بە کانتۆنکردنی سلێمانیی: دیسێنترەڵایزی دەسەڵاتێکی نانیشتمانیی … کامیار سابیر

پارێزگای هەڵەبجە، وەکو پارادایمێکی خۆخۆر!
ئەم وتارە، دووبەشە. هەردوو بەشەکە بەسەریەکەوە دانراون. ( ئەم وتارە لە ٢٠١٤ نووسراوە، لەبەر پێوەندیی بە پرسە سیاسییەکانی رۆژەوە، جارێکی تر، بڵاوی دەکەمەوە)
کامیار سابیر

بەشی یەکەم:
{ پێشەکیی، ئەم باسە، لەم کاتەدا بڵاو دەکەمەوە، بە پێچەوانەی ئیشتیهای سیاسیی و ئایدیۆلۆژیی ئەم حیزب و ئەو رێکخراو ، لەناو فەوضایەکی سیاسیی و کولتوورییدا، کە پێدەچێ، کورد، هیچ کاتێک،ئەوەندەی ئێستا، لە مێژووی کۆن و نوێدا، دروشمی کۆنترادیکت( تەناقوض و موفارەقە)، بەتاڵ و خاڵیی لە فیکر، سیاسەت و جیهانبینیی، بەرزنەکردبێتەوە. }

کانتۆن، بە سادەیی و خاکیی، بە واتای دابەشکردنی کارگێڕیی وڵاتێک( country)، هەرێمێک، ناوچەیەک یان دەوڵەتێک ( State) دێت. نموونەی زۆر لە دونیادا هەن، باشتریینیان، وڵاتی سویسرا و ئوسترالیان، بەکردەوە، هەرێمەکانیان، یان حکومەتە لۆکاڵییەکانیان، نیمچە سەربەخۆییەکیان هەیە. کانتۆن، یان حکومەتی لۆکاڵیی، یەکێکە لەو چارەسەرە سیاسیی و دیپلۆماسییانەی لەئاستی نێونەتەوەییدا، گرنگییەکی زۆری هەیە.
بەنرختریین بەهای بەکانتۆنکردن(Cantonisation )، یان ئەوەی لە زمانی سیاسییدا دیسێنترەڵایز( لامەرکەزییەت)ی لاسەنگیی asymmetrical decentralisation، یاخود تەخشانکردنی diffusion دەسەڵاتی پێدەگوترێ، دامرکاندنەوەی توڕەیی و بەردانەوەی ئەوە پەنگخواردنەوەیەیە لە لایەن زۆرینەی تاک و گرووپەکانی ئەو جڤاک و دەڤەرەوە لە دژی ناعەدالەتیی (کۆمەڵایەتیی، سیاسیی، ئابووریی..تاد)، بوونی هەیە. بۆئەوەی ئازادانەتر، لەڕووی سیاسیی و تا ڕادەیەکیش لەڕووی ئابوورییەوە مامەڵە لەگەڵ خۆیان و حکومەتە لۆکاڵییەکانی تر و حکومەتی سێنتەر(ناوەند) و ناوچەکەشدا بکەن. بەم هۆکارانە، لەهەوڵی بەکانتۆنکردنی ناوچەکەیان، یان شارەکەیاندا دەبن.
باسی بەکانتۆنکردنی شارەکانی هەرێمی کوردستان، تەنانەت شاری کەرکوک کە هێشتا لە گێژەنی ماددەی ١٤٠ دا ماخۆلانیەتی، لای هەندێ ناسیۆنالیستی بێسەوادی کورد و حیزبی خۆبەنەتەوەییزان، باسێکی “تابوو”ە. باسکردنی ئەوەی کەرکوک بکرێ بە کانتۆنێکی سەربەخۆ و حکومەتێکی لۆکاڵیی، جودا لە هەژموونی ئیداریی و تا رادەیەکیش سیاسیی، حکومەتی فیدراڵی عێراق و هەرێم، یان ئەوەی پێیدەگوترێ،هەرێمێکی سەربەخۆ، دابمەزررێنی، لەناو هەندێ نەتەوەیی کورددا، لەناو هەندێ حیزبدا، بەتایبەتیی پارتیی دیموکراتیی کوردستان( بەدەر لە شیعاری پووچی ناسیۆنالیستیی و دزیینی نەوتەکەی بەشەریکیی لەگەڵ یەکێتییدا، هیچی بۆ کەرکوک نەکردووە) وەکو خیانەتی نەتەوەیی، خاکفرۆشتن، پارچەپارچەکردنی کوردستان و لاوازبوونی دەنگی کورد….دەیان ریتۆریکی رۆمانسیی تر، دەخوێنرێتەوە.

وێڕای ئەوەی پارتیی، خۆی چەند بەشدارییەکی نێگەتیڤییانەی لەدابەشبوونی جیۆگرافیای هەرێمی کوردستان و دابڕانی دهۆک لە شارەکانی تری هەرێم هەیە؟ هاوکات چەندیش فاکتەرێکی زۆر نێگەتیڤە لەسەر سەرجەم بزوتنەوەی ناسیۆنالیستیی کورد و دابەشبوونی هەرێمی کوردستانی عێراق کە تا ئەم ساتەش، دوو ئیدارەیی، دیفاکتۆیەکی سیاسیی و جیۆگرافیی و تەنانەت ئابوورییشە. وێڕای رۆڵی نێگەتیڤانەی پارتیی، لەسەر خەباتی رزگارییخوازانەی کورد، لە پارچەکانی تری کوردستاندا کە ژانی ئەم دەردە، لەپشتی کوردەکانی کوردستانی تورکیە و سوریەدا، زۆر کاریگەرە، کەچیی هێشتا، ئەمجۆرە بازرگانییە بە ناسیۆنالیزمێکی بەتاڵ و کەسیفەوە، هەر درێژەی هەیە و بایی خۆیشی گوێگر و بلوێرژەنیشی هەیە!

لە نێوان هەرێمی کوردستانی عێراق و دەوڵەتی عێراقدا، یەک دەوڵەتی سیادیی هەیە کە ناوی عێراقە. سیستەمی سیاسیی و کارگێڕیی تا رادەیەک لە Dual-State دەوڵەتی دووانیی دەچێت. جیاوازییەکە ئەوەیە، هەرێمی کوردستان سەر بە دەوڵەتی عێراقە، بەڵام لە چوارچێوەی سیستەمێکی فیدراڵییدا. ئەو نیمچە سەربەخۆییەی هەرێمیش، دەکرێ بە territorial autonomy واتە بە ئۆتۆنۆمیی ناوچەیی یان هەرێمیی ناو ببرێت. لە روانگەی ماکس وێبەر- یان ڤێبەر( Max Weber) ەوە، ” دەوڵەت، مۆنۆپۆلی ئەو شەرعیەتە دەکات، کە هێزی فیزیکیی لە چوارچێوەی سنوورەکانیدا بەکاربهێنێت.”

وەکو دیفاکتۆ، هێزەکانی دەوڵەتی عێراق، توانای جێبەجێکردنی ئەم مۆنۆپۆلییەیان لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا، لە ئێستادا نییە، ئەگەر بە پرس و راوێژ بە حکومەتی هەرێم( پارتیی و یەکێتیی) نەبێت، توانای جوڵاندنی سەربازێکیان بۆ هەرێم نییە. دووبارە ، وەکو دیفاکتۆ، نە پارتیی و نەیەکێتیی، توانای قەڵەمڕەویی و شەرعییەتی هێزیان لە ناوچەکانی لایەنی بەرامبەردا نییە. کەواتە بەکردەوە، دوو هەرێمی( ئەگەر سیان نەبێت) سیاسیی و جیۆگرافیی لە عێراقدا هەن، دوو هەرێمۆکەش لە کوردستاندا هەن، ئەوە وێڕای ئەوەی حکومەتی دهۆک، بە زمانی سەربەخۆی خۆیەوە، زمانێکی جیاوازتری هەیە لە ئەو زمانی نووسیین، پەروەردە و کارگێڕیییەی لە هەولێر و سلێمانیی هەیە. هەروەکو جیاوازیشە، لە ئەو زمانە کوردییە رەسمییەی لە دامودەسگاکانی دەوڵەتی عێراقدا هەیە. بەکردەوە، لە ئێستادا سێ کارگێڕیی، سێ حکومەتی ترشێندراو بەسەریەکدا، لە هەرێمی کوردستاندا هەن.

بەکانتۆنکردنی شارێک، یان دەڤەرێک، یاخود ئەوەی لە کوردییدا باوە و بە هەرێم ناوی رۆیشتووە، کۆمەڵێ گرفتی سیاسیی، قانونیی، ئابووریی، کولتووریی وکۆمەڵایەتیی، بەربیینی دەگرن و رێگریی hindered لێدەکەن. بەشێکی زۆر لەشییکەرەوە سیاسییەکان، چەند رارەوێکی سیاسیی و قانونیی، بۆ بناغە داڕشتنی هەرێمێکی سیاسیی و ئیداریی دادەنێن، گرنگتریینیان ئەمانەن:-

  1. ستاندەردبوون و جێکەوتبوونی لە ئاستی نێوخۆیی، هەرێمیی و نێودەوڵەتییدا.
  2. بنیاتنانی دەوڵەت state-building، یان حکومەتێکی خۆجێیی.
  3. بە دێمۆکراسییکردن یان گواستنەوە لە قۆناغی ئیستیبدادەوە بۆ شەرعییەتی دێمۆکراسیی.
  4. دیکۆڵۆنایزی decolonisation هەلومەرجە سیاسیی، ئیداریی و ئابوورییەکە.
    لێرەدا قسە لەسەر هەرێمی سیاسیی نییە، ئەوەندەی قسە لەسەر هەرێمێکی ئیدارییە، بە بودجەیەکی سەربەخۆ و کارگێڕییەکی سەربەخۆوە. واتە هەرێمێکی سیاسیی، خاوەن سەروەریی تەواو دروست ناکەین، تا باس لە بنیاتنانی دەوڵەت بکەین، بەڵکو باسی دیکۆڵۆنایزی سیستەمی سیاسیی، ئیداریی و ئابووریی هەرێم دەکەین. ئەم هەرێمە کە تا هەنووکە شێخ، عەشیرەت، حیزب، بنەماڵە، مام، برازا، باوک و کوڕ، هەروەها کۆمەڵێ لۆردی سیاسیی نەوت، کە ناسیۆنالیزمی نەوتیان وەکو بەیداخی نەتەوەییبوون هەڵگرتووە، بەرێوەی دەبەن و زۆریینەی خەڵکی کوردستانیش، وەکو رەعیەت، لەلایەن ئەم ئەربابە سیاسییانەوە، سەیر دەکرێن.

دەستوری عێراق، لەسەر دەسەڵاتی هەرێمەکان و پارێزگاکان، لەسەر دروستبوونی هەرێم و پارێزگای تر، تورت نییە و زۆر لاستیکییە. بەکەڵکوەرگرتن لەم لاستیکییبوونە، دەکرێ پرۆژەی دیسێنترەڵایزی هەرێمی کوردستان، بۆ ئەجێندایەکی نیشتمانیی، عەدالەتی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی بەکاربهێنرێت. دیسێنترەڵایزی حکومەتی هەرێم( حکومەتی پارتییە زیاتر)، هەڵوەشاندنەوەی عەقڵیەتی خێڵ، ناوچەگەرایی و کوێخازادەیی، چەند بنەماڵەیەکی سیاسییە کە پێوێستە، رێگە بۆ نەوەی نوێ، بۆ خوێنی نوێ، چۆڵ بکەن و مل بە دێمۆکراسیی و هەڵبژاردنی بێ ساختە، هەروەها بۆ بڕیاری نیشتمانیی و کۆلێکتیڤ ( دەستەجەمعیی)بدەن.

لە باسە سیاسیی و کولتوورییەکاندا، هەمیشە نموونەی دیفاکتۆ، رۆڵی بەرچاویان لە بڕاندنەوەی ئارگیومێنتەکاندا هەیە. ریتۆریک، موجامەلات و فانتەسییە( فەنتازیا) سیاسییەکان، بە پارادیم و نموونەی سەر ئەرضی واقیع نیشان دەدرێن. بۆ ئەم مەبەستە، ئەم باسە، چەند کەیسێکی جیهانیی، بەنموونە دەهێنێتەوە.
کەیسی دیسێنترەڵایزی حکومەت لە ئوسترالیا
حکومەتی فێدراڵی ئوسترالیا، لەشەش دەوڵەتی لۆکاڵیی و دە(١٠) دەڤەر territories پێك دێت. دووان لەم دەڤەرانە دەکەونە ناو خاکی سەرەکیی( گەورەترین دوورگەی وشکانیی ئوسترالیا، واتە لە وشکانییدان) ەوە، هەشت دەڤەریشیان دەکەونە دوورگە بچووکەکانی دەوروبەری ئوسترالیاوە( لەناو ئاودان). پارلەمان و حکومەتی فیدراڵ، دەکەونە یەکێک لە دەڤەرەکانی ناو خاکی ئوسترالیاوە و بە پایتەختی سیاسیی( کانبێرا) دەناسرێ. هەر قانونێکی دەوڵەتە لۆکاڵییەکان، لەگەڵ قانونی فیدراڵییدا بەریەکبکەون، قانونی فیدراڵیی، باڵادەست دەبێ.
سیستەمی سیاسیی، قانونیی و کۆمەڵایەتیی ئوسترالیا، لەسایەی حکومەتە خۆجێیەکان و حکومەتی فیدراڵدا، زۆر بە جوانیی و گونجاویی بەڕێوە دەڕوات. حکومەتە لۆکاڵییەکان، زۆرینەی رەهای ئابووریی و تەواوی کاروباری ئیداریی بەڕێوە دەبەن. پێوەندیی ئابووریی و پرۆتۆکۆلیی تەنانەت سیاسییش لەگەڵ وڵاتانی خاوەن سەروەرییدا دەبەستن، بێئەوەی نیمچەسەربەخۆیی هەر حکومەتێکی لۆکاڵیی، کار لە ئەجێندای نیشتمانیی تاکی ئوسترالیی و وەلائی خەڵکی شوێنە جیاوازەکانی ئوسترالیا بکات.

پێشبڕکێی شارەکان، خۆشگوزەرانیی، هەلی کار پەیداکردن و گەرموگوڕیی بازاڕی لێ دەکەوێتەوە. بۆ نموونە بەردەوام، دوو گەورە شاری، سیدنی و مێڵبن ( Melbourne مێڵبۆرن)، شەڕەقۆچی ئەوەیانە کامیان لەپێشتر بن، ئێستا شارەکانی بریزبن و پێرثیش( Brisbane and Perth) وەکو دوو شاری گەورەی تر، هەمان رێچەکەی پێشبڕکێیان گرتووە. حکومەتەکانیش ( لۆکاڵیی و فیدراڵ) بەردەوام بەدەست دوو حیزبەوەن( کرێکاران و لیبراڵ)، بەڵام مونافەسەکەیان لەسەر خزمەتگوزاریی و ئیدارەدانی ئابوورییە نەک ئەجێندای حیزبیی، ئایدیۆلۆژیی و ناوچەیی و…تاد.

کەیسی حکومەتی سویسرا

حکومەتی سویسرا، وڵاتێکە، چوار زمانی ئاڵمانیی، فڕانسیی، ئیتاڵیی و رۆمانشیی( لە رۆمانیی جودایە) تێدایە، لەیەککاتدا، هەرچواریان زمانی رەسمیین و زمانی نیشتمانیین( دیارە وەکو هەولێر و دهۆک، دوو دایەلێکتی یەک زمان نیین، تا حیزبێکی ناوچەیی و طائیفیی، بەرەو دوو زمانی سەربەخۆیان بڕەتێنێ، بەڵکو هەموویان، زمانی ئێثنیکی جیاوازن). سویسرا، لە ٢٦ کانتۆن پێکهاتووە، پێشتر بەتەواویی سەربەخۆ بوونە ( fully sovereign ) تا پێکهێنانی سویسرای فیدراڵ لە ١٨٤٨ دا. بەمدواییانە لەساڵی ١٩٧٩ دا کانتۆنی ژورا( جورا Jura )، لە کانتۆنی بێرن جودابووەوە. ئەم کانتۆنە سەربەخۆیانەی (لەڕووی سەروەریی سیاسییەوە، نا) وڵاتی سویسرا، بوونە بەهۆی خۆشگوزەرانیی، ئاشتەوایی کۆمەڵایەتیی، سەقامگیریی سیاسیی و ئابووریی. بەهۆی ئیدارەی سەرکەوتووی ئەم کانتۆنانەوەیە، سویسرا بووە بە یەکێک لە باشتریین و خۆشتریین وڵاتەکانی دونیا کە داهاتی تاک تێیدا بەراورد بە زۆریینەی وڵاتانی پێشکەوتوو، زۆر بەرزترە.

کەیسی دیسێنتترەڵایزی چاینە( چین)
گەورەترین وڵاتی جیهان، لە زۆریی دانیشتوواندا، وێڕای ئەوەی سیستەمە سیاسییەکەی یەک حیزبییە و ئایدیۆلۆژیای کۆمۆنیزمی ماویی ئیدارەی سیاسیی دەدات، وڵاتێک کە سەری هاروماری تێدایە، بەسەر ٢٢ هەرێمی جودادا دابەشکراوە. جیا لە پێنج ناوچەی ئۆتۆنۆمیی و چوار شارەوانیی گەورەی وەکو بەیجین( پەکین)، شەنگهای، تیانجین و چۆنگکینگ کە راستەوخۆ لە ناوەندەوە کۆنترۆڵکراون. لەهەمووی گونجاوتر بۆ بەراوردکردن بە بارودۆخی سیاسیی هەنووکەی هەرێمی کوردستان، بوونی دوو حکومەتی نیمچە سەربەخۆیە لە وڵاتی چین، ئەوانیش ماکاو Macau و هۆنگ کۆنگن. تەنانەت، دۆخێکی ناوازەی تری هەیە کە تایوانە و چاینە بە بەشێک لە خۆی دەزانێ و قانونی نێودەوڵەتیی، یوئێن و وڵاتانی رۆژئاواش، کەوانەکەیان بەکراوەیی هێشتووەتەوە.

ئەو گەشە ئابوورییەی وڵاتی چینی( چاینە) گرتووەتەوە، بەتایبەتیی لە دوو دەیەی رابردوودا، بەرهەمی عەقڵییەتی دێسێنترەڵایز و دابەشکردنی دەسەڵاتەکانە، بۆ ئەوەی برەو بە چالاکیی ژیاریی، ئابووریی، خزمەتگوزارییەکان، گەشەکردن و هەناردەی زیاتر بدەن. ئەو پێشبڕکێ گەورەیەی لەنێوان بەیجین و شەنگهایدایە، خزمەتی نەک هەر بە وڵاتی چاینە کردووە، بەڵکو قازانجی بۆ سەرجەم وڵاتانی ناوچەکە( ئاسیا) و تەنانەت جیهانیش هەیە. ئەمڕۆ بەشێکی زۆر لەوڵاتانی جیهان، تەنانەت ئابووریی ئەمێریکاش، راستەوخۆ، پێوەندیی بەگەشەی ئابووریی چاینەوە هەیە. سەرەڕای ئەم نموونانە، ویلایەتە جیاوازەکانی دەوڵەتی ئەمێریکاشمان هەیە، کە حکومەتی لۆکاڵیی، “نیمچە سەربەخۆ”یان هەیە و هەموویان پێکەوە دەوڵەتێکی بەهێزی وەکو ئەمێریکا پێکدەهێنن.

ناسۆریی هەولێر و هەولێرییەکان
شاری هەولێر، وێڕای مێژوویەکی درێژی کولتووریی و سیاسیی، قورساییەکی جەماوەریی و جیۆگرافیشی، بۆ هەرێمی کوردستان-عێراق هەیە. زۆریینەی خەڵکی ئەم شارە، لە دوایین هەڵبژاردندا، وێڕای دونیایەک ساختەکاریی، دەسەڵاتیان بە گشتیی و پارتییان بەتایبەتیی رەتکردەوە. زۆر بۆچوون هەیە، پێیانوایە، لەئەگەری بەهەرێمبوونی سلێمانییدا، شاری هەولێر دەکەوێتە گەرووی پارتییەوە و بە ئاسانیی قووتی دەدات. راستە لە ٣١ی ئابی ١٩٩٦ەوە، کاتێک پارتیی و بەعث(بەعس) پێکەوە ئەمشارەیان داگیرکرد، لەوساوە ئازادیی، بە کردەوە بوونی نییە. دەسەڵاتێکی تۆتالیتارییانی سیاسیی، ئیستیبدادێکی حیزبیی، هەژموون و حوکمی بنەماڵەیەک و کۆمپانیاکانیان، بەتەواویی هەموو کون قوژبنێکی ئەم شارەی تەنیوەتەوە. هەولێر، پێشکەوتووە لە رووی ئاپارتمانی نوێ، بیناسازیی و هاوردەکردنی کاڵاکانی بازاڕی جیهانییەوە، بەڵام هەولێر لەلایەن دەسەڵاتەوە بە بەردەوامیی تەخدیر دەکرێ، ناعەدالەتیی کۆمەڵایەتییش لەم شارەدا، لە لووتکەدایە.

ئەوەی بەعث لەگەڵ بەغدادا دەیکرد، پارتییش هەمان شت، لەگەڵ هەولێردا، دەکات. بەعث، سوننە مەذهەبەکان، لایەنگرانی خۆی لە بەعثییەکان، لەشارە سوننەنشیینەکانەوە هاندەدا بۆ ئەوەی لە بەغداد نیشتەجێبن. یەک لەسەر سێی تکریت و ناوچە دەشتاوییەکانی عۆجەی بۆ بەغداد برد، بۆ ئەوەی باڵانسی طائیفیی، سیاسیی و جەماوەریی بەغداد رابگرن. لەبەرامبەریشدا شیعەی دەنارد بۆ ناوچە سونییەکان بۆ ئەوەی تێکەڵ ببن ، یان دەیناردن بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتی تەعریب لە ناوچە کوردستانییەکاندا، لە شەنگارەوە بۆ خانەقین و بەتایبەتییش بۆ کەرکوکی دەناردن.
پارتییش، بەشێکی زۆری لە پارتییەکانی گەرمیان، سلێمانیی، ناوچەکانی کەرکوک و بادینانی هێناوە بۆ هەولێر و ئیستیطانیان دەکات و دێمۆگرافیای شاری هەولێر بەڕادەیەک گۆڕاوە کە رێژەی هەولێرییەکان لەشاری هەولێردا زۆر کەمبوونەتەوە، بەراورد بە هێنراوەکان لە شوێنە جیاوازەکانی هەرێمەوە. وێڕای ئەوەی زۆریینەی ئەو کوردانەی کە بە لایەنگرانی پارتیی ناسراون، لە مەعاشخۆرەکان و رانتخۆرەکانی پارچەکانی تر، زۆربەیانی لە هەولێر نیشتەجێکردووە و وەکو حیزب، نەک وەکو حکومەت و کاری قانونیی، ناسنامەی عێڕاقیی بۆ دەرکردوون و لە هەڵبژاردندا وەکو “پرۆکسی”ی بەکاریان دەهێنێت. راستە لەسەردەمی گڵۆباڵیزەیشندا، زۆرینەی ئایین، نەتەوە، ئێثنیک و پێست جیاوازەکان لەشارەکاندا تێکەڵ دەبن، بەڵام ئەم تیکەڵبوونەی خەڵک لە هەولێر نا ئاساییەو بە ئەجێندای ئایدیۆلۆژیی، حیزبیی و بنەماڵەییەوە دەکرێ.

