خۆرەگەلێک، جڤاکی کوردستان بنکۆڵ دەکەن-5- … ئەمجەد شاکەلی

پێنجەم


-مووچە-

بڕوا ناکەم لە هیچ وڵاتێکی جیهاندا، هێندەی کوردستان، ئەو لەتەی باشووری کوردستان، کە ئێستا لە هەرێمۆکەیەکدا بچووککراوەتەوە و تا دێت دەچێتە ئاو، باس لە مووچە و پارەوپووڵ بکرێت. لە وەزیر و گزیرەوە تا دەگاتە پیوازفرۆشەکەی بەر دەرکە، باس لە مووچە دەکەن و هەریەکەو لە دیدی خۆیەوە شتێکی لەبارەوە دەڵێ.
لە جڤاکی سوێدیدا، هیچ کەسێک ڕێگە بەخۆی نادات پرسیاری مووچە و داهاتی ڕۆژانە و مانگانە و ساڵانە و پارە و پاشەکەوتی پارە و حیسابی بانکی، لە کەسێکی دیکە بکات، تەنانەت ئەگەر نێزیکترین کەسیشی بێت و لەیەک ماڵ و خێزانیشدا پێکەوە بژین. وەها کارێک کارێکی نەکردەنی، تابوو و لایەجووز(لایجوز) و شەرمهێنە و بە خۆهەڵقورتاندن و دەستوەردان لە ژیان و تایبەتمەندیی مرۆڤێکی دیکە دەژمێردرێت.
لە کوردستان، لەنێو چینەباڵاکاندا، لەنێو ئەوانەی مووچەی مفت وەردەگرن و تایبەمەندیی و شتی دیکەیان بۆ دەستەبەر کراوە یا خۆیان لە ڕێگەی پێگەی حیزبی و دەسەڵاتەوە، بۆ خۆیان دەستەبەریان کردووە، وەها باسێک ناکرێت، چون ئەوان بۆ خۆیان ئافرێنەری ئەو ڕەوشەن و هەموو لە فیکەی یەکدی تێدەگەن، لێ جاروبار بۆ خۆڵ لەچاوکردنی خەڵک و فریودانی ڕەشەخەڵک و چینەکانی خوارێ، ئەوانیش لەبەردەم میدیاکاندا باس لە ئاریشەیەک، قەیرانێک، شتگەلێک دەکەن، کە تەنێ لە خەڵکەکەیان ژنەفتووە و هەرگیز بۆ خۆیان پێیدا تێنەپەڕیون. هەرچی مووچەخۆرانی ڕاستینەشن، خەڵکە شەکەت و کارمەندە کاراکان، مرۆڤ لە بێمووچەیی و گیرفان بەتاڵی و دەردەسەرییەکانیان تێ دەگات و مافی خۆیانە، هەر گلەییەکیش بکەن.
مووچە و مووچوخۆریی و مووچەوەرگرتن، لە کوردستان بووە بە سیما و شێوازی ژیان و لە دەرێی مووچە، کەم کەس دەتوانێت، وێنای جۆرێکی دیکەی ژیان بکات. لە 1991 بەدواوە، کە ئیدی ئەو هەرێمەی کوردستان دامەزرا، حیزبانی دەسەڵاتدار، بۆ گرێدان و بە پاشکۆکردنی خەڵک بە خۆیانەوە، دەستیان دایە کارێکی دزێو و قێزەون، ئەویش، دامەزراندنی خەڵک، تەنێ بە ناو و لەسەر کاغەز نەک بە کردەوە، بە خانەنشینکردنی تەواوی کادر و ئەندامانی خۆیان، بە پلەی باڵای وەزیر، جێگری وەزیر، بەڕێوەبەری گشتی، جێگری بەڕێوەبەری گشتی، ڕاوێژکار، ئەفسەری پلە باڵای مانەندی عەمید و لیوا و عەقید و سەدان جۆری دیکە، کە لە ژیانیاندا نە ئەو کارانەیان کردووە و نە وەها پلەو پایەیەکیانیش بووگە، مووچەی خەیاڵیی، کە لە هیچ دەورانێکدا نەبووە، بۆ بڕینەوە. سەرەڕای دەرماڵەیەک، کە ئەگەر هێندەی مووچەکەیان نەبێت، فرە کەمتر نەبووە و نییە لێی. ئەوانە و ئەوجا دابەشکردنی زەوی و خانوو و ماشێن بەسەریاندا و دابینکردنی پاسەوان بۆیان و مسۆگەرکردنی گەشت و ڕابواردن و دەیان جۆرە خزمەتی تر، کەتەواوی ئەوانەش، هەر بەشێکی جیانەکراوەی مووچە و مووچەبازیین. هەر ئەو جۆرە مرۆڤانە، ئەگەر ڕۆژێک لەسەردەمی بەعسدا زیندان کرابێتن، ئەوا پارەی زیندانی سیاسییش وەردەگرن، پارەی ژنی شاخ و شەهیدانە و چەندین جۆری دیکەش وەردەگرن. نەک تەنێ هی خۆیان یا هی ژن و باوک و برا و خوشکیان، وەردەگرن، بەڵکە هی ئامۆزا و لالۆزا و میمکەزا و برازا و خوشکەزا