێك

نهێنی ڕاگرتووه‌ و بۆ لای دێ

بێپه‌روایی
چووه‌ته‌ ڕه‌گیه‌وه‌ و له‌ناو
گه‌شه‌ی
ده‌ژی

ئێمه‌ین
به ده‌ورییه‌وه
گه‌رمایی
گیانین

هێز ده‌خاته‌وه
ئه‌ژنۆی
و دێته‌وه
شار

په‌یكه‌ری
ناوداره‌كان
كه‌سمان
ناناسنه‌وه

ده‌پرسن
ئێوه پشتێنی كام پشتن

پێش به‌رزكردنه‌وه‌ی
ده‌ستی
دوا ماڵئاوایییان

برینه‌كانیان
پاراو نه‌كراون

خۆیان له‌بیرچووه‌ته‌وه
و ته‌ماشای
باڵنده‌یه‌ك
ده‌كه‌ن

به‌سه‌ر
هێلكه‌ی
به‌سه‌رچوودا
كڕكه‌وتووه

ناوچه‌وانی
دره‌وشاوه‌ی
ده‌بێته
ده‌شتایییه‌ك
كه

خاوه‌نی
كلیله‌كانی
دنیایه 

باڵنده‌یه‌كی
ونبوو دێته‌وه
ناوی و سه‌رگه‌ردان
نافڕن

له‌ گه‌رمایی
باڵه‌كانیدا

بۆنی خۆشی دره‌ختی
كاژ و

گوڵدانی زه‌ماوه‌ند
و

له ‌خه‌و
هه‌ستانی
دوای هه‌ڵگرتنه‌وه‌ی
گه‌زۆی
خه‌ون
و

ڕۆژی هه‌ستانه‌وه‌ دڵیان بۆمان ده‌كه‌نه‌وه‌

دژی باڵه‌كان
شه‌ڕ
ڕاناگه‌یه‌نین

فڕین سێبه‌ره‌ به‌سه‌ر
ڕێگاكانه‌وه‌ و ئاواتت ده‌دا

گوڵه‌كان
له به‌یانییه‌وه
چاوه‌ڕوانن
ببیندرێن و هێڵه‌كان
ڕوونتربن

به ته‌نیا
ده‌نكه
هێلێك بشكێنه ناو

چاپه‌ست
و ئاگری حه‌سره‌تێكی
كۆن خۆشكه

به‌ سه‌د
هه‌زار
زمان قسه‌ ده‌كات

شه‌رابێكی
دۆزیوه‌ته‌وه‌

ده‌یخاته‌ دڵی هەموو خاوەن
پرسەیەك

ده‌ركه‌وتن
دێت و ده‌بێته
خاوه‌نی
ئاگری پاگژكراوه‌

ئومێد له هێڵه‌كانی
ئه‌مپه‌ڕ
و ئه‌وپه‌ڕت
ده‌ڕژێنه

ناویه‌ك
و له‌ بۆنی گوڵ ناترسی

مشتێك گه‌نم
له‌بن
كووپه‌ی
ماڵ ده‌چێنیت

زانیت چی له بیرخۆت
ببه‌یته‌وه

چیش به‌بیر
خۆت بهێنیته‌وه

دوورییه‌ك
وه‌ك
ساده‌یی
گوێت لێ ده‌گرێ

له‌ناو
چاوترووكانه‌كان
وه‌رتده‌گرێ
و ده‌تباته
ماڵێك

به‌خته‌وه‌ری
تێدا نووستوون و بارانێك له‌ ئه‌ستێره‌

ڕژاوه‌ته‌ سندووقی ڕازیان

جانتاكه‌ت
له شانت داگره و كه‌لوپه‌لی
پێویست جیابكه‌ره‌وه

دوودڵ به‌سه‌ر
پرددا‌ مه‌وه‌سته‌

تكا ده‌كه‌م
په‌له‌ بكه‌ كاتژمێر بخوێنه‌وه‌ و بپه‌ڕه‌وه‌

كیژه‌كانمان
كه‌زییان
به‌ ئاڵای

به‌ سێبه‌ر
و هه‌تاوی
تۆوه‌ ده‌نووسێنن

له‌ ئاواز و یه‌كه‌م
ته‌زووی
دره‌وشانه‌وه‌دا
نقوومن

كه‌وان
ده‌شكێن
و تیر ده‌كه‌ونه‌ خوارێ

فه‌رمانێك له‌ باڵدا
ده‌نگ هه‌ڵدێنێ

له‌قله‌ق
له‌ هه‌ولێر
هه‌ڵفره‌

دڵه‌ڕاوكێت
هه‌رگیز
دوایی نایه‌ت

زێد ناوكه‌ له‌ سێوێكی ئاڵدا

وه‌ك
منداڵ گه‌وره‌ ده‌بێ
و شاخه‌كانیش
به‌رزن

كاتێك خه‌ریكین
ته‌ماشا
ده‌كه‌ین

مردن به‌لاماندا
تێپه‌ڕیبوو

مانگیش لەسەر كانیی په‌یام
و ئیلهام خەوتووە

ڕوخساری ئاشقێكە
لەسەر جوانیی دێتە دەنگ

دەیەوێ بەرەبەیان
ببینێ

                   *        *        *

ئه‌ی به‌ره‌به‌یانی

ڕسكان و

خه‌مڵین و

تاج و

شانازی

كاتی هاتووه‌

ده‌شتایییه‌ك كه‌ خاوه‌نی كلیله‌كانی دنیایه‌

له‌ خۆی دڵنیابێ و وشه‌ به‌وشه‌ ژیان فێربێت

چیا به‌ هه‌ڵدێر كۆتایی نایه‌

كانوونی
یه‌كه‌می
2018 هه‌و‌لێر

  • له‌
    20/2/2019 له‌ هۆڵی پێشه‌وا له‌ هه‌ولێر له‌ جله‌ی گیانشاد: حه‌كیم كاكه‌وه‌یس
    خوێندایه‌وه‌.



ڕۆڵی باشووری كوردستان لە ڕاپەڕینی شێخ عوبەیدوڵڵای نەهریدا-10- … ڕه‌سوڵ بۆسكێنی

به‌شی ده‌یه‌م

كۆبونه‌وه‌ی ئه‌حمه‌دبه‌گ له‌گه‌ڵ سه‌رۆك هۆزه‌كان له‌ هه‌ولێر

دوای ئه‌وه‌ی سوڵتان عه‌بدولحه‌مید ئه‌حمه‌د به‌گی یاوه‌ری بۆ گفتوگۆ یان ڕاستتر بۆ ده‌داوخستنی شێخ نارده‌ نه‌هری بۆ لای شێخ عوبه‌یدوڵڵا و ئه‌حمه‌د به‌گ ماوه‌ی سێ ڕۆژ له‌گه‌ڵ شێخ عوبه‌یدوڵڵا كۆده‌بێته‌وه‌ ده‌رباره‌ی كاروباره‌كان گفتوگۆ ده‌كه‌ن، شێخ به‌نیازی ئه‌وه‌ی كاروباری كوردستان بده‌نه‌ ده‌ست خۆیان و ئه‌حمه‌د به‌گیش به ‌مه‌به‌ستی ڕازی كردنی شێخ بۆ ڕۆیشتن بۆ ئه‌سته‌مبوڵ و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ و تێكدانی ڕاپه‌ڕینه‌كه‌، شێخ عوبه‌یدوڵڵا شێخ عه‌بدولقادری كوڕی و شێخ محه‌مه‌د سه‌عید له‌گه‌ڵ ئه‌حمه‌د به‌گی یاوه‌ر ده‌نێرێت بۆ ڕه‌واندز به‌ مه‌به‌ستی گفتوگۆ له‌گه‌ڵ سه‌رۆك هۆزه‌كان، ده‌رباره‌ی دروست كردنی كوردستانێكی سه‌ربه‌خۆ، دواتر ده‌چن بۆ هه‌ولێر و له‌گه‌ڵ زۆرێك له‌ سه‌رۆك عه‌شایره‌كانی باشووری كوردستان كۆده‌بنه‌وه‌.
ده‌رباره‌ی چوونی ئه‌حمه‌د به‌گ و شێخ عه‌بدولقادر و شێخ محه‌مه‌د سه‌عید بۆ هه‌ولێر به‌ مه‌به‌ستی چاوپێكه‌وتن و گفتوگۆ له‌گه‌ڵ سه‌رۆك هۆزه‌كان، هه‌موو ئه‌م زانیاریانه‌ له‌لایه‌ن حه‌سه‌ن عه‌لی خانی گه‌ڕووسی له‌ دوو نامه‌دا به‌ مێژووی: 18ی ڕەبیعی دووەمی 1298كۆچی (19-3- 1881ز) بۆ عەلائولدەولە: ئەمیرنیزام ناردووه، وادیاره‌ له‌ ئه‌مه‌ وه‌ڵامی نامه‌یه‌كدا بۆی نووسیوه‌، له‌و زانیاری و ده‌نگوباسانه‌ی دڵنیا كردووه‌ته‌وه‌، له‌به‌شێكی نامه‌كه‌دا ده‌ڵێت:
نامەی ژمارە :89
(بەشێك لەنامەكە)
لاپەڕە: 253
مێژوو: 18ی ڕەبیعی دووەمی 1298كۆچی (19-3- 1881ز)
بۆ عەلائولدەولە: ئەمیرنیزان
” نامەی پایەبەرزتانم پێگەیشت، ئەگەرچی هەر هەواڵێك بووبێت، لەنامەی سێ‌ شەمەدا بۆ جەنابتانم نووسیوە، بەڵام دیسان لەڕووی پڕكێشیەوە، ئەمەشتان عەرز دەكەم، ماوەیەك لەمەوبەر هەندێك خێڵ لەگەڵ كوڕەكەی شێخ”عوبەیدوڵڵا”دا –مەبەستی لە شێخ عەبدولقادرە- چوونەتە هەولێر و ماوەیەكیش لەوێ‌ ماونەتەوە، ئەوانەش بریتی بوون لە : هەمزاغای مەنگوڕ، محەمەد ئاغای ئاكۆ و خێڵی (نورەدینی) ئەمڕۆ دوازدە ڕۆژە ڕۆیشتوون و بڕوای تەواو هەیە، ئەمجارە لەجاران زیاتر دڵنیایان كردوون، ئەگینا ئەم گیانفیدایە ئەوەی لاڕوونە، یەكێكیان هەمزاغایە و ئەمساڵ جێیەك نەبووە بتوانێ‌ تیایدا بسرەوێ‌ و جێی ئاشكرای نەبووە، تیایدا نیشتەجێ‌ بێت، كەچی ئەویان لەهەموو كەس زیاتر دڵنیا كردووە و فریوداوە.
ئەمڕۆش كە چوار شەمەیە، دیسانەوە خەڵكم بەرەو لای (ڕەواندز) و (باڵەك) ناردۆتەوە، خوایار بێ‌ بەهیوام دەنگوباسی تەواو بهێننەوە، هەر كاتێ‌ هەواڵی تەواویشیان هێنایەوە، دەستبەجێ‌ بەره‌و لای جەنابتانی دەنێرمەوە، خۆ ئەگەر وایدابنێین بەرپرسانی دەوڵەتی عوسمانیش ئەوانە نەگرێت و لێیان نەپێچێتەوە، ئەوسا بە پشتیوانی خوا، هەرئەوەندەی پایەبەرزی هێژاتان لەكاتی پێویستدا پشتیوانی و هاوكاری ئەم خەزایەتان لوتف بفەرموون، ئیتر نەك هەر عەشایەر، بەڵكو ئەگەر سەرلەبەری ئێل و تایەفەی مامەش –یشم بەكوشت داوە، دەبێ‌ بەجۆرێك خزمەتێكی وا بەدەوڵەت بكەم، بۆ لەمەودوا بۆ ڕۆژگار، بەیادگار بمێنێتەوە، دەبوایە ئەم هەواڵانەم عەرز بكردایە”.
بەگوێرەی ئەم نامەیەی محەمەد ئاغا و بەپێی دەنگوباسی پەرت وبڵاوی تر، كەلە شوێنانی ترەوە هاتووە ئەوە دەسەلمێ‌، كۆبوونەوەی سەرانی عەشایەر لەهەولێر و چوونی هەمزاغا بۆ ئەوێ‌ و بە دوای ئەمانەشدا بڵاوبوونەوەی بانگەوازنامەكانی شێخ عوبەیدوڵڵا، چەند ڕۆژێك لەمەوبەر، نموونەی یەكێكیانم ناردە خزمەتتان، هەموو ئەمانە بەخواست و ڕەزامەندی و ئیمزای بەرپرسانی دەوڵەتی عوسمانی بووە، پشتیوانی كردنی سەرانی ئەو دەوڵەتەش، لەبەرنامە بۆگەنەكانی شێخ، بەڕادەیەك بووە، یەكێكی وەك هەمزاغا، سەرەڕای ئەو هەموو ترس و لەرزەی پێشتر لە دەوڵەتی عوسمانی هەیبووە، و ناو بە ناوێك بە پەنامەكی و نهێنی، خۆی بەخاكی عوسمانی دادەكرد، و خێزان و كەسانی خۆی، بەدزییەوە لەو سەر سنوورانە دەبینی، دیسانەوەش بەپەلە و پەنامەكی دەگەڕایەوە و خۆی لەكون و كەلەبەری ئەو چیایانەدا حەشاردەدا، كەچی وائێستا، ڕوون و ئاشكرا بەوپەڕی دڵنیاییەوە دەچێتە هەولێر و لەكۆبوونەوەی سەرانی عەشایەردا ئامادە دەبێ‌. یەكێكیش لە ئامانج و نیشانە زەقەكانی ئەم كۆبوونەوەیە، ئەوە بێت كوڕەكەی شێخ و سەرانی عەشایەر، پەیمان تازە بكەنەوە، ئەوە بەڵگەی ئەوەیە دیسانەوە فیتنە و ئاژاوەیەكی تازە دەقەومێ‌.
دەنگوباسی تریش، كە گێردراوەتەوە و وەرمانگرتووە، لەدووتوێی نامەیەكدا بووە، كە “شاهنازبەگ” بۆ “فەیزوڵڵا بەگ”ی ئامۆزای نووسیوە، بریتییە لە:
“دەنگوباسی ئەم لایەتان خواستبوو، پۆستێكی دەوڵەتی بەهەمزاغا دراوە، كە بكرێتە قایممقامی پشدەر و بیتوێن و شێخ عەبدولقادری كوڕی شێخ عوبەیدوڵڵاش لە (نەهری) یەوە بۆ هەولێر هاتووە، بەگوێرەی قسەی خەڵكی سلێمانی و جەنابی قایممقامیش، چل سەربازیان داوەتێ‌، واتە مانگێك دوای بەهار دیسانەوە شەڕ لەگەڵ ئێراندا دەست پێدەكاتەوە، پەیتا پەیتاش ئازوقە بۆ سلێمانی دێت، تائێستا (20) هەزار تەغار گەنم بۆ سلێمانی هاتووە، كە هەر تەغارێكی پازدە تەغاری موكریانە و (19) بار تفەنگی كوڵە ( مارتین) یش، كەهەر بارەی (60) دانەیە، لەسلێمانی كەڵەكە كراوە، دووجبەخانەش پڕ لە فیشەك كراون و بەردەوامیش هەر دێت و ڕۆژانەش چەندان دەستە سەربازی دەوڵەت، لەنیوەشەودا، دەگەنە سلێمانی و كەسیش نازانێ‌ بۆ كوێ‌ دەچن، ! بەگوێرەی گەیشتنی ئەم هەموو زەخیرە و كەرەستانە بێت، ئاشكرا دیارە شەڕ دەست پێدەكاتەوە، ئیتر چی دیكە عەرزبكەم! كەس سەری لە كاری ڕۆمی (عوسمانی) دەرناچێ‌، لە كۆتایی مانگی ڕەبیعی دووەمدا (تەقی پاشا) بۆ سلێمانی دێت، بەڵام ئێستا (10) فەوج سەرباز لەسلێمانیدا ماونەتەوە و هی تریش هەر دێت و دەڕوات و كەسیش نازانێ‌”.
لە دووتوێی ئەم نامەیەدا دووشت هەیە:
یەكێكیان ئەوەیە، داكۆكی و پشتیوانی كردنی دەوڵەتی عوسمانی لە هەمزاغا، كە سەرچاوە و بنچینەی هەموو بەدكارییەكە، گەیشتۆتە ڕادەیەك، هەر تەنیا بەوە دانەكەوتووە، دڵنیای بكات، بەڵكو پۆستی قایممقامی دوو ناوچەی گرنگی (پشدەر) و (بیتوێن)ی پێداوە، كە هەردووكیان بەسنووری دەوڵەتی مەزنمانەوە چەسپیون و هاوینەهەواری زۆربەی هۆز و ئێلەكانن.
دووەمیشیان ئەوەیە، بەرپرسانی دەوڵەتی عوسمانی، خەریكی تەدارەكسازی و خۆئامادە كردنێكی زۆرن و سەربازی زۆری خۆیان بۆ چەندین جێگای گرنگ ناردووە.
نامەی تریش كە هەمیشە لەولاوە دێن، هەموویان جەخت لەسەر ئەوە دەكەن و ئەوە دەسەلمێنن فەرمان لە بابیعالی یەوە هاتووە، تا سەرباری ئەو سەربازە چەكدارانەش كە ئێستا ئامادەن، سەربازی مۆڵەت دراویش بانگ بكەنەوە و پڕ چەكیان بكەنەوە، دەبێ‌ تاكۆتایی ئەم مانگە ئامادە بكرێن”.

كۆتایی هاتنی كۆبونه‌وه‌ی ئه‌حمه‌دبه‌گ له‌گه‌ڵ سه‌رۆك هۆزه‌كان له‌ هه‌ولێر
دوای كۆتایی هاتنی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌حمه‌د به‌گی یاوه‌ر له‌گه‌ڵ سه‌رانی عه‌شایردا یاداشتنامه‌یه‌ك ده‌نووسن بۆ بابی عالی له‌ ئه‌سته‌مبوڵ ده‌نێرن، ئه‌حمه‌د به‌گیش به‌ڵێنیان پێده‌دات تاماوه‌ی 40 ڕۆژ ئارام بگرن، تاكو وه‌ڵامه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، ئه‌و كات ئه‌گه‌ر به ‌ئاره‌زووی ئه‌وان بوو باشه‌، ئه‌گینا ئازادن له‌وه‌ی بڕیاری چی ده‌ده‌ن، ماوه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ش دوو شه‌و ڕۆژی خایاندووه‌ و دوای ته‌واو بوونی كۆبوونه‌وه‌كه‌، ئه‌حمه‌د به‌گی یاوه‌ر گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ ئه‌سته‌مبوڵ و شێخ عه‌بدولقادر هاتووه‌ته‌ كۆیه‌ و دواتر هاتووه‌ته‌ بیتوێن، لای مامه‌ندئاغای پیران ماوه‌ته‌وه‌، تاكو ئه‌و كاته‌ش كه‌ هه‌موو ئه‌م زانیاریانه‌ له‌گه‌ڵ سێ نامه‌دا ده‌ست حه‌سه‌ن عه‌لی خانی گه‌ڕووسی كه‌وتووه‌ و له‌لایه‌ن نابراو له‌ نامه‌یه‌كدا بۆ: عەلائولدەولە: ئەمیرنیزام نووسیوه‌ كه‌ ده‌ڵێت:
نامەی ژمارە : 90
لاپەڕە: 262
مێژوو: 27 ڕەبیعی دووەمی 1298 كۆچی (28- 3- 1881ز)
بۆ: عەلائولدەولە: ئەمیرنیزان
بەفیداتان بم
هەواڵ و ڕووداوەكانی پێشتر و ئەو بابەتانەی پێوەندیان بەم سوپایە و ئەم ناوچەیەوە هەیە، بەرودوا لەنامەكانی ڕابردوودا ڕامگەیاندوون، دیارە چاوی بەڕێزتان پێیان كەوتووە و لێیان ئاگاداربوون، ئەو هەواڵ و زانیاریانەش لەم دوو سێ‌ ڕۆژەدا بەنووسین و بەدەمی دەستكەوتوون، بەو جۆرەن بەدوور و درێژی باسیان دەكەم:
یەكەم: محەمەد ئاغای مامەش لەنامەیەكدا، كە دوێنێ‌ ناردوویە، ئاوای نووسیوە: ” دەنگوباس وایە ماوەیەك بەر لەئێستا، “یاوەر”ی تایبەتی لەبارەگای قەیسەرییەوە بۆ لای (شێخ عوبەیدوڵڵا) هاتووە و (شێخ قادر) ی كوڕی لەگەڵ یاوەردا بەرەو هەولێر چوون. سەرۆك هۆزەكانیش هەموویان لەگەڵ شێخ قادر و یاوەردا كۆبوونەتەوە، هەر لەوێ‌ نامەیەكیان بەگوێرەی دڵی شێخ نووسیوە و تیایدا زۆریان بە شان و باڵی “شێخ” دا هەڵگووتوە و ئەو نامەیەشیان بەیاوەر داوە و یاوەریش لەوێوە بۆ ئەستەمبوڵ گەڕاوەتەوە و بەڵێنی داوە لەماوەی (40) ڕۆژدا وەڵامی ڕوون و ئاشكرا بەشێخ و سەرۆك هۆزەكان بكاتەوە، ئەوسا بەرنامەی كاری شێخ ڕوون بكرێتەوە و بڕیاری لەسەر بدرێت.
دوا بەدوای گەڕانەوەی یاوەر، سەرۆك هۆزەكانیش هەر كامیان بۆ ماڵی خۆیان گەڕاونەتەوە، شێخ قادریش لە هەولێرەوە بۆ “كۆیە” چووە و لەوێشەوە بۆ “بیتوێن” چووە و لای (مامەند ئاغای پیران) لایداوە و پیاوەكەی منیش هەر لەوێ‌ بەجێی هێشتوون.
چەند ڕۆژێكیش لەمەوبەر هێزێك بۆ ناوچەی “ڕانیە” هاتووە و تائێستاش هەر لەوێ‌ ماوەتەوە. ڕووداوەكان هەر ئەوانە بوون بەڕوونی ڕاگەیەنران.
نامەیەكیش كە پیاوێكی سلێمانی بۆ عوسمان ئاغای گەوركی نووسیوە و ئەویش نامەكەی بۆ ئەم كەمینەیە ناردووە، ئەمە دەقەكەیەتی: ” ئەگەر لە هەواڵی ڕووداوەكان پرسیار دەكەن، (یاوەر) و كوڕەكەی شێخ عوبەیدوڵڵا (شێخ عەبدولقادر) بۆ شاری هەولێر هاتوون و هەمزاغاش بۆ ئەوێ‌ چووە، ئاكامی كارەكەشیان ڕوون نییە، بەڵام ئەوەی ئاشكرایە ئەوەیە، چەند ڕۆژێكی تر، ئەم ناوچەیە گێرە و كێشە و ئاژاوە دایدەگرێ‌، ئەوەی پێویست بوو وترا، جا بەچی چارەسەری دەكەن بەڕێزتان باشتر دەزانن.
نامەیەكی تر لە عوسمان ئاغای “دریاز”ەوە بۆ (حەسەن ئاغای قوم قەڵا) هاتووە، كه‌پیاوێكی ماقوڵە و ناوەرۆكەكەی ئاوایە”:
ئەحمەد بەگی یاوەر، كەلای سوڵتانەوە ڕاسپێردرابوو، هاتە “نەهری” لەوێشەوە لەگەڵ شێخ قادری كوڕی شێخدا بۆ هەولێر چوون و هەموو هۆزە گەورە و بچوكەكانی گەرمیان و هی تریش، كە لەكوێستانەوە بۆ گەرمیان هاتوون، بانگهێشتن كرد و بۆ هەولێریان بردن، (منیش كەلەوێ‌ بوم) . دوو شەو و ڕۆژ لە هەولێر ماینەوە. ئەحمەد بەگ دڵنەوایی زۆری ئەم هۆزانەی كرد و بەرەو ئەستەمبوڵ گەڕایەوە، لەنێوان خۆیاندا بڕیاریانداوە شێخ و ئەم هۆزانە، ماوەی دوومانگ چاوەنواڕبن، تا ئەحمەد بەگ دەچێتە خزمەتی سوڵتان. ئەوسا ئەگەر كاروباری شێخ بەباشی سەری گرت، چاكتر، ئەگەریش وا دەرنەچوو، ئەوا خۆیان ئازادن و هەروەك ساڵی پار، خەریكی كاولكاری و ئاژاوە نانەوە دەبن،. شێخ قادریش تائێستاكە لە “بیتوێن”ە. چەند ڕۆژێكی تریش لێرە دەمێنێتەوە، تا عەشایەر و كوردانی ئەم مەڵبەندە، یەك بخات و یەك ڕایان بكات، ئەوسا بۆ “نەهری” بگەڕێتەوە. لەوێش تا وەڵامی ئەستەمبوڵ دێتەوە ، كۆبوونەوەیەك پێك بهێنن، ” .
ئەمە ئەو دەنگوباسە ڕاست و باوەڕ پێكراوانەن و ناوەرۆكی هەر (3) نامەكەش لەیەك نزیك و وەك یەك وان… هەواڵێكی تریش كە بیستومە و بێژەرەكەی پیاوێكی باوەڕپێكراوی بیانیە و سوێندم بۆ خواردووە ناوی نەهێنم ، ئەمەیەكە :
وەك لەنامەكاندا خوێندتانەوە، دەوڵەتی عوسمانی بەڕاشكاوی، شێخ عوبەیدوڵڵا و سەرۆك هۆزەكانی بەگشتی و هەمزاغای بەتایبەتی لە پشتیوانیی و هاوكاری خۆی دڵنیا كردەوە و وەك لەنامەكانیشدا نووسراوە، ئەحمەد بەگی یاوەر كۆبوونەوەیەكی لەشاری هەولێر پێكهێناوە و هەموو سەرۆك هۆزەكان نامەیان بۆ سوڵتان نووسیوە و لەڕێی ئەحمەد بەگی یاوەرەوە بۆیان ناردووە و داوای یارمەتییان لێ‌ كردووە. هەر لەو دانیشتنەدا هەموو سەرۆك هۆزەكان، سوێند و تەڵاقیان خواردووە، هەموو پێكەوە یەك دڵ و یەك دەنگ، بۆ جارێكی تریش شێخ عوبەیدوڵڵا بەسەرۆك و ڕابەری خۆیان بزانن و بەزوویی و بەكۆمەڵ، ڕووبكەنە ئەم لایە و نیاز و مەبەستیشیان لەبنەڕەتەوە، هەروەك ساڵی پار، داگیركردنی مەڵبەندی موكری و شاری سابڵاخ بێت.
هەر ئەم پیاوە، نامەیەكی شێخ عەبدولقادری شێخ عوبەیدوڵڵای نیشاندام، بۆی نوسیوە، تیایدا وتووە: (60) تمەن لە قەرزەكەی كەلەسەرمە، بۆم ناردیت و ئەوەش لام دەمێنێت، بەم زووانە خۆم بۆ سابڵاخ دێم و دەتدەمەوە.
ئەم دەنگوباسە نووسراوە و دەمییانە، كە عەرز كران، بەجۆرێك لەم ناوچەیە و ناوچەكانی دەوربەر، قاو وابڵاوبوونەتەوە، ئیتر بۆ داپۆشین و شاردنەوە نابن. دژایەتی دەوڵەتی عوسمانیش لەگەڵ دەوڵەتی خۆمان لەو بارەیەوە و نیازی شێخ عوبەیدوڵڵا و دەستوپێوەندەكانیشی بۆ ئاژاوە نانەوەی دووبارە، كە تاو تاو و جارجار تێپەڕیوە، لەبەر ئەوەی هەموویان چاویان لێرەیە و جێی هەموو دڵە ڕاوكێ‌ و مەترسیەكیش شاری سابڵاخ و مەڵبەندی موكرییە. ئەم كەمینەیەش چونكە بەرپرسی ئەم ناوچەیەیە و لەگەڵ ناحەزانی دەوڵەت بەرەو ڕووە، بۆیە بە پێویستی دەزانم ڕابگەیەنم، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو پێشكەییانەی باس كران، دەبێ‌ هۆش و بیری بەڕێزی پایەبەرزتان بە ئێرەوە بێت، تا خوا بەو ڕۆژەنەكات، شل نەبینەوە و ئەو شتە بەپەلانەی بەلای خۆمەوە، بۆ ئەم كارە بەپێویستیان دەزانم، ئەمانەن :
یەكەم: لە سبەنێوە، كە دووشەمەیە و (27)ی ڕەبیعی دووەمە، سوپای میری كە بریتیە لە سوارە و پیادە و تۆپخانە، لە ماڵان و ئەملا و ئەولا دێنمە دەرێ‌ و كۆیان دەكەمەوە و لەدەرەوەی شار، لەجێیەك كە بەچاكی دەزانم، هەردووكیان بەهەموو كەلوپەلی پاراستنەوە بۆ دامەزرێنم و خۆمیش هەر له‌وێ‌ دەبم.*
ئیتر ئه‌حمه‌د به‌گی یاوه‌ری جه‌نگی سوڵتان، له‌پاش ئه‌وه‌ی سه‌ردانی هه‌ولێریان كرد و له‌گه‌ڵ سه‌رۆك هۆزه‌كانی ناوچه‌كه‌ و ژماره‌یه‌ك له‌ ناودارانی ناوچه‌كه‌، چاویان به‌یه‌ك كه‌وت و نامه‌ی گله‌ییان بۆ سوڵتان نارد، هه‌ڵوێستی عوسمانیان به‌راورد كرد به‌ هه‌ڵوێستی ڕووسیا كه‌ تیایدا هاتووه‌: ” بۆچی ده‌وڵه‌تی ڕووس لایه‌نگیری له‌ كۆمه‌ڵ و دینی خۆی بۆ پشتیوانی له‌گه‌ڵ قه‌ره‌په‌پاغ و سڕبستان كردووه‌، كه‌چی ئێوه‌ كه‌ خه‌لیفه‌ی موسڵمانانن، چۆن ڕازی ده‌بن ده‌وڵه‌تی عه‌جه‌م، بۆ خزمه‌تی مه‌زهه‌بی خۆی، خوێنی ئێمه‌ بڕێژێ و ماڵمان تاڵان بكات و مه‌زهه‌بمان بگۆڕێ و له‌نیشتمانی ڕاسته‌قینه‌ی خۆشمان ئاواره‌مان بكات.” ئیتر عوسمانیه‌كان به‌شێخیان ڕاگه‌یاند ئه‌م ده‌قه‌یان ناردووه‌ بۆ وڵاتان و ئه‌وانیش ڕه‌زامه‌ندی و پشتگیری خۆیان بۆ ڕاگه‌یاندون دژی ڕووسیا، پاش ئه‌وه‌ شێخ له‌ قسه‌كانیدا بۆ خه‌ڵكی ناوچه‌كانی دیكه‌ی كوردستان، ئه‌وه‌ ڕوون ده‌كاته‌وه‌ هاوكاری فه‌ڕه‌نسا و پرووسیا و به‌ریتانیای به‌ده‌ستهێناوه‌ و داوای یه‌كخستن وخۆئاماده‌كردن له‌ كورد ده‌كات.
په‌راوێز:

  • بە پێی ئه‌م قسه‌یه‌ بێت نزیكەی (4) مانگ ئەم هۆردووەی حەسەن عەلی خان لەماڵانی خەڵك و لەسەر سكی دانیشتوانی سابڵاخ بەخێوكراون و سەربازگەیەكی تایبەتیان نییە.

    ماویه‌تی …




کورد و گەلانی ئێران مانگی دەستکردیان ناوێ.. نان و دەرمان و ئازادییان دەوێ .. رەزا شوان

ئاخوندە خوێنمژەکانی کۆماری سێدارەی ئیسلامی ، کە لە ساڵی (١٩٧٩) وە، بەری خەبات و شۆڕش و راپەڕین و قوربانیدانی گەلی کورد و گەلانی ئێرانیان زەوتکرد و دەستیان بەسەر دەسەڵاتی ئێراندا گرت.. لەو ساڵەوە تا ئەمڕۆ، بۆ زیاتر خۆسەپاندن و خۆقایم کردن و قورخکرنی دەسەڵاتی تایفی و مەزهەبی، لە جیاتی هێنانەدی هیواکان و داواکارییەکانی گەلانی ئێران و گەلی کوردمان، کەچی بە ئاگر و بە ئاسن، بە داپلۆسین و سەرکوتکردن، بە کوشتن و بڕین و راونان، بە زیندانیکرن و لە سێدارەدان، بە لێدان و بە ئەشکەنجەدا، بە برسیکردن و هەژاریکردن، وەڵامی داخوازییەکانی گەلی کورد و گەلانی ئێرانیان دایەوە و دەدەنەوە.. لە ئێران و لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا، ئازادی و دیموکراتی و مافەکانی مرۆڤ و یەکسانی و دادپەروەری و سەروەری یاسا، لە سایەی دەسەڵاتی ئەم ئاخوندە خوێنمژ و رەگەزپەرست و کۆنەپەرست و تایفەپەرستانەدا، لە ژێری هیچەوەن.. تا ئێستا نزیکەی هەشت ملیۆن ئێرانی و کورد، لە ئێران و لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا بە هۆی ستەمی رژێمی ئێرانەوە، نیشتمانی خۆیان جێهێشتوون و بوونە بە پەنابەر لە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا و کەنەدا و ئوسترالیا.. ئەوانەشی کە ماونەتەوە بە تەمای ژیانی خۆیان نینن.. لە ژیانێکئ سەخت و دژەار و ترسدا دەژین و ساواکی بێڕەوشت و پاسدارانی خوێنڕێژ، نیشتمانی خۆیان لێکردوون بە دۆزەخ.

تەنها لە ساڵی (١٩٨٨) دا، بە فەرمانی راستەوخۆی (خومەینی) گۆڕبەگۆر، (٣٠)
هەزار زیندانی سیاسی بێ دادگایی کردن، لە ئێران لە سێدارە دران، بەشێکیان کوردن.
شایەنی باسیشە، یەکێک لەو تاوانبارە سەرکییانەی، کە دەستی هەبوو لە کۆمەڵکوژی ئەم سی هەزار زیندانییە لە سێدارەدراوانە، ناوی (حمید نوری) یە، کە دادوەرێکی ئەو سەردەمەبوو لە سزادانی زیندانییەکان. حەمید نوری لە رۆژی (٩/ نۆڤەمبەر/٢٠١٩) لە فڕۆکەخانەی نیودەوڵەتی سوید، لە(ستۆکهۆڵم) لە لایەن پۆلیسی سویدەوە بە تاوانی کۆمەڵکوژی زیندانیای سیاسی لە ئێران لە ساڵی (١٩٨٨)، دەستگیرکرا، لەسەر ئەو تاوانەی، دادگای سوید دادگایی کرد.. نازانن سزای زیندانیکردنی دراوە یا نا.

رژێمی ئاخونەکانی کۆماری سێدارەی ئیسلامی، هەموو پارەکانی سامانی نەوت و گاز و داهاتی ئێرانیان، لە دروستکردنی چەک و رۆکێتی بالیستی و پرۆژەی بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی، تا دەگاتە مانگی دەستکرد، خەرج کردوون.. بێ ئەوەی کە گوێ بە برسێتی و بێکاری و هەژاری و ژیانی کولەمەرگی، بژی و مەمرەی، گەلانی ئێران و گەلی کوردمان لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا بدەن.

گەمارۆی ئابووری ئەمریکاش لەسەر ئێران، هیچ کاریگەرییەکی لەسەر دەسەڵاتدارانی رژێمی ئیراندا نییە، تەنیا گەلانی ئێران و کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا، باجی ئەم گەمارۆیەی سەر ئێران دەدەن.. تا ئێستا گەمارۆی ئەمریکا، نەیتوانیوە هەوڵەکان و بەرنامەی، نزیکبوونەوەی رژێمی نیاز گڵاوی ئێران لە دروستکردنی چەکی ئەتۆمی و دروستکردنی رۆکێتی بالیستی کڵاوهەڵگری ئەتۆمی دوورهاوێژ رابگرێ.
ئێرانی سێدارە و تورکیای زیندانستان، یەک لە یەکتری رەگەزپەرستر و نیاز گڵاوتر و خوێنڕێژترن.. ئەمانە سەری مارەکەن و هۆکاری ناسەقامگیری و نائارامی و شڵەژاوی و ئاژاوە و شەڕ و نائاشتین، لە هەموو ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.. دوو دەوڵەتی داگیرکەر و شەڕخواز و تیرۆرستن.. دەیانەوێت بە داگیرکردنی خاک و نیشتمانی گەلانی تر، بە زەبری هێز و لەشکرتاری و جاشە بەکرێگیراوەکانیانەوە، دەسەڵاتیان فراونتر بکەن و هەژموونی خۆیان بسەپێنن.. سامانی گەلانی تر بە دزی و بە تاڵانی بەرن.
دوو دەوڵەتن کە بە ئاشکرا یارمەتی تاوانی تیرۆریستی دەدەن، بە چەک و بە پارە، یارمەتی داعش و گرووپە توندڕەوە ئیسلامییەکان دەدەن و کردوویانن بە گژی گەلانی ناوچەکە.. بۆ ئەوەی ئاسوودەیی و ئاشتی بەرقەرار نەبن.
لە سایەی دەسەڵاتی دیکتاتۆری و فاشستی رژێمی ئاخووندەکانی کۆماری سێدارە، ئێران لە سێدارەداندا.. پاڵەوانێتی جیهانی بەدەستهێناوە و نمرەی باڵای جیهانی لە سێدارەداندا تۆمار کردووە.. خاوەنی سێ میدالیای رەشی شەرمەزاری و رووڕەشییە، یەکێکیان لە بواری لە سێدارەدانی گشتیدا، زیاتر لە نیوەی ژمارەی ساڵانەی لە سێدارەدان لە هەموو جیهاندا، لە لایەن رژێمی ئێرانەوە لە سێدارە دراون.. میدالیایەکی دووەمی، ئەوەیە کە ئێران یەکەمینی بەدەستهێناوە، لە بواری لە سێدارەدانی مێردمنداڵاندا، بە تایبەتیش لە سێدارەدانی مێرمنداڵانی کورد دا، نمرەیەکی پێوانەیی باڵای تری، لە جیهاندا تۆمارکرد.
بەپێی جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی منداڵ و تەمەنی ستانداردی جیهانی، کە پێناسەی منداڵیان کردوون: منداڵ ئەو مرۆڤەیە کە تەمەنی لە هەژدە ساڵ تێ نەپەڕێت. کەچی لە ئێرانی بەدەر لە هەموو وڵاتانی جیهان، تەمەنی باڵغبوونی کوڕانیان بە (١٥) ساڵ دیاری کردوون، تەمەنی کچانیش بە (٩) ساڵ.. بە شوودانی کچ لەم تەمەنەدا لە ئێراندا یاساییە.. دەسەڵاتدارانی شیعەکانی عێراقیش، لە کاتی بۆ ماوەیەکی کورتی (ئیبراهیم جەعفری) بە سەرۆک وەزیرانی عێراق.. ویستیان چاو لە ئێران بکەن و بە شوودانی کچان بە نۆ ساڵان رەوا و بە یاسا بکەن.. بەڵام رووبەڕووی رەخنەیەکی زۆر بوونەوە، بە دەسترێژی بۆ سەر منداڵان تاوانبار کران.. زانیشیان پەرلەمانی عێراق ئامادە نییە کە بڕیار لە یاسایەکی وا بدەن.. بۆیە پاشگەزبوونەوە و سەری نەگرت.. دووریش نییە کە لە دەرەوەی یاسادا.. بەرپرسانی شیعەکان تاوان و کاری ناڕەوای وایان لێبوەشێتەوە و بۆ هەوسبازی خۆیان، گوێ بە یاسا نەدەن و کچانی منداڵ لە خۆیان مارەبکەن.
میدالیای رەشی شەرمەزاری سێیەمی ئێران، لە تۆمارکردنی نمرەی باڵای جیهانیدا، لە لە سێدارەدانی زۆرترین کچان و ژناندا بەدەستهێناوە.. تا ئێستا ئاخوندەکان (٩٥) کچ و ژ نیان لە سێدارە داون، ئەمەش ژمارەیەکی پێوانەییە، لە لەسێدارەدانی ژن لە جیهاندا، مەگەر هەر ئێران، ئەم ژمارەیە بشکێنێت و ژمارەیەکی باڵاتر تۆماربکات.. مەحاڵە کە پشکی کوردی تێدا نەبێت.. چەند ژن و کچە تێکۆشەر و چالاکوانێکی کوردمان لە نێو ئەو ژمارە لە سێدارەدراوانە دان.
هەرچەندە رێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ و منداڵان و ژنان و نەتەوە یەکگرتووەکان و چەندین جار بە توندی رەخنەیان گرتوون و داوایان لە رژێمی دیکتاتۆری ئاخوندەکانی کۆماری سێدارەی ئسلامی کردوون، کە دەست لە سێدارەدانی لاوان و منداڵان و ژنان هەڵبگرن.. دەست لە نەژادپەرستی و لە تایفی هەڵبگرن.. دەست لە سێدارەدانی کورد هەڵبگرن.. بەڵامان رژێمی ئێرانی، هەموو داواکانیان رەتکردەوە.. بە پێچەوانەوە تادێت زیاتر و دڕندانەتر، سەرکوت و دەمکوتی گەلی کوردمان و گەلانی تری ئێران دەکەن. ژمارەی لە سێدارەدان و کوشتن بە لێدان و ئەشکەنجەدان، لە ئێران و لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا ساڵ لە دوای ساڵ لە هەڵکشاندایە.
رێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێرانی کە بارەگاکەیان لە شاری (ئۆسڵۆ) لە (نەرویج)ە. لە راپۆرتێکیاندا، ئەوەیان راگەیاندا، کە لە ساڵی رابردوودا (٢٠١٩)، (٢٨٠) کەس لە ئێراندا، لە سێدارە دران.. بەڵام رەنگە ژمارەکە لەمە زۆر زیاتر بێت.. چونکە ئێران زۆر زیندانی بە نهێنی و بێ دادگایی کردن لە سێدارە داوە و باسی نەکردوون.. زۆریش بە ئەشکەنجە و لێدان شەهید کراون.. بۆیە هەر لەم راپۆرتەدا باسیان لەوە کردووە، کە پەرپرسانی ئێران لە (سەدا حەفتا)ی لە سێدارەدراوەکان دەشارەنەوە و باسیان ناکەن.
زۆریش بە کۆمەڵی زیندانییەکان لە سێدارە دەدەن.. رژێمی ئێران لە ساڵی (٢٠١٦) دا، (٢٥) چالاکوانی کوردیان لە زیندانی (رەجایی) لە یەک رۆژدا لە سێدارە دان.
لە ساڵی (٢٠١٨) وە، تا ئەمڕۆ (١٢) مێردمنداڵ لە سێدارە دراون، کە شەشیان کوردن یەکێک لەم شەشە کچە کوردێکی حەڤدە ساڵان بوو. (٩٠) منداڵ و مێردمنداڵی تریش، لە زیندانەکانی ئێراندا، چاوەڕێی لە سێدارەدان دەکەن و لە بارودۆخێکی جەستەیی و دەروونی خراپدان.. لە ئێرانی ئاخوندەکاندا، لەسێدارەدان لە ئاو خواردنەوە ئاسانترە.
لە ئەم ساڵیشدا، رژێمی دیکتاتۆری کۆماری سێدارە، چەندین لاو و مێرمنداڵایان لە سێدارە دان، هەموو ساڵکیش زیندانیانی کورد، پشکی شێریان لە رێژەی لە سێدارەداندا هەیە. هەر لەم مانگەدا (ئەپریل) چەند مێردمنداڵێکی کوردیان لە سێدارە دا کە تەمانیان (١٨) ساڵان کەمتر بوو. ئەمانە چەند ناوێکن لە زیندانییە لەسێدارەدراوەکانی ئەم ساڵ:

لە سێدارەدانی (شایان سەعیدپوور) لە (٢١/ ئەپریل/٢٠٢٠) کە یەکیک بوو لە (٧٤) زیندانییە هەڵاتووەکانی گرتووخانەی شاری (سەقز)، دووبارە دەستگیرکرایان کردەوە.
لە سێدارەدانی (مەجید ئیسماعیل زادە) لە (١٨/ ئەپریل/٢٠٢٠)
گیان لەدەسدانی (دانیال زین ئەلعابدین) لە (٢/ ئەپریل/٢٠٢٠) کە تەمەنی لە هەژدە ساڵ کەمتر بوو.. بە لێدان لە زینداندا شەهیدیان کرد.
هەر لەم مانگەدا، چوارو کوردی تریان لە زیندانی (ورمێ) لە (٢٨/ئەپریل/٢٠٢٠) لە سێدارە دان. ناوەکانیان: (زرار پەیغـامی) تەمەنی (٥٣) ساڵە، خەڵکی (شنۆ) یە.
(یاسر رەسووڵی) تەمەنی (٣٣) ساڵە، خەڵکی شاری (بۆکان)ە لە سنە لە سێدارە درا.
(کەیوان ئەڵڵامورادی) گەنجێکی کوردی تەمەن (٢٨) ساڵانە لە (٢٧/ ئەپریل/٢٠٢٠)
لە گرتووخانەی شاری (سنە) لە سێدارە درا، خەڵکی ئاویی (دێولان) سەر بە سنە یە.
(فایق شەریفی) یش، لە (٢٨/ ئەپریل/٢٠٢٠) لە سێدارە درا خەڵکی (دیواندەرە) یە.

(مستەفا سەلیمی) یش، کە یەکێک بوو لەو (٧٤) زیندانیانەی کە لە رۆژی (٢٧/ ئادار/٢٠٢٠) لە گرتووخانەی (سەقز) هەڵاتن. لە بەرەبەیانی (١١/ ئەپریل/٢٠٢٠)
لە تەمەنی (٥٣) ساڵیدا، وەکو زیندانییەکی سیاسی، هەر لە گرتووخانەی شاری سەقز لە سێدارە درا. خەڵکی گوندی (ئیلوی) ی سەر بە سەقزە.. لەسەر دۆسیەی مستەفا سەلیمی زۆر وتراوە و نووسراوە.. خۆێنەران و بینەرانی تەلەفزیۆنەکان ئاگادارن.
ئەو ناوە ناوبراوانەی سەرەوە، ژمارەی هەموو لە سێدارەدراوەکانی ئەم چوار مانگە رابردووەی ئەم ساڵ (٢٠٢٠) نین، کە لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا، ئێران لە سێدارەی داون. بە دەیان زیندانی تریان لە سێدارە داون.. بە هەزاران زیندانی تریش، چاوەڕیی لە سێدارەدان دەکەن.. تا رژێمی ئاخوندە خوێنمژەکانی کۆماری سێدارە، لە دەسەڵات دابن، ئەم تاوانانە دوا تاوانیان نابێت.. چاوەڕوانی ئەوەیان لێدەکرێت.. کە بە هەزاران زیندانی تر لە سێدارە بدەن.. و بە سەدان تاوانی نەشیاوی قێزەوەنتر ئەنجام بدەن.
لەم بارودۆخە سەختەدا، کە گەلانی ئێران و گەلی کوردمان لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا، بە دەست برسێتی و هەژاری و نەبوونی و بێکاری و بێ دەرمانی و تووشبوون بە ڤایرۆسی کورۆناوە دەناڵێنن.. لە لایەن ئێرانەوە هیچ هاوکارییەک نەکراون و ناکرێن تەنات کۆڵبەریش بە هەژارانی کورد رەوا نابیین و بە دەستڕێژی گوللـە دەیانکوژن. مەبەستی ئاخوندەکان ئەوەیە، کە لە برسا بمرن.. هەر لەبەر ئەوەی کە کوردن.

کەچی رژێمی گەندەڵی ئێران، دەیەوێت خۆی بەرانبەر بە ئەمریکا فشبکاتەوە و هێز و بازووی خۆی نمایش بکات.. رۆکێتی مەودا دوورهاوێژی بالیستی دروست دەکات و تاقی دەکاتەوە.. مانگی دەستکردنی سەربازی سیخوڕی بەرەو ئاسمان دەنێری، بەم کارە قێزەوانانەی، دەیەوێت ئەمریکا و دەوڵەتانی ئەوروپا بورووژێنێ.. پارەی ئەم هەموو چەک و تاقیکردنەوانەش.. لە دەمی خەڵکی برسی و رەشوڕووت دەگرنەوە.
ئەی ئاخوندە کۆنەپەرستەکان، شەمشمەکوێرەکانی تاریکی.. دوور نییە کە کورۆنا لە ئێوەوە پەیدابووبێت، چونکە لە ئێوە قێزەوتر و نەگریستر نییە.. دەست هەڵبگرن لە کوشتن و لە سێدارەدانی کورد و لە گەلانی ئێران.. کە برسی نان و تینوی ئازادی و هۆگری ژیانن.. بڕۆ ملتان بشکێنن.. ئێوە بوونەتە مێردەزمە بەسەر گەلی کورد و گەلانی ئێرانەوە.. ئێوە بوونەتە زالوو و خوێنی هەژاران و ئازریخوازان دەمژن.
کورد و گەلانی ئێرانی ئێران رۆکێتی بالیستی و مانگی دەستکریان ناوێ.. نان و دەرمان و ئازادییان دەوێ.. شەڕ و زیندانی و لە سێدارەدان و مردنیان ناوێ.. دادپەروەری و یەکسانی و مافە زەوتکراوەکانیان و ژیانیان دەوێ.. ئاسوودەیی و خۆشی و شادی و ئاشتییان دەوێ.. کارگە و ئیش و کاریان دەوێ.
ئەی گەلێ کوردی تێکۆشەر و شۆڕشگێڕمان، لە رۆژهەڵاتی کوردستان.. ئەی گەلانی خۆڕاگر و داخ لە دڵی ئێران.. کاتی ئەوە هاتووە، بە هەموو نەتەوە و ئایدۆلۆژیایەکی جیاوازتانەوە، بە هەموو چین و توێژێکتانەوە، یەکبگرن و ئەم رێژمە کۆنەپەرست و خوێنمژەی ئاخوندە ستەمکار و کەلەپووچەکان، رابماڵن و هەواڵەی دۆزەخیان بکەن.
رژێمە دیکتاتۆری و خۆسەپێنەکان چەند بەهێزشبن، خاوەنی زەبەلاحترین سوپاش بن.. ئەستەمە کە بتوانن لە بەردەم هەڵمەت و شەپۆلەکانی تسۆنامی راپەڕینی گەلانی ئازای ئازادیخواز و دیموکراتیخواز و مافخواز و ئاشتیخوازی راپەڕیودا.. خۆیان بگرن.

رەزا شوان
نەرویج: ٢٩/ ئەپـریل/٢٠٢٠




دڵبه‌ری من شیعری شه‌هید … زانا مه‌حموود حه‌مزه‌

هه‌موو كچێك له‌ دنیادا
شاسواری خه‌ونی خۆی هه‌یه‌
نه‌خشه‌ی سنگی .. ته‌ڕ و بڕیان
ئه‌فسانه‌یه‌كی وا تێدا
من تێ ناگه‌م ..
دڵبه‌ری من
كێی خۆشئه‌وێ ؟
بۆ حه‌ز ئه‌كا ته‌نیا بنوێ …؟
بڵێی ئه‌وه‌ی .. ئه‌م ده‌یه‌وێ
هێشتا له‌ دایك نه‌بووبێ ؟
بشێ .. بشێ هێشتا شه‌یدایی .. منی نه‌دیبێ ؟
بشێ .. بشێ ….. ؟ ..




وه‌سیه‌ته‌كانی عه‌شق … شه‌ونم زه‌ندی

وه‌رزی سوباتی عه‌شقه‌ و
كیشوه‌ری خه‌ون ” له‌ شه‌وانی ڕوانینا ”
له‌ مۆڕی نیگا به‌رائه‌ته‌كاندا
ده‌ڕوانێته‌:
قاڵبوونی چركه‌ و ساتی ئاواره‌بوون
نه‌وره‌سه‌كانیش…
” وه‌سیه‌ته‌كانی عه‌شق ” بان …
ڕاسپارده‌ مه‌رگی به‌یان و
له‌ سپێده‌ێیكی بێ ڕه‌نگدا یاده‌كانیان ئه‌مانه‌تی په‌یڤه‌كانی قه‌ده‌ر كرد و
نیگا ڕه‌هه‌نده‌كان
سه‌ربرده‌ی زه‌مه‌نێك له‌ ئیًشیان
له‌ شیبوونه‌وه‌ی تریفه‌ی مانگ بۆ ڕه‌نگه‌كان
به‌ واژووی بێهوده‌یی … ئاشناكرد به‌ نامۆیی بوون .

هه‌ولێر
1 / 1 / 1999




گرنگی ڕخنە … ڕاستی بەهادین

ڕەخنە شیکردنەوە و راڤەکردن و هەڵسەنگاندنی دەقی ئەدەبیە یان دیاریکردنی بەهای دەقی ئەدەبییە واتە رەخنەی ئەدەبی لەو بنەما هونەریە و بیریانە دەکۆڵیتەوە کە دەقی ئەدەبییان لێ بنیات دەنرێت و بەشێوەیەکی زانستییانە بەهای ئەو بنەمایانە دیاریی دەکات، بەمەش رادە و ئاستی گرنگیی و بایەخی دەق بۆخوێنەر و داهێنەریش دەستنیشان دەکات.
ڕەخنە جۆرێکە لەھەڵسەنگاندن و نرخاندن بە مەبەستی دەرخستن و نیشاندانی لایەنی باش و خراپ.دیارە رەخنەش پەیوەندی بە زۆر بوارەوە هەیە بۆ نموونە ( ڕەخنەی سیاسی ، ڕەخنەی ئاینی ، ڕەخنەی ئەدەبی ، ڕەخنەی کۆمەڵایەتی ….) بەڵام لەم بابەتەدا تەنها باس لە ڕەخنەی ئەدەبی دەکەین ڕونتر لە بارەی نووسینەوە ، تابزانین گرنگی ڕخنە چیە و چۆن ڕەخنە بگیرێت وە جۆرەکانی ڕەخنە چین .
ڕەخنە هەوڵێکە بۆ دەستنیشانکردنی ئەو کەموکوڕییانە لە بوارێکدا هەیە ئەگەر بە وردی باس لە ڕەخنەی ئەدەبی بکەین. ڕەخنەی ئەدەبی کەموکوڕیەکانی ناو نووسین دەستنیشان دەکات ، ڕەخنەی ئەدەبی کارێکی داهێنەرانەیە وزۆرجار ڕەخنەگری ئەدەبی دەبێ بەقەدساحێب بەرهەم زەوق وداهێنەری تێدابێت،

بێگومان هیچ نووسینێک لە دەرەوەی ڕەخنە نییە
هیچ نووسینێک بێ کەم و کورتی نیە ، کە نووسین هەبوو بێگومان ڕەخنەش دەبێت وە لە هەرکۆمەڵگایەک رەخنەگر نەبوو ڕخنە بگرێت بێگومان هیچ پێشکەوتنێک نابێت لە بواری نووسیندا چونکە ڕەخنە دەرخستنی هەڵە و کەم وکوڕیەکانی نێو نووسینەکە دەر دەخات خۆ ئەگەر ڕەخنە نەبێت ئەوا نووسینە پڕ لەهەڵە کان بەردەوام دەبێت .
ڕەخنە گرتن تەنها نابێتە هۆی دەرخستنی هەڵەکان بەڵکو وا دەکات نووسین باشتر و بەرەو پێشتر بچێت لە چاو ئەو قۆناغەی تێیدایە وادەکات نوسینەکان ببنە نووسینی سەردەمیانە و باشتر و گوجاو تر بێت.
مرۆڤ کەدەخوێنێتەوە دەیەوێت خوێندنەوە بکاتە دەلاقەیەک بۆ ئەوەی لێوەی فێر ببێت و بابەتی نوێ و پڕ لە نوێگەری بخوێنێتەوە نەک خوێندنەوەی بابەتە کۆنەکان لە بەرگێکی نوێدا.
کە ئەگەر ڕەخنە نەیەت و بەربەستێک بۆ ئەمە دا نەنێت نووسینەکانی سەردەم بەو جۆرەی لێدێت کە باسمان کرد.
ڕەخنەگرتن وردبینیی و عەقڵی زانستی گەورەی دەوێت کە تیایدا جیاوازی نەکرێت لەنێوان ھیچ نووسینێک.
گەروانەبێت نووسین هیچ بیرکردنەوە و مەعریفەی نوێمان پێ نادات و بەڵکو هەڵەکان بەردەوام دوبارە دەبێتەوە.

دوو جۆر لە ڕەخنەمان هەیە :

ـ یەکەمیان ڕەخنەی ڕوخێنەر ئەمجۆرە لەڕەخنە کەسی ڕەخنەگر بەمەبەستی کەمکردنەوەی نووسین و ناشرین کردنی نووسەر ڕەخنە دەگرێت و دەیەوێت لە ئاستی نووسینەکە کەم بکاتەوە کە ئەمجۆرە لەڕەخنە ناتوانێت کار بکاتە سەر بەرەو پێش چوونی نووسین .

ـ دووەمیان ڕەخنەی بنیاتنەر ئەمجۆرە لە ڕەخنە کەسی ڕەخنەگر بەجۆرێک ڕەخنە دەگرێت کە وا لە نووسەر بکات هەوڵی چارەسەری بدات، بێگومان شێوەی دووەم کار دەکاتە سەر نووسین و زیاتر بەرەو پێشی دەبات .
ڕەخنە هەر تەنها زلکردنی کەموکوڕیەکان نیە بەڵکو دەرخستنی ئەو هەڵانەیە بۆ باشکردنی ، بێگومان ڕەخنەش سنووری خۆی هەیە و نابێت سنوور بشکێنرێت چونکە ڕەخەی بێ سنوور ئاژاوە درووست دەکات و ڕەخنەی بەجێش کۆمەڵ بەرەو پێش دەبات ئەوە تەنها ڕەخنەیە، کە زیندووێتی بە کولتوورێک دەبەخشێت و هەر ئەویشە داهێنەرەکانی بە خوێنەرانی دیکە و نەوەکانی داهاتوو دەناسێنێت .
سەرەنجام، ئەگەر ڕەخنە نەبێتە ڕێگەیەک بۆ گەیشتنی خوێنەر بۆ نێو بەشە شاردراو و نەزانراوەکانی دەق ئەوا لە دەمەقاڵێی نێوان ڕەخنەگر و نووسەر کورتدەبێتەوە بە واتایەکی دیکە ڕەخنەکە ناتوانێت لەنێوان ڕەخنەگر و نووسەردا پردی دیالۆگ و مشتومڕی هزریی دروستبکات.

لەکۆتایدا ماوە بڵێین ڕخنە پێویستە هەبێت چونکە ڕەخنە پیشاندانی کەموکوڕی و خزمەتکردنی ئەدەبە.




ژیانی کێ بەلای ئەردۆگانەوە گرنگتر و بە نرخترە، ژیانی جولەکەکان لە ئیسرائیل یان موسڵمانەکان لە تورکیا؟ … لوقمان ئابڵاخی

پێشئەوەی بچمە قوڵایی باسەکەوە، جێی خۆیەتی کە بۆ خوێنەری بەڕێز ڕون بکەمەوە کە مەبەست لەم ئارتیکڵە بێڕێزی نیە بەرامبەر بە جولەکە یان بەرامبەر بە موسڵمان، هەردوکیان مرۆڤن و مرۆڤیش شایانی ڕێزلێگرتنە بەبێ گوێدانە ڕەنگ، ڕەگەز، ئایین و باوەڕ و نەتەوە.

لە (صـحـیـفـة الـعـرب) دا (محمد طعیمة) وتارێکی بە ناونیشانی : تركيا لا تغمر بـ”إنسانيتها” كل الحلفاء
لەو وتارەکەدا ئاماژە دەدات بە ناردنی بارگەیەک لە پێداویستیە پزیشکیەکان و دەمامک لەلایەن ئەردۆگانەوە بۆ ئیسرائیل.
ئەو هەواڵە لە (العربیة) بە ناونیشانی ” تركيا تغازل إسرائيل بمساعدات طبية لمكافحة كورونا” بڵاوکراوەتەوە.

ئەوەی جێگەی سەرنجە وە جێگای پرسیاریشە هەواڵی ناردنی پێداویستیە پزیشکیەکان و دەمامک بو لەلایەن ئەردۆگانەوە بۆ ئیسرائیل.

بارودۆخی وڵاتە ئیسلامیەکان بە گشتی خراپە و لە ناویشیاندا تورکیا خۆی، ئێرانی دراوسێی تورکیا، مەملەکەتی عەرەبی سعودیە، قەتەری دۆست و هاوپەیمانی ئەردۆگان، کە ئەردۆگان بە پارەکانی قەتەر تا ئێستا توانیویەتی بە پێوە بوەستێ، ئیماراتی عەرەبی و بەنگلادیش کە وڵاتێکی ئیسلامی هەژارە.

باوای دانێین کە ئەردۆگان مەملەکەتی عەرەبی سعودیە بە نەیاری خۆی ئەزانێت و نایەوێت یارمەتیان بدات. بەڵام بەڵام ئێران کە لە خراپترین حاڵدایە، وڵاتێکی ئیسلامیە و سنوری لە گەڵ تورکیادا هەیە و تورکیا یەکێکە لە سودمەندترین وڵاتەکانی دنیا بۆ گازی سروشت و نەوت و تەنانەت هەمو بازرگانیەکی دیکە. . قەبارەی پەیوەندی ئابوری نیوان ئەو دو وڵاتە بەردەوام لە هەڵکشاندایەو ئامانجیان ئەوەیە کە بیگەیەننە ٣٠ سی ملیار دۆلار.

قەتەریش لەولاوە بوەستێت کە ئەو مانگایەیە کە تورکیا هەرکاتێک بیەوێت دایدەدۆشیت. ماڵپەڕی وەزارەتی کاروباری دەرەوە لە تورکیا باسی بەردەوام زیادبونی پەیوەندیە ئابوریەکانی نێوان قەتەر و تورکیا دەکات.

خۆ ئەگەر بەڕاستی ئەردۆگان برا موسڵمانەکانی بەلاوە گرنگ بوایە و پەیڕەوی یاسا و ڕێساکان و حوکمی قورئان و فەرمودەکانی پەیامبەری خودای بکردایە، پێویست بو تورکیا یارمەتی وڵاتێکی ئیسلامی وەکو بەنگلادیش بدات کە زۆر هەژارن و وڵاتەکەیش وڵاتێکی دواکەوتوە و پێویستی بە هەمو جۆرە یارمەتیەک هەیە.

پرسیارەکە ئەمەیە کە بۆچی سەرۆکی ئاکەپە، سوڵتان ئەردۆگان، جگە لە حیزبەکەی خۆی کە ڤێرژنە تورکیەکەی ئیخوان موسلمینە وئیخوانەکانی عالەمی ئیسلامی وەکو سەرۆکی ئیخوان موسلمین حسابی بۆ دەکەن، وازی لە موسڵمانەکانی وڵاتەکەی خۆی و هەمو موسڵمانانی دنیا هێناوە و هەمویانی پشتگوێخستوە کە لە خراپترین حاڵدان. کەچی دەمامک و پێداویستیە پزیشکیەکان و تەندروستیەکان بۆ خۆپاراستن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ ئیسرائیل ئەنێریت سەرباری ئەوەی کە ئیسرائیل یەکێکە لەو دەوڵەتانەی زۆر سەرکەوتوانە ڕوبەڕوی ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆتەوە وە ئیسرائیل یەکێکە لەو دەوڵەتانەی پێشکەوتوترین شێوازەکانی پشکنین، تێست کردن، ی هەیە بۆ ڤایرۆسی کۆرۆنا و تەنانەت لە هەوڵی چارەسەرکردنیشدا هەر لە ڕیزی وڵاتە پێشکەوتوەکانن کە تورکیا یەکێک نیە لەو وڵاتانە.

سەرباری هەمو ئەوانەش، بە بەراوردکردنی ئیسرائیل بە تورکیا و بەشێکی بەرچاو لە وڵاتە ئیسلامیەکان، وە بە پشت بەستن بە داتای سەرچاوە باوەڕپێکراوەکان، ژمارەی توشبوان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئیسرائیل هەر زۆر کەمترە لە ژمارەی توشبوان لە تورکیا و لەو وڵاتە ئیسلامیانە.

بۆ نمونە لە کاتی نوسینی ئەم کۆمێنتەدا کە لە ٢٧/٤/ ٢٠٢٠:
ژمارەی توشبوان بە نەخۆشی ڤایرۆسی کۆرۆنا:

  • لە تورکیا ١١٢٢٦١ سەد ووانزدە هەزار و دو سەد و شەست و یەک کەسە، بەڵام
  • لە ئیسرائیل ١٥٥٥٥ پانزە هەزار و پێنج سەدو پەنجاوپێنج کەسە.
    واتە ژمارەی توشبوان بە نەخۆشی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە تورکیا پتر لە ٧ حەوت ئەوەندەی ژمارەی توشبوانە بە هەمان نەخۆشی لە ئیسرائیل.
    ژمارەی ئەوانەی بە نەخۆشی ڤایرۆسی کۆرۆنا مـردون:
  • لە تورکیا ٢٩٠٠ دوو هەزار و نۆ سەد کەسە،
  • بەڵام لە ئیسرائیل ٢٠٤ دوسەد و چوار کەسە.
    واتە ژمارەی مـردوەکان بە نەخۆشی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە تورکیا زیاترە لە ١٤ چواردە ئەوەندەی ژمارەی مـردوەکانە لە ئیسرائیل.
    ئەم داتایانە لە ماڵپەڕی https://www.worldometers.info/coronavirus/ وەرگیراون و بەردەوامیش لە بەرزبونەوەدان.

بۆ ئەوانەی کە کەڕ و لاڵ و کوێرن لە ئاستی هەمو تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی، هەر لە بەکارهێنانی چەکی بایۆلۆجی و قەدەغەکراوی نێودەڵەتی هەتا دەگات بە جینۆساید و پەلامار و داگیرکاری و گۆڕینی دیمۆگرافیایانەی کە ئەردۆگان دژ بە کورد، کە نەتەوەیەکی ئاشتیخوازن و زۆرینەیان موسڵمانە، و دژ بە کوردستان ئەنجامیداون، با بە وردی سەیرێکی ئەم داتایانەی سەرەوە بکەن و خۆیان حوکم بدەن کە نرخی هاوڵاتیە تورکەکان و موسڵمانانی دنیا لای ئەردۆگان چیە و چەندە وچۆنە.

٢٧ ی نیسانی ٢٠٢٠




کتێب: لە دەرەوەی ژیان دەژیم … نووسەر: ناڵە حەسەن

بابەت: شیعر
دیزاینى بەرگ و ناوەرۆک: شۆڕش غەفووری
چاپ: یەکەم
شێوازى چاپ: ئەلیکترۆنى
ساڵى بڵاوکردنەوە: ٢٠٢٠ى زایینى

بۆخويندنەوەی ئەم کتيبە کلیکی ئێرە بکەن ….




وه‌رگێڕانی پێچه‌وانه‌ … عه‌باس جه‌میل جێماو

جه‌نگێك له‌گه‌ڵ رۆشنبیری ساخته‌كار

هه‌موو شتێك سنووری خۆی هه‌یه‌، سیاسه‌ت، په‌یوه‌ندیی، ئارامگری، زێده‌ڕۆیی، منجڕی كردن له‌ به‌هه‌ڵه‌دا بردنی خوێنه‌ر به‌بیانووی خزمه‌تكردنی ئه‌ده‌بیاتی كوردی و گرنگیدان به‌ زمان و كولتووره‌كه‌ی، جه‌نگێكه‌ كه‌ یه‌خه‌ی خوێنه‌ری كوردی گرتووه‌، هه‌موو ئه‌مانه‌ له‌و گرێیه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گری كه‌ بۆمان ناكێته‌وه‌، ئه‌ویش گرێی خۆ به‌كه‌مزانینه‌، به‌تایبه‌تی له‌نێو ئه‌ده‌ب و رۆشنبیری كوردی كه‌ ناتوانن ده‌قی خۆماڵی بكه‌ نبه‌ زمانه‌ زیندووه‌كان.
لێره‌ به‌دواوه‌ كه‌ ده‌بینین ئه‌و به‌ناو خزمه‌ته‌ زیانی زیاتره‌ له‌ سوود، كه‌واته‌ ئیتر ده‌بێ به‌و ئاراسته‌یه‌ و به‌و رێكه‌وتنه‌ی نێوان به‌ناو وه‌رگێڕو به‌ناو خزمه‌تكارانه‌ی ئه‌ده‌ب و زمانی كوردی بلێین ستۆپ، ئیتر به‌سه‌ ژه‌هر ده‌رخواردی خوێنه‌ری كورد ده‌ده‌ن به‌ناوی خزمه‌ت، ئیتر به‌سه‌ ئه‌م پاشاگه‌ردانیه‌ی، كه‌ به‌ناو ده‌زگا چاپه‌مه‌نی و ده‌زگا رۆشنبیرییه‌كانه‌وه‌ ده‌یكه‌ن، كه‌ به‌ئاقاری خزمه‌تكردنی گروپچێتی و شارچێتی و حیزبچێتی په‌لیهاویشتووه‌.
له‌به‌رامبه‌ردا بڵێَین كاتێتی وه‌رگێڕانی ده‌قی بیانی بووه‌ستێت و وه‌رگێڕانی پێچه‌وانه‌وه‌ بكرێته‌ هه‌ڵمه‌ت و خزمه‌ت به‌ كتێبخانه‌ی كوردی، به‌واتای ده‌وڵه‌مه‌ندكردی كتێبخانه‌ی بیانی و عه‌ره‌ب و فارس و توركی و هتد، به‌ كتێبی كوردی به‌ڵام به‌ زمانی ئه‌وان، ئه‌مه‌ش هه‌م بۆ ئه‌وان باشتره‌ و ده‌مانناسن، هه‌م بۆ جالیه‌ی كوردی و هه‌م بۆ خزمه‌تی ئینسانی و هه‌م بۆ ئه‌و وزه‌ و توانا كوردیانه‌ی، كه‌ جگه‌ له‌ كورد كه‌س نایانناسێ.
هه‌ڵبه‌ت من به‌و ره‌هاییه‌ش قسه‌ ناكه‌م، كه‌ توانایی زۆرێك له‌ وه‌رگێڕه‌كان سفر بكه‌مه‌وه‌، به‌ڵكو ئه‌گه‌ر سه‌رده‌مێك ئه‌وان نه‌بونایه‌ ئاگامان له‌ ئه‌ده‌بیات و رۆشنبیری گه‌لان نه‌ده‌بوو، به‌ڵام ئیتر به‌سه‌، له‌په‌نای ئه‌م توانایانه‌وه‌ ژه‌هر له‌ كتێبخانه‌ی كوردی بڕێژن.
هاوكات به‌ده‌ر له‌موجامه‌له‌ یان هێرشكردنه‌سه‌ر لایه‌ك، ده‌مه‌وێت له‌كۆی قسه‌كان به‌ڵانسی ویژدان سه‌نگی مه‌حه‌ك بێ و بۆ هه‌ر ته‌وه‌رێك به‌پێی داتا و ئیتیكی نووسین، ئاماژه‌یان پێ بكه‌ین، سه‌ره‌تاییترین ته‌وه‌ری ئه‌م بابه‌ته‌یش، ئاماژه‌دان به‌بیرۆكه‌ی (وه‌رگێڕانی پێچه‌وانه‌یه‌)، كه‌ دوای ئه‌وه‌ی تێگه‌یشتم چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر سمكۆ محه‌مه‌دی نوسه‌ر و رۆژنامه‌نووس ئه‌م ته‌رحه‌ی كردبوو، كه‌ له‌ئه‌زمونی سه‌فه‌ره‌كانی بۆ كتێبخانه‌كانی عه‌ره‌بی و فارسی و ئه‌وروپییه‌كان، وه‌كو خۆی ده‌یگێڕێته‌وه‌، كه‌ خاڵین له‌ كتێبی كوردی، هه‌روه‌ها پێشتر له‌چه‌ند وتارێكیدا له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ نووسیبووی له‌ساڵه‌كانی 2009 و 2014، پاشان له‌ئاكاونتی فه‌یسبووكی یوسف مه‌نتك، كه‌ به‌ویژدانه‌وه‌ باسی بابه‌تێك كردووه‌ جارێكی تر بابه‌ته‌كه‌ سه‌رنجی راكێشام بۆ نووسین، كه‌ گروپێك چۆن به‌ناهه‌ق خه‌ونه‌كانی نووسه‌ر له‌چاڵ ده‌نێن، به‌كه‌ڵك وه‌رگرتن له‌ بیرۆكه‌كه‌ی و له‌جیاتی بره‌ودان به‌و پرۆژه‌یه‌و به‌نیشتیمانی كردنی، خراپ كه‌ڵكیان لێوه‌رگرت و به‌شه‌خسه‌نه‌ كرا، هه‌روه‌ك چۆن له‌رابووردا چه‌ندین ده‌زگای زه‌به‌لاحی وه‌ك (ئاراس و سه‌رده‌م) و (ئینستیتۆی كه‌له‌پوری كورد له‌سلێمانی) له‌بری خزمه‌تكردنی گشتی، خرانه‌ خزمه‌ت چه‌ند كه‌سێكه‌وه‌.
زۆر جار ده‌بینین له‌ وه‌رگێڕانی ده‌قێكی بیانیدا، كێشه‌ی هه‌ره‌ گه‌وره‌ی وه‌رگێڕان، ده‌سته‌وه‌ستانی وه‌رگێڕه‌ یان زاڵنه‌بوونێتی‌ له‌گه‌یاندنی ماهیه‌ت و بونیاده‌ جه‌وهه‌رییه‌كانی ده‌قه‌ وه‌رگێڕدڕاوه‌كه‌، بۆ وشه‌ و مه‌به‌سته‌كانی ده‌قه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كه‌، له‌كاتێكدا هه‌ر زمانێكیش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ رۆشنبیرییه‌كی تایبه‌ت و دیاریكراو، كه‌ دواتر وه‌رگێڕ وشه‌كه‌ ده‌گوازێته‌وه‌ بۆ زمانێكی تر، هه‌روه‌ها نزیككردنه‌وه‌ی ئه‌و رۆشنبیرییه‌ و سوودوه‌رگرتن له‌ كارشناسی یه‌كتر له‌زمانه‌كان، له‌چوارچێوه‌ی كرداری گواستنه‌وه‌ی بابه‌تی پشتبه‌ستوو به‌ بنه‌ما زانستییه‌كانی زمانزانی و زمانه‌وانی و لكاندنی به‌ زانیارییه‌كانه‌وه‌.
به‌ڵام ده‌بینین زیاتر له‌ نیو سه‌ده‌یه‌ وه‌رگێڕی ئێمه‌ ناتوانێت ئه‌و وشه‌یه‌ بگوازێته‌وه‌ به‌شێوه‌ كاریگه‌ره‌كه‌ی، كه‌ بتوانێت هه‌ستی خاوه‌ن وشه‌كه‌ وه‌ك خۆی بگوازێته‌وه‌ بۆ زمانه‌ دیاریكراوه‌كه‌ی كه‌ مه‌به‌ستێتی، یان ناتوانێ كورد بناسێنێ، چه‌ند ره‌هه‌ندێك وه‌رده‌گرێت، ئه‌ویش یان ئه‌وه‌تا نایانه‌وێ ده‌قی كوردی بناسرێ، یان نایانه‌وێ بیسه‌لمێنن زمان نازانن، یان نایانه‌وێ توانا و به‌هره‌ی نووسه‌ره‌كان بناسرێ به‌ئه‌وانی تر، وه‌ڵامه‌كه‌ هه‌ر كام له‌و ره‌هه‌ندانه‌ بێ، وڵامێكی لاوازه‌ و قانیع پێكه‌ر نییه‌.
هاوكات ئێمه‌ شاهیدی ئه‌وه‌ین، كه‌ له‌دوای سالی 1991 تا ئاستێكی باش ئه‌ده‌ب و رۆشنبیری و نووسینی كوردی ئازادییه‌كی به‌ خۆیه‌وه‌ بینی، كه‌چی له‌په‌نا ئه‌م ئازادییه‌وه‌ دونیایه‌ك هه‌ڵه‌ی زمانه‌وانی و ئیدیۆمی بێ مانا له‌ وه‌رگێڕانی ئه‌و ده‌قانه‌ بینران و دواتر شاردرانه‌وه‌.
له‌م روانگه‌وه‌ بۆ زیاتر قسه‌كردن له‌سه‌ر جۆره‌كانی كه‌تنی ئه‌ده‌بی و به‌ربه‌ست و رێگرییه‌كانی به‌رده‌م كاری جدی و كوشتنی سه‌لیقه‌ و توانا كه‌سیه‌كان و گاڵته‌جارییه‌كانی گروپچێتی و شارچێتی و حیزبچێتی و چه‌ند ته‌وه‌رێكی تر ده‌خه‌ینه‌ روو له‌ میانی چه‌ند چاپته‌رێكدا.
له‌خشته‌بردنی خوێنه‌ر
ئه‌وه‌ی له‌ زۆرێك له‌ وه‌رگێری كوردی ده‌بینین، ئه‌وه‌یه‌ ته‌نها زمانه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ی زمانزانی شاره‌زایه‌ ئه‌ویش به‌كه‌می، بۆ نموونه‌ ئه‌وان هیچیان گرنگی به‌ئیدیۆمی زمانه‌كانی تر ناده‌ن یان شاره‌زا نیین، هه‌روه‌ها ئه‌فسانه‌ و شێوه‌زارو بن زمانه‌كانی تر نازانن، له‌كاتێكدا هه‌مووان ئه‌وه‌ ده‌زانیین هه‌ر ده‌قێكی ره‌سه‌ن پڕیه‌تی له‌ ئه‌فسانه‌ و شێوه‌زارو ئیدیۆمی ئه‌و زمانانه‌، كه‌چی خوێنه‌ری كورد شاره‌زاییه‌كی له‌و كۆده‌ زمانه‌وانیانه‌ وه‌رنه‌گرتووه‌، كه‌ وه‌رگێری كوردی پێی به‌خشیوه‌، به‌م هۆیه‌وه‌ زۆرێك له‌ وه‌رگێڕه‌كان له‌ زۆر بۆنه‌ی ئه‌ده‌بیدا رووبه‌ڕووی شه‌رم و ره‌خنه‌ی توند ده‌كاته‌وه‌، بۆ نموونه‌.

• له‌ وه‌رگێڕانی به‌شێك له‌ كتێبی (تاجر و البندقیه‌)ی شكسپیر له‌یه‌كه‌م وشه‌وه‌، وه‌رگێڕ وه‌ك گه‌مژه‌یه‌ك پێناسه‌ی ئاستی وشیاری و رۆشنفیكری خۆی ده‌كات، رووی راسته‌قینه‌ی خۆی له‌ناونیشانی كتێبه‌كه‌وه‌ ده‌خاته‌ڕوو و به‌سه‌قه‌تی ته‌رجه‌مه‌ی ده‌كات، له‌ژێر ناوی (بازرگان و تفه‌نگ(، كه‌ ئه‌مه‌ ده‌یان جار له‌ كۆنفرانس و ڤیستیڤاڵه‌كان و نوسین به‌كۆمیدیا باسكراوه‌.
• له‌ وه‌رگێڕانی كتێبی (الرجال یحلقون فی السما‌‌و) ده‌كرێته‌ كوردی به‌شێوه‌یه‌كی گاڵته‌جاڕی (پیاوه‌كان له‌ ئاسمان ته‌راش ئه‌كه‌ن.
• كتێبی (ئا‌نا كارنینا)ی لیۆن تۆلستۆی ده‌كرێته‌ (من و كارنینا(.
• كتێبی (جانتا)ی بزورگی عه‌له‌وی، كه‌ له‌كۆمه‌ڵه‌ چیرۆكێك پێك دێت، كه‌ له‌خانه‌ی اربیل بۆ چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ دوای وه‌رگێڕانی چاپ ده‌كرێت، پاش خوێندنه‌وه‌ی ده‌قه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كه‌ی ئه‌توانی هه‌زار و یه‌ك سوێند بخۆیت، كه‌ ئه‌مه‌ نه‌ئیشی عه‌له‌وییه‌ و نه‌كاری ئه‌و بێت، هه‌روه‌ها له‌كوردیش ناچێت هێند به‌سه‌قه‌تی ته‌رجه‌مه‌ كراوه‌، به‌تایبه‌ت له‌رووی زمانه‌وه‌.
یان به‌ده‌یان جار بینیومانه‌ وه‌رگێڕه‌كان داماون به‌ده‌ست وشه‌یه‌كی كه‌له‌پوری كوردییه‌وه‌ كه‌ بنه‌مای زمانه‌، ئه‌ویش له‌بری به‌كارهێنانی وشه‌ی پوش، نووسیویانه‌ گیای وشك.
هه‌روه‌ها چه‌ندین نموونه‌ی تر هه‌یه‌ له‌و هه‌ڵمه‌تی وه‌رگێڕانه‌ی زمانه‌كانی دیكه‌ بۆ كوردی به‌بێ هیچ فلته‌رێك چاپ كراون.
به‌ده‌ر له‌مانه‌ كه‌ نامه‌وێ زۆری له‌سه‌ر بڕۆم، نموونه‌ی ریزبه‌ندی ناوی شاعیره‌كانی ئێستا و ئه‌وانه‌ی پێش ئێمه‌، ده‌بینیت له‌ كتێبی (ئه‌نتۆلۆژیای شیعری كوردی) ناوی كه‌سانێكی ئاست نزم له‌ نووسینی شیعردا پێش ناوی مه‌حوی دێت، ئه‌بێ ئه‌م هه‌وڵه‌ نه‌زۆكه‌ چی ناوێكی لێ بنرێت..!؟
هه‌روه‌ها له‌ (ئه‌نتۆلۆژیای چیرۆكی كوردی) هه‌مان شت، كه‌ له‌نووسینی د. هیمداد حۆسێنی. هه‌ڵه‌ی لۆژیكی هه‌یه‌.
باشه‌ ئه‌بێ منی خوێنه‌ر چ گوناهێكم كردبێ وا به‌م ده‌رده‌مان ببه‌ن و له‌بری چێژی زیهنی و ئاشنابوون به‌ ده‌ورووبه‌ر، ئه‌م هه‌موو ژه‌هره‌مان ده‌رخوارد بده‌ن.
له‌هه‌مووشی ناشیرینتر پڕۆسه‌ی به‌چاپگه‌یاندنی سه‌دان كتێبی كرچ و كاڵ و درووستكردنی سه‌دان كۆلكه‌ نووسه‌ر، له‌ ئه‌نجامی ئه‌و ململانێ حیزبی و شارچێتییه‌ی، كه‌ له‌ناو یه‌كێتی نووسه‌رانی كورد ده‌كرا، له‌په‌نا په‌رده‌ی زیاد كردنی ئه‌ندام و فراوانكردنی پانتاییه‌كه‌، سه‌ره‌تاییترین مه‌رجی وه‌رگرتنی ئه‌ندام له‌ ریزی یه‌كێتی نووسه‌ران و ناساندنیان وه‌ك نووسه‌ر، چاپكردنی كتێبه‌ و ده‌بێ دوو كتێب كه‌متری نه‌بێ، كه‌ ئه‌مه‌ش بۆ خۆی حه‌شاماتێكی كۆلكه‌ نووسه‌ری له‌ ناو كایه‌كه‌ قیت كرده‌وه‌و وه‌ك نووسه‌ر ناساندنی و پێناسی ئه‌ندامێتیشی بۆ درووست كردن، ئه‌مه‌ له‌ هه‌ردوو سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسان و هونه‌رمه‌ندانیش په‌یڕه‌وكرا، كه‌ زیاتر بۆ مه‌به‌ستی به‌ده‌ستهێنانی ده‌نگبوو، كه‌ له‌كاتی كۆنفرانس و كۆنگره‌كاندا ده‌نگی پێویست مسۆگه‌ر بكه‌ن.

ده‌زگا چاپه‌مه‌نییه‌كان و دوكانی كتێب

سه‌رباری ئه‌و شه‌ڕ فرۆشانه‌، كه‌ یه‌خه‌ به‌ ره‌وته‌كه‌ به‌رناده‌ن، سه‌رده‌مێكی ناجۆر هاتۆته‌ ئاراوه‌ له‌ سلێمانی و هه‌ولێر، بێ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ هیچ پڕه‌نسیپێكی زانستی یان بێ گوێدانه‌ ئیتیكی رۆشنگه‌ری، كۆمه‌ڵێك گه‌نجی نه‌خوێنه‌واریان هێناوه‌ته‌ كایه‌وه‌و ده‌زگای چاپه‌مه‌نیان بۆ كراوه‌ته‌وه‌ و به‌بێ‌ شاره‌زایی و ئه‌زموون كتێب چاپ ئه‌كه‌ن بێ هیچ پێشینه‌یه‌كی رۆشنبیری، له‌كاتێكدا كاری له‌م جۆره‌ پیویستی به‌ توانای رۆشنبیری و خوێنه‌ری به‌توانا و ئه‌كادیمی هه‌یه‌، كه‌ ببنه‌ بۆردی رۆشنبیری و له‌ پشتی ئه‌و دامه‌زراوانه‌وه‌ بن، هه‌ر ئه‌وه‌ی ماوه‌یه‌ك بینیمان‌ ته‌نها بۆ بازار گه‌رمكردن و كتێب فرۆشتن به‌ خوێنه‌ری داماوی كورد، ئه‌ویش كتێبه‌كانی‌ مه‌ولانای رۆمی و كافكا و عه‌زیز نه‌سین و.. هتد، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی هیچ كامێك له‌و كتێبانه‌ی چاپ كراون فلته‌ری زمانه‌وانیان نه‌بینیوه‌ و هیچ زانیاریه‌كیشیان له‌سه‌ر كتێبه‌كه‌ نییه‌، ئه‌و نه‌وه‌یه‌ی كه‌ هاتوون ده‌زگایان بۆ كراوه‌ته‌وه‌، بنه‌چه‌یه‌ك و بونیادێكی رۆشنبیری كۆنی سه‌رده‌می هه‌شتاكان و حه‌فتاكانیان نییه‌.

پێداگیری له‌سه‌ر به‌ ته‌رجه‌مه‌ كردنی ده‌قی كوردی

پێ ده‌چێت كێشه‌ كه‌ڵه‌كه‌ بووه‌كانی ره‌وتی رۆشنگه‌ری له‌ ئێستادا چه‌ندایه‌تی نه‌بێت، به‌ڵكو چۆنایه‌تی و جۆری بێت، به‌وپێیه‌ی كه‌ كه‌یسه‌كان به‌گشتی ده‌ستی به‌سه‌ردا گیراوه‌، یان بێده‌نگ كراون یان رێگری له‌ ئاشكرابوونی كراوه‌ بۆ ده‌ره‌وه‌ی خۆمان، كه‌ تێیدا ده‌خولێته‌وه‌، ئه‌گه‌رچی پێشتر ده‌بینین هه‌نگاو نه‌نراوه‌ بۆ به‌ناساندنی رۆشنبیری كوردی چ وه‌ك عه‌قڵ و فیكری و ئه‌ده‌بییه‌كان یان له‌رووی كه‌ڵچه‌ر و ئه‌و فره‌ییه‌ی له‌ناوچه‌كه‌دا بوونی هه‌یه‌.
بۆیه‌ كاتێك ئێمه‌ په‌نجه‌ له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ داده‌نێین، خه‌ڵكانێك بۆ داپۆشینی دزییه‌ ئه‌ده‌بیه‌‌كانیان و شاردنه‌وه‌ی راستییه‌كان، ئه‌م بیرۆكه‌یه‌ وا ناو ده‌نێن، كه‌ گوایه‌ ئه‌م فه‌رزكردنه‌ به‌سه‌ر وه‌رگێڕدا بیرۆكه‌یه‌كی دیكتاتۆریانه‌یه‌، له‌كاتێكدا مه‌گه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی تر، ئه‌و لێشاوی وه‌رگێڕانه‌ له‌زمانه‌كانی تره‌وه‌ بۆ كوردی دكتاتۆریانه‌ نییه‌، كه‌ ژه‌هر ده‌رخواردی خوێنه‌ری كورد بده‌ن..!؟
تێرمان خوارد له‌م قسانه‌ و ئه‌بێ كه‌ی بناسرێین، له‌و بڕوایه‌دام به‌شێك له‌و رێگریانه‌ بۆ ئاشكرا نه‌بوونی گزی ئه‌ده‌بی كوردییه‌ له‌ ئه‌ده‌بی ئه‌وروپی و عه‌ره‌بی و فارسی و هتد، هه‌روه‌ها له‌ بواره‌كانی تر، به‌شه‌كه‌ی تریش مه‌ترسی توانایه‌ له‌به‌رامبه‌ر توانا جددیه‌كان، له‌مباره‌وه‌ به‌پێویستی ده‌زانم وه‌كو وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌ك، ئه‌م راستییانه‌ بخه‌مه‌ روو.
• گرنگیدان به‌ ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی له‌ رووی ناساندنی شارستانیه‌ت و شوناسی فیكری و مه‌عریفی و هه‌روه‌ها كه‌له‌پوور و كه‌ڵچه‌ر و شوناس و فره‌یی و ئاستی رۆشنبیری.
• به‌جیهانی كردنی توانای كه‌سی و ناساندنیان له‌ ناوه‌نده‌ فیكری و رۆشنبیرییه‌كانی جیهاندا.
• رزگاركردنی شاندی كوردی له‌و شه‌رمه‌زاریه‌ی، كه‌ له‌بۆنه‌ و هه‌ماهه‌نگیه‌‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان، له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵاتسازده‌درێت، به‌تایبه‌تی وڵاتانی عه‌ه‌ربی و فارس و تورك، كه‌ زۆر نزیكن له‌ كورده‌وه‌، كه‌ زۆر جار نه‌یانتوانیوه‌ وه‌كو پێویست وه‌ڵامیان هه‌بێ، به‌هۆی درێژه‌كێشانی ئه‌م ده‌رده‌وه‌، كه‌ پێداگیری لێ ده‌كه‌ین.
• رزگاركردنی كولتور و رۆشنبیر‌یی كوردی وه‌ك زه‌مینه‌ سازییه‌ك بۆ فه‌راهه‌مكردنی بونیاده‌ مه‌عریفییه‌كان بۆ نه‌وه‌كانی ئاینده‌، كه‌ به‌نیازن له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵات بخوێنن.
• ده‌رگا كردنه‌وه‌ له‌سه‌ر خۆمان و ده‌ربازبوون له‌و گۆشه‌گیرییه‌ی، كه‌ ‌رۆشنبیری كوردی قه‌تیس كردووه‌ له‌ گۆشه‌یه‌كی جوگرافی.
• هه‌ڵماڵین و ئاشكرا كردنی ئه‌و هه‌موو ئیقتیباس و گزیانه‌ی، كه‌ له‌ئه‌نجامی نه‌ناسینی ده‌قه‌كان له‌لایه‌ن ئه‌وانه‌وه‌ (خه‌ڵكی بیانی.. زمانه‌كانی تر)، چونكه‌ ئه‌گه‌ر به‌زمانی خۆیان شته‌كانی ئێمه‌ نه‌خوێننه‌وه‌، له‌هیچی ئێمه‌ ناگه‌ن و نازانن چ كاره‌ساتێكی ئه‌ده‌بی و رۆشنبیری روویداوه‌.

وه‌رگێڕانی چه‌ند باره‌

لێره‌دا ئه‌وه‌ی جێی سه‌رسووڕمان بێ، وه‌رگێڕانی چه‌ند باره‌یه‌، كه‌ وه‌ك خویه‌كی گاڵته‌جاڕی سه‌ریهه‌ڵداوه‌ له‌نێو زۆرێك له‌ وه‌رگێڕه‌كان، نموونه‌ی كتێبه‌كانی (جه‌نگیز ئه‌تیمانۆڤ، عه‌زیز نه‌سین، سینۆهه‌، كتێبی دایك، هه‌روه‌ها كێڵگه‌ی ئاژه‌ڵان پێم وابێت چوار جار كراوه‌ به‌كوردی و هه‌ریه‌كه‌و به‌ شێوه‌یه‌ك.. هه‌روه‌ها وێرانه‌ خاكی (ت. سی. ئیلیود) كه‌ یه‌كه‌م جار له‌لایه‌ن مه‌حمود زامداره‌وه‌ ته‌رجه‌مه‌ كرا و پاشان كه‌سێكی تر دوباره‌ ته‌رجه‌مه‌ی كرده‌وه‌، هه‌وه‌رها به‌هه‌مان ده‌رد بردنی (واعیزه‌كانی سوڵتان)ی عه‌لی وه‌ردی، كه‌ شه‌ش كه‌س ته‌رجه‌مه‌ی بۆ كردووه‌و كتێبی (وه‌های وت زه‌رده‌شت)ی نیچه‌ش، كه‌ چوار جار وه‌رگێڕانی بۆ كراوه‌، هه‌روه‌ها (بنه‌ماكانی كۆمه‌ڵناسی)ی ئه‌نتۆنی گیدنز، كه‌چاپكردنی له‌ ژماره‌ نایات.
كێشه‌ له‌وه‌دا نییه‌ چه‌ند جار وه‌رگێڕانی بۆ كراوه‌ به‌قه‌د ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر ئه‌و كتێبانه‌ هه‌ر یه‌كه‌یان به‌راورد بكه‌یت له‌گه‌ڵ ده‌قه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كه‌ی هه‌ست ناكه‌ی نووسینی ئه‌وان بن، یان له‌لایه‌كی تره‌وه‌ به‌راوردی یه‌كیان بكه‌ین (ده‌قه‌ وه‌رگێڕدراوه‌كان) هیچیان له‌یه‌ك ناچن
هه‌روه‌ها رۆمانی (مسخ) ی كافكا، كه‌ جه‌لیل كاكه‌ وه‌یس كردوویه‌تی به‌كوردی به‌ناوی (به‌د گۆڕان) كه‌ دوو سێ كه‌سی تر كردویانه‌ته‌وه‌، به‌ناونیشانه‌ عه‌ره‌بییه‌كه‌ی به‌ناوی (مسخ)، ئێمه‌ ته‌نها ده‌قه‌ عه‌ره‌بیه‌كه‌مان له‌به‌رده‌سته‌، كاتێ به‌راودیان ده‌كه‌ین هه‌زار و یه‌ك تێبینیت لا گه‌ڵاڵه‌ ده‌بێت له‌سه‌ریان، چ جا ئه‌بێ له‌ ده‌قه‌ ئه‌سڵییه‌كه‌یدا چی باس بێ، كه‌ له‌بنه‌ڕه‌تدا به‌زمانی چیكی نووسراوه‌ته‌وه‌و ئێمه‌ لێی تێناگه‌ین، هه‌روه‌ها چه‌ندان نموونه‌ی تر.
هاوكات وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ قه‌سیده‌ی (ده‌نگی پێی ئاو)ی سوهرابی سوپێهری، كه‌ زیاتر له‌ دوو جار كاری وه‌رگێڕانی بۆ كراوه‌، به‌پێویستم زانی ئاماژه‌ به‌جوان وه‌رگێرانێ یه‌كه‌م جاری بكه‌م، كه‌ له‌لایه‌ن ئازاد به‌رزنجی و رێبوار سیوه‌یلی وه‌رگێڕدرابوو، پاشان كه‌سانێكی دیكه‌ دین به‌هه‌مان مه‌به‌ست (دووباره‌ وه‌رگێڕان)ی بۆ ده‌كه‌ن و كاتێ ئه‌خوێنیته‌وه‌ له‌ شكاندنی سه‌روچاوی ده‌قه‌كه‌ به‌لاوه‌ هیچی دی هه‌ست پێ ناكه‌یت، گوایه‌ كاری وه‌رگێڕانی جدی بۆ كراوه‌.
له‌مڕوانگه‌وه‌ و هه‌ر سه‌باره‌ت به‌ دووباره‌ و چه‌ند باره‌ی وه‌رگێڕان، ئه‌مه‌ له‌ناو وڵاتانی دیكه‌شدا هه‌یه‌، به‌ڵام ئایا به‌مشێوه‌ی لای ئێمه‌، كه‌ پێمان وایه‌ جگه‌ له‌ چاولێكه‌ری و خۆ ده‌رخستن یان وه‌ك خویه‌كی ناجۆر بیانه‌وێ بڵێن ئێمه‌یش كتێبمان هه‌یه‌، هیچی تری لێ نادووریته‌وه‌.
ده‌كرا بیركردنه‌وه‌كان به‌چه‌شنێكی تر بوایا، بۆ نموونه‌ كورد خاوه‌نی چه‌ندین شێوه‌زاری ده‌وڵه‌مه‌نده‌ له‌ رووی زمانه‌وانی و هه‌روه‌ها هونه‌ری ئاخاوتن، ده‌كرا ئه‌و چه‌ند باره‌ وه‌رگێڕانه‌یه‌ بۆ شێوه‌زاره‌ جیاكان بكرایه‌، نه‌ك له‌یه‌ك ده‌ڤه‌ردا چه‌ق ببه‌ستێ.

قه‌یرانی كتێبی كوردی له‌ده‌ره‌وه‌ی كوردستان

قه‌یرانی كتێبی ته‌رجه‌مه‌كراوی كوردی له‌ باڵی ئه‌و كتێبخانانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی وڵات له‌نێو كتێبخانه‌كانی وڵاتانی پێشكه‌وتووی وه‌ك ئه‌مریكا و ئه‌ڵمانیا و فه‌ره‌نسا و سوید. و هتد، قه‌یرانێكه‌ كه‌ خودی به‌ڕێوه‌به‌رانی كتێبخانه‌كانیشی بێزار كردووه‌، چونكه‌ هه‌م كتێبی كوردی كه‌می تێدایه‌، هه‌م خوێنه‌ری كوردی سه‌ردانی ناكه‌ن.
له‌كاتێكدا ساڵانه‌ ته‌نها حكومه‌ت و ده‌زگا به‌ناو چاپه‌مه‌نییه‌كان ده‌چنه‌ پێشانگای نێوده‌وڵه‌تی فرانكفۆرتی ئاڵمان و پێشانگای كتێبی میسر و پێشانگای كتێبی تاران و سنه‌..تاد، به‌ مه‌ئیوسی كتێبه‌كان له‌گه‌ڵ خۆیان ده‌هێننه‌وه‌.
یه‌كه‌م: له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كتێبه‌كان نافرۆشرێن و ئه‌وان كتێبی كوردیان گه‌ره‌كه‌ به‌ زمانی خۆیان، كه‌ ئه‌مه‌ش نییه‌.
دووهه‌م: ئه‌و كتێبانه‌ به‌كه‌ڵكیان نایات وه‌كو داتای ئه‌ده‌بی نوێ، له‌وه‌ش خراپتر ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و كتێبانه‌ ده‌گه‌رێننه‌وه‌ بۆ كوردستان و عه‌قڵیان پێدا ناشكێ لانیكه‌م له‌وێ بیبه‌خشن به‌ جالیه‌ی كوردی یان له‌ كتێبخانه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان دایبنێن.
زۆر جار و به‌هۆكاری جیاواز، چ ئاگادار كردنه‌وه‌مان له‌لایه‌ن هه‌ندێ له‌ ره‌وه‌ندی كوردی، یان براده‌رمان هه‌بووه‌ چووه‌ته‌ ئه‌وروپا ده‌سته‌و وه‌ستان به‌دیار كتێبه‌ كوردیه‌كانه‌وه‌ دۆش داماون و ترسی ئه‌وه‌یان لێنیشتووه‌،‌ كه‌ گوایه‌ كار گه‌یشتۆته‌ ئه‌وه‌ی ئه‌و باڵانه‌ دابخرێن، كه‌تایبه‌تن به‌ كتێبی وه‌رگێڕدراوی كوردی له‌نێو كتێبخانه‌كانیان، كه‌ ئه‌مه‌ بۆ خۆی به‌ركه‌وته‌یه‌كی ناجۆر و سڕینه‌وه‌و په‌راوێزخستنی‌ رۆشنبیرییه‌كه‌ی ده‌گه‌یه‌نێت له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی.. بۆ نموونه‌ به‌ پێی ئه‌و داتایانه‌ی من ده‌ستم كه‌وتووه‌.

• له‌ كتێبخانه‌ی گه‌وره‌ترین زانكۆ، نموونه‌ی زانكۆی لوند و ئۆپساڵا له‌ سوید، كۆی كتێبه‌ كوردییه‌كانی له‌ باڵی كوردی ده‌ كه‌مترین كتێبی تێدایه‌ .
• هه‌روه‌ها له‌ كتێبخانه‌ی زانكۆی بوخم له‌ ئه‌ڵمانیا، كه‌ به‌ گه‌وره‌ترین زانكۆی ئه‌ڵمانی داده‌نرێت، شتێك نییه‌ به‌ناوی باڵی كتێبی كوردی، له‌كاتێكدا زۆرترین خوێندكاری كوردی تیایدا ده‌خوێنن‌.
• هه‌ر له‌مڕوانه‌گه‌یه‌وه‌ له‌سه‌ردانێكم بۆ كتێبخانه‌كانی ئه‌سكه‌نده‌ریه‌و كتێبخانه‌ی نیشتیمانی له‌میسر، كتێبێكی كوردیم به‌رچاو نه‌كه‌وت.
• هه‌روه‌ها خاڵیبوونی كتێبخانه‌ی وڵاته‌ عه‌ره‌بیه‌كانی نموونه‌ی لوبنان و ئیمارات ..هتد، له‌كتێبی كوردی.
• له‌هه‌موو ئه‌وانه‌ خراپتر ئه‌وه‌یه‌، كه‌ له‌ به‌غدای پایته‌ختی عێراقیش كتێبی كوردی نییه‌، ته‌نانه‌ت ئه‌و پرده‌ په‌یوه‌ندیه‌ش نه‌ماوه‌، كه‌ له‌ساله‌كانی 1980 و حه‌فتاكان به‌دوا درووستكرابوو.
ئه‌وه‌شیی جێی سه‌رسوڕمان بێ له‌ دوای (2003)وه‌ بینیمان ده‌سه‌ڵاتی كوردی ئه‌وه‌نده‌ی شه‌ڕی به‌ده‌ستهێنانی وه‌زاره‌تی دارایی ده‌كرد ئه‌وه‌نده‌ باسی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری نه‌ده‌كرد، باكی به‌م بواره‌ نه‌بوو.
وه‌رگێڕان و ئاماده‌كردن به‌ده‌ستكارییه‌وه‌
جیا له‌و لێشاوی شێواندنه‌ی، كه‌ له‌چه‌ند نموونه‌یه‌كدا باسمان لێوه‌كردن، ده‌بینین هه‌ندێك ده‌قی وه‌رگێڕدراو هه‌یه‌ دوای وردبوونه‌وه‌ لێی وه‌ك قوربانییه‌ك دێته‌ پێش چاو، كه‌ بێ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ وه‌رگرتنی ره‌زامه‌ندی خاوه‌ن ده‌قه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كه‌، ئیدی قوربانی ده‌ستبه‌سه‌راگرتن یان لاقه‌كردن یان له‌كه‌داركردن یان په‌ڕوپۆكردنی له‌شێوه‌ی مه‌له‌كه‌ی مه‌لا نه‌سره‌دین، كه‌ له‌ئه‌نجامی رێگه‌ به‌ خودانی هه‌ندێك وه‌رگێڕ، وه‌ك ده‌ستدرێژیكارێك، به‌به‌رگێكی تره‌وه‌ بیخاته‌ بازاڕ (وه‌رگێڕان و ئاماده‌كردن یان وه‌رگێڕان به‌ده‌ستكارییه‌وه‌) یان دانانی كتێبی فیكری و فه‌لسه‌فییه‌كانی پڕ زانیاری پشتبه‌ستوو به‌سه‌رچاوه‌، له‌كاتێكدا كه‌مترین سه‌رچاوه‌یان ئاماژه‌ پێكردووه‌، نموونه‌ی.
• كتێبی ئه‌ده‌ب و ئه‌فسانه‌ هه‌روه‌ها هزر و فه‌لسه‌فه‌ و هتد كه‌ به‌ نووسین و ئاماده‌كردن پێناس كراوه‌، له‌كاتێكدا پێكهاته‌ی كۆمه‌ڵه‌ وتارێكی كۆكراوه‌یه‌، كه‌ ده‌ستكارییه‌كه‌ جێگه‌ی تێڕامانه‌ بۆچی به‌ ده‌ستكارییه‌وه‌‌.!؟
• كتێبێكی 300 په‌ڕی هه‌یه‌ به‌ناونیشانی (سیستمی سیاسی) كه‌ ناونیشان كتێبه‌كه‌یه‌ له‌به‌رگی پێشه‌وه‌ له‌كاتێدا ناونیشانێكی تر ئه‌بینین له‌ به‌رگی دواوه‌ی هه‌مان كتێب، بۆیه‌ نازانین ناونیشانی پێشه‌وه‌ وه‌ربگرین یان دواوه‌ی كتێبه‌كه‌، كه‌ نووسراوه‌ (هزری فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی)، كه‌ پشتی به‌ 28 سه‌رچاوه‌ به‌ستووه‌، و سێی و چوار له‌و سه‌رچاوانه‌شی هی نووسه‌ره‌، كه‌ له‌نووسینه‌كانی تریدا باسی لێوه‌ كردوون، كه‌ له‌سه‌رده‌‌می پێش ئیسلامه‌وه‌ پیایدا هاتووه‌، له‌كاتێكدا ئه‌مه‌ قورسترین بابه‌تی رۆشنبیری و نووسینه‌.
ئایا به‌ڕه‌وای ئه‌بینن كتێبێكی له‌و ئاسته‌ پشت به‌كه‌مترین سه‌رچاوه‌ ببه‌ستێت، ئه‌مه‌ بۆ خوێنه‌ر به‌جێ دێڵم.

ئیستیغلال كردنی نووسه‌رانی پارچه‌كانی دیكه‌ی كوردستان و لێسه‌ندنه‌وه‌ی خاوه‌ندارێتی به‌رهه‌مه‌كانیان
هه‌موو ئه‌مانه‌ی باسمان لێوه‌كردن هێشتا بواری گفتوگۆ و چاره‌سه‌ری بۆ هێشتوینه‌ته‌وه‌ ئه‌گه‌ر بڕیار بێ كاری بۆ بكرێت.
به‌ڵام ئه‌وه‌ی زۆرترین پانتایی و ئه‌وپه‌ڕی سنووری بێ ره‌وشتی تێپه‌ڕاندبێ له‌ چه‌قی بواره‌كه‌دا، په‌یدابوونی گروپێكی هاوشێوه‌ی بازرگانه‌كانی كورد، كه‌ خه‌ریكی كاری خراپتر له‌ ماده‌ی هۆشبه‌ر و ته‌هریبن، كه‌ زۆر به‌ئاسته‌م هه‌ستی پێ ئه‌كرێت، ئه‌ویش ئه‌و دزی و فرت و چاوبه‌ستنه‌یه‌ به‌قایل كردنی به‌شێك له‌نووسه‌ران و وه‌رگێڕی رۆژهه‌ڵات و باكور، له‌به‌رامبه‌ر هه‌ندێ پاره‌، ده‌ست هه‌ڵبگرن له‌ خاوه‌ندارێتی كاره‌كانیان و لێره‌ به‌ناوی خۆیان بڵاوی ده‌كه‌نه‌وه‌و پاداشته‌كه‌ش بۆ ئه‌و نووسه‌ره‌ داماوانه‌ ره‌وانه‌ بكه‌ن، زۆر جاریش پاداشته‌كانیشیان خوراوه‌.
یان خودی ئه‌و نووسه‌ر و وه‌رگێرانه‌ی شاره‌كانی مه‌هاباد و سنه‌ و سه‌قزو مه‌ریوان.. و ئامه‌د و شاره‌كانی دیكه‌ی كوردستانی توركیا..تاد، كه‌ به‌مه‌به‌ست نایانه‌وێت ناویان بهێنرێت وه‌ك خاوه‌نی ئه‌و ده‌ق و نووسینانه‌ به‌هۆی ئه‌و ترسه‌ی، كه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و حوكمی ئاخونده‌كان و ده‌سه‌ڵاتی توركی بۆ هه‌مان مه‌به‌ست و به‌هه‌مان شێوه‌ مافیان ده‌خورێ له‌لایه‌ن به‌ناو رۆشنبیر و نووسه‌ر و وه‌رگێره‌ كورده‌كانی باشور.
توانا كوژراوه‌كان
كاتێ نووسه‌رێكی جدی، خاوه‌ن ده‌قێكی فیكری بۆ نموونه‌، ده‌یه‌وێت روو له‌ ناوه‌نده‌كانی په‌خش و بڵاكراوه‌كان بكات به‌مه‌ستی پێدانی ژماره‌ی بڵاوكردنه‌وه‌و تۆماركردنی له‌ناو تۆماری زنجیره‌ بڵاوكراوه‌كان، هه‌زار و یه‌ك بڕوبیانووی بۆ دێننه‌وه‌ و ده‌بێ ماوه‌یه‌كی دوور و درێژ ئه‌مسه‌ر و ئه‌وسه‌ری پێ بكرێ، پاشان ئه‌گه‌ر ژماره‌ی پێ بده‌ن، له‌كاتێكدا كۆی ده‌قه‌ كرچ و كاڵ و یان شته‌ ساده‌كانی رۆژانه‌ و یان شیعر و چیرۆك..هتد، له‌هه‌مان رۆژی داواكارییه‌كه‌ی ژماره‌ی پێده‌درێت، كه‌ ئه‌مه‌ بۆ خۆی قسه‌ زۆر هه‌ڵده‌گرێت و مایه‌ی هه‌ڵوه‌سته‌كردنه‌.
له‌لایه‌كی تر چاوچنۆكی زۆرێك له‌ ده‌زگاكانی په‌خش و بڵاوكردنه‌وه‌ به‌بیانووی نه‌فرۆشتنی كتێبه‌كان نه‌ك چاپی ناكه‌ن، به‌ڵكو سه‌ری كتێبه‌كانیش ده‌خۆن، كه‌ پێیان سپێردراوه‌ به‌مه‌به‌ستی چاپكردنی، نمونه‌ی ونكردنی به‌ ئه‌نقه‌ستی دوو كتێبی نووسه‌ر و روناكبیری ره‌وانشاد (ئازاد سوبحی)، له‌لایه‌ن ناوه‌ندی رۆشنبیری ئه‌ندێشه‌ له‌سلێمانی.
هه‌روه‌ها رێگری كردن له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی كتێبه‌كانی عه‌بدولخالق به‌رزنجی له‌وڵاته‌ عه‌ره‌بییه‌كان، چونكه‌ نه‌حكومه‌ت نه‌ده‌زگا چاپه‌مه‌نییه‌كان نه‌یانتوانیوه‌ پردی په‌یوه‌ندیی دروست بكه‌ن له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاته‌ عه‌ره‌بیان، كه‌ دواتر له‌چاپته‌ری رێگریه‌كانی به‌رده‌م بڵاوبوونه‌وه‌ وه‌رگێڕانی پێچه‌وانه‌ به‌تێروته‌سه‌ل باسی لێوه‌ده‌كه‌ین.

رێگری كردن له‌ بڵاو بوونه‌وه‌ی وه‌رگێڕانی پێچه‌وانه‌

كاتێ قسه‌ له‌سه‌ر پێداگیری له‌بڵاوكرده‌نه‌وه‌ی وه‌رگێڕانی پێچه‌وانه‌ ده‌كه‌ین، مه‌به‌ست له‌وه‌ نییه‌ رێگڕی له‌ توانا كه‌سییه‌كان بكرێ به‌بڵاوكردنه‌وه‌ی كتێبه‌كانیان له‌وڵاتانی تر به‌ڵكو قسه‌كردنه‌ له‌سه‌ر بێمنه‌تی و فه‌رامۆشكردنی ئه‌و پڕۆسه‌یه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ هه‌روه‌ها ده‌زگاكانی په‌خش و بڵاوكردنه‌وه‌، كه‌ تائێستا نه‌یانتوانیوه‌ پردێكی په‌یوه‌ندیی بۆ كرانه‌وه‌ به‌رووی جیهاندا بكه‌نه‌وه‌، یان لانیكه‌م وڵاتانی ده‌ورووبه‌ر، كه‌ ده‌بوو ئه‌مه‌ له‌ ئه‌وله‌وییه‌تی كاره‌كانی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و ده‌سته‌ی راوێژكاری سه‌رۆكه‌ یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی حكومه‌ته‌وه‌ بووایا، به‌ حكومه‌تی ئێستاشه‌وه‌.
بۆیه‌ كاتێ باسه‌كه‌ دێته‌ سه‌ر وه‌رگێڕ، ئێمه‌ چاك ئه‌زانین وه‌رگێڕی باشمان هه‌یه‌، به‌ڵام ناهێڵن ئه‌و ئه‌زمونه‌ به‌رجه‌سته‌ بێت به‌ئه‌نقه‌ست، هه‌زار و یه‌ك بیانوی بێمانا دێننه‌وه‌ بۆ كه‌مته‌رخه‌مییه‌كه‌یان.

خه‌مساردی به‌شێك له‌ زمانزانه‌كانی كورد له‌ بره‌ودان به‌ پڕۆسه‌ی وه‌رگێڕانی پێچه‌وانه‌
به‌ده‌ر له‌ ته‌وه‌ری نه‌خوێنده‌واری و ناحاڵیبوونی زۆرێك له‌ پانتاییه‌ رۆشبیرییه‌كه‌، كه‌ له‌ ئه‌نجامی به‌د ره‌فتاری و به‌هه‌ڵه‌دا چوونی زۆرێك له‌ به‌ناو وه‌رگێڕ زۆر وترا و ئێمه‌یش به‌پێی به‌ڵگه‌ و داتاكان ده‌مانه‌وێت پێیان بسه‌لمێنین، كه‌ مامه‌ڵه‌ كردن له‌ته‌ك كاری له‌م چه‌شنه‌ (وه‌رگێڕان) گه‌مه‌ نیه‌ و به‌مه‌ ناوترێت وه‌رگێڕان، ئه‌مه‌ی ئێوه‌ ئه‌یكه‌ن ده‌لاله‌ته‌ له‌وه‌ی زمان نازان.
له‌به‌رامبه‌ردا به‌پێویستی ده‌بینین، كه‌ ئاماژه‌ به‌ زۆرێك له‌ كاره‌كته‌ری كاریگه‌ر و به‌رچاوی ناو كایه‌ رۆشنبیرییه‌كه‌ بكه‌ین (فیكری، هونه‌ری، ئه‌ده‌بی، سیاسی، فه‌لسه‌فی.. هتد)، به‌تایبه‌ت له‌نێو بازنه‌ی سه‌لیقه‌ی زمانه‌وانی و ره‌گه‌زه‌كانی زمانزانی به‌شێوه‌ زانستییه‌كه‌ی، هاوكات شۆڕبوونه‌وه‌ی هه‌ندێكیان به‌هه‌ردوو ئاڕاسته‌كه‌یدا، چی وردبوونه‌وه‌ له‌ قوڵایی شێوه‌زار و بن زاره‌كانی ناوخۆ یان به‌پێچه‌وانه‌وه‌ (زمانه‌كانی وه‌ڵاتانی ده‌ورووبه‌ر و به‌شێك له‌نه‌ته‌وه‌كانی جیهان) چ له‌رابووردوو یان ئێستا، كاری باشیان كرد، درك به‌به‌رده‌وامی زۆرێكیشیان ده‌كری، كه‌ ماون له‌ژیاندا و جێی ده‌ستخۆشین، نمونه‌ی (زوهدی داودی و فه‌له‌كه‌دین كاكه‌یی و محێدین زه‌نگنه‌ و حه‌كیم نه‌دیم داودی و فازڵ جاف و عه‌بدولره‌زاق بیمار و د.ئاوات ئه‌سعه‌دی و عه‌بدوڵا عه‌باس و كاوه‌ تاڵه‌بانی و چه‌ندینی تر).
به‌ڵام ئه‌وه‌ی مایه‌ی تێبینی و هه‌ڵوه‌سته‌یه‌ ده‌بێ هۆی چیبێ ئه‌م هه‌مووه‌ بۆ جارێكیش خۆیان نه‌دا له‌قه‌ره‌ی ده‌قه‌ ره‌سه‌نه‌كانی تایبه‌ت به‌(شارستانیه‌ت و كلتوور و مه‌عریفه‌ و هونه‌ر و ئه‌ده‌ب و كه‌له‌پوور و..هتد) ی واقیعی كوردی به‌مه‌ستی به‌جیهانی كردنیی یان لانیكه‌م ناساندنیان به‌نه‌ته‌وه‌كانی ده‌ورووبه‌ر له‌چوارچێوه‌ی وه‌رگێڕانی زانستی.
ئه‌بێ بۆ ئه‌م ته‌وه‌ره‌ چی خوێندنه‌وه‌یه‌كمان هه‌بێ و چۆن بڕوانینه‌ هۆكاره‌كانی، كه‌مته‌رخه‌می بوو یان خه‌مساردی یان به‌مه‌به‌ست یان وه‌ك چاولێكه‌ری و ئاڕاسته‌ی ئه‌و زانا و بیرمه‌ند و شۆڕشگێڕ و نوسه‌ر و ئه‌دیب و هونه‌رمه‌ند و رۆشنبیره‌ كوردانه‌ی مێژووی كۆن نوێ، كه‌ له‌خزمه‌تی رۆشنبیریی نه‌ته‌وه‌كانی تر هه‌گبه‌ی فیكرییان خاڵی كرده‌وه‌، نموونه‌ (ئه‌حمه‌د شه‌وقی و ئه‌یوبی و نیزامی گه‌نجه‌وی و ئیبن و ته‌یمیه‌ و مه‌عروف ره‌سافی و مه‌حمود ملێجی و سوعاد حوسنی و یه‌لماز گۆنای و سه‌لیم به‌ره‌كات و عه‌بدولباست عه‌بدولسه‌مه‌د و عه‌لی به‌درخان و روشدی ئه‌بازه‌ و ئیلهام مه‌دفه‌عی و ده‌یانی تر).
خۆ ئه‌مانیش وه‌كو كه‌سایه‌تی و ره‌گه‌ز له‌سه‌ر كورد هه‌ژمار ده‌كرێن، به‌ڵام وه‌كو په‌روه‌ردی عه‌قڵی و فیكری و ئینتیماوه‌ نه‌خێر، چونكه‌ له‌ناو شارستانیه‌تی عه‌ره‌ب و تورك و فارسدا بره‌ویان به‌ تواناكانی خۆیاندا، له‌كاتێكدا ئه‌م رۆشنبیرانه‌ی نمونه‌ی (فه‌له‌كه‌دین كاكه‌یی و زوهدی داودی و ئه‌وانی تر) كه‌ناومان هێنان په‌روه‌رده‌ی واقیعی كلتووری كوردین.
بۆیه‌ دووباره‌ جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ئه‌كه‌ینه‌وه‌، ده‌بێ له‌م رووه‌وه‌ قسه‌ی خۆیان هه‌بێ به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی تا ئێستا به‌رده‌وامن چ له‌نووسین چ ئاڕاسته‌ی فیكری یان چی و چی.
ئه‌مه‌ له‌ناو هونه‌رمه‌ندانیشدا به‌روونی هه‌ستی پێ ئه‌كرێت، كه‌ هونه‌رمه‌ندی كورد نه‌توانیوه‌ ره‌سه‌نایه‌تی خۆی بگه‌یه‌نێت به‌ده‌ره‌وه‌، نمونه‌ی مه‌قامه‌كانی (ئه‌ڵاوه‌یسی و قه‌تار و خاوكه‌ر و ئای ئای و حه‌یران و سه‌فه‌ر و لاوك و هیجرانی و خورشیدی و ده‌یان مه‌قامی تر)، هه‌روه‌ها گۆرانیه‌ ره‌سه‌نه‌كان، كه‌ نه‌یانتوانیوه‌ به‌فه‌رمی خاوه‌نداری بكه‌ن و به‌جیهانیی بكه‌ن، چگه‌ له‌و توانا لۆكاڵییه‌ی، كه‌ لێره‌و و له‌وێ باسی لێوه‌ ده‌كه‌ن.
ئه‌كرێ بڵێین ئه‌و فه‌زڵه‌ش بۆ چه‌ند هونه‌رمه‌ندێك ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، كه‌ به‌ئیمكانیه‌تێكی زۆر موته‌وازیعه‌وه‌ كاریان بۆ كردوو له‌ رابووردوودا، نمونه‌ی هونه‌رمه‌ندان ( عه‌لی مه‌ردان و محه‌مه‌د عارف جزیری و حه‌سه‌ن زیره‌ك و تاهیر تۆفیق و كه‌ریم كابان و مشكۆ و خاڵه‌ سێوێ‌ و ره‌سول گه‌ردی..هتد).
بۆیه‌ له‌م سه‌رو به‌نده‌دا ئه‌وه‌مان بۆمان روونده‌بێته‌وه‌، كه‌ كورد متمانه‌ی به‌خۆی نه‌بووه‌، یان روونتر بڵێم به‌لایه‌وه‌ گرنگ نه‌بووه‌ كێ بێت یان چییه‌ و یان چی كردووه‌ و چی ئه‌كات، به‌قه‌د ئه‌وه‌ی هه‌میشه‌ له‌هه‌وڵی ناسینی خه‌ڵكی تر بووه‌.
ئه‌مه‌ له‌ سیاسه‌تیشدا به‌هه‌مان رێچكه‌ گوزه‌ری كردووه‌، كاتێك ئه‌ڕوانیته‌ ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و پێكهاته‌ی ئه‌حزابی كوردی له‌م پارچه‌دا، ده‌بینیت له‌فۆڕمدا به‌زۆری له‌ژێر كاریگه‌ری فیكری رۆژئاوایی (ئه‌وروپا)، میتود و دیسپلینی كاری حیزبی داڕشتووه‌ته‌وه‌، له‌جه‌وهه‌ریشدا نه‌یتوانیوه‌ وه‌ك خۆی بێ و به‌ئاڕاسته‌ جه‌وهه‌رییه‌كه‌یدا بڕوات، كه‌ویستویه‌تی به‌رده‌وام موجامه‌له‌ی كه‌نیسه‌ و ئیسلامی سیاسی بكات و روونتر به‌مه‌به‌ستی رازیكردنی بیری ناسیۆنالیستی عه‌ره‌بی بووه‌.
ئه‌كرێ بڵێین ئه‌مه‌ش هۆكارێكی سه‌ره‌كیه‌ بۆ دیاریكردنی ئاڕاسته‌كان به‌و شێوه‌یه‌، كه‌باسمان لێوه‌كردن، كه‌ كورد به‌درێژایی مێژوو له‌ خزمه‌تی زمان و فیكری ناسیۆنالیستی عه‌ره‌بیدا بووه‌ به‌به‌رده‌وامی، نه‌ك ناساندی خۆی، كاتێكیش ده‌ڵێن كورد به‌ واتای كوردی دیندار و بێدین، موسڵمان بێ یان یه‌زیدی یان كاكه‌یی و تاد.
ره‌هه‌نده‌ جوانه‌كانی وه‌رگێڕان
بێ گومان بۆ هه‌ر گرنگیدانێك و بره‌ودان به‌ره‌وته‌كه‌ (وه‌رگێڕان) و مامه‌ڵه‌ی كاره‌كته‌ره‌كانی له‌ ته‌ك موفره‌داته‌كان به‌وشیاریه‌وه‌، بۆ خۆی سه‌لمێنه‌ری ئه‌و راستیانه‌ن، كه‌ ناكرێ له‌ ئاستیاندا چاو دابخرێن و ئاماژه‌یان پێ نه‌كرێت، هه‌روه‌ك چۆن ئه‌مه‌ له‌ناو كایه‌ هونه‌ری و رۆژنامه‌وانیه‌كانیشدا ناویان به‌ڕێزه‌وه‌ دێ.
بۆیه‌ به‌پێوستم بینی، ناوی به‌شێك له‌و وه‌رگێڕانه‌ وه‌ك خۆی بێنم، كه‌ توانیویانه‌ تا ئاستێكی باش جێ په‌نجه‌ی خۆیان بۆ مێژوو له‌ناو پانتاییه‌كه‌ به‌جێ بهێڵن،.. نمونه‌ی،
د. به‌ختیار سه‌جادی له‌كوردیه‌وه‌ بۆ فارسی، عه‌زیز گه‌ردی له‌زمانی تره‌وه‌ بۆ كوردی به‌ڵام به‌جوانی، د. به‌نده‌ر عه‌لی ئه‌كبه‌ر شاكه‌ له‌كوردیه‌وه‌ بۆ عه‌ره‌بی، شه‌ماڵ ئاكره‌یی له‌كوردیه‌وه‌ بۆ عه‌ره‌بی، جومعه‌ جه‌باری له‌كوردیه‌وه‌ بۆ عه‌ره‌بی، نه‌وزاد ئه‌حمه‌د له‌كوردیه‌وه‌ بۆ عه‌ره‌بی، رزگار شێخانی له‌كوردیه‌وه‌ بۆ سویدی، ئازاد به‌رزنجی له‌ كوردیه‌وه‌ بۆ فارسی و عه‌ره‌بی، فه‌تاح خه‌تاب له‌كوردیه‌وه‌ بۆ عه‌ره‌بی، نیهاد نه‌جار له‌ كوردیه‌وه‌ بۆ عه‌ره‌بیِ، محمد حسێن له‌كوردیه‌وه‌ بۆ عه‌ره‌بی و ئینگلیزی، یوسف شوانی له‌كوردیه‌وه‌ بۆ عه‌ره‌بی، عه‌بدولڵا قه‌ره‌داغی له‌كوردیه‌وه‌ بۆ عه‌ره‌بی، موكه‌ڕه‌م تاڵه‌بانی له‌كوردیه‌وه‌ بۆ عه‌ره‌بی، عوبدولخالق به‌رزنجی له‌كوردیه‌وه‌ بۆ عه‌ره‌بی و هه‌روه‌ها پێچه‌وانه‌، نه‌جات خۆشناو له‌كوردیه‌وه‌ بۆ عه‌ره‌بی.
ئه‌مه‌ له‌ناو رۆژنامه‌نووسانیدا كه‌سانی شاره‌زا جێ په‌نجه‌یان دیار بووه‌، نمونه‌ی فه‌رهاد عه‌ونی و عومه‌ر فه‌رهادی، هه‌روه‌ها له‌ ناو هونه‌رمه‌ندانیش، دڵشاد محه‌مه‌د سه‌عید و كامگاره‌كان و شه‌هرامی نازری و عه‌بدوڵا جه‌مال سه‌گرمه‌.

كورد ناسی له‌نیوان دۆست و نه‌یاره‌ بیانییه‌كان

كاتێ خوێندكارێكی قۆناغی باڵای زانستی له‌سه‌روبه‌ندی توێژینه‌وه‌یه‌كدایه‌ و سه‌رقاڵی گه‌ڕانه‌ به‌دوای داتا و بابه‌تی باوه‌ڕپێكراو به‌تایبه‌ت له‌باره‌ی مێژووی نوێی هه‌رێم و ده‌ورووبه‌ری یان توێژه‌رێك یان رۆژنامه‌نووسێك، به‌زۆری ده‌بینین ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ سه‌رچاوه‌ پۆلێن كراوه‌كانی سه‌رده‌می داگیركاری ئینگڵیز، به‌تایبه‌ت ئه‌و نووسراو و داتایانه‌ی، كه‌ له‌چوارچێوه‌ی مۆزه‌خانه‌كانی رۆژئاوادا پارێزراون، نمونه‌ی یاداشته‌كانی هاملتۆن و ریچ و مینۆریسكی و چه‌ندانی تر.
كاتێ ئه‌ڕوانیته‌ یاداشته‌كانی گه‌ریده‌یه‌كی نموونه‌ی هاملۆن بۆت روونده‌بێته‌وه‌ ئه‌وان ئێمه‌یان له‌خۆمان باشتر ناسیوه‌و له‌چه‌ندین شوێندا ئێمه‌یان به‌ خۆمان ناساندووه‌ كه‌ چین و كێین، ئه‌مه‌ شتێك نییه‌ له‌ خۆمه‌وه‌ په‌نجه‌ی بۆ ببه‌م و قسه‌ی له‌باره‌وه‌ بكه‌م، به‌ڵكو راستییه‌كی حاشاهه‌ڵنه‌گره‌، كه‌ واقیعی ناوه‌نده‌ زانستییه‌كان له‌ده‌یان شوێندا سه‌لماندوویانه‌، به‌پشتبه‌ستن به‌ توێژینه‌وه‌كان و بابه‌ته‌ زانستییه‌كانی مێژووی نوێی ناوخۆ و ناوچه‌كه‌.
له‌لایه‌كی تره‌وه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ندێك به‌وردی بڕوانینه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی، كه‌ له‌وڵاتانی تر و نه‌ته‌وه‌كانی تره‌وه‌ دێنه‌ ئێره‌، به‌هه‌ر هۆیه‌ك بێت، وێڕای زمانه‌كه‌ هه‌وڵیانداوه‌ له‌ ئاست كولتووره‌كه‌شدا چاوكراوه‌بن و كاری بۆ بكه‌ن، بۆیه‌ به‌پێی ئه‌زموون و چه‌ند ساڵه‌ی كاری رۆژنامه‌نووسیمان، ئاشنای زۆرێك له‌ خوێندكار و رۆشنبیر و ئه‌ندازیار و هونه‌رمه‌ند و توێژه‌ری جیاواز له‌ بواره‌كان بووینه‌وه‌، نمونه‌ی هه‌ردوو هاوڵاتی به‌ره‌گه‌ز ئه‌مریكی (ئارت ی ئه‌ندازیار و ئه‌ندرۆ ی توێژه‌ر)، هه‌روه‌ها ئه‌حمه‌د شه‌وكه‌ت به‌ره‌گه‌ز عه‌ره‌بی عێراقی، ده‌قی كوردی ئه‌كرد به‌عه‌ره‌بی.
پێم وابێت زۆرێك له‌ رۆشنبیرانی هه‌ولێر و سڵیمانی له‌ نزیكه‌وه‌ ئه‌ندرۆ ده‌ناسن، كه‌ له‌ماوه‌كانی رابووردوودا سه‌رقاڵی چه‌ندین لێكۆڵینه‌وه‌ بوو له‌سه‌ر كلتووری كوردی، تاراده‌یه‌كی زۆر باشیش زمانی كوردی ده‌زانی و له‌ده‌ربڕینی وشه‌كاندا له‌زۆربه‌مان شاره‌زاتر بوو، جیا له‌مانه‌ شاره‌زایه‌كی به‌سه‌لیقه‌ی هه‌ردوو رێباز و ته‌ریقه‌تی (قادری و نه‌قشه‌به‌ندی) بوو، ده‌توانم بڵێم له‌ كورد باشتر ئه‌و دوو رێبازه‌ی ئه‌ناسی.
ئه‌م نموونانه‌ش به‌رچاو روونیه‌كه‌ بۆ ئه‌وانه‌ی، كه‌ تا ئێستا نه‌ خۆیان ناسیوه‌ به‌باشی نه‌ كورد، هاتوون لاف و گه‌زاڤی مه‌ده‌نیه‌ت لێده‌ده‌ن و بێشه‌رمانه‌ قسه‌ له‌سه‌ر رۆشنگه‌رایی وئیدۆلۆژیا و چه‌مكی كوردناسی ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ها وانه‌یه‌ك بێت بۆ ئه‌وانه‌ی ده‌ست بۆ وه‌رگێڕان ده‌به‌ن بێ ئه‌وه‌ی بیرێك له‌ره‌هه‌نده‌كانی تایبه‌ت به‌ شوناس و ئیدیۆم و كولتوور و كه‌له‌بووری سه‌رچاوه‌ی ده‌قه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كان بكه‌نه‌وه‌.

وه‌رگێڕانی پێچه‌وانه‌

شتێك هه‌یه‌ پێی ئه‌وترێت وه‌رگێڕانی پێچه‌‌وانه‌، وه‌رگێڕمان هه‌یه‌ نزیكه‌ی 70 كتێبی وه‌رگێڕاوه‌ته‌ سه‌ر زمانی كوردی، بێ ئه‌وه‌ی جارێك بیری له‌وه‌ كردبێته‌وه‌ كتێبێكی كوردی وه‌ربگێڕێته‌ سه‌ر زمانێكی تر، ئایا ئه‌مه‌ بۆ خۆی ده‌لاله‌ت له‌وه‌ ناكات كه‌ كاكی وه‌رگێڕ زمانزان نیه‌ و خه‌ڵكی به‌گه‌مژه‌ ده‌زانێ..!؟
یان زۆرێك له‌نووسه‌ران نه‌یان ویستووه‌ یان نایه‌نه‌وێ ده‌قه‌كانیان وه‌ربگێردریت بۆ زمانه‌كانی تر به‌ هه‌رهۆیه‌ك بێت، ئایا ئه‌بێ بۆ ئه‌م ره‌فتاره‌ چ خوێندنه‌وه‌یه‌كمان هه‌بێ، كرچ و كاڵن یان دزی و ئیقتیباسی ئابڕوبه‌رانه‌یه‌..!؟ بۆ نموونه‌..
• هه‌تاوه‌كو (عه‌لی ئه‌شره‌فی ده‌روێشانی) مان نه‌خوێنده‌وه‌، نه‌مازانی چ كاریگه‌رییك و دزینێكی ئه‌ده‌بی هه‌یه‌ له‌ نێو كورد بۆ نموونه‌ رۆمانی (كۆرده‌ره‌) له‌كاتی خۆیدا چی هه‌رایه‌كی نایه‌وه‌.
• هه‌تاوه‌كو (فروغی فروغزاد)مان وه‌ك خۆی نه‌خوێنده‌وه‌، نه‌مانزانی له‌ دیوانی (ئیگزیل) چ ئیقتیباسێكی ئاشكرا هه‌یه‌.
• هه‌تا (شارامی قه‌وامی)مان نه‌ناسی، بێ ئاگا بووین له‌ كێشه‌ی‌ رۆمانی شاری مۆسیقاره‌ سپییه‌كان.
• هه‌تا فیلمی (شۆڕشی سێكسی)مان نه‌بینی، نه‌مازانی چی ئیقتیباسێكی راسته‌وخۆیه‌ چیرۆكی (كه‌ڵه‌كوڕان و ئاسكه‌كچان) چۆن و چی بووه‌.
• هه‌تا (ئه‌زرا پاوه‌ن)مان نه‌خوێنده‌وه‌ شیعری كوردیمان نه‌ناسی چ كه‌تنێ له‌ ئه‌ده‌بی رویداوه‌ و به‌ ئاسانیش به‌سه‌رماندا گوزه‌ری ده‌كرد.
ده‌یان نمونه‌ی تر، كه‌ له‌به‌رده‌ستن و كاتی خۆی بێت قسه‌یان له‌باره‌وه‌ ئه‌كه‌ین.
هه‌موو ساڵی له‌ پێشانگای هه‌ولێری نێوده‌وڵه‌تی، كه‌ ده‌زگای مه‌دا بۆ چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ سازی ده‌كات، كه‌ ده‌یان ده‌زگای فیكری و رۆشنبیری وڵاتانی دونیا به‌شدار ده‌بن به‌ كتێبی فیكری و مه‌عریفی… تاد، تێیدا ئه‌م پرسیاره‌ دووپات ئه‌كه‌نه‌وه‌، كه‌ كورد وه‌ڵامی ناداته‌وه‌، ئه‌ویش ئایا كورد بۆچی فیكر ناخوێنێته‌وه‌..!؟
هۆكاره‌ زانستیه‌كه‌ی چیه‌، ئه‌م پرسیاره‌ چیمان دێنیته‌وه‌ بیر..؟
له‌چاو پێكه‌وتنێكیدا د. مارف خه‌زنه‌دار هاتووه‌” له‌شه‌سته‌كان ده‌چێته‌ روسیا (یه‌كێتی شوره‌وی) له‌وێ یه‌كێك له‌ بیرمه‌نده‌ ئه‌ده‌بیه‌كان پرسیارێكی ئاڕاسته‌ ده‌كات و ئه‌ڵێ ئێوه‌ فكرتان ناوێ‌.. سه‌نعه‌تتان ناوێ‌.. ناتانه‌وێ بخوێننه‌وه‌.. خێره‌ هه‌مووتان شاعیرن، له‌كاتێكدا به‌زمانی خۆتان ئه‌خوێننه‌وه‌، بۆ چی ناتانه‌وێت به‌رووی جیهاندا بكرێنه‌وه‌..!؟
له‌ئه‌نجامی باسكردنی ئه‌و كفتۆگۆیه‌ی خه‌زنه‌دار له‌ چاوپێكه‌وتنه‌كانیدا له‌ هه‌فتاكان، حكومه‌تی ئه‌وسای عێراق توانی سود له‌و ئاڕاسته‌ مه‌عریفیه‌ وه‌ربگرێت و بیكاته‌ پڕۆژه‌یه‌كی نیشتیمانی و زه‌ماله‌ی خوێندنی بۆ ده‌یان و سه‌دان خوێندكاری خۆی له‌زۆرێك له‌وڵاتانی ئه‌وروپا و روسیا و.. هتد، وه‌ربگرێ و بیانێرێته‌ ده‌ره‌وه‌ بۆ دوو مه‌به‌ست، كرانه‌وه‌ی به‌ رووی جیهان و هه‌روه‌ها پێگه‌یاندنی كادری زانستی، له‌وانه‌ش گرنگتر فێربوونی زمان، پاشان به‌و هۆیه‌وه‌ توانیان گه‌شه‌ به‌فیكری ناسیۆنالیستی عه‌ره‌بی خۆیان بده‌ن له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، به‌ڵام كورد نه‌یتوانی ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ بقۆزێته‌وه‌ و پێی وشیار بێ نه‌ له‌رابووردوو نه‌ له‌ ئێستا، له‌كاتێكدا پرسیاره‌كه‌ ئاڕاسته‌كراو بوو بۆ كورد..!
بۆیه‌ ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستمانه‌، گرنگیدانه‌ به‌ وه‌رگێڕانی پێچه‌وانه‌ له‌ بازنه‌یه‌كی نیشتیمانی دوور له‌ شه‌خسه‌نه‌و كروپی پاوانخواز، نمونه‌ی ئه‌و پرۆژانه‌ی له‌زۆرێك له‌ وڵاتانی دونیا كاری له‌سه‌ر ئه‌كرێ و ئاستێكی باشیان بڕیوه‌، نمونه‌ی ناوه‌ندی ئه‌نمائی نه‌ته‌وه‌یی، كه‌ توانیویانه‌ ته‌به‌نی پرۆژه‌یه‌ك بكه‌ن به‌ناوی (مشروع مطاع الصفدی للینابیع) به‌هاوكاری گروپێك له‌ رۆشنبیرانی عه‌ره‌ب (جۆرج ئه‌بی ساڵح و د. كه‌مال ئه‌سته‌فان و د. به‌دره‌دین عرودكی)، ته‌نانه‌ت لۆگۆی سه‌ر كتێبه‌كانیشیان له‌ جیهاندا ناسراوه‌.




كاریكاتێر له‌ رۆژنامه‌گه‌ریی گاڵته‌جاڕدا … هه‌ندرێن خۆشناو

رۆژنامه‌ی گاڵته‌جاڕ ئه‌و بڵاوكراوه‌ خولاوانه‌یه‌ كه‌ جۆره‌ها بابه‌تی جیاواز له‌ هه‌موو بواره‌كانی ژیاندا چاره‌سه‌ر ده‌كات، ته‌نیا له‌ لایه‌نێكیشه‌وه‌ جیاوازی هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌گه‌ری گشتگیردا، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌رده‌وام له‌ چاره‌سه‌ركردنی بابه‌ته‌كانیدا ستایلی گاڵته‌جاڕیی به‌كاردێنێت، له‌وانه‌یه‌ پله‌وپایه‌ی یه‌كه‌م تێیدا بۆ بابه‌ته‌ ئه‌ده‌بیه‌كانی وه‌كو چیرۆك و هۆنراوه‌ بێت، له‌ جیاتی بابه‌ته‌ هه‌واڵیه‌كانی وه‌كو هه‌واڵ و راپۆرت و ریپۆرتاج، به‌داخه‌وه‌ له‌ وڵاته‌ عه‌ره‌بیه‌كاندا بێبه‌شن‌ له‌‌م جۆره‌ رۆژنامه‌گه‌رییه‌، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه‌ سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌م هه‌تا ساڵانی په‌نجاكان و شه‌سته‌كانیش بوونیان هه‌بووه‌، له‌م رۆژنامانه‌ش بۆ نمونه‌ رۆژنامه‌ی (الكشكول) له‌ میسر و رۆژنامه‌ی (المضحك المبكی) له‌ سوریا، به‌ڵام ئێستا ده‌توانین له‌نێو ناونیشانه‌كاندا چه‌ندین رۆژنامه‌ی كات به‌سه‌ربردن ببینینه‌وه‌، كه‌ ستایلی به‌پێكه‌نین هێنان به‌كاردێنن نه‌ك گاڵته‌جاڕی، و به‌شێوه‌یه‌كی بنه‌ڕه‌تی پشت به‌ نوكته‌ و ئه‌ده‌بی كات به‌سه‌ربردن وه‌كو وشه‌ یه‌كتربڕه‌كان و شتی دیكه‌ ده‌به‌ستن، هه‌تا كاریكاتێریش له‌م جۆره‌ رۆژنامه‌گه‌ریانه‌دا واباوه‌ كه‌ له‌ رۆژنامه‌ بیانیه‌ هاوشێوه‌كان ده‌گوازنه‌وه‌، بۆیه‌ ناتوانرێت ئه‌م جۆره‌ رۆژنامه‌گه‌رییه‌ به‌ رۆژنامه‌گه‌ریی گاڵته‌جاڕ دابنرێن، چونكه‌ خاڵی بنه‌ڕه‌تی له‌ رۆژنامه‌گه‌ری گاڵته‌جاڕ ره‌خنه‌گرتنه‌، ئه‌م خاڵه‌ش له‌ رۆژنامه‌گه‌ریی كات به‌سه‌ربردن وونه‌ و بوونی نیه‌‌.
واباوه كه‌ كاریكاتێر له‌ رۆژنامه‌گه‌ری گاڵته‌جاڕدا پله‌وپایه‌كی بنه‌ڕه‌تی هه‌بێت، و له‌گه‌ڵ ئه‌ده‌بی گاڵته‌جاڕدا تای یه‌كه‌م و دووه‌می ته‌رازووه‌كه پێكدێنن، بۆیه‌ كاریكاتێر پێویستی به‌ رۆژنامه‌گه‌ری گاڵته‌جاڕ هه‌یه‌ بۆ دۆزینه‌وه‌ی هه‌ناسه‌ده‌رێكی پێویست، له‌ كاتێكدا ئه‌گه‌ر رۆژنامه‌گه‌ری گشتگیر بیه‌وێت زێده‌ڕۆیی بكات ده‌توانێت ده‌ كاریكاتێر بڵاوبكاته‌وه‌، ئه‌وا رۆژنامه‌گه‌ری گاڵته‌جاڕ ئه‌گه‌ر بیه‌وێت كه‌مڕه‌ویی بكات ده‌توانێت بیست كاریكاتێر بڵاوبكاته‌وه‌، بۆیه‌ پێمانوایه‌ كه‌ رۆژنامه‌گه‌ری گاڵته‌جاڕ رۆڵێكی گه‌وره‌ ده‌گێڕێت له‌ به‌ره‌وپێشبردنی كاریكاتێر، و رێخۆشكردن بۆ به‌هره‌ نوێیه‌كان و هه‌ل ره‌خساندن بۆیان، و كردنه‌وه‌ی ده‌رگای كێبڕكێی هونه‌ری له‌ نێوان ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ خاوه‌ن به‌هره‌كان، چونكه‌ توانای له‌خۆگرتنی ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ نیگاره‌ كاریكاتێریه‌كانی هه‌یه له‌سه‌ر رووپه‌ڕی لاپه‌ڕه‌كانیدا.
گاڵته‌جاڕی له‌ رۆژنامه‌گه‌ری گاڵته‌جاڕیدا له‌ ناوه‌كه‌یه‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات، هه‌ر له‌ كاتی هه‌ڵبژاردنی ناوی رۆژنامه‌كه‌، ده‌بێت ره‌چاوی ئه‌وه‌ بكرێت كاتێك خوێنه‌ر چاوی به‌ ناوی رۆژنامه‌ یان گۆڤاره‌كه‌ ده‌كه‌وێت یه‌كسه‌ر بزانێت كه‌ ئه‌م گۆڤاره‌ گاڵته‌جاڕه‌، ئه‌مه‌ش به‌دیده‌كه‌ین له‌ زۆربه‌ی رۆژنامه‌ گاڵته‌جاڕه‌كان له‌ وڵاته‌ عه‌ره‌بیه‌كاندا، له‌نێو ناونیشانه‌كاندا ئه‌م ناوانه‌مان به‌رچاو ده‌كه‌وێت وه‌كو (الطبل) و (المزمار) و (الحمارة) و (الخازوق) و (الثعبان) و ئه‌وانی تر له‌و ناوانه‌ی كه‌ ئاماژه‌ن بۆ ناوه‌ڕۆكی بڵاوكراوه‌كان، هه‌ر كه‌ خوێنه‌ر چاوی به‌ ناوێكی وه‌كو (الخازوق) ده‌كه‌وێت، یه‌كسه‌ر ده‌زانێت كه‌ گۆڤاره‌كه‌ سروشتێكی گاڵته‌جاڕانه‌ی هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ناونیشانه‌كه‌ له‌ ناونیشانه‌ كلاسیكیه‌كان بێت وه‌كو (الاخبار) و (النهار) و (مساء الخیر) و (الرایة) و (الوطن) و ناوه‌كانی تر، ئه‌وا خوێنه‌ر قه‌ت ئه‌وه‌ ناخه‌مڵێنێت كه‌ گۆڤاره‌كه‌ سروشتێكی گاڵته‌جاڕانه‌ی هه‌بێت.

رۆژنامه‌گه‌ری گاڵته‌جاڕ له‌هه‌ر وڵاتێكدا به‌ گرنگترین جۆره رۆژنامه‌كانی ئه‌و وڵاته‌‌ داده‌نرێت، چونكه‌ سروشتێكی ره‌خنه‌گرانه‌ی هه‌یه‌ له‌ هه‌موو بابه‌ته‌كانیدا، كه‌وابێت له‌ ئامرازه‌ گرنگه‌كانی ئاماژه‌دان به‌ هه‌ڵه‌ و كه‌موكوڕی و شه‌رمه‌زارییه‌‌كانی، ده‌توانین بڵێێن كه‌ رۆژنامه‌گه‌ری گاڵته‌جاڕ ئاوێنه‌ی كۆمه‌ڵگایه‌، له‌ كاتێكدا كه‌ رۆژنامه‌گه‌ری گشتگیر به‌ شێوه‌یه‌كی بنه‌ڕه‌تی خۆی ته‌رخانكردووه‌ بۆ بابه‌ته‌ هه‌واڵیه‌كان و توێژینه‌وه‌ دڵكاره‌كان (جیدیه‌كان)، و رۆژنامه‌گه‌ری پسپۆریش بۆ چاره‌سه‌ركردنی لایه‌نه‌كانی چالاكی مرۆڤایه‌تی، ئه‌وا رۆژنامه‌گه‌ری گاڵته‌جاڕی تیشك ده‌خاته‌ سه‌ر ئه‌و نه‌خۆشیانه‌ی كه‌ كۆمه‌ڵگایه‌ك پێوه‌یان ده‌ناڵێنێت، كه‌وای لێده‌كات وه‌ك ئه‌و گونده‌ وابێت كه‌ دكتۆری تێدانیه‌، ستایلی كاركردنی رۆژنامه‌گه‌ری گاڵته‌جاڕیش جیایه‌ له‌گه‌ڵ ستایلی كاركردنی رۆژنامه‌كانی دیكه‌وه‌‌، واباوه‌ كه‌ ده‌سته‌ی نووسه‌رانیش له‌ رۆژنامه‌ی گاڵته‌جاڕدا له‌ دوو ده‌سته‌ پێكبێت یه‌كێكیان ده‌سته‌یه‌ك له‌ نووسه‌رانن و ئه‌وی دیكه‌یان ده‌سته‌یه‌ك له‌ كاریكاتێریستانن، له‌ رۆژنامه‌گه‌ریه‌كانی دیكه‌ به‌ش و لقی جیاواز و په‌یامنێر و نووسینگه‌ی ناوچه‌ جیاوازه‌كان و ئه‌و شته‌ پێویستیانه‌ی دیكه‌ش هه‌ن، هۆی ئه‌و جیاوازیه‌ش ئه‌و خه‌سڵه‌ته‌ هه‌واڵگه‌یاندنه‌یه‌‌ كه‌ رۆژنامه‌گه‌ری گشتگیر هه‌یه‌تی، كه‌چی رۆژنامه‌گه‌ری گاڵته‌جاڕ پشت به‌ هه‌واڵ نابه‌ستێت وه‌كو ره‌گه‌زێكی گرنگ له‌ كاركردنیدا، بۆیه‌ ئه‌و ستایلێكی جیاوازی هه‌یه‌ له‌ كاركردندا.
سه‌باره‌ت به‌ كاریكاتێر زۆربه‌ی رۆژنامه‌ گاڵته‌جاره‌كان كه‌ هه‌ره‌زۆر‌یان وه‌كو گۆڤاری هه‌فتانه‌ یان مانگانه‌ ده‌رده‌چن، له‌ به‌رگی یه‌كه‌میان كاریكاتێرێكی گه‌وره‌، و له‌ به‌رگی دواوه‌ش چه‌ند كاریكاتێرێك سه‌باره‌ت به‌ یه‌ك بابه‌ت یان هه‌مان كاریكاتێریست یان له‌ ژێر ناونیشانێكی دیاریكراو بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌، له‌ لاپه‌ڕه‌كانی ناوه‌وه‌ش چه‌ندین كاریكاتێری سه‌ربه‌خۆی جیاواز و له‌ ژێر ناونیشانی جیاوازه‌وه‌، و چه‌ندین كاریكاتێری هاوشان له‌گه‌ڵ كاره‌ ئه‌ده‌بیه‌ گاڵته‌جاڕه‌كاندا بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌، كه‌ زۆرجار ئه‌و نووسه‌ره‌ گاڵته‌جاڕه‌ له‌گه‌ڵ كاریكاتێریستێك رێكده‌كه‌ون بۆ كێشانی كاریكاتێرێك كه‌ هه‌ماهه‌نگ بێت له‌گه‌ڵ بابه‌ته‌كه‌، زۆربه‌ی ئه‌و رۆژنامانه‌ش گۆشه‌یه‌ك یان چه‌ند گۆشه‌یه‌كیان هه‌یه‌ بۆ كاریكاتێر(پۆرترێت)ی كه‌سایه‌تیه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و هونه‌ری و وه‌رزشییه‌ دیاره‌كان، ناونیشانی ئه‌و گۆشه‌ جێگیره‌ش وه‌كو (میوانی ژماره‌) یان (كه‌سایه‌تی هه‌فته‌) یان (ئه‌مه‌ بناسن …) یان ناونیشانی گونجاوی هاوشێوه‌ی‌ ده‌بێت.
له‌ كاره‌ ئه‌رێنیه‌كانی رۆژنامه‌ گاڵته‌جاره‌كان ئه‌وه‌یه‌ كاری كاریكاتێریستان پێشكه‌ش به‌ خوێنه‌ر ده‌كه‌ن، كاریكاتێریستانیش به‌ خوێنه‌ر ده‌ناسێنن، له‌ زۆربه‌ی ئه‌م رۆژنامانه‌ واباوه‌ گۆشه‌یه‌كی به‌رده‌وام هه‌بێت‌، كه چه‌ند كاریكاتێرێكی هونه‌رمه‌ندێكی دیاریكراوی تێدا بڵاوبكرێته‌وه‌، بۆ ناساندنی ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌، به‌م شێوه‌یه‌ش ده‌بنه‌ جێ هه‌ناسه‌یه‌ك بۆ هونه‌رمه‌ندان كه‌ لێیانه‌وه‌ خوێنه‌ر بیانبینن، له‌ هه‌مان كاتدا زۆریی كاریكاتێر رێگرنابن له‌به‌رده‌م بابه‌ته‌كانی تردا، هه‌روه‌ك له‌ رۆژنامه‌گه‌ری گشتگیر و پسپۆردا، رۆژنامه‌گه‌ری گاڵته‌جاڕ نیشتیمانی دایكی كاریكاتێره‌، بۆیه‌ توانای له‌ خۆگرتنی ژماره‌یه‌كی زۆری كاریكاتێری هه‌یه‌، به‌ڵكو پێویستیشی پێیانه‌، كاتێك كه‌ گۆڤاره‌ گاڵته‌جاڕه‌كان كاری هونه‌رمه‌نده‌ به‌ناوبانگه‌كان به‌ خوێنه‌ر ده‌ناسێنن، له‌به‌ر هه‌مان هۆ هونه‌رمه‌نده‌ تازه‌ پێگه‌یشتووه‌كانیش به‌ خوێنه‌ران ده‌ناسێنن، به‌ بوونی گۆشه‌یه‌كی گونجاوی جێگیر بۆ ئه‌م بابه‌ته‌ له‌سه‌ر لاپه‌ڕه‌كانی گۆڤاره‌كه‌دا‌، كه‌ كاری چه‌ند هونه‌رمه‌ندێكی گه‌نج پێشكه‌ش ده‌كه‌ن، به‌مه‌ش هانی به‌هره‌مه‌ندان ده‌ده‌ن و به‌رده‌وام بواریان بۆ ده‌ڕه‌خسێنن. تایبه‌تمه‌ندیش له‌ نێو لاپه‌ڕه‌كانی ئه‌م رۆژنامانه‌دا له‌وانه‌یه‌ وه‌كو رۆژنامه‌كانی تر كلاسیكیانه‌ بێت، له‌وانه‌یه‌ به‌ بابه‌ته‌ گرنگه‌كانی سیاسه‌ت و كۆمه‌ڵگا و كات به‌سه‌ربردن ده‌ست پێبكه‌ن، له‌ ده‌ستپێكی لاپه‌ڕه‌كانیدا به‌ بابه‌ته‌ سیاسیه‌كان ده‌ست پێبكه‌ن، و دوایی بچنه‌ سه‌ر بابه‌ته‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان، دوایی بابه‌ته‌ ئه‌ده‌بیه‌كان، له‌ دوالاپه‌ڕه‌كانیشیدا بابه‌ته‌كانی كات به‌سه‌ربردن و پێكه‌نین بێت. به‌م شێوه‌یه‌ش رۆژنامه‌گه‌ری گاڵته‌جاڕ رۆژنامه‌گه‌ری پێكه‌نین نیه‌، وه‌كو هه‌ندێك وای تێده‌گه‌ن، پێكه‌نین له‌م رۆژنامه‌گه‌ریه‌دا مه‌به‌ست نیه‌ به‌ڵكو ئامرازه‌، ئه‌گه‌ر به‌ مێژووی رۆژنامه‌گه‌ریدا بچینه‌وه‌ له‌ زۆربه‌ی وڵاتانی جیهاندا، ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ رۆژنامه‌گه‌ری گاڵته‌جاڕ له‌ هه‌موو جۆره‌كانی تری رۆژنامه‌گه‌ری دڵكار (جدی) تره‌، زۆرترین رۆژنامه‌ن كه‌ دووچاری سزا و پێبژاردن و داخستن ده‌بنه‌وه‌، زۆرترینیانن كه‌ دووچاری پێكدادان ده‌بنه‌وه‌ له‌گه‌ڵ چاودێریدا، و زۆرترینیانن كه‌ دووچاری چه‌وسانه‌وه‌ و پێوه‌تلانه‌وه‌ی چاودێری ده‌بنه‌وه‌، بۆیه‌ هه‌ڵه‌یه‌ كه‌ وابزانین رۆژنامه‌گه‌ری گاڵته‌جار خاوه‌ن پله‌وپایه‌كی لاوه‌كییه‌، كاتێك كه‌ له‌ لایه‌نی جێبه‌جێكردنیشدا زۆر ئاڵۆزتره‌ له‌ رۆژنامه‌گه‌رییه‌كانی تره‌وه‌، بابه‌ته‌كانی به‌نرختر و به‌هادارترن، چونكه‌ زۆربه‌ی بابه‌ته‌كانی ده‌چنه‌ خانه‌ی ئه‌فراندنه‌وه‌ له‌ كاریكاتێر و چیرۆك و شیعره‌وه‌، ته‌نانه‌ت هه‌واڵێكی خۆشیش پێویستی به‌ كارزانیه‌كی زۆرتر هه‌یه‌، له‌ داڕشتنی هه‌واڵێكی ئاسایی.




پەکەکە و كوردبوونێكی ڕاستەقینه لەپێناو مرۆڤایەتیدا …. نوسینی: ‌بیریار دونیاناس

بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە کلیکی ئێرەبکەن …..




تورکیای ئەردۆگانی گۆڕبزری شەهیدانی کوردمان دەکات … رەزا شوان

تورکیا رەگەزپەرسترین و فاشسترین و دڕندەترین دەوڵەتە لە جیهاندا، تا سەر ئێسقان دۆژمنی سەرسەختی کوردن، هەرگیز چاویان بە بوونی کورد دا هەڵنایات.. تا ئەمڕۆش دانیان بە ناسنامەی نەتەوەیی کوردا نەناوە.. ئەردۆگانی دیکتاور کە زۆر بیربۆگەنتر و رەگەزپەرستر و دڕندەترە لە ئەتاتورکی گۆڕبەگۆڕ. چەند جارێک دووبارەی کردەوە، کە لە تورکیادا: یەک نەتەوە و یەک زمان و یەک ئاڵا هەیە. واتە هێڵی راست و چەپیان بە سەر بوونی نەتەوە و زمان و ئاڵاکانی نەتەوەکانی تردا کێشاون. ئاشکرایە کە مەبەستی سەرەکی و تایبەتییان لەم ئایدۆلۆژییە بۆگەنەیان، نەتەوەی کوردمان و زمانی کوردیمان و ئاڵای کوردستانە، بەم بیر و ئایدۆلۆژییە بۆگەنە و رەگەزپەرستییەشیان، نەوەکانیان گۆش و پەروەردە کردوون و دەکەن.. تا لە منداڵییەوە رقیان لە کورد بێت.
پارتی ناداد و ناگەشەپێدانی ئەردۆگان، بە هەموو شێوەیەک دۆژمنایەتی کورد دەکەن و ژەهڕی رقی رەشیان بە کورد دەڕێژن.. تەنانەت واز لە شەهیدان و مردووانی کوردیش ناهێنن.. بڕیاری قەدەغەکردنی ئەوەشیان دا، کە نابێ بە نووسینی کوردی لاتینی لەسەر کیلەکانی گۆڕەکانی شەهیدان و مردووانی کورد بنووسرێن.. نابێت ئەو پیتە کورییانەی کە لە زمانی کوریدا هەن و لە تورکیدا نین، بە کاریان بهێنن.. نابێت لەسەر کێلەکانی گۆڕەکانی شەهیدان و مردوانی کورد، بە کوردی بنووسرێن و نابێت هیچ نازناوێکی کوردیش بۆ مردووەکانیان لەسەر کێلەکانی گۆڕەکانیان بنووسن.. دەبێت تەنیا ئەو ناوانە بنووسن، کە لە رەگەزنامە تورکییەکانیاندا نووسراون.
سەرکردایەتی هێزەکانی (جەنـدرما) لە شارۆچکەی (سیلـوان) ی سەر بە شاری ئامەد لە باکووری کوردستاندا، پەیوەندییان کردوون بە خاوەن و بە کەسوکاری شەهیدان و مردووە نێژراوەکانی کورد لەو شارۆچکەیەدا.. ئەو شەهیدانەش لە لایەن سوپا و میتی زۆڵ و پۆلیسی تورکیاوە، بە ناڕەوا شەهید کراون.. بانگیان کردوون بۆ دایرەی پۆلیسی سیلوان و فرمانیان پێکردوون.. کێلەکانی گۆڕەکانی مردووەکانیان بڕووخێنن و بە کێلی تر بیان گۆڕن، نابێت هیچ پیتێکی کوردی کە لە زمانی تورکیدا نییە بەکاربهێن.. ناشبێت هیچ نازناوێکی کوردی لەسەر کێلەکانی گۆڕەکانیان بنووسن. تەنیا ئەو ناوانە بنووسن، کە لە رەگەزنامەکانیاندا نووسراون.. ئەمە فەرمانە و دەبێت جێبەجێیان بکەن.
بەشێکی زۆری خاوەن و کەسوکاری مردووە بانگکراوەکان، ئەم بڕیارە شۆڤێنیانەیان رەتکردەوە.. هەر لە ناو دایرەی پۆلیسی سیلواندا، جەندرمە دڕندەکان کەوتنە لێدان و ئەشکەنجەدانی ئەو خێزانانە و هەڕەشەی زیندانی کردنیان لێکردوون.. مۆڵەتی چەند رۆژێکی کەمیان بۆ دیاری کردوون.. کە دەبێت ئەو کێلە گۆڕانەیان بشکێنن و وێنەی کیلە شکاوەکانیشیان بۆ بهێنن.. تا دڵنیابن کە شکاندوویانن.. هەڕەشەی ئەوەشیان لێکردن، گەر نەیان شکێنن.. ئەوا ئێمە ئەو کیلانە دەشکێنن و گۆڕەکانیشیان لە بنەوە هەڵدەتەکێنین و تەرمی مردووەکانیشتان کەس نازانێت کە لە کوێدا فڕێیان دەدەین.
نامەردی و بێڕێزیکردن بە گۆڕی مردووان، لە تورکیادا نەبێت، لە هیچ وڵاتێکی تری جیهاندا بێرەوشتی وا نەکراوە.. ئەمە پێچەوانەی هەموو یاسا و رێسا و رەوشتێکە.
پێشتریش رژێمی تورکیا، بڕیاری ئەوەی دەرکردبوو، کە هەموو نووسینێکی هەڵوسراو (لافیتە) بە زمانی کوردی قەدەغەیە.. ناشبێت هیچ خولێک بۆ فێربوونی زمانی کوردی بکرێتەوە.. لە تورکیادا، لە زمانی تورکی زیاتر، بە فەرمی ڕێ بە بەکارهێنانی هیچ زمانێکی تر نادرێت. ئەمەش شتێکی تازە نییە لە تورکیادا لە ئەتاتۆرکی رەگەزپەرستی گۆڕبەگۆڕەوە، تا دەگاتە ئەردۆگانی رەگەزپەرست و ستەمکار، زمانی کوردی قەدەغە کراوە.. تا ئەمڕۆش خوێندن و بە کوردی نووسین لە تورکیادا بە تاوان دادەنرێت.
لە ساڵی (١٩٩١) دا، ژنە سیاسەتمەدار و تێکۆشەر و قارەمانی کوردمان (لەیلا زانا) کە لە ساڵی (١٩٦١) لە شارۆچکەی (سیلوان)ی سەر بە شاری (ئامەد) لەدایک بووە. یەکەمین ئافرەتی پەرلەمانتاری کوردە لە پەرلەمانی تورکیا، خۆی شەش پەرلەمانتاری کورد (سەلیم ساداک، ئۆرهان دۆغان، خەتیب دیجلە، زوبێر ئایدا، بەشار کاباش) لە رێوڕەسمی سوێندخواردنی پەرلەمانی تورکیادا، لەیلا زانا یەکەم کەس بوو کە بە زمانی کوردی سوێندی پەرلەمانی خوارد. هاوڕێ پەرلەمانتارەکانیشی بە دوای ئەودا ئەوانیش بە کوردی سوێندیان خوارد.. لەیلا لە شێوەی هەر سێ رەنگەکانی ئاڵای کوردستانیش ناوچەوان بەستێکی بە ناوچەوانییەوە بەسەت.. بەمەش عەرشی تورکیا هەژاند و بوو بە سیمبولێکی سیاسی و بە هێمایەکی نەمری ئازایی و دلێری و بوێری ژنانی کوردمان.
تورکیا ئەم سوێندخواردنەی لەیلا زانا و هاوڕێکانی بە زمانی کوردی، بە نایاسایی و بە تاوان دا.. لەیلا زانا و سەلیم ساداک هەر یەکەیان بە پانزە ساڵ زیندانی سزادران. دوای ئەوەی کە بۆ ماوەی دە ساڵ لە زینداندا مانەوە.. لەسەر فشاری پەرلەمانی ئەوروپی، تورکیا ناچاربوو کە لەیلا زانا و هاوڕێکەی ئازاد بکەن.
عەلی باباجان سەرۆکی (پارتی دیموکراسی و پێشکەوتن) کە کورتکراوەکەی (دیڤا) یە، بە زمانی تورکی بە واتای (چارەسەر) دێت.. لە یەکەمین وتاریدا، لە یەکەمین کۆنگرەی راگەیاندنی دامەزراندنی پارتەکەیدا،وتی: دەبێت دەستوور هەموار بکرێتەوە و بگۆڕێت.
باباجان وتیشی: کێشەی کورد بە هۆی دەستوورەوە دروست بووە، کە تێیدا گەلێک لە بوونی بێبەشکراوە.. وتیشی: ئەگەر ئێمە مافەکانی گەلی کوردمان لە دەستووردا زامن کرد و بە مافەکانی خۆیان بگەن، ئیدی پەکەکەش نامێنێت.
باباجان توانجی لە ئەردۆگانی دیکتاتۆر گرت و وتی: تورکیا شوێنی دیکتاتۆریەت نییە.
عەلی باباجان لە بارەی دژایەتیکردن و توندوتیژی نواندن، بەرانبەر بە زمانەکانی تر لە تورکیادا، بە راست و رەوا نازانن، جەختی لەسەر ئەوە کرد، کە خوێندن و رۆشنبیری بە زمانە جیاوازەکانی نەتەوەکانی تر لە تورکیادا، مافێکی مرۆڤایەتی بنەڕەتییە و پێویستییەکی پەروەردەییە.. پێویستە دەستکاری دەستوور بکرێت، تا هەموو هاوڵاتیان لە نەتەوەکانی تر زمانی دایکیان بەکاربهێنن.
عەلی باباجان: دیموکراتی دەبێت فاکتەری سەرەکی بێت، لە چارەسەرکردنی کێشەی کورد. ئەو بەڵێنەشی دا، کە رێ بە نەتەوەکانی تر دەدەن، کە پابەند نەبن بە زمانی تورکییەوە.. بە ئازادی زمانی رەسەنی خۆیان بەکاربهێنن.
باباجان وتیشی: دانانمان بە مافەکانی کورد بە (پەکەکە)ەوە گرێ نادەین، بەڵکو دان بە هەموو مافەکانیاندا دەنێین.
بەشێک لە سیاسەتمەدارانی باڵای تورک، پێیان وایە کە کێشەی کورد لە کێشەیەکی ناوخۆییەوە بووە بە کێشەیەکی ناوچەیی و نێودەوڵەتی.. بە لەشکرتاری و داپڵۆسین و سەرکوتکردن و کوشتن و بڕین و بەندکردن، چارەسەری کێشەی کورد ناکرێت.. بەڵکو لە رێی دانووسان و گفتوگۆ و دانان بە مافە نەتەوەییەکانی کورد دێتە چارەسەرکردن.

بۆ تورک بە مافی خۆی دەزانێت کە بە زمانی تورکی بخوێنێ و بنووسێ و بدوێت، ئەی بۆ ئێمەی پەنجا ملیۆن کورد کە خاوەنی زمانی تایبەتی خۆمانین. مافی ئەوەمان نەبێت، کە بە زمانی باوباپیرانمان، زمانی رەسەنی کوردیمان بخوێنین و بنووسین و بدوێین..؟ ئەم مافە بۆ ئەوانی تورک رەوایە و بۆ ئێمەی کورد ناڕەوایە. یا بانێکە و دوو هەوایە؟

بۆ کەمینەیەکی تورکمان لە شاری هەولێر و کەرکووکدا، بە زمانی تورکی و بە لاتینی تورکی دەخوێنن و دەنووسن و زانکۆیان هەیە.. ئەی بۆ زیاتر لە (بیست و پێنج) ملیۆن کورد لە باکووری کوردستاندا، نەک بۆیان نییە کە بە زمانی کوردی بخوێنن و بنووسن، بەڵکو تەنانەت ئەو مافەشیان پێ رەوا نابینن، کە لە خاکی کوردستاندا، نەک لە خاکی تورکیادا، لەسەر کێلەکانی گۆڕەکانی شەهیدان و مردووەکانیان، بە لاتینی کوردی ناو و نازناوی شەهیدەکان و مردووەکانیان بنووسن..؟!

ئەم تاوانە قێزەوەن و نامەردییانە و نامرۆیانەی تورکیا، نە یەکەمین تاوان و بێڕەوشتییانە، نە دوا تاوانیشیان دەبێت.. تاوانی زۆری لەمە نامەردیتریان دەرهەق بە شەهیدان و مردووانی گەلی کوردمان ئەنجام داون. بۆ نموونە:
زانا و مامۆستای گەورە و بەناوبانگی کوردمان (سەعید نەورەسی: ١٨٧٦ـ ١٩٦٠) کە بە (بەدیعولزەمان) ناسراوە، کە لە ساڵی (١٩٦٠) دا کۆچی دوایی کرد، لە شاری ماردین لە باکووری کوردستان، بە خاکیان سپارد.. لە دوای چوار مانگ لە ناشتنی، جەندرمەی تورکیا هاتن و قەدەغەکردنی هاتوچوونیان لە شاری (ماردین) دا راگەیاند. تەرمەکەی (سەعـید نەورەسی) یان، لە گۆڕەکەی دەرهێنا و بە فڕۆکەیەک بردیان.. ئەوسا و ئێستاش کەس نازانێت چیان لە تەرمەکەی کرد!
لە ساڵی (٢٠١٦) دا، جەندرمەی تورکی، بە بڕیاری وەزیری ناوخۆی تورکیا، تەرمی (٤٩) شەهیدی گەریلاکانی کوردیان، لەناو گۆڕستانی (چیای باگۆن) ی نزیک شاری ماردین لە گۆڕەکانیان دەرهێنان.. کەس نازانێت بۆ کوێ بردیانیان و چیان لێکردوون.
ئەمساڵیش، هەر بە بڕیاری وەزیری ناوخۆی رژێمی تورکیا، لە ناوچەی (کارزان) لە باکووری کوردستان، جەندرمەکانی سوڵتان ئەردۆگانی ئیسلامی تەرمی (٢٦٧) گەریلای شەهیدیان لە گۆڕەکانیان دەرکرد و گۆڕەکانیان تێک دان.. بێ ئەوەی ئاگاداری خاوەنی شەهیدەکان بکەنەوە. کەسیش نازانێت تەرمەکانیان بۆ کوێ بردن و چیان لێکردوون!
هەر وەزیری ناوخۆی تورکیا، بڕیاری ئەوەشی دەرکردووە، کە سەرجەم گۆڕستانەکانی شەهیدانی باکووری کوردستان، کە ژمارەیان (١٤) گۆڕستانە هەر هەموویان بڕووخێنن و تەرمی شەهیدەکانیش لە گۆڕەکانیاندا دەربکەن و بیان بەن و لە شوێنێکی نەزانراودا. خۆیان دەزانن چیان لێدەکەن.
بە دووریشی مەزانن، کە وەزیری ناوخۆی رژێمی تورکیا، ئەو بڕیارەش دەربکات، کە گۆڕی (مـەم و زیـن) یش، کە لە شاری (بایەزید) لە باکووری کوردستان دایە، ئەو گۆڕەش هەڵبتەکێنن.. چونکە هەموو تاوان و رەفتارێکی ناشیرینیان لێدەوەشێتەوە.
ئەمانەیە نامەردی و تاوانە قێزەوەنەکانی، سۆڵتان ئەردۆگانی دیکتاتۆر و نەژادپەرستی سەرۆکی (ئیخوانولشەیاتین) و سەرکردەی جاشە ئیسلامییە بەکرێگیراوەکانی سوریا و لیێبیا و کوردستان.. ئەردۆگانی دامەزرێنەری داعشی تیرۆریست.. ئەمانەیە تاوانەکانی پارتی ناداد و ناگەشەپێدانی ئەردۆگان. ئەمانەیە ئازادی و یموکراتی و رێزگرتنی تورکیا لە مافەکانی مرۆڤ.. هەرگیز لە وێنەی نامەردی و دڵڕەقی و رقڕەشی و رەگەزپەرستی تورک لە جیهاندا نەبووە و نییە.. مەگەر تەنها شۆڤێنی عەرەبی و ئاخوندەکانی سێدارە، لە هاوشێوەی ئەردۆگان و تورکیا رەگەزپەرست دابن، ئەوانیش هاوپیلان و هاوتاوانن و هاوڕەگەزپەرستن، ئەوانیش تاوانێکی زۆریان دەرهەق بە گەلی کوردمان کردوون و دەیکەن.. هەموو کاتێکیش ئەم داگیرکەرانەی کوردستان پێکەوە بە گەلەکۆمەیی تەگبیر و پیلانی کۆمەڵکوژی کوردیان داڕشتوون و جێبەجێیان کردوون و تا ئەمڕۆش هاوپیلانن لە دژی بەدەستهێنانی مافەکانی کوردمان.. سیاسەتی (پەرتکە و زاڵەبە) و پیلانی کوشتنی کورد بە کوریان داڕشتوون.
ئەم تاوانە قێزەوەنانەی تورکیا، بۆ ئەمڕۆ و بۆ دوێنێ ناگەڕێنەوە.. ئەمانە لە باوباپیرە خوێنڕێژ و داگیرکەر و نامەردەکانی عوسمانییەکانیانەوە، بە میراتی بۆیان ماونەتەوە و بۆونە بەشێک لە کولتووری بۆگەنیان و لە بێڕەوشتیان.. شانازیش بەم تاوانانەیانەوە دەکەن.. کورد دەڵێت: مردوو شەیتان دەستی لێ هەڵدەگرێت.. بەڵام تورکیای نامەرد دەستیان لە مردووی کورد هەڵنەگرتوون.. مەبەستی رژێمی تورکیا لەم تاوانانە و کارە چەپەڵانەیان.. گۆڕبزرکردنی شەهیدانی کوردمانە.. بێڕێزیکردن و سوکایەتی کردنە بە شەهیدان و بە مردووانی کوردمان.. مەبەستیان ئازاردانی دەروونی کوردە.. بەڵام لە هەمان کاتدا نامەردی و دڕندەیی و قێزەوەنی خۆیان دەردەخەن.. سووکایەتی و بێڕێزی بە خۆیان دەکەن.. نامەردیش هەر لە نامەرد دەوەشێتەوە.. ئەم تاوانە قێزەوەنانەشیان دەچنە ناو تۆماری میژووی سەرتاپا رەش و قێزەوەن و بۆگەنیان.. مێژوویەک کە لە تاوان و تراژیدیای خوێنڕشتن و دڕندەیی و نامەردی و دزی و تاڵانی و بێڕەوەشتییان بەرانبەر بە گەلانی ئازادیخواز و مافخواز و ئاشتیخواز، هیچی تری تێدا نابینین.. لە یەکەمین لاپەڕەی مێژووی تورکیاوە تا دوایەمین لاپەڕەیان، هیچ خەسڵەتێکی جوان و چاکە و پیاوەتی و مرۆڤایەتییان تێدا نین.. تا بیانکەن بە منەت بەسەر گەلانی ترەوە.

بە هەزاران هەزا تف و نەفرەتان لێبێت.. ئەی داگیرکەرانی نامەرد و دڕندە و نامرۆڤ.
بە توندی سەرکۆنەی ئەم تاوانە قێزەوەنانەی ئەردۆگان و رژێمە رەگەزپەرستەکەی دەکەین.. ئەو رۆژەش بە دوور نازانین، کە تەختی وەربگەڕێت و خۆی رژێمەکەشی رسوا و شەرمەزار و رووڕەش و سەرشۆڕ و چاوشۆڕ ببن و ببن بە پەندی زەمانە.

رەزا شوان
نەرویج: ٢٦/ئەپریل/٢٠٢٠




ناخۆشی له‌پاش ناخۆشی… ئه‌ی كه‌ی خۆشی دێت؟ … ئه‌حمه‌د كامه‌ران

هه‌ركاتێك ناوی مڕۆڤ و مڕۆڤایه‌تی ده‌هێنرێت, راسته‌وخۆ له‌پاڵی دا دوو ده‌سته‌واژه‌ی گرنگیش دێته‌ ئاراوه‌ كه‌ ژیانی مڕۆڤه‌كانی تێدا به‌ند كراوه‌, ئه‌ویش خۆشیه‌كان و ناخۆشیه‌كانه‌, واته‌ مڕۆڤ به‌ درێژایی ته‌مه‌نی كه‌ له‌سه‌ر ئه‌م گۆی زه‌ویه‌دا ژیان به‌ڕی ده‌كات, به‌رده‌وام له‌ده‌وری دووبازنه‌دا ده‌خولێته‌وه‌ , كه‌ ئه‌ویش بازنه‌ی خۆشی و به‌خته‌وه‌ریه‌, له‌گه‌ڵ بازنه‌ی ناخۆشی و نائارامیه‌, كه‌چی زۆر جار هه‌یه‌ مڕۆڤانێك به‌درێژایی ته‌مه‌نیان ته‌نیا له‌ بازنه‌ی خۆشی دا ده‌ژین هه‌تاوه‌كو ئه‌و كاته‌ی ماڵئاوایی ده‌كه‌ن, ره‌نگه‌ جار به‌جارێك بكه‌ونه‌ ناو بازنه‌یه‌كی بچووكی ناخۆشیه‌وه‌ به‌ڵام له‌ماوه‌یه‌كی كه‌م له‌و بازنه‌یه‌ دێنه‌ ده‌ره‌وه‌و ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ بازنكه‌ی خۆیان كه‌ ئه‌ویش خۆشی و ئارامیه‌كه‌یانه‌, له‌ پاڵ ئه‌وه‌دا مڕۆڤانێكی زۆر هه‌ن له‌سه‌ر ئه‌م گۆی زه‌ویه‌دا به‌رده‌وام هه‌موو چرك ه‌ساتێكیان له‌ ناخۆشی و نائارامی دایه‌ و له‌گه‌ڵ چه‌ندین دڵه‌ڕاوكێ دا, ئه‌گه‌رچی ئه‌و مڕۆڤانه‌ به‌درێژایی ته‌مه‌نیان ته‌نیا له‌ فرسه‌تێكدا ده‌كه‌نه‌ بازنه‌ی خۆشی و به‌خته‌وه‌ریه‌وه‌ , به‌ڵام ئه‌و خۆشیه‌یان بۆ هه‌تا هه‌تایه‌ نابێت و دووباره‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ بازنه‌ ناخۆشه‌كه‌ی ژیانی خۆیان , كه‌ ئه‌مه‌ش بۆته‌ هۆكارێك نه‌هێشتنی دادپه‌روه‌ری له‌نێوان مڕۆڤه‌كان دا.
سه‌باره‌ت به‌بازنه‌ی خۆشی و ناخۆشی دا ئه‌گه‌ر بێت و گه‌لێك به‌نموونه‌ بهێنینه‌وه‌ كه‌ ئه‌ویش گه‌لی كورده‌, كه‌ به‌رده‌وام ئه‌م گه‌له‌ له‌هه‌موو روویه‌كی سیاسی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی دا به‌ درێژایی مێژووی خۆیدا, كه‌چی به‌رده‌وام خۆیان له‌نێو بازنه‌ی ناخۆشی ونا ئارامی دا بینیوه‌ته‌وه‌, هه‌رچه‌نده‌ له‌كۆتایه‌كانی ساڵی 2019 گه‌لی كورد ئاواتی ئه‌وه‌ی خواست كه‌ ئیتر كۆتایی به‌سه‌رجه‌م ئه‌و ناخۆشیانه‌ بهێنرێت كه‌ له‌ساڵانی رابردوودا به‌سه‌ریان داهات كه‌ تێیدا مووچه‌كانیان پاشكه‌وت كرا و له‌لایه‌كی تره‌ جه‌نگ رووی دا له‌گه‌ڵ چه‌ندین فشاری ده‌روونی دیكه‌دا… , به‌ڵام خه‌ڵكی هه‌موویان وتیان له‌پاش هه‌موو ناخۆشیه‌ك خۆشیه‌كی گه‌وره‌ به‌ڕێوه‌یه‌, به‌ڵام ئیتر په‌نده‌ بۆ ئێستا باوی نه‌ماوه‌ , چوونكه‌ هه‌ر له‌سه‌ره‌تای ساڵی تازه‌ی 2020 وه‌ خه‌ڵكی ترسیان له‌هه‌ڵگیرسانی جه‌نگێك هه‌بوو له‌نێوان ئه‌مریكا و ئێران دا به‌هۆی سه‌ختی گرژیه‌كانیان دا, كه‌چی جه‌نگه‌ رووی نه‌دا, به‌ڵام له‌پاش ئه‌وه‌دا , جیهان كه‌وته‌ ژێر ڤایرۆسێكی كووشنده‌وه‌ كه‌ به‌ناوی كۆڤید 19 وه‌(كۆرۆنا) كه‌ به‌هه‌زاران خه‌ڵكی كووشت , هه‌ڵبه‌ته‌ هه‌رێمی كوردستانیش بێ به‌ش نه‌بووه‌ له‌م ڤایرۆسه‌ كووشنده‌یه‌ به‌ڵان ئه‌وه‌ی جێگای دڵخۆشیه‌ كه‌ نه‌یتوانی به‌شێوه‌یه‌كی فراوان بڵاوببێته‌وه‌ به‌ناو خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان دا, به‌ڵام ئه‌مه‌ش بووه‌ گه‌وره‌ترین ناخۆشی بۆ جیهان و به‌تایبه‌تیش بۆ گه‌لی كورد كه‌ له‌ چاوه‌ڕوانی ساڵێكی خۆشی و ئارامی دابوون به‌ڵأم پێچه‌وانه‌كه‌ی بوو, جیاوازتر له‌ له‌م ڤایرۆسه‌ دابه‌زینی نه‌وتیش بۆ خه‌ڵكی هه‌رێمی كورستان دووباره‌ مه‌ترسیدارترین ناخۆشیه‌ كه‌ ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ دواكه‌وتن و بێ چاره‌نووس كردنی مووچه‌ی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان دا, له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ هه‌رێمی كوردستان خاوه‌ن حكومه‌تێكی چاكساز و دادپه‌روه‌ر نیه‌ هه‌تاوه‌كو ئێستا كه‌ بێت و به‌ڵێنی نه‌فه‌وتانی مووچه‌ بدات به‌هاوڵاتیه‌كانی خۆی له‌م بارودۆخه‌ هه‌ستیاره‌دا, ئیتر ئه‌مانه‌ چه‌ندین ناخۆشی دیكه‌ …به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه‌ لێره‌دا جێگای تێبینیه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ دووباره‌ گه‌لی كورد ئاوات ده‌خوازێت كه‌ ساڵی 2021 بۆی ساڵێكی پڕ له‌خۆشی و ئارامی دا بێت و چیتر نه‌كه‌ونه‌ ناو بازنه‌ی ناخۆشیه‌كان دا , بۆیه‌ ده‌بێت له‌ ئێستاوه‌ چاوه‌ڕێی ساڵێكی تردا بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی بزانین كه‌ جارێكی تر ده‌كه‌وینه‌ ناو بازنه‌یه‌كی قولتری ناخۆشی , یاخود به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ده‌كه‌وینه‌ نێو بانه‌یه‌كی پڕاو پڕ له‌ خۆشی و ئارامی دا كه‌ هه‌رگیز له‌و بازنه‌یه‌ ده‌رناچین.




كێ باری كوردستان راست ده‌كاته‌وه‌؟ … عیماد عه‌لی

ئه‌م باره‌ی كوردستان وا لاربۆته‌وه‌، كه‌ به‌هه‌مان شێوه‌ی ئه‌و به‌رده‌یه‌ نه‌زانێك فڕێی دابێته‌ نێو گۆمێكه‌وه‌، به‌ هه‌زار زانا نه‌توانن ده‌ریكه‌ن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ویستی راسته‌قینه‌ و رێژه‌یه‌ك له‌ دڵسۆزی به‌تایبه‌تی له‌ نێو گه‌نجاندا مابێت، ته‌نها به‌ ئێستێكو به‌خۆداچونه‌وه‌ی دروست و دوور له‌ هه‌ندێك به‌رژه‌وه‌ندی، ده‌كریت هه‌ر هیچ نه‌بێت تا ڕاده‌یه‌كی كه‌م له‌و كوڵه‌مه‌رگیه‌ رزگار بین. چۆن؟
یه‌كه‌م جار ده‌بێت له‌وه‌دا یه‌كلا بین كه‌ به‌م كه‌ره‌سته‌ و عه‌قڵانه‌ی نزیكه‌ی سی ساڵه‌ كوردستان به‌رێوه‌ ده‌به‌ن هیچ ئاسۆیه‌كی قوتاربون له‌م وه‌زعه‌ نابینرێت، كه‌وابێت پرسیاره‌ گرنگه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌، ئه‌ی چۆن ده‌بێت؟ بۆ زانینی ئه‌وه‌ش ده‌بێت له‌وه‌ یه‌كلا بیته‌وه‌ كه‌ به‌ كتوپڕێ گؤڕانكاری روونادات و ده‌بێت هه‌ر هیچ نه‌بێت ئه‌م گه‌نج و نه‌وه‌ تازه‌یه‌ خه‌می نه‌وه‌كانی داهاتوویان بێت ئه‌گه‌ر به‌خۆیان بێ ئومێد بوون له‌ كه‌وتنه‌وه‌ سه‌ر سكه‌یه‌ك بێت كه‌ شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌كه‌ی‌ زۆر كیسه‌ڵ ئاساش بڕوات. ئه‌ی ئه‌مه‌ چۆن ده‌بێت؟
أ- له‌ رووی ستراتیجیه‌تی دوورمه‌وداوه‌، ده‌بێت :

  • هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌ گه‌وره‌و بچوك وحزب و بزوتنه‌وه‌ و سه‌ركردایه‌تی وبنكردایه‌تی له‌م ماوه‌یه‌ له‌سه‌ر ساحه‌ی سیاسی كۆمه‌ڵایه‌تی بوون، به‌شداری كردنی هه‌مووچالاكیه‌كی سیاسی ین به‌هه‌ر ناوێكه‌وه‌ بێت ره‌تبكرێنه‌وه‌ (به‌ خۆمیشه‌وه‌ نه‌وه‌ك بوترێت خۆی لێده‌رده‌كات، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی ته‌نها دڵۆپێك ئاوی ده‌ستی ئه‌مانه‌ی خواردبێته‌وه‌ پرژی گه‌نده‌ڵی به‌ركه‌وتووه‌).
  • نه‌وه‌كانی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ دابڕانێكی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ له‌گه‌ڵ نه‌وه‌كانی پێشودا بكه‌ن، وه‌كو چۆن له‌ بواری ته‌كنۆلۆجی و ئه‌لیكترۆنیدا بازی گه‌وره‌یان داوه‌ و هیچیان له‌ نه‌وه‌كانی پێش خۆیان ناچێت، بۆ ئه‌وه‌ی به‌خۆیان هه‌نگاو بنێن.
  • ڕێكخراوی مه‌ده‌نی و سیاسی نوێ و سه‌رده‌مانه‌ به‌و شێوه‌یه‌ی كه‌ بۆ خۆیان پێ بزانن رأسته‌ و میكانزیمی گونجاو له‌گه‌ڵ بیركردنه‌وه‌ی خۆیادا هاتبێته‌وه‌ كاری گشتی پی رایی بكه‌ن، ئه‌ویش به‌ ورد وزانستیانه‌ ئه‌ركی دوور ونزكی ئه‌وانه‌ .
  • فیكر و فه‌لسه‌فه‌ تا دێت به‌ره‌و كزبون ده‌چێت و زانست پێگه‌ی به‌هێز ده‌بێت و ئایدیۆلۆجیا هه‌ر باوی نه‌ماوه‌، بۆیه‌ به‌ پشت به‌ستن به‌ به‌رژه‌وه‌ندی باڵای كۆی گشتی خه‌ڵك كه‌ زۆرینه‌ی هه‌ژار و نه‌دار و چینه‌ چه‌وساوه‌كه‌ن، به‌رنامه‌ی گۆنجاو به‌بیری خۆیانك ه‌ من نایزانم، داڕیژن. به‌و شێوه‌یه‌ به‌هێمنی و له‌سه‌رخۆیی و واقعیانه‌ هه‌نگاوی یه‌كه‌می دابڕان له‌گه‌ڵ نه‌وه‌ی كۆندا به‌دروستی ده‌نێن و ده‌توانن خۆیان له‌ سه‌لبیاته‌كانه‌ی خۆشیانیش دابڕن و سه‌ركردایه‌تی واقیعی له‌ كۆی ژانی نێو منداڵدانی واقیعی تازه‌ی كۆمه‌ڵگا دروست بێت، ئه‌گینا هه‌زار و یه‌ك ناڕازی و خه‌ڵكی كۆنی پاك و بێگه‌رد و زاهید و ده‌ست وده‌م پاك و به‌توانا هه‌بن و ئێستا ناڕه‌زایه‌تیش ده‌رووڕین، هه‌مان عه‌قڵیه‌تی ئه‌مانه‌یان هه‌یه‌ و ئه‌گه‌ر به‌خۆیشیان هه‌وڵ بده‌ن ناتوانن له‌ سیفه‌ت وعه‌قڵ و فكر وفه‌لسه‌فه‌ و ره‌فتاری ئه‌مانه‌ ده‌ربچن.
    ب- له‌ رووی ته‌كتیكی و كاری خێرای ئه‌مڕۆوه‌، ده‌بێت:
  • كاری سه‌ره‌كیان هه‌وڵی دابڕانی خیڕای ئه‌و رێژه‌ به‌یه‌كداچونه‌ی نه‌وه‌ی سه‌رده‌م له‌گه‌ڵ كۆندا بده‌ن و كاریگه‌ری نه‌وه‌ی كۆن له‌ عه‌قڵیه‌تی ره‌فتاری خۆیان لاده‌ن و په‌رشوبڵاوی بكه‌ن ، ئه‌مه‌ش به‌:
    1- ته‌نها گرنگیدان به‌ حه‌ز و خواست و بیركردنه‌وه‌ی نوێی خۆیان.
    2- به‌شداری نه‌كردنی هیچ حزب و لایه‌نێك له‌ هیچ چالاكیه‌كیاندا له‌ هه‌ر روویه‌كیه‌ بێت.
    3- هه‌وڵی خۆرێكسختنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی وپه‌یوه‌ندیه‌كانیان به‌پێی ڵیكه‌وته‌كانی دونیای ئینته‌رنێت .
    4- خۆپارێزی له‌ خه‌یاڵ و تموحی گه‌وره‌ی خه‌یاڵی نائاسایی و ته‌ماشكردن و تێرامان له‌ واقیعی كوردستان و كاركردن به‌و پێیه‌.
    5- ته‌نها فشاری سه‌رجاده‌ و چالاكی جۆراوجۆری دوور له‌ نیازی حزبه‌كان بكرێت و ئه‌وه‌ش وردی و زیره‌كی و ژیری ده‌وێت.
    6- نه‌هیشتنی سواربونی هیچ حزب و لایه‌نێكی ئه‌مڕۆ به‌سه‌ر شه‌پوڵی ناره‌زایه‌تی و چالاكی جیاوازی نه‌وه‌ی دابڕاو له‌ واقعی سیاسی ئه‌مڕۆ
    7- له‌ پاش چالاكی و دروستبونی په‌یوه‌ندیه‌ جیاوازه‌كان ناوكی دروستبونی سه‌ركردایه‌تیه‌كی نوێ، كه‌واقیع فه‌رزی بكات، باشترین عه‌قڵ له‌دایكبووی ژانی سروشتی كۆمه‌ڵگه‌ ده‌بێت
  • قه‌یرانه‌ ئانوساته‌كانی ئه‌مڕؤ هانده‌رێكی باشه‌ بۆ مایه‌پوچ بوونی ئه‌م سه‌ركردایه‌تی و عه‌قلیه‌ته‌ سواوه‌ی كه‌وا كوردستانی گه‌یانده‌ ئه‌م حاڵه‌، بۆیه‌ به‌ ئاسانی ئه‌ڵته‌رناتیڤی خۆیان ده‌ربخه‌ن و كاری سه‌خت و بێ وچانی كۆمه‌ڵیك چالاكوانی به‌توانای گه‌نج به‌دوور له‌ گه‌نجانی ناو حزبه‌كان زه‌مینه‌ی بناغه‌دانانی دابڕانی یه‌كجاره‌كی له‌نێوان عه‌قڵیه‌تی كۆن ونوێ ده‌بێت.
    بۆیه‌ ،پێویسته‌ ئه‌وه‌ دووباره‌ بكه‌ینه‌وه‌، كه‌ تاوه‌كو كوردستان به‌م پێكهاته‌ و عه‌قڵیه‌ته‌ و به‌م شێوه‌یه‌ بڕوات، هه‌لی ده‌ربازبوون له‌ هیچ قه‌یرانێك له‌به‌رده‌مدا نابێت و ئه‌گه‌ر له‌ هه‌ر جارێكیشدا پینه‌وپه‌ڕۆیه‌ك بكرێت به‌ڵام پشكۆی قه‌یرانه‌ یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی ده‌ستی عقه‌ڵیه‌تی كۆن به‌ بریسكه‌داری ده‌مێنته‌وه‌، تاوه‌كو له‌كۆتاییدا ده‌گه‌رێینه‌وه‌ ژێر ده‌ستی داگیركه‌رانی ده‌یان ساڵه‌ی میله‌ته‌كه‌مان و بارودۆخی كوردستان له‌ خراپه‌وه‌ بۆ خراپتر ده‌ڕوات. بۆیه‌ ئێستا یه‌كه‌م هه‌نگاوی سه‌ختی رێگه‌ی دوورودرێژی نه‌وه‌ی تازه‌ و نه‌وه‌كانی داهاتوو بنرێت، له‌ چاوه‌ڕوانی و هه‌نگاو نه‌نان باشتره‌.



توندره‌وێكی ریزه‌كانی نازییه‌ت ئه‌بێته‌ چالاكه‌وانێكی چالاك … ئاماده‌كردنی: ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب

باتریك ئه‌سپلوند Patrik Asplund له‌ تافی لاویدا به‌ هۆی گۆرانی ومیوزكی هانده‌رو وروژێنه‌ر چووه‌ ناو رێكخراوه‌ راستره‌وه‌ نازییه‌كان وجولانه‌وه‌ی ره‌گه‌زپه‌رستی به‌ڵام لێره‌دا باسی ئه‌وه‌ ئه‌كه‌ین چۆنچۆنی وازی له‌ نازییه‌ت هێناو بیروباوه‌ری گۆراو بۆ به‌ هه‌ڵگری بیروباوه‌ری هاوكاری و یارمه‌تیدانی كه‌سانی تر.
پاتریك ئه‌سپلوند ئه‌ڵێت :ئه‌توانم بڵێم بزوتنه‌وه‌كانی نازییه‌ت له‌ سوید به‌ هۆی گۆرانی و میوزیكه‌وه‌ سه‌ری هه‌ڵداو، له‌ سه‌ره‌تادا هه‌ندێ كه‌س له‌ ئینگیلته‌را گۆرانی ره‌گه‌زپه‌رستانه‌یان بڵاوكرده‌وه‌و تیمێكی میوزیك به‌ ناوی سكرودرێڤه‌ر Skrewdriver musik هه‌بوو، منیش لاوێكی هه‌رزه‌كار بووم گوێم له‌و جوره‌ گۆرانییانه‌ ئه‌گرت و، هاوكات شه‌رم له‌ گه‌ڵ كۆچبه‌ران ئه‌كرد.
كاتێك هه‌رزه‌كار بووم و له‌ شه‌قامه‌كانی ستۆكهۆڵم له‌ گه‌ڵ براده‌ره‌كانم پیاسه‌مان ئه‌كردو گۆێمان له‌ میوزیك و گۆرانی هانده‌ر ئه‌گرت و له‌ گه‌ڵ یه‌كترو له‌ گه‌ڵ بیانییه‌كانی كۆچبه‌ر شه‌رمان ئه‌كرد و، كه‌مه‌ كه‌مه‌ باوه‌رم به‌و گۆرانیانه‌ هێناو په‌یوست بووم به‌ بیروباوه‌ری نازییه‌ت و، بووم به‌ یه‌كێك له‌ نازییه‌كان.
پێشتر له‌ ساڵانی نه‌وته‌كانی سه‌ده‌ی پێشوو له‌ رێی میوزیك و گۆرانی و ئاهه‌نگی هانده‌ر من و لاوانی تر ئه‌چووینه‌ ناو جولانه‌وه‌كانی نازییه‌ت به‌ڵام ئه‌مرۆ نازییه‌كان وازیان له‌و شێوه‌یه‌ هێناوه‌و، به‌ هۆی راگه‌یاندن و فیسبووكه‌ لاوان بۆ رێكخراوه‌كانیان رائه‌كێشن.
له‌ باره‌ی ئه‌وه‌ی بۆچی لاوانی سوید ئه‌چنه‌ ناو رێكخراوی نازییه‌كان پاتریك ئه‌سپلوند ئه‌ڵێت : هۆكاری سه‌ره‌كی ترسه‌ و ئه‌مه‌ش به‌سه‌ر خۆم هات كاتێك لاوێكی هه‌رزه‌كار بووم و، له‌ رووی كۆمه‌ڵاتییه‌وه‌ له‌ ده‌وروبه‌ری ستوكهۆڵم ئه‌ژیام و، ناوچه‌كه‌ هه‌موو ڤێللا بوو، باوكم به‌ریوه‌به‌ر بوو له‌ كۆمپانیای تێلیای سویدی و، په‌یوه‌ندیم له‌گه‌ڵ لاوانی بیانی نه‌بوو، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ هه‌رده‌م له‌گه‌ڵ كۆچبه‌ره‌كان شه‌رم ئه‌كردو، وامئه‌زانی هه‌رچی بیگانه‌یه‌ ئاژاوه‌چین و حه‌زیان له‌ شه‌ره‌ وهه‌میشه‌ شه‌رم له‌ گه‌ڵیان ئه‌كردو لێم ئه‌دان و لێیان ئه‌دام و، نێوانمان له‌ رووی بیره‌وه‌ ناكۆك بوو بۆیه‌ له‌و باوه‌ره‌دا بووم ترس و شه‌ركردن به‌ جۆرێك له‌ جۆره‌كان هۆكار بوون بۆ ئه‌وه‌ی لاوان په‌یوه‌ندی به‌ رێكخراوه‌كانی نازییه‌ت بكه‌ن.
كاتێگ گه‌وره‌ بووم زیاتر له‌ نیوه‌ی هاورێكانم له‌ خه‌ڵكانی وڵاتانی تره‌و هیچ جیاوازییه‌ك له‌ نێوان خه‌ڵكدا نییه‌، مرۆڤ هه‌ر مرۆڤه‌ به‌ڵام كاتێك لاو بووم ئه‌وه‌م نه‌ئه‌زانی به‌ڵكو وام ئه‌زانی جیاوازی له‌ نێوان خه‌ڵك هه‌یه‌.
زۆر شه‌رم ئه‌كردو جارێكیان به‌ر چه‌قۆ كه‌وتم و له‌ ساڵی 1992 هه‌وڵی كوشتنم درا كاتێك یه‌كێك ویستی به‌ ئۆتۆومبێل لێمبدات، به‌ڵی له‌ پاش شه‌ركردن له‌ یانه‌یه‌ك كه‌سێك گڵۆبی ئۆتۆمبیله‌كه‌ی كوژاندبووه‌وه‌ و له‌ ده‌ره‌وه‌ چاوه‌رێی ئه‌كردم بمگوژێت و، له‌ نه‌خۆشخانه‌ حه‌زم له‌ چاره‌ی بیانییه‌كان ئه‌ئه‌كردو ترس دایگرتبووم و، واملێهات رقم له‌ هه‌موو شتێك بێت كه‌ په‌یه‌ندی به‌ خه‌ڵكی بیانییه‌وه‌ هه‌بێت. سیاسه‌ت هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به‌وه‌ نه‌بوو كه‌ چوومه‌ ناو رێكخراوه‌كانی نازیسم بۆ نموونه ( 10 ده‌ هه‌فته‌‌ ده‌رباره‌ی ره‌گه‌زپه‌رستیم نه‌خویند بۆ ئه‌وه‌ی ببم به‌ ره‌گه‌زپه‌رست) به‌ڵام ئه‌زمونه‌كه‌م كه‌ تیادا ژیام و ئه‌وه‌ی به‌سه‌رمهات وایلێكردم بچمه‌ ناو رێكخراوی نازییه‌كان.
ئه‌توانم بڵێم رق و كینه‌ و گۆرانی هۆكار بوون ببم به‌ نازیسست : گۆرانیبێژ بووم و تیپێكی گۆرانیم له‌ ساڵانی نه‌وه‌ته‌كانی سه‌ده‌ی رابردوو دامه‌زراندو گۆرانییه‌كان پاڵیان به‌ خه‌ڵكه‌وه‌ نا به‌رامبه‌ر به‌ بیانی و كۆچبه‌ران رق ئه‌ستور بن و، هه‌ندیكیان له به‌ر‌ رق و كینه‌ كه‌وتنه‌ ئه‌نجامدانی تاوان و، له‌و كاتانه‌دا زۆر كه‌س له‌ سوید كوژران و زوربه‌یان لاوان بوون و، ئه‌وانه‌ی هه‌ستان به‌ كوشتنیان گوێگری گۆرانییه‌كانم بوون.
چۆن توانیم له‌و رق و كینه‌یه‌ رزگارم بێت و، واز له‌ له‌ بیری ره‌گه‌زپه‌رستی بێنم پیشه‌كی زۆر نیگه‌ران وبه‌داخم و، به‌ هوێ گۆرانی و ده‌قه‌كانی رقم بڵاوكرده‌وه‌ و هه‌ستم كرد ئه‌وه‌ منم پاڵم به‌ خه‌ڵكه‌وه‌نا تاوان ئه‌نجام بده‌ن و ئه‌وه‌ش كارێكی بێسوود بوو، ئه‌و تاوانانه‌ی ساڵانی نه‌وه‌ته‌كانی سه‌دی رابۆدوو بوونه‌ هۆكاری وازهێنانم له‌و بیروباوه‌ره‌و دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ بزوتنه‌وه‌كانی راسیزم.
باتریك ئه‌ڵێت :خاوه‌نی بیرورای توندوتیژی و نازیسست توانیان هه‌یه‌ كه‌سانی راراو سه‌رلێشێواو بگرنه‌خۆ، ئه‌گه‌ر كه‌سێك سه‌یری فلیمی به‌ڵگه‌نامه‌كان و رووداوه‌كانی جیهان بكات بۆی ده‌رئه‌كه‌وێت بزوتنه‌وه‌كانی راسیزم به‌ ئاسانی خه‌ڵكیان ده‌ستئه‌كه‌وێت بۆ نموونه‌ پێكدادان و هه‌ڵپژان له‌ نێوان تایفه‌كانی ئیسلام ( سووننی و شیعه‌) هه‌یه‌ و هه‌روا له‌ ئه‌وروپا زۆران له‌ نێوان تایفه‌كانی كاسۆلیك و پرۆتیستانه‌كان و خه‌ڵكی تر هه‌یه‌ ته‌نانه‌ت له‌ ستۆكهۆڵم زۆر كه‌س له‌ زۆر نه‌ته‌وه‌و توێژه‌كان له‌ یه‌كئه‌ده‌ن و، ئێمه‌ی مرۆڤ زۆر زیره‌كین بۆ ته‌ماشاكردنی جیاوازییه‌كان و حوكم سه‌پاندنی پێشوه‌خته‌و له‌ كۆتاییدا هه‌ڵگیرساندنی شه‌ر له‌ نێوانماندا.
ئه‌و دیمه‌نه‌ سپیپێسته‌كان وئه‌وروپییه‌كان ئه‌گرێته‌وه‌ و، ئه‌وانه‌ خۆیان به‌ گرۆپ گۆشه‌گیر كردووه‌و ترسیان لێنشتووه‌ كه‌ بیگانه‌كان دێن و ده‌ستبه‌سه‌ر هه‌موو شتێك ئه‌گرن و، سپیپێسته‌كان له‌ گه‌ڵ كاتدا له‌ناو ئه‌چن و،چه‌ندین جار ترامپ ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه‌و، به‌ كورتی راسیزم له‌ سه‌ر ترس دامه‌زراوه‌.
زۆرجار ئه‌زانین بۆ خه‌ڵك روو له‌ بزوتنه‌وه‌ی نازییه‌كان یان بزوتنه‌وه‌ توندره‌وه‌كان و ئاینییه‌كان ئه‌كات ، هۆكاری سه‌ره‌كی هه‌ستكردنی مرۆڤه‌ كه‌ ژیانی بێ نرخه‌ یان هه‌ستكردنه‌ به‌ تێكشكان و بێتوانی له‌ دۆزینه‌وه‌ی رێگایه‌كی دیاریكراو له‌ ژیاندا و، به‌و هۆیانه‌وه‌ ئاین و جولانه‌وه‌ی نازیسم ده‌رئه‌كه‌ون هاوكات مرۆڤ ئه‌ڵێت ئێستاكه خواستم هاتةدى و‌ ئه‌توانم بژیم , نازييةت و توندره‌وكان به‌ ئاسانى ئه‌توانن خه‌ڵكی ترسنؤك و سه‌رلێشێواو بۆ خۆیان راكێشن.
ئایا به‌ ده‌رچوونی باتریك له‌ ریزه‌كانی نازییه‌كان و وازهێنان له‌ بیروباوه‌ریان تووشی كێشه‌و گێچه‌ل بووه‌؟ باتریك ئه‌ڵێت : ساڵی 1998 ی سه‌ده‌ی رابردوو له‌ جولانه‌وه‌ی نازییه‌كان ده‌رچوم و، هه‌ستمكرد رێگام ونكردووه‌و، من ناسراوو ناودار بووم و تیپێكی گه‌وره‌ی میوزیكم له‌ سوید هه‌بوو : رۆژنامه ناسراوه‌ ‌ گه‌وره‌كان له‌ سه‌ریان نووسی و، هاوكات له‌ گه‌ڵ نازییه‌كان تووشی هه‌ره‌شه‌ی كوشتن و چه‌ندین جار تووشی شه‌رو ئاژاوه‌ بوومه‌وه‌و هه‌روا خێزانه‌كه‌م دووچاری هه‌ره‌شه‌ بووه‌وه‌ و، من ئاماده‌بووم بۆ ئه‌و هه‌ره‌شانه‌ و، زۆر كه‌ره‌ت له‌ گه‌ل نازییه‌كان تووشی شه‌ر بووم.
كاتێك مێرمنداڵ بووم زۆرجار تووشی شه‌ر بووم و، زۆر كاری بێ عه‌قلانیم ئه‌نجامدا، له‌ خه‌ڵكم داوه‌ و ئه‌وانیش لێیانداوم و تووشی توندوتیژی بوومه‌تووه‌ به‌ڵام له‌ هه‌موو شتێك خراپتر من له‌ رێی میوزیكه‌وه‌ رق و كینه‌م بڵاوكردووه‌ته‌وه‌و، ئه‌و رقه‌ له‌ دڵی هه‌ندی كه‌س چه‌سپی و بووه‌ هانده‌ر بۆ ئه‌وه‌ی تاوان له‌ دژی خه‌ڵكی تر ئه‌نجام بده‌ن و، به‌ بۆچوونی خۆم ئه‌وه‌ خراپترین كاره‌ له‌ ژیانمدا كردوومه‌و ، له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و كارانه‌ش ئه‌وه‌ بیست ساڵه‌ له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵه‌و دامه‌زاوه‌ی جیا جیاكان له‌ پێناو خۆگونجاندن و پێكه‌وه‌ ژیان و به‌رنگاری تاوان كار ئه‌كه‌م .
باتریك چی به‌ كه‌سانی بێگانه‌ كه‌ به‌لای توندوتیژی و بیری نازییه‌ت نزیك ئه‌بنه‌وه‌ یان ئه‌وانه‌ی هه‌ستی راسیزمانه‌یان به‌رامبه‌ر به‌ كه‌سانی تر هه‌یه‌ ؟
ماوه‌ی 15 ساڵه له‌‌ زۆر پرۆژه‌ بۆ پاڵپشتی ده‌وروبه‌ری شار كار ئه‌كه‌م و، یه‌ كێك له‌و پرۆژانه‌ ناوی { فوتبۆڵی شه‌وانه‌یه‌ } و، شه‌وانی هه‌ینی و شه‌ممه‌ ده‌رگای ساڵه‌كانی ( قاعه‌كان) ی وه‌رزش ئه‌كه‌ینه‌وه‌ بۆ یاری فوتبۆڵ و، پرۆژه‌كه‌، پرۆژه‌یه‌كی ئاسانه‌ بۆ جێبه‌جێ كردن و، زیاتر له‌ 70 ساڵ (قاعه‌) له‌ سه‌رانسه‌ری سوید كراوه‌ته‌وه‌و وسه‌دان نه‌وجوان ولاو روو له‌و سالانه‌ ئه‌كه‌ن و، بزانه‌ له‌ هه‌موو سوید ژماره‌ی ئه‌وانه‌ی ئێواران یاری فوتبۆڵ ئه‌كه‌ن چه‌نده‌؟
ساڵی رابردوو ژماره‌یه‌كی زۆر ئه‌فغانی هاتن بۆ سوید ، شه‌پۆلێكی گه‌وره‌ی كۆچبه‌ر بوون و، شه‌ر له‌ گروپه‌كه‌م روویدا له‌ نێوان لاوانی ده‌وروبه‌ری ستۆكهۆڵم و لاوانی ئه‌فغان و، كۆمه‌ڵگای سویدی له‌وه‌ تێناگه‌ن چۆن ئه‌وانه‌ هه‌موویان بیگانه‌ن و یه‌كتر ئه‌ناسن و هاتوونه‌ته‌ ناو شارو شه‌ر ئه‌كه‌ن.
دیاره‌ كۆمه‌ڵگای سویدی نازانێت خه‌ڵكێكی زۆر له‌ ناوچه‌و‌ وڵاتانی جیهان هاتوون و هه‌ر یه‌ك له‌وانه‌ خاوه‌نی كلتوری تایبه‌تی خۆیه‌تی و جیهان پره‌ له‌ شه‌رو ئاژاوه‌و ، لێره‌ش شه‌ر له‌ نێوان لاوانی بیگانه‌ وئه‌فعانه‌كان رووئه‌دات و ئێمه‌ كار ئه‌كه‌ین بۆ نه‌هێشتنی شه‌ر.
راسیزم ته‌نها شتێك نییه‌ سویدی به‌رامبه‌ر بیانییه‌كان ئه‌نجامی ئه‌دات و، خه‌ڵكی تریش دژ به‌ یه‌كتر ئه‌و كاره‌ ئه‌كه‌ن ، كێشه‌و شه‌ر له‌ هه‌موو جیهان هه‌یه‌ بۆ نموونه‌ له‌ ئێرله‌ندا له‌ نێوان كاسۆلێك و پرۆتیستانت ، جاروبار ناوه‌كان ئه‌گۆردرین به‌لام كرده‌وه‌ی راسیزم هه‌ر یه‌كه‌و خاوه‌ن یه‌ك شوناسنامه‌یه‌.
به‌پێی ئه‌زمونی خۆم كه‌س ناتوانێت حوكم بدات له‌ سه‌ر كه‌سێكی تر كه‌ نایناسێت و، كاتێك مرۆڤ خه‌ڵكه‌كه‌ ئه‌ناسێت ئه‌وكات ئه‌زانێت هه‌موو خه‌ڵك وه‌ك یه‌ك یه‌كسانن و، نابیت حوكم له‌ سه‌ر خه‌ڵك به‌ پێی باكگروندی كۆمه‌ڵایه‌تی یان ره‌نگی پێستی ده‌موچاویان بدرێت و، خه‌ڵكی خراپ خراپن و، خه‌ڵكی باش باشن به‌ڵام ناتوانرێت حوكم له‌ سه‌ر گه‌لێك به‌ ته‌واوه‌تی بدرێت و، ئه‌و جۆره‌ حوكمه‌‌ ده‌به‌نگییه‌و ، ئه‌گه‌ر یه‌كێك بیر له‌وه‌ بكاته‌وه‌ ئه‌و له‌ هه‌موو كه‌سێك به‌پێی ئه‌وه‌ی سه‌ر به‌ گروپێك یان ره‌گه‌زێكی دیاریكراوه‌ باشتره‌ ئه‌وه‌ بێ عه‌قڵی و ده‌به‌نگییه‌ و هه‌موو خه‌ڵك له‌ هه‌ر كوێ بن وه‌ك یه‌كن.
بۆ حزبی دیموكراته‌كانی سوید هه‌واداریان زۆرئه‌بێت ؟
پاتریك ئه‌ڵێت : له‌م دواییه‌دا خه‌ڵكی زۆر هاتن بۆ سویدو شه‌رو پێكدادان زۆر بوون چونكه‌ سیاسه‌تی سوید بۆ گونجاندنی كۆچبه‌ران له‌ كۆمه‌ڵگای سویدی چه‌وته‌و خراپه‌، كاتێك خه‌ڵكی زۆر هاتن بۆ سوید له‌ زۆر شوێنی جیهان وه‌ك سۆماڵ بۆ نموونه‌ سوید ئاماده‌ نه‌بوو پێشوازی له‌و خه‌ڵكه‌ بكات و له‌ گه‌ڵ كۆمه‌ڵگاكه‌ی بیانكونجێنیت و، سوید دابه‌شیانیكرد به‌ سه‌ر ناوچه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی شارو، ئه‌و ناوچانه‌ ده‌ستكه‌وتیان نییه یان زۆر كه‌مه‌‌ بایه‌خ به‌ ئه‌وانه‌ی تازه‌ هاتوون بدات و، لێره‌وه‌ راده‌ی په‌روه‌رده‌و فیركردن دائه‌به‌زێ و، بارودۆخی ئه‌و ناوچانه‌ ئاڵۆز ئه‌بێت و تاوانیش زۆرترو، كۆمه‌لێكی زۆر له‌ لاوان هه‌ستان به‌ ئه‌ ئه‌نجامدانی تاوان و، راگه‌یاندنه‌كان كه‌وتنه‌ نووسین له‌ سه‌ر ئه‌وانه‌ی تازه‌ هاتوون و سویدییه‌كان ترسان وداوایانكرد كۆچ رابگرن بۆیه‌ حزبی SD ناوده‌ر ئه‌كات و، سوید به‌ره‌ورووی كێشه‌ی خۆكونجاندن ئه‌بێته‌وه‌و،كه‌سیش ناوێرێت به‌رامبه‌ری بوه‌ستێت و، كه‌سیش نایه‌وێت بڵێت كێشه‌یه‌ و هه‌وڵ بۆ چاره‌سه‌ری بدرێت حكومه‌تی سوید ده‌ستی خستوه‌ته‌ سه‌ر گوێكانی بۆ ئه‌وه‌ی هیچ نه‌بیستێت و، له‌ كاردانه‌وه‌ی‌ ئه‌و بێ هه‌ڵوێستییه‌ ناوی حزبی دیموكراته‌كان به‌رده‌وامه‌ له‌ هه‌ڵكشان.
حزبی SD ( دیموكراته‌كانی سوید) له‌ سه‌ره‌تادا له‌لایه‌ن راسیزم و فاشییه‌كان دروستكرا و منیش له‌گه‌ڵیاندا بووم و، زانیاری باشم هه‌یه‌ له‌ سه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ حزبه‌كه‌یان دروستكرد.
به‌رای تو پاتریك ئایا حكومه‌ته‌كانی سوید له‌ سیاسه‌تی كونجاندن و تێكڵاوكردنی كۆچبه‌ران و كۆمه‌ڵگای سویدی شكستیانهێناوه‌‌ ؟
به‌ڵی سویدییه‌كان زیره‌كن له‌ به‌رزكردنه‌وه‌ی كارتی زه‌رد وه‌ك دادوه‌ره‌كان له‌ كاتی وه‌رزشدا به‌رزی ئه‌كه‌نه‌وه‌ به‌ڵام زیره‌ك نین له‌ خۆكونجاندن و، ئه‌و كه‌سانه‌ له‌و بواردا قاڵبوون ئه‌وانه‌ن له‌ ده‌ره‌وه‌ هاتوونه‌ته‌‌ سوید و سویدییه‌كان نین و، هه‌ر ئه‌وانن رێگا بۆ هاتنی خه‌ڵكی تر خۆش ئه‌كه‌ن، سوید به‌رنامه‌ی گونجاندنی نییه‌ ، به‌رنامه‌یه‌كی نیشتمانی ، به‌ڵی ئه‌وه‌مان نییه‌ و، ئه‌وه‌ش گێلییه‌ برۆگرامێكی له‌و شێوه‌یه‌مان نییه‌و لێره‌و كێشه‌كان سه‌رهه‌ڵئه‌ده‌ن. سیاسه‌تی په‌یروكراو له‌ ئێستادا سیاسه‌تێكی چه‌وته‌ ( ئێمه‌و ئه‌وان) سیاسه‌تێكه‌ خه‌ڵك كۆ ناكاته‌وه‌ و زۆر هه‌ڵه‌یه‌و هه‌ندی كه‌س ئه‌ڵێن بۆ پشتگیری له‌ جیمی نه‌كه‌ین، ئه‌و زیره‌كترین سیاسییه‌ له‌ سوید، به‌ڵێ جیمی زیره‌كه‌ به‌ڵام پشتگیری حزبه‌كه‌ی له‌وه‌ هاتووه‌ خه‌ڵك هێلاك بووه‌و، به‌ رای من هۆكاری سه‌ره‌كی ده‌نگدان به‌ دیموكراته‌ سویدییه‌كان SD ترسه‌ له‌ ئه‌نجامدانی تاوان و ئه‌وه‌ی له‌ ده‌ره‌وه‌ی شار رووئه‌ده‌ن له‌ دزیی و توندوتیژی و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌واڵانه‌ له‌ به‌شه‌كا‌نی راگه‌یاندن و، ترس ئه‌خه‌نه‌ دڵی خه‌ڵكه‌وه‌ و هه‌مووی ئه‌خه‌نه‌ ئه‌ستۆی بیانییه‌كان به‌بێ ئه‌وه‌ی چه‌خت له‌ سه‌ر بنبركردنی تاوان بكرێت وئه‌مه‌ش له‌ سیاسه‌تی دابه‌شكردنی خه‌ڵكه‌ بۆ بۆ سپی و ره‌ش یان سویدی و بێگانه‌.
باتریك له‌ ئێستادا بۆ یارمه‌تیدانی لاوان چی ئه‌كات ؟
پاتریك ئه‌ڵێت : پێشتر له‌ پرۆژه‌ی ( Frysthus ) له‌ سوید كارم ئه‌كردو، دوواجار له‌ چه‌ند پرۆژه‌یه‌ك په‌یوه‌ست به‌ لاوان و به‌رنگاربوونه‌وه‌ی راسیزم و، له‌ ) Frysthus – فریستهاوس) له‌ پرۆژه‌یه‌ك به‌ ناوی ئیكست (Exist ) ئیشم كرد ، كاركردن له‌ پێناو ده‌رچوونی خه‌ڵك له‌ بزوتنه‌وه‌كانی راستره‌وی توندوتیژی و نازییه‌ت و ئه‌م پرۆژه‌یه‌ زۆر گه‌وره‌ بوو ، له‌پاشان له‌ گه‌ڵ پرۆژه‌ی فوتبۆڵ كارم كردووه‌و چه‌ند پرۆژه‌یه‌كی تر بۆ به‌رنگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی و راسیزم.
له‌مرۆدا له‌ گه‌ڵ دامه‌زراوه‌ی ( Godspot ) كار ئه‌كه‌م و، دامه‌زراوه‌كه‌ كار بۆ گونجاندن له‌ ناو وه‌رزش و چه‌ند پرۆژه‌یكی تر تایبه‌ته‌ به‌ هه‌رزه‌كاران ولاوان ، وا 20 ساڵه‌ من له‌گه‌ڵ ئه‌و جۆره‌ دامه‌زراوه‌و رێكخراوانه‌ كار ئه‌كه‌م وزۆر به‌ داخه‌وه‌م بۆ رابووردووم و ئه‌مه‌وێت كار بكه‌م ئه‌و مێژووه‌ ره‌شه‌ی خۆم له‌ناو به‌رم، نابێت مرۆڤ بێ ئومید بیت و، له‌ ئێستادا تاوان به‌رێژه‌ی 50% كه‌میكردووه‌ و، ئێمه‌ ئه‌تواننین هاوكاری یه‌كتر بین وپێكه‌وه‌ له‌ ئاسته‌نگه‌كاندا ده‌ربازبین و ته‌نها ئه‌مه‌ چاره‌سه‌ره‌ نه‌وه‌ك سنورداخستن و خه‌ڵك ده‌ركردن.
25/4/2020




موبارەک … پشکۆ ناکام

ـ…… زۆر جار کە دزێک لەقافا ئەگیرێ و ناچار ئەکرێ چی دزیوە بیگەرێنێتەوە لە ترس و شڵەژان و خۆپەرستی خۆیەوە نەک هەر ئەوەی کە دزیوێتی بەڵکە چی شتی گیرفانی خۆیشێتی ئەگەڕێنێتەوە بۆ ساحێبی شتە دزراوەکان ، ئەمە ڕێک ئەو حاڵەتەیە کە ئەمڕۆ دەسەڵاتی بنەماڵە تێی کەووتوە، پاش ئەوەی جەن ساڵێکە قووتی خەڵکیان لرف لێیا و نەوتیان بەتاڵان برد و بوون بە یەکێک لە بنەماڵە موڵتی ملیاردێرەکان ناوچەکە ، نە پاشوکەوتی مووچە و نە ئەو ڕاو و ڕێوییەی کردیان فریایان کەوت و ئێستا لە لێواری ئیفلاسی وەک حکومەت نزیک بونەتەوە ( هەروەک چۆن دوێنێ بە بە بەغایان ئەووت : پوڕەی نیە ..موفلیسە !!) ئەمڕۆ نەک بەشە نەوتەکەی بەغا بەڵکو ئامادەن هەرچی نەوتێک شک ئەبەن بییەن بە ” سۆمۆ” و لەمەودوا نەوت ، بەنزین ، گاز ، گازی چەرخ ، دیزڵ ، نەوتی پەرەمێز و هەرچییەکیان شک برد بە مەمنونی ودەست گرتن بەسنگەوە رەوانەی ناوەندی ئەکەن ئەمەش لە جاکە و سەغێتی و هەست بە بەر پرسیارێتیان بەرامبەر بە میللەت نیە بەڵکو لە دوای چەن ساڵێک لە پەیڕەو کردنی سیاسەتێکی مافیانە بوە لە هەژارکردنی خەڵک و دەڵەمەن کردنی خۆیان ، دەنا هەر ئەو سێ چوار کەسەی بنەماڵە بوون لە کابینەی پێشووی بەناو حکومەت بە بەغایان ڕائەبوارد لە ناردنی نەوت و هەر ئەمڕۆ بە سبەیان لەگەڵ کرد و پێشیان ئەووت : شۆڤێنیە، مەزهەبیە ، گەندەڵە دژ بەکوردە و دەیان لەو وەسفە سواو و هەزار بار بوە، تەنانەت جارێکیا سەرۆكی بنەماڵە ووتی کە مالکی تەیارەی ئێف/16 ئەکڕێ بۆ ئەوەی لە کوردستان و بیرە نەوتییەکانی هەرێم بات !! بەڵام ئێستا کە کار لەکار ترازاوە و هیچ پاساوێکی دەستوری و یاساییان نەماوە و ناتوانن درێژە بەو سیاسەتە سەقەت و پڕ لە ساختەچێتیە بەن دیسانەوە : السلام علیکم بەغا ، ئێوە گەورە و ئێمە بچووک ، ئێوە فەرمان ڕەوا و ئێمە مورید ، ئێوە سەغی و ئێمە موحتاج . تکایە مووچەی فەرمانبەرانمان بۆ ئێمەی هەتا ماووین عێڕاقی سەرف بکەن ، چونکە ئێمە لە قوماری ” ئابووری سەربەخۆ” دۆڕانومانە و خوا ئەوە بگرێ ڤێری قوماری کردین…
كاتێک دەسەڵاتی هەولێر بێ ئومێد بوو لەوەی تورکیا پارە شاراوەکانی داهاتی نەوت بەئاسانی ناگەڕێنێتەوە بۆ حکومەتی بنەماڵە تا بەتەواوی هەموو خزمەتگوزارییەکانی خۆی جێبەجێ نەکا بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندی بە لێیان و هێرش کردنە سەر پێشمەرگەکانی باکورەوە هەیە لە قەندیل و پاش فەزیحەی ملیار دۆلارەکەی ئامۆزایەکی سەرۆکی بنەماڵە و دابەزینی نرخی نەوت ئیتر دەسەڵات لە “ساجی علی” نزیک” نزیک بۆتەوە بە تایبەتی کە ڕق و توڕەیی خەڵک لە کوڵانایە و دەسەڵات مەترسی ئەوەی لێنیشتوە کە ئەگەر چارەسەرێکی ئەوە وەزعەی خۆی دروستی کردوە نەدۆزێتەوە لەوانەیە توقینەوەیەکی جەماوەری دروست ببێ بەمەش کورسی حوکمڕانیان ئەلەقێ ئەو کاتە نە نەوت نە گاز نە تورکیا نە جاشەکانی لیبیا فریایان ئەکەوێت ، بۆیە زوو کەوتنە خۆیان و بەختەوەری سەرۆکی بەناو ئەنجومەنی وەزیرانلە پشت شاشەی سکایپەوە بریاری دەرکرد کە رووی هەرچی بۆرییە نەوتەکانە بکەنە بەغا بەرامبەر ناردنی مووچەی فەرمانبەران نە بادا وا لەسەریان بشکێتەوە کە پەشیمانیی سفر هیچ بەدەستەوە ….
خەڵک زۆر هاواری کرد گوێیان لەکەس نەگرت ، کە خەڵک لەسلێمانی لە نارەزایەتیا جوونە سەر جادە سەرۆکی بنەماڵە ووتی : با بۆخۆیان هەر هەڵپەڕن !! ئەوە بەغا نەبوو ئابووری سەربەخۆی لە هەولێر پەیڕەو کرد ، خۆئەوە بەغا نەبوو پاشەکەووتی مووچەی داهێنا ، ئەوە بەغا نەبوو نەوتی هەرێمی بەتاڵان برد و بە هەڕاج کردیە دیاری بۆ تورکیا ، ئەوە بەغا نەبوو بە هەرێم بڵێ موفلیس ، ئەوە بەغا نەبوو داهاتی گومرگ بماشێتەوە ، ئەوە بەغا نەبوو پارەی ئەمریکا و حولەفا بۆ شەڕی داعیش بخاتە تەنکەی باخەڵییەوە و بازرگانی نەوتیش لەگەڵ داعش بکات ،خۆ ئەوە بەغا نەبوو هەرچی پارەیەک بۆ بەرنگاری کورونو هاتبێتە هەرێم بخاتە قاسەی بنەماڵە و داوای خێر و خێرخوازی و سەدەقە لە خەڵک بکات ، ئەوە بەغا نە بوو بە داهاتی هەرێم جاشی کوردی سەر بنەماڵە و پەروەردەکراوی تورکیا بنێرێتە لیبیا ، ئەوە بەغا نیە کە دەرماڵەی زیندانیانی سیاسی هەرێم بدزێ دابەشی نەکات ،خۆ ئەوە بەغا نەبوو دەغیلەی هاوکاری نەخۆشەکانی شێر پەنجە دەست بەسەرابگرێ و خەشنۆشی کات ، ئەوە بەغا نەبوو بڵێ کە من مووچەم نارد چەن هەفتەیەک بیشارنەوە و بڵێن بەگۆڕی مەرحوم پارە نەهاتوە ، …و….و… هەموو ئەمانە و دەیان فرت و فێڵی تر، دەیان تاکتیکی دژ خەڵک ، دەیان و سەدان خروقاتی سیاسی و ویژدانی و ئابووری و نەتەویی و نیشتمانی و ئەخلاقی ، دەیان فێڵ و درۆ لە دەرخستنی ژمارە راستەقینەکانی داهاتەکان ، دەیان جار بێ حورمەت کردنی میللەت و بچووک بوون و بوون بە قەزەمی خۆیان لە ئاست داگیرکەر و ناحەزە دێرینەکانی کورە ، هەر هەمووی بەوە شکایەوە کە دان بەوەیا بنێن قاسەکانی حکومەت بەتاڵن، بەڵام قەت و بۆ یەک جار جورئەتیان نەکرد بڵێن : بۆ،،؟!! لەو هەموو داهات و پارەی بەغا و یارمەتی ئەملاولا و هاوکاری دەوڵەتانە چۆن حکومەت هەپی بەیازی بەدەستەوە مایەوە! قەت جورئەتیان نەکردوە راستی و واقیعەکانی پشت دیارنەمانی ئەو هەموو داهاتانە بە خەڵک بڵێن ، قەت…: (تۆ بڵێی ئەوە بەغای کوڕی باشی ئەمڕۆ و شۆڤینیەیەی دوێنێ شەو بە دزییەوە بەتاكی کردبێتەوە ؟)
گەرچی دەسەڵاتی کوردی ئەم هەنگاوی مل کەچ کردنەی بۆ ئەمری واقیعی ئابووری کوردستان و داواکردنی پەنابەرێتی لە بەغا زیاتر لەترسی کورسییەکەی خۆیەتی نەک لەبەر بەتەنگەوەهاتنی بۆ ماف وداواکارییەکانی خەڵک بەڵام لە هەمان کاتیشا دان نانێکە بە فەشەلی کۆمیدیای” ئابووری سەربەخۆ” بە سیناریست و دەرهێنەر و هەموو ئەکتەرەکانییەوە و رەنگ دانەوەیەکی یارییە مناڵانە ئاساکەی ” ریفڕاندۆم” و پشت بەستن بە نەوت تەنها بۆ خۆ دەوڵەمەن کردن و نەفامی لە ئاست سیاسەتی ئابووری و جونیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ نەوت و بەشداری پێ نەکردنی حکومەت و پارلەمان لە بریارە سەختە ئابووریەکان و دانانی تاجی بنەماڵە لەسەروو هەموو ئیعتیبار و ئاسایشی ئابووری و قودسیەتێکی میللیەوە ،
من بێ گومانم لەوەی گەر دەسەڵاتی هەرێم لە بەغا بوایە ئامادە نەئەبوو یەک دیناریش بۆ هەرێم بنێرێ ، بەڵام ئەم غرورەی دوێنێی هەرێم لەوەی (لەگەڵ عێڕاقا دراوسێیەکی باش ئەبین )!! بۆ ( هەموو هەر عێڕاقیین و هەرێم بەشێکی دانەبڕاوی عێڕاقە)!! باشترین سەلماننە کە دیکتاتۆرەکان بۆ مانەوەیان لە دەسەڵاتا هەموو یارییەک ئەکەن و وەک چەرخ و فەلەک گوژمێک بۆ ل پێشەوە و گوژمەکەی تریان بۆ دواوەوەیە ، دەسەڵاتی هەولێریش لەو یارییە شارەزایە و ئەهێنێ پێی بڵێین : موبارەک…




کەمپینیی ئازادی بۆ رۆژنامەنووس هێمن مامەند

پێویسته‌ هێمن مامه‌ند ئازاد بکرێت

وه‌ک ئاگادارن، که‌ کوردستان و هەموو‌ جیهان به‌ دۆخێکی زۆر هه‌ستیار و نائاساییدا بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە تێپه‌ڕده‌بێت. بەداخەوە ‌سه‌ره‌ڕای ئه‌م ڕه‌وشه‌ درماوییە، لە باشووری کوردستان ده‌زگا ئەمنیەکانی نه‌ک هه‌ر به‌رده‌وامن له‌ سه‌رکوتی رۆژنامەوانان، ده‌نگه‌ ئازاد و ڕه‌‌خنه‌گره‌کان، به‌‌ڵکو هه‌ست دەکرێ خه‌ریکه‌ فۆبیای ترس و تۆقاندن و پۆلیسیی لە بەرامبەریاندا پیاده ‌ده‌کرێت، که ئه‌مه‌ش نه‌ لەبەرژەوەندیی هاوڵاتییانه‌ و نه‌ به‌ده‌سته‌ڵاتی خۆماڵیی کوردیشە لەو بەشەی‌ کوردستان. له‌ کاتێکداین کە ئێستا له‌ هه‌مووکات کوردستان زیاتر پێویستیی بەیه‌کێتی، ته‌بایی، ئاشتیی کۆمه‌ڵایه‌تی، هێمنی و ئاسایش و پابەندبوون بە مافەکانی مرۆڤ هه‌یه‌.
نمونەی ئەمە، که‌ ڕۆژنامه‌نووس ( هێمن مامه‌ند)ە، که‌ ئه‌ندامێکی چالاکی سه‌ندیکای ڕۆژنامه‌نووسانی کوردستان و جیهانه.‌
لەڕێکەوتی ٢٤ی ئازار، کاتژمێر نۆی شه‌و، له‌ لایه‌ن هێزێکی ئاسایشی ده‌مامکداره‌وه‌ هه‌ڵده‌کوتنه‌ سه‌‌ری، به‌ لێدان و سوکایه‌تی پێکردن دەستگیری دەکەن، پاش ده‌ رۆژ له‌ هه‌وڵدان و چالاکی، دوواتر به‌ که‌فاله‌ت ئازاد ده‌کرێت.
که‌چی هه‌ر پاش رۆژێک، له کاتژمێر یه‌کی ‌شه‌ودا سەرلەنوێ به‌ هه‌مان شێوه‌ی نائاسایی ده‌سگیری دەکەنەوە‌! سه‌یر له‌وه‌دایه‌ دوێنێ رۆژی یه‌کشه‌ممه‌ ٢٦ نیسان دادوه‌ر بڕیاری ئازادکردنی دا، که‌چی پێش ئازادکردنی ناوبراو له‌سه‌ر سکاڵایه‌کی تر له‌ لایه‌ن سه‌رۆکایه‌تی حکومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ له‌ زیندان هێڵرایه‌وه‌ و ئازاد نه‌کرا!
پێویستە خۆیان بناسێنن و مۆڵەتی یاسایی نیشان بدەن لە کاتی ئەنجامدانی ئەرکەکانیاندا. ڕێکاری نائاسایی، هەڵکوتانەسەر و ده‌سگیرکردنی هه‌ر که‌سێک کۆتایی پێبهێندرێت. هەربۆیە پێویسته‌ هێمن مامه‌ند تا رۆژی دادگاییکردنی به‌ که‌فاله‌ت ئازادبکرێت. ته‌نانه‌ت ئه‌وسکاڵا نوێیه‌‌شی که‌ له‌سه‌ری تۆمارکراوه‌، دۆسییەیەکی ناوزڕاندنه‌ و به‌ پێی مادده‌ی ٤٣٣ ـی یاسای سزادانی عێراقی که‌فاله‌ت ده‌یگرێته‌وه‌.
هێمن و ئه‌و رۆژنامه‌نوس و چالاکوانانه‌ی دادگایی ده‌کرێن، پێویسته‌ به‌ پێی یاسای رۆژنامه‌گه‌ریی ژماره‌ ٣٥ ـی ساڵی ٢٠٠٧ دادگایی بکرێن، نه‌ك وه‌ك تۆڵه‌یه‌کی سیاسی، مادده‌ و دۆسییه‌کانیان بۆ بگۆڕدرێن.
پێویسته‌ جیاوازیی جیاکاری له‌ مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵ زیندانییه‌کاندا نه‌‌کرێت، ده‌زگاکانی پۆلیس و ئاسایش وەکویەك هه‌ڵسوکه‌وتیان لەگەڵدا بکه‌‌ن.
داواکارین به‌ چاوی دوژمنایه‌تی و نامۆیی سه‌یری ده‌نگه‌ ناڕازی و ره‌‌خنه‌گره‌کان نه‌کرێت، لەبەرئەوەی‌ زۆربه‌یان که‌سانی پێشینه‌ پاک، دڵسۆز و به‌رپرسیارن. له کاتی بەڕێوەچوونی پرۆسه‌ی دادگاییشدا ده‌بێت به‌ پێی یاسا، دوور له مه‌رامی سیاسی و به‌دادوه‌رییانه‌ دادگایی بکرێن.
هه‌ر لێره‌شه‌وه رایده‌گه‌یه‌نین، که له‌ ئه‌گه‌ری درێژکردنه‌وه‌ی ماوه‌‌ی راگرتن و ئازادنه‌کردنی هێمن مامه‌ند ئه‌م که‌مپینه‌ به‌رده‌وامی ده‌بێت، له‌ سه‌ر ئاستی نێوده‌‌وڵه‌تیش رێکخراوه‌ جیهانییه‌کانی لێ ئاگادارده‌‌که‌ینه‌وه‌، بۆ فشاری زیاتر بۆ ئازادکردنی ناوبراو.

که‌مپه‌ینی پشتگیری له‌ رۆژنامه‌نوس و چالاکوانی مه‌ده‌نی هێمن مامه‌ند
٢٧/٤/٢٠٢٠

ناوی لایه‌ن و که‌سایه‌تییه‌کان له‌گه‌ڵ پیشه‌ و شوێنی نیشته‌جێبوونیاندا:

  1. کۆمیتەی مافەکانی مرۆڤ – کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان ک ن ک ـه
  2. کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤی کوردستان
  3. گروپی ١٧ی شوبات
  4. تۆڕی ژینگەی کوردستان – سوید
  5. رێکخراوی دابین بۆ گەشەپێدانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ
  6. رێکخراوی ئه‌زموون
  7. ڕێکخراوی دووبز بۆ ژینگەپارێزی – کەرکوک
  8. رێکخراوی چەتری هەژاران – بەریتانیا
  9. د. کرمانج گوندی مامۆستای زانکۆ – نووسەر- ئه‌مریکا
  10. دکتۆر تەیب کەسنەزانی/ پسپۆر لە یاسایی تاوانی نێودەوڵەتی – به‌ریتانیا
  11. دڵشاد ئەنوه‌ر -ڕۆژنامەنوس – ده‌نگی ئه‌مریکا / گه‌رمیان کوردستان
  12. فریدون جاف بەڕێوەبەری تۆڕی ڕێکخراوە کشتوکاڵییەکانی کوردستان
  13. هیوا سەید سەلیم – ئەکادمیک و چالاکوانی سیاسی – رەواندوز
  14. د. محەمەد کیانی – پەرلەمانتاری پێشووی عێراق
  15. رێواس ئەحمەد بانیخێڵانی – نووسەر و مامۆستا – ستۆکهۆڵم سوید
  16. د. کامیران بەرواری – مامۆستای زانکۆ – دهۆک
  17. عمر صاڵح احمد /سەرۆکی ڕێکخراوی نیشتمانی کورد – سلێمانی
  18. بێریڤان محەمەد- جێگری هاوسەرۆکانی تەڤگەری ئازادیی
  19. د. محمد بازیانی – سەرۆکی بزاڤی چاکسازی و گەشە
  20. نەجمەدینی مامە نەسە – سەرۆكی ڕێكخراوی ماڵێك بۆ لاوان
  21. هەڵۆ غازی سلێمان – چالاکوان کەرکوک
  22. د. ناسر سۆرانی، پزیشکی چاو / سویسرا
  23. رەفیق غەفور – نووسەر – نەرویج
  24. مەدحەد کاکەیی – هونەرمەند – ژاپۆن
  25. د. کارزان ناسیح عه‌لی، پزیشک/ سویسرا
  26. شاخه‌وان شۆرش/ نوسه‌ر و توێژه‌ر/ دانیمارک
  27. ئومێد ئەحمەد – شاعیرو ڕەخنەگر ، چالاکوانی مەدەنی / هەولێر
  28. رێبوار کەرکوکی – پێشمەرگەی دێرین – سوید
  29. ئومێد جەلیزادە – پەرستکار سوید
  30. ئاسیا مەجید – چالاکوان. کەنەدا
  31. هۆگر بێکەس وانکی – فەرمانبەر دهۆک
  32. ئاڤێستا گاڵا سلێمانی
  33. سابیر محەمەد سالح ( وەستا سابیر )
  34. گۆران عەلی – ئۆپسالا سوید
  35. ستار بزێنی – مامۆستا – سوید
  36. بەهزاد سلێڤانەیی – چالاکوان سوید
  37. سەلام بۆسەلی – چالاکوانی سیاسی – دانمارک
  38. حوسێن نزارکی – پێشمەرگەی دێرین – یوتوبۆری – سوید
  39. عەلی مەولود نووسەر سلێمانی
  40. مەزلوم دۆسکی – چالاکوانی مەدەنی. دهۆک
  41. ئەکرەم نادر – رۆژنامەوان – سلێمانی
  42. سەرکەوت فەتاح – چالاکوانی سیاسی هۆڵەندا
  43. د. فایزە خەتاب – چالاکوان و بزیشک کەرکوک
  44. سەردار عەبدوڵا حەمە – مامۆستا – تۆرۆنتۆ کەنەدا
  45. موئەیەد عیسا – مامۆستا – سلێمانی
  46. جەمال شەریف. – سلێمانی
  47. جەلال چوارتایی رۆژنامەوان – هۆڵەندا
  48. شیرین ئەحمەد – چالاکوان – سوید
  49. بارزان شین – چالاکوان ستوکهۆڵم – سوید
  50. جەلال محەمەد سلێڤانەیی – زاخۆ
  51. مەهدی کۆڕی چالاکوانی سیاسی – نەرویج
  52. هێلین چیا – نڤیسکار دهۆک
  53. شەوکەت بارهولی سوید
  54. جەمال حەمەد ئەمین – مامۆستا – سوید
  55. شەوکەت ئەمین – نڤیسکار و مامۆستا – سوید
  56. خەلات سندی زاخۆ
  57. دیار هەنارە – چالاکوان – هەولێر
  58. هەژار حوسێن بەڕۆشکی – خوێندکار – ئەڵمانیا
  59. هۆمەر هۆمەر – چالاکوانی سیاسی و نووسەر مالمۆ – سوید
  60. مەسعود هێتوتی – چالاکوان سوید
  61. سەعید زاخۆلی – چالاکوان سوید
  62. بەڕەڤان ئەحمەد چالاکوانی مەدەنی – بەلجیکا
  63. بەکر حوسێن – نوسەر و چالاکوان سوید
  64. بەدەل بەرواری – مامۆستا و چالاکڤان سوید
  65. سەرباز حوسێن – کرێکار – سوید
  66. پیر کوردستانی – چالاکوان – نەرویج
  67. دەرگەوان باران چالاکوان – هەولێر
  68. بیستون بەرواری – نووسەر – سوید
  69. ئازاد رێکانی – پزیشک – نەرویج
  70. مەتین گارە – چالاکوان – دهۆک
  71. مه‌هدی ئه‌بوبه‌کر / مامۆستای زانکۆ – سلێمانی
  72. کاروان محه‌مه‌د، رۆژنامه‌وان/ سویسرا
  73. میران محه‌مه‌د/ رۆژنامه‌نوس/ سویسرا
  74. هیوا خۆشناو/ رۆژنامه‌نوس و چالاکوان – به‌لجیکا
  75. تاهیر ڕەحیم چالاکوانی مەدەنی ئەڵمانیا
  76. فه‌ره‌یدون حه‌مه‌ره‌شید / رۆژنامه‌‌نوس/ سویسرا
  77. کامران مۆحەمەدی/ ئەندازیاری رێگە و بان/ سویسرا
  78. حەسیب پشدەری ⁄فینلەند ⁄ ڕۆژنامەنوس
  79. رزگار بیلال، هۆڵه‌ندا/ چالاکوان
  80. نالی پێنجوێنی/ رۆژنامه‌نوس/ سویسرا
  81. لاوک کونجرینی، خاوه‌نی ماڵپه‌ری وتاریکورد، سویسرا
  82. یاسین قه‌ره‌داخی، وێنه‌گر/ سویسرا
  83. سه‌لام محه‌مه‌د / چالاکوان، دانیمارک
  84. محمد رەشید کاروانی/ ڕۆژنامەوان و نووسەر/ سویسرا
  85. فاتمه‌ ئه‌حمه‌د/ چالاکوان/ سویسرا
  86. سالار ره‌شید/ چالاکوان سویسرا
  87. فه‌ره‌یدون کونجرینی/ ڕۆژنامەنوس و چالاکوانی مەدەنی/ ئه‌ڵمانیا
  88. کوێستان مەحەمەد محی الدین چالاکوان
  89. فەرهاد سەنگاوی
  90. سەما محەمەد – چالاکوان
  91. دیلان عەبدوڵڵا – سوید
  92. تارا عەلی – چالاکوان سوید
  93. سروە قادر- سوید
  94. تەرزە فەتاح پێداگۆک سوید
  95. دلێر سەلیم نوسەر
  96. سه لاح عه باسی – چاودیری سیاسی
  97. وریا محمد – ئەندازیار- سلێمانی
  98. ڕەوەند جەواد .ڕۆژنامەنووس و فۆتۆگراف
  99. ڕێبوار ئەحمەد – سلێمانی
  100. سۆران عومەر – جوتیار
  101. شۆڕش خدر- چالاکوانی مەدەنی/ سلێمانی
  102. کامەران کەمال وێنەگر
  103. بابان سەقزی -کۆپنهاگن
  104. پشتیوان ئەحمەد محەمەد- بەریتانیا
  105. کەژاڵ نوری – چالاکوان – هۆڵاندا
  106. سامان حەمە غەریب – رۆژنامەنووس
  107. علی عارف – نوسەر،،مامۆستا – بە ریتانیا
  108. هيوا كاردؤيي – سوید
  109. محمد عبدالڵە – سوید
  110. إبراهیم محمد فرج – چالاکی سیاسی
  111. سارا رضا علی – فەرمانبەر
  112. محمد بکر کریم – مامۆستا – سلێمانی
  113. شێرکۆ حەمەئەمین – چالاکوانی سیاسی
  114. حەمید بەدرخان – نووسەر و رۆژنامەنووس
  115. ژینۆ ڕشید – چالاکوانی ژنان
  116. کاروان ئیبراهیم – ڕۆژنامەنووس
  117. شۆڕش حەمید – چالاکوانی سیاسی – بەریتانیا
  118. رێباز محەمەد – چالاکوانی سیاسی – بەریتانیا
  119. فەرهاد محەمەد سابیر – چالاکوانی سیاسی – بەریتانیا
  120. بەهادین عەلی حەسەن – چالاکوانی سیاسی – بەریتانیا
  121. سیروان محەمەد سەعید – پێشمەرگەی دێرین – بەریتانیا
  122. کارۆ ئالانی – چالاکوانی مەدەنی بەریتانیا
  123. موحسین حەمە – چالاکوانی مەدەنی – بەریتانیا
  124. ئازاد عەزیز محێدین – چالاکوانی مەدەنی – بەریتانیا
  125. میراس سالح – چالاکوانی سیاسی بەریتانیا
  126. نیاز سالح حەمەئەمین – چالاکوانی مەدەنی بەریتانیا
  127. محەمەد حاجی – چالاکوانی مەدەنی – بەریتانیا
  128. دیاکۆ سەلام – چالاکوانی مەدەنی – بەریتانیا
  129. دلێر حاجی عومەر – مافناس – بەریتانیا
  130. عوسمان عەبدوڵا مەلابەزێن – چالاکوان – بەریتانیا
  131. زانا سالح ئەحمەد – چالاکوانی مەدەنی – بەریتانیا
  132. دڵشاد حافز – پێشمەرگەی دێرین – بەریتانیا
  133. خەلیل کاردە – چالاکوانی مەدەنی – بەریتانیا
  134. یادگار مامەلی – چالاکوانی مەدەنی – بەریتانیا
  135. ئارام تاهیر – پێشمەرگەی دێرین – بەریتانیا
  136. محەمەد ماوەتی – چالاکوانی مەدەنی – بەریتانیا
  137. دارا زەنگەنە – چالاکوانی مەدەنی – بەریتانیا
  138. بەکر ماوەتی – رێکخراوی چەتری هەژاران – بەریتانیا
  139. رێبوار فەتاح – کامیرەمان و فۆنتێر – بەریتانیا
  140. فەرهاد سەمەد – مامۆستا – سلێمانی
  141. ئاوات عوسمان – چالاکوانی مەدەنی – بەریتانیا
  142. چالاک ئیبراهیم – پێشمەرگەی دێرین – بەریتانیا
  143. قادر برایم – چالاکوانی مەدەنی – بەریتانیا
  144. شاڵاو مەحمود – چالاکوانی مەدەنی – بەریتانیا
  145. عامر سەڵاح شەفیق – رۆژنامەنووس – بەریتانیا
  146. سەرکەوت دەرگەڵەیی – چالاکوانی مەدەنی – بەریتانیا
  147. نارین سەعید – بزیشک –
  148. رەزا مەنوچەهری/ رۆژنامەنوس
  149. ڕێکخراوی ئەزموون
  150. نەبەز محمد علی سلێمانی
  151. کوێستان قادر ئەحمەد
  152. پەروين عزيز چالاكي مةدةني
  153. بورھان قەرەداخی ،نوسەرو ھونەرمەند
  154. عوسمان صالح زينداني سياسي
  155. هونەر جەعفەر- پزیشک – کوردستان
  156. مەریوان اسماعیل ابراهیم ڕاگەیاندکار سوید / یوتوبۆزی
  157. عومەر قادر عەلی- مامۆستا- ئەڵمانیا
  158. کمال احمد/ چالاکی مەدەنی
  159. هیمداد ئەمجەد ئەمین- سوید
  160. دانا نوری محمد- پارێزەر
  161. شەهلا حەفید.. سوید
  162. فەهمی نەبی مەحموود. ڕۆژنامەنوس . هەولێر
  163. سوبحان لەشکری / چالەکەوانی ١٧ شۆبات – سوید
  164. بەختیار مستەفا رۆژنامەنوس سلێمانی
  165. سەڵاح شێخ سدیق _ نوسەر _/ سوید
  166. کاروان عبدوڵا- فەرمانبەر- سلێمانی
  167. بڕوا عەلادین – نوسەر . سوید
  168. زانا عثمان محمد -مامؤستاي زانكو
  169. ويژدان نورالدين نجم الدين – ماموستا
  170. ئارام كه ريم – روژنامه ى ئاوينه باشورى فرنسا
  171. شاڵاو مەحمود ساڵح/مامۆستا
  172. ئومێد محمد ساڵح رۆژنامەنوس و چالاکوانی مەدەنی .
  173. ئاکام عبدالله تۆفیق پارێزەری راوێژکار .
  174. نەبەز شێخانی. ڕۆژنامەنوس. سلێمانی
  175. چیمەن محمود عەلی
  176. تارا عومەر. بەریتانیا
  177. چۆمان هەردی مامۆستای زانکۆ
  178. تارا ئەحمەد کەمال.. کەنەدا.
  179. كەژاڵ حەمە ڕەشید/چالاكوان/كەنەدا
  180. سروە عوسمان مستەفا / مامۆستا ــ شاعیرو نووسەر
  181. هاوڕێ جبار/ چالاکی سیاسی
  182. بەرهەم لەتیف. رۆژنامەنووس
  183. نەورۆز فازیل محمد ئەمین . کاسب
  184. شۆڕش ئەمین چالاکی مەدەنی
  185. یوسف حسن احمد – ماموستا
  186. موحسین ئەدیب.. مامۆستای زانکۆ
  187. دلێر که‌ریم / کرێکار/ یۆتۆبۆری
  188. رێباز قادر/ کوێڵن – ئه‌ڵمانیا
  189. پێشره‌و ئیسماعیل/ چالاکوان/ به‌لجیکا
  190. سۆزان سه‌عید/ چالاکوان و توێژه‌ر/ به‌لجیکا
  191. فواد جەمال – چالاكوانی سیاسی – لەندەن
  192. نالیا ئیبراهیم – سوید
  193. رەشاد كاردیسی – دیپلۆمات – بەلجیكا
  194. بەهزاد پیرموسا رۆژنامەنووس – سوێد
  195. قادر نادر چالاکوان – وڵاتی سوێد
  196. هیوا ناسیح رۆژنامه‌نوس و چالاکوانی مه‌ده‌نی/ سویسرا
  197. فواد زیندانی چالاکوانی مەدەنی هەولێر
  198. فریاد هیرانی نووسەر و رۆژنامەنووس. هەولێر
  199. پیر لوقمان، پیر و ڕێبەری زەردەشتیان
  200. مەکی ئامێدی. چالاکڤان. – بەرلین
  201. كنێر عەبدوڵا – نووسەر سلێمانی
  202. نزار بیجان – رۆژنامەڤان و هونەرمەند زاخۆ
  203. عه‌بدوڵای مه‌‌لا نوری – چالاکوانی سیاسی
  204. حەکیم محمە هیتوتی. چالاکڤان سویسرا
  205. هەڵۆ ئەبوبەکر رۆژنامەنووس. سلێمانی
  206. د. سالار باسیرە نووسەر و ئاکادیمیسیۆن
  207. نیشان ئامێدی. چالاکڤان – نەرویج
  208. گۆنا سەعید چالاکوانی سیاسی و مافی ژنان – لەندەن
  209. دڵشاد بابانی – چاودێری سیاسی سلێمانی
  210. ئەڕدەڵان شێخ فاتیح بەرزنجی – پارێزەر و رۆژنامەنووس – سلێمانی
  211. هاورەمان نیعمەت رۆژنامەنووس – سلێمانی
  212. رێبوار سیاسی – رەخنەگر و چالکوانی سیاسی – هەولێر
  213. سێڤێ نهێلی چالاکڤان – سوێد
  214. عەلی خەلیل – نڤیسەر و رۆژنامەڤان – یونانستان
  215. ئاسۆس هەردی – نووسەر – سلێمانی
  216. پشدەر بابەکر رۆژنامەنووس و چالاکوانی سیاسی – سلێمانی
  217. ئاکام محمود رەسول چالاکوانی مەدەنی بەریتانیا
  218. غالب محمد عەلی پەرلەمانتاری عێراق سلیمانی
  219. قازی غەریب چالاکوانی مەدەنی ‌ بەریتانیا
  220. _ئەردەڵان شێخ فاتیح بەرزنجی پارێزەر و ڕۆژنامەنووس؍ سلێمانی
  221. هێمن گۆپتەپەیی ڕۆژنامەنوس وفۆتۆگرافەر سلیمانی
  222. هاوڕی عبداللە ڕۆژنامەنوس -سلێمانى
  223. نزار محەمەد چالاکوانی مەدەنی سلیمانی
  224. گۆران دیبەگەیی پارێزەر هەولێر
  225. فەرامۆش ملا نجــم ئەفسەری هاتووچۆ کۆیە
  226. یاسین عبداللە – مامۆستا سلیمانی
  227. خەندە عومەر – سویسرا
  228. نەجیبە مەحموود – رۆژنامەنووس – سوێد
  229. بەشدار حسن پارێزەر هەولێر
  230. رێبین سەباح پارێزەر هەولێر
  231. عادل حسن حمەڕشید ، مامۆستای ناڕازی سلیمانی
  232. ستارە عارف ڕۆژنامەنوس و چالاکی کۆمەڵگەی مەدەنی- سلێمانی
  233. کارا محمەد چاکوانی هونەری و شاعیر سلیمانی
  234. هونەر جەمیل چالاکوانی مەدەنی سلیمانی
  235. فرهاد صمد جلال جالاکی مەدەنی کۆیە
  236. تەیب موعتەسم عەزیز . چالاکی مەدەنی ڕواندز
  237. گۆڵان علی چالاکوانی ژنان ئەڵمانیا
  238. ئەرکان محمد ئەحمەد ڕۆژنامەنووسآ
  239. ئاکۆ اسعد حمد چالاکوانی مەدەنی هەولێر
  240. سعید احمد علی رۆژنامەنووس و چالاکی مەدەنی
  241. تارا حسین وتەبێژی تاڤگەری ئازادی سلیمانی
  242. هەڤرەس شوان خوێندکاری بەشی یاسا
  243. ئیحسانی مەلا فوئاد رۆژنامەنوس
  244. شەماڵ رەئووف – چالاکی مەدەنی
  245. موحەممەد عەلی – شانۆکار
  246. شیلان محمد _ راووێژکاری سیاسي
  247. دانا عومەر – ڕۆژنامەنووس
  248. هەوراز چالاکوانی مەدەنی – بەریتانیا
  249. ئیبراهیم عەباس ، رۆژنامەنووس – هەولێر
  250. کارۆ ئالانی چالاکوانی مەدەنی
  251. ئۆمێد حاجی ــ ڕۆژنامەنووس ــ دهۆك
  252. کۆسالان عەبدولمەجیید/ رۆژنامەنوس
  253. ھەڤاڵ ئاكۆ ـ پێشمەرگە
  254. ڕوناک مجید فەرەج چالاکوانی مەدەنی – بەلجیکا
  255. کامەران ئەمینی هاونیشتیمانی
  256. هارون ناسح چالاکوانی و ڕەخنەگری سیاسی
  257. ابراهیم مجید فرج مامۆستای زانکۆ
  258. ئەحمەد دڵزار – ئیسماعیل نووسەر و شانۆکار
  259. پشکۆ رەحیم – شاعیر – بەریتانیا
  260. بێستون کافرۆشی رۆژنامەنووس بەریتانیا
  261. هەڵۆ ئەبوبکر ڕۆژنامەنووس سلیمانی
  262. خطاب عمر – پارێزەر – زاخۆ
  263. پارێزەر کامەران سارمەمی هەولێر
  264. نیاز حامید برایم ئەندازیار
  265. سلمان کامیل – چالاکوان
  266. ئاسۆی ژیاندۆشت – چالاکوان لەندەن
  267. زەردەشت فیص اللە فتح اللە – مامۆستا
  268. خالید ڕشید اسماعیل- پیشەوەر
  269. خەلیل کاردە – لەندەن
  270. شڤان ئازاد – چالاکوان
  271. زیاد شاوێسی- پارێزەری ڕاوێژکار
  272. کمال میرزا حسین سلیمانی
  273. فریشتە عومەر ئەڵمانیا
  274. هێور هیمداد مەرزانی- کۆیە
  275. رسوڵ حسین – چالاکوانی مەدەنی
  276. هیوا رووف عبدالرحمن- تەقتەق
  277. هیدایەت ئیبراهیم بەلجیکا
  278. رەشید زاهیر حسن – نوسەر
  279. هێمن جوهر احمد – مامۆستا
  280. شلێر نەجم – مامۆستا سوید
  281. زریان جوهر رسوڵ مامۆستا و چالاکوان
  282. فتحیە ابراهیم چالاکوان
  283. لوقمان موستەفا دانیمارک
  284. نەجات روستی رۆژنامەنوس
  285. سـۆما خالید عبدالرحمن رۆژنامەنوس
  286. ئاراز محەمەد – رۆژنامەنوس
  287. ئاریان ئەکرەم _ میدیاکار
  288. بڕیار جەلال ــ رۆژنامەنوس
  289. زانکۆ سەردار_ ڕۆژنامەنوس
  290. هەرێم بەهادین ـ ڕۆژنامەنووس
  291. ئاری عزالدین ابراهیم مامۆستا
  292. کاوە دزەیی – ئەمەریکا
  293. گۆران دوکانی – ئەمەریکا
  294. پەیمان عیزەدین- پارێزەر
  295. یادگار جەلال احمد چالاکوان سلیمانی
  296. ئارام عومەر، ئازادیخواز.
  297. گەشە دارا – مافناس
  298. هیوا ئەحمەد – چالاکوان
  299. محمد مستەفا عەلی – مامۆستا
  300. ماجید فەتاح – پارێزەر
  301. ئادەم عوسمان سلێمان چالاکوانی سیاسی
  302. هێمن بنەسڵاوەیی چالاکوانی مەدەنی بەلجیکا
  303. مامۆستا ژاژڵەیی. – مامۆستای ناڕازی وچالاکوانی مەدەنی – ،سلێمانی
  304. خالید عەبدولکەریم، ڕۆژنامەنووس
  305. رێبوار چەلەبی – نوسەر
  306. علی عبدالله احمد – مافناس
  307. حەمید مستەفا – هونەرمەند و رۆژنامەوان
  308. ھەنگاو ھاشم – ڕۆژنامەنوس
  309. اسماعیل گەڵاڵەی – پەرلەمانتاری خولی پێشوو
  310. زانا علی چالاکوان
  311. نیاز عبداللە – ڕۆژنامەنووس
  312. _فەرمان ڕەشاد – چالاکوانی مەدەنی
  313. بەهجەت احمد یاسایی
  314. نەجات ئەحمەد چالاکوانی سیاسی هەولێر
  315. حەسەن جاف مێژوو نووس
  316. عمر علی نوسەر – سلیمانی
  317. ابراهیم عبدالله لە بەریتانیاوە / چالاکوانی مەدەنی
  318. ڕێبوار سیاسی ــ ڕەخنەگر و چالاکوانی سیاسی هەولێر
  319. تۆفیق شە دە ڵە یی، ماموستاو چالاکی مە دە نی
  320. حسین محمد امین حسن – فەرمانبەر
  321. ئەشقی مستەفا هاونیشتیمانی
  322. کۆسرەت ئەحمەد شاعیر و وەرگێڕ
  323. نه‌جیبه‌ عومه‌ر ئه‌حمه‌د چالاكوانی بواری ژنان
  324. ئەندازیار فریدون عبدالکریم احمد چالاکوانی مەدەنی
  325. بروا ابراهیم مامۆستا هەولێر
  326. محمد پیرۆمەری ڕەخنەگر
  327. هیمداد قادر / چالاکوانی مەدەنی
  328. شيرين عبدالواحد – جالاكوانى مەدەنى
  329. ڕەنج عوسمان – ڕۆژنامەنووس
  330. سؤران حوسين هاونیشتیمانی
  331. دێرین علی – توێژەری دەروونی/چالاکەوان
  332. چۆمان سعید رەشید – ڕەخنەگر -سوید
  333. بەدرخان مەحمود..میدیاکار
  334. فارس دژەباو شاعیر و چالاکوان
  335. شوان سەید عەلی پارێزەر
  336. دكتۆر بەختیار ئەمین بارام قەرەداغی
  337. لوقمان محەممەد شلانی. چالاکوان و ڕۆژنامەنوس
  338. عزیز رحمان مامۆستا
  339. کارزان عزیز چالاکوانی مەدەنی
  340. مارف جەژنە ،،مامۆستا
  341. دانیاڵ زەنگەنە – چاودێر و چالاکوانی سیاسی
  342. هەرێم رفعت عبداللە /پارێزەر لەهەولێر
  343. نورەدین سعید محمود فەڕەنسا ڕەخنەگر ، چالاکوان
  344. عومەری مامە کوردە – چالاکوانی سیاسی هەولێر
  345. فەرمان محەمەد ڕۆژنامەوان -ئیتالیا
  346. حەیدەر عەلی فەرمانبەر
  347. کامران علی مامۆستای ئاینی
  348. ئامینە شێخ محمد فەرمانبەر
  349. تاڤگەر سابیر – چالاکوان و نوسەر
  350. لوقمان عەبدوڵا – مامۆستا
  351. هەژار ئیبراهیم – .ڕۆژنامەنووس
  352. کامیار سابیر نوسەر و رەخنەگر ئوسترلیا
  353. ئیسماعیل سیان چالاکوانی مەدەنی
  354. پێشڕەو بابە شێخ / مامۆستا
  355. کارزان تارق ڕۆژنامەنوس
  356. کارزان اسماعیل / ڕەخنەگر ، چالاکوان
  357. يعقوب كاكل – چالاکوان
  358. ئەیوب عبدالرحمان فرمانبەر
  359. ئامانج وەرتی / ڕۆژنامەنوس
  360. یریڤان شاسوار / مامۆستا
  361. شادان تاهیر – مامۆستا – هەولێر
  362. وریا کاڵێ – ڕۆژنامەنوس ، پەیامنێر ، ئەمریکا
  363. ئارام ئەحمەد – شاعیر ،ڕۆژنامەنوس ، ڕەخنەگری سیاسی ، هۆڵەندا
  364. ئاوات خەیروڵڵا راگەیاندنكار
  365. رەنجدەر گڕاوی چالاکی مافی مرۆڤ
  366. ڕەگەز کەمال بەرگریکاری مافەکانی مرۆڤ
  367. خەبات لەتیف فەرمانبەر
  368. زیاد ئیسماعیل ڕۆژنامەنوس
  369. حەلیمە رەشید رۆژنامەنووس – هەولێر
  370. بەشدار عوسمان- رۆژنامەنووس،هەولێر
  371. فاروق عبداللە/ سلێمانی
  372. ئالان حمەجزا – چالاکوان
  373. عادل عەزیز – ڕاگە يه نكار
  374. هه ڤال بيريتان -چالاكواني ژنان
  375. زانا علی -چالاکەوانی مەدەنی
  376. ستار رەسول کاک ھەمزە – چالاکەوانی مەدەنی
  377. جوانڕۆ محمد – ڕۆژنامەنوس
  378. وریا فەتاح – ڕۆژنامەنوس
  379. بەرهەم لەتیف – ڕۆژنامە نووس
  380. خەتاب عمر – پارێزەر
  381. عەلی پۆلا – پێشمەرگە
  382. کارزان علی مەجید میدیاکار
  383. هەردی ئەنوەر – میدیاکارو چالاکوان
  384. ئاسۆ هاشم – پارێزەر
  385. ئەردەڵان شێخ فاتیح بەرزنجی- پارێزەر و ڕۆژنامەنوس
  386. هەرێم رفعت عبداللە – پارێزەر
  387. ئەیوب حامد – چالاکوان
  388. فریدون فازل سیان – پارێزەر
  389. ساهر عزیز – یاریدەدەری پزیشک
  390. کەژاڵ حەمە ڕەشید – چالاکوان کەنەدا
  391. ئادەم عوسمان – چالاکوانی سیاسی
  392. حەیدەر عەلی – فەرمانبەر
  393. ڕزگار کۆچەر – میدیاکار
  394. حسن عباس – مامۆستای ناڕازی کۆیە
  395. کامەران ئەمینی – چالاکوانی مەدەنی هەولێر
  396. کاروان خالد – چالاکوانی سیاسی بەریتانیا
  397. شنە فایەق- ڕۆژنامەنوس
  398. مژدە ئەبوبەکر – خوێنکار رانیە
  399. محەمەد تاهیر گۆران – رۆژنامەڤان – دهۆک
  400. عامر سلاح چالاکوان و ڕۆژنامەنوس بەریتانیا
  401. دڵشاد حافز چالاکوانی سیاسی بەریتانیا
  402. پشتیوان محمد – بەریتانیا
  403. تارق مەلا تاهیر – چالاکوان سلیمانی
  404. محمد عمر- قوتابی زانکۆ
  405. تاڤگه ئیبراهیم – چالاكوانی مه ده نی
  406. دڵشاد ئەنوەر – رۆژنامەنووس
  407. گەرمیان حەمەی پور– رۆژنامەنووس
  408. شاھۆ ئیبراھیم نیگار عومەر– رۆژنامەنووس
  409. دانا عومەر- ڕۆژنامەنووس
  410. ھاوڕێ نیزام- رۆژنامەنووس
  411. شاخەوان محەمەد ھاوار – رۆژنامەنووس
  412. محەمەد ئەیاد – رۆژنامەنووس
  413. محەمەد لەیلا ئەحمەد – رۆژنامەنووس
  414. محەمەد حسێن – رۆژنامەنووس
  415. دەشتی عەلی – رۆژنامەنووس
  416. کاروخ عومەر – رۆژنامەنووس
  417. زریان محەمەد – رۆژنامەنووس
  418. رێناس ساڵح – رۆژنامەنووس
  419. ئەحمەد حەمید – رۆژنامەنووس
  420. عەباس ئەحمەد – چالاکوانی سیاسی
  421. ئاسۆ بەکر – راگەیاندکار
  422. کمال رشید – چالاکوانی سیاسی
  423. رزگار ئیبراهیم – پێشمەرگەی دێرین
  424. مەزڵوم سیدار – ڕاگەیاندنکار
  425. پشتیوان جمال – نووسەر و رۆژنامەنووس
  426. چالاک مەحمود – رۆژنامەوان – سوید
  427. نەجات ئەحمەد – چالاکوانی سیاسی- هەولێر
  428. هەژار ئەنوەر- رۆژنامەنووس،هەولێر
  429. د.محمد شوانی- مامۆستای زانکۆ،هەولێر
  430. نیشتیمان کمال- چالاکوان،هەولێر
  431. چلورە هەردی- چالاکوانی مەدەنی
  432. عەزیز ڕەئوف – نووسەر
  433. یاسین ئافتاو – مامۆستای زانکۆ
  434. ئومێد قەرەداغی-نووسەر و ئەکادیمی
  435. شنە بابەعەلی- چالاکوان
  436. سۆران حسێن- ڕۆژنامەنووس
  437. کاروان سالار- ڕۆژنامەنووس
  438. بێریتان زاگرۆس-ڕۆژنامەنووس
  439. سەلاح خدر- ڕۆژنامەنووس
  440. ئەرکان محەمەد، ڕۆژنامەنووس
  441. دڵشاد خۆشناو، ڕۆژنامەنووس-ئەڵمانیا
  442. گۆران پێنجوێنی- ڕۆژنامەنووس
  443. سەمیرا شەهابی – ڕۆژنامەنووس
  444. بریندار کەلهوڕ- ڕۆژنامەنووس
  445. بێخاڵ قادر- ڕاگەیاندنکار
  446. شاڵاو حەسەن – ڕاگەیاندنکار
  447. ناسیار مستەفا -ڕاگەیاندکار
  448. محەمەد حەسەن-ڕۆژنامووس
  449. زوبێر برادۆستی-ڕۆژنامەنووس
  450. تەرزە تەها – ڕۆژنامەنووس
  451. سەمەر سەعید – ڕۆژنامەنووس
  452. ساکار سەعید – خوێندکاری زانکۆ
  453. نیاز حامد – شیکەرەوەی سیاسی
  454. رێباز سەمەد – چالاکوان
  455. توانا شوان – مامۆستا
  456. سۆران هەینی چالاکوان
  457. ئەحمەد رەجەب – چالاکوان
  458. تاڤگە سابیر – چالاكوانی مەدەنی – سوید
  459. وەسفی حسێن – قوتابی زانکۆ
  460. فێنک نجم الدین – مامۆستا
  461. ئازاد ئارمان- ناوەندی لێکۆڵینەوەی سۆسیالیستی
  462. گۆران علی – چالاکوانی مەدەنی
  463. عزیز قادر حمد – پێشمەرگەی دیرین – هەولێر
  464. عبدلرحمان رسوڵ – نوسەر و چالاکوانی سیاسی
  465. عدنان کریم – نووسەر
  466. دلاوەر مونزیز – چالاکوانی سیاسی
  467. زۆزک باڵەک – رۆژنامەنووس
  468. سەرگوڵ ئەحمەد – چالاکوانی ژنان
  469. هێمن رەشید – چالاکوان، سۆران
  470. بارزان رەئوف – چالاکوان، سۆران
  471. شەماڵ جبار جلال ، دەرچووی زانکۆ
  472. شڤان ئەبوبکر- هەڵسوراوی سیاسی-هەولێر
  473. سەمیرە عبدللە – چالاکوانی ژنان
  474. ئیبراهیم هەورامی – شاعیر و نووسەر
  475. ئاشنا حمە عزیز – پارێزەر
  476. ناز بەختیار – مامۆستا
  477. ئاسۆ ئەحمەدییان، چالاکوانی سیاسی
  478. مامۆستا عوسمان عومەر -چالاکەوان
  479. ھونەر خضر -مامۆستا
  480. ھاورێ عبدللە -رۆژنامە نووس سلێمانی
  481. ئاکۆ اسعد حمد -چالاکەوانی سیاسی
  482. بشدار حسن اسماعیل پارێزەری روێژکار
  483. کامەران طە محمد- پارێزەر
  484. رێبوار سیاسی – رەخنەگرو چالاکەوانی سیاسی ھەوڵێر
  485. شیرین عبدالواحید – چالاکەوانی مەدەنی
  486. دانیاڵ زەنگەنە – چالاکەوان
  487. ئاکام عبدالله تۆفیق پارێزەر
  488. ئامینە شێخ محمد فەرمانبەر
  489. سیویل عوسمان- پەرلەمانتار
  490. کازم شوکری تاکۆر – چالاکوان
  491. شوان سابر مستەفا مافناس و چالاکوان
  492. برزۆ ئیبراهیم – فەرەنسا
  493. غەمبار جوهر احمد – پەرستار
  494. ئاوات عوسمان – چالاکەوانی سیاسی بەریتانیا
  495. ڕێبوار مجید امین – پەرستار
  496. دڵسۆز زەنگنە – چالاکوان
  497. سنور سالح – چالاکوان
  498. محمود یاسین کوردی -رۆژنامەنووس ،بەریتانیا
  499. ئەبوبکر هەڵەدنی پەرلەمانتار
  500. منیرە عبدالرحمان – مامۆستا و میدیاکار
  501. سمکۆ عزیز مولود ئەندازیاری کشتوکاڵی پێشکەوتوو
  502. ئاکۆ مجید – میدیاکار
  503. ئیبراهیم عەلی – ڕۆژنامەنوس
  504. سەردار عەونی – رۆژنامەوان
  505. ئاریان شانە – بەلجیکا
  506. روناک رفیق – ڕۆژنامەنوس
  507. د.جمال کریم شکور – مامۆستای زانکۆ
  508. سیروان محمد سعید
  509. ڤیان محمود- میدیاکار
  510. مادح جەمال – پەیامنێری کەناڵی ئاسمانی سپێدە کۆیە
  511. هەڵگورد سەمەد – ڕۆژنامەوان پاریس
  512. دارا جاف – ڕۆژنامەنوس فرەنسا
  513. کاروخ عوسمان- چالاکوانی سیاسی
  514. محسین حەمە – وەرگێر – چالاکوانی مەدەنی بەریتانیا
  515. بارزان تارق -چالاکوان
  516. فائزە علی – میدیاکار
  517. شەمۆڵ ئاشتی سابیر میرە – پەرلەمانتار
  518. فەرهاد عەلی – چالاکوان مەدەنی
  519. ئومێد حەمە عەلی پەرلەمانتار
  520. سوهەیب شێخ ئەحمەد ڕۆژنامەنوس
  521. بنیاد احمد – خوێنکاری زانکۆ چالاکوان مەدەنی
  522. تەڤگەر شێرکۆ – میدیاکار
  523. خالید محمد- ڕۆژنامەنوس
  524. -پشتیوان عمر – خزمەتکاری هەژاران فەرەنسا
  525. حکمەت سلیمان چالاکوانی مەدەنی
  526. موراد سالەیی چالاکوانی مەدەنی
  527. هەڤرەس شوان – خوێندکاری بەشی یاسا
  528. عەبدوڵا ئەنوەر – ی . پزیشک
  529. احمد عبداللە احمد – مافپەروەر
  530. ئارام شوان – ڕۆژنامەنوس
  531. ئارام تاهیر ایبراهیم – چالاکوان
  532. باوەڕ سەباح عوسمان – پارێزەر
  533. هەژار کاکەیی – پارێزەرو چالاکوانی مەدەنی
  534. هێمن عومەر – چالاکوان
  535. ربیین سباح عبداللە – پارێزەر هەولێر
  536. ستار رەسوڵ. چالاکوان \ هەولێر
  537. خەرمان محمد – اڵمانیا
  538. داناز کاوە مجید
  539. سادق عومەر ئەڵمانیا
  540. بەندی عمر عبداللە – چالاکوان
  541. كامەران عەلی محەمەد – چالاكوانی مەدەنی ھەولێر
  542. په‌یمان عه‌لی – شانۆکار – سلێمانی
  543. شیرین که‌ریم موراد – مامۆستا
  544. مامۆ بانیخێلانی – شاعیر – سوید



کەی ..؟ … فەتاح حەسەن

کە، گوێبیستی دەنگت دەبم
هەروەك ..
مۆسیقارێکی مەشلول
کە، گوێبیستی،
ئاوازێکی ناوازەی خۆی دەبێ،
گیانم دێتە جۆش وخرۆش
کەی بێ دووبارە، گوێبیستی دەنگت بم .. کەی ؟


کە، حەز بەتاریکیی دەکەم
وانەزانی کە، هاوڕازی
کوندەپەپووم،
حەز بەتاریکیی دەکەم
چون .. ئەستێرە
لەتاریکییدا نەبێ
کەی، دەردەکەوێت .. کەی؟!


گەر، نەزانی..
کەی، وە بۆچی دەگڕێم
چ فایدەیە، بزانیت
کەی و بۆچی پێدەکەنم .. کەی!!


خۆزگە بەو دەمانەی کە، سەردەمی سەر بوو
نەهامەتییەکان،
کەی وەك ئێستا..
روو لەسەر بوو.. کەی؟


بەبێ هاوڕێ و ژن و مەی
ئەم ژیانە، کەی ژیانە.. کەی ؟


تۆیەك
مەی نەخۆیتەوە،
سەما نەکەی
سەفەر نەکەی
کەی دەتوانی، بەتۆزی پێی
گەڕیدەیەکی سەماکەری مەینۆشدا، بگەی.. کەی ؟


لێگەڕێن دەسا با نەی هەر بناڵێ
کەنگێ دەگات، بە ناڵەی دڵی من.. کەی ؟


کەی ..
ترپەی باران و هاژەی روبار
دەگەن بە خەندە و پێکەنینی تۆ.. کەی


کە، من تەمەنی جوانیم لەسایەی تۆدا، بەهەدەردا
کەی رەوایە، دڵی تۆ بۆ کەسێکی تر لێبدا .. کەی؟


لە هەندیک شوێن، لە هەندێك کات
شەرمنانە خۆشتدەوێم
بەڵامدا، لە شوێن .. لە کات
کەی ئەمانە،
بە خۆشەویستی، ئاشنان .. کەی ؟!


لەم پوچی ژیانەمدا چاوەڕوانی،
فریادڕەسم
رۆح بکات ، بەبەری شەکەتمدا
دەبێ كێ بێ و دەبێ کەی بێت .. کەی؟؟


رەشەبا زیندووە
ئەی ئەوە نییە لورەی دێت.
دەریا زیندووە
گوێ بۆ شەپۆلەکانی رادێرە
منیش زیندوم..
گوێ لە ناڵەی دڵم بگرە
کەی رەشەبایەك .. ناڵەی دڵم و شەپۆلەکان
تێکەڵ دەکات..کەی؟


دڵم دەشکێنی، گلەیی ناکەم
کە، تۆ دڵت بەرد بێ
گلەیی لەبەرد، کەی کراوە .. کەی ؟


لێمببورە، ناتوانم من دڵت دەمێ
ئەتۆی زاڵم..
کەی مانای عاشقبوون دەزانی .. کەی ؟!

فەتاح حەسەن
دانیمارك/ ڤالبی




مانیفێستی عەشق .. بەشی دووەم.. تێکست: ستیڤان شەمزینی

من نامەوێ بڕۆم
تۆش ناتەوێ بڕۆم
کەواتە رۆیشتن خواستی کێیە؟


ئەگەر رۆیشتی بیرت نەچێت بمبە لەگەڵ خۆت
مەگەر بێ من دنیایەکی ترت هەیە؟


کاتێک بیر لە تۆ ئەکەمەوە
ئاگرێک لە سینەمدا بڵێسە دەدات


ئەگەر ویستت بڕۆی، یەک شتت بیرت نەچێ
فرمێسکەکانیشم ببە لەگەڵ خۆتا


لە دووریتدا ئەسووتێم
کەچی نزیکیشت هەر ئەمسووتێنێ!


عەشق فڕینە
منیش ئاسمانێک شک نابەم


عەشق پیشەسازییە
پیشەسازیی فرمێسک و مردن


کە هەر بڕیارت داوە بڕۆی
تکایە خۆمم بدەرەوە


پێکەنینە نەپساوەکەت
سۆناتای رۆحی غەمباری منە


کاتێک تۆ دەرئەکەویت
ئەستێرەکان لە شەرما ئاوا دەبن


تۆ مایسترۆیەکی سەرکێشی
عەشقی جادوویی من ئەکەیتە سەمفۆنیا


سێپتەمبەری 2015
دیسامبەری 2016
ئەڵمانیا- بیلەفێڵد

تێبینی: ئەم پۆستەرانە لە ژێر ناونیشانی مانیفێستی عەشق لە دیوانە شیعری “بەتیشکی عیشقت ئەدرەوشێمەوە” لە ساڵی 2017دا چاپ کراوە.




سێو … عەلی حەمەڕەشید بەرزنجی

سێوم خـۆش و بەتــــامم
بۆ ئێـوە ی خۆشـــەویستم
ئاگـــــــاداربن منداڵان
میوەیـــــەکی پێـویستم
.
ڕەنگم سورە و سـەوز و زەرد
یان مزر یـــــان شیرینم
ئــــــاو و ڕیشاڵـم زۆرە
ســەرچـــاوەی ڤیتامینم
.
من ھـــــۆی بەھێزکردنی
مێشک و دڵ و نێو گــەدەم
لــــەدوای شتنەوە بمخۆن
وزەی باش بەلـەش دەدەم
….
٦/٢/٢٠٢٠




رۆمانی: دڵداره‌كه‌م داعشه‌ … وەرگێڕانی: حەسەن یاسین

ماوه‌یێك پێش ئێستا كاك (حه‌سه‌ن یاسین) ی هاوڕێم ئه‌م كتێبه‌ی (ڕۆمانه‌ی)، كه‌ له‌ وه‌رگێڕانی خۆیه‌تی به‌ دیاری پێشكه‌ش كردم: (دڵداره‌كه‌م داعشه‌)؛ منیش ئه‌مڕۆ – له‌ سه‌رده‌می ترسی كۆرۆنادا – له‌ خوێندنه‌وه‌ی بوومه‌وه‌.

ده‌ست خۆشی لێ ده‌كه‌م بۆ ئه‌م ماندووبوونه‌ی، كه‌ هه‌وڵی داوه‌ به‌ كوردییه‌كی باش وه‌ری بگێڕێ (مه‌به‌ستم له‌ شێوازی داڕشتنی زمانه‌ كوردییه‌كه‌یه‌، نه‌ك به‌راوردكردن له‌ نێوان زمانی یه‌كه‌م و زمانی دووه‌م، چونكه‌ من ده‌قه‌ عه‌ره‌بییه‌كه‌م له‌لا نییه‌، به‌ته‌ماش نیم ئه‌م كاره‌ بكه‌م، به‌ڵكو ده‌مه‌وێ بڵێم، كه‌ وه‌رگێڕ هه‌وڵی داوه‌ ده‌قه‌ ئه‌سڵییه‌ عه‌ره‌بییه‌كه‌ به‌ ته‌واوی بكوردێنێ). به‌ڕاستیش وه‌رگێڕان كارێكی سه‌خت و دژواره‌ و توانا و سه‌لیقه‌ و پسپۆریی خۆی ده‌وێ له‌م بواره‌دا. هه‌ڵبه‌ت قه‌ناعه‌تی هه‌ڵبژاردنی بابه‌تی وه‌رگێڕدراو بۆ وه‌رگێڕ گرنگه‌. واته‌، ئه‌گه‌ر وه‌رگێڕ ئه‌م قه‌ناعه‌ته‌ی بۆ بابه‌ته‌كه‌ (ده‌قه‌كه‌) نه‌بێ، ئه‌وا ناتوانێ وه‌رگێڕانێكی باش و سه‌ركه‌وتوو ئه‌نجام بدا…

به‌هه‌رحاڵ من دووباره‌ ده‌ستخۆشی له‌ كاك حه‌سه‌ن ده‌كه‌م، به‌ هیوای به‌رده‌وام بوونی له‌ كاری وه‌رگێڕانی به‌رهه‌می به‌ پێزتر و باشتر… سه‌رباری ئه‌مه‌ش ئێمه‌ لێره‌ – به‌ بۆچوونی خۆمان – هه‌ندێك تێبینی و ورده‌ سه‌رنجی سه‌رپێیی خۆمان له‌سه‌ر زمانی ده‌قه وه‌رگێڕدراوه‌‌ كوردییه‌كه‌ ده‌خه‌ینه‌ ڕوو؛ به‌ڵام به‌ر له‌وه‌ ده‌مه‌وێ بڵێم: له‌م ڕۆمانه‌دا زه‌مه‌نی گێڕانه‌وه‌ پڕه‌ له‌ دابڕان و بۆشایی و شوێنیش هه‌میشه‌ ونه‌ (یان ته‌مومژاوییه‌ و به‌ شێوه‌یه‌كی ئه‌بستراكت خۆی ده‌نوێنێ)، بۆیه‌ ڕووداوه‌كان زۆر به‌خێرایی و له‌ناكاو به‌سه‌ر زه‌مه‌ن و شوێندا باز ده‌ده‌ن و به‌دوای یه‌كدا دێن، له‌مه‌وه‌ تۆی خوێنه‌ر هه‌ست ده‌كه‌ی، كه‌ ناماقووڵییه‌ك له‌ زنجیره‌ی زه‌مه‌نی ڕووداوه‌كاندا هه‌یه‌، به‌وپێیه‌ی شێوازی گێڕانه‌وه‌ی ئه‌م ڕۆمانه‌، شێوازێكی ساده‌ی واقیعییه‌ و راسته‌وخۆ شته‌كانمان له‌سه‌ر زاری گێڕه‌ره‌وه‌دا بۆ ده‌گێڕێته‌وه‌… به‌هه‌رحاڵ ورده‌ سه‌رنجه‌كانمان لێره‌ ده‌خه‌ینه‌ ڕوو:

  • ((له‌یلا له‌نێو جێگه‌كه‌یدا گینگڵی ده‌دا، كه‌ ته‌ماشای كرد كاتژمێر بووه‌ به‌ ده‌ی به‌یانی. به‌هێمنی له‌نێو جێگه‌كه‌یدا گینگڵی ده‌داو بیریكه‌وته‌وه‌ دوێنێ شه‌و…)). ل 6
    له‌م ڕسته‌یه‌دا (بڕگه‌یه‌دا) دوو جار وشه‌ی ((گینگڵ)) هاتووه‌، كه‌ یه‌كێكیان زیاده‌یه‌ و ڕاستتر وایه‌ ڕسته‌كه‌ وای لێ بكرێ و بگوترێ: (له‌یلا له‌نێو جێگه‌كه‌یدا به‌هێمنی گینگڵی ده‌دا، كه‌ ته‌ماشای كرد كاتژمێر بووه‌ به‌ ده‌ی به‌یانی، بیری كه‌وته‌وه‌ دوێنێ شه‌و…).
  • ((هاوین به‌خۆی و گه‌رما به‌هێزه‌كه‌یه‌وه‌ هاتن و…)). ل 13
    كورد ناڵێ گه‌رمای به‌هێز، به‌ڵكو ده‌ڵێ گه‌رمای به‌تین. پێده‌چێ ئه‌مه‌ ته‌رجه‌مه‌ی حه‌رفیی عه‌ره‌بییه‌كه‌ بێ. ده‌شبوایه‌ بنووسێ: ((هاوین… هات))، نه‌ك هاتن، چونكه‌ لێره‌ هاوین كارایه‌ و گه‌رما ئاوه‌ڵناوه‌ (واته‌ سیفه‌تێكی هاوینه‌)، بۆیه‌ پێویست به‌ كاری كۆی ((هاتن)) ناكا، به‌ڵكو ده‌بێ به‌ سیفه‌تی تاك ((هات)) كاره‌كه‌ دابڕێژرێ.
  • ((ساحیلی شه‌مالی…)). ل 13. باشتر بوو به‌ كوردییه‌كه‌ی بنووسرێ : كه‌ناره‌كانی (كه‌ناراوه‌كانی) باكوور. پێده‌چێ هه‌ڵه‌ی چاپیش شیمالی كردبێته‌ شه‌مالی؟!
  • ڕاستییه‌كه‌ی مایكرۆسكۆپه‌، نه‌ك ((میكرۆسكۆب…)). ل14
  • ((له‌ ده‌رگای نووسینگه‌كه‌یدا…)). ل 16
    له‌ ڕووی ڕێنووسه‌وه‌ ڕاستتره‌ بنووسرێ: (له‌ ده‌رگای نووسینگه‌كه‌ی دا)؛ چونكه‌ وشه‌ی ((دا)) لێره‌ كاره‌، پاشگر نییه‌، تا به‌ وشه‌ی پێشه‌ خۆی بلكێندرێ. له‌م حاڵه‌ته‌دا وشه‌ی ((دا)) ی كار و ((دا)) ی پاشگر تێكه‌ڵ ده‌بن. ڕاستییه‌كه‌شی ئه‌وه‌یه‌، كه‌ ده‌بێ پاشگره‌كه‌‌ به‌ وشه‌ی پێش خۆی بلكێندرێ، نه‌ك كاره‌كه‌. به‌درێژایی ئه‌م ڕۆمانه‌ش تا كۆتایی، ئه‌م هه‌ڵه‌یه‌ دووباره‌ كراوه‌ته‌وه‌.
  • وابزانم باشتره‌ (كوردیتره‌) بنووسرێ: (سوها برۆیه‌كانی وێك هێنایه‌وه‌ و بێده‌نگ بوو)؛ نه‌ك ((سوها نێوان برۆیه‌كانی گرژكرد و بێده‌نگ بوو)). ل 16
  • ((كه‌ گه‌یشتنه‌ ماڵ كاتژمێر خۆیدابوو له‌ دووی به‌یانی)). ل 30
    كه‌ی له‌ ئاخاوتنی كوردیدا ((دووی به‌یانی)) هه‌یه‌؟ یان دووی شه‌و (نیوه‌شه‌و)، یان – به‌ شیمانه‌ی كه‌متر – دووی‌ به‌ره‌به‌یان هه‌یه‌… ئه‌مه‌ش وه‌رگێڕانی ڕاسته‌وخۆی ده‌ربڕینه‌ عه‌ره‌بییه‌كه‌؛ ئه‌وان ده‌ڵێن: ))الثانية صباحا)).
  • ((له‌یلا سه‌ریخسته‌ سه‌ر شانی و گوتی:)). ل35
    زۆر ناقۆڵایه‌ لێره‌ به‌ لێكدراوی بنووسی ((سه‌ریخسته‌))، به‌ڵكو ده‌بێ به‌ جودا بنووسرێ: سه‌ری خسته‌. لێره‌ ده‌بێ ((سه‌ر = رأس)) ی ناوی ئه‌ندامێكی مرۆڤ و ((سه‌ر = فوق)) ی ناوی شوێن لێك جودا بكه‌ینه‌وه‌، كه‌ له‌م ڕسته‌یه‌دا ((سه‌ر)) ناوی ئه‌ندامێكی مرۆڤه‌‌‌ (كه‌لـله‌سه‌ر)‌ ده‌بێ سه‌ربه‌خۆ بنووسرێ و وه‌ك وشه‌ی ((سه‌ر)) ی ناوی شوێن به‌ وشه‌ی كاری (خستن)ـه‌وه‌ نه‌لكێندرێ.
  • ((گزنگ ده‌ركه‌وت، ئه‌گه‌رچی هێشتا تاریكی شه‌و هه‌ر مابوو، گزنگ هات تا ڕۆژێكی نوێ ڕابگه‌یه‌نێ…)). ل 41
    لێره‌ ((گزنگ)) ێكیان زیاده‌ و ده‌شێ ڕسته‌كه‌ وای لێ بكرێ و خۆشتر و دروستتره‌ بگوترێ: (گزنگ ده‌ركه‌وت {هات}، ئه‌گه‌رچی هێشتا تاریكی شه‌و هه‌ر مابوو، تا ڕۆژێكی نوێ ڕابگه‌یه‌نێ).
  • ((ئێواره‌ عادل دانیشته‌ سه‌ر خوان و …)). ل48
    ده‌بێ بگوترێ: (ئێواره‌ عادل هاته‌ سه‌ر خوان و…)، یانیش بگوترێ: (ئێواره‌ عادل له‌سه‌ر خوان دانیشت…).
  • نازانم ئه‌م ڕسته‌یه‌ (ده‌ربڕینه‌) چ پێوه‌ندی به‌ ڕسته‌ و ده‌ربڕین و ئاخاوتنی كوردی هه‌یه‌: ((گوێیان لێبوو دایكی هاته‌ ژوور و قسه‌یه‌كی له‌ڕووی له‌یلادا كرد…))؟ ل53
    پێده‌چێ مه‌به‌ستی ئه‌وه‌ بێ: (… قسه‌یه‌كی له‌گه‌ڵ له‌یلادا كرد)، یانیش: (… قسه‌یه‌كی ڕوو به‌ ڕووی {یان له‌ به‌رانبه‌ر} له‌یلا كرد)…
  • ((… په‌نجه‌ی دایه‌ ئه‌حمه‌د ئه‌نگوستیله‌ی تێبكات و…)). ل 55
    ئه‌مه‌ چ كوردییه‌كه‌؟ په‌نجه‌ چۆن ده‌درێ؟ په‌نجه‌ ده‌هێندرێ، ده‌بردرێ، نادرێ. ده‌گوترێ: په‌نجه‌ی هێنا، په‌نجه‌ی برد… كورد ده‌ڵێ: (ده‌ستی بۆ درێژ كرد، تا ئه‌ڵقه‌ی {ئه‌نگوستیله‌ی} له‌ په‌نجه‌ بكات). ده‌شڵێ: ((ئه‌نگوستیله‌ی له‌ ده‌ست كرد… ئه‌ڵقه‌ی له‌ ده‌ست {په‌نجه‌} كرد…)).