ساڵی ١٩٩٧ رۆدریک ڵۆنگ(Roderick T. Long)، هاوکار لە(Free Nation Foundation ) هەندێ نووسینی لەسەر ئازادیی و بەنەتەوەبوونی گەلان بڵاوکردەوە. لە فەضیڵەتێکی عەدالەتییدا، پێیوایە، مرۆڤ بۆیە بییر لە دروستکردن، بەڕێوەبردنی کانتۆن، هەرێم و ناوچەیەک دەکاتەوە، چونکە بییر لە رەچەتەی مافەکان دەکاتەوە. رەچەتەی مافەکانی خەڵکی سلێمانیی لە هەمبەر مافەکانی خەڵکە حیزبییەکانی هەولێر و بادیناندا، بەتایبەتیی لەرووی گرینگییپێدانی ئابوورییەوە، زۆر جیاوازە و ناعەدالەتییەکی زۆری تێدایە. ئەمە بەوە ناکرێ، بگوترێ دەسەڵاتی یەکێتیی و ئەوانەی شاریان بەڕێوە بردووە، سلێمانییان لەم ئاستەدا راگرتووە، بەڵکو بەوە دەکرێ، ئەم جیاوازییە سیاسیی، طائیفیی، ئایدیۆلۆژیی و ناوچەییە بۆچی بەمشوێنە گەیشتووە؟ ئەوە دەزانین کە یەکێتیی جگە لە مەئمورێکی پارتیی، هەیبەتی حیزبیشی بە خۆیەوە نەهێشتووە، هەروەها ئەوەش دەزانین، پارێزگاری سلێمانیی جاران، نزیکی بزوتنەوەی گۆڕان بوو، بەڵام ئەمە لە قەبارە و هێز و توانای پارێزگاردا نییە. جیاوازییەکان و ناعەدالەتییەکان ئەوەندە زۆرن، گەندەڵییەکانی پارێزگار و کاربەدەستانی لۆکاڵیی دەشارێتەوە.

هەرێمی سلێمانیی و پارێزگای هەڵەبجە: ئاییندەی کوردستان
بەشی دووەم و کۆتایی

!
گەشەی درێژخایەن sustainable development
دیسێنترەڵایزەیشن( لامەرکەزییەت) بە چەندیین فۆرمی جیاواز دێت، گرینگتریینیان جەختنەکردنەوە لە تەرتەووەرتەکردنی چەق( مەرکەز) یان برەودان بە لامەرکەرزییەتە. لێرەدا، مەبەست لە چەق، دابەشکردنی دەسەڵات، ئیدارە و ئابووریی و خزمەتگوزاریی…تاد دەگرێتەوە. گەورەتریین مانیفێستی بەهێزکردنی حکومەتێکی ئۆتۆنۆمیی یان لۆکاڵیی، ئەوەیە کە سیستەمێکی ژیاریی vibrant بۆ دانیشتووانی ئەو شار و ناوچەیە، دەستەبەر بکات. گرینگتریین کارنامەیش، دیسێنترەڵایزی داراییە ( Fiscal). مۆنۆپۆلی داهات، پارە و دارایی، لەدەست یەک دوو حیزبدا، بۆ ماوەی ٢٣ ساڵ، جگە لە گەندەڵیی، هیچیتری بەرهەرم نەهێناوە. ئەوەی پێیشێوابێت، چاکسازیی دەکرێ، لە دنیایەکی زۆر وەهمدا ماخۆلان دەکات. رۆژێک زووتر مەرکەزییەتی دارایی لەهەرێمی کوردستاندا، هەڵبتەکێنرێت، قازانجی زۆرتری بۆ سەرجەم هاووڵاتییانی کوردستانی عێراق( بەکەرکوکیشەوە) دەبێت.

لایەنە نێگەتیڤەکانی بەرزبوونەوەی نرخی زەویی، لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی تر، جیاوازیی رێژەی هەژاریی و دەوڵەمەندیی، لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر، دابەشکردنی داهات و بودجە بە شێوەیەکی زۆر ناعادیلانە، لەلایەن پارتیی و یەکێتییەوە، بەسەر ناوچەکاندا، فەضڵدانی مەملەکەتی پارتیی بەسەر مەملەکەتی سەوز و مۆردا، ئینتیمای پیاوە سیاسییەکان بۆ شارەکەی خۆیان و ناوچەکەی خۆیان، لەسەر حیسابی وەلائی نیشتمانیی، کۆنترۆڵکردنی زۆریینەی رەهای ئابووریی هەرێمی کوردستان، لەلایەن چەند نەفەرێکی باڵادەستی حیزبیی، ناوچەیی و طائیفییەوە…تاد. هەموو ئەوانە و زۆری تر، ئەگەر چاودێریی توندیان بەسەرەوە نەبێ، ئەگەر پارلەمانێکی نیشتمانیی( نەک حیزبیی) لێیان نەپرسێتەوە، گرووپێکی بچووک، طائیفەیەکی بچووک، لەسەر حیسابی گشتیی، لەسەر حیسابی گەلی کورد، دەوڵەمەند و دەوڵەمەندتر دەبن. ئاکامی ئەمەش، ئەوەیە کە حیزبێک یان دوو حیزب، لەسەر حیسابی نەتەوەیەک، دەیان بیلیۆن دۆلار پێکەوە دەنێن و ئەم سامانەش، هەر لە بەرزبوونەوەدایە.

هەموو ئەمانە، ئەوەمان پێدەڵێن، ئارگیومێنتی گەڕانەوە بۆ مەرکەزییەت دەبێتە سەرئێشەیەکی بەردەوام، ئەمەش دەردێکی کارییە بۆ عەدالەتی کۆمەڵایەتیی و هەمیشەش ناعەدالەتیی و هەژاریی خەڵک، تەشەنە دەکات. ئەم مەرکەزییەتەی دەبێ بڕیارەکان هەمووی بگەڕێتەوە بۆ پایتەخت، دیارە پایتەخت بریتییە لە یەک حیزب و یەک بنەماڵەی سیاسیی، مۆتیڤی نیشتمانیی نییە، ئەوەندەی مۆتیڤی خێڵ، عەقڵییەتی حیزبیی، سیاسیی و تەنانەت ئایدیۆلۆژیی لە پشتەوەیە. زۆر گرنگە لە حکومەتێکی ناو زلەوە بۆ جڤاکێکی مەزن، بۆ بەدەستهێنانی لای کەمی عەدالەتی کۆمەڵایەتیی و ئیدارەدانی هەرێمی کوردستان، بییر لە لابردنی “بیرۆکراسیی ئیداریی و حکومەتی مەرکەزیی” بکرێتەوە. ئەم سێنترەڵایزەی دەسەڵاتی هەرێم و بەتایبەتیی لە دەستی بنەماڵەیەکدا، قۆرغکردنی “ویستی ئازاد”ی زۆینەی تاکەکانی کۆمەڵگە بەگشتیی و گەنجان و لاوان بە تایبەتیی، هەروەها، گەندەڵیی، دزیی، هەژاریی و بێکاریی لێدەکەوێتەوە. لەم روانگەیەوەیە، دیسێنترەڵایزی هەرێم و بەهەرێمبوونی شارەکان، بە یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی نیشتمانییبوون، عەدالەتی کۆمەڵایەتیی و دابەشکردنی داهاتەکان، بەسەر خەڵکی هەرێمدا،بەیەکسانیی، دەخوێنرێتەوە.

دیلیپ موخەرجیی (Dilip Mookherjee ) و پراناپ قومار باردهان (Pranab Bardhan) ، لە زانکۆکانی رۆژئاوا، دوو ئیکۆنۆمیست و شارەزای قاڵی بواری گەشەپێدانن( بە باکگراوند هیندیین). خاوەنی دەیان کتێب، وتاری ژۆرناڵ، توێژینەوە و سێمینارن، لەسەر گەشەی ئابووریی، دیسێنترەڵایزی دەوڵەت، ئۆرگان و دەسەڵاتەکان، شارەزایی فرە مەودا و فرە رەهەندیان هەیە. ئەوان، پێیانوایە، لە چەند دەیەی رابردوودا، چەندیین شەپۆلی دیسێنترەڵایز، کون و قوژبنەکانی جیهانی بە گشتیی و وڵاتانی تازە گەشەسەندووی، بەتایبەت گرتووتەوە. بەڕای ئەوان ئەم دیسێنترەڵایزانە، لەئەنجامی پووکانەوەی ئەو پارادایمانە(نموذج)دا هاتنە ئاراوە کە دەسەڵاتە مەرکەزییەکان، رۆڵێ سەرەکییان، لە فیاسکۆکانیاندا( فەشەلە گشتییەکان) هەبوو. ئایا پاش ئەو هەموو فەشەلە سیاسیی و ئابوورییەی حکومەتی هەرێم و حیزبە سیاسییەکان، پاش ئەو هەموو فیاسکۆ سیاسیی و ئابوورییەی لە ئیدارەدانی سێ پارێزگادا، بەدەستیانهێنا، باشتر نییە بییر لە دیسێنترەڵایزی شارەکان بکرێتەوە؟

بێسلەی و کۆتی Besley, T. and Coate، ساڵی ٢٠٠٣، لە ژۆرناڵی Journal of Public Economics, vol. 87(12), pp. 2611–37 ، پێیانوایە، بڕیاردانی مەرکەزیی لەسەر خەرجکردن، بەگەڕخستنی بودجە، وەبەرهێنان و گەشەی ئابووریی، گرفتی زۆری هەیە، هەمیشەش دزیی زۆر گەورەی تێدا دەکرێ و کۆمەڵێ سیاسیی گەندەڵ، سوودمەندی سەرەکیین و زەرەرمەندی سەرەکییش لەم نێوەندەدا، تەنیا هاووڵاتییە. ئەگەر ئەم تێڕوانیینەی بێسلەی و کۆتی، بەسەر هەرێمی کوردستاندا جێکەوت بکەین، ئەوسا لەقەبارەی ئەو هەموو دزیی و گەندەڵیی و ناعەدالەتیی و جیاوازییە چینایەتییە بێسنوورە، وردتر تێدەگەین کە هاووڵاتیی ئاسایی، لەگەڵ سیاسییەکان و خاوەن کۆمپانیای سیاسییەکاندا هەیانە. قەبارەی دزییەکانی کوڕانی بنەماڵە سیاسییەکان، ئەوەندە زۆرە، ئەگەر نییوەی ئەو پارە و سامانە لە ژێرخانی هەرێمی کوردستاندا خەرجبکرایە، هەنووکە، ئاستی بژێویی و خۆشگوزەرانیی زۆریینەی خەڵکی هەرێمی کوردستان، لە ئاستی باشتریین وڵاتانی ناوچەکەدا دەبوو.

لە هەرێمی کوردستاندا، دەسەڵات بە ئاسۆیی و بە شاقووڵیی، گەندەڵیی دایڕزاندووە. کاتێ دەسەڵات بەم رادەیە گەندەڵ دەبێ، بیرۆکراسیی گەندەڵیی زیاتر چاوی زەق دەکاتەوە. هەڵپەی زیاتر دەکات و حەز بە هەژموونی سێنترەڵایزی دەسەڵاتەکەی زیاتر دەکات. ئەم هەژموونی بێرۆکراسییە گەندەڵییە، لە حکومەتەکەی بارزانیی( باوک و برازا) و مالیکییدا هەیە. مالیکییش وەکو ناسیۆنالیستێکی عێراقیی، زۆر دژی بەهەرێمبوونی بەصرە و شوێنەکانی ترە، هەروەکو چۆن بارزانییش، دژی بەهەرێمبوونی سلێمانیی و کەرکوکە { چونکە پارتیی، دڵنیایە، لە کەرکوکدا، قەبارەی زۆر بچووکە و بە پێی ستاندەردی دێمۆکراسیی( نەک ساختەکاریی)، ئەستەمە کورسییەکیش بباتەوە}.
خەتە سوورەکەی بارزانیی، بۆ بەهەرێمبوونی سلێمانیی، لەلایەکەوە کڕوزانەوەیەکی ناسیۆنالیستییانە بوو، بۆ وێنەکردنی ئەوەی سلێمانیی لەهەرێم دادەبڕێت، لەلایەکی تریشەوە، هەڵپەی هەژموونی دەسەڵاتە بیرۆکراسییە گەندەڵەکەی هەرێمی کوردستانە. هاوکات کڕوزانەوەی بارزانیی بۆ کەرکوک وکەرکوکییەکان لە هەمبەر مالیکیی و دەسەڵاتی مەرکەزییدا( بەغداد)، جگە لە گوتاری بەتاڵی ناسیۆنالیستیی و بازرگانییکردن بەم کارتەوە، شتێکی تر نییە. لە کاتێکدا، بارزانیی و حیزبەکەی، بەکردەوە و لەسەر ئەرضی واقیع، کارێکی ئەوتۆیان بۆ گەڕاندنەوەی کەرکوک بۆ سەر هەرێمی کوردستان نەکردووە و تەنانەت، دژایەتیی بە هەرێمبوونی کەرکوک دەکەن و حەزدەکەن، ئەوەندەی تر داببڕدرێت، تەنیا بۆ ئەوەی رەقیبە سیاسییەکانی، براوە نەبن. هۆکاری سەرەکییش ئەوەیە، لەهەردوو ئەگەری جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ دا، یان بەهەرێمبوونی کەرکوکدا، لەڕووی قەبارەی جەماوەرییەوە، پارتیی لاوازتریین ژمارەی سیاسیی ئەو شارە دەبێت.

گۆڕان و هەرێمی سلێمانیی

پاش ئەوەی ئیشتیهای گۆڕان بۆ چوونە ناو حکومەتەکەی پارتیی، کرایەوە، ئیتر میزاجی زۆربەی ئەو رایەڵ و کەس و ناوەندانەی ناو بزوتنەوەی گۆڕان، باسی نیشتمانییبوونی دامودەسگاکان و ئیدارەیەکی نیشتمانییان دەکرد، بێدەنگییان لە پرسە سەرەکییەکانی هاووڵاتییان و غەمی هاووڵاتییان کردووە و تەنیا و تەنیا، غەمی بەشداربوونیانە لە خواردنی کێكی شیرینییەکانی نەوت و هەڵپەی وەرگرتنی چەند وەزیرێکیانە. گۆڕان، لە هەموو حیزب و کەسێک باشتر دەزانن، بەشدارییکردنیان لەم حکومەتەدا، فەشەلێکی سیاسیی گەورەی بەدواوەیە، بەڵام حەزیای بەشدارییکردنەکەیان، بەرچاوی گرتوون و ئەو هەموو فیلمە رەنگاورەنگەی، جاران پیشانی خەڵکیان دەدا، هەنووکە زۆر لەخۆیان دەکەن، بەڕەشوسپییش نایبیینن.

ورووژاندنی پرسی بەهەرێمبوونی سلێمانیی، لێرە و لەوێ، لە زمانی هەندێ سەرچاوەی نزیک لەگۆڕانەوە کە دواتر خۆیشیان ناکەن بە خاوەنی، تەنیا وەکو کارتێکی گوشار، بەتایبەت لەو کاتانەی تەنگژە دەکەوێتە ناو ئیدارەی سلێمانییەوە، دژ بە پارتییش نا، بەڵکو دژ بە یەکێتیی، دەیخەنە ناو ژاوەژاوی میدیاوە، ئەمەش تەنیا گەمەیەکی سیاسیی پۆغڵە. پاش دەنگۆکان، سەرەنجام، خۆیشیانی لێ نەبان دەکەن، ئەم جۆرە رەدفیعلە سیاسییانە، ئەوەندەی نیفاقێکی سیاسیی، ئەجێندایەکی حیزبیی و بەلەسەبوونی ئایدیۆلۆژییە بۆ بەکارهێنانی خەڵک و ئیرادەی هاووڵاتییان، ئەوەندە پرۆژەیەکی نیشتمانیی و روئییەیەکی(ڤیژن ) سیاسیی و روئیایەکی(خەون ) دوورمەودا نییە. ناڕۆشنیی گۆڕان و خۆشاردنەوەی لە دیدێکی رۆشن، سەبارەت بە پارێزگابوونی هەڵەبجە، ئەوەندەی تر، ئەم گومانانەی بە یەقیین کرد. هاوکات، نەبوونی تەنانەت درافتێکی سیاسییش بۆ کێشەی ئاڵۆزی کەرکوک، لەلایەن گۆڕانەوە، جگە لە پاشکۆبوونی سیاسەتە شکستخواردووەکانی کوردایەتییەکەی پارتیی و یەکێتیی، شتێکی نوێیان پێ نییە.

پرۆژەی بەهەرێمبوونی سلێمانیی، نابێ بکرێ بە قوربانی میزاجی سیاسیی حیزب و چەند سیاسییەکی سلێمانیی و بنەماڵەی بارزانیی. دروستبوونی هەرێمی سلێمانیی، چەند قازانجی ئیداریی، کۆمەڵایەتیی و ئابووریی بۆ خەڵکی سلێمانیی و دەوروبەرەکەی هەیە، ئەوەندەش لە ئاستی نیشتمانییدا، قازانجی بۆ شارەکانی تر و سەرجەم دەسەڵاتی سیاسیی هەرێم هەیە. ئەگەر هەرێمی سلێمانیی جێکەوت ببێ، هەرێمی هەولێریشی بەدوادا دێت. بە هەرێمکردنی شارەکانی کوردستان، ئەوەندەی کورتکردنەوەی دەستی حیزبێکە بەسەر هەموو کوردستاندا، ئەوەندەی دابەشکردنەوەی داهات و سامانی نیشتمانییە بەسەر خەڵکی کوردستاندا، بەلای کەمی یەکسانییەوە، ئەوەندەش بەهێزکردنی وەلائی نیشتمانییە لە ئاستی سیاسییدا، بە پوختیی و بە کورتیی، هەرێمی شارەکان،دەبنە هەوێنی پێکەوەگرێدانی ناسنامەیەکی نیشتمانیی کۆلێکتیڤ، لەئاستی هەرێمی کوردستاندا، بە کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکانی تریشەوە.
رەوایەتیی و عەدالەتی ئەوە لە کوێدایە، شارۆچکەیەکی وەکو چەمچەماڵ، بەپێی پشکنینە نەوتییەکانی ئەمێریکا، بەئەندازەی شاری کەرکوک، ئەگەر نەوت و غازی تێدا نەبێت، کەمتری تێدا نییە، تەواوی سەروەت، سامان و دارایی خەڵکی ناوچەی چەمچەماڵ، بەئەندازەی یەک لەسەر صەدی ١% ی سامان و دارایی، کوڕە گەورەکانی خێلە سیاسییەکانی کوردستان نابێت. ئایا ئەم هەموو دزیی و ناعەدالەتییە، تاکەی درێژەی دەبێت و بە ناوی فشەی ناسیۆنالیزمی کوردیی، ناسیۆنالیزمی نەوت و ئاڵتوریزمەکەی( پێچەوانەی خۆپەرستیی، دیارە بە گاڵتەجاڕییەوە- Alturism ) پارتییەوە درێژەی دەبێ. هاوکات بەخاتری ئەوەی گۆڕان دەچێتە سەر سفرەی حکومەت و خەڵک چاوەڕێ بکات، ئیتر دووبارە، گەلی کوردستان، لەڕێی کادیرە سیاسیی و رۆشنبییرە ئایدیۆلۆژییەکانی گۆڕان و پارتیی و یەکێتییەوە، بەرەو کەناری دەوڵەتی نەتەوەیی، حەماسی نەتەوەیی و بنیاتنانی دەوڵەتی کوردیی( جار جاریش دەڵێن، کوردستانیی) دەڕەتێنن؟
لە هەر ئەگەرێکی دروستبوونی هەرێمی سلێمانییدا، ناوچەکانی چەمچەماڵ و گەرمیان، بەشێوەیەکی کاتیی بەشێک دەبن لە هەرێمی سلێمانیی، چونکە چەمچەماڵ، بەشێکی سەرەکیی شاری کەرکوکە و بێ چەمچەماڵ و گەرمیان، کەرکوک ئاوەڕووت دەکرێ و لە هەموو حیساباتێکی سیاسییدا، کورد دۆڕاوی سەرەکیی دەبێت. لە ئەگەری جێبەجێبوونی ماددەی ١٤٠ دابێت، یان بەهەرێمبوونی کەرکوک، چەمچەماڵ وەکو جیۆگرافیا، دانیشتوان و خاڵێکی ستراتیژیی، بڕبڕەی پشتی شاری کەرکوک دەبێت. هەرچەندە، هەموو ئاماژەکان، بەو ئاراستەیەدا دەڕۆن، دەسەڵاتی بنەماڵەیی لە کوردستاندا، لەپێناوی بەدەستخستنی دەیان بیلیۆن دۆلاری نەوت و غازی هەڕاجکراوی کوردستان بە تورکیا، ئامادەیی نیشانداوە بۆ ئەبەد، دەستبەرداری کەرکوک ببێ و ماددەی ١٤٠یش جگە لە دەعەجانکردن و گەوجاندنی گەلی کورد بە گشتیی و کوردەکانی کەرکوک بەتایبەتیی، شتێکی تر نییە.

بەهەرێمبوونی سلێمانیی، خاڵێکی بەهێز دەبێ بۆ ئەوەی هەرێمی هەولێریشی بەدوادا بێت. هەر ئێستا وەکو گریمانەیەک دابنرێ، ئەم شیرازە خاووخلیچکەی نێوان ماڵباتی بارزانیی( کوڕی ئیدریس بارزانیی و کوڕی مەسعود بارزانیی)، تاسەر بڕناکات و سەرەنجام هەر دەبێ لێکبترازێ. کێشمەکێشە سیاسیی و طموح و طەماعە ئابووریی و تەنانەت میلیشیاییەکانیشیان، یەخەی شاری هەولێر دەگرێ . سەرەنجام هەولێر ئەوەندەی تر دەبێتە چەقی ململانێی باڵە سیاسیی، عەشایەریی و بەرەبابەکانی حیزبێکی سیاسیی و باجدەری سەرەکییش خەڵکی هەولێر دەبێت. رێگەخۆشکردن بۆ بەهەرێمبوونی سلێمانیی، لێکدانەوەی عەقڵانیی، دووربیینیی و جورئەتی سیاسیی دەوێ. بێگومان، ئەگەر، بەهەرێمبوون، ببێ بە کولتوورێکی سیاسیی زاڵ، کەرکوک و هەولێر و تەنانەت پارێزگای تازەی هەڵەبجەش دەگرێتەوە. هەروەکو بەکردوە، هەرێمی دهۆک، حکومەتی شار و دەڤەرێکە، لەناو حکومەتی هەرێمدا.