و دەیان زای دیکە و مام و خاڵ و مامۆژن و لالۆژن و…چەندین جۆری دیکەی قەوم و قیلە وەردەگرن. تەواوی ئەو پارەیەی دەچێتە بەرکی ئەو جەنابانەوە، لە دوای 2003 و ڕووخانی بەعسەوە، ئەگەر زیادی نەکردبێت و دەیان فڕوفێڵ و گزیی دیکەی تێدا نەکرابێت، ئەوا هەرگیز بەلای کەمییدا نەچووە. ئەمانە یەک لەشکری تەواوی حیزبن، کە بێجگە لە مفتەخۆری و مشەخۆری، چ کارێکیان نییە. ئەمانە ئەوانەن، کە پێێان دەگوترێ”بندیوار”. بندیوارانیش، چەند چینێکن، هەیانە لەسەر چڵەپۆپەی دارەکە و ترۆپکی کەژەکە و هەیانە نزمتر و خوارترە و وەک ئەوانەی بانێ، ئەو هەموو کەشوفش و ناز و خۆشگوزەرانییەیان نییە.
لە 1992 ەوە تا هەنووکە، پێنج خولی پەرلەمان لە کوردستان هەبوون و هەڵبژێردراون. چوار لەو خولانە تەواو بوون و ئەندامانی خانەنشین کراون. دیارە خانەنشینکردنی ئەندامی پەرلەمان، بە هەموو پێوەرێک، ناڕەوا و هەڵە و دزیوترین کارێکە، کە دەکرێ. پەرلەمانتار دوای تەواوبوونی کارەکەی وەک پەرلەمانتار، دەتوانێت بچێتەوە سەر ئەو کارەی پێشووی، کە هەیبووە. ژمارەی ئەندامانی هەر یەک خولی پەرلەمانی کوردستان 111 ئەندامە و کۆی ئەندامانی خانەنشینکراوی ئەو چوار خولە دەکاتە 444 کەس. ئێستاش کە خولی پێنجەم لە 2018 ەوە لەپەرلەمانن و ماوەیەکی دی ئەوانیش خانەنشین دەکرێن و ژمارەی پەرلەمانتاری خانەنشینکراو ئەودەم، دەبنە 555 کەس. هەموو ئەندام پەرلەمانێک، کە لە کاردا بێت، وەک دەڵێن، هەشت میلیۆن و دووسەدهەزار(8.200.000) دیناری عیراقی ، کە دەکاتە نزیکەی 7000 دۆلاری ئەمەریکی، وەردەگرێت، بێجگە لە دەرماڵە و پشتماڵە و بنماڵە و ژێرماڵە و بانماڵە و زۆری دیکەش. بێجگە لە پاسەوان و خانوو و ماشێن و بەزمی دیکەش، کە ئیدی ڕەنگە گەلێک لە 7000 دۆلار زیاتر بێت. کە پەرلەمانتار خانەنەنشینیش دەکرێت، پارەی مفتی خۆی هەر وەردەگرێت، بە کەمۆکەیەک گۆڕینەوە، کە ڕەنگە بە ڕێژەیەکی کەمتر مووچەکەی وەرگرێت، لێ هێشتا پاسەوانی هەر هەیە.
وەزیر، جێگری وەزیر، بەڕێوەبەری گشتی، جێگری بەڕێوەبەری گشتی، جێنێراڵ، ڕاوێژکار، پەرلەمانتاری خانەنشینکراوی کوردستانی لە ئەوروپاژیاو، سەرباری مووچەی خانەنشینی کوردستان، مووچەی خانەنشینی وڵاتانی ئەوروپایش وەردەگرن و تەنانەت دەستبەرداری وەرگرتنی مووچەی پاسەوانەکانیشیان نابن، کە لە ئەوروپا، نەک پەرلەمانتار و وەزیر و گزیر، تەنانەت سەرۆکی حوکوومەتیش پاسەوانی نییە.
کەسی هەرێمی کوردستان، 24 قلیان کارمەند و مووچەخۆرن. ڕەنگە بڕێک لەو مووچەخۆرانە زگورد بن، لێ زۆرێکیان، مێرد و ژن و زارۆکیان هەن، واتە: چەند میلیۆنێکیش لەو پێنج میلیۆن و هەندەی کوردستان، لەسەر مووچە دەژین. ئەمە لە کاتێکدا لە وڵاتێکی وەک چین، کە یەک میلیارد و سێسەدوشەست میلیۆن(1.360.000.000) مرۆڤن، تەنێ 0.5% دانیشتووانی فەرمانبەرن. ژمارەی دانیشتووانی وڵاتی چین 257 ئەوەندە و بڕێک زیاتری دانیشتووانی هەرێمی کوردستانن، لێ چین 8 ئەوەندەی کارمەندانی هەرێمی کوردستان، کارمەند و مووچەخۆری هەیە!
ئەم خشتەیەی خوارەوە، ئەو بەراوردکارییەی ژمارەی دانیشتووان و کارمەندان و ڕێژەکانیانە لە کوردستان و لەو وڵاتانە، کە بزووتنەوەی گۆڕان کاری لەسەر کردووە:

بە گوێرەی زانیاریگەلێک، کە لە بەردەستتان و ڕێباز حەملان، وەزیری دارایی لە حوکوومەتی پێشووی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کردووە، لە داهاتی هەرێمی کوردستان، کە لە پارەی نێوخۆ و نەفت و ئەو پارانەی لە بەغدادەوە دەدرێنە هەڕیمی کوردستان وەدەست دێن، 83%ی بۆ مووچە تەرخان دەکرێ و 5%ی بۆ سولفە (السلفة/وام/Soft Loan)ی کارگێڕی و دامەزراوەکان و8%ی بۆ خزمەتگوزاری دەرمان، پارەی کارەبا، پارەی تەرخانکراو بۆ خۆراک و پاراستن و ئاگاداریی ئامێر و بینایەی کارگێڕییەکان، ناردنی کارمەندان بۆ ئەملاو و ئەولا، پێوەندکردن و پاکژکردنەوە و تەنیا 4%یشی بۆ سەرمایەگوزاری تەرخان دەکرێت .
دەسەڵات(حیزب)، کاغەزەکانی بەجۆرێک تێکەڵکردووە، کە خەڵکە ئاساییەکە ناتوانێت جودای بکاتەوە. دەسەڵات، باس لە وەزیر و جێگر و بەڕێوەبەر و جێنێراڵی مفتەخۆری ملقەوی بندیوار ناکات، کە باس لە مووچەیش دەکات تێکەڵ بە مووچەخۆرانی دیکەیان دەکات. مووچەی فەرمانبەر و کارمەندی گچکەی ماندووی خوارێی پلیکانەکەیە دەبڕدرێ، ئەوە ماڵی وێران دەبێ، ئەوە قەرزدار دەبێ، ئەوە بە هیچدا ڕاناگات. کابرای بندیواری مفتەخۆری گەندەڵ، باکی نییە، ئەگەر مووچە دەهەزار حەفت هەزار یا چوارهەزار دۆلارییەکەی، یەک دوو هەزارێکیشی لێ ببڕدرێ، کە هەرگیز ئەوە ڕوونادات، چون ئەوانن دەسەڵات، وەک کریگرتە و پاسەوان بەکاریان دەهێنێت، یا بە دەربڕینێکی تر چون دەسەڵات(حیزب) بۆ خۆی لەوان پێکهاتووە، هەرگیز نە کاری تێدەکات و نە هەستی پێ دەکات.
گەلێک، یەک میلیۆن و دووسەد و چلونۆ هەزار (1.249.000) کارمەند و مووچەخۆری هەبێت، کە لە هیچ جێیەکی جیهاندا، تەنانەت لە هەژارترین وڵاتانی جیهانیشدا نموونەیەکی لەو جۆرەی کوردستان نییە، بە دووسەد و چلونۆ هەزارەکەی، هەموو کاری وڵات بەڕێوە دەچێت و یەک میلیۆنەکەی زیادە.
گەلێک، 83%ی پارەی داهاتی بۆ مووچە بڕوات و لە هەر چوار کەسی وڵاتەکەی دانەیەکیان کارمەند و مووچەخۆر بێت و بەشێکی زۆریش لەو مووچەخۆرانەی، مووچەی مفت و مشەخۆری و ئەفسانەیی وەربگرن، تەواوی ئاوی دیجلە و فرات و زێ و سیروان و ئەڵوەن و باسەڕەی، بۆ بکە بە پارە، هەرگیز بەشی مووچەی ناکات!
بە پێدانی مانگێک مووچە و چەند مانگ ڕاگرتنی، بە پاشەکەوتکردن و بە چاوەڕوانی خێر و سەدەقەی بەغداد، بەو هەموو پینەوپەڕۆیە، هەرگیز ئەو کێشەیە چارەسەر ناکرێت و هەرگیز دەمی ئەو مووچەخۆرانەیشی، کە زیانمەندی یەکەمن داناخرێت، ئەگەر کارمەندە ڕاستینەکان لە بندیواران جودا نەکرێنەوە و مووچە و تایبەتمەندیی ئەو بندیوارە ملئەستوور و مفتەخۆر و گەمار و پیسخۆرانە نەبڕدرێ و ئابوورییەکی خۆماڵیی پشتبەستوو بە خاک و کشتوکاڵ و کانزا و هێزی کاری کوردستان و گۆڕینێکی ڕادیکاڵ لە شێوازی بەڕێوەبردن و کارگێڕییدا نەیەتە گۆڕێ.