لێره‌ ڕاده‌وه‌ستم و له‌گه‌ڵ ڕێزم بۆ نووسه‌ر و وه‌رگێڕ و به‌هیوای به‌رده‌وام بوونیان له‌ كار و به‌رهه‌می به‌ پێزترو باشتر.

به‌ختیار محه‌مه‌د.

23 / 3 / 2020




من كۆیله‌م … به‌ختیار محه‌مه‌د

من بووكی ئازادیم،
به‌ڵام سوڵتان وازم لێ ناهێنێ
هه‌موو شه‌وێ
منی له‌ كۆشكه‌كه‌ی خۆی ده‌وێ.
من فریشته‌ی ئازادیم،
به‌ڵام شمشێر هه‌رده‌م ڕاوم ده‌نێ
ده‌یه‌وێ بمكاته‌ كه‌نیزه‌ك
له‌ ڕه‌شماڵی دووره‌ بیابانێ.
من خاكی ئیمانم،
به‌ڵام هه‌رده‌م ئه‌نفال
وه‌ك گه‌رده‌لوولی بیابان وازم لێ ناهێنێ.
من له‌شكری قاره‌مانی خه‌لیفه‌م،
به‌ڵام هه‌میشه‌ له‌سه‌ر خاكی دزراوی خۆم
وه‌ك گوڵه‌گه‌نم
له‌ سێداره‌ ده‌درێم.
كه‌س هێنده‌ی من حه‌زی
له‌ ئازادی و له‌ به‌هه‌شت نییه‌،
به‌ڵام كه‌س هێنده‌ی منیش
كۆیله‌ و گوناحبار نییه‌.
من نه‌فره‌تلێكراوێكم له‌م جیهانه‌دا،
نه‌ له‌ زه‌وی و نه‌ له‌ ئاسماندا
جێم نییه‌.
من له‌ مێژوودا
به‌ په‌تی ئیمان خۆم خنكاند.
به‌م ده‌سته‌ پاكانه‌م
كه‌ پڕ بوون له‌ نوقڵی دوعا
خۆم خنكاند،
تا ئه‌وانی دیكه‌ بمنێژن و
منیش ببمه‌ لاشه‌یه‌كی بۆگه‌نی
ناو خاكه‌ دزراوه‌كه‌م.
ئێستا من: نه‌ خاكم هه‌یه،‌
نه‌ ئاو، نه‌ وڵات،
نه‌ ئازادی، نه‌ ئاڵا و نه‌ سنوور…
ئێستا من ته‌نها یه‌ك شتم هه‌یه‌:
چۆن بتوانم ببمه‌ باشترین په‌ناهه‌نده‌
له ئه‌وروپا و له‌‌ ڕۆژاوا

به‌ختیار محه‌مه‌د




سەرەكیترین تێزی فەلسەفی ئاگامبێن لەگەڵ پەتای كۆرۆنا یەكیگرتەوە-5- … ئازاد حەمە

بەشی پێنجەم

پێشەكیەكی پێویست: فەلسەفاندنی پەتای كۆرۆنا لەسەر دەستی جیۆرجیۆ ئاگامبێن Agamben پاڵنەرێكی سەرەكی بوو بۆ هێنانەپێشەوەی گفتوگۆ لەناو روناكبیرانی ئەوروپا لەسەر پەتای ناوبراو. ئەم بەشە، پێدەچێت دوو بەشی دواتریش، كە تەواوكەری هەمان ئەو باسەیە سەبارەت بە “فەلسەفە و كۆرۆنا” دەستمانداوەتێ، تەرخاندەكەین بۆ شیكاركردنی چۆنیەتی یەكگرتنەوەی سەرەكیترین تێزی فەلسەفیی ئاگامبێن لەگەڵ پەتای كۆرۆنا. بۆ ئەو مەبەستە سەرەتا تەلاری فەلسەفی ئەم بیریارە نمایش دەكەین و دواتر ئەوە پیشاندەدەین لەسەر چ بناغە و بیانوویەكی فەلسەفی ئەم یەكگرتنەوەیە هاتووەتەسازان. هاوكات بۆ ئەوەی یەكگرتنەوەكە راڤەبكەین پێویستمان بەوەش دەبێت بۆچوونە سەرەكییەكانی ئاگامبێن لەو نووسینانەیەوە هەڵبهێنجێنین لەماوەی دوو مانگی ڕابردوو سەبارەت بە پەتای كۆرۆنا بڵاویكردونەتەوە. لە سەرێكی تریشەوە، لە ماوەی بڵاوبوونەوە و تەشەنەسەندنی كۆڤید-19 لە وڵاتان، لێرە و لەوێ، وشەگەلێكمان بەرگوێكەوت: قەدەغەی هاتووچۆ، خراپی دۆخ، لەژێرچاودێریبوون، بارودۆخی نەخوازراو، ڕەوش (دۆخ، بار) ئاسایبوونەوە، دۆخی ئاوارتەی وڵات، باری نائاسایی، ئاسایشی نیشتمانی و….كە هەر هەموو شایانی تێڕامانن هاوكاتیش تێزە فەلسەفییە سەرەكیەكانی ئەم بیرمەندە ئیتالییەیان بیرخستینەوە. لەتەك ئەوەشدا هەوڵدەدەین پەیبەوە بەرین لە چ ئاستێك دونیابینینی ئاگامبێن لەسەر پەتای كۆرۆنا وەك خۆی نەیپێكا، چونكە ئاگامبێن لە یەكەم پەرچەكرداری بەرامبەر مامەڵەی دەسەڵاتی ئیتالی لەگەڵ پەتاكە حاڵەتەكەی بە ترسناك نەبینی و بەشێکی زۆر کەم نەبێت کە بە “دووچاری هەڵاوسانی سییەكانی” لەقەڵەمدان و وتیشی” گەر ئەمە دۆزەكە بێت بۆچی دەسەڵات ئەو هەڵایە دروستدەكات” و بەمەش ڕەخنەیەكی زۆری ئاراستەكرا و ئێمەش بەشێك لەو ڕەخنانە بەسەر دەكەینەوە.

ئاكاری ڕەوشی ئاوارتە لە پێش كۆرۆنا

فەیلەسوفەكان لێناگەڕێن رووداوەكان، بێ ئەوەی قسەی لەسەربكەن، تێپەڕێن. هەر لەسەرەتای تەنگەژە تەندروستی و پزیشكییەكەوە، كە تەنگەژەی سیاسی- ئابووری تادەگاتە پەروەردەی و كولتووری-كۆمەلایەتیشی بەدوای خۆیدا راكێشا،ئاگامبێن لەپێشی پێشەوەی هەموو ئەوانەبوو(ژیژێك Žižek ی لێدەرچێت)وتنی فەلسەفی لەو بارەیەوە بڵاوكردەوە و خودی وتنەكانیشی فەلسەفە سیاسییەكەی و سەرەكیترین تێزی فەلسەفیشی، ڕەوشی ئاوارتە(باری ئاوارتە، دۆخی ریزپەڕ State of exception)، جارێكیتر خستەوە بەرباس. ئەو دەمەی ڕەوشی ئاوارتە، لە ئیتالیا و زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا تا دەگاتە بەشێك لە ئەمەریكا، راگەیەندرا بەجۆرێك لەجۆرەكان سەلماندنێك بوو بۆ تێزە سەرەكیەكەی ئاگامبێن، كە لە پەرتوكی””ڕەوشی ئاوارتە””خستوبیەڕوو. بێگومان ئاگامبێن هەشت ساڵێكیش پێش ئەم كارە فەلسەفییەی لە كارێكی تری(دەسەڵاتی سەروەر و ژیانی رووت Sovereign Power and Bare Life) وردەكارییە فەلسەفییە سیاسیەكانی خۆی لەو بارەیەوە بە زەقی نیشاندابوو. بۆ ئەوانەش بە فەلسەفەی سیاسی ئاگامبێن ئاشنان لەوە حاڵین وتنی ئاگامبێن لەسەر سەروەریی(فەرمانرەوای ،حاكمیەت Sovereignty) و ڕەوشی ئاوارتە بە تونێلی وتنە هزرییە سیاسییەكانی كارل شمیت Schmitt و والتەر بنیامین Benjamin بە پلەی یەك و بۆچوونە سیاسییەكانی هانا ئەرێنت Arendt بە پلەی دوو تێدەپەڕێت، ئەوەش بناغەی لە گەلێك لاوە بۆ هزری سیاسی ئاگامبێن دانا.
بۆ ئەو مەبەستە لەو تێگەیشتنە ئاگامبێنیانەوە دەستپێدەكەین،كە هزری ئاگامبێن لەناو ئەم باسە لەخۆی دەگرێت، كە توێژینەوە لەسەر ئۆشویتز Auschwitz(ئۆردوگای كوشتارگەی جوولەكەكان)، كامپی گوانتانامۆ Guantanamo (بەندیخانەیەكی ئەمەریكییە)، دەچێتە خانەی وتن لەسەر بیۆپۆلیتیك Biopolitics (سیاسەتی بایۆلۆجی، سیاسەتی ژیانی). بەپێی ئاگامبێن مرۆڤی سەردەم و گرفتە بووناوییەكانی ئەم مرۆڤە شایانی شیكاریین هەر بۆیە لە فەلسەفەكەیدا ژیان، ژیانێكی خراپ و هەل و مەرجی مانەوە، یان”بوون لەژێر سایەی سیاسەتێكی ئێتیكی رۆژئاوایی”هەموو ئەمانە هەڵوێستەی گرنگییان لەبارەوە مەرجەبكرێت. گومانی ئاگامبێن لێرە لە”مۆدێلی هزری سیاسی نوێی رۆژئاوایە”كە هەمیشە توانای بەكاربردنی بیۆپۆلیتیكی هەیە و لەناو ئەوەشدا دروستكردنی قووربانی تاكە بەرهەمی ئەم بەكاربردنەیە. پرسیارە بناغەییەكە لێرە ئەوەیە: كێ ئێستا، لەگەڵ بڵاوبوونەوەی پاندێمی كۆرۆنا، جوولەكەیە و كێش نازییە؟ ئەو كەسە جولەكەکەیە کە كەرەنتینكراوە و ئازادی لێزەوتكراوە یان ئەوەی قوربانی پەتای كۆرۆنایە؟ شێوەی ناشتنی مردووانی كۆرۆنا هاوشێوەی شێوەی مردووانی(جوولەكەكانی) ئۆشویتز نییە؟ چونكە ئۆشویتز خۆی وەك شوێنی لەدەستدانی كەرامەت نیشاندەدات، شوێنێك بەد Evil ی تیا بەرهەمدەهێنرێت، بەدی لەوێ دەبێت بە شمەك هەرچی كۆرۆنایە كەم بەشداری لە بەرهەمهێنانی بەدی نەكرد!ئاگامبێن لە رێگای تێزەكانی هەنا ئەرێنتەوە فەلسەفە بەسەر ئەم شوێنەوە دەكات و دووبارە بەرهەمهێنانەوەی پرسیاری ئێتیكی و سیاسی لەسەر شوێنی ناوبراو دەكات بە بناغە بۆ قسەكردن لەسەر پەراوێز و بندەست و بێمافەكانی ناو شارستانی تازەی رۆژئاوا. ئەو جیاوازییەش ئاگامبێن لەنێوان ژیان و مەرگ لەو شوێنە دەیكات لە تێگەیشتنی بیۆپۆلیتیكانەی میشێل فوكۆ Foucault وە سەرچاوەی گرتووە كە لە رووی تێۆرییەوە بە بابەتی تێگەیشتنی فوكۆ بۆ پانئۆپتیكۆن (چاودێریهەموو Panopticon) گرێدەداتەوە. باشە ئەم تیۆرییەی ئاگامبێن وامانلێدەكات لەماڵەوەبوون لە كاتی كەرەنتین بە ئۆردوگا زۆرە ملێكانی جوولەكەكان بچووێنین؟ خۆمان بە پەناهەندەی ناو ماڵی خۆمان بزانین؟ ببینە تالیبانێكی گوانتانامۆی ناو شوقەكانی خۆمان؟ ژوورەكەمان وەك ژووری زیندانیەكی سەر سنورەكانی توركیا/یۆنان ببینین؟ باشە بۆ ئێمە پرسیارەكانمان بەم شێوەیە ئاراستەی ئاگامبێن دەكەین؟هۆكارەكەی لای خوارەوە رووندەكەینەوە. بۆ ئەوەی هۆكارەكەی روونبكەینەوە پێویستمان بەوە دەبێت لە بنەما تیۆرییەكانی ئاگامبێن سەبارەت بە ڕەوشی ئاوارتە(باری ریزپەڕ) و بابەتی سەروەریی وڵات و ئەو مرۆڤە پیرۆز Homo sacer ەش تێبگەین كۆڵەكەی تیۆری تێزی ئاگامبێن، لەبارەی بیۆپۆلیتیكەوە، پێكدێنن.
لە رێگای بینینی ئاگامبێنەوە بۆ تێۆری ڕەوشی ئاوارتە لەوە حاڵێیدەبین ڕەوشی ئاوارتە تێۆرییەكیشە لەسەر ڕەوشی مرۆڤی سەردەم و مافەكانی. مافی ئەو خەڵكی جیهانی سێیانەی لە ئۆردوگای پەناهەندەكان لە ئەوروپا بەبێ وەڵام ماونەتەوە و پێیاندەوترێت بێ كاغەزەكان sans-papiers، كە هیچ مافێكی یاسای، تەندروستییان نییە تا دەكاتە بێ مافە بەندكراوەكانی Guantánamo، كە لە شەڕی ئەمەریكی/تالیبان دوای 11 سێپتێمبەر كەوتنەدەست ئەمەریكایەكانەوە. واتە ڕەوشی ئاوارتە( State of Exception) دەكارێت ڕەوشێكی نوێ لەگەڵ خۆیدا بهێنێت و “خۆی وەك پارادایمێكی، چوارچێوەیەكی گشتگیری، زاڵ لە سیاسەتی هاوچەرخدا نیشانبدات”. لە رێگای گوزارەی ڕەوشی ئاوارتەوە ئاگامبێن گفتوگۆی واتای سەروەریی دەكات كە ئەمەش دەیباتەوە سەر گفتوگۆی بۆچوونە سیاسییەكانی شمیت Schmittلەسەر واتای ناوبراو. شمیت، كە لەم روەوە سەرچاوەی تێۆری ئاگامبێنە، وای بۆدەچوو”ئەوە سەروەرییە لە وڵاتدا ڕەوشی ئاوارتە دەستنیشاندەكات” و لە كاتی جێبەجێكردنیشی كار بە دستور ناكرێت. بۆ ئەوەی ئەو ڕەوشەش وەگەڕبخرێت پێویستدەكات یاسا كاری پێنەكرێت. بەپێی تێۆری سیاسی شمیت “بۆئەوەی سەروەریی سەرپشكبێت پێویستە ڕەوشی ئاوارتە پیادەبكرێت”. ئامانجی سەرەكی لە بوونی ڕەوشی ئاوارتە، بەپێی تێگەیشتنی فەلسەفی ئاگامبێن، بۆئەوەیە دەسەڵات بتوانێت بمێنێتەوە. ئەو دەمەش ئەو ڕەوشە پیادەدەكرێت”ئەوەی پێیدەڵێن مافی مرۆڤ فەرامۆشدەكرێت، ئەمەش بەزۆری لەبەرئەوەی پاراستنی سەروەریی بۆ ئەو هێزە سیاسییەی لە پشت داڕشتنی ئەو ڕەوشەوەیە سەروەریی سەروەر گشت شتێكە”. شمیت وتەنی، كە بۆچوونی ئاگامبێنیشە، رەوشی ئاوارتە، كە هەل و مەرجێك دروستیدەكات، ئەو هەلومەرجە رێگا بۆ بێ یاسایی یاسا خۆشدەكات. كەوابێت تالیبانەكانی گوانتەنامۆ نە تاوانبارن و نەش بێتاوان، تەنیا دەستبەسەرێكی بێمافن و هیچیتر. ئالێرە شیاویی لە ئارادایە بۆ “جیاكردنەوەی زەبری پوخت لە دەسەڵاتێكی بەدەستوركراو”. ئەوەی بۆ ئاگامبێن لە تێۆری ڕەوشی ئاوارتەی شمیت دا شایانی هەرسكردن نییە ئەوەیە شمیت ڕەوشی ئاوارتە لە كۆنتێكست contextی یاسایدا جێدەكاتەوە.”ڕەوشی ئاوارتە بۆ شمیت شتێكە لە دەرەوەی كاوس(شێواوییChaos )و لە كۆنتێكستی یاسایی و سەربازیدا دەمێنێتەوە”.”تێگەیشتنی شمیت بۆ ڕەوشی ئاوارتە هەوڵێكە بۆ جیاكردنەوەی نۆرم (رێساnorm ) لە بڕیار”. شمیت وایلێكدەداتەوە هەڵپەساردنی یاسا مەرجی مانەوەی سەروەریی سیاسییە.ئەم هەڵپەساردنی یاسایەش بۆ پاراستنی سەروەرییە نەك شتێكی تر.هەموو ئەوەش كە لەم روەوە دەكرێت بۆ ئەوەیە سەروەری(رابەری) سیاسی وڵات بمێنێتەوە.
هەرچی والتەر بنیامین Benjaminە، كە ئاگامبێن لەمڕوەوە دیتنەكانی بەهەندوەردەگرێت، لەو باوەڕەدایە”ڕەوشی ئاوارتە ڕەوشێكی بێ یاسایە”.ئەم ڕەوشە بنیامین وتەنی “بۆ خستنەگەڕی زەبرێكی پوختی شۆڕشگێڕانە بەكاردەبرێت. ئەمەش ڕەوشێكی تازە لەگەڵ خۆی دەهێنێت كە بێ یاسای دەخاتەوە”. ڕەوشی ئاوارتە لە زەینی سیاسی ئاگامبێن ئەوەش دەگەێنێت”ئەوەی لە دەرەوە و ناوەوەی یاسایە تەنیا دەسەڵاتە و ڕەوشی ئاوارتە دەكارێت باری یاساڕێژی بگۆڕێت و پێشێلیش دروست بكات. هاوكات ڕەوشی ئاوارتە نە لە ناوەوە و نەش لە دەرەوەی سێستەمی مافە”. هاوكات ئاگامبێن پەی بۆ ئەو راستیەش دەبات كە”دەسەڵات لە كاتی قەیرانا یاسا و هێزی خۆی بەكاردەبات و لەم بارودۆخەشدا زۆر ئاساییە مافی هاوڵاتێتی و تاك ژێرپێبخرێن. ئەمەش لەبەرئەوەی ڕەوشی ئاوارتە ئەو ڕەوشەیە كە زۆنی بێ یاسای لەناو یاسا شوێن بۆ خۆی دابیندەكات”.واتە، ڕەوشی ئاوارتە دژی دەوڵەتی یاسایە. ئاگامبێن ئەوەشمان پێڕادەگەێنێت”ناواخنی بیۆسیاسی Biopolitics ڕەوشی ئاوارتە ئەو كاتە دەردەكەوێت ماف لەگەڵ شتی ژیانیدا لەپێكداداندا بێت”. ئەمەی باسكرا ڕەوشێك دێنێتەپێشەوە ستاتۆس(قەوارەی) ی یاسای تاك هەڵدەوەشێنێتەوە و بارێكی یاسایی تر بەرهەمدەهێنێت ناچۆنایەتی دروستكەرە.واتە،”ڕەوشی ئاوارتە یاسایەكی تایبەت نییە وەك یاساكانی جەنگ، بەڵكو لەگەڵ ڕەوشی ئاوارتە بار(ڕەوش) ێك دێتەپێش مافەكان بەرتەسك و سنوردار دەبن”.
ئاگامبێن بۆئەوەی وێنەیەكی پانۆرامایمان لەسەر ڕەوشی ئاوارتە بەرچاوبخات لە ئیمپراتۆریەتی رۆمانییەوە دەستپێدەكات تا دەگاتە سەردەمی ناپلیۆن لە فەرەنسا و دواتر دێتەسەر دەم و وەختی جەنگی جیهانی دوو و نموونەكەشی هەردوو رژێمی هیتلەر و مۆسۆلینییە كە فۆرمێكی یاساییان بە رەوشی ئاوارتە دا. ئاگامبێن پێشیوایە”كۆماری وایمارWeimar Republic بەدرێژای 12 ساڵ لەڕووی یاساییەوە ڕەوشی ئاوارتەی پیادەكردوە”. ئەوەی تایبەت بەم لایەنە زێدە گرنگە سەرنجی بخرێتەسەر ئەوەیە لەڕووی تێۆرییەوە”ئاگامبێن جیاوازی لەنێوان ڕەوشی ئاوارتە و دیكتاتۆریی دا دەكات” و پاشتر دێتە سەر بارودۆخی دوای رووداوەكانی 11 ی 9 لە ئەمەریكا و وڵاتانی هاوچەرخی رۆژئاوایی و هێما بۆ ئەوە دەكات كە چۆن مافەكانی تاك لەژێرسایەی ئەو ڕەوشی ئاوارتەیەی ئەو رووداوانە دروستیانكرد بەئاگاییەوە فەرامۆشكران. بەپێی جیهانبینی فەلسەفی ئاگامبێن”بۆ ئەوەی ڕەوشی ئاوارتە شیبكرێتەوە مەرجە واتای پێویست necessity شیبكرێتەوە”.ئاگامبێن بۆ ئەو مەبەستە مێژووی كۆن و نوێی رۆژئاوا هەڵدەداتەوە تادەگاتە رووداوەكانی 11 ی 9 لە ئەمەریكا. بۆئەوەی شتەكان ووردتر نیشانبدات بۆ ئەو مەبەستەش گەشتێك بەناو ئیمپراتۆریەتی رۆمانی كۆندا دەكات و ئەو حاڵەتە نیشاندەدات كە یاسا لەگەڵ پێویستیدا كاریكردووە. مەبەستی ئاگامبێن لەمە ئەوەیە كە ڕەوشێك دێتەپێشەوە شیاوی بۆ ئاوارتەیی یاسا مسۆگەردەكات. ئاگامبێن تێبینی ئەوەشی كردوە سیاسییەكان لە سەردەمی نوێدا گەر پێویستی بۆ ئەو مەبەستە لەئارادابووبێت یاساشیان هەڵوەشاندۆتەوە و، پێشیوایە ئەمە بووە بە مێتۆدێكی سەرەكی بۆ دەسەڵاتی سیاسی و بەكاریشی بردووە تا لە بەڕێوەبردن بەردەوامبێت. ئەمەش ڕێك یەكگرتنەوەی تێزی سەرەكی فەلسەفیی ئاگامبێنە لەگەڵ پەتای كۆرۆنا كە دواتر، لە بەشەكانی تر، زۆر بە وردی لەسەری دەوەستین.

وێڕای ئەوەی وترا، گرنگترین خاڵێك سەبارەت بەوەی لایسەرەوە هێمای بۆكرا، بەپێی ئاگامبێن، ئەوەیە كاتێك سێستەمە سیاسییە دێمۆكراسییەكان بەیانی ڕەوشی ئاوارتە دەكەن لە دوای ئەوەوە ئیدی جیاوازی لەنێوان سێستەمی دیكتاتۆری و دێمۆكراسی دا نامێنێت و، پێداگیری لەسەر ئەوەش دەكات شێوازی بەڕێوەبردن لە وڵاتانی هاوچەرخ ووردەووردە خۆی لە ئیدارەسازی نزیكدەكاتەوە تا ماف و یاسا. ئەو كاتەش سێستەمە سیاسییە دێمۆكراسییەكان”ڕەوشی ئاوارتە رادەگەیێنن(لێرە دەشێت مەبەستەكە حکومەتی سەربازیی یان پیادەكردنی ئەحكامی عورفیش بێت) جیاوازیەكی ئەوتۆ لەنێوان سێستەمی سیاسی دێمۆكراسی و دیكتاتۆری دا نامێنێت. باشە خۆ گرنگە بزانین كێ بڕیار لەسەر دۆخی ئاوارتە دەدات؟كێ ئەو مافەی هەیە؟ چۆن بارودۆخی نەخوازراو سەرهەڵدەدات؟
بۆ شیكاركردنی ئەو پرسیارانە ئاماژە بەوە دەکەین کە ئاگامبێن سەبارەت بە ڕەوشی ئاوارتە، بەپێچەوانەی شمیتەوە، خاوەنی تێۆرییەكی فەلسەفی-سیاسی خۆیەتی و بابەتی ڕەوشی ئاوارتەش دەكات بە مەحەكی دادوەری بەسەر چۆنیەتی كاركردنی دەسەڵات و خاڵی جیاكارەش لەنێوان دوو مۆدێلی دەسەڵات: دێمۆكراسی و تۆتالیتاری. بۆ ئەوەی ئەم هزرەڤانە تێۆرییەكی تایبەت بە ڕەوشی ئاوارتە دابهێنێت بێگومان پێویستی بەوە دەبێت بە تونێلی گفتوگۆ تێۆرییە سیاسییەكانی پێش خۆیدا تێپەڕێت هەروەك لایسەرەوە هێمای بۆكرا، لێ لەو بەینەدا دەستبەرداری بۆچوونە سیاسییە-فەلسەفەییەكانی خۆی نابیێت. بۆ ئاگامبێن گرنگە ئێمە لەوە تێبگەین لەو شوێنەی ڕەوشی ئاوارتە پیادەدەكرێت ماف ژێردەكەوێت و ئەو سەربەخۆیەش دوو دەسەڵاتە سەرەكیەكەی(تەشریعی و جێبەجێكردن) كۆمەڵگەی دێمۆكراسی كاری لەسەر دەكات ئاوادەبێت. لێرەدا بینینی ڕەوشی ئاوارتە وەك ئامرازێكی دەسەڵات هزرێكی یاسایی لە پشتەوەیە، ئەو هزرەش یاساناسان و مافناسان بناغەی بۆ دادەنێن، هەروەك ئەوەی شمیت پێشتر بۆ رژێمی نازی كردووە. بەم جۆرە، بێ یاسای جەوهەری ڕەوشی ئاوارتە دەسازێنێت. بۆیە لە دیدی تێۆرییەوە هزری سیاسی بنجامین لەتەك شمیت، كە كاربەدەستی سیاسی و یاسازانی دەسەڵاتی نازی بووە، یەكناگرنەوە، ئەمەش لەسەر ئەو بنەمایەی كە شمیت وایتێدەگات كاتێك ڕەوشی ئاوارتە دێتەئاراوە دەسەڵاتی سەروەری لە وڵاتدا بەدەست تاكە كەسێكەوە دەبێت و هەر ئەو كەسەش بۆی هەیە دۆخی وڵات دیاریبكات، یاساش، بەدڵنیاییەوە، پارێزراوە لەڕێگای بێ یاساییەوە. بێمافی تاكەكان سەرچاوەی كێشەكانە لای ئاگامبێن و ڕەوشی ئاوارتەش ئەو بێ مافییە بەرجەستدەكات. بێ مافەكان خاوەنی ژیانێكی رووتن bare life/ la nuda vita. بەواتایەكیتر ڕەوشی ئاوارتە ڕەوشی هەڵوەشانەوەی ماف دێنێتەپێشەوە. كۆرۆنا كە وایكرد بخزێینە ناو ماڵ و ژوورەكانمانەوە ئاماژە بوو لەسەر سەرلەنوێ سازاندنەوەی بێ مافی لە رۆژئاوا. ئەمە یەكەم جاری نییە لەناو سێستەمی سیاسی رۆژئاوا بێمافی بە یاسایی دەكرێت. ئەم زیانە یەك لایەنی نییە. ئاگامبێن لەرێگای تیۆری ڕەوشی ئاوارتەشەوە”رەخنەی كولتووری سیاسی رۆژئاوا دەكات و ئەوەشمان بیردەهێنێتەوە کە رۆژئاوا سەرنجی ئەوە نادات پێوانەكانی لەدەستداوە و ئەمەش، بەپێی تێگەیشتنی ئاگامبێن، وادەكات رۆژئاوا نەكارێت وانەی دێمۆكراسی بە كولتوورەكانی تر بڵێتەوە”. ئەمە کە خەمێكی فەلسەفی جوانی ئاگامبێنە لە دووتۆی ئەو نووسینانەش هەوێنیداناوە بە پەتای كۆرۆناوە تایبەتیكردوون.

هۆمۆساكەر : بەسیاسیكردنی ژیان، بەسیاسیكردنی مەرگ

هۆمۆساكەر(مرۆڤی پیرۆز Homo sacer )بەشێكی تر لە تێزی بیۆپۆلیتیك لە فەلسەفەی سیاسی ئاگامبێن پێكدێنێت. هۆمۆساكەر بەپێی یاسای رۆمانی كۆن ئامادەبوونێكی كۆمەڵایەتی هەبووە. ئەو مرۆڤەیە تاوانێک دەكات و دەبێت بە هۆمۆساكەر. ئەوەی ئەم مرۆڤە بكوژێت سزانادرێت و كارەكەشی بەتاوان لەقەڵەمنادرێت. هۆمۆساكەر مرۆڤیێكی بێمافە و یاساشی لەپشت نییە و هەر وەك بێمافیش لە كۆمەڵگە ژیان بەسەر دەبات. ئەم كەسە خوێنی حەڵالە و لەسەر كوشتنی كەس سزا نادرێت. لەبەرئەوەی بوونی دەكەوێتە دەرەوەی یاسا هیچ بەرپرسیاریەكی رەوشتی و یاسای ناكەوێتە ئەستۆی بكوژەكەیەوە. ئاگامبێن لەئێستادا ئەم واتایە بۆ هێرشكردنە سەر سیاسەتی هاوچەرخی رۆژئاوایی بەكاردەبات. بەم شێوەیە هۆمۆساكەر لە كۆمەڵكەكانی ئێمە دەكرێت كوردێك بێت لەكاتی ئەنفالەكان بۆ بەعسیەك، موسڵمانێك بێت لەدەمووەختی رووداوەكانی 11/9 بۆ ئەمەریكاییەك، رەشپێستێكی ئەفەریقای ،پێش ماندێلا، بێت بۆ سپیپێستێك، ئێزدیەك بێت بۆ داعشێك، جوولەكەیەك بێت بۆ نازیەك یان فەلەستینییەك بۆ ئیسرائیلییەك، كۆمۆنیستێك بۆ فاشیستێك. ژیانی ئەم كەسە دەچێتە خانەی”ژیانێكی ناچۆنایەتییەوە، ئەم ژیانە ناچۆنایەتییە ئاگامبێن بە” zoe” ناویدەبات و ئەوەش كە ژیانێكی چۆنایەتی دەژیت بە” bios ” ناودەبات. ئاگامبێن “لەسەر بناغەی دابەشكردنی ژیان بەسەر ژیانی چۆنایەتی و ژیانی ناچۆنایەتی(ژیانی رووت ، ژیانی سروشتی) دا ئەوەش راڤەدەكات كە ژیان هەمیشە بووە بە بابەت”، ئوبژێكت Object، بووە بەو شتەی پێیدەڵێن سیاسیی political. ئەو شێوە دابەشكردنەی لایسەرەوە ئاماژەی پێكرا، كە لە یۆنانی كۆندا سەبارەت بە ژیان هەبووە، لەئێستادا بەوجۆرە نییە. ئاگامبێن وتەنی، ئێستا “ژیانی مرۆڤ بەسیاسیكراوە ئەمەش وایكردوە جەستە بەسیاسیبكرێت” بۆیە ناشێت جیاوازی لەنێوان ژیانێكی رووت و ژیانێكی چۆنایەتیدا بكرێت. ژیانی چۆنایەتی بوونی نییە خودی جەستەش بەشێكە لەو شتەی دەسەڵات قۆرخیكردوە. لێرە، لەناو ئەم تێۆرییە، دەكرێت باس لە سەروەریی سیاسیش بكرێت، چونكە سەروەریی سیاسی هەوڵێكە بۆ قۆرخكردنی ژیان، بۆ دەستگرتن بەسەر ژیانی خود دا. بۆیە ئاگامبێن لەسەر ریتمی فەلسەفی فوكۆ لە نووسینی “مێژووی سێكسگەرایی” قسە لە بیۆپولیتیك دەكات، لەوەی كە چۆن سیاسەت كەوتۆتە ناو ژیانی سروشتی مرۆڤەوە، مەرگ بەسیاسیكراوە(بەسیاسیكردنی مەرگ The Politicization of death)، جەستە پیرۆزكراوە و لەرێگای ئەوەشەوە ژیان بەسیاسیكراوە(بەسیاسییكردنی ژیان The politicization of life). ئاگامبێن لەو شوێنەی دیدی بیۆپولیتیكی فوكۆ بەكاردەبات، “ژیانی سروشتی مرۆڤ و مەودای مەدەنی گشتی (the polis) بەرباسدەخات و دەیكات بە بناغە بۆ سیاسەت”. ئاگامبێن “پێشیوایە ئەرێنت بە بیست سالێك پێش نووسینی “مێژووی سێكسگەرایی” فوكۆ قسەی لە بیۆپۆلیتیك كردووە كەچی فوكۆ لەو پەرتووكەیدا ناگەڕێتەوە سەر ئەرێنت”.
هۆمۆساكەر لە زەینی ئاگامبێن بابەتی سەروەرییش دەگرێتەوە.ئەم سەروەرە دەكرێت پادشایەك یان قەیسەرێك یاخود سەرۆكێك بێت كە یاسای بەدەستەوەیە. ناوبراو جاریوایە لە ناوەوەی یاسایە و جاریواشە لە دەرەوە. لێرەدا قسەی ئاگامبێن لەو دەسەڵاتەیە سەروەریی بەدەستەوەیە و بەو جۆرە بەكاری دەبات كە پێویستیەتی.بەپێی شیكردنەوەكانی ئاگامبێن”سەروەر ئەو كەسەیە بڕیاردەدات كێ ببێت بە هۆمۆساكەر” و كێش لەناوەوە یان دەرەوەی كۆمەڵگە بژیت. هەر ئەم كەسە، سەروەری سیاسی،بڕیاری ئەوەشی بەدەستە”كێ ژیانێكی چۆنایەتی بژیت”، چ مافێك بە ژیان بدرێت و خود لەناو ژیانا چۆن بژیت.واتە، ئەوەی چارەنووسی هۆمۆساكەر دەستنیشاندەكات كەسی سەروەرە، سەروەر یان سیاسییە یان دادوەری شارە یاخودیش سەرۆكی وڵات. ئاگامبێن كە لەسەر رەوتی ئەریستۆ “جیاوازی لەنێوان ژیان و ژیانی باش، ژیانی بەچۆنایەتیكراوی سیاسی bios و ژیانی رووت(سروشتی) zoe دا دەكات” بۆ ئەوە دەچێت “یاسا توانیویەتی دەسەڵات والێبكات دەستنیشانی ژیان بكات”.واتە ئەوەی ژیان دیاریدەكات سیاسەتە، بەهۆی ئەم دابەشكردنە ئەریستۆیشەوە قسە لە پەیوەندی نێوان ژیان و سیاسەت دەكات و ژیانیش لە شار، لە شارە رۆژئاواییەكان ژێرپرسیاردەخات. بەسیاسیبونی ژیان کە هەنووکە دەگرێتەوە هەنووکە بەسیاسیکراوە، هەنووکە جیاوازی لەنێوان هاوڕێ و دوژمندا نابینێتەوە، هەنووکە دروستکەری هۆمۆساكەرە، كە دەكرێت بەبێ لێپرسینەوە بكوژرێت یان بكرێتە قووربانی، لەهەر شوێنێک بێت. لە هەنووکەدا هۆمۆساكەر دەشێت تووشبووێکی کۆرۆنا بێت کە لاشەکەی وندەکرێت، کە مەرگی بەسیاسیكراوە، لەناو ژیانێک کە ئەویش بەسیاسیكراوە.
سەرنج: لەم بەشە زۆر بە كورتی تەلاری هزری ڕەوشی ئاوارتەمان باسكرد كە گرنگی بۆ تێگەیشتن لە تێۆریزەكردنەكانی ئاگامبێن سەبارەت بە پەتای كۆرۆنا هەیە و لە بەشی داهاتووش دێینەسەر گفتوكۆی ناوەرۆكی نووسینە فەلسەفییەكانی ئاگامبێن تایبەت بە كۆرۆناڤایرۆس و شێوازی یەكگرتنەوەی چوارچێوەی هزری بیۆپولیتیك و پەتای كۆرۆناڤایرۆس و ئەو بارە نائاساییەش پەتای ناوبراو سازاندی. كار بۆئەوەش دەكەین بەكورتی ئەوە بخەینەروو كە ڕەوشی نائاسای- دۆخی ناچاری- State of emergency لە ڕەوشی ئاوارتەState of exception ئەویش لە ناچاری نەتەوەیی National Emergency جیاوازە.

ئازاد حەمە

ماویەتی……………………

بۆ خوێندنەوەی بەشەکانی تری ئەم بابەتە کلیکی ئێرەبکەن ……….




لە یادی 105 ەمین ساڵەی تاوانی كۆمەڵكوژی ئەرمەنیەكاندا …عەلی مەحمود محەمەد

دان نان بە حەقیقەتی یاسایی هەر تاوانێك لە هەر كونجێكی جیهان بگوزەرێت, ئەركێكی ئەخلاقی و ویژدانییە, ئەگەر هەل نەمابێت بۆ راگرتنی, هەنگاوێكە بۆ بەرەو روبونەوەی تاوانە مەزنەكان لە جیهاندا, نموونە ئۆرۆگوای وەك یەكەم وڵات لە ساڵی 1965ەوە دانی ناوە بە كۆمەڵكوژی ئەرمەنیەكان كە هیچ پەیوەندیەكی بە دۆسیەكەوە نییە, یان كۆریای باشورو سوئید و كەنەداو هۆڵەنداو … كە هەڵوێستی باشیان لەسەر دۆسیەكانی ئەنفال و هەڵەبجە هەبووە, یان هۆڵەندا بازرگانێكی چەكی كیمیاوی خۆی بەناوی فرانس ڤان ئانرات لە بەرامبەر هاوبەشیكردنی لە تاوانی هەڵەبجە سزای 16,5 ساڵ زیندانی دەدات, بەوەی چەكی كیمیاوی فرۆشتبوو بە رژێمی پێشووی عێراقی, ئەم هەنگاوە وەك ئەركێكی دادپەروەرانەیە , تاوانی كۆمەڵكوژی ئەرمەنیەكانیش هیچ نەبێت ئەوەندە بە كوردەوە دەبەسترێتەوە كە لەسەر خاكی ئێستای كوردستان ئەنجام دراوە, چۆن قوربانیانی تاوانی كۆمەڵكوژی رۆهینجا دوای ئاوارە بوونیان بۆ بەنگەلادیش دۆسیەكەیان جوڵێنرا لە لایەن دادگای تاوانی نێودەوڵەتیەوە, چونكە ئاوارەی وڵاتێكی ئەندامی دادگاكە بوون, بۆیە ئەركی ئەخلاقی گەلی كوردە وەك گەلێكی جینۆسایدكراو دان بەو تاوانەدا بنێت وەك تاوانی جینۆساید, چۆن ئێمە خۆمان سواڵی ئەم داوایە لە جیهاندا دەكەین.
رێگات بكەوێتە مۆنمێنتی جینۆسایدی ئەرمەنەكان لە شاری یەریڤانی پایتەختی ئەرمینیا, تژییە لە وێنەی ئەفسەرو سەرۆك عەشیرەتە كوردەكان بەشێوەی دڕندە و وەك جەلادی دڵڕەق وێنا كراون, وەك بەشداربوویەكی چالاك لە جینۆسایدكردنیان, ئەم وێنانە بونەتە بەشێك لە زاكیرەی ئەو گەلەو رۆژانە پیشان دەدرێت و لە گەڵیدا تەبلیغ دەكرێت, وێنەی دەرەبەگ و سەرۆك خێڵ و شێخە كوردەكان كە هیچ پەیوەندیەكان بە خەڵكە عامیەكەوە نییە و هەمیشە كەمینەی چەوسێنەرن بەرامبەر بە زۆرینەی خودی نەتەوەكەی خۆشیان, بەڵام دەسەڵاتدار و قسە رۆیشتوون, ئەم زاكیرە رەشە بە سانایی ناسڕدرێتەوە, بە دیدار و مجامەلەی كاتی دوژمنی دوژمنەكەم دۆستمە كۆتایی نایات, لەبەردەم هەڵوێستدا ڕامان دەگرێت, لە بەرامبەردا نابێت تا كۆتایی سەرمان لە ژێر لمدا بشارینەوە لە ترسی هەڵوێست دەربڕین و خۆ شاردنەوە لە حەقیقەت, نابێت باجی دڕندەیی و تاڵان و بڕۆی ئەو ئاغاو دەرەبەگ و سەرۆك خێڵانە عامیەی خەڵك بیدات, پێویستە هەنگاو بنێین بۆ سڕینەوەی شوێنەوارەكان رابردوو, ئەویش داننانە بە راستیەكان وەك ئەوەی لە حەقیقەتدا هەیە نەك وەك ئەوەی دەمانەوێت و پینەو پەڕۆی بكەین, یاخود ناسیۆنالستە توندڕەوەكانی ئەوان دەیانەوێت بیسەپێنن, یان وەك ئەوەی ناسیۆنالستەكان هەردوولا كردویانە بە مەیدانی شەڕی موقەدەسە پوچەكانیان, هەمیشە دیلی خەونی مەزن خوازین, دەبێت رێگا لە دەمارگیرە ئاینی و نەتەوەییەكانی هەردوولا بگرین نەوت بە ئاگری رابردوودا بكەن.
ئەرمەنەكان لە پاڵ توركیا سەرۆك عەشیرەتە كوردەكانی باكور و سەرۆك عەشیرەتە عەرەبەكانی سوریاو توركمان چەركەس و قەرەجەكان بە هاوبەشی تاوان دەزانن, بەڵام لە راستیدا ئەوان بەشداری تاوانن نەك هاوبەش, چونكە بڕیار بە دەست و نەخشە داڕێژەر نەبوونە, تەنها جێبەجێكار بوونە, ئەدی ئێمە وەڵاممان چییە لە بەرامبەر ئەم تۆمەتباركردنە كە پێگەكانی ئەنتەرنێت ویكپیدیا پڕ كراوە لەم زانیاریانە ؟., وەڵام سۆزداری داد نادات, یاساو مێژوو و ئامار كاری خۆی دەكات.نكۆڵیكردن بۆخۆی درێژەدانە بە تاوان, رێگە گرتنە لە سارێژ بوونی برینەكانی رابردوو, درێژەدانە بە شەڕی باوباپیران و گواستنەوەیەتی بە نەفەقێكی تاریكدا بۆ نەوەی نوێ, گەلی كورد بەرپرسیارێتی یاسایی هەڵناگرێت بەرامبەر بە تاوانی جینۆسایدی ئەرمەنەكان, چونكە هاوبەش نییە لە تاوان, خاوەند دەوڵەت نەبووەو بڕیار بەدەست نەبووە, سوارەی حەمیدیەش نە لەسەر داوای ئەو دروستكراوە, نە هەمووشی كورد بوونە, نە بڕیارەكانیشی بە دەست ئەوان بووە, بەڵام دەبێت دان بەوەدا بنێین هەزاران هاووڵاتی كورد لە ریزی سوپای عوسمانیدا بوونە بەشداری تاوان بوونە, هاوشێوەی جاشە كوردەكان لە باشوور كە بەرپرسیاری راستەوخۆی زۆرینەی تاوانەكانی ئەنفالن, ئەو ئاغاو دەرەبەگانە وەك بەشێك لە سوپای عوسمانی بەشدار بوونە لە تاوانەكە, بەشێكیان ناوی خۆیان ناوە سوارەی حەمیدییە, لەوانەشە بەهانەكانی منیش جێگای رەزامەندی ئەرمەنەكان نەبێت, كە خەون بە خاكێكەوە دەبین دانیشتووانەكەی قڕ كراون, چۆن ناسیۆنالستێكی كورد خەون بە كورد بوونی شاری كەركوكەوە دەبینێت, بەردەوام لە گێڕانەوەی حەكایەتە مێژوییەكاندایە, بەڵام رەقیبی بەهێزی لەمڕۆدا بۆ خاوەنداری شارەكە بۆ پەیدا بووە.

وەك ئەركێكی ئەخلاقی كورد دەبێت دان بە حەقیقەتی یاسایی تاوانەكە بنێت, وەك چۆن ئێمە داوادەكەین كەیسەكانی جینۆسایدمان بە جیهان بناسرێت, ئەوانیش مافی خۆیانە داوامان لێبكەن, هەرچەندە ئێمە دەستپێشخەریمان كرد لە یادی 100 ساڵەی تاوانەكە, 49 پەرلەمانتاری كوردستان دانیان نا بە حەقیقەتی یاسایی تاوانەكە كە جینۆسایدە” شانازیشە كە من هەڵمەتەكەم ئەنجامدا”, پێویستیشە ئەو كوردە خۆفرۆشانەی بەشدار بوونە لە تاوانەكە بناسرێن, ئاماژەیان وەك بەشداربووی تاوان پێبدرێت, لە مێژوودا وەك تاوانبار بناسرێن, دەبێت جێگاو رێگای مرۆڤەكان لە مێژوودا وەك خۆی نیشان بدرێت, ئیتر سەردەمی بە پیرۆزكردنی پاشا كۆرەكان بە كۆتا گەیشتووە, ئێستا سەردەمی دادگاییەكانی تاوانەكانی رابردووە و داوای لێبوردنكردنە لە دڕندەییەكان نەوەكانی پێشوو, ئەوێ رۆژێ هەندێك جەنگ بە پیرۆز دەزانرا, ئێستا بە پێی بنەما كانی مافی مرۆڤ تاوانی قێزەونن, تاوان پیرۆزی نەماوە.
بە پێی بۆچونی كوردبێت چەكدارانی كورد لە ریزی سوپای حەمیدییە رێژەیان لە نێوان 10 بۆ 15% بووە, وەك ئاماژەی پێ دراوە: “لەمێژوودا ئەرمەنەكان چەند جارێك كەوتونەتە بەرشاڵاوی لەناوبردن و جینۆسایدكردن كەدیارترینیان لەساڵی (1915) لەلایەن توركە عوسمانییەكانەوە ئەنجام دراوە.كورد هەرچەندە خۆشی بەرشاڵاوی لەناوبردن و جینۆساید كەوتووە،بەڵام تێوەگلاوە لەجینۆسایدكردنی ئەرمەنەكان بەهۆی بەكارهێنانیان وەكو جاش و بەكرێگرتە لەلایەن عوسمانییەكانەوە (نزیكەی لە%15 سوارەی حەمیدیە كورد بووە).هەرچەندە كورد بەتایبەتی كۆنگرەی نەتەوەیی و پەكەكە چەند جارێك داوای لێبوردنیان لەئەرمەنەكان كردووە،بەڵام ئەرمەنەكان بەتایبەتی لەئەرمینیا زۆر دەمارگیرو ڕەگەزپەرستن بەرامبەر بەكورد- لاپەڕە هەڵنەدراوەكان هەر جارەی لاپەڕەیەك-ئەرمەنەكان و گولەنییەكان-ئامادەكردنی: مامۆستا پێشڕەو (پێشڕەو ئیسماعیل)” ,”سوارەی حەمیدییە كە لە ساڵی 1891بە فەرمانی سوڵتان پێكهێنرا لە (ئەلبان و چەركەس و كورد) نەك بەتەنیا كورد، لە باسكردنی ژماەی سوارەی حەمیدیدا زۆر نووسەر كەوتوونەتە هەڵەوە دەڵێن: سوارەی حەمیدی هەمووی كوردبوون، ئەمەش بەپشتبەستن بە سەرچاوە توركەكان بووە، بەڵام ئەمە دوورە لەڕاستییەوە، راستییەكەی ئەوەیە كە رۆبەرت ئۆڵسن باسیكردووە كە دەڵێت: ژمارەی سەربازی سوارەی حەمیدی بریتیبوو لە (53) هەزار، محەممەد رەسوڵ هاوار لەكتێبەكەیدا (كورد و باكووری كوردستان بەرگی یەكەم) ناوی نووسەرێك بەناوی (مەروان ئەلمدەوەر) دێنێت و دەڵێت: نووسەر ئاماژە بەوەدەكات كۆی ژمارەی كورد لە سوارەی حەمیدی تەنها (10) هەزار كەسە نەك هەمووی كورد بووبن، ئەمەش كەسانی ماستاوچی و بەرتیلخۆری وەك( ئاغا و دەرەبەگی دژە كورد و ئەرمەن) ئەمانە چەند زیانیان بە ئەرمەن گەیاند زۆر لەوەزیاتر زیانیان بەخودی كوردەكان گەیاندووە،-پەیوەندی كورد و ئەرمەن-بێتاوانی كورد لە جینۆسایدی ئەرمەن-نووسینی: ئارام مەجید شەمێرانی”.
ئەرمەنەكان بۆخۆشیان هەموو سوارەی حەمیدییە بە كورد نازانن, بەڵكە بە زۆرینەی دەزانن لەناو پێكهاتەكان, دان بەوەشدا دەنێن ئەو هێزە بۆ بەرەو روبونەوەی روسیا پێك هاتوە نەك بۆ گیان ئەوان, گوایە لە كورد و چەركەس و تورك و توركمان و قەرەج پێك هاتووە, رۆڵیان زیاتر لە رۆڵی جانجویدەكانی دارفۆر دەچێت”
https://ar.wikipedia.org/wiki/%D8%A7%D9%84%D9%85%D8%AC%D8%A7%D8%B2%D8%B1_%D8%A7%D9%84%D8%AD%D9%85%D9%8A%D8%AF%D9%8A%D8%A9
“.” , هەندێك لە فەرماندەو سەرۆك عەشیرەتە كوردەكان لە چوارچێوەی ئەو پرۆسەیەدا تاوانی قێزەونیان ئەنجامداوە وەك بەشێك لە سوارەی حەمیدیە, بەڵام بەشێوەی سستامتیك وەك بڕیاردەر كوردەكان بەشداریان نەكردووە لە تاوانەكە, چونكە دەوڵەتیان نەبووە و بڕیار لای ئەوانەوە دەرنەچووە, ئەوەی كراوە وەك نۆكەری و بەشداری بووە لە تاوانەكە, یاخود لە ژێر كاریگەری بیری ئاینیدا وەك بەشێك لە خەلافەت ئەنجامدراوە, كە دواتر پەلامارەكان سەرجەم كریستان و ئێزیدیەكانی هەرێمەكەی گرتۆتەوە, بۆیە تاك لایەنە نابێت سەیری روداوەكان بكرێت.
نابێت هەڵوێستی ناسیۆنالزمە راستگەراكانی پۆڵەندا و فەرەنساو …هتد دوبارە بكرێتەوە لە نكۆڵیكردن, دەبێت بە سنگێكی فراوانەوە ئامادەی دیالۆگ بین, لە كاتێكدا خۆمان قوربانی جینۆسایدین, ” دامەزرێنەری بەرەی نیشتمانی فەرەنسی نكۆڵی هۆلۆكۆست دەكات, دەڵێت بە بەشێك لە وردەكاری جەنگی جیهانی دووەمی دەزانین, تەنانەت لە یاداشتەكانی بە توندی داكۆكی لە فلیپ بیتان سەرۆكی حكومەتی فیشی پاشكۆی هیتلەر دەكات لە فەرەنسا, حكومەتی راستگەرای پۆڵەنداش بڕیاری 3 ساڵ زیندانی بۆ ئەوانە دەركردووە كە هەندێك لە هاوكارانی پۆڵەندی نازیەكان بە هاوبەش دادەنێن لە تاوانی هۆلۆكۆست, ئەمەش وەك داكۆكیكردن لە كەرامەتی نیشتمانی دەزانن, ئەمە بۆخۆی نكۆڵی تاوانی هاوبەشانی نازییەكانە و داكۆكیە لە هاوبەشانی تاوانەكانی نازیەكان, دەسەڵاتی شاری سربرنیتشا بەرزترین رێز لێنانی بەخشی بە میلواراد دودیك سەرۆك ئەركانی سوپای بۆسنە كە نكۆڵی كۆمەڵكوژی سربرنیتشا دەكات, نەتەوەپەرستی و ئاین پەرستی ئەمانەی دەوێت, لە كوردستانیش بهانە بۆ تاوانەكانی پاشای كۆرە دەهێنرێتەوە بەرامبەر بە ئێزیدییەكان , تاوان لە چ ژینگەو چوارچێوەی بەهانەیەك ئەنجام بدرێت تاوانە, دادپەروەری مامەڵە لە گەڵ ئەنجامەكان دەكات نەك بهانەكان .

نكۆڵیكردنی تاوان, بۆخۆی درێژە دانە بە تاوان بەشێوەی نەرم, مرۆڤایەتی رۆژ لە دوای رۆژ دەگات بە حەقیقەتەكانی ڕابردوو, سەردەمی شاردنەوەی زانیاری و حەقیقەتەكان بەسەر چووە ,پیرۆز كردنی دڕندەیی لە هیچ چوارچێوەیەك ئاینی یان ناسیۆنالستی جێگای نەماوە, بۆیە رۆژێك زووتر دان نان بە حەقیقەت ئارام بەخشترەو جوانكردنی سیمای گەلە, كریس ئەندەرسن سەرنووسەری گۆڤاری وایەرد دەڵێت “زانیارییە زۆرو زەبەنەكان لە سەردەمی ئەنتەرنێت, هەموو راستیەكان ئاشكرا دەكات, پێویست بە زانست و تیۆری ناكات”, بۆیە نكۆڵی كردن وەك سەركردنە ژێر لمە لە سەردەمی ئەنتەرنێت و زانیارییە بێ كۆتاكاندا.نەتەوەپەرستی و ئاین پەرستی چاوی مرۆڤەكان لە ئاست دانان بە راستیەكان و حەقیقەتی مێژویی كوێر دەكات, مرۆڤایەتی لە بیركردنەوەدا دەكوژێت , هەڵوەدای پاكیزەیی نەتەوەو ئاینە, بۆیە بە نەنگی دەزانێت دان بە ناشرینیەكان رابردوودا بنێت, مەلای خەتێكان تازە پاكژ نابنەوە لە هەمبەر مێژووی كورددا بە گزگلەكان.
سەیری هەڵوێستی ناسیۆنالیزمی تورك موتوربە كراو بە ئاین بكەن, بڕواننە هەڵوێستە شەرمەزاریەكانیان نەك لە شاری قۆنیای, بگرە لە لاهای و برۆكسل,لە 2ی حوزەیرانی 2016 دا, بۆندستاغی ئەڵمانیا دانی نا بە تاوانی جینۆسایدی ئەرمەنەكان, پێشتریش بەلجیكا هەمان هەنگاوی نابوو, ئەوەی لای من گرنگە لە پرۆسەی دان نان بە تاوانی جینۆسایدی ئەرمەنەكان لە پەرلەمانی ئەڵمانیا و بەلجیكا, بۆچونی دوو پەرلەمانتاری توركە لە پەرلەمانی ناوەندی ئەڵمانیاو پەرلەمانی هەرێمی برۆكسل لە بەلجیكا, هەردووك بە پاشناوی ئۆزدەمیر ناوەكانیان هاتووە, یەكیان پیاو چەپی ژینگە پارێز و ئەوی دیكە ژنی حیجاب لەسەر نەتەوەیی ئیسلامی, هەردوكیان لە دایك بووی دەرەوەی توركیا و پەروەردەی ژینگەی رۆژئاوان, ئەم دوو ئۆزدەمیرە بە دوو هەڵوێستی پێچەوانە سەبارەت بە دۆسیەی جینۆسایدی ئەرمەن دەناسرێنەوە, یەكیان پێشەنگ لە بواری ناساندنی, بیركردنەوەیەكی مرۆڤدۆستانەی ئەنتەرناسیۆنالستانە, ئەوی دیكە سەرسەخت لە ئاست رەتكردنەوەی حەقیقەتەكان, بە بۆچونی ئاینی و ناسیۆنالیزمەوە لە ئاست ئەو هەموو وێنە پڕ تاوانە قێزەون و ئێسك و پروسكە هەژێنەرە هەڵوێست وەردەگرێت و ئینكاری تاوان و عەدالەت و حەقیقەت دەكات, چاو دادەخات و كاروانی قوربانییەكان نابینێت.

جیم ئۆزدەمیر لە دایك بووی 21ی دیسەمبەری 1965ی شاری باد ئۆراخی ئەڵمانیا, بنەچە چەركەسی توركیا, سەرۆكی لیستی سەوزەكان لە پەرلەمانی ئەڵمانیا, كە پێشتر لە ساڵی 2007 بە پێی بڕگەی 301ی دەستوری توركیا سزا درابوو, بە تاوانی پێشێلكردنی ( یاسای سوكایەتی بە ناسنامەی توركی) بە پێی یاساكە تاوانە دان بە كۆمەڵكوژی لە توركیا بنرێت وەك ئەوەی لە پۆڵەندای ناو یەكێتی ئەوروپا پەسەندكرا, ج ئۆزدەمیرو و چەند پەرلەمانتارێكی پارتەكەی تۆمەتباركران بە پێشێلكردنی ئەو بڕگەیە لە دەستوری وڵات, بەهۆی هەڵوێستیانەوە لە سەر دۆزی ئەرمەن و عەلەویەكان كە هەیانبوو, كە پێشتر بەهەمان تاوان و پێشێلكردنی هەمان بڕگەی دەستوری توركیا نووسەری گەورەی ئەرمەنی هرانت دینك سزا دراو دواتر تیرۆر كرا, هاوكات رۆمانووسی ناسراو ئۆرهان بامۆك هەڵگری خەباتی نۆبڵی ئەدەب بەهەمان بڕگەی دەستور سزادراوە, واتا ئەوەی جیناتی مرۆڤبوونی هەڵگرتبێت دەبێت سزاكەی بخوات, ج ئۆزدەمیر پارتەكەی بە بۆنەی یادی 101 ساڵەی وەبیرهێنانەوەی تاوانەكەوە لە 24ی نیسانی 2016 دا, پرۆژەی ناساندنی تاوانی كۆمەڵكوژی ئەرمەنیەكانی لە توركیا بە جینۆساید پێشكەش بە پەرلەمانی ئەڵمانیا كرد, لە رۆژانی پێش دەنگدانەكە جیم ئۆزدەمیر بەهۆی هەڵوێستە شێلگیرانەكەیەوە لەسەر دۆسیەكە, دەكەوێتە بەر هەڕەشەی توركە ئیسلامی و ناسیۆنالیستەكان, لێ گوێی نەدا بە هەڕەشەكان لە وتەكەیدا لە پەرلەمان لە چركە ساتی پێش دەنگدانەكە وتی: ( 80-90%ی سەرجەم هاووڵاتیانی ئەرمەن, 98%ی پیاوانیان,100%ی پیاوانی ئاینیان لەناو براون لەو تاوانە) هاوكات لە بەشێكی دیكە لێدوانەكەی هەمان رۆژی لە پەرلەمانی ئەڵمانیا وتی: هەموو ئەو تاوانانەی ئەڵمانیا بەرامبەر بە گەلانی ئەوروپا ئەنجامی داوە دەبێت بە جینۆساید بناسرێت , ج ئۆزدەمیر لە درێژەی بۆچونەكەیدا رایگەیاند گرنگە دان بە رابردووماندا بنێن, نابێت توركیا شانازی بە رابردووی خۆیەوە بكات, دەبێت رابردوو قەبوڵ بكرێت وەك خۆی.تەواو دژ بەم هەڵوێستە ئەخلاقیانەیەی ج ئۆزدەمیر بەرامبەر بە كۆمەڵكوژی گەلێك كە وڵاتەكەی خۆی ئەنجامی داوە, خاتوو ئۆزدەمیر لە دایك بووی 7ی دیسەمبەری 1982 ی شایربێكی بەلجیكا, یەكەم پەرلەمانتاری حیجاب لەسەر لە ئەوروپا, پەرلەمانتار لە پەرلەمانی هەرێمی برۆكسل لەسەر لیستی پارتی ناوەندی دیموكراسی مرۆڤایەتی CDH, هەڵوێستێكی دژ بە هەڵوێستەكەی ج ئۆزدەمیر وەردەگرێت, نكۆڵی تەواو لە بوونی تاوانەكە دەكات, ئەو لە یادی 100 ساڵەی ئەم تاوانە قێزەونەدا, لە بەرامبەر ئەوەی رەتی كردەوە وەڵام بە پرسیارەكانی كەناڵی ئاڕ تی ئێڵ بداتەوە سەبارەت بە پرسی جینۆسایدی ئەرمەنەكان لە توركیا, لە بەرواری 29ی ئایاری 2015 لە پارتەكەی دەركرا, ئەمەش روداوێكی گرنگ و هەنگاوێكی ئەخلاقیانەی دڵخۆشكەر بوو, لیژنەی ئەخلاقی پارتی ناوبراو نای.
هەر لەم پەیوەندەدا لە بەرواری 24ی نیسانی 2015 كە یادی 100 ساڵەی تاوانی كۆمەڵكوژی ئەرمەنەكان , 6 پەرلەمانتاری بەلجیكی بە ڕەگەز تورك ئەو رۆژە ئامادەی پەرلەمان نەبوون, بۆ ئەوەی بەشداری نەكەن لەو خولەكە بێدەنگیەی لە پەرلەمانی بەلجیكا راگەیەنرا بۆ گیانی قوربانیانی ئەرمەنی لە یاداوەری 100 ساڵەی تاوانەكە, خۆیان لە دانیشتنەكە دزییەوە, ئەمە چ كارێكی نا ئەخلاقیانەیە ,سەیر كەن ئاین شەو رۆژ ئیدعای رەوشت دەكات, كەچی هەندێك جار دەبێتە فاكتەر بۆ كاری نا ئەخلاقانە,بە دوای دەركردنی خاتوو ماهینۆر ئۆزدەمیر لە پارتەكەی, توركە ئیسلامی و ناسیۆنالستەكان لە برۆكسل و ئەستەمبوڵ خۆپیشاندانی ناڕەزایەتیان بۆ پشتیوانیكردن لە هەڵوێستەكەی بەڕێوەبردو وەك قارەمان ناساندیان, تەنانەت ئەردۆگان و كچەكەی سومەیە هاتنە سەرخەت بە توندی رەخنەیان لە دەركردنی ناوبراو لە پارتی ناوەندی دیموكراسی مرۆڤایەتی CDHگرت, خۆپیشاندەران لەسەر لافیتەكانیان نوسیبوویان “ماهینۆر ئۆزدەمیر شەرەفمانە” شەرەف لای ئەوان داكۆكیكردنە لە دڕندەییەكانی رابردوو و غروری نەتەوەیی و ئاینی.

هەر لەم بارەیەوە رۆژی پێنج شەممە بەرواری 22ی شوباتی 2018, پەرلەمانی هۆڵەندا بە زۆرینەی 142 دەنگ لە كۆی 150 دەنگ , بڕیاری بە جینۆساید ناسینی كەیسی جینۆسایدی ئەرمەنی دا, هاوكات بڕیاری دا وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەند 5 ساڵ جارێك بەشداری مەراسیمی ساڵوەگەڕی تاوانەكە بكات, لە پڕۆسەی دەنگدانەكە 3 پەرلەمانتار دژ بە بڕیارەكە وەستانەوە, ئەوانیش هەر سێكیان بە رەگەز تورك بوون” Farid Azarkan, Tunahan Kuzu, Selçuk Öztürk” لە پارتی ” DENK “, , لە كاتێكدا پارتی ناوبراو خۆی بە چەپ و سۆسیال دیموكرات دەزانێت و لە 9ی فیبریوەری 2015 لە پارتی كاری هۆڵەندی جیابوەوە, سەرجەم چەپەكانی دی ناو پەرلەمان دەنگیان بە بەڵێ بوو بۆ بڕیارەكە, ئهم بەناو سۆسیال دیمكراتانە وابن, ئەدی دەبێت هەڵوێستی ناسیۆنالست و ئیسلامیەكان چۆن بێت؟.نموونە جوانەكانیش هەن وەك ئاماژەمان بە هەندێكین كرد, دنیا هەمووی روە تاریكەكە نییە, ئەگەر كەمینەش بن, وەلێ بەڵگەو داكۆكییەكانیان دەرخەری راستییەكان و دادپەروەرییە, نموونەیەكی دی لەو جوانیانە تانەر ئاكچەمە, لە سەرەتای ئەمساڵ 2020 سەرۆكی فەڕەنسا دەستخۆشی لە تانەر ئەكچام مێژووناسی تورك كرد كە لە پەرتوكێكدا بە بەڵگەوە سەلماندویەتی دەوڵەتی عوسمانی فەرمانی دابوو بە جینۆسایدی ئەرمەنەكان” , ئیمانۆئێل ماكرۆن وتی :” پەرتوكەكەی ئەكچام دانپـیادانانێكی زانستیانەیە بەو تاوانە ڕێكخراوەی كرابوو، وە ئەو ڕاستیانەی ئاشكراكرد كە هەندێك دەیانویست ونی بكەن و نكۆڵی لە مێژوو بكەن, مێژوو لەسەر بنەمای درۆ نانووسرێتەوە.
” ئەنجومەنی ئەرمەنەكان CCAF لە میانەی كۆنگرەكە مەدالیای ئازایەتیـیان بەخشیـیە تانەر ئەكچام.پرۆفیسۆر تانەر ئەكچام زیاتر لە 35 ساڵە لەسەر پرسی جینۆساید كارە كات , مێژوونووس و سۆسۆلیجستە, لە زانكۆی كلارك لە ئەمەریكا كارە كات, توێژەری باڵایە لە سەنتەری هۆلۆكۆست , دوو پەرتوكی لەسەر جینۆسایدی ئەرمەن نووسیووە ” اوامر قتل و الفعل المشین ” , بابەتی لەسەر جینۆسایدی كوردیش هەیە, دامەزراندنی دەوڵەتی كوردی بە تاكە رێگای دوبارە نەبوونەوەی جینۆسایدی كورد دەزانێت, هاوكات 9 ساڵ لە زیندانەكانی توركیا بووە بە تۆمەتی سەرنوسەری گۆڤاری لاوانی شۆڕشگێڕی چەپگەرا.رۆژی سێشەمە بەرواری 17ی یەنایەری 2018, پەرلەمانی ئەرمینیا دانی نا بە جینۆسایدی ئێزیدیەكان, دەكرێت ئەم هەنگاوە بكرێتە سەرەتایەك بۆ دان نان بە حەقیقەتەكانی رابردوو و سارێژ كردنەوەی برینە قولەكان, هەرچەندە ئەوان بۆچوونی تایبەتیان لەسەر دۆزی ئێزیدی هەیەو دایە بڕن لە كۆی گەلی كورد.
لە كۆتادا دەڵێم, دەمانەوێت ببین بە ئیسماعیل بێشكچی و هادی عەلەوی و كازم حەبیب و ئەحمەد تورك و تانەر ئەكچام و ئۆرهان بامووك و …, یان باخچەلی و میشل عەفلەق….و نموونەكانیان, مێژوو پڕە لە هەڵوێستی بەشی دووەم, وەلێ داهاتوو بۆ نموونە دگمەنەكانی بەشی یەكەمە, لە كردنەوەی گرێكانی گرێ كوێرەكانی مێژوو, زۆر لە مرۆڤە موقەدەسەكانی رابردوو وردو خاش دەكات, مرۆڤە پیرۆزەكانی رابردوو زۆریان وەك پاشای كۆرە لە ئاست گەورەیی تاوانی كۆمەڵكوژی ئێزیدیەكان لە پیرۆزی دادەماڵرێن و چاوەڕوانی دادگایی مێژوو دەكەن, بۆیە با چاوەڕوان بین مێژووش خوێندنەوەی تازەی بۆ بكرێت و سەرلەنوێ بنووسرێتەوە, با ئێمەش بچینە پاڵ ئەو گەل و وڵاتانەی دانیان ناوە بە جینۆسایدی هۆلۆكۆست و ئەرمەنیەكاندا, نكۆڵی لەوتاوانانە سزا بدرێن, گوڵ هەر لەوێیە با سەمای بۆ بكەین.




ئەمەریکا تورکیای لە رۆژئاوا و باشوری کوردستان جێگیرکردووە! – نوسینی/ فەردا چەتین- لە تورکیەوە: ڕێبوار هەمەوەندی

لەرابردوودا تورکیا لە باشور نزیکەی ٢٠ بارەگای سەربازی و بنکەی رادار و میکانیزمی گوێگرتن و چاودێریکردن و شوێنی نیشتنەوەی کۆپتەری دامەزراندبوو بێگومان جگە لە ڕێوشێنی دەزگای میت. ڕوونکردنەوەکانی نێچیرڤان و مەسرور بارزانیش لەمبارەیەوە جدی و باوەڕپێکراونین . لەو بارەیەوە تورکیا حیساب بۆ کاردانەوەکانی باشوری کوردستان دەکات، هەربۆئەوەشە کە بۆ پەردەپۆشکردنی نیازەکانی پارتی و بارەگای پێشمەرگەی پارتی بەکاردەهێنێت. پیلانەکانی تورکیا زۆر ڕوون و ئاشکران ، گەریلاکانی کوردستان ماوەی ٤٠ ساڵێکە لەوێ جێگیربونە و دەیانەوێت لە خاکی کوردستان هەڵیان تەکێنن، دوای هەڵتەکانی گەریلاکانی کوردستان لەو هەرێمەدا دەیانەوێت سوپای تورک و ئەندامانی کۆنترگەریلا و ئەندامانی داعش هەروەکو چۆن لە عەفرین و سەرێکانی و گرێسپی کە یونۆفۆرمی سوپای تورکیایان پۆشیوە و دەیانەوێت ئەندامانی تەحریرولشام و چەتەکانی داعش لەو هەرێمە جێگیربکەن.
ئەو پرسیارە ڕوونانەی دەبێت وەڵامیان بدرێتەوە؛ ئەگەر رەزامەندی حکومەتی باشوری کوردستان نەبێت ئایا دەوڵەتی تورک دەتوانێت ٢٠ بارەگای سەربازی و بنکەی تری چاودێری درووست بکات؟ ، ئایا پارتی و یەکێتی بەچی ئامانج و لەهەمبەرچیدا دەرگای ماڵی خۆیان بۆ دەوڵەتی تورک کردۆتەوە؟ ، ئەو پارت و رێکخراوانەی لە باشور کەلە هەمبەر یەکدا رکابەرایەتییان هەیە و بۆ لاوازکردنی یەکتر کە پەنا بۆ دوژمنی کورد دەبەن ئایا جگە لە خیانەت و خۆفرۆشی هیچ واتایەکی تری هەیە ؟ .
ئەوانەی قسەی بریقوباق دەکەن و لەژێر ناوی بێلایەنی و بیرمەندییەوە کەلە بنەڕەتدا دەیانەوێت خۆیان لە باسکردنی خیانەت بدزنەوە دەڵێن گوایە دەبێت پارتە کوردییەکان بە بەرپرسیارانەوە مامەڵە بکەن و ئەوانەی کە دەیانەوێت پەکەکە و پارتییەک کە هاوکاری تورکییایە بخەنە تای یەک ترازووەوە ، ئەم جۆرە کەسانە بەشێوەیەک لە شێوازەکان هاوکاری ئەو لایەنە دەکەن کە هاوکاری دوژمنە و لەناو خیانەتدایە.
ئایا تورکیا کەلە باشوری کوردستان و بەعشیەقەیە بەهێزی سەربازی و سیاسی زاتی خۆی لەوێ جێگیربووە ؟ ئەی باشە نەتەوەیەکگرتووەکان و دەوڵەتی عێراق و کۆمکاری عەرەبی و حکومەتی هەرێـمی کوردستانیش لەبەرامبەر تورکیا بێچارە و بێ دەسەڵاتن هۆکارەکەی هێزی زەبەلاحی سەربازی و توانای سیاسی تورکیایە؟ ، دەبا هەموومان بۆ ساتێک بیربکەینەوە.
لە ئێستادا دەوڵەتی تورک کە عەفرین و سەرێکانی و گرێسپی داگیرکردووە ، ئەگەر ئاسمانی سوریا لەهەمبەر فڕینی فڕۆکەی جەنگی داخرا ئایا دەوڵەتی تورک و قاعیدە و نوسرە و داعش و هێزی سوپای ئازادی سوریا و چەتەکانی تریش دەتوانن رۆژێک لەهەمبەر یەپەگە و یەپەژە شەڕ بکەن؟ ، ئەی ئەگەر ئاسمانی عێراق لەهەمبەر فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورکیا داخرا ئایا سوپای تورک و چەتەکانی دەتوانن ڕۆژێک لەهەمبەر گەریلادا شەڕ بکەن؟ ، بەڵێ ئەمەریکا تورکیا لە هەرێمەکە دەپارێزێت ، هەر ئەمەریکایشە کە نایەڵێت نەتەوەیەکگرتووەکان و کۆمکاری عەرەبی و حکومەتی عێراق لەهەمبەر سوپای تورکیا هەڵوێست نیشانبدەن ، بێدەنگی نەتەوەیەکگرتووەکان و حکومەتی عێراق و کۆمکاری عەرەبی لەهەمبەر بۆردۆمانی مەخمور و شەنگالدا هۆکارەکەی هەر ئەمەریکایە .
خاوەنی راستەقینەی ئەم پیلانانە خودی ئەمەریکایە. ئەمەریکا پەکەکەی بە دوژمنێکی ستراتیژی خۆی دەزانێت ، چونکە پەکەکە بەکاری سیاسی خۆی و بە ئایدۆلۆژییەکەیەوە دژبەری دەسەڵاتی ئیمپریالیزمانەی ئەمەریکا و بەریتانیا و فەرەنسا و ئەڵمانیایە ، هەروەها پەکەکە دژبەری دەسەڵاتی زلهێزی و دژی ئەو هێزانەیە کەبۆ هەژمونگەرایی خۆیان دین و مەزهەب و خاک و نەتەوەپەرستی بۆ مەرامی خۆیان بەکاردەهێنن و خاکی گەلان پارچە پارچە دەکەن و دەیانەوێت پانتایی دەسەڵاتی خۆیان فراوان بکەنەوە ، ستراتیژی ئەمەریکا و وڵاتانی رۆژئاوا لەپێناو دەسەڵاتی خۆیان لە رۆژهەڵات و ئاسیا کە دەیانەوێ بیکەنە مۆڵگەی خۆیان، پێچەوانەی رێباز و شێوازی مۆدێلی ژیان و بەرنامەی پەکەکەیە ، شێوازی بردنەڕێوەی ئەو بنەماڵە و عەشیرەتانەی کە گرێدراوی ئەمەریکا و بەریتانیا و فەرەنسان ئەمەش پێچەوانەی شێوازی ئایدۆلۆژی و سۆسیۆلۆژی و فەلسەفەی پەکەکەیە کە هێزێکی خۆماڵییە ، پەکەکە هێزێکی فرە رەهەندە هەربۆیە ئەو زلهێزانە لەهەمبەریدا لە داڕماندان.
ئەگەر بێتەوەیادمان ساڵی پار بەنەزانانە سەرۆکی ئەمەریکا ترامپ قسەیەکی کرد و وتی ( پەکەکە لە داعش مەترسیدارترە ) ، بێگومان ئەم قسەیە هۆکاری خۆی هەیە ، ئەم قسەیە قسەی فەرمی حکومەتی ئەمەریکایە ، بەڵام لەئاکامدا حکومەتی ئەمەریکا لەگەڵ تالیبان و قاعیدە و داعش لەسەرمێزی گفتوگۆ دانیشتن ، دەسەڵاتی ئەمەریکا و ترامپ باشدەزانن کە قاعیدە و داعش دژبەری سیستەمی ئەمەریکا و کەپیتالیزم نین و دەشزانن کە ئەمانە بەرهەمی ئەو چەمکەیە کە دەیانەوێت لەناو دەسەڵات و بەڕێوبەرایەتییاندا پێگەیان هەبێت ، هەربۆیە لەمبارەیەوە سەرۆکی ئەمەریکا ترامپ لە شوێنێکی نزیک لە ( بورجی دوانە ) لە نیویۆرک بۆ رێکەوتن لەگەڵ قاعیدە دیداری ئەنجامدا ، بەڵام هەمان ترامپ بۆ لەناودانی پەکەکە و هەپەگە پیلان لەسەر پیلان دادەڕێژێت ، هەربۆیە دەتوانرێت بوترێت یەکێک لە پیلانەکانیان ڕووداوەکەی زینی وەرتێیە.
بەلای ئەمەریکاوە مافەکانی نێونەتەوەیی و نەریت و رەوشت و ڕێزی گەلانگرنگ نین، باشترین نمونە و لەبەرچاوترین مەسەلەش هەڵوێستی ئەمەریکا بوو لەهەمبەر کوردانی رۆژئاوا ، لەلایەکەوە ئەمەریکا فیشەک و کۆمەکی کوردان دەکات، لەلایەکی تر رێگا بۆ تورکیا خۆشدەکات کە عەفرین و سەرێکانی و گرێسپی داگیربکات و لەمبارەیەوە هاوکاری تورکیاشی کردووە .
زاتێک هەیە بەناوی ( جەیمس جێفری ) کە دوژمنی گەلی کوردە ووەک گورگێک لە پێستی مەڕدایە. توانی کوردان فریوبدات ، بۆ داگیرکاری رۆژئاوا لەلایەن تورکیا و داعشەوە کارئاسانییانی بۆکردن، ئیدارەی ئەمەریکا کە بەشانوباڵی ئیدارەی رۆژئاڤا هەڵدەدەن هەرئەوانیش لەهەمبەری داگیرکاری رۆژئاوای کوردستان لەلایەن تورکیا و داعشەوە بێدەنگ بوون و پاشانیش دیمەنیه ” بیچارەیی” نیشان دەدا.
ئیدارەی ئەمەریکا لەوە دەترسن کە سیستەمی یەکڕیزی ناو سیستەمی ڕۆژئاڤا لە هەموو سوریا و رۆژهەڵاتی ناوین بڵاوببێتەوە ، ئەمەش بۆ داهاتووی خۆیان بە مەترسی و هەڕەشە دەبینن ، هەربۆیە ئیدارەی ئەمەریکا و خودی ترامپیش بۆ بەرجەستەکردنی پرۆژە قێزەوەنەکانیان دەیانەوێت کوردانی ڕۆژئاڤا بخەنەناو پرۆژەکەیانەوە ، کاتێک ئیدارەی ئەمەریکا بە شانوباڵی دەسەڵاتی ڕۆژئاڤا هەڵدەدەن لەلایەکی تریشەوە لەژێر ناوی رێککەوتنی ئاگربەست رۆژئاڤایان کردە خەڵات بۆ تورکیا و چەتەکانی داعش.
ئەم چەتەیەی کەناوی ( جەیمس جێفری )یە کەبۆ هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی رۆژئاڤا و بۆ لەناودانی پەکەکە ئەرکدار کراوە ، لەناو هەوڵداندایە بۆ گەیشتن بە مەرامەکانی خۆی رۆژئاڤا و باشوریش بەکاربهێنێت ، ( جەیمس جێفری) کە نوێنەری تایبەتی ئەمەریکایە لە عێراق و سوریا لەم دووساڵەی دوایدا بۆ لەناودانی پەکەکە لەناوکار و خەباتێکی چڕدا بووە ، هەر ئەمزاتە هەوڵدەدات کە بەرپرسیارانی رۆژئاڤا و بنەماڵەی بارزانی بۆ لەناودانی پەکەکە لەیەکتر نزیک بکاتەوە، ئەمە کاری سەرەکی وڕیشەیی و بەرنامەی ئەو نوێنەرەی ئەمەریکایە لە هەرێمەکەدا .
رووداوەکانی زینی وەرتێش پارچەیەکە لەو پیلانەی کە ئەمەریکا و نوێنەرەکەی بەڕێوەیان بردووە و پەرەی پێدەدەن ، خەڵکی باشور و رۆژئاڤاش بێئاگانین لە پیلانەکانی جێفی ، هەربۆیە لەهەمبەر ئەم پیلانانە گەلی کورد رۆژلەدوایرۆژ ناڕەزایی نیشان دەدەن ، ئەمەریکا خاوەن مێژوویەکی چەپەڵ و قێزەوەنە، دەیەوێت لەپشت پەردەی چەمکی ئاشتی و دیموکراسی خۆی مەڵاس بدات، لەکاتێکدا کە مێژووی ئەمەریکا مێژووی دیکتاتۆرییەت و پشتگیریکردنی زۆرداریشە.

سەرچاوە:
https://yeniozgurpolitika.net/turkiyeyi-rojava-ve-guney-kurdistana-yerlestiren-abddir/




زمان له‌ په‌راوێزی ڕۆمانی ده‌ریاس و لاشه‌كاندا! … سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی

ده‌ریاس و لاشه‌كان، ناوی ڕۆمانێكی دیكه‌ی (به‌ختیار عه‌لی)یه‌، كه‌ له‌و ماوانه‌ی ڕابردوودا چاپ و بڵاوكرایه‌وه‌.ئه‌م ڕۆمانه‌، له‌ نێوه‌ندی نووسین و ئه‌ده‌بی كوردییدا، ده‌نگدانه‌وه‌یه‌كی زۆری هه‌بوو، چه‌ندین كتێب و دۆسییه‌ی ئه‌ده‌بی و وتاری له‌ باره‌وه‌ نووسرا. زۆربه‌ی ئه‌و نووسینانه‌، ته‌نها له‌ ڕووی ناوه‌ڕۆكه‌وه‌ تیشكیان خسته‌ سه‌ر ئه‌و ڕۆمانه‌وه‌. كه‌ باس له‌ چه‌مكی شۆڕش و چاوه‌ڕوانییه‌كان و نائومێد بوونی مرۆڤ ده‌كه‌ن. به‌ڵام لایه‌نێكی گرنگی ئه‌و ده‌قه‌یان فه‌رامۆشكرد، كه‌ ئه‌ویش زمانی نووسینی ڕۆمانه‌كه‌یه‌ له‌ ڕووی زمانه‌وانی و چێژو ده‌ربڕینه‌وه‌. ئه‌م ڕۆمانه‌ به‌ زمانێك نووسراوه‌، خوێنه‌ر كاتێ ده‌یخوێنێته‌وه‌، واهه‌ست ده‌كات وتارێك ده‌خوێنێته‌وه‌ نه‌ك ڕۆمان. چونكه‌ له‌ گه‌لێك شوێنی ڕۆمانه‌كه‌، ئه‌و زمانه‌ زاڵه‌. بێگومان ساڵانێكی زۆره‌، تێگه‌یشتنێكی جێگیر لای به‌شێكی زۆری خوێنه‌ری كورد به‌رامبه‌ر به‌ نووسینه‌كانی ئه‌و نووسه‌ره‌ دروست بووه‌. ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌، كه‌ نووسینه‌كانی له‌ سه‌رووی ڕه‌خنه‌وه‌ن.
ئه‌م بینینه‌، له‌ گه‌لێك ئاستدا تا ڕاده‌ی به‌ موقه‌ده‌سكردنی نووسینه‌كانی به‌ختیار عه‌لی چووه‌. كه‌ خۆی به‌رده‌وام و هه‌میشه‌ له‌ هه‌موو نووسینه‌كانیدا، دژی موقه‌ده‌س و به‌ ته‌وته‌مكردنی هه‌موو شتێك ده‌وه‌ستێته‌وه‌، به‌ڵام بۆ نووسینه‌كانی خۆی به‌لایه‌وه‌ ئاساییه‌. هه‌میشه‌ زۆربه‌ی خوێنه‌رانی كورد، شوناسی نووسه‌ر له‌ پێشه‌وه‌ی شوناسی ده‌ق ده‌بینن.به‌ومانایه‌ی، كاتێ نووسه‌رێك له‌ ڕووی نووسینه‌وه‌ ناوبانگ و شوناسێكی دیار وه‌رده‌گرێت، ئیدی لایان وایه‌ كه‌ هه‌ر ده‌قێك و هه‌ر بابه‌تێك ئه‌و نووسه‌ره‌ بینووسێت، ئیدی پرێفێكته‌ و شایه‌نی ڕه‌خنه‌ لێگرتن نییه‌ به‌ هیچ جۆرێك.خۆ ئه‌گه‌رخوێنه‌رێكی ئاساییش هه‌وڵی خوێنه‌وه‌ و هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌وده‌قه‌ له‌ كڵاوه‌ ڕۆژنه‌یه‌كی دیكه‌وه‌ بدات، ئیدی هه‌م نووسه‌ره‌كه‌ و هه‌میش خوێنه‌ره‌ تایبه‌تییه‌كانی، به‌ نه‌خوێنده‌وارو بێ ئاگایی له‌ نووسین و ڕه‌خنه‌ تۆمه‌تباری ده‌كه‌ن. به‌ بێ ئه‌وه‌ی بتوانن به‌ نووسین وه‌ڵامی بده‌نه‌وه‌. هه‌موو نووسه‌رێك مرۆڤه‌، هه‌موو مرۆڤێكیش زۆرئاساییه‌ هه‌ڵه‌یه‌ك بكات، كه‌واته‌ كه‌س له‌ سه‌رووی ڕه‌خنه‌ گرتنه‌وه‌ نییه‌. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌و ڕه‌خنه‌، له‌ زمان و ڕێنووسیش بێت. چونكه‌ زمان بنه‌مای سه‌ره‌كی نووسینه‌. هه‌موو زمانێك ڕێساو پێكهاته‌یه‌كی زمانه‌وانی خۆی هه‌یه‌ كه‌ ده‌بێ په‌یڕه‌ و بكرێت.
زۆر جار ئه‌و ده‌ستكاریی و لادانه‌ له‌ زمان،ده‌بێته‌ هۆی شێواندن و تێكدانی بنه‌مای واتایی زمان. زمان بوونێكی گشتییه‌، موڵكی نووسه‌رێك نییه‌ به‌ ته‌نها، تاكو چۆنی بووێت به‌و شێوه‌یه‌ په‌یڕه‌وی بكات.له‌ ده‌ریاس و لاشه‌كاندا، له‌ گه‌لێك شوێن هه‌ست به‌و له‌نگییه‌ی زمان ده‌كه‌ین، تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ی خوێنه‌ر سه‌یری پێدێت ڕۆماننووسێكی به‌ ناوبانگی وه‌ها، به‌م شێوه‌یه‌ زمان دابڕێژێت و گوزارشتی لێ بكات. ده‌ریاس و لاشه‌كان، ڕۆمانێكه‌ وه‌ك هه‌ر ڕۆمانێكی دیكه‌ی ئاسایی، ده‌شێ خوێنه‌ران له‌ كڵاوه‌ ڕۆژنه‌ی جیاوازه‌وه‌ بیخوێننه‌وه‌، به‌ڵام نیشاندانی وه‌ك داهێنانێكی گه‌وره‌ و ناوازه‌ له‌ مێژووی ڕۆمانی كوردیدا، به‌ بڕوای من زێده‌گۆییه‌.ڕۆماننووس هاوشێوه‌ی ڕۆماننووسه‌كانی دیكه‌ی كورد، درێژدادڕیه‌كی زۆری له‌ ڕۆمانه‌كه‌ی كردووه‌، ئه‌گه‌ر له‌ ڕووی زمانه‌وه‌ پوخت و كورتی بكه‌ینه‌وه‌،ڕه‌نگه‌ ئه‌وه‌ی له‌ ڕۆمانه‌كه‌دا گوتراوه‌، به‌ چیڕۆكێكیش بتوانرێت گوزارشتی لێ بكرێت. لێره‌دا وه‌ك خوێنه‌رێك ته‌نها ده‌مانه‌وێت له‌ ڕوانگه‌ی ده‌ربڕین و زمانه‌وه‌، له‌ سه‌ر ڕۆمانه‌كه‌ بوه‌ستین و چه‌ند ده‌ربڕینێكی لێ ده‌هێنینه‌وه‌.بۆنموونه‌:_
*لا13نووسیویه‌تی:(برایانی كانیانی نازناوێك بووله‌ گونده‌كه‌ی بابیان بۆیان به‌جێ مابوو).نازناو به‌جێ نامێنێت، ده‌مێنێته‌وه‌.گه‌لێك جار ده‌ڵێین:(نازناوه‌كه‌ی له‌ باوك و باپیرانییه‌وه‌ بۆ مابووه‌وه‌).
*لا13نووسیویه‌تی):ئه‌لیاس و ده‌ریاس هه‌ردووكییان به‌ یه‌ك زگ له‌ دایك بووبوون، له‌ یه‌كتری ده‌چوون).مه‌گه‌ر بۆده‌وترێ جمك ئه‌گه‌ر له‌ یه‌كتری نه‌چن.؟!
*لا24نووسیویه‌تی:(چایخانه‌ی دامه‌چییه‌كان، سه‌دان یاریكه‌ری دامه‌چی لێ كۆئه‌بووه‌وه‌).مه‌گه‌رناوی چایخانه‌كه‌ چی بووه‌؟.
*لا29نووسیویه‌تی:(حه‌مامێكی گه‌رم) زۆرجار ئه‌گه‌ر شوێنێك زۆرگه‌رم بێت، ده‌ڵێین: ده‌تگوت حه‌مامه‌!.كه‌واته‌حه‌مام خۆی گوزارشت له‌ گه‌رمی ده‌كات.
*لا29نووسیویه‌تی:(تیشكێكی نا ئاشناو، شه‌وقێكی نادیار). تیشك و شه‌وق، نا ئاشنا و نادیار، چ جیاوازیه‌كییان هه‌یه‌؟!.
*لا42نووسیویه‌تی:(خرۆش و حه‌ماس).هه‌ردووكییان یه‌ك واتایان هه‌یه‌.
*لا59نووسیویه‌تی:(هه‌ر كه‌س ڕسته‌یه‌كی توێكڵداری تێ بگرتایه‌).هه‌ر نووسه‌رێكی ئاسایی ئه‌مه‌ی نووسیبا، به‌ نه‌خوێنده‌واریان دائه‌نا.
*لا62نووسیویه‌تی:(ده‌ریاس ده‌نگی ده‌له‌رزی). خۆزگه‌ ڕۆماننووس پێی ده‌گوتین كه‌ ده‌نگ چۆن ده‌له‌رزی؟!.
*لا71نووسیویه‌تی:(ژنانی زل و چێڵ ئاسا).ژنی به‌ چێل چواندووه‌.
*لا74نووسیویه‌تی:(به‌ خنكاوێك ده‌چوو به‌رله‌ دوا هه‌ناسه‌).جا كه‌ خنكاوبووه‌، چۆن دوا هه‌ناسه‌ی داوه‌؟!.
*لا85نووسیویه‌تی:( ته‌رمی ژنێك له‌ بیمارستانه‌كه‌ خه‌وتبوو).سه‌رنج له‌ ته‌رم و خه‌و بده‌ن!.
*لا86نووسیویه‌تی:(خودا شته‌كانمان بۆ سه‌هل و ئاسان بكات). سه‌هل و ئاسان چ جیاوازیه‌كییان هه‌یه‌؟!.ئه‌م جۆره‌ ده‌ربڕینانه‌، له‌ زمانی میللی و خێڵه‌كی ئێمه‌، زۆر ده‌گوترێنه‌وه‌.
*لا93نووسیویه‌تی:(خه‌ڵكی بوراوه‌وه‌ له‌ هۆش خۆچوو). مه‌گه‌ر بوورانه‌وه‌، هه‌ر له‌ هۆش خۆچوون نییه‌؟!.
*لا94نووسیویه‌تی:(بێ عاتیفه‌ بێ هیچ سۆزێك). عاتیفه‌، هه‌ر سۆز نییه‌؟!
*لا101نووسیویه‌تی:(تاریكی نیشتبووه‌ سه‌ریان). *لا101نووسیویه‌تی:(تیشكی بێ تینی مۆم).مه‌گه‌ر مۆم تیشكه‌كه‌ی هه‌ر بێ تین نییه‌؟!.
*لا138نووسیویه‌تی:(دوودڵی و ڕاڕایی). هه‌ردووكییان هه‌ریه‌كن.
*لا140نووسیویه‌تی:(له‌سه‌ر گۆڕه‌كه‌ی ژه‌نه‌ڕال،ئێشكیان گرتبوو،پاسه‌وانیان گرتبوو).ئێشك و پاسه‌وان هه‌ریه‌كن.
*لا142نووسیویه‌تی):موعجیزه‌ی ئیلاهی). مه‌گه‌ر موعجیزه‌ی مرۆڤ هه‌یه‌!؟.
*لا147نووسیویه‌تی:(گه‌رچه‌كمان نه‌بێت، ئه‌م قسانه‌ ته‌ماته‌یه‌كی فلیقاوه‌ ناژی).تا ئێستا، له‌ ڕۆمانی ڕۆماننووسه‌ گه‌نج و بێ ئه‌زموونه‌كانیش، ده‌ربڕینی نابابه‌تی و نائستاتیكی له‌و شێوه‌یه‌م نه‌بینیوه‌.
*لا150نووسیویه‌تی:(ئه‌نجوومه‌نی كۆمیته‌). هه‌ردووكییان به‌واتای ده‌سته‌ دێن.
*لا165نووسیویه‌تی:(هه‌موو شه‌و من خه‌وتبووم).به‌ درێژایی شه‌وه‌، یان هه‌موو شه‌وه‌!؟.
*لا172نووسیویه‌تی:(قاوغی فیشه‌كێكی ته‌قیو). بێگومان ته‌قیو زیاده‌یه‌، چونكه‌ كه‌ گوتمان قاوغ، مانای وایه‌ گولله‌كه‌ ته‌قێنراوه‌،یان نه‌ماوه‌.
*لا181نووسیویه‌تی:(من له‌ ئه‌زموون و ته‌جروبه‌وه‌ قسه‌ ده‌كه‌م). ئه‌زموونیش هه‌ر ته‌جروبه‌یه‌، به‌ڵام به‌ كوردی.
*لا193نووسیویه‌تی:(باران به‌جۆرێكی دڕنده‌ ده‌باری).باران، هه‌ر بارانه‌، میهره‌بانی و دڕنده‌یی له‌ كوێ بوو؟.
*لا200نووسیویه‌تی:(گیاندان و ڕوح ده‌رچوون).گیاندان، هه‌ر ڕوح ده‌رچوون نییه‌؟.
*لا204نووسیویه‌تی:(پاچ و خاكه‌نازه‌كه‌ی نایه‌ سه‌ر شانی).درێژدادڕی په‌تای نووسینی ڕۆماننووسانی ئه‌م سه‌رده‌مه‌یه‌، ئه‌وه‌ی به‌وشه‌یه‌ك ده‌وترێت، ئه‌وان ده‌یكه‌نه‌ ڕسته‌یه‌ك.
*لا215نووسیویه‌تی:(ئینسان مه‌خلوقێك نییه‌ شایه‌نی متمانه‌ بێت).مه‌گه‌ر هه‌موو مرۆڤێك به‌و شێوه‌یه‌ یه‌؟!.
لا250نووسیویه‌تی:(به‌وخه‌ڵكه‌ ده‌ڵێم به‌و عاله‌مه‌ ده‌ڵێم).خه‌ڵك و عاله‌م،هه‌ر یه‌ك نین؟!. وێرای ئه‌مه‌ش، ڕۆماننووس به‌ شێوه‌یه‌ك ڕێنووسی هه‌ندێك وشه‌ی نووسیوه‌، كه‌ من یه‌كم جاره‌ ڕێنووسی له‌وشێوه‌ ده‌بینم. له‌ هه‌ندێك شوێنی ڕسته‌كاندا، وشه‌ هه‌یه‌ ده‌بێ به‌ جیا بنووسرێت، كه‌چی به‌ختیار عه‌لی به‌لێكدراوی نووسیوه‌، ئه‌و وشانه‌شی كه‌ ده‌بێ به‌ لێكدراوی بنووسرێن،ئه‌و به‌ته‌نهای نووسیون. له‌ زۆری شوێنی ڕۆمانه‌كه‌دا، ئه‌وه‌م كه‌وته‌ به‌رچاو.لێره‌دا ئاماژه‌ به‌ هه‌ندێكییان ده‌ده‌ین:
*لا26(قسه‌یده‌كرد).
*لا41(ڕزگارتانبكات).
*لا92(ئه‌نجامیبده‌یت).
*لا92(ره‌وانه‌یكردووم).
*لا197(لكه‌داریبكه‌یت).
*(سه‌رنجده‌ده‌م)
*لا180(بانگیبكات).
*لا181(هه‌ستبكات).
*لا182(سۆراغیانده‌كه‌ن).
*لا188(كۆمه‌كیبكات).
*لا190(ڕزگارمبكات).
*لا202(بێئه‌وه‌ی).
لا222(بێدوودڵی)
*لا210(دوایانده‌كه‌وین).
*لا255(تارماییگه‌لێكییان).

له‌ ڕاستیدا، نووسینی ئه‌م وشانه‌ به‌و شێوه‌ ڕێنووسه‌ نامۆو ناڕێزمانییه‌،ته‌نها له‌و ڕۆمانه‌دا هه‌یه‌ و بڕواناكه‌م هیچ نووسه‌رێكی كورد، ئه‌وشێوه‌ سه‌یره‌ له‌ نووسینی ڕێنووسی وشه‌كان په‌یڕه‌و بكات. بێگومان ده‌قی ئه‌ده‌بی به‌گشتی و ڕۆمانیش وه‌ك ژانرێك، پێكهاته‌یه‌كی زمانه‌وانین.زمانیش ڕێساو داڕشتنی تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌، نووسه‌رێك گریمان چه‌ند ناسراو و داهێنه‌ریش بێت،مانای وانییه‌ به‌ ئاره‌زووی خۆی بكه‌وێته‌ سه‌روگوێلاكی وشه‌ و چۆنی بووێت به‌و شێوه‌یه‌ دایبرێژێت.چونكه‌ وشه‌ی ساده‌ وناساده‌ و لێكدراو و چه‌ندین جۆری دیكه‌ش، به‌ پێی ده‌ربڕین و كۆنتێكسی ڕسته‌ ده‌گۆڕێن. بۆنموونه‌: وشه‌ی (دوایانده‌كه‌وین) واتا به‌ شوێن ئه‌واندا ده‌ڕۆین، به‌ڵام مه‌رج نییه‌ ئه‌و كرداره‌ بكه‌ین. كه‌واته‌(دوایان)و (ده‌كه‌وین) دوو وشه‌ی جیان و دوو واتای جیاوازییان هه‌یه‌ و نابێ به‌ لێكدراوی بنووسرێن.چونكه‌ زۆرجار مانای وشه‌یه‌كی دیاریكراو، به‌داڕشتنی له‌ نێو ڕسته‌دا ده‌گۆڕێت.وه‌ك:(به‌ڕێ ده‌كه‌وین) كه‌چه‌ند جیاوازیی له‌ ڕووی ماناوه‌ هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ ده‌ربڕینی(دوایان ده‌كه‌وین). ئه‌مه‌ و زۆر نموونه‌ی تریش.

سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی

په‌راوێز/ ده‌ریاس و لاشه‌كان، نووسینی:به‌ختیار عه‌لی، بابه‌ت:ڕۆمان،ساڵی چاپ 2019..

*ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ ڕۆژنامه‌ی(وشه‌) ژماره‌(313)له‌ 8/1/2020بڵاوكراوه‌ته‌وه‌..




گەڕان بەنێو جەنگەڵەکاندا … ئەحمەد ڕەسوڵ

دەڕۆم تا فەرامۆشیی لە هەموو شتێک،
دەڕۆم تا شلبوونەوە، تا بەهەڵمبوون،
دەڕۆم بۆ نێو جەنگەڵەکانی ڕۆح،
بە دوای قالۆنچەیەکدا کە بێتاقەتە لە خۆی، دەگەڕێم.
بە دوای کرمێکدا کە نیگەرانیی دایگرتووە،
بە دوای گەڵایەکدا کە بەر لە وادەی خۆی کەوتە خوارەوە،
بە دوای ژیژکێکدا، کە نەرم نەرم لەنێو ئارامییدا،
گلەییەکانی دەرهەق بە دڵرەقیی باران،
لە سەر ڕێگای یادەوەری خۆی دەنوسێتەوە، دەگەڕێم.
بە دوای ڕەشەبایەکدا، کە وەکو چەقەڵ دەلوورێنێ لە تاو ئازار، دەگەڕێم.
تاقەتی ئەوەم نییە، بچمە بەر تاڤگەی جەنگەڵەکان،
ئاسودە لە پەرشبوونەوەی تیشک و دڵۆپە بێخەیاڵەکانی ئاو بنۆڕم.
دەچمە نێو جەگەڵەکان تا لە قووڵاییدا بگەمەوە بە لمی ناکۆتای ئەندێشەکان،
بگەمەوە بە سەراب و بگەمەوە بە دڵی سەوزیی بیابان.
تا سەوزایی دەخەمەوە نێو دڵی ژیان، دەگەڕێم.

ناچمە نێو جەنگەڵەکانەوە، تا لە پای دۆزینەوەی
گوڵێکی دەگمەنیی پەڕخەندەزا*،
هەستی ناوازەیی بچێژم.
ناچم تا بەنێو مەستیی شنەی بادا تێپەڕ ببم.
ناچم تا خۆم لە شێ و بۆنی تەڕی درەختان هەڵکێشم.

دەچمە نێو جەنگەڵەکانی دەروون
بەدوای ڕازی خۆحەشاردان و
نهێنییەکانی ڕاکردندا، دەگەڕێم.
خۆحەشاردانی ئینسان لە خۆی و
ڕاکردنی لە ئەوانیدی.
بە دوای کەشفی خۆفریودانی شادمانیی
بە تێپەڕ بوون بە زەماندا، دەگەڕێم
بە دوای تێگەیشتن لە ڕاستەقینەی دڵتەنگیی و
حەقیقەتبوونی تراژیدیادا بە تێدابوون
لە نێو کاتدا، لە هەر شوێندا، دەگەڕێم.
دەچمە نێو قووڵایی جەنگەڵەکانی دەروونم،
تا ڕۆشنایی، تنۆک تنۆک
هەڵڕێژمە نێو دەروونی شەو.
بەڵام هەر تێپەڕیین بە جەنگەڵەکەندا
تێپەڕیینە بە شەودا، تا دوایی شەو، هەر شەو.
دەچمە نێو جەنگەڵەکانی نائاگایی،
تا ئاسۆیەکی ڕووناک بدەم بە
دڵی تاریکی بوون.
بەڵام بوون لە نێو تاریکیدا
دەتوانێ چ پەنجەرەیەک و چ ئاسۆیەکی هەبێت
ڕەش نەبێ؟!

دەچمە نێو جەنگەڵەکان
جەنگەڵەکانی خەیاڵ و جەنگەڵەکانی زمان.
بە دوای ووشە دروستکراوەکانی نێو خەیاڵی ئەهریمەن و
ڕستە کوژراوەکانی نێو سەری جەنگدا، دەگەڕێم.
بە دوای تیشکە تاریکەکانی ئاسمانیی ساردیی خەیاڵ و
دیمەنە ترسناکەکانی داڵغەدا دەگەڕێم.
بە دوای مانادا لە نێو خەیاڵیی بێڕەنگیی زماندا، دەگەڕێم.
دەگەرێم لە نێو قووڵایی جەنگەڵەکانی زمان و تاریکستانە چڕەکانی خەیاڵ.
دەچم تا لە نێو خەیاڵێکیدی و زمانێکیدی
وون دەبم تا بگەڕێم.
دەگەڕێم بۆ مانایەکیتر.
تا مانایەکیدی بە زمان و مانایەکیدی بە خەیاڵ بدەم،
لە نێو خەیاڵ و لە نێو زمان، مانایەکیدی بدۆزمەوە.
تا دۆزینەوەی مانایەکیدی، وون دەبم.

دەڕۆم بۆ نێو جەنگەڵەکان، دەگەڕێم.
دەگەڕێم تا وونبوون.
…………………………………………………………………………………………………………………………………….

  • پەڕخەندەزا: ووشەیەکی داتاشراوی هەر سێ ووشەی پەڕ “پەڕەی گوڵ” ، خەندە و تێزانە. واتا پەڕەی گوڵ کە خەندەی تێزابێت.



ناوی کتێب: پیری كێوان و بەردەژن … نووسەر: مەولود ئیبراهیم حەسەن

ناوی کتێب : پیری كێوان و بەردەژن
بابەت : ڕۆمان
نووسەر :مەولود ئیبراهیم حەسەن
پیتچنین و هەڵەچن : نووسەر
نەخشەسازی ناوەرۆك : ئاسیا صباح
نەخشەسازی بەرگ : شاخەوان جەعفەر
تیراژ : 500 دانە
چاپ : چاپی یەکەم – چاپخانەی ڕۆشنبیری- هەولێر/ 2019
نرخ : 4000 دینار
لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی كتێبخانە گشتییەكان/ هەرێمی كوردستان
ژمارەی سپاردن، )404)ی ساڵی )2019)ی پێدراوە

بۆ خوێندنەوەی ئەم ڕۆمانە کلیکی ئێرەبکەن ……




ئاوازی تفه‌نگ و ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ … ڕه‌سوڵ بۆسكێنی

كورد نه‌ته‌وه‌یه‌كی ئازا و قاره‌مان و نه‌به‌رده‌، به‌درێژایی مێژوو دراوسێكانی به‌ئازا و شه‌ڕكه‌ر ناویان بردوون، ته‌نانه‌ت زۆربەی گه‌ڕیده‌ و ڕۆژهه‌ڵاتناسه‌كانیش لەمەڕ ئازایی و قاره‌مانی و سوارچاكی كوردان گه‌واهی ئه‌وه‌ ده‌ده‌ن، كه‌ كورد گه‌لێكی ئازا و شه‌ڕكه‌رن و له‌و بواره‌دا زۆر له‌سه‌ره‌وه‌ن، شەرەفخانی بدلیسی دەربارەی ئاكاری كورد دەڵێت: كورد گه‌لێكی ئازا و قاره‌مانن و مل بۆ كه‌س ناچه‌مێنن، شكۆمه‌ندی نه‌فسیان به‌رزه‌ و بۆ بژێوی ژیان ده‌ست له‌كه‌س پان ناكه‌نه‌وه‌، كورد ئه‌گه‌ر باری ئابووری خراپ بوو، پێی باشتره‌ زوڵم له‌خه‌ڵك بكات وه‌ك ئه‌وه‌ی ده‌ستی لێ پان بكاته‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ هه‌ر كات برسی بوو، ده‌ست ده‌داته‌ چه‌كه‌كه‌ی و به‌ زۆر شت خه‌ڵك ده‌ستێنێت، به‌ڵام به‌لایه‌وه‌ شه‌رمه‌ سواڵ بكات و ده‌ست له‌به‌ر خه‌ڵك پان بكاته‌وه‌، كوردەكان ئەگەر ئاكارێكی ناپەسندیان هەبێت،‌ هەر ئەوەندەیه‌ كەسیان سەر بۆ كەسیان ناچەمێنێت‌ و بۆ یەكتر نایەنە بەركەمەند، هەروەك تاكە تاكە هەر كەسە بیر لە سەربەرزی خۆی دەكاتەوە، بە تێكڕایی بیر لە سەربڵندی تێكڕایی ناكەن و پشتی یەكتر ناگرن و نابنەیەك. دەربارەی ئەم ئاكارە نالەبارەی كوردان مامۆستا (مەلا سعدالدین) فێركاری سوڵتان مرادخانی عوسمانی، لەناو مێژووە توركییەكەیدا كە بۆ عوسمانیانی داناوە، لەمەڕ كوردیشەوە دواوە و دەڵێت‌: هەموو كوردێك بۆ خۆی سەربەخۆیەكە و ئاڵای ملهوڕی و زۆرداری بەرزكردۆتەوە و لەناو ئەو شاخ و كێوانەدا بەسەربەستی دەژی، ئەگەر سەرنج بدەینە باری یەكدی گیری و هاوبیری و هاوكاریانەوە، تەنیا لە شادە و ئیمان هێناندا نەبێت، لەهیچ شتی تردا یەكناگرنەوە.
مرۆڤی كورد هه‌ر له‌و كاته‌وه‌ی خۆی ده‌ناسێت و هه‌ست به‌چاكه‌ و خراپه‌ ده‌كات، خۆی به‌مه‌زن ده‌زانێت، حه‌ز ده‌كات پێی بووترێت شه‌ڕكه‌ر و ئازا و قاره‌مان، هه‌ر ئه‌و هه‌ستی خۆ به‌زۆر زانینه‌ی وای لێ كردووه‌، له‌به‌رامبه‌ر نه‌یار و دوژمنه‌كه‌یدا چالاك و زه‌بر وه‌شێن بێت، ئه‌و هه‌سته‌ی وای كردووه‌ زۆر له‌خۆی ڕازی بێت و شانازی به‌خۆیه‌وه‌ بكات و خۆی زۆر پێ له‌ فارس و تورك و عه‌ره‌ب باشتر و پیرۆز تر بێت،‌ له‌ ئه‌نجامدا‌ ئه‌وه‌ ویستی ملهوڕی و توند و تیژی‌ و شه‌ڕانگیزیه‌،‌ له‌ڕوانگه‌ی ئه‌وانی تر ئه‌مه‌ ئاكارێكی ناپه‌سنده‌ و پێچه‌وانه‌ی پێوانه‌ی ویستی گه‌شه‌كردنی مرۆڤایه‌تیه‌.
میر شه‌ره‌فخان و سه‌یدای خانی تاوانی یه‌ك نه‌گرتن و لێك دووریمان ده‌خه‌نه‌ سه‌ر ملهوڕی و لاساری و ده‌مار ئه‌ستوریمان، ئیتر په‌روه‌رده‌كرانی هه‌زار ساڵه‌مان ده‌‌و چاڵه‌ی خستوین و ئه‌وه‌ی كردوویه پێی ‌كردووین، چاوبه‌ستن و گزی كاری به‌دكار و ناله‌باران به‌و ده‌رده‌ی بردووین. ئه‌وه‌نده‌ی چڕی شاخ و كه‌ژ و كێو و زۆری خوڕی ڕووباره‌كانمان، وه‌ك ده‌ڵێن نه‌فره‌تی جوگرافیا بونه‌ته‌ له‌مپه‌ر و به‌رگری به‌یه‌ك نه‌گه‌یشتن و تێك نه‌گه‌یشتنمان، سه‌د ئه‌وه‌نده‌ و زیاتریش به‌ندوباوی ته‌فره‌و ژه‌هراوی برایانی ده‌م گه‌رم و ده‌س بڕ و ئاشنایه‌تی به‌دیمه‌ن جوان و بن شڕ، ئه‌و په‌نده‌یان پێ داوین و له‌و به‌ند و داوه‌دا شه‌ته‌ك دراوین و تائێستاش هه‌ر به‌دیلی و خاكه‌ساری ماوینه‌وه‌.
ئه‌گه‌رچی ئازایی و قاره‌مانێتی به‌دیوێكدا مایه‌ی شانازی بێت، ئه‌گه‌ر به‌وریاییه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ نه‌كرێت، به‌دیوه‌كه‌ی تردا مایه‌ی شكست و تێداچوونه‌ و له‌ ڕوانگه‌ی ئه‌وانی تردا ئازاكان به‌ تیكده‌ر و شه‌رانی ده‌ناسرێن، كورد به‌درێژایی مێژوو كه‌ دوژمنه‌كان هورژمیان بۆ هێناوه‌، به‌ره‌وڕوویان بوونه‌ته‌وه‌ و به‌رپه‌چیان داونه‌ته‌وه‌، ئه‌گه‌رچی چه‌وساونه‌ته‌‌وه‌ و زوڵم لێ كراون، به‌ڵام‌ له‌ڕوانگه‌ی دوژمن و نه‌یاره‌كان زۆر شه‌ڕانی و به‌دناون، هه‌ر له‌سه‌ر زمانی ئه‌وانیش له‌چوارچێوه‌ی گه‌لانی شه‌ڕانگیزدا پۆلین كراون، بۆیه‌ هه‌میشه‌ دوژمنه‌كان له‌ كورد ترساون و ئه‌گه‌ر جووڵانه‌وه‌ و سه‌ركێشیه‌كیان كردبێت، له‌ په‌ره‌گرتنی ئه‌و ترسه‌یان به‌ گه‌له‌كۆمه‌كێ جوڵانه‌وه‌كه‌یان دا‌مركێنراوه‌ته‌وه‌ و خاكیان وێران كراوه‌ و ماڵیان به‌تاڵان براوه‌.
شه‌ڕانگێزی دیارده‌یه‌كه‌ نه‌ك بۆ كورد بۆ هه‌موو گه‌ل و وڵاتان مایه‌ی به‌دبه‌ختی و ماڵوێرانیه‌، ئه‌و گه‌ل و ده‌وڵه‌تانه‌ی ‌شه‌ڕانی و یاخین و به‌ئازا ناسراون، مایه‌ی دڵه‌ڕاوكێ و مه‌ترسی ده‌وڵه‌ته‌ خاوه‌ن به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانن، له‌به‌رامبه‌ر دا ئه‌و گه‌ل و ده‌وڵاتانه‌ی هێمن و بێ شه‌ڕ و شۆڕن، خۆیان له‌گه‌ڵ ڕۆژگار ده‌گونجێنن و مرۆڤ دۆستانه‌ بیرده‌كه‌نه‌وه‌ به‌دوورن له‌مه‌ترسی بۆ سه‌ر جیهان، ئه‌و گه‌لانه‌ ویستی بوون و ده‌وڵه‌تداریان زیاتره‌ و زۆریان به‌ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی خۆیان گه‌یشتوون، چونكه‌ ئێستا ده‌وڵه‌ته ‌بڕیار به‌ده‌سته‌كانی جیهان ده‌یانه‌وێ جیهان ئارام و هاوسه‌نگ به‌ ئاراسته‌ی مرۆڤ دۆستی و پێكه‌وه‌ ژیان بێ.
له‌م ڕوانگه‌یه‌وه‌ پێش جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانی هه‌ندێك له‌ وڵاتانی ئه‌وروپی ئه‌وانه‌ی له‌ شێوه‌ی دڕنده‌ دا په‌لاماریان ده‌دا‌ و مه‌رگ دۆست بوون، بۆ به‌ئاگاهاتنه‌وه‌ و ڕام كردنی ئه‌م عه‌قله‌ مه‌رگ دۆسته،‌ جه‌نگ هه‌لگیرسا، سه‌ره‌ڕای مه‌رگی خۆیان زۆریان ده‌وڵه‌ته‌كانیان له‌ لێواری مه‌رگ گه‌ڕایه‌وه‌، بۆ ته‌واوكردنی په‌یامه‌كه‌ش جه‌نگی دووه‌می جیهانیش به‌دوایدا هات، ئیتر زۆر له‌و ده‌وڵه‌ته‌ دڕنده‌ و شه‌ڕانگێزانه‌ په‌ڕوباڵیان كێشان و خستیانه‌وه‌ سه‌ر ڕێگای ئه‌سڵی مرۆڤ بوون، ئیتر ئه‌وروپا بووه‌ كانگای زانست و پێكه‌وه‌یی و سۆسیال دیموكراتی و ژیان دۆستی، بووه‌ پایه‌ی سه‌قامگیریی و پێشكه‌وتنی جیهان.
له‌گه‌ڵ كۆتایی هاتنی جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانی و دواتریش زۆر له‌ گه‌لانی دنیا به‌هێمنی و له‌سه‌رخۆ و په‌یامی مرۆڤ دۆستی توانیان مافی خۆیان بسێنن و ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ به‌ده‌ست بێنن، به‌ڵام كورد له‌به‌ر ئاكاری ناپه‌سندی، جارێك بۆ ‌هاوكاری له‌خزمه‌ت شه‌ڕانگێزی ئه‌تاتورك و به‌شێك له‌گه‌ڵ ڕووسیا و جارێكیش شه‌ڕی خۆبه‌خۆ و دژی به‌ریتانیا و وڵاته‌ بڕیاربه‌ده‌سته‌كان ئه‌و هه‌له‌ی له‌ده‌ست دا، چونكه‌ لایان وابوو كورد گه‌لێكی شه‌ڕانیه‌ و له‌وه‌ زیاتر ناتوانێ كاریگه‌ری هه‌بێت، ئێستاش وته‌ باناوبانگه‌ی مس بێل كاریگه‌ری خۆی هه‌ر ماوه‌ كه‌ ده‌رباره‌ی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی كورد وتی: له‌ كورده‌كان گه‌ڕێن ئه‌وان با به ‌شه‌ڕی عه‌شایری ناوخۆیانه‌وه‌ خه‌ریك بن و یه‌كتر بخۆن.
له‌چه‌ند ساڵی ڕابردووشدا بینیمان سه‌دام حسین كاتێك له‌ قاوغی خۆی هاته‌ ده‌ره‌وه‌ و وه‌ك دڕنده‌یه‌ك كه‌ڵبه‌ی تیژ كرد و هاته‌ گۆڕه‌پانه‌كه‌، چۆن به‌ بڕیاری هاوپه‌یمانان كه‌ڵبه‌كانی كورت كرانه‌وه‌ و دواتریش ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی سه‌نگوم بوون، ئێران و توركیا و سوریا و عیراق و زۆر له‌ وڵاتانی تری ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست كه‌ ئێستا بوونه‌ته‌ دیكتاتۆر و دڕنده‌ و شه‌ڕانگێز و هه‌ر ڕۆژه‌ په‌لاماری لایه‌ك ده‌ده‌ن، ڕه‌نگدانه‌وه‌كه‌ی پڕۆژه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی ئه‌مریكایه‌ و ده‌بێ ئه‌وانه‌ كه‌ڵبه‌كانیان بشكێنرێ و فێری ده‌وڵه‌تداری و مرۆڤ دۆستی بكرێن، ئێران كه‌ وه‌ك مرۆڤ دۆست و دوور له‌شه‌ڕ له‌ دوو جه‌نگی جیهانیدا بێ لایه‌ن خۆی پیشاندا، دواجار خاكه‌كه‌ی پارێزراو بوو، وه‌كو خۆی مایه‌وه‌، به‌ڵام ئێستا كه‌ وه‌ك ده‌وڵه‌تێكی مه‌رگ دۆست و شه‌ڕانگێز سه‌ره‌ڕای ئازاردان و شه‌ڕفرۆشتن به‌ گه‌لانی وڵاته‌كه‌ی خۆی، ددانی له‌ زۆر له‌وڵاتانی تر جیڕ كردۆته‌وه‌ و كلكیشی له‌زۆر شوێن تۆز ده‌كا، ئه‌و ملهۆڕی و شه‌ڕانگێزیه‌ی پێویسته‌ چاره‌سه‌رێكی بۆ دابنرێ، ئه‌وه‌ی ئێستا كه‌ ئێران كه‌وتۆته‌ به‌رهه‌ڕه‌شه‌ی‌ ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌م شه‌ڕاگێزیه‌ی دایه‌، كورت و كرمانجی ده‌بێ كورد ئه‌وه‌ بزانێت كاتێك وڵاتێك یان نه‌ته‌وه‌یه‌ك له‌ جیهان یاخی ده‌بێ، له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌ بڕیار به‌ده‌سته‌كانی جیهان ته‌مبێ ده‌كرێ، ئه‌وه‌ ئاشكرایه‌ به‌شێوه‌یه‌كی گشتی سیاسه‌تی جیهانی له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌ بڕیار به‌ده‌سته‌كانه‌وه‌ كۆنتڕۆڵ كراوه‌، هه‌ر كاتێك گه‌ل یا نه‌ته‌وه‌یه‌ك ملهۆڕی و شه‌ڕانگیزی پیشان بدات له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌ر و مایه‌ی سه‌رئێشه‌ی مرۆڤ بێت، ده‌بێ چڕنوكه‌كانی كورت بكرێنه‌وه‌ و فێری مرۆڤ دۆستی بكرێت.
له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو ئازایی و قاره‌مانێتیه‌دا، ته‌نانه‌ت له‌شه‌ڕی خوێناوی و مه‌رگ هێنی داعشدا كورد، وه‌ك پارێزه‌ری مرۆڤایه‌تی ناوزه‌دكرا، كه‌چی نه‌یتوانی به‌چه‌ك مافی ڕه‌وای خۆی به‌ده‌ست بێنێ، به‌چاوپۆشی هاوپه‌یمانان عیراق به‌هاوكاری سوپای ئێران كه‌ركوك و هه‌موو ئه‌و ناوچانه‌ی داگیركرده‌وه‌ كه‌ به‌خوێنی پێشمه‌رگه‌ ئازاد كرابوون، كه‌واته‌ هیچی تر نابێ كورد بۆ سه‌ندنی ئه‌و مافه‌ ته‌نیا چه‌ك به‌كاربێنێ، به‌ڵكو له‌گه‌ڵ چه‌كه‌كه‌یدا و بگره‌ زیاتریش ده‌بێ ئه‌قڵ و زانست و مه‌نیق به‌كاربێنێ و‌ گه‌لانی بڕیار به‌ده‌ست و ئاشتیخوازی دنیا تێی بگه‌یه‌نێ، كه‌ كورد گه‌لێكی مرۆڤ دۆست و ئاشتیخوازه‌ و ده‌یه‌وێ له‌بنیاتنانی پێشكه‌وتن و ئارامی و ئاسووده‌یی جیهان به‌شدار بێ، بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ك هه‌موو ئه‌و وڵاتانه‌ی كه‌ مل كه‌چ بوون بۆ مرۆڤ دۆستی و ئارامی، ئاسووده‌یی و ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ بۆ كورد دابین بكرێ، ئه‌گینا هه‌تاكو په‌نا بۆ چه‌ك ببه‌ین و بمانه‌وێ كێشه‌كانمان به‌ شه‌ڕ كۆتایی پێ بێنین و ئاوازی ته‌قه‌ی تفه‌نگمان پێ له‌ ئاوازی مۆسیقا خۆشتر بێ، هه‌رگیز كارمان له‌وه‌ باشتر نابێ.

ڕه‌سوڵ بۆسكێنی




نوستووی به‌ر باران — خو‌سره‌وی گوڵسورخی … و: نه‌ژاد عزیز سورمێ

ده‌ستێ له‌نێوان چه‌قۆ و دیواره‌
ده‌ستێ له‌نێوان چه‌قۆ و دڵ نییه‌
ئا ، ئاوه‌ها به‌بێ پێ
له‌ په‌یژه‌كاندا خلۆر ده‌بمه‌وه‌..

له‌یلای من هه‌میشه‌ له‌ پشت په‌نجه‌ره‌دا ده‌نوێ و
باش ده‌زانێ
كه‌ من سپێده‌ده‌مان
بێ ده‌ست دێم و
ده‌سه‌ڵاتی كردنه‌وه‌ی په‌نجه‌ره‌م نییه‌..

زیخی ده‌م كه‌ناره‌كانی (عومان)
ڕه‌نگ ناگۆڕن
ئه‌وه‌ گۆنای منه‌
ڕه‌نگی ده‌شتی سووتاوی هه‌ڵگرتووه‌ ..

كه‌ تۆ ، بێ په‌نا
له‌نێو ده‌ریادا ده‌بینم ،
ده‌ستێ له‌نێوان چه‌قۆ و دیواره‌
ده‌ستێ له‌نێوان چه‌قۆ و دڵ نییه‌ ..

نوستووی؟
نه‌ء بێداریی؟
ئایا تۆ خۆر
بۆ شار ده‌به‌ی ،
تا گڕ له‌ كۆڵانه‌ نوستووه‌كانی به‌ر باران و
چیمه‌نه‌ شێداره‌كانی نێوانیان به‌رده‌ی ؟
تا هه‌ردوو به‌ری ڕووباری بزانن
هه‌رگیز ئاگر
له‌ ژێر خۆڵه‌مێشدا نانوێ ..

له‌ ژێر ڕێژنه‌ی بارانی چه‌قۆیێ ڕووت
ده‌زانم- تۆ كراسێكت ده‌وێ- ده‌زانم
تا بۆ كه‌نار بێیته‌وه‌و
په‌نجه‌ره‌كان ،
ڕووبه‌ڕووی سپێده‌ واڵاكه‌ی ..

من به‌ ڕه‌شایی دووچاوی ڕه‌شی تۆ ، ده‌نووسم :
له‌ هه‌ر لایه‌كی ئه‌م باخچه‌یه‌دا
ده‌ستێ هه‌میشه‌ چاوه‌ڕوانی ده‌ستێكی تره‌
چاوێ هه‌یه‌ هه‌رگیز ناچێته‌ خه‌و..

  • له‌ ( راهیان شعر امروز ) ی داریوش شاهین لاپه‌ڕه‌ 304 كراوه‌ به‌ كوردی .



لێکەوتە کۆمەڵایەتیەکانی دوای کۆرۆنا … نوسینی.. لوقمان مستەفا

دەگوترێت زۆرشت لە دوای کۆرۆنا گۆڕانی بەسەردادێت،هەر لە سیستەمی سیاسی،ئابوری،کۆمەڵایەتی،تادەگاتە کەلتورە باوەکانی نێوکۆمەڵگاش کاڵ دەکاتەوە،هەر وەک بیرمەندی گەورەی ئەمریکی (هێنڕی کسینجر، وەزیری پێشووتری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە وتارێکیدا کە لە ڕۆژنامەی “واڵستریت ژۆرناڵ” بڵاویکردووتەوە، لەسەر گۆڕانکارییەکانی دوای گشتگیریی کۆرۆنا هۆشدارییداوە.لە وتارەکەیدا کسینجر پێشبینیی کردووە، قەیرانە سیاسیی و ئابورییەکانی هەڵکەوتەی ئەم نەخۆشییە گشتگیرە، بۆ ماوەیەکی درێژ و بۆ نەوەکانی داهاتوو بەردەوام بێت و سیستمی جیهانیش بگۆڕێت).
بەڵام هەر سیستەمەو بە جیا بە شێوازی خۆی و جودا گۆڕانی بەسەردادێت.ئێمە لێرەدا باسی دیاردە کۆمەڵایەتیە باوەکانی نێو کۆمەڵگا دەکەین و ناچینە ناو سێکتەرەکانیتری ئاماژەبۆکراو. باشتروایە کەسانی پسپۆڕو شارەزا توێیژینەوەی زانستی لەسەربکەن.
زانایانی بواری کۆمەڵایەتی رایدەگەیەنن، پێشبینی دەکرێت لە کاریگەرییەکانی دوای ڤایرۆسی کۆرۆنا، “تەوقە و لەباوەشکردن” لە ساڵانی داهاتودا زۆر کەمببێتەوە و بەوەش خووی مرۆڤ لە بۆنە و دیدارە کۆمەڵایەتییەکان گۆڕانکاری بنەڕەتی بەسەردا دێت.
لەوبارەیەوە ماڵپەڕی دەیلی مەیل ئاماژەی بەوەکردوە، چڕکردنەوەی رێکارە خۆپارێزییەکان بۆ روبەربونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا پێدەچێت کاریگەری لەسەر پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان دابنێت، بە جۆرێک تەوقەکردن لە دیدار و کۆنفرانسەکاندا وەکو خویەکی مرۆڤ رەنگە نەمێنێت یان زۆر کەم ببێتەوە.
بەڵام ئەم لێکەوتە کۆمەڵایەتیەی دوای کۆرۆنا کاریگەرێتی ئەرێنی و نەرێنی خۆی هەیە لە سەر تاک بە تایبەتی و کۆمەڵگا بەگشتی،هەر بۆیە پێدەچێت لە هەرێمی کوردستانیش کۆمەڵێ لێکەوتە لەسەر کلتورەباوەکانی نێو کۆمەڵگا بە دوای خۆیدا بێنێ وەک: تەوقە و ماچ و لە باوەشکردنی یەکدی کەم بێتەوە،پرسە و سەردانی نەخۆش و ئاهەنگگێڕان و کاڵبوونەوەی پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان بە شێوەیەکی گشتی لێبکەوێتەوە.ئەمە کاریگەرێتی ئەرێنیە بۆ خۆ پارێزی لەم دەردە کوشندەیە.
کاریگەری نەرێنێکەشی ئەوەیە تاکی ترسنۆک و تەمەڵ بەرهەم دێنێ،چونکە لە گەڵ خاو بوونەوەی تاکەکانی کۆمەڵگا پەیوەست بە دەوام و شوێنکاری رۆژانەیان و بەردەوامی ترس و دڵە ڕاوکێش لەولاوە بووەستێ.وێڕای ئەوەی والە مرۆڤ دەکات کەمتر بڕوای بە خۆی و تەنانەت بە دام و دەزگا تەنەندرووستیەکانیشی هەبێت.
بۆ ڕێگری و پاراستنی بەشێکی گرنگی پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان لە بەرئەوەی ئێمەی کورد بەو پەیوەندیە کۆمەڵایەتیانەوە جوانین و ماوین و لە گەلانیتری دنیا جیا دەکرێینەوە، بۆیە بە گرنگ دەزانرێت لە گەڵ پابەندبوونمان بە ڕێنماییە تەندرووستیەکانەوە و خۆپارێزی لەو ئافاتە جیهانیە خۆشەویستی و بە دەنگەوەهاتن ودڵنەوایی یەکدی زاڵبوونە بەسەر کۆرۆنا ڤایرۆس و هاو شێوەکانی ئەم پەتا نەگریسەدا.




كه‌ڤاڵه‌كانی نیگا … شه‌ونم زه‌ندی

له‌م ئۆقیانوسی نامورادییه‌دا
په‌پوله‌ موعجیزه‌كانی باخچه‌كانی عه‌ده‌م
باڵه‌كانیان ده‌به‌خشنه‌
نیشتیمانێكی وێرای وێران و بوێر ..
له‌م جه‌نگه‌ڵی وێرانییه‌دا ..
له‌ كاتێكا..
خه‌وبردنه‌وه‌ی چراكان و
ڕوینه‌وه‌ی ئه‌ستێره‌كان
شه‌وه‌كان تارتر ده‌كه‌ن ..
پیاسه‌كانی ئیواره‌یش ..
گومان له‌ : ناوی گوڵه‌ بێ بۆنه‌كان
ده‌كه‌ن ..
” سینگڵ ” ێ
پێشینه‌ی كردنه‌وه‌ی ده‌روازه‌ی ..
ڕازه‌كانه‌ ..
خه‌ون : وێنه‌یه‌كی هه‌ڵواسراوه‌
له‌ فه‌رهه‌نگی مرۆڤینیدا ..
هاوكێشه‌ی شه‌وه‌ نوته‌كانی
تیا ده‌خوێنینه‌وه‌..
ئه‌و ” ڤیانه‌ ” ی له‌ جامخانه‌ی یاده‌كانه‌ ..
له‌ نێو نیگاێیكی شوشه‌ به‌نددایه‌
كاتێ كه‌ به‌ ته‌لیسمی
سه‌فه‌ری خه‌ونه‌ سه‌رابییه‌كانه‌وه‌ ..
ده‌یبینینه‌وه‌
ده‌مێكه‌ ..
بۆ ئه‌و ئه‌ستێره‌یه‌ی
په‌خشی تروسكه‌ی لێ قه‌ده‌غه‌كراوه‌..
به‌ڵاگێڕین
بۆیه‌ .. نیگاكانمان …
به‌ ساباتی عه‌شقه‌وه‌ له‌ : ” ئۆپه‌رێتیك ” دا
هه‌ڵده‌په‌سێرین :
ورده‌ هه‌نگاوه‌ نسێیه‌كانی ته‌نیایی
به‌ كه‌ڤاڵه‌كانی ئاوێزه‌ی نیگاێیك
له‌ ” قله‌ ترێ ” ێیكدا … ” وچانێك له‌ ڕۆح ”
چاوه‌ڕوانی پاكیزه‌یی خه‌ونێ ده‌نه‌خشێنێ ..
چاوه‌ڕوانی ” نیگا ، چپه‌ ، بریسكه‌ ، ڕه‌نگ ”
ساته‌ سفری
زه‌نگێكن له‌ چاوه‌ڕوانی ڕوانین …
ڕوانین بۆ ئه‌و نواڵه‌یه‌ی به‌ قه‌د ” شنرۆ ” وه‌..
داستانێكه‌ له‌ نه‌مری و
بارمته‌ی ئه‌و ساته‌یه‌ كه‌ ته‌نها خه‌م ده‌ڕه‌وێنێ .

شه‌ونم زه‌ندی
هه‌ولێر

26 / 5 / 2004




مانیفێستی عەشق .. 1- تێکست: ستیڤان شەمزینی

بەشی یەکەم..

لە نێوان خۆم و خۆتدا، خۆم لێ ون بووە
تکایە رێگەی دۆزینەوەی خۆمم نیشان مەدە


یەک چرکە پێش ئاشقبوون بهێنەرە پێش چاوی خۆت
دنیا چەند هێمن و ئارام بوو، بەڵام چەندیش بێ تام؟


کاتێک بیر لە ناسکیی تۆ ئەکەمەوە
هەست ئەکەم لە رۆحی ئەفسانەکانەوە هاتوویت


کاتێک تۆم ناسی
وردە وردە دەستم بە توانەوە کرد


کاتێک مەستی ئەشقت بووم
خوێنم بوو بە مرەکەب و
داستانەکەمانی نوسیوە


بمخەرە دێڕێک شیعرتەوە
بۆ ئەوەی هەمیشە لە سۆزتدا بمێنمەوە


خەونت پێوە ئەبینم
وەلێ لە خەونیشدا هەر تامەزرۆتم


چۆن ئەتوانی جێم بهێڵی؟
مەگەر من بەشێک نیم لە تۆ؟
کەس هەیە خۆی لەت بکات؟


نامەوێ بۆ تۆ بمرم
چوونکە بڕیارمدا بۆ تۆ بژیم
مەگەر تۆ ژیانی من نیت؟


ئەگەر ویستت بمکوژیت
نیشانە لە دڵی خۆت بگرەوە
مەگەر مەملەکەتی من دڵی تۆ نییە؟


سێپتەمبەری 2015
دیسامبەری 2016
ئەڵمانیا – سوێد

تێبینی: ئەم پۆستەرانە لە دیوانە شیعری “بەتیشکی عەشقت ئەدرەوشێمەوە” لە ساڵی 2017دا چاپکراون.




ئەدەبی مناڵان – دوو هــاوڕیـێ … و: محەمەد بەرزی

منداڵە خۆشەویستەکان ، جارێکیان مشکێک و بۆقێک بوون بـە هاوڕیێ . بۆقەکە لە ناو گۆماوێکدا دەژیا ، هەموو بەیانییەک بە بازدێک لە ناو گۆماوەکەدا خۆی هەڵدەدایە دەرەوە و خێرا دەچوو بۆ سەردانی مشکەکەی هاوڕێی ، کە لە ناو کونێکی نزیک دارێکی گەورەدا خۆی شاردبۆوە . پێکەوە بۆ خۆیان بەوپەڕی خۆشییەوە یارییاندەکرد ، پاشان بۆقەکە سەرلە ئێوارەیەکی درەنگ دەگەڕایەوە بۆ گۆماوەکەی خۆی . مشکەکە بۆقەکەی بە دڵ خۆشدەویست و زۆریش بەو هاوڕێیەتییە دڵخۆشبوو . بەڵام ئەوەی سەیر بوو ، تەنها بۆقەکە سەردانی مشکەکەیدەکرد ، هەر بۆیە بۆقەکە ئەمەی زۆر پێناخۆشبوو ، زۆر خەفەتی پێدەخوارد و هەستی بە کەمایەتی دەکرد ، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر نیگەراندەبوو . زوو زووش لە دڵی خۆیدا دەیووت : ( باشە ئەم مشکە خۆی بە چی دەزانێت ، ئاخر بۆ ئەوەندە لووت بەرزە ، بۆ دەبێ هەموو ڕۆژێک من سەردانی بکەم ، ئەی باشە ئەویش بۆ جارێک نایەت سەردانێکم بکات ، ئەی بۆ هەردەبێ چاوەڕیێ بێت من بچم بۆ لای ؟ ) . ئیتر بۆقەکە بە تەواوی ڕقی لە مشکەکەی هاوڕێی هەڵگرت ، خۆشەویستییەکەی بوو بە بوخز و کینە و خوا خوای بوو تۆڵەی ئەو سووکایەتییەی لێبکاتەوە . هەر بۆیە بەیانییەکی زوو پەتێکی لەگەڵ خۆیدا برد و چوو بۆ لای مشکەکە . هەر گەیشتە لای گورج سەرێکی پەتەکەی بە جوانی بەست بە قاچێکی خۆیەوە و سەرەکەی تریشی زۆر بە قایم بەست بە کلکی مشکەکەوە ، ئنجا بە قونە قون مشکەکەی بە دوای خۆیدا ڕاکێشا ، لە دڵی خۆشیدا زوو زوو دەیووت : ( ئا بزانە ئەمڕۆ چۆن زوخاو دەکەم بەقوڕگتدا و چۆنیش لە ناو گۆمەکەدا دەتخنکێنم و هەقی ئەو لووتبەرزییەت لێدەکەمەوە ) . مشکەکە حەپەسا بوو ، لە ترساندا هەموو گیانی دەلەرزی و ئارەقی شین و مۆری دەردابوو ، هاواریدەکرد و دەیووت : ( باشە تۆ بۆ لە خوتوخۆڕایی وادەکەی ، تکایە وامەکە و ئازارم مەدە و ئێمە هاوڕیی یەکترین ، من تۆم زۆر زۆر خۆشدەوێت ، ئاخر من چیم لە تۆکردووە ، بە ڕاستی نازانم تۆ بۆچی ئاوا ئازارم دەدەیت ؟ ) ، بەڵام بۆقەکە گوێی لێنەگرت و دەمی هەڵنەپچڕا قسەیەکیش بکات و بە دوو چاوی بزەوە یەکبینە بە دوای خۆیدام ڕایدەکێشا ، نەوەستا تا گەیشتە لێواری گۆماوەکە ، ئنجا بە هەموو هێزی خۆیەوە گوڕی بەستەوە و گورج بە مشکەکەوە خۆی هەڵدایە ناو گۆماوەکەوە و بە خێرایی خۆی لە ناو ئاوەکەدا نوقمکرد . مشکەکەش لە ناو ئاوەکەدا کەوتە پەلە قاژە و خوا خوای بوو خۆی لە خنکاندن ڕزگاربکات . بەڵام نەیتوانی ، هەر بۆیە پاش تۆزێک خنکا و کەوتە سەر ڕووی ئاوەکە … ئەوەی سەیر بوو ، لە دوورەوە هەڵۆیەک مشکەکەی بەسەر ڕووی ئاوەکەوە بینی ، بە هەموو هێز و توانای خۆیەوە بۆی دابەزی و بە چنگە تیژەکانی گرتی و زۆر بە خێرایی بەرزیکردەوە و وەک بایەکی تیژ هەڵفڕی ، جا چونکە کلکی مشکەکەش بە قاچی بۆقەکەوە بەسترابوو ، بۆقەکەشی لەگەڵ مشکەکەدا بەرزکردەوە . هەڵۆکە نەوەستا تا گەیشتە سەر لقی درەختێکی بەرز ، کە لە گۆماوەکەوە نزیکبوو ، هەرچەندە بۆقەکە هەوڵێکی زۆری دا خۆی ڕزگار بکات ، بەڵام نەیتوانی و لە ئەنجامدا هەڵۆکە هەردووکیانی خوارد .


جا منداڵە ئازیزەکان ئەم چیرۆکە پێماندەڵێت ، نە دەبوو بۆقەکە ئەو کارە خراپە بەرامبەر هاورێیەکەی بکات ، دەبووایە لە پێشدا گلەییەکانی خۆی بە مشکەکە بووتایە ، تا ئەویش بیتوانیایە داکۆکی لە خۆی بکات ، لەوانەیە هۆکاری تایبەتی خۆی هەبووبێت ، کە سەردانی بۆقەکەی نەکردووە . پاشان ئەم چیرۆکە ئەو پەندە کوردییەمان بیردەخاتەوە ، کە دەڵێت : ( ئەوەی چاڵ بۆ یەکێک هەڵبکەنێت خــۆی تێی دەکەوێت ) .
تێبینی : ئەم چیرۆکە بە دەستکارییەوە لە ئینگلیزییەوە کراوە بە کوردی و ناوی نووسەری لەسەر نییە .




لە ٢٢ی نیساندا.. هەڵوەستەیەکی جددیی لەسەر راگەیاندبی کوردی! … د. هێرش رەسوڵ

له‌٢٢ی نیسانی ئەمساڵدا، ساڵێکی دیکە دەچێتە سەر ته‌مه‌نی رۆژنامه‌نوسیی كوردیی، به‌م بۆنەیەشه‌وه‌ وێڕای دانه‌واندنی سه‌ری رێز بۆ شه‌هید‌و پێشه‌نگانی بواره‌كه‌، پیرۆزبایی له ‌رۆژنامەنوس‌و راگەیاندنكارانی كورد ده‌كه‌م‌و هیواخوازم ئه‌مساڵ ببێته‌ ساڵی هه‌نگاونانی رۆژنامه‌نوسیی كوردی به‌ره‌و رۆژنامه‌نوسییه‌كی چاودێر‌و كارا‌و دروستبونی (ده‌سه‌ڵاتی چواره‌م) له ‌هه‌رێمی كوردستاندا.. لەپێناو هێنانەدیی ئەم ئامانجە گرنگەش، ئه‌م هه‌نگاوانه‌ی خواره‌وه‌ به‌ پێویست ده‌زانم:

  • كاركردن بۆ لێكجیاكردنه‌وه‌ی هه‌رسێ ده‌سه‌ڵاته‌كه‌.
  • هه‌وڵدان بۆ نه‌هێشتنی ئاسته‌نگه‌ جیاوازه‌كانی به‌رده‌م كاری رۆژنامه‌نوسیی.
  • هه‌مواركردن‌و پێداچونه‌وه‌ به‌ به‌ند‌و بڕگه‌ی ئه‌و یاسایانه‌ی كاری رۆژنامه‌نوسی له ‌هه‌رێمدا رێكده‌خه‌ن، به‌ جۆرێ، له‌گه‌ڵ گیانی سه‌رده‌م‌و ژیانی دیموكراسیدا بگونجێن.
  • دادگاكانی هه‌رێم له ‌بواری تاوانی رۆژنامه‌نوسییدا كار به ‌یاساكانی په‌یوه‌ست به‌و بواره‌ بكه‌ن، نه‌ك په‌نا بۆ ده‌قی دیكه‌ ببه‌ن.
  • دروستكردنی رایه‌ڵی لێكتێگه‌یشتن‌و په‌یوه‌ندییه‌كی هاوبه‌رپرسیارێتی له‌نێوان راگەیاندن‌و ده‌سه‌ڵاتدا له ‌كوردستاندا.
  • رۆژنامه‌نوسانی هه‌رێم گرنگی به ‌لایه‌نی ئاکار (ئێتیك)ـی‌و پیشه‌یی بده‌ن‌و، پتر په‌ره‌ به ‌پیشه‌كه‌یان بده‌ن، هه‌روه‌ك گه‌ڵاڵه‌كردنی په‌یماننامه‌یه‌كی شه‌ره‌ف كاریگه‌ریی تایبه‌تی هه‌یه‌.
  • هه‌وڵ بدرێت چاكسازیی له ‌بواری رێكخراوبونی رۆژنامه‌نوسان له‌ كوردستاندا بكرێت‌و سه‌ندیكا بكرێته‌ چه‌تری هه‌مو ئاراسته‌ جیاوازه‌كانی نێو دنیای رۆژنامه‌نوسیی كوردیی له ‌هه‌رێمدا.
  • هەوڵدان بۆ پێشخستنی بەشەکانی راگەیاندن لە زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێمدا، لە هەمو روەکانەوە.
  • له‌پێناو كۆكردنه‌وه‌ی داتای ورد‌و له‌ماوه‌ی زو زودا له‌سه‌ر كاریگه‌ریی راگەیاندنی كوردی له‌سه‌ر رایگشتی‌و شه‌قام، سه‌نته‌رێكی راپرسیی چالاك‌و زانستیی دابمه‌زرێت‌و به‌رده‌وام راپرسیی له‌و باره‌یه‌وه‌ به‌ئه‌نجام بگه‌یه‌نێت.
  • گرنگه‌ ناوەندێكی توێژینه‌وه‌ی راگەیاندن هه‌بێت‌و توێژه‌رانی بواره‌كه‌ به‌رده‌وام توێژینه‌وه‌ی هه‌ستییار‌و گرنگ له ‌باره‌ی راگەیاندنی كوردییه‌وه‌ پێشكه‌ش بكه‌ن.
  • كردنه‌وه‌ی نێوەندێكی وه‌رگێڕانی توێژینه‌وه‌‌و كتێبه ‌ده‌گمه‌نه‌كانی بواری راگه‌یاندنیش یه‌كێكی تره‌ له‌ پێویستییە‌كان تاكو رۆژنامه‌نوسانی كورد، به ‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی ته‌نها به‌ زمانی دایك ده‌خوێننه‌وه،‌ لێی سودمه‌ند بن.
  • كردنه‌وه‌ی خولی پێویستی رۆژنامه‌نوسی له ‌ده‌ره‌وه‌‌و ناوه‌وه‌ی هه‌رێم‌.
  • کردنەوەی كۆرسی فێربونی زمانی بیانی بۆ راگەیاندنکاران.

د. هێرش رەسوڵ




رەهەندەکانی نیشتمانسازیی لای شاعیرانی سەرەتای سەدەی بیستەم …. نووسینی: ستیڤان شەمزینی

بە وتەیەکی فەیلەسووفی ئەڵمانی مارتین هایدگەر دەست پێدەکەم لە بارەی بەهای شیعرەوە: “ئەوەی من لە رێی فەلسەفەوە وتوومە، دەمێکە مالارمێ بە شیعر گوتوویەتی”. بە پێچەوانەی ئەفلاتۆنیشەوە، کە شاعیرانی لە “کۆمار”ەکەی خانەبەدەر کرد، ئەرستۆ بایەخی بە شیعر و شاعیریی دا و کتێبێکی لە بارەی شیعرەوە نووسی “پۆیەتیکا”. لەم چرکەساتەوە شیعر پەیوەندییەکی بەتین لەگەڵ فەلسەفە و فەیلەسووفان پەیدا دەکات، هەروەک جارێک ژنە فێمینستی سوێدیی “نینا بیۆرک” لە دیمانەیەکدا وتی “فەیلەسووفە مەزنەکان شاعیریشن”، ئەم تێزە زیاد لە هەر کەس هەردوو فەیلەسووفی مەزن کارڵ مارکس و فریدریک نیتچە دەگرێتەوە.
من لێرەدا گەرەکم نییە باسی پەیوەندیی شیعر و فەلسەفە بکەم، تەنیا ویستم سەرنجی خوێنەر بۆ گرنگیی شیعر رابکێشم، چوون بۆچوونێکی زاڵ باڵی کێشاوە بەسەر بیرکردنەوەی زۆرینەدا، شیعر وەزیفەیەکی ئەوتۆی نەماوە، یان هەر لە بنەوانەوە بڕوایان بە رۆڵی گرنگی شیعر نەبووە و نییە. ئێمە لێرەدا نموونەی سێ شاعیری بە نامێی کورد دەخەینە بەرچاو کە بە شیعر بەرهەمهێنانی تریان کردووە و شیعریان کردۆتە ئامڕازی نیشتمانسازیی. لێ ئەو سێ شاعیرەی ئێمە لەم دەرفەتەدا بەسەرمان کردوونەتەوە، ناوبانگیان زۆرە، بەڵام هێشتاش بە پێی پێویست زۆر شت لەسەر ژیانیان نازانرێت، جگە لە دڵدار لە رێگەی “موزاکەرەت”ەکەیەوە کارئاسانی زۆری بۆ کردووین، لەو بڕوایەشدام بایەخی ئەو موزەکراتە گەر لە شیعرەکانی زیاتر نەبێت هیچی کەمتر نییە. هەر لەم دەرفەتەدا وتووێژ دانامەزرێنین لە بارەی زمان و فۆرمی شیعریی ئەم سێ شاعیرەوە، ئێمە بە دوای پرسێکی ترەوەین، ئەویش چۆنێتی مامەڵەیانە لەگەڵ نیشتمان و رۆڵیان لە پرۆسەی نیشتمانسازیدا.

پیرەمێرد پیرێکی نامراد

لە راستیدا پیرەمێرد “حاجی تۆفیق 1867- 1950” لەسەر کەلەپووری ئەحمەدی خانی و بە درێژەپێدانی رێچکەی حاجی قادری کۆیی، ئیلهام وەگرتن لە گەوهەری سۆفیزمی نەقشبەندی مەولانا خالید و کولتووری شۆڕشگێڕیی شێخ عوبەیدوڵای شەمزینی، یەکێک لە تاقانەترین رۆشنبیری سەدەی بیستەمی کورد بوو لە باشوور، کۆی پڕۆژە رووناکبیریی و رۆژنامەوانییەکەی خۆی لە بواری نەتەوەسازییدا خستە گەڕ. لە شیعر و کارە ئەدەبیی و ژورنالیستییەکانی ئەودا بە روونی دیسکۆرسێک بەرچاو دەکەوێت کە بیناکردنی نەتەوەیەکە بە گرێدانی مێژوو و میتۆلۆژیا و هەلومەرجی بابەتی و سیاسیی سەرەتای سەدەی بیستەم. لەم رەهەندەوە زیندووکردنەوەی نەورۆز لە قاڵبێکی تەواو کوردانەدا و بە تێکەڵاوییە ئەفسانەییەکەیەوە تەقەلایەکی پڕ دیقەتە لە راستای دروستکردنی نەتەوەیەکدا لەسەر پاشەڕۆکی خێڵ، بەو پێیەی هەبوونی هەر نەتەوەیەک بنیادێکی ئەفسانەیی هەیە، لەم رووەوە ئەفسانە کۆنەکانی ژێرمانەییەکان فاکتێکی روونە.
پیرەمێرد بە هۆشمەندییەوە کاری لەسەر سیمبول و هێماکان دەکرد، لە سۆنگەی ئەوەی هێما جۆر بەجۆرەکان توخمێکی بنەڕەتیی پێکهاتن و فۆرمگرتنی نەتەوەن. هەر لە سیمبولە کەسییەکانەوە بیگرە تا هێماکانی دڵداریی و ئازایەتی و قارەمانیی. لە داستانی وەلی دێوانە و مامەیارەدا، پیرەمێرد بە چڕیی سەرقاڵی کڵێشەسازیی سیمبولەکانە. لە شیعری “عەشرەت هاوارە”دا کە بۆ مستەفا بارزانی هۆنیوەتەوە لە کاتی پەڕینەوە بە رووباری ئاراسدا، هەوڵی داوە قارەمانە کلاسیکییەکان و قارەمانە هاوچەرخەکان پێکەوە گرێ بداتەوە. بەڵام پاش پیرەمێرد بەتایبەت دوای ئەوەی رۆژنامەی ژین کەوتە دەست کۆمۆنیستەکان تا بە ئەمڕۆ دەگات جگە لە مەسعود محەمەد کۆی رۆشنبیرانی ئێمە تووشی نەخۆشی کۆسمۆپۆلۆتیزم بوون، جیا لەوەی ئەو روئیایە هارمۆنی نەبوو لەگەڵ رۆحی بەرەنگاریی نەتەوەیەکی بندەستدا، لە هەمان کاتدا ئەو دیدە چەپڕەوە کوێرانە ماشێنی پڕۆژەی نەتەوەسازیی لە وێستگەیەکی سەرەتادا راگرت. لە جێی ئەوەدا رۆشنبیرییەکی ساختە بەسەر بیرکردنەوەی گشتییدا سەپێنرا و لە دواجاردا کرا بە شەقڵی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کوردستان. لە کۆتایشدا بە سەردارێتی جاویدانیی نەتەوە سەردەستەکان و ژێردەست مانەوەی کورد تەواو بوو. شکستی پڕۆژەکەی پیرەمێرد دەتوانم بە شکستی نەتەوەیەک هەژماری بکەم کە چاوی لە ئازادیی خۆی بڕی بوو.
لە نیگای یەکەمدا پیرەمێرد وەک شاعیرێکی تاراددەیەک کلاسیک دەبینرێت، دواتر رۆژنامەنووسێک، بەڵام لە دیدی مندا ئەو لە شاعیر و رۆژنامەنووسێک زیاترە، رووناکبیرێک و تیۆریسیۆنێکی سەرەتایی نەتەوەییە بە پێی کۆنتکێستەکەی خۆی. هەرچەند هەڵەیەکی کوشندەیە وەک زۆرێک بە فەیلەسووف ناودێری دەکەن، چون هیچ سەروکارییەکی وەهای لەگەڵ فەلسەفەدا نەبووە، لەگەڵ ئەمەشدا کەم رووناکبیری کورد لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا هەڵکەوتووە، هێندەی پیرەمێرد بەسەر رشتە ئەدەبی و رووناکبیرییەکاندا کرابێتەوە. وا دەهزرێم لە دوا وێستگەدا دەتوانین پیرەمێرد وەک شاعیرێک ببینین، راستتر وایە بڵێم شیعر میکانیزمێک بووە بۆ گەیاندنی ئەو پەیامە نەتەوەییەی بیری لێ دەکردەوە، لەبەرئەوەی شیعر تاکە زمانی رۆشنبیریی ئەو سەردەمە و سەردەمێکی درێژتری دوای ئەویش بووە. وەک چۆن ئەرستۆ لە پێناساندنی ئیمپادۆکلیسدا دەڵێت ئەو شیعری لەسەر سروشت نوسیوە. بە زانایەکی سروشتناسی لە قەڵەم دەدات نەک شاعیر.
پیرەمێرد وەک نیمچە مەلا و شاعیرێکی سەرەتایی و گەنج “لە تەمەنی 31 ساڵیدا” روو دەکاتە ئەستەمبۆڵ. لەو دەمەدا ئەستەمبۆڵ جیاواز لەوەی پایتەختی عوسمانلی بوو، هاوکات مەڵبەندی بڵاوبوونەوەی بیری نەتەوەیی تورکی و کوردیش بوو، ئەمە یەکەمین وەرچەخانی هزریی لە ژیانیدا دروستکرد، بەوەی دەرفەتی دەبێت یاسا بخوێنێت و ببێتە پارێزەر، لەگەڵیدا بە باشی فێری زمانی تورکی بێت، بەرەو سیاسەت و رۆژنامەوانی بکشێت، لە بواری ئیداریشەوە پلە بەپلە سەربکەوێتە سەرەوە، دوا وەزیفەی بەڕێوەبردنیشی پارێزگاری ئەماسیە بووە. هەر لە ماوەی ژیانی ئەستەمبۆڵیدا و لە ساڵی 1907 دەبێتە ئەندامی دامەزرێنەری “کۆمەڵەی کورد” بە سەرکردایەتی شێخ عەبدولقادری شەمزینی. ئەمانە ئەزموونێکیان بۆ دروستکرد، زۆرتر لە شاعیرێک بێت، لە دوای 27 ساڵ لە ژیانی تاراوگە، لە ساڵی 1925 کە بۆ سلێمانی دەگەڕێتەوە، بە پاشخانێکی زۆری سیاسیی و رۆشنبیریی و رۆژنامەوانییەوە دێتەوە، ئیدی لەو رۆژەوە تا مردنی “25 ساڵ” خۆی تەرخان دەکات بۆ پرۆسەی نیشتمانسازیی. ئەگەر وردبینەوە 25 ساڵ کارکردن لە هەردوو رۆژنامەی “ژین” و “ژیان” و ئەو بەرهەمانەی لەو ماوەیەدا چاپی کردوون، شیعر رووبەرێکی بچووکتری لە ژیانی رووناکبیریی پیرەمێرددا داگیر کردووە، ئەو سەرقاڵە بە شتێکی گەورەترەوە بێ ئەوەی گەورەیی شیعر لە بیر بکات. لە داستانە چیرۆکەکانی “دوانزە سوارەی مەیوان – 1935” و “مەحمودی ئاغای شیوەکەڵ – 1942″دا، سەرقاڵی دروستکردنی وێنایەکی تری قارەمانە، قارەمانەکان لە قارەمانی خێڵ و ئەمارەتەکانەوە دەگۆڕێت بۆ پاڵەوانە نیشتمانییەکان، هەروەک هەمان مامەڵەشی لەگەڵ مامەیارە کردووە.
لە کتێبەکانی تریدا “گاڵتەوگەپ -1947” و “پەندەکانی پیرەمێرد” کە 6448 پەندە و پیرەمێرد لە قاڵبی شیعردا دایڕشتوونەتەوە. کارێکی نەکراو لە ژێرخانی رۆشنبیرییدا دەکات، بەوەی هەموو حیکمەتەکانی پێشینانی کورد تەنانەت گاڵتەوگەپەکانیشیان ئەرشیف دەکات. دواتر عەلادین سەجادی لە “رشتەی مرواری”دا کارێکی نایابتری پێشکەش کردین. لە داستانی “مەم و زین”دا سەقاڵی دووبارە زیندووکردنەوەی ئەحمەدی خانی و شاکارەکەیەتی، کە بە بۆنەی گێڕانەوەی حکایەتی عەشقێکی ناکامەوە، “شەرحی دڵ”ی خۆی دەکات و غەمە قووڵەکەشی بریتییە لە ئازاری گەلێک. لە بواری وەرگێڕانیشدا بۆ سەر زمانی کوردیی “کەمانچەژەن”ی لە تورکییەوە وەرگێڕاوە. لە بواری ساغکردنەوەی ئەدەبیشدا دیوانی “مەولەوی تاوەگۆزی” لە دوو بەرگدا چاپ کردووە، یەکەمیان کۆپی رەسەنی شیعرەکانە بە شێوەزاری هۆرامی، بەرگی دووەمیان وەرگێڕانی شیعرەکان بوون بۆ سۆرانی. هەروەک بە زنجیرە دیوانی “مەولانا خالیدی نەقشبەندی” لە رۆژنامەی “ژین”دا بڵاوکردەوە، ئەم جگە لە ساغکردنەوەی دیوانی “بێسارانی” و “وەلی دێوانە”. کە من بڕوایەکی تایبەتیم هەیە لە بارەی وەلی دێوانە، ئەگەر شیعرەکانی وەلی ئافرێندراوی خەیاڵی پیرەمێرد خۆیشی نەبن، گوومان هەڵناگرێت پیرەمێرد دەستکارییەکی ئیستاتیکییانەی زۆری تێدا کردوون، چوونکە پیرەمێرد تاکە رۆشنبیری سەردەمەکەی خۆیەتی دەسەڵاتێکی فراوانی شکاوە بەسەر شێوەزارەکانی زمانی کوردییدا.
لە هەمووی گرنگتر بۆ من، ئەو نامیلکەیەیە لە ساڵی 1940، لە سەروەختی جەنگی دووەمی جیهانییدا و لەگەڵ بڵاوبوونەوەی خێرای دیدی چەپڕەویی لە کوردستاندا نووسیوویەتی، بە تایبەت لەو دەمەدا شەش ساڵ بوو پارتی کۆمۆنیستی عێراق دامەزرابوو، هیچ حزبێکی کوردیی و عێراقیش نەبوو، هێندەی حزبی شیوعی بەو خێراییە لەسەر ئاستی جەماوەریی روو لە گەشەکردن بێت. هەر ئەو دەمەشە “فەهد”ی سکرتێری پارتی کۆمۆنیست، ئامۆژگاریی کورد دەکات لە رێی وتارێکەوە کە “پێویستی بە حیزبی عەمەلە نەک ئەمەل”. نامیلکەکەی پیرەمێرد ناوی “ئاوەڕەشەی روسی سوور”ە. ناونیشانێکی قورسە لەو سیاقە مێژووییەدا، لەگەڵ ئەوەی نامیلکەکە هەشت لاپەڕەیە، بەڵام پیرەمێرد بەم نامیلکەیە دەبێتە سەرقافڵەی ئەو رۆشنبیرە کوردانەی بیرۆکەی چەپ رەت دەکەنەوە و لایەنگریی خۆیان بۆ سەرمایەداریی نیشان دەدەن. بە هەموو شێوەیەک دژی روسیای سووری ستالینی دەنگی هەڵبریوە!!. ئەگەرچی بۆ من ئەو نامیلکەیە قسەی جیاتر هەڵدەگرێت، بەڵام ئەمە بە سەرەتای راچەنین و هۆشیاریی نوخبەی ناسیۆنالیستی کورد دادەنرێت لە راستای رەتکردنەوەی بیری ئوممەیەتی کۆمۆنیزم.
پیرەمێرد بوارێکی زۆر فراوانە بۆ قسە لەسەرکردن و ئەنالیز، هەر بە ئەنقەست خۆم لە شیعرەکانی بوارد، چون ئەوەی تا ئێستا باوە قسەکردن بووە لەسەر پێگەی شیعریی ئەو، ئەمە پێشکەشکردنی سەرەتایەکە بۆ کەشفی دیوی هەرە سەرەکی بیری ئەو شاعیرەی دەمێک بوو وازی لە شیعری هێنابوو، تەنیا کردبوویە بەهانایەک بۆ دەربڕینی بۆچوونە نەتەوەیی و سیاسییەکانی. ئەم چەند دێڕەی ئێمە لێرەدا یادداشتمان کردووە پێشەکییەکی کورتە بۆ توێژینەوەیەکی درێژ کە وا بڕیارە لە داهاتوو دەست بە نووسینی بکەم.

فایەق بێکەس و سۆفت پاوەر

شاعیرانی کوردی سەرەتای سەدەمی بیستەم، بە تەنیا شیعریان وەک گەمەیەکی زمانەوانی رووت چاو لێ نەکردووە، بەڵکو مینا ئامڕازێکی کاریگەری سیاسیش تەماشایان کردووە لە راستای پرۆسەی نەتەوەسازیی و پوختکردنەوەی دیسکۆرسێکی نیشتمانیدا. لێرەدا ناچینە ناو گیروگازی پەیوەندیی نێوان شیعر و سیاسەت و ئەو گفتوگۆ بێزەنتینییەی لەم بارەوە هەیە. بەڵکو دەمانەوێت بە خێرایی بچینە سەر ئەو خەمەی شاعیرانی ئێمە لە سەرەتای چەرخی بیستدا لە کۆڵیان نابوو، کە بەپێی زۆرترین لێکدانەوە بە سەدەی ناسیۆنالیزم لە تەواوی جیهاندا دەناسرێت. شاعیرانی کوردستان هاوتەریب لەگەڵ دەستەیەک منەوەری نوێگەر جیا لە بژارکردن و دەوڵەمەندترکردنی زمانی کوردیی و خەباتکردنیان بۆ بینای کۆمەڵگەیەکی شارستانی و رووبەڕووبوونەوەی دواکەوتوویی کۆمەڵایەتی، لە هەمان کاتدا شانیان نابووە بەر پرۆسەی دروستکردنی نەسلێکی نوێ کە خودانی هۆشیارییەکی تۆکمەی نەتەوەیی و نیشتمانیی بێت، نەوەیەک لە توانایدا هەبێت بەمیکانیزمی جۆراوجۆر ئەرکی چێکردنی وڵاتێکی سەربەخۆ و ئاوەدان لە ئەستۆ بگرێت.
ئەحمەد موختار جاف 1898-1935 ئەگەرچی خاوەنی کۆمەڵێک غەزەل و شیعری ئەویندارانەیە، وەک ئەوەی جادووی لێکرابێت، هەڵگەڕانەوەیەک بەسەر خۆی و شیعرەکانیدا دەهێنێت. ئەو لە رێی شیعرێکەوە رووی دەمی کردۆتە شاعیرانی هاوزەمانی خۆی، بەدەنگی بڵند هاواریان لێ دەکات چیتر باسی زوڵف و چاو و پەرچەم و کاکۆڵی ئاڵۆزاو نەکەن. لە بری ئەمە ئەڵتەرناتیڤێکی دیکە دەخاتە روو، “ئێوە تەدبیرێکی حاڵی قەومی دڵسووتاو بکەن”. وەزیفەی شیعر لە غەزەل و عیشقی خودایی و مرۆییەوە، دەگۆڕێت بۆ عیشقی نیشتمان و “تەدبیر”ی “قەومی دڵسووتاو”. ئەمە راچەنینێکی نوێی شیعرییە و سەرەتای کۆتایی پێهێنانە بەو ستایلە شیعرییەی ئێمە لە شیعری کوردیدا ناومان لێناوە کلاسیکی عیرفانی. دواتر ئەم “تەدبیر”ە هەر تەنیا بە شۆڕش و یاخیبوونەوە گرێ نادات، بەڵکو پێشنیازی خوێندن “خوێندەواریی” دەکات، چون وەک قەڵغانێک لە دوژمن پارێزگارییمان لێ دەکات، هەربۆیە لە دێڕە شیعرێکیدا دەڵێت:
بخوێنن چونکە خوێندن بۆ دیفاعی تیغی دوشمنتان
هەموو ئان و زەمانێ عەینی قەڵغان و سوپەرتانە

لەکن ئەحمەد موختار، خوێندەواریی قەڵغانی هەموو سەردەمەکانە، ئەو وا بیری کردۆتەوە میللەتی خوێندەوار ئاسان فریو نادرێت و ناشێ زەفەری پێ ببردرێت، هەروەک ئەو رووداوەی بەسەر ماڵباتی خۆیاندا هات، چۆن نۆکەرەکەیان “غوڵام حسێنی شیرازی” دەناسنەوە، بەوەی جاسوسێکی ئینگلیزە و هەر ئەم سیخوڕەش “مێجەر سۆن” لە ساڵانی داهاتووتردا رۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت و دەبێتە فەرمانڕەوایەکی دڵڕەقی ئینگلیز بەسەر “قەومی دڵسووتاو”ەوە. من لێرە نامەوێت زۆرتر لەسەر ئەحمەد مختار بدوێم، ئەوە هەڵدەگرم بۆ کاتێکی گونجاوتر و بە وردیی لەسەر “مەسەلەی ویژدان”ەکەی دەوەستم، چون ئەمە لە دوای “لەخەوما”ی جەمیل سائیب سەرەتاکانی چیرۆکی هونەریی کوردییە، باوەڕم وایە “مەسەلەی ویژدان” فۆرمی نۆڤلێتی هەیە، ئەوەش پێمان دەڵێت ئەحمەد موختار نەک هەر شاعیرێکی پێشڕەوە، بەڵکو چیرۆکنووسێکی پێشەنگیشە.
دەتوانین جگە لە ئەحمەد موختار جاف لە شاعیرانی نیوەی یەکەمی سەدەی رابردوو، دروست ئەو سەردەمەی نەوشیروان مستەفا بە “سەردەمی قەڵەم و مراجەعات” ناودێری دەکات، لەسەر هەمان هێڵی “حاجی قادری کۆیی” نموونەی “فایەق بێکەس 1905-1948” وەربگرین. ئەگەر بێکەس لە شیعری “بیست و حەوت ساڵە” و “ئەی وەتەن”دا بەگیانێکی شۆڕشگێڕیی هاتبێتە دوان و بووبێتە سیمبۆلێکی نەمری ئەدەبی بەرگریی، ئەوا لە هەندێک شیعری تردا بە تەنها ئەو کەفوکوڵە شۆڕشگێڕییە بە کافی نازانێت بۆ هاتنە ئارای ئەو کوردستانەی دڵخوازی ئەوە، بەڵکو ئەو خوازیارە لە تەک گیانی بەرخودان و هێزی رەقەوە، نەوەکانی داهاتوو لە لیتاوی خورافە دەربهێنێت و هانیان بدات بە نەرمە هێز وڵات پێش بخەن و بەهێزی بکەن.
فایەق بێکەس، وەک پیشە مامۆستایە، وەک ژیان زۆرترین کاتەکانی لەناو زیندان بەسەربردووە، لای خۆیەوە دوو وەزیفەی بۆ شیعر دەستنیشانکردبوو، یەکەمیان بەوەی شیعر گەرووی زوڵاڵی نەتەوەیە و دەربڕی ئێش و ئازارەکانی گەلە. دووەمیان ئەرکی شیعرە پەیامی کۆمەڵایەتی خۆی بگەیەنێت و ببێتە مەکۆ و رووبەرێک بۆ بەرەنگاربوونەوەی ترادیسیۆنە باوەکان. هەروەک جارێک “جەبار جەمال غەریب” نووسیبووی “من بێکەسم زیاتر وەک رەخنەگرێکی کۆمەڵایەتی بەلاوە گرنگە. ئەو لایەنەی بەلای منەوە پرشنگدارترین لایەنی فکر و ژیانی بێکەسە. رەخنەی توندی لە هەموو دیاردە کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان هەبووە، بەوپەڕی بوێریی و راشکاوییەوە دەنگی بەرز کردووەتەوە، بە جۆرێک کە تا ئەمڕۆ نموونەی کەمە”. ئەگەر لایەنە پرشنگدارەکەی فیکری بێکەس بریتی بووبێت لە رەخنەگرتن ئەوە لەوە پرشنگدارتر ئەمەیە کەسێکی پووچگەرا و بێهودە نەبووە، ئەو هەمیشە ئەڵتەرناتیڤی پێَشکەش کردووە بەرامبەر ئەو داڕزانە کولتوورییەی لە کۆمەڵگەی ئێمەدا هەبووە، ئەو قاڵبووەیەکی بواری رەخنەسازیی بوو، بەهەمان ئەندازە و بگرە زیاتریش بە پەروەردەکردنی کۆمەڵگەوە خەریکبووە.
گرنگی بێکەس هەر لەوەدا نییە، شاعیرێکی زمان پاراو و نیشتماندۆستە. بەڵکو لە روانینی ئەوەوە خەبات بۆ نیشتمان لە رەگەزایەتی دەرباز دەبێت. رەنگبێ لە یەکەمین ئەو شاعیرانە بێت باسی بەشداریی سیاسیی ژن دەکەن و بە پێشمەرجی سەرکەوتنی دەناسێنن، هەروەک چۆن ئەمە لەلای “قانع”یش بە ئەندازەیەکی زۆر بوونی هەیە. بیهێننە بەرچاوتان بۆ سی و چلەکان ئەم تەرح و تێرمی بیرکردنەوەیە چەند سەخت بووبێت. ئاخر خۆ هەر لە سی و چلەکانی سەدەی پێشوودا بوو، شاعیرێکی وەک “ئەسیری” جگە لە تیر و تانەلێدان وەک شێتێکی کوردیی “نەک شێتێکی فۆکۆیی” بەردەبارانیان دەکرد، تەنانەت لە ئەنجامی یەکێک لەو بەردبارانکردنەدا سەری لە چەند لایەکەوە شکێنرا و هێندەی نەمابوو هۆشی لە دەست بدات. ئاخۆ لەبەرچی؟ تاکە تاوانی ئەسیری ئەوە بوو بە زمانی کوردیی شیعری دەنووسی!. بیهێننە پێش چاوتان لەم ساتەوەختانەدا بێکەس نەک بە کوردییەکی رەوان دەنووسێت، بەڵکو ترادیسیۆن و باوەڕە خورافییەکانی کۆمەڵگە دەداتە بەر نەشتەری رەقترین رەخنە، لەوە زیاتریش ئەڵتەرناتیڤی خۆی پێشکەش دەکات.
شتێک کە من هەستم پێیکردووە، مافم هەیە بڵێم ناوکۆیی تێکڕای شاعیر و منەوەرانی سەرەتای سەدەی بیستەمە، ئەویش هاندانە بۆ خوێندن و خوێندەواریی. ئایا خوێندەواریی مرۆڤ دەکاتە بوونەوەرێکی شارستانی یان بەهێزی دەکات؟. ئەمە تاراددەیەک دەمانباتەوە لای “نیتچە” چوون ئەو بڕوای بەوە هەیە پێویستە مرۆڤ بەهێز بێت نەک خاوەن رەوشت. “هەڵبەتە رەوشت بەمانا باوەکەی نایەت”. روونە لە شیعری شاعیرانی کورددا خوێندن نەتەوە بەهێز دەکات، هێزیش تەنیا هارد پاوەر نییە، بەڵکو لای زۆرینە بیر لە سۆفت پاوەر کراوەتەوە بێ ئەوەی ناو لێ بنێن. بێکەس لە پێشەنگی ئەو شاعیرانەیە، تەنانەت لەو شیعرانەشی بۆ منداڵان نوسیوونی، جەخت لەسەر ئەم پێویستییە دەکاتەوە. “ئەوەش خۆی لە خۆیدا رۆشنبیرییە بەرزەکەی بێکەس دەردەخات، لەو دەمەی شیعر هی مەلا و پیاوە مەزنەکان بوو، ئەم منداڵان بەسەر دەکاتەوە”. لێرەدا دەتوانین شیعری “ئەی تۆپەکە” وەک شیعرێکی ساکار بۆ منداڵان بکەینە سەمپڵ، ئەوەی لە شیعرەکەدا بەکەڵکی مەبەستی ئێمە دێت کۆتا بڕگەیەتی، وەختێک دەنووسێت:
خۆش بێ وەتەن، خۆش بێ وەتەن
بەرز بێت وەتەن، بە عیلم و فەن

ئەگەر بە چاویلکەی بیریاری ئەمەریکی “جۆزیف نای” وەک تیۆریسیۆنی “سۆفت پاوەر” سەیری دوا بڕگەی ئەم شیعرە بکەین، ئەوا ئەم تێکستە داوایەکە بۆ بەهێزکردنی و پێشخستنی وڵات لە رێگەی هێزی نەرمەوە. زانست و هونەر “عیلم و فەن” دوو شتن، بێکەس بەرزیی وەتەنی پێوە گرێداون، ئەمە کاری رێکەوت و شتێکی هەروا سادە نییە، مۆتیڤی بیرکردنەوەی منەوەرانی ئەو سەردەمەش دەخاتەڕوو، تەنانەت لەو زەمەنەشدا کە دوا قسە لای تفەنگەکان بوو، ئەم شاعیرە کوردە رێگەیەکی تریش شک دەبات بەوەی دەشێ زانست و هونەر ببنە بەهێز و بەرزتربوونی نیشتمانەکەی، کە ئەو دوو بوارە نەرمە هێزی هەر کۆمەڵگەیەکن. هەر ئەمەشە فایەق بێکەس بەرز دەکاتەوە وەک شاعیرێکی پێشەنگ و یەکێک لەوانەی دەستیان گەیشتە گیای نەمریی. ئەم بابەتە سەرەتایەکی کورتە و دەکرێت زۆرتر ورد بکرێتەوە.

دڵدار ترۆپکی ئەدەبی بەرگریی

ئەزموونی دڵدار 1918-1948ئەزموونێکی زۆر گرینگ و هەستەوەرە. ئەزموونەکەش بە تەنیا تێپەڕاندنی پاشخانی تولانی شیعری عیرفان نییە لە مێژووی ئەدەبی کوردیدا، بەڵکو بە ئاگاهاتنەوەی مرۆڤی کوردە وەک “کورد” نەک موسڵمان یان هەر شوناسێکی تر. ئەمە پێشتر لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدە حاجی قادری کۆیی نوێنەرایەتی دەکرد، لەگەڵ هەبوونی ژمارەیەک شاعیری هاوزەمانی یونس دڵدار، بەڵام دڵدار ئەم بەئاگاهاتنەوەیە لە شیعری “ئەی رەقیب”دا دەگەیەنێتە دوا ترۆپک. دڵدار لە ئەی رەقیبدا کە خۆڕسکانە بووە بە سروودی نیشتمانیی کورد، مێژوو و زمان و ئێستا و داهاتووی کورد پێکەوە گرێدەدا و دەیکاتە هێمای مانەوە و بەرەو رووی “رەقیب”ی دەکاتەوە. ئەی رەقیب پەیامێکی ئۆنتۆلۆژیی قووڵی کوردانەی لە پشتەوەیە، ئەگەر دیقەت بدەین ئەو شیعرە هەڵقوڵاوی دۆخێکە شۆڕشەکانی کوردی تێدا سەرکوتکراون، تا ئەو ئەندازەیەی لە ئەیلولی 1930دا رۆژنامەی “میللیەت”ی تورکی وێنەی گۆڕێکی بە کاریکاتۆریی لەسەر چیای ئاگری بڵاودەکاتەوە و لەسەری دەنووسن “ئا لێرەدا خەونی دەوڵەتی کوردستان نێژراوە”. دواتریش کۆمەڵکوژییەکی دەرسیم هەست و مێشکی دڵدار داگیر دەکەن، لەم کۆنتکێستەدا کە بوونی کورد چۆتە ژێر هەڕەشەی توانەوە و لەنێوچوون، دڵداری بیست ساڵان بە “ئەی رەقیب” وەڵامی هەموو ئەوانیتری چەوسێنەر دەداتەوە و باس لە زیندووێتی نەتەوە و نەوی نەبوونی ئاڵای گەلەکەی دەکات.
بە دیتنی من شیعری ئەی رەقیب شیاوی زیاتر لە خوێندنەوەیەکە، نەک تەنیا لەو رەهەندەی ئەو شیعرە بەشێکە لە ئەدەبی بەرگریی و “گووتاری مانەوە” بەڵکو بە وردبوونەوەیەکی هیرمنیۆتیکی دەقەکە، زۆر رەهەندی تری دیکەش خۆیان مانیفێست دەکەن، بەوەی سەردەمێکی تازە لە شیعری کوردیی دێتە سەرهەڵدان، راستەوخۆ بەگژ ستەمی نەتەوەیی نەتەوە سەردەستەکاندا دەچێتەوە، ئەمەش لە مێژووی شیعری کوردیدا نەبووە تا حاجی قادری کۆیی دێت، رێکەوتێکی سەیرە هەر کوڕە کۆییەکی تر “دڵدار” دێت، ئەم ئەدەبە شۆڕشگێڕییە بە لوتکە دەگەیەنێت، تا ئەو ئاستەی کۆی شاعیرە گەورەکانی پاشین بەخودی “شێرکۆ بێکەس”یشەوە لە گیرفانی پاڵتۆکەی دڵدارەوە هاتوون، وا دەهزرێم شێرکۆ ئەو رەوتەی درێژە پێدا دڵدار پێش تەمەنی سی ساڵی لە شیعری کوردیدا گەڵاڵەی کردبوو، رەنگە زێدەڕۆیی نەبێت بڵێم بێکەسی کوڕ هێندەی بەردەوامی بە ریتمی دڵدار داوە چارەگی ئەوە بەردەوامی بە ستایلی بێکەسی باوک نەداوە.
جێگەی داخە، بەراوورد بە شاعیرانی تر، ئاوڕی پێویست لە شیعری دڵدار نەدراوەتەوە، ئەمەش دوو فاکتۆری هەیە، یەکەمیان لە سەردەمی رژێمەکانی پێشوو بەتایبەت لە عێراق، ئاسان نەبوو ئاوڕ لە پڕۆژە ناسیۆنالیستیەکەی ئەم شاعیرە بدرێتەوە، دووەمیان بۆ زاڵبوونی مۆدیلێکی شیعریی دەگەڕێتەوە دوای راپەڕینی ساڵی 1991، کە کەمتر رووبەر مایەوە بۆ ئاوڕدانەوە لە نەوەی یەکەمی شاعیرانی سەدەی بیست. من ئەرکمە ئەنالیزی رەهەندی نادیار و بەهەند وەرنەگیراوی پەیامی شیعریی دڵدار بکەم، بۆیە ناخوازم خوێندنەوە بۆ زمان و فۆرم و ئیستاتیکیای شیعرەکانی بکەم، ئەمەیان جێدەهێڵم بۆ رەخنەگرانی ئەدەبی.
حاجی قادر و دڵدار، کودێتایان بەسەر ناوەڕۆکی شیعری کوردیدا کرد، شیعریان کوردیان لە زیکری خوداوە گۆڕی بۆ فیکر. بۆ بیرکردنەوە لە نیشتمان. هەروەک چۆن ماناکانی خۆشەویستیشیان هەڵگێڕایەوە، بە سەراوژێرکردنی عەشقی خودایی بۆ خۆشەویستی نیشتمان. ئەمەش سەردەمێکی تازەی هێنایە ئارا بە تایبەت لە سەرەتای سەدەی بیستەم. حاجی و دڵدار و گروپێک لەو شاعیرانە نیشتمانیان کردە چەقی شیعریی، توانیان لە ریشەوە فۆرم و ناوەڕۆکی شیعری کوردیی بگۆڕن و عەرشی ئەو کلاسیزمە عیرفانییە بهەژێنن کاری لەسەر بابەتە خودیییەکان و پاکژیی دەروون و زوهد دەکرد. ئیدی لەگەڵ ئەمەدا نەک هەر وەزیفەی شیعر دەگۆڕن بگرە شیعر بە کۆمەڵایەتی دەکەنەوە و لە حوجرە تەسکەکانی عیرفانەوە دەیهێننە ناو شەقام و مەیدانی شەڕی دەستەویەخەی گەلێک. ئەی رەقیب سەرەتایەکی تر بوو کە تێیدا شیعر دەبێتە بەشێک لە گووتاری نەتەوەیی و راسانی نیشتمانی و بەرگریکردن لە میللەتێک لەبەردەم گەردەلوولی سڕینەوەدا. دڵدار شیعری کردە میکانیزمی خەبات و حەماسەتدان بە شۆڕشگێڕان، ئەم چاپە شۆڕشگێڕییەی شیعری کورد تاکو سەدەیەک زیاتر تەمەنی کرد، لێ دەنگی سروشتپەروەری وەک گۆران و سۆسیالیستی وەک قانع لەم قۆناغەدا هەن، بەڵام ئەمانیش بەشێوەیەکی تر دەچنەوە ژێر رکێفی هەمان رەوت و سەبک.
گرنگی دڵدار لەوەدایە، توانی بەشێوەیەکی چڕ ئەو ریتمە درێژە پێبدا لە حاجی قادرەوە شکۆفەی کردبوو، ئەویش هەمان ئەو رەوتە فەرامۆشکراوە بوو لە ئەحمەدی خانییەوە چەکەرەی کردبوو. ئەگەرچی زەمەنی خانی و چەند سەدە پاشتریش تەنانەت نووسین بە زمانی کوردیی جۆرێک لە شورەیی بوو، کلاس ئەوەبوو بە عەرەبی شیعر بنووسرێت. لەم دەمەدا شاعیرانی فارس و تورکیش هەر بە عەرەبی دەیاننوسی. ئەگەرچی نالی بە شیعری خۆی دەڵێت “خۆکردیە خۆ کوردیە”، بەڵام پێیوابوو هەرچی شاعیرانی دوای ئەون دەنگدانەوەی سەدای ئەون، وەک لە دێڕە شیعرێکیدا دەڵێت:
نالی حەریفی کەس نییە، ئیلف و ئەلیفی کەس نییە
بەیتی رەدیفی کەس نییە، هەرزە نویسە گەپ دەکا

ئەم غرورەشی لە شاعیری عەرەب “موتەنەبی”یەوە ئیقتباس کردبوو، بەڵام حاجی قادر هات شۆڕشی یەکەمی بەسەر ئەو شێوازەدا کرد کە نالی پێیوابوو کەس توانای تێپەڕاندنی نییە، ئەو مەشخەڵی یەکەمی داگیرسان، دواتر دڵدار ئەم مەشخەڵە لە دەستی حاجی وەردەگرێت. ئەگەر حاجی نیشتمانی کردبێتە سەنتەر، ئەوا لەسەر دەستی دڵدار ئەو نیشتمان سەنتەرییە دەگاتە دوا پلەی خۆی، ئەوەش تەواو پێچەوانەی شیعری باوی کوردیی بوو، چون تا ئەو چرکەساتەش شیعری کوردیی عەشقی کردبووە سەنتەر، عەشقیش بە تایپە سۆفیگەرییەکەی و بە واتای توانەوە و حلول لە خودی خودادا، تەنانەت ئەزموونکردنی عەشقی مرۆیی لە عەشقی خوداییدا، لە رووی چەمک و زاراوەسازییشەوە سەردەمی عیرفان لە شیعری کوردیدا سەردەمی سووتان و فیغان و ئەو مازۆخیەتە روونەیە لە رۆحی سۆفیزمەوە هەڵهێنجرابوو. دڵدار قەبزەیەک بوو، دابڕانەکەی حاجی کردە، دابڕانێکی ریشەیی و ئیتر نیشتمان و عەشقی وڵات جێی هەر جۆرە عەشقێکی تر دەگرێتەوە. لێ دەزانین ریتمی عیرفانی وەک دەنگی پەرش و بڵاو بە باڵای سەدەی بیستەمیشدا هەڵگەڕاوە، تەنانەت دیوانەکانی نالی و مەولەوی و مەحوی وەک سیمبۆلەکانی ئەو تەریقەتە شیعرییە لە نیوەی دووەمی سەدەکەدا بە چاپی رێکوپێک کەوتوونەتە بەر دیدی خوێنەران، لەگەڵ ئەمەشدا ناتوانین نکۆڵی لە تێپەڕینی قۆناغەکەیان بکەین.
دڵدار نیشتمان دەهێنێتە ئاستی ئاین، یان ئاینی خۆی “لێرە دڵدار بەشێوەی کۆ قسە دەکات” بە نیشتمانەکەی ناوزەد دەکات. لەمەشدا شیعری “ئەی رەقیب” لانیکەم دە ساڵێک پێش هەردوو شیعری “داری ئازادی” و “بیست و حەوت ساڵە”ی بێکەسی باوک کەوتووە. کەچی رەنگە سەیر بێتە بەرچاو ئەم دوو دەنگە نیشتمانی و ناسیۆنالیستییەی شیعری کوردیی لە یەک ساڵدا دەمرن و هەردووکیان بە گەنجی سەردەنێنەوە. دڵدار بۆ ماوەیەکی درێژ وەک سەرمەشقی گووتارێکی شیعریی دەمێنێتەوە کە چاوی ئێمە بۆ ئازادیی دەکاتەوە، لە هەمان کاتدا ستایلێکی شیعریی دادەمەزرێنێت، تێپەڕاندنی هەروا ئاسان نەبێت. تا ئەو کاتەی محەمەد عومەر عوسمان “ژەنەراڵی پایز” دێت و فۆرمێکی نوێتر بە شیعری کوردیی دەبەخشێت. شیعر لە سیاسەت و بەرگریی پاک دەکاتەوە و دەیبەستێتەوە بە ئەکتە کەسییەکان و وروژاندنی پرسیارە وجودییەکانەوە. دواتریش لە ژێر پاڵتۆکەی ژەنەراڵەوە ژمارەیەک شاعیر دێن لە ژێر کاریگەریی قوتابخانەی بونیادگەرایی شیعر وەک پێدراوێکی زمانەوانی دەبینن و دەنووسن، یان بە مانایەکی دیکە شیعر بە ئیشکردن لە بواری زماندا پێناسە دەکەن، شانبەشانی ئەمانیش بێکەسی کوڕ و پەشێو وەک سیمبولەکانی ئەدەبی بەرگریی دەنگی زاڵی شیعری کوردین.
دەگەڕێمەوە سەر دڵدار، ئەوەی دەمەوێت لە کۆتاییدا بیڵێم ئەمەیە، دڵدار خۆی لە “موزەکەرات”ەکەیدا نووسیوویەتی “شیعرە جوانەکانی نالی لەگەڵ شیعرە ئاگرینەکانی حاجی قادر لە مێشکمدا لەسەر زەعامەتی ئەدەبی شەڕیان بوو..”. کۆتایی ئەو شەڕەش سەرکەوتنی حاجی بوو بەسەر نالی دا. لەو ماوە کورتەی ژیانیدا دڵدار توانی وەک شاعیرێک کە پلەیەکی باشی خوێندنی بەدەستهێنابوو، لەپەناشیدا توانی گووتارێکی شیعریی بخاتە سەر پێ، نیشتمانی کردە سەنتەر و شیعری “ئەی رەقیب”یش لەم رەهەندەوە لوتکەی داهێنانێتی. بڕیارم داوە جارێکی تر بگەڕێمەوە سەر دڵدار و دووبارە ئۆتۆبیۆگرافیاکەی بخوێنمەوە و بە ورد و چڕتر لە بارەیەوە بنووسم، چون کاتی ئەوە هاتووە بگرە درەنگیشە دڵدار لە بەندیخانەی مێژووی ئەدەبیمان دەربهێنێن و بیخەینە بەر هەتاوی خوێندنەوەی هەمەلایەن و هیرمنیۆتێکیی.
ماوەتەوە بڵێم تێکست هەمیشە لە نووسەر زیاتر دەژی، بە دیوێکی تردا قسەکە ئەمەیە تێکستەکان توانای تێپەڕبوونیان هەیە بە زەمەنەکاندا، بەڵام نووسەر خۆی وەک فیزیک کوڕی ساتەوەختێکە لە ساتەوەختەکانی ژیان. ئەوەی پێی دەوترێت نووسەری نەمر یان شاعیری جاویدانی، داهێنەری فۆرمێک و ئافرێنەری دەقێکە مێژووبڕ و زۆرجار کیشوەربڕیشە. ئەگەرچی تێکستی ئەی رەقیبی دڵدار ناکرێت ببێتە دەقێکی یونیڤرساڵ چون حکایەتی نەتەوەیەکی دیاریکراوە لە ماوەیەکی مێژووییدا، بەڵام بەو ئاستەش لۆکاڵی نییە سنوورەکان نەبڕێت و دەنگدانەوەی نەبێت لە هەست و یادەوەریی هەر کوردێکدا. راستترین تێزیش ئەو تێزەیە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە هەر دەقێکی بە جیهانیبوو بە راددەی پێویست لۆکاڵی بووە. تۆ کاتێک کۆ چیرۆکی “دبلنییەکان”ی جیمس جوێس دەخوێنیتەوە رووداوەکانی ئەو شارە هەر بۆ دبلنییەکان خۆیان نییە، بەڵکو هەر خوێنەرێک پەلکێش دەکات بۆ رۆچوون بەناوی ژیانی رۆژانەی دبلنییەکان و ئەوەی لەو پایتەختە دەگوزەرێت. بە هەمان شێوە دڵدار بە شیعرێک مێژووی کورد بە کورتی نیشانی هەموومان دەدا. بۆ نا، گەر ئەم شیعرە بکرێتە جیهانی؟.

نووسینی: ستیڤان شەمزینی
ستۆکهۆڵم

1-4-2020
سويد




نا بۆ شەری ناوخۆ … عەلی مەحمود

جارێکیتر رێگا بۆ شەڕێکیتری نێوخۆیی خۆش مەکەن.بۆ ڕای گشتی:رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی و کوردستان بە تایبەتی بە دۆخێکی زۆر هەستیار و مێژووییدا تێدەپەڕن. لە کاتێکدا کە داگیرکەرانی کوردستان بەردەوامن لە پیلانگێری دژی دەستکەوتەکانی گەلی کورد و بزوتنەوە ئازادیخوازەکەی، دێۆزمەی شەڕێکی نێوخۆیی جارێکیتر بەرۆکی ئەم گەلەی گرتووە.
شەڕی نێوخۆیی لە کوردستان مێژوویەکی درێژ و خوێناوی هەیە. هەموو جارێک دوای ماڵوێرانی و خوێنڕشتن، پەشیمانی بەدواوە بووە. بە دڵنیاییەوە پەشیمانی ناتوانێ برینەکانی شەڕ ساڕێژ بکا و خەسارەکانی بسڕێتەوە.ئێمە پێمان وایە دەست بردن بۆ چەک لە کاتی ناکۆکی حیزبی دا، پێش هەر شتێک بێڕێزیە بە شعووری گشتی خەڵکی کوردستان، کە لە بواری مێژوویی و کۆمەڵاێەتیەوە ئەو قۆناخەیان تێپەڕاندووە کە کێشە نێوخۆیێەکان بەشەڕ و خوێنڕشتن چارەسەر بکەن.
هاوکات پێمان وایە هەر شەڕێکی نێوخۆیی خزمەت بە دوژمنانی بزوتنەوەی ڕزگاری خوازانەی گەلی کورد دەکات و دۆڕاوەی سەرەکی شەڕی نێوخۆیی خەڵکی کوردستانن. ئەوەی ئەمڕۆ لە زینی وەرتێ خەریکە روو دەدا، ئەگەر بەزوویی پێشی پێ نەگیرێ و ئەو ململانێیە بە ئاقارێکی جیا لە زمانی چەک و تووندوتێزی چارەسەر نەبێت، دەتوانێ کێشی کورد لە ناوچەکە دابەزێنێ، گەلی کوردستان لە پارتە کوردیەکان بێ هیوا و بێ متمانە بکا، هاوکات دۆستانی ناوچەیی و جیهانی دۆزی رەوای گەلەکەمان، لە پشتگری بزووتنەوەی کورد دڵسارد بکاتەوە.بۆیە بە جددیەت و پێداگریەوە دەڵێین، دەست بردن بۆ چەک و هەڵبژاردنی زمانی تووند و تیژی بۆ یەکلا کردنەوەی کێشە حیزبیەکان، خەساری بێگەرانەوەی بۆ سەر بزووتنەوەی کورد بە دواوە دەبێت.
ئێمە پێمان وایە راگەیاندنی کوردی کە دەتوانێ دەرفەتێک بۆ دیالۆگی هەمەلایەنە، لە سەر پرسە ئاڵۆز و ناکۆکەکان برەخسێنێت، بەپێچەوانەوە خەریکە بەستێنی ئەو شەڕە ماڵوێرانکەرە ئامادە دەکا.نەبوونی راگەیاندنی سەربەخۆ لە کوردستان و گرێدراوی راگەیاندنەکان بە پارتە کوردیەکانەوە، هۆکاری سەرەکی ئەم کێشەیەن. بۆیە بە راشکاوی داوا لە هەموو بەرنامە داڕێژەران، کاربەدەستان و میدیاکارانی کورد دەکەین، بە بەرپرسیاریەتیەکی مێژووییەوە هەڵسووکەوت بکەن.
هەر وەها داوا لە ڕای گشتی گەلی کورد، لایەنە سیاسیەکان، کۆمەڵگای مەدەنی و چالاکوانانی بوارە جیا جیاکان دەکەین؛لە پێناو بەرژەوەندی نەتەوەیی و بۆ کۆتایی هێنان بە گرژی و ئاڵوزیەکانی زینی وەرتێ ، هەموو هەوڵێکیان بخەنە گەڕ.لە کۆتاییدا بەبیری هەموانی دێنینەوە کە کۆمەڵگەی ئەمڕۆی کوردستان، بەوپەڕی وریایی، چاوکراوەیی و بە وردبێنیەوە چاوەدێری رووداوەکان دەکەن.
فەرزانە جەلالیفاتێمە کەریمیرەحمان جەوانمەردی خەلیل پێش نەماز مەسعوود فەتحیجەهانگیر عەبدولاییئارام مەلکشاتەیب تاهێری ئیلهام جەهانگەرد هەردەوێڵ کاکەیی ئەحمەد زینی وەند نەجمەدین غۆڵامی ئەحمەد بازگر کاڵێ ئاتەشی رەشاد مستەفا سۆڵتانی عەبدولامستەفا سوڵتانی کەمەران مەتینعەباس وەلیبۆرزو ئەلیاسیئالان حەسەن نیارەحیم سرخیگۆڵروخ قوبادیکەمال سلێمانیعەلی مەحموودزاهید حەنبەلیئێحسان حەقێقی‌نەژاد.

|




لە پەراوێزی خۆپیشاندانی فەرمانبەرانی سلێمانیدا … نوسینی : نەوزاد بەندی

تێبینیەکی بچووک بەس زۆر گەورە

  • لە پەراوێزی خۆپیشاندانی فەرمانبەرانی سلێمانیدا ڕۆژی ٢٢ ی نیسانی ٢٠٢٠ –

نوسینی : نەوزاد بەندی

من بڕوام بە خۆیشاندانێ نیە بڵێن فڵان ڕۆژ ئەنجام دەدرێ ، چونکە تا ئەو فڵان ڕۆژە هەزار نەخشەی کپکردنەوە و بچووککردنەوەی دەدرێت و دەزگاکانی ڕاگەیاندن دەمیان چەور ئەکرێ بۆ بچووککردنەوە و بێ بەهاکردنی ..پیاوانی دەسەڵاتی ناو فەرمانگاکان ڕادەسپێررێن بۆ لەبار بردنی ، تەنانەت NRT خۆپیشاندانەکەی ئەمڕۆی ئەوەندە بچووککردەوە پیاو شەرمی لە خۆپیشاندان دەکردەوە ، تەنها دوو سێ کەسی زۆر لە نزیکەوە نیشاندا ، بە جۆرێ سەری خۆپیشاندەرەکە هەموو سکرینی تیڤیەکەی داگیرکردبوو ، بە جۆرێک یەک وێنەی دووری خۆپیشاندەرانی نیشان نەدا تا نەزانرێ قەبارەی خۆپیشاندانەکە چەندە ..
بزانن ، لە پشت هەر خۆپیشاندانێکی بچووککراوەدا ، یەک لەشکر دەزگای ڕاگەیاندن و ڕاگەیاندنکاری دەم چەورکراو هەیە ..تەنانەت بیستم هەندێ زۆڵ فێربوون خۆپیشاندان بە کەمئەندام و توێژە لاوازەکان دەکەن و ..لە ژێرەوە پارە و یارمەتی زۆر لە دەوڵەمەند و دەستڕۆیشتووەکان وەردەگرن و ڕێژەیەکی زۆر کەمی دەدەنە ئەو چینانە و ..پشکی شێری دەچێتە گیرفانی زۆڵە حەرامزادەکانەوە ، ڕێک وەک ئەوانەی کە سواڵ بە مناڵ و کەمئەندامی سەرشەقامەکان دەکەن و دوور بە دوور چاودێری کیسی سواڵەکان دەکەن ، کە پڕ بوون ، ئەیتەکێننە گیرفانی خۆیان ، بەرامبەر نانەسکییەک بۆ مناڵ و کەمئەندامە هەڵقرچاوەکانی سەر شۆستەی شەقامەکان ..

خۆ پیشاندانی ڕاستەقینە لەناکاو لە دایک ئەبێت ، ڕێک وەک ئەو هەموو گوڵ و گیایەی بەهار کە دنیا دادەپۆشێ ..
پێویست بە بەروار و ..ئەو شتانە ناکات ، خۆی لە ویژدان و کەرامەتی خەڵکێکی ستەمدیدەوە ، دەڕوێت و سەر دەردێنێت ..
چونکە خۆپیشاندان کردەیەکی خوڵقێنەرە ، نەک خۆڵقێنراو ..داهێنەرە نەک داهێنراو ..ڕۆژ وسەعات و کاتی بۆ دانانرێت ، بەڵکو ئەو ڕۆژ وسەعات و کاتی کۆتاییهاتنی نادادی و زوڵم دیاری دەکات …
پێویستە جارێکی تر دوای هیچ گردبوونەوەیەک نەکەون کە پێشتر لە دەزگاکانەوە بانگەشەی بۆ دەکرێ ، چونکە ئەو جۆرە خۆپیشاندانن بۆ لە باربردنی خۆپیشاندان و ..بچووککردنەوە و لەباربردن و حەیابردنی خۆپیشاندانن و ..زۆر جار دەسەڵات خۆی ئەو خۆپیشاندانە بودەڵانە لە دژی خۆی ڕێک دەخات بۆ ئەوەی خەڵک ئیتر بڕوایان بە خۆپیشاندان و گۆڕانکاریی نەمێنێ و ..وشەی خۆپیشاندان لە فەرهەنگەکانیاندا بسڕنەوە ..ڕێک وەک چۆن بە دروستکردنی داعش وایان لە زۆرێک لە خەڵک کرد بە جۆرێ لە جۆرەکان ڕق لە ئایین و بەها ئاینییەکان هەڵبگرن و ..شەڕی ئایین و ئایدیۆلۆژیا لە تەک خۆیان و کەلەپور و مۆراڵی خۆیاندا بکەن .




ڕیچرد ۆڵ, ەولەویاتەکان لە سەردەمی کۆرۆنادا … ئامادەکردن و نووسینی: سالار حمەسەعید

( ڕیچرد ۆڵف ئابووریناسی مارکسیستی وپرۆفیسۆری ئابووری لە زانکۆکانی ئەمریکا)

بەم شێوەیەی خوارەوە باس لە ئەولەویاتەکان دەکات کە هەر ئێستا لەم باروڕەوشەی ئێستای کۆرۆناڤایرۆس دا دەبێ ئەولەویاتەکان چی بن، ئەو شتانەی کە نەکراوە ودەبێ بکرێن وە ڕێگەچارەچیە لەم باروڕەوشەدا.
ریچرد ۆلف پێی وایە:

ئەولەویەتی یەکەم:

کە ئەوانەی ئەولەویەتیان هەیە یەکەم ئەوانەی کە لەڕیزی پێشەوەی ڕووبەڕووبوونەوەدان وە لەگەڵ تووشبوانی کۆرۆناڤایرۆسدا مامەڵە دەکەن لەوانە پەرستار وکارمەندانی تەندروستی وچاودێروانان کە دەبێ هەموو ئامرازەکانی خۆپاراستنیان بۆ دابین بکرێت و فەحس وتێستی بەردەوام بکرێن نەک یەک جار بەڵکو هەموو رۆژێک تا دڵنیابین لە سەلامەتی وساغی و تەندروستی ئەوان بەپلەی یەکەم.

ئەولەویەتی دووەم:

ئەو کەسانەی کە خواردنمان بۆ دابین دەکەن دەبێ تێست/ فەحس بکرێن وە بەبەردەوامی کە ئەمەیان نەکراوە کە دەبوا بکرێ. چونکە ئەم کەسانە کە خواردن دابین دەکەن دەگونجێ ڤایرۆسەکەمان بۆ بگوێزنەوە و تووشمان کەن. ئەگەر بەبەردەوامی تێست نەکرێن ئەوا ناکرێ دڵنیابین لە خواردنەکان کە پاگژن ونەخۆشی بڵاوناکەنەوە. نەک تەنها یەک جار بەڵکو بەبەردەوامی وهەموو رۆژێک.

ئەولەویەتی سێ یەم:

شۆفیری لۆری وشاحنەکان تا شۆفێری ئەمبولانسەکان و شۆفیری تاکسی و پاس وقیتارەکان ئەمانیش دەبێت تێست وفەحس بکرێن وبەشێوەیەکی بەردەوام.
دوای ئەوە هەموو ئەمانەی کە ناوبران دەبێ کەلوپەلی پێویستی خۆپاراستنیان پێ بدرێ لە دەمامک ودەست کێش و پاگژکەرەوە.
دەبێت کرێکاران وپزیشکان وپەرستاران مافی ئەوەیان هەبێت کە ئازادانە راو بۆچوونی خۆیان دەربڕن و رەخنە لە کەموکوڕیەکان و کەمتەرخەمیەکان بگرن نەک وەک ئەوەی لە ئەمریکا ڕوودەدات کە ناڕێگە نادرێ بە کرێکاران وپەرستاران ئازادانە ڕەخنەبگرن لە سیاسەتەکانی حکومەت سەبارەت بە مامەڵەکردن لەگەڵ کرۆناڤایرۆس تەنانەت لە کارکردن رادەگیردرێن وەیا دەردەکرێن، وە ڕێگەیان پی نادرێ لەگەڵ میدیاکاندا وتوێژ بکەن.
دەبێت خەڵک تەواوی خەڵک مافی ئەوەیان هەبێت تەواوی زانیاریەکان وەربگرن لە بارەی نەخۆشخانەکانەوە وباروڕەوشی سەلامەتی وە نەخۆشخانەکان ئازادانە دەربارەی کەم وکورتیەکانیان قسەبکەن کە چیان هەیە و چیان نیە.
ئەم شتانە کە تائێستا نەکراون لەبە رکۆرۆناڤایرۆس نیە کە نەمانتوانیوە بەڵکو لەبەرئەوەیە کە لە سیستەمێکدا گیرمان خواردوە کە پێی دەڵێن سەرمایەداری چونکە ئەوان دەیانەوێ بیدەن بەگوێماندا کە تەنها شتێک دابین دەکەن کە قازانجی ئەوانی تێدابێت ئەگینا لەبیری تەندروستی وسەلامەتی خەڵکەوە نین. دابینکردنی شتومەکی تەندروستی و پزیشکی نەخۆشخانەکان وە خۆ ئامادەکردن بۆ وەها پەتایەک یا ڤایرۆسێک کارێکی قورس وگران نیە. ئامادەکردن و خەزنکردنی ئەم کاڵایانە کارێکی سەخت نیە، بەڵام، بەڵامێکی گەورە خەزن کردن وهێشتنەوە وبەرهەمهێنانی ئەم کاڵایانە لە رووبەڕووبوونەوە بەرامبەر بەم پەتا ونەخۆشیە سوودمەند و پڕ قازانج نیە. لەبەرئەوە کێشەی سەرمایەداری نیە کە کۆمەڵگا رووبەڕووی وەها پەتایەک چۆن دەبێتەوە، پێی وایە کە وردە وردە کۆمەڵگا لەگەڵیدا دەست وپەنجە نەرم دەکا ئەوە کێشە نیە وە لەئەنجامدا پاش تێپەڕبوونی کات ڤاکسینێک بەرهەم دێنێ کە لەکاتی خۆیدا قازانجێکی بێشوماریش لە بەرهەمهێنانی ئەو دەرمان وڤاکسینە وەدەست دێنێ، ئیتر گیان لەدەستدانی چەندە ها هەزار یا ملیۆن لە مرۆڤەکان ئەوە جێگەی سەرنج وگوێ پێدانی سەرمایەداری نیە.

ئامادەکردن ونووسینی: سالار حمەسەعید
٢٣ی نیسانی ٢٠٢٠




لینین، سەرکردەیەکی جیهانی … ئه‌حمه‌د ره‌حه‌ب

هه موو ساڵیك له 22 ی نیسان مرۆڤایه تی پێشكه‌وتنخوازو حزبه شیوعییه كان و چه په كانی دنیا به بۆنه ی له داێك بوونی بلیمه تی بێهاوتا كه كه‌س شان له شانی نادات ڤلادیمیر ئیلیچ لێنین ئاهه‌نگ ئه‌گێرن و، لێنین پاڵپێونه رێكی به‌هێزه‌ بوو بۆ به‌رده‌وامبوونی خه بات و تێكۆشان دژ به دیكتاتۆریه ت و ره‌گه‌زپه‌رستی دڵره‌قی ده‌مارگیریی نه‌ته‌وایه‌تی وسه‌ركێشیی ئاینی له پێناو ئازادی و دیموكراتییه‌ت..
لێنین شۆرشگێرێكی بێوێنه بوو، مرۆڤێكی رۆشنبیر زیره كانه راستییه كانی بارودۆخی روسیای خوێنده‌وه‌ و، به قوڵی ئیمپراتۆرییه‌تی تزاری وچۆنێتی ده‌سه‌ڵاتی و چه‌و‌ساندنه‌وه‌ی چینه هارێنراوه‌كان و جه‌نگه‌كانی و داگیركردنی خاكی وڵاتانی تری خوێنده‌وه‌ و، لێنین سوودی له كێشه نه‌ته‌وایه‌تییه‌كان وه‌ررگرت و، ده‌رباره‌یان زانیاری كۆكرده‌وه‌ زه‌مێنه‌یه‌كی باشی بۆ هه‌موو رۆڵه‌كانی نه‌ته‌وه‌ چه‌وساوه‌كان گونجاند و، چالاكانه له پێناو یه كگرتنیان له ژێر ئاڵای چینی كرێكارو به پشتگیری شیوعییه كان كاری بۆیان كرد.
به‌ڵێ، هه‌موو ساڵێك له‌م رۆژه پیرۆزه‌دا { 22 ی نیسان } خه‌ڵكانی دڵپاك و به‌شه‌ره‌فی جیهان له دایكبوونی سه‌ركرده‌ی چینی كرێكاری روسیاو ومامۆستای مرۆڤایه‌تی پێشكه‌وتنخواز و دامه‌زرێنه‌ری ده‌سه‌ڵاته‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی و رێكخستنی كرێكاران و دوسه‌ڵاته‌كان { سوڤیتات} لێنین وه‌بیر ئه‌هێننه‌وه‌ ، ئه‌و كه‌سایه‌تییه‌كی كه‌موێنه‌ بوو توانی له سه‌ر رێچكه و رێبازی كارل ماركس و فردریك ئێجلز بروات و له گه‌ڵ بیروباوه‌ره‌كه‌یان به‌رده‌وامبێت و، ئه‌و رابه‌ری چینی كرێكارانی دنیایه و، له‌مباره‌یه‌وه‌ فه‌یله‌سوف و سیاسه‌تمه‌داری ئه‌ڵمانیا كه به دیموكرات سوشیال ناسراوه ( كارل كاوتسكی) دوژمنی سه‌رسه‌ختی فلادیمیر ئێلیچ ئۆلیانۆف { لێنین } ئه‌ڵێـت : :
لێنین كه‌سایه‌تییه‌كی بێهاوتاو به‌هێز بوو له مێژوودا وێنه‌ی كه‌مه‌ و،ئه‌توانم بڵێم یه‌ك كه‌س له خاوه‌نداریه‌كانی ده‌سه‌ڵات و پیاوانی ئه‌مرۆ له شێوه‌ی لێنین هه‌یه‌ و ئه‌ویش بسماركه و، ئه‌م دوو كه‌ساییه‌تییه‌ سیماو خه‌سڵه‌تی هاوبه‌ش و هاوشێوه‌یان هه‌یه‌ به‌ڵام ئامانجه كانیان وه‌ك یه‌ك نییه و دژوارن ، ئامانجی بسمارك كاركردنه له پێناو به‌هێزكردنی خودی خۆی ده‌ست به‌سه‌راگرتنی بنه‌ماڵه‌ی شازاده‌ی ئه‌ڵمانیا هۆهێنزولێرن Hohenzollern به سه‌ر ئه‌ڵمانیادا ، به‌ڵام ئامانجی لێنین شۆرشی پرۆلێتاریا بوو ، ئه‌م جیاوازیه‌ش وه‌ك جیاوازی نێوان ئاوو ئاگره و، ئامانجی بسمارك بچوك بوو ، ئامانجی لێنین ( گه‌وره بوو، زۆر گه‌وره‌تر) و لێنین زۆر زیره‌ك بوو ، بۆیه ده‌ركه‌وت و سه‌ركه‌وتوو بوو به سه‌ر بسمارك و، هه‌روا لێنین به شێوه‌یه‌كی باش و زۆر چالاكانه و به تواناو لێهاتوویی له بواری تیووری ده‌ركه‌وت و، قه‌ت ئاره‌زووی نه‌بووه‌ ده‌سه‌ڵاتێكی تایبه‌تی به‌ركه‌وێت و، به ته‌واوه‌تی به پێچه‌وانه‌ی بسمارك كه كاتی ته‌واوین نه‌بوو تیووری بخوێنێته‌وه‌ و ، هه‌رچی ده‌سه‌ڵاتی بوو له پێناو خودی خۆی به‌كارێهێناو ، بۆ ئاگاداری لێنین زۆر به توندی له كتێبه‌كه‌ی به ناونیشانی { شۆرشی پرۆلێتاریاو لاده‌ركاوتسكی} هێرشی كرده سه‌ركارڵ كاوتسكی.
فلادیمیر ئیلیچ ئۆلیانوڤ { لێنین} ــ له 22/4/1870 له شاری سیمبرسك ــ ئۆلیانۆڤیسك له دایك بووه و، له‌مرۆدا ماڵه پچوكه‌كه‌ی بووه‌ته‌ موزه‌خانه و، وه‌ك ئاوێنه مێژووی ژیانی له منداڵی و مێرمنداڵی و لاوێتی ئه‌خاته‌روو.
بیرو هۆشى سیاسى وکۆمەڵایەتى لە زانکۆ کاتێک چووە کۆلیجى یاسا لە زانکۆى شارى قازان پەرەى سەندو, ئێستا قازان پایتەختى کۆمارى تتارستانە لە روسیا , بەڵام بەهۆى بەشداربوونى لە خۆپیشاندانەکانى قوتابیان لە زانکو دەرکرا و, لە پاش لە سێدارەدانى ئەلکسەندەرى برای کە بەشدار بووو لە رێکخراوى هەوڵدان بۆ کوشتنى تزار ئەلکسەندەرى سێیەم و, لێنین جاریکى تر گەرایەوە بۆ قازان و, چووە ناو کۆمەڵەیەکى مارکسى , لە ساڵى 1893 چوو بۆپایتەختى روسیا ئەو کات سانت پترسبۆرگ { لێنینگراد} و, دەستیکرد بە نووسینى کتێب سەبارەت بە ( ئابوورى مارکسى و مێژووى جوتیاران و کرێکاران) لە روسیا و, لە بەر چالاکى سیاسیانە لێنین گیراو دوورخرایەوە بۆ سیبیریاو, سەرەراى هاتووچۆ گەشتى بۆ وڵاتانى تر , لێنێن چالاکانە بەردەوام و پەیوەست بوو لە تێکۆشانداو, هاوکات کاریکردووه‌و ورەوو روحییەتى گەل بەهێز بێت تا سەرکەوتنى شۆرشى مەزنى ئۆکتۆبەر لە ساڵى 1917 و, لێنین دەسەڵاتى گرتەدەست. لێنین تیوریست و سیاسەتمەدارێکى بەتواناو فەیلەسوف و رۆژنامەوان ونووسەرێکى دره‌وشاوه‌ بوو و, لە پاڵ ئەوەى رۆژنامەى ئایسکرا { بڵیسە} ى دەرئەکرد زۆر کتێب و نامیلکەى نووسیوەو , لە ساڵى 1902 کتێبە بەناوبانگەکەى چى بکەین ؟ دەرکردو لێنین ئەڵێت کتێبەکە دەربارەى پرسە گرنگەکانى بزووتنەوەکەمانە و, بەشى یەکەمى لە بارەى دۆگماى بیروباوەرەو ئازادى رەخنەگرتنه‌ و, لە بەشى پینجەم وــ کۆتایى پرۆژەى رۆژنامەیەک بۆ سەرانسەرى روسیا و, لە ساڵى 1916 کتێبى ( ئیمپریالیزم بەرزترین قۆناغەکانى سەرمایەدارییە) و , کتێبى { دەوڵەت و شۆرش 1917} لە سەر رۆشنایى و زانیارەکانى کارڵ مارکس و فردریک ئێنجلز ده‌رباره‌ی دەوڵەت و ئەرکەکانى پرۆلێتاریا لە شۆرشدا و, چەندین کتێبى تر دەربارەى نەخۆشى چەپگرایى منداڵانە لە شیوعییەتداو , لێنین خوێندنەوەیەک لەبارەى دەمدرێژى هەندى لە چەپەکان بەپێى لێکدانەوەیەکى ورد لە سەر سەنگ و هێزو ئەمرازە کاریگەرەکانى سەر ژینگەى گشتى پێشکەش ئەکات بە پشتبەستن بە حەماسەتى کارى شۆرشگێرانە و تێکۆشان لە پێناو گۆراندا.
لێنین کتێبی تریشى دەرکرد سەبارەت بە بزووتنەوەى جوتیاران و قوتابیان و لاوان و رۆشنبیران هتد…..
هەندى لە ده‌م پیس و پۆگه‌نه‌كانی ئیسلامیەکانى تاریکستان کە هەردەم ئامادەن بۆ کوشتن و خوێنرشتن و چاوەروانن بچنە بەهەشت و ژیان لە گەڵ حۆریەکان بە سەربەرن و هەندێک لە رۆشنبیرانى گومرا بە وشەى خراپ باسى لێنین ئەکەن , بەڵام خۆیان ناتوانن هیچ کارێک بکەن و, لە گێژاوى دەمبەتاڵى و رارا ئەژین, بەڵام دەمهه‌راشن و بۆڵەبۆڵکەرو حەزیان لە چەلەحانییەو وشە و رستەى بریقەدار بەکار رئەهێنن و, ئەیانەوێت و هەوڵ ئەدەن هەرچى خراپەیە بیدەنە پاڵ ئەو زەمانە لێنین تیایا ژیاوە, زەمانى { تێکۆشانى لێنینى مەزن}.
ئەمرۆ ئەبینین هەرچى خەڵک هەیە لە گەنجان و پیرو گەورەساڵان ولە خانەنشین ونیشتەجێى ئاوایى و دێهاتەکان و شارەکان لە مێ و نێر بە چاوى رێزو گەورەوى تەماشاى لێنین ئەکەن , ئەو لێنینە توانى شۆرشى مەزنى پۆلشەفى . شورشى ئوکتۆبەرى زیندو لە روسیا و پاشان لە یەکێتى سۆڤێت هەژارى نەهێڵێت و, جوتیارو کرێکاران بە خۆشى و بەختەوەرى بژین.
جاروبار کۆنەپەرستان و دوژمنانى شیوعییەت باسى لادان ولابردنى مەزارو ئارامگاى لێنینى مەزن لە گۆرەپانى سوور لە مۆسکۆ ئەکەن, بەڵام بە پێچەوانەى ئەو گۆمانلێکراوانە جەماوەرى بەرفراوانى گەلى روسیا لە گەڵ مانەوەى مەزارو ئارمگاى لێنینن لە شوێنى خۆێداو دەستکارى نەکرێت و بیپارێزن.. هاوڵاتیانى مۆسکوو روسیا سەرۆکە سەرخۆشەکەیان ( بوریس یەلتسن) لە بیرە هەموو رۆژێک پەیتا پەیتا فەرمانى دەر ئەکرد بۆ لابردنى مەزارو ئارامگاى لێنین و رۆژانە چەندین کەرەت ریسواو عارى بۆ ئەمایەو تووشى هیستیریا ئەبوو چونکە شیوعییەکان و هێزە چەپەکان و جەماوەرى خەڵک دژى فەرمان و خواستەکانى سەرۆک بوون , لە چاوپێکەوتنێکى رۆژنامەوانى لە گەڵ رۆژنامەى کاریرادیلاسیرى ئیتالى سەرۆکى رۆسیا ڤلادیمیر پوتن راگەیاند مەزارو ئارامگاکە لە شوێنى خۆى لە گۆرەپانى سوور ئەمێنێتەوە و کەس دەستى بۆ نابات و هاوڵاتیان ئەوەیان ئەوێت و, ئێمەش ناتوانین دژ بە ئارەزووى ئەوان بین و, پوتن وتى : پزووتنەوەى چەپ لە رۆسیا ئایندەیەکى باشى هەیە و. هەروا بزووتنەوەى سوشیال دیموکراتى و, حزبی شیوعی روسیاى چالاک کە بەرەوپێش ئەروات.
بەپێى چوارچێوەى یاسایى لێنین بێهاوتاو بە توانا بوو لە هەموو بوارەکانى ژیان و, لە تەمەنى لاویدا زۆر زیرەک و بەتوانا بوو, ئەیزانى و دەوروپشتى ئەخوێندەوەو , لێرەدا تەنها بەڵگەنامەیەک لە بەر دەستدایە جەخت لە سەر زیرەکى ئەکات, بەڵگەنامەکە نمرەکانییتى لە ئامادەیى : نمرەى دەرچوون { تخرج} ژمارەى بەڵگەنامە 468 , یاساو لاهوت 5, زمانى روسی و سلاڤى5 , عێلمى مەنتق 4, زمانى لاتینى 5 زمانى یۆنانى 5, ماتماتیک 5, میژوو 5 , جۆگرافیا 5 , فیزیا 5, زمانى ئەڵمانى 5 , زمانى فەرانساوى5 و, بە هۆى ئەو نمرە باشانەو لەو کاتەدا لێنین خەڵاتى وەرگرت و ئه‌و نمرانه‌ زیره‌كی و بلیمه‌تی لێنین ده‌رئه‌خه‌ن.
لێنین بەشداریکرد لە رێکخراوى قوتابیان لە قازان و, رێکخستنى خەڵک لە شارەکان و, بایەخدان بە دەرکردنى رۆژنامەیەکی رۆژانە و, رێنەمایکردنى کرێکاران و جوتیاران و زەحمەتکێشان و, بەرەنگاربوونە لە گەڵ تزارەکان , ئەوانە هەمووى نیشانەى بلیمەتى لێنینە و, ئەوانە هێزو ئێرادەو توانى سەرکردەى مەزن لێنین دەر ئەخەن.
تێبینى : بەرزترین نمرە بۆ هەر رشتەیەک 5 پێنجه‌.
هەرچەند لە سەر لێنین بنووسرێت کەمەو کۆتایى نایەت. ئەم سەرکردە مەزنە لە رۆژى 21/1/1924بە هۆى فیشەکێک بەر ملى کەوت کۆچى دوایى کرد. شکاوە بێت ئاڵاى سەرکرده‌ی پرۆلێتاریا لێنێن.
22/4/2020




سیخوڕ – دەق: د. چیا زەنگەنە … وەرگێڕانی: پشکۆ ناکام

                                                 

سیخوڕەکانی ئەم ووڵاتە
لە هەموو قوژبنێکان…
لە رۆژگارێکاین
دوور لە رۆژگاری ئینسان
نە ئارامی
نە حەیا و حورمەتمان
نە ژیان ، نە دڵنەوایی
نە باوێشک
نە لاوانەوە ، نە سەرخەوشکانن
سیخوڕەکان لە خۆمان
نزیک تر ، بە ئاگاترن
لە ژوورەوە
لە تەلەفزیۆنەکانمان
لە ناو ڕادیۆ
لە پشتی موەلیدەکان
لە ناو پولی دۆمینە
لەگەڵ پێڕی کۆنکەن
لە ئەلبوم
لەناو ڤایبەر و مەسجی مۆبایلەکانمان
لە چایخانە
لەسەر سفرەکانمان
لە ئاودەست…لەحەمام
لە سێبەری مەنارەکان
لە ناو سوخمەی مەمک
و
لە جانتای دەستی خانمەکان
هۆڵی کۆبونەوە..لە مایکی سیمینارەکان
فرۆکەخانە..لە راست و چەپ..
لە سەرو. و ژێرمان
سیخوڕەکان لە هەموو قوژبنێکان
بێ دەمامک ،،بێ لەچک
دراوسێمانن
لە پشتە پەردە نین، لەبەردەمانان
ئەنووسن ، سەیر ئەکەن ، دیسان ئەنووسنەوە
لە سواڵکەر و بۆیاخچی
و
مردۆکانیش ئەسڵەمینەوە
لە ژێر ڕیشەوە
لەناو عەمامە و چاخ
و
لەسەر مێزی خواردنەوە
لە باخچە و شیو و ماڵە شاییەکان..(1 )
ترسمان لە دیواریشە
پاڵی پێوە بەین
بەڵێ ..دونیا دونیای سیخوڕیی
و
سیخوڕەکانە
وەک هەوا بمانەوێ نەمانەوێ
وان لە دەوروپشتمان

بژی ئازادی دوای شۆڕش
بژی حیزب ، کارگەی بەرهەم هێنانی سیخوڕەکان

“””””””””””””””””””””””
(1)=ماڵە شاییەکە: لە ئێران بەو ماڵانە ئەووترا کە پیاوان
بۆ ڕابواردن هات و چۆیان ئەکردن……………….




کێشەى پەرەوەردەى فێرکارى لە هەرێمى کوردستان ڕەخنە و ئەلتەرناتیڤ … کاوە جەلال

بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە بە فۆرماتی پ د ف کلیکی ئێرەبکەن ……

پێشگۆتن

                                                                                  

 ئێمە سەرەتا لە پرسیارى پەروەردەى فێرکاریدا لە کوردستان دەکەوینە بەردەم پرسى "تێگەیى"، چونکە گەرچى ئێمە واژەکانى پەروەردە و فێرکارى وەک دوو تێگەى پەروەردەناسى (پێداگۆگیک) بەکاردەهێنین، لێ سەرەڕاى ئەوە بە وردبوونەوەى هزری لە کێشەى پەروەردە دەبینین، کە پەروەردە، وەک پێگەیاندنێکى مرۆڤخوازانەى تاکى فێرخواز، لە کوردستان نییە، بەڵکو ئەو شێوازە سەروەرە کە ئێمە ناوى دەنێین "خوێندنى ترادیسیۆنى".
 بۆ ڕوونکردنەوەى کێشەى فێربوون و فێرکارى هەوڵ دەدەین بە شێوەیەکى ڕەخنەیى بچینە نێو کێشەى خوێندنى ترادیسیۆنییەوە، لێرەشدا بە تاکە شێوازى وەرگرتنى زانستەکان دەگەین کە بریتییە لە "دەرخکردن". لێ لەبەر ئەوەى لە پرۆسەى وانەبێژیدا هەمیشە دوو تەوەرى مامۆستا و خوێندکارمان هەن، ئەوا هاوکات پێویست دەبێت لەنێو خەریکبوونە ڕەخنەییەکەدا خودى "مامۆستا" بپشکنین، لێرەشدا پرۆسەى سۆسیالیزاسیۆن (بەکەسکردن)ى تاک لەنێو کۆمەڵدا چاکترین دەرچەیە بۆ ئەوەی لێوەی هەنگاو بۆ نێو ئەم کێشەیە بنێین. وەرگرتنى ئەم هەڵوێستە گونجاوە، چونکە سۆسیالیزاسیۆن، کە سەرەتا لەنێو خێزاندا بەگەڕدەخرێت و پاشان، لەپاڵ خێزاندا، لەنێو دامەزراوە فەرمییەکانى وەک خوێندنگە و زانکۆ بەردەوامیى پێدەدرێت، تەنیا منداڵان و گەنجان ناگرێتەوە، بەڵکو، لە ڕووى سۆسیالپسیکۆلۆژییەوە کەسانى کامڵیش بەدرێژایى ژیانیان دەگرێتەوە. کەواتە مامۆستا خۆى بەنێو ئەم پرۆسەیەدا ڕەت بووە و هاوکات خۆى هێشتا لەنێویدا دەبینێتەوە. ئێمە لەم ڕێیەوە دەتوانین پەیوەندییە بەرەیى و ئاڵۆزێنراوەکەى، بەڵێ تەنانەت وشکهەڵهێنراوەکەى نێوان "مامۆستا" و "خوێندکار" بە چەشنێک هەڵبووەشێنینەوە، کە لە ڕەوتیدا مامۆستا بخەینەوە نێو ئەو دۆخە کە ئەو تێیدا جارێ خوێندکار بووە و لەسەر هەمان ڕێسای دەرخپێکردن "مت" کراوە.
 لێ بەبێ دانوستاندنى "زمانى کوردى" ناتوانین بە پوختى لە وەڵامى کێشەکانى خوێندن لە کوردستان نزیک بکەوینەوە. ئێمە لێرەدا دەکەوینە بەردەم بەدڕەوشێک: زمانى کوردى خۆى بووە بە بەربەست لە بەردەم فێربوون و ئاوەڵابوونى هۆشەکییانەى خوێندکاراندا، ئەمەش لە لایەک بۆ دواکەوتوویى زمانى کوردى دەگەڕێتەوە، واتا بۆ ئەو هەقیقەتە کە زمانى کوردى دەرەقەتى زانستەکان نایەت، لێ لە لایەکى دى بۆ شێواندنی زمانەکە لە لایەن زمانناسانى قەدیمییەوە دەگەڕێتەوە، کە لە ڕەوتى هزرینیاندا بە ئارەبى و کارکردنیاندا بە کوردى کەوتوونەتە سەر لێژییەکى زمانەوانى لە نێوان زمانى کرداریانەى/ڤێربیانەی ئارەبى و زمانى ناتورالیستیى کوردیدا، لێرەشدا لەبەر ئەوەى بەکوردى نەهزریون، ئەوا نەیان توانیوە واژە و تێگە زانستییەکان هەڵبهێنجن، بەڵکو بە دۆشداماوى بۆ "شتێک" گەڕاون تاکو بە کوردى بەرانبەر واژە ئارەبییەکە دایبنێن.
 لێ ئەم توێژینەوەیە، وەک چۆن ناونیشانەکەى ئاماژەى بۆ داوە، تەنیا ڕەخنەیى نییە، بەڵکو هاوکات ئەلتەرناتیڤێک لە ڕوانگەیەکى دیالێکتیکییانەى فێرکارییەوە دەهێنینە پێشەوە و لەژێر ناونیشانى "پەروەردەى فێرکاریى نوێ"دا دیاریى دەکەین. کاتێک بەخێوکردنى ترادیسیۆنى تەنیا کەسێتیى منداڵ (1) و هۆشى خوێندکار سست دەکات، ئەوا پەروەردەى نوێ هەوڵێکە بۆ پێگەیاندنى منداڵ (و گەنج) وەک مرۆڤ و فێرخواز، کە ئیدی بتوانێت خۆى بناسێت و هۆشى خۆى بۆ شکۆفەپێدانى نوێخوازى (فزوولییەت) ببزوێنێت. لەم ڕوانگەیەوە پەروەردە، بە پێچەوانەى بەخێوکردن و دەرخپێکردن، بریتییە لە ڕاهێنانى لایەنە مرۆڤی و هۆشەکییەکانى کەسى تاک. ڕاهێنانى مرۆڤى لەوەدایە، کە هەوڵ دەدرێت فێرخواز بە توانستە مرۆڤییەکانى خۆی بناسێنرێت؛ ڕاهێنانى هۆشەکى لەوەدایە، کە دامەزراوە فەرمییەکانى وەک خوێندنگە و پەیمانگە و زانکۆ، بابەتەکانى وانە و شێوازى وانەبێژى بە ئامانجى فێرکارییەوە ڕێکدەخەن.
 لەم نووسینەدا، بەگوێرەی پرسیارە بەبابەتکراوەکان، واژەکانى مامۆستا و فێرکار، خوێندکار و فێرخواز، خوێندنگە و فێرگە، بەکارهێنراون. ئەم بەکارهێنانە لە شێواویى هزر یان حەزى گەمەى زمانەوانییەوە نەهاتووە، بەڵکو واژەکان لە  جێى بە خۆ تایبەتى نووسینەکەدا دەردەکەون و ئەمەش بە واتاى ئەوان توخمى خەریکبوونە ڕەخنەییەکە پێکدەهێنن.


      1- خوێندنى ترادیسیۆنى، یان: بەخێوکردن و دەرخپێکردن


 بۆ ئەوەى لە کێشەى خوێندنى ترادیسیۆنى نزیک بکەوینەوە، چاک دەکەین کە سەرەتا ڕوو بکەینە پرۆسەى سۆسیالیزاسیۆن (بەکەسکردن)، واتا پرۆسەى خۆشەکردنى منداڵ بەو مەبەستە کە لە سەرەنجامدا ببێت بە ئەندامێکى چالاکى کۆمەڵایەتى، ئەوجا وەک ئەم کەسە چالاکە بتوانێت نۆرم (پێوارە) و بەها کۆمەڵایەتییەکان بە ویستى ئازادى خۆى بەرهەمبهێنێتەوە (2). لە بنەڕەتدا چەقی گۆڕانى کەسێتیى منداڵ هەمیشە لەنێو ئەو پرۆسەیەى سۆسیالیزاسیۆندایە، کە سەرەتا لەنێو خێزاندا دێتەگۆڕێ، لێرەشدا بەندین بە جیهانبینیى دایک و باوک و شێوازى بەخێوکردنیان، کە پێکەوە کاریگەریى دەروونی لەسەر منداڵ دەنوێنن. کاتێک دایک و باوک لە ڕوانگەى هزر و تێڕوانینى جیهانییانەوە هەوڵ دەدەن منداڵەکەیان بکەن بە ئەندامێکى چالاکى کۆمەڵ، ئیدی لەو ڕەوتەدا جیهانبینیی خۆیان بەو ڕێیەوە بە منداڵ دەگەیەنن. هەروەها لە جیهانبینیى تایبەتى دایک و باوکەوە شێوازەکانى سۆسیالیزاسیۆن دەکەونەوە: خێزانێکى کراوە یان هەیەپارێز (کۆنزەرڤاتیڤ)، جا دەوڵەمەند بێت یان هەژار، شاریى بێت یان گوندى، لە هەبوونى خۆیەوە رۆڵێک دەنوێنێت و شێوازى خۆشەکردنى منداڵ بەردەخات، لێرەشەوە کاریگەر دەبێت لەسەر جۆرى چێبوونى ئەو تاکەکەسە کە لە داهاتوودا وەک کردارنوێنێکى کۆمەڵایەتى دەردەکەوێت.
  لێ سۆسیالیزاسیۆنى منداڵ کە سەرەتا لەنێو خێزاندا بەردەخرێت، لە تەمەنێکى تایبەتیى منداڵەوە لە لایەن دامەزراوەى فەرمیى دەوڵەتیشەوە، واتا باخچەی منداڵان و خوێندنگەکانەوە، لە ئەستۆ دەگیرێت. لە نێو ئەم پرۆسەیەى سۆسیالیزاسیۆندا نەک تەنیا منداڵ، بەڵکو هاوکات کەسى سۆسیالیزەکار هەیە، واتا مامۆستا، کە ئەویش خۆی سەرەتا بەنێو پرۆسەیەکى سۆسیالیزاسیۆندا ڕەت بووە. لێ پرۆسەکە سەربارى جیاوازیى نەوەیى "نزیکەى" هاوشێوەیە، چونکە لە کۆمەڵى هەیەپارێزی کوردیدا دەرفەتى "گۆڕان"ى کەسى نییە، بەڵکو لەم کۆمەڵەدا کەسێتیى سۆسیۆکولتوورى هەتا ڕادەى شیان بەرهەم دەهێنرێتەوە(3). بۆیە بەردەوام ئەو کێشە کرۆکیانە لە بەردەمماندان، کە لە کاتى دامەزراندنى دەوڵەتى عێراقەوە لە ئارادا بوون: خۆشەکردن بۆ بەرهەمهێنانەوە، یان دانانی قۆناغبڕینى خوێندنگەیى وەک پێشکەوتنى خوێندکار ئەوجا لە کۆتاییدا گەیشتن بە "بڕوانامەیەک"، کە دەشێت بڕوانامە بێت وەک "مۆڵەتى کارکردنى مامۆستایى".
 لەم ڕوانگەیەوە ئێمە تێکچڕینێکمان هەیە لە نێوان کەسێتیى ترادیسیۆنى لە لایەک، شێوازى وانەبێژى و ڕێکخستنى بابەتەکانى وانە لە لایەکى دى. لە سەرهەڵدانى کەسێتیى ترادیسیۆنیدا لە لایەک تێگە ئەزەلییەکانى ئایین خۆنوێنن، واتا تێگەکانى "گەورە" و "بچووکى"، "ئەجرى دایک و باوک"، "کەس وەک کەرتێکى گرووپ"، و هتد؛ لێ لە لایەکى دى وانەبێژى و دانانى بابەتەکانى وانە دەڕژێنە نێو تەوەرى کەسێتیى ترادیسیۆنییەوە، چونکە ئەوە کەسى خۆشەکراوە، کە وەک مامۆستا (یان پسپۆر) نەک تەنیا خەریکی وانەبێژییە، بەڵکو هەروەها بابەتەکانى وانە هەڵدەبژێرێت و دەیان نووسێت، ئەوجا دەوڵەت بەسەر خوێندکارانى خوێندنگەکانیدا دەبەشێتەوە. ئەم کەسێتییە، کە بەهۆى خۆشەکراوییە ترادیسیۆنییەکەیەوە ئاسۆیەکى سنووردارى هەیە، تەنیا ئەو شتەى پێ دیارى دەکرێت و هاوکات دەخوازێت تەنیا ئەو شتە بە نووسین دیارى بکات، کە لەنێو مەوداى ئاسۆی خۆیدایە. گرنگترین کێشەى ئەم کەسێتییە بریتییە لە نەبوونى ئاگاییەکى ڕەخنەیى لەبارەی ڕابوردووى کۆمەڵایەتی و ژینگە سەردەمییەکەى، بۆیە دانانى بابەتەکانى وانە یان یەکلایەنى و کەلێندارە (بەتایبەتى لە وانە هۆشەکییەکانى وەک مێژوو و کۆمەڵناسى و هتد)، یان لەو بابەتانەدا هزرینى ئیسلامى-خۆرهەڵاتی بەرجەستە دەبێت، واتا دانانی بابەتەکانی وانە بەزۆریى ڕێکخستنەوەى ئەو زانستانەیە کە لە وڵاتانى خۆرئاوادا سەریانهەڵداوە. پاشان ئەم بابەتانە کە لە کتێبدا ڕێکخراون، بۆ کوردى وەردەگێڕرێن. بێگومان ئەو کتێبە خوێندنگەییانەش کە "مامۆستایانى یان پسپۆرانى شارەزاى" کورد دەیاننووسن، لەنێو هەمان شێوازى هزریندان، هێندە نەبێت کە نووسراوە ئارەبییەکان داڕشتنێکى زمانەوانیانەى پوخت و ڕەوانیان هەیە، لێ لە نووسراوە کوردییەکاندا بەدەگمەن پوختیى داڕشتن و لۆگیک دەردەکەوێت، جگە لەوە نەک تەنیا پڕن لە هەڵەى ڕێزمانى، بەڵکو تەنانەت پڕن لە هەڵەى تایپ، ئەوجا بەو هەموو هەڵەیەوە دەدرێن بە خوێندکاران.
 لێ ئەوە هەروەها کەسێتیى ترادیسیۆنییە، کە وەک "هەڵگر"ى وانەبێژى چالاک دەبێت. لێ ئەم کەسێتییە بەزۆریی لە ڕێژەدا بە پیشەی دیکەوە، وەک ئەندازیاری و پزیشکی، یان فەڕاشی و دوکانداری و پینەچێتی و هتد، پیشەکەی دەنرخێنێت، واتا ئەو زۆر دەشێت خواستى پێگەیەکى باڵاترى وەک ئەندازیارى یان پزیشکیى هەبوو بێت، لێ بەهۆى ئاستی کۆنمرەوە نەیتوانی بێت پێى بگات و پاشان بەناچارى پێگەى مامۆستایەتیى هەڵبژاردبێت. بێگومان ئێمە ناتوانین نکۆڵى لە بەهای ئۆبژێکتیڤیانەی پێگە سۆسیالەکان بکەین کە هەردەم لە لایەنی خۆیانەوە ڕێزی کۆمەڵایەتی و ناساندن بۆ پێگەداران مسۆگەر دەکەن، لێ گەر ئاستگەرایانە هەوڵ بۆ بەدیهێنانی ئەو پێگە سۆسیالانە بدرێت، ئەوسا زۆر دەشێت وانەبێژی وەک ئەرکێکی چێژبەخش و ئەخلاقی و گوزەران دابینکەر واتای لاوەکی وەربگرێت یان تەنانەت وەرینەگرێت. ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستان هەردوو ڕەوش لەگۆڕێن: دەشێت لە ڕووی سوننەتییەوە هێشتا کارا بێت، لێ هەروەها زۆرتر دەشێت ئەنجامدانێکی ناچارەکی و یەکجار رواڵەتییانە بێت، بۆ نموونە لەو شێوەیەدا کە زۆر مامۆستای زانکۆ یەک وانەیان لە ساڵێکی خوێندندا بە یەک تاکە "مەلزەمە"ی پازدە تا بیستوپێنج لاپەڕەیی "بەڕێدەکەن". بە گشتی مۆرکی ئەم کارە ترادیسیۆنییەی مامۆستایەتی ئەوەیە، کە کەسێتییەکە  (لە زانکۆ یان پەیمانگەى مامۆستایان) هەمیشە وەک بەرهەمهێنەرەوەی بابەتەکانى "وانە" هەوڵى گەیشتن بە مەبەستەکەى دەدات، کە وەک گۆتمان سەندنى پێگەى مامۆستایەتى و ناساندنی کۆمەڵایەتییە. مامۆستا خۆى وەک "پیشەدار"ێک (خاوەنى میهنەیەک) دەبینێت، لێ بە جیاوازییەکەوە لە پیشەگەرى دەستی، کە ئەو بە کارى سەر و دەست بەرهەم ناخاتەوە، بەڵکو تەنیا بابەتە نووسراوەکان بە خوێندکاران دەگەیەنێت و دەوڵەتیش بۆ ئەم کارەى مووچەى بڕیوەتەوە (4).
 بەرهەمهێنانەوەى ئەم شێوازە خوێندنگەییە هاوکات بەوەدا ڕوون دەبێتەوە، کە خوێندکار نەک فێربوون، بەڵکو دەرچوون لە تاقیکردنەوەدا بە پێشکەوتن دادەنێت، بۆیە ئەو خۆی تەنیا یان بەزۆرى بۆ تاقیکردنەوەکان هیلاک دەکات، ئەوەش نەک لەسەر بناغەى تێگەیشتن لە بابەتەکان، بەڵکو لەسەر بناغەى ئەو تاکە شێوازە کە مامۆستا دەیناسێت و ئەوى پێناساندووە: دەرخکردن. مامۆستا ئەو کەسە دروست دەکات، کە گەرەکە لایەنى کەم لە کاتى خانەنشینبوونى خۆیدا جێى بگرێتەوە.

1-1 بەخێوکردن بۆ “خوێندن”

ئێمە لە کوردیدا واژەى بەخێوکردن چە بۆ مرۆڤى منداڵ و چە بۆ باڵندە، بۆ نموونە مریشک، بەکاردەهێنین. بەخێوکردن بەزۆریى هەوڵدانى کامڵەکانە بۆ تێرکردن و پاراستن لە سەرما یان گەرما، هەروەها، پەیوەست بە منداڵەوە، هەوڵى پاراستنە لە کارەساتەکانى ژیان. لێ بەخێوکردن لە هەردوو ڕەوشدا بە مەبەستى بەرهەمخستنەوە ئەنجام دەدرێت: بەخێوکردن لە حاڵەتى مریشکدا بۆ مەبەستى هێلکەکەى یان گۆشتەکەیەتى، لە حاڵەتى مرۆڤى منداڵدا، وەک خۆشەکردنێکى ترادیسیۆنى، بریتییە لە لاساییکردنەوە و بەرهەمهێنانەوەى ئەو پێوارە (نۆرم) و بەهایانە کە لاى خێزان و کۆمەڵگەى هەیەپارێز سەروەرن. بەخێوکاران هەوڵ دەدەن بەو ڕێیەوە پێوارە و بەهاکانیان، خوو و نەریتەکانیان، بپارێزن. لێ لەبەر ئەوەى پێوارە و بەهاکان، خوو و نەریتەکان، سوننەگەرایانە پێناسە کراون و وەک ڕێنومای نەشیاوی پرسیارلێکردن دانراون، ئەوا کەسى تاک ناچار دەکرێت خۆى بخاتە ژێر ڕکێفیانەوە، تاکو ئەوەى لێ دەربچێت کە بەخێوکەران دەیخوازن: کوڕێکى یان کچێکى پاشپاتکەرەوەى ئەو بەها و خو و نەریتانە کە کۆمەڵى هەیەپارێز لە پێناوى پاراستنى ئاشتى و ئاسایشى کۆمەڵایەتیدا ڕایاندەگرێت (5). 
 لەم جیهانبینییەوە نەک تەنیا بابەتەکانى خوێندن دادەنرێن، بەڵکو هەروەها پێناسەى کارە زانستییەکان دەکرێن، ئەمەش بە چەشنێک، کە ئیدی هەروەک زانست بریتى بێت لە وشەى ڕیزکراوى نێو ڕستە، ڕستەکانیش بوونێکى ڕەهای ئۆبژێکتیڤییان هەبێت و ئەو زانستە نەشیاوى پرسیارلێکردن بێت، مرۆڤیش تەنیا بتوانێت بەهۆى ڕەهایەتییەکەى زانستەوە رواڵەتییانە وەرى بگرێت. لەم ڕوانگەیەوە بەخێوکردن لە بوارى دامەزراوەییدا (خوێندنگە) بە چەشنێکە، کە کوڕان و کچان وەک خوێندکار دادەنرێن و بەزۆر خۆشە دەکرێن بۆ ئەو شتانە کتومت بدەنەوە کە مامۆستایانى بەخێوکەر وەک وانەی نەشیاوى پرسیارلێکردن دەیانخزێننە هۆشیانەوە، پاشان لە تاقیکردنەوەکاندا بڕى وانە خزێنراوەکان بۆ نێو هۆش دەپشکنن. کەواتە تێگەى خوێندن بەڕێکەوت نییە و ئاماژە بۆ شێوازێکى تایبەتیى هزرین دەدات. خوێندن، کە بۆ مەل یان مەلاى قورئانخوێن و خوێندکار بەکاردەهێنرێت، دانەوەى کتومتى ئەو بابەتەیە کە وەک بنەمایەکى نەشیاوى پرسیارلێکردن دانراوە.
 ئێمە لەم شێوازە باوەى بەخێوکردندا تێگەى "دەرخ" یان "حیفز"مان هەیە و بناغەکەى بۆ ئایین دەگەڕێتەوە (6). لێ گەرەکە ئەم کێشەیە لە دوو ڕووەوە دیارى بکەین: یەکەمیان لە ڕووى ئایینییەوە، کە بابەتى ئەم نووسینەى ئێرە نییە، دووەم لە ڕووى مۆدێلى خوێندنەوە. شێوازى دەرخکردنى بابەتە نووسراوەکان تاکە مۆدێلى خوێندنە لە خوێندنگەکاندا. لێ بۆ ئەوەى لەم کێشە توخمییەى خوێندن نزیک بکەوینەوە، دەبێت بپرسین، کە چۆن و لەکوێوە بووە بە مۆدێلى خوێندن.
 ئێمە لە سەرەوە لەتەک کێشەى سۆسیالیزاسیۆنى نەوەییدا، واتا هینى مامۆستا و خوێندکاردا، خەریک بووین. لەم ڕوانگەیەوە پێویستە بەرەو پاش بگەڕێینەوە بۆ کاتەکانى دامەزراندنى دەوڵەتى عێراق لە لایەن بەریتانیاوە. ئێمە لێرەدا لە لایەک بڕینێکى قۆناغیمان لە شێوازى خوێندنى ئیسلامى بەگشتى و عوسمانى بەتایبەتى هەیە، لێ هاوکات درێژەپێدانى هەمان مۆدێلى خوێندنى خوێندنگەیى دەبینین. بۆ پتر نزیککەوتنەوە لەم کێشەیە دەبێت سەرەتا جەخت لەو هەقیقەتە بکەین، کە دەوڵەتى عێراق دامەزراوى دانیشتوانەکەى ئەمڕۆى نەبوو، بەڵکو زلهێزێکى مۆدێرنى دەرەکى دایمەزراند، کە نەک تەنیا سیستەمە سیاسییەکەى خۆی، بەڵکو سیستەمى فێرکارییەکەى خۆیشى بە زانستە مۆدێرنەکانەوە، وەک سەروێنە / نموونە بۆ دانا و ئەوجا سەپاندى. کەواتە پێویست بوو خوێندنگەى نوێ بۆ منداڵانى هاوڵاتیانى ئەم دەوڵەتە نوێیە بکرێنەوە. لە سەردەمى دەسەڵاتداریى عوسمانیدا ژمارەى خوێندنگەکان زۆر کەم بوو، هەروەها لەو خوێندنگانەدا تەنیا منداڵانى ئەفەندى و فەرمانبەرانى حکومەت دەیانخوێند (7). گەر بەگشتى بڕوانین، ئەوا دەبینین کە مامۆستابوون تایبەتمەندیى ئەو کەسانە بوو کە وەک شاگردى ئایینى لەسەر بنەماى دەرخکردن پێگەیشتبوون و پاشان پێگەى مامۆستاى ئایینییان سەندبوو. کەواتە لە کوردستان لەپاڵ خوێندنگەی ئوسمانیدا، "بەتایبەتى" ترادیسیۆنێکى خوێندنگەیى ئایینى لە حوجرە و خانەقاکاندا سەروەر بوو، کە پاشان، لە ڕووى وەرگرتنى شێوازى بابەتەکانى فێربوونەوە، سووک و ئاسان لەنێو خوێندنگەى فەرمیى نوێدا درێژەى پێدرایەوە. لە هەردوو ڕووەوە، چە لە وەرگرتنى تێکستە ئایینییەکان و چە لە وانە خوێندنگەییەکاندا، "دەرخکردن"، "دەرخپێکردن" و "حیفزکردن" (یان بە زمانى گشتیى خەڵک: "لەبەرکردن")، کە سێ وشەى جیاوازن بۆ یەک تێگە، بریتى بوون لە شێوازى "بڕینى" پلە دانراوەکانى خوێندن – "بڕین" نەک پێگەیشتن. ئەم شێوازە سەروەرە خوێندنگەییە هەتا ئەمڕۆ لە لایەن مامۆستایانەوە پارێزراوە و نەوە بەدووى نەوەدا بەرهەمى دەهێننەوە.
 ئێمە لە پرۆسەى دەرخکردندا دوو تەوەرمان هەیە: یەکەم، نووسراوى سەر کاغەز، کە ڕەهایەتیی پێدەدرێت، دووەم، خوێنەرەوەى چەندپاتکەرەوە. لێ کێشە کرۆکییەکەى ئەم ئەم دوو تەوەرە لەوەدایە کە ئەوە خوێنەرەوەیە ڕەهایەتى بە نووسراوى سەر کاغەز دەدات (لە ڕووى خوێندنەوە گەرەکە پێى بدات!)، واتا خوێنەرەوە بکەرێکى هەمەلایەنى و ساغکەرەوە نییە، بەڵکو بەندەیەکە و خۆى دەخاتە ژێر ڕکێفى نووسراوەکەوە: چۆن پیاوى ئایین لە ناخەوە لە بەردەم قورئاندا دەچەمێتەوە و هێدى هێدى ئەو بابەتە، کە ئەو نەشیاوە بتوانێت بیخاتە ژێر پرسیارەوە، دەخزێنێتە نێو هۆشى خۆیەوە و دەرخى دەکات، بە هەمان شێوە خوێندکارى خوێندنگە مامەڵە لەتەک نووسراوە دانراوەکانى بەردەمیدا دەکات. خوێندکار لێرەدا کەسێکە، کە هەر نووسراوێک وەک وشەى تۆمارکراو، واتا لە ڕووى فیزیکییەوە بەدەر لە ڕووە سایکۆلۆژییەکەى(8)، دادەنێت: دەیکات بە "شت"، ئەوجا ئەرکى خۆى لە دەرخکردنیدا دەبینێتەوە، پرۆسەکەش بە چەشنێکە، کە خوێندکار ڕستە بەدووى ڕستەدا، ئەوجا لە سەرەتاوە و لەتەک ڕستەیەکى پاش ئەواندا و هتد، ئەو شتە تۆمارکراوەى سەر کاغەز چەندپات دەکاتەوە و لەنێو هۆشى خۆیدا بەرجەستەى دەکات، لێرەشدا دەبێت هۆشى لە لاى بێت، تاکو ئەو بابەتە لە ئاگایی ئەو دەرنەچێت و لەبیرى بچێتەوە، لێ ئەمەى هەموو کات پێبەدینایەت، بۆیە، بەتایبەتى لە ساتەکانى پێش تاقیکردنەوەدا، نووسراوەکە بە پەشۆکاوى دەخوێنێتەوە، تاکو بەو ڕێیەوە هیچ نەبێت بتوانێت بڕێکى ڕستە بەرجەستێنراوەکانى نێو هۆشى هەتا کاتى تاقیکردنەوەکە لەنێو زاکیرەیدا ڕابگرێت، کە ڕەنگە (!) بۆى ببێت بە بەردەبازى پەڕینەوە بۆ قۆناغێکى باڵاترى خوێندن. 
 لەم ڕوانگەیەوە ئێمە فێرخوازمان نییە، واتا کەسێک کە خوازیارى فێربوونە، بەڵکو خوێندکارمان هەیە، کە لەبەر ئەوەى نووسراوى نێو کتێبەکان وەک وشەى تۆمارکراو دادەنێت و ئەرکى خۆى لە دەرخکردنیاندا دەبینێت، ئەوا ڕەخنەییانە ناکەوێتە پرسیار لەبارەى ناوەرۆکى بابەتە نووسراوەکان، یان لەبارەى ڕووە سایکۆلۆژییەکەى وشەى نووسراو. خوێندکار ناتوانێت هزرینێکى بەم چەشنە بەربخات، چونکە لە سەرەتاوە فێرنەکراوە. خوێندکار ئەوەى لەبیر براوەتەوە، کە وشەى تۆمارکراو لە پیت پێکدێت و پیت هێماى "دەنگ"ـە، واتا هێمای ئەو دەنگانەیە کە ئەو خۆى وەک منداڵ دەریبڕیون و سەرەتا بۆ ئەو واتایان هەبووە. هەر بۆیە ئەو نە ڕێزى بۆ دەربڕینى خۆى هەیە و نە دەتوانێت لە دەربڕینى کەسانى دی وردبێتەوە؛ بەڵێ ئەو تەنیا وەک کوڕێک یان کچێک سووک و ئاسان دەدوێت: بە هەولێرى، سلێمانى، دهۆکى، هەڵەبجەیى یان پشدەرى و هتد. ئەو گەر تەنانەت لە ئایندەدا، لە پلەیەکى باڵاى خوێندندا، هەڵوێستێکى توێژەریانە وەربگرێت، ئەوا لەسەر ڕێسای هەمان ترادیسیۆن، کە ڕێسای ڕەهایەتیدانە بە بابەتە نووسراوەکان، دەکەوێتە "نووسینى بەحسەکەى" (9)؛ لێ ئەم کارە هەمیشە کورتهێنە، چونکە ڕەهایەتى بە بابەتەکانى دەدات، کە بێگومان هەڵوێستێکی چەوتە، چونکە نەشیاوە ئەو بابەتانە ڕەها بن، بەڵکو هەمیشە پەیوەندیدارن و بناغەى ئاڵۆز و هەمەلایەنى و تا ڕادەیەک نادیاریان هەیە، کە خوێندکار دەبێت بییان دۆزێتەوە و ئەوجا لێیان بکۆڵێتەوە. لێ ئەو هەرگیز ناتوانێت خۆى وەک کەسێتییەکى لێتوێژەرەوە هێمن بکاتەوە و ببێت بە بکەرێکى هەمەلایەنى، لێرەشدا هەر وشەیەک لە ڕووى جیاوازەوە بگرێت، ئەوجا ڕستە بەدووى ڕستەدا بکەوێتە دانوستاندنى ناوەرۆکى ڕستەکانى، یان بڕگەئاسا بابەتەکان وەربگرێت و کرۆکەکانیان بە شێوەیەکى ڕەخنەیى بپشکنێت، لێرەشەوە پرسیار هەڵبهێنجێت و پرسیارەکان ئاڕاستەى بابەتە نووسراوەکە و خودى خۆى بکاتەوە، پاشان بییان کات بە بابەتى دانوستاندن لەتەک "مامۆستا"دا. لێ گەر لەم لایەنەدا ڕەوشی شاز هەبێت و فێرخواز لەبریى خوێندکار کاریگەر بێت یان بکەرێکى زانستى لە زانکۆ دەربکەوێت، ئەوا ئەو هێشتا هەر ناوێرێت ڕێگەى فێربوونى خۆیى ئاوەڵا بکات، چونکە دەترسێت کە مامۆستا بیشکێنێت یان کینى لێ هەڵبگرێت و "دەرى نەچێنێت". جەنابى مامۆستا خۆى لەسەر شێوازى دەرخپێکردن بەخێوکراوە و ئامادە نییە بە هیچ شێوەیەک لە ڕێگەى ترادیسیۆنیى خوێندنگەیى لا بدات.
 لەنێو هەمان شێوازى خوێندنەوە مامۆستایانى نوێ "دێنە ئاراوە". ئەوان تەنیا دەتوانن ئەو بابەتانە بە خوێندکاران بگەیەنن، کە لە "پەیمانگەى مامۆستایان" یان لە "کۆلێژى پەروەردەى زانکۆکان"دا وەک بابەت وەریان گرتوون، بەبێ ئەوەى هەرگیز بتوانن کەرەسەی وانە وەک کێشەی فێربوون ئاوەڵا بکەن. هۆیەکى ئەمە لەوەدایە، کە مامۆستایان خۆشەویستییان بۆ "پەیڤ" و هۆشى ئاوەڵاکراوى نێو تێکست نییە، بەڵکو مامۆستایەتى وەک پیشەیەکى مووچەمسۆگەر دەبینن، کە بەڕێیەوە پێگەیەکى کۆمەڵایەتییان بردۆتەوە. بۆیە ئەوان تەنیا بەو بابەتانە کار دەکەن، کە وەک بابەتى وانە تەرخان کراون – ئەمە لە بنەڕەتدا پێناسەى تێگەى مامۆستایە. ئەو وەک پیشەگەرێک، کە مووچەیەکى مسۆگەرى هەیە، کارێک ئەنجام دەدات کە کۆمەڵایەتییانە دیارى کراوە و ئەویش خۆى وەک کەسێکى سۆسیۆکولتوورى پێى ڕەزامەندە، هەر بۆیە ئاسۆى زانینی سنووردارە و ناتوانێت لە خۆی وەک فێرکار تێبگات، ئەوجا ببینێت کە ئەو وەک ئەم فێرکارە کەوتۆتە بەردەم زەروورەى فێرخوازیى خودى خۆی. مامۆستا بابەتەکانى وانە لە ڕەهایەتییاندا، وەک شت، بە خوێندکاران دەگەیەنێت و هاوکات داواى بۆگەڕاندنەوەى ئەو بابەتە ڕەهایانەیان لێ دەکات.

1-2 خۆشەکردنى ترادیسیۆنى و زمان

 ئەرکى مامۆستا لە خۆشەکردنى ترادیسیۆنیدا گەیاندنى زانستە وەرگیراوەکانە، لەم ڕەوتەشدا خوێندکاران ناچار دەکات ئەو بابەتە گەیەنراوانە بخوێنن. ئێمە لێرەدا نەک تەنیا کەسێتییە سۆسیۆکولتوورییەکەى مامۆستا و درێژەپێدانى شێوازى دەرخپێکردنمان هەیە، بەڵکو هەروەها، لە ڕووى جوانناسییەوە، "بێسەلیقەیى" مامۆستا بەرانبەر خۆدەربڕین و ئەو بابەتانە دەبینین کە بە وشە لەسەر کاغەز داڕێژراون. مامۆستا تەنیا وەک کەسێکى ئاسایى نێو پەیوەندییە سەرجەمییە کۆمەڵایەتییەکان کردار دەنوێنێت، بەبێ ئەوەی لەم پەیوەندییەشدا هەرگیز مۆرک و دیالێکتە ناوچەییەکەى خۆی لەدەست بدات. ئێمە لێرەدا لەنێو توخمیترین کێشەى خوێندنى خوێندنگەییداین، لێرەشدا ئیدی بەتەواوى ئەو هەقیقەتەمان بۆ ساغ دەبێتەوە، کە کارى مامۆستایەتى، بەڵى، لە سەرووى ئەمەشەوە، نووسینەوەى زانستە جیاوازەکان لەسەر کاغەز، جا ئەوە وەرگێڕانى پلانە خوێندنگەییە ئەرەبییەکان یان دانانى کتێبەکان بێت بە کوردى، تەنیا ئەنجامدانى ڕاسپاردەیەک یان "پیشەیەک"ـە، نەک بەجێگەیاندنی پرۆژەیەکی فێرکاری کە کتێبدانەران بە وردی لێی هزریبێتن و بە ئەوپەڕی پەرۆشەوە بەجێیانگەیاندبێت. ئاخر لەم ڕەوشەدا بەڕوونى خویا دەبێت، کە پسپۆرانى کتێبدانەر یان کتێبئامادەکەر و مامۆستایان کەمترین چێژیان بۆ "پەیڤ" و هێماکانى پەیڤ، بۆ وشە و ڕستەى تۆمارکراو نییە، ئەمەش لە بنەڕەتدا "هۆیەکى" سەرەکییەکە بۆ ئەوە کە بۆچى کێشە توخمییەکانى زمانى کوردى تا ئەمڕۆ چارەسەر نەکراون. ئاخر گەر بەلاى مامۆستایانى زمانەوە، یان بەگشتى بەلای سەرجەم مامۆستایانى بەشە زانستییە جیاوازەکانەوە، ئەم کێشە توخمییە هیچ واتایەکى نەبێت، ئەویش چونکە نەکەوتوونەتە نەسازییەکەوە لە نێوان داواکارییە هۆشەکى-زمانەوانییەکانى خۆیان و "کوردیى تۆمارکراو"دا، ئەوا لای ئەوان هیچ ئاگاییەک بۆ ئەم کێشەیە و سەرەنجامەکانى سەرهەڵنادات.
 ئەم بەدڕەوشە زمانییە لە خوێندندا بە شێوەیەک کەوتۆتەوە، کە "زمانى کوردى" خۆى بووە بە کێشە بەربەستییەکەى خوێندن و ئاوەڵابوونى هۆشى زانستیانەى خوێندکاران. بۆ ڕوونکردنەوەى ئەم کێشەیە پێویستە لە دوو ڕەوش بڕوانین: یەکەم، "کوردى" زمانێکى دواکەوتووە (10)، دووەم، "کوردى" زمانێکى شێواوە، یان ڕاستتر ببێژین، زمانێکى شێوێنراوە.
  یەکەم، دواکەوتوویى زمانى کوردى لەوەدایە کە ئەم زمانە "بەدەگمەن" دەسوێژى هزرینى مامۆستایان (ى قەدیمى و قەدیمیى ئەمڕۆ) بووە، بەڵکو ئەوان بە ئارەبى، کە زمانێکى دەوڵەمەند و بەگشتى بابەتهەنگێوەرە، هزریون، ئەوجا لە "هەستى نەتەوەییەوە" هەندێک کارى هۆشەکییان بە کوردى ئەنجام داوە، لێ لەبەر ئەوەى هزرینەکەیان کوردى نەبووە کە لە ڕەوتیدا واژە و تێگەکان هەڵبهێنجن و بەمەش بەرجەستەیان بکەن، ئەوا لە ڕەوتى داڕشتندا بە کوردى کەوتوونەتە سەر لێژییەکى زمانەوانى لە ئارەبییەوە بۆ کوردى، کە ئیدی سادەیی زمانی کوردی بۆ ئەوانی پاشپاتکەرەوە بووە بە ئاستەنگ و نەیهێشتووە تێگەیەکى بە ئارەبى چەسپێنراو لە هەمان مەغزاى قووڵدا بەکوردى بدەنەوە.
 بێگومان ڕاستە، کە ئەم لێژییە تەنیا هزرى نییە، واتا تەنیا کێشەیەکى مامۆستای قەدیمى نەبووە، بەڵکو هاوکات لەنێو خودى زمانەکانەوە دراوە. لە لایەک زمانى ئارەبى وەک زمانێکى "هۆشەکى" کە لە کرداری (ڤێربی) ڕابوردووەوە وشە دەسازێنێت، لە لایەکی دی زمانى کوردى وەک زمانێکى "ناتورالیستى" کە بەزۆریی لە دەرککردنەوە وشە دەسازێنێت، زۆر کەم شیاوی ئەوەن بخرێنە پەیوەندیی زمانەوانییەوە، کەواتە زمانی ئارەبی بەم مۆرکە دیاریکراوەیەوە ناتوانێت ببێت بە زمانی ستاندارت بۆ شکۆفەی زانستییانەی زمانی کوردی، بەڵکو لەو نەگونجاوییە زمانەوانییە ناوبراوەدا زمانی کوردی وەک لاساییکەرەوەی زمانی ئارەبی کارا دەکرێت. ئاخر ئاشکرایە ئەو هزرە کە دەتوانێت لە "فهم"ـەوە "مفهوم" بباتەوە، گەرەکە مرۆڤ زمانفەلسەفەیی لێی تێبگات، نەک وەک هۆزانڤان و مامۆستای کورد لە بەردەم "فهم"دا دۆش دابمێنێت، ئەوجا بە چاوی زەقەوە لە دەرەوە بڕوانێت و لە چمکى کراسى ژنانەوە "چەمک" وەربگرێت!! بەڵگەیەکى دیکە بۆ کارانەبوونى ئاوەز لە هەڵهێنجانى واژە زانستییەکاندا بریتییە لە واژەى "بیرکارى"، کە بۆ ماتماتیک دانراوە. گەر ئاوەز لەم ڕەوشەدا کارى بکردایە، ئەوا یەکسەر دەیزانى کە هەموو کارێکى هزرى، جا فیزیکى بێت یان پزیشکى، ماتماتیکى بێت یان فەلسەفەیى و هتد، بیرکارییە، لێرەشەوە ئیدی ئەو دەرەنجامە دەکەوتەوە، کە بیرکارى ماتماتیک نییە.
 بەڵگەکان زۆرن بۆ کارانەبوونی ئاوەز لە وشەسازی یان وشەداتاشیندا. بۆ نموونە قەدیمییەکان نەیاندەزانى "نوقتە" چییە؛ ئاخر گەر ئەوەیان بزانیایە، واتا متماتیکییانە بهزرینایە، ئەوسا هەرگیز پێیان نەدەکرا واتاکەى لە "خاڵ"ى سەر ڕوخساردا ببیننەوە کە "شت"ێکی دیارە بە ڕوخسارەوە و مرۆ بە چاو دەرکی دەکات. یان ئەقڵیەتی ئەوان هەر ئەوەندە بڕى دەکرد، کە "مناخ" (کلیما) بۆ "ئاو و هەوا"، "اخبار" بۆ "دەنگ و باس"، "شهرە" بۆ "ناو-بانگ"، "ئیمتحان" بۆ "ئەزموون"، و هتد وەربگێڕن. لێ ئەمە هەمان ئەو ئەقڵییەتەیە، کە بەلایەوە ئاساییە ببێژێت: دەم-و-چاو (نەک ڕوخسار)، زگ-پڕ، گۆڕە-پان، ئاو-دەست-خانە، کشت-و-کاڵ (لەبریى کشتیارى)، گەشت-و-گوزار (لەبریى گەشتیارى)، زانکۆ (نەک زانستگە)، "قاوەخانەی قۆری و پیاڵەکە" (کە ناوی "نالی"یە). پاشان ئەم ئەقڵییەتە لە سەرەتاى "هەشتاکان" بەدوواوە پتر دازنا، کە ئیدی مرۆڤ لە شارەکانیشدا ئەوهای لێهات کە وشەى "نێرەکەر" بۆ پیاوى ئازا بەکاربهێنێت، هەروەها چیدى جگەرە نەکێشێت و ئاو نەخواتەوە، بنێشت نەجوێت و حەب قووت نەدات، بەڵکو "هەمویان" بە هەمان شێوەى نان بخوات!
 هۆیەکى دیکە بۆ دواکەوتوویى زمانى کوردى لەوەدایە، کە ئەم زمانە زۆر کەم بۆ زمانەکانى "گریکیى کۆن" و "لاتینى" (11)، کە هەناوى سەرجەم زمانە زانستییە ئەوروپییەکانن و تەنانەت ڕاستەخۆ کاریگەرییان لەسەر زمانى ئارەبى هەیە (لە نێو خودی قورئاندا لەپاڵ وشەی کوردی و پەهلەویی و سریانیدا وشەی گریکیی کۆن هەن، وەک: کالیموس = قلم، نۆمۆس = ناموس، لۆگۆس = لغە و هتد). لەبەر ئەوەى ئەمڕۆ هەر خەریکبوونێکى زانستى ڕاستەوخۆ دەکەوێتە بەردەم زانستى مۆدێرنى خۆرئاوایی، ئەوا بەناچاری دانەوەى بڕێکى فرەى ئەو واژانە سەرهەڵدەدات، کە نەشیاوى وەرگێڕانن بۆ کوردى؛ ئەمەش بۆیە ئەوهایە، چونکە ئەو واژانە لە ڕوویەکەوە واژەى تایبەتیى زانایەکن و خوێندکاریش گەرەکە بە هزرى یان زانستى ئەو زانایە ئاشنا بکرێت، لێ ئەم کێشەیە لە ڕوویەکى دیکەوە بۆ دواکەوتوویى زمانى کوردى دەگەڕێتەوە، واتا بۆ ئەو نالەبارییە، کە ئەم زمانە تواناى گوزارشتکردنى لە زۆر ڕەوش و بابەت نییە.
 بەم شێوەیە لە بەدکارییە زمانەوانییەکانى مامۆستایانی قەدیمییەوە دەگەین بە شێوێنراویى زمانى کوردى. ئێمە لێرەدا لە لایەک دەکەوینە بەردەم کەمیى واژەى بابەتگر و نەبوونى واژەى زانستیى چەسپێنراو، کە "بۆ هەمووان چواندنیان هەبێت"، لێ لە لایەکى دی دەکەوینە بەردەم نەبوونى ڕێنووسی چەسپێنراو و کێشەی هێماکانی ڕستە (نوقتە، کۆما، نیشانەی پرسیار و سەرسوڕمان، هتد)، کە ئەمیش لە بێتوانایى زانستیانەى قەدیمییەکانەوە سەرى هەڵداوە – چونکە ئەوان، یان "هەر یەکەیان وەک بلیمەتێکی زمانەوانی"، بەردەوام لە ڕێزماندا کاریان دەکرد و لە خۆویستییانەوە نەیان دەتوانى لەسەر یەک ڕێساى زمان رێکبکەون. سەرەنجامى ئەم شێوێنراوییەى زمانى کوردى ئەوەیە، کە ئەمڕۆ نەشیاوە دوو کتێبى دوو نووسەرى جیا، تەنانەت لە زۆر ڕەوشدا دوو کتێبى یەک تاکە نووسەریش ببینین، کە بە هەمان تێگەى زانستى، بە هەمان ڕێنوس و ڕەچاوکردنى هەمان هێمای ڕستە نووسرابن (12).
 ئەم بەدڕەوشانە ڕاستەخۆ کاریگەریی نێگەتیڤیان لەسەر هۆشى خوێندکاران هەیە، چونکە بۆ ئەوان زمانێکى ستاندارتی زانستى نییە کە یاریدەیان بدات هۆشى خۆیان لە ڕەوتى کارکردنى زانستیدا ڕێکبخەن و لۆگیکییانە لە گۆزارەوە گۆتە چێبکەن. ئەم کێشەیە بەتەواوى ڕوون دەبێتەوە، گەر بڕوانین، کە تەنانەت خوێندکارانى زانکۆکان (بێگومان زۆرینەی مامۆستایانیشیان) نازانن دوو ڕستەى ڕاست بە کوردى بنووسن، هاوکات هیچ گرنگییەک بە کۆما و نوقتە، نیشانەى سەرسووڕمان و پرسیار نادەن. لێ ئەمە هاوکات ئەو واتایە دەگەیەنێت، کە ئەوان ناتوانن لە هیچ زانستێکدا بە پوختى قووڵ ببنەوە، چونکە قووڵبوونەوەى زانستى بەبێ زمان ناشێت. زمانێکى پوخت لە لایەک بابەت و ڕەوشەکان هەتا ڕادەى شیان لە چۆنێتیى خۆیاندا دیارى دەکات و بەمەش بۆ تێگەیشتن ئاسانیان دەکات، لێ لە لایەکى دى ئەم زمانە پوختە دەبێت بە فاکتەرى ئاوەڵاکەرى هۆشى خوێندکار، ئەویش بەوە، کە ئەو دەتوانێت لە بابەت و ڕەوشە لێتێگەییوەکانەوە دەرەنجامى لۆگیکى دەربکێشێت و لێرەشەوە پەیوەندیى هۆشەکییانەى نوێ بهێنێتە ئاراوە (13). 
 لێ ئەم بەدڕەوشە، کە خوێندکاران بەگشتى بەسەر زمانەکەى خۆیاندا سەروەر نین، تەنیا لە ڕوویەکەوە بۆ خودى زمانى کوردى دەگەڕێتەوە؛ ڕووەکەى دیکەى ئەم کێشەیە دەگەڕێتەوە بۆ شێوازى خوێندنى خوێندنگەیى، واتا بۆ شێوازى دانانى بابەتەکانى "خوێندنى کوردى" و ئەوجا شێوازى وانەبێژیى مامۆستا (14). شێوازى خوێندنى کوردى بەو چەشنەیە، کە، وەک لە سەرەوە لە ڕەوشى دەرخکردندا پێشانمان دا، خوێندکار تەنیا فێر دەکرێت ڕێساکانى ڕێزمان، یان یەکێک لە ڕێنووسەکان، ئەوجا بڕێک لە ئەدەبى کوردى زۆر بە یەکلایەنى، وەربگرێت و ئەو بابەتە وەرگیراوانە لە تاقیکردنەوەکاندا بداتەوە. بێگومان لێرەدا مامۆستا فاکتەرى سەرەکیى کێشەکەیە: ئەو، کە پەروەردەیەکى ترادیسیۆنیى هەیە، لەسەر ئەو دابە ترادیسیۆنییە وەک مامۆستا کارا دەبێت، واتا: ڕێزمان و ڕێنووسێک، کەمێک ئەدەبى کوردى و هتد، بە خوێندکاران دەگەیەنێت، ئەمەش بێگومان وەک کەسێکى ناوچەیەکى دیاریکراو نەک وەک مامۆستایەکى کوردى بە زمانێکى ستاندارتەوە، کە بە حەوسەڵەوە لەتەک خوێندکاراندا ڕاهێنانى هزرى و زمانەوانى ڕووەو "فێربوونى ئاخافتنى دروستى کوردى" ئەنجام بدات. مامۆستا، وەک کەسێکى ناوچەکەى خۆى، کە پێگەیەکى لە بوارى پەروەردەی سوننەتیدا گرتووە، بەبێ هیچ هەڵوێستێکى خۆبگۆڕ و خۆنوێکەرەوەى بکەریانە درێژە بە شێوازى خوێندنى خوێندنگەیى دەدات، ڕێساکانى زمان تەنیا وەک تۆمارکراوی نێو کتێب بە خوێندکاران دەگەیەنێت، واتا بە هیچ شێوەیەک ڕەچاوى ئەو هۆشە یان هزرە ناکات کە "لە ڕستەکاندا" دەربڕراوە، چونکە ئەو خۆى پێداویستیى لە بوارى هزردا نییە، بۆیە بە هیچ شێوەیەک لای ئەو پرسیاری ڕاهێنانى هزرى لەتەک خوێندکاراندا سەرهەڵنادات.

2- پەروەردەی فێرکاریى نوێ

 بۆ ئەوەى بتوانین کێشەى فێرکارى دیارى بکەین، دەبێت جیاوازییەکەى لە شێوازى دەرخکردن دیاربهێنین. لە شێوازى دەرخکردندا، وەک لەسەرەوە بینیمان، نووسراوى سەر کاغەز سەربەخۆ لە کەسی خوێنەرەوەی دادەنرێت و کەسیش ناچار دەکرێت خۆی بخاتە ژێر ڕکێفی نووسراوەکەوە، ئەوجا بۆ نموونە وەک خوێندکار هەوڵ بدات ئەو نووسراوە ڕستە بە ڕستە لەنێو هۆشى خۆیدا تۆمار بکات. لێ فێربوون بە پێچەوانەوە هەمیشە ڕاهێنانێکى هۆشەکییە کە تێیدا کەسى خوازیارى فێربوون هەڵوێستێکى چالاک بەرانبەر نووسراوى سەر کاغەز وەردەگرێت، چونکە نەک نووسراوە تۆمارکراوەکە، بەڵکو بابەتێک یان کێشەیەک کە لەو نووسینەدا داڕێژراوە، تەحەدای ئەوی خوێندکاری کردووە. لەم ڕوانگەیەوە کەسى فێرخواز ئەو نووسراوە چە لە ڕووى فیزیکى (واتا وەک وشەى تۆمارکراوى سەر کاغەز) و چە لە ڕووى سایکۆلۆژییەوە (واتا وەک ڕاگەیەنەرى ڕووداو یان ڕەوش) دەناسێتەوە، بەمەش نووسراو لەنێو سرەوتێنراوییە فیزیکییەکەیەوە دەخاتە بزووتن. بە شێوەیەکی دی ببێژین، هۆشى ئاگامەندی کەسی دەرککەر ئەو ناوەرۆکە ناسراوە دەبزوێنێت و لەتەک خۆیدا دەیخاتە پەیوەندییەوە.
  مەرجێکى بنەڕەتى لە پەروەردەى فێرکاریدا ئەوەیە، کە سەرەتا منداڵ وەک خودى منداڵ بناسێنرێت، ناساندنیش ئەو واتایە دەگەیەنێت، کە چیدی جیهانى منداڵ لە ئاگایی کامڵانەى مامۆستاوە دیارى ناکرێت و بڕیارى بەسەردا بدرێت، بە پێچەوانەوە فێرکار ڕەچاوى جیهانە تایبەتمەندەکەى منداڵ دەکات، لێرەشدا ئاگاییەکی ڕوونى سەبارەت بەو ڕاستییە هەیە کە جیهانى منداڵ تا ئەمڕۆ مەتەڵێکە و ڕەنگە هەرگیز هەڵنەهێنرێت. ئاخر لە هەموو هەوڵێکدا بۆ هەڵهێنانی ئەو جیهانە مەتەڵئاسایە هەمیشە بڕێک ئاگایی کامڵانەی پێ تێکەڵ دەکرێت، ئەوەس ئاگاییەکە کە لە ڕەوتنى تەمەندا گۆڕراوە و مرۆڤ تێیدا لە کاراییەکانی کات و فەزا بەئاگایە. لە بنەڕەتدا پەروەردکار ئەوپەڕى دەتوانێت لەو جیهانەى منداڵ نزیک بکەوێتەوە، ئەوەشی پێبەدیدەهێنرێت، گەر ئەو لە هەڵوێستێکى بێلایەنەوە ڕێگەیەک ڕووەو ئەو جیهانە تایبەتمەندەى منداڵ بگرێتە بەر کە ئەو لەنێو خۆیەوە دروستى دەکات (15): گەر منداڵ لە ژوورەوە کورسییەک هەڵبگێڕێتەوە و بیکات بە ئۆتۆمبێل، ئەوجا لەسەرى بئاژوێت، ئەوا ئەو بەڕاستى بەنێو جادە و کۆڵاناندا ئۆتۆمبێل دەئاژوێت! ئەو دروستکەرى جیهانەکەى خۆیەتى و لەنێویدا دەژى (16). لە ناساندنى بەم چەشنەدا ئیدی کۆتایی بەو هەوڵە سوننەتییە هێنراوە کە دەیەوێت بەزۆر منداڵ ئاوەزمەند بکات - کاتێک ئەو جارێ لە تەمەنى ئاوەز زۆر دوورە. ئاخر ئاوەز دراوێکی ئەزەلی نییە، بەڵکو لە پەیوەندیی نێویەکییانەی تاکەکەس و ژینگەی کۆمەڵایەتی و سروشتیی ئەوەوە شکۆفە دەکات.
لە بنەڕەتدا لەم تەمەنەدا یەکەم بەردى بناغەى فێرکارى دادەنرێت، چونکە منداڵ لەم تەمەنەدا نەک تەنیا دەتوانێت ئەندێشەکانى بژێنێت و بە وشە دەریان ببڕێت، بەڵکو تەنانەت دەتوانێت خۆى بە فەلسەفاندن دەرببڕێت (17): ڕامانى ئەو لە دیاردە هۆشەکى و کولتوورییەکان هەستێکى زیندووە، کە ئەو بە وشە سادە و پڕمەغزاکانى دەریان دەبڕێت. لە بنەڕەتدا ئەمە زەمینەی ئاوەڵابوونی ئەو فێرخوازەیە وەک بکەر کە سەروەرى خودى خۆیەتى و هەر کارێکى خوازراوى خۆى ئەنجام دەدات.
 پرسیارێکى کرۆکى، کە لە پەروەردەى فێرکاریدا سەرهەڵدەدات، بریتییە لە پرسیارى "بکەرێتیى فێرکار". ئێمە لەم ڕەوشەدا چیدى ئەو مامۆستایەمان نییە، کە لەنێو پۆلدا خوێندکارانى هەبێت و بەزۆر زانینى کۆکراوەیان بەسەردا بسەپێنێت، بەڵکو کەسێتییەکمان هەیە، کە هەوڵ دەدات بە شێوازى فێرکارییەکەى فێرخوازان بۆ هزرین لەبارەى بابەتەکە ببزوێنێت، پاشان هەر ئەم بزوێنراوییەی ئەوان وا بکات کە پرۆسەى وانە بەرەو پێش بچێت. فێرکار لێرەدا خۆی بکەرێکى نێو بکەرانە کە بابەتى وانەکەى لەتەک فێرخوازاندا ئاوەڵا دەکات، ئەمەش کارێکی شیاوە، چونکە بابەتى وانە پەیوەست بە ئاستى گۆڕانى هۆشەکیى فێرخوازانەوە وردکردۆتەوە، بۆیە ئەوانیش دەتوانن بکەرییانە وەرى بگرن و پاشان لاى خۆیان هەوڵى تێگەیشتنى بدەن. بەم ڕێیەوە دەرفەت دەڕەخسێت کە فێرخوازان زانینەکانى نێو هۆشیان ڕێکبخەن، واتا ئەوان لە لایەنی خۆیانەوە چالاک دەبن و بۆ تێگەیشتن لە بابەتی وانەکەیان ڕەچاوی کەرەسەى دیکە دەکەن، لێرەشەوە دەتوانن بە لێهزرین ڕۆبچنە نێو ئەو پەیوەندییە کرۆکییانەوە کە لەنێو زانینەکاندا هەن. کەواتە ئەوان بە پشکنینى ڕەخنەیى لە خودى بابەتەکان هەوڵی تێگەیشتن لێیان دەدەن نەک کوێرانە وەریانبگرن و بییاندەنەوە.
 لێ ئەم تێڕوانینە واتایەکى ئەوتۆ دەگەیەنێت، کە فێرکار "زانستى تەواوکراوى" نییە و هەرگیز ناتوانێت هەى بێت، بەڵکو ئەو لە لایەک کێشەکانى فێرکاری لە پەیوەندیی جووتلایەنیى نێوان تێکست و ئاگایی خۆیەوە گۆڕان پێدەدات و بۆ تێگەیشتن شیتەڵیان دەکاتەوە، لێ لە لایەکى دیکە ئەو خۆی ئەم گۆڕانەى ئێستا دەخاتە پەیوەندییەوە لەتەک فێرخوازانیدا، لەم پەیوەندییەشەوە سەرلەنوێ پاڵهێز بۆ قووڵبوونەوەى خۆیى لە بابەتەکانی فێرکاریدا وەردەگرێتەوە. کەواتە فێرکار خۆى لەنێو پرۆسەیەکى بەردەوامى فێربووندایە، بۆیە ئەو چیدى "مامۆستا" نییە، هەروەها فێرخواز چیدى خوێندکار نییە، بەڵکو هەردوو لا یەکدى لەنێو پەیوەندییەکى نێوبکەریدا (ئینتەرسەبژێکتیڤیدا) تەواو دەکەن: فێرکار (کە چیدى مام-وەستا نییە) فێرخواز پێش دەخات، فێرخواز (کە چیدى مام-وەستایەکى بەسەر سەرەوە زیت نەبۆتەوە)، بە بەشداریکردن و پرسیارە فزوولییەکانى فێرکار پێش دەخات. ئیدی بەم شێوەیە کۆتایى بەو هەستە سوننەگەراییەش دێت کە فێرکار وەک سەروەرێکى شاناز هەیەتی و بە رواڵەتە دەرەکییەکان پێناسەى خۆى دەکات، بەڵکو فێرکاری بۆ ئەو دەبێت "بە ڕێگەیەکى نەبڕاوە" تا ئەو کاتە کە ئەو خۆى لەنێویدا ببینێتەوە.

 2-1 فێرکارى و مێتۆد

 ئەمڕۆ لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستاندا زۆر لووتبەرزانە باس لە "مەنهەج" دەکرێت، لێرەشدا مرۆ مەبەستی لە مێتۆدە. لێ کێشە کرۆکییەکە ئەوەیە کە مرۆ وەک سوننەگەرا لە خۆرئاواوە وەریگرتووە، بەبێ ئەوەی لەتەکیدا ڕەچاوی ئەو بنەمایە بکات کە هزرینی یان توێژینەوەی مێتۆدی هەمیشە پێشمەرجێکی هەیە و بریتییە لە بکەرێکی (سەبژێکتێکی) زانستی ی جیاواز لە کەسێتیی سوننەگەرا. ئەم پرسە ڕوونکردنەوەی وردی گەرەکە.
  ئێمە سەرەتا گەرەکە لەم پەیوەندییەدا جیاوازییەک بکەین لە نێوان ئاڕاستەوەرگرتنى بکەرییانەى زانستى لە لایەک، هەروەها دیاریکردنى دەرەکییانەى پێگەی زانستەکان لە لایەکى دى. لە هزرینى مێتۆدیدا شێوازى هزرینى خۆیى کە لە ترادیسیۆنەوە گەیەنراوە، دەخرێتە ژێر پرسیارەوە، ئەمەش هەڵوەشانگەرییەکی خۆییە و بەڕێیەوە ئەو ئاگاییە زانستییە ڕێکدەخرێت کە خۆى بە کارکردنی ئاگامەندانە ڕیالیزە دەکات. گرنگ بۆ ئەم شێوەیەی هەڵوەشانگەری خۆیی ئەوەیە کە مێتۆد "ڕێگەیەکی هزرین"ە و بەڕێیەوە ڕێگەهزرینى خۆیی ڕێکدەخرێت، بۆ نموونە مێتۆدی ڕاسیۆنالیزم، ئەمپیریزم، فێنۆمێنۆلۆژی و هتد. لێ لەبەر ئەوەی ئێمە لەم پرسەدا ڕێگەهزرینمان هەیە، ئەوا پرسیارەکە لە مێتۆددا ڕوو ناکاتە ئەوە کە داخۆ مرۆڤ "چی" بزانێت (ئەمە لە بنەڕەتدا کێشەی شێوە هزرینی سوننەگەرایە)، بەڵکو پرسیارەکە ئەوەیە کە "چۆن" مرۆڤ سەرەتا بە مەئریفە بگات و وەک کەسێتیی مەئریفەدار خۆی مێتۆدییانە بە هەر بابەتێکی زانستییەوە خەریک بکات، کەواتە زانای بوارێکی دیاریکراو بێت و کارەکانی بریتین نەبن لە کۆکراوەی سوننەگەرایانەی زانیاری (مەعلومات). لێ پرسیار لەبارەی "چۆن"ی گەیشتن بە زانستی بیناکراو لەسەر بناغەی مەئریفە ئەو مامۆستا زیرەکە ناگرێتەوە کە لە ئەزموونى چەند ساڵ مامۆستایەتییەوە نزیکەى سەرجەم کایە زانستییەکەى خۆى بە شێوەیەکى سنووردار و یەکلایەنى و تەواوکراو وەرگرتووە، ئەوجا وەک ئەم مامۆستا ئەزمووندارە بابەتەکانی هەموو ساڵێک سەرلەنوێ دەخاتەوە بەردەم خوێندکاران. ئەوە هەروەها ئەو خوێندکارە زیرەکە ناگرێتەوە کە هەموو ساڵێک بە یەکەم دەردەچێت و هەرگیز پرسیار لەبارەى پرۆسەى هزرینى خۆى ناکات، بەڵکو بە پێچەوانەوە "شتەکان" سووک و ئاسان دەرخ دەکات. لەم ڕوانگەیەوە لە هزرینی مێتۆدیدا کوڕەی ئاقڵ / کچەی ئاقڵ هیچێنراوە (نەفیکراوە)، واتا ئەو جۆرە کەسێتییە سوننەگەرایە لەکارخراوە، کە لە سەرەوە بەرەو خوار دەڕوانێت، واتا زانیارییەکانی بە لوتکەى زانین دادەنێت (18).