دروستبوونی پارێزگای هەڵەبجە

هەڵەبجە، دەمێکە لە هەوڵی ئەوەدایە ببێ بە پارێزگا، ئەم هەوڵانە، بۆ ناوەڕاستی چەرخی رابردوو، دەگەڕێنەوە . حکومەتی عێراق، ویستی هەڵەبجە و نەجەف، هەردووکیان بە پارێزگا ببن. بەهۆی هەلومەرجی سیاسییەوە، بە پارێزگابوونی هەڵەبجە دواکەوتووە. دوای جینۆسایدکردنی کورد لەوشارەدا، دوای بەکارهێنانی چەکی کیمیاویی لەلایەن بەعثەوە، تەواوی حیزبە کوردییەکان ، بە عەلمانیی، موحافیظکار، عەشایەریی و ئیسلامییەوە، بە پارێزگابوونی هەڵەبجەیان وەکو منەت، شۆڕشگێڕیی، خۆهەڵنانی نەتەوەیی وئیسلامیی فرۆشتووەتەوە و بازرگانیی ئایدیۆلۆژیی و سیاسییان پێوە کردووە.

لە دوو دەیەی رابردوودا، ئیسلامیی سیاسیی بە گشتیی و باڵە عەسکەرییەکەی بەتایبەتیی، لە لایەک ، بەیارمەتیی راستەوخۆی ئێران و لە لایەکیتریشەوە بە پاشکۆبوونی هەندێ هێزی ئیسلامیی تر بە سعودییەوە، بەئەندازەی حیزبی بەعث زیانیان لە کولتوور، بونیاد و شارستانییەتی ئەو شارۆچکەیە داوە. بەعث لەرووی فیزیکییەوە ،ویستی هەڵەبجە بسڕێتەوە، بەڵام ئەم تیرۆرە فیکرییە وئەم طاعونە کولتوورییە، بەشێنەیی دروێنەی مەغزی گەنجانی کردووە، فاکتەری سەرەکییش، نەبوونیی، هەژاریی، بێکاریی و بێخزمەتیی هەڵەبجە بووە.
هەڵەبجە، مافی خۆیەتی ببێ بە پارێزگا، وەکو سیمبۆڵی جینۆساید و بەکارهێنانی چەکی کیمیاویی، ببێ بە شارێکی ئازاد و سەربەخۆ، لە هەژموونی ئیداریی، سیاسیی و ئابووریی، شارەکانی تری هەرێمی کوردستان، بەدوور بێت. ئەم کارە، بارزانیی و پارتیی، بۆ ئەجێندای شەخصیی، حیزبیی، ناوچەیی و تەخشانکردنی جیۆگرافیای سلێمانیی هەوڵیان بۆ دابێت، یان مالیکیی بۆ نمایشی نیشتمانییبوون و وەکو پیاوی دەوڵەت لە ئاستی عێراقدا، کاری بۆ کردبێت، یان یەکێتیی، گۆڕان و ئیسلامییەکان، لە بەرنامەیاندا بووبێت، یاخود هەر کەسایەتیی و رێکخراوێکی مەدەنیی، هەوڵی بۆ دابێت، جێگەی دەستخۆشییە و کارێکی پۆزەتیڤی سیاسییە و رووداوێکی زۆر گرنگە لە مێژووی نوێی ناوچەکە و کوردستاندا.

دروستبوونی پارێزگای هەڵەبجە، ئەو بریینە ساڕێژنەبووەی نێوان شار، شارۆچکە و ناوچە جیاوازەکانی کولاندەوە کە ئێمەی کورد، چەند گیرۆدەی ناوچەگەرایی، شارچییەتیی و لۆکاڵیزمێکی تۆقێنەرین؟ چەند قسەکانمان و کردەوەکانمان، لە دروشمی نەتەوەیی گەورە گەورەوە، بۆ کۆشکی نیشتمانیی بەتاڵ و حەتاڵ ، فشۆڵ و لەرزۆک و لاوازە؟ راستە گرفتی سەییدصادقییەکان، وەکو زۆربەی شوێنەکانی تری کوردستان، نەبوونی خزمەتگوزاریی، گەندەڵیی و بێکارییە، بەڵام کاتێ چەند حیزبێک، بۆ ئەجێندای سیاسیی و ئایدیۆلۆژیی خۆیان، ئەم ناڕەزایەتییانە دەقۆزنەوە و بەلارێیدا دەبەن، هەندێ لە گەنجانی خوێنگەرم، بە ترومپای ئایدیۆلۆژیی و حیزبیی پەمپ دەدەن و دژایەتیی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە دەکەن، تەنانەت گەنجێک دەبێتە قوربانیی لەم نێوەندەدا، ئیتر پێویستە بە شەفافیی، پێیان بگوترێ، کوا ئەجێندا نیشتمانیی و بالۆرە سیاسییە نەتەوەییەکانتان کە ئەو هەموو وەطەنییاتەتان بە خەڵکی کورد، دەفرۆشتەوە؟ جێی خۆیەتیی، پەنجە بەچاویاندا بکرێ و داوای ئەو هەموو ریچواڵە نیشتمانییەیان لێ بکەن، کە چەندیین ساڵە دەیڕێسن؟

ئەگەر واز لە دڵدانەوەی هەندێ گەنجی سەییدصادقیی بهێنین، بەتوندییش ئیدانەی کوشتنی گەنجێک بکەین، پێویستە بڵیێن، گەلی کورد، بەگشتیی و لە دۆخێکی خراپی ئێثنۆگرافییدایە( قەومناسیی، قەوم وەکو چەمکە فارسییەکە). زۆر لە ئەنثرۆپۆڵۆجیستەکان، ئەم دابەشبوون و هەلاهەلابوونەی جڤاک و نەتەوە و گەلانی دنیا، لە تێڕوانینی ئایدیۆلۆژیای نیۆ-ناسیۆنالیزمەوە بە ئینتێگراڵیزم integralism ( دەکرێ بە کوردیی پێی بگوترێ، تەواوکاریی-زم) دەچوێنن. هەنووکە ئەم ناسیۆنالیزمە کوردییە خاڵییە لە فیکر و روئییە و روئیای سیاسیی، بەڵام پڕاوپڕ لە شیعر، فەنتازیای فەلسەفیی و ریتۆریکی بۆش، لەکاتێکدا، بانگەشەی سەربەخۆیی کوردستانی باشووری دەمێکە داوە، بانگی یەکگرتنەوە پارچە جیاوازەکانی کوردستانی، لە میدیاکاندا، داوە ، بە ملێکی رەپەوە، فوو بە بوقی دەوڵەتی نەتەوەیی و دەوڵەتی کوردیی و جارجاریش کوردستانییدا دەکات، کەچیی وەکو دیفاکتۆ، شارەکان، رقیان لەیەکترییە، شارۆچکە دراوسێکان، خۆشییان بەچارەی یەکتردا نایەت، تەنانەت، ئەگەر دوو بەشی دەڤەرێک، دەربەندێک، یان رووبارێک جیای کردبێتنەوە، مۆڕە لەیەکتریی دەکەن!

دوو حیزب نییە، لەسەر پرۆژەیەکی دەستەجەمعیی، نەتەوەیی، یان نیشتمانیی…تاد هاوڕاییەکی تۆکمەیان هەبێ. چوار رۆشنبییرت نەبێ، لەسەر پرسێکی گرنگ و چارەنووسساز بۆ نەتەوەی کورد، بۆ نیشتمانی کوردستان( کوردستانی باشوور)، تەنانەت بۆ خزمەتی شارێکیش، لەسەر پرسە سیاسییە چارەننووسسازەکان، هاودەنگ و هاوفیکر بن؟ ئیتر، بەڕاستیی مرۆڤ دڵی بە کوێی کوردبوون خۆش بێت؟ ئەم کوردە، کەی دەبێ بەوەی، بیر لەمەودای گشتیی نەتەوە، خاک و نیشتمان بکاتەوە و تەجاوزی کۆڵان، گەڕەک، شار و ناوچەکەی خۆی بکات و بپەڕێتەوە بۆ ئەجێدانی نیشتمانیی و بەرژەوەندیی گشتیی و بنیانتانی کەلاوەیەکی نیشتمانیی؟ لەم رۆژانەدا، لە شارۆچکەی کەڵەک، نزیک لە پایتەختی هەرێم( هەولێر)، دەسەڵاتی حیزبیی، دەچێ زمانی پەروەردە و خوێندن ، دەکات بە دایەلێکتی شارە حیزبییەکەی خۆی( دهۆک)، شەڕی نێوان زمان و دایەلێکت بەرپا دەکات، ئیتر هاژووژی نیشتمانییبوون و نەتەوەییبوون، بەعەقڵی کێدا دەچێت؟

ئەنجامگیریی:

بە هەرێمبوونی سلێمانیی، بۆ تەخشانکردنی دەسەڵاتی سیاسیی و ئیداریی و داهاتەکانی هەرێمە، نەک بۆ ئەوەی شارەکان لێک دووربکەونەوە، بەڵکو بۆ ئەوەی ئینتیمای نیشتمانیی بەشێوەیەکی عادیلانە و خۆڕسکانە دروست ببێت. شاری سلێمانیی، لە ماوەی دەسەڵاتی کوردییدا، بەڕاستیی غەدری زۆری لێکراوە، بەبەراورد بە ناوچەکانی ژێر دەست پارتیی، هاوکات، یەکێتییش بەپێی پێویست، بەهۆی کوتلەکاریی حیزبییەوە، ئەو گرنگییەی پێنەداوە. گۆڕانیش، بۆ ئەجێندای حیزبیی خۆی، لایەنی عاطیفیی ئەم مەسەلەیە دەورووژێنێ، لەهەرکوێیەکدا، پێویست بکات، باسی دەکات و لەهەر شوێنێکیشدا لەگەڵ داوا حیزبییەکانیدا، ناکۆک بێت، چاوی لێ دەنوقێنێ. ئەمانە لە کاتێکدایە، کە ناوچەکانی سلێمانیی، گەرمیان، کەرکوک ، باڵەکایەتیی و دەشتی هەولێر، زۆرتریین بەشیان لە قەبارەی قوربانییدان، لە ئەنفال، کیمیایی و وێرانکردن بەرکەوتووە، کەمتریین بەشیشیان لە داهاتی نیشتمانیی بەردەکەوێت.

ئەو هەموو جەختکردنەوەیە لەسەر هەولێر و دهۆک، لە بواری سیاسیی و ئابوورییدا، لەسەر حیسابی سلێمانیی، گەرمیان و کەرکوک، هەرێمی کوردستان بەرەو تەواوکاریی( ئێنتێگریتیی)، نابات، بەڵکو بەرەو لۆکاڵیزم، ناوچەگەرایی، طائیفییبوون، جیاکاریی و دابەشبوون، دەبات. سامانی سروشتیی هەرێم، موڵکی یەک شار، یەک بنەماڵە و یەک ناوچە نییە، بەڵكو موڵکی هەموو هاووڵاتییانی هەرێمە و پێویستە شارەکان و ناوچەکان وەکو یەک سەیربکرێن و لە دابەشکردنی داهاتەکانیشدا، لەیەکەوە نزیک بن. نیشتمان، بە حیزبی طائیفیی، ناوچەیی و بەرەبابیی، دروست نابێت، بە شیعاری نەتەوەیی بەتاڵ، جوڵاندنی عاطیفییانەی شەقام و نەڕەنەڕی راگەیاندن دروست نابێ، بەڵکو بە لای کەمی عەدالەتی کۆمەڵایەتیی، بە دروستکردنی ئینتیمای نیشتمانیی و وەلائی نیشتمانیی دروست دەبێت، بە مرۆڤی نیشتمانیی و دوور لە خێڵ، ناوچە و شارچییەتی دروست دەبێت.
لۆکاڵیزم، شارچییەتیی و ناوچەگەرایی، هەر لە ئاستی حیزبە سیاسییەکاندا نییە، بەڵكو لە ئاستی نوخبەی رۆشنبییر، کەسانی ئەکادیمیست و ئەوانەی ئەهلی فیکریشن، بوونی هەیە. دەیان پرۆفێسەر، دۆکتەر، رۆشنبیر، نووسەر و خاوەن فیکرمان هەن، ناوی شارەکەی، ناوی قەضا، ناحیە و گوندەکەی، ناوی دەڤەری لەدایکبوونی، وەکو نازناوی خۆی بەکار دەهێنێت و شانازییشی پێوە دەکات. ئەمە مافێکی سروشتیی هەموو هاووڵاتییەکە، ناوچە و شار و شوێنەکەی خۆی خۆشبوێت، بەڵام کاتێک لەسەر حیسابی رەهەندە نیشتمانییەکان و جێۆگرافیای نیشتمان بێت، یان لەسەر حیسابی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە و بە هەرێمبوونی سلێمانیی بێت، جگە لە لۆکاڵیزمێکی خۆخۆر، شتێکی تر بەیان ناکات.
کەیسی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە و بەهەرێمبوونی شارەکان، ناساغیی و نانیشتمانییبوونی ئێمەی کوردی ئەوەندەی تر عەمەلیی کردەوە. ئەوانەی دژایەتیی بە پارێزگابوونی هەڵەبجەیان، بەئاشکرا دەکرد، کۆمەڵی گەنجی خوێنگەرم بوون و هەندێ حیزب، هانی دەدان. ئەوەی جێگەی تێڕامانە، زۆربەی ئەوانەی دەیانویست رەخنە لەو میثۆدی ناڕەزایەتییانە بگرن، نەدەهاتن بە جورئەتەوە، رەخنە لە لۆکاڵیزم، ناوچەگەرایی و حیزبگەرایی لایەنە سیاسییەکان بگرن، بەڵکو بە زمانێکی گشتگیر، بەزمانێکی شیعریی و رۆمانسیی، گلەییان دەبەخشییەوە بەسەر هەموو لایەکدا، بێئەوەی هیچ حیزب و سیاسیی و لایەن و تەنانەت ، بۆچوونێکی تایبەتیش بەر رەخنە بدەن، بەدڵنیاییشەوە، ئەمجۆرە خوێندنەوانە، تۆز لە گەردنی کەس نادات.
کەسێکی نەتەوەیی کورد، ئەگەر ناسیۆنالیستبوون و سێکیولاربوونەکەی بیکوڵێنێ، کەسێکی چەپ، ئەگەر مارکسیزمبوونەکەی، سووری کردبێتەوە، نابێ رێگە بەخۆی بدات، دژایەتیی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە بکات، بە بیانووی ئەوەی ئیسلامییەکان لەوشارەدا، رێژەیان بەرزە. ئەمە نەک هەر لێکدانەوەیەکی نانیشتمانییە، بەڵکو فۆبیایەکی سیاسیی و ئایدیۆلۆژییە بەرامبەر بە ئیسلام، بەپێچەوانەوە، خزمەتکردنی شاری هەڵەبجە، دابیینکردنی هەلی کار و رۆنانی ژێرخانێکی تۆکمە دەبێت کە گەنجانی ئەو شارە لە فەندەمێنتالیزمی دینیی و لە رادیکاڵیزمی ئیسلامیی دوور دەخاتەوە . هاوکات، هیچ حیزبێکی سیاسیی نابێ لەبەرئەوە قەڵس بێت کە رەقییبە سیاسییەکانیان، لە ئێستادا بە پارێزگابوونی هەڵەبجە، سوودمەند دەبن، ئەگەر رەهەندی نیشتمانیی لە مەغزی کورددا هەبێت، پێویستە، بۆ دوور، بییر لە بوعدی سیاسیی، ئابووریی، کولتووریی و جیۆگرافیی، بە پارێزگابوونی هەڵەبجە بکاتەوە. نابێ هەڵەبجە، وەکو پارادیمێکی خۆخۆریی سەیر بکرێت، بەڵکو دەبێ وەکو شەرعیەتێکی سیاسیی، جیۆگرافیی و ئیداریی، ئەو مافەیان پێڕەوا ببیینرێ کە خۆیان ئیدارەی شارەکەی خۆیان لەناو جیۆگرافیای عێراق و هەرێمی کوردستاندا بکەن.

بە پارێزگابوونی هەڵەبجە، تەنانەت ئەگەر ببێ بەهەرێمی هەڵەبجەش لە داهاتووی نزیک و دووردا، بەستاندەردی رەهەندی نیشتمانیی، هیچ زیانێک بەشاری سلێمانیی ناگەیەنێت. بگرە پێشبڕکێی خزمەتگوزاریی، ئاوەدانیی و رۆنانی ژێرخانی ئابووریی دەبێتە هۆی مونافەسەیەکی شەریفانە و ئازادانە بۆ برەوپێدانی هەرێمی کوردستان. هاوکات، بەپارێزگابوونی هەڵەبجە، سەرەتایەکە بۆ ئەوەی دیسێنترەڵایزی ناوچەکانی تری هەرێم بکرێ، بە تایبەت شاری هەولێر و قەضاکانی، دوور لەو ئینتێگرەیشنە ناساغڵەم و ساختەیەی لەنێوان هەولێر و بادیناندا هەیە.

بە هەرێمبوونی سلێمانیی و دواتریش هەڵەبجە و هەولێر، باڵانسی حیزبیی، طائیفیی و لۆکاڵیزمی هەندێ حیزب، ئیحتیوا دەکرێ و ئینتیمای هاووڵاتییان بۆ شارەکەی خۆیان، رەهەندی نیشتمانیی وەردەگرێ. بەهەرێمبوونی سلێمانیی، بۆ سەر ئاییندەی هەرێمی کوردستان، ئەگەرێکی ئیجابییەوە نابێ بەریتۆریکی نەتەوەیی، سلبیاتەکانی بۆ ترساندن و تۆقاندنی خەڵک، زەقبکرێتەوە. سوودەکانی دیسێنترەڵایزی دەسەڵاتی سیاسیی، ئیداریی و ئابووریی هەرێم، بە قازانجی گەلی کورد و نیشتمانی کوردستان و هاووڵاتییانی هەرێم دەبێت و بە زیانی حیزبە طائیفیی، پرۆکسیی، لۆکاڵییەکان، بازرگانە سیاسیی و مافیاکانی بازاڕی نەوت و سامانی سروشتیی، دەبێت.