ئێمە لێرەدا کێشەیەکى جیهانبینیی کوردەکانمان بۆ ڕوون دەبێتەوە: لای ئەوان زانستەکان پلە بە پلە هەڵچنراون و بۆ خۆیان هەن، ئەوجا ئاقڵترین کەسانیش ئەوانەن کە پلە بەرزترینەکان تەواو دەکەن، بە تایبەتی پزیشکی، بێگومان هەروەها ئەندازیاریش بە هەموو بەشەکانییەوە! لێ ئەمە لە بنەڕەتدا کێشەیەکى کرۆکیانەی کۆمەڵگەى سوننەگەرایە کە “موهیمبوون” و “لوتکەکان”ى لە دەرەوە پێناسە کردووە. بەڵێ لە کۆمەڵى داخراوى کوردیدا تەنانەت بوونێکى رەها بە زانستەکان دەدرێت، ئەمەش لە بنەڕەتدا بەکاربردنی ڕاستەوخۆی ئایینی سوننەگەرایە کە ڕەهایەتی بە کتێبی پیرۆزی موسڵمانەکان دەدات، کەواتە وەک نەشیاوی پرسیارلێکردن وەریدەگرێت و دەیسەپێنێت.
لە بنەڕەتدا هۆیەکی سەرەکی بۆ ئەوە کە کەسان بەگشتی لە مێتۆد تێناگەن، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە کۆمەڵە ئیسلامییەکان و کولتوورى ئیسلامى بە چەشنێک مرۆڤانی خۆیان خۆشە دەکەن، کە ئیدی لە سەرەنجامدا دەبن بە کەسێتیی رۆڵوەرگرتووی کۆمەڵایەتی وەک پیاو و ژن، کوڕ و کچ، نەنک و باپیر. خاڵ و مام و پوور، ئامۆزا و خاڵۆزا و پورزا، درواسێ و دۆست و دوژمن و هتد، ئەمەش شێوەیەکی نامۆبوونە لە خۆ کە وادەکات ئەوان ناتوانن گۆڕان بە تێگەى “مرۆڤ” بدەن. ئەوجا هەر ئەم جۆرەی کەسێتییە کە لە بوارە زانستییەکاندا، یان لە بوارە پیشەییەکانی وەک مامۆستایەتیدا، کار دەکات. بە ئاڕاستەی بەرەڤاژ ببێژین، تاکەکەس لە دەرککردنی مرۆڤێتیى خۆ و دۆخە هۆشەکییە ناخییەکانی خۆوە، ئەوجا لە هەڵوەشانگەریى ڕەخنەییەوە لەگەڵیاندا، دەبێت بەو بکەرە زانستییە کە مێتۆدییانە کار دەکات، کەواتە ئەوە پەڕینەوەی ڕەخنەییانەی کەسێتیی سۆسیۆکولتوورییە بە ئاڕاستەی کەسێتییەکی ڕەخنەیی کە هەر نووسراوێکی بەردەمی ڕەخنەییانە دەسەنگێنێت.

 2-2 خەریکبوونى هۆشەکى لەتەک بابەتەکانى وانەدا

 بابەتەکانى وانە لە خوێندنى باوى سوننەتیدا وەک "شت" دادەنرێن و وەک شت دەخزێنرێنە نێو هۆشەوە، لێ فێربوون بە پێچەوانەوە پرۆسەییە و هۆشى فێرخواز بەنێویدا پەیوەست بە بابەتە فێرکارییەکانەوە ڕەت دەبێت. ئێمە پێویستە لەم پرۆسەیەدا پلەى جیاوازى فێربوون دیارى بکەین، تاکو بتوانین لە کۆتاییدا لە ڕووى هۆشەکییەوە بەسەر ئەو کێشانەدا سەروەر بین کە لە ڕەوتى فێربووندا کردوومانن بە بابەتى پێوەخەریکبوون. بۆ ئەوەى چاکتر بچینە نێو ئەم کێشەیەوە، ڕەوشی فێربوونى هەر تاکە بابەتێک بەگشتى وەردەگرین کە لە وانەدا دەهێنرێتە پێشەوە (19).
 فێرخواز لە هەر وانەیەکدا هەمیشە و سەرەتا بە "بابەتى نوێ" دەگات. بۆیە لەم بەیەکگەیشتنەوە پەیوەندییەکى لێژ بە سەرەنجامێکى جووتەنییەوە یان بە دوو سەرەنجامەوە دێتە ئاراوە: فێرخواز دەشێت ڕابمێنێت یان بسڵەمێتەوە، یان دەشێت هەردوو ڕەوشی ناوبراو لەنێو هۆشیدا بێنە گۆڕێ.
 ئێمە دەتوانین گریمانە بکەین کە لە بەیەکگەیشتنی فێرخواز و بابەتی نوێی وانەوە گرنگیپێدان و نوێخوازى (فزوولیەت) لاى فێرخوازى ڕاماو دێنە گۆڕێ. هاوکات پەیوەندییە نێوبکەرییەکەى (ئینتەرسەبژێکتیڤەکەی) نێوان فێرکار و فێرخواز وا دەکات کە پرۆسەی وانە پێشڤەبچێت، چونکە وانە وەک پرۆسە مێژوویەکى هەیە، لێرەشدا ئەوە فێرکار و فێرخوازن کە پێکەوە، لە پەیوەندیی نێویەکییانەی خۆیانەوە، ڕێکخستى کاتەکییانەى بابەتەکە پەیوەست بە زانستى ئەو مێژووەى وانەوە ئەنجام دەدەن. تەنیا ئەم چالاکییە نێوبکەرییە کەشێکى زانستی لەنێو پۆلدا دەهێنێتە ئاراوە.
 لێ بە پێچەوانەوە "سڵەمینەوە"، کە ڕووداوێکە لە رەوتى فێربوونى نێو دامەزراوەدا سەرهەڵدەدات، چارەسەرى پێویستە. فێرکار و فێرخواز دەتوانن پێکەوە چارەسەرێک بدۆزنەوە. ئاخر فێرکار ناتوانێت ئەو فێرخوازانە وەلاوە بنێت کە بەهۆى سڵەمینەوەیان لە بابەتێکى ئاڵۆز و نوێ تووشى ڕەشبینی سەبارەت بە فێربوون هاتوون. لێ لەبەر ئەوەى سڵەمینەوەکە لە خوێندکاردا هاتۆتە گۆڕێ، ئەوا دەبێت ئەو خۆى سەرەتا هەوڵى چارەسەرکردنى بدات، یان خۆى بۆ چارەسەرە پێشنیارکراوەکان و خەریکبوونى ڕەخنەیى لەتەکیاندا ئاوەڵا بکات.
 گرنگترین چارەسەر لە لایەنى خوێندکارەوە ئەوەیە، کە ئەو "سەبارەت بەو بابەتە نوێیە لێبهزرێت"، بەبێ ئەوەى هیچ تۆمارێک، تەنانەت هیچ تێبینییەکى نووسراوى نێو پۆل، بەکاربهێنێت. دەشێت ڕستەیەکى گرنگى دەربڕراویش بۆ هزرینى خۆیی لە کێشە یان بابەتی وانە پڕواتا بێت، چونکە ئەو تاکە ڕستە لێهزرراوە دەبێت بە ئیدێیەک کە بەدووى خۆیدا، بە یادهێنانەوە، ڕستەى دیکە بێدار دەکاتەوە، ئەوجا ئەو لەتەک یەکدیدا دەیان خاتە پەیوەندییەوە. بەدووى ئەمەدا، وەک هەنگاوێکى نوێ، فێرخواز دەتوانێت کەرەسە (20) بەکاربهێنێت: بابەتەکان بخوێنێتەوە، تاکو ڕەوشە دیاریکراوەکانى نێو هۆشى خۆى پتەو بکات. ئەوەى فێرخواز لە پۆلدا دەینووسێتەوە یان لە لایەن فێرکارەوە پێى دەدرێت یان بە فەرمى وەک پرۆگرامى وانە دیارى کراوە، "شتێکى تەواوکراو نییە"، بەڵکو تەنیا کەرەسەیەکە. بەڵێ تەنانەت پەیوەند بە کتێبە فێرگەییەکانەوە دەتوانین ببێژین، کە ئەو کتێبانە پێشنارى بناغەیین (گەرەکە پێشنیاری بناغەیی بن) بۆ ئەوەى فێرخواز بەکاریانبهێنێت، بەکارهێنانیش خەریکبوونێکى هۆشەکییانەى ئاگامەندە لەتەک ئەو کەرەسەیەدا. فێرخواز بەم رێیەوە ئاگایی خۆى ڕێکدەخات و بەم ڕێیەشەوە بەسەر بابەتەکەیدا سەروەر دەبێت.
 فێرخواز بەدووى ئەمەدا دەچێتە قۆناغى ساغکردنەوەى بابەتەوە. ساغکردنەوەى بابەت سەرەتا بریتییە لە دەرهێنانى تێگەکانى ئەو بابەتە بە نووسین، پاشان گرتنى پوختەى کرۆکەکەى. فێرخواز بەبێ تێگەیشتن لە تێگەکانى بابەتێکى بە نووسین داڕێژراو لەو بابەتە تێناگات. لێرەوە هۆشى بزوێنراوى فێرخواز خودى ئەو ناچار دەکات، سەرچاوە بەکاربهێنێت، سەرچاوەش دەشێت لە لایەن مامۆستاوە پێشنیار کرابێت. لێ ئەوە پێش هەموو شتێک ئەرکى فێرخواز خۆیەتى بەدووى سەرچاوەدا بگەڕێت، فێرکاریش گەرەکە هەر شێوەیەکى بەکارهێنانى سەرچاوەى گونجاوى لێوەربگرێت. گەر فێرخواز بزانێت چ سەرچاوەیەک بۆ کێشەکەى ئەو گونجاوە، ئەوا ئەو لە پلەیەکى چوستى هۆشەکیدایە؛ ئەو خاوەنى ئاگاییەکی بزێوە، واتا چیدى لە ئاستى هزرینى سەرەتاییدا نییە، بەڵکو دەزانێت چە شتێک ئەو لەم ئاستەوە بەرەو پێش دەبات. بەم پێیە ساغکردنەوەى بابەت بە یاریدەى سەرچاوە بەردەوام دەبێت. فێرخواز بەدووى ئەمەدا هەنگاو بۆ داڕشتنەوەى ئازادانەى ئەو کێشانە دەنێت، کە لەنێو هۆشیدا گەڵاڵەبوون. فێرخواز بەم داڕشتنەوەیە، یان بەم نووسینەوەیەى ئیدێکانى، چۆتە دۆخى بەرجەستەکردنی، واتا نووسینەوەى کێشەکان یان پرسیارەکان لەسەر کاغەز. بێگومان پێدەچێت کە جارێ شێوازى داڕشتن، پوختیى ڕستەکان و ڕێکخراوییان، هێندە گرنگ نەبن، لێ ئەم لایەنە لە کۆتاییدا هەر پێویستە، چونکە فێرخواز لە سەرەنجامدا هەر دەبێت بکەوێتە نووسینى بابەتى زانستى، ئەمەش بەبێ داڕشتنى پوخت و لۆژیکى ناشێت. لێ فێرخواز تەنیا کاتێک ئەمەى پێ بەدیدەهێنرێت، گەر ئەو بەسەر زمانى زگماگى خۆیدا سەروەر بێت و هەمیشە ئاڕاستەیەکى ڕەخنەیى بەرانبەر وەرگرتبێت – ئەمەش بەتایبەتى لە حاڵەتى زمانێکى شێواوی وەک کوردیدا، کە زۆر جار کێشە ئۆبژێکتیڤییەکانى لە توانستى سەبژێکتیڤیى ئەو دەردەچن.

پەراوێزەکان

(1) نابێت ئەمە لەتەک پرسیارى ئەجوولى و بەدڕەفتاریدا تێکەڵ بکرێت.
(2) پەیوەست بە سۆسیالیزاسیۆنەوە دەبێت هاوکات سۆسیالیزاسیۆنى کەسى کامڵیش دیارى بکەین، چونکە ئەویش بە درێژایى ژیانى لەتەک ژینگەی کۆمەڵایەتییانەی خۆیدا لە خەریکبووندایە: “ڕەفتارى، هزرینى، پلاندانان و کردارى، هەمیشە ئاڕاستەى ئەوانى دى کراون، جا گەر ئەوان تەنانەت لەنێو ڕوودانگە دەرەکییەکەى ئەودا نەبن”.
(Brocher، T.: Das Ich und die Anderen in Familie und Gesellschaft، Oeffingen 1976، S. 7)
(3) ئێمە لە کۆمەڵگە ئیسلامییەکاندا بەزۆریی کەسێتیی سوننەگەرا دەبینین، ئەوە سەربارى سەرهەڵدانى شێوازى بەرهەمهێنانى سەرمایەگەرى و تەنینەوەى ڕێکخستنى هەموارکراوی (تەعدیلکراوی) ژیان. لەنێو ئەم کۆمەڵگانەدا مرۆڤ بەهەند وەرناگیرێت، بەڵکو کەس تەنیا وەک پیاو و ژن، کوڕ و کچ، باوک و دایک، نەنک و باپیر، پوور و خاڵ و مام و هتد، هەروەها وەک دۆست یان دوژمن و هتد وەردەگیرێت. خۆئاوەڵابوونى تاک بە چەشنێکە، کە ئەو نۆرم (پێوارە) و بەها کۆمەڵایەتییەکان لەتەک پەرەسەندنى تەمەنیدا وەردەگرێت و ئەوجا پراکتیزەیان دەکات. بێگومان ئەمە واتایەکى ئەوتۆ ناگەیەنێت، کە ئەو “تا ڕادەی شیان” فەزایەکی بۆ لڤینی خۆیی نەبێت، لێ ئەم لڤینە سەرەنجامی ئازادیی تاکەکەسی (ئیندیڤیدوێل) نییە، بەڵکو فەزای کردارە کە لە لایەن کۆمەڵگەوە دەرفەتى پێدراوە. پێدەچێت بتوانین ئەم کێشەیە بەو ڕێیەوە ڕوون بکەینەوە، کە مرۆڤ لە شێوازى هزرینى ئیسلامیدا لەنێو سەرجەمێتیى کۆمەڵدا پێناسە دەکرێت، وەک سەرەنجامى ئەم جیهانبینییەش “من” بەزۆریى لەنێو چێوەى نێوچالاکیى کۆمەڵایەتیدا دەردەکەوێت، کە بێگومان لە پشتى هەر کردارێکەوە دەمێنێتەوە. بۆیە ڕەنگە هەڵە نەبێت کە پێشڤەچوونی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لە وڵاتانى ئیسلامیدا وەک “دۆخگۆڕى” (التغیر) نەک وەک گۆڕان (التطور) دیارى بکەین، چونکە پێشمەرجى گۆڕان بریتییە لە ئازادیى تاکەکەسى. ئێمە دەتوانین ئەم کێشەیە بە نموونەی کەسێتیی خەباتگێڕ ڕوونبکەینەوە: تا ئەو ڕادەیەی مرۆڤ وەک تاک دەست نانێتە نێو نۆرم و بەها سەروەرەکانەوە کە لە ناخی خۆیدا کاراییان وەرگرتووە، بەڵکو تەنیا بەپێى بەڕێوەبردنى ژیانى دۆخگۆڕیو، لەنێو کاتى دۆخگۆڕیودا، رۆڵێک بۆ دۆخگۆڕیى کۆمەڵگە دەگێڕێت، ئەوا ئەو نۆرم و بەها پێشهەبووانە تەنیا دۆخگۆڕییان بەسەردا دەهێنرێت، بەبێ ئەوەى لێرەدا ڕێکخراوى کۆمەڵایەتى بریندار بکرێت. بە پێچەوانەوە هەڵگەڕانەوە کۆمەڵایەتییە قووڵەکان هەمیشە سەرەنجامى دەستتێوەردانى تاکەکەس بوون لە کۆمەڵگەى ترادیسیۆنى، چونکە مرۆڤ لێرەدا خۆى ئاگامەندانە لە ڕێکخراوى کۆمەڵایەتى پچڕاندووە و پاشان لەتەک ئەو ڕێکخراوەدا کەوتۆتە ناکۆکییەوە. نموونەکانى ئەم تێڕوانینە بریتین لە شۆڕشەکانى فەڕەنسى و ڕوسى، یاخیبوونى فێرخوازە زانستگەییەکانى 1968ى ئەوروپا.
(4) بێگومان مامۆستاى جیاواز لەم مۆرکە دیاریکراوەى مامۆستاى ترادیسیۆنى هەیە، لێ ئەمە بەگشتى پیشەى مامۆستایەتییە. مامۆستا لێرەدا ڕۆشنبیریى گشتیى نییە، بەڵکو تەنیا ئەوە دەزانێت، کە لە زانکۆ یان لە “پەیمانگەى مامۆستایان” وەرى گرتووە. لە بنەڕەتدا مامۆستا ڕۆشنبیرەکان کە دەگمەنن، بەردەوام لە لایەن مامۆستایانى ناڕۆشنبیرى زۆرینەوە بە هەر شێوەیەک بێت (موحارەبە) دەکرێن.
(5) نەشیاو نییە خوێنەرێک لێرەدا بپرسێت، کە ئەم هەموو بەرەڵاییەى ئەمڕۆ چۆن پێناسە دەکرێت. ئەم پرسیارە ڕەوایە، ئەمڕۆ بە تایبەتى لە شارەکانی هەرێمدا لەنێو بڕێکى فرەى گەنجاندا زۆر شێوەى رواڵەتخوازى و ملدانەبەر و هتد تەنیونەتەوە. لێ گەر بەدەر لە دیاردەکانى شمەکخوازى و رواڵەتخوازى بڕوانین، ئەوا “هەمان ئەقڵییەت”ى باب و باپیران لاى ئەو گەنجانەش دەبینینەوە. بێگومان دەشێت لە ڕووى رواڵەتەوە جیاوازییان هەبێت، بۆ نموونە باوکان و باپیران هەتا زۆرترین ڕادە سادە و ساویلکە بوون، لێ گەر کوڕانیان (هەروەها تا ڕادەیەک کچانیان) لەنێو ژیانى تا ڕادەیەک ئاڵۆزێنراوى شارەکاندا کەمێک بزێویشیان هەبێت، ئەوا هێشتا هەر “حەزخوازى سادەن”. جیاوازیى چۆنێتییانە (کڤالیتاتیڤ) لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکى دیکە لای کەمینەیەکی شاری چێبووە. ئەو هەقیقەتەی سوننەگەرایی سادە بەتایبەتى لەکاتى دروستکردنى خێزاندا بەڕوونى دەردەکەوێت: کوڕە و کچە لەسەر هەمان ڕێسای ترادیسیۆن (باب و باپیرانیان، دایک و نەنکانیان) پەیوەندیى هاوسەریى دادەمەزرێنن و “نزیکە”ى لەسەر هەمان ڕێسا درێژە بە تێڕوانین و شێوازى ژیانیان دەدەن.
(6) ڕاستە کە ئایینى ئیسلام ڕێگە بە تەفسیرى قورئان دەدات، لێ دانانى پەیوەندییەک لە نێوان تێکست و هۆشى ڕەخنەییدا وەک “کوفر” تۆمەتبار دەکات. هۆى ئەمە لەوەدایە، کە لە ئیسلامدا قورئان بە خودایی دادەنرێت، واتا وەک ئاخافتنی خودایی، کەواتە قورئان بە دیدی ئەوان هەبوونێکی ئەبسولوت (ڕەها)ى لە مرۆڤى بەندەى ئەزەلییەت هەیە و ئەو تەنیا گەرەکە بیخوێنێتەوە، دەرخی بکات.
(7) بڕوانە: عەلى وەردى، لێکۆڵینەوەیەک لەسەر سروشتى کۆمەڵگەى ئێراق، وەرگێڕانى لە عەرەبییەوە: بەرزان ئەحمەد، 2005.
(8) ئەم واژانە لە “فێنۆمێنۆلۆژیى” هوسەرلدا بەکار دەهێنرێن. مەبەستى هوسەرل خودى کێشەى گۆزارەیە، کە ناسینەوەى لە ڕووە فیزیکى و سایکۆلۆژییەکەیەوە بۆ هزرڤانى سەر ڕێگەى فێنۆمێنۆلۆژى نەشیاوى دەستبەردارییە. بۆ نموونە ڕستەى “ئازاد بۆ بازاڕ دەڕوات” لە ڕووى فیزیکییەوە / دەربڕینی وشەییەوە لە چوار وشەى تۆمارکراو پێکدێت، لێ چە وشەکان ناوەرۆکێکیان هەیە و چ ڕستەکە ڕەوشێکی بزێوى (ڕۆیشتنى) کەسێک پێشان دەدات کە ئێمە دەرکمان کردووە و بۆ نموونە بە کەسێکى دیکەى ڕادەگەیەنین. بۆ کێشەى فێنۆمێنۆلۆژییانەى واژە لە ڕووى فیزیکى و سایکۆلۆژییەوە بڕوانە:
Edmund Husserl، Logische Untersuchungen، Band II، 1، Hrsg. v. Ursula Panzer. Den Haag 1984، S. 37
(9) زۆرینەى هەرە زۆری خوێندکاران لە چوارەم ساڵى خوێندنى زانکۆییدا نازانن لێکۆڵینەوەکەیان لە بارەى چە بابەتێک بنووسن! ئەمە بەڵگەیە بۆ ئەوە کە ئەوان نزیکەى هیچ فێر نەبوون.
(10) وەڵامى ئەم پرسیارە بە شێوەیەکى سۆزمەندانە نادرێتەوە. لە بنەڕەتدا هەستى نەتەوەیى لەم کێشەیەدا جێى نابێتەوە، چونکە ئەوە ئاوەزە، کە سەرەتا بۆ خاترى خۆدەربڕینەکانى لەتەکیدا دەکەوێتە نەسازییەوە و هەر لەم نەسازییەشەوە وەڵامەکان دەدۆزێتەوە.
(11) هەندێک جار ڕوو دەدات، کە ئەو نووسەرانەى لە وڵاتێکى خۆرئاواییدا ژیاون، واژەى گریکیى کۆن یان لاتینى بەکار دەهێنن، لێ بە ئینگلیزیکراوى، ئەڵمانیزەکراوى یان سویدیزەکراوى و هتد. ئەمە بەدڕەوشێکە، کە بۆ کاریگەریى هەر یەکەى ئەو زمانانە لەسەر کەسى بەکارهێنەر دەگەڕێتەوە، کە لە وڵاتى ئەو زمانەدا دەژى. بۆ نموونە واژەى لاتینیى ترادیسیۆن بە ئەڵمانى بریتییە لە ترادیتسیۆن، بە ئینگلیزى ترادەیشن، بە سویدى ترادیشون و هتد.
(12) کێشەیەکى دیکەى کرۆکى، پەیوەست بە ڕێنووسەوە، بریتییە لە کێشەى تەکنیکى تایپکردن، واتا نەبوونى تایپیستى پێگەیەنراو. ئەم کێشەیە رواڵەتى نییە، چونکە خوێندنەوەى بێکێشەى نووسراو ئاڵۆز دەکات.
(13) بێگومان زمانى پوخت هاوکات فاکتەرێکى سەرەکییە لە بەمەدەنیکردنى رەفتارى کەسدا، چونکە دەربڕینە پوختەکانى ڕاستەخۆ لەنێو پەیوەندییە نێوکەسییەکاندا کاریگەرى دەنوێنن.
(14) هەمان ئەم کێشەیە زمانەکانى عەرەبى و ئینگلیزیش دەگرێتەوە. لە حاڵەتى زمانى ئینگلیزیدا چەند ساڵێکە کتێبى فێرکاریى نوێ ڕەچاو دەکرێن، لێ ئەمیش پەیوەست بە شێوازى کارکردنى مامۆستاوە شکست دەهێنێت؛ لێ کێشەکە لە ڕەوشی زمانى ئەرەبیدا هاوشێوەى زمانى کوردییە. لێرەدا دەبێت بپرسین: ئایا ئەوە شێوازى گەیاندنى زمانى عەرەبییە کە ڕاستەوخۆ کاریگەریى لەسەر مامۆستا ئەرەبیستەکانى زمانى کوردى دەنوێنێت؟ ئەم پرسیارە دەشێت لەو ڕووەوە گونجاو بێت، کە مامۆستایان وەک کەسى سۆسیۆکولتووری تەنیا مامەڵەیەکى قەدیمى (نامۆدێرن) لەتەک زماندا دەکەن: ئەوان تەنیا ڕێساکانى ڕێزمان بە خوێندکاران دەرخ دەکەن، لێ بە کەمترین شێوە ڕەچاوى پەیڤینى ئەوان ناکەن. هۆى ئەمە لەوەدایە، کە ئەوان خۆیان ڕەچاوى پەیڤینى خۆیان ناکەن، تەنانەت شەرم دەکەن بە کوردیى نووسین بدوێن، کە هەمیشە بکەرییانە لەنێو شێواوییەکانى خودی زمانى کوردییەوە شیاوى گۆڕانپێدانە و هاوکات بۆ هەمووان شیاوى لێتێگەیشتنە. لێ ئەو پرسیارەى سەرەوە لە ڕوویەکى دیکەوە نەگونجاوە، چونکە ئەرەبەکان، تەنانەت بەدەوییەکانیان، لە ترادیسیۆنى خۆیانەوە گرنگییەکى لە ڕادەبەدەر بە زمان: بە شێوازى ئاخافتن و هەڵبژاردنى وشە بۆ ئاخافتن، دەدەن.
(15) بڕوانە:
Hans Mogel: Psychologie des Kinderspiels. Heidelberg 1991، S. IX-X.

(16) بڕوانە:
William Stern: Psychologie der frühen Kindheit. Leipzig 1914.
(17) بڕوانە:
G. B. Matthews: Denkproben. Philosophische Ideen jünger Kinder. Berlin 1991.
(هەمان نووسەر):
Philosophische Gespräche mit Kindern، Berlin 1989.
(18) لەم پەیوەندییەدا ئاساییە گەر کەسێک نەیەوێت ببێت بە فێرخوازى بەشى کوردى لە زانکۆ، لێ نەشیاوە وەک بەشێکى نزم لێى بڕوانێت، چونکە ئەو لە هەر بەشێکى زانستى دیراسە بکات، هێشتا هەر ناتوانێت دەستبەردارى زمانى کوردى ببێت. لەم ڕوانگەیەوە ئەوە فێرخوازە کە بەشە زانستییەکەى خۆى دیارى دەکات، نەک پێگە زانستییەکان لە دەرەوە هەڵچنرابن و کەسى سوننەگەرا ناچار بکرێت یان ئەو خۆى بخوازێت پێگەیەک لە یەکێکی ئەو زانستانەدا بگرێت کە گۆیا “باڵاترین”ن (!)، بۆ نموونە بییەوێت ببێت بە پزیشک یان ئەندازیار تاکو بەو ڕێیەوە پرێستیژی (هەیمەنەی) سۆسیالی هەبێت. لێ گەر بە پێچەوانەوە خواستی خۆیی وەک دەرچەی خوێندنی زانستگەیی وەربگیرێت (کە بێگومان زۆر زۆر دەگمەنە)، ئەوا لەم ڕەوشەدا ئیدی کۆتایى بەوە هاتووە کە بۆ نموونە کەسێک باوەڕ بکات، دکتۆراکەى زانکۆى سلێمانى لە ئەوەى زانکۆى کۆیە، ئەوەى زانکۆى بەغداد لە ئەوەى زانکۆى سلێمانى، ئەوەى زانکۆیەکى بوخارست لە ئەوەى زانکۆى بەغدا و ئەوەى زانکۆى بەرلین لە ئەوەى زانکۆکەى بوخارست باشترە! ڕاستە کە ئاست و زمان و کەرەسەی زانستى لە ڕووى ئۆبژێکتیڤییەوە رۆڵی خۆیان دەگێڕن، لێ لە کۆتاییدا هەر لایەنى خۆیی پێوەرە: ئەوە هەر فێرخوازە کە لە ڕەوتى خەریکبوونە زانستییەکانیدا بەرهەمەکەى دەخاتەوە! ئایا کامیان لە ڕووى زانستییەوە گونجاوە، ئەو فێرخوازە کە مێتۆدییانە لە زانکۆى سلێمانى توێژینەوەیەک ئەنجام دەدات، یان ئەو فێرخوازە کە لە بەرلین / لەندەن / پاریس وەک کوڕە سوننەگەراکەى سلێمانى لەژێر چاودێریى پرۆفیسۆرێکدا بە ئاقڵانە دکتۆراکەى (بێگومان خۆى بە تەنیا نەک بە یارمەتیى دەرەکى!!) تەواو دەکات، بەبێ ئەوەى توانیبێتى بە ئەڵمانى / ئینگلیزی / فەڕەنسی بهزرێت؟
(19) ئەم شێوازەى خەریکبوونى ڕەخنەیی لەتەک بابەتەکانى وانەدا لە ڕەوتى کارى وانەبێژیمدا لە کۆلێژى پەروەردەى زانکۆى کۆیە گۆڕانم پێدا. لێ گەرەکە لێرەدا ببێژم کە وەرگرتنى خوێندکاران، وەک چۆن بە واژەى خوێندکاردا دەردەکەوێت، لەسەر ڕێساى قەدیمیانەى دەرخکردن بوو. “نزیکەى” هەموویان نەیان دەتوانى خۆیان سەبژێکتیڤییانە بە بابەتەکەوە خەری بکەن، جا گەرچى ئەم شێوە خەریکبوونە بەشێکى کرۆکیى وانەکە بوو. ئەم بەدڕەوشە بۆ دوو هۆ دەگەڕێتەوە: یەکەم خوێندکارانى زانکۆیى لە ڕەوتى دوازدە ساڵى متکردنى کەسێتییاندا خزێنراونەتە نێو دۆخێکەوە، کە ئەوان لە نێویدا بە شێوازە سوننەگەراکەی دەرخکردن “ڕاهاتوون”، واتا “دەسەڵاتى ڕاهاتن” بەسەریاندا سەروەرە. هۆى دووەم بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە ئەوان، بەگشتى، نەیان دەوێرا خۆیان بۆ کێشەکە ئاوەڵا بکەن، چونکە “نزیکەى” سەرجەم مامۆستایانى دیکە داواى دەرخکردنى بابەتەکانى وانەیان لێدەکردن، بۆیە ئەو خوێندکارانەش کە مەبەستى فێربوونى دیداکتیکى نوێیان هەبوو (ئاخر ئەوان لە کۆلێژى پەروەردە بۆ کارى مامۆستایەتى پێدەگەیەنران!)، بە ڕاشکاوى دەیان درکاند، کە ئەم شێوازە فێرکارییە لە دۆخى خوێندکاریى ئەمڕۆى ئەواندا گونجاو نییە، چونکە گەر ڕەچاوی بکەن، ئەوسا مامۆستاکانیان دەریان ناچێنن و بەوەش ئاییندەیان دەکەوێتە مەترسییەوە.
(20) دەبێت لە نێوان “کەرەسە” و “مەلزەمە”دا جیاوازى بکەین. ڕاستە کە فێرخواز دەتوانێت لە لایەنی خۆیەوە “مەلزەمە”ی مامۆستا وەک کەرەسە ببینێت و خۆی ڕخنەییانە پێوە خەریک بکات، لێ ئەوە شێواز و داواکاریى مامۆستاى وانەبێژە کە بەهاى ئەو بابەتە چاپکراوە دیارى دەکات. گەر ئەو بە هەموو شێوەیەک داواى دەرخکردن لە خوێندکار بکات، ئیدی ئەو ناتوانێت مەلزەمەکە وەک کەرەسەیەک وەربگرێت تاکو بەڕێیەوە هەمەلایەنیانە فێرببێت. لە بنەڕەتدا کەرەسە، وەک بە واژەکەدا ڕوون دەبێتەوە، تەنیا دەسوێژێکە بۆ ئەوەى فێرخواز پێکەوە لەتەک کەرەسەى دیکەدا “شتێکى نوێیان لێ دروست بکات”.

تێبینی

ئەم نووسینە سەرەتا لە گۆڤاری کوردۆلۆجی، ژمارە ١، سلێمانی ٢٠٠٨، بڵاوکراوەتەوە. لەم شێوەیەی بەردەستدا سەرلەنوێ کاری تێداکراوەتەوە.
ک.ج.




ئامانجی دەولەتی تورکیا فراوانخوازییە ، پەکەکە بەربەستە … لە تورکییەوە

لە تورکیەوە : ….

فەهمی ئیشک: لە میدیاهەبەر و بەرنامەی گیویندەمەوە ئێوارەباش. گێرەشوێنی زینی وەرتێ، هەڵوێستی پارتە سیاسیەکان، هەنگاوەکانیان بۆ چارەسەری پرسەکە، هەم بە وردی گفتوگۆ لەسەر لێدوانەکانی ئەم دواییەی باشور، ڕۆژئاڤا، باکوری کوردستان دەکەین . میوانەکانم ئەندامی کۆنسەی بەڕێوبەری کەجەکە زوبێر ئایدار و هاوسەرۆکی کۆنگرەی گەل ڕەمزی کارتاڵن. بەخێربێن.
هەروەها پێنج هەڤاڵی دیکەی رۆژنامەوان لەگەڵمە کە پێکەوە پرسیار لە میوانەکانمان دەکەین. جاهید مەروان، هاڤال ئاسلان، ئامەد دیجلە، گوڵستان ئیکە، سەعید ئەڤرەن، ئێوەش بەخێربێن. بێ ئەوەی کە درێژی بکەمەوە یەکەم پرسیار لە بەرێز ئایدار دەکەم ، لە زینێ وەرتێ چی ڕوودەدات؟

زوبێر ئایدار: دیارە کە ئەجێندای هەموو دونیا کرۆنایە. بەلام رودواێکی وەها لەم قۆناغەدا هەم مایەی غەمگینی هەم و مایەی تێفکرینە کە لە زینی وەرتێ ڕوودەدات. لەوێ هەرێمێکی گوزەرگە یان سنور نیە کە ڕوبەروبونەوەی کرۆنا ببنەوە. ڕاست نیە کە پاساوی ئەوە دەهێنریتەوە گوایە کرۆنا هەیە و هاتوچۆ هەیە، تێنەگەیشتین کە چۆن بە تانک بەرەنگاری کرۆنا دەبنەوە.

فەهمی ئیشک : بەرێز کارتاڵ ئێوە چی دەلێن، بۆچی دۆخەکە گەیشتە ئەم ئاستە؟

ڕەمزی کارتاڵ: دەبێ پەیوەست بە دۆخی تورکیاوە مەسەلەکە شیبکەینەوە کە لەڕووی سیاسی،سەربازی و ئابوری لە قەیراندایە. فاشیزمی ئاکەپە-مەهەپە ڕووبەروی قەیرانیک بونەتەوە هەم لە لیبیا ، سوریا شکستیان هێناوە و ئەوەش ڕەنگدانەوەی هەیە لە ناوخۆدا. کرۆنایان کرد بە دەرفەت بۆ دەستکردن بەهەڵمەتێکی ئەنجامگرتن لە دژی بزوتنەوەی ئازادی کوردستان. ئەو هەڵمەتەی کە لە ٢٠١٨هەوە دەستیان پێکردووە دەیانەێ تەواوی بکەن.
گولستان ئیکە: قەیرانێک لە ئارادایە، هێز هاتونەتە بەرامبەری یەک، پێشتر دیدار هەبوو و دانوسان هەبوو چی بوو گەیشتە ئەو ئاستە؟

ڕەمزی کارتاڵ: کەجەکە هەوڵی هەبوو کە هەم لەگەڵ دوو پارتی ناو دەستەڵاتی باشور دیدار ئەنجام بدات بۆ ڕیگرتن لە هەر ئالۆزییەک بەڵام پارتی هەمیشە خۆی بەدوور گرت لەو هەوڵانە نەک وەڵامی نەدایەوە بەڵکو هێزیان گواستەوە، هەر چۆن سوپای تورک هێزی گواستەوە بۆ سەرێکانی و گرێ سپی، دیارە کە دەولەتی تورک لە ساڵی ٢٠١٩ هێزی زیاتری گواستۆتەوە بۆ باشور. داوا لە پارتی کرا بەراستەوخۆ و ناراستەوخۆ کە هاوکار نەبێ لەو جموجوڵەدا، بەرێی کەسایەتی و هەندێ ڕێگەی تر پەیاممان بۆ ناردن بەلام نەک وەڵامیان نەدایەوە ئەم ڕوداووانەی زێنێ و وەرتێی لێکەوتەوە، هێرشکرایە سەر مخمور. لە هێرشی سەر زینی وەرتێ سێ گەریلا و هەم لە کامپی مەخمور سێ ژن ژیانیان لەدەستدا. سەرەخۆشی لە کەسوکارییان و گەل دەکەم. دەبێ بگوتریت کە ئەو سێ گەریلایە بۆ سەردانی هیزەی پارتی چوبوون وشیاریان بدەنێ بۆ ئەوەی نەبنە زەمینەی شەڕ و داوایان لێکردن کە لەوێ دوور بکەنەوە. سەردانەکەی ئەوان زۆر گرنگ بوو بۆ ئەوەی ڕێ لە شەر بگیرێت و بایەخیان بە دیالۆگ دا و بۆ ریگرتن لە هەر ئەگەرێکی شەڕ. بەڵام دواتر هێرش دەکرێتە سەریان، سێ گەریلا ژیانیان لەدەست دەدەن. ڕێک وەک ئەو دوو شەڕڤانەی یەبەشە کە ڕیگریان دەکرد لە هێرشی پارتی بۆ سەر خانەسور. لەراستیدا ئەوەی هێرش دەکات دەولەتی تورک بەلام ئەوەی زەمینە خۆش دەکات پارتیە. کاربەدەستانی کەجەکە و بەتایبەتیش ئەندامی کۆنسەی بەڕێوبەری کەجەکە مەستەفا کاراسوش گووتی: ” بە‌هیچ شێوەیەک لانگری شەڕ نیە” بەڵام وێرای ئەوەش پارتی هێز دەگوازێتەوە. لە ئەگەری هەر شەڕێکدا، ئەو شەڕە ئیماژی کورد تێکدەدات و خزمەت بە داگیرکەران دەکات. دۆخەکە زۆر مەترسیدارە، مەترسیەکە تەنیا لەنیوان دوو هێز یان تەنیا لە هەرێمێکدا نیە . بەڵکو خراپبوونی ئەو ئیماژەیە کە کورد لە دونیادا بەدەستی هێناوە ، ورەی گەلەکەمان تێک دەدات. دەبێ هەموو کەسێک وریا بێت لەو پێشهاتانە.

ئامەد دیجلە: دەمەوێ سەرنجتان بۆ سەر لێداونەکەی نێچیرڤان بارزانی راکێشم کە دەلێ : ” مەسەلەکە گەورە دەکرێت و کێشەیەک نیە کە چارەسەر نەکرێت” هەمیش واپێدەچێ لە قسەکانیەوە کە رسکی شەڕ زۆرە، هەم ئاماژە بە ئاستی چەکەکانی تورکیا دەکات کە شارەزایانە لە ئامانجەکانی دەدات. پاشان دەلێ ؛ ” پەکەکە لە باشور ڕەوا نیە و دەبێ دەرچێ” ئیشارەت بە بوونی چەک دەکات لە کامپی مەخمور و زۆر ئاشکرا کامپەکە دەکاتە ئامانج. لەبەر تیشکی ئەو لێدوان و هەواڵانە دەکرێت چۆن دۆخەکە ببینین؟

زوبێر ئایدار: لیدوانەکەی نێچیرڤان لەلایەک دەلێ مەسەلەیەک نیە چارەسەر نەکرێت، کە ڕووی لە یەکێتیە، بەلام کە دێتە سەر پەکەکە دەلێ ؛ ” دەبێ دەرچن و هێزێکی ڕەوا نیە”. جارێ پەکەکە ئەوە ماوەی ٤٠ سالە پەکەکە لەوێیە، با نێچیرڤان بارزانی لە سەرسوپای تورکیا قسە بکات کە ٤٠ بنکەی سەربازی لەوێیە، سیخوڕی میت جرت وفرتیانە. ئەو هەلوێستە، هەڵویستکی ڕەواییکردنی هێرشەکانە، مرۆڤ وشەیەک نابینێتەوە کە وەسفی ئەو لێدوانەی نێچیرڤان بارزانی پێبکات. کەسێک بەناوی کوردەوە قسە بکات ناکرێت ئەوە هەڵویستی بێت. وەک ئەوەی کە کامپی مەخمور کامپی سەربازی بێ، هیچ هەڵوێستێک نیشان نادات لەبەرامبەر ئەو هەموو هێرشەی دەولەتی تورک کە دەکرێتە سەر خەلکی باشور. چ زوو بیرتان کرد گەریلا چ رۆلێکی بینی لە مەخمور و لە پاراستنی باشوردا ، خۆتان نەچوون سەردانتان کردن؟. ئەگەر لەوێ هێزێکی پاراستنی نەبێت چۆن ئەو خەڵکە بپارێزرێت ؟ کێ بەرگری دەکات؟. دوو رۆژ لەمەوبەر دوو سەربازی عیراقی لەوێ کوژران. ئێوە لە موسڵ، شەنگال، هەرێمەکەتان ناپاراست، خەڵک ناچارە خۆی بپارێزێت. دەبێ ئەوە راست بخوێنریتەوە. کەس با پاساو بۆ هێرشی تورک نەهێنیتەوە. دەولەتی تورک دوژمنی کورد، دوژمنی باشورە، چۆن هەروا زوو هەلویستی تورکیاتان لە سەر ڕیفراندۆم لەیاد کرد. بۆ؟ مەگەر کورد مافی پاراستنی نیە؟ ، باپیری نێچیرڤان بارزانی چی دەکرد کاتێ حکومەتی عێراقی هێرشی دەکرد؟ بەرگریان نەکردووە؟ تۆ کێ تاوانبار دەکەی ، بەپێی تۆ بێت نابێت کورد بەرگری بکات؟ کورد نابێت خۆیان بپارێزن؟ تورکیا تاوانبارمان دەکات دەلێ بۆ بەرگری دەکەن؟ لێدوانەکەی نێچیرڤان بارزانی مایەی قبوڵ نیە، دەبێ خۆی ڕەچاو بکاتەوە دەبێ کەسێک کە خۆی بەسەرۆکی هەرێمێک دەبینێ، وەها قسە ناکات.

فەهیم ئیشک: رووی پەیامەکەی نێچیرڤان بۆ کێ بوو ؟

رەمزی کارتاڵ : نێچیرڤان بارزانی پەیامەکەی بۆ کێیە؟ بۆ دەولەتی تورکیایە و بۆ رازی کردنی ئەوانە. هەمان پەیامی بۆ سەردەمی هێرشی سەر سەرێکانی هەبوو، کاتێ دەوڵەتی تورک هێریشی کرد ، نێچیرڤان بارزانی لە قەتەرە وتی؛ دەولەتی تورک کێشەی لەگەڵ پەکەکە هەیە لەگەڵ خەڵکی کورد نیە لە سوریا، بەئاشکرا هێرشی سەر سەرێکانی ڕەوا کرد کاتێ بۆردومان کرا. دەوڵەتی تورک لە ٣٠٠ کم سنوری ڕۆژئاڤا هاتۆتە ناوەوە بەلام نیچیرڤان بارزانی هیچ شتێک لەسەر ئەوە نالێت ، بەپێچەوانەوە هێرشی تورکیا ڕەوا دەکات. کامپی مەخمور کە خەڵکەکەی لە ئەنجامی کۆمەڵکوژی دەولەتی تورکیا هەڵهاتوون بەلام ئەو هیرشی سەر ئەو کامپە ڕەوا دەکات. نێچیروان بارزانی لە لیدوانەکە رۆژنامەوانەکەدا دەلێ؛ ” پەکەکە لێرە رەوا نیە” واتە سوپای تورکیا لێرە رەوایە. دەولەتی تورک بە سەربازی، ئیستخباراتی ، بازرگانی ، ئابوری و سیاسی باشوری داگیرکردووە. لیدوان و هەلوێستی نچێرڤان بارزانی هەلەیەکی مێژووییە.

گوڵستان ئیکە: داخۆ ئەرک و مسیۆنی پەکەکە چیە؟

سەید ئەڤرەن: پەکەکە داوای لێکرا کە وەک هێزێکی پاراستن هاوکاری بکات لە شەری دژی داعش، ئێستا چ گۆڕاوە ؟

رەمزی کارتال: گەریلا و پەکەکە، هێز و بزوتنەوەیەکی کوردستانیە ، بزوتنەوەیەکە بۆ ئازادی کوردستان.هەرچۆن کاتێ داعش هێرشی کردە سەر مەخمور ونزیکی هەولیر بۆوە ، لەوێ گەریلا خەڵکەکەی پاراست. پەکەکە و گەریلا لەکوێ پێویست بێت لەوێ دەبێت. مەسعود بارزانی خۆی سەردانی مخموری کرد و سوپاسی کرد و پیرۆزبایی کرد و رۆلەکەی قبوڵکردن. خۆبەخۆ لەوێدا هێزێکی سەربازی نیە، بەلام کاتێ گەریلا چووە ئەوێ بۆ پاراستنی خەڵک. وەکو تر ڕەوایی پەکەکە لە دەستی خەڵکدایە ، رەوایی بزوتنەوەیەک لە دەستی هیچ هێزێکدا نیە. دەربڕینی ئەو لێدوانە لە لایەن نێچیرڤان بارزانیەوە هەلەیەکی مەزنە. دۆخەکە مەترسیدارە و پڕڕسکە. دەبێ گەلەکەمان زۆر وشیار بێ ، گەڵ هێزی چارەسەری پرسەکانە. پەکەکە بۆ پاڵپشتیەکی گەورەی خەڵک لەوێیە. ئەو ناڕەوایی نیشاندانەی لە باشور، هەر دەبێ لەلایەن خەڵک، هێزە سیاسیەکان، ڕۆشەنبیران، نوسەران، سیاسەتمەداران و خەڵک وەلام بدرێتەوە. خەڵک ڕەوایی دەدات بە بزوتنەوەیەک.

زوبێر ئایدار: پەکەکە بزوتنەوەیەکی مرۆڤایەتیە، تەنیا بزوتنەوەیەکی باکور، یان ڕۆژئاڤا ، یان باشور یان ڕۆژئاڤا نیە، لە کوێ پێویست بێت لەوێ دەبێت. بزوتنەوەیەکی پاراستنی گەلە. بەبانگەوازی گەل لەوێیە، لە کەرکوک، مەخمور، هەولێر، شەنگال شەڕی دژی داعش کرد. پەرلەمانتاری یەکێتی ئارێز عەبدولا خۆی گووتی ؛ ” نابێ نانکوێر بین، ئێمە داوامان لێکردن کە بین هاوکاری بکەن” . لە کوێ هێرش بکرێتە سەر گەل پەکەکە لەوێ دەبێت. ئەو قسانەی نێچیروان بارزانی کردی لایەق بەگەلی کورد نیە. دەبێ کەس بەزاری تورکیا قسە نەکات. بۆ پێتانوایە دەولەتی تورکیا بۆ هێرشی سەر ڕۆژاڤا دەکات، هەزاران سیاستەمەدار لە زیندانەکانی تورکیان ، قاتڵەکان بەردەدەن لەم سەردەمی کۆرۆنایەدا بەلام سیاسەتمەدارانی کورد بەرنادەن. تا ئەو ئاستە دژومنایەتی گەلەکەمان دەکەن. لە باوەڕەدام گەلەکەمان ئەو راستیانە دەبینیت و هەلوێست نیشان دەدات.

هاڤاڵ ئاسلان: نێچیرڤان بارزانی وتی ئەو هێز جوڵاندنە بەدەستپێشخەری حکومەت کراوە، دیارە یەكێتی و گۆرانیش لە حکومەتدان. تا ئێستا یەكێتی لێدوانێکی ڕوونیان نەداوە یان لانی کەم هەمان بۆچونی پارتیان نیە. نێچیرڤان بارزانی کە سەرۆکی هەرێمە وەک بەرپرسێکی حزبی قسە دەکات. داخۆ ئەوە سیاسەتێکی درێژخایەنی بیکاریگەرکردنی یەکێتی نیە؟

فەهیم ئیشک : داخۆ ئەوە ئالۆزییەکیش نیە لە نێوان پارتی و یەكێتی؟

زوبێرئایدار: دیارە کە یەکێتیش ناڕەحەتە لەو هێز جوڵاندنەی پارتی. یەکێتی هەڵوێستی بە لێدوان نیشان دا لەبەرامبەر هێنانی ئەو هێزە. لەڕاستیدا ئەوەی کە پارتی دەیکات گوشاری تورکیایە بۆ سەر یەکیتیش. تورکیا لە دژی هەموو دەستکەوتێکە ، تورکیا بەش بەش هەنگاو بۆ خستن دەنێت و دەلێ لە دژی پەکەکە ئەوە دەکەم ، دوایی بەلاوازکردنی پەکەکە ڕوو لەوانی تر دەکات، هەر چۆن لە کاتی ریفراندۆم کردی. هەم یەکێتی نارەحەتە، هەم وەزیرەکانیان ناڕەحەتن و لێدوانیان دا. هەم گۆڕان ناڕەحەتە، چونکە دەزانن کە دانوسانیان لەگەڵ دەکات لەحکومەت بەڵام پارتی خۆی بریار دەدات و لەگۆڕ خۆی دەجوڵێتەوە. یەکێتی و گۆران دەزانن کە پیلانەکە تەنیا لەبەرامبەر پەکەکە نیە، بەلام تورکیا دەیەوێ ئەوان وەک ئامرازێک بەکاربێنیت. لەنیو خەڵک دا نارەزایی هەیە، پارتەکانی تریش نارەزاییان دەربڕی.

هەڤال ئاسلان: پێتانوایە کە یەكێتی و گۆران بکەونە هەمان تەوەری پارتی ؟

زوبێرئایدار: چاوەڕوانی ئەوە ناکەین کە یەكیتی هەنگاوێکی پالپشتی کردن لە پارتی بنێت و ببیتە ئامرازێک ، ئەوان مەسەلەکە دەبینن. ئەگەر نێچیرڤان بارزانی دەلێ؛ ” مەسەلەیەک نیە کە چارەسەر نەکریت” ئەوە بەهۆی هەڵوێستی یەكێتیەوەیە.

جاهید مەروان : داخۆ ڕسکی شەڕ هەیە بەهۆی ئەو جوڵانەی هێزەوە؟ داخۆ رسکی شەر هەیە لەنێوان پەکەکە و پارتی ، یان یەكیتی و پارتی هەیە؟ داخۆ هەوڵی پەکەکە هەیە بۆ دانوسان لەسەر چارەسەریەکی بێشەڕ و بێخوێنڕشتن ، ناوبژیوانیەک هەیە؟

فەهیم ئیشک: پێشتر مەسعود بارزانی وتی ” شەڕی براکوژی ڕوونادات” بەلام خانەسور ڕووی دا، داخۆ لەم قۆناغەدا ڕسک هەیە؟

رەمزی کارتاڵ : زانیاری لەبەردەستماندا نیە، نازانین کە هەوڵەکان لە چ ئاستێکدا بەهۆی کێشەی ئاسایشی لەهەرێمەکە. بەڵام بێگومان هەوڵ هەن. خەڵکی ناوچەکە چوون داوایان کرد کە ئەو هێزانە لەوێ نەمینێت. بەڕێز مەسعود بارزانی پێشتر وتبووی کە؛ ” شەڕ ڕوونادات ” ئێمەش چاوەڕوانیەیەکەمان ئەوەیە، بەڵام ڕاستیەکی بەرچاو هەیە کە پێشمەرگە چۆتە ئەوێ بە زانیاری و رەزامەندی سەرۆکی هەرێم، سەرۆکی حکومەت و سەرۆکایەتی پارتی بووە. لەکۆبونەوەی مەکتەبی سیاسی پارتی دا زینی وەرتێ هیچ لە ڕۆژەڤدا نەبوو وئەوەش مایەی سەرسوڕمانە. بەلام لێدوانی نێچیرڤان بارزانی خراپ بوو. لەڕاستیدا هیوداری باشیی بۆ دۆخەکە خراپ نیە، بەلام لەواقیع دا شتێکی تر هەیە.

زوبێرئایدار: کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان هەوڵ دەدات لە هەرێمەکەدا، دیارە کۆمیتەیەک هەیە کە دیالۆگ لەگەڵ لایەنەکان دەکات، دکتۆر مەحمود عوسمان کەوتۆتە بەینەوە، هەوڵی ژمارەیەک لە ڕۆشەنبیران لەئارادایە. ئەوەی کە مەسعود بارزانی پێشتر گوتبووی ؛ ” شەڕی برا کوژی ڕوونادات” بۆ ئێمە هێشتا لەجێی خۆیدایە، بزوتنەوەکەمان تا دوایی کراوەیە بۆ دیالۆگ. بەڵام، شتێک ڕووبدات ئێمە بەرپرسیار نین. چاوەرێ بووین نچێرڤان بارزانی لە جێی ئەوەی ڕەوایی بە هێرشیەکان تورکیا بدات، بڵێ دەکرێت کێشەکان بە برایەتی چارەسەربکەین، چاوەڕێ بووین بڵێ دیدار ئەنجام دەدەین و چارەسەری دەکەین. ئەگەر تا ئێستا شەڕ ڕووینەداوە ئەوە لە هەوڵ و لەبەرچاوگرتنی هەڤالانی ئیمە بووە و چاوەرێ دەکەین هێزەکانی تر هەمان هەڵوێستیان هەبێ. کێ شەڕی دەوێ؟ بێگومان هێزەکانی داگیرکەر شەڕیان دەیانەوێ.

هەڵوێستی پارتی، یەکیتی و گۆران چی بوو لە کۆبونەوەکەی کۆنسۆلی تورکیا لەهەولێر ؟

سەید ئەڤرەن: ڕسکەکە گەورەیە. لەدوای ساڵی ٩٩ ەوە خەڵکی باشور شەڕی ناوێت. خەڵک ناڕەزایی دەربڕی و تەنانەت پێشمەرگەکان دەیانگوت چەک فڕێ دەدەین بەلام شەڕمان ناوێت. لەشەڕی ٢٠١٥ دا موختارەکان مۆرەکانیان دایەوە بە حکومەت و پێیان گووتن؛ ” فەرموو مۆرەکانتان ببەنەوە ، ئەمە هەرێمی ئێمەیە و خەڵک لیرە بە ئاشتی دەژی” پلانی تورکیا هەیە، بەر لە هێز جوڵاندن بەرەو وەرتێ، کۆنسوڵی تورکیا هاکان کاراجای لە هەولێر لەگەڵ پارتی ، یەكێتی و گۆڕان دیاری ئەنجامدا. لەو کۆبونەیەوەی هەولێردا، یەكیتی و گۆڕان نارەزایی دەردەبڕن . هەر لە سەرەتاوە کێشە هەیە لەسەر پیلانەکە. دیارە ڕسکی شەڕ هەیە بەلام نەک تەنیا لەو هەرێمە، پێموایە کە دەبێ لەو ڕووەوە هەلسەنگاندنی لەسەر بکرێت.
رەمزی کارتاڵ: ڕسکی ئەو مەسەلەیە لەسەرەتا ئەوەیە شەری لێبکەویتەوە. تەنیا بە مەسەلەیەکی لۆکاڵیەوە نامێنیت. بەزینی وەرتێ سنوردار نیە، پیلانی دەولەتی تورکیا بۆ لەناوبردنی ئیرادەی بزوتنەوەی ئازادی کوردستان، دەستگرتن بەسەر شارەوانیەکان، شوێنەوارە مێژوویەکان، زیندانی کردن سیاسەتمەداران و چالاکڤانانی بزوتنەوەی ژن، لە ئیمرالی لەکاتێکدا کە ڕسکی کرۆنا هەیە بەلام ڕێبەر ئۆجالان هیچ زانیاریەکی لەبارەیەوە نازانرێت، هێرشی سەرتاسەری بۆ سەر رۆژئاڤا هەیە. لە باشور و دەرەوەی وڵات لە کوێ دەستکەوێکی کورد هەبێ هێرش دەکاتە سەری و دەیەوێ لەناویببات. لە بەرئەوەی کە قەندیل وەک ناوەندی ئیرادەی بزوتنەوکەیە ، دەیەوی هێرش بکاتە سەری، ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە موراد کارایلان وتی” ئەگەر هەوڵی هێرش و شکاندنی ئەو ئیرادەیە بدرێت ، چیمان لەدەست بێت دەکەین” . شەڕ بە سنورێکەوە نامێنیتەوە. گەریلا وەلام دەداتەوە لە هەر جێیەک لێی بن”. نەک تەنیا قەندیل بەڵکو هەموو جێیەک دەبێتە مەیدانی شەڕ، باش دەزانریت کە لە شێلادزێ چۆن هێرش کرایە سەر بارەگاکانی تورکیا. ئەوە دوو سالە بزوتنەوە، ڕێکخراوەی مەدەنی، کەسایەتی، رۆشەنبیر، قەڵقانانی زیندوو، هاتن و چوونی خەڵک بۆ قەندیل و هەولەکانیان بەبەرچاوەوەیە، دیار کە خەڵک پۆتانسێلێکی گەورەی هەیە کە دەکەویتەگەڕ لەبەرامبەر هەم داگیرکاری و هەم سیخوڕەکانیان. ئەمە زۆر ڕوونە، کە خەڵک دۆخەکە دەباتە قۆناغێکی ترەوە. ئەوە تەنیا مەسەلەی پەکەکە یان گەریلا نیە، مەسەلەی گەلێکە. کەس حسابی هەلە نەکات. حساب گەورەیە و بۆ شکاندنی ئیرادەی بزوتنەوەکەمان، بەلام ئەوەی گەریلا و گەلەکەمان بەو بەرخودانەی ئەنجامیداوە لەماوەی ڕابردوودا سەلماندوویەتی کە هێرش هەبێت چۆن خۆی دەپارێزیت. ئەوە زۆر ڕوونە. بانگەوازی لە هەموو کەسێک دەکەین کە جدییانە مامەڵە لەگەل دۆخەکە بکەن و رسکی شەڕ زۆر گەورەیە.
گولستان ئیکە: دەوڵەتی تورکیا هەنگاو بە هەنگاو چووە پێشەوە لە خاکورکێ و خنێرە بارەگای دامەزراند، ئێستاش دەیەوێ بەرەو قەندیل بچێت، داخۆ ئەمە وەک دوایین هەنگاوەیانە؟ تەنیا مەسەلەکە بەو هێزانەوە سنوردار نیە کە لە زینی وەرتێ، هێزی نێونەتەوەیی ڕۆلی چیە لەم مەسەلەیەدا؟ دوران کاڵکان ئاماژەی بە ڕۆڵی ئەمەریکا کرد؟ ئەنجامەکانی چی دەبێت؟

ڕێکەوتنی نێوان پارتی و دەولەتی تورک لەسەر دروستکردنی بەنداو

هاڤاڵ ئاسلان: دیارە کە لە مانگی شوبات دا میت و پارتی کۆبونەوە، لەوێ دا ڕێکەوتنێکیان کرد کە ٣٠ ساڵ بارەگاکانی لە خاکورکێی و برادۆست بمێننەوە. لەو هەرێمانە ئاو هەیە و دەولەتی تورکیا بەنیازە ٢١ بەنداو دروست بکات. پارتی چ سازشێکی کردووە؟
ئامەد دیجلە : مسرور بارزانی دەلێ؛ ” ئەوانەی ڕەوانە کراون بۆ زینی وەرتێ هێزی حکومەتن” . لەڕوالەت دا دەردەکەوێت ئەو هێزانە سەر بە حکوەمەتن؟ داخۆ کەجەکە ڕەتدانەوەی بوونی ئەو هێزانە وەک هێزی حکومەت یان لەو پیلانانەیە کە دەولەتی تورک کاری بۆ دەکات؟

لەئەستانە تورکیا، ئێران و ڕوسیا لەسەر باشور ڕێکەوتن

رەمزی کارتاڵ: لە ٢٠١٦ دا لەدوای کودەتای تەموزەوە دەولەتی تورکیا دەستی بەهێرشێکی فراوان کردووە بۆ سەر باشور و لە ٢٠١٨ ەوە دەستی بەگرتنی جێگەکان و دانانی مۆلگەکانی کردووە ، لە ٢٠٢٠ دەیەوێ بگەینێتە قۆناغێکی نوێ. قەندیل دوایین قۆناغ نیە. دەوڵەتی تورک دەیەوێ کە تا دوایین دەستکەوتی گەلی کورد بچێ و لەناویبەرێت. ئامانجی تایبەتی خۆی هەیە لەسەر پەکەکە کە شکاندنی ئیرادەیە چونکە ئەمرۆ ئەوەی کە بەربەستی سەرەکیە لە بەرامبەر دەولەتی تورکیا، پەکەکەیە، پەکەکە هێزێکە کە لە هەم لەڕووی سیاسی، سەربازی، کۆمەڵایەتی، دیبلۆماسی کە ناتوانێ کۆنترۆڵی بکات، وێرای هەموو تەگەرە و بەربەست و هێرشەکانی سەری ئەمرۆ لە ئاستی کوردستان، ناوچەکە و دونیا دا لە هەڵکشاندایە. بزوتنەوەکە لە دونیا ڕۆژەڤ دروست دەکات. ئامانجیانە کە ئیرادەی پەکەکە بشکێنن، ئەڵبەتە ئەوە ئامانجی سەرەکیان نیە. بینیمان بەبەرچاوی دونیا کە چۆن لەبەرامبەر ریفراندۆم بێڕێزیان کرد، تەنانەت لەسەر ڕیفراندۆمێک کە پارتی دیموکراتی کوردستان خۆی پێشەنگی بۆ کردبوو.
ئەگەر لەوەدا سەرکەون کە تا ئاسێک ئەو ئیرادەیە لەوێدا بشکێنن، ئەو کاتە ئەو هێزەی زۆرەی کە دەوڵەتی تورک بردوویەتیە باشور، لەوێ دەهێلێتەوە و خۆی بەسەر ئەوێ دا دەسەپێنێ، داواکانی بەسەر دەسەلاتی باشور دەسەپێنێ. یەكێک لە بابەتەکانی کۆبونەوەی ئەستانە لە نێوان ئێران، تورکیا و ڕوسیا لە ناوبردنی ئەو دەستکەوتەی باشوری کوردستانە کە لەسەری ڕێکەوتوون و بڕیاری هاوبەشیان داوە و لە ڕاگەیاندەکانیشیان نەشاردەوە. ئەڵبەتە قەندیل دوایین قۆناغ نیە بەڵکو یەکێکە لەگرنگترین وێستگەکان. ئەگەر تیشكی سەوزی ئەمەریکا نەبێ تورکیا و پارتی پێکەوە ئەو پیلانە بخەنە واری جێبەجێکردنەوە. ئەو پیلانەی کە لەڕۆژاڤاوە دەستیانپێکرد، ئەوەیە کە ئەو ئیرادەیە بشکێنن کە پشت بە گەل دەبەستێت، کوردێکە چارەسەری دیموکراتی بەبنەما دەگرێت نەک تەنیا بۆ کورد بەڵکو بۆ هەموو گەلانی دیکە. دەیانەوێ هەم ئەوە بەربەست بکەن و هەم تورکیا بکێشنە تەوەری خۆیانەوە. بەکێشکردنی تورکیا بۆ تەوەری خۆیان ، سیاسەتی سەرەکی ئەمەریکایە لە هەریمەکە.
لەسەر کۆبونەوەی کۆنسوڵخانەی تورکیا لەگەل پارتەکان ( پارتی ، یەکێتی و گۆران) دیارە هەن کە پیلانەکەی تورکیای قبوڵ کردووە و هەشیانە کە پیلانەکەی قبوڵ نەکردووە. ئەلبەتە هێزە باڵادەستەکان دەستیان هەیە لەو پیلانەدا، مومکین نیە کەبێ پشتگیری ئەوان پارتی ئەوەندە خێرا و بەو هێزەوە جوڵایەوە. دەوڵەتی تورکیا دەیەوێ بەدروستکردنی بەنداو و دانانی بارەگا تەگەرە بۆ جوڵەی گەریلا دروست بکات. پرسیار ئەوەیە کە پارتی چ سازشێکی کردووە. دەبێ زۆر بەوردی بە دوای ئەوە دا بچین. لەسەر ئەو بانگەشانەی کە هێزی مۆلدراو لە زینی وەرتێ و بەکارهێنانی دەستەواژەی ” هێزی کاتیین ” دەستەواژەیەکی ڕوون نیە ، تەمومژاوییە چونکە لەو جێیانەی کە پێشووتر چوونە، پاشەکشەیان نەکردووە( دواتر رادەستیان کردووە بە دەوڵەتی تورک). دەولەتی تورک کەوتە هەرجێیەک لێی دەرناچێت.

لەناو ئەو هێزەی بۆ زینی وەرتێ جوڵێنراوە بە تورکی قسە دەکەن و بەجلی پێشمەرگەوە هێنراون

ئامەد دیجلە : ئایا کەجەکە ناڕەزایی لە هاتنی ئەو هێزەی پارتیە یان ترسی ئەوەی هەیە کە لە ناو ئەو هیزەی پارتیدا سوپای تورک هەبن؟

ڕەمزی کارتاڵ: هەمیشە ئەوەمان دووبارە کردۆتەوە کە ئیرادەی دەسەلاتی هەرێمەکەمان لەبەرچاوگرتووە. هەمیشە ئامادەیی خۆمانمان نیشانداوە کە بەرپرسیارێتی خۆمان لە ئاست خەڵک دا لەو هەرێمە بەجێبێنین. بەڵام لەو هەرێمەی کە ئێمەی لێین بەپاساوی کرۆناوە هێز جوڵێنراوە و ئەوەش پاساوێکی ڕاست نیە و لەسەر داوای تورکیا ئەو هێزە هاتۆتە ئەوێ، ئەوەش دەبێتە هۆی زەمینەی شەڕ لەنێوان هێزی کوردی دا. دەبێتە زەمینەی شەڕی گەریلا و پێشمەرگە ، هەروەها خەڵکی هەرێمەکە زانیارییان داوە کە ئەوانەی لەناو پێشمەرگەکاندا هاتوونەتە ئەوێ کوردی نازانن و لە نێو خۆیان دا بە تورکی قسەیان کردووە. دیارە کە بە جلی پێشمەرگەوە هاتونەتە ئەوێ. دیارە کە ئەرکداری سوپای تورکیان. دیارە کە خەڵکی هەرێمەکەش ئەوانیان ناوێت. لەسەر ئەوەیە کە ئێمە ناڕازیین لە بوونی ئەو هێزە.
جاهید مەروان: دیارە مەسەلەی ئێران لەو هەرێمە گرنگە، لە ئەستانە ئێران مامەلەیەکی دژی گرت لەبەرامبەر کورد بەلام لەکرداردا لە شەرێک دا نیە دژ بە هێزە کوردییەکان و ئاگربەستێکی کاتیی لەئارادایە. داخۆ ئەو جوڵە سەربازییە ( لە زینی وەرتێ ) لەگەل بەشێکی دەسەلاتی باشور بەشێکە لە جوڵەی گوشاری هێنان بۆ ئێران ؟ یان ناچارکردنی پەکەکەیە کە بژارێک بکات؟ چونکە دەزانین کە پەکەکە هەمیشە هێڵی سێیەمی هەڵبژاردووە بەلام ئایا بەو هێرشانەی سەر کامپی مەخمور و ئەو جوڵەیەی دواییە ناچاری دەکەن بژارێک بکات؟

ڕەمزی کارتاڵ : دیارە کە ‌ئەمەریکا دەیەوێ بەسازش کردن بۆ تورکیا ، بیکێشێتە بەرەی خۆیەوە و تورکیا لە بەرەی ڕوسیا دووربخاتەوە. زەریفی لەم رۆژانە دەچێتە دیمەشق جارێکی مەسەلەی کۆبونەوەکەی ئەستانە دەێنێنتەوە سەرمێز و دەیەوێ سوریا رازی بکات کە کێشەکانیان لەگەڵ تورکیا چارەسەر بکەن و نەهێلن کە تورکیا بکەوێتە بەرەی ئەمەریکاوە. دیارە کە سیاسەتێک هەیە لە هەردوولاوە بەرامبەر بە کورد. ئەوەی بۆ کورد دەمێنیتەوە، ئەوەیە کە دەبێ پێکەوە بجوڵێنەوە. کام یەکێک لەو هێزانە بێ ڕوسیا، ئەمەریکا ، ئێران یان تورکیا بێ، گرنگە کە کورد خۆی سیاسەتی خۆی هەبێت و ئەو گەمانە پوچەڵ بکاتەوە. ئەگەر نا، ئەو هێزانە تا ئێستا دەیانەوێ کورد لە سیاسەتی خۆیان دا بەکاربێنن. ئەوە بۆ ئێرانیش هەمان شێوەیە.

پیلانی جێبەجێکردنی داگیرکردنی زینی وەرتێ لە کۆنسوڵخانەی تورکیا لە هەولێر داڕێژراوە

زوبێر ئایدار: هەموو کەسێک لە هەریمەکە رۆژەڤێکی هەیە. هەندێ لایەنی نزیکی لە پارتی رۆژەڤێکی وەهایان دروستکرد کە ئەمەریکیەکان هێزی خۆیان دێننە باشور، لەبەرامبەر ئێران دەستیان بە گرتنەبەری ڕێوشوێن کردووە کە هیچ ڕاستییەکی نیە و ئەسلی و ئەساسی نیە. ڕوداوێکی بەشێوەیە نیە. ئەمەریکیەکان ئەو دەرفەتەیان هەیە کە بێن لەگەڵ بزوتنەوە ( پەکەکە ) دانوسان بکەن، ئەم بزوتنەوەیە کراوەیە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ هەموو کەسێک و لە سیاسەتی هێلی سێیەم دا باوەڕی بەدانوسان لەگەڵ هەموو کەسێک هەیە. ڕاست نیە کە گوایە لە مەسەلەی ئێران گوشاریان بۆ پەکەکە هێنابێت. دەولەتی تورکیا لە ساڵی ٢٠٠٧ لە هەوڵی داگیرکردنی باشوردایە، لە کۆنسوڵخانەی تورکیا لە هەولێر لەسەر ئەو جولە سەربازییە قسەکراوە و پلان داڕێژراوە و میت لە باشور دەستی بەدیدار کردووە. لە هەمان کات دا هێزی نێونەتەوەییش بەرژوەندی خۆییە هەیە و چەندین سالە هەولی هێشتنەوەی تورکیا دەدەن لە تەوەری خۆیاندا. ئەمەریکا لە باشور گۆڕەپانی ئاسمانی بۆ تورکیا کردۆتەوە. ئەمەریکا لە رۆژئاڤا سیاسەتێکی هەیە لە باشوریش سیاسەتێکی تری هەیە. روسیاش سیاسەتێکی هەیە. ئێران و تورکیا و روسیا لە ئەستانەوە لەدژی ئەمەریکاش دەجولێنەوە دەبێ خوێندنەوەی دۆخەکە بەلاڕێدا نەبرێت. هەرهێزیک سیاسەتێکی تایبەتی هەیە و بەرژوەندی خۆیان هەیە. لەئاگایی ئەوەداین. بەڵام لەئارادا داگیرکارییەک هەیە کە دەولەتی تورکیا نەک تەنیا لە باشور بەڵکو لە جێگەی تر ، تورکیا کەوتە شوێنیکەوە لێی دەرناچێت. سەیرکەن لە ئیدلب ٢١ خاڵی چاودێرییان داناوە و بەئاشکرا دەڵێن؛ ” دەرناچین”. سەرەتا وتی بۆ لەناوبردنی داعش دەچمە بەعشیقە ، ئێستا داعش لەوێ تەواو بووە ئیشی لە بەعشیقە چیە؟ کێ دەریدەکات، چەندین جار حکومەتی عێراق داوای کرد بەلام دەرناچن. ئیستا هەنگاو بەهەنگاو داگیرکارییەکانی فراوان دەکات. هەرێمی فراوانی کۆنترۆڵ کردووە، کێ تورکیا لەوێ دەردەکات؟ ئەگەر بە گوشار نەبێت ، سبەینێ بەهیچ شێوەیەک ناتوانن دەریبکەن.
ئێستا ئەو کارە لەچوارچێوەی فراوانکردنی داگیرکارییەکانی دا دەکات. وەکو تر ناکرێ بە تیۆری کۆمپلۆ خوێندنەوەی بۆ بکرێت. لە باشوریش بنکە ، خاڵی چاودێری دادەنێت، سیخوڕی خۆی بەرێ کردووە بۆ وەرتێ. ڕاستەوخۆ سەرپەرشتی ئەو داگیرکارییە دەکەن. مەسەلەی ئێمە ئەوەیە کە دەبێ کورد نەبنە ئامرازێک بۆ ئەو داگیرکارییە. کورد هاوکاری نەکات هیچ ئۆپەراسیۆنێک سەرکەوتوو نابێت. دەوڵەتی تورک ئەو ئۆپەراسیۆنەش بکات سەرکەوتوو نابێت. سیاسەتیان لەهەرێمەکە ئەوەیە کە کورد بە یەک دا بدەن و ئەوانیش هەرێمەکە داگیر بکەن. یەک پرۆژە هەیە ئەوەیش دوژمنایەتی تورکیایە بۆ کورد کە پرۆژەی داگیرکارییە.

سەید ئەڤرەن: مەسەلە تەنیا زینی وەرتێ نیە. بەڵکو لەبەعشیقەش هەن لەوێ بنکەیەکیان کە کاریان لەسەر دامەزراندنی حەشدی وەتەنی لە سوننەکان کرد. خۆبەخۆ حەشدی وەتەنی لێرە و لەوێ لە نزیک موسڵ و بەعشیقە هەن، گرێدراوی بەرەی تورکمانییش هێزێکیان دامەزراندووە. داخۆ عێراق هەلویستی چی دەبێت؟
هاڤاڵ ئاسلان: کە هێرش کرایە سەر کامپی مەخمور وەزارەتی دەرەوەی عێراق بانگی کۆنسولی تورکیای لە بەغداد کرد و نامەیەکی نارەزایی پێدان. ئەوەی لە باشور رووبدات کاریگەری لەسەر بەشەکانی تر دەبێ ، کاریگەری لەسەر رۆژاڤا چی دەبێت؟

گوڵستان: ماوەیەک لەمەوبەر وەزیری ناوخۆی تورک سلێمان سۆیلو ناچاربوو دەست لەکاربکیشتەوە و مەسەلە تەنیا کرۆنا نەبوو، دیار بوو کە قەیرانێک هەیە ، داخۆ دەولەتی تورک بۆ تێپەراندنی ئەو قەیرانە ناوخۆییە تەنیا قوڵکردنەوەی شەر و فراوانکردنی وەک ڕێیەک بۆ تێپەراندنی ئەو قەیرانە دەبینیت. داخۆ بەڕاستی تورکیا لە بەهێزییەوەیە کە هێرش دەکاتە سەر باشور و ڕۆژاڤا ؟ یان بۆ داپۆشینی ئەو قەیرانەیە؟

ئەو جێیانەی تورکیا داگیری دەکات لێی دەرناچێت

زوبێر ئایدار: دەولەتی تورک سیاسەتێکی فراونخوازی هەیە نەک تەنیا لە باشور و ڕۆژئاڤا بەڵکو لە وڵاتە عەرەبییەکانیش بەڵام لە وڵاتە عەرەبیەکان بەرەنگاری بونەوە. سیاسەتی تورکیا لەسەر موسڵە. بۆی بڕەخسێت ئەو جێیانەی کە فراوانی دەکات، داگیری دەکات، دەیخاتە سەر تورکیا. ئەردۆغان پرۆژەی ئەتاتۆرکی دووەمی هەیە و دەلێ ؛ ” لە سەدەی ٢١ دا تورکیام فراوانکرد، خاکم بەدەستهێنا”. دەبینن کە لە باکوری سوریا و ڕۆژئاڤا، لە ئەدلب دەرناچێت. بەلایەوە گرنگ نیە زیانی گیانی چی دەبێ چونکە پرۆژەی فراوانکردنی خاکی هەیە.
حکومەتی عێراق ناڕەزایی ئەمجارەی لەبەرامبەر هێرشی کامپی مەخمور توندترە لە جارەکانی پێشووتر. تورکیا لە لیبیا چ کارەیە؟ تورکیا لە سودان ، قەتەر، سوریا چ کارەیە؟ سیاسەتێکی فراوانخوازییە. دەبێ هەرکەسێک، هێزیکی کە زیانی بینیوە لەو هێرشە فراوانخوازییانە یەکگرتوو بن و بێنە لای یەک، چونکە دۆخێکی جدی هەیە. لە تورکیا ناکۆکی ناوخۆیی و قەیرانی ناخۆیی هەیە، لە هەموو جیهان لە بەرامبەر کرۆنا ڕێوشوێن دەگیریتە بەر بەڵام خەلکی تورکیا ناچارن بۆ قوتی خۆیان کار بکەن چونکە داهاتیان نیە. لەبەرئەوەی کە داهاتی وڵات هەمووی بۆ شەڕ خەرج دەکرێت. خەڵکێکی زۆر توشی کرۆنا بووە بەلام دەشاردرێتەوە. ژمارەی توشبوان زۆر زیاترە لەوەی ڕادەگەیەنرێت. لەراستیدا لە ناوخۆدا رووبەرووی تەنگژە بۆتەوە. سۆیلو دەستی لەکارکێشانەوەی راستە بەهۆی ئەو تەنگژە ناوخۆییانەوە بەڵام لەناوخۆیاندا سازشیان کرد و پینەیان کرد. بەلام تا کوێ ؟ ئەو ناکۆکیانە بەردەوام دەبێت. دەولەتی تورکیا بەئاکەپە، مەهەپە ، بالی سەربازی و ئەرگەنەکۆنیەوە هەمووی سیاسەتێکی دژە کورد بەڕێودەبەن. لەسەر باکور، باشور، رۆژاڤا و رۆژهەلات و لە دونیاشدا بەهەمان شێوە سیاسەت لەسەر کورد بەڕێودەبەن. ئەگەر خویندنەوەیەکی راست بۆ ئەم دۆخە بکەین، دەکرێت پێشکەوتن و پێهەڵگرتنێکی سیاسی و دیبلۆماسی بکەین، دەکرێت هەم لە هەریمەکانی پاراستنی میدیا و هەم لە مەیدانی جەماوەری کاری جدی بەڕێوەبەرین.

فەهیم ئیشک: دەولەتی تورک دەیەوێ کورد بە یەکدا بدات و شەڕ هەڵگیرسێنێ ، دەیەوێ شەڕی کورد و عەرەب هەڵگیرسێنێ، مەیدانی شەر لەبەرامبەر عەرەبیش دەکاتەوە ، لەناوخۆ دا ئایا مەسەلە چیە ؟ ئەمە بێپەراوییە یان بەڕاستی بەهێزییە، چیە؟

جاهید مەروان: باس لە بەعشیقە کرا کە بنکەی سەربازی هەیە، دیارە کە تورکیا لە تەوەری سونییدا سیاسەت بەریوەدەبات. هێزیان نارد بۆ سۆمال و لیبیا،، دیار ئەو سیاسەتەی کە لە کۆتایی سەدەی ٢٠ دا لەبەرمبەر هەرێمەکانی باڵکان بەڕێوەی برد. هەندێ گروپی سونی بۆ ئێرە و ئەوێ بەرێ دەکەن. بۆ نمونە ناردنی هێزی سونی بۆ لیبیا، لەناویدا گروپێک هەیە کە بە ناوی ” پێشمەرگەی رۆژ” تەنانەت وتەبێژی سوپای لێبیا مسماری ناوی یەکێکیانی ئاشکرا کرد لەو پێنج کەسەی کە دەستگیرکراون . بەشداری کورد لەو جۆرە پیلانانە چ ئەنجامێکی لێدەکەوێتەوە؟ چۆن هەڵیدەسەنگێنن؟ ڕسکی بۆ کورد چیە؟ لەوانەی مایەی تیگەیشتن بێت عەرەبێک بچێتە لیبیا بەڵام جێی سەرسوڕمانە کە کوردێک پەروەردە بکر‎ێت لەژێر ناوی گروپێکی چەتەدا بچێتە لیبیا، داخۆ چ کاریگەریەکی لەسەر ئەو ئیماژە دەبێ کە کورد لە شەڕی دژی داعش لەئاستی نێونەتەوەیی دا دروستی کردووە؟

رەمزی کارتاڵ : لە تەوەری پارتی نەتەوەپەرستی مەهەپە دەولەت دا ، بەهەلگیرسانی شەڕی کورد بە کورد، سیاسەت و هێرشی فراوانخوازی لەبەرامبەر عەرەب، ئامانجی سەرەکی قورتاربوونە لە پرسی کورد و لەگۆڕ خۆی یەکلاکردنەوەیەتی، ئەوەی عەقلی دەولەت بەڕیوەدەبات پێیوایە ؛ ” چارەسەری پرسی کورد واتە پارچەکردنی تورکیا بۆ ئەوەی کە پارچە نەبێت دەبێ گەورەببین” ، جا بۆ گەورەبوون فراواخوازی دەکات بۆ لیبیا ، دەریای رەش ، دونیای عەرەب و بەرەو باشور . هەم پارچە دەکات و هێزی خۆی لەسەر زاڵ دەکات. دەیەوێ بەشەڕی کورد بە کورد ئەو سیاسەتەی بسەپێنێت. هەم ئیماژی کورد تێکبدات ، هەم پلانەکەی سەربخات. بەشەڕی کورد بە کورد گەمارۆی هێزی بزتنەوەی ئازادی کورد دەدات. لەراستی دا ئەوەی کە دەیکات ئەنجامی قەیرانێکی گەورەی سیاسی و ئابورییە هەم لەناوخۆ و هەم دەرەوە. دەیەوێ رێی تێپەراندنی ئەو قەیرانە بە سەرکوتکردنی پەکەکە لەژێر ” تیرۆر” دا دەکات بەخەڵک دەلێن ” سەبر بکەن ئەو پرسە چارسەر بکەین دواتر باری ئابوری باش دەبێت”. ئەوە نەکەن ئەوە روبەرووی داڕمان و قەیرانێکی قوڵتر دەبنەوە. بۆ ئەوەش دۆخەکە بۆ کورد هەم دەرەفەت و هەم فرسەتێکی گەورەیە. تەنیا مەسەلەکە پەکەکە نیە. دەولەتی تورک لە هەرچوارپارچەی کوردستان لە کوێ دەسکەوتی کورد هەبێ وەک پارچەبوونی خۆی لەقەلەمی دەدات. بۆ ئەوەش داڕمانی فاشیزم پەیوەندی بەهەرچوارپارچەی کوردستانەوە هەیە. لێدوانەکەی نچێروڤان بارزانی ” هێزی پێشمەرگە مافی هەیە بۆ هەموو جێیەک بچێ” ئێمە کێشەمان لەوەدا نیە، بەلام ئەگەر ئەو هێزە لەچوارچێوەی پیلانی دەولەتی تورکیا و بۆ شکاندنی ئیرادەی بزوتنەوەی ئازادی بێت و خزمەت بەچۆکداهێنانی پەکەکە هەبێ ئەوە بەڵێ کێشەیە. هاتنی هێز بۆ زینی وەرتێ لە چوارچێوەی خزمەت بەخەڵکی هەرێمەکە نیە. پێشتر بەو بیانووە هاتنە برادۆست، خاکورکێ و خنێرە، تەنانەت پیلانێکی هاوکارییکردنی یەکتر هەیە لە نیوان پارتی و دەوڵەتی تورک. دەبێ لەو سۆنگەیەوە چاو لەو مەسەلەکە بکریت. ڕاستە بەشێک ئەو کوردانەی ڕۆژاڤا کە لە باشور پەنابەرن دەکرێنە چەتە و رەوانەی لیبیا کراون. بەو پێیەش دەیانەوێ ئیماژی گەلی کورد بشکێنن بەتایەتی ئیماژی رۆژئاڤا لەکاتێکدا لەئەنجامی شۆرش سیاسەتێکی دیموکراسی، یەکسانی و دادوەری دادەڕژێن بەلام بەو سیاسەتی دەولەتی تورک دەیانەوی بلێن کە کوردی رۆژئاڤا دەچێت لە لییبا لە ناوگروپی چەتە شەڕ دەکەن. هەمان ئەو هێزانەیان لە شەری شارەکان لە باکوری کوردستان بەکارهێنا. دەبێ ئەوسیاسەتەی دەولەی تورک ئاشکرا بکرێت و ڕیسوابکرێ.

شەش کەس لە “پێشمەرگەی رۆژ” لەدەستی لیبیا و ڕوسەکاندان

سەید ئەڤرەن: ئەوانەی لە لیبیا دەستگیرکراون شەش کەسن یەکێکیان لە دەستی لیبیەکان و پێنجیان لە دەستی ڕوسەکاندایە، پێنجیان خەڵکی رۆژئاڤایە و ئەو دیکە خەڵکی باشورە. دەست بە لێپرسینەوە کراوە لەگەڵیان، ئەوەندەی من زانیاری هەبێ دانپیانەکانیان بلاو دەکرێنەوە. دانپیانەکانیان لەسەر کێ پەروەردەی کردوون؟ کەی و لە کوێ؟ بۆچی پەروەردەکراون و بە چ ئامانجێک ؟ بەئاگایی کێ چونەتە ئەوێ ؟ روسەکان بەکراوەیی داوای زانیارییان کردووە؟ . ئەو جولەیەی لە زینێ وەرتێ یە تەنیا پەیوەندی بە پەکەکە نیە. ئامانج یەكێتی نیشتمانیشە. بەقەد پەکەکە ، یەکێتی ئامانجە. لەناو یەکێتیشدا گفتوگۆ هەیە. بانگەشەدەکرێت کە بڕیاری هێز جولاندنە بڕیاری حکومەتە، ئەوە لەکاتێکدایە کە حکومەتی عێراق ٤ ملیار دینار پارەی ناردووە بەلام سلێمانی و هەلەبجە بێبەشن لەو بودجەیە. ئێستا قسە لەسەر دوو ئیدارەیی دەکرێت بەلام ئەگەر ئەو ببێت حکومەت لە کوێ دەمێنێ. چ کاریگەری دەبێت لەو قەیرانەی نێوان یەکیتی و پارتی لە حکومەت؟
هاڤاڵ ئاسڵان : لە قۆناغی رابردوو لە ٩٠کان دا شەڕ کەوتەوە لەنێوان هێز کوردییەکان ئیستا لە ٢٠٢٠ دا ڕسکی شەڕ هەیە؟ خەڵک نارەزایی دەردەبڕن ، داخۆ نارەزایی خەڵک دەکریت چێ لێبکەوێتەوە؟ بە یەکێتی نەتەوەیی چۆن دەکرێت وەلامی ئەو دۆخە بدرێتەوە؟

هەموو کەس وەک نێچیرڤان بارزانی بیر ناکاتەوە، کەسی وڵاتپارێز لەناو پارتیشدا هەن

زوبێر ئایدار: راستە مەسەلە تەنیا پەکەکە نیە، پرۆژەکەی تورکیا فراوانە ، قۆناغی یەکەم پەکەکە، دواتر یەکێتیە. ئەوە پیلانەی تورکیا لە ڕیفراندۆم دا دەرکەوت. یەکێتی لەم دۆخە ناڕەحەتە، هەندێک لەناویان تەنانەت گفتوگۆ لەسەر ئەوە دەکەن کە لەحکومەت بکێشیینەوە یان نا؟ . لەو هەڵوێستەی پارتی ناڕەحەتن. تورکیا بە باشورەوە نەوەستا خۆی گەیاندووە تا لیبیا. لە سوریا، باشور خەڵک بە چەتە دەکات و بەکاریان دێنێ بۆ ئامانجەکانی خۆی، ئەوەی بۆ لیبیای ناردووە وەک سوپای یەنیچەرییە. ئەوانەی دەیانێرین بۆ لیبیا تورک نین لەترسی نارەزایی ناوخۆیی بەڵکو چەتەی دیکە رەوانە دەکەن. لە باشور زەمینە بەوە دراوە، لەژێر ناوی ئەوەی کە موچەی ٢٠٠٠ دۆلاریان پیدەدەن. بینیمان کاتێ داودئۆغلو چووە باشور ، سەردانی شوێنی پەروەردەکردنیانی کرد. ناوی پێشمەرگەش لەکەدار دەکەن. دەیانبەن بۆ ئامانجی خۆیان بەکاریان دێنن. لە سوریا و باشور ئەوانەیان کردۆتەوە و پەروەردەیان کردوون و رەوانەی لیبیایان کردوون. بۆ بەرژوەندی خۆیان و پلانە فراونخوازییەکانیان بەکاریاندێنن. ئەو کەسانە چ ناوێکیان نیە جگە لەوەی کە خیانەتیان بە کۆمەلگەکەی خۆیان کردووە.
ئێمە کار لەسەر ئەوە دەکەن کە شەڕ روونەدا ، بۆ ئەوەی مەترسییەکی وەها نەبێت خەڵک، کەسایەتی و و حزبەکانیش کەوتونەتەخۆ. لەروانگەی ئێمەوە هەوڵی بەنرخ و گرنگن. ڕایەکی گشتی فراوان هەیە بە بەراورد بە سالانی ٩٠کان دا ، دیارە کە هەروا کارێکی ئاسان نیە کە هاوکاری لەگەڵ دژومن بکەی و هێرش بکەنە سەر هێزکی تر، ویژدانێکی کۆمەڵایەتی فراوان هەیە، کاردانەوەکان گرنگ و فراوانن، ئەگەر زیاتر بکرێن ئەوە هەنگاوی پاشەکشەیان پێ دەنرێت. ناتوانین بڵێین هەمووکەس لە ناو پارتی دیموکراتی کوردستاندا وەک نێچیرڤان بارزانی بیردەکەنەوە، باش دەزانین کە بنکەیەکی وڵاتپارێزیش لەناو پارتیدا هەیە و لەو باوەڕەشداین کە نارەزایی دەربرن بارامبەر ئەو دۆخە. بەڵام ئێمە خەڵک و رای گشتی ئاگادار دەکەینەوە کە مەترسییەکی وەها هەیە. هەرچییەک ببێ نابێ شەری نێوان کورد و کورد ڕووبدات، ئەگەر پێش بەوە بگرین دەبێتە گەورەرین زەبر لە دەولەتی تورک. دەبێ ئامانجەکانیان وەلابنێین. دەبێ هەموو کەسێک بەشێوەیەک نارەزایی دەربڕی و ئەرکی سەرشانی خۆی بەجێبێنێت.
گولستان ئیکە: دیارە ڕوونە کە نەخشە چیە، بەلام دەگوترێت کە هەموو کەسێک هەلوێستی خۆی نیشان بدات ، مەبەست چیە؟ داخۆ داواتان ئەوەیە کە پێشمەرگە لە زینێ وەرتێ بکشێتەوە؟ لە پەنجەرەی یەکیتی نەتەوەیەوە، چارەسەری چیە؟

ئامەد دیجلە: گەلی کورد، ڕێکخراوەی کۆمەلگەی مەدەنی ، هونەرمەندەکان دەتوانن چی بکەن بۆ ئەوەی کە ڕێ لەو شەڕە بگرن. لە زۆر کەناڵ و دەزگای راگەیاندنی نێونەتەوەییش چەندین شیکاری هەیە دەوڵەت بۆ پەردەپۆشکردنی قەیرانی ناوخۆیی، هەوڵی داگیرکاری و قەیرانی دەرەکی دەدات؟ داخۆ ئەڵقەی لاوازی ڕژێمی تورکیا چیە کە ئەگەری داڕمان و شکانی هەبێت؟ بۆ ئەوەی پێک بێت دەبێ چی بکرێت و چ کۆششێک بدرێت؟
جاهید مەروان: دیارە زۆربەی چاوەڕوانیەکان لە کوردن ، دەزانین کە لە ئاستی نێونەتەوەییشدا توێژێکی دۆستی گەلی کوردی باشوری کوردستان هەیە مەبەستم ئاستی دەوڵەتەکان نیە، بەڵکو رێکخراوە و کەسایەتی نێونەتەوەیی کە دۆستی کوردن و لایەنگری پێگەی سیاسی گەلی کوردن، دەتوانن کە گوشار بۆ حکومەت بێنن و بانگەوازی بکەن پاشەکشە بکات لەو هەنگاوە؟

گەلەکەمان هێزی ڕێگرتن لەشەڕ و چارەسەرین

رەمزی کارتاڵ : بۆ چارەسەری هێزی سەرەکی گەلەکەمانن. هەموو هێزێکی نیونەتەوەیی و ناوچەکە ئەجیندای تایبەت بە خۆیان هەیە. حساب و ستراتیژی خۆیان هەیە. بەڵام ئەگەر گەلی کورد خۆی بەهەوڵ ، هێز و جموجوڵی خۆی ئەو پیلانە پوچەل بکاتەوە، ڕی بەو شەڕە بگرێت ، ئەوە دەبیتە زەمینەی هەڵکشانی هیزی کورد هەم لە ڕووی سیاسی ، دیبلۆماسی، جەماوەری، کۆمەلایەتی ئەوە کاریگەری لەسەر هێزە نێونەتەوەییەکان دەبێت و ناچاریان گۆرانکاریان دەکات لە سیاسەتیاندا. گەلەکەمان لە ئیستادا هێزی سەرەکیە . لە هەموو پارچەکان بەتایبەتی باشور، گرنگە نارەزایی دەربڕن. دەبێ هونەرمەند، ڕۆشەنبیران، سیاسەتمەدار، ڕێخکراوەی کۆمەلگەی مەدەنی چاوەڕوانی ئەوە نەبن کە گەریلا شەڕ بکات و لە ڕووی سەربازییەوە هەندێ ئەنجام بەدەستبێت یان پێیان وابیت کە هێزی نێونەتەوەیی دەستوەردات، نەخێر دەبێ لەو چاوەڕوانیەدا نەبن. دەبێ بەر لە هەموو کەس گەلی کورد ڕێ بەو شەڕە نەدەن ، ڕی بەو سیاسەتەی دەولەتی تورکیا نەدەن. دەبێ خەڵک دەنگی بەرز بکاتەوە و ڕەوتی گۆرانکارییەکان بگۆڕن. دەبێ هەم بەڕێپێوان، بەکۆبونەوەی جەماوەری، لێدوانی چاپەمەنی، بەقەڵغانانی زیندوو بەرەو هەرێمەکە و هەموو پارتە سیاسیەکان دەبێ پێکەوە کار بکەن و گوشار بێنن. تەنانەت گوشار بۆ پارتی دیموکراتی کوردستانیش بێنن. ئەگەر گەلی کورد پەرە بە بەرخودان و تێکۆشانێک بدات لەبەرامبەر بەو داگیرکارییە سەپێنراوەی دەوڵەتی تورک بەسەر باشوردا، شکاندنی سیاسەتی دەولەتی تورکیا لەگەڵ خۆیدا دەستکەوتی گەورە بۆ گەلەکەمان دێنی لەهەموو بەشەکانی کوردستان و تەنانەت ناوچەکەش. زەمینەی ئەوەش هەیە و هەڵویستی گەلی کورد گرنگە.
گەلی کورد دۆستێکی زۆری هەیە لە ئاستی نێونەتەوەییدا هەم ئاکادیمیسیانان، هەم ڕیکخراوە و بزوتنەوەی جیاواز هەیە، هەرچۆن لە داگیرکارییەکانی کۆبانێ، گرێ سپی و سەرێکانی دا هەستانە سەر پێ، بەلام گەلی کورد کاتێ ڕاپەرێ، ئەوە دۆستانی نێونەتەوەیش پالپشتی لێدەکەن و دەکرێت ئەو تێکۆشانە لەگەڵ راگەیاندنە کوردیەکان و گەلی کورد پێکەوە بەڕێوەببرێت.

فەهمی ئیشک: بەڵێ بەرێز ئایدار ئێوە سەبارەت بە هەڵوێست نیشاندان لەئاستی ناوخۆ و دەرەوە دەکرێت چی بڵێن؟

نۆکەریتی و هاوکاریکردنی دەولەتی تورک هێڵی سورە

زوبێرئایدار : بەڵێ سەبارەت بەهەلوێست، ئێمە هەندێ هێڵی سورمان هەیە و دەبێ هەشبێت. هێلی سورمان ئەوەیە کە دەبێ هیچ کەسێک نەبێتە هاوکار و نۆکەری دوژمن و داگیرکەر، ئەوە مەبەست لە هەموو کوردستان و هەموو جێیەکە. بەهەمان شێوە ئەگەر ئێمە لە دژی گەلی کورد هاوکاری هێزێکی داگیرکەرمان کرد با هەموو گەلی کورد لە دژمان بکەوێتە جوڵە کە هەرگیز ڕوونادات و تا ئێستاش لەبەرامبەر بە کورد لەگەڵ هیچ هێزێکی داگیرکەردا دەستمان تێکەڵ نەکردووە. دەبێ هەموو کەسێک بزانێ ئەوەی کە ئەو دەوڵەتی تورکە کە سەرکێشی داگیرکاری و دوژمنایەتی گەلی کورد دەکات دەبێ هەموو کەسێ لە دژی دەوڵەتی تورک بکەویتەخۆ . هەرکەسێک کە هاوکاریان بکات دەبێ لەدژی ڕاوەستین و ناچاری هەنگاوی پاشەکشەیان پێبکات، دەبێ لەهەموو بەشەکانی کوردستان هەمان شت بکرێت. ئێمە نالێین کە با دیدار لەگەل دەولەتی تورکیا نەکەن، ئێمە دەلێین با هاوکاریان نەکەن و نۆکەراتیان بۆ نەکەن. هەموو پارتەکان بە تایبەتی یەکیتی، گۆران ، حزبەکانی رۆژهەلاتی و ڕۆژڤا دەبێ هەلوێستیان هەبێت. لەوانەیە بەرژەوەندی جیا، بۆچونی جیا هەبێت لە نێوان کورد دا، کێشە هەرچییەک هەبێ، دەبێ بە پرەنسیپ مامەلە بکەین و لەڕێی دانوسان و گفتوگۆ هەڵوێست هەبێت، ئێمە دەلێین میکانیزما و چەترێکی نەتەوەیی هەبێت بۆ ئەوەی کە قۆناغەکانی مەترسیداردا بیخەنە جوڵە و هەڵویستی هاوبەشمان هەبێت. دەبێ هەموو کەسێک شەڕی ناوخۆیی وەک هێلی سور ببینێت. کێشە هەرچیەک بێت دەبێ بە دیالۆگ چارەسەر بکرێت. نێچیرڤان بارزانی دەیتوانی بڵێ ” کێشەمان لەگەڵ پەکەکە هەیە ، کوردین ، براین دەتوانین پیکەوە کێشەکان چارەسەر بکەین” . ڕای گشتی گرنگە کە خاوەن هەلوێست بێت ، رۆشەنبیر، سیاسەتمەدار، هونەرمەند و پارتی سیاسی و ریکخراوەکان و هەموو کەسێک دەبێ هەلوێست نیشاندان بدات.
ئێمە بزوتنەوە و گەلێکین کە لە ئاستی نیونەتەوەییدا کاریگەرمان هەیە، دۆستانمان دەتوانن ڕۆڵی خۆیان ببینن، لەگەڵ پارتی ، یەکیتی و لەگەڵ ئێمە دەتوانن پەیوەندی ببەستن و دەتوانن بڵێن کە ئێمە هەڵەین. لەو بارەیەوە دۆستانمان دەخەینەگەڕ.

سەرەتا کشانەوە دوایی دیالۆگ

گوڵستان ئیکە: کاری بەپەلە چیە؟ داخۆ بەکشانەوەی پێشـمەرگە پرسەکە چارەسەر دەبێت؟ بانگەوازیتان هەیە بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان؟
زوبێر ئایدار: هەر هێزێک بگەڕێتەوە بۆ جێی ١٥ ڕۆژ لەمەوبەر کێشە دروست نابێت. سەرەتا کشانەوە، دوایی دیالۆگ. هەنگاوی کردەیی ئەوەیە. دەولەتی تورک لەوانەیە کە نمایشی هێز بکات بەڵام ئەو هێزەشی نیە لە ناوخۆ و دەرەوەدا کێشەی هەیە، چەندەی دەوێ با تەکنیک بەکاربێنێ و بلێ کە ئەنجام بەدەست بێنێ، بەلام بەو تێکۆشانەی لەمساڵ دا بەڕیوەببرێت دەکرێت شکست بەو ڕژێمە بهێنرێت، پێشتریش سەدام وادیار دەبوو ناروخێت بەلام ڕوخا. داوا لە گەنجانی کوردستان دەکەم لە هەموو بەشەکانی کوردستان و مەترۆپۆلەکان کە لە دژی ئەو ڕژێمە داگیرکەرە هەڵوێستیان نیشان بدەن.

فەهیم ئیشک: بانگەوازییتان بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان چیە؟

رەمزی کارتاڵ: کشانەوەی هێز لە زینی وەرتێ گرنگە بۆ نەهێنشتنی رسکی کەوتنەوەی شەر. بەڵام کۆتا چارەسەری نیە. قۆناغ ، قۆناغی بەرزکردنەوەی ئاستی تێکۆشانە لە بەرامبەر ئەو سیاسەتە فراوانخوازی و هێرشکاریەی دەولەتی تورک. ئەگەر ئەو تێکٶشانە نەکریت ئەوە کێشەکە لە جێی دیکەی هاوشێوەی زینی وەرتێ دووبارە دەبنەوە. دەبێ پرۆسەکە بەشێوەیەکی دیکە بەسەر دەولەتی تورکدا هەڵگێڕێتەوە. هەرچۆن لە دژی داعش لەهەموو بەشەکانی کوردستانەوە چوونە رۆژئاڤا و هەرچۆن هەموو چڕی تێکۆشانی نێونەتەوەییمان لەسەر رۆژئاڤا بوو و پێشکەوتنی گرنگی لێکەوتەوە. ئەمرۆش لە دژی دەولەتی تورک کە هاوکار و هێزی پشت پەردەی داعش و چەتەکانە و لە باشوری کوردستان هەمان سیاسەت بەرێوەدەبات دەبێ هەموو بەشەکانی کوردستان و هێزمان لە ئاستی نیونەتەوەییدا لەسەر ئەو بەشە چڕ بکەینەوە و لەدژی ئەو هێزە داگیرکەرە ئاستی هەموو جۆرە تێکۆشانێک بەرزبکەینەوە. هەر چۆن داعش لە رۆژئاڤا شکستی پێهێنرا ئەوە ئەمرۆش لەباشور پاترۆنی داعش کە دەولەتی تورکە دەبێ شکستی پێبهێنرێت. هەولەمەرج بۆ ئەم هەنگاوە هەم لەئاستی ناوخۆ و هەم لە ئاستی نیونەتەوەییدا لەبارە و بانگەوازی سەفەربەری لە هەموو کوردستانیان دەکەین کە لە چوارچێوەی ئەو ستراتیژیەدا بجوڵێنەوە. دەبێ گەنجان لەسەر سەفەربەرییەدا لە هەموو بەشەکانی کوردستان و دەرەوەی وڵات لەو چوارچێوەیەدا بەشداری لە قۆناغەکەدا بکەن. ئەوە تێکۆشانی گەلی کوردە کە کاریگەری لە رای گشتی نێونەتەوەیی دەکات. بۆ ئەوەش کات کاتی داڕماندنی فاشیزمە و بانگەوازی لە ژنان، گەنجان ، پارتە سیاسیەکان و گەلی باشوری کوردستان دەکەم کە تێکۆشانیان لەو چوارچێوەیەدا چر بکەنەوە.

سەرچاوە:
بەشی یەکەم
http://www.medyahaber.info/19medyahaberdegundem/
بەشی دووەم
http://www.medyahaber.info/19-30medyahaberdegundem/




كاریكاتێر له‌ رۆژنامه‌گه‌ری پسپۆردا … هه‌ندرێن خۆشناو

رۆژنامه‌گه‌ری پسپۆر ئه‌و بڵاوكراوه‌ خولاوه‌یه‌ كه‌ له‌ لاپه‌ڕه‌كانیدا بابه‌تێكی دیاریكراو چاره‌سه‌ر ده‌كات، وه‌كو رۆژنامه‌گه‌ری ئه‌ده‌بی، كه‌ له‌ پێشه‌نگی رۆژنامه‌ پسپۆره‌كانه‌وه‌ دێت له‌ ڕووی ژماره‌وه‌، هیچ وڵاتێك له‌ جیهاندا بێبه‌ش نیه‌ له‌م رۆژنامه‌گه‌رییه‌، هه‌روا رۆژنامه‌گه‌ری ئابووری هاویه‌كی رۆژنامه‌گه‌ری ئه‌ده‌بیه‌ له‌ ژماره‌دا، نزیكه‌ به‌سه‌ریشدا زاڵ بێت، هه‌روا رۆژنامه‌گه‌ری وه‌رزشی و رۆژنامه‌گه‌ری سه‌ربازی و پیشه‌سازی، و چه‌ندین كه‌یسی تریش كه‌ له‌ ژمار نایه‌ن، له‌و‌ بڵاوكراوانه‌‌ش بۆ نمونه‌ باسی گۆڤار‌ی به‌ناوبانگ وه‌كو (الناقد – ره‌خنه‌گر) و (الوحدة‌ – یه‌كگرتن) و (استراتیج – ستراتیج) و چه‌ندینی تر له‌ بڵاوكراوه‌ ناسراوه‌كانی لای خوێنه‌ر، ئه‌وه‌ی شایانی باسه‌ كاتێك كه‌ گۆڤارێكی وه‌كو (الناقد) بایه‌خێكی تایبه‌تی به‌ كاریكاتێر دا، و چه‌ندین شوێنی له‌ لاپه‌ڕه‌كانیدا بۆ ته‌رخانكرد، گۆڤاری دیكه‌ی وه‌كو (الوحدة‌) هیچ بایه‌خێكی به‌ هونه‌ری كاریكاتێر نه‌ده‌دا، ئه‌م دوو گۆڤاره‌شمان به‌ نمونه‌ هێنایه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ گۆڤاره‌ پسپۆره‌كان دابه‌ش ده‌بن به‌سه‌ر دوو به‌شدا له‌ په‌یوه‌ندیان به‌ كاریكاتێره‌وه‌، به‌شێك بایه‌خی پێده‌دات و به‌شێكیش ئاگاداریشی نیه‌، هۆیه‌كه‌شی بۆ ئه‌وه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ به‌ڕای ئێمه‌ كه‌ زۆرێك له‌و بڵاوكراوه‌ پسپۆڕانه‌، وا ده‌ڕواننه‌ كاریكاتێر وه‌كو ماده‌یه‌كی گاڵته‌ و قۆشمه‌ و ناگونجێت له‌گه‌ڵ ماده‌ دڵكاره‌‌كانی (جدی) گۆڤاره‌كانیاندا، ئه‌مه‌ش گه‌وره‌ترین هه‌ڵه‌یه‌ كه‌ تێیكه‌وتوون، چونكه‌ كاریكاتێر ده‌توانێت ئه‌و شته‌ بڵێت كه‌ وتار ناتوانێت بیڵێت، بۆیه‌ كاریكاتێر ماده‌یه‌كی قۆشمه‌ نیه‌ و شایانی دڵكاری نه‌بێت، ئه‌گه‌ر كار له‌سه‌ر پێكه‌نینیش بكات، ئه‌وا لوتكه‌ی دڵكاری ده‌پێكێت به‌تایبه‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیه‌كه‌ی، بۆیه‌ ئه‌و دیدگا لووت به‌رزه‌ی ئه‌م بڵاوكراوانه‌ دیدگایه‌كی هه‌ڵه‌یه‌، ئه‌گه‌ر نه‌ڵێین دواكه‌وتووشه‌، به‌ڵگه‌ش بۆ ئه‌مه‌ زۆرێك له‌و رۆژنامانه‌ی كه‌ بابه‌تی زۆر دڵكار له‌ جیهاندا چاره‌سه‌ر ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ك كێشه‌كانی دراو و بانك و بۆرسه‌ و هاوشێوه‌كانیان، پشت به‌ كاریكاتێر ده‌به‌ستن، و زۆرجار تاكڕه‌وانه‌ جێگای سه‌روتار وه‌رده‌گرێت، له‌ گۆشه‌ و ستونه‌كانیش كارێكاتێر له‌ نێو بابه‌ته‌ ئابوریه‌كانیدا جێگای خۆیان ده‌كه‌نه‌وه‌‌، ده‌توانین بڵێین كه‌ ئه‌م كاریكاتێرانه‌ له‌م جۆره‌ رۆژنامه‌ پسپۆرانه‌ بڵاوده‌كرێنه‌وه‌، به‌رده‌وام په‌یوه‌ندیدارن به‌و بابه‌تانه‌ی كه‌ له‌م رۆژنامانه‌دا بڵاوده‌كرێنه‌وه‌، بۆ نمونه‌ له‌ رۆژنامه‌ی ئه‌ده‌بیدا، كاریكاتێر بابه‌ته‌كانی بڵاوكردنه‌وه‌ و په‌ڕتوك و په‌یوه‌ندی نێوان نووسه‌ر و خوێنه‌ر و رۆژنامه‌نووس و چاپخانه‌ چاره‌سه‌ر ده‌كات، هه‌روا كێشه‌ی چاودێری و ئازادی رۆژنامه‌گه‌ریی و ئه‌و بابه‌تانه‌ی په‌یوه‌ستن به‌ ئه‌ده‌به‌وه‌ كاریكاتێر ده‌توانێت له‌وێدا چاره‌سه‌ریان بكات، له‌ رۆژنامه‌گه‌ری ئابووریشدا كاریكاتێر ده‌توانێت بابه‌ته‌كانی مایه‌پوچی و هه‌ڵئاوسان و به‌رتیل و به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخه‌كان و شتی دیكه‌ش چاره‌سه‌ر بكات، ئه‌و بابه‌تانه‌ی كه‌ كاریكاتێر ده‌توانێت له‌ پسپۆرییه‌ جیاجیاكانی رۆژنامه‌كاندا چاره‌سه‌ریان بكات له‌ژمار نایه‌ن، چونكه‌ كاریكاتێر له‌ هه‌موو هونه‌ره‌كانی دیكه‌ ئازادتره‌، ده‌توانێت له‌ ده‌رگای وردترین و به‌رفراوانترین بابه‌ت بدات له‌هه‌مان كاتدا، به‌ڵام هه‌ندێك نمونه‌مان هێنایه‌وه‌ وه‌كو به‌ڵگه‌ بۆ سه‌لماندنی ئه‌وه‌ی كه‌ هیچ بابه‌تێك داخراو نیه‌ له‌ رووی كاریكاتێردا.

به‌گوێره‌ی ئه‌وانه‌ی كه‌ باسمان كرد ده‌بێت بڵێین كه‌ رۆژنامه‌ پسپۆره‌كان پێویسته‌ بایه‌خێكی تایبه‌ت به‌ هونه‌ری كاریكاتێر بده‌ن، گۆشه‌ی به‌رده‌وامیشیان بۆ ته‌رخان بكه‌ن، ئه‌مه‌ش له‌ پله‌وپایه‌یان به‌رزده‌كاته‌وه‌ نه‌ك كه‌م، جه‌ماوه‌ری خوێنه‌رانیشی فراوانتر ده‌كات، وشكاتی ئه‌م جۆره‌ رۆژنامانه‌ش كه‌مترده‌كاته‌وه‌، سه‌ره‌ڕای ئه‌مانه‌ش رۆژنامه‌گه‌ری پسپۆریی زیاتر له‌ رۆژنامه‌گه‌ریی گشتگیر پێویستی به‌ كاریكاتێر هه‌یه‌، چونكه‌ بابه‌ته‌كانی رۆژنامه‌گه‌ری گشتگیر گونجاوه‌ له‌گه‌ڵ هه‌موو ئاره‌زوو و هه‌وه‌سێكدا، به‌ڵام رۆژنامه‌گه‌ری پسپۆر زیاتر به‌ وشكی و به‌رته‌سكی جه‌ماوه‌ری ناسراوه‌، بۆیه‌ ده‌بێت لاپه‌ڕه‌كانی به‌ بابه‌تی په‌رۆشبه‌خش و ده‌روون ئاسوده‌كار موتربه‌ بكات، ئه‌م رۆڵه‌ش ته‌نیا به‌ كاریكاتێر ده‌گێڕدرێت، چونكه‌ له‌ رۆژنامه‌یه‌كی ئابووریدا نائاساییه‌ هۆنراوه‌یه‌كی خۆشه‌ویستی یان هه‌ر هۆنراوه‌یه‌كی دیكه‌ بڵاوبكه‌یته‌وه‌، به‌ڵام ده‌كرێت كاریكاتێرێك بڵاوبكه‌یته‌وه‌، چونكه‌ كاریكاتێر له‌ هه‌مان كاتدا چێژوه‌رگرتن و سه‌رنج ڕاكێشی ده‌به‌خشێت، له‌ بابه‌تی رۆژنامه‌ خولاوه‌كه‌شدا ده‌رناچێت، كه‌ توانای خستنه‌ڕووی بابه‌تی دڵكاریشی هه‌یه‌، به‌مه‌ش ئه‌م نه‌رمونۆڵییه‌ی له‌ كاریكاتێردا هه‌یه‌، رێی پێده‌دات له‌ لاپه‌ڕه‌كانی هه‌موو رۆژنامه‌كاندا بوونی هه‌بێت، و ئه‌و رۆژنامانه‌ش ناچار نیه‌ له‌ رێی خۆی لابدات بۆ به‌ده‌ستهێنانی چه‌ند ئامانجێكی دیكه‌، كاتێك ده‌توانێت به‌ هاوكاری كاریكاتێر بگاته‌ ئه‌و ئامانجانه‌، و پارێزگاریش له‌ ئاڕاسته‌ی بابه‌ته‌كانیدا بكات.




شاری شووشەیی و کولتووری خۆڵەمێشی بۆتۆکسکردنی شاری هەولێر … نووسینی: ستیڤان شەمزینی

لە دەروازەی پرسیارێکەوە دەچمە ناو باسەکەمەوە، ئایا ئێمە وەک کورد هیچ شارێکمان دروستکردووە؟!. ئایا شاری ئێمە بەرهەمی پێشکەوتنی پیشەسازیی و کەڵەکەی سەرمایە و مودێرنە بووە؟. ئەوەی روونە لە هەر پێنج پارێزگاکەی باشووردا تەنیا سلێمانیمان هەیە وەک شار و پایتەختێک بۆ میرایەتی بابان چێ کرابێت لەلایەن خودی کورد خۆیەوە. گەرچی سلێمانی لەو جوگرافیایەدا دروستبوو، پێی دەوترێت شارەزوور، ئەمیش بە پێی ژێدەرە مێژووییەکان شارێکی دێرین و مەڵبەندێکی سیاسیی و رووناکبیریی گەورە بووە لە هەزارەکانی پێش زایندا، بەڵام لە ساڵی 1784دا سلێمانی لە دۆڵێکدا دروستکرا، تەنیا یەک ئاوەدانی بچووکی لێ بووە “گوندی مەڵکەندی”. لێ ئەم شارە بە خێرایی رووی لە گەشەکردن کرد، ئەمەش لە یاداشتی گەڕیدە و میسوێنرەکاندا بە روونی خۆی دەنوێنێت، بە تایبەت لەو گەشتنامەیەی “کلۆد ریچ” لە بارەی ئەو شارەوە یادداشتی کردووە، لەگەڵ ئەمەشدا تاوەکو ناوەڕاستی سەدەی بیستەم، سلێمانی تەنیا گوندێکی پەرەسەندوو بووە بە پێی پێناسە کۆمەڵناسییەکان “هەنووکە گەڕاوەتەوە بۆ مێژووی بەر لە پەنجاکان”. هەرچی دهۆک و هەڵەبجەیە بە بڕیاری ئیداریی بوونەتە پارێزگا، کەچی هێشتاش لە زەوییەکی بە پیت دەچن بۆ لە ئامێزگرتنی کولتووری خێڵەکیی و دێهاتی. هەرچی کەرکوک و هەولێریشە، هەزاران ساڵ تەمەنیان هەیە، بەڵام هیچ سەرچاوەیەکی مێژوویی نییە بیسەلمێنێت، کورد خۆی ئەو دوو شارەی دروست کردووە، ئەگەرچی هەزاران ساڵە کورد لەسەر ئەو زەوییانە نیشتەجێن.
ئەوەی ئێمە لێرەدا مەبەستمانە قسەکردنە لەسەر هەولێری ئێستا، کە زۆرجار باس لەو گۆڕانە “ئەفسووناوی”یە دەکرێت لەو شارەدا هاتۆتە ئاراوە. ئەمەش ئەگەر وەک فۆرم سەیری بکەین جۆرێک لە پێشکەوتنی رواڵەتی لە ئارادایە، بەدەر لەوەی هەمیشە پێشکەوتن و نوێکاریی مەرج نین بۆ فەزیلەت، کۆنیش هەموو کات نیشانەی خراپبوون ناگەیەنێت. ئەوەی لە هەولێردا کراوە زۆرتر بۆ دروستکردن و خزمەتی چینێکی کۆمەڵایەتی بەرخۆر بووە، چینێک لە سیاسەتمەدار و بازرگان و خاوەن کۆمپانیا حزبییەکان پێکهاتووە، ئەمانەش لە ریزبەندە چینایەتییەکەدا لە سەرەوەن، یان چینی باڵادەستن، چوونکە ئەو دەستی خزمەت و بوژاندنەوە بیناسازییەی لەو شارەدا هەیە نەک دەرفەتی بەهرەمەندبوونی یەکسانی نەڕەخساندووە بۆ گشت توێژ و چینەکان، لە بناغەوە شاری کۆنی هەڵتەکاندووە و لە جێگەیدا دوو شار یان راستتر بڵێم دوو هەولێری لەسەر پاشماوەی هەولێری کۆن قووت کردۆتەوە. لێرەدا ئیدیۆمی “هەولێری کۆن” وەک چەمکێکی کۆمەڵناسی بەکاردەهێنم نەک مێژوویی، بەو پێیەی مەبەستمان لە دەستەواژەی “کۆن” رەهەندە مێژووییەکە نییەـ بە قەد ئەوەی ناوەڕۆکە کۆمەڵناسییەکەیمان بەلاوە گرنگە.
حاڵی حازر لە پەنا هەولێری کۆنەوە، هەولێرێکی تازە و لوکس دروستکراوە، زمان و فەرهەنگی دانیشتوانی ئەم هەولێرە پرۆ کەنداوییە “مەبەست لە وڵاتانی کەنداوی عەرەبە” بە تەواوەتی جیاوازە لە زمانی هەولێری کۆن. ئەو چینە کۆمەڵایەتییەی لەم گەڕەکە تازانە نیشتەجێن، نەک هیچ پەیوەندییەکی فەرهەنگیی و کۆمەڵایەتییان بە دانیشتوانی هەولێری کۆنەوە نییە، بەڵکو هەر لە رووی ناونانی ئەو گەڕەکانەوە دابڕان و جیاوازییەکی گەورەی چینایەتی خۆی دەردەخات، دیقەت بدەن لەناوەکانی “شاری خەونەکان” و “دەشتی بەهەشت” و “ناز سیتی” و “گوندی ئیتالی و ئینگلیزیی” و “ئێمپایەر” و هەموو ئەو ناوە عەنتیکانەی تری ماکینەی ریکلامسازیی کوردیی رۆژانە بەرهەمیان دەهێنێت، هەموو یەک فاکت دەخەنە بەرچاو، لەسەر سینگی دەشت و کەلاوەکانی هەولێر، شارێکی ئیدیاڵ دروستکراوە لەسەر نەریتی وڵاتانی کەنداو، یان بە لاسایکردنەوەی دۆحە و شاریقە و دوبەی. ئەم سەرسامییە بۆ خۆی بابەتێکی گرنگی سایکۆسیۆسیۆلۆژیی تەنانەت ئەنترۆپۆلۆژیشە. لەناو ئەم پارادیسە وەهمی و خەیاڵاوییەدا هیچ شتێکی نوێ جگە لە نوێکارییە رواڵەتییەکان هەبوونی نییە، تەنانەت مەترسی هەیە ئەو لاساییە تەنیا وەک لاساییکردنەوەیەکی تەلارسازیی نەمێنێتەوە، بەڵکو خەریکە هەمان رەوشت و نەریتی کۆمەڵایەتی ئەوێش دەگوازرێتەوە بۆ هەولێر. وەک زۆرمان دەزانین نیگاری پشتی ئەو تەلار و باخچە قەشەنگ و ئاپارتمانە هەوربڕانەی وڵاتانی کەنداو، دۆزەخێکی زەمینییە، کە دەکرێ بڵێن دوو شار یان دوو جۆر شارنشینی لەوێدا هەن، شارێک لە ژێر ئەو خۆشگوزەرانییە زەق کراوەوە بوونی هەیە، شارێک دانیشتوانەکەی لە چینەکانی خوارەوە پێکهاتووە و بە مەمرە و مەژی لە خزمەتی ئەو پێشکەوتنە رواڵەتییەدا راگیراون.

دروستکردن و پەرەپێدانی شار تەنیا دیاردەیەکی بیناسازیی رووت نییە، ئەوە تەنیا ئەندازیارە کارزانەکان نین بینای شار دەکەن، بەڵکو رۆڵی راستەقینە نوخبە دەیگێڕێت. ئیلێتی رووناکبیریی دەستیان هەیە لە رەنگڕێژ و بیناکردنی شارەکاندا، ئەوان ژێرخانی فەرهەنگی دادەڕێژن، دیزاینەری کولتووریی و رۆشنبیریی شارەکانن. بە بێ ئەمە ئەو قەیرانە شارسازییە دێتە ئارا، ئەمڕۆکە بەرۆکی هەولێری پایتەختی هەرێمی گرتووە. ئەمەش لەلای فەیلەسووفی ئەڵمانی هاوچەرخ، یۆرگن هابرماس بە “بڵندبوونەوەی باڵای تاوەرەکان و نزمبوونەوەی لیڤڵی رەوشت” پێناسە کراوە. ئاخر هەولێر بە رووخسارە تەلارسازییەکەی، بەباڵای بەرزی ئاپارتمانەکان، ئەندەرپاس و شەقامە نوێیەکان، پێماندەڵێت کوردستان لەسەر رێی گەشەکردنێکی هەمەلایەندایە! هەموو شت لە پایتەختدا بە پێرفێکتی دەڕواتە پێش. لە کاتێکدا ئەمە تەنیا فریودانێکە، ماسکێکە، جۆرێک لە بۆتۆکسکردنی دەموچاوە چرچ و لۆچەکەی ئەو شارەیە. ئەمە قسەیەکی “پاوڵ ئاستێر”ی نووسەری ئەمەریکیم وەبیر دێنێتەوە کە لە دیمانەیەکیدا وتبووی “ئێستاشی لەگەڵدا بێت، نیۆیۆرک باشییەکانی ئەمەریکامان نیشان دەدات!.”. مەبەستی ئاستێر ئەوەیە، جوانی رواڵەتی و رووکەشی دیاری نیویۆرک ناهێڵێت زۆر نادیاری دزیۆی چەشنی ژیانی کولە مەرگی نەداران و رەگەزپەرستی و رێژەی تاوان و دزی، رۆشناییان بکەوێتە سەر. بۆ هەولێریش هەمان شت راستە بەدەر لە رەگەزپەرستی. چونکە لە هەولێردا رەگەزپەرستی بوونی نییە، یان شیاوی باسکردن نییە، بەڵام هەژاریی و نەداریی و تاوانی رێکخراو و جیاکاریی چینایەتی و شتێک سەرووتر لە گەندەڵی کە تاڵان و بڕۆی حزبەکانە، بوونێکی زەقی هەیە.

بەدەر لەمە، ئایا هێشتا لە هەولێر و کۆی شارەکانی تری کوردستان ژیانی شارنشینی لە ئارادایە؟. پرسیارێکە تا ئێستا نەمانکردووە یان کەمتر ئەم پرسیارە وروژێنراوە، تەنانەت بواری کۆمەڵناسی گشتیی و کۆمەڵناسی شار، لە رۆشنبیریی کوردییدا هێندە هەژارە، دوو مانگ ئەم وتارەی منی دواخست، ئێستاشی لەسەر بێت نەمتوانی یەک لێکۆڵینەوەی ئەکادیمی بدۆزمەوە. تازە پرسیارەکەم وروژاندووە، خوێنەر راناگرم لە بێ وەڵامیدا. پێش ئەوەی بەرسڤ بدەمەوە، دەبێت ئاماژەش بۆ ئەوە بکەم هەر یەک لە چەمکەکانی “کولتوور” و “مەدەنیەت” و “شارستانی” لە زمانی کوردییدا بەشێوەیەک تێکچڕژاون، لێک جیاکردنەوەیان بووەتە کارێکی دژوار، ئێمە نامانەوێت بچینە ئەو کێشمەکێشە ئیتمۆلۆژییەوە و لە بری هەموویان “شارنشینی” پەسەند دەکەین. کرۆکی وەڵامەکەشم لەوەدا کورت دەکەمەوە، لە هەولێردا وەک کۆی شارەکانی تر، هێشتا فەرهەنگێکی شارنشینی لە ئارادا نییە. ئەوەی هەیە تەنیا سایەی کولتوورێکی گوندییە بەسەر شارەکانمانەوە، ئەمە لە ئەمڕۆی هەولێردا بە زەقی دیارە شتێکی تا ئەندازەیەک نامۆیە، شارێک لەو ئاستە جوانە رواڵەتییەدا، کە بە دیمەن وەک شارێکی پێشکەوتوو دێتە بەر چاوان، هێشتا کولتووری دانیشتوانەکەی گوندیی بێت!!.
بە هۆشیارییەوە ناڵێم کولتووری خێڵ. کە ئەمە کرۆکی تێزەکەی کۆمەڵناسی بەنامێی عێراقی “عەلی وەردی”یە، چوونکە وەردی کێشمەکێشی راستەقینە لە کۆمەڵگەی عێراقدا بە ململانێی نێوان هەردوو کولتووری خێڵەکی و شارنشینی دەبینێت، لە دیدی ئەودا کولتووری شارنشینی دیاردەیەکی تەواو خۆرئاوایی بوو. دێتەوە بیرم لە چاوپێکەوتنێکی سایتی “نیقاش”دا، کۆمەڵناسی شارەزا “د.فالح عەبدولجەبار” رەخنەی لەم روانگەیەی وەردی گرت بەوەی جووتەوانەی خێڵەکیبوون و شارنشینی بە دەرئەنجامی کولتووریی نێوان هۆز و شار نەدەزانی بەو فۆرمەی لای “ئیبن خەلدون” هەیە، بۆیە بە روونی وتی “دژایەتییەک لە سیستمی بەهاکان، تەرزەکانی ژیان، رێکخستنی کۆمەڵایەتی، شێوازەکانی ژیانی شارنشینی و ناشارنشینیدا هەیە، بەڵام ئەوەی دواییان ئیدی خێڵەکی نییە، بەڵکو بۆتە لادێی، ناوچەی گوندیی گەورە لە شارەکاندا هەن، ئەمەش بە ئاشکرا لە بەغدا، بەسرە، موسڵ و هەولێردا دەبینین”.
عەبدولجەبار، دیاردەیەکی نوێ، یان راستییەکی جیاواز دەخاتە ڕوو، بەوەی کولتووری گوندیی سایەی سەری شارە عێراقییەکانە بە شارە کوردییەکانیشەوە نەک کولتووریی خێڵ. ئەوە روونە هاتنی گوندییەکان چ وەک تاک یان گروپ بۆ ناو شارەکان، لە پرۆسەی راگواستن و کاولکردنی گوندەکاندا بووبێت لە سەردەمی رژێمی بەعس، یان لە کردەی بە فەرمانبەرکردنی گوندنشینان بووبێت لەلایەن حکومەتە حزبی هەرێمەوە “لێرەدا هەڵەی تایپ لە ئارادا نییە، زاراوەی حکومەتە حزب داهێنراوی خۆمە”. هاتنێک بوو بە کولتووریی گوندییانەی خۆیانەوە. ئەوان شارەکانیان قەرەباڵغتر کرد، بەڵام فەرهەنگی شارنشینیان لە ریشەوە دەرهێنا کە چینی بۆرژوازیی شاریی نوێنەرایەتی دەکرد، ئەم دیاردەیەش تایبەت نییە هەر بە شاری هەولێر، بەڵام ئێمە لەم وتارەدا ڤۆکۆسمان لەسەر هەولێرە. مەسەلەکەی ئێمە دوورە لەو پۆلینە دەمارگیرە شارییەی فەرهەنگی گوندیی بە پریمیتڤ و کێویی سەیر دەکات، نا، نیازێکی وامان نییە بیڵێین، بەڵکو قسەمان لەسەر نیشاندانی دوو کولتوورە کە هەر یەکێکیان خاسێت و شەقڵی خۆی هەیە.
هەرچۆنێک بێت سەرئەنجام هاتنی گوندییەکان تەنیا هاتنێکی فیزیکی ئەبستراکت نەبوو، هاتن و زاڵبوون و باڵادەستی کولتوورەکەشیان بوو، بە تایبەت لەو لێشاوەی ساڵی 1988دا و لە میانەی پرۆسەی راگواستنی گوندەکاندا لەسەر دەستی بەعس، ئەم دیاردەیە بە زەقی رەنگدانەوەی هەبوو لەسەر شارەکان ئەویش بە پاشەکشەی ئەو کولتوورە شارنشینییەی چەند دەیەیەک بوو لە رسکان و گەشەکردندا بوو لەسەر دەستی چینی ناوەند. گوندییەکان بە دەستی بەتاڵ لە سامان و موڵک هاتن، بەڵام بە ئاسانی دەستیان گرت بەسەر نۆرمی شارنشینی و خودی شارەکاندا. ئەم پرۆسەیە لەناو هەولێردا گەورەترین رەنگدانەوەی هەبوو، کە شاری دابەشکرد بەسەر دوو تاقمی کولتوورییدا “هەولێریی و دەشتەکی”، لە سلێمانیشدا لە ژێر ناوی “خەڵکی شارەکە و لادێی” خۆی دەرخست.
هەڵبەتە مەبەستمان نییە، فەزڵی هیچکام لە کولتووری لادێ و شار بدەین بەسەر یەکتردا، نیازمان ئەوەیە لە دیاردەیەک بدوێین لە واقیعدا بوونی هەیە. تەنانەت بۆ “کارل مارکس” هەمیشە شار گرنگتر بوو. بەو پێیەی چینی بۆرژوازی بەرهەمی شار بوو، شارەکان چەقی گەشەکردنی سەرمایەداریی بوون، بە هەمان شێوە مارکس بێ ئەوەی باسی بکات پێی دەوتین کۆمۆنیزمەکەی ئەویش هەر سەر بە کولتووری شارە. مارکس و ئەنگلس بە جووت پێیان دادەگرت لەسەر ئەوەی مرۆڤی عەقڵانی بەرهەمی شارە، لەم راستایەدا لە هەوڵدا بوون بۆ خستنە رووی ئەوەی پڕۆلیتاریا دەبێت خۆی لە بیرکردنەوەی گوندیی رزگار بکات، چوونکە ئەو بیرکردنەوەیە خۆی داوەتە دەست گۆڕانکارییە سروشتییەکان. بە پێچەوانەی شارەوە کە مەکۆی ململانێیە و تێیدا چەندین دەستەی کۆمەڵایەتی و سیاسیی هەن هانی تاکەکان دەدەن بۆ بە دەستهێنانی ئازادیی!. ئاخۆ دەکرێت بە مارکس بڵێین گوندییەکانی بە نزمتر سەیر کردووە؟ نا مەسەلەکە شتێکی ترە. دەکرێت بڵێین ئیدی شار بەو کولتوورە جیاوازە خۆیەوە کە کەمتر کشتوکاڵییە و زۆرتر پیشەسازییە دەبێتە ناوەند و چەقی گۆڕانکاریی و مەیدانی کێشمەکێشی چینەکان.

هەر لە باری واقیعییەوە، ئێمە قسە لەسەر شارگەلێک دەکەین بەرهەمی خۆرئاوایە، یان راستتر بڵێم بەرهەمی مودێرنێتەیە. گەر بەخێرایی ئاوڕ لە ژیاری خۆرئاوا بدەینەوە. ئەوەی بە “خۆرئاوا” دەناسرێتەوە وەک چەمک، ساتەوەختی گەڕانەوەیە بۆ شارستانی گریک و رۆمای دێرین و لەسەر ئاینی کریستیانیزم دامەزراوە، دروست لە ساڵی 1492 لەگەڵ دۆزینەوەی ئەمەریکا و دەرکردنی عەرەبە موسڵمانەکان لە ئەندەلوس فۆرمۆڵە بووە. هەر لەم دەمەدا فەلسەفە و فیکری خۆرئاوایی لەسەر پاساوهێنانەوە بۆ کۆمەڵکوژکردنی هیندە سوور و دانیشتوانە رەسەنەکانی قاڕە تازەکە و گەڕاندنەوەی چەرخی کۆیلەداریی شکڵی گرت. ئیدی شارەکان هێدی هێدی دروست دەبن و دۆمە گەورەکان سەرتاپای ئەوروپا دەگرنەوە، لەناو ئەم قۆناغە تازەیەدا ماشێنی ئیمپریالیزم خێراتر دەڕواتە پێش و شۆڕشی پیشەسازیی لە دایک دەبێت، شارەکانیش دەبنە ناوەندی گەشەی سەرمایە و رووبەرێک بۆ لە دایکبوونی چینێکی نوێی کۆمەڵایەتی “بۆرژوازی”. لەم چرکەساتەوە شار دەبێتە مەڵبەندێک بۆ ململانێی چینە کۆمەڵایەتییەکان و سەرهەڵدانی رەوتە فیکرییە جیاوازەکان. لەم کاتانەدایە یەکەمین کتێب لەسەر بایەخی شار بڵاو دەبێتەوە لە ساڵی 1598دا، کە کتێبەکە لەلایەن “بۆتیرۆ”ەوە لە ژێر ناونیشانی “گەورەیی شار”دا نووسراوە.
ئاگام لەسەر باسەکەی خۆمە و ئەو چەند پەرەگرافەی پێشتر دەبەستمەوە بە ناوەڕۆکی بابەتەکەمەوە. بەوەی گومان نییە لەوەی شار بەرهەمی مودێرنێتەیە و هەڵگری توخمێکی کولتووریی تایبەت بە خۆیەتی. ئایا لە شارەکانی ئێمەدا بە تایبەت هەولێری پایتەخت ئەو رەگەزە فەرهەنگییانە هەن؟. وەڵامەکە گرێ و گۆڵی تێدا نییە و بۆ هەر کەسێک لام لە جیم جیا بکاتەوە نەخێرە. ئاخر هەولێر لەسەر ئاستی رووکەش وەک شارێک دەردەکەوێت، ئەگینا نهۆ گوندێکی پەرەسەندووش نییە. “ئەمە بۆ سلێمانیش زۆر راستە”. شار تەنیا یەک ستانداری نییە و بە زۆر و بۆریی ژمارەی دانیشتوان ناپێورێت، لەبەرزترین پلەدا شار فەرهەنگە و شارنشینیش مومارەسەی ئەو فەرهەنگە. گەر نموونەیەکی ساکار بهێنینەوە ئێمە جیاواز لەوەی سینەمایەکی کزۆڵەمان هەیە، لە کاتێکدا زەخیرە و ماتریاڵی سینەمایەکی تایبەتمەند و یونڤرساڵمان هەیە، دوو سێ هۆڵی سینەمایی شیاومان نییە لەو پایتەختە گەورە و گرانەدا!. چۆن شانۆیەکمان نییە تەواو خۆماڵی بێت، لە هەمان کاتدا دوو هۆڵی نمایشی شیاویشمان نییە. تەلارسازیی رووت هیچ نابەخشێت. ئەگەرچی ستایلێکی میعماریی کوردیشمان نییە، کارەساتەکە ئەوەیە لە دیمەنی تەلارسازیی هەولێر و کۆی شارەکانی تریشدا بەر خوار و خێچی زۆر دەکەوین، لێ شارەکان بەپێی مێژوو، دابونەریتی خۆیان تەلارسازییان بۆ دەستنیشان دەکرێت، لەمەشدا جگە لەو بەشە کەمەی نزیک قەڵا، رەشەبایەکی ڤەندالیستی توند چاو دەکەین، هەموو سیما رەسەنەکانی شاری بەرەو سڕینەوە بردووە و کردوویەتی بە چەند دوورگەیەکی دابڕاو لە یەکتر لە رووی کولتوورییەوە، نووکە ئەو دوورگە جیاوازە چینایەتییانە، بە هەولێرێکی پێشکەوتوو، پێمان دەفرۆشدرێتەوە. خولاسەی کەلام ئەمەیە تەلارسازییەکەش شپرزەیە چەشنی دەروونی ئەو مرۆڤە کوردەی لە دەروازەی جیهانی تازەدا راوەستاوە، نازانێت چۆن بچێتە ژوورە و لەکام دەرگاوە لێی دەربچێت.
بابەتێکی گرنگی تریش، کە ناشێ لەم پانتاییەدا قسەی لەسەر نەکەین، پێشکەوتنی رواڵەتی و ئەنجامدانی نەشتەرگەریی جوانکاریی بۆ هەولێر، بە بێ پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی و هزریی مانایەکی نییە. ئەو دوو پرۆسەیە شانبەشانی یەکتر و بەشێوەی ئاسۆیی دەڕۆن. ناشێ سیمای شار لە شارە مودێرنەکان نزیک بێتەوە، هێشتاش پەروەردە و تێرمی خوێندنی حوجرە زاڵتر بێت لە ناوەندە ئەکادیمییەکانی وەک زانکۆدا. راستە ئاینداریی مافی هەر کەسە، بەڵام ناکرێت موفرەداتی پزیشک لە بری کۆنسێپتی پزیشکیی هەمان ئەو زاراوانە بێت بانگخوازە فێندەمینالیستەکان لە گەوجاندنی کۆمەڵگەدا بەکاری دەهێنن، ناشێ سنوورێک نەمێنێت لە نێوان پزیشک و بانگخوازدا. ناشێ و شیاوی شار نییە، عەقڵی کۆمەڵگە و دانیشتوانەکەی بدرێتە دەست مەلای رادیکاڵ و دوا قسە هەمیشە بۆ ئەوان بەجێ بهێڵدرێت. ناشێ شار بریقەی بێت، لەناو خەیاڵدانی دانیشتوانەکەشیدا ژنکوژیی ئامادەیی هەبێت، ناشێ شارێکی جوان بە عەقڵێکی ناشرینی بەسەرچووەوە بەڕێوە ببرێت. تا ئەو ئەندازەیەی لە ناکرێت لە بەرامبەر ئوسوڵیەتی ئیسلامی، لە باشترین حاڵەتدا کولتووری عیرفان زاڵ بکرێت، ئێمە پێویستمان بە بیرکردنەوەی فەلسەفییە، ئاخر لە دوا ئەنجامدا فەلسەفە رووی لە دنیایە، تەوژمێکە بەرەو دەرەوە، هەرچی عیرفانە رووی لەناوەوەی مرۆڤە. عیرفان مرۆڤ پاسیڤ دەکات، بەڵام فەلسەفە مرۆڤ ئەکتیڤ دەکات، وای لێ دەکات بیر لە بنیاتنانی دنیا بکاتەوە، مرۆڤی فەلسەفی هەمیشە خەیاڵی هەیە، خەیاڵی خورافی نا، بەڵکو خەیاڵێک زانستی لەسەر رۆ دەنرێت و لەسەر زانست بینا بووە.
قسەیەک پێویست بێت لە کۆتاییدا بیکەم ئەمەیە: ئەوەی لە هەولێر کراوە و لە بەرنامەدایە بۆ ئەنجامدانی، تەنیا ماکیاژ و بۆتۆکسکردنی ئەو شارەیە. ئاخر بە بێ پێشکەوتنە کۆمەڵایەتییەکان، بە بێ پڕکردنەوەی ئەو سپەیسە چینایەتییەی لە زەقبوونەوەدایە، بە بێ دابینکردنی ژیانێکی شیاو بۆ دانیشتوانەکەی، بە بێ رەخساندنی ژینگەیەکی ئازاد بۆ گوزارشت، بەبێ کاڵکردنەوەی دەسەڵاتی حزب و فەرهەنگی دێهاتیی، بە بێ داڕشتنەوە و رێکخستنەوەیەکی کۆمەڵایەتی هاوچەرخ، بە بێ ئیدارەیەکی ناگەندەڵ، بەبێ کورتکردنەوەی زمانی مەلا و خێڵ، بە بێ کەمکردنەوەی بێکاریی و بەرزکردنەوەی ستانداری ژیان و بژێویی، بە بێ و بەبێ … هەر هەنگاوێک لە بواری تەلارسازیی و شەقامسازییدا کە وەک دوا مەکرەمەی حزبیی نیشانمان دەدرێت، هیچ لەو شارە ناگۆڕێت، ئەم بۆتۆکسە دەتوانێت رووخساری پیرە هەولێر گەنجتر بکاتەوە، لێ داخەکەم ئەو فەرهەنگە پیرە هەروەک خۆی دەمێنێتەوە و ئەو گۆڕانکارییە رواڵەتییانەش کە وەک گرێی دەروونی مرۆڤی رۆژهەڵاتی رووکەش پەرست خۆی دەنوێنێت، دواجار دەبنە بڵقی تەقیو. ئەم تێزەش بەکەمێک جیاوازییەوە بەسەر هەر شارێکی تری کوردیدا لە باشووری کوردستاندا دەچەسپێت.

نووسینی: ستیڤان شەمزینی
ئاپریڵی 2020
باکووری زەوی




ووردە باس … پشکۆ ناکام

                  
  • لە هونەرمەندێکی شێوەکارییان پرسی : چی کاری تێکردی و هاوکاری کردی تا ببیتە هونەرمەندێکی تەشکیلی ؟ ئەویش بە زەردەخەنەیەکەوە ووتی : كاتێ دایکم بە من حامیلە بوو هەر خەریکی قووت یانی فڵچە و بۆیە بوو ، دیارە ئەو نۆ مانگە بەشێک لەو فڵچە و بۆیەیە گەشتۆتە منیش و لەگەڵ گەورە بوونم خولیا ی ئەم هونەرە بووم ، … خەڵکەکە ووتیان نابێ و ئەوەی تۆ باسی ئەکەی مەنتیق نیە ، هونەرمەندەکەش ووتی : ئەی بۆ مەنتیق بێ خانمێکی بەناو نووسەر لە دەرباری دەسەڵاتا لەبەر ئەوەی لە کاتی حامیلە بوونی دایکی بەو گۆڤار و جەریدەی قووت یاوە و ئەمیش پێش لەدایک بوونی بەشی نووسین لە مێشکیا پڕ بووە دواتر بێ خۆهیلاک کردن بووە بە نووسەر !! جا گەر هی ئەو خانمە زەردهەڵگەڕاوە مەنتیق بێ ، ئەوەی من دوو جار مەنتیقە..
  • لە سایەی سەری حیزب و بنەماڵە دەمێکە کوردستان ناو و ناوبانگی جاش و کلکایەتی لە ناوچەکەیا بڵاو بۆتەوە کە هەر جارەی بۆ لا یەک و دەوڵەتێک ، جارێک لە خزمەت (والا حضرت) و جارێکی تر بۆ (سیدی) وجارێکی تر و تا ئێستاش لەخزمەت(قارداش)، بەڵام دونیا دونیای دوێنێ نیە وگۆڕاوە ، ئێستا بەشەرییەت لە قۆناغێکی بەرزئ پێشکەوتنا ئەژی و پەیوەندییەکانی لەسەر ئاستی “گلوبالیزم-عەولەمە” یە جا بۆیە ئەو حیزب و بنەماڵانەش ئەبێ پیشەکەیان گەشە پێ بەن و سنووری ناوچەکە بەجێبهێڵن و لەگەڵ عەولەمەیا یەک بگرنەوە ، بۆیە ئێستا لە “لیبیا” خەریکی کەسابەتی خۆیانن وجاشایەتییان بەرەو قۆناغێکی نوێ بردوە و لە لۆکاڵییەوە بۆ نێو دەوڵەتی، کار وا بڕوات رەنگە لە داهاتویا دامەزراوێکیان بۆ دروست بکرێت بەناوی ” رێکخراوی جاشی نێو نەتەوەیی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان”…!!!!

*. ئەوە ماوەیەکی دوور و درێژ تێپەڕیوە تا ئێستا بەختەوەری سەرۆکی بە ناو حکومەتی هەرێم!! لەوە تێنەگەیشتوە کە حکومەت بۆی نیە دەست بخاتە کاروباری پارلەمانەوە ، بەڵکو ئەوە پارلەمانە بە دواچوون بۆ حکومەت ئەکا و لەکاتی سەرپێچیا لێپرسینەوەی لەگەڵا ئەکا ، بەڵام چونکە پارلەمانەکەی هەولێر کارتۆنیە ئەو زاتە بەختەوەرە وەک ئەوەی پارلەمان لیژنەی ناوچەیەکی حیزبەکەی بێ داوا ئەکا حەصانە لە یەک دوو پارلەمانتاران بسەننەوە ،بڕوام وایە ئەم خروقاتەشی بۆ بچێتە سەر و پارلەمان بڵێ : قوربان جەنابتان فەرمانەکە بنووسن ئێمەش ئیمزای ئەکەین لە پێناو چەسپاننی دیموکراتیا…!!!

*. سەرەڕای ئەو هەموو ماڵ کاولییەی دەسەڵاتی هەرێم لە هەموو ڕووەکانەوە بەسەر خەڵکیا هێناوە هەر کە قسیەک کرا و ووتارێک نووسرا و نارەزایەتییەک شەقامی گرتەوە جوزەلە نەشازەکان و قەڵەمە قەرەقۆزەکان ئەو خەڵکە بەوە تاوانبار ئەکەن کە نارەزایەتییەکانیان ئەجیندای دوو ئیدارەیی لەپشتە !! بە کوردییەکەی ئەم دەسەڵاتە خۆ سەپێنە چی لەو میللەتە ئەکا کەس بۆی نیە فزە بکا کە کرا ئیتر تۆ دژی یەک ريزی کوردیت..!!ئەتەوێت دوو ئیدارەیی بگەرێتەوە.. ـمن بەش بەحاڵی خۆم دوو ئیدارەیم پێ باشترە لە یەک ئیدارەییەک کە لە تیایا بەشەکەی خۆم بدزرێ و لاکەی تری ئیدارەکەی پێ ببێ بە ملێونێر !!، من دانیشم سەیرکەم شارەکەم نیمچە وێران بکرێ و بەقەد ناحییەکی ئەولا خزمەت نەکرێ و بەداهاتی شارەکەم گیرفانەکانی چەن کەسانێکی ئەولای پێ پڕ ببێ و بۆشم نەبێ قسەبکەم !! با ئەو یەک ئیدارەییە هەر نەمێنێ ، کە میللەتی قوڕبەسەر هەر لەژێرەوە بێ یەک و دوو یان هەشت ئیدارەیی جیاوازی چیە؟ من قەوارەیەکم بەناوی هەرێمەوە ناوێ کە تیایا هاووڵا تی پلە دوو بم، ئەووترێت کە هەموومان هەر کوردین خۆ ناسریە و کەربەلاش هەدوو شار عەرەبن و دوو ئیدارەی جیاواز بە یەکیان هەیە و هیچ گرفتێک لە ئارایا نیە ، تۆ بەشەکەی خۆت ئەبەی بە زیایەوە و بەشەکەی منیش لرف لێ ئەیەیت گوایا ئەمە یەژ یئدارەیی یەک قەوارەییە ! نەخێر ئەمە قەوارەی سیستەمێکی مافیاییە ، تا زووتر نەجاتمان ببێ لێی زووتر ئیسراحەت ئەکەین و نانی خۆمان بۆ خۆمان و ئیعاشەکەی خۆیان بۆ خۆیان ،بڕواتان هەبێ بێ حیمایەی سوپای “تورکی”ش ئەتوانین بە ئیدارەیەکی خۆمان کاروباری شارەکەمان بەڕێوە بەرین و پێویستمان بە بانکێکی لوبنانی نابێ بۆ شاردنەوەی داهاتەکانمان…….




ڕۆڵی باشووری كوردستان لە ڕاپەڕینی شێخ عوبەیدوڵڵای نەهریدا-9- ڕه‌سوڵ بۆسكێنی

به‌شی نۆیه‌م

هه‌وڵی شێخ عوبه‌یدوڵڵا بۆ هه‌ستانه‌وه‌ی ڕاپه‌ڕینه‌كه‌،

دوای گه‌یشتنه‌وه‌ی شێخ عوبه‌یدوڵڵا و هێزه‌كه‌ی به‌نه‌هری و چاوخشاندنه‌وه‌ و به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی هێزه‌كانی و هه‌ڵسه‌نگاندنی بارودۆخه‌كه، دوو مانگ دوای گیرسانه‌وه‌ی له‌ نه‌هری، دیسان شێخ عوبه‌یدوڵڵا هه‌وڵی جوڵانه‌وه‌یه‌كی نوێی دا، كه‌ له‌ نه‌هرییه‌وه‌ ده‌ست پێ بكات، جارێكی دیكه‌ هه‌وڵه‌كانی ده‌ست پێ كرده‌وه‌، بۆ خۆئاماده‌ كردنه‌وه‌ی بۆ درێژه‌پێدانی ڕاپه‌ڕین، هه‌رچه‌نده‌ خۆئاماده‌كردنی ئه‌م جاره‌ له‌چاو هه‌لومه‌رجی جاری پێشوو سه‌خت تر بوو، چونكه‌ جه‌ماوه‌ری كوردی ڕۆژهه‌ڵات به‌هۆی دزی و تاڵان و سوتاندنی ماڵ و دیهاته‌كانیان و كوشتن و ده‌ربه‌ده‌ریان له‌لایه‌ن هێزه‌ تاڵانچیه‌كانی ئێران، باری ئابووریان تا ئه‌وپه‌ڕی خراپ بوو و باری ده‌روونی خۆشیان شێوا بوو، له‌لایه‌كی تریش ئێران له‌ ڕۆژهه‌ڵات و ڕووسیا له‌ باكوور هێزه‌كانیان له‌سه‌ر سنوور مۆڵدرابوون و هێزه‌كانی عوسمانیش له‌ناو وڵات به‌هه‌موو شوێنێكدا بڵاو ببوونه‌وه‌ و په‌یوه‌ندی نێوان شاره‌كانیان بڕی بوو، له‌گه‌ڵ ئه‌وە‌شدا بە‌ پە‌لە‌ و بێ هەدادان كە‌وتە‌ تە‌قە‌لای هە‌مە‌لایە‌نە‌ی وە‌ك:
1- دابین كردن و حە‌واندنە‌وە‌ی ئە‌و لێشاوی (100) هە‌زار ئاوارە‌ كوردە‌ی لە‌ ئە‌نجامی شۆڕشە‌كە‌دا چ وە‌ك لایە‌نگر و پشتیوانی شۆڕش و چ لە‌ ترسی پاراستنی سە‌ر و ماڵیان، لە‌ جێگا‌ و ڕێگا‌ی خۆیان هە‌ڵكە‌نرابوون و بە‌و زستانە‌ لە‌ سنوورە‌كانی ئێران – عوسمانی چووبوونە‌ قە‌ڵە‌مڕە‌وی عوسمانی لە‌وێ گیرسابوونە‌وە‌.
2- دە‌ست پێ كردنە‌وە‌ی كاری دیبلۆماسی و پە‌یوە‌ندی تازە‌ دروست كردنە‌وە‌ لە‌گە‌ڵ دە‌وڵە‌تاندا، بۆ ئاگا‌داربوو‌نیان لە‌ كێشە‌ی كورد، بە‌ تایبە‌تیش لای دە‌وڵە‌تانی ڕووسیا، ئیگلستان، ئێران-عوسمانی.
3- كڕین و پە‌یداكردنی چە‌ك و ‌ته‌قە‌مە‌نی و پێویستی شۆڕش.
4- بە‌سە‌ركردنە‌وەی‌ زۆربە‌ی ڕێبە‌رانی خێڵ و ناودارانی كورد و نامە‌ی تایبە‌تی بۆ نووسین و بانگهێشتنیان بۆ پشتیوانی لە‌ شۆڕش و بە‌رزكردنە‌وە‌ی ورە‌ و زیندووكردنە‌وە‌ی گیانی هیوا و ئاوات تیایاندا.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی تورك داوای چاوپێكه‌وتن و گفتگۆی شێخ عوبه‌یدوڵڵایان ده‌كرد بۆ هێمن كردنه‌وه‌ و بانگ هێشتی بۆ ئه‌سته‌مبوڵ، شێخ عوبه‌یدوڵڵا بانگه‌وازی بۆ سه‌رۆك هۆز و خێڵه‌كان كرد و له‌گه‌ڵ نوێنه‌ری تایبه‌تی خۆی دا نامه‌ و ڕاسپارده‌ی بۆ ناردن، تاكو به‌شداری ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ بكه‌ن، له‌م باره‌یه‌وه‌ حه‌سه‌ن عه‌لی خانی گه‌ڕووسی له‌ 3ی ڕەبیعی دووەم 1298 كۆچی (4- 3- 1881ز) له‌ نامه‌یه‌كدا بۆ ناسره‌دین شای قاجار ده‌نووسێت: “دوێنێش كە دوایین ڕۆژی (ڕەبیعی یەكەم) بوو، ئەم هەواڵە ڕاست و دروستە، كە دەماودەم هاتووە، بەگیانفیدا گەیشتبوو لەبەر ئەوەی بڵاوكردنەوەی بانگەوازنامە تازەكانی شێخ عوبەیدوڵڵا و چاوپێكەوتنی لەگەڵ كاربەدەستانی بابی عالی دا، هیچ گومانێك نەماوە، بۆیە ئاگاداركردنەوەی بەڕێزتان بەپێویست زانرا، ده‌رباره‌ی هەواڵی هەمزاغاش، داروباری نازانرێ‌، چونكە لەهەموو جێگایەكدایە، هەندێ‌ جاریش لە “پشدەر”ە داروباری ژێرەو ژوور بووە، و كەسی بەدەورەوە نەماوە و تەنیا ماوەتەوە، به‌ڵام سەرەڕای ئەوەی ئێل و هۆزەكەی لەبەرامبەریدا ئەو پەڕی ملكەچیان هەیە، هێشتا چەند كەسێكی ئەم خەڵكەی لەگەڵدایە، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش هەمزاغا كەسێكی ئازا و دەست لەگیان بەرداوە، هەر ئەوەندەی بەفر بتوێتەوە و ڕێگاوبان بكرێنەوە، ئیتر ئەگەر هەر خۆشی بەتەنیا بمێنێتەوە، وەك دز لەم و ئەو كونەوە سەر دەردێنێ‌ و خۆی نیشان دەدات، بەلەبەرچاوگرتنی ئەو سەرنجانەی عەرز كران، دەبێ‌ هەڵسوكەوتی غافڵ نەبین و لێی ئەرخایەن نەبین.
….ئێستاش بەهاتنی ئەو ئەفسەرە* جەنگیە و دیداری لەگەڵ شێخ عوبەیدوڵڵا و هێنانی خەڵاتی قایممقام بۆ برا و كوڕی گەورەی هەمزاغا و ڕێپدان و پشتیوانی لەئێلی مەنگوڕ، لەلایەن دەوڵەتی عوسمانیەوە و ئەوەی تائێستا بۆ ئاژاوەی (عەبەیدوڵڵا)، كارێكی وانەكراوە، وادەردەكەوێ‌ ئەم دەوڵەتە سەبارەت بەم كێشەیە چاوپۆشی بكات”.
له‌ دوایین بەشی پەڕەگرافی، نامەیەكی تری میرزا نیزام حه‌سه‌ن عه‌لی خانی گه‌ڕووسی به‌ مێژووی: 8ی ڕەبیعی دووەمی 1298 كۆچی- (9- 3- 1881ز) بۆ ئەمینولمولك: میرزا عەلی خان – (ئەمینولدەولە) ده‌نووسێت:
” لە سێی ئەم مانگەدا بانگەوازنامەكانی (شێخ عوبەیدوڵڵا)م بەتەلگراف عەرزكردن و دەقی بانگەوازێكیشم بەپۆستدا بۆ ناردن، ئێستا پەیتا پەیتا هەواڵ دێت، گوایە شێخی مەلعون، خەریكی خۆسازدانە بەرەو ڕەواندز. لەم خۆ سازكردنەش مەبەستی ئەوەیە لەگەڵ ئەو خێڵانەی لەدەرەوە و ناوەوە پێوەندی بووە، ئێستا هەموویان لە گەرمیان و لەخاكی عوسمانیدا، دەست بدەنە دەستی یەك و دیسانەوە ببنە مایەی كارەساتێك، بەڵگەش بۆ ئەمە ئەوەیە لەم ماوەیەدا هەواڵی بۆ هەندێ‌ لایەنگرانی خۆی لە (سڵدوز) ناردووە، تا خۆیان لە (قەرەپەپاغ) دووربخەنەوە، چونكە شێخ نیازی شۆڕشی هەیە و بۆ ئەمەش لەلایەن دەوڵەتی عوسمانیەوە ڕێگای پێدراوە”.
بێگومان ئێران و ده‌وڵه‌تی عوسمانی له‌و هه‌وڵ و ته‌قه‌لایانه‌ بێ ئاگانه‌بوون، به‌تایبه‌ت ئێران ده‌یویست هه‌رچی زووتره‌ شێخ عوبه‌یدوڵڵا ده‌ستگیر بكرێ و كۆتایی به‌ شۆڕشی كورد بهێنرێ، له‌وباره‌یه‌وه‌ مسته‌ر تۆمسن له‌ 31 كانوونی دووه‌می 1881 له‌ نامه‌یه‌كیدا بۆ ئیرل گرانڤیل ده‌ڵێت: دوێنێ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران دوو بروسكه‌ی بۆ خوێندمه‌وه،‌ كه‌ شێخ عوبه‌یدوڵڵا به‌كرده‌وه‌ چالاكانه‌ خه‌ریكی خۆئاماده‌كردن و سازدان بووه‌، بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی كاری دوشمنكارانه ‌له‌گه‌ڵ ئه‌م وڵاته‌، حكومه‌تی توركیش هیچ هه‌نگاوێكی نه‌ناوه‌ بۆ ڕێگرتن لێی له‌كۆكردنه‌وه‌ و سازدانی له‌شكر و كڕینی چه‌ك بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌. ئه‌وه‌ گریمانێكی زۆر ده‌بێت له‌به‌هاردا هوروژمێكی نوێ له‌ناو توركیاوه‌ بۆ ناو ئێران ڕوو بدات.
له‌ 1ی فێبریوه‌ری 1881 چه‌ندین نامه‌ له‌نێوان نوێنه‌رانی به‌ریتانیا و شادا ئاڵوگۆڕ كران سه‌باره‌ت به‌ هه‌وڵی نوێی شێخ عوبه‌یدوڵڵا ده‌دوێت و مه‌ترسی ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن، له‌وه‌رزی به‌هاردا سه‌ر له‌نوێ ده‌ست پێبكاته‌وه‌، پاشان بۆ به‌رهه‌ڵستی كردنه‌وه‌شی، ئێران هه‌وڵی دڵنیاكردنه‌وه‌ی هاوكاری و دۆستایه‌تی به‌ریتانیا و ڕووسیای ده‌كرده‌وه‌، بۆ پشتگیری كردنی، له‌ڕاستیدا ڕووسیا و به‌ریتانیا هه‌ڵوێستێكی نه‌گۆڕیان به‌رامبه‌ر ئێران و بارودۆخه‌كه‌ هه‌بوو. هه‌رچه‌نده‌ شێخ عوبه‌یدوڵڵا هه‌وڵی جوڵانه‌وه‌یه‌كی نوێی دا، به‌ڵام بارودۆخه‌كه‌ له‌بار نه‌بوو، له‌ ڕێگرتنی شۆڕشه‌كه‌ی شێخ عوبه‌یدوڵڵا پاشان ئێران و ڕووسیا و به‌ریتانیا به‌هه‌موو جۆرێك هانی عوسمانییه‌كانیان ده‌دا ڕێگا له‌ بزوتنه‌وه‌كه‌ی شێخ بگرێت، هه‌روه‌ها هێزی عوسمانی گه‌مارۆی پردی نێوان شێخ و شاره‌كانی نێوقه‌ڵه‌مڕه‌وی عوسمانییان دابوو، بۆ ئه‌وه‌ی هیچ هاوكارییه‌كیان بۆ نه‌چێت، سه‌ره‌ڕای ئه‌وانیش هێزه‌كانی ئێران له‌سنووری ئێران – عوسمانی دا بوون و به‌ره‌ی خۆرهه‌ڵاتیان ته‌نیبوو،‌ له‌به‌ره‌ی خۆرهه‌ڵاتیشه‌وه‌ هێزه‌كانی ڕووسیا له‌ماكۆ و جوڵفا بوون بۆ دژایه‌تی كردنی ڕاپه‌ڕینه‌كه‌. خاڵێكی هه‌ره‌ گرنگ بریتی بوو له‌ تێكچوونی پێوه‌ندی نێوان خێڵه‌كانی كورد، واته‌ نه‌مانی یه‌كێتی كوردان، ئه‌ویش له‌ڕێی داگیركردنه‌وه‌ی ئه‌و ناوچه‌ كوردنشینانه‌ی له‌لایه‌ن قاجاره‌كانه‌وه‌ چه‌ندین جۆر سزادانیان به‌رامبه‌ریان ده‌گرته‌به‌ر.

گفتوگۆ له‌گه‌ڵ تورك
له‌گه‌ڵ بانگه‌واز و هه‌وڵه‌كانی شێخ عوبه‌یدوڵڵا بۆ دووباره‌ جۆشدانه‌وه‌ی خه‌ڵك بۆ ڕاپه‌ڕین، بۆ ئاڵۆز نه‌بوونی بارودۆخه‌كه‌ كاربه‌ده‌ستانی تورك ده‌یانویست شێخ به‌خۆشی بخه‌نه‌ داوه‌وه‌، كه‌وتنه‌ هاتوچۆ بۆ لای و گفتوگۆ له‌گه‌ڵیدا بۆ ئه‌وه‌ی بیبه‌ن بۆ ئه‌سته‌مبوڵ، هه‌وڵیاندا ڕه‌زامه‌ندی شێخ به‌ده‌ست بێنن، تا واز له‌ شۆڕشه‌كه‌ی بێنێ، سوڵتان عه‌بدولحه‌مید نوێنه‌ری تایبه‌تی خۆی (ئه‌حمه‌د به‌گی یاوه‌ری) نارده‌ لای به‌مه‌به‌ستی قایل كردنی شێخ تا سه‌ردانی ئه‌سته‌مبوڵ بكات، ئه‌حمه‌د به‌گی یاوه‌ری جه‌نگی سوڵتان، له‌پاش ئه‌وه‌ی سه‌ردانی شێخی كرد، دوای گفتوگۆ له‌گه‌ڵ شێخ عوبه‌یدوڵڵا و سێ ڕۆژ له‌لای شێخ مانه‌وه‌، شێخ عوبه‌یدوڵڵا له‌گه‌ڵ شێخ عه‌بدولقادری كوڕی و شێخ محه‌مه‌د سه‌عید دا ناردی سه‌ردانی هه‌ولێریان كرد، تا له‌گه‌ڵ سه‌رۆك هۆزه‌كان و ژماره‌یه‌ك له‌ ناودارانی ناوچه‌كه‌، چاویان به‌یه‌ك بكه‌وێت. بۆ ئه‌وه‌ی خواستی سه‌رۆك هۆزه‌كان بزانن بۆ پشتیوانی شێخ و دروست كردنی قه‌واره‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ، شێخ ده‌بێ خۆشی هیوای به‌به‌ڵێنه‌كانی تورك هه‌بووبێ، چونكه‌ به‌و بۆنه‌یه‌وه‌ نامه‌ی بۆ كورده‌كانی سنوور و لایه‌نگران و ئاواره‌كان نووسیوه‌ و ئاماژه‌ی به‌و بابه‌ته‌ داوه‌.
له‌نامه‌یه‌كدا كه‌ بۆ (محەمەد ئاغای ئاكۆ)ی نووسیوه‌، هانی داون یه‌كدڵ و یه‌كگرتووبن و تیایدا ئاگادار كراوه‌ ‌له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی عوسمانی و ده‌وڵه‌تانی تره‌وه‌ پشتیوانی له‌ كێشه‌ی كورد كراوه‌ و شێخ به‌هیوایه‌ له‌ داهاتوویه‌كی نزیكدا هه‌موو كارو‌باره‌كان به‌گوێره‌ی خواستی كورد بێت، ئینجا داوای كردووه‌ له‌سه‌ردانی شێخ عه‌بدولقادر و شێخ محه‌مه‌د سه‌عید له‌گه‌ڵ ئه‌حمه‌دبه‌گی یاوه‌ر بۆ هه‌ولێر بچن كۆببنه‌وه‌ و چاوپێكه‌وتنی له‌گه‌ڵدا بكه‌ن، له‌و باره‌یه‌وه‌ حه‌سه‌ن عه‌لی خانی گه‌ڕووسی فه‌رمانده‌ی مه‌هاباد، یه‌كێك له‌و بانگه‌وازنامانه‌ی شێخی ده‌ستكه‌وتووه‌ و له‌گه‌ڵ نامه‌یه‌كی خۆیدا شای ئێرانی له‌و هه‌وڵه‌ ئاگادار كردووه‌ته‌وه‌، له‌ ڕەشنووسی دامێنی تەلگرافێكدا، لە مێژووی (3ی ڕەبیعی دووەمی 1298 كۆچی) (4- 3- 1881ز) بۆ ناسره‌دین شای ناردووه‌، ده‌ڵێت:
نامەی ژمارە:63
لاپەڕە: 191
مێژوو: 3ی ڕەبیعی دووەمی 1298كۆچی (4- 3- 1881ز)
ڕەشنووسێكە لە دامێنی تەلگرافێكدا، لە مێژووی (3ی ڕەبیعی دووەمی 1298 كۆچی) پێوەیە بۆ خۆڵی، بەرپێی موبارەك عەرز كراوە:
“لەو ڕێكەوتە چاكانەی لەكاتی تەواو كردنی ئەم نامەیەدا بووم، لەلایەن ئیبراهیم ئاغای برای خوالێخۆش بوو (گوڵاوی ئاغا)وە، كە بۆ ڕاپەڕاندنی هەندێ‌ كار و وەرگرتنی (پێشكەشی)ی خەڵكی (سەردەشت) ناردبووم، نامەیەك گەیشت، دیارە دەبێ‌ ئەسڵی یەكێك لەو بانگەوازانە بێ‌ كە شێخی مەلعون، ناردوویەتی و بەدەست ئیبراهیم ئاغا كەوتووە و ئەویش هەمان نامەی بۆ ئەم گیانفیدایە ناردووە، كە ئاراستەی (محەمەد ئاغای ئاكۆ)ی كردووه‌، كە یەكێكە لەسەرانی عەشایری قەڵەمڕەوی عوسمانی، لەم نامەیەشەوە، ئەو گێڕانەوەی (محەمەد ئاغای مامەش) دەسەلمێ‌، كە پێشتریش وتبووی ڕاستە و بەمۆری خودی (شێخ عوبه‌یدوڵڵا)ەوەیە و ئەمەش دەقی نامەكەیە:
“دۆستی ڕاستگۆی پایەبەرز: محەمەد ئاغای ئاكۆ- خوا بتپارێزێ‌”
دوای گەیاندنی سڵاوی ئەوپەڕی دۆستانە، ئەگەر لەڕووی دۆستایەتی و ڕاستیەوە، لەمن دەپرسیت، سوپاس بۆ خوا و دنیا و كاروباریش بەدڵی دڵسۆزانە، لەلایەن دەوڵەتی پایەبەرزی عوسمانیەوە، هێژا و بەختەوەر: جەنابی ئەحمەد بەگی یاوەری تایبەتی حەزرەتی موبارەكی شاهانە، بۆ هەندێ‌ كاری تایبەتی و نهێنی هاتووە، لە هیممەتی پیرانی مەزنەوە ئەوەی مەبەست و ئاواتی ئێمە بووە، هەر ئەمەیە، لە دەوڵەتاندا عەجەمیان بە ناهەق داناوە، و هەقیان بە ئێمە داوە، بۆ ڕێنوێنی و شارەزایش، جەنابی یاوەر و هاوڕێكانی، نوری چاوان، شێخ عەبدولقادر و شێخ محەمەد سەعیدم تا ڕەواندز و هەولێر لەگەڵ دا ناردوون، بۆیە بە پێویستم زانی پێشتر ئێوەش ئاگادار بكەمەوە، تا پێشوازی و چاوپێكەوتنی ناوبراو بكەن، چونكە لە هەموو ڕوویەكەوە، ئاگادارییان لە هەموو شتێكە و هەموو باسێكیان بە تەواوی بۆ شیدەكەنەوە.
بەكورتی لەلایەن دەوڵەتانەوە، كاروبار بەدڵی ئێمەیە، ئەوەندە هەیە، دەبێ‌ خەڵكی كوردستان یەكدڵ و یەكگرتووبن، سوپاس بۆ خوا، كوردستانی قۆڵی ئەنادۆڵ، یەكدڵ و یەكگرتوون، هیوادارم لە قۆڵی عێراقیشەوە هەروابن، غیرەتی ئایین و ئیسلامیش لەدەست مەدەن، هەمیشە چاوەڕێی موژدەی سەلامەتیتانم، ئیتر بەدوعا”.
12ی ڕەبیعی یەكەمی 1298 كۆچی- (12- 2- 1881ز)

لەم بانگەوازنامەیەوە ئەوە دەسەلمێ‌، لەڕێگای (ئەحمەد بەگی یاوەر)ەوە لەلایەن دەوڵەتی عوسمانی یەوە، دڵنیایی و پشتیوانی تەواو بە (شێخ) دراوە، ئەگینا ئەم هەر لەخۆیەوە و بێ‌ پرس، ناتوانێ‌ ئاوا بەئاشكرا، ئەم بانگەوازنامانە بۆ سەرانی عەشایری قەڵەمڕەوی عوسمانی و كەسانی تر و شوێنانی تر بنێرێ‌.
دەوڵەتی پایەبڵیندی ئێمەش، بەڵگەی لەمە چاكتری چنگ ناكەوێ‌، لەسەر ئەو گوێنەدانەی دەوڵەتی عوسمانی، كە نایەوێ‌ خراپەكارییەكانی شێخ لەناوبەرێ‌ و لەبارەی پشتیوانی كردنی نهێنی و ئاشكرای ئەو دەوڵەتەشەوە، بەڵگەی لەم بانگەوازنامە چاكتر بەدەستەونین، كە گیانفیدا بەهه‌مان نۆكەردا، كە ئەم تەلگرافنامەیەم پێدا ناردووە، هەمان ئەم بانگەوازنامەیەشم كردۆتە هاوپێچی و بەناونیشانی جەنابی وەزیری كاروباری دەرەوەشدا بۆ تەورێزم ناردووە و لە سەرۆكی پۆستەخانشم سەلماندۆتەوە، دەبێ‌ ئەم نامەیە بەتایبەتی بە تاران، بە جەنابی وەزیری كاروباری دەرەوەش بگەیەنن و بەرچاوی ڕووناكی هومایۆنانەشدا تێپەڕبێ‌.
3ی ڕەبیعی دووەمی 1298 كۆچی- (4- 3- 1881ز)

یه‌كێكی تر له‌ بانگه‌وازنامه‌كانی شێخ عوبه‌یدوڵڵا كه‌ بۆ مامه‌ند ئاغای پیرانی ناردووه‌، تیایدا ئاگادار كراوه‌ ‌له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی عوسمانی و ده‌وڵه‌تانی تره‌وه‌ پشتیوانی له‌ كێشه‌ی كورد كراوه‌ و شێخ به‌هیوایه‌ له‌ داهاتوویه‌كی نزیكدا هه‌موو كارو‌باره‌كان به‌گوێره‌ی خواستی كورد بێت،(ههم‌زاغال119) هه‌ڵبه‌ت هه‌ندێك كار و ڕاسپارده‌ی نهێنی هه‌ن له‌ناو نامه‌دا جێیان نابێته‌وه‌ و بۆ نووسین ناشێن، شێخ ئه‌و ڕاسپاردانه‌ی به‌ده‌می به‌نوێنه‌ره‌كه‌ی خۆیدا ڕاسپاردووه،‌ تاكو بیگه‌یه‌نن به‌ مامه‌ندئاغا و لایه‌نی پێوه‌ندیدار،‌ بانگه‌وازنامه‌كه‌ ده‌ست حه‌سه‌ن عه‌لی خان كه‌وتووه‌ و ئه‌ویش له‌گه‌ڵ چه‌ندین زانیاری تر ده‌رباره‌ی هه‌وڵ و ته‌قه‌لاكانی شیخ عوبه‌یدوڵڵا بۆ درێژه‌پێدانی شۆڕش، له‌گه‌ڵ نامه‌یه‌كدا له‌ مێژووی: 10ی ڕەبیعی دووەمی 1298 كۆچی (11- 3- 1881ز) ئاراسته‌ی ناسره‌دین شای قاجاری كردووه‌ و ده‌ڵێت:
نامەی ژمارە: 64
لاپەڕە: 194
مێژوو: 10ی ڕەبیعی دووەمی 1298 كۆچی (11- 3- 1881ز)
لە(3ی ڕەبیعی دووەم)دا، دەقی نامەیەكی (محەمەد ئاغای مامەش) و وێنەی نامەی (شێخ عوبەیدوڵڵا)م بەتەلگراف عەرزكردووە و ئەسڵەكەشی لە ڕێگای پۆستی تەورێزەوە، بۆ جەنابی وەزیری كاروباری دەرەوەم ناردبوو، لەم دوو ڕۆژەشدا هەندێ‌ زانیاری تر، بەگیانفیدا گەیشتوون، بریتین لە:
یەكەم: دیسانەوە وێنەی بانگەوازنامەیەكی تری شێخ عوبەیدوڵڵایە، بۆ (مامەندئاغای پیران)ی نووسیوە و ئەمەش دەقەكەیەتی: “پایەبڵندی ڕاستی پیشە، مامەند ئاغا- خوابیپارێزێ‌” هەمیشە هاوجووتی سەرفرازی بێوەی بیت. ئیتر ئەگەر لەڕووی خۆشەویستی پاكەوە هەواڵمان بپرسیت، سوپاس بۆ خوا، كاروبار بەدڵی دڵخوازانە، لەم ڕۆژانەدا (ئەحەمەد بەگ)ی یاوەری تایبەتی حەزرەتی سوڵتان، سەربارەت بەبڕێ‌ كاری تایبەتی و نهێنی، تەشریفی بۆ ئێرە هێنا بوو، لەبەخشندەیی خواوە كاروبار بەدڵی دڵسۆزانە. هەموو دەوڵەتان، دەوڵەتی عەجەمیان بەتاوانبار و ناهەق داناوە و هەق بە ئێمە دراوە، هەموو دەوڵەتان نیازیان وایە كوردستان بدەنە دەست خۆمان، ئەگەر لەخەڵكی كوردستانەوە شتێك نەوەشێتەوە، كار تەواو بووە، ئەوەندە هەیە ئێمە لەسەر یەكێتیی خۆمان سوور بین و ئاوارەكان ئارامیان هەبێ‌ و ددان بەخۆیان بگرن و بۆ لای عەجەم نەگەڕێنەوە، چونكە عەجەم گەیوەتە تەنگانە و بەقسەی پڕووپوچ و تەڵەكە، هەوڵی دڵدانەوە و ڕاكێشانی هەڵاتووەكان دەدات، دیارە تا بۆتان دەكرێ‌ ورەیان بەرز بكەنەوە و هانیان بدەن و ئامۆژگاری هەڵاتوەكان بكەن و بڵێن ئەم هەمووە ددانتان بەخۆتاندا گرتووە، كەمێكی تریش ئارام بگرن، چونكە كاروبار بەدڵی هەمووان دەبێ‌، بۆیشم دەركەوتووە ئەو جەنابە، بۆ پشتیوانی و دڵنەوایی ئێوە تێدەكۆشێت. ئافەرین بۆ ئێوە. دیارە ئێوەش لە جاران زیاتر پشتیوانیان دەكەن.خوا بیەوێ‌ پاداشتی ئێوە بەهەدەر ناچێ‌. بۆ ڕێزڵێنان و بەڕێكردنی جەنابی یاوەر، نوری چاوانم: شێخ عەبدولقادر و شێخ حەمە سەعیدم تا ڕەواندز و هەولێر لەگەڵدا ناردن، بەپێویستم زانی پێشتر ئێوەش ئاگادار بكەمەوە، كە پێشوازی و دیتنی پێویستە و ئێوەش لەهەموو هەواڵێك ئاگاداربن. بڕێ‌ كاریش هەن، لەنامەدا جێگایان نابێتەوە. ئیتر دنیا بەدڵتان دەبێت. خوا بتانپارێزێ‌. دووەم: نامەیەكە مەلا محەمەدئەمین سابڵاخی، كە ئێستا خۆی لە (بانە)یە و بۆ (مەلا عەبدوڵڵا)ی برای لە سابڵاخ نووسیوە و ئەمەش دەقەكەیەتی: ” داوای دەنگوباستان كردبوو، ئەمڕۆ- كە ڕۆژی پێنج شەمە، ڕێكەوتی 3ی ئەم مانگەیە- نامەیەكی (حاجی كەریم)، بۆ برایەكی هاتووە، بۆ كاری بازرگانی لێرەیە، تیایدا نووسیویەتی: ڕۆژنامەیەكی ئینگلیسی، كە بۆ (كەریم قەرانتین) هاتبوو، ئەوەی تێدا چاپ كراوە، هەرچی كوردستانە، بە(شێخ عوبەیدوڵڵا)یان داوە، جەنابیشیان ڕازیبوون، هەموو ڕۆژێكیش سەرباز و زەخیرەیەكی زۆر بۆ (سلێمانی) دێت. نووسیویشێتی: دەبێ‌ (70) حەفتا تابووریش بخرێتە ژێر دەسەڵاتی شێخ عوبەیدوڵڵاوە. جگەلەمە، ئیتر هەواڵێكی تر نییە، بەڵام ئاشكرایە ئەم بەهارە، ئاژاوە و فەرتەنەیەكی گەورە، دەقەومێ‌، ئیتر خۆشتان سەرپشكن، پێویستی بە وتنی ئێمە و مانان نییە و خۆتان عەقڵتان هەیە. سێیەم: لە زمانی (حاجی ئەبوبەكری ڕەواندزی)یەوە- كەجێی باوەڕە- ئەوە بیستراوە: ئەحمەد بەگی یاوەری جەنگی سوڵتان (عەبدولحەمید)، دوای ئەوەی (3) ڕۆژ لەماڵی شێخ عوبەیدوڵڵا ماوەتەوە و چەندان جار بە دوو قۆڵی، وتوێژی نهێنیان كردووە و دوای ئەوەی شێخی ئەرخایەن كردووە، ئەوسا لەگەڵ شێخ عه‌بدولقادری كوڕی شێخ و شێخ محەمەد سەعیدی برازای شێخ عوبەیدوڵڵادا، گەیشتوونەتە (ڕەواندز) و قایممقامی ئەوێ‌ ئەوەی پێویستی ڕێز و حورمەت بووبێت، بەجێی هێناوە و لەماڵی (مستەفا بەگ) یش، ئەسپێكیان بە ڕەختی زیوەوە پێشكەش بە كوڕی شێخ كردووە. هەر بەو جۆرە، هەمان دەستە، لەوێشەوە بەرەو (هەولێر) چوون و لەوێش بەڕێنوێنی و ئامۆژگاری (ئەحمەد بەگی یاوەر) كۆبوونەوەیەكیان بەو سەرۆك عەشایەر و جەماوەرە كردووە، كە پێشتر شێخ عوبەیدوڵڵا لە هەموو ناوچەكانەوە بانگهێشتنی كردوون و هەر لەوێش- كە ناوەندی تەلگرافخانەیە- تەلگرافێكی تێروتەسەلیان بۆ خاوەن شكۆ سوڵتان، بە سكاڵا و گازەندەوە ، بەمجۆرە كردووە: “…بۆچی دەوڵەتی ڕووس، لایەنگیری لە كۆمەڵ و دینی خۆی، بۆ پشتیوانی لەگەلی (قەرەپه‌پاغ) و (سربستان) كردووە، كەچی ئێوە كە خەلیفەی موسڵمانانن، چۆن ڕازی دەبن، دەوڵەتی عەجەم بۆ خزمەتی مەزهەبی خۆی، خوێنی ئێمە بڕێژێ‌ و ماڵمان تاڵان بكات و مەزهەبمان بگۆڕێ‌ و لە نیشتمانی ڕاستەقینەی خۆشمان ئاوارەمان بكات”!؟.. ئەمە پوختەی ئەو دەنگوباس و نموونەی ئەو نامانەبوون، لەم دووسێ‌ ڕۆژە، چنگخراون، چەند ڕۆژێكیشە هەر ئەم دەنگوباسانە، زۆر لەناو خەڵكدا بڵاون و پێویستیشە بوترێ‌، بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵانە، لەم سنوورانە، بەتایبەتیش لەم شارەدا، كاردانەوەی خراپی هەبێ‌، لەوانە: لەو ڕۆژەوەی ئەم هەواڵانە بڵاو بوونەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا خەڵكی (سەردەشت) لە نیشاندانی ملكەچییاندا بۆ دەوڵەت بیانوویان دۆزییەوە و ناو بە ناوێك ملكەچی و دانی (باج) و هاتنی خۆیان، بەبەڵێنی ئەمڕۆ و سبەینێ‌ بەسەردەبرد، كەچی لەو ڕۆژەوەی ئەو هەواڵانە بڵاوبوونەتەوە، ئیتر لە دانی (باج)یش، خۆیان نەبان كردوو و (مامەندئاغا)ش كە بۆ وەرگرتنی (باج) بۆ ئەوێم ناردبوو، دەنگیان داوە. بەهۆی بڵاوبوونەوەی ئەم بانگەوازنامانەوە، كە بەلای زۆرەوە ڕاستن و هەر بەو جۆرەش دوو ڕۆژ لەمەوبەر عەرزم كردبوو، پێكهێنانی سەربازگەیەك لە (لاجان)، یەكجار پێویستە، تا ئەگەر لەلایەن شێخی مەلعونیشەوە، بزووتنەوەیەك ڕووبدات، ڕێگای سەرەكی و دەربازگەی ئەو، هەر (شنۆ) و (لاجان)ە، بەهەموو لێكدانەیەكیش كە هەیە، وا بەچاكتر دەزانرێ‌، هەتا زووتر ئەوێ‌ قایم بكرێ‌، باشتر دەبێ‌ و ئەو هێزەش بۆ ئەم مەبەستە، لەبیری ڕۆشنی ئێوەدایە، با زووتر لە (دارالخلافە- تاران) ەوە ڕووە و ئەم سنوورە بنێردرێ‌. ( لەدامێنی ئەم ڕاپۆرتەدا و هەر بە مێژووی سەرەوە، ئەم پەڕەگرافەش بەشێوەی چەلیبا* نووسرابوو):
لەدوای تەواو كردنی ئەم نامەیەدا، ئەوەش عەرز دەكەم لەچەند ڕۆژی بەروودا، جاسوسێكی تایبەتم بۆ (سلێمانی) ناردبوو، لەم ساتەدا گەڕایەوە و نامەیەكی لە (مستەفا سابڵاخی) یەوە، – كەئێستا لەسلێمانییە، بۆ (قادرئاغا)هێناوە و ناوەرۆكەكەی كت و مت وەك ئەو دەنگوباسانەی سەرەوەیە، سەرباری ئەوانەش نووسیوێتی: پەیتا پەیتا لەلایەن دەوڵەتی عوسمانی یەوە، هێزی سەرباز و جبەخانە، بۆ (سلێمانی) دێن، هەر لەو ڕۆژەدا (3) تابوور سەرباز بۆ ناوچەی (پشدەر) نێردراوە و لە ئەستەمبوڵیشەوە، تەلگراف گەیشتووە، كە هەموو هێزی عەرەبی عێراق خۆیان لەبەر بكەن و چەكدار بكرێن و چاوەڕێی فەرمانی تازەبن.
10ی ڕەبیعی دووەمی 1298 كۆچی (11- 3- 1881ز)

په‌راوێزه‌كان:

  • مه‌به‌ست له‌ ئه‌حمه‌د به‌گی یاوه‌ری جه‌نگی سوڵتان عه‌بدولحه‌میده‌، كه‌ وه‌ك نوێنه‌ری تایبه‌تی سوڵتان هاته‌ لای شێخ عوبه‌یدوڵڵا تاڕازی بكات سه‌ردانی ئه‌سته‌مبوڵ بكات بۆ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ سوڵتان.
    ** هۆزی پیران له‌ بیتوێن نیشته‌جێن، ئه‌و كاته‌ سه‌رۆكی هۆزه‌كه‌ مامه‌ندئاغای پیران بوو، ناوه‌ندی هۆزه‌كه‌ش گوندی سه‌رخمه‌ بوو له‌ بیتوێن.
    *** چەلیبا: شێوەیەكی تایبەتی خەت نووسینە، كە خۆشنووسەكان بۆ مەشق و ڕاهێنان و نموونەی خۆشنووسی خۆیان بەكاری دەهێنن، ئەمجۆرە نووسینە زۆرتر حەرف و نووسین، لەسەر یەكتر دووبارە دەكەنەوە و تێكەڵاو و پێكەڵاو دەكەن. بۆ ئاگاداری خوێنەرانیش دەبێ‌ بڵێم كە: حەسەن عەلی خانی گەڕووسی- خاوەنی ئەم نامانە، یەكێكە لەخۆشنووسە بەناوبانگه‌كانی ئێران.

ماویه‌تی …..




كازمی كۆده‌نگی نیشتمانییه یان كۆده‌نگی گه‌نده‌ڵكارانه‌‌‌؟ … ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب

رۆژ له‌ دوای رۆژ كێشه‌كانی گه‌لی عێراق به‌ هۆی په‌تای كۆرۆناو دابه‌زینی نرخی نه‌وت و هه‌ره‌سهێنانی سامان و ئابوری وڵات دژوارو قورستر ئه‌بێت و ئه‌مه‌ له‌لایه‌ك و له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ حزبه‌ گه‌نده‌ڵه‌كانی پشكپشكێنه‌ شه‌ریانه‌ له‌ سه‌ر پله‌و پایه‌و دابه‌شكردنی پۆسته‌كانیان له‌ كابینه‌كه‌ی سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراو مسته‌فا كازمی و هه‌مووشیان درۆزنن و ئه‌ڵین كازمیمان سه‌رپشك كردووه‌ ئازادانه‌و سه‌ربه‌خۆ وه‌زیره‌كانی دیاری بكات..
راپه‌رین و خۆپیشاندانه‌كانی خه‌ڵكی به‌غداو شاره‌كانی ناوه‌راست و خواری عێراق له‌ 1 تشرینی یه‌كه‌م { ئوكتۆبه‌ر} ی ساڵی 2019 تا سه‌رهه‌ڵدانی كۆرۆنا ببوونه‌ مایه‌ی سه‌ر ئێشه‌ بۆ حكومه‌ته‌كه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی و ده‌ستوپه‌یوه‌نده‌كانی و ده‌ستی ده‌ره‌كی كه‌ له‌لایه‌ن خۆپیشانده‌ران به‌ بكوژانی زیاتر له‌ 600 و برینداركردنی زیاتر له‌ 25000 و گرتن و زیندانیكردنی هه‌زاران وبێسه‌روشوێنكردنی زیاتر له‌ هه‌زار چالا‌كه‌وان و هاوڵاتی تاوانبارن و هه‌رزوو عادل عه‌بدولمه‌هدی ده‌ستی له‌كاركێشایه‌وه‌.
نزیكه‌ی 6 مانگه‌ راپه‌رین و خۆپیشاندان هه‌ڵگیرساوه‌و خوێنێكی زۆریش رژاوه‌و، نه‌ كازمی و نه‌ حزبه‌ گه‌نده‌له‌كان به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك باسی راپه‌رینه‌كه‌ ناكه‌ن و، داخوازییه‌كانی جه‌ماوه‌ری گه‌ل پشتگوێ ئه‌خه‌ن و، ئه‌م پشتگوێخستنه‌ ئه‌بێته‌ هۆی دروستبوونی هه‌راو هوریاو بار گرژی گه‌وره‌ترو مه‌ترسیدارتر له‌وانه‌ی پێشتر روویانداوه‌و، ئه‌مه‌ش هاوكاته‌ له‌ گه‌ڵ بڵاوبوونه‌وه‌ی كۆرۆناو ته‌نگوچه‌ڵه‌مه‌ی كێشه‌ی قوڵی ئابوری و، لێره‌دا پێویسته‌ هه‌ڵوه‌سته‌یه‌ك له‌ سه‌ر چا‌ره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان بكرێت و، له‌ پێش هه‌موو كارێك هه‌ڵپژاردنی پێشوه‌خته‌و، كازمی لێێبێده‌نگه‌‌ به‌ پێچه‌وانه‌ی محه‌مه‌د ته‌وفیق عه‌ڵلاوی كه‌ واده‌یه‌كی دیاریكردو، واده‌كه‌ش له‌ سالێك تێنه‌په‌رێت هه‌ڵپژاردنی گشتی پێشوه‌خته‌ی په‌رله‌مانی عێراق ئه‌نجام بدات.سسسسسسسسسسس
سه‌رۆك كۆمار به‌رهه‌م ساڵح له‌ رۆژی راسپاردنی مسته‌فا كازمی بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت وتی : كه‌ش و هه‌وای ئه‌مرۆ “”دیموكراتیانه‌یه‌‌”” و، له‌ رابردوودا كاتێكی دژوارمان له‌ مێژووی عێراقدا به‌سه‌ربردو رووبه‌رووی ناره‌زایی جه‌ماوه‌ری به‌رفراوان بووینه‌وه‌و، داوای چاكسازی و راستكردنه‌وه‌ی هێڵی سیاسی ولاته‌كه‌مانیان ئه‌كرد له‌ گواستنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات و ده‌ست له‌ كار كێشانه‌وه‌ی عادل عه‌بدوالمه‌هدی، پێخۆشحاڵم به‌”” كۆده‌نگی نیشتمانی”” كازمی رائه‌سپێرم و، پرسیار ئه‌وه‌یه‌ سه‌رۆك باسی كام كۆده‌نگ ئه‌كه‌ن؟ زیاتر له‌ نێوه‌ی خه‌ڵكی عێراق راپه‌ریوه‌و كازمیان ناوێت و به‌ بكۆژی خۆپیشانده‌ران و دزو پیاوی بێگانه‌ ناوی ئه‌به‌ن و، هه‌ر به‌رێزتان كه‌ له‌ گه‌ل نوێنه‌ری خۆپیشانده‌ره‌كان كۆ بوونه‌وه‌و وتتان داخوازییه‌كانتان ره‌وایه‌و كه‌سێكی گونجاو بۆ سه‌رۆك وه‌زیران دائه‌نێن و، باسی كام كۆده‌نگی ئه‌كه‌ن؟ كۆده‌نگی حزبه‌ شیعه‌كان، حزبه‌كانی پشكپشكێنه‌و گه‌نده‌ڵی و مافیاو دز ماوه‌ی 17 ساڵه‌ خه‌ڵك ئه‌كوژن و سوكایه‌تی به‌ كه‌رامه‌تی مرۆڤه‌وه‌ ئه‌كه‌ن و پاره‌و سامانی عێراقیان دزی و هه‌ریه‌ك كورو كوره‌زاو و براو ئامۆزاو و خزمی خۆی هێناوه‌و، خه‌ڵكیش نانیان نییه‌ بیخۆن!.
حزبه‌كانی شیعه‌ ئه‌زانن به‌رهه‌م ساڵح له‌ دوای ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ی عه‌بدوالمه‌هدی چه‌ندین جار ناوی كازمی بۆ سه‌رۆك وه‌زیران هێناوه‌و ئه‌وان پێی رازینه‌بوون و، له‌ دانانی عه‌دنان زورفی تووشی كێشه‌ بوو ته‌نانه‌ت هه‌ندێ له‌ حزبه‌كانی شیعه‌ به‌تایبه‌ت تاقمی به‌در به‌ سه‌رۆكایه‌تی هادی عامری كه‌ پیاوی ئێرانه‌ ویستیان كاری خراپ و نه‌شیاو دژ به‌ به‌رهه‌م ساڵح ئه‌نجام بده‌ن به‌ڵام له‌ به‌ر گرژی وناته‌بایی ناوماڵی حزبه‌ گه‌نده‌ڵه‌كان وبێتواناییان سه‌رۆك كۆمار هوشداری ئه‌وه‌یدا ئه‌گه‌ر لایه‌نه‌كان رێگری له‌ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ به‌ سه‌رۆكایه‌تی كازمی بكه‌ن، ئه‌وه‌ ده‌سه‌ڵاته‌ ده‌ستوورییه‌كانی به‌كارئه‌هێنێت و په‌رله‌مان هه‌لئه‌وه‌شێنێته‌وه‌و حكومه‌تی كاتی پێكئه‌هێنێت.
گیروگرفت و كێشه‌كانی كازمی پۆ پێشكه‌شكردنی كابینه‌كه‌ی له‌مرۆوه‌ ده‌ستپێئه‌كات و، حزبه گه‌نده‌ڵه‌كان سورن له‌سه‌ر پشكی خۆیان به‌ پێی( به‌ركه‌وه‌تی هه‌ڵپژاردن) و، پێشتر وتیان كازمی ئازادو سه‌ربه‌خۆیه‌ له‌ دانانی وه‌زیره‌كان و، له‌ ئێستادا
رووبه‌رووی ناكۆكی و بارقورسی ئه‌بێته‌وه‌ له‌ دانانی كه‌سانی تكنۆقرات و رازیكردنی ئه‌و حزبانه‌ و، واده‌رئه‌كه‌وێت حكومه‌ته‌كه‌ی كازمی دوور نییه‌ له‌ سیسته‌می پشكپشكێنه‌ی حزبه‌كان و پێكهاته‌كان كه‌ به‌ (به‌ركه‌وته‌ی هه‌ڵپژاردن) ناسراوه‌و، ئه‌مه‌ش پاڵ به‌ چاودێران و ته‌نانه‌ت ئه‌ندامانی په‌رله‌مان ئه‌نێت زۆر گه‌شبین نه‌بن له‌ حكومه‌ته‌كه‌ی كازمی چونكه‌ هاوشێوه‌ی حكومه‌ته‌كه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدیه‌ له‌ بیرۆكه‌ی دامه‌زراندن و دابه‌شكردنی پشكی حزبه‌كان به‌ سه‌ر بلۆكه‌كان ( كوتله‌كان) و هێزه‌ سیاسییه‌كان.
چه‌له‌حانی و ده‌مه‌قاڵه‌ له‌ نێوان حزبه‌ كانی پشكپشكێنه‌ گه‌رمه‌و هه‌ریه‌ك له‌ سه‌ر ئاوازێك ئه‌خوێنێت بۆ نموونه‌ سائیرونی موقته‌دای خۆهه‌ڵكێش ئه‌ڵیت .ئەگەر کارنامەى حکومەت داواکارییەکانى ئەوان و خۆپیشاندەرانى تیادا جێگه‌ی نەکرابێتەوە ئەوا ئامادە نین لە پەرلەماندا دەنگى پێبدەن و پێویسته‌ حكومه‌ته‌كه‌ی كازمی رووبەرووی گەندەڵى و گەندەڵکاران ببێته‌وه‌و پرۆژەى چاکسازی بخاتەڕوو، تاقمی ( الفتح) ی عامری گاڵته‌ی به‌ هه‌ڵپژاردنی كازمی دێت و به‌ ئاشكرا پێدائه‌گرێت بۆ ئه‌وه‌ی زۆرتری به‌ركه‌وێت و، جموجوڵ بۆ مانه‌وه‌ی مێلیشیاكان له‌ كاردایه‌و عامری و مالكی و عه‌مار الحه‌كیم ئه‌ڵێن پێویسته‌ هێز له‌ ده‌ستی شیعه‌ بمێنێته‌وه‌و، تاقمێكی تریان داوای تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ی خوێنی قاسم سلێمانی و مه‌هدی موهه‌ندیس ئه‌كه‌ن و، توركمان داوا ئه‌كه‌ن پشكی پێكهاته‌كان ( جیا له‌ عه‌ره‌ب و كورد) پشتگؤی نه‌خرێت و، بارودۆخه‌كه‌ زۆر ئاڵۆزه‌و خه‌ڵك وایئه‌زانی راسپاردنی كازمی سه‌ره‌تای قۆناغێكی نوێه‌ له‌ سه‌ر ئاستی یه‌كێتی نیشتمانی و كازمی به‌ سه‌ر تایفه‌گه‌ری و گه‌نده‌ڵی زاڵ ئه‌بێت و، به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك رازی نابێت كه‌س فه‌رز بكرێت به‌ڵام هه‌موو كاره‌كانی به‌ پێچه‌وانه‌ی خواستی ئه‌و ئه‌كرێت.
حزبه‌ شیعه‌كان له‌ سه‌ر پۆستی وه‌زیره‌كان شه‌ریانه‌و هه‌موویان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان باسی ده‌ستوور ئه‌كه‌ن و، حزبی واش هه‌یه‌ به‌ ترس و له‌رزو له‌ ژێر لێوه‌وه‌ ئاماژه‌ به‌ خۆپیشاندانه‌كان و تێكۆشانی شه‌قام ئه‌دات.
هه‌رچه‌نده‌ كورد به‌ هۆی نامه‌ی پشتگیری پێشوه‌خته‌ی نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێم له‌ كازمی هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌ی كردو پاشان مه‌سعود بارزانی و لاهور شیخ جه‌نگی له‌ رێی ته‌له‌فونه‌وه‌ پشتگیری خۆیان نیشاندا تا ئه‌م كاته‌ هیچ گفتوگۆیه‌كی فه‌رمی له‌ نێوان كوردو كازمی نه‌كراوه‌و به‌ڵام له‌ملاو له‌ولا له‌ زاری ئه‌ندام په‌رله‌مانی ئه‌م حزب ئه‌و حزب ( ئه‌ستێره‌كانی شاشه‌ی ته‌له‌فزیۆنه‌كان) ده‌نگۆیه‌ك ئه‌بیسترێت كه‌ كازمی هه‌رچه‌نده‌ نه‌هاتووته‌ كوردستان ئه‌مه‌ی كردووه‌و ئه‌وه‌ی ئه‌نجامداوه‌و، ماده‌ی 140 و كێشه‌كانی نێوان به‌غداو هه‌رێم چاره‌سه‌ر ئه‌كات و كه‌سیان دڵنیانین له‌وه‌ی ئه‌یڵێن و به‌ ئه‌م وشانه‌ ده‌ستپێئه‌كات : ( وابزانم، یان به‌ بۆچوونی من و له‌ پاشان ئه‌ڵێن با په‌له‌ نه‌كه‌ێن وچاوه‌روانی سه‌ركردایه‌تی بكه‌ین).
محه‌مه‌د عه‌للاوی یان عه‌دنان زورفی و هه‌روا مسته‌فا كازمی دوو رووی دراوێكن و هه‌موویان له‌ لای شه‌قام و جه‌ماوه‌ری راپه‌ریو وه‌ك یه‌كن له‌ گه‌نده‌ڵیی و دزی و، هه‌رچۆنێك بێت وئاسته‌نگ بۆ كازمی دروست بكرێت كابینه‌كه‌ی له‌ په‌رله‌مان تێئه‌په‌رێت و له‌ گه‌ڵ نه‌مانی كۆرۆنا خۆپیشاندان ده‌ستپێئه‌كاته‌وه‌و وه‌ك حكومه‌ته‌كه‌ی عه‌بدولمه‌هدی ناچار ئه‌كرێت ده‌ست له‌ كار بكێشێته‌وه‌.
پێویسته‌ هه‌مو لایه‌ك هه‌وڵبدات بۆ :
دامه‌زراندنی حكومه‌تێكی نیشتمانی گوزارشت لە هەموو لایەنە سیاسیەکان و گه‌ل بكات و دوور بێت له‌ حزب و پشكپشكێنه‌ی تایفه‌گه‌ری و ، ئه‌وه‌ بووه‌ته‌ خواستی گه‌ل و هه‌ر ئه‌و حكومه‌ته‌ش ئه‌توانێت كێشه‌ مه‌ترسیداره‌كانی عێراق چاره‌سه‌ر یكات.
ئه‌نحامدانی هه‌ڵبژاردنێكی پاك و بێگه‌ری پێشوه‌خته‌.
ئاورێك له‌ شه‌قام و خۆپیشانده‌ران و خه‌ڵكی راپه‌ریوی به‌غدای پایته‌خت و (9) نۆ شاری ناوه‌راست و خوارووی عێراق بدرێته‌وه‌و خواست و ئامانجه‌كانیان بهێننه‌دی.
له‌ هه‌مووی گرنگتر دۆزینه‌وه‌ی بكوژانی خۆپیشنده‌رانه‌ و بدرێنه‌ ده‌ست دادگاو سزا بدرێن.
هه‌وڵبدرێت مووچه‌یه‌كی شایسته‌ بۆ 600 شه‌هیدو 25000 برینداری راپه‌رینه‌كه‌ دابین بكرێت حكومه‌ت شه‌هیده‌كانی ‌ به‌ شه‌هیدانی گه‌ل ونیشتمان رابگێنێت..
به ‌زووترین كات زیندانیانی راپه‌رینه‌كه‌ ئازاد بكرێن و له‌لایه‌ن دده‌زگاكانی پۆلیس و دادگاكان بانگنه‌كرێن بۆ لێپرسینه‌وه‌و ئه‌وانه‌ی بێسه‌روشوێنن بدۆزرێنه‌وه‌.
گه‌نده‌ڵكاران بدرێنه‌ دادگا.
هه‌نگاوی به‌په‌له‌ بنرێت بۆ دابینكردنی نان و پێداویستییه‌كان بۆ گه‌ڵ به‌تایبه‌ت چه‌وساوه‌و هه‌ژاران.

20/4/2020




له‌ ساڵیادی رۆژنامه‌گه‌ری كوردیدا … ئه‌حمه‌د كامه‌ران

هاوشێوه‌ی هه‌موو گه‌لانی جیهان,گه‌لی كوردیش سه‌ڕه‌رای ئه‌و داگیركاری و چه‌وساندنه‌وانه‌ی كه‌ له‌به‌رامبه‌ری ئه‌نجام ده‌درا, به‌ڵام توانی ببێته‌ خاوه‌ن ده‌نگێكی ئازاد له‌ رێگای دامه‌زراندنی رۆژنامه‌گه‌ری كوردیه‌وه‌ , كه‌ بۆیه‌كه‌م جار له‌22ی نیسانی ساڵی 1898 له‌شاری قاهیره‌ , له‌لایه‌ن میدحه‌ت به‌درخان و جه‌لاله‌دین به‌درخانه‌وه‌ یه‌كه‌مین ژماره‌ی رۆژنامه‌ی (كوردستان) چاپ كرا, كه‌ به‌ دامه‌زراندنی ئه‌و رۆژنامه‌یه‌ بووه‌ ده‌رگایه‌ك بۆ فراوانبوونی كاری رۆژنامه‌گه‌ری كوردی له‌ كوردستان, ئه‌مه‌ش سه‌رباری ئه‌وه‌ی كه‌ به‌رده‌وام رۆژنامه‌گه‌ری كوردی له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی داگیركه‌ران بوو له‌و كاته‌دا به‌ڵام توانی ببێته‌ ده‌نگێكی گه‌وره‌ بۆ گه‌لی كورد و ئازاره‌كانی له‌و سه‌رده‌مانه‌دا.
هه‌ر له‌گه‌ڵ دامه‌زراندنی رۆژنامه‌گه‌ری كوردی و پێشكه‌وتنی رۆژنامه‌ی كوردی له‌ ئه‌مڕۆدا , به‌ڵام رۆژنامه‌نووسان به‌رده‌وام له‌ژێر هه‌ره‌شه‌ی تیرۆر و ده‌ستگیركردان له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵات دارانه‌وه‌, ئه‌گه‌ر چی له‌باشووری كوردستان ساڵانێكی زۆره‌ خاوه‌ن قه‌واره‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆی خۆیه‌ له‌به‌ڕێوبه‌ردنی كاروباره‌كانی دا , به‌ڵام نه‌توانراوه‌ هه‌تاوه‌كو ئێستا له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ قه‌واره‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ بۆ كاری رۆژنامه‌گه‌ری و رۆژنامه‌نووسان فه‌راهه‌م بكرێت, كه‌ ئه‌مه‌ش رۆژ به‌دوای رۆژ كاری رۆژنامه‌گه‌ری كوردی ده‌كه‌وێته‌ ژێر هێلی مه‌ترسیه‌وه‌ , به‌تایبه‌تی بۆ رۆژنامه‌نووسانی ئازادی خواز ,كه‌ وا ده‌كات ئه‌و ئازادی خوازانه‌ ده‌نگیان كپ بكرێته‌وه‌ و, چیتر ده‌نگیان به‌ ئازادی به‌رز نه‌كه‌نه‌وه‌ له‌ به‌رامبه‌ر هه‌ر ناداپه‌روه‌ریه‌ك كه‌ ده‌یبینن.




ژمارەی دووبارەکراو … کەنعان مدحەت

لە سەر پەناکورسییە لە بیرکراوەکەی
ژێر پیرەداری
جێ دەمەتەقێی چۆلەکان
بێتۆیی
بیرتم دەخاتەوە.
ژمارەیەکی کوژاو لە گەڵا و
چڵی دوو ساڵە و
ئاوات..
چۆن ئەو هەمو پیاوانەی
بە خەونی موتوربەکردنی تیلەچاو
گیانیان دەرهات..
تایبەت ئەو دەمانەی
کە لە زانکۆوە
شەکەت
شەکەت
تارمایی لە خۆ بێهێزترت
پێشی دەخستی و
دەهاتی..
یادت
لەم پیرەدارە شڵەژاوە
پترتر
دەمشڵەژێنێ
بێباکی و
تێپەڕبوونی بێخوێندنەوەمت
منی لە سەر تەختە کورسیی لە بیرکراو
لە خۆ دەتۆرێنێ
ئا ئەو پیاوە پرج تەنک و تەرایە
سەردەمانێ
زایەڵە و
تیشکی ئاڵۆسکاوتی
تا درەنگانێ.. دائەهێنا
چۆن لمی تەڕی کەنار
لە ژێر دەستیا
تێکەڵ و
خەنەیی.. ڕادەکشای
ئا ئەو پیاوە
من
وا بە دەسکە گوڵ و
دیوانە شیعرەوە
لەسەر هەمان پەناکورسی جێژووانمان
چۆڕاوە چرکەکانی کاتژمێری
جاران دەهۆنمەوە
بێ ئەوەی لا
لە ژمارە خۆ دووبارەکراوەکەم
بکەیتەوە
٢٥/١٠/٢٠١٣
کفری




بوونی پەکەکە لە باشوری کوردستاندا شەرعی نییە، بەڵام بوونی سوپای داگیرکەری تورکیا شەرعییە! .. رەزا شوان

رۆژی دوو شەممە (٢٠/ ئەپریل/٢٠٢٠) نێچیرڤان بارزانی، کە شێخ جەعفەر مستەفا و مستەفا سەید قادری لەگەڵدا بوون، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا دەربارەی کێشەی (زینی وەرتێ) و بۆردوومانکردنی زینی وەرتێ و کەمپی ئاوارەکان لە مەخموور، لە لایەن فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیاوە، کە لەو کەمپەدا خوشک و برا کوردە ئاوارە راونراوەکانی باکووری کوردستان لێی نيشتەجێن، ئەو بۆردوومانە بووە هۆی شەهید بوونی چـوار کوردی ژن و منـداڵ و برینداربوونی چەند کەسێکی سڤیلی بێتاوان.. کەچی راگەیاندنە بەکرێگیراوەکانی تورکیا لە باشووری کوردستاندا، راستییەکەیان چەواشەکردەوە.. وا رایاگەیاند (لەم بۆردوومانەدا چوار گەریلا) ی پەکەکە کوژران.

لەو کۆنگرەیەدا، رۆژنامەنووسەکان، کە بە زۆری ئەو رۆژنامەنووسانە بانگکرابوون کە پاشکۆی حیزبە دەسەڵاتدارەکان بوون.. دەربارەی پەکەکە و کێشەی زینی وەرتێ و بۆروومان کردنی وەرتێ و کەمپی ئاوارەکانی مەخموور پرسیایان لە نێچیرڤان کرد. نێچیرڤان وەڵامی دانەوە و وتی:”زۆر جار باسمان لەوە کردووە کە بوونی (پەکەکە) لە هەموو کوردستانی عێراق بە شەرعی نازانین” وتیشی:”ئێمە بەشێکین لە عێراق و هەرێمی کوردستانیش لە چوارچێوەی عێراقدا، دەرفەتی ئەوە نادات بە هیچ شێوەیەک هێزی دیکە ببێتە هۆکاری کێشە بۆ دراوسێکانمان” وتیشی”کە پەکەکە بیەوێ یارمەتی هەرێم بدات، ئەوەیە کە دەبێ هەرێمی کوردستان چۆڵ بکات” نێچیرڤان بارزانی پاکانەی بۆ تاوانەکانی تورکیا کرد و پاساوی بۆ بۆردوومانەکەی کەمپی پەنابەرانی مەخموور هێنایەوە، وتی:”مەخمـوور لەژێر کۆنترۆڵی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستاندا نییە، لەژێر دەسەڵاتی عێراقی فیدراڵییە، واتە ئەوە پەیوەندی بە هەرێمی کوردستانەوە نییە”
من پەکەکە نیم و بە ناوی ئەوانیشەوە قسە ناکەم، ئەوان خۆیان دەتوانن وەڵامی قسەکانی نێچیرڤان بدەنەوە یا نەدەنەوە.. بەڵام من وەکو کوردێکی کوردستان پەروەر و خەمخۆرێکێ گەلەکەم قسەدەکەم، وەڵامی قسەکانی نێچیرڤان دەدەمەوە.
با نێچیرڤان بارزانی باش ئەوە بزانێت کە کوردستان لە ئەوپەڕی باکوورییەوە تا دەگاتە ئەوپەڕی باشووری.. لە ئەوپەڕی رۆژهەڵاتییەوە تا دەگاتە ئەوپەڕی رۆژئاوای.. نیشتمانی هەموو کوردێکی دڵسۆزە و موڵک و تاپۆی هیچ هـۆز و بنەماڵە و حیزبێک نییە، شوێن و نيشمانی شەرعی هەموو کوردستانپەروەرێکە.. تەنیا شوێنی شەرعی ناپاکان و خۆفرۆشان و کوردستان فرۆشان و جاشە بەکرێگیراوەکان نییە.
لە نێچیرڤان دەپرسین: ئایا بوونی بە هەزاران سەربازی تورکیا، کە زیاتر لە سی مۆڵگەی سەربازییان لە پارێزگای دهۆک و هەولێر لە باشووری کوردستاندا هەیە.. بە لاتانەوە شەرعـییە؟ وێراوتانە جارێک لە جاران، تەنانەت گەر لەژێری لێویشەوە بێت، ئەوە بڵێن، کە بوونی لەشکری تورکیای داگیرکەر لە سەر خاکی باشووری کوردستان و لە رۆژئاوای کوردستاندا ناشەرعییە..؟؟ رۆژی لە رۆژان داواتان لە تورکیا کردووە کە سەربازەکانیان لە باشووری کوردستاندا بکێشنەوە..؟ بێگومان نەخێر، ئێوە چۆن کفری وا دەکەن.. کەچی بە پەکەکە دەڵێن دەبێ هەرێمی کوردستان چۆڵ بکات.. ئەم قسەیەت تەنیا لە بەرژەوەندی داگیرکەران و دوژمنانی کورد و کوردستان دایە.
هێچ کاتێکیش گوێم لێتان نەبووە، کە بە فەرمی سەرکۆنەی بۆردوومان و تاوانانەکانی تورکیا بکەن، بە پێچەوانەوە، کەناڵە بەکرێگیراوەکانی تورکیا لە باشووری کوردستاندا، کە کەسانێکی خۆفرۆش بەڕێوەیان دەبەن، بە زەردەخەنەوە رایان دەگان” فڕۆکەکانی تورکیا بارەگای پەکەکەیان لە مەخموور بۆردوومان کرد”. لەو بڕوایەدام گەر چاوساغی و سیخوڕی بۆ تورکیا نەکرێت، تورکیا بە وردی ئەو زانیاریانە دەربارەی جموجووڵی پەکەکە نازانێت.. دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان، ئاگاداری سوڕانەوەی فڕۆکە جەنگی و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیان، بەسەر ئاسمانی باشووری کوردستاندا.
ئەی بۆ دەم و گوێ و چاوتان دەگرن، کە ڕۆژانە فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا، گوندەکانی باشووری کوردستان بۆردوومان دەکەن و منداڵ و ژن و لاوی کورد شەهـید دەکەن و مەڕ و ماڵاتیان دەکوژن و باخ و دارستانەکانی کوردستان دەسووتێنن، ئەم گوندنشینانە نە پەکەکەن و نە بارەگاکانی پەکەکەشیان لێوە نزیکن.. ئەی بۆ ئەم تاوانانە نامەردییانە تورکیا سەرکۆنە ناکەن؟! راگەیاندنەکانی ئێوە، زۆر بێ شەرمانە، دەڵێن: ئەمڕۆ فرۆکە جەنگییەکانی تورکیا لە (فڵانە) شوێندا، بارەگاکانی پەکەکەیان بۆردوومان کرد.. ناڵێن گوندەکانیان بۆردومان کرد.. دەڵێن چەند گەریلایەکی پەکەکەیان کوشت، ناڵین چەند ژن و منداڵێکی کوردیان شەهید کرد، بەمەش شەرعییەت بەم تاوانانەی تورکیا دەدەن.
ئەی بوونی بە دەیان میت و هەواڵگری و سیخووڕی تورکیا، لە شارەکانی هەولێر و دهۆک و سۆران و کەرکووک کە بە ئاشکرا دێن و دەچن بە شەرعی دەزانن؟ لە هەولێری پایتەختدا، مەشق بە جاشی کورد و بە بەرەی تورکمانی دەکەن؟
نێچیرڤان وتیشی:”ئێمە بەشێکین لە عێراق و هەرێمی کوردستانیش لە چوارچێوەی عێراقدا، دەرفەتی ئەوە نادات کە بە هيچ شێوەیەک هێزی دیکە ببێتە هۆکاری کێشە بۆ دراوسێکانمان” ئێوە بەشێکن لە کام عێراق؟ لەو عێراقەی کە شاری هەڵەبجە و بە دەیان شوێنی تری کوردستانیان کیمیاباران کرد؟ لەو عێراقەی کە کوردیان ئەنفال کرد؟ لەو عێراقەی کە هەشت هەزار بارزانی و بیست هەزار کوردی فەیلیان زیندەبەچاڵ چکەی کردن؟ لەو عێراقەی کە پێنج هەزار گوند و شارۆچکەی کوردستانیان وێران کرد؟ ئێوە لە کوردستانی سەربەخۆوە، هاتنە سەر ئەوەی کە بڵێن ئێمە بەشێکین لەو عێراقەی کە (لە سەدا پەنجا و یەک)ی خاکی باشووری کوردستانیان داگیرکردووە.

کامانەن (دراوسێکانمان) تورکیا و ئێرانی داگیرکەرانی کوردستان، کە بە هەزاران کوردیان شەهیدکردووین و دەستەیان بە خوێنی بێتاوانانی کورد سوورن، رۆژ نییە کە لاوێکی کورد لە سێدارە نەدەن.. داگیرکەرانی کوردستان بە دراوسێکانمان دەزانێ؟
نێچیرڤان، لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامە نووسێکدا، وتی”مەخموور لەژێر کۆنترۆڵی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستاندا نییە، لەژێر کۆنترۆڵی حکومەتی فیدراڵیدایە، واتە ئەوە پەیوەندی بە هەرێمی کوردستانەوە نییە..” دەپرسین، کێ کەرکووک و خانەقین و دوزخورماتوو و پردێ و مەخموور و شەنگالی دۆڕاندن و خستیانیانە بن دەستی ئەو عێراقەی کە ئێوە بەشێکن لێی؟ ئەم قسەکەتان ئەوە دەگەیەنێت، حەقیشتان بەسەر شاری کەرکووک و شارە کوردستانییە داگیرکراوەکانی تری باشووری کوردستانەوە نییە.. کەواتە بۆ کوردتان لەو ناوچە کوردستانییانە بە گورگان خوارد دا..؟؟
ئەی کە ئەردۆگانی داگیرکەر، وتی:”مووسڵ و کەرکووک و هەولـێر، دەبێ بگەڕێنەوە
بۆ باوەشی تورکیا” گەر تەنیا بە قسەش بـوایە، بۆ هیچ قسەیەکتان نەکـرد؟
من دژی مافەکانی تورکمان نیم، بەڵام هەموو تورکمانەکان لە هەولێردا کۆبکرێنەوە، پڕی دوو چارۆگە نابن، دوو کورسی تەوایشیان نەهێنا، ئێوەی پارتی بۆ بەرژەوەندی و بۆ هاودەنگی خۆتان جێگری سەرۆکی پەرلەمان و وەزێرێکی هەرێمتان، دا بە بەرەی تورکمانی، کەچی بەرەی تورکمانی تا ئەمڕۆش وشەی کوردستان بەسەر زاریاندا نایە و هەردەمیش دژایەتی مافەکانی کوردیان کردووە و دەکەن، ناشڵێن بە حکومەتی هەرێمی کوردستانیش ناوتان نابەن، بە (السلطە فی شمال العراق) یا بە (حکومة اربیل) ناوتان دەبەن.. ئێوە بۆ بەرژەوەندی خۆتان بۆ زۆرینەی خۆسەپێن لە پەرلەمانی کورستاندا، بوونە بە هاوپەیمانی بەرەی تورکمانی لە هەولێر.. ئەوەتا وەزیـری هەرێمتان (ئایدن مەعروف) کە سەر بە بەرەی تورکمانییە، خۆی و باوکی و باپیریشی لە کوردستان و لە هەولێر لەدایکبوونە و هەوای کوردستانیان هەڵمژیون و بە ئاو و بە نانی کوردستان گەورە بوونە، کەچی ئایدن مەعـروفی بێ ئەمەک، لەم رۆژانەدا شەکری شکاند و قسەکەی ئەردۆگانی جاکاندەوە، بێ شەرمانە لە کەناڵی (تە ڕە تە) ی تورکیدا، وتی:” هەولێر لە ئەسڵدا شارێکی تورکمانییە، بەڵام دیمۆگرافیای گۆڕاوە” مەبەستی لەم قسەیەی ئەوەیە کە کورد هەولێری لە تورکمان داگیرکردووە. ئایدن مەعروف وەزیری هەرێمتان پیاوی تورکیایە (تورک مەن)ە، نە هاوبەستەبوونی بۆ کوردستان هەیە و نە خۆشی بە هاوڵاتییەکی کوردستان دەزانێ، ئایدن دەڵێ:”تورکیا نیشتمانی تورکمانەکانە” ئایە ئەم قسەیەی وەزیرەکەتان، بە شەرعی دەزانیت؟ هیچ وەڵامێکتان دایـەوە؟ ئەی بۆ ناپرسیت کە زیاتر لە (بیست و پێنج) ملیۆن کورد لە باکووری کوردستاندا هەیە، نەک هەر وەزیر و وەزارەتێک، بەڵکو تەنیا بەڕێوەبەرێکی گشتیشیان نییە.. تا ئەمڕۆش تورکیای رەگەزپەرست دانی بە ناسنامەی نەتەوەیی کورد دا نەناوە.. نکووڵی لە بوونی کورد لە باکووری کوردستاندا دەکات.. ئەی ئەمە بە شەرعی دەزانن؟

تورکیا، خەریکە لە کەرکووکی کوردستانی (٦٠٠) کەسی تورکمان لە بەرەی تورکمانی بە جاشی بەکرێ بگرێت، مانگانە (٨٠٠) دولار بە هەر چەکدارێکیان دەدات، دەنگۆی ئەوەش هەیە کە (٢٠٠) چەکداری تورکمانی کەرکووک، لە لایەن سوپای تورکیاوە لە شاری (سلۆپی) کوردستانیدا، مەشق و راهێنانیانی پێ کردوون. مەبەستی تورکیاش لەم چەکدارانەی تورکمان ئەوەیە.. کە بیانکات بە کژی کورد دا، لە کەرکووک د گێچەڵ بە کورد بکەن و کێشە بنێنەوە، تا تورکیا بیکات بە بیانوو، بۆ ناردنی هـێز بۆ کەرکووک. ئەی بۆ باسی ئەمە ناکەن و بۆ ناڵێن ئەمە ناشەرعییە و دەستێوەردانە لە کوردستان؟ ئەمانە و زۆر شتی تر لەبن بەڕەدان، گەر بمانەوێت بیخەینە سەر بەڕە.
وەکو لە سەر دوو سێ کیلۆمەتـرێکی زینی وەرتێ، لە یەکتری مۆڕ و گفبوونەتەوە و یەکتری تاوانبار دەکەن.. ئەی بۆ هەموو لایەکتان جقە و نقەتان لێوە نایات.. بە هیچ کلۆجێک ناوی کەرکووک و شوێنە داگیرکراوەکانی تری باشووری کوردستان ناهێنن؟؟ دەزانن دڵی کوردستان و قودستی کوردستانتان بە چی دەردێک بـردووە؟
تا کەی خۆپەرستی و دەسەڵاتپەرستی..؟؟ تا کەی یاری بە چارەنووسی گەلە داماو و کڵۆڵ و بێدەرتانەکەمانەوە دەکەن..؟؟ نۆکەری تورکیا و ئێران و عـێراق تاکەی..؟؟
لە (هـیتلەر) یان پرسی: هـیچوپوچترین کەس لە ژیانـدا کێـیە؟
وتی:”ئەوانـەن کە یارمەتیان دام بـۆ داگـیرکردنی نیشـتمانەکـانیان”

کوردیش دەڵێت:”هەزار ساڵ بکەیت بێگانە پەرستی.. هەر دەبێت بهێنیت نوشوستي”
٢١/ ئەپریـل/٢٠٢٠




چینەکان: ئەو وشە بچوکەی ئڵیتەکان دەیانەوێت بیرت بچێتەوە … نووسینی: کریس هێدجس

ئەرستۆ و نیکیلۆ مکیاڤیلی و ئەلیکس دی توکفیل و ئادەم سمیث و کارڵ مارکس فەلسەفەکانیان بنیات نا لە سەر بنەمای ئەوەی کەوا ناکۆکییەکی سروشتی هەیە لە نێوان دوڵەمەندەکان و ئێمەدا. بەرژەوەندی دەوڵەمەندەکان بەرژەوەندی ئێمە نییە. ڕاستێکانی ئەوان ڕاستی ئێمە نییە. ژیانی دەوڵەمەندەکان ژیانی ئێمە نییە. بوونی سەروەتێکی زۆر تەنها نیشانەی شەرمەزاری نییە بۆ ئەوانەی کە نییانە، بەڵکوو دەبێتە هۆی ئەوەی کەمینەیەک توانای بەگڕخستنی سوپایەک لە پارێزەر، دادوەر، ئەکادیمی و سیاسی و ڕۆژنامەوانی هەبێت بۆ کۆنترۆڵکردنی جەدەلە گشتێکان و خنکاندنی دەنگی ئۆپزسیۆن.
لیبراڵیزمی نوێ، بەپیشەسازینەکردن، وێرانکردنی سەندیکا کرێکارێکان، کەمکردنەوەی باج لەسەر دەوڵەمەندەکان یان هەر نەهێشتنی، بازرگانی ئازاد، عەولەمە، چاودێریکردن لەلایەن دەوڵەتەوە، شەڕی بەردەوام و توندوتیژی – بەکارهێنانی ئایدیۆلۆژی و ئامرازەکان لەلایەن کەمینەوە – پیشاندانی بە جەماوەر وەک یاسایەکی سروشتی بەقازانجی خۆیان – ئامرازی چوونە پێشەوەی کۆمەڵگەو ئابور، تەنانەت وەکوو دینامکیەتی ئۆلیگارشی دامەزراوەکانی لیبراڵ دیموکراسی کێشەکانی قەیرانی ئاوهەوا، زیادیان کردووەو بونەتە مایەی هەڕەشە لەسەر ژیانی مرۆڤ.
ئۆلیگارشێکان دڵخۆشدەبن بە قسەکردن لەسەر ڕەگەز. دڵخۆشدەبن قسە لەسەر شوناسی ڕەگەزی و ڕەگەز بکەن. ئەوان دڵخۆش دەبن قسە لەسەر نیشتمان پەروەری بکەن. دڵخۆش دەبن قسە لەسەر ئاین بکەن. دڵخۆش دەبن بە قسەکردن لەسەر دیاردەی کۆچ. دڵخۆشن بە قسەکردن لەسەر لەباربردن. دڵخۆشدەبن قسە لەسەر کۆنترۆڵکردنی چەک بکەن. ئەوان دڵخۆشدەبن قسە لەسەر کەلتوری توندو تیژ یان کەلتوری ئازاد بکەن. دڵخۆش نابن بە قسەکردن لەسەر چینەکان. ڕەگەز، جەندەر، ئاین، لەباربردن، کۆچبەری، کۆنترۆڵکردنی چەک، کەلتور و نیشتمان پەروەری ئەمانە هەمووی بەکاردەهێنرێن بۆ پارچە پارچەکردنی کۆمەڵگە، بۆ بەگژیەکداکردنی خەڵک و بزواندنی ڕق و توندوتیژی. شەڕی کەلتوری ئەو هەلە دەبەخشێتە کەمینەیەکی وەک دیموکراتەکان و کۆمارێکان تا زیاتر تاڵانی بکەن.
جیاوازیەکی بنەرەتی زۆر کەم هەیە لە نێوانی هەردوو حیزبی سیاسی کۆمارێکان و دیموکراتەکان لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. ئەمە هۆکارە بۆ ئەوەی ئۆلیگارشییەکی وەکوو دۆناڵد ترامپ و مایکڵ بلومبێرگ بە ئاسانی بتوانن لە حزبێکەوە بڕۆن بۆ حیزبێکی تر. وەک ئەرستۆ نووسیویەتی هەرکاتێک ئۆلیگارشێکان دەستەڵاتیان گرتە دەست، کۆمەڵگە یان دەبێت قبوڵی بکات، یان دەبێت شۆڕش بکات.
وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ١٩٣٠ لە لێواری شۆڕشدا بوو لەگەڵ ئەگەری ڕوخانی سەرمایەداری، ئەوەش ڕاستییەکە سەرۆک فرانکلین ڕۆزفڵت دانیپێداناوە لە نووسینەوەی یادەورێکانیدا . ڕۆزفێڵت زۆر بە توندی سەرکوتی هێزە ئۆلیگارشێکانی کرد. حکومەتی فیدراڵیش دەستبەجێ ١٢ ملیۆن هەلی کاری ڕەخساند لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتی گەشەی کرێکارانەوە (WPA) ئەوەش وایکرد دەوڵەت ببێتە خاوەنی گەورەترین هێزی کار لە وڵاتدا.
سەندیکاکان بە یاسایی کرانەوە، چوونکە زۆرێکیان قەدغەکرابوون، هەروەها لەڕێی یاساکانی کاری نیشتمانییەوە پەیوەندێکان ڕێکخران. ڕەزامەندی نیشاندا لەسەر یاسا بانکێکان لەگەڵ کردە بانکێکان لە کاتی نەخوازرودا بۆ ڕێگەگرتن لە تێکشکانی ستۆک مارکێتەکان، هەموو ئەوانە لە ١٩٣٣ بوو. بەڕێوەبەرایەتی فیدراڵی بۆ فریا کەوتن و ژیانەوە هەستا بە دابینکردنی ٩.٨٨ ملیار دۆلار بۆ فریاگوزاری خواردن لە شار و شارۆچکەکاندا. سەرۆک لەسەر لیستی دیموکراتەکان باجێکی زۆری خستە سەر دەوڵەمەند و خاوەن کارگەکان. ( بەڕێوەبەرایەتی کۆمارێکان سەرۆک دوات ئیزنهاوەر لە ١٩٥١ یشدا باجێکی بەرزی بە ڕێژەی %٩١ لە خاوەن داهاتە زۆرەکان وەردەگرت.) کابینەکەی ڕۆزفێڵت کۆمەڵێک بەرنامەی خستە بواری جێبەجێکردنەوە لەوانە: بیمەی کۆمەڵایەتی و خانە نشینی گشتی. هەروەها یارمەتی مادی پێشکەشکرد بە سەپان و کرێکارانی پەنابەر و هونەر و کایە کەلتورێکان. یاسای وڵاتە یەکگرتووەکانیان بۆ خانوو بەرەو یاسا کاری ١٩٣٨ یان دامەزراند کە لایەنی کەمی کرێی دەستنیشان کرد لەگەڵ سنووردانان بۆ سەعات کار.
ئەم دەخاڵەتکردنە چڕو پڕەی حکومەت وایکرد دەوڵەت لەو ئەزمە ئابورییە گەورەیە بێتە دەرەوە، ئەم کارانە وایانکرد ڕۆزفێڵت بۆ جاری چوارەم هەڵبژێردرێتەوە، وە پارتی دیموکرات ببێتە خاوەنی پێگەی بەرینی جەماوەر لە نێو خێزانە کرێکاریەکان و چینی ناوەنددا. ئەگەر دیموکراتەکان ئەو شێوە کارەیان زیندووبکەنەوە، ئەوە بەدڵنییاییەوە هەموو هەڵبژاردنەکان دەبەنەوە، بەڵام کارە نوێیەکانیان کاری دێوە ڕەشە ئۆلیگارشییەکانە.
هەر پێش شەری دووەمی جیهانی لە کۆتایی ساڵی ١٩٤١ دا دەستیانکرد بە پاشەکشە لە بەرنامەکانی ڕۆزفێڵت. ئەمانە بە شێنەیی ئەو بەرنامەیەیان وەلانا کە نەک هەر سەرمایەداری ڕزگارکرد بەڵکوو جەدەلیشی لەسەر دیموکراسی هێنایە پێشەوە.
ئێستا ئێمە لە وڵاتێکی ئۆلیگارشیدا ژیان دەکەین. ئۆلیگارشی دەستی گرتووە بەسەر سیاسەت، ئابوری، کەلتور، خوێندن و چاپەمەنێکاندا. دەکرێت دۆناڵد ترامپ نێرگزی و فێڵبازبێت، بەڵام هێرش دەکاتە سەر ئڵیتە ئۆلیگارشێکان لە وتارەکانیدا بۆ دڵخۆشکردنی جەماوەرەکەی. ترامپ وەکوو ساندەرز قسە لەسەر تابۆکان دەکات، هەرچەندە وەڕەسی بۆ کەمینە درووست دەکات، بەڵام نابێتە هۆی ترسی ڕاستەقینە لایان وەکوو ساندەرز.
ترامپ وەکوو هەموو دیماگۆجیەکانی تر هانی توندو تیژی دەدا دژ بە کەمینە بێ پشت و پەناکان و دابەشکردنە کەلتوری و کۆمەڵایەتییەکان فراوانتر دەکات، لە بەرانبەریشدا واز لە دەوڵەمەندەکان دەهێنێت وەکو ئەوەی کەهەن. ئەوە ساندەرزە ئۆلیگارشێکان لێی دەترسن و ڕقیان لێیەتی.
ئڵیتی ناو پارتی دیموکرات، هەموو میکانیزم و ڕێگا نادیموکراتێکان دەگرنە بەر بۆ ڕێگەگرتن لە ساندەرز بۆ بردنەوەی لە هەڵبژاردنەکاندا. ڕۆژنامەی نیۆرک تایمز چاوپێکەوتنی ئەنجام دا لە گەڵ ٩٣ کەس لە کۆی ٧٠٠ هەڵبژێردراو کە پارتی دیموکرات ئامادەی کردوون بۆ خولی دووەمی هەڵبژاردن ئەگەر لە خولی یەکەمدا لەو ١٩٩١ هەڵبژێردراوانە هیچ هەڵبژێردراوێک دەنگی تەواو بەدەست نەهێنێت، زۆرینەی ئەوانەی چاوپێکەتنیان لەگەڵدا کراوە دەڵێن: ئێمە ڕێگری دەکەین لە هەڵبژاردنی ساندەرز ئەگەر لەخولی یەکەمدا دەنگی تەواو بەدەست نەهێنێت و کەسایەتییەکی دیکە پێشنیار دەکەیەن تەنانەت ئەگەر لە هەڵبژاردنە بنەڕەتێکانیشدا خۆی هەڵنەبژاردبێت. سیناتۆر شێرود براون لە هەرێمی ئۆهایۆ ئاماژەی بەوەکرد بەوەی ئەوان ئەو کارە دەکەن تەنانەت ئەگەر لایەنگرانی ساندەرز واز لە حیزبیش بێنن. ئەگەر ئەمە ڕووبدات بۆخۆی کارەساتە، وەدەبێتە هۆکارێک بۆ بردنەوەی خولی دووەمی سەرۆکایەتی لەلایەن ترامپ ەوە.
وەک ئەوەی لە ١٧ی شوبات لە ستونەکەمدا نووسینکم نووسی لە ژێر سەردێڕی بنەمای یارییە نوێیەکان، کەوا سۆشیال دیموکراتییەکەی ساندەرز لە بنەڕەتدا مامەڵەیەکی نوێی دیموکراتییەتە. تێڕوانینە سیاسێکانی بەشێکە لە باوەڕی باو لە فەرەنسا یان ئەڵمانیا کەوا سۆشیاڵ دیموکرات وەک پارتێکی سیاسی قبوڵکراوە، لەلایەن کۆمۆنیست و سۆشیالیستە ڕادیکاڵەکانەوە بە موساوەمەکار دەناسرێت. ساندەرز بانگەوازی کۆتاییهێنان بە شەڕە دەرەکێکانمان دەکات، کەمکردنەوەی بودجەی سەربازی بەمەبەستی دەستەبەرکردنی پێداویستیە تەندروستێکان بۆ هەمووان، هەڵوەشاندنەوەی سزای لە سێدارەدان، دانانی سنورێک بۆ زیندانیکردن و زیندانی تایبەتی، گەرانەوەی Glass-Steagall، زیادکردنی باج لەسەر دەوڵەمەندەکان، زیادکردنی لایەنی کەمی کرێ بۆ ١٥$ لە کاتژمێرێکدا، پوچەڵکردنەوەی قەرزی خوێندکاران، وەلانانی Electoral College، وەستانی شێوەی دەرهێنانی گازی سروشتی و تێکشکانی شێوی خاوەندارێتی سەرچاوە کشتوکاڵێکان. ئەمان ئەجندایەک نین بۆ شۆڕش.

ساندەرز بە پێچەوانەی سۆشیالیستە ڕادیکاڵەکانەوە بانگەوازی بەدەوڵەتیکردنی بانقەکان و نەوت و کارگەی چەکەکانی نەکردووە، لەدرێژەی نووسینەکەمدا چومەتە سەر ئەوەی، ساندەرز بانگێشتی ئەو ئڵیتە تاوانبارانەی نەکردووە بۆ دادگا کەوا هۆکارن لە تێکشکاندنی ئابوری جیهانی، یان ئەوانەی دەست پێشخەرییان کردووە لە هەڵگیرساندنی شەڕ، کە بوونەتە مایەی وێرانکردنی بەشێکی زۆری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوشتن و ئاوارەبوونی سەدان هەزار لەخەڵکی ئەوناوچانە، ئەو کارانە لەلایەن یاسا نێودەوڵەتێکانەوە بەتاوان و دوژمنکاری لەقەڵەم دراوە. باجی ئەم کارانە لە ٥ تریلیۆنە تا ٧ تریلیۆن لەسەر وڵات کەوتووە. ئەو بانگەوازی ئەوەی نەکردووە کە کرێکاران خاوەندارێتی بکەن لە کارگەو کۆمپانیاکان. ئەو بەڵێنی ئەوەی نەداوە کە دەوڵەت چاودێری نەخاتە سەر خەڵک. ئەو نیازی نییە سزای ئەو کۆمپانیانە بدات کە سەرمایەکانیان بردۆتە دەرەوەی وڵات. لە هەمووی گرنگتر بڕوای وایە، کە من بڕوام نییە، کە بتوانێت ڕیفۆرم لە نیزامی سیاسی بکات، تەنانەت لە نێو خۆی حیزبی دیموکراتیش. ئەو پشتیوانی لە مانگرتنی گشتی ناکات لە پێناو ڕوخاندنی سیستەمدا، کە ئەمە تاکە هیوایە بۆ وەستانی تێکچوونی سروشت کە بۆتە هەڕەشە لەسەر چارەنووسی توخمی بەشەرییەت. لە باشترین دۆخدا لە ڕووی سیاسییەوە کەسایەتییەکی موعتەدیلی ڕۆشنببیرە.
ڕابەرایەتی حیزبی دیموکرات بە تەواوی درکیان بەوە کردووە لە دیموکراتییەتێکی ڕاستەقینەدا دەوڵەمەندەکان ناتوانن هەڵبژاردنەکان بکڕن و نوێنەرەکانیان بنێرنە واشنتنی پایتەخت بۆ دارشتنی یاساکان، لێرەوە مەترسێکانی ڕۆڵی ئۆلیگارشی لە دەسەڵات و قسەو باسی نیشتمانی بێ بەها دەمێننەوە.
دیموکراتەکان وەکوو کۆمارێکان، خزمەت بە بەرژەوەندێکانی کەمپانێکانی بیمە و دەرمان دەکەن. دیموکراتەکان وەکوو کۆمارێکان خزمەت بە کۆنتراکتەرەکانی هێزی بەرگری دەکەن. دیموکراتەکان وەکوو کۆمارێکان خزمەت بە کەمپانیاکانی نەوت دەکەن. دیموکراتەکان شان بە شانی کۆمارێکان دەنگیان دا بە ٧٣٨ بلیۆن دۆلاردا وەک بودجەی ساڵی ٢٠٢٠ ی هێزە سەربازێکان. دیموکراتەکان وەک کۆمارێکان هەرگیز بەنیازی کۆتایی هێنانی شەڕی نەبڕاوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نین. دیموکراتەکان بەهەمان شێوەی کۆمارێکان ئازادییە مەدەنێکانیان لێوەرگرتوینەتەوە وەکوو تایبەتمەندییە کەسایەتێکان و ڕزگاربوون لە چاودێریکردنی بەکۆمەڵ. دیموکراتەکان بە ئەندازەی کۆمارێکان ڕێگایان داوە بەوەی دەوڵەمەندەکان کۆمەکی بێسنوور بە هەڵبژێردراوەکانی خۆیان بکەن و ببێتە مایەی ئەوەی هەڵبژاردنەکانمان لەڕێی بەرتیلدانەوە بچێتە ڕێوە. دیموکراتەکانیش وەکوو کۆمارێکان دەزگاکانی پۆلیسیان بە ئاراستەیەکدا بردووە کە بۆتە خاوەنی ٢٥% ی بەندکراوی هەموو جیهان، لەکاتێکدا وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا تەنها خاوەنی لە %5 دانیشتووانی هەموو جیهانە. دیموکراتەکانیش وەک کۆمارێکان رووی سیاسی کەمینەی دەسەڵاتدارن. سەرکردەکانی پارتی دیموکرات – کلینتۆن، نانسی پیلۆسی، چاک شومەر، تۆم پرێز – پێیان باشە حیزب و دەوڵەتی دیموکراتی هەڵبووەشێننەوە لە بەرانبەر دەستهەڵنەگرتن لە بەرژەوەندێکانیان. پارتی دیموکرات سەنگەرێکی پتەو نییە بە ڕووی ئیستبداددا، بەڵکو زامنی ئیستبدادە. ئەوان هاوبەشێکی تەواون لە پرۆژەی چینایەتیدا، لە ڕێی درۆو و فێڵەکانیان لە ژنان و پیاوانی کرێکار توانیان ڕاوەڕوتی خۆیان بکەن بەهەمان شێوەی ترامپ. هەر هەڕەشەیەک لە بەرانبەر بەرژەوەندییە چینایەتییەکانیاندا تەنانەتە ئەو پرۆژانەی ساندەرزیش خستنییە ڕوو، ئڵیتی ناو دیموکراتەکان ئامادەن لەگەڵ کۆمارێکان ڕێک کەون بۆ هێشتنەوەی ترامپ.
چیبکەین ئەگەر ئۆلیگارشێکانی ناو پارتی دیموکرات جارێکی تر مافی خۆ هەڵبژاردنیان لە ساندەرز سەندەوە؟ ئایا دەست لەم سیستمە هەڵدەگرین کە هەمیشە یارێکانی دژ بە ئێمە ئەنجام دەدات؟ ئایا پشت دەکەینە دەوڵەتی ئۆلیگارشی لە پێناوی بنیاتنانی دام و دەزگاکان بۆئەوەی لەگەڵ خواستەکانی خەڵکدا بێتەوە بۆ پاراستنی خۆمان و چاڵ هەڵکەنین بۆ هێزێک لە بەرانبەر هێزێکی تر؟ ئایا سەندیکاکان ڕێکدەخەین و بەرەی سێیەم و هێزی چەکداری بەڕێدەخەین کە بەزمانی شەڕی چینایەتی خۆی نمایش بکات؟ ئایا هەڵدەستین بە سازدانی ڕێکخراوە کۆمەڵایەتیەکان کە بتوانێت دراوی ناوخۆی و بانقی گشتی و شوێنە هەرەوەزێکانی خواردن بەڕێ بخات؟ ئایا دەستدەبەین بۆ مانگرتن و یاخیبونی مەدەنی ( عصيان ) بۆ بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات و ڕزگار بوونی خۆمان و ئەم هەسارەیە لەم ئۆلیگارشییانە.
لە ٢٠١٦، بڕوام وا نەبوو ڕابەرایەتی دیموکراتەکان ڕێ بە ساندەرز بدەن خۆی هەڵبژێرێت بۆ پۆستی سەرۆکایەتی، هەرواش دەرچوو، بەکاریان هێنا بۆ کۆکردنەوەی دەنگەکان بە قازانجی هیلاری کلینتن.
بڕوام وانییە ئەو دوژمنکارییەیان لە بەرانبەر ساندرز دا هیچ کەمی کردبێت لە ٢٠٢٠. دزیکردنەکەی ئەمجارەیان پڕ شەرمهاوەرتر دەبێت، وە زۆر هێزی بەشداربووش لەوە ئاشکرادەبێت. ئەگەر هەموو ئەمانە وەک ئەوەی تێبینی دەکەم ڕووبدەن و چەپ بەردەوام بێت لە پشتیوانی خۆی بۆ دیموکراتەکان، کەواتە ئەمانە تەنها گێل نین بەڵکوو بەشدارن لە کۆیلەکردنی خۆیان. بنیات نانی هیچ حزبێکی سیاسی لە باوەشی دیموکراتەکاندا سەرکەوتوون بە دەست ناهێنێت، هەروەها لە یەک خولی هەڵبژاردنیشدا ئەم بزووتنەوەیە بنیات نانرێت. خەباتکردن دژ بە ئۆلیگارشی قورس و ماندوکەرە و کاتێکی زۆرو خەباتی بەردەوامی دەوێت، قوربانی و زیندانی دەوێت، ئەم شەڕە لە خەباتی چینایەتییەوە سەرچاوە دەگرێت. هێزی ئۆلیگارشی دەست لە هیچ شتێک ناپارێزێت بۆ سەرکوتکردن و لەباربردنی ئەم بزووتنەوەیە. شۆڕشی کرانەوەو ناتوندو تیژی دژ بە دەسەڵات تاکە هیوامانە، دەبێت دەسەڵاتی کەمینە بروخێنرێت، ئەگەر شکستمان خوارد ئەوە لە کۆتاییدا دیموکراتییەت و ڕەگەزەکەشمان لە ناودەچێت.

و: گۆران عەبدوڵڵا

سەرچاوە:
https://www.truthdig.com/author/chris_hedges/




دیستانس لە دوژمنە نادیارەكە -4- … ئازاد حەمە

بەشی چوارەم

  • لە دیستانسی ئەندازەییەوە بۆ دیستانسی كۆمەڵایەتی :

لەژێرسایەی پەتای كۆرۆناڤایرۆس زاراوەناسی (Terminology) بە خشكە ئیشی خۆیدەكات و رۆژانە بە زاراوە و وشەی نوێ دەمانناسێنێت و لەگەڵ مانا و بەكاربردنەكانیشی دەمانگونجێنێت. بەپێی ڤایرۆسناسەكان لە ئێستادا باشترین شتێك دەشێت بۆ خۆپارێزی شانبەشانی رێكارییە تەندروستییەكانی تر جێبەجێبكرێت دیستانسە (دووری، نێوان، بەین)( Distance)، ئەڵبەتە دیستانسی جەستەیی (فیزیكیی) (Physical Distancing). رێكخراوی تەندروستی جیهانی (WHO ) بریاری لەسەر دروستكردنی بەینێك داوە لەنێوان كەسەكاندا كە 2 مەترێك بێت لە ئێستاشا لەگەڵ زیادبوونی مەترسییەكان، زانایانی بواری ڤایرۆسناسی پێشنیاری زۆرتر لە 2 مەتر دەكەن، بەڵام سازاندنی ئەم نێوانە زەبری رۆحی و ناخی بۆ تاكەكانی كۆمەڵكە دروستكردووە و هەڵچنینی دیوارەكانی بەین و نێوان زۆرێك لە مرۆڤەكانی دووچاری نامۆی و خەمۆكی كردووە. بەریەككەوتن و دەست لەیەكتردان و باوەشبەیەكتركردن هەمیشە بۆ كەسی ناساغ مانای رۆحی و دەروونی خۆی هەیە، لێ پەتای كۆرۆناڤایرۆس ئێژێت ئەوە قەدەغەیە!
دیستانس لە تێگەیشتنێكی بیركارییەوە بۆ تێگەیشتێكی كۆمەڵایەتی ئەو گفتوگۆیەیە كە پاندێمی كۆڤید- 19 بەجۆرێكی تر هێنایەگۆرێ. پەتاكە ئەو وشەیەی خستەناو سێستەمێكی گشتگیری ئەنجامگرانەی زیرەكانەوە. بیریشمان نەچێت كە زۆربەی مایكرۆبایۆلۆژیست و ڤایرۆسناسەكان پێیانوایە ئەم پەتایە ڤایرۆسێكی ژیرە و جوڵەكانی سامناكە و لە دەرەوەی كۆنترۆڵیشە. ئەمە وایكرد كۆرۆناڤایرۆس دروستكەری دوورییەكی (دیستانسێكی) تایبەت بەخۆی بهێنێتەئاراوە،پێوانە بێتەكایەوە و ئەندازە كاری ژماردن بكات. هەر بۆیە دووریی لە لێكسیكۆنی كۆرۆناڤایرۆس مانای پزیشكی و تەندروستی هەیە، كە لە مانا ماتماتیكییەكەوە سەرچاوە دەگرێت و مرۆڤاكان جێگای ژمارەكان و ئەندازەكان دەگرنەوە. دووریی جەستەكان لەیەكتر ئامانجی پزیشكی تێدایە، كە ئەوەش بۆ ئەوەیە ناسنامەی تەندروستیمان تێكەڵبەیەك تر نەبن، هەرچی كۆرۆناڤایرۆسە ناسنامەی لە جەستەكان وەرگرتۆتەوە. جەستەكان لە چوونە نێو یەكتر Intertextuality دان. جەستەكان لێكدابراو نیین. بەیەك ئاشنان و بەیەكتر شت دەدەن. هەستیان بۆ یەك هەیە و یەكتر بانگ دەكەن، شتی هاوبەشیان هەیە. ئارەزووی یەكتر دەكەن و لەناو یەكتردا وێنابوون دروستدەكەن. مەخابن سیاسەتی تەندروستی تایبەت بەپەتای كۆرۆناڤایرۆس جەستەكان لێكدادەبرێت و دوورییش دەخاتە نێوانیانەوە. دووری بۆشایی (Space ) دروستدەكات. لەگەڵ كۆرۆناڤایرۆس كە باس لە بۆشایی كرا نەك هەر فەلسەفە، بەڵكو بیركاری و فیزیاش هاتەگۆ. چونكە وشەی بۆشایی ئاقاری تر بە گفتوگۆ دەدات كە بۆشایی لەوێدا تەنیا كۆمەڵایەتی یان جەستەیی نییە هەروەك تەندروستی مەبەستیەتی.
بەواتایەكی بەرینتر، مۆدێلی بیركاری شانبەشانی فیزیك لەم تەنگەژەی پەتای كۆرۆنایە هاتەناوەوە. لە فیزیكدا دوو جۆر چەندێتیی هەیە. “چەندێتیی پێوانەیی (كات، بارستایی، درێژایی) و چەندێتیی ئاراستەدار (هێز و تاودان)”. ئێمە ئێستا لەناو چەندێتیی پێوانەییداین. یەكەی پێوانە بۆ دورخستنەوەمان لەیەكتر دەكەوێتە كار. مەتر ئامرازی پێوانەكردنەكەیە. ئەمە مۆدێلی نەهێشتنی سۆز و هەستە بۆ یەكتر، نەمانی ماچ و باوەش و تەوقەیە، كۆتایهاتنی بەریەككەوتنی جەستەییە. وەكیتر، كۆرۆنا شێوازێكی تازەی لە چاودێری و قەدەغە و رێگری و بگرە رێكاری توندی ئاسایشیش دروستكرد كە دەمێكە حكومەتەكان خەونی پێوەدەبینن.
مەبەست، كۆرۆناڤایرۆس وشەی دووریی (دیستانس) لە كردارە ژمارییەكەی خۆی خست و لەبری ئەوەی لەنێوان شتەكاندا هەبن كەوتنە نێوان مرۆڤەكانەوە. دووریی لە دووری ئەندازەییەوە بەرەو دووری كۆمەڵایەتی ملینا. پێشتر بیركاری باسی لە “دووریی لە بۆشایی دوو رەهەند (Dimension)ی یان سێ رەهەندی” دەكرد كەچی ئێستا دووریی كەوتۆتە دۆزێكی رەهەندی كۆمەلایەتییانەوە. دووریی لە رەهەندی ماتماتیكییەوە بەرەو رەهەندی سۆسیۆلۆژییانە هەنگاو دەنێت. ماتماتیك دەیویست پێمانبڵێت “دووریی نێوان خاڵ و راستەهێل خۆی بریتییە لە كەمترین دووری نێوان خاڵەكە و هەر خاڵێكی سەر راستەهێڵەكە” كەچی ئێستا سۆسیۆلۆژیای دووریی لەژێر زەبری كۆمەڵایەتی پەتای كۆرۆنا پێمان دەڵێت دووریی خۆپارێزیی و ئەوی تر پارێزیشە. دووریی لێرە دروستكردنی مەودایە بۆ زەقكردنەوەی بۆشاییەك كە رەهەندەكەی سیاسەتی تەندروستی دیاریدەكات. پەتای كۆرۆناڤایرۆس سود لە نەمانی دووریی وەردەگرێت بۆ ئیشكردن، بڵاوبوونەوە و تەشەنەسەندنی خۆی، سیاسەتی تەندروستیش بەچاندنی دووریی، كە دیواری هەڵچنراوی نێوان جەستەكانە، كار لەسەر سنوردانان بۆ پەتاكە دادەنێت، بەڵام پەتای كۆرۆناڤایرۆس دوورییەكانی، نێوانەكانی، جارێ لەسەر زەوی هێشتوەتەوە و نەیگەیاندۆتە ئاسمان. لەسەر زەوی بەینەكان پێویستە لەنێوان مرۆڤەكان بپێورێن، كە پێشتر لەنێوان شتەكاندا دیاری دەكران. سیاسەتی تەندروستی و پزیشكی كە گوێ لە سەنتەرەكانی ڤایرۆسناسی و مایكرۆبایۆلۆجی دەگرێت بریار لەسەر دووریی نێوانەكان دەدات. هەنووكە نێوانی مرۆڤەكان ترسناكترە لەنێوانی مرۆڤ – ئاژەڵ یان مرۆڤ – شتەكان (ئۆتۆمبیل، تەنەكە).
كەوابێت لێرە دەپرسین:دیستانسی جەستەیی (فیزیكی) یان دیستانسی كۆمەڵایەتی(Social Distancing) بكەوێتە نێوان كەسەكانەوە؟بەشێك لە راوێژكارانی رێكخراوی تەندروستی جیهانی پێیان باشترە بوترێت دیستانسی جەستەیی تا دیستانسی كۆمەڵایەتیی،ئەمەش بۆ ئەوەی مرۆڤەكان هەست بە بوونی خۆیان، بوونی كۆمەڵایەتیان، بكەن. دیستانسی كۆمەڵایەتی دابڕان و لێكجودابوون لە ئاگایی كەسەكان دروستدەكات و كاردانەوەی دەروونیشیان لەسەر دادەنێت. هەرچی لە دیستانسی جەستەییدایە جەستە لەوێ نابێت و لە “ئەوی تر”یش دوور دەبێت و دەكرێت بوونی كۆمەڵایەتی خۆشی بپارێزێت. وەك خوێندن و كاركردن لەماڵەوە،لە دوورەوە. واتە لە دیستانسی جەستەییدا لە پەیوەندیداین بە دابڕاوی. ئەمە داهێنانی پاندێمی كۆڤید -19 یە.ئەم پاندێمیە دەخوازێت دووربەدوور لەتەكیەكدا بین. نێوان یەكماندەخات نەك پێوەكەوەبوون.
حەیف ئەو دەمەی بۆشایی دەكەوێتە نێوانمانەوە ئیدی ئێمە لێك دادەبردێین. لێكدابران تەنیا كۆمەڵایەتی نییە، بەڵكو جەستەیشە. بۆشایی لێكماندەكاتەوە و نێوان دەخاتە بەینمانەوە. بەینمان تێدەكەوێت و پەیوەندی لێكدەترازێت. لە فیزیادا هەروەك بیركاریش هەموو دوورییەك ئاراستەی خۆی هەیە. كە باس لە بۆشایی دەكەین جێیەك ئامادەیە. شوێنێك كە خۆی لە بەرفرییدا دەبینێتەوە. واتە رەهەند (Dimension) بوونی هەیە و خودی رەهەندیش لە فرە رەهەندیدایە. كۆرۆناڤایرۆس دەخوازێت شوێن دیاری بكات، جێ دەستنیشان بكات و لە بێ سنورییەوە بیبات بەرەو سنورداریی. رەهەندی بۆشایی لەسەر دەستی فیزیاناسان لە “سێ رەهەندییەوە (بەرزی، درێژی، پانی) بەرەو چوار رەهەندی” دەچێت. “جێی (شوێن) كە سێ رەهەندییە لەگەڵ كات كە یەك رەهەندییە پێكەوە چوار رەهەندییەك پێكدێنن” كە ئەوەش جێكات Spacetime دروستدەكات.
ئەڵبەتە بۆچوونی فەیلەسوفان و بیركاران و فیزیاناسان بۆ بۆشایی لە زۆر لاوە یەكناگرنەوە بەتایبەت لەو شوێنەی كە فەلسەفە دەیەوێت بزانێت بۆشایی بوونە یان نەبوونە، لێ فەلسەفە لەوە حاڵییە كە بۆشایی دەكەوێتە نێوان شتەكانەوە. ئەو دەمەش ئەمە روودەدات بۆشایی تەنیا نییە و لە پەیوەندیدایە. ئێستا كۆرۆناڤایرۆس ئەو پەیوەندییە دەخوازێت بقرتێنێت. ئەم گفتوگۆیە كە دەچێتە خانەی فەلسەفەی كاتەوە دوو زانای سەدەی 17 ، نیوتن و لایبنتز Leibniz، رۆلیان لە بەرەو پێشەوەبردنی ئاقاری گفتوگۆكان، لەمەر كات و بۆشایی، دیووە. بۆ نیوتن جیاوازی لە نێوان ” جووڵەی سرەوت و جووڵەی نەسرەوت” دا نییە. ” لەو شوێنەی سرەوت نەسرەوتە بۆشایی هەر دەمێنێتەوە”. هەرچی بەپێی لایبنتزە “بۆشایی پەیوەندی نێوان تەنەكانە”. بەم شێوەیە ناجۆری و ناهاوشێوەییەك لە بینینی ئەم دوو زانایەدا هەیە. نیوتن “بۆشایی یەكساندەكات بەو پەیوەندییەی لەنێوان شتە مادییەكاندا “هەیە. ئەمە بۆ لایبنتز وەك خۆی هەرسنابێت، چونكە لایبنتز وایدەبینێت كە “بۆشایی ئەو كاتە هەیە كە تەنەكان جێگا داگیردەكەن و دەبێت لەتەنیشت یەكیشەوە بن ئەگەرنا بۆشایی بوونی نییە”. بۆشایی لای نیوتن “جێگایەكی رەهای هەیە و بوونی پێویست ناكات بە شتێك پربكرێتەوە”. بەم شێوەیە بێت ئێستا ئێمە زۆرتر لەناو بیردۆزەكانی لایبنتز دەژین تا نیوتن.
كەواتە، لەبەر رۆشنایی ناسنامەی بایۆلۆجی پاندێمی كۆڤید – 19ناسنامەی رەوشتی و ناسنامەی تەندروستی خۆمان دادەرێژینەوە و لە جەنگی پزیشكی و تەندروستییەوە بەرەو جەنگی فیزیایی و ئەندازەیی ملدەنێین. ئەم جەنگە بۆ خۆڕاهێنانی تاكیشە لەسەر لە ماڵەوەبوون بە پاساوی پاراستنی تەندروستی، تەندروستی جەستەكرا بە خەمی هەمووان. هەموان بووینە كۆیلەی جەستە و جەستەش نایەوێت ئەوە ببینیت كە نابینرێت یان جارێ نەبینراوە.

  • دوژمنی نادیار/ بینینی نەبینراو
    گۆی زەوی دوژمنێكی هاوبەشی بۆ دروستبوو كە هەموو پێكەوە لەسەر ناونانی بە پاندێمی كۆڤید – 19 رێككەوتین، هەر هەمووش كەوتینە جەنگەوە لەگەڵ ئەم دوژمنە نادیار‌ە. لە ماڵەوەبوونمان كردە سەنگەری بەرەكانی ئەو جەنگە زۆرە ملێیەی بەسەرمانا سەپێندرا دژ بە “”دوژمنی نادیار Invisible enemy “”. بێ ئەوەی بچەینە بەرەكانی جەنگ، بێ وەگەرخستنی تانك و تۆپ و رۆكێت كەوتینە بەزاندنی ئەم دوژمنە گەردوناوییە. سەرسامكەر نەبوو كە ترامپ وتی “من سەرۆكی كاتی جەنگم لە شەری كۆرۆناڤایرۆسدا” (wartime president in coronavirus battle). هەندێك ناویاننا “”دوژمنی نادیاری هاوبەش common invisible enemy “”، چونكە دوژمنی كۆیە، دوژمنی پێكەوەبوون و رابەری دابران و جوداكردنەوەكانە لەگەڵ ئەویتر و لەگەڵ خودی خۆشمانا. لەتەك ئەویتر دووچاری نەناسی كردین، لەتەك خۆمانا خستمانیە ململانێ و گومانكردن لە پاكوخاوێنی خۆمان. بەم شێوەیە، نادیاریی (نەبینراوی) Invisible كۆرۆنا چیمان لێ داوادەكات؟ كۆرۆنا داوای ئەوەمان لێدەكات ببەینە قۆناغی دیارەوە (بینراوەوە) ( Visible) یان دان بە بوونی ئەو دیوارە بهێنین كە لەنێوان دیار و نادیاردا هەیە؟ بە هاتنی ئەم میوانە نائازیزە نەبینراو بووە بینراو و بۆشایی نێوانیشان نەما و شوێنێكیش بۆ نەبینراو لە بوونمان لە ئامادەبوون كەوت. بۆئەوەی وتنەكانمان پتر فەلسەفی بكەین و دۆزی دیار(بینراو) لەناو نادیار(نەبینراو) و بەپێچەوانەشەوە راڤەبكەین، بۆ ئەو مەبەستە، دەگەرێینەوە لای بیرمەندی فێنۆمێنۆلۆژی فەرەنسی مێرلۆ – پونتی Merleau-Ponty كە لەم روەوە جێپێی تێرامانەكانی وننابن.
    لێرە، لەو توێژینەوەیەی ناوبراوەوە دەستپێدەكەین كە بەناوی “”چاو و رۆح”” نووسیویەتی و تیایدا هەندێك پرسیار دەكات كە پێشتر لە پەرتووكی “فێنۆمێنۆلۆژیای درك” دا كردونی: “پەیوەندی دژەگەرای نێوان بینین (روئیا) و بابەت؟ ئەو روئیایەی ناسنامەی گشت جەستە و جیهانێك دیاریدەكات”؟پرسیارەكان وادەكەن مێرلۆ – پونتی “پەیوەندیەك لە نێوان جەستە و جیهان دروستبكات كە جەستە نەتوانێت دەستبەرداری جیهان بێت ” بەجۆرێك ” گشت جیهان دەشێت لە جەستەدا خۆی بەرجەستە بكات”. ئەزموونی جەستە لێرە ئەزموونی دانەبڕانە لەنێوان شت و خود دا. بەمجۆرە جەستە لای مێرلۆ – پونتی دەتوانێت ببینرێت و بشبینێت”.
    مێرلۆ – پۆنتی لەم كارەیدا باوەریشی بەوەیە “دركی حیسی جیهان بە بینین دەستپێدەكات و سەرەتای ئەم بینینەش جەختكردن دەبێت لە رووی جیهان. واتە “دركی حیسی بەهۆی بینینەوە مسۆگەردەبێت”. ئەوەی تایبەت بەم لایەنەش مەرجە سەرنجی بخرێتەسەر ئەوەیە كە بەهۆی بینینەوە دركی جیهان دەكەین. لەم حاڵەتەدا “چاو دركی جیهان دەكات. كۆرۆنا دۆزێكی هێناوەتە پێشێ كە جیهانی دركپێكردن بكەوێتە ناو زۆنی نەبینراوەوە، ئەو جیهانەی كە تیایدەژین و خەریكە دەكەوێتە دۆخی لەبیرچوونەوەوە، كە ئەوەش وادەكات نەكارین ئەو جیهانە وەك بینراو پەیپێبەرین. لەم حاڵەتەدا “جیهانی دركپێكردن” پێچەوانەكەی بەرهەمدەهێنێت. “تێژیانی ژیان” یش دووچاری ئەستەمی بینین دەبێت. بۆیە سەرنجڕاكێشانە پاندێمی كۆڤید-19 بینینمانی لە بینین خست. یان كۆرۆناڤایرۆس مافی بینینی سنورداركرد. تەنیا ڤایرۆسناسەكان، شارەزایان لە ئێپێدیمی، درمناسی (Epidemiology )، ئەو مافەیان پێبەخشراوە ببینن.
    میرلۆ – پونتی لە بەشێك لە قسەكانی پشتگیری لە وتنێكی پۆل ڤالێری Paul Valéry دەكات كە “وێنەگر جەستەی خۆی ئامادە دەكات” و ئەوەش بە ئەستەم دەزانێت كە “چۆن مرۆڤ دەتوانێت رۆح وێنەبكات”. بەس ئەم پرۆسەیە جیهان دەكات بە وێنە و “ئەوەش كە وێنە دەدات بەدەستەوە چاو و دەستە”. كەواتە لێرە وێنەگر دەبێت بە مایكرۆبایۆلۆژیست كە دەكارێت نەبینراو بخاتە ناو پرۆسەی بینراوەوە. گەر لەسەر رەوتی هزرەڤانی میرلۆ –پونتی سەبارەت بە هەمان بابەت بەردەوامبین دەپرسین: “شتی بینراو چییە؟ ئەو شتە چییە كە شت دەكات بە بینراو؟ بینراویی شت چییە؟ لێرە مێرلۆ – پۆنتی جەختدەكات كە “مانا بینراو نییە” و بەهۆی ئەوەوە نەبینراویش دەستنیشاندەكات. بەس ئەوەش رووندەكاتەوە كە “بینراو دژە جەمسەری نەبینراو نییە”، چونكە “بینراو بەشێكی لە نەبینراویی تێدا ئاخنراوە”. واتە بینراو نەبینراو لەخۆیدا كۆدەكاتەوە. مێرلۆ – پۆنتی ئەمە بەوە لێكدەداتەوە كە” نەبینراو بۆچوونێكی دژە نهێنیانەیە بۆ بینراو”، بەڵام”مێرلۆ- پۆنتی بەراووردكارییەكان لەنێوان بینراو و نەبینراو پەسەند ناكات”، چونكە بەراووردكارییەكان بوونیان نییە. ئەمەش بۆ ئەم بیریارە فەرەنسییە ئەوە دەگەێنێت كە “بینراو بناغە بۆ نەبینراو دادەنێت”. كەواتە كۆرۆناڤایرۆس لێرە نەبینراوە، لێ مەحكومە بە بینین. خودی ناوەكەی بەڵگەیە لەسەر بینینی. ناونانی سەرچاوەی بینینەكەیەتی. بینراوە بۆ كێ؟ لە كوێ؟ بۆ ڤایرۆسناس و لە ئەزموونگەكانی درمناسی دا ئەوە كراوە.
    بەقسەی مێرلۆ – پۆنتی “بۆئەوەی لە بینراو تێبگەین پێویستە لەپەیوەندی بینراو بە نەبینراو تێبگەین”. “بینراویش بەوە لەقەڵەم دەدات كە شتێكە لێرە نییە، ئەو شتەیە كە دوورە”. گومانیش ناكات “بینراو یان بریتییە لەو ئیدیایەی گشت كەسێك هەیەتی بۆخۆی یانیش ئەوەی ئەویتر لەپێناو تۆدا هەیەتی”. ئەڵبەتە پەیوەندی نێوان بینراو و نەبینراویش واشیدەكاتەوە كە “نەبینراو تەنیا نەبینراو نییە”. “بینراویش دەشێت ئەو شتە بینراوە بێت كە بۆ من بینراوە، یان بۆ كەسێكی تر بینراوە، دەشكرێت ئەو شتە بۆ ئەو بینراو بێت و بۆ من نەبینراو بێت”. تەنانەت باوەڕی بەوەشە كە “نەبینراو چاڵێكە لە بینراو دا”. هاوكات هەموو بینراوێك وەك نەبینراوێك دەبینێت “ئەمەش بەو مانایە نایەت كە بینراو و نەبینراو ناكۆكن”. مێرلۆ- پۆنتی ئەمە بەسەر درك و نادرك، ئاگای و نائاگایشا پەیرەودەكات. هەروەها مێرلۆ – پۆنتی “نەبینراو وەك ئەو شتە دەبینێت كە ئێستا بینراو نییە”، لێ دەكرێت لە شوێنێكی تر خۆی دەرخات. ئەمەو پێیشوایە “نەبینراو وەك هیچ وایە، هیچیش نە لە نەبینراو زیاترە و نەش كەمتر”. ئەڵبەتە”پەیوەندی نێوان جیهان و بوونیش وەك پەیوەندی نێوان بینراو و نەبینراو دەبینێت”. پێویستە ئاماژە بەوەش بكەین كە گفتوگۆی مێرلۆ – پۆنتی تایبەت بە بینراو و نەبینراو لەهەندێك شوێن لەگەڵ “ئۆنتۆلۆی دێكارت رووبەروودەبێتەوە”، كە لێرە بواری وەستانمان لەبارەیەوە نییە.
    سەرباری ئەوە، مێرلۆ- پۆنتی لەم بەرهەمەیدا “جەستە دەكات بە شتێك دەكەوێتە نێوان جیهانی دەرەوە و ناوەوەی “من” ەوە، جەستە ئیدی شتێكی بابەتی یان دەرەكی نییە، بەڵكو لەنێوان بابەتی و خودیدایە”، ئەمەش لەبەرئەوەی كە “جیهان بۆلەمەولا ، بەبۆچوونی مێرلۆ – پۆنتی، جیهانێكی بابەتی تاك نییە”. بۆ مێرلۆ – پۆنتی ئەوەش پرسیارە كە “ئایا جیهانی دەرەكی لەودیو ئاگایمیانەوە بوونی هەیە؟ باشە گەر هەشبێت دەتوانین جیهان لە دەرەوەی ئاگایمان بناسین؟” بەخۆی ئەوەی مێرلۆ – پۆنتی دەیەوێت بیكات پێشنیاركردنی لێكدانەوەیەكی ئۆنتۆلۆژیانەیە لەمەر بوون لە جیهانا. پرسیاری “بوونی جیهان مانای چییە؟” بۆ مێرلۆ – پۆنتی پرسیارێكی فرە بە ماهیەتە. ئەم پرسیارە لای ئەم هزرەڤانە بە ناواخنە، چونكە “پرسیارە لەسەر مانای بوون”. پرسیاركردنی ئەم هزرەڤانەش لەسەر مانای بوون لە جەختكردن لە بوونی خودی بوون گرینگترە. وەكیتریش “عەوداڵبوونی مێرلۆ – پۆنتی بەدوای مانای بوون دەیباتەوە شوێنێك قسە لە واتای خود (سوبژێكت) و بابەت (ئوبژێكت) یش بكات”.
    پووختە، بۆ كەمكردنەوەی مەترسییەكانی كۆرۆناڤایرۆس بریار لەسەر دروستكردنی بەینی كۆمەڵایەتی لەنێوان كەسەكان لە كۆمەڵگە ، لە شوێنە گشتی و تەنانەت ناو ماڵەكانیش درا. تاكەكان لە ماڵەكان، ماڵ كە بووە ئۆفیس و كارگە و یاریگای بچووك، كە لە دۆخی كەرەنتیندان ویستی تەندروستیان بەسەر ویستەكانی تردا سەپاند و ئەو بەینەیان خستە نێوان خۆیانەوە كە سیاسەتی تەندروستی دایرشت. ئەمە دانپیاهێنانە بە بینینین. بەینی كۆمەڵایەتی بۆ كەمكردنەوەی پەیوەندی كۆمەڵایەتی لە شوێنە گشتییەكان و وەستاندنی جوڵە هەوڵێكە بۆ دوركەوتنەوە لە بینراو. بەینخستنە نێوان كەسەكانەوە دانپیاهێنانە بە بوونی فیزیای، جەستەیی، پەتای كۆرۆنا. دوركەوتنەوەی كۆمەڵایەتی دوركەوتنەوەی جەستەیشی تێدا بەرجەستەیە. دوركەوتنەوەی كۆمەڵایەتی هاوشانە لەگەڵ خۆكەرەنتینكردن، هەردووش خۆپارێزی دروستدەكەن لە پەتای ناوبراو، لە دوژمنە نادیارەكە. ئەوەی یەكەم لە دەرەوە لەناو كۆمەڵگە پیادەدەكرێت و هەرچی دووەمە لەناو ماڵ لە رووبەرێكی بچووكتر. بەم جۆرە پەتای كۆرۆنا لە گشت شوێنێك بوونی خۆی سەپاندووە. مەترسیەكە بەڵگەیە لەسەر بوونی بە بینراو. پەتای ناوبراو ئێستا قۆناغی نادیاری تێپەراندووە. واتە كۆرۆنا جەستەیە.جەستەش ، بەپێی بینینی فێنۆمێنۆلۆژییانەی مێرلۆ – پونتی، “بابەتێكە لە جیهان دا خۆی تاقیدەكاتەوە”.
    كەوابێت پاندێمی كۆڤید – 19 كۆتایی بە فەلسەفە ناهێنێت. “فەلسەفە كە پرسیاركردنە لە جۆرێكی تر”، پرسیاركردنێك كە گشت “پرسیارەكانی زانین دەجووڵێنێت و لە بنەچەی مانای پرسیار و وەڵامەكانیش دەكۆڵێتەوە” ئەو رێگایانە هەڵدەوەشێنێتەوە كار لەسەر بەسیاسەتكردنی ڤایرۆس دەكات و ئەوەش شیدەكاتەو كە پەتای كۆرۆنا بووە هۆكاری بینینی نەبینراو.
    سەرنج: لەبەشەكانیتر دێینەوەسەر ئەم بابەتانە: دەرمانخانەی فەلسەفی و دەرمانخانەی كۆرۆنا، گەرانەوە بۆ خوێندنەوەی رۆمانی “تاعون”ی كامی لە دەمی كۆرۆنادا، كۆتایی جیهان و ترس لە كۆرۆنا، كۆتایی فەلسەفە یا خود كۆتایی زانست؟، چارەنووسی كۆمەڵگەی فرەكولتوور و جیهانگیری لەژێر زەبری پەتای كۆرۆنا، راڤەكاری بیرمەندان (بادیو، ئاگامبێن، ژیژێك و…) بۆ پەتای كۆرۆنا…..

ماویەتی…………




ڕه‌خنه‌گرتن له‌ سه‌رده‌می كۆرۆنادا … د.شه‌ونم یه‌حیا

وه‌كو هه‌ندێ له‌ ئێوه‌ ده‌زانن سیسته‌می سه‌رمایه‌داری مرۆڤێكی خۆپه‌رستی بێ ڕه‌حمی دروستكردووه‌ نوسینه‌كانی فه‌یله‌سوفان و كۆمه‌ڵناسانی رۆژئاوا و بۆچوونه‌كانیان ئه‌و لایه‌نه‌مان نیشان ده‌ده‌ن ، ئه‌وه‌ عه‌قڵیه‌تی سه‌رمایه‌داری و نیولیبرالیزمه‌ كاره‌ساتی مرۆیی له‌ رۆژئاوا دروستكردوه.
(ئالان تۆرێن ) كۆمه‌ڵناسی فه‌ره‌نسی پێ وایه‌ جیهان وه‌كو جارا نه‌ماوه‌ ، ئه‌مرۆ هه‌ست به‌ مه‌ترسی ده‌كات. و قسه‌ له‌سه‌ر ووته‌كه‌ی مانوێل ماكرۆن ده‌كات ، كه‌ ده‌ڵێت ئێمه‌ له‌ جه‌نگداین” تۆرین ده‌ڵێ ” به‌شێوه‌یه‌كی ته‌كنیكی جه‌نگ به‌ مانای ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌ له‌ نێوان هێزی (ئه‌لف) كه‌ خاكی ووڵاتی (با) داگیر ده‌كات ” به‌ڵام له‌م حاڵه‌ته‌داته‌ ئه‌م دوو ڕه‌گه‌زمان نیه‌ ، وه‌كو جۆن جه‌نگ له‌ نێوان ئاده‌میزاد دایه‌، ئه‌وه‌ی ئه‌مرۆ تێدا ده‌ژین ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌ له‌نێوان ئه‌وه‌ی مرۆڤایه‌تیه‌ و ئه‌وه‌ نا مرۆڤایه‌تیه‌”
تۆرین ڕه‌خنه‌ له‌ به‌كارهێنانی ده‌ربڕینی جه‌نگ ناگرێت ، به‌ڵكو پێ وایه‌ ڕه‌نگه‌ جه‌نگێك بێ جه‌نگاوه‌ر بێت، لێره‌دا هیچ جۆره‌ ستراتیژیه‌تێك نیه‌ ، ئه‌م ڤایروسه‌ سه‌رۆكی حكومه‌ت نیه‌ له‌ لایه‌نی مرۆڤایه‌تی ، به‌لا ئه‌و ئه‌مرۆ ئێمه‌ له‌ جیهانێكی بێ ئه‌كته‌ر ده‌ژین”
جیهانی بێ ئه‌كته‌ریش به‌لای تۆرین هه‌ڕه‌سهێنان كۆمه‌ڵگاكانه‌ ” ئه‌و كۆمه‌ڵگایانه‌یه‌ كه‌ پیشه‌سازی مانای بۆ داناون،
بۆ نموونه‌ ئه‌مرۆ بزاڤه‌ كرێكارییه‌كان نه‌ بكه‌ری (كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و نه‌ جیهانین نه‌ نشتیمانی و نه‌ چین )، ئه‌وه‌ی كه‌ ئیستا ڕووده‌دات پێچه‌وانه‌ی جه‌نگه‌ ، له‌لایه‌ك به‌ره‌ی ئامێری بیولۆژیمان هه‌یه‌ ، له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ به‌ره‌ی گرووپ و كه‌سایه‌تیانه‌ی بێ فیكر بێ سه‌ركرده‌وه‌ بێ ڕه‌فتار و به‌رنامه‌ و ستراتیژیه‌ت و زمان مان هه‌یه‌ ، ئه‌وه‌ بێ ده‌نگیه‌.
نموونه‌ به‌ سه‌رۆكی ئه‌مریكا (دۆناڵد ترامپ ) ده‌هێنێته‌وه‌ پێ وایه‌ له‌ مێژووی سه‌رۆكایه‌تی ووڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكادا تا ئێستا سه‌رۆكێكی ڕه‌وتار سه‌یری وه‌كو (ترامپ ) به‌خۆیه‌وه‌ نه‌مبینیوه‌ ، زۆر به‌كه‌می هه‌ڵگری ئاكارو كه‌سایه‌تی سه‌رۆكی تێدا ده‌بیندرێت و له‌ ده‌ره‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و پرنسیپ و پێوه‌رانه‌یه‌ بۆ سه‌رۆك داندراوه‌، ئه‌مه‌ش به‌شێوه‌یه‌كی ڕێكه‌وت نه‌بووه‌ ، به‌ڵكو ده‌رئه‌نجام بووه‌، بۆیه‌ ئه‌مرۆ ووڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا له‌ ڕۆڵی وه‌كو سه‌رداری جیهان له‌ پاشه‌كشدایه‌”

فه‌یله‌سوفی فه‌ره‌نسی( میشیل ئۆنفری) له‌ چه‌ندین چاوپێكه‌وتنیكدا ئه‌وه‌ی نه‌شاردۆته‌وه‌ كه‌ شارستانیه‌ته‌كان مردوون ” به‌تایبه‌تی شارستانیه‌تی رۆژئاوا كه‌ له‌سه‌ر ئاینی مه‌سیحیه‌ت بونیادنراوه”‌ .
پێ وایه‌ “شارستانیه‌تی رۆژئاوا توانای به‌ستنه‌وه‌ی ڕابردوو به‌ ئێستا و داهاتوودا نی یه‌ ، و نه‌یانتوانیوه‌ په‌یوه‌ندیه‌ك له‌ نێوان ئاینی مه‌سیحی له‌ رابردوو له‌گه‌ڵ ئێستادا دروست بكەن، له‌ ڕووحیه‌ت داماڵدراوه‌ ، نه‌یتوانیوه‌ به‌ڵانسێك له‌ نێوان دونیای پێشكه‌وتووی ته‌كه‌نه‌لۆژیا و پرسه‌ ڕووحیه‌كان دروست بكات ، كاتێك كه‌بنچینه‌ی شارستانیه‌تی ئه‌وروپا بۆ ئاینی مه‌سیحی ده‌گه‌رێنیته‌وه‌ به‌ كۆنه‌ پارێز تاوانبارت ده‌كه‌ن”
هه‌روه‌ها ده‌ڵێ بڵاو بوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی (كۆڤید19) زیاتر هه‌ره‌سهێنانی شارستانیه‌تی یه‌هودی و مه‌سیحی له‌ رۆژئاوا روونتر نیشانمان ده‌دات ، به‌وه‌ی كه‌ ده‌زگا ته‌ندروستیه‌كان نه‌یانتوانی پێداویستیه‌كی سه‌ره‌تای كه‌ (ده‌مامك)ه‌ بۆ هاوڵاتیان دابین بكه‌ن، به‌تایبه‌تی ئه‌و كاته‌ كه‌ ماكرۆن له‌ ووتارێكیدا بانگهێشته‌ی جه‌نگی له‌گه‌ڵ ئه‌م ڤایرۆسه‌دا كرد ” هه‌روه‌ها ئۆنفری باس له‌ قه‌یرانی (ده‌مامك) ده‌كات و ده‌ڵێ ” ئه‌م قه‌یرانه‌ هه‌ر بۆ هاوڵاتیان نه‌بوو به‌ڵكو بۆ پزیشكانیش بوو ، ئه‌مه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ره‌سهێنان نه‌بێ ئه‌ی چی یه‌؟ ئه‌وروپا به‌ (جیهان سێیه‌می نوێ) ناو ده‌نێت. له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ هاوكاری چین له‌ دابینكردنی ملێۆنێك (ده‌مامك) ئه‌مه‌ش به‌لای ئۆنفری لاوازی ئه‌وروپا ده‌رده‌خات ” و به‌سه‌رده‌می ڕووخانی یه‌كێتی سۆڤیه‌ت ده‌شوبهێنێ”

كه‌چی به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌و ڕووحیه‌ته‌ له‌ نێو كه‌لتووری كوردا بوونیكی جوانی هه‌یه. من ده‌مبینی له‌ كوردستان دڕاوسێ(ده‌مامك)یان بۆ یه‌كتر دروست ده‌كرد، ئه‌گه‌ر ده‌ستكردیشبوایه‌ ، له‌ ماركێته‌كان خه‌ڵك له‌ به‌ر ده‌گا پێداویستیه‌كانی خۆپارێزی به‌سه‌ریاندا بێ به‌رامبه‌ر دابه‌ش ده‌كرا ، ده‌مبینی خه‌ڵك چۆن هاوكاری و كۆمه‌كی رۆژانه‌ بێ به‌رامبه‌ر به‌سه‌ر كه‌م ده‌رامه‌ته‌كان دابه‌ش ده‌كه‌ن ، خه‌ڵك پابه‌ندی ڕێنماییه‌كان بوون. ئێمه‌ به‌ته‌مه‌نه‌كانی خۆمان ده‌پاراست بۆئه‌وه‌ی به‌ر ئه‌م ڤایرۆسه‌ نه‌كه‌ون ، كه‌چی سیسته‌می سه‌رمایه‌داری و نیو لیبرالی بۆ ئه‌وه‌ی له‌ كۆڵ خانه‌شینان ببنه‌وه‌ ، ده‌ستیان له‌ چاره‌سه‌ركردنیان هه‌ڵده‌گرتن ، ئه‌وه‌تا (مشیل ئۆنفری) ده‌ڵێ ” ئایدیۆلۆژییای (ماسترێشیه‌) سه‌رده‌مێكه‌ وه‌كو میوه‌ كه‌وتووه ، ده‌رئه‌نجام سیاسه‌تی لیبرالی ئه‌وروپی ، لێگه‌ڕا كه‌سه‌ به‌ته‌مه‌نه‌كان له‌ ژێر ده‌ستیاندا بمرن ، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌گه‌ری ژیانیان له‌ چاو گه‌نجه‌كان كه‌متر بوو” هه‌روه‌ها ده‌ڵێ ” ئه‌وروپیه‌كان دان به‌وه‌ دانانێن كه‌ شارستانیه‌ته‌كه‌یان به‌ره‌و له‌ ناوچوون یان نیشانه‌كانی پیربوون به‌ ڕواڵه‌تیه‌وه‌یه‌تی”‌
هه‌ره‌وه‌ها له‌ ووڵاتێكی پێشكه‌وتووی وه‌كو سوید خه‌ڵك له‌و دۆخه‌دا كافتریاو جێشتخانه‌كانیان وڵا بوون. هاوكاری یه‌كتر نه‌بوون ، كه‌چی له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م هه‌رێمه‌ بۆ نموونه‌ ووڵاتی (چین) توانی ئه‌و دۆخه‌ هه‌ڵبقۆزێته‌وه‌ و قازانجێكی یه‌كجار زۆر له‌ فرۆشتنی (ده‌مامك) پێداویستیه‌كانی خۆپارێزی له‌ (كۆڤید19) بكات ، له‌ كه‌نالێ فره‌نس5 له‌ گفتۆگۆی نێوان چه‌ند توێژه‌یه‌ك باس له‌ فرۆشتنی قه‌باره‌ی ئه‌و (ده‌مامكانه‌)یان ده‌كرد، كه‌ چین به‌ ئیتاڵیای فرۆشت كه‌چی هه‌موو دونیا له‌و بڕوا یه‌دابوون كه‌ چین كۆمه‌كی ئیتالیا كردووه‌ ، ئه‌و زانیارییه‌یان لا نه‌بوو كه‌ ئه‌وان له‌ دۆخێكی وا ناهه‌موواردا قازانجێكی باشیان له‌ جیهانكردووه‌.‌

(ئیدگار مۆران ) كۆمه‌ڵناسی فه‌ره‌نسی پێ وایه‌ ” ئه‌م قه‌یران نییشانمان ده‌دات ،” عوله‌مه‌ ته‌نیا پشت به‌ستن به‌ یه‌كتربوو بێ بوونی سۆلیداریه‌تی”
هه‌روه‌ها فه‌یله‌سوفی ئه‌لمانی (یۆرگن هابرماس) له‌ ڕوانگه‌ی ئه‌خلاقیه‌ت و فه‌لسه‌فه‌ و سیاسیدا سه‌باره‌ت به‌ قه‌یران ته‌ندروستی جیهانی پێ وایه‌” ئه‌م په‌تایه‌ ئه‌مرۆ خۆی سه‌پاندووه‌ ، وتا ئێستا كاریگه‌ری پێچه‌وانه‌ی له‌سه‌ر شاره‌زایان دروستكردووه‌، و پێویسته‌ به‌ لۆژیكی مه‌عریفی ڕاست كاربكه‌ین كه‌ هیچ نازانین”
هه‌روه‌ها سه‌باره‌ت به‌و به‌رستانه‌ی كه‌ ڕووبه‌رووی قه‌یرانی ته‌ندروستی ده‌بێته‌وه‌ ،پێ وایه‌ ” پێش هه‌موو شتێك گرنگه‌ سه‌یری دوو حاڵه‌ت بكه‌بن بێ ئه‌وه‌ی ده‌ست بۆ شكۆی مرۆڤایه‌تی ببردڕێت ، وه‌كو له‌ ناوه‌رۆكی یاسای ئه‌لمان له‌ ماده‌ی یه‌كی ئارتیكلی 2 دا ئه‌وه‌ی شیكردۆته‌وه‌ كه‌ هه‌موو كه‌س مافی ژیانێكی ته‌ندروستی هه‌یه. ‌حاڵه‌تی یه‌كه‌م تایبه‌ته‌ به‌وی كه‌ ناویان ناوه‌ (فه‌رز) ، و ئه‌وه‌ی دووه‌میان هه‌ڵبژاردنی كاتێكی گونجاو بۆ لابردنی ئه‌م فه‌رزه‌ .

هه‌روه‌ها (نوام جۆمسكی ) فه‌یله‌سوفی ئه‌مریكی له‌ گۆڤارێكی ئه‌مه‌ریكی ڕه‌خنه‌ له‌ به‌رپرسان و ده‌سه‌ڵاتداران ده‌گرێت و ده‌ڵێ ” ده‌سه‌ڵاتداران له‌ماوه‌ی چل ساڵی ڕابردوو هه‌ر خه‌ریكی به‌خشینه‌وه‌ی پاره‌ و پڕكردنی گیرفانی سه‌رمایه‌داره‌كان و كۆمپانیاكان بوو، و شته‌كانی تری به‌ وێرانی به‌جێهێشتوه”‌
وسیسته‌می ته‌ندروستی ئه‌مه‌ریكی به‌ ئابڕووبه‌ر ناوزد ده‌كات ، نموونه‌ به‌ په‌تای (كۆرۆنا ڤایرۆس) ده‌هێنێته‌وه‌ ، ده‌ڵێ ئه‌وه‌ی ئیستا ڕووده‌دات به‌راستی هه‌ژانه‌، كه‌ میلله‌ت نه‌توانێ ته‌نانه‌ت شیكردنه‌وه‌ی ته‌ندروستی ئه‌نجام بدات ، و نه‌خۆشخانه‌كان توانای پڕكردنه‌وه‌ی پێداویستیه‌كانیان نیه‌ و هه‌ره‌سییان هێناوه‌ كه‌ توانای ئه‌نجامدانی بچوكترین شیكردنه‌وه‌یان بۆ نه‌خۆشه‌كانیان بكه‌ن ، كه‌چی ووڵاتێكی وه‌كو كۆریای باشور زۆر به‌ئاسانی توانی ئه‌مه‌ بكات ، ئه‌مه‌ش به‌هۆی قۆرخكاری ئابووری ، جگه‌ له‌ قه‌یرانی پێداویستیه‌كانی رۆژانه‌ی هاوڵاتیان بێ ئه‌وه‌ی خۆیان بۆ دۆخێكی له‌ناكاو ئاماده‌كردبێت ، بۆیه‌ بۆیه‌ ئێستا ڕووبه‌ڕووی به‌ربه‌ست ده‌بینه‌وه‌ و ناتوانین ڕێگری له‌م گرفته‌ بكه‌ین””
هه‌روه‌ها (ستیفانۆ برۆزی) نوسه‌ری ئیتاڵی ڕه‌نگه‌ به‌شێك له‌ ئێوه‌ له‌ڕێگای ئه‌و نامه‌ی كه‌ ئاراسته‌ی كردبوو به‌ناوی (سوپاس ماكرۆن و سوپاس خاتوو مێركل) له‌ سایتی (تشوتایمز) بڵاوی كرده‌وه‌ كه‌ رۆژئاوا شه‌رمه‌زاردده‌كات له‌وه‌ی كه‌ به‌ هانای ئیتالیاوه‌ نه‌هاتن تاوه‌كو دۆخه‌كه‌ له‌ده‌ست ده‌رچوو.”
ئةم ثةتايية بؤ هةر دةولَةتيَك ئةزموونيَك بوو ، طؤرانى ضيهانطيرى و عولمة و مؤديَرنيتة و ثؤست مؤديرنيتة نةيانتوانى لة دؤخيَكى وا دا بة زووترين كات مرؤظايةتى لة قةيران رزطار بكةن ، بةتايبةتى قةيرانى تةندروستى ئةوةى كة بيريان لىَ نةكردبووة ئةم جؤرة قةيرانة بوو ، دةرئةنجامةكانمان بينى ، بؤنموونة ئةم دؤخة سةلَماندى كة زلَهيزةكان ئةوةندةى بة خةمى دابينكردنى بودجة و ئيمكانيةتى زؤر بؤ بوارى سةربازى و ئامرازةكانى ئةم بوارة و بةكارهيَنانى زةبروزةنطى نارِةوا بوون ، ئةوةندة لة خةمى سةنتةرةكانى تويَذينةوةى تةندروستى ثزيشكى نةبوون ، ئةمةش جاريَكى دى مرؤظايةتى دةخاتة ذيَر ثرسيار كة ئةوةندة هةولَ بؤ لة ناوبردنى مرؤظايةتى دراوة ئةوةندة هةولَ بؤ رزطاركردنى نةدراة، ئؤنفرى راست دةكات كة دةلَى “هةموو شارستانيةتةكان مردوون ” هةموو شارستانيةتةكانى جيهان لةبةرامبةر كؤظيد 19 دةستةوةستان بوون نةك هةر ئةوة بطرة زلهيَزةكان لةو دؤخةدا كةوتبوونة ثةلامارى يةكتر و تاوانبار كردنى يةكتر، كةواتة شارستانيةتى ئةمرؤ وةكو رابردوو نية ، دلَنيايى بدات و لة خزمةتى مرؤظايةتى بيَت. تيَكضوونى بةلانسى نيَوان شارستانيةتةكان ئةمرؤ بؤتة سةرضاوةى قةيران بؤ مرؤظايةتى .

سه‌رچاوه‌كان
&https://www.aljazeera.net/news/cultureandart/2020/3/23/%D9%85%D8%B1%D8%A7%D8%AC%D8%B9%D8%A7%D8%AA-%D8%B5%D8%A7%D8%AF%D9%85%D8%A9-%D9%84%D9%81%D9%8A%D9%84%D8%B3%D9%88%D9%81-%D9%81%D8%B1%D9%86%D8%B3%D9%8A-%D9%87%D9%84-%D8%B3%D8%AA%D9%86%D9%87%D8%A7%D8%B1-%D8%A3%D9%88%D8%B1%D9%88%D8%A8%D8%A7-%D9%88%D8%AD%D8%B6%D8%A7%D8%B1%D8%AA%D9%87%D8%A7-%D8%A7%D9%84%D8%B9%D8%B1%D9%8A%D9%82

& – Alain Touraine,“Cette crise du Covid-19 va pousser les soignants vers le haut sociologue au journal « El País », POSTÉ LE 7 AVRIL 2020 PAR NOUVEAUX LATINOS.

& -Edgar Morin : « Le confinement peut nous aider à commencer une détoxification de notre mode de vie »,Par David Le Bailly et Sylvain Courage , L’obs,Publié le 18 mars 2020 à 07h01.

&- Jürgen Habermas : « Dans cette crise, il nous faut agir dans le savoir explicite de notre non-savoir », Propos recueillis par Nicolas Truong ,le monde, 10 avril 2020 à 06h00.

&-https://bluenoqta.com/2020/03/21/%D9%86%D8%B9%D9%88%D9%85-%D8%AA%D8%B4%D9%88%D9%85%D8%B3%D9%83%D9%8A-%D8%A7%D9%84%D9%88%D9%84%D8%A7%D9%8A%D8%A7%D8%AA-%D8%A7%D9%84%D9%85%D8%AA%D8%AD%D8%AF%D8%A9-%D8%A7%D9%84%D8%A3%D9%85%D8%B1%D9%8A/

&-Stefano Bruzzi“Grazie Macron e Merkel!” tusciatimes,17 marzo 2020.




ئێتیکی ستایل … تۆماس ڤاشێک … کاوە جەلال لە ئەڵمانییەوە

ستایلێکی چاک زۆرترە لە شێوەی خۆپۆشین یان بەخشینی دیاری بە کەسێک. ستایلی چاک پرسیاری هەڵویستە. مەسەلەکە لێرەدا بریتییە لە ڕەوشت و ڕێز و کەرامەت. ئاخر ستایل تەنیا پەیوەندیی بە چێژەوە نییە، بەڵکو هەروەها بە ڕەوشتەوە.

گریمان فیرمایەک کۆتایی بە گرێبەستی کارمەندێکی خۆی دەهێنێت کە دەمێکە لەوێ دامەزراوە و خزمەتی زۆری کردووە، جگە لەوە کەسی کارمەند هیچ بەدڕەفتارییەکی نەنواندووە کە ببێت بەهۆی کۆتاییهێنان بە گرێبەستەکەی. ئێمە دەتوانین بۆ ئەم ڕەوشە پێشبینیی دوو سیناریۆ بکەین: لە سیناریۆی یەکەمدا گفتوگۆیەکی بەرفراوان لەتەک ئەو کارمەندەدا ئەنجامدەدرێت، و لەو میانەیەدا سوپاسی دەکرێت بۆ ئەو هەموو کارەی لەوێ ئەنجامی داون، پاشان هیوای بەختەوەریی لە ئایندەدا بۆ دەخوازرێت. لێ لە سیناریۆی دووەمدا بە دەنگێکی فەرماندەرانە داوا لە کەسی کارمەند دەکرێت کە لە ماوەی یەک سەئاتدا بیرۆکەی بپێچێتەوە، هاوکات فیرماکە یەکسەر چیپکارت و مۆبایلەکەی دادەخات. نە سوپاسکردن، نە هیچی دی. لە ڕەوشی یەکەمدا پێدەچێت ببێژین، کە ڕەفتاری فیرماکە تا ڕادەیەک دروست بووە، هەروەها گەرچی ئەو فیرمایە خۆی کۆتایی بە گربەستەکە هێناوە، سەرەڕای ئەوە بەرپرسان لەوێ هەر چۆنێک بێت هەستیان بە فۆرمێکی تایبەتی کردووە. ڕەوشی دووەم بە پێچەوانەوە زۆرینەی ئێمە تووڕە دەکات. پێدەچیت ئێمە لەم ڕەوشەیاندا ببێژین: ئەوە ستایلێکی بەدە.

ستایل پێش هەموو شتێک شێوەیەکی دەرەکییە، ڕووپۆشێکە کە ئێمە دەیدەین بە ژیانمان. ئێمە بۆ نموونە لە ستایلی پۆشاک و کار و ژیان دەدوێین، یان ستایلی جیاواز لە هونەر و تەلارسازیدا. واتای تێگەکە لە ڕووی ئێتیمۆلۆژییەوە بریتییە لە تایبەتمەندیی دەربڕینی زمانییانە و دەگەڕێتەوە بۆ وشەی “ستیلوس”ی (پێنووسی) لاتینی، لێ ئێمە زمانییانە بە دوو شێوازی جیا بەکاریدەهێنین: شێوازێکی دێسکریپتیڤ (وەسفی)، بۆ نموونە کاتێک دەبێژین، کە کەسێک ستایلێکی تایبەتیی هەیە، واتا خاوەنی جۆرێکی تایبەتیی خۆپۆشینە، لێرەشدا زۆر جار ڕوودەدات کە تێگەکە هەروەها تەوەرەیەکی پێوارەیی (نۆرماتیڤ)، واتا نرخێنەر لەخۆدەگرێت. ئاخر گەر ئێمە ببێژین، کە فڵان کەس “ستایل”ی هەیە، ئەوا دەربڕینەکەمان هاوکات واتایەکی ناسێنەری ڕێزمەندی لەخۆگرتووە. ئێمە بەم دەربڕینە تایبەتمەندییەکانی وەک ئێلێگانس (ڕێکوپێکی)، چێژ، ڕەوشت و کەرامەت پێکەوەدەلکێنین. بە پێچەوانەشەوە زۆر جار ڕوودەدات کە ئێمە پرسەکانی ستایل تەنیا بەند دەکەین بە ڕووکەشەوە، کەواتە بە مەسەلەی دەرەکییان دادەنێین، ئیدی هەر وەک پرسی ستایل ئەوە بێت کە داخۆ ئێمە “چی” بکەین نەک داخۆ “چۆن” ئەو شتە بکەین. لەم ڕوانگەیەوە “ستایلی چاک” فەزیلەیەکی لاوەکییە و هیچ بایەخێکی ڕاستەوخۆی ئێتیکیی (ئەخلاقیی) نییە. لێ ئەم شێوە تێڕوانینە هەڵەیە. ئاخر پرسیاری ئەوە کە داخۆ چۆن ئێمە شتێک بکەین، هەروەها لایەنێکی ئەخلاقی و مۆرالی (ڕەوشتیانە) لەخۆدەگرێت. کەواتە تێگەی ستایل لەپاڵ تەوەرەی وەسفیدا کە لەنێو ژینجیهانی کۆمەڵایەتیماندا ڕیشەی داکوتیوە، هەروەها ڕەهەندێکی ئێستێتیکی و ئەخلاقی-ڕەوشتیشی هەیە. هەر سێ ڕەهەندەکە لێکجیانەبۆوە پێکەوەگرێدراون. (…) بە شێوەیەکی دی ببێژین، ستایل گرێدەری ژینجیهانمانە بە جوانە و چاکەوە، کەواتە بە شێوەی دەرەکی و هەروەها بەو پرسیارەشەوە، کە داخۆ چۆن گەرەکە ئێمە بژین و کردار بنوێنین. پێدەچێت بتوانین لەم تێڕوانینەوە بگەین بە دەستپێکەکان بۆ “ئێتیکێکی (ئەخلاقناسییەکی) ستایل”.

ستایلی بەد دەشێت چۆنێتیی ڕەوشتیانەی کردار تێکبدات. بۆ نموونە کەسێک فیزدارانە و بە بەرچاوی کەسانی دیکەوە سەفتەیەک پارە بۆ سواڵکەرێک فڕێ دەدات. ئەوە ستایلێکی بەدە. بە سەرنجێکی بەرایی لە کردارەکە خویا دەبێت کە ئەو کردارە لە ڕووی ڕەوشتەوە چاک بوو، چونکە هەر چۆنێک بێت بڕێکی باش پارە بە سواڵکەرەکە درا، لێ ئاشکرایە کە لێرەدا جۆر و شێوازەکە، واتا ستایلەکە، گرنگە، چونکە کەسی بەخشندە بەو شێوە ڕەفتارە نەک تەنیا کەرامەتی سواڵکەرەکە دەشکێنێت، بەڵکو هەروەها کەرامەتی خۆیشی. مەسەلەکە هەروەها لە بەخشینی شتێکدا بە کەسێکی دی هاوشێوەیە، گەر هاتوو کەسی دیاریبەخش هیچ هەوڵێک نەدات بۆ ئەوەی دیارییەکە بپێچێتەوە. گەرچی شتێک وەک دیاری بەخشراوە، لێ شێوەی بەخشینەکەی بێڕێزییەک دەردەبڕێت. هیچ دوور نییە کەسی بەخشندە شتێکی گرانبەهای بۆ دیاری کڕی بێت، لێ هیچ بەهایەکی بۆ ئەوە دانەناوە کە دیارییەکە ستایلمەندانە بخاتە بەردەم کەسی دیاری پێبەخشراو. لێرەدا کێماسی شێوەکییانەی کردارەکە تا ڕادەیەک کرۆکی ڕەوشتیانەی خودی ئەو کردارە تێکدەدات. ستایلی بەد دەشێت کەرامەتی مرۆڤان بشکێنێت. ئەوە نەک تەنیا بێستایلییە کە بۆ نموونە داوا لە کارمەندێکی چەندساڵەی فیرمایەک بکرێت لە ماوەی یەک سەئاتدا بیرۆکەی چۆڵ بکات، یان بە یەک تاکە ئێس ئێم ئێس (مەسیج) کۆتایی بە پەیوەندییەک بهێنرێت، بەڵکو هەروەها “ستایلی بەد” کێماسی ڕێز لەخۆدەگرێت، چونکە هێرش دەکاتە سەر کەرامەت و شکۆی کەسێکی دی. ئێمە پەیوەند بە مرۆڤێکی ستایلمەندەوە وایدادەنێین کە ئەو ڕێزی ڕێسا سۆسیالەکان و نەریتەکان دەگرێت، هاوکات دەزانێت کە چۆن لە دۆخی دیاریکراودا بەگونجاوی ڕەفتار دەنوێنێت. لەم ڕوانگەیەوە ستایل پەیوەندییەکی تایبەتیی بە شێوەی ڕەفتارمانەوە هەیە.

بەڕەوشتی سەرەتا تەنیا ئەو واتایە دەگەیەنێت کە مرۆ ڕەچاوی نەریتە باوەکانی ڕەفتارنوێنیی چاک دەکات. هیچ کەس ناتوانێت نکۆڵی لەوە بکات کە ستایلی چاک ڕەوشتمەندیی پێویستە. بۆ نموونە دەشێت کەسێک کە بەردەوام بێئابڕوانە ڕەفتار دەنوێنێت و کەسانی دی بریندار دەکات یان تەریقدەکاتەوە، کەسێکی خاوەن کاریزما یان زەوقلی بێت، سەرەڕای ئەوە بێستایلە. بێگومان دەبێت ئاماژە بۆ ئەوە بدەین کە بەڕەوشتی و ڕەفتارنوێنیی چاک بەس نین بۆ ستایلی چاک. ئاخر تەنانەت بەدترین تاوانبارانی نازییەکان دەیانتوانی بەڕەوشت بن. ئێمە لە ستایلی چاک چاوەڕوانیی بڕێک هەڵوێستی ئاگامەند و ڕێز بەرانبەر کەسانی دی دەکەین. ئێمە ناتوانین پەیوەند بە تاوانە قورسەکانەوە تێگەی ستایل واتامەندانە بەکاربەرین، چونکە هیچ کەسێک ناتوانێت واتامەندانە کەسانی دی بکوژێت. بۆ نموونە هانیبال لێکتەر لە تریلەرە (Thriller) ئەمەریکییەکەی “بێدەنگیی بەرخەکاندا” بەروانکەی نەبەستراوی بە سنگییەوە هەڵواسیوە و لەتەک موزیکەکەی باخ-دا بە ناونیشانی “ڤاریاسیۆنەکانی گۆڵدبێرگ” قوربانییەکانی خۆی دەخوات، ئەوە بە چەشنێک کە تەواو گونجاوە بە نەریتی باڵای نانخواردنی سەر مێز، لێ ئەوە هێشتا هەر ستایلێکی چاک نییە. جگە لەوە مەرج نییە کەسێکی “بێستایل” بەد بێت، لێ ئێمە سەرەڕای ئەوە تا ڕادەیەک کێماسی ئەخلاقی-ڕەوشتییانەی دەدەینە پاڵ. کەسەکە بۆ ئێمە شایانی لۆمەکردنە. لێ گەر کەسێک بە پێچەوانەوە ستایلی هەبێت، ئەوا چاوپۆشیی هەندێک شتی لێ دەکەین، چونکە وایدادەنیین کە ئەو کەسە “هیچ نەبێت ستایل”ی هەیە، بۆ نموونە خشڵ-دزێکی کەشخە کە خشڵە دزراوەکان لەتەک هەندێک هەژاردا بەش دەکات. بەڵێ ئێمە تەنانەت دەشێت لەم پەیوەندییەدا ڕەچاوی ئەوەش نەکەین کە کردارەکەی ئەو تاوان بووە.

مەرج نییە کەسی خاوەن ستایل هەمیشە فەزیلەمەندانە کردار بنوێنێت، لێ ئێمە چاوەڕوانیی ئەوەی لێ دەکەین کە ئەو تا ڕادەیەک لە ڕەفتاردا بەڕەوشت بێت، ئەوجا گەر ئەو ڕەفتارێکی ڕەوشتمەندانەی نەنواند، ئەوا هیچ نەبێت بەو هۆیەوە هەڵوێستێک پێشان بدات، یان هیچ نەبێت بەڕاشکاوی بیدرکێنێت کە ڕەفتارێکی بێڕەوشتانەی نواندووە. بەڵێ، گەر تەنانەت ئولریش هوێنێس مرۆڤێکی بێڕەوشت بێت، هیشتا هەر لەو ڕوانگەیەوە کە ئەو سزای زیندانیکردنەکەی بەبێ ئیستیئنافکردنەوە – و بەبێ کڕووزانەوە – قبووڵ کرد، ئەم هەڵوێستەی هیچ نەبێت ستایلێکی تایبەتیی هەیە. بە پێچەوانەشەوە گەر کەسێک لایەنی کەم تروسکەیەکی ستایلی لێوە نەدرەوشێتەوە، بەزەحمەت دەشێت کەسێکی فەزیلەمەند بێت. ئەوجا ستایلی چاک نەک تەنیا پێویستی بە ڕێزگرتنە لە کەسانی دی، بەڵکو هەروەها ڕێزگرتنیش لە کەرامەتی خودی خۆ. کاتێک ئێمە مەدەنێتی بە ستایلی خۆمان دەدەین، ئیدی ئێمە بەو ڕێیەوە خودی خۆمان دروست دەکەین. ئێمە بە زەحمەت دەتوانین ژیانێکی بەدیهاتوو بەڕێوەبەرین گەر هاتوو ڕووی دەرەکیی ئەو ژیانەمان ڕەچاو نەکەین. ئەوجا کاتێک ئێمە فۆرم بەهەند وەردەگرین، ئیدی لێرەدا پێشانی دەدەین کە ئێمە هەروەها گرنگی بە ناوەرۆکیش دەدەین. لەمەدایە ڕەهەندە قووڵترە ئەخلاقییەکەی پرسیاری چێژ، بۆ نموونە پرسیاری ئەساسی نێو ماڵ و پۆشاک، کە بە رواڵەت ئەوها دەنوێنێت هەروەک بەدەر بن لە لایەنی ئەخلاقی. لە بنەڕەتدا کێ بێموبالاتانە خۆی بپۆشێت یان گوزەرانگەی خۆی دابووەشێنێت، ئەو کەسە نەک تەنیا بە لایەوە گرنگ نییە چۆن کاریگەری لەسەر کەسانی دی دەنوێنێت، بەڵکو هەروەها هیچ ڕێزێک بۆ خودی خۆیشی دانانێت. ئادۆلف فڕایهێڕ فۆن کنیگە لەوەدا ڕاست بوو کە گۆتی، مرۆ گەرەکە “بە شارراوەیش هیچ شتێک نەکات کە شەرمی پێی بێت کەسێکی دی بیبینێت”.

ئێمە دەتوانین لە ژینگەی سۆسیالمادا بزانین کە داخۆ چی ستایلی چاک یان بەد بێت. ئاخر ئێمە لە پرسیارەکانی ستایلدا ڕەچاوی پێوارە و نەریتەکان دەکەین، بۆ نموونە ڕێساکانی ڕەوشتمەندی. ئێمە بۆ نموونە دەزانین کە بریندارکردن و تەریقکردنەوەی کەسانی دی، یان بەبێ هۆ ڕەتکردنەوەی هاتنی کەسێک بۆ لامان کە خۆمان داوەتمان کردووە، ستایلێکی بەدە. ئێمە لەو ڕووەوە بەمە نازانین کە چۆن ستایلی چاک لە واتایەکی مێتافیزیکیدا دیاریدەکرێت، بەڵکو لەو ڕووەوە دەیزانین کە ئێمە تێگەی ستایل لە کۆمەڵگەی خۆماندا بە دروستی بەکاردەبەین.

ئێتیکی ستایل نە لە ئەرکی بێمەرجەوە (حەتمییەوە) دەردەچێت، نە کردار تەنیا بەگوێرەی سەرەنجامەکانی دەنرخێنێت، بەڵکو وای دادەنێت کە ئێمە توانامان هەیە بۆ ئەوەی لە ژینگەی سۆسیالمادا ستایلی “چاک” لە هینی “بەد” جیابکەینەوە و ئەوجا بەگوێرەی ئەو جیاوازییە کردار بنوێنین. با نموونەیەک لە ژیانی ڕۆژانەوە بهێنینەوە. گەر ئێمە بە خانەخوێیەک ببێژین کە خواردنەکەی بەڕاستی بێتام بووە، ئەوا گومانی تێدا نییە کە پێبێژتنەکەمان زۆر ڕاستگۆیانەیە، لێ ئەم ڕاستگۆییە بێڕەوشت و “بێستایلە”. درۆیەکی بچووک یان نیمچە ڕاستییەک بەجێتر دەبوو لەو بێڕەوشتییە. جگە لەوە گەر کەسێک “ستایلیست”ێکی چاک بێت، ئەوسا دەتوانێت تێڕوانینەکەی هێندە زرنگ دەرببڕێت کە ئیدی بەو ڕێیەوە خانەخوێ ناڕەحەت نەبێت و سەرەڕای ئەوە هەست بکات کە خواردنەکەی وەستایانە نەبووە. بێگومان ئەوە ڕاستە کە کەسی کارامە خۆدەربڕ درۆیەکی کردووە یان هەرچۆنێک بێت دەربڕینێکی فریودەری هەبووە، سەرەڕای ئەوە لەم پەیوەندییەدا “فەیلەسوفی ئێتیکی ستایل” دەتوانێت ئەرگومێنت بهێنێتەوە کە ئەو کەسە پەیوەند بە دۆخێکی دیاریکراوەوە پەرچەکرداری گونجاوی نواندووە و لەو دۆخەشدا نابەجێ دەبوو گەر ئەو ڕەخنەیەکی ڕاستگۆیانەی بگرتایە، واتا گەر ئەو کەسە ڕاستگۆیانە ناخی خانەخوێی بڕەنجانایە. بەڵێ، ئێمە ناچارین گفتێک کە داومانە، بیبەینە سەر، لێ ناچار نین ستایلمەندانە ڕەفتار بنوێنین. سەرەڕای ئەوە کەسانی دی چاوەڕوانیی ئەوەمان لێدەکەن کە لە هەندێک دۆخی دیاریکراودا ستایلمەند بین. کەواتە ستایلی چاک هەروا سانا پەیوەند نییە بە پێکهاتەی ناخەکیی تاکەکەسەوە، کە ئیدی وای لێبکات بەگوێرەی ڕێسای دیاریکراو ڕەفتار بنوێنێت، بەڵکو مەسەلەکە زۆرترە لەوە، واتا هەروەها ئەوەشە کە داخۆ چۆن مرۆ بزانێت لە دۆخێکی دیاریکراودا بەگونجاوی پەرچەکردار بنوێنێت.

ستایلی چاک پێویستی بە هەستناسکییە، بە نەرمییەکی تایبەتی ڕەفتار. ستایلیسێکی چاک ڕەفتاری خۆی بەنەرمی دەگونجێنێت. ئەمە واتایەکی ئەوتۆ ناگەیەنێت کە ئەو کەسە بەدەرە لە پرنسیپی ئەخلاقی. سەرەڕای ئەوە ستایلیستی چاک ناچار نییە پەیڕەوی ڕێساگەلی وشک بکات، بەڵکو ئەو تەنیا ڕەچاوی کەسانی دی و خودی خۆی دەکات. ئاخر گەر مرۆڤ لەسەر ڕێسا توندەکانی ڕەفتارنوێنی بڕوات، ئەوسا بەو ڕێیەوە دەبێت بە کەسێکی بێکەماڵ و کۆنفۆڕمیست (هاوتاگەرا)، بە پێچەوانەشەوە ستایلیستی چاک ئاگامەندانە فێری ئەو پێوارە و نەریتانە دەبێت کە لەتەک هەستکردنی ئێستێتیکی و ئەخلاقییانەی خۆیدا یەکدەگرنەوە و هاوکات بە “خود”ی خۆی دەیانسازێنێت، واتا بە ستایلی کەسیی خۆی دەیانگونجێنێت. ئاخر ئێمە بە پێویستی دەزانین کە ستایلی چاک تایبەتمەندیی کەسی و ڕەسەنێتی لەخۆبگرێت، هەروەها سەرڕاستی لەو واتایەدا کە چۆن کەسێک ڕاشکاوانە ستایلی خۆی پێشاندەدات. ستایلیستی چاک لەم شێوە تێگەیشتنەدا هەمیشە لەوە بەئاگاییە کە چە پێوارە کۆمەڵایەتییەکان و چە بیروڕاکانی خۆی لەمەڕ ستایلی چاک هەردەم شیاوی گۆڕانن. ستایلیستی چاک هەردەم کراوەیە بۆ شیمانەی هەبوونی جیای هەر ڕەوشێک. ئەمە بێگومان واتایەکی ئەوتۆ ناگەیەنێت کە گۆیا ستایلیستی چاک ئاڵاکەی بەگوێرەی هەر با-یەکی هەڵکردوو هەڵبواسێت، نەخێر ئەو تەواو بە پێچەوانەوە بڕوایەکی پتەوی بەوە هەیە کە ئێمە مافمان نییە کەرامەتی خۆمان و مرۆڤانی دی بشکێنین. (…) ستایلیست مامەڵەکردنی بەد لەتەک کەسانی دیکەدا بە کرداری دزێو دادەنێت، کە بێگومان هەرگیز ناتوانێت بەتەواوی ڕوونی بکاتەوە بۆچی ڕەفتاری ئەوها بە دزێو دادەنێت. ئاخر ئەو ناتوانێت هانا بۆ هیچ مێتافیزیکێک بەرێت تاکو بۆی ڕوونبکاتەوە، کە داخۆ ستایلی چاک، واتا ستایلی سەربەخۆ لە پێوارە و نەریتە باڵادەستەکان لەو ڕوانگە مێتافیزیکییەوە “بەڕاستی” چۆن بێت، بە پێچەوانەوە ستایلیست پەیوەند بە باوەڕە پێوارەییەکانی (نۆرماتیڤەکانی) خۆیەوە تەواو لەسەر زەمینەی هەر جیهانێکی سۆسیال دەمێنێتەوە و ڕەچاوی ڕێساکانی ڕەفتاری ئەو جیهانە دەکات. بێگومان زۆر دەشێت ئێستا ستایلیست سەرزەنشت بکرێت، کە گۆیا ئەو لە پرسیارانی ڕەوشتی و ئەخلاقیدا زۆر خۆگەرایە، چونکە گۆیا ڕەچاوی هیچ فرمانێکی بێمەرج (حەتمی) ناکات، بەڵکو لە ئەنجامدا تەنیا ئەوە دەکات کە خۆی لە دۆخێکی دیاریکراودا بە “ستایلی چاک”ی دادەنێت. لێ ستایلیست دەتوانێت خۆی لەم سەرزەنشتە لابدات، گەر ئەو ڕاستی و سەرڕاستی بەجددی وەربگرێت، هاوکات بۆ ستایلی خۆی دڵسۆز بمێنێتەوە تا ئەو کاتەی کەسێک پێشانی دەدات یان خۆی هەست دەکات کە ئەو بەو ستایلە زیان بە کەسانی دی و خودی خۆی دەگەیەنێت. بێگومان هیچ پێویست نییە کە مرۆڤ بەردەوام بیروڕاکانی خۆی بگۆڕێت، هەروەک چۆن کنیگە-ی ستایلیستی مەزن جارێک پێشنیاری کرد: “لە گۆتندا دژبێژیی خۆت مەکە، کە ئیدی تۆ ڕستەیەک دەرببڕیت کە پێشتر داکۆکیت لە پێچەوانەکەی کردووە”.

کاوە جەلال لە ئەڵمانییەوە

سەرچاوە:
Ethik des Stils – studylibde.com
studylibde.com › doc › ethik-des-stils

تێبینیی وەرگێڕ
تۆماس ڤاشێک ساڵی 1968 لە ڤیین هاتۆتە ژیانەوە، لە زانستگە ئابوریی نەتەوەیی و ماتماتیکی خوێندووە و وەک ڕۆژنامەوان چەند کاراییەکی جیاوازی وەرگرتووە. ئەو نووسەری چەندین کتێبی بابەتییانەی فەلسەفەییە، ساڵێ 2018 کتێبێکی بە ناونیشانی “ژیاندنی کات”، هەروەها ساڵی 2019 کتێبێکی دیکەی بە ناونیشانی “وڵاتی ئاژووەران” بڵاوبوونەوە. لە ساڵێ 2011 بەدوواوە سەرنووسەری گۆڤاری فەلسەفەیی “Hohe Luft”ە (هۆوە لوفت کە وەک ناو لە گەڕەکێکی هامبورگەوە وەرگیراوە).




کەرکووکەخەم -چواردە- … ئەمجەد شاکەلی

یەکێک لە بەدبەختی و نەهامەتییە گەورەکانی مرۆڤی کورد، شێوازی بەرخوردی سیاسەتکار و فەرمانڕەوا و میدیاکار و زۆرێک لەوانەی خجڵی نووسین و پەخشکردنن، لەتەک دیرۆک و دەوروبەری خۆیاندا، کە دواجار بیرکردنەوە و گوتار و تێڕوانینێک دێنێتە بەرهەم، گەلێ جار، هەست بە بێ بنەمایی و بێ تێڕامانی و بێ وردبوونەوە و ڕواڵەتی و کورتبینییەکی تێدا دەکرێ. گەلێ جار، گوتارێکی بە خەڵکەکەی خۆیانی ڕادەگەیەنن، گوتارێکە ئاو بە ئاشی ئەوانەدا دەکات، کە بۆ خۆیان زۆرجاران بە نەیار و داگیرکەر و…ناودێریان دەکەن. چەند ساڵێکە، ساڵانە و لە ڕۆژی 28ی فێبریوەرییدا، باس و گوتار و نووسین و ئاخاوتن و هەندێ جاریش ئاهەنگگێڕان پەخش دەبنەوە و ساز دەکرێن، بۆ یادکردنەوەی ڕۆژێک، کە شارۆکەی کەلاری ئیستای سلێمانی و جارانی کەرکووکی، تێدا کراوەتە قەزا. گەلێک ڕۆژنامە و بڵاوکراوە و ئینتەرنێتنامە، خۆ لەو بوارە دەدەن و باسی لەسەر دەکەن. ئەمساڵ، من بۆ خۆم، وەک هەواڵێک لە “باس نیووز”دا هێمایەکم بەرچاو کەوت، کە بەوە کرابوو و چەند وێنەیەکی کەلار و خەڵکی کەلارێش لەو هەواڵەدا دانرابوون .
کەلار لە 28-02-1970دا، ڕێک یانزدە ڕۆژ پێش پێکهاتنی سەرکردەیەتیی سیاسیی کوردستان و حوکوومەتی بەغدا و جاڕدانی بەیانی یانزدەی مارس، بە مەرسوومێکی کۆماری و بە بڕیارێکی سیاسی، لە گوندێکی ئاساییەوە، کە لە 1860وە یا بڕێک دواتر هەبووە و سەر بە ناحیەی شێروانەی قەزای کفریی ئوستانی کەرکووک بوو و، بێ ئەوەی بە قۆناخی “ناحیە”یەتیدا تێپەڕێت، کرایە قەزا و دواتریش لە 06-11-1975دا و بە مەرسوومێکی کۆماریی، لە کەرکووک دابڕێنرا و خرایە سەر سلێمانی. هەموو خەڵکی کورد ئەمە دەزانێت و زۆر چاکیش لە هۆکارەکەی تێگەیشتووە، چون تەنێ کەلار لە کەرکووک دانەبڕێنرا، بەڵکە کفری و خورماتوو و چەمچەماڵیش، کە سێ قەزای دیکەی کەرکووک بوون، لە کەرکووک دابڕێنران. حوکوومەتی بەغدا وەک هەمیشە لە سەرانی کورد، زیرەکتر و دووربینتر بووە و هەمیشە، بە پێچەوانەی سەردارانی کوردەوە، پێشبینی و نەخشەی بۆ داهاتوو هەبووە. بە دابڕینی ئەو چوار قەزایە لە کەرکووک، دابڕینی زۆرینەیەکی ڕەهای کورد لە کەرکووک و پەڕوباڵکردنی کەرکووک ئەنجام درا. مەزنترین کردەی ڕاگوازتن و کۆچپێکردنی بە تۆپزی کورد و عەرەباندن لە پارێزگەی کەرکووکدا جێبەجێ کرا. بۆ ئەوەی کەرکووک بکرێت بە پارێزگەیەکی عەرەبی، حوکوومەتی بەعس دەیان هەزار خێزان و سەدان هەزار عەرەبی سوننە و شیعەی لە ناوەند و خوارووی عیراقەوە، دوای بەخشینی کۆمەڵێک پارە و زەوی و ماڵ و خانوو و کار و خۆشگوزەرانی و چەشەی دیکە پێیان، هێنانی بۆ کەرکووک و لەوێ نیشتەجێی کردن. کردەی ئەنفالی بەدناویش، کە پڕانی قوربانیانی خەڵکی کەرکووک و گەرمیان و ئەو دەڤەرانە بوون، هەر بە مەبەستی کەمکردنەوەی ژمارەی کورد و بنبڕکردنی دانیشتووانی کوردی ئوستانی کەرکووک بوو.
ئەگەر بڕێک بگەڕێینە دواوە بۆ مێژووی سەردەمی دامەزراندنی دەوڵەتی عیراق لە لایەن کۆڵۆنیالیزمی بریتانیاوە، تێدەگەین، کە دەستکاریکردن و گۆڕینی سنووری ئوستانگەلێکی عیراقی لێ پێکهاتووە، هەمیشە بە مەبەستی گۆڕینی دیمۆگرافی و ئامانجی عەرەباندن و تواندنەوە و سڕینەوەی نەتەوەکانی دیکەی ناعەرەب، بەتایبەت نەتەوەی کورد، بووە. لە دوای دامەزراندنی عیراق وەک دەوڵەت لە 1921دا و پێش ئەوەی هیچ ئامارێک بۆ دانیشتووانی وڵات بکرێت، کە بە 3.5 – 4.5 میلیۆن کەس مەزەندە دەکران، عیراق پێکهاتبوو لە چواردە ئوستان. لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی دانیشتووانیشیدا تا ساڵانی 1960 بۆ دوو ئەوەندەی ژمارەی دانیشتووانی کاتێک کرایە دەوڵەت، ژمارەی ئەو ئوستانانە هەر وەک خۆی مایەوە، واتە: هەر چواردە دانە بوون، تا لە 1969دا و بۆ یەکەم جار دهۆک کرایە ئوستان و بەوەش عیراق بوو بە پانزدە پارێزگە. دهۆک، لەبەر زیادبوونی دانیشتووانی وڵات، نەکرا بە ئوستان، بەڵکە بۆ سڕینەوەی کوردستانیبوونی ئوستانی مووسڵ(کە دواتر کرا بە نەینەوا) و بۆ ڕێگەگرتن لەوەی تەقوو(ئێه، قەزاکوێرەکە، نەوەک) کورد باسی کوردستانیبوونی مووسڵ بهێنێتە بەرباس. ئیدی دهۆک و زاخۆ و ئامێدی و سمێل لە مووسڵ دابڕێنران و کران بە ئوستانێکی سەربەخۆ. مووسڵ، کە دهۆکی لێ دانەبڕێنرابوو، پارێزگەیەکی کوردی و کوردستانی بوو. بە دابڕینی دهۆک لە مووسڵ، کورد لە مووسڵ کەمبوونەوە، لێ هێشتا قەزاکانی ئاکرێ و شێخان و شنگال( کە بە ڕێژەیەکی ڕەها، پڕانی دانیشووانیان کوردن) و قەزاگەلی تلکیف و حەمدانییە و تەلعەفەر(کە تێکەڵن و پتر لە کوردەوە نێزیکن تا عەرەب) لەگەڵ مووسڵدا مابوونەوە و بەوەش ژمارەی دانیشتووانی ناعەرەبی ئوستانی مووسڵ لە عەرەبی ئەو ئوستانە زیاتر بوو. لە ساڵانی 1980دا حیزبی بەعس ئامارێکی یەکجار نهێنی بۆ دانیشتووانی ئوستانی مووسڵ کرد، کە تێیدا دەرکەوت 57%ی ئوستانی مووسڵ کوردن. هەردوو حوکوومەتی برایانی عارف(عەبدوسسەلام عارف و عەبدوڕەحمان عارف) پێش بەعس، هەستیان بە زۆرێتی کورد لە ئوستانی مووسڵدا کردبوو، بۆیە هەر لە ناوەندی 1960ەوە دەستیان کرد بە کۆچپێکردنی زۆرەملێی کوردگەلێک کە لە سەرژمێری ساڵی 1957دا ناونووس نەکرابوون .
دەسەڵات و میدیای کوردستان، لەبری گرنگییدان بە باسکردنی کەلار و گەورەکردنەوەی کەلار و ئاهەنگگێڕان بەوەی، کە کراوە بە قەزا، یا دڵخۆشبوون بەوەی، کە دهۆک کراوە بە ئوستان، دەبوو وەک ئەرکێک، مێژووی عەرەباندنی کەرکووک و مووسڵ و لەتلەتکردنی کەرکووک و مووسڵیان بۆ خەڵک، بۆ نەوەی نوێ، باسکردایە. دەبوو عەرەباندن و وەدەرنانی کوردانی فەیلی لە بەغدا و عەمارە و کووت و خوارووی کوردستان(زرباتیە و بەدرە و جەسسان و مەندەلی) و کوردانی خانەقی و جەلەولا و قزڕەبات تا دەگاتەوە شنگال، لە ڕۆژی بە قەزابوونی کەلاردا، وەبیر خەڵک هێنرابایەوە. دەبوو وەک یادی گچکەکردنەوەی کەرکووک و سڕینەوەی سیمای کوردستانیبوونی کەرکووک بخرایەتە بەر باس. دەبوو هەوڵی چڕکردنەوەی دابڕینی چەمچەماڵ و کەلار لە سلێمانی درابا بۆ گێڕانەوەیان بۆ سەر کەرکووک.
جاران، کە دەگوترا کوردستانی عیراق یا باشووری کوردستان، بێجگە لە هەولێر و سلێمانی و کەرکووک(بە پردێ، دووبز، حەویجە، تاوغ، خورماتوو، کفری، چەمچەماڵ و کەلارەوە) و جەلەولا، خانەقی، مەندەلی، بەدرە، جەسسان، زرباتییە و عەزیزییە و نزیکی کووت و تا عەلی غەربی(علي الغربي) و عەلی شەرقی/شەرجی(علي الشرقي/الشرجي) دەگرتەوە و تەواوی ئوستانی مووسڵیش وەک بەشێک لە کوردستان دەژمێردرا، چون پتر لە 75%ی ئەو پارێزگەیە کورد بوون. ساڵ هات و ساڵ چوو، ئەو دەڤەرانە چوونە ئاو و لەبری لکاندنیان بەوەی ئەمڕۆ بە هەرێمی کوردستان ناوی دەرکردووە و لەبری ئەوەی ببنە یەک پارچە و یەک هەرێم و یەک چارەنووس، تا دەهات دووراییەک لەنێوان هەرێم و ئەو دەڤەرانەدا دروست دەبوو. لەنێوان 2005 و 15ی ئوکتۆبەری 2017دا، ئومێدێک دڵی کوردستانییانی خۆش کردبوو، کە ئیدی تا دەگاتە مەندەلی، گەلی کوردستان بووەتەوە خاوەنی و هەنگاو دەنرێ بۆوەی بە ڕەسمیی جاڕی تێکەڵبوونی لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا بدرێ. لە 16ی ئوکتۆبەری 2017دا ئەو ئومێدە لەلایەن ئەوانەی هەمیشە قۆرت و بۆسە و ڕووخان و دووبەرەکی و لەتلەتکردنی وڵات و تێکشکانیان کردووەتە خەڵاتی کورد، تاسێنرا و لەبەین برا.
کێشەی ئەو دەڤەرانە لە چۆنیەتی تێڕوانینی کوردستانییانە بۆیان. حیزب و دەسەڵاتدارانی کورد، لە دەلاقەی پۆست و پلە و پایە و بازرگانیی نەفت و پارەوپووڵ و ژمارەی کورسی و پارێزگار و ئەنجومەنی پارێزگا و ئەنجومەنی شارەوانی و ژمارەی کارمەند و بەرپرس و یەک لیستی و ئەوانەوە دەنۆڕنە باسەکە. ئەوان ماددەی 140 و قودساندنی کەرکووک و ڕێژەی 6+6+6+6 و 32%یان پێ چارەسەرە. تەواوی ئەوەی حیزب و دەسەڵاتدارانی کورد، بە چارەسەری دەزانن، لەکن تاکی کورد و کوردستانییە ئاساییەکان، بێجگە لە کۆمەڵێک کۆت و تەماح و بازرگانی و خۆپەرستی و چاوچنۆکی و دەستبەردابوون لە خاک و نانیشتمانپەروەریەتی زیاتر هیچی دیکە نین. ئەوانە تڕوتەشقەڵەن و چارەسەرگەلێکن ئەو دەڤەرانەیان لە بەشە گرنگ و خۆشەویست و نازدارەکەی باشووری کوردستانەوە کردووەتە بەشێک، کە حیزب و دەسەڵاتدارانی کورد، لیک دەزێتە دەمیان، کاتێک باسی دەکەن و، کاتێک دایاندەدۆشن و ، کاتێک پێوە دەلەوەڕێن و، کاتێک وەک کێشەیەکی چارەسەرنەکراو تێی دەنۆڕن و دەیانەوێت هەر بەو جۆرەیش بمێنێتەوە. کێشەی ئەو دەڤەرانە لە دوو وشەدا کورت دەکرێنەوە: خاک و مرۆڤ!
حیزب و دەسەڵاتدارانی کورد، کە خۆیان ئەو دەڤەرانەیان بەو دەردە بردووە، ئەگەر هەر بە ڕاستی دڵسۆزی وەڵات و نیشتمان و گەلی خۆیانن، ئەگەر باوەڕیان بەوەیە، کە کەرکووک کوردستانە و بێجگە لە کوردستان شتێکی دیکە نییە، دەبوو شەقێک لە تەواوی ئەو کۆت و بەندانەی 140 و 32% و قودساندنەی کەرکووک، هەڵدەن و سانتیمیتر لە دوای سانتیمیتر خاکیان بگێڕابایەوە. دەبوو باس باسی خاک بووایە. دەبوو کەرکووکیان بگەڕاندبایەوە بۆ کەرکووکەی 1957 و پێش 1963. دەبوو کفری، کەلار، چەمچەماڵ، خورماتوو بگێڕدرابانەوە سەر کەرکووک، نەک ئاهەنگ و شایلۆغان بۆ بەقەزابوونی کەلار ساز کرابا، کە زالوو (زەروو)ئاسا، لەسەر لاشەی کەرکووک، کفری، خورماتوو، خانەقی، جەلەولا، قزڕەبات، مەندەلی و خوارووی کوردستان، بۆ خۆی قەڵەو دەبێت و ئەوانیش لاواز دەکات!

08-03-2020




ئەفسانە چییە؟-4- .. ڕێباز محەمەد جەزا

[ڕاپۆرتێك دەربارەی چێتی ئەفسانەو خورافیات ]
ڕێباز محەمەد جەزا

بەشی چوارەم : ( ئەفسانە وەك ئەدەب و هونەر ):

شلیگڵ بۆئەوە چووە كەئەفسانەو هۆنراوە یەك شتن و جیاوازیان لەنێواندا نیە ، فیكریش ئەوەی روونكردۆتەوە كەئەفسانە سەرچاوەیەكی ڕەسەنە بۆئیلهامی وێژەو مێژوو سایكۆلۆژیا . لەمەوە چیرۆك و نوكتەو هۆنراوە و رۆمان و هونەر و فیكر و وێژەی گەلانی داناوەو بەتێپەرٍبوونی كات بەخەیاڵ و زیادەرۆیی بەستراونەتەوە . تەنانەت لەسەردەمی نوێدا ، ئەفسانەكان لایەنێكی ڕاستەقینەی زۆر ئەزموون و كرداری هونەری ئەدیبان بوون . هەرلەو سەردەمەشدا ئەفسانە بەشێوازی دەربڕینی هونەری بەسترابوونەوە وەك ئەوەی لەكۆنترین نەخش و وێنەی بتەكان ، ……

بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە کلیکی ئێرەبکەن …….




ڕۆمانی شه‌ربه‌تی ترس وچه‌ند سه‌رنجێك … سه‌دیق سه‌عید رواندزی

دیارده‌ی ژن كوشتن، به‌ پاساوی كڕینه‌وه‌ی شه‌ڕه‌ف و گێڕانه‌وه‌ی شكۆی كه‌سی و خێزانی بۆ بنه‌ماڵه‌، بووه‌ته‌ نه‌ریتێك له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌ و ڕه‌گێكی مێژووی درێژی هه‌یه‌، كه‌ وه‌ك به‌شێك له‌ سیمایه‌كی میللی و خێڵه‌كی،نێو به‌شێكی كۆمه‌لگه‌ ده‌بینرێت. دیارده‌یه‌ك كه‌ تیایدا زۆرجار له‌ په‌نای خۆشه‌ویستی به‌ ناو ڕاسته‌قینه‌، ڕه‌گه‌زی مێ تیایدا ده‌بێته‌ قوربانی و به‌ مه‌رگی ئه‌و كۆتایی دێت. گه‌لێك جارئه‌م دیارده‌یه‌، وه‌ك تیمه‌یه‌كی نووسین ڕه‌نگدانه‌وه‌ی له‌ دنیای چیڕۆك و ڕۆمانی كوردی هه‌بووه‌.كه‌ خۆم وه‌ك خوێنه‌رێك ته‌نها له‌ ماوه‌ی ئه‌و ساڵه‌ی ڕابردوودا، چه‌ندین ڕۆمان و چیڕۆكم خوێندونه‌ته‌وه‌، كه‌ باسی ژن كوشتن به‌ پاساوی شه‌ڕه‌ف له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی ده‌كه‌ن. وه‌لێ نایشارمه‌وه‌ له‌ به‌شێكی زۆری ئه‌و ده‌قانه‌دا، نووسه‌ری كورد نه‌یتوانیوه‌ به‌ شێوه‌یه‌ك به‌رجه‌سته‌ی ئه‌و ڕووداوانه‌ بكات، كه‌ كاتێ خوێنه‌ر ده‌یخوێنێته‌وه‌، هه‌ست بكات له‌ به‌رده‌م گێڕانه‌وه‌یه‌كی واقیعی نییه‌، به‌ڵكو ڕۆمان ده‌خوێنێته‌وه‌. خوێنه‌ر كاتێ ڕۆمانی(زۆڵه‌كه‌ی ئه‌سته‌نبۆل) ده‌خوێنێته‌وه‌، به‌ درێژایی گێڕانه‌وه‌ی ڕووداوه‌كه‌، به‌ تاسه‌ی ئه‌وه‌یه‌ بزانێت چاره‌نووسی ئه‌و ژنه‌ چی ده‌بێت كه‌ له‌لایه‌ن براكه‌یه‌وه‌ لاقه‌ ده‌كرێت و منداڵه‌كه‌ی له‌ یه‌ك كاتدا، مسته‌فا هه‌م خاڵیه‌تی و هه‌میشی باوك.تا سه‌ره‌نجام له‌ كۆتایی ڕۆمانه‌كه‌، ڕاستییه‌كان ده‌رده‌كه‌ون و به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ مسته‌فای برای كچه‌كه‌ ده‌موده‌ست ده‌مرێت. له‌و ڕۆمانه‌شدا، ژنه‌ لاقه‌كراوه‌كه‌، ده‌یه‌وێت منداڵه‌كه‌ی زگی له‌ بار به‌رێت، وه‌لێ سه‌ره‌نجام په‌شیمان ده‌بێته‌وه‌ و منداڵه‌كه‌ گه‌وره‌ ده‌بێت و له‌ كۆتاییدا چیڕۆكی ڕاسته‌قینه‌ی ژیانی خۆی ده‌زانێت. ڕۆمانی (شه‌ربه‌تی ترس)یش، چیڕۆكی كچێك به‌ ناوی (مه‌حبوبه‌ی نازدار)ده‌گێڕێته‌وه‌، كاتێ له‌لایه‌ن ده‌سگیرانه‌كه‌یه‌وه‌ له‌ په‌نای خۆشه‌ویستییه‌وه‌، ده‌ست درێژی ده‌كرێته‌ سه‌رو لاقه‌ی ده‌كات. ئه‌ویش ناچاره‌، په‌نا ببانه‌ به‌ر پزیشك و نه‌خۆشخانه‌ی نازه‌نین، بۆ ئه‌وه‌ی منداڵه‌كه‌ی نێو زگی له‌ بار به‌رێت. ئه‌م ڕۆمانه‌، له‌ چه‌ندین ڕووه‌وه‌ ڕۆمانێكی نا ئستاتیكی ولاوازه‌. من وه‌ك خوێنه‌رێك كاتێ له‌ خوێندنه‌وه‌ی بوومه‌وه‌، نائومێدییه‌كی گه‌وره‌ دایگرتم، به‌وه‌ی كه‌ چۆن نووسه‌ری چیرۆِكی(باوكی ناو ته‌له‌فۆن) ڕۆمانێكی بێ هێزو نا بابه‌تی له‌و شێوه‌یه‌ی نووسیوه‌!.كه‌ هیوادارام ئاماژه‌ نه‌بێت بۆ پاشه‌كشه‌ی نووسینی چیڕۆك و ڕۆمان، لای ئه‌و چیڕۆكنووسه‌ دیاره‌. له‌م ڕۆمانه‌دا، خوێنه‌ر به‌ر چه‌ندان وێنه‌ی ناهونه‌ری، ده‌ربڕینی نابابه‌تی، بێ چێژو جوانی ده‌كه‌وێت. بونیادی گێڕانه‌وه‌ به‌ شێوه‌یه‌كه‌، ئه‌گه‌رچی به‌ش به‌ش كراوه‌، وه‌لێ له‌ سه‌ر یه‌ك ڕیتمی گێڕانه‌وه‌ ده‌ڕوات، كه‌ وامان لێ ده‌كات هه‌ست بكه‌ین حیكایه‌ت و چیڕۆكێكی میللی و ئه‌فسانه‌یی ده‌خوێنینه‌وه‌ نه‌ك ڕۆمان كه‌ ژانری سه‌رده‌مه‌.ئه‌مه‌ وێرای ئه‌وه‌ی له‌ چه‌ندین شوێنی ڕۆمانه‌كه‌دا، به‌ر وێنه‌ی هاودژو گێڕانه‌وه‌ی هاودژ ده‌كه‌وین، كه‌ پێ ده‌چێت به‌سه‌ر نووسه‌ری ڕۆمانه‌كه‌ش تێپه‌ڕیبێت وهه‌ستی پێ نه‌كردبێت. له‌ هه‌ندێك شوێنی ڕۆمانه‌كه‌دا،گێڕانه‌وه‌ و ده‌ربڕینه‌كان ده‌چنه‌ ئاستێكی هێنده‌ لاواز،وه‌ك ئه‌وه‌ی فلمێكی هیندی بینین وایه‌. ئه‌م جۆره‌ ده‌ربڕینانه‌، له‌ زمانی نووسه‌رێك ناچێت، كه‌ ئه‌زموونێكی درێژو جوانی نووسینی چیڕۆك و گێڕانه‌وه‌ی هه‌یه‌، به‌ڵكو له‌ ئه‌زموونی نووسه‌رێك ده‌چێت، كه‌ تازه‌ هاتبێته‌ نێو دونیای نووسین و مه‌به‌ستییه‌تی هه‌رچۆنێك بێت شتێك بگێڕێته‌وه‌. بێ ئاگا له‌وه‌ی گێڕانه‌وه‌، هونه‌ره‌ و ده‌بێ هێزی كێشكردنی خوێنه‌ری تێدابێت.لێره‌وه‌ ئاماژه‌ به‌ چه‌ند لایه‌نێكی نا هونه‌ری ونا بابه‌تی ڕۆمانه‌كه‌ ده‌ده‌ین:_
*لا31نووسیویه‌تی:(وه‌ره‌ خوات بمێنێ و خۆت مه‌كوژه‌). ئه‌م ده‌ربڕینانه‌، له‌ هونه‌ری ده‌ربڕینی ڕۆمان ناچن و له‌ ده‌یان شوێنی ڕۆمانه‌كه‌ش دووباره‌ی كردۆته‌وه‌، به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ جوانییه‌ك به‌ گێڕانه‌وه‌كه‌ بده‌ن. *لا38نووسیه‌یه‌تی:(مه‌حبوبه‌ ده‌یگوت مردنی باوكم به‌ مانای داڕووخانی سه‌قفی ماڵ به‌ سه‌رم، كه‌س به‌كه‌وتنی ئه‌و سه‌قفه‌ ته‌نها نابێت من نه‌بێت). ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدا ڕۆماننووس خۆی له‌ڵاپه‌ڕه‌12ی ڕۆمانه‌كه‌یدا، نووسیویه‌تی:( ده‌زانم و ده‌كرێ مرۆڤ بێ باوك بێت!).واتا ئه‌گه‌ر باوكیشی نه‌بێت ئاساییه‌، ئیدی نازانم كه‌ ئاسایی بێت، چۆن ئه‌و سه‌قفه‌ داده‌ڕووخێت!. *لا39نووسیویه‌تی:(بینایه‌كی گه‌وره‌م بینی،واتابینای نه‌خۆشخانه‌كه‌ی دكتۆره‌ نازه‌نین).
*لا41ئه‌مجاره‌یان ده‌نووسێت:(نه‌خۆشخانه‌كه‌ زۆر گه‌وره‌ نه‌بووكه‌ ئه‌مه‌ش جێگه‌ی خۆشحاڵی من بوو). *لا40نووسیویه‌تی:(ژنه‌ ده‌رگاوانی نه‌خۆشخانه‌كه‌ ناوی ست فه‌ریده‌بوو، مامۆستای فیزیا بوو). به‌ داخه‌وه‌ به‌شێك له‌ ڕۆماننووسه‌كانی ئێمه‌، له‌ كاتی دیاریكردن و پێدانی ڕۆڵی كاره‌كته‌ره‌كان له‌ چیڕۆك و ڕۆماندا،ده‌كه‌ونه‌ هه‌ڵه‌ی زه‌ق و نالۆژیكییه‌وه‌. هه‌موو نه‌خۆشخانه‌كانی كوردستان بگه‌ڕێیت، كارمه‌ندێكی ده‌رگاوانی نه‌خۆشخانه‌یه‌كی ولاده‌، نابینیته‌وه‌ بڕوانامه‌ و خوێنده‌واری هه‌بێت، چ جای بگات به‌ مامۆستای فیزیا كه‌ پسپۆڕییه‌كی ده‌گمه‌نه‌. ئه‌مه‌ نیشانه‌ی بێ ئاگایی نووسه‌رانی ئێمه‌یه‌، له‌ ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی و میللی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌، به‌ تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی له‌ هه‌نده‌ران ده‌ژین و له‌وێوه‌، چیڕۆك و ڕۆمان، له‌ سه‌ر ژیانی كۆمه‌لگه‌ی خۆیان ده‌نووسن.
*لا45نووسیویه‌تی:(شووی كردوودوومانگی نه‌برد، گوتی سگم هه‌یه‌ وحه‌زده‌كه‌م كچم ببێت).ناكرێت نووسه‌رێك هیچ له‌باره‌ی ژیانی دووگیانی و لایه‌نی فسیۆلۆژی ژن نه‌زانێت، كه‌چی باسی بكات. ئاخر تا سه‌رووی سێ مانگ، نیشانه‌كانی دووگییانی هه‌ر هه‌ستیشی پێ ناكرێت، كه‌چی ڕۆماننووس نووسیویه‌تی كه‌متر له‌ دوومانگ. *لا45نووسیویه‌تی:(تا ساڵێك په‌ڕۆ و لافیته‌ی ڕه‌شمان و له‌ دیواره‌كه‌ نه‌كرده‌وه‌). به‌ مه‌رجێك هه‌موو پرسه‌یه‌ك له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی، ته‌نها هه‌فته‌یه‌ك ده‌خایه‌نێت.
*لا55نووسیویه‌تی:(براكانم له‌ ژووری حه‌مام گلۆپیان له‌سه‌ر ده‌كوژاندمه‌وه‌،ئاوی گه‌رمیان لێده‌گرتمه‌وه‌،شامپۆكانیان پڕده‌كردم له‌ دۆشاوی ته‌ماته‌،میزیان به‌ پێلاوه‌كانم ده‌كرد،ته‌باشیریان بۆ له‌ جێی سووراوه‌كان دا ئه‌نام،مشكی تۆپیویان ده‌خسته‌ نێو گیرفانی جله‌كانمه‌وه‌)من ده‌زانم، پیاوی كورد زۆرینه‌یان چه‌ند دڵڕه‌ق و نامیهره‌بانن به‌رامبه‌ر به‌ خوشك و هاوسه‌ره‌كانییان، به‌ڵام ئه‌و هه‌موو زێده‌گۆییه‌ له‌ وه‌سفكردنی دڵڕه‌قی برایه‌ك به‌رامبه‌ر به‌ خوشكه‌كه‌ی، نه‌ هونه‌رییه‌ و نه‌بابه‌تی،به‌ڵكو ئامانج لێی ته‌نها درێژكردنه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌كانی ڕۆمانه‌كه‌یه‌. سه‌یر له‌وه‌ دایه‌، ئه‌وسێ برایه‌ كه‌ به‌م شێوه‌یه‌ ئازاری مه‌حبوبه‌ی خوشكییان داوه‌، به‌ قه‌ولی ڕۆماننووس هه‌ریه‌كه‌یان كادیرێكی دیاری حزبێكیش بووه‌!. له‌ كاتێكداكادیری، هیچ نه‌بێت پله‌یه‌كی به‌رزی هوشیاریی و سیاسی و هزرییه‌، ئه‌گه‌ر كه‌میش بێت. *لا75:(ئه‌گه‌رچی نه‌خۆشخانه‌كه‌ی دكتۆره‌ نازه‌نین،چه‌ندین نهۆم بووه‌و نهۆمێكی شاراوه‌شی بۆ له‌ باربردنی منداڵان هه‌بووه‌، هه‌میشه‌ش جمه‌ی هاتووه‌، كه‌چی به‌ گوێره‌ی ئه‌وه‌ی ڕۆماننووس له‌(لا75) نووسیویه‌تی، ته‌نها(3)دكتۆر(5) په‌رستاری هه‌بووه‌!.
*لا78نووسیویه‌تی:(ئه‌و منداڵه‌، هی ئه‌و مێرده‌ سه‌ر زله‌مه‌، خۆزگه‌ پیاوه‌كه‌ هینه‌كه‌ی تۆزێ زل بووایه‌،دكتۆره‌ نازه‌نینیش له‌ به‌ر پێكه‌نین قسه‌ی بۆ نه‌كراوه‌).ئه‌گه‌رچی ڕۆماننووس، گوایه‌ له‌و ڕۆمانه‌یدا شكۆ بۆ ژن ده‌گێڕێته‌وه‌، وه‌لێ هه‌ر خۆی شكۆی ژنی شكاندووه‌، كاتێ هه‌موو خواسته‌كانی چووكێكی گه‌وره‌ی پیاوان كورتكردوونه‌ته‌وه‌.له‌و نامۆتریش ئه‌وه‌یه‌، كه‌ دكتۆرێكی ژنیش له‌گه‌ڵ ئه‌و بۆچوونه‌ دابێت و پێ بكه‌نێت.ئه‌مه‌ ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ میللی و خێڵه‌كییه‌م بیر دێنێته‌وه‌، كه‌ پیاوبوون به‌چووك پێوانه‌ ده‌كه‌ن!. *لا83:(له‌و لاپه‌ڕه‌یه‌دا، ڕۆماننووس كاتێ باسی ئه‌وه‌مان بۆ ده‌كات كه‌ دكتۆره‌ نازه‌نین و مه‌حبوبه‌ ده‌چنه‌وه‌ ماڵ بۆ ئه‌وه‌ی په‌ساپۆڕته‌كه‌ی مه‌حبوبه‌ بێنن) به‌ شێوه‌یه‌ك گوزارشت له‌و چوونه‌ ده‌كات, كه‌زۆر نابابه‌تی و نازمانه‌وانییه‌.چونكه‌ دیمه‌نه‌كه‌، له‌ ئه‌كشنی فلمێكی كۆمیدی ده‌چێت!
*لا91نووسیویه‌تی:(مامه‌ دكتۆركامه‌ران گوتی من ده‌چم پۆلیسێك هه‌ڵده‌بژێرم و گرێبه‌ستی له‌گه‌ڵ ده‌كه‌م له‌ لقی پۆلیس). ڕۆماننووس واده‌زانێت سپاردنی ئه‌رك به‌ پۆلیس، به‌ هه‌ڵبژاردن و دیاریكردنه‌، نه‌ك ڕێوشوێنی یاسایی و كارگێڕی، پۆلیس هێزێكی فه‌رمییه‌ و نیشانه‌ی هه‌بوونی ده‌سه‌ڵاته‌. ڕۆماننووس خۆی له‌ ده‌ره‌وه‌ ده‌ژیت و زۆر باش له‌ ئه‌رك و پێگه‌ و دیدی هاووڵاتییان بۆ پۆلیس ده‌گات، ئیدی دیاریكردنی ئه‌ركی پۆلیس به‌و شێوه‌ ساده‌ و هه‌ڕه‌مه‌كییه‌ نییه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌و باسی ده‌كات!. *لا88نووسیویه‌تی:(دكتۆرو سسته‌ره‌كان،به‌ بینینی ئه‌و كوڕانه‌،(واتا سێ براكه‌ی نازدار)تووڕه‌بوون و مقه‌ست و په‌ڕۆی خوێناویی وجیهازی زه‌خت ومه‌مك مژه‌ و دایبابیان تێگرتوون). ئه‌و ڕه‌فتارانه‌یان له‌ نێو نه‌خۆشخانه‌كه‌ كردووه‌. ڕۆماننووس بیری چۆته‌وه‌، پزیشك ده‌بێ چ جۆره‌ كه‌س و مرۆڤێك بن. ئاخر ئه‌م ڕه‌فتارو كرده‌وانه‌ی ڕۆماننووس داویه‌تییه‌ پاڵ پزیشكه‌كان، له‌ كرده‌وه‌ی منداڵان ده‌چن.
*لا97نووسیویه‌تی:_(براكانت ناخۆشییان كردووه‌ هه‌ر ڕۆژه‌ی جامێكی نه‌خۆشخانه‌كه‌ ده‌شكێنن).
*لا124(دوای ئه‌وه‌ی سێ براكه‌ی مه‌حبوبه‌، به‌ به‌نزین نه‌خۆشخانه‌كه‌ ده‌سووتێنن و ئاگری تێ به‌رده‌ده‌ن، دكتۆره‌ نازه‌نین دێت سه‌یری نه‌خۆشخانه‌ سووتاوه‌كه‌ی ده‌كات، پاشان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ شوقه‌كه‌ی، دووش ده‌كات!وه‌ك ئه‌وه‌ی هیچ ڕووینه‌دابێت.
*لا125نووسیویه‌تی:( سه‌یره‌ ده‌م و چاوی خۆیان نه‌شاردۆته‌وه‌). نازانم ئه‌گه‌ر كه‌سێك مه‌به‌ستی بێت تاوانێك ئه‌نجام بدات، چۆن ده‌م و چاوی ناشارێته‌وه‌. ڕه‌نگه‌ ڕۆماننووس وابزانێت ئه‌وانه‌ی له‌ كوردستان شوێنێك ده‌سووتێنن، زۆر به‌ ئاسایی ئه‌و كاره‌ وه‌رده‌گرن و ده‌یكه‌ن.
*لا126نووسیویه‌تی:( سێ براكه‌، وا جوان سه‌یری كامێرای چاودێری ده‌كه‌ن، ده‌ڵێی وێنه‌ بۆ په‌ساپۆڕت ده‌گرن). به‌مه‌رجێك ئه‌و كاته‌، كاتی سووتاندنی نه‌خۆشخانه‌كه‌یه‌.ڕۆماننووس نه‌یتوانیوه‌ گوزارشت له‌ دۆخی سایكۆلۆژی تاوانبارێك بكات، ئه‌و ساته‌ی تاوانێك ئه‌نجام ده‌دات.
*لا:_126(كاتێ ئه‌فسه‌ری پۆلیس ده‌چێت بۆ گرتنی سێ براكه‌ له‌ دوای سووتاندنی نه‌خۆشخانه‌كه‌، پێیان ده‌ڵێت: خۆتان شوشتبا، بۆ ئه‌وه‌ی بۆنی به‌نزینتان لێ نه‌یه‌ت). ڕۆماننووس لێره‌، چ ڕۆڵێكی كاریكاتۆری به‌ ئه‌فسه‌رانی پۆلیس داوه‌. ئاخر ئه‌گه‌ر تاوانبارێك تاوانێك بكات، ده‌چێته‌وه‌ ماڵ و به‌ ئاسانی لێی ده‌خه‌وێت؟!.ئه‌فسه‌ری پۆلیس به‌و زمانه‌ میللی و نافه‌رمییه‌ له‌گه‌ڵ تاوانبار ده‌دوێت؟!.
وێرای ئه‌مانه‌ش، خاڵێك كه‌ به‌ پێویستی ده‌زانم باسی بكه‌م ئه‌وه‌یه‌، كه‌ به‌ درێژایی ڕووداوه‌كانی ڕۆمانه‌كه‌، ڕۆماننووس نه‌یتوانیوه‌ ڕۆڵی كاره‌كته‌ره‌كان به‌ پێی ئاستی تێگه‌یشتن و هوشیاریی كه‌سی وپه‌روه‌رده‌ییان وازی بكات. به‌ درێژایی ڕۆمانه‌كه‌، كاتێ سه‌رنج له‌ گفتو گۆو دیالۆگی نێوان دكتۆره‌ نازه‌نین و نازدار ده‌ده‌ین، كه‌ دووكاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی ڕۆمانه‌كه‌ن، هه‌ست ناكه‌ین له‌ به‌رده‌م گفتوگۆی نێوان پزیشك و ژنێكی قوربانی و لاقه‌ كراوداین. به‌ڵكو واهه‌ست ده‌كه‌ین، له‌ به‌رده‌م گفتو گۆی نێوان دوومنداڵ و دوو هه‌رزه‌كارداین، كه‌ هیچ هونه‌رێكی بیركردنه‌وه‌ و ده‌ربڕینی قسه‌ نازانن.چونكه‌ ئه‌وه‌نده‌ قسه‌ و گفتو گۆكان، كۆمێدی و نابابه‌تین. به‌ داخه‌وه‌ ئه‌مه‌ گرفتی به‌شێكی زۆری ڕۆماننووسه‌كانی ئێمه‌یه‌، كه‌ ناتوانن له‌ پێگه‌ و ڕۆڵی كه‌سه‌یتییه‌كان، له‌ میانه‌ی گێڕانه‌وه‌ی ڕووداوه‌كان بگه‌ن. كاتێ كاره‌كته‌رێكی(پزیشك)مان هه‌یه‌، ئه‌وا ده‌بێ ئه‌و كاره‌كته‌ره‌ وه‌ك پزیشكێك قسه‌ بكات و ڕۆڵه‌كه‌ی ببینێت. ناكرێ كاره‌كته‌ر نه‌خوێنده‌وار بێت، كه‌چی وه‌ك ڕووناكبیرێك قسه‌ بكات.بۆنموونه‌: مه‌حبوبه‌ی نازدار، كه‌ ده‌ستدرێژی كراوه‌ته‌ سه‌رو منداڵێكی بێ باوكی له‌ زگدایه‌، به‌ شێوه‌یه‌ك هه‌ڵسوكه‌وت ده‌كات و قسه‌ ده‌كات، وه‌ك ئه‌وه‌ی هیچی لێنه‌كرابێت. له‌ كاتێكدا قوربانییانی ده‌ستدرێژی سێكسی، ده‌كه‌ونه‌ دۆخێكی ده‌روونی دژواره‌وه‌ و شۆكێكی هێنده‌ گه‌وره‌ ده‌یانگرێت، كه‌ توانای هیچ كارو چاڵاكییه‌كی ژیانیان نامێنێت. نامۆ ده‌بن و ده‌ڕووخێن، زۆرینه‌یان بیر له‌ خۆ كوشتن ده‌كه‌نه‌وه‌. له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا(كه‌ ڕۆماننووسیش له‌ شه‌ربه‌تی ترسدا مه‌به‌ستی كۆمه‌لگه‌ی كوردییه‌) ژنان به‌و حاڵه‌تانه‌، ده‌كه‌ونه‌ گۆشه‌گیری و داڕووخانێكی گه‌وره‌. زۆرینه‌یان له‌ به‌ر توانجی خێزان و كۆمه‌ڵگه‌ خۆیان ده‌كوژن. كه‌چی سه‌یر له‌وه‌ دایه‌، دواجار دكتۆره‌ نازه‌نین زۆر به‌ ئاسانی به‌ نازدار ده‌ڵێت:(تۆ ده‌توانی بێیته‌وه‌ ناو خێزانت.لا136). ئه‌گه‌ر كه‌سێك ئه‌و ڕووداوه‌ تراژیدیه‌ی بینیبێت، ده‌توانێ سووك و ئاسان، ئیدی ژیان بكات؟ به‌تایبه‌تیش له‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كدا كه‌ هه‌موو شه‌ڕه‌ف و پێگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و خێزانی و میللی و كه‌سی، له‌ جه‌سته‌ی ژن و له‌ جه‌سته‌شیدا، له‌ شوێنێك ده‌یبیننه‌وه‌!؟. دواجار ده‌ڵێم، به‌رله‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی ڕۆمانه‌كه‌، له‌ چه‌ندین شوێن، هه‌واڵی نووسین و بڵاوكردنه‌وه‌ی ڕۆمانی(شه‌ربه‌تی ترس)م بیست. بۆیه‌ وه‌ك خوێنه‌رێك، به‌ تاسه‌یه‌كی زۆره‌وه‌ له‌ هه‌وڵدابووم ڕۆمانه‌كه‌م ده‌ست بكه‌وێت وبیخوێنمه‌وه‌. وه‌لێ كاتێ له‌ خوێنه‌وه‌ی بوومه‌وه‌، به‌ر شتێكی پێچه‌وانه‌تر كه‌وتم.له‌ ڕوانگه‌ی منه‌وه‌ وه‌ك خوێنه‌رێك، شه‌ربه‌تی ترس، له‌ ڕۆمانی نووسه‌رێك ناچێت كه‌ ئه‌زموونێك و ته‌مه‌نێكی له‌گه‌ڵ ژانری چیڕۆك و گێڕانه‌وه‌ هه‌یه‌، به‌ڵكو له‌ ئه‌زموونی كه‌سێك ده‌چێت، كه‌ تازه‌ نووسینی ڕۆمان تاقیده‌كاته‌وه‌ و ئیدی هه‌ر مه‌به‌ستییه‌تی شتێك بنووسێت و بیگێڕێته‌وه‌. به‌ بێ ئه‌وه‌ی شاره‌زاییه‌كی ئه‌وتۆی له‌ بینای هونه‌ری ڕۆمان هه‌بێت. له‌ده‌یان شوێنی ڕۆمانه‌كه‌،به‌داخه‌وه‌ به‌ر بۆچوونی نابابه‌تی، گوزارشتی كۆمێدی و گاڵته‌جاری، وێناكردنی هه‌زه‌لیانه‌ ده‌بینه‌وه‌.من خۆزگه‌م ده‌خواست وه‌ها نه‌بووایه‌، ولێ واقیع شتێكه‌ و خۆزگه‌ش شتێكی تر!.

*په‌راوێز:_ شه‌ربه‌تی ترس، ڕۆمان، نووسینی:ئارامی كاكه‌ی فه‌لاح، بڵاوكراوه‌ی: ناوه‌ندی ڕۆشنبیریی ڕه‌هه‌ند_سلێمانی 2019…




له‌ كاره‌ساتی ئه‌نفالی شێخ وه‌سان و بالیسان خوشكه‌ گه‌وره‌كه‌م وه‌ك پاڵه‌وان ده‌ركه‌وتووه‌

ئەم چیڕۆکە مەگەر هەر له‌ فیلمە خەیاڵیەکانی هۆلیۆد هەبێت
هاوكار عه‌بدوڵڵا شێخ وه‌سانی

دوای ئه‌وه‌ی 16/4/1987 گوندی شێخ وه‌سان به‌ سه‌ختی بۆردومان كرا، له‌م كاره‌ساته‌ ده‌یان شه‌هید و برینداری لێكه‌وته‌وه‌. خێزانی ئێمه‌ یه‌كێك بوو له‌وانه‌ی كه‌ خودا ده‌رووی خێری لێكردینه‌وه‌ و به‌ كیمیابارانه‌كه‌ نه‌مردین، به‌ڵام زۆر به‌ سه‌ختی بریندار بووین. من كه‌ ئه‌وكات ته‌مه‌نم چه‌ند مانگێك ده‌بوو كیمیابارانه‌كه‌ زۆر كاری لێم كربوو، به‌ جۆرێك هه‌موو گیانم سوتابوو دایكم هه‌موو كات به‌ چاوی گریان بۆم ده‌گێڕێته‌وه‌ و ده‌ڵێت: “من دامنابوو كه‌ تۆ سه‌د له‌ سه‌د ده‌مریت، به‌ڵام له‌به‌ر گه‌وره‌یی كاره‌ساته‌كه‌ غه‌می مردنه‌كه‌ی تۆمان نه‌بوو وه‌لێ غه‌می گه‌وره‌مان ئه‌وه‌بوو كه‌ تۆ ده‌مریت و پارچه‌یه‌ك كفن نییه‌ پێت بشارینه‌وه‌” نامه‌وێ زیاتر باسی چیرۆكی خۆم بكه‌م، چونكه‌ له‌ ساڵانی ڕابردوو باسم كردووه‌، به‌ ناونیشانی (منداڵێك ده‌مرێت كفن ده‌ست ناكه‌وێت). له‌م ساڵیاده‌دا به‌ ده‌رفه‌تی ده‌زانم باسی چۆنیه‌تی ڕزگاربوونی خێزانه‌كه‌م بكه‌م له‌ ئه‌نفال.
دیاره‌ ئه‌وانه‌ی به‌ برینداری مانه‌وه‌ له‌ گونده‌كه‌ بۆ ڕۆژی دواتر واتا 17/4/1987 به‌ تراكتۆر و پاس به‌ره‌و ڕانیه‌ و شه‌قڵاوه‌ گواسترانه‌وه‌. خێزانی ئێمه‌ و خزم و كه‌سه‌كانمان یه‌كێك بوون له‌و خێزانانه‌ی له‌ قافڵه‌كه‌ی ڕانیه‌دا بووین. كاتێك ده‌گه‌ین به‌ ڕانیه‌ ده‌برێنه‌ نه‌خۆشخانه‌ی گشتی ئه‌م شاره‌، ته‌ندروستی هه‌موومان له‌وپه‌ڕی خراپی بووه‌، ته‌نیا برایه‌كم كیمیاباران زۆر كاری تێنه‌كردبوو ئه‌ویش كاك (سه‌عدوڵڵا) بووه‌، پیاوێكی ڕانیه‌یی كاتێك له‌ نه‌خۆشخانه‌كه‌ به‌ هانای برینداره‌كان ده‌چێت زۆری لا سه‌یر ده‌بێت تاكه‌ منداڵێك له‌ نێو برینداره‌كان كه‌ هیچ ئاسه‌وارێكی ئه‌م كاره‌ساته‌ی به‌سه‌ره‌وه‌ نییه‌، (كاك سه‌عدوڵڵا)یه‌، بۆیه‌ داوا له‌ دایكم ده‌كات كه‌ ڕێگای بدات ئه‌م منداڵه‌ له‌گه‌ڵ خۆی به‌رێته‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌ له‌ ڕانییه‌، كاك سه‌عدوڵڵا كه‌ ته‌مه‌نی حه‌وت ساڵ ده‌بێت ئه‌گه‌رچی زۆری پێ خۆشده‌بێت له‌گه‌ڵ ئه‌م پیاوه‌ بێگانه‌یه‌ بڕوات به‌ڵكو نه‌جاتی بێت له‌م حه‌شامات و هاواری برینداره‌كان به‌ڵام دایكم سه‌ره‌ڕای برینداری و شه‌كه‌تی زۆر به‌ توندی ڕووبه‌ڕووی كابرای ڕانیه‌یی ده‌بێته‌وه‌ و پێی ده‌ڵێت “ئه‌م منداڵه‌شم سائیری منداڵانی ترم، ناهێڵم له‌گه‌ڵ خۆتی به‌ریت”
دواتر سه‌رجه‌م برینداره‌كان به‌ پاس بۆ هه‌ولێر نه‌خۆشخانه‌ی (كۆماری) ده‌گوازرێنه‌وه‌، خوشكه‌ گه‌وره‌كه‌م (حه‌لیم خان) ئه‌وكات ساڵێك بوو شوی كردبوو، ماڵیان له‌ قه‌زای شه‌قڵاوه‌ بوو، كاتێك هه‌واڵی ئه‌وه‌ی پێده‌درێت كه‌ شێخ وه‌سانان كیمیاباران كراوه‌ و سه‌رجه‌م برینداره‌كانیش بۆ هه‌ولێر گواستراونه‌ته‌‌وه‌، ئاگر له‌ ده‌روونی به‌رده‌بێت و ده‌ڵێت هه‌ر چۆنێك بێت ده‌بێت خۆمیان بگه‌یه‌نمێ و له‌ حاڵیان ئاگاداربم، له‌به‌رئه‌وه‌ی مێرده‌كه‌ی فێراری عه‌سكه‌ری ده‌بێت ئه‌و ناتوانێت له‌گه‌ڵی بێت بۆ هه‌ولێر بۆیه‌ داوا له‌ شوبراكانی ده‌كات كه‌ به‌ خێرایی بیگه‌یه‌نه‌ هه‌ولێر. حه‌لیم خان له‌گه‌ڵ دوو له‌ شوبراكانی ده‌چن بۆ هه‌ولێر، دوای پرسیاركردن بۆیان ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ برینداره‌كان هه‌موویان له‌ نه‌خۆشخانه‌ی كۆمارین. بۆیه به‌ په‌له‌ خۆیان ده‌گه‌یه‌نن به‌م نه‌خۆشخانه‌یه‌، حه‌لیم خان كه‌ داده‌به‌زێت له‌ ئۆتۆمبێله‌كه‌ بێ ئه‌وه‌ی گوێ به‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان و پۆلیسی نه‌خۆشخانه‌ بدات كه‌ ڕێگری زۆری لێ ده‌كه‌ن بچێته‌ ژووره‌وه‌، به‌ڵام ئینكاری ئه‌و وا له‌ هێزه‌ ئه‌منیه‌كان ده‌كات ڕێگای پێ بده‌ن و بچێته‌ ژووره‌وه‌.
كاتێك هه‌موو قاوشه‌كانی نه‌خۆشخانه‌ ده‌نۆڕێت هیچێك له‌ خزم و كه‌سه‌كانی خۆی نادۆزێته‌وه‌، حاڵی ده‌روونی یه‌كجار په‌رێشان ده‌بێ، بێ ئه‌مه‌ل ده‌بێت له‌وه‌ی كه‌ خزم و كه‌سه‌كانی ماون، به‌ڵام له‌ پڕ پاسێك دێت ته‌واوی خزم و كه‌سه‌كانی تێدایه‌، هه‌ر زوو له‌ سسته‌رێكی نه‌خۆشخانه‌ ده‌پرسێت كه‌ ئایا چاره‌نووسی ئه‌م بریندارانه‌ چی ده‌بێت لێره‌؟ سسته‌ره‌كه‌ش پێی ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر ماڵی خزمێكتان له‌ هه‌ولێره‌ خێرا بیانگه‌یه‌نه‌ ئه‌وێ چونكه‌ مانه‌وه‌یان لێره‌ مه‌ترسییه‌ و بڕیاره‌ بگوازرێنه‌وه‌ بۆ شوێنی نادیار. حه‌لیم خان كه‌ ئه‌م قسه‌یه‌ له‌ سسته‌ره‌كه‌ ده‌بیستێت هه‌وڵده‌دات كاره‌كانی خێراتر بكات. ئیتر ده‌ست ده‌كات به‌ گواستنه‌وه‌ی ئه‌ندامانی خێزانه‌كه‌ی و خزم و كه‌سه‌كانی به هه‌زار حاڵ به‌‌ بن په‌رژینه‌ ته‌لبڕه‌كانی نه‌خۆشخانه‌، جاری یه‌كه‌م هه‌موویان ده‌گوازێته‌وه‌، به‌ڵام هێزه‌ ئه‌منیه‌كان پێی ده‌زانن دوای ئه‌وه‌ی زۆر به‌ دڕندانه‌ ده‌كه‌ونه‌ گیانیان به لێدانی قامچی و سۆنده‌ بۆ نێو نه‌خۆشخانه‌ به‌ زۆره‌ ملێ هه‌موو برینداره‌كان ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ و هه‌ڕه‌شه‌ش له‌ حه‌لیم خان ده‌كه‌ن كه‌ ئه‌م كاره‌ مه‌ترسیداره‌ نه‌كات ئه‌گینا ئه‌ویش گیانی ده‌كه‌وێته‌ مه‌ترسی و له‌گه‌ڵ برینداره‌كان ڕاپێچی ده‌كه‌ن. به‌ڵام حه‌لیم خان نه‌ك هه‌ر گوێ به‌ قسه‌ی هێزه‌ ئه‌منیه‌كان نادات، به‌ڵكو به‌م قسه‌یه‌ سورتری ده‌كه‌ن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌بێت ئه‌م بریندارانه‌ ڕزگار بكات‌. به‌ هاتنی مه‌غریب و تاریك داهاتنی .شار یارمه‌تی ده‌رده‌بێت كه‌ دووباره‌ به‌ ده‌یان فێڵ ده‌یاندزێته‌وه‌، خۆشبه‌ختانه‌ ئه‌مجاره‌یان سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت له‌ دزینه‌وه‌ی برینداره‌كان، حه‌لیم خان ماڵی دایكی و به‌شێك له‌ خزمه‌كانی به‌ سه‌ركه‌وتوویی له‌ نه‌خۆشخانه‌ ڕزگار ده‌كات. به‌ هاوكاری شوبراكانی خێرا چه‌ند ئۆتۆمبێلێك به‌كرێ ده‌گرن و ده‌چن بۆ ماڵی خزمێكمان به‌ ناوی (حاجی فه‌قێ شێخ وه‌سانی)، دوای شه‌وێك مانه‌وه‌یان له‌م ماڵه‌، به‌ شێوه‌یه‌كی نهێنی ده‌مانگوازنه‌وه‌ بۆ شه‌قڵاوه‌ ماڵی خوشكم وه‌ك باسده‌كرێت له‌ شه‌قڵاوه‌ش تا ماوه‌یه‌كی باش به‌ نهێنی دكتۆریان بۆ هێناوین، ته‌نانه‌ت نه‌یانهێڵاوه‌ هیچێك له‌ منداڵه‌كان له‌ ماڵ بێنه‌ ده‌ره‌وه‌ چونكه‌ كاریگه‌ری كیمیاوی به‌ زه‌قی به‌سه‌ر ده‌م و چاومان دیار بووه‌.
سوپاس بۆ خودا كه‌ ئه‌گه‌ر خوشكه‌ گه‌وره‌كه‌م نه‌بووایه‌ ئێستا ئێمه‌ش له‌و سه‌دان ئه‌نفالكراوانه‌ ده‌بووین. به‌داخه‌وه‌ ئه‌و بریندارانه‌ی نه‌تواندرا بدزرێنه‌وه‌، سه‌رجه‌میان ئه‌نفالكران و دواتر له‌ بیابانه‌كانی عێراق زینده‌به‌چاڵ كران.

ئا ئه‌مه‌ بوو چیڕۆكی حه‌لیم خانی پاڵه‌وان، ده‌زانم ئه‌م چیڕۆكانه‌ ته‌نیا له‌ فیلمه‌ خه‌یاڵه‌كان ده‌بیندرێت.

تێبینی: وێنەکە خەڵکی گوندی شێخ وەسانە کاتێک بە پاس دەگوازرێنەوە بۆ هەولێر
هاوكار عه‌بدوڵڵا شێخ وه‌سانی




پەڕەمووچێک لە زبڵدانی فڕین دا … عیسا بۆتانی

لەوێ نەبووم بە ورشەی با بڵێم
بۆ فڕاندمت،
بە گرمەی هەور بڵێم
بۆ دەستت خستە بینەقاقای هەڵم و
گریاندمت…
بریا لەوێ بام
تا بە لرفەی باهۆز بڵێم
بێدەنگ … بێدەنگ
هەسپێک دەیەوێ بحیلێنێ
نایەوێ جلەوی شۆڕکا
بۆ مشتێ ئالیک سازش کا؛
نایەوێ ببێتە چیڕۆک و بەسەرهات،
ببێتە گێژەلووکەی غارغارێنی ئەو دنیایە
بۆ رێی نەجات.
))چەندین سێو کەوتنە سەبەتە
رۆشن بوو رێی دز و چەتە
له کوێیە، کوا رێگای نەجات؟
وا لەتەمتومانی نەهات!.
٭٭٭
وێنای کرد،
نەخشاندی قەڵەم…
هێشتا سیکەی لە گوێچکەمدا دەزرینگێت و
زایەڵەیە،
چۆن دروستبوو لە ناخمدا
رێگای ئەو خەمە گەورەی،
دەست لە خەت خەتێنی بێهوودە هەڵگرە
چۆن بە حوزن دەڵێی بژیێ
بە خەندە دەڵێی بمره‌.
((نووکی قەڵەم
بکێشە هەرچی دەمەوێ؛
فریام کەوە من بە پەلەم)).
٭٭٭
نە هەور هەڵتدەگرێ
نە با،
نە زمانی بڵێسەیەک
نە بۆنی عەتر،
نە بەرماڵێک لە نزا و
لە نەسلی چەتر…
هەزار کۆشک و باڵەخانە
ناکاتە جێپێی خونچەیەک
لەنێو بەهەشتی ئینجانە…
بێ جێ و رێم
لێم دەڕژێ پرسیار
حەرف لە دەستمدا بۆتە مار؛
لە حوبردا خنکاوم من
بکێشم نەخشە و هێڵکاری،
شوێنێکی شیاو داتاشم
بۆ خۆم بیکەمە دیاری.
((پێشوو لە دنیادا بێ ماڵ
ئێستا خاوەنی گشتم و دایم عەوداڵ)).
٭٭٭

سەرم پڕ بوو
لە تنۆکی راز و کەلام؛
لەوساوە نوقمی گومانم
وێڵم بەدوای سەدان وەڵام.
بۆچی هاتی؟
تامەزرۆی تینوێتی بشکێنی؟
یان ئەشکی من
وەکو ئاورینگ بەسەر خۆڵدا ببارێنی؟
ساتێک لەڕۆژی کارەسات
لەبری خۆر
شەپۆڵی هاروهاج هەڵات؛
لەوساکەوە تاکو ئەمڕۆ
پێچرام لەنێو تابووتی ئاو
من بوومەتە نێچیر و راو؛
بوومەتە خۆڵەمێشی جەنگ
نەوەک نەهەنگ.
((لەو رۆژەوە کانیلە و چەم
بێ هەوراز و گرد و دۆڵن،
بە رەچەڵەک نەوەی زەریان
کەچی مات و بێ شەپۆلن)).
٭٭٭
ئاااااااااای چیم کرد؟
کاتێک لە ناوەڕاستی زەریادا
گەڕام بەدوای دوندی چیا،
زۆر هەڵشاخام
لە هەورازی شەپۆلەکان تا دامێنی…
جیا لە رەوەزە مەرجان
پەڵە هەورێکم نەبینی…
لەبەرامبەر شکۆی چیا
بۆنی نێرگزەجاڕ و مێرگی گیا
چیم گوت وەها دەنگم ون بێ؟
لەو رۆژەدا وەکو ماسی
غەرزی ژینم لەنێو گێژاو
سەراوبن بێ.
گوێ لە گۆرانی هەڵدێر بگرە
تاکو قاچت هەڵخلیسکێ
پاشان بە راسپاردەیەک بمرە…
((هەبوو نەبوو؛
پێش ئەوەی نیشتمان هەبێ،
چیا هەبوو)).
٭٭٭
دەمویست هەوا لە ئامێز کەم
پەڕەمووچی ئەو سیمرخەی لە فڕیندا بەجێماوە
وەکو سوارەی سەر پشتی ئاو
نەفڕێت و بەلادا بێ،
بە مشتێکی پڕ لە چرا
لە تاریکیدا گەوزابێ؛
بۆ ئاسمانێکی بێ نەیزەک
بیکەمەوە بە باوەشێن…
کەچی گوتت:
ئێرە زبڵدانی فڕینە
نەک پەڕ و باڵ
ئێرە وێرانەی پیربوونە
نەک هی تەمەن و
مانگ و ساڵ؛
گۆڕستانی نوورە ئێرە
نەوەک جێپرسەی ئەستێرە.
((ئەوە لوورەی لەدایکبوونە
بۆ جیهانی پڕ ژاوەژاو ؛
سۆراخی ئەستێرەی ونبووە
لە ئاسمانێکی بێ هەتاو)).
٭٭٭
لەو سەحرایە
بە خەیاڵی گەڕیدەیەک
نیگا مەنێرە بۆ ئاسمان،
چاو داخە لە ئاست شەوەزەنگ؛
با خۆر شەرم نەکا لە شەبەنگ…
وەک پەروانە
تا رووناکی هەڵدەگەڕێتەوە لە ئاسۆ
مانگ… مانگ، مەژمێرە؛
تەمەن بە ئاگر مەسپێرە…
ئیتر بەسە
بیکەوە گرێی چارۆگی ئەو فەزایە
چیتر مەڵێ لە ئەلفابێی خەلیقەتدا
ئەستێرەکان
چاویان بەیەکدی هەڵنایە…
بەر لە بارانی تریفە
ریزێک گڵۆپی رەنگاوڕەنگ
بکە هۆگری بینایی
با بەفر لە بڵێسە نەسوێ
ببێتە پەرچووی کۆتایی،
((بێشومار رۆژ و مانگ هاتن
تەمەن هەتا سەر گڕوگاڵ،
رێی هیچ وەرزێک بەدی ناکەم…
دەستم بگرە بمبەوە ماڵ)).
٭٭٭
دوا یارییە
بێبەهایە؛
کوا هەوێنی شەرەفمەندی و
مەیینی مەراقی گەرد و تاوان…
هاوکێشن لەتای تەرازوو
پێکەنین و قوڵپی گریان…
پەلکەزێڕینە ناڕسکێ
رەنگڕێژ بکا دنیای جوانی،
بە خەندە کەس دڵخۆش نابێ
راونێ خەم و نیگەرانی…
ئا ئەمجارە
لووتکەی جودی سەما دەکا
دەبێتە هەسپی بێ لغاو؛
دەریا دەخنکێ لە کەشتی
گۆڕ نامێنێ بۆ تەرمی ئاو…
نە درەخت و نە هێلانە
بۆ جریوە پەناگە نین،
پاساری دەم ناکاتەوە
لێی دابارێ گەزۆی شیرین…
بۆ لەمەودوا گەڵای دارسێو
هەڵناوەرێ بەسەر خەیاڵ
هەموان گیرۆدەی تەنیایین
لە ئاسمان ناڕوێ پەڕ و باڵ.
لەتێک پەنجەرە نامێنێ
نیگا رۆچێ لە فەنابوون؛
ها دیدە درەوشایەوە
پەشۆکاندی تاریکوڕوون….

عیسا بۆتانی
26ی 12ی 2019




حزبه‌ پیره‌ هه‌رزه‌كاره‌كانی كوردستان، بۆ واده‌كه‌ن؟ … عیماد عه‌لی

شتێكی سروشتیه‌ كه‌ قۆناغه‌كانی عه‌قڵ و فام كردنه‌وه‌ لای تاك بێت یان كۆمه‌ڵگه‌ و شاره‌زایی په‌یدا كردن و ره‌فتاری مه‌عقوڵ، ماوه‌یه‌كی دیاریكراوی ده‌وێت و، به‌ گشتی له‌ هه‌موو شوێنێك و زه‌مینه‌ی رۆشنبیری وكۆمه‌ڵایه‌تی و میژوویی و جوگرافی كاریگه‌ریه‌كی خۆیان هه‌س له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌، به‌ڵام تێكرای ماوه‌ی باڵغ بوون له‌ هه‌ر ره‌گه‌زێك و له‌هه‌ر كوێیه‌ك بێت نزیكه‌ له‌یه‌كتر و جیاوازه‌یكی ئه‌وتۆی نابێت.
ئه‌مه‌ ئه‌گه‌ر بۆ زینده‌وه‌ر و مرۆڤ به‌ تایبه‌تی شتیكی زانستی حاشاهه‌ڵنه‌گربێت، له‌ هه‌مان كاتدا بۆ پیكهاته‌ و كۆی كۆمه‌ڵگه‌ و ره‌گه‌ز و توخمه‌كانی تریش جیاوازیه‌كی ئه‌وتۆی نیه‌. له‌و نێوه‌نده‌شدا بۆ ده‌زگا و رێكخراو و حزبیش، ناوه‌رؤك و ره‌فتار و بیركردنه‌وه‌ ؛ واتا فه‌لسفه‌ و ئامانج و شیعارو رێباز و عه‌قڵیه‌تی سه‌ركردایه‌تیی پێكهاته‌ی سیاسی و مه‌ده‌نی هه‌ڵقوڵاوی ئه‌و زه‌مینه‌ن كه‌ تێیدا له‌دایكبوون.
ئه‌وه‌ی پارادۆكسی گه‌وره‌ی تێدا به‌دیبكرێت، ته‌نها له‌م ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته‌دایه‌ و، بۆ به‌دبه‌ختی ئه‌گه‌ر كورتی بكه‌ینه‌وه‌ ته‌ماشا ده‌كه‌یت كوردستان له‌و نه‌خۆشیانه‌دا ته‌نیوه‌ كه‌ ته‌نها زیانه‌كانی بۆ گه‌لی كورد ده‌بێت نه‌ك تاكی سه‌ركرده‌. خه‌ڵك گه‌وره‌ ده‌بێت، شاره‌زایی په‌یدا ده‌كات و سه‌نگین ده‌بێت و ره‌فتاری به‌ حساب و ورد ده‌بێت و بۆ هه‌ر هه‌نگاوێكی ستراتیجی هه‌زار و یه‌ك توێژنه‌وه‌ و دراسه‌ت ده‌كات.
حزبه‌كانی له‌مه‌ڕ خۆمان، ئه‌وه‌ باسی ژووری لێكۆڵینه‌وه‌ و دراسه‌ت و تیۆریزانی و ره‌فتار و فه‌رمانی كاری رۆژانه‌ و مانگانه‌ و ساڵانه‌ و ته‌نانه‌ت ده‌یه‌یه‌كیش لێك جیاناكرێته‌وه‌ و له‌ عه‌قڵی كه‌سێك یان كۆمه‌ڵێكی ده‌سترۆیشتوو یان بنه‌ماڵه‌یه‌ك قۆرخكراوه‌، بۆیه‌ هیچ لات سه‌یر نه‌بێت ئه‌كه‌ر ئه‌مڕۆ سۆشیالیستی بن و سبه‌ی به‌ قودره‌تی قادرێك بگۆڕێن بۆ سه‌رمایه‌داریه‌كی رووت یان لیبراڵیزمێمی نوێ، ئه‌مه‌ به‌ قسه‌ و بێ زه‌مینه‌ی له‌بار. یان ئه‌مڕۆ نه‌ته‌وه‌ییانه‌ بیر بكه‌نه‌وه‌ و سبه‌ی ئومه‌می بن و ته‌نانه‌ت دان به‌ سنوری وڵاتانیشدا نه‌نێن (ئه‌وان واداده‌نێن مه‌به‌ستیان به‌رژه‌وه‌ندی مرۆڤایه‌تیه‌ !! ).
تا دوێنی یه‌كپارچه‌یی كوردستان خاڵی سه‌ره‌كی و چوغزی بیركردنه‌وه‌ی هه‌ردوو حزبی ده‌سه‌لاتداری پیری ئاخرشه‌ڕی كوردستان بوو، ئه‌مڕۆش باس و خواستی دوو ئیداره‌یی و خۆخزاندنه‌ باوه‌شی بێگانه‌ و ژێرده‌سته‌یی ده‌سه‌لاتی ناوه‌ندی عیراق ده‌كه‌ن. لیره‌دا حه‌قی هه‌مووانه‌ كه‌بپرسن:

1- بۆچی حزبه‌كانی كوردستان هێمن و پر مه‌عریفه‌ت و زانایانه‌ بیر ناكه‌نه‌وه‌ و ره‌فتار ناكه‌ن؟
2- بۆچی له‌ نێوان شه‌و و رۆژێكدا له‌ هه‌ر بوارێكدا بێت 180 پله‌ ده‌گۆرێن ؟
2- بۆچی له‌ مێژووی كوردستاندا سه‌ركردایه‌تیه‌كی شاره‌زا وبلیمه‌ت و به‌واتا سه‌ركرده‌ی نمونه‌یی به‌دیناكرێت كه‌ هه‌موو كه‌س شایه‌تی بۆ بدات؟
4- بۆچی حزبی راسته‌قینه‌ی هه‌ڵقوڵاوی نێو گۆمه‌ڵگه‌ و خوێنه‌ری واقیع و به‌رژه‌وه‌نده‌یكانی میله‌ت نه‌هاتۆته‌ ئاراوه‌؟
5- بۆچی هه‌میشه‌ به‌رژه‌وه‌ندیه‌ كی بچوكی كه‌سیی بێت یان حزبی له‌سه‌روی هه‌موو به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانه‌وه‌ بووه‌؟
6- ئایا خه‌تاكه‌ نێوخۆیی و كه‌سی و كۆمه‌ڵگه‌ییه‌ یان ته‌نها دابه‌شكاری كوردستان و زوڵم و سته‌می داگیركه‌ران و هه‌ست به‌ كه‌موكورتی میله‌ت به‌ گشتی له‌م باره‌دا وه‌كو بارودۆخی بابه‌تی رۆڵی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی هه‌بووه‌؟
7- بۆچی كورد وا بێ سه‌ركرده‌ بێت و كه‌سایه‌تیه‌ك ده‌رنه‌كه‌وێت به‌دوور له‌ نه‌رجسیه‌ت و ته‌نها به‌ بیكردنه‌وه‌ی حزبیانه‌ و ته‌كتیكی رۆژانه‌ نه‌بێت هیچ ره‌فتارێكی دراسه‌تكراوی له‌مه‌ڕ پرسه‌ سه‌ره‌كی و چاره‌نوسسازه‌كان نه‌بێت؟
8- حه‌قمانه‌ بپرسین، بۆچی به‌تایبه‌تی پارتی و یه‌كێتی، ئه‌گه‌ر ته‌مه‌نیان بگاته‌ سه‌د ساڵیش باڵغ نابن و هه‌ر حزبی ره‌فتار هه‌رزه‌كارانه‌ن و ستراتیج و ته‌كتیك تیكه‌ڵ ده‌كه‌ن و ، لای ئه‌وان پرنسیپی حزبی و بۆچونی كه‌سێتی و بنه‌ماڵه‌یی جێگه‌ی فكر و فه‌لسه‌فه‌ و به‌رژه‌وه‌ندی باڵای میله‌ت گرتۆته‌وه‌؟ !!
ئه‌گه‌ر به‌ وردی ئه‌م چه‌ند رۆژه‌ی دوایی و كێشه‌ی زینی وه‌رتی بخوێنیته‌وه‌ و قسه‌ی سه‌ركردایه‌تی وبنكردالیه‌تی و به‌تایبه‌تی خاوه‌ن ده‌سه‌لات و ده‌سترۆیشووه‌كانی هه‌ردوو حزب بخه‌یته‌به‌رچاو كه‌ چۆن لێدوان ده‌ده‌ن وچی ده‌وترێت ده‌رباره‌ی چاره‌سه‌ر و مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ كرده‌وه‌یه‌كی بچوكی رۆژانه‌ی ئه‌م كاته‌ ناسكه‌دا، ئه‌وا عه‌قڵیه‌ت و بیركردنه‌وه‌ی سه‌ركردایه‌تی وكادری ئه‌م حزبه‌ پیره‌ هه‌رزه‌كارانه‌ت بۆ ده‌رده‌كه‌وێت.




دوو كتێبی دیكه‌ی(سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی) چاپ و بڵاو ده‌كرێنه‌وه‌

وا بڕیاره‌ له‌ ئایینده‌یه‌كی نزیكدا، دوو كتێبی دیكه‌ی سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی چاپ بكرێن. كتێبی یه‌كه‌میان به‌ ناوی (له‌ سێبه‌ری كتێبدا)یه‌، كه‌ خوێندنه‌وه‌ و ڕانانه‌ بۆ بیست و دوو كتێب، كتێبی دووه‌میشیان به‌ ناوی(كۆرۆنا)یه‌، كه‌چه‌ند كورته‌ وتارێك په‌یوه‌ست به‌ كۆرۆناو دیارده‌كانی ژیان له‌ خۆده‌گرێت و له‌ ماوه‌ی ئه‌و چه‌ند ڕۆژه‌ی كه‌ره‌نتینه‌ وقه‌ده‌غه‌ی هاتووچۆ،نووسراوه‌.




دواین فەسڵی بەهەڵمبوونی جورج … ئەنوەری حاجی خدر نامۆ

( ئەم شیعرە وەڵامە لەسەر شیعری شاعیر نەوزاد بەندی :لە کۆتایی تەمەندا ..ئینجا … )

هەنگاوی چی برا
٣٠ ساڵ زیاترە
قاچیان کردە تیرۆك
دایانە دەست ئاغای دەڤەری بارزان
یان هی خیوەتێکی نێو عێلی تاڵەبان.
لەجیاتی پیتی نازك
دڵیان بڕ کرد
لە گوو
هەر پیشەیانە، جوانی وێرانکەن
ئەربابانی بەدخوو
خەراپەی بۆچی لێدەگرم؟
ئا ئەمەیە کاکی کوردە
خۆ نە کافریشە نە جوو
لەبیرت بێت
(هەر قسەی عەمارەپووی سی ساڵ)
قەزافی و حوسنی و بەشیری
خستە نێو چاڵ
ئەی مەردی حیسابیی، بە پیت و خاڵ
نەتبیستووە زوڵم لە ئەستووریدا
سەری خاوەنەکەی دەخوا بە زمانی حاڵ؟
نا وانیە
هزر مەکە ئیتر تابلۆکە نانەخشێ،
هەنگاوەکان لێرەدا دەپوکێنەوە،
ئەی هاوڕێی کۆنەساڵ
دڵنیابە
بە هیمەتی ئەم نەوەیەو بە نەوەی کۆن
ئەم ڤایرۆسی یەکیەتی و پارتیە
دەنێرین بۆ ئەو دوژمنەی بمانەێ لە ناوی بەین
دەیانکەینە نێو قۆدی هەر وەکو ڕۆن
ئائەمە بوو بەڵای کوردایەتی و
هەر هەمووشمان باش دەزانین
قەد مەڵێ چۆن




رۆژی جیهانی کتێب و مافەکانی نووسەر… رەزا شوان

رۆژی (٢٣/ ئەپریل)ی هەموو ساڵێک، بە (رۆژی جیهانی کتێب و مافەکانی نووسەر) لە جیهاندا ناسراوە.. رێکخراوی (یۆنسکۆ) ی جیهانی و هەموو دەوڵەتانی جیهان، بەم بۆنە گرنگەوە، ئاهەنگی گەورە و شایستە دەگێڕن.. کتێبخانە گشتییەکانیش پێشانگای تایبەتی بۆ تازەترین کتێبە چاپکراوەکان دەکەنەوە.. میدیا و تەلەفـزیۆن و رادیۆکانیش، چاوپێکەوتن لەگەڵ نووسەران و هاوڕێیانی کتێب و هۆگرانی خوێندنەوە سازدەکەن.
هەر لەم رۆژەدا، کتێبدۆستان کتێبی تازە و گۆڵ پێشکەش بە یەکتری دەکەن.. چونکە کتێب بە نرخترین و گرنگترین یادگارییە، گوڵیش جوانترین دیارییە و گوزارشتە لە سۆز و رێز و خۆشەویستی بۆ مرۆڤی بەرانبەر.. ئەم نەریتەش بۆ یەکەمین جار لەم رۆژەدا، لە کەتەلۆنیای ئیسپانیا بوو بە نەریت و باو.. کتێبفرۆشەکان لەگەڵ کڕینی هەر کتێبێکدا، گوڵێکی جـوان و گەشیان پێشکەش بە کتێبکڕەکە دەکرد.. لەو کاتەوە بووە بە باو.
بێگۆمان کتێب و نووسەران، گرنگترین و گەورەترین رۆڵیان، لە مێژووی ئادەمیزاددا هەبووە و هەیە.. شارستانییەکان و پێشکەوتن و داهێنان هەموو لە سایەی بیر و خەیاڵ و کتێبەکانی نووسەراندا هاتوونەتەدی.. کتێب ئەڵقەیەکە لە نێوان رابردوو و ئەمڕۆدا، پردێکە لە نێوان رۆشنبیرییەکاندا. کتێب و خوێندنەوە دەماری ژیانی مرۆڤـن.. ئەگەرچی لە ئەمڕۆدا، تەکنۆلۆژیا هۆی خێرای مۆدێرزمی هێناوەتە ئاراوە بۆ فێربوون وەرگرتن و خۆڕۆشنبیریکردن لەوانەش ئینتەرنێت و تەلەفزیۆنی رەنگاوڕەنگ.. بەڵام گرنگی کتێب و چـێژی خوێندنەوە لە کتێبدا کاڵەوە نەبوونە.. وەک چۆن پێویستە لە هەموو ماڵێکدا، چێشتخانە هەبێت بۆ ئامادەکردنی خواردن، تا تێری خواردن ببین.. هەر بەم جۆرەش پێویستە لە هەموو ماڵێکدا، کتێبخانە هەبێت و بە کتێبی بابەت هەمەجۆرە بیڕازێنینەوە. چونکە خوێندنەوە خۆراکی پێویستی ئەقڵە و زاخاوی بیر و هۆشمان دەدات.. هۆیەکی گرنگی خۆڕۆشبیریکردن و زۆر زانینە.

(تۆماس جیفرسۆن) دەڵێت:”من ناتوانم بەبێ کتێب بژیـم”

(جیلبەرت کیس تیشیسترۆن) دەڵێت:”ژۆرێک بەبێ کتێب.. وەکو گیانێکە بەبێ رۆح”

(جان جاک رۆسۆ) ش دەڵێت:”وا تێدەگەم، کە هەموو ئەو شتانەی دەیانزانم لە کتێبەوە فـیریان بوومە”
(مەلالا یـوسفـزای) پاکستانی، ئەو کچە منداڵە قوتابییەی، کە (چەکدارانی تاڵیبان) لە پاکستان تەقەیان لێکرد و برینداریان کرد، هەر لەبەر ئەوەی بۆ قوتابخانە دەچوو کە فێربێت و بخوێنێتەوە، بەڵام کۆڵی نەدا و درێژەی بە خوێندن دا و هانی هاوڕێکانیشی دا کە کۆڵنەدەن.. مەلالا یوسفزای لە تەمەنی (١٧) ساڵیدا، لە ساڵی (٢٠١٤) دا، لەگەڵ (کابـلاش ساتیارسی) کە پیاوێکی هـیندیە، هەردووکیان چالاکوانی داکۆکیکەرن لە مافەکانی منداڵان و مێردمنداڵان.. پێکەوە بە هاوبەشی (خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی) یان پێ بەخشین.. مەلالا تا ئێستا بچووکترین براوەی (خەڵاتی نۆبڵ)ە لە جیهاندا.. مەلالا لە وتارێکیدا، لە بەردەم کۆمەڵەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، وتی:
“با کتێب و پێنووسەکانمان بگرین بە دەستمانەوە.. ئەمانە بەهـێزترین چەکی ئێمەن”
رێکخراوی یۆنسکۆی جیهانی (بۆ پەروەردە و رۆشنبیری و زانیاری) کە سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانە.. لەو کۆنگرەیەی کە لە ساڵی (١٩٩٥) لە لە شاری (پاریس) لە فەرنسادا بەڕێوەچوو، رۆژی (٢٣/ ئەپریل) ی وەکو (رۆژی جیهانی کتێب و مافەکانی نووسەر) راگەیاند.. وەکو گوزارشتکردنێک لە رێزگرتن و پێزانین بۆ کتێب و بۆ رۆڵی بەرزی نووسەران لە بڵاوکردنەوەی زانست و زانیاریدا.
هەموو ساڵێک لەم رۆژەدا، رۆژی جیهانی کتێب و مافەکانی نووسەر لە هەموو وڵاتانی جیهاندا، ئاهەنگ وچالاکی شیاوی پەیوەند بە کتێب و نووسەران سازدەکەن و پێشانگای کتێب دەکەنەوە و کۆمەڵێکیش لە نووسەرانی ناسراویان خەڵات دەکەن.
هەموو ساڵێکيش، هەر ساڵەی لە شارێکی یەکێک لە دەوڵەتەکان، کە لە لایەن یۆنسکۆ و ئەو رێکخراوانەی، کە نوێنەرایەتی ئەم سێ کەرتە دەکەن: کەرتی خانەکانی چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێب، کەرتی فرۆشیارانی کتێب، کەرتی کتێبخانەکان، ئەو دەوڵەت و ئەو شارە دیاری دەکەن و بڕیاری لەسەر دەدەن، کە لە رۆژی (٢٣/ ئەپریل) ەوە بۆ ماوەی ساڵێک ببێت (پایتەختی جیهانی کتێب) و هەر لەو رۆژەدا پێشانگای کتێبی لێدەکەنەوە. بۆ یەکەمین جار لە ساڵی (٢٠٠١) دا، شاری (مەدریـد)ی پایتەختی ئیسپانیا، کرا بە (پایتەختی جیهانی کتێب) و پێشانگایەکی گەورەی کتێبی لێکرایەوە.. ئەمساڵیش شاری (کوالالەمپـور) ی پایتەختی دەوڵەتی (ماليزیا) دەکرێت بە پایتەختی جیهانی کتێب و لەو رۆژەشدا پێشانگای گەورەی کتێبی لێدەکرێتەوە.. هەر لەم رۆژەدا و لەم پایتەختەدا، (خەڵاتی یۆنسکۆ) ش دەدرێت، بە نووسەرانی ناسراوی ساڵی رابردوو، لە بواری (ئەدەبی منداڵان) و بواری (ئەدەبی لاوان) دا.
شایەنی باسیشە، هەڵبژاردنی رۆژی (٢٣/ ئەپریل) وەکو رۆژێکی جیهانی کتێب و مافەکانی نووسەر، هەڵبژاردنێکی هەڕەمەکی و لە خۆوە و بێ بنەما نەبوو، بەڵکو هەڵبژاردنێکی هـێمایی و رۆشنبیری و ئەدەبی و رێزلێنانی لە پشتەوەیە، کە سەنگیان لە ئەدەبی جیهانیدا هەیە.
لە رۆژێکی وادا، لە (٢٣/ ئەپریل/١٦١٦) دا، کەڵە نووسەر و شاعیر و رۆماننوس و شانۆنووسی جیهانی (ولیام شکسپیر) کۆچی دوایی کرد، هەر لەم رۆژ و ساڵەدا بوو، نووسەر و شاعـیری مەزنی ئیسپانی (میگـیل دی تیبانتس) نووسەری سەرکێشییە ئەفسانەییەکانی (دون کیشۆت)، لە رۆژی (٢٣/ ئەپریل/ ١٦١٦) کۆچی دوایی کرد. هەر لەم رۆژ و مانگەشدا، چەندین نووسەر و شاعـیر و ئەدیب و رۆماننووسی ناسراوی جیهانی، لەدایکبوون یا کۆچی دواییان کرد، لەوانەش: (مۆریس درایۆن، ئینگا گارسیلاسۆ دی لاڤیگا ، فلادیمێر نابۆکۆڤ، هاڵدۆرک لاکسنس، جۆزێت بلا، مانۆیل میگیا فاییگۆ،…) زۆریش گەڕام بۆ رۆژی لەدایکبوون یا کۆچی نووسەرێکی ناسراوی کوردمان لەم رۆژ و مانەدا، تا لێرەدا ناویان بنووسم، بەرچاوم نەکەوتن.
هەموو ساڵێکیش رۆژێ پێش (رۆژی جیهانی کتێب) واتە لە رۆژی (٢/ ئەپریل) دا، کە یادی لەدایکبوونی کەڵەنووسەری بواری ئەدەبی منداڵان، چیرۆکنووس (هانز کریستیان ئەندەرسین) ی دانیمارکییەە، کە بە (باوکی ئەدەبی منداڵان) لە جیهاندا ناسراوە.. هانز ئەندەرسین، لە رۆژی (٢/ئەپریل/١٨٠٥) لە دانیمارک لە دایک بووە.. هەر دوو ساڵ جارێک، دانیمارک بە بۆنەی لەدایکبوونی هانز ئەندەرسین، لە رۆژی (٢/ ئەپریل) دا، دوو خەڵاتی بەنرخ، کە بە (خەڵاتی ئەدەبی منـداڵان) یا بە (خەڵاتی نۆبـڵی بچـووك) ناودەبرێت، خەڵاتەکانیش بریتین لە دوو (میدالیای زێڕ) و دوو (بڕوانامەی دپلۆم)، لە لایەن شاژنی دانیمارک (مارگرێتی دووەم)ەوە، لە ئاهەنگێکی شایستەدا لە (کۆپنهاگن) ی پایتەختدا، دەدرێت بە باشترین نووسەری کتێبی منداڵان و بە باشترین هونەرمەندی وێنەکێشی کتێبی منداڵان، لە ماوەی ئەو دوو ساڵەی رابردوودا.. گەرچی تا ئێستا بە فەرمی رۆژی لەدایکبوونی (هانز کریستیان ئەندەرسین) نەکراوە بە (رۆژی جیهانی کتێبی منداڵان). بەڵام دانیمارک و چەند وڵاتێکی تر، بۆ بەرزڕاگرتن و پێزانینی ئەو خزمەتە زۆر و گەورەیەی کە هانز ئەندەرسین پێشکەشی بواری ئەدەبی منداڵانی کردوون، لە ساڵڕۆژی لەدایکبوونیدا، کە بە رۆژێکی میژوویی و بە وەرچەرخانێک لە ئەدەبی منداڵان لە جیهان دادەنرێت، ئاهەنگ و چالاکی شایستە دەگـێڕن. هانز کریستیان ئەندەرسین لە رۆژی (٤/ ئەوگوست/١٨٧٥) دا، لە شاری کۆپنهاگن کۆچی دوایی کرد.
بە بۆنەی (رۆژی جیهانی کتێب و مافەکانی نووسەر) جوانترین پیرۆزبایی لە سەرجەم نووسەران و هاوڕێیانی کتێب و لە خوێنەرانی کوردمان دەکەم.. هیوادارم زیاتر و زیاتر هۆگر و شەیـدای خوێندنەوەی کتێب و رۆژنامە و نووسینی کتێب ببین.. تا خوێندنەوە ببێت بە پێویستییەکی سەرەکی و بە بەشێکی گرنگ لە کولتوور و لە ژیانمان.. تا ئەو رادەیەی رۆژانە نەتوانین بەبێ خوێندنەوەی کتێب و رۆژنامە هەڵبکەین.
دەبا عاشقانی کتێبی کوردیمان، هەموو ساڵێک لەم رۆژەدا، بیکەن بە نەریتێکی باو، بە دیاری و بۆ یادگاری (کتێب و گوڵ) پێشکەش بە یەکتری بکەن.. منداڵەکانیشمان لەسەر ئەم نەریتە جـوان و بەسوودە رابهێنن.
داواش لە کتێبخانە گشتییەکانی شارەکانی کوردستان دەکەم، کە بۆ ئەم رۆژە چالاکی و بەرنامەیان تایبەتییان هەبێت و کۆمەڵێک پۆستەر و دروشمی گونجاو بۆ هاندانی گەورە و منداڵان بۆ خوێندنەوە.. پۆستەرەکانیش لە شوێنە گشتییەکانی شاردا، هەڵیان بواسن. بۆ نموونە:( کتێب باشترین هاوڕێیە)، (کتێب جوانترین دیاری و یادگارییە)، (خوێندنەوە خۆراکی ئەقڵە)، ( دەمانچە و تفەنگ بۆ منداڵەکانتان مەکڕن.. گۆڤار و کتێبی منداڵانیان بۆ بکڕن)، ( گەر دەتەوێ هەمیشە لە یادمدا بیت.. کتێبێکم پێشکەش بکە)،( دایکان و باوکانی هۆشیار، هانی منداڵەکانتان بدەن با گۆڤار و کتێبی منداڵان بخوێننەوە)، (هەر خەریکی تاوڵە و دۆمینە مەبن.. چەند کتێبێک بخوێننەوە) … هتد.

مامۆستا دڵسۆزەکان، دادە دلۆڤانەکانی باخچەکانی منداڵان، با کتێبەکانی کتێبخانەکانی قوتابخانەکانتان تۆز لێیان نەنیشێن.. کتێب بۆ رازاندنەوە نییە.. بۆ خوێندنەوەیە.. ئێوە دەتوانن رۆڵێکی زۆر گەورە ببینن، لە رۆشنبیرێکردنی قوتابییەکانتان و لە هاندانیان بۆ خوێندنەوە.. ببورن، کە ئەم پرسیارەتان لێدەکەم: ئایا لە ماوی ساڵێکی خوێندندا، ناڵێم دوو جار، بۆ تەنیا جاریکیش قوتابییەکانتان بردوون بۆ (بەشی منداڵان) لە کتێبخانەی گشتی شارەکەتانـدا.. تا ئاشنای کتێب و کتێبخانە ببن و هـۆگری خوێندنەوە ببن..؟

وەزارەتی رۆشنبیری کوردستان، ئەم پرسیارەش ئاراستەی ئێوە دەکەم، ئایا تا ئێستا، لە (رۆژی جیهانی کـتێب) و لە بۆنە رۆشنبیری و ئەدەبییەکانی تـردا.. چەنـد نووسەری بە توانا و ناسراوی کوردمان لە بواری ئەدەبی منداڵاندا، لە لایەن ئێوەوە، خەڵات کراون؟ بڕوا ناکەم ئەوانەی کە تا ئێستا خەڵاتیش کراون، لە پەنجەکانی دەستێکمان زیاتـربن. راستییەکەی ئەوەیە، کە ئێوە وەکو پێویست ئاوڕتان لە ئەدەبی منداڵان و لە نووسەرانی ئەم بـوارە گرنگ و چارەنووسازە نەداوەتەوە.

رەزا شـوان
نەرویـج: ١٩/ ئەپریـل/٢٠٢٠




بۆ جوانیی ژینگە … عەلی حەمەڕەشید بەرزنجی

ئـــەم ژینگە یە نــازدارە
تـا خاوێن بێ جوان دیارە
گـــەورە و بچــوک پێکەوە
ھـەر ھەمووی بەرپرسیارە
با ھـەر کەسە و لەلای خۆی
دڵســــۆزیی بنوێنێ بـۆی
بەکـــــار و بە کــردەوە
وەک ئەرکێک بێ لە ئەستۆی
کە ھــــاوڕێیەک لە شوێنێ
دێ نــەمــــامێک دەڕوێنێ
ئێمەش وەکو ئـــەو دەکەین
خۆشی بۆ دڵمــــــان دینێ
ھاوڕێکــــانی تریش دێن
بەدوامــــــاندا دەگەڕێن
سەرو نەمــــــام دەھێنن
لـــــەو ناوەدا دەیڕوێنن
….
٢٤/١/٢٠٢٠




چەند تیرۆژە شیعرێک – شیعری: نەوزاد بەندی

{{{- – پێشکەش / بە شاعیر و ڕوناکبیری پایەبەرز : لەتیف بێوار – – ئەو پیاوەی فێری کردم شیعر ھەڵنەکڕوزێنم و یەکسەر لە کیبۆردەوە نەینێرم بۆ چاپ ..فێری کردم خەڵکێک ببەمە قوڵاییەکان و نەترسم لەوەی بخنکێن ..}}}

تا کوڕەکەی عۆجە مابوو ،
نەوت بەرامبەر خۆراک ئەبرا
بۆ گەلێک ، بودەڵە و برسی
کە کوڕی عۆجەیان لابرد ،
هەتا ئەمڕۆ ،
نەوت ئەدزن بەرامبەر کورسی

٭ ٭ ٭

شاخێکم دی ،
ئەیەڕۆ ! خۆی پیس کردبوو ..
لە دوورەوە پەڵەیەک
ھاتە بەرچاوم ..
پەڵەیەک سپی وەک دایبی ،
وورد بوومەوە ،
میللەتێکی سووک ..ترسنۆک
ئاڵای سپییان هەڵکردبوو

٭ ٭ ٭

بەچوار دەوری خۆما ڕوانیم ،
هەر هەمووی
فەریکە پیاو بوو ..
وەک مناڵ بۆ نان ئەگریان ،
لەسەر دەریایەک پترۆڵ کە
وەکیلەکەی
دووسێ تانجی و
سەگی ڕاو بوو ..

٭ ٭ ٭
ئەی نیشتمان..
من پێناسەی تۆم پێناکرێ ..
کە هاونیشتمانیی نەبن ،
خاک لە چوار لاوە ،
ئەدزرێ ..

٭ ٭ ٭

چیم پێ ئەکرێ ؟
ئەی دار و بەرد ،
چیم پێ ئەکرێ …!؟
خەڵکێک سەریان شۆڕ کردووە و ..
هەندێکیان سەر هەڵئەگرن و ..
هەندێکیان هەڕاج ئەکرێن و ..
ئەوەی تری لە خاچ ئەدرێ ..
بە خۆم و هەندێ حەرفەوە ،
کە لەدەستم هەڵئەوەرن ،
وەک زەیتون و بۆڵە ترێ ..
لە ژێر پێی ئەو مێگەلەدا ،
شیعری داماو ،
چی پێ ئەکرێ ..؟

٭ ٭ ٭

بە کۆمەڵێ سمێڵم ووت ،
کە بۆنی نۆکیلۆ ئارد و
یەک بتڵ
زەیتی حوکمەتیان لێوە ئەهات :
(وەرن ..با بڕۆینە دەرێ ..
شەقامەکان لوول بکەین و
بە خۆر بڵێین ،
چەند تیشکێ بۆ ئێمەیش بگرێ ..)
لەرز گرتنی
ترس کوشتنی ..
وەک مناڵی مەلۆتکە
ڕوویان وەرگێڕا و ..
لەناو قوماتەکەیانا ،
پێیان ووتم :
مردووت مرێ !

٭ ٭ ٭

ئەو هەموو پیاوە ڕیز ئەبن ..
لە ژێر بەفر و
لە ژێر باران ..
لەژلر خۆری برژاوی ئاب ،
پارەی چاپکراو وەرگرن ..
بوتڵێ غاز بە شان هەڵگرن ..
شەرمەزاریش نابن ،
نامرن..
لەسەر ئۆقیانووسێ نەوت و
پڕ دنیا گازی سروشتی ،
نە ساتێ بیر ئەکەنەوە..
نە دروشمێ دادەهێنن ..
نە پەندێ
دەرسێ ، وەرئەگرن ..

٭ ٭ ٭
دانیشتووی ئەمارەتێکم ،
بێ ئەمیر و
بێ شمشێرە ..
خەڵکێک وەک شەمشەمەکوێرە ،
یەک دوو تەقەڵ لە ژیان ئەدەن ،
ئیتر بەڕۆژ هەڵواسراون ،
دنیا ئاوەژوو ئەبینن ..
زۆر سەیرن مرۆڤی ئێرە …

٭ ٭ ٭

زاری زۆرم کردۆتەوە ،
لە مەلا تاکو کۆمۆنیست ..
لە بتپەرست ..
لە مۆدێرن و ..
پۆست مۆدێرن و ..
هەموویان بە مەتر و
بە بست ،
زمان دەردێنن و
دەڵێن :
( خوا چاکی کا !!)
ئیتر کارەبا ئەبڕێت و ..
ئەبێ کوڕی موەلیدەکە ،
-خوا دەست بگرێ بە باڵیەوە –
هەندل لێ دا ،
ڕوناکی کا ..
٭ ٭ ٭
لە دوای نۆ مانگ ،
مناڵێ کە دێتە ئێرە ..
دوو کۆمپانیا داهاتەکەی
بۆ ئەخۆن و
دوو دانە دەزگای خێرخوازیش
بە سەبەتەیەک گۆشی ئەکەن ،
ناوەکەی : سەبەتەی خێرە..
٭ ٭ ٭
میللەتێک
لە خەو هەڵئەسن ،
بێ بەرنامە و
بە بێ خاوەن ..
بڵاو ئەبنەوە ،
دێن ودەچن ..
گوڵەوەچنی مەزراکانی
نەوت ئەکەن و ..
جا سەریان بەرز ئەکەنەوە ..
کوا ..کەی قەت ئەوان ملکەچن !؟
٭ ٭ ٭
لێرە
پیاوە ئاینیەکان ،
سەدساڵە باسی خەبات و
گیانفیداکردن ئەکەن و
بەرە بەرە ،
قەڵەو ئەبن .
توشی زەغت وشەکرە ئەبن..
دانیان ئەکەوێت و
ئەمرن ..
بە بێ ئەوەی بۆ جارێکیش
لووتیان بپژێ ..
دڵۆپێ خوێنی خەباتیان
لە لەش برژێ ..
کۆمەڵێ لاو کۆ کەنەوە و
ڕێگا بە زاڵمێ بگرن ..
ئیتر تێناگەم ئەم هەوڵ و
ڕۆح و گیانفیداکردنە ،
کە بەردەوام باسی ئەکەن ،
لە ژیانا جێبەجێ ئەکرێ ،
یان ئەویش بۆ دوای مردنە ؟!
*. * *
ھونەرمەند و
نووسەرە زۆر گەورەکانمان
لە جیاتی بەرە تۆوی نوێ
بپرژێنن ،
بەڵکو گوڵی شۆڕش بڕوێ ..
لە سەنگەری ئەوروپا دا،
خۆیان لێ قایمکردووە ..
ئەوانەیشی سنوور داشن ،
یان گەڕاونەتەوە بۆ ئێرە و
شەیدای ڤێلای دیاری حیزب و
پیاھەڵدان و
چەند جۆرێ پارە و مەعاشن ،
لە جیاتی نیشتمان جوان کەن
لە جیاتی ڕێی پڕ لە بازگەی
شۆڕش و ھوشیار بوونەوە
بۆ مێگەلەکە ئاسان کەن ..
ئەڕۆن بەرەو تورکیا و یۆنان
بە پارەی خوێنی شەھیدان
بە کرێی ئەگرن کچێکی جوان
تا ببێ بە دارچینی
سەر محەلەبی
کلیپێکیان ..
لە پشت دیمەنی شارێکی
پڕ ھونەری بێگانەدا ،
گۆرانییەک تۆمار ئەکەن ،
بێ تام
مردوو
بێ گوزارشت
بێ ھونەر
پڕ ھەڵە و نوقسان
لە ئاواز و
لە ھۆنراوە و
لە دابەشکردنی مۆسیقا و
دەرھێنان و
وێنەگرتن و
ئەندازیاری دەنگی
بەڕێز جەنابی خۆی ..
ھەم زیارەت
ھەم تیجارەت
ھەم سیاحەت
چۆن ئەھێڵێ کەس لێی بخوا
ئەو دوگەی کە باریوە بۆی؟

٭ ٭ ٭
ئێرە نە کۆمەڵگایەکە و
نە گاگەلە ..
پلیکانەی خوار و خێچە ..
دەعباکانی
بە ئێسک و پروسکی یەکا ،
سەر ئەکەون ..
قرچە ..قرچە ..
ئەوەی گەیشتە
ئاستی
پێڵاوی شاهەنشا ،
شەرەفی بۆیاخ و
ماچی
پێڵاوی پاشای پێ ئەدرێ ..
قۆز ئەبێت و
قەڵەو ئەبێ ..
برۆ و ڕیش و قژ زەرع ئەکا
ئەتوانێ لەگزیش بکڕێ ..
ئەوانەی خوارەوە ئەبن ،
بە سەد بەرە ..
هەندێکیان پێی ئەڵێن
بەخوا ئازا و ژیرە ..
جەربەزەیە ..
هەندێ ئەڵێن ڕۆشنبیرە ..
ئەڵێن ووریا و قسە زانە ..
قەت بۆ مەوزوع دانامێنێ ..
هەندێ ئەڵێن : هەر لە خۆی دێ .
چاو نەترسە..
زەوی ڕوکن و ..
ڤێلا و شوقەیشیان داوەتێ ..
هێندە جوانن ،هەر مەپرسە ..
قەد و باڵاکەی ئەیهێنێ ..
هەندێ ئەڵێن چڵکاو خۆرە ..
خۆ فرۆشە ..
جۆرەها قسەی جیاواز و
سەیری
دەربارە دەردەبڕن..
هەر هەموویشیان ،
هیوادارن
سێڵفیەکی لەگەڵ بگرن
٭ ٭ ٭
من دوای
ساڵانێ خوێندن و
بیرکردنەوە ..
قوڵبوونەوە ..
مردن و زیندوو بوونەوە ..
سەرنجدان و
چەندین بارە پیاچوونەوە ..
تێڕوانین و لێکدانەوە ،
بۆم دەرکەوت ئەم ئیزدیحامە ،
بە خۆیشمەوە ،
موچەیەکی خۆڕایی بۆ ببڕەرەوە ..
لێی گەڕێ تەماتەی ڕزیو ،
بە نرخی تەماتەی فرێش ساغکاتەوە ..
ئیتر
سواری
پشتی نیشتمانەکەی بە ،
هەر ئاوڕیش ناداتەوە ..
خاک و
نەوت و
داهاتووەکەی ..
کەلەپوور و
ئاین و
مێژووی هەڕاج کە ،
ئاساییە بە لایەوە ..
بە کۆمۆنیست و
مۆدێرن و
سیکیولار و
مەلایەوە ..




لەگەڵ پەتای كۆرۆنا ڤایرۆس روناكبیری پزیشكی هاتەناو ماڵەكانمان-3-… ئازاد حەمە

بەشی سێهەم

  • كۆرۆناڤایرۆس ژیانمانی كردە بەشێك لەپزیشكی و تەندروستی:

    لەگەڵ بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆناڤایرۆس (COVID-19) روناکبیری پزیشكی هاتەناو ماڵەكانمان. پەتاكە بووە هۆكاری وروژاندنی زیاد لەپێویستی ناوی پزیشك(Doctor) و خودی پسپۆریەكەش، پزیشكی(Medicine)، تادەگاتە وشەگەلێكی تر وەك تەندروستی، دەرمان، ناساغی (Illness)، پەتا، نەخۆشی (Disease)، پاكوخاوێنی(Hygiene) و نەخۆشیناسی(Pathology) ((ئەو زانستەیە لەسروشت و هۆكاری نەخۆشیبوون دەكۆڵێتەوە))…هتد. ئەمە چەند باشە لایەنی خراپی هەیە. بێگومان باشە كە مرۆڤەكان ئاگایی پزیشكییان هەبێت و ئەوەش بكارێت زانینی تەندروستی لای تاكەكان دروستبكات، بەڵام كاتێك پزیشكی قسە لەسەر تەندروستیمان لە رێگای قسە لە مەرگمان و جەستەی بیمارمان دەكاتە بابەتێكی رۆژانە و بەردەوام لێكەوتەی دەروونی خراپی دەبێت. لێرەوە پزیشكی ترسناكی دروستدەكات، دەبێتە شتێكی تۆقێنەر و مەرگی خۆمانمان بیردەخاتەوە. هەر بۆیە پێویستە بپرسین: تاكوێ پزیشكی مافی قسەكردنی لەسەرجەستە(مەرگ بە كۆرۆنا) هەیە؟ لێرە پێویستمان بەجیاكردنەوەی پزیشكییە لە ڤایرۆسناسی (Virology). پزیشك هەمان ئیشی ڤایرۆسناس ناكات. ڤایرۆسناسی دەچێتە خانەی مایكرۆبایۆلۆجی(microbiology) یەوە، كە كاری لێكۆڵینەوەیە لە زیندە بچووكەكان. ئەدی كێ مافی قسەی لەسەر مەرگ هەیە؟ مەرگی جەستە، بە درمێك، بە ناساغیەك؟كۆرۆنا هۆكاربوو پزیشكی بێتە ناو ماڵەكانمانەوە.كێ ئەم مافەی بە پزیشكیدا؟بێگومان ماهیەتی دیسیپلین(Discipline)ەكە، بەهۆكاری ئەوەی ئێمە دەشێت دووچاربووبێتین، پێوەبووبێتین. بۆیە پزیشكی دێت و ئەو مافە بەخۆی دەبەخشێت قسە لە تەندروستیمان بكات تا جەستەی بیمار(ناساغ)لە جەستەی تەندروست جیابكاتەوە.لەبەرئەوەی پزیشكی”زانست و كرداری تیماركردن و نەهێشتنی نەخۆشی و دەردەكانە” مافی قسەكردنی لەسەر تەندروستیمان لە رێگای دەستنیشانكردنی ئەو پاتۆجێن(Pathogen)ەوە((نەخۆشخەر یان نەخۆشی دروستكەر))هەیە لە جەستەمان شوێنێك بۆ خۆی دابین دەكات.بەمە پزیشكی بەهۆی ئەوەوە، نیشانە(Symptom)كانی ناساغی جەستەمان بۆ بڕیاردان لەسەر چارەنووسی جەستەمان، كە بۆ ئێمە تەندروستیمانە،دەدات.باشە پزیشك جگە لە پسپۆری لە زیندەوەرناسی(بایۆلۆژی)و كارئەندامزانی(فسیۆلۆژی) پێویستە چیتر بزانێت تا قسە لەسەر تەندروستیمان بكات؟ئەم پرسیارە بەو ئاقارە كاردەكات كە روناکبیری پزیشك بخرێتە ژێرپرسیارەوە.پزیشك جگە لە چەمكگەلێكی وەك
    نەخۆش(نەخۆشی)، نیشانەكانی ناساغی، ئازار و دیاریكردنی جێگای ئێش و بیماری چیتر پێویستە بزانێت؟

    بەواتایەكی تر، لەگەڵ كۆرۆناڤایرۆس، كە روناکبیری پزیشكی هاتەناو ماڵەكانمان، هەموو خۆمان بە نەخۆش(Patient) زانی وزمانی پزیشكیش كەوتە گۆگردن. مانای تەندروستییش كە زمانە پزیشكییەكەی لەخۆدا بەرجەستەكردوە لە میدیاكانا خۆی نمایشكرد و زۆنێكیشی بۆ پراكتیزەكردنی خۆی، پاش نەخۆشخانەكان، لە ماڵەكانمانا دۆزییەوە. میدیاكان لە ژێر فشاری كۆرۆناڤایرۆس ماڵەوەیان لێكردینە دەرمانخانە و نەخۆشخانەیەكی بچووك و رۆژانە چەند جارێك وشەگەلێكی وەك: پزیشك، تەندروستی، تووشبوو، نەخۆش، پزیشكی،پەتا، ناساغ، هەڵگری ڤایرۆس، چاكەوەبوو، مردوو، جەستە، دەرمان، ڤاكسین، پاكوخاوێنی، دەرمانخانە، چارەسەر، پشكنین..وهتد بەرگوێمان كەوت. هەموو ئەو وشانەش پزیشكی و پزیشك و نەخۆشخانەیان بیر دەخستینەوە.تەنانەت هەندێك وشە(تەشەنەسەندن، هەڵاوسان، ئاسایش و..) بواری بەكاربردنیان زۆرتر كەوتە ناو بواری پزیشكی و تەندروستییەوە تابواری مێژوو، ئابووری، ئەدەب، سیاسەت. كەوابێت كۆرۆناڤایرۆس ژیانمانی كردە بەشێك لەپزیشكی و تەندروستی.

  • كۆرۆناڤایرۆس پزیشكی كردە شای زانستەكان

    پزیشكی چییە؟ ئەو پرسیارە لە بیركراوەیە (كۆرۆناڤایرۆس) هێنایە ناو گفتوگۆكانمان سەبارەت بە تەندروستی گشتی یان خەڵك(Public health). تەندروستی بووە بابەتی راگەیاندنەكان، پزیشك دەركەوت، نەخۆشی بوو بە چەمكەێك كە جێگای بە هەندێك چەمكی تر لەقكرد كە پێشتر راگەیاندنەكان لەسەری مشەخۆربوون وەك: تێرۆر، گەندەڵی، جێندەر، داعش، یەكسانی و.. هتد. پزیشكی كە كۆرۆنا كردیە بابەتی بەردەوامی ماڵەكانمان واتای نەخۆشی لەگەڵ خۆی گشتیكرد. لەگەڵ واتای نەخۆشی چیتر بەرۆكی گوێگرتنەكانمانی گرت؟ تووشبوون، چاكبوونەوە، مردن، بیماری، ساغی، شفا، پاكوخاوێنی و..هتد. كەواتە پزیشكی خۆی ساناكرد و لە دیسپلینێكی ئاڵۆزەوە بووە روناکبیرییەكی سەرپێی رۆژانە.پزیشكی وەك زانستی دەردناسی و كاركردن لەسەر بیماری و توێكاری جەستە بووە باسی گشت میدیاكان و لەوەكەوت شتێكی تایبەت و لە شوێنێكی دیاریكراودا كاری خۆی بكات یان دەركەوێت، بۆنموونە نەخۆشخانە و هۆڵی توێكاری جەستە و ژووری نەشتەرگەریی.
    بەواتایەكی تر، بەهۆی پەتای كۆرۆناوە زانستی دەردناسی(Pathology)((نەخۆشیناسی، ئەو زانستەی لە سروشت و هۆكاری نەخۆشیبوون دەكۆڵێتەوە))، كە كار لەسەر جەستەی ناساغ و دووچاربوو بە نەخۆشی دەكات بووە بوارێكی دەركەوتوو لە میدیاكانی جیهان و ئیشیشی بووە قسەكردن لە تووشبوو و چاكبووەوە لە ڤایرۆسی كۆرۆنا. مەبەست كۆرۆنا وایكرد دەرمانسازی و پەرستیاری ببن بە زۆرترین چەمكی بەكاربردوو لە میدیا گڵوباڵەكانا. كەس ئێستا قسە لە دان ناكات، لە قووڕگ، لە چاو…. قسەكردن لە ڤێتێرنەری ( Veterinary ) بەتەواوی فەرامۆشكراوە. كەس هەست بە ئازاری ئاژەڵەكان ناكات. ئەوەی گرنگە مرۆڤە. لەوەش گرنگتر مرۆڤی ساغە. هەموو خەمی ئەوەیانە ساغ بن، ساغ دەركەون. پەتای كۆرۆنا وایكرد پزیشكی ئاژەڵ بكەوێتە پەراوێزی پزیشكی مرۆڤەوە. ئێستا كێ باس لە ئازاری ئاژەڵەكان دەكات؟ خۆی دەبایە، بێكومان، مرۆڤ بێت، لێ مرۆڤەكان كەوتونەتە وایخۆیان. پەتای كۆرۆنا وایكردووە مرۆڤەكان ئێستا تەنیا لە خەمی خۆیاندا بن. هاوكات، پەتازانی و نەخۆشیزانی بەهۆی كۆرۆناوە بوونە چەمكە شیرینەكان لەكاتێكا ترسناك و سامناكن. بۆئەوەی پێشگیریش لە نەخۆشبوونمان و ئازاربكەین بێ ئەوەی پێی بزانین، و بشمانەوێت، بووینە بەشێك لە زانستی پزیشكی.ئێستا ئێمە بەهۆی پەتای كۆرۆناوە ماڵەكانمان و شوێنی كارەكانمان بوونە بە نەخۆشخانەیەكی بچووك یان دەرمانخانەیەكی گوازراوە. زۆرترین بوارێكی پزیشكی كە ئێستا لەژێرسایەی ترس لە كۆرۆنا بەكاردەبرێت كارئەندامزانی و زانستی بەرگرییە، ئەڵبەتە لەڕێگای زیندەوەرناسییەوە كە شادەماری گفتووگۆ پزیشكییەكان پێكدێنێت.

    پەتای كۆرۆنا وایكرد پزیشكی ببێتە زاڵترین بواری زانستی. هەموو حەزدەكەین پزیشك بووینایە یان ببین بە پزیشك. گومانی ناوێت زانستە پزیشكییەكان لەڕووی مێژووییەوە لەخۆڕا گەشەیان نەكردووە و مرۆڤایەتی، بە بوونەوەرەكانی تریشەوە، زۆری چەشتوە تا پزیشكی بەم ئاستەی ئەمڕۆ گەیشتووە، بەڵام پزیشكی كە تەندروستی لەخۆدەگرێت بێلایەن نییە و شێوازی جوڵانەوەشی ئاراستەی خۆی هەیە و لە زانستە مرۆییەكان(سیاسەت، دەروونناسی، كۆمەڵناسی)دابڕاو نییە، لەپێش هەموشیانەوە لە فەلسەفە كە لەڕێگای رەوشتەوە، ئێتیك، دێتە ناو پزیشكییەوە. ئەمەش بەهۆكاری ئەوەی كە رەوشتی پزیشكی(Medical ethics) گەلێك میكانیزمی جووڵەی پزیشكی دیاری دەكات و مرۆییبوونی پزیشكی دەخاتە بەردەم بەرپرسیارییەوە. لێرەوە ئاكاری پزیشكی چاودێری دەكرێت و كردەی پزیشك پێناسە دەكرێت و نەخۆشیش بابەتی هاوبەشی نێوان رەوشت و پزیشكی پێكدێنێت. تەنانەت دادوەری پزیشكیش لەگەڵ رەوشت ئیشی خۆیان لەسەر دیاردە تەندروستییەكان دەكەن. لێرە دەشێت نموونە لەسەر تێزەكانی بیرمەندی ئوسترالی پێتەر سینگر (Peter Singer) بهێنینەوە سەبارەت بە ((لەباربردن، كوشتنی ئاولەمە(embryo)، مەرگی باش یان مردنی میهرەبانانە(Euthanasia)، (Infanticide) )) كە لە بواری فەلسەفەی بیۆئێتیكی ئوتیلیتاریستی(Utilitarian bioethics) گفتوگۆی زۆری لەسەرە و پزیشكیش لەسەر دەستی تێزەكانی ئەم فەیلەسوفە تەندروستی و كۆمەڵگە پێكەوە گرێدەدات و هەنگاویش بەرەو سنوردانان بۆ ئازارچەشتن دەنێت. پێتەرسینگر، دوای دەركەوتنی پەتای كۆرۆنا، كار لەسەر زۆر تێزی تازەی خۆی دەكات كە پەیوەندییان بە بابەتی مردن (death) و رەوشتی مرادنەوە (dying) هەیە. ئەو دەمەش تێزە فەلسەفییە ئێتیكییەكانی سینگر سەبارەت بە مەرگ گفتوگۆی لەلایەك بایۆ-فسیۆلۆجی و لەلایەكی تر ئاینی و كۆمەڵایەتی-سیاسی لە خۆدەگرن لەگەڵ تێزی بیرمەندانی بیۆئێتیك (Bioethics) لێرە و لەوێ لە زانكۆكانی رۆژئاوا رووبەڕووی یەكتردەبنەوە و هەڵوێستەی جیاوازیی رەوشتی دروست دەكەن.

  • كۆرۆناڤایرۆس رەوشتی پزیشكی خستەبەر گفتوگۆە

    كۆرۆناڤایرۆس رەوشتی پزیشكی بەرچاویتركرد. بواری پزیشكی، كە دەسەڵاتی تەندروستیش لەخۆدەگرێت، لەگەڵ سەرهەڵدانی پەتای كۆرۆنا زۆرتر وابەستەی بەها رەوشتییەكان بوو و بڕیارە پزیشكییەكانی پزیشكیش پتر لە جاران كەوتنە ژێر چاودێری تاكەكانی كۆمەڵگەوە.پزیشكی خەریكە بەهۆی پەتای كۆرۆناوە دیار لە نادیار، بینراو لە نەبینراو زۆرتر لە جاران لەیەكدی جیادەكاتەوە و ئەوەش دەستنیشاندەكات كە كۆمەڵگە لە چاوەڕوانیدایە. بۆئەو مەبەستەش پزیشك دادوەرییە پزیشكییەكانی كەوتە ئاستێكی پزیشكی ئەوتۆوە كە لایەنی كۆمەڵایەتی و رەوشتیشی تیا بەهەند وەربگیررێت. بەهەمانشێوە، سەرهەڵدانی پەتای كۆرۆناڤایرۆس بڕیاری پزیشكی(Medical Decision) كردە كارێكی ئاڵۆز. ئاڵۆزییەكە لە تایبەتییەتەكەی خودی پیشەی پزیشكییەكەوە سەرچاوەدەگرێت. بڕیارەكەش سەرچاوەی كارئەندامزانی و زیندەوەرناسی هەیە كە لەگەڵ نەخۆشیناسیدا پێكەوە بۆ دەستنیشانكردن (Diagnosis)ی نەخۆشیەكە كاردەكەن. دەستنیشانكردن بۆ چارەسەركردن (Treatment)ە. لێرەشەوە پۆلینێكی تر لەدایكدەبێت كە دەشێت ناونرێت كێ ساغە؟ كێ ناساغە؟ جیاكردنەوەی ناساغ لە ساغ گشت پرۆسەكە داگیردەكات. پەتای كۆرۆنا كە دەركەوت بۆ ناساغكردنمان هات. پزیشكی وەك تاكە بوارێك توانی رووبەڕووی ئەم پەتایە ببێتەوە و پرۆسەی ناساغی بگۆڕێتە ساغی.

    كۆرۆناڤایرۆس گفتوگۆیەكیتری لەبواری دادوەری رەوشتی و بڕیاری پزیشكی دا هێنایە كایەوە. چۆن؟ دیارە كە دادوەری رەوشتی و بڕیاری پزیشكی لە پەیوەندیدان لەگەڵ یەكتردا، بڕیارە پزیشكییەكان چەند لەگەڵ كردە رەوشتییەكان یەكدەگرنەوە و چەندیش پزیشكی (وەك بوارێكی زانست) گوێ لە رەوشت (وەك بوارێكی فەلسەفی) دەگرێت لەو شوێنە دەردەكەوێت كاتێك كە كەیسێكی پزیشكی رووبەڕووی دادوەری رەوشتی دەبێتەوە، ئەمەش تەنیا لەبەر ئەوەی كە زۆرجار پێكدادان لە نێوان بڕیاری رەوشتی و دیلێمای ڕەوشتی(Ethical dilemma)دا روودەدات. پێكدادانەكە لەسەر پێوانەی باشە و خراپە نییە، كە دووچەمكی هێژای فەلسەفەی رەوشتن، بەقەد ئەوەی كاركردنە لەسەر بنەمای سەیركردنی پزیشكیانە بۆ كردە پزیشكیەكە كە ئەوەش پاشخانی كارئەندامزانی و بایۆلۆژی خۆی هەیە. كەوابێت باشە و خراپە دەگۆڕدرێن بۆ دروست و هەڵە كە رەنگە لەتەك بنەما كۆمەڵایەتیەكان، كە ژێرخانی رەوشتی و ئاینییان هەیە یەكبگرنەوە. رێك بابەتی ناشتنی مردووانی كۆرۆناڤایرۆس بەنهێنی یان دوور لەچاوی زۆربە دەشێت ئەم لایەنە بگرێتەوە. ئەو ئارگومێنتانەی پزیشكی باوەڕی پێیەتی كە دەبێت بەو جۆرە بنێژرێن نەك بەوجۆرەی تر هێندەی پەیوەندی بەهەڵبژێرە پزیشكیەكەوەیە هێندە پەیوەندی بە پێوانە رەوشتی یان ئایینییەكانەوە نییە. زۆرجار دەسەڵاتی پزیشكیش كە هێزی خۆی لەناو تەندروستیدا هەیە وەك بەشێك لە دەسەڵاتی سیاسی سەیر دەكرێت و، ئەم لایەنەش لەكاتی ناشتنی مردووانی پەتای كۆرۆنا لە ئیتالیا رەنگدانەوەی خۆی هەبوو. نەك هەر ئەوە بگرە گوزارەی “”لێگەڕێ با بمرێت”” كە لە مێدیاكانا گۆكرا لەناو پزیشكانی ئیتالی كاردانەوەی هەبوو،””لێیگەڕێ بابمرێت”” خەریك بوو ببێتە پرینسیپ لەناو هەندێك لە دامەزراوە تەندروستییەكانی هەندێك لەو وڵاتانەی دەرەقەتی رووبەورووبوونەی پەتاكە نەدەهاتن(لەوانە ئیتالیا).

    بەپێیی ئەوە بێت لای سەرەوە باسكرا، كۆرۆناڤایرۆس تێگەیشتنی بۆ واتای ئۆتۆنۆمی(سەربەخۆیی) نەخۆشیش گۆڕی. راستە ئۆتۆنۆمی بەشێكە لەو ئاگاییە روناكبیرییەی نەخۆش پێویستە سەبارەت بە دۆزی نەخۆشییەكەی هەیبێت، بەڵام لە حاڵەتی وەك كۆرۆنا دا بڕیاری لەسەرووی ئەوەوە(نەخۆشەكەوە) بەسەر جەستە و تەندروستیدا دەدرێت. تەندروستی نەخۆش(لەو جۆرەی كۆرۆنا) تەندروستی هەموانە، چارەنووسی زۆرێكیش بە چارەنووسی تەندروستی ئەوەوە بەندە بۆیە بڕیاری پزیشكی لێرە بریارێكی تاك رەهەند دەبێت ئەمەش هەمووی دەچێتە خانەی ئاسایشی نەتەوەوە.جەستە لە حاڵەتی وادا موڵكی تاك نییە و بەشێكە لە جەستەی كۆمەڵگە كە ئاسایشی وڵات لێی بەرپرسیارە. جەستەیەكی كۆرۆنادار، ئایدزدار. جەستەیەك كە هەڵگری كۆرۆناڤایرۆسە جەستەیەكی ترسناكە و دوورخستەوەی لە جەستەكانی تر بەرپرسیارییەكی تەندروستییە. تەندروستیش هەروەك وتمان بێ لایەن نییە و بەشێكە لە سیاسەتی وڵات(شار) بۆیە بڕیاری تاك لایەنانەی پزیشك لەسەر چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ جەستە پەیوەندی بەم خاڵەوە هەیە تا شتێكی تر. بەم جۆرە جەستەی سەردەمی كۆرۆناڤایرۆس جەستەیەكی گفتوگۆواوییە. جەستەیەكی بێ لایەن نییە. جەستەیەكی سیاسییە. مەرگیشی هەر سیاسییە. لێرەوە گفتوگۆی بەسیاسیكردنی مەرگ و جەستە دێتەگۆڕێ. لەو وڵاتانەی كە پەتاكە شەكەتیانیكرد، مردووان یان تووشبووان یەكسانكران بە جەستەكان، ئەمڕۆ چەند كەس لە فەرەنسا یان ئەلمانیا دووچاری پەتاكە بوون بووە باس لە جەستە. جەستە و شوێن بوونە باسی میدیاكان. جەستەی ئیتالی و جەستەی ئەمەریكی و … هتد. جەستە چەند لاوازبێت و چۆن پەتاكە پێیدەوێرێت، جەستەی تر چەند بەهێزە و كاری تێناكات. جەستە و بەرگری بوونەكەی بووە باس. چۆن جەستەمان بەهێزبكەین و باشی بەخێوبكەین ئەوەش بووە بابەت. ژەمەكانی خواردنی و بەهێزكردنی جەستە. بۆیە دەستكرا بە پروپاگەندەی رەگەزپەستی كە ئەوروپاییەكان بەرازخۆرن و چینییەكان پیسخۆرن و، ئێمەی رۆژهەڵاتی خواردنی تازە دەخۆین و ئەوان خواردنی بەستوو. بەبێ ئەوەی پسپۆران لە خواردنناسی و ژەمی خوارن بێنەسەرخەت و هەڵەكان راستكەنەوە جەستە كرایە كۆیلەی كولتوور.

    كۆرۆناڤایرۆس ئاقارێكی تری بە تێگەیشتنی رەوشتیانەی پزیشكی دا. دەبینن لەگەڵ ئەم پەتایە دكتۆر كۆمەڵایەتیتر بوو و پزیشكیش پتر لە جاران بەهاكان لەبەرچاودەگرێت. سەرەتا، و ئێستاش، بەشێك لە تووشبووان و دواجار قووربانیانی دەستی كۆرۆنا ئەوانەبوون لە كەرتی پزیشكی كاردەكەن. بەم جۆرە بەها بە جۆرێكی خەستتر لە جاران هاتە ناو كەرتی تەندروستییەوە. دەشێت لێرە بوترێت ترس لە پەتای كۆرۆنا هۆكار بوو بۆ زۆرتر رەوشتیبوونی كەرتی تەندروستی لە ئاستێكی گڵوباڵ؟ بێگومان سەرەتای قووربانیەكانی شاری یۆهانی چینی پۆلێك پزیشك و پەرستیار بوون. جیهان لە قۆناغی پاشكۆرۆنا ڤایرۆس(Post-Coronavirus) رەنگە وابكات كە بەشێك لە وڵاتان بیر زۆرتر، جیاوازتر، لە كارمەندانی كەرتی تەندروستی بكەنەوە تا قۆناغی پێش كۆرۆناڤایرۆس(Pre-coronavirus). كەمترین شتێكیش كە جیهان پاشكۆرۆناڤایرۆس Post-Coronavirus شیاوە بیكات بیركردنەوەیە لە باشتركردنی مووچە و پێداویستییەكانی بواری كاری تەندروستی و ئاوڕدانەوە لە ژیانی پرایڤت و پشوویان. ئەمەو وتنەوەی بەهای رەوشتی، رەوشتی پزیشكی و دادوەری رەوشتی پزیشكیش دەشێت لە ئاستێكی هاوچەرخ و باڵای ئەكادێمی تر ببن بە بەشە وانە لە كۆلێجەكانی پزیشكی، پەرستیاری، ڤێتێرنەری و بۆ ئەو مەبەستەش پێویستە فەلسەفەی رەوشت و فەلسەفەی پزیشكی كاریگەریی لەناو بەشەكانی زانستە پزیشكی و تەندروستییەكاندا دابنێن.

  • خۆیەكسانكردنی كۆرۆناڤایرۆس بەمەرگ

    پزیشكی بەهۆی كۆرۆناوە چالاكتر بوو. ئێستا پزیشكی زۆرتر بیردەكاتەوە. پزیشك پتر لە جاران چالاكەوانە.كۆرۆنا داوای كاری خۆبەخش و چالاكەوانی لە پزیشك و پزیشكی دەكات. پزیشك واتە سەربازی ون، بەڵام كەناڵەكانی بازرگانی تەندروستی و دەرمانسازی نەوەستاون و هەوڵی گەورە كۆمپانیاكانی دەرمان كێ زووتر ڤاكسینی ئەنتی كۆرۆناڤایرۆس دروستبكات كێبركێی تووندی تێكەوتووە. لەم حاڵەتە ڤاكسین بووە دەرمان(چارەسەر)،ئەویش واتە رزگاركردن لە مەرگ، كەمكردنەوە ئازار و لەوسەریشەوە نەهێشتنی ترس، ترس لە مەرگ بە كۆرۆناڤایرۆس. كۆرۆنا مەرگمان بیردەخاتەوە. كۆرۆنا بێ لایەن نییە. مادامەكی هێنەری مەرگە و لە رێگای ئەوەوە مەرگ واتای خۆی لە كۆمەڵگە جارێكی تر بەدەستهێنایەوە. كەوابێت كۆرۆنا نەك هەر وەك هێزێكی نادیار، دوژمنێكی نەناسراو، بگرە وەك هێزێكی مێتافیزیكیش خۆی نمایش دەكات. ئەمەش بەهۆكاری ئەوەی كۆرۆناڤایرۆس خۆی بە مەرگ یەكسانكرد، بەو شتە ونەی لە گشت شوێنێك دەخولێتەوە و هەر نادیارە. كۆرۆناڤایرۆس لە رێگای ناوی مەرگەوە مەرگی لە ونبوون خست. لە رێگای ئیعلانكردنی مەرگی كەسێكەوە رق لە مەرگ بوو بە رق لە كۆرۆناڤایرۆس.

  • ئیدیای پاكوخاوێنی ئیدیای كۆرۆناڤایرۆس نییە

    بۆ كەمكردنەوەی، تەنانەت نەهێشتنی ترس لە مەرگ و لاوازكردنی دەسەڵاتی مەرگاوی كۆرۆناڤایرۆس پاكوخاوێنی(Hygiene) بووە سەرباسی راگەیاندنەكان. پێش كۆرۆناڤایرۆس پاكوخاوێنی هەبووە بەس ترس لە مەرگ بە كۆرۆناڤایرۆس هۆكاربوو بۆ ئەوەی كە كۆرۆناڤایرۆس پاكوخاوێنی بۆخۆی قۆرخ بكات. پاكوحاوێنی بەهۆی ئەم ڤایرۆسەوە بوو بە بیزنز(Business)، دەرمانخانەكان بەشێكی زۆر لە ئەركی ئەم بیزنزەیان لەئەستۆگرت. ئیدیای پاكوخاوێنی ئیدیای كۆرۆناڤایرۆس نییە، بەڵام كۆرۆناڤایرۆس بۆ خۆجیاكردنەوە و خۆسنورداركردن پاكوخاوێنی كرد بە دیوارێك لەنێوان دووچاربووان و دووچارنەبووان. ئیدیای پاكوخاوێنی لەدێر زەمانەوە هەوڵیداوە پیسی بخاتە دەرەوەی خۆی. خاوێن دەمێكە لەگەڵ پیس، هەروەك چۆن باشە لەگەڵ خراپە، لە رووبەڕووبونەوەدان. خاوێنی و پیسیش بابەتی شەڕی چین و كارەكتێریش دێنێتە گۆڕێ. واتە دەوڵەمەند كە دەبێت بە هێمای خاوێنی و هەژاریش كە دەبێت بە هێمای پیسی كۆرۆنا ئەو ئیدیایەی لەبنڕا هەڵوەشانەوە. ئێستا پیس و پاك، هەژار و دەوڵەمەند، خۆیان پاكدەكەنەوە. هەنووكە پیس و پاك، هەژار و دەوڵەمەند لەیەك دەترسن و خۆیان لەیەكتر بەدووردەگرن. سەرسامیەكە ئەوە نییە، بەڵكو ئەوەیە كە خاوێنی لەگەڵ پەتای كۆرۆناڤایرۆس بوو بە ئەرك و فەرمان و لەوەكەوت كە كردەیەكی خۆی بێت. لەحاڵەتی پەتای ناوبراودا خاوێنبوون داوایە و ئەوەش وایكردوە ببێتە بەرپرسیارییەكی رەوشتی فەرمی. لێرەوە رەوشت فەرمی دەبێت، حاوێنی بەیاسادەكرێت و خۆپارێزی ویستێكی ئیداری-تەندروستی دەبێت.بەمجۆرە، ئەوەی كە خاوێنبیت ئەوە ترسە نەك خۆشی. خاوێنی دەمووەختی بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا ئازادی تیا نییە و دیسیپلینە. خاوێنی لەم شێوەیە ،خاوێنیەكی زێدەرۆیتیاكراوە، شتێكە لە دەرەوەی ویستی خود، دەستشتنیش كە خاوێنیەكە دەپارێزێت بووە رۆتینێكی بێزاركەر.زێدەرۆی لە دەست دەستشتن و لە خاوێنی بەرهەمی ترسە لە كۆرۆنا. دیاردە هیچگەراكە، لێرە، ئەوەیە كە بە نەمانی پەتای كۆرۆناڤایرۆس، تا پاندێمییەكی تر، خاوێنی خۆی دەشارێتەوە، یان هەروەك پێشتر خاوێنی دەبێتە بابەتی چین و توێژە كۆمەڵایەتیەكان و خۆی بە ئاستی هاوچەرخی و هۆشیاری چینایەتی تاكەكانەوە هەڵدەواسێت. راستە زۆرجار ئەو بنەما رەوشتیانە دەكرێت بە سەرەتا بۆ خاوێنی كە ریشەی مێتافیزیكییان(یان لاهوتیان)هەیە، كە ئەمەش وادەكات كەسیێكی ئیماندار، وەك كەسێكی خاوێن، لە كەسێكی بێ ئیمان، وەك كەسێكی ناخاوێن، جیابكرێتەوە. بەپێیی ئەوەی كە خاوێنی خواستێكی مرۆییە و پەیوەندی بە ئاستی كولتووری تاكەوە هەیە ناشێت بەو جۆرە پۆلینبكرێت. خاوێنی لە شارستانی و كولتوورێكەوە بۆ ئەوی تر فۆرمی جیاوازیی كۆمەڵایەتی وەردەگرێت و مۆدێرنەش رۆڵی راستەوخۆی لە پاك و خاوێنی دیوە. ئێمە لەبەر خودی خۆمان خۆمان خاوێن رادەگرین نەك ئەویتر. خاوێنی كردەیەكی مرۆییە و پەیوەندی بەئاگایی مرۆڤەوە هەیە نەك شتێكیتر. مرۆڤ تاكە بوونەوەرێكە كە دەزانێت خاوێنی ئەركێكی رەوشتییە و دیوێكی جوانكاریشی هەیە. ئاین قۆرخی واتای خاوێنی دەكات بۆمەبەستی مێتافیزیكی خۆی، هەندێك لە ئاینەكانیش بەلوتبەرزی ئاینییەوە قسەدەكەن وخاوێنی تەنها بەئایینەكەی خۆیانەوە گرێ دەدەنەوە. خاوێنی كە دیاردەیەكی رەوشتی مرۆیی نا-مێتافیزیكییە پەیوەندی بە پێوانە رەگەزپەرستی وشۆفێنییەكانەوە( دەوڵەمەند خاوێنترە، سپی خاوێنترە، موسڵمان خاوێنترە،ئەوروپایی خاوێنترە، پیاو خاوێنترە) نییە. كۆرۆنا لە هەنووكەدا تێگەیشتنی بۆ خاوێنی و خاوێنبوون بەجۆرێك گۆڕی كە بۆخۆی قۆرخكرد. پێوانەی خاوێنبوونی خستە ئاستێكی تر. ئێستا هەموو خاوێنین بە بێ جیاوازی. ئەمەش ترسە لە مەرگ كە ترس لە كۆرۆناڤایرۆس، واتە ترسە لە دژە جەمسەری خاوێنی كە پیسییە. بەشێك لە ترسەكە سەرچاوەی یاسای هەبوو. بەیاسا خاوێنیمان هەڵبژارد. یاسا(غەرامە)خاوێنیكردین.

ماویەتی …..

ئازاد حەمە




-ئەفسانە چییە؟ … ڕێباز محەمەد جەزا بەشی سێهەم


[ڕاپۆرتێك دەربارەی چێتی ئەفسانەو خورافیات ]

(چەند جۆرێك لە ئەفسانە )
(نمونەی ئەفسانە )
ئەفسانەكان فرەچەشنن و چەندین جۆریان هەیە ، هەریەكەیان دەربڕینن لە واتا و مەبەستەكانی ئەفسانە ، بەپێی قۆناغ و مەبەستە جیاوازەكان ، ناوەرۆك و بەكارهێنانیان گۆڕانكاریان بەسەردا هاتووەو گرنگترینیان بریتین لە :
یەكەم / ئەفسانەی دروستبوون ” خەلیقەت ” : ……

بۆ درێژەی بەشی سێیەم کلیکی ئێرەبکەن ……

بەشی دووەم …..

بەشی یەکەم …….




یەکێ لە گەورە بیرمەند و مێژوو نووسەکانی هاوچەرخ بناسە… هەڵۆبەرزنجەیی

      یەکێ لە گەورە بیرمەند و مێژوو نووسەکانی هاوچەرخ بناسە.
          یوڤال نوح هاراری    Yuval Naoh HARARI 
     

” پێی ناوێ مێژوو بگۆڕین،ئەگەر هیچمان لەدەست دێت،
با ئێستا و دوا ڕۆژ بەرەو چاکتر بگۆڕین”. مەسعوود محەمەد

ساڵێ زیاترە بابەتێکم لە سەرچەمکی ( ئازادی) و خوێندەوە و لەوێدا بۆ یەکەمجار ناوی (یوڤال نوح هاراری) وەک بیرمەند و مێژوونووس و فەیلەسووفێکی ئیسرائیلی گەورەی هاوچەرخ بەرچاو کەوت.ئەو چەند بڕگەیەی بۆچوونەکانی لەسەر سیستەمی لیبەڕاڵی سەرنجی ڕاکێشام. هەڕەشەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا، کارێکی کرد، ئەم ماوەیەی خۆ دابڕان و خزانە نێو ماڵەوەم بۆ زۆر لە خەون و پرۆژەی نیوناچڵ و لەبەرچاو گیراوەکانم تەرخان کرد. یەکێ لەوانە ناوی هاراریم وەبیرکەوتەوە. لە ئینتەرنێت و یوتوبدا، کەوتمە سۆراخی. 3 کتێبە دیارەکەی کراون بە ئەڵمانی و بەداخەوە من دەستم پێێان ڕاناگات. بەڵام کۆمەڵێ چاوپێکەوتنی ڤیدیۆیی و نووسین و کۆڕ و سەمیناریم خوێندەوە و گوێ لێ گرت. زۆر بابەتەکان بە زمانی ئینگلیزی بوون، من تەنها توانیم سوود لە ئەڵمانیەکانی وەرگرم و ٥ـ٦ کاتژمێرێ گوێی لێ بگرم و دوو بابەتیشم لەسەر خوێندەوە.
ئەمەی بەردەستان پوختە و ناوەڕۆکی ئەو تێز و بۆچوونانەی ناوبراوە و بەندە بڕگە بە بڕگە بە تێگەیشتنی خۆم وەرم گرتووە و بەسەلیقەی خۆشم دامڕشتۆتەوە. وەک بەرکوڵێ بۆ ناسینی ئەم مێژووناسە گەورە، کە ئیمڕۆ باتەکانی بوونە جێی سەرنجی سەرۆکی دەوڵەتانی ئەوروپای ڕۆژئاوا و ئەمەریکا و سیاسەمەدار و نووسەر و ئابووریناسانی جیهان.. هاراری بەردەوام بە ڕێگاوە بە پایتەخت و ناوەندە زانستی و زانستگەدا دا، دەگەڕێ و بیروبۆچوونەکانی پێشکەش دەکات. گوێگرەکانی بەتامەزرۆوە ڕیگای دوور بە نرخی زۆر دەبڕن، تا گوێیان لە تێزەکانی بێت.
بەداخەوە پێموایە لە دنیای ڕۆشنبیریی کوردیدا و میدیاکەیدا، باس و خواستێکی تێروتەسەلەی لەسەر ئەم دەنگ و بۆچوونانەی هاراری بەرچاو ناکەوێ. هیچ کام لە کتێبەکانی نەکراونەتە کوردی. لەکاتێکدا بازاڕی چاپەمەنی کوردی، پڕ بووە لە بابەتگەل و شتی جۆراوجۆری ئەوتۆ کە لە رەفەی ناو مۆزەخانەکانیشدا بە زەحمەت جێگایان دەبێتەوە. دیارە من ناڵێم ئەو بابەتانە نابێ هەبن، بەڵکو گەرەکمە بڵێم کتێبە هەنووکەیی و گرنگ و ورووژێنەرەکانی سەردەم لەپێشترن. دیسان بەداخەوە چاپەمەنی کوردستان سەرەتا زۆر بە حیزبی کراوە و بۆ خزمەتی مەرامە سیاسییەکان، خەسڵەت و سیفەتی ئایدۆلۆژی و ئایینی پێوە نراوە. هەردوو ئاڕاستەکەش بەشێکییان بە وەرگێڕانی سەقەت و شێواو و لەزمانی دووەم و سێیەمەوە و حیزبەکانیش بە کەسانی ناشایستە و ناکارامە مۆنۆپۆڵیان کردووە.
Harari 3 لە کتێبە ناودارەکانی بریتین لە : ( کورتەیەکی مێژووی مرۆڤایەتی وەک مێژووی کۆن. مێژووی ئایندە و 21 وانە بۆ سەدەی21).

یەکێ لە بۆچوون و تێزە هەرە سەرەکییەکانی ئەم بیرمەندە، ئەوەیە پێی وایە “مرۆڤایەتی لەسەر لێواری مردنە”. واتە چارەنووسی بەرەو کۆتایی دەچێ . ئەویش نەک بەو شێوەیەی وەک خۆی دەڵێ: لە فیلمی هۆڵیۆددا هەیە، ڕۆبۆرتێ دێ و هەموو خەڵکەکە دەکوژێ و ئیدی دنیا تەواو”. بەڵکو لە ئێستا لەبەردەم 3 هەڕەشە و مەترسیی گەورەدایە.
1ـ شەڕی ئەتۆم.
2 ـ کێشەی ژینگە.
3 ـ گۆڕانەکانی تەکنەلۆژیا.

نووسەر پێی وایە قەبارەی ئەم هەڕەشانە هێجگار گەورە و گلۆبالن، هەر بۆیە نەتەوە و دەوڵەتەکان بەتەنیا و لۆکالی ناتوانن بەڕەو ڕووی بنەوە و پێویستە بە چەکی گلۆبال ڕووبەڕووی بوەستنەوە. بەڵام بەداخەوە ئەوەی لەسەر زەمینی واقیع وەک دێڤاکتۆ دەیبینین ئەوەیە، هەنووکە سیاسەتی سەر شانۆی جیهانی ، بەتایبەت لەنێو دیاترینیان یەکێتی ئەوروپادا، بەدیار ناکەوێ. لەکاتێکدا ئەم یەکێتییە بۆ ئەوروپا و جیهان زۆر گرنگە لە ڕووی ئاشتی و خۆشگوزەرانی و پێشکەوتنەوە.
مێژووی سەدەی ڕابووردوو دادەنێ، بە مێژووی فاشیزم کە شەڕی نێوان نەتەوە و دەوڵەتەکانە، لەدوای جەنگی جیهانی دووەمەوە سەرنگوم بووە. لەگەڵ مێژووی کۆمەنیزم، کە شەڕی چینەکانە. ئەویش لە کۆتایی سەدەکەدا داڕما و مێژووی لیبەرالیزم کە ململانێی نێوان تاکە ئازادیخوازەکان و ستەمکارانە، تا ئێستا 70 ساڵ زیاترە لەسەر پێی خۆی وەستاوە و هەناسە دەدات. هاراری ڕەخنە و بۆچوونی لەسەر لیبەڕالیزم، هەیە و پێشی وایە هێشتا باشترین سیستەمە. دیسان ئەم سیستەمەش هەموو خەونەکانی نەهێناوەتە دی و جێی گشت خواستەکانی مرۆڤی تێدا نابێتەوە و ئێستا لە دۆخێکی شڕدایە.
بەم پێیە ئاماژەکان وامان پێ دەڵێ،کە مرۆڤ نائومێد بووە بۆیەشە دەبێتە دۆڕاوی یەکەمی ئەم پێشهاتانە. بە وتەیەکی تر تەکنەلۆژیا و قەڵەمبازە گەورەکانی لە بواری پێشکەوتن و کۆنتڕۆڵکردنی مرۆڤ لەلایەن سیستەمەکانەوە ـ هاراری پێی وایە لەسایەی ئەم پێشکەوتنەدا ستەمکاری و دیکتاتۆری زیاتر دەبێت و زۆر خراپتر لەوەی لەسەر دەستی هیتلەر و ستالین و مۆسۆلۆنی و فرانکۆدا ئەنجام دراـ . بۆنموونە ئاماژە بەوە دەدات لە چین، منداڵی قوتابخانەکان بازنێکی بایۆمەترییان لە مەچەک کراوە، گوایە بۆ هاوکاری فێربوون و خوێندنە، لێ لە ڕاستیدا بۆ کۆنتڕۆڵکردنی منداڵەکەیە. مامۆستا دەزانێ: چی دەکات ؟ کەی دەخەوێ؟ لەگەڵ کێ سەرقاڵە و 24 کاژێر چی دەکات؟ و…هتد.هەروەها دەڵێ: ئەم میتۆدە لەسەر سیاسییەکانیش هەمان شتە.
هاراری پێی وایە ئێستا مرۆڤ هەرچی بکات، هۆکەی ئەوەیە خۆی وەک جاران بە بەختەوەر و ئاسوودە نابینێ. جاران باوەڕ وابوو، مرۆڤ لەلایەن دەسەڵاتی خواوەندەوە بەڕێوە دەبرێت. خواوەند پێمان دەڵێ چ باشە و چ خراپە. پاشا و سەرۆکەکانیش لە سێبەری ئەم بۆچوونەدا ساڵانێکی زۆر خۆیان بەسەر خەڵکدا سەپاند بوو. بە کورتی لێردا ئەقڵ و هۆش یەخسیری دەقەکانی تەورات و ئینجیل و قورئانە و دەرفەتی کاری سەربەخۆ و بڕیاردەر و داهێنەرانەی نییە. دواتر کە ڕینیسانس و هومانیزم سەریان هەڵدا، ئەو بۆچوونە لەق و کز بوو. مرۆڤ تێگەیشت کەوا لە خودی مرۆڤەوە دەسەڵات وەردەگرێ و خۆی بڕیار دەدات چۆن هەڵسوکەوت بکات. لەسەدەی 21 و ئایندەدا، ئەمانە هەموویان دەگۆڕێن و داتایزم/Dataisim جێیان دەگرێتەوە. واتە تەکنەلۆژیا لە ڕێگای داتاکانەوە دەبێتە هێز و سەرچاوەی دەسەڵاتی بڕیاردە بەسەر مرۆڤ دا.
ئەم مێژوونووسە پێ بە پێی ڕووداوەکان و گۆڕانکارییەکانی پەیوەست بە مرۆڤەوە هاتوو. ئەو هێند سەرقاڵی رابووردوو نییە، بە ئەندازەی ئەوەی کەوتۆتە لیکۆڵینەوە و وێڵی چارەنووسی مرۆڤە لە 2050 و سەدەکانی ئایندەدا. هاراری لە کتێبی یەکەم دا چەردەیەکی لەم مێژووە بەسەر کردۆتەوە..دواتر لە کتێبی دووەم دا Homo Deus، باسەکانی چارەنووسی مرۆڤ لە ئایندەدا دەکات و ئەوجا بە کتێبی سێیەم ئەڵقەی باسەکەی تەواو دەکات لە نێوان سێکوچکەی رابوورد و ئێستا و ئایندەدا. ئەو دەڵێ: ئێمە مێژوو لە ڕێگای مرۆڤەوە دەناسین. داتا و تەکنەلۆژیا ناتوانێ مێژوومان پێ بڵێ. هەروەها دەڵێ: ئێمە نە لە ڕابوردوودا ژیاوین و نە لە ئایندەشدا دەژین، بەڵکو ڕۆڵەی ئەم سەردەمەی خۆمانین.
کاتێ نووسەر ڕۆژگار و ساڵی 2050 وەک نموونە دێنێتە بەرچاو، کە تێیدا ئامێری زیرەک و تەکنیکی بایەلۆژی، ڕۆڵی هەرە هەرە یەکلاکەرە و چارەنووسساز و بڕیاردەر دەگێڕن،دەڵێ: ئەوە شۆڕشی نەپساوی تەکنەلۆژیایە بەو ڕۆژەمان دەگەیەنێ.
لە ئێستا کە نەخۆشی پەتای کوشندە ـ ئەو کاتێ کتێبەکانی نووسیوە، ڤایرۆسی کۆڕۆنا لە ئاراد نەبووە ـ برسێتی و قاتوقڕی گەورە و جەنگی جیهانی گەورە بەسەر چووە. مرۆڤ بە زۆر ئاواتی خۆی گەشتووە و بەردەوامە لە دەست ڕاگەیشتنی بە دەستکەوتی تردا، کەچی هەستی ئاسوودەیی و حەسانەوەی پێویستی نییە. هەرچەندە هاراری وتەنی، مرۆڤ هەزار هێندی مرۆڤی جاران بەهێزترە بە پێداویستییەکانی سەردەم، کەچی نەیتوانیوە کۆنترۆڵی تەواوی دەوروبەری خۆی بکات. یاخود ڕوونتر بڵێم مرۆڤ دەسەڵاتی بەسەر دەرەوەی خۆیدا ناشکێ. هەربۆیە گەرەکە ئینجا ئیستێک بکات و بگەڕێتەوە بۆ خودی خۆی وڤۆکۆس بخاتەوە سەر ناوەوی خۆی و گۆڕانکاری جەوهەری لە ناوەوەی خۆیدا ئەنجام بدات. خودی خۆی لێرەدا مەبەست جەستە و مێشک/ ئەقڵە.
لە دیدگای نووسەرەوە، ئەم نابەختەوەریی و نائاسوودەییەی مرۆڤ و گەیشتی بەم چارەنووسەی سەرەمەرگ، دەگەڕێتەوە بۆ دوو بنەما:
1ـ دەسەڵتخوازی زیاتر. 2 ـ بەختەوەری زۆرتر.
ئالێرەدا رۆژنامەوانێک لێی دەپرسێ: جا خۆ ئەمە کتومت لیبەڕالیزمە، بە سیستەمە کاپیتالیزمەکەیەوە. ئەویش لەوەڵامدا دەڵێ: لە لیبەڕالیزمدا بەهرەدارەکان توانای زیاتریان هەیە، لە خۆشگوزەرانتر بژین، ئەگەرچی لەم سیستەمەدا بایەخ بە تاک و خێزانیش دەدرێ. حەزی دەسەڵات و بەختەوەری و خۆشگوزەرانی و بەدەستهێنان زیاتر، کاپیتالیزمە. ئیدی مرۆڤ چی لەمە زیاتر دەوێت؟. هاراری دەڵێ: ئەمە ڕاستە ، بەڵام گەر خەڵک لە کاپیتالیزم دا، ڕازی بن بەوەی پێی گەشتوون، واتە قنیات بکەن ، ئەوە مانای وایە کاپیتالیزم دەمرێ. بەڵێ ئەمە خەسڵەتی مرۆڤە، نەک کاراکتەری کاپیتالیزم، کاپیتالیزم هاتووە کاری لەسەر ئەم زەمینەیە کردووە و بەردەوام دەکات.
هاراری پێی وایە کاتێ شۆڕشی پیشەسازی سەری هەڵدا، هەموو دەوڵەتان بەگەرمی پێشوازییان لێ نەکرد. تەنها بەریتانیا و فەرەنسا و ئەڵمانیا بە زوویی بەرو ڕووی چوون و هاوشانی هەنگاویان هەڵهێنا. دەرئەنجام دەینینین ئەمانە پێشکەوتوون و ئەوانەی دواکەوتن، بەجێمان و نەیانتوانی وەک پێویست خۆیان لەگەڵ گۆڕانکارییەکان دا بگونجێن.
ئەم یاسایە بۆ ئێستاش هەمان شتە، هەر وڵاتێ نەیەوێ لەگەڵ ئەم شۆڕشەی تەکنەلۆژیادا هەنگاو بنێ و خۆی بگونجێنێ، دوا دەکەوێ. بەواتایەکی ئەو وڵاتانە دەبنەوە کۆلۆنی ـ وەک جاری جارانی ئەفەریقا و ئاسیاـ ئەوانەی ڕابەرایەتی ئەم شۆڕشە دەکەن. ئاخر ساڵی 2050 وەک ئێستا نابێت!. باشتر بڵێم لە 100 و 200 ساڵی تردا دانیشتوانی گۆی زەوی، وەک ئێستا کە لە لایەن مرۆڤەوە داگیرکراوە، وا نامێنێتەوە. بەڵکە هەموو دەبنە نموونە بوونەوەرێکی سایبۆرگ لە شاری سایبۆرگCyborg Cities .
نووسەر دەڵێ: سەدەی داهاتوو، بۆ مرۆڤ ئوتومبێل و چەک و خۆراک هێندە گرنگ نابێت، بەڵکو جەستە و هۆش/ مێشک ئەمانە دەبنە جێی بایەخی سەرەکی مرۆڤ. ئەمەش کتومت دەکاتە ئەوەی بەهێزەکان و ئاقڵەکان چانسی ژیانیان زیاتر هەیە.
ڕۆژنامەنووسێک لێی دەپرسێ: تۆ ڕۆڵی ئایین دەخەیتە دەرەوە، لە کاتێکدا داتاکانی ئێستا پێمان دەڵێ: رۆژبەرۆژ خەڵک زیاتر روودەکاتەوە ئایین و رێژەکەش تا ساڵی 2050 زۆر زیاتریش دەبێ.
ساڵی 2010٢٠١٠ % کریستیان، 31,4، موسڵمان 23,2 ، بێ ئایین16,4، بودایی7,1 ، ئەوانی تر 6,7، جولەکە0,2 .
ساڵی 2050 ڕێژەی کریستیان31,4، موسوڵمان29,7 ، بێ ئاین 13,2، بودایی5,2 ئەوانی تر5,5 ، جولەکە0,2

لە وەڵامدا دەڵێ ئایین گرنگە لێ رابین و قەشە و مەلاکان، هەموو شت دەبەنەوە بۆ دەسەڵات و توانای خواوەند.ئەمانە نەک هیچیان دانەهێناوە،بگرە بەرامبەر زۆر داهێنانی نوێ بەگومانن،وا هەست دەکەن هەستیان بریندار کراوە. ئاین جاران سەرچاوەیەکی توانای داهێنان بوو، ئێستا بۆتە پەرچەکرد،لەبەرامبەر گۆڕانکارییەکاندا. ئەوەتا ژمارەی خۆکوشتن، زیاترە لە ژمارەی کوژراوی جەنگەکان.
لە ڕوانگەی Harariوە ئەو ئالوودەیی و هۆگری و توانەوەی مرۆڤ لە ئامێرە تەکنەلۆژییەکان دا، وەک Smatphon مرۆڤی سەدەی داهاتوو، دەبێتە نیوە مرۆڤ و نیوە کۆمپیوتەری ئۆتۆماتیکی. لەگەڕانەوەدا بۆ ناوەوەی خۆمان، سەنزۆری بایۆمەتری دەبێتە بەشێک لە جەستەمان، بەشەکەی تری بەهۆی سۆشیال میدیاوە دەبنە سمارتفۆن. لەم ڕێگایەوە شت وەردەگرین و دەدەینەوە. بۆ نموونە بەهۆی ئاپێکەوەApp ێکی ناو سماتفۆنەکەتەوە، دەتوانێ کاتێ بە شەقامێکدا دەڕۆیت و مەیلی سێکست هەیە، کەسێکت دی بە دڵت بوو.دەتوانی بزانی داخۆ ئەویش خرۆشی سێکسی هەیە؟١. لەم کاتەدا کەسەکە پەستانی خوێنی زیاد دەکات و پێڵووی چاوەکانی گەورە دەبن. ئەو ئاپەی تەلەفونە زیرەکەکە ـ سمارتڤۆنەکە ئەم کارە ئەنجام دەدات.دوای ئاڵۆرگردنی داتاکان، کۆنتاکت لەگەڵ ئەو کەسەدا ساز دەدات،ئاخر ئەویش هەمان سمارتفۆنی پێیە. ئەوکات ئەگەر ئەویش مەیلی لەسەر سێکس کردن بوو، ئەوە دیدار و بە یەکگەیشتن دێتە ئاراوە. کەواتە نە مێشک ،نە چاو، نە دەم ئەم کارەی ئەنجام نەدا،بەڵکو داتاکان.
لە باس و نموونەیەکی تردا بۆ باندۆڕی شۆڕشی تەکنەلۆژیا لەسەر ئایندەی مرۆڤ، دەڵێ: کاتێ تۆ ئوتومبێل دەئاژوویت و لە چوار ڕیانێکدا دەتەوێ بەدەستی ڕاستدا، بڕۆیت، ناڤیگەیشن/ Navigation یاخود گی پی ئێس GPS، زەنگی هۆشیاریت بۆ لێدەدات و دەڵێ: لەوێوە مەڕۆ ، گیراوە!، ترافیک زۆرە. ئەمەش دەیسەلمێنێتەوە کە تەکنەلۆژیا تابێت دەبێتە جێی متمانە و سەرچاوەی زانیاری وەرگرتن،زیاتر لە هەست و زانینی خۆمان. کەواتە مرۆڤی ئایندە لە پرۆسەی ژیان دا بە میتۆدی خواڕەزمی ئۆرگانی Algorismus پێویستی بە زانیاری تەکنەلۆژیایی و تەکنیکی زیاتر هەیە، Technical Know- how.
بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم باسی بڕیاردان و هەڵسەنگاندن و خەمڵاندنە ژمێریارییە خوارەزمییە دەڵێ: مەیمونێکی پاڤیان زۆر زۆری برسییەو دەچێتە دارستانێکەوە بە دوای مۆزدا دەگەڕێ. دار مۆزێ دەبینێتەوە،تەماشا دەکات شێری لە ژێردایە. مەیموونەکە دەکەوێتە بەردەم سەرکێشییەکی تێکەڵ لە ئازایەتی و ترسنۆکی. بەلام مەیموونی ناوبراو لە چرکەساتێکی کەمدا دەبێت بڕێار بدات،ئایا بچی مۆز لە دارەکە بکاتەوە؟ داخۆ مۆزەکان گەیون؟ تۆ بڵێی شێرە پێی بزانێ؟ ئایا بەم برسێتییە توانای هەڵاتنی لەبەردەم کەڵبەی شێرەکەدا هەیە؟ چەند هەنگاوی تری ماوە بگاتە دارەکە و کۆمەڵێ هێنانوبردنی دیکە. مەیموونەکە هەموو ئەم لێکدانانەوە بە هەستی خۆی دەکات،نەک بە کاغەز و قەڵەم، یاخود هەژماردنی خوارەزمییەوە.
هەرچەندە هاراری بایەخ و حەزی زیاتر بۆ کۆمەڵایەتی و سیاسەت و فەلسەفەیە و زۆر بە دنیای تەکنەلۆژیا و بایەلۆژییەوە سەرقاڵ نییە،لەگەڵ ئەوەشدا شرۆڤە و لێکدانەوەکانی لەسەر ئەو بنەمایانە دەکات و دەڵێ: دەبێ خۆمان باشتر بناسین، هەروەک سوکرات و فەیلەسووفەکانی تر داوامان لێ دەکەن. ئیدی دەسەڵات لە خواوەند و هومانیزمەوە دەگاتە دەست داتایزمDataismus/
داتاکان دەبنە بزوێنەری و فەرمانمان پێ دەدەن. هەڵبەت ئاماژەش بەوە دەکات کە تەکنەلۆژیا خاڵی لاوازی هەیە، ئەویش ئەوەیە کە ڕۆح و هەستی نییە، دەنا هەموو کارەکانی مرۆڤ دەیکات ئەو باشتر ئەنجامی دەدات.
خاڵێکی تری سەیرو سەمەرە ئەوەیە دەڵێ: مرۆڤەکانی ئایندە دەتوانن زیاتر بژین… دەوڵەمەندەکان ماوەیەکی زۆر بە گەنجی بمێننەوە. ئەمەش نرخ و تێچووی زۆر و گرانە.!. بەڵام ئەم دۆخە دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی کێشەی کۆمەڵاتی گەورە، چونکە هەژارەکان ناتوانن بێدەنگ و رەزامەند بن. شایانی ئاماژە پێدانە دنیای تەکنەلۆژیای زیرەکی دەستکرد و تەکنەلۆژیای بایەلۆژی، مرۆڤ دەخاتە بەردەم دنیایەکی کراوە و بێ کۆتایی،بە هەزاران هەزار ئەگەری کراوەوە. ڕنگە ئەکاتە کەمرۆڤ کۆنترڵێ دەوروبەری لەدەست خۆی دەدات،ئیدی ئاماژە ترسناکەکان سەرهەڵ بدەن. ئەوە نییە هاراری دەڵێ: سێ شت وا دەکەن براوەی ئایندە لە ڕێگایانەوە مەیسەر بێت: باشترکردنی جیناتەکان، ئەمەش شتێکی زەحمەت نییە. لە ڕووی تەکنیکەوە سایبۆرگ خۆمان باشتر تەیار بکەین و ببینە نیوە ئامێرێک و بەکارهێنەرانی زیرەکی دەستکردەوە.
دواجار دوو مەرجی سەرەکی باس دەکات، کەپێویست و کاریگەرن بۆ مرۆڤی ئایندە:
1ـ تێگەیشتن لە بایۆلۆژیا. 2 ـ توانای بەکارهێنانی کۆپیوتەر.
لە وەرامی پرسیارێکی لۆژیکیدا،ئایا دڵخۆشی لەو ژیانەی سەدەی ئایندە،کە مرۆڤ پێی دەگات بژیت؟ دەڵێ: گرنگترین پرسیار مەسەلەی ” پەرۆش و خەمباری و ئازاچەشتنە”. سەدەئ21 بە هۆی ئەو شتانەی باسمان کرد،یەک جۆر ئایندەمان ناداتێ، بەڵکو ئاسۆی جۆراوجۆرمان لەبەردەمدا دەکاتەوە…لەسەر خۆمان وەستاوە، چۆن ڕەفتار دەکەین. ئایا شۆڕشی تەکنەلۆژی ئەم پەڕۆش و ئازارچەشتنە گەورە دەکات، یاخود بچووکی دەکاتەوە؟ با نموونیەک لەسەر ئاژەڵ بهێنمەوە کە دەزانین گیانلەبەرانی وەک مانگا و مریسک و بەراز، چ ئازار و قوربانییەک دەچێژن. ئێمە دەزانین کایەی بازرگانی و شیرەمەنی و گۆشت ملیاردەها پارەی تێدەچێ. هەر یەک لەو ئاژەڵانە بە خەرجییەکی زۆر بۆ گۆشتەکەیان بەخێو دەکرێن. تەکنەلۆژی بایەلۆژی دەتوانێ ئەم پەڕۆشە گەورە بکات و ئەو ئاژەڵانە بە خێراترین شێواز ئالیک بدات،تا گۆشتی زۆرتر بە زووترین کات بگرن و قازانج زیاتر بەدەست بهێنن. چا ئەو ئاژەڵانە چ ئازار و ناڕەحەتییەک دەچێژن بۆ خاوەن کۆمپانیاکان هیچ گرنگ نییە. بەڵام دیسان لە ڕێی تەکنەلۆژی بایەلۆژییەوە دەتوانرێ،خانەیەکی گۆشت بەخێو بکرێ هێندەی گۆشتی ستێکێک Stek و بخورێت. کەواتە پێویست ناکات بۆ خواردنی ستێکێک گایەک بەخێو بکرێ و سەر ببڕدڕێ،بەڵکو لەم ڕێگایەوە ئەنجام بدرێ. پێش چەند ساڵێ پارچەیەک ستێکی دروستکراو بە 300,000$ دۆلار بوو، ئێستا بە دەوری 11$. لە ئایندەدا دەکرێ خواردنی مەکدۆناڵ هەرزانتر بفرٶشرێ.
بەڕێزان، ئەمە پوختە ئەو تێز و بۆچوونانەی هارارین، کە لە زۆربەی ڤیدیۆ و چاوپێکەوتنەکانیدا جەختی لەسەر کراوەتەوە. لێرەدا ئاماژە بەو هەڕەشە و مەترسییانە دەبێ بکرێ، کە دەرکەوتنی چین وەک زلهێزێکی زەبەلاحی ئابووری و تەکنەلۆژی نوێ ، سەرچاوەی بەشێکی ئەو ترس و هەڕەشانەیە کە هاتوونەتە بەردەم مرۆڤ.
چونکە کۆمەڵگای تەندروست ئەوەیە، لە رووی سیاسییەوە خاوەنی سیستەمێکی دیموکراسی بێت، بە هەموو ڕەهەندەکانییەوە. لە ڕووی ئابووریشەوە دەرفەتی بازاڕی ئازاد فەراهەم بکات و مرۆڤەکان لە سایەیدا خۆشگوزەران و بەختەوەر بن. دیارە ئەوەش ڕاستە کە مرۆڤ هێشتا لە تێکوشاندایە بۆ گەیشتن بە بەختەوەری کۆتایی. ئەمەش واتای وەستانی ژیانە…مرۆڤ دەستەوسان دەبێ و لە داهێنان دەکەوێ. بۆیە مانەوەی زەمینەیەکی فراوان و بە ڕوومەت بۆ ململانێ و پێشبڕکێکان بە تەندروستی زۆر پێویستە.
من پێم وایە لیبەڕالیزم لەگەڵ ئەوەشدا هەنووکە ڕووبەڕووی ئاستەنگ و هەڕەشەی گەورە بۆتەوە، دیسان تا ئێستا سەرباری کەموکوڕییەکانیشی، ـ دەکرێ و پێویستە چاکتر بکرێن ـ باشترینە کە مرۆڤ پێی گەشتووە. هاراریێ ددان بەم ڕاستییەدا دەنێ و هێنری کیسنجەریش لە دوا وتاریدا بەبۆنەی مەترسییەکانی ڤایرۆسی کۆڕۆناوە، داوا دەکات لە ئەمەریکا بە هەموو هێز و توانای خۆیەوە پارێزگاری لە لیبەڕالیزم بکات.
ئەم تێزانەی هاراریش وەک گەلێک لەوانەی پێش خۆی، هەر لە چوارچێوەی هیپۆتێزەدا دەمێننەوە. بەڵام ئەوەش ڕاستە لە هەنووکەدا شۆڕشی تەکنەلۆژیا بە هەموو تەوژم و هێزی خۆیەوە سەرکردایەتی مرۆڤ بەرەو جیهان و گەردونێکی زۆر سەیر و نادیار دەکات.
من دەڵێم گەر مرۆڤ وەک بوونەوەر لەم ژیانەدا دەستەوسان کرا، ئەوە هەموو چەمک و تێگەیشتن و شێوازەکانی ژیان سەرەوبن دەبنەوە و دەبێتە حەشر و قیامەتە گەورەکە.مرۆڤ تا ئێستا بە کردەوە باش و خراپەکانییەوە، باڵا دەستی و سەروەری بەسەر دەوروبەری خۆیدا هەبوو. دەکرێ بەردەوام کار بۆ چاکردنی هەڵە و کەموکوڕییەکان بکەین،لێ ناکرێ مرۆڤ بکرێتە کۆیلەی ئاغاگەلێکی تر. گەر بەو وێستگەیە گەشتین هەرچی ترسناک و نادیارە مرۆڤ دەبێت خۆ بۆ ئاماد بکات.
کەواتە پێویست و گرنگە هەر هەنگاوێکی گەشەکردن و بەرەوپێشچوون و پێشکەوتن،هەیە و دێتە پێشمان، گەرەکە هاوشانی وردی هەنگاوەکانی مرۆڤ بێت و بە سوودی بەرژەوەندییەکانی تێکڕای مرۆڤایەتی کۆتایی بێت. نەک دەستەوتاقمێکی بەهرەمەند و دەوڵەمەند و جەستە بەهێز و چاوچنۆک و زاڵم هەموو دەسەڵات و مافێکیان هەبێت جیهان دادۆشن. بە دوا وتەی مامۆستا مەسعوود محەمەد ” لاپەڕەی مێژوو و کۆمەڵایەتی بەوە دادەخرێتەوە،مرۆ لە بوونێکدا لابەری و تەنها غەریزە تیایدا فەرمانڕەوا بێ”. دەست لەم بابەتە هەڵدەگرم. ئاخر کورد وتەنی: ئەم هەوریرە ئاو زۆر دەخوا.
بە هیوای ئایندەیەکی تژی لە ئازادی بۆ نەتەوەکان و بێ چەوساندنەوە و دادۆشین و خۆشی و ئارامی و داهێنانی نوێ و ژیانێکی پڕ لە ڕوومەت و دادپەروەرانە بۆ تاکی مرۆڤ.

هەڵۆبەرزنجەیی٤/٤/٢٠٢٠




خوێندنەوەیەک بۆ ڕۆمانی دەریاس و لاشەکان … هۆشیار جەمال

     ڕۆمانی دەریاس و لاشەکانی ڕۆماننووس” بەختیار عەلی” کە دواین
بەرهەمی نووسەرە، یەکێکە لە ڕۆمانە تایبەتەکانی ناو کتێبخانەی کوردی، کە کارکردنە لە
ناو مێژووی شۆڕشی کورد و ململانی حیزبە کوردیەکان. هەروەها بوون بە قوربانی مرۆڤی کورد
بەبێ ئەوەی هیچ گۆڕانکاریەکی جێگای باس لە بارۆدۆخی ژیانی هاوڵاتیان ڕووبدات.

       نوسەر شوێنێک یان شارێک یان کاتێکی دیاری کراوی
ئاشکرا نەکردوە کە ڕووداوەکانی ناو ڕۆمانەکە ڕوویانداوە تێدا، بەڵام هەرشارێکی هەرێمی
کوردستان بە نموونە بهێنیتەوە گونجاوە بۆ ئەوەی وەک شوێنی ڕووداوەکان بیهێنیتە بەرچاوت.
لەم ڕۆمانەدا بەزمانێکی سادە کۆی حوکومڕانی شکستخواردوی حیزبی کوردی باس دەکات و  چوونە ململانێی سەرکردەیەکی شۆڕشگێڕ لە هەناوی یەکێک
لە دوو حیزبەکە دژی سیستەمی حکومڕانی دوو حیزبەکە 
بانگەشەی ئەوە دەکات بە خەباتی مەدەنی شۆرش هەڵبگیرسێنێت. بەڵام لەواقعدا ناتوانێت
بەمەدەنی شۆڕشەکەی هەڵگیرسێنیت و دوبارە شار دەبێتە شوێنی ململانێی حیزبەکان و شەڕی
چەکداری.

     نووسەر ئەوەندەی لەم ڕۆمانەدا کاری لەسەر ئەوە کردووە کە باس لەبیرکردنەوەی
تاکی ڕۆژهەڵاتی بەگشتی و تاکی کورد بەتایبەت بکات کە چۆن لە جیاتی ئەوەی خۆیان وەک
مرۆڤێکی خاوەن بڕیار و خەباتگێر و داکۆکی کار لە مافەکانیان ببین و شەڕی بۆ بکەن، بە
پێچەوانەوە خۆیان بچوک دەکەنەوە و بەردەوام سەرجەم چین و توێژەکان هەژاران، کاسبکاران،
جوتیاران، ڕۆشنبیران هەموویان وێلی ئەوەن کە چۆن کەسایەتیەکی سیاسی بهێنن و بیکەن بە
کارێزما و خۆیان بچوک نیشانبدەن لەبەردەمیدا.

    لەم ڕۆمانەدا تاکەکانی کورد زۆربەی هەرە زۆری یان بتێکی سیاسی دروستکردوە
و پێی وایە فریاد ڕەسیەتی، یان وێلی دروستکردنی بتێکی سیاسی ترە بۆ ئەوەی لە دۆخی ناهەموار
ڕزگاری بکات.  کۆمەڵگا بۆتە دووبەشەوە بەشێكی
خۆی بە خزمەتکار و داکۆکی کاری گۆڕستانی بەرپرسان دەزانێت و پێی وایە هێمای ژیانن و  مردوەکانیان سەرچاوەی ژیانی ئەوان. بەشێکی تریان
هەوڵدەدەن شۆڕش هەڵبگیرسێن و لەسەرەتای دروستکردنی کارێزمای نوێ و سەرمەشقی نوێن.  هەوڵدەدەن یەکەم شوێن کە لە کاتی شۆرش دەست دەگرن
بەسەریدا گۆرستانی شاربێت، چونکە لای کۆمەڵەکەی تر پیرۆزە.  بەڵام لە دواجاردا شۆرشگێران خۆشیان دەبنە پاسەوانی
گۆڕی سیاسییە شۆرشگێرەکەی خۆیان.

    لە ڕۆمانەکەدا کەسیایەتیەکان هێندە خۆیان بچوک دەکەنەوە کە لە ساتەوەختەکانی
شۆڕش و دەرکردنی یەکەم بەیاننامەی شۆڕشەکەیان لە جیاتی بیربکەنەوە لەخەیاڵی خۆیاندا
تارماییی سەرکردەکەیان بەرنامەیان بۆ دادەنێت، دواتریش لە کاتی شەڕی کۆڵان بە کۆڵان
لەگەڵ هێزەکانی دژ یان تارمایی سەرکردە شۆڕشگێرەکە بەشدارە لە شەڕەکانیان، وە پاڵپشتیانە
بۆ سەرکەوتن.

    تەوەرێکی تری ڕۆمانەکە بابەتی لاشەی کوژراوانی جەنگی ناو شارەکە لە نێوان
شۆڕشگێران و دوو حیزبی دەسەڵاتدار دەکوژرێت. بەڵام هیچ گرنگیان پێ نادرێت، یاخود لەدوای
مردنیان وەک مرۆڤێک بەڕێزەوە بەخاک بسپێردێت. ئەمەش دەرخەری ئەوەیە ئەم هێزانە مرۆڤ
وەک کاڵایەک دەبینن کە تا ئەو شوێنەی کاریان پێبوو بەکاری بهێنن و دواتر لاشەکەی هیچ
گرنگ نەبێت بەلایانەوە کە بە خاکی بسپێرن.

     لێرەوە دەکرێت هەموو ئەو کەسانەی ئەم ڕۆمانە دەخوێننەوە لە خۆیان بپرسن
وێڵی دوای دروستکردنی بتی سیاسین؟ یان دروستکردنی کارێزما؟ یاخود دەیانەوێت لەم هەرێمی
کوردستانە شەڕبکەن لە پێناو ئەوەی وەک مرۆڤ بژین و مافەکانیان بە دەست بهێنین؟ یان
هەربەردەوام دەبن لەوەی نەوە دوای نەوە بگەڕێن بەدوای دروستکردنی کارێزما و بتی سیاسین
بۆ ڕزگارکردنیان لە دەست نادادپەروەری؟ هەروا بەردەوام دەبن لەسەر پیرۆزکردنی قسەکانیان
هاوشێوەی ئاین و خودا؟




فیتنه‌ی سیاسی له‌ هه‌رێم دیارده‌یه‌كی مه‌ترسیداره‌ … ڕه‌سوڵ بۆسكێنی

له‌گه‌ڵ هه‌ر جووڵانه‌وه‌ و سه‌ركێشی و خه‌باتێكی نه‌ته‌وه‌یی كورددا، دوژمنانی كورد و دۆسته‌كانییان ژان ده‌یانگرێ و له‌گه‌ڵ هاتنه‌ئارای هه‌ر حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتێكی كورد هه‌موو دوژمنه‌كانی كه‌وتونه‌ته‌، سۆسه‌ و ڕاوێچكه‌ی خراپه‌كاری و چینینی ته‌ونی خیانه‌ت تا به ‌ئامان و زامان ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌یان له‌بار بردووه‌ و ئاهی ئاسووده‌ییان به‌دڵ و ده‌روون داهاتووه‌، نموونه‌ی زۆر و زیندوومان له‌ ڕابردووی دوور و نزیكیشدا هه‌یه‌، سه‌دان جار له‌ ئه‌وجی ده‌سه‌ڵاتدا خلۆریان كردۆته‌وه‌، نزیك ترین جوڵه‌ و كرداری قێزه‌ونی دوژمنه‌كان له‌ دوای ڕاپه‌ڕینی به‌هاری گه‌له‌مان له‌ باشووری كوردستان و دروست بوونی په‌رمان و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌ستی پێكرد، له‌و ڕۆژه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی كوردی له‌م‌ وڵاته‌ خۆشه‌ویسته‌دا كه‌وته‌ خزمه‌ت و ئاوه‌دان كردنه‌وه‌ی نیشتمانه‌كه‌ی، توركیا و ئێران و سوریا هه‌ر به‌سێ مانگ جارێك له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی نهێنی و چڕ و پڕدا پیلانیان داده‌ڕێژا و دوای ته‌واو بوونی كۆبوونه‌وه‌كه‌شیان زۆر زاڵمانه‌ و بێ شه‌رمانه‌ به‌ئاشكرا له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا زۆر ڕاشكاوانه‌ ده‌یانوت: ئه‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌مان تایبه‌ت بوو به‌ چاره‌نووسی هه‌رێمی كوردستان، له‌ژێره‌وه‌ش ده‌كه‌وتنه‌ چاندنی داوی غه‌در و ناپاكی، تا ئاواته‌كه‌یان به‌دی هات و كورد گیرۆده‌ی شه‌ڕێكی ناوخۆی بێزراو و قێزه‌ون بوو، له‌و ڕۆژه‌وه‌ ئیتر له‌ ڕێگای ده‌سنده‌ و چڵكاوخۆره‌كانیان مه‌رامه‌كه‌یان پێكهات و وازیان له‌ كۆبوونه‌وه‌كانیان هێنا، ئه‌و شه‌ڕه‌‌ بووه‌ هۆی وێرانكاری و ماڵوێرانی و نه‌مانی متمانه‌ له‌نێوان هێزه‌ سیاسیه‌كان و جه‌ماوه‌ری هه‌رێمی كوردستان، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش چه‌ندان تۆڕی خراپه‌كاری و جاسوسی و خیانه‌تكارانیان له‌ناو خه‌ڵكدا چاند، بۆ له‌به‌ریه‌ك هه‌ڵوه‌شاندنی كۆمه‌ڵگای كوردی و نه‌مانی بڕوا و متمانه‌ و بوونه‌ ماكی فیتنه‌ و ئاژاوه‌ نانه‌وه‌ له‌نێو جه‌ماوه‌ری هه‌رێم و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كاندا، كه‌ تۆوی ئاڵۆزی و ئاژاوه‌یان بره‌و پێدا و له‌ ڕێگای پیاوه ده‌ست چێنه‌‌كانیانه‌وه‌ فیتنه‌ و خراپه‌كاری ڕۆژ به‌ڕۆژ له‌ هه‌ڵكشاندایه‌، به‌هۆی پێشكه‌وتنی ته‌كنه‌لۆژیا و كه‌ناڵه‌ جۆربه‌جۆره‌كانه‌وه‌ له‌ ڕێگای ڕاگه‌یاندن و تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانیشه‌وه‌ ئه‌وه‌نده‌ی تر بره‌وی پێ درا و به‌ره‌و دوا ڕۆژێكی ترسناك هه‌نگاو ده‌نێ.
فیتنه‌ی سیاسی دیاردەیەکی ترسناکە، ده‌بێ ڕێگای لێ بگیرێ، نەک لەبەر ئەوەی قسە لەسەر ڕووداوە سیاسیەکان ده‌كه‌ن، یا وه‌ك خۆیان له‌ گوێی خه‌ڵكی ده‌چرپێنن نهێنی و خراپه‌كاریه‌كان بۆ خزمه‌تی هاوڵاتیان ڕووداوه‌ سیاسیه‌كانی هەرێمی کوردستان ئاشكرا ده‌كه‌ن، بەڵکو لەبەر ئەوەی نیه‌ته‌ خراپه‌كانیان له‌ هه‌ستی خه‌ڵكی كوردستان ده‌چه‌سپێنن و به‌رده‌وام خەریکی وروژاندنی هه‌ستی جەماوەری كوردستانن، له‌لایه‌كی تر كه‌وتونه‌ نانه‌وه‌ی فیتنه‌ی سیاسی و دنه‌دانی جه‌ماوه‌ری لایەنێک دژ بەلایەنێکی تر بره‌و پێ ده‌ده‌ن. ئه‌و كاره‌كته‌ره‌ كۆنتڕۆڵ كراوانه‌ له‌ناو كوردا كه‌م نین، كه‌له‌هه‌ر بۆشاییه‌كی سیاسی و ئیداری و ئابوور…هتد، ئاماده‌ییان هه‌یه‌، عه‌لی جه‌وانمه‌ردی وه‌ك نموونه‌: ئەم پیاوە چەندین جارە بێ له‌به‌رچاوگرتنی دۆخی هه‌ستیاری كوردستان له‌كاتی هه‌ر ڕووداو و پێشهاتێكدا فرسه‌ت دێنێ و ژه‌هره‌كه‌ی خۆی ده‌ڕێژێت، هه‌ر وه‌ك لەكاتی هێرش و لەشکر کێشیەکانی تورکیا بۆسەر بنكه‌ و باره‌گاكانی پەکەکە، له‌ فه‌رمایشته‌كانیدا تورکی وەکو هێزێكی خاوه‌ن ماف و پەکەکەی وەکو دوژمنی کورد و هێزێکی ئیرانی ده‌ناساند، به‌ گوتاره‌ تورکانە و تێروانینه‌ میتیەكه‌ی ئه‌وه‌ی توركیا به‌هێزی سه‌ربازی و به‌پێشكه‌وتوترین چه‌كی ناتۆ نه‌یده‌توانی بیكات، ئه‌و ده‌یویست له‌ڕێگای به‌شینه‌وه‌ی هه‌ڵوێستی نیشتمانی و كوردایه‌تی و جوڵاندنی هه‌ست و سۆزی خه‌ڵك بۆ توركیای ئه‌نجام بدات. هه‌روه‌ها له‌كاتی موشه‌ك باران كردنی حزبی دیموكراتی كوردستان له‌ كۆیه‌، كه‌به‌داخه‌وه‌ زیانی گیانی به‌شێك له‌ كادره‌كانی ئه‌و حزبه‌ی لێكه‌وته‌وه‌، له‌و كاته‌دا وای بڵاوده‌كرده‌وه‌ كه‌ بنكه‌ی ئه‌و موشه‌كانه‌ سه‌رچاوه‌كه‌یان له‌سلێمانی و له‌ناو هه‌رێمه‌وه‌ ئاراسته‌ ده‌كرێت، زۆرجا قسه‌ی وا بڵاو ده‌كاته‌وه‌ گوایه‌ ئەرتەشی ئێرانی هاتۆته‌ ناو هەرێمی کوردستان و زۆنی سەوز و خاكی هەرێم له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ داگیر كراوه‌. ئه‌وه‌ی زۆر گرنگه‌ و زیاتر سه‌رنجڕاده‌كێشێت ئه‌وه‌ یه‌ له‌ هه‌ر دۆخێكی هه‌ستیاری هه‌رێم كه‌ دێته‌ پێش بارودۆخی ناسكی هه‌رێم به‌ ئامانج ده‌گرێ و به‌شێوه‌یه‌ك جه‌ماوه‌ری هه‌ردوو حزبی سه‌ره‌كی پارتی و یەکێتی ده‌وروژێنێ، دۆخه‌كه‌ به‌ئاراسته‌یه‌كدا ده‌بات له‌ لێواری بەرپاکردنی شەڕێکی ترسناکدا به‌جێی دێڵێ.
هه‌موومان له‌بیرمانه‌ لە کاتی ڕێفراندۆم نه‌ لایه‌نگرانی پارتی و خه‌ڵكانی هه‌رێم هێنده‌ی ئه‌و‌ پیاوه‌ دڵگه‌رم بوون، له‌سه‌رخستنی ڕیفراندۆم و نه‌ له‌ كاتی هێرشه‌كانی سوپای عیراق بۆ ناوچه‌ ڕزگاركراوه‌كان و كه‌ركوك له‌ ١٦ی ئۆکتۆبەردا جه‌ماوه‌ر و هێزه‌ شه‌ڕكه‌ره‌كانی عیراق هێنده‌ كارا و دڵخۆش بوون، له‌ دنەدانی كادر و لایه‌نگرانی هه‌ردوو حزب به‌ئاراسته‌ی هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ ژه‌هری ده‌ڕشت . دواجاریش بەسوودوەرگرتن لە هەڵهاتنی زیندانیەکانی سەقز، مسته‌فا سه‌لمیی كرده‌ بیانوو هاته‌وه‌ ناو گۆڕه‌پانه‌كه‌ و دۆخی هه‌رێمی وروژاند، له‌كاتێكدا هیچ له‌لایه‌نێك له‌ حزبه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان نه‌یانگرته‌خۆ و ڕاشیان گه‌یاند له‌كاتی هه‌ڵاتنی زیندانیه‌كان ناوبراو له‌ شاری بانه‌ گیراوه‌ته‌وه‌، كه‌چی ئه‌و پیاوه‌ دووباره‌ كه‌وته‌ وروژاندنی لایه‌نه‌كان دژی یه‌كتر، بێباك له‌ ئه‌نجامی ئه‌م فیته‌نه‌كاریی وئاژوه‌گێڕیه‌ چی ڕوو ده‌دا و كاردانه‌وه‌كانی چی ده‌بێ.
ئه‌وه‌ی ئه‌م كاره‌ی بۆ فیتنه‌چیه‌كان ئاسان كردووه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هەرکەس به‌پێوه‌ری پارتی كوردایه‌تی نه‌كات و لەگەڵ کوردایەتییه‌کەی ئەودا نەیه‌تەوە، ئەوە به‌ خائین و خۆفرۆش ناوزه‌دی ده‌كات، ئه‌گه‌رچی ئه‌مه‌ ڕه‌گێكی قوڵی هه‌یه‌، به‌ڵام پارتیش پێویسته‌ ئه‌و ڕاستیه‌ باش بزانێت، كه‌ فیتنه‌ی سیاسی جۆرێكی خه‌ته‌رناكه‌ له‌ پڕوپاگه‌نده‌ و له‌وانه‌یه‌ به‌بێ ویستی خۆمان بكه‌وینه‌ ناو ته‌ڵه‌كه‌وه‌، ئه‌و كاته‌ هه‌موو شتێك كۆتایی دێت، ئێستا ئه‌م جۆره‌ فیتنه‌یه‌ به‌جۆرێك ئه‌م هه‌رێمه‌ی شه‌كه‌ت كردووه‌، داهاتوومان نادره‌، بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌م دۆخه‌ پێویسته‌ هه‌موو خه‌ڵكی كوردستان و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان و به‌تایبه‌ت پارتی و یه‌كێتی ئه‌وه‌ بزانن، ئه‌گه‌ر هوشیارانه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م كاره‌ نه‌كرێت، له‌وانه‌یه‌ له‌هه‌ر كاتێكدا فیتنەی سیاسی كاره‌ساتێكی گه‌وره‌ و خه‌مهێنه‌ر لەهەرێمی کوردستان ده‌خوڵقێنێ، ئه‌و كاته‌ په‌شیمانی هیچ گرنگیه‌كی نیه‌.




گرنگی سینەما لەسەردەمی کرۆنا ومرۆڤ بەگشتی … دانا محمد عبدوڵا

یەكێك لەو دەزگایانەی بایەخێكی زۆری هەیە‌و كاریگەریی بەهێزی هەیە لەسەر ژیانی مرۆڤ سینەمایە، واتە سینەما دەتوانێت كاریگەریی لەسەر تێروانین و بیرکردنەوە و چۆن ژیانی مرۆڤ هەبێت ، سینەما خۆی لە خۆیدا هۆكارێكە بۆ درووستكردنی پەیوەندیی لە نێوان ئێمە‌و ئەوانی تردا
هونەر شێوەیەكی گشتی وەك (تۆڵستۆی) دەڵێت بریتییە لە هۆكاری پەیوەندیی (communication) لە نێوان تاكەكاندا، واتە پەیوەندیی لە نێوان ئەو كەسەی كە ئەدای هونەرەكە دەكات لەگەڵا كەسی وەرگر، بۆیە ئەم پێناسەیەی (تۆڵستۆی) سەبارەت بە هونەری سینەما‌و فیلم، راستتر دەكەوێتەوە، شاشە بەگشتی‌و شاشەی سینەما بەتایبەتی، بەردەوام بە یەكێك لە هۆكارە گرنگەكانی پەیوەندیی ناسراوە، سینەما هەمیشە هەوڵی داوە جۆرێك لە هۆگریی‌و پەیوەستبوون لە نێوان خۆی‌و بینەردا درووست بكات‌و لەو پێناوەشدا خۆی بە ئۆرگانێكی زیندووی كۆمەڵگە ناساندووە‌و سوودی لە سەرجەم ئەو بابەت‌و دیاردانە وەرگرتووە كە کۆمەڵناسی و دەروونناسی بە وردی لەسەریان وەستاوە‌و بەردەوام كەرەستەی توێژینەوە‌و باس‌و خواسی زانایان بووە… هەر بۆ نموونە گرنگترین بابەت كە لە دەروونناسییدا بایەخی تایبەتی پێدراوە‌و لە فیلم‌و سینەماشدا بە زەقی رەنگی داوەتەوە (زمانی قسەكردن‌و زمانی جەستە بووە)، ئەم دوو بوارە لە گرنگترین‌و كاریگەرترین هۆكاری درووستكردنی كۆنتاكت‌و پەیوەندیین‌و لە سینەماشدا بایەخی زۆریان پێ دراوە، لە دەروونناسیشدا‌و بە تایبەتی دەروونناسی گەشە‌و كۆمەڵایەتی گرنگیی‌و پێگەی خۆیان هەیە.
بەشێكی گرنگی سینەماش لەم دوو بەشە پێك دێت، دیالۆگ‌و ئاكتین، هەردووكیان ئامانجەكە تێیدا ئەوەیە پەیوەندیی لە نێوان خۆی‌و بینەر یاخود وەرگردا درووست بكات‌و بە ناڕاستەوخۆیی‌و لە رێگەی شاشەوە پەیامێك بە بینەر بگەیەنێت. لە دەركەوتنی سینەماوە رۆڵی كاریگەریان لە ئاڕاستەكردن‌و درووستكردنی دونیابینی مرۆڤ بۆ بابەتە سیاسی‌و ئابوری وكۆمەڵایەتی‌و دەروونییەكان لە ئاستێكی بەرزدا هەبووە، بەتایبەت ئەو گەلانەی كە هۆگرییان بۆ شاشە هەبووە،
بە بەڵگە دەركەوتووە تێڕوانینی مرۆڤی ئەمریكی
تا ئاستێكی زۆر كەوتۆتە ژێركاریگەریی فیلمەكانی هۆڵیودەوە، (سكیب داین یونگ) لەو كتێبەی باس لەوە دەكات كە ماوەیەك لە ئەمریكا لە ژێر كاریگەریی ئەو فیلمانەی لە هۆڵیوود بەرهەم دەهێنران، مامەڵە‌و تێڕوانینی خەڵك گۆرانیان بەسەردا دەهات ، یاخود نیگاكردنی خەڵك بە شێوەیەكی سلبی‌و ئیجابی گۆڕانكاریان بەسەردا هاتووە،
لێرەوە دەگەینە ئەو دەرەنجامەی سینەما زۆرجار دەبێتە سەرچاوەی دونیابینی خەڵك بۆ ژیان‌و دید‌و تێڕوانینی بینەر یاخود وەرگر بۆ شتەكانی دەوروبەری، بۆیە فیلم دەكرێت جۆرێك بێت لە روئیا‌و دونیابینی بۆ ئەو دیاردانەی كە ئێمە دەیانبینین.




لێبووردنەکەی ئەردۆگان تەنیا دزەکان و مافیاکان دەگرێتەوە.. رەزا شوان

لە رۆژی دوو شەممە ( ١٣/ ئەپریل/٢٠٢٠) دوای تاوتوێکردن و مشومڕێکی زۆر لە نێوان ئەندام پەرلەمانەکانی پارتەکەی ئەردۆگان، پارتی ناداد و ناگەشەپێدان و پارتی بزووتنەوەی نەتەوپەرستی هاوپەیمانی، لەگەڵ پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان، کە لە ئەندامانی پارتی دیموکراتی گەلان (هە دە پە) و لە ئەندامانی پارتی گەلی کۆماری (جە هە پە) لە دانیشتنی پەڕلەمانی تورکیادا، دەربارەی ئەو پرۆژە لێبووردنە گشتییە لە بەندکراوەکان، بە هۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە بەندیخانەکانی تورکیادا، ئەو پرۆژەیەش لە لایەن پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی رەگەزپەرستەوە پێشنیار کرابوو، سەرجەم پارتە ئۆپۆزسیوەنەکان ویستیان هەندێ لە بڕگەکانی ئەم لێبووردنە گشتییە دەستکاری بکرێت و بیگۆڕن، تا بێ جیاوازی هەموو بەندکراوە سیاسییەکان و خاوەن بیروڕا جیاوازەکان و هەموو رۆژنامەنووسەکانیش بگرێتەوە.. بەڵام لەم هەوڵەیاندا سەرنەکەوتن، چونکە پارتەکەی ئەردۆگان و پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی، زۆرترین کورسییان لە پەرلەماندا هەیە.. بۆیە بەبێ گوێدان بە رەخنە و بە پێشنیار و داواکانی پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان.. بە زۆربەی دەنگەکانی ئەندامانی پەرلەمان (٢٧٩) دەنگ بە بەڵێ، بەرانبەر بە (٥٩) دەنگ بە نەخیر، بریار لەو پرۆژەیە لێبووردنە گشتییە درا و بوو بە یاسایەک.. ئەم یاسایەش لە رۆژی چوار شەممەوە (١٥/ ٤/٢٠٢٠) چووە بواری جێبەجێ کردنەوە.
ئەم یاسا لێبووردنە گشتییەی تورکیا لە بەشێک لە بەندکراوەکان، رەخنە و ناڕەزاییەکی زۆری لێکەوتەوە، لە ئاستی ناوخۆی تورکیا و لە لایەن رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی، وەکو: رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی، رێکخراوی چاودێـری مافەکانی مـرۆڤی جیهانی (هیومان رایتش وۆچ) و گەلی لایەن و میدیای ئازاد و ئازیدخوازانەوە. چونکە ئەم یاسا لێبووردنەی تورکیای زیندانستان.. بەنداکراوە سیاسییەکان و خاوەن بیروڕای جـیاواز و ئازادیخوازان و رۆژنامەنووسان و مافپەروەران و نووسەران و پارێزەران و هونەرمەندان و مامۆستایان و قوتابیان و ئاکادیمییەکان و چالاکوانانی مافەکانی ژنان و منداڵان و مرۆڤ ناگرێتەوە.. ئەو کەسانەش ناگرێتەوە کە رۆژی لە رۆژان ئەو کفرەیان کردووە و بە حەزرەتی سوڵتان ئەردۆگانیان وتوون، پێت خوار داناوە، یا کـل بە بەری چاوتەوەیە، یا هەڵهەڵە و چاپڵەیان بۆ فیشاڵ و درۆ و دەلەسەکانی لێنەداون و شاباشیان نەکردوون.. بەندکراوە پیر و پەکەوتووەکانەش ناگرێتەوە، کە لە زیندانە پیس و تاریک و سامناکەکانی تورکیادا، تووشی نەخۆشی جەستەیی و دەروونی بوونە و پێویستیان بە بەزەیی و چارەسەرکردن و ئازادکردن هەیە.
یاسا لێبووردنەکەی ئەردۆگان، تەنیا بەندکراوە دزەکان و باندە مافیاکان و پیاوکوژان و قـوڵبڕان و قاچاغچییەکانی ماددە هۆشبەرەکان و هەموو ئەو بێڕەوشتانەش دەگرێتەوە کە دەسترێژی سێکسیان بۆ سەر کچان و ژنان و منداڵان کردوون، کە لە پارتی ناداد و ناگەشەپێدانی دەسەڵاتەوە نزیکن.
بێگومان چاوەڕوانی ئەوە دەکرا، کە ئەم لێبووردنە گشتییە لە بەندکراوان، بەندکراوانی کورد نەگرێتەوە، چونکە پرۆژەیەک لە لایەن پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی رەگەزپەست و رق رەشەوە پێشنیار کرابێت، کە تا سەر ئێسقان رقیان لە نەتەوەی کوردە، یاسایەک لە لایەن ئەردۆگانی دیکتاتۆرەوە واژۆ بکرێت، کە تا ناقڕگەی بە خوێنی بێتاوانای گەلی کوردمان سوورە.. دەبێت چاوەڕوانی ئەوەیان لێبکرایە کە لە کوردی بێتاوان ببوورن؟
لە یاسا لێبووردنەکەی ئەردۆگاندا، ئەوەی تێدایە کە ئەم یاسایە تیرۆریستان ناگرێتەوە. گەر ئەمە راستە و دادپەروەری و یاسا لە تورکیادا هەن و سەروەرن.. پێویستە لەسەر خودی ئەردۆگانی دیکتاتۆری ستەمکار جێبەجێ بکرێت. چونکە ئەردۆگان تاوانبارترین و خوێنڕێژترین و رەگەزپەرسترین و سیکۆپاترین و تیرۆریسترین کەسە لە جیهانـدا.. رەشەکوژی و کۆمەڵکوژیەکی زۆری لە گەلی کوردی بێتاوانمان کردووە و دەکات.
لە فەرهەنگی رەگەزپەرستی ئەردۆگاندا، هەموو کورێک تیرۆریستە، بەڵکو کوربوون بەلایەوە تاوانە.. بەلامەوە هەروەکوو چیرۆکی (گورگ و بەرخۆلە) کە وایە.. دڵنیام کە هەمووتان لە قوتابخانەدا ئەم چیرۆکەتان خوێندۆتەوە، یا داپیرە بۆی گێڕاونەتەوە، کە گورگێ بیانوو بە بەرخۆلەیەک دەگرێت، بەوە تاوانباری دەکات گوایە ئاوی جۆگەلەکەی لێ لێخن کردووە، بەرخۆلەکەش پێی دەڵێت: تۆ لە سەرووی منەوە ئاو دەخۆیتەوە، ئاوەکە لای تۆوە بۆ لای من دێت.. بە کورتی گورگەکە چەندین بیانوو و درۆودەلەسەی تر بۆ بەرخۆلە بێتاوانەکە هەڵدەبەستێت.. گورگەکە لە دواییـدا بە بەرخۆلەکەی وت: “پێویست ناکات باسی بێتاوانی خۆتم بۆ بکەیت.. ئێوە هەر لە بنەڕەتەوە تاوانبارن و دۆژمنی گورگن، بۆیە دەبێ بتخۆم.. کوردیش دەڵێ ” کە زۆر هـات.. قەواڵە بە تـاڵە”

وتەیەکی روسیشم بیردێتەوە، کە دەگەڕێتەوە بۆ سەردمی حوکمڕانی قەیسرییەکان لە روسیادا. دەربارەی ستەمکاری دەسەڵاتدار و گرتنی بێتاوانانە، دەڵێت:”ئێوە بیانگرن.. ئێمەش توومەتیان بۆ هەڵدەبەستین و تاونباریان دەکەین” ئەم قسەیە بە تەواوی پڕ بە پێستی رژێمی فاشستی تورکیایە، کە بە هەزاران کوردی بێتاوانیان گـرتوون و بە بیانوو و توومەت و بوختانی هەڵبەستراوی بێ بنەما و بێ بەڵگە و دوور لە راستییەو، بە تاوانی (جوداخوازی) و (ناپاکی گەورە) و (لایەنگـری پەکەکە) بە تیرۆریست تاوانبار کراون و بە ناڕەوا و نادادپەروەری و (یاسای دارستان) سزای زینـدانی تا هەتایەیان بە سەریاندا سەپاندوون.. یا لەژێر لێدان و ئەشکەنجەداندا، یا ژەهـریان بۆ کردوونەتە ناو خواردنەکانیانەوە، شەهیدیانیان کردوون. بەندکراوی واشمان هەن، زیاتر لە سێ ساڵە بەندکراون، تا ئێستا دادگایی نەکراون.. نازانن بۆ بەندکـران و بۆ لێیان ناپرسنەوە؟! هیچ لە خۆیان شک نابەن و هیچ تاوانێکیان نەکردووە.. تەنیا ئەوە نەبێت کە کوردن.
لە ئەمڕۆدا زیاتر لە (٣٠٠) هەزار بەندکراوی سیاسی و خاوەن بیروڕا و ئایدۆلۆژیای جیاواز و ئازادیخواز و قەڵەمی بوێر و دلێر، لە بەندیخانەکانی تورکیای زیندانستان دان، هەریەکەیان بە تاوانێک تاوانبار کراون.. بە ناڕەوا و نادادپەروەرانەش سزادراون.
بۆیە رەوایی و دادپەروەری لەم یاسا لێبووردنە تازەیەی تورکیادا نییە.. راست نییە کە لێبووردنێکی گشتی بێێت، بەڵکو لێبووردنێکی تایبەتییە، بۆ دزەکان و بۆ پیاوکوژان و ژنکوژان و بۆ باندەکانی مافیای نزیک لە رژێـم.. بۆ بێڕەوشتانی دەسترێژکەر بۆ سەر ئافرەتان و منداڵان. یاسایەکە بۆنی بۆگەنی رەگەزپەرستی و جیاوازی نەتەوەیی لێدێت.

ئەم یاسا بە ناوە لێبووردنە گشتییەی ئەردۆگان، بە پێچەوانەی هەمـوو یاسا و رێـسا لێبووردنەکانی دەوڵەتانی ترەوەیە تەنانەت پێچەوانەی دەوڵەتە دیکتاتۆرییەکانیشەوەیە. لە وڵاتاندا کە لێبووردنی گشتی بۆ بەندکراوان دەربکەن، بە تایبەتی لێبووردنەکانیان لە پێش هەموویانەوە، ئازادکردنی بەندکراوە سیاسییەکان دەگرێتەوە.. لێبووردنەکانیان دز و مافیاکان و پیاوکوژان و ژنکوژان ناگرێتەوە.
بێگومان لێبووردنەکەی ئەردۆگان لێبووردنێکی مەبەست سیاسییە، نەک مرۆڤـایەتی و ویـژدانییە. هەرگیز ئەردۆگان، بڕیارێک دەرناکات و هیچ یاسایەکیش واژۆ ناکات، گەر مەبەست و بەرژەوەندییەکی تایبەتی خۆی لە پشتیانەوە نەبێت.. لە ئێستاوە دەیەوێت خۆی بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتوو تورکیا ئامادە بکات.. تا ببێت بە سەرۆکی خۆسەپێنی تا هەتایە و دەسەڵاتەکانی قایمتر بکات و پایە و پۆستە باڵاکانی دەوڵەت و حکومەتی تورکیا قورخ بکات، بۆ بنەمەڵەکەی و بۆ ئەو تەشیرێس و پێڵاودانەرانەی، کە لە خۆی و لە دەسەڵاتەکەیەوە نزیک کردوونەتەوە.. دەیەوێت بە دەستێکی ئاسنین زیاتر و زیاتر دەمکوت و سەرکوتی ئازادیخوازان و مافـزەوتکراوان و هـێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی تورکیا بکات.. رەنگە ئەوەش نەزانێت، کە چارەنووسی هەموو دیکتاتۆر و ستەمکارەکان بە مەرگی رەش و بە رسوایی گۆڕبەگۆڕکراون و کۆتاییان هاتووە و کۆتاییان دێت.

لە ئەمڕۆدا، لە سایەی دەسەڵاتی ئەردۆگانی لەخۆبایی و بڕیارە تاکڕەوییەکانی بە هـۆی شکستییەکانی لە سیاسەتی ناوەوەی تورکیا و لە دەروەدا، رۆژ لە دوای رۆژ نەیارانی لە زۆربووندان و درزی گەورەتریش دەکەوێتە ریزی پارتەکەی.. گڵۆڵەی رژێمەکەی بەرەو لێژبوونەوە دەچێت.. تورکیا دووگیانە بە کودەتایەکی سەربازی چاوەڕوان کراو.
جامی ناڕەزایی و بێزاری خەڵکی تورکیادا، پڕبووە و لێیدەرژێ.. ژیان و گوزەرانی خەڵکئ زۆر سەخت بووە.. رێژەی بێکاری لە هەڵکشاندایە و لە سەدا زیاتر لە پانزەی تێپەڕاندووە، بێکاری کێشەیەکی گەورەی تورکیایە.. تادێت ئابووری تورکیا بەرەو تەپین و داڕمان دەچێ، لیرەی تورکیش بێ نرختر بووە و تادێت لە دابەزیندایە.. گەلێ کۆمپانیای بەرهەمهێنان لە کار وەستاون و خەریکە مایەپووچبن.. کەرتی گەشتیاریش کە بڕبڕەپشتی ئابووری تورکیایە ئیفلیج بووە.. نرخی خۆراک و شتومەکی پێویست و سووتەمەنی و وزە، سێ هێندەی جاران بەرز بوونەتەوە.. بڵاوبوونەوەی کۆرۆناش بە شێوەیەکی ترسناک لە تورکیادا، هێندەی تر ئابووری و بارودۆخی سیاسی شڵەژاندووە.
کەچی ئەردۆگان باکی نییە.. لەسەر ئەم بارودۆخە نالەبارەشەوە، بە هەزاران جاشی ئیسلامی بەکرێ گرتوون و رەوانەی شەڕی سوریا و لیبیای کردوون، جاشەکانی لێبیای مانگانە (دوو هەزار) دۆلاریان دەداتێ.. بەڵام خێزانی تورکی وا هەن، مانگی دوو سەد دۆلاریشیان دەست ناکەوێت.. بە کوێرەوەری و کوللـەمەرگی ژیان بەسەردەبەن.
ئەردۆغان، بۆ هێنانەدی خەونی سوڵتانی، پارەیەکی زۆری تورکیای بە فێڕۆداوە، بۆ بڵاوکردنەوەی ڤایرۆسی (ئیخوان ئەلشەیاتین) لە وڵاتانی عەربیدا، پارەیەکی زۆریشی لە یارمەتیدانی داعـشی تیرۆریستدا خەرج کرد.. هەر بە پارەش یارمەتی رێکخراوی حەماسی بەکرێگیراوی دەدا، بەڵام لەمەشدا شکستی هێنا و پیلانەکانی سەریان نەگرت. ئێستا کەوتۆتە زەڵکاوی سوریا و لیبیاوە.. نازانێت کە چون خۆی لێ دەرباز بکات و دوا تنۆکە ئارقە شەرمەزارییەکانی دەموچاوی بسڕێتەوە.. ئەردۆگان دەیەوێت لەسەر دوو گوریسیش یاری بکات.. خۆی بە دۆستی روسیا و ئەمریکا بزانێت، رەنگە وابە بزانێت کە هەردووکیانی خەڵەتاندوون.. بەڵام ئەمریکا و روسیاش دەزانن کە ئەردۆگان بایی چەندە و چەند نابەڵەد و گەمژە و کۆڵەوارە لە سیاسەتی نیودەوڵەتیدا. هێندە پەنای بۆ روسیا بردووە، رێز و شکۆداری نەماوە و بەساردی و سڕییەوە بەخێرهاتنی دەکەن و بەڕێی دەکەن.. دەزانن کە کابرایەکە بەر و پشتی بۆ نییە و درۆزنێکی قەولوبەولییە.
ئەردۆگان هەڕەشەی لە کوردیش کرد، وتی رۆژئاوای کوردستان دەکەمە گۆڕستانی کورد.. لەم خۆفشکردنەوەش شکستی هێنا.. چونکە بە زەبری هێز کورد لەبن نایات.
ئەمڕۆ لە ناو تورکیادا، ئەوانەی نکوڵییان لە بوونی ناسنامەی کورد دەکرد.. بە دەنگی بەرزەوە دان بەوەدا دەنێن، کە کێشەی کورد بۆتە کێشەیەکی نێودەوڵەتی و هەرگیز لە رێی لەشکرتاری و هـێزەوە چارەسەر ناکرێت و کێشەکە قووڵتر و گەورەتر دەبێتەوە.
لە بارەی دەرچوونی یاسای لێبووردنە گشتییەکەی ئەردۆگان، بۆ ئازاد کردنی بەشێک لە بەندکراوەکانی نزیک لە دەسەڵات لە زیندانە پاستیلەکانی تورکیادا.. حەزمان کرد کە را و رەخنەی چەند کەسانێک و رێکخراوێک، بە ئێوەی خوێنەرانی بەڕێز بگەیەنین:
پەرلەمانتاری کورد (عومەر فاروق جەرجیری ئۆغڵو) ئەندامی پارتی گەلانی دیموکرات (هە دە پە) لە دانیشتنەکەی رۆژی دووشەمەی رابردوودا، بۆ بڕیار دان لەسەر یاساکە، لە بەردەم پەرلەمانتارانی ناو هۆڵی پەرلەماندا، کە گوێیان لە را و پێشنیارەەکانی ئەوان نەگرت بۆ ئەوەی یاسای لێبوورنەکە، هەموو بەندکراوە سیاسییەکانیش بگرێتەوە، وتی: “ئێمە بە کاری خۆمان هەستاین و ئاگادارمان کردنەوە، لەمەوە دواش ئێوە بەرپرسن، لە مردن بە هـۆی کۆرۆناوە.. خوایە شایەت بە لەوەی کە کردمان”
پارێزەری ناسراوی تورک (ئۆگور بویراز)، لە مانگی ئاداری رابردوودا، دەربارەی پاکێجی لێبووردنی گشتی، وتی:”ئامانج لەم لێبووردنە، بە ویـژدانی نییە دەرهەق بە ستەملێکراوان.. بەڵکو رزگارکردنی تاوانبارانی نزیک لە دەسەڵاتە”
رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی:”یاساکە، گەلێ لە بەندکراوەکانی بەلاوە ناوە، کە لە پێشترن بۆ ئەوەی ئازادبکرێن لێیان گەڕاون بۆ ئەوەی رووبەڕووی کارەسات ببنەوە”

رێکخراوی (هیومان رایتش وۆچ) یش، ناڕەزایی خۆی دەربڕی و رەخنەیەکی زۆری لەم یاسایە گرتووە کە دادپەروەری تێدا نییە.
(مەحسوني قـارەمان) کە پارێزەرێکە، لە پارێزەرەکانی هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان (سەڵاحەدین دەمیرتاش) کە لە ساڵی (٢٠١٦) وە لە زیندانی شاری (ئەدەرنە) دایە.. باس لەوە دەکات گەرچی دادگا بڕیاری ئازادکردنی دا.. بەڵام تا ئێستا ئازاد نەکراوە.. لە مانگی یانزەی ساڵی رابردوو، تەندروستی دەمیرتاش تێکچوو و بوورایەوە و تووشی ئازاری سنگ و هەناسەتەنگی بوو.. لەسەر فشار و داوی پارێزەر (ئایگول دەمیرتاش) کە خوشکی سەلاحەدین دەمیرتاشە، بردیان بۆ نەخۆشخانە، لە ئێستا هەر لە بەندیخانەیە و تەندروستی باشە.. لە گەلی لایەنەوە داوا لە تورکیا کرا کە سەڵاحەدین دەمیرتاش بێتاوانە و ئازادی بکەن، بەڵام ترژێمی تورکیا هەموو داواکانی رەتکردەوە و ئازادیان نەکردووە.. پارێزەرەکانیشی داوایان کرد، بە هۆی نالەباریی تەندروستییەوە، دەمیرتاش ئازاد بکەن. بەڵام داواکەی ئەمانیش رەتکرایەوە.
پارێزەر (مەحـسونی قـارەمان) لە بارەی ئەم یاسایەی ئەردۆگانەوە، دەڵێ:”ئەم یاسا تازەیە، داددپەرەوەری تێدا نییە و نایاساییە”
سەڵاحەدین دەمیرتاش دەڵێ:” لە تورکیا، دادگا و دادپەروەری و یاسا و دادوەر نییە”
١٦/ ئەپریل/٢٠٢٠




له‌ ده‌ستم دێ … شیعری شه‌هید: زانا مه‌حموود حه‌مزه‌

به‌ سه‌ر لوتكه‌ به‌رزه‌كانی هه‌دادانا سه‌ر ده‌كه‌وی
تا له‌ كۆشی ته‌م و مژا ئارام بگری
به‌ نێو ئاسمانی بێ كۆتای خه‌ونه‌كانتا
ڕێگه‌ی نه‌هاتنه‌وه‌ ده‌گری
ماوه‌ی چواره‌م دروست ده‌كه‌ی
تا له‌ نێوان كه‌وشه‌نی تۆ و ڕه‌شه‌بادا
خه‌ونه‌كانت ، ئه‌سوتێن و
مه‌بادا … هیوا و ئاواتی زڕت ڕادا
تووڕه‌ بوونت، ئه‌ستێره‌كه‌ی نیگام ڕادا
*
ده‌زانم كۆشكی خه‌یاڵت
له‌ شوشه‌یه‌ و به‌ پلارێ
ده‌توانم ورد و خاشی كه‌م
ده‌زانم دڵت شاریكی ..
سڵۆكی ژێر هه‌وری تاره‌
له‌ ده‌ستم دێ .. به‌ ئاسانی كاوڵاشی كه‌م

به‌ڵام چبكه‌م دڵم نایه‌
چی گوڵی زه‌ردی لێوته‌
به‌ ماچێكی پڕ له‌ ڕاستی بژاكێنم
گه‌ڵای گه‌شی سۆز و نازت
به‌ هه‌ناسه‌م هه‌ڵوه‌رێنم




هاوبەندەکانی پێشمەرگایەتی… عارەبانەی تڕاکتۆر …دڵشاد تاقانە

چلوحەفتەمین هاوبەند وێنانوسی پێشمەرگەی قۆناغی ڕزگاری نیشتمانیە سەردەمی شاخ..

عارەبانەی تڕاکتۆر..
تاقە پێشمەرگەکیش نیە سواری عارەبانەی تراکتۆر نەبووبی بەلەق لەق و شەقە شەق
نەیبردبی لەو گوندەوە لۆ ئەو گوند! ئەوکات وا فریادڕەس بوو وامان دەزانی سواری
ماشێنی پۆڕشە و فیرایری دەبین، جا خۆ لێیگەڕێ لەپێشمەرگایەتیش نەبی کەممان
هەیە بەمنداڵی لەکۆڵانەکانی شار خۆی پێوە نەگرتبی و دوو شۆڕی مزریشی لەسەر
نەخواردبی لەلایەن هاژووشتەکەی. چەندین جار بەهۆیەوە کەوتیتە کەمینی دوژمن
هەروا کۆپتەر دەگەیشتە سەریان و کێشەی شەڕ دروست دەبوو. لەعارەبانەی
تڕاکتۆرەکان زۆرەها نوکتە و ڕابواردن یان گۆرانی گۆتن بارکرایە لۆیە هاوبەندی
ژیانی پێشمەرگەی ئەوێ ڕۆژیە و ئێستاش پوزڵ یا کەرتە وێنەیەکی تەواوکاری
نوسراوی مێژووە. بەپێچوونە شەڕ یا بریندار و گەشمەرگ گواستنەوە یا ڕاگواستنی
ئەنفالەکانیش بەکارهاتیە. ئەگەر لەدوای شەوەڕێیەکی زۆر و پڕ شەکەتی لەگوندێک
دەسکەوتبا ئەوە دەبووە لانک وای ڕادەژاندی خەوە کوتکە دەیبردیەوە. دوای
گەڕانەوەی بەپێیانی پێشمەرگەکانی دەشتی کۆیە لەبناری قەندیلەوە تا گوندی
گرجانی بیتوێنێ لەویش بەتڕاکتۆر بەڕێگای دەم بەحری تا بگەنە داری قەمتەران
بەرەو بناری کۆسرەت. لۆ بەدبەختی عارەبانەکە دەرکەی پێوەنابی یەک
لەپێشمەرگەکان لەسەرلێوارەی دادەنیشی هەرئەوەندە دەزانن شەپەی لێوەدێ دەکەوتە
خوارێ… چاکە زەویەکە نەرمێنە و دەبتە هاوار هۆپ هۆپ کابراش ڕایدەگری، دەچنە
سەر پێشمەرگەکە ئەویش چاوی دەکاتەوە وەک زانی شتەک ڕویدایە بەس چبوو؟ سەری
سوڕمایە! چونکە هەند ماندی ببوو دوای کەوتنەکەشی هەربەخەبەر نەهاتبوو.

دڵشاد تاقانە




بــاڵــنــدە … لیۆ تۆلستۆی .. و: محەمەد بەرزی

منداڵە ژیرەکان ، توانا لە ڕۆژی جەژنی لە دایکبوونیدا ، دیاری زۆر جوانی بۆ هاتبوو . مامیشی دیارییەکی سەیری بۆ هێنابوو ، کە بریتیی بوو لە قەفەزێکی پچکۆلە و داوێک بۆ گرتنی باڵندە . توانا بەو دیارییەی مامی زۆر دڵخۆشبوو ، لە هەموو دیارییەکانی تریشی لا بەنرختر بوو ، بۆیە لە خۆشیاندا بەڕاکردن بردی بۆ لای دایکی و وتێ : ( دایە گیان لە ناو هەموو دیارییەکاندا ئەم دیارییەی مامم لە هەموو دیارییەکان پیێ جوانتر و باشترە ، چونکە دەتوانم باڵندەی پیێ بگرم ) . جا چونکە دایکی حەزی لە گرتن و ئازاردان و بەندکردنی باڵندە نەبوو ، بەو دیارییە زۆر دڵتەنگبوو ، بۆیە بە توانای وت : ( ئەو دیارییە دیارییەکی باش نییە ، چونکە نابێ باڵندە بگرین و ئازاریان بدەین و لە ناو قەفەزدا بەندییان بکەین ) . بەڵام توانا بە پێچەوانەی دایکییەوە زۆر شادمانبوو ، هەر بۆیە گوێی لە دایکی نەگرت ، هەر زۆر بە خێرایی ڕایکردە ناو باخچەکەیان و داوەکەی بۆ باڵندەکان نایەوە و تۆزێکیش دانی بە دەوری داوەکەدا بۆ ڕۆکردن ، لە پەنایەکیشدا خۆی شاردەوە و خوا خوایبوو داوەکە دانەیەکیان بگرێت . ئەوەی سەیر بوو باڵندەکان کاتیک لە دانی دەوری داوەکە نزیکدەکەوتنەوە ، دەترسان و بە خێرایی دووردەکەوتنەوە . جا ئەگەرچی توانا ماوەیەکی زۆر چاودێریکردن ، بەڵام هیچ باڵندەیەکیان نە چوون بە لای داو و قەفەزەکەدا ، ئیتر توانا بە تەواوی تاقەتی نەما ، بە ناچاری باخچەکەی بەجێهێشت و چوو بۆ خواردنی نانی ئێوارەی . پاش نانخواردن ، توانا زۆر بە پەلە گەڕایەوە بۆ ناو باخچەکە ، سەیریکرد داوەکە باڵندەیەکی پچکۆلانەی گرتووە ، هەر بۆیە لە خۆشیاندا نەیدەزانی چیی بکات ، باڵندەکەش لە ترساندا دڵی وەک بینی ئاو دەلەرزی ، بەڵام توانا گوێی نەدایە و گورج لە داوەکەی کردەوە و خستییە ناو قەفەزەکەوە و دەرگاکەشی خڕ لەسەر داخست و خێرا بە ڕاکردن و هاوار هاوار و خۆشییەوە چوو بۆ لای دایکی و وتی : ( دایە گیان ئەها داوەکەم چۆلەکەیەکی گرتووە ) . دایکی کە دیمەنی باڵندەکەی بینی وتی : ( ئەوە چۆلەکە نییە ، ئەوە بولبولە و دەنگیشی زۆر خۆشە ) … ئنجا بە توانای وت : ( تکایە ئەو بولبولە دەنگخۆشە بەرەڵڵابکە ، با تووشی ئازار نەبێت ) . توانا لە وەڵامدا وتی : ( نەخێر بەرەڵڵای ناکەم و زۆر حەزدەکەم لە لام بمێنێتەوە ، هیچ خەمێکیشت نەبێ ، ڕۆژانە هەر خۆم دان و ئاوی بۆ دادەنیم و ژێرەکەشی بە جوانی پاکدەکەمەوە و خزمەتی باشیشی دەکەم ) .
توانا بۆ ماوەی دوو ڕۆژ زۆر بە پەرۆشەوە خزمەتی بولبولەکەیکرد . دان و ئاوی بۆ دادەنا و قەفەزەکەشی بۆ پاکدەکردەوە . بەڵام ڕۆژی سێیەم ، تۆزێک تاقەتی نەما و بولبولەکەی لەبیرکرد . کاتێ دایکی تەماشای بولبولوکەیکرد ، سەیریکرد نە دان و ئاوی بۆ دانراوە ، نە ژێریشی پاککراوەتەوە . هەر بۆیە بە توانای وت : ( تکایە واز لەو بولبولە بەسزمانە بهێنە و دەرگای قەفەزەکەی بۆ بکەرەوە با ئازاد بێت و بچێتەوە لای هاوڕێکانی . باشە ئەی تۆش حەزدەکەی ئاوا بتخەنە ناو قەفەزێکەوە و دەرگات لەسەر دابخەن ؟ ) . بەڵام توانا گوێی لەو قسانەی دایکی نەگرت ، تەنها وتی : ( تۆ خەمت نەبێت ، ئیتر هیچکاتێک پشتگوێی ناخەم و لە مەولا هەموو ڕۆژێک دان و ئاوی بۆ دادەنێم و بە جوانیش قەفەزەکەی بۆ پاکدەکەمەوە ) . هەر بۆیە گورج چوو بۆ لای قەفەزەکە و دەرگاکەیکردەوە ، تا پاکی بکاتەوە ، پاشان جامی ئاوەکەی دەرهێنا ، تا ئاوی تازەی بۆ بهێنێت ، بەڵام لەبیری چوو لە دوای خۆیەوە دەرگای قەفەزەکە دابخات ، بە مەش بولبولەکە فرسەتی هانی و بە هەموو هێز و توانای خۆیەوە گڤەیکرد و باڵەکانی کردەوە و دەرپەڕییە دەرەوە و لە ناو ژوورەکەدا چەند جارێک بە خێرایی خولایەوە . پاشان لە ناکاو و زۆر بە قایم خۆیدا بە پەنجەرەیەکدا ، تا بڕواتە دەرەوە ، بەڵام نەیزانی ڕووی پەنجەرەکە شووشەیە ، هەر بۆیە یەکسەر بە تەوقی سەردا کەوتە خوارەوە و تەپەیەکی پچکۆلەی لیێ هەستا . کاتی توانا بولبولەکەی لەسەر زەوییەکە بینی ، گورج چوو هەڵیگرتەوە و خێرا نووسانی بە سنگییەوە ، بەڵام بە حاڵ دڵە پچکۆلەکەی لێی دەدا و بە گران هەناسەی دەدا .. توانا ڕوویکردە دایکی و وتی : ( دایە گیان : تکایە چیی بۆ بکەین باشە ؟ ) . لە وەڵامدا دایکی وتی : ( ئیستا ناتوانیین هیچی بۆ بکەین ) . ئەو ڕۆژە توانا بە خەمباری و زویری تا دەرنگانێکی شەو بە دیار بولبولەکەوە مایەوە . پاشان ئەوەندە ماندوو بوو چوو نووست ، بەڵام لەبەر خەفەتی بولبولە جوانەکەی نەیدەتوانی بنووێت ، ئەو شەوە چەند جارێک خەبەری بۆوە . بۆ بەیانی ، کە لەخەوە هەستا خێرا ڕایکرد بۆ لای قەفەزەکە ، تەماشایکرد بولبولەکە لەسەرپشت کەوتووە و قاچەکانی لێ بڵاوکردۆتەوە و گیانی دەرچووە . بەمەش توانا زۆر دڵتەنگ و پەست و بێزار بوو ، چاوەکانی پر بوون لە فرمێسک و زوو زووش دەیوت : ( من هۆکاری مردنی ئەم بولبولە جوانە بووم ، خۆزگە ئەو دیارییەم بۆ نەهاتایە و ئەم باڵندەیەم نەگرتایە ، خۆزگەش هەر زووش بە قسەی دایکە خۆشەویستەکەی خۆمم بکردایە و ئەم بولبولە جوانەم بەرەڵلابکردایە و ئاوا نەمردایە ) . ئنجا بە چاوی پڕ لە فرمێسکیشەوە وتی : ( مەرج بێت لەمەودوا نە هیچ باڵندەیەک بگرم ، نە هیچ باڵندەیەک ئازار بدەم و نە هیچ باڵندەیەکیش لە ناو قەفەزدا بەند بکەم . چونکە پێویستە ئەوانیش وەک من و دایکم و هەموو گیانلەبەرێکی تر ، بۆ خۆیان بە خۆشی و شادی و ئازادی بژین ) .


تێبینی : دەستکارییەکی زۆر کەمی ئەم چیرۆکەم کردووە .




دارێک … ڕۆستەم خامۆش

دارێـک لـە حـەوشــەمـانـە
ئای، كـە بەرز و زۆر جوانـە

كــاتـێ دەچـيــــنـــە ژێــری
چـەنــدە خـۆشــە سێبـەری

هەست پێدەكەين گرينگـە
بـــۆ پێويســتی لـــە ژینگـە

زۆر بــە ســـوودە و ناهێڵێ
تـــۆز و خـــۆڵ بێـتـە مـاڵێ

  ڕۆستەم خامۆش 
  هەولێر ۲٠۱۷/۷/۱۸



پاسۆک و چالاکی و هەڵوێستێکی گەورەی مێژوویی و تاقانە …ھەڵۆ بەرزنجەیی

بەشی ١ ـ ٣

لە مێژووی بزاڤی ڕزگارخوازی کورددا، زۆر داستان و قارەمانێتی و ڕووداوی گەورە تۆمار کراون. گەلێ ھەڵوێست و مەردایەتیش بە زیندوویی نوسراونەتەوە و بوونەتە لاپەڕەیەکی گەشی مێژوومان..
ئەم چیرۆکەی لێرەدا بۆتان دەگێڕینەوە، جگە لەوەی لێوان لێوە لە ھەموو ئەو خەسڵەتانەی ئاماژەمان پێدا، ھاوکات ھەڵگری کۆمەڵێ تایبەتمەندی جیاواز و بێ نموونەیە، بەتایبەت لە ڕووی مێژوویی و نەتەوەیی و سیاسی پاش نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول . ئەو مێژووەی کە بەداخەوە سیخناخە بە گیانی حیزب حیزبێنە و خۆپەرستی و خۆخۆری و بەرژەوەندی پەرستی و زۆر شتی تری نەرێنی. دوای نسکۆ١٩٧٥، کۆمەڵێ حیزب و ئایدۆلۆژیا و گروپی نوێ، بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییە زلەکە بە خێرایی، ھاتنە کۆڕی خەباتەوە. بەداخەوە بە سەروسیما و مۆرکی حیزبایەتی و ئەقڵێتی تاقە حاکمی گۆڕەپان و پاوانخوازی و دڕندۆکی لەگەڵ یەکتردا، ھەنگاویان ھەڵھێناوە و ئەندامانی خۆیان گۆشت کردووە.
بێ خۆھەڵدانەوە و لووت خشان لە ھەوری ئاسمان و بە درۆکردن و فووی فشە کردنە خۆ ، لەم ڕووبەر و واقیعەی خەبات دا، تەنھا کار و تێکۆشان و بیرکردنەوەی پارتی سۆسیالیستی کورد – پاسۆک شێوە و ئامانج و مانایەکی دیکەی ھەیە، یاخود بارگاوین بە خەسڵەت و مانای جیاواز. هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو سەرچاوە و پیرۆزییەی گوتارە ڕەپوڕاستەی پاسۆک بووە خاوەنی و بانگاشەی بۆدەکرد و بە پراکتیکیش نوێنەرایەتی دەکرد.
گەر مێژوو نەشێوێندرێ و ھەر کەس و لایەک ھەق و مافی خۆی لەگەڵدا بکرێ و بدرێتێ، پێوەرەکانیش لەسەر بنەمای ڕاستییە مێژووییەکان و ڕاستگۆیی شۆڕشگێریی و دڵسۆزی و پابەندبوون بێت، بۆ پیرۆزی و گەورەیی و مانای « نەتەوە و نیشتمان» و شۆڕشە ڕەواکەی، ئەوا کەس ناتوانێ شان بدات لە شانی پاسۆک، لە ڕووی چەندایەتی و چۆنایەتی خەباتەوە لەو ئیمکانێتەی بۆی لواوە و دەسەڵاتی ھەبووە.
بێئاگایی بەشی هەرە زۆری جەماوەر لەم راستییانە، دەگەڕێتەوە بۆئەوەی پاسۆک دەزگایەکی بەھێز و کاریگەر – ڕادیۆ و تیڤی- نەبوو. تا بتوانێ ئەم باس و ڕووداوانە خێراتر و باشتر و ڕاستەوخۆتر بگەیەنێتە جەماوەر. لەلایەکی ترەوە ئەوەی دوێنێ خاوەنی دەسەڵات و ئیمکانێتێ بوو، ئەمڕۆش بە ھەمان شێوە، بێ ڕوحمییەکی گەورە دەکات لەگەڵ مێژوودا. لە نووسینەوەی مێژوودا شێواندن دەکات و ھەڵسوکەوت کردنی لەگەڵ رووداو و بەسەرهاتەکانی دوێنێمان و تەنانەت ئەمڕۆکەشدا هەر نابەپرسانەیە.. بۆ ئەم باسەی لێرەدا دەیخەمە بەرچاوتان،ـ کە خودی ڕووداوەکەم لە دەمی بکەری چالاکییەوە و کۆمەڵێ بەشداربووەوە وەرگرتووە ـ ئاوڕدانەوەیە لە یەکێ لەچالاکییە ھەرە دیارەکان، لەسەر دەستی ھێزی پێشمەرگەی پاسۆک دا. بەداخەوە زۆر کەس لێی بێ ئاگان و لە مانا و ناوەڕۆک و ڕەھەندەکانی تری حاڵی نەبوون. دواتر بەندە لەچەند گۆشەنیگایەکەوە تیشکی بایەخ و گرنگی و تاقانەیی دەخەمە سەر چالاکییەکە.
سەرەتا جێی خۆیەتی ئاماژە بۆ ئەوە بکەم، ئامانجی ئەم ئاوڕدانەوەیە بۆ خۆ ستایشکردن و پاداشت وەرگرتن و لۆمە و سەرزەنشتکردنی ھیچ کەس و لایەک نییە، بەڵکو زیاتر بۆ ھەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی پڕ لە شانازی و قارەمانێتی و پاکێتی و دڵسۆزی کەم وێنەیە، بەمانا فراوانەکەی کوردایەتییە. شایانی وتنە، ونبوون و فەرامۆشکردن و نکۆڵی کردنی ئەم چیرۆک و ناواخن و ھەڵوێستە جوانەکەی، کە مشتێ لەخەروارێکە!،بەرلەوەی نادیدەگرتنی بکەرەکەی( پاسۆک) و شێواندنی ناوەکەی و خودی ڕاستییەکان بێت، ناهەقییەکی گەورەیە بە مێژوو و سەربڕینی ڕاستییەکانە بە چەقۆی کوول.
پاسۆک.. ھەر لە ڕسکانییەوە، بایەخی زۆری دا بە ڕێکخستن و خۆ پەروەردەکردن و ئامادەکاریی و تێگەیشتن، لە چەمکی شۆڕشکردن و خەباتی ڕزگاری نیشتمان و ھۆشیارکردنەوەی تاکی شۆڕشگێڕی کورد – پێشمەرگە – ی خۆنەویستی گیان لەسەر دەستی کوردایەتی، لە ناھۆشیاریی و ڕەشۆکێتی دڵسۆزانەی بێ ستراتیژ و پرنسیپێتی. ھەر بۆیەشە لە سەرەتاوە یەکێ لە دروشمە ناوەندی و گەشەکانی « چەکی بێ بیروباوەڕ سێدارەی جەماوەرە» ی بڵند کردەوە. بەڵێ بڕیاری تەرخانکردنی قورسایی 10ساڵ خەباتی سەرەتا، بۆ خۆ چەکدارکردن بوو، بەو خەسڵەت و مانایانەی لەسەرێ ئاماژەمان پێدان. ئەم تایبەتمەندی و خەسڵەتەش بوو، سەلماندی کە ڕێکخستنەکانی پاسۆک بە تایبەتی لە شاری سلێمانی بەھێزترین و تۆکمەترین ڕێکخستنی دەست وەشێن و چالاک بوون و لە کەرکووکیش زۆر چالاک گاریگەربوون لە پەروەردەکردنی ئەندامان،دوژمنیش لێی تۆقا بوو. لەو ڕۆژگارەدا ئەرکی ڕێکخستنەکان سەخت و فرە لایەن بووە. کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر دوژمن و خۆفرۆشان، یەکێ بووە لە چالاکییە بەرچاو و گرنگ و زیندووەکانی ڕێکخستنەکان. بێ ئەم میتۆدە، کاری پێشمەرگە و شۆڕش لە شارەکاندا سەخت بوو.
قوتابی/ خوێندکارە عەرەبەکان کە لە چوارچێوەی ڕێکخراوی بەناو « یەکێتی نیشتمانی بۆ قوتابیانی عێراق» ڕێک خرابوون، سەر بە پارتی بەعس بوون. ئەم ڕێکخراوە پێسەییە ھیچی لە دەزگایەکی ھەواڵگیریی و ئاسایشی کەمتر نەبوو. ھەم سیخوڕییان بەسەر خوێندکارە کوردەکانەوە دەکرد، ھەمیش گوشاری زۆریان بۆ بەعسیکردن دەخستە سەر خوێندکارە کوردەکان. لەم ڕووەوە ئەوانیش ناو زڕاو ببوون.
ھەڵگیرسانی شەڕی ئێران و عێراق ١٩٨٠- ١٩٨٨، دەرفەتێکی باشی خوڵقاند بۆ ئاوێتەبوونی زیاتری ھێزی پێشمەرگە و ڕێکخستنەکان و جەماوەر. توانرا سوودێکی باش لە لاوازی و کزی دەسەڵاتی بەعس لە کوردستاندا ببینرێ. بەڵێ سەرەتای ھەشتاکانی سەدەی ڕابووردوو، کەم شەو ھەبووە، مەفرەزەیەکی پاسۆک یان زیاتر نەھابێتە شاری سلێمانییەوە و بە چالاکی و دەستکەوتی جۆراوجۆرەوە جێ دەستی خۆی بە ڕووداوەکانە نەخش نەکرد بێت. شار و گەڕەکە ئازاد و نیمچە ئازادەکانی ئازادی و گۆیژە و سەرکارێز و ئیبراھیم پاشا و گردی سەیوان، گەواھی بۆ ئەم ڕاستییە دەدەن. جۆری چالاکییەکانیش دەست وەشاندن بوو لە دامو دەستگا و سیمبۆڵ و ھێزە دڕندەکانی ڕژێم و سزادانی تاوانبار و خۆفرۆشان و تەمێ کردن و ئامۆژگاری کردنی ھەڵخەڵەتێندراوان و پروپاگەندەی ئەرێنی بۆ پێشمەرگە و شۆڕش و بەرزکردنەوەی ورەی جەماوەر و تۆقاندنی داگیرکەر. چالاکییەکانی پێشمەگەی پاسۆک بەشێکی باشیان لە لاپەڕەکانی ئاڵای سووری کوردایەتیدا لەژێر ناونیشانی« تیشکێ لە خۆری کوردایەتی- دێڕێک لە داستانی بەچکە شێرانی نەتەوەیی» دا بڵاو کراونەتەوە. یەکێ لە دیاترینیان:
ـ شەوی ١٦-١٧/ ٢/ ١٩٨١ دەستەی شەھید « ملازم محەمەد شەوقی» دێنە ناوشاری سلێمانییەوە، کۆمەڵێ وردە چالاکی دەکەن، لە دانانی بازگە و ڕوونکردنەوەی ڕێبازی شۆڕش بۆ خەڵک و تەمێ کردنی ھەندێ خۆفرۆش. نیوەشەوێکی درەنگ لەگەڕانەوەدا بە لای بینایەکی بەرزدا تێدەپەڕن، کە ھێشتا گڵۆپەکانی داگیرساوە و جمەی دێ لە خەڵک. زوو بۆیان ئاشکرا دەبێت، کە ئەمە بەشی ناوخۆیی خوێندکارە عەرەبەکانە ناو زڕوەکەیە، کە پێشتر کۆمەڵێ ڕاپۆرتی ڕێکخستنەکانیان لەسەر ھاتووە و باسی ڕۆڵ و بوونی خراپی ئەمانە دەکەن.
بە پێی پلانێکی ژیرانە، کە زادەی ئەو چرکەساتەیە، فەرماندەی مەفرەزەکە ئاگاداری پێشمەرگەکان دەکاتەوە و پێیان دەڵێ : دەچینە سەر ئەم بەشە ناوخۆییە و کەستتان ورتە و قسە ناکەن و ھەر بە ئاماژە و دەست ڕاوەشاندن قسە لەگەڵ یەکتردا بکەن. فەرماندەی ژیر و خاوەن ئەزموون تەنیا 14 پێشمەرگەی لەگەڵ دەبێت. سەرەتا چوار پێشمەرگەیان لەبەر دەرگا و ناوەوە دادەمەزرێنێ. ئینجا دەرگا دەشکێنن و ھێڵی تەلەفونەکە دەپچڕێنێ و بە 6 پێشمەرگە و بە جلی کوردییەوە دەچنە دوا نھۆمی خوێندکارەکانی لێیە. ھەموویان کۆ دەکرێنەوە و بەزمانێکی عەرەبی ڕەوان و دبلۆماسێتێکی بەرزەوە، سەرەتا و نابەدڵانە و بە درۆ!، دەکەوێتە پیاھەڵدان بەشانوباڵی بەعس و شۆڕش و سەددام دا. دوای کاژێر و نیوێکی قسەی لەم جۆرە دەڵێ: ئێستا کارێکی تایبەتی گرنگمان ھەیە، کێ ئامادە ھاوکاریمان بکات!.( ئەو ڕۆژگارە ھێزە ھەواڵگریی و ئاسایشەکانی ڕژێم زۆرجار بەجلی کوردییەوە دەردەچوون، بۆ لە سەرلێشێواندنی جەماوەر)!. لەگەڵ ئەم گوتنەدا، نزیکەی 200 خوێندکارێک دەستیان بەرز دەکەنەوە و ئامادەیی خۆیان بۆ بەشداری لە چالاکییەکەدا دەدەبڕن. فەرماندە سەرەتا سەری دەسووڕمێ و دیارە بۆ ئەو بارودۆخە کەم دەرفەتە و بوونی ژمارەیەکی کەمی پێشمەرگە، کۆنترۆڵکردنی دوو سەد کەسی دیل زۆر زەحمەت دەبێت. بۆیەکا بروسکەئاسا بیرۆکەی ئەوەی بۆ دێ ، ھەر ژمارەیەکیان لە دیارەکان، واتە ئەندام و بەرپرسە گەورەکانیان لێ ھەڵدەبژێرن. ئیدی یەکە یەکە بانگیان دەکات و لە پلەی حیزبییان دەپرسێ. ئەوەی زۆر پەرۆشە و«نصیر»و« نصیر متقدم» بەرەو ژوورە، جیایان دەکەنەوە ئەوانی دیکە بەڕەڵا دەکەن.
دەرئەنجام 30 کەسێکیان لێ جیا دەکرێتەوە کە 8 یان خەڵکی ئوردون دەبن. ھەر لە حەوشەی بەشی ناوخۆییەکەدا، 3 یان، لە مەسەلەکە تێدەگەن، دەست دەکەن بە گریان و کڕووزانەوە. ئەو سیانە بەجێی دێڵن.. پاش تۆزێ لەناکاو لەبەردەم دەرگای دەرەوەی بەشی ناوخۆییەکەدا ، کابرایەکی تێکسمڕوای کەتەی زل بە جلوبەرگی کوردییەوە ڕێیان پێ دەگرێ و دەڵێ: گەر ئێوە ئەمانە بەرن من ئابڕووم دەچێ. فەرماندەش لەکاتێکدا دڵی بەتەواوی بەم پاسەوانە دەسووتێ، لێ لەوەڵامدا دەڵێ: گەر تکەیەک ئابڕووشت نەمێنێ ھەر دەیان بەین.
مولام شوان، کە مێژووی لە مێژووی پاسۆک جیا ناکرێتەوە، ھەزاران جار گیانبازی بە ژیان و ڕۆحی کردووە و لەمەرگ گەڕاوەتە، فەرماندە و ئەندازیار و پاڵەوانی ئەم داستانەیە لەتەک دەستەیەک لە ڕۆڵە هەرە جەربەزە و ئازا و لێهاتووەکانی پاسۆکدا. م. شوان دەڵێ: بەھەر ناری عەلییەک بوو خوێندکارەکانمان بە نەعل و بیجامەوە، گەیەندرانە گوندی قڕگەی نزیک شار و چیای گۆیژە… لەوێ پشوویەکی کورت دەدەن و پێڵاوی لاستیک و جلوبەرگ بۆ خوێندکارەکان دابین دەکرێ.. دوای ئەوە کێشە و مەترسییەکی تر دێتە بەردەم مەفرەزەکە. ئەویش بریتییە لە ڕێگای پشتی قڕگە و ھەڵگەڕان بەگۆیژەدا، ڕێگایەکی باریک و سەختە و کۆمەڵێ رەبایەی سەربازیش بەسەر چیای گۆیژەوە بوون. کۆنتڕۆڵکردنی 27 کەسی دیل لەلایەن 14 پێشمەرگەوە کارێکی ئاسان نەبووە. بۆیەکا فەرماندە بە بیرۆکەیەکی تری زرنگانە، بیر لە کۆنتڕۆڵی بارودۆخەکە دەکات و خوێندکارەکان کۆدەکاتەوە و پێیان دەڵێ: ئێستا بەم توولە ڕێ بارکەدا بۆ ئەودیو ئەم شاخە ھەڵدەگەڕێن. ئەوەی ھەر جموجوڵێک بکات و لە ڕیز و ڕێگاکە دەرچێ، لەم ناوە گورگی برسی و دڕندە دەیخوات. ئەوسا ھەر کەسە خۆی بەرپرسە دەبێت لە ژیانی خۆی نەک ئێمە!. بەم شێوەیە و لە ترسا بێ قڕەوبڕە ھەموو ڕێگاکە دەبڕن و دەگەنە گوندی بناویلەی شارباژێر.
دیمەنی ئەم دیوی ڕووداوەکە و پەردەیەکی دیکەی ئەم شانۆیە، بریتییە لەشپرزەیی و دۆخی ھستریایی ھەموو داودەزگاکانی ڕژێمە لە شاری سلێمانی و کەرکووک و بەغدا و ئوردن و سووریا و لای فەلەستینی و – خوێندکارە ئوردونی و فەلەستینییە بەجێماوەکان ھەر زوو ھەواڵیان دابوو بە لایەنە پێوەندارەکانی خۆیان – و کۆمکاری عەرەبی. ڕژێم دەکەوێتە پەلەقاژە و تەماح بەردانە بەر ئەم لایەن و ئەو کەسایەتی بۆ ئازادکردنی خوێندکارەکان. شاندێکی پاسۆک کەوتە گفتوگۆ!، لێ بەهیچ ئاکام و دەستەکەوتێ نەگەشت. ئەم وەخۆ کەوتنەی ڕژێم، ھۆکارەکەی ڕوونە: کاری لەم چەشنە چاوەڕوان نەکراو بوو، لە رووی چەندایەتی و چۆنایەتییەوە قەبارەی چالاکییەکە زۆر گەورە و کاریگەر بوو. گوشاری بەردەوامی مەلیک حسین و حکومەتی ئوردونی لەسەر بوو، لەو ڕووەوەی قوتابییەکانی میوانی دەوڵەتێکی عەرەبی بوون و بەم چارەنووسە ترسناکە گەیشتوون . ھێزێک ئەم چالاکییەی ئەنجام داوە، ڕەنگە لە ھەژمارد و لێکدانەوەکانی ڕژێمی عەفلەقدا، زۆر بەکاریگەر و گرنگ ڕیزبەند نەکرا بێت… بەتایبەت دوای ئەوەی ئەو ھەموو پێشنیازەی بە پارە و دەستکەوتی کەسی و حیزبی پێشکەش کرد و گوێی لێ نەگیرا… ئیدی بەم دۆخە پێشھاتووە ڕژێم ھێندەی تر شپرزە و ھەراسان بوو. ڕژێم کەوتە ھەواڵ ناردن لەڕێی لایەن و کەسەکانی خۆی و پیاو ماقوڵانی کوردستان، فەلەستینییەکان بەسەرکردایەتی یاسرعەرەفات کەوتنەجموجوڵ لە ڕێی ڕوو لێنان و گوشار بۆھێنان بۆ رەوانشاد مام جەلال و د. مەحمود ، کە ئەو دەم لە سووریا بوون. سکرتێری یەکێتی نیشتمانی دووجار سەغڵەت بوو. جارێ گوایە ئەو حاکمی گۆڕەپانەکەیە و چالاکییەکە لەدەڤەری دەسەڵاتی ئەودا کراوە و لایەنی تر نەک حیزبەکەی ئەو چالاکییەکەیان کردووە، تا دەستکەوتەکەی بچنێتەوە و جارێکی تریش وەک دۆستێکی نزیکی وڵاتە عەرەبی و فەلەستینییەکان. بەم شێوە ئەمانیش واتە سکرتێری یەکێتی و دکتۆر مەحمود کە لە دیمەشق بوون، بەردەوام پەیوەندییان دەکرد و نامەیان داوای ئازادکردنی دەستبەجێی گیراوەکانیان دەکرد. بیانووشیان ئەوە بوو با زیان بە پەیوەندی کورد و فەلەستینییەکان نەگات!. حکومەتیش لای خۆیەوە لە سەرێکەوە لەتەک ھەوڵەکانی بەم شێوازە بۆ ئازادکردنی خوێندکارەکان، لە سەرێکی ترەوە سەرگەرمی نەخشەکێشانی سیاسی و لەشکریش بوو. ئاخر ئەم چالاکییە، سەلماندنی کە بەعس و ڕژێمەکەی دەسەڵاتیان بەسەر شاری سلێمانیدا نییە و لەتەک کوشتنی مامۆستاکەی زانکۆدا، بووە هۆکاری ئەوەی رژێم زانکۆی سلێمانی بگوێزێتەوە شاری هەولێر.
پاسۆک ملی نەدا بۆ ھیچ تەماحێکی مادی کە خرابووە بەردەمی- بۆ نموونە، ئەگەر پاسۆک نێتی بەدەستھێنانی دەستکەوتی خۆیی بوایە، خۆ دەیتوانی بڕە پارەیەکی زۆر بە ملیۆنەھا وەرگرێ و خۆی پێ پۆشتەوپەرداخ و تەیار و چەکدار بکات و بەو پارەیە خزمەتێکی ھاوبیرەکانی خۆی بکات-. لێ گوێی بە ھیچ تکا و گوشارێکی کەس و لایەنێک نەدا و ئەو دەستکەوتانەشی ڕەتکردووە.. بەڵکە لە بری ئەوە،وەک پارتێکی خاوەن دۆزی نەتەوەی ڕەفتاری کردوو و بەرپرس لەبەردەم مێژوودا، کۆمەڵێ داواکاری – دواتر لە ڕەھەند و ماناکانی، وەک گەوھەری ئەم باسە دەدوێین- وەک پاکێجێک، دا بە ڕژێم. داواکارییەکان لە ڕووی چۆنێتیەوە ڕاستەوخۆ لە داوای سیاسی و نەتەوەییدا خڕ بوونەتەوە و گەلێ جیاوازن لە ھەموو ئەو داخوازییانەی تا ئێستا، لە لایەنەکانی ترەوە خراوەتە بەردەم دوژمن. یاخود لەم جۆرە ھەرا و قەیرانانەدا پێشکەش ڕژێم کراوە و داوا کراوە. چونکە داخوازییەکان ڕەهەندی جیاوازتریان هەیە.
ڕژێم بێ ئەوەی بیەوێ دان بنێ بە داواکانی پاسۆک دا،وەک نیشاندانی نێت پاکی گورجوگۆڵانە هەندێ کاری کرد. دەستی کرد بە بەردانی 100 خێزانی کەسوکاری پێشمەرگە و بەرپرسی ھەموو لایەنەکان. کە بۆ ئەو ڕۆژگارە کارێکی گەورە و دەستکەوتێکی سیاسی و مێژوویی بوو. کشانەوەی ھێزە ئوردونییەکە و نەھاتنی ھێزی دیکە بۆ کوردستان، خاوکردنەوەی زەبروزەنگ لەسەر شاری سلێمانی.(ئەمەش ناواخن و ناوەرۆکی بەشێکی هەرە زۆری داخوازییەکانی پاسۆک بوون،دواتر بەڵگەکان دەبینن). شاراوە نییە ھێزێکی کەم دەرامەتی وەک پاسۆک لەو ڕۆژگارە دا، لە قۆناغی خەباتی پارتیزانی و لە ناوچە و دەڤەری وێرانکراو و خاپووردا بوو. ڕووداوەکان لە ھەناوی جەنگێکی خوێناوی درێژخایەنی نێوان عێراق و ئێران دا بوو . کۆمەڵێ پارت و ڕێکخراوی ناتەبا و دوژمن بەیەک لەسەر گۆڕەپانی باشوور کوردستان هەبوون دژ و نەیار بوون بە پاسۆک. توانای زەبەلاحی زەمینی و ئاسمانی دەوڵەتی داگیرکەری عێراقی و کۆمەڵێ فاکت و دێفاکتۆی تر لەسەر زەمینی واقیعە خوڵقا بوون، کە وایان کرد، بۆ پاسۆک سەخت بێت، ئیدارەدان و ھەڵسوڕاندن و شاردنەوە و بەخێوکردنی 27 زیندانی/ بارمتە.

١٦/٤/٢٠٢٠




لە کۆتایی تەمەندا ..ئینجا … شیعری : نەوزاد بەندی

قاچمان
پڕبوون
لەو
هەنگاوانەی
ئەبوو هەڵمانهێنانایە و
کەچی هەڵماننەهێنان ..
دڵمان
پڕبوو
لەو
ووشانەی
ئەبوو بمانووتنایە و
کەچی دەرماننەهێنان ..

مێشکمان
پڕبوون
لە
وێنەی جوان ،
کەچی
هیچمان نەکێشان ..

بۆیە
ئێستا
قاچ و
دڵ و
مێشکمان
لە زینداندان
لە زیندان ..

تازە دوای چی ،
بە دار عەکاز ،
سنوور و
شاخەکان ئەبڕی ؟
تازە دای چی …؟

تازە دوای چی ،
قسەی عەمارەپووی سی ساڵ
ئەدەیتە بەر خۆر و
بە دەمێکی بێ دانەوە
دەریانئەبڕی ..؟
تازە دوای چی ..؟

تازە دوای چی ،
ڕەنگە کاڵەوە بوو و
لێڵەوەبووەکانی مێشکت ،
ئەڕژیتە سەر لاپەڕەکان ..؟
تازە دوای چی ..؟

تازە هەنگاو
هەموو مانگێ
لەسەرەی موچەدا
سڕ سڕ ئەبێ و
ناگاتە ماڵەوە ئەمرێ ..
تازە ووشە ،
موڵکی دەزگا زەبەلاحەکانە و
خورماخۆرەکانی ئۆپۆزیسیۆن
ڕام ئەکەن و ..
بۆینباخی لە مل ئەکەن ..
وا ئەزانن بوون بە هەڵۆ و
لێره و لەوێ
قسەی فودراو و زل ئەکەن
تازە تابلۆ ،
نایەتە بەر لێزمەی فڵچە و ..
لافاوی سپی
دەفتەری تابلۆی
من و تۆ ..
هەموویان بوون بە نانخۆر و
بە جلشۆری
کۆشک و تاوەر و ڤێلاکان ..

من و تۆ ماوینەتەوە ..
لەسەر دروشمێکی یاساغ
زوو پێی ئەووترا نەتەوە ..




مرۆڤى یاخى لە ڕوانگەى (ئەلبێر کامۆ)ەوە … ناودار زیاد

لەم کورتە نووسینەدا باسى جۆر و شێوازەکانى یاخیبوون ناکەین، بەڵکو لەژێر ڕۆشنایى کتێبى (مرۆڤى یاخى) (ئەلبێر کامۆ)دا تەنها قسە لەسەر ڕوانگەى (کامۆ) دەربارەى مرۆڤى یاخى دەکەین. ئەم کتێبە مێژووى بڵاوبوونەوەى دەکەوێتە دواى جەنگى دووەمى جیهانییەوە. کتێبێکى قەبارە گەورە و گرنگ و قووڵ و چڕوپڕە، ناتوانى گلەیی لە وەرگێڕانەکەى بکەیت، چونکە کاک (ئازاد بەرزنجى) پاچڤەى کردۆتە سەر زمانى کوردى. دوو جارى دى دەستم بە خوێندنەوەى ئەم کتێبە کردبوو، بەڵام پێش ئەوەى بیخوێنیتەوە پێویستە هەم (کامۆ) بناسیت هەم مەعریفە و پاشخانێکى فیکرى و ئەدەبى و مێژووییت هەبێت، هەردوو جارەکە لە لاپەڕەکانى سەرەتایدا دەستم لێ هەڵگرتبوو، دڵنیا بووم ئەگەر تەمەن باقى بێت دەگەڕێمەوە سەر خوێندنەوەى. لەم ڕۆژانەدا لە خوێندنەوەى بوومەوە. کتێبێکى تاقەتپڕوکێنە و ناچار بە هەڵوەستە و بیرکردنەوەت دەکات، ئەگەر پەراوێزە زۆرەکانى نەبێت کە یارمەتیدەر و بەرچاوڕوونین بۆ خوێنەر ئەوا تێگەیشتن لێى ئاسان نییە. (کامۆ) لە (مرۆڤى یاخى)دا دەربارەى یاخیبوون و شۆڕش و خۆکوشتن و نیهیلیزم قسەمان بۆ دەکات، لە میانەیەوە گوزەر بە نێو ڕووداوە گەورە پەیوەندیدارەکان و بیرمەند و نووسەرە یاخیى و شۆڕشگێڕەکان و نموونە و حاڵەتە ناودار و ناوازەکانى سیاسەت و ئەدەب دەکات، لەگەڵ سەرنج و تێبینى و هەڵسەنگاندنەکانیدا.
(کامۆ) بەو کۆجیتۆیە دەستپێدەکات “من یاخى دەبم، کەواتە ئێمە هەین”. واتاى یاخیبوون چییە؟ یاخیبووان کێن؟ یاخیبوون چۆنە؟ وەڵامى ئەم پرسیارانە لە شوێنێکى دیاریکراوى کتێبەکەدا نییە، بەڵکو بە درێژایى و لە دووتوێى لاپەڕەکانى کتێبەکەدان. لێرەدا هەوڵدەدەین بە کورتى و تیژتێپەڕ وەڵامى ئەم پرسیارانە لە ڕوانگەى (کامۆ)وە هەڵبگۆزین. لە کاتێکدا ئەوەى ئێمە ئاماژەى پێدەکەین بە بەراورد بە کتێبەکە بە نرخى نەبوونە و وەک ئەوەیە هیچمان نەگووتبێ.
لە قەڵەمەکەى (کامۆ)وە ئەوەمان بەرچاودەکەوێ مرۆڤى یاخى “ئەو مرۆڤەیە کە دەڵێت نەخێر، بەڵام ئەو ڕەتکردنەوەیەى بە ماناى ئەوە نییە کە حاشا لە هەموو شتێک دەکات”. دەزانێت کە بەڵێ و ئەرێ گووتن مەرجى ژیانى مرۆڤایەتییە، “ئەوە نیهیلیزمى ڕەهایە مرۆڤ ڕێز لە هیچ شتێک نەگرێت، کە سەرەنجام بەرەو توندوتیژى و شێتگیریى و ڕەتکردنەوەى ڕەها و ناعەقڵانییەت و فاشیزم و وێرانکاریى و پێشداوەریى کوێرانە مل دەنێت”. (مارکیز دۆ ساد) نکووڵى لە هەموو شتێک دەکات و، لە شێتخانەى زیندان گیان دەسپێرێت. (ڕۆبسبێر) و (سانت جۆست) و (مارا) لە سەرانى شۆڕشگێڕانى فەڕەنسین (١٧٨٩)، کەچى حکومەتى تیرۆر دادەمەزرێنن، ڕاست و چەپ بڕیارى ملـپەڕاندن و لە مەقصەڵەدان دەردەکەن ، دواجار (مارا) تیرۆر دەکرێت و (ڕۆبسبێر) و (سانت جۆست) لەژێر سێبەرى بەرگریکردن لە بەهاکانى شۆڕشدا کە خۆیان بانگەشەکەر و داکۆکیکارى بوون ملیان دەپەڕێندرێت و لە مەقصەڵە دەدرێن. شۆڕشى بەلشەفیى ڕوسیا (١٩١٧) سەر لە تاکڕەوێتییەوە دەردێنێت. (هیتلەر) پێى وایە سروشى لە یەزدانەوە وەرگرتووە و ڕزگارکەرى جیهانە، کەچى نازیزم بەرهەمدێنێت. پۆزەتیڤیزم عەقڵانییەتى ئەبستراکت و تەکنۆلۆژیا ئامێرگەرایى و سەرمایەداریى تەنها قازانجخوازیى و،،، تاد.
گۆڕانکارییە سەرسوڕهینەرەکە لێرەوە دەستپێدەکات کە “مرۆڤى یاخى پێى باشترە بە سەربەرزى بمرێت، نەک بە ملکەچى بژیت”، بۆیە ئاغا و سەروەر قبوڵ ناکات و خۆى دەبێتە ئاغا و سەروەرى خۆى. هەرچەندە ئەو یاخیبوونى میتافیزیکیى ڕەتدەکاتەوە، بەڵام نکووڵى لە ئامانجەکانى مرۆڤ و گێتیى – تەواوى ئافەریدەکراوەکان – ناکات “دژ بە خۆى و دژ بە گێتیى ڕاناوەستێتەوە، چونکە “مرۆڤى یاخى ڕێز لە خۆى دەگرێت، بە لاى ئەوەوە ڕێز لەخۆگرتن دەبێتە چاکەى باڵا”.
کەواتە مرۆڤى یاخى نکووڵى ناکات و دەسبەرداریش نابێت، بەڵکو قیت دەبێتەوە و ئاڵـنگارى دەکات. سەربارى تراژیدیا و کارەساتە یەک لە دواى یەکەکانى ژیان و، ئازارە وجودییەکان و نائومێدترین دۆخەکان و، خەمناکترین ساتەکان پەیڤە نەمرەکەى (ئۆدیپۆس) دووپات دەکاتەوە، ئاخر (ئۆدیپۆس) تەنانەت “کاتێک کوێر و بێنەواش دەبێت دەڵێت: هەموو شتێک باشە”.
ئەدى سەبارەت بە مردن کە هەمیشە و هەردەم هەڕەشەیە لەسەر مرۆڤ؟ مرۆڤى یاخى لە ئاست مەرگ چ دەکات؟ چۆن مامەڵەى لە تەکدا دەکات؟ (ئەلبێر کامۆ) سەبارەت بە مەرگ کە بە مەرجى ژیانى دادەنێت، بە “بایەخ پێنەدانیى” وەڵامى دەداتەوە، پێى وایە “مەسیح هاتووە تاکو دوو کێشەى بنەڕەتیى ژیان چارەسەر بکات، ئەوانیش: خراپە یاخود شەڕانگێزى لەگەڵ مەرگدا”. کەواتە ئەم دوو کێشەیە بە هەمان شێوە کێشەى کەسانى یاخیبووشن.
بەم پێیە بێت مرۆڤى یاخى کەسێکى ئیماندارە، بەڵام ئایا وایە؟ مرۆڤى یاخى ئیماندارە؟ لە ڕوانگەى (کامۆ)وە مرۆڤى یاخى مەرج نییە ئیماندار بێت، ئیمان بەو پێیەى “قبوڵکردنى غەیب و خراپە و قایلبوونە بە ناعەدالەتى” بۆیە ئاکارى مرۆڤى یاخى نییە، هەرچەندە مرۆڤى یاخى ئەگەر بڕوا بە هیچ شتێک نەکات، تەنانەت ژیان و گەردوونیش، بەڵام ڕێز لە خۆى و ژیان و گەردوون دەگرێت و بە تامەزرۆیى و جۆش و ئەوینەوە دەژیت. هەروەک چۆن ئەم هەستە لاى (ئیڤان کارامازۆڤ)ى کاراکتەرى ڕۆمانى (برایانى کارامازۆڤ)ى (فیۆدۆر دۆستۆیڤسکى) دەبینین. هەروەک چۆن (نیتچە) ڕووى دەمى دەکاتە مرۆڤ و دەڵێت: ئەم جیهانە تاقە حەقیقەتێکە کە دەبێت بەوەفا بیت بۆى و تیایدا بژیت و بە سەرفرازى بگات. هەروەک چۆن (دیمۆکلیس) لەژێر تیغى شمشێرەکەشدا لە هەموو کاتێک باشتر سەماى کردووە. کەواتە ململانێ دژ بە مەرگ بە واتاى داواکردنى مانایە بۆ ژیان، بۆیە “مرۆڤى یاخى داواى ژیان ناکات، بەڵکو داواى هۆیەکانى ژیان دەکات”.
ئایا ئەمەى مرۆڤى یاخى دەیکات بەرەو شۆڕش ئاڕاستە وەرناگرێت؟ یاخیبوون لەوەدا لە شۆڕش جیادەبێتەوە کە شۆڕش دەیەوێت هەموو شتێک ڕابماڵێت. شۆڕش بە دروشمى “هەموو شتێک یان هیچ شتێک” دەستپێدەکات. ئەمەش وا دەکات شۆڕشەکان توندوتیژ و مرۆڤکوژ بن و هەندێکیشیان شاکوژ و خوداکوژ بن، وەکو شۆڕشى فەڕەنسى (١٧٨٩) و شۆڕشى بەلشەفیى ڕوسیا (١٩١٧). هەر بۆیە شۆڕش وەسیلەیەکى پێویستە، بەڵام ئامانجێکى پێویست نییە. کەواتە وێڕاى ڕەهەند و دەرئەنجامەکانى، بەڵام ئەم شۆڕشانە سەرەتاى قۆناغێکى مێژوویی تازەن چونکە هەوڵى داماڵینى پیرۆزییەکانیاندا لەبەر مێژووى هەزاران ساڵەى پێش خۆیان. کاتێکیش دەگات بە نیوەى دووەمى سەدەى بیستەم (کامۆ) وا پێشبینى دەکات کە “تاکگەرایى جێى باوەڕ بگرێتەوە، عەقڵ جێى ئینجیل، سیاسەت جێى ئایین و کڵێسا، زەوى جێى ئاسمان، کار جێى نوێژ، بەدبەختى جێى دۆزەخ و، مرۆڤیش جێى مەسیح”. بەڵام ئەمە بە واتاى ڕەشبینى و نائومێدى نایەت، بەڵکو بەو واتایە دێت ئەم دونیایە دۆزەخە و مرۆڤ پێویستە دژى ئەم دۆزەخە بجەنگێت.
لێرەوە بایەخ و ئەفسوونى هونەر دەردەکەوێت وەک وەسیلە و کەرەستە و فۆڕمێکى باڵاى ڕووبەڕووبوونەوە و جەنگان. بەو پێیەى داهێنان تڕۆپکى هونەرە، هونەر کە لە داهێناندا بەرجەستە دەبێت جیهان ڕەتدەکاتەوە لەبەر ئەو کەموکورتییانەى تێیدایەتى. لە کاتێکدا وێڕاى گووتە بەناوبانگەکەى (نیتچە) کە دەڵێت “هیچ هونەرێک ناتوانێت تەحەمولى واقیع بکات”، بەڵام هیچ هونەرمەندێکیش نییە بتوانێت داکەوت (واقیع) پشتگوێ بخات، ئەمە لە ڕۆمان و شیعر و شانۆ و پەیکەرتاشیى و هەموو لقەکانى دیکەى هونەردا بەدیدەکرێت. ئەمەش ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە کە ڕەندى (فەزیڵەت) لە واقیع جیانابێتەوە، وەک چۆن لەگەڵ داکەوتیش یەکانگیر نابێت. کەواتە ئەوە هونەرمەندە لە توانایدایە بەهاکانى ڕەندى (فەزیلەت) لە باڵاترین فۆڕمى خۆیدا نمایش بکات، چونکە “هونەرمەند بەگوێرەى هزرى خۆى جیهان دەخوڵقـێــنـێـتەوە”. کەواتە ئەوەى شۆڕشەکان نەیانتوانیوە بەرهەمیبێنن هونەر و جوانییە، بۆیە هەموو چالاکى و کردە و هەڵوێستێک، تەنانەت شۆڕشەکانیش پێویستیان بە هونەر و جوانى هەیە، چونکە مرۆڤى یاخى تەنها یەک ڕێساى هەیە، ئەویش “ڕێساى جوانییە”.