لەعنەتی سامانی سروشتی (نەوت و گاز)… دانا حمید

دەکرێ حکومەتى هەرێمی کوردستان بەو ژێرخانە بەهێز و بەپیتە ئابورییەى هەیەتی دەتوانێ ئابورییەکی بەهێز و سەقامگیر دەستەبەر بکات، لە ئەنجامی کارکردن و فەراهەمکردنی دەستی کاری شارەزاوە. ژیانێکی باشتر و ئاسودەتر بۆ نەوەکانى دوایی خۆمان خەزن بکەین. بۆئەوەى لەکاتى رووبەرووبوونەوەى قەیرانە سیاسی و ئابورى و… هۆکارەکانى تردا، کە بەرۆکی میللەتەکەمان دەگرێ حکومەت بتوانێ لەڕێگەى پلانی درێژخایەنەوە بەر بەو قەیرانانە بگرێ و بتوانێ بەرگەیان بگرێت تاوەکو دۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە.
ئەو سامانە سروشتییەى لە چەشنی نەوت و گاز و باقی پێکهاتە سروشتییەکانى تر لەژێر زەویدا هەن و، گەنجینەیەکی خەزنکراوە حکومەتی هەرێم ئەتوانێ لەکاتى قەیراندا کەڵکیان لێوەرگرێ بۆ میللەتەکەى. ئەویش لە لایەن دەستێکی شارەزاوە دەربهێنرێ و وەبەرهێنانى تێدا بکرێت و پاشان پاشەکەوت بکرێ، بۆئەوەى لە دۆخی شپرزەى و شەڕ و قەیرانی درێژمەودادا بەکاریانبهێنێت.
وەک دەزانین لە دوایی ئەنفالکردن و کیمیابارانکردنی کوردانى باشور، لە هەر سێ پارچەکەى تر کوردستان روبەرووی نەهامەتی و خراپی گوزەرانی ئابورى بوویەوە، جارى واهەبووە پارچە نانێک نەبووە کە سکی خۆمانى پێ تێربکەین. بەڵام لە دوای راپەڕین و بەتایبەت لە ساڵی (١٩٩٢) کە حکومەتى بەعس دەسەڵاتى لە ناوچە کوردییەکان نەما و دوای ئەوە حکومەتى هەرێمی کوردستان دروستکرا، حیزبە کوردستانییەکان بەتایبەت پارتی و یەکێتی، وەباقی حیزبەکانى تر ئەیانتوانی بەهاوبەشی لەگەڵ چەندین کەسایەتی دەوڵەمەندی تر کوردستانى باشور بکەنە نمونەیەکی سەرکەوتووی ئابورى و ئیداری بەڕێوەبردن بۆ ناوچەکە، بەڵام ئەوەیان نەکرد لەپێناو پارە و هێزی زیاتر بوو بە شەڕیان و ژمارەیەکی زۆر لەهەردوولا شەهیدکرا. ئەمەش جگە لە ماڵوێرانی گەڕانەوە بۆ دواوە هیچی تری سەوز نەکرد.
پارتی و یەکێتی ئەیانتوانی حکومەتێک دروست بکەن دوربێ لە دەستی حیزب و خەڵکی تەکنۆکرات بهێنن و بۆیان بەڕێوەببات بەڵام ئەوەیان نەکرد. شێوازێک لە کارکردن لەناو حکومەتدا پەیدابوو، کە دەکرێ پێی بڵێین: دروستکردنی حکومەت لەناو حکومەتدا، کە شاراوە ئیشەکانى دەکرد و سەرتاپا پەلوپۆی حکومەتی گرتبوەوە. ئەم حکومەتە شاراوەیە (مەحسوبیەت و مەنسوبیەت) یەکێک بوو لە کۆڵەکە سەرەکییەکانى کە لە کۆتاییدا زەرەر و زیانێکی ئێجگار قوڵ و فراوانی لە کەرتی حکومەت و دا و تا ئێستاش بە شێوازێکی ناڕاستەوخۆ بەردەوامە و حیزب پەنای بۆ ئەبات، ئەمەش وادەکات حکومەت بەردەوام بڵێ قەرزاین و ناتوانین کێشە بنەڕەتیییەکانى خەڵک چارەسەر بکەین. وەک دەزانین ئێمە ژێر و بانمان سامانى سروشتییە بەنرخ و بەبەهایە بەڵام جارى واهەیە دڵۆپێک نەوت نیە بیکەیتە چراوە بۆئەوەى هیچ نەبێ کەمێک دەوروبەرت رووناک بکاتەوە.
ئەوەى مەبەستی ئێمەیە کە حکومەتى هەرێمی کوردستان لەو ماوە زۆرەدا دەیتوانی زۆر کار بکات بەڵام نەیکرد و حیزب هەموو شتێکی تێکدا، بەتایبەت لە دوای ساڵی(١٩٩٢)ەوە بە پرسکردن بە دەوڵەتانى دراوسێ و دەرەوە وە ناردنی کەسانى ناوخۆ بۆ خول و راهێنان و… دواتر هێنانەوەیان بۆئەوەى لەو بوارانەدا کە پێویستن بۆ کەرتەکانى حکومەت بەکاربهێنرن وەک پسپۆر. بەڵام دروستکردنی شەڕی ناوخۆ لەنێوان هەردوو حیزبدا، ئەوەندەی تر دۆخەکەى ئاڵۆز کرد و قەیرانەکەى قوڵتر کردەوە، کە ئەو کاتە ئاگایی ئەوەشیان نەبوو کە نەوت و سامانی سروشتی و گاز و چەندین سەرچاوەى بەنرخی تر لەژێر زەویدا هەیە دەکرێ سودیان لێوەربگیرێ و بۆ بوارى گشتی بەکاربهێنێت. بەڵام ئەمان واتە هەردوو حیزب بەرژەوەندی حیزبییان خستبووە پێش بەرژەوەندی میللەتەوە، هەموو شتێکیان دەکرد لەپێناو مانەوەى خۆیان بە هەرزانکردنی سامانی سروشتی کوردستان بە جیهانى دەرەوە، بێئەوەى بیر لەوەبکەنەوە کە گەرەنتی نییە ئەم سامانە سروشتییە تا سەر بمێنێ، بێئەوەى فیکر لە نەوەى ئایندە بکەنەوە کە ئەوانیش ڕۆڵەى ئێمەن و مافی ژیانیان هەیە.
هەردوو حیزب دوای چەندین شەڕی نەگریس لەنێوان یەکتردا و شەهیدبوونی چەندین ئینسانى باش لە نێوان هەردولادا، لە ئەنجامدا ڕێکەوتنی واشنتۆن چۆکی بە هەردوولایان دادا و ئاشتبوونەوەى گشتییان ڕاگەیاند. بەڵام دواتر دوو حکومەت هەبوو ئەوەش کێشەی ئیداری و بەڕێوەبردنی ئیشوکارى هاوڵاتیانی زیاتر قورستر کرد، واتە هەریەک لای خۆیەوە خۆی خۆجێی خۆی راگەیاند و بوونە خاوەنی ئابورى و سیادەی ئیداریی خۆیان. پاشان ئەم حکومەتە دەیتوانى بەو ناهەمواریەشەوە کە هەبوو لەو سەردەمەدا، ژیانی ئابورى خەڵک باشتر بکات و بژێوی ژیانیان بەو سامانە سروشتییەى کە لەژێر زەویدا هەیە بەکاریبهێنێت لە خۆشگوزەرەانی خەڵکەکەیدا.
حکومەتى هەرێمی کوردستان دەیتوانی بەڕێکەوتن لەگەڵ بەغداددا کێشەکانی نێوانیان تاڕادەیەک چارەسەر بکەن و نەگەنە بنبەست، بەتایبەت لە مەسەلەى ئابورى و سامانى سروشتی ژێر زەویدا کە بریتیە لە نەوت و گاز و پێکهاتەکانى تر… بەڵام کێشەى پارە و سامان لەنێوان هەردولادا دۆخەکەى بەرەو سەختتر برد و دوای ئەوەى هەرێم ئامادە نەبوو نەوتەکەى رادەستی بەغداد بکات، بەغدادیش بەشە بوجەى هەرێمی لە ساڵی (٢٠١٤) بڕی ئیتر ژیانی خەڵک لە باشور کەوتە ناخۆشیەکەوە کە نیوەمووچە دەدراو لەو نیوەیەش چواریان دەبڕی لە کۆی دوازدە مانگەکە. پاشان هاتنی شەڕی داعش ئەوەندەى تر دۆخەکەى ئاڵۆزتر کرد و خەڵک تەنها بیر لە سەلامەتی و خۆپارێزی ژیانی خۆی دەکردەوە. کە ئەو قەیرانە ئابوریە دروستبوو حکومەت مووچەى دوازدە مانگەکەى پێنەئەدرا ڕێگەى (پاشەکەوت) ی گرتەبەر لە بەرامبەر فەرمانبەراندا، ئەوەش غەدرێکی گەورە بوو لە کارمەندانى هەرێمی کوردستان کرا لە لایەن حکومەتەکەى خۆیەوە. کە لە سەرەتادا بێئەوەى بیربکاتەوە لەوەى کە سامانى سروشتی ژێر زەوی تەنها موڵکی ئەم نەوەیەی ئێستا نییە بەڵکو نەوەکانى داهاتووترە، ئەبێ بیرلەوەبکەینەوە تەنها پشت بە سامانى ژێر زەوی نەبەستین بەڵکو ڕێگەچارەى تری ئابورى بدۆزینەوە بۆئەوەى بتوانین ئابورییەکی بەهێز بونیاد بنێین، ئەمەش بەوە دەبێ کە سیاسەت لە خزمەت ئابورییدا بێ نەک بە پێچەوانەوە. واتە حکومەت بیرلەوە بکاتەوە کەرتی تایبەت فراوانتر بکات و دەستی کار بۆ خەڵکی فەراهەم بکات نەک ئەوەى هەمووی بکات بە فەرمانبەر و شوێنێک یان فەرمانگەیەک پێویستی بە دە فەرمانبەر حکومەت بیست فەرمانبەری بۆ دامەزرێنێت ئەمەش دەبێتە هۆکارى گەندەڵی و پاشاگەردانى لە ئیدارەدانى حکومەتدا و بیرۆکراسیەت دەبێتە فەرمانڕەوا.
ئەمانە بۆ ئەڵێم: بۆئەوەى بزانین ئەمانە شتی زۆر سەرەتایین جا بگات بەوەى کە حکومەتى هەرێمی کوردستان بتوانێ سامانى سروشتی ژێر زەوی دەربهێنێ لە پێناو میللەتەکەیدا بەکاریبهێت و سودی هەبێت بۆ خەڵکی. ئەوەش کارێکی فرەمەحاڵە و ئەستەمە لە ساڵێکدا بەرمیلێک نەوتی پێ دابین ناکرێ بۆ میللەتەکەى جا بگات بەوەى کە بتوانێ نەوت و سامانى سروشتی گاز و پێکهاتەکانى تری ژێرزەوى کە زۆرە و ئەکرێ سودی گشتییەکەى لە پێناو بەرژەوەندی گشتی هاوڵاتیاندا بەکاربهێنرێت. بەڵام بەداخەوە لە دوایی (٣٠) ساڵ هێشتا تروسکاییەک بەدیناکەین کە کرابێت لە بوارى سامانى سروشتی ژێرزەوییدا.
یەکێکی تر لەو کێشانەى کە حکومەتى عێراق رووبەرووی حکومەتى هەرێمی کوردستانى کردەوە، گرێبەستکردنی ئابورى بوو لەگەڵ تورکیادا بۆ ماوەى (٥٠) ساڵ ئەمەش گومانى تێدانیە کە حکومەتى عێراق لەم دۆسیە ئابوریەدا لەسەر حەق بوو، چۆن دەبێ هەرێم بێگەڕانەوە بۆ ناوەند بڕیاری گرێبەستکردن بدات لەگەڵ حکومەتی تورکیادا لە ئابورییدا، لە کاتێکدا کەس ناوەڕۆکی ئەو گرێبەستە ئابورییە نازانێت جگە لە چەند کەسێکی کەم، ئەمەش گومانى لای بەرپرسانی عێراق دروستکردوە نازانن ئەو هەموو سامانە سروشتییە لە نەوت و گاز پارەکەى بۆ کوێ ئەڕوات؟ کە بە نرخێک دەفروشرێ بە تورکیا کە زۆر زۆر کەمترە لە نرخی بازاڕی جیهانى.
بۆئەوەى ئاوڕی زیاتر بدەینەوە لە سامانى سروشتی وەک نەوت و گاز و ئەوانى تر… بە نمونە وەرئەگرین و شتێکی سەرەتایی کە لە توانایی ئێمەدا بێت باسی ئەکەین:
مەبەست لە سامانی سروشتی هەموو ئەو کانزا شل و رەقانەیە کە لە ژێر زەوى ناوچەکانى کوردستاندایە و بەتایبەت ناوچەی ئیدارەى سلێمانى زۆرترین سامانى سروشتی ژێرزەوى ئەکەوێتە ئەم ناوچەی ئیدارەى سلێمانەوە کە نزیکە بە وڵاتی ئێرانەوە.
مەبەست لە سامانى سروشتی بەتایبەتی نەوت و گاز وەهەریەک لەم دوو سەرچاوەیە ماهیەت و گرنگیەکی کاریگەرى هەیە لەسەر جوڵەى ئابوری و بازرگانی و پیشەسازی نێوان وڵاتان. کە جوڵە و بەرهەمهێنان گەشە ئەکات، وەبەرهێنان و سەرمایەگوزارى لە کەرتەکانى تردا رۆڵی پێشەنگ ئەبینن و دەتوانرێ پاشەکەوتیش بکرێ بەهۆی ئەوەى سامانى سروشتی بەتایبەت نەوت و گاز بەباشی لە لایەن دەوڵەتەوە کەڵکی لێوەریگراوە. بۆ نمونە ئێران هەموو گازەکەى زۆربەباشی بەکارهێناوە و کەڵکی لێوەرگرتوە بەڵام حکومەتی عێراق و هەرێم خۆشیان نازانن چی ئەکەن بەم سەروەتە نیشتیمانیە یڕ وزە و گرنگە بە بەلاش بە وڵاتانى دەرەوەى هەرزانفرۆش و هەراج ئەکەن.
بەم پێیە سامانى سروشتی لەڕووی سەقامگیری جیهانییەوە لەڕووی ململانێی هێزەکانەوە وە مسۆگەرگردنی گەشەی ئابورییەوە، ڕۆڵی خۆی هەیە لە سەقامگیری ئاسایشی ئابورى هەر دەوڵەتێکدا، لەڕووی جیۆپۆلەتیک و جیۆئیکۆنۆمیکیشەوە پێگەى بەرچاو و دیاری خۆی هەیە.
هەر دەوڵەتێک وزەى هەبێ، توانایی هەیە لە کۆتاییدا دەبێتە خاوەنی هێزی ئابورى و سەربازی لەگەڵ ئەو هێزانەى تر کە سەقامگیری وڵات پێکدەهێننن. سامانى سروشتی وەک هێزی نەرم دەتوانرێ لە بەرامبەر داگیرگاری وڵاتانى تردا بەکاربهێنرێ و ببێتە مایەی ئەمن و ئاسایش بۆ وڵات.
دەبێ پرسیارێک بکەین کاریگەرییەکانى سامانى سروشتی (نەوت و گاز و…) لەسەر داهاتووی حکومەتى هەرێمی کوردستان لەڕووی سیاسی و ئابورییەوە چییە؟ ئەم سامانە بۆ حکومەت ئەمێنێ یان نا ئەو هەیمەنە و دەسەڵاتەى نامێنێت. گومان لەوەدانییە وەڵامەکەى ئەوەیە دەکرێ لە سەردەمێکدا ئەم سامانە سروشتییە کەمببێتەوە یان کۆتایی بێ، وە حکومەت دەبێ پلانی (ستراتیژی قوڵ)ی هەبێ لە بەرامبەر سامانی سروشتی لەکاتى بحران و قەیرانی ئابورى کە رووبەرووی ئەبێتەوە. وە بتوانێ چۆن پێش بەو قەیرانە ئابوریە بگرێ لەسەر پێی خۆی بوەستێ وە بەرهەمی ناوخۆی لە کەرتەکاندا پەرە و گەشە پێبدات و پشت بە بەرهەمی دەرەوە کەمتر ببەستێ، ئەمەش وادەکات خەڵک بتوانن لە ئاییندا بەو بەردەستە کەمەی هەیانە لە ڕووی ئابورییەوە خۆیان بژێنن و سامانى سروشتیش لە کاتى تەنگانە و قەیرانی درێژخایەندا کەڵکی لێوەرگرن.
حکومەتی هەرێمی کوردستان خاوەنی سامانى سروشتی زۆرە وە ڕێژەى ئەوەى ئێستا لەو سامانە هەیە بەڕێژەى (٧٥%) دەکەوێـە ناوچەی سلێمانییەوە، بەڵام چەندە ئەم ڕێژە سامانە سروشتییە زۆرە لەم ناوچەیەدا هەیە، بەگوێرەى خۆی خزمەتگوزاری لە لایەن حکومەتەوە پێشکەش ناکرێ، واتە جۆرێک لە سزا لە بەرامبەر ئەم ناوچەیە جێبەجێ دەکرێت. سزای ناعەدالەتی لە بەرامبەردا پەیڕەو دەکرێ کە دەکرێ بە سزای (ناعەدالەتى ئابوریی/ جوگرافی) ناوی ببەین.
چەند ساڵێک لەومەوپێش لە پارێزگای سلێمانى- شارۆچکەى چەمچەماڵ کانیاوێک لە وەرزی بەهاردا تەقی و ئاوێکی زۆری لێوەهەڵئەقوڵا، خەڵک وایانزانی ئەم ئاوە و لەم گەرمەسێرەدا هەڵقوڵاوە بۆ کاری کستوکاڵ و ئاودێری باشە، بەڵام دواتر ئاوەکە ئەوەندە زۆربوو کە لەگەڵ ئاوەکەدا گڕی ئاگریشی لێوەئەهاتەدەر، دواتر لیژنەى پسپۆڕی دەرەوە هاتن سەیریان وتیان ئەمە گازە و زۆریش بەناوبانگە گازەکەى، بەڵام بەداخەوە چونکە حکومەت پلانی ستراتیژی نییە تاوەکو ئێستا ئەو گازە هەروا لەو ناوچەیە وەک گۆماوى لێهاتوە و هیچی تر سودی لێنابینرێت.
شتێکی تر هەیە لە لایەن حکومەتەوە دەرهەق بە سنورى سلێمانى و ئیدارەى گەرمیان پەیڕەو دەکرێ کە زۆربەى سامانى سروشتی هەرێم دەکەوێتە ئەم ناوچەیەوە، بەڵام ئەوەى حکومەت پەیڕەوی ئەکات بەرامبەر ئەم ناوچەیە بریتییە لە (ناعەدالەتى ئابورى/ جوگرافی) کە لە خوارەوە ئاماژەى پێئەدەین:
ناعەدالەتى ئابورى/ جوگرافی
وەک دەزانین هەرێمی کوردستان خاوەنی سامانێکی سروشتی دەوڵەمەند و بەپیتە هەوڵێک هەیە بۆئەوەى ناوچەیەک زیاتر ئاوەدان بکرێـتەوە و ناوچەیەکی تر کەمتر و ئاوان بکرێتەوە و خزمەتگوزارى کەمتری پێبگات ئەمەش شکستی سیاسەتی ئابورییە پێش هەر شتێک بەچاوی حیزبی سەیری هاونیشتیمانیانی وڵاتەکەى خۆی ئەکات.
١- ناعەدالەتى ئابورى: ئەوەیە کە حکومەت گرنگی و بایەخ بە ناوچەیەک بدات و ناوچەیەکی تر فەرامۆش بکات لەسەر حسابی ناوچەکەى تر، لە ڕووی خزمەتگوزاری و ئاوەدانکردنەوە. یان گرنگیدان بە ناوچەیەک لەسەر حسابی ناوچەیەکی تر، سەرەڕای ئەوەى ئەو شارەى کە پشتگوێ دەخرێ خاوەنى زۆرترین سامانى سروشتی و وزەیە، بەڵام وەک ئەو شارانەى تر خزمەت ناکرێ لەڕووی ئابورییەوە. ئەمەش شێوازێک لە ناعەدالەتی ئابورییە کە حکومەت پەنای بۆ ئەبات کە دەکرێ بە ”ناعەدالەتى ئابورى” ناوزەدی بکەین.
٢- ناعەدالەتى جوگرافی: ئەمەش ئەکرێ کە تەواوکەرى ناعەدالەتى ئابورى بێت کە حکومەتى هەرێم لە هەولێر لە بەرامبەر خەڵکی سلێمانى و ئیدارەى گەرمیاندا پەیڕوەى دەکات. ئەو دەزگایانەى کە بریتیین لە دەزگای ئامار و سەرمایەگوزارى و وەبەرهێنان، لە هەولێر لەڕێگەى ئەو ئامارانەوە ئامارى ورد و دەقیق ناخاتە بەردەست بۆئەوەى بە شەفافی ئامارەکان بزانرێت و کارى لەسەر بکرێت. ئەمەش وادەکات ناوچەکانى سلێمانى و گەرمیان لەڕووی خزمەتگوزارى و کۆی جومگەکانى گشتی ژیانی هاونیشتیمانیانەوە لەژێر ئاستی هەولێر و دهۆک لەدواوەبێ و وەک ئەوان خزمەت نەکرابێ، ئەمەش ناعەدالەتییەکی سەرتاپا ناحەق و جوگرافییە کە دەرهەق بە خەڵکی ئەم دەڤەرە دەکرێت.
بەتایبەت ناعەدالەتى ئابورى و جوگرافی جیاوازییەکی دروستکردوە لەنێو خەڵکی سادە و دەوڵەمەنددا، واتە جیاوازییە چینایەتیەکە زۆر ناحەق و لەبەرچاوە کە چینی ناوەند نەماوە ئەوەى هەیە دەوڵەمەندێکی لەڕادەبەدەرە و بژێوی لە ئاستی زۆر راقیدا ژیان بەسەر دەبات و ئەوى تر لە خەڵکی هەژارە کە ژیانێکی مەرگەسات و پڕوکێنەر بەسەر دەبات.
حکومەتى هەرێم ئەتوانرێ ئەم ناعەدالەتیە ئابورى و جوگرافییە کەمتر بکاتەوە ئەویش لەڕێگەى شۆڕکردنەوەى دەسەڵاتەکانى لە مەرکەزەوە بۆ لامەرکەزیەت، واتە هەر شارێک خۆی خۆی بەڕێوەبەرێ و لامەرکەزیەتی ئیدارى خۆی جێبەجێ بکات. ئەمەش کار ئاسانیەکە بۆ حکومەت، و حکومەتى ئیدارى ئەو ناوچەیە بەو بودجەیەی هەیەتی ناوچەی خۆی خۆیەتی دەتوانێ بەڕێوەببات. باشتر و خەمخۆرانەتر ، بارێکی خۆشگوزەرانتر بۆ خەڵکەکەى دابینبکات. و قورسی و ئەرکێکی زەحمەتیش لەسەرشانى حکومەت کەمتر بکاتەوە.
دەرئەنجام:
بۆئەوەى حکومەتى هەرێمی کوردستان بتوانێ لانی کەم خەڵک ئاشتبکاتەوە لەو ئەو بوجە زەبەلاح و ناپێویستەى کە لە شتی بێکەڵدا سەرفی ئەکەن، راگرتنی بوجە واتە خەرجییەکان کەمبکرێتەوە و داهات زیاد بکرێت. وە ئەو لەشکرە لە مووچەخۆر کە زۆربەی بندیوارە و حساب و کتابی لەگەڵدا بکرێ و خەڵکی شیاو لە شوێنیان دابنرێ کە هەندێکیان وەهمین و بوونیان نییە. وە کەرتی تایبەت بەهێز بکرێ و هانای خەڵک بدرێ کاری تێدا بکات بەهاوکارى حکومەت. وە کەرتی پیشەسازی لە شارەکان و کشتوکاڵ لە لادێیەکاندا زیندوو بکرێتەوە، بەوەى وا لەخەڵک بکەن کە کۆچ نەکەن بۆ شارەکان و لادێکان چۆڵ بکرێت، بۆیە داینەمۆی حکومەتى هەرێم ئەوەیە کە پاڵپشتی گوندەکان بکات و کەرتی کشتوکاڵ و ئەو بوارانەى تر کە ئابورى حکومەتى هەرێم رادەگرن و بەهێزی دەکەنەوە پاڵپشتیان بێت. کە پێوست لە لادێکاندا زیندوو بکرێتەوە حکومەت بە پێدانى کەرەستەى پێویست ژیانەوە لە لادێکانەوە بۆ شارەکان دەستپێبکاتەوە.

نووسینی: دانا حمید

سەرچاوە:
١- حکومەت و سامانى سروشتی لە هەرێمی کوردستان، نووسینی: د: سەردار عزیز، لبنان، ٢٠١٣.
٢- ناعەدالەتى جوگرافی، نووسینی: بەیار عومەر عبدالله، سلێمانى، ٢٠١٦.




گفتوگۆ لەگەڵ نووسەر مەریوان سەڵاح حیلمی

مه‌ریوان سه‌لاح حیلمی:
ئه‌ده‌بیاتی منداڵان بریتیه‌ له‌ بابه‌تی فره‌ جۆر و فره‌ ڕه‌هه‌ند

بـۆ زیاتر بـایـه‌خ و گرنگیدان به‌بواری‌ په‌روه‌رده‌ و ئه‌ده‌بیاتی منداڵان، وه‌ ئـاوڕدانـه‌وه‌ لـه‌ كـه‌سایه‌تییه‌كـانـی ئـه‌و بـواره‌‌، بـه‌ پێـویـسـتـمان زانـی ئـه‌م دیـمـانـه‌یـه‌ لـه‌گـه‌ڵ به‌ڕێز”م. مه‌ریوان سه‌لاح حیلمی” ی نووسه‌ری بواری په‌روه‌رده‌ ساز بده‌ین.

سازدانی: ڕۆسته‌م خامۆش

پرسیار: ئه‌ده‌بیاتی منداڵان چیه‌و وه‌ به‌ڕێزت چۆن پێناسه‌ی ده‌كه‌یت؟

وه‌ڵام: ئه‌ده‌بیاتی منداڵان بریتیه‌ لـه‌ بابه‌تـی فـره‌ جۆر و فـره‌ ڕه‌هه‌ند، وه‌جۆرێكه‌ له‌ چالاكیی ئه‌ده‌بیی و هونه‌ریی و هزری، كه‌ بۆ منداڵ ده‌نووسرێ. ئه‌ده‌بیاتی منداڵان بریتیه‌ له‌و ئه‌ده‌به‌ی، كـه‌ تایبه‌ت بـۆ منداڵ ده‌نووسرێ بـۆ ئه‌وه‌ی جیهان بدۆزنه‌وه‌و له‌ منداڵیدا هۆشیارتربن و له‌ گه‌وره‌ییدا هه‌وڵی گۆڕینی بده‌ن.

پرسیار: کێن ئەوانەی دەبێ بۆ منداڵان بنووسن، یان هەموو شاعیر و نووسەرێک دەتوانێ بۆ منداڵان بنووسێ؟

وه‌ڵام: ئه‌وانه‌ی بۆ مناڵ ده‌نووسن:
1ـ ئه‌گه‌ر له‌بـواری په‌روه‌رده‌دا كاربكه‌ن.
2ـ ئـه‌گـه‌ر خـۆیــان منـاڵـیـــان هــه‌بـێـت.
ئه‌وا زۆر باشتره‌، به‌ڵام ئه‌و دوو خاڵه‌ مه‌رج نین بۆ ئه‌وه‌ی شاعیر، یان چیرۆكنووس، یان… هتد سه‌ركه‌وتن له‌بواره‌كه‌دا به‌ده‌ستبهێنن، ئێمه‌ نمونه‌مان هه‌یه‌ له‌م باره‌یه‌وه‌، وه‌ك: “له‌تیف هه‌ڵمه‌ت ” نه‌ له‌بواری په‌روه‌رده‌دا كاری كردووه‌و نه‌ منداڵیشی هه‌یه‌، كه‌چی یه‌كێكه‌ له‌ شاعیره‌ سه‌ركه‌وتووه‌كانی بواری مناڵان و په‌روه‌رده‌، هه‌روه‌ها “كاكه‌ی فه‌لاح “مان هه‌یه،‌ كه‌ له‌بواری په‌روه‌رده‌دا كاری نه‌كردووه،‌ به‌ڵام شاعیرێكی سه‌ركه‌وتووی بواری په‌روه‌رده‌ی منداڵانه‌.
به‌كورتی ده‌بێت شاعیری بواری مناڵان رۆشنبیرییه‌كی گه‌وره‌ی هه‌بێت له‌وبواره‌دا، هه‌میشه‌ چاودێر و خوێنه‌رێكی وردی بواری په‌روه‌رده‌ی منداڵان بێت، به‌تایبه‌تی و ئه‌ده‌بیات به‌گشتی، واته‌ ته‌نیا به‌هره‌ی شاعیریی به‌س نییه‌، به‌ڵكو ده‌بێت ئاگای له‌ هه‌ستیاریی قۆناغه‌كانی منداڵیی هه‌بێت.
ئه‌ڵبه‌ته‌ هه‌موو شاعیرێك و نووسه‌رێكیش ناتوانێ شیعر، یان هه‌ر به‌رهه‌مێكی ئه‌ده‌بی بۆ مناڵان بنووسێت، چونكه‌ بابه‌تی په‌روه‌رده‌ی منداڵان هه‌تا بڵێی قورس و به‌رپرسیارێتیه‌، ئه‌گه‌ر شاعیرێكی ئاسایی بابه‌تێكی خودی بۆ نمونه:‌ (ته‌نیایی) خۆی بكات به‌ شیعر و ئاسایی بێت ئه‌وا بۆ شاعیرانی بواری په‌روه‌رده‌ی منداڵان ئاسان نییه،‌ كه‌ په‌لاماری هه‌موو جۆره‌ بابه‌تێكی بدات و به‌رهه‌مێكی لێ دروستبكات، شیعری بواری په‌روه‌رده‌ بریتییه‌ له‌ ئامانج، ئامانجێك پێشتر له‌رووی فیكرییه‌وه‌ له‌دایك ده‌بێت و دواتر شاعیر ده‌یخاته‌ قاڵبی شیعر، یان چیرۆك، یان هه‌ر به‌رهه‌مێكی تری ئه‌ده‌بییه‌وه‌ بێت، بۆیه‌ به‌رهه‌می بواری منداڵان به‌رپرسیارێتی قورستر و به‌ئه‌ركتره‌، چونكه‌ بۆ نمونه‌ تۆ، كه‌ شیعرێك بۆ مناڵی 6 ساڵان ده‌نووسیت كاتێ بۆ یه‌كه‌مینجار ده‌چێته‌ قوتابخانه‌، با ئه‌و مناڵه‌ شه‌ش ساڵه‌یه‌ له‌ ساڵی ئاینده‌دا بچێته‌ قۆناغێكی تر، یان ته‌مه‌نی ببێت به‌ حه‌وت ساڵیی، به‌ڵام شیعره‌كه‌ هه‌ر ده‌مێنێته‌وه‌، چونكه‌ ساڵی داهاتوو مناڵی شه‌ش ساڵیی شوێنی ئه‌و ده‌گرنه‌وه‌.
ئه‌گه‌ر زۆر درێژه‌ی نه‌ده‌ینێ مه‌رج نییه‌ ئه‌وه‌ی شاعیر و نووسه‌رێكی باش بێت ئه‌وه‌ مانای ئه‌وه‌ نییه‌ بتوانێ شیعر و بابه‌تی مناڵان بنووسێت، بۆیه‌ له‌شاعیر و نووسه‌راندا ته‌نیا چه‌ند كه‌سێك نه‌بێت زۆرینه‌یان گرنگیان به‌م بواره‌ نه‌داوه‌، بۆیه‌ ئه‌وه‌ی له‌بواری په‌روه‌رده‌ی مناڵاندا ده‌نووسێت ده‌بێت خولیایه‌كی گه‌وره‌ی هه‌بێت بۆ ئه‌م ئیشه‌، واته‌ به‌ كارێكی ئاسان و كاتیی نه‌زانێت، به‌ڵكو به‌كار و ئه‌ركێكی مه‌زنی بزانێت.

پرسیار: چۆن بوو ئاوڕت لە ئەدەبیاتی منداڵان دایەوە، ئایا جگە لە لێکۆڵینەوە لەسەر شیعری منداڵان، لە بارەی چیرۆکی منداڵان و ڕۆمانی مێرمنداڵانیش نووسین و لێکۆڵینەوەت کردووە؟

وه‌ڵام: به‌ڕێزم من ئاوڕێكی ئه‌وتۆم له‌ بواری په‌روه‌رده‌دا بۆ مناڵان نه‌داوه‌ته‌وه‌، به‌ڵكو من ئاوڕی جدیم له‌ گرنگیی په‌روه‌رده‌و كه‌مته‌رخه‌میی ده‌سه‌ڵات و نووسین و لێكۆڵێنه‌وه‌ دژی ده‌سه‌ڵاتی كوردی داوه‌ته‌وه‌، واته‌ من چاك ئه‌وه‌م زانیوه‌، كه‌ ته‌مه‌نی مناڵ ته‌مه‌نێكی و گرنگ و له‌ زێڕ به‌نرختره‌، وه‌ شتێك له‌گرنگی په‌روه‌رده‌ شاره‌زام، وه‌ به‌وردی چاودێری كاره‌كانی حكومه‌ت ئه‌كه‌م، كه‌ له‌دوای ساڵی 1991وه‌ تاوه‌كو ئێستا چۆن په‌روه‌رده‌ی نابووت كردووه‌، بۆیه‌ من وه‌ك تاكێك ئه‌وه‌ی، كه‌ پێم كرابێت بۆ هۆشیاركردنه‌وه‌ی مامۆستایان و خێزان و كۆمه‌ڵگه‌ و هه‌روه‌ها پێشخستنی په‌روه‌رده‌ له‌كوردستاندا ئیشم كردووه‌و سێ كتێبی لێكۆڵینه‌وه‌و ره‌خنه‌م له‌بواری په‌روه‌رده‌دا چاپكردووه‌و ده‌یان چاوپێكه‌وتنی ته‌له‌فیزیۆنی و رادیۆیی و رۆژنامه‌یی و…هتد له‌م باره‌یه‌وه‌ ئه‌نجامداوه‌، به‌كورتی من كه‌ بابه‌ت ئه‌نووسم بۆ دوو مه‌به‌ستی سه‌ره‌كییه‌ یه‌كه‌میان هۆشیاركردنه‌وه‌ دژی ده‌سه‌ڵاتی كوردی، كه‌ نوقمه‌ له‌ گه‌نده‌ڵی و دزی و دژی په‌روه‌رده‌و شتی جوانه‌، دووه‌میان بۆ ته‌مه‌نی گه‌وره‌ ئه‌نووسم، واته‌ بۆ مامۆستایان و خێزان و كۆمه‌ڵگه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و شتانه‌ بخه‌مه‌ روو، كه‌ ره‌نگه‌ لای كه‌سێكی ساده‌ نه‌بیستراو بێت، یان ده‌ركی پێ نه‌كردبێت، چونكه‌ ئێمه‌ له‌ناو چه‌قی ئیشه‌كه‌دا ده‌ژین وردتر له‌ هاوڵاتییه‌كی ئاسایی هه‌ست به‌شته‌كان ده‌كه‌ین، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی كه‌ گرنگی زیاتر به‌ خوێندنه‌وه‌و چاودێری كردن ده‌ده‌ین، واته‌ زۆر ناچار نه‌بین، نه‌قسه‌ ده‌كه‌ین، نه‌ ده‌نوسین، ته‌نیا به‌ شێنه‌یی ده‌خوێنینه‌وه‌.
له‌باره‌ی نوسین و لێكۆڵینه‌وه‌ له‌بواری په‌روه‌رده‌ی منداڵان، له‌ راستیدا ره‌خنه‌گر و نووسه‌رمان كه‌مه‌، كه‌ ئاوڕ له‌م گه‌نجینه‌یه‌ بداته‌وه‌ و بتوانێ شیكارییه‌كی گرنگ بۆ بابه‌ته‌كان بكات، بۆیه‌ من زۆرجار له‌ناچاریی، یان زۆر جار له‌ گرنگیدان به‌ده‌قێك ئه‌و كاره‌ ئه‌كه‌م، ئه‌وه‌ی من كردوومه‌ له‌م بواره‌دا بۆ چه‌ند مه‌به‌ستێكه‌
یه‌كه‌میان: وه‌ك چۆن “ئه‌حمه‌دی خانی ” له‌ مه‌م و زینه‌كه‌یدا ده‌ڵێ مه‌م و زینم كردووه‌ به‌ به‌هانه‌ بۆ ئه‌وه‌ی، ئه‌وه‌ی له‌دڵمدایه‌ بینوسم، منیش هه‌روه‌ها زۆرجار ده‌قێكی شیعری ده‌كه‌م به‌ به‌هانه‌ بۆ ئه‌وه‌ی، ئه‌وه‌ی پێویسته‌ بینوسم و خه‌ڵكی لێ ئاگاداربكه‌مه‌وه‌.
دووه‌میان: گرنگیدان به‌ شاعیره‌كه‌یه‌، بۆ ئه‌وه‌ی به‌رده‌وام بێت له‌ پێشكه‌شكردنی ده‌قی جوان بۆ مناڵان، چونكه‌ كه‌مته‌رخه‌میی هه‌یه‌ له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه،‌ بۆیه‌ ناچارین پشتی شاعیران بگرین بۆ ئه‌وه‌ی بابه‌تی گرنگ پێشكه‌شی منداڵانی كورد بكه‌ن.
سێیه‌م: ئه‌گه‌ر كه‌م و كوڕییه‌ك له‌ شیعره‌كه‌دا هه‌بێت بیخه‌مه‌ روو، به‌ڵام به‌ ئه‌نقه‌ست زۆر له‌سه‌ر ئه‌مه‌ نه‌ڕۆیشتووم، چونكه‌ لێكۆڵینه‌وه‌كانی من له‌م بواره‌دا تایبه‌ته‌ به‌ ره‌خنه‌ی راڤه‌یی، چونكه‌ ده‌مه‌وێت له‌ڕێی راڤه‌وه‌ سه‌رنجی خوێنه‌ر ڕابكێشم و زیاتر مه‌به‌ست بپێكم، هه‌روه‌ها ره‌خنه‌ هه‌ر ده‌رخستنی كه‌موكورتی نییه‌، به‌ڵكو خستنه‌ رووی ئه‌و جوانیانه‌یه،‌ كه‌ خوێنه‌رێكی ساده‌ هه‌ستی پێناكات، به‌كورتی ره‌خنه‌ی راڤه‌یی مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رتاپای ناوه‌ڕۆكی ده‌قه‌كه‌ ده‌كات، نه‌ك یه‌ك دێڕ و دوو دێڕ.
له‌باره‌ی ره‌خنه‌و لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ بواری چیرۆك و رۆمان، كورد نه‌ك بۆ مناڵان به‌ڵكو بۆ گه‌ورانیش رۆمانی كه‌مه‌ به‌ به‌راورد به‌ رۆمانی دراوسێ و جیهانییه‌كان، به‌ڵام من پێشتر بابه‌تی ره‌خنه‌ییم له‌سه‌ر شانۆ و ته‌مسیل و حه‌لقه‌ نووسیوه‌، به‌ڵام هی مناڵان نا، به‌ڵكو هی گه‌وران، به‌ڵام بۆیه‌ گرنگیم به‌ شیعر داوه‌, چونكه‌ شیعر زیاتر ده‌توانێ بچێته‌ ناو خه‌ڵكه‌وه‌و كێش و مۆسیقای هه‌یه‌، به‌ڵام گرفته‌كانی ژیان به‌ به‌ربڵاوی ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌ی نه‌داومه‌تێ، كه‌ كار له‌ سه‌ر چیرۆك و رۆمانی مناڵان بكه‌م، ئه‌مه‌ مانای ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ بڵێم نایكه‌م.

پرسیار: لە هه‌ندێ له‌ لێکۆڵینەوەکانتدا، گرنگیت بە شیعری پەروەردەیی منداڵان داوە، ئەمەیان بۆچی؟

وەڵام: ئه‌وه‌ی كه‌ زیاتر گرنگیم پێداوه‌ لێكۆڵینه‌وه‌و ره‌خنه‌یه‌ له‌بواری په‌روه‌رده‌دا، واته‌ نوسینه‌كانی من به‌پله‌ی یه‌كه‌م ره‌خنه‌و لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ له‌بواری په‌روه‌رده‌دا، نه‌ك له‌ڕێی ده‌قێكی شیعرییه‌وه‌، هه‌روه‌ها له‌ 30 ساڵی رابردوودا گرنگیم به‌ گه‌لێ بابه‌ت داوه‌ وه‌كو: مافه‌كانی ژن، كه‌ ره‌نگه‌ زیاتر له‌ 100 گۆشه‌م له‌سه‌ر نووسیبێت، هه‌روه‌ها بابه‌ته‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و سیاسییه‌كان، هه‌روه‌ها بابه‌تی زمانه‌وانیی و فۆلكلۆریش، ره‌نگه‌ ئه‌مه‌ كه‌مێك مایه‌ی پێكه‌نین بێت، به‌ڵام راستیت بوێ ناچاریی وه‌های لێكردووم، كه‌ ده‌ست بۆ ئه‌و هه‌موو جۆره‌ بابه‌تانه‌ به‌رم، بۆنمونه‌ چه‌ند ساڵێك له‌گه‌ڵ هاوڕێیه‌ك یان دووان و سیان خه‌ریكی ده‌ركردنی رۆژنامه‌ بووین، ناچاربووین فێر بین چۆن بابه‌ت دابه‌ش ده‌كه‌یت به‌سه‌ر لاپه‌ڕه‌كاندا، یان له‌ده‌ركردنی رۆژنامه‌دا هه‌ر ئه‌وه‌ نییه،‌ كه‌ خه‌ڵك بابه‌تت بۆ بنوسێت و تۆ بڵاوی بكه‌یته‌وه‌، به‌ڵكو ده‌بێت بۆ هه‌ر لاپه‌ڕه‌یه‌ك، كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ شتێك بۆ نمونه‌ له‌م ژماره‌یه‌دا هیچ بابه‌تێكت بۆ نه‌هاتووه‌ له‌سه‌ر لاپه‌ڕه‌ی په‌روه‌رده‌ ده‌بێت خۆت حازری بكه‌یت، ئیتر ئایا چاوپێكه‌وتن بێت، یان ریپۆرتاژ، یان وتار، یان ته‌كلیف له‌كه‌سێك بكه‌یت بۆت بنوسێت.
به‌ڕێزم سه‌یركه‌ ئێستاكه‌ خوێندنی ئۆنلاین ده‌ستی پێكردووه‌، ئیشی رۆژنامه‌و گۆڤار ئه‌وه‌یه‌ بێت مه‌له‌ف له‌سه‌ر ئه‌مه‌ دروستبكات، یه‌كه‌م چاوپێكه‌وتن بكات، دووه‌م وتار له‌م و له‌و وه‌ربگرێت و بیخاته‌ مه‌له‌فه‌كه‌وه‌، سێیه‌م راوبۆچوونی هاوڵاتیان و خێزان وه‌ربگرێت، جا كه‌واته‌ ئه‌وه‌ی رۆژنامه‌، یان گۆڤاره‌كه‌ ده‌رده‌كات ده‌بێت به‌دوای ئه‌مانه‌دا بچێت، چونكه‌ ده‌ركردنی گۆڤار و ڕۆژنامه‌ وه‌ك نه‌شره‌ی مه‌كته‌ب نییه‌ هه‌ر كه‌سێ هه‌ڵسێ و شتێ هه‌ڵواسێت.
به‌ڵام ئه‌گه‌ر له‌من ده‌پرسیت ئایا نووسه‌ر له‌ هه‌موو بوارێكدا بنووسێت باشتره‌، یان ته‌نیا له‌بوارێكدا، ئه‌ڵبه‌ته‌ ته‌نیا له‌یه‌ك بواردا بنووسێت, واته‌ خۆی ته‌رخان بكات بۆ یه‌ك شت بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت كۆنترۆڵی بكات.

پرسیار: تۆ، وەک شارەزایەکی بواری پەروەردە، پێت وایە ئەو شیعرانەی لە کتێبی خوێندنەوەی کوردی جێیان کراوەتەوە لەسەرجەم پۆلەکان، هەموویان شیعری پەروەردەیی بن؟

وەڵام: بۆ ئه‌م پرسیاره‌ ده‌بێت پیاچوونه‌وه‌یه‌كی ورد به‌ كتێبی خوێندنه‌وه‌دا بكه‌ین، وه‌ ده‌بێت په‌نجه‌ بخه‌ینه‌ سه‌ر كتێبی كام قۆناغ؟ به‌ڵام ئه‌وه‌ی من سه‌رنجم دابێت ئه‌و شیعرانه‌ی بڵاوكراونه‌ته‌وه‌ له‌ كتێبی خوێندندا به‌شێوه‌یه‌كی گشتی باشن، به‌ڵام شیعریشی تیایه‌ كه‌ وه‌ك پێویست نییه‌ و پێویسته‌ به‌ شیعری باشتر جێگه‌ی پڕبكرێته‌وه‌.

پرسیار: بەڕێزت وەک نووسەر و لێکۆڵەرێک لە بواری په‌روه‌رده‌و ئەدەبیاتی منداڵان، چۆن دەڕوانیتە ئەدەبیاتی منداڵانی کورد و لە چ ئاستێکیدا دەبینی؟

وەڵام: ئه‌ده‌بیاتی بواری منداڵان تاوه‌كو ئێستا شوێنی خۆی نه‌كردۆته‌وه‌ له‌ ناو ئه‌ده‌بیاتی كوردییدا به‌گشتی، لای من تاوه‌كو ئێستا له‌ ئاستێكی باشدا نییه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ ناگه‌یه‌نێ كه‌ بڵێین شاعیران و نووسه‌ران هیچیان نه‌كردووه‌، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ هه‌وڵی جوان و بابه‌تی باش هه‌یه‌، به‌س ئێمه‌ ئه‌مانه‌وێ باشتر بێت، به‌چی باش ده‌بێت؟ به‌وه‌ باش ده‌بێت كه‌ سه‌رجه‌م كۆمه‌ڵگا به‌ حوكمڕان و هاوڵاتییه‌وه‌ كه‌ په‌روه‌رده‌ ببێت به‌ خه‌می گشتی هه‌مووان.

پرسیار: بە دید و بۆچوونی بەڕێزت، بۆچی تا ئێستا وەک پێویست لێکۆڵینەوە لە بارەی ئەدەبیاتی منداڵان نەکراوەو ئەوەی دەبینرێش زۆر کەمە؟

وەڵام: به‌ڕێزم لێكۆڵینه‌وه‌ بابه‌تێكی قورسه‌، كورد به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی كه‌متر ده‌ستی بردووه‌ بۆ شته‌ قورسه‌كان، بۆ نمونه‌ رۆمان، له‌به‌ر ئه‌وه‌ ده‌بێت له‌ زانكۆكانی كوردستان ماسته‌ر و دكتۆرا پێبگه‌یه‌نرێت بۆ ئه‌وه‌ی ورد ورد لێكۆڵینه‌وه‌ له‌بواری مناڵان گه‌شه‌بكات، واته‌ ئه‌و هه‌وڵانه‌ی كه‌دراون هه‌وڵی تاكه‌ كه‌سیین، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ گشتگیر بكرێ، ده‌بێت له‌ زانكۆ و په‌یمانگاكان گه‌شه‌ی پێ بدرێ بۆ ئه‌وه‌ی ئیشه‌كه‌ به‌ربڵاوبێت.

پرسیار: هەندێ لە شارەزایانی بواری ئەدەبیاتی منداڵان دەڵێن: وەک پێویست ڕەخنەگرمان لەو بوارەدا نیە و هەر وەکو نەبوو وایە، بەڕای تۆ هۆکارەکەی چیە؟

وەڵام: به‌ڵێ راسته‌، وه‌ك چۆن شیعر و نووسینی بواری منداڵان له‌م بواره‌دا جێی خۆی نه‌كردۆته‌وه‌ و به‌ شتێكی ئاسان و لاوه‌كیی سه‌یر ده‌كرێ، بۆیه‌ بۆ ره‌خنه‌كه‌ش هه‌مان بۆچوون هه‌یه‌، كه‌ من لام وایه‌ پێچه‌وانه‌كه‌ی راسته‌, چونكه‌ له‌كۆمه‌ڵگه‌دا ده‌بێت هه‌موو شتێك واته‌ خاڵی یه‌كه‌م, كه‌ پێویسته‌ گرنگی پێبدرێ منداڵان و نوسین و دنیای منداڵانه‌، ئینجا شته‌كانی تر دێن، به‌ڵام له‌ كوردستاندا ڕێك پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌ ده‌بینین.

پرسیار: وەکو دەزانین کتێب لە بارەی ئەدەبیاتی منداڵان کەم نووسراوە بە زمانی کوردی، چ لە ڕووی: مێژوویی، لێکۆڵینەوە، رەخنە، یان چۆن نووسین بۆ منداڵان، یاخود هەر بابەتێکی پەیوەست بەو بوارە، کەواتە کەسێک بیەوێ خۆی شارەزا بکات، وەک پێویست سەرچاوەی دەستناکەوێ، بە ڕای بەڕێزت چارەسەر چیەو چی بکرێ باشە؟

وەڵام: نه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی باست كردووه‌ بۆ زۆر شتی تر كتێبخانه‌ی كوردی لاوازه‌، بۆ نمونه‌ بواری زمانه‌وانیی، تۆ بچۆ سه‌رێك له‌ كتێبخانه‌كانی ناوبازاڕ بده‌ له‌ سلێمانی و هه‌ولێر بزانه‌ دوو كتێبی زمانه‌وانییت ده‌ستده‌كه‌وێت؟
به‌ڕێزم چاره‌سه‌ر له‌م قۆناغه‌دا نییه‌، چونكه‌ هه‌وڵه‌كان تاكه‌ كه‌سیین، هیچ هاندانێك نییه‌، چاره‌سه‌ری ئه‌م ئیشه‌ به‌ به‌رنامه‌ ده‌كرێ، بۆ نمونه‌ له‌ زانكۆ قوتابی بۆ ئاماده‌بكه‌یت، له‌ ماسته‌ر و دكتۆرا توێژه‌ری بۆ دروستبكه‌یت، هه‌روه‌ها له‌ وه‌زاره‌تی رۆشنبیریی ده‌ستی ئه‌و كه‌سانه‌ بگرێت، كه‌ ده‌یانه‌وێ له‌و بوارانه‌دا بنووسن كه‌ كتێبخانه‌ی كوردی پێویستی پێیه‌تی، واته‌ كورد پێویستی به‌ چییه‌ ئه‌وا هه‌وڵی بۆ بدرێ، بۆ نمونه‌ ئه‌و كه‌سه‌ی كتێبێك له‌بواری مناڵاندا ئاماده‌ده‌كات ئه‌وا شوێنێك هه‌بێت بۆی چاپ بكات، هاوكاریی مادی و مه‌عنه‌وی بكات، ئه‌مانه‌ له‌كوردستاندا نین، بۆیه‌ نووسه‌رانی كورد به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی ده‌بێت خۆی بابه‌ت بنوسێ، خۆی چاپی بكات، خۆی دابه‌شی بكات، باشه‌ ئه‌م هه‌موو هیلاكیی مادیی و مه‌عنه‌وییه‌ به‌كێ ئه‌كرێ و سه‌ره‌نجامیش خوێنه‌ری نه‌بێت.

پرسیار: لە بەردەوامیی و درێژەدان بە لێکۆڵینەوە لەسەر شیعری منداڵان، پڕۆژە و پلانت چیە بۆ داهاتوو؟

وەڵام: پرۆژه‌ و پلانم ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌رده‌وام بم له‌ نووسین و لێكۆڵینه‌وه‌، من هه‌رگیز ناتوانم ده‌ست له‌ پرۆژه‌ په‌روه‌رده‌ییه‌كان هه‌ڵگرم، هه‌ر جاره‌ی له‌ ده‌رگایه‌كه‌وه‌ دێمه‌ ژوره‌وه‌ بۆ خزمه‌تی مناڵان و په‌روره‌ده‌ به‌گشتی له‌ كوردستاندا، چونكه‌ له‌ گرنگیی ئه‌م بابه‌ته‌ تێگه‌یشتووم، به‌ڵام جیاوازیی من له‌گه‌ڵ شاعیرێكی بواری مناڵاندا ئه‌وه‌یه‌ نووسینه‌كانی من ئاڕاسته‌ی ده‌سه‌ڵات و خێزانه‌كان ده‌كرێن، به‌ڵام شاعیری بواری مناڵان و په‌روه‌رده‌ ئاڕاسته‌ی مناڵی ده‌كه‌ن، هه‌ردووكیان وه‌ك یه‌ك گرنگه‌، دیاره‌ ئه‌وه‌ی شاعیره‌كه‌ راسته‌وخۆ بو سوودی مناڵانه‌، ره‌خنه‌و لێكۆڵینه‌وه‌ی منیش بۆ شكاندنی قفڵی ژه‌نگاویی ئه‌و كه‌سانه‌یه‌ كه‌ له‌گرنگیی په‌روه‌رده‌ تێنه‌گه‌یشتوون، یان تێگه‌یشتوون و وه‌ك هه‌ولێریه‌كان قسه‌یه‌كی جوانیان هه‌یه،‌ كه‌ ده‌ڵێن خۆیان له‌ گێلی ده‌ده‌ن.


پرۆفایل:
مه‌ریوان سه‌لاح حیلمی

1ـ له‌ ساڵی 1969 له‌خێزانێكی خوێنده‌وار و ڕۆشنبیر له‌ شاری هه‌ڵه‌بجه‌ له‌دایكبووه‌.
2ـ له‌ ساڵانی 1986- 1990 له‌كۆلێژی ئادابی زانكۆی سه‌لاحه‌دینی هه‌ولێر به‌شی زمان و ئه‌ده‌بی كوردی خوێندوویه‌تی و به‌ پله‌ی ( زۆر باش) ته‌واوی كردووه‌.
3ـ له‌دوای راپه‌ڕین بۆته‌ مامۆستای كوردی له‌ دواناوه‌ندی و ئاماده‌ییه‌كانی شاری سلێمانی.
4ـ بۆیه‌كه‌مینجار له‌ مێژووی سنووری به‌كره‌جۆی پارێزگای سلێمانی، قۆناغی ئاماده‌یی كوڕانی كردۆته‌وه‌ به‌ناوی هه‌زارمێرد و دواتر ناوه‌كه‌ی گۆڕا بۆ روشدی عه‌لی شه‌ریف.
5ـ تاوه‌كو ئێستا سێ كتێبی له‌بواری په‌روه‌رده‌ چاپكردووه‌ به‌ناوه‌كانی:
1ـ له‌باره‌ی په‌روه‌رده‌وه‌، 2ـ په‌روه‌رده‌و گۆڕین، 3ـ وتاره‌ په‌روه‌رده‌ییه‌كان.
6ـ خاوه‌نی ده‌یان لێكۆڵینه‌وه‌ی په‌روه‌رده‌یی و ئه‌ده‌بیی و سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تییه.‌‌
7ـ چه‌ندین به‌رهه‌م و كتێبی په‌روه‌رده‌یی و لێكۆڵینه‌وه‌ی ئه‌ده‌بیی ئاماده‌یه‌ بۆ چاپكردن.
8ـ به‌درێژایی ساڵانی دوای راپه‌ڕین نزیكه‌ی 20 ساڵ كاری رۆژنامه‌گه‌ریی كاغه‌زی كردووه‌و له‌زۆربه‌ی رۆژنامه‌و گۆڤاره‌كاندا بابه‌ت و نوسین و ره‌خنه‌ی بڵاوكردۆته‌وه، به‌تایبه‌تی رۆژنامه‌كانی: (هاوڵاتی، ئاوێنه‌، هاوبیر، رۆژی گه‌ل، ئامانج ، 21، تیرۆژ ، راسان، زه‌مه‌ن ، كه‌له‌پوری كورد، سبه‌ی… هتد ).
9ـ چه‌ندین چاوپێكه‌وتنی ته‌له‌فزیۆنیی و رادیۆیی له‌گه‌ڵ سازدراوه‌.
10ـ نزیكه‌ی 100 ئه‌ڵقه‌ی به‌ناوی (له‌دادگای ویژدانه‌وه‌) نووسیوه‌ بۆ به‌رگریی له‌ مافه‌كانی ژن و حه‌فتانه‌ له‌ رۆژنامه‌ی (رۆژی گه‌ل)دا بڵاوی كردۆته‌وه‌.
11ـ زیاتر له‌ 50 ئه‌ڵقه‌ی له‌ گۆشه‌ی (كێشه‌و گفتوگۆ) له‌ رۆژنامه‌ی ئامانج بڵاوكردۆته‌وه،‌ كه‌ تایبه‌ت بووه‌ به‌ په‌روه‌رده‌.




له‌ مۆریاسه‌وه‌ بۆ پاره‌زان … ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب

وانه‌كانی ژیان
به‌یانی زوو له‌ گه‌ڵ كاك كه‌ریم مۆریایسی گه‌یشتینه‌ مۆریاس و چووینه‌ ماڵی خاڵی كه‌ریم و له‌ پاش نانخواردنی نێوه‌رۆ من و كه‌ریم و كاك جه‌لالی خاڵۆزای پیكه‌وه‌ رۆیشتین بۆ ناو ره‌زو باخه‌كه‌یان له‌ نزیكی دێكه‌و له‌ پاش كاتژمێریك 10 ــ 15 سه‌رباز هاتن و یه‌كسه‌ر به‌ عه‌ره‌بی وتیان یه‌ڵلا بۆ ناو دی و، به‌ كه‌ریم و جه‌لالم وت مه‌شڵه‌ژێن و ئێمه‌ ( من و كه‌ریم) میوانین و هه‌ردوكمان ناسنامه‌ی به‌رێوه‌به‌رایه‌تی سلێمانیمان پێیه‌و، گه‌یشتینه‌ دێكه‌و له‌ هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ خه‌ڵكیان كۆ كرده‌وه‌و موختار چووه‌ پێشه‌وه‌و لێیان پرسی ئایا موخه‌ره‌بین ( تێكده‌ران) مه‌به‌ستیان پێشمه‌رگه‌ بوو هه‌یه‌و، ئه‌فسه‌ره‌كه‌ مرۆڤێكی هێمن و له‌ سه‌رخۆ بوو ته‌ماشایه‌كی كردو وتی بابرۆێن و دێكه‌یان به‌جێهێشت و ئێمه‌ش به‌بێ پرسیار رزگارمان بوو.
شه‌و به‌ جه‌لالمان وت به‌یانی زوو بۆ كوێ برۆێن ؟ جه‌لال له‌ رۆژی دووه‌م به‌یانی زوو له‌ پێش نوێژی به‌یانیان ئێمه‌ی برده‌ ناو ره‌زێك له‌ خۆرهه‌ڵاتی دیكه‌و وتی: لێره‌ بن ئه‌گه‌ر پێشمه‌رگه‌ هات یێم ئاگادارتان ئه‌كه‌مه‌وه‌و چوو، گه‌رما كه‌مه‌ كه‌مه‌ هه‌ڵكشاو له‌ نیوه‌رۆدا بۆ به‌ ئاگرو ئاوی خواردنه‌وه‌مان نه‌ماو منیش به‌بێ ئاو هه‌ڵناكه‌م و ده‌وروبه‌ری كاتژمێر سێ جه‌ڵال هات و وتی با برۆێنه‌وه‌و هیچ پێشمه‌رگه‌یه‌ك نه‌هاتووه‌و، شه‌و بریارماندا به‌یانی زوو له‌ دێ ده‌رئه‌چین ، هه‌ر وامانكردو، له‌ پێش بانگی به‌یانیان به‌ره‌و دێی قه‌ویله‌ كه‌وتینه‌رێ و، گه‌شتینه‌ ناودی و، كه‌ریم خه‌ڵكی ئه‌ناسی و پرسیاریكرد ئایا پێشمه‌رگه‌ یێته‌ ناودێ ، له‌ وه‌ڵامدا وتیان جاش و سوپا زوو زوو سه‌ردانی دێكه‌مان ئه‌كه‌ن و، دوو پێشمه‌رگه‌ی یه‌كێتی به‌ سه‌ر ئه‌و یاڵه‌وه‌یه‌ پیاوچاكبن زوو برۆن و، ئێمه‌ش به‌ره‌و یاڵ كه‌وتینه‌رێ و، یاڵه‌كه‌ شاخێكی به‌رز بوو هه‌رچۆنێك بێت خۆمان گه‌یانده‌ سه‌ری یاڵ و، كه‌ریم كه‌وته‌ گه‌ران وله‌ دووره‌وه‌ به‌ ئاسپایی به‌ده‌ستراوه‌شان بانگی كردم و گه‌یشتمه‌ لای كه‌ریم و، بینیمان دوو كه‌س چه‌كه‌كانیان به‌ دووری دوو سێ مه‌تر له‌ په‌نابه‌ردیكدا داناوه‌و خه‌وه‌كه‌یان خوش بوو، كه‌ریم زۆر به‌ هێمنی وتی : براده‌رینه‌و له‌پر دوو براده‌ره‌كه‌ هه‌ستان و به‌ شپرزه‌یی ده‌ستییان گه‌یشت به‌ چه‌كه‌كانیان و، به‌ دڵه‌راوكێ وتیان ئێوه‌ كێن و بۆ هاتوون بۆ ئێره‌؟ و، كه‌ریم وتی من خه‌ڵكی مۆریاسم و، له‌ دێی قه‌ویله‌ وتیان برۆن له‌ سه‌ر ئه‌و یاڵه‌ پێشمه‌رگه‌ی لێیه‌و، ئێمه‌ش هاتووین ببین به‌ پێشمه‌رگه‌ و رێمان پیشانبده‌ن و، ئه‌وانیش وتیان ئا له‌م دۆڵه‌وه‌ بچن بۆ پاره‌زان و، له‌وی پێشمه‌رگه‌ وه‌رئه‌گرن.
ئێمه‌ش دووقۆڵی به‌ دۆڵی گه‌ڵاڵ كه‌وتینه‌رێ و، له‌ سه‌ره‌وه‌ تیشكی به‌هێزی هه‌تاوو قژی ئه‌سوتاندو له‌ خواره‌وه‌ش له‌ گه‌رمی دۆڵه‌كه‌ برده‌كان گریانگرتبوو ئاوی خواردنه‌وه‌ش نه‌بوو هه‌رئه‌رۆیشتین دۆڵ كۆتایی نه‌هات و ، پێڵاوێكی توركیم له‌ پێكردبوو گازی له‌ په‌نجه‌كان و پاژنم ئه‌گرت و، له‌ پاش رێكردنێكی زۆر گه‌یشتینه‌ كوێره‌كانێك ئاوه‌كه‌ی دڵۆپ دڵۆپ ئه‌كه‌وته‌ خواره‌وه‌و پربوو له‌ مێشووله‌و مێش و زالوو منیش یه‌كسه‌ر له‌ناو قورو لیتاوه‌كه‌ی راكشام و كه‌وتمه‌ هه‌ڵمژینی ئاوه‌كه‌و كه‌ریم هه‌رچی بانگی كرد ئاوه‌كه‌ پیسه‌و زالوو ئه‌تكوژێت و هه‌وڵیدا نه‌یخۆمه‌وه‌ به‌ڵام بێسوود بوو، له‌ پاش دۆڵی گه‌ڵاڵ نۆره‌ی به‌رزایی و شاخ هات و له‌ یه‌كه‌مین شاخ سه‌ركه‌وتین و دیاربوو شوێنه‌واری دێیه‌كی چۆڵگراوبوو حه‌وزێكی ئاوی لێبوو به‌ جل و پێڵاو وپاره‌و هه‌رچیم پێبوو خۆم هاویشته‌ ناو حه‌وزه‌كه‌ كه‌ریم لای سه‌یر بوو وتی كه‌مێكیتر هه‌تاو نامێنێت و سه‌رمای ئه‌م شاخانه‌ ئه‌تكوژێت وتم : تازه‌ كار له‌ كار ترازاوه‌و، پاشان سه‌ركه‌وتین تا كه‌یشتینه‌ كه‌پرێكی بچوك كچێك و خاڵو تالیبیی باوكی لێبوو له‌ گه‌ڵ رأنیكی مه‌رو بزن و سلاومانكردو ئاگرێكی كه‌مگریان كرده‌وه‌و خاڵۆ تالیب وتی له‌ ترسی سپا ناوێرێن ئاگری گه‌وره‌ بكه‌ێنه‌وه‌و ئێواره‌ نانمانخواردو به‌بێ پێخه‌ف خه‌وتین و من له‌ تاوی سه‌رما تا رۆژ بووه‌و چه‌قه‌ی دانم هه‌راسانیكردم و، نان وچامان خواردو شاخ به‌ شاخ تا سه‌ركه‌وتین و له‌ دواییدا شۆر بوینه‌وه‌ بۆ ناو دێی ره‌زڵه‌ و، لای حه‌وزه‌ ئاوه‌كه‌ی پێنج شه‌ش پێشمه‌رگه‌ی لێبوو، یه‌كێكیان بانگیكردم و منیش لێی نزیك بوومه‌وه‌و پرسی ناوت چییه‌ ؟ بۆچی هاتوویت ؟ نیازت چییه‌؟و منیش بۆم هات وتم ئێمه‌ نامه‌مان پێیه‌ بۆ براده‌رانی پاره‌زان و ئه‌بین به‌ پێشمه‌رگه‌و ئه‌وان بۆیان هه‌یه‌ ئه‌م پرسیارانه‌ بكه‌ن و، كابرا زیتبووه‌وه‌و به‌ تووره‌ییه‌وه‌ ویستی درێژه‌ی پێبدات و كه‌ریم وتی ئه‌و پیاوه‌ له‌ حزبێكی تره‌و هاتووه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌و كابرا هاواریكردو وتی تۆ كێێت وله‌ كام حزبێت، یه‌كێك له‌ ته‌نیشتی دانشتبوو وتی وازیان لێبینه‌ با برۆن و، ئه‌مه‌ یه‌كه‌مین جاره‌ دوای به‌عسییه‌كان به‌م شێوه‌یه‌ ره‌فتارم له‌ گه‌ڵدا بكات و كارا هێمن بووه‌وه‌و ئیمه‌ش به‌رده‌وامبووین له‌ رێكردن تا گه‌یشتینه‌ پاره‌زان دێیه‌كی جوان و قه‌شه‌نگ و رازاوه‌و خه‌ڵكه‌كه‌ی ده‌م به‌ پێكه‌نین بوو پێشوازییان لێكردین و فه‌رمو فه‌رمو چووینه‌ ماڵ كاكه‌ حه‌مه‌ جه‌زای قاینه‌جه‌یی و من مامه‌وه‌و چه‌كیاندا به‌ كه‌ریم و خواحافیزی لێكردم و چوو، له‌ به‌ر چاش و سوپا به‌یانیان زوو چه‌كداره‌كان و خه‌ڵكی هه‌ڵاتوو له‌ سوپای عێراق له‌ دێ ئه‌چوونه‌ ده‌ره‌وه تا ده‌وروبه‌ری ‌ نێوه‌روو ئه‌گه‌رانه‌وه‌ و منیش له‌ گه‌لیاندا ئه‌رۆیشتم و سێ رۆژ له‌وی مامه‌وه‌. { ماویه‌تی}.

10/5/2020
تێبینی : به‌ داوای لێبوردن له‌ نووسینه‌كه‌ی پێشتر به‌ناونیشانی : له‌ کارگەی چنینی کورانی ھەولێر بۆ په‌روه‌رده‌ی سلێمانی وتوومه‌ له‌ ناوه‌راستی مانگه‌ ته‌موز گه‌رامه‌وه‌ سلێمانی و راستییه‌كه‌ی سه‌ره‌تای مانگی ته‌موز گه‌رامه‌وه‌.




وەڵامێك بۆ ئەیاد عەلاوی … عەلی مەحمود محەمەد

بەڕێز ئەیاد عەلاوی سەرۆكی هاوپەیمانی نیشتمانی عێراقی رایگەیاند , بەهۆی رفاندنی شێخ عەلی لامی و چالاكوان ئەزهەر شەمەری سكاڵامان لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی لە لاهای تۆمار كردووە .
ئەمە لە كاتێكدایە عێراق بۆ ماوەی هەفتەیەك لە بەرواری 15-2-2005 بووە ئەندامی دادگا ی تاوانی نێو دەوڵەتی, وەلێ دوایی بێ هیچ پاساوێك كشایەوە, لەوكاتەدا رێزدار ئەیاد عەلاوی سەرۆك وەزیرانی وڵات و كەسی یەكەمی بڕیار بەدەست و دەست رۆیشتووی عێراق بوو, وەزیری دەرەوە هۆشیار زێباری سەرۆك كۆمار یش عجیل یاوەر بوون.بەڕێزت كە خۆت بڕیاری كشانەوەت لەو دادگایە دابێت پێش 15 ساڵ , كە لەو كاتەوە تا ئەم دوو تاوانە بەهۆیەوە سكاڵات تۆمار كردووە, هەزاران تاوانی زۆر بە قەبارە گەورەترو ترسناكتر وەك رفاندنی لامی هەوڵی تیرۆر كردنی شەمەری لەم وڵاتە ئەنجام درابێت, پێت وا نییە تاوانباریت لە بەرامبەریان بەهۆی ئەو بڕیارە نا بەرپرسیەی 15 ساڵ لەمەوپێش داتان , ئێستا كە عێراق ئەندام نەبێت لەو دادگایە, وە خۆت ئەندامەتیەكەیت كشاندبێتەوە , وە دادگا ئیختیساسی ئەو تاوانانە نەبێت لەو سنورە جوگرافیایانەی لە دەرەوەی ئەندامەتی دادگا ئەنجام دەدرێن , ئیتر سكاڵای تۆ چ ماناو گرنگییەكی هەیە , پێت وا نییە ئێوەی كە ناوتان هات گەورەترین تاوانتان بەرامبەر بە هاونیشتمانیانی عێراق ئەنجامدا بە كشانەوەتان لە دادگاكە , بەرامبەر بە مێژوو تاوانبارن چ ئەو تاوانانەی لە ماوەی 15 ساڵی رابردوو لەو سنوری جوگرافیایەی ناوی عێراقە ئەنجامدراون وە ئەوانەشی لە داهاتوودا ئەنجام دەددرێن, بە پەلە تۆو هوشیار زێباری و عجیل یاوەر داوای لێبوردن بكەن لەوكارەتان .بەم هۆكارەشەوەی سكاڵاكەی ئەمِڕۆت هیچ گرنگییەكی یاسایی نییە تەنها بۆ ئیستهلاكی راگەیاندن بە كەڵكە, هەڕەشەیە بە دەمانچەی ئاو.




پیَشنیاریَک بۆ هەموو هاوڕی و دۆستان و ئەزیزانی مستەفای حەسەن گەورە


بەرز راگرتنی یادو چلەی هاوری مستەفای حەسەن گەورە!