ده‌سته‌چیله‌یێك شیعری ئه‌رمه‌نی … و : نه‌ژاد عزیز سورمێ

كه‌وانه‌ی مانگ
ئا : ئاسڵان

بێ هه‌ست و خوست پێك گه‌یشتین ..
ده‌رگای سێبووریمان لێ به‌سترا
كزه‌ڕۆشنایی سه‌فه‌ر
كه‌وانه‌ی مانگی گۆشه‌ی خه‌ڵوه‌ت ،
له‌ ئاسمانا ..
تینوو بوو ، یادگاره‌كانی ده‌نووسییه‌وه‌ ..
دووچاوی گه‌وره‌
ڕووبه‌ڕووی چاوه‌كانم ،
بۆچی كزبوون و له‌ناكاو
پێكه‌نین و گڕژینه‌وه ‌؟
دوو پیاڵه‌ی سپی له‌ سه‌رخۆ شكان
ئه‌ستێره‌ی سه‌حه‌ر
جوانه‌ئه‌سپی سپی خۆی تاودا ..
كه‌ گوڵی لێوه‌كانی پشكووت
له ‌ئاسمانه‌وه‌
ئه‌ستیره‌یێ
به‌سه‌رسامییه‌وه‌ داڕژا ..

———————————————————

ده‌نگی خوێن
ئا: ئاسڵان

نه‌ ئه‌ستێره‌ی به‌ربه‌یان‌ بوو
نه‌ مانگ
چاوی تۆ بوون
به‌ چاوه‌كانم پێكه‌نین ..

نه‌ شایی بوو ، نه‌ ئاهه‌نگ
ده‌نگ و ئاوازی خوێنی من بوو
له‌ژێر پێی تۆدا
ئاوزنگی ده‌دا ..

نه‌ باڵدارێ بوو
نه‌ خه‌ون
سێبه‌ری تۆ بوو ڕۆیی
تا جارێكی دی دڵم
هه‌لا هه‌لاكا .

——————————————–

مۆته‌كه‌
زۆرایر میرزاییان

ئاسمان مووه‌كانم ڕاده‌كێشێ
زه‌مین خۆی به‌ له‌شم هه‌ڵواسیوه‌
منیش په‌نا ده‌به‌مه‌ به‌ر دڵی شه‌و ، له‌ هانام بێ
هاواری من ،
كه‌ وه‌ك گڕی ئاگر كڵپه‌ ده‌كا
یه‌كه‌م قرچه‌ی سووتان
له‌ هه‌نییه‌ی سڕم ده‌چه‌قێ و
زمانی مه‌شخه‌ڵداری شه‌و
ڕێڕه‌وه‌ ڕۆشنه‌كان ده‌لێسێته‌وه‌ ..
به‌ڵام من خلۆر ده‌بمه‌وه‌
له‌ ناو پێچی گه‌رده‌لوولدا خلۆر ده‌بمه‌وه‌
ده‌سته‌ قوڕاویه‌كانیشم به‌ ده‌م و چاومه‌وه‌ گرتووه‌ .

—————————————-

پاسه‌وان
ئارشاویر مه‌گردیچ

دێرزه‌مانێكه‌ هه‌تاو
به‌ چه‌كووشی په‌لكه‌زێڕینه‌ی ڕه‌نگینی
ئه‌شكه‌وتێكی بۆ هه‌ڵناوم

هه‌موو ماڵ وده‌وڵه‌تی من ، به‌ دیواری ئه‌شكه‌وته‌وه‌
چوار وێنه‌یه‌
چوار وێنه‌ی پارچه‌ پارچه‌ ..
خاك : برسی و گۆشه‌گیر
ئاو : به‌ لێوی وشكهه‌ڵاتوو
ئاگر : به‌ چاوی بێ ڕووناهی
(با)ی بریندار
له‌سه‌ر پێخه‌فدا كه‌وتوون ‌..
له‌ ده‌روازه‌ی ئه‌شكه‌وته‌كه‌م
گوڵبه‌ڕۆژێ پاسه‌وانه‌ و
له‌ به‌رابه‌ر
هێرشی خۆر وه‌ستاوه‌ .

  • له‌‌ ژماره‌ 11 ی ئۆردیبه‌هه‌شتی 1349 ی
    ئێرانی گۆڤاری ( سخن ) كراون به‌ كوردی



من موسافیر و دوایین پێغەمبەری عەشقم … شیعری: ستیڤان شەمزینی

من موسافیرێک بووم لە ژیاندا
لەبەر عەشق نەپەرژامە سەر هیچ
هەموو سووڕی ژیانم بریتی بوو
لە خوێندنەوەی دڵۆپێک فرمێسک
کە بۆ عەشق رژاوە
سەدان شەو بەدیار حنجەکردنی
سورەتی دڵشکانەوە رۆژم کردۆتەوە
دەیان ئێوارە لە پەنا ئازارەکانمەوە
وەک مۆمێکی بێدەنگ لە چاوەڕوانی
یەک هاتندا هێدی هێدی تواومەتەوە
من موسافیرێک بووم
هەر وەک سێوێکی ئاشق
ملم لە هەزار چەقۆی دڵڕەق سویوە
وەک کارمامزێکی سرک
سەدان هەوراز و کەندەڵانم بڕیوە
لەگەڵ هەر پەڵە هەورێکدا
چاوەڕوانی بارینی سۆز بووم
لەگەڵ هەر “با”یەکدا
چاوەڕوانی بۆنی عەتری ئەشق بووم
من موسافیرێک بووم
هەموو تەمەنم بەدیار خەونێکەوە بەڕێکرد
هەرچی گەڵای وەرزی خەزانە ئەمناسن
چی زەریاکانن قەرزاری فرمێسکەکانمن
چی ئەستێرەکانن هاوڕێی شەوە تەنهاکانمن
کوکوختییەکانیش شاهیدی مەستییەکانمن
من پیاوێکی موسافیرم
لە خەیاڵەکانمەوە ئەشق فوارە ئەکات
لە خەونەکانمەوە شیعر هەڵدەقوڵێ
لە تەنهاییەکانمەوە خوێنی ئەوین فیچقە ئەکا
لە نائومێدییەکانمەوە ئەسرین دەردێ
لە پێکەنینەکانمەوە گوڵە شەوبۆ دەڕسکێ
لە هەستی بێ کۆتاشمەوە تۆی لێ دەڕژێ
من پیاوێکی موسافیرم
بۆ سەفەرێکی کورت کورت هاتوومە ژیانەوە
لەو سەفەرەشدا
ئەمەوێ پێکەنین لەگەڵ لێوەکان ئاشت بکەمەوە
ئەمەوێ ئەوین بخەمە رستەیەکی تەواوەوە
ئەمەوێ دواین پێغەمبەری خۆشەویستی بم
ئەمەوێ ئینجانەکان پڕ بکەم لە گوڵی ئەشق
ئەمەوێ دارستانەکان پڕ بکەم لە خەندەی کوژراو
ئەمەوێ و زۆریش گەرەکمە
ئاسمان بکەمە کۆڵانێک بۆ ژوانی ئاشقان
شت زۆرە بمەوێ بیکەم
بەڵام بیرتان نەچێ موسافیرم، فریا ناکەوم
من پیاوێکی موسافیرم
گەڕیدەیەکم هەموو جوگرافیای دڵم تەی کردووە
کاپتنی کەشتی خەیاڵم و
رێی هەموو ئاسمانەکانم بڕیوە
من پیاوێکم لە دڵشکان و ئازار
لەوەتی کوژران هەیە، بۆ ئەشقی تۆ ئەکوژرێم
لەوەتی سووتان هەیە لەناو گڕی سینەتا ئەسووتێم
لەوەتی گریان هەیە من هەر ئەگریم و هیچ شتێ
جگە لە ئەوینی تۆ ژیرم ناکاتەوە
من پیاوێکی موسافیرم
بە کۆڵێ خەمی قووڵ و نەبڕاوەوە هاتووم
بە دڵێکی پەمەیی و خەونێکی سپییەوە هاتووم
هاتووم تا پێتان بڵێم ئەشق بکەنە ئاینتان
هاتووم تا بیرتان بخەمەوە ئێوە چۆن دڵی
ئەوینتان لە خۆتان تۆراندووە؟
هاتووم بیخەمەوە یادەوەریی کاڵتان
چەند دوورن لە خۆشەویستی و
چەندیش لەناو جەراعەتی کینەدا تواونەتەوە
هاتووم بڵێم من دواین پێغەمبەری ئەشقم
خواوەوەندی خۆشەویستی ناردوومی
بۆ بڵاوکردنەوەی ئاینی ئەوین
ئەوەشتان پێ بڵێم کە دوای من
هیچ پێغەمبەرێکی تر نایێ
هەر خۆمم دوایین پێغەمبەری ئەشق
هەر خۆمم …….

ئەڵمانیا – کۆڵن
21-11-2016
تێبینی: ئەم قەسیدەیە لە دیوانی “بەتیشکی عەشقت ئەدرەوشێمەوە”دا لە ساڵی 2017دا چاپکراوە




بڕیارە پێکەوەییەکەی فڕاکسیۆنیی پارتیی و ڕاوێژکارەکانیان لەپەڕلەمانی کوردستان … تاهیر عیسا

          بڕیارە پێکەوەییەکەی فڕاکسیۆنیی پارتیی و ڕاوێژکارەکانیان لەپەڕلەمانی کوردستان، کە بڕیاریانداوە مووچەی ئەم مانگەیان بدەنە دەزگای خێرخوازیی بارزانیی، گوایا بۆئەوەی هاوکاریی هەژارانی کوردستانیی پێ بکەن!
ئایا کۆمەک وهاوکاریکردنیی خەڵکی هەژاریی کوردستانە وەک خۆیان ئیدیعای دەکەن ؟ یان کۆمەکە بەدەزگای
بارزانیی، بۆبەپیرۆزکردنیی هەرچی زیاتریی ناویی بارزانیی وبنەماڵەی بارزانیی؟؟
بنەماڵەی بارزانیی نزیکەی سێ دەیەیە بە جۆرەها شکڵ وشێوازیی جۆراوجۆر، هاوشانیی بنەماڵەی تاڵەبانیی، چبەئاشتییان هاوشانی یەکترو چبە ناکۆکیی وململانێیان لەگەڵ یەکتر، شەڕیی قووتی خەڵک وبژێویی خەڵک و بەتاڵابردنیی داهاتی خەڵکی کەمدەرامەدیی کوردستانیان کردووە.
باباسی چیرۆکیی ئاودیوکردنیی مومتەلەکاتی دەوڵەتیی سەردەمی بەرەی کوردستانیەکەیان، دوای ملشکاندنی حیزبی بەعس لەکوردستاندا هەرنەکەین، کە لەو سەردەمەدا خەڵکی کوردستان، دادو بێدادیان بوو لەچەنگی هەردوو گەمارۆی ، لەلایەک ئەمریکا لەسەرعێڕاق و لەولاوەش حیزبی بەعس لەسەرکوردستان،کە زۆربەی خەڵکی ئەوسا، خێزانەکانیان بەوەجبە لەبەرنەبوونیی وگرانیی، ژەمیی ڕۆژانەیان لەسەرسفرەیەکی کەمڕەنگ وبێڕەونەقدا، دەبردە سەر.
قوناغیی گومرگەکان و ئەو هەموو دەستکەوت وداهاتەی لەگومرگەکانیاندا بەدەستیان دەهێناو خەڵکیش هێشتا هەر لەمیحنەت ودەردیی بێکاریی و نەبوونیدا ئاهوو ناڵەیان بوو، شەڕیی ناوخۆییان لەسەر داهات و‌ەدستکەوتیی ناوخۆیی گەرمکردوو، شەڕگەکانیی کەپکی حەمەدئاغاو کوڵاوقاسم و…دەیان لوتکەو کەپکی تریان بە خوێنی هەزاران لاویی خێرلەخۆنەدیوی ئەوسا گەرمڕاگرتبوو و تەنانەت کەخەڵکی هەژاریی ئەوسا موحتاجیی تەنیا نان وئاوێکی ڕەق و وشک بوو، ئەوان ڕۆژانە بایی هەزاران دۆلار چەک وچۆڵیان لەبازاڕی چەکفرۆشیدا بەدەست دەهێناو لەشەڕگەکاندا بەسەریەکتریاندا دادەباراند!
بازاڕیی نەوت ودۆلاریی دواتریش، کەبەسەدان ملیار دۆلار مەزەندەدەکرێت، هەر لەلایەن ئەم دوو بنەماڵە تاڵانچییەوە دەستیی بەسەرداگیراو لەهەشتێ مشتێکیان لەپڕۆژەو خزمەتگوزاریی و ژیان و گوزەرانیی خەڵکیدا سەرف نەکرد.
تەنانەت لەمووچەکانیی خەڵکی کرێکارو کارمەندو زەحمەتکێشیشدا، بەملیاران دۆلاریان بەناوی پاشەکەوتەوە لەخەڵکی کوردستان دزیی.
ئێستاش لەڕووبەڕووبوونەوەی کۆڕۆنادا، خۆیان لەو پەڕیی نازو نیعمەتدا دەژین و هەر بنامەڵەیەک لەودوو بنەماڵەیە، کە هەریەکێکیان بۆ خۆی ئیمپراتۆڕیەتێکە لەدەسەڵات و هێزو پول وپارە بەسەر خەڵکی زۆنەکانیاندا، بەئەندازەی شارێک پێداویستییی پزیشکیی ودەرمانییان لەماڵەکانیاندا لەباشترین ئەجهیزەی پشکنین و هەناسەدانیی دەستکرددا بۆ خۆیان لەگەڵ تیمیی کافیی لەپزیشک وپسپۆڕان، فەراهەمهێناوە.
خەڵکیش بەتایبەتیی کاسبکارو عەڕەبانەچیی ودەستفرۆش وکرێکارانیی بیناسازیی چێشتخانەو قاوەخانەو یانەکان، کە بژێویی ڕۆژانەیان لەسەر دەستکەوتیی ڕۆژانەیانەو ئەمڕۆ کاریان نەبێت سبەینێ نیانە بیخۆن وسفرەکانیان خاڵی وبێڕەنگ دەبێت.
بەڵام لەپاڵ ئەم وەزعە فەللاکەتبارەی کە مەعلووم نییە چەندی تر درێژەدەکێشێت، ئەم حکوومەت و دام ودەزگا نادەوڵەتییە بەرپرسیارانەیەی هەرێم وبەرپرسەکانیان خەریکە لەڕێگای خێرو سەدەقەو زەکات وسەرفترەوە، هەموو ئەو سەرمایە زەبەلاحەی چەندین سەڵە کۆیانکردۆتەوەو لەژێر زەمینەکانیاندا شاردوویەتیانەوە، لەبیر خەڵکی ببەرنەوەو وانیشانی خەڵکی هەژارو لێقەوماویی ئەمڕۆی کوردستانی بدەن کە ئەوان دڵسۆزو غەمخۆریانن.
هەر یەکە لەم دوودەزگای خێرخوازیی بارزانیی و دەزگای خێرخوازیی مامە، بۆ بردنە پێشەوەی سیناریۆکانیان لەکوردستانداو چەواشەکردن وتەفرەدانی خەڵک وخۆڵکردنە چاویی خەڵکەوەو تەقدیسکردنی دەوریی بنەماڵەییانەی خۆیان بەسەر تێڕاونینی بەشێکی بەرفراوان لەخەڵکی بەش مەینەتدا، کە هەمیشە لەم کەش و هەوای نابەرابەریی و نایەکسانیەداو لەم وەزعیی پڕلە فەلاکەتباریی هەژاریی ونەبوونیەی خەڵکدا، بەهرەبەردەاریی دەکەن و بەریی ڕەنجیان لەگەوجاندندا دەچننەوە، کردۆتەوەو پارەو پوول وسەرمایەیەک، کە لەبەردەستیی هەر یەکە لەم دوو دەزگا چەواشەکاریەی کوردستاندایە، ئەگەر هەرکەسێک ژیان وگوزەرانیی سەختی ڕۆژانەی و نەبوونیی ونەداریەکەی بوارێکی بۆ چەند چرکەیەکی بیرکردنەوەی تەندروستانە هێشتبێتەوە، دەتوانێت لەوە تێبگات کە ئەم دوو دەزگایەو سەرمایەکانیان، دوو دەزگای ئیمپراتۆریانەی بنەماڵەیین کە ژێرخانیی هەریەکێکیان لەسەر دزینیی داهات وقووت و بژێویی چەندین ساڵەی خەڵکی کوردستاندا بنیات نراوەو ئەمڕۆ ئەگەر تۆزقاڵێک لەو دۆنیی گایە دەدرێتەوە بە ئەقەلیەتێکی زۆر کەم لەخەڵکی هەژارو نەداردا،دەبێ بەوەبزانن کە سەددەرسەدەکەی هەرهی خۆیانە.

تاهیر عیسا
14.04.20




رێكخستنی كاته‌كانی ژیانمان … ئه‌حمه‌د كامه‌ران

كات, به‌سامانێكی گرنگی ژیانی مڕۆڤه‌كان داده‌نرێت, كه‌ له‌ رێگای كاته‌وه‌ مرۆڤ ده‌توانێت كاره‌كانی ژیانی رۆژانه‌ی خۆی ئه‌نجام بدات به‌پێی ئه‌و كاته‌ی كه‌ بۆی دیاری كراوه‌, دووباره‌ ئه‌وه‌ كاته‌ كه‌ ده‌بێته‌ هۆكارێك بۆ وه‌ستانی ژیانی مڕۆڤه‌كان واته‌ ئیتر هه‌ر مڕۆڤێك له‌ كاتێكی نادیار ژیانی كۆتایی پێ دێت و ماڵئاوایی ده‌كات بۆ هه‌تا هه‌تایه‌ كه‌ چیتر پێویستی به‌ كات نیه‌ بۆ ژیانی, به‌شێوه‌یه‌كی تر ده‌توانم بڵێم هه‌ر مڕۆڤێك كاتێك چاوی به‌ دونیا ده‌كاته‌وه‌ ده‌بێته‌ خاوه‌ن كاتێكی تایبه‌ت و دیاری كراو به‌خۆیه‌وه‌ هه‌تا ئه‌و رۆژه‌ی هه‌ناسه‌ ده‌دات له‌ژیانی دا , به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه‌ لێره‌دا گرنگه‌ بریتیه‌ له‌ ریكخستنی ئه‌و كاتانه‌مان كه‌ هه‌ر رۆژێك به‌خۆرایی پێمان ده‌درێت به‌ڵام ئێمه‌ ده‌بێت وه‌كو گه‌نجینه‌یه‌ك بۆخۆمان سه‌یری بكه‌ین هه‌تاوه‌كو بتوانین به‌شێوه‌یه‌كی ئارام و ته‌ندرووستانه‌ ژیانمان به‌ڕێ بكه‌ین, هه‌ر رۆژێكی مڕۆڤه‌كان بریتیه‌ له‌ بیست و چوار كاتژمێری ته‌واو كه‌ له‌پاشان ئه‌و ژماره‌یه‌ جارێكی تر بۆ مڕۆڤه‌كان نوێ ده‌كرێته‌وه‌ , به‌ڵام زۆر جاریش هه‌یه‌ بۆ كه‌سێك یاخود چه‌ند كه‌سێك نوێ ناكرێته‌وه‌ ئه‌و بیست و چوار كاتژمێره‌ چوونكه‌ ئیتر ئه‌و كه‌سه‌ ته‌مه‌نی ڕێگای پێ نه‌دا كه‌ دووباره‌ بیست و چوار كاتژمێری دیكه‌ی پێ بدرێته‌وه‌ له‌ ژیانی دا , لێره‌دا ده‌توانین بڵێین كات به‌شێكی گرنگه‌ بۆ به‌ڕێكردنی ته‌مه‌نی مڕۆڤه‌كان , كه‌له‌یه‌كه‌مین رۆژی له‌ دایك بوونیه‌وه‌ هه‌تاوه‌كو ئه‌و ڕۆژه‌ی كۆتایی پێ دێت.
ئه‌و بیست و چوار كاتژمێره‌ی كه‌ بۆمان دیاری كراوه‌ له‌ ژیانی ڕۆژانه‌مان , ده‌بێت خشته‌یه‌كی زۆر رێك و پێكی بۆ دابنێین , هه‌تاوه‌كو بتوانین سه‌رجه‌م كار و پێداویستی و خۆشیه‌كانمانی پێ ئه‌نجام بده‌ین , ئه‌گه‌رنا به‌ پێچه‌وانه‌كه‌یه‌وه‌ هیچ خشته‌یه‌كمان نه‌بێت بۆ ئه‌و بیست و چوار كاتژمێره‌ی ژیانی خۆمان ئه‌وه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ناتوانین سوودێكی ئه‌وتۆ له‌ ژیانی خۆمان دا ببینین , ته‌نیا ئه‌و كاته‌ به‌ فیڕۆ ده‌ده‌ین و هیچی تر …, كه‌ ڕه‌نگه‌ تۆ ئه‌مڕۆ ئه‌و بیست و چوار كاتژمێره‌ت بۆ نوێ كرایه‌وه‌ به‌ڵام له‌وانه‌یه‌ بۆ به‌یانیه‌كه‌ی تۆ بێ به‌ش بكرێیت له‌ رۆژێكی نوێتردا , بۆیه‌ هه‌وڵبده‌ كه‌ هه‌ڕۆژێكت بۆ نوێ كرایه‌وه‌ ئه‌وه‌ به‌هه‌لێكی زێرین بۆخۆت بیقۆسه‌وه‌و باشترین كارو چالاكی تێدا ئه‌نجام بده‌ كه‌ سوودی بۆخۆت و ده‌ورووبه‌ره‌كه‌ت هه‌بێت.




بۆ سلێمانی … فەرهاد ئەحمەد بەرزنجی

ئای چەند دڵگیرو جوانی !؟
شارەکەم سلێمانی
ئێمە زۆرمان خۆشدەوێی
بەسۆز و میهرەبانی۰

بەڕۆژ خۆری ئاسمانت
هێمایە بۆ ئازادی
بەشەو ئەستێرەکانت
دەبەخشن تیشکی شادی۰

هەموو شارانی دنیا
باجوان و ڕازاوەبن
بەڵام هەرگیز وەکو تۆ
خۆشبەختی نادەن بەمن۰

دامێنی شاخی گۆیژەت
سەیرانگای چاڤیلاندە
مایەی خۆشبەختی ئێمەی
دڵمان بە تۆوە بەندە۰

پێدەشت و سەوزایی تۆ
کانی و کارێزو ئاوت
بۆ ئێمە شانازییە
ئەمڕۆ ناوبانگ و ناوت۰

بۆیە بڕیارمانداوە
دڵسۆزبین بۆ ئەم شارە
وتەوکردار یەکبخەین
ئەوسا شار جوانتر دیارە۰




دڵەداغی … دڵشاد تاقانە

عیشقت گڕی ژیلەمۆیە مشکی دڵم دایپۆشیوە
جارناجارێ بەیادی تۆ دەمسوتێنێ کە گەشیوە

فووی لێ مەکە داکوژاوە لەگڕدانی قاوەجاغی
با چیدیکە ئازار نەدات زۆری کردووم دڵەداغی

ئاگردانی سوێی دڵداری دانامرکێ بەیەکجاری
دابڕانت کۆستم نەخا هەردەمێنێ شەوهاواری

هەستی خۆمم بەتۆ داوە تۆ بمێنی سەرەساغی
لەمێژە لەدەستم ڕاچوو تیژی دڕکی گوڵەباغی

دڵشاد تاقانە




فەلسەفە و کۆرۆنا -2- ئازاد حەمە

بەشی دووەم

دڵسۆزی سۆسیال میدیای هاوچەرخ بۆ کۆرۆناڤایرۆس COVID-19

پەتای کۆرۆنا ڤایرۆس Coronavirus 2019(COVID-19)پێویستی بە دڵسۆزێک بوو هەواڵەکانی خێرا خێرا بگوازێتەوە ،باسیبکات و وتنیش لەبارەیەوە بهێنێتەگۆڕێ.ئەو خەونەی کۆرۆنا هاتەدی کە هیچ پاندێمیpandemic یەکیتر،لە سەدەکانی ڕابردوو و لە مێژووی پەتای ڤایرۆسدا،بەخۆیەوە نەیبینیبوو. کۆرۆنا ئێستا سوڵتانی پاندێمیەکانە و هەر لەگەڵ دەرکەوتنیشی ناوێکی درایە پاڵ کە شایانیەتی. خودی دەرکەوتنی جۆری ڤایرۆسەکە لە شێوەی کۆرۆنا(تاجی شاهانە) هەر ئەوەش کردی بەو کۆرۆناڤایرۆسەی ئەمڕۆ گۆی زەوی بە دەنگوباسی ئاشنان. کۆرۆنا ئێستا وەک پاندێمی سەردەمەکانی تر نییە.پاندێمی سەردەمەکانی تر هەواڵەکانی درەنگ گەیشتوون و کاردانەوەکانیش بەرامبەر مەترسییەکانی کاتی خایاندووە.ئەو دەمە نە پزیشکی لەم ئاستەی ئێستادا بووە و نەش مرۆڤایەتی ئەوەندە ژیر بووە و دانیشتوانی گۆی زەویش کە ئێستا 7،8 بیلیۆنە((لە زمانی ئینگلیزی ئەمەریکی و بەریتانی دا بیلیۆن billionبەکاردەبرێت و لە زمانی ئەوروپای میلیاردmilliard، بیلیۆنێک بە مانای هەزار میلیۆن دێت)) ئەو کات چەند میلیۆنێک بووە.بە حوکمی سۆسیال میدیای هاوچەرخ،کە بە زەبری تێکنەلۆژیایەکی زانیاریی ئێلکترۆنی کاردەکات، کە بێ لایەن نییە و زۆرجاریش دروستکەری شڵەژانەکانمانە، کۆرۆنا بە چرکە تیایدەژین و تیامانادەژیت.ئەوەش ترسناکی تیا دروستکردوین و بە چرکە دەشێت لە کەسێکی نۆرماڵەوە ببین بە کەسێکی نانۆرماڵ ،لە ساغەوە بۆ ناساغ،لە تووشبووەوە بۆ چاکەوەبوو.

ئەمەش مانای ترسی لەوە خست مانایەکی سادە بگەیێنێت و ،ترسیش لە سێبەری کۆرۆنا و بەهۆی دۆستە هێژاکەی ئەم ڤایرۆسەوە ((سۆسیال میدیای هاوچەرخ))داهێنانی لە ترسا کرد و فۆڕمی تری بە ترس دا و کردیشیە ئازیزترین واتای خۆی.کۆرۆنا هەرکە لەگەڵ ترس یەکیانگرتەوە مەرگیان خوڵقاند.خوڵقاندنی مەرگیش ئیشە گڵوباڵە تاریکەکەی کۆرۆنایە کە تەنگەژەی بێسنوری دروستکرد.زۆربەشمان ئەوە دەزانین کۆرۆنا کە لە ئێپیدێمی Epidemicیەوە بووەپاندێمی( Pandemic ،Pandémie)گشتگیری توشبوون و کۆتوشی چەسپاند. وشەی پاندێمی کە ڕیشەیەکی یۆنانی هەیە لە دوو بەش پێکدێت:پان pãn واتە گشت و دێمی یان دێمۆسdễmosواتە خەڵک،بەمجۆرە پێکەوە دەبن بە زۆرینەی خەڵک. ئەمەش دەشێت بە مانای ئەمە بێت:پاندێمی واتە گشتگیریی یان کۆتوشی.سەرەتا گشت بیمارییەک یان ناساغییەک ،بۆنموونە ڤایرۆسێک، ئێپیدێمییە و پاش تەشەنەسەندنێکی فراوان و خێرابڵاوبوونەوە دەبێتە پاندێمی. کۆرۆناش بۆیە بوو بەپاندێمی،چونکە تایبەتمەندیە بنەڕەتییەکانی بەپاندێمیبوونی تێدایە.واتە لەگەڵ کات،زۆر خێراش کات بەزاندن، کۆرۆنا بوو بە شتێک کە سنوری تێپەڕاند و تەشەنەی سەند.هەچ ناساغییەک لۆکاڵ تێپەڕێنێت و بێسنور بڵاوبێتەوە دەبێتە پاندێمی،ئەمەش گشتگیریی لە ناساغبوون،کۆتوشی لەگەڵ خۆی دروستدەکات و زاڵبوون بەسەری لە شوێن و ڕووبەرێکی دیاریکراودا ئەستەم دەکات.ئەوەش کە هەنووکە ڕوودەدات ڕێک ئەوەیە کە گۆی زەوی تیای دەژیت.بەپێی مێژووی پاندێمیش بێت، لە یەکەم پاندێمییەوە کە تاعونی ئەنتۆنین Antonine Plague بووە تا COVID-19 مرۆڤ بە چەندین جۆری درم(پەتا، ناساغی) ئاشنایە.بەپێی دیرۆکی ڤایرۆس بێت سەرەتای پاندێمی لە ساڵی 165 ی زاین دەستیپێکردووە و تا ساڵی 180 ی زاین بەردەوامبووە و 5 میلیۆنی کوشتووە کە ئەو کات گۆی زەوی 200 میلیۆنێک بووە.ترسناکترین پاندێمیش تاعونی سپانی بووە کە 40 بۆ 50 میلیۆنی کوشتوە و لە ماوەی ساڵانی 1918-1920 دا بڵاوبۆتەوە،کە ئەو کات گۆی زەوی 7،1میلیاردێک بووە.ئێستا کە گۆی زەوی 8،7 میلیاردە ڕوون نییە قوربانیانی کۆڤید-19 چەند دەبێت! بڵاوبوونەوەی زۆرخێرای پەتای کۆرۆناڤایرۆسیش، لەچاو پەتاکانی تر،لێکەوتەی سەیری لێدەبێتەوە و لەگەڵگاتیشا شیاوی زۆرتر لەبەردەم تێۆریزەکردن دا دروستدەکات.

کۆرۆنا فەلسەفەی هێنایەگۆ
1.کەرەنتین بوو بە ماڵەوە

ڕیشەی وشەناسیEtymologyشیتەڵکاری بۆ وشەی کەرەنتین Quarantine،وەک هەموو وشەیەکیتر،ئەنجامداوە و پێشماندەڵێت کە دیرۆکێک لەپشت مانا بەخشینەکەوە هەیە.بەپێی هەندێک سەرچاوە دیرۆکی بەکاربردنی وشەی کەرەنتین بۆ سەدەی 13 بۆ 14 ی زاین دەگەڕێتەوە کە بە مانای”چل ڕۆژ”دێت.ئامانج لە کەرەنتینکردن گۆشەگیرکردن و جیاکردنەوەیە بەهیوای پاراستنی کەسێک یان شتێک یاخودیش ئاژەڵێک لە ترسی ئەوەی نەبا دووچاری نەخۆشیەکی کوشندەبێت.کۆرۆنا،فەلسەفە وتەنی،دابڕان و جیاکردنەوە و گۆشەگیرکردنی شانبەشانکرد لەگەڵ وشەی کەرەنتین.ئەوەی ئێستا هەیە تەنیا کەرەنتینکردنێکی لۆکاڵی نییە،لەناو لۆکاڵ کڵوباڵی دروستکرد و لەناو کڵوباڵیش لۆکاڵی هێنایەکایەوە.کۆرۆنا کە بووەپاندێمی وایکرد وشەی کەرەنتین Quarantine لە ئاستێکی گڵوباڵدا بەرکارببرێت و پرۆسەی گۆشەگیرکردن و جیاکردنەوەی توشبوو لە ناتوشبوو، چاکەوەبوو لە توشبوو لەخۆبگرێت.هەر خودی وشەی کەرەنتین کە لەگەڵ کۆرۆنادا یەکانگیر بوو دەرکەوتەی کولتووری و ئۆنتۆلۆژی و کۆمەڵایەتی و سیاسیی جۆراوحۆری لێکەوتەوە و شوێنی پیادەکردنیشی کەوتە ماڵەوە.کۆرۆنا وایکرد ماڵەوە جێگای کۆمەڵگە بگرێتەوە. ماڵەوە بوو بە کۆمەڵگە گەورە بچووکەکەی تاکەکان،بووە جێگرەوەی یاریگا،مۆزەخانە،پارک،قاوەخانە،ریستۆرانت،مەلەوانگە و…وشەی کەرەنتین بەجۆرێک کەوتەگەڕ کە لەماڵەوەبوون و لەناوەوەبوونی لەخۆیداڕابەرجەستەکرد و تاڕادەیەک گشت گۆی زەوی لە ماڵەوەبوونی (Stay home،Restez chez vous،Остаться дома) پیادەکرد.واتە هەرکەسە لە شوێنی حەوانەوە و زێد و خانەخوێی خۆیدا مایەوە و جووڵە و هاتووچۆ و سەردان و سەفەر وەستێنرا.لەماڵەوەبوون و کولتووری لەگەڵ خودی خۆبوون بەرهەمی کۆرۆنایەکە کەرەنتینبوونی خستە ناو ماڵەوە و کولتووری گۆشگیری و تەنهایی کردە شتێکی ڕۆژانە.کەرەنتین کە جێگای ماڵەوەی گرتەوە،ئیدی لەوێوە ماڵەوە لەوەکەوت کە تەنیا ماڵەوە بێت،ماڵەوە دەرچوو لە ماڵەوەبوون و بوو بە ئۆفیس و کارەگەو، واتای ماڵەوە لە ماڵەوەوە بووە شوێنی بەرهەمهێنانی پیشەسازی و ساغکردنەوەی کاڵا و سینەما و قاوەخانەی کولتووریش.

2- شڵەژانی تایبەت بە COVID-19هەڵیداینە ناو دیلێمای ڕەوشتییەوە Ethical dilemma

کۆرۆنا جۆرێکیتر لە شڵەژانPanicی(ترسی ناگەهانی،هەراسانی) بۆهێناین، ئەو تەنگەژەیەی بۆ مرۆڤی سەر زەوی دروستکرد کە بەهۆی سۆسیال میدیاوە هەمووی لێبەئاگاکراین،هەموو بووین بە بەشێک لەو شڵەژانە.دەسەڵاتەکان لە هەموو قوژبنێکی سەرزەوییەوە هەمان شتیان وت:”لەماڵەوە بمێننەوە”.ترسی دەسەڵاتەکان لە کۆرۆنا هەر ترس نەبوو لە تەندروستی ئێمە ترسیش بوو لە دەسەڵاتی خۆیان،لەوەی نەبا ئاشکرابن خزمەتگوزاری تەندروستی لە ئاستی پێویستدا نییە.هەرچی ترسی ئێمەیە ترسە لە ناساغبوون،ترس لە ترسە گەورەکە،کە ترسە لە مردن.ئەم ترسە سەرلەبەر ڕەفتارمانی گۆڕی،زۆربەمان بەوە قایلبووین لە ماڵەوە بمێنینەوە. ئەوە لەولاوە بوەستێت کە ئەرکێکی ڕەوشتیشمان بە مانەوەمان لە ماڵەوە بەجێگەیاند:ئەویتر The Other با نەخۆشنەخەین بوو بە ڕەوشتێکی ڕۆژانەمان،ئەم ڕەوشتەمان درایێ،واتە قەرزمانکرد،داوامانلێکرا ڕەوشتیبین.کۆرۆنا،پاندێمییە نەحلەتیکە،فێری ئەوەی کردین ڕەوشتیبونمان بەجۆرێک بێت ڕەزامەندی ئەویتری لەسەربێت نەک خۆمان،لەماڵەوە بمێنینەوە بۆ پاراستی ئەویتر،لەکاتێکا ئێمە هەموو ئەویترین بەرامبەر بە کۆرۆنا.
کۆرۆنا خۆیەتی، کۆرۆنا “من”ە و وێڵی گشت “ئەویتر” ێکە.کەچی فەلسەفەی پۆست هۆلۆکۆست Holocaust/فەلسەفەی پۆست ئۆشویتزAuschwitzتکمان لێدەکات با لەتەک”ئەویتر” ڕەوشتیبین.ئەم جۆرەش لە ڕەوشتیبوون واتە یەکترساغکردن کە ئەوەش بە دوورکەوتنەوە لەیەک تر دێتەدی و ئەوەش دەزگا تەندروستیەکان بەختەوەردەکات. کەواتە ئێمە بەو ڕەفتارەمان خۆمان بەڕەوشتیکرد.خۆڕەوشتیکردن لەم حاڵەتە ویستی ئەوی ترە نەک خۆمان.هەندێکجار مرۆڤ لە ترسی ئەویتر ڕەوشتی دەبێت،ئەوە هەنووکەیە.ترس لێرە تەنیا سیاسی نییە بگرە مرۆیشە.ئێمە بۆ ئەوەی نیشانی ئەویتری بدەین کە مرۆین ڕەوشتیدەبین.ڕەوشتیبون لێرە ئەرکێکە بۆ قایلکردنی”ئەویتر”جێبەجێیدەکەین. فەلسەفە لێرە بە کۆرۆنا دەڵێت:ڕەوشتیبون بابەتێکی خاترانە نییە،لەپێناو نییە،هاوکات لەترسیشانییە.ئەم جۆرە ڕەوشتیبوونەی کۆرۆنا هێنای وایکرد ئەویتر بەڕەوشتیبونی خۆمان شادمانبکەین،جا ئەوە دەسەڵاتی سیاسی تەندروستیی بێت یان دەسەڵاتی کۆمەلایەتی(خزم، هاوڕێ، هاوسێ، ناسیاو و ..)کەچی فەلسەفە واینابینێت! فەلسەفە کۆرۆنا وەک جەنگ،جەنگی تەندروستی دەبینێت!بۆ لێڤیناسLevinas،کە تیۆریزەکەری بواری “ڕەوشتی ئەویتر””ە حاڵەتی جەنگ موڕال دەقرتێنێت.جەنگ تەنیا یەکێک نییە لە تاقیکردنەوەکانی ئەوەی ڕەوشت دەیژێت،جەنگ وادەکات ڕەوشت ببێتە گاڵتەجاری.جەنگ مانیفێستی (ئیعلانی)ئەویتر وەک ئەویتر(the other/L’autre)ناکات،جەنگ ناسنامەی هەمان(the same/le même) وێراندەکات.دەموچاوی بوون کە خۆی لە جەنگدا نیشاندەدات لە واتای گشتدا جێدەکاتەوە،کە ئەوەش فەلسەفەی ڕۆژئاوای داگیرکردووە”.ڕوونە میراتی فەلسەفی ڕۆژئاوا لەمڕوەوە زۆر وانەی ڕەوشتی فێرکردوین.بەو واتایەی هزری ڕەوشتی مرۆڤ هەوراز و نشێوی خۆی هەیە ئەوەش لەکاتی شڵەژانەکانا دەردەکەوێت.لەبەرئەوەی شڵەژانەکان فێری وانەی خۆدەربازکردن،پاراستن و توشنەبوونمان دەکەن.
لەگەڵ شڵەژان موڕالmoral (ئاگار)ی مرۆڤ گۆڕانیتێدەکەوێت. بۆنموونە،لەکاتی خۆدەربازکردن لە ئاگربەربوونەوە،بوومەلەرزە،لافاو،بڵاوبوونەوەی پەتایەکی کوشندە،وەک ئێستا،لە هەموو ئەو کاتانەدا دیدی ڕەوشتی،ڕەفتار و هەڵسوکەوتی ڕەوشتی،ئاکاری تایبەت بەخۆی بەرهەمدەێنێت.هەموو ئەوانەش مردنمان بیردەخەوە،بۆیە لەو دۆزانەدا ڕاکردن و خۆپارستن،لەپێش هەموو شتێکەوە،لە مەرگە نەک لە شتێکیتر.ڕاستە ئەوە مافێکی مرۆییە و ویستە بۆ مانەوە،لێ پەیوەندی نێوان”من”و”ئەویتر”تێکدەدات.چۆن؟ بۆ پتر ڕونکردنەوەی وتنە ڕەوشتییە درشتەکانی کۆرۆنا و پووچکردنی تێگەیشتنی فەلسەفییانەی کۆرۆنا بۆ پەیوەندی ڕەوشتی نێوان “من” و “ئەویتر” جارێکی تر دەگەڕێینەوە لای بیرمەندی فەرەنسی لێڤیناس:””ڕەوشت پێویستە بناغەی خۆی لە ئەزموون دا ببینێتەوە،ئەمەش بۆئەوەی ڕەوشت نەکرێت بگۆڕدرێت بە لۆژیکی کۆنتڕۆل و پێشبینی و گەمە”.ئەم وتنە لێڤیناسیە بۆ “ئەویتر” ئەوەش دەگەیێنێت کە”ئێمە بەئاکار ناخەڵەتێین”،بەڵام بۆ لێڤیناس”ئاگایی شتێکی ڕەوشتییە و بوونی جیهانیش لەسەر ئەم ئاگاییە وەستاوە”.کەوابێت کۆرۆنا ئەو تەماشاکردنە فەلسەفییەی کوشت کە پێیوایە لە ڕووبەڕووبونەوەدا(کاتێک ڕوخسارەکان بەرامبەر یەکدیدەبنەوە)هەست بە بوونی ئەویتر دەکەین.کۆرۆنا هەموو ئەویترێکی کردە”من”ێک،چونکە بۆ کۆرۆنا شتێک نییە ناوی”ئەویتر”بێت.تەنانەت مەرگیش.مەرگی هیچ “ئەویتر”ێک بۆ کۆرۆنا مەرگی”من”نییە،بەڵام لێڤیناس ڕێک بەپێچەوانەی کۆرۆناوە بیردەکاتەوە:”من بۆ تۆ ئەویترم دەکەوابێت مەمکوژە”.ئاشکرایە کە،”من” لە هزری فەلسەفی لێڤیناس نازیێکە و “ئەویتر”یش جوولەکەکە.کۆرۆنا،کە خۆی نازانێت،نازیەکەیە و هەموو ئێمەش جوولەکەکەین بۆیە ئێستا هەموو لەسەردەمی هۆلۆکۆست Holocaustدا دەژین نەک پۆست هۆلۆکۆست.
کەرەنتینە ئۆشویتز Auschwitzە.گشت ئێمە لە خەمی ئەوەداین نەمرین،کۆرۆنا نەچێتە خوێنمانەوە.بەکورتی ئێمە جوولەکەی کاتی جەنگی جیهانی دووین.نازی چۆن بەدوای جوولەکەوە بوو ئاواش کۆرۆنا بەدوای ئێمەوەیە.پەیوەندی نێوان کۆرۆنا و ئێمەی کورد وەک پەیوەندی نێوان بەعسی و کوردە.نامەنەوێت ڕەوانەی ئۆردوگای زۆرەملێی سمود بکرێن،نامەنەوێت بمرین.کۆرۆنا و کورد واتە بەعسی و کورد.کۆرۆنا(نازی،بەعسی)بێباکە بەرامبەربە”ئەویتر”.کۆرۆنا، وەک نازی و بەعسی، تەنیا لە خەمی خۆیەتی، چونکە بۆ کۆرۆنا ئەنجامدانی کردە کوشندەکانی سەروی گشت شتێکە.گشت ئەوروپاییەک واتە جوولەکە کۆرۆناش واتە نازیزم. کۆرۆنا بە دوای گشت تەندروستێکەوەیە،کە جارێ توشنەبووە. کۆرۆنا بەدوای ساغەکانەوەیە.نازیش بەدوای جوولەکەوەیە،ئەو جوولەکە تەندروستەی وەک لێڤیناس، هەنا ئەرێنتArendt و هاوشێوەکانیان بیردەکەنەوە،کە بەخۆشاردنەوە،بەهەڵاتن،بەخۆدەربازکردن و بەخۆونکردن گشت جوولەکەیەک لە دەست نازیەکان ڕزگاری دەبوو.ئێستاش هەمان شتە: بەلەماڵەوەبوون،بەدوورەپەرێزی،بەخۆتەنهاکردن،بەنەکەوتنە ناو ڕوبەڕوبوەنەوە ساغدەمێنینەوە و پلانەکانی کۆرۆناش پووچەڵدەکەین.کوردی ئێستا وەک کوردی سەردەمی بەعس کێشەی ڕوبەڕوبوونەوەی بۆ دروستبووە.بەعس دەیویست کوردی ساغ بکوژێت،لای بەعس پێشمەرگە کەسە ساغەکەبوو!بەعس ڕقی لە کوردی پارتیزان،بەرهەڵستکاربوو.کۆرۆناش دوژمنی بەرهەڵستکاری Resistanceیە(مقاوەمە).ئەو لەشەی بەرهەڵستکار بێت دەخوازێت تەفروتونای بکات.بۆیە کۆرۆنا بەدوای تەندروستەکانەوەیە لەهەر شوێنێک بن،هەرچی ناتەندروستەکانە دەمێکە مسۆگەریکردون، خەمی گەورەی کۆرۆنا ساغەکانە.خەمی گەورەی بەعس ئەو کوردانە بوو بەرهەڵستکاربوون. بەعس مامەڕیشە، خاڵەشەهاب، شەهید ئارام و هاوڕێکانی بە دوژمنی سەرسەختی خۆی دەزانی،هەروەک کۆرۆنا گشت تەندروستێک بە دوژمنی خۆی دەزانێت یان نازیەکان کە گشت جوولەکەیەکیان،لەماوەی جەنگی جیهانی،بە ئەویتر دەزانی.ئەویترێکی ساغی بەرهەڵستکار کە شایانی مردنە.نازیەکان جوولەکە پەککەوتە و پیرەکانیان هەر زوو لەناو دەدا و دواتر کاریان لەسەر ساغەکان دەکرد.لێرە گشت یەکێک لە ئێمە دەکارێت،وێناکردنەکان گەورەتر نیشانبدات و باس لە جووڵەی کۆرۆنا بکات کە تەکان بەرەو دەرەوەی سنور و جوگرافیای خۆی دەدات: گەڕانی کۆرۆنا بەدوای نەیارەکانی،کە ساغەکانن،وێناکانیش گرنگە بە تەقەلای نازیەکانەوە گرێبدرێنەوە لە دۆزینەوەی جوولەکەکان لەهەر شوێنێک بن تا دەگاتە ئەوەی وێناکردنەکە ڕوو لە شاخ بنێت،لەو شوێنەی کورد ڕووبەرێک بۆ بەرهەڵستکاری و”وتنی نەخێر” بەعس دەدۆزێتەوە ،کە کۆرۆنای جەستەی سیاسیی ئەو دەمەی کورد بوو.
وێرای ئەوەی لای سەرەوە لەسەر پانیک لە سەردەمی کۆرۆنا و کاردانەوەی لەسەر گفتوگۆی”من”و”ئەویتر”وترا ئەوەش دەخەینەسەری کە،لەگەڵ هەموو پانیکێک ئاکارکاریMorality مرۆڤ گۆڕانی دێتەسەر.بەپێی پانیکەکان ئاکارکاری،یان ڕەوشتکاری، کاردانەوەی جیا لەسەر بەها و پرینسیپەکان،لەسەر بنەمای ئەو شتەی خۆی وەک شتی ڕەوشتی دێنێتەناساندن و ڕەفتار و کارەکتەری مرۆڤەکان دیاریدەکات،دادەنێت.ئەوەی زۆر سەیرە لێرە ئەوەیە کە کۆرۆنا ئاکارکاری:سیاسی،خێزانی،تەندروستی تا دەگاتە ئاکارکاری سێکسی ،هاوڕێیەتی،خۆشەویستی،هاوسێیەتی …گۆڕی.مەبەست،کۆرۆنا دۆزێکی ڕەوشتی تایبەت بەخۆی هێنایەسازاندن.مرۆڤەکان لە ترسی مەرگ و ویستی تەندروستبوون زۆر بەهای کۆمەڵایەتی و ڕۆحی و جوانکاریان پێشلکرد.کۆرۆنا لە سەرانسەری دونیا دۆزی هاوڕێیەتی،هاوسێیەتی،نەک لەنێوان کەس و گرووپەکان بگرە وڵاتانیش(ئەوەی کوبا بۆ ئیتالیایکرد هاوسێ/هاوڕێ سیاسییە ئابووریەکانی بۆینەکرد)لە ڕادەبەدەر لەکەدار و زامدار کرد.کۆرۆنا پەتایەکی کەم وێنەیە،لەکاتێکدا دەرکەوت کە دانیشتوانی گۆی زەوی خۆی لە 8میلیارێک دەدات.پەتاکانیتر کەمتر لە کۆرۆنا کوشندەتر و سامناکتر نەبوون،لێ ئەو هەڵایەیان بەخۆیانەوە نەبینی.ئەدی بۆ ئەوە بۆ کۆرۆنا کرا؟نەک هەر لەبەرئەوەی ئەو کات گۆی زەوی لە ئەمئێستا زۆرتر نەبووە و قووربانیەکان کەمتربوونە،لەبەرئەوەش کە ئەوکات ئەمەریکایەک نەدۆزرابوەوە،چینێک نەبوو لەسەر ئابووری گشت ئەویترە زەبەڵاحەکان مەترسیبێت،جەمسەرەئابوورییە-
ئەتۆمییەکان(هیندستان،ڕووسیا)بوونیاننەبوو،کەسایەتی ئەوروپای لەڕێگای وتارەکانیەوە ((مۆدێرنە و ڕۆشنگەریی و تێکنەلۆژیای ئێلکترۆنی)) نەدەهاتەناساندن.ئێستا هاوکێشەکە جیایە.ڕۆژئاوا خۆی بە سەرچاوەی ڕەوشت دەزانێت. ڕەوشت شمەکێکە لە ڕۆژئاوا لە سێبەری ئەو وتارانە بەرهەمدێت.کۆرۆنا هاتوە تا بیرکردنەوە ڕەوشتییەکانی ئەو وتارانە تێکبشکێنێت و ڕۆژئاواش بخاتە قۆناغی بەرهەڵستکارییەوە،وانەش بە دەزگا تەندروستیەکانی ڕۆژئاوا سەبارەت بە شەڕی مانەوە بڵێتەوە.باشە بۆ ڕۆژئاوا؟چونکە نوێنەرایەتی جیهان دەکات.ڕاستە لە کۆرۆناوە،لەم پاندێمییە هەنووکەییەوە،فێری ئەوەبووین چۆن دەزگا تەندروستیەکانمان بەهێزبکەین و چۆنیش خۆمان تەندروستئامێز ڕابگرین،موخابن ئەمە دوا گریمان نییە بەدەست ڤایرۆسەوە و دەرکەوتن و سەرهەڵدانی پاندێمیەکانیش هیچ کات ئاسان نەبووە دەستنیشانکردنیان.دوژمنە نەبینراوەکە ناوە دەقاودەقەکەی پاندێمیەکانە،نەک هەر ئەم پاندێمییە بگرە ئەوانەش جارێ نین و لەدایکنەبوون.پاندێمیەکان هەمیشە دەبن،چونکە ئێمە هەین.ئەو زیندوو نییە،زیندووەکە ئێمەین و خۆراکی مانەوەیشین.
COVID-19،خۆی و شڵەژانە لەناکاوەکانی،لەسەرەخۆ ئەو ترس و هەراسانییەی بۆهێناین کە لەوسەرەوە شڵەژانەکەی پێشنداین و هەمدیس لەسەرەخۆ فرێیداینە ناو تەنگەژەی ئاکاری Moral Dilemma یشەوە. لەگەڵ خێزان،هاوسێ،هاوڕێ،ناسیاو کەوتینە دۆزێکی ڕەوشتی نابەجێ و هەڵەشەیێکی ئاکاری و بەزمێکی ڕەفتاری ئەوتۆەوە کە یەک شت لەنێوان دوو شتدا هەڵببژێرین:یان سەردانیبکەم و لێیبپرسمەوە یاخود خۆمی لێنەناسکەم و پشتیتێبکەم کە ئەوەش تەندروستیم بۆدەهێنێت.شەڕ و سەرئێشە ڕەوشتیەکە لەپێناو هەڵبژاردنی باشترین، بەسودترین بوو.کەوتینە نێوان دوو شت کە دەبێت یەک لەو دوو شتە هەڵببژێرین،کە لە خودی خۆیدا هەردووکیشی کێشاوین.ئەوەی وتمان بەکوردی خۆمان بەم جۆرەی لێدێت:بچم هەر وەی و نەچم هەر وەی.قووتابخانە فەلسەفییەکان زۆریان لە سەر کێشەی دیلێمای ڕەوشتی Ethical dilemma وتووە و پیێشیانوایە مرۆڤ هەڵبژاردەکەی لەنێوان دوو شتی ناکۆکدا دەبێت و ئەوەش داوای ئەوەی لێدەکات ئەوە هەڵبژێرێت کە بەکەمترین زیان دەکەوێتەوە.ئەوەی لێرە بۆ فەلسەفەی ڕەوشت جێی تێڕامانە ئەوەیە،چەند هەڵبژێراوەکە ڕەوشتییە؟بچین لەم باردوۆخە سامناکە سەردانەکەمان بکەین یان لەماڵی خۆمان دانیشین و هەقی کەسمان نەبێت؟ کامە باشە؟کێشەی باشە لێرە لەوەدایە کە بێ لایەن نییە.باش بۆ من ئەوەیە کە نەیەم و تۆ ناساغم نەکەیت.وەڵامی ئەم پرسیارە پەیوەندی بەوەشەوەیە هەڵبژێرراو چەند بۆ هەڵبژێر بە کەڵکە و دواتر سودی هەڵبژێراوەکەش بە باشییەکەیەوە دەپێورێت،باش بۆ من وەک باش نییە بۆ تۆ.بۆ؟ چونکە کردەی ڕەوشتی لە دۆزی وادا دەبێت بە کردەیەکی ڕەوشتی ناکۆکئامێز Ethical paradox .بەم شێوەیە پرسیارە بنچینەییەکە لە پرسی دیلێمای ڕەوشتی خۆی لە سوود،باش،دا کۆدەکاتەوە و پشتکردنیشە لە زیان،خراپ،.باشترین و خراپترین،ئەوەشیان لە دیدی فەلسەفییەوە،لە ڕوانگەی بزووتنەوە فەلسەفییە ڕەوشتییەکانەوە وتن و ئارگومێنتی جۆراوجۆری لێکەوتوەتەوە.ئەو شتەش کە لەناو کردە ڕەوشتییەکەداپارادۆکسال paradoxicalە ئەوە لە خودی خۆیدا ناکۆکئامێزە و بگرە دژێکیش لە ناخی خۆیدا بەخێودەکات.بەمە ڕەگەزەکانی ناو شتێکی”پارادۆکسالی ڕەوشتی”لەڕووی لۆژیکییەوە ناکۆک و دژن و لەتەک خودی خۆشیاندا یەکناگرنەوە.شتێکیش کە ڕەوشتی بێت و هاوکات پارادۆکسال بێت فەلسەفە ئیشی لێرە ئەوەیە ئەو حاڵەتە پارادۆکسالە یەکلای بکاتەوە((نەک تەنیا باش لە خراپ،بەڵکو باش لە باشتر و لەوەش جیاکاتەوە چ باشێک بۆ من باشە کە ڕەنگە هەمان باش بۆ تۆ باش نەبێت)).ئیشی فەلسەفەی ڕەوشتی لەم حاڵەتەدا یەکلاخستنی ئەو کێشەیەیە خۆی وەک کێشەی ڕەوشتی ناکۆکئامێز نمایشدەکات، کە لە ڕیشەدا و هەر لەسەرەتاشەوە نە پەسەند و نەش شایان بووە.کۆرۆناڤایرۆس دەقاودەق ئەمەی کرد.پارادۆکسی هێنا و لەناومانیشا بەخێویکرد و پەرشوبڵاویشیکردەوە،بەڵام کۆرۆنا کۆمۆنیست نییە، ڕقیشی لە دادپەروەرییە.

هەروەک وتمان بەدوای تەندروستەکانەوەیە،بەدوای ئەوانەوەیە کە دەڵێن ئێمە لەشمان بێ عەیبە.لەبەرئەوەی کۆرۆنا یەکسانە بە مەرگ،مەرگیش،لێڤیناس وتەنی،دیکتاتۆرە. مەرگ دێت و ئیشی خۆی دەکات و دەڕوات.مەرگ ،بەبۆچوونی ئەو بیریارە فەرەنسییە، گوێنەگرە و سەرقاڵی کاری خۆیەتی و بەس.بۆیە کۆرۆنا مەرگە چونکە خراپە گەورەکەیە.بێسود نییە لێرە بۆچوونێکی بادیو Badiou بەسەربکەینەوە کاتێک”ڕەخنەی ڕەوشتی سەردەم دەکات و ئەم ڕەوشتەش بە ڕەوشتێکی هیچگەرا ناودەبات”ئەمەش وادەکات بادیو وەک هەڵوێستێک دژ بە فەلسەفەی ڕەوشتی هاوچەرخ باشە بەجۆرێک ڕوونبکاتەوە کە خودی باشە ببێتە تێگەیشتن لەسەر ئەو شتەی ناودەنرێت خراپە.لە دیدی بادیودا”خراپە بوونی هەیە،لێ خراپەی ڕادیکال بوونی نییە”.”بادیو ڕەتیدەکاتەوە هولوکۆست Holocaustخراپەیەکی ڕادیکال بووبێت”.نەک هەر ئەوە بگرە بۆ بادیو”ڕەوشت تەنیا سێ ناوی هەیە:تێرۆر، خیانەت و کاتەسترۆف(موسیبەت،بەڵا)”.پرسیارەکەی ئێمە کەلێرە ڕوبەڕووی بادیوی دەکەینەوە ئەمەیە:کۆڤید-19دەشێت بە کاتاسترۆف سەیربکرێت؟ گەر بەوە سەیرکرا لەگەڵ تێزی قیامەت،کۆتای جیهان Apocalypse،یەکناگرێتەوە؟((ئەمەیان لە بەشێکی تایبەت دێینەوەسەری)). بۆیشە وادێینە گۆ،چونکە کۆرۆنا فێری ئەو وانە موڕالیەشی کردینکە،ئەو شتەی شڵەژان و پەشێوی دروستدەکات ڕادەی خۆپەرستی تاکەکانی ئەو کۆمەڵگەیەی شڵەژان و پەشێویەکەی تیا دەخولێتەوە بەرزدەبێتەوە.لە هەچ کۆمەڵگەیەک شڵەژان و پەشێوی زیادیکرد کردەی ڕەوشتی دەکەوێتە ژێرپرسیارەوە،ئەرک و بەرپرسیارییە ڕەوشتییەکان ڕوو لە کەمی و لاوازی دەنێن.مرۆڤەکان بۆ کەمکردنەوەی شڵەژان و پەشێویان دەکەونە دۆخی خۆپەرستن egoisەوە،خۆپەرستیەکە کە ویستێکی مرۆییە بۆ مانەوە لە قاوغی خۆپارستن دەردەکەوێت،خۆپاراستن لەو شتەی شڵەژان و پەشێویی دروستکردوە،لەم حاڵەتەدا کۆرۆنا ئەو کارە دەبینێت.کۆرۆنا کە شڵەژان و پەشێویهێنەرە،ئەرک و بەهاکان تەسک و هیچگەرا دەکات.گەرچی خۆپەرستیەکە،خۆویستیەکە،خۆی بەشێوەیەک دەردەخات کە ڕیشاڵی ڕەوشتی هەیە،لێ لەتەک پەشێویەکەدا یەکدەگرێتەوە و سەیرەکە لەوەشدایە خۆویستیەکە وەک کردەیەکی ڕەوشتی سوودئامێز خۆینمایشدەکات.لێرە خودپەرستی ڕەوتێکی ڕەوشتی وەردەگرێت کە بە واتا فەلسەفییەکەی دەبێت بە خودپەرستی ڕەوشتی Ethical egoism .ئەمە واتە چی؟خودپەرستی ڕەوشتی بنەمایەکی سوودگەرای هەیە.ئەو کەسەی خودگەری ڕەوشتی پیادەدەکات لە سۆنگەی کەڵکخوازییەوە ئەنجامی دەدات.لێرە ئەم کردەیە خۆی لەگەڵ کۆرۆنا یەکدەخات.ئێستا هەموو لە سەردەمی کۆرۆنادا خودپەرستێکی ڕەوشتیین.بۆ؟ لەبەرئەوەیکە کۆرۆنا پانیک هێنەرە،ڕاڕایی و هەراسانیەکی لەگەڵ خۆی هێناوە کەم وێنەشە.بۆ جوولەکەکان بە هۆلۆکۆست Holocaustناودەبرێت،چونکەلەماڵەوە بوونی جوولەکەیەکی ئەرتەدۆکس و نەچوونی بۆ عیبادەت لای”دیواری ڕۆژئاوا لە ئوروشەلیم”لەناوبردنی تووخمی جوولەکە دەگەیێنت((هەروەک بینیمان لە میدیاکانا چۆن جوولەکە ئەرتەدۆکسەکان لەگەڵ پۆلیسی ئیسرائیلی بەشەڕدێن لەسەر قەدەغەکردنیان لە چوون بۆ لای دیواری ڕۆژئاوا))،بۆ ئەمەریکایەکان بە مانای دووەم تراژێدی دێت دوای 11 سێپتەمبەر،ئەی بۆ ئێمەی کورد؟ بێکومان جینۆسایدەکانمان،کە ئەوانەش مردن و قڕبوونمان،بیردەخەنەوە. ئەوەی لایسەرەوە لەسەر کۆرۆنا،وەک هێنەری شڵەژان و پەشێوی،وترا وادەکات بڵێین،کۆرۆنا کارتێکردنی نێگەتیڤانەی ڕەوشتی لێرە و لەوێ لەسەرمان دانا و کردەی ڕەوشتی ناجۆریشی تیاچاندین کە ئامانجی سەرەکی خۆپاراستن بوو لەو ترسەی کە جارێ ڕوونیە ئایندەکەی.موخابن هەنووکە شڵەژانەکە بەجۆرێکی ترسناک میوانمانە.میوانێکی ناوەختەی ناخۆشەویست.هاتووە بێ ئەوەی بپرسێت و بە گوێشمانا دەچرپێنێت: من شڵەژانی سەردەمم و شای شڵەژانەکانیشم. سۆسیال میدیای ئێلکترۆنیش درێغینەکرد لە گەردووناویبوونی.بەهۆی کۆرۆناوە ڕەوشتی پانیک سەرلەنوێ بوەوە بە باس،واشیکرد ڕەوشت لەڕووی یاسایی،ئاینیی،سیاسییەوە گفتوگۆی بەردەوامی لەسەر بێت.نەچوونەدەرەوەمان خۆی ڕەوشتیکرد.ڕەوشتیبوونمان یەکسانبوەوە لەگەڵ ترسی سزادان و غەرامەکردن. COVID-19پابەندبوونی بە ڕەوشت لەگەڵ خۆی بە دیاری بۆهێناین.دەمێکە ئاوا ڕەوشت نەبۆتە بابەتی سیاسی و یاسایی و کۆمەڵایەتی.ناوی خوا لەگەڵ هاتنی پانیکی COVID-19 جاران ۆرتر لە بەکاردەبرێت.ترس لە مەرگ،یەزدان، کۆتای جیهان، ئاوابوون و قیامەت جارێکیتر بوونەوە بە بابەتی فەلسەفەیی لە گەڵ کۆرۆنا.

ئازاد حەمە

ماویەتی…..




دیمانەیەک لەتەک یورگن هابەرماس، ئەنجامدراوە لە لایەن مارکوس شڤێرینگ، لە فرانکفورتەر ڕوندشاو

یورگن هابەرماس پەیوەند بە کۆرۆناوە دەبێژێت: “هەرگیز هێندەی ئەمڕۆ زانینمان لەبارەی نەزانینی خۆمان نەبووە”

10.04.2020
کاوە جەلال لە ئەڵمانییەوە

یورگن هابەرماس 18 ژونیۆی 1929 لە شاری دیوسلدۆرف هاتۆتە ژیانەوە، لێ لە شاری گومەرسباخ پێگەیشتووە. ئەو فێرکار بوو لە زانستگەی فرانکفورت و ئەمڕۆ لە شتارنبێرگ دەژی. هابەرماس لە لایەنی خۆیەوە بەردەوامیی دا بە تیۆریی ڕەخنەیی مارکسیستی، لێ ئەوەی لە شێوەی تیۆریی دیسکورزدا ئەنجام دا کە کارێکی قۆناغچێکەر بوو و لەوێوە پاشان چووە نێو بناغەڕشتنێکی دەوڵەتی دێمۆکراتییانەی یاساوە بە چۆنێتییەکی تایبەتییەوە.
نووسینەکەی یورگن هابەرماس بە ناونیشانی “هەروەها مێژوویەکی فەلسەفەش” پایزی ڕابوردوو بڵاوکراوەیەوە. ئەو لە دوو بەرگدا مێژووی فەلسەفەی خۆرئاوایی وەک ڕێگەیەک لە باوەڕەوە ڕووەو زانین دادەڕێژێت. ناونیشانی بەندی یەکەم بریتییە لە “پەیوەندیی خۆرئاواییانەی باوەڕ و زانین”، بەرگی دووەمیش ئەم ناونیشانەی هەڵگرتووە: “ئازادیی ئاوەزمەندانە. شوێنەوارەکانی دیسکورزی باوەڕ و زانین”.

  • پرۆفیسۆر هابەرماس، ئایا بەڕێزتان وەک کەس چۆن لەم تەنگژەیەی کۆرۆنادا دەژین، ئایا چۆن ئەزموونی دەکەن؟

هابەرماس: من تەنیا دەتوانم ئەوە ببێژم کە لەم چەند ڕۆژەی ڕابوردوودا بە هۆشمدا هات. بەردەوام نایەقینیی گەورەتر بەرۆکی کۆمەڵگە ئاڵۆزەکانمان دەگرن، لێ ئەم کۆمەڵگانە بە شێوەی خۆماڵی (لۆکاڵ)، هەروەها بە کاتی جیاواز لە یەکدی، بەرەو ڕووی تەنگژەکان دەبنەوە، ئەوجا پسپۆرانی تایبەتکراو کەم یان زۆر لەنێو ئەم یان ئەو کەرتەسیستەمی کۆمەڵگەدا کار لە تەنگژە سەرهەڵداوەکاندا دەکەن، لێ هەنووکە بەرانبەر ئەو خۆماڵێتی و ناهاوکاتییەی بەرەنگاربوونەوە نایەقینیی لێرەبوونی (وجودی) مرۆڤ بە شێوەی گلۆبال و هاوکاتی بڵاودەبێتەوە، ئەوە تەنانەت لەنێو سەری تاکەکەسەکاندا کە لەنێو تۆڕی میدیاییدا پێکەوە گرێدراون.
هەموو تاکەکەسێک پەیوەند بە ڕیسکەکانەوە ڕۆشنایی پێدەدرێت، ئاخر بۆ ئەوەی بەرهەڵستیی پاندێمییەکە بکرێت، ئەوا خۆدابڕینی تاکەکەس بۆ خاتری سیستەمی تەندروستی کە ئەمڕۆ بێئەندازە خواستی لەسەرە، گرنگترین ڤاریابلە (گۆڕراوە / متغیر). جگە لەوە نایەقینییەکە تەنیا پەیوەند نییە بە زاڵبوونەوە بەسەر مەترسییە پەتاییەکاندا، بەڵکو هەروەها پەیوەندە بە سەرەنجامە پێشبینینەکراوە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانەوە. لەم ڕووەوە (هەنووکە تەنیا دەتوانین ئەوەندە بزانین) ڕەوشی ڤایرۆسەکەی لێدەربچێت، هیچ پسپۆرێک نییە بتوانێت ئەم سەرەنجامانە بخەمڵێنێت. پسپۆرەکانی بواری ئابووریناسی و سۆسیالناسی باش دەکەن خۆیان لە پێشبینیکردنی هەڵەشە بەدووربگرن. ئاخر هەنووکە دەتوانین ببێژین کە هەرگیز هێندەی ئەمڕۆ زانینمان لەبارەی نەزانینی خۆمان و هەروەها لەبارەی ناچاری بۆ نواندنی کردار و بۆ ژیانی نایەقین نەبووە.

  • وا خەریکە کتێبە نوێکەتان بە ناونیشانی “هەروەها مێژوویەکی فەلسەفەش” لە چاپی سێیەمیدا بڵاودەبێتەوە. لێ بابەتەکەی بەڕێزتان (پەیوەندیی باوەڕ و زانین لە دابی هزرینی خۆرئاواییدا) زۆر ئاڵۆزە. ئایا چاوەڕانی ئەم سەرکەوتنە بەرچاوەی بەرهەمەکەی خۆتان کردبوو؟

هابەرماس: کاتێک مرۆ کتێبیکی بەم چەشنە دەنووسێت، بیر لە مەسەلەی ئەوها ناکاتەوە. مرۆ تەنیا لەوە دەترسێت کە لەو کارەیدا بکەوێتە هەڵەوە. ئاخر مرۆ لە هەر بەشێکی نووسینەکەیدا بیر لە بەربێژیی ئەو پسپۆرانە دەکاتەوە کە شارەزاییان لە وردەلایەنی بابەتەکەدا زیاترە.

  • من خۆم تایبەتمەندییەکی فێرکارییانە (دیداکتیک) لە نووسینەکەتاندا سەرنجی ڕاکێشام، واتا: چەندپاتکردنەوە، ئاوڕدانەوە لە ڕابوردوو، پوختەسازیی دوورکەوتۆوە لە بابەت، سەرجەمی نووسینەکەیان بونیادناوە و لە خوێندنەوەدا رۆڵێک بۆ پشوودان دەگێڕن. ئەوها دەنوێنێت کە بەڕێزتان بییەوێت ڕێ بۆ نەشارەزایان خۆش بکات بێنە نێو بابەتەکەوە.

هابەرماس: تا ئێستا خوێنەرانی کتێبەکانم بریتی بوون لە زەمیلە ئەکادیمییەکانم و فێرخوازانی زانستگەیی بەشە زانستییە جیاوازەکان، یان بە تایبەتی لەنێو مامۆستایاندا بوون کە هەندێکیان وانەی ئێتیک (ئەخلاقناسی) و سۆسیۆلۆژییان گۆتۆتەوە. لێ ئەم جارە لە ماوەی یەکەم مانگەکانی دوای بڵاوبوونەوەی کتێبەکەدا، لەنێو دەنگدانەوەی نامەکاندا کە بۆم دەنێرران، جمهورێکی تەواو جیاوازی خوێنەرم پێگەیشت – ئەو کەسانە کە گرنگی بە بابەتی باوەڕ و زانین دەدەن، لێ هەروەها لە نێویاندا کەسانی بەگشتی هزریو و گەڕاو بەدووی ڕێنوماییدا هەبوون، وەک پزیشکان، کارگێڕان، پارێزەران و هتد. وا دیارە کە ئەوان کەمێک متمانە بە فەلسەفە دەکەن کە بتوانێت کاری گومانهەڵنەگرتوو ئەنجام بدات. ئەمەش دڵخۆشم دەکات، چونکە پسپۆریی باڵا، کە بەتایبەتی زیان بە دیدی فەیلەسوف و خودی بەشی فەلسەفە دەگەیەنێت، یەکێک بوو لە وروژێنەکانی ئەو پرۆژەیەم.

  • وشەی “هەروەها …” لە ناونیشانی کتێبەکەتاندا، کە لە بنەڕەتدا دەگەڕێتەوە بۆ هێردەر، سەرم لێ تێکدەدات

هابەرماس: وشەی “هەروەها” لە ناونیشانەکەدا خوێنەر لەوە بەئاگادەهێنێت کە ئەو کارە ڕاڤەکردنێکی نوێی مێژووی فەلسەفەیە لەپاڵ ڕاڤەکردنانی دیکەی شیاودا. ئەم ژستە بێفیزە گەڤی خوێنەر دەکات کە نەکەوێتە هەڵەوە و وا باوەڕبکات کە گۆیا مێژوویەکی فراوان داڕێژراو و تەنانەت کۆتاییپێهێنراوی فەلسەفەی بەدەستەوە گرتووە. من خۆم لەسەر هێڵی ڕاڤەکردن (ئینتەرپرێتاسیۆن) دەڕۆم، بەگوێرەی ئەم شێوە هزرینەش دەتوانین لە مێژووی فەلسەفە وەک پرۆسەیەکی فێربوون تێبگەین، گەر هاتوو تێگەیشتنێکی تایبەت ی هزرینی پاش-مێتافیزیکی وەک شێوەی تێڕوانین دابین بکەین. هیچ نووسەرێک ناتوانێت خۆی لە شێوە تێڕوانینێکی دیاریکراو بەدووربگرێت، لێرەشدا ئاشکرایە کە هەمیشە لەم شێوە تێڕوانینەدا بڕێک لە باوەڕی تیۆرییانەی خودی نووسەرەکە وێنەدەداتەوە. ئەمە لە خۆیدا نیشانەی ئاگاییەکی فاللیبیلیستییە، لێ ئەم جۆرە ئاگاییە هێشتا هەر بە هیچ شێوەیەک ڕێژەیەتی نادات بەو داواکارییە بەرزکراوەیەم کە گۆزارەکانم / دەربڕینەکانم کرۆکێکی ڕاستییان لەخۆگرتووە.

  • وشەی “هەروەها” لە ناونیشانەکەدا ئەو پرسیارە دەهێنێتە پێشەوە کە داخۆ مێژووی فەلسەفە و بابەتی باوەڕ / زانین چە پەیوەندییەکیان بە یەکدییەوە هەبێت. لێ من وای بۆ دەچم کە ئەو پەیوەندییەی نێوانیان بەدەر نییە لە پێکەوەنەگونجاوی.

هابەرماس: من وەک فەیلەسوف گرنگی بەو پرسیارە دەدەم کە داخۆ ئێمە چی لە دیسکورزی باوەڕ و زانینەوە فێرببین، لێ بەم هۆیەوە کێشەی پەیوەندییەکەی نێوان ئەخلاق و نەریت، کە لە نێوان کانت و هێگلدا هەبوو و بەهەڵواسراوی مابوویەوە، لێرەدا بەتایبەتی کاری تێدا دەکرێت، ئاخر ئەمە کێشەیەک بوو کە هاوکات لە وەرگرتنی ناوکە هەمەکییەکەی ئێتیکی (ئەخلاقناسیی) خۆشەویستیی کریستیانییەوە کەوتەوە، کە بێگومان وەرگرتێکی هاوکات بەجیهانیکەر (سێکولاریزەکەر) و توندرەوکەر بوو. بابەتەکەی من ئەوەیە کە ناوەرۆکە نێوەندییەکانی نووسراوە کۆنینە ئایینییەکان تێگەییانە تەرجومە بکەم – کەواتە مەسەلەکە بریتییە لە وەرگرتنی پاش-مێتافیزیکییانەی ئەو ئیدێیە کە بەو پێیە سەرجەمی ئیمانداران کۆمونەیەکی گشتگیر و خوشکبرایانە پێکدەهێنن و هەر ئەندامێکی شایانی ئەوەیە مامەڵەیەکی دادپەروەرانەی لەتەکدا بکرێت، ئەوە بێگومان بە ڕەچاوکردنی کەسێتیی تایبەت و لە دەرەوە نوێنەرایەتینەکراوی خودی ئەو. ئەم هاومافییەی هەر تاکەکەسێک بابەتێکی بێبایەخ نییە و ئەمڕۆ هەروەها لەم تەنگژەیەی کۆرۆنادا دەیبینین.

  • ئەمە تا چە ڕادەیەک؟

هابەرماس: لە ڕەوتی تا ئێستاکەی ئەم تەنگژەیەدا توانیومانە و دەتوانین لە هەندێک وڵات سیاسەتمەداران ببینین کە بەهۆی دوودڵییانەوە دواکەوتن ستراتیژییەکەیان لەو بنەمایەوە ئاڕاستەبدەن، کە دەبێت بەڕەهایی فەزل بدرێت بە تەقەلای دەوڵەت بۆ ڕزگارکردنی هەر تاکە ژیانێک لە پێش حسابکاریی سوودگەرایانەی تێچوونە (خەرجییە) نەخوازراوە ئابوورییەکانەوە کە دەشێت لەو ئامانجەی ڕزگارکردنی ژیانەوە وەک سەرەنجام بکەوێتەوە. گەر دەوڵەت لە پێناوی ئەوەدا پەتاکەی ڕانەگرتایە، تاکو ئیدی بەخێرایی بگات بە پاراستنێکی سەروزیادی سەرجەم دانیشتوان، ئەوسا دەوڵەت دەبوو بەناچاری حساب بۆ تێکشکانی پێشبینیکراوی سیستەمی تەندروستیش بکات، بەمەش دەبوو پەسندکەرانە حساب بۆ مردنی تا ڕادەیەک زۆری دانیشتوان بکات. “مێژووی فەلسەفە”کەی من هەروەها ڕۆشنایی دەخاتە سەر پاشخانی فەلسەفەی-ئەخلاقیانەی ستراتیژییە هەنووکەییەکانی مامەڵەکردن لەتەک ئەم جۆرە تەنگژانەدا.

  • وا دیارە کە توولەڕێی گۆڕانی فەلسەفەی خۆرئاوایی لای بەڕێزتان سەرباری هەموو پچڕان و دەستپێکە نوێکان هێشتا هەر تا ڕادەیەک ڕێکڕەوتییانە ئاڕاستەبگرێت. ئایا ئەم ڕێکڕەوتییە بەو ڕێیەوە بەدەستناهێنرێت کە مرۆڤ دەبێت بە ناچاری لە پێناوی ئەو مەبەستەدا زیانی دی لە ئەستۆ بگرێت؟

هابەرماس: مێژووی نەریتییانەی فەلسەفە بەبێ وشە سەرلێتێکدەرەکەی “هەروەها” تەقەلا بۆ تێکڕایی دەدات، کە وەک گۆتمان هەرگیز هیچ تاکە نووسەرێک ناتوانێت بە تەنیا ئەنجامی بدات. بێگومان داواکارییەکە بۆ گەڕان بەدووی “پرۆسەی فێربوون”دا وای پێشاندەدات کە هەروەک مەسەلەکە لێرەدا بریتی بێت لە مێژوویەکی زانستەکان، کەواتە شێوەیەکی تێڕوانین بێت کە لەم پەیوەندییەدا بە هیچ شێوەیەک باو نییە. ئاخر ئەم شێوە تێڕوانینە لە لایەک سەرپێچیی ئەو بڕوا پلاتۆنییە دەکات کە وایدادەنێت هەموو فەیلەسوفە مەزنەکان هەمیشە بە شێوازی جیای خۆیان لە هەمان مەسەلە دەهزرێن، لە لایەکی دیکەش سەرپێچیی ئەو بێبڕواییە (گۆماندارییە) دەکات کە ئەمڕۆ بەرانبەر هەر تێگەیەکی پێشکەوتن لەگۆڕێیە و بووە بە باو، هەروەها لەوە دەچێت مێژووییانە ڕوونکرابێتەوە. ئەوەی ڕاستی بێت، منیش نامەوێت نوێنەرایەتیی هزرێکی مێژوویی-فەلسەفەییانەی پێشکەوتن بکەم. ئەوجا گەر ئێمە “فێربوون” وەک ڕێنوما لە واتای توولەڕێی چارەسەری کێشەدا، کەواتە تولەڕێی بەردەوامیخەرەوەدا هەڵببژێرین، ئەوا ئەم کارە واتایەکی ئەوتۆ ناگەیەنێت کە گۆیا ئێمە تێلیۆلۆژییەک دەدەینە ژێر مێژووی فەلسەفە. هیچ تێلۆسێک (دوایەمین مەبەستێک) نییە کە مرۆ بتوانێت بە “ڕوانین / نەزرە لە هیچکوێ” بیناسێتەوە، بەڵکو تەنیا ئەم ڕوانینەی “ئێمە” هەیە، ئەوە بێگومان بەرەو پاش لەسەر توولەڕێی هۆکارگەلی جیاواز کە کەم یان زۆر باشن، هەروەها لێوەیان چارەسەرە کاتییەکان ی جۆرێکی تایبەتیی کێشە بەدووی یەکدا دێن، لێرەشدا گومانی تێدا نییە کە ئەو چارەسەرە کاتییانە بەردەوام لە ڕەوتی مێژوودا بەتەحەداوە داواکراون.

  • لێ ئایا کتێبەکەی بەڕێزتان ئەو پرسیارە ناهێنێتە پێشەوە کە داخۆ لە هزرینی فەلسەفەییدا “پێشکەوتن”ێک هەبێت، یان بەسانایی بپرسین: ئایا کانت “باشتر”ە لە ئەڕیستۆتێلیس؟

هابەرماس: بێگومان باشتر نییە، بە هەمان شێوەی چەند کەم ئاینشتاین لە نیوتن “باشتر” بوو. مەبەستی من ئەوە نییە کە جیاوازییە گرنگەکان لە نێوان هزرینی فەلسەفەیی و زانستیدا بکوژێنمەوە، من هەروەها نامەوێت لە هەمان واتادا لە “پێشکەوتن” بدوێم. لای هەر یەکەیان دەستپێکی تیۆریانە و پارادیگمەکان بە شێوازی جیا “کۆن دەبن”. لێ ئەو فەیلەسوفە ناوبراوانە لەو ڕووەوە بوون بە پێشەنگ، کە ئەوان کە لە سەردەمی خۆیاندا و لە ڕۆشنایی هەر پرسیارکردنێکی هەنووکەییەوە، هەروەها پەیوەند بەو زانیاری و هۆکارانەوە کە ئەو دەمە لە بەردەستدا هەبوون، چارەسەریان کردوون. ئەوان تێڕوانینی ئەوتۆیان داڕماندووە کە تا سەردەمی ئەوان چواندیان هەبووە. ئەوان هەروەها بوون بە هزرڤانی کلاسیکی، لێرەشدا کلاسیکی ئەم واتایە دەگەیەنێت: ئەوان تا ئەمڕۆ دەتوانن لەگەڵمان بئاخڤێن. جگە لەوە تەنانەت تیۆریی مۆدێرنی زانست خۆی بە تێڕوانینەکانی نێو “دووەم شرۆڤەی” (Analytica posteriora)ی ئەڕیستۆتێلیسەوە گریدەدات، یان ئێتیکی مۆدێرن خۆی بە تێگەکانی کانتەوە لەمەڕ ئۆتۆنۆمی و دادپەروەری گرێدەدات – جا گەرچی ئەو کارە لە میانەی ئەو زمانە تیۆرییانەدا دەکەن کە گۆڕانیان بەسەردا هاتووە.

  • من لای بەڕێزتان هەست بەوە دەکەم – من بەکاتی وای بۆ ناچم – کە بەڕێزتان هاوسۆزییەکی زۆرتان بۆ بەدیهێنانە فەلسەفەییەکانی چەرخی نێڤینی کریستیانی هەیە. ئایا تۆ بڵێیت ئەم هاوسۆزییە سەرەنجامی پرۆسەیەکی فێربوون بێت کە بۆ خودی بەڕێزیشتان لەناکاو بووبێت؟

هابەرماس: من ماوەیەکی زۆر لەمەوبەر، لە دوایەمین موحازەرەمدا پێش خانەنشینبوونم، خۆمم بە تۆماسی ئەکوینییەوە خەریککرد. من ئەو دەمە سەرسام بووم بە هێزی بنیاتنەر و بە پڕییە ناخەکییەکەی ئەم سیستەمە مەزنە. ئەوجا خوێندنەوەی دەن سکۆتوس و ویلیەم ئۆف ئۆکهام بە هەمان شێوە کاری تێکردم. بەڵێ ئەمانە پێکڕا پرۆسەگەلی فێربوونن کە من درەنگتر ڕووم تێکردوون. گەر هەڵە نەبم، من بەم پرۆسانەی فێربوون خۆم تێهەڵکێشی ئاڕاستەیەکی توێژینەوە دەکەم کە دەمێکە لەگۆڕێیە، مەبەستم لە نرخاندنەوەی سەرلەنوێی چەرخی نێڤینی باڵایە، کە پتر لە مۆدێرنە نزیککەوتۆتەوە.

  • سەرەڕای ئەوە من لەسەر ئەو پرسیارە، کە داخۆ چە کەسێتییەکی مێژووی فەلسەفە لە نووسینەکەتاندا بە بەهێزترین شێوە لەتەک خودی بەڕێزتاندا یەکبگرێتەوە، وەڵام دەدەمەوە کە ئەو کەسێتییە سپینۆزایە. لەو بەشەدا کە لەبارەی سپینۆزا نووسیوتانە، هەندێک باسی تێدایە کە دەتوانم خۆبەخۆ لەکاتی خوێندنەوەیاندا یەکسەر ببێژم، ئەها، هابەرماس لەوێدا وەسفی خۆی دەکات.

هابەرمەس: ئەمە بۆ من کەمێک سەرسامکەرە. لێ ڕاڤەکارێک دەتوانێت لە نووسەرێک باشتر تێبگات وەک نووسەرەکە لە خۆی. من تازە بە تازە لە خوێندنەوەی سپینۆزادا لە مەسەلەیەک تێگەیشتووم. لە پاشخانی مێژووی مارانەکانەوە (ئەو جولەکە ئیسپانییە چەوساوانە کە لەژێر زەبری پاشای ئیسپانیادا تەنیا بەرواڵەت وازیان لە ئایینی خۆیان هێنابوو و ئیمانی کاتۆلیکییان وەرگرتبوو) تێگەیشتم کە بۆچی سپینۆزا لەنێو خانەوادە بۆرژوازییە ئەڵمانی-جولەکەییەکانی زۆر هزرڤانی سەدەی بیستەمدا نزیکەی ڕێزلێنانێکی زۆرتری لە کانت پێبڕابوو. لیۆ شتراوس لە ڕێبەریدا بۆ وەرگێڕانی ئینگلیزیی کتێبەکەی لەسەر سپینۆزا باس لەوە دەکات کە سپینۆزا ئەو گومڕا و ئاتێئیستە (مولحیدە) نەبوو کە بەهۆیەوە لە سەردەمی خۆیدا ڕاودەنرا، بەڵکو ڕۆشناییدەرێکی سەرڕاست بوو، ئەوجا گەر بۆ ئەو هۆی لەبار هەبوواوە، ئەوسا لەوێدا نکۆڵیی لە گەوهەری رەچەڵەکی ئایینیی خۆی نەدەکرد، بەڵکو – بە زمانی هێگل ببێژین – ئەو رەچەڵەکەی خۆی تێکهەڵکێشەرانە “هەڵدەگرت” (aufheben) بۆ سەر ئاستێکی باڵاتر. من بەڕاستی هاوسۆزیم بۆ ئەوە هەیە. گەر لە ڕووی مێژووی نواندنی کاریگەرییەوە بڕوانین، دەبینین کە هزری سپینۆزا بەتایبەتی بەڕێی فەلسەفەی سروشتی شێلینگ ی گەنجەوە چووە نێو سەرەتاکانی بزاوتە تیۆرییە مەزنەکەی ئیدیالیزمی ئەڵمانییەوە.

  • لە بنەڕەتدا نیتچە لە کۆنتێکستی تیۆلۆژییانەی “خودا مردووە”دا زۆر نایاب بە بابەتە نێوەندییەکەی “باوەڕ و زانین” دەگونجا، کەچی بەڕێزتان بەتایبەتی ڕەچاوی نیتچەتان نەکردووە. بۆچی؟

هابەرماس: هەموو هەرزەکارێک کە ئامادەیی بۆ ئەدەب تێدا بێت، جارێک بە دەنگی بڵند نیتچەکەی خۆی خوێندۆتەوە. منیش هەروەها. لێ نیتچە کە گۆتەی “ویست بۆ دەسەڵات”ەکەی لە سەردەمی نازییەکاندا سۆسیال-داروینییانە ڕاڤەکرابوو و هاوکات وەک فەیلەسوفی دەوڵەت پێیدا هەڵدەدرا، دوای جەنگ هێشتا هەر زۆر نزیک بوو لێمانەوە. لەبەر ئەم هۆ سیاسییە من لەدژی ڕاکێشهێزی بەردەوامی ئەم پەخشانە کوترابووم. ئەوجا تەنانەت دوای ئەوە کە من لە شێوە تێڕوانینی فەڕەنسییەوە لایەنە شارییەکانی (ئوربانەکانی) نیتچەم باشتر ناسی، هێشتا هەر خۆم لەم نووسەرە بەدوورگرت – ئەوە جگە لەو بیرۆکانەی ئەو کە لە ڕووی مەئریفەی ئەنترۆپۆلۆژییەوە بەواتا بوون. جگە لەوە هۆکارگەلی بابەتی وام لێدەکەن کە قەنائەت بە “ژێنیالۆژیی کریستیانەتی”ی نیتچە نەهێنم، ئەوە تەنانەت وەک بزوێنەرێکیش بۆ لێهزرین – ئاخر نیتچە لەو نووسینەیدا پەیوەندییەکی زۆر نائازادی لەتەک بابەتەکەیدا هەیە. ڕاستییەکەی من تەنیا گرنگی بە ڕوویەکی تایبەتیی کاریگەرییە مێژووییەکەی نیتچە دەدەم، کە بێگومان نەدەشیا لەنێو چێوەی کاتەکییانەی پرۆژەکەمدا جێیەکی بۆ تەرخان بکەم. مەبەستم بە پوختی لەوەیە کە من گرنگی بەو مەیلە بەدبەختەی زۆر فەیلەسوف دەدەم، کە چۆن تا ڕادەیەک ئەزموونی ئایینیی چەپێنراو وەردەگۆڕن بۆ ئێستێتیکێتی.

  • بەڕێزتان چەند جارێک فۆرمولی “ئاتێئیزمی (ئیلحادی) جەماوەری” لە کۆمەڵگە مۆدێرنە خۆرئاواییەکاندا بەکاردەهێنن. ئەمە زرنگەیەکی نزمنرخێنەرانەی هەیە و دەشێت ئەو مەیلە گشتییەی بەڕێزتان بۆ ئەوە بڕاستێنێت کە چۆن ئێوە بە پێچەوانەی هۆشی سەردەم هەڵوێست وەردەگرن، کەواتە تەواو “جیهانییانە” کاتێک ئەو جیهانێتییە هێشتا هێندە خوازراو نەبێت، ئەوجا تەواو ڕەخنەیی بەرانبەر “جیهانێتی” هەرئەوەندی سادە و سانا بە جەماوەری فراوان بگونجێنرێت.

هابەرماس: من هەست دەکەم لەمەدا بەهەڵەتێگەیشتنێک لە من هەبێت. من بە تێگەی “ئاتێئیزمی جەماوەری” کە تێگەیەکی سۆسیۆلۆژیانەیە، دەمەوێت تەنیا ئاماژە بۆ ئەوە بدەم کە چۆن هێزی گرێدەری کلێسەکان لە ڕووی چەندێتییەوە کزبووە، ئەوەش بابەتێکە کە من لە بەشی یەکەمی کتێبەکەدا کارم تێداکردووە. ئێمە ئەم ڕەوشە هەنووکە بەتایبەتی لە کۆمەڵگەکانی خۆرئاوا و ناوەڕاستی ئەوروپادا دەبینین. لێ بەڕێزتان شیش لە هەڵوێستێک دەدەن کە من خۆم دەشێت ڕەخنەییانە ناوی بنێم “سێکولاریستی”.

—————————————–

فەرهەنگۆکی وەرگێڕ
فاللیبیلیزم: قوتابخانەیەکی ڕەخنەیی-ڕاسیۆنالیستییە (ئاوەزگەرایی ئامرازیانەی مەبەستمەندە)، کە وای دادەنێت هیچ مەئریفەیەک بەدەر نییە لە هەڵە.
چەرخی نێڤینی باڵا: چەرخی نێڤینی ئەوروپی بەسەر سێ قۆناغی سەرەتا و نێوەند و باڵادا ڕەت دەبێت. چەرخی نێوەندی باڵا بەر نوێسەردەمی ئەوروپی دەکەوێت.
تێلیۆلۆژی: ڕێبازی مەبەستداری کە وایدادەنێت هەموو ڕوداو و گۆڕانێک هەمیشە مەبەستێکی دوایەمینی هەیە.
تیۆریی دیسکورز: هابەرماس لەنێو تیۆریی ڕەخنەیی ناونراودا بە قوتابخانەی فرانکفورت لە ئاوەڵاکردنی هزری خۆیدا خۆی بە وەرچەرخانی زمانییەوە (linguistic turn) گرێ دەدات. دیسکورز کە لە بنەڕەتدا واتای “هێنان و بردنی زمانییانە”، “لێدوان” دەگەیەنێت، لای هابەرماس بریتییە لە “نێوەندی ڕاسیۆنالێتیی گفتوگۆ (کۆمونیکاتیڤ)”.




ئەفسانە چییە؟ -2- ڕێباز محەمەد جەزا

[ڕاپۆرتێك دەربارەی چێتی ئەفسانەو خورافیات]

بەشی دووەم: (پەیوەندی ئەفسانەكان لە خۆڕهەڵات و خۆرئاوا)

تەوەرەی یەكەم: پوختەی ئەفسانەكان و ڕۆژهەڵات:

گەورەترین و بەهێزترین توخمی كولتوور، میتۆلۆژیایە؛ كە هەرچەندە لە ژیانی ڕۆژانەدا بەزەقی دیارنییە، بەڵام هێزێكی سەرەكییە لە زۆربەی كۆمەڵگەكان كە وا سیستم و داب و نەریتەكان كارا دەكات. ئەوەتا باڵاكردنی بەها و بیر و باوەڕ لە خورافات و ئەفسانەكانی بەرایی، بێجگە لەوەی فاكتەرێكە بۆ گواستنەوەی ئەو بەها و بیرباوەڕانە بۆ تازەپێگەیشتوانی كۆمەڵگە، ئەوا لە هەمووكاتیشدا مەبەستێكی نادیار لە ناوەڕۆكیاندا بەدی دەكرێت، كە ناڕاستەوخۆ ئاڕاستەی عەقڵی مرۆڤەكان دەكرێت؛ بەمەش لە زەینیمان تۆمار دەبێت. ئەو مانا نادیارەش لە سادەترین شێوەیدا، دەربڕینی چەمكی خێر و شەڕە. هەروەها، چیرۆكە زاراكییەكانیش گێڕانەوەی ئەفسانەیە، زانیاری بە منداڵ دەدەن لەبارەی شێوەی ڕووبەڕووبوونەوەكانی مرۆڤی سەرەتا لەگەڵ سروشت و گیانەوەرە دڕندەكاندا(1) لێرەوە دەچینە ناو شارستانییەتەكانی ڕۆژهەڵات و بە كورتی دەربارەی ئەفسانەكان دەدوێین:….

بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە کلیکی ئێرەبکەن …..




دیوارێك لە نێوان دوو زۆنی یەك ناسیۆنالیزم … ڕزگار عومەر

ئەو دیوارەی کە لە نێو دوو دراوسێ ی ئاسایی هەیە لە کۆڵانەکان کە دوژمنداری یەکتر ناکەن، جیاوازی هەیە لەو دیوارەی کە لە خەیاڵی ئەمنی و ئایدیۆلۆژی ئەو نوخبەیەی کە ئەمرۆ هەردوو زۆنی سەوزو زەرد بەڕیوە دەبەن.
سیاسەتمەدارو بەرپرسە ئەمنیەکانی هەردوولا هەر لە پەنای دروشم و بازەکەی ئارمی حکومەتی هەرێم لە جیاتی میتۆدی عەقڵ و ئەندێشەی یەك چارەنوس و سەرانسەری بوون، بە گومانی دوو دراوسێ ی پر لەکینەی دوژمندار لەبەرامبەر یەکتر دەخوێنن. هیچ لا تەنانەت تاقەتی ئەوەشیان نیە بڵێن با ” دوو دراوسێ ی باش بین” لە گەڵ یەکتر.

وەستانی دوو ئوتۆمبێلی ئیمێرجێنسی (ئیسعاف) لەم بەرو لەوبەری خاڵی پشکنینی هەردوو زۆن بۆ وەرگرتنی نەخۆش ، ساتر لیدان لە هەندێ خاڵی پشکنینیتربە پێ ی لێدوانی ئەم هاوڵاتیانەی رێیان کەوتۆتە ئەو شوێنانەو لە راگەیاندنەکان قسەیان کردووە، پێش ئەوەی خۆ ئامادە کردن بێ بۆ حالەتی گرژی و لە ناکاو یان لە دەست دەرچوون هەروەکو( بیانوەکانی دەست پیکردنی شەڕی ناوخۆ لە ئاداری ١٩٩٤) بریتیە لە نامەو سیگنال ناردن و تیژکردنەوە ناسنامەی ستایڵی حوکمڕانی لە هەردوو زۆن ، ئامانجی یەکەمی ئەم سیگناڵ ناردنانە بۆ ناوخۆی هەردوو زۆنەکە یە! دووەم بۆ دووقات کردنەوەی فشاری سیاسی و شەڕی دەروونی نێوان ڕێبەرانی هەردوو زۆن.

بۆ تیژکردنەوەی هەژموون و شوناس : هەردوو زۆن نە دەرفەتیان هەیە، نە دەتوانن بێ بوونی دەرفەت موغامەرە بکەن بە بەرژەوەندە ئابوریەکانیان، نە ڕۆحی نەوەی یەکەمی ناسیۆنالیزمی ئەوروپیان هەیە کە بە جدیەوە بچنە نێو گوتاری یۆتۆپیاو پرۆژەیەکی گەورەی “نەتەوەودەوڵەت دروست کردن بەمانا چڕەکەی ناسیۆنالیزم” بۆیە تیژکردنەوەی ئەم شوناس و هەژمونگەراییە ناچاری کردوون بە پرۆژەی زۆر بچوکترو تەسکبینتر خۆیان مەشغول بکەن، هەردوولا خۆیان بەرامبەر هیچ ناسیۆنالیزمێکی جیهانی یان ئیقلیمی پێناسە ناکەن، چونکە لە ڕیگەی ئابوری ڕەیعی و زەمانەت کردنی شەرعیەتی دەسەڵاتێکی لۆکەڵی، وەکو ئەمری واقیع بوونەتە ئاسانکاری ئیداری و لۆجیستی، بوونەتە بەشێك لە مەنزومەی دوو جەمسەرەی ستراتیژو ناسیۆنالیزمە ئیقلیمیەکانی ناوچەکە ( بە ناچاری جوگرافیا بێت یان بە ئیختیاری سیاسی بێت) .

نەبوونی ئەو قودرەتە وای بەسەر هەردوو باڵی ناسیۆنالیزمی کورد کردووە لە بەینی ١٠ تا ٢٠ ساڵیك پێویستیان بە تیژکردنەوەی کەڵبەکانی بەرژەوەندو شوناس و چارەسەر کردنی بەریەك کەوتنی تەماحە هەژموندارەکانی یەکتر بن.
هەردوولا تەنانەت کاتێ بە تەعبیری خۆیان ” خەریکی گەمەی دیموکراسین” لە ئاشتی و گەمەی هەڵبژاردن دۆخێکی وادروست دەکەن لە ڕێگای میدیای نەخۆشی هەردوو زۆن، کە هەست بە دانە دانە دەنگی گولەو تۆپەکان و قەناسی سەر ماڵانی سالەکانی ١٩٩٤ تا ١٩٩٧ بکەیت !
تەشهیرو مەلەف هەڵدانەوەو زمانێکی نزمی تانەو کوشتنی مەعنەوی یەکتر هەموو ئەو ئاکارانەن کە دەبێ هاوڵاتی کورد بە ناوی هەڵمەتی هەڵبژاردن لە هەردوو زۆن قبوڵی بکات، ئەگەریش بە ڕێکەوت ئەم هاوڵاتیە خوێنەرێکی سادەی مێژوو بێت، ئەوا گوێ ی لە دەنگی ڕاكێشانی خەنجەرو حیلەی ئەسپ سواری میرنشینینە کوردیەکانیش دەبێ لە دژایەتی یەکتر! کە بە شیوەیەکی “ڕەمزی” ئەم میرنشینانەش لە مێژووی موعەلەب کراوی سەتحی مێژوونوسانی هەردوو زۆن لە ئەمڕۆدا ئەرکی ئەوەیان پێ شیاوە کە ئەم میرنشینانە وەکو باپیرەی یەکەم، وەکو ڕەگە هەرە کۆنەکەی حیکایەتی ئەم هەژمونخوازیە بەسەر هاوڵاتیان ساغ بکەنەوە.

ئەگەر بگەڕیینەوە سەر ئەدەبیات و حیکایەت خوانەکانی هەردوولا ، ئەگەر وورد بینەو لە مقەس و فوتەی خەیاتە ئایدیۆلۆژیەکانی هەردوو زۆن، دەبینین ئەوانیش لەسەردەمی ڕوخانی دیواری بەرلین ، تا ساڵ بەساڵی یادکردنەوەی ئەم ڕوخانەش وازیان لەوە نەهێناوە کە هەمیشە بە تەعبیری خۆیان بەسەر شان و باڵی ئەم “روداوە مێژوویەی گەورەیە” هەڵبدەن!

ئەگەر ڕوخانی دیواری بەرلین لە ڕووی دیموکراسیەوە بۆ خەیاتە ئایدیۆلۆژیەکانی هەردوو حیزبی دەسەڵاتدار ئەوەندە پڕ بەهایە ، بۆ دەبێ خۆتان دیوارێکی تری بە دیسپلینتر لە نێوان شارەکانی کوردستان دروست بکەن ؟ بلۆکی دیواری”ڕەمزیی” کاریگەریەکەی زۆر زیاترە لە دیواری چەمنتۆ و تەلبەندی دڕکی ئاسنین .

ڕزگار عومەر




كاریكاتێر له‌ رۆژنامه‌گه‌ریی گشتگیردا … هه‌ندرێن خۆشناو

رۆژنامه‌گه‌ریی گشتگیر به‌ جه‌ماوه‌ریترین و ته‌شه‌نه‌ترین بڵاوكراوه‌ی خولاو ده‌ژمێردرێت، و له‌ هه‌موویان كاریگه‌ری زیاتره‌ له‌سه‌ر توێژه‌كانی خوێنه‌راندا، له‌به‌ر هه‌مه‌جۆری بابه‌ته‌ بڵاوكراوه‌كانی له‌ گاڵته‌ و سیاسه‌ت و ئابوری و ئه‌ده‌ب و وه‌رزش و كشتوكاڵ و زۆربه‌ی بواره‌كانی تری ژیاندا، بابه‌تێك نیه‌ كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی چوارچێوه‌ی گۆشه‌كانی رۆژنامه‌گه‌ری گشتگیردا بێت. بۆیه‌ خوێنه‌ر ئاره‌زوو و هه‌وه‌سی هه‌رچیه‌ك بێت، مه‌به‌ستی خۆی له‌ لاپه‌ڕه‌كانی ئه‌م رۆژنامانه‌دا ده‌بینێته‌وه‌، ئه‌وه‌ی به‌دوای كات به‌سه‌ربردندا وێڵه‌ گۆشه‌ی خۆی ده‌بینێته‌وه‌، ئه‌وه‌ی به‌دوای دوایین هه‌واڵدا ده‌گه‌ڕێت به‌ده‌ستی ده‌كه‌وێت، ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستی شیعر خوێندنه‌وه‌یه‌ ده‌توانێت بیبینێته‌وه‌، ئه‌وه‌شی حه‌زی له‌ وه‌رزشه‌ لاپه‌ڕه‌ی خۆی هه‌یه‌، و هه‌روه‌ها كێشه‌ و كاروباره‌كانی تریش.
له‌و روانگه‌یه‌وه‌ رۆژنامه‌ی گشتگیر له‌ بواره‌ هه‌ره‌ ئازاده‌كانی كاریكاتێر داده‌نرێت، كه‌ ده‌توانێت بابه‌تی خۆی له‌هه‌ر لاپه‌ڕه‌یه‌ك له‌ لاپه‌ڕه‌كاندا ببینێته‌وه‌، و ده‌توانێت بوارێك و جێگه‌یه‌كی ده‌ست بكه‌وێت له‌ هه‌ر لاپه‌ڕه‌یه‌كدا، واباوه‌ له‌م رۆژنامه‌گه‌رییه گشتگیره‌‌دا گۆشه‌یه‌ك یان چه‌ند گۆشه‌یه‌كی تایبه‌ت به‌ كاریكاتێر هه‌بێت‌، زۆربه‌ی ئه‌م رۆژنامانه‌ له‌ لاپه‌ڕه‌كانی ده‌ره‌وه‌یدا (یه‌كه‌م و دواوه‌) گۆشه‌یه‌كی به‌رده‌وامیان بۆ كاریكاتێر ته‌رخان كردووه‌، هه‌روه‌ها گۆشه‌ی به‌رده‌وام له‌ لاپه‌ڕه‌كانی ناوه‌وه‌شدا هه‌یه‌ بۆ كاریكاتێر، كه‌ په‌یوه‌ست بێت به‌ تایبه‌تمه‌ندی لاپه‌ڕه‌كه‌، وه‌كو لاپه‌ڕه‌ی وه‌رزش و نێوده‌وڵه‌تی و لاپه‌ڕه‌كانی تر، سه‌باره‌ت به‌ گۆشه‌ به‌رده‌وامه‌ بنه‌ڕه‌تیه‌كه‌ش، واباوه‌ كه‌ كاریكاتێریست ئازادییه‌كی هه‌بێت‌ له‌ بژاردنی بابه‌تی كاریكاتێره‌كه‌ی، كه‌ زۆرجار بابه‌تێكی زیندوو هه‌ڵده‌بژێرێت، كه‌ پێیده‌گوترێت بابه‌تی رۆژ، و كاریكاتێریانه‌ چاره‌سه‌ری ده‌كات، ئه‌م بنه‌مایه‌ش زۆر جار ملكه‌چی هه‌ڵاوێژكردن ده‌بێت، كه‌ كاریكاتێریست زۆرجار بابه‌تێكی زیندووی گشتی هه‌ڵده‌بژێرێت كه‌ په‌یوه‌سته‌ به دیارده‌یه‌ك نه‌ك رووداوێك، كه‌ ئه‌مه‌ش وای لێده‌كات پارێزگاری له‌ كارایی كاریكاتێره‌كه‌ی بكات، له‌ گۆشه‌ كاریكاتێریه‌كه‌ی دووه‌میشدا، وا باوه‌ كه‌ كاریكاتێره‌كه‌ په‌یوه‌ست بێت به‌ بابه‌تی لاپه‌ڕه‌كه‌ خۆی، له‌ لاپه‌ڕه‌ی وه‌رزش بابه‌تی كاریكاتێره‌كه‌ وه‌رزشی ده‌بێت، له‌ لاپه‌ڕه‌ی ئه‌ده‌بیش ئه‌ده‌بی ده‌بێت، له‌ لاپه‌ڕه‌ی په‌یوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كانیش سیاسی ده‌بێت و به‌م شێوه‌یه‌.
له‌ زۆرێك له‌ رۆژنامه‌كان ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ كاریكاتێر بڵاوده‌كرێته‌وه‌ له‌وانه‌یه‌ بگاته‌ ده‌ كاریكاتێر له‌هه‌ر ژماره‌یه‌كدا، گۆشه‌ به‌رده‌وامه‌كانیش له‌ چه‌ندین كاریكاتێر پێكدێن، له‌م بواره‌دا ده‌توانین ئاماژه‌ بۆ رۆژنامه‌ میسرییه‌كان بكه‌ین، كه‌ كاریكاتێر زۆر به‌ فراوانی به‌كاردێنن له‌ كاره‌كانیاندا.
هه‌روه‌ها وا باوه‌ كه‌ ‌رۆژنامه‌كان له‌ گۆشه‌ به‌رده‌وامه‌كان وێنه‌ی كارمه‌ندانی خۆشیان بڵاوده‌كه‌نه‌‌وه‌ له‌ هونه‌رمه‌ندانی كاریكاتێر، له‌ گۆشه‌ ناجیگێره‌كانیش زۆرجار كاریكاتێرێكی بڵاوكراوه‌ له‌ رۆژنامه‌كانی ده‌ره‌وه‌، دووباره‌ بڵاوده‌كه‌نه‌وه ‌(به‌بێ ده‌ستكاری و ناو قوتكردنی خاوه‌نه‌كه‌ی)،
به‌ڕای ئێمه‌ش ده‌بێت رۆژنامه‌كان به‌ شێوه‌یه‌كی فراوان پشت به‌ كاریكاتێره‌وه‌ ببه‌ستن له‌ كاره‌كانیاندا، چونكه‌ كاریكاتێر خاوه‌نی چه‌ندین سیفه‌تی جیاكارییه‌، له‌وانه‌ سه‌رنجی خوێنه‌ران راده‌كێشێت، له‌ ناخیاندا حاڵه‌تی ده‌روونی ئه‌رێنی ده‌ژیێنێته‌وه‌، هزر و بیریان هانده‌دات و ده‌وروژێنێت، و ماده‌یه‌كی ئاسان و خوێنده‌وه‌شی خێرایه‌، و چه‌ندین سیفه‌تی تریشی هه‌یه‌ كه‌ بابه‌ته‌ رۆژنامه‌وانیه‌كانی تر نیتیان، هه‌ڵبه‌ته‌ وا په‌سندتره‌ كه‌ گۆشه‌ به‌رده‌وامه‌كان له‌ لاپه‌ڕه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی رۆژنامه‌كاندا بڵاوبكرێنه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی خوێنه‌ر به‌بێ ماندووبوونێكی زۆر چاویان به‌ كاریكاتێره‌كان بكه‌وێت، كاتی خۆی زۆرێك له‌ رۆژنامه‌كان كاریكاتێریان له‌ دوالاپه‌ڕه‌كاندا بڵاوده‌كرده‌وه‌، ئێستا كه‌ دركیان به‌ گرنگی و بایه‌خی كاریكاتێر كردووه‌، كاریكاتێره‌كان له‌ لاپه‌ڕه‌ی یه‌كه‌مدا بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌، هه‌ندێكیشیان هه‌ر راسته‌وخۆ دوای ناوی رۆژنامه‌كه‌، ئه‌مه‌ش نیشانه‌ی دركپێكردنی گرنگی كاریكاتێره‌ له‌لایه‌ن رۆژنامه‌كانه‌وه‌، جێ و شوێنی شیاوی خۆی ده‌ده‌نێ وه‌ك هونه‌ر به‌ پله‌ یه‌ك، و به‌ پله‌ دووش وه‌ك ماده‌یه‌كی كارای رۆژنامه‌وانی.

هه‌ندرێن خۆشناو




لە ناو ئارامی شەپۆلەکە دا بیر لە چی دەکەینەوە؟ … ئاسۆ کمال

ئێمە لە شەپۆلێکدا دەژین نازانین کەی دەمانگەیەنێتە قەراغی ئەو ژیانەی پێی ڕاهاتووین. بەڵێ زۆر نیگەرانین چونکە ئازیزانمان و هەموومان لەو دیوی دەرگای ماڵەوە دڵنیانین. بەڵام لەناو جەرگەی ئەم شەپۆلەدا ئارامی و خامۆشیەک هەیە کە جەنجاڵی ژیانی ڕۆژانەی بێدەنگ کردووە. پێمان دەڵێ تۆزێک بە ئارامی بیربکەوە.

پرسیارێ کە ئەم ڕۆژە بێدەنگانە لێمان دەکا زۆر گەورەترە لە هەرچی پرسیارەکانی مێژووە. ئێمەی مرۆڤ! چی دەکەین و بەرەو کوێ دەچین؟!
ئێمە خەونمان بە چوونە سەر هەسارەی مارسەوە دەبینی، بەڵام لە سەر زەویەک کە پێمان وابوو هەموو شتێک لە ژێر کۆنترۆڵی مرۆڤدایە و لەوانەش پەتا کوشندەکان ئیتر مێژووی ڕابردووی پێش گەشەی تەکنۆلۆژیا و زانستە، توشی شۆک بووین کە هێشتا چارەسەری ڤایرۆسێکمان لە لا نیە! کێشەکە لە کوێدایە؟
لەم ئارامی و بێدەنگیەدا پیویستمان بە بیرکردنەوەیەکی قوڵە، بیرکردنەوەیەک کە بمانگەیەنێتە سەرچاوەی ئەم لاوازیەی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی ئێستا.
لە کاتێکدا ئێمە هێشتا لە ژماردنی تەرمی سەدان هەزار ئینسانەکانی هاوژینمانداین، ئەوانەی چارەنوسی ئێمەیان بە دەستە باس لە شکستی بازاڕ و ئابوری دەکەن و بیریان تەنیا لەوێ یە کە کەی ئێمە بچینەوە سەرکار و ئەوان بازاڕی قازانجیان بگەڕێ؟
ئایا ئەوە بەس نیە کە بەهۆی دەست بەسەرا گرتنی سامانی کۆمەڵگەوە لە لایەن مشتێکی ١٪ هەرچی پێی بڵێن سیستمی بەرگری تەندروستیە وێران کراوە و سەرەتایی ترین پێداویستیەکانی خۆ پاراستن بۆ ملێۆنەها ئینسان نیە؟ ئایا لەم دوو سێ دەیەی سیستمی نیولیبرالی بازاڕی ئازاددا کە تەندروستی خرایە ژێر دەستی کۆمپانیا مۆنۆپۆلیەکان و قازانجی سەرمایەدارانەوە ژیانی ئێمە نە خراوەتە بەر مەترسی و دابینکردنی تەندروستی ئێمە نە کراوەتە کاڵایەک کە خۆمان ناتوانین بیکڕین؟
ئێستا سەرەڕای ئەوەی ترسی مەرگ لەسەرمان لا نەچوە و ترسی گەڕانەوەی دووبارەی ئەم کۆرۆنایە بە سەرمانەوەیە، دەبێ ترسی بێکاری و برسیەتی و نەبوونی پارەی کرێی خانوو و زۆربەی پێداویستی ژیان بخۆین، چونکە ئەم سیستمی چڕ بوونەوەی کەڵەکەی سەرمایە هیچ حەقی نیە بەسەر دابینکردنی ژیانەوە بەڵکو تەنیا خستنەوەگەڕی ئابووری بەو ڕادەیە پێویستە کە قازانج دەکا و ئامادەنیە بەبێ قازانج هیچ کرێ و زەمانەتێکی کۆمەڵایەتی لە داهاتی سەرمایەی کەڵەکەبوو بدا.
ئەم مەبدەئی قازانج کردنە و کەمکردنەوەی خەرجی پیداویستیەکانی تەندروستی و تێکدانی ئاو و هەوا و سروشت لە لایەن ئەم سیستمی ١٪ سەرمایەدارانە ئێمەی توشی ئەم لاوازیەی ئێستا کردووە بەرامبەر بە ڤایرۆسێک ئەبێ لە سایەی ئەم سیستمەدا ژیان و گوزەرانمان بەرەو چ هەڕەشەیەکی تر بێتەوە. ئەمە پرسیارێکە لەبەردەم ٩٩٪ کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیدا کە ئێستا لاوازکراوە. ئایا ڕیگەیەک نیە بۆ دەربازبوون لەم لاوازی و ژێردەستەیەی سیستمی کەڵيکەی سەرمایەیە لە دەستی ١٪دا؟
کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی توانایی پاراستنی ژیانی خۆی هەیە، بەڵام ڕێگری لە بەردەم سەرفکردنی ئەو سامانەدا هەیە کە ئەم توانا مادی و زانستیەی قۆرخ کردوە. ئەمە ناکۆکی توانایی بەرهەمهێنان و ئەو پەیوەندیەی بەرهەمهێنانەیە کە ڕێگە نادات ئەم بەرهەمە زۆر و زەبەندەی ئەمڕۆ بۆ دابینکردنی پێداویستیەکانی ژیانی ٩٩٪ سەرف بکرێ. ئەمڕۆ بەرهەمەکانمان گیرۆدەی بەهای گۆڕینەوەی سەرمایەن واتە ئەگەر لە بازاڕدا ئەم بەرهەمانە نەکرێنە قازانجی سەرمایەداران ئەوا ئێمە ناتوانین وەک بەهای بەکارهێنانیان بۆ دابینکردنی ژیانمان خاوەنیان بین.
پێویستە لە ناو ئەم شەپۆلی ترس و گێژاوی مەرگەدا بە ئارامی بیر لە چارەسەری ڕیشەیی گۆڕینی ئەم سیستمە بکەینەوە کە خۆمان تەسلیمی بووین و تەنیا ڕێگا چارە ئەوەیە کە خۆمان بیگۆڕین.
لەم ئارامی و دانیشتنەماندا لە ماڵەوە با بیر لەو دنیایە بکەینەوە کە دەبێ دروستی بکەین. دەبێ وەک ٩٩٪ خەڵک بیر لە خاڵە هاوبەشەکانمان بکەینەوە و جیاوازیەکانمان بخەینە لاوە. خاڵی هاوبەشی پاراستنی تەندروستی و ژیانمان چیە؟ پاراستنی کار و پاراستنی خانوو و ژینگە و هتد.. ئەگەر توانیمان سامان و سەرمایەی کەڵەکەبووی ئێستا بۆ دابینکردنی ئەمانە مسۆگەر بکەین ئەوا دەتوانین چی تر لە ژێر هەڕەشەی سیستمی چڕبونەوەی کۆکردنەوەی سەرمایە لە دەستی ١٪ نەبین. ئەمڕۆ خەڵکی ئەم سەر زەویە هەموومان پێکەوە خەریکین لە هەر وڵاتێکدا بەشێک لە پێداویستیەکانی ژیانی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بەرهەم دەهێنین و هەمان بەڵا و هەمان چارەنوسی هاوبەشیشمان هەیە، هەربۆیە پێکەوە دەتوانین سیستمی ژیانی هاوبەشمان بگۆڕین. سیستمی چینی سەرمایەداری دەوڵەتی بێ یان نیولیبرالیزمی ئەمریکا و ئەوروپا بێ، پێکەوە سامانی جیهان لە دەستی ١٪ دا دەپارێزن و وەک یەک بەڵا و بێ مافی بەرهەم دەهێنن. پیویستمان بە سیستمێکی نوێی سۆشیالیستی هەرەوەزی هەیە کە ژیان و بەرژەوەندی و دەسەڵاتی ٩٩٪ بپارێزێ.
کاتمان هەیە و پێویستە بیر لەم سیستمە نوێ یە بکەینەوە و خۆمان چیتر نەدەینە دەست ئەو شەپۆلە کوێرانە و شێتانەی سیستمی ١٪ سەرمایەداران، کە دەیانەوێ بەم پەتا کوشندانە و بە بێکاری و هەژاری دوای قەیرانەکانیان، لەسەر ژیانێکی مەناعەی سروشتی پەتای مەرگ و نا ئارام و دڵە ڕاوکێی نەبوونی پێداویستی ژیان ڕامان بهێنن.
کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی کە بەردەوامین لە کار و تێکۆشان شایستەی سیستمێکی دادپەروانەی ژیانین. بێگومان خەونی ئێمە بەو دنیایەوە ئاوا نابێت و سبەینێ کە هاتینە دەرەوە دەزانین کە نابێ ئەم ژیانە پڕ بەهایەمان تەسلیم بەم سیستمە شێتانەی سەرمایە بکەینەوە و ئارام نەگرین تا دەیگۆرین.
ئەمە بیرکردنەوەی ئارامی من بوو لەو دنیایەدا کە وەک وێنەکەم چۆڵ کراوە لە ئینسان و هیوادارم تۆش بە ئارامی بیر لەو دنیانە بکەیتەوە کە چۆن پڕ دەبێتەوە لە ئینسانە شاد و خۆشحاڵەکان کە ئایندەیەکی گەشیان لا مسۆگەرە.

ئاسۆ کمال




دەوڵەتی بریتانی و دەسکەوتەکانی بە هاتنی ڤایرۆسی کۆرۆنا … زاهیر باهیر

بە دڵنیاییەوە قۆناخی کۆرۆنا تێدەپەڕێت و ژیانیش بە جۆرێك لە جۆرەکان دەڕوات. دوای کۆرۆنا ئابووریی بۆ ماوەیەك دەبوژێتەوە. خەڵکی لە خواردنەوە و کڕینی پۆشاك و گەشت و چونەدەرەوەی شەوانی هەینی و شەمە و ڕۆژانی یەکشەمە، هەروەها ڕۆژەکانی دیکەی پشوودا، هەقی ئەم ماوەیەش کە لە ماڵەوە دەسبەسەرکراوە، دەکاتەوە. هەموو شوێنێك جمەی دێت زۆر قەرەباڵختر دەبێت لە پێش سەردەمی کۆرۆنا.
شۆپەکان و بازاڕ و باڕ و چێشتخانە و کۆفی و چاییخانە و دەلاکخانە و جوانکاریخانە و قومارخانەکان،پارکەکان و سینەما و شانۆکان، هیچیان بەرناکەون لەو لاشەوە نرخی بیتاقەی سەفەر و گەشتکردن و شوێنە گەشتیارەکان لە بەرزبوونەوەدا دەبێت . هەلێکی چاكیش دەداتە دەست خاوەنی ئەو شوێنانەی سەرەوە کە نرخی کەرەسە و پیداویستییەکان، سەربخەن کە هاتنەخوارەیان مەحاڵ دەبێت.
ژیان ئاوا بۆ ماوەی شەش مانگ ، ساڵێك، زیاتر کەمتر بەڕێدەچێت و خەڵکیش کورد وتەنی وەکو ئەوە وا دەبێت نەبای دیتبێت و نە باران. دوای ئەوە جارێکی دیکە وردە وردە بازاڕ و بازاڕیکردن و کاروباری بینا و ڕێگاو بان و ئەوانی دیکە هێواش دەبێتەوە و بڕی بەتاڵەش بەرزدەبێتەوە و باخەڵی کڕیاریش دادەتەکێتەوە. ئەو کاتەش ڕەنگە سەرمایەداریی بەدووی شتێکی دیکەدا بگەڕێت تاکو جارێکی تر خەڵکی بخاتەوە قاوغەکەی خۆی و ئەوەی بیەوێت بەسەریاندا بیسەپێنێت. ئەمەی کە دەیڵێم هەر گریمان و بۆچوونە کە پێشبینیکردنی ڕوداوەکانی داهاتوو تا ڕادەیەك ئاسان نییە.
بەڵام ئەوەی کە لەئێستادا ئاشکرایە ئەوەیە کە دەوڵەت و سەرمایەداران و کۆمپانیا گەورەکان لەم بارودۆخە، سوودمەند و براوە دەبن. من لێرەدا ئاوا هەستدەکەم کە دەوڵەتی بریتانی لەم کارەساتەی کە بەسەرمان هاتووە ئەم دەسکەوتانەی بەدەستهێناوە یا دواتر بە ەستیدەهێنێت:
• ماشێنی پاگەندەی دەوڵەت لە هەموو کاتێك بەهێزترە و لە هێڕشدایە بۆسەرمان تا ڕادەیەکی زۆر توانیوێتی کۆنترۆڵی هەموو کەس بکات. بەردەوام دەسەڵاتداران و سیاسییەکان لە میدیادا پەیتا پەیتا ئەوە دەدەن بە گوێمانا کە هەر هەموومان لە بەرانبەر کۆرۆنادا ” وەکو یەکین و لە یەك کەشتیداین و کۆرۆنا یەکسانیانە کاریی خۆی دەکات”. دوای ئەوەش لەبەر ئەوەی کە لە ئێستادا تەواوی هەموو جۆرە کۆبونەوەکان لەسەر ئۆن لاین دەکرێت ، زۆرر بە ئاسانی لە لایەن و پۆلیس و دەزگە سیخوڕییەکانەوە کۆنترۆڵ دەکرێن و هەرکات بیانەوێت ورد و درشتی کۆبونەوەکان دەزانن.

• سیاسەتی دەستبەسەرکردنی خەڵکی لە ماڵەکانیانا و وەستانی جمووجوڵی خەڵکی بەداخستنی بازاڕ و قەدەخەکردنی خەڵکی لەچوونە دەرەوەیان و چوونە سەر کاریان ، بزنسە بچوکەکان و ئەوانەی کە کار بۆ خۆیان دەکەن تێدەشکێنێت. بەمەش دەرفەتێکی باشتر بۆ کۆمپانیا گەورەکان دەڕەخسێنێت. زۆرێك لەمانە مایەپوچی تەواو دەبن ئەوەندە هەژار دەکەون کە ئەگەر پێشتر ژیانێکی مامناوەندیانەیان هەبووبێت ، بەڵام لەمەولا ئەوانیش دێنە ڕیزەوە .

• دەوڵەت لەم کاتەدا هەندێك بڕیاری گرنگی دا کە یەکێکیان دانی لە سەدا 80 ی موچەی کرێکاران و کارمەندانە. بە واتایەکی دیکە لە سەدا 20 ی کرێ و موچەیان بۆ ماوەی 3 مانگ بە فەرمی کەمکراوەتەوە، وەکو ئەوەی کە ئەم کارەساتە ئەوان خولقاندبێتان، هاوکاتیش بۆ ئەوانەی کە کار بۆ خۆیان دەکەن بڕیارێکی دەرکردەوە گەر چی گەلێك ئاڵۆزە، ئەوانیش شتێك پارەیان پێدەدرێت. بەم شێوەیە دەوڵەت هەموو کەسێکی کردە پاشکۆی خۆی و موچەخۆری خۆی.

• ماوەیەکی زۆرە کە دەوڵەت لە هەوڵی ئەوەدایە کە سیستەمی پارەی کاش، واتە کڕین و ڕەدەڵ و بەدەڵکردنی شت بە پارەی نەختینە، لانی کەم کەمبکاتەوە. ئەم کارەش بە حسابی دەوڵەت بۆ لێدان بوو لە ئەوانەی کە بە ڕەش کاردەکەن و مافیا و قاچاخچین و زۆرر شتی تر ، کە دەبێت هەموو شتێك لە ڕێگای حسابی بانقییەوە یاخود بە کارتی بانق مامەڵەی پیوە بکرێت . ئەمەش کارئاسایی بۆ دەوڵەت دەکات گەر بیەوێت یاخود دەزگە سیخوڕییەکانی و پۆلیس بخوازن دەتوانن سەرچاوەی پارەکە و ئەو کەسانەشی کە ڕەدەڵ و بەدەڵیان بە پارەکەوە کردووە بدۆزنەوە. لەو بارەدا دەتوانن تەنانەت بزانن کە تۆ چ ڕۆژنامەیەك و چ کتێبێک دەکڕیت و دەیخوێنیتەوە ئابوونە یاخود کۆمەك بەکێ دەکەیت و بە چەندیش کردوتە. لێرەشدا ئەوانەی کە لەسەر شەقامەکان سواڵدەکەن، یاخود ئەوانەی کە کونی تونێلبانەکان و لۆچی دووکانەکان جێگایانە چونکە بێ خانوو بەرەن ، زەرەرمەندی یەکەم دەبن.

ئەم سیستەمە ڕەنگە لەدوای قۆناخی کۆرۆنا بە ئاسانی و بە رەوتینی جێ بەجێ بکرێت بێ ئەوەی حکومەت هەوڵی بۆ بدات. لە ئێستادا ئەوەی کارتی بانقی هەبێت لەترسی لێوەتوشبوونی کۆرۆنا، پارەی کاش بەکارناهێنێت و کارتەکانی، بەکاردەهێنێت.

• تەقدیری هەرزانبەهای دروستکرد بە چەپڵەلێدانی خەڵکی وەکو پرسێکی هاوپشتی بۆ کارمەندانی بەشی تەندروستی، کە نە پێنسێك لەسەر چەپڵەلێدەر دەکەوێت و نە پێنسێکیش دەچێتە گیرفانی دکتۆر و نێرس و کارمەندانی بەشی تەندروستییەوە. ئەمە لە کاتێکدا کارمەندان پێویستیان نەك هەر بەهاوکاریی دارایی زیاتر هەیە و دەبێت موچەکانیان بەرزبکرێنەوە کە لە ماوەی 10 ساڵدا بەڕێژەی لە سەدا 1 سەرکەوتووە، بەڵکو پێداویستی خۆپاراستنیشیان لە نەخۆشی کۆرۆنا پێنادەن.
لە ڕۆژی 5شەمەشەوە ، 09/04 ، لە لایەن هەندێك خەڵکەوە داوایەك بڵاوکراوەتەوە کە جۆرێکە لە باجدانە لەسەر خەڵکی. داوا لە خەڵکی دەکرێت کە خۆ بەخشانە یەکی 5 پاوەند ببەخشن تاکو یارمەتی دەزگەی بەشی تەندروستیمانی پێبدەن، وەکو ئەوەی کە ئێمە لە وڵاتێکی زۆر هەژاردا بژین . کۆکردنەوەی ئەم پارەیەش لە ڕێگای دەزگەیەکی خێرخوازیەوە یاخود چەند دەزگەیەکی خێرخوازییەوە، گوایە دەگەیەنرێتە بەشی تەندروستمیان .

• دوای شکستهێنانی سیاسەتی ئابووریی لیبراڵ و نیو-لیبراڵ و بازاڕی ئازاد ، لە ئێستادا دەوڵەت هەوڵدەدات کە دەستتێوەردان بکات، بە مانایایەکی دیکە کۆنترۆڵ یاخود ڕەشمەی ئابووریی بگرێتەوە.
ماوەیەکی زۆرە هەندێك لە سیاسییەکان و ئابووریناسەکان باس لە تئیورەکەی ئابوورییناسی ناوداری بریتانی، جۆن کینز، John Keynes دەکەن و بە باشی دەزانن کە لە بواری ئابووریدا دەوڵەت جێ بەجێی بکات. جەوهەری تئیورەکەی ئەم ئابوورییناسەش، ئەمەیە : دەبێت دەوڵەت مەەسروفاتەکانی زیاتر بکات. چۆن ؟ بە زیادکردنی توانای کڕینی کرێکاران بۆ زیاتر کڕینی کاڵاکان. باشە ئەم یارییە گڵاوە چۆن کاری خۆی دەکات؟
گومان لەوەدا نییە کە بە چەند هۆکارێک ئەم یارییەش شکستدەهێنێت . من تەنها یەك هۆکاری ئەساسیی دەڵێم کە ئەویش وەکو زۆر شتی تر کە ئابوورییناسانی لیبراڵ دەیکەن ئەمەش یارییەکی سیاسیانەیە نە چارەسەریی گرفتە بنەڕەتییەکانی کۆمەڵ . بۆچی؟ جونکە بە دەستێك باخەڵی کرێکاران بەتاڵ دەکات و بە دەستەکەی دیکە پری دەکات.

• لە کاتێکدا بەشێکی زۆری کرێکاران و کارمەندان بەهۆی ئەم بارودۆخەوە لە ماڵەوە کارەکانیان ئەنجامدەدەن، دوای کۆرۆناش زۆربەیان لەگەڵ ئەم تەرزەی ژیانیانا و لە ڕوی پارەی هاتووچۆ و سەلامەتی ڕێگا و وەخت گەڕانەوە و کەمکردنەوەی مەسرەف لە خۆڕێکخستن و نوێکردنەوەی پۆشاك و ئاگابوون لە منداڵان، گەر هەیان بێت ، ڕادێن . دواتر ئەوە دەبینن ئەمە باشترە بۆیان، لەبەر ئەمەش ڕەنگە ئەمە ببێتە شێوازێکی باویی کارکردن و زۆر لەو کرێکارانە نەگەڕێنەوە بۆ کارکردن لە ئۆفیسەکانیانا، هاوکاتیش ئەمەش خاوەنکار سوودی لیدەبینێت کە چۆڵکردنی هەندێك لە ئۆفیسەکانی دەبێت کە لێرەشدا پارەی کرێ و ئاو و کارەبا و غازی بۆ دەگەڕێتەوە. لەمەش گرنگتر بۆ خاوەنکار، دەتوانێت دەستبەرداری هەندێك لە تەکنیکشن و پاسەوانی بیناکە و سکوێرێتی و کرێکارانی صیانە و ..تد ببێت .
خاڵیکی دیکەش ئەوەیە کە لەم هەل و مەرجەدا کرێکاران پەیوەندییان لەگەڵ هاوکاران و خەڵکانی دیکە و تێکەڵاوبوونیان بە خواردنەوەی بیرەی دوای سەر کار و ئاهەنگی ڕۆژی لە دایکبوون و…. زۆری تر لە ئەمانە لە دەستدەدەن . لەمەش خراپتر کە لە دەستی دەدەن چالاکی و گەرموگوڕی پەیوەندی نقبیانەیانە. لە م بارەشدا کارکردن لە ماڵەوە تا ڕادەیەك خۆی و نقابەکەی زەرەرمەند دەبن ، نقابە و ڕۆڵەکەی لاواز و لاوازتر دەبێت، بە مانایەکی دیکە خاوەنکار سوودمەند دەبێت.
کاری خراپتری وەکو ئەمە ڕەنگە لە بوارەکانی دیکەدا ڕووبدات . بۆ نموونە لە پێش ئێستادا هەندێك جار کە گرفتی تەندروستیت هەبوو لەبری ئەوەی دکتۆر بیبینیتایە بە تەلەفون قسەی لەگەڵتا دەکرد، گەر زۆر پێویست بوایە ئەوە کاتت بۆ دادەنرا کە بچویتایە بتبینیایە. لە دوای قۆناخی کۆرۆنا لەوە دەکات کە ئەمە ببێتە سیاسەتی بەشی تەندروستیی و ببێتە کارێکی رەوتین ئیتر دکتۆر تۆ نابینێت گەر زۆر زۆر پیویستی کرد ئەو کاتە کاتت بۆ دەکات تاکو بیبینیت . بی گومان ئەمەش بە قازانج بۆ دەوڵەت یاخود بۆ بەشی بەڕێوەبەرانی تەندروستی دەگەڕێتەوە چ لە بچوککردنەوەی ئۆفیسەکانا و چ لە کەمکردنەوەی دکتۆر و کارمەندانی تەندروستیدا.

• سەراپای ئەو ناڕەزایی و خۆپیشاندان و بزوتنەوانەی کە هەبوون کۆرۆنا لەناوی بردن. لە بریتانیا لائیحەیەکیان بە ناوی کۆرۆناوە کردە بریار کە دەسەڵاتێکی یەکجار زۆریان دا بە پۆلیس و هەندێك لە ئازادیی خەڵکیان کەمکردەوە. ئەم بریارەش بۆ دوو ساڵە گەرچی هەموو 6 مانگ جارێك پیایدا دەچنەوە.

لەگەڵ هەموو ئەوانەی سەرەوەشدا هاوکاتیش ئاسۆیەکی ڕونیش هەیە:
کۆرۆنا و دەستبەسەرکردنی خەڵکی لە ماڵیاندا لایەنی ئەرێینیشی هەیە کە ئەویش هەستانەوەی هەست و خۆشەویستی و بەرپرسیاریبوونە بەرانبەر بە یەکدی ، پشتبەستن و هاوکاری یەکدی ، لێپرسینەوە و دروستکردنەوەی پەیوەندی مرۆیانەی بێ بەرانبەریی لەتەك یەکدی ، کە زۆر دەمێکە سیستەم و میدیاکەی ئەوانەی سەرەوەی لە خەڵک کردۆتە نەك هەر دیاردەیەکی نەیار و نەخوازراو، بەڵکو گومانداریشی کردون.
دەوڵەت نایەوێت ئەو هەست و هاوکارییە لە نێوانی تاکەکانی کۆمەڵدا هەبێت. تەفروتونابوونی تاك هەر کەس بۆخۆی، لە قازانجی ئەوە، دوورکەوتنەوە و بڕواکردنە سەر دەوڵەت و بەرپرسان و سەراپای دەزگەکانی لە سوودی ئەوە. کەمکردنەوەی متمانەی تاك، خەڵکی بە خۆی، یانی متمانە بوون و گەورەبوون و بەهێزبوونی ڕۆڵی دەوڵەت، بۆیە دەوڵەت هەمیشە لە هەڵپەی ئەوەدایە.
میدیای فەرمی کە زمانحاڵی سیستەم و دەوڵەتە لە هەوڵ و کۆششی ئەوەدا بووە : کە تۆ بۆ خۆت بژیت ، هەقی کەسی دیکەت نەبێت ، خۆت یەکەمیت و خەڵکانی دیکە دووەم و سێیەم، دەوڵەت بەرپرسە لێت و بیمەی بۆ بڕیویتەوە، سەدەها دەزگەی خێرخوازی هەیە و دەرفەتی یارمەتیدانیان بۆ ڕەخساندویت، گەر پێویستت پێیان هەبوو…..
ئەوەی کە لەم بارودۆخە نالەبارەدا بەڕێ دەچیت خۆشبەختانە دروستبوونی هەزاران گروپن کە بێ بەرانبەر لە هاوکاری و کۆمەککردنی یەکدی و خەڵکیدان. ئەو گرووپانە کارو پیداویستی گەورە نیشاندەدەن و پێی هەڵدەستن هەر لە تەلەفونکردن و قسەکردن لەتەك ئەو سەدەها پیر و پەککەوتە و خەڵکانی خاوەنپێداویستی تایبەتی تاکو ئارامیی و متمانە و پەیوندی نێوانی مرۆڤەکان بگێرنەوە ، ئەمە جگە لە هاوکاری دەرمان وخۆاردەمەنی و شۆپینکردن بۆیان ، تا دەگاتە شیوەیەك لە خۆڕێکخستن و یەکدی ناسین و کردنی قسە و باس و گرفتەکان لەگەڵ یەکتر .
ئەمە ئاسۆیەکە کە گزنەیەك لە هەتاو لێوەی سەردەهێنێ و ڕەنگە ببێتە هیوایەك بۆ شتی گەورەتر، بە دووکەوتنی خەڵکی بۆ گۆڕانکاری و گلان لە بزوتنەوەیەکەوە کە هەر هیچ نەبێت هەنگاوێکی گەورە بێت لە کورتکردنەوەی دەستی دەوڵەت و دەسەڵاتداران.

Zaherbaher.com

زاهیر باهیر
12/04/2020




ئاتەئیزم و بزوتنەوەی دژی ئاینی دیمانە لەگەڵ محسین ئیبراهیمی … وەرگێڕانی:کاوە عومەر

(بەشی یەکەم) دەوری ئاتەئیزم لە پاشەکشەپێکردنی ئاین لە ڕۆژئاوادا

(بەشی یەکەم) دەوری ئاتەئیزم لە پاشەکشەپێکردنی ئاین لە ڕۆژئاوادا
سیامەک بەهاری:لەم گفتوگۆیەدا ئەمانەوێت بەدوادا چون بکەین بۆ پێگەی ئاین وگەشەی ئاتەئیزم لە جیهان وبەتایبەتی لەوڵاتانی ئیسلام لێدراودا وبەتایبەتیش لە ئێراندا.وەکو پێشەکی وبەر لەهەر شتێک بەپێویستە بیرۆکەیەمان هەبێت سەبارەت بە ئاتەئیزم؟

محسین ئیبراهیمی:لە شوێنێک سەبارەت بە ئاتەئیزم وپەرەسەندنی دژایەتی لەگەڵ ئاین قسەمان دەکرد،حەمید تەقوایی ئاماژەی بە خاڵێکی سەرنج ڕاکێش کرد: ئەوەی کە ئێمە ئاتەئیست نین،دژی ئاتەئیستین.بە بۆچونی من رونکردنەوەی ئەم جیاوازیەو جیاکردنەوەی لە دونیایەکدا کە زیاتر وزیاتر ئـەوە ڕون بوەتەوە کە ئاین و بەتایبەتیش ئیسلام باوەرێکی ڕۆحی بە خولقێنەر نیە بەڵکو لەبنەڕەتدا هێزێکی سیاسیە کە بەپشت بەستن بە ڕێسای کارەکانی هەرئـەوخالقە بەردەوام ژیانی زۆرێک پیشێل دەکەن زۆر گرنگە.
ئەڵبەت ئاین هەرگیز بەتەنھا تەئیسم یان باوەڕ بون بەخودا نەبوە وە ئەوەش نەبوە کە بتوانێت بونی خودا ئیسپات بکات تا ئاتەئیزم یان بێ خودایی وەڵامەکەی بێت وەک باوەڕی کەسێک،هەروەکو مەسیحیەت و دەسەڵاتی ڕەھای کلێسا لە سەدەکانی ناوەڕاستدا،ئەمڕۆ ئیسلام نەک وەکو باوەڕ بەخودا بەڵکو لە لەبەژنی جانەوەرێکی سیاسیدا کاردەکات.کاتێک خودا لە ڕێگەی کێبە بیرۆزەکان و بەیامبەرەکان و ئـیمامەکانیەوە دەست لە کاروباری کۆمەڵایەتی وسیاسی وەرئـەدات، لە هەموو قەڵەمڕەوە کۆمەڵایەتی وسیاسیەکاندا. لەبەرگی وەلی فەقیە یان پادشا و خەلیفەدا ئـەوکاتە بێ خودایەک،ئاتەئیستێک ناچار ئەبێت چالاکانە خەبات بکات بۆ پاکردنەوەی کۆمەڵگە لە خورافاتی خودا.کاتێک خودای ئاسمانەکان لە ڕۆڵی کەرەستەی زەمینیدا دەرئەکەوێت،ئاتەئیستیش ناچار ئەبێت لە ڕۆڵی ڕوبەڕوبونەوەی چالاکدا بچێتە مەیدان لەدژی خورافەی خودا.وەلە دەوری دژە خودا دەرکەوێت.
وڵتر ئەیوت’زانستی خودایی لە ئایندا وەک ژەهری ناو خواردن وایە”دژە خودایەک باوەڕ بون بەخودا وەک ژەهراویی بونی هۆش وگیانی ئینسان دەناسێت کە ئەبێت پاک بکریتەوە.کریستۆڤەر هیچن کە خۆی وەک دژە خودایەک دەناسێنێت ،بێ هۆکار نیە کە ناوی ناسەرەکی کتێبە بەناو بانگەکەی ناوە’خودا گەورە نیە” وبەشێوەیەکی وشیارانە ئەوەی هەڵبژاردوە:”ئاین چۆن هەموو شتێک ژەهراوی دەکات.
(ئەنتی تەئیست)”.بەرھەڵستێکارێکی چالاکی باوەڕ بەخودا بون ،هێزێکە بۆ بەرەنگار بونەوەی
وشیارانەی، تەنانەت چالاک و ڕیکخراو لەگەڵ خورافەتی خودادا،خەباتی کاریگەر بۆ سڕینەوەی ژەهری خودا پەرستی وئاین چ بەمانای ئایدۆلۆژی و خۆشباوەڕیە فکریەکەی سەبارەت بە ڕەگ وڕیشەی ژیان وەچ وەکو وەسیلەیەکی سیاسیە بۆتێکدانی ژیانی ئینسان.
خودا لە هەر سێ ئاینەکەی یەهودی ،مەسیحی وئیسلامدا دەوری سەرەکی هەیە.لەڕوانگەی هەر سێ ئاینەکەوە خودا کۆڵەکەیەکە کەبەدەوریدا باڵەخانەیەکی گەورە لە کتێبی پیرۆز دروستکراوە لەگەڵ فەرمان و ڕینمایی لەبارەی وردو درشتی لایەنەکانی ژیانی ئینسانەوە،پەیامبەران وئیمامەکان وموعجیزەکان.ئەمانە هەمویان پایە ئایدۆلۆژیەکانی بناغەی سیاسی دەسەڵات بوون.کەنیسەو مزگەوت،پیاوانی ئاینی یەهودی ومەسیحی و موسڵمان بەشێکی جیانەکراوەبوون لەدەربارەکان وچینەدەسەڵاتدارەکان.شکۆو شان وشەوکەت وپایەبەرزی شوێنی پرسیار نەبوی پاشایەتی لەسەردەمی پێش شۆرشی فەرەنسەدا بەشێکی قەرزاری گەورەیی و هێزی خودایی بون کە پاشایەتی بەهرە خوداییەکەی و پاشاش سێبەرەکەی بون.
دەوری مەسیح بەدرێژایی سەدەکان وبەتایبەتیش لە سەدەکانی ناوەڕاستدا ھەی بوو لە ئەمڕۆدا ئیسلام وخودای ئیسلام دەیبینێت کە لە شوێنەکانی وەک ئێراندا ئایدۆلۆجیای فەرمی حکومەتە و لەشوینەکانی تردا ئایدۆلۆجیای گروپە ترسناکەکانی وەک داعشە.ئەمڕۆ زیاتر و زیاتر”خودای”ئیسلام بابەتی مشتومڕی قەڵەمڕەوی بایۆلۆجی نیە باسێکی پەیوەست بە مشتومڕی نێوان ئاتەئیستەکان وتەئـیستەکان نیە سەبارەت بە دروست بونی جیهان و سروشت وژیانی ئیسنان.خودا شمشێری خوێناویە لەدەستی، ڕیکخراوە تیرۆریستە ئیسلامیەکاندا-چی دەوڵەتی وچی نادەوڵەتیە-کان.خودا وەسیلەی تیرۆرو تۆقاندنە.لەژێر ئاڵای خودا ولەدونیای ئیسلام لێدراودا بەردەوام ژیانی ئینسانەکان لەمەودایەکی شۆک هێنەردا لەناودەبەن.بەناوی خوداوە کچانی قوتابخانەیەک دەدزن وە دەستدرێژیان دەکەنە سەر.بەناوی خوداوە قوتابخانە دەتەقێننەوە.بەناوی خوداوە سەردەبڕن.بەناوی خوداوە دەسوتێنن.بەناوی خوداوە بازاڕی فرۆشتنی کۆیلەی ژن دائەنێن.خودا زیاتر لە هەمیشە بوەتە کەمپینی تیرۆرو تاوان.ئەمڕۆ خودای ئیسلام لەبنەڕەتدا بەتاوانکاری دەناسرێتەوە.
بەو پێیە،ئیتر ئاتەئیزم وبێ خودایی ناتوانێت لەسنوری مشتومرێکی فەلسەفیدا دەربارەی بون یان نەبونی خالیق بمێنێتەوە.لەگەڵ بونی بزوتنەوەی ئیسلامیەکدا کە بەشمشێری خوداوە بەشوێن ئەوانەدا دەگەڕێن کە نکوڵی لەبونی خودا ئەکەن.نوکوڵی کردنی لەخوداو سڕینەوەی لە زەینی ئینساندا لەکردەوەدا لایەنێکی گرنگی ڕوبەڕو بونەوەی هزری وسیاسیە لەگەڵ ئاین وبەتایبەتیش ئیسلامدایە.ئاتەئست ناچارە کە لە دەوری دژە خودادا بێت وە دژەخوداکان”ئانتی تە ئیستەکان”بەکردەوە ئەبێتە بەشێکی چالاک بن لەخەبات لەگەڵ ئاینی ڕێکخراودا.هەروەک ژینگەناسی ئەنتی تەئیستی هاوچەرخ ڕێچارد دۆکنز بەشێوەکی پوخت وتویەتی “ئەگەر خودا ئەو ڕوداوە کارەستبارانەی نەبوایە،دەیتوانی جوانیەک بێت لە مەودای جیهنیدا”.

سیامەک بهاری:لەزۆرێک لە وڵاتانی ڕۆژئاوادا،دەستی ئاینیان لە دەسەڵات ودامەزراوەو یاسادانان وسیستەمی دادوەری،دامەزراوەی فێربون ودەوڵەتیەکان دورخستوەتەوە.سەپاندن وجێخستنی بەهاکان ویاساکانی سیکۆلایزم لەو وڵاتانەدا هەتا چ ئاستێک بەرهەمی ئامادەیی وچالاکی مێژویی ئاتەئیستەکان بوە؟

محسین ئیبراهیمی:ئەگەر سێ سەدساڵ ڕینسانسی هزری وزانستی و ئەدەبی وهونەری،دوسەد ساڵ سەردەمی ئەقڵ وڕۆشنگەری و سەرئەنجام شۆڕشی گەورەی فەرەنسا نەبوایە مەسیحیەت ڕەوانەی تەکیەو خەڵوەتگاو کڵێساکان نەدەکرایەوە و دەیتوانی هەزاران جار زیاتر لە سەردەمی پشکنینی بیروڕا ژیانی ئینسان تێکبدات.ئیمە لەنێوان سەدەکانی ناوەڕاست لەگەڵ سایەی قورسی کڵێسە بەسەرسەریەوە وئەورپای ئەمڕۆ لەگەڵ کڵێسایەک کە دەستیان بەستوە،غۆلەکانی وەک کۆپرینگ و گالیلۆ ودیکارتی (سەردەمی ڕینسانس)،ڕۆشنبیرانی وەک هاوەڵانی زانست نامە(دائیرەی معارف)ی وەکو دیدرۆو دالامبرو وڵتر(سەردەمی ڕۆشنگەری)ولە کۆتایدا شۆڕشی گەورەی فەرەنسا هەیە.ئەگەر سەردەمی رێنسانس و ڕۆشنگەری پایەفکریەکانی مەسیحیەتیان هەژاند،شۆڕشی فەرەنسا پایەکانی مەسیحیەت وکڵێسای وەک ئاینێکی ڕیکخراو تێکشکاند.
چەند نمونەیەک لە سەردەمی ڕینسانس وزانست وئاین
بەر لەجەنگی فکری گەورەی ڕۆشنیران لەدژی ئاین،دۆزینەوەی زانستی سروشت وجیهان پایەکانی کتێبی پیرۆزو خودای هەژاندبوو.لە ڕوانەگەی کڵێساوە بنەمای هەموو دیاردەکان وهەموو زانستەکان لەوانە پزیشکی وفیزیایی کتێبی پیرۆز بوو.وە ئیتر هەر بۆچونێکی زانستی نوێ لەهەر بواریکدا یەکسەر لەگەڵ پایەکانی کتێبی پیرۆزدا دەکەوتە ناکۆکیەوە.بۆ نمونە لەسەرەتای سەدەی ١٦دا کۆپەرنیک بە تیئۆری’خۆر ناوەندی کۆمەڵەی خۆرە”گورزێکی گەورەیدا لە فێربونی کتێبی پیرۆزی مەسیحیەکان کە زەوی بە جگیرو ناوەندی دونیا دەزانی.هەروەها ئاشکراکردنی دەرکەوتنی کۆمەڵەی خۆر لەلایەن لاپلاس و کانت لەسەر بنەمای زانستی سروشتی ئەفسانەی خولقاندنی کتێبی پیرۆزی بردە ژێر پرسیارەوە کاتێک چاوە واق وڕبوەکان لە کونی تەلەسکۆپەکەی گالیلۆوە کە بەڕیکەوت لەپەنای کلێسایەکدا جێگیر کرابوو لەگەڵ دونیایی فراوانی ئەستێرەکاندا سەرسام بون،خرافەتی دابەزیو بۆ پێغەمبەران سەبارەت بە نهێنیەکانی سروشت زۆر بەھێز کەوتە ژێر پرسیار.
دەتوانی بپرسیت ئەم دۆزینەوە زانستیانە چ پەیوەندیەکیان ھەیە بە دەوری ئاتەئیزم لە پاشکشە پێکردنی ئاین دا بەتایبەتی بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە بەشیک لەو زانایانە (دئیست)بون باوەڕیان بەبونی خودایەک هەبوو بەدڵنیایی بە ڕوانینێکی نا ئاینی.لەوەڵامێکی کورتدا ئەبێت بڵێین کە هەرچەندە بۆچونە کەسیەکانی زانایانی ئەو سەردەمە سەبارەت بە بونی خودا جۆراو جۆرو جیاواز بون،بەڵام شاردنەوەی بێ باوەڕی بەخودا زۆرتر بەهۆی دەسەڵاتدارێتی کڵێسا باوبو کە بە نوکە قەڵەمێک زاناکانی زاناکانی بەسوتاند لەناو کڵپەی ئاگردا سزادەدا.
چارەنوسی گالیلۆو جۆردانۆبرۆنۆ لەبەرچاویاندا بوو.زوزێف لالانی ئەستێرەناس و زانای بیرکاری فەرەنسی بەئاشکرا خۆی وەک ئاتەئیست دەناساند وئەیوت”ناتوانیت بونی خودا ئیسپات بکەیت،بەڵام بەبێ خودا دەتوانیت هەموو شتێک شرۆڤە بکەیت”.زۆرێک لە زاناکان کاتێک بەبێ خودای ئاینی هەموو شتێکیان شرۆڤە دەکرد ئەیانزانی بەکردەوە بونی خودایان کە لەڕواڵەتدا بەڵگەو ڕونکەرەوەی هەموو شتێکە دەخستە ژێر پرسیارەوە.
ڕنە دیکارت کە بیرکاری زان وفەیلەسوفی فەرەنسی نمونەیەکی سەرنج ڕاکیشە لەو ناکۆکیەکەی کە بەهۆی وەحشیگەری زاڵی کڵێساوە زاناکانی لەگەڵ بەرەوڕوبون.ئەو کە خۆی وەک مەیسیحیەکی باوەڕدار دەزانی تەنانەت هەڵسەنگاندنی کتێبی پیرۆزی بە پێوانەی لۆژیکیەوە گرێداوە و بە خستنە ڕوی ئەو پرسیارەی کە”ئایا لەبنەڕەتدا خودایەک بونی هەیە؟ئەگەر بەڵێیە ئایا خودا فێڵ بازە؟”لەکردەوە”عەقڵی لە جێگەی کتێبی پیرۆزو گۆمانیان لەجێگای ئیمان داناوەو ڕێگایان بۆ برنە ژێر پرسیاری خودا کردوەتەوە.بەڵام بەڵام ئەوەی کە باوەڕبونی بەخودایی ئاینی هەژاند ڕۆشنگەری دوو سەدەی بەر لەشۆڕشی فەرەنسا بوو.
چەند نمونەیەک لە سەردەمی لۆژیک وڕۆشنگەری و “فەلسەفە”لەبەرامبەر ئایندا:
ڕۆشنبیرانی سەدەی ١٨ی ئەوروپا لە پاشەکشە پێکردنی ئایندا دەوری بەرجەستەیان گێڕا.ئەو ڕۆشنبیرانە تەنانەت ئەوانەشیان کە باوەڕیان بەجۆرێک خولقێنەر هەبوو بەکردەوە خەباتی بێ وەستانیان لە دژی ئاینی ڕێکخراوی مەسیحیەت،کەنیسە وپاپ و خورافاتی ئاینی و هەروەها خودای مەسیحیەکانیان دەبردە پێشەوە.
لە ڕوانگەی باوەڕ بون بە بونی خودا ڕۆشنگەرەکان توێژێکی فراوان بون.لە باوەڕان بە بونی هیچ جۆرە خودایەکەوە هەتا باوەڕ بون بەخودایەکی بەتەواوەتی جیاواز و ناکۆک بوو لەگەڵ خالیقی ئاینەکاندا.بەڵام شتێک کە ڕۆشن بوو.هەندێ جار لەترسی گیانی خۆیان بە ئاتەئیست ودژە خودا(ئانتی تەئیست)دانەدەنا و بێ باوەڕیشیان بەهەر جۆرە ئاینێک لە ترسی کڵێسا دەشاردەوە و زۆرێکیش بەهۆی ترس لە سانسۆر باوەڕ نەبونیان بەخودا ئەشاردەوە دالامیر کەلەگەڵ دیدرۆی سەرنوسەردا زانست نامەیەکی(دائرە المعارفیإ)یان دەبردە پیشەوە سەبارەت بەوقسە نەرمانەی کە سەبارەت بە خودای مەسیحیەت وتویەتی بەوڵتر دەڵێت :”ئەو قسانە وەک پاسپۆرتێکە بۆ ئەو ڕاستیانەی کە ئەمانەوێت ڕایگەیەنین”…
لەگەڵ هەبونی بۆچونی جۆراوجۆر سەبارەت بەباوەڕی تایبەتی بە هەبون یان نەبونی دروستکەر بەبنەما دانانی زانست ولۆژیک و بیرکردنەوە لەبەرامبەر ئاین وخورافەتدا وە پەندوەرگرتن لە تێوەگلان لەگەڵ مەسیحیەت وبەتایبەتیش کڵێسا ولە کۆتایدا خودای مەسیحیەکان ئەو هێڵە سورە بوو کە هەموو ئەم ڕۆشنیرانەی دەگەیاندەوە بەیەک..
لەنێو ڕۆشنگەرانی سەدەی هەژدەهەمدا،سەرباری هەبونی خەباتی فکری بێ وێنەیان لەدژی خودای مەسیحیەت لەخاڵی باوەڕی تایبەتیان بە دەئیسم ڕۆح باو بوو،نوسەران وسیاسەتمەدارانی کاریگەری وەک دیدرۆ ،واڵتر،مەنتسکیۆ لە فەرنسا و تۆماس بین،جیمز مەدیسون وتۆماس جیفرسۆن وبنیامین فرانکلین هەمویان کاریگەربوون بە خودای ڕۆح (deism).
دەئیسم بەمانای چی؟ بەومانایەیە کە وەحی-دەخالەتی باڵاتەدەستی خودا لە ژیانی ئینسانەکاندا لەڕێگەی وەحیەوە-شتێکی پوچە.ژیری و سەیرکردنێکی سەرسوڕهێنەری سروشتی جیهانی بەسە بۆ هەبونی خولقێنەر.بەڵام چ جۆرە خولقێنەرەێک؟نەک ئەو خالیقە ترسناکە کە لەسەرو هەموو کاروبارێکەوەیە ودەستی هەیەلەهەموو چرکەساتەکانی ژیانی ئیساندا وە هەر لەسەرەتاوەهەموو شتێکی لەچارەنوسیان هەڵکۆڵیوەو ئینسانەکانی زنجیرکردوە؛ نەک ئەو خولقێنەرەی کە کڵێسا وپادشاکان تارماییە ترسناکەکەیان بەسەر سەری جەماوەری خەڵکەوە دەسوڕێننەوەوخەڵکی پێ هەڵدەخەڵەتێنن؛نەک ئەوخودایەی کە وەسیلەی بەتاڵکردنەوەی ئینسانە لە وشیاری وئیرادەو هێزی بڕیاردان،زیندانی کردنی هۆش و ڕۆحی جەماوەری خەڵک و کردنیان بوو بە ڕەعیەت و کۆیلەی پادشاو پاپا.خولقێنەری جێگە سەرنج لێرەدا بەکردەوە جەنگی لەگەڵ خودای ئاینی باڵادەستدایە،نکوڵی لە خودای ئاینی وپێکهاتە خورافیەکانی بوو.بەومانایەی ئەم ڕۆشنگەرانە لەکاتی لێکدانەوەی دەئستی لە جیهان و بوندا هەتا ئەو جێگەی کە بۆ خودای مەسیحیەت واتە ئاینی ڕێکخراوی ئەو کاتەوە پەیوەندی هەیە بەتەواوەتی لە دەوری ئاتەئیست وتەنانەت دەتوانیت بڵێیت دژە خودایشدا بێ وچان دەرکەوتن.
بۆ نمونە:
لامتری کە بەئاشکرا بێ خودا نەبوو لەو باوەڕەدابوو کە ژیانێکی خۆش بەخت لە پەنا و بە ئامادەیی خودا ئاستەمە:”دونیایەکی خۆش بەخت نابینین،هەتا کتێک بیرۆکەی خولقێنەر لەسەردا لابەرن و ببنە بێ خودا”.
دیدرو کە”خستنەڕوی سیستەمی جیهانی بە بەڵگەی بونی خودای ئاگا ودانا هەژماردەکرد”لە گاڵتە پێکردن بە هەمان خودای مەسیحیەتدا” دێوزمەی دڵ بەرد و ستەمکار” ماندو نەدەبو لە جەنگی ڕۆشنگەراندا لەدژی کەنیسەو مەسیحیەت وخوداکەیاندا دەوری بەرجەستەی هەبوو.
سەرئەنجام ئەبێت ناوی واڵتری خودا باوەڕ (deism) یش ببەین کە ئامانجیەکەی ڕایگەیاندبوو کەئامانجی لە ڕیشە دەرهێنانی مەسیحیەتە؛کتێبی پیرۆزی ئاخنراوە لە وڕێنە ودرۆو ئەفسانە و خەیاڵ بنیات نراو بەدەستی گرۆپێک تەڵەکەبازو هەڵخەڵەتێنەر ناساندو پاپا و کەشیشەکانی بە جادوگەری پیشەیی ناوبرد کە جێگایان لە ناو دونیایی ئەقڵدانیە تەنها بازرگانی بە نەزانیەوە دەکەن: “یەکەمین پیاوی ئاینی یەکەمین دەستبڕ بوو کە مامەڵەی لەگەڵ یەکەمین گەگەمژەدا کرد!”
بەڵام واڵتەری خودا باوەڕ لەهەمان کاتدا لەبەرامبەر ئەو خودایانەی کە خاوەنی وەحین لە دەوری ئاتەئیست وهەتا دەتوانیت بڵیی دژە خودادا دەرئەکەوت.خودای مەسیحیەکانی بەئاشکراییەکی بێ وێنە دەکاتە گاڵتەجاڕو شکۆو گەورەی ئەو خودایە بە زمانێکی بێ باکانە دێنیتە خوارەوە و خودا بە دروستکراوی کارخانەی خەیاڵی کلێسا و قەشەکان دەزانێت.ئەو قەشانەی بەوتەی واڵتەر”لە سەر جێگای زینا هاتونەتەدەرەوە،سەدان نوسخە لە خودا دروست دەکەن، دواتر خودا دەخۆنەوە و دەخۆن و میزی پیادەکەن دەکەن و پیسی پێدادەکەن!”
تەنانەت ئیسلامیش لە گاڵتەی بەهێزەکانی وڵتەر دەربازی نەبوە.ئەو کە هەموو خوداو ئاینەکان بەدروستکراوی مێشکی تەڵەکەبازەکان بۆ ترساندنی جەماوەری خەڵک دەزانی لە شانۆنامەی’محمەد’، دەست ئەبات بۆ پێغەمبەری ئیسلامدا ؛ وەک پیاوێکی بێ ئابڕو ساختەچی و فێڵباز ناودەبات؛گاڵتە بە ناوەرۆکی قورئان دەکات و لەو ڕێگەیەوە ئەچێتە جەنگی ئاین وپیرۆزیە کانیەکانیشەوە.
ئەوەی کە ڕۆشنگەران تەنانەت لەکاتی خواداباوەڕیاندا لەو کاتەدا کە پێی لەشەڕی لەگەڵ کڵێسا و خورافاتەکانی لەمەیداندایە بەکردەوە لەدەوری ئاتەئیستدا لەدژی خودای مەسیحیەت دەردەکەون هەر بەوهۆیەوەیە کە لە مەسیحێتیشدا وەک هەردوو ئاینی یەهودی وئیسلام پیرۆزی خودای باڵادەست وبەتوانا وترسناک کۆڵەکەیەکە بەدەوری ئەو کتیبە ئاسمانیەو خورافاتەکانیدا هەڵچنراوە.ناوانیت بەشێوەیەکی کاریگەر بەسەر خورافاتی کڵیسادا سەرکەویت ئەگەر نەچیتە شەڕی سێ کوچکە پیرۆزەکەی خودای سێ لا-باوک-کوڕ-ڕۆحی پیرۆزەوە.

سیامەک بەهاری:دەوری کام هیز لەپاشەکشە پێکردنی بەمەسیحیەت وجێکەوتنی سیکۆلاریزمدا گرنگ بوو؟ خەباتی فکری لە دژی مەسیحیەت یان شۆڕشی فەرەنسی؟

محسین ئیبراهیمی:ویڵ دورانت لە کتێبی مێژوی شارساتانیەدا ئاماژەی بەوە کردوە کە زۆر بەی شۆڕشکان لە دژی ڕویەکی ڕژێمە دەسەڵاتدارەکان بوە:دەوڵەت یان کەنیسە شۆرشی فەنسا لەدژی هەردوکیان بوو.
هەر لێرەدا ئەوە بڵێم کەلە ڕوی پەیوەندکانی ئاین و دەسەڵاتەوە بەپێی ئەو لێکهەڵپێکرانەی خەباتی دژی ئاین لەگەڵ خەباتی دژی حکومەتداهەیە لێکچونێکی سەرسام هێنەر هەیە لەگەڵ بارودۆخی فەرەنسای سەدەی ١٨ وئێرانی سەدەی ٢١دا دەتوانین لە بەردەوامی ئەم باسەدا بەدرێژی لەبارەیەوە قسە بکەین.
لێرەدا بەکورتی بڵێم بەهۆی تێکەڵ بونی پاشایەتی و مەسیحیەت،کۆشکی پاشایەتی و کەنیسە، و پاشا وپاپا وستەمی هاوبەشیان لەدژی خەڵک وتاڵانکردنی جەماوەری دەستتەنگ بە یەکگرتنی هاوبەش لەلایەن ئەم دوو هێزەوە،نەفرەت لە دژی پاشایەتی لەگەڵ نەفرەت لەدژی کڵێسا تێکئاڵاو بوو وە مەودایەکی جەماوەری بەخۆیەوە گرت بوو.کێشەی ئاین لە ئەورپای پیش شۆڕشی فەرەنسادا کیشەی فەلسەفی بون یان نەبونی خودا نەبوو.مەسیحییەت بەشکی جیانەکراوەبوو لە دەزگاکانی دەسەڵات.پاشایەتی بەهرەی خودایی بوو وە پادشا سێبەری خودا بوو لەسەر زەوی.وەک والتەر دەڵێت پیاوانی ئاینی تاجیان دەنایەسەر پادشاکان وە تاجیشیان لەسەر دادەگرتن.لەفەرنسا، کەنیسەو دادگا لەسەدا ٩٥-ی کۆمەڵگەیەکی ٢٧ملیۆنی کەلەسەر دەمی شۆڕشیدا هەمویان کاسۆلیک بون یان بەکاسۆلیک هەژمار دەکران پیکەوەو بەهاوبەشی تاڵان دەکرد.کڵێسا لە دوای پاشا وسوپا گەورە ترین هێز بوو کە نزیکەی ١٩٤ هەزار قەشەی لە خزمەتدا بوو بەو هۆیەوە کە شەڕ لە دژی ئاین و بەسەرکەوتن گەیاندنی ئەم شەڕەش بەبێ ئامادەی جەماوەر و بەبێ تێکشکاندنی پایە سیاسیەکانی دەسەڵاتی ئاین لەتوانادا نەبوو.
فەیلەسوۆفە ڕۆشنگەرە دژە ئاینیەکانی فەرەنسا هەر بەوهۆیەوە بوو کە توانی بویان بیرکردنەوەکانیان کۆمەڵایەتی بکەنەوە کە ئەو بیرکردنەوانە لە دڵی جەماوەرێکدا شوێنی دەگرت کە گەندەڵی کڵیسا بە هاوەڵی پاشایەتی لاشەو گیانیانی تێکشکاند بون.توڕەی وبێزاری خەڵک لە کەنیسە هیچ سنورێکی نەبوو.ئاین بەشێوەیەک ناوی بەخراپ دەرکرد بوو کە دەڵێن تەنانەت “لویسی شانزە”ئامادە نەبوو کە قەشەیەک وانە وتنەوەی کوڕەکەی لە ئەستۆ بگرێت کە نەدەبوو ئەو کوڕە باوەڕە ئاینەکەی لەدەست بدات.”ئەم نەفرەتە لە ئاین لە نامەی قەشەیەکی هەڵگەڕاوەدا بەناوی”ژان ملیە” کەلەگەڵ وەسێتنامەکەیدا بەجێیهێشتوە بەباشی ڕەنگی داوەتەوە.ئەو داوای لێبوردن لە خەڵک دەکات کە هەموو تەمەنی خۆی بەدرۆو دەمارگیری تێپەڕاندوە.بەدەنگی بەرز هاوار دەکات”ئەی خوداناسان”بزانن کە خوداکەتان،بۆ”باوەڕەکەتان”بێ ئەندازە شەڕەنگێزترو خراپەکارترە لە خراپەکارترین خەڵکەکان.”ئەبێت “بزانیت “کە خودای مەسیحیەکان بەرپرس و هۆکاری هەموو شەڕەنگێزیەکانە”؛بزانیت کە”…مرۆڤایەتی بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدایە کە خۆی لە تەڵەکەبازی وشەڕەنگێزیەکانی خودا-کە دەڵێن لەبیری خۆشبەختی ئەودایە- بەدور ڕاگرێت.”بزانیت کە”سیستەمی لەسەر بنەمای خاوەندارێتی تایبەت بنیات نراو سەرچاوەی هەموو پۆخڵەواتی ودزیەکانە وئاینیشیان بۆ پاریزگاری لەو دزیانە پیرۆزو ڕێکخستوە!”
بەپشت بەستن بەوەی،ئەگەر ٥ سەدەی ڕێنسانس وڕۆشنگەری،پایە فکریەکانی مەسیحیەت لەمەیدانی ماف وداد وهونەرو زانست وئەدەبیات وسیاسەتی خستبویە لەرزە.ئەگەر ڕۆشنگەری خورافەتەکانی کلێسای لە مێشک ودڵەکاندا بەسەر یەکدا شێواند بوو.شۆڕشی فەرەنسا ئەو دامەزراوانەی کەلەسەر بنەمای ئەو خورافەتە کۆمەڵگەیان زنجیر کردبوو لەکۆمەڵگەدا نەهێشت.ڕوشنگەری چوارچیەوە فکریەکانی شۆڕشی فەرەنسیان ئامادەکرد،شۆڕشیش چوارچێوەی سیاسی مەسیحیەتی تێکشکاند.ڕۆشنگەری بنەما هزریەکانیئاینی هەژاند وشۆڕش خاڵی کۆتایی دانا بۆ پێگەی باڵادەستی ئاین.ڕۆشنگەری وەسیلەی ئاینی لەدەستی پاشایەتی سەند وشۆڕشیش پاشایەتی لە ژێر پێی ئایندا خستە لاوە.بەکورتی ئەوەی کە؛ڕۆشنگەری لەگەڵ تەواو بونی شۆڕشدا،پاشایەتی لە خزمەتکردنی مەسیحیەت بێبەشکرد ومەسیحیەتیشی لەخزمەتی پاشایەتی وخەڵکیش لە هەردوکیان.
واڵتەر،ئەم”نوێنەرەی شەیتان”هەرچەندە پێش شۆرش ئابوڕیەکی بۆ کڵێساو پیاوانی ئاینی نەهێشتبویەوە بەڵام لە کۆتاییدا ئەوە شۆڕش بوو کە کۆڵەکەکانی کەنیسە و پشتیوانەکانی مەسیحیەتی یەک بەیەک لە ژیر پێیاندا درەکێشا وە لاکەوتەیانکرد.ئەوە شۆڕش بوو کە موڵکەکانی کەنیسەی دەست بەسەرداگرت،سەرانەومالیەیەیان لە ژێردەسەڵاتی کڵێسادا دەرهێنا وە کۆڵەکەی ماڵییەی مەسیحیەتیان تێکشکاند.ئەوە شۆڕش بوو کۆتایی بە باج سەندنی سیستماتیکی سەر منداڵ بون و زەواج و مردن هێنا کەلەلایەن کڵێساوەلەخەڵکیان وەردەگرت.ئەوە شۆڕش بوو کە دەست وقاچی کەنیسەی لە سیستەمی پەروەردەو خوێندندا بڕی وکۆتایی بە دەسەڵاتی بێ ڕکابەری کەنیشە هێنا لەهۆش وڕۆحی منداڵان ولاوان وجەماوەری فراوانی خەڵکدا.
ئەڵبەتەهەموو ئەم ڕوداوانە لە ناو ناکۆکیەکی بنەڕەتی لە پەیوەندیە ئابوری وکۆمەڵایەتیەکاندا پێکهات،ئەویش گەشەی چینێکی نوێی بوو لەبەرامبەر دنیایی کۆندا کە جێگەی باسێکی جیاوازو درێژترە.
وەلەکۆتاییدا بڵێم کە جوڵانەوەیەکی ڕادیکاڵی تر کە دواتر و لەمەودا وشێوازی نوێدا ڕۆشتە نەبەردی کڵێساو مەسیحیەت،گەشەی کۆمۆنیزم لە ماوەی سەدەی نۆزدە،ڕەخنەی ڕادیکاڵی مارکس لە ئاین لە کۆتاییدا کاریگەری شۆڕشی ئۆکتۆبەری ڕوسیا لە گەشە سەندنی هزری ئاتەئیستیە لەجیهاندا کە دەتوانرێت بە جیاواز باسیان بکرێت.
تێبینی محسین ئیبراهیمی:بەشێکی گرنگی ئەو زانیاریە مێژوییانەی کەلەم چاوپێکەوتنەدا سودی لێوەرگرتوە لەکتێبی مێژوی شارستانیەتی ویڵ دورانت،ویکیپیدیاو ماڵپەڕە ئینتەرنێتیەکانی تر وەرگرتوە.

درێژەی هەیە ……..




ڕاکشان لەسەر باسکی تەم … عارف کوردە

دەمەوێ لە باوەشی،
شەودا بنووم و
سەر بنێمە سەر باسکی تاریکی و
بڕۆمە ژێر کولەی قژیەوەو
چیتر مێشولەکان بێزارم نەکەن و
ببمە ملوانکەیەک و
بە گەردنیەوە بئاڵێم..
بە قیژەی تاریکی ناوکمیان بڕی
مامانەکەش،
تارمایەک بوو لەشەو
بۆیە هەنووکەش
سەرپای جەستەم
خێوێکی شەوپۆشە
ئەی شەو!! عاشقی کپیتم
لە دەست ژاوەژاوی
ڕۆژگار بێزارم
لە بێدەنگی خۆتدا
کۆلیتێکم لە تووڕک
بۆ دروست بکە
با جنۆکەکان چڕنووکم لێ نەگرن
هاورێیەکم هەیە
ناوی شەوەیەو
داپیرەم نەفرەتی لێ ئەکات
ئەڵێ:
لە شەوی بووکێنیمەوە
چاوەرێی کارژیڵەیەک بووم
بەڵام مەخابن
شەوە بردیەوە
تۆ بڵێی شەو،
لەشەوەی وەرگرێتەوە؟
نەنێ گیان..!
باڵی شەو زۆر درێژە..
دەتوانێ لەچاو تروکانێکدا
مانگ بخاتە کۆشتەوە
ئەستێرە بکات بە تەزبێح و
تەزبێحاتی پێبکەی
تیشک بکات بە چاویلکەو
ڕێگات بۆ ڕۆشن بکاتەوە
گوێچکەی خۆریش بابدات و
سەرەرۆیی و لاساریەکانی
تەفرو تونا بکات و
رۆژی حەشریش هەر نەیەت..
شەو هاورێی عاشقانە
کە دەکەومەرێ بۆ دیدەنی یار
بە ئاسانی،
بەسەر بۆسەی
کاروان کوژەدا تێدەپەڕم و
مەعشووقەکم
مەدالیای جوامێریم،
پێ دەبەخشێ و
دەبم بە پاڵەوانی ئەفاسانەیەک
شەوەش،
لە کۆرپەلەکان دوور دەخاتەوە
چونکە داپیرەکان دڵ تەنگ دەبن
تۆوی نائومێدی لەمەزرای
ئومێدیان دەچێنێ
تۆڕی ژیانیان هەڵدەوشێنێتەوەو
ڕوبارەکانیش لێخن دەکات.
بۆیە زوڵمەتم خۆش دەوێ..!
دەتوانم بە ئاسانی،
خۆمی تیا حەشاربدەم و
لە چاوی ئیرەیی رۆژ بەدوور بم
زەندەقم چووە..!
نەبا گڕە بمبات و
نەگەمەوە بە ماڵی ئارامی شەوو
لەتەنیشتیەوە رابکشێم و
لە دەلاقەی چاوەکانیەوە
سەرنج بدەمە،
کەناری لێوەکانی و
لە ڕۆخی جێگاکەیدا،
لەنگەر بگرم.
لەشەودا..
گوێم لەقامچی سەرکارێ نابێ و
بە قۆڵی کراسەکەم
تەوێڵم ناسڕم
ئارەقەی روخسارم
ناکەوێتە سەر زارم و
سوورەتاویش نامسووتێنێ و
هەیڤێک لەخۆیدا نوقمم دەکات
دەچەمەوە لای شەو
تەنها گوێم لە جریوەی ئەستێرەیە
لە یانەی مانگ،
ئاهەنگ دەگێڕێ
لە بازاڕدا دەرۆم و
مۆبایل بەدەستێک
خۆیم پێیا ناکێشێی و
میوەی ناو عەلاگەکەم،
نافلیقێنێتەوە..!
من و شەو
لێک جیاناکرێینەوە
کسۆکی نێو کابینەکە،
حەپەحەپ ناکات و
سەرقاڵی پۆپجیە..
گڵوپەکان پرتەپرتیانە
قووقەقوقی کەڵەباب،
کەس وەڕس ناکات..!
لەم دەڤەرە هیساویە
لەچاوی کامیرا بە دوورین
بوینە بە پاساری نێو تەنووربان
تەم خویی شەوی گرتوە
بۆیە خۆشم دەوێ،
دەتوانێ ببێ بەشەوو
لەسەر قۆڵی رابکشێی.

عارف کوردە




مەعاش و شتی تریش … نەوزاد بەندی –

لە شارێکا
ھەموو چاوەڕوانی مەعاشن ،
باسکردن لە عەشق ،
بێ ئەدەبییە ..
نەخڵەتابی ئێوارەیەک
کراسێکی نارنجی لەبەر کەیت و
بڵێی ئەڕۆم بۆ کۆڵانی ماڵی یار ..
نەخڵەتابی ، نیوەشەوێک
خۆت لە دەست تەنیایی ڕاپسکێنی و
بە تەمابی بچیتە ناو یاری ھەڵماقۆی یار ..

تێ بگە
بزانە
بڕوا بکە
لە شارێکا
ھەموو چاوەڕوانی مەعاشن
شتێ نییە بە ناوی ماڵی یار
شتێ نییە بە ناوی ھەڵماقۆ
شتێ نییە بە ناوی خۆڕاپسکاندن لە تەنیایی ..
شیعریش جۆرێکە لە ناماقوڵیی

کراسەکانت بخەرە بوخچەیەکەوە
شیعرەکانت بخەرە کوپەیەکەوە
خەونەکانت بخەرە میسباحێکەوە
با پەنجا ھەزار ساڵی تر
کە گەڕیدەیەکی ئەوروپی دێ و
لە ژێر زەمیندا بۆ نەوت ئەگەڕێ ،
کراسەکانت و
شیعرەکانت و
خەونەکانت بدۆزێتەوە و
بڵێ
کەواتە
لەو شارەدا
کە ھەموو چاوەڕوانی مەعاش بوون ،
کەسێک ھەبوو
بە کراس و شیعر و خەونی جیاوازەوە ئەژیا..
کەسێ بوو ساڵ چوار وەرزە
تفی ئەکردە مەعاش
تفی ئەکردە ئەو مەیدانی جەنگەی




گۆرانی خان باجی حەسەن زیرەک..لەسەردەمی کرۆنا … دکتۆر مەولود ئیبراهیم حەسەن


هەولێر – سەرەتای/٤/٢٠٢٠

خان باجی..لوتکەی داهێنان
حەسەن زیرەک ..دەنگێک لە بە هه شتەوە هات و بە دۆزەخدا تێپەڕی وگەڕایەوە بۆ بە هه شت ..

زیرەک لە سەردەمی کڕۆنا..هونەر لە سەردەمی کرۆنا

هه موو ڕووداوو گۆڕانکاریەکی ناوچەیی یان جیهانی ، لە گەڵ خۆی زۆر لایەنی تر لە ژیان دەگۆڕێ ! بەتایبەت هونەرو ئەدەب .. هه ر ئێستا لەسەردەمی کرۆنا سەرەتایەکی هونەرو ئەدەبی تایبەت بەم ڕووداوە جیهانیە دەرکەوتووە ، بە دووری نابێنم..هه ردەبێ واش بێت کە.. کەسانێک لە نێو بشێوی ئەم پەتایە هه ڵکەون لە جیهانی هونەرو ئەدەب بەرهه می شیاو بەو زەمەن وژیانە دابهێنن وناو پەیدا بکەن، هه رواش بووە زۆر داهێنەر لە نێو ڕووداوە گەورەکان و بە کاریگەری ڕووداوەکان داهێنانی گەورەیان کردووە لە نێوەندی ئەدەبی و هونەری نەتەوەیی و جیهانی دا . کە ئەو بەرهەمانە دەربڕی هیواو ژانی ئەو سەردەمە بن و بتوانن گوێگرو خوێندەوارانی خۆیان ئارام بکەنەوەو هێزی بەرگری کردنیان زیادو بەردەوام بکەن .
هه ر ئێستا ئێمەبەهۆی(کرۆنا) وە لە نێو ڕووداوێکی جیهانی دا دەژین و هه موومان ماڵنشین بووینەو سنووری گەڕوسوڕمان ئەو چەند مەترەیە کە خانووەکانمان هه یەتی ! بە هۆی درێژە کێشانی ئەوماڵنشینەوە و دووبارە بوونەوەی هه ڵس و کەوتمان هه ریەکەمان پەنا بۆ بابەتێک دەبەین کە دەکرێ یارمەتی دەری باشتر کردنی ئەوژیانەمان بێت کە هه ر ئێستا هه مانە ! من بۆخۆم تەمەنێکە گوێ لە زیرەک دەگرم وەک دەنگێکی هونەری بەرز و لە هه موو قۆناخەکانی ژیانم ئەو هونەرمەندە هێزی پێ بەخشیوم و ئارامی کردوومەتەوە ، هه رچەندە ئەو هونەرمەندە ئەوا پەنجا ساڵ بەسەر مەرگی دا تێدەپەڕێ ..بەڵام؛ لای من و زۆربەی ئەوانەی کەبەردەوام گوێ لە زیرەک دەگرن ،وەک من لەسەر ئەو ڕایەن کەدەنگی هونەرمەند ( حەسەن زیرەک) دەنگی هه موو کەسێک و هه موو زەمەنێکە و بە هیچ شێوەیەک کۆن نابێ ! وەک یەکێک لەهونەرمەندە هاوزەمەنەکانی زیرەک لە یادی کۆچی دا گوتی : من کە گوێم لەزیرەک دەبێت سوێند دەخۆم بە(تەڵاقم) کە دوێنێ هیواری ئەم گۆرانیەی گوتووە ! هه رواشە.. هه ر ئێستا هه وادارو گوێگرانی زیرەک هێندە زۆرن زیرەکیان بردووتە ڕیزی پێشەوەی زۆر گوێ لێگیراوەکان. ئەو زۆری گوێ لێگرتنە بە هۆی هونەرمەندی خۆی و هونەرە جەماوەریە کەیەتی ، نەک دام و دەزگاو ڕاگەیاندن و کۆمپانیای گەورەی لە پشتەوە بێت .
دەنگی زیرەک لە نێو دەزگا کانی ڕادیۆو تەلەفزیۆن وکافێ و گازینۆو چایخانەو ساردەمەنی و نێو ماشێن و سەرمەزراو نێو گوندو لە بەر با خەڵێ شوان و گاوانەوەو لە نێو سەنگر و بەندیخانەو لە نێو وڵات و ئاوارەیی و لە سەرمێزی سەرخۆش و لە خەڵوەتی سۆفی دا، بە هۆی (موبایلی زیرەک)ەوە و ئێستاش لە نێو یوتیوب و سوشیال میدیا هه موو ماڵێک دا هه یە ! چووەتە نێو شێن و شایی و بۆنە ئایینیەکانیش ! لە خەم و شادی تاک و کۆمەڵگا هاو بەشە !
من لەم سەردەمی کرۆنایە داو سەرە ڕای ئەو هه موو کارو پڕۆژەو هۆیانەی کە دەتوانن خەریکم بکەن و بێ کارم نە هێڵنەوە! هێشتا زۆر جار دەنگی زیرەک.. ژیانی زیرەک ڕام دەکێشن و وام سەرگەرم دەکەن ، لە بیرم دەچێتەوە لە نێو ماڵ کەرەنتینەم و نازانم لە چ شوێنێک و زەمەنێک و لە نێو چ ڕووداوێک دا دەژیم ! دەزانم ئەم کرۆنای جیهانگیرە هه موو ژیان دەگۆڕی وگۆڕانێک تەواو جیا لە جیهانی پێش کرۆناو لە نێویشیان دا هونەر و ئەدەبیش گۆڕانت گەورەین بەسەر دادێت ، زۆر ڕیبازو شێوازی تازە سەر هه ڵدەدەن و هه ندێکیش لەوەی ڕابردوو لە زەمەن دا دەکەلێن و دوا دەکەون ، بەڵام ؛ دڵنیام کە هونەری زیرەک..دەنگی زیرەک هونەرێکە و دەنگێکە سەردەمی کڕۆناش دەبڕێ و دوای کرۆناش هه ر دەمێنتەوەو بەردەوامیش دەبێت ! سەیرکە لەوەتەی یەکەمین گۆرانی – کە قسە هه یە .(ئەسمەر یارم جوانە) بێت ، لە ساڵی ١٩٥٣ لە ئێستگەی بەغدا تۆماری کردووە تا دەکاتە مانگی شەشی١٩٧٢وچەند ڕۆژێک پێش مردنی ، بە قسەی حوسەینی برای دواگۆرانی تۆمار دەکات بە ناوی (وامن دەمرم دەردم گرانە !) ئەو دەنگ و هونەرە زیندووێتی خۆیان پاراستووەو هه تا ڕۆژگاریش بچیتە پێش و بشگۆڕێ.. هه ر دەیپارێزێ و لە لوتکەدا دەمێنتەوە.

یەکەمجار چۆن گۆرانی(خان باجی) م بیست؟

قوتابی ناوەندی بووم و هاوینان کرێکاریم دەکرد ، ئەو هاوێنە لە گەڵ وەستایەکی ناسراو بۆ کار چووینە دەرەوەی شارو لە گوندێکی دوورە دەست لە بینای قوتابخانەیەک دا کارمان دەکرد ، مانگە شەو بوو من ڕادیۆ بچووکەکەی وەستاکەم بەدەستەوە بوو لەدەوری ئەو خانووەدا دەسووڕامەوە کە شەو تێیدا دەخەوتین ، شەو درەنگ بوو وابزانم( ڕادیۆی تەورێز؟) بوولە پڕ زیرەک دەنگی بەرز بووەو بە گۆرانی ( خان باجی ) وەک عەردهه ژێنێک ڕوحی هه ژاندمەوە ! لەو شەوەدا بۆ یەکە م جار لە ززەتی هونەری گۆرانی بە شیعرو ئاوازەوە.. بە بێ ئەوەی شارەزاییەکم لێان هه بێت ؛ هه موو هه ست و دڵ و دەروون و ئەقڵیان داگیرکردم وام هه ست دەکرد بەسەر زەویەوە نەماوم ! لە و ڕۆژەوە تا ئێستا ئەو گۆرانیە لە نێو دڵ و ڕوح و هه ستم دا جێگای خۆی کردووتەوەو هه ر جارێک کە دەیبیسمەوە دەمگەڕێنێتەوە هه مان شەوو هه مان جێگاو هه مان حاڵەتی عەردهه ژێن !! لەم ڕۆژانەدا زیرەک جارێکی تر و بە گۆرانی (خان باجی) پەیمانی لەگەڵ نوێ کردمەوەو لەشەڕی( کڕۆنا) هاتەوە یاریم و هێزی پێ بەخشیم و لە جیاتی ڕێکخراوە مرۆڤدۆست و خیرخوازەکان بە هانامەوە هات..بە هانا هاتنێک و یارمەتی دانێک کە هه ر تەنیا لەدەست زیرەک دێت وبە بەنرخترین بەرهه می خۆی بکات بە دیاری ، بێ ئەوەی چاوەڕێی هیچ بکات و هیچ مەبەستێکی سیاسی و ئایدۆلۆژی هه بێت ! زیرکئ هونەرمەند دەس بڵاوترین دەوڵەمەندی هه موو جیهانە ..دەوڵەمەندی سەرمایەی هونەر ، هونەری بەرزی بە خوێنی دڵ بەدست هاتوو، بەدەست هاتنێک کە بۆ خۆی هیچ دەسکەوتێکی تیدا نەبوو، لەو بارەوە زیرک خۆی لە کاسێتە گرنگ و مێژووییەکەی (ئەبو سەباح) دا دەڵێ: ( هونەر بۆمن بە هرەیەکی نە دا و کارێکی نەکرد بەدوایەوە بچم ، چۆن کورد بووم و بە کوردی قسان دەکەم !) بەڵی .. زیرەک هیچ بە هرەیەکی لەو هونەرەی خۆی نەبینی ! بەڵام؛ هه فتا ساڵە خەلک بە زۆر شێوە لە کۆردستان سود لە م هونەرە دەبینن و دەبیننەوە، بەڵێ زیرەک سەرمایەکی بە خشیوە زۆر جیایە لە پارەو خواردن و جل و بەرگ کە خێر خوازەکان لەم رۆژانە ەادەیانبەخشن ! پارە کۆتایی دێت و خواردن دە بڕێتەوەو جل و بەرگ دەدڕێ وکۆن دەبێت ؛ بەڵام ؛ بەخشینی زیرەک کالایەکە ڕۆژ بە ڕۆژ جوان وخۆش و خۆ ڕاگرتر دەبێ و پتر بڵاو دەبێتەوەولە هیچ سەردەمێک لە کەلک ناکەوێ و هه تا دێ خەڵک پتر سودی لێدەبێنن!

خان باجی .. و زمانی شیعرەکان(*١)

گۆرانی( خان باجی) حەسەن زیرەک کە بە چوار زمان و یەک ئاوازوئاوازێکی تێکەڵ لە چوار ئاواز ..ئاوازی ئەرمەنی کوردی ئازەری فارسی.. بە یەک گوتن و یەک دەنگ گوتوویەتی بەچوار زمان زمانەکانی: ئەرمەنی کوردی ئازەری ترکی وفارسی ،ئەم گۆرانیە لەسەر بەرزترین لوتکەی داهێنانی گۆرانی هه موو زەمەن و زەمانێک وەستاوە و هیچ داهێنانێکی تری گۆرانی ..گۆرانی هیچ هونەرمەندێک نایگاتێ لە چەشنی خۆی تاقانەیە !
شاعیرانی کوردی کلاسیک زۆر جار بۆ هونەر نواندن ودەرخستنی ئاستی شاعیریەتیان بە چەند زمانێک ، شیعری تێکەڵ لە کوردی و عەرەبی و فارسی و ترکیان نوو سیوە ، وەک ئەوەی ( نالی ) دەفەرمووێ : حاکمی سێ مولکە ( نالی ) دیوانی هه یە! ئەوا( زیرەک) یش خۆی نەیگوتووە من حاکمی چوار موڵکم، بە ڵام ؛ هه یەتی چوار دیوانی گۆرانی هه یەو بە کردەوەو شاهی چوار مە مملەکەتی هونەری گۆرانیە (٢) ئەوەتا گۆرانی خان باجی شیعرەکەی تێکەڵەیەکی چوار زمانەیە .. ئێستا وەک نموونە کورتەیەکی شیعرەکان دەنووسینەوە: یەکەم : شیعری ئەرمەنی، لە سەرەتای گۆرانیەکە دا بەم شیعرە ئەرمە نیە دەست پێ دەکات.. ئیرتاخ زاڵی بورنخ جاڵی..خان باجی جەنگید چاڵی دوشید خاڵی.. خان باجی (٣)…هتد

دووەم: شیعری کوردی
خانباجی وەی وەی خان باجی
گەر دەمکوژی هانێ خەنجەر.. جوان باجی
…هتد

سێیەم :شیعری ئازەری – ترکی
بوداغ لاردە جەیران جوزال.. گل باجی
ئەمان درناخ لاری داش لارەزال..خەم باجی
…هتد

چوارەم : شیعری فارسی
صورتگری نقاش چین..خم باجی
رە صوڕت یارم ببین..گل باجی
…هتد

پێنجەم١: شیعری دانراو- هێمن..ئەم شیعرە بە مەقام دەڵێتەوە.. قەت لە دنیادا نە بوو بێجگە لە ناخۆشی بەشم ئەی خودا چەند بێکەس و بەدبەخت و چارە ڕەشم …هتد(٤)

شەشەم٢ : شیعری ئازەری – ترکی یارەمان دینم ئامان ئیمانم ئامان ئەغام نێنم گولم نێینم ئەمان نێینم …هتد
حەوتەم٣ : جارێکی تر فۆلکلۆری کوردی

خۆزگەم بەوەی یاری جوانە ..خان باجی
لە نێو جاحێلان سوڵتانە.. گوڵ باجی
…هتد(*٥)

زیرەک لەکارە هونەریەکانی دا زۆر هونەر بە کاردێنێ لە داهێنانی یەک بە یەکی گۆرانیەکانی دا بەرچاو دەکەون ، بۆ نموونە: بۆ( جوان کردن) و (خۆش کردن) و(ڕازاندنەوە)ی شیعرو ئاوازەکە..
یەکەم: بڕگەی دەنگی ..کە بڕگەیەکە ئاوازێکی خۆشی هه یەوگوتن و ئاوازە کە خۆشتر دەکات ودوو بارە دەبیتەوەو مانای نیە! وەک ئۆە،دەی، وەی، ئەمان،ئای،وای…
دووەم : وشەی جوان و مانادار کە ماناکە لەگەڵ تەواوی شیعرەکە ڕێک دەکەوێ و ئاوازێکی خۆشیشی پێ دەبەخشێ پێش شیعرەکە یان دووای شیعرەکە دووبارە دەبێتەوە ، ئەمانە بەشیک نین لە شیعرەکە بەڵام؛ گۆرانیبێژ بۆ جوانتر کردنی شیعرو ئازەکە دووبارەی دەکاتەوە! جوانێ ، گوڵم، ئاسکێ…
سێیەم: ڕستەی کورتی مانا دار کە لە دوای کۆپڵەو دێرە شیعرەکان دووبارە دەبنەوە، ئەمیش بە شیک نین لە مەتنی شیعرەکە ،بەڵکو گۆرانیبێژ شیعرو ئاوازەکەی پێ دەڕازێنێتەوەو ! ناسکە جوانێ، سۆرەگوڵ ، ڕەش ئەسمەر …
لە گۆرانی خان باجیش ئەم جوان کردن وڕازاندنەوەو خۆشترکردنە هه یە. زیرەک بە و هونەرو دەوڵەمەندیە لە ئاوازو وشەو مانالە گۆرانی- خان باجی – ش بەردەوام دەبێت و لە فۆلکلۆرەوە بۆ شیعر هه ر شیعرێک بەرز بە ئاستی ئاواز و دەنگ! لەزمانێکەوە بۆ زمانیکی تر هه ر زمانیک ڕەوانتر لە زمانەکەی تر..دەنگێک پڕاو پڕ لە خۆشیەکانی دەنگ، گوتنێک لێوانلیو لە هونەری گوتن ،خان باجی گۆرانیەک پڕاوپڕ لە داهێنان ..دەنگ،ئاواز، شیعر ،گوتن ..پڕە لە جوانی وشەو مانا..پڕە لە ڕەوانی زمان ڕەوانی چوار زمانی لێک جیا ! یەک ئاواز ئاوازی چوار زمانی لێکدراو لیکدراوو هاوسەنگ ، هاو سەنگ بە یەک ئاواز لەو زمانەوە دەچیتە زمانێکی تر ..لە ئەرمەنیەوە بۆ کوردی ، لە کوردیەوە بۆ ئازەری و لە ئازەریەوە بۆ فارسی و لەوێوە جاریکی تر بۆ کوردی جارێکی تر بۆ ئازەری و دیسان دەگەڕێتەوە بۆ کوردی .لە بەستەوە بۆ مەقام ..لە مەقامەوە بۆ بەستە جارێکی تر بێ ئەوەی زمانی گوتنی لە ئاوازو شیعردا گرێی بکات..

خان باجی ..گۆرانی برایەتی و ئاشتی..

ئەم گۆرانیەی – خان باجی – هونەرمەندی شەهید حەسەن زیرەک ، جگە لە جوانی و بەرزیە هونەریەکەی ڕۆلیکی سیاسی کۆمەڵایەتی بەرزیشی گێراوە ، وەک هه موو گۆرانیە تێکەڵەکانی و زیاتریش بووەتە هۆی لێک نزیک بوونەوەی ئەم میللەتانەو هه موو میللەتەکانی ناوچەکەش ، کاتی لە یەک گۆرانی داو گۆرانیەکی لوتکەی داهێنان و بە دەنگێکی بە هه شتی و چوار زمان.. ئەرمەنی و کوردی و ئازەری و فارسی بە ئاوازێکی خۆش و بە گوتنێکی شاگوتن وەک بارانی بەزەیی خودا بەسەر ڕۆژهه ڵات دا دەبارێ ، جگە لە پشکوتنی گوڵ ..گوڵی دڵان و لە دڵی تاک بە تاکی مرۆڤەکان.. لە خاکی ناوچەکەدا و لە نێو میللەتانی جیا بۆ هه میشە بە ڕیشەی پاکی برایەتی دەپشکوون. بە پیویستی دەزانم ..لەمەو دوا لە جیاتی سروودی شۆڕشگەری و حەماسی میللی ، بۆ برایەتی میللەتانی ناوچەکە.. ئەم گۆرانیەی زیرەک بۆ ئاشتی و برایەتی میللەتانی ڕۆژهه ڵات و هه موو جیهان ئەم سروودەی کە پر لە هێمای مرۆڤایەتیە بکرێ بە مارشی ئاشتی و خۆشەویستی نەوەکانی داهاتووی لەسەر پەروەردە بکرێ! بە دڵنیاییەوە دەیڵێم ..ئەوەندەی ئەم گۆرانیەی هونەرمەندی( شەهید حەسەن زیرەک ) ڕیگای خۆشکردووە بۆ برایەتی بێ خەوشێ نێوان ئەم میللەتانە و بەردەوام خۆشی دەکات، هیج یەک لە حزب و ڕیکخراوە کۆمەڵایەتیەکانی ئەم نەتەوانە نەیتوانیوە ئەمە بکەن(*٦).


خان باجی و چارەسەری لێکەوتەی کرۆنا..
هه ر لە گەرمەی سودەکانی هونەرو گۆرانی خان باجی، داوا لە هه موو ئەو بەڕیزانەدەکەم کە مانەو لە ماڵ بە هۆی لێکەوتەی (پەتای کرۆنا) بێ تاقەت و بێزاری کردوون پەنا بۆ (ڤاکسین) ی هونەر مۆسیقاو دەنگ ببەن و لە هونەریش هونەری بەرزی زیرەک.. چۆن زانست سەڵماندوویەتی کە ئاوازو دەنگی خۆش چارەسەری چەند جۆرێک نە خۆشی دەکات.. ئەگەر هه موو( زاناکانی جیهان) ئەمڕۆ بەدوای ئەوەوەن کە دەرمانی دژە کرۆنا بدۆزنەوەو بە پارە بیفرۆشن و خەڵک لە مردن ڕزگار بکەن ! ئەوا( زانا زیرەک) هه فتا ساڵە لە جیهانی هونەر دەرمانی بێزاری و بێ تاقەتی و بێ هیوایی و خەمۆکی دۆزیتەوەو بە جیهانی دا بڵاو کردووتەوەو بە خۆڕایی بێ هیواو بێزارو بێتاقەتەکان سودی لێدەبێنن و چارەسەری دەردی خۆیانی پێ دەکەن ! لەم ڕۆژگاری پرپەتای کرۆنایەش خوێندەواری بەڕیز ئەوا لە خوارەوە( لێنکی گۆرانی خانباجی)م بۆ داناون و تکایە گوێی لیبگرن و دەرمانی بێ تاقەتی و بێزاری نێو ماڵی بەرتەنگ لە تەک خۆتانەو ئاسان دەست دەکەوێ ! دڵنیام ئەگەر بە جوانی گوێی لێبگرن- وەک و من !- ئەوا ئەو هونەرو دەنگە بەرچاوتان رووناک دەکاتەوەو ژیان جوانتر دەکات و نێو ماڵتان فراوانتر دەبێت ، چارەسەری تەنیایی و بێزاریتان دەکات .. چۆن زۆر جار دەنگی زیرەک یارمەتی دەر بووە بۆ چاکبوونەوە لە نەخۆشییەکان! (*٧)

چیرۆکی گۆرانی خان باجی؟!

زۆربەی هه رە زۆری گۆرانیەکانی زیرەک چیرۆکی تایبەت بە خۆیان هه یە، بەڕای من گۆرانی خان باجیش بێ – چیرۆک – نێە! بەڵام؛ تا ئێستا لە هه موو ئەو نووسینانەی کە باسی ژیان و گۆرانیەکانی زیرەک دەکەن، لە هیچ شوێنێک من نە م بیستووەو نەم خوێندووتەو کە بەڕێزێک باسی چیرۆکی ئەم گۆرانی – خان باجی- یەی کردبێ ، لە کاتێک دا بە تەنیا ئەم گۆرانیە هه ڵدەگرێ نامەیەکی دکتۆراو لێکۆڵینەوەیەکی زانستی هونەری ئەدەبی شایستەی لە بارەوە بنووسرێ !
لە رووی ئاوازەوە هه ندێک بە ئاوازێکی ئازەری یان ئەرمەنی دەزانن! هه رجەندە زانستی مۆسیقا پسپۆری من نیە ! بەڵام ؛ بە هۆی ئەوەی کە تەمەنێکەو بەردەوام گوێ لە گۆرانیەکانی زیرەک دەگرم ، وای بۆ دەچم کە چۆن زیرەک شیعری ئەو گۆرانیەی لە چوار زمان تێکەل کردووە ، ئاواش لە ئاوازەکەشیدا ئاوازی چوار نەتەوەی تێکەڵ کردووە ، واتە ئاوازەکەش تێکەڵە یەکە لە ئاوازی کوردی و فارسی و ئەرمەنی و ئازەری ، ئەم تێکەڵکردنەش لە تواناو هونەری زیرەک بە دوور نیە ! لە نێو هونەری ئاوز دانان و ئاواز گوتندا زیرەک نهێنی و هونەری زۆری نواندووە ، کە تا ئێستا کەمی باسکراوەو لێکۆڵینەوەی تێدا نە کراوە .

شاعیریەتی زیرەک..

ئەگەرچی شاعیریەتی زیرەک ئەویش هێشتا لە لێکۆڵینەوەو دان پێدا نان بە دوورە ! بە ڵام ، شاعیریەتی زیرەک شتێک نیە بشاردرێتەوە؛ بە تایبەت( شیعری گۆرانی) هه موو ئەوانەی لە نزیکەوە کاریان لە گەڵ زیرەک کردووەو ناسیویانە ، دان بەوە دادەنێن..کە زیرک نەک هه ر شاعیر بووە ،بە لکە زۆربەی شیعری گۆرانیەکانی لە کاتی گۆرانی گوتن دا ڕاستەو خۆ گوتوویەتی ! ئەوەش کە ژیانی خۆی بە شیعر نووسیووەتەوە هونەرێکە دەچێتە پاڵ هونەرە زۆرەکانی زیرەک و ئەرکی (زیرەکناس) گرانتر دەکات . لە کتێبی( ساوک .. بۆچی حەسەن زیرەکی کوشت ؟٢٠١٢) نووسیوومە: لە م ژیاننامە شیعریە داشیعرەکەی زیرەک دەچێتە پاڵ شیعرەکەی (حاجی قادری کۆیی) کە زیرەک باسی ژیانی خۆی دەکات و دەنووسێ :
خەڵکی( بۆکان)م (کورد)ی خوێن پاکم
برام (حوسەیین)ە( خات ئامین)ە دایکم
ناوم( حەسەن)ە باوکم (عەبدوڵلا)
خوشکم( سارا)یە (کاکە مین)ە کاکم
حاجی قادریش لە باسی ژیانی خۆی ئاوا دەفەرمووێ :
باوکم (ئەحمەد) بوو ناوی فکرم دێ
خەڵکی لادێ بوو دایکی من (فاتێ)
زیرەک بەو نەخوێندەواریەی خۆی لەم شیعرە ژیاننامەییەی دا گەیشتووە بە ئاستی شاعیریەتی حاجی ئەویش لە باسی ژیانی خۆیدا.

گۆرانی شین و شایی لە یەک کات دا..

هونەرەکانی زیرەک زۆرە ، بەڵام تا ئێستا تەنیا دەنگخۆشیەکەی بەرچاوە!دکتۆر (محمد صدیق مفتی زادە) لەو پێشەکیەدا کە بۆ چاپی یەکەمی (چریکەی کوردستان١٩٦٦) ی نووسیوە دەڵێ:( کاک زیرەک بە بێ کۆسپ و کۆشش چەند هونەری تێدا کۆ بووەتەوە ، هه ر ئەو بەڕێزە لە بارەی دەنگی زیرەک نووسیویەتی:( دەنگی زیرەک بۆ خۆی دەزگایەکی ئەرکیسترای کوردیە، چونکە لە هه ر چرکەیەکداچەند جۆر ئاوازی مۆسیقا هه ست ئەکرێ !) ئەو دەنگە دەزگاییەو ئۆرکیستراییە زیرەک زۆر هونەرمەندانە و بە عەشقەو بەکاری هێناوە ، هه ر بۆیە لە هه ر شوێنێک و لە هه ر بۆ نەیەک و بە هه ر شیعرێک دەنگی هه ڵێنابێ ..داهێنەر بووە . لە باسی ئاوازی- خان باجی – دا لە کتێب ( ناڵە شکێنە)ی مامۆستا (قادر نە سیری نیا) لە نووسینەوەی شیعری گۆرانیەکانی زیرەک و بە نۆتە کردنی ئاوازەکان بە ڕێز ( وەحید موعتەسەمی) دا بۆ خان باجی نووسراوە ( مەجلیسی ) ئەگەر ئاوازە کە مەجلیسییە ! بەڵام، ئاوازێکی خەماویەو زیرەک بە شادیەوە دەیڵێ ! ئەمە داهێنانێکی زیرەکەو تایبەتمەندیەکیەتی بۆ زۆر لە ئاوزەکان ، کە ناوە رۆکێکی خەماوییان هه یە کەچی زیرەک بە دەنگێکی شادی بە خشەوە دەیانچریکێنی . زۆر جار ڕێککەوتووە زیرەک لە یەک کات دا ئاوازی ( شین و شایی ) بە دویەکدا دەر دەبڕێ! بۆ بە ڵگەی ئەم هونەرە با گوێ لە زیرەک خۆی بگرین ، کە ڕەحمەتی ( میرزا کەریم خۆشناو ) لە باسێکدا بە ناوی – لە دێیەکی سوسنیان- لە زاری زیرەک دەگێڕیتەوە 🙁 ڕۆژێک لە سەفەررێکی دوور دەگەڕامەوە ، پارەم پێ نەمابووجل و بەرگێکی چلکن و پیسم لە بەردابوو، کراس و ژێرکراسم لە بەرچلک و عارەقە و تۆزی ڕێگا وەک هه مبانەیان لێهاتبوو.لە ڕۆیشتنی زۆرو هه تاوی گەرم بە سەر سەرمەوە ڕەش داگەڕابووم وتاقە یەک جگەرەشم نەمابووگێژو حۆل هه روەک شێتم لێ هاتبوو، ئەتگوت غەم لە دنیادا نە ماوە هه موویان کۆکردووتەوە خستوویانەتە نێو جەوالیک وبە کۆلی منیان داداوە، بە ڕاستی شەکەت بووبووم و لە ڕیگا دا پێم نەدەکرا پێ هه ڵبێنم . بە هه ر حاڵی هه بوو خۆم گەیاندە نزیک ئەو دێ یە خۆشەی کە دۆستێکی زۆر خۆشەویستمی تیایە . ئەم دێیە بەرزی و نزمی وکانی و ئاوی ساردو دارو بارو سێبەرێکی زۆر خۆشی هه یە، لە جوانی دا لە ناوچەکەدا بێ میسالە و زۆر خۆشە . کە نزیک بە یاڵە کە بوومەوە دەنگی دومبک وگۆرانی ئەهات. سوڕامەوە دیم شاییەکە نە سەری دیارە نە بن ، دەنگی تەپل و دووزەلە و گۆرانی وشاباش وگازە گازی منداڵان تێکەڵاو بووە. منیش نزیک بوومەوەو لە سەر بەردێک کە بە سەر مەیدانی شایەکەدا ئەیروانی دانیشتم. چاوم لە ئاشنا کەم ئەگێڕا بەلکە بیبینم وبچمە ماڵەوەو هه ندێک ئیسراحەت بکەم و سەر خەوێکیشی بۆ بشکێنم . بەڵام بە داخەوە چەندی شایی و ناو دێ وئەملاو ئەولام ڕوانی ئەو دۆستەی خۆم نەدی ! کە سەیری شایی ئەکەم .. ڕەشبەلەک گیراوە و ئافرەتان جوانترین کراس وکەواو سوخمەی ڕەنگاو ڕەنگیان لە بە رکردووە و بۆنی میخەکبەندیان دەماغی خەلکی ئەکاتەوەو. کوڕانیش ڕانک و چۆغەی تازەو خاوێنیان لە بەر کردووە و دەسماڵی گوڵینگە داریان وە بەر پشتێن داکردووە .گۆرانی بێژیش سەرگەرمی شاباش وەرگرتنە. گیرفانی لە پارەی کاغەزی گران بەهاپڕبووە، هه ر دەم نا دەم هاوارێکی لێ هه ڵدەستێ و بە هه مووهێزێکی خۆی هاوار ئەکات شاباش فلان ئاغای کوڕی فلانی هه زار تومانی کردە شاباشی بووک و زاوا ..یان داک و بابی زاوا..یان دۆستان بۆ یەکتر..منیش سەیر ئەکەم یەک فلسی ئەحمەڕم پێ نیە ..ئەمەش قەیناکا بەڵام خۆ یەک جگەرەشم هه ر نیە! ئەملاو ئەولام ژن وپیاو کج و کوڕی لێدانیشتبوون . لە بەر ئەوەی جێگای من مسەلەت بووبەسەر مەیدانی شایی کەدا ئەوا هه ریەکێ لە شایی کە ماندوو بووایە یا بیویستایە سەیری شایی بکا ئەو ئەهات لە لای منەوە دا ئەنیشت . لە بەر ئەوەی خەلکێکی زۆر لە دێهاتەکانی دراوسێ وە بانگ کرابوون و خەلکی غەوارەی زۆری تێدابوو.. من پێوە دیار نە بووم کە غەریبم ..یا خەلکی دێ کەس بە بەتەنگ ئەم قسەوە نەبوو! ئەم دێ ئەم هه موو لاو چاکە خۆیان ڕازاندووتەوە شادو بە کەیف و دڵخۆش ..تەنها منی بەد بەخت نەبێ !! کاکی گۆرانیبێژیش دەستە جلکێکی لە بەردایە ئەڵێی بێچووە تاجیرە! گیرفانەکانی هه روەک ماری پێوەدابێت وابوو..پوزایی بەقەدەر بوخچەیەک ئەبوو..هه مووی کاغەزی گران بەها بوو! دەنگە کەشی ئیڵلا ماشاڵڵا خۆ دەنگی ( گوێرەکە) یەک تۆزێک لەدەنی ئەم گۆرانی بێژەخۆشتر بوو ! دەنگی نووسابووئەوەندەی بۆ شاباش هاوار کردبوو! بیرم لەوەزعی خۆم ئەکردەوە و سەیری ئەمانەشم ئەکرد هه ر چەندە لە ژیانما حەسودیم بە کەس نەبردووە ، بەڵام ؛ زۆر دڵم بە خۆما ئەمایەوە لەوانە بوو لەو کاتەدا یەکێ قسەی لە گەڵ کردبام .. بۆ حاڵی خۆم فرمێسکم لە چاو بهاتبایە خوار! هه ر ئەم دالخەیەم لێدابوویەکێک هاواری کرد ووتی: کوڕینە نان حازرە فەرموون ..شاییەکەیان تێکدا و فەرموو فەرموودەستی پێکرد ، ئەو دەستی کابرایەکی دەگرت وئەیگوت فەرمووبۆ ماڵی ئێمە و ئەوەی ترباسکی یەکێکی ئەگرت وئەیگوت تۆش ئەبێ بێیت بۆ ماڵی ئێمە..سەبر سەبر خەلکی گوندەکە میوانەکانیان بردەوەو. ئەوەی لە دەورو پشتی منیش بوون یەکەیەکە چوونە خوارەوەو تەنها من مامەوە کەس بە منی نەگوت وەرە پاروەک نان بخۆ ، ئەوا سکیشم لە برسا ژان ئەکات ! لەم دێهاتەش وا عادەتە ..ئەگەر خوانە خواستە مردووێکیان لێ بمرێت یا بە خێر زەماوەندێکیان هه بێت ئەو هه ر ماڵە و بە پێی توانای خۆی چێشت لێ ئەنێ ئینجا یا هه ر لە ماڵی خۆی میوان بانگ ئەکات ..یا هه موو ئەهلی ئاوایی چێشتی خۆیان لە ناو قاپی پاک و تەمیز و لە گەڵ هه ندێک نانی نەرمی تیری و هه ندێ نێرکە پیوازو جامێک دۆی خەست وسارد و ترش کە خوێشی تێ ئەکرێ لە سەر سنی یەکی پاک و خاوێن یا لە سەر سەلەی دار کە لە شووڕکە بی دروست ئەکرێ دا ئەنێن و ئەیخەنە سەر دەستیان و ئەیبەنە مزگەوت ..لە گەڵ میوانەکان و هه ر میوانەش لەگەك خانە خوێکەی ئەیخوات ..لێرە کەس خوڵقی منی نەکرد..کە زۆر ماندوو بووم و زۆریشم برسی بوو..تەنها مابوومەوەو مەئیوس بووم و بەدست خۆم نەبووغوربەتیم هه ڵساو دڵم پڕ بوودەستی خۆم خستە بنا گوێم وتا تێنم تیا بوودەنگی خۆم هه ڵێناوگۆرانی یەکی زۆر غەریبم بۆ هات .- لێرە میرزاکەریم ڕوو لە زیرەک دەکات ودەڵێ : هه ر چەند قسەشت پێ دەبڕم بەڵام توخوا زیرەک گیان چۆن ئەم گۆرانیەت گوتووە بەئارامئ ئاوا بۆ منیشی ناڵێیتەوە ؟

زیرەکیش لە دەروونێکی بریندارەو زۆر بە عادزی و غەمباری گۆرانیەکەی بۆ وتم، کە بە ڕاستی من خەریک بوو بگریم ..ئەمەندەی بۆ وتم :
(بۆچ منیش لە جوملەی عەبدی خودا نیم؟!
بۆچ سەعاتێک لەدەست میحنەت ڕەهانیم؟!
گلەیی دەکەم بە لای خوداوە
دەروازەی مەینەت بۆچ تەنها بۆ من کرایەوە؟!)
زیرەک بەردەوام دەبێ لە گێرانەوەی بەسەرهاتەکەو دەڵێ :لەم کاتەدا یەکێک لە خەلکی ئاوایی کە گوێی لە من بوو..ئاوڕی دایەوەوچاوی بەمن کەوت و گەڕایەوە لام و لە سەرم وەستاو هیچی دەنگی نەکردوۆ ئەوەی گۆرانیەکەم کۆتایی بێنم و جا لە گەڵم قسە بکا، منیش وا دڵم شکا بووعادز بوو بووم ئەگەر هه موو خەلکی دێ یەکەش هاتبوایەنەوە و لە سەرم کۆ بوونەوایەوە بە بای خەیاڵم نە دەهات!
سەرت نە یەشێنم یەکە یەکە خەلکی گوندەکە گەڕانەوە ..ئەوی گوێی لێم بووئەوی تریش کە ئەیدی خەلک بۆ لای گردەکەی سەر مەیدانی شاییەکە ئەگەڕێنەوە ئەویش بە غاردان ئەگەڕایەوە.
تاوای لێهات خەلکی دێ بە گەورەو بچووک ..پیرو جوان هه لیان کردە غاردان بێ ئەوەی بزانن کە چی قەوماوە ..تا ئەگەیشتنە لای من وەک بزمار لە عاردەکە ئەچەقین و ئیتر نە ئەگەڕانەوە بەوانەی تر بڵێن شتێکی واهه یە ..غار مەدەن هیچ نە قەوماوە .
تا حال گەیشتە ئەوەی زۆر بەی ئەهلی گوند لە سەرم ڕاوەستان ..بێ ئەوەی یەک قسە بکەن و ورتەیان لە دەم بێتە دەرەوەو .
منیش تا لێ نە بوومەوە و دڵی خۆم خاڵی نەکردەوە ، گۆرانیەکەم نە بڕێ .. دوای ئەوەی گۆرانی یەکەم تەواوکرد دێم زۆر ژن و پیرەمێرد دەسمالێان بەدەستەوەیەو ئەگرین.
کە ئاوڕم دایەوە پشتە خۆم دۆستەکەم دی فرمێسکی ئەسڕیتەوە..باوەشی تیوەرینام و زۆری ماچ کردم، بەڵام ؛ ئاوی چاوی ڕانەدەوەستا من لەو وەختەی کە باوەشم پێوە کرد وماچم کرد و چاک و خۆشیم لە گەڵ کرد..خەریک بوو فرمێسکم بێتە خوار. بەڵام، بە هه موو تاقەتم خۆم گرت وهه ندێک چاوم حەوا داو وەرسوڕاند نەوەک فرمێسکم بێتە خوارو بە زەعیفم بزانن ..خوا لە مەیان چاک بوو یارمەتی دام…)(*٨)
من ئەم چیڕۆکە لیرە ڕادەگرم و ڕوو لە خوێندەواری خۆشەویست دەکەم ، کە ئەگەر دەتەوێ لە کۆتایی ئەم بە سەرهاتەوزۆر بەسەرهاتی تری زیرەک شارەزا بیت و هونەری گێرانەوەی زیرەک وبەسەر هاتەکانی بزانی، ئەوا دوو بەرگەکەی ( حەسەن زیرەک.. و هه ندیک لە بەسەرهاتەکانی- ١٩٨٦ ) بخوێنیتەوە کە( میرزا کەریم خۆشناو )خۆی لە زاری زیرەکی بیستووەو بە چاوی خۆی دیویەتی چاپی کردوون .
هونەری زیرەک و سەمای پیرەمێردێک !
چیڕۆکی ئەو پیرە میردەی کە عاشقی دەنگ و هونەری زیرەک دەبێت ولە دوورەو دەچێتە
(کانی مە لا ئەحمەد) بۆ ئەوەی لە نزیکەوە زیرەک ببێنێ و دەنگی ببیسێ ، زیرەک زۆری ڕێز لێ دەگرێ و گۆرانی بۆ دەڵێ .. سەرەتا گۆرانیەکی خەماوی دەڵێ ! سەیرەکات پیرە پیاو خەریکە فرمێسکی دەسڕێ ، زیرەک یەکسەرە دیکاتە گۆرانیەکی شادی و هه ڵپەڕكێ..کابرا کەوای لە بەر پشتی دەنێ و سەمایەک دەکات نە بکەی نە بخۆی سەیری ئەو سەمایە بکەی – لێرە میرزا کەریم خۆزگەی ئەوە دەخوازێ کە کامیرایەک ڤیدیۆیەک هه بوایە بۆ ئەوەی ئەو دەنگە خۆشەی زیرەک و ئەو سەما جوانەی ئەو پیرە میردە تۆمار بکرایە ، دەبوو بە توحفەی گۆرانی و سەما، هه ر لە یەک کات زیرەک توانیویەتی خەڵک بخاتە گریان و بخاتە سەما .ژیانی زیرەک پڕاو پڕە لەم جۆرە ڕووداوو بەسەر هاتانە بە داخەوە زۆر کەمیان بە وێنەو دەنگ تۆمارکراون ! لێرە دەمەوێ ئەوەش بگێڕمەوە کە گەورەیی زیرەک دەردەخات ، میرزا کەریم دەڵێ : کە بە تەنیا ماینەوە بە زیرەکم گوت ..ئەوە چۆنە زیرەک هه ر کەسێک دێت و داوای گۆرانیت لێدەکات تۆ دڵی ناشکێنی و یەکسەر گۆرانی بۆ دەڵێی ؟ لە وەڵامی میرزا کەریم خۆشناو زیرەک دەڵێ : میرزا کەریم ئەم پیاوە پیرە لە دوورەوە بە دوای دەنگی من دا هاتووەو دەیەوێ لە نزیکەوە من ببێنی و دەنگی من ببیسێ ، من چۆن بێ دڵی دەکەم ! من خۆم دەزانم چۆن دڵی ئەو خەلکە خۆش دەکەم . بەڵێ زیرەک لە هه موو ژیانی داو پاش مردنیشی بەردەوام دڵی خەڵک خۆش دەکات ! بە ڵام؛ بەداخەوە لە ژیان کەس نە بوو دڵی ئەو خۆش بکات !؟
ئەوی لە گێرانەوەی ئەم بەسەر هاتەی زیرەک مەبەستم بوو ..توانای زیرک بوو لە خەلک خستنە شین و شایی لە یەک کات دا ، ئەمەش نموونەی زۆرە لە ژیانی زیرەک و بەسەرهاتەکانی دا.
ئەگەر مۆسیقیزانی وەک زریاب بە مۆسیقا خەلکی خستووەتە گریان و پێکەنین ئەوا زیرەک بەدەنگەکەی زۆر جار ئەوەی کردووە .
زیرەک پیاوێکە..هه تا پتر شارەزای ژیانی بیت ،زۆرترت خۆشدەوێت .
هونەرمەندێکە ..هه تا زۆرتر گوێ لە گۆرانیەکانی بگری،دەنگیت لا خۆشتر دەبێت .

https://youtu.be/90aOXVTTAxA

ئەمە لینکی گۆرانی خان باجی یە .
https://musickordi.com/music/3816/9-اهنگ-کردی-زیرک-خان-باجی
(١) – خان باجی وشەیەکی لێکدراوە لە وشەی – خان = خاتوون، گەورە، بەرێز – ی کوردی و – باجی = خوشک = خوشکی گەورە – ئازەری ترکی و ئێستا دەربڕی – خان باج – بەسەر یەکەوە ئیدیۆمێکی هاو بەشە لە نێوان زمانەکانی کوردی و فارسی و ترکی و ئەرمەنی دا و لە نێو خۆشی دا مانا یەکی جوان و خۆش و پڕ ڕێز هه ڵدەگرێ . (٢) – بیستوومە زیرەک بە زمانی عەرەبیش گۆرانی گوتووە، بە تایبەت وەختی خۆی لە بە غدا گۆرانی هونەرمەندی ناوداری عێراقی (نازم غەزالی) گوتووتەوە، بەڵام! دەڵێن ڕەشیان کردووتەوە .
(٣) – من لە بەر ئەوەی ئەرمەنی و ئازەری نازانم ، نەمتوانی گۆرانی خان باجی بە تەواوی بنووسمەوە ، سەیری چەند سەرچاوەیەکیشم کرد ئەو بەڕێزانەی گۆرانیەکانی زیرەکیان نووسیوەتەوە بەداخەوە ئەوانیش تەنیا کوردیەکەیان نووسیبوو،جانازانم نەیانتوانیبوو یان لە کاسێتێکی تریان وەرگرتووە کە هه ر کوردیەکەی گوتووە ، چۆن زیرەک گۆرانیەکانی خۆی هە رجارێک بە شێوەیەک گوتووتەوە و جیا لە شێوەکانی تر! خۆزگە بەڕێزێک کە ئەرمەنی و ئازەریش بزانێ سەرە ڕای فرسی و کوردیەکە ..تەواوی ئەو گۆرانیەی دەنووسیەوەو مانای شیعرە ئەرمەنی و ئازەریەکەشی بۆ دەنووسین . ئەوەش بڵێم ..ئێستاش من لە ڕاستی نووسینی شیعرە ئەرمەنی و ئازەریەکە دلنیا نیم ، ئەگەر هه ڵەم نوسیوون تکادەکەم ئەو بەڕێزانەی دەتوانن بۆم ڕاست بکەنەوە . (٤) – زیرەک ئەم شیعرە بەرزەی مامۆستا (هێمن)ی زۆر جار گوتووتەوە و هه ندێک دەسکاری کردووەو لە گەڵ خواست و ژیانی خۆی گونجاندووە چۆن بەڕاستی چەند شیعرەکە دەربڕێ ڕاستە قینەی ژیان و خەباتی(مامۆستا هێمن)ە سەت هێندەش لەگەڵ ژیانی پڕ دەربەدەری وئاوارەیی زیرەک دێتەوە . سەیرکە لە کۆتایی ئەم شیعرە کە بە مەقام دەیڵێ ئەم نیوە دێرەی بۆ زیاد کردووە ( ئایا کفرم کردووە ئەشقی چاوی مە هوەشم ؟) کە ئەم نێوە دیرە شێعرە و بەم دەنگەو بەم شێوە پڕ پرسیاریەوە دنیایەک لێکدانەوە هه ڵدەگڕێ !!
(٥) – ئەم شیعرە تێکەڵەی خان باجی پێویستی بە ساغکردنەوەیەکی ورد هه یە کە ئایا شیعرە ئەرمەنیەکە فۆلکلۆرە یان نووسراوە یان دانانی زیرەک خۆیەتی ، هه روەها شیعرە ئازەریەکەش ..دیسان شیعرە فارسیەکە شیعری چ شاعیرێکە ؟ ئەو کوردیەکە هه ندێکی فۆلکلۆرەو هه ندێکی دانانی خۆیەتی ، جگە لە شیعرەکەی مام هێمن کە ئەویش دەسکاریەکی کردووە . (٦) – خۆزگە براکانمان لە ڕۆژ هه ڵات ڕای ڕۆشنبیرو هونەرمەندانی فارس و ئەرمەن و ئازەریەکانیان سەبارەت بە زیرەک بۆ دەگواستینەوەو ئاگادار دەبووین ..هونەری زیرەک بەم تێکەڵیە بەزمانە جیاکان چ کاریگەریەکی هه بووە لە لێک نزیککردنەوەی هونەرمەندان و جەماوەرکانیان .
(٧) – چیرۆکی ئەو کەسانەی کە نە خۆش بوونەو سودیان لە گۆرانی و دەنگی زیرەک بینیوە زۆرە ..بە تاتبەت نە خۆشیە دەروونی و ڕوحیەکان. (٨) – ئەم بەسەر هاتەی زیرەک بۆ خۆی ڕۆمانێکە ..هه ڵدەگرێ فلیمی سینەمایی لێ بەر هه م بێت، سەیرکەن زیرەک چ زیرەکانەو شارەزایانەو چیرۆکنووسانە ڕووداوەکە دەگێڕیتەوەو لە دەرخستنی پانۆراماییەوە بۆ زووم و لەدەنگەوە بۆ جولەو لە مەنەلۆژەوەو بۆ دیالۆگ و لە گەورەوە بۆ بچووک و لە تۆپۆگرافەوەو بۆ ئاووهه وا ولە خودەوە بۆ گشت و لە باری کۆمەڵایەتیەوە بۆ باری دەروونی چاوو زاری دەگوێزێتەوەو ڕووداوو دیمەنە کە مان بەدەنگ و ڕەنگ وەک خۆی دێنێتە بەرچاو .

دکتۆر مەولود ئیبراهیم حەسەن
هەولێر – سەرەتای/٤/٢٠٢٠




چاوپێکەتنی چەعفەر عەزیم زادە زیندانی وڕابەری کرێکاری ناسراو لەئێران سەبارەت بە کرۆناو بارودۆخی زیندانیەکان

چاوپێکەوتنی ڕوحوڵا مەردانی خوێندکارو مامۆستای زیندانی پێشوو لەگەڵ جەعفەر عەزیم زادە لەبەرەی بارودۆخی مەترسیداری زیندانەکان و لێدوانەکانی وتەبێژی داوەری گشتی.

ڕوحڵا مەردانی:ئەم کاتەت باش بەڕیز عەزیم زادە

جەعفەر عەزیم زادە:سوپاستان دەکەم بەڕیز مەدانی ئێوە باش؟
مەردانی:زۆر سوپاس بەڕێز عەزیم زادە!ئیوە لە بەیاننامەکەی ئەم دوایەتان کە لەگەڵ سێ زیندانی تردا بە ناوەکانی ئیسماعیل عەبدی وئەمیر سالار داودی ومەجید ئازەرخیزدا ئاماژەتان بە بڵاو بونەوەی پەرەسەندوی ڤایرۆسی کرۆنا لە وڵاتتدا و بەشوێن ئەودا لە زیندانەکاندا کردوە.رهەوەها سەبارەت بە مەترسیەکی ڕاستەقینە،کە قەرەبو نەکرانەوەی هەرجۆرە کەموکوری و ڕێگری دروستکردنێکی بەرپرسانی دادوەری و بەندیخانە کە ببێتە هۆکاری درێژبونەوە وسستی دروستکردنێک کاتی ناردنەوەوەی زیندانیەکان و مۆڵەت پێدانیان.ئاگادارکردوەتەوە.وە دەسەڵاتدارانتان بەرپرس کردوە لە ئاکامەکانی.ئەگەر بکرێت ڕونکردنەوەیەکی زیاترمان بدەیت لەم بارەیەوە.
جەعفەر:بەڕێز مەردانی ڕاستی کارەکە ئەوەیە کە زیندانی بەمانا ڕاستەقینەکەی هیچ جۆرە ئیرادەیەکی بەسەرخۆیدا نیە هەتا بتوانێت لەکاتی توش بون بەکرۆنا یان لە کاتی پەرەسەندنی ڤایرۆسەکە لەزینداندا بە تواناو ئارەزوی خۆی دەورێکی هەبێت لە توشنەبون بە ڤایرۆسی کرۆنا وەیان دەوركی هەبێت لەبەرگرتن لەپەرەسەندنی ئەو ڤایرۆسەدا لەزینداندا.ئێوە کەلە دەرەوەی زیندانن دەتوانن دەرگایی ماڵەکانتان دابخەن وبەباشی خۆتان بپارێزن.ئەمەوێت بڵێم بەدڵنیایی کەسانێک کە لەزیندانداندان ئەو توانایان نیە وە هەموو ڕێگاکانی هاتنە ژورەوەی لەبەردەم کرۆنادا بۆ ناوزیندان کراوەیە وە هیچ جۆرە کەلوپەلیکی پزیشکی لێ نیە.ڕیم بدە لێرەدا ئاماژە بەخاڵێک بکەم.من ئەو شتانەی کە لێرەدا باسیان دەکەم تایبەتن بە زیندانی ٨ی ئەوین.لەوانەیە بارودۆخ لە زیندانەکانی تردا خراپتر بێت.من لە ڕاستیدا باسی بارودۆخێک دەکەم کە خۆم وزیندانیەکانی تر لێرەهەمانە.بۆ نمونە سەبارەت بەهاتنە ژورەوەی ڤایرۆسی کرۆنا هەر بۆ ئەم زیندانی ژمارە هەشتە ٢٢ کەس کادرو ستاڤی بەڕێوەبری کە ڕۆژانە هاوتوچۆی ناو زیندان دەکەن دەتوانرێت لە ڕێگەی ئەوانەوە بەئاسانی ڤایرۆس بگوێزنەوە بۆ ناوزیندا.وەیان سەرچاوە دادوەریەکان بە مەبەستی پێداچونەوە یان لیکۆڵینەوە زیندانیەکان لێرەوە دەبەن بۆ شوێنێکی تر.ئەوانە لەگەڵ ژینگەی دەرەوە پەیوەندی دەکەن و ئەگەری زۆرە لەکاتی گەڕانەوەیاندا ببنە هۆکاری گواستنەوەی ڤایرۆسەکە.وەیان بۆ نمونە بنەکەی تەندروستی زیندان ئێمە بنکەی تەندروستیمان هەیە کە لە بەندیخانەی ٧دایە کە ناسراوە بە بەندی ئاژاوە چیەکان کە لەم دواییانەدا ئەو بەڕێزانە نزیکەی ٣٠٠ تا ٤٠٠کەسیان لە دەرەوە یان لە هەواڵگریەوە هێناوەتە ناو زیندان.ئەو زیندانایانە دەڕۆن بۆ هەمان بنەکەی تەندروستی کە زیندانیەکانی بەندی هەشتیش دەڕۆن بۆی.هەفتەی ڕابردو یەکێک لە دۆستەکانمان ڕوشتوبوو بۆ بنکەی تەندروستی ئەیوت یەکێک هەر لەو زیندانیانە بەشێوەیەک لە ساڵۆنەکەدا کەوتبو خۆی وێران کردبوو.هەر بەوهۆیەوە ڤایرۆس بەئاسانی دەتوانرێت بگوێزرێتەوە.ئەڵبەت ڕێگای تریش هەیە بۆ گوزتنەوەی ڤایرۆس؛بۆنمونە لە ڕێگەی کرێکارانی چێشتخانەو،نانەواو،وەیان فەرمانبەرانی یاریدەدەر کە هاتوچوی زیندان دەکەن.هەرچۆن بێت ئەم ڕێگایانە ناتوانرێت سنوردار بکرێن و بڕیایریشی لەدەست زینداندا نیە.لە لایەکی تریشەوە ڕاستیەکەی ئەوەیە کە ئەگەر ئەم ڤایرۆسە بێتە ناو زیندانەوە بە خێرایی دەتوانێت پەرە بستێنێت.بۆ نمونە لەئەم هۆڵەکەی ئێمەدا ٧ژوری ٢٠مەتری و دوو ژوری بچوکتریان تێدا گونجاندوە کە ئێستا ٨٠ کەسین کەلە ڕاڕەوێکدا کە پانیەکی یەک مەترو نیویدا هاتوچۆ دەکەین کە بەهیچ شێوەیەک بواری لێک دورکەوتنەوەی تێدا نیە کە لەوێدا بەئاسانی ڤایرۆسەکە لە ڕیگەی هەناسەدانەوە ئیمکانی گوستنەوەی هەیە.لە ژورێکدا ٧-٨ زۆرجاریش ١١ کەس ژیان بەسەر دەبەن کە هەموان لە کەلوپەلەکانی وەکو دوش،ساردوگەرمی چایی وئیسفەنجی قابشۆرین،سەماوەر،سنکی قابشۆردنی هاوبەش،سود وەردەگیرێن بەکورتیەکەی ئەوەیە کە هیچ ڕیگایەک بۆ خۆپارەسن بونی نیە تەنانەت ئەگەر دەمامک و پاککەرەوەشمان بۆ دابین بکەن کە نایکەن.
لێرەدا پێویستە بە ئاگادری ئێوەو هەموان بگەیەنم کە ئیستا پاش ٢٤ڕۆژ تێپەڕین بەسەر ڕاگەیاندنی فەرمی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کرۆنادا وە بە پیچەوانەی ئەوەی کە بەڕێزان لەدەروەی زیندان پاگەندەی دەکەن کە ئاگاداری زیندانیەکانن چاودێریەکی لەوشێوە بونی نیە.لەم ماوەیەدا تەنها دوو دەمامک و دوو جوت دەست کێشیان داوە بەزیندانیەکان ئەو دوو جوت دەستێکش ودەمامکەش کە داویانە ئەو دەمامکانەن کە بۆ خۆپاراستن لە تۆزو خۆڵ بەکاریان دەهێنن وە بە ئاستێکی زۆر نزم.لەم ماوەدا هەروەها دوو جار پاککردنەوەی دژی میکرۆبیان بەکار هێناوە کە هاواری لە زیندانیەکان بەرزکردەوە بەشێوەیەک کە یەکێک لە زیندانیەکان پێشی لێگرتن و ناڕەزایەتی دەربڕی وتی ئەوە چیە کە ئێوە دەیڕێژن.ئەوە هەر ئاوە!تازە بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی کەپیشتر سەبارەت بە ژیانی هاوبەشی زیندانیەکان ،لە زیندانەکاندا باسم کرد ئەگەر هەموو جاودێریەکانیش بەڕێوە بچێت هیشتا ناکرێت بەر بە بڵاو بونەوەی ڤایرۆس بگرێت.
کیشەیەکی تر ئەوەیە کە لە زیندانەکاندا هێچ جۆرە چاودێریەکی پزیشکی بونی نیە.زیندانیەکان ئەبێت خۆیان کیس و سەتڵی کۆکردنەوەی خاشاک ئامادەبکەن؛نەخۆشخانە دەمێکە حەبی ئەنفلۆنزای نیە کەبیدەن بەزیندانیەکان ،ئەوکاتە چۆن ڕێکخراوێک لەو شێوەیە دەتوانێت لەبەرامبەر بڵاوبونەوەی نەخۆشی کرۆندا پارێزگاری لە زیندانیەکان بکات.هیچ جۆرە ئاسانکاریەکی پزیشکی لێرەدا بونی نیە،هیچ کادرکی پزیشکی نیە کە بەشێوەی بەردەوام لە نەخۆشخانەکە کاربکات.
من لیرەدا ئەمەوێت ئەو ئاگادرکردنەوەیە بدەم کە بەمانای واقیعی وشەکە زیندانی لێرە توشی بەدخۆراکی بوە.خۆی بارودۆخی دەرونی زیندان سیستەمی پاریزگاری زیندانی زۆر هێناوەتە خوارەوە لێرەدایە کە ڕیگری کردن لە هاتنی نەخۆشی بۆ زیندان وهاوکات ڕێگای ڕێگری لەبڵاوبونەوەی نەخۆشی لە زینداندا ئەسڵەن بونی نیە. وە لێرەدا کە لەشی زیندانی زۆر لاوازە(ئەمانەوێت بڵێین ئەمە تەنها بانگەشەیەک نیە؛دوکتۆرەکان و ڕایگشتی دەتوانن لەم بارەیەوە ڕای خۆیان بڵێن)ئەگەر ڤایرۆس بێتە زیندانەوە ڕوبەڕوی مردنی لەسەدا ٧٠-٨ی زیندانیەکان دەبین.ڕوبەڕوی کوشتارێکی گەورە دەبینەوە.وە ئەمە مەترسیەکە کە زۆر بەتوندی هەڕەشە لە زیندانیەکان دەکات.وە دەسەڵاتداران لە ٢٥ ڕۆژەی ڕابردودا هیچ هەنگاوێکیان نەناوە.وە ئەوەی کە ئەمڕۆ دەتوانم قسە لەگەڵ ئیوە بکەم بەڕیکەوت یان شانس هەژمار دەکەم. بۆچی ڕێگای بەرگرتن بە هاتنی ڤایرۆس نیە،ڕێگای چارەسەر نیە لەشی زیندانیەکان لاوازە لەوانەیە هەر ئێستا کەمن قسە لەگەڵ ئێوەدا دەکەم ڤارۆس هات بێتە زیندانەوە کە لەوکاتەدا دەبێت کارەساتێکی گەورە کە بەداخەوە بەرپرسانی زیندان،دادوەری گشتی وبەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لەبەرامبەر ئەوەدا بێدەنگ بون وە تەنانەت ئیدیعای ئەوە دەکەن کە ئێمە ئیمکاناتی بەرگرن مان بە بڵاوبونەوەی ڤایرۆس لە زینداندا هەیە.ئیرە ئەوەندە پڕ مەترسیە کە بەپێی یاسای زیندان ئەبێت زیندانیەکان خۆیان دەرمان بکڕن.

مەردانی:ئەڵێن مۆڵەتیان داوە بەزیندانیە سیاسیەکان وتەنانەت وتەبێژی هێزی دادوەری بانگەشەی ئەوە دەکات کە بارودۆخی زیندانیە سیاسیەکان لە زیندانە ئاساییەکان باشترە ئەتوانیت پێمان بڵێیت کە بارودۆخی مۆڵەتی هاوەڵەکانت بەچ شێوەیەکە؟
عەزیم زادە: سەیرەکە بەڕیز مەردانی ڕاستیەکەی ئەوەیە کە ئەم بانگەشەی دەیکەن کە وا مۆڵەتیان بەزیندانی سیاسی داوە وەک ڕاستی ئەو بانگەشانەی تروایە کە سەبارەت بە بەڕیوەبردنی کاروباری مەملەکەت دەیکەن لە مەیدانە جۆراوجۆرەکاندا.ڕاستەیەکەی ئەوەیە کە لە ٢٥ ڕۆژی ڕابردودا هەموو ئەوانەی کە مۆڵەتیان وەرگرتوە ئەو کەسانەن کە لەپایزی ساڵی ڕابردوەوە دەستگیر کراون وحوکمی شەش مانگ یان ساڵێک دراون.وە تا ئەو جێگەیەی کە بۆ زیندانەکەی ئێمە دەگەڕێتەوە ژمارەیەک لەو کەسانە ئەوانەن کە سزای دوو ساڵ ونیو وە سێ ساڵ ونیو یان هەیە ولە سەدا ٩٠یان دوو سێ مانگیان لە سزاکەیان ماوە.ئەم بەڕێزانە هەرگیزمۆڵەتیان نەداوە، بەکەسانێک کەلە دەرەوەی زیندان هەڵسوڕاوی مەیدانێکی دیاری کراو بون وەک بەرگری لە مافی مرۆڤ وکە هەڵسوڕانی ڕشتەیی و مەدەنی ورۆتینیان لە مەیدانەدا هەبووە.وە ژمارەی ئەو هەڵسوڕاوانەی کە مۆڵەتیان وەرگرتوە لە پەنجەکانی دەستێک کەمترن وە لێرەدا من نامەوێت ناوی ئەو کەسانە بهێنم.بەو مانەیا من دەمەوێت بڵێم ئەوە درۆیەکی گەورەیە کە بانگەشەی ئەوەی کە مۆڵەتیان داوە بەزیندانیە سیاسیەکان.ئەو بەشە لەزیندانی کە بەمۆڵەت ڕۆشتون ئەوانەیان هێنا کە بڕیار بوو بەلێوبردن بیان گرێتەوە و ئازادیان بکەن لێبوردنەکەشیان هاوکات بوە لەگەڵ کرۆنادا وئەوان سودیان لەم کێشەیە وەرگرتوەو دەڵێن مۆڵەتمان بەزیندانیەکان داوە.
بەڵام سەبارەت بە بانگەشەی دادگای باڵا ،ئەم بانگەشەیە لە دیدی منەوە بەتەواوەتی دورە لەڕاستیەوە.لێردا جێگەی خۆیەتی کە ئاماژە بدەم بە و کێشەیەی لەبیرمان چوو ئەویش مۆڵەت یانداوە بەهەموو قوڵبڕ ودزو تاڵانچیەکان بەبێ جیاوازی وە ئەوان لەدەرەوەن،ئەڵبەت ئێمە نیگەرانین کە ئەوان لەدەرەوەن.وە ئیمە سەبارەت بەو مەسەلەیە خۆشحاڵین،بەهۆی ئەوەی کە ئێستا ترسان لە مردن بەهۆی کرۆناوە سایەیی بەسەر زینداندا کێشاوە. وە ئەمەش مافی هەموو ئینسانەکانە کەلەم بارودۆخەدا پارێزگاریان لێبکرێت.ئەوە ئەرک وبەرپرسیارێتی دادوەری گشتی وڕێکخراوەکانی زیندانەکانە کە پارێزگاری لە گیانی هەموو ئینسانەکان بکەن چ ئەوانەی بکوژن وە چ ئەوانەی تاڵانیان کردوەو ە چ زیندانیانیە سیاسیەکان.بەڵام ڕاستیەکەی ئەوەیە کە دەستگای دەسەڵاتدار لیرەشدا هەڵاواردن وجیاوازی کردوە،من دەتوانم بڵیم بەڕێز حسێن فەرەیدون برای سەرۆک کۆمار کە دەیان ملیار تمەن سامانی خەڵکی بەتاڵان بردوە کە ڕاگەیاندنەکان ڕایانگەیان دادگا بەرقەرار بوە؛ئیستا لە کوێیە و لەکام زیندانەیە،بەڵام کاتێک کرێکارێک،مامۆستایەک،هەڵسوڕاوێکی مافی مرۆڤ بۆ ئەوەی بارودۆخی ئەم مەملەکەتە بەرەو باشتر بڕوات چالاکی ئەنجام ئەداوە بەتاوانی ئەمنیەتی خراوەتە زیندانەوە مۆڵەتیان بەو نەداوە بەڵام مۆڵەتیان داوە بە هەموو تاڵانچیەکان کە من لێرەدا جگە لە ئاغای فەرەیدون ناوی کەس نابەم وە من دەتوانم ناوی دەیان کەس کە ئێمە لێ یانەوە نزیک بوین بهێنم .بەڵام لە پەیوەند بە ئیدیعاکانی وتەبێژی دادوەری گشتیەوە،بەڕیز ئیسماعیلی ئەبێت بڵێم بەتەواوەتی ئەوجۆرە ئیدیعایانە دورن لە ڕاستیەوە..من کرێکارێک وهەلسوڕاوێکی پیشەیم؛دەستگیریەکانی من وداخوازیەکانی منیش هەن وە ئەوان دەتوانن لە هەر جێگەیەک کە ویستیان بڵاوی بکەنەوە.بەڵام من وهەڵسوڕاوە مەدەنیە،سیاسی ومافی مرۆڤەکانی تر بەتاوانی ئەمنیەتی سزادراوین.ڕێک هەڵاواردن وستەمی زۆری حکومەت لە دەرهەق بە زیندانیانی سیاسی،ڕشتەیی،مەدەنی ومافی مارۆڤ هەر لەم نیگایەوە سەرچاوە دەگرێت.لەگەڵ ئەم وەسفکردنەدا ئیتر وتەبێژی دادگای باڵا چۆن دەتوانێت ئیدعای ئەوە بکات کە بارودۆخی ئێمە باشترە لە زیندانیەکانی تر.بەڕێز مەردانی ئێوە خۆتان چەند مانگێک لە مەوەبەر لە زیندان بون ،مۆڵەتیان نەدان بڕۆنە سەر گۆڕی دایکتان ،مۆڵەتیان بەکام زیندانی سیاسی داوە!لەکاتێکدا دەستبڕو تاڵانچیەکان هەرکاتێک مافی موڵەتیان بوبێت مۆڵەتیان پێئەدەن وە لە بەندیخانەکەی ئێمەدا ئەگەری ئەوە هەیە کەسێک مۆڵەتی وەرگرت بێت لەوانەشە نەیگرتبێت.
وەیان ئازادی بەمەرج کە هەرگیز نایدەن بەزیندانی سیاسی.بەڵکو زیندانی سیاسی لەم بارەیەشەوە ئەشکەنجە ئەدرێت.هەر ئەمساڵ داوایان لە بەڕێز عەبدی وچەند زیندانێکی سیاسی تر کرد کەمن نامەوێت ناویان بێنم کە بێن و داواکاری ئازادی بەمەرج بکەن.
وە خێزانەکانی ئەوانەشیان برد بە خەیاڵی ئەوەی کە خۆشەویستەکانیان ئەیانەوێت ئازادبکرێن بەڵام دەستی دەستیان بەوانیش کرد وئازادی بەمەرجیشیان نەدانێ.
زیندانیەکانی تر کاتێک دەوڵەمەندن و ئازادی بەمەرجیان دەوێت ئەو ئازادیە ئەدەن بەوان.ئەڵبەت ئەوەش بڵێم کە زۆرێک لەم زیندانیانە بەهۆی نەدانی جزیەوە لە زینداندا.هەرچۆن بێت ئەوانەی کە توانای بەدوادا چونیان هەیە دەتوانن سود لەم ئازادیە بەمەرجە وەربگرن.بەڵام زیندانیە سیاسیەکان هەرگیز ئەو بارودۆخەیان نیە.
هەتا ئەو جێگەیەش کە پەیوەندی بە بارودۆخ و ژینگەی زیندانەکەوە هەیە بارودۆخی زیندانی سیاسی زۆر خراپترە.بۆ نمونە ئەگەر منی زیندانی سیاسی بمەوێت بڕۆمە زیندانێکی ترو بۆ نمونە بڕۆمە ژورێک کە هاورێی منە،بەئاسانی ڕیگەم پینادەن.لە کاتێکدا ئەو بوارە بۆ زیندانە ئاساییەکان ڕەخساوە. بەشێوەکی کورت ئەوەی کەمن وەک کۆبەندیەک دەمەوێت بیڵێم ئەوەیە کە ئەوە درۆیەک وپاگەندەیەکی پوچە کە لەلایەن دادوەری گشتیەوە ڕاگەینراوە.من لە پەیوەند بەهەمان کێشەو بانگەشەیەک کە هەمە ئامادەم دادگایی ئاشکرا بکرێم وە بە بەڵگەی تەواوەوە وەڵام بدەمەوە.
مەردانی:زۆر باشە. زۆر جێگەی داخە بەڕێز عەزیم زادە وە بەداخەوە کە بارودۆخەکە بەهیچ شێوەیەک باردۆخیکی لەبار نیە.
تکایە بەبێ ئەرک بەشێوەیەکی کورت و بەلەبەرچاوگرتنی بارودۆخی نەخۆشی دڵ و کۆئەندامی هەرس و بەلەبەرچاوگرتنی بارودۆخی تەمەنێک کەهەتانە،چ وەڵامێکیان بە ئێوە داوەتەوە،ئایا ڕێگا چارەیەک هەیە وە ئەبێت چی بکرێت بۆ ئەەوە کە ئەم مەرسیە مەرگبارەی کرۆنا لەسەر زیندانیەکاندا دور بخرێتەوە؟
عەزیم زادە:زۆر سوپاستان دەکەم هەتا ئەو شوینەی کە بۆ من دەگەڕێتەوە من نەخۆشی دڵم هەیە وە لەساڵی نەوەدو پێنج (٢٠١٦)پزیشکی یاسایی بەڵگەکانی پەسەند کردوەو داویەتی بە دادگا ولەم دواییانەدا نزیکەی چوار پێنج مانگ لەمەوبەر نەخۆشخانەی زیندان ڕاپۆرتێکیان لەسەر بارودۆخی من ئامادەکردوەو پێیان ڕاگەیاندوم کە بڕۆم بۆ چارەسەر.بەڵام من ئامادە نەبوم بە هۆکارێکی سادە کە تۆش لەوە ئاگاداریت.لێرە بەشێوەیەکی زۆر سوکایەتی ئامێز زیندانی بەدەست وپێ بەستداروی دەبەن بۆ وەرگرتنی چارەسەر وە ئەوەش کە تێچوی چارەسەر ئەبێت زیندانی بیدات کە ئەمەش خۆی پیچەوانەی ئایننامەی بیمەیی چارەسەری زیندانە.لەبەر ئەمانە ئامادە نەبوم بەردەوامی بە وەرگرتنی چارەسەر بدەم وە بەئەوان خۆشیانم وت.من بەلەبەرچاو گرتنی ئەوەی کە ١٤ مانگە کەلە زینداندام نازانم بارودۆخی تەندروستیی لەشم لە چ دۆخێکدایە.لەبەر ئەوە بەهۆی ئەو بارودۆخە سوکایەتی ئامیزەی کە لێرە هەیە من نە حەبەکانم خواردوە وە نە پشکنینم کردوە وە نە درێژەم بە وەرگرتنی چارەسەر داوە.بەڵام سەرباری هەموو ئەم کێشانە دادگای تاران وەکو باقی زیندانیەکانی تر ناڕازی بوە بەمۆڵەت پێدانی منیش.من لە نامەیەکدا کە دوو ڕۆژ لەمەوبەر داومە بە بەڕیوبەری بەندیخانەکەی خۆمانم ڕامگەیاندوە بەلەبەرچاوگرنتی ئەو بارودۆخەی کە بەهۆی ئەو مەترسی هاتنەی کرۆنا بۆزیندانەکان دروست بووە،ئەو کارەی ئێوە ئاگا یانە یان بێ ئاگایانە لەبەردەم مەترسی مردانا دانانی زیندانیەکە کە هەتا ئێستا ئەوان وەڵامێکیان نەداومەتەوە.

مەردانی:ئێوە چ ڕێگا چارەیەک پێشنیار دەکەن؟
عەزیم زادە:بەبۆچونی من بۆ لابردنی مەترسی کرۆنا ئەبێت ڕیکخراوی زیندانەکان دابخرێن.رێکخراوی زیندانەکان نەکۆگای بەرهەمهێنان؛نە کۆگایەکی ئابوری،نە ڕێکخراویکی پزیشکی وچارەسەرەیە وە نە ڕیکخراوێکی خزمەتگوزاریە.ئەم ڕێکخراوە پەیوەندی بەهیچ ڕەوڕەوەیەکی هەڵسوڕانی ژیانی کۆمەڵگەوە نیە.بەم مانایە سەرباری ئەوەی کە ئەو بەڕێزانە هەتا ئێستا بەرگریان کردوەو دایانەخستوە،بەبڕوای ئێمە ڕێکخراوی زیندانەکان وزیندانەکان خۆیان ئەبێت دابخرێن..بەبۆچونی من تەنها لەسەدا دەی زیندانیەکان بەهۆی کوشتن و تاوانکاری تری وەک دزی چەکدارانەی ڕێکخراویان کردوە،لەوانەیە بڵێن بونی ئەمانە مەترسیداربێت بۆسەر کۆمەڵگە وئەبێت لە زینداندا بمێننەوە.کە ئەڵبەت شارازایان لەسەر ئەم کێشەیە باشتر دەزانن.کە بەدڵنیایی ئەمانەش خۆیان بەرهەمی ئەم کۆمەڵگەیەن.باقی لەسەدا نەوەدی زیندانیەکان ئەبێت ئازاد بکرێن.من،بەلەبەرچاو گرتنی ئەوەی کە خۆم هەمە لە زیندان ژیان بەسەر دەبەم و بارودۆخیک کەلە نزیکەوە دەیبینم،ئەمەوێت ئاگاداری بدەم کە تەنها بەهاتنە ناوەوەی نەخۆشی کرۆنا بۆ ناو زیندان خەسارەتی گیانی زیندانیان دەیان جار زیتر دەبێت لە دەرەوەی زیندان.ڕوداوێکی گەورە لە کاتی ڕوداندایە.نەک تەنها سەبارەت بە زیندانیەکان بەڵکو بۆ ستافی زیندانەکان،کرێکاران وکارمەندانێک کە کار دەکەن.هەموو ئەوانە لەبەردەم مەترسی جدیدان.وە حکومەت ئەرکیەتی کە هەموو ئینسانەکان،بێ لەبەر چاوگرتنی تاوانەکانیان،بێ لەبەرچاوگرتنی بارودۆخ وپێگەیەک کە هەیانە بپارێزێت.ئەمە ئەرکی ڕێکخراوی زیندانەکان وئەرکی حکومەتە کەهەتا ئێستا بە ئەرکی خۆیان هەڵنەساون.وە ئەبێت بەخێرایی بەئەرکی خۆی هەڵسێت.بیروڕای گشتی ئەبێت داوای ئەوە بکەن کە هەتا کۆتایی هاتن بە ڤایرۆسی کرۆنا زیندانەکان دابخرێن.ئەم داخستنە لەلایەکەوە ئەبێتە هۆکاری پاشەکەوتێکی ئابوری باش بۆ بەڕیوبەرایەتی زیندان وبارودۆخێک بۆ ڕوبەڕوبونەوە لەگەڵ کرۆنادا بۆ ئەو ستافە دیاریکراوە کە بۆ پارێزگاری لە و لەسەدا دەیەی زیندانیەکان کە دەمیننەوە زۆر باشتر ببێت.بە بۆچونی من ئەمە تەنها هەنگاوێکە کە دەتوانێت گیانی زیندانیەکان وستافیش بپارێزێت وبەر بە ڕودانی کارەساتی زیندان بگرێت.وە ئەمە داخوازی ئێمەش زیندانیە سیاسیەکانیشە.
مەردانی:زۆر سوپاست ئەکەم بەڕیز عەزیم زادە بۆ ڕونکردنەوەکانتان وئومیدی سەلامەتیتان بۆ دەخوازم بۆ ئێوە،هاوزیندانەکانتان وهەموو زیندانیەکان وهەموو خەڵکی وڵات.

عەزیم زادە:زۆر سوپاس سەلامەت بن
نوسینەوەی ئەم گفتوگۆیەوە وتەرجومەکرددنی بۆ زمانی ئینگلیزی:محمەد کازمی ئەندامی کەمپینی ئازادی بۆ کریکارانی زیندانی

جەعفەر عەزیم زادە هەڵسوڕاوی کریکاری و سکرتێری ڕێکخراوی یەکێتی کرێکارانی ئازادە لە ئێران و چەندین جار لەسەر هەڵوێستەکانی زیندانی کراوەو ئیستاش بەبارودۆخێکی تەندروستی زۆر خراپەوە لەزینداندایە.وەرگێڕ
وەرگێڕانی:کاوە عومەر
١٣\٤\٢٠٢٠




تابلۆ: خۆشەویستی لە زەمەنی کۆرۆنەدا … شەماڵ عادل سەلیم




منداڵان لە سەردەمی کۆرۆنادا … رەزا شوان

کارەسات و رووداوە ناخۆش و خەمناکەکان، لە رووی جەستەیی و دەروونییەوە، زیاتر کار لە منداڵان دەکەن، چونکە منداڵان خاوەنی دڵێکی پاک و سۆز و هەستێکی ناسکن.
لە ئەمڕۆدا، ڤایرۆسی (گۆڤـید ـ نـۆزدە) کە بە (کۆرۆنا) ناسراوە، بۆتە سەرسەخترین دوژمنی نادیاری مرۆڤ و هەموو جیهانی سەرقاڵ کردووە.. تا ئێستاش ڤـاگسینێکی کاریگەر بۆ لەناوبردنی نەدۆزراوتەوە.. کۆرۆنا رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر تەشنە دەکات و ژمارەی مردوان و تووشبووان لە جیهاندا هەڵکشاندایە.. ئابووری و کار و کاسبی و بەرهەمهێنان و بازرگانی ئیفلیج کردوون.. دەوڵەتانی تووشی خۆپەرستی و چاوچنۆکی کردوون.. هەستی مرۆڤایەتی لاواز کردووە.. بەڵام مرۆڤ چۆکی بۆ کۆرۆنا دانەداوە و بێ هـیوا نەبووە، گەشبینە کە هەوڵی بێوچان و تاقیکردنەوەکانی زانایان و پزیشکان و دەرمانسازان دەگەن بە ئەنجام و بەسەر کۆرۆنادا زاڵـدەبن و ئەم دۆخە تێدەپەڕێنین.
ئەوەی ئێمە لەم نووسینەدا مەبەستمانە چۆنیەتی رەفتار و رێنمایی دروست و گونجاوی دایکان و باوکانە، لەم سەرەمە هەستیارەدا (سەردەمی کۆرۆنا) لەگەڵ منداڵەکانیاندا.
لە هەرە زۆری وڵاتانی جیهاندا، لە شار و شارۆچکەکاندا، وەکو هۆیەکی خۆپارستن و تەشەنەنەکردنی کۆرۆنا، هاتۆچۆو قەدەغە کراوە.. باخچەی منداڵان و قوتابخانەکان و زانکۆکانیش داخراون، زیاتر لە (هەشت سەد و پەنجا) ملیۆن قوتابیان و خوێندکارانی زانکۆکان لە جیهاندا لە خوێندن دابڕاون.. بۆ ئەوەی رێگری لەم پەتایە بکەن و لە ناو منداڵان و لاواندا بڵاونەبێتەوە و لە یەکترییەوە نەیگرن و تەشەنە نەکات.
پێویستە دایکان و باوکان، بە شێوازێکی دروست و ئاسانی گونجاو، بەپیێ قۆناغەکانی تەمەنی منداڵی و کەسێتی، بە زمانێکی سادە و سووک، نزیک لە زمان و تێگەیشتنی منداڵان، بێ زیادەڕۆیش، بە کورتی باسی ڤایرۆسی کۆرۆنا و چۆنیەتی خۆپارستن لێی بۆ جگەرگۆشەکانیان بکەن.. وەڵامی گونجا و دروستی هەر هەموو پرسیارەکانیشیان بدەنەوە.. دەکرێت لە میانەی پرسیارەکانیانەوە، تێبگەن کە منداڵەکانیان لە چی دەترسن. تا بتوانن بە شێوازێکی سەرکەوتووانە، ترس و دڵەڕاوکی لە دەروونی منداڵەکانیان بڕەوێننەوە.. ئەم ترسەش لە منداڵێکەوە بۆ منداڵێکی تر، بە پێی ئاستی رۆشنبیری و هۆشیاری خـێزانەکانیان و کەسێتی منداڵان جیاوازی هەیە.
پێویستە دایکان و باوکان کارەساتی کۆرۆنا وەکو هەلێک بقۆزنەوە، فێری منداڵەکانیان بکەن کە متمانەیان بە خۆیان ببێ. بە ورەیەکی بەرزەوە، بتوانن لە کاتی کارەساتەکان و تەنگانەدا، بە دروستی هەڵسوکەوت بکەن و رووبەڕوویان ببنەوە و سەربکەون.

داوا لە منداڵەکانتان بکەن، کە بە تەواەتی رێنماییە تەندروستییەکانی خۆپاراستن لە تووشبوون بە پەتای کۆرۆنا، پەیڕەوی و جێبەجێیان بکەن.. ئێوەش راستەوخۆ یا ناڕاستەوخۆ چاودێریان بکەن.. خۆشتان پێویستە لەم رووەوە نموونەبن، بە دڵتەنگی و خەمناکی و بێزارییەوە لە بەردەم منداڵەکانتان دەرمەکەون، چونکە خەم و دڵتەنگی هیچ لە کارەساتە ناگۆڕێ، بە روویەکی خۆش و لێو بەخەندەوە و دەم بە پێکەنین دەرکەون. تا منداڵەکانتان چاوتان لێبکەن.. چونکە منداڵان هەستیارن و لە زۆر شت تێدەگـەن و تا رادەیەک، لە زمانی جەستەش تێدەگەن و دەموچـاوی دایکان و باوکانیان دەخوێننەوە.
گەورەکان دەتوانن لە ماڵەوە بمێننەوە و تا رادەیەک ئاسایی بێت بە لایانەوە.. بەڵام راهێنان و راهاتنی منداڵان لەسەر کەرەنتینەی ماڵەوە زۆر ئاسان نییە.. چونکە منداڵان لە جوڵە و یاری بەردەوامدان و وزەیەکی پەنگخواردووی زۆریان هەیە و دەیانەوێت بەکاری بهێنن.. یاری و وەرزش بە شێکە لە ژیانیان، هەروەکو هەوای پاک و خواردن و خواردنەوە و نووستن، یاریش پێوێستییەکی رۆژانەی پێویسە بۆیان.
بۆیە پێویستە دایکان و باوکان، بە وریایی و هۆشیارییەوە لەم بارودۆخە نەخوازاوەدا، بە دروستی مامەڵە و هەڵسوکەوت لەگەڵ جگەرگۆشەکانیاندا بکەن.
گەرچی منداڵان و مێردمنداڵان، بە هۆی پاکی سنگیان و بە هـێزی سستەمی بەرگرییان، کەمترین ئەگەری تووشبوونیان بە پەتای کۆرۆنا هەیە.. چونکە ئامادەییەکی زیاتریان هەیە لە رووبەڕووبوونەوەی کرۆنادا.. تا ئێستا رێژەی تووشبوونی منداڵان بە کۆرۆنا لە جیهاندا لە (سەدا یەک) کەمترە. بەپێی زانیارییەکان بیشیگـرن بە سووکی دەیگرن.
زانای دەروونناسی منداڵان (مولی گارنەر) لە (نەخۆشخانەی ناشیۆناڵ وایڵد بۆ منداڵان) لە (ئۆهـایۆ) لە راپۆرتێکیدا کە لە ماڵپەڕی (گۆڤاری تایـم)ی ئەمریکیدا بڵاویکردۆتەوە، جەختی لەسەر شێوازی راڤەکردن و روونکردنەوەی ئاسان کردوە لە باسکردنی کۆرۆنا بۆ منداڵان، دەڵێت”پێویستە باسکردنی کۆرۆنا گونجاوبێێت لەگەڵ تەمەن و کەسایەتی منداڵاندا” کەواتە نابێت بە دوورودرێژی باسی پەتای کۆرۆنا بۆ منداڵەکانتان بکەن.
دایکان و باوکانی خۆشەویست: ئێوە لە ئەمڕۆدا سەرەڕای دایکایەتی و باوکایەتی، رۆڵی دادەکان و مامۆستاکانیش لە ماڵەکانتان دەبین.. ژورەی منداڵەکانتان بکەن بە پۆل و ماڵەکانیشتان بە باخچەی رازاوە و بە قوتابخانەیەکی قنج.. ببن بە دادەی دلۆڤـان و بە مۆستای دڵسۆزی منداڵەکانتان.. لێیان تووڕە مەبن و توندوتیژمەبن و گرژمەبن و هیچ بێزارییەکی خۆتان دەرمەبڕن.. بە پێچەوانەوە، بە سۆز و خۆشەویستییەکی زیاترەوە لە باوەشیان بکەن، بە زمانێکی شیرین و بە شێوازێکی گۆنجا، هەڵسوکەوت لەگەڵیاندا بکەن.. پێویستیشە پلان و بەرنامەیەکی رۆژانەی پـڕ لە خۆش و شادی و فێرکردن و هاندان بۆ ئەم دۆخەی منداڵەکانتان دابڕێژن.. تا بە دۆخێکی ئاسایی ژیانیان بزانن، ئەم شێوازەش دەبێتە، هۆی رەواندنەوەی ترس و دڵەڕاوکی و دڵتەنگی و بێزاری لە هەست و دەروونی منداڵەکانتان لە ماڵەوە.
جەختیش لەسەر جێبەجێکردنی رێنماییە تەندروستییەکانی خۆپاراستنیان بکەن، وەکو: دەست شوشتن لە پێش و لە دوای نانخوارد و دوای تەوالێت و دوای یاریکردنیان.. بە بەکارهێنانی سابوون و ئاوی شلەتێن.. بەکارهێنانی شلەی پاکژکردنەوە.. گەر پێویستی کرد بچنە دەرەوە، دەستکێش لە دەست بکەن و بە دەمامکیش دەم و لووتیان بپۆشن. دەستیان لە دیوار و شت نەدەن و تەوق لەگەڵ کەسدا نەکەن و لە شوێنی قەڵباڵغییش دووربکەونەوە، زوریش لە هیچ کەسێک نزیک نەبنەوە.. کە هاتنەوە بۆ ماڵەوەش، دەستکێشەکانیان بخەنە سەبەتەی خۆلوخاشەکەوە، پێڵاوەکانیشیان لە دەرەوە دابنێن. دەستەکانیان و دەموچاویان پاک بە ئاو سابوون پاک بشۆرن.. پاکی خۆیان رابگرن.
دایکان و باوکان: با منداڵەکانتان وێنە بکێشن، بژاردەی تابلۆکانیان لە ماڵەکانتاندا هەڵبواسن، با یاری بکەن، گۆرانی بڵێن، پێبکەن، سەیری فیلمی کارتۆن و فیلمی سینەمایی تایبەت بە منداڵان بکەن.. با توانا و بەهرەکانیان بەکاربهێنن و بیر لە داهێنان بکەنەوە.. بابەتەکانی یاری کردنەکانیان بخەن بەردەست.. بە پێی تەمەن و توانایان، ئیشوکاری ئاسانی ناوماڵ دابەش بکەن بە سەریاندا.. دوایش ئافەرین و دەستخۆشی و سوپاسیان بکەن.. شەوانیش بەر لە نووستنیان، چیرۆکی خۆش و هۆنراوەی ناسک و شیرینی منداڵانیان بۆ بخوێننەوە.. پێکەوە سروود بچـڕن.. نوکتە و قسەی خۆشیان بۆ بگێرنەوە.. بەم شێواز و رێگایانەوە دڵنیایی و متمانە بە منداڵەکانتان دەبەخشن. چونکە منداڵان پێویستییەکی زۆریان بە ئارامی و بە ئاسوودەیی جەستەیی و دەروونی هەیە.. لەسەر ئارامی و خۆڕاگتن و دڵنیابوون رایان بهێنن.. بەمەش ئێوە لە هەمان کاتدا، دوو ئامانج پێکەوە دەپێکن و دەهێننەدی، کە فـێرکردن و خۆشی بەخشینە بە مناڵەکانتان.
بە داخەوە، کە بەشێک لە دایکان و باوکان، هەست بە هەستیاری ئەم دۆخە ناکەن و بە هەنـدی وەرناگرن.. وەکو پێویست ئاوڕ لە منداڵەکانیان نادەنەوە.. بۆیە منداڵەکانیان لە ماڵەوەدا، هەست بە ترس و دڵتەنگی و بێزارییەکی زۆر دەکەن، خوازیان بە زووترین کات بچنەوە بۆ باخچە و بۆ قوتابخانەکانیان.. ئەو دایکان و باوکانە، هـێندەی سەرقاڵی تەماشاکردنی مۆبایلەکانیان، هێندەی بە دیار تەلەفزیۆنەکان و سەیرکردنی دراما تورکییە بێ مانا و ژەهـراوییەکان کات بەسەر دەبەن ـ دەبوایە بایکۆتیانیان بکردنایەـ هێندە ئاوڕ لە منداڵەکانیان نادەنەوە و بە لایاندا ناچن.. گەیشتە ئەو رادەیەی کە منداڵان نارەزایی خۆیان دەرببڕن و رەخـنە لە دایک و باوکیان بگرن و پەیامێکیان ئاراستەیان بکەن.
زیاتر لە (١٥٠) منداڵی ئەڵمانی لە شاری (هـامبۆرگ) لە ئەڵمانیا، لە شەقامەکانی ئەم شارەدا رێپێوانێکی نارەزاییان سازکرد و پەیامێکی رەخنەئامێزی سەرنجڕاکێشیان بۆ دایکان و باوکانیان نارد، پەیامێک بۆ هەموو ئەو دایک و باوکانەی، کە منداڵەکانیان پشتگوێ خستوون و وەکو پێویست ئاوڕیان لێنەداونەتەوە.. یاری لەگەڵیاندا ناکەن. پەیامەکەش لەژێر ناونیشانی (لەگـەڵ مـن یـاری بکـە، نەک لەگـەڵ مۆبـایلـەکەتـدا)
ئەم هەڵمەتە ناڕەزاییەش لە لایەن کچۆڵەی بلیمەت و هۆشیار (ئیـمـێل رسگـیک) ی تەمەن حـەوت ساڵانەوە دەستی پێکـرد.. ئيمێل رەخنەی لە دایک و لە باوکی گرت، هـێندەی کە بە مۆبایلەکانیانەوە سەرقاڵن و کاتیان بەسەردەبەن.. هێندە ئاوڕیان لەم نەداونەتەوە.. شایەنی باسیشە کۆمەڵێکی زۆری خەڵکیش پشتیوانیان لەو منداڵانە کردن و بەشداریان لە ڕێپوانەکەیاندا کرد.
بێجگە لەو ناونیشانە، منداڵان وێنەی مۆبایلیان بەرزکردبوونەوە و هێڵی سووری راست و چەپیان بەسەر مۆبایلەکاندا هـێناوە.. گەلێ دروشمی رەخـنە ئامێزیان بەرزکردبۆوە:
“مۆبـایلەکەت داخە.. نـۆرەی مـنە”
“ئێمە دەنگمان زۆرە و قسەمان هەیە.. بەڵام ئێوە تەماشای مۆبایلەکانتان دەکەن”
“کات بۆ منداڵەکات تەرخان بکەن”
“گوێ لە ئێمە بگـرن.. نەک لە مۆبـایلەکانتان”
دایکان و باوکانی خۆشەویست: بۆ ئەوەی منداڵەکانتان گلەییتان لێنەکەن و رەخنەتان لێنەگرن.. پێویستە ئاوڕیان لێبدنەوە و باردۆخـێکی خۆشیان بۆ بڕەخـسێنن.. ئەمەش بەرپرسیارێتیەکی گرنگە لە ئەستۆتاندایە، بە تایبەتيش لەم دۆخە هەستیارە چاوەڕوان نەکراوەدا.. هیوادار و گەشبینیش بن.. کورد وتەنی:”لە دوی تەنگانە.. شێنەیی دێت”

رەزا شوان
نەرویـج: ١٢/ ئەپـریل/ ٢٠٢٠




بەیننامەی چوار زیندانی سیاسی زیندانی ئـەوین سەبارەت خۆخڵافاندن لە ناردنەوەی زیندانیانی سیاسی بۆ مۆڵەت

بەھاتنی ڤایرۆسی کرۆتا بۆناو وڵات و شاردنەوەو کەمتەرخەمی دامەزراوە بەرپرسەکان لەبەرامبەریدا، ئـەوەی کە ئـەم نەخۆشیە کوشندەیە بوەتە کارەساتێکی کوشندە کەڕۆژانە گیانی دەیان کەس لەخەڵکی ئـێران لە سەرتاسەری وڵاتدا دەکێشێت.
ئـاشکرایە بەلەبەرچاوگرتنی بارودۆخیک کە توانای خۆپاراستنی ژیانی بەکۆمەڵی لە شوێنێکی دا خراوداو سودوەرگرتنی زۆرەملێ ھەمویان لە خزمەتگوزاری تەندروستی،دەموچاو شۆرین،چێشتخانەو حەمامی ھاوبەش ، کە دەبێتە ھۆی گواستنەوەی خێرا بەشێوەیەک توانای کۆنترۆڵکردنی لەدەست دەرچیت لە کەسێکەوە بۆ ھەموو زندانیانی بەندکراو لە ھۆڵێکدا وە لەلایەکی ترەوە بەلەبەر چاوگرتنی نەبونی لانی کەمی کەلوپەلی پزیشکی و پێداویستی تەندروستی لە زیدانەکاندا کەلەھەموو چرکەیەکدا ئـەگەری ئـەوە ھەیە کە ڤایرۆسی کرۆنا بێتە ژۆرەوە بۆناو زیندانەکان (ھیچ دڵنیاییەک نیە بۆ ڕێگری لەھاتنەژورەی)ئـەبێتە ھۆکاری کارەساتی شۆکھێنەر و کۆشتاری گیانی چەنین جار زیاتر بە بەراورد بەژینگەی دەرەوەی زیندان.وەلەگەڵ ئـەوەشدا سەرباری ڕاشکاوی ئـەو ڕێنمایەی کە سەبارەت بە مۆڵەت پێدانی زیندایەکان دەرچوە وە بەرەو پێشچون لە ناردنەوە ی بە مۆڵەتی زیندانیەکان لە بارودۆخی قەیراناوی ئـێستادا کە ژیانی زیندانیەکان لەبەردەم ھەڕەشەی جدیدایە.بەتەواوەتی لە جێی خۆیدایە،پێویست و جێگەی سەر نجە،ئـێمە ئـاگاداری ئـەو لاموبالاتیە جدیەین کەڵە جێبەجێ کردنی ئـەو بڕیارەدا لە لایەن دادگاکان و دادوەرە سەرپەرشتیارەکانی زیندانین بەتایبەت لەبارەی زیندانیانی سیاسیە.
لەبەر ئـەوە ئـێمە ئـەو زیندانیە سیاسیانەی کە واژۆی ئـەم بەیاننامەیەمان کردوە ڕایدەگەیەنین کە مەترسی جدی کە قەرەبوکردنەوە ناکرێتەۆە کەلەو دەستی دەستی و درێژ بونەوەی ڕەوتی ئـیداری دادوەری بۆ ناردنەوەی زیندانیەکان بە مۆڵەت و بەزایبەتی ھەر ڕێگری دروستکردنێک لەبەردەم بە مۆڵەت ناردنە دەرەوەی زیندانیە سیاسیەکاندا ئـەو دوو دامەزراوە جێبەجێ کارو دادوەریە و ھەموو دەسەڵات لە وڵات نەرپرسن لێی.

مەجید ئـازەر پیک |ئـەمیر سالار داودی،ئـیساعیل عەبدی،جەعفەر عەزیم زادە
یەکێتی ئـازادی کرێگارانی ئـێران
مارسی ٢٠٢٠
وەرگێڕانی :کاوەعومەر




ئەفسانە چییە؟ … ڕێباز محەمەد جەزا

[ڕاپۆرتێك دەربارەی چێتی ئەفسانەو خورافیات ]

پێشەكی :
ئاسان نییە خۆ كۆكردنەوە بۆئەوەی دەربارەی ئەفسانەكان پێویستە ، بەڵام كارێكی مەحاڵ و نەكردەنی نییە ، لەبەرئەوە پێویست بوو ئەم كارە ئەنجام بدەم و خۆم یەكلایی بكەمەوە تاهەمیشە و لەهەموو كاتێكدا بیركردنەوە لەو قۆناغە دیاریكراوانەو لەو كەرەستە گرنگانەی بیری مرۆڤایەتی لەبەردەستماندا بن و بەپووختی ئامادەبن و چیتر پێویستمان بەڕاكەڕاك و هەوڵە بێ ئاكامەكان نەبێت كەوزەیەكی زۆری تەمەن دەبات ، ئەمەش سەرەتای هەنگاوەكانی داهاتووە لەپێناو گەشتی كامڵبوون . ….

بۆ خوێندنەوەی ئەم نووسینە کلیکی ئێرەبکەن ……




کۆتایی حکایەتە گەورەکە … نووسینی: ستیڤان شەمزینی

نیازم نەبوو هیچ بەشدارییەک بکەم لە خوێندنەوەی ئەم دۆخە تازەیەی کۆرۆنا ڤیرۆس هێناویەتییە ئارا، ئەویش لەبەر فاکتۆرێکی زۆر ساکار، لەبەرئەوەی نەخۆشییەکەم بە قۆناغێکی مەترسیدارتردا دەڕوات لە جاران، لەگەڵیدا بوونی ئەو تومۆرە شێرپەنجەییەی لای چەپی مێشکم بیرکردنەوەی پەرش و بڵاو کردوومەتەوە، زۆر بە زەحمەت دەتوانم باری سەرنج و تێڕوانینەکانم لەسەر یەک خاڵی دیاریکراو کۆبکەمەوە، بەڵام نەمتوانی بێدەنگی هەڵبژێرم لە راستای پێشکەشکردنی خوێندنەوەیەکی کوردیی چەپڕەو بۆ ئەو دۆخە تازەیەی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی پێدا تێدەپەڕێت، کە بینیمان “تۆماس فریدمان” یەکەم کەس بوو، دنیای دابەشکرد بەسەر هەردوو دنیای پێش و پاش کۆرۆنا، کەچی یەکەم کەس نەبوو باس لەوە بکات جیهان لە بەردەم گۆڕانکارییەکی خێرادایە و رەنگە پەردەی شانۆی نیو لیبرالیزم بۆ هەتاهەتایە دابداتەوە، ژبەرئەوەی فریدمان بە رەنگێکی تۆختر لە “یوڤال هەراری” پشتیوانی خۆی بۆ ئەمەریکا و خودی ترەمپ دەربڕیوە.
بیرمە کۆتایی مانگی دیسامبەری 2019، لەو کاتەی هاوڕێکانم خۆیان بۆ کەرنەڤاڵی ساڵی نوێ ئامادە دەکرد، کورتە نامەیەکم بۆ ئازیزێکم نارد و نووسیم “ساڵی 2000 کۆتایی رەمزیی دنیا بوو، بەوەی دنیای کۆن رۆیشت و دنیایەکی تازەتر جێی گرتەوە هیچی لە دنیای پێشوو نەدەچوو، هەرچی ساڵی 2020یشە کۆتایی فیزیکی ئەو دنیایە دەبێت”. ئەگەر ئەمە روون و وردتر بکەمەوە، لەگەڵ هاتنی سەدەی بیست و یەک و هەزارەی سێهەمدا کۆمەڵگەی جیهانی لەناو دۆخێکی کۆمەڵایەتی و ئابووری و کولتووریی زۆر جیاوازتردا خۆی بینییەوە، بۆ منێک کە لە دوو دەیەی کۆتایی سەدە و هەزارەی پێشوودا ژیابووم هەرگیز جێی بڕوا نەبوو، فریای هەنگاونان نەدەکەوتم لەگەڵ ئەو ئاڵوگۆڕە خێرایانەی جیهانگیریی بازاڕ و نیولیبرالیزم ئافراندبوونی. هاتنی 2020 ساڵێک بوو تێیدا پێشبینی زۆر ئەگەر و گۆڕانی رادیکاڵیم دەکرد، نەک ئەوەی هێزێک بە ئاڵایەکی سوورەوە رێبەرایەتی ئەو گۆڕانە بکات، هیچ کات ئەوەندە خۆشخەیاڵ نەبووم، کەچی چاوەڕوانی گۆڕانکاریی بووم، چون دەمزانی سیستمی سەرمایەداریی و دیموکراسی پیربوو و دڵڕەقیی نیو لیبرالیزم چیرۆکەکەی لە تەواوبووندایە، ئەمەش هەروا خەونێکی ئەرخەوانی نەبوو، بەڵکو بەرمەبنای سەرنجدان بوو لەو قەیرانە ئابوورییەی لە 2008ەوە لە وۆڵ ستریتەوە درێژ بووەتەوە تا بە ئەمڕۆ دەگات.
نازانم چەندە زانست پشتگیریی لەو خەیاڵەم دەکات، زۆر جار وا بە مێشکمدا دێت و دەچێت، بەوەی لەوانەیە لە دێریندا شارستانێتی زۆر لەمە گەشەکردووتری وەک لەوەی ئەمڕۆ لەسەر ئەم زەوییە هەبووبێت، بەڵام لە ئاکامی دڕندەیی و چاوچنۆکی مرۆڤەوە هەمووی لە نێو برابێت.! ئەم خەیاڵەشم لە منداڵدانی دیقەتدانەوە لە شوێنەوارە مێژووییەکاندا هاتۆتە دەر، سەرم لەو هێزە سوڕما بوو بینای هەڕەمەکانی میسری کردبوو، یان زۆر شوێنەوار و پاشماوەی فرە کۆنی مرۆڤ دەمخەنە حاڵی حەپەسان و بیرکردنەوەوە. لە ساڵی 2014دا لە بەشە سەرەتاییەکانی مۆزەی “لۆڤەر” ئەو هەستەم زۆر لەلا قووڵتر بووەوە: هەر دەبێت رۆژێک بووبێت مرۆڤایەتی گەیشتبێتە لوتکە و چەشنی یارییە سیزیفییەکە دیسان هاتبێتەوە سەرەتای رێگاکە. لەبەر خۆمەوە دەمووت رەنگە ئەو شارستانییە کۆنانە سروشت و زەوییان ماندوو کردبێت، ژینگە تۆڵەی لێکردبنەوە، وەک ئەو تۆفانە مەزنەی لە ئەفسانەی سۆمەرەوە درێژە بۆتەوە ناو ئاینە ئیبراهیمییەکان، کە تەواوی زەوی داپۆشیوە و دوای ئەوە مرۆڤ لە نۆماڵییەوە دەستی پێکردۆتەوە. یان لە ئەنجامی جەنگێکی وەها وێرانکاردا مرۆڤ گەڕابێتەوە سەردەمی ئەشکەوت. وەک ئەوەی جارێک ئەنیشتاین وتبووی نازانم سروشتی جەنگی جیهانی سێهەم چۆنە، بەڵام جەنگی جیهانی چوارەم لە رێی تێڵا و دارەوە دەکرێ. چون لەدیتنی ئەودا جەنگی سێهەمی جیهان مرۆڤایەتی دەگەڕێنێتەوە بۆ چاخی بەردینی کەونار. خۆ ئەگەر شتی وا لە رابردووشدا رووینەدا بێت، لە ئێستای ئێمەوە نزیکترین ئەگەرە!. بەڵێ ئەگەرێک لەبەردەم دەرگای هەر رۆژێکماندایە.
کێ دەتوانێت لەوە دڵنیا بێت سەدەیەکی تر ئەمەی مرۆڤ لە رێی بەگەڕخستنی عەقڵەوە بەدەستی هێناوە وەک خۆی دەمێنێتەوە؟. ئەم قسەیەم راکێشانی هزری خوێنەر نییە بۆ کۆتایی دنیا وەک خورافەیەکی نوێ یان دووپاتکردنەوەی هەمان سیناریۆی ئاینەکان نییە بۆ ئەو کۆتاییەی لە بارەی دنیاوە دایانڕشتووە. بەڵام هەر ئەو مرۆڤەی تاکو کۆتا کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەهەم “1892” ڤایرۆسی نەدەناسی یان نەیدەتوانی لە رێی چاوییەوە بیبینێت، نەخۆشی بە دیاردەیەکی ناوەکیی دەبینی نەک دوژمنێکی نەبینراویش لە دەرەوە هەبێت نەخۆشی بخات، هەنووکە هێندە ڤیرۆسی نازدار و گاز و ژەهری بەرهەم هێناوە، بەشی دەیان جار خاپورکردنی زەوی و لەباربردنی هەلومەرجە ژینگەییەکانی ژیان دەکات!. کێ هەیە بتوانێت گرەنتی ئەوە بکات رۆژێک ئەم ڤیرۆسانە لە مرۆڤ یاخی نابن و بەندیخانەی تاقیگەکان جێناهێڵن و مرۆڤایەتی کۆمەڵکوژ ناکەن؟ خۆ لە خۆڕا ئەم پرسە نەبووەتە بابەتێکی سەرەکی بیرکردنەوە و فەلسەفە و سینەما. هەروەک چۆن “سلاڤۆی ژیژەک” نموونەی فیلمەکەی “فرێد جیمسن”مان بەبیر دەهێنێتەوە کە “ڤایرۆسێک جیهان لە بن دەردەهێنێت”!. ئەو لەناوچوونە ئایدیالیستەی ئاینەکان بە فۆرمێکی تر باسیان لێ دەکرد، خەریکە ئەمڕۆ پێی دەگەین، بەڵام تاکە جیاوازییەکە ئەوەیە ئەم کارە لەلایەن هێزێکی باڵادەستی میتافیزیکییەوە ئەنجام نادرێت، بەڵکو لە ئەنجامی گەمژەیی ئەو مرۆڤ بەخوابووەی دڵخوازی نیتچەوە وا روودەدات.
تا دەمێکی نزیکیش واماندەزانی عەقڵ هەمیشە ئامڕازی بەدیهێنانی خۆشبەختییە. لێ داخەکەم ئەو عەقڵەی جێی بە ئاین و خورافە و خوداکانیش لێژ کرد، مرۆڤی خستە سەر شاڕێیەکی تازە، نهۆ بەرهەمهێنی وێرانکاریی و کارەساتێکی هێندە گەورەیە هیچ کات لە دەسەڵاتی هیچ باوەڕێکی خورافیدا نەبووە و نابێت. رەنگبێ بپرسن، داخۆ پەیوەندیی کۆرۆنا ڤیرۆس و عەقڵ چییە؟. پرسیارێکی بەجێیە و کاری ئێمەیە وەڵامی پێ بدەینەوە، ئێمە لە ساتەوەختێکی مێژووییداین ناتوانین دەستبەرداری زانست وەک بەرئەنجامی بەگەڕخستنی عەقڵ بین. تازە ناتوانین چی ڤیرۆس و چەکی ئەتۆمیی و کۆکوژە لەناو ببەین؟، مەگەر هەسارەیەکی تر هەیە بیکەینە کەلاوە بۆ فڕێدانی ئەو پاشەڕۆکانە؟. دەبێت دووبارە رێگاچارەیەکی عەقڵانی بگرینەوە بەر، ئەمەش لە توانای ئەو سیستمەدا نییە خۆی بەرهەمهێنی ئەو ئەنجامە کارەساتبارانەیە. هەروەک لە چاوپێکەوتنێکی ئەم دواییانەدا فەیلەسووفی فەڕەنسی “میشێل ئۆنفرێ” وتی “دنیای ئێمە تازە ئەو هۆشیارییەی ئەزموون کردووە کە ئێمە لە کۆتایی ئەم شارستانێتییەدا دەژین”. دواتریش ئەوروپا وەک “پڵینگێکی کاغەزیی” وەسف دەکات.
ئەگەر لە سەرەتای شۆڕشی پیشەسازییدا تێکدەرە ژینگەییەکان لە ناوچەیەکی بەرتەسکدا قەتیس بووبن و بەو ئاستە بەربڵاوە کاریگەرییان نەکردبێتە سەر تێکدانی رەوشی سروشت و بایی ئەوە بووبن لە ماوەیەکی خێرادا هەڵبوەشێنەوە و خاوێن ببنەوە و بگەڕێنەوە بۆ دۆخی پێشووی خۆیان. ئەوا ئێستا تەکنۆلۆژیا زەوی کردۆتە حاویەیەکی گەورە و بە جۆرێک ژینگە وێران بووە و رەوشی کەشوهەوا تێکچووە ملیۆنەها ساڵ پێویستە تاکو زەوی بگەڕێتەوە بۆ باری چەند سەدەیەک بەر لە ئەمڕۆ، کەواتە هیچ رێگەیەک شک نابەین بۆ گەڕانەوە. ئەمەش خەفەتە سەرەکییەکەی ئێمەیە. لەگەڵ ئەو هەموو پێشکەوتنەشدا هێشتا ژمارەیەکی بێشووماری مرۆڤ لە ژینگە پیسەکان و لەدۆزەخی جەنگ و هەژاریی و برسێتیدا دەژین. ئەمەش وای لە “یوڤاڵ نوه هەراری” کرد پێداگریی بکات، بەڵا هەرە گەورەکەی مرۆڤایەتی بە تەنێ بوونی ڤیرۆسێک نییە، بەڵکو کارەساتی لەوە مەرگبارتر ئەوەیە بیر لە ریشەکێش و لەناوبردنی هەژاریی و سەرپێخستنی سیستمێکی تەندروستی بێ جیاوازیی بۆ هەمووان نەکرێتەوە. هەرچەند لە دیدی هەراریدا مومکینە سیستمی باڵادەستی ئێستا ئەو کارە بکات بە تایبەت ئەو چاوی بڕیوەتە هەنگاوەکانی ئەمەریکا لەم راستایەدا. بەڵام ئایا ئەو ئەمەریکای ترەمپ سەرکردایەتی دەکات ئەو کارە بۆ مرۆڤایەتی ئەنجام دەدات.؟ وەڵامەکە روونە: نەخێر.
کاتێک ترەمپ بە سەرۆک کۆماری ئەمەریکا هەڵبژێردرا، بۆ هەندێک سیاسیی و خوێندەواری دنیای ئێمە، ئەنجامێکی چاوەڕواننەکراو بوو، بەڵام بە لای ئێمەومانانەوە ئەگەرێکی نزیک بوو، هەردەبوو ئەکتەرێکی شێت و قۆشمەی وەک ترەمپ جڵەوگیری ئەمەریکا بکات “ئەمە بە دەربڕینی نوام چۆمسکی”. هەموو دەمانبینی چلۆن ئەمەریکا لە رۆڵی پۆلیسی جیهان پاشەکشە دەکات. ئەمەریکا و نیو لیبرالیزم پێویستیان بە پۆپۆلیستێکی وەک دۆناڵد ترەمپ هەبوو سەرکردایەتی ئەو بارە خوارەی هەنووکە بکات. هەر ئەودەم وتارێکم بۆ رۆژنامەیەک ئامادە کرد لەژێر ناوی “هەڵبژاردنی ترەمپ یان کۆتایی سەردەمی رۆمانسیزم لە سیاسەتی ئەمەریکادا”. ئەم وتارە لە رۆژی 10-11-2016 نوسرا و بڵاوکرایەوە. لەوێدا زۆر ئەگەر بۆ داهاتووی نزیک ورد کرابوونەوە، ناوکۆیی هەموو ئەگەرەکانیش لەوەدا چڕ کرابوونەوە بەهاتنی ترەمپ وەک دەمڕاستێکی پۆپۆلیستی سپی پێست، جیهان پێ دەنێتە قۆناغێکی خراپی وەهاوە لە ئێستادا لە توانادا نییە ئاکامە زیانبارەکانی بژمێرین.
هەر لەو وتارەدا نووسیبووم “هەڵبژاردنی ترەمپ وەک سەرۆک کۆماری ئەمەریکا رووداێکی سادە و ساکار نییە تاکو ئێمە فۆرمالیستانە شرۆڤەی بکەین. بە پێچەوانەوە ئەمە گەڕانەوەیەکی دەستەجەمعی خودی ئەمەریکییەکانە بۆ ئاوێنەی تەڵخی نیو کۆلۆنیالیزم و خۆ رادەستکردنی تەواو بە ویستی نیو لیبرالیزم، گەڕانەوەی پلاندانەران و نەخشەداڕێژەرانی سیاسەتی ستراتیژیی ئەمەریکییە بۆ دیدگاکانی کۆنسەرڤاتیزم. ئەم سەردەمە تازەیە گەڕانەوەی رەوتی مێژووە بەرەو دواوە، بەرەو ئەو مێژووەی لە سەرەتای سەدەی بیست بەهۆی قەیرانە داراییەکانی کاپیتالیزمەوە دوو گیان بوو بە دوو روانگەی تۆتالیتێر و مەترسیداری وەک فاشیزم و نازیزم. ئەگەر فرانکۆ و مۆسۆلینی و هیتلەر دیوە تراژیدیکییەکەی ئەو مێژووە بن، ئەوا ترەمپ دیوە گاڵتەجاڕەکەێتی “ئەمە بەدەربڕینی کارل مارکس”. جیا لەمەش ئەگەری دووبارەبوونەوەی هەمان سیناریۆ هەیە لە وڵاتانی تری رۆژئاوایی و ئەوروپیی، بە تایبەت ئەم ئەگەرە بۆ ئەڵمانیا زۆر بەهێزە، ئەویش بە بەرزبوونەوەی کێرڤی رەوت و پارتە راسیست و راستڕەوەکانی لایەنگری نیو لیبرالیزم”.
دەمەوێت لە قسەکردن لەسەر ترەمپەوە بگەڕێمەوە سەر ناوەڕۆکی بابەتەکەمان، ئەویش بە تەرحکردنی ئەو پرسیارەی ئاخۆ کۆرۆنا دەبێتە سەرەتای گۆڕانێکی ریشەیی لە دنیادا؟! یان چی دنیایەک لە دوای کۆرۆنا چاوەڕێمانە؟. دیارە تاکو سەر مرۆڤایەتی لە کابووسی ئەو ڤیرۆسەدا نامێنێتەوە، وەک ئەوەی ئێستا دەبینین بە پێی دوا ئامارەکان ئەوە دەردەخەن لە ئاستی جیهانیدا رۆمانی “تاعون”ی کامۆ پڕ خوێنەرترین کتێبی دۆخی کەرەنتینە و ئەم رەوشە ئاوارتەیە بووە، لەوە دەچێت مرۆڤی سەردەمی کۆرۆنا بیەوێ لە رێی ناسینی تاعونەوە نهێنییەکانی کۆرۆنا ڤیرۆس ئاشکرا بکات، یان بیەوێت رووخسارە لێکچوو و دژەکانیان بدۆزێتەوە. بەڵام ئایا ئەم دۆخە ئاوارتەیە “بەپێی ناولێنانی جۆرجیۆ ئاگامبێن” تاکو سەر دەمێنێتەوە؟. ئەگەرچی من نامەوێت، وەک ئاگامبێن کۆرۆنا بە سووکە هەڵامەت پێناسە بکەم، چوون قەبارەی زیانەکانی کۆرۆنا هەروا بە ئاسانی بۆ سیستمی سەرمایەداریی تێناپەڕێت. ماف بە خۆم دەدەم بڵێم ئەو دۆخە نائاساییەی لە وڵاتان گیراوەتە بەر لە خەمخۆریی نییە بۆ گیانی هاووڵاتیان، هێندەی خەمخواردنە لە وشکبوونی جوڵەی بازرگانی و ئابووری بازاڕ، چون بە روونی بینیمان سەرمایەداریی، ئابووری لەسەروو ژیانی خەڵکەوە دانا. لە کۆتایی داستانەکەدا دیارە سیستمی پزیشکی زاڵ دەبێت بەسەر ڤیرۆسەکەدا، ئەوەی دەمێنێتەوە ئەو دنیا تازەیە دەبێت لە دوای دیار نەمانی کۆرۆنا دێتە ئارا. هەموو دڵنیاین لەوەی رەنگی دنیا دەگۆڕێت کە رەنگە باڵانسی هێزیش لەگەڵیدا بگۆڕێت، ئەوەی لێمان دیار نییە، شێوازی ئەو گۆڕانەیە.
کۆرۆنا تەنێ رووداوێکی ساکاری ناو مێژووی ڤیرۆس نییە، بەو جۆرەی فەلسەفەکاری کورد “ئازاد حەمە” بیری لێ کردۆتەوە. کۆرۆنا هەر ئەو دۆخە ئاوارتەیە نییە حکومەتەکان بۆ کۆنترۆڵی زۆرتر کەڵکی لێوەربگرن، بەو شێوەیەی “ئاگامبێن” لە روانگەی بایۆ سیاسییەوە گەڵاڵەی کردووە،. ئەمیش درێژەپێدانی بیری “فۆکۆ”یە کە هەمیشە دەسەڵات لەسەر ترس و قەمع راوەستاوە. لە دیتنی مندا کۆرۆنا عەبا رەشەکەی سەر قەیران و برینە قووڵەکانی سیستمی سەرمایەداریی هەڵدایەوە، بە تایبەت لەو ساتەوەختەی پایتەختی وڵاتە رۆژئاواییەکان بە چڕی دەکەونە ژێر شاڵاوی ئەو دوژمنە پەنهانەوە. تەنانەت نوکتەیەکیشم لەسەر ئەمە دروستکردووە “کۆرۆنا پڕۆلیتاریایەکی نوێیە” و وەک تارمایی گورز لەو سیستمە دەوەشێنێت بانگەشە بۆ جیهانگیریی ئابووری و بازاڕ و تەندروستی و بچووکبوونەوەی دنیا دەکات بۆ ئاستی گوندێک، تەنانەت یەکێتی ئەوروپا و هاریکاریی گەلانی کردە سەفسەتەیەکی پووچ بە تایبەت لەو نیگارەدا ئەمە بە روونی دەرکەوت وڵاتان سنوورەکانیان بە رووی یەکتردا داخست. کەرەنتینە هەر ئەوە نەبوو هەر مرۆڤێک لە ماڵی خۆی بێت، بەڵکو بازنەکە فراوانتر بووە بۆ هەر وڵاتێک لە ماڵی خۆی و بە سیستمی تەندروستی خۆیەوە رووبەڕووی ئەم بەڵایە ببێتەوە. لانیکەم لە حاڵی حازردا ئەو وەهمەی پووچەڵ کردەوە، نیولیبرالیزم وەک ئەفسون و نموونەی ئیدیاڵ لەبارەی خۆیەوە لە رووی زیهنییەوە بەرهەمی هێنابوو.
شتێک زۆر لێی دڵنیا بم، قۆناغی پۆست کۆرۆنا، دنیا هەمان دنیاکەی پێشوو نابێت. هەمیشە جەنگ و پەتا یونیڤرساڵەکان، دەموچاوی جیهانیان گۆڕیوە. رەنگبێ باشترین فاکت لەم بارەوە پەتا گەورەکەی سەدەی چواردەهەم بێت لە ئەوروپا، گەرچی ئەو پەتایە نزیک بە نیوەی دانیشتوانی ئەودەمەی ئەوروپای قڕ کرد، بەڵام رەنگی ئەوروپا و ژیارەکەشی لە ریشەوە گۆڕی. هەروەک “ژاک ناتالی” باسی دەکات ئەم پەتایە بوو بە فاکتۆری گۆڕانێکی رادیکاڵی لە سیستمی ئاینیدا، ئیدی قەشەکان رۆڵی خۆیان لە دەست دا و جێگەیان بۆ پۆلیس چۆڵ کرد تا بە رۆڵی ئەوان هەڵستێت، ئەمەش بە بەرایی قۆناغی گواستنەوەی دەسەڵات لەسەر مەبنای باوەڕ دادەنێت بۆ بینای دەسەڵاتێک لەسەر بنەمای هێز. ژاک ناتالی لە بارەی ئەو رەوشەی هەنووکەوە بەهۆی کۆرۆنا ڤیرۆسەوە دەڵێت “ئەو سیستەمی دەسەڵاتەی لەسەر پاراستنی مافی تاک بەندە، رەنگە هەرەس بهێنێت، لەگەڵ خۆیشیدا ئەو دوو میکانیزمە بەرەو ئاوابوون دەبات کە پشتیان پێ دەبەستێت: مەبەست لە بازاڕ و دیموکراسییە”.
کەواتە گۆڕان حەتمییە!. پرسیارە تۆقێنەرەکە ئەوەیە، لەم بۆشاییەدا چی چاوەڕێی مرۆڤایەتییە؟. بەدەر لە هەڕەشە ئیکۆلۆژییەکان، کە چەندان ساڵ بوو هۆشداریی دەدرا بە سیاسیی و هەڵسوڕێنەرانی ئابووری جیهانی مرۆڤ لەبەردەم هەڕەشەی ئەو ژینگەیەدایە تاکە هەلومەرجە بۆ ژیان. ئیدی ئەو هۆشدارییانە سوودێکی ئەوتۆیان نەماوە!. هەرچی پەیوەندیی بە سیستمەوە هەیە، ژاک ناتالی لە گریمانەی هەرەسی سیستمە رۆژئاواییەکاندا، ئاسۆ تەڵخ دەبینێت، بەوەی سەردەمێکی تازە دێتە ئارا، رژێمە خۆسەپێنەکان لە رێی هۆشی دەستکردەوە بۆ کۆنترۆڵ و چاودێریی وەک تاکە ئەڵتەرناتیڤ دێنە سەر شانۆ. هەرچی فەیلەسووفی فەڕەنسی “ئالان تۆرین”یشە لە دوا ئینتەرڤیۆی خۆیدا ئاماژە بەوە دەدات “وا دەزانم چووینەتە ناو فۆرمێکی نوێی کۆمەڵگەوە، بە گوێرەی دەربڕینی ئابووریزانەکان، دەشێت بە کۆمەڵگەی خزمەتگوزاریی ناوی بنێین، بەڵام کۆمەڵگەی خزمەتگوزارییە لەنێوان مرۆڤەکاندا، ئەم قەیرانە ئەو توێژە بەرز دەکاتەوە کە چاودێریی و خزمەتگوزاریی دابین دەکەن”. ئەوەی دیارە ئایندە هیچ لە خۆش ناچێت، لەوانەشە تۆرین لەو ئایندەیە ترسابێت بۆیە پێداگریی لە باسی هەنووکە دەکات. گەرچی ئێمە نیولیبرالیزم رەت دەکەینەوە، بەڵام ترسمان هەیە بە ئاوابوونی حکایەتەکەی، چیرۆکی رژێمگەلێک دەست پێبکات دنیا بۆ زەلکاوی فاشیزم رابکێشنە دواوە.
نامەوێت رەشبینی ببەشمەوە، هەمیشە ویستوومە چرایەکی ئومێدەوار بم، ئازارەکەم ئەوەیە ناشێ چاوپۆشی لە روونکردنەوەی ئەوە بکەم لەناو شانۆی ژیانی مرۆڤدا دەگوزەرێت کە تا دێت ئاسۆکە تاریک دەکەن. ئەم رەوشە نائاساییە هەر دەبوو رووبدات، نەک لەبەرئەوەی مەحکوم بووین پێی، لەبەرئەوەی خۆمان مەحکوم کردبوو بە وێرانکردنی ژینگە، چاوچنۆکی ئابووری، بە بازاڕکردنی ژیان، بەرهەمهێنانی زیاد لە پێویست، مەسرەفگەرایی بێمانا، شەڕ و برسیکردنی یەکتر، بڵاوکردنەوەی هەژاریی، بەردەوامیدان بە رامیاریی پەرتکە و زاڵ بە، هەموو ئەمانە یەک ئەنجامی خراپیان دا بەدەستەوە: قەیرانی ئابووری و هێرشی ڤیرۆسەکان. لێ دڵنیام مرۆڤ ئەمڕۆ بێت یان سبەی سەردەکەوێت بەسەر کۆرۆنادا، بەڵام هیچ کات ناتوانێت بەم عەقڵی ئێستایەوە بەر بەو بەڵا گەورانەی داهاتووی نزیک بگرێت، کە رەنگە ئەوکات بیر لە کۆرۆنا بکەینەوە وەک بە بەزەیترین و بەزیوترین دوژمن. ئەوسا کۆمەڵکوژ دەبین و کەسێکیش نەماوە دڵۆپێک ئەسرینمان بۆ بڕژێت. پێش ئەوەی زەوی ببێتە گۆڕستانی تەواوی مرۆڤایەتی، پێویستە فریا بکەوین و بەخۆ بکەوین، بەڵام چۆن؟ من هیچ نازانم.