دویَنی هەواڵیَکم خویَندەوە سەبارەت بە پرسەی ماتەمینی (مستەفای حەسەنە گەورە) بە شێوەی ئۆنلاین…، لیتان نەشارمەوە بە ئەندازەی مال ئاوای کردنەکەی نیگەران ودل تەنگی کردم! دل تەنگی کردم نەک لەبەر ئەوەی کە ئەو بەریزانەی بانگەوازیان کردبوو بۆ ئەنجامدانی ئەم مراسیمە کاریکی خراپ بووبیت، نا دروست بە پیچەوانەوە لەگەل دەستخۆشی بۆ هەلویستی ئەو هاوری یانە بەوەیان یەکجار نیگەران بووم کە ئینسانیَک هەموو تەمەنی لە شەقام و لە شاخ و لە شارو لە هەندەران و لەبەردەم سەفاەرەتەکان و لە کی بەرکی و ڕاوەستانەوەی جەسوورانەی بیَئەماندا بوو، کەچی ئەم ڕۆژگارە بی باک و دل ڕەقە گەرکیەتی کە ئیَمە لەپشتی کۆمپیوتەرەکانمانەوە یادی ئیسنسانیَک بکەینەوە کە کەمترین دەرفەتی هەبوو هەر جۆرە گردبوونەوەو باسیَکی پشت کۆمپیوتەرەکان ئه‌نجام بدات!
مستۆ ئەوە ئینسانە بوو کە تەواوی تەمەنی بە پیَوە وەستاو لە سەنگەری بەرگری و ئازادی و عەدالەتی اجتماعیدا دەنگی هەڵبڕی، بۆیە دەکریَ ئیَمەش لە بیری دەرفەتیَکی تردا بین بۆ بەرز ڕاگرتنی یادی ئەم هاوری و هاوخەباتە جەسوورەمان. لەوە حالی دەبین یەکیَک لەتایبەتمەندیە کارەساتبارەکانی دەورانی قەرەنینە ئەوەیە کە نزیکترین و ئەزیزترین هاوری و دۆستانی دەوروبەرمان مالئاوای دەکەن لە ژیان، بەلام بەداخەوە تەنانەت دەرفەتی ئەوەمان نابیَت کە هەندیَکمان پینج خولەک لەسەر گلکۆکەیان کۆبینەوەو یادییان بەرز ڕاگرین!
ئەم تایبەتمەندیە گشتی یە لەکاتی مال ئاوای کردنی هەر ئەزیزیکماندا ئەگەر بە زەبری هەر دۆخیک ناچار بووبین بەوەی کە مل بەم واقعە تالە بدەین، بەلام سەنگینی ئەم دەستەپاچەیەی کە داسەپاوە هیشتا زەرەیەک لە نیگەرانیەکانمان کەم ناکاتەوەو ناتوانین خۆمان قانع بکەین بەوەی کە ژیان بەوشیَوە بیَ ڕەحمانە ئەزیزمان لیَدەسینیتەوە بەلام ئیمە بەدانانی وینەکانیان لە فەیس بووکەکەی خۆماندا کەمیک دل نەوای خۆمان دەدەینەوە. پرسیارەکە ئەوەیە کە ئایا بەراستی ڕۆگارەکانی قەرەنتینە دەتوانیَت بەرز ڕاگرتنی یادی ئەو ئەزیزانەمان لە بیرباتەوە؟!
ئەم پرسیارە لەوشویَنەدا زیاتر بەرۆکمان پیَدەگرێ، کە ئایا هەر بەراستی ناکریَ وناتوانین هیچ کارو کردەیەک ئەنجام بدەین، ئایا دەکریَ ئەم دۆخە داسەپاوەی ئەم ڕۆژانە بۆ ماڵ ئاوای کردنی هەرنەبیَت ئەزیزانیَک کە هەموو تەمەنیان بەخشی بە ئازادی و ئاسوودەی خەلکی ستەمدیدەی کوردستان، هەموو ئیَمە بەم شیَوەیە تەسلیم بکات بەو واقعە تال وداسەپاوە، یان نا هیَشتا دەرفەتیَک ماوە کە لە دەستی نەدەین؟!
من لیَرەدا نامەویت هیچ بلیَم لەسەر جەسارەت وکەسایەتی و هەلویستی جوامیرانەی مستۆ لە پەیوەند بە زۆریک لە ڕووداو کارەسات و کیَشە سیاسی و کۆمەلایەتیەکانی کوردستان، دلنیام زۆریَک لە ئیَوە لەمن باشتر ئاگاداری هەڵویَست و کارنامەی جوامیَرانەی ئەم ئینسانە خەبات کارەن. بەلام ئەوەی کە دەمەویَت بیڵیَم ئەوەیە کە ئیَمە هەموو ئەو کەسانەی بە هەر رادەیەک ڕاوەستانەوەو هەلویستی ئەم ئینسانە بۆی جیَگەی ڕیَزو ستایشە، دەبێ بەدەر لەهەر رادەیەکی دورونزیکی بیروراو تیروانینی سیاسیمیان لەو شویَنەدا لەتەنیشت یەکدابین و بەم دەسەلاتە ملهورو ستەمگەرە بڵیَن مستەفا حەسەن گەورە لەنیوماندا نەما، ئەو مالئاوای لە ژیان کرد، بەلام تا دواین جركەساتەكانی زیانی دژ بەم دەسەلاتە وەستایەوە، بۆیە دەبیت ئیَمەش کاریَک بکەین کە شایستەی کارنامەی جوانی ئەم ئینسانە خەبات كارو تیکۆشەرە بیَت!
دۆستان و هاوری یان و ئەزیزانی مستۆ دەکریَ ئیمە هەموومان لەهەر شونیَکی ئەم دنیایەدا لە کوردستانەوە تا ئەوروپا، کەندا، استرلیا، ئەمریکا لەتەنیشت خیزان بنەمالەی ئەم ئەزیزەماندا ڕاوەستین چلەی مستەفای حەسەن گەورە، بەرپا بكەین وکەرنەڤالی بەرز ڕاگرتنی یادو بیرەوەریەکانی ئەم ئینسانە هەرلەئیستەوە دەست بەکاری ئەوە بین کە چۆن بتوانین پیَکەوە هەر کۆمەڵیَکمان لەولاتیَکدا لە هەولی ئامادە سازی ریَزلینانی چلەی هاوری مستەفادا بین!
ڕەنگە پرسیاریَک ئەوە بیَت کە ئاخۆ قۆناغی کەرەنتینە بەردەوام دەبیَت یان پاش چل رۆژیتر ئەم ڤایرۆسە چۆنە و چەند پاشەکشەی کردوە یا نا، چەند ئیمکانی ئەوەمان دەبیَت کە گردبوونەوەیەکی لەو شیوە لە شیوینیکی گورنجاودا بکەین.
لەمبارەوە حەزدەکەم ئەوە بلیَم بەجیا لەوەی کە هەر لەئیستەدا دۆخەکە بە ئاڕاستەی ئەوەدا دەچیَت کە تا کۆتای ئەم مانگە قوتبخانەو ئیدارەو زۆریک لە شوینە گشتیەکان ئاسای دەبیتەوە، بەلام ئەگەر زۆریش ئاسای نەبیتەوە ڕەنگە شانسی ئەوەمان هەبیَت لە شویَنی ئازادا مراسیَم چلەی هاوری مستۆ بەرز رابگرین!
بۆیە هیوادارم کە ئەم پیشنیارەی ئیمە تا کاتی خۆیندنەوەی ئەم بابەتەو هەنگاونان بۆ دەست بەکاربوون بە مولکی خاوەنەکەی بزانن، دواتر ئەم پیشنیارە بکریتە خالی هاوبەشی ریزلینان لەم هاوری ئەزیزەمان و هەموومان خۆمان بەخاوەنی ئەم پیشنیارە بزانین بۆ بەرز راگرتنی یادو چەلەی هاوری مستەفای حەسەن گەورە!

بەهادین حاجی بەكری دراتاش ، ناسراو بە ( ڕیبوارعارف)




مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ پارتی عه‌قڵێكی ده‌وێت … عیماد عه‌لی

وه‌كو ده‌لێن: هه‌ر به‌ردێك گه‌وجێك بیخاته‌ ئاوێكه‌وه‌ به‌هه‌زار زانا ده‌رناكرێت. دیاره‌ سیاسه‌ت، ویرانكردنی خۆم و دوژمنه‌كه‌م نیه‌، به‌ڵكو هونه‌ری ململانێی به‌رامبه‌ره‌ چی نه‌یار بێت یان دۆستیش و به‌ عه‌قڵێك كه‌ هه‌میشه‌ به‌ده‌ر له‌ خود، سود و زیانی گه‌وره‌ و بچوكی هه‌ر هه‌نگاوێك لێكبدرێته‌وه‌ و لێكه‌وته‌ ورد و دڕشته‌كانی هه‌ر هاوكێشه‌یك بخوێنرێته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی به‌ هه‌ڵسه‌نگاندنی هه‌مه‌لایه‌نه‌ كونوقوشبنی روون بكرێته‌وه‌ و به‌ماتماتیكانه‌ ئه‌و رێگه‌یه‌ بگیرێته‌ به‌ر له‌ هه‌ر جوڵه‌یه‌ك به‌كه‌مترین زیان لێی ده‌ربچیت.
هه‌مووان و به‌تایبه‌تی پارتی، له‌ هۆكاری هه‌موو نه‌هامه‌تیه‌كانی سه‌ر ئه‌م میله‌ته‌دا به‌شی شێڕی به‌رده‌كه‌وێت، به‌م ڕه‌فتار و گوفتار و مامه‌ڵه‌یه‌ی له‌گه‌ڵ پرسه‌ سترایتیجیه‌كه‌ی كودردستان و ململانێ ئاراسته‌كراو و كۆنه‌پارێزه‌كانی تا دێت زیاتر كوردستان ده‌خه‌نه‌‌ قه‌یرانی هه‌مه‌جۆری سیاسی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و ته‌نانه‌ت رۆشنبیریشه‌وه‌.
دیاره‌، هه‌موو شتیك هه‌ر بۆ خۆم و باقی چش، شیعاری ئه‌مڕۆی پارتی نیه‌ و، له‌ سه‌ره‌تاوه‌ ئه‌گه‌ر به‌ رێژه‌یه‌كی كه‌متریش بوبێت هه‌روابووه‌، به‌ڵام كه‌ بۆی چووه‌ سه‌ر و ورده‌ ورده‌ به‌و ره‌فتاره‌ بێ په‌رپرسانه‌ی و ئیتسغلال كردنی زه‌مینه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و رۆشنبیری و هه‌ڵه‌ی كه‌س و حزبه‌كانی دیكه‌ زۆرینه‌ی كوردستانی خستۆته‌ ژێڕ ركێفی خۆیه‌وه‌ و به‌و پێیه‌ ده‌جوڵێته‌وه‌ و باكی به‌هیچ نیه‌، بێ منه‌تی له‌ هه‌موو شتێك و نه‌خوێندنه‌وه‌ی هیچ به‌رژه‌وه‌ندیه‌ك و حساب نه‌كردن بۆ هیچ كه‌سێك و مڵهوڕی له‌ ڕاده‌به‌ده‌ر له‌سه‌رحسابی ژیان و گوزه‌رانی خه‌ڵك، ئه‌وه‌نده‌ بواری بۆ هیچ كه‌س و لایه‌نێكی نه‌هێشتۆته‌وه‌ بیر له‌ چۆنێتی دۆزینه‌وه‌ی رێگه‌یه‌ك بكاته‌وه‌ بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئه‌م پارتیه‌، بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ردان و ده‌رهاویشته‌ی زۆر خراپ و روخان و ئاشبه‌تالیكی دیكه‌ی له‌دوای خۆی نه‌هێنێت.
هه‌مووان ئاگادارن ئه‌م ئه‌زمونه‌ تاقانه‌یه‌ی مێژووی گه‌لی كوردستان چۆن هاتووه‌ و كێ خوێنی بۆ ڕشتووه‌ و كێ سوودی لێ بینوه‌ و له‌سه‌ر حسابی ره‌شورووتی ئه‌م میله‌ته‌ كێ ژیان و ئاینده‌ی ده‌یان نه‌وه‌ی دوای خۆی ده‌سته‌به‌ر كردووه‌. ئا له‌م بێباكی وبێ منه‌تی و به‌رده‌ومبوون له‌ گرته‌نبه‌ری رێڕه‌وێك كه‌وه‌كو بنه‌مأله‌ و حزب به‌ سه‌ركه‌وتووی بزانێت و زیانی گه‌وره‌ش به‌ گه‌له‌كه‌ و دوارۆژه‌كه‌ی تا ئه‌مڕؤ بگه‌یه‌نێت و ته‌نانه‌ت سودی له‌ په‌رشوبڵاوی ئه‌وانیتر وه‌رگرتبێت، بیرێكی قوولی ده‌وێت بۆ سیاسه‌ت كردن له‌گه‌ڵ ئه‌م بنه‌ماڵه‌ و حزبه‌دا. پاش ئاشبه‌تاڵی 75 هه‌ر میله‌ت زه‌ره‌ری كرد و پارتی وه‌كو بنه‌ماڵه‌ و حزب به‌رده‌وام بوون له‌ ژیانی ره‌فاهیه‌ت و خۆشحاڵی له‌ هه‌ر كوێیه‌ك ده‌ژیان و ئه‌وه‌ی له‌به‌رده‌ستیان بوو له‌و داهاتانه‌ی له‌ دوای شۆرش بۆ ئه‌وان مایه‌وه‌ به‌كاریان هێناو له‌ خۆشترین شوێن ده‌ژیان و له‌هیچیان كه‌م نه‌بوو. ئه‌مڕؤش كه‌ ژیانی ده‌یان نه‌وه‌ی دوای خۆیان دابین كردبێت و پاره‌ و ماڵ و موڵكی دونیایان له‌ سه‌رجه‌م كون و قوشبنیێك جیهاندا هه‌بێت، تێكچونی ئه‌م ئه‌زمونه‌ به‌ هچ شێوه‌یه‌ك له‌ زیانی ئه‌وان نابێت و باسی به‌رژه‌وه‌ندی كورد و كوردستان ته‌نها شیعاره‌ لای ئه‌وان و به‌ هیچ شوێنێك ناگات . بۆیه‌ وه‌كو شه‌قاوه‌یه‌كی سه‌ر جاده‌ و وه‌كو عه‌ره‌ب ده‌ڵێت هاوشێوه‌ی ( بایع مخلص) ده‌جوڵێته‌وه‌.
ئا به‌وشێوه‌یه‌ بێت، لایه‌نه‌كانی دیكه‌ چۆن مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكه‌ن؟ بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ عه‌قڵێكی ده‌وێت كه‌ باری كۆمه‌ڵایه‌تی و رۆشنبیری خه‌ڵك و زه‌ره‌ر و سودی هه‌ر ره‌فتاریك له‌گه‌ڵ پارتیدا بخوێنێته‌وه‌ و له‌ رووی سترایتجی و ته‌كتیك و مانۆرێش شیبكرێته‌وه‌ و هاوكێشه‌ نێوخۆییه‌كه‌ شرۆڤه‌ بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی وه‌كو جاره‌كانی پێشوو زیانه‌كه‌ گشتی نه‌بێت و بۆ خود و میله‌تیش نه‌گه‌ڕێته‌وه‌.
ۆۆ ئه‌م پرسیاره‌، به‌ڕاستی من وه‌ڵامی یه‌كلاكه‌روه‌م لا نیه‌، ئایا سنوری بۆ دابنرێت و نه‌هێڵرێت چی دیكه‌ به‌رده‌وام بێت له‌ ده‌ست درێژیه‌كانی و رێگه‌ گرتن له‌ه‌و ره‌فتارانه‌ و ، به‌ چ شێوه‌یه‌ك ئه‌وه‌ ده‌كرێت؟ ئایا به‌ مامه‌ڵه‌ی سیاسی و دوور له‌ گرژی و ناكۆكی قوول و له‌سه‌رخۆ و ده‌ره‌ئه‌جامی ده‌بێت؟ هه‌ر بریارێكی دابڕان له‌گه‌ڵیدا هیچ ده‌ره‌ئه‌نجامێكی ئیجابی لێده‌كه‌وێته‌وه‌؟ بێگومان بۆ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه‌ هه‌زار و یه‌ك ڕاوبۆچون هه‌ڵده‌گرێت.
به‌ڵام گرنگترین شت ئه‌وه‌یه‌، ده‌بێت بیر له‌وه‌ بكرێته‌وه‌ كه‌ هه‌ر بریاڕێكی ستراتیجی له‌به‌رامبه‌ر پارتی پێویسته‌ له‌و روناگه‌یه‌وه‌ بێت كه‌ زیانی به‌گشتی بۆ خه‌ڵكی كوردستان نه‌بێت. تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی مێژوویی نزیكمان له‌به‌رده‌ستایه‌ بۆ په‌ند وه‌رگرت؛ له‌و دووبه‌ره‌كییه‌ میژوویه‌یه‌ی پێشوو كه‌ باری رۆشنبیری زۆرینه‌ی خه‌ڵكی كوردستان نه‌خوێنرایه‌ و به‌ بڕیاردانی بی دراسه‌ت و پشت به‌ستن به‌ بۆچونی كۆمه‌ڵێكی دیاریكراوی رۆشنبیر و نوخبه‌ وایكرد كه‌ لێكه‌وته‌ زیانبه‌خشه‌كانی تا ئێستا به‌رده‌وما بێت وتا ئێستاش پارتی درێژه‌ی هه‌بێت و به‌ره‌و لاوازی سروشتی نه‌ڕوات و، له‌كۆتاییدا ئه‌و هه‌ڵوێشته‌ به‌ قازانجی پارتی و به‌ زیان بۆ سه‌رجه‌م گه‌لی كوردستان كه‌وته‌وه‌، ئه‌وه‌ی ده‌ركه‌وت، كه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و جیابونه‌وه‌ و دووبه‌ره‌كیه‌ نه‌بوایه‌ ئێستا پارتی به‌وشیوه‌یه‌ نه‌بوو و ئێستا لاوازترین حزب ده‌بوو و ته‌نانه‌ت بۆچونی واهه‌یه‌ ده‌ڵێت كه‌له‌ گیانه‌ڵای ئاسایی دواته‌مه‌نیدا ده‌بوو، به‌ڵام ئه‌و ناكۆكیه‌ی ئیستغلال كرد و سۆزی خه‌ڵكی بۆ لای خۆی راكێشاو عه‌یب و عاره‌كانی شارده‌وه‌ و دواتریش له‌ سه‌رئه‌نجام له‌سه‌رساحه‌ی سیاسی كوردستان به‌ حزبی سه‌ركرده‌ مایه‌وه‌ و ته‌نها خه‌ڵكه‌كه‌ زه‌ره‌ری كرد.




گۆرانییەکانی دایکانی کورد بۆ هەڵپەڕاندنی منداڵەکانیان … رەزا شوان

گۆرانییە خۆشەکانی دایکانی کوردمان، لەگەڵ هەڵپەڕاندنی جگەرگۆشەکانیاندا، کە لە کوردەواریدا بە “ئیش ئیش”یش ناودەبرێت. ئەو گۆرانییانەن کە دایکان یا داپیرەکان یا خوشکان یا ژنانی تر، لەگەڵ هەڵپەڕاندنی منداڵەکانیاندا، یا کچەزاکان و کوڕەزاکانیاندا، لەگەڵ یاری و ختووکەدانیاندا، بە زۆریش منداڵانی تەمەن یەک ساڵان بۆ دوو ساڵان، بە دەنگێکی ناسکی پڕ لە سۆز، بە ئاوازێکی شیرین، بە رتمێکی خێرا، بە روویەکی خۆش و بە زەردەخەنەوە، بۆ منداڵە چاوگەشەکانیان دەیانڵێن.. بۆ ئەوەی بیان خافڵێنن و خۆشی و شادیش بخەنە دڵە قنجەکانیانەوە، یا کە دەگرین، بەو گۆرانییانە ژیریان دەکەنەوە.. لە هەمان کاتیشدا، هانیان دەدەن بۆ جووڵەکردن و چالاکی نواندن.
گۆرانییە کوردییەکانی هەڵپەڕاندنی منداڵان، کە تایبەتن بە منداڵان، بەشێکە لە “لای لایـە”ی دایکان، بەشێکە لە فۆلکلۆری کوردی، بەشێکی رەسەنیشە لە کەلەپوور و لە کولتووری نەتەوەیی کوردیمان.
مێژووی گۆرانییەکانی هەڵپەڕاندنی منداڵان لە کوردستان دا، بۆ سەردەمێکی زۆر کۆن، بۆ چەندین هەزار ساڵ پێش زاینی دەگەڕێنەوە. گەلی کوردمان لە دێر زەمانەوە خاوەنی بە سەدان گۆرانی هەڵپەڕاندنی منداڵان بووە. بەڵام بە هـۆی داگیرکردنی کوردستان و دەربەدەرکردن و راگواستنەوە و وێرانکردنی کوردستان و نەهامەتییەکانی گەلەکەمان، کە داگیرکەرانی رەگەزپەرست و دڕندە بە سەریان هێناین.. بەشی هەرە زۆری ئەو گۆرانییانەمان لەبیرچوونەوە و لەناوچوون.. لەگەڵ ئەوەشدا، تا ئەمڕۆش، لە هەموو ناوچەکانی کوردستان دا، بە دیالێکتەکانی زمانی شیرینی کوردیمان، بە دەیان گۆرانی رەسەنی هەڵپەڕاندنی منداڵانمان هەیە، بە تایبەتیش لە رۆژهەڵاتی کوردستان دا.. زۆر
پێویستە کە لەسەر زاری دایکانی کوردمانەوە، لە ناوچە جیاوازە کوردستان دا، وەریان بگرین و بیان نووسینەوە.. هەر بە دەنگی دایکانیشمان، بە ڤیدیۆ و لەسەر سیدی و میمۆری تۆماریان بکەین و بە ئەرشیفیان بکەین، هەروەها لە پەرتووکێک یا زیاتردا، چاپیان بکەین و بڵاویان بکەینەوە، تا بکەونە بەردەستی خوێنەران و دایکانی نەوەی نوێمان.. بۆ ئەوەی لەبیرچوونەوە و لەناوچوونيش رزگاریان بکەین.. چونکە ئەم گۆرانییانەمان سامانێکی فۆلکلۆری نەتەوەییمانە.