10-4-2020
خۆرئاوای زەمین




گۆڕانی راستەقینە ئاوها دەکرێت … لەتیف بێوار

خوێندنەوەیەك بۆ روئیای شیعریی ‘چراکە تەماوی ترە’
………..
لەتیف بێوار
……….

چراکە تەماوی ترە
لەوەی پشت گوێ بخرێ
شەوە یەلدا لە موی نیوان باریکترە
گەر ملی یەک بە یەکیان بە پەتا نەکرێ

یەکێتی و پارتی و ئەوانەی راستەوخۆو ناراستەوخۆ لەدەرەوەو ناوەوە ئیدامەدەری ئەو دەسەلەتە مافیاییەن، کە سی ساڵ پێش ئێستا و دوای راپەڕینی جەماوەریی و سەرتاسەری خەڵکی کوردستان گەڕانەوە وەکو دوو مافیای ئەزمووندار خۆیان کرد بە ناو شارو شارۆچکە ئازادەکانی باشووری کوردستاندا، یەکسەر دەستیان کرد بە بڕینی بانقەکان و پاشان ئاودیوکردنی بنخانی کوردستان؛ هەر لە سەددی بێخمەوە بیگرە تا شۆفڵ و وایەری مس و فافۆن و عەمودی کارەبا، لە شاخ هەر خەریکی خیانەت و بازرگانی بە خوێنی رۆڵەی کوردەوە بوون و لە شاریش لەگەڵ بەشەکەی تردا یەکیان گرتەوە کە ئەمن و بەعسی و کۆنە موستەشارەکان بوون، بۆ درێژەدان و پەرەدان بەو تاوانانەی کە ڕژێمی بەعسیش پەی پێ نەبردوون و نەیکردبوون، زوو هەموو مەلەفەکانیان دەست بەسەردا گرتوو سوتاندنیان، لە شاخیش سەر بەرزاییەکانیان گرتبوو نەیاندەهێشت هیچ هاوڵاتییەك پێش هاتنی سەعاتی سفر رابکات و خۆی و ماڵ و مناڵی رزگار بکات ، کەچی خۆیان سەعاتێ پێش کاتی دیاریکراو بە فەردە پارەکانەوە وەکو سەگی دز دیار نەمان تا ئەو کاتەی رژێمی بەعس کیمیابارانی کرد بەسەر خەڵکدا.
ئەوانە هەر مۆڵگەی گەندەڵی و خیانەت و یاساشکێنی و ستەمن، تا بوونیان مابێ دەبێت کورد هەر کۆیلەی ژمارە ٣ بێت، دەردەکە لەوێدا خەست دەبێتەوە کە ئەو قەڵەمبەدەستانەی خۆیان بە هزرمەندو نووسەرو ئەدیب دەزانن پارچەیەکی پیسن لەو مەنزومەی دەسەڵاتە مافیاییەدا، یان لە رۆژنامەو میدیایەکی سێبەری دەسەڵاتدا کاردەکەن و چەند موچەیەك وەردەگرن، یان لە دەزگایەکی بە ناو رۆشنبیری و چاپەمەنی و بنکەو ڕێکخراوە بەناو مەدەنییەکاندا کار دەکەن و دەست بە سنگیانەوە دەگرن بۆ مەسئولە دزو تاوانبارەکان وخۆ دەچەمێننەوە بۆ سیمبوڵە بۆگەنەکانیان، کەچی لە تۆڕە کۆمەڵایەتی و بەرهەمکانیاندا خۆیان بە قوربانیی دەستی ئەو دەسەڵاتە دەزانن، ئەمەیە دوو فاقیی و دووڕوویی زۆرینەی ئەوانەی وەکو حیزبە ناڕازییەکان کە دروشمی گۆڕان هەڵدەگرن و داوای موچەو مۆڵەت لەو دەسەڵاتە مافیاییە دەکەن، ئیتر بەسە تا کەی خۆڵ دەکەنە چاوی خەڵك، هەرچەندە خەڵك زۆر لەوە هۆشیارتن و ئەو راستیانە دەزانن.

خوازیاری ڕاپسکانێکی تریشقانەم
درەختی ڕیشەکوتراوی بێ بەر ڕاتەکێنێ
ڕێژنەی یەکلاکەرەوە رێکبخا
لافاو ،
بە پلیکانێی چەما ، سەرخا
چی تەپۆڵک و
زۆڵە کۆ لوتکەیە.. بیانسڕێتەوە
شتەکان هەر هەمو
وەک خۆ
بخاتە روو
ئەو مانگرتنە پچڕ پجڕانەی ئیرە و ئەوێ
سەرانسەریی یەکخا
بوێرێ بەو بەرنامە بێ پایە و
ناوەڕۆکە کرچ و کاڵانەیان بڵێ:
هیچوپوچ و
پوکن..
پوک ، پوک
گۆڕانی راستەقینە لە دیدی شاعیرەوە بە راستگۆیی و دڵسۆزیی و بڕوابوون بە دۆزی رەوای میللەتی چەوساوەی کورد دێتە دی، کە خۆی ڕابپسکێنێت لە هەموو ئەو رەگانەی دەچنەوە سەر ئەو دوو بنەماڵە کوردفۆش و دزە، کە ئامادەبن ژیان و مردن وەك یەك تەماشا بکەن لە پێناوی گەشتنە ئەو ئاواتە بەرزو بڵندە کە هیچ کەس و حیزبێك نەیتوانی پێی هەستێت، سەیر ئەوەیە حیزبەکانی بەرهەڵستکار بە دروشمی نەمانی دەسەڵاتی گەندەڵ خەڵکیان فریو دا کەچی دوایی خۆیان سەریان لە بنی بەڕەی ئەو دەسەڵاتە گەندەڵەوە دەرچوو، لێرەدا شاعیرو نموونەی شاعیر دەتوانن ئەو گۆڕانە بکەن بە هیممەت و هەوڵی بێ پسانەوە، خۆ ئەو رەنگە هەر ١٠ ساڵی تر تەمەن بواری بدات، چەند شانازییە ناوی بچێتە لیستی پیاوە مەزنەکانی جیهانەوە کە گەلەکانیان رزگارکرد لە قۆناغی قۆراخکارییەوە بۆ دادپەروەریی راستەقینە، نەك بۆ مشتی پارەی لە کاغەز دروستکراو خۆیان و سومعەی خۆیان بۆ هەتایە ناشرین بکەن، چ هیواو ئامانجێك لەوە مەزنترە میللەتێك رزگار بکرێت لەو دوو میکرۆب و پەتایەی ٣٠ ساڵە گەورەو بچووك پێوەی دەناڵێنێ، موساوەمە لەگەڵ دزدا ناکرێت، راپەڕین و یەکگرتن و جورئەت و تێکۆشان پێویستە بۆ لەناوبردنی ئەو دومەڵە پیسانەی هیچ چارەسەرێکیان نییە جگە لە هەڵکێشانیان نەبێت، کاتیان زۆر نزیک بووەتوە تا لەگەڵ کرۆنادا قەلاچۆبکرێن، لە هەرشوێنێك بینیتانن وەکو چاوچیسکۆ دادگای گەلییان بۆ دابنێن و بە تانک و زریپۆشەکانی خۆیان لەناویان بەرن، لەسەر ئەو ئەو ئەپارتمانە٣٠ قاتانەی بە پارووی دزراوی بێوەژن و هەژاران دروستکراوە فڕێیان بدەنە خوراوە، کەس ناتوانێت بەرەنگاری رقی پەنگخواردووی میللەت بێت، گۆڕانی راستەقینە ئاوها دەکرێت کە موساوەمە نەکرێت بە کێشەی جارەنوسسازی گەل بەرامبەر پارەو کورسی، چی ماوە کاولی نەکەن و بۆگەنی نەکەن؟ ژیان و تەمەنی دوو نەوەیان کاول کرد، عالەمیان توشی دەردی دەروونی کرد، داروبەردو سەرخان و بنخان و ئاوو هەوای کوردستانیان بە عالەمی ئاشکرا دزی و جورئەتێك نییە دەستیان ببڕێ تا ئەو کاتەی هێزی راستەقینەی گۆڕانکاری گەل دێتە بوون و لە ڕیشەوە داری ژەقنەبووتیان هەڵدەکێشێت.
بە وتەی پێشینان: لە بنی هەمانەکە با
یا لەناویان دەبا
یان تیا ئەچین !!
ئازارکێشانی ئەم درم و دەردە
لە خودی (بار)ی سەخت و
قورسترە
لە قوڵایی شەوگارەوە
دەیان خێڵ و
خانەوادە..
لە جامە ڕەشەکانەوە
وەک قەلەڕەش دەڕشێنە سەر جادە
هەر ئەڵێی مێردەزمەی ناو مەتەڵ و
ئاژەڵە درندەی ناو جەنگەڵن
بڕینی (ساتر)
خەمی گەورەی چەقۆیە
داڕێشتنی نەخشە و
داگیرسانی هەر کڵپەیەک
سوێێ مژدەیە
ژیان و تەمەن چەند سات و چرکەیەکی خێران و دووبارەبوونەوەیان مەحاڵە، کەواتە کاتییەتی ئەوانەش کە لە بەتانی ئەو دوو تاقمەوە پێچراون و یان خۆیان پێچاوە بیر لە پاشەڕۆژی نەوەکان بکەنەوە، ئەم کۆشکە بێ بناغەی یەکێتی و پارتی لەسەر ئێشکو پروسکی کوژراوانی شەڕی ناوخۆو بێ سەروشوێنان دروستکراوە درەنگ بێت یان زوو هەر دەڕوخێت و ماڵی هەمووان کاول دەکات، کەواتە با بە شێوەیەکی ئەندازیارانە خۆمان بیڕوخێنین و کۆشکی دادپەروەریی و مافی مرۆڤی لە شوێندا دروست بکەین، ئێسکو پروسکی ئەو بێ تاوانانەش دەربکەینەوەو بیکەین بە جاوی جەللادو بکوژەکانیاندا، ئەمە راچەنینی جەماوەریی دەوێت، ئەمە خۆ داماڵین لە نێرگزییەت و مەسڵەحەتی پێویستە، ٣٠ ساڵە هەموو شتێکمان بینی ئیتر بەسە، لە گەورەو بچوک، شێتو ئاقڵ راستی روونەو بەکەس ناشاردرێتەوە، ئەوانە لە دوژمنی دەرەکی زیاتر بە زیان بوون بۆ میللەت و خاکی کوردستان، ئەو عەوام و رەشۆکانەی نازانێت بۆ چەپڵەیان لێدەدات پێویستە دەست بکەن بە گریان و بزانن ئەوانیش لەگەڵ دەسەڵاتدا تاوانبارن، هاوبەشن لە هەموو ئەو تاوانە گەورەو بچووکانەی رۆژانە پێی هەڵدەستن، هەروا ئەوانەش بە بەڵێیەك دەنگیان پێ دەدەن و بەرگرییان لێ دەکەن با بزانن هیچ جیاوازییەکیان نییە لەگەڵ ئەو سەرە بکوژانەی سەدان تاوانیان دەرهەق خەڵك کردووە هەر لە شاخەو تا شار، هەر لە سەردەمی راو و رووت و سەرانەو تا سەردەمی گرێبەستە نەوتییو نهێنییەکان کە گەل هیچ داهاتێکی نەوت و ناوخۆ نابینێت جگە لەو دزیانەش کە لە موچەی نێرداراوی حوکمەتی ناوەندی دەکەن. ئەوانە نابێت بە زمانی ڕێزو دبلۆماسییەت لەگەڵیان بدوێی چونکە نە سیاسین نە دبلۆماسی، بەڵکو شەلاتییەکی دزن و خۆیان کردووە بە دەمراستی گەل، ئەوانە هیچ ڕێزو بوون و قەوارەیەکی دەولەتییان نییەو وەکو مافیایەکی سوك مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت و تەماشا دەکرێن، جا تۆی خوێنەری بە ئەمەك و تێگەشتووی کورد دەبێت ئەو راستییە بزانیت هەرگیز نابیتە خاوەنی کەسایەتیەکی مرۆڤئاسا تا ئەو کەڵبەی ئەو گورگانە لە جەستەمان دەرنەکەین و بە سزای تاوانەکانی خۆیان نەگەن، ئەوسا ئێمەش لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان داوای مافی راستەقینەی گەلی خۆمان دەکەین، نەك بە هەلیکۆپتەر دۆلارمان بۆ بێنن وەک لە ساڵی ٢٠٠٥دا سەرانی یەکێتی و پارتی داوایان لە بریمەر کرد، دەبێت رۆژێك بێت خوێنی بە ناحەقڕژاوی هەموو مامە ڕیشەکان لەو جەللادو تاوانبارانە وەربگرینەوەو سەرتاسەری تاوانەکانیان ئاشکرابکرێت، سەرجەم ئەو موڵك و زەوی و باخ و ڤێللاو هاوینەهەوارو پارەو زێڕو پشك و کۆمپانیاو …..یان لەسەر زگی میللەت قوتیان کردوونەتەوەو دزیوە لێیان بسەنرێتەوەو بە دادپەروەریی بەسەر رەش و رووتی گەلدا دابەش بکرێت، دەبێت دڵنیان بین لەوەی تا ئەوانە مابن کەس خۆشی لە خۆی نابینێت..
لەم قەیرانە جەنجاڵەدا
دز و پاڵەوان لێک ناکرێنەوە

شتەکان هەر هەمو
وەک خۆ
بخەنە روو
بە وتەی پێشینان :
لە بنی هەمانەکە بەن
یا تیا ئەچن ، یا تیا ئەچین
بەسە ئیتر !!




نۆڤلێت: کچەی خوێنەر … نیهاد جامی

ناوی کتێب: كچەی خوێنەر
نووسەر: نیهاد جامی
بابەت: نۆڤلێت
نەخشەسازی: ئاراس ئەکرەم
چاپ: یەکەم – هەولێر، ٢٠١٩
تیراژ: ٧٥٠ دانە
نرخ: دینار
چاپخانە: چاپخانەی ڕۆژهەڵات
لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کتێبخانە گشتییەکانی هەرێمی
کوردستان ژمارەی سپاردنی ) ( ساڵی 2018ی پێ
دراوە

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن ……..

بۆ خوێندنەوەی کتێبەکانی تری نووسەر کلیکی ئێرەبکەن …….




ڕۆڵی باشووری كوردستان لە ڕاپەڕینی شێخ عوبەیدوڵڵای نەهریدا-8- ڕه‌سوڵ بۆسكێنی

به‌شی هه‌شته‌م

گه‌یشتنه‌وه‌ی هێزه‌كانی شێخ عوبه‌یدوڵڵا بۆ نه‌هری و ته‌قه‌للای هه‌ستانه‌وه‌

دوای شكستی ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ و كشانه‌وه‌ی هێزه‌كه‌، زیانێكی زۆری ماڵی و گیانی به‌ر ڕاپه‌ڕیوان و دانیشتوانی گونده‌ كوردنشینه‌كان كه‌وت، هه‌ردوو قۆڵه‌كه‌ی ئازربایجانی خۆرهه‌ڵات (موكریان و میاندواو) و ئازربایجانی خۆرئاوا (ورمێ) نه‌یانتوانی مه‌به‌‌سته‌كانی خۆیان جێبه‌جێ بكه‌ن، لەهەردوو قۆڵی سابڵاغ و ورمێ‌، بەسەركردایەتی شێخ عەبدولقادر و شێخ عوبەیدوڵڵا و هەمزاغای مەنگوڕ و فەرماندەكانی تری هێزەكان، كە لە (10 و 12- 11- 1880ز) سابڵاغ و ورمێیان جێهێشت، هه‌ردوو هێزه‌كه‌، به‌رودوا به‌تێكشكاوی به‌ره‌و مه‌رگه‌وه‌ڕ كشانه‌وه‌، سەرەڕای ئەوەی هێزەكانی عوسمانی سنووریان بە (18) بەتالیۆن سەرباز و (36) عەڕادە تۆپەوە تەنی بوو، بەڵام گەیشتنەوە شوێنەكانی جارانی خۆیان، شێخ عوبه‌یدوڵڵا و شێخ عه‌بدولقادر و ته‌واوی هێزه‌كه‌یان له‌ گوندی مه‌رگه‌وه‌ڕ له‌سنوور په‌ڕینه‌وه‌ و چوونه‌ خاكی عوسمانی، به‌شێكیشیان به‌سه‌ركردایه‌تی هه‌مزاغای مه‌نگوڕ، به‌ره‌و لاجان و سه‌رده‌شت پاشه‌كشێ ده‌كه‌ن و هه‌مزاغا له‌ سنووری سه‌رده‌شته‌وه‌ چووه‌ ناوچه‌ی پشده‌ر له‌ باشووری كوردستان، بن ده‌ستی ده‌وڵه‌تی عوسمانی. پاشان گه‌له‌ كۆمه‌كێی له‌شكره‌كانی ئێرانی و عوسمانی و ڕووسیا به‌ریتانیا ده‌رفه‌تی ته‌قه‌لای سه‌ربازییانه‌ و هه‌ڵسانه‌وه‌ی شۆڕشی كوردیان نه‌داوه‌.
زۆربەی ئەو سەرۆك خێڵە كوردانەی ئێرانیش لەڕاپه‌ڕینەكەدا بەشداریان كردبوو، یان خۆیان بۆ پاڵ ئێران چوونەوە، یان دەوڵەتی ئێران تەقەللای هێنانەوە و نیشتەجێ‌ كردنەوەیانیدا و لە ئاكامدا بەتەنیا هەر (هەمزاغای مەنگوڕ)، لەگەڵ بەشێك لە خێڵەكاندا لەناوچەی (سەردەشت) و (لاجان) و سنوورەكانی ئێران- عوسمانیدا مایەوە و جارجار شەڕی پارتیزانانەی دژی هێزەكان و پیاوانی دەوڵەتی ئێران دەكرد.هێزەكانی دەوڵەتی ئێرانیش كە لەو ناوچانەیه‌دا(حەسەن علی خانی گەڕوسی) سەركردایەتی دەكردن بە هەموو توانایانەوە تەقەلای گرتن و كوشتنیانی دەدا.
دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی شێخ عوبه‌یدوڵڵا و هێزه‌كه‌ی بۆ ناو خاكی عوسمانی، شای ئێران داوای له‌ عوسمانی كرد، ئێستا شێخ عوبه‌یدوڵڵا شكێنراوه‌، پێویسته‌ له‌سه‌ر بابی عالی ده‌بێ شێخ بگرێت، یان سزای بدات، یان ڕاده‌ستی كاربه‌ده‌ستانی‌ ئێرانی بكاته‌وه‌، یانیش ڕێگا به‌هێزه‌كانی ئێران بدات له‌سنوور بپه‌ڕنه‌وه‌ و له‌گه‌ڵ هێزی عوسمانیه‌كاندا هاوكاری بكه‌ن بۆ ده‌ستگیركردنی سه‌ركرده‌ باڵاكانی سه‌رهه‌ڵدانه‌كه‌.
له‌ سه‌ره‌تای كانوونی یه‌كه‌می 1881دا، موحسن خانی سه‌فیری ئێران له‌ ئه‌سته‌مبوڵ نامه‌ی ئاراسته‌ی هه‌موو هێزه‌ ناوبژیكه‌ره‌كان كردبوو، داوای به‌گه‌رخستی ده‌سه‌ڵاتیانی كردبوو، تا كاریگه‌رییان له‌سه‌ر بابی عالی هه‌بێت، هه‌نگاو بنێت بۆ ڕێگاگرتن له‌ شێخ عوبه‌یدوڵڵا، كه‌ ئێستا له‌ناو خاكی توركیا دایه‌ سنووری ئێران نه‌به‌زێنێت، سه‌فیری ڕووسیش سه‌باره‌ت به‌ په‌لاماری كورده‌كان پشتگیری داواكاری موحسن خانی سه‌فیری ئێرانی كردبوو.

حه‌سه‌ن عه‌لی خانی گه‌ڕووسی به‌فه‌رمانڕه‌وای مه‌هاباد
ئە‌گە‌رچی دە‌رباری قاجاری لە‌ سە‌رە‌تادا لە‌ (12/11/1880ز) حاجی سە‌درلدە‌ولە‌ی وە‌ك فە‌رمانداری سابڵاغ دانا، بە‌ڵام ناوبراو نە‌یتوانی چاوپۆشی لە‌و هه‌موو كوشتار و تاڵان و زوڵمە‌ بێ سنوورە‌ بكات، هێزە‌كانی دە‌وڵە‌تی ئێرانی بە‌رامبە‌ر كوردە‌كانی ئێران و سات و ماڵات و گوندە‌كانیان دە‌كات، هە‌ر تە‌نیا ماوە‌ی مانگێك توانی دان بە‌ خۆیدا بگرێ، لە‌بە‌ر ئە‌وە‌ سە‌رانی دە‌وڵە‌تیش كە‌ دە‌زانن هه‌‌ڵسوكە‌وتی بە‌ گوێرە‌ی خواستی ئە‌وان نیە‌، لایدە‌دە‌ن و لە‌ جێی ئە‌و لە‌ (11/12/ 1880ز) حسن علی خانی گە‌ڕوسی- وە‌زیری فە‌وائید بە‌ فە‌رمانڕە‌وای سابڵاغ دادە‌نێن.
وەزیری فەوائید(حسن علی خانی گە‌ڕوسی) كەلە گەورە بەرپرسانی دەوڵەتی ئێران و سەرۆكی ڕاوێژخانەی دەربار و خاوەن قەڵەم و شمشێربوو، لەلایەن شاهەنشاوە كرابووە فەرمانڕەوای سابڵاغ و سەردەشت و لاجان. ئەویش بەڕاوێژ و بەرنامەی زیرەكانەوە، هەرچی عەشایەر بوون، لەماوەیەكی كورتدا ئارام و هێوری كردنەوە و هەندێ‌ سەرانی موكری و لاجانیشی خەڵات كرد و دیاری پێبەخشین، هەندێكی تریشیان لەتۆڵەی كارەكانیان سزادا و هەندێكی تریشی كوشت و لەگەڵ پاشماوەی بنەماڵەی خان باباخان یشدا ئەوپەڕی سۆز و میهرەبانی نواند.
هێزەكەی حەسەن عەلی خانی گەڕووسی، لەم كاتەدا بریتی بوو، لە (4) فەوج سەرباز، بە فەرماندەیی (عەزیزخانی سەرهەنگی تۆپخانە) بە (4) تۆپ و سوارەی قەرەپەپاغ، بەسەركردایەتی حەسەن عەلی خان و (200) كەس و دۆیرن و ئێرانلو و سوارەی بەختیار و یورتچی و فەوجی قەهرەمانییە و حەوتەمی شوقاقی، فەوجێكی حەسەن عەل خان.
ئەم هێزەی حەسەن عەلی خانی گەڕووسی سەركردایەتی دەكرد، ڕۆژی (9- 12- 1880ز) دەگاتە سابڵاغ و سەربازگەی له‌ ئاقاری شاری سابڵاغ دامەزراند و تا بەجێهێنانی بەرنامە و ئەركەكەشی، بارەگای هەر لە سابڵاغ دەبێت.
حسن علی خان پیاوێكی فێڵباز بوو، به‌فراوانی كه‌وته‌ دروست كردنی ده‌سته‌ و تاقمی سیخور و ناردنیان به‌هه‌موو لایه‌كدا، بۆ كۆكردنه‌وه‌ی زانیاری و ده‌داو خستنی لایه‌گرانی ڕاپه‌ڕینه‌كه‌، به‌تایبه‌ت له‌ قۆڵی سابڵاخ و له‌سنووری سه‌رده‌شت- پشده‌ر كه‌وته‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی سیخوره‌كانی، بۆ دانانی كاریگه‌ری و فریودانی خزم و لایه‌نگرانی هه‌مزاغا، له‌و ‌باره‌یه‌وه‌ كاریگه‌ریان له‌سه‌ر زۆرێك له‌ لایه‌نگرانی هه‌مزاغا دانا، ته‌نانه‌ت كاكه‌ئاڵڵای برای هه‌مزاغاشی فریودا، به‌ناوی ئه‌وه‌ی هه‌مزاغا شیاوی سه‌رۆك خێڵی نیه‌ و ئه‌گه‌ر كاكه‌ئاڵڵا واز له‌ هه‌مزاغا بێنێ و بگه‌ڕێته‌وه‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی ئێران و له‌سه‌ر ئێل و ماڵی خۆی دابنیشێ، له‌ شوێنی هه‌مزاغا ده‌یكه‌ن به‌ سه‌رۆك هۆزی مه‌نگوڕ.
هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای ده‌ست به‌كابوونیه‌وه‌ به‌پشتیوانی ئه‌و سه‌رۆك خێڵانه‌ی له‌ ده‌مێكه‌وه‌ سه‌ربه‌ ده‌وڵه‌ت بوون، هه‌وڵی هه‌ڵته‌كاندن و له‌به‌ر یه‌ك هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی یه‌كێتی ڕیزه‌كانی سه‌رۆك خێڵ و خێڵه‌ كورده‌كانی داوه‌، له‌ چه‌ندان نامه‌یدا بۆ ناسره‌دین شا و سه‌رانی قاجاری خۆی به‌وه‌ هه‌ڵده‌كێشێ فیتنه‌یی و دووبه‌ره‌كی و ئاژاوه‌ له‌ناو سه‌رۆك عه‌شره‌ته‌ هاوڕێ و دۆسته‌كانی یه‌كتردا دروست بكات و هه‌موویان بترسێنێ و به‌سه‌ر یه‌كه‌وه‌ بیانكات به‌ جاسوس و باوه‌ڕی ده‌وڵه‌تخوازیان لا دروست بكات.
هه‌ر زوو كه‌وته‌ تۆقاندنی لایه‌نگرانی ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ی كورد و‌ شێخ عوبه‌یدوڵڵا و هه‌وڵی دوور خستنه‌وه‌یان له‌ شێخ، به‌وه‌ی كۆبوونه‌وه‌ی فراوان و خێرایان له‌گه‌ڵ بكات و نامه‌ی په‌شیمانیان بۆ ناسره‌دین شا پێ بنووسێ، له‌گه‌ڵ چاندن و بڵاوكردنه‌وه‌ی تۆڕێكی سیخوڕی به‌ناو خه‌ڵكدا له‌هه‌موو لاوه‌ پیاوه‌كانی زانیاریان كۆده‌كرده‌وه‌ و له‌ڕێگای نامه‌وه‌ حه‌سه‌ن عه‌لی خانیان ئاگادار ده‌كرده‌وه‌ و ئه‌ویش زانیاریه‌كانی به‌سه‌رووی خۆی ده‌گه‌یاند.
حه‌سه‌ن عه‌لی خان دوای گه‌یشتنی، به‌هه‌موو لایه‌كدا كه‌وته‌كار، له‌ ته‌لگرافێكدا بۆ ناسره‌دین شا ده‌نووسێت:”هە‌ر كە‌ گە‌یشمە‌ شارۆچكە‌كە‌ (سابڵاغ ) خە‌ڵكم بە‌ هە‌موو لایە‌كدا ڕە‌وانە‌ كرد و ئە‌وانە‌ش كە‌ تا ئە‌و كاتە‌ دڵنیا نە‌بوون و نە‌هاتبوون وە‌ك فە‌یزوڵابە‌گ، حەسەن ئاغای خوشكە‌زای قادرئاغا، برازاكانی احمد بە‌گ، محمد سالح بە‌گی كوڕی بابا خان و محمد به‌گی ئامۆزای پیاو ماقوڵانی باوە‌ڕ پێ كراوی ورمزیار، وە‌ك: مامە‌ند ئاغا، یوسف ئاغا و فڵان و فیسار كە‌ لە ‌(30) كە‌س زیاتر دە‌بوون هە‌ر هە‌موویانم یە‌ك یە‌كە‌ دڵنیا و دڵخۆش كرد و بە‌رە‌بە‌رە‌ هێنایانن، جگە‌ لە‌ خدراغا و ناسراوانی سە‌ردە‌شت، كە‌ هێشتا بە‌ بیانووی بێ سە‌ر و بە‌رە‌وە‌ نە‌هاتوون، لە‌ تایە‌فە‌ی بە‌گزادەو سە‌رانی دیبۆكری و ناودارانی تری ناوچە‌ی موكری هیچ كە‌س نە‌ماوە‌ نە‌هاتبێ و ئه‌م گیان فیدایە هە‌موویانم دڵداونە‌تە‌وە‌ و خە‌ڵاتم كردوون.”
جه‌ربه‌زه‌یی هه‌مزاغا و درێژه‌دانی ڕاپه‌ڕین
جه‌ربه‌زه‌یی و قاره‌مانی و لێهاتوویی هه‌مزاغا له‌وه‌دابوو ئاڵۆزی بارودۆخ و كێشه‌ی ناوچه‌كه‌ و گوشاری ده‌وڵه‌ته‌كان نه‌یانتوانی كۆڵی پێ بده‌ن و واز له‌ ڕاپه‌ڕین بێنێ، به‌ڵكو كه‌وته‌ ته‌قه‌لا و هاندانی هۆزه‌كانی باشووری كوردستان بۆ پشتیوانی شێخ عوبه‌یدوڵڵا و به‌رده‌وامی ڕاپه‌ڕین، له‌ نامه‌یه‌كدا له‌سه‌فاره‌تی ئێرانیه‌وه‌ ناردراوه‌ بۆ بابی عالی له‌ 25ی تشرینی دووه‌می 1880 (21 زوالحجه‌ی 1297)دا ڕایده‌گه‌یه‌نێت: هه‌مزاغا دوای ئه‌وه‌ی له‌ ئێران هه‌ڵاتبوو بۆ ئه‌ودیو سنووری توركیا، له‌وێش دوای ته‌جنید كردنی هه‌ندێ له‌لایه‌نگره‌كانی شێخ عوبه‌یدوڵڵا و چه‌ند هه‌زار كو‌ردێكی ناوچه‌كه‌. به‌رده‌وام له‌ چالاكی دابووه‌.
هه‌موو جوڵه‌ و چالاكیه‌كانی هه‌مزاغا له‌ ڕێگای چاندنی تۆڕێكی جاسوسی حه‌سه‌ن عه‌لی خانی گه‌ڕووسی چاودێری ده‌كرا و له‌ڕێگای نامه‌وه‌ ده‌گه‌یشته‌ ده‌ست حه‌سه‌ن عه‌لی خان و دواتریش بۆ ده‌ست ناسره‌دین شای قاجار، له‌ ناوە‌ڕۆكی نامە‌كانه‌وه‌ خوێنە‌ر بارودۆخی سه‌ختی ئه‌و ڕۆژگاره‌ تێ ده‌گات و ده‌توانێ لە‌ ڕێگا‌ی ئە‌و نامانە‌وە‌ شوێن پێی هە‌مزاغا هە‌ڵبگرێ و بزانێ بە‌ چ ئە‌وینێكی شۆڕشگێڕانە‌ و نیشتیمانپە‌روە‌رانە‌ و جە‌ربە‌زانە‌وە‌، لە‌ناوچە‌كە‌ی خۆیدا ماوە‌تە‌وە‌ و بە‌ تە‌نگ ڕاپە‌ڕاندن و پیادە‌كردنی بە‌رنامە‌ و هە‌ڵسانە‌وە‌ و بە‌زیندوو ڕاگرتنی شۆڕشە‌كە‌ بووه‌، بە‌ ئاواتی دە‌ست پێكردنە‌وە‌یە‌وە‌ دە‌ژی، بێ پە‌روا فە‌رمانە‌كانی شێخ عوبە‌یدوڵڵا‌ لە‌ هە‌موو جێیە‌كی قە‌ڵە‌مڕە‌وی قاجاری و عوسمانیدا جێبە‌جێ دە‌كات، تا ئە‌و كاتە‌ی وە‌ك لە‌ نامە‌ی ژمارە‌ (116)ی حه‌سه‌ن عه‌لی خان دە‌ردە‌كە‌وێ كە‌ لە‌ سە‌رە‌تای مانگی حوزە‌یرانی (1881)داَ هێزە‌كانی دە‌وڵە‌تی عوسمانی دە‌چنە‌ نە‌هری و شێخ عوبە‌یدوڵڵا لە‌ بارە‌گاكە‌ی خۆیدا دە‌ستبە‌سە‌ر دە‌كە‌ن و بە‌رە‌ و ئە‌ستە‌مبووڵی دە‌بە‌ن.
دوای پاشه‌كشێ پێ كردن و ناچاركردنی بۆ كشانه‌وه‌ی یه‌كجاری، له‌ شار و ناوچه‌ ئازاد كراوه‌كانی سابڵاخ و كوردستانی بن ده‌ستی ئێران، و كشانه‌وه‌ی بۆ ده‌ره‌وه‌ی قه‌ڵه‌مڕه‌وی ئێران و پاشان دامركاندنه‌وه‌ و له‌ناوبردنی شو‌ێنه‌واره‌كانی ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ و ڕێكخستنه‌وه‌ی ناوچه‌كانی ڕاپه‌ڕین‌ و هێنانه‌وه‌ی ئه‌و لێشاوه‌ خه‌ڵكه‌ی له‌ ترساندا له‌ناوچه‌كانی خۆیاندا هه‌ڵاتبوون و لێبوردنی پیاوانی ئایینی و سه‌رۆك خێڵه‌كانی موكریان، لاجان، شنۆ و سه‌رده‌شت…كه‌چی تاقه‌ كه‌سێك ده‌رباری قاجاری بۆ هه‌میشه‌ چاوی لێی نه‌پۆشی و لێی نه‌بورد، به‌ته‌نیا هه‌ر هه‌مزاغای مه‌نگوڕ بوو، كه‌ ده‌رباری قاجاری بێ پسانه‌وه‌ مه‌به‌ستی بوو، به‌هه‌ر شێوه‌ و به‌هه‌ر نرخێك بێت، ده‌ستگیری بكات، یان له‌ناوی به‌رێت.
دوای شكستی ڕاپه‌ڕینه‌ و كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی شێخ عوبه‌یدوڵڵا له‌ كوردستانی بن ده‌ستی قاجار بۆ نه‌هری، هه‌مزاغاش له‌ قۆڵی سه‌رده‌شته‌وه‌ كشایه‌وه‌ سه‌ر سنوور و دوایش چووه‌ سنووری ده‌وڵه‌تی عوسمانی له‌ باشووری كوردستان له‌ سه‌ید ئه‌حمه‌دانی ده‌ڤه‌ری ‌پشده‌ر تاوڵی هه‌ڵدا و له‌وێوه‌ شه‌ڕی پاتیزانانه‌ی له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی ئێران ده‌كرد، له‌و باره‌یه‌وه‌ له مێژووی 29 صە‌فە‌ری 1298 كۆچی (21- 1- 1880ز)‌ حه‌سه‌ن عه‌لی خانی گه‌ڕووسی تلگرافێكی بۆ ناسره‌دین شا ناردووه‌، كه‌ له‌ چە‌ند بە‌شێكی نامە‌كە‌دا هاتووه‌:
نامە‌ی ژمارە‌ 56
(چە‌ند بە‌شێك لە‌ نامە‌كە‌ )
لاپە‌ڕە‌:153 – 164
مێژوو:29 صە‌فە‌ری 1298 كۆچی (21- 1- 1880ز)
بۆ: ناسرە‌دین شا (بە‌تلگراف بۆی نێردراوە‌)
“بۆ خاكی بە‌رپێی هومایۆنانە‌ی موبارە‌ك ((ڕوحمان بە‌قوربانی بێت))
دە‌بێ ئە‌وە‌ عە‌رز بكە‌م ئە‌گە‌رچی ڕادە‌ی ئاژاوە‌كە‌ی عوبە‌یدوڵڵای نە‌فرە‌تی و لە‌ بە‌ختی شوومی ئە‌و خە‌ڵكە‌ش، كە‌ بە‌ دڵ و نابە‌دڵ هاوكاریان لە‌گە‌ڵ كردووە،‌ وێرانی و زیانێكی زۆری گیان و سامانیان لە‌ بە‌شێكی گرنگی هه‌‌رێمی ئازربایجان كە‌وتووە‌، بە‌ڵام ئە‌م خە‌ڵكە‌ش هە‌ر لە‌ پاداشتی كردە‌وە‌ی خۆیاندا ئازار و زیانێكی وایان بە‌ركە‌وتووە‌ بە‌ بیردا نایە‌ت، بە‌شێكی زۆری ئە‌م وڵاتە‌ بە‌ جۆرێك ژێرە‌و ژور بووە‌، دە‌بێ چە‌ندین ساڵی پێ بچێت تا لە‌م ناوچە‌یە‌ بڕێك هێمن و ئاسایی ببێتە‌وە‌ و شوێنە‌ كاولە‌كان ئاوە‌دان ببنە‌وە‌.
دوای نیوە‌ڕۆی (17)ی موحە‌رە‌م لە‌لایە‌ن گوڵاوی ئاغا هە‌واڵ گە‌یشت، كە‌ لە‌ كاتێكدا خۆی و عوسمان ئاغا لە‌ سە‌ردە‌شت بوون، هە‌مزاغا بە‌ پشتیوانی هە‌ندێك لە‌ خە‌ڵكی سە‌ردە‌شت بە‌ شە‌ست حە‌فتا كە‌سێكە‌وە‌ لە‌ دە‌ست و پە‌یوە‌ند و نزیكانی خۆیە‌وە‌ لە‌مە‌حاڵی (دارمە‌) كە‌ دە‌كە‌وێتە‌ خاكی سە‌ردە‌شت بە‌ قە‌ڵە‌م ڕە‌وی عوسمانیە‌وە‌ لكاوە،‌ كتوپڕچۆتە‌ ناو سه‌ردە‌شت و گوڵاوی ئاغا و عوسمان ئاغاش كە‌ هێزێكیان لە‌گە‌ڵدا نە‌بووە‌، شارۆچكە‌ی سە‌ردە‌شتان بە‌ جێ هێشتووە‌، هاتوونە‌تە‌ دە‌رە‌وە‌. گیانفیداش بیرم لێكردە‌وە‌ ئە‌گە‌ر مانە‌وە‌ی هە‌مزاغا لە‌سە‌ردە‌شتدا ماوە‌یە‌ك بخایە‌نێ، بێشك خە‌ڵكی سە‌ردە‌شت و خێڵی گە‌ورك لە‌وانە‌یە‌ خێڵە‌كانی تریشی لە‌گە‌ڵدا ڕێكبكە‌ون و ئاژاوە‌یە‌كی تازە‌ بنێنە‌وە،‌ لە‌بە‌ر ئە‌وە‌ هە‌ر ئە‌وساتە‌ لە‌ لایە‌كە‌وە‌ نامە‌م بۆ خزمە‌تی جە‌نابی بە‌ڕێزی پایە‌بە‌رز سوپاسالاری مە‌زن نارد و هه‌‌ر بۆ دڵنیابوونیش سوارە‌ و سوپا و چە‌كی پێویستیشم لە‌و پایە‌ بە‌رزە‌ خواست و لە‌لایە‌كی تریشە‌وە‌ به‌ هە‌موو پیاوماقوڵانی ناوچە‌كە‌م ڕاگە‌یاند، تا هە‌موویان هێزی خۆیان بە‌ سوارە‌ و پیادە‌وە‌ ئامادە‌ بكە‌ن و خۆبە‌ گیان فیدا بگە‌یە‌نن، هە‌ر هه‌‌مان ڕۆژیش سە‌رانی قە‌رە‌ پە‌ پاغ و محمد ئاغای مامە‌ش و یونس خانی بانە‌ییم ئاگادار كرد، تا بە‌ هێزە‌كانی خۆیانە‌وە‌ لە‌ دوولاوە‌ ڕێی دە‌ربازبوونی هە‌مزاغا ببە‌ستن.
هەمزاغا دوای هەڵاتنی لەسەردەشت و هەواڵ زانینی دژایەتی عوسمان ئاغا و خدرئاغا و پیاوماقوڵانی سەردەشت بەرامبەری و بەڵێنیان بۆ گرتن، یان كوشتنی، چۆتە شوێنێك بەناوی (سوێسنە) كە دارستان و كوێستانێكی سەختە و ئەشكەوت و ڕەهۆڵی زۆر تێدایە.
سوێسنە لەسەرسنووری پایەبەرزی بڵندایە و بەمحاڵی (پشدەر) و خاكی عوسمانیەوە لكاوە، هەمزاغا ئێستا خۆی و چوار برازا و عەزیزی فەتاح و براكەی و ئەمین ئاغای كوڕی قادرئاغا و فەتحوڵڵاخانی كوڕی موزەفەرولدەولە و شەست- حەفتا كەسی تری لەتەكدایە و لەوێ‌ نیشتەجێن و خێڵ و تایەفە و ماڵ و منداڵی هەمزاغا و باپیراغای كوڕی لە (سەیید ئەحمەدان) دان، كەسەر بە پشدەر و خاكی عوسمانیە .
ئەو جۆرەی بۆمان دەركەوتووە و ئەرخایەن بووبن، قایمقامی (ڕانیە) كەبەشێكە لە سنجاقی (كۆیە)، بەرامبەر خێڵ و تایەفە و خێزانی هەمزاغا، پشتیوانی پێویستی كردووە و بە تایبەتیش باپیراغای كوڕی هەمزاغای خەڵات كردووە. بۆ ئاگاداری جەنابیشتان ڕایدەگەیەنم، بۆ لەڕیشە دەركێشانی ئەم توخمی خراپەكارییە (هەمزاغا)، لەلایەكەوە كارێكم كردووە، قادراغا و میرزاقاسمی قازی، كە پێشینەی دۆستایەتیان پێكەوە هەیە، كارێكی وا بكەن نامە و ڕاسپێرییان لەگەڵیدا ببێ‌ و ئەگەر بەقسەی ئەم دوو كەسە ئەرخایەن بكرێ‌، ئەوسا بیانێرم لەشوێنێكدا چاویان پێی بكەوێ‌ و بەهەر جۆرێك بێت، بەڵكو بەبڕیار و بەڵێنی گیانفیدا دڵنیای بكەن و بیهێنن.
لەلایەكی تریشەوە سەرقاڵی ئەو فەرمانەم لەجەنابی سوپاسالاری مەزنەوە گەیشتووە، بەمجۆرە بە هاوكاری سەلیم خانی چواردۆڵی، زەمینە و هۆیەك بۆ یەك كەوتنی محەمەد ئاغای مامەش و عوسمان ئاغای گەورك ساز بكەین، بۆ ئەوەی ئەم دوو كەسە دەست بدەنە دەستی یەكتر و لەهەر ڕێگا و بەهەر جۆرێك بۆیان بكرێت، پێكەوە یان بیكوژن، یان بەزیندوویی بیگرن، هیوای زۆرم هەیە، لەناوچاو و بەختی خاوەن شكۆوە، یەكێك لەم دوو تەگبیرە سەربگرێ‌.”
حەسەن عەلی خان نامه‌ی په‌شیمانی یا وه‌ك خۆی ده‌ڵێت (ڕووڕه‌شانه‌)ی به‌خه‌ڵك و لایه‌نگرانی ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ نووسی و پێویست بوو له‌پای نووسینی ئه‌م نامه‌ی په‌شیمانیه‌دا سزا بدرێن و باج بده‌ن، له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌شدا داوای له‌ سیخوڕ و ناپاكه‌كانی ده‌وری خۆی كردووه‌ هه‌مزاغا ده‌داو بخه‌ن و بیكوژن تاكو له‌م سزای (ڕووڕه‌شیانه‌) ببه‌خشرێن، به‌نامه‌یه‌كیش له‌ مێژووی 25ی ڕەبیعی یەكەمی 1298 كۆچی (25- 2- 1881ز) شای له‌ ئه‌نجامی كاره‌كانی ئاگادار كردو‌وه‌ته‌وه‌ و لەسەرەتای ئەم نامەیەدا كە وەڵامە بۆ نامەیەكی ناسرەدین شا بەدوور و درێژی سوپاس و ستایش و دەبدەیەكی زۆرەوە باسی گەیشتنی نامەكەی ناسرەدین شا دەكات، لەبەشێكی داد دەڵێت:
نامەی ژمارە: 60
(بەشێكی)
لاپەڕە: 174-183
مێژوو: 25ی ڕەبیعی یەكەمی 1298 كۆچی (25- 2- 1881ز)
بۆ: ناسرەدین شا
…پوختەی ڕووڕەشیانەی دانیشتوانی موكریان، بەو جۆرەی لەبەرامبەر بەڵێندا، كەلە هۆردوگای سەرەكی، لە پیاوماقوڵانی ئەم هەرێمە وەرگیراوە، بریتیە لە ڕووڕەشیانە و بڕگەیەكیشی بەو جۆرەیە لەبەرامبەر ئەو بەڵێنەدا، مەرجی ئەوە كراوە، بڕی (40) هەزار تمەن، بەناوی (ڕووڕەشیانە) وە بۆ بەر پێی پیرۆز پێشكەش بكەن و داواكردنی ئەم پێشكەش جارێ‌ ڕابگیرێ‌، تا بەڵكو بە پشتیوانی خوای گەورە و بەختی بەهێزی شاهەنشا، ئەو هەمزاغا ناڕەسەن و شەڕانی و ئاژاوەگێڕە، كەماكی فیتنەیی و ئاژاوە نانەوە بووە، لە هەڵكەوتێكدا، كەدێنە سابڵاخ، بەمردویی بێت، یان بەزیندوویی، بیگرن و بەدەست دەوڵەتەوەی بدەن و خۆشمان لەو (ڕووڕەشیانە) ببەخشرێین و دەوڵەتیش لەبەرامبەر ئەو خزمەتەدا، كە گرتن، یان كوشتنی هەمزاغایە، چاوپۆشیمان لێ بكات. بەگوێرەی ئەم مەرج و بەڵێنانە و لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی گشتی، هێشتا ئەم پارەی (ڕووڕەشیانە) یە، لەم خەڵكە وەرنەگیراوە.
لەبارەی هەمزاغاشەوە، بەو جۆرەی لەنامەكانی پێشوودا باسكراوە، گیانفیدا لەدوولاوە و بەدوو هۆوە بە وریایی تەواوەوە خەریكی بەئەنجام گەیاندنی ئەم خزمەتەم (واته‌ كوشتنی هه‌مزاغا) و پشتگوێم نەخستووە، دیارە ناوەرۆكی بەڵێننامەی محەمەد ئاغای مامەش لەو بارەیەوە و نامەی خودی هەمزاغاش، كەلە وەڵامی (قادرئاغا) دا نووسیویە، و گیانفیدا چەند ڕۆژێك لەمەوبەر بەتلگراف بۆ سوپاسالاری مەزنم ناردووە، بەرچاوی هومائاساتان كەوتووە”.

ماویه‌تی ….




لە یادی 32 ساڵەی تاوانی ئەنفالدا

32 ساڵ بەسەر تاوانی ئەنفالدا تێپەڕی, لە جەرگەی ئەم 198 رۆژەدا, هەموو جۆرە تاوانەكان بەرامبەر بە گەلەكەمان لە لایەن رژێمی بەعسی روخاوو نۆكەرە جاشەكانیەوە پیادە كرا, بۆ رزگار نەبوونی تاوانباران لە سزا , لە 20-5-2007 ەوە بە فەرمی بڕیاری دەستگیركردنی 423 تۆمەتباری ئەنفال لە لایەن دادگای باڵای تاوانەكانەوە دەرچوو, تا ئێستا هیچ كام لەم تۆمەتبارانە كە لە لایەن دادگای باڵای تاوانەكانەوە ناویان دیاریكراوە نە چوونەتە بەردەم دادگا و نە هەوڵیشی بۆ دراوەو نە ناوی هەڵاتووەكانیش لە لایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە دراوە بە پۆلیسی ئینتەرپۆل, بگرە حكومەت و بەرپرسانی حیزبی بە هەموو هێزیانەوە تۆمەتبارانیان پاراستووەو پلەو پۆستی سەربازیان پێ بەخشیون یاخود پشتیوانی مەعنەویان لێكردوون و دیوەخانانەیان بۆ بڕیونەتەوە, ئەو تۆمەتبارانە ناوە ناوە لێیان دەكوژرێت یان دەمرن, بەمەش زیانێكی گەورە لە دۆسیەی جینۆسایدی كورد دەكەوێت بە تایبەتیش ئەنفال, چونكە ئەم تۆمەتبارانە بە هاوتای قوربانیان لە روی دیاریكردنی حەقیقەتی تاوانەكە بگرە زیاتریش مانەوەیان بۆ نووسینەوەی مێژووی دۆسیەكە گرنگە, لاپەڕەی گرنگی تاوانەكان لە باخەڵی ئەماندایەو لایەنێكی گرنگی دەرخستنی حەقیقەتەكانن , بە بێ دادگایی ئەم تۆمەتبارانە هەموو نووسینەوەیەكی مێژووی تاوانەكە و قەرەبویەك و بە جیهان ناساندنێك بەتاڵ دەبێتەوە لە ماناكانی و دادەماڵرێت لە دادپەروەری و خاڵی دەبێت لە جدیەت, حكومەتی هەرێمی كوردستانیش تاوانباری یەكەم لەو بوارەدا و بە ئەركی ئەخلاقی و دادپەروەری خۆی هەڵناسێت و رێز لە خواست و ویستی قوربانیان و بنەماڵەكانیان ناگرێت .لە یادی 32 ساڵەی تاوانی ئەنفال داواكارین:
1- ئەو تۆمەتبارانەی ناویان لە دادگای باڵای تاوانەكان وەك تۆمەتبار هاتۆتەوە ژمارەیان 423 كەسەو 258یان لە هەرێمی كوردستانن و هەندێكیان ئێستا لە وڵاتانی دەرەوە دەژێن بدرێنە دادگا, بەمەش تاوانباران سزای خۆیان وەردەگرن و بێتاوانیش مافەكانیان بۆ دەگەڕێتەوە و سەربەرزانە دەگەڕێنەوە بۆ نا كۆمەڵگا.
2- لیستی تۆمەتبارانی جینۆسایدی گەلی كورد بدرێتە پۆلیسی نێو دەوڵەتی ئینتەرپول بۆ ئەوەی هەڵاتووەكانیان لە دەرەوەی وڵات دادگایی بكرێن, ئەمەش كاری راستەقینەی بە جینۆساید ناسینە لە جیهان نەك فیشاڵەكانی دی.
3- سەرلەنوێ پێداچونەوەی ورد بە دۆسیەی دادگایی ئەنفالدا بكرێتەوە و هۆكاری نەبوونی ناوی هەندێك لە تۆمەتباران لە لیستەكە رونبكرێتەوە.
4-پێویستە تاوانبارانی ئەنفال لە دامودەزگاكانی حكومەتی هەرێم وەك تاوانبار سەیر بكرێن بە تایبەت لە وەزارەتی داد و ئەنجومەنی دادوەری و دواكاری گشتی.
5- جێبەجێنەكردنی بڕیاری دادگا بۆ خۆی تاوانە, حكومەتی هەرێمی كوردستان پێویستە بڕیارەكانی دادگای باڵای تاوانەكان جێبەجێ بكات و بەئەركی یاسایی خۆی هەڵبستێت.
6- بە یاسای تایبەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان سكاڵاكەران و شایەدەكان بپارێزێت هاوكات چاودێری وردی تۆمەتباران بكرێت تا ئەوكاتەی لەبەردەم دادگا ئامادە دەبن.
7- پارتە سیاسییەكان ئەستۆپاكی خۆیان لە بوونی تۆمەتباران لە ریزەكانیان رابگەیەنن, نەك بە درۆ لە یادی ئەنفالدا بەیاننامە دەربكەن.
8- هەر پارتێكی سیاسی پێش ئەوەی باسی ئەنفال و قوربانیان بكات و موزایەدە بە دۆسیەكەوە بكات , ئەستۆ پاكی خۆی لە بوونی تۆمەتباران لە ریزەكانی و بوونی پەیوەندی رێكخراوەیی و نهێنی لە گەڵ هەر تاكێكیان رابگەیەنێت.
9- پێویستە فشار بخرێتە سەر حكومەتی عێراقی ببێتە ئەندامی دادگای تاوانی نێو دەوڵەتی ICCبۆ ئەوەی تاوانەكانی ئەنفال و هەڵەبجە و بارزانی و فەیلی و شەنگار و دوز دوبارە نەبنەوە.
10- پێویستە سەرۆك كۆماری عێراق بەناوی دەوڵەتی عێراقەوە داوای لێبوردن لە سەرجەم قوربانیانی كوردستان و عێراق بكات.
11- هەموو ئەو ئیمتیازاتانەی دوای سەپاندنی سیاسەتی سك گوشین سەپێنرا بەسەر بنەماڵەی قوربانیان لە كەمكردنەوەی موچەكانیان بۆیان بگەڕێنرێتەوە.
12-موچەی بنەماڵەی قوربانیان لە جینۆساید, زیندانیان و پێشمەرگەی دێرین و …. بكرێتە ستاندارد بۆ موچە باڵاكان لە هەرێمی كوردستان, بۆ ئەوەی رێز لە قوربانیان و تێكۆشانیانیان بگرترێت.
13- هەموو لیستەكانی موچەی ” شەهیدان, جینۆساید, بریندارانی چەكی كیمیاوی, زیندانیانی سیاسی , پێشمەرگەی دێرین” بڵاو بكرێنەوەو لە بوونی گەندەڵی و ناوی تاوانباران پاك بكرێنەوە.
14- ئەو پارتانەی كوردستانیان كردە بەشێك لە شەڕی عێراق ئێران بە هێنانی پاسدار دان بە هەڵەكانی خۆیاندا بنێن و داوای لێبوردن بكەن.
15- بەهۆی لاوازی سستەمی دادوەری لە كوردستان ” وەزارەتی داد, ئەنجومەنی دادوەری, داواكاری گشتی…” كۆنترۆڵكردنی لە لایەن ئەو پارتانەی لانەی داڵدەدانی تاوانبارنن, كۆردستان بۆتە بەهەشتی رزگاربوونی تاوانبارانی تاوانە مەزنەكان لە سزادان و لێپرسینەوە, تا گەیشتۆتە ئاستی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و كەناڵەكانی راگەیاندنەوە شانازی بە رابردووی خیانەتی خۆیانەوە دەكەن و هاوشان دەسەڵاتداران پرَۆژەكان دەكەنەوە و دەسەڵاتیش جگە لە لایەنگری لێیان تەنانەت یادەكانیش قەدەغە دەكات.دەمانەوەێت ئەوە بڵێین 6 ساڵە سكاڵاكانمان لە سەر مێزەكانی داواكاری گشتی و ئەنجومەنی دادوەری كەوتووە بۆ ئەوەی تۆمەتباران بە پێی یاسا هەڵوێستیان لەبەرامبەر وەربگرترێت وبچنە بەردەم دادگا , لێ مخابن خۆیان لە داواكارییەكەمان دەشارنەوە , بە ئەركی خۆیانی نازانن.لە كۆتاییدا وێڕای ئەوەی مخابن ئەمساڵ بۆ یەكەمجار لە دوای راپەڕینەوە نەمان توانی یادی تاوانەكانی هەڵەبجەو ئەنفل بكەینەوە بەهۆی نەخۆشی كۆرۆناوە, لێ لە كاتی چاكسازییەكاندا یەكێك لە بژاردەكانیان بڕینی موچەی بەشێكی گرنگ لە شەهیدان و قوربانیان بوو, بە شانازییەوە ئێمە دەستپێشخەر بووین لە داكۆكی لە بنەماڵەی قوربانیان و نوچمان نەدا بۆ پاراستنی مافەكانیان , شەقاممان بۆ ساتێكیش بەجێ نەهێشت.لە خوارەوە ناوی تۆمەتبارانی ئەنفال كە لە لایەن دادگای باڵای تاوانەكانەوە دەرچووە و تا ئێستا دادگایی نەكراون , بۆ یاد هێنانەوەی دەسەڵاتداران و دەزگاانی دادوەری و داواكاری گشتی جارێكی دیكە بڵاوی دەكەینەوە :
1- وفیق عجیل السامرائی معاون مدیر الستخبارات العامە2- ولید نایف شبیب مدیر شعبە الشمال3- حامد یوسف حمادی سكرتیر رئیس الجمهوریە4- ابراهیم نصراللە5- احمد بیجو6- احمد جبار جباری7- ارشد احمد زیباری8- اسعد جانگیر هركی9- اسماعیل عزیز ئاغا زنگەنە10- اسماعیل محمود رسول ئاغا بشدری11-الرائد (درع) (محسن كرجی رجی) ك د ب / 5112-الرائد (صباح نازم رقیب السورجی) امر ف2 دفاع دفاع وتنی13-الرائد (عبدالستار عتاالكبیسی) امین سر قیادە شعبە اربیل العسكریە14-الرائد (ق خ ) (عبدالحمزە اسماعیل حمزە ) امر بتخ / 64امغ 2 فل 615-الرائد (محمد سالم حسین ) امین سر قیادە شعبە التامیم العسكریە16-الرائد (مدم) ( زیدان خلیفە لفتە) امر ك مدم /95717-الرائد (مدم) (علی كرمش حسن) امر ك م/7918-الرائد (مدم) (نوری حامد احمد) امر ك م/95619-الرائد الركن (صادق صوب اللە محمد) لمخ 2 فل /420-الرائد التیار (ادریس ابراهیم محمد) =21-الرائد التیار ( انور حمدامین) السرب/422-الرائد التیار (عبدالحمید فرحان عبدالحمید) =23-الرائد التیار (عمران كازم هندی) السرب/224-الرائد التیار (فریق محمد علوان) =25-الرائد التیار (مهدی علی حسن) =26-الرائد التیار (یونس صالح سلمان) السرب/3027-الرائد (ت ن) (غازی مجبل خلف) ت ن فل /128-الرفیق الرائد (انور رحیم تەها) امین سر قیادە الحارس العسكریە29-العقید (احمد سالم جاسم السامرائی) امین سر قیادە شعبە قوات نصرالعسكریە30-العقید (بدیوی حسن صالح) امین سر قیادە فرع الرشید العسكری31-العقید (حاتم عبدالكریم خماس) مدیر امن السلیمانیە32-العقید (خلف عبداللە عمیرە) امین سر قیادە شعبە الفارس العسكریە33-العقید (درع) (فاروق محمد حسن) لمغ/2 فل 434-العقید (رشید احمد سدخان) امین سر قیادە شعبە المعتصم35-العقید (عبدالحكیم توفیق حسون) امین سر قیادە شعبە الشیبانیالعسكریە36-العقید (عبدالرزاق حمید محمد) م ا م ق ق جح د و /137-العقید (عبدالقادر عبدالرحمن قدو) امر كتیبە مدفعیە میدان /7838-العقید (علی عبد غزال) امر مدفعیە میدان /فق 2339-العقید (مدم) (حسین محمد حسن) مقر مدم ق ق جح د و /140-العقید (مدم) (فخری احمد محمد علی) مقدم لوائ مدم فق /441-العقید (مش) (شهاب احمد علی) امر لمغ /2 فل 442-العقید (مش) (فوزی جواد هادی) امر ل /1943-العقید (مش) (قیس ابراهیم مدحت) امر ل /44544-العقید (مشاە) (محمد یعقوب یوسف) امر ل / 43845-العقید (مشاە) (نزار احمد شهاب) امر ل /3946-العقید الركن (ق خ) (خالد بهلول العیبی) امر لمغ 1فل 1خ47-العقید الركن (مش) (علی حسین علی) رئیس اركان فق /448-العقید التیار (ریاز محمد عبدالسعدی) =49-العقید التیار (نجم عبدالرزا عبدالواحد) =50-العقید التیار الركن (اسماعیل سعید فارس) امر ج ت ج /151-العقید مشاە (صلاح داود عبداللە)52-العمید الركن (علی حسین الصفار) ر ا ق جح د و /153-العمید (ا س) محمد مصتفی اسماعیل شعبە الامن الداخلی فل /554-العمید (خلف نجم جاسم) امین سر قیادە شعبە ابی زرالغفاریالعسكریە55-العمید (درع) (كامل زیدان خلف) م1م فق /3356-العمید (رافع حمدون زنون) امر القوات الاولی57-العمید (سمیر توفیق فتحی) امر ت ن ق ق جح د و /158-العمید (علی لفتە حسین العقابی) امیر سر شعبە خالد العسكریە59-العمید (غانم خالد سلیمان الجماس) امین سر قیادە شعبە القعقاعالعسكریە60-العمید (ق خ) (علی حسین مزعل) امر لمش /7261-العمید (ق خ) (نصیف جاسم حمادی) امر لمغ 2 فل /662-العمید (محمد خیری محمد سعید) امیر سر قیادە شعبە شرحبیلالعسكریە63-العمید (مدم) (حبیب خزر ابراهیم) امر مدم فق /464-العمید (مدم) ( متر محمد صالح) امر مدم فق /3365-العمید (مش) (تلعت سلیمان ولی) امر قاتع دوكان66-العمید (مش) (عارف حمید حاتم) امر جح د و /467-العمید الركن (ابراهیم خلیل ابراهیم) قائد فق /3768-العمید الركن (امیر جاسم حمو) قائد فق /769-العمید الركن (زهیر یونس علی) قائد قوات /5070-العمید الركن (صباح اسماعیل) قائد قوات /4571-العمید الركن (صباح نوری علوان) قائد فق /2772-العمید الركن (عبدالالە حامد العناز) قائد فق /2173-العمید الركن (عبدالامیر علوان حسین) قائد قوات /3874-العمید الركن (عبدالجلیل عبدالحمید محسن) قائد فق /2975-العمید الركن (عبدالمجید عباس وهیب) قائد فق /276-العمید الركن (علی احمد محمد صالح) قائد فق /4677-العمید الركن (علی عزیز الفدعم) شعبە الامن الداخلی فل /178-العمید الركن (غانم صالح حسن) قائد قوات جحفل الدفاع الوتنی /579-العمید الركن (مدم) (عتااللە ایوب خلف) رئیس اركان فق /3380-العمید الركن (مزهر عبد مهدی) ر ا ق جح د و /181-العمید الركن (ناصر سعید توفیق) قائد قوات /5082-العمید الركن ق خ (درید مصتفی شاكر) قائد فق /4083-العمید الركن مشاە (عبد عون نعمە نصور) قائد فق /2484-العمید الركن (علی صالح حمودی الدوری) امین سر قیادە شعبە موسیبن نصیر العسكریە85-الفریق (الحكم حسن علی) مدیر تیران الجیش (عزو القیادە العامەللقوات المسلحە)86-الفریق الركن (نعمە فارس حسین) معاون رئیس اركان الجیش للتدریب87-اللوائ (حسن حسین) مدیر منزومە استخبارات المنتقە الشمالیە88-اللوائ (عبد سلمان حمندی) امیر سر فرع عموریە العسكریە89-اللوائ الركن (ایاد خلیل زكی) قائد ق ق جح /د و /190-اللوائ الركن ( حمید شاكر محمود) قائد فق /4191-اللوائ الركن (خالد محمد عباس الجبوری) مدیر منزومە استخباراتالمنتقە الشرقیە92-اللوائ الركن (رمزی محمود عبداللە) قائد فق مش /3393-اللوائ الركن (سعد شمس الدین خالص) قائد ق جح د و /194-اللوائ الركن (عصمت صابر عمر) قائد فق /495-اللوائ الركن (علی محمد شلال) قائد فق /3996-اللوائ الركن (غائب حسون غائب) قائد القوە البحریە (عزو القیادەالعامە للقوات المسلحە)97-اللوائ الركن (محمد تاهر توفیق) قائد فق /3598-اللوائ ق خ (ایاد شعبان رمزی) قائد قوات /4299-المستشار (بابكر وسو محمد) فوج الدفاع الوتنی /112100-المستشار (جمال خزر خالد الدوبردانی) فوج الدفاع الوتنی/110101-المستشار (جمال فقی حسین) ف د و /97102-المستشار (خلیل عبداللە ابراهیم الشرفانی) ف د و /109103-المستشار (سلیم مهند رسول ئاغا) فوج الدفاع الوتنی /98104-المستشار (سوارە فتاج مزح الجاف) ف د و /239105-المستشار (شریف محمود معروف) ف د و /136106-المستشار (شیخ مجید بایز حسن) كف د و /61107-المستشار (صابر احمد رقیب محمد السورجی) ف د و /2108-المستشار (عباس بایز بالواغا) فوج الدفاع الوتنی /91109-المستشار (عباس حاجی اغاسرسیان) فوج الدفاع الوتنی /66110-المستشار (عسمان عبدالرحمن فتح اللە) ف د و /165111-المستشار (عمر احمد علی) ف د و /171112-المستشار ( عمر بابكر سلیم) فوج الدفاع الوتنی /114113-المستشار (فخری اسماعیل عبد القادر) ف د و /133114-المستشار (قادر شفیق نعمان) ف د و /63115-المستشار (قاسم فارس تاهر مصتفی اغا) ف د و /85116-المستشار (لتیف احمد محمد الزیباری) فوج الدفاع الوتنی/1117-المستشار (مامند حمد مولود) ف د و /51118-المستشار (محمد تاهر یونس محمد (رینكاوی) ف د و /107119-المستشار (محمد علی رسول) فوج الدفاع الوتنی/148120-المستشار (محمود حمە رسول اغا) فوج الدفاع الوتنی/26121-المستشار (نوزاد انور بتواتە) فوج الدفاع الوتنی /4122-المستشار مام یحیی (كویە) فوج 86 دفاع وتنی123-المستشار میرزا اسماعیل شرف رزا مستشار فوج 207 دفاع وتنی124-المستشار (حسین محمد عسمان) فوج الدفاع الوتنی /175125-المقاتل (محمد كامبنی بانواغا) معاون مستشار ف و /147126-المقدم (ادریس سعید محمد) امین سر قیادە شعبە زاخوش العسكریە127-المقدم (اسماعیل محمود عبد خلف) امین سر قیادە شعبە المنصورالعسكریە128-المقدم (حاتم متنی العواد) امین سر قیادە شعبە السلیمانیە العسكریەالاولی129-المقدم (حسن احمد عبداللە) امر د ج ق ق جح د و /1130-المقدم (درع) (عبدالكریم عبدالهادی سالم) امر ك د ب /41131-المقدم (صلاح صبری محمود) امین سر قیادە شعبە السلیمانیەالعسكریە السانیە132-المقدم (زاری عبدالكریم هادی) ز امن ق ق جح د و /1133-المقدم (عبدالستار جواد حمزەالحدیسی) مدیر ادارە فرع عموریەالعسكریە134-المقدم (مدم) (حسین فزل الدین عبدالقادر) امر ك م م /22135-المقدم (مدم) (صحاب جدوع زیاب) امر ك م م /10136-المقدم (مدم) (صلاح الدین محمد عبدالكریم) امر ك مدم /662137-المقدم الركن (حسین علی حمید) امر ل /36138-المقدم التیار (محمد فوزی حسن محمود) =139-المقدم التیار (احمد رشید فتنە المعازیدی) =140-المقدم التیار (خزیر عیسی جواد) =141-المقدم التیار (عبدالرزاق ابراهیم عبدالرزاق) ج ت ج /1142-الملازم (فرهاد مامند حمد) ف د و /51143-الملازم التیار (حسام ابراهیم حمود) السرب/107144-الملازم التیار (خالد مال اللە مردان) السرب /2145-الملازم التیار (رزوان غازی احمد) السرب /4146-الملازم التیار (عماد شلبی محمد) السرب/2147-الملازم التیار (عماد عباس محسن) السرب /2148-الملازم التیار (فازل عباس محسن) السرب /2149-النقیب (اسلحە) (وعد محمد علی) السرب /2150-النقیب (عبدالكریم صالح جواد) ممسل من منزومە الاستخباراتالعسكریە151-النقیب (ق خ) (حمزە خزر حمزە) امر بت خ /17152-النقیب (ق ف) (عبدللە حسن صالح) مستشار ف د و /151153-النقیب التیار (صباح علی حسن) السرب /2154-النقیب التیار (غالب شایع زیارە) السرب /2155-انور محمد رەزا محمود الجاف156-برهان شوانی157-بكر علی حاج مشیر158-بكر كریم غفور159-توفیق جبار قارمان160-سامر نصیف جاسم محافز كركوك161-جاسم محمد زیباری162-جبار شیخ هادی163-جبار موسی قەر هنجیری (جیهاد)164-جعفر عبدالكریم البرزنجی محافز السلیمانیە165-جمال حسین دووزی166-جوهر محی جانگیر ههركی167-جیا سورجی168-حجاج عبدالغفور خالد دوبە ردانی169-حسن محمود بك امین هەورامی170-حسیب محمد نجم جباری171-حمدامین حمە شاسوار مختار قریە (كانی میل)172-حمزە عباس مامند ئاكو173-حمەی حاجی حسین174-خالد محمود احمد علی غوارە175-خزیر فتاح حسین كامیش176-خیراللە دوزی استخبارات177-رسول مامند قیردولی178-زید سورجی179-سعید عدنان جباری180-سعید محی الدین احمد زنكنە181-مستشار سید رەزا سەید تەها (سید مانكا)182-سید مجنون183-شامل درویش184-شریف حمە شریف (شەفەی خاتون)185-شریف محمد كرداوی186-شهاب احمد وایرمن187-شیخ احمد برزنجی188-شیخ برهان مدیر ناحیە (زراین)189-شیخ جلال صالیی190-شیخ روناك191-شیخ سعاد تالبنی192-شیخ صلاح نقشبندی193-شیخ كریم شیخ شهاب194-شیرزاد علی بەلەكە195-تارق شفیع كافروش196-تارق عزیز رەزا ئاغا197-تاهر عسمان روستم امر سریە –فوج /53198-عاصف احمد زیباری199-عاصی حمە دیزە استخبارات200-عبدالجبار محسن مدیر التوجیە السیاسی یحزر اجتماعاتالقیادە العامە للقوات المسلحە201-عبدالكریم محمد سلیم شوشی زیباری202-عبداللە كاك امیر ( عەبە كەركوكی)203-عبد محمد عبداللە مدیر امن شقلاوە204-عبداللە حسن صالح بابان205-عبدالمجید حسین اسماعیل شیخكی206-عدنان عبداللە نجم الجاف207-عزیز حسن فتاح208-علی حسن عزیز قائمقام جمجمال و عزو فرع209-علی لوت ماسی210-عمر حاجی بادینان211-عمر حاجی صالح212-عمر حمە رستم213-عمر خزر حمد سورجی214-فواد كریم بایز هموند215-فارس محمد قادر عزیز سورجی216-قاسم رشید درەیی217-كامران احمد (كامران سور) خارج القتر فی ایران-بیر انشار218-كامل شیخ هادی219-كمال حمە مام سورانی220-كمال محمد حیدر (كمال شصە)221-محمد جوهر كوران222-محمد شیخ عبدالكریم برزنجی223-محمد قادر ئاغا سورجی224-محمد كریم شوشی زیباری225-محمد كلحی ریكانی226-محی الدین حمە رحیم227-مدحت توفیق داودی228-ملا حسین روغزایی استخبارات229-ملا عوزیر230-ملازم اول تیار (احمد ابراهیم احمد) ج ت ج /1231-ملازم اول تیار (احمد سلمان زناد) السرب /2232-ملازم اول تیار (احمد عابد داود) =233-ملازم اول تیار (اسكندر ابراهیم جمعە) =234-ملازم اول تیار (الهام عون الرفیق یونس) ج ت ج /1235-ملازم اول تیار (امانج منازل خزر) السرب /21236-ملازم اول تیار ( انمار محمد احمد) ج ت ج /1237-ملازم اول تیار (حسین علی عبداللە) السرب /106238-ملازم اول تیار (حمید منصور خلیل) السرب /4239-ملازم اول تیار (خالد عبدالعزیز عبداللە) ج ت ج /1240-ملازم اول تیار (خلف حسین علاوی) ج ت ج /1241-ملازم اول تیار (رمزان متلك احمد) =242-ملازم اول تیار (سالم فتحی حسن) ج ت ج /1243-ملازم اول تیار (سعد احمد قاسم) السرب /30244-ملازم اول تیار (سعد عبدالرحمن سعید) السرب /4245-ملازم اول تیار (شجاع یاس روحی) ج ت ج /1246-ملازم اول تیار (شلال رشید عتیە) =247-ملازم اول تیار (زیائ جعفر رازی) السرب /4248-ملازم اول تیار (تەها فتحی صالح) السرب /2249-ملازم اول تیار (تەها محمد احمد) السرب /2250-ملازم اول تیار (عبدالكریم جدعان علی) =251-ملازم اول تیار (عدی حاتم لفتە) السرب /2252-ملازم اول تیار (علی حسین سلمان) السرب /41253-ملازم اول تیار (فارس ابراهیم رشید) السرب /41254-ملازم اول تیار (قیس حبیب مصتفی) =255-ملازم اول تیار (كریم یاسین زیدان) السرب /41256-ملازم اول تیار (لیس عبدالعزیز عبداللە) السرب /106257-ملازم اول تیار (محمد خزعل فیصل) =258-نامق رقیب السورجی259-نامق عبدالكریم مختار قریە (بی باز)260-عبدالرحمن عبدالكریم261-یحیی الجاف محافز اربیل262-یعرب الربیعی مدیر امن الموصل263-اسود النعیمی امین سر فرع السلیمانیە264-تارق كافی امین سر فرع دهوك265-صایل العبدلی امین سر فرع الموصل266-نزار یونس امین سر فرع نینوی267-خزر الدوری امین سر فرع كركوك268-تاهر جلیل الحبوش269-عمید فتاح بك جاف مستشار فوج (35)270-زاهر اغا كویە مستشار271-عدنان دیسكو مستشار272-تارق كاكەیی مستشار273-سعید غیدان (حمە سعید) مستشار274-مجید غیدان معاون مستشار275-شمال رفعت كلی امر سریە276-حمە كریم حمە فرج مختار قریە سیتلان277-مصتفی سلیمان وزە امر سریە278-عمر حمە علی جرمكا مستشار279-جبار دریز مفرزە خاصە280-صابر سورجی مستشار281-مامند قشقە مستشار282-علی سلمە جوارتایی مفرزە خاصە283-حاج علی نبیاوا مفرزە خاصە284-عقید حمید عسمان مستشار فوج 300285-انور حسو مفرزە خاصە286-سید قدرت مقاتل287-محمد كاوانی مفرزە خاصە288-حمە بوخجی مستشار289-ابراهیم بالول اغا مستشار290-عمر صوفی مفرزە خاصە291-عمر حسین ( عمر عرب ) مفرزە خاصە292-قالە ی عە زە نالبند293-صلاح شینە مفرزە خاصە294-میرزا حسن مستشار295-محمد حسین نوری مفرزە خاصە296-عمر اغا مستشار297-حسین حمە سور اغا مستشار298-ئاوات احمد حسن رش مستشار فوج 266299-احمد جمیل امین مستشار فوج 240300-احمد صوفی اسماعیل صالح مستشار فوج 356301-احمد كویخا رجب مستشار فوج 90302-اسعد سلیم حاجی ئاغا مستشار فوج 302303-انور رشید خزر میران مستشار فوج 52304-انور میرزا ابراهیم كلی مستشار فوج 209305-ابراهیم احمد ابراهیم منتك مستشار فوج 22306-ابوبكر فقی الصالحی مستشار307-بایز عزیز رشید باوجان مستشار فوج 213 و منح نوت الشجاعە308-بهرام محمد عبدالرحمن محمد مستشار فوج 11309-برهان توفیق بابكر هاورامی مستشار فوج 238310-توفیق حمە فرج حمە رستم ناورولی مستشار فوج 70311-توفیق سلیمان یاسین برواری مستشار فوج 113312-تارق سعید براهیم مزوری مستشار فوج 19021-الرائد التیار ( انور حمدامین) السرب/4313-تەیب محمد عسمان (شیخ تەیب ) مستشار فوج 203314-جاسم محمد فارس محمد مستشار فوج 225315-كركیس حمید حیدر مستشار فوج 156316-جلال اسعد رەزا جرمكایی مستشار فوج 79317-جلال شیخ نجم الدین كریم مستشار فوج 135318-جلال محمد عبدالرحمن هلالی مستشار فوج 198319-جلال محمود صالح برادوستی مستشار فوج 232320-جمال نصرالدین عزیز مستشار فوج 357321-جمیل كریم مجید اغا كوری مستشار فوج 29322-جعفر انور سلیمان مستشار فوج 305323-حسین جهانكیر جادر مزوری مستشار فوج 9324-حسین حمە فتاح قادر مستشار فوج 120325-حسین خزر حمد مستشار فوج 6326-حلمی سعید قادر محمد جاف مستشار فوج 199327-حمود عمر صالح تاجالدین میرنی مستشار فوج 71328-خالد قاسم محمد امین مستشار فوج 270329-خالد شیخو مراد مستشار فوج 226330-خزر عبداللە حسین مستشار فوج 210331-خورشید اسعد رسول مستشار فوج 253332-رحیم كریم قادر مستشار فوج 244333-دلسوز خزر مینە بلباس مستشار فوج 235334-رشید صالح رشید ئتروشی مستشار فوج 227335-زاهر تاهر توفیق مستشار فوج 150336-سمكو عبدی حسن زدكی مستشار فوج 54337-شكر جندی عنتر مزوری مستشار فوج 272338-صادق زیرو امین مستشار فوج 36339-صالح احمد اسماعیل الروفی مستشار فوج 255340-صباح اسماعیل خزر مستشار فوج 351341-صدیق علی محمد امین هارونی مستشار فوج 245342-صلاح الدین خزر رسول مستشار فوج 241343-عادل توفیق رشید مستشار فوج 206344-عبدالرحمن عاصی عزالدین مستشار فوج 322345-عبدالقادر مستەفا محمد مستشار فوج 182346-عبدالكریم حسین خالد مستشار فوج 346347-عبداللە فیصل عبداللە ماوانی مستشار فوج 333348-عبدالكریم سعدی سلیمان سعدی مستشار فوج 285349-عدنان عبداللە احمد جبارە مستشار فوج 231350-عرب صالح عمر قادر مستشار فوج 218351-علائ محمد امین عیسی مستشار فوج 306352-علی احمد حاجی شعبان مستشار فوج 93353-علی سلیمان حسین مستشار فوج 224354-علی عبوش عبدی غزالە مستشار فوج 59355-عونی حاجی مستەفا جبرائیل مستشار فوج 103356-علی احمد محمد هارونی مستشار فوج 197357-علی اورحمان حسن مستشار فوج 168358-عمر مردخان جلیلە مستشار فوج 116359-عمر مجمد حیدر مستشار فوج 246360-عمر بشار صالح مستشار فوج 152361-عمر حسن رسول كردی مستشار فوج 28362-عصمت دینو بیری مستشار فوج 157363-غیاس توفیق سلیمان یاسین مستشار فوج 113364-فاتح تاهر مستەفا عبدالقادر مستشار فوج 354365-فاروق رشید علی محمد نورولی مستشار فوج 196366-فازل مستەفا حسن برواری مستشار فوج 208367-فرهاد مامند حمد مولود مستشار فوج 35368-قادر محمود خلیفە عبدالصمد مستشار فوج 31369-قادر محمد رشید عبدالقادر مستشار فوج 252370-قاسم كریم احمد محمود مستشار فوج 237371-كریم خان محمود خلیفە مستشار فوج 40372-مجید سلیمان احمد جاف مستشار فوج 364373-مجید شیخ بایز حسن مستشار فوج 61374-محمد جوهر اسماعیل صالح مستشار فوج 108375-محمد شیخ معروف بیر داود مستشار فوج 49376-محسن محمد یاسین مستشار فوج 155377-محمد تاهر رشید حمە امین مستشار فوج 254378-مجمد حمە امین حسین زراری مستشار فوج 216379-محمد سعید محمود شمیرانی مستشار فوج 118380-محمد عمر امین جمیل ( باساكی ) مستشار فوج 81381-محمد نجیب صادق بهائ الدین مستشار فوج 119382-محمد حمزە زازلەیی مستشار فوج 204383-محمود احمد شریف غوارە مستشار فوج 122384-محمود حسین محمود علی مستشار فوج 356385-محی الدین عزیز محمد بابا علی مستشار فوج 242386-مشیر ابراهیم احمد مستشار فوج 46387-مشیر هادی حمد اغا مستشار فوج 48388-نجم الدین صالح محمد برزنجی مستشار فوج 174389-نوری حسن مراد برزنجی مستشار فوج 111390-هلكورد عبدالكریم الكنزانی مستشار فوج 83391-هوشیار سلیم احمد باشا مستشار فوج 215392-وهاب رحمان حمد امین مستشار فوج 153393-یونس رمزان غوارە مستشار فوج 243394-حمە خان دارە رشید منح نوت الشجاعە بموجب المرسوم الجمهوریرقم ( 808 )395-حمە رشید عبدالرحمن عبدالرحیم =396-خزیر رشید بحری =397-سالار نصراللە قادر =398-سعید احمد شیشە =399-سعید قادر محمد الجاف =400-شیخ محمود سید كول =401-صالح احمد حسین =402-عباس حاجی اغا رسول =403-فتاح كریم فتاح =404-كریم عبداللە محمد =405-كسری محمد سعید محمد فتاح =406-محمد حسن علی میرزا =407-محمود حمە امین حمە صالح =408-ابراهیم علی ملو الزوری =409-تحسین شاویس سعید =410-رشید حمد امین عزیز =411-رەزا تەها محی الدین =412-رفعت محمد علی =413-زیرك تاهر سعید =414-سعاد فیزاللە محمد =415-تاهر علی عبدالرحمن =416-محمد سلیم قادر عوسمان =417-مدحت توفیق منصور =418-معتصم عبدالكریم حسین =419-محمد صادق محمد شوانی منح نوت الشجاعە بموجب المرسومالجمهوری رقم ( 809 )420-عمر محمود محمد ماموی =421-ابراهیم نصرالدین عزیز البرزنجی منح نوت الشجاعە بموجبالمرسوم الجمهوری رقم (1014)422-محمد عیسی بیرویس عیسی الجاف =423-محمد سعید احمد محمد الهارونی =ئەمەی خوارەوەش ناوی 258 تۆمەتباری ئەنفالی دانیشتووی هەرێمی كوردستانە , كە حكومەتی هەرێمی كوردستان هێزی گرتن و دادگاییكردنیانی نییە .1. محمد كریم شوش زێباری2. خورشید أسعد رسول3. خدر عبدالله حسین4. خالد شیخۆ مراد5. خالد قاسم محمدأمین6. حمود عمر صالح تاج الدین میرنی7. حلمی سعید قادر محمد جاف8. حسین خدر حمد9. حسین حمە فتاح قادر10. نامق رقیب سورچی11. عاصف احمد زیباری12. عبدالكریم محمد سلیم شوش زیباری13. عبدالله كاك امیر(عەبە كەركوكی)14. عبدالله حسن صالح بابان15. عدنان عبدالله نجم الجاف16. اسماعیل محمود رسول ئاغە پشدری17. اسماعیل عزیز ئاغە زنگەنە18. أحمد بیجۆ19. أحمد جبار جباری20. محمد جوهر گۆران21. كمال محمد حیدر(كمال شمە)22. كمال حمە مام سورانی23. كامران أحمد(كامران سور)24. محمد شێخ عبدالكریم برزنجی25. عمر حاجی بادینان26. علی لوت ماسی27. عمر خدر حمد سورچی28. فۆاد كریم بایز هموند29. فارس محمد قادر عزیز سورچی30. عادل توفیق رشید31. عبدالله حسن صالح32. جلال محمد عبدالرحمن هلالی33. جلال شیخ نجم الدین كریم34. جلال أسعد ره زا چەرمەگایی35. گركیس حمید حیدر36. جاسم محمد فارس محمد37. ته یب محمد عوسمان (شێخ ته یب)38. عمر محمود محمد مامویی39. محمد صادق محمد شوانی40. عمر محمد حیدر41. عمر مردخان جلیلە42. علی أورحمان أسعد43. علی أحمد محمد هارونی44. عونی حاجی مصگفی جبرائیل45. علی عبوش عبدی غزالە46. علی سلیمان حسین47. علی أحمد حاجی شعبان48. شیخ برهان49. شیخ جلال صالەیی50. شیخ سعاد تالنی51. شیخ روناك52. عمر حمە رستم53. كامل شیخ هادی54. عمر حاجی صالح55. عبدالمجید حسین اسماعیل شیخكی56. ملا حسن روغزایی57. شیخ كریم شیخ شهاب58. سید مجنون59. شامل درویش60. حمەی حاجی حسین61. جبار موسی قرەهەنجیری(جیهاد)62. جعفر عبدالكریم برزنجی63. جمال حسین دوزیی64. چیا سورچی65. حجاج عبدالغفور خالد دوبەردانی66. حسن محمود بگ امین هواری67. حسیب محمد نجم جباری68. مامند حمد مولود69. محمد علی رسول70. محمود حمە رسول اًغا71. نوزاد انور بیتواتە72. مام یحی(كویە)73. أسعد سلیم حاجی ئاغا74. أحمد كویخا رجب75. أحمد صوفی اسماعیل صالح76. حمە بوخجی77. میرزا حسن78. أنور حسو79. محمد كاوانی80. عمر حسن(عمر عرب)81. سید قدرت82. عمر صوفی83. صلاح شینە84. عمر اغا85. هوشیار سلیم أحمد پاشا86. هلگورد عبدالكریم الكسنزانی87. نوری حسن مراد برزنجی88. نجم الدین صالح محمد برزنجی89. مشیر هادی حمد اغا90. مشیر ابراهیم احمد91. محی الدین عزیز محمد باباعلی92. محمود حسین محمود علی93. محمود احمد شریف غوارە94. محمد حمزە زازلەیی95. محمد نجیب صادق بها‌والدین96. محمد عمر امین جمیل(باساكی)97. تاهر علی عبدالرحمن98. محمد سلیم قادر عپمان99. ابراهیم بالول اغا100. عقید حمید عپمان101. محمد شیخ معروف بیرداود102. مجید سلیمان احمد جاف103. كریم خان محمود خلیفە104. قاسم كریم أحمد محمود105. قادر محمود خلیفە عبدالصمد106. قادر محمد رشید عبدالقادر107. فرهاد مامند حمد مولود108. فاتح گاهر مصگفی عبدالقادر109. وهاب رحمان حمدأمین110. میرزا اسماعیل شرف رچا111. خدر فتاح حسین گامیش112. رسول مامند قیردولی113. زید سورچی114. سعید عدنان جباری115. سعید محی الدین احمد زنكنه116. سید ره زا سید ته ها(سید مانكا)117. جبار دریز118. حاج علی نبیاوە119. علی سلمە چوارتایی120. اسعد جانكیز هركی121. محمد جوهر اسماعیل صالح122. جوهر محی جانكیز هركی123. ارشد احمد الزیباری124. محمد سعید محمود شمیرانی125. محمد حمەامین حسین زراری126. محمد تاهر رشید حمەامین127. محسن محمد یاسین128. محمد كانبی بانو اغا129. حسین محمد عپمان130. حمەخان دارە رشید131. یونس رمچان غوارە132. كیسری محمد سعید محمد فتاح133. محمد حسن علی میرزا134. تحسین شاویس سعید135. ابراهیم علی ملو الزوری136. محمود حمەامین حمە صالح137. رشید حمە امین عزیز138. رەزا ته ها محی الدین139. رفعت محمد علی140. زیرك گاهر سعید141. سعاد فیچ الله محمد142. عاصی حمە دیزە143. دلسوز خدر مینە بلباس144. فازل مصته فی حسن برواری145. فاروق رشید علی محمد نورولی146. كریم عبدالله محمد147. فتاح كریم فتاح148. عباس حاجی اغا رسول149. صالح احمد حسین150. جبار شیخ هادی151. خیرالله دوزی152. خالد محمود أحمد علی غوارە153. شیخ محمود سید گول154. سعید قادر محمد الجاف155. سعید احمد شیشە156. سالار نصرالله قادر157. خچیر رشید بحری158. سعید غیدان (حمە سعید)159. زاهر اغا كویە160. عدنان دیسكو161. مجید غیدان162. گارق كاكەیی163. صباح سورچی164. عبدالكریم سعدی سلیمان سعدی165. عبدالله فیصل عبدالله ماوانی166. عبدالكریم حسین خالد167. عبدالقادر مصته فا محمد168. عبدالرحمن عاصی عزالدین169. حمدامین حمە شاسوار170. حمزە عباس مامند ئاكو171. قالەی عەزە نالبند172. مدحت توفیق داودی173. ملا عوزیر174. محسن كرچی رحی175. صباح نازم رقیب السورچی176. محمد كلحی ریكان177. محمد قادر اغا سورجی178. فرهاد مامند حمد179. شیرزاد علی بەلەكە180. تارق شفیع كافروش181. تارق عزیز ره زا اغا182. شیخ صلاح نقشبندی183. أنور محمد رچا محمود الجاف184. برهان شوانی185. بكر علی حاج مشیر186. بكر كریم غفور187. جاسم محمد زیباری188. محی الدین حمە رحیم189. نامق عبدالكریم190. حمە رشید عبدالرحمان عبدالرحیم191. شمال رفعت كلی192. مامند قشقە193. عمر حمە علی چەرمەگا194. مصته فا سلیمان وزە195. حمە كریم حمە فرج196. عمید فتاح بك جاف197. یحیی جاف198. گاهر عپمان روستم199. بابكر وسو محمد200. جمال خچر خالد201. جمال فقی حسین202. خلیل عبالله ابراهیم203. توفیق سلیمان یاسین برواری204. أحمد جمیل امین205. حسین حمە سور اغا206. ئاوات احمد حسن رش207. توفیق حمە فرج حمە روسم نورولی208. بهرام محمد عبدالرحمن محمد209. باییز عزیز رشید باوەجانی210. ابوبكر فقی صالحی211. ابراهیم احمد ابراهیم منتك212. أنور میرزا ابراهیم گلی213. أنور رشید خچیر میران214. علا‌و محمد أمین عیسی215. عرب صالح عمر قادر216. عدنان عبدالله احمد جبارە217. قاسم رشید دزەیی218. غیاپ توفیق سلیمان یاسین219. عصمت دینو بیری220. عمر حسن رسول كردی221. عمر بشار صالح222. شریف حمە شریف(شەفەی خاتون)223. شریف حمد كرداوی224. شیخ احمد برزنجی225. شهاب احمد وایرمن226. صدیق علی محمد أمین هارونی227. صباح اسماعیل خچر228. صالح احمد اسماعیل الرفعی229. صادق زید وایرمن230. شكر جندی عنتر مزوری231. رشید صالح رشید أتروشی232. زاهر تاهر توفیق233. سمكو عبدی حسن زدكی234. تارق سعید ابراهیم مزوری235. حسین جیهانكیر جادر مزوری236. جعفر أنور سلیمان237. جمیل كریم مجید اغا كوری238. محمد عیسی بیرویس عیسی الجاف239. ابراهیم نصرالدین عزیز البرزنجی240. جمال نصالدین عزیز241. جلال محمود صالح دوستی242. صابر احمد رقیب243. عباس باییز بالو اغا244. عباس حاجی أخاسر سیان245. عپمان عبدالرحمن فتح الله246. عمر احمد علی247. عمر بابكر سلیم248. فخری اسماعیل عبدالقادر249. قادر شفیق نعمان250. رحیم كریم قادر251. قاسم فاوس تاهر مسته فا اغا252. له تیف احمد محمد الزیباری253. سلیم مهند رسول254. محمد تاهر یونس محمد(رینكاوی)255. سوارە فتاح فرج الجاف256. شریف محمود معروف257. شیخ مجید باییز حسن258. صلاح الدین خدر رسول

كوردستان بێ جینۆسایدKurdistan without genocide11-4-2020




ده‌ستكه‌وته‌كان و مافه‌كانی خۆپیشانده‌رانی گۆڕه‌پانی ته‌حریر به‌ره‌و كوێ … ئه‌حمه‌د كامه‌ران

له‌سه‌ره‌تاكانی مانگی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی ڕابردوو , شه‌پۆلێكی گه‌وره‌ی ناڕه‌زایه‌تی له‌ شه‌قامی عێراقی هه‌ڵگیسرا, كه‌ هاوكات گۆڕه‌پانی ته‌حریری شاری به‌غداد به‌ مه‌ڵبه‌ندی سه‌ره‌كی ئه‌و ناڕه‌زایه‌تیه‌ داده‌نرا , كه‌ هاوكات ئه‌و ناڕه‌زایه‌تیه‌ی سه‌ره‌تای مانگی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی 2019 جیاوازتر بوو له‌ سه‌رجه‌م ناڕه‌زایه‌تیه‌كانی دیكه‌ی شه‌قامی عێراقی كه‌ له‌ ساڵانی ڕابردوو هه‌ڵگیسرا بوون , ئه‌مه‌ش به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌م ناڕه‌زاه‌تیه‌ی ئه‌مجاره‌ زنجیره‌یه‌كی درێژی به‌دوای خۆیدا هێنا كه‌ زیاتر له‌ پێنج مانگی خه‌یاند كه‌ خۆپیشانده‌ران له‌سه‌رجه‌م چین و توێژه‌كانی گه‌لی عێراق پێكهاتبوو , كه‌ ئیتر تووڕه‌یی گه‌یشتبووه‌ سه‌ر ئێسكه‌كانیان به‌تایبه‌تیش چینی گه‌نجان كه‌ داوای هه‌لی كار و ژیانی خۆش و دادپه‌روه‌ریان ده‌كرد له‌ حكومه‌ته‌ گه‌ندڵكاره‌كه‌ی عێراق , به‌ڵام ئه‌گه‌رچی حكومه‌ت به‌ فیشه‌ك و چه‌ندین هۆكاری تر وه‌ڵامی خۆپیشانده‌رانی دایه‌وه‌ له‌ ده‌رئه‌نجامدا به‌چه‌ندین كوژرا و برینداری لێكه‌وته‌وه‌, به‌ڵام هیچیان كاریان نه‌كرده‌ سه‌ر خۆپیشانده‌ران به‌ڵكو خۆپیشانده‌ران زیاتر سووربوون له‌ داواكانی خۆیان , خۆپیشانده‌ران فشارێكی توندیان خسته‌ سه‌ر عادل عه‌بدلمه‌هدی بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ست له‌كاربكشێنێته‌وه‌ , به‌ڵام بۆ دواجار له‌سه‌ره‌تای مانگی دیسه‌مبه‌ری ساڵی ڕابردوو بڕیاری ده‌ست له‌ كاركێشانه‌وه‌ی خۆی له‌ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران پێشكه‌شی په‌رله‌مان كرد , به‌ڵام له‌پاشان ئیتر عێراق بوو حكومه‌تێكی كابه‌ڕێكه‌ری بێ چاره‌نووس به‌ڵام خۆپیشانده‌رانیش به‌رده‌وام بوون له‌ خۆپیشاندانه‌كانیان هه‌تاوه‌كو سه‌رجه‌م مافه‌كانیان ده‌سته‌به‌رده‌كرێت بۆیان , ئه‌گه‌رچی هیچ هێزێك نه‌یتوانی خۆپیشانده‌رانی عێراق كپ بكاته‌وه‌ به‌ڵام له‌ ناوه‌ڕاستی مانگی شووباتی ساڵی 2020 به‌هۆی فراوانبوونی ڤایرۆسی كۆرۆنا كه‌ عێراقیشی به‌خۆیه‌وه‌ گرته‌وه‌ , ئیتر ئه‌مه‌ وای كرد كه‌ خۆپیشانده‌ران به‌ره‌و ماڵه‌كانی خۆیان بڕۆن و گۆڕه‌پانی ته‌حریر و خه‌لانیه‌ و ناچه‌كانی دیكه‌ به‌جێ بهێلن بۆ كاتێكی نادیار, ئیتر پاشان چه‌ند كه‌سێكی تر له‌لایه‌ن سه‌رۆك كۆماره‌وه‌ كاندید كراو بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عێراق وه‌كو محه‌مه‌د ته‌وفیق عه‌لاوی و عه‌دنان زورفی به‌ڵام ئه‌م دووانه‌ نه‌یان توانی بێنه‌ گۆڕه‌پانی سیاسه‌تی عێراق به‌هۆی نه‌بوونی ده‌نگی پێویست له‌نێو كوتله‌كان دا, به‌ڵام له‌ ئێستادا مسته‌فا كازمی هاتۆته‌ گۆڕه‌پانی سیاسه‌تی عێراق كه‌ توانیویه‌تی ده‌نگی كورد و سونه‌كان و به‌شێكی شیعه‌كان به‌ده‌ست بهێنێت و چاوه‌ڕێ ده‌كرێت له‌ ئاینده‌دا حكومه‌تێكی نوێی له‌ عێراق درووست بكات .
له‌ ئێستادا فۆكسه‌كه‌ له‌سه‌ر مسته‌فا كازمی دایه‌ كه‌ ئاخۆ ده‌توانێت له‌م بارۆدۆخه‌دا حكومه‌تێكی دادپه‌روه‌رانه‌ بهێنێته‌ ئاراوه‌ كه‌ سه‌رجه‌م داواكاریه‌كانی چه‌ندین مانگه‌ی خۆپیشانده‌رانی عێراق و گۆڕه‌پانی ته‌حریری به‌دی بهێنێت ؟.
گرنگ نیه‌ كه‌ كێ حكومه‌تی عێراق پێك ده‌هێنێت , گرنگ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كه‌سێكی خاوه‌ن ئیراده‌ بێت بتوانێت به‌سه‌ر سه‌رجه‌م گه‌نده‌ڵیه‌كانی عێراقدا زاڵبێت كه‌ ساڵانێكه‌ عێراق به‌ده‌ستیه‌وه‌ ده‌ناڵێنێته‌وه‌, بۆیه‌ ده‌بێت له‌ئێستادا مسته‌فا كازمی كار له‌سه‌ر ئه‌وه‌بكات كه‌ حكومه‌تێكی نیشتمانی له‌ پێناو به‌رژه‌وه‌ندی هه‌موو گه‌لی عێراق دا بێت , هاوكاتیش دووربێت له‌ هه‌موو جۆره‌ ده‌ستێوه‌ردانێكی مه‌زبه‌گه‌ریه‌تی و نه‌ته‌وه‌یی چوونكه‌ ئه‌مه‌ جارێكی تر حوكمڕانی عێراق به‌ره‌و ئاراستیه‌كی نادیارتر ده‌بات كه‌ ئه‌مه‌ش وا ده‌كات دووباره‌ خۆپیشانده‌ران ناچاربن بڕژێنه‌ گۆڕه‌پانه‌كان, بۆیه‌ له‌ ئێستادا تاكه‌ حكومه‌تی سه‌ركه‌وتوو له‌ عێراق بریتیه‌ له‌ حكومه‌تێكی مه‌ده‌نی, كه‌ هه‌موو خه‌ڵكی به‌بێ جیاوازی له‌ژێریدا به‌ ئاسووده‌یی بحه‌سێته‌وه‌.

ئه‌حمه‌د كامه‌ران




مه‌یلی ناخ … گه‌شاو محه‌مه‌د عه‌تا

من كه‌سێكی وام خۆش ده‌وێ
ھەرگیز نه‌زانێ چۆن بژی
كه‌سێ له‌سه‌ر
زه‌وی خه‌وتووه‌كان بێداربێ
له‌گه‌ڵ ئاوابونی خۆرا
خوازیاری فه‌نا بوونی بێ
له‌گه‌ڵ گزنگ ھەڵبێت و بگه‌ڕێته‌وه‌

من كه‌سێكی وام خۆش ده‌وێ
پاساو بۆ مانه‌وه‌ی خۆی بهێنێته‌وه‌
بوێرانه‌ به‌ نیگای ئەفسوناوی
هه‌موو شتێكم پێ بڵێ
كه‌سێك, كه‌ هه‌ڵزنێت به‌سه‌ر خه‌مەکانا
چاو له‌ دڵ ته‌نگی دابگرێ

من كه‌سێكی وام خۆش ده‌وێ
سه‌ما زان بێ
له‌ودیو په‌لكه‌زێرینه‌وه‌ سه‌ما بكا و
ره‌نگه‌كانیم بۆ دابگرێ
كه‌سێك, ته‌واو بگۆڕدرێ
ئه‌مڕۆ و دوێنێ ڕه‌تكاته‌وه‌
خه‌نده‌كانی بە ساماڵ و بێ هه‌ور بێ

من كه‌سێكی وام خۆش ده‌وێ
یه‌خسیرم بێ
هانا بۆ خوای ئەوین به‌رێ
تا ده‌گاته‌ لێواری ته‌نیایی تەمەن
تا ئاشنای ئەو ساتانه‌ بێ
كه‌دڵ ئەنجن ئەنجن ده‌بێ

من كه‌سێكی وام خۆش ده‌وێ
په‌نجه‌كانی ئالوده‌ی کاری چنین بێ
به‌ڵكو تۆڕێك بۆ ئەم ڕۆحەم بچنێت و
كه‌سێك, له‌هه‌موو ساتێكدا
له‌بۆسه‌داب ته‌نیاییم دابێ
کنەی قوڵایی ناخم کا
له‌ دواهه‌مین خواستم بگا

من كه‌سێكی وام خۆش ده‌وێ
ڕۆحێكی دانسقه‌یی بێ
حه‌زێكی بێ هاوتای هه‌بێ
له‌كۆتایی هه‌ر هیچ نه‌بێ
بۆ ژیانم ڕەقیبم بێ .

30 / 9 / 2019
سلێمانی




چراکە تەماوی ترە ….کەنعان مدحەت

چراکە تەماوی ترە
لەوەی پشت گوێ بخرێ
شەوە یەلدا لە موی نیوان باریکترە
گەر ملی یەک بە یەکیان بە پەتا نەکرێ
عەیب لە دییەکانما شک نابەم
چوون سوار لە ناسوار
ئاواش ،
مەی لە ئاو جیادەکەمەوە
نە مەست ، نە حەیران و نەش خەواڵوم
بە دەست کاریگەری لێکەوتەکانەوە

  • ئەوانەی دەجزێنە مۆخ و
    بە ئاوات و
    سەنگ و
    گەدە و قووتم.. _ ناتەواوم
    چاوم لە هەنگاوی ئاوسی
    مەیلە و سوور و
    گشتییە
    خوازیاری ڕاپسکانێکی تریشقانەم
    درەختی ڕیشەکوتراوی بێ بەر ڕاتەکێنێ
    ڕێژنەی یەکلاکەرەوە رێکبخا
    لافاو ،
    بە پلیکانێی چەما ، سەرخا
    چی تەپۆڵک و
    زۆڵە کۆ لوتکەیە.. بیانسڕێتەوە
    نەبینراوەکان وەک بینراو هەڵێنجێنێ
    شتەکان هەر هەمو
    وەک خۆ
    بخاتە روو
    ئەو مانگرتنە پچڕ پجڕانەی ئیرە و ئەوێ
    سەرانسەریی یەکخا
    بوێرێ بەو بەرنامە بێ پایە و
    ناوەڕۆکە کرچ و کاڵانەیان بڵێ:
    هیچوپوچ و
    پوکن..
    پوک ، پوک
    بە وتەی پێشینان: لە بنی هەمانەکە با
    یا لەناویان دەبا
    یان تیا ئەچین !!
    ئازارکێشانی ئەم درم و دەردە
    لە خودی (بار)ی سەخت و
    قورسترە
    لە قوڵایی شەوگارەوە
    دەیان خێڵ و
    خانەوادە..
    لە جامە ڕەشەکانەوە
    وەک قەلەڕەش دەڕشێنە سەر جادە
    هەر ئەڵێی مێردەزمەی ناو مەتەڵ و
    ئاژەڵە درندەی ناو جەنگەڵن
    بڕینی (ساتر)
    خەمی گەورەی چەقۆیە
    داڕێشتنی نەخشە و
    داگیرسانی هەر کڵپەیەک
    سوێێ مژدەیە
    بازار.. بازگە..
    دەزگا و مەیخانە تا مزگەوت
    هەر هەمو دەکوڵێن
    لە سەرەوەی ویست و
    خەباتی یەکپارچەییەوە
    شۆردەبنە خوێنبەرەکانی تەور و داس
    بۆ سڕینی کلی چاو و
    خەنەی گیراوی
    قژی خاو
    لەم قەیرانە جەنجاڵەدا
    دز و پاڵەوان لێک ناکرێنەوە
    مەرد و نامەرد
    گاندەر و گانکەر هاوسەنگن
    لە حەن کۆنە ڕاوێژکاری سەر بە دوژمن
    دەسەڵاتداران.. بێدەنگن
    زۆرن ئەوانەی باس لە رووخان و
    ڕاماڵینی گومەز و منارە و
    کەعبە دەکەن
    هەڵوێست.. لە مەبەستی بێگەرد
    بەتاڵ دەکەن
    لەبەر زبری رووداو و
    لە ناوبردنی ئەرشیفەکان
    قڕکردن و
    کیمیا باران…
    بەراوردی خۆ بە فریشتەی سەر شان دەکەن
    نەبینراوەکان وەک بینراو هەڵێنجێنن
    شتەکان هەر هەمو
    وەک خۆ
    بخەنە روو
    بە وتەی پێشینان :
    لە بنی هەمانەکە بەن
    یا تیا ئەچن ، یا تیا ئەچین
    بەسە ئیتر !!

١٥/١/٢٠١٩ کفری




ئامانجی خەڵک ڕزگاربوونە لەم ڕژێمە، نەک دانانی سەرۆک وەزیرانێکی تر

قەیرانی حکومەتی و فەشەلی حزب و قەوارە پەرلەمانیەکان دوای چەند مانگێک بۆ دانانی سەرۆک وەزیرانێکی تر، قەیرانی ڕژێمەکە و مایەپوچی و پێکهاتە ناکۆک و لە چارنەهاتووە نێوخۆییەکانی، بە شێوەیەکی ئاشکرا دەردەخات.
ڕاپەڕین کە عادل عەبدول مەهەدی ناچار کرد دەست لە سەرۆک وەزیری بکێشێتەوە، دەرگای بەڕووی کێشەیەکی وەها گەورەتر و فراوانتردا کردەوە کە ئەو هێز و حزبە ئیسلامی و قەومیە داسەپاوانە بەسەر ملی جەماوەردا، لە توانایاندا نەبێت هەروا بە ئاسانی چارەسەری بکەن.
ڕاپەڕین، ناکۆکیەکانی نێوان باڵە جیاجیاکان و هێزەکانی ئەم ڕژێمەی قوڵترکردەوە و گۆڕی بۆ جەمسەرگیریەکی توندوتیژتر، بە جۆرێک کە هەر لایەک هەرچی زیاتر و زیاتر پشت ببەستێ بە لایەنە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکان، وە بە دیاریکراویش پشت بە ئەمریکا و ئێران ببەستێ و خۆی پێ بەهێز بکات.
دەسنیشانکردنی سەرۆک وەزیران و پێکهینانی حکومەت کە بۆتە چەقی ئەم کێشمەکێشە گەرماوگەرمەیە، ئاڵۆزکاویەکی کوشندە لە قەیرانی ئەم ڕژێمە و قوڵی کێشمەکێشی نێوان هێزە جیاجیاکانی نیشان دەدات و توندی پێکدادانی بەرژەوەندیە جیۆ سیاسی و ئابوورییەکانی هەر یەک لە ئەمریکا و ئێرانیش دەردەخات لە ناوخۆی عێڕاقدا.
لە ساڵی ٢٠٠٣ ەوە، میلیشیاکان بەهێزی چەک و سەرکوتی ئاشکرا، مافی کارکردنی ئازادانەی سیاسیان لە جەماوەر زەوتکرد، دەستیانگرت بەسەر دەسەڵاتدا، هەموو کاروبارێکیان گرتەدەست، دەسەڵاتی سیاسیان بۆ خۆیان پاوان کرد و پاشانیش هەڵبژاردنیان هێنا بۆ وەرگرتنی “شەرعیەت” لە جەماوەر، ئەمە ئەو کارەیە کە حزبە قەومیە فەرمانڕەواکانی کوردستان پێشوتر ئەمەیان کردبوو. هەموو ئەمانەش لە پەیوەندیەکی توندوتۆڵ بە ستراتیژی ئەمریکا و ئێران و کێشمەکێشەکانیانەوە ئەنجامدراون بۆ جڵەوکردنی ڕێڕەوەکان لە عێڕاقدا.
جەماوەری ڕاپەڕیو؛ کرێکاران و زەحمەتکێشان، ژنان و لاوان و قوتابیان، بە هاتنە ناوەوەی ڕاستەوخۆیان بۆ گۆڕەپانی سیاسی و هەڵسان بە ڕاپەرینێکی جەماوەریی شۆڕشگێرانە لە ئۆکتۆبری ساڵی ڕابردوودا، گورزێکی کوشندەیان سرەواندە ئەم هاوکێشەیە، بەمەش کورسی و مێزی دەسەڵاتیان بەسەر سەروپۆتەڵاکی هێزە میلیشیاکان و حزب و ڕژێمەکەیاندا قڵپاندەوە. ڕاپەڕین دروشمی ڕوخانی تەواوەتی ئەم ڕژێمە و کۆتایهێنان بە پاشکۆیەتی ئێران و ئەمریکای بەرزکردەوە. خۆشباوەڕیەکانی پێشووشی تێپەڕاند، ئیدی ئێستا گیرۆدەی ئاواتی هێنانەدی چاکسازییەکان نیە لە لایەن ئەم ڕژێمە داڕوخاوەی ئێستاوە، کە تاوانی قێزەوەنیش ئەنجامدەدات بەرامبەر خۆپیشاندەران.
ئەمرۆژانە عێڕاق لە جەرگەی بڵاوبونەوەی پەتای کوڕۆنادا، بە بارودۆخێکی کارەساتباری توندوتیژتر و بەرفراوانتر لە جاران تێدەپەڕێ، ملیۆنان خەڵک بە هۆی بارودۆخی داتەپیوی ئابوری و کەرێنتێنەکردنی خۆپاراستنەوە لە کوڕۆنا، بە هەژاری و برسیەتی و بێکاری و بەبێ داهاتی ڕۆژانە دەژین. دەسەڵاتدارانی فەرمانڕەوا، نەک هەر ناتوانن پێداویستیە خۆپارێزییەکان بۆ هاوڵاتیان دابین بکەن، بەڵکو هەوڵیش دەدن خۆیان بدزنەوە لە بەرپرسیارەتی دابینکردنی گوزەرانی ئەوانەی کار و سەرچاوەی بژێوییان لەدەستداوە بە هۆی ئەم هەلومەرجەوە.
ئەمە و ئەم هەلومەرجە پڕئازارەی جەماوەر تیایدا دەژی، ڕێگر نەبووە لەوەی هێز و حزبە دەسەڵاتدارەکان، کێشمەکێشی نیوانیان توندوتیژ بکەنەوە لەسەر دیاریکردنی سەرۆک وەزیران و ملکەچپێکردنی خواستەکانی جەماوەر بۆ پێداویستیە ستراتیژیەکانی ئەمریکا و ئێران لە عێڕاقدا. هەروەها ئەم هەلومەرجە ڕێگریشی نەکردوە لە ئەمریکا و ئێران بۆ تاوسەندنی کێشمەکێشی نێوانیان لە پێناو دەسبەسەراگرتنی چارەنوسی عێڕاق، نەک هەر بە دیاریکردنی سەرۆک وەزیران، بەڵکو بەوەش وڵاتەکە بکەنە گۆڕەپانی پێکدادانی سەربازی نێوانیان. لایەک میلیشیاکانی سەربە ئێران هەڵدەستن بە موشەکبارانی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێڕاق و هەڕەشەی تاوپێسەندنی هێرشی سەربازی دەکەن، وە لەلایەکی ترەوە، ئەمریکاش ئەم هەلومەرجە دەقۆزێتەوە تا بوونی خۆی و شوێنە سەربازییەکانی قایمتر بکا لە عێڕاق و موشەکی پاتریۆت دامەزرێنێت لە چەند شوێنێکی وڵاتەکە و هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوە دەکات لە ئێران.
بێ ئابڕویی هێز و حزبەکانی ئەم ڕژێمە و مایەپوچیان بۆ هەموان ئاشکرایە، هیچ ڕێگایەکی پێشڕەویش لە ئارادانیە جگە لە ڕزگاربوون لەدەست ئەم ڕژێمە. ڕەتکردنەوەی هەر کاندیدێک کە هیزەکانی ئەم ڕژێمە دەستنیشانی دەکەن بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران لەلایەن جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و لاوان و قوتابیانەوە، بەشیکە لە ئامانجەکانی ڕاپەڕین و لاری تیا نیە.
ئەو ئاڵوگۆرە کۆمەڵایەتی و سیاسیانەی کە پێشدێن بە هۆی ئاکامەکانی ئەو بارودۆخەی ئێستاوە کە لە پەتای کوڕۆناوە سەرچاوەی گرتووە، بە ناچاری ڕزگار بوون لەم ڕژێمە کە ئامانجی ڕاپەڕینەکەیە، لە پێشەوەی ئەجەندای ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانە دادەنێت. هەروەها چینی کریکاریش سۆشیالیزم دەکاتە ئامانجێکی بنەڕيتی و هەر ئێستای خەباتەکەی، چونکە هێنانەدی ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانە بەبێ ئەم ئامانجە بەدی نایەت لە ژیانی دەیان ملیۆن لە کرێکار و ڕەنجدەر و زەحمەتکێش لە عێراقدا.
ڕوخانی ئەم ڕژێمەی ئێستا و گۆڕینی بە ڕژێمێکی سیاسی کە دامەزرابێت لەسەر ئیرادەی سەربەخۆی جەماوەری ڕاپەڕیو لە کرێکاران و زەحەمەتکێشان و لاوان و قوتابیان و سەرجەم بێبەشان و پیاوان و ژنانی چەوساوە، هەنگاوێکی بنچینەیی پێکدەهێنێت بۆ کۆتایهێنان بەم بنبەستەی ئێستای عێڕاق و هێنانەدی ئازادی و یەکسانی و خۆشگوزەرانی بۆ هەموان.
٥ نیسانی ٢٠٢٠

ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێڕاق




ئاشی نه‌زان خوا ده‌یگێڕێت … عیماد عه‌لی

ئه‌وه‌ی هه‌مووان ده‌یزانن، نه‌ك له‌م زه‌مانی كۆرۆنا‌دا به‌ڵكو له‌رۆژانی ئاساییشدا وه‌زعی ئابووری كوردستان و نرخی شتومه‌ك له‌سه‌ر قه‌زا و قه‌ده‌ر و مه‌به‌ست و ئاره‌زوو و هه‌وه‌سی خاوه‌ن به‌رژه‌وه‌ندی و ده‌سترۆیشتوان وه‌ستاوه‌ نه‌ك ده‌رخستن و خستنه‌بازاری شتومه‌ك و خواستن و داخوازی كه‌ بناغه‌ی ئابووری به‌ناو ئازادی دونیای سه‌رمایه‌داری پێك دێنێت‌.
جگه‌ له‌وه‌ی له‌ رووی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیه‌وه‌ زۆر شتی نه‌زانراو ده‌رده‌كه‌وێت، له‌ رووی ئابووریشه‌وه‌ ئه‌م سه‌رده‌می كۆرۆنایه‌ زۆر شتی واقعی و به‌ بڕاوه‌یی بۆ هه‌مولایه‌كی روون كرده‌وه‌. ئه‌وه‌ی شه‌و و رۆژ قۆرخكارانی كوردستان باسیان ده‌كرد و ده‌یانناڕاند كه‌ له‌ هه‌موو شوێنێكی دونیا و له‌هه‌ر سیستمێكدا بێت نرخ له‌سه‌ر بڕی خه‌رجكراو و راده‌ی داواكاری هه‌ر ده‌رخسته‌یه‌ك به‌قه‌د خواستن و پێویستی و زه‌روره‌تبونی وه‌ستاوه‌ و جوڵان به‌نرخه‌كه‌ ده‌كه‌ن. بۆیه‌ نمونه‌ی فرۆشتنی نه‌وتی جیهانیان ده‌هینایه‌وه‌ و هه‌روه‌ك سه‌رجه‌م كاڵاكانی تریان به‌وه‌ ده‌به‌سته‌وه‌ بۆ هه‌روڵاتێك بڕبڕه‌ی پشتی ئابووریه‌كه‌ی داهاتی نه‌وت بێت. هه‌روه‌ها نرخی دراو و هه‌ر كاڵایه‌ك به‌ به‌راودر به‌ نرخی نه‌وت له‌جیهان له‌ لایه‌كه‌وه‌ و، به‌ پێێ پێویستی شتومه‌كه‌كه‌ له‌ شوێنێكه‌وه‌ بۆ ئه‌ویتر ده‌گۆڕێت و له‌لایه‌كی تره‌وه‌ ژیان و گوزه‌رانی خه‌ڵك وپێویستیه‌كان هاوكێشه‌یه‌كی پێكه‌وه‌به‌ستراون و چه‌ند داواكاری له‌سه‌ر هه‌ر شتێك زۆر بێت ئه‌گه‌ر به‌رده‌ست نه‌بێت نرخی زیاتر ده‌بێت( له‌م باره‌ش چه‌ندین جار زیادو كه‌می كاڵایان به‌ده‌ستی خۆیان گۆڕی) ئه‌مه ‌ئه‌گه‌ر قۆرخكاریش وه‌لاونێین.
هه‌ر له‌كوردستانی له‌مه‌ڕ خۆمان له‌به‌ر چه‌ندین هۆكار ئه‌و یاسایه‌ ناخوات :

  • سیاسه‌یكان هه‌مان ئه‌وكه‌سانه‌ن كه‌ بازرگانی ده‌كه‌ن یان حزبه‌كانن یان ئه‌وكه‌سانه‌ن كه‌ ژێرده‌سته‌ و شێخی ده‌رباری ئه‌وانن و بازاریان كۆنترۆڵ كردووه‌ وته‌نانه‌ت ده‌رخسته‌ و داواكاری خه‌ڵكیشیان به‌ پروپاگه‌نده‌ و له‌گۆشه‌ی سودی خۆیان تێكداوه‌ و به‌ میزاجی خۆیان به‌ڕێوه‌یده‌به‌ن نه‌ك به‌ پێی پێویستی خه‌ڵك و مامه‌ڵه‌ی سروشتی بازار.
  • راگه‌یاندنیان كۆنترۆڵ كردووه‌ و، ئه‌مه‌ش واده‌كات به‌ هه‌ر پروپانگه‌نده‌یه‌ك له‌ هه‌ر لایه‌نێك بیه‌وێت كاڵایه‌كی خه‌رج بێت، له‌ ده‌زگایه‌كی راگه‌یاندنه‌وه‌ بازار ده‌وروژێت و هه‌رچی كاڵای به‌سه‌رچوش بێت له‌كۆگاكان به‌تاڵی ده‌كه‌ن و نایهێڵن و له‌وێشدا هیچ ده‌زگایه‌كی راگه‌یاندن نیه‌ به‌رپه‌رچیان بداته‌وه‌ و ته‌نانه‌ت وه‌كو جیهانی سه‌رمایه‌داری ململانێ دروست بكات و بتوانێت به‌درۆیان بخاته‌وه‌ و، ئه‌و راگه‌یاندنانه‌ی خۆیان به‌سه‌ربه‌خۆش له‌قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن یان حزبه‌كانی له‌پشتیانن یان خاوه‌نه‌كانیان خه‌ڵكی سه‌رمایه‌دار و بازرگان كه‌ ئه‌ویش له‌م بواره‌ قازانجی باش دكات و مه‌عقول نیه‌ ده‌ست به‌ قازانجی خۆیه‌وه‌ بنێت و، له‌مباره‌وه‌ فزه‌یان لێوه‌نایه‌ت.
  • كۆنترۆڵی هاورده‌كردنی ده‌ره‌كی به‌ ره‌هایی له‌ده‌ست حزبدایه‌ و به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت ئه‌ویش بۆ بژێزی ژیانی له‌شكری كادره‌كانی یاری به‌ بازار و ده‌رخسته‌ وداخوازی ده‌كات.
    باشترین به‌ڵگه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بیسه‌لمێنێن كه‌ بازار به‌پێی ده‌رخسته‌ وداخوازی نیه‌ و به‌ده‌ستی ئه‌م چاوچنۆك و قۆرخكار و مافیا و گه‌نده‌ڵانه‌یه‌، ئه‌وه‌ش ئه‌گه‌ر ته‌نها چاو له‌م ماوه‌یه‌ی كۆرۆنا بكه‌یت كه‌ داخوازی له‌سه‌ر به‌نزین تا سێ له‌سه‌ر چواری ئه‌وسای ژیانی خه‌ڵك كه‌م بۆته‌وه‌ و به‌هه‌مان شێوه‌ هاورده‌ ده‌كرێت و بڕی ده‌رخستنی له‌ سه‌دا هه‌شت‌ سه‌د زیادی كردووه‌ كه‌چی نرخی وه‌كو خۆی بێ هیچ گۆڕانكاریه‌ك ته‌نانه‌ت به‌ فلسیك كه‌می نه‌كردووه‌، به‌ڵام پێشتر و به‌بریاری حكومه‌تی و له‌ كاتێكدا كه‌ داخوازی له‌سه‌ر زۆریش بوو نرخه‌كه‌یان كه‌م كرده‌وه‌، به‌ پێچه‌وانه‌ی هه‌موو یاسایه‌كی ئابووری له‌هه‌ر سیستمێكدا بێت به‌ سه‌رمایه‌داری و سۆشیالیستی و سۆشیال دیموكرات و لیبراڵیشته‌وه‌.
    بۆیه‌ چۆن سیاسه‌تی به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌م هه‌رێم و گه‌له‌ به‌دبه‌خته‌ له‌سه‌ر قه‌زا و قه‌ده‌ر و میزاج و بۆچون و بره‌ژه‌وه‌ندی كۆمه‌ڵێك بنه‌ماڵه‌ و ده‌سترۆیشو به‌رێوه‌ ده‌چێت ئاوها وه‌كو بوارێكی هاوپوه‌ست به‌سیاسه‌ته‌وه‌ ئابوریه‌كه‌ش به‌مان رێڕه‌و و به‌ شێوه‌یه‌ك تێكدراوه‌ كه‌ كه‌س ناتوانێت پێشبینی وخه‌مڵاندن بۆ هیچ شتێك بكات، بۆیه‌ بۆمان هه‌یه‌ بڵێین؛ له‌ كوردستانه‌كه‌ی له‌مه‌ڕ خۆمان، ئاشی نه‌زان خوا ده‌یگێڕێت.



گــوڵ و کــۆرۆنــا … محەمەد بەرزی

کۆرۆنا بەندی کردووین
ژیانی خۆشی بردووین

خۆمان جوان دەپارێزین
بەرامبەری نابەزین

ورەمان دانابەزێ
هەر دەبێ ئەو ببەزێ

ئەوکاتە دێمە دەرێ
باپیرە دەستم دەگرێ

گوڵ دەبەین ، گوڵی بۆندار
بۆ پزیشک و پەرستار

بۆ کەسانی میهرەبان
پەنا بوون بۆ هەژاران

٩ / ٤ / ٢٠٢٠




مارکسی بێ کەنار! — نوسینی: سەمیر ئەمین وەرگێڕانی لە ئینگلیزیەوە: ڕزگار عومەر

مارکس فەیلەسوف نیە، مێژوو نوسیش نیە، زانایەکی دونیای سیاسەت و ئابوری و کۆمەلایەتی نیە، تەنانەت مامۆستایەکی پلە یەکی هیچ لەم بوارانە نیە. هەروەها ماۆمستایەکی بەهرەداریش نیە کە کۆکتێلێکی هەموو ئەو بوارانە بە یەکەوە کوڵاندبێ و دەفرێکی پانی لێ ئامادە کردبێت. جێ و شوێنی مارکس لە مێژوودا لە دەرەوەی هەموو ئەوانەدایە.

مارکس سەرەتاو دەستپێکردنی ڕەخنەیە لەسەردەمی مۆدێرنە، ئەم رەخنەش بە ڕەخنە گرتن لە جیهانی ڕاستەقینە دەستی پێکرد. ئەم ڕەخنە ڕادیکالەش لە کاپیتالیزم وا دەخوازێ و ڕێگا دەدا بە دۆزینەوەی بنچینەکانی نامۆبوون لە سیستەمی بازاڕو چەوسانەوەی دانەبڕاوی کرێکاران.
بناغەی سەرەکی چەمکی “بەها” لەم ڕەخنە ڕادیکاڵە دێتەدەرەوە. هەر ئەو ڕەخنەشە ڕێگا خۆش دەکا کە تێبگەین لەو یاسا مەوزوعیانەی کە زاڵ و سالارە بەسەر دووبارە بەرهەمهێنانەوەی سیستەم، کە بنیاتنراوە لە ژێر ئەو جموجۆڵانەی لە کاتی چاودێری کردنی واقیع لە سەرخانی کۆمەڵگە دەیبینن .
مارکس لەو ڕەخنە ڕادیکاڵەی لە جیهانی واقیعی دەیگرێ شتێکیتریش زیاد دەکا، ئەو دێ ڕەخنە لەو گوتارانەش دەگرێ کە پەیوەندی هەیە بەم واقیعه،چەشنی گوتارە: فەلسەفی ، ئابوری، کۆمەڵناسی، مێژوویی، زانستە سیاسیەکان. ئەم ڕەخنە ڕادیکاڵە، پەردە لەسەر ڕووی راستەقینەو پشتگیری ئەم گوتارانە لادەدا، کە لەدوا شیکردنەوەدا: بریتین لە گوتاری بیانوو هێنانەوەو شەرعیەتدان بە هەڵس و کەوتەکانی دەسەڵاتی سەرمایەی هەژموندار.

بۆ ئەوەی ” مارکسیست” بیت، بێ سێ ودوو دەبێ لەو شوێنەوە بەردەوام بی کە مارکس دەستی پێکرد. ئەمە وەستان نیە لە تەك مارکس بەڵکو دەبێ لەمارکسەوە دەست پێبکەین. مارکس پێغەمبەرێك نەبووە کەهەموو ئەنجامگیریەکانی ” ڕاست” و ” کۆتا” بووبێت، بەرهەمەکانی ئەو تیئۆرێکی قوفڵ لێدراو نیە. چونکە مارکس ” بێ سنوورو بێ کەنارە” ، چونکە ئەو ڕەخنەیەی دەستی پێکرد بێ سنوور و بێ کۆتاییەو هەمیشە بەتەواو نەکراوی ماوە و پێویستە ڕەخنەکە خۆی بابەتێك بێ بۆ ڕەخنەگرتن لە خۆ ( مارکسیزم کە لە ساتێکی دیاریکراوفۆرمۆڵە دەبێ، دەبێت خۆشی بکەوێتە ژێر سێبەری ڕەخنەی مارکسیستی). مارکسیزم دەبێ بێ وەستان خۆی بە ڕەخنەی ڕادیکاڵ دەوڵەمەند بکا، دەبێ واسەیری هەر نوێبوونەوەیەك بکا کە سیستەم بەرهەمی دێنێ کە ئەمە بواری نوێ ی مەعریفیی مرۆڤایەتین.

کورتە ناونیشانی کتێبی سەرمایە، بریتیە لە ” ڕەخنە لە ئابوری سیاسی” ئەمە مانای ئەوەنیە ئەمە ڕەخنەیە لە ئابوریەکی سیاسی خراپی (ڕیکاردی) تا ئابوریەکی سیاسی باشی (مارکسی) شوێنی بگرێتەوە. بەڵکو ئەمە ڕەخنەیە لەو زانستەی ناونراوە “زانستی ئابوری” و خستنە ڕووی ناوەڕۆکی ڕاستەقینەی ئەم زانستە ( واتا ئەم شتانەی بۆرژوازی دەیڵێت و داوەری پێ دەکا لەهەڵس و کەوتەکانی خۆی)؛ هەروەها ڕەخنەشە لە بەهای ئەو زانستە ئابوریە لە ڕووی مەعریفیەوە، پەردەلادانە لەسەر سنورداریەکانی ئەم زانستە. ئەم رەخنەیە داواکردنێکە بۆ وەستانەوە دژ بەو بە ناو زانستە کە خۆی وا دەنوێنێ دابڕاو و سەربەخۆیە لە ماتریالیزمی مێژوو، پەیامی ڕەخنەکە ئەوەیە کە ئابوری سیاسی ناتوانێ سەربەخۆ بێت لە ماتریالیزمی مێژوو. ئابوری سیاسی ئەو شێوە دەرەکیەیە کە ماتریالیزمی مێژوو(واتا کێشمەکێشمی چینایەتی) لەژێر سەرمایەداری ڕوخسار دەگرێ. لەسەر ئاستی لۆژیکیشدا، ماتریالیزمی مێژوو بە پێش ئابوری دەکەوێ، بەڵام زۆرانبازی چینایەتی لە ژێر سایەی سەرمایەداری لە بۆشایی وچۆڵەوانی ڕوونادات، بەڵکو لەسەر بناغەیەکی ئابوری کاری خۆی دەکا، هەندێ یاساش بەرهەم دێنێ کە لە روخساردا ئەم یاسایانە ئابوریانە خۆ دەنوێنن.

من سەرەتا لێکۆڵینەوە لەسەر ئەم پەیوەندیانە دەکەم هەروەك چۆن لە کتێبی سەرمایە تەعبیری لێکراوەو خراوەتە ڕوو، واتە لەتیئۆری شێوازی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری، هەروەها ئەم پەیوەندیانە لە ژێر سایەی سەرمایەداری هاوچەرخ، واتە لە ژێر سێبەری ئەمڕۆمان – واتە ئیمپریالیزم.

تێزەکانی من من ئەمانەی خوارەوەن :
١) ماتریالیزمی مێژوو کڕۆکی مارکسیزمە، لەبەر ئەوە:
٢) دۆخی مەعریفی یاساکانی ئابوری سەرمایەداری بە جۆرێکە وای لێدەکا بکەوێتە ژێر ڕکێفی یاساکانی ماتریالیزمی مێژوو:
٣) لە ژێر سایەی شێوازی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری ، یاساکانی ئابوری دۆخێکی تیئۆری وا لەخۆی دەگرێ کە جیاوازە لە دۆخی ژێر شێوازەکانی بەر لەسەرمایەداری: تەنانەت :
٤) یاساکانی ئابوری سەرمایەداری بە شێوازیكی بابەتیانە بوونی هەیە؛ دوا خاڵ:
٥) ئەم یاسانەش لە دواشیکردنەوەشدا لە ژێر ڕکێفی یاسای ” بەها” دان.
بەم جۆرە بە بۆچوونی من زۆرانبازی چینایەتی لە ژێر سەرمایەداری بە گشتی، لە جیهانی ئیمپریالیستیش بە تایبەتی ، لە سەر بناغەو بنچینەیەکی ئابوری دیاریکراو ئیش دەکا، هەر ئەویشە ڕۆڵ دەبینی لە گۆڕینی ئەم بناغەیە.

خوێندنەوەم بۆ مارکس؛ بە دڵنیایی ڕۆشنبیریەکی گرنگ و پڕی بە دوای خۆیدا هێناو قەناعەتی پێهێنام لە هێزی ئەم ئەندێشەیە.بەڵام؛ هێشتا من بە هەستێکی چەشنی ئەوەی ئەمە بەشم ناکا خۆمم بینیەوە! چونکە من پرسیارێکی سەرەکیم هەبوولە بارەی دواکەوتوویی” کۆمەڵگەکانی ئێستای ئاسیا و ئەفریقیا کە “لەژێر قۆناغی گەشەسەندن” دان، من لەوبارەوە وەڵامم لای مارکس نەدۆزیەوە، بەڵام لەجیاتی ئەوەی لە مارکس دوور بکەومەوەو بڵێم ئەپدەیت نەبووە، بەسادەیی گەیشتمە ئەو ئەنجامگیریەی کە بەرهەمەکانی ئەو تەواو نەکراون.

زیادەیەکی سەرەکی کە من خستومەتە سەر تیئۆرەکە: پەیوەندی هەیە بە گواستنە لە یاسای ” بەها ” بۆ یاسای “بەهای گلۆبالیزەکراو” لەسەر بنچینەی بونیادی هەرەمیی -جیهانی کراوی- نرخەکانی هێزی کار بە دەوری ئەم ” بەها” یە. کە پەیوەندی هەیە بەو هەڵس و کەوتانەی بەڕێوەدەچێ بۆ دەست گەیشتن بە سەرچاوە سروشتیەکان.

ئەم ” بەها” بەجیهانی کراوە خۆی بریتیە لە بناغەی ڕەیعیی ئیمپریالیستی. لێرە من دەڵێم ئەوەی ئاماژەم پێداوە پەردە لادەدا لەڕوخساری بزوێنەری ڕاستەقینەی ناکۆکیەکانی سەرمایەداری/ ئیمپریالیستی و ئەو بەریەککەوتنانەی پەیوەندیدارن، بەجۆرێك کە چینە کۆمەڵایەتیەکان و نەتەوەکان هەموویان نوقمی بەرامبەرکێ و ناکۆکی وزۆرانبازیەکانن، نوقمی وردو درشتی هەموو هۆکارە لقدارەکانی ئەم ناکۆکیانەن.
هەروەها دەڵێم خوێندنەوەمان بۆ مێژووی هەردوو سەدەی بیست و بیست و یەك ؛ هیچ نیە بێجگە لە سەرلەنوێ دەرکەوتن و-یان ” بوژانەوەی” خەڵك و گەل و نەتەوە پەراوێزخراوانەی سیستەمی جیهانی سەرمایەداری ئیمپریالیستی.
………………………………………………………………………..

تێبینیەکانی وەرگێڕ: ئەم نوسینەی لێرە دەیبینن بریتیە لە هەڵبژاردنی چەند پەرەگرافێكی هەڵبژاردە لە پێشەکی کتێبی
(THE LAW OF WORLDWIDE VALUE )
کە چاپی ئینگلیزی ئەم کتێبە لە ساڵی ١٩٨٧ بڵاوکراوەتەوە. ئەم کتێبە ئەوەندەی من ئاگاداربم تەرجومە کراوە بۆ زمانەکانی (فەرەنسی ، عەرەبی ٢٠١٢) . دەقە عەرەبیەکە کە لە فەرەنسیەوە کراوە کاتێ بەراوردم کرد بە ئینگلزیەکە پڕە لە کەم و کورتی و جیاوازی، نازانم خەتای وەرگێڕەکەیە یان دەقە فەرەنسیەکە وایە ئەمە کەسی فەڕەنسی زمان دەتوانێ قسەی لەسەر بکا. بەڵام دەقە ئینگلیزیەکە سەد لەسە جێگای متمانە بوو. یەك سوود لە دەقە عەربیەکە هەبوو کە لێرە بەکارم هێناوەتەوە، ئەوان ناونیشانی پێشەکیەکەیان لە تەعبیرێکی نوسەر خۆی وەرگرتووە کردویانە بە ناونیشانی پێشەکیەکە، منیش هەمان تەعبیرم لاجوان بوو بەکارم هێنا.




فه‌لسه‌فه‌ و كۆرۆنا -1- … ئازاد حه‌مه‌

به‌شی یه‌كه‌م

((ئەم کارەم بە ماندووبونی هەردوو هاوڕێیانی پزیشکم د.کامەران قەرەداغی و د.وەسفی تاڵەبانی پێشکەشە))

دەروازە: لەدایکبوونی پرسیار

هەندێک نووسین بەگشتی و فەلسەفیش بەتایبەت نازانرێت کە چۆن لەدایکدەبن، وەک ئەم نووسینە بۆنموونە. ئەم نووسینە، ناونیشانەکەی و بەشێک لە تێۆریزەکانی زادەی دادوەرییەکی پێش وەخت و تێڕامانێکی ئامادە نین بەقەد ئەوەی کە دەرکەوتنی کۆرۆنا خستیانیە هزری نووسەرەکەیەوە. بەڵێ نووسینەکە نیگای کارتێکەری بزووتنەوە و شەپۆلی فەلسەفیی جیاجیا و ئەندێشەی هەندێک هزرەڤانانی تێکەوتووە بەس هەرگیز ئەمە ئەوە ناگەیێنێت کە پێمانوابووبێت کە ڕۆژێک دێت و لەژێر ناونیشانی “فەلسەفە و کۆرۆنا ” نووسینێک دەخەینە بەردەست خوێنەرانمان.
هاتنی کۆرۆناڤایرۆس Coronavirusهاتنی چاخ و سەردەمێکی فەلسەفیی نوێ نییە هەروەک ئەوەی لە فەلسەفەدا باوە کە چاخەکان یان سەردەمەکان بە واتا و ڕووداو(بۆنموونە تازەگەری،ڕێنیسانس،ڕۆشنگەریی) یاخود بە بزووتنەوە و ڕێبازە فەلسەفییەکانەوە ناوزەددەکرێن یاخودیش گرێدەدرێنەوە، تەنانەت لە بواری پزیشکیشدا کۆرۆنا سەردەمێکی پزیشکی نییە بەقەد ئەوەی کە بەشێکە لە مێژووی ڤایرۆس یان زانستی ڤایرۆس Virology(ڤایرۆسناسی)، کە ئەوەش دەچێتە خانەی مایکرۆبایۆلۆژی Microbiologyیەوە(ئەو زانستەی لە زیندەبچووکەکان دەکۆڵێتەوە).لێرەوە دەڵێین ، بەو مەرجە هاتنی کۆرۆنا دەرکەوتنی دیاردەیەکە شایانی تێڕامانی مەزنە کە مرۆڤەکان ئامادەبن فێربوون لە کۆرۆناوە بەدەستبهێنن و تێگەیشتنە جوانکاری، ڕەوشتیی و کۆمەڵایەتییەکانیان بەرەو ئاستێکی باڵاتر بەرن.
بەدڵنیاییەوە لە قۆناغی پۆست -کۆرۆناڤایرۆس Post-Coronavirus پرسیاری نوێ لەدایکدەبن و مرۆڤەکانی کۆمەڵگە جیاکانیش سەبارەت بە داهاتوو، بەو شتەی بەڕێگاوەیە و هیچی لەبارەوە نازانین،ڕووبەڕووی لێخوردبوونەوەی جیا دەبنەوە: هەنگاوەکانی پۆست کۆرۆنا چیدەبن؟ چۆن مامەڵە لەتەک سێستەمی خواردن و سێکس و حەوانەوەمان بکەین؟ ئابووری پێش بە سیاسەت دەداتەوە یان بەپێچەوانەوە؟ئەی شوێنی تەندروستی (ئاگایی تەندروستی، پەروەردەی تەندروستی) لە هاوکێشە کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکاندا چ ڕەوتێک وەردەگرێت؟ مەرگ،جەستە،ساغی/ناساغی ئەمانە چییان بەسەردێت؟ ئەدی دژەجوولەگەرایی Antisemitism، ڕەگەزپەرستیRacism ، ڕق لە ژن، ئیسلامۆفۆبیا، پیسکردنی سروشت، چۆن دەکەونەوە؟ ڕۆژێک دێت بڵێین سوپاس بۆ کۆرۆناڤایرۆس کە پەردەی لەسەر یەک دونیا درۆ و ناڕوونی Obscurantism(تاریکیپەرستی) مرۆڤی هاوچەرخ هەڵدا یان ئێژین نەخێر هەرگیز کۆرۆنا بە شادمانی Ecstasy خۆی نەگەیشت و هیچی فێرنەکردین. ئەوە بۆچوونێکی فاشیستانەیە کە سوپاسگوزاری کۆرۆناڤایرۆس بین، هەر ئەوە تێۆری مالتۆسمان Thomas Malthus بیردەخاتەوە کە پێیوایە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی زۆری دانیشتوان و ترسی کەمی خواردن ڕژێمەکان پێویستە ناساغی و نەزۆکی بڵاکەنەوە، لێ ئەوانە لەولاوە بوەستێت خۆ کۆرۆنا دروستکەری بیرکردنەوە بوو لەسەر داهاتوو، ڕۆشتن بوو لە بیرکردنەوەی خودی خۆوە بۆ بیرکردنەوەی خودی ئەویتر. هاتنەدەرەوە بوو لە “من” و چوونیش بۆ لای “تۆ” ،بێسڵەمینەوە ئەمەش وایکرد بیربکەینەوە لەوەی کە””من و تۆ””پێکەوە چۆن ڕووبەڕووی کۆرۆنا ببینەوە کە پێشتر بەیەک ئاشنانەبووین.کۆرۆنا ڕێزمانی گفتوگۆی جێندەری گۆڕی بەرەو ئاقارێکی ڕەوانبێژی سەرسامکەر. کۆرۆنا جارێکی تر وتاری ڕۆشنگەری Enlightment ڕۆژئاوایی خستەوە ژێرپرسیار و چارەنووسی دروشمەکانی شۆڕشی فەرەنسی(ئازادی، یەکسانی، برایەتی)سەرلەبەر هەڵتەکاندووە. کەواتە کۆرۆنا سەرلەنوێ ئەو تێگەیشتنە فەلسەفیی، زانستیی ،هونەریی و ئابوورییەی تەڵخکرد کە بنەمای بۆ ئەو وتارە دانابوو کە فەلسەفە ناوی لێنابوو وتاری مۆدێرنە، ئەمەش بەهۆکاری ئەوەی کە لەگەڵ تەوژمی باس لە کۆرۆنا بەها هاوبەشەکان کە پێشتر وتاری ڕۆشنگەریی خەمی بوو بیپارێزێت و جیهانگیریش دەمامکی ئابووری بۆ زیادکردبوو کۆرۆنا وێنەکانی گۆڕی. شار کە بەرهەمی گەشەی مۆدێرنەیە چارەنووسی وا بەدەست کۆرۆناوە.
کۆرۆنا شاری خامۆش و هێمنکرد، بەجۆرێک بێدەنگیکرد کە شارە پۆست مۆدێرنەکان جارێکیتر بە شەرمەوە دەرکەونەوە. کۆرۆنا وایکرد شار ترسناک و نەخۆشئامێز بێت. لە سەردەمی کۆرۆنا دا ژیانی”من” و ژیانی “تۆ”لە شاردا وەک یەک کپکرا. کپبوون بوو بە تایبەتمەندی مۆزەخانە و باڵاخانە و یاریگا مەزنەکان و لەگەڵ کۆرۆناشاپاتریۆتیزم(نیشتیمانچیەتی) کە سەرلەنوێ سەریهەڵدایەوە شانبەشانی تەوژمی جیهانگیریی،کە سێ دەیەی بە فەرمی پڕکردەوە،لە شارە جیهانیگیرییەکانا خەمی زاڵبون بەسەر کۆرۆنا دەخۆن. کۆرۆنا وایکرد جیهانگیری تەندروستی سەرنجی بخرێتەسەر و ئابووری ببێتە پرسیار لەسەر ئەو جۆرە لە جیهانگیرییە. هەر جیهانگیری تەندروستیشە کە وایکرد وڵاتانی نیولیبرالیزم تادەگاتە ئەو وڵاتانەی مافی نەخۆش و کارمەندی تەندروستی تیا پارێزراو نییە هەموو چاویان لەسەر ئەمەریکا بێت کە بۆ لە بەر تەوژمی کۆرۆنا وای بەسەرهات؟بەشێک لە وڵاتان بەتایبەت عەرەبی-ئیسلامی کە هەمیشە لە سیاسەتە دەرەکییە ڕەشەکانی ئەمەریکا زەرەرمەندبوونە بەتاسەوە دەڕواننە دوا هەواڵەکانی کۆرۆنا لە ئەمەریکا.بەشێک لەوە هەر پەیوەندی بە جۆری سیاسەتەکەی ئەمەریکاوە نییە بگرە پەیوەندی بەو بانگەشانەشەوە هەیە کە ئەمەریکایەکان لە بواری زانست و زانینی پزیشکیدا کردویانە.
کۆرۆنا لەڕێگای مێژووی ڤایرۆس و ڤایرۆسناسییەوە پێماندەڵێت گەردوون و مرۆڤ ،چاترە بڵێیین، گەردوون و بوونەوەرەکانی ناو بوون لە دێرزەمانەوە بە ڤایرۆس و بەکتریا ئاشنان و کارلێکیشیان لەسەر یەک داناوە و فەلسەفەش لەم بارەیەوە لە مامەڵە لەتەک زانستە سروشتییەکان دیرۆکێکی دەوڵەمەندی هەیە.وێرای ئەوە،فەلسەفە و کۆرۆنا واتە لەیەک نزیکبوونەوەی بیرکردنەوەی فەلسەفی و بیرکردنەوەی پزیشکی. لە سەردەمی کۆرۆنا فەلسەفە پتر لە پزیشکی نزیکبوەوە ئەوەش بە حوکمی قسەکردنەکانی فەلسەفە لەسەر چەمکگەلێکی وەک جەستە،مەرگ،تەندروستی،چارەسەر،دووچاربوون و پێوەبوون ئەمەو تادەگاتە نێوان(دیستانس)ی تەندروستی کۆمەڵاتی، کەرەنتینەکردن وپاقژی و.. .

سەرنج:
ئەوەی لە دووتۆیی ئەم نووسینەدا دەوترێت دەبایە هەر بوترایە و زۆر لەمە باڵاتریش پێویستیدەکرد بێینەگۆ، لێ وتنەکانمان پووخت و چڕدەکەینەوە و دواتر کاردانەوەکانی کۆرۆنا درێژەی وتنەکانمان و ئاقارەکانیشی دیاریدەکات. ئەم “دوژمنە نادیارە” هۆکاری شێوازی چۆنیەتی وتنەکانمانە و تازەگەریەکانیشی ئاڕاستەی نەوتراوەکانمان دەستنیشاندەکات، کە پاشان دەبن بە وتن یان لەڕێگای ئەوەن ببن بە وتن. هاوکات ئەوەی لێرە گۆدەگرێت لەلایەک و ، ئەوەش کارمەندانی تەندروستی و هێزەکانی ناوخۆ و پێشمەرگە ڕۆژانە ئەنجامیدەدەن تا تووشبوانمان ڕوو لە کەمی و کەمی بنێن شایانی ڕێزە. ئەوەی لێرەدا دەوترێت پێویستی بەزۆرتر بەدواچون و قووڵبونەوەیە،کە ئەوەش کاری دواترمانە. ڕاڤەکردنەکە لایخوارەوە لە چەند پەڕەگرافێکدا جەمسەرگیردەکەین و ناسنامەی پەڕەگرافەکانیش دەخەینە خزمەتی سەرەکی باسەکەوە کە “فەلسەفە و کۆرۆنا”یە.

وتنی فەلسەفە و کۆرۆنا

کۆرۆنا شایانی وتنە؟ وتن لەمەڕ کۆرۆنا بۆ کوێمان دەبات؟ فەلسەفە مافی وتنی لەسەر کۆرۆنا هەیە؟ کێ ئەم مافە بە فەلسەفە دەبەخشێت؟ مافی ئەوەی کە فەلسەفە وتن سەبارەت بە کۆرۆنا قۆرخبکات؟ گومانیناوێت بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارانە لەوێوە وەسەرەتادێین کە، فەلسەفە لەم کاتانە وتنی خۆی هەیە. وتنێک کە نادوبارە و وروژێنەرە. ئەو کاتانە فەلسەفە پێویستە بێتەگۆ کە شیاوی بۆ وتن لە ئارادایە. شیاویش پێویستییە بۆ ئەو وتنە. وتنی پێویست دەگمەن و وتنئامێزە. ئەم جۆرە وتنە وتنێکە کە نەوترا و بیرلێنەکراو پێکەوە گرێدەداتەوە. وتنی وتراوئامێز چییە؟ ئەو وتنەیە شایانی وتنە، واتە وتن شایانی گۆکردنە. وتنێک کە ئیدی کاتی وتنی هاتووە. وتنەکەش وتنێکە کە بێدەنگی تێدەپەڕێنێت و زۆنێک بۆ وتن بۆخۆی دێنێتەسازاندن. لەو شوێنەی شتێک هەیە بۆ وتن بێدەنگی، نەوتن، لەسەرە مەرگ دا دەبێت. ئەمە بۆ لێدانی ئەو تێزەیە کە بەم جۆرەیە: “ئەو دەمەی شتێک نییە بۆ وتن ،چاترە بێدەنگبین”.ئەو بێدەنگییەی پەیوەندی بە وتنێکەوە هەیە کە شایانی وتن نییە ئەو وتنەیە کە هیچمان بۆ قسەکردن پێنییە، کە هیچمان بۆ وتن پێنەبوو چاترە نەوتن هەڵببژێرین. بەدڵنیاییەوە ئەو نەوتنەش بێدەنگی لێبەرهەمدێت، بێدەنگیەک کە بەرهەمی شایانی نەوتن بووە، لێ بێدەنگی ،بەردەوام، بێ لایەنی نییە، بەڵکو زۆرجار ئەندێشەیەک لە پشتەوەی خۆیڕاحەشارداوە.
بێدەنگی لەم شێوەیە ناچارییە،بەڵام لاوازیی نییە.پێچەوانەی ئەو جۆرە بێدەنگییەش ، بێدەنگی ناچاریی، بێدەنگییەکە لێوان لێوە لە ترس و بێ هێزی و دژە جەمسەری ئەمەش وتنە، وتنێک کە دلاوەریی و توانایی تیا سەزبووە. بۆ؟ چونکە کە بێدەنگیی لەدایکدەبێت بوێری و دلاوەریی نامێنێت. هەموو بێدەنگییەکان داناییان تیانییە. بەشێکی زۆر لە بێدەنگییەکان بێئاگایی و ترسنۆکیان تیا مەڵاسدراوە. شکاندنی بێدەنگیش بە وتنێک پێویستە کۆتای بێت کە وتراوئامێز بێت، شایستەی گۆکردن بێت، قابلیبێت بە ئاخاتن. وتنی لەو جۆرە درەنگ دێتەدونیاوە. بەپێی ئەوەی دەگمەن و نادوبارەیە جوگرافیای خۆی دەبەزێنێت و بۆ هەمووان پێویست و شایانە. بۆیە وتنی بیرمەندەکان لە یەک شوێن ئۆقرەناگرن،پیرنابن و بێزارکەیش نیین. هەرچی ستێڤێن شرۆدێرە Steven Schroeder بەجۆرێکی تر وتنی نەوتن، “وتنی هیچ ” شرۆڤەدەکات:” تاکە ڕێگا بۆ وتن لەمەڕ هەموو وتنێک وتنی هیچە، نەک بۆ وەستان لە وتن ،بەڵکو بۆ هێنانە لەرزینی سێستەمی هێز و ڕەتکردنەوەی بەرهەمەکانی ئەو سێستەمە. سێستەمەکەش لە بێ توانایی بیرۆکراتەکان و دڕندەیی دیکتاتۆرەکان و خولانەوەی سیاسییەکان دەبینێت”. با هەنووکە هاوکێشەکە بە شێوەیەکی تر بخوێنینەوە. کاتێک کە ئێمەی مرۆڤ دەڵێین “هیچم بۆ وتن نییە” جیایە لە نەوتن. هیچم بۆ وتن نییە زۆرجار بەرهەمی پەشۆکاوی و دەستەوەستانە لە ئاست شتێک کە شایانی وتنە. لەوێ، واتە کە وتن بوونی نییە، بێدەنگ نەزان و نادانەیە، لێ گوزارەی هیچ ناڵێم هەڵوێستەیە لەسەر وتراو کە زۆر وتنی قێزەوەن و بێ ماناکردووە. بەواتایەکی تر. کۆرۆنا کە هات وتنی سەپاند. کۆرۆنا بەم هاتنەی خۆی سەپاند، سەپاندنێک کە درزی خستە تێگەیشتنەکامان لەمەڕ داهاتوو.
بەم جۆرە وتن لە بۆشاییەوە دروست نابێت. کۆرۆنا هەیە بۆیە وتنیش هەیە. وتن دۆزی هەیە. پێویستی بە شوێنە. کۆرۆنا کە شوێنی داگیرکردووە پێویستی بە وتنە. کۆرۆنا کە ڤایرۆسە و ئەویش نازیندووە بەوە زیندوو بوو کە هاتە ناو خانەخوێمانەوە. ئێستا ئەو دەژی و گەشەدەکات.لە کوێ؟ لەناو جەستەی ئێمە و لەناو شادەمارەکانمان، لەناو شادەماری کۆمەڵگە و زمان و ڕوناکبیریماندا دەخولێتەوە و کاری خۆی دەکات. فەلسەفەش کە لەسەرەتای دەرکەوتنیەوە وتنی لەسەر مرۆڤ و دەوروبەری ئەم مرۆڤە هەبووە هەنووکە بەپێویستی دەزانێت کە وتن لەسەر کۆرۆنا بهێنێتەگۆڕێ.هەموو وتنێک جێکایەک بۆ خۆی شایستەدەکات و لەو جێگایە ڕووبەرێک بۆ پیادەکردنی دەسەڵاتی خۆی دەدۆزێتەوە. کەوابوو وتن دەسەڵاتە، هاتنەکایەوەی هێزە.
وتن ڕاڤەکردن دەسازێنێت ئەوەش توانایی لەخۆیدا پەنهاندەکات. وتنی لەخۆڕا وتنی بەتاڵ ئەوەش نەوتن یان بێمانای لە وتن دروستدەکات کە لە کۆتایدا تێنەگەیشتن پێکدێنێت. وتنی لەم شێوەیە،وتنی بۆش، فیزیای نییە، چونکە جێگا داگیرناکات و هێزیش هەرگیز پێکناهێنێت. وتنێکی توانایی تێدا نەبوو شیکاریش دروستناکات. ئەمەش لەبەر ئەوەی کە وتن، هەروەک نووسین، دەسەڵاتە. ویست بۆ وتن ویستە بۆ هێز. وتنی فەلسەفە وتنی دایکە( فەلسەفە لە زمانانی بێگانە مێیە)،هاوسەرگیری فەیلەسوفیش لەگەڵ فەلسەفە هاوسەرگیرییە لەگەڵ وتن، لەگەڵ بیرکردنەوە و پرسیارسازیدا.
کۆرۆنا فەلسەفەی هێنایە گۆ. فەلسەفە کە بیرکردنەوەیە وتن دەسازێنێت. بیرکردنەوەش کۆرۆنای کردە بابەت بۆ وتنەکانی، لێ شای وتنەکان،بەپێیئەوەی کە، وتنی فەلسەفییە وتنی فەلسەفیش لە ساتەوەختی کۆرۆنادا لە ئاستێکی تر ڤایرۆس دەخاتە نێو وتنەکانی خۆیەوە. بێماناش نییە بیرمەندە گەورەکانی ڕۆژئاوا لەو بارەیەوە هاتن گۆ: ئالان بادیۆ Badiou، جیۆرجیۆ ئاگامبێن Agamben، سڵاڤۆی ژیژێک Žižek، لۆک فێری Ferry، میشێل ئۆنفرێ Onfray ، ئێدگار مۆران Morin ، ژان -لۆک نانسی Nancy، ئەنتۆنیو نێگری Negri و..هتد.
کاتێک بیرکردنەوەی فەلسەفی لەگەڵ بیرکردنەوە لەمەڕ کۆرۆنا هاتەئاراوە بیرکردنەوەی فەلسەفی لەتەک بیرکردنەوەی پزیشکی یەکیگرتەوە کە ئەوەش یەکگرتنەوەی فەلسەفە بوو لەگەڵ پزیشکی یان تەندروستیدا، بەڵام فەلسەفە نایەت بە زمانی پزیشکی قسە لە کۆرۆنا، لە ڤایرۆس، لە کەرەنتینەکردن ، لە ئاسایشی تەندروستی تاک و کۆمەڵ،لە پانیک (شڵەژان)،لە ماڵەوە بوون، لە قەدەغەی هاتووچۆ ،لە مەودای تەندروستی بکات. وتنی فەلسەفە لەسەر کۆرۆناڤایرۆس هاوکات وتنیشیەتی لەسەر پرسیارە سیاسی، کۆمەڵایەتی و ڕەوشتییەکان، کە ئەوەش وەک هەمیشە پرسیاری باشە و خراپە، مەرگ و ژیان، بێدادی و دادپەروەری دێنێتەپێشەوە. جیاوازی نێوان فەلسەفە و کۆرۆنا هەر ئەوە نییە کە کۆرۆنا زیندوو نییە و بەهاتنەناو خانەخوێکەوە ،لە ڕێگای مشەخۆرییەوە، دەست بە ژیان دەکات و فەلسەفە زیندووە، بەڵکو ئەوەشە کە کۆرۆنا خانە نییە،بەڵکو پشت بە خانەخوێک دەبەستێت تا گەشەبکات، هەرچی فەلسەفەیە زیندووە و عەقڵێک بەرهەمیدێنێت و تایبەتمەندی مشەخۆرانەی نییە و ئەمەش وادەکات فەلسەفە وتنی هەبێت و هەڵوێستە لە ئاست شتەکانی ناو بوونمان وەربگرێت ئەو گرفتارییەش، کۆرۆنا، بهێنێتە گۆ کە هەموو دووچاریبووینە.

ماویەتی…..




ژیان خه‌ڵوه‌تی خوێندنه‌وه‌یه‌ … سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی

ئه‌گه‌رچی، له‌كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا، به‌رده‌وام هه‌وڵی به‌ كولتووریكردنی خوێندنه‌وه‌ و ئاشناكردنی مرۆڤ به‌ كتێب ده‌درێت، وه‌لێ هێشتا خوێندنه‌وه‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا، نه‌ بۆته‌ كولتوورو بگره‌ له‌ په‌روێزیشدایه‌.چونكه‌ ئێمه‌ خوێندنه‌وه‌، وه‌ك پێداویستییه‌كی سه‌ره‌كی ژیان، هاوشێوه‌ی هه‌ر پێداویستییه‌كی دیكه‌ی سه‌ره‌كی، كه‌ بوون و ژیانمانی پێوه‌ به‌نده‌ نابینین. كاتێ خوێندنه‌وه‌ش نه‌ بووه‌ پێداویستییه‌ك، ئیدی به‌لای كه‌سه‌كانه‌وه‌ گرنگ نییه‌ بوونی هه‌یه‌ یان نا.
ڕه‌نگی وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ ئاسان بێت كه‌ بۆچی خوێنه‌ری كتێب له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا، له‌ ئاستێكی یه‌كجار بچووك دایه‌، بێگومان وه‌ڵامه‌كه‌ی له‌ به‌ر ئه‌وه‌یه‌، ئه‌گه‌ر مرۆڤ خۆی عه‌شقێكی گه‌وره‌ و بێ سنووری بۆ كتێب وخوێندنه‌وه‌ نه‌بێت، نابێته‌ خوێنه‌ری كتێب. ئه‌وه‌ خوێنه‌ره‌ خۆی خۆی دروست ده‌كات و كتێب ده‌كات به‌شێك له‌ شوناسی ژیانی.هیچ هێزێك ناتوانێت كتێب لای كه‌سێك خۆشه‌ویست بكات، ئه‌گه‌ر ئه‌وكه‌سه‌ له‌ ناخه‌وه‌، عه‌شقێكی گه‌وره‌ی بۆ كتێب نه‌بێت. خوێندنه‌وه‌، وه‌ك كردارێكی هزریی و كه‌سی و به‌شێك له‌ هوشیاریی مرۆڤه‌كان، په‌یوه‌ست نییه‌ به‌ زه‌مه‌ن و شوێن و ڕووداوێكه‌وه‌. ئه‌وه‌ بۆیه‌ خوێندنه‌وه‌ نه‌بۆته‌ كولتوور لای ئێمه‌، چونكه‌ له‌ په‌راوێزی ژیانه‌وه‌ ده‌یبینین. بڕوامان وایه‌، خوێندنه‌وه‌ كات و ساتێكی دیاریكراویی هه‌یه‌ و ده‌شێ له‌و كاته‌دا، هه‌موومان بخوێنینه‌وه‌ و ببینه‌ خوێنه‌ر. زۆركه‌سم بینیوه‌، باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ ئه‌و خوێنه‌رێكی دیاری كتێب بووه‌، وه‌لێ دواجار دابڕاوه‌ له‌ خوێندنه‌وه‌. له‌ ڕاستیدا، ئه‌وانه‌ خوێنه‌ر نین، چونكه‌ خوێنه‌ری كتێب، له‌ ژێر كاریگه‌ریه‌تی هیچ ڕووداو گۆڕانكارییه‌كی تایبه‌تی و گشتی، له‌ خوێنه‌وه‌ دانابڕێت. بۆیه‌ شتێك نییه‌ به‌ ناوی خوێنه‌ری هه‌میشه‌یی و خوێنه‌ری دابڕاو.
خوێنه‌ر،خوێنه‌ره‌، ئیدی باكی به‌وه‌ نییه‌ زه‌مه‌ن چ زه‌مه‌نێكه‌ و شوێن چ شوێنێكه‌. زۆرم بینین له‌وكه‌سانه‌ی كه‌ سه‌ره‌تا خوێنه‌ری كتێب بوون، وه‌لێ دواجار به‌ هۆی شووكردن، چوونه‌ نێو ژیانی هاوسه‌رگیریی، سیاسه‌ت و حزبایه‌تی،سه‌فه‌ر،كاركردن، له‌ خوێندنه‌وه‌ دابڕان، كه‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا خوێنه‌ری كتێب نه‌بوونه‌، به‌ڵكو هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ كاره‌كته‌ری نێو دونیای خوێندنه‌وه‌ نه‌بوون. ئینگلیزه‌كان ده‌ڵێن:_(مانه‌وه‌ له‌لووتكه‌ سه‌ختتره‌ له‌ گه‌یشتن به‌لووتكه‌). خوێنه‌ری كتێب لای من، ئه‌وكه‌سه‌یه‌ كه‌ بۆ ئه‌به‌د له‌ لووتكه‌كه‌دا ده‌مێنێته‌وه‌ و ئه‌وێ ده‌كاته‌ زێدی هه‌میشه‌یی خۆی.له‌ نێوان كتێب و خوێنه‌ری جددییدا، په‌یوه‌ندییه‌كی ڕوحی و ئۆرگانیكی وهه‌میشه‌یی هه‌یه‌.په‌یوه‌ندییه‌ك، كه‌ هیچ گۆڕانكارییه‌كی ژیان كاری تێ ناكات. ئه‌وانه‌ی خوێنه‌ری ڕاسته‌قینه‌ی كتێبن،بۆ كاتێكی دیاریكراو ناخوێننه‌وه‌، به‌ڵكو ده‌خوێننه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بژین. من هه‌میشه‌ ده‌ڵێم: خوێندنه‌وه‌ تلیاكه‌،ئه‌وانه‌ی فێری ده‌بن، ناتوانن ده‌ستبه‌رداری ببن. كاتێ كتێب ده‌بێته‌ خۆراكی ڕوحی مرۆڤێك و له‌گه‌ڵ پلازمای خوێنی تێكه‌ڵاو ده‌بێت،مه‌حاڵه‌ هیچ هێزێك بتوانێت بیوه‌ستێنێت.ئه‌وانه‌ی ده‌یانه‌وێت ببنه‌ خوێنه‌ری كتێب، ده‌بێ خوێندنه‌وه‌ بكه‌نه‌ خه‌می سه‌ره‌كی ژیانییان، ده‌بێ خوێندنه‌وه‌ وه‌ك پێویستییه‌كی ژیان ببینن. له‌كاروانی ژیانی خۆمدا، هه‌ژاری و نه‌هامه‌تی وسه‌ختی یه‌كجار زۆرم بینی، كه‌وتن له‌ خوێندن و ڕه‌فزی كچان و شكست له‌ خۆشه‌ویستی و عشقم بۆ ڕه‌گه‌زی به‌رامبه‌ربینی،له‌ده‌ست دانی ئازیزان و هاوڕێیانم، كه‌ به‌شێك بوون له‌ ڕوحمبینی، ده‌مه‌قاڵێی وردوو گه‌وره‌ی نێوان دایكم و باوكمم زۆر بینی، بێ پاره‌یی و نه‌بوونی و چه‌رمه‌سه‌ری زۆرم به‌ ئێستاشه‌وه‌ دیوه‌،وه‌لێ هیچ یه‌ك له‌مانه‌، نه‌یانتوانی و ناشتوانن له‌ كتێب و خوێندنه‌وه‌م داببڕن. ئه‌گه‌ر خوێنه‌وه‌ و كتێب نه‌بوایه‌، ئه‌سته‌م بوو بتوانم به‌رگه‌ی ئه‌و گۆشه‌گیرییه‌ و ته‌نهایه‌ كوشنده‌یه‌ بگرم كه‌ ته‌مه‌نێكه‌ تیایدا ده‌ژیم.
ئه‌و كاته‌ی قوتابی په‌یمانگا بووم له‌ هه‌ولێرو له‌گه‌ڵ هاوڕێی نووسه‌رم(نوری بێخاڵی)به‌ یه‌كه‌وه‌ له‌ ژوورێك ده‌ژیاین، ژووره‌كه‌مان نانی تیا نه‌بوو، كاره‌بای تیا نه‌بوو، سووته‌مه‌نی وسۆپای تیا نه‌بوو، ڕایه‌خ و بگره‌ ساده‌ترین كه‌لوپه‌لیشی تیا نه‌بوو، به‌ڵام ده‌یان كتێبمان له‌سه‌ریه‌كتری كه‌ڵه‌كه‌ كردبوو بۆ خوێندنه‌وه‌. ئه‌وانه‌ی بڕوایان وایه‌ به‌ هۆكارێكه‌وه‌ له‌خوێندنه‌وه‌ دابڕاون، له‌ ڕاستیدا خوێنه‌ری كتێب نه‌بوون، ئاخر كێ هه‌یه‌ ده‌ستبه‌رداری شتێك بێت له‌ ژیان كه‌ خۆگریه‌تی و خۆشی ده‌وێت.خوێنه‌ری ڕاسته‌قینه‌، هه‌رگیز له‌ خوێنه‌وه‌ و كتێب دانابڕێت.ئه‌و بۆئه‌وه‌ كتێب ناخوێنێته‌وه‌ تا كاتی كه‌ره‌نتینه‌ی له‌ ماڵ ته‌واو بكات، ئه‌وبۆئه‌وه‌ كتێب ناخوێنێته‌وه‌ چونكه‌ كۆرۆنا له‌ ماڵ زیندانی كردووه‌، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ده‌خوێنێته‌وه‌ چونكه‌ ده‌زانێت خوێندنه‌وه‌ پێویستییه‌كی هه‌میشه‌یی و ڕۆژانه‌یی هزریی و ڕوحی كه‌سه‌كانه‌. نابێ خوێندنه‌وه‌ ببه‌ستینه‌وه‌ به‌ پێشهاتێكی دیاریكراو، به‌و مانایه‌ی چونكه‌ هه‌موومان ئێستا به‌ هۆی قه‌ده‌غه‌ی هاتووچۆوه‌ له‌ ماڵ ئاخنراوین، ئه‌وا ده‌بێ له‌ به‌تاڵی كتێب بخوێنینه‌وه‌. به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ هه‌موو شوێنێك و هه‌موو زه‌مه‌نێك، هی خوێنه‌وه‌یه‌.
ئه‌وه‌ بۆیه‌ ناتوانین خوێندنه‌وه‌ بكه‌ینه‌ نه‌ریت، چونكه‌ پێمان وایه‌ كه‌ بێ ئیش و ده‌ست به‌تاڵ بووین، باخۆمان به‌ كتێب سه‌رقاڵ بكه‌ین. من ده‌زانم و دڵنییام وه‌ك چۆن ئاسمان شینه‌، به‌و شێوه‌یه‌ش به‌ هه‌زاران له‌وانه‌ی له‌ ئێستادا، له‌ ترسی و كۆروناو به‌ هۆی قه‌ده‌غه‌ی هاتوو چۆوه‌ كتێب ده‌خوێننه‌وه‌، دوای ته‌واوبوونی بارودۆخه‌كه‌، ده‌چنه‌وه‌ سه‌ر ڕیتمی ژیانی كلاسیكی ڕۆژانه‌یان و پشت له‌ كتێب ده‌كه‌ن. ئه‌مانه‌ نه‌خوێنه‌رن ،نه‌ عاشقی خوێندنه‌وه‌. چونكه‌ خوێنه‌ر بێ كتێب، بۆ چركه‌ ساتێكیش ناژیت.وه‌ك چۆن ئۆكسجین نه‌گاته‌ سییه‌كانی ده‌مرێت، به‌و شێوه‌یه‌ش كتێب نه‌خوێنێته‌وه‌، شێت ده‌بێت. مه‌حاڵه‌ بتوانین به‌ كۆرۆناو به‌ كه‌ره‌نتینه‌، خوێنه‌ر دروست بكه‌ین ئه‌گه‌ر ئه‌و كه‌سه‌ خۆی خوێنه‌ری كتێب نه‌بێت. بۆیه‌ كاتێ له‌ په‌یجی هاوڕێم(یاسین برایم) ئه‌و ئاگایینامه‌م بینی كه‌ به‌ ناوی(كۆرۆنا خه‌ڵوه‌تی خوێندنه‌وه‌یه‌)ڕایگه‌یاندووه‌، له‌ ڕاستیدا سه‌یرم پێهات. ده‌بوو ئه‌و هاوڕێیه‌م بزانێت، كه‌ ژیان پێویسته‌ خه‌ڵوه‌تی خوێندنه‌وه‌ بێت نه‌ك كۆرونا. كۆرونا ته‌واو ده‌بێت، به‌ ته‌واوبوونیشی، ئه‌و خه‌ڵوه‌ته‌ش هه‌ڵده‌گیرێت، به‌ڵام خه‌ڵوه‌تی ژیان به‌رده‌وامه‌. ئه‌و كه‌ خۆی خوێنه‌رو نووسه‌ره‌، ده‌بێ په‌یامی ئه‌وه‌ بێت كه‌ هه‌میشه‌ مرۆڤ بخوێنێته‌وه‌، نه‌ك ته‌نها له‌ كاتی كورونا. من ده‌زانم ئه‌مه‌ له‌ دڵسۆزیی و به‌ته‌نگه‌وه‌ هاتنه‌، به‌ڵام باشیش ده‌زانم خوێنه‌رو عاشقانی كتێب به‌وشێوه‌یه‌ دروست نابن. له‌ ئه‌زموونی ژیانی خۆمدا، كه‌سانی زۆرم بینی كه‌ خوێنه‌ری كتێب بوون، به‌ڵام له‌ به‌ر سیاسه‌ت، ژیانی تایبه‌تی، چوونه‌ هه‌نده‌ران، كاروباری ژیان، پشتییان له‌ كتێب كرد. لای من خوێنه‌رێكی ڕاسته‌قینه‌ و جددی، له‌ هه‌زاران خوێنه‌ری ساخته‌ و ده‌م ده‌می گرنگتره‌.
زۆركه‌س داوای كتێبییان لێ كردووم، كه‌ هێناویه‌تییانه‌وه‌، پێم گوتوون: كتێبه‌كه‌ت خوێنده‌وه‌؟ ده‌ڵێت:نه‌خێر نه‌متوانی ته‌واوی بكه‌م. خوێنه‌ری ڕاسته‌قینه‌ی كتێب به‌ بڕوای من ده‌بێ كرمی كتێب بێت.كه‌ كتێبێك بڵاو ده‌بێته‌وه‌، هه‌موو تاسه‌ی من ئه‌وه‌یه‌ چۆن بتوانم ئه‌وكتێبه‌ ده‌ست بخه‌م و بیخوێنمه‌وه‌. بۆ من وه‌ك خوێنه‌رێكی ئاسایی، گرنگ نییه‌ كۆرونا هه‌یه‌ یان نا، قه‌ده‌غه‌ی هاتووچۆیه‌ یان ژیانی ئاسایی، شه‌ڕه‌، یان ئاشتی، له‌كام شارو وڵات و جێگه‌م، ئه‌وه‌ گرنگه‌ كه‌ ده‌بێ بخوێنمه‌وه‌. چونكه‌ ناتوانم بێ خوێندنه‌وه‌ بژیم. له‌ ژیانمدا زۆر شتی تایبه‌تیم له‌ده‌ست داوه‌، وه‌لێ هه‌رگیزازهه‌رگیز نه‌متوانیوه‌ كتێب و خوێندنه‌وه‌ له‌ده‌ست بده‌م. چونكه‌ ئه‌وه‌ی له‌ كتێبه‌كانه‌وه‌ فێری بووم، له‌ هیچ كه‌سێكی دیكه‌وه‌ فێری نه‌بووم. شانازییه‌كی گه‌وره‌یه‌ كه‌ كوڕی كتێب بووم.كتێب په‌نجه‌ره‌یه‌ك به‌ سه‌ر ژیانی مرۆڤ ده‌كاته‌وه‌، كه‌ له‌ هه‌زار كڵاوه‌ ڕۆژنه‌وه‌ ژیانی تێدا ببینێت. من هه‌رگیز باوه‌ڕم به‌ خوێندنه‌وه‌ی كاتی و خوێنه‌ری كاتی نییه‌. شتێك نییه‌ به‌ ناوی دابڕان له‌ خوێندنه‌وه‌، به‌ڵكو خوێندنه‌وه‌ پێویستییه‌كی ڕوحی و هزری مرۆڤه‌. وه‌ك چۆن پێویستییه‌ ماكییه‌كان پێویستن بۆ ژیان، به‌و شێوه‌یه‌ش ده‌بێ خوێندنه‌وه‌ پێویست بێت.خوێنه‌ربوون، به‌رهه‌می شه‌ونخوونی و ده‌ست له‌ ملانێیه‌كی دوورودرێژی كتێبه‌.
خوێنه‌ربوونی كتێب، به‌رهه‌می ده‌ دوانزه‌ ڕۆژی كه‌ره‌نتینه‌ و قه‌ده‌غه‌ی هاتووچۆ نییه‌.ئه‌وانه‌ی ده‌یانه‌وێت ببنه‌ خوێنه‌ری ڕاسته‌قینه‌ی كتێب، ده‌بێ خۆیان بۆ كتێب یه‌كلایی بكه‌نه‌وه‌، ده‌بێ ده‌ست به‌رداری زۆر شت بن له‌ پێناو كتێبدا. ئه‌گه‌ر نه‌توانن ئه‌مه‌ بكه‌ن، پێویسته‌ ڕێزی خۆیان و كتێبیش بگرن. خوێندنه‌وه‌، یاریكردن نییه‌، هه‌ر ده‌مێك ئاره‌زوومان كرد، هه‌ڵیبده‌ینێ، خوێندنه‌وه‌ سه‌فه‌رێكی ئه‌به‌دیی و بێ كۆتاییه‌، سه‌فه‌رێكه‌ ناكرێت له‌ نێوه‌ی ڕێگادا بوه‌ستیت. ئه‌وانه‌ی له‌ نیوه‌ی ڕێگه‌دا هاوڕێكانییان جێدێڵن، له‌ پیرۆزیی وگه‌وره‌یی هاوڕێیه‌تی نه‌گه‌یشتوون كتێبیش هه‌روایه‌. بیرمه‌ ساڵانێكی زۆر له‌مه‌وبه‌ر و له‌سه‌رده‌می به‌عسدا، كه‌ كتێب وه‌ك ئێستا بڵاونه‌بوو، شیعره‌كانی عه‌بدوڵا په‌شێوم له‌ هاوڕێیه‌كم خواست و سه‌رجه‌می شیعره‌كانیم له‌ تێنووسێكدا نووسییه‌وه‌، كه‌ ئێستاش ئه‌وتێنووسه‌م ماوه‌.ئه‌گه‌ر خۆشه‌ویستیم بۆ شیعر و عه‌بدوڵا په‌شێو نه‌بووایه‌، سه‌لیقه‌ی ئه‌وه‌م نه‌بوو به‌دیار هیچ شتێكه‌وه‌ دابنیشم.ئه‌م نموونانه‌، بۆ ئه‌وه‌ نییه‌ فیزی پێ لێ بده‌ین، بۆ ئه‌وه‌ نییه‌ خود شانازیی پێوه‌بكه‌ین، كه‌ هاوڕێیانم ئه‌وانه‌ی من ده‌ناسن، ده‌زانن چه‌ند كه‌سێكی گۆشه‌گیرو دووره‌ په‌رێزم كه‌ هه‌رگیز مه‌گه‌ر به‌ ده‌گمه‌ن، ده‌نا له‌ نێوه‌نده‌ ڕۆشنبیرییه‌كه‌ ده‌رناكه‌وم. به‌ڵكو بۆ ئه‌وه‌مه‌، گوزارشتێكی بچووك له‌ په‌یوه‌ندی خوێنه‌رێك و كتێبه‌وه‌ بكه‌م كه‌ خۆمم.ئه‌و ئه‌زموونه‌ پێم ده‌ڵێت، ئاسان نییه‌ ببیته‌ خوێنه‌ری كتێب، مه‌گه‌ر خولیایه‌كی بێ سنوورت بۆ خوێندنه‌وه‌ له‌ ناخدا نه‌بێت. كه‌م نین ئه‌و نووسه‌رو هونه‌رمه‌ند و شانۆكارانه‌ی، خۆیان ڕۆشنبیرو خوێنه‌رو كه‌سانی به‌ توانان، به‌ڵام كوڕو نه‌وه‌كانییان، سه‌دو هه‌شتا پله‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌وانن و ڕقیان له‌ هونه‌رو نووسین و خوێندنه‌وه‌ و شانۆیه‌. ئه‌مه‌ بۆچی وایه‌؟ چونكه‌ خۆیان له‌ ناخه‌وه‌ عاشقی كتێب و خوێندنه‌وه‌ نین، ئه‌گه‌ر كه‌سێكیش ئه‌و عشقه‌ی له‌ ناخدا نه‌بێت، مه‌حاڵه‌ بتوانین دروستی بكه‌ین.بێگومان ده‌توانین هانی بده‌ین،زه‌مینه‌ی بۆبڕه‌خسێنین، باسی بایه‌خ و گرنگی خوێندنه‌وه‌ی بۆ بكه‌ین، به‌ڵام ناتوانین بیكه‌ینه‌ خوێنه‌ری ڕاسته‌ قینه‌ی كتێب.
دروست وه‌ك ئه‌وه‌ی پزیشكێك چاره‌سه‌رێك بۆ نه‌خۆشێك دا ئه‌نێت و هه‌موو بایه‌خی خورادنی چاره‌سه‌ره‌كه‌ی بۆ باس ده‌كات، وه‌لێ ئه‌گه‌ر خودی نه‌خۆشه‌كه‌، چاره‌سه‌ره‌كان به‌كار نه‌هێًنێت، بێگومان لێره‌دا، هێزو ڕێنوێنی و تواناكانی پزیشكه‌كه‌، شوێنی خۆی ناگرێت و هیچ بایه‌خێكی نییه‌. بۆ خوێندنه‌وه‌ش هه‌مان شته‌.چ تێگه‌یشتنێكی هه‌ڵه‌یه‌ پێمان وابێت، مادام له‌ ماڵه‌وه‌ین و كه‌رنتینكراوین، مادام ده‌سه‌ڵات قه‌ده‌غه‌ی هاتووچۆی ڕاگه‌یاندووه‌، ئیدی ده‌بێ كتێب بخوێنینه‌وه‌.ئه‌ی پێش قه‌ده‌غه‌ و دوای هه‌ڵگرتنی قه‌ده‌غه‌؟ ئه‌ی دوای نه‌مانی كه‌ره‌نتینه‌ و ئازادبوونمان؟ ئه‌و كات بگه‌ڕێینه‌وه‌ سه‌ر ڕیتمی ژیانی كلاسیكی و ڕۆژانه‌ و پشت له‌ كتێب و خوێندنه‌وه‌ بكه‌ین؟.

                                                        ڕواندز_نیسانی 2020



ئه‌مه‌ریكا: ڕاستی و ویژدان … ئاری زێندینی

گەر سەیری ھەواڵە جیھانیەکان بکەی ، کە بەشێوەی راستەوخۆ لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکاندا ئەبیندرێت ، تاووتۆ و گفتوگۆی رۆشەنبیران و موسڵمانان ئەکرێت و دەبیندرێت، قێز لە بوونی مرۆڤایەتیش دەکەیتەوە لەو سەردەمە :گشتی نەفرەت لە ئەمریکا و ئەوروپا دەکات ، گشتی نزا ئەکات بۆ نەمانی گشت مرۆڤەکانیان بەدەر لە موسلمانان ، گشتی بەو ئاواتەن و چاوەڕوانی روخانی یەکجارەکی ئەوروپا و ئەمریکان ، رق و قینەی بێ پایەنیان بەرامبەر ئەو وڵاتانەیە .بەڵێ ئەی برای رۆشەنبیرم ئەمرۆ چەند جار نەفرەتت کرد ؟ ئەی چەند جار ئاواتخواز بووی بە نەمانی ئەم وڵاتانە ؟ ئایا بۆنی بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسەکەت کرد لە ئەوروپا و ئەمەریکا ، دڵی تا چەندێک خۆش کردیت؟ و چەند جار ئاوات خواز بووی کە چرکە بە چرەکەی رێژەی ھاوڵاتیانیان زیاد بکات لەم پەتایە و ئابوریەکەیان زیاتر بتەپێ .ھەندێک لە رۆشەنبیرانی ئسلامجی کورد یان خۆڕھەلات بەگشتی ، کێشەیەکی دەرونی گەورەیان ھەیە لەگەل ئەمریکا و ئەوروپا ، ھەرچەند لە دڵیشا موسڵمانیان خۆشناوێت .
یەکەم : لەبەر ئەوەی زۆرینەیان چوینە ناو رێگای رۆشەنبیری لە دەرگاکانی چەپەوە ، ئەوانیش وا رەچاو ئەکرێن کە دژی سەرمایەداری و ڕۆژئاوان بە شێوەیەکی گشتی ، ئەمەش یەکێکە لە بنەمای ناسنامەکانیان . ئەم دژایەتیەش لەم ماوەیە زۆر جوان بەدەرئەکەوێت ، کاتێک ئەبینین ئەم کۆمەڵە رۆشەنبیرانە ، پەناو پاڵپشتیان بۆ چیین و روسیا ئەچەمێنەوە . باس لە شێوازی بنبر کردن و رێگاکانی چین ئەکەن بۆ ڤایرۆسەکە ، ھیچیش لە جوێن ئاواتەکانیان ناشارنەوە دەرھەق بە ڕۆژئاوا و ئەمریکا ، ئارەز و حەزەکانیشیان بۆ سەرکەوتنی چیین و روسیایە ، ئاواتە گەورەکەیان ئەوەیە کە ئەم دوو ھێزە شوێنی ئەمریکا بگرنەوە .
رۆشەنبیری کورد و رۆژھەلات ھەردەم خەون بە دیموکراسی و ئازادی ئەبینن و نەمانی شەری ھەژاری ئەکەن ، ئێستاکە پشت و پەنای خۆیان بە وڵات و رێبازە سەرکوتکەرەکەیان ئەبستن ، ئەو ولاتانەی کە ئستغلالی ھەژاری کرێکارەکانیان ئەکەن ، لە کار کردنێکی کەم نرخ و یانیش گەر بێت و سەرپێچی بکەن ئەخرێنە ناو زیندانە ژەنگاویەکانی رژێمەکانیان . ئەم دوو ولاتە ھەر لە خۆیاندا شۆسیالست نیین بە ھیچ شێوەیەک ، بەڵکو دڕندەترن لە سەرمایەداریەکەی ، سەرمایەداری روسی و چیین ئەوانەی حوکمی ئەکەن پەیوەست نین بە رەوشت و یاسایێک وەک ئەوەی لە ئەمەریکا ھەیە .
کرێکاری رووسی و چیین ئەو ماف سەربەستیانەیان نییە وەک کرێکاری ئەمریکی و ئەوروپی ، تاوەکو خەون و خۆشیش بە داھاتی مانگانەیان ببینن و ماف و ئازادی سیاسی و کۆمەڵایەتیەکەشیان وەک ھاولاتی ئەمریکی نییە .

رەنگە ھاوڕا بیت یان جیاواز بیت لەگەل سیاسەتەکانی ترامپ و شێوازی مامەلە کردنی لەگەل نەیارەکانی ، منیش یان زۆرێکیشمان رەنگە ھاوڕای نەبیین لە زۆر شتدا ، بەڵام ئایا ترامپ ئەمەریکایە ؟ لە ھەمان کاتیشدا ئەویش پابەند کراوە بە بنەماو یاسا کە لەسەری چەسپێندراوە نەرمی و تووندی بنوێنێت لە شێوازەکانی ئەمەش بۆ ھاوسەنگی .رەنگە دەستەلاتەکەی چەند مانگێکی تر بخایەنێت یان چوارچسالی تر ، بەڵام ئەمریکا بەردەوام ئەبێت لە دیموکراسیەکەی .
گەر ھاوپشکیشم بکەن لە نێوان چین و روسیا بەلایەک و ئەمریکاش بەلایێک بێ گوومان ئەمریکا ھەڵدەبژێرم بێ ھیچ دوودڵیەک .
ئەزانی بۆ ؟ : ئەمریکا یەکەم وڵات بوو لە جیھان دەولەتی دروست کرد لەسەر بنەمای ماف و رەوشتیەکان .یەکەم وڵات بووە کە لە دەستورەکەی لێپرسینەوەی سەرۆکەکانی پابەند کردوە . یەکەم وڵاتە زۆرینەی دانیشتوانەکانی لە کۆچەرانن و کۆچەریش دەرفەتی ژیانی ھەیە لە ئازادی و چێژ وەرگرتن لە ژیان ، ڕۆلەکانیشیان مافی ئەوەیان ھەیە ببن بە سەرۆکی وڵات .رەنگە بێیت پێم بڵێیت : ئاخەر ئەوان ھەلوسوکەوتی خراپیان نواندەوە لەگەل دانیشتوانە بنەرەتیەکەی و کۆیەلەو نیزامی جیاکردنەوەی رەگزپەرستیان دان پێدانابوو .بەڵێ ئەمە راستە و ڕویداوە ، بەلام ھەر خۆشیان بوون دوو ھێزی سپی پێست بە گژ یەکدا چوون و لە یەکتریان کوشت بۆ ئازای کۆیلەکان ، ھەمان ئەو وڵاتەیە کە سەرکردەکانیان داوای لێبوردنیان کرد بۆ ئەو ماوەیە رەگەزپەرستیە و تاوانەکانیان ، ھەمان ئەو وڵاتەیە کە کوڕی رۆلەیەکی کۆچەری ئەفریقی ھەڵبژارد وە ک سەرۆکی وڵات ، ھەمان ئەو وڵاتەیە کە بەرگری کرد لە جێگرە ژنێکی موسڵمان بۆ لەبەرکردنی سەرپۆشەکەی ، ئەو ولاتەیە کە ھاتووچۆی تیادا دەکەیت بە ئازادی ، زۆر بە سەربەستیش ئەتوانی رەخنە لە سەرۆکەکەی بگریت و بێ ئەوەی ترس لە چاودێری یان خرانە زیندان یان دەرکردن بکەیت .

دیموکراسیەت رۆمانسیەت و خەونێک نییە ، دیموکراسیەت گەراجێکە بۆ چاک کردنەوەی ئۆتۆمبیلەکان ، پێکدادان و سوتان و توانەوەیە ، بۆنی ناخۆش و ئارەقە رشتن و ھەڵەکانە ، بەڵام لە کۆتایی میکانیکی زیرەک فێر ئەبێت لە ھەڵەکانی و پەرە بە خۆی ئەدات و ئۆتۆمبیلەکەش سەر لە نوێ ئەچێتەوە سەر رێگا بێ ھیچ کێشەیەک لەبەر ئەوەی پارچەی دروستکرا و رێنمایەکی کاریگەری ھەیە . دیموکراسیەتی راستەقینە بەردەوام توانای ھەیە خۆی پاک بکاتەوە تا ئەگەرێتەوە سەر رێرەوێکی راست ، لەبەر ئەوەی دانئەنێت بە ھەڵەکانی .
ئەوانەی خەون بە ولات و سیستەمێکی بێ وێنە و خەیاڵاوی ئەبینن بەردەوام مرۆڤایەتی لە نەھامەتیەک بۆ نەھامەتیەکی تر ئەبەن .سەیر بکە وەک خەون خەیاڵی فاشیزمیەکان ، یان خەون و خەیاڵی شوعیەکان ، یا خەون و خەیالی ئیسلامیەکان . کە چۆن گەلەکانمانیان یان جیھانیان لە وێرانی بۆ وێرانی برد . ئەمەش لەبەر ئەوەی سیستەم و یاسایێکی پۆلاینیان نەبوو بۆ گشت جیھان ، ھەروەھا توانای رەخنە گرتنی خۆیان نەبوو تا بگەرێنەوە سەر رێرەوێکی راست .

گەر دەتەوێت بزانیت جیاوازی نێوان سیستەمی ڕۆژئاوای و چیینی چۆنە یان بە شێوازێکە ، سەیرکە بزانە چی کرد کۆمپانیای ( میدترونیک ) ئەم کۆمپانیایەش خاوەنەکەی کەسێکی دامەزرێنەری ئەمریکیە بە ناوی ( ئیزل پاکین ) خاوەن داھێنانێکی پاک و بێ گەردە ئەویش : رێکخستنی لێدانەکانی دڵی دەستکردە . ئەم کۆمپانیایە تاتبەتە بە دروستکردنی ئامێرەکانی پزیشکی ،دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ھەستا بە پلاندانانی ئامێرێکی ھەناسە دانی دەستکرد کە بە سۆفتوۆریک کاردەکات و ھەموو کەسێک لە توانای دا ھەبێت دروستی بکات بە خۆڕای بۆ رزگار کردنی سەدەھان و ھەزاران گیان.

ئایا تا ئێستا گوێتان لە ھیچ ئامێرێک بووە چیین دروستی کردبێت ؟
بەردەوام چیین سیخوری کردوە لەسەر ئەم کۆمپانیانە و بایەخێکی کەمی بە ئامێرەکان داوە و یان کۆپی کردون و بە نرخێکی ھەرزان فرۆشتویەیی .
ئەمریکا و بنەماکانی سەرمایەداری بەشێکن لە بنەمای ڕۆژئاوایی، کە جێبەجێیکرد بۆ ڕۆشەنبیری رۆژھەڵاتی ھەموو ئەو خەونانەی کە بە خەیال یان لە فلیمێکدا ئەیبینی ، ھەر لە مافەکانی مڕۆڤ و مافەکانی دەربڕین و گواستنەوە و مافەکانی پەیوەندیەکان و مافی پاراستنی کەمینەکان ، ھەروەھا کرانەوەی گەلان لە نێوان خۆیاندا ، پێشخستنی لێکۆلینەوەی زانستی و ، پێشخستنی تەکنەلۆژیا و پێشخستنی پزیشکی و ئازادی و بەھرەداری و داھێنان .
رۆشەنبیرێکی رۆژھەڵاتی ھیچ کات خەون بەوە نابینێت مناڵەکەی بۆ چین بنێرێت بۆ فێربوون و زانست ، بەڵکو ئەینێرێت بۆ ئەمریکا و ئەڵمانیا ، یان ئەیبات بۆ خوندنگا و سیستەمە ئەوروپیەکان . گەر بێتو بەراوردێکیش بۆ ئەم رۆشەنبیرە بکەین لە نێو ئامێرەکان ، ھەر لە لاپتۆب و مایکرۆسۆفت و ئایفۆن و گۆگل و فایسبوک و ھەر لە داودەرمان ئامێرە پزیشکیەکان و ئامێرەکانی ناومال جۆرەھا کەرستەی تر ، باوەڕ ناکەم کەسیان کەرستەی چینی ھەڵبژێرن ھەر لە خودی موسڵمانانیش .ھەمان ئەو ڕۆشەنبیرە ، ئەمریکا تاوانبار دەکات و ئەلێت ولاتێکی بێ شارستانیەتە و ئاوات خوازە بروخێت و نەمینێت .

بەڵام شارستانیەت چییە ؟
بەلێ رەنگە ئەمریکا مێژوویێکی درێژی نەبێت تا باسی پاشاو ئیمبراتۆریەتەکان لە مێژووی خۆی تۆمار بکات . بەڵام رۆشەنبیریەک و شارستانیەتیێکی بەھێزی ھەیە ، ئەمیش درێژکراوەی شارستانیەتی رۆژئاوایە ھەر لە ئغریق تا ئێستامان ، شارستانیەتی سەرنج راکێش و بەتین و پۆڵاین دروست ئەبێت لەسەر بنەما و رۆشەنبیری کار ومافی مرۆڤ و بەھرە و زانست . ئەم تێکەلەیەش تا ئێستا نە چیین نە روسیا پێی نەگەیشتون . لەبەر ئەوەی ئەوان بەرھەمھێنان پێش مرۆڤ دێخن و مافی تایبەتیش لە پێش ھەموو بایەخێکە .من ئاوات خوازم چیین و روسیا و گەلانی گشت جیھان و کوردیش بگات بەم تێکەڵەیە .
ھیواخوازیشم ئەمریکا بایەخ و پەرە زیاتر بەخۆی بدات دەرفەتی باشتر و ئەزموون وەربگرێت لە ھەڵەکانی ، لەبەر ئەوەی ئەو وڵاتە لە خۆی گرتوە لە توانای زانستی و بەھرەمەندی و سیاسی و مرۆڤایەتی وکە زۆر بایەخدارە بۆ گشت جیھان ، بە تایبەتیش کاتی کێشەکان و بەرنگاریەکان، کە ڕووبەڕوی مرۆڤایەتی ئەبێتەوە لەم رۆژگارانەماندا.




چراکە تەماوی ترە … کەنعان مدحەت

چراکە تەماوی ترە
لەوەی پشت گوێ بخرێ
شەوە یەلدا لە موی نیوان باریکترە
گەر ملی یەک بە یەکیان بە پەتا نەکرێ
عەیب لە دییەکانما شک نابەم
چوون سوار لە ناسوار
ئاواش ،
مەی لە ئاو جیادەکەمەوە
نە مەست ، نە حەیران و نەش خەواڵوم
بە دەست کاریگەری لێکەوتەکانەوە

  • ئەوانەی دەجزێنە مۆخ و
    بە ئاوات و
    سەنگ و
    گەدە و قووتم.. _ ناتەواوم
    چاوم لە هەنگاوی ئاوسی
    مەیلە و سوور و
    گشتییە
    خوازیاری ڕاپسکانێکی تریشقانەم
    درەختی ڕیشەکوتراوی بێ بەر ڕاتەکێنێ
    ڕێژنەی یەکلاکەرەوە رێکبخا
    لافاو ،
    بە پلیکانێی چەما ، سەرخا
    چی تەپۆڵک و
    زۆڵە کۆ لوتکەیە.. بیانسڕێتەوە
    نەبینراوەکان وەک بینراو هەڵێنجێنێ
    شتەکان هەر هەمو
    وەک خۆ
    بخاتە روو
    ئەو مانگرتنە پچڕ پجڕانەی ئیرە و ئەوێ
    سەرانسەریی یەکخا
    بوێرێ بەو بەرنامە بێ پایە و
    ناوەڕۆکە کرچ و کاڵانەیان بڵێ:
    هیچوپوچ و
    پوکن..
    پوک ، پوک
    بە وتەی پێشینان: لە بنی هەمانەکە با
    یا لەناویان دەبا
    یان تیا ئەچین !!
    ئازارکێشانی ئەم درم و دەردە
    لە خودی (بار)ی سەخت و
    قورسترە
    لە قوڵایی شەوگارەوە
    دەیان خێڵ و
    خانەوادە..
    لە جامە ڕەشەکانەوە
    وەک قەلەڕەش دەڕشێنە سەر جادە
    هەر ئەڵێی مێردەزمەی ناو مەتەڵ و
    ئاژەڵە درندەی ناو جەنگەڵن
    بڕینی (ساتر)
    خەمی گەورەی چەقۆیە
    داڕێشتنی نەخشە و
    داگیرسانی هەر کڵپەیەک
    سوێێ مژدەیە
    بازار.. بازگە..
    دەزگا و مەیخانە تا مزگەوت
    هەر هەمو دەکوڵێن
    لە سەرەوەی ویست و
    خەباتی یەکپارچەییەوە
    شۆردەبنە خوێنبەرەکانی تەور و داس
    بۆ سڕینی کلی چاو و
    خەنەی گیراوی
    قژی خاو
    لەم قەیرانە جەنجاڵەدا
    دز و پاڵەوان لێک ناکرێنەوە
    مەرد و نامەرد
    گاندەر و گانکەر هاوسەنگن
    لە حەن کۆنە ڕاوێژکاری سەر بە دوژمن
    دەسەڵاتداران.. بێدەنگن
    زۆرن ئەوانەی باس لە رووخان و
    ڕاماڵینی گومەز و منارە و
    کەعبە دەکەن
    هەڵوێست.. لە مەبەستی بێگەرد
    بەتاڵ دەکەن
    لەبەر زبری رووداو و
    لە ناوبردنی ئەرشیفەکان
    قڕکردن و
    کیمیا باران…
    بەراوردی خۆ بە فریشتەی سەر شان دەکەن
    نەبینراوەکان وەک بینراو هەڵێنجێنن
    شتەکان هەر هەمو
    وەک خۆ
    بخەنە روو
    بە وتەی پێشینان :
    لە بنی هەمانەکە بەن
    یا تیا ئەچن ، یا تیا ئەچین
    بەسە ئیتر !!

١٥/١/٢٠١٩ کفری




دوو تنۆکی ئۆقیانووسێ … هێمن رەووف شوانی

/١/

وتیان خەواڵوەکە
وڕێنەی دەکرد
پێش ئەوەی بنوێ
دەیگوت
کوان سی ساڵی تەمەنی شەبەیخون؟
یان لە ژێر پێی
تانجییە گەڕەکانی ڕاوا
گلان و
لە تەپوتۆزی جەنگەکانی ئەواندا
بزر بوون؟
ئیتر هەر چوار وەرزی ساڵیش
بە ڕووحمان سار بوون

راستە بە چاو خەوتوو
بەڵام هێشتا بە دڵ زیندوو
ئەی نازانی
چەند باشە ئەو مەودایە
بۆ عوزلەتی قەومی کەوتوو
پێیان بڵێ: با گوێبگرن
لە نیقاشی
کرۆناکانی ناخی نوستوو


  • ئەم نووسینە ئیلهامی شیعری /هاوڕێم لە خەونی قوڵت ڕابە/ ی نەوازاد مدحەتی لە پشتە

/٢/

زۆر درەنگ
کۆتەکانمان پچڕان
ئەو کۆتانەی
نازانین بۆ
لە گەردنمان کرابوون
ئەو ساتانەش
خەڵك سەرەوخوار
ئازادییان ئازار دەدا
بەڵام هێشتا
هەر کات ماوە
زۆر درەنگی نەکردووە
تا دەریخەین
جوانییەکانی نێوەمان
کە هیچ گۆڕانیان
هێشا بەسەر نەهاتووە


+ئەم نووسینە ئیلهامی شیعری /ئەندێشەی وەهم/ی گەشاو محمد عەتای لە پشتە




پەرلەمانتاری دوو ڕوو … نەوزاد بەندی

ئیتر ئەگەر
پەرلەمانتارێکی موعارەزە
ھاتە شاشەی تەلەفزیۆن ..
ووتی : فڵان مەسئول دزە ..
لاپەڕەیەکی پیشانی کامێراکە دا و ..
ووتی : ئەھا داواکاری یاساییم
بەرز کردۆتەوە و
کەچی داواکاری گشتی
لێم وەرناگرێ ..
ئەگەر ووتی : فڵان حیزب
داھاتی نەوتی بردووە و ..
فڵان بیرە نەوت و فیسار
کێڵگەی غازیش ،
بە تایبەت بۆ ئەو ئیش ئەکەن ..
لاپەڕەیەکی بەرز کردەوە و
ووتی : ئەوەیش داوای یاساییە
کە ھەموویم تیا نوسیوە و
دادوەر لێمی وەرناگرێ ..!!

  • * *
    پێی بڵێن :
    ناماقوڵیت کرد
    ھەی خەت مایل ..
    شەریکی دز ..
    سیخوڕ ..
    ناپیاو..
    (ئێوە لە پرسەی موسعەبا خوڕ ئەگرین و
    لە ژێرەوە لەسەر سفرەی ئەبوسوفیان ،
    پارووی گەورە و چەور ئەگلێنن
    شەرمەزار بن ،
    ٣٠ ساڵە جوکە جوکتانە
    ٣٠ ساڵە نوکە نوکتانە ..
    میللەت پڕ ئەکەن و .. خاڵی ئەکەنەوە
    وەکو بتڵی غاز و ..
    خۆتان سوور ئەکەنەوە لەسەر تی ڤی و..
    دوایی لە ژێر پێی دەسەڵات ئەبن بە خاکەناز و ..
    دەست پان ئەکەنەوە بۆ موچەی شەش ملیۆنی ..
    ئێوە لە سەگ گڵاوترن ..
    لە سیخوڕ زۆر بەدناوترن ..)
  • * *
    پێیان بڵێن
    دز
    درۆزن
    مەقاش
    نامەرد
    ناکەس
    خوێڕی
    سەخیف
    جەلاد
    سیل
    سەرەتان
    داردەست
    سەگ و زمانحاڵی
    ژێر بە ژێری
    سەرکوتکەران

پێیان بڵێن
پیاو بوونایە
ڕاست بوونایە
مەرد بوونایە
٣٠ ساڵ دزینی نیشتمان
لە وەڕە وەڕی دەخستن
یەکێکتان
تەنھا یەکێکتان
لەبەردەم بینای پەرلەمان
خۆی ئەسووتان


پێیان بڵێن
پیس خۆر
حەرام خۆر
حیز فرسەت
کاسەلێس
قۆنەرە
نانەجیب
بێ شەرەف
تانجی
لە ڕێ لادەر

نەوزاد بەندی




بەرنگاربوونەوەی کۆرونا یان فریاکەوتنی سەرمایەداران ! … کاوە کەریم

لەسەرووبەندی کارەساتی نەخۆشی کورونادا کە بەرۆکی بە تەواوی مرۆڤایەتی گرتووە لەسەر گۆی زەویدا، کە لەلایەکەوە بۆتە هۆی تووشبوونی سەدەها هەزار کەس بە نەخۆشیەکە و گیانلەدەستدانی هەزارەهای تر، وە لە لایەکی ترەوە بۆتە هۆی برسێتی و هەژاری و بێکاری زیاتری ملوێنەها لە خەڵک و چینی کرێکار لە تەواوی جیهاندا.
ئەم کارەساتە پێویست بوو لە جیهاندا بەیەک دەست و لە زووترین کاتدا بەرەوڕووی ببنەوە، بۆئەوەی بەکەمترین زەرەر خەڵکی جیهان خۆی لێ رزگار بکات و چارەسەری بۆ بدۆزێتەوە. بەلام ئەوەی دەیبینیت لە واقعیدا شتێکی ترە و ڕێڕەوەکە بەرەو جایگایەکی تر دەڕوات.
من لێرەدا نامەوێت قسە لەسەر نەخۆشەیەکەو چۆنیەتی بڵاوبوونەوەی بکەم، بەڵام دەموێت ئاماژە بە مەسەلەیکی گرنگ بکەم کە ووڵاتانی سەرمایەداری جیهان بەچ ئاراستەیک و سیاسەتێک خۆیان ئامادەکردوە بۆ بەرنگاربوونەوەی لە نەخۆشەیەکە و ئەنجامەکانی، هەوڵدانیان و ئامانجیان لەسەر چی فۆکوسی کردوە.
ئەگەر تەماشا یان گوێبیستی تەواوی پلانەکانی ووڵاتە سەرمایەدارەکانی گەورەی جیهان بین لەم قەیرانەدا، دەبینین ئاراستەی سیاسەتەکانیان پێچەوانەی ئارەزوو وئیرادەی زوربەی خەڵکی جیهانە. ئەوەی تێبینی دەکەیت لە بەرنامەو سیاسەتی ئەو ووڵاتانەدا ئەولیەت بەرنگاربوونەوەی نەخۆشیەکە و چارەسەری نییە، بەڵکو یەکدەستی سەرمایەداری جیهانییە بۆ خۆئامادەکاری بۆ بەرئەنجام و هەلومەرجی داهاتووی دوایی کارەساتەکە و ڕزگاربوونیان لەهەلوومەرجێ ئێستا.
دەتوانین بڵێن سەرمایەداران و حوکمەتەکانیان کاردانەوەی پراکتیکی و داڕشتنی سیاسەتی ئەوان بە ئاراستەی فریاکەوتنی خەڵکی جیهان نیە لە کارەساتەکە، بەڵکو ڕزگارکردن و پشتیوانی کۆمپانیاکانی سەرمایەدارەکان بووە بۆ پاراستانی قازانج و بەرژەوەندیەکانیان.
لە تەواوی ووڵاتانی سەرمایەداریدا، پاش بلاوبوونەوەی نەخۆشەیەکە، هەموویان ملیارەها دولاریان خستەبەردەست کۆمپانیا گەورەکان، هەموو باج و تاکسێکیان لەسەر لابردن بۆ ئەوەی کێشە نەیەتە بەردەم بەردەوامی کارو کوکردنەوەی سوودی زیاتریان. بڕی ئەو پارانەی تەرخان کراوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشیەکە لەسەدا یەکی بڕی ئەو پارەیە نییە بۆ کۆمپانیاکان و خاوەن کارگەکان و سەرمایەداران تەرخانکراوە.
کۆمپانیاکانی سەرمایەداران لە جیهاندا بەپێ سەرچاوە ئابووریەکان لە ماوەی دە ساڵی پێشوودا بڕی سوودیان و دەستکەوتیان هەزارەها جار بەرابەر بووە، وە کەپیتاڵ یان سەرمایەی زوربەی زۆری کۆمپانیاکان و سەرمایەدارانی جیهان بە هەزارەها جار زیاتر بووە، بەڵام لەوپەڕی لوتەکی بەدستهێنانی قازانج و کەڵەکەی سەرمایەیان دەبوایە نوێنەرانی نیقابەکرێکاریەکان بەشەڕ و بەزۆر یان بە هەڕەشەی ماگرتن بتوانن بڕێکی کەمی کرێ و مووچەی ساڵانەی کرێکاران زیاد بکەن. لە ئێستاشدا هاواریان لێبەرزبۆتەوە و هەڕەشەی دەرکردنی بەکۆمەڵی کرێکاران دەکەن، ئەگەر حوکمەتەکان پشثیوانی مادیان نەکەن و خەرجی کارمەندو کرێکارەکان نەگرنە ئەستۆ، ئەوا بە ملوێن لەخەڵک بێکار دەکەن و ڕەوانەی ماڵەوەیان دەکەن. بەکوردیەکەی خۆمان قازانج بۆ خۆمان و زەرەر بۆ ئێوە.
ئایا نەدەکرا حوکمەتەکان فشار بخەنە سەر کۆمپانیاکان کە لە قازانجی ملیارەها دولاری ساڵانی پێشوو کە کەڵەکەیان کردبوو، تەحوملی چەند مانگی مووچەی کرێکاروکارمەندانیان بکردایە لەم قەیرانەدا، یان چاوچنۆکی و نامرۆڤایەتی سەرمایەداری بەڕادەیەکە کە قازانج و سوود لەسەروو ئینسانەوەیە.
حوکمەتەکان کە حوکمەتی پاراستنی بەرژەوەندی ئەوانن ئەم کارە ناکەن و قورسی باری قەیرانی ئەوان دەخەنە سەر شانی خەڵک بە گشتی و کرێکاران بەتایبەتی، نەخۆشیەکەیان بیرچۆتەوە و بەدەم داواکاریەکانی سەرمایەدارانەوە دەڕۆن و بەپێچەوانەوە داوای هاوپشتی لە کرێکاران و خەڵک دەکەن کە تحمول بکەن و باری قورسیە بخەنە سەرشانیان.

ئەگەر بڕوانینە سیاسەتی دەوڵەتان لە قەیرانەکەدا، دەبینین کۆمەلگا بە گشتی و چینی کرێکار زەرەرمەندی گەورە دەبێت لەم قەیرانەدا، لەلایەکەوە سەرمایەداران کرێکار بێکار دەکەن یان مووچەیان نادەنێ ، لەلایەکی ترەوە پارەی بودجەی گشتی حوکمەت کە لە تاکس و باجی چینی کرێکارو خەڵک کۆدەکرێتەوە، دەبێت جارێکی تر بدرێتەوە بە سەرمایەداران و کۆمپانیاکان بۆ بەردەوامیان لەسەر کەڵەکەی سەرمایەی خۆیان.
بۆ نمونە تەنها لە ئەمریکادا لە پاکێتی یەکەمدا چوار ترلیون دولار خرایە خزمەت کۆمپانیا گەورەکانەوە بۆ قەرەبووی زەرەریان بەهۆی قەیرانەکەوە. کە ئەمە خۆی لەخۆیدا لە پارەی گشتی خەڵکە بۆ دامودەستگا خزمەتگوزاریەکان و مووچەی کارماندانی کەرتی گشتی. ئەمە لەهەمان کاتدایە کە دەوڵەتەکەیان دەناڵێنن بەدەست نەبوونی ئامێری هەناسەدان و پێداویستەکانی تر بۆ هەزەرەها لەوانەی کە تووشی نەخۆشیەکە بوون، یان ملوێنەها لە خەڵک ئەوانەی پێویستان بە پێداویستیەکانی ترە بۆ خۆپاراستن لە نەخۆشیەکە.
ئەوەی جێگای سەرنجە ئەو بێدەنگیەی نقابەو یەکێتە کرێکاریەکان و نوێنەرانی چىنی کرێکار بە گشتی لەبەرانبەر ئەم هێرشە پێچەوانەی سەرمایەداران و حوکمەتەکانیان بۆ سەر چینی کرێکاران. ناکرێ بڵێن بۆچی دەبێ ئەوان باجی قەیرانەکە بدەن؟ ژیانی ملوێنەها لە کرێکاران لە بارێکی زۆر باشدا نەبوو لەپێش کارەساتی کۆروناوە، ئێستاش دەبێت سەد بەرابەر زیاتر ژیانیان خراپترو برسی تر بکرێن.
کورونا دەبێت وانەیەک بێت بۆ چینی کرێکار، بەوەی سەرمایەداران و حوکمەتەکەیان لەخەمی ژیان و مانەوەی ئەواندا نین، حوکمەتەکان نوێنەری ئەوان نین، بەڵکو نوێنەری دەسڵاتی سەرمایەدارانن بۆ پاراستن لە قازانج و بەرژەوەندی ئەوان. دەبێت چینی کرێکار بیر لەداهاتووی خۆی بکاتەوە ، دەبێت لە بەرانبەر هێرشی وەحشیگەری و بێمبالاتی سەرمایەداری بوەەستێتەوە، خۆی ڕێک بخات ڕیزی خۆی جیابکاتەوە.
پرسی تەندروستی گشتی و پێداویستیەکانی دەبێت پرسی داهاتووی کۆمەلگا بە گشتی و چینی کرێکار بێت، پرسی داهاتووی ژیان و مسوگەرکردنی ژیانی نەوەکان ئێستا و داهاتوو، دەبێت پرسی چینی کرێکار بێت. نەک هەر تەنها ئەم پرسانە، پرسی تەواوی ژیانی دوای کورونا دەبێت پرسی چینی کرێکار بێت. بەڵام بۆ لە ئەستۆگرتنی ئەم پرسانە، داواکاریەکی پێوێستە، داواکاری دەسڵات، یان بەرنگاربوونەوەی دەسڵاتی سەرمایەداران. نابێت بیر لەپێکەوە ژیان بکەنەوە لەگەڵ دەسڵاتی نامرۆڤانەیان، دەبێت بیر لەژیانی جودای خۆیان بکەنەوە. ئەم کارەساتەی کرونایە دەریخست کە هیچ بەرژەوندی هاوبەش لە نێوان ئەوان و سەرمایەداریدا نیە، سەرمایەداری زۆری هەیە لەدەستی بدات، بەڵام ئەوان هیجیان نییە جگە لەزنجیرەکانیان نەبێت لەدەستی بدەن، لەوەشەوە دنیای خۆیان بەدەست بێنن.

کاوە کەریم




بەربەمەرگی بە کۆمەڵی پەنابەران لەیۆنان بگرن !… جەمال کۆشش

دەوڵەتانی ئەوروپا پێویستە یەکسەرە بەهانای پەنابەرانی یۆنانەوە بچن بەتایبەت دورگەی لێسبۆس Lesbos (کەمپی مۆریاMoria)
ڕێککەوتنی نوێی ئەوروپای یەکگرتوو لەگەڵ تورکیا کاتێکی زۆرتری دەوێت(کە بەنیازن وئۆکەیتان بۆ کردووە)، دەستپێکردنەوەی پرۆسەی لێکۆڵینەوەی داواکانی پەنابەران کاتی زۆرتری دەوێت( کە لە١.٤.٢٠٢٠) ەوە لەیۆنان دەستیپێکردۆتەوە. هەر لەمانگی فیبریوەری ٢٠٢٠ ، سەدان ڕێکخراوەی لایەنگرانی مافەکانی پەنابەرانی نێونەتەوەیی وئەوروپایی ، سەدان نوسەر وسیاسەتمەدارو هەلسوڕاوان، دەیان نامەی کراوە یان ئاراستەی پەرلەمانی ئەوروپاو دەوڵەتەکانیان کردووە بۆ ڕزگارکردنی پەنابەرانی یۆنان بەتایبەت کەمپی مۆریا.
لەتەواوی یۆنان نزیکەی ١٠٠ هەزار پەنابەر دەژین، ژیانی ٤٣٥٠٠یان زۆر سەختە ئەوانەی بەسەر کەمپەکاندا دابەشکراون.(بە تایبەت کەمپی مۆریا، لە لێواری کارەساتێکی گەورەی مرۆیدایە).
زۆر دەمێکە لایەنگرانی مافەکانی پەنابەران داوای باشترکردنی هەلومەرجەکە دەکەن. تەنانەت پرۆفیسۆرJean Ziegler (جین تسیگلەر (٨٦ ساڵ) وەک جێگری سەرۆکی نێردەی یوئین بۆ مافی مرۆف، لەسەردانی مانگی مەی ٢٠١٩ بۆ کەمپی مۆریا، کتێبێکی نوسی بەناوی (شەمەزارییەکەی ئەوروپا)، هەر لەو کتێبەدا باسی ڕەقبونەوەی دوو مناڵ لەسەرما دەکات، هەوڵی خۆکوژی مێردمناڵ وپاشماوەی برینەکانی سەرجەستە، ڕاپۆرتیکی ووردە لە داڕوخانی هەموو بەهایەکی ئینسانی ومافەکانی مرۆڤ وداواکانی پەنابەری . وە نێوی دەنێت ((ستراتیژی تیرۆر)) بۆ تۆقاندنی پەنابەران کە ئیدی لە بیر لە هەلاتن بەرەو ئەوروپا نەکەنەوە ودابنیشن لە نیو جەنگ وکوشتاروهەژاریدا زیندە بەچاڵ بکرێن.
تکایە، تکایە ، هیچی تر کات بەفیڕۆ مەدەن، هەلومەرجەکە یەکجار ترسناکە. لەکەمپی مۆریا نزیکەی ٢٢ هەزار کەس کە لەبنەڕەتدا بۆ کەمتر لە٣٠٠٠ کەس بنیاتنراوە کۆکراونەتەوە، بە ١٣٠٠ کەس یەک بەلوعەی ئاو یان هەیە کە ئەویش بەزۆی دەبڕدرێت، بە سەدان کەس یەک توالێتیان بەر دەکەوێت، قەتارەی دورودڕیژی نۆرەکانی خواردن وتوالیت وئاو، پاڵەپەستۆو قەرەباڵخیەکی زۆریان دروستکردووە. زبڵدانی گەورە وچڵکاوی قووڵ ، کەمترین ئاستی تەندروستی تیا بەدی ناکرێت. لەو ٢٢ هەزار پەنابەرە، ٨هەزاریان مناڵن وزیاتر لە ١٦٠٠ کەسیان ئەو مناڵ ومێرد مناڵانەن ودابڕاون لە کەس وکاریان یان خۆیان لە دەستکەس وکاریان هەڵاتوون. سەدان نەخۆش وپەککەوتە وبەتەمەنی تیدایە.، بئومێدی ، ترس لەئایندە، بێخزمەتگوزارییەکان، بێکار وبێ قوتابخانە، بواریان بۆ سەدان نەخۆشی دەروونی سازداوە. بەگشتی پەنابەران هەموو شتێکیان لێسەندراوەتەوە کەداوایان لێدەکەن خۆیان کەرەنتینە بکەن.
زەنگی هۆشداریی کردنەوەکە لێیدا. لەکەمپی ریتسۆنا ( Ritsona ی ٧٥ کم دوورە لەئەسیناوە) کە ٢٥٠٠ پەنابەری تیا نیشتەجێکراون ، لەسەرەتای مانگی ٤دا ژنێکی ئەفریکایی مناڵی دەبێت، تاقیکردنەوەی فایرۆسی کرۆناکەی پۆزەتیف دەبێت، هەر لەو کەمپەدا، ٢٠ کەسی تریش هەڵگری فایرۆسەکەن و تەواوی کەمپەکەش لە کەرەنتینەدان.
تائێستا لەکەمپی مۆرینا بەپێێ راگەیاندنەکان، کچێکی گریکی کە لەسوپەرمارکیتیکدا ئیشی دەکرد توشی پەتای کرۆنا بووە. بەڵام لە حاڵەتی پەڕینەوەی پەتاکە بۆ نێو کەمپەکە، ئیدی دەبێت پێشبینی کارەساتی گەورەی مرۆیی بکەین. دەبێت پێشبینی مەرگی بەکۆمەڵ بکەین.٢٢٠٠٠ هەزار کەس ٣ دکتۆریان هەیە.لە تەواوی نەخۆشخانەکان ٦ ئامێری هەناسەدان هەیە، داودەرمان زۆرکەم وگرانە. بەهۆی ئەم دەرد وپەتایەشەوە ، بەشێکی زۆر لەو خۆبەخشانەی یارمەتی پەنابەرییان دەدا، کشاونەتەوە بۆ وڵاتەکانی خۆیان.
ئەم ئینسانانە لەلایەن مرۆڤایەتیەوە بۆ تیاچوون ومەرگ جێهێڵراون. نابێت ڕێگا بدەین.
بۆیە گواستنەوەی پەنابەران بۆ هوتیلەکان، خانوەچۆڵەکان، دروستکردنی خانووی سەفەری تەختەیی ، دواکەوتن هەڵناگرێت ودەوڵەتی یۆنان بەرپرسی یەکەمە .
گواستنەوەی بەپەلەی هەموو ئەو پەنابەرانەی کەلەلایەن وڵاتە ئەوروپییەکانەوە بەڵینیان وەرگرتنیان پێدراوە.
حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان بەتەنگ هانای ئەو پەنابەرانە عێراقیانەوە بچن و گیان وژیانیان لەم دۆخە سەختەدا قوتار بکەن.
هەموو ئەوانەی کەسو کارییان لە یۆناندا بەتایبەت لەکەمپی مۆرینادا گیریان خواردووە تکایە بەهانایانەوە بچن.

جەمال کۆشش٥.٤.٢٠٢٠




وەرەوە ناو ژیان … شوان حەسەن

تۆ وەرە ناو ژیانەوە
قاچەکانت لە سێبەری وشە بڕوێنە با
تیشکی خۆر نەتسوتێنێ
کراسە ڕەشەکەت، لە دڵی ئەو ئێوارە غەمگینە بکەوە و
بەکراسە کەسکەکەت یاخود بە وەنەوشەییەكەیان
دەرگای ئێوارەم بۆ بکەوە
.مەترسە تۆ لەناو ژیان دا بیت ئەمن مەرگ لە ئامێز دەگرم و درزێک دەبینمەوە.
لێیەوە سەیری تۆ بکەم
قاچاغچیەک دەبینمەوە تا لە سنووری مەحاڵ بمپەڕێنێتەوە
تۆ وەرە ناو ژیانەوە لێرە خۆر، بە بێ باکی ھەڵدێ و
بە بێ نازیش، ئێواران تیشکەکانی خۆی کۆدەکاتەوە
لێرە زەمەن ” زۆپا”یەکی دووکەڵگرتووە و
بەبۆن و ژانەسەرەرەکەی “سەردەم” دەتۆرێنێ
تۆ لێرە دوورکەوە ئێرە گۆڕستانێکی گەورەیە
گوڵەکانی مات و مەلولن
درەختەکانی بەرێکی تاڵگرتوون
زۆنی غەم جێناھێڵم تا لە هاتنەوەی تۆ
بۆ ناو ژیان دڵنیانەبمەوە
دیسان سوراوەکەت لێوی بەیانی تەڕکردۆتەوە و
دەنگت تامی خواردنی گۆڕیوە
ئارام دەبم و بێ ترس لەگەڵ مەرگدا دەسوڕێمەوە
دەزانی بزە و پێکەنینە کورتەکانت چەند لۆچیان خستە سەر ڕوخسارم؟
تۆ وەرە ناو ژیانەوە بەڵێنت پێدەدەم لێوی ئازارەکانم دەکرۆژم و
نایەڵم قاقات بقرتێنن
نایەڵم بێ نیشتمانیم پێوە دیاربێت،
نایەڵم بێ جێگایی بڕستم لێ ببڕێت،
نایەڵم …
تۆ وەرەوە ناو ژیانەوە
ئەوسا لەگەڵ تۆدا دەبوژێمەوە

شوان حەسەن




ڕۆڵی باشووری كوردستان لە ڕاپەڕینی شێخ عوبەیدوڵڵای نەهریدا-7-.. ڕه‌سوڵ بۆسكێنی

به‌شی حه‌وته‌م


هێرشی شێخ عوبه‌یدوڵڵا بۆ سه‌ر شاری ورمێ

هێزه‌كانی شێخ عوبه‌یدوڵڵا ئه‌وه‌نده‌ چالاكانه‌ هێرشه‌كانیان ئه‌نجامدا، له‌ماوه‌یه‌كی كه‌م توانیان ناوچه‌یه‌كی زۆر ئازاد بكه‌ن و گوشاربحه‌نه‌ سه‌ر شاری ورمێ، له‌و باره‌یه‌وه‌ ئابۆت كۆنسۆڵی گشتی به‌ریتانیا له‌ ورمێ له‌ 7ی تشرینی یه‌كه‌می 1880 بۆ تۆمسن ده‌نووسێت، ورمێ له‌ژێرده‌ستی كورده‌كان دایه‌ به‌فه‌رمانده‌یی شێخ سادق، هیچ شتێك نیه‌ رێ له‌ شێخ سادق بگرێ بۆ داگیركردنی ورمێ، ئه‌و هێزانه‌ی له‌به‌رده‌ستی ئیقبال الدوله‌ دان دوو فه‌وجن، به‌ڵام له‌ناوچه‌كه‌دا په‌رش و بڵاو بوونه‌ته‌وه‌، ئه‌گه‌ر كورده‌كان له‌پڕ په‌لاماری ورمێ بده‌ن، زۆر زه‌حمه‌ته‌ حاكمه‌كه‌ بتوانێت به‌رگری بكات، ناتوانێت به‌هه‌موو زیاتر له‌ 700 كه‌س كۆبكاته‌وه‌، ورمێ یش بێگومان هه‌مان چاره‌نووسی سابڵاخی ده‌بێت.
به‌ڵام ئه‌و هێزه‌ی به‌سه‌رۆكایه‌تی شێخ عوبه‌یدوڵڵا په‌لاماری ورمێی دا، قۆرتی هاته‌ڕێ، كاربه‌ده‌ستانی ئێران به‌یارمه‌تی هێزه‌ ناوچه‌ییه‌كانی ئه‌وێ بۆ ماوه‌یه‌ك خۆیان پێ ڕاگیرا. دۆخی ناوه‌وه‌ی هێزه‌كانی كوردی ده‌وری ورمێ كه ‌به‌ سه‌رۆكایه‌تی شێخ عوبه‌یدوڵڵا بوو كه‌مێك ئاڵۆزی تێكه‌وت، كاربه‌ده‌ستانی ئێران به‌یاریده‌ی هێزه‌كانی ناوشار توانیان ماوه‌یه‌كی درێژ خۆیان ڕاگرن و به‌رهه‌ڵستی بكه‌ن، شێخ عوبه‌یدوڵڵا كه‌ ئابڵوقه‌ی ورمێی دابوو، له‌ (21)ی تشرینی یه‌كه‌مدا دوو كه‌سی به ‌نامه‌وه‌ نارد بۆ شاری ورمێ و داوای له‌ دانیشتوانی شار كرد به‌خواستی خۆیان شاره‌كه‌ بده‌ن به‌ده‌سته‌وه‌، ئیقبال الدوله‌ بڕیاری به‌رگری داو خۆی به‌سێ فه‌وجه‌وه‌ له‌نێو دیواره‌كاندا قایبم كرد. مه‌لا گه‌وره‌كانی شار له‌ وه‌ڵامی ئه‌مه‌ دا دڵسۆزی و مل كه‌چێتی خۆیان پیشانی شێخ دا، به‌رامبه‌ر به‌مه‌ ئیقباڵ ئه‌لده‌وله‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری شاری ورمێ كه‌وته‌ خۆ كۆكردنه‌وه‌ و قایم كردنی شووره‌ی شاره‌كه‌.
پێنج كەس له‌ خەڵكی شاری ورمێ‌ بەنوێنەرایەتی چوون بۆ لای شێخ بۆ مۆڵەت وەرگرتن بەمەبەستی دواخستنی له‌ گرتنی شاری ورمێ، نوێنەرەكانی شار بۆ ئه‌وه‌ی شێخ له‌ گرتنی شاره‌كه‌ دوابخه‌ن چوون داوای مۆڵه‌تی لێ بكه‌ن چه‌ند ڕۆژێك هێرشه‌كه‌ دوا بخات بۆ ناو شاری ورمێ، ئه‌و نوێنه‌رانه‌ بریتی بوون لە: سەید موڕتەزای ئەمین شەرع، ئاغا میر جەعفەری پێشنوێژ، ئاغا سەید ئیسماعیلی سەرۆك بازرگانان، حاجی میر جەباری ڕەوزەخوێن و ئاغا میرزا غەفوور، ئەم دەستەیە لەسەرووی چۆمی (ئاجو)ی شارەوە، تووشی شێخ عوبەیدوڵڵا و لەشكرە فراوان و ئامادە و پڕجۆش و هەراوهوریاكەی بوون، كە بە زرێ‌ و چەك و ئاڵای سپی و تەدارەكی جەنگی و گۆوەندەوە، لەهاوئاوزەنگی و تەك شێخ عوبەیدوڵڵا بەرەو شار دەهاتن، نوێنه‌ره‌كان لە ئەسپەكانیان دابەزین و ئاوزەنگیان ماچكرد و عەرزیانكرد، تەشریف هێنانی حەزرەتی شێخ بۆ ورمێ‌ ئینشائەڵڵا یەكجار موبارەك و پیرۆزە و هەموو دانیشتوانی شار، چاویان لە چاكەی حەزرەتی شێخە، زۆر بەپەرۆسەوە تامەزرۆی ئەوەن لەبەرامبەر هەموو هاوشاردا، بەمیهرەبانی و دڵنەرمیەوە لەگەڵیاندا هەڵسوكەوت بفەرموێ‌.
شێخ لەوەڵامدا وتی: “ئەگەر ئێوەی خەڵكی ورمێ‌ كەللەڕەقی مەزهەبی بەلاوە بنێن، هەروا دەبێ‌، و سۆزی زۆرتان بەرامبەر دەنوێنرێ”‌، ئەوانیش وتیان لەحەزرەتی شێخمان داوایە، دوو ڕۆژی ترمان موڵەت بەخەڵكی ورمێ‌ پێ‌ مەرحەمەت بفەرموێ‌، تا لەگەڵ ئیقبال دەولەدا قسەبكەین، چونكە ئێمە لەگەڵ هەموو خەڵكی شاردا بەڵێنمان داوە گوێڕایەڵی فەرمانتان دەبین و ئەگەر ئەویش هەروا نەكات، لەشار دەریدەكەین و ئەوسا تەشریف بۆ شار دەهێنن.
شێخ عوبه‌یدوڵڵا تێ گه‌یی مۆڵه‌ته‌كه‌یان بۆ به‌ده‌سته‌وه‌دانی شار نه‌بوو، به‌ڵكو بۆ ته‌فره‌دانی ئه‌و و بۆ به‌سه‌ربردنی كات بووه‌، تا خۆیان بۆ به‌رگری ئاماده‌بكه‌ن، شێخ لەوەڵامی ئەوانەدا وتبووی دەزانم ئێوە درۆ لەگەڵ مندا دەكەن و ڕووی لە میرزا غەفوور كرد وتی: ئەی پێم نەوتیت، مەیەڵن ئیقبال دەولە بێتە شار؟ ئەی چۆن هێشتان و ڕێگاتان دا بێتە شارەوە؟
دوای ته‌واو بوونی ماوه‌ی مۆڵه‌ته‌كه‌، ئه‌وسا شێخ بڕیاریدا په‌لاماری شاره‌كه‌ بدات، ئیقباڵ ئه‌لده‌وله‌ به‌و نیازه‌ی وه‌خت وه‌ده‌ست بخات، په‌نای برده‌به‌ر (ئابۆت)ی كۆنسۆڵی به‌ریتانیا و داوای لێ كرد بكه‌وێته‌ نێوانیانه‌وه‌ و ناوبژیان بكات، ئابۆت له‌و نامه‌یه‌ی له‌ (22)ی تشرینی یه‌كه‌مدا نووسیویه‌تی ده‌ڵێت:” ئیقباڵ ئه‌لده‌وله‌ داوای لێ كردم پیاوه‌تی له‌گه‌ڵدا بكه‌م و وا له‌شێخ بكه‌م له‌گه‌ڵیا بچێته‌ مه‌یدانی گفتوگۆوه‌ و ڕازی بكات، بۆ ماوه‌یه‌ك واز له‌شه‌ڕ بێنێ، به‌ڵكو له‌و ماوه‌یه‌دا بتوانێ ده‌نگی خۆی به‌ پایته‌خت یان ته‌ورێز بگه‌یه‌نێ”.
(ئابۆت) گورج هاته‌ مه‌یدانه‌كه‌وه‌ و كه‌وته‌كار، هه‌ر ئه‌و ڕۆژه‌ كه‌وته‌ڕێ، به‌و نیازه‌ی خواسته‌كه‌ی ئیقباڵ ئه‌لده‌وله‌ به‌شێخ بگه‌یه‌نێ و داوای لێ بكات بۆ ماوه‌یه‌ك په‌لاماردانی شاره‌كه‌ بوه‌ستێنێ. به‌ڵام شێخ گفتی نه‌دا له‌گه‌ڵ ئیقبال ئه‌لده‌وله‌ دانیشێ و گفتوگۆی له‌گه‌ڵدا بكات، شێخ عوبه‌یدوڵڵا ئامانجی ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ی كوردی بۆ (ئابۆت) ڕوون كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها ناحه‌زی و نابه‌دڵی خۆی به‌رامبه‌ر كاربه‌ده‌ستانی ئێران ده‌رخست، هه‌ر دوای ئه‌مه‌ شێخ، خه‌لیفه‌ سه‌ید موحه‌مه‌دی دونیادیده‌ی نارده‌ لای (ئابۆت) به‌و نیازه‌ی وا له‌ (ئابۆت) بكات بڕوا به‌نیاز پاكی و په‌یوه‌ندی چاكخوازی شێخ عوبه‌یدوڵڵا به‌رامبه‌ر به ‌ده‌وڵه‌وته‌ ئه‌وروپاییه‌كان بكات و عه‌داله‌تی ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ی كوردی بۆ دووپات بكاته‌وه‌، سه‌ید موحه‌مه‌د دۆخی كورده‌كانی بۆ (ئابۆت) ڕوون كرده‌وه‌، ئه‌و دۆخه‌ی له‌وه‌دا نه‌مابوو چاوی لێ بپۆشرێت، ئه‌وه‌ی بۆ ده‌رخست چۆن كاربه‌ستان و مووچه‌خۆره‌ ئێرانیه‌كان یاسا ده‌خه‌نه‌ ژێر پێ، به‌تایبه‌تی كرده‌وه‌ ناڕه‌واكانی موته‌سه‌ڕیفی ورمێی ده‌ست نیشان كرد، له‌ ئه‌نجامی ئه‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌، (ئابۆت) ده‌نووسێت: ” شێخ نیازی وایه‌ له‌ هه‌موو ئه‌و عه‌شره‌تانه‌ی توركیا و ئێران بدات كه‌ خه‌ریكی تاڵانی و جه‌رده‌یین، چونكه‌ ئه‌و دوو ده‌وڵه‌ته‌ ئه‌وه‌یان له‌باردانیه‌ و له‌ ده‌ستیان نایه‌ سنووره‌كانیان له‌ جه‌رده‌یی و تاڵانی كردن بپارێزن و یاسا بچه‌سپێنن و مافی ڕه‌وا به‌ گاور و موسڵمانه‌كان بده‌ن و به‌یه‌ك چاو سه‌یریان بكه‌ن و ڕێگا بۆ گه‌شه‌كردنی خوێنده‌واری و پیشه‌سازی و قوتابخانه‌ و كڵێسه‌كان پاك بكه‌نه‌وه‌.
ئه‌وه‌ی ده‌یه‌وێت ته‌نیا یه‌ك شته‌ ئه‌ویش پشتگیری كردنی مه‌عنه‌وی ده‌وڵه‌ته‌ ئه‌وروپاییه‌كانه، شێخ داوا ده‌كات تاقی بكرێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر نه‌یتوانی كوردستان پێك بهێنێ و له‌وێ حكومه‌تێكی قایم و به‌هێزی دروست نه‌كرد، ئه‌وه‌ با له‌به‌رده‌م دادگای نوێنه‌رانی ئه‌وروپادا دادگایی‌ بكرێت و ئه‌نجامی ئه‌وه‌ش چی ده‌بێت باببیێت”.
به‌ریتانیا نه‌یده‌ویست ده‌سه‌ڵاتێكی تازه‌ی گه‌نجی خاوه‌ن هێز له‌ناوچه‌كه‌ سه‌رهه‌ڵ بدات، له‌به‌ر ئه‌وه‌ (ئابۆت) له‌ نوێنه‌ری شێخی گه‌یاند دووبه‌ره‌كی نێوان كورد و ئێرانی به‌لاوه‌ گرنگ نیه‌ و گرنگیه‌كی ئه‌و تۆی پێ نادا، (ئابۆت) ئاگای له‌وه‌ بوو (300) له‌ ئاسوورییه‌ شاخاوییه‌كان به‌ سه‌رۆكایه‌تی میترۆپۆل ماریۆزیف، لایان داوه‌ته‌ ته‌ك كورده‌كان هه‌وڵی دا ئاسوورییه‌كان به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی له‌ ده‌وروبه‌ری گۆماوی ورمێ ده‌ژیان، له‌ دواڕۆژدا نه‌ده‌نه‌ ته‌ك كورده‌كان، هه‌ر بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ خێرا خۆی گه‌یانده‌ كڵێسه‌ و له‌وێ له‌ خه‌ڵكه‌كه‌ی گه‌یاند به‌ریتانیا هه‌میشه‌ چاوی له‌ چاكه‌ و چاره‌نووسی دانیشتوانه‌ گاوره‌كانه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ ده‌بێ له‌ بزووتنه‌وه‌كه‌ی كورد دووره‌ په‌رێز بووه‌ستن.
ئابۆت ده‌ڵێت: كاتێ ورمێم جێ هێشت شێخ به‌ 6.000 كه‌سه‌وه‌ بارگه‌ی له‌خوار چیای سیر لێدابوو، نامه‌یه‌كی دامێ بۆ كوڕه‌كه‌ی (سدیق) كه‌ زۆر به‌ڕێز و لوتفه‌وه‌ پێشوازی لێ كردم.
شێخ عوبه‌یدوڵڵا بڕیاریدا په‌لاماری ورمێ بدات
شێخ هێرشی بۆ سه‌ر ورمێ‌ له‌ 22ی تشرینی یه‌ك‌ ده‌ستی پێكرد له‌هه‌موولاوه‌ گه‌مارۆی شار درا، به‌ڵام تا 28ی مانگیش هیچی ئه‌وتۆیان نه‌كرد، بۆ سه‌ردیواره‌كان كورده‌كان ته‌نیا یه‌كجار تا ناو ده‌روازه‌ی چه‌رباش هاتن، به‌ڵام به‌ زیانه‌وه‌ پاشه‌كشه‌یان پێكرا. دانیشتوانه‌كه‌ ویستیان ته‌سلیم بن، به‌ڵام ئیقبال الدوله‌ بڕیاری دا به‌رگری له‌شاره‌كه‌ بكات.
له‌ (23)ی ئه‌یلولدا كاتێك شێخ بڕیاری دا په‌لاماری ورمێ بدات، (ئابۆت)ی ئاگاداركرده‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی گاوره‌كانی ورمێ پیا بگه‌ن شاره‌كه‌ به‌جێ بهێڵن. داوای له‌ (ئابۆت) كرد له‌گه‌ڵ سیمۆن ئاغای ئه‌رمه‌نیدا شار به‌جێ بهێڵن و شار به‌جێ هێشتنیش بۆ دانیشتووه گاوره‌‌كان ڕێك بخات. (ئابۆت) له‌ بیره‌وه‌ریه‌كانیدا ده‌ڵێت: ” به‌و پێشنیاره‌ ڕازی بووم، به‌یانی سه‌عات نۆ له‌گه‌ڵ دكتۆر كۆهران و دوو پۆسته‌چیه‌ ئێرانیه‌كانم ڕوومان كرده‌ ده‌روازه‌ی گه‌وره‌ی شار”، به‌ڵام ئیقبال ئه‌لده‌وله‌ كه‌وته‌ گولله‌ باران كردنیان و ناچاری كردن بگه‌ڕێنه‌وه‌، شێخ كه‌ به‌مه‌ی زانی داوای له‌ (ئابۆت) كرد به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی بداتێ تا له‌ دواڕۆژدا به‌به‌ڵگه‌ ده‌ركه‌وێت كرده‌وه‌كه‌ی شێخ تا چ ڕاده‌یه‌ك پیاوانه‌ و مه‌ردانه‌ بووه‌، به‌ڵام ئابۆت خواسته‌كه‌ی به‌جێ نه‌هێنا.
توركیا به‌وپه‌ڕی ئاگاییه‌وه‌ ده‌یڕوانیه‌ ته‌شه‌نه‌كردنی ڕووداوه‌كان له‌ ئێران، توركیا له‌سه‌رێكه‌وه‌ كه‌ بۆ سوودی خۆی ده‌گه‌ڕا یارمه‌تی پێكهێنانی ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ی ده‌دا دژی ئێران، له‌سه‌رێكی تریشه‌وه‌ له‌سه‌ركه‌وتنه‌كانی كورد ده‌سڵه‌میه‌وه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ هه‌ر له‌سه‌ره‌تا كه‌ بزووتنه‌وه‌كه‌ له‌ خۆكۆكردنه‌وه‌ دابوو، ئه‌سته‌مبوڵ كه‌وته‌ خۆئاماده‌ كردنێكی جه‌نگی ته‌واو، هه‌ر له‌ ڕۆژانی ڕاپه‌ڕینه‌كه‌دا هێزی جه‌نگی عوسمانی له‌ ئه‌رزوروم كۆبوونه‌وه‌.
لێدانی ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ له‌لایه‌ن ئێران به‌ هاوكاری ده‌وڵه‌ته‌ بێگانه‌كان
له‌م دۆخه‌ ناهه‌موار و ئاڵۆزه‌دا حكومه‌تی ئێران به‌هه‌موو جۆرێك هه‌وڵی ده‌دا بزووتنه‌وه‌كه‌ی كورد له‌ناوبه‌رێت، به‌فه‌رمانی ڕاسته‌وخۆی شا هێزه‌ سه‌ره‌كیه‌كانی ئێران به‌سه‌ركردایه‌تی گشتی ئیعتماد ئه‌لسه‌ڵته‌نه‌ به‌ره‌و ته‌ورێز كه‌وتنه‌ڕێ، به‌شێكی تری هێزی سوپاش به‌سه‌رۆكایه‌تی حه‌مزه‌ میرزا حیشمه‌ت الدوله‌، له‌ 4ی تشرینی دووه‌می 1880 له‌تارانه‌وه‌ كه‌وته‌ڕێ، ژماره‌ی هێزه‌ به‌یه‌ك گه‌یشتوه‌كانی ئێران 20.000 هه‌زار سه‌رباز و 20 تۆپخانه‌ و 12یان تۆپی كرۆپ، بوون. ئه‌فسه‌ری ئه‌وروپایی (نه‌مساوی) له‌گه‌ڵ ئه‌م هێزه‌دا بوون، به‌قسه‌ی زۆر سه‌رچاوه‌ ئه‌و هێزانه‌ی له‌ تارانه‌وه‌ هاتبوون له‌لایه‌ن ئه‌فسه‌ره‌ نه‌مساوییه‌كانه‌وه‌ مه‌شقیان پێ كرابوو، چه‌ندین هێزی تر به‌ره‌و ناوچه‌ی شه‌ڕه‌كه‌ هاتن، له‌و كاته‌دا هێزه‌كانی كورد گه‌مارۆی ته‌ورێزیان دابوو.
ئێران داوای پشتگیری‌ كۆمه‌كی سه‌ربازی ڕووسیای كرد دژی كورده‌كان، به‌و باوه‌ڕه‌ی ئه‌و سه‌رهه‌ڵدانه‌ ئه‌وه‌ی چاوه‌ڕێ ده‌كرێ زۆر گه‌وره‌تر ده‌گرێته‌وه‌ و بۆ سنووری ڕووسیاش بڵاوبێته‌وه‌، ڕێگا به‌هێزه‌كانی ڕووسیا ده‌درێت له‌ خاكی ئێراندا مانۆڕ بكات بۆ ئه‌وه‌ی شۆڕشه‌كه‌ی كورد دامركێنێ.
هاوزه‌مان له‌گه‌ڵ ناردنی هێزه‌كانی ده‌رباری قاجار بۆ شه‌ڕه‌كه‌، ته‌قه‌للا دیپلۆماسیه‌كانی شا سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ست هێنا، كاتێك هێزی كورد هه‌ڕه‌شه‌ی له‌ ته‌ورێز كرد، ته‌نگه‌تاوی ده‌وڵه‌تی شای ئێران گه‌یشته‌ ڕاده‌یه‌ك هاواری برده‌به‌ر هه‌ردوو ده‌وڵه‌تی ڕووسیا و ئینگلیز بۆ بڵاوه‌ پێكردنی جوڵانه‌وه‌ی كورد داوای یارمه‌تی و پشتگیری لێ كردن، تزاری ڕووس هات به‌ده‌نگ بانگه‌وازی شاوه‌ و بۆ ئه‌وه‌ی جوڵانه‌وه‌كه‌ له‌ چوارچێوه‌ی خۆی نه‌ترازێ و ناوچه‌ی تر نه‌گرێته‌وه‌ سوپای ڕووسیای له‌سه‌ر سنوور مۆڵ دا، ئه‌لیكسانده‌ری دووه‌م فه‌رمانی دا به‌هێزه‌كانی ڕووسیا له‌قافقاس بچنه‌ سه‌ر سنووری ئازه‌ربایجانی خواروو، بۆ ئه‌وه‌ی له‌كاتی پێویستدا به‌قازانجی ئێران خۆیان له‌ شه‌ڕ هه‌ڵقورتێنن، كاربه‌ده‌ستانی چار كه‌ ئه‌ركی دۆستایه‌تی سه‌رشانیان به‌رامبه‌ر حكومه‌تی شا به‌پێویست داده‌نا، هێزێكی گه‌وره‌یان له‌ نه‌خچه‌وان له‌ نزیك سنووری ڕووسیا و ئێران به‌سه‌رۆكایه‌تی ئه‌لخازۆف كۆكرده‌وه‌. له‌ ئه‌نجامدا كوردستان وه‌ك قه‌ڵه‌مڕه‌وێكی داخراو بۆ هه‌ر سێ سوپاكه‌ی ئێران و توركیا و ڕووسیای تزاری مایه‌وه‌.
ژماره‌یه‌كی زۆر قۆزاقه‌كان گه‌یشتنه‌‌ نه‌خچه‌وان و بۆ جولفا، پێده‌یچێت ڕووسیا ته‌عزیزاتی زۆری له‌ زه‌خیره‌ی جه‌نگ بنێرێت بۆ قارس، ڕووسیا مه‌ترسی ئه‌وه‌ی هه‌بوو ئه‌گه‌ر یاخی بوونی كورده‌كان به‌ كوردستانی توركیا و ئێرانه‌وه‌ سه‌ربكه‌وتایه‌ و ئه‌ماره‌تێكیان پێكبهێنایه‌، ڕووسیا دوژمنێكی یه‌كجار گه‌وروه‌ی بۆ په‌یدا ده‌بوو، له‌نزیك قارس و بایه‌زیده‌وه‌ به‌ره‌نگاری بوایه‌ته‌وه‌، ئاماده‌بوو ده‌وروبه‌ری ئه‌لیكسانده‌ر پول و تفلیس كاول و وێران بكات، له‌به‌رئه‌وه‌‌ حكومه‌تی ڕووسیا ڕیوشوێنی خۆپاراستن دانا، به‌رامبه‌ر هه‌ر ڕووداوێكی چاوه‌ڕوان نه‌كراو.
شای ئێران هه‌ر به‌وه‌ش نه‌وه‌ستا خۆی بۆ لێدانی بزووتنه‌وه‌كه‌ی كورد ئاماده‌ بكات، به‌ڵكو په‌نای برده‌ به‌ر ڕووسیا و به‌ریتانیاش، به‌و نیازه‌ی به‌جووته‌ زۆر له‌توركیا بكه‌ن ڕێ و شوێنێك بدۆزێته‌وه‌ بزووتنه‌وه‌كه‌ی كوردی پێ له‌ناوبه‌رێت. له‌لایه‌كی تر گه‌له‌كۆمه‌كێی دیپلۆماسی، ڕووسی، به‌ریتانی، ئێرانی له‌ ئه‌سته‌مبوڵ توانی بابی عالی ناچار بكات، هێزه‌كانی خۆی له‌ موش، بدلیس، ئه‌رزروم، ئه‌رزنجان، وان كۆبكاته‌وه‌ و به‌ره‌و هه‌كاری و مه‌ڵبه‌نده‌كانی ڕاپه‌ڕینی بنێرێ، شوێنه‌ ستراتیجیه‌كان بگرن و سنووری ئێرانی – عوسمانی قایم بكه‌ن.
ته‌یمورخانی سه‌رداری ماكۆ به‌گه‌رمی خۆی بۆ لێدانی ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ی كورد ئاماده‌كرد، تاڕاده‌یه‌كی زۆر هه‌موو هێزه‌ جه‌نگیه‌كانی خانێتی پڕ چه‌ك كرد، مینۆرسكی له‌و گه‌شته‌یدا كه‌به‌خانێتی ماگین دا كردی له‌ ڕاپۆرته‌كه‌یدا ده‌نووسێت: “له‌ منداڵ و پیاوانی پیری به‌ته‌مه‌ن به‌ولاوه‌ كه‌سی تر نه‌ماوه‌ته‌وه‌”، جگه‌له‌مه‌ش ته‌یمورخان زۆری له‌ دانیشتووانه‌ ئه‌رمه‌نه‌كان كرد به‌شداری په‌لاماردانه‌كه‌ی كورد بكه‌ن.
شێخ كه‌بیستی ته‌یمورخان به‌له‌شكرێكی پێنج هه‌زار كه‌سه‌وه‌ له‌ سه‌ڵماسه‌وه‌ به‌ره‌و ورمێ كه‌وتۆته‌ڕێ سوپایه‌كی دوو هه‌زار چه‌كداری به‌سه‌رۆكایه‌تی موحه‌مه‌د سدیق نارده‌سه‌ر، به‌ڵام ته‌یمورخان توانی ڕێگاكه‌ی خۆی بگۆڕێت و له‌ ڕێگایه‌كی تره‌وه‌ به‌ره‌و شاری ورمێ بڕوات، ئه‌وسا شێخ عوبه‌یدوڵڵا ناچاربوو ڕووبه‌ڕووی ته‌یمورخان بووه‌ستێ.
سه‌ره‌تای شكستی ڕاپه‌ڕینه‌كه‌
پێكداهه‌ڵپژانی خوێناوی له‌نێوان سوپای ئێران به‌پشتگیری جاشه‌ ده‌ره‌به‌گه‌كانی ئێران به‌سه‌ركردایه‌تی ته‌یمورخانی سه‌رداری ماكۆ و له‌نێوان كورد ڕوویدا، له‌یه‌كه‌م به‌یه‌كداچووندا له‌ نزیك (بیلاوی) شێخ عوبه‌یدوڵڵا تووشی نه‌هامه‌تی هات، له‌ 19ی تشرینی دووه‌می 1880 هێزه‌كانی شێخ له‌ ورمێ كشانه‌وه. شێخ ناچار بوو به‌هێزه‌كه‌یه‌وه‌ به‌ره‌و جانیسقه‌ڵا بگه‌ڕێته‌ دواوه‌. دوای ئه‌و شه‌ڕانه‌ شێخ عوبه‌یدوڵڵا ناچاربوو ڕوو بكاته‌ كێوه‌ سه‌خته‌كانی كوردستان. دوای هێرش و تێكهه‌ڵچوونی دژوار و خوێناوی، بۆ ماوه‌ی نزیكه‌ی (22) ڕۆژ له‌ (12- 11- 1880) هێزه‌كانی كورد به‌سه‌ركردایه‌تی شێخ عوبه‌یدوڵڵا له‌ قۆڵی ورمێ به‌ تێكشكاوی به‌ره‌و مه‌رگه‌وه‌ڕ و برادۆست پاشه‌كشێ ده‌كه‌ن، ته‌یمورخان شوێنی كه‌وت، له‌ڕێگاش كه‌وته‌ ئازاردان و تاڵان كردنی دانیشتووه‌ بێ ده‌سه‌ڵاته‌كانی كورد و ئه‌رمه‌ن و ئێرانیه‌كانی ورمێ.
ڕاپه‌ڕیوه‌كانی تریش ئه‌وانه‌ی به‌ره‌و سابڵاخ – ته‌ورێز ده‌ڕۆیشتن كه‌وتنه‌ دۆخێكی ناهه‌موار و ته‌نگانه‌یه‌كی پڕ ئه‌ندێشه‌وه‌، كاربه‌ده‌ستانی ئێران بێ به‌زه‌ییانه‌ تۆڵه‌یان له‌ كورده‌كان سه‌نده‌وه‌. هه‌وڵی داگیركردنی (موراغا)شی دا له‌دواییدا به‌بۆنه‌ی شه‌ڕی ناوخۆوه‌ نه‌یتوانی هێرش بكاته‌ سه‌ر ته‌ورێز و هێزه‌كه‌ی پارچه‌ پارچه‌ بوو. له‌12ی تشرینی دووه‌م 1880 هیزه‌كانی شیخ قادر و هه‌مزاغا كشانه‌وه، له‌و كاته‌دا له‌شكری كورد 1500 كه‌س زیاتر نه‌بوو، چونكه‌ زۆرایه‌تی خێڵه‌كان ڕۆیشتبوونه‌وه‌ بۆ ماڵه‌كانیان به‌و تاڵانیه‌ی ده‌ستیان كه‌وتبوو له‌ میاندواو.
خۆفرۆشتنی سه‌رۆكه‌ كورده‌كان، ڕاكردن و به‌جێ هێشتنی هێزی ڕاپه‌ڕیوه‌كان شێخ عه‌بدولقادر و هه‌مزاغای ناچار كرد خێرا بگه‌ڕێنه‌وه‌ به‌ره‌و دواوه‌، هێزی ڕاپه‌ڕیوان زیانێكی زۆریان لێ كه‌وت.شێخ عه‌بدولقادر له‌و نامه‌یه‌دا بۆ باوكی نارد هۆی سه‌ره‌كی لێ قه‌ومان و ژێركه‌وتنه‌كه‌ی ده‌باته‌وه‌ سه‌ر خۆفرۆشتنی سه‌رۆكه‌ كورده‌كان،” هه‌ندێك له‌ پیاوه‌كانم وازیان هێنا و لایان دایه‌ لای دوژمن، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌ش تووشی نه‌هامه‌تی هاتین، پیاوه‌كانم ئاره‌زووی هه‌ڵاتنیان هه‌بوو، ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژێك هه‌وڵم دا ده‌ست به‌سه‌ر ئه‌و كه‌موكوڕییه‌دا بگرم، ئه‌گه‌ر ترس و له‌رز داینه‌گرتنایه‌ ئه‌وه‌ له‌سه‌رخۆ و به‌ئاسانی دابین ده‌كران.”
ئه‌و زیانه‌ی ساڵی (1880) له‌ ڕاپه‌ڕیوه‌كان كه‌وت، به‌زۆری به‌هۆی ئه‌و سه‌رۆك عه‌شره‌ته‌ كوردانه‌وه‌ بوو، ته‌نیا جه‌رده‌یی و تاڵانی كردن هانی دابوون بێنه‌ ڕیزی ڕاپه‌ڕینه‌كه‌وه‌، دۆخی ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ش هێنده‌ی تر به‌ره‌و نووشوستی چوو، له‌ئه‌نجامی ئه‌وه‌ی چه‌ند ده‌ره‌به‌گێكی كوردی به‌شداربووی ڕاپپه‌ڕینه‌كه‌ ئامانج و مه‌به‌ستیان ته‌ماع و به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی خۆیان بوو.
دوای كشانه‌وه‌ی شێخ عوبه‌یدوڵڵا له‌ ورمێ ئێرانیه‌كان ده‌ستیان كرد به‌ سوتاندنی گونده‌كانی كورده‌ سونیه‌كان له‌ 13 و 14ی تشرینی دووه‌می 1880 چه‌ندین هه‌زار له‌ هێزی نیزامی و هاوڵاتیان ڕۆیشتن بۆ باڵۆ و تاڵانیان كردووه‌، ماڵه‌كانیشیان ئاگرتێبه‌رداوه‌، وا باس ده‌كرێ 50 كه‌س له‌ دانیشتوانه‌ نێرینه‌كان سه‌ربڕدرابن، ئه‌و هێزه‌ی به‌دوای شێخدا چوو دۆزیبونیه‌وه،‌ زۆر له‌كابرایه‌ك كرابوو كه‌لله‌سه‌ری كوڕه‌ كوژراوه‌كه‌ی بكات به‌دامێنی جله‌كانیه‌وه‌ و به‌ناو كه‌مپه‌كه‌دا بیانگێرن و پیشانی خه‌ڵكی بدات، پاشان سه‌ربازه‌ ئێرانیه‌كان ته‌جاوز و خراپه‌كاریان كرده‌ سه‌ر گوندی تریش. خراپه‌كاری و ته‌جاوه‌زی زۆری هێزه‌ ئێرانیه‌كان له‌ورمێ و سابڵاخ دا، بۆته‌ هۆی ناڕه‌زایی سه‌فیری تورك له‌تاران به‌رامبه‌ر حكومه‌تی ئێران.
هێزه‌كانی ئێران به‌درێژایی ئه‌و ڕێگاوبانه‌ی پێیدا ده‌ڕۆیشتن گونده‌كانی كوردیان تاڵان ده‌كرد و ده‌سوتاند، هه‌ر كوردێكیان به‌رده‌ست بكه‌وتایه‌ ده‌یانكوشت، به‌زه‌ییان به‌ منداڵ و ئافره‌ت و پیره‌كاندا نه‌ده‌هاته‌وه‌، هێزه‌كانی سوپاسالار كه‌له‌ تارانه‌وه‌ نێردرابوو، گه‌لێك له‌ گونده‌كانی ده‌وروبه‌ری سنه‌یان سوتاند، به‌وته‌ی ڕۆژنامه‌ی (وه‌قت) سوپاسالار فه‌رمانی دابوو هێزه‌كانی به‌زه‌ییان به‌كوردا نه‌یه‌ته‌وه‌ و گونده‌كانیان بسوتێنن و هه‌رچی گه‌نم و جۆیه‌كیان هه‌یه‌ له‌ناوی به‌رن و به‌برسیه‌تی به‌جێیان بهێڵن.
پیلان گێڕانی مه‌زنانی كورد و شكانی هێزی كوردان
ئەم مەزنانەی كورد ژێربەژێر و بەنهێنی لەناو خۆیاندا بڕیاریاندا بوو شێخ عەبدولقادر و هەمزاغا بگرن و بیاندەنە دەست ئیعتماد سەڵتەنە، ئەوانیش بە پیلانەكەیان زانی و لە نیوەشەودا بەچل سوارەوە ڕووە و سابڵاغ ڕۆیشتن، دووسێ‌ ڕۆژێ لە سابڵاغدا مانەوە و دوایی عه‌بدولقادر و هێزه‌كه‌ی ڕوویان كردە مەرگەوه‌ڕ، لەگەڵ باوكی بەیەك گەیشتەوە. ڕۆژی (10- 11- 1880ز) دوو سه‌عات دوای خۆئاوا بوون، شێخ عه‌بدولقادر و هه‌مزاغای مه‌نگوڕ، له‌ سابڵاخ چوونه‌ده‌رێ و هه‌ر ئه‌و شه‌وه‌ش به‌دوایاندا نزیكه‌ی (500) خێزانی سابڵاخی به‌خۆیان و ماڵ و منداڵه‌وه‌ له‌ سابڵاخ ده‌رچوون و ڕوویان له‌ (سه‌رده‌شت) و (بانه‌) و شوێنه‌ سه‌خته‌كانی تر كرد. ته‌قه‌ی تفه‌نگ و ده‌مانچه‌ و هاوار و ناڵه‌ی ژنان و منداڵان و هاتوهاواری سه‌یر و سه‌مه‌ره‌، له‌سابڵاخ و ده‌روبه‌ری هه‌ڵده‌ستا، و تا به‌ره‌به‌یانی ئه‌و شه‌وه‌ هه‌ر به‌رده‌وام بوو. كه‌ڕۆژ بووه‌وه‌، له‌ ئاماری (1400) بنه‌ماڵه‌، ته‌نیا (300) خێزان له‌ سابڵاخدا مابوونه‌وه‌، كۆشك و ته‌لاری ماڵان له‌ گۆڕستان ده‌چوو. شێخ عوبه‌یدوڵڵا و عه‌بدولقادر و محه‌مه‌د سدیقی كوڕی له‌گه‌ڵ هه‌ندێ له‌ هێزه‌كانی له‌مانگی (ذی الحجه‌ی 1297 – تشرینی دووه‌می 1880) له‌سنوور په‌ڕینه‌وه‌ بۆ ناو خاكی عوسمانی و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ناوچه‌ی شه‌مدینان. هەمزاغاش ڕووە و لاجان بە ئێلەكەی خۆیەوە چووە ساری قامیش، كەجێگایەكی سەخت و هەڵەموتە، قایمكاری دامەزراند، عەبدوڵڵاخانی زەرزا و مەزنانی تریش هەریەكەیان ڕووی لەلایەك كرد و هەندێ‌ لەسەرانی موكری لەوانە خانباباخان و قادرئاغا و گوڵاوی ئاغا و ئەحمەد بەگ هاتنە لای لەشكری ئێران و هەریەكەشیان پاكانە و پۆزش و تاوانی خۆی ڕوون كردەوە و داوای لێبوردنیان خواست. به‌ڵام خان بابا خانی كوڕی مه‌جیدخان كوژرا. له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌و گونده‌ی له‌شكری ئێران ناردرا بۆ پاراستنی له‌و گونده‌وه‌ ته‌قه‌ كرا بوو، هه‌ندێ سه‌ربازی ئێرانی كوژرابوون، له‌ ئه‌نجامی ئه‌وه‌ش ئیعتماد ئه‌لسه‌ڵته‌نه‌ش بۆمبارانی گونده‌كه‌ی كرد و خانیشی سه‌ربڕی،ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ش شكستی هێناو ته‌نانه‌ت نه‌یتوانی ناوچه‌كانی سنه‌ و كرماشان بگرێته‌وه‌ كه‌ به‌شێكی گرنگ و فراوانی كوردستان بوو.
میسته‌ر تۆمسن ده‌ڵێت: ئێستا هیوای حكومه‌تی ئێران بوژاوه‌ته‌وه‌ به‌وه‌ی بتوانێت له‌ ڕێگای گفتوگۆوه‌ یه‌كبوونی كورده‌كان بترازێنێت و له‌ت له‌تیان بكات، ئه‌م هیوایه‌ش له‌و ناڕێكیانه‌وه‌ دێت، ئێستا له‌ناو كورده‌كاندا ده‌ركه‌وتووه‌ هه‌ندێ له‌و كوردانه‌ شێخیان به‌جێ هێشت و حه‌ز ده‌كه‌ن بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ وڵاته‌كه‌ی خۆیان بۆ لای شا.
كشانه‌وه‌ی هه‌مزاغا و هێزه‌كه‌ی بۆ سنووری عوسمانی
پاش ئه‌وه‌ی ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ شكستی هێنا و كشانه‌وه‌ شێخ عوبه‌یدوڵڵا و شێخ عه‌بدولقادر چوونه‌ خاكی توركیاوه‌، زۆربه‌ی عه‌شره‌ته‌ كورده‌كانی ئێران ملكه‌چی خۆیان پیشانی شادا، عه‌شره‌تی مه‌نگوڕ به‌سه‌رۆكایه‌تی هه‌مزاغا له‌مه‌یداندا مایه‌وه‌ و ده‌ستبه‌رداری به‌رهه‌ڵستی كردن نه‌بوو، ئه‌و عه‌شره‌ته‌ی له‌سه‌ره‌تای ڕاپه‌ڕینه‌كه‌وه‌ له‌گه‌ڵ كاربه‌ده‌ستانی ئێراندا نه‌گه‌یشته‌ یه‌كاڵاكردنه‌وه‌یه‌كی مام ناوه‌ندی، شا هێزێكی چوار فه‌وجی سواره‌ی نیزامی به‌سه‌رۆكایه‌تی عه‌لی خانی ئه‌فشار نارده‌سه‌ر ئه‌م عه‌شره‌ته‌ مل نه‌ده‌ره‌، سه‌ربازه‌ ئێرانیه‌كان گونده‌كانی هه‌مزاغایان وێران كرد، گه‌لێك له‌ كورده‌كانیان كوشت و به‌دیل گرت، به‌وته‌ی هه‌واڵ نووسی هێزه‌كانی ئێران، هه‌زاره‌ها وشتر به‌ باری گرانی تاڵانیه‌وه‌ له‌ گونده‌كانی عه‌شره‌تی مه‌نگوور به‌دی ده‌كران.
هه‌مزاغا له‌گه‌ڵ چه‌ند چه‌كدارێكی كوردا خۆی گه‌یانده‌ ناوچه‌ شاخاویه‌كانی سه‌رسنووری توركیا -ئێران، له‌وێ كه‌وته‌ خه‌باتی پارتیزانی، هه‌مزاغا شه‌به‌یخونی له‌ هێزه‌ پێشڕه‌وه‌كانی ئێران كرد و ترس و له‌رزی له‌ناویاندا بڵاوكرده‌وه‌.
هێزەكانی دەوڵەتی ئێران لە قۆڵی موكریان، دوای پاشەكشێ‌ پێكردنی هێزەكانی كورد لەناوچەكانی : میاندواو، موكریان، ڕۆژی دووشەمە (22- 11- 1880ز) هەموو بەئامادەبووونی (میرزا حسین سوپاسالار) لە گوندی (قەرەقشلاق)ی نزیك سابڵاغ، یەكیان گرتەوە، و ڕۆژی سێ‌ شەمە (23- 11- 1880ز) لە قەرەقشڵاق كۆبوونەوەیەكی بەربڵاوی سەربازییاندا لە قەرەقشڵاق بڕیار دەدەن ببن بە دوو بەشەوە، بەدوو قۆڵدا بچن بۆ شوێن كەوتنی هێزەكانی شێخ عوبەیدوڵڵا و شێخ عەبدولقادر، لە قۆڵی (مەرگەوڕ) و هێزەكانی هەمزاغای مەنگوڕ، لەناوچەی لاجان و سەردەشت، هێزی یەكەمیان بە سەركردایەتی (حیسامولمولك) بۆ قۆڵی مەرگەوەڕ، هێزی دووەمیان بەسەركردایەتی (حەسەن عەلی خانی گەڕووسی) پێكهات، ئەوەشی دەمێنێتەوە، بۆ سندوس (نێوان سابڵاغ و شنۆ) بگوێزرێتەوە.
ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ و به‌ند و بالۆره‌ی دوژمنانی
دوژمنانی كورد بۆ كه‌م كردنه‌وه‌ی بایه‌خی ڕاپه‌ڕین و شۆڕشه‌كانی كورد هه‌میشه‌ به‌ندوبالۆره‌ی ئه‌وه‌یان لێ داوه‌، ئه‌م شۆڕشانه‌ به‌ ده‌ستكیس و پیلانی لایه‌نی تر دروست بووه‌، تائێستاش به‌رده‌وام لێی ده‌ده‌نه‌وه‌، گوایه‌ بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی كورد ده‌ستنێژی ئینگلیز و ئه‌مریكایی و سه‌هیۆنیزم و ئێران و سۆڤیه‌ت و گه‌لێك لایه‌نی دیكه‌ن، تائێستا له‌ زمان به‌ڵگه‌نهێنیه‌كانی حكومه‌تی به‌ریتانییه‌وه‌ ڕاده‌ی بێ ویژدانیی ئه‌و جۆره‌ بوختان و تۆمه‌تانه‌مان به‌پێی توانا نیشان ده‌ده‌ن، یاخود ناو ناتۆره‌ی ناشیرینیان ده‌رباره‌ی بڵاو كردۆته‌وه‌ وه‌كو كوشتن و تاڵانی و ڕاو و ڕووت كردن، له‌ 3ى ئابى 1880‌ مستر گۆشن بۆ ئێرل گرانڤیل ده‌نووسێت:” ده‌رباره‌ی مه‌سه‌له‌ی كورده‌كان له‌ ویلایه‌تی وان دا، زۆر كه‌م مه‌سه‌یه‌ك هه‌بووه‌ ئه‌وه‌نده‌ قسه‌م له‌سه‌ر كردبێ، له‌گه‌ڵ عابدین پاشادا ئه‌وه‌نده‌ی پێویستی مامه‌ڵه‌ كردن به‌توندی له‌گه‌ڵ ئه‌م بانده‌ ڕووتكه‌ره‌وانه‌دا، من زۆر جار گه‌ڕاومه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌و ڕاپۆرته‌ به‌رده‌وامانه‌ی پێم ده‌گات ده‌رباره‌ی ئه‌و تاڵانیانه‌ی ده‌كرێن، ئه‌و سیسته‌مه‌ی بابی عالی په‌یڕه‌وی كردووه‌ له‌وه‌ڵامدا ئه‌وه‌ ده‌رده‌خات پێوه‌نانێكی زۆر هه‌یه‌، به‌و ڕاپۆرتانه‌ی به‌من و خه‌ڵكی تریش ده‌گه‌ن، به‌ڵام ئه‌و سه‌رپێچی كردنانه‌ كه‌ ڕووی داوه‌ پێویسته‌ بخرێته‌ پاڵ ئه‌و باندانه‌ی‌ سنووری ئێرانیان به‌زاندووه‌، سوپاس بۆ خوا له‌ویلایه‌ته‌كه‌دا تائێستا هیچ شتێك ڕووینه‌داوه‌ شایانی باسكردن بێ، زیاتر له‌ هه‌موو كاتێ كه‌سانی نیه‌ت خراپ هه‌وڵ ده‌ده‌ن ئاسایی ترین شت زل بكه‌ن، ئێمه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌ین سروشت و گرنگی هه‌ر حاڵه‌تێك به‌بێ دواكه‌وتن بڵاو بكه‌ینه‌وه‌. شه‌وی پێنج شه‌مه‌ی ڕابردوو ده‌نگه ‌ده‌نگێكی گه‌وره‌ په‌یدابوو ده‌رباره‌ی حاڵه‌تێك كه‌ 800 سه‌ر مه‌ڕ دزراوه‌، به‌خێرابی دوو تابور نێردرا بۆ لێكۆڵینه‌وه‌، به‌پێی شایه‌تی قه‌شه‌كانی كلێسه‌ ژماره‌ی مه‌ڕه‌ دزراوه‌كان كه‌م كراوه‌ته‌وه‌ بۆ 30 سه‌ر، ئه‌مه‌ سیسته‌می پێوه‌ نانه‌. له‌كاتێكدا كاربه‌ده‌ستانی كونسۆڵخانه‌كانی ڕووس ه‌ به‌ریتانیا ڕاستیه‌كانیشیان زانبیوه‌، به‌ڵام هه‌رگیز درێغیان نه‌كردووه‌ له‌بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌م تانه‌ و ته‌شه‌ر و به‌ند و باوانه‌ بۆ به‌دناو كردنی كورد و شۆڕش و ڕاپه‌ڕینه‌كانی له‌ ڕاپه‌ڕینی شێخ عوبه‌یدوڵڵاش به‌هه‌مان شێوه‌ له‌ كاردابوون بۆ به‌دناوكردن و گومان خستنه‌ سه‌ر ڕاپه‌ڕینه‌كه‌.

ماویه‌تی …….




چرای ئاوات … شیعر/ سەرحەد شوکری

بۆ / دکتۆر کەنعان مەدحەت

سەرسوڕماوم نازانم چۆن بانگت بکەم هۆ ئەسڵزادەی گەرمیانی
چ نورێ بووی کە دەرکەوتی لەشـــــــــــەوەزەنگی کوردایەتی!
دەفرۆشــــــــرێین وهەموو دەگرین دەناڵێنین شین و واوەیلامانە
کوشـــــتەی دەستی غەدرو خیانەتی ئەم گورگــــــــــە دوو پێیانە
لەســــەردەمی رۆم و فارس تامەلەکــــــــــــی و جووت حیزبەکە
ئێمە مەڕو شـــــوان گورگ و قەسابەکان بۆمان دەکوتن تەنەکە
لـە چ شەوێکی دەیجورا خۆری ئاواتی شــــۆڕشت وا تاوی سەند
پێویســـــــــــــــتمانی رزگارمان کە لەم خەراباتەو کۆسپ و کەند
نوری بینایی پیرەمێرد،هەتیوی روت و رەجاڵ و بێوەژنانی بێکەس
خنکاو پەل دەکوتێ بۆ چڵێك، تاوەکو بێتە هانای وەك فریادڕەس
ئەم شــــیعرە وەفاو خەڵاتە بۆ هیمەت و هیوای بەرزت باڵا چنار
کەی دەژین وەك مرۆڤ ئێمەش دوور لە دەڵەك و واشەو زۆردار؟




ئەرێ 48 كاتژمێرەكە چی رویدا ؟…عەلی مەحمود محەمەد

سەرۆكی رێكخراوی تەندروستی جیهانی وتی” پڕۆپاگەندە چەواشەكاریەكان لە كۆرۆنا مەترسیدارترن”, رێك لە كوردستان لەسایەی حكومەتی وەك كابرای درۆزن وامان بەسەر هات, كە ماڵەكەشی سوتابوو, هاواری دەكرد سوتاین كەس باوەڕی پێ ناكرد, چونكە سابیقەی درۆی باش نەبوو.بە پێی راگەیاندنی حكومەت بێت 48 كاتژمێرەكە بۆ كۆنترۆڵكردنی شوێنەوارەكانی پرسەكەی گەڕەكی كارێزانی شاری هەولێرە كە 32 كەس تووش بووەو 8 میوانی سلێمانیشیان هەبووە, ئەوان بەدوای بەركەوتەكاندا موعتەجەولیان راگەیاندووە, ئەمە لە نەورۆز رویداوە, لە ماوەی 15 رۆژی دواتردا بە پێوەری جیهانی بێت, دەبێت ژمارەیەكی زۆر هاووڵاتی توش بوبێت, چەند بەرابەری ئەو ژمارەیە, لێ بەهۆی نا رۆشنی زانیاریەكانی وەزارەتی تەندروستی و نە ناساندنی توش بووان بە خەڵك , نازانین كێ و كام دراوسێمان كۆرۆنای لە باخەڵدایە, ئاخر چۆن بزانین بەركەوتەین یان نا؟, چینی و سەنگافوری و كۆرییەكان بەرنامەی مۆبایلەكەیان وا ریك خستبوو, كەسی تووش بوو لە كوێبوایە, چی بكردبایە دەورەبەرەكەی ئاگاداری هەنگاوەكانی بوون , لێ لای ئێمە هەر ژمارەیەو زیاد دەكات نە ناو و نە گەڕەك نەزانراون .
با واز لە حكومەتی درۆزن بێنین, بێینە سەر پڕوپاگەندەی خەڵكی راستگۆ, ئەو 48 كاتژمێرە بووە گرەوێكی قورس, هەڵهێنانی پێویستی بە پیاوی قاوە خۆر هەبوو, هەر بابایەو نوسینێك یان گرتەیەك بڵاو دەكاتەوە وەك هەنگی لە دارا دۆزیبێتەوە سڕی 48 كاتژمێرەكەی ئاشكرا كرد, هەمانە باوەڕی بە هەموو كرد جگە لەوەی حكومەتی درۆزن, یەكێك دەڵێت گازی سارین دەڕێژن , باشە سارین گازێكی كیمیاوی مرۆڤ كوژی كوشندەیە, بیڕێژن خۆ كەسمان دەرناچین,دەبوایا پێرێ شەو فاتیحایان بۆمان بخوێندایە, هەموومان ئێستا بمردینایا, كاكی دی دەڵێت تۆڕی ئەنتەرنێتی 5 جی تاقیدەكرێتەوە, باشە كاكە 5جی تاقیكراوەتەوەو وا لە زۆر وڵاتان وەك چاینە و كۆریاو ژاپۆن و ئەمەریكاو مۆناكۆو بەلجیكاو …… كاردەكات, كار لە تاقیكردنەوە نەماوە…, دواتر ئێمەی كورد چ كارمان بەو تاقیكردنەوەیەوە هەیە, خۆ نەك عامود دارێكیشمان بۆی نەچەقاندووە, یەكێك دی دەڵێت رەوە داعشێكیان هێناوە بۆ قەرەچوغ و لەوێ جێگیركراون, كاكێكی دی فلیمی دەیان تەنكەرمان بۆ دەگرێت بەرەو خازر دەڕۆن دەڵێت ئەمە نهێنیەكەیە, ئیشەكە دزیەو هیچی دی نییە, هەر بە راستیش تانكەرە نەوت قونیان ناوە بە یەكترەوە و ملی خۆیان بەم هەرزانی بازاڕی نەوتە شۆڕ كردۆتەوە, دەڵێی فیلن و لە شەڕی تەیرە ئەبابیلە تێكە شكاون , هەر شتێكیش باسی نەوت و تانكەر و دزی پێكەوە تیا بێت بە سانایی رستەكەی پێ دروست دە كەین و لای ئێمە غەریب نییە لە گەڵیدا راهاتوینە.باشە ئێمەی نەگبەت كە لە كونی ماڵەوە خۆمان لە كۆرۆنا شاردۆتەوە, ئاگامان لە زەواڵ نییە, گوناح نیین لەم بارودۆخە ناخۆشە, بەم هەموو چیرۆكە درۆیە مێشكمان هیلاك دەكەن, باوەڕ بە كامیان بكەین؟؟؟, تكایە رەحمێكمان پێ بكەن.
هێشتا 48 كاتژمێر تەواو نەبوەو خوا رەحمان پێ بكات.




شۆک … نەوزاد بەندی

چی ئەڵێی ؟چی ..
دوای گەڕانێ ،
خوێندەوارێکت دێتە ڕێ ،
شیعر ئەنووسێ ..
بۆ تاوێ لای دادەنیشی ..
وا ئەزانی سوهراپت دۆزیوەتەوە
سودفەی فروخت کردووە ..
ئەو هەر سەرقاڵی ووشەیە و
تۆیش بێ ئیشی ..
٭ ٭ ٭
کە سەیر ئەکەی ،
هەر تاوێکە و ..
لە پڕ تەپ وتۆزی شیعر ،
لە ڕوخساری ئەتەکێنێ و
ئەشواتەوە ..
کانزایەکی ڕەق ..ژەنگاویی ،
دەردەکەوێ و ..
لە مەرکانە قەوزە گرتووەکەی
چەند ساڵە ،
تا ئەتوانێ ئاوی لێڵ و
سەرە مێکوتە ئەخواتەوە ..
٭ ٭ ٭

قەت ڕووی داوە ،
کلیلی کتێبخانەکەت
دابێ بە ڕۆشنبیرێک و ..
کەچی قاچاخچی بووبێت و
کتێبەکان لە داخانا
یەک یەک خۆیان سووتاندبێ ؟
قەت ڕووی داوە ،
لەناو شەقامی شیعرێکا ،
لە پڕا کافیتریایەک ،
وای لێکردبی پۆلیسێ
بانگهێشتی کوپێ شیعر کەی ،
کوپە قاوە لە داخانا
یەک یەک خۆیان شکاندبێ ؟؟

٭ ٭ ٭

قاچاخچیەکەم ..
پۆلیسەکەم ..
با ئێمە ئەهلی خەیاڵ و
ئێوە ئەهلی خزمەت و
ڕاستی و چاکە بن ..
ئیتر قەت یاسا ناشکێنم ،
ئێوە خەریکی کەلەپچە و
فیشەک و
باری قاچاخ و دەسڕێژ و
ڕاکە ڕاکە بن ..
منیش به دیار دێڕێکەوە ،
چی ووشەیە خەرجی ئەکەم ،
تا ئەگەمە دنیای دەروون ..
ئەوەی ئێوە لێی ئەترسن ..
زەق زەق تەماشای ئەکەن و
پڕ دەمیشتان بنێشت ئەجوون




تكایه‌ جه‌نابی وه‌زیر: ئه‌وه‌نده‌ قسه‌و هاتووچۆ مه‌كه‌! … د. زاهیر سوران

ماشائه‌ڵا له‌ گه‌وره‌یی خودا، تێنه‌گه‌یشتن و بێتوانایی میلله‌ت و كوالێتی باش و به‌رزی نه‌خۆشخانه‌كانمان، پێشێلكردنی زه‌قی مافی نه‌خۆش له‌ دابینكردنی سابون وته‌والێتی پاكژدا. به‌ڕێزان له‌م كاته‌دا خه‌ڵكی دونیا به‌ گشتی حه‌زناكه‌ن له‌ شاشه‌كانه‌وه‌ ڕووخساری كاربه‌ده‌ستانی حكومه‌ت ببینێت، باشتره‌ خۆتان دووربخه‌نه‌وه‌و خۆتان بپارێزن لێی . یه‌كێك له‌ هاوپیشه‌كانم دوێنێ نامه‌یه‌كی ده‌نگی بۆناردم، به‌پێی قسه‌كانی ئه‌و، نه‌خۆشخانه‌ی رزگاری هی زه‌مانی سه‌دامه‌ كه ‌دروستكراوه‌، زۆرم پێ ناخۆش بوو له‌به‌رئه‌وه‌ی قسه‌كانی هه‌ق بوون، ئێمه‌ش‌ هه‌میشه‌ چیكلدانه‌مان گچكه‌یه‌و قسه‌ی هه‌قمان پێ ناخۆشه‌، گه‌ر دڵسۆزو خه‌مخۆر بیت ده‌بێت شه‌وه‌كه‌ی نه‌خه‌ویت وهه‌وڵی چاره‌سه‌ركردنی بۆ بدۆزینه‌وه‌. به‌ڵام جیاوازییه‌كه‌ له‌وه‌دایه‌ كه‌ هه‌میشه‌ پزیشك حه‌زی له‌ نه‌خۆشخانه‌و قاوشی پاكوخاوێن، ستافی باش، ئازا، به‌تواناو كارخۆشه‌ویسته‌ وه‌لێ پێویسته‌ خاوه‌نكاریش‌ كه‌لوپه‌لی پێویستی رۆژانه‌ بۆ كارمه‌ند (تووشی ڤایرۆسه‌كه‌ نه‌بن) و نه‌خۆشه‌كان دابین بكات و هیچ كامێكیان فه‌رامۆش نه‌كات ، ئه‌و فیلمه‌ی كه‌ دوێنی بینیم راشكاوانه ده‌ڵێم ‌شۆكی كردم له‌به‌رئه‌م هۆیانه‌ی خواره‌وه‌:
١- له‌و قاوشه‌دا یه‌ك كارمه‌ندی ته‌ندروستی تیادا ده‌رنا‌كه‌وێت نه ‌له‌دوورنه‌ له‌ نزیكه‌وه تەنانەت ‌ له‌ ڕاره‌وه‌كه‌شدا كه‌س دیار نییه‌ ،ئه‌وه‌ش ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت كه‌ ئه‌و چه‌ند نه‌خۆشه‌ چاودێریكه‌رێكیان نه‌بووه بگره‌ بۆ كاتی پێویست دوگمه‌ی زه‌نگی ئاگاداركردنه‌وه‌شی تێدا نه‌بوو‌. هاوكات مانای ئه‌وه‌یه‌ كه‌ نه‌خۆشخانه‌كه‌ ستافی پێویستی ئاماده‌ كراوی به‌رده‌ستی نییه‌ كه‌ رێگری دروستبوونی‌ كاره‌سات بكه‌ن.
٢-له‌م كاته‌دا هه‌موو كارمه‌ندانی ته‌ندروستی هاوارده‌كه‌ن كه‌ ڤایرۆسه‌كه‌ له‌سه‌ر نایلۆن، شوشه‌، ته‌خته‌…تاد چه‌ند كاتژمێرێك تا چه‌ندین رۆژێك ده‌مێنێته‌وه‌، گه‌ر كارمه‌ندانی نه‌خۆشخانه‌ دۆلاب و به‌ جیا مێزی نێو ژووردابین نه‌كه‌ن ئێ باشه‌ بۆچی ئه‌و زبڵه‌‌ له‌ سه‌رئه‌و زه‌وییه‌ دانرابوون ؟ ئایا ده‌زانن مه‌ترسی گواستنه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌كه‌ هه‌ر له‌ نێو ژووره‌كاندا بۆ ستاف چه‌نده‌ ؟.
به‌ڕێزان، گه‌ر به‌ مه‌به‌ست و بۆ ناشیرینكردنی نه‌خۆشخانه‌كه‌ ڤیدۆكه‌ تۆمارکراوە‌ بۆ زه‌نده‌ق بردنی خه‌ڵكی ده‌ره‌وه‌ی نه‌خۆشخانه‌ ڤیدیۆكه‌ كراوه‌‌ ئه‌وا ده‌بێت پاش چاكبوونه‌وه‌ی ئه‌و نه‌خۆشه‌ بدرێته‌ دادگا. گه‌ر ئه‌و وێنه‌ ڤیدیۆیانه‌ ڕاستیشه‌ ده‌بێت به‌ڕێوه‌به‌ری ‌نه‌خۆشخانه‌كه‌ لێپرسینه‌وه‌ی له‌ گه‌ڵدابكرێت هه‌رچه‌نده‌ هه‌موو نه‌خۆشێك مافی خۆی هه‌یه‌ به‌ڵام ئه‌ركی ‌سه‌رشانیانیش هه‌س‌‌ كه‌ ده‌بێت ڕاستگۆ بن، نابێت كه‌سانی دی تووشی نه‌خۆشییه‌كه ‌‌بكه‌ن هاوكات پرۆپاگه‌نده‌ی پلان داڕێژراو‌‌ بڵاونه‌كه‌نه‌وه بۆ رووخاندنی وره‌ی دانیشتوان ودژی كارمه‌ندانی نه‌خۆشخانه‌ و حكومه‌ت.
٣-ئه‌وه‌ی سه‌یره‌ له‌لای من ئه‌وه‌یه‌ بۆچی ئه‌و نه‌خۆشخانه‌ گه‌وره‌یه‌ ئاماده‌كراوه‌ بۆ نه‌خۆشانی كۆرۆنا ؟ گه‌ر به‌ڕێوه‌به‌ری ته‌ندروستی هه‌ولێر گومانی ئه‌وه‌ی كردبووكه‌ له‌ناكاو ڤایرۆسه‌كه‌ خێرا بڵاوده‌بێته‌وه ‌و پێویستی به‌ ٤٠٠ قه‌ره‌وێڵه‌یه‌ به‌و شێوه‌ خراپه‌ كه‌ ده‌بینرێت (ئه‌ی چی ده‌كه‌ن بۆ پێشانگا نێو ده‌وڵه‌تییه‌كه‌ی هه‌ولێر) تا ئێره‌باشه. ‌ئایا سه‌رچاوه‌ی ترس و گومانه‌كه‌ی له‌ كوێوه‌ دروست بوو؟ گه‌ر وایه‌ ئایا (به‌ لایه‌نی كه‌مه‌وه‌) ٤٠ پزیشكی كارامه‌، ١٠٠ په‌رستیار، ٥٠ یاریده‌ده‌ری خزمه‌تكردن وهاوكات گواستنه‌ی نه‌خۆشه‌كان،٢٠-٤٠ كارمه‌ندی ستافی ئه‌مباركردن ودابه‌شكردنی كه‌لوپه‌ل كارمه‌ندانی به‌شی تیشك ئه‌وه‌ جگه‌ له‌ستافی به‌شی خۆپاراستن و پاكوخاوێنی نێو نه‌خۆشخانه‌ و كارمه‌ندانی به‌شی چێشتخانه‌یان ئاماده‌كردووه‌، بیریان له‌و ڕاستییه‌ نه‌كردبووەوه‌ ئاماده‌كردن و دابین‌كردنی ستافی تایبه‌ت و پێداویستییه‌كانی دژی ڤایرۆسه‌كه‌ پێش ئاماده‌كردنی نه‌خۆشخانه‌كه‌بوو، ده‌نا یارمه‌تیدان و چاككردنه‌وه‌ی نه‌خۆش كارێكی ئاسته‌مه‌ زۆر جاربه‌ پزیشك ناكرێت.
٤- نه‌بوونی ته‌والێتی كورسی (غه‌ربی)، سابوون و ئه‌لكهۆلی پاكژكردنه‌وه‌ی ده‌ستی نه‌خۆش، كاخه‌زی ده‌ست هیشككردنه‌وه‌ وكیسه‌ی خۆڵ كۆكردنه‌وه‌ له‌پێش هه‌موو شتێكه‌وه‌یه‌، دووش (گەرماو) واته‌ شوێنی خۆشتن هه‌ر زۆر پێویستن و به‌شێكن‌ له‌ رێنماییه‌كانی پاكوخاوێنی نێو نه‌خۆشخانه‌، لێره‌دا به‌شێكی سه‌ره‌كی مافه‌كانی نه‌خۆش وه‌لانراوه‌.
هه‌ڵه‌ی هه‌موو وه‌زیره‌كان و به‌رپرسانی تری به‌شی كڕینی هه‌موو وه‌زاره‌ته‌ یه‌ك له‌ دوا یه‌كه‌كانی ته‌ندروستی بایه‌خ نه‌دان و پشتگوێخستنی ‌كڕینی پێداویستی‌ گرنگی نه‌خۆشخانه‌كانه، ‌ئاسانترینیان چه‌رچه‌ف بووه‌ بۆ شاردنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌زاران هه‌زار به‌تانییه‌ ناشیرینه‌ ڕه‌نگاو ره‌نگه‌ مه‌ترسیداره‌ تووكنه‌یه‌ كه‌ له‌ شاشه‌ی ته‌له‌فزیۆنه‌كانه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌ن له‌به‌رئه‌وه‌ی دڵی مرۆڤی ساخیش سه‌خڵه‌ت ده‌كات، هه‌رچه‌نده‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌كانی دنیادا به‌تانی زه‌رد یان شین هه‌یه،‌ به‌ڵام به‌رگی ئوتوكراوی قوماشی تێگیراوه‌، پاكو خاوێنتر‌، جوانتر و دڵكراوه‌تر ده‌رده‌كه‌ون‌ بۆ خودی نه‌خۆش ومیوان و ئێنجا بۆ كارمه‌ندانی ته‌ندروستی‌.
به‌ڕێزان، من له‌ ئێوه‌ باشتر ده‌زانم سیسته‌می ته‌ندروستی له‌ كوردستاندا ناته‌ندروسته‌ وسه‌قه‌تیان كرد به‌ڵام له‌ خۆشه‌ویستی بۆ كاره‌كه‌م وسه‌لامه‌تی نه‌خۆشه‌كانمه‌وه‌ باشترین ئامۆژگاری هاوپیشه‌ییانه‌ وبرایانه‌م بۆتان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ چیدی مه‌چنه‌ به‌رده‌م كامێراكان، ئه‌وه‌نده‌ شوێنه‌كان به‌سه‌رمه‌كه‌نه‌وه‌ (گه‌ر فره‌ پێویست نییه‌) گه‌ر پێویستیشه‌ ئه‌وا ئه‌و هه‌موو به‌ ناو ڕۆژنامه ‌نووسانه‌ له‌ ده‌ورتان كۆمه‌كه‌نه‌وه‌، (بێده‌نگ بڕۆن و بگه‌ڕێنه‌وه‌) له‌به‌رئه‌وه‌ی گه‌ر ده‌سته‌ڵاتتان پێ نه‌دراوه‌ یان نییه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كاره‌كانتان ئه‌نجام بده‌ن ئه‌وا ده‌توانن داوای لێبوردن بكه‌ن و واز له‌ به‌رپرسیاریه‌ته‌كه‌‌تان بهێنن با له‌م كاته‌ هه‌ستیاره‌دا خۆتان و وه‌زاره‌ته‌كه‌ تێك نه‌شكێن له‌به‌ر ئه‌وه‌ی تێكشكاندنی ئێستای نه‌خۆشخانه‌ مانای تێكشكاندنی حكومه‌ت و بگره‌ میلله‌تیش ئه‌وسا‌ هیچ كه‌سێك وته‌نانه‌ت مێژووش لێتان نابورێت ووه‌ك خۆتان ده‌یه‌ژن: با كاره‌ساتی‌ مرۆیی‌ روونه‌دات . تكایه‌ به‌ نووسراو داوای یارمه‌تی له‌ شاره‌زایان بكه‌ن هیچ عه‌یب نییه و با فه‌رشی سوور بۆ بێگانه‌ دانه‌خه‌ین، باوه‌ڕناكه‌م كه‌س نه‌بێت (مه‌گه‌ر بێویژدان بێت) و نه‌یه‌ت به‌ هاناوه‌ .‌ له‌ ئیمڕۆوه‌ وا باشتره‌ كاره‌كانتان به‌ نوسراو جێبه‌جێ بكرێت،‌ ئه‌و كاته‌ی به‌ هاتووچۆ و كۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانییه‌وه‌ به‌فیرۆی ده‌ده‌ن (كارده‌كاته‌ سه‌رتوانای بیركردنه‌وه‌ وبڕیاردانی هه‌ڵه‌شه‌) پێشتریش ئاماژه‌م پێكردووه‌ ئێمه‌ شه‌ڕمانه‌ له‌ گه‌ڵ كاتدا و كاتیش له‌به‌رژه‌وه‌ندی ئێمه‌دا نییه‌، باشتر وایه‌ كاتتان‌ ئاماده‌ بكه‌ن بۆ پیتاك كردن، دابینكردنی ستاف، كه‌لوپه‌لی خۆپاراستنی نێو نه‌خۆشخانه‌كان كارمه‌ندان و نه‌خۆشه‌كان.
له‌ كۆتاییدا هیوادارم جه‌نابی وه‌زیر كه‌ خۆیان پێشتر به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ته‌ندروستیش بوون، به‌ دڵێكی فراوانه‌وه‌ ڕه‌خنه‌كانم لێ وه‌ربگرێت و هه‌وڵی به‌ په‌له‌ی (دڵگەرم) جدی بدات بۆ چاره‌سه‌ركردنیان نه‌ك به‌ دوژمنایه‌تی، ئیهانه‌ و ته‌شهیر بیداته‌ قه‌ڵه‌م (پاشتر ئاگر له‌سه‌ر پشتم بكاته‌وه‌) له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌موومان خۆمان به‌ خه‌مخۆری میلله‌ت ده‌زانین و هه‌موومان دڵمان گه‌رمه‌، هاوكات من ڕقم له‌ كه‌س نییه‌ و نه‌بووه‌ به‌ڵام كه‌مته‌رخه‌مییه‌كان مه‌ترسیدارن، هه‌ڵسوكه‌وته‌ نابه‌جێكان یان پشتگوێخستنی به‌رپرسیاریه‌تییه‌كانی كه‌رتی ته‌ندروستی به‌رانبه‌ر نه‌خۆش فره‌ ناڕه‌حه‌تم ده‌كات ئه‌ویش له‌ دڵسۆزی وخه‌مخۆری خۆمه‌وه‌یه‌‌‌‌ بۆ كۆنترۆڵكردنی‌‌ باشتروخێراتری ڕه‌وشه‌كه‌یه‌‌ ‌‌كه‌ هه‌موومانی كردۆته‌ ئامانج وده‌بێت ده‌ست له‌ نێوده‌ست بین بۆ خزمه‌تكردنی نه‌خۆش و رێگرتن له‌فره‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌كه‌ نه‌ك دژی یه‌كدی.

د. زاهیر سوران
پسپۆڕی نه‌خۆشییه‌ درمییه‌كان و گشتییه‌كان ، سلێمانی.
٧ نیسانی ٢٠٢٠

تێبینی: ئاما‌ده‌م گه‌ر گه‌ره‌كتانه‌ له‌ ماوه‌یه‌كی كورتدا ستافێكی باشی كارا‌مه‌تان بۆ ئاماده ‌بكه‌م تا له‌و ده‌رده‌سه‌رییه‌ رزگارتان ببێت، به‌ مه‌رجێك به‌شداران و پێداویستییه‌كانی خوله‌كه‌م بۆ ئاماده‌ بكه‌ن و كه‌س ته‌دەخول (ڕۆچوون) نەکات.




…ده‌زگای خێرخوازییه‌ یان ئۆرگانی حزبایه‌تییه‌؟ ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب

ڤایرۆسی كۆرۆنا هه‌موو جیهانی گرتووه‌ته‌وه‌و رۆژانه‌ ژماره‌یه‌كی گه‌وره‌ مرۆڤ له‌ناو ئه‌بات وزیاتر له‌ نیوه‌ی دانیشتوانی سه‌ر زه‌وی ناچاركردووه‌ له‌ ماڵ بمێننه‌وه‌ وه‌ك رێگه‌گرتن له‌ زیاتر ته‌شه‌نه‌كردنی و بڵاوبوونه‌وه‌و ئه‌و بارودۆخه‌ بووه‌ته‌ مایه‌ی به‌دبه‌ختی بۆ هه‌مووان به‌ تایبه‌ت بۆ هه‌ژاران و له‌ پاڵ بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تای كۆرۆنا هه‌ژاری و برسێتی بڵاو بووه‌ته‌وه‌‌.
به‌ هۆی كۆرۆناوه‌ باسی ده‌زگاكانی خێرخوازی گه‌رمه‌و، حزبه‌كان كه‌وتوونه‌ته‌ كێبركێ و پاره‌ كۆكردنه‌وه‌‌و هه‌رچه‌نده‌ ئامانجی ئه‌و ده‌زگانه‌ خزمه‌تكردنی به‌رژه‌وه‌ندی گشتییه‌ وه‌ك بایه‌خدان به‌ په‌روه‌رده‌و فێركردن وپێشخستنی كۆمه‌ڵگاو یارمه‌تێدانی خه‌ڵكی لێقه‌وماوو، كاركردن به‌بێ جیاوازی ئاین و ره‌گ و تایفه‌ و پێست به‌ڵام به‌داخه‌وه ‌زۆرجار له‌ به‌ر زاڵبوونی بیری حزبایه‌تی ئاراسته‌كه‌ی ئه‌گۆردرێت.
ده‌زگاكانی خێرخوازی قازانج نه‌ویسته‌و بۆ جێبه‌جێ كردنی ئامانجی به‌رزو گه‌وره‌ی‌ وڵات به‌بێ جیاوازی و دوور له‌ حزبایه‌تی هه‌وڵ ئه‌ده‌ن و، كار بۆ نه‌هێشتنی هه‌ژاری و بارگرانی خه‌ڵك ئه‌كه‌ن و هه‌روا بۆ بته‌كردنی مافه‌ بنه‌ره‌تییه‌كانی مرۆڤ و ژینگه‌و كۆمه‌ڵگا له‌ رێی راهێنان بۆ كه‌سانی بێكار بۆ ئه‌وه‌ی ببنه‌ كه‌سانی خاوه‌ن به‌رهه‌م و، له‌ هه‌ندێ وڵات ده‌زگاكان یارمه‌تی لاوان ئه‌ده‌ن و ئه‌بنه‌ زامنكردنی پێداویستییه‌كانی هاوسه‌رگیری و، كار بۆ جه‌نگاوه‌ره‌ دێرینه‌كان و كه‌سانی نه‌خوێنده‌وارو بێ ئه‌زمون ئه‌دۆزنه‌وه‌.
له‌ زوربه‌ی وڵاتان ده‌زگاكانی خێرخوازی به‌ شێوه‌ی هه‌ره‌مه‌كی دانه‌مه‌زراون به‌ڵكو ئه‌بێت هه‌موو ئامانجه‌كانی به‌ پێی به‌رپرسیاره‌تی یاسایی بێنته‌دی و بار قورسی سه‌رجه‌م چین و توێژه‌كانی كۆمه‌ڵگا له‌ رێی گه‌شه‌دان به‌ په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌لایتییه‌كان سوك بكات و له‌ هه‌مان كاتدا بایه‌خبدات به‌ مافه‌كانی مرۆڤ و هه‌وڵبدات هه‌ژاری نه‌مێنێت و سواڵكردن بنبر بكات.
ده‌زگاكانی خێرخوازی بۆ كارو چالاكییه‌كانی پشت به‌ یارمه‌تی و كۆكردنه‌وه‌ی پیتاك و هاوكاری دارایی ئه‌به‌ستێت و سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی خه‌ڵك و رێكخراوه‌و داموده‌زگاكانی ناو كۆمه‌ڵگایه‌و نابێت به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك بۆ سوودی تاك وحزب و به‌رپرس و كه‌سانی خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات به‌كاربهێنرێت و، ئه‌بێت بۆ خۆشی ئه‌و كه‌سانه‌ بێت كه‌ له‌ ژیانیاندا تووشی ناخۆشی و شه‌رو كاره‌سات بوونه‌ته‌وه‌و بۆ خۆشگوزه‌رانی كۆمه‌ڵایه‌تی و، بێ له‌ هاوكاری دارایی پیتاك وه‌ك جلوبه‌رگ، پێڵاوو خواردن رۆڵیان هه‌یه‌ و، ئه‌م ده‌زگانه‌ دابه‌ش ئه‌بن به‌ سه‌ر: پاراستنی ژینكه‌، پاراستن و یارمه‌تیدانی ئاژه‌ڵ، وه‌ده‌ستهێنانی ده‌رمان و عیلاجی نه‌خۆشه‌كانی شیرپه‌نجه و هتد … ‌
زۆر كه‌ره‌ت پاره‌و پیتاكی كۆكراوه‌ به‌شی كاروباری ده‌زگاكان ناكات بۆیه‌ روو له‌ سه‌رچاوی دارایی تر ئه‌كه‌ن وه‌ك ئاهه‌نگگێران وچالاكی جۆراوجۆرو هه‌مه‌چه‌شنه‌ یان فرۆشتنی شتومه‌ك و به‌رهه‌می سه‌ر به‌ ده‌زگاكان و، به‌و‌ شێوه‌یه‌ش باری ئابووری ئه‌بوژێته‌وه‌و یارمه‌تی بۆ هه‌ژاران و هه‌تیوان زیاتر ئه‌بێت و، یارمه‌تییه‌كان ئه‌درێن به‌ خه‌ڵكانی نه‌خۆش و پیرو په‌ككه‌وته‌و خاوه‌ن پێداویستییه‌كان و ئاماده‌كردنی داوده‌رمان و جاروبار نه‌شته‌رگه‌ری كردن بۆ لێقاوماوان و، له‌ رێی بیرلێدان یارمه‌تیدانی ده‌وڵه‌ت ئه‌ده‌ن بۆ ئه‌و شوێنانه‌ ئاوی پاكی خواردنه‌وه‌یان نییه‌.
ده‌زگاكانی خێرخوازی له‌ زۆر رووه‌وه‌ یارمه‌تی پێشكه‌ش ئه‌كه‌ن وه‌ك كردنه‌وه‌ی خولی فێركردن وپه‌ره‌دان به‌ بواره‌كانی رۆشنبیری و كۆمه‌ڵایه‌تی و ، بایه‌خدان به‌ كێشه‌كانی ژنان و به‌رگری له‌ مافه‌كانی و چالاككردنی رۆڵیان له‌ ناوكۆمه‌ڵگاداو، هه‌وڵدان بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی گیروگرفتی چه‌وساوه‌كان و، به‌شداریكردن بۆ لابردنی بارسه‌نگی له‌ سه‌ر ئه‌و خێزانانه‌ی تووشی زه‌ره‌روزیان بوونه‌ته‌وه‌و، بایه‌خدان به‌ لاوان وبه‌رزكردنه‌وه‌ی باری رۆشنبیرییان سه‌باره‌ت به‌ دیموكراسی، ئازادی، مافه‌كانی مرۆڤ، سه‌روه‌ری یاسا و دژایه‌تیكردنی گه‌نده‌ڵی.
تا ئێستا ژماره‌یه‌ك چاوچنوك و چاوبرسی هه‌ن بوونی ئه‌م جۆره‌ ده‌زگانه‌ له‌ پێناو كاری نه‌شیاوو ناشه‌رعی ئه‌قۆزنه‌وه یان له‌ پاره‌ی ئه‌م ده‌زگانه‌ ئه‌ده‌ن به‌ هونه‌رمه‌ندان به‌ نیازی ئه‌وه‌ی هونه‌رمه‌ندان ده‌زگای نوێ دابمزرێنن و ئه‌گه‌ر سه‌ركه‌وتوو بن پاره‌ی زۆرتر كۆ ئه‌كه‌نه‌وه‌و، ئه‌و كات ده‌ستبه‌سه‌ر پاره‌كه‌ ئه‌گرن و بۆ خۆیان خه‌رجی ئه‌كه‌ن.
لای خۆمان به‌رپرسان حزبایه‌تی به‌ ده‌زگاكانی خێرخوازی ئه‌كه‌ن و نموونه‌ش زۆره‌و له‌وانه‌ له‌ كاتی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ی شاری ده‌ربه‌ندیخان له‌ شه‌وی 12/11/2017 زیانێكی زۆر به‌ر شارو خه‌ڵكه‌كه‌ كه‌وت و، زیانه‌كانیش به‌ ( 19) ملیار دینار خه‌مڵێندرا بێ ئه‌وه‌ی 4 هاوڵاتی گیانیان له‌ده‌ستداو ژماره‌یه‌كی زۆریش بریندار بوون و جێی ئاماژه‌یه‌ سه‌رۆكی حكومه‌ت نێچیرڤان بارزانی به‌ڵێندا كه‌ حكومه‌ت قه‌ره‌بووی زیانه‌كان ئه‌كات به‌ڵام له‌مرۆدا زیان لێكه‌وتوانی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ نێگه‌رانن وحكومه‌ت هیچی نه‌كرد به‌ڵام رێكخراوه‌كان سه‌ر به‌ پارتی و یه‌كێتی و حزبه‌كانی تر هه‌ندێ خێوه‌ت ، به‌تانی، سوپاو ئازووقه‌یان دابه‌ش كردو جێی ده‌ستخۆشییه‌ و، ئه‌وه‌ی جێی ره‌خنه‌و گازنده‌یه‌ هه‌ر یه‌ك له‌و حزبانه‌ دووچاوگی و جیاوازییان كردو، یه‌كه‌م بۆ ئه‌ندامه‌كانی خۆیان و دووه‌م بۆ لایه‌نگیرانیان و ئه‌وه‌ش مایه‌وه‌ بۆ لێكه‌وتوان و لێقه‌وماوان و، باشتر وابوو هه‌رچی هه‌بوو بدرایه‌ به‌ ده‌ست به‌رپرسانی حكومه‌ت له‌ شاره‌كه‌ و له‌ رێی ئه‌وان دابه‌ش بكرایه
كێبركی له‌ نێوان حزبه‌كان هه‌یه‌و ئه‌گه‌ر پارتی ده‌زگای خێرخوازی بارزانی هه‌یه‌، ئه‌وا یه‌كێتی ده‌زگای مرۆیی مامی هه‌یه‌ كه‌ ناسنامه‌كه‌ی ئه‌ڵێت رێكخراوێكی قازانج نه‌ویسته‌ و، كێبركی به‌ناوی خێرخوازی له‌ نێوان كوره‌كانی نێچیرڤان بارزانی و مه‌سرور بارزانی هه‌یه‌ و، كه‌س نازانێت پاره‌ و سامانی ئه‌و رێكخراوه‌انه‌ چه‌نده‌؟ و ، له‌ كوێوه‌ هاتوون؟ و، چۆنچۆنی خه‌رج ئه‌كرێن؟ و، جارێكیان یه‌كێك له‌و كورانه‌ گۆرانیبێژێكی ئه‌مرێكی بانگهێشت كردو بوو بووه‌ مایه‌ی زه‌ره‌رو خه‌ڵكێكی كه‌م چوون بۆ ئاهه‌نگه‌كه‌و كابرای ئه‌مریكی چه‌ند ده‌فته‌ر دۆلاری وه‌رگرت و خێۆخوازییه‌كه‌ شكستهێنا. ‌.
6/4/2020




ڕۆژێک دادێت … بەناز فاتیح

دەرگا لەسەر جیهانی خۆم
دادەخەم و
بەخۆم دەڵێم
ئیدی تەنها
خۆتت بەسە!
رۆژێک دادێت
کە سەیری ئاسمان دەکەم
بە خۆم دەڵێم
ئیدی زەمین
تۆی وەدەرنا
لێرە تەنها
ئازادیت بەسە!
رۆژێک دادێت
کە سەیری خۆم دەکەمەوە
بە خۆم دەڵێم
بێدەنگیت
تاریکیت
دێوانەییت
بۆچی لە ماڵی شیعرێکدا
بەجێ نەهێشت!!!
رۆژیک دادێت…

بەناز فاتیح




كۆرۆناو چاوچنۆكه‌كانی كوردستان … عیماد عه‌لی

به‌دوور له‌ باره‌ جیهانی و ناوچه‌كه‌، راسته‌وخۆ له‌كوردستان و كاریگه‌ریه‌كانی كۆرۆنا بۆ ئه‌م چه‌ند رۆژه‌ ببینین، زۆر شتمان بۆ روون ده‌بێه‌وه‌. ئه‌وه‌ی ویستیان به‌ كوردستانی بكه‌ن له‌ به‌ره‌هایی گواستنه‌وه‌ی بۆ نێو دونیای سه‌رمایه‌داری له‌سه‌رجه‌م سیكته‌ره‌كنی ژیانی خه‌ڵك و گوێ گرتن و چه‌مانه‌وه‌ و نوچدان بۆ مره‌جه‌كانی ده‌زگا چاوچنۆكه‌ جیهانیه‌كان و هه‌وڵی نیوه‌ناچڵێ گۆرێنی ژیانی خه‌ڵك بۆ دونیای سه‌رمایه‌داریی بێ ره‌حم و دروستكردن و زه‌فقبونه‌وه‌ی باری جیاوازی چینایه‌تی زه‌ق و، گۆڕینی هه‌موو شتێك كه‌ بۆنی مرۆڤایه‌تی لێبێت ته‌نها بۆ ماده‌ بۆ ته‌نها مه‌به‌ستێك كه‌ ئه‌ویش كاڵاو قازنج و زیده‌به‌رهه‌م بێت، وا به‌ یه‌ك گۆڕینی سروشتی سه‌ری هه‌موانی دای له‌ دیوار. له‌سه‌رجه‌م رووه‌كانی ته‌ندروستی و په‌روه‌رد و فێركردن و كار و كرێكار و كشتۆكاڵ وباری كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌مووی به‌ تاكه‌ هۆكارێك داڕما و ساخته‌ی دونیای دوور له‌ مرڤایه‌تی و ته‌نگبینی بیری تاكگه‌رایی ده‌رخست.
دوای ئه‌وه‌ی خه‌ریك بوو ورده‌ ورده‌ سێكته‌ری ته‌ندروستی له‌ حكومه‌تیه‌وه‌ ‌و شێوه‌یه‌ بگۆرن بۆ ئه‌هلی كه‌ مامه‌ڵه‌كردنی نه‌خۆش وه‌كو به‌كاربه‌ر و مه‌عمیل و نه‌خۆشخانه‌ وه‌كو كۆمپانیایه‌كی قۆرخكاری هاوشێوه‌ی كارگه‌كانی تری وه‌كو دروستكردنی تۆپ و فرۆكه‌ و ئۆمتۆمبیل مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكه‌ن و داوو ده‌رمان نه‌ك وه‌كو چاره‌سه‌ر به‌ڵكو وه‌كو كاڵایه‌كی رووتی بێ ناوه‌رۆكی مرۆڤایه‌تی ته‌نها و ته‌نها له‌ پێناو قازانج و به‌س ئه‌گه‌ر كوالیه‌ته‌كه‌شی له‌ هیچ ئاستێكدا نه‌بێت، ئه‌وه‌تا ده‌ركه‌وتن له‌سه‌ره‌تای ئاراسته‌ی گۆڕێن توشی قه‌یران هات و خۆشنودی و گه‌شكه‌كردنی ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم له‌مه‌ڕ گۆرینی سیستمی هه‌رێم به‌ رێنمایی و ئامۆژگاریه‌كانی داموده‌زگاكانی دونیا سه‌رمایه‌داری و فه‌رمانره‌واكانیان، ئه‌وه‌ ده‌ركه‌وت كه‌ كۆرۆنا ئه‌و خورافاته‌ی له‌ مێشكی به‌رپرسانی ده‌سترۆیشو چێنرابوو بۆ گۆرینی هه‌ولیر بۆ دوبه‌ی و كوردستان بۆ ولایه‌تی داڵاس بوو به‌ خه‌ونێكی زڕاو به‌ مۆته‌كه‌ی حه‌قیقه‌تی دونیای مرۆڤایه‌تی راسته‌قینه‌. لێره‌دا نه‌ سه‌رمایه‌داری و نه‌ش ئه‌م جۆره‌ دیموكراسی و به‌ناوئازادیی سه‌خته‌یه‌ و نه‌ش هه‌نگاوه‌ نه‌گونجاوه‌كانی فه‌رمانره‌وایانی هه‌رێم رووه‌ و سه‌رمایه‌داری بێ ژێر خانی ئابووری گونجا دادی نه‌دان و نه‌ك بۆ هه‌رێم به‌ته‌نها به‌ڵكو بۆ جیهانیش ده‌ركه‌وت كه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ سه‌ره‌تای رێگه‌ی راست خۆی به‌سه‌ر ئه‌م دونیا فریوده‌ره‌ ساخته‌چێتیه‌ی دونیای سه‌رمایه‌داریدا ده‌سه‌پێنێت.
له‌لایه‌كی تره‌وه‌ بۆ هه‌موو ئایدیالیسته‌ میتافیزیكه‌ ئایین په‌یڕه‌وانی كوردستان ده‌ركه‌وت كه‌ نه‌ مزگه‌وت و نه‌ش مه‌لا و خه‌تیب و ده‌م سپی بیر خه‌یاڵاوی و نه‌ش سیتمی كۆمه‌ڵایه‌تی دواكه‌وتوی به‌سه‌رچو و نه‌ش پۆپۆلیستی سیاسی رۆڵی له‌ به‌رژه‌وه‌ندیه‌ راسته‌قینه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان به‌قه‌د یاریده‌ده‌رێكی پزیشكدا نیه‌. به‌ڵی ئه‌و راستیه‌ ده‌ركه‌وت كه‌ ئه‌وه‌ی كوردستان نیازی بوو بیكات له‌ قازانجی نزیك و دورمه‌ودا و دوارۆژی ئه‌م گه‌له‌ نیه‌ و ده‌سه‌لاتدارانی هه‌رێم تایبه‌تمه‌ندهیه‌كانی ئه‌م گه‌له‌یان نه‌خوێنده‌وه‌ و ویستیان لاسایی پێخاوسه‌كان و تازه‌دیده‌ نه‌دیوبدیه‌كان و ره‌فتاری روكه‌شیانه‌ی دوور له‌ ناخی په‌ڕه‌سه‌ندنی سروشتی مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ پرسی كورد و به‌رژه‌وه‌ندی گه‌له‌كه‌ی ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ ئه‌گه‌ر به‌خۆشیان نه‌زانن كه‌ فه‌رمان و رێنمایی ده‌ره‌كی پێیان ده‌كه‌ن و ئه‌وان هیچیان به‌ده‌سته‌وه‌ نیه‌ جگه‌ له‌ ملكه‌چبون چه‌مانه‌وه‌ نه‌ بێت.
له‌لایه‌نی ته‌ندروستیه‌وه‌ ده‌ركه‌وت كه‌ نه‌خۆسخانه‌ی تایبه‌ت و پزیشك و به‌ڕیوه‌به‌ره‌ سه‌رمایه‌داره‌كانی بواری ته‌ندروستی ئه‌هلی له‌م قه‌یران و ته‌نگژه‌یه‌ وه‌كو باری ناله‌باری خه‌ڵك به‌ هۆی كۆرۆناوه‌ هیچیان له‌ده‌ست نایه‌ت و ده‌ستودامان بێ ئه‌وه‌ی هه‌نگاوێكیش بنێن داده‌نیشن و هیچ رۆڵێكی ئه‌رێنی مرۆڤدۆستانه‌یان نیه‌( ئه‌مه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ته‌نها ئامانجیان قازانجی مادیه‌ و به‌س). بۆیه‌ ئه‌گه‌ر كۆرۆنا و لێكه‌وته‌كانی زنجیری به‌ستنه‌وه‌ی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ به‌ مه‌رجه‌كانی دونیای سه‌رمایه‌داری به‌یه‌كجاری نه‌پچڕێنێت له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیكدا ته‌نانه‌ت له‌ رووی سیاسیشه‌وه‌ سه‌ریان ده‌دات له‌ نه‌گونجاندنی بیر و ره‌فتاریان له‌گه‌ڵ ویستو به‌رژه‌وه‌ندیه‌ راسته‌قینه‌كانی گه‌لی كوردستان و كۆرۆنا ئاسا ناچاری ملكه‌چبونیان ده‌كات.




گفتۆگۆیەکی گەرم لەگەڵ ڤایرۆسی کۆرۆنا دا.. و: رەزا شوان

پرسیار: تۆ کێی؟
کۆرۆنا: نە بە چاو و نە بە زەڕەبینی تیشکیش من نابینی.
پرسیار: رەچەڵک و خێزانت کێن؟
کۆرۆنا بە پێی زانیارییەکان من لە بنەماڵەی ڤایرۆسەکانم، بە (ڤایرۆسی تاج) ناسراوم.
پرسیار: تۆ تازەیت یا کۆنیت؟
کۆرۆنا: تازەم.
پرسیار: ئایا تۆ گیانلەبەریت؟
کۆرۆنا: نەخێر.
پرسیار: ئایا لە دەرەوەی جەستەدا زیاد دەکەیت؟
کۆرۆنا: نەخێر.
پرسیار: بە چ خێراییەک زیاد دەکەیت؟
کۆرۆنا: من وەک تەنیا خانەیەک دەچمە گیانەوە.. لە ماوەی بیست و چوار کاتژمێردا، ژمارەم زیادەکات و دەگاتە دە ملیار.
پرسیار: بۆچی ناویان ناوی (گۆڤـید ـ نـۆزدە)؟
کۆرۆنا: بۆ کورتکردنەوەی وشەکانی ناوەکەم.. ناوم لەم سێ وشەیە پێکهاتووە: (کۆرۆنا، ڤایرۆس، دیسیاس) نۆزدەکەش، ئەوەیە کەمن لە ساڵی (٢٠١٩) سەرم هەڵدا. (١٩) دوو ژمارەی کۆتایی ساڵی سەرهەڵـدانمە.
پرسیار: بۆ یەکەمین جار لە کەی و لە کوێدا دەرکەوتیت؟
کۆرۆنا: لە مانگی دێسەمبەری ساڵی رابردوو، لە زێدی سەرهەڵدانم لە شاری (وۆهان) لە چین دەرکەوتـم.
پرسیار: چۆن لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگوازرێیتەوە؟
کۆرۆنا: بە هۆی ئەو پریشکانەوە، کە لە کاتی کۆکین و پژمیندا، لە دەمی کەسێکی تووشبووەوە دەردەپڕن و بەر کەسێک یا کەسانی نزیکیان دەکەون.
پرسیار: ئایا بە هۆی هەواوە دەگوازرێیتەوە؟
کۆرۆنا: حەز بەم هۆیە ناکەم.
پرسیار: لە کوێوە دەچیتە گیانی مرۆڤەوە؟
کۆرۆنا: لە دەمیەوە، یا لە لووتیەوە، یا لە چاویەوە.
پرسیار: بۆ ماوەی چەند، لەسەر کەلوپەل و شتومەک و کەرەستەکاندا دەمێنیتەوە؟
کۆرۆنا: لە چەند کاتژمێرێکەوە بۆ چەند رۆژێک.

پرسیار: کەسی تووشبوو، لە ماوەی چەند رۆژدا، دەردەکەوێت کە تووش بووە؟
کۆرۆنا: لە دوو رۆژەوە بۆ چوار رۆژ.. ئەوپەڕی: لە پێنج رۆژ یا لە شەش رۆژدا.
پرسیار: بۆ چی مەبەستێک دەچیتە گیانی مرۆڤەوە؟
کۆرۆنا: بۆ ئەوەی هێڕش بکەمە سەر سییەکانی و دایبڕزێنم.
پرسیار: باشترین ژینگە بۆ تۆ چییە؟
کۆرۆنا: ژینگەیەکی تەڕی تاریک و سارد.
پرسیار: ئایا حەز لە ژینگەی وشک و گەرم دەکەیت؟
کۆرۆنا: نەخێر.
پرسیار: سیانەی نیشانەکانی تووشکردنت چین؟
کۆرۆنا: ١ـ تالـێهاتن.. ٢ـ وشکە کۆکە.. ٣ـ شەکەتی و ماندووبوون.
پرسیار: ئایا ڤاگسین (دەرمانی دژ) هەیە بۆ لەناوبردنت؟
کۆرۆنا: نەخێر.
پرسیار: ئایا چارەسەرت هەیە؟
کۆرۆنا: نەخێر.
پرسیار: چۆن لە رێگای پشکنینەوە دەدۆزرێیتەوە؟
کۆرۆنا: بە وەرگرتنی تەڕی لە لووت یا لە دەم یا لە قوڕگ، لە تاقیگەدا پزیشی پسپۆر پشکنینی ورد بۆ ئەو وەرگرتووە دەکات.. دەردەکەوێت ئەو کەسە تووش بووە یا نا.
پرسیار: جیاوازی تۆ چییە لەگەڵ ڤایرۆسەکانی تردا؟
کۆرۆنا: خێرایی بڵاوبوونەوەمە.
پرسیار: باوباپیرانت کێن؟
کۆرۆنا: ١ـ (سارس)ی چینی.. ٢ـ (مێرس)ی سعوودی.
پرسیا: لە هەواڵەکاندا راگەیاندرا، کە دەرمان هەن کارت تێدەکەن.. ئایا ئەمە راستە؟
کۆرۆنا: بەڵێ.. هەوڵی بەربەرەکانیم دەدەن.. دەیانەوێت بەو دەرمانە کۆنانە بمکوژن، کە بۆ پەتاکانی تر دروستکراون.. بەڵام شکستیان هێنا بۆ لەناوبدنم.
پرسیار: دەتوانی ناوی هەندێ لەو دەرمانانە بهـێنيت؟
کۆرۆنا: کۆمپانیایەکی فەرەنسی، ئەوەی وت: بە دەرمانی گرانەتا یا دەرمانی دژە ئیبۆلا یا دەرمانی دژە ئایدز یا ئامیفلوە، یا بە جۆری تری دەرمانە دژە ڤایرۆسەکان، کۆرۆناش لەناودەچێت.. بەڵام بە هەموویانەوە نەیان توانی بمکوژن.. تائێستا ئازادم و سەربەستم و بێدەربەستم.. بە خێرایی لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر دەڕۆم.
پرسیار: شتی تازە هەیە بۆ لە ناوبردنت؟
کۆرۆنا: هەندێ لە پزیشکان هەوڵی ئەوە دەدەن، کە بە ڤاگسینی دژە سیل بمکوژن.. بەڵام شکستیان هـێنا.
پرسیار: ئەی گیاوگۆڵ و دەرمانی میللی، وەکو: رەشکە و رازیانە و نەعـنا و…؟
کۆرۆنا: هاهاها.. هاهاها.. هاهاهاهاهاها.
پرسیار: رقت لە چییە؟
کۆرۆنا: رقم لە، مانەوە لە ماڵەوە.. پاک و خاوێنی کەسی.. هەوا گۆڕین.. ژینگەی وشک و گەرم.. چەند جارێک ئاو لە دەم وەردان (غەڵغەڵەکردن).
پرسیار: ئایا تۆ بچیتە گیانی هەرکەسێکەوە دەیکوژیت؟
کۆرۆنا: نەخێر.. هەندێ کەس و لایەن و میدیا و راگەیاندنەکان، ترس و تۆقین لەناو خەڵکیدا بڵاودەکەنەوە.. لە راستیدا لە (سەدا هەشتای) نەخۆشەکانم بەبێ چارەسەر چاک دەبنەوە.. نزیکەی (لە سەدا حەڤدە)ی نەخۆشەکانیشم پێویستیان بە جیاکردنەوە هەیە و لە نەخۆشخانەکاندا بە چارەسەری ئاسایی چاک دەبنەوە.. بەڵام لە (سەدا دوو ـ بۆ ـ چوار)ی نەخۆشەکانم دەکوژم.
پرسیار: خەسڵەتی ئەو کەسانەی دەیانکوژیت چییە؟
کۆرۆنا: ئەو بەتەمەنانە دەکوژم، کە تووشی نەخۆشییە درێژخایەنەکانی وەکو: شەکرە و پاڵەپەستۆ و نەخۆشی هەناسە تەنگی بوونە.
پرسیار: منداڵانیش تووش دەکەیت؟
کۆرۆنا: بەزەییم بە منداڵان دێت.. بە زۆری وازیا لێدەهـێنم.
پرسیار: هێڕش دەکەیتە سەر نێرینە یان مێینە؟
کۆرۆنا: بەزۆری بۆ سەر نێرینە.
پرسیار: فێرم ناکەیت چۆن خۆمت لێ بپارێزم؟
کۆرۆنا: ١ـ لە ماڵەوە بمێنەوە.. لە قەڵەباڵغی و لە گردبوونەوە و لە تێکەڵبوون خۆت دووربگرە.. مەچۆ بە پرسە و مزگەوت و بۆ میوانی.
٢ـ بە بەردەوامی و بە شێوەیەکی باش دەستەکانت بشۆ و پاکژکردنەوە بەکاربهـێنە.
٣ـ گەر پژمین و کۆکەت هات.. کلێنکسێکی پاک بە دەمتەوە بگرە.
٤ـ ماوەی زیاتر لە مەترێک.. لە نێوان تۆ و کەسێکی گومانلێکراوی تووشبوو هەبێت.
٥ـ زۆر پێویستە هەوای ماڵەکەتان بگۆڕی.. بە کردنەوەی پەنجەرەکان و دەرگاکانی ژوورەکانتان بۆ ماوەیەک.. رۆژی سێ و چوار جار دووبارەی بکەرەوە.
٦ـ رۆژانە چەند جارێک، بە شلەی پاکژکەرەوە، شتەکان و دەسکی دەرگاکان و سەرمێز و دەزگای کۆمپیوتەر و مۆبایل و شتەکانی تر پاک بسڕەوە.. پێڵاوکانت لە دەرەوە دانێ.
٧ـ رۆژی چەند جارێک بە ئاوی شلەتێن، ئاو لە دەمت وەردە ( غەڵغەڵەکردن بە ئاو).
پرسیار: دەربارەی دەمامک و دەستکێش قسەم بۆ بکە، ئایە پێویستە بەکاریان بهـێنین؟
کۆرۆنا: بە کارهێنانی دەمامک و دەستکێش، بۆ کەسانی تووشبووان و گومانلێکراوان پێویستە.. بۆ سەرجەم تیمە پزیشکییەکان و پەرستیاران و کارمەندانی تەندروستی ناو نەخۆشخانەکان بۆ ئەو کەسوکارانەش کە چاودێری دۆخی نەخۆشە تووشبووەکانیان و گۆمانلێکراوەکانیان دەکەن.. دەمامک و دەستکێش و بەدلەی خۆپارێزیان پێویستە. بەڵام بۆ ئەودوای خەڵکی پێویست نین.
پرسیار: ئایا نیشانەکانی تووشبوون لە هەر نەخۆشێکی تووشبوودا دەردەکەون؟
کۆرۆنا: نەخێر.. بەشێکی زۆر لە نەخۆشەکان، کە تووشدەبن و چاکیش دەبنەوە، سەغڵەتنین و پێی نازانن، هیچ نیشانەیەکیشیان لێ دەرناکەوێت.
پرسیار: لە کێ دەترسیت؟
کۆرۆنا: لەم کەسانە دەترسم: ١ـ لە توێژینەوەی زانیاری و لە زاناکان. ٢ـ لە هۆشیاری و لە رۆشنبیری خەڵکی.. ٣ـ لە پلان و لە بەرنامە خۆپارێـزییەکان.
پرسیار: میستەر کۆرۆنا.. ئایا راستە کە تۆ دروستکراوی هەواڵگریت (موخابەراتیت)؟
کۆرۆنا: هەندێ کەس و لایەن وا دەڵـێن.. ئەوەی وا دەڵێت با نەترسێ و بیسەلمێنێت.
پرسیار: رووی رەشی تۆمان زانی.. ئایا رووی سپێشت هەیە؟
کۆرۆنا: بەڵێ.
پرسیار: چیین.. باسیان بکە؟
کۆرۆنا: ١ـ متمانەم بۆ خێزانەکان گەڕانەوە و کەسەکانیانم کۆکردنەوە.
٢ـ ژینگەم پاک کردەوە.. لە ماوەی تەمەنی کورتم دا، ئەوەی من لە بارەی ژینگەوە هێناومەتەدی.. ئەو کۆنگرە نیۆدەوڵەتییانەی کە دەربارەی ژینگە بەستران، بۆیان نەهاتەدی، لەو کۆنگرە نێودەوڵەتیانەش: کۆنگرەی(ستۆکهۆڵم: ١٩٧٢) و کۆنگرەی (نیـرۆبی: ١٩٨٢) و کۆنگرەی (رویـۆدۆجـانیرۆ: ١٩٩٢).
٣ـ فشۆڵی و لاوازی سیستمی تەندروستی جیهانیـم ئاشکراکرد.
٤ـ مرۆڤ خۆی بە خوا دەزانی.. سەلماندم کە چەند لاواز و بێدەسەڵاتە.
٥ـ پەردەم لە رووی گەندەڵی و دەسەڵاتدارە گەندەڵ و دزەکان هەڵمـاڵی.
٦ـ هەندێ وا خۆیان پێشان دەدەن کە بە خۆیاندا چوونەتە و روویان لە باشی کردووە.. بەڵکو راست بکەن.
پرسیار: بۆچی عەرەبەکان تووش ناکەیت؟
کۆرۆنا: جیاوازی لە نێوان هیچ نەتەوەیەک ناکەم.. بەڵام رژێمە عەرەبییەکان راشکاوی و راستگۆییان نییە.. بۆیە راستییەکان بە گەلەکانیان ناڵـێن و لێان دەشارنەوە.
پرسیار: تێڕوانین بۆ ئایندە چـییە؟
کۆرۆنا: دەشێ مرۆڤ ڤاگسینێک یا دەرمانێکی کارگەر بدۆزێتەوە و لەناوبەرن.
پرسیار: بەڕێـز کۆرۆنا.. ئایا ویـژدان ئاسوودەی؟
کۆرۆنا: بەڵێ.. هۆش و ویژدانی مرۆڤم راچەنی و تووشی شووکم کردن.. جیهانی دوای کۆرۆناش جیاواز دەبێت لەگەڵ جیهانی پێش کۆرۆنا.
پرسیار: چی ئامۆژگـارییەکم دەکەیت؟
کۆرۆنا: لە ماڵەکەتـدا بمێنەوە.. تا چارەسەرێک دەدۆزرێتەوە.. یا ڤاگسینێکی گونجاو دروست دەکرێێت.
تێبینی: ئەم نووسینە، لە سایتی “اراء حرة” دا، لە (٢٦/٣/٢٠٢٠) دا بڵاوکراوتەوە، ناوی نووسەری لەسەر نییە، بە دەستکارییەوە لە زمانی عەرەبییەوە وەرم گێڕاوە بۆ سەر زمانی کوردیمان.
رەزا شوان
نەرویـج: ٧/ ئەپـریل/ ٢٠٢٠




بازاڕ نیە؛ شیرەکانتان بڕژێنن! … ڕزگار عومەر

فڕێدانی جۆرێك لە خواردەمەنی، یان سەرچاوەیەك بۆ خواردنی جۆراوجۆرو سەرەکی چەشنی دانەوێڵەی گەنم و جۆ، بۆ ئەوەی کەم بێت و خواستی لەسەر زۆربێت و نرخی بەرز بێتەوە کردەوەیەکی ڕێگا پێدراوە لە ئەمریکا و لە زۆر ووڵاتیترتی ڕۆژئاوا. دەیان ساڵە بڕی گەورەو قەبارەی گرنگی ئەو خۆراکانەی فڕێ دەدرێنە نێو دەریاکان و ڕووبارەکان و هەندێ جار بیابانەکان دەتوانێ سوچێکی گەورەی هەژاری و برسێتی نەك تەنیا لە جیهان بەڵکو لە نێوخۆی ئەمریکاش چارەسەر بکە، بەڵام ئەم لۆژیکە سەد لە سەدە بەرژوەندو تەماحخوازیە، ئەم میتۆدە نامرۆڤانەیەو نائەخلاقیە، بەربەستە لەوەی هیچ سودێك لەم هەموو خۆراکە خەسار کراوە ببینرێ.

هەروەکو لەم هێلکاریەی وێنەکە دەبینن کە نرخی ١٠٠ پاوەند کە یەکسانە بە(٤٥.٣٥٩ کیلۆگرام) لە شیر لە مانگی ٣ ی ٢٠٢٠ دا دابەزیوە بۆ خوار ١٣$ دۆلاری ئەمریکی، ئەمەش وای کردووە یەکێك لە کۆمپانیا گەورەکانی بەرهەههێنانی شیرەمەنیەکان بە بیانووی مانەوەی بەرهەمەکان و نەفرۆشتنی داوا لە سەرچاوەکانی خۆیان بکەن کە شیرەکانیان بڕژێنن! لە ڕۆژی سێ شەمەی ڕابردوو واتە لە ٣١ ی ئادارەوە ئەو کێلگەو جوتیارانەی کە سەرچاوەی دابین کردنی شیرن بۆ ئەو کۆمپانیا زلە تەلەفۆنیان بۆ کراوە کە هەر یەکە ڕۆژانە ٢٥ هەزار لیتر لە شیری تازە دۆشراوی پاك و تەندروست بڕژێننە نێو زێرابەکانەوە، ئەم کارە لە ٣١ ئادار دەستی پێ کردووە جارێ تا ڕۆژی دووشەمەی داهاتوو ٦ی نیسان بەردەوام دەبێت! ئەگەری تازە کردنەوەشی بۆ قۆناغی درێژتر سەد لە سەدە!

ئەم بێ ئەخلاقیە؛ لە کاتێکدایە کە تەنانەت بە پێ ی داتاکانی ساڵی ٢٠١٨ دا ( ٣٨.١) ملیۆن هاوڵاتی ئەمریکی لە هەژاری دەژین! لەم ڕێژەیە نزیکە ٤ ملیۆن هاوڵاتی خاوەن پێداویستی تایبەتن. هەر لە ساڵی ٢٠١٨ لە داتایەکی تایبەت بە منداڵان ڕوون بۆتەوە (١١.٩) ملیۆن منداڵ لە هەژاریدا دەژین لە ئەمریکا! سێنتەری نیشتیمانی تایبەت بە بێ خانەولانەکانی ئەمریکاش دەڵێت ” ساڵانە (دوو ملیۆن نیو) مناڵ توشی ئەزموونی نەبوونی شوێنی جێنشینی دەبن، لە هەمووشی تاڵتر ئەوەیە ئەوەیە ١١.١ ٪ خێزانەکانی ئەمریکا کە دەکاتە نزیکی ١٤.٣ ملیۆن خێزان توانای زەمانەت کردنی ژەمە خۆراکیەکانی خۆیان نیە، بێجگە لەوەش کە ٢٩.٩٪ دانیشتوانی ئەمریکا کە دەکاتە ٩٣.٦ ملیۆن هاوڵاتی بە پێ ی داتاکانی ساڵی ٢٠١٨ زۆر نزیکن لە هێڵی هەژاری.

ئەم واقیعە؛ لە لایەك هەژاری و برسێتی لە لایەکیتر خواردنێکی تەندروستی وەکو شیر بە هەزاران لیتری فڕێ دەدرێتە زێرابەکانەوە زۆر بە ئازارە، بەڵام لە هەمووی بێ ڕەوشتری سیستەمەکە ئەوەیە کە ڕۆژانە پارەی ٢٥ هەزار لیتری شیری ڕژاو دەدرێتەوە بە خاوەن کێڵگەکان !




هاوڕێم لە خەونی قوڵت ڕابە … نەوزاد مدحەت

هەواڵەکان بەسەر پشتی بای خەما هاتن و
باس لە خەونی قوڵی تۆدەکەن
باس لەو دڵۆپە فرمێسکانە دەکەن
کە دەیانویست دەست بە ژیانەوە بگرن و
لە ژێر پێڵوی خەونی قوڵا قەتیس نەمێنن
فرمێسکەکان
قاڵبووی ڕۆژە سەختەکانی خۆتنن و
لەژێر پێڵوی خەونا ئۆقرە ناگرن
فرمێسکەکان بێ ڕەحمانە
ڕۆحی من ورد دەکەن.

هەواڵەکان جیان
جیان لە هەواڵە پڕ لەسەرشێتکانی
بەگژداچوونەوەی مەرگ

هەواڵەکان باس لە خەونی
سەر تاڵەموی مەرگ و ژیان دەکەن.
هۆ هاوڕێکەم
شەق لە بای خەم دەدەم و
بەسەر پشتی یادەوەرێکاندا دێمەوەلات
دەست دێنم و ڕادەپەڕی
ڕادەپەڕی و پەنجەت لەسەر
پەلەپیتکەی دەمانچەیەکی چواردەخۆر و
تیژ خۆمان دەکەینە ئەوکۆڵانانەی
کەپێمان وایە دەمان باتەوە ماڵی خۆر
پێمان وایە ئەوسەری کۆڵان
ماڵی هەمیشەیی خەندە بزربۆکانە.

ڕابە هاوڕێ
هێشتا ژیان بای ژیانی پێوە ماوە
من لەوێم لەبەر دەرگای ژوورەکەت
دونیایەک قسەم لە پریاسکەی یادەوەریم بۆ هەڵگرتووی
ڕابە هاوڕێ
دڵتەنگم بەخەونی قوڵی تۆ.

2020-April
Nawzad Medhat




كۆرۆنا – فۆبیا و ده‌رووندروستی‌ … د. سه‌ڵاحی گه‌رمیان

كاتێك مرۆڤ‌ هه‌ستئه‌كات چالاكیه‌كانی ژیان له‌ ڕاوه‌ستاندایه‌ له‌ جیهاندا، باری ئابوری وڵاتان به‌ره‌و داڕمان ئه‌ڕوات، جووڵه‌ی هاتووچۆ له‌سه‌ر زه‌وی و له‌ ئاسمانی وڵاتاندا تادێت سست ئه‌بێت، شاره‌ گه‌وره‌كانی؛ له‌ندن، پاریس، نیویۆرك، به‌یجین، ڕۆما، به‌رلین، تورینتۆ، سیدنی و زۆری تریش كشوماتن. فاكتۆری و كارگه‌ زه‌به‌ڵاحه‌كانی وڵاتان له‌ كاركردن وه‌ستاون، كه‌ناڵه‌كانی میدیا و سایتی ئینته‌رنێتی و تۆڕه‌كانی سۆشیال-میدیا هه‌واڵ و وێنه‌ و ئاگاداریی جۆراوجۆری‌‌ ته‌شه‌نه‌كردنی په‌تاكه‌ ئه‌گوازنه‌وه‌‌. وڵاته‌ زلهێزه‌كان ده‌سته‌وه‌ستانن و جبه‌خانه‌ی چه‌كی‌ ئه‌تۆمی و مۆشه‌كی دورمه‌وداكانیان كه‌ نیشانه‌ی هه‌یبه‌ت و باڵاده‌ستیان بوو، بێ توانا و بێ كاریگه‌رین‌ له‌م دۆخه‌ ئاڵۆز و ترسناكه‌دا‌. پزیشك و زانا و توێژه‌رانی زانكۆ و ناوه‌نده‌ زانستییه‌كان و داموده‌زگا و ئامێر و كه‌ره‌سته‌ جۆراوجۆره‌كانی وڵاتانی پشكه‌وتووی جیهان له‌ هه‌وڵ و كۆششدان بۆ دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ر. كار و كه‌سابه‌ت نه‌ماوه‌‌، زانكۆ و خوێندگه‌كان داخراون و داهاتووی منداڵ و لاوان نادیاره‌، په‌رستگاكان چۆڵن، په‌یوه‌ندی و گردبونه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌ره‌و نه‌مان ئه‌چێت، به‌گۆمانه‌وه‌ ئه‌ڕوانیته‌ نزیكترین هاوڕێكانی نه‌بادا هه‌ڵگری ڤایرۆس بن. هه‌ر هه‌موومان به‌‌ره‌و نادیاری هه‌نگاو ئه‌نێین و ترسمان له‌ شتێكی نه‌زانراو هه‌یه‌ ئۆقره‌ی لێبڕیوین، ده‌ستكی ده‌رگاكان، ده‌ستی كه‌سانی خۆشه‌ویستمان، شوێنه‌ گشتییه‌كان، هه‌رهه‌موو هه‌ڕه‌شه‌ن له‌ سه‌ر ژیانمان.‌ دۆخه‌كه‌‌ وایكردووه‌ خه‌ڵك واز له‌ كار و ماف و ئازادی و خۆشی خۆیان بێنن و كونجی ماڵه‌وه‌ بگرن له‌ پێناو خۆپاراستن له‌و ڤایروسه‌‌.

ئه‌وانه‌و له‌ئه‌نجامی دروستبوونی وتیواتی ناو كۆمه‌ڵ و بڵاوبوونه‌وه‌ی هه‌واڵ و ڕاپۆرتی بێسه‌روبه‌ر و ناڕوون له‌ سه‌رچاوه‌ی جیاجیاوه‌، یان له‌‌بری زانایان و پسپۆرانی بواری ته‌ندروستی و زانست، ئه‌بینین سیاسه‌تمه‌داران و به‌رپرسانی نه‌شاره‌زا ئه‌دوێن و هه‌واڵ و زانیاری هه‌ڵه‌ ئه‌گه‌یه‌نن به‌مه‌به‌ستی ده‌ربڕینی هاوخه‌می بۆ خه‌ڵكی وڵاته‌كه‌یان بۆ‌ ئامانجی سیاسی. بۆیه‌ له‌ هه‌ر شوێنێك هه‌واڵی توشبوون به‌ ڤایروسه‌كه‌وه‌ بڵاوبێته‌وه،‌ نادیاری باڵئه‌كێشێت به‌سه‌ر ڕۆژانی داهاتووی خه‌ڵكدا و كاردانه‌وه‌ی زۆر ئه‌خاته‌ سه‌ر باری ده‌روونیان، ترس و دڵه‌ڕاوكێی له‌ توشبوون به‌ ڤایرۆسه‌كه‌وه‌ دایانئه‌‌گرێت و له ‌زۆر حاڵه‌تدا مۆته‌كه‌ی مردن به‌رۆكیان پێئه‌گرێت و‌ توشی فۆبیا‌ ئه‌بن. ‌ به‌واتایه‌كی تر دیارده‌ی(كۆرۆنا – فۆبیا aCoronaphobi) دێته‌‌‌ ئاراوه له‌ ئه‌نجامی ترسی زۆر و شڵه‌ژان و دڵه‌ڕاوكێی به‌رده‌وام. بێگومان بۆ كه‌سانێك كێشه‌ی ده‌روونیان هه‌بێت، وه‌ك سكیزۆفرینا، پارانۆیا و خه‌مۆكی، شڵه‌ژانی ده‌روونی و هتد، ئه‌وا ژیانیان سه‌ختترئه‌كات و باری ده‌روونییان قورستر ئه‌بێت.
ئه‌و حاڵه‌تی فۆبیایه‌ ته‌شه‌نه‌ ئه‌كات تا ئه‌گاته‌ حاڵه‌تی هیستیریا وه‌ك له‌ كاتی هه‌ڵه‌داوانی خه‌ڵك بۆ بازاڕ و سوپه‌رماركێته‌كان بۆ به‌ده‌ستهێنانی شتومه‌ك و پێداویستیه‌كانی ژیان. له‌ كه‌شێكی وادا زۆرجار بشێوی و ئاڵۆزی و‌‌ ڕووداوی نه‌خوازراوی جۆراوجۆری لێئه‌كه‌وێته‌وه‌، دوورنیه نائارامی و بێسه‌روبه‌ری باڵبكێشێت به‌سه‌ر دۆخی سیاسی و ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تیدا.
‌ پێویسته‌ ئه‌وه‌ بزانین، ترس و دڵه‌ڕاوكێ وسترێس نیشانه‌ی لاوازی كه‌سێتی و ترسنۆكی و كێشه‌ی ده‌روونی نین، به‌ڵكو پێویستن بۆ ووریایی و ئاگاداربوونه‌وه‌ و خۆپاراستن له‌ هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسی جۆراوجۆر. ئه‌و حاڵه‌ته‌ ده‌روونییانه،‌ هه‌ر له‌سه‌رتای میژووه‌وه به‌شێك بوون‌ له‌ ئه‌زمونی ژیانی مرۆڤ، وه‌ك میكانیزمی سروشتی بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌كان په‌نای بۆ بردووه. دڵه‌ڕاوكێ وه‌ك نمونه‌، بنه‌مایه‌كی گرنگه‌ و‌ هانده‌ره‌ بۆ گه‌شه‌كردن و په‌رسه‌ندنمان و وه‌ڵامدانه‌وه‌ی گونجاندن و خۆئامه‌ده‌كردنه‌ به‌ره‌وڕووی مه‌ترسی و هه‌ڵكر‌دن له‌گه‌ڵ بارودۆخی دیاریكراودا. مرۆڤ ناتوانێت له‌ دڵه‌ڕاوكێ خۆ به‌دور بگرێت، به‌ڵكو ئه‌توانێت هه‌وڵبدات فێربێت چۆن مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ بكات بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت كاریگه‌ربێت له‌ ژیانی ڕۆژانه‌یدا‌. گه‌ر خوێندكارێك بۆ نمونه‌، ترس و دڵه‌ڕاوكێی له‌ ده‌رنه‌چوون له‌ تاقیكردنه‌وه‌دا نه‌بێت، ڕاناچه‌ڵه‌كێت و خۆی ئاماده‌ ناكات، یان شۆفێرێك به‌بێ ترس و دڵه‌ڕاوكێ‌ ئۆتۆمبیل لێخوڕێت، بێگومان توشی ڕووداو ئه‌بێت و ژیانی خۆی و كه‌سانیتر ئه‌خاته‌ مه‌ترسی و به‌ر هه‌ڕه‌شه‌ی له‌ناوچوونه‌وه‌‌.
له‌ئێستادا باشترین ڕێگاچاره‌، خۆئاماده‌كردنه‌ بۆ ڕووبه‌ڕبونه‌وه‌ی نادیاری ژیانی داهاتوومان. كاتێك له‌ دۆخێكی وادا خۆمان ئه‌بینین، جه‌سته‌ و هۆشمان ‌به‌رده‌وام له‌ هه‌وڵدانی دۆزینه‌وه‌ی ڕێگاچاره‌ن‌ بۆ هێوركردنه‌وه‌ و هه‌ستكردنمان به‌ ئارامی وه‌ك‌ میكانیزمێك‌‌ بۆ به‌رده‌وامی به‌ژیان. بۆیه‌ زۆر ئاساییه‌ توشی
كاتێك دۆخه‌كه‌ درێژه‌ئه‌كێشێت، زۆرجار ترس و دڵه‌ڕاوكێ و شڵه‌ژان ‌و فۆبیا كاردانه‌وه‌ی نه‌رێنیان لێئه‌كه‌وێته‌وه وه‌ك‌ په‌نابردنه‌ به‌ر خوارنه‌وه‌ی ئه‌لكوهۆڵ و ماده‌ سڕكه‌ره‌كان، یان زیاده‌خۆری و وه‌سواسی و توڕه‌یی و هه‌ڵشاخان به‌ده‌وروبه‌ردا‌. له‌ حاڵه‌تی وادا پێویسته‌ مرۆڤ‌ ژیرانه‌ به‌خۆیدا بچێته‌وه‌ و ژیرانه‌ په‌نابباته‌ به‌ر شێوازی دروست و لۆجیكی بۆ زاڵبوون به‌سه‌ر ئه‌و حاڵه‌تانه‌دا كه‌ دواتر دێینه‌ سه‌ری.
ده‌رووندروستی له‌سه‌رده‌می كۆرۆناڤایروسدا
كۆرۆناڤایروس زه‌نگی مه‌ترسی لێدا و ئۆقره‌ی له‌ ملیۆنان كه‌س له‌ سه‌رانسه‌ری جیهان بڕیوه‌ و به‌ئاگای هێناینه‌‌وه‌ تا به‌خۆماندا بچینه‌وه‌ و شێوازی ژیان و بیركردنه‌وه‌مان بگۆڕین و ئه‌و بۆچوونانه‌ی له‌گه‌ڵ زانستدا یه‌كناگرنه‌وه‌ به‌لاوه‌یان نێین و‌ ته‌نیا له‌ڕێی زانیاری و زانست و ڕێنماییه‌ ته‌ندروستی و ده‌رووندروستیه‌كانه‌وه‌‌ ئه‌كرێت زاڵبین به‌سه‌ر په‌تا و نه‌خۆشییه‌كاندا‌ نه‌ك به‌ گوێنه‌دان و خه‌مساردی و په‌نابردنه‌ به‌ر نزا و پاڕانه‌وه و خورافاتی بێ بنه‌ما. له‌م ڕۆژگاره‌ی سه‌رده‌می كۆرۆنادا، بایه‌خدان به‌ ده‌رووندروستی هاوتای بایه‌خدانه‌ به‌ دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ر بۆ په‌تاكه‌ و چه‌نده‌ كرۆناڤایروس مه‌رسیداره، ترس‌ و تۆقین له‌ نادیاری و مه‌ترسی توشبوون به‌هه‌مان شێوه‌ كاری له‌سه‌ر ته‌ندروستی و باری ژیانی مرۆڤ هه‌یه‌.
ده‌رووندروستی به‌شێكی دانه‌بڕاوه‌ له‌ سه‌لامه‌تی گشتی مرۆڤ و ته‌نیا ئه‌وه‌نیه‌ له‌ بشێوی و شڵه‌زانی ده‌روونی خۆت به‌دوور بگریت، به‌ڵكو ئه‌وه‌یه‌ كاتێك مرۆڤ له‌ دۆخێكدا ئه‌ژێت، تیایدا بتوانێت خۆی بگونجێنێت و هه‌ڵكات له‌گه‌ڵ گوشار و كێشه‌ و كۆسپ و ڕێگری و‌ هه‌ڕه‌شه‌‌كانی سه‌رڕێی ژیانیدا.
بایه‌خدان به‌لایه‌نی ده‌‌روونی و ده‌رووندروستی ئه‌ركێكی پێویست و گرنگه‌ و نابێت به‌كه‌م سه‌یربكرێت له‌م ساته‌وه‌خته‌دا. ئه‌وه‌ی جێی نیگه‌رانییه‌،‌ لای زۆرێك له‌ تاكه‌كانی كۆمه‌ڵ‌ و بگره‌ لای هه‌ندێك له‌ كاربه‌ده‌ستانی حكومی و بواری ته‌ندروستیش درك به‌ كاریگه‌ری نیگه‌تیڤی لاوازی باری ده‌روونی له‌سه‌ر سیسته‌می به‌رگری و خۆپارێزی له‌‌ توشبوون به‌ په‌تاكه‌ ناكرێت.
تێكچوونی باری ده‌روونی به‌هۆی ترس و دڵه‌ڕاوكێ و سترێسه‌وه‌ هۆكاره‌ بۆ ده‌ر‌دانی هۆرمۆنی كۆرتیزۆل كه‌ كارئه‌كاته‌ سه‌ر لاوازبوونی سیسته‌می ڕێگرتن‌ له‌ میكرۆب و ڤایروسه‌كان(Immune System)، بێگومان‌ له‌پاڵ چه‌ندین هۆكاری تر له‌وانه‌، شێوازی ژیان، كه‌مخه‌وی، جگه‌ره‌كێشان، جۆری خواردن و خواردنه‌وه‌. به‌ پێچه‌وانه‌شه‌وه‌، ده‌رووندروستی و دڵخۆشی و هه‌ستكردن به‌ كامه‌رانی و گه‌شبینی ‌هۆكاری گرنگن بۆ به‌هێزكردنی سیسته‌می ڕێگرتن و یارمه‌تیده‌رن‌ بۆ به‌هێزكردنی به‌رگری له‌ش دژ به‌ كۆرۆناڤایروس و په‌تا و درمه‌ جۆراوجۆره‌كان.
چه‌ندین توێژینه‌وه‌ی نوی له‌سه‌ر شێوازی بیركردنه‌وه‌ سه‌لماندویانه‌، ئه‌و نه‌خۆشانه‌ی به‌ شێوه‌ی نه‌رێنی ئه‌ڕواننه چاره‌سه‌ری‌ نه‌خۆشی‌ ڕێژه‌ی چاكبونه‌وه‌یان كه‌متره،‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌وانه‌ی به‌ شێوه‌ی ئه‌رێنی ئه‌ڕواننه‌ چاره‌سه‌ری‌ نه‌خۆشی. ‌

زاڵبوون به‌سه‌ر ترس و دڵه‌ڕاوكێی و كۆرۆنا – فۆبیادا
چه‌نده‌ كۆرۆناڤایروس هه‌ڕه‌شه‌یه‌‌ له‌سه‌ر ژیانی مرۆڤ و مه‌ترسی گواستنه‌وه‌ی و بڵاوبونه‌وه‌ی خێرایه‌‌، ئه‌وه‌نده‌ش ترس و دڵه‌ڕاوكێی توشبوون به‌ په‌تاكه ‌و كۆرۆنا – فۆبیا هه‌ڕه‌شه‌یه‌ و به‌خێرایی‌ ده‌گوازرێته‌وه‌ له‌ كه‌سێكه‌وه‌ بۆ كه‌سێكی تر و له‌وانه‌شه‌‌‌ كارتێكردنی فاكته‌ری ده‌روونی‌ په‌تاكه‌ گه‌وره‌تربێت له‌ كارتێكردنی په‌تاكه‌‌ خۆی. هه‌ر له‌م باره‌یه‌وه‌
توێژینه‌وه‌یه‌كی ئینستیوتی ماكس پلانك Max Planck له‌ ئه‌ڵمانیا دریخستووه، ‌چۆن په‌تا بڵاوئه‌بێته‌وه، ترس و دڵه‌ڕاوكێیش به‌هه‌مان شێوه ته‌شه‌نه‌ ئه‌كات‌‌‌ و له‌ناو خه‌ڵكدا بڵاوئه‌بێته‌وه‌. له‌ ئه‌نجامی بینینی كه‌سانیتر له‌ خه‌مباری و ناخۆشیدا چ‌ كه‌سانی نزیكبن یان دوور، ستریسی هاوسۆزی ڕوو له ‌زیادبوون ئه‌كات.
كاتێكێكیش له‌ هه‌موو سوچێكی دوونیا خه‌ڵك له‌ ترس و دڵه‌راوكێدابن، هه‌ڵبه‌ته‌ كاردانه‌وه‌ی نه‌رێنی زۆری ئه‌بێت به‌سه‌ر هه‌ر تاكێكه‌وه‌‌. بۆیه‌ زۆر پێویسته‌ له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌دابین‌ كه‌ كه‌سوكار و هاوڕێ و كه‌سانی ده‌وروبه‌ری خۆمان هێور و ئارام كه‌ینه‌وه‌. شتو‌مه‌كی زیاد له‌ پێویست كه‌ڵه‌كه‌ نه‌كه‌ین‌ و گه‌ر نیشانه‌ی نه‌خۆشی تیاماندا‌ ده‌ركه‌وت نه‌چینه‌‌ ده‌ره‌وه‌، یارمه‌تی دراوسێ و ده‌وروبه‌رمان بده‌ین‌، چونكه‌ میهره‌بانی و چاكه‌ش ته‌شه‌نه‌ ئه‌كات و بڵاوئه‌بێته‌وه‌ بۆ ئه‌وانی تر.
بۆ زاڵبوون به‌سه‌ر ترس و دڵه‌ڕاوكێ و كۆرۆنا – فۆبیادا، ئه‌م ڕێنماییانه‌ كه‌ زۆربه‌ی پسپۆرانی بواری ده‌روونی كۆكن له‌سه‌ری پێویستن به‌رچاوبگیرێن.
• بۆ به‌ده‌ستهێنانی زانیاری، پێویسته‌ په‌ناببرێته‌ به‌ر‌ سه‌رچاوه‌ی باوه‌ڕپێكراو‌ وه‌ك وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و ڕێكخراوی ته‌ندروست جیهانی و تابكرێت دوركه‌ویته‌وه‌ له‌و‌ سه‌رچاوانه‌ی جێی متمانه‌نین و هه‌واڵی بێ بنه‌ما بڵاوئه‌كه‌نه‌وه. به‌تایبه‌ت ئه‌و هه‌واڵانه‌ی له‌ڕێی تۆڕه‌كانی سۆشیال میدیاوه‌ ئه‌گوازرێنه‌وه‌‌.
• پێویسته‌ پشوو بدرێت به‌ مێشك، له‌ڕۆژێكدا ته‌نیا یه‌ك یان دوو جار گوێ له‌ هه‌واڵه‌كان بگره‌ و كات دیاریبكه‌ بۆ گوێگرتن و سه‌یركردنی به‌رنامه‌ی جیاجیا له‌ كه‌ناڵه‌ ته‌له‌ڤیزیۆنه‌كان و بیروڕا له‌گه‌ڵ كه‌سانی تر له‌سه‌ر پرسه‌ جیاجیاكاندا بگۆڕه‌وه‌‌.
• ئه‌وه‌ بزانه‌، باشترین ڕێگا ئه‌وه‌یه،‌ بیر و هۆشت به‌شێوه‌یه‌كی پۆزه‌تیڤ بخه‌یته‌ ‌‌سه‌ر‌ ئه‌و لایه‌نانه‌ی گرنگ و بایه‌خدارن‌ له‌ ژیانتدا، هه‌وڵبده‌ گه‌شبین به‌، چونكه‌ بۆ ئه‌م دۆخه‌كه نادیار و ئاڵۆزه‌،‌ ڕه‌شبینی باری ده‌روونیت خراپتر ئه‌كات. له‌ جیهاندا چه‌ندین قه‌یران و ئافات و كاره‌سات ڕوویاندا و به‌سه‌رچوون و ئه‌م ڤایرۆسه‌ش تێپه‌ڕئه‌بێت و بێگومان زانایان ڕێگای چاره‌سه‌ر ئه‌دۆزنه‌وه‌ بۆی.
• گۆڕینی شێوازی نه‌رێنی له‌ بیركردنه‌وه‌ كه‌ ئه‌بنه‌ هۆی ترس و دڵه‌ڕاوكێ به‌ شێوازێكی ئه‌رێنی و هه‌وڵبده‌ شێوازی دیالۆگ له‌گه‌ڵ خۆتدا بگۆره‌‌، بۆنمونه‌؛ له‌كاتی به‌دیكردنی نیشانه‌ی نه‌خۆشی، له‌بری ئه‌وه‌ی بڵێیت: من نه‌خۆشم یان نه‌خۆشئه‌كه‌وم، ئه‌كرێت بڵێی: وادێته‌ عه‌قڵم‌ خه‌ریكه‌ نه‌خۆشئه‌كه‌وم، واتا‌‌ له‌مێشكی مندا واده‌رئه‌كه‌وێت و له‌ ڕاستیدا خۆی وانیه‌.
• گرنگه‌ په‌یوه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌رده‌وام بێت، له‌بارودۆخی ئێستای سنوورداركردنی هاتوچۆدا، ئه‌كرێت به‌ڕێگای ئینته‌رنێت و سۆشیال میدیا و ئه‌پلیكه‌یشنی مۆبایله‌وه‌ بێت.
• ئامانجێك دانێ كه‌ بتوانیت به‌ده‌ستی بینیت.
• هه‌وڵبده‌ باش بخه‌ویت.
• گرنگی به‌ جۆڵه‌ی جه‌سته‌ و وه‌رزش بده‌. چونكه‌ وه‌رزش چه‌نده‌ سودی بۆ جه‌سته‌ هه‌یه ئه‌وه‌نده‌‌ش‌ بۆ باری ده‌روونی به‌تایبه‌تی به‌سوده ‌بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی دڵه‌ڕاوكێ و خه‌موكی و سترێس.
• شێوازه‌كانی ئارامبوونه‌وه‌ پێڕه‌و بكه‌، وه‌ك ته‌كنیكی هه‌ناسه‌دان، سه‌رنجدان و یۆگا.

د. سه‌ڵاحی گه‌رمیان
selah.germian@yahoo.com.au




ئه‌ندێشه‌ی وه‌هم … گه‌شاو محمد عه‌تا

وه‌ره‌ و
له‌ گه‌ڵم هه‌ناسه‌ به‌
چاوه‌كانت داخه‌ و
هه‌ناسه‌ به‌
سینه‌ت پڕ كه‌ له‌ بۆنی ژووره‌كه‌م
ئه‌رێ له‌وێ بێزار نه‌بووی …!!؟
له‌ شانۆ كپه‌كان
له‌ نواندن بێزار نه‌بووی ..!؟
تۆ سوێندت خوارد
تا ئه‌به‌د له‌ چاوه‌كانما بنوی
له‌وێ گه‌وره‌ بی
هه‌موو دونیا ته‌ی كه‌ی و
هه‌ر له‌وێش پیر بی
تۆ به‌ڵێنت دا
كۆتایی به‌م ژاوه‌ژاوه‌ بێنی
به‌م سارد و سڕیه‌ت
وه‌ره‌ و ……
له‌ گه‌ڵم هه‌ناسه‌ به‌
خۆ ئێمه‌ ڕۆحمان ئاوێزانی یه‌ك بوو
وه‌لێ نه‌ وشه‌یه‌كمان وت
نه‌ باسێكمان كرد
نه‌ سه‌ره‌تایه‌ك و
نه‌ خاڵێكمان بۆ كۆتایی بوو
به‌ خه‌نده‌ و نیگا
زۆر شت وترا
جوانترین شت
كات ڕۆی و ته‌مه‌ن ڕۆی
له‌م جه‌نجاڵیه‌دا ژینمان ڕۆی
وه‌ك ئه‌وه‌ی بیه‌وێ ، تا زووه‌ كۆتاییمان پێ بێنێ
بێ ئاگایه‌ له‌وه‌ی نامه‌ ڕۆحییه‌كانمان
كه‌س دركی پێ نه‌كردووه‌
وه‌ره‌ و له‌ گه‌ڵم هه‌ناسه‌ به‌
با ریتمی ژیان دووباره‌ كه‌ینه‌وه‌
وه‌ره‌ و
خو من نازانم چۆن بانگت كه‌م
به‌ چ ناوێ
هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی لێ ئه‌زانم
تۆ بوویته‌ من و منیش تۆ

سلێمانی

21 / 3 / 2020




ئەبێت هەموو زیندانەکان دەستبەجێ دابخرێن … حەمید تەقوایی

هەر لەسەرەتای دەست پێکردنی قەیرانی کرۆناوە،حزبی ئێمە دروشمی “ئەبێت هەموو زیندانیەکان ئازاد بکرێن’ ی خستەڕوو. لەبەیاننامەو لێدوان و ئەدەبییاتی حزبیبماندا جەختمان لەسەرکردوەتەوە کە بەهۆی دەست پێکردنی کرۆناوە ژیانی سەدان هەزار ئینسان کەبەشێوەی کەڵەکەکراو لە ژێنگەداخراوەکاندا لەگەڵ کەمترین کەرەستە وپێویستی تەندروستیدا ژیان بەسەر دەبەن، بەو هۆیەوە ژیانیان لەبەردەم مەترسی ڕاستەقینەدایە.
تەنها ڕیگای پارێزگاری لە زیندانیەکان ئازادکردنی دەستبەجییانە.ئەمە پێوستی وئەرکێکی ئینسانیە،نەک ئەركێکی حقوقی-یاسایی.
لێرەدا ئەوەی کە بەندکراوەکان چ دۆسیەیەکیان هەیە،چ تاوانێکیان هەیەو بۆ ماوەی چەندێک سزادراون ؟ وە تەنانەت ئەگەر زیندانی سیاسین یان ئاسایین جێگاو دەورێکی نیە.سەدان هەزار ئینسان کەلەبارودۆخێکی زۆر لەباردان بۆ بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کوشندەی کرۆنا، وە بەبێ ئەوەی هیچ ئیرادەو هەڵبژاردەیەکیان لە خۆپاراستنیان هەبێت لە بەردەم مەترسی مردندان.
وەئەبێت دەستبەجێ زۆر پەلەبکەین بۆ ڕزگار بونی ئەوان. وە تەنها ڕێگای ڕزگارکردنیان،ئازادکردنیانە لە زیندان وە ئەمەش بنەماو بناغەی ئەرک وداواکاری ئێمە بوە لە مامەڵە لەکێشەی زیندان و زیندانیەکاندا هەر لەسەرەتایی بڵاوبونەوەی کرۆناوە .
هەتا ئەو جیگایەی بۆ دۆسیەیەی زیندانیەکان ئەگەڕیتەوە،هەڵوێستی ئێمە ئاشکرایە.ئێمە بەردەوام خوازیاری ئازادی بێقەیدو مەرجی زیندانیانی سیاسی بووین. زیندانیە سیاسیەکان شەریف ترین کەسەکانی کۆمەڵگەن کە تاوانێکیان نیە، جگە لە ناڕەزایەتیان لە دژی هەڵاواردن وهەژاری و بێ مافی. وە لەگەڵ بڵاو بونەوەی قەیرانی کرۆناو بەبێ بڵاو بونەوەشی ئەبێت دەست بەجێ ئازاد بکرێن.
سەبارەت بە بەندکراوە ئاساییەکانیش ئەبێت بڵێین کە زۆربەی زۆریان بێ تاوانن. سیستەمی دادوەری کۆماری ئیسلامی،لەفەلسەفەی دادوەری وپێناسەی تاوان وسکاڵا وسزا هەتا یاسای تۆڵەسەندنەوە ی چاخی بەردین، هەتا ڕەوەندی دەستگیرکردن و دادگایکردنەکان و هیتر هیتر.
سەرتاپای هەتا لوتکە کۆنەپەرستانەو زاڵمانەو دژی ئینسانیە. لە نیزامێکدا کە دەستدرێژی بۆسەر کچانی منداڵ لەژێر ناوی زەواجدا شەرعی و ڕێگە پێدراوە، بەڵام پەیوەندی نێوان ژنان وپێاوانی بەتەمەن وەیان هاوڕەگەزبازی بەتاوان دادەنرێت و ئەنجامدەرانیان لەگەڵ زیندان و شەلاق و بەردەباران و لەبەرزاییەکەوە سزا ئەدرێن.
لە و نێوەدا قسەیەک ناتوانێت هەبێت بەناوی دادپەروەری و عەدالەت ودادگایی عادیلانەوە. لەگەڵ سەرنگوم کردنی کۆماری ئیسلامیدا ئەبێت دۆسیەیی هەموو بەندکراوەکان دوبارە ئاشکرا بکرێتەوە وە هەموو زیندانیەکان لە دادگایەکی سیکۆلار وعادیلانەو لەسەر بنەمایی یاسای مۆدێرن وئینسانی سەر لەنوێ دادگایی بکرێنەوە.
ئەمە باس و ڕەخنەی بنەڕەتی و بەردەوامی ئێمە بوە لە بابەت بە کاری زیندانەکان وزیندانیەکانەلە جمهوری ئیسلامیدا.
بەڵام لەم بارو دۆخەی ئێستادا تەئکیدی ئێمە لەسەر ئازادی دەست بەجیی زیندانیەکان لەو ڕەخنەیەوە سەرچاوەی نەگرتوە. هەر زیندانیەک لەگەڵ هەر دۆسیەیەکداو بەهەر ڕادەیەک لەتاوانی قورس کە هەیبێت، وە وای دانیین کە بەشێوەیەکی دادپەروەرانەش دادگایی کراوە شیاوی ئەوە نیە لە زیندان بمرێت بەهۆی بڵاوبونەوەی پەتایی کوشندەی کرۆناوە.
بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کرۆنا لەزیندانەکاندا دەتوانێت چەند جار زیاتر لە دەرەوەی زیندانەکان قوربانی لیبکەوێتەوە، وەهەربۆیە ئەبێت بە شێوەیەکی گونجاو و خێرا ڕێگا لەم کارەساتە بگیرێت.
“جەعفەری عەزیم زادە” ڕوخساری ناسراوو دیاری بزوتنەوەی کرێکاری کەئێستا لەزینداندایە، کۆمەڵێک ڕاستی ڕاچڵەکێنەرو تاڵی سەبارەت بە دۆخی زیندانەکان بەیانکردوە.ئەو دەڵێت “لە بەندیخانەکەی ئێمەدا تەنها دوو ماسک ودوو جوت دەستکێش یان داوە بەنزیکەی ٨٠ نەفەر، هەواڵێک لە کەمترین مەوادی دژی بۆگەن کردن و چاودێری پزیشکی نیە، وە ڕۆژانە سەدان کەس هاتوچۆی زیندانەکان دەکەن ودەتوانن ڤایرۆسی کرۆنا بگوێزنەوە”.
جەعفەر عەزیم زادە دەڵێت “نەک تەنها گیانی دەستگیرکراوەکان بەڵکو گیانی پاسەوانەکان وکرێکاران و کارمەندان و ستافی زیندانەکان هەموو لەبەردەم مەترسی جدیدان. وە هەر بەو هۆیەوە ئەبێت ڕیکخەرانی زیندانەکان وزیندانەکانیش ڕابگیرێن. ئەو ڕایدەگەیەنێت”حکومەت ئەرکێتی کە هەموو ئینسانەکان بی لەبەرچاوگرتنی تاوانەکانیان و بێ لەبەرچاوگرتنی بارودۆخ وپێگەیەک کە هەیانە بپارێزێت”.ئەم بۆچونەو ڕاگەیاندنی ئەم داخوازیە نیشاندەری هەڵوێستی قوڵ وئینسانی و ڕادیکاڵی جەعفەری عەزیم زادەیە لێرەدا ئەو نەک تەنها وەک زیندانیەکی سیاسی بەڵکو وەک نوێنەری تەواوی زیندانیەکان وتەنانەت پاسەوانەکان و ستافی زیندان واتە هەموو ئەو کەسانەی کە بەناچاری بەژیان کردن و ئامادەیە لە ژینگەیەکی داخراو وسنوردارو بەسەریەکداکەوتوو و بیئیمکاناتی زیندان لەبەردەم توش بون بە پەتای کوشندەی کرۆنادا وەستاون قسەدەکات.
باسەکە دەربارەی وەستاندنی کۆبونەوەی نزیکەی ٣٠٠هەزار کەسی زیندانی وهەزاران کەسی پاسەوان وستافی زیندانەکانە. هەر بەوهۆیەوەی کە دەبێت ڕیگری لە کۆبونەوەی چەند کەسێک زیاتر بگیرێت،هەر بەو هۆکارانەوە کە سینەماکان وپیشبڕکێ وەرزشیەکان و کۆبونەوەکان ڕاگیراون،هەر بەو هۆکارانەی کە داوای ڕاگرتنی کارگەکان وناوەندەکانی بەرهەم هێنان دەکەین ،ئەبێت جەخت لەسەر داوای داخستنی دەست بەجێ زیندانەکان بکەین.
ناوەندێکی کۆبونەوەی تر سەربازگەکانن، کەلە سەرتاسەری وڵاتدا زیاتر لە نیو ملیۆن سەربازو پلەدارو فەرمانەبەری لەخۆی گرتوە. بنەکە سەربازیەکانیش ئەبێت هەتا تێپەڕینی لە قەیرانی کرۆنا دابخرێن.
حزبی ئێمە هەر لەسەرەتایی بڵاوبونەوەی کرۆناوە ڕایگەیاند کە کارگەکان ئەبێت دابخرێن وە کرێکاران بە مانگرتن و نەچونە سەرکار ئەبێت ئەم داواکاریە بەسەر دەوڵەتدا بسەپێنن. ئەمڕۆ هاوارو دادی زیندانیەکان لە گرتوخانەی زۆربەی شارە جیاوازەکاندا لەحاڵی پەرەسەندندایە. هەڵهاتنی سەربازەکان لە سەربازگەکانیاندا. لەڕاستیدا سەپاندنی داخستنی شوێنی کۆبونەوە بەسەر حکومەتدا. ئەم بزوتنەوە و ناڕەزایەتیانە ئەبێت بەردەوامیان هەبێت وکرێکاران لە ناوەندەکانی بەرهەمهێنان(جگەلەو بەشانەی کە وەڵام بە پێوستیەدەستبەجێکانی خەڵک ئەدەنەوە) هەروەها ئەبێت بۆ ڕێگری لەڕۆشتنە سەرکار سەرباز دانێن، داخستنی زیندانەکان،سەربازگەکان و ناوەندەکانی بەرهەمهێنان تەنها ڕێگای پاریزگاریە لەژیانی زیاتر سەدان هەزار کەس کە لەبەردەم مەترسی پەتای کوشندەی کرۆنادان.

تا ئەو شوێنەی کە بە زیندانیەکانەوە پەیوەستە لە بەیاننامەو نوسینەکان وبەرنامە تەلەفزیۆنیەکان ولەهەموو تەبلیغات و پراکتیکی حزبیدا و هەروەها لە کۆمیتەوەو کەمپینە ناحیزبێکان کە کادرەکانی حزب چالاکن تێیدا وەکو کۆمیتەی خەبات بۆ ئازادی زیندانیە سیاسیەکان وکۆمیتەی دژی لەسێدارەدان،کەمپەینی هەر ئێستا ئازادیان بکەن Free them nowواتە ئەو دامەزراوانەی کە پێشتر چالاک بون وە لەبارودۆخی ئێستادا ئەرکی ئازادی زیندانیەکان چالاکەنە دەبەنە پێشەوە،وەهەر وەها لە چالاکیەکانی خەبات بۆ وەستانەوە لەدژی کرۆناو کەمپینی ڕزگاری ژیانی زیندانیانیەکان لە دڵی بارودۆخی قەیرانای ئیستادا چالاکانە ڕێکخراوە. ئێمە چالاکانەوشێلگیرانە بەشوێن کاری ئازادکردنی زیندانیەکانەوەین، داخوازی وئامانجەکانی ئەم چالاکیانە لەگەڵ دروشمی’ئازادی بۆ هەموو زیندانیەکان”،”ئازادی بێ کۆت ومەرجی زیندانیەسیاسیەکان”،”ئازادی یان مۆڵەت بۆ هەموو زیندانیەکان” بەلای کەمەوە هەتا کۆتایی هاتنی قەیرانی کرۆنا و هیتری وەک ئەمانەمان دەربڕیوەو ڕاگەیاندوە. وەهەروەها ئەبێت ئەم دروشمانە بخەینە ڕوو وە شرۆڤەیان بکەین وە بانگەوازی خەڵک بکەین بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی وخەبات بۆ بەجێبەجێ کردنی ئەم خواستانە.’داخستنی دەست بەجێی زیندانەکان” .بەگشتی کردنی هەموو ئەم خواستانەو دەربڕینی جەوهەرو هۆکاری بنەڕەتی خستنەڕوی ئەم دروشمانە لە بارودۆخی ئێستادا، بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کرۆنایە.
خەباتی ئێمە بۆ ئازادی بێ کۆت ومەرجی زیندانیە سیاسیەکان،بۆ سەرلەنوێ دادگایکردنەوەی زیندانیە ئاسییەکاان ولەدژی هەموو سیستەمی دادوەری دژی ئینسانی کۆماری ئیسلامی دواکەوتن هەڵناگرێت،بەڵام لەبارودۆخی ئێستادا سەرەکیترینمان ڕزگارکردنی ژیانی سەدان هەزار زیندانیە.
ئازادی بێ کۆت ومەرج وئازادی هەتا نەمانی قەیران و مۆڵەت وهیتر،هەموی بەهۆیەوە خراوەتە ڕو وە ڕاگەینراوە. کە سەدان هەزار ئینسان لە خراپترین بارودۆخی تەندروستی و لەبارترین بارودۆخ بۆ بڵاو بونەوەی ڤایرۆسی کرۆناو گیان لەدەستدان بەهۆی ئەو نەخۆشیەوە ژیان بەسەر دەبەن ئەبێت بەخێرایی ڕزگاربکەن.داخستنی دەسبەجێی زیندانەکان تەنها ئەو ئامانجانە بەگشتی بەدەست ناهێنێت ،بەڵکو لەهەمان کاتدا زەمانەتی ڕزگار کردنی گیانی پاسەوان وکارمەندان و ستافەکانی زیندانیشە.لەگەڵ دروشم وڕیکخستنی خەبات بۆ”دەست بەجێ داخستنی زیندانەکان،سەربازگەکان،ناوەندەکانی بەرهەم هێنان” ئەبێت بە بەرنگار بونەوە لەگەڵ نەخۆشی کرۆناو حکومەتی هاودەستیدا هەرچی پەرەسەندوترو هەمەلایەنەتر بەرینە پیشەوە.
ئەمە لایەنێکی گرنگی خەباتی ئێمەیە بۆ ڕزگاری گیانی ژمارەیەکی هەرچی زۆرتری ئینسانەکانە لە نەخۆشی کوشندەی ڤایرۆسی کرۆنا.
لەم نەبەردەدا ئەبێت لەهەموو هەنگاوێکدا لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا ڕوبەڕوببینەوە. ئەوە حکومەتێکە کەلە پەنای ڤایرۆسی کرۆنادا لەبەرامبەر خەڵکدا وەستاوە. بەکردەوە وەستانەوە لەدژی کرۆنا جیا نیە لەگەڵ خەبات لەدژی ڕژێمی تاوانکاری دەسەڵاتدار. هێزی جوڵێنەرو بەرەوپێشبەری ئەم جەنگ،جەماوەری خەڵکن. پزیشکەکان وپەرستارەکان وستافە شەریفەکانی نەخۆشخانەکان، کۆمیتەکانی خۆیاری لەهەموو شارەکاندا،کەسایەتی وهەڵسوڕاوانی بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکان کە دەنگی ناڕەزایەتی خۆیان لەدژی حکومەتی کرۆنای ئیسلامی بەرزکردوەتەوە.
ئەمڕۆ ئەوزیندانیانەی کە دەستیان داوەتە ڕاپەڕین و ئەو سەربازانەی کە لەسەربازگەکانیان هەڵدێن هەموی نیشاندەری هەستانی کۆمەڵگەیە لەدژی قەیرانێك کە کۆماری ئیسلامی دەوری ڕاستەوخۆی لە خولقاندنیدا هەیە.
ئەمە جەنگێکە بۆ رزگاری ژیانی ملیۆنان و مانەوەی کۆمەڵگایە.قەیرانی کرۆنا لەناو دڵی بارودۆخی ناڕەزایەتیەکی گەورەو پەرەگرتو بۆ سەرنگونکردنی کۆماری ئیسلامیدا سەری هەڵدا. ئەم بزوتنەوە پەرەگرتوتر ئەبێت. دەسەڵاتی تاوانکاریش لەدڵی ئەم قەیرانەدا پلەپلە لاوازتر ئەبێت وجەماوەریش توڕە ترو ناڕازیتر دێتە دەرەوە.
ڕاپەڕینی ئەمڕۆی زیندانیەکان وهەڵهاتنی سەربازەکان لە سەربازگەکانیان سەرەتا مژدەبەخشی شۆرش و ڕاپەڕینێکی جەماوەری فراوانی خەڵکە بۆ هێنانەخوارەوەی حکومەتی ئیسلامی.
وەرگێڕانی کاوە عومەر
٤\٤\٢٠٢٠




ڕەخنە لە مێژوو، بۆ بنیاتنانی مێژوویەیکی نوێ، هەنگاوێک بەرەو یپێکهێنانی حزبێکی مارکسی

بۆخوێندنەوەی ئەم بابەتە کلیکی ئێرەبکەن ……




کتێب: گوفتار شیرین بە — هێلین خەلیل

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن …..




من هاوارم ، چ قوڕگێك دەمچڕێ ؟ … فازڵ عه‌زاوی — و : نه‌ژاد عزیز سورمێ

                                              

گۆرانییەك
( لە باخچان گوێم لە درەختان گرت ،
ناڵە و فیغانیان بوو
لە ئاسماندا گوێم بۆ مەلان ڕادێرا
دیتم كۆچ دەكەن ..
گوێم لە مرۆڤ گرت ،
لە غوربەتی سەردەمدا نەمدۆزییەوە..
نەمدۆزییەوە هاوزاكانم !! )

چی بكەم هاوزاكەم ؟
تا نەیەڵم ئەم شەوە سووتێنەرە
بگاتە چەهرەت؟
دژمنان بۆتی دەهێنن .
بە پێڵاوی پۆڵایینەوە پێشێلت دەكەن ،
لە خەودا سەردانت دەكەن ،
بە خۆشەویستی بانگت دەكەن ..
كەچی تۆ قوربانیی ئەوانی ..؟

چی بكەم هاوزاكانم ؟
كە من لەسەرگردی نامۆیی دانیشتووم ،
لە زەماوەندی مرۆڤدا ،
جەنازەی ئەم جیهانە دەبینم هەژاران هەڵیدەگرن ؟
كەژاوەگەلێك لە چەند كیشوەرێكەوە ،
شەیتان حوكمیان دەكا ؟

چی بكەم هاوزاكانم ؟!
كە هاوزاكەم دەبینم لە قاوەخانەی مەزنان دادەنیشێ‌ ،
تریاكی ئازادی دەكێشێ ‌،
وەك كوێر لاشەی لە مەیخانان ڕادەكێشرێ ‌،
ڕۆشنایی بەلەپی دەستدا دێتەخوار ،
كە جەللادان بە دەوری سەری ئەو شارانەدا دەخولێنەوە
بە ئاگری ئەبەدییەتەوە شۆراون ؟

چی بكەم هاوتەمەنەكانم ؟
كە من هەموو بەیانییەك ،
لە ڕۆژنامە ڕۆژانەییەكاندا
دەنگت بە سووری بەرەواژەوە ،
وێنەی ڕۆژێكی ڕەش دەخوێنمەوە ؟
برسییەتی جووتیاران دەخوێنمەوە..
گۆرانی (نایل) لە كێڵگەیێكی بەردراو
لەناو دێری مەرەزەی سووتاودا ،
وێنەی جورج دەچڕن ،
پەنجەكانییان بەسەر خوێنی خاكی بتپەرستدا
ژەهری لێ‌ دەتكێ‌ ؟

كوا دڕندەی وەستاوی كەناری ڕووبار؟
قوربانیی دیكەی بدەنێ ‌، پاكیزەكانتانی بدەنێ‌ !
خوێنی خوای بدەنێ ‌، كە بەسەر كەڤڕاندا ڕژاوە ..
بیدەنێ‌ !
تا بزانین
مانای بزانین چییە ؟
تا ئاگری مردووان بكوژێنینەوەو
لە مرۆڤەوە دەست پێ‌ بكەین.

چی بكەم هاوزاكانم؟
كە لە تاراوگەدا مەكینان دەبینم
عاشقی بەكرێگیراو بەرهەم دێنن ،
بە شارە داگیركراوەكاندا دەخولێنەوە ،
تژی خۆڵەمێش ،
بەسەر خەمی دۆڕاواندا دەڕۆن و
خانووان ،
بۆ دڕندەی نووستوی دارستانی بیابان
بنیات دەنێن ..؟

چی بكەم هاوزاكانم ؟
كە گوێم لە چەندان نەوەیە
لە برینی گوڵدا كەڵەواژی دەبنەوە ،
تارمایین ،
وەك مەلی زێڕین
مەلە لە دیجلەدا دەكەن ،
پاشان گۆرانی دەچڕن و دەمرن ..
وێنەی عاشقان ،
لە خەمان بەتەنێ‌ دەمرن ..
كە نیشتمانێكیان نەدی پەنای بۆ ببەن ،
وەك چۆن غەریب ،
پەنا بۆ نیشتمانی غەریبان دەبا..؟

چی بكەم هاوزاكەم ؟
منیش وەك تۆ بەكوڵم ،
خەون بە ژنێكەوە دەبینم
لە زینداندا ، لە نێوان من و مەرگ دابنیشێ‌ ؟
لە نیشتمان پتر ، حەزمان لە مێینەیە ..
كە لە جوانترین ڕۆژانی تەمەنماندا تێكماندەشكێنێ‌!
كە ئازادی چەقۆیێكە لەدڵدا ،
دروشمێكە بە نهێنی هەڵیدەگرین و
لە ژووری زیندانێكی لە بیركراودا
بە قاوەوە دەیخۆینەوە.

چی بكەم هاوتەمەنەكانم؟!
كە من بە شێتایەتی ئەو گەنجانەوە ،
لە قوتابخانە دەردەكرێم ،
بە بێدەنگی بە جیهاندا دەسووڕێنەوە و
لەسەر شۆستەی شارە گەورەكاندا
بێ‌ خەم یا نازناوێك
لەوەی دەوڵەت دەیاندا بە خەڵك
دەمرن..؟

چی بكەم هاوزاكەم ؟
كە من لە نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوادا
دابەش بووبم ،
میرێك لەناو ڕۆكێتێكدا بەرەو ڕۆح دەچێ‌ ،
لە خێوەتی هۆزەكەمدا دیلم ،
نامۆ لە نێوان ئامێر و خواوەندی ڕووت ،
لە نێوان یەهووداو لەخاچدراوی سەرشانم ..

من یەهوودا نیم ، لە خاچدراو نیم
ئەی تۆ كێی؟ وەرە پێش !
من پێنجی حوزەیرانی عارەبیم
من ئەو حەفتەیەم ، بە سۆزی ڕۆژهەڵاتییانەوە
ڕۆژی لێ‌ هەڵوەران ..
من شەڕی دژ بە خۆمم ..
ئافرەتێك لە باڵای گەلەكەمدا هاتە خوارێ‌
مەمكی فڕێدانە ئاو و وتی:
ئەوەی دەیەوێ‌ ژنی شەڕ بخوازێ‌ با بێتە پێش !

سڵاو ئافرەت !
ئەی ئەوەی لەژێر هەوری شەودا وەستاوی ،
چاوەڕێی نەوەیەكی دی بكە ،
نەوەیەك وەك ساماڵ بروسكە دەداو
وەكو خۆر ، بە ویقارەوە بۆت دێ ‌،
میرێكی عارەب لە پاشەڕۆوە ، ئەمشەو چاوەڕێی بە!
چاوەڕێم بە ئەی سكی بە ملیۆنان منداڵ پڕ!
چاوەڕێم بە تا (ئایندە) منداڵێكی عارەبی دەبێ‌ !
سەركەوتنی چاوەڕوانكراوی لەتۆوە لێ‌ دەكەوێتەوە ..

چی بكەم هاوزاكانم؟
كە خاك پاشای بتپەرستی داومەتێ ‌، عەباڕەش ،
ئەڤین فرمێسكی داومەتێ ‌، گوژاڵك و
ژنی وا بەرهەم دێنێ‌ پێشی مردن
شین لەسەر گۆڕم دەگێڕن ،
داوای دڵداری ڕۆحییان لێ‌ دەكەم ،
كە پێم دەڵێن ،
دەمرم بۆ ئەڤینێ‌ و لەبیرم دەچێتەوە مردووم ؟
من گەلی مردووم، زەمەنی مردووم ،
من پێش مردن ، وەچەیێكی مردووم ..

چی بكەم هاوزاكانم؟
كە من بە غەریبی بەناو غەریباندا ڕادەبوورم ،
غەریب دەرم دەكەن ،
چونكە نیشانەی لەخاچدرانم پێ‌ نییە ..!

چی بكەم هاوتەمەنەكانم؟!
كە من (حەمەد)ی جووتیاری یاخی بم ،
هۆرەكان پەنای بۆ ببەن ..
پۆلیس لە شەوی زەماوەندا ،
لە نێوان گوڵە سوێسن و توتڕكدا ڕاوی بنێ‌ ؟
لە دوایدا تەنیا، وەك دارخورما
لە ماڵی ئاغەدا بمرێ‌
كاروان لای من وەستا ،
سەردەم غەریبی هەستاندم ،
وتی: بڕۆ گوڵ لە بێستانی دەریادا بچنە
هەژاران لەبەری دەكەن ،
گەردانەن لە خانەی مێژوودا
با لە برینی شەهیدان كراسێك بێنن ،
بەسەر كێڵگەی زێڕینی گەنمدا هەڵیخەین ..

  • باهۆز گوڵی دارستانی كوژاندەوە
    باهۆز گوڵی خوێنی كوژاندەوە ..
  • با بێتە پێش
  • چیم لە دەست دێ‌ لە بابلدا بیكەم؟
    كە من پیاوێك بم پێوەندار ،
    جیهان بە گاسنێك به‌ ملمه‌وه‌ دەبینم ،
    لە نووستنیشدا هەڵیدەگرم ؟
  • با بچێتە پێش
    لە نێوان گوڵ و گوڵدا چەقۆ ..
    لە نێوان ئازادی و چۆلەكەدا ئاشتی ..
    ڕاپەڕیم ،
    كۆت و پێوەندم هەڵگرتن ،
    ترسی نووستووی ناو پێستم بەڕەڵڵاكردو
    ڕاوەستام دەستم دایە شەڕ لە بابل
    خەمی تەنیای دونیا ..

چی بكەم هاوتەمەنەكانم ؟
كە من چەند مانگێكە توونێلێك
لە ژووری زیندانەكەم لێ‌ دەدەم ،
لە چاوی پاسەوانەكانمدا شاردوومەتەوە ،
دەیخەمە شەو و بۆ هاوڕێكانم دەگریم
كە لەبەر زینداندا لە سێدارە دران ..
منیش هەر كە بەیانی دا ،
بەناو مردوواندا دەخشێم و دەنووم
خەون بە ژنێكەوە دەبینم
لە دەرەوەی شوورەی زیندان بانگم دەكا:

  • دوو ساڵە لەبەر دەرگام ،
    لە بارەی (با) وە لێم دەپرسن
    بگەڕێوە لام ، ڕێگات گوڵڕێژ دەكەم !
    لە دڵەوە هاواردەكەم ،
    خۆشەویستەكەم گەڕایەوە ..

چی بكەم خۆشەویستم كە دڵ نەخۆشە؟
چی بكەم كە توونێلەكان ڕێگای زیندانێكن
لە شەودا
بۆ زیندانێك لەشەو؟
چی بكەم دڵەكەم كە دونیا شەوە؟

(ون بوو چەند جار دەكرێ‌ ون بێ‌
تاكو ڕێگا بناسێ‌ ؟
چەند جار دەكرێ‌ عاشق دڵداریێ بكا ،
تا ڕق و كینە هەڵوەرێن ؟
چەند جار دەكرێ‌ زیندانی زیندان بكرێ‌ ،
تا زیندانەكان بڕوخێن ؟
چەند جار ‌ شەپۆل لافاوان بەرپا بكا ،
تا كەنار بە بنەخۆی بدا ؟
چەند جار‌ چەقۆ لە مرۆڤدا بچەقێ‌ ،
تاوەكو ئێش بناسێ‌ ؟
چەند جار ‌ شۆڕش هه‌ڵبگیرسێ ،
تا پیسی پاك بكرێتەوە ؟
چەند جار مەسیح لە خاچ بدرێ‌ ،
تا خاچ ڕا بێ‌ ؟
چەند جار ‌ دژمنان بیابان بگرن ،
تاكو چەك هەڵدەگیرێ‌ ؟
چەند جار دەكرێ‌ هاوار بقیژێنێ‌ ،
تا مردوو گوێیان لێ‌ دەبێ‌ ؟
چەند جار هاوتەمەنەكانم ؟! )

چی بكەم هاوزاكانم ؟
كەمن منداڵێكم لە دارستاندا
لە ناو گورگان لە دایك دەبێ‌ ..
ئایا بگریم ؟
كێ‌ دەنگم دەبیێ‌؟
لە باهۆزی لماوی زیاتر ..؟
كێ‌ گوێی لێم دەبێ‌ ؟

چی بكەم هاوتەمەنەكانم ؟
كە من مێژووییەك لە لەپی دەستم هەڵدەگرم
خوێنی لێ‌ دەتكێ‌ ؟
كە دەروێشێكی كۆتبەندم ،
لەگەڵ تارمایی وا دادەنیشم گاڵتەم پێ‌ دەكەن ؟
قوتابی كۆلیژە بۆشەكان ،
بەسەر ترسدا هەڵبوو،
قوربانیی كتێبە زەردباوەكان ؟

چی بكەم هاوزاكانم ؟
لە كاتێكدا بە ڕمێكی شكاو و زمانێكی بڕاوەوە
بۆ شەڕ دەچم ؟
چونكە من لە ئاشتی شەڕدا نووسراوم ..

چی بكەم هاوتەمەنەكانم ؟
كە من ڕیكلامێك بم بۆ برسییەتی لە تەلەفزیۆندا ؟
چی بكەم ؟!
كە من دوا پیت بم لە زمانی عارەبیدا ؟
داخۆ دەزانم هاوزاكانم؟ هاوزا بە تەنیا كوژراوەكانم ،
كە چۆلپەرستان بەسەر ئەستووندەی زرێپۆشانەوە
لە خاچی دەدەن و
لە خیوەتی غوربەتدا بەسەری دادەدەن ؟
بەژێر خۆڵەمێشی شارە سووتاوەكاندا دەڕوا ،
بوو بە ڕۆژ، پاشان شتەكانی تێدا كوژایەوە ..
بوو بە ژنێكی یافایی ،
سەربازان ماوەیەكی درێژ گەمارۆیان دا ،
كوڕێكیان دایێ‌ نامانناسێ‌ ،
چۆلپەرستێكیان دایێ
خزمەتی خوداوەندەكانی بیابان دەكا ..

تۆ كێی؟
گوێم لێ‌ بوو ، لەو تارماییانەدا بانگم دەكەن
كە لە سێبەردا بەشەڕدێن
لەو شارانەی بەسەر ئاوەوە بەرەو من دەخشێن
لەو كرێكارانەی بە پەتی نەفرەت بە دیوارەوە گرێدراون ..
لەو قوتابییە گوندییانەی بە دەرگای شۆڕشدا تێدەپەڕن ..
بریندار بە ئاگری ئەڤینی كوێر ..

تۆ كێی؟
گوێم لە دەنگێ‌ بوو لە ساراوە دەهات
وتم: با هەستم ئەوە دەنگی ئێوەیە هاوتەمەنەكانم !
دەیناسم وەك هەنگوێنی تاڵ بەسەر لێومەوەیە
وەك گوللە لە دڵمدا دێتە ناوم
خەونەكانم لە ژووری ڕۆژگارمدا ئازاد دەكا
ئەوە دەنگی تۆیە هاوتەمەنەكەم !
دەیناسم كە لە تەنیاییدا
لە گرتووخانەكانی پۆلیس ،
لەژێر قامچی غەواراندا دەناڵێنێ‌ ..
چوون تۆ وەك سپێدەی ، پاراوی ..
وێنەی كەوانەی ماهی ،
لە چاوی دایكێكی عارەبیدا
وتم با هەستم ئەوە دەنگی تۆیە هاوزاكەم
هەستام ، بە قەدەمشكاوییەوە هاتمە لات
نیگەرانیم دەمترسێنێ‌
چیت لێم دەوێ‌ هاوزاكەم ؟
چیت لێم دەوێ‌ نیگەرانیم ؟
من پیاوێكم بێ‌ ناونیشان
شێتێكم لەسەردەمێكی شێتدا
سەرم لە زیندانەكانی دونیا داوە
لە شەڕدا لەگەڵ نەداراندا بووم
لە شەڕی ئەو مرۆڤانەدا بەشداربووم
بەدوای مەملەكەتی خوادا وێڵن
زۆر مردووم و هەستاومەتەوە ..
گوێم لە چەوساوان بووە بوونەتە لەشكر
ڕایانوەستاندووم و
لە بارەی لەشكری من لە ئێوەدا لێیان پرسیوم
ئایا ئێوە ،
لە سەردەمی مرۆڤی دۆڕاودا
لەشكری منن ؟
ئایا ئێوە لەشكری منن
لە سەردەمی نیشتمانی داگیركراودا ؟!

تۆ كێی؟
گوێم لێ‌ بوو
دەنگێك لە ساراوە دێ‌
تۆ كێی؟
من ئەو سەربازەم
لە لەشكری زۆرلێكراواندا گەڕاومەتەوە
تۆ كێی؟
من ئەو عارەبە كوژراوە بێ‌ لاوانەوەیەم
لە ڕۆژنامەكانی ڕۆژانەدا ..
وەرە لام ، دەستت لەملم بكە !
ئەی هاوتەمەنی بكوژ و كوژراوم
با پڕ له‌ ئاشتی بچینە دەرەوە
گوڵ بدەینە لاوان
بەخۆشەویستی بەشەڕبێین
تا لە دڵی مرۆڤدا خۆشەویستی لەدایك بێ‌ و
ئازادی بگاتە دڵی هەموو غەریبان .

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
(*) وشەی (نایل) جۆرێكە لە گۆرانی چۆلپەرستانی عارەب ،
كە بە تایبەتی لە باشووری ئیراق دا باوە.




نامەیەکی کراوە بۆ سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێم …

بابەت: دوانەخستنی موچەکانی وەزارەتی کارەبا

کرێکاران و کارمەندانی هەموو وەزارەتەکان مافی خۆیانە کە موچەکانیان لە کاتی خۆیدا پێبدرێت و دوا نەکەوێت، بەڵام حکومەتی هەرێم وێڕای دواخستنی موچەکان، پێدانی موچەکانیشی بە گوێرەی گرینگی و هەستیاری وەزارەتەکان ڕیزبەندی کردوە کە موچەکانی چەند وەزارەتێک بەر لە وەزارەتەکانی تر بدرێت.
وەزارەتی کارەبا لەو ڕیزبەندیەی حکومەتی هەرێمدا نیە، گەرچی کارەبا کەرتێکی گرینگ و سەرەکی ژیانی کۆمەڵگەیە و کرێکاران و کارمەندانی کارەبا بەهەمان شێوەی کارمەندانی کەرتی تەندروستی و هێزەکانی ئاسایش لە ئامادەباشیدان و لە کاتێکدا کە قەدەغەی هاتوچۆ ڕاگەێندراوە و شوێنەگشتیەکان ڕاوەستاون بەهۆی پەتای کڕۆناوە، ئێمە درێژە بەکارەکانمان دەدەین بەتایبەت لە بەشی چاکسازی (صیانە) و چاودێری وێستگەکان (مراقب محطة) و چاک سازی ئامێرەکان و تەولید و پاسەوانی، ئەمە لە کاتێکدایە کە خەرجی هاتووچۆی چونەسەر کاریش لەم بێ موچەییەدا، لەسەر حیسابی خۆمانە.
ئێمە داواکارین لە حکومەتی هەرێم کە وەزارەتی کارەباش وەک وەزارەتێکی گرنگ و هەستیار تەماشا بکات و موچەکانمان بەزوویی بدات.
لەکاتێکدا کە پەتای ڤیرۆسی کڕۆنا تەنگی بەهەموان هەڵچنیوە و کۆمەڵگەی نیوە ئیفلیج کردوە، پێنەدانی موچەکانیش لە کاتی خۆیدا ئەوەندەی تر ژیانی کرێکاران و کارمەندان و خەڵکی کوردستانی هەراسان کردوە، بۆیە کرێکاران و کارمەندانی کەرتی کارەبا وەک هەموو کرێکار و کارمەندانی کەرتەکانی تر مافی خۆیانە کاتێک حکومەتی هەرێم گوێ لە داواکاریەکانیان نەگرێت و بەدەم خواستەکانیانەوە نەێت ناڕەزایەتی خۆیان بەشکڵ و شێوازی تر دەرببڕن.

کۆمەڵێک لە کرێکاران و کارمەندانی کەرتی کارەبا

١- سامان طیب. /٢- زاهیر محمد محمد سعید. /٣- عومەر عبدوالڵە حسێن. /٤- سەرکۆ محمد ڕۆستەم. /٥- عبدوالقادر جەلال. /٦- ساسان سیروان. /۷- عطا حسێن. /۸- شەوکەت ماوەتی. /۹- عبدالمحسین حسێن مجید. /١٠- طیب ابراهیم احمد. /١١- هیوا سدیق مصطفى. /۱٢- محمد احمد محمد. /۱٣- احمد عەبدوڵڵا ڕەشید. /۱٤- بەیان ابراهیم ڕەحیم. /۱٥- صباح فایەق کاکەبرا. /۱٦- فاضل علی عزیز. /۱٧- یاسین خلیل. /۱٨- هاوبەش علی ‌جمال. /۱٩- نزار سباح. /٢٠- عزالدین محمد. /٢١- بەهمەن شا محمد. /٢٢- سلام حەمە. /٢٣- ڕزگار طاهیر ابراهیم. /٢٤- عبدالکریم حەمە ڕەشید. /٢٥- علی نوری. /٢٦- خالد محمد صاڵح. /٢٧- محمد سعید. /٢٨- عوسمان علی حسن. /٢٩- بەختیار علی. /٣٠- نەوزاد صلاح الدین ڕەئووف. /٣١- احمد فتاح محمد. /٣٢- فەرەیدون زیرەک نوری. /۳٣- احمد سعید حمە ڕەشید. /۳٤- کاوە کاکە حەمە. /۳٥- کمال کریم. /۳٦- گۆران ابوبکر. /٣٧- ڕزگار طە. /٣٨- ابراھیم عزیز رشید. /٣٩- اکرم علی عبداللە. /٤٠- محمود محمد احمد. /٤١- کاضم حمە حسین. /٤٢- ستار عمر محمد. /٤٣- محمود قادر محمد. /٤٤- ئاودیر حیدر فتح اللە. /٤٥- کامل محمد. /٤٦- یعقوب علی عبدالله. /٤٧- خالید کاکە احمد. /٤٨- رزگار زرار عبدالله. /٤٩- علی عبدلله سالح. /٥٠- دڵشاد عبدالله احمد. /٥١- پێشڕەو حمد امین. /٥٢- خدیجە جوهر فقی. /٥٣- منور خضر رسول. /٥٤- هێرۆ علی بابیر. /٥٥- رزگار محمود سلیم. /٥٦- هەندرێن علی معرف. /٥٧- سامان سعد. /٥٨- سامان سعید شریف. /٥٩- یعقوب احمد. /٦٠- كورده جليل. /٦١- نازاد حمه صالح. /٦٢- منصور شريف. /٦٣- عبدالقادر جلال. /٦٤- حسن محمد. /٦٥- قانع حسن. /٦٦- ئەڵوەند جلال. /٦٧- ئاراس دەروێش. /٦٨- هەوار احمد. /٦٩- سازان علي. /٧٠- شاباز عثمان. /٧١- تارا علي. /٧٢- سيف الدين شواني. /٧٣- لطيف سعيد. /٧٤- دلشاد معروف. /٧٥- شێركۆ مصطفى. /٧٦- ئازاد سعيد. /٧٧- كمال احمد. /٧٨- ئاراس ڕەئووف. /٧٩- ئەژی ڕەسول. /٨٠- إحسان حسن. /٨١- عدنان عبدالله. /٨٢- زانا محمد. /٨٣- هەڵمەت احمد حمه علي. /٨٤- شلێر حمه. /٨٥- زانا مير. /٨٦- عمر مصطفى. /٨٧- بەختيار غفور. /٨٨- هەژار رحيم عزيز. /٨٩- كامل احمد. /٩٠- عبدالله علي كريم. /٩١- ابو بكر سعيد. /٩٢- أديب جمال مصطفى. /٩٣- ڕێبوار صابر احمد. /٩٤- مجید اسماعیل حەمە ئەمین. /٩٥- نەغەدە عوسمان مصطفی.

-*-




دیوی دووەمی کرۆنا … نوسینی: دانا محمد عبدوڵا

سروشتی جیهان بەشێوەیەکە هەموو بابەتێکی سلبی دیوێکی ئیجابی هەیە وەبە پێچەوانەشەوە
دروستە كۆرۆنا جیهانی داخستوه‌ هه‌ره‌شه‌ دەکات هە‌مووان وه‌كو درنده‌یه‌كی بچوک و بەهێز ته‌ماشای ده‌كه‌ین، به‌ڵام كه‌س بیری له‌وه‌ نه‌كردوه‌ته‌وه‌ كه‌ ئێمه‌ی مرۆڤ چی درنده‌یه‌ك بوین لە مێژوی مرۆڤایەتیدا
بۆیە لێرەدا دیوی دووەمی کرۆنا ڤایروس دەخەمەروو

١- یەکسانی نێوان مرۆڤ
لەوەتەی مرۆڤ دەژیت تاوەکو ئێستا بە هەموو فەلسەفە و تێۆرەکانمان هیچ کاتێک چینەکانی کۆمەڵگا یەکسان نەبون و
هەژار و دەوڵەمەند
سەرۆک و خەڵک
مەلیک و ئاغا

٢- ژینگه‌ پاک بوەوە .
ساڵانە چەندین دەوڵەت و ریکخراوی ژینگەی پارە و هەوڵ بۆ پاک بونەوەی ژینگە ئەدەن
بەڵام بەقەد کرۆنا زەوی بە ئاو هەوای پاک نەکردەوە
هه‌موو كارگەکانی جیهان له‌گه‌ڵ ده‌رهێنانی نه‌وت و هه‌نارده‌كردنی هۆكاری سه‌ره‌كی بوون بۆ پیس كردنی ئاو و ژینگه‌.
رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی ده‌ڵێت زیاتر له‌ ملیارێك مرۆڤ له‌ جیهاندا بێبه‌شن له‌ ده‌ست كه‌وتنی ئاوی پاك بۆ خواردنه‌وه‌، ساڵانه‌ش3 ملیۆن و 400 هه‌زار كه‌س به‌و جۆره‌
نه‌خۆشیانه‌ ده‌مرن كه‌ هۆكاره‌كه‌ی ئاوی پیسه‌
به‌پێی راپۆرتی ئه‌و رێكخراوه‌ ساڵانه‌ 8 ملیۆن كه‌س له‌ جیهاندا به‌و نه‌خۆشیانه‌ گیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن

٣- هەماهەنگی دوژمنەکان
روسیا هاوكاری ده‌نێرێت بۆ ئه‌مریكا
ئەمریکاش هاوکاری چین ئەکات

٤- راگرتنی جەنگ و راوەستانی منداڵە قوربانیەکان
منداڵان له‌ سوریا و یەمەن و لیبیا و یەفغانستان ئازادانه‌ به‌ گه‌ره‌كه‌كاندا ده‌سورێنه‌وه‌
جەنگ لە سوریا و یه‌مه‌ن له‌ لیبیا له‌ چه‌ند ووڵاتێكی دیكه‌ به‌ ره‌زامه‌ندی لایه‌نی هێرشكەر‌ و به‌رگریكار راوه‌ستا.
ساڵانه‌ 100 هه‌زار منداڵی شیره‌خۆر به‌هۆی شه‌ر و ئاڵوزیه‌كانه‌وه‌ له‌ جیهاندا گیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن، له‌ نێوان ساڵانی 2013 تا 2017، كه‌ له‌و ماوه‌یه‌دا شه‌ر ده‌رگای چه‌ندین ووڵاتی گرت، له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست و ئه‌فریقیادا 550 هه‌زار منداڵی شیره‌ۆخۆر گیانی له‌ده‌ستدا.
ته‌نها له‌ عێراق به‌هۆی شه‌ر و ئالۆزیه‌كانه‌وه‌ 5 ملیۆن منداڵ بێباوك كه‌وتن، له‌گه‌ڵ 1 ملیۆن بێوه‌ژن.

٥- نەمان و کەمبونەوەی روداوی هاتوچۆ
ساڵانه‌ 1 ملیۆن و 200 هه‌زار تا 1 ملیۆن و 300 هه‌زار مرۆڤ به‌ رووداوی هاتوچۆ گیان له‌ده‌ست ده‌دات، به‌پێی داتای رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی له‌ هه‌موو 24 چركه‌یه‌كدا كه‌سێك به‌ رووداوی هاتووچۆ گیان له‌ده‌ست ده‌دات.

٦- رێگری لە مادەی هۆشبەر
بەپێی ئامارەکان ساڵانە ملێۆنان کەس ئاڵودەی مادەی هۆشبەر ئەبن و بەمردن کۆتای دێت
لە ئێستادا بە هۆی داخستنی سنورەکان بازرگانی کردن کەم بوەتەوە بە شێوەیەک نەماوە




خەو … پشکۆناکام

                                          

(( دەسەڵاتە خۆسەپێنەرەکان قاچی میللەت
ئەشکێنن و گۆچانێکی ئەیەنێ پێی بڕوا و پێی
ئەڵێن ئێمە نەبین تۆ ناتوانی بڕۆیت……….
چارلی چاپلن ))

…… ڕەنگە حکومەتێک معاش زیا نەکا وتەرفیعاتی خەڵک رابگرێ پێی بووترێت حکومەتێکی لا موبالە ، یان حکومەتێک جار و بار بەهۆی ئەوەی ئەکەوێتە جومعەوە معاش دوا بخا بە حکومەتێکی بێ بەرنامە وەسف بکرێ ، یاخود حکومەتێک لە مەسەلەی دەرماڵە کەمتەر خەم بێ بە حکومەتێکی نا عادیل وەسف بکرێ ، ئەی ئەگەر حکومەتێک یەک دانە ملیار دۆلار لە داهاتی نەوتی ووڵات و خەڵک بدزێ و بیخاتە سەر حسابێکی تایبەتی بانک لە دەرەوەی ووڵات بەچی ناوبەرین ؟ ئەبێ بگەڕێین بۆ سیفەتێکی نێگەتیڤی شایەستە بە شا ن وباڵی ئەو حکومەتە، رەنگە وەسف کردنی بە حکومەتی کوردی باشترین وەسفی سەلبیانە بۆی ، بە مەرجێک ئەو کەسەی ئەو دزییەی لە قوتی خەڵک کردوە هیچ سیفەتێکی حیزبی و حکومی نیە و تەنیا ئەندامی بنەماڵەی خاوەن دەسەڵاتی هەرێمە! ئەمەش ئەو راستیە دووبارە ئەکاتەوە کە بە هەزاران جار ووتراوە کە ” بنەماڵە لەسەروو میللەت و خاک و حیزبەوەن،،” ئەو پارە زۆرە لە کاتێکا خەشنۆش کراوە کە خەڵک لەوپەڕی نەهامەتی و قوڕبەسەری بژیویا بوون ئەویش هەر بەهۆی سیاسەتی فاشیلانەی بنەماڵە لە بە ناو ” سیاسەتی ئابوری سەربەخۆ” وە بوو کە ئەبوایە بە فەشەلی سەربەخۆ ناو بنرایە ، ئەو کات کەس بۆی نەبوو فزە بکا گویا بەغا پارەی نەئەنارد بەناو حکومەتی هەرێمیش پیاوانە نەوتی خۆی ناردوە بەڵام نەک بۆ بەغا بەڵکو بۆ تورکیا !! هەر لەو کاتەیا بۆ بەتاڵان بردنی نەوتەکە وەک مەزاخانە هەڕاج کردنی بە نرخێکی هەرزان، موزەفەر بەهارات ، ببورن موزەفەر پاکستانیەک هاوکاری ئەو فرۆشتنەی ئەکژد ، جگە لەهەقی دەڵاڵییەکەی کە تەنیا 250/هەزار دۆلار بوە ، لە وەزارەتە وەهمییەکەی سەرچاوە سروشتییەکان مانگی یەک ملیۆن دەلار واتا یەک و شەش سفر معاشی بوە ، کاتێک وەزعەکە زۆر بەرەو خراپی ئەڕۆشت معاشی ئەو بێ بەختە کرا بە روبعە ملیۆنۆک دۆلار ( نازانم چۆن پێی ژیاوە !) …..
ئێستاش لە کاتێکا خەڵک بە ناچاری ماڵەوەن ، و کاسبکارانیش بە بێ هیچ داهاتێک ئەبێ شەو بخەنە سەر ڕۆژ ، لە بوونی بەڵای کورونا بە ناو حکومەتی هەرێم دیسان گەڕاوەتەوە بۆ قەوانە دژە خەڵکە کۆنەکە کە مووچە بە نزیکەی دوومانگ جارێ ئەبێت ، بەریتانیا کە نزیکەی 65/ملیۆن کەسی تیا ئەژی و ئەو نەوتەی هەرێمیشی نیە هەرچی مووچەخۆرە تا لە ماڵەوە بێ لەسەدا هەشتای معاشەکەی ئەخرێتە سەر ئەکاونتەکەی سەبارەت بە کاسبار و ئەوانەی بسنزی بچوکیان هەیە دەهەزار پاوەن لەدەوڵەت وەرئەگرن بۆ ئەو ماوەیەی لەماڵەوە ئەبن وەک سەرتایەکی هاوکاری بژێوییان ، جا ئێوە بیهێنە بەرچاوی خۆتان گەر هەرێم نەک بەقەد بەریتانیا بوایە ، گەر دە ملیۆن کەسێک بوایە ئەم بەناو حکومەتە چی لەو خەڵکە لێقەوماوە ئەکرد،،واو بە حاڵی میللەەت…
كورونا بەڵایەکە و یەخەی ئەو عالەمەی گرتوە ، بەڵایەک کە زوو یا درەنگ هەر لەناو ئەچێ ، ئەو بەڵایەی پێش کورونا و دوای کیرونا یەخەی ئەو خەڵکە بەر نایا ئەو دەسەڵاتە خۆسەپێنەرەی هەولێرە کە بەناوی حکومەتی کوردی و چەپڵە و هەلهەلەی حیزب و گروپە کانی تر میللەت وەک پاشكۆیەک و داهاتەکەشی وەک سفرەیەکی بەلاش تێی کەوتوە و ئەوەی حسابی بۆ نەکا میللەت و چونیەتی ژیان بارە ئابووریەکەیەتی ، ئەم دەسەڵاتە هەرچیەک هەیە بۆ مانەوەی خۆی ئەیکات بێ سڵکردنەوە ، ناهەقیشیان نیە لە کەرچەوە بۆ بازرگانی نەوت ، ئەم بەڵایە وا دای نەکوتیوە لاچێ ، ئەوەی ئەتوانێ جێی پێ لێژکا و بیخاتە مەترسی کەوتنەوە تەنها خەڵکە ، زۆر چاوەڕوانیش ساردبونەوەی بە دوایە ، وەک ئەووترێت گەشتۆتە سەر لووتی خەڵک ، گەر کەسێکیش پێی وایە ئەم دەسەڵاتە خۆی و ئارەزومەندانە بە جێمان ئەهێڵێ ، ئەوە خەوە……

پشکۆناکام




ژەهر دەبارێ … مەولود ئیبراهیم حەسەن

زلهێز.. دەڕشێتەوە
ژەهر دەبارێ
من بیر لەو خانوانە دەکەمەوە
کە دەرو پەنجەرەیان کونبڕ نین
لە خەمی ئەو خەیمانەدام
کە با لە خەیمە نشین دەسەڵاتدارترە
دەمەوێ چەتر بۆ ئەو باڵندانە هه ڵدەم
کە بە باڵ بێچووەکانیان دادەپۆشن
ژەهر دەبارێ
پێویستە دەمامک بدەم بە ئاسک و کەروێشک
دەستەوانە بدەم بە بۆق
ژەهر دەبارێ
لە ئاسمانی خودا
ئەو ئاسمانەی کە داگیرکراوە
پێویستە لەسەر ڕێگای ورچ تابلۆیێ هه ڵبواسم :
هاتنەدەرەوە قەدەغەیە .
بەمار بڵێم:
بچۆرەوەو سوڕی متبوون
بەقازو قورینگەکان بڵێم :
لە هیچ دەراوان ئاو نە خۆنەوە
بە کۆترەکان بڵێم :
لەسەر زەوی چینە نەکەن
بە سێو بڵێم :
ڕاوەستێ پێنەگات
تکا لە خونچە بکەم :
دەمنەکاتەوە
بە مەڕەکان بڵێم :
لە کاوێژکردنا پەلەنەکەن
زلهێز.. دەڕشێتەوە
ژەهر دەبارێ
لە خەمی ئەو هه ژارانەدام
کە خانووەکانیان
دە روو پەنجەرەیان نیە
بیر لەو پەپووڵانە دەکەمەوە
کە بەو بچووکی و ناسکییەیان
جوانی و زیندووێتی دەدەن بە سرووشت .

هه ولێر – ٤/٤/٢٠٢٠






هۆنراوە بۆ منداڵان.. کۆرۆنای هار و هاج.. هۆنراوەی: رەزا شوان

ئـەی کـۆرۆنـــای نـالـەبـــــــــــار
هـــار و هـــاجـی نـاهـەمـــــــوار

  • * * * * *
    بــــــڕۆ وازمــــــــان لـێـبـێــــــنـە
    ژیـانـمـــــان لـێ مـەشـێـوێــــــنـە
  • * * * * *
    ئـێـمـە مـنـــــداڵـیـن جـــــــوانـیـن
    دڵـپــــــــــاک و بـێ تـــــــاوانـیـن
  • * * * * *
    لـە بـەدكـــــــاریـت نــــــــاڕازیـن
    خـۆمـــــان لـێـت دەپـــــــارێـزیـن
  • * * * * *
    لـێــــــت بـە داخ و بـێــــــــزاریـن
    بـە تـیــاچـوونـت خـوازیــــــاریـن
  • * * * *
    بـــــــرۆ مـلــــــــت بـشــــــکـێـنـە
    واز لـە مـــــــرۆڤ بـهــــــــــێـنـە

نەرویـج: ٥/ ئەپـریل/٢٠٢٠




بۆنی مەرگ … شیعری: ستیڤان شەمزینی

لە وێستگەی شەمەندەفەرەکانەوە
لە بنمیچی کەنیسەکانەوە
لە ژێر منارەی مزگەوتەکانەوە
لە شارە کپبووەکانەوە
لە گەڕەکە کاسبووەکانەوە
لە بازاڕە مەلوولەکانەوە
لە شەقامە چۆڵبووەکانەوە
لە رووبارە گرینۆکەکانەوە
لە دەریا سەرشێتەکانەوە
لە ماڵە زراوچووەکانەوە
لە قاوشی نەخۆشخانەکانەوە
لە هەوای دڵتەنگی دنیاوە
لە هەناسەی مرۆڤەکانەوە
لە باڵەفڕێی باڵندەکانەوە
بۆنی مەرگ دێت
چ زەمەنێکی رەنگ پەڕیوە
یەکەمجارە
مەجنون لە ژوانی لەیلاکەی بترسێت
یەکەمجارە
مەم لە ئامێزی زین تۆقی بێت
یەکەمجارە
شمشاڵ، گوومان
لە هەناسەی شمشاڵژەن بکات
یەکەمجارە
تەنیایی بە یەکسانی
بەسەر هەموواندا ببەشرێتەوە
یەکەمجارە
دەست لە چاو و
سییەکان لە نەسیمی هەڵکردووی
ماچی یار دوور بخرێنەوە
ئەم هەموو سەرەتا غەمگینە
لە گیرفانی کام ئافاتەوە
هاتوونەتە دەر؟
ئەم هەموو دەسپێکە دڵتەنگە
ئاهونزولەی کام چەرخی زامدارن؟
ئەم هەموو تۆڕنادۆی کابووسە
لە پەنا ئازاری کام هەسارەوە دێ؟
هیچ تێناگەم
تێناگەم لە هیچ
ئینجانەی لەززەت دەبینم
پڕ بووە لە تەرمی بۆگەنکردوو
دەرگا کراوەکان دەبینم
مەرگ بە خێرایی خۆی پێیاندا دەکا
ژوانگەیەکی چۆڵ دەبینم
بە داری نائومێدییەوە خۆی هەڵواسیوە
لە دوا وەسێتیدا نووسیوویەتی
زەمەنی باوەشە گەرمەکان تونی بابا چوو
ئیدی سەدەی دابڕان و
کوێربوونەوەی دڵی پڕ ئارەزووی منە
شیعرەکان دەبینم
لە دووتوێی دیوانە کەنفتەکاندا
بەسەر یەکدا ترنجاون و
ناتوانن چیتر
رامووسان لە خۆیاندا جێ بکەنەوە
هێزیان نەماوە
تەوقی تەنهایی کەس بشکێنن
چاو بە ئەسرین بەکوڵ بۆ بەختی رەش و
بۆ ئەو هەموو ماچە چاوەڕوانانەی
ناو دەروونیان دەگرین
گۆڕستانە نوێیەکان دەبینم
تا دێت ئاوەدانتر دەبنەوە و
پڕ دەبن لە مردووی بێ ناونیشان
پڕ دەبن لە خۆزگەی هەڵوەریو
پڕ دەبن لە گوڵی خۆر نەدیو
پڕ دەبن لە حەزی تازە شکۆفەکردوو
پڕ دەبن لە خەونی نەبینراو
پڕ دەبن لە هەناری مێخۆش
پڕ دەبن لە نارنجی هیوا
پڕ دەبن لە سترانی ژیان
هیچ تێناگەم
تێناگەم لە هیچ
لە ژووری سەد و یانزەی
نەخۆشخانەیەکی هەمیشە بێدارەوە
تەرمە تازەکان دەژمێرم
هەروەک ئەوەی دڵڕەقی ژیان بژمێرم
گوێم لە هەناسەدانی بە زەحمەتە
وەک سەدای تەمبوورێکی خەمبار
دەڕژێتە ناو گوێیەکانم
گوێم راگرتووە لە بێدەنگی
گوێم راگرتووە لە خشەی پێی مردن
گوێم راگرتووە لە رژانی تەمەن
گوێم راگرتووە لە نرکەی نەخۆشێک
لە تەنیشتمەوە دەستی لەسەر دڵی راگرتووە
تا بزانێت هێشتا نەمردووە
گوێم لە دەنگی خەیاڵی خۆمە
بەسەرمدا دەشێڕێنێ
چەند لاپەڕەی ژوانت دڕاند
چەند خاوخلیچ بوو لە ئۆڵۆمپیادی ژیندا
چەند چاوەڕوانی توانەوەی جەستەی یار بوویت
لە پەرداخی حەزی فێ گرتووتدا
چەند کۆتری شیعرت
خستە قەفەزی کتێبەکانتەوە
چەند مەست بوویت
بە رۆژە نەهاتووەکانی ئایندە
لەناکاو دەنگی دکتۆرێک هات
بە بڵندی قسەی دەکرد
دەیووت هیچ نییە
حەرفێکی تر لە کتێبی ژیان سڕایەوە
گۆڕێکی بێ ناونیشانی تر زیاد بوو
ئیستێکم دەگرم
بە ترسەوە سەیری کاتژمێرەکەی دەستم دەکەم
ئاه خودایە
چارەگی دەوێت بۆ مەرگ
نۆبەتی هەڵفڕینی مەلی گیانمە
بەرەو ئاسمانە رەش داگەڕاوەکەی عەدەم

5-4-2020
رۆژی یەکشەمە

تێبینی: ئەم دەقە، دەقێکە بەدەم ئازاری نەخۆشییەوە، بە هەناسەسواری و لەژێر ئامێری هەناسەی دەستکرددا لە نەخۆشخانەیەکی دوورە وڵاتدا نوسراوە. سترانێکی غەمباری منە بۆ ئەو ئافاتەی بەسەر مرۆڤایەتیدا هاتووە بە هۆی کۆرۆنا ڤیرۆسەوە. ئێستا کاتژمێر هەژدە و بیست خولەکە، بەپێی ئاماری دوو کاتژمێر پێش ئێستا ژمارەی توشبووانی کۆرۆنا گەیشتۆتە یەک ملیۆن و دووسەد و چل و چوار هەزار کەس، ژمارەی گیان لە دەستدانیش گەیشتۆتە شەست و حەوت هەزار و هەشت سەد و حەفتا و حەوت کەس. هێشتا ڤیرۆسەکە بەخێرایی تیشک بڵاودەبێتەوە. تازە لە بەهاری تەمەنیدایە، تاکو دەگاتە پایزی خۆی، دیار نییە ژیانی چەندی تریش لەگەڵ خۆیدا دەبات.




متمانه‌ و كلتوور.. مه‌رجی له‌پێشینه‌ی خۆپارێزیی و مانه‌وه‌ … ئه‌مین بۆتانی

ئه‌ركی هه‌ر یه‌كێك له‌ تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ و به‌تایبه‌تی (توێژی بیركه‌ره‌وه‌)؛ وردبوونه‌وه‌ی زیاتره‌ له‌هه‌ر رووداو و په‌ره‌سه‌ندێك به‌مه‌به‌ستی په‌یداكردنی تێگه‌یشتن و وێناكردنێكی هه‌ره‌ نزیك له‌ سرووشت و جووڵه‌ و ئاراسته‌ی پرسه‌كان، بۆ دۆزینه‌وه‌ی باشترین شێوازی به‌رگرتن له‌هه‌ر پێشهاتێكی نه‌خوازراو سه‌باره‌ت به‌هه‌موو كار و كایه‌كانی ژیان.
بێگومان لێره‌دا مه‌به‌ستمه‌ له‌باره‌ی یه‌ك دوو لایه‌نی په‌یوه‌ست به‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا بدوێم، هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه‌ی به‌لای منه‌وه‌ گرنگه‌ و ده‌توانم قسه‌یان له‌سه‌ر بكه‌م كه‌ به‌ ئه‌ركی خۆمی ده‌زانم هه‌ر ئه‌وه‌یه‌. به‌ بۆچوونی من؛ ئه‌مڕۆ ئه‌ركی ئه‌و توێژه‌ی باسمكرد ئامۆژگارییكردنی خه‌ڵك نیه‌ چۆن ده‌ست و په‌نجه‌یان بشۆن و ئاگایان له‌خۆیان بێ، چونكه‌ ئه‌وه‌ كاری دامه‌زراوه‌ ته‌ندروستیه‌كانه‌ و لیژنه‌ی باڵای رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی په‌تای كۆرۆنا بڵاوی ده‌كاته‌وه‌ و له‌سه‌ر هاووڵاتیانیش پێویسته‌ پێیه‌وه‌ پابه‌ند بن،، بێجگه‌ له‌وه‌ به‌ دڵنیاییه‌وه‌ پرسی خۆپاراستن و پابه‌ندبوون به‌ رێنماییه‌ ته‌ندروستییه‌كانه‌وه‌ خواست و هه‌ڵوێستێكی سه‌رانسه‌ریی هه‌موومانه‌.
گوتم (له‌سه‌ر هاووڵاتیان پێویسته‌ پێیه‌وه‌ی پابه‌ند بن)، ئه‌وه‌ بۆ چه‌ندین هه‌فته‌ ده‌چێ قسه‌ی هه‌موومان هه‌ر ئه‌وه‌ بووه‌ پێویسته‌ پابه‌ند بین بۆ ئه‌وه‌ی به‌ كه‌مترین زیان له‌م په‌تایه‌ ده‌رچین،، به‌ڵام هاوكات هه‌موومان ئاگادارین وڵات هه‌یه‌ هه‌تا ئێستاش كه‌ په‌تاكه‌ چۆته‌ قۆناغێكی یه‌كجار مه‌ترسیداره‌وه‌ كه‌چی جووڵه‌ی نه‌كردووه‌ و وه‌ك پێویست هه‌نگاوی نه‌ناوه‌ بۆ به‌رگرتن و خۆپارێزی و ته‌نانه‌ت پلانێكی ئه‌وتۆشی نیه‌ بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا. به‌ڵام خۆشبه‌ختانه‌ له‌ كوردستانه‌كه‌ی خۆمان ده‌بێ دڵخۆش بین به‌و پلان و هه‌نگاوانه‌ی (حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان) و رژدی و په‌رۆشی خودی جه‌نابی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران كاك (مه‌سروور بارزانی) كه‌ له‌گه‌ڵ تیمه‌ لێهاتووه‌كه‌ی پێشمه‌رگه‌ئاسا شه‌و و رۆژ ده‌كه‌نه‌ یه‌ك و ئێشك گرن به‌دیار ته‌ندروستی وڵات و هاووڵاتیانه‌وه‌،، ئه‌وه‌ی له‌ كوردستان كراوه‌ ئه‌زموونێكی ده‌گمه‌نه‌ و هه‌مووان شایه‌تی خێری بۆ ده‌ده‌ن،، دڵنیام ئه‌م كار و هه‌ڵمه‌ته‌ بێهاوتایه‌ی حكوومه‌تی كوردستان ده‌بێته‌ ره‌سید و زه‌خیره‌ و پاشه‌كه‌وتێكی یه‌كجار مه‌زن بۆ خۆناسین و بنیاتنان و كۆكردنه‌وه‌ی پارچه‌كانمان و دواجار تۆكمه‌كردنی ژێمه‌ندی و ئنتیما و ئاوێته‌بوونی خه‌ڵك و خاكی كوردستان،، له‌م رووه‌وه‌ من به‌ش به‌حاڵی خۆم ڤایرۆسی كۆرۆنا وه‌ك به‌ره‌كه‌تێكی مه‌زن ده‌بینم،، چونكه‌ ئه‌وه‌ی لێی ده‌خوێنمه‌وه‌ هه‌رچیه‌كیش رووبدات خوانه‌خواسته‌؛ هه‌ر ئه‌وه‌مان بۆ ساغبوویه‌وه‌ كه‌ ئێمه‌ی كوردستانی له‌ ته‌نگانه‌دا چیمان له‌ده‌ستدێ بیكه‌ین و چیمان له‌ده‌ستهات و كردمان؛؛ ئه‌وه‌ له‌هه‌ر شتێك گرنگتره‌ ئه‌مڕۆ بیبینین و هه‌ستی پێبكه‌ین و بیكه‌ینه‌ خاڵی سه‌ره‌تا و پرۆژه‌ی داهاتوومان. بێگومان گه‌لان و قۆناغه‌كانی ژیان هه‌میشه‌ له‌ ساته‌وه‌ختی مێژوویی و له‌سه‌رده‌می سه‌رهه‌ڵدانی رووداوه‌ نه‌قۆڵاكان (ته‌كانی بوومه‌له‌رزه‌یی)؛ رێڕه‌وی به‌خۆداچوونه‌وه‌یان ئاراسته‌ی نوێتری به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌؛؛ زهنیه‌ت و مێنتالیته‌یان فۆرمات بووه‌ و سه‌رله‌نوێ‌ جیهانبینی و روئیایان بۆ كۆی پرسه‌كانی ژیان گۆڕانكاری به‌سه‌ردا هاتووه‌،، لێره‌دا ئه‌وه‌ی په‌یوه‌سته‌ به‌م پرسه‌وه‌؛ ده‌مه‌وێ‌ بڵێم پێویسته‌ له‌هه‌موو سه‌نگه‌ره‌كان به‌رگریی بكه‌ین؛ هه‌ر یه‌كه‌ و له‌سه‌نگه‌ره‌كه‌ی خۆی رووبه‌ری به‌ر ده‌می خۆی هه‌موار بكاته‌وه‌؛ موورووی هێزی كه‌ڵه‌كه‌بووی خۆی هه‌ڵڕێژێته‌ كۆشی بنیاتنانه‌وه‌ و سه‌رله‌نوێ بیانكا به‌ په‌تێكی نوێی ژیاندۆستییه‌وه‌.
ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ سه‌ر پرسی؛ بۆچی ده‌بێ (ئه‌وه‌ی پێمان ده‌كرێ بیكه‌ین) هه‌میشه‌ یه‌كسان و هه‌ندێ جار كه‌متریشه‌ له‌ (ئاست و كێرفی پابه‌ندنه‌بوون)؛ له‌جیاتی ئه‌وه‌ی هه‌موو هه‌وڵه‌كانمان بخه‌ینه‌ گه‌ڕ و ده‌رفه‌ته‌كان ته‌وزیف بكه‌ین، دێین به‌رده‌وامی به‌و راده‌ستبوونه‌ دێرینه‌ی خۆمان ده‌ده‌ین و به‌ (بیانوو)ی جۆراوجۆر پابه‌ند نابین. هه‌ڵبه‌ت لایه‌نێكی ئه‌م كێشه‌یه‌ په‌یوه‌ندی به‌ پرسێكی زۆر دێرینه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ پرسێكی یۆنڤێرسالی كه‌ونیی مرۆڤایه‌تی گشتگیر و (رۆسۆ)یانه‌یه‌ و په‌یوه‌سته‌ به‌ پرسی ره‌وایی و شه‌رعییه‌ت و مه‌شرووعییه‌ت و ده‌سه‌ڵات و گرێبه‌ستی كۆمه‌ڵایه‌تی. ئه‌مه‌ی دواییش راسته‌وخۆ بۆ پرسێكی مه‌ترسیدار تر سه‌رده‌كێشێ و وه‌ك ئه‌نجامگیرییه‌كی حه‌تمی و بێ چه‌ندوچوون دێته‌ پێشه‌وه‌ كه‌ پرس و كۆنسێپتی (متمانه‌)یه‌، هه‌ڵبه‌ت له‌م رۆژانه‌ی رابردوو لێره‌ و له‌وێ‌ هه‌موومان گوێبیستی ئه‌و ئه‌نجامگیریه‌ بووین كه‌ خه‌ڵكانێك له‌ عێراق و وڵاتانی دنیا و ته‌نانه‌ت لای خۆشمان له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هاوڵاتی به‌هه‌ر هۆیه‌ك متمانه‌ی به‌ حكوومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی نشتیمانه‌كه‌ی خۆی نه‌مابێ؛ راسته‌وخۆ گوتویه‌تی (ئه‌وه‌ی حكوومه‌ت له‌باره‌ی په‌تای كۆرۆنا ده‌یڵێ راست نیه‌) بۆیه‌ من بڕوای پێ ناكه‌م و (هه‌رگیز پابه‌ندی رێنماییه‌كان نابم)، له‌و بڕوایه‌دام هه‌ر یه‌كێك له‌ گه‌ڕه‌ك و شار و شوێنی نیشته‌جێبوونی خۆی گوێبیستی ئه‌م رسته‌یه‌ بووه‌،، بێگومان ئه‌و روئیا و بۆچوون و مێنتالیته‌یه‌ هه‌ر هه‌مووی شانی حكوومه‌ته‌كان ناگرێته‌وه‌؛ به‌ڵام له‌ كاتی ته‌نگانه‌دا هه‌موو به‌رده‌كانی ئاسمانیش به‌ پشته‌ ملی حكوومه‌ته‌كانی سه‌ر زه‌وی ده‌كه‌ون.
راسته‌، هه‌میشه‌ ئه‌و سه‌رچاوه‌ كلتووریه‌ی كه‌ مێنتالیته‌ و جیهانبینییمان فۆرموله‌ و ره‌نگڕێژ ده‌كه‌ن؛ هه‌ر ئه‌وه‌ هه‌ژموونی به‌سه‌ر ویست و ئیراده‌مانه‌وه‌ زاڵه‌ و رێگا به‌ سه‌رچاوه‌ی دی نادات له‌گه‌ڵیدا هاوبه‌ش بێ یانیش جێگای بگرێته‌وه‌، بۆ نموونه‌ كه‌سێك كه‌ هێزی دنیابینی و وێناكردن له‌ ئایینه‌وه‌ وه‌ربگرێ‌، یان ئه‌و كه‌سه‌ی بڕوای به‌ تیۆری پیلانگێڕیی هه‌یه‌، یان ئه‌و كه‌سه‌ی كوردگوته‌نی به‌ ته‌بیعه‌ت لاته‌ریك و ره‌شبینه‌، ئه‌و كه‌سه‌ ئاسان نیه‌ بڕوا به‌ بوونی سه‌رچاوه‌یه‌كی دیكه‌ی به‌دیل بۆ متمانه‌ بكات، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سه‌ بڕوای به‌ تاقه‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی متمانه‌كردن هه‌یه‌ و به‌س، متمانه‌هێنان به‌ سه‌رچاوه‌كانی دیكه‌ی به‌لاوه‌ كوفر و حه‌رامه‌. هه‌رگیز ده‌سه‌ڵاتێكی دنیایی زائیل شوێنی ئه‌و متمانه‌یه‌ ناگرێته‌وه‌ كه‌ خاوه‌نی هه‌ژموونی باڵا و خاوه‌نی دارولبه‌قایه‌، ئه‌م دۆگمابوونه‌ كه‌ ته‌نانه‌ت دژ به‌ بنه‌مای خودی ئایینیشه‌، گه‌وره‌ترین كۆسپه‌ له‌به‌رده‌م تێگه‌یشتنێكی ره‌وانتر بۆ ئایین به‌ر له‌وه‌ی ببێته‌ كۆسپ له‌به‌رده‌م تێگه‌یشتنێكی ره‌وانتر بۆ دنیا،، به‌ڵام مێنتالیته‌ی مه‌رگدۆستی لێره‌دا به‌ فۆرمێكی نوێتر و مه‌ترسیدار تر ده‌كه‌وێته‌ مانۆڕ له‌گه‌ڵ ژیان و هه‌تا ئه‌گه‌ر كۆڵانه‌كان لێوانلێویش بن له‌ لاشه‌ی تووشبوانی كۆرۆنا؛ ئه‌و هه‌رگیز ئاماده‌ نیه‌ خۆی به‌ده‌سته‌وه‌ بدا و سه‌ركه‌چ بكا بۆ ئه‌قڵ.
بۆیه‌ ئه‌وه‌ی له‌ چین و ئیتالیا و كوردستان و شوێنانی دیكه‌ی گۆی زه‌وی له‌سه‌ره‌تای پرۆسه‌ و پلانی خۆپارێزیی له‌ په‌تای كۆرۆنا به‌دیار كه‌وت؛ شتێكی چاوه‌ڕوانكراو بوو، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه‌سانی خاوه‌ن زهنیه‌تی یۆتۆپیایی لاهووتی (به‌ ئایینی و غه‌یره‌ ئایینیه‌وه‌) هه‌ر میكانیزمێكیان به‌لاوه‌ هه‌ڕه‌شه‌ بووه‌ بۆ سه‌ر حورمه‌تی موقه‌دده‌س و پیرۆزیه‌كان، كه‌ حكوومه‌ته‌كان گوتیان تكایه‌ با قه‌ره‌باڵغی له‌ هیچ شوێنێك نه‌بێ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌مووان پارێزراو بن، كه‌سانی به‌ڕێزی ئایینداری موسوڵمان و كریستیان و بووزی و گشت ئایینه‌كان پێیان وابوو ئه‌و پلانه‌ ده‌بێ توخنی ئه‌و قه‌ره‌باڵغییه‌ی نێو په‌رستگاكان نه‌كه‌وێ كه‌ ناوی نوێژ و په‌رستشی به‌كۆمه‌ڵه‌، چونكه‌ له‌ نه‌زه‌ری ئه‌وان ئه‌وه‌ قه‌ره‌باڵغی نیه‌ به‌ڵكو هه‌تا سه‌ر ئاپۆرای به‌ره‌كه‌ته‌ و هیچ دۆخێك بۆی نیه‌ پێناسه‌یه‌كی ئاوه‌ژووی بكا به‌ به‌را، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و زهنیه‌ته‌ پێی وایه‌ ئه‌وان له‌ سركێته‌وه‌ پارێزراون، یان قه‌ده‌ری ژیان و مه‌رگ له‌ ئاسمانه‌ و پێویست ناكا ئێمه‌ له‌سه‌ر زه‌وی خۆمان سه‌خڵه‌ت بكه‌ین، بێگومان ئه‌و قه‌ده‌رییه‌ته‌؛ سرووش و هێز له‌ كانگای هه‌ره‌ به‌هێزی متمانه‌ وه‌رده‌گرێ‌ كه‌ هێزی بێهاوتای گه‌ردوونه‌ (هێزی ئافرێنه‌ر و خالق)ه‌، به‌ڵام مه‌به‌ستی ئێمه‌ لێره‌دا خوانه‌خواسته‌ ئه‌وه‌ نیه‌ ئه‌و جۆره‌ بڕواهێنانه‌ حاشا به‌ كه‌م و كه‌مبایه‌خ بزانین، نه‌خێر هه‌رگیز وانیه‌ و نابێ، ئازادی ئایین و ئایینداری و بیروبڕوا پرانسیپی نه‌گۆڕی كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تین و وڵاتان و حكوومه‌ته‌كانیش كاریان بۆ فه‌راهه‌مكردنی ئه‌و ئازادیه‌ی هاووڵاتیانی خۆیان كردووه‌ و ئه‌ركی له‌پێشینه‌ی هه‌مووانیشه‌ رێز له‌ ئازادی عه‌قیده‌ و بیروبڕوای به‌رامبه‌ره‌كانیان بگرن. مه‌به‌ست لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌ پێویسته‌ په‌رۆشی بڕواداران و ئایینداران له‌ خه‌ڵكێكی دی زیاتر بێ، پێویسته‌ ئه‌وان به‌ كرده‌وه‌ په‌رۆشتر بن له‌ كاسانی دی بۆ پاراستنی ژیان و ته‌ندروستی گشتی، نه‌ك به‌رنامه‌ و پرۆژه‌ و پلانی حكوومه‌ت و دامه‌زراوه‌ به‌رپرسه‌كان به‌ پیلان و كوده‌تا لێكبده‌نه‌وه‌ و پێیان وا بێ (قه‌ده‌غه‌كردنی هه‌موو گردبوونه‌وه‌یه‌ك به‌ نوێژی به‌ كۆمه‌ڵییشه‌وه‌) ئامانج لێی خوانه‌خواسته‌ زه‌وتكردنی ئازادی خه‌ڵك و قه‌ده‌غه‌كردنی نوێژ و په‌رستش و ئاییندارییه‌، نه‌خێر وانیه‌ و بۆ گشت لایه‌ك و بۆ ئاییندارانی به‌ڕێزیش ئه‌وه‌ روون بوویه‌وه‌ كه‌ هه‌رگیز مه‌به‌سته‌كه‌ ئه‌وه‌ نه‌بووه‌ له‌سه‌ره‌تاوه‌ هه‌ندێك كه‌س به‌ مه‌به‌ست و بیانووی جیاجیا ئه‌وه‌یان ده‌ورووژاند گوایه‌ حكوومه‌تی دیموكراتی و علمانی خواخوایه‌تی په‌تایه‌ك بڵاو بێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌په‌نای ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌وه‌ ده‌ست بۆ قه‌ده‌غه‌كردنی نوێژی جه‌ماعه‌ت ببات!!!.
ئه‌مڕۆ له‌وانه‌یه‌ هه‌ردوو پرسی (متمانه‌) و (كلتوور) وه‌ك دوو كێشه‌ی قووڵ رووبه‌ڕووی زۆربه‌ی كۆمه‌ڵگا و حكوومه‌ته‌كان ببێته‌وه‌ بۆ ده‌ربازبوون له‌ ته‌نگانه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا،، له‌هه‌ندێ وڵات ئه‌گه‌ر فاكتی متمانه‌ش هه‌بێ ده‌بینین جۆری كلتوور و مێنتالیته‌ی خه‌ڵك و كۆمه‌ڵگه‌ هیچ نرخ و به‌هایه‌ك بۆ خاڵی متمانه‌كه‌ش ناهێڵنه‌وه‌، بۆ نموونه‌؛ ئه‌گه‌ر شیعه‌كانی عێراق و ئێران هه‌تا سه‌ر ئێسقان متمانه‌شیان به‌ حوكمڕانیی مه‌رجه‌عه‌كه‌شیان هه‌بێ، حكوومه‌ته‌كه‌ی شیعه‌ چی له‌و مێنتالیته‌یه‌ بكات كه‌ مه‌رجه‌عه‌ ره‌شیده‌كه‌یان هۆكاری سه‌ره‌كی خوڵقاندنی ئه‌و كه‌لتووره‌یه‌ و ده‌یان ساڵه‌ به‌و مێنتالیته‌یه‌ ره‌گه‌كانی وه‌هم بۆ ئه‌و خه‌ڵكه‌ داماوه‌ خێرنه‌دیوه‌ ره‌ش و رووته‌یه‌ ئاو ده‌دات،، هه‌موومان ئه‌و دیمه‌نانه‌مان بینی كه‌ ئاپۆرای زیاره‌تكارانی په‌رستگای ئیمام كازم چۆن خاڵی كۆنترۆڵی هێزه‌ ناوخۆییه‌كان راده‌ماڵن و هاوار ده‌كه‌ن و ده‌ڵێن با سه‌رجه‌م تووشبووانی وڵاتانی چین و ئیتالیا و فه‌ره‌نساش روو له‌ نه‌جه‌ف و مه‌رقه‌دی ئه‌وان بكه‌ن بۆ شیفا و پاكبوونه‌وه‌ له‌ په‌تای ئستیكباری جیهانیی كۆرۆنا.
بیرمان نه‌چێ ئێمه‌ش له‌ كوردستان له‌و نموونه‌مان هه‌یه‌، ئه‌گه‌رچی ئاسمان و رێسمانمان فه‌رقه‌، ئه‌و حاڵه‌ته‌ هه‌موومان به‌دیمان كردووه‌ و به‌رله‌ چه‌ند رۆژێك له‌ نانه‌واخانه‌یه‌ك ئه‌و نموونه‌ كه‌لتووریه‌ خه‌سته‌م بینی و هیچ به‌لامه‌وه‌ سوپرایز نه‌بوو، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌مێكه‌ كۆمه‌ڵگه‌ی خۆم ده‌ناسم، له‌ خاوه‌نی نانه‌واخانه‌كه‌م پرسی بۆچی كرێكاره‌كانت ده‌ستكێشیان له‌ده‌ست نه‌كردووه‌، له‌وه‌ڵامدا گوتی جارێ‌ ده‌ستمان به‌ ئیش نه‌كردووه‌ و تۆ یه‌كه‌مین كه‌سی هاتووی بۆ نان كڕین، راستی ده‌كرد چونكه‌ بینم ناو توونی نانه‌واخانه‌یان به‌ (تراكسووتێكی كۆنی له‌ ئاوهه‌ڵكێشراو) پاك ده‌كرده‌وه‌، خه‌ریك بوو بۆنی گه‌ڵوگونی خاوه‌ن تراكسووته‌ نه‌ناسراوه‌كه‌ له‌ جیاتی بۆنی نانی برژاو هه‌ڵمژم!!!؛ به‌بێ ئه‌وه‌ی ده‌مامكی كردبێ خۆی لێم نزیك كرده‌وه‌ و پێی گوتم؛ بۆچی مامۆستا بڕوات به‌و درۆیه‌ی كۆرۆنا هه‌یه‌؟!، گوتم ئه‌ی ئه‌وه‌ نیه‌ خه‌ڵك به‌به‌ر چاومانه‌وه‌ ده‌مرن!!!، ئینجا به‌حه‌ماسه‌ته‌وه‌ و شه‌هامه‌ته‌وه‌ گوتی: مامۆستا یه‌قینت هه‌بێ ئه‌وه‌ی له‌ دڵه‌وه‌ بڵێ (ئه‌شهه‌دو ئه‌ن لا ئیلاهه‌ ئیڵڵه‌ڵا هه‌رگیز تووشی ئه‌و ڤایرۆسه‌ نابێ)، له‌ وه‌ڵامدا گوتم” ئه‌ی یه‌كه‌مین قوربانی كۆرۆنا له‌ كوردستان مه‌لایه‌كی داماوی به‌ڕێز نه‌بوو؟!؛ تۆ بڵێی له‌ دڵه‌وه‌ (ئه‌شهه‌دو ئه‌ن لا ئیلاهه‌)ی نه‌گوتبێ؟!،، یه‌عنی ڤایرۆسه‌كه‌ هه‌یه‌ به‌ڵام پێویسته‌ له‌ (دڵه‌وه‌) شه‌هاده‌ت بێنین ده‌نا پارێزراو نابین؟!، گوتی” شتی وا نیه‌. دیسان پێمگوت: زۆر چاكه‌ برا؛ به‌یانی مه‌سره‌فی رێگات له‌سه‌ر من؛ وه‌ره‌ به‌یه‌كه‌وه‌ ده‌چینه‌ ئه‌و قاویشه‌ی نه‌خۆشخانه‌ كه‌ تووشبوانی په‌تای كۆرۆنا لێیه‌ و جه‌نابیشت بڕۆ سه‌ردانێكی ئه‌و داماوانه‌ بكه‌ و له‌گه‌ڵ دوعا و داوای شیفا و سه‌لامه‌تی بۆیان؛ ئه‌ولا و ئه‌ملایان ماچ بكه‌ ئه‌گه‌ر راست ده‌كه‌ی كۆرۆنا بوونی نیه‌. ئه‌وسا پێكه‌نی و نه‌یزانی چۆن چۆنی ئه‌و رووخساره‌ی خۆی رێكبخاته‌وه‌ كه‌ هه‌ڵبزڕكاوی متمانه‌یه‌كی وه‌همی و دوودڵییه‌كی ئاشكرا بوو، بیمامه‌عنا به‌ نیگا گوناحه‌كانی تێیگه‌یاندم” مامۆستا لێیگه‌ڕێ هه‌ر چۆنه‌ با وابێ!!!”. ئێمه‌ لێره‌دا له‌به‌رده‌م پارادۆكسی متمانه‌ و كلتوورێكی شڵۆق و دابه‌شبووداین، جارێكیان پاكوخاوێنی له‌ ئیمانه‌وه‌یه‌ و جارێكیشیان به‌كارهێنانی (شه‌رواڵ تراكسووتێكی كۆنی بۆگه‌نی چڵكن) بۆ خاوێنكردنه‌وه‌ی توونی سه‌موونخانه‌ هه‌رگیز هاودژ نیه‌ له‌گه‌ڵ ئیمان و زه‌وق و پاكوته‌میزی!!!. نازانم من بڕوا به‌ كام پیلانگێڕی بكه‌م؟ كه‌سێك به‌ناوی ئایینه‌وه‌ بۆته‌ خاوه‌نی ته‌ندروستی به‌نده‌كانی خوا و به‌ به‌رچاوی خه‌ڵكه‌وه‌ پیسوپۆخڵی ده‌رخواردی كۆمه‌ڵگه‌ ده‌دا؟ یان ئه‌و بیركردنه‌وه‌یه‌ی پێیوایه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا پیلانی (ماسۆنییه‌ت و جووله‌كه‌ و ئه‌مه‌ریكا و زلهێزه‌ به‌رژوه‌ندخوازه‌كانه‌) ده‌بێ ئێمه‌ گوێڕایه‌ڵی ئه‌و حكوومه‌تانه‌ش نه‌بین كه‌ علمانین و ئه‌ڵقه‌ له‌گوێی غه‌رب و تاغووته‌كانن و خوای گه‌وره‌ ئێمه‌ ده‌پارێزێ نه‌ك ده‌مامك و ده‌ستكێش و مانه‌وه‌ له‌ماڵ، (قول له‌ن یوسیبه‌نا ئیللا ما كه‌ته‌به‌ڵاهو له‌نا)؛ ئامه‌نتو بیللا، به‌ڵام خۆ ئایین و خودای په‌روه‌ردگار نه‌یفه‌رمووه‌ به‌ده‌ست و پێیه‌كانی خۆت بچۆ ناو ئاگره‌وه‌. بۆیه‌ ئه‌م ورده‌كاریه‌م هێنایه‌ به‌رباس، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و جۆره‌ قسه‌ و لێكدانه‌وانه‌ كرۆك و ناخی پرسی متمانه‌ و پابه‌ندنه‌بوونی زۆرانێك له‌ تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌یه‌ به‌ رێنماییه‌كانی خۆپارێزیی له‌م په‌تا نه‌گریسه‌ی خه‌ریكه‌ كێرفی ژیانی مرۆڤایه‌تی نزیك به‌ خاڵی سفر ده‌كاته‌وه‌ و هه‌تا رادده‌یه‌كی زۆر ئه‌گه‌ر بیركردنه‌وه‌ی ئه‌و به‌شه‌ی هاووڵاتیان له‌گشت وڵاتان به‌و جۆره‌ نه‌بوایه‌ كه‌ باسمانكرد؛ ئێستا ژماره‌ی تووشبوان و قوربانیان زۆر زۆر كه‌متر ده‌بوو له‌وه‌ی هه‌یه‌، خۆ ئه‌گه‌ر به‌خۆماندا نه‌چینه‌وه‌ و هه‌مواری ئه‌و تێڕوانینه‌ وه‌همییه‌ دووره‌ ئایین و دووره‌ راستییه‌ زانستییه‌ نه‌كه‌ینه‌وه‌؛ ئه‌وه‌ بێگومان ئێمه‌ و ته‌واوی كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تی باجی قورستر و قوربانی زیاتر ده‌ده‌ین.
له‌ته‌ك ئه‌و نموونه‌ خراپه‌؛ بێشومار نموونه‌ی دڵخۆشكه‌ر و ئومێدبه‌خشیشمان هه‌یه‌ قوربان.. ده‌نا من هه‌رگیز ده‌ستم بۆ په‌له‌پیتكه‌ی لابتۆكه‌م نه‌ده‌برد و هیچم بۆ نووسین پێ نه‌بوو،، راسته‌ ده‌بێ نموونه‌ ئومێدكوژه‌كان زیاتر هانمان بده‌ن بۆ كه‌وتنه‌جووڵه‌ و ژیان و ئاوه‌دانی؛؛ به‌ڵام هه‌تا ژیان زیاتر سه‌لامه‌ت بێ ده‌بێ زیاتر بۆ په‌ره‌پێدانی ئه‌و سه‌لامه‌تیه‌ی تێبكۆشین، بۆ ئه‌وه‌ی به‌روبوومی كار و تێكۆشانی باشه‌كاران له‌ داهاتوودا به‌شی هه‌موو ئه‌وانه‌ش بكا جیاواز بیریان كردۆته‌وه‌؛ پێویسته‌ هاوكار و یارمه‌تیده‌ر بین خۆمان له‌ مێنتالیته‌ی سووكایه‌تی و شكاندن و نه‌قیزه‌ به‌دوور بگرین،، پێویسته‌ هه‌ر چه‌ند خاڵێكی خراپ به‌دی بكه‌ین؛ ئه‌و راستیه‌مان له‌لا تۆختر بێته‌وه‌ كه‌ ئه‌وه‌ ئێمه‌ین باشتر بیرمان نه‌كردۆته‌وه‌ نه‌ك ئه‌وانی دی خراپ بیر ده‌كه‌نه‌وه‌،، رێگای دیكه‌مان نیه‌ بۆ ده‌ربازبوون، ته‌نانه‌ت له‌ ساته‌وه‌ختی ئاساییشدا نه‌ك هه‌ر ته‌نگانه‌ و لێقه‌ومان،، چونكه‌ كه‌ڵه‌كه‌بوونی ره‌فتار و جۆری بیركردنه‌وه‌ی رۆژانه‌مان ره‌گه‌كانی كه‌لتوور و فۆرمی زهنییه‌تی ده‌سته‌جه‌معییمان ره‌نگڕێژ و ره‌گاژۆ ده‌كا.
پێمخۆشه‌ لێره‌دا ئاماژه‌ به‌ نووسینێكی نووسه‌ر و رۆژنامه‌ڤانی ناوداری ئه‌مه‌ریكی (تۆماس فرێدمان) بكه‌م كه‌ له‌م دواییه‌دا له‌ شێوه‌ی نامه‌یه‌كی كراوه‌ ئاراسته‌ی سه‌رۆك ترامپی كردووه‌ و تێیدا وه‌ك ده‌ستپێشخه‌ری كارنامه‌ی پرۆژه‌یه‌ك ده‌خاته‌ به‌رده‌م سه‌رۆكی وڵاته‌كه‌ی خۆی. پێشنیار ده‌كه‌م بیخوێننه‌وه‌؛ من خوێندمه‌وه‌ و لێره‌دا ئاماژه‌یه‌كی خێرا به‌ ناوه‌رۆكه‌كه‌ی ده‌ده‌م،، فرێدمان به‌ سه‌رۆك ترامپ ده‌ڵێ” من یه‌كێك نیم له‌ لایه‌نگر و دۆستانت، به‌ڵام بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا له‌ یه‌زدان داواكارم سه‌ركه‌وتووتان بكا؛ چونكه‌ ئه‌مڕۆ زۆر شت به‌ بڕیاره‌كانی ئێوه‌وه‌ به‌ستراوه‌ته‌وه‌،، پێویسته‌ ئێوه‌ پلانتان هه‌بێ و گوێ‌ له‌ پسپۆران و شاره‌زایانی دامه‌زراوه‌ی زانستی بن. هه‌روه‌ها ده‌ڵێ پێویسته‌ بێجگه‌ له‌ مانه‌وه‌ له‌ماڵ، كه‌رتی ته‌ندروستی داتا و ئاماری ورد بخه‌نه‌ به‌رده‌ست به‌ ته‌واوی ورده‌كارییه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین رووبه‌ڕووی ئه‌م په‌تایه‌وه‌ ببینه‌وه‌، رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌ك به‌رمه‌بنای داتا و لێكدانه‌وه‌ی زانستی بێ.
كه‌ له‌ خوێندنه‌وه‌ی وتاره‌كه‌ی تۆماس فرێدمان بوومه‌وه‌، گوتم باشه‌ ئه‌مه‌ریكای زه‌به‌لاح تازه‌ به‌تازه‌ بیر له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ داتا و ئاماری هه‌بێ، یان هه‌ندێ‌ وڵات تازه‌ به‌تازه‌ به‌ هاووڵاتیانی خۆیان ده‌ڵێن تكایه‌ له‌ ماڵه‌كانتان بمێننه‌وه‌ له‌ پێناو پاراستنی ژیانی خۆتان و ته‌ندروستی گشتی؟!.. هه‌ڵبه‌ت چه‌ند دڵم خۆش بوو به‌وه‌ی حكوومه‌تی وڵاته‌كه‌ی من تا ئێستا بۆ ته‌ندروستی كوردستانیان ئه‌نجامی داوه‌؛ هه‌زارجار دڵخۆشتر بووم، زیاتر شانازیم به‌خۆم كرد وه‌ك كوردستانیه‌كی خاوه‌ن پێگه‌یه‌كی باشتر ئه‌گه‌ر به‌راوردی بكه‌م به‌پێگه‌ و كه‌لتوور و متمانه‌ و جۆری بیركردنه‌وه‌ی هه‌ندێ كۆمه‌ڵگه‌ی سه‌رگۆی زه‌وی. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ شایه‌تی هاووڵاتیانی كوردستان و رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان هه‌ر له‌سه‌ره‌تای قه‌یرانی ئه‌م په‌تایه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا زۆر ده‌ستوبرد و چالاكانه‌ هاته‌ مه‌یدان و ته‌واوی توانا و ئیماكاناتی خۆی خسته‌ دۆخی ئاماده‌باشییه‌وه‌ و سه‌رجه‌م دامه‌زراوه‌كانی خۆیشی وه‌ك یه‌ك تیمی كار به‌ به‌رنامه‌ و پلانێكی تۆكمه‌وه‌ هێنایه‌ مه‌یدان، به‌هه‌ماهه‌نگیه‌كی ته‌واو هاوئاهه‌نگ و ته‌واوكاری یه‌كدی ئه‌وه‌ی بۆیان دانراوه‌ و بۆیان ده‌كرێ‌ به‌زیاده‌وه‌ ده‌یكه‌ن،، شوێن په‌نجه‌ و جێده‌ست و جێهزر و جێدڵ و جێپه‌رۆشییان له‌دیار دیارتره‌. ئه‌و داتا و ئاماره‌ی (تۆماس فرێدمان) بۆ (سه‌رۆك ترامپ)ی پێشنیار كردووه‌ كه‌ دامه‌زراوه‌ ته‌ندروستییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا ئه‌نجامی بده‌ن، ده‌مێكه‌ دامه‌زراوه‌ ته‌ندروستییه‌كانی كوردستانه‌كه‌ی ئێمه‌ ئه‌نجامی داوه‌ و ده‌مێكه‌ لیژنه‌ی باڵای رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی په‌تای كۆڤید نۆزده‌ی نه‌وه‌ی كۆرۆنا ڤایرۆس به‌ لێهاتووییه‌وه‌ ئه‌نجامیانداوه‌ و گه‌یاندوویانه‌ته‌ به‌رده‌ستی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان جه‌نابی كاك (مه‌سروور بارزانی رابه‌ری تیمی كوردستان) بۆ به‌رگرتن له‌ مه‌ترسی بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تای جیهانی كۆرۆنا ڤایرۆس،، تیمی كوردستان شایانی ده‌ستخۆشی و نه‌وازشی یه‌كجار مه‌زنن، هاووڵاتیانی كوردستانیش كه‌ به‌قه‌د حه‌زیان بۆ ژیان و ئارامی؛ ئه‌وانیش به‌پیر ئه‌و ئه‌ركه‌ پیرۆزه‌ چوون و لێبڕاوانه‌ به‌ رێنماییه‌كانه‌وه‌ پابه‌ند بوون؛ بۆیه‌ ئه‌گه‌ر دانبه‌خۆداگرتن و هه‌ستی خۆ به‌ به‌رپرسیارزانی ئه‌وان نه‌بوایه‌؛ حكوومه‌تیش نه‌یده‌توانی پلانه‌كانی جێبه‌جێ بكا و خوانه‌خواسته‌ ئێمه‌ش له‌ كوردستان ئێستا ژماره‌ی تووشبوانمان له‌ ژماردن نه‌ده‌هات، به‌ڵام خۆشبه‌ختانه‌ هاووڵاتیانی دڵسۆز و به‌ ئه‌مه‌كی كوردستان ئه‌وه‌یان سه‌لماند كه‌ هه‌میشه‌ له‌ ته‌نگانه‌دا ئاماده‌ی قوربانیدانن و ئه‌مجاره‌ش قوربانیدانه‌كه‌ راسته‌وخۆ به‌ ته‌ندروستی و سه‌لامه‌تی خۆیان و ماڵ و منداڵه‌كانیان و خزم و كه‌سی خۆیان و هاونشتیمانیانی خۆیانه‌وه‌ په‌یوه‌سته‌، گه‌وره‌تر له‌ قه‌باره‌ی مه‌ترسیه‌كه‌ به‌پیر رێنماییه‌كانه‌وه‌ هاتن و بوونه‌ هۆی سه‌رخستنی پرۆژه‌ و پلانی خۆپارێزیی سه‌رانسه‌ری له‌ په‌تای كۆرۆنا؛ بۆیه‌ كوردستانیان شایه‌نی ده‌ستخۆشی و پێزانینێكی سه‌نگینن.
لێره‌دا شایانی گوتنه‌ كه‌ ئه‌و ئه‌نجامگیریه‌ش له‌به‌رچاو بگیرێ و به‌ وژدانه‌وه‌ بڵێین؛؛ راسته‌ هه‌ر یه‌كێك له‌ ئێمه‌ ژیان و سه‌لامه‌تی خۆی و ماڵ و منداڵی خۆی خۆش ده‌وێ‌، به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ به‌س نیه‌؛ چونكه‌ ئێمه‌ ژیان و سه‌لامه‌تییه‌كی تایبه‌ت به‌خۆمانمان نیه‌ وه‌ك تاك و مرۆڤ؛؛ مه‌رجی ژیان و مانه‌وه‌مان به‌ ژیان و سه‌لامه‌تی ئه‌وانه‌شه‌وه‌ به‌ستراوه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌ناو یه‌ك كه‌شتیداین و ده‌مێكه‌ مرۆڤایه‌تی له‌سه‌ر زاری سكرتێری گشتی رێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان هاوار ده‌كات” تكایه‌ با به‌هه‌موومان ده‌ستی پێوه‌ بگرین؛ ئێمه‌ هه‌ساره‌یه‌كی به‌دیل و ئه‌لته‌رناتیڤمان نیه‌”. ئێمه‌ی كوردستانیش له‌جیاتی ئه‌وه‌ی بڵێین ڤایرۆس درۆیه‌ و گه‌مه‌یه‌كی قێزه‌ونه‌ بۆ مه‌رامی تایبه‌تی زلهێزان وه‌ك لایه‌نگرانی تیۆری پیلانگێڕیی بڕوایان پێی هه‌یه‌ و بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كه‌ن، له‌ جیاتی ئه‌وه‌ با ئێمه‌ی كوردستانی ئه‌و په‌تایه‌ وه‌ك ده‌رفه‌تێك ببینین و ئه‌وه‌نده‌ی بۆمان بكرێ‌ وه‌ربه‌هێنانی ئه‌و پرسه‌ بكه‌ین بۆ به‌رژه‌وه‌ندی وڵاته‌كه‌ی خۆمان؛ دڵنیام ئه‌و ماوه‌ كه‌مه‌ی له‌سایه‌ی ترسوله‌رزی ئه‌گه‌ری تووشبوونمان به‌ كۆرۆنا له‌ماڵه‌وه‌ به‌سه‌رمان بردووه‌؛ بێجگه‌ له‌ دۆخه‌ ته‌ندروستیه‌كه‌؛ هه‌ستی قووڵ و پته‌ویشی لای هه‌موومان دروستكردووه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر جاران به‌ ژیانه‌وه‌ په‌یوه‌ست بووبێتین، ئێستا ئه‌و ئه‌زموونه‌مان زیاتر هه‌ستێكی شانازییكردنی پێبه‌خشیوین، به‌ متمانه‌ی زیاتر له‌جارانه‌وه‌ په‌یوه‌ست و په‌رۆشی ئه‌و كه‌شتییه‌ی خۆمانین كه‌ ناوی كوردستانه‌ و ئه‌گه‌ر سه‌وڵزانێكی باش نه‌بین؛ خوانه‌خواسته‌ هه‌رهه‌موومان به‌یه‌كه‌وه‌ نقوم ده‌بین.. تا ئێستا باشمان هێناوه‌ و سه‌وڵڤانانی ئێمه‌ له‌خوا به‌زیاد بێ دڵسۆز و لێهاتوون، ته‌نیا له‌سه‌ر ئێمه‌ی دانیشتوو له‌ناو كه‌شتیه‌كه‌ پێویسته‌ هێز و وره‌یان پێبده‌ین و هاوكاریان بین؛ نه‌ك وه‌ك هه‌ندێك بكه‌ین كه‌ به‌داخه‌وه‌ له‌م ساته‌وه‌خته‌ هه‌ستیاره‌ عه‌جوولی ده‌كه‌ن و خه‌ریكی كونكردنی ئه‌و كه‌شتیه‌ی خۆیانن؛ كه‌ خوانه‌خواسته‌ ئه‌گه‌ر نغرۆ ببێ؛ تامی گه‌یشتن به‌و به‌ری لێوار به‌كه‌ڵكی چی دێ؟!!!.
ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ هه‌ردوو خاڵی متمانه‌ و كلتوور؛ ئه‌مڕۆ به‌رگه‌گرتن و مانه‌وه‌ و به‌رده‌وامیمان و جۆری مامه‌ڵه‌كردنمان له‌گه‌ڵ پرسی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی په‌تای كۆرۆنا؛ یان باشتر بڵێین ئه‌وه‌ی تا ئێستا كراوه‌ (هه‌ڵبه‌ت باشمان كردووه‌) هه‌رگیز له‌ بۆشاییه‌وه‌ نه‌هاتووه‌، نه‌خێر له‌ بۆشاییه‌وه‌ نه‌هاتووه‌، سه‌ره‌ڕای هه‌موو كه‌موكورتیه‌كانمان له‌ گشت سێكته‌ر و بواره‌كان، سه‌ره‌ڕای هه‌موو ره‌خنه‌كانمان، سه‌ره‌ڕای هه‌موو چاوه‌ڕوانیه‌كانمان، سه‌ره‌ڕای هه‌موو گه‌نده‌ڵیه‌كانمان؛ به‌ڵام ناكرێ‌ چاو له‌ ئاستی ئه‌و توانسته‌ كه‌لتووریه‌ی خۆمان و ئه‌و متمانه‌ ره‌سه‌ن و خۆماڵییه‌ی خۆمان بنووقێنین، چونكه‌ ئه‌گه‌ر ئێمه‌ی كوردستانیی ئه‌و پاشخانه‌ی هێزی به‌رخودان و هێزی مانه‌وه‌یه‌مان نه‌بایه‌، هه‌رگیز حكوومه‌ت و دامه‌زراوه‌كانیشمان به‌م شێوه‌ی ئه‌مڕۆ نه‌یانده‌توانی پارسه‌نگی دۆخێكی شڵۆقی په‌تایه‌كی جیهانی وه‌ك كۆرۆنا سه‌ركه‌وتووانه‌ راگرن و په‌نا به‌خوا و به‌هاوكاری هاووڵاتیان و پلان و پرۆژه‌ی ته‌واوكاری حكوومه‌تی كوردستان به‌سه‌ر ئه‌و كۆسپه‌شدا زاڵ ده‌بین و به‌ زه‌ره‌ر و زیانێكی كه‌م و به‌سوودێكی یه‌كجار زۆره‌وه‌ له‌م تاقیكردنه‌وه‌یه‌ ده‌رده‌چین، پێموایه‌ هه‌موو ئاماژه‌ و پێنوێنه‌كان له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ئاینده‌ی وڵاتێكی به‌هێزه‌ كه‌ ناوی كوردستانێكی سه‌ربه‌خۆیه‌، هه‌ر ئه‌زموون و ته‌نگانه‌یه‌ك ئه‌و راستیه‌ی سه‌لماندووه‌ كه‌ كوردستان و كوردستانیان به‌رله‌وه‌ی شایانی ژیانێكی باشتر بن؛ شایانی بیركردنه‌وه‌یه‌كی باشترن، چونكه‌ قورسایی قه‌باره‌ی قوربانیدانی ئێمه‌ پێمان ده‌ڵێ ناكرێ‌ جیاواز بیر نه‌كه‌ینه‌وه‌؛ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین جیاواز بژین؛ جیاواز بیركردنه‌وه‌ و وێناكردنی ژیانێكی باشتر ده‌بێته‌ ئه‌رك نه‌ك بژارده‌.
له‌كۆتاییدا ده‌ڵێم؛ ئێمه‌ی كوردستانی ئه‌گه‌ر بپرسین؛ له‌م راكه‌ڕاكه‌ی كۆرۆنا تا چه‌ند توانیومانه‌ به‌رگه‌ بگرین و سه‌ره‌ داوه‌كان ون نه‌كه‌ین؟ چه‌ند توانیومانه‌ له‌ناو تاریكولێڵی په‌تای كۆرۆنا رووناكایی شه‌فه‌قی سپێده‌ ببینین؟ له‌وه‌ڵامدا؛ به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ئێمه‌ وه‌ك حكوومه‌ت و خه‌ڵك و دامه‌زراوه‌كان و مامۆستایانی به‌ڕێزی ئایینی له‌گشتی ئایینه‌كان و رۆشنبیران و میدیاكاران و هێزه‌كانی ئاسایش و پێشمه‌رگه‌ و پۆلیس و پۆلیسی هاتوچۆ و زێره‌ڤانی و ئه‌وه‌ی هه‌مانه‌ و نیمانه‌ هه‌ر هه‌مووی (ئه‌گه‌ر كه‌موكوڕییش هه‌بێ) له‌یه‌ك سه‌نگه‌ردا به‌رگریی له‌ ژیان و سه‌لامه‌تی ده‌كه‌ن و له‌سه‌رووی هه‌مووشمانه‌وه‌ پێشمه‌رگه‌ ئازاكانی ناو دامه‌زراوه‌ی ته‌ندروستی به‌ هه‌موو ستافه‌كانیانه‌وه‌ شه‌ونخوونی و رۆژنخوونی و ساتنخوونی ده‌كێشن له‌ پێناو پاراستنی گیان و ژیانی كوردستانیان.
زۆر باش ده‌بێ لێره‌وه‌ زیاتر تێبكۆشین له‌پێناو داڕشتنی ستراتیجێكی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی ئه‌وتۆ ئاینده‌یه‌كی رۆشن بۆ نه‌وه‌كانمان فه‌راهه‌م بكه‌ین،، هه‌ڵبه‌ت پێویستمان به‌ ناوه‌ند و دامه‌زراوه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ و خوێندنه‌وه‌ی مێژوو و كه‌لتوور و كۆمه‌ڵناسی پسپۆر ده‌بێ، ئه‌وه‌ی هه‌مانه‌ فره‌وانی بكه‌ین و ئه‌وه‌ی فره‌وانه‌ رێكیبخه‌ینه‌وه‌ و ئه‌وه‌ی رێكخراوه‌ به‌ ئاراسته‌ی نوێ و گونجاوتر به‌رنامه‌ڕێژیی بۆ بكه‌ین. پێویسته‌ قه‌یرانه‌كان به‌هێزترمان بكه‌ن، به‌هێزتر به‌ مانای نه‌رمبوونه‌وه‌ی زیاتر و كورتكرنه‌وه‌ی ئه‌و دووراییه‌ی له‌ نێوان كایه‌كان و توێژه‌كان و هاوبه‌شه‌كانی ئه‌و سه‌رزه‌مینه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستاندا هه‌یه‌، كارلێكی و وه‌به‌رهێنانی خاڵه‌ هاوبه‌شه‌كان و به‌رپاكردنی ئاشته‌وایی و كرانه‌وه‌ی زیاتر له‌ پێناو دامه‌زرانی ئاشته‌وایی كلتووری و زامنكردنی ئه‌و متمانه‌ هاوبه‌شه‌ی پێویسته‌ بۆ مانه‌وه‌ی هه‌مووان و زه‌رووره‌تی به‌یه‌كه‌وه‌بوونی هه‌مووان و دایه‌لۆگی هه‌مووان، به‌ ئاراسته‌ی ره‌واندنه‌وه‌ی ئه‌و گومانه‌ دێرینه‌ی له‌سه‌ر زهنیه‌تی كۆمه‌ڵگه‌ كه‌ڵه‌كه‌ بووه‌ و زیان به‌هه‌مووان ده‌گه‌یه‌نێ‌، به‌ ئاراسته‌ی ره‌واندنه‌وه‌ی ئه‌و ترسه‌ی له‌و كورتهێنانه‌ كلتووریه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌ كه‌ وڵاتی ئێمه‌ی به‌ خاك و خه‌ڵكه‌وه‌ كلۆڵ و كۆیله‌ كردووه‌، پێویستمان به‌ كلتوورێكه‌ له‌و دیده‌ واقعییه‌ زانستییه‌وه‌ هێز و متمانه‌ وه‌ربگرێ‌ كه‌ ئه‌وه‌ چه‌ندین ساڵه‌ ئه‌وه‌ی لێی ده‌قه‌ومێ‌ هاوار و هانای خۆی بۆ كوردستان و كوردستانیان دێنێ‌، خێره‌؟ ده‌بێ كوردستانیان له‌خۆیان بپرسن خێره‌؟ ئه‌رێ خێره‌؟ باشه‌ ئه‌و خه‌ڵكه‌ی له‌ ترسی كوشتن و بڕین و ترس و برس هه‌ڵدێ و روو له‌ كوردستان ده‌كا، له‌ سووریای عه‌ره‌بی و عێراقی عه‌ره‌بی و به‌غدا و ره‌مادی و مووسڵ و نازانم كوێ و كوێ، له‌ عه‌ره‌ب و غه‌یره‌ عه‌ره‌ب و له‌ موسوڵمان و كرستیان و گشت نه‌ته‌وه‌ و ئایین و ئه‌تنیك و مه‌زهه‌بێك كه‌ لێیان ده‌قه‌ومێ‌ بۆچی ده‌بێ روو له‌ كوردستانه‌كه‌ی ئێمه‌ بكه‌ین، ته‌نانه‌ت دژمنه‌كانمان له‌ كاتی شكست و ته‌نگانه‌دا كه‌ فیشه‌كیان نه‌ماوه‌ بۆ كوشتنمان زۆر به‌ دڵنیاییه‌وه‌ خۆیان راده‌ستی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان كردووه‌، ئه‌وه‌ چ كلتوورێكی جوامێرانه‌یه‌ هه‌مانه‌؟!! ئه‌ی ئه‌و كلتووره‌ی ئه‌وان چی بسه‌رهات كه‌ ئێمه‌یان پێ هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندووه‌، ئه‌و كلتووره‌ی ئه‌وان بۆ كوێ‌ رۆیشت كه‌ كوردستانیان پێ داگیركردووه‌ و خه‌ڵكی ئێمه‌شیان پێ چاوبه‌سته‌ و چه‌واشه‌ كردووه‌؟!!!، ئه‌وان چۆن بیر ده‌كه‌نه‌وه‌ گرنگ نیه‌، گرنگ ئه‌وه‌یه‌ ئێمه‌ی كوردستانی له‌مه‌ودوا چۆن بیر بكه‌ینه‌وه‌، چیتر خۆمان به‌ قوربانی خه‌ڵك نه‌كه‌ین، رێزیان بگرین هه‌تا ئه‌و شوێنه‌ی رێزمان ده‌گرن، ده‌نا ئه‌وه‌ كلتووره‌كه‌ی ئێمه‌ی كوردستانیانه‌ بۆته‌ چه‌تری ئاشته‌وایی و پێكه‌وه‌ژیان و خێر و بێر بۆ هه‌مووان، بۆیه‌ ده‌ڵێم پێویسته‌ قه‌یران ئه‌وه‌مان فێر بكا هه‌مواری ئه‌و مێنتالیته‌ بكه‌ینه‌وه‌ كه‌ متمانه‌ی به‌ خۆی نیه‌ و به‌خۆڕایی متمانه‌ به‌ ئه‌وانی دی ده‌به‌خشێته‌وه‌، ده‌بێ له‌ درزه‌كانی ئه‌و كلتووره‌ی خۆمان وردبینه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بزانین ئه‌و بێتمانه‌ییه‌ له‌كوێوه‌ دزه‌ ده‌كاته‌ نێو ئیراده‌ و خه‌یاڵدانی تاكی كوردستانییه‌وه‌، ده‌ستنیشانی ئه‌و سه‌رچاوه‌ كلتووریانه‌ بكه‌ین خراپ هه‌ژموونی خۆیان رۆكردۆته‌ سه‌رخوانی ساویلكه‌یی و خۆشباوه‌ڕی ئێمه‌، كه‌ دواجار هێزی لۆجیك و ئه‌قڵ و لێكدانه‌وه‌ و ته‌فسیر و ته‌ئویلی له‌ مرۆڤی ئێمه‌ سه‌ندۆته‌وه‌ و له‌ شوێنی ئه‌و هێزه‌؛ هێزی قایلبوون و راده‌ستبوونی به‌ كلتووری ئه‌وانی پێ به‌خشیوه‌، بگره‌ به‌سه‌ریدا سه‌پاندووه‌.
بۆیه‌ ده‌ڵێم؛ ئه‌وه‌ ئه‌ركی ئێمه‌ی كوردستانییه‌ ( به‌تایبه‌ت توێژی بیركه‌ره‌وه‌) زه‌وینه‌ بۆ هه‌ناسه‌دانی ئه‌و كلتووره‌ ره‌سه‌ن و خۆماڵییه‌ی خۆمان خۆش و خه‌رمان و خه‌نی بكه‌ین، هاووڵاتیانی ئێمه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆش نه‌بێ، به‌یانی و دوو به‌یانی هێز و متمانه‌ له‌و كلتووره‌ی خۆیان وه‌رگرن، له‌هه‌موو بیركردنه‌وه‌ و پرس و په‌رستشی خۆیان ئازاد بن و تایبه‌تمه‌ندیی كلتووریی خۆیان بپارێزن و شانازیشی پێوه‌ بكه‌ن، لێره‌دا زیاتر رووی قسه‌م له‌ هاودینه‌ به‌ڕێزه‌كانی خۆمه‌ كه‌ موسوڵمانن، له‌ زۆربه‌ی ئه‌و ئازیزانه‌ی خۆمم بیستووه‌ كه‌ باس دێته‌ سه‌ر ئه‌زموونی وڵاتێكی وه‌ك مالیزیا له‌ بنیاتنان و پێشكه‌وتن؛ زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆریان شانازی به‌و ئه‌زموونه‌ی مالیزیا ده‌كه‌ن، به‌ڵام كه‌ قسه‌ دێته‌ سه‌ر كلتوور و جۆری كرانه‌وه‌ی مالیزیا و تێڕوانینی مالیزیه‌كان بۆ پرسی دین و ده‌وڵه‌ت و تایبه‌تمه‌ندی كلتووری ره‌سه‌ن و خۆماڵیی مالیزیا كه‌ تاكه‌ هۆكاری گه‌شه‌سه‌ندنی ئه‌و وڵاته‌یه‌، ده‌بینی یه‌كسه‌ر باده‌ده‌نه‌وه‌ و خۆیان له‌و بابه‌ته‌ نه‌بان ده‌كه‌ن، هۆكاره‌كه‌شی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ دووره‌وه‌ به‌ په‌ره‌سه‌ندنی وڵاتێك شاگه‌شكه‌ ده‌بن كه‌ وڵاتێكی زۆرینه‌ موسوڵمانه‌، هه‌ر ئه‌وه‌یان به‌لاوه‌ گرنگه‌،، ده‌نا ئه‌و ئایینداره‌ موسوڵمانه‌ به‌ڕێزانه‌ی خۆمان كه‌وتوونه‌ته‌ ژێر كاریگه‌ریی ئه‌زموون و تێڕوانینی كلتووری جیهانی عه‌ره‌بی و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بۆ پرسی ئایین و ئایینداری و تێگه‌یشتن و ته‌فسیر و ته‌ئویل و مامه‌ڵه‌كردن له‌ته‌ك تێكستی پیرۆزی ئایین، ده‌نا بۆچی ده‌بێ مالیزیه‌كان ئه‌زموونێكی سه‌ركه‌وتووی موسوڵمانانه‌ی جیاوازیان هه‌بێ به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ ئه‌زموون و روئیا و تێگه‌یشتنی عه‌ره‌ب و تورك و فارس و (كوردی داماوی ژێرده‌سته‌ و وڵاتداگیركراوی ده‌ستی ئه‌و هه‌ر سێ نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب و تورك و فارس كه‌ هه‌مان ئایینی مالیزیه‌كانیان هه‌یه‌) به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئه‌و سێ‌ نه‌ته‌وه‌یه‌ هه‌مان روئیا و جیهانبینی ئه‌وانیان نیه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كلتووری كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی دواكه‌وتوو و خاوه‌ن تریدشنی كۆنه‌پارێزی لێوانلێو له‌ غه‌در و كوشتن و داگیركاریی؛ ئه‌سته‌مه‌ بتوانێ‌ روئیای ژیاندۆستی له‌ ده‌قی ئایینی هه‌ڵێنجێ، ئه‌و ئایینه‌ی یه‌زدانی ئافرێنه‌ر بۆ ژیانی مرۆڤه‌كان و بڵاوكردنه‌وه‌ی مه‌یلی ژیاندۆستی بۆ ئاده‌میزادی ناردووه‌، داگیركه‌رانی كوردستان ناشوكری نه‌بێ هه‌ر هه‌موویان موسوڵمانن، كلتووری توركیای ئه‌مڕۆ كلتوورێك نیه‌ ئاكه‌په‌ی ئیسلامی دایمه‌زراند بێ، ئه‌وه‌ كلتووری كه‌مالیسته‌كانه‌، ده‌نا ئه‌گه‌ر ئاكه‌په‌ بۆی بلوێ‌ به‌ شه‌و و رۆژێك ئه‌و كلتووره‌ی توركیا ته‌فروتونا ده‌كات و یه‌كپۆشی و یه‌كباوه‌ڕی به‌سه‌ر هه‌موو خه‌ڵكی توركیا ده‌سه‌پێنێ‌. فارسه‌كانیش كه‌ ئه‌مڕۆ شیعه‌بوونیان به‌سه‌ر وڵاتی هه‌مه‌ڕه‌نگی ئێراندا سه‌پاندووه‌ و ته‌نانه‌ت رێگا به‌ بوونی مزگه‌وتێك بۆ برا موسوڵمانه‌ سوننه‌كانیشان ناده‌ن ئاشكرایه‌ له‌وێ‌ چ ده‌گوزه‌رێ‌. برا عه‌ره‌به‌ چاوه‌ڕه‌شه‌كانیشمان وازحه‌ چیان به‌سه‌رمان هێناوه‌، خوا خێریان بنووسێ كه‌ به‌ سووره‌تی ئه‌نفال به‌سه‌ریان كردینه‌وه‌ و ئێمه‌یان به‌ سزای كافره‌كان گه‌یاند، هه‌رچی ژه‌نگی فقهی توندڕه‌ویی خۆیان هه‌یه‌ به‌ رێگای چه‌ند كوردێكی داماو بۆ كوردستانی خێرنه‌دیو گواسته‌وه‌. به‌ده‌ر له‌وه‌؛ كلتووری كۆمۆنسته‌كان و چه‌تری سۆڤیه‌ت و بارانی به‌ لێزمه‌ی كوردستان و كلتووری به‌رگرییكردن له‌ گه‌لانی سته‌مدیده‌ و هۆنراوه‌ پیاهه‌ڵدان به‌ به‌ژن و باڵای شۆڕشگێڕانی دنیا له‌ كووبا و ڤیه‌تنام و جیهانی سێیه‌م و ره‌شپێسته‌كانی ئافریكا و داماوه‌كانی ئه‌مه‌ریكای لاتین و گۆرانی چڕین بۆ برایانمان له‌ سه‌نگه‌ره‌ پرش و بڵاوه‌كانی ئه‌م گۆی زه‌مینه‌، لاواندنه‌وه‌ی كوردی داماو بۆ تێكۆشه‌رانی دیموكراسی و كلتووری دیموكراسییه‌ت و علمانیخوازی و كرانه‌وه‌ و ئازادی ئینسان و شوێنكه‌وتنی ده‌یان و سه‌دان قسه‌ و قسه‌ڵۆكی راست و ناڕاستی نێو كلتووره‌ جیاوازه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ و وڵاتان و میلله‌تان، كه‌چی ئێمه‌ی خاوه‌ن ئه‌و كلتووره‌ نازدار و ژیاندۆسته‌ جوانه‌، ئێمه‌ی كورد و كوردستانی ماندوو و هیلاك به‌ده‌ست خه‌ون و چاوه‌ڕوانیه‌كانی شه‌وگار و رۆژگاره‌وه‌؛ رۆژێك ئاوڕمان له‌خۆمان نه‌دایه‌وه‌ بڵێین خۆ ئێمه‌ش هه‌ین، خۆ ئێمه‌ش تێكۆشه‌ر و ئیماندار و شۆڕشگێڕ و ئاییندار و زانا و بلیمه‌ت و قاره‌مان و دانا و كه‌سی لێهاتوومان زۆره‌، له‌ ئاسمانه‌كه‌ی ئێمه‌شه‌وه‌ فریشته‌ دێنه‌ خواره‌وه‌، ئه‌و ئاسمانه‌ی به‌دیار كوردستانه‌كه‌ی ئێمه‌شه‌وه‌ ره‌نگه‌كه‌ی شینه‌ و شه‌وان ئه‌ستێره‌كان ده‌جریوێنن، بۆیه‌ ده‌ڵێم پێویسته‌ له‌مه‌ودوا كوردستانیانه‌ كوردستانی بین، كوردستانیانه‌ كورد بین، كوردستانیانه‌ توركمان بین، كوردستانیانه‌ عه‌ره‌ب بین، كوردستانیانه‌ دیموكراسی بین، كوردستانیانه‌ موسوڵمان بین، كوردستانیانه‌ سوننه‌ بین، كوردستانیانه‌ شیعه‌ بین، كوردستانیانه‌ مه‌سیحی بین، كوردستانیانه‌ جووله‌كه‌ بین، كوردستانیانه‌ زه‌رده‌شتی بین، كوردستانیانه‌ ئێزدی بین، كوردستانیانه‌ كاكه‌یی بین، كوردستانیانه‌ ئه‌رمه‌نی بین، كوردستانیانه‌ سوببی بین، كوردستانیانه‌ بێدین بین، كوردستانیانه‌ به‌دین بین، كوردستانیانه‌ بژین، كوردستانیانه‌ بمرین، وه‌ك كلتووره‌كه‌ی خۆمان جوان و هه‌مه‌ڕه‌نگ بین، هه‌مووانمان خۆش بوێ، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌مووان هه‌مووانیان خۆش بوێ‌.
ئێمه‌ی كوردستانی ئه‌گه‌ر به‌و ئاراسته‌یه‌ كار بكه‌ین و رۆشنایی بخه‌ینه‌ سه‌ر خاڵ و رووبه‌ره‌ رۆشنه‌كانی كلتووری ره‌سه‌نی ژیاندۆستانه‌ی خۆمان، بێگومان له‌دوای كاركردن و به‌ پرۆژه‌كردنی ئه‌و پرسه‌؛ زه‌وینه‌یه‌كی فره‌وان و به‌ پیتمان ده‌بێ بۆ ئه‌وه‌ی ره‌گه‌ وشكهه‌ڵاتووه‌كانمان به‌ره‌ به‌ره‌ ئاو هه‌ڵمژن و چرۆ ده‌ربكه‌ن، ئێمه‌ چیڕۆكێكی سه‌ركه‌وتوومان هه‌یه‌ و به‌زیاده‌وه‌ خاڵی دره‌وشاوه‌مان هه‌یه‌ له‌ كایه‌كانی ئایینناسی كوردانه‌ و كوردستانیانه‌ و كایه‌ی لێبورده‌یی و پێكه‌وه‌ژیان و ته‌بایی و ئه‌زموونی چه‌ندین ساڵه‌ی تاڵ و شیرین و سوێرمان هه‌یه‌ ئه‌مڕۆ بۆ ئه‌و پرۆژه‌ی كلتووری كوردستانیه‌ به‌كه‌ڵكمان بێ و به‌ فریامان بگات. پێویسته‌ پارچه‌كانی ئه‌و گه‌وهه‌ره‌ی خۆمان كۆ بكه‌ینه‌وه‌ و ئیتر به‌ رژدی و به‌ مكوڕی بیر له‌ به‌ دامه‌زراوه‌ییكردنی پرۆژه‌سازیی بكه‌ین، حكوومه‌ت هاوكارمان بێ، گشت كه‌سانی لێهاتووی بیرمه‌ند و رووناكبیر و ئایینناس و زانا و دانای چاپووك و چه‌له‌نگ و ستراته‌ژیست و ئه‌كادیمسیه‌ن، هه‌رهه‌موویان پێكه‌وه‌ كار بۆ بنیاتنانی ئه‌و چوارچێوه‌ نشتیمانی نه‌ته‌وه‌ییه‌ بكه‌ن وه‌ك چه‌ترێك بۆ دامه‌زرانی په‌یكه‌ره‌ی كلتووریی كوردستان، له‌وێوه‌ به‌ره‌و سه‌رله‌نوێ داڕشتنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م كایه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌، یه‌كه‌مین هه‌نگاو كۆكردنه‌وه‌ی سه‌رمایه‌ی هزری و چاندی و هونه‌ری و مێژوویی و فقهی زه‌نگینی ئایینی زانایانی پایه‌بڵندی هه‌رچوار پارچه‌ی كوردستان، خستنه‌گه‌ڕی ماكینه‌یه‌كی میدیایی ئه‌كتیڤ و چاوكراوه‌ بۆ گه‌یاندن و ناساندنی لایه‌نه‌كانی كلتووری ره‌سه‌ن و خۆماڵیمان به‌ نه‌وه‌ی ئێستا و ئه‌رشیفكردن و پاراستنی بۆ نه‌وه‌كانی ئایینده‌. هه‌ر ئه‌م رێگایه‌ فریامان ده‌كه‌وێ‌، به‌وه‌ ده‌توانین زامنی ئه‌وه‌ بكه‌ین كه‌ مرۆڤی كوردستانی متمانه‌ به‌ بوون و هێزی كلتووریی خۆی و حوكمڕانیی وڵاته‌كه‌ی خۆی بكات، به‌م رێگایه‌ كوردستانیان متمانه‌یان به‌ ژیان و ژیاندۆستی زیندوو ده‌بێته‌وه‌، ئه‌وه‌ ده‌بێته‌ سه‌ره‌تایه‌كی باش بۆ بنیاتنانی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی ساغڵه‌م و ته‌ندروست، به‌م شێوه‌یه‌ زهنیه‌ت و مێنتالیته‌ی ته‌ندروست بنیات ده‌نرێ، به‌م رێگایه‌ متمانه‌ به‌خۆمان ده‌كه‌ین و ناكه‌وینه‌ ژێر كاریگه‌ریی كلتووری ئه‌وانی دی و سوود له‌ خاڵه‌ باشه‌كانی كلتووری مرۆڤایه‌تیش وه‌رده‌گرین.
دوا رسته‌م ئه‌وه‌یه‌ بڵێم؛ جاران ده‌گوترا و ئێستاش هه‌یه‌ كه‌ ده‌ڵێن؛ دیموكراسیه‌ت و ئاستی كرانه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ به‌ جۆری تێڕوانین و به‌رخوردی له‌گه‌ڵ توێژی ئافره‌تان ده‌پێورێ‌. ئێستا له‌م قه‌یرانه‌ نه‌قۆڵایه‌ی ناوی په‌تای كۆرۆنایه‌ و سه‌ره‌تایه‌كی نوێ بۆ رێچكه‌ی مرۆڤایه‌تی و ته‌واوی پرس و په‌یوه‌ندییه‌كانی مرۆڤ و ژیان و جووڵه‌ی مێژوو ده‌نه‌خشێنێ‌ و ده‌سه‌پێنێ، پێویسته‌ ئه‌وه‌ی ئێمه‌ی كورد و كوردستانی دڵخۆش بكا جۆری ئه‌و مامه‌ڵه‌ سه‌ركه‌وتووانه‌ بێ ده‌رهه‌ق به‌و په‌تایه‌ له‌لایه‌ن هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ وه‌ك حكوومه‌ت و ئه‌و قه‌واره‌ جوگرافیه‌ بچووكه‌ی ناوی (كوردستان)ه‌، چۆن دڵخۆش نه‌بین كه‌ دۆخی ئێمه‌ له‌ زۆربه‌ی وڵاتان باشتره‌ و له‌ زۆربه‌ی وڵاتان باشتر و میكانیزمی باشترمان گرته‌به‌ر بۆ پاراستنی هاووڵاتیان، بێگومان ئه‌وه‌ ئه‌زموون و تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌یه‌، له‌ تاقیكردنه‌وه‌ی شازده‌ی ئۆكتۆبه‌ر زۆر گه‌وره‌ تره‌، داستانی ئه‌مجاره‌ی هاتنه‌ده‌ستی هه‌رێمی كوردستان بۆ پاراستنی هاووڵاتیان له‌ مه‌ترسی تووشبوون به‌ كۆرۆنا؛ له‌ داستانی پردێ و سحێلا زۆر گه‌وره‌تره‌، دڵنیام ئه‌م په‌رۆشی و هاتنه‌ مه‌یدانه‌ و پابه‌ندبوونه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستانی و ئاست و ئه‌دای دامه‌زراوه‌كانی كوردستان له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیكدا ده‌بنه‌ پێنوێنێكی یه‌كجار گرنگ بۆ سه‌رفرازبوونی ئه‌و كوردستانه‌مان كه‌ به‌ درێژایی سه‌دان ساڵه‌ كاره‌سات و مه‌ینه‌تی زۆری چه‌شتووه‌ و بێگومان ده‌رچوونمان له‌م ئه‌زموونه‌ سه‌خته‌ زۆر له‌و رۆژه‌ نزیكمان ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ده‌مێكه‌ خه‌ونی پێوه‌ ده‌بینین، هه‌ڵبه‌ت به‌ یه‌كڕیزی و ته‌باییمان ئه‌و خه‌ونه‌مان ده‌بێته‌ راستی، با هه‌موومان له‌ پێناو هه‌موو پابه‌ندبین به‌ رێنماییه‌كانی ژیان و ژیاندۆستی.

ئه‌مین بۆتانی
2/4/2020




كاریكاتێر له‌ رۆژنامه‌گه‌ری خولاودا … هه‌ندرێن خۆشناو

ناتوانین كاریكاتێر به‌بێ رۆژنامه‌گه‌ری بێنینه‌به‌رچاومان، هه‌روا رۆژنامه‌گه‌ریش به‌بێ كاریكاتێر، ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ناگه‌یه‌نێت كه‌ كاریكاتێر په‌یوه‌ندیه‌كی ئامێرانه‌ی هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌گه‌ریدا، رۆژنامه‌گه‌ری بوارێكی فراوانه‌ و فره‌جۆریی له‌‌ نێویدا هه‌یه‌، به‌پێی ئه‌م فره‌جۆریه‌ش كاریكاتێر تووشی چه‌ندین كاریگه‌ری ده‌بێته‌وه‌.
بۆ دیاریكردنی ئه‌م كاریگه‌ریانه‌ش ده‌بێت پێشتر ئه‌و فره‌جۆرییه‌ نێوخۆیانه‌ی رۆژنامه‌گه‌ری خولاودا دیاری بكه‌ین، یه‌كه‌م دابه‌شكردنیش كه‌ ده‌بێت باسی بكه‌ین، له‌و ماوه‌ كاتیه‌ سه‌رهه‌ڵده‌دات، كه‌ كاتی نێوان ده‌رچوونی دوو چاپی بڵاوكراوه‌كه‌یه‌، به‌ گوێره‌ی ئه‌مه‌ش ده‌توانین دوو جۆر له‌ بڵاوكراوه‌ دیاری بكه‌ین، گۆڤار و رۆژنامه‌، پێش ئه‌وه‌ی بچینه‌ سه‌ر باسی جۆری دووه‌م كه‌ رۆژنامه‌یه‌، هه‌وڵده‌ده‌ین خوێندنه‌وه‌یه‌ك بۆ كاریگه‌ری ئه‌و دوو جۆره‌ له‌سه‌ر كاریكاتێردا، و جیاوازی نێوان كاریكاتێر له‌ گۆڤار و كاریكاتێر له‌ رۆژنامه‌دا بكه‌ین. ‌ ‌
به‌ڕای ئێمه‌ هۆ بنه‌ڕه‌تیه‌كه‌ له‌ بوونی ئه‌م جیاوازیانه‌ ئه‌و ماوه‌ كاتیه‌ درێژه‌ی له‌ نێوان دوو ژماره‌ چاپكراوی گۆڤارێكدایه‌، كه‌ زۆربه‌ی گۆڤاره‌كان له‌ جیهاندا به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی هه‌فتانه‌ یان مانگانه‌ یان وه‌رزانه‌ یان ساڵانه‌ چاپده‌كرێن و بڵاوده‌كرێنه‌وه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌ندێك رۆژنامه‌ هه‌فتانه‌ ده‌رده‌چن و بڵاوده‌كرێنه‌وه‌، به‌ڵام زۆربه‌ی رۆژنامه‌كان به‌ رۆژانه‌ ده‌ژمێردرێن، بۆیه‌ كاتێك ئێمه‌ رۆژنامه‌ له‌ گۆڤار جیاده‌كه‌ینه‌وه‌، مه‌به‌ستمان رۆژنامه‌ی رۆژانه‌یه‌.
ئه‌و ماوه‌ درێژه‌ی له‌ نێوان دوو ژماره‌ی گۆڤارێكدا هه‌یه‌، ماوه‌ ده‌ڕه‌خسێنێت بۆ ئاماده‌كارییه‌كی باشتر بۆ كاریكاتێر، نیگاركێشی كاریكاتێر له‌ ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌كدا ده‌توانێت ژماره‌یه‌كی زۆرتر له‌ رووداوه‌كان هه‌ڵبژێرێت بۆ ئه‌وه‌ی ببنه‌ بابه‌ت بۆ كاریكاتێره‌كانی، هه‌روه‌ها ده‌توانێت بیرۆكه‌ داهێنراوه‌كه‌ی په‌ره‌پێبسێنێت و به‌ شێوه‌یه‌كی شیاوتر به‌رهه‌مبهێنێت، به‌ڵام كاریكاتێریست له‌ رۆژنامه‌دا ناچاره‌ به‌ گه‌یشتن به‌ ره‌وڕه‌وه‌ی په‌له‌په‌لی چاپخانه‌، كه‌ چاوه‌ڕێی ناكات بۆ ئه‌وه‌ی بیربكاته‌وه‌ و بیرۆكه‌كه‌ی پێشبخات و چه‌ندین پرۆسه‌ی تر ئه‌نجام بدات، بۆ ئه‌وه‌ی كاریكاتێره‌كه‌ی به‌ نمونه‌ترین شێوه‌ پێشكه‌ش بكات. سه‌ره‌ڕای ئه‌مانه‌ش ئه‌و كاته‌ پێویسته‌ی له‌به‌رده‌سته‌ له‌ گۆڤاردا، رێ به‌ كاریكاتێریست ده‌دات به‌ به‌كارهێنانی ته‌كنیكی زیاتر له‌وه‌ی له‌ رۆژنامه‌دا، بۆ نمونه‌ له‌ گۆڤاردا ده‌توانرێت كاریكاتێر به‌ ڕه‌نگی ئاوی یان رۆنی ئه‌گه‌ر هونه‌رمه‌ند بیه‌وێت جێبه‌جێی بكات، یان جۆره‌ها ته‌كنیكی تر، به‌ڵام له‌ رۆژنامه‌دا كاریكاتێریست ناچاره‌ به‌په‌له‌ هێڵه‌ ره‌شه‌كانی بخاته‌ سه‌ر كاغه‌زه‌ سپیه‌كه‌ی و پێشكه‌شی ده‌سته‌ی نووسینی رۆژنامه‌كه‌ی بكات، به‌م جۆره‌ كاریكاتێر له‌ رۆژنامه‌ و گۆڤاردا كاریگه‌ریش ده‌بێت به‌ ته‌كنیكه‌كانی جێبه‌جێكردن.
هه‌روه‌ها هۆكاری ده‌روونی خوێنه‌ریش ڕۆڵی هه‌یه‌ له‌ كاریگه‌ری كاریكاتێردا، خوێنه‌ر كاتێك لاپه‌ڕه‌كانی رۆژنامه‌كه‌ هه‌ڵده‌داته‌وه‌، پێشتر ئاماده‌یه‌ بۆ دیتنی رووداوه‌كانی دوێنێ یان پێرێ یان چه‌ند زانیارییه‌كی نوێ سه‌باره‌ت به‌ رووداوه‌ كۆنه‌كان، واته‌ ده‌بێت كاریكاتێره‌كه‌ (مه‌به‌ست له‌ كاریكاتێری سیاسیه‌) په‌یوه‌ست بێت به‌ رووداوێكی نزیك، چونكه‌ ئه‌گه‌ر وێنای بابه‌تێكی كۆنی كرد بۆ نمونه‌ هی ده‌ رۆژی پێشتر بوو، ئه‌م بابه‌ته‌ش پارێزگاری له‌ زینده‌یی خۆی نه‌كردبوو، ئه‌وا كاریكاتێره‌كه‌ وه‌ك بنێشته‌ كۆنه‌ی لێدێت بۆ خوێنه‌ر، تام و چێژی نامێنێت، و كاریكاتێره‌كه‌ كارایی خۆی له‌ده‌ست ده‌دات، چونكه‌ ئه‌و خوێنه‌ره‌ی چاوه‌ڕێی نیگارێكی ده‌كرد كه‌ ده‌ربڕی بابه‌تێكی زیندوو بێت تووشی نائومێدی ده‌بێت، بۆیه‌ كاریكاتێر (كاریكاتێری سیاسی) له‌ رۆژنامه‌دا واباوه كه‌ وێنای بابه‌تێكی نوێ بكات، زۆرێك له‌ كاریكاتێره‌ نایابه‌كان چوونه‌ته‌ ئه‌رشیفه‌وه بێ ئه‌وه‌ی رێی بڵاوكردنه‌وه‌ ببینن، ته‌نیا له‌به‌رئه‌وه‌ی كه‌ چاره‌سه‌ری بابه‌تێكی نوێ و زیندوویان نه‌كردووه‌.
به‌ڵام له‌گۆڤاردا (هه‌فتانه‌) خوێنه‌ر پێشتر ئاماده‌یی تێدایه‌ كه‌ بابه‌ته‌كانی هه‌فته‌یه‌كی ته‌واو ببینێت، بۆیه‌ سه‌باره‌ت به‌ خوێنه‌ره‌وه‌ بابه‌تێكی ده‌ رۆژی له‌مه‌وبه‌ر كۆن نیه‌، چونكه‌ گۆڤاره‌كه‌ هه‌فته‌یه‌كه‌ ده‌رنه‌چووه‌، كه‌واته‌ ئه‌و كاریكاتێره‌ی كه‌ بۆ رۆژنامه‌ به‌ كۆن هه‌ژماركرا، له‌ گۆڤاره‌كه‌دا نوێیه‌، چونكه‌ بابه‌تی زیندوو‌ له‌ گۆڤاره‌كه‌دا، له‌وانه‌یه‌ ئه‌و بابه‌ته‌ بێت كه‌ پێش هه‌فته‌یه‌ك روویدابێت، به‌ڵام له‌ رۆژنامه‌دا بابه‌تی دوو رۆژ پێشتر له‌وانه‌یه‌ زیندوویه‌تی تێدا نه‌مابێت. كه‌وابێت له‌وانه‌یه‌ كاریكاتێر له‌ گۆڤاردا زینده‌گی بۆ ماوه‌یه‌كی درێژتر بێت له‌ كاریكاتێری رۆژنامه‌دا، ئه‌مه‌ش وا له‌ كاریكاتێریست ده‌كات له‌ رۆژنامه‌دا خۆ بگه‌یه‌نێته‌ ره‌وڕه‌وه‌ی رووداوه‌كان به‌ خێراییه‌كی زیاتر له‌ كاریكاتێریست له‌ گۆڤاردا، ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری ده‌بێت له‌سه‌ر ته‌كنیكه‌كانی جێبه‌جێكردن و توانینی پێشخستنی نیگاره‌كه‌ و پێشكه‌شكردنی به‌ نمونه‌ترین شێوه‌ به‌ جه‌ماوه‌ر.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه‌ رۆژنامه‌ی خولاو، به‌پێی ئه‌و ماوه‌ كاتیه‌ی نێوان ده‌رچوون و بڵاوكردنه‌وه‌ی دوو ژماره‌دا دابه‌ش ده‌كرێن به‌سه‌ر رۆژنامه‌ و گۆڤاردا، دابه‌شكردنێكی دیكه‌ش هه‌یه‌ به‌گوێره‌ی پسپۆریی هه‌ریه‌ك له‌ رۆژنامه‌ و گۆڤاردا، ده‌توانین چه‌ندین جۆر دیاری بكه‌ین وه‌كو: رۆژنامه‌گه‌ریی گشتگیر، رۆژنامه‌گه‌ریی پسپۆر، رۆژنامه‌گه‌ریی ئاڕاسته‌كراو بۆ به‌شێك یان گروپێكی دیاریكراو له‌ جه‌ماوه‌ر به‌ گوێره‌ی ته‌مه‌ن یان ره‌گه‌ز یان پیشه‌، و رۆژنامه‌گه‌ریی گاڵته‌جاڕ، ئه‌م رۆژنامه‌گه‌رییه‌ش ناوه‌ڕۆكێكی جیاوازی هه‌یه‌ به‌پێ پسپۆری خۆی، بۆیه‌ ئه‌میش كاریگه‌ری خۆی هه‌یه‌ له‌سه‌ر كاریكاتێره‌ بڵاوكراوه‌كانی نێو لاپه‌ڕه‌كانیدا، و وابه‌سته‌ی ئه‌م ناوه‌ڕۆكه‌ی خۆی ده‌كات، له‌وانه‌یه‌ گرنگترینی ئه‌م جۆرانه‌ش رۆژنامه‌گه‌ریی گشتگیر بێت.

هه‌ندرێن خۆشناو




کتێب و هاوێرگە … هۆشیارجەمال

لە ماوەی ڕابردوودا لەدوای گەیشتنی ڤایرۆسی کۆرۆنا بە هەرێمی کوردستان و بڕیاردان بە قەدەغەی هاتوچۆ لە شارەکانی هەرێمی کوردستان و هاندانی هاوڵاتیان بە مانەوە لە ماڵەوە، بە نەچوونە دەرەوە خۆیان هاوێرگە بکەن بۆ ئەوەی بەرکەوتنیان لەگەڵ خەڵکی تردا نەبێت، بەهۆی ئەوەی ئەم ڤایرۆسە کوشندەیە بەشێوەیەکی زۆر خێرا و ئاسان دەگوازرێتەوە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر، کە تەنها کەسێک بەسە بۆ ئەوەی دەیان کەس توش بکات.
هەر بۆیە لە ڕاگەیاندنەکانەوە ڕۆشنبیران و ڕۆژنامەنووسان زۆر گرنگی بەوە دەدەن هاوڵاتیان هانبدەن بۆ ئەوەی ئاشت ببنەوە لەگەڵ کتێب، لای هەموان ئاشنایە (کتێب خوێندنەوە) کردنەوەی دەرگای مەعریفەیە لای مرۆڤ، بەڵام لەم سەدەی بیست و یەکەدا، تا ئێستاش کتێب خوێندنەوە نەبووە بە کلتور، هاوڵاتیان لە ڕابردوو و لە ئێستاشدا زۆربەی کاتەکانیان بە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بەسەردەبەن، کە لەجیاتی ڕۆشنبیری جەهل بڵاودەکاتەوە.
بەڵام ئەوەی بۆ من گرنگە ئەوەیە بۆ جەخت لە خوێندنەوەی کتێب دەکرێتەوە ؟ ئایا کتێب خوێندەوە چی بەرهەم دەهێنێت لە کوردستان؟
لە هەرێمی کوردستان ئەو نوخبەی ڕۆشنبیر و نووسەران و ڕۆژنامەنووسان کە هاوڵاتیان هاندەدەن بۆ خوێندنەوەی کتێب، لە ماوەی ڕابردوودا لە جیاتی دروستکردنی ڕۆشنبیری ڕەخنەگر و یاخی، لە جیاتی دروستکردنی ڕوناکبیر و نووسەری بە هەڵوێست، لە جیاتی دروستکردنی ڕۆژنامەنووسی بە جورئەت، لەشكرێک لە ڕۆشنبیری حیزبی دروستکردووە، کە لەپاش نزیکی سی ساڵ لە حوکومڕانی پڕ لە گەندەڵی لە هەرێمی کوردستان، تازە لە نووسینی کتێبی پڕ لە ستایش و ماستاوچێتی دایە، بۆ ئەوەی خۆی شیرین بکات لای نەوەی دووەمی سیاسییەکانی شاخ، لە هەرێـمی کوردستان نووسەران لە چارەکە سەدەی ڕابردوودا زۆربەی هەرە زۆریان نوکی پێنووسەکانیان لە جیاتی ڕەخنەی جددی و بەجێ، بە نوکی پێنووسەکانیان ژەهریان ڕشتووە بە کۆمەڵگادا و هۆکارێک بوون بۆ بەردەوام بوونی گەندەڵی و شۆڕبوونەوەی بەناو سەرجەم جومگەکانی کۆمەڵگادا، نیچەی فەیلەسوف لە کتێبی (مرۆڤی باڵادا) دەڵێت:” لەدیدی مرۆڤی باڵاوە ئەم کەسانە نەفس نزمن، پارە پەرست، ماستاوچییەکان، ڕەشبینەکان، هەواڵدەرەکانی دەسەڵات و ئەو نووسەرانەی کە لەبەر خاتری پارە ئامادەن هەموو پۆخڵەواتێک بنووسن”.
هەر لە ماوەی ڕابردوودا نووسەرێکی بەناو تەنزنووس لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا لێیان پرسی ڕەخنەت چییە لە نووسەران لە وەڵامدا وتی خۆیان نادەن لە‌ هێڵە سورەکان، لە ڕاستیدا من چاوەڕێبووم هێڵە سورەکان لای ئەو قسەکردن بێت لەسەر گەندەڵی و دەوڵەمەندبوونی نایاسایی هەزاران کەس لەسەر حسابی کۆی کۆمەڵگا و نەبوونی هێزی نیشتمانی و ناکارایی پەرلەمان و فاشلی حوکومڕانی چارەکە سەدەی ڕابردوو، بەڵام نووسەری بەناو تەنزنووس هێڵی سور لای ئەوەبوو کە بەشێک لە نووسەران دەربارەی ئاین نانووسن و قسە ناکەن، یاخود مجامەلەی ئیسلام دەکەن و قسەی جددی لەسەر ناکەن!؟
ئەمە جگە لەوەی لەشکرێکی تر کە بەناو ڕۆژنامەنووسن لە پشتی کۆمپیوتەر و مۆبایلەکانیانەوە، لە ڕێگای سایتی سێبەر و بەناو ئەهلی و سەربەخۆ و سەدان پەیجی بێ دایک و باوکەوە سەرتاپای ڕاستییەکانی کۆمەڵگایان شێواندووە ، حەقی هاوڵاتی کە لای دوو حیزبی دەسەڵاتە، وایان کردووە کە هاوڵاتی بە شەو و بە ڕۆژ جنێو بە ئەو هێز و چالاکوان و ڕۆژنامەنووسانە بدات کە ڕەخنە دەگرن لەم هەموو گەندەڵی و ستەمکاریەی هەیە لە هەرێمی کوردستان.
وایانکردووە خەڵکی بێنان و بێژیان دەسەڵات وەک بێ دەسەڵات ببینن و ئەو لایەنە سیاسیانەی ڕەخنەی توند و جددیان هەیە و شەڕ دەکەن لە پێناو هاوڵاتیدا وەک دوژمن و گەندەڵ ببینن.
لە کۆتایدا دەپرسم خوێندنەوەی کتێب ئەمە بەرهەمەکەی بێت کە ئەم نوخبە ڕۆشنبیرەی دروستکردووە، خەڵکی بە چی وزە و توانایەکەوە مەیلی بۆ خوێندنەوە بچێت؟ هیوای بە کێ بێت ژیانی بگۆڕێت؟




فێنۆمێنی چەکل …. کاوە جەلال

“چەکل” توانجێکی یان پێڕابواردنێکی سلێمانیانەیە، لێ گەرەکە بەدەر لەوە وەک فێنۆمێن وەریبگرین و ڕەخنەییانە پێوەی خەریک ببین، چونکە لە هەموو بوارەکانی ژیانی کوردان (ی نێو ئێراق)دا تەنیوەتەوە، بەڵێ تەنانەت لە ماڕشی سەندنی سەروەریدایە.
ئاشکرایە وشە تەنیا دەربڕینی زارەکی نییە، بەڵکو هاوکات ناوەرۆکێک یان ڕەوشێکی دەروونی لە خۆدەگرێت، وەک “سازگار”، “هێمن”. هەروەها وشەی دیکە هەیە کە ئەویش واتاکەی ڕۆشنە، بۆ نموونە وشەی “چڵ”، لێ ئەمیان وەک دوو وشە ناوبراوەکەی دی لە ناوەڕۆکێکی هەستەکییەوە دەرنەکێشراوە، بەڵکو ئێمە لە دەرککردنەوە دەزانین کە “چڵ” بەشێکی باریکتر و نەرمتری درەختە لە لقەکەی، ئەمیش باریکتر و نەرمترە لە قەدەکەی. لێ وشەی چەکل بە پێچەوانەی ئەو نموونە هێنراوانەی سەرەوە، هیچ ناوەرۆکێک دەرنابڕێت. هەردوو دەنگی “چە…” و “…کل” زۆر سەیر پێکەوە گرێدراون، ئەوها دەنوێنێت هەروەک پێکەوەگوجاویی دەنگییان یەکی خستبن، هاوکات نەشیاو نییە لە چەقەڵ / چەکەڵ / شاکال-ەوە وەرنەگیرابێت. گەر ڕەفتاری چەکل وەربگرین، کلکەلەقێکانی، بێسەروبەرییەکەی، چاوەڕوانییەکەی بۆ خواردنی لاکی ڕاوکراو و هتد، ئەوا پێدەچێت ئەو گریمانەیە نالەبار نەبێت – ئەمە بێگومان تەنیا گریمانەیە.
ئێمە بە هەوڵێکی دیکەی بەراوردکاری باشتر دەتوانین لە فێنۆمێنی چەکل نزیک بکەوینەوە، واتا گەر بیخەینە بەراوردەوە لەتەک فێنۆمێنی “چڵیت”دا ( کەواتە، وەک فێنۆمێن، سەربەخۆکراو لە ڕەچەڵەکی مێژوویانەی سەرهەڵدانی لە سلێمانی، بێگومان هاوکات لەگەڵ ڕێزدا بۆ کەسی ئەوها ناونراو، چونکە بەگوێرەی وەسفکردنەکانی ئەو کەسە لەتەکیدا یەکناگرێتەوە، واتا چڵیت وەک فێنۆمێن لە ڕەوتی بەگشتیبوونیدا واتایەکی دیکەی وەرگرتووە).
“چڵیت” دەشێت ئاماژە بێت بۆ تلیسانەوە، یان بۆ سەغڵەتکەرێکی لکاو بە کەسانەوە، هاوشێوەی چڵ-م-ی چۆڕاوە بە لووتدا. بە هەر حاڵ لێرەش “چڵ” و “-یت”ی پێکەوەگرێدراو وەک وشە هیچ ناوەرۆکێکی لە خۆ نەگرتووە، هیچ ئاماژەیەک نادات، بەڵکو دەشێت گەمەیەک بێت کە بۆ خاتری ڕاگەیاندنی سانای زار بە خودی “چڵ” بکرێت و لە سپۆنتانێتیی (عەفەوییەتی) خۆڕاگەیاندنەوە بێتەگۆڕێ. وشەکە خۆی، وەک خودی ئەو وشەیە، ئەوها دەرفەتی گەمەی زمانیانە دەدات. ئێمە دەتوانین بۆ پتر تێگەیشتن لەم ڕەوشە دەنگی “ڵ” بە وێنە وەربگرین: زۆر دەشێت چەنەبازییەک کە کەس لێی تێناگات و مایەی سەغڵەتییە بۆ کەسانی دەوروبەر، وا لەو کەسانە بکات کە بەو چەنەبازە ڕاببوێرن، واتا سزای بدەن و بە پێڕابواردنەوە پێی ببێژن: “دە بەسە بڵتە بڵت!”. ئێمە ڕەوشێکی بەم چەشنە، لێ لە پەیوەندیی دیکەدا، لای گریکەکانی ئەنتیکە دەبینین: ئەوان کە خۆیان لە بێگانان بە مەزنتر دادەنا، لێ لەبەر ئەوەی لە دەربڕینەکانیان تێندەگەیشتن، ئەوا بێگانەکانیان لە شێوەی ئاخافتنیانەوە ناو دەنا “باڕ-باڕێس” (بەڕبەڕەکان) کە بە کوردی واتای “بڵتە-بڵت-کەران” دەگەیەنێت.
گەرچی دەربڕینی وشەی چەکل وەک دەربڕینی وشەی چڵیت لەسەر زار ناخۆش نییە، سەرەڕای ئەوە نیشانەی ئەوە نییە کە گۆیا لە خۆشەویستییەوە سازێنرابێت، وەک چۆن بۆ نموونە کوڕێک برادەرەکەی ناودەنێت خولە، عەبە، حەمە و هتد. چەکل هەرگیز لە داکەوتدا بە جیددی وەرناگیرێت و مرۆ حەز بە نزیکبوونەوەی ناکات. کاتێک چڵیت زۆرتر مۆرکی تەپۆ، دوورەپەرێز، بێتاقەت و هتد-ی هەیە، ئەوا چەکل سرکە، زۆر حەزی لە کلکەلەقێ و خوانواندنە لە نێوەندی گشتیدا، لێ بەبێ ئەوەی ئەو خۆی بێت، بەڵکو ئەو کەسانە وەک نمونەی لاساییکردنەوە وەردەگرێت کە وریا و ناسک و چالاکن، ئەمانەش بێگومان کەسانی ئەوتۆن کە بە هیچ شێوەیەک حەز بە نزیکی لە چەکلەکان ناکەن. ئاخر چەکل نە وریایە، نە ناسکە، نە چالاکە. بۆیە کاتێک چەکل لێیان نزیک دەکەوێتەوە، ئەوا ڕاستەوخۆ پێی دەبێژن: “دە لاچۆ چەکل”! ئەی ئەو؟ ئاخ ئەو! ئەو چەکلە! دەمی پان دەکاتەوە، ئەوجا خیش دەکات و بە نابەدڵی لێیان دووردەکەوێتەوە. سەرباری ئەوە هێشتا هەر واز ناهێنێت! نەخێر، ئەو تەنیا بە جەستەی لە ئەوان دوور دەکەوێتەوە، پاشان لە دوورەوە بە تیلی چاو هێشتا هەر لە ئەوان دەڕوانێت.
کەواتە چەکل پڕمەترسییە!
ئاخر چەکل هەردەم “چاو-لێ-کردووە” و بە چەشنێک بووە بە دیلی “چاو-لێ-کردن”ەکانی خۆی، کە ئیدی بەبێ لاساییکردنەوە ناتوانێت پێناسەی خۆی بکات، ئەوجا لەبەر ئەوەی بوێریی نییە چەکلێتیی خۆی بسەنگێنێت، بەڵکو دیلی ڕێژەکانە، ئەوا شوناسی نییە! ئەو خەوشێکی کارەکتەرە.
چەکلی “چاو-لێ-کردوو” هەرگیز کۆڵ نادات، هەردەم لە مەیداندایە و هەرگیز لە مەیداندا نییە: ئەو لە گشت لا دەبینرێت و ئەوەش دەشێت زۆر سانا دەوروبەری لە خشتەبەرێت، چونکە بینینی زۆری وا دەکات نەبینرێت کە ئەو هەردەم چاوەڕێی هەلە. لێ ئایا پەیوەندییەکان هەروا ئاسانن؟ نەخێر. ئیگنۆرانس (خۆغەشیمکردن، پشتگوێخستن) بەگشتی، یان فیزداری و لەخۆباییبونی سوننەگەرایان کە خۆیشیان تا ڕادەیەکی زۆر قایلن بە هەلە هەڵکەوتووەکان بژین و هاوکات هەردەم بینیویانە کە چۆن چەکلەکان بەردەوام دەڕوانن داخۆ کێ ی دەرکەوتووی سیاسی لەکوێ دەرگە لە ئەوان بکاتەوە، بە کورتی، زۆر دەشێت ئەمان پتر کاریگەر بن لەوەدا کە چەکلەکان بە ڕیز ماڕشی سەرکەوتن نمایش بکەن. ئاخر وەک گۆتمان چەکل بەهاکانی پێناسەکردنی خۆی لە دەرەوە وەردەگرێت و دەیانکات بە ڕێنومای ژیانی. ئەوجا ئەوی کۆڵنەدەر هاوکات بەهۆی کەلاخستنییەوە بە بوغز تەنراوە، بۆیە هەر دەرفەتێکی بۆ بێتە پێشەوە، بۆی دەبێت بە هەلی تۆڵەسەندن لە سەرجەم جڤاک، لە کولتوور، بەڵێ لە خودی ئەخلاق. ئەم دیلەی ڕێژەکان تا بۆی بکرێت بە پەخشاندنی تۆڕی رواڵەت بنەڕەتەکان لەکاردەخات! ئاخر چەکل هاوشێوەی کێم ی دومەڵی تەقیو بەڕێی پەیوەندیی سیاسییەوە لەنێوەندی سیاسەت و کولتووردا فیچقەی کردووە، هەروەها بەهۆی بینینی خۆیەوە لە ڕێژەدا تەنیا وەک پاشکۆ و بندەست دەتوانێت بە چۆڕانەوە چالاک ببێت، هەر لەبەر ئەم هۆیەشە کە کەسانی دی بە هەڵوێستمەند و سوننەگەرایانی ئیگنۆرانتەوە (خۆغەشیمکەرەوە، پشتگوێخەرەوە) بێزی لێ دەکەنەوە. ئەو وەک چاوە-ڕوان، ڕاستتر ببێژین وەک چالاکێکی کەلاکەوتووی چاو-لێ-کردوو، چاوەڕوانی هەلە بۆ وەرگرتنی رۆڵەکەی. ئەوجا دەبێت چە هەلێک لەوە لەبارتر بێت کە بەدووی خۆسەپاندنی کولتووری و سیاسیی کەسانی جاهیل و بەدجۆربوودا دەڕەخسێت؟ بەڵێ لەوە “هەلی مێژووییتر” بۆ چەکل ناڕەخسێت! بەم شێوەیە چەکلی بەردەوام پیشخواردۆوە هێدی هێدی، لێ بە خشکەیی، کودەتای خۆی بەسەر هەموواندا دەکات، بە تایبەتی بەسەر “ئەوان”دا کە هەردەم پێیان دەگۆت: “دە لاچۆ چەکل!” تازە ئەو سەردەمە بەسەر چوو! بەڵێ، ئێستا چەکل لە کەناری خۆمۆکییەوە “دێتە پاڵ”، تەنانەت “دێتە نێوانەوە”: ئەو دێتە “پاڵ” بەڕێوەبەر، مامۆستای زانکۆ، تەنانەت دەگات بە ئاستێک کە لە تەنیشت ئەم یان ئەو سەرۆکەوە دابنیشێت، لە بارەگای پارتی سیاسیدا ببێت بە خاوەنی مێزی خۆی! بە چەقەنەیەک، لەسەر نامەی دەمانچەییەک، بڕوانامەی ماستەر یان دکتۆرا یان هەردووکیان بەدووی یەکدا وەربگرێت! لە وەزارەتدا پۆستی باڵای هەبێت! لە ئەنجومەنی پارێزگەدا کات بەسەربەرێت! لێ هاوکات و بەردەوام سەفتە دۆلار یان سەفتە بیستوپێنجی بخاتە گیرفانی کراسەکەیەوە، کە بە لاستیک پێکەوە ڕایاندەگرێت تا سەفتەکەیان تێکنەچێت.
بەم شێوەیە ئیدی لە گشت لا چەنەی چەکل دەبیسترێت. ئەو بێگومان تا بۆی بکرێت هەوڵ دەدات دەستەکەی بە شارراوەیی بهێڵێتەوە، لێ تەنیا ئەو خۆی باوەڕ دەکات کە دەستەکەی شارراوەیە، بە پێچەوانەوە کەسانی دی دەیبینن! جگە لەوە چەکل هەرگیز بە سەقامگیریی دەروونی ناگات. ئاخر ئەو کە هەردەم لە هەوڵی قۆزتنەوەی هەر هەلێکدایە، هاوکات لەوەش بەئاگایە کە دەشێت هەلە هەڵکەوتووەکان نەمێنن، بۆیە دەشێت بە شانازییەوە ڕانک و چۆغەی گرانبەهای هەورامی بپۆشێت، لێ هێشتا هەر لە جانتاکەیدا دیسداشە و عەگالێکی شاردبێتەوە. ئاخر کێ ناڵێ …؟ ئەرێ …! کاکە جیهان پڕە لە مەترسی!




ڕۆڵی باشووری كوردستان لە ڕاپەڕینی شێخ عوبەیدوڵڵای نەهریدا-6- …ڕه‌سوڵ بۆسكێنی

به‌شی شه‌شه‌م
له‌شكركێشی و ڕاپه‌ڕین به‌ره‌و هه‌رێمی ئازربایجان

به‌پێی ئه‌و نه‌خشه‌ی دانرابوو، ده‌بوو له‌یه‌كه‌م هه‌نگاودا هێزی هه‌ره‌ گه‌وره‌ و چه‌پۆك هاوێژ به‌سه‌رۆكایه‌تی عه‌بدولقادر و هه‌مزاغا، سابڵاخ و دوایی ته‌ورێز داگیر بكات، هێزی دووه‌م به‌ سه‌رۆكایه‌تی موحه‌مه‌د سدیقی دووه‌م كوڕی شێخ ورمێ بگرێت.هه‌رچی هێزی سێیه‌مه‌ به‌سه‌رۆكایه‌تی خه‌لیفه‌ موحه‌مه‌د سه‌ید بوو، ده‌بوو ئه‌و ناوچانه‌ بگرێت كه‌وتبوونه‌ ڕۆژئاوای گۆماوی ورمێ، له‌وانه‌ش شاری سه‌ڵماس و خۆی، شێخ عوبه‌یدوڵڵا خۆی سه‌ركرده‌ی گشتی ئه‌م دوو هێزه‌ی دوایی بوو. سه‌رانی جوڵانه‌وه‌كه‌ پێیان وابوو كردنی ناوچه‌ كوردنشینه‌كانی ئێران به‌ئاگردانی شۆڕش ده‌رفه‌تێكی چاك بۆ په‌ره‌سه‌ندنی شۆڕش پێك دێنێ، ئه‌وان ده‌یانوویست پێشه‌كی ناوچه‌ كوردنشینه‌كانی ئێران ڕزگار بكه‌ن و پاشان باده‌نه‌وه‌ سه‌ر توركیا و كوردستانی لێ بسه‌ننه‌وه‌.
لاوازی و كه‌م ده‌سه‌ڵاتی هه‌ردوو ئیمپڕاتۆری عوسمانی و قاجاری، هه‌لێكی له‌باری بۆ هه‌ڵگیرساندنی جوڵانه‌وه‌یه‌كی ڕزگایخوازی به‌ربڵاو به‌سه‌ركردایه‌تی شێخ عوبه‌یدوڵڵای شه‌مزینی پێك هێنا، له‌سه‌ره‌تای ده‌ستپێكی شۆڕشدا ته‌نیا ناوچه‌ی شه‌مزینان له‌ژێرده‌سه‌ڵاتی شۆڕشدا بوو، به‌ڵام هێنده‌ی پێنه‌ چوو گڕی شۆڕش زۆربه‌ی ناوچه‌كانی كوردستانی توركیا و ئێرانی گرته‌وه‌. له‌ ‌پاشكۆی نامه‌یه‌كی ئیرل گرانڤێل بۆ مسته‌ر گۆشن هاتووه‌،”ئه‌م كۆمه‌ڵه‌یه‌ ئێستا 4.000 هه‌زار تقه‌نگی مارتینی هه‌یه‌ كه‌ 200 دانه‌یان ئێرانیه‌وه‌ ئه‌وه‌ی ماوه‌ توركیه‌”
دوای ئه‌وه‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری سابڵاخ به‌رامبه‌ر كرده‌وه‌كانی هه‌مزاغا كه‌وته‌ ئازاردان و چاوترساندنی خه‌ڵكه‌كه‌، ئه‌وسا هه‌مزاغا بانگی ڕاست بوونه‌وه‌ی عه‌شره‌ته‌كه‌ی خۆی داو داوای پشتگیری و یارمه‌تی له‌ شێخ كرد، له‌ مانگی ئاب دا شێخ عوبه‌یدوڵڵا هه‌زار چه‌كداری به‌سه‌رۆكایه‌تی عه‌بدولقادری كوڕی نارد بۆ یارمه‌تیدانی مه‌نگوڕ، عه‌شره‌تی دڵسۆزی شێخ له‌گه‌ڵ ئه‌و هێزه‌دا له‌سنووری ئێران په‌ڕیه‌وه‌، هه‌تا ده‌هات عه‌شره‌تی تر لایان ده‌دایه‌ لای ڕاپه‌ڕینه‌كه‌.
شێخ عوبەیدوڵڵا پێنج هەزار كوردی سەربەقەڵەمڕەوی ڕۆم و دانیشتووی ئەو سنوورانەی بە شێخ عەبدولقادری كوڕی بچووكی خۆی و هەمزاغا و محەمەد ئاغا و عەبدوڵڵاخانی زەرزاشی لەگەڵ خستن و فەرمانی كۆكردنەوەی لەشكری كوردستان و داگیركردنی هەرێمی ئازەربایجانی پێكردن. له‌ (20- 9- 1880) جوڵاندنی هێزه‌كانی كورد له‌ قۆڵی یه‌كه‌م، به‌سه‌رۆكایه‌تی شێخ عه‌بدولقادر و هه‌مزاغای مه‌نگوڕ به‌ره‌و شنۆ و موكریان ده‌ستی پێكرد. دواتر له‌هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ هێزه‌كه‌ گه‌شه‌ی كرد، بۆ ئه‌مه‌ش شێخ بڕیاری دا له‌كاتی شه‌ڕدا ده‌بێ گیان و ماڵی دانیشتوان پارێزراوبێ، ئابۆت كونسوڵی گشتی به‌ریتانیا له‌ ته‌ورێز له‌ 22ی كانوونی یه‌كه‌می 1880 ده‌نووسێت: ده‌ركه‌وتوه‌ له‌شكره‌كه‌ی شێخ 30,000 كه‌سن، به‌شێكی زۆریان تفه‌نگی مارتینیان پێیه‌، به‌ڵام هه‌موو ئه‌و گوندانه‌ی كه‌وتونه‌ته‌ ڕێی پێشڕه‌وییه‌كه‌یان ده‌ست لێنه‌دراون و ته‌نگیان پێهه‌ڵنه‌چنراوه‌، هه‌موو ئه‌و زه‌خیره‌ و كه‌لوپه‌له‌ی پێویستیش بووبێ شێخ به‌پاره‌ كڕیونی.
هێزه‌كه‌ی هه‌مزاغا و شێخ عه‌بدولقادر بێ ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن هێزه‌كانی سه‌ر سنووری ئێرانه‌وه‌ به‌رهه‌ڵستی بكرێت، گه‌یشته‌ مه‌رگه‌وه‌ڕ، له‌وێش سه‌رۆكه‌ كورده‌كانی ئه‌و ناوچه‌یه‌ چوونه‌ ڕێزی هێزه‌كه‌وه‌، ڕاپه‌ڕیوه‌كان ڕوویان كرده‌ ناوچه‌ی شنۆ. هه‌مزاغای مه‌نگوڕ بووه‌ (سوپاسالاری) ئه‌م هێزه‌ و له‌ (25- 27- 9- 1880ز) شاره‌كانی لاجان و شنۆ و سندوس ئازادكران.
شێخ عەبدولقادر لەڕۆژی (7)ی مانگی شەوال دا (1297ك) (13- 9- 1880ز- 22- 6- 1259 هەتاوی) هۆردوی لە شنۆ خست و حاجی وەهاب خان و عەبدوڵڵاخان و ئیبراهیم خان و ئەمیر خان سەرلەبەری سوارە و پیادەیان، خۆیان گەیاندێ‌ و دوای دوو ڕۆژ لەوێ‌ جوڵان و لە دوو قۆناغەڕێی مەحاڵی شڵدوز قۆناغیان گرت.
هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ شێخ نامه‌ی بۆ كاربه‌ده‌ستانی ئێران و نوێنه‌رانی وڵاتانی ئه‌وروپی و بێگانه‌كان نارد، ئه‌و نامه‌یه‌ی شێخ له‌ سه‌ره‌تای ده‌ست پێ كردنی ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ بۆ كاربه‌ده‌ستانی ئێران و نوێنه‌رانی ده‌وڵه‌ته‌ بێگانه‌كانی نارد، سروشتی ڕاپه‌ڕینه‌كه‌، هۆیه‌كانی، هه‌روه‌ها هه‌ڵسه‌نگاندنی ڕاسته‌قینه‌ی ده‌وری شێخ عوبه‌یدوڵڵا له‌و ڕاپه‌ڕینه‌ ڕوون ده‌كاته‌وه‌ و مانایه‌كی گرنگی هه‌یه‌. شێخ له‌گه‌ڵ دوو كه‌سدا نامه‌یه‌كی بۆ حه‌مزه‌ میرزا حیشمه‌ت وه‌لیعه‌هدی ته‌ختی ئێران نارد، به‌ڵام ئه‌و هه‌ردوو كه‌سه‌كه‌ی گرتن و له‌گه‌ڵ نامه‌كه‌دا بۆ شای ئێران، ناسره‌دین ‌شای قاجار (1832- 1896ز)ی ڕه‌وانه‌ كردن بۆ تاران.
ئه‌و دوو نامه‌یه‌ی شێخ عوبه‌یدوڵڵا بۆ (كۆهرانی)ی میسینێری ئه‌مه‌ریكایی نارد له‌ورمێ، به‌ڕاستی مایه‌ی سه‌رنج لێ دانن، شێخ له‌و دوو نامه‌یه‌دا داوا له‌ كۆهران ده‌كات كۆنسۆڵی به‌ریتانیا له‌ ورمێ له‌و هۆیانه‌ ئاگادار بكات، كه‌ كورده‌كانی به‌ره‌و ڕاپه‌ڕین هاندا.
شێخ عوبه‌یدوڵڵا په‌یوه‌ندیه‌كی دیبلۆماسی فراوانی ده‌ست پێكرد له‌گه‌ڵ كۆنسوڵ و نوێنه‌رانی وڵاتانی بیانی و ئه‌وروپاییه‌كان، بۆ تێگه‌یاندنیان له‌مه‌به‌ستی ڕاپه‌ڕینه‌كه‌، گفتوگۆی نێوان شێخ و بیانیه‌كان ئه‌وه‌مان بۆ ئاسان ده‌كات له‌نزیكه‌وه‌ سه‌رنج له‌ هونه‌ر و توانای دیبلۆماسیه‌تی شێخ بده‌ین و شوناسی له‌گه‌ڵدا په‌یدا بكه‌ین.
زۆری نه‌برد ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ هه‌موو ناوچه‌كانی كوردی ته‌نیه‌وه‌، له‌نیوه‌ی یه‌كه‌می مانگی ئه‌یلو‌لدا، كورده‌كان ده‌وروبه‌ری لاجان و سه‌رده‌شتیان گرت، هێزی ڕاپه‌ڕیوه‌كان كه‌ به‌چه‌كداری دانیشتووه‌كانی ته‌واو پڕ ببوو، بووه‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی پڕ مه‌ترسی، به‌لای كه‌مه‌وه‌ هه‌موو عه‌شره‌ته‌ كورده‌كانی ئێران لایان دایه‌ لای شێخ عوبه‌یدوڵڵا، له‌وانه‌: مه‌نگوڕ، مامه‌ش، زه‌رزا، موكری، دێبۆكری، گه‌ورك، شكاك، جاف، پیران، ئاهو(ئاگو) (له‌وانه‌یه‌ ئاكۆ بێت)، زوودی و هی تر. له‌ماوه‌ی چه‌ند ؤرژدا هێزێكی زۆری سواره‌ و پیاده‌ كۆبوونه‌وه‌.
هه‌مزاغا هه‌وڵی دا هه‌موو سه‌رۆك هۆزه‌كان و هۆزه‌كانیان له‌ژێر ئاڵای شێخ دا كۆبكاته‌وه‌، هه‌وڵی زۆری له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د ئاغای مه‌زنی مامه‌ش و بیوك خانی گه‌وره‌ی قه‌ره‌ په‌پاخ دا ئه‌وانیش به‌شداری ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ ببن، محه‌مه‌د ئاغا له‌ سابڵاخ هه‌وڵێكی زۆری دا كاربه‌ده‌ستانی عه‌جه‌م له‌ مه‌ترسی و گه‌وره‌یی بزوتنه‌وه‌كه‌ هوشیار بكاته‌وه‌، بۆئه‌وه‌ی هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ ڕێ له‌ ته‌شه‌نه‌كردنی بگرن، دوای ئه‌وه‌ی له‌وان نائومێد بوو، ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ په‌ره‌ی سه‌ند، ئه‌وسا ئه‌ویش به‌ناچاری تێكه‌ڵاوبوو.
هێز و ده‌سه‌ڵاتی شێخ عوبه‌یدوڵڵا له‌ ئێران به‌جۆرێك په‌ره‌ی سه‌ند، وای له‌ (ئابۆت)ی كۆنسۆلی ئینگلیز كرد له‌ ته‌ورێز، له‌ (15)ی حوزه‌یرانی ساڵی (1880)دا به‌ترسه‌وه‌ (تۆمسۆن) ئاگادار بكات كه‌: “شێخ توانی به‌شێكی گه‌وره‌ی عه‌شره‌تی شكاك به‌لای خۆیدا ڕابكێشێت، ئه‌و عه‌شره‌ته‌ی جاران دۆست و جێی بڕوای شا بوو” (ئابۆت) سه‌ر كونسولی ئینگلستان له‌ ته‌ورێز داوای له‌كاربه‌ده‌ستانی ئێران كرد خێرا لیوا كوبوخان له‌ ته‌ورێزه‌وه‌ ڕه‌وانه‌ی سه‌رسنووربكه‌ن، به‌و نیازه‌ی چاوی به‌ نوێنه‌ری عوسمانی بكه‌وێت، بۆ هێمن كردنه‌وه‌ی دۆخی سه‌رسنوور له‌گه‌ڵیدا بكه‌وێته‌ گفتوگۆ، ئابۆت ده‌نووسێت: ” له‌وه‌ش زیاتر قه‌ت حه‌ز به‌وه‌ ناكرێت ڕێگای پێ بدرێت (واته‌ به‌ شێخ) هێز و ده‌سه‌ڵاتی خۆی به‌ناو سنووره‌كانی ئێراندا بڵاو بكاته‌وه‌، ئه‌م ڕایه‌شم به‌ كاربه‌ده‌ستانی ناوچه‌یی ده‌گه‌یه‌نم”.
به‌درێژایی مانگی ئابی ساڵی (1880) ڕووداوی وه‌ها له‌ كوردستانی ئێران سه‌ریان ده‌رهێنا، بوونه‌ هۆ و هانده‌ری نوێ بۆ هه‌ڵچوونی كورده‌كان، هه‌مزاغای سه‌رۆكی مه‌نگوڕی ناسراوی كورد، پاش كۆبوونه‌وه‌ی شه‌مدینان، چالاكانه‌ كه‌وته‌ خۆ ئاماده‌كردن، هه‌مزاغا گه‌لێك له‌ سه‌رۆك خێڵه‌كانی تری ڕام كرد بوو لابده‌نه‌ لای ڕاپه‌ڕینه‌كه‌، ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ی له‌ شه‌مدینان بۆ پێكهێنانی ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ دانرا، له‌لایه‌ن گه‌لێك دانیشتووه‌ كورده‌كانی ئێرانه‌وه‌ په‌سند كراو پێشوازی لێ كرا، كۆنسۆڵی ڕووسیا له‌وان ئه‌و هه‌واڵه‌ی ڕاگه‌یاند، گوایه‌ كورده‌كان” له‌لایه‌ن كاربه‌ده‌ستانی ئێرانه‌وه‌ زۆریان لێ ده‌كرێت و ده‌ڕووتێنرێنه‌وه‌ سه‌ریان به‌رزكردۆته‌وه‌ و قین دایگرتوون، ئه‌وان (كورده‌كانی ئێران) به‌وپه‌ڕی شادییه‌وه‌ پێشوازی شێخ ده‌كه‌ن و به‌ڕزگار كه‌ری داده‌نێن، هه‌موویان بگره‌ كه‌س نه‌ماوه‌ لانه‌داته‌ لای”.
ئابۆت كونسوڵی گشتی به‌ریتانیا له‌ ته‌ورێز ده‌ڵێت: كاربه‌ده‌سته‌ ئێرانیه‌كان ناڕه‌زایی ئه‌وه‌ ده‌رده‌بڕن چه‌ند خێڵێك له‌ته‌ڕه‌فی توركیادا ئه‌م كێشانه‌یان دروست كردبێ، به‌واتایه‌كی تر كۆچڕه‌وه‌كان كه‌ دڵسۆزن بۆ شا و تاڕاده‌یه‌كیش سونین هاومه‌زه‌به‌كانیان له‌وڵاتی عوسمانیدا كاریگه‌ریان له‌سه‌ریان هه‌یه‌، به‌هه‌یبه‌ت و ترسه‌وه‌ ده‌ڕواننه‌ شێخ عوبه‌یدوڵڵای سه‌رۆكه‌ ڕوحیه‌كه‌یان له‌هه‌ردوو دیوی سنووره‌كه‌دا. ڕۆژنامه‌ی (وه‌قت)ی توركی ڕاپه‌ڕینه‌ جه‌ماوه‌رییه‌كه‌ی كوردی ئێران وه‌ها ڕوون كرده‌وه‌ كه‌ ” كورده‌كان زوڵم و زۆرێكی زۆریان لێ ده‌كرێت و باج و سه‌رانیه‌كی زۆریان لێ ده‌سه‌نرێت”
ڕاپه‌ڕیوه‌كان بێ ئه‌وه‌ی به‌رهه‌ڵستیه‌كی ئه‌وتۆ بێته‌ ڕێیان به‌ره‌و سابڵاخی شاری سه‌ره‌كی و گه‌وره‌ی كوردستانی ئێران كه‌وتنه‌ڕێ، موته‌سه‌ڕیفی شاره‌كه‌ كه‌ دیی دانیشتوانی شاره‌كه‌ پشتگیری ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ ده‌كه‌ن بڕیاری دا له‌گه‌ڵ ڕاپه‌ڕیوه‌كان بكه‌وێته‌ گفتوگۆ، له‌ئه‌نجامدا موته‌سه‌ڕیف بڕیاری دا به‌خۆی و ده‌ست و پێوه‌نده‌كانیه‌وه‌ شار به‌جێ بێڵێ و ماڵ و مڵك و چه‌ك له‌گه‌ڵ خۆیدا نه‌بات، پاش ئه‌مه‌ كورده‌كان بێ ئه‌وه‌ی یه‌ك ته‌قه‌ش بكه‌ن شاری سابڵاخیان گرت. ئینجا عه‌بدولقادر ناردی به‌دوای ئێله‌كانی باشوور و باشووری رۆژهه‌ڵات تا ده‌گاته‌ بانه‌ و سه‌قز، داوای لێ كردن خۆیان ڕاده‌ست بكه‌ن، ئه‌وانیش گوێڕایه‌ڵی داواكه‌ی بوون، پاشان حكومه‌تێكی هه‌رێمی ڕێكخست، به‌دانانی حاكم بۆ ئه‌و ناوچانه‌ی ڕاده‌ست بوون، بۆ به‌ڕێوه‌بردنی كاروباری ناوخۆی ناوچه‌ ڕزگاركراوه‌كان شێخ ده‌زگای تایبه‌تی پێكه‌وه‌نا. و موته‌سه‌ریفی بۆ شاری سابڵاخ دیاری كرد. دوای ئه‌وه‌ له‌سابڵاخ پێشڕه‌وه‌ی كرد بۆ ڕووباری تاتاو.
پاشنیوه‌ڕۆی 2ی تشرینی یه‌كه‌می 1880 له‌لایه‌ن شێخ عه‌بدولقادر و هه‌مزاغا له‌گه‌ڵ 10،000 كه‌س په‌لاماری دواب ی دابوو هێرشه‌كه‌ سێ سه‌عات پێش ڕۆژئاوابوون كرابوو. چوار سه‌عاتی خایاندبوو، سه‌لیم خان، چهار ده‌وڵه‌ت، عه‌لی خان حاكمی مه‌راغه‌ له‌گه‌ڵ محسن خانی به‌ختیاری دوای شه‌ڕێكی به‌رگریكارانه‌ ناچاربوون هه‌ڵبێن.
به‌هه‌موو حیسابێك واپێده‌چێ ئێله‌كورده‌كان به‌فه‌رمانده‌یی شێخ عوبه‌یدوڵڵا به‌رده‌وام بن له‌چوونه‌ پێشه‌وه‌یاندا بۆ ناوخاكی ئێران، خێڵه‌ ئێرانیه‌كان ده‌چوون و ده‌یاندایه‌ پاڵ هێزه‌كانی شێخ و حكومه‌تی ئێرانیش له‌شكری ده‌نارد، به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ به‌هێز نه‌بوون بتوانن به‌رامبه‌ر كورده‌كان بوه‌ستن، باڕۆن جۆمین له‌و باوه‌ڕه‌دانه‌بوو له‌م كاته‌دا ئێرانیه‌كان بتوانن به‌ره‌نگاری كورده‌كان ببنه‌وه‌، ئه‌وا پێویست ناكا هێزه‌كانی ڕووسیا له‌سنوور بپه‌ڕنه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئێرانیه‌كان تێك بشكێن ئه‌وا بارودۆكه‌ مه‌ترسیدار ده‌بێت.
زۆری نه‌برد هێزه‌كانی كورد گه‌یشتنه‌ ته‌ورێز، ئه‌م گورج و گۆڵی و چالاكیه‌ی كورد نواندی و ئه‌و نزیك بوونه‌وه‌ چاوه‌ڕوان نه‌كراوه‌ له‌ ته‌ورێز، شاره‌كه‌ی تۆقاند، خه‌ڵكی شاره‌كه‌ كه‌وتنه‌ خۆیان و ده‌ستیان كرد به‌ قایمكاری كردن، كونسوڵخانه‌ بێگانه‌كان خێرا كه‌وتنه‌ كۆكردنه‌وه‌ی ئه‌رشیفه‌كانیان، به‌و نیازه‌ی ده‌ربازیان بكه‌ن، هه‌ر ئه‌و ترس و په‌ژاره‌ بوونه‌ په‌كی چالاكی و گۆسته‌ و هه‌واڵ گه‌یاندنی خست.
به‌وته‌ی په‌یامنێری ڕۆژنامه‌ی (تایمس) سه‌ركه‌وتنه‌كه‌ی كورد له‌به‌ر ئه‌وه‌ بوو، دانیشتووه‌ كورده‌كانی وڵاته‌كه‌ به‌چاوی ڕزگاركه‌ر سه‌یری شێخ عوبه‌یدوڵڵایان ده‌كرد، له‌ڕۆژانی به‌یه‌كاچووندا له‌گه‌ڵ هێزه‌ ئێرانیه‌كانی سه‌ر سنووردا، نه‌جارێك و نه‌ دوو ڕووی دا سه‌رباز و ئه‌فسه‌ره‌ كورده‌كانی سوپای ئێران هه‌ڵ ده‌هاتن و ده‌چوونه‌ ڕیزی ڕاپه‌ڕیوه‌كانه‌وه‌.
له‌و ڕۆژانه‌ی هێزه‌كانی كورد به‌ره‌و ناوچه‌كانی كورد و ئێران كشان، شێخ عه‌بدولقادر هه‌میشه‌ ئه‌وه‌ی دووباره‌ ده‌كرده‌وه‌ نابێ هێزه‌كانی كورد ده‌ستدرێژی بكه‌نه‌ سه‌ر ژیان و ماڵ و موڵكی خه‌ڵكه‌كه‌، هاونیشتمانه‌ ڕووسه‌كان ئه‌وانه‌ی له‌ ئێران ده‌ژیان سوودیان له‌م بانگه‌وازه‌ی شێخ عه‌بدولقادر دی، (شولژێڤسكی) مووچه‌خۆری ڕووس له‌ته‌ورێز، له‌بیره‌وه‌ریه‌كه‌یدا له‌ (20)ی تشرینی دووه‌می ساڵی (1880)دا نووسیویه‌تی ده‌ڵێت: “ئه‌ریتۆن نه‌زار به‌گ (هاونیشتمانێكی ڕووس) به‌درێژایی ئه‌و ماوه‌یه‌ له‌ سابڵاخ بووه‌، چه‌ند جار شێخ عه‌بدولقادری دیوه‌، شێخ چه‌ند كه‌سێكی له‌گه‌ڵدا نارد بۆ ئه‌وه‌ی عه‌مباره‌كانی هاونیشتمانه‌ ڕووسه‌كان له‌شار له‌ ده‌ستدرێژی بپارێزن، داواشی لێ كرد ئه‌گه‌ر هاتوو هێزه‌كان پێویستیان به‌گه‌نم و جۆ بوو ئه‌وه‌ پێیان بفرۆشێت و پسوله‌یان لێوه‌رگرێت”.

ماویه‌تی …….




خـەڵــوەتـی کــۆڕۆنـــا … بۆتان لەتیف عەبدولقادر”پـایــان”

-١-
کاتێ ژیان ژەنگ هەڵدێنێ؛
کاتێ گەردوون ماندی ئەبێ؛
وەختێکە گۆی زەوی؛ جومگەکانی هەڵئاوساون..
دۆخێکە بوونەکان؛ زۆر پایەیان داڕزاون!..
بۆیێ دێت و
ئەم سەر ئەو سەری بوونەوەر ئەوەستێنێ..
هەتا پشویێک وەرگرێ وژەنگی بەری بوەرێنێ..
مرۆڤ: ئەم وێستگەیەی؛ وچانێکی تەم ومژاویی ئاڵۆزە..
ئەو: خەیاڵەحەسانەوەیەکی کورت..
ئەم کۆڕۆنا ڤایرۆسە؛
دزەدەردەو بەری قڕێژی ژینگەیە!..
لەچاو؛ چاوی گشتی؛ شاراوەیە!..
هەرچی چاوی وردبینە؛ ورد ئەبینێ و
پێمان دەڵێ: ئەم؛ دەردێکی گلۆباڵە!..
جارێ نەچارە؛ نەپێکوتەی هەیە..
تازە دەرکەوتووەو تاڵە..
لەئێستادا؛
چارەسەری؛ تەنها مانەوە لەماڵە!..
لەخەڵوەتی کۆڕۆنادا؛ لەماڵەوە دەمێنمەوە!..
-٢-
ئەم؛ ڤایرۆسێکی ئاڵۆزە..
دۆستی قەرەباڵغی وگەڕان؛
ئارەزووی تەوقەو باوەشەو
ژینگەی گەشەی؛ چپەی ماچە!..
بەکوردیەکەی پێتان بڵێم:
ڤایرۆس ژەهرە..
تەنۆکەی مردووی زۆر وردن..
خانەی ئێمە؛ گیانی ئەون ولە گەشە؛ بەدەست وبردن!..
ئەم کۆڤید ١٩ نوێیەش؛ بازدانێکە، سەر بەوانەو
سیەکانمان؛ بۆ ئەو مۆڵگەو کاچە!..
لەخەڵوەتی کۆڕۆنادا؛ لەماڵەوە دەمێنمەوە!..
-٣-
خودایە!..
ئەمە چ لوغزێکە؟!..
لوغزی ڤایرۆس!..
هەموو جیهان گوشراوەتە کونجی ماڵ!..
ئەمە چ ترسێکە؟!..
ترسی ئەزەل!..
ئەمە چ گەورەییێکە؟!..
گەورەییت!..
خودایە..
هێزێ.. وزەیێ..
بەرەنگاریێ.. ورەیێ..
لەگێڕانەوەی خەیاڵدا؛
ورەو بەرەنگاری هەیە..
خەیاڵی زانستی..
خەیاڵ؟‌!..
گەلێ جاران باری لەناکاو دەهێنێ!..
ئەندازەی زۆر شتی نەشیاو
ژەهرو مشەخۆر
هەر نامرۆیی وچاوچنۆکیێ.
هەر نەخۆشیێکی ویژدانی ناو کۆمەڵگا تێکدەشکێنێ!..
لەخەڵوەتی کۆڕۆنادا؛ لەماڵەوە دەمێنمەوە!..
-٤-
ئااای خودا!..
دەنگی ئاوازێک دوور دوور دێ
هەردێ هەر دێ هەتا ئەگەتە ناو ماڵمان
دەنگی وشەکانت!..
دەنگی سیڕەی دەرگای ماڵت!..
وەختی بەڕوومان دەدەخرێ!..
دەنگی بانگی هاوارێکی بێ دەرەتان
دەنگی گەروێ کەنوساوەو
خەریکە لەبینین ئەبێ وئەمرێ!..
ئەگەر ڤایرۆسێ دەرکەوێ؛
ڤایرۆسی ئابوری بێ یان چڵێسی
ڤایرۆسی ویژدانی بێ یان هی کورسی
ڤایرۆسی نان بێ یان هی برسی
لەگەڵ یەکەم دەرکەوتنیا؛
بەرگریش دەکەوێتە گەڕ..
سەنگەرەکانی توند دەکاو
لەپێناوی دادو یاسا
لەپێناوی ژیانێکی مرۆیی ئاسا
لەپێناوی یەکسانی وداد، گەشەی یاسا
شەڕی مان ونەمان ئەکا
تا چیڕۆکی قارەمانی وخۆڕاگری
تا چیڕۆکی ورەو وزەو بەرەنگاری
لەهەر ڕۆژنامەو گۆڤارێ
لەهەر ڕادیۆو تیڤیێ دەردەکەوێ لەسەرباسا..
لەخەڵوەتی کۆڕۆنادا؛ لەماڵەوە دەمێنمەوە!..
-٥-
ئەم خەڵوەتە؛ دابڕگەیە
ئایێرگەیە و(کەرەنتینە)..
شار چۆل وهۆل وبێدەنگە
خامۆشە وەرە بیبینە..
ئازیزانم..
هەر چۆنێ بێ؛ خۆشم دەوێن..
تا هەرچی ڤایرۆس هەیە
هەرچی ژەنگی ژیان هەیە
هەرچی قۆرخکاری ودرۆ
هەرچی ژەهرو زیان هەیە لەناو بەرین؛
ئەبێ ئەم گۆی گەردوونەمان پاک ڕاگرین!..
با بەردەوام وێکڕا بژین..
گەر سەردانی یەکیش نەکەین
تەوقە؛ ماچ وموچ وباوەش بەیەکتریش نەبێ؛
با ویژدانمان؛
ویژدان بەگشتی ئازیزان
لەهەر بوارێکی هەبوون وئەم بوونەمان پاک ڕاگرین!..
بامرۆڤی گەردوونی بین..
دژی وەژانخستنی ژیان
دژ بەهەژموونی زۆرداری وزەبوونی بین..
ژیانێکی شایستە بژین
ژینگەدۆست وژیریی تەندرۆستیمان بەرز!..
نەک ئاست نزم لەهەر بوارێ
تەندروستی یان ژیوارێ
نەزان وگێل، بژین وەکو کۆلەوارێ
یان بەپیسی وبەپۆخڵی
یان بێ واتاو بێ ناوەرۆک
گێژو چڵێس بننوسێتەوە ترس ولەرز!..
هەندەکیدیش لەپێناوی مانەوەمان بەیەکەوە
هەموو وێکڕا دەیڵێینەوە:
با هەموو وێکڕا بەجۆشی کڕنۆشێ بۆ خوا بەینەوە!..
لەخەڵوەتی کۆڕۆنادا؛ لەماڵەوە دەمێنمەوە..
-٦-
ئەی خودایە..
لەم بەرزەخە لەدامانم..
هەندێ دەڵێن: ماڵی تۆیان ناشت!..
کلێسا ومزگەوت ودێر
ئیتر؛ نەسزا هەیە نەپاداشت!..
ئااای خودا..
چەند گەمژەییە!..
تاوانی هەر ناخۆشیێ وەختی دەڵێن لەخوا وەیە..
ئایا وایە؟..
شتی ئەوها هەیە؟..
دەستم دامێنت!..
بەئایەتی: ( قُل لَّن يُصِيبَنَا إِلَّا مَا كَتَبَ اللَّهُ لَنَا .. )
ژیری وئاوەزیان ئەبەستن..
هەرگیز خۆیان ناپارێزن..
وەختێکیش کەپێیان دەڵێی؛
گرژو مۆن وتوڕەو پەستن!..
بێ هەودا دەسوڕێنەوە
قسەی سەرزاریان بەردەوام هەر فشەیە
وەک چۆن بڵێی؛
(.. وَلَا تُلْقُوا بِأَيْدِيكُمْ إِلَى التَّهْلُكَةِ ..) هەر نەبێ دێن ودەچن!..
جا نازانم ئاستی هۆشیان ئەوەندەیە؟..
یان بۆ فەرمانی نەبڕواەتە ملکەچن؟!..
بێگومانم؛ تۆ وشیاریت داوە بەبوون
بەهەموو چەشنە مرۆڤێ، ژیرو زەبوون
نابێ دەستەوەستان بژین لەئاستی هەر نەشیاویێ
یان مەترسی وهەر ڕەوشێکی نالەبارە..
لەدواجارا؛
ئەوەی وشیارو وریایە
خۆپارێزو بەئاگایە
هەر ئەوە لەهەردوو جیهان کەوا مرۆڤی کارایە
هەر ئەوە لەهەردوو جیهان کەوا مرۆڤی باڵایە..
ئازیزانم..
گەر ژەهرێ بێ، بیەوێ ژیان ڕاگرێ
کارو بازاڕ بوەستێنێ
قوتابخانە، زانکۆو فەرمانگە دابخا؛
یان وەستانی هەندێ شاخوێنبەری ژیان
لەهەر دۆخێ یان قەیرانێ
بەورە بن قەت ناتوانێ!..
لەدوای هەر نەخۆشی وژانێ، ناخۆشیێ
یان هەر سەختی وتەنگانەیێ
ئەمە فەرمانی خودایە
خۆشی وشادی دێتە ئارا..
خۆڕاگر بن..
ورە بەرزو چوست وچالاک
بەهێز، کارا..
هەر شتێ بێ؛ تێدەپەڕی ومرۆڤایەتی سەردەکەوێ..
با بەهیچ شەپۆلی ناجۆر
سەری بەرزت دانەنەوێ..
چونکە هەر مرۆڤە بەتەنیا
دەبێتەوە بەقارەمانی مەیدانێ!..
خودا هەمووان بپارێزێ لەنەخۆشی ودەردو دژون
قەزاو بەڵا لەژەهرو ڤایروسان کەوێ!..
ئەم خەڵوەتی کۆڕۆنایە؛ دەشکێنم و
لەجاران باشترو ڕێکتر ژیان وەرێ دەخەینەوە!..

بۆتان لەتیف عەبدولقادر”پـایــان”
ئــازاری ٢٠٢٠




قەسیدەی دەفتەری یادەوەریی دێوانەیەک … شیعری: ستیڤان شەمزینی

بیرتە بە دزی پاسەوانەکانی تاریکییەوە
مۆمێکمان داگیرساند
بە بەرچاوی تیغی تیژی شەرەفەوە،
ئەشقمان جەخماخەی دا
لەودیوی پەرژینی نائومێدییەوە،
عەتری دێوانەبوونمان ئەدا
لە بەرۆکی پەیکەرە سیخناخبووەکەی هەست
هەموو رۆژێ لە پرچی زەردی هەتاوەوە،
گیتارمان بۆ فانۆسەکان ئەژەنی
لە کەنار دەریاوە، شیعرمان
بۆ کانییەکی نیشتمان ئەخوێندەوە
چەشنی تریفەی مانگ،
مشتێ رووناکیمان ئەکردە کۆشی شەوەوە
بارانی سۆزمان،
کێڵگەی وشکبووی ماچی سەوز ئەکردەوە
لە دەربەندی خەیاڵەوە،
ئەوینمان بۆ خەرەندی رۆح ئەخستە خوارەوە
سەیری ئاسمانمان ئەکرد،
ئەو دەمانەی هەورەکان پڕ بە خۆیان ئەگریان
بیرتە، بە نیگایەک، بە خەندەیەک
کودەتامان بەسەر بێدەنگی دڵدا کرد
دەستی ژان و خەمە ئاڵەکانمان ئەگرت
بەرەو ئاواییەکانی شادیی
بە پێنووسی جوانیی
سەمفۆنییمان بۆ کۆچی باڵندەکان ئەنووسییەوە
بڕیارماندابوو، پێکەوە لە ئاودا بسووتێین و
لە ئاگریشدا بخنکێین
هەموو حەسرەتمان چێکردنی ماڵێک بوو
لە کەنار تاڤگەکانی ئەندێشە
ماڵێک پڕ بێ لە گوڵ،
تاکو ببێتە ژوانگەی چی پەپوولە سەرگەردانەکانە
لە سەفەردا بووین، لە دەرەوەی مێژوو،
لە دەرەوەی جوگرافیاکان
سەیرمان ئەکرد،
تاکو بزانین ئاو دڵی نەرمی خۆی لە کوێوە ئەهێنێ
بیرمان لەوە ئەکردەوە،
ئاگر ئەو نیگا گەرمانەی لە کام زەمەنەوە هێناوە؟
لە چرکەی بێزارییەکانما،
قوم قوم ئاوی سازگای لەشتم ئەخواردەوە
لە بێدەنگییەکانما،
پەروانە ئاسا خۆم لە ئاگری ناخت هەڵدەسوی
دوو موسافیر بووین، بێ بڕانەوە
قووڵایی گەردوونی ئەشقمان ئەبڕی
لە خاڵی پایانی ئەو گەردوونەدا
جادووییانە بە یەکتر ئەگەشتینەوە!
پێمبڵێ، بیرتە
کاتێ دەستمان دایە دەستەمۆکردنی دڵی یەکتر؟
سپێدەیەکمان پڕ پڕ کرد
لە جریوەی چۆلەکە سەرخۆشەکان
وەک گەڵایەک بە سەر پشتی رەشەباوە
شار و وڵاتان ئەگەڕاین
ئەمانووت ئەشقمان پێکێک شەراب بوو
بۆ ئەبەد مەستی کردووین
بە دوای بنەچەی ئەو ترێیەدا ئەگەڕاین
شەرابی ئەشقی لێ دروست ئەکرێ
خەیاڵمان، لە رێگە پێچاوپێچەکانی پایزدا،
وێڵی بەهارێک بوو
لە گەڵاڕێزانی ئەستێرەکاندا،
چاومان لە دوو گیانیی ئاسمان بوو،
بە ئەستێرەی نوێ و
بە ئەستێرەی دەروون سووتاوترەوە
ئەو دەمەی، باران لە دەستی خودا رژا،
پێکەوە تنۆکەکانمان ئەژمارد
هەر تنۆکێک، ئەسرینی خودا بوو،
بۆ خەونی زڕاوی ئاشقەکان
بیرتە ئەو کاتەی “با”ی ئەوین،
هێمن هێمن هاتە ناو خوێنمانەوە
حکایەتی ئەو کۆتاییانەت لە هزرا ماوە،
مامانی سەرەتاکان بوون؟
سەرمان ئەخستە ناو ئازارەکانی یەکتر،
فریشتەکانمان دەخستە پێکەنین
لە رێگە دوورەکانەوە هاتبووین،
سەفەری ئەشق نزیکی ئەخستینەوە
لە چاوی یەکتردا،
رەنگەکانی پەلکەزێڕینەمان ئەبینی و شرۆڤە ئەکرد
پەڕاوی تۆز لێنیشتووی دڵداریمان،
لە مۆزەخانەی ژەنگگرتووی ناخ دۆزییەوە و
پەڕە پەڕە هەموویمان خوێندەوە
کە هەر لاپەڕەیەک، هەزارەها ئاواز و
سەدان سرووتی لە خۆ گرتبوو،
هەر ئاواز و سرووتێکیش
قەتماخەی هەزارەها برینی دێرین بوو
ئێستا ئەڵێم بیرتە، کۆڵۆمبۆس ئاسا،
کیشوەری ئەشقمان دۆزییەوە؟
زەماندەومان بۆ دەزگیرانیی
گوڵەباخ و پەپوولە ئامادە ئەکرد
چاوی ئیرەییمان بڕیبووە،
توانەوەی بەفر لەسەر سینگی چیا
پێدەکەنین بەوەی “با”ی شەماڵ
پرچی سەوزی درەختی دەئاڵۆزکان
دەگریاین هەر کات گێژەڵوکەی نەفرەتلێکراو
دڵی باخچەکانی ئەشکان
پرسەمان دائەنا
بۆ ئەو نەمامە دڵخۆشەی ئەبووە کۆڵەوژی ئەشق
ئەچووینە رۆخی رووبار
تا چیرۆکی رێبوارانی تینوومان بۆ بگێڕێتەوە
ئەهاتینە لای قاوەگرەوە،
حکایەتی تاڵی وجودمان بەدرۆیەک شیرین بکا
هەر پێکەوە هەڵوژەی ترشی ژیانمان
لە دەمی مردن هێنایە دەرەوە
لە گۆشەنیگای خەونەوە،
چیلکەمان لە شارە زەردەواڵەی واقیع وەرئەدا
لەمدیو ماڵی ئەهریمەنەوە،
مەستانە جۆلانەی پەرییەکانمان رائەژەنی
ئێستا پێت ئەڵێم بیرتە لە پاشماوەکانی مێژوو،
تەنێ ئەشقمان هەڵگرتەوە؟
لە تەمی نوستالیژیا، تەنێ رووناکی رێگەمان
بۆ ئاوێتەبوون لە یەکدا دۆزییەوە
من بە دەفتەری بیرەوەرییەکانما ئەچمەوە،
تەنیا وێنای تۆی تیا ئەچنمەوە
تۆش لە ئاوێنەکەدا بۆ بینینی خۆت،
بەدڵ بیر لە رۆژانی پێکەوەییمان بکەوە
ئەفسانەیەکمان لە توانەوە
خستۆتە ناو لاپەڕە پەرش و بڵاوەکانی دیرۆکەوە
کە تاهەتایە بەسەر زاری لەیلا و مەجنونەکانەوە
وەک سروود بوترێتەوە

(نەخۆشخانەی گلیاد ئاینس)
12-1-2017




سه‌رۆكی حكومه‌ت جه‌نابتان به‌رپرسی یه‌كه‌من! … د . زاهیر سوران

نزیكه‌ی هه‌شت هه‌فته‌یه،‌ به‌ ده‌یان نووسینم بڵاوكردووتە‌وه‌‌! به‌شێكیان بۆ به‌رپرسانی حكومه‌ت بووه،‌ ئاگادارم كردوونەتە‌وه‌ كه‌ قه‌ده‌خه‌كردنی هاتووچۆ ڕاگرن، دواكه‌وت و ئازادیش مانای به‌ره‌ڵایی نییه‌. له‌ ٢٦ نیسانی ساڵی ١٩٨٦ دا قوتابی كۆلێژی پزیشكی بووم له‌ زانكۆی یاش (یاش، ڕۆمانیا) ئه‌و كاته‌ نزیكه‌ی سه‌رو ملیۆنێك دانیشتوان بوو، نزیكبووین له‌ سنووری روسیا، له‌ ناكاو ده‌نگی ئاگاداركردنه‌وه‌ شاره‌كه‌ی كه‌ڕوكاس كردوو شله‌ژان، پاش چه‌ند چركه‌یه‌ك داواكرا به‌ په‌له ‌و‌ له‌ ٣٠ خولەکدا كه‌س له‌ ده‌ره‌وه‌ نه‌مێنێت باری نائاسایی راگه‌یه‌ندرا. بۆ ئێمه‌ كه‌ ئه‌و كاته‌ ئێراق و ئێران له‌ شه‌ردابوو وامانزانی تاقیكردنه‌وه‌یه،‌ به‌ڵام كه‌ وتیان ئه‌تۆمی چه‌رنۆبلی ئۆكرانیا ته‌قیوه‌ته‌وه‌و تیشكه‌كه‌ی ڕووه‌و شاره‌كه‌ دێت، ئیتركه‌س له‌ ده‌ره‌وه‌ نه‌ما نزیكه‌ی ٧ رۆژان له‌ ناوه‌وه‌ ماینه‌وه‌و ته‌نانه‌ت به‌تانیمان گرتبوو به‌ په‌نجه‌ره‌كانیشه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی تیشكه‌كه‌ نه‌یه‌ته‌ ژووره‌، هه‌و‌ش پیس بوو بوو، كاتێك هاتینه‌ده‌ره‌وه‌ به‌ ده‌یان باڵنده‌ و ئاژەڵی وەک سه‌گ و پشیله‌ مردبوون، پاشتر ئه‌وانه‌ی تیشكه‌كه‌یان به‌ركه‌وتبوو تووشی شێرپه‌نجه‌ی خوێن بوون.