ئەم کارەش بە کەسێک و بە دوو کەس ناکرێت.. من پێم وایە، ئەنیستیتۆی کەلەپووری کوردیمان لە شاری سلێمانی، بە هاوکاری لقەکانی تریان، لە شارەکانی کوردستان دا، دەتوانن بە شێوازێکی ئەکادیمی، بە پلان و بەرنامەداڕێژراوی ئەم کارە ئەنجام بدەن. لە میانەی گەڕانی مەیدانی، بۆ زۆربەی ناوچەکانی کوردستان، گۆرانییە کوردییەکانمان بۆ هەڵپەڕاندنی منداڵان، بە هەموو دیالێکتەکانی زمانی کوردیمان کۆبکەنەوە.. خۆزگەی ئەوەش دەخوازم، کە چەند قوتابییەکی خوێندنی باڵای زمان و ئەدەبیاتی کوردیمان، لە زانکۆکانی کوردستان دا، ماستەرنامە و دکتۆرانامە، توێژینەوە و لێکۆڵینەوە، لەسەر ئەم گۆرانییە فۆلکلۆرییانەمان بۆ منداڵان بنووسن و بڕوانامەی باڵای لێوەربگرن.
گۆرانی یەکەمین هونەرە کە مرۆڤ لە کۆنەوە تا ئەمڕۆ هۆگری بووە. لە رێی گۆرانیی ئاوازدارەوە، گوزارشتی لە دڵخۆشی و لە هیواکانی و لە خۆشەویستی و خۆشییەکانی، یا لە دڵتەنگی و لە کەسەر و بێزاری و ناخۆشییەکانی ژیانی خۆی کردوون و دەکات.

هەر لە کۆنیشەوە، لە ئاهەنگ و شایی (حەوت شەو و حەوت رۆژە) ی کوردەواریدا، گۆرانی و هەڵپەڕکێ هاوشانی یەکتریبوونە، تا ئەمڕۆش شایەر و گۆرانبێژانی میللی کوردمان، بە گۆرانی و بە چەپڵەلێدان، لە شاییدا هەڵپەڕکێکەران هەڵـدەپەڕێنن.
گۆرانی یەکەمین شێوەی هونەرییە کە منداڵان لە باوەشی دایکانیاندا، گوێیان لێی دەبێت و رووبەڕوویان دەبێتەوە.. چـێژ و خۆشی و شادی و ئاسوودەییان پێ دەبەخشێت.

گۆرانییەکانی هەڵپەڕاندنی منداڵان، لە رووخساردا، بریتین لە کۆپلەیەک هۆنراوە، یا زیاتر لە کۆپلەیەک، یا لە کورتە هۆنراوەیەکی کێش و سەرواداری سادە و سووک و ئاسان، کە بە ئاسانی بە دەنگ و ئاوازەوە دەوترێت.. هەر لە کۆنیشەوە گۆرانی و ئاواز پێکەوە گرێ دراون.. گۆرانی و ئاوازی گۆرانییەکانی منداڵان، نموونەی ئەم راستییەن.
لە ناوەڕۆکیشدا، وشەکانی هۆنراوەکانی گۆرانییەکانی هەڵپەڕاندن، گوزارشتن لە سۆز و لە خۆشەویستی دایکانی دلۆڤان بۆ منداڵەکانیان.. وشەکانی هۆنراوەکانی گۆرانییەکانی هەڵپەڕاندنی منداڵان، سادەن و هیچ مەبەستێکی شاراوەیان لەخۆنەگرتوون، بۆ خۆشی و دڵخۆشی و ئاسوودەیی منداڵان دانراون.. هەندێ لە هۆنراوەکانی ئەم گۆرانییانە، لە شیوازێکی چەڤەنگی و گاڵتەوگەپ دان.. تەنیا بۆ خۆشی و بۆ زەردەخەنە و بۆ پێکەنین دانراون.. هەندێکی تر لە هۆنراوەکانی گۆرانییەکانی هەڵپەڕاندنی منداڵان، ناوەڕۆکی هۆنراوکان، هیچ پەیوەندییەکیان بە خودی منداڵانەوە نییە.. دایکان بە مەبەستەوە ئەو گۆرانیانەیان داناون و وتوویانن، توانج و پلاریان لە کەسانێک گرتووبن، یا دەیگرن. دەشێش تەنیا بۆ بزە و پێکەنین وتوویانن، مەبەستیان هەست بریندارکردن نەبووە.
بەڵام دایکان بە زۆری لەم گۆرانییانەیاندا، ستایشی منداڵەکانیان دەکەن و بە شان و باڵیاندا هەڵدەدەن.. هیوای داهاتوویەکی بەرز و گەشیان بۆ دەخوازن.. هیوای ئەوەش دەخوازن، کە مرازیان بێتەدی و منداڵەکانیان گەورەبن.. بە خەیاڵی خۆیان، گەر بژین و بمێنن، ژن بۆكوڕەکانیان دەخوازن و کچەکانیشیان بە شوو دەدەن.. بووکی ناوازە و جوان بۆ کوڕەکانیان و زاوای باشيش بۆ کچەکانیان هەڵدەبژێرن.
دایکان بزانن یا نەزانن، ئەو گۆرانییە کوردییە تایبەتییانەی، کە لەگەڵ هەڵپەڕاندنی منداڵەکانیاندا دەیانڵێن.. گەرچی هۆنراوەکانیان، وەکو دڵپاکی منداڵان، سادە و ساکار و وشە ئاسانن، بەڵام واتای جوان و سوود و ئامانج و بەهای رۆشنبیری و کۆمەڵایەتیان لەخۆگرتوون.. دەروونناسانی منداڵان و پەروەردەکاران، چەختیان لەسەر سوودی پەروەردەیی و رۆشنبیری و زمانی و دەروونی و هۆشی و جەستەیی، ئەم گۆرانییە فۆلکلۆرییانە، بە دەنگی دایکان بۆ منداڵان کردوون.

گەرچی منداڵان، لە واتای وشەکانی گۆرانییەکان تێناگەن، بەڵام بە دووبارە کردنەوەیان، ئەو وشانە و دەنگ و ئاوازەکانی دایکانیان، لە هۆشیاندا جێگیردەبن و پێیان ئاشنادەبن.
فێری وشە و قسەش دەبن. جووڵە و چالاکیشیان زیاتر دەبن.. ئەم گۆرانییانە، پەیوەندی نێوان دایکان و منداڵان، خۆشتر و شیرینتر و بەهێزتر دەکەن.. منداڵان هەست بەوە دەکەن، کە دایکانیان خۆشیان دەوێن و لەبیریان نەکردوون و بایەخیان پێ دەدەن.

کچان هەر لە منداڵییەوە، کە گوێیان لەم گۆرانیانەی دایکانیان یا داپیرەکانیان دەبێت. لێیانەوە وەریان دەگرن و فێریان دەبن.. زۆر جار کە بووکەڵەکانیان هەڵدەپەڕێنن.. ئەم گۆرانییانەیان بۆ دەڵێن.. کە گەورەشبن و بوون بە دایکان، ئەوانیش ئەو گۆرانییانە بۆ منداڵەکانیان دەڵێن.. بەم شێوەیە گۆرانییەکانی هەڵپەڕاندنی منداڵان، لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی دواترمان دەگۆازرێنەوە.
گۆرانییەکانی هەڵپەڕاندنی منداڵان سێ جۆرن.. هەیان بە تایبەت بۆ هەڵپەڕاندنی کچان دەوترێن.. هەیانە بە تایبەتی بۆ هەڵپەڕاندنی کوڕان دەوترێن.. هەشیانە بۆ کچان و بۆ کوڕانیش دەوترێن.. بە داخەوە کە تا ئەمڕۆش، نەک تەنیا لە ناو کۆمەڵگای کوردی دا، بەڵکو لەناو هەرە زۆری کۆمەڵگاکانی تری جیهانیشدا، ئەو ئەقڵیەتە کۆنەپەرستی و پیاوسالارییە كاڵ نەبۆتەوە و هەر ماوە، کە کوڕان لە کچان لە پێشترن و بە زیاتریان دەزانن.. ئەمە ستەم و نایەکسانی و نادادپەروەری و ناڕەوایە.
بەهای راستی و چێژ و خۆشی و شیرینی گۆرانییەکانی هەڵپەڕاندنی منداڵان، لە دەنگ و ئاوازی سروشتی ناسک و پـڕ لە سۆز و لە خۆشەویسی قووڵی دایکانی دڵسۆز و بەسۆزدا دەردەکەون.. راستییەکی هاشا هەڵنەگرە، کە هیچ دەنگ و ئاوازێکی تر، بە رادەی دەنگی دایکان، کارتێکرنیان لەسەر هەست و هۆش و دەروونی منداڵاندا نییە. ئەو چێژ و خۆشییەشی لێ وەرناگرن، وەک ئەوەی کە لە دەنگ و ئاوازی دایکانیان وریان دەگرن.. هەر لە بنەڕەتیشەوە، ئەم گۆرانییانە لە کانیاوی پڕ لە خۆشەویستی و سۆز و دڵسۆزی و دلۆڤانی، ناخی دەروونی دایکانەوە هەڵـقوڵاون.

ئەمانەی خوارەوە، چەند نموونەیەکن، لە دەیان لە گۆرانییەکانی دایکانی کوردمان بۆ هەڵپەڕاندنی جگەرگۆشەکانیان، بە چەند دایاڵێکتی زمانی شیرینی کوردیمان دانراون:
دایکێکی کوردمان لە (کرماشان) کوڕەکەی هەڵدەپەڕێنێت و ئەم گۆرانییەی بۆ دەڵێت:

هــەڵـپـــەڕ، هــەڵـپـــەڕ وە خـنـجـــۆ
وەبـــــــــار کـــــــــــۆڵـی بـریـنـجـــۆ
هــەڵـپـــەڕ، هــەڵـپـــەڕ هــــــەراتـی
وە کــــورە چـیـتـــو دیــــر هـــــاتـی
هــەڵـپـــەڕ، هــەڵـپـــەڕ وە نــــــازۆ
وە بــــــار پـونــــــــــــە و پـیـــــازۆ
دوو دایکی ترمان لە (دیواندەرە) و لە (سنە)، شاری سنەی پایتەختی هونەری رەسەنی کوردیمان لە کوردستان دا.. لەگەڵ ئەم گۆرانییەدا، کچە کۆرپەکانیان هەڵدەپەڕێنن:
خـــش خـــش خـــش خـــشــپـیـلانـە
کـچــــــمـان خـــــەڵـکـی گـەیــــلانـە
وەی وەی وەی وەی بـەڕێـــــــــــزە
کچـــمـان خـەڵــکـی تـەورێـــــــــــزە
لاو لاوە و ئـێـــــــسـک ســـــووکـە
کـچـــمـان خــەڵـکـی کـەرکـــــووکـە
بــەهـ بـەهـ بـەهـ بـەهـ چ جــــوانـە
کـچـــــمـان خـــــەڵـکـی تــــــــارانـە
چ جــــــــــوان و ورد و مــــــــــردە
کـچـــــــمـان جـــــوانـە و کــــــوردە
نموونەیەکی تر لە گۆرانییەکانی خۆشەکانی دایکانی کوردمان، کە لەگەڵ هەڵپەڕاندنی خوبچەگۆڵەکانیان دا، ئەم گۆرانییە فۆلکلۆرییەمان دەڵێنەوە:
ئـۆخــــەی ئـۆخــــەی ئـۆخـــــەیـلـێ
مـەجـنـــوونـە دۆســــتـی لـەیـــــــلێ
رێـحـــــــانـەی رووی دەر ئـــــــاوێ
دنـیــــــــام بــــەبـێ تــــــۆ نــــــاوێ
رێـحـــــــــانـەی دەســـــتـە چــــــنـێ
مـيـــــــــوانـی شـــــــــۆڕە ژنــــــــێ
نـیــــــنـی نـیــــــنـی نـیـــــــــــــنـەڵـە
هـەنـگـــــویـن و رۆن تـــــــێکــەڵـە
نـیـــــــنـای نـیـــــــنـای نـیـــــــنـاوێ
دەيـنــــــێـم لـەنـــــــاو کـــــــــەژاوێ
بـۆ کــــــوڕی حــــــاکـمـی رۆژئاوێ
دایکانی کوردمان لە ( ناوچەی گەرمیان) لە باشووری کوردستان دا، لە لەگەڵ ئەم گۆرانییەدا منداڵەکانیان هەڵدەپەڕێنن:
کـۆرپــەکەم هـەســـتـا لـە خــــــەوێ
گـۆشــــــــتـی کـەڵــــــــەبـابـی دەوێ
قــــــــەزات لـە مــــــــن و لـەوانـــە
شـــــــــەوان دەچــــــنـە کـــــولانـــە
بـە رۆژ دێـــــــــــــــنـە دەرگـــــانـــە
قــــــــەزات لـە مـــــــاڵ و مــــــەڕێ
مــــــــــەڕەکـە لـە دەورت گــــــەڕێ
قــــــــەزات لـە مـــــــاڵی گـــــــۆرێ
کــــوڕەکەم هـــەرگـيـز نـەتـــــــۆرێ
قـــــــەزات لـە مـــن لـە خـــــــــەنـە
لـە جـــووتـێ گـــــای بــەر بـنــــــــە
لـە پـيـــــــــــاوەکـەی دوو ژنـــــــــە
لـەوەی جـــــــــاشـی دووژمـنـــــــــە
دایکانێکی تری کوردمان هەر لە (دیوانـدەرە) و لە (سنە) لەرۆژهەڵاتی کوردستان، بەم گۆرانییە فۆلکلۆرییەمان، کوڕە منداڵە خەپانەکانیان دەلاوێننەوە و هەڵیان دەپەڕێنن:
خـەپــــــــە نـــــــــان و خـەپــــــە دۆ
خـەپــــــــە پــــڵاوي عـەنــــــبـەربـۆ
کــــــش کــــــش وە بـــــــــــاڵای تـۆ
تـۆپـــــــێ سووری کــــــــــەوای تـۆ
نـیـــــــنـی نـیــــــنـی نـیــــــــــگـەڵـە
هـەنـــگـويـن و رۆن تـێکــــــــــەڵـە
کـوڕەکـــــەم فـــێـری بـاخــــــــــەڵـە
قـــــــەزات لـە گـــــیـانـم کـەفــــــتـۆ
شــــــەو لـە بـاخــــــەڵا خـەفــــــتـۆ
ئــــــــــا وەرە بــــــــــــــــــــــــزانـم
کـــــــوڕە نــــاوت نــــــــــــــــازانـم
ئـازیـــــز قــــــەزات لـە گـیـــــــانـم
دایکێکی تر، بە شێوازێکی چەفەنگی و گاڵتەگەب، بۆ خۆشی و پێکەنین، بەم گۆرانییە کۆمیدییە، کوڕە منداڵەکەی هەڵدەپەڕێنێت.. ئەوەش لەناو کوردەواریدا باوە، گەر منداڵ جوانبێت، دایکی جوانییەکەی دەباتەوە سەر براکانی، واتە (خاڵۆکانی منداڵەکەی) گەر ناشیرینیش بێت دەیباتەوە سەر شووبـراکانی واتە (مامەکانی منداڵەکەی).. بەڵام لە راستیدا هیچ منداڵێک لە لای دایکان و باوکانیان ناشیرین نین. هەموو دایکان، هەموو منداڵەکانیان، لایان جوانن و بە دنیایان ناگۆڕنەوە:
لـە کــــــێ دەکــــــــا چــــــــاوەکـەی
لـە خـــــــــــــــــــــــاڵـۆ لاولاوەکـەی
لـە کــــــــێ دەکـــــا رەوشــــــــــتـی
لـە خــاڵـۆی شـــیـر لـە پـشــــــــتـی
لـە کـــــــێ دەکـــــا دوو شـــــــــانـی
لـە خـــــــــاڵـۆی لاو و جـــــــــوانـی
لـە کــــــێ دەکــــــا لــــــووتــەکــەی
لـە مــــــــــــــامـە نـابــــــووتـەکـەی
لـە کـــــــێ دەکـــــــــا تـەوێـــــــــڵـی
لـە مـــــامـەی گـــــــێـل و ێـــــــــڵـی
لـە کــــــێ دەكـــــا بـــــــــــــرۆکـەی
لـە مـــــــــــامـە جـــــــل دوورەکـەی
دایکان هیواخوازن کە بژین و بمێنن، نیاز و مرازەکایان بێنەدی.. کوڕەکانیان گەورە ببن و ژنیان بۆ بخوازن.. دەبینین دایکان کوڕە کۆرپەکانیان هەڵدەپەڕێنن و بۆ سەرنج راکێشانی کۆرپەکانیان بە لای خۆیاندا، بە ئاوازەوە ئەم گۆرانییە فۆلکلۆرییە کوردییە باوەیان بۆ دەڵێن.. ئەم گۆرانییەش، بەپێی دیالێکتە جیوازەکانی ناوچەکانی کوردستان، کەمێک جیاوازی هەیە. بەڵام بۆ لە هەموو دەقەکاندا دایکان بەڵێنی ئەوە بە کوڕەکانیان دەن و دەڵێن (حەوت ژنت بۆ دەخوازم) یا (حەوت ژنت بۆ دێنم)، گەرچی ئەمە بەڵێنێکی خەیاڵییە و دوورە لە راستییەوە.. دایکان خۆشیان ئەوە دەزانن کە (حەوت ژن) شتێکی مەحاڵه.. بە بۆچوونی من، لەبەر ئەوە دەڵێن (حەوت ژنت بۆ دێنـم)، چونکە هەفتەیەک حەوت رۆژە، دەشێ وشەی (هەفـتەش) هەر لە (حەوت) ەوە وەرگیرابێت.. دایک بە خەیاڵی خۆی، وایان داناوە، کە کوڕەکەی هەر رۆژێک لە رۆژەکانی هەفتەدا، لەگەڵ ژنێک لەو حەوت ژنە بژیت، یا هەر ژنەی سەرقاڵی کارێک بێت.. بەڵێنێکە هەر بۆ خۆشی دەیڵێن.. منداڵانی کۆرپە، نە دەزانن ژن چییە و نە دەزانن (حەوت ژن) چییە.. ئەم بەڵێنانەی دایکانیش، تەنها لە گۆرانییە فۆلکلۆرییە هەڵپەڕاندنەکانی منداڵانی کورد دا هەیە، مەگەر بە دەگمەن لە گۆرانییە فۆلکلۆریییەکانی نەتەوەکانی تردا هەبێت.
ئەمانەی خوارەوە، سێ نموونەن، لە گۆرانییە فۆلکلۆرییە کوردییەکانمان، کە دایکانی کوردمان لەگەڵ هەڵپەڕاندنی کۆرپەکانیان دا، بە ئاوازێکی سادە و شیرینەوە دەیانڵێن:
دەردت کـەفـتـــــــــێـە لـە هـــــــــازم
هـــــــــەفـت ژن ئـەڕات بـخــــــوازم
یـــــەکـێ بـەگــــلـەر بـەگـــی بـــــوو
یــــەکـێ هـوومـــای پــــەری بــــوو
یــــەکـێ دڕێ لـە گـــــــــــــــووشـێ
یــــەکـێ مـانـــگـا بـــــــــــــدووشـێ
یــــەکـێ نـــــــــــازار بــــــــــــــاوان
یــــەکـێ کـــــــــــــوورپــە لـە داوان
یــــەکـێ چـــەرمـی دەس ئــــەولـس
یــــەکـێ کـــــوور پـەتـــــــــک رس
هۆنراوەی هەمان گۆرانی، بە کەمێک جیاوازەوە، لە دیالێکتی (کرمانجی باشوور) دا، بەم شێوەیەیە وتراوە:
خــــــودا بــــــــــــــدات نـیـــــــــــازم
حــــــــەوت ژنـت بـۆ دەخـــــــــوازم
یــــەکـێ شـــۆخ و خــــان و مـــــان
یــــەکـێ خـــــــــەنـدەی لـە لـێــــوان
یــــەکـێ بـۆ مـــــــاچ و مــــــووچـێ
یــــەکێ بـۆ رێـگـــــەی کــــــووچـێ
یــــەکێ بـۆ ســــــەر سـەمــــــــاوەر
یــــەکـێ مـیــــــوان بـە رێــــــکــەر
یــــەکـێ جـــوانـتـر لـە گــــــەوهـەر
هەمان گۆرانی، بەڵام بە جیاوازییەکی زیاتر لەگەڵ دەقەکانی پێشتردا:
رۆڵــــــــە بـژیـــــــــــــم بـمـێـــــــنـم
حـــــەوت ژنــــــــانـت بـۆ دێــــــــنـم
یـەکـیــان کــــــوردی تـەمــــــــــاشـا
یـەکـیــان کـچـــــــێـكـی پــــــــــــاشـا
یـەکـیــان نـــەرمـی نـێــو نـــــوێـنـێ
یـەکـیــان نــــــــــــان بـتــــــەپـێــنـێ
یـەکـــــــێ ئـــــــاوت بـۆ بــــــــێــنـێ
یـەکـــــــێ چـێـشـــتـت بـۆ لـــــێــنـێ
یـەکــــــێ مـەشـــــــــــکـە بـژێــــنـێ
هەر هەمان گۆرانی فۆلکلۆری، سێ دەقی کەمێک جیاوازی تریشم لا هەیە، چونکە هەندێ لە دایکان، دەستکاری دەقە فۆلکلۆرییەکانی گۆرانییەکانی هەڵپەڕاندنیانی منداڵانیان کردوون.. وشەو دێڕیان لێ گۆڕیون یا لێیان لاداون، وشە و دێڕی تازەیان خستووتە جێیان.. بۆ ئەوەی ئەم باسەمان درێـژتر نەکەین، تەنها ئەو سێ دەقەی سەرەوەمان نووسی.
دایکانی کوردمان لە (مەهاباد) یش، بە دەم هەڵپەڕاندنی خونچەگوڵەکانیانەوە، مەرج بۆ خوازبێنی کردنی کچەکانیان دادەنێن و ئامادە نین بە هەر کەسێکیان بدەن، ناشیانەوێت کچەکانیان بدەن بە کەسانێک بیانبەن و لێیان دووربخەنەوە.
بـە کـــــەس کــــــەسـانـی نــــــــادەم
بـە نـاکــــــــــــــــەســانـی نــــــــادەم
لـە کـــــەس کــــــەسـانـم کــــــەسـێ
لـە نــــاو پـارچـــــان ئـەتـڵــــــەسـێ
بـە پـیــــــاوی پـیـــــــری نــــــــادەم
بـە پـیـــــواز و ســــیری نـــــــــادەم
بـە رێـگــــــــای دووری نــــــــــادەم
بـە زێـــــڕی ســــووری نــــــــــادەم
نـایـــــدەم بـە کــــوڕە خـەیــــــــاتـێ
دەیــبـــــــــــــــــــــــــا دوورە وڵاتـێ
نـایــــــدەم بـە خــــــــانـی بـەبـــــــــا
مــــــــاڵـی زۆرە و زووی دەبـــــــــا
دەیـــــدەم بـە حـەمـــــە خـــــــــوڵـێ
بـیــــکـا بـە دەســـــکـە گــــــــــوڵـێ
بـیـنــــــــێــتـە بــــــــــــــــــانـی دڵـێ
رەزا شـوان
نەرویـج: ١١/ مـای/٢٠٢٠