له‌ ڕاستیدا ده‌بێت حكومه‌ت ئاوا بێت، كوڕی ته‌نگانه‌ بێت، چه‌ندینجار تكامان كرد ئاسایشی ته‌ندروستی بپارێزن، ده‌بێت به‌ تۆپزی بڕیار بدرێت، چیتان كرد؟ به‌ڕێزان،‌ ئایا ده‌زانن ڤایرۆسی كۆرۆنا‌ فره‌ له‌ چه‌رنۆبل مه‌ترسیدار تره‌ بۆ كورد! پێویسته‌ حكومه‌ت به‌ تۆپزی و خێرا میلله‌ت بكاته‌ ژووره‌وه بۆ ئه‌وه‌ی بیپارێزێت، ده‌نا ئه‌م بارودۆخه‌ ناله‌باره‌ درێژه‌ بكێشێت ئه‌وا نیوه‌ی میلله‌ت له‌ برسانا ده‌مرێت نه‌ك به‌ كۆرۆنا. ڕاسته‌ به‌ ناو هاتووچۆ قه‌ده‌خه ‌كراوه، به‌ڵام ‌به‌ ده‌یان عه‌لوه‌، سو‌په‌رماركێت‌‌، بازاری سه‌وزه‌و میوه‌، دوكانی لاكۆڵان كراوه‌یه‌، به‌ده‌یان ئۆتۆمۆبیل، غازفرش، سه‌وزه‌ فرۆش وماتۆڕی ده‌لیڤه‌ری پیزه‌، له‌فه ‌و فه‌لافل فڕكان فڕكانیانه‌‌، به‌ده‌یان ماتۆڕی دی ده‌گه‌ڕێن، بەبەرچاوی قائیمولمه‌قاماته‌‌كانه‌وه‌ جمه‌یان دێت. ده‌رمانخانه‌كان به‌بێ ره‌چه‌ته‌ی پزیشك ده‌رمانی كلۆرۆكین و ئه‌زیترۆمایسین ده‌فرۆشن، بازاڕی دۆلاره‌كه‌ كراوه‌یه‌ به‌س حه‌واڵه‌ بۆ ئه‌ودیوه‌، هیچ دیوێكی تر نییه‌، ئایا ده‌زانن ئه‌و جموجۆڵه‌ چه‌نده‌ به‌ركه‌وتن دروست ده‌كات و پاشتر ده‌بێت باجه‌كه‌ی بده‌ین؟ هه‌رچۆنێك بێت قه‌ده‌خه‌كردنی هاتووچۆ مانای نه‌مانی جوڵه‌‌‌یە، ئه‌گه‌ر قه‌ده‌خه‌كردنه‌ی ئێستا‌ بۆ رازیكردنی دڵ و به‌رژه‌وه‌ندی چه‌ند كه‌سێكه‌ ئه‌وا به‌ لای منه‌وه‌ میلله‌ت گرنگترو پیرۆزتره‌ وه‌ك له‌ بازرگانانی كۆرۆنا ده‌نا كێ ناخوازێت دۆخه‌كه‌ ئاسایی بكرێته‌وه‌ . خودا به‌ ‌ته‌له‌فزیۆنه‌كانی داوه‌، بازاڕیان گه‌رمه‌، ده‌یان شیكارو‌ پسپۆڕی قسه‌ی بێ كرده‌وه‌ ده‌هێنن هه‌ر كه‌سه‌ له‌ ئاوازێك ده‌خوێنێت، ژماره‌یه‌كیان له‌ دڵسۆزیاندا نازانن چی بكه‌ن ئه‌وانی دی بۆ خۆده‌رخستن و نمایشكردنی مۆدێلی قات و بۆینباخه‌‌.

به‌ڕێزان، ئایا ده‌زانن‌ به‌رپرسیاریه‌تییه‌كی یاسایی، مێژوویی و ئه‌خلاقی گه‌وره‌تان له‌سه‌ر شانه‌ به‌رانبه‌ر پاراستنی ئه‌م میلله‌ته (سوێندتان خواردووه‌)، ده‌بووایه‌ زۆرله‌ مێژه‌وه‌ بڕیارێكی بوێرانه‌تان بدایه،‌ به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ فێڵیان لێ كردن (له‌ من نا) ده‌نا بۆچی نه‌تان كرد؟ ئه‌م به‌ڕه‌ڵاییه‌ی سه‌ر شه‌قام وكۆڵانه‌كان له ‌به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ میلله‌ت نه‌ حكومه‌تدایه ‌(زیانه‌كانی قه‌ره‌بووناكرێته‌وه‌‌) ئه‌وه‌ قه‌ده‌خه‌كردنی هاتووچۆی ڕاسته‌قینه‌ نییه، بگره‌ ئه‌وه‌ كات به‌ڕێكردن و گاڵته‌ جاڕییه‌‌. به‌داخه‌وه‌، دره‌نگتر نه‌خۆشییه‌كانی پاش كۆرۆنا ده‌بینن؟

به‌ڵام وه‌ك ئیمڕۆ پاش كۆڕۆنا قوڕبه‌سه‌رییه‌كه‌ هه‌ربۆ كارمه‌ندانی ته‌ندروستییه.

به‌پێی یاسا ده‌سه‌ڵاتی ته‌واوتان هه‌یه‌، با ژما‌ره‌ی تووشبوان و زیانه‌ گیانییه‌كان زێده‌تر نه‌چێته‌ بانه‌‌وه‌، گه‌ر بتانه‌وێت ده‌توانن گوێ له‌ ئێمه‌ بگرن و ئه‌و بڕیاره‌ ده‌ربكه‌ن، با زووترو خێراتر بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌كه‌ را بگرین. له‌به‌رئه‌وه‌ی كه‌رتی ته‌ندروستی هه‌رێم‌ شه‌ڕی درێژخایه‌نی دژی ڤایرۆسی كۆرۆنای پێناكرێت، ده‌نا له‌ ماوه‌یه‌كی كورتدا باری ئابووری هه‌مووان به‌ حكومه‌تیشه‌وه‌ داده‌ڕمێت!

ھەروەھا ھەقیقەتێک ھەیە دەبێت خۆمانی لێ نەدان نەکەین کە ڕۆژانه‌ ژماره‌ی تووشبوان به‌ ڤایرۆسه‌كه‌ له‌ كوردستاندا به‌ كه‌ركوكیشه‌وه‌ كه‌ كورد زه‌نده‌قی چووه‌ و ناوێرێت ناوی به‌ڕێت له‌ هه‌ڵكشاندایه‌.

ئایا حكومه‌ت ده‌زانێت كه‌ له‌م شه‌ڕی دژه‌ كۆرۆنایه‌دا ئۆتۆمۆبیلی گوللە‌نه‌بر، تۆپی فرۆكه‌شكێن، ده‌زگاكانی هه‌واڵگری، دژه‌ تێرۆر، هێزی هاوپه‌یمانان، بانكه‌ بێپاره‌كانمان و ته‌نانه‌ت فرۆكه‌ی بێفرۆكه‌وانیش ناتوانن رای بگرن، ده‌بێت خۆمان رای بگرین به‌ڵام ئیمڕۆ و ئێستا نه‌ك به‌یانی. ئه‌م ڤایرۆسه‌ چه‌ندین سیسته‌می تۆكمه‌ی ته‌ندروستی تێكشكاند و چه‌ندین سه‌رۆ‌كوه‌زیران و سیاسه‌تمه‌داری دونیای هێنایه‌ گریان و ته‌نانه‌ت وه‌زیرێكی ئه‌ڵمانی خۆی كوشت. ڕاسته‌ ده‌ڵێن: هه‌موو حكومه‌ته‌كان ته‌نیا به‌ هه‌ژاران و نه‌داران فێرو ئازان‌ به‌ڵام هه‌ر هه‌ژارانیش حكومه‌ت ده‌هێننه‌ سه‌ر كورسی، مافیانه‌ به‌ كۆرۆنا گۆڕغه‌ریب نه‌بن، با هه‌وڵ بده‌ین له‌ ئاشتیدا به‌ ڕێزه‌وه‌ به‌ڕێ بكرێن بۆ دوا مه‌نزل‌، له‌ كۆتاییدا ده‌ڵێم: ده‌بێت له‌ بڵند گۆكانه‌وه‌ زه‌نگی ئاگاداركردنه‌وه‌ لێبدرێت بۆ ئه‌وه‌ی كه‌س له‌ ده‌ره‌وه‌ نه‌مێنێت و هیچ به‌ركه‌وتن و جووڵه‌یه‌ك نه‌مێنێت، ئه‌وه‌ی لاساری كرد ده‌بێت به‌ند بكرێت گه‌رله‌ ماڵه‌كه‌ی خۆشیا بێت. له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌ندێك كه‌س گه‌ر په‌نجه‌یه‌كی شیرینی بخه‌یته‌ نێو ده‌م ته‌ماع ده‌یگرێت هه‌موو په‌نجه‌كانی دی ده‌بات. ڕاسته‌ مرۆڤ ده‌توانێت زۆر شت به‌ قه‌رز وه‌ربگرێت به‌ڵام ناتوانێت ژیان به‌ قه‌رز وه‌ربگرێت چونكه‌ یه‌ك ژیانمان هه‌س و به‌س.

ده‌بێت مه‌منون بن كه‌ لێره‌دا باسی زیانه‌ ئابوورییه‌كانی ئه‌م دۆخه‌ ناله‌باره‌ ناكه‌م.

د . زاهیر سوران

پسپۆڕی نه‌خۆشییه‌ درمییه‌كان و گشتییه‌كان، سلێمانی .

٣ نیسانی ٢٠٢٠




عەزیزم … کەنعان مدحەت

بارانە زەماوەند ، بەردەوامە
هێشووی ئاوس ،
بەر زەنگی دەرگا و
شوشەی پەنجەرەم دەکەوێ ، عەزیزم
دەڵێم : کێێە ؟
جگە لە گێژەڵۆکەی دەرەوە
دەنگێک نییە
منی خستبێتە دڵەڕاوکێ و
دەرەوەی بە هەڵپەرکێ…. عەزیزم
ئیتر زستانە ،
زستانی تەڕ عەزیزم
لە دەرەوە ، عەرز ، بە مشت
زایەڵە خرمە و زەنگۆڵە باران ، بۆ هاوین
کۆ دەکاتەوە عەزیزم
منیش لە دیوی ناوەوە
دوا دڵۆپە جێماوی پەرداخی لە خۆم
مەست تر ئەنۆشمەوە
لە یادمت دوورخەمەوە ،
عەزیزم

بەر ، گوڵ ،
گەڵا ..
تا چڵە ، بە خەندە کەسکەکانی پاریش
بە داری باخمەوە نەماون عەزیزم
باخچە وشک و
چیمەن خنکاو
ژینگە زوێر و نائومێد
مانگیش ئەگەر لە پشت هەورەوە
ژووان لەگەڵ هەسارەما ببەستێ عەزیزم
ئەستێرە ، جارناجارێ مەیلە چاوشارکێ و
شەڕە نیگایەک دەفرۆشێ
هەر تۆ نادیار و بێ هەواڵی عەزیزم
ئاگات لە خۆت بێ
نەخۆش نەکەوی و بەربی
زەوی تەڕە
قوڕ و لیتە تا ئەژنۆ عەزیزم
ناوەختە و ، کەسیشت بە خۆتەوە
نەهێشتووە
گەرمتکاتەوە عەزیزم
دیمەن لە داوتەڵە دەچێ
تۆ تەڕ
قەورسان ،
لە تۆ و باران تەڕترە ، عەزیزم
دەستم بە هەور و تریشقە نەگەیشت
لە شەستەبارانم پرسی
ناوی تۆی گەر پێ بێ
خشتەی لە تۆ بەتاڵە عەزیزم
قەورسان تەڕ و
قوڕ و لیتە تا ئەژنۆیە
منیش لە تەمی قورس لە پێ کەوتوترم
توانای وەیشوومە و
بەری سەرهەڵگرتنێکی تر ناگرم
عەزیزم




پەیامی زیندانی سیاسی سوهێل عەرەبی .. وەرگێڕانی: کاوە عومەر

هەژاری .بۆ دەستەیەکی تر لە ئینسانەکان سەرچاوەی داهاتە
زییندان وفرۆشتنی ئاوی کانزایی
ئاوبڕان لە زۆر بەی کاتەکانی ڕۆژدا ونەبونی ئاوی خواردنەوە،یەکێک لە کێشە گەورەکانی دەستگیرکراوە بەندکراوەکانی گرتوخانەی تارانی گەورە بوە.
ئاوی بەلوعەکانی ئەو گرتوخانەیە هیچ کاتێک بۆ خواردنەوە نابێت،زۆر لینج وبۆن پیسەو ئینسانە بەندکراوەکانی ئەو گرتوخانەیە ناچارن بۆ مانەوەی خۆیان ڕۆژانە یەک ودوو بتڵ ئاو بکڕن لە فرۆشگای ناو زیندانەکە.
ئەڵبەت ئەم گرتوخانەیە تەنانەت ئاویکی گونجاویشی بۆ خۆشتن نیە وکەسانی دەوڵەمەدن”زیندانیە مالیەکان”بۆ خۆشتن سودیان لەئاوی کانزای وەردەگرت.
هەر بتلە ئاوێک یان نرخی فرۆشتنی دەگەیشتە ٢٥٠٠ بۆ ٤٠٠٠ تمەن زۆر جار لە هاویناندا نرخیان ٣ بەرامبەر زیاددەکات وبازاڕی ڕەش دروست دەکات.
مانای وایە ڕۆژانە هەر دەستگیرکراوێک ڕۆژانە بەلای کەمەوە دوو بتڵ ئاو دەکریت وە هەر بتڵێک نرخەکەی لەنێوان ١٠٠٠تا ٣٠٠٠ تمەن قازانجی بۆ بەرپرسانی زیندان تێدایە!
٢٠هەزار بەندکواو هەریەکەیان حدودی ٢٠٠٠تمەن قازانج،تەنها لەڕیگەی فرۆشتنی ئاوەوە بەوان دەگەیەنێت،واتە ڕۆژانە ٤٠ ملیۆن تمەن قازانج بۆ بەندیخانەی تارانی گەورە تەنها لەڕیگەی فرۆشتنی ئاوەوە بەدەست دێت!
لەو ٢٠ هەزار بەندکراوە جگەلە کەمتر لە ٢٠٠٠هەزار کەسیان کە بەهۆی دەستبڕی وبەرتیلی خۆریەوە لە بەندیخانەدان،ئەوانی تر لە هەژارترین بەشەکانی کۆمەڵگەن،کە هۆکاری بنەڕەی هاتنە زیندانیانی شیان هەر هەژاری بوە.
زۆرینەی دەستگیر کراوە بەندکراوەکان لە دەستەکانی ٣،١ ئەم بەندیخانەیە………کەمتر لە ٥ ملیۆن تمەن نیان هەیە و بەهۆی ناچاریەوەکاری نایاسایی وەک مەشروبی کحولی،حەبی هیمن کردنەوەیان دزی بچوکیان ئەنجامداوە توش بون.،وە زۆربەیان لە ناوچەکانی وەک،مەسجید سولەیمان وشارەکانی سەر سنوری وڵات وهەژار نیشینەکانن.
ئەگەر بەدوایی بنبڕکردندا بگەڕیت،ئەبینین٩٠٪یان بەهۆی بارودۆخی ئابوری وکیشەی گوزەرانەوە خراونەتە زیندان وە هەموو ڕۆژێک بەکەسانی لەم جۆرە پردەکرێت.
بەڵام حکومەتی ئێستای ئێران هیچ کاتێک هەوڵی بنبڕکردن وچارەسەری کێشەکاندا نەبوە وتەنانەت لەقسەی خڵکیش داهات بەدەست ئەهێنێت.
ئەگەرچی گرتوخانە بۆ هەموو کۆمەڵگە زیان بەخشە وە بەندکردنی کەسەێک زیان بە هەموو کۆمەڵگە دەگەیەنێت وە هیچ کاتێک گرتوخانەکانی کۆماری ئیسلامی تایبەت مەندی چاکسازیان تێدانەبوە،بەڵام بۆ هەندێک کەمێک قازانچ هێنەر بوە.
بەرپرسەکانی گرتوخانەکان ودەستگایەک کە بەوڕیکخراوەوە پەیوەستن وە هاوکاری زنجیرداریان هەیە،سودێکی زۆریان لەزیندان بونی ئەوان لەو بەندیخانانەدا وەرگرتوە.
با پەیوەست بین نەبەرد(کارزار)ی زیندانیە سیاسیەکان ئەبێت ئازاد بکرێن!داوا لەهەموو ئیوە دەکەم کە بۆ ڕزگارکردنی گیانی هەموو زیندانیە سیاسیەکان پەیوەست ببن بەم نەبەردیەوە!
ناونیسانی پەیوەندی کردن بەئێمەوە:@azadedhankonid
https://t.me/Azadeshan_koni

سوهیل عەرەبی لەدایک بوی تارانە دەرچوی بەشی فۆتۆگرافی زانکۆی ئێران بۆ هونەرو بینا وویبگەڕبوو.کە بەتاوانی سوکایەتی بەئیسلام سزایی لە سێدارەدانی بەسەردا سەپێنراوە.
سوهێل عەرەبی لە ١٦\٨\٢٠٠٩وە دەستگیرکراوەو هاوسەرو مناڵێکی هەیە بەناوەکانی نەسرین نعێمی ووە مناڵەکەی ڕۆجان نعێمی وداکی فەرنگیس مەزڵوم،وە سەرەتا سوهەیل وهاوسەرەکەی بەهۆی بڵاوکردنەوەی چەند بابەتێک لە فەیسبوک پێکەوە دەستگیر کران لەلایەن پاسەوانانی شۆڕش(حرس الثوري)وەپاش چەند کات ژێرێک هاوەسەرەکەی ئازادکرا،بەڵام خۆی بۆ ماوەی دوومانگ لەژوری تاکەکەسیدا مایەوە لەزیندانی حەرەس سەوری داو دواتر ڕەوانەی بەشی ٤ی زیندانی ئەوین کراوە.

وەرگێڕانی: کاوە عومەر




…خه‌ڵك له‌ نێوان خۆپارێزی و زیاده‌رۆییدا عیماد عه‌لی

دیاره‌ نه‌خۆشی و په‌تا جیا له‌ هه‌ر بابه‌تێكی تر پێویستی به‌ مامه‌ڵه‌ی جیاواز هه‌یه‌ و نه‌خوازه‌ڵا ئافاتیكی پیسی وه‌كو كۆرۆنای سه‌رده‌م بێت كه‌ به‌رۆكی به‌جیهان گرتووه، به‌ڵام ئایا ده‌كرێت هه‌موو مێشك و بیركرنده‌وه‌ت له‌م په‌تایه‌ نیگه‌رانت بكات و رارایی و دڵه‌راوكێ باڵی به‌سه‌ر ده‌رووندا بكێشێت؟
ده‌بێت یه‌كه‌مجار بزانین كه‌ خۆپاراستن ئه‌گه‌ر زیاده‌رۆییشی تێدا بكرێت ئه‌گه‌ر قازانجی نه‌بێت زیانی نابیت و به‌لكو پێچه‌وانه‌كه‌ی گوێنه‌دان و خه‌مساردیه‌ ئه‌گه‌ر زیانیشی نه‌بێت ریژه‌یه‌كی دیاریكراو له‌ كاریگه‌ری سه‌لبی خۆی له‌سه‌ر ژیانت له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ به‌ جیده‌هێڵێت. بۆیه‌ نه‌ترسان و گوێنه‌دان و پشت به‌ قه‌ده‌ر به‌ستن له‌مه‌ڕ ئه‌م په‌تایه‌ی ئه‌مڕۆ بیركردنه‌وه‌یه‌كی ناڕاسته‌ و ده‌كرێت له‌ هه‌ر مه‌ودایه‌ك بێت ئه‌گه‌ر زیانی سه‌ره‌كی نه‌بێت به‌ڵام لاوه‌كی خۆی بگه‌یه‌نێت.
ئه‌گه‌ر سوورنه‌بیت له‌سه‌ر خۆپارێزی و به‌ نیوه‌ وناچڵی رێنامییه‌ ته‌ندروستیه‌ دروسته‌كان پیاده‌بكه‌یت، له‌ رێڕه‌وی به‌رده‌وامی ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ كه‌لێنێك دروست ده‌بێت و زیانه‌كه‌ی به‌ قووڵی و گه‌وره‌تر ده‌بێت، ئه‌مه‌ش له‌و روانگه‌وه‌ كه‌ خۆنه‌پاراستن له‌م نه‌خۆشیه‌ هه‌له‌ی یه‌كه‌م دوا هه‌ڵه‌شه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه‌س ده‌رئه‌نجامه‌كه‌ی نازانێت كه‌ به‌كوێت ده‌گه‌نێت و، ئه‌گه‌ر دواهه‌ناسه‌شت نه‌بڕێت ئه‌وا ئه‌گه‌ری زۆره‌ له‌گه‌ڵتدا به‌به‌رده‌وام بێت و به‌رگریت لاواز بكات و سیه‌كانت سیست بكات و بڕی هه‌ڵمژینی ئۆكسجینی پێویست بۆ له‌شت نه‌گاته‌ خانه‌كان و پرۆسه‌ی ئۆكساندن و كارلێكی میتاپۆڵیزم تا راده‌یه‌كی گه‌وره‌ یان كزبێته‌وه‌ یان به‌ ناكارایی سیه‌كان په‌كی ده‌كه‌وێت و، ئه‌گه‌ر سیه‌كان زۆر زه‌ره‌ر بكه‌ن ئه‌وا به‌ ژیان مه‌مره‌ و بژی ژیان به‌سه‌ربه‌رده‌به‌یت و هه‌ر هیچ نه‌بێت له‌ ته‌مه‌نت كه‌م ده‌كاته‌وه‌.
به‌ڵام له‌لایه‌كی تره‌وه‌ وه‌زعی ده‌روونی باش و بوێری له‌گه‌ڵ خۆپاراستنه‌كه‌دا بێت، ئه‌گه‌ر به‌رگریت به‌هێز نه‌كات ئه‌وا ناهیڵیت ئاستی به‌ره‌نگاری و به‌رگری له‌ ئه‌م فایرۆسه‌ نه‌عله‌تیه‌ دابه‌زێت و، ناهێڵێت كاریگه‌ریی فایرۆسه‌كه‌ زۆرتر بێت له‌ حاڵه‌تی زۆربونی ترسی ده‌روونی و ته‌نانه‌ت خانه‌كانی له‌شیشت به‌ بیركردنه‌وه‌ی سه‌لبی و ترس و كارلێكه‌ كیمیاوه‌یه‌كانی نیوخۆیی له‌شت تیكده‌چێت، به‌ تایبه‌تی مێشك و خانه‌ په‌یوندیه‌داره‌كان له‌گه‌ڵ بیركردنه‌وه‌تدا له‌په‌یوه‌نده‌یه‌كی به‌تیندان و له‌پرۆسه‌ی میتاپۆڵیزمی په‌یوه‌ست به‌ قازنج بینین له‌ خۆراك و فیتامینه‌ پێویسته‌كان له‌گ ده‌بێت و هێزی به‌ره‌نگاریت كه‌م ده‌كاته‌وه‌ و ئه‌مه‌ش لای خۆیه‌وه‌ به‌راسته‌وخۆ ئه‌گه‌ری زاڵبونی په‌تاكه‌ ئه‌گه‌ر له‌ له‌شتدا هه‌بێت زیاتر ده‌كات.
ئه‌مه‌ له‌ لایه‌تی په‌یوه‌ست به‌ كه‌سه‌كه‌وه‌ وه‌كو خۆی و چۆنێتی مامه‌ڵه‌ كردنی له‌گه‌ڵ ئه‌م حاڵه‌ته‌ كتوپڕه‌ی جیهان و ناوچه‌كه‌شمان، به‌ڵام ئه‌و بوارانه‌ی كه‌ زیاتر ئه‌گه‌ر به‌ ناراسته‌وخۆش بێت كاریگه‌ری له‌سه‌ر ئه‌م كه‌یس و پرسه‌ هه‌یه‌ ئه‌ویش؛ باری دارایی خیزانه‌كان و رارایی و دڵه‌راوكی له‌ به‌رێوه‌بردنی ژیان و گوزه‌ران و بیركردنه‌وه‌ له‌ده‌رامه‌تی خێزان و، سه‌رباری ئه‌وه‌ش ئه‌و هه‌موو هه‌واڵ و په‌ستان و فشارانه‌ی به‌رنامه‌كانی تیڤی و سۆشیال میدیا و فه‌راهه‌مبونی كات و بوار بۆ گوێبیستی هه‌موو شتێك زیانی زیاتره‌ له‌ قازانجی.
ئه‌وه‌ی تایبه‌تمه‌ند بێت به‌ كوردستانه‌وه‌ لایه‌نی وه‌زعی ده‌روونی و خه‌مساردی و گوێنه‌دان و بیری میتافیزیكی و رۆلی سه‌لبی خاوه‌ن بیروبۆچونه‌ ئایدیاڵه‌ ئایینیه‌كان و به‌تایبه‌تی ئیسلامی سیاسی و بانگه‌شه‌كارانی دینی به‌رژه‌وه‌ندخوازه‌ كه‌ زیانی له‌ فایرۆسه‌كه‌ زیاتره‌، یان وردتربڵێین، ئا ئه‌م سه‌رخانه‌یه‌ هاوكاری زه‌مینه‌ خۆشكردنی باش ده‌كات بۆ به‌ ئاسانی وه‌رگرتنی ڤایرۆسه‌كه‌ و قوڵبونه‌وه‌ی كاریگه‌ریه‌كانی له‌سه‌ر توشبوو.

بۆیه‌ ئه‌وه‌ی پێویسته‌، بێ گویدان به‌ دابونه‌ریت و قسه‌ی به‌رژه‌وه‌ندخوازه‌كان و باوه‌رداران به‌ ئه‌فسانه‌ و خورافات خۆت بپارێزه‌، ئه‌گه‌ر زیاده‌رۆییشت كردبێت و ترسو دڵه‌راوكێت نه‌بێت و وره‌ت به‌رز بێت و پاكوخاوێنیت پشتگوێ نه‌خستێت، ئه‌گه‌ری توشبوونت زۆر زۆر كه‌متر ده‌بێت. هه‌ر بۆیه‌ سود له‌م هه‌له‌ زێرینه‌ بۆ كاری ئیجابی وه‌كو خوێندنه‌وه‌ و داهێنانی ناچاری ببینه‌ و كاته‌كه‌ت دابینكراوه‌ و، ته‌نها ماوه‌ته‌وه‌ خۆت چه‌ند ده‌توانیت ئیستغلالی بكه‌یت و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه‌ره‌نتینه‌ی دڵخوازی خۆت به‌ڕیده‌كه‌یت ده‌توانیت كارێكی وا بكه‌یت كه‌له‌ رۆژی ئاسایی نه‌توانبێت بیكه‌یت، ته‌نها وره‌ و ویستت به‌هێز بێت و هه‌میشه‌ لایه‌نی ئیجابی حاڵه‌ته‌كه‌ به‌ خۆپارێزیه‌كه‌وه‌ ببه‌سته‌وه‌ و ئه‌گه‌ر بتوایت له‌گه‌ڵ خوتدا دانیشه‌ و برۆ خه‌ڵوه‌ته‌وه‌ و له‌و به‌ینه‌دا مه‌هێله‌ هیچ كه‌سێكیش ساتو سه‌ودات له‌گه‌ڵدا بكات، تاوه‌كو له‌ هه‌ر كاتێكدا بێت ئه‌م هه‌وره‌ لێڵه‌ ده‌ره‌وێته‌وه‌ و به‌ڵام باشترین شت ئه‌وه‌ی كه‌ خۆت له‌كاره‌كه‌ نه‌بانمه‌كه‌ و چاوه‌ڕیی ماوه‌ی نزیك مه‌كه‌ بۆ به‌یه‌كجاری ئاسایی بونه‌وه‌ی وه‌زعه‌كه‌. ‌




شەڕی دەستەویەخەی مرۆڤ و کۆرۆنا … رەزا شوان

ڤایرۆسی کۆرۆنا (گۆڤید نۆزدە) کە بۆ یەکەمین جار لە رۆژی (١٢/ دێسەمبەر/٢٠١٩)
لە شاری (وۆهـان) لە چین دەرکەوت. لە ماوەیەکی کەم و خێرادا، خێراتر لە رۆکێتی بالیسی، بڵاوبۆوە و سنووری کێشوەرەکان و دەریالۆشەکانی بڕی.. تا ئێستا لە (١٨٠) وڵاتی جیهاندا بڵاوبۆتەوە. ئیشوکاری راگرتووە و بازار و دوکان و مۆڵەکانی داخستووە و شەقامەکانی چۆڵکردووە. ژیان و جوڵەی ئاسایی راگرتووە و مرۆڤی خستۆتە ترس و دڵەڕاوکێوە.. زیانێکی زۆری بە پشک و بە سەرمایەی زەبەلاحترین کۆمپانییەکان و بە ژیرخانی ئابووری و بەرهەمهـێنان و بە ناردن و هاوردەکردنی دەوڵەتان گەیانـدووە.
حکومەتەکانیش جیهانیش، بۆ رووبەڕووبوونەوە بەرگرتن لە تەشەنەکردنی پەتای کوشندەی کۆرۆنا و بۆ پارستنی گەلەکانیان، چوونەتە سەنگەری بەرگری کـردنەوە.

ئەمڕۆ مرۆڤ و کۆرۆنا لە شەڕێکی گەردوونی دەستەویەخەی گەورە و کوشندەدان.. تائستا چەندین هەزار کەس بەم پەتایە مردوون و بە هەزارانی تووشبووش پێـوەی دەناڵێنن.. شەڕەكەش بەردەوامە و نازانین کەی کۆتایی دێت.. شایەنی باسیشە و جێی ئەوپەڕی سوپاس و رێز و پێزانینن، کە سوپایەکی پزیشکی و کارمەندانی تەندروستی بە ئەوپەڕی دڵسۆزی و بە رۆحێکی لەخۆبردن و گیانبەخشانەوە، لەم شەڕە سەختە بەرەنگاری کۆرۆنا بوونەتەوە و سەرسەختانە بەرگری لە مرۆڤ دەکەن.. جەختیان کردەوە و سەلماندیان کە خاوەنی پیشە و پەیامێکی پیرۆز و مرۆڤـایەتین.
لە پێشا حکومەتەکان بە هەندیان نەزانی، خەمساردبوون بۆ پارستن گەلەکانیان لەم پەتا جیهانییە، ئامادەیی و رێ و شوێنی پێویستیان نەگـرتەبەر.. تا کۆرۆنا گەیشتە سەریان.
دەستی یارمەتی و هاوکاریشیان بۆ چین درێژ نەکرد، بۆ ئەوەی بە یارمەتی و هاوکاری هەموو لایەکەکیان، لە زێدی لەدایکبوونی گەمارۆی کۆرۆنا بدەن و نەهێڵن تەشنە بکات و بەو خێراییە بگات بە زۆربەی وڵاتانی جیهان.. بەڵام چین بە تەنیا خۆی رووبەڕووی کۆرۆنا بۆوە و توانی کۆنترۆڵی بکات و رایبگرێت.. خەریکە بەجارێ لە وڵاتی چین دا کۆتایی پێبهـێنن.
وڵاتان تا ئێستاش باجـێکی زۆری ئەم خەمساردی و گوێپینەدانەیان دەدەن، لەوانەش ئیتاڵیا و ئیسپانیا و ئێران و ئەمریکا، کە پشکی شێریان لە مردن و تووشبووندا هەیە.
لە بەشێکی زۆری وڵاتانی جیهاندا، بۆ خۆپاراستن و رێگـرتن لە تەشنەکردنی زیاتری کۆرۆنا، هاتوچۆیان قەدەغەکردووە و باری نائاساییان راگەیاندووە، هەروەکو ئەوی کە لە شەڕێکی سەخت و قورسدابن.. بۆ ئەوەی کەمترین زیانیان لێبکەوێت.
کۆرۆنا، پەردەی لەسەر گەندەڵی و دەسەڵاتی گەندەڵ و دزینی سامانی گەلان هەڵـماڵی. ڕاستی لاوازی و فشۆڵی گڵۆبالیزمیشی خستەڕوو، کە تەنیا بانگەشە و دروشمی رووت و زل بوو.. کۆرۆنا هەست و ویژدانی مرۆڤایەتی و چاچوچنۆکی و خۆبەرژەوەنـدی و قورخکردن و هاوڕێی تەنگانەشی ئاشکرا کرد.. بۆ نموونە: کۆمپانییەکانی چین، نیوەی دەمامک و بەدلەی پارستن و دەستکێشیان بۆ وڵاتانی جیهان بەرهەم دەهـێنا، لە کاتی بڵاوبوونەوەی کۆرۆناشدا، دوو هـێندەی تریان بەرهەم دەهـێنا، بەڵام حکومەتی چین، هەر هەموو دەمامک و بەدلەکانی لە کۆمپانییەکانی کڕی و نەیهێشت یەک دەمامک و یەک بەدلە بە وڵاتانی جیهان بفرۆشن. لەسەر ئەوەشەوە دەمامکی لە وڵاتانی تر کڕی.
ڤایرۆسی کۆرۆنا، رووی راستی دەوڵەتانی یەکێتی ئەورۆپا و بازاڕی هاوبەشی ئازادی ئەوروپاشی ئاشکرا کرد.. دەرکەوت کە هەر بە نووسین یەکێتییان هەبووە.. ئیتاڵیا کە ئەندامێکی یەکێتی ئەوروپایە.. دوای بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا بە شێوەیەکی مەترسیدار لە وڵاتەکەیدا، داوای یارمەتی لە دەوڵەتانی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا کرد، داوای لێکردن دەمامک و دەرمانی پـزیشکی بدەنێ.. بەڵام کەسیان دەستی یارمەتییان بۆ درێژ نەکرد و بە پارەش هيچیان پێ نەفـرۆشت.. ئەڵمانیا کە دەوڵەتێکی دەستڕۆی یەکێتی ئەوروپایە ئەویش یارمـەتی ئیتاڵیا و فەرەنسای نەدا.. هەریەکەش لە روسیا و تورکیاش، ناردنی دەمامک و دەرمانی پزیشکیان بۆ ئەو وڵاتانە قەدەغـەکرد، کە پەیوەنـدی بازرگـانیان پێکەوە هەبوو.
تەنیا چین تا رادەیەک، بە دەمامک و بە ناردنی تیمی پزیشکی، یارمەتی ئیتاڵیای دا.
ئەمریکاش، کە وەکو وڵاتێکی زلهێز ناسراوە، لووت بەرزی خۆی نیشاندا و لە پێشەوە بە فشە و گاڵتە باسی کۆرۆنەیان دەکرد.. بەڵام کۆرۆنا لووتی پێ نەواندن و دەریخست، کە ئەمریکا زلهێز نییە.. لە ئەمڕۆدا ئەمریکا لە ریزبەندی یەکەمی دەوڵەتانی جیهانە لە ژمارەی تووشبووان بە پەتای کۆرۆنا.. گەرچی ئەمریکا خاوەنی گەنجـینەیەکی گەورەی دەمامک و دەرمان و کەرستەی پزیشکییە.. کە خۆی دروستی کردوون، بەڵام لە ساڵی (٢٠٠٩) وە هیچ دەمامکێکی تری بەرهەم نەهـێناوە.. پێشبینی ئەوەشیان نەکردووە کە دۆخ و کارەساتێکی وایان بەسەردێت.. بۆیە لە ئەمڕۆدا پێویستییەکی زۆر زیاتـریان بە دەمامک و بە دەرمان و بە پزیشک و بە کارمەنـدی تەندوستی هـەیە.. پێشیان شەرمە داوای شارەزایی لە چین بکەن، کە چۆن توانیان بەو خیراییە گەمارۆی کۆرۆنا بدەن و زاڵبن بە سەریـدا.
بێگومان سبەینێ وەکو ئەمڕۆ نابێت، پێشبینی ئەوە دەکرێت کە گۆڕانکاریەکی گەورە لە لە جیهاندا لە زۆربەی بوارداکاندا روودەدات. زۆریش لە حکومەتەکان لاواز دەبن. زۆر لە وڵاتان بە پەیوەندییەکانیاندا دەچنەوە. دووریش نییە کە بەڵانسی هێزی و پێشڕەویی جیهان بگۆڕێت.. گەلێ هەڵویست و گۆڕانی چاوەڕوان نەکراو بێتە ئـاراوە.. دووریش نییە کە دەوڵەتان کۆتایی بە بەشێک لە ناکۆکییەکانیان بهێنن و لەیەک نزیک ببنەوە.
ئەو هەموو پارە خەیاڵییەی کە وڵاتانی جیهان تا ئێستا، لە بەرهەمهـێنان و لە کڕینی چەکی کوشندە و سووتێنەر و کاولکەر خەرجیان کردوون.. گەر دەیەکی ئەو پارەیە لە بەرهەمهێنان دەرمان و کەرەستە و دەزگای پزیشکی و لە توێژینەوە و تاقیکردنەوە و داهێنانی دەرمان و چارەسەری نەخۆشییەکان و پەتاکان و لە پێگەیانـدنی ژمارەیەکی زۆری پزیشک و کارمەنـدانی تەندروستی و لە دروستکـردنی تاقـیگە و نەخۆشخانەدا خەرج بکرایە.. بە دڵنیاییەوە، زۆر لەو نەخۆشیانەی کە تا ئەمڕۆش هیچ چارەسەریان بۆ نەدۆزراونەتەوە، بە هەموو جۆرەکانی شێرپەنجەشەوە، دەرمانیان بۆ دەدۆزینەوە و چارەسەریان دەکردن.. دەشبووین بە خاوەنی ژینگەیەکی پاک و بە ئاسانیش دەرەقەتی کۆرۆنا و لە کۆرۆناش کوشندەتـر دەهـاتن.. بەم دۆخە مەترسیدارەش نەدەگەیشتین.
بە هەموو رۆکێتە کێشوەربڕەکان و بە فـڕۆکەی جەنگی و بە تانک و بە بۆمـب و بە مۆدێـرترین چەکیان، تا دەگاتە چەکی ئەتۆمیشیان.. کۆرۆنایەکیان بۆ لە ناونابـرێت.
بەڵام مـرۆڤ گەشبینە و بێ هـیوا و بێ ئومید نییە.. دانەماوە و چۆکی بۆ ڤایـرۆسی کۆرۆنا دانەداوە.. ئەگەرچی تا ئێستا هیچ ڤـاکسینێکی کاریگەر بۆ لەناوبـردنی کۆرۆنا نەدۆزراوەتەوە، بەڵام پزیشکان و زانایان و شارەزایانی دەرمانسازی لە تاقیکردنەوە و لە هەوڵێکی بێوچانـدان و زۆر نزیکبوونەتەوە لە دۆزینەوە و دروستکردنی ڤاکسینێکی لەناوبەری کۆرۆنا. ئەم هەوڵ و تاقیکردنەوانەش پێویستی بە بودجەیەکی زۆر گەورە هەیە.. کۆمپانییە زەبەلاحەکانی ئەم بـوارە، لەوە دەترسن کە لە پـڕێکـدا کۆرۆنا کۆتایی بێت.. ئەمانیش زیانێکی زۆر بکـەن.
پسپۆران جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە، کە ئەم ڤایرۆسە (گۆڤید ـ نۆزدە) بەو ژمارە مردوو و تووشبووانەش کە تا ئەمڕۆ تۆمارکراون، بەڵام کۆرۆنا گەورەترین کوشندە نییە. لە پێش کۆرۆنادا، چەند پەتایەکی تری کوشندەتر بڵاوبوونەوە، گەورەترینیان:
تاعوونی رەش(نەخۆشی رەش): (لە ئەوروپادا لە ساڵانی : ١٣٤٨ـ ١٣٤٩) ز، کە نزیکەی بیست ملیۆن کەسی کوشت. بۆ نموونە: نزیکەی لە (سەدا شەستی) هەموو دانیشتوانی وڵاتی نەرویجی کوشـت.
تاعوونی گەورەی لەندەن: لە دوو ساڵی ( ١٦٦٥ـ ١٦٦٦ ) ز، زیاتر لە (١٠٠) هەزار کەسی کوشت، کە لەو کاتەدا دەیکرد بە چارەگێکی دانیشتوانی لەندەن. ئەم تاعوونەشی لە هـۆڵندەوە بـۆ هـات.
تای زەرد: لە ساڵی (١٧٩٣) دا، تای زەرد لە دەڤەری ڤـیلادلڤـیای ئەمریکا بڵاوبـۆوە، نزیکەی (٤٥) هەزار کەسی کوشت.
تاعوونی گەورەی مارسیلیا: لە ساڵی (١٧٢٠) دا، شاری مارسیلیای فەرەنسی تووشی تاعوون هات و لە ماوەی چەنـد رۆژێکـدا زیاتر لە (١٠٠) هەزار کەسی لێکوشتن.
پەتای کولێرە: کە لە ساڵی (١٨٢٠) لە شاری کەلکوتای هـیندی بڵاوبۆوە، تەشنەی کرد و باشووری ئاسیا و رۆژهەڵاتی ناوين و رۆخەکانی دەریای سپیشی گرتەوە، تا گەیشتە چـین. ئەم پەتایە زیاتر لە (١٠٠) هـەزار کەسی کوشت.. کولێرە کوردیشی گرتـەوە.
نەخۆشی ئایـدز: لە ساڵی (١٩٧٦) لە کۆنگۆ دەرکەوت و بە هەموو جیهانـدا بڵاوبۆوە، لە ئەمڕۆدا ژمارەی تووشبووان بە ئایـدز لە جیهاندا، زیاتر لە (٣٦) ملیۆن تووشبووە.

بێجگە لەو پەتایانە، دواتریش ئەنفلـۆنزای بەراز، ئەنفلـۆنزای ئیبۆلا، ئەنفـلۆزای باڵندە. تا دەگاتە ڤایرۆسی کۆرۆنای ئەمـڕۆ.
دکتۆر (هەوارد مارکـێل) لە زانکۆی میشیگان دەڵێت:”بە بۆچوونی من، بە زۆری بە هاتنی مانگی (مایۆ یا یۆنیۆ یا یۆلیۆ) ی ئەمساڵ ئەم ڤایرۆسە کۆتایی بە خۆی دێنێت.
(سایتی فـۆکس) یش قسەی شارەزایان دەگێڕێتەوە، کە دەڵـێن” بۆ کۆتـایی هـاتنی ئەم ڤایرۆسە، سێ سیناریۆ هەیە. یەکەمیان: ئەوەیە کە هەوڵە تەندروستییە گشتییەکان بە ئەنجام دەگات و کۆنترۆڵی بڵاوبوونەوەی دەکرێت. دووەمیان: ئەم ڤایرۆسە لە کاتێکی دیاریدا خۆی دەسووتێنێت. سیناریۆی سێیەم: ئەوەیە کە دەشێ (گۆڤید ـ نۆزدە) بگۆڕێت بە ڤایرۆسێکی تر. هەروەکو چۆن پێشتر رووی دا، لە ساڵی (٢٠٠٩) دا، جۆرێکی تازەی (ڤایرۆسی ئەنفلۆنـزا)ی (ئێـچ یەک، ئێـن یەک) هـاتنە ئاراوە و وەکو پەتایەکی جیهانی گەمارۆی زەوی دا”
هـیوادام هەموومـان دووربین لە تووشبوون بە کۆرۆنا و ئەم دۆخەش بەسەربچـێت.

رەزا شوان
نەرویـج: ٢/ ئەپریل/ ٢٠٢٠




تەندروستی خۆم … شیعر بۆ منداڵان – ڕۆستەم خامۆش

ژیــرم، پــاکــم، خـاوێـنـم
مـــن پـابـەنـدی ڕێنوێـنـم

لـەبـۆ تـەنـدروســتی خۆم
دەستەکانم جوان دەشۆم

ناهێڵم هـەرگیـز پـیـس بم
نامەوێ جەستە سیس بم

بــەڕاســتـی خـۆپــارێـــزم
بـۆیــە ســاغ و بــەهێـــزم

دەژیـــم وا بــە دڵخۆشـیی
مـن دوورم لـە نـەخۆشـیی

دەروون و گیان ئـاسـودەم
بەختـیـار و لێـو بەخەندەم

    شیعر بۆ منداڵان
    ڕۆستەم خامۆش
   هەولێر ۲٠۲٠/۳/۳۱



دراگۆن و کاوبۆی،”ململانێی نێوان چین و ئەمریکا وەکوو دوو مۆدێلی سەرمایەداری “

  

عدنان کریم / سیدنی

شێوازی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری ( کاپیتاڵیزم ) سیستمی زاڵی تاقانەی جیهانی ئەمڕۆی ئێمەیە. پەیوەندیە کۆمەڵایەتی وسیاسیەکانیش ڕەنگدانەوەی هەمان ڕاستین. جیاوازیی شێوەکانی ئەو سیستمە واتە بازاڕی ئازاد وموڵکداریەتیی تایبەت یا کۆنترۆڵکردنی بەشێك یاخود بەشی زۆری مڵکداریەتیی سەرمایە لەلایەن دەوڵەتەوە ، ئەو بنەما نەگۆڕەی پێشوو ناباتە ژێر گومان یاخود پرسیارەوە. لێرەداقازانج نەك سوودبەخشیی بەرهەم بۆ مرۆڤ مۆتیڤی پرۆسەی بەرهەمهێنانە. لە شۆڕشی پیشەسازی بەدواوە هیچکات هێندەی ئێستا پرۆسەی بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتی بەمجۆرە مۆرکی زاڵی سەرمایەداریانەی بەخۆوە نەدیتووە.
لەنێوان ساڵانی 1917 _ 1989 هێژیموونیی ( الهیمنة ) سەرمایەداری وەکوو شێوازی باو وڕۆتینی ڕێکخستنی پرۆسەی بەرهەمهێنان ، کەلێن و درزێکی گەورەی تێکەوت بەهۆی هەڵگیرسانی شۆڕشی سۆسیالیستیی ڕووسیاوە.
ئەو دابەشبوونەی ئابووریی جیهان ، لە 1945 بەدواوەو بەهۆی فراوانبوونەوەی سیستمی سۆسیالیستی و دابەشبوونی جیهان بە دوو ئۆردوگای سۆسیالیستی و سەرمایەداریەوە تەکانێکی گەورەتری بەخۆیەوە بینی. ساڵانی نێوان 1917 _1989 ناسراوە بە قۆناغی تووندبوونەوەی ململانێی نـێوان هەردوو مۆدێلی سەرمایەداری و سۆسیالیستی کە شێوازی بەرهەمهێنان و ناکۆکیی نێوان ئەو دوو مۆدێلە بناغەی سەرجەم بوارەکانی تری ململانێی سیاسی وئایدیۆلۆجی و دیبلۆماسی و سەربازیی پێکئەهێنا. لەم قۆناغەدا بلۆکی سۆسیالیستی بوو بە مۆدێلی چەسپاو لەناو 3/1 ی دانیشتوانی گۆی زەویدا.
ساڵی 1989 سیستمی سۆسیالیستی بەتەواوی شکستی هێنا و ڕووخانێکی دراماتیکیی تووشبوو. تا ئەوسەردەمە لە ئەدەبیاتی سیاسیدا ، ئەو قوناغە بەوە پێناسەئەکرا کە سەردەمی ململانێ و کێبڕکێی نێوان سۆسیالزم و سەرمایەداری تایبەتمەندیی زاڵی هەموو جیهانە، بەڵام بەدوای ڕووخانی ئۆردوگای سۆسیالیستی ، جارێکی تر سەرمایەداری ئەبێتەوە بە سیستمی تاقانە و بێ ڕەقیبی ئابووری وکۆمەڵایەتیی جیهان.
بەڵام زاڵبوونەوەی سەرلەنوێی سەرمایەداری وەکوو تەنیا مۆدێلی زاڵ لە جیهاندا بەمانای کۆتایی یا بنەبڕبوونی قەیران و کێشەی ئەم مۆدێلی بەرهەمهێنان و سەرجەم ئەو سیستمە نیە و نەبووە. هەر ئێستا لە مەڵبەندەکانی توێژینەوە و تینکتانکەکانی Think Tanks ڕۆژئاوادا زووزوو گوێبیستی کۆمێنتی لە چەشنی قۆناغی دوایی سەرمایەداری Late Capitalism وتەنانەت جۆرێك لە هاتنەوەئارای لـێرە و لەوێی سۆسیالزم ئەبین.

گەرچی سەرمایەداریەداری و قەیران دووانەیەکی لێکدانەبڕاون کە دواترینیان قەیرانی 2008 بوو کە شێوازی ڕکوودی ئابووریی بەخۆوە گرتEconomic Recession بەڵام ئەوەی دیار و لە ئایندەی نزیکیشدا شیاوی پێشبینی بێت بریتیە لەو ڕاستیەی کە کاپیتاڵیزم بەگشتی لە ئێستادا لە هیچ لایەکەوە ڕووبەڕووی هەڕەشە یا مەترسیی گەورە وبەتایبەتی ڕووبەڕووی هەڕەشەیەکی وجوودی نەبۆتەوە ولە دنیای ئەمڕۆدا مونافیس و ڕەقیبێك لەمەیدانی کێبڕکێ لەگەڵ سەرمایەداری لە مەیداندا نابینرێت گەر تووشی پەتای ڕیتۆریکی ( ڕستەی شۆڕشگێڕانە ) نەبووبێتین.
بەپێچەوانەی ئەوەوە لە ئەمڕۆدا مۆتوڕی ئاڵوگۆڕەکانی سیستمی سەرمایەداری لەشوێنێکی تردا بەرجەستە بۆتەوە کە ئەویش بریتیە لە ململانێی ناوخۆیی لە نێوان ووڵاتانی سەرمایەداریی ئەمڕۆ و بەدیاریکراویش لە نێوان هەردوو مۆدیلی سەرمایەداریی ئەمریکی و چینی کە لە دنیای ئەمڕۆدا شانیان لەیەك گیرکردووە. ئەم ململانێیە خەسڵەتێکی جەوهەریی سیستمی سەرمایەداریی ئەم قۆناغەیە و هەموو ناکۆکی و ململانێکانی تری ئەم سیستمەی خستۆتەلاوە و کاریگەریی تووندی لەسەریان داناوە.
من لێرەدا مەبەستم نیە بچمە ناو ووردەکاریەکانی سیستمی کۆمەڵایەتی و سیاسیی زاڵ لە چیندا و تەنیا مەبەستم شیوازی ڕێکخستنی بەرهەمهینانی کۆمەڵایەتی و ئابووریی ئەو ووڵاتەیە وەکوو مۆدێلێکی جیاواز لە شێوازی بەرهەمهێنانی کلاسیکیی سەرمایەداریی هاوچەرخ کە نموونەکەی زیاتر لە ڕۆژئاوادا گیرساوەتەوە.
جیاوازیی نێوان ئەم دوو مۆدێلەی گەشەی سەرمایەداری تەنیا لەبواری ئابووریدا پەنگناخواتەوە بەڵکوو پەلی هاویشتووە بۆ سەرجەم کایە کۆمەڵایەتی و سیاسی و کەلتووریەکان.
ماتۆڕی ناوەکیی مۆدیلی سەرمایەداریی ڕۆژئاوا بریتیە لە ئابووری و مڵکداریەتیی کەرتی تایبەتی Private Sector هەرچی مۆدێلی سەرمایەداریی چینیە لەسەر بناغەی ڕۆلی سەرەکیی و جێگەی پێشەنگی دەوڵەت لەبواری بەرهەمهێنان و پلاندانان و سەرجەم ژیانی ئابووریدا ڕاوەستاوە.
ناوهێنانی ئەوەی دووەم بە مۆدێلی چینی نابێ ئەو ڕاستیە پەردەپۆش بکات کە مۆدێلی ئابووریی ناوبراو لە زۆر شوێنی تری جیهانیش بالادەستیەکی بەرچاوی هەیە وەکوو ڤێتنام ، ڤەنزویلا، سەنگاپور ، ڕووسیا ، ئازەربایجان ، جەزائیر ، ڕواندا ، ئەسیوبیا و میسر و زۆر ووڵاتی تر.
خاسیەتی جەوهەریی مۆدێلی ئابووریی چینی لەوێدا بەرجەستە ئەبێتەوە کە دەوڵەت وەکوو کیانێکی سیاسی هەم ڕۆڵی ئەندازیار و پلاندانەری هەموو کایە و کەرتە ئابووریەکان و هەم کەرتی سەرمایەی ژێردەسەڵاتی دەوڵەت کاریگەرترین ، بەهێزترین و ستراتیجیترین بەشی ئابووری و بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتی لەخۆیان ئەگرن و ڕۆڵی ماتۆڕ ودڵی زیندووی سەرجەم بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتی ئەبینێت گەرچی لە چینی هاوچەرخدا ڕێژە و قەبارەی ئابووریەك کە لەلایەن سەرمایەی کەرتی تایبەتەوە مولکداری ئەکرێت ڕوو لە زیادبوون بووە.

ئەمڕۆ هەردوو مۆدیلی ئابووریی ناوبراو لەپانایی جیهاندا هەیمەنەیان کردۆتەسەر کۆمەڵگای مرۆیی جگە لەسەرمایەداریی ڕەیعی کە بەسەر هەردوو مۆدیلەکەدا دابەش بووە وەکوو نموونەکانی لە ئیماراتی عەرەبی ، سعوودیە ، ئێران ، نایجیریا و زۆر ووڵاتی تردا دەبینرێت.
شێوازەکان و ئامرازەکان ململانێ ( منافسة ) لە نێوان ئەم دوو مۆدێلەدا هەمان شێواز و ئامرازەکانی ململانێی نێوان بلۆکی سەرمایەداری و کۆمۆنیستیی پێشوو نین. ئامانجەکانی پشت ئەم ململانێیەی ئەمڕۆی نێوان ئەم دوو بلۆکەی سەرمایەداریی جیهانیش جیاوازن لەوانی پێشووتر. بەڵام ئەوەی گومانی تیا نیە ئەو ڕاستیەیە کە ململانێی Competition نێوان ئەم دوو مۆدێلە ،کە یەك ناوەڕۆکی هاوبەش و دوو فۆرمی جیاوازیان هەیە ، ڕۆڵی سەرەکی دەبینن لە نەخشاندنی بارودۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسیی ئێستا و داهاتووی نزیکی دونیای ئێمە و هەر ئێستا سەرتاپای جیهانیان کردووە بە گۆڕەپانی ململانێیەکی گەورە و بەهێز.

گرنگترین خاسیەتەکانی دراگۆنی چینی Chinese Dragon
ئابووری زەبەلاحی چینی ئەمڕۆ قەرزارباری ئەو ڕیفۆرمە ئابووریە بنەڕەتیەیە کە لە ساڵی 1977 دا لەسەر دەستی دینگ سیاو پینگ دەست پێکرد. لە ساڵی 1978 دا دەوڵەت و کەرتی گشتی خاوەنی ١٠٠٪ قەبارەی گشتیی ئابووری ووڵات بوو و مڵکایەتیی تایبەت لە بوارەکانی پیشەسازی، کشتوکاڵ ، بازرگانی ( دەرەکی و ناوخۆیی ) لە ئاستی سفردا بوو. لە ساڵی 2019 ئەو ڕێژەیە ئاڵوگۆڕێکی ژێرخانیی گەورەی بەسەردا دێت بەجۆرێك دەوڵەت تەنها خاوەندارێتیی 20 ٪ ی لەدەستدا ماوەتەوە و 80 ٪ ی بەرهەمهێنانی ئابووری بە گشتی لەژێر دەستی کەرتی تایبەتدا ئەنجام ئەدرێت.
تا ساڵانی کۆتایی هەشتاکانی سەدەی بیستەم دەوڵەت خاوەندارێتیی زۆربەی ئابووریی ووڵاتی ئەکرد و ڕێژەی کەرتی تایبەتی و ڕۆڵی لە چالاکیی ئابووریدا لاواز بوو. لەسەرووی ماشینی دەوڵەتیشەوە حیزبی کۆمۆنیستی چین و بیرۆکراتیەتی حیزبی دەسەڵاتی ڕەهای هەبوو وەکوو ماشینی سەرەکیی کۆنترۆڵکردن وپلاندانانی پرۆسەی گەشەی ئابووری.
بەدوای ڕووخانی ئۆردووگای سۆسیالیستیی سۆڤیاتیدا بارودۆخی چین و لەنێویشیاندا ئەو هاوکێشەیەی پێشوو ئاڵوگۆڕی قووڵی بەسەرداهات. دەوڵەت و حیزب دووەمین پرۆژەی ڕیفۆرمی ئابووریان خستە بواری جێبەجێکردنەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو بارودۆخە سیاسی و ئابووری و فکریەی کە بەشوێن ڕووخانی بلۆکی سۆسیالیستی و جیهانی تاك قوتبی و نیزامی نوێی جیهانیدا هاتبوونە ئاراوە. ئەم پرۆژەی چاکسازیە زۆر فراوانتر بوو لەوەی کە دینگ سیاو پینگ لە کۆتایی حەفتاکاندا لەدوای مەرگی ماوتسیتۆنگ پیادەی کرد.
تایبەتمەندیی سەرەکیی ڕیفۆرمی ئەم قۆناغە بریتی بوو لە پێدانی ئیمتیازات وبواری زیاتر بە کەرتی تایبەتی و فراوانکردنەوەی بواری زۆرتر بۆ مڵکداریەتی و سەرمایەگوزاریی ناوخۆیی و دەرەکی و سەدان یاسا و پرۆژە بۆ ئاسانکردنی ئەو پرۆسەیە پەسەندکران بێئەوەی هیچ پاشەکشەیەك بکرێت لەبواری ماهیەتی سیاسیی سیستمی دەسەڵاتداردا.
لەدرێژەی ئەم ئاڵوگۆڕانەدا و بۆ یەکەمینجار توێژی ئیلیتی کەرتی ئابووری تایبەت سەری هەڵدا وگەرچی لەچاو بیرۆکراتیەتی حیزبیی دەسەڵاتداردا خاوەنی پایگایەکی سیاسیی ئەوتۆ نەبوو بەڵام ڕۆژ بەڕۆژ ئەم توێژە کۆمەڵایەتیە نوێیە ئەبوو بەخاوەنی پایگایەکی ئابووری و پاشان کۆمەڵایەتیی بەهێزتر و فراوانتر. ئیتر دیاردەکانی ئابووریی سەرمایەداری و کاریگەریە کۆمەڵایەتیەکانی وەکوو بێکاری و هەڵئاوسان و قووڵبوونەوەی جیاوازیی چینایەتی و گرانی و گرێدانەوەی بەهای بازاڕ و شتومەك بە میکانیزمی ڕاستەوخۆی بازاڕەوە بوون بەدیاردەی بەرینی ناو کۆمەڵگای چین بەتایبەتی لەسەدەی نوێ بەدواوە. بە پێی پێوەری Coefficient Gini کە تایبەتە بە پێوانەکردنی نایەکسانی لە بواری دابەشکردنی داهاتدا و بۆ نیشاندانی ئاستی یەکسانی لەداهاتەکاندا لەنێوان ساڵانی 1985 – 2010 دا ڕێژەکە لە 0.30 ەوە بازیدا بۆ 0.50 وبەوجۆرە ڕادەی نایەکسانی لەدابەشکردنی داهات و سامانی نیشتیمانیدا لە چین کەوتە دوای ئەمریکا و بوو بە هاوتای ووڵاتانی ئەمریکای لاتینی.

شایانی بەبیرهێنانەوەیە کە ئەو ئاڵوگۆڕە لە پایگای هەردوو کەرتی تایبەتدا کە ئاشکرا بەقازانجی بەهێزبوونی سەرمایەی کەرتی تایبەتە هاوتا نەبووە لەگەڵ هیچ ئاڵوگۆڕێك لە هیژیمۆنی ( هیمنة ) ی دەوڵەت و سیستمی تاك حیزبی و ئیدارەی بیرۆکراتی لە ووڵاتدا. هێشتا و سەرباری ئەو ئاڵوگۆڕە بونیەویانە لە بنەمای ئابووریی چیندا ، دەسەڵاتی سیاسی درێژە بە مۆمۆدێلی ئۆتۆریتاریان Authoritarian ئەدات و نە هەڵبژاردنی ئازاد و نە ئازادیی دەربڕین بەمانا دیموکراسیە ڕۆژئاواییەکەی و نە ئازادیی چاپەمەنی و سیستمی چەند حیزبی و ….تاد لەو ووڵاتەدا بوونیان نیە.
مۆدیلی گەشەی کەم وێنەی ئابووری چین لەسایەی دەسەڵاتێکی ئۆتۆریتاریدا ، بەو خەسلەتە سیاسیانەوە کە ئاماژەی پێدرا ، ئەو تیۆریە دێرینەی فکری سیاسیی لیبرالیزمی پووچەڵکردەوە کە پێیوابوو تەنها دیموکراسیی لیبرالی ئەتوانێ بەباشترین شێوە پێویستیەکانی گەشەی سەرمایەداری دابین بکات.

بەو مانایە بوونی ناکۆکیەکی گەورە لە کارکردی ئابووریی چیندا بووە بە ڕاستیەکی زەق کە بریتیە لەوەی لەلایەکەوە پایگای چین لەئاستی جیهاندا هەرچی دێ بەهێزتر بووە و بە پێی پێوانەی ڕەها و ڕێژەییش بەشی ئەم ووڵاتە وەکوو زلهێزێکی زەبەلاح لە ئابووریی جیهانیدا زۆر زیادی کردووە بەڵام ڕێژەی نایەکسانی لەناوخۆی ووڵاتەکەدا شانبەشانی ئەوە زیادی کردووە و بەشی زیاتری داهات و سامانی کۆمەڵایەتی بەر کەمینە و ئیلیتی سەرمایەداریی نوێی کەرتی تایبەت کەوتووە. ئەوە لەڕواڵەتدا ڕەوتێکی ناکۆك بەیەك نیشان ئەدا بەڵام لەڕاستیدا یەکێك لە هۆکارە سەرەکیەکانی گۆڕانی چین بەو زلهێز و دراگۆنە زەبەلاحە ئابووریە جیهانیە ئەگەڕیتەوە بۆ هەمان خەسڵەتی ناکۆکی کارکردی گەشەی ئابووری ئەو ووڵاتە کە ئەویش بوونی هێزی کاری هەرزانی سەدان ملیۆنیی چینە ،کە جگە لە هیندستان ، هیچ ئابووریەکی گەورەی جیهانی بەئەندازەی ئەو لێی بەهرەمەند نیە و سەرچاوەی بەلێشاوی قازانج وهۆکارێك و پێشمەرجێکی ئەو گەشە کەموێنە مێژوویەیە.
بەڵام ڕەوتی نایەکسانی بەردەوامی دابەشکردنی داهات و سامانی کۆمەڵایەتی لەسایەی سەرمایەداریی مۆدێلی چینیدا دیاردەیەکی ڕێژەییە هەر بۆیەش ڕادەی هەژاری بەپێچەوانەوە لە پاشەکشەدایە و ئاستی گوزەرانی گشتیی خەڵك و چینی کەمدەرامەتیش زۆر ڕووی لەسەربووە. ئەو ڕەوتە ناکۆکانەی پرۆسەی گەشەی ئابووریی چین خۆشی و لەهەمانکاتدا جۆرێك لە ئاشتەوایی چینایەتی و کۆمەڵایەتیی بەرهەمهێناوە و تیگەیشتن لەو دیاردەیە یارمەتیدەرە بۆ دەرککردنی ئەو ئارامیە سیاسیە کەم وێنەیەش کە کۆمەڵگای چینی بەخۆیەوە دەیبینێت.

ئەم ڕاستیەی باسمان کرد کلیلی تێگەیشتن لە ڕۆڵ و پایگای ئەو ئیلیتە ئابووری و کۆمەڵایەتیە نوێیەشە کە بەرهەمی ئەو ئاڵوگۆڕە جەوهەریانەی ناو هەناوی کۆمەڵگا وفۆرمی نوێی گەشەی ئابووریە. ئەم توێژە کە بەتایبەتی دوای ڕووخانی ئۆردووگای سۆڤیات و شەپۆلی جیهانگیریی قۆناغی ساڵانی دوایی سەدەی پێشووە سەرهەڵئەدا ، بەشێکی زۆریش پەیوەندیەکی تووندی لەگەڵ ئەو سەرمایەگوزاریە دەرەکیەدا هەیە کە هاوزەمان لەو قۆناغەدا ڕوویان کردۆتە بازاڕی کاری هەرزانی چین. ئەم توێژە ئابووریە نوێیە ،گەرچی خاوەنی پایگایەکی ئابووری و کۆمەڵایەتیی بەهێزە ، بەڵام بەپێچەوانەی ووڵاتانی سەرمایەداریی لیبرال – دیموکراتەوە ، ڕازیە بە دوورەپەرێزی و بێ ڕۆڵیی سیاسییی پاسیڤی تا ئێستای و هیچ تەماحێکی سیاسیی سەربەخۆی نیە و تەماهی بووە لەگەڵ سیاسەتی بیرۆکراتیی حیزب – دەوڵەتی چیندا و سەرگەرمی کەڵەکەی سەرمایە و قازانجی خۆیەتی . ئەو دیاردەیە نەك ناکۆك نیە بەڵکوو خاسیەت و بەرهەمی مۆدێلی سەرمایەداریی دراگۆنیی چینە کە نموونەکان وکارکردەکانیم باسکرد.
هەموو ئەو ڕەوتانە پێکەوە ، لەڕووی سیاسیەوە ، کۆمەکیان کردووە بە شکڵگیریی جۆرێك لە هاوپەیمانیی نیشتیمانی و تەوافوقی کۆمەڵایەتی کە لەسەر بنەمای سێکوچکەی دەوڵەتێکی کۆنترۆڵکراو لەلایەن حیزبەوە ، ئیلیتێکی مودرینی ئابووریی چالاك و داینامیك لەپاڵ چینێکی کرێکاری خامۆش بەڵام سوودمەند و خاوەنی پایگایەکی کۆمەڵایەتی نەك سیاسیی بەهێز.
٢٠ ساڵی ڕابووردوو قۆناغێکی مێژوویی دیار و کەموێنەی گەشەی ئابووریی ووڵاتی چین بوو. لەم قۆناغەدا کە جیهانگیری ( گڵۆبالیزەیشن ) گەیشتە ئاستێکی سەرسامهێنەری وا هەموو ڕیکۆردەکانی لەوەوپێشی تێکشکان ، چین توانی بە شێنەیی ، بەڵام لە پرۆسەیەکی عیملاق و کەموێنەی گەشەی ئابووریی مێژوویدا ، گاپ و کەلێنی نێوان ووڵاتەکەی لەگەڵ ڕۆژئاوا بە گشتی و ئەمریکا بەتایبەتی هەرچی کەمتر بکاتەوە.

گەرچی ئەم گەشەسەندنە ئابووریە هەموو بوارەکانی گرتەوە بەڵام بەتایبەتی بوارەکان پیشەسازیی سووك و قورس و بواری ئینفۆرمەیشن و پەیوەندیەکان (کۆمیونیکەشن ) و زانست و I T کەرتی سەرەکیی ئەم ئاڵوگۆڕانە بوون.
پێشئەوەی چین وەکوو زلهێزێك پێبنێتە ناو یاریگای کێبڕکێی جیهانیەوە و ببێ بەم دراگۆنە زەبەلاحەی ئێستا و شان لە شانی ئەمریکا و ژاپۆن و ئەوروپا بدات کە خاوەنی یەکجۆر مۆدێلی ئابووری بوون و بەهەرسیکیان سی زلهێزی یەکەمی ئابووریی جیهانین پیهئەهێنا ، ئەبوایە چین سەرەتا لەناوخۆدا دەست بداتە جیبەجیکردنی پرۆژەیەکی گەورە و زەبەلاحی ریفۆرمی ئابووری و ئیداری. چین نەیئەتوانی بەبێ بازارێکی ناوخۆی بەهێز و بردنەسەری ئاستی گوزەرانی دانیشتوانە هەزار ملیۆنیەکەی ئەوکاتی بەخەویش بیر لەو قەڵەمباز و گەشە ئابووریە گەورەیەی نەوەتەکان بەدواوە بکاتەوە چونکە بوون بەئەندامی کڵاپی زلهێزە ئابووریەکانی جیهان بەگەلێکی برسی و ئاستێکی نزمی دەرامەت وبازاڕێکی ناوخۆیی کەم قەوارە و مۆدێلێکی مردووی ئابووری و سکهەڵڵوشینی ئابووریی خەڵکەکەیەوە ئەستەم و دژوار بوو.
بەپێی پێوەری Gini Coefficient کە تایبەتە بە پێوانەکردنی نایەکسانی لە بواری دابەشکردنی داهاتدا، لەدەساڵی نەوەتەکانی سەدەی پێشوودا ( 1990 ) ئەو ڕێژەیە لە چیندا لە 0. 70) ( ەوە دادەبەزێ بۆ (0.60 )واتە نایەکسانی لە داهاتدا ١٠ یەکە ( وحدة ) ی پێوانەیی دابەزیوە و ئەندازەیەکی باشتری یەکسانی لەقازانجی چینی کەمدەرامەتدا ڕوویداوە. ئەم ئاڵوگۆڕە لە دوو دەیەی دواتریشدا لەبواری چوونەسەری یەکسانی لەو وولاتەدا بەردەوام بووە و ئەم ڕێژەیە بۆ ساڵی 2018 بووە بە ( 0.468 ) .

هەر بە پێی هەمان پیوەر ڕادەی یەکسانی لە بواری داهات لەناوخۆی ئەمریکادا بە ئاراستەی ڕۆیشتنی بەشی زۆرتری سامانی کۆمەڵایەتی بۆ چینە باڵادەستەکان و بەشێکی کەمتری بۆ چینە کەمدەرامەتەکان ڕۆیشتووە. لەساڵی 1979 ڕیژەکە 0.35 ) ( بووە بەڵام لەساڵی 2019 دا بەرزبۆتەوە بۆ 0. 45) ).
هۆکاری سەرەکیی زیادبوونی ئەو نایەکسانیە لە ئەمریکادا بەگشتی ئەگەڕێتەوە بۆ : لاوازیی سەندیکا و نیقابە و یونیۆنەکان ، بەستەڵەکی کرێکان Wage Stagnation ، هەڵئاوسان و چەنین هۆکاری تری هاوچەشن کە بەشێکن لەکارکردی مۆدێلی گەشەی سەرمایەی ئەمریکی.
لەلایەکی ترەوە و گەرچی و بەهۆی ئەو هاوکێشە ئابووریە نوێیەوە کە لە ئاستی جیهاندا لەئەنجامی جێگرتنی چین وەکوو دووەم زلهێزی جیهانی سەریهەڵداوە ، ئاستی دابەشبوونی داهات لە نێوان ووڵاتانیشدا گۆڕانی ڕێژەیی لەقازانجی چیندا بەسەردا هاتووە و چین بەگشتی بەهرەمەند بووە لە ڕێژەیەکی زیاتری داهات وسامانی جیهانی بەبەراوورد لەگەڵ ئەمریکادا ئەمەش لەکاتێکدایە کە ڕادەی دابەشبوونی داهات لەناوخۆی ئەمریکادا ، لەڕووی چینایەتیەوە ، بە زیانی چینەکەمدەرامەتەکان و قازانجی ئەو توێژە 10 ٪ دا بووە کە 80 ٪ ئابووریی ووڵاتیان کۆنترۆڵکردووە. هەرچی چینە ئەوە ئەم ڕێژەیە ڕێك پێچەوانەی نموونە ئەمریکیەکەیەتی. لەناوخۆی ووڵاتدا چینە کەمدەرامەتەکانی ووڵاتی چین ، لەنێوان 1990 – 2015 دا ، هەم لەڕووی ڕیژەیی و هەم لەڕووی ژمارەیی ڕەهاوە ( مطلق و نسبي ) ، بە زمانی ئابووریزانەکان ، و هەمیش بەبەراووردی ڕێژەیی لە ئاستی جیهانیدا ، وەکوو پێشتر نموونەیەکمان لێی هێنایەوە ، بەهرەمەندبوون لە بەشێکی گەورەتری کێکی ئابووری و بەرهەمی گەشەی ئابووری وولاتەکەیان.
لەکاتێکدا کە ڕادەی گەشەی ساڵانەی ئابووری چین لە ساڵی 2018 دا ئەگاتە 6.6 ٪ ئەو ڕادەیە لەئەمریکا لە 2.3٪ تێنەپەڕیوە. هەر لەو ساڵەدا لە کاتێکدا تێکڕای بەرهەمهێنانی نیشتیمانیی Gross Domestic Production واتە GDP لە ئەمریکا خۆی ئەدا لە 21.427 $ تریلیۆن ئەم ڕێژەیە بۆ چین بەرزبۆتەوە بۆ 14.140 $ تریلیۆن یاخود 98 تریلیۆن یوان .

کێبڕکێی کاوبۆی و دراگۆن !!
بنەڕەتیترین خەسلەتی جیهانی سەرمایەداریی هاوچەرخ بریتیە لە کێبڕکێی تووند و بەهێزی نێوان ئەو دوو جەمسەرە ئابووریە جیهانیە و تەرازووی هێزێکی نوێ کە لەو بوارەدا هاتۆتە ئاراوە لەو کاتەوە کە چین توانی ، لەپرۆسەیەکی خێرای دەساڵیدا ببێت بەجێگرەوەی ژابۆن و بەوجۆرە ، دوای ئەمریکا ، پایگای دووەمین زلهێزی جیهانی داگیر بکات.
گەرچی تووندبوونەوەی ململانێی نێوان ئەمریکا و چین زیاتر لە قاڵبی کێبڕکێیەکی جیۆپۆلیتیکیدا خۆی دەرئەخا بەڵام ئەوە تەنیا پەردەیەکی ناسکە و لە پشتیەوە ڕاستیەکی تر خۆی حەشارداوە کە بریتیە لە کێبڕکێی تووندی مۆدێلی چینی و ئەمریکی لەهەموو بوارە ئابووریەکاندا.
( لە 1970 دا ڕۆژئاوا 56 ٪ بەرهەمی ئابووریی جیهانی دروست ئەکرد لەکاتێکدا ئاسیا بە ژاپۆنەوە 19 ٪ ی بەردەکەوت. ئەمڕۆ پاش سێ نەوە لەو میژووە هاوکێشەکە گۆڕاوە بۆ 37 ٪ بۆ لایەنی یەکەم و 43 ٪ بۆ دووەم. ئەو ئاڵوگۆڕە گەورەیە بەپلەی یەکەم بەرهەمی ئەو گەشە ئابووریە سەرسووڕهێنەرەیە کە لە ووڵاتانی وەکوو چین و هیندستاندا ڕوویداوە.) P 13 Foreign Affairs
قەڵەمبازی کەم وێنەی هاوچەرخی ئابووریی چین دیاردەیەکی کەم وینەیە لە مێژووی دوور یا نزیکدا. هاتنی چین وەکوو زلهێزێکی ئابووری بۆ سەر شانۆی جیهان هاوکات بوو لەگەڵ شەپۆلی بەجیهانیبوونی کۆتایی سەدەی پێشوو. ئەو هاوزەمانیبوونە زەخم و تین و تاوێکی تری دا بە ئابووری چین کە خۆی بێ لەوەش خاوەنی دینامیزمێکی نموونەیی بوو. ئەم گەشەکردنە کە هەم لەڕووی ئاسۆیی و عەموودیەوە هێز و گوژمێکی تایبەتی هەبوو ،کارلێکی جیهانیی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا وبەردەوامیش کاریگەریەکانی لە قووڵبوونەوەدان. جگە لەوە ئەبێ ئەو ڕاستیەشمان لێ وون نەبێ کە گەشەی ئابووریی چین سەرەتا وەك هەر پرۆسەیەکی ئابووری لە چوارچێوەی بازاڕی ناوخۆوە دەستی پێکرد بەڵام لەسەروبەندی ئابووریەکی بەجیهانیبوودا پرۆژەی ڕیفۆرمی ئابووریی دووەمی دەستپێکرد. ئەم گەشە ئابووریە بەهۆی تایبەتمەندیەکانی ئابووریی چینیەوە هەر زوو کەوتە بەردەم بەربەستی توانای کەم و بەرتەسکی بازاڕی ناوخۆیی وئەو بازاڕە بوو بە چوارچێوەیەکی تەسك و بگرە بەربەست بۆ هەڵمژین و ئیحتیواکردنی ئەو گەشە ئابووریە داینامیکە. لیرەوە و وەکوو پێویستیەکی حەتمی دیاردەی دەرکەوتنی چین لە شانۆی ئابووری جیهانیدا چ لەبواری بازرگانی یا بواری سەرمایەگوزاریی جیهانی ، ئەبێ و بوو بەڕاستیەکی چاوەڕوانکراو.
ئەم پرۆسەیە، واتە بەهێزبوونی پایگای ئابووریی چین لە ئاستی جیهانیدا، بەشێوەیەکی چاوەڕوانکراو و ئۆتۆماتیکی ئەبێتە مایەی پێکدادانی نێوان ئەم مۆدێلەی گەشەی سەرمایەداری لەگەڵ مۆدێلی کاپیتاڵیزمی ڕۆژئاوا و بەتایبەتیش ئەمریکا. بەوجۆرە یەکێك لەکاریگەرترین دیاردەکان لە 20 – 25 ساڵی ڕابووردوو، لەڕووی ئابووریەوە لە ئاستی جیهاندا ، بریتیە لەدەرکەوتنی چین وەکوو زلهێزێکی ئابووریی جیهان کە لەپرۆسەیەکی خێرا و نائاسایی 20 ساڵیدا بوو بەدووەمین هێزی ئابووریی جیهانی ئەمڕۆی ئێمە.
ڕاستە لەدیدی خەڵکی جیهانەوە مۆدێلی دەسەڵاتی بیرۆکراتی – حیزبی و سیستمی سیاسی ئۆتۆریتانی Authoritarian چینی هێندەی مۆدێلی دەسەڵاتی لیبرال – دیموکراتی ئەمریکا و ڕۆژئاوا جێپەسەند و دڵگیر نیە بەڵام ئەوە نەیتوانیوە ببێت بە ڕیگر لەبەردەم چیندا تا بەوپەڕی هێزەوە حوزورێکی گەورەی هەبێ لەبواری پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکان و لەئاستی جیۆپۆلیتیکی و بازرگانیی نێودەوڵەتیدا.

چینی ئەمڕۆ بەکارخانەی هەموو جیهان ئەشوبهێنرێت. ئەم ووڵاتە بەچەکی هێزی ئابووری و هێزی لەبن نەهاتوو و داینامیکی مۆدێلێکی ئابووری کە زۆر بەتواناترە لە مۆدێلی گەشەی سەرمایەداریی کلاسیکی ڕۆژئاوا لە بواری موبەلایزکردنی هێزی کار وسەرچاوەکان و بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتی ، ڕێکخستنی زیندووی پرۆسەی بەرهەمهێنان ، تەنانەت لەناوخۆی بازاڕی ئەمریکاشدا تەنگی بەو ووڵاتە هەڵچنیوە و وەکوو هێزێکی کێبڕکێکەری زەبەلاح یەخەی بەسەرجەم بلۆکی سەرمایەداریی ڕۆژئاوا گرتووە ولەدوای ڕووخانی ئۆردووگای سۆڤیەتیەوە بووە بە گەورەتری چاڵێنج بۆ ئۆردووگای ڕۆژئاوا وبەتایبەتی بۆ ئەمریکا.
ئیدارەدانی پرۆسەی بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتی لەو ئاستە فراوانەی وولاتی چیندا و خستنەگەڕی ئۆردووی فراوانی هێزی کار و مۆدێلێکی بازرگانیی چالاك و تۆکمە لەئاستی جیهاندا ، بازاڕێکی ناوخۆیی گەورە و فراوان و داینامیك توخمەکانی تری بەرهەمهێنانی ئابووریەکی قەبە و ئەنجامدانی ئاستێکی بەرز و داینامیکی گەشەکردن ، هەموو پێکەوە لەسایەی سیستمێکی سیاسیی ئۆتۆریتاریانی سەنتراڵدا توخمە جەوهەریەکانی مۆدیلی دراگۆنی سەرمایەداریی چینیی ئەم سەردەمە پێکدێنن.
تا ئەم چرکەساتە مۆدێلی دراگۆنی چینی بووە بە نموونەیەکی سەرکەوتوو و زیندووی کەموێنەی گەشەی ئابووری کە لە 50 ساڵی ڕابووردوودونموونەیەکی تری وا بەرچاو ناکەوێت.
نموونەیەکی بەرچاوی دەرکەوتنی ستراتیجیی ئابووریی چینی کە بەرجەستەی ئەو خەسلەتەی ئەکات وەکوو زلهێزێکی جیهان و زەخمێکی تری ئەداتێ بریتیە لە پرۆژەی ( ڕیگا و پشتێنە Road & Belt Initiative ) یاخود ڕێگەی ئاورێشمین کە نیشاندەری تمووحی زیاتری ئەو ووڵاتەیە بۆ بە‌هێزکردنی پایگای جیهانیی خۆی لەڕێگەی پێکەوە گرێدانی چەندین ووڵات و کیشوەر ( قارة ) لەچوارچێوەی پرۆژەیەکی زەبەلاحی گەشەی ئابووری و سەرمایەگوزاری و ژێرخانیدا کە پشتی بەستبێ بە تەمویل و سەرمایەگوزاری و پلاندانان و سەرپەرشتی هاوبەشی چین و ئەو ووڵاتانەی پێوەی گرێ ئەدرێن. ئەو پرۆژەیە لە ئەمریکا و ڕۆژئاوا وەکوو زەنگی مەترسیەکی گەورە تەماشا ئەکرێت و بەدەیان شێواز هەوڵی ڕیگریکردن لێی و بەدناوکردنی ئەدرێت. ئەمڕۆ ڕۆڵ و جێگا و پلانەکانی ستراتیجیەتی چین لە ئاستی جیهاندا لەلایەن ئەمریکاوە وەکوو گەورەترین چالێنجی دوای کۆتایی جەنگی سارد تەماشا ئەکرێت و بەمەترسیەکی گەورە لەبەرانبەر پایگا و هەیمەنەی جیهانیی ئەمریکا لەقەڵەم ئەدرێت.

ئەم پرۆژەیە هەوڵێکە بۆ گرێدانەوەی ژمارەیەکی زۆری ووڵاتانی جیهان لەچوارچێوەی شەراکەتێکی سەرەتا ئابووریدا لەژێر هەیمەنەی ئابووری چین لەخزمەت ستراتیژیی ئەمرۆی ئەو زلهێزەدا. پشتێنەی مالیی پرۆژەی ناوبراو زیاتر لە 5 تریلیۆن دۆلارە. بۆ مەحکەمکردنی پایگای خۆشی ، چین بەنیازی دامەزراندنی ئۆرگان وڕێکخراو ودامودەزگای مالی و بانکی و ئابووری ویاساییە بۆ ئاسانکردنی جێبەجێکردنی ئەو پرۆژەیە وتا ئێستا لەو چوارچێوەیەدا سەرقاڵی دامەزراندنی دامەزراوەیەکی قەزاییە بەمەبەستی گەڕانەوە بۆی لەبواری چارەسەرکردنی کێشەی کۆنتراکت و کرێدیتی مالی وڕیکەوتننامە لەگەڵ دەولەتانی بەشدار لەو پرۆژەیە و یەکلاکردنەوەی هەر کەیسێکی جیاوازی و پێکدادانی یاساییدا.
هەوڵەکانی ووڵاتی چین لەڕاستای دەستپێکردنی پرۆژەی ناوبراودا مایەی پێشوازی بووە لەلایەن زۆر ووڵاتانی جیهانەوە.
کۆمپانیا چینیەکان لەبواری دروستکردنی ژێرخانی ئابووری لە چەشنی بەندەرەکان ، پاڵاوگە ، هێڵی شەمەندەفەر ، تۆنێڵ و ڕیگە و بەنداو …تاد ، ناوبانگ و شارەزایی وتواناییەکی داینامیك و سەرسووڕهێنەریان هەیە بەبەراوورد بە کۆمپانیا ڕۆژئاواییەکان وهەر ئێستا سەدان کۆنتراکتیان لەوبوارانەدا لەگەڵ ووڵاتانی وەکوو جەزائیر ، میسر ، کازاخستان ، عێراق ، ڕواندا ، مالی ، پاکستان و زۆری تردا ئیمزاکردووە.
جگە لەوە ، تایبەتمەندیەکی ستراتیجیەتی نێودەوڵەتیی چین ئەوەیە کە ، بەپێچەوانەی ئەمریکا و ئەوروپاوە ، دەستێوەردان و دەخالەت لەکاروباری سیاسی و ئاسایشی ئەو وولاتانەدا ناکات یالانی کەم بەو شێوە کلاسیکیە توخنی سیاسەت و کێشە ناوخۆییەکانیان ناکەوێت. بەپێچەوانەوە چین لەو بوارەدا جۆرێك لەڕێزگرتن لەتایبەتمەندیی ئەو ووڵاتانە و سیاسەتی شەراکەت و یەکسانی لەگەڵیاندا پەیڕەو ئەکات . چین لەم بوارەدا سوودی زۆر وەرئەگرێ لەو ڕاستیەی کە ووڵاتەکەی مێژوویەکی خراپ وناوێکی زڕاوی نیە لەکایەی پەیوەندیە دەرەکی و نێودەوڵەتیەکانیدا بەپێچەوانەی ئەمریکا و زۆربەی ئەوروپاوە کە فایلی کۆلۆنیالیزم و جەنگ و تاڵانکردنی سامانە سرۆشتیەکانی ووڵاتانی جیهان سێیەم مایەی ڕسوایی و شەرمێکی مێژوویین بۆیان و تا ئێستاش لەبواری پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکاندا بەچاوی گومانەوە دەڕوانرێتە هەر هەنگاو و پرۆژە و پێشنیارێکی ئەوان. ئەم سیاسەت و ڕابووردەوی چین جێی دڵخۆشی و پەسەندی ئیلیتی دەسەڵاتداری ووڵاتانی شەریکی ئەوە لەئاسیا و ئەفریقیا و ئەمریکای لاتین وزەنگێکی دڵخۆشکەریشە بۆ بڕیاربەدەستانی سیاسی و کۆمپانیاکانی دراگۆنی چینی.
هەر لەدرێژەی هەوڵەکانی لەوبوارانەی پیشوودا چین بێوچان سەرگەرمی بنیاتنانی دامودەزگای نیونەتەوەیی پیویستە بۆ خزمەت بەو پرۆژەیە و سەرجەم پایگا جیهانیەکەی وەکوو زلهێزێکی جیهان ئەمڕۆمان لە چەشنی بانکی سەرمایەگوزاری ژیرخانی ئاسیا The Asian Infrastructure Investment Bank کە هاوچەشنی بانکی نێودەلەتی World Bank و بانکی دراوی نێودەوڵەتین I F M International Monetary Fund کە لە قۆناغی شەڕی سارددا و وەکوو بەشێك لە ستراتیجیەتی ئەمریکا بۆ بەهێزکردنی پایگا و ستراتیجیەتی ئابووریی خۆی و لاوازکردنی ئۆردووگای کۆمۆنیستیی ئەوکاتە دایمەزراندن.
نابێ ئەوەش پشتگوێ بخەین کە خودی ناوخۆی ئەمریکا وچینیش گۆڕەپانێکی تری ئەم کێبڕکێ و ململانییەن لەنێوان ئەو دوو زلهێزەدا وهەردوولا پەنا بۆ دەیان شیوازی شەڕی دەروونی ، ئایدیۆلۆجی ، فەرهەنگی و کەلتووری ئەبەن بۆ قبووڵاندنی مۆدێلە جیاوازەکانیان و کاریگەری دانان لەسەر زەین و هۆش و کەلتووری دانیشتوانی یەکتر.
لە کاتێکدا ئەمریکا لەڕێی بۆردوومانی ئیعلامیەوە ئەیەویت سۆزی خەڵکی چین ڕاکێشێت بەرەولای مۆدێلی ژیان و فەرهەنگ و شارستانیەتی ئەمریکی و دیموکراتی لیبرالیی ڕۆژئاوا وژیانی سەرکەوتووی چینیە پەناهندەکان لە ئەمریکا وستایلی ژیانی مۆدرینی ئەوان ، چین بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەوجۆرە کەمپەینە و پووچەڵکردنەوەی ئەیەوێ لەڕێی بەرزکردنەوەی گیانی نیشتیمانی و بەها مێژوویی و شارستانیەکانی چین و بردنەسەری ئاستی گوزەرانی دانیشتوانەکەیەوە لای هاووڵاتیان خۆی ئەوە جێگیربکات کە ستراتیجیەتی ئەمڕۆی چین ئەتوانێ ووڵاتەکەیان بکات بە هێزێکی کاریگەر و زلهێزی جیهانی ئەمڕۆ . ئامانجی ئەمریکا لەو پرۆپاگەندانە شتێك نیە جگە لە هەوڵێك بۆ دروستکردنی کەلێن لەنێو حکوومەت و گەلی چین و چاوی بەو پایگا سەرکەوتنانەی ئەو ووڵاتە هەڵنایات.
یەکێك لەکارتەکانی دەستی ئەمریکا لەم بوارەدا کێشەی هۆنگ کۆنگە. داهاتووی هۆنگ کۆنگ و جۆری پەیوەندیی لەگەڵ چین و جۆری سیستمی سیاسی و دەستووری لەو کانتۆنە ،گرێیەکی گەورەیە بۆ چین نەك تەنها لەبواری ئابووریدا بەڵکوو لە زۆر بواری تریشدا و یەکێك لە چاڵینجەگەورەکانی بەردەم ئەو ووڵاتەیە.

ئەمریکا بەپلانی زۆر وورد ئەم مەسەلەیەی کردووە بە کارتێکی فشار بۆ خاوکردنەوەی پرۆسەی بەهێزبوون و بالادەستیی جیهانیی چین. ئەمریکا بێوچان لەهەوڵدایە بۆ بەکارهێنانی مەلەفی هۆنگ کۆنگ لەپاڵ فایلی مافی مرۆڤ و ئازادیە سیاسی و فەردیەکانی تر لە چینی حیزبی کۆمۆنیستدا تا بتوانێ پشێوی و نائارامی لەناو چیندا بەرپابکات و ڕێبگرێت لە دراگۆنی چین و بڵاوبوونەوەی نفووزی لە ئاستی جیهاندا. بەڵام ئەمریکا تا ئێستا لەوبوارەدا سەرکەوتنێکی ئەوتۆی بەدەستنەهێناوە چ لەبواری بەرتەسککردنەوەی نفووزی چین لە هۆنگ کۆنگ و مەکاو لەچوارچێوەی سیستمی ( یەك ووڵات و دوو سیستم ) . لەپاڵ ئەوەشدا چین توانیویەتی بەهەمان شێوە ڕێگری جیددی بکات لە دزەکردنی نفووزی ئەمریکا لەناوخۆی چین وتەشەنەکردنی ئەو بزووتنەوە ناڕەزایەتیە لیبرالیەی هۆنگ کۆنگ بۆ شوێنەکانی تری ووڵات کە ئەوە ئەڵقەیەکی پلانەکەی ئەمریکایە.
ڕیگرتن لەتەشەنەکردنی نفووز و پایگای ئەمریکا لەناو دانیشتوانی هەموو پارچەکانی ووڵاتدا ئەولەویەتی کاری ئێستای حیزبی کۆمۆنیست و حکوومەتی چینە وەکوو مەیدانێکی ئەو کیبڕکێ و ململانی جیهانیە لەگەل ئەمریکا کە گەرچی زیاتر قاڵبێکی فکری و ڕۆشنبیری و کەلتووریی گرتۆتەخۆی ، بەڵام سەرکەوتنەکانی چین لە ئاستی جیهانی و تەشەنەکردنی نفووزی ئەو مۆدێلە ئابووری و ستراتیجیە چینیە لە ئاستێکی بەرینی شانۆی جیهانیدا ، توانیویەتی تای تەرازووەکە لە ناوخۆی ووڵاتیشدا بە قازانجی چین و پێچەوانەی هەوڵەکانی ئەمریکا بشکێتەوە و یەکێتی و یەکپارچەیی خەڵك و حکوومەتی چین بەهێزتر بکات.
لەپەنای ئەو بابەت و ئامراز و مەیدانانەدا کە ئەم ململانێ و کێبڕکێیە تیایدا بەرجەستە ئەبێتەوە ئەمریکا بەردەوامە لە دانانی کۆسپ و قۆرت لەبەردەم ڕەوڕەوەی زەبەلاحی دراگۆنی چینیدا. بوارەکان و ئامرازەکان بەشێکیان بەم شێوازانەی خوارەوەن :
یەکەم : نانەوەی نائارامی و دلەڕاوکی لەناوچەی پاسیفیك و خوارووی ئاسیا و دروستکردنی بلۆکی سیاسی و ئابووری و ئەمنی و سەربازیی دژە چینی لە نێوان ووڵاتانی دەوروبەر یا هاوسنووری چین وخۆشکردنی ئاگری ململانێی ناوچەیی و دژایەتیی ئەو ووڵاتە بەهاوکاریی ووڵاتانی وەکوو ( فلیپین ، تایلەند ، ڤێتنام ، ئەندەنووسیا ، کەمبۆدیا ، ژاپۆن و کۆریای باشوور ) . ئەمریکا جگە لە ترساندنی ئەم ووڵاتانە لە چین لەهەوڵدایە کە کێشە کۆن و مێژووییەکانی ئەم ناوچەیە بۆ ئەو مەبەستە تەوزیف بکات. لە 30 ساڵی ڕابووردوودا دەیان پەیماننامە و ڕێکخراوی وەکوو ( ڕێکخراوی خوارووی ڕۆژهەڵاتی ئاسیا – سیاتۆ ) و ( ئاسیان Association of South East Asian Nations ) ی دروستکردووە بەئامانجی تەحجیم کردنی ڕۆڵی ڕوولەگەشەی چین لەو ناوچەیەدا.

دووەم: ئاگرخۆشکردن بۆ هاڵایساندن و پەرەسەندنی کێشەی سنووریی خاکی و ئاوی لەنێوان ووڵاتانی وەکوو ژاپۆن و فلیپین و ڤێتنام لەگەڵ چیندا.

سێیەم: پەرەدان بە میلیتاریزەکردنی بارودۆخ و فەزای ناوچەکە و فرۆشتنی چەك و تەقەمەنی بەو ووڵاتانەی کێشەیان لەگەڵ چیندا هەیە و کردنەوەی دەیان بنکەی سەربازی.

یەکێك لەئامانجەکانی ئەو سیاسەتی میلیتاریزەکردنەی فەزای ناوچەکە لەلایەن ئەمریکاوە بریتیە لەوەی چین بخرێتە ژێر فشارەوە تا بەشی زۆرتری بودجە و ئیمکانیاتی مالی و مرۆیی و تەکنولۆجی و پیشەسازیی خۆی لەبواری کێبڕکێیەکی چەکدار ( سباق التسلح ) ی بەرنامە بۆ دارێژراودا خەرج بکات و کەمتر بیپەرژیتە سەر ستراتیجیە ئابووریە سەرکەوتووەکەی و لەسەر حسابی بەرنامە ئابووریەکانی ڕووبکاتە خۆ تەیارکردنی سەربازی بەهەموو ئاکامە تێکشکێنەرەکانیەوە بۆ داهاتووی پڕ لە ئومێدی ئەو ووڵاتە. ئەمریکا لەسەروبەندی شەڕی سارددا و بەتایبەتی لەسەردەمی ڕۆناڵد ڕیگندا بە پیادەکردنی بەرنامەی بەناو شەڕی ئەستێرەکان ( حرب النجوم ) توانی سەرکەوتووانە هەمان گەمە لەگەڵ سۆڤیەتی ئەوکاتەدا بباتەوە و سەرەنجام ئابووری ئەو ووڵاتە میلیتاریزەبکرێت و دواتریش تووشی داتەپانێکی ژێرخانیی گەورە ببێت کە ڕێی خۆشکرد بۆ ڕووخانی بلۆکی سۆسیالیست و هەڵوەشانەوەی یەکێتیی سۆڤیاتیش.
جگە لەبەکارهێنانی ئەو چەکانەی باسمان کرد ، ئەمریکا لەجبەخانەکەیدا دەستی بردووە بۆ زۆر شێواز و چەکی تر لە ململانێی پڕلەهەڵپەیدا لەبەرانبەر بە چین.
کاوبۆی ئەمریکی لەهەوڵێکی گەرمدایە بۆ کەڵكوەرگرتن لەچەکی ئاین و مەزهەب و ورووژاندنی سۆز و گیانی ئاینیی وەکوو سلاحێکی سیاسی لەناو بەشە جیاجیاکانی خەڵکی چیندا لەچوارچێوەی هەمان کێبڕکێ بۆ خاوکردنەوەی قەڵەمبازی ئابووریی تەنینی چینی.
هاندان و داڵدەدان و دنەدانی دالای لاما و بەکارهێنانی کارتی کەمایەتییی تیبتیەکان ، ورووژاندنی مەسەلەی تایوان ، ئیستیغلالکردنی فایلی موسوڵمانە ئیگۆریەکان ، دنەدان و پشتگیریی کەنیسە غەربیەکان بۆ پەرەدان بە کەمپەینی تەبشیری ئاینیی مەسیحی و بەکارهێنانی وەکوو چەتر و ئامرازێکی سیاسی و ئایدیۆلۆجی ، هاندانی دەیان سێکتی مەزهەبیی وەکوو فاڵۆن گۆنگ .. تاد ، چەند نموونەیەکی تری ئەو لۆبیکردنە ئەنتی چینیەن کە ئەمریکا لە ستراتیجیەتی ناوبراوی خۆی لەم بوارەدا پەنای بۆ بردوون.
لەم سەردەمەدا خوارووی ڕۆژهەڵاتی ئاسیا ، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ، ڕۆزهەڵاتی دوور ، ئەفریقیا ، ئەمریکای لاتین وبوارێکی زۆرتری جوگرافیای جیهان بووە بە گۆڕەپانی ململانی و کێبڕکێیەکی فراوان و بەهێزی ئەو دوو زلهێزە کە هەریەکەیان هەڵگری پەیام و ئەلتەرناتیوێکی نوێیە بۆ دنیای ئابووری و سیاسی و ستراتیجیی هەموو گۆی زەوی.
مەسەلەی ووزە ، بازرگانی ، تاریفەی ئابووری ، سەرمایەگوزاری و گوێزانەوەی سەرمایەکان و بزاوتی جیهانییان ، قوتببەندی و فراکسیۆنە سیاسیەکان ، پەیماننامە و ڕیکەوتنە دووقۆڵی و چەند قۆڵیەکان و سەرجەم فەزای جیۆپۆلیتیکی جیهان و سیاسەتی نێودەوڵەتی بەگشتی ، زۆر بەتووندی و بەپلەی یەکەم کاریگەری لەو کێبڕکێیە وەرئەگرن و هەر هەموویان لەسایەی و لەژێر تیشکی ئەودا لەهەوڵی دووبارەپیناسەکردنەوەی خۆیاندان.
ئەوانە هەموو ئاکامی دەرکەوتن و تەکانی ڕۆکیت ئاسای دراگۆنی چینی ئەمڕۆن.
دراگۆن یا دراگن ( تنین ) Dragon گیانلەبەریکی ئەفسانەیی زەبەلاحە کە لەکەلتوور و فۆلکلۆری چینیدا سیمبولی هێز و قەبەیی و ئیرادەیە.

نیسانی 20
adnakerim22@hotmail.com

Foreign Affairs, Volume 99. January / February 2020
As China Goes, So Goes the World: Karl Gerth 2010
Communist International Economics: P.J.D. Wiles 2008




دیموکراسی دڕندەکان … عومەرمحەمەد

سەرمایەداری سیستەمێکە لەرواڵتدا شارستانی ولەناوەرۆکدا دواکەوتوو بێڕەحمە، بەو رێکخراوانەشییەوە کە گوایا پارێزەری مافی مرۆڤ و ژینگە پارێزن، زاناو داناو ئاکادیمیست وتیوریسەنەکانی ئەم سیستمە بە ئەندازەی جەلادەکان و کۆلۆنێل وسوپاسالارەکان تاوانبارن، ئەوان ناتوانن هەتا سەر لە پەنای بروانامەیەک ولە ناو پۆشتەیی و ڕێکپۆشییدا لاوازی و خۆپارێزی بشارنەوە، ناتوانن ناخی وێران وگەمژەیی لە خەڵکی سادەوساکاریش بشارنەوە.
کاتێک باس لە رێکارەکانی توێژینەوەی زانستی و ئەتەکێتی دانیشتن و نانخواردن و چونەبەردەم دادگاو سەرۆک و مایک و هەندێک فڵتەفڵتی تردەکەن، ئەمانە نە بەهای خۆیان دەزانن ونەهی زانستیش، چونکە لەبەرانبەر پیسبوونی ژینگەو جەنگ و قوربانییەکانی زۆر خوێنساردو بێ هەست و بێ مۆڕاڵن.*
(کوشتاری عێراق وسوریا) و دڕندایەتی داعش و بەرخۆدانی رۆژئاواو شکاندنی داعش و دیلەکانیان و بەجێهشتنیان بۆ رۆژئاواو ئیدارەی خۆسەری باشترین نمونەی درندایەتی و ناسەروەری یاسای سەرمایەداری رێکخراوەکانێتی.
لە باشوری کوردستانیش، ئەمانە لە سەرەتای بانگەشەی بازاری ئازادو گڵۆبالیزمدا بە مەکرو حیلەبازی و خۆنواندنێکی لێنەهاتووەوە باسی شنەبای دیموکراسی و نەمانی دونیای دیکتاتۆرەکانیان دەکرد، کەچی لە پەنای دیکتاتۆرە لۆکاڵییەکانیانەوە، سەردەمە وێرانبووەکەی مرۆڤیان بەکرانەوەو دیموکراسی و تەکنۆلۆژیا وچەرخی مۆبایل، ناودەبرد و چاویان لەو راستیانە دەنوقاند ژنکوژی دیاردەیەکی مەترسیداری ولات بوو، ئەم گەمژەیەتییە هەتا سەردەمی کۆرۆناش هەربەردەوامە ..!
جارێک یەکێک لەم گەمژانە لە سوڵحێکی عەشایەریدا دانیشتبوو، باسی پێشکەوتنی دونیاو دیموکراسی بۆ مەجلیسەکە کردبوو، گوتبوی : ئێستا دەوڵەتەکان پێشبڕکێیانە لە ناردنی مووشەکەکانیان بۆ سەرمانگ، ئامۆزایەکم لەو مەجلیسە دانیشتبوو پێی گوتبوو:

  • کاکە تۆ هێشتا لەسوڵحی عەشایەریدا دانیشتووی ئێمە ئیستا ساروخمان بۆ نانێردرێتە سەرمانگ، با ئەم کێشەیەی سەرزەوی نەهێڵێن. مەبەستی ئەوکێشە کۆمەڵایەتیە بوو کەبۆی کۆببونەوە.
    بەهیوام کۆرۆنا بیرێک بەمرۆڤی زەحمەتکێش بکاتەوەو چیدی بە دوای قسەی بفدراوی سیاسی درۆزن و مەلای بێویژدان و هەڵوەری حزبەکان فریونەخوات و بە ئازایەتیەوە بڵێت : زانست ودیموکراسی وئاین بە تورێکی قوڕاوی ئەگەر بۆبەرژەوەندی گشتی نەبن .
  • جارێکیان لەهەولێر لەکۆنفرانسێکدا بەیەکێک لەم ئەکادیمیە مەکربازانەدا تەقیمەوە کە قسەی لەسەردادگایی کردنی سەدام و رێکارە نادیموکراسییەکەی دەکرد، تەنانەت فڵتەفڵتی ئەوەشی کرد کە دادگای باڵای تاوانەکان، پەلەی کردووە لە بریاردان و لەوەش ئەنفالی بەجێنۆساید ناساندووە.. عەجایەب ئەوهەموو ئەکادیمیستە قاتلەبەرەی پایتەخت فزەیەکیان نەکرد!! ئەمەچییە کابرا دادوەری دادگای نێودەوڵەتیی وئەکادیمییە ؟! چۆن دەبێت قسە لەقسەی چاوشین وقژ زەردەکاندا بکرێ !

٣١ی ئازاری ٢٠٢٠ سلێمانی




…به‌های جیاوازییه‌كان و باجی جیاوازییه‌كان سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی

بێگومان هه‌موو جیاوازنووسینێك، به‌هایه‌كی مه‌عریفی هه‌یه‌، به‌ڵام باجیشی هه‌یه‌.چونكه‌ هه‌موو جیاوازكه‌وتنه‌وه‌یه‌ك، ئاماژه‌یه‌كه‌ بۆ ده‌رچوون له‌ بازنه‌ی سواو و ده‌ركه‌وتنێكی نوێ. هه‌موو نوێیه‌كیش، له‌ هه‌ر ڕووێكه‌وه‌ و له‌ سه‌ر هه‌ر ئاستێكه‌وه‌ بێت، به‌ توندی له‌لایه‌ن ئه‌ویتری كۆنه‌وه‌ ڕه‌تده‌كرێته‌وه‌ و دژایه‌تی ده‌كرێت. ڕه‌نگه‌ ئه‌و دژایه‌تییه‌، زه‌مه‌نێكی درێژ بخایه‌نێت، وه‌لێ ئه‌وه‌ سروشتی دینامیكییانه‌ی ژیانه‌، كه‌ دواجار هه‌موو كۆنێك به‌ سه‌ر ده‌چێ و ده‌چێته‌ په‌راوێزی مێژوو. بۆیه‌ جیاوازییه‌كان چه‌ند به‌هایان هه‌بێت، هێنده‌ش باجی ده‌ركه‌وتن و سه‌رهه‌ڵدانییان هه‌یه‌. مه‌گه‌ر گۆران له‌ سه‌ره‌تاوه‌ به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ شێخ نوری و ڕه‌شید نه‌جیب، به‌ ناداهێنه‌رو لاواز نابینرا؟كه‌چی دواتر كامه‌یان بوونه‌ ناو و ده‌نگ؟به‌های جیاوازییه‌كان، ناونیشانی كورته‌ وتارێكی سه‌باح ڕه‌نجده‌ری شاعیره‌ و له‌ ماڵپه‌ڕی سه‌نگینی (ده‌نگه‌كان) بڵاوكراوه‌ته‌وه‌. شاعیر له‌م كورته‌ وتاره‌یدا، به‌ چه‌ند بۆچوونێكی پوخت و چڕ، له‌ باره‌ی به‌های جیاوازیی و ئه‌زموونی نالی و گۆران، كه‌ دووشاعیری دیارو جیاوازی نێو ئه‌زموونی شیعری كوردین، دواوه‌.بێگومان نالی، له‌ ئه‌زموونی شیعری كوردی، شاعیرێكی بێ هاوتایه‌.ئه‌زموونی شیعری نالی ئه‌زموونێكی ده‌وڵه‌مه‌نده‌ له‌ بابه‌ته‌ جیاوازه‌كانی شیعر له‌ ڕووی ئایینی و فه‌لسه‌فی و سۆفیگه‌ریی وغه‌ریبی وزۆر بواری دیكه‌. به‌ پێچه‌وانه‌ی شاعیره‌ كلاسیكه‌كانی دیكه‌، كه‌ ده‌كرێ بڵێین ئه‌زموونی شیعرییان له‌ ئۆبژێكتێكدا چڕ كردۆته‌وه‌. بۆنموونه‌: شێخ ڕه‌زا به‌ شیعری هه‌جوو، حاجی قادر به‌ شیعری نه‌ته‌وه‌یی،مه‌حویی به‌ شیعریی سۆفیگه‌ریی وبوون، مه‌وله‌وی به‌ ناتورالیزم، وه‌فایی به‌ ڕه‌گه‌زی لیریك، كه‌چی نالی زۆرتر له‌ شوناسێكی شیعری هه‌یه‌، كه‌ پێی ده‌ناسرێته‌وه‌. وه‌لێ هه‌مان ئه‌و نالییه‌ داهێنه‌ره‌، شیعری مه‌ستووره‌ی ئه‌رده‌لانیشی نووسیوه‌. به‌ بڕوای سه‌باح ڕه‌نجده‌ری شاعیر، ئه‌و شیعره‌ له‌ ژێر كاریگه‌رییه‌تی ململانێكانی بابان و ئه‌رده‌لانه‌كان نووسراوه‌ و نالی مه‌ستووره‌ ده‌كاته‌ فاكتێك بۆ لێدان له‌ ئه‌رده‌لانییه‌كان، به‌ تایبه‌تی كه‌ خۆی له‌ ژێر قه‌ڵه‌مڕه‌وی بابانه‌كاندا ژیاوه‌.
له‌ ڕوانگه‌ی نووسه‌ره‌وه‌، ئه‌و شیعره‌ی نالی،تیرێكه‌ و له‌ كه‌وان ده‌رچووه‌، نالی ئه‌وه‌نده‌ی مه‌به‌ستێكی سیاسی هه‌بووه‌، ئه‌وه‌نده‌ مه‌به‌ستی ئیرۆتیك و جه‌سته‌ی مه‌ستووره‌ نییه‌، به‌ تایبه‌تی كه‌ ئه‌و هه‌موو شیعره‌ ڕۆمانسییه‌كانی خۆی، له‌سه‌ر حه‌بیبه‌ چڕكردۆته‌وه‌. پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌، نالی بۆچی شیعرێكی له‌و شێوه‌یه‌ ده‌نووسێت كه‌ ئێستاشی له‌گه‌ڵدابێت، وه‌ك پنتێكی ڕه‌ش له‌ نێو پانتاییه‌كی سپی گه‌وره‌ له‌ ئه‌زموونی نالی ده‌بینرێت؟ ڕه‌نگه‌ هه‌ر له‌ خودی ئه‌و كورته‌ وتاره‌وه‌ به‌و وه‌ڵامه‌ بگه‌ین، ئه‌ویش ده‌رباربوونه‌. ده‌رباربوون ڕیگه‌یه‌كه‌ وه‌ك ڕه‌نجده‌ر وته‌نی فریوت ده‌دا، تیرت پێ له‌ كه‌وان ده‌هاوێت، كه‌ تیریش له‌كه‌وان ده‌رچوو، گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ نییه‌. ده‌سه‌ڵاتێكی ئاراسته‌كه‌ر، له‌ پشت ئه‌و بیركردنه‌وه‌ و ڕوانینی نالییه‌وه‌ هه‌یه‌.
ئه‌م شیعره‌، كه‌ هونه‌رێكی جوانی له‌ ده‌ربڕینی شیعری تێدایه‌، وه‌لێ یه‌كێكیشه‌ له‌و شیعرانه‌ی ده‌كرێته‌ بابه‌تی لێدان له‌ نالی. ئه‌و كه‌ شاعیرێكی دیارو داهێنه‌ر بووه‌، چ پێویست به‌وه‌ ده‌كات، ئه‌زموونی جیاوازی خۆی، له‌ ژێر كاریگه‌ریه‌تی میرانی بابانه‌وه‌، به‌و شیعره‌وه‌ خه‌وشدار بكات؟كاتێ شاعیر ده‌كه‌وێته‌ ژێر هه‌ژموونی ئایدیاو ده‌سه‌ڵاتێكی دیاریكراو،ئه‌وا ئه‌وه‌ی به‌ پله‌ی یه‌كه‌م باجی ئه‌و كه‌وتنه‌ ژێر كاریگه‌ریه‌تییه‌ ده‌دات، ئه‌وا خۆی و ئه‌زموونه‌كه‌یه‌تی. مه‌گه‌ر ئێستاش له‌ په‌راوێزی ئه‌و شیعره‌وه‌ نالی به‌ چاوێكی دیكه‌ سه‌یر ناكرێت؟یه‌كێكی دیكه‌ له‌و شاعیره‌ داهێنه‌رانه‌ی كه‌ نووسه‌ر باسی ده‌كات، گۆرانه‌.
سه‌باح ڕه‌نجده‌ر ده‌نووسێت:(گۆران به‌ وردی بیری نه‌كردۆته‌وه‌، گه‌وهه‌ری بابه‌تی نه‌ناسیوه‌ و كه‌وتۆته‌ ژێر كاریگه‌ری ئایدۆلۆژییا). بێگومان، ئه‌و ڕاستییه‌كه‌ كه‌ نا هونه‌رترین و لاوازترین شیعره‌كانی گۆران به‌بۆچوونی لێكۆڵه‌رانی ئه‌ده‌بی، ئه‌و شیعرانه‌ن كه‌ له‌ ژێر كاریگه‌رییه‌تی ئایدۆلۆژییا و بیری چه‌پ و چه‌پخوزای نووسیونی. كاتێ به‌راوردی ئه‌و گۆڕانكارییه‌ فیكرییه‌ ده‌كه‌ین له‌ ژیانی گۆران، ده‌بینین ئه‌و شیعرانه‌ی بۆ سروشت و ئافره‌ت و جوانی نووسیوه‌، زۆر هونه‌ریانه‌ترن له‌و شیعرانه‌ی بۆ ئایدۆلۆژییایه‌كی دیاریكراو نووسینی. هه‌ڵبه‌ته‌ قسه‌ لێره‌ له‌ سه‌ر بیروڕای سیاسی نییه‌، كه‌ مرۆڤ ئازاده‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی، به‌ڵكو قسه‌ له‌ سه‌ر داهێنان و ده‌قی نه‌مره‌ كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئایدۆلۆژییاوه‌ ده‌مێنێته‌وه‌ و نابێته‌ به‌شێك له‌ مێژوو.هیچ شتێك هێنده‌ی ئایدۆلۆژییا،سیاسه‌ت و ده‌رباربوون، له‌ به‌های شیعرو پیرۆزی شیعرو ئه‌ده‌بییات نادا.
كه‌م نین ئه‌و نووسه‌رو شاعیره‌ به‌ توانایانه‌ی، ئه‌زموونی دیاری نووسینییان هه‌یه‌، به‌ڵام وابه‌سته‌ییان بۆ ئایدۆلۆژییا بێزراوی كردوون. لێره‌دا، ئه‌و ده‌رباربوون و تێر پێ له‌ كه‌وان هاویشتنه‌مان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت، كه‌ ڕه‌نجده‌ر له‌ نووسینه‌كه‌ی باسی ده‌كات.داهێنان، به‌ره‌نجامی هه‌وڵی تاكه‌كه‌سی و قووڵبوونه‌وه‌ و ڕامانه‌. گۆران به‌ ته‌نها، دابڕانێك له‌ نێوان شیعری كلاسیك و ئازاد دروست ده‌كات. نوێكاری له‌ زمان ده‌كات و شیعری سه‌روادار ده‌سڕێته‌وه‌. ئه‌زموونی گۆران، ئه‌زموونێكی تایبه‌ت و شوناسێكی دیاریكراوی هه‌یه‌.شاعیرێكی داهێنه‌ره‌،به‌ڵام ده‌رباربوونی بۆ ئایدۆلۆژییا، وای لێده‌كات، دیسانه‌وه‌ تیری پێ له‌كه‌وان ده‌رچێت. دیاریكردنی نالی و گۆران و قسه‌ له‌باره‌ كردنییان له‌و وتاره‌ كورته‌دا، جه‌خت كردنه‌وه‌یه‌ له‌ ناونیشانی وتاره‌كه‌ی كه‌ به‌های جیاوازییه‌كانه‌. چونكه‌ هه‌موو جیاوازبوونێك، ده‌رچوونه‌ له‌ بازنه‌ی باو كه‌ دواجار به‌هایه‌كی تازه‌ی هه‌یه‌.هه‌میشه‌ داهێنانیش، ده‌ره‌نجامی ڕوانینی جیاوازو بیر كردنه‌وه‌ی جیاوازه‌.زۆرجار ته‌مه‌ن و مێژووێكی ده‌وێت، تاده‌توانین ئه‌و جیاواز كه‌وتنه‌وه‌یه‌ دروست بكه‌ین. نووسه‌ر له‌ په‌راوێزی وتاره‌كه‌یدا ده‌نووسێت:(جیاوازیبوون شتێكه‌ ته‌مه‌نم له‌ پێناوی دانا،جه‌سته‌و ڕوحم بۆی ته‌رخان كرد، نه‌مویستووه‌ له‌ شاعیرانی ده‌وروبه‌رم جیاواز بم،هه‌وڵمداوه‌ له‌ ئه‌زموونی خۆم جیاوازبم).

سه‌باح ڕه‌نجده‌ر، چونكه‌ به‌ ئه‌زموونێكی جیاوازی شیعرییه‌وه‌ له‌ ڕووی فۆڕم و ناوه‌ڕۆك ده‌نووسێت، پتر له‌ هه‌موو كه‌س هه‌ست به‌ به‌های جیاوازییه‌كان و باجی جیاوازییه‌كانیش ده‌كات.ئه‌و ده‌زانێت ده‌رچوون له‌ هه‌مووه‌كی،چ نه‌فره‌تێكی لێ ده‌كه‌وێته‌وه‌، ده‌زانێت چه‌ند سه‌خته‌ بتوانیت جیاوازبیت، وه‌لێ چه‌ندیش گرنگه‌. شاعیرێك كاتێ هه‌موو ته‌مه‌ن و ڕوحی خۆی بۆ جیاوازنووسین له‌وانیتر ته‌رخان ده‌كات، باش له‌و ڕاستییه‌ گه‌یشتووه‌، كه‌ جیاوازكه‌وتنه‌وه‌، به‌رهه‌می چ خه‌رمانه‌یه‌كی ڕۆشنبیریی گه‌وره‌ و شه‌ونخوونییه‌كی دوورو درێژیی خوێندنه‌وه‌ و كتێبه‌كانه‌.بۆ ئه‌وه‌ی جیاوازبنووسین، ده‌بێ ته‌مه‌نێك و ئه‌زموونێك ته‌رخان بكه‌ین.ده‌بێ سه‌ره‌تا، له‌بازنه‌ی باو ده‌رچیت، دواتر هه‌وڵی به‌رجه‌سته‌كردنی شوناسێكی تایبه‌تی بۆخۆت بده‌یت و پاشانیش ئه‌و شوناسه‌ درێژه‌ پێ بده‌یت تا له‌ كۆتاییدا ئه‌زموونێكی تایبه‌تی ده‌ڕه‌خسێ. هه‌موو كه‌سێك ئه‌و سه‌لیقه‌ و بوێرییه‌ی نییه‌ ته‌مه‌ن و ڕوحی خۆی بۆ جیاواز كه‌وتنه‌وه‌ ته‌رخان بكات، بۆیه‌شه‌ ده‌بینین جیاوازنووسه‌كانمان كه‌من.به‌ڵام نابێ ئه‌وه‌مان بیربچێت جیاوازكه‌وتنه‌وه‌، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی بیركردنه‌وه‌ی جیاوازو بیركردنه‌وه‌ی جیاوازیش، به‌رهه‌می مرۆڤی جیاوازه‌. بۆیه‌ من له‌گه‌ڵً ئه‌و بۆچوونه‌ نیم، كه‌ شاعیرێك ته‌نها ده‌توانێت له‌ ئه‌زموونی خۆی جیاوازبێت،به‌ڵام نه‌یه‌وێت له‌ شاعیرانی ده‌وروبه‌ری جیاواز بێت!مه‌گه‌ر جیاوازكه‌وتنه‌وه‌، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی جیاوازی بیرو بۆچوون و بیركردنه‌وه‌ی كه‌سه‌كان نییه‌؟.

من ده‌زانم شاعیر نایه‌وێت، بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ بكات كه‌ له‌ شاعیرانی تر جیاوازه‌، بۆ ئه‌وه‌ی كه‌سانێك ئه‌مه‌ به‌ خۆ گه‌وره‌یی نیشاندان و شانازیكردنی ئه‌و به‌ ئه‌زموونی خۆیه‌وه‌ نه‌بینن، به‌ڵام ئه‌زموونی شیعری ئه‌و،ئه‌زموونێكی هاوشێوه‌ی ئه‌وانیتر نییه‌. من وه‌ك خوێنه‌رێك، باوه‌ڕم وایه‌ ئه‌و ئه‌زموونه‌ ته‌نها ئه‌زموونی ئه‌وه‌، بۆیه‌ نه‌ (رزگار جه‌باری و نه‌ژیار ئه‌سوه‌د)یش ناتوانین وه‌ك ئه‌و بیر بكه‌ینه‌وه‌ و دنیاببینین، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌و نووسیویه‌تی. مرۆڤه‌كان ئه‌گه‌ر هاونزیكییان به‌ ئه‌ندازه‌یه‌كی وه‌هاش بێت، كه‌ له‌ یه‌كتری جیانه‌كرێنه‌وه‌، هێشتا پۆینتێك بۆ جیاوازكه‌وتنه‌وه‌یان هه‌یه‌. بۆیه‌ كه‌سمان ناتوانین، وه‌ك ئه‌وی تر بیر بكه‌ینه‌وه‌ و واقیع ببینین.هه‌ر ئه‌و بیركردنه‌وه‌ جیاوازه‌شه‌ ده‌بێته‌ ده‌سپێكی جیاوازكه‌وتنه‌وه‌ی نووسه‌رێك له‌ نووسه‌رێكی دیكه‌. له‌ ڕاستیدا، سه‌باح ڕه‌نجده‌ر له‌و كورته‌ وتاره‌ی خۆیدا، به‌ شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆ ده‌یه‌وێت ئه‌وپه‌یامه‌ بگه‌یه‌نێته‌ شاعیران كه‌ ئایدۆلۆژییاو ده‌رباربوون، بكوژی شیعرن. چۆن ئایدۆلۆژییا، ده‌بێته‌ سڕینه‌وه‌ی به‌های جیاوازیه‌كان و جوانییه‌كان. به‌ نموونه‌ وه‌رگرتنی هه‌ریه‌ك له‌ نالی و گۆرانیش، كه‌ دووشاعیرو جیاوازی داهێنه‌ری نێو ئه‌زموونی شیعری كوردین، جه‌خت كردنه‌وه‌یه‌ له‌ هه‌ژموونی ئایدۆلۆژییا به‌ سه‌ر داهێنان و جیاوازییه‌كان وجوانییه‌كان. ئه‌مه‌ به‌و مانایه‌ نییه‌،كه‌ شاعیران و ئه‌دیبان، له‌ ده‌ره‌وه‌ی واقیعی گه‌له‌كه‌یان بژین، به‌ڵكو به‌و مانایه‌ی ئه‌ده‌ب له‌ سیاسه‌ت و ئایدۆلۆژییاو حزبایه‌تی، به‌هادارترو گه‌وره‌تره‌، ئه‌مه‌شه‌ مه‌به‌ستی ڕاسته‌قینه‌ی نووسه‌ر، له‌ كڕۆكی وتاره‌كه‌ی. گریمان ئه‌گه‌ر بابانه‌كان نه‌بووانه‌، نالی هه‌مان ئه‌و نالییه‌ نه‌ده‌بوو؟ گۆران ئه‌گه‌ر چه‌پ و كۆمۆنست نه‌بووایه‌، هه‌مان ئه‌و شاعیره‌ جواننووس وجواندۆست و سرووشت دۆسته‌ نه‌ده‌بوو؟ كه‌واته‌ بۆچی ده‌رباربوون، تیرمان پێ له‌كه‌وان بهاوێت.
له‌ڕاستیشدا وایه‌، كه‌م نین ئه‌و نووسه‌روشاعیرانه‌ی له‌و په‌ڕی توانا و لێهاتووی نووسین دانه‌ و كه‌سانی داهێنه‌رن، كه‌چی ته‌نها له‌ په‌راوێزیی وابه‌سته‌یان بۆ حزبێكی دیاریكراو په‌راوێز ده‌خرێن. ئه‌ده‌بیات به‌گشتی و شیعریش به‌تایبه‌تی، نابێ بخرێنه‌ تای ته‌رازووی سیاسه‌ت، وه‌ك ئه‌وه‌ی بزورگی عه‌له‌وی ده‌ڵێت:(به‌هه‌ڵه‌ی دابردووین).شاعیری ده‌ربارو شیعری ئایدۆلۆژییا، زوو ده‌كه‌ونه‌ په‌راوێزی مێژوو،به‌های مه‌عریفی و زه‌مه‌نییان نامێنێت. یه‌كێك له‌ خه‌سڵه‌ته‌ دیاره‌كانی داقی داهێنه‌رانه‌ ئه‌وه‌یه‌، كه‌ نابێته‌ به‌شێك له‌ مێژوو، به‌ڵكو له‌هه‌ر كات و زه‌مه‌نێكدا خوێنه‌ر بگه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ری، ده‌توانێت به‌ مانای تازه‌ و نوێ بگات. ئه‌وه‌ بۆیه‌ نالی دوای سێ سه‌د ساڵیش هێشتا هه‌ر ده‌خوێنرێته‌وه‌، چونكه‌ شیعره‌كانی له‌ مانا نه‌كه‌وتوون.گۆران ئێستا یه‌كێكه‌ له‌و شاعیرانه‌ی، له‌ سێ به‌شی شاعیره‌ گه‌نج و ساده‌ نووسه‌كانی ئێستا،زۆرتر ده‌خوێنرێته‌وه‌.گۆران و نالی، جیاوازنووسن وه‌ك ئه‌وه‌ی ڕه‌نجده‌ر باسی كردووه‌، هه‌ر ئه‌و جیاوازنووسینه‌ش، هێزو وزه‌ی مانه‌وه‌ی مێژوویی و زه‌مه‌نی به‌و دووشاعیره‌ داوه‌.جیاوازی، كردارێكه‌ ڕه‌نگه‌ دژایه‌تی بكرێت، ڕه‌تبكرێته‌وه‌، خۆی لێ ببواردرێت و نه‌بینرێت،هه‌وڵی بێ به‌هاكردنی بدرێت، وه‌لێ دواجار، وه‌ك ته‌وژمی ئاوێكی به‌ خوڕ،ڕێڕه‌وی خۆی ده‌دۆزێته‌وه‌ و به‌ربه‌سته‌كان تێك ده‌شكێنێ و ده‌ڕوا…

ڕواندز نه‌ورۆزی 2020




لە پەراوێزى تێگەیشتن لە زمان … ناودار زیاد

زمان کەرەستەیەکە بۆ دەربڕین و، هۆکار و ئامڕازێکە بۆ لێکتێگەیشتن، هەر لەبەرئەمەیە بە دیاردەیەکى مرۆڤایەتى و کۆمەڵایەتی دادەنرێت. بەوپێیەى دیاردە مرۆیى و کۆمەڵایەتییەکانیش بەردەوام لە گۆڕاندان، بۆیە زمان پێدراوێکى نەگۆڕ و چەقبەستوو نییە و، هیچ کاتێکیش ناگاتە پلەى تەواوەتى و کامڵبوون و پێگەیشتنى ڕەها، بەڵکو بێپسانەوە بەهۆى دەسکارى و سەربارخستنەوە شێوە و ناوەڕۆک و واتا و دەلالەتەکانى لە بزاوت و پێشڤەچووندایە. بەڵام ئایا زمان هەر ئەوەندەیە و بەس؟ بۆ ئەوەى تیشکێک بخەینە سەر ڕۆڵى زمان و، سەرنجى بەشێک لە ئەفسوون و خەسڵەت و تواناکانى بدەین، لەم نووسینە کورتەدا هەندێک لەم تابلۆ قەشەنگە ڕادەمێنین.
مرۆڤ لە ڕەوتى بەرەوپێشچوونى ژیانى خۆیدا پێش ئەوەى نووسین و تۆمارکردن دابهێنێت لەڕێگەى کولتورێکى زارەکییەوە ژیانى کۆمەڵایەتییانەى خۆى ڕێکدەخست. کولتورى زارەکیش پشت بە گێڕانەوەى دەماودەم و پشتاوپشت دەبەستێت( ). لە گێڕانەوەى زارەکیشدا حیکایەتخوان، چیرۆکبێژ، یاخود بوێژ دەبێت زۆرباش دەرەقەتى زمان بێت، خۆشى درک بەوە دەکات ئەوەى وا دەکات گوێى لێ ڕابگیرێت ئەوەیە کە تا چەند تاقەتى بەسەر وشەکاریى و ڕستەسازى و دەربڕیندا دەشکێت و، چۆن دەتوانێت لە ڕێى سیحرى گێڕانەوەوە گوێگرانى ئەبڵەق و سەراسیمە بکات. ئەمە دواتر لە نووسینیشدا ڕەنگدەداتەوە، هەر بۆیە دەبینین ئەوەى کەسێک دەیگێڕێتەوە یاخود دەینووسێت، هەمان شت کەسێکى تر بەجۆرێکى جیاواز دەیگێڕێتەوە یاخود دەینووسێت، ئەوەى دەقاودەق و وەک خۆى دەیگێڕێتەوە و باسیدەکات بە ئەزبەرکردن و لاساییکردنەوە ناودەبرێت و خواستراو نییە. هەر ئەمەشە وا دەکات هیچ دوو کەسێکى هەمان زمان، هەمان زمان وەک یەک بەکارنەهێنن. تەنانەت جیاوازى لە گۆکردنى وشەکان ئەم گریمانەیە پشتڕاست دەکاتەوە. بەوپێیەى زمان بە توندى بە هەست و بیر و ئەندێشە و تێگەیشتنى مرۆڤەوە گرێدراوەتەوە، هەر مرۆڤێکیش مێشک و بیرکردنەوە و هەستى جودا و سەربەخۆى خۆى هەیە، بۆیە دەربڕینى ئەم هزر و هەست و بیرۆکانە لەڕووى شێواز و قاڵبەوە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکى تر دەگۆڕێت.

مرۆڤ بەدرێژایى قۆناغەکانى گەشەسەندنى تەمەنى، وردە وردە درک بەوە دەکات کە بەشێک لە بوون و ناسنامە و ئەوێتى و کەسایەتى و حزور و پەیوەندییەکانى لەڕێى زمانەوە شکڵدەگرێت. لەناو بەرهەمە ئەدەبییەکاندا کەمیان وەک کتێبى (داغستانى من)ى شاعیرى گەورەى داغستان (ڕەسوڵ هەمزەتۆڤ) (١٩٢٣-٢٠٠٣) هەڵوەستەیان لەسەر ڕۆڵ و بایەخى زمان کردووە، ئەوەتا لە پاژى تایبەت بە زماندا لە زارى (شامیلى گمرى) پێشەواى شۆڕشگێڕانى داغستانەوە دەڵێت: “دەبێت زمانەکەمان وەکو زگمان بپارێزین”. ئەمە بەو واتایە دێت چۆن مرۆڤ ورگى لە برسێتى و جەستەى لە زەبر و پەلامار دەپارێزێت بەو شێوەیە دەبێت پارێزگاریى لە زمانەکەى بکات. لە شوێنێکى دیکەى هەمان کتێبدا دەڵێت (حاجى موراد)ى موریدى (شامیل) وتوویەتى: “وشە وەکو گولـلە وان، خەساریان مەکەن”( ). وەک چۆن گولـلە دەبێت لەکاتى پێویستیدا و بۆ پێکانى ئامانجێک بتەقێندرێت، مرۆڤیش دەبێت بەو جۆرە زارى هەڵبێنێت.

لێرەدا دەچینە لاى فەیلەسوفى نەمساوى (لۆدڤیک ڤیتگنشتاین) (١٨٨٩-١٩٥١). ئاخر هیچ فەیلەسوفێک وەک وى دەستى بە وشەوە نەگرتووە. (ڤیتگنشتاین) دەڵێت وتن فۆڕمى هەیە و ئەم فۆڕمەش ماناى هەیە. واتا ئەوەى فۆڕمى وتن دیاریدەکات ماناکەیەتى. بەڵام ئەگەر بپرسین مانا چۆن بەرهەمدێت؟ لە ڕوانگەى (ڤیتگنشتاین)ەوە ئەوەى مانا بەرهەمدێنێت فاکتە. کەواتە مانا لە وتندا بەرجەستە دەبێت و، وتنیش وێنە یاخود مۆدێلێکە لە فاکت. بەمجۆرە سنورەکانى زمانى هەر کەسێک ماناى سنورەکانى جیهانى ئەو کەسەیە. لێرەوە ئەو وتە بەناوبانگەى (ڤیتگنشتاین) دەخوازین کە دەڵێت: “ئەوەى مرۆڤ ناتوانێت قسەى لەسەر بکات، لەوبارەیەوە پێویستە بێدەنگ بێت”. ئەمەش دەمانبات بەرەو پرسى ئابوریى زمان، چونکە ئابوریکردن لە قسەکردندا یەکێکە لە باوەڕەکانى فەلسەفەى لۆژیک. لەم سۆنگەیەوە هەر درێژدادڕى و زۆر وتنێک دەبێتە هۆى دوورکەوتنەوە لە ئامانج و مەبەستى قسەکردن( ). هەرچەندە فەیلەسوفى مەزن (مارتین هایدیگەر) (١٨٨٩-١٩٧٦) زمان وەک تاکە بوارى لێکدانەوە و تێگەیشتن دادەنێت. پێیوایە ئێمە ئەو کاتانەى کە قسەش ناکەین و هیچ ناڵێین، ئەوا هەموو ساتێک و بێپسانەوە بەشێوازێک دەدوێین، جا لەگەڵ خۆماندا بێت یاخود لە ڕێگەى ئەو کردەیەوە بێت کە ئەنجامى دەدەین، چونکە پەیڤین یاخود دووان سروشتى مرۆڤە. تا ئەو ڕاددەیەى هەر شتێک لەم گەردوون و ژیانەدا بێت: پەیکەرێک، پارچە مۆسیقایەک، درەختێک، کاڵایەک… تاد هەموو ئەمانە لە چوارچێوەى زماندا جێدەگرن. بەم جۆرە لاى (هایدیگەر) دازایین (Dasein) واتا بوون دەکەوێتە ناو زمانەوە( ).

لاى باوکى هێرمۆنیتیک (شلایرماخەر) (١٧٦٨-١٨٣٢) دوو جۆر لێکدانەوە بۆ واتا زمانەوانییەکان هەن، ئەوانیش: لێکدانەوەیەکى ڕێزمانى یاخود دەستوریى، کە بەپێى ئەم لێکدانەوەیە واتاى هەر دەربڕینێک لەناو ئەو زمانەدایە کە لە کۆمەڵگەدا بەکاردێت. لەگەڵ لێکدانەوەیەکى دیکە کە هونەریى یاخود دەروونییە، ئەمەش پەیوەندیدارە بە ژیانى شەخسى هەر کەسێکەوە لەڕووى فیکرى و دەروونییەوە( ). کەواتە هەم واتاى دەربڕین و گوزارەکان لە زمانێکەوە بۆ زمانێکى تر دەگۆڕێت، زۆربەى جار ئەمە لە پەندى پێشیناندا دەبینینەوە، هەم تاکو دۆخى دەروونى تاکەکەس جێگیرتر بێت و ئاستى فیکرى و مەعریفى بەرزتر بێت ئەوا زمان لاى ئەو کەسە باڵاتر و هونەریتر دەردەکەوێت. هەرچەندە نابێت ئەوە فەرامۆش بکەین کە واتاى وشە دیاریکراو و سنوردارە، هەروەکو دەبینین فەیلەسوفى ئەمەریکى (جان هرش) دەڵێت زمان لەسەر دوو کۆڵەکەى بنەڕەتى ڕاوەستاوە: یەکێکیان واتاییە، کە هیچ کاتێک گۆڕانى بەسەدا نایەت. بەڵام لێرەدا گرنگى پایە و ستوونەکەى دیکەى زمان دەردەکەوێت کە بریتییە لە مەبەستە دەلالییەکەى زمان، چونکە قسەکردن و وشە و زمان بەپێى کات و شوێن و مەبەست و نیەتى قسەکەر گۆڕانى بەسەردا دێت. سەربارى ئەمە فەیلەسوفى فەڕەنسى (پۆل ڕیکۆر) (١٩١٣-٢٠٠٥) کاریگەرى میتافۆڕیش زیاد دەکات، چونکە بە تێڕوانینى (ڕیکۆر) میتافۆڕ ئەو شتانە دەردەبڕێت کە بە شێوازى تر شیاوى دەربڕین نین، لە نموونەى قسەى نەستەق و پەندى پێشینان و شیعر و ئەدەب و ئایکۆن و ئیمۆجییەکان و… تاد( ).

لێرەدا پرسیارى پەیوەندى سروشت و پێکهاتەى جەستەیى مرۆڤ لەگەڵ زماندا دێتە پێشەوە، بۆ تێگەیشتن لە پەیوەندى نێوان مێشک یاخود جەستە لەگەڵ زماندا پێویستە بچینە لاى لقە-زانستى سۆسیۆلۆجیا و فسیۆلۆژیاى مۆخ. بەوەندە ئیکتیفا دەکەین لا لە سێ تیۆرەى گرنگ بکەینەوە کە سروشتى پەیوەندى نێوان زمان لەگەڵ هزر یاخود مێشکدا ڕاڤە دەکەن: تیۆرییەک پێیوایە هیچ پەیوەندییەک لەنێوان زمان و هزردا نییە، چونکە سروشت و فەرمانەکانیان جودایە. هزر لە مانا و قسە و وشەکانەوە سەرچاوە دەگرێت، لەکاتێکدا سەرەکیترین فەرمانى ئاخاوتن و زمان بریتییە لە گەیاندنى هزریى لەنێوان تاکەکەسەکاندا. بەڵام تیۆرییەکى دیکە دەڵێت هزر لە زماندا تواوەتەوە، چونکە هزر زمانێکى بێدەنگە و، لە زمان دانابڕێت – ئەم تیۆرە نزیکە لە بۆچوونەکانى (هایدیگەر)ەوە دەربارەى زمان، کە پێیوایە دازایین (بوون) لەناو زماندایە- کۆتا تیۆرەش لەنێوان هەردوو تیۆرەکەى پێشووتردا ڕادەوەستێت و پێیوایە پەیوەندییەکى ڕێژەیى لەنێوان هزر و زماندا هەیە، واتا هەردووکیان وابەستە و گرێدراوى یەکترن، بەجۆرێک کەسێک کە مێشکى بەهێز و بەهرەمەند بێت ئەوا زمانى پێگەیشتووتر دەبێت. کەسێکیش کە لاڵ بێت یاخود نەخۆشییەکانى دیکەى جەستەیى هەبێت، ئەوا هەرچەندە لەڕووى هزر و مێشکەوە بەتوانا بێت، بەڵام لە زماندا گرفت و کۆسپى بۆ دروست دەبێت( ). لێرەدا فیزیکزان و گەردوونناسى بەریتانى (ستیفن هاوکینگ) (١٩٤٢-٢٠٠٨) نموونەیەکى بەرچاوە، کە سەربارى نەخۆشى بێهێزى ماسولکەکان و نەبوونى تواناى قسەکردن و نووسین و جووڵە، بەڵام لە داهێنانە مەعریفى و زانستییەکانیدا گەیشتە لوتکە.

وێڕاى ئەوە، ئێمە لە زماندا ڕووبەڕووى گرفت و کێشەیەکى دیکەش دەبینەوە: مرۆڤ زۆرجار بێئەوەى مەبەستى هەبێت و خۆى بخوازێت دەکەوێتە ناو هەڵە تێگەیشتنەکانى خۆیەوە، ئەوەتا ڕێبەرى ڕۆحى تبتییەکان (دالاى لاما) (١٩٣٦-) دەڵێت: مامەڵەکردنمان لەگەڵ وشە و زماندا دەبێت بە وردى و وریایى بێت چونکە زۆربەى کات تێگەیشتنى چەوت و هەڵەى خۆمان لە شت و دیاردە و ڕووداوەکان دەهێنینە سەر زمان، بێئەوەى کە مەبەستمان گواستنەوەى هەڵە و چەوتیى تێگەیشتنەکەمان بێت. بۆ ڕوونکردنەوەى زیاترى ئەم بیرۆکەیە بەسەرهاتێک دەگێڕێتەوە: ڕۆژێک لە ڕۆژان کابرایەک چاوى بە ماسییەکى گەورە دەکەوێت. خەڵک لێى دەپرسن: ماسییەکە چەندە گەورە بوو؟ کابراکە هەم بە وشە و هەمیش بە سیما پێیان دەڵێت کە ماسییەکى گەورە و زەبەلاح بوو. خەڵکەکە بەم وەڵامە ڕازى نابن و دیسان پرسیارى لێدەکەنەوە کە ماسییەکە چەندە دەبوو؟ ئەمجارە کابرا لە وەڵامدا دەڵێت ماسییەکە گەورە بوو، بەڵام زۆریش نا. خەڵکەکە بە پێداگرییەوە داواى لێدەکەن پێیان بڵێت کە ماسییەکە بەدیاریکراوى چەندە دەبوو؟ پیاوەکە بەناچارى دان بەوەدا دەنێت کە ماسییەکە هێندەش گەورە نەبووە!( ). ئەم بەسەرهاتە ئەوە دەڵێت کە لەڕاستیدا پیاوەکە لە سەرەتاوە نەیویستووە درۆیان لەگەڵدا بکات. تەنیا بێئەوەى بیر لە قسەکان بکاتەوە، یەکسەر وەڵامى پرسیارى خەڵکیى داوەتەوە.

نەک تەنها ئەوەندە، بەڵکو بیرمەندى ئەمەریکى (نوام چۆمسکى) (١٩٢٨-) پەردەى لەڕووى ڕەهەندى دیکەى زمان لاداوە، ئەوەتا (چۆمسکى) باوەڕى وایە سەربارى ئەوەى زمان بە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و کارلێکە کۆمەڵایەتییەکانەوە گرێدراوەتەوە، کە بریتییە لە گەیاندن، بەڵام لە هەموو ڕەگەزەکانى دیکەى سیستەمى پێکهاتەیى مەعریفیى مرۆڤ ئاڵۆزترە، بۆیە وێڕاى کاریگەرى کولتور و بۆماوەیى و ئەو ژینگەیەى لێى پەروەردە دەبێت، کەچى مرۆڤ لەژێر ڕۆشنایى بارودۆخ و ڕووداوەکانەوە بیردەکاتەوە. هەندێکجار ناتوانرێت بیرکردنەوەکان لە ڕێگاى وشەوە گوزارشتییان لێبکرێت، بەتایبەت ئەوکاتانەى شتێک دەبینین دوور لە چاوەڕوانى و پێشبینییەکانمانە. زۆرجاریش مرۆڤ شتێک دەڵێت کەچى ئەوەى بیرکردنەوە و مێشکى دەرناچێت( ). لە هەندێک دۆخیشدا مرۆڤ شتێک دەڵێت بۆ ئەوەى شتێکى دیکە بشارێتەوە و نەیڵێت یاخود سەرنجەکان بەلاڕێدا ببات. ئەمە زۆرکات لەکاتى دادگایى و لێپرسینەوە و ڕەوتى لێکۆڵینەوەکاندا بەدیدەکرێت.

هەندێک پێیانوایە زمان دەبێت ڕەسەن و پاک و پەتیى بێت، بەو واتایەى بەدوور بێت لە وشە و چەمک و دەستەواژەى بیانى و زمانەکانى تر. ئەم بۆچوونە لە باوەڕێکى ناسیۆنالیستى پەڕگیرەوە سەریدەرهێناوە، دەنا هیچ زمانێکى زیندوو نادۆزیتەوە کە هەڵگرى وشە و چەمک و دەستەواژەى زمانەکانى دیکە نەبێت، ئەوەتا بیرمەندى ئێرانى (داریوش ئاشورى) (١٩٣٨-) لە گفتوگۆیەکدا کە (عەلى ئەسغەر سەید ئابادى) لەگەڵیدا سازیداوە باس لە پەیوەندى نێوان زمانە مۆدێرنەکان و زمانەکانى پێش مۆدێرنە دەکات، تاکە جیاوازى نێوانیان بە کرانەوەییانەوە گرێدەدات، پێیوایە زمانێک ئەگەر نەتوانێت مانا و مەبەستى نوێ قبوڵ بکات و، هەوڵى خواستن و هێنانە ناوەوەى وشە و زاراوەى نوێى زانستى بۆ ناو زمانەکەى نەدات، ئەوا وەک زمانێکى بەستوو یاخود لەنگ و ناتەواو دەمێنێتەوە. لەپاڵ ئەمەشدا زمان کاتێک بەرەو گەشەسەندن و بەرفراوانبوون دەڕوات کە زەین و ئەندێشە و خەیاڵى تاکەکان بەرەو کرانەوە و مۆدێرنبوون بڕوات، بەو واتایەى بەبێ زەین و تێگەیشتن و ئەندێشەى مۆدێرن زمانێکى مۆدێرنیش نابێت( ).
لە کۆتاییدا، بە ڕوانگەى فەیلەسوفى ئەڵمانى (یۆرگن هابرماس) (١٩٢٩-) کۆتایى بە بابەتى زمان دێنین، بابەتێک کە سەدان کتێب هەڵدەگرێت. (هابرماس) ئەرکى زمان تەنها لە دەربڕین و گوزارشتکردن و نیشاندانى وێنە و وەسفکاریدا کورت ناکاتەوە، بەڵکو ئەرکدارى دەکات بە گێڕانى ڕۆڵى پەیوەندیکاریی، ئەمەش بە تواناى ڕاڤەکاریی زمانەوە دەبەستێتەوە، بە ئامانجى پەیبردن بە هەموو مەبەست و دەلالەتەکانى زمان، هەموو ئەو مەبەست و دەلالەتانەى کە لە پشتى ئەو گوتە و کردارانەوەن کە زمان کاتێک گوزارشتیان لێدەکات ناتوانێت پەیامەکەیان بگەیەنێت، یاخود بە ئاڕاستەیەکى دیاریکراوى مەبەستداردا پاڵیان پێوەدەنێت، بۆیە ئەرکى زمانە لە سەرەتادا هەوڵى تێگەیشتنى سەرتاپاگیر و فرەڕەهەند بدات، تاکو لە ناکۆکى و ناڕوونى بەدوور بێت. بەڵام تەنها لێرەدا ڕاناوەستێت، بەڵکو زمان لەسەریەتى ڕۆڵى ڕزگاریخوازییش بگێڕێت، بەتایبەت کاتێک بۆ چارەسەرکردنى گرفتەکان بەکاردێت، ئەمەش بەدینایەت تەنها بە گفتوگۆ و دیالۆگى کراوە و ئازاد و بەردەوام نەبێت( ).




ئەوە دەوڵەت و دەسەلاتن کە موبادەرەکانیان لە خەڵکی سەندۆتەوە*… زاهیر باهیر

ئافاتی کۆرۆنا وای کردوە کە خەڵکی تا ڕادەیەك لە ڕاپەڕاندنی کاروبارەکانیانا و ڕێکێخستنەوەی ژیانی خۆیان و دەوروبەریشیانا، متمانە بکەنە سەر خۆیان.
ئەم چەند نموونەیەی خوارەوە ئەوە نیشان دەدەن کە خەڵکی بە داهێنانەکانیان ئەوە دەسەلمێنن گەر سەرچاوەکانی سامانە سروشتی و کۆمەڵایەتییەکانیان لە چنگا بێت زەرووربوونی دەوڵەت و دەسەڵات پاساوێکی نامێنێت.
ئەمانەی خوارەوە تەنها چەند داهێنانێکی خەڵکییە لە شوێن و وڵاتانی جیاوازدا :

• لە بریتانیا بە هەزارەها گرپی هارریکاریی بێ بەرانبەریی دامەزراون، Mutual Aid، لە یارمەتیدانی خەڵکانێك کە پێویستیان بە یارمەتی هەیە.

• لە شاری وەوهان-ی چین کە لەوێوە گوایە کۆرۆنا سەریدەرهێناوە ، پاش ئەوەی کە دەوڵەت قەدەخەی ئامرازەکانی هاتوچۆی کەرتی دەوڵەتی کرد تاکو هەموو کەس لە ماڵەوە بمێننەوە، خەڵکەکەی هاتن قیتاری سەیارەیان دروستکرد لە گواستنەوەی خەڵکیدا بۆ خەستەخانەکان و هێنانەوەیان.

• لە شاری جیهانسبێرگی جنوبی ئەفەریقا خەڵکی هاتن تیمی تاقمی پێداویسییتییان دروستکرد بۆ یارمەتیدانی ئەو خەلکانەی کە خانوویان نییە ، واتە لە چواردیواری بەناو خانوویەکی لە تەنەکە و مقەبا و پوشوو و پەڵاش دروستکراودا دەژین. لەو پێداویستیانە : دیتۆڵی تەعقیمکردنی دەست ، کاغەزی تەوالێت ، بتڵی ئاوی پاك و خواردەمەنی. لە شاری کەیپ تاون ئەوانەی کە شارەزاییان لە کاروباری نەخۆشی چارەسەرکردندا هەبوون گروپیان دروستکرد لە گەڵ شوێندا، گەر کاتێك کە خەستەخانەکان پڕ بوون و نەیاتوانی چی تر نەخۆش وەرگرن ، ئەمان بە دەوری خۆیان ئەو کارە ئەنجام بدەن .
• لە ئەمەریکا گروپ بۆ یارمەتی کارمەندانی دکتۆر و نێرس خەستەخانە، دروستبووە، کە خۆیان وەختیان نییە تاکو پێداویستییەکانی خۆیان دابین بکەن . هەر لەوێ منداڵێکی 8 ساڵان گروپێکی دروستکردووە کە یارییەکان نیشانی منداڵان دەدات و بە یەکەوە دەیکەن . گروپی دیکە دروست بووە تاکو یارمەتی منداڵانی ئەو دایك و باوکانە بدات کە کە باوك و دایکیان زۆر سەرقالی کاری دیکەن.

• لە نەرویچ گروپێك لەوانەی کە لە کۆرۆنا چاکبوونەتەوە درروستبووە بۆ یارمەتیدانی خەڵکی کە ئەو کارانە بە خەڵکانێك کە تا ئێستا ساغن ناکرێت چونکە مەترسیدارە بۆئەوان کە بیکەن و لە کردنیا ڕەنگە توشی کۆرۆنا ببن.

• لە بولگاریا گروپ دروستبووە بۆ پێدانی کۆفی بەیانیانا و هەروەها بە قسە یارەمەتیدانی کەسانێك کە گرفتیان هەیە. ئەو کارەش بە ئینگلیزی پێی دەلێن counselling . لە پراگ گروپێك لە قوتابیان دروستبووە کە لای منداڵانی دکتۆر و نێرس و کارمەندانی خەستەخانەکان دەمێننەوە کە خۆیان لەسەر کارن .

• لە شاری دوبلن لە ئیرلەندە لە بلۆکێك خانوو یاری ‘ بینگۆ’ کە پێی دەڵێن ” balcony bingo ” لە ڕێگای فەیسبووکەوە دروستکردوە کە بە هەزاران کەس تیایدا بەشدارن .

• لە شاری بریستۆڵ-ی بریتانیا گروپێك لە ئافرەتان دروستبووە کە کاریان پەیداکردنی داوودەرمانە بۆ ئەو کەسانەی کە ناتوانن لە ماڵەکانیان بێنە دەرەوە.

• لە لاتیڤیا بە هەمان شێوە گروپی جیا جیا دروستکراون بۆ مەبەستی جیا جیا.

• لە وڵاتی فلیپین دیزاینەری پۆشاک دوکانەکەی گۆڕیوە بۆ دروستکردنی پێداویستییەکانی خۆپاراستن لە پەتای کۆرۆنا.

• لە یەك هەفتەدا گروپێك لە دکتۆر و تەکنیشنەکان و پسپۆڕان توانییان لە ماوەی هەفتەیەکدا جیهازی هەناسەوەرگرتن و بوژانەوەی سییەکان دروست بکەن کە تێچونی تەنها 370 دۆلاری ئەمەریکییە بە هاوکاری کۆمۆنێتییەکان.
*ئەم زانیاریانە لە وتارێکی نوسەر و چالاکوانی ناسراوی ژینگە George Monbiot کە لە ڕؤژنامەی گاردیانی 31/03/2020 ، وەرگیراوە بەڵام تایتڵی وتارەکەی ئەو جیایە .

01/04/2020
Zaarifbaher.com




داعش یان ئیسلام بە ئۆرسۆدۆکسی؟ … نووسینی: ستیڤان شەمزینی

رەنگە هیچ ناوێک هێندەی داعش “دەوڵەتی ئیسلامی عێراق و شام” لەماوەی ئەم دوو ساڵەی دواییدا، نەبووبێتە مایەی تێڕامان و جێگەی باس و خواسی هەمەلایەنە چ لەسەر ئاستی میدیا و ناوەندەکانی سیاسەت، چ لەسەر ئاستی گەلێری و میللی. ئەگەرچی گۆشەنیگاکان لەمەڕ تێفکرین و خوێندنەوە بۆ خودی داعش و ئامانجەکانی ئەو تەوژمە تیرۆریستییە لێک جودان، بەڵام دەکرێت خاڵی ناوکۆیی و بەیەک گەیشتنی دیتن و شرۆڤەکان لەوەدا یەکبگرنەوە کە زۆرینە کۆکن لەسەر ئەوەی ئەم گروپە تیرۆریستییە دژی هەموو بەها مرۆیی و مودێرنەکانی ژیانی هاوچەرخە و دەیەوێ گالیسکەی مێژوو بۆ سەدە تاریکەکان بگەڕێنێتەوە.
ئەم رێکخراوە ئەگەرچی نوێباوە لەسەر گۆڕەپانی سیاسیی و واقیعی کۆمەڵایەتی، بەڵام ئەو دنیابینییەی داعش نوێنەرایەتی دەکات، زۆر دێرینە و تەمەنێکی چەند سەدەیی تێپەڕ کردووە. لە باری واقیعییەوە رێکخراوێک بە ناوی “دەوڵەتی ئیسلامی عێراق و شام” بۆ دوای رووخانی ریژێمی عێراق و سەدام لە نیسانی 2003 دەگەڕێتەوە، واتە هاوزەمان لەگەڵ گواستنەوەی شەڕی شانە و تۆڕە تیرۆریستییەکان بۆ ناوەڕاست و باشووری عێراق و پارچە پارچەبوونی ئەلقاعیدە، ئەم گروپە لە ناو کەشێکی پڕ تیرۆر و خوێناوییدا سەرهەڵدەدات.
رەگوڕیشەی ئەم گروپە دەگەڕێتەوە بۆ رێکخراوی‌ (التوحید و الجهاد) بە سەرپەرشتی‌ (ئەبو موسعەب زەرقاوی‌)، لە ئۆکتۆبەری‌ هەمان ساڵ پاش بەرفراوانبوونی‌ چالاکییەکانیان و بەیعەتدانیان بە(ئوسامە بن لادن) و وەرگرتنی‌ رەزامەندیی‌ لەلایەن قاعیدەوە، ناوی‌ خۆیان گۆڕی‌ بۆ رێکخراوی‌ (القیادە الجهاد فی‌ البلاد الرافیدین) و بوونە باڵی‌ قاعیدە لە عێراق. ساڵی‌ (2006)دا (ئەبو موسعەب زەرقاوی‌) لە ئەنجامی‌ بۆردوومانی‌ فڕۆکە جەنگییەکانی‌ ئەمەریکا لە باکووری‌ بەعقوبە کوژرا، هەر ئەوکات (ئەبو ئەیوب میسری‌) ناسراو بە (ئەبو حەمزەی‌ مهاجر) شوێنی‌ گرتەوە. پاشان ‌ لە 15-10-2006 ئەم رێکخراوە بڕیاری‌ خۆ رێکخستنەوەیاندا لەچوارچێوەی‌ فۆرمێکی‌ نوێتردا خۆیان بەناوی‌ ( دولە العراق الاسلامیە) راگەیاند و (ئەبو عومەر بەغدادی‌) کرابە ئەمیری‌ رێکخراوەکە.
لە بەرواری‌ 19-4-2010دا لە رێی‌ ئەنجامدانی‌ ئۆپەراسیۆنێکی‌ هاوبەشی‌ هێزەکانی‌ ئەمەریکا و سوپای‌ عێراق (ئەبو عومەر بەغدادی‌ و ئەبو حەمزەی‌ مهاجر) پێکەوە لە بەغداد کوژران. دە رۆژ پاش کوژرانیان، ئەنجوومەنی‌ شورای‌ دەوڵەتی‌ ئیسلامی‌ لە کۆبوونەوەیەکی‌ نائاساییدا بڕیاریدا (ئەبوبەکر بەغدادی) دەستنیشان بکات، وەک ئەمیری‌ نوێی‌ رێکخراوەکە.
هەر دوای تێکچوونی بارودۆخی ناوخۆیی سوریا و بەرپابوونی شەڕی چەکدارانە بە مەبەستی رووخاندنی ریژێمی ئەسەد، (ئەبو بەکر بەغدادی) خۆی گەیاندە سوریا و هەر لەوێ چاوی‌ کەوت بە کەسایەتییە دیارەکان و باڵە جیاکانی‌ دیکەی‌ رێکخراوی‌ قاعیدە لە و وڵاتەدا، بەتایبەت (الجبهة النصرة). بەغدادی‌ پێشنیاری‌ یەکگرتنی‌ گروپە جیهادییەکانی‌ بۆ (ئەیمەن زەواهیری،‌ رابەری‌ رێکخراوی‌ قاعیدە) بەرزکردەوە لە سوریا و عێراق. دوای‌ دوو مانگ لەم پێشنیارە (زەواهیری‌) رەزامەندیی‌ نیشاندا، بەم چەشنە لە بەرواری‌ 9-4-2013 لە رێی‌ تۆمارێکی‌ دەنگییەوە (بەغدادی‌) رێکخراوی‌ (الدولە الاسلامیە فی‌ العراق و الشام- داعش)ی‌ راگەیەند.

پاشتر بەهۆی لاوازبوونی ریژێم لە سوریا، توانیان سەرەتا چەند ناوچەیەکی ستراتیجی لە سوریا داگیر بکەن و شاری “رەققە” بکەنە پایتەختی خەلافەتەکەیان، دواتریش بەهۆی لاوازیی حکوومەتی نوێی عێراق بە سەرۆکایەتی “نوری مالیکی” توانیان چەند شارێکی گەورەی وەک موسڵ و تکریت و بەشێک لە پارێزگای ئەنبار و دیالە و کەرکووک بگرن، هاوکات بەرەو ناوچە کوردستانییەکانی وەک شەنگال و جەلەولا و مەخموور و گوێڕ پێشڕەویی بکەن. لە ئێستادا داعش قەڵەمڕەوی هەیە بەسەر ناوچەیەکی فراوان و ستراتیجی لە هەردوو وڵاتی عێراق و سوریادا و لە شەڕێکی قورس و یەکلاکەرەوەشدایە لەگەڵ سوپای عێراق و پێشمەرگە لەلایەک و هێزە ئاسمانییەکانی وڵاتانی هاوپەیمانی رۆژئاوایی بەتایبەت ئەمەریکا، لەلاکەی ترەوە.
ئەوەی ئێمە گەرەکمانە لێرەدا قسەی لەسەر بکەین، هۆکار و شێوازەکانی دروستبوونی رێکخراوی داعش نییە، هەروەک چۆن نامانەوێ گریمانەی سەرەنجام و کۆتایی ئەو رێکخراوەش بکەین. جگە لەوەش نامانەوێ باسی ئەو گەمە ناوچەیی و نێودەوڵەتییانە بکەین کە لە شەڕی داعشدا هەیە، هەروەک چۆن ئەوەی جێگەی باسی ئێمە نییە ئەو سیناریۆیانەشە لە پشت هاتنە ئارای رێکخراوێکی تێرۆریستی وەک داعش هەیە. ئامانجی سترۆکتۆری ئێمە بریتییە لە بەراووردکاریی لە نێوان رەفتار و کردەوەکانی داعش لەگەڵ دەقە ئاینییەکانی ئیسلام و ئەزموونی چەند سەدەیی دەسەڵاتی ئیسلامی، چوونکە هەندێک دەیانەوێ ئەو مامەڵە دڵڕەقانەی داعش و تاوانکارییەکانیان بخەنە دەرەوەی چوارچێوەی ئیسلام.
ئێمە لێرەدا بەڵگەی ئەوە دەخەینە روو، مامەڵەی داعش و تاوان و کاولکاریی و رەفتارە هۆڤانەکەیان شتێکی نامۆ نییە لەناو مێژووی ئیسلامیدا، تەنانەت شتێکی نامۆ نییە بە تێکستە قورئانییەکان. تەنانەت نامۆ نییە بە هەڵسوکەوتی ئیسلام لە پێغەمبەرەوە تا هەنووکە. بە پێچەوانەوە زۆربەیان لە میانەی دەسەڵاتی خەلافەتی ئیسلامیدا پیادە کراون، رەنگە داعش رێکخراوێکی نوێ نەبێت لە بواری داهێنانی کوشتن و بڕیندا، بەقەدەر ئەوەی هێزێکی تازەیە کە نوێنەرایەتی عەقڵییەت و مامەڵەیەکی نامرۆڤانەی زۆر دێرینتر دەکات. هەربۆیە من داعش بە دیاردەیەکی تازە نابینم لە مێژووی ئیسلامیدا، بەقەد ئەوەی زیندووبوونەوەی رۆحێکی وێرانکارە کە بارگاوییە بە رۆحی ئیسلامگەریی.
ئەگەر ئێمە سەیری قورئان بکەین، وشەی “کوشتن- قتل” بەهەموو مانا و رەهەندە جۆراوجۆرەکانییەوە 174 جار دووبارە بۆتەوە، بەڵام وشەی “نوێژ” کە یەکێکە لە سەرەکیترین کۆڵەکانی ئاینی ئیسلام تەنیا 99 جار دووبارە بۆتەوە. یەک ئایەت هەیە کە رۆژووی کردووە بە یەکێک لە روکنەکانی ئیسلام و ساڵانە ملێونان موسڵمان یەک مانگ بەڕۆژوو دەبن، بەڵام دەیان ئایەت هەیە کە هانی کوشتن و خوێنڕشتنی ناموسڵمانان دەدەن، چەندین ئایەت هەیە جیهاد و کوشتاری کردۆتە یەکێک لە بنەماکانی ئاینەکە. بۆیەکا لەم روانگەوە دەتوانین بڵێین خودی ئاینەکە ئەوەندەی بواری تێدایە بۆ توندوتیژیی و سڕینەوەی بەرانبەر، بە چارەگی ئەوە زەمینەی پێکەوەژیان و یەکتر قبوڵکردن و تولەرانسی تێدا نییە.
رەنگبێ خەڵکانێک هەبن، نموونەی کۆمەڵێک ئایەت بهێننە پێشەوە کە باس لە ئازادیی ئاین و هەڵبژاردنی بیروڕا دەکات، لە چەشنی “لا اکراە فی الدین” و کۆمەڵێک ئایەتی تری هاوشێوە، بەڵام بە سەرنجدان لە خودی ئەوەی پێی دەوترێ “علوم القران” بۆمان دەردەکەوێت زۆرینەی ئەو ئایەتانە “نەسخ” بوونەتەوە، ئایەتی نەسخبووەش حوکمی لێ وەرناگیرێت، بە پێچەوانەوە هەموو ئەو ئایەتانە بە ئایەتەکانی سورەتی “التوبە” نەسخ بوونەتەوە. چوونکە ئەو ئایەتانەی پێشوو زادەی قۆناغی مەککە بوون، چون لە قۆناغی سەرەتای بانگەوازی ئیسلامیدا ئاینەکە بانگەشەی ئازادیی ئاین و ئامانجی هاوبەشی ئاینەکانی تری دەکرد، بەڵام لە قۆناغی مەدینەدا کاتێک باڵانسی هێز بەلای موسڵماناندا دەشکێتەوە، ئایەتەکان زمانیان دەگۆڕێت بۆ زمانی هەڕەشە و کوشت وبڕ.
نووسەری نێوداری عەرەب “هادی عەلەوی” لە کتێبەکەیدا “مێژووی ئەشکەنجەدان لە ئیسلامدا” بە وردیی و هەمەلایەتە تیشکی خستۆتە سەر شێوازەکانی کوشتن و ئەشکەنجەدانی نەیارانی ئیسلام بە درێژایی مێژووی ئیسلام، ئەگەر بە وردیی بەراوورد بکەین لە نێوان ئەو فۆرمانە لە توندوتیژیی کە داعش بەکاریدەهێنێت لەگەڵ ئەو شێوازانەی لە مێژووی ئیسلامیدا بەکارهاتووە، جیاوازییەکی ئەوتۆ بەدی ناکەین شیاوی باسکردن بێت.

عەلەوی لە کتێبی ناوبراودا، چەندین شێوازی توندوتیژیی و ئەشکەنجەدان و لەناوبردنی فیزیکی خستۆتە روو، لە نموونە “کەوڵکردن، سووتاندن، سەرپەڕاندن، لێدان و جەڵدە لێدان، پەل و پۆ بڕین، ئەشکەنجەدانی جنسی، ئەشکەنجەدان بە چەرخ، زگ هەڵئاوساندن لە رێگەی چەرخەوە، کوشتن بە قسڵ “الموت بالنورە”، تەزاندن و رەقکردنەوەی پاش قامچیکاریی، زگ هەڵئاوساندن لە رێگەی بەنجەوە، پچڕینی گۆشت لەلاشە، شکاندن بە دوو داری ئەستوور، تێڵا تێبڕین و کوت کوتکردن، کوشتن لە رێگەی برژاندن، گوێ و لوت بڕین و چاو هەڵکۆڵین، بۆری ئاگرین، نینۆک کێشان، ئەشکەنجەدان بە قامیش، زیندە بەچاڵکردن، لە خاچدان و هتد…..”.
ئەگەر سەیر بکەین داعش شتێکی نوێی لە بواری کوشتن و توندوتیژیدا دانەهێناوە، جگە لە دووپاتکردنەوەی ئەو شێوازانەی بە درێژایی دەسەڵاتی ئیسلامی پەیڕەوکراون. سەرپەڕاندن بە شمشێر و سووتاندن دوو شێوازن داعش زۆرترین جار پەیڕەویی لێ دەکات، ئەوەش لە مێژووی ئیسلامیدا زیاتر لە چەندین جار دووبارە بۆتەوە.
هادی عەلەوی دەنووسێت: ئەبوبەکری سدیق لە میانەی ئامۆژگارییەکانی بۆ ئەو سوپایەی بۆ لەناوبردنی هەڵگەڕاوەکان ناردوویەتی فەرمانی پێداون بیانسووتێنن. هەروەها “تەبەری” دوو کتێبی لەمبارەوە هەیە و رووداوی وەهای تێدایە کە بە فەرمانەکانی ئەو جێبەجێ کراون. “بەلازەڕی” لە “فتوح البلدان”دا ئەوەمان بۆ دەگێڕێتەوە “خالیدی کوڕی وەلید” هەندێک لە هەڵگەڕاوەکانی دوای بەدیل گرتنیان سووتاندووە.
بەشێکی بەرچاویش لە فوقەهای ئیسلامی رێگە دەدەن بە سووتاندنی مرۆڤ بەتایبەتی بە پشت بەستن بە نموونەی سووتاندنی هەڵگەڕاوەکان و پیاوێکی نێرباز لە سەردەمی ئەبوبەکری سدیقدا. داعش پاساوی شەرعی و نموونەی پیادەکراوی کردۆتە پاڵشت بۆ سووتاندنی نەیارانی خۆی. لە نووسراوێکدا رێکخراوی‌ دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) وەڵامی ئەو پرسیارە (حوکمی‌ سووتاندنی کافر تاوەکو دەمرێت چییە؟) دەداتەوە و چەند بەڵگە و فەرموودە و تەفسیرێک دەهێنێتەوە و شەرعیەت دەداتە سووتاندنی‌ مرۆڤ.
لەو نووسراوەدا داعش رایگەیاندووە لە هەر دوو مەزهەبی شافعی ‌و ئەحناف سووتاندن بە رەهایی رێگەپێدراوە و پشتیان بە فەرموودەیەکی پێغەمبەر (محەمەد) بەستووە کە وتوویەتی (کەس بەئاگر سزا نادرێت تەنیا خودا ئەو کارە دەکات)، واتا خودا خۆی خەڵک دەسوتێنێت، مەهلەبیش وتوویەتی “ئەو رەتکردنەوەیەی خودا مەبەستی حەرامکردنی نییە بە رەهایی”، بەڵکو رێگەپێدراوە. لە بەشێکی تری‌ نووسینەکەدا داعش ئاماژەی بەوە کردووە کە ئیبن حەجەر “رێگەی بە سووتاندن داوە و هاوەڵانیش ئەوەیان کردووە، تەنانەت پێغەمبەریش ئاسنی سوورکراوەی‌ بە ئاگر کردووەتە چاوی عەرەنییندا و خالیدی کوڕی وەلیدیش چەندین کەسی لە خەڵکی (رەدە) سوتاندووە”.
خودی توندوتیژییەکە لەسەردەستی پێغەمبەر “محەمەد” دەستی پێکردووە، لە سەردەمی ئەودا توندوتیژیی و جیهاد وەک پارێزەری ئاینەکە ناسێندرا، لە رێگەی ئایەتەکانی جیهاد بەتایبەت سورەتی “تەوبە” فۆرمۆڵەی جیهادی ئیسلامی کرا، بۆ نموونە دەستکەوت و غەنیمەتی شەڕ بە پێی ئایەتێک دیاریکرا کە دەبوو پێنج یەکی هەر غەنیمەیەک بۆ خودی پێغەمبەر بێت، هاوکات خوێن و ماڵی نەیارانی ئیسلام حەڵاڵ کرا، ئەمە جگە لەوەی هاوسەرەکانیان دەکرانە کەنیزەک و وەک دەستکەوتی شەڕ بەسەر سوپای ئیسلامیدا دابەش دەکران.

لە سەردەمی پێغەمبەردا، تیرۆری نەیارانی ئاینەکە لەلایەن خودی پەیامبەرەوە رەوایی پێدرا و چەندین جار پیادەکرا لە نموونەی: کوشتنی “عەسمای کچی مەروان”. کە پێغەمبەر “عومەیری کوڕی عودەی” نارد بۆ کوشتنی، ناوبراو لە ناو مناڵەکانیدا کە بەدەوریدا نوستبوون ئەم ژنەی کوشت، بە پاساوی ئەوەی زەمی پەیامبەری کردبوو.
کوشتنی “ئەبی عەفەکی یەهودی” کە تەمەنی لە 100 ساڵ تێپەڕیبوو، نموونەیەکی ترە لە تیرۆر لە سەردەمی پێغەمبەردا. ئەبی عەفەک شیعری هەجوی لەسەر پەیامبەر دەوت، ئەوەبوو پێغەمبەر “سالمی کوڕی عومەیر”ی نارد بۆ کوشتنی، ئەویش لە کاتی خەودا شمشێرێکی کردە ناو جەرگی و کوشتی. پاشان کوشتنی “کەعبی کوڕی ئەشرەف” کە قوڕەیشی هاندەدا دژی موسڵمانان، نموونەیەکی ترە لە تیرۆر لە سەردەمی پێغەمبەردا، چوون خودی پێغەمبەر سەرپەرشتی راستەوخۆی کوشتنەکەی کرد و 5 پیاوی نارد بۆ لەناوبردنی و تاکو “بقیع الفرقد”یش چوو لە تەکیاندا، پاش ئەوەی “کەعب”یان کوشت و سەرە بڕاوەکەشیان هێنایەوە بۆ پێغەمبەر.

هاوزەمان کوشتنی “ئەبی رافع کوڕی عەبدوڵڵا، سەلامی کوڕی ئەبی حەقیق، دایکی قرفە، ئیبن شەیبنینە” کۆمەڵە کوشتنێک بوون لەسەر راسپاردەی خودی پێغەمبەر ئەنجامدران بەتۆمەتی هەجوکردن و دژایەتی پەیامبەری ئیسلام. ئەگەرچی لە گرتنی مەککەدا لێبوردنی گشتیی دەرکرا، بەڵام وەک “عەلی دەشتی” لە کتێبەکەیدا “بیست و سێ ساڵ پێغەمبەریی” ئاماژەی بۆ کردووە: پێغەمبەر چەند کەسێکی جیاکردەوە و فەرمانی دا لەهەر جێگەیەک دۆزرانەوە بیانکوژن تەنانەت ئەگەر پەنایان بردبێتە بەر کەعبەش. ئەمانە بریتی بوون لە: سەفوان کوڕی ئومەییە، عیکرمە کوڕی ئەبوجەهل، عەبدوڵڵای کوڕی خەتەل، مقبس کوڕی سەباب، حویرس کوڕی نەفیر. شەشەم کەس “عەبدوڵڵای کوڕی ئەبی سەرح” بوو کە ماوەیەک لە مەدینەدا دەستەی نووسەرانی وەحی بوو. هەروەها دوو کەسی تر بەناوەکانی “فرتنا و قریبە” لەبەرئەوەی چەندین بەیت و دێڕی گاڵتەجاڕانەیان لە بارەی پێغەمبەرەوە بڵاوکردبووەوە.
هەر لە سەردەمی پێغەمبەردا، قەلاچۆی هەر سێ هۆزە جولەکەکەی مەدینە کرا، تەنانەت بەپێی ژێدەرە مێژووییەکانی خودی موسڵمانان خۆیان، تەنیا لە هۆزی “قریزە” نزیکەی 8 هەزار کەس زیندەبەچاڵکران و سەروەت و سامانیان بە غەنیمەت گیرا و ژنەکانیان کرانە کەنیزەک و مناڵەکانیشان بە کۆیلە. دواتر لە ساڵی حەوتەمی کۆچی، پێغەمبەر فەرمانی گرتنی قەڵای خەیبەر دەدات کە شوێنی ئاوارە جووەکان بوو، پاش ئەوەی کوشتارێکی زۆریان لێدەکات، سامانەکانیان تاڵان دەکرێت و ژنەکانیان دەکرێنە کەنیزەک، تەنانەت خودی پێغەمبەر “سەفیەی کچی حەی کوڕی ئەختەب” وەک دەستکەوتێکی شەڕ لە خۆی مارە دەکات کە دیلێکی جوو بوو.
ئیبن ئیسحاق، باسی گرتنی قەڵای خەیبەر دەکات و دەڵێت: پێغەمبەر “کینانەی کوڕی رەبیع” بانگ دەکات کە شوێنی گەنجینە شاراوەکەی بەنی نەزیری دەزانی، پرسیاری شوێنی گەنجینەکەی لێکرد، ئەویش ئینکاری کرد شوێنی گەنجینەکە بزانێت. بۆیە پیاوێکی یەهودی بانگ کرد و ئەو یەهودییە بە پێغەمبەری وت بەچاوی خۆم کینانەم دیوە هەموو رۆژێک دەهات بۆ ئەم کەلاوەیە. پێغەمبەریش بە کینانەی وت دەزانی ئەگەر گەنجینەکە لێرە بدۆزمەوە دەتکوژم؟. کینانەش وتی بەڵێ. پێغەمبەر فەرمانی کرد کەلاوەکە هەڵبکەنن و ئەوانیش هەڵیانکەند، شوێنی چەند گەنجینەیەک دەرکەوت، پێغەمبەر پرسیاری لە کینانە کرد شوێنی گەنجینەکە لە کوێدایە؟. کینانەش ئینکاری دەکرد، پێغەمبەر بە زوبێری کوڕی عەوامی وت بڕۆ کینانە ئەشکەنجە بدە تا پێی دەردەخەیت. دواجار پێغەمبەر کینانەی ناردە لای محەمەدی کوڕی مسلمە و ئەویش ملی پەڕاند.
دەبینین سوپای ئیسلام دەستی نەپاراستووە لە کوشتن و سەرپەڕاندن، تاڵانکردن و بە کەنیزەک گرتنی ژنان. تەنانەت بەشێک لە مێژوونووسان پێیانوایە فاکتۆری دەستکەوت و غەنیمەت رۆڵێکی گرنگی گێڕاوە لە سەرکەوتنەکانی سوپای ئیسلام هەر لە سەردەمی پێغەمبەرەوە تا دوا چرکەساتی قۆناغی فتوحاتی ئیسلامی.
عەلی دەشتی، لە کتێبی “ئیسلامناسی”دا دەنووسێت: لە “فتوج البلدان”ەوە وا دەردەکەوێت کە ئەبوبەکری سدیق، لە ناردنی سوپا بۆ شام، لە هاندەری دەستکەوت و غەنیمەت کەڵکی وەرگرتووە و بەهیوای چنگکەوتنی دەستکەوت و غەنیمەت سوپاکە بەرەو شام هاندراوە. هەروەها لە رۆستەم “فەرماندەی سوپای ئێران” و “مغیرەی کوڕی شعبە”ش وا گەیەندراوە کە هاندەری شەڕی عەرەبەکان لە باوەڕێکی ئاینییەوە نەهاتووە بەڵکو بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوت و غەنیمەت بووە.
“بارتولد” و “گلدزیر” و “فیلیپ حتی” و توێژەرانی دیکەش لە لێکۆڵینەوەکانیان وای دەردەخەن کە جەنگاوەرانی عەرەب پتر بەمەبەستی چنگخستنی ماڵ و دەستکەوت و سامان وەک هاندەرێکی سەرەکی شەڕیان دەکرد. لەم روانگەوە عەرەبە بەدووەکان کە نانی خۆیان لە رێی غەزەوات و بە نووکی شمشێر پەیدا دەکرد، بوونە بزوێنەری سوپای عەرەبی ئیسلامی. بەم بۆنەوە بوو “ئیبن خەلدون” گەیشتە ئەو بڕوایەی عەرەبی موسڵمان دەستی بگاتە هەر شوێنێک وێرانی دەکات.
ئەگەر چاوێک بە “فتوحاتی ئیسلامی”دا بخشێنینەوە و بە چاوێکی رەخنەگرانەوە سەیری مێژوو بکەین، رەنگە سوپای ئیسلام لە ریزی دڵڕەقترین و وێرانکەرترین سوپاکاندا بێت بە درێژایی مێژوو. مرۆڤ کاتێک مێژووی “تەبەری” و “تەواوی مێژوو”ی “ئیبن ئەسیر” و چەندان کتێبی تری مێژوویی دەخوێنێتەوە، تێدەگات ئەوەی ئیسلامی بەو خێراییە گەیاندە زۆر جێگەی دوور و ئاینەکە لەماوەیەکی پێوانەیدا گەیشتە رۆژهەڵاتی دوور و نزیک لێوارەکانی ئەوروپا، حیکمەت و بەخشندەیی ئاینەکە نەبوو، بەقەدەر ئەوەی ترس بوو لە سوپایەکی دڵڕەق کە تەنیا و تەنیا کوشتن و کاولکاریی دەزانی.
د.کامیل نەجاڕ، باسی فتوحاتی ئیسلامی دەکات و دەنووسێت: غەزای سیند و هیند لەسەردەمی “حەجاجی کوڕی یوسفی سەقفی”دا بە لوتکەی توندوتیژیی جیهاد لە ئیسلامدا پێناسە دەکرێت. سەرکردەی سوپای حەجاج لە سینددا ساڵی 712ی زاینی “محەمەدی کوڕی قاسم” بوو. حەجاج ئەو فەرمانەی بۆ دووپاتکردەوە کە هەڵستێت بە کوشتنی هەموو ئەو پیاوانەی شەڕیان کردووە و کەنیزەکەکانیش بەدیل بگرێت. لەسەر ئەم بڕیارە کاتێک موسڵمانەکان چوونە ناو شاری “برهامباد”ەوە “محەمەدی کوڕی قاسم” فەرمانی دەرکرد هەموو ئەو پیاوانەی سەرباز بوون سەریان بپەڕێنرێت. ژمارەی سەربڕوانەی ئەو کارەساتەش بە شەش هەزار کەس مەزندە کراوە و هەندێکیش دەڵێن شانزە هەزار بووە.
هیندیش کە لە ساڵی 1000ی زاینی لەلایەن “مەحموود قارنی”ەوە داگیرکرا، لەگەڵ خۆیدا گەردەلولێکی بردە ئەو وڵاتە، پەرستگاکانی رووخاند، ئاڵتوون و زێڕ و زیوویان هەڵلووشی، ئەوەندەی خوا حەز و ئارەزووی کرد کوشتاریان کرد، یەکەمجار بە دیلکردنی پاشا “بنجاب” دەستیپێکرد و دواتر دانیشتوانی “قور”یان ناچار کرد ببنە موسڵمان، کاتێکیش شاری “ماتورا”یان داگیرکرد کە شوێنگە و قیبلەگای خوا “کریشنا” بوو، گەورەترین پەرستگایان رووخاند و تێیدا دەستیان گرت بەسەر 500 پەیکەری ئاڵتوونی رەشادی کە درێژیی هەر پەیکەرێک پێنج یارد بوو. هەروەها لە شاری “سومنات”یش “مەحموود قارنی” زیاتر لە 50 هەزار کەسی کوشت و ئەوەی بۆی کرا تاڵانی کرد.
لە ساڵی 793دا ئەمیر هیشام، سوپایەکی بە سەرکردایەتی “عبدالملک بن عبدالواحد” ناردە ناوەڕاستی ئەندەلوس و ئەویش قەڵەمڕەوی کرد تا گەیشتە قەیرەوان. بە درێژایی چەند مانگێک لە تەواوی وڵاتەکەدا کاری هەر ئەوە بوو بکوژێت و هەڵلووشێ و ژنەکانیان بە کەنیزەک ببات. کاتێکیش بە سەلامەتی گەڕایەوە ئەوەندە دیل و کەنیزەکی لەگەڵ خۆیدا هێنابووەوە مەگەر هەر خودا دەنا کەس ژمارەیانی نەدەزانی.

سوپای ئیسلام نەک هەر دەستی لە کوشتوبڕ نەباراستووە، بەڵکو گەیشتبێتە هەر شوێنێک پرۆسەیەکی کاولکاریی دەستپێکردووە، تەنانەت بە بڕوای “عەلی دەشتی” نووسەری کتێبی “ئیسلامناسی” کوشتنی “عومەری کوڕی خەتاب” لەسەر دەستی “فەیرۆز ئەبو لولوئە” کاردانەوەی ئەو دڕندەییەی سوپای ئیسلام بووە. بۆیە دەنووسێت: کاتێک دیلەکانی شەڕی “نەهاوەند”یان بۆ مەدینە دەبرد، فەیرۆز لەولاوە وەستابوو، سەیری دیلەکانی دەکرد و دڵی منداڵە وردەکانی دەداوە و دڵنەوایی دەکردن و دەستی بەسەردا دەهێنان و دەیگووت: “عومەر جەرگی خواردم”. ژن و کچە دیلەکانی ئەم شەڕانەیان لە بازاڕی مەدینە فرۆشت و ناوی “وسبانا” و “ئوسرا”یان لێنان.
ئەو پرۆسە وێرانکارییەی لە سەردەمی عومەری کوڕی خەتتابدا دەستیپێکرد و تا دواڕۆژەکانی تەمەنی خەلافەتی عەبباسی بەردەوام بوو، لە ئاستێکدایە، جاری وا هەیە مرۆڤ تووشی شۆک دەکات. تەنانەت ماتریاڵە بێ رۆحەکانیش لە دڕندەیی سوپای ئیسلامی دەرباز نەبوون. چەندان پەیکەری بەنرخیان شکاند، چەندان پەرستگا و کتێبخانەیان سووتاند، هەزارەها جێگەی پەرستنیان کاول کرد، هەزارەها ئاسەواری شارستانێتییە دێرینەکانیان لەگەڵ زەوی تەخت کرد.
“ئیبن خەلدون” لە کتێبی “المقدمە”دا دەنووسێت: کاتێک سەعدی کوڕی وەقاس شاری “مەداین” داگیر دەکات، بە نامەیەک لە “عومەری کوڕی خەتاب”ی پرسی چی لەو هەموو کتێبانە بکات کە لە مەداین هەن؟. عومەر لە وەڵامدا نووسیبووی: هەموویان بە ئاودا بدە. ئەگەر ئەو شتانەی لەو کتێبانەدا هەن بۆ رێنماییکردن بن ئەوا خوا قورئانی بۆ ئێمە ناردووە کە لەمانە رێنیشاندەترە، خۆ ئەگەر ئەم کتێبانەش بێجگە لە مایەی گومڕایی شتێکی دیکە نەبن ئەوا خوا لە شەڕی ئەم کتێبانە بەدوورمان دەگرێت. لەبەرئەوە هەموو ئەم کتێبانە بە ئاودا بدە یان بیانسووتێنە.

وەنەبێت ئەمە شەپۆلی توندوتیژییە تەنیا لە سەردەمی خەلاقەتی عومەرەوە سەریهەڵدابێت، بەڵکو لە ساتەوەختی جەنگی “بەدر”ەوە دەستیپێکردووە و پێغەمبەر خۆی لە چوارچێوەیەکی پیرۆزدا فۆرمۆڵەی کردووە. دواتر لە سەردەمی ئەبوبەکری سدیق ئەو توندوتیژیی و وێرانکارییە پەرەیسەندووە و پاشان قۆناغ بە قۆناغ زیاتر تەشەنەی کردووە، بەڵام هەموو ئەمانە بە پاڵپشت بە دەقی قورئانی و فەرموودەی پێغەمبەر ئەنجام دراون.
ئەگەر نموونەیەک بهێنینەوە لە سەردەمی دەسەڵاتی “ئەبوبەکر”دا، هێرشی سوپای ئیسلام بوو بۆ سەر ئەوانەی بە “هەڵگەڕاوە” ناوزەد کراون، لە کاتێکدا زۆربەی ئەوان باوەڕداربوون بە ئیسلام بەڵام ئامادە زەکاتدان نەبوون. کەچی ئەبوبەکر بە سووتاندن و کوشتن و سەرپەڕاندن وەڵامی داونەتەوە. بۆ وێنا هەر لە سەردەمی فەرمانڕەوایی ئەودا، خالیدی کوڕی وەلید، پاش ئەوەی لەسەر نەدانی زەکات “مالیکی کوڕی نویرە” لەناوچەی “بەتاح” دەکوژێ و دەیسووتێنێت و بەزۆرەملێ ژنەکەی مارە دەکات لەخۆی، خودی خەلیفەی ئیسلام بێدەنگ بووە لەم تاوانە لەکاتێکدا کەسێکی وەک مالیک باوەڕی بە ئیسلام هەبووە.

رەفیق سابیر، لە کتێبەکەیدا “ئیمپراتۆریای لم” دەنووسێت: رەنگە سەرنجڕاکێشترین رووداوی دەوڵەتی ئومەوی ئەو پەلامارە بێت بە فەرمانی یەزیدی کوڕی مەعاویە کرایە سەر خەڵکی شاری مەدینە. کە بەحکومڕانی یەزید رازی نەبوون. دوای داگیرکردنی شارەکە سەرلەشکری ئومەوییەکان “مسلمی کوڕی عەقەبە” رێگەی بە سەربازەکانی دا تاکو سێ شەو و سێ رۆژ بە ئارەزووی خۆیان بکوژن و تاڵان بکەن و دەستدرێژیی بکەنە سەر ژنان. سەرچاوەکانی مێژووی ئیسلامی دەنووسن کە لە ئەنجامی ئەو دەستدرێژییە جنسییەی کرایە سەر ژنانی مەدینە حەوت هەزار منداڵی بێژوو لە شارەکەدا لە دایکبوون.

بە ئاوڕدانەوەیەکی خێرا لەم نموونە مێژووییانە و دەیان نموونەی تری هاوشێوە هەر لە غەزای بەدرەوە تاکو دوا هەناسەی دەوڵەتی خەلافەت، بەو ئەنجامە دەگەین داعش ئیزافەیەکی پێ نەبووە بۆ سەر ئەو شێوازانەی لە میانەی 14 سەدەی تەمەنی ئاینی ئیسلامدا پەیڕەو کراون، رەنگە تەنیا ماتریاڵەکان و میکانیزمەکانی ئەو پرۆسە کاولکارییانە گۆڕابن، بەو واتایەی ئەگەر پێشان بە پاچ و گۆپاڵ پەیکەر و شوێنەوارەکان کاولکرابن، ئێستا داعش بە تی ئێن تی کاولیان دەکات، ئەگەر پێشوو بە شمشێر و تیر جەنگیان کردبێت، هەنووکە سەربازەکانی داعش بە تازەترین چەکی پێشکەوتوو شەڕ دەکەن. ئەگەر جاران ئەسپسوار بووبن، حاڵی حازر داعش خاوەنی هەزاران ئۆتۆمبیلی جۆری هەمەرە.
من پێموایە ئەو بۆچوونە زۆر سادە و کرچ و کاڵە کە پێیوایە داعش رێکخراوێکی نامۆیە بە ئیسلام. یان ئەوەتا خاوەنانی ئەو بۆچوونە وێنایەکی خەیاڵی لە ئیسلامیان وەرگرتووە و فاکتە مێژووییەکان نەدیوە، یان ئەوەتا بە ئەنقەست پاکانە بۆ خودی ئیسلام دەکەن. چوونکە بمانەوێ یان نەمانەوێ خودی ئاینەکە زەمینەیەکی شێداری هەیە بۆ پەروەردەکردن و رسکانی ئەو تەرزە لە تیرۆریزم. چوون ناکرێت موسڵمان بیت و باز بەسەر سورەتی “تەوبە”دا بدەیت یان چاو لە ئاست ئایەتەکانی توندوتیژیی و جیهاد بنووقێنیت.
ئەوەی داعش دەیکات، نموونەی پیادەکراوی هەیە هەر لەسەردەمی پێغەمبەرەوە تا ئەم ساتەوەختە. داعش هیچ دیاردەیەکی نوێی لە توندوتیژیی و فاناتیسم و وێرانکاریی دانەهێناوە. بە دەربڕینێکی تر داعش رێکخراوێکی نوێیە، بەڵام نوێنەرایەتی عەقڵییەتێکی کۆن و دێرینتر دەکات، کە تا ئەم چرکەساتەش ئامادەبوونێکی جیددی هەیە و هەڕەشەیەکی پلە یەکیشە بۆ سەر ژیار و ژیانی شارستانی مرۆڤایەتی هاوچەرخ. ئەوانەی دەڵێن نەخێر داعش نوێنەرایەتی ئیسلام ناکات. هەرگیز ناتوانن وەڵامێکی پڕاوپڕ و لۆجیکی ئەم پرسیارە بدەنەوە. ئەگەر داعش نوێنەرایەتی ئیسلام ناکات، ئەی نوێنەرایەتی کام ئایدولۆجیا و ئاین و دیدگا دەکات؟.
ئەوانەی پێیانوایە داعش و ئیسلام دوو کایە و دوو پێدراوی جیاواز لە یەکترن، چۆن وەڵامی مێژوو دەدەنەوە کە دیرۆکی ئیسلامی تژیەتی لە نموونەی ئەو کاولکاریی و کوشتارەی داعش ئەمڕۆ پیادەیان دەکات؟. ئاینەکە خۆی بەرپرسیاری یەکەمە نەک خودی کەسەکان. نەک خوێندنەوە و روئیاکان. چوونکە کەسانێک هەن دەیانەوێ بڵێن ئەوە تەنیا ئیجتهادێکە لە ئیسلامدا، بەڵام بە خوێندنەوەی دیرۆک و تەماشاکردنی شکستی رەوتە عەقڵانییەکانی ناو ئاینی ئیسلام لە نموونەی “موعتەزیلە” و هەرەسی خولیای ریفۆرمیستە ئیسلامییەکان، دەگەینە ئەو بڕوایەی خودی ئاینەکە چەقبەستوو و توندوتیژە نەک خوێندنەوە و روانگەکان.
لەگەڵ ئەوەشدا ناتوانین کاریگەریی چەند کەسایەتییەکی وەک “ئەحمەدی کوڕی حەنبەل، ئیبن تەیمییە، محەمەدی کوڕی عەبدولوەهاب، سەید قوتب” نادیدە بگرین لە فۆرمۆڵەبەندیی ئیسلامی فێندەمینتالیست و ریشەییخواز. ئەو چوار کەسە زیاتر لە هەر کەسی تر بۆ بزووتنەوە ئیسلامییە جیهادیی و تەکفیرییەکان، گرنگ و پڕ بایەخترن، چوونکە ئەوانە داوای گەڕانەوەیان دەکرد بۆ ساتەوەختی “سەلەفی ساڵح” و هەموو بۆچوونە عەقڵانی و ریفۆرمیستەکانیان رەت دەکردەوە.

رۆڵی سەید قوتب لەگەڵاڵەکردنی ئەو دیدگا جیهادیی و تەکفیرییەی ئێستا هەیە، رەنگە کاریگەرتر بێت، چوونکە قوتب پیاوێکی حەرەکی بووە و لە هەموویان هاوچەرختر بووە. ئەو لە رێگەی نووسینەکانییەوە فۆرمۆڵەی بزووتنەوەی جیهادییەکانی کرد. بەتایبەت لە رێگەی کتێبە بەناوبانگەکانی وەکوو “1-هذا الدین. 2-المستقبل لهذا االدین. 3- الاسلام و مشکلات الحضارە. 4- فی ضلال القران. 5- مقومات التصور الاسلامی. 6- خصائص التصور الاسلامی. 7-معالم فی الطریق. 7- لماذا اعدمونی”. قوتب لە کتێبی “مەشخەڵەکانی رێ” بەم دێڕە دەستپێدەکات “ئەمڕۆ تەواوی جیهان لە جاهیلییەتدا دەژی”.
بە بڕوای قوتب، جاهیلییەت ناولێنانێکی رووت نییە بۆ سەردەمێکی دیاریکراو کە پێش سەرهەڵدانی ئیسلام دەگرێتەوە، بەڵکو جاهیلییەت لە دەرەوەی زەمەنەکانە و هەموو ئەو کۆمەڵگایانە دەگرێتەوە لە دەرەوەی ئیسلامن یان لە بەها و عەقیدەی ئیسلامی لایانداوە. سەید قوتب دنیاى وەک دوالیزمێک دەبینی لەنێوان ئیسلام و کوفردا، لەم سۆنگەوە جیهانی دابەشی دوو دنیا کردبوو “جاهیلییەت و ئیسلام” یان “دارولسەلام و دارولحەرب”. ئەو جیهادی بە تاکە میکانیزمی لەناوبردنی ئەو جاهیلییەتە دەزانی کە بە جاهیلییەتی نوێ ناوەزەدی دەکرد.

قوتب، خەونی بە خەلافەتی ئیسلامییەوە دەبینی، لەم روانگەوە جیهادی بە تاکە میکانیزمی هێنانەدی ئەو خەونە حساب دەکرد، بۆیە کۆمەڵگە و دەسەڵاتی تەکفیر دەکرد و داوای هەڵتەکاندنی دامەزراوەکانی دەکرد. ئەو گەرەکی بوو نەوەیەک دروست بکات لەسەر رقبوونەوە لە شارستانی خۆرئاوا، بۆیە لە جێگەیەکدا دەنووسێت “پێویستە رۆڵەکانمان وا پەروەردە بکەین کە رقێکی زۆریان لە شارستانی ئەوروپی بێت. رقێک لە ئایندەدا وایان لێ بکات تۆڵە لە مرۆڤی سپی بکەنەوە، ئەو مرۆڤەی سەر زەوی پڕ کردووە لە گەندەڵی و خراپەکاریی”. تۆ بڵێی رووداوەکانی یانزەی سپتامبەری 2001 بۆ سەر ئەمەریکا هێنانەدی ئەو خەونەی قوتب نەبێت لەسەر دەستی تەکفیرییەکان کە لە رێگەی تێزەکانی قوتبەوە پەروەردە و گۆشکرابوون؟.

قوتب، لە هەناوی ئیخوانەوە هاتە دەرەوە، ئەگەرچی ئیخوان بە رووکەش وەک میانڕەو دەردەکەوێت، بەڵام زۆر زوو توندڕەویی قوتب ئیخوانی تێپەڕاند. ئێمە دەتوانین بڵێن سەید قوتب پردی پەیوەندییە لە نێوان ئیسلامییە تەکفیریی و جیهادییەکان بە داعشیشەوە لەگەڵ ئین تەیمییە و ئەحمەدی کوڕی حەنبەل و محەمەدی کوڕی عەبدولوەهاب و تێزە توندڕەو و ئسوڵییەکانیان، ئەوانیش ئەڵقەیەکی وەسڵن لە نێوان سەید قوتب و ئەو “سەلەفی ساڵح”ەی لای قوتب بە “جیل قرانی فرید” ناوزەدکرابوون. واتە بەبێ ئامادەبوونی سەید قوتب لەم نێوەندەدا رەوتی ئیسلامی جیهادی یان بۆ زەمەنێکی تر دوادەکەوت یان قاچێکی ئیفلیج دەبوو.
خولاسەی قسەی ئێمە ئەوەیە ئەو ئیسلامەی داعش نوێنەرایەتی دەکات، ئەو ئیسلامە دڵخوازەی سەید قوتبە، هەمان ئەو ئیسلامەشە ئیبن تەیمییە و ئیبن حەنبەل و ئیبن عەبدولوەهاب تامەزرۆی بوون، ئیسلامەکەی ئەوانیش هەمان ئەو ئیسلامە ئۆرجیناڵەیە کە لەسەردەمی پێغەمبەر و دەسەڵاتی خەلافەتی راشیدیندا بوونی هەبووە. ئەوەی لێرەدا دەمەوێت بیدرکێنم ئەوەیە لای من جیاوازییەکی ئەوتۆ نییە لە نێوان کار و کردەوەی داعش و غەزەواتی سەردەمی سەرەتای ئیسلام، بە پێچەوانەوە هەوڵی گێڕانەوەی هەمان واقیعە لەم زەمەنەدا.
پەیوەندیی نێوان داعش و کرۆکی ئیسلام پەیوەندییەکی کۆنکرێتییە، داعش بێ رتووش داوای گەڕانەوە بۆ سەردەمی پێشان و ساتەوەختی بانگەوازی ئیسلامیی لە مەککە دەکات، لەگەڵ ئەوەشدا هەرچەند مامەڵە دزێوەکانی داعش بۆ مرۆڤایەتی سەردەم جێگەی شۆک و ئیست بن، بەڵام هیچ کات ناتوانین خۆمان لەو راستییە ببووێرین داعش هەمان نەریتی کوشت و بڕ و کاولکاریی دووبارە دەکاتەوە کە ئیسلامی پێشین ئەزموونی کردووە. بۆیە هەر هەوڵێک بۆ تەکفیر و خستنە دەرەوەی داعش لە چوارچێوەی ئیسلام نەک شکستخواردووە بەڵکو هەوڵێکی ناکام و کۆمیدییە، چوونکە خەونی خەلافەت و جێگیرکردنی ئیسلام لە رێگەی جیهادەوە هەمان خەونی یەکەم ئەڵقەی موسڵمانان بوو لە ماڵی ئەرقەمی کوڕی ئەبی ئەرقەمەوە.

نووسینی: ستیڤان شەمزینی

ستۆکهۆڵم

تێبینی: ئەم وتارە بەشی یەکەمە لە کتێبی “داعش لوتکەی تیرۆریزمی ئیسلامی”. کە لە سەرەتای ساڵی 2015 چاپ و بڵاوکراوەتەوە.




مێژووی شانازی- لە یادی گیان بەختکردووانی شوراکانی کوردستان … ئاسو کمال

هەموو ساڵێک لە یادی ئەم ئازیزانەماندا پەپولەی خەیاڵمان دەفڕێت بۆ سەر یادەوەری ئەم پۆلە هاوڕێ گەنج و پڕ لە وورەیە کە لە ڕۆژانی ٣١ئازار و ١ نیسانی ١٩٩١ لە ڕووبەڕووبونەوەی هێرشی بەعسدا بۆ سەرکوردستان بەداخێکی زۆرەوە گیانیان لەدەست دا. یادی ئەم هاوڕییانەی لای هەموو ئەو نەوەیەی کۆمۆنیستەکان و کەسانی ئازادیخواز و یەکسانیخوازی کوردستان کە بەشداربوون لە ڕاپەڕینی ١٩٩١دا بەرز و جێگای شانازیە. ئەوان یادەوەری بزوتنەوەیەکی شورایی گەنج و پڕ لە شانازی بوون لە کوردستان.
بزوتنەوەی شورایی بریتی بوو لە نەوەیەک لە کچ و کوڕی شۆڕشگێڕی کوردستان کە دەستیان دایە چەک بۆ ڕوخانی بەعس لە کوردستان و بۆ یەکەم جار لە مێژووی کۆمەڵگەی کوردستاندا بزوتنەوەیەکیان بەڕێخست کە کرێکار و فەرمانبەر و خەڵکی هەژار و ئازادیخوازی گەڕەک و کارگە و فەرمانگەکانی کۆدەکردەوە و هانی دەدان کە خۆیان لە ڕیگەی شوراکانیانەوە ئیدارەی کۆمەڵگە بگرنە دەست.
ئەم پۆلە هاوڕێیە هەمیشە لە ڕیزی بزوتنەوەی شوراییدا بە گیانێکی هاوڕێیانە و لە خۆبردوویی و دڵ پڕ لە هیوا بە ئایندەیەکی باشترەوە لە نێو کۆڕ و کۆمەڵی خەڵکدا هەڵدەسووڕان و لە ڕیزی هێزی چەکداری شوراکانیشدا ئازا و جەسوور و شێلگیر بوون بۆ پارێزگاری کردن لە خەڵکی کوردستان بەرانبەر بە پەلاماری دڕندانەی بەعس لە کۆتایی ئازار و سەرەتای نیساندا و لەم پێناوەشدا گیانیان بەختکرد.
ئەم بزوتنەوە شوراییە گەنجە جێگای شانازی ئێمەیە، چونکە مێژوویەکە کە ئێمەی کۆمۆنیستەکان یەکەم جار فرسەتی کاری ئاشکرامان لە نێو کرێکاران و خەڵکی ئازادیخواز بۆ کرایەوە و یەکەم تەجروبەی کاری سیاسی نێو جەماوەرمان بوو، بەڵام ڕاستەوخۆ جەماوەری کرێکار و فەرمانبەر و ئازادیخوازانی کوردستانمان کۆکردەوە تا خۆیان بێنە مەیدان و ڕێگە نەدەن کە لە جێگای بەعس هێز و حزبی تر و بەڕیوەبەر وکاربەدەستانی دوێنێی حکومەتی بەعس خۆیان بسەپێنن بەسەر خەڵکی کوردستاندا. هەربۆیە سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و بە تایبەت “باوکی هەژاران”کەی کە بە “پیاوکوژی کۆمۆنیستەکان” ناوی دەرکردبوو،کە هێشتا لە دیوی ئێرانەوە نەگەشتبوەوە ناو شارەکانی کوردستان، لەڕادیۆی “دەنگی گەلی کوردستان” ەوە بانگەوازی دژی شوراکان بڵاوکردەوە و دژایەتی چینایەتی بورژوازی کورد و سەرمایەدارانی ئێستای هەر ئەو کاتە بە شوراکان و کۆمۆنیستەکان و خەڵکی کرێکار و ئازادیخوازی کوردستان ڕاگەیاند.
شانازی کردنی ئەمڕۆی ئێمە بەو مێژووە کورتەی شوراکانەوە، شانازیە بە کۆمەڵێک بەهای سیاسی و کۆمەڵایەتیەوە.
شانازیە بەوەی هەر لەیەکەم ڕۆژەکانەوە ئێمە لەگەڵ جەماوەری چینەکەی خۆماندا بووین بۆ ڕزگاربوون لە دەست بەعس و لە دەست بەرەی بورژوازی کوردستانیش. بەرەیەک کە ٢٩ ساڵە هیچی لە بەعس کەمتر نەکردوە لە چەوسانەوە و ستەمی چینایەتی و بڕینی موچە ودزینی داهاتی کوردستان و گرتن و تیرۆری ئازادیخوازان و کوشتنی ژنان و گێڕانەوەی کۆنەپەرستی.
شوراکان شانازین بەوەی کە بۆ یەکەم جار وەک بزوتنەوەی کرێکاری وکۆمۆنیستی یەکگرتووانە و بێ گوێدانە جیاوازی سیاسی و فکری دەستمان دایە کاری کۆکردنەوەی جەماوەر و دروستکردنی گروپەکانی گەیاندنی خزمەتگوزاری و بەرگرتن بە گەڕانەوەی بەعس.
ئەمڕۆ لە یادی هاوڕێیانی گیان بەختکردووماندا یادی ئەو شانازیانەی بزوتنەوەکەیان دەکەینەوە. ئەمڕۆ جارێکی تر بە پشت بەستن بەو تەجروبانەی بزوتنەوەی شورایی، لە ڕیکخستن و هاندان و بەرگریکردنی جەماوەری، وە کردنیان بە کۆڵەکەیەکی پتەوی بزوتنەوەی کرێکاران و چەوساوەکانی ئەمڕۆی کوردستان ئەو یادەی ئەوان بۆ هەمیشە بەزر و بەڕیز ڕادەگرین.

ئاسو کمال




بە ھەگبەیەکی کوردانەوە، گەشتێک بە دیوانەکەی (جەلال مەلەکشا) دا …هەڵۆ بەرزنجەیی

گەشتیاری میللەتە پێشکەوتووەکان کاتێ دەچنە بینینی وڵاتان، سەرەتا دەکەونە شارەزابوون لە فەرھەنگ و کولتووری ئەو نەتەوە و وڵاتانە. بۆ ئەم حەز و خولیایە زیندووەیان، ھەمیشە سەردانی مۆزەخانە و شوێن و پاشماوە کۆن و مێژووییەکان، دەخەنە سەری ھەرە سەرەوەی لیستی گەشتەکەیان… ئینجا ھەوڵی بەدەستھێنانی بلیتی ئۆپێرا و شانۆ و کۆنسێرت و گەلەری و شوێنە ھونەرییەکانی دیکە دەدەن. ئیدی بەم جۆرە چێژی ڕۆحی و بژێوی زانین و زانیاری لە گەشتەکەیان وەردەگرن و شتی لێوە فێر دەبن. دەرئەنجام دەبنە خاوەنی جیھانبینییەکی فراوان لەسەر پێشکەوتن و کەلەپوور و شارستانێتی میللەتەکان.
لەم گەشتەمەدا بە نێو جیھانی فراوان و پڕ لە گوڵ و گوڵزار و وێنەی شیعری بەرز و تەکنیکی لێوەشاوانە و خەیاڵی فراوان و سەلیقەی شاعیرانە و گەلێ لایەنی دیکەی ئەم دیوانەدا، خۆم وەک ئەو گەشتیارانە دێتە بەرچاو. بەڵام گەشتەکەی من ھەر لە نیشتمانی خۆمدایە. لەبەر زۆر ھۆکار نیشتمانم جارێ بە داگیرکراوی و دابەشکراوی و بێ کیانی و بێ ئاڵایی ماوەتەوە و بێ پەساپۆرتم و دەرفەتێکی ئازادانەی گەشتی جیھانم بۆ نەڕەخساوە… جارێ ھێشتا دەرگای قەفەزێکی ئاسنینم لەسەر کڵۆم کراوە و توانام نییە بە حەز و خواستی خۆم لە شەقەی باڵ بدەم.. ـ لەمەدا ئێوەش هەر وەک منن ـ . جا لەتەک ئەو ڕاستیانەشدا، من ھێشتا پێویستم بە زانین و زانیاریی و شارەزایی لە وڵاتی خۆمدا ھەیە. پێویستە لە نێو بەرھەم و نووسین و کاری ھونەریی و چالاکییەکان دا، ئەو وێنە و دیاردانە دیاری بکەم و لێیان بدوێم، کە بەھا و نرخی گفتوگۆ و شرۆڤەکردنیان پێویستە…
ھەنووکە دیوانی شاعیرێکی داھێنەر و خاوەن ئەزموون و ڕێچکەشکێنی تایبەتمەند بەسەر دەکەمەوە. بێ ئەملاولا کردن یەکە و ڕاست بەدوای ئەو بیرۆکە و پرس و حەز و خولیا و ئەو تایبەتمەندییەدا دەگەڕێم، کە بە دیدی من پێویستە لە ھەر تاکێکی کوردی نووسەر و ھونەرمەند و بازرگان و ڕەنجدەر و کاربەدەست و بەرپرس دا ئامادەگی ھەبێت. ئاخر ڕاستییەکان لە حوکمی بەڵگەنەویستدان! ڕۆڵەی میللەتێکی بندەست، ھەر دەبێت بۆ ئازادی و سەربەخۆیی بیر بکاتەوە و تێبکۆشێ و بنووسێ و داھێنان بکات… هتد.
(جەلال مەلەکشا) ناوێک نییە، دوور بێت لە ھیچ خوێنەرێکی کورد. ئەو بە کۆمەڵێ شیعری شێواز تایبەت و زیندووی بارگاوی بە ڕەگەزەکانی کوردبوون و بانگی ئازادی و بیر و ھزری مرۆڤ، جوانی نیشتمانی کورد و ڕۆحی بەربەرەکانی و بەگژداچوونەوەی دەسەڵاتی بێگانە. قارەمانی ژێر ئەشکەنجە و ژووری تاریکی زیندانەکان، ھەر زوو ناسنامەی تایبەتی و کەسی و شیعری خۆی بەدەستھێناوە و بە پێناسەی تایبەت بە خۆیەوە چۆتە نێو کایەی ڕۆشنبیریی کوردییەوە.
مەلەکشا، لەکات و ڕۆژگارێکدا ئەم هونەر و جوانییە تۆمار دەکات، کە ژیان دەرەتانی زۆر شتی لێ بڕیوە. لە ڕووبەر و مەملەکەتێکدا ئەم ھەڵوێستە تۆمار دەکا، دەسەڵاتێکی خوێناوی و ستەمکار و دواکەوتووی داگیرکەر حاکمی زاڵە بەسەرییەوە. ئەم دیاردە و سیفەتەش بۆتە نھێنی و پەنھانی گەورەیی سەرکەوتنی ئەم شاعیرە، لە کاروانی شاعیرێتی خۆیدا، جوانی و پیرۆزیی و نرخی بەرزی بەخشیوە بە جیھانی شیعرەکانی.
ئەو شیعرانەی مەلەکشا پێشکەشی کردووین، گەر زادەی بارودۆخێک بونایە، کە شاعیر بەوە تۆمەتبار بوایە، لە کۆشک و تەلارێک سوڵتان ئاسا پاڵی لێداوەتەوە و وەعز دەدات و ئامۆژگاری دەفرۆشێتەوە. ئەوە بەرھەمەکانی چ سوودێکیان نەدەبوو و نەشدەبوونە کەرەسە و بابەتی ئەم نووسینە. خۆ گەر بهاتایە و لە دوورەوەی نیشتمانیشەوە پەیامی بۆ بناردباینایە، دیسان ھەقمان بوو بڵێین: تۆ دووری لێمان و باش ئاگات لە ئازارەکانی نیشتمان نییە و قسەی سەرمێزی ڕازاوە و سکی پڕ دەکەیت. ھەرچەندە دەبێت ئەوە بڵێم، پەیامی جەنتڵمامانە و واقیعی و زیندوو، لە ھەر دەڤەرێک و پێگەیەکەوە بێت، ھەر پەیامە و زەبری خۆی ھەیە. نەخێر مەلەکشا ھێشتا بۆ خۆی بە خاکدا چەقیوە و زێدەکەی توند و گەرم لە ئامێز گرتووە و یەک تاقە سەنتیمەتر لە نەتەوە و خاکەکەی دوور نییە.
پێویستە ئاماژە بەو ڕاستییە بدەم،ناسینیم بۆ شاعیر شیعرەکانی لە ڕێگای گۆڤاری سروەی خنجیلانەوەیە و لەمێژیشە بەتاسەوە بووم دیوانەکەی مەلەکشام دەستکەوێت و بیخوێنمەوە. ڕێکەوت وابوو، خوشکەزای خۆشەویستم ھێمن حسین دەبوو بۆ چارەسەر بچێتە ئێران. منیش داوام لێ کرد، سۆراخی ئەم دیوانەم بۆ بکات. ھێمن لە شاری سنەی خۆشەویست لە دۆستێکی ھەواڵی ئەم بەرھەمە دەپرسێ. مامۆستا شادمان ئەو برا ئازیزە کە ھاوکاریی زۆری ھێمن دەکات لە چارەسەری نەخۆشییەکەیدا،لە ڕۆژی 7.3.2018 دا ئەم دیوانەم لە ڕێی ھێمنەوە پێشکەش دەکات. سوپاس مامۆستا ئازیز بۆ دیارییە جوان و بەنرخەکەت.
ھەر کە بەدەستم گەشت دەستبەجێ وەک ھەنگوینم لە کلۆری داردا دۆزیبێتەوە، بە تاسەوە کەوتمە خوێندنەوەی. ئیدی لێگەڕام دەرفەتێکی ناچیزە ساز بێت، بەچەند وشەیەک لە ڕوانگەیەکی جیاوازەوە، سەرنج لە دیوانی ناوبراو بگرم و قسەی خۆمی لەسەر بکەم. من لێرەدا ھەروەک گەشتیاری ئاماژەپێکراو ، تەنھا وێڵی باوەڕ و جیھانبینی و تەواوی ئەو شتانەم کە دەکەونە بەر حوکمی چەمکی کوردبوون و بنەمای کوردایەتی لە خۆ دەگرن.
دەمەوێ لەم ڕوانگەیەوە چی لە عۆدەی ھزر و قەڵەمەکەمدا بێت، بیخەمە گەڕ و دوایی ھەگبەکەمی لێ پڕ بکەم و پێشکەشی خوێنەرانی بکەم. لەم کارەدا ھەرچی سوودبەخش بوو، ئەوە ماڵی ھونەرە بەرزەکەی مامۆستا مەلەکشا و ئەدەبی کوردییە و ھەرچیش قەڵب و نالەبار بوو، دەبێتە بە ماڵی من و بە سنگفراوانییەوە لێتان وەردەگرمەوە. دیوانەکە وەک گوڵجاڕێک تژییە لە گوڵی بۆنخۆشی ڕەنگاوڕەنگی جوان. لێ من ھەر بەدوای ئەو گوڵەی خۆمدا وێڵم، کە مەبەستمە و گەرەکمە چەپکێکی بۆ ئێوەش لێ ئامادە بکەم و پێشکەشتانی بکەم.
ئەو گوڵانەی چیرۆکی خاک دەگێڕنەوە، بۆنی نیشتمانیان لێ دێت. ئەو گوڵانە خوێن لە زام و برینیان دێ و چوونەتە سەنگەری بەربەرەکانی داگیرکەرەوە. ئەو گوڵانەی بە خوێنی گیانبەختکردووانی کورد ئاو دراون، ئەو گوڵانەی بوونەتە سیمبۆلی ئازادی و بەھا جوانەکانی تری کوردبوون و مرۆڤ بوونەوە. بەڵێ ئەم تەوەرانە لەم نووسینەدا جێیان دەبێتەوە. ئەم تایبەتمەندی و ڕاستییەش وام لێ دەکات، لە پێشڕا لە خودی شاعیر و خوێنەری بەڕێزیش داوای لێ بووردن بکەم، کەوا من جارێ بە وشیارییەوە دەڵێم، تەنیا کڕیاری ئەم جۆرە گوڵانەم.. با پسپۆڕان و کڕیارانی دیکە خۆیان سەرگەمی گوڵەکانی دیکە بن. ئەوەش دەبێ بگوترێ، مافی ڕەوای ھەر لایەکمانە چ گوڵێک دەکڕین.
دیوانی ج. مەلەکشا، لەبەر بارودۆخی ناسروشتی و پڕ لە گێرمەوکێشەی سیاسی پڕە لە شیعرگەلێکی سیمبۆلی . شاعیر لە شیعری (بێ وڵات) دا ھەر زوور دەرک بەوە دەکات لە جوگرافیای جیھان دا و لە سەر ئەتڵەس، بە ھۆی ئەو زوڵم و زۆرداری و چەوساندنەوە و تاڵانییەی دوژمنەکانییەوە بەسەردیدا سەپاندووە، نەخشە وڵاتی خۆی نادۆزێتەوە. ھەر بۆیە کاتێ دەمرێ و ژیان بەجێ دێڵێ، بستە خاکێ نابینێ لاشەکەی تێدا بنێژرێت.
بێ وڵات
چل ساڵە من
تەرمی خۆمم لە کۆڵ ناوە
دەتگێڕم و ئەشک ئەڕێژم
ڕێگەی دووری تەمەن ئەبڕم
بستێ خاکم دەست ناکەوێ
ئەم جەستە پڕ لە ئازارەی
تیا بنێژم! ل ٣١
شاعیر لەم بابەتە زۆر دوور ناکەوێتەوە ڕەپوڕاست پەیامی خۆی بەڕووی داگیرکەراندا دەتەقێنێتەوە و لە شیعرێکی دیکەدا دەڵێ :
وشەی پیرۆز
مێژوو دەڵێ
سەدان کەڕەت
گۆڕەپانی منیان کردە جەھەندەم و
وڵاتێکیان تیا ھەڵقرچان!
بەڵام ھەرگیز نەیانتوانی
دوو دیاردە
لەسەر سینگم بسڕنەوە:
یەکیان کورد و
ئەوی تریان
وشەی پیرۆزی کوردستان ل٣٢
کەواتە دوژمن بەو ھەموو توانا و ھێزەیەوە ناتوانێ ناسنامەی نەتەوەیی بسڕێتەوە. ئەوە زیاتر لە 25 سەدە بەڵگەی مێژوو. دواتر لە ئاکامی بێ دادیی و نەبوونی ئازادی، ناتوانێ سەردانی دەزگیرانی بکات :

تۆڵەی چاوپێکەتن
ئەی گیانەکەم!
بڵا پۆلیسەکان بنوون
زیندان بنوێ
بێدەنگی گشت بەند و قاوشەکان بگرێ
دەلاقەی ژوورەکە داناخەم
چاوەڕوانم بەڵێنت پێدام شەوێ
بخزێیتە ناو خەونەکانم
کاتێ ھاتی دەخیلت بم
کەس نەتبینێ
چونکە پۆلیس بەتاوانی نافەرمانی
تۆڵەی چاوپێکەوتنی تۆم لێ دەستێنێ! ل ٣٣
شاعیر لە زیندانە و بە زۆر تاوانی هەڵبەستراوی بەسەردا ساخ کراوەتەوە. خەون بە دیداری گراوییەکەیەوە دەبینێ، کەچی زۆر بە چرپە پێی دەڵێ: گەر ھاتی با کەس نەتبینێ، دەنا تۆڵەم لێ دەکەنەوە. لێرەدا ئاماژە بۆ دڕندەییەکی تری داگیرکەر دەکات.. چۆن و لەبەر چی زیندانییەک سزای قورستر دەبێت.. چۆن تۆڵەی لێ دەکەنەوە! بۆ لێی دەکەنەوە و لەسەر چ شتێکی سزایەکی نوێی قورستری دەدەن!.؟؟ شاعیر ناتوانێ باز بەسەر ئەو ھەستەدا بدات، کە دەوری کەسایەتی و نیشتمانی تەنیووە. ئەوەتا بێ ئەوەی داوای لێ بکەین، خۆی پێمان دەڵێ خەڵکی کوێیە و چ چارەنووسێکی هەیە و ئەندێشەکانی چین….
بەخشش
خەڵکی وڵاتی گریانم
کێڵگەی کامتان وشک و برینگە
ھەر دوو چاوم پێشکەش ئەکەم
وەک شەم لەناو شەوەزەنگا
دەسووتێم و دەتوێمەوە
شەوگاری کامتان زۆر ڕەشە
دڵی ڕوونم دابەش ئەکەم ل٣٦
ئەم شاعیرە وەک مرۆڤێکی ماف زەوتکراو و بێ سەربەستی، لە پەیامێکدا کە بریتییە لە داوای ئاوات و حەزێکی سروشتی ژیان ، خواستێکی ھێجگار سادە و ساکار دەردەبڕێت، کە لە ھەموو مێژووی مرۆڤایەتی و خەباتی گەلاندا نموونەی نییە و بەرچاو ناکەوێ.
کاتالانییەک گەرچی بێ دەوڵەتە! بەڵام دەتوانێ لە بەرشلۆنەوە بۆ ھەر شارێکی تری وڵاتەکەی و جیھان گەشت بکات. ئیرلەندییەک چەند لەژێر ستەمی ناسیۆنالیستی ئینگلیزدا دەناڵێنێ، لێ لە دەبلنەوە بۆ ھەر کوێی بوێت بێ گرفت دەتوانێ بڕوا و بێت.
کەچی چ جارێ کاوەی کوڕی شاعیر لە گەراجی سنە، گوێی لە دەڵاڵەکان نابێت، ھاوار بکەن… سلێمانی سلێمانی، ئوتومبێل بۆ سلێمانی یاخود ئامەد و قامیشلۆ!.. ئاخر سنوورەکان لەنێو دڵی کوردستاندا بە زۆرەملێی کێشراون تۆخن و بە تەلی دڕکاوی و جەندرمەی دڵڕەق تەنراون، دەرباز بوونیان سەختە…
کاوە، دەبێ بۆ گەیشتن بەودیو سنووری دەستکرد!، دیوار بڕوخێنێ و سنوور ھەڵتەکێنێ، یان وەک کۆڵبەرەکان! لەسەر سنوور سەرکێشی بکات و بە قاچاخی! بڕوا ، تا تەقەی لێ بکرێ و بکوژرێ. یاخود ھاوشێوەی کەسێکی نافەرمی سنووری دەستکرد ببەزێنێ ئەوجا بە ترس و دزییەوە خۆی بگەیەنێتە سلێمانی . ئەمەش دیسان بێ پاسپۆرتی داگیرکەر نابێت .
ئاواتێک
ئاخۆ دەبێ،
ئەو ڕۆژە بێ
کاوەی کوڕم
جانتای سەفەر کاتە شانی؟
دەڵاڵانی بەر گاراژی شاری سنە
ھاوار بکەن:
سلێمانی، سلێمانی! ل٤٥
لە تابلۆی شیعری شەھید دا ھەموو پەیامەکانی میللەتێکی بندەست و دەسەڵاتێکی دڕندە و خوێناوی و ڕەگەزەکانی سیاسەتی نامرۆڤایەتی داگیرکەر بەرچاو دەکەون. گەر کوردستان سەربەخۆ بێت، نە سنوور بەناو دڵیدا دەکێشرێ و نە بێگانە داوای پەساپۆرت لێدەکات و نە کەسیش بە قاچاخچی ناو دەردەکات.
شەھید
کۆترێ سپی
نامەی ئاشتی
وڵاتێکی زامداری بۆ مێژوو ئەبرد
ڕاوچی ھاتن
دێوجامەیان بۆ ڕاگرت و
دەسڕێژیان کرد لە پڕ زەوی زریکاندی
ئاسمان
لەخەو ڕاچڵەکا
خوێنی کۆتر
دڵۆپ دڵۆپ بەسەر ھەموو تکا! ل ٤٨
مەلەکشا ھێندە سەرسەختانە و بە باوەڕەوە بەرەنگاری دوژمن بۆتە، باجەکەی بەسەر بردنی تەمەنێکی زۆری ژیانێتی لە زیندان. زیندان هێمای مەدالیای شانازی سەر سنگی مەلەکشایە. ئێستا شاعیر بۆتە سیمبۆلێکی دیار و خۆشەویستی بەرخۆدانی زیندان.. زیندان ھێندە بەسەر ژیانی شاعیرەوە شوێن پێی ھەیە، لە شیعرە دیارەکەیدا دەڵێ:
زیندانی
لەنێو ژوورە تاکە کەسییە تەنگەکەمدا
ھەڵکوڕماوم
کارەساتێ بەڕێوەیە
لەو دێو دیوار
وەردیانەکەم ڕاوەسراوە
دەلاقەتەکی بچکۆلە
لەسەر سینگی دەرکەکەیەو داخراوە
کۆترە باریکەی خەیاڵم
تامەزرۆیە ھەڵفڕێت تا،
ئاسمانی کاکی بە کاکی !
وەردەیانەکەم…
دەلاقەکە دەکاتەوە و
لێم دەڕوانێ
ئەو تاریکی دەبینێ و من ڕووناکی ! ل ٤٩

ئەم ھاوکێشەی تاریکی بۆ دوژمن و ڕووناکی بۆ من، دەچێتەوە سەر بنچینەی میتۆلۆژیای کۆنی کوردی. شاعیر لەوێوە وێنە شیعرییەکەمان بۆ ڕادەگوازێ.. ئاخر خۆر ھێشتا ھەر توخمێکی گرنگی ژیانە و لای کورد بەرز و پڕ بەها و پیرۆز دەماشا دەکرێ.
لەو شیعرەدا کە بۆ کچێکی قەرەجی وتووە و مەلەکشا ھێندە عەوداڵی نیشتمانە، قەرەجی لێ دەبێتە نیشتمان و نیشتمانی خۆی لێ دەکاتە قەرەج… ئەم مەدالیا دوو دیوە شاعیر تێیدا بێ نیشتمان و بێ ئازادی و بێ مافە ، بەڵگەی ھەموو ئەو ستەم و چەوسانەوە و ناھەقییەیە کە باری گرانی سەر شانی شاعیر پێک دێنن. گەر بێ دەوڵەتی تا سەر ئێسک ئازاری شاعیری نەدابێ، گەر بێ ناونیشانی خەمی گەورەی شاعیر نەبێ، گەر بێ ناسنامەیی دەردی گرانی مەلەکشا نەبێ،ئەدی شاعیر چۆن خۆی دەکاتە قەرەجێکی بێ نیشتمان و ناونیشان قەرەج. ئاخر شاعیر چۆن خۆی دەکاتە قەرەج ،لە کاتێکدا قەرەج خۆیان گەرۆکن و بێ نیشتمانن و ناسنامەیان لەم گۆی زەوییەدا بزرە !؟… لە کاتێکدا نیشتمان بۆخۆی پارچە زەوییەکی جێگیر و دیاریکراو و ناسراوە و خاوەنی پێناسەیە.
لەشیعری گەڕانەوەدا مەلەکشا دەڵێ: کاتێ لە غەریبی مردم، ڕەنگە مەبەستی تاران بێت، یان ھەر شوێنێکی تری دوور لە کوردستان، نابێت لەوێ بمنێژن.. کەواتە دوای ماڵئاوایش لە ژیان شاعیر نایەوێ دوور لەخاک و نەتەوەکەی خۆی، شوێنێکی تری بۆ تەرخان بکەن و لێی بنێژرێت. بۆیەکا دەڵێ:
گەڕانەوە
گەلێ یاران!
کاتێ مردم، دەخیلتان بم!
لەم غەریبستانە مەمنێژن
جەستە ماندووە خەمڕێژەکەم بسووتێنن
خۆڵەمێشە خەمبارەکەم
بە ئاوی دیجلە بسپێرن!
دیجلە دەمبا بۆ ئۆقیانووس
دەبمە ھەڵم و دەگەڕێمەوە بۆ ئاسمان
بای زریانیش ھەڵدەکات و
جەستەی سپیی چەشنی ھەورم
دەباتەوە بۆ کوردستان!
دڵتەنگ ، دڵتەنگ
لەسەرچاوەکەی ژیانمەوە
چەشنی ھەورێکی خەماژۆ، دادەبارێم
لە کوێستان و لە پێدەشت و دارستانا
دادەبارێم، تۆزقاڵ تۆزقاڵ
ژیلەمۆی دڵ، دابەش دەکەم
بەسەر ھەموو کوردستانا! ل ٦١

لەتیف ھەڵمەتیش وێنەیەکی شیعری نزیک بەمەی ھەیە. کەواتە شاعیر ببرێ بۆ هەر کونجێکی گۆی زەوی و بەرزایی ئاسمان و قوڵایی زەوی و دوورایی نەخشەی جیھان ھەر دێتەوە بۆ نیشتمان و زێدی خۆیی و لەوێدا ڕۆحی ئارام دەگرێ و دەتوانی خەوی قوڵی یەکجارەکی بکات. ڕۆح و جەستەی ئاوێزانی بۆنوبەرامەی خاکی خۆی بکاتەوە. ئەم ھەستە قوڵە و وابەستە توندەی شاعیر بە نیشتمانەوە، سەرچاوەی ئەو گیانە بەرزەی خۆڕاگریی نەبەزییەتی، بەرامبەر بە ھەموو ناڕەحەتییەکانی ژیان.
چەند پەڕەیەکی تر لە دیوانەکەی ھەڵنادەینەوە، دەکەوین بەسەر پارچە شیعری زێڕینی دڵخۆش دا . لەوێدا شاعیر لە چەند بەیتێکی کورتدا ھەموو شت دەڵێ و پەیامەکەی تەواو زیندوو و ئاگرینە و چ شاراوەیەکی لە خۆ نەگرتووە.
دڵخۆشی
کڵاوم لارە!
قەڵەمەکەم
لە بەرامبەر چی سوڵتان و
فەرمانڕەوا و … داگیرکەرە
کڕنووش نابات!
ھیچیش وەک ئەو
تفەنگە دەم بە ھاوارە
وا لە پەنا قەڵەمێکدا
لەسەر پێیە…
منی ئەوینداری وڵات
دڵخۆش ناکات! ل ٦٢

مەلەکشا زۆر دڵخۆشە قەڵەمەکەی نەبەزە و شانازی بە تفەنگی شانی پێشمەرگە و ڕاپەرینەکانی کورد دەکات. ئاخر ئەم لە خۆ ڕاپەرموونە کە جێی شانازی شاعیر و شیعرەکانێتی بۆ خەڵک لە سەرچاوەیەکی دڵسۆزانەی کوردبوونەوە ھەڵقوڵاون. ئەم ھەموو ھەوڵ و تێکۆشان و باوەڕ بەرزییە، بە ئازادی و سەربەستی و مافی ژیان وا دەکات شاعیر بڵێ:
تاوان
چونکە ئەموت:
مرۆڤ دەبێ،
ئازاد و شاد و سەربەست بێ
شادی، دڵداری، ئازادی
بنەڕەتی ژیان بێت
بچووکترین وشەی ئەوین
ماچ و ئاواز و ھەڵبەست بێ
دڵیان کۆڵیم
داخی ھەزار خەمیان چزان بە جەرگمەوە
مۆری سووری قاچاخ بوونیان
کوتا بە وشە و شیعر و دەفتەرمەوە ل ٩٥
دە سا بنۆڕن ئەم دەنگە شیعرییە، لە دووتوێی خۆیدا، سادەترین داوای لە – ئازادی، شادی ، دڵداری، شیعر و ئاواز گۆرانی – بۆ مرۆڤ و ژیان ھەڵگرتووە، جەرگی زامدار کراوە، ھەستی ڕووشێندراوە، زیندانی کراوە، لێپێچینەوە لە وشە و شیعر و بەرھەمەکانی کراوە…دوژمنەکانی بە ئەشکەنجەدان و پێشێلکردنی مافی بوون و ژیانی، وەڵامییان داوەتەوە.
کوردستانم بۆ بێنەوە
… کە خۆم ناسی،
وتم: دایە! من کێم و چیم؟
خەڵکی کام شار
کام مەڵبەندی ڕووی سەر زەویم؟
وتی: ڕۆڵە…
تۆ کوردی دیل و ھەژار
نیشتمانت کوردستانە
بەڵام ناوی نیشتمانت،
لەسەر نەخشەی جیھان نییە
بێ نیشانە!!
وتم : دایە!
باوکم کوانی؟
بۆچی ھەرگیز دەستی حەزی نەگووشیوم
بە کام تاوان
من ھەتیوم؟!
وتی : ڕۆڵە!
ڕۆژێ کاتێ داگیرکەران
شاریان سووتان
تفەنگی مافی کردە شان
لێزمەی خوێنی گەشی لەشی
بەسەر لێوی خاکا پژان
وتم دایە! ئەی براکەم؟
شەپۆلی خەم
ئاوی ماتەم
گۆمی چاوی پڕ کرد لە ئەستێرەی فرمێسک!
وتی ڕۆڵە!
لە کازیوەی وەرزی ڕەشا
لاشەیان کردە نیشانە
خەونەکانی ئازادی ئەم کوردستانەی
بردە ژێر خاک
گیانی پاکی کردە فیدای
سەربەستی ئەو نیشتمانە!
وتم دایە!
ئەی من چبکەم؟
ھەستا سەر پێی
تفەنگێکی بڕنەو کورتی بزمارڕێژی دایە دەستم
وتی ڕۆڵە
ئەی ھۆی ئاوات و مەبەستم
دەیان ساڵە لە چوار لاوە
کوردستان وەک پاڵەوانێ
لە قەڵای دێوی داگیرکەر
دەست و پێی زنجیر کراوە
ڕێبازی خوێن بگرە و بڕۆ
دوعای گەلی چەوساوەی کورد لە پشتی تۆ
سنوورەکان بشێوێنە
سیمای ونبووی خۆت لە نێو مێژووی کۆنا بدۆزەرەوە
کوردستانم بۆ بێنەوە
با بە دەوریا بسوڕێمەوە
کوردستانم بۆ بێنەوە
با دانیشم لەتە – لەتە
وڵاتەکەم بدروومەوە! ل ١٩٠
لێتان ناشارمەوە سەرەتا ویستم لە گوڵجاری ئەم دیوانەدا ئەم تاقە گوڵە بچنم و پێشکەشتان بکەم.. ئاخر مەلەکشا لێرەدا پەلی بۆ زۆر بواری گرێدراو بەو ئاوات و خاڵەوە ڕاکێشاوە، کە بەندە مەبەستێتی. ئەم شیعرە بۆ ئەم باسە و بۆ گێڕانەوەی داستانی دوور و درێژی مێژووی کورد، پانۆڕامایەکی پڕاوپڕە.. ئاماژەی بە ھەموو دیمەنەکانی خەباتی کورد کردووە. تێکڕای چیرۆکەکانی پەیوەست بە کوردبوونەوەی گێڕاوەتەوە.. ئەڵقە بە ئەڵقەی باسەکانی تایبەت بە شۆڕشی ئاماژە پێداوە. زۆر کۆد و ھێمای پرسگەلی جیاوازی داوەتە دەستمان ، وانەی ھەڵبژاردنی شێوازی خەباتی خستۆتە بەرچاومان و وێنەیەکی گەورەی دوژمنیشی بۆ کێشاوین. ئەو داگیرکەرەی نەخشەی نیشتمانەی مەلەکشای دزیوە، سامانەکەی تاڵان کردووە و دەکا، ئازادییەکانی لێ قەدەغە کردووە، مافی پێشێل کردووە و دەیچەوسێنێتەوە و ھەوڵی قڕ کردنی دەدات،ئەویشمان وەک خۆی پێ دەناسێنێ.
ئەم شیعرە دەتوانێ بۆ خۆی بێتە دیوانێک، ئاخر ھێندەی دیوانێکی شیعر، مانای لە خۆگرتووە و بارگاوییە بە پرسی کورد و دۆزە ڕەواکەی .لە درێژەی باسی نیشتمانی دزراودا، مەلەکشا دەیەوێ پێمان بڵێ بۆ ئەو ھێندە عەوداڵ و شەیدای کوردستانی دایکە. نیشتمان چییە و چی دەگەیەنێ؟ نیشتمان بۆ مەلەکشا لە یەک کات دا ، دایک، زێد و نیشتمان و ھاوکات بە مانا مەجازییەکی دەوڵەتیشە. بڕوانە چ دەڵێ:
تووڕەیی
لەم جیھانە،
پەلەوریش
نیشتمانی بۆ خۆی ھەیە
دارستانێ، تاقە داشێ
ئاوارەش بێ
نیو ئەشکەوتێ، بن پاساری!
چۆن شێت نەبم، نەچم بە گژ کوێستانێکا و
چوار ڕێیانی گەردوون نەگرم
ھێشتا بستێ خاک شک نابەم
تیا بژیم، تیا بمرم!
چۆن شێت نەبم
ھەموو ڕێگام لێ بەسراوە
بەھەر جادە و شەقامێکا ڕادەبوورم
تەپۆڵکەیەک
کڵاوێکی سەربازابەی کەسەر ناوە
دڵ و گیرفان دەپشکنێ
بەڵفەی خوایشم لەگەڵدا بێ
ڕێگام دەگرێ
نەکا نەخشەی وڵاتێکم لە گیرفان و
ڕەمزی نھێنیی ناوێکم لە دڵدا بێ!
چۆن شێت نەبم
تووڕەم، توڕە….
وەک ئاگرم
شمشێرێکی ھەڵکیشراوم
لەناو بریسکەی خوێنی خۆما ئەزریکێنم
ھەتا کالان نەدۆزمەوە
ئۆقرە ناگرم!
خوا ئەزانێ
من حەز ناکەم، وەک ئەشقیا
سەرگەردان بم لەم کوێستانە
ڕێگام بدەن بێمە خوارێ
ھیچم ناوێ لەم جیھانە
جگە نەختێ سەربەستی و
بستێ خاک و
ئاڵایەک و
ڕەشماڵێکی قەرەجانە! ل ١٩٧
شاعیر حەسرەتی بێ وڵاتی داخی زۆری بە جەرگیدا ناوە. ئەو نە دەیەوێ وڵاتێکی تر داگیر بکات و نە بەسەر کەسەوە خۆی بکاتە بێگانە و نە گەرەکێتی ستەم لە خەڵکی تر بکات و بێ نیشتمانیان کات. مەلەکشا تەنھا و تەنھا وێڵی دوای دایکی خۆیەتی، ئەو بەس ئەو ھەوار و زێدەی دەوێ، ئەو خاک و ئاوەی مەبەستە، کە لێی زادە بووە و پێی پەروەردە بووە. دەیەوێ بە ئارامی و دڵنەوایی و ئاشتی دوور لە کوشتن و بڕین و زیندانی و ئەشکەنجەدان و ڕاوەدوونان- کە سیمای ھەرە زەقی ژیانی ناو دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستانە – بژی بە سەربەستی لە سەر خاکی باووباپیرانی و ئاڵای نەتەوەکەی بەسەر کۆشک و باڵەخانەکانییەوە بشەکێتەوە. جا گەر خۆشی لە سایە و لەژێر ڕەشماڵێکی قەرەجئاساکانیش دا ژیان بگوزەرێنێ، ھەر بەختەوەر و ڕەزامەندە، چونکە خاوەنی سێبەری دەوڵەت و شیلەی ئازادییە…
کوردستان
کاتێ پێنووسی چارەنووس
کەوتە گەڕان،
لەدوای ئەوەی
نەخشەی عەرد و دنیای نەخشان.
کە گەیشتە لای خۆرھەڵاتی نێوەڕاست
لەسەر خاڵێک،
ساتێ ڕاما
نازانم بۆ.. کەوتە لەرزین
دڵی شکا، چاوی تۆقی،
دڵۆپێ خوێن
بەسەر ئەو خاڵەدا تکا!
خێرا ھاتن، دەوریان تەنی
شەقڵیان کرد
بە پەرژین و موورد و تێمان!
گەڕان، ناوێک بدۆزنەوە
فرمێسکی چاوی گەردوونی تیا بگونجێ
ئێنجا ھاتن
ناوی ئەو خاڵە سوورەیان
نا، کوردستان! ل١٩٩
خوێنەری ھێژا، برای نووسەر…
بە گرنگی دەزانم ئاوڕی زیاتر لەم شاعیرە و دیوانەکەی بدرێتەوە، چونکە ئەمە دەنگێکە لەسەردەمێکی سەخت و دژواردا گوێمان لێی دەبێت. ھاوارێکە سەرەداوەکانی بە سێبەری شیعری پەشێوی گەورە دەگاتەوە. ناڵەیەکە درێژەی دەنگی مامۆستا ھەژار و ھێمنی پێوە دیارە و ھاوکات مەلەکشا بە تایبەتمەندی خۆیەوە ھاتۆتە سەر شانۆی ئەدەبی کوردی. بەڕاستی شیعری “زڕەی زنجیری وشە دیلەکانە”.
ھاوارێکی سەردەمێکی تەواو سامناک و پڕ لە ستەمکارییە.. دەنگێکە لە قەیرانی بیروبۆچوونەکان و قاتووقڕی کوردبوون دا ، نەعرەتەی خۆی ھەڵبڕیووە. شێواز و ڕێچکەیەکە بە جیاواز لەوانی دیکە ئامادەیی خۆی سەلماندووە . ئاخر ھەموو کەس توانای ئەوەی نییە لە دوای ئەو کەڵە شاعیرانە جێی خۆی باسانایی لە پانتایی شیعر و ئەدەبی کوردیدا بکاتەوە، مەگەر مەلەکشای پادشای وشە و وێنەی شیعریی کورت و مانا پڕ و باڵا بەرز و سەلیقەی زرنگانەی شاعیرانە و ئەو تایبەتمەندییەی شاعیری پێ ناسراوە .
مەلەکشا دەنگێکە زادە و ھەڵقوڵاوی ناو ناخی مێژووی ڕاپەرین و شکست، تێکۆشان و قوربانی، ستەمکاری و نامرۆڤایەتی داگیرکەر و ژیانە چڤاکییەکەی کورد. بانگەوازیی شیعریی مەلەکشا، دەرئەنجامی چەشتنی راستەوخۆی زوڵم و زۆرداریی زیندانە تاریکەکانی سەردەمی شای گۆڕبەگۆڕ و کۆماری پەت و سێدارەیە و بە ڕوون و ئاشکرایی، سیما و مۆرکی بێ نیشتمانی و بێ ئازادی و بێ دەوڵەتی کوردیان پێوە دیارە..

هەڵۆ بەرزنجەیی٣٠/٣/٢٠٢٠


کۆی بەرھەمە شیعرییەکانی جەلال مەلەکشا کوردی و فارسی چاپی یەکەم ١٣٩٣/٢٠١٥ ٤٦٢لاپەڕە
بەشی کوردی : زڕەی زنجیری وشە دیلەکان




جه‌مال عیرفان …یه‌كه‌م ڕووناكبیری تیرۆركراوی مێژووی كورد … نوسینی: ئه‌حمه‌د كامه‌ران

ڕووناكبیران و نووسه‌ران ئه‌و چینه‌ی كه‌ به‌دریژایی مێژوو وه‌ كو قه‌ڵغانێكی گه‌وره‌ وابوونه‌ بۆ كۆمه‌ڵگاكانیان له‌ دژی ده‌سه‌ڵاته‌ فاشیزم و ستمه‌كاره‌كان , كه‌ به‌رده‌وام به‌چه‌كی ده‌ستیان كه‌ قه‌ڵه‌مه‌كه‌یان بووه‌ ڕوبه‌ڕوی ده‌سه‌ڵاتداران بوونه‌ته‌وه‌ له‌ هه‌ر ستمه‌كاریه‌ك كه‌ له‌به‌رامبه‌ر چینی هه‌ژار و كرێكاران ئه‌نجام درابێت, ئه‌گه‌رچی به‌پێچه‌وانه‌ش هه‌بووه‌ به‌درێژایی مێژوو كه‌ ڕووناكبیرو نووسه‌ری قه‌له‌م فرۆش واته‌ ئه‌و جۆره‌ نووسه‌رانه‌ ته‌نیا قه‌له‌مه‌كانیان له‌ پێناو ده‌سه‌ڵاته‌ سته‌مكاره‌كان بووه‌ وه‌ هه‌روه‌ها به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك خۆلیان كردۆته‌ چاوی هه‌ژاران و زۆرجاریش له‌دژی چینی هه‌ژاران وه‌ستاونه‌ته‌وه‌ به‌ڵام ئه‌و جۆره‌ نووسه‌رانه‌ هه‌رزوو له‌گه‌ڵ شه‌پۆلی ناڕه‌زایه‌تی چینی هه‌ژارو كرێكاران ڕاسته‌وخۆ نوقم بوونه‌ یاخود ئیتر به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك پێگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی خۆیان له‌ده‌ست داوه‌, جاری واش هه‌بووه‌ هه‌رله‌لایه‌ن خودی ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ ڕاسته‌وخۆ ئه‌و نووسه‌رانه‌ كۆتایی به‌ژیانیان ده‌هێنرێت چوونكه‌ ئیتر ده‌سه‌ڵات كاری پێ نامێنێت و له‌ دره‌نگانی شه‌و له‌ كوچه‌ی شه‌قامێك كۆتایی به‌ژیانی ده‌هێنێت, به‌ڵام هه‌میشه‌ نووسه‌رو ڕووناكبیره‌ ڕاسته‌قینه‌كان به‌سه‌ربه‌زری له‌ناو خه‌لك ده‌ژین و به‌سه‌ربه‌رزیش تیرۆرده‌كرێن كه‌ له‌پاشان ده‌بنه‌ سیمبولێك بۆ كۆمه‌ڵگا.
ئه‌وه‌ی له‌م وتاره‌دا ده‌مه‌وێ باسی بكه‌م , ئه‌ویش كه‌سایه‌تیه‌كی تیرۆكراوی مێژووی كورده‌ كه‌ هاوكات به‌یه‌كه‌م ڕووناكبیر و نووسه‌ری تیرۆركراوی كورد داده‌نرێت , ئه‌و كه‌سایه‌تیه‌ش ناوی (جه‌مال عیرفان) كوردێكی ئازادی خواز و ڕۆشنبیر به‌ڵام ده‌ستێكی دیكتاتۆرانه‌و ناڕۆشنبیرانه‌ جه‌مال عیرفانی تیرۆكرد.

كوردیش به‌ درێژایی مێژوو خاوه‌نی كۆمه‌ڵێك له‌نووسه‌ر و ڕووناكبیری ئازاو بوێر بووه‌ كه‌ توانیویه‌تی به‌ قه‌له‌مه‌كه‌ی پارێزگاری له‌ میله‌ته‌كه‌ی خۆی بكات له‌به‌رده‌م هه‌موو جۆره‌ سته‌مكاریه‌ك بوه‌ستێته‌وه‌ به‌ڵام بۆ دواجار ئه‌و نووسه‌رو ڕووناكبیرانه‌ چاره‌نووسێكی نادیاریان به‌رده‌كه‌وێت, یه‌كێك له‌و ڕووناكبیر و نووسه‌رانه‌ی كورد كه‌ ڕه‌نگه‌ ته‌نیا زۆركه‌س ناوه‌كه‌ی بیستبێت هه‌روه‌ها به‌شێوه‌یه‌كی ته‌واو ده‌رباره‌ی ژیانی ئاشنا نه‌بووه‌ كه‌ ئه‌ویش (جه‌مال عیرفان)ه‌ هه‌رچه‌نده‌ خۆم له‌سه‌ره‌تادا ته‌نیا وه‌كو ناو گوێبیستی ئه‌و كه‌سایه‌تیه‌ بووم به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی فراوان ئاشنایه‌تی ژیانی نه‌بووم به‌ڵام له‌پاشان له‌كاتی بڵاوبوونه‌وه‌ی كتێبێكی به‌ڕێز كاك مۆفه‌ق میراوده‌لی كه‌ له‌ كۆتایی ساڵی 2019 بڵاوكراوه‌ به‌ناونیشانی (جه‌مال عیرفان ڕووناكبیرێكی گومناو) كه‌ كاری ئاماده‌كردن كۆكردنه‌وه‌ی بۆ كردبوو , ئیتر به‌هۆی ئه‌و كتێبه‌ توانیم ئاشنایه‌تیه‌كی فراوان ده‌رباره‌ی ژیان و كاره‌كانی په‌یدابكه‌م , خۆی له‌ڕاستیدا ئێمه‌ ده‌بێت به‌رده‌وام ئه‌و كه‌سایه‌تیانه‌ی خۆمان كه‌ به‌درێژایی مێژوو كه‌ ژیاون و توانیویانه‌ خزمه‌ت بكه‌ن به‌ نیشتمانه‌كه‌یان بۆیه‌پێویسته‌ له‌یادیان نه‌كه‌ین, كتێبه‌كه‌ له‌ 190 لاپه‌ڕه‌ پێك هاتبوو , كتێبه‌كه‌ له‌چه‌ند به‌شێك پێكهاتبوو به‌شێكیان تایبه‌ت كرابوو به‌ وتاره‌كانی جه‌مال عیرفان كه‌ ئه‌و كاوت له‌ ڕۆژنامه‌ی پێشكه‌وتن ده‌ینووسی وه‌ به‌شه‌كانی تریش كۆمه‌ڵێك یاداشت و بیره‌وه‌ری كه‌سانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ن كه‌ كه‌نزیك بوونه‌ له‌جه‌مال عیرفانه‌وه‌ كه‌ له‌سه‌ریان نوسیوه‌ هه‌ربۆیه‌ به‌ڕێز كاك مۆفه‌ق میراوده‌ولی هه‌ڵستاوه‌ به‌ كۆكردنه‌وه‌یان له‌ كتێبێكدا بۆ ئاشنابوونی خوێنه‌ران به‌ ژیانی جه‌مال عیرفان.
جه‌مال عیرفان له‌ساڵی 1881 له‌دایك بووه‌ دایكی كورده‌و باوكیشی چه‌ركه‌سه‌یه‌,به‌ڵام بۆ دواجار له‌ به‌رواری 12|12| 1923 ده‌ستێكی ڕه‌ش هه‌ڵده‌كوتێته‌ سه‌ر ماڵه‌كه‌ی جه‌مال عیرفان به‌چه‌ند گوله‌یه‌ك كۆتایی به‌ژیان و خه‌باتی ده‌هێنن بۆ ڕۆژی دواتر له‌ مه‌راسیمێكی تایبه‌تی به‌ ئاماده‌بوونی خه‌ڵكێكی زۆر به‌خاكی ده‌سپێرن , هه‌رچه‌نده‌ ده‌رباره‌ی مردنه‌كه‌ی قسه‌ی زۆر جیاواز هه‌یه‌ كه‌ هه‌تاوه‌كو ئێستا نازانرێت به‌ده‌ستی كێ كوژراوه‌ كه‌چی هه‌ندێك ده‌ڵێن له‌لایه‌ن ئینگلیزه‌كانه‌وه‌ كوژراوه‌ وه‌ هه‌ندێكی تریش كه‌ پێی وایه‌ ده‌ستی خیانه‌تی ناوخۆیی تێدایه‌ كه‌ تێیدا شێخ مه‌حمود پێی تاوه‌نبار ده‌كه‌ن , به‌ڵام بڕیاردان له‌سه‌ر كوشتنه‌كه‌ی زۆر كارێكی قورسه‌ كه‌ سه‌ده‌یه‌ك تێپه‌ڕیوه‌ به‌سه‌ر تیرۆركردنه‌كه‌ی, چوونكه‌ جه‌مال عیرفان جگه‌ له‌وه‌ی نووسه‌رو ڕووناكبیرێكی كوردی شاری سلێمانی بووه‌ له‌و سه‌رده‌مه‌دا كه‌چی له‌هه‌مانكاتیشدا ئه‌فسه‌رو سیاسه‌تمه‌دارێكی كورد بوو له‌سووپای عوسمانی به‌ڵام جه‌مال عیرفان خاوه‌ن فه‌لسه‌فه‌ی تایبه‌ت به‌خۆی بووه‌ وه‌ له‌هه‌مانكاتیشدا خاوه‌نی بیرێكی چه‌پی ئازادی خوازانه‌ بووه‌ كه‌ دژی هه‌موو جۆره‌ نایه‌كسانی و نادادپه‌وه‌ریه‌ك بۆته‌وه‌.
به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه‌من ده‌مه‌وێت ئاماژه‌ی پێ بكه‌م ده‌رباره‌ی تیرۆركردنه‌كه‌ی جه‌مال عیرفان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ خۆی له‌ دوو تێرۆر ده‌بینێته‌وه‌ ( تیرۆری سیاسی و تیرۆری فكری) ئیتر ئه‌وه‌ گرنگ نیه‌ كه‌له‌لایه‌ن هه‌ركه‌سێكه‌وه‌ ئه‌نجام درابێت .
ئه‌وه‌ی له‌م وتاره‌دا باسم لێوه‌ی كرد ته‌نها نمونه‌یه‌كی دیاری مێژووی كورد بوو كه‌ تێیدا ڕووناكبیرێك له‌سه‌ر فكری ئازادی خوازانه‌ تیرۆركراوه‌ . به‌ڵكو به‌درێژایی مێژوو كه‌سایه‌تی زۆر هه‌بوونه‌ كه‌ له‌لایه‌ن فه‌رمانڕه‌واكان تیرۆركراون یاخود شار به‌ده‌ر كراون , بۆ نمونه‌ سۆكرات فه‌یله‌سوفی یۆنانی كه‌ به‌رده‌وام ڕخنه‌ی له‌ پاشا ده‌گرت به‌ڵام بۆ دواجار ژه‌هر خوارد كرا له‌لایه‌ن پاشاوه‌ , وه‌هه‌روه‌ها كارل ماركس كه‌ به‌رده‌وام پشتیوانی چینی هه‌ژاران و كرێكارانی ده‌كرد و له‌دژی چینی بورژه‌وازیه‌كان وه‌ستایه‌وه‌ به‌ڵام له‌لایه‌ن بورژه‌وازیه‌كانه‌وه‌ شار به‌ده‌ركرا ,ئیتر ئه‌مانه‌وه‌ چه‌ندین كه‌سانی تر به‌ڵام بۆ دواجار ئه‌و كه‌سانه‌ ناویان و ڕێباز و كاره‌كانیان به‌زیندوویی ماوه‌ته‌وه‌ بۆ خه‌ڵك.




دوو کتێبی نوێی نووسەر ئاسۆ بیارەیی

هەسارەکانی یادەوەرییم: یادەوری پێشمەرگایەتییە

هەگبەیەکی کۆساران: یادەوری پێشمەرگایەتی خۆی و باوکیەتی




ئادمین وەک ماسک … ئارام قادر صابر

ئادمین یان ئەدمین (Admin) چەمکێکی کارگێڕیی و بەڕێوەبردنە، کورتکراوەی (Administration) و (Administrator)ە. بە واتای کەسێک کە ڕەوایەتی و ماف و لێهاتوویی بۆ دەسەڵاتێک هەیە کە لە ڕێگەی ئیدارە و بەڕێوەبەرییەوە مومارەسەی دەکات. ئەمەش زیاتر لە جیهانی بازرگانیدا ڕووندەبێتەوە.
ئەم چەمکە لە دنیای تەکنۆلۆژیا و سایبەریدا واتایەکی تا ڕادەیەک جیاوازتری پێدراوە بۆ مامەڵە کردن لەگەڵ هەژمارێکی تایبەت، کە ئادمین وەک خاوەن و کۆنتڕۆڵکار ڕۆڵدەبینێت (بێگومان ئادمینەکان و هەژمارەکانیش لە ژێر چاودێری و کۆنتڕۆڵ و لێپرسینەوەی بەردەوامدان، لەلایەن دەسەڵاتێکی سەرووتر).

لێرەدا من نامەوێ لەسەر خودی چەمکەکە زۆر وردبمەوە، بەڵکو مەبەستمە ئادمین وەک وەزیفە (Function) لە جیهانی سایبەریدا بکەم بە کێشەی ئەم نووسینە، ئەویش بە تایبەت لەو پانتاییە ئینتەرنێتییەی کە کورد تیایدا کەوتۆتە پەیوەندی و نمایش و کەناڵداریی و … وەک سوبێکتێکی ئەم جیهانە مەجازیە مامەڵە دەکات. تایبەتتریش نوخبە جیاوازە کۆمەڵایەتییەکانی دنیای کوردی.
ئارگیومێنتێک دەخەمەڕوو کە: ئادمین لای نوخبە جیاوازەکانی کورد، جگە لە وەزیفەی ئادمین لە هەردوو واقیعی بنچینەیی و واقیعی مەجازیدا، بەر ئەرکێکی دیکە کەوتووە، ئەویش بریتییە لە ئادمینێتی وەک ماسک و ئۆباڵکێشی بۆ لابردن یان هەڵنەگرتنی بەرپرسیارێتی.

بۆ نمونە لای سیاسی، مەلا و کەسانی دینی، ڕۆشنبیران، هونەرمەند و میدیاکار و (ئەستێرەکان!)، دەسەڵاتدار و کەسانێک کە خاوەنی جۆرێک لە هەژموون و پێگەن، لە ساتەوەختی ئیحراجی و تەریقی و هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی لە ڕەفتار و گوفتار و کردەوەیەکی خۆیان، لە ژێر ناوی ئادمینەوە خۆیان لە بەرپرسیارێتی دەدزنەوە، واتا نایانەوێت «خۆیان بەرپرسی کردەوەکانی خۆیان بن» و «ئازاد نین!». بە تایبەت کاتێک هەڵە دەکەن، جنێو دەدەن، کەسانی دی بلۆک دەکەن، وەڵامی نەشیاو دەدەنەوە … هتاد. ئەم کەسایەتییە شاراوەیەی ئادمین ئەوەمان بیر دەخاتەوە کە دەڵێن (نوسینگەی فڵان) و (وتەبێژێک بە ناوی فڵان) …

لە ڕاستیدا، یەکێک لە ئەگەرەکان بریتییە لەوەی کە ئادمینەکان ناوی وەهمین و وەک ماسک و داپۆشەر لە کاتی تەنگانە فریای ئەو جۆرە کەسانە دەکەون. واتا هەمان کەسە ڕاستەقینەکان خۆیانن بەڵام لە کاتی لێقەوماندا خۆیان دەکەن بە ئادمین، یان ئەوەتا ماسکێکە بۆ داپۆشینی ئەو ڕووە جنێودەر و توندوتیژ و کوشندە و ستەمکارەی کە ئەو نوخبە جیاوازانە نایانەوێت نیشانی بدەن و کەشف بن. خۆ ئەگەر بە ڕاستی کەسێک هەبێت و ئاگای لە هەژمارەکەیان بێت، ئەوا لێرەشدا ئادمین وەک کەسێکی بێدەسەڵات و موچەخۆر و کرێگرتە دێتەبەرچاو، کە لە شوناس و وەزیفەی ئادمینی ڕاستەقینە دوورخراوەتەوە و لە توانایدا نییە نەک ئەلف و بێ، بگرە بەبێ ئیزنی ئەو پەنجە بخاتە ئاو یان سەر کیبۆردەوە. بە کورتی، لێرەدا ئادمین کارگێڕ نییە، بەڵکو کارەکانی گێڕە!!

هەر بە ڕاستی ئەو جۆرە کەسانە ئامادەن هەژماری خۆیان بدەنە دەست کەسانێک کە هەڵە دەکەن؟ چونکە لە کاتی ئاساییدا ئادمینێک لە گۆڕێدا نییە و خودی خۆیانن، ئایا ئامادەن کەسێکی دی لە بری ئەوان بڵێت و بنوسێت و دیالۆگ بکات و پەیوەندی جۆر بە جۆر ببەستێ؟ یان لە ژیانی ڕۆژانەدا هیچ ئادمینێکیان هەیە و قبوڵە؟ ئەگەر پێویستیش بێت؟ یان کورد گوتەنی: «ئەگەر گیرام ئەزم، ئەگەر نەگیرام دزم»، ئەم پەندە بەسەریاندا دەسەپێت و واتاکەی دەبێتە «ئەگەر بە دڵتان بوو منم، گەرنا ئادمینە».

ئارام قادر صابر:مامۆستاى فەلسەفە لە زانكۆی ڕاپەڕین




ڕۆڵی باشووری كوردستان لە ڕاپەڕینی شێخ عوبەیدوڵڵای نەهریدا-5- … ڕه‌سوڵ بۆسكێنی

به‌شی پێنجه‌م


شێخ عوبه‌یدوڵڵا و كه‌مه‌ نه‌ته‌وه‌كانی تر

له‌ كوردستان دا، له‌ كۆنه‌وه‌ چه‌ند نه‌ته‌وه‌یه‌ك پێكه‌وه‌ ده‌ژین، جگه‌له‌ كورد گه‌لی ئاسووری و گه‌لی ئه‌رمه‌نیش له‌هه‌ندێ جێگادا پێكه‌وه‌ نیشته‌جێ بوون، له‌ ژێر سایه‌ی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی دا، دینی مه‌سیحی به‌ ڕه‌سمی ناسراوه‌، به‌ڵام هه‌رگیز مه‌سیحیه‌ك ئه‌و مافانه‌ی نه‌بووه‌، كه‌ موسڵمانێك هه‌یبووه‌، زۆر جار جیاوازی دینیان لێ كراوه‌ به‌به‌هانه‌ی چه‌وساندنه‌وه‌ و ئازاردان و كوشتن و تاڵان كردن. له‌ قه‌ڕنی 17 هه‌مدا ده‌وڵه‌تانی ئه‌وروپی چه‌وساندنه‌وه‌ی مه‌سیحیه‌كانیان كرده‌ بیانوی خۆخزاندنه‌ كاروباری‌ ناوچه‌كه‌. میسیونێری دینی به‌ناوی یارمه‌تیدان و پارێزگارییه‌وه‌ بنكه‌ی به‌هێزیان تێدا دامه‌زرا‌ند، پاشتریش ده‌وڵه‌ته‌ ئه‌وروپاییه‌كان مه‌سیحیه‌كانی ناو ئێران و عوسمانیان كرده‌ بنكه‌ی ده‌ستوه‌ردانه‌ كاروباری ناوچه‌كه‌، بۆ دابینكردنی ده‌ستكه‌وته‌كانی خۆیان، كه‌ڵكی زۆریان له‌وان وه‌رگرت، ده‌سه‌ڵاتدارانی ڕۆم و عه‌جه‌میش ئه‌وه‌یان ده‌كرده‌ به‌هانه‌ی توندكردنی چه‌وساندنه‌وه‌ی مه‌سیحیه‌كان.
كورد گه‌لێكی موسڵمانه، هه‌م به‌دین له‌ ئاسووری و ئه‌رمه‌نیه‌كانی هاونیشتمانیان جیا بوون، هه‌م به‌ زمان و ڕه‌گه‌ز جیاواز بوون، ناكۆكی به‌رژه‌وه‌ندی ئابووری هه‌ندێ جار ناكۆكی له‌نێوان كورد و مه‌سیحیه‌كاندا دروست كردووه‌، جیاوازی دین و زمان ناكۆكیه‌كانی قوڵتر كرده‌وه‌، هه‌ندێ له‌ مه‌لا و شێخه‌كانیش هه‌ندێ جار ئاگری ناكۆكیه‌كانیان خۆش كردووه‌ و هانی كوردیان داوه‌ له‌ دژی ئه‌وان، میسیۆنێره‌ ئه‌وروپی و ئه‌مریكاییه‌كانیش هه‌ندێ جار ده‌وری خراپیان گێڕاوه‌ له‌ تیژكردنی ناكۆكیه‌كان و هاندانی مه‌سیحیه‌كان دژی كورد، دواتریش كونسوڵگه‌كانی به‌ریتانیا و ڕووسیا ده‌سه‌ڵاتی به‌هێزیان تێدا دروست كرد بوون و بۆ خزمه‌تی ده‌وڵه‌ته‌كانی خۆیان به‌كاریان ده‌هێنان.
هه‌ر له‌سه‌ره‌تای بزووتنه‌وه‌كه‌دا ئاشكرا ده‌ركه‌وت شێخ تا چ ڕاده‌یه‌ك حه‌ز به‌چاكه‌ و په‌یوه‌ندی دۆستانه‌ له‌گه‌ڵ دانیشتووه‌كاندا ده‌كات، به‌تایبه‌تی له‌گه‌ڵ دانیشتووه‌ گاور و ئه‌وروپاییه‌كاندا، هه‌ر ئه‌مه‌ش بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی فه‌رمانی دا ده‌ستدرێژی و تاڵانی كردن له‌و ناوچانه‌ی شه‌ڕیان تیادا ده‌كرێت قه‌ده‌غه‌یه‌.
كۆنگره‌ی‌ سه‌رۆك خێڵه‌كان له‌ نه‌هری ڕووداوێكی مێژوویی بوو له‌ مێژووی گه‌لی كوردا، له‌سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌مدا، به‌ڕای شێخ عوبه‌یدوڵڵا ئامانجی هه‌ره‌ گه‌وره‌ی ئه‌و كۆنگره‌یه‌، یه‌كخستنی هه‌موو عه‌شره‌ته‌ كورده‌كان و پێك هێنانی ڕاپه‌ڕینێكی گشتی بوو. به‌ڵام چه‌ند سه‌رۆك عه‌شره‌تێك ئه‌وانه‌ی عوسمانی كڕیبوویانن هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای كۆنگره‌كه‌وه‌ ئه‌وه‌یان خسته‌به‌رده‌م ئه‌و یه‌كێتی سه‌رۆكه‌ كوردانه‌، ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ دژی ئه‌رمه‌نه‌كان و گاوره‌كانی تر به‌كاربهێنرێت، به‌ڵام شێخ به‌توندی دژی ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ وه‌ستا، بۆ هه‌مووانی ڕوون كرده‌وه:” ئه‌گه‌ر ئه‌سته‌مبوڵ هه‌تا ئه‌و ساته‌ به‌سه‌ر زاری پشتی كوردی گرتبێت، ئه‌وه‌ به‌و مه‌به‌سته‌ بووه‌ له‌ گاوره‌كانی ئه‌نادۆڵ ڕاستیان بكاته‌وه‌، خۆ ئه‌گه‌ر هاتوو ئه‌رمه‌نه‌كان له‌ئه‌نجامی ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ تیاچوون، ئه‌وسا كورد لای كاربه‌ده‌ستانی عوسمانی نرخیان نامێنێ و به‌فلسێك نایان كڕێ…، ئه‌گه‌ر ڕاپه‌ڕینی كورد ئاراسته‌ی ئه‌رمه‌نی بكرێ، ئه‌وسا‌ ده‌وڵه‌ته‌ ئه‌وروپاییه‌كان له‌ كورد ڕاست ده‌بنه‌وه”.
شێخ عوبه‌یدوڵڵا له‌و بڕوایه‌ دابوو دوژمنایه‌تی كورد و ئه‌رمه‌ن له‌ قازانجی دوژمنان دایه‌ و قازانجی كوردی تێدانییه‌، بۆیه‌ ویستی دۆستایه‌تی كورد و ئه‌رمه‌ن پته‌و بكا و هه‌رچی ناكۆكی هه‌یه‌ له‌نێوان كورد و ئه‌رمه‌ن دا به‌شێوه‌یه‌كی هێمنانه‌ چاره‌سه‌ری بكا، ئه‌و یه‌كێ له‌ ئه‌رمه‌نه‌كان كه‌ ناوی (سیمۆن یاكۆ فلۆویچ گیلیكارۆف) بوو، به‌وه‌زیری كاروباری ده‌ره‌وه‌ دانا. له‌ هه‌مان كاتدا ئاسووورییه‌كان له‌ ماوه‌ی ئه‌م ڕووداوانه‌دا یارمه‌تیه‌كی زۆری كوردیان داو پشتگیریان كردن، ئه‌مه‌ی ئاسووریه‌كان له‌به‌ر ئه‌وه‌ بوو شێخ ڕه‌فتار و كرده‌وه‌ی دۆستانه‌ی له‌گه‌ڵ ئاسوورییه‌كانی ناوچه‌كه‌یدا هه‌بوو، ئه‌مه‌ش بۆ ئینگلیزه‌كان ماپه‌ی په‌ژاره‌ بوو.
شێخ عوبه‌یدوڵڵا چه‌ند جارێك نامه‌ و نوێنه‌ری نارده‌ لای ئه‌رمه‌نی و ئاسوورییه‌كان، به‌مه‌ستی به‌شداری كردنیان له‌ ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ دژی ده‌وڵه‌تانی ئێرانی و عوسمانی، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ كوردستانی سه‌ربه‌خۆدا له‌چه‌وسانه‌وه‌ ڕزگاریان بن و به‌مافه‌كانی خۆیان بگه‌ن. به‌هه‌وڵه‌ به‌رده‌وامه‌كانی ئه‌گه‌ر شێخ نه‌یتوانی بێ دۆستایه‌تی ئه‌و گه‌لانه‌ به‌ده‌ست بێنێ ئه‌وا هیچ نه‌بێ توانی وایان لێ بكا له‌ ململانێی كورد و دوژمنه‌كانی دا بێ لایه‌ن ڕابوه‌ستن.

ماویه‌تی ….

ڕه‌سوڵ بۆسكێنی




یادی شکۆی کۆچی دوایی گەورە بیرمەندی کورد مامۆستا( مەسعوود محەمەد) … ھەڵۆ بەرزنجەیی

یادی شکۆی کۆچی دوایی گەورە بیرمەندی کورد مامۆستا( مەسعوود محەمەد) …
لە فۆڕمی – گازندەیی و سکاڵایەک– دا

ئێمە ئیمڕۆ لەبەردەم شکۆی یادی مەرگی بیرمەندێکی کورداین… کە زیاتر لە نیو سەدە بە تاقی تەنیا، لە ھەلومەرجێکی ھێجگار ئاڵۆز و سەختی ڕۆژگاری ململانێ سەخت و ڕادیکالەکان دا . لەدەڤەرێکی پڕ لە کێشمەکێشی خوێناوی و لە نێو فەزایەکی دواکەوتووی بەجێماوی ھەژاردا، تەنیا بە خۆیی و قەڵەم و باوەڕ و فیکرییەوە، لە مەیدانی کایەکانی مەعریفە و ڕۆشنبیریی و زمان و نووسینی کوردیدا، تاکە شۆڕەسوارێکی بێ ڕکەبەری گۆڕەپانەکە بوو.
بیرمەندێک تەنیا باڵ دەجەنگا دژ بە لەشکرێکی بێ فەڕ ، لە خوێنەوارو خاوەن بڕوانامە و قەڵەم بەدەست،لە ناحەزانی سەر لێشێواوی و دواکەوتوویی لاسایکەرەوە و ڕاسپێردراوی ئێرە و ئەوێ….
بیرمەندێک مەیدانی شەڕی بە مانای – ململانێی ئەقلانی و شارستانییە دوور لە زەبروزەنگەکەی – لە گەڵ ئەوانیتردا بۆ خۆی دیاری کرد بوو. بەڵام چ کەسێ نەبوو لەو لەشکرەی ئاماژەمان پێدا، بە بوێرییەوە بێت و بچێتە مەیدانەوە و زۆرانباری لەگەڵ قەڵەم و ھزری بکات…. لە خۆ ڕابفەرمووێ و بێ و ئەم بیرمەند ڕاپێچێتە سەر شانۆ و بە دیاکۆکی بابەتی تاووتوێی پرسە گرنگەکانی نێو پانتایی سیاسەت و ڕۆشنبیری و فیکری ئەو ڕۆژگارەی لەتەکدا بکات.
بیرمەندێک لە ھەر پێگە و مەقام و شوێنێکدا بوو بێت، بێ شەرم و کۆکردن لە کەس و دەسەڵاتێک ، ئەوەی زادەی ھەق و ڕاستی و کوردایەتی بووبێت، و ویستبێتی ھەرچییەکی تر بڵێ، وتوویەتی و نووسیوێتی بێ پەروا لە بەرزترین فۆڕمی داڕشتن و بە ھەناسەیەکی پڕ لە خاکەڕایی و زۆر بابەتی و واقیعییەوە پێشکەشی کردووین .

ئەم بیرمەندە گەورە مامۆستا(مەسعوود محەمەد) ە( ١٩١٩ ـ ٢٠٠٢) ، کە بارستایی کەسایەتی فیکری بارتەقای بابەتگەلێکی چڕوپڕی تژی لە پرسی گەورە و پیرۆز لە بوونی مرۆڤ و بەھا جوانەکانە، لە ڕەھەندێکی قووڵ و فراوانی خزمەتی کوردبوون دا.
مامۆستا مەسعوود بە کتێبە فیکرییەکانی، ناو و پێگەیەی گەورە و سەرمەشقی بە ترۆپک و پانتایی و درێژایی « ھزر و مێژوو و جوگرافیا و کۆمەڵایەتی و فەرھەنگی» کوردبوون دا ، نەخش بووە.
ئەم بیرمەندە تا لە ژیاندا بوو، جگە لە داتاشینی تۆمەت و جوێنی بازاڕی و ھەڵبەستی درۆ و دەلەسە و نامەردێتی حیز بە خاڵی خۆی فێرە! و دژایەتی کوێرانە و بایکۆتی نەزانانە و ھەموو شێوازە ناشیرینەکانی تری دژایەتی، ھیچی تری لە زۆربەی ھەرە زۆری ھاو قەڵەم و ھاو ڕۆشنبیر و ھاو سەردەمەکانی خۆیەوە نەچنییەوە. سیاسییەکانیش لەگەڵیدا وەک پێویست بە مروەت نەبوون. ئەم بەرە سەرلێشێواو و ناحەزە چەندی بۆیان بکرایەبا، ڕووی لاپەڕە ڕووزەردەکانیان ڕەش دەکردەوە، بە جوێن و باسی نزم و پووچ و بریندارکردنی کەسی مامۆستا مەسعوود.
ئەوە بڕگەیەکی خەمناکی چیرۆکی دوێنێمانە ، دەی ئەوەتا ئێستا لە سایەی دەسەڵات و توانای خۆیی خۆمانەوە، چ بایەخدانێک بەم بیرمەند و کەسە سیمبۆلییەکانی تری مێژوومان نییە… ھەر ئەوانە لەبەرچاو و ڕێز لێگیراون!، کە چوونەتە ژێر چەتری حیزب و لایەنێکەوە و خۆیان چەمەلەخی شوێنێک کردووە. لەم پرۆسەیەشدا ڕێوی کراوەتە شێر و خراپ بە باش و..ھتد.
ھیچ کام لە ئێمە ھیچ شەقامێکی سەرەکی و ناوەندی پێشکەوتووی جیھانی نەدی، بە پەیکەری بیرمەند و ئەدیب و ھونەرمەندەکانی نەڕازابێتەوە. لە شارێکی وەک بەرلین دا ، ناوی گۆتە بەسەر زیاتر لە 55 شوێن لە شەقام و قوتابخانەوەیە و بگرە شانۆ و پەیمانگا گەورە گەورەی فەرمی و نافەرمی بەناوی گۆتەوە ھەیە. کەچی وەک دەزانین ناوی مامۆستا لە شارەکەی خۆی و ناو بنەماڵە رۆشنبیرەکەی خۆی ، شاری کۆیەی ئازیزی مەڵبەندی ڕۆشنبیریی و ھونەر !کۆتەڵ و پەیکەرێ بۆ گەورە زانا و فەیلەسووف و بیرمەند مەسعوود محەمەد بەرچاو ناکەوێت.!..
ئای چ ئەفسووسە ئەم دنیای ئەقڵێت و سیاسەت و دەسەڵاتی کوردییە!؟ ئای چەند ئازاربەخشە کوردبوون لەسایەی دەسەڵاتێکی بێ ئاگا و نابەرپرس و دوور لە ھەستی کوردبوون دا . برالە داخۆ تۆ پێت سەیر و سەمەرە و جێی پرسیار نییە، مەیدانی قەزافی و جەواھیری و شەقامی فڵان و فیسار لە کوردستان ھەبێ، کەچی وەک ئەوەی زانکۆ و پەیمانگا و ناوەندی تایبەتی بەناوی مەسعوود محەمەدە نییە، کوچە و کۆڵانێکیش بەرچاوناکەوێت، تابلۆی ناوی ئەم بیرمەندەی لەسەر بێت….!!

ئەرێ تۆش ناپرسی بۆ سیاسەتی دەسەڵاتی کوردی ھێندە بێ مروەت و قێزەون و چاو قایم و زات کوێرە؟!. چۆن دەتوانێ و بە چ ڕوویەکەوە نکۆڵی لە ھەڵاتن و ئاوابوونی خۆر بکات؟!..وەک ئەوەی ناو و بەرھەم و ھزری مەسعوود محەمەد پەردەپۆش دەکات. ئاخر فەرامۆشکردنی ھزر و قەڵەمێکی وەک مەسعوود محەمەد، واتە بەھەند وەرنەگرتنی تێکڕای فیکر و ڕۆشنبیریی و مەعریفەی کوردی. ئەمەش واتە نادیدە گرتنی چیای پیرەمەگروون و لوتکەی حەسارۆستی نیشتمان.{ ٣ بەرگ نوسین لەسەر حاجی قادر و ٣ بەرگ لەسەر مرۆڤ و دەوروبەر و ٢ کتێب لەسەر نالی و چەندان بەرھەمی تری ناوازە و بەنرخ لەسەر زمان و فیکر… ھتد}، چۆن نرخیان بۆ دانانرێت و لە بیر دەکرێن؟!..دە پێم ناڵێن چۆن و لە چ زەمینەیەکدا دەتوانرێ ئەم خەرمانە لە فیکر و فەلسەفە و مەعریفە وەلا بنرێ و بازی بەسەردا بدرێت؟!..
ھەقی خۆمانە بپرسین ئەم کەمتەرخەمی و کێماسییە چ مانایەکی ھەیە و چ پەیامێکی ترسناکی لە خۆ گرتووە؟! داخۆ ڕەوای ھەقە دەسەڵاتێکی خۆیی لەشکرێ قەڵەم بەدەست و ھەزاران دەستگای میدیایی زەبەلاح، مەرگی کەڵە بیرمەندێکی کورد جێی بایەخیان نییە؟!…
بیرمەندێک بە ھەموو پێوەرێک بە بیرکردنەوەی قوڵ و نووسینی بەپێز و چڕوپڕ و زمانێکی بێ ھاوتا لە دەربڕین و داڕشتن دا، جێدەستی تاقانەی بە سەرلەبەری مێژووی نیو سەدەی ڕابووردووی فەرھەنگ و نووسینمانەوە ھەیە. کارێکی لەم چەشنە چەند نیشانەی بێباکی و گێلێتیی و لە خۆبایی بوونە، دە ھێندە بەڵگەی نەزانی و ناکارامەیی و نادڵسۆزیی و خۆکوژیشە.
ئاخر مامۆستایەک بتوانێ بە زەبری قەڵەمێکی ڕووت و بێ پشت و پەناو بێکەس، ئەم ھەموو خزمەتە بکات و شەڕی ئەو بەرەیەکی فراوانە بکات و بەرگری لە چەمکی « کوردبوون» و بەھای « مرۆڤ» بکات، کە بەخۆڕایی و ترسنۆکانە دەیان سەپاند بەسەریدا، دەبێ چ مرۆڤێک بوو بێت؟!.. چەند متمانەت و باوەڕی بە خۆی ھەبوو بێت .تا چ ئەندازەیەک پشت ئەستوور و بەھێز بوو بێت، بە قەناعەتە فیکریی و فەلسەفییەکانی؟!. چەند خۆی بە ڕاست زانیبێت… حیکمەت و زرنگی ئەو ھەڵوێستە، ئەوە ڕۆژگاری ئەمڕۆ دەری خست ، کێ ڕاست و کێ سەرگەردان و دوای کڵاوی بابردوو کەوت بوو.
ھەرچۆنێک بێت، مەسعوود محەمەد حەزی لە چەلەحانێ و وتی وتی و چیرۆکە بێزراوەکانی شیر لۆ داپیرە و ئاستی نزمی بازاڕی ھەلاھەلاکراوی رۆشنبیریی کوردی نەبوو. گەر شەڕیشی پێ فرۆشرابێت، بێدەنگی ھەڵبژاردووە. یاخود زۆر بەدەگمەن بە ئەدەبێکی بەرزەوە وەڵامی داوەتەوە.
ئەو تەنیا یەک شەڕی بە ئاشکرا دەکرد و سەنگەرێکی ھەڵبژارد بۆ شەڕەکەی ، کە ڕەھەندی داکۆکی کردنەکەی و بەرەکەی بۆ خێر و خۆشی گشتی بێت، بۆ توانەوەی شەختە و ھەڵتەکاندنی دۆگماکان بێت، بۆ ژیانێک بێت مرۆڤ لەسەر گۆی زەوی سەروەر بێت، نەک زەلیل و کۆیلە، مرۆڤ ڕەفتارە خراپەکانی کەمکاتەوە و تای تەرازووی چاکەی قورس بکات…
سەدەی بیستەم، ئەگەر کورد ژانێکی گرتبێ، ئەوە مەسعوود محەمەد لەدایک بووە. ئەم بیرمەندە ئەگەر ھەموو شتێکیشی نەوتبێ !، ھێندە بەرھەم و نووسینی شاکاری دوای خۆی بۆ بەجێھێشتووین، پڕن لە وەڵامی پرسیارە ھەستیار و مەتەڵ ئاساکان . ئەو پرسیارانەی خوێنەر ناچار دەکەن، ئەقڵ و مێشکی بۆ بخاتە کار، ئەو پرسیارانەی پێویستە بە تێڕامان و بیرکردنەوە ئیستیان لەسەر بکرێ. ھاوکاتیش مامۆستا بە وەڵامدنەوەی پرسیارە ئالۆزەکان و کردنەوەی گرێکوێرەکان، چرایەکی ڕووناکی داگیرسان بۆ ڕاماڵینی تاریکی و کەم کردنەوەی نەزانی و پاراستنی بەھای پیرۆز و داھێنەرانەی مرۆڤ و تەختکردن و گوڵڕێژکردنی ڕێگای ژیانێکی شایستەی ناواخن تێر بە ئازادی و پێشکەوتن و زانیاری و حەسانەوەی بە ڕوومەت.
بە درێژایی بیرکردنەوە و نووسین، مەسعوود محەمەد ھەوڵ و تەقەلایەکانی بۆ ڕاستکردنەوەی ھەڵە و ڕۆشنبیرکردنی جەماوەری چەواشەکراو و بەگژداچوونەوەی درۆ و دەلەسە و بێ مانایی و ھەڵبڕینی دەستی ڤیتۆ بەرامبەر بە ناڕاستی و ستەمەکان بووە، بە دروشمی گیان و پرنسیپ و ئاگایی بەرز و بە فۆڕمی ڕاستی و ھەق ویستن و خۆشەویستی مرۆڤەوە.لەم ھاوکێشە و ڕووبەرەشدا، بەشە گەورەکەی پەند و وانە و ئامۆژگارییەکانی بۆ ڕۆڵە نەوجەوانەکانی نەتەوەکەی خۆی بووە.
ڕاستییەک ھەیە سەرووی ھەموو باسەکان دەکەوێتەوە. ئەویش بریتییە لە وەی مەرج نییە من ھاوباوەڕی ھەر کەسێک بم و کتومت وەک یەک بیر بکەینەوە،. ئاخر بیرمەندێک دەڵێ:(گەر دووان وەک یەک بیریان کردەوە، یەکێکیان زیادەیە) بەڵام زۆر گرنگە چاوپۆشی لە ھەقیقەت راستی نەکرێ و بەشە ھەقی ئەو کەسەی جیاواز لە تۆ بیر دەکاتەوە بپارێزرێ. ناحەزە فیکرییەکانی مەسعوود محەمەد تاک و تەرایەکی ڕێزداریان لێ دەرچێ، سەرپاکیان ھێندە زاڵم و جەللادی سەر گیان و ئازادی بیر و ھزر و فکربوون، بە ژەھری ئایدۆلۆژیاکەی خۆیان، مافی مەسعوود محەمەدی بیرمەندیان بە ئاشکرا زەوت دەکرد. ھەرچەند لەگەڵ ئەوەی ئەوانە سەردەمێکی زۆر خاوەنی ھێز و دەسەڵات بوون، لێ بە ھەموو ھەوڵ و چەواشەکاری و پلانگێڕیی و کڵابازییانەوە، نەیان توانی بارستایی و قەبارەی کاریگەرێتی و ھێز و گەورەی مەسعوود محەمەد بسڕنەوە.
بۆ ئەم یادی18 ساڵ تێپەربوونە بەسەر کۆچی دواییدا، مامۆستا مەسعوود محەمەد دا ، مەڵۆیەکتان لەخەرمانی بیر و نووسینینە ڕەنگینەکانی تێهەڵکێش کردووە.

.1.4.2020

ھەڵۆ بەرزنجەیی




جەنگ لە گەڵ ڤایرۆسەکاندا … پارێزەر/ لوقمان مصطفی صالح

ئەگەر جەنگ پێناسەبکەین بەبەراورد لەگەڵ جەنگی ڤایرۆسەکان دەتوانیین بڵێین:- جەنگ بە شێوەیەکی گشتی بریتیە لە شەڕیک کە درووستکەری خودی مرۆڤە کە لەنیوان دوو دەولەتدا یان دوو بەرەدا ڕودەدات وە هەندیک جار دریژخایەنە هەندیکیشیان ماوەکەیان کورتەو بەسەرکەوتنی یەکیکیان کۆتای دیت.هەر کەباس لە جەنگ دەکرێت یەکسەر بەینی دوولایەنی شەڕکەر گەر دوو دەوڵەتبێ یا دوولایەنی ناکۆکی یەک ووڵاتبێ، ئەگەر جیهانی بێ یاخود هەرێمی یاخود ناوخۆییێ، لەپێش چاومان وێنادەبێ،ڕودانی هەر جەنگێک کۆمەڵێک بنەمای یاسایی خۆی هەیە، گەرچی هەندێ جار پێشێلی بنەما یاساییە نێودەوڵەتیەکان دەکرێت،جەنگ هەرچەندە کاولکاری و ماڵوێرانیە بەڵام دووژمنێکی ناسراوە، پێشترزانراوە دووژمنەکەت کێیە،بەنیازی چیە،چی کەرەسەو ئامێری سەربازی هەیە،دەتوانی خۆتی بۆ ئامادەبکەی بە هەموو شێوازەکانی بەرگری روبەروی ببیتەوە،هەرچەندە جەنگ بە شێوەیەکی گشتی کوشتن و وێرانی و قات و قڕی بەرهەم هێناوە بۆ مرۆڤایەتی،بەڵام هەمیشە هیوایەک هەبوە بۆ نەمانی جەنگەکە، ئومێد بەخشیەک هەبووە لای خەڵکی کە ئەویش بە کۆتایی هێنانی هەر جەنگێک دەسپێکی ژیانێکی نوێ و ئاوەدان کردنەوەو بنیاد نانەوەی ژێرخان و سەرخانی ئابوری ووڵاتە.
بەڵام جەنگ لەگەڵ ڤایرۆسەکان بەتایبەت (کۆرۆنا)جەنگێکە لەگەڵ دوژمنێکی بێهەستی بێ پەلوپۆ،مرۆڤ کوژی خۆکوژی مشەخۆر،دوژمنێکی ترسناک، تاریک، بێچەک ،بێتەقە،بەردەوام لە هێرشدایە. بۆ گەیشتن بە ئامانجەکەی خودی مرۆڤ هەم ئامانجە هەم چەکی دەستێتی و هەم قەڵغانی خۆپاراستنێتی.سەرکەوتن بۆ لە ناوبردنی ئەم دووژمنە ترسناکە ناسینێتی،بۆیە دەکرێت واپێناسەیکەین و بڵێین:- ڤایرۆسەکان لەنێویاندا(كۆرۆنا) بریتیە لەكۆمەڵێك لەڤایرۆس و دەبێتە هۆی نەخۆشكەوتنی مرۆڤ وئاژەڵ ، كاتێك توشی مرۆڤ دەبێت كۆمەڵێك كێشەی تەندروستی لێدەكەوێتەوە، بەئاسانی لەنێوان مرۆڤەكان دەگوزارێتەوە.ئەویش بە هۆی ئەوەی (( ڤایروس یان پاڵاوتە (بە ئینگلیزی: Virus) وردکەی زۆر بچووکن. لە ناوکەترشی ڕایبۆزی و بەرگی پرۆتینی پێک دیت. ھەر چەندە ڤایرۆس زیندەوەر نییە لەگەڵ ئەوەیش گرنگن لە تووشکردنی زیندەوەران بە نەخۆشی و یارمەتیدەرن لە بواری لێکۆڵینەوە بو ماوەییەکان کە دەبنە ھۆی گۆڕان لە فەرمانەکاندا. بەڵام دوو ھۆکار ھەیە لەبەردەم مرۆڤدا کە ناتواندرێت بە ئاسانی بەسەریدا زاڵبێت و ڤایرووسەکە لە ناو ببرێت:

  1. ڤایرووسەکە زۆر بچووکە بە چاو نابینرێن.
  2. ڤایرووس زوو ماددە بۆماوەیەکەی دەگۆڕێ لەناو خانە خوێدا))
    ڤایرۆسەکان دوژمنێکە هەر بە سرووشتی خۆیان خۆڕسکن و هەر لە مێژە لەشەڕێکی دەستەویەخەدان لە گەڵ مرۆڤەکان،بەڵام خۆشبەختانە هەمیشە بەرانبەر مرۆڤەکان دۆڕاون، زۆر لە نەخۆشییە ترسناکەکان لەو ڤایرۆسانەوە پەیدادەبن کە مرۆڤی وەک خانە خوێی خۆی سورشتی خۆیان بەکاردێنن. لە نەخۆشییە ڤەیرۆسییە ھەرە باوەکانی مرۆڤ (ھاڵامەتی ئاسایی، ئاوڵەی ئاوی، سوڕێژە، ملەخڕە ، ئیفلیجی منداڵ، ھاری، ھەوکردنی جگەر،جۆرەکانی کۆرۆنا). نەخۆشییە ڤایرۆسسیەکان دەتوانن توشی ئەندامە جیاوازەکانی لەشی مرۆڤەکان ببن، لەوانەش دەماغ و جگەر و دڵ و ھەردوو سیەکان و پێستی مرۆڤ.
    لە گەڵ ئەوەشدا قسە زۆر هەیە لەسەر ئەوەی کە هەندێکیان دەستکردی مرۆڤەکان خۆیانبن بۆ یەکلایی کردنەوەی کێشەکانیان لەگەڵ ڕکابەرەکانیاندا، وەک دەگوترێت (کۆڕۆنا تەنها ڤایرۆسێکی ئاسایی نیە،بەڵکو شەڕی زلهێزەکانە بۆ شکستی ئابوری و گۆڕینی دراو و سیستەمی کۆنتڕۆڵ کردنی جیهان! ) بۆقازانجی زیاترو پاراستنی بەرژەوەندیەکانیان،جەنگی بایۆلۆجی بەکاربێنن،واتا بەکارهێنانی هۆکارەکانی وەکو بەکتریا و ڤایرۆس کە دەبێتە هۆی بلاوبوونەوەی نەخۆشیەکانی دژی مرۆڤ و ئاژەلان و رووەک بە پێچەوانەی بۆچووونەکانی خەڵکی ئەو جۆرە جەنگە ناوی لێنراوە جەنگی میکرۆبی ، بە درێژایی سەدان ساڵە بەکارهێنراوە.لەکۆندا سووپاکان لاشەی مردووانی تووشبوو بە کۆلێرا و تاعون یان ئەخستە بیری ئاوی دوژمنەکانیانەوە.
    بۆیە گرنگە ڤایرۆسەکانی نمونەی کۆرۆنا نەکەینە دێوەزمە بۆ ترساندنی خۆمان و خێزان و دەوروبەرمان ، لەگەڵ ھەموو ئەمانەشدا بۆ سەلامەتی خۆمان کەس و کارمان وەک ئەرکێکی ئەخلاقی و نیشتیمانی بۆ خۆپاراستن لە هێرشی ڤایرۆسەکان بە تایبەت (کۆرۆنا)کەلە ئێستادا هێرشی بۆ تەواوی جیهان دەسپێکردووە،ئەم دوژمنە بێ ئامانە و تێکشکاندنی و قوتار بوون لێی تەنها و تەنها گوێڕایەڵی و پابەند بوونە بە ڕێنوماییە تەندرووستیەکان.



ئەدەبی منداڵان- خۆپارێزی لەکۆرۆنا … فەرهاد ئەحمەد بەرزنجی

بەرەنگاری کۆرۆنا
بۆتە ئەرکی هەموومان
دەبا باش بیپارێزین
خۆمان و ژینگەکەمان۰

ڕێنماییەکان ئاسانن
کاتێک لەماڵ دەردەچین
دەستەوانە لەدەستکەین
دەمامکیش ببەستین۰

لەناوماڵ بۆ خاوێنی
پاکژکەر بەکاردێنین
دەبێت بەسابون و ئاو
زوو زوو دەستمان بشۆرین۰

من دڵنیام گەر وابین
بەدوورین لەنەخۆشی
ژینگەمان خاوێن دەبێ و
هەموو دەژین بە خۆشی۰

۳۱ـ۳ـ۲۰۲۰
فەرهاد ئەحمەد بەرزنجی