2020-05-19

—————————————————

[1] HYPERLINK “https://xelk.org/169237/?__cf_chl_jschl_tk_” https://xelk.org/169237/?__cf_chl_jschl_tk_  

[1] HYPERLINK “https://www.alsumaria.tv/news/237786https://www.alsumaria.tv/news/237786




ئەی ئەگەر مووچەیان دا؟ … نەبەز خالید

“واقیع بین بن، داوای مەحاڵ بکەن”

ئەم یاداشتە دەکرا بە پێشەکی و راپۆرتێکەوە لە سەر چۆنیەتی درووستبوونی قەیرانی مووچە، دەوری حیزبەکانی دەسەڵات تێیدا، کاریگەریی دەوڵەت وەک مەکینەی بەرهەمهێنانی مووچەخۆر و کردنی مووچەخۆری بە فۆرمی باو و باڵای ژیانەوە دەست پێبکات، دواتریش بگات بەوەی بڵێ ئەمڕۆ قەیرانێک هەیە و ئەمانە هۆکانین، پاشان لە ئاستی نێۆخۆییدا بڕێک ناو و ئەدرێسی کۆمپانیا ڕیز بکات کە خولقێنەری قەیرانن و لە ئاستی جیهانیشدا بڵێ “نەوت هەرزان بووە” ڕیک وەک هەر یاداشتێکی باو و خۆپارێز کە هەمیشە پاساویکی لە گیرفاندایە. ئەگەرچی شیکاریی ئەم نێوکۆییە پێویستە، بەڵام با ئەمە بمێنێتەوە بۆ پسپۆڕەکان لە زانکۆ و دەزگاکانی توێژینەوەی ستراتیژی و راوێژکارانی موعەززەم و موکەڕڕەمی هەموو سەرۆک ڕەنگەکان و دەزگا میدیاییەکانیان، بە ناسراو و نەناسراویانەوە.
گرنگتر لەمانە ئەوەیە بەشێک لە مووچەخۆران بڕیاربدەن و بێنە سەر جادە. ئەمە مافی خۆیانە و هەموو لایەکیش لە سەری کۆکن. تەنانەت ئەوانەش کە خۆیان دەستیان ناوەتە قوڕگی خۆپیشاندەران کۆکن لە سەر ئەوەی مافی خەڵکە خۆپیشاندان بکەن.
بەڵام پرسیارێک لێرەدا بتوانین بیپرسین ئەوەیە : “ئەی ئەگەر هات و حکوومەت تەسلیم ببێت چی؟ چی دەبێت ئەگەر بە دزیەوە دوو بیری نەوت بفرۆشن و تەرخانی بکەن بۆ مووچەی ئەم ناڕازییانە؟ ئایا بەختەوەریی دروست دەبێت؟ هەموو برسیەکان تێر دەبن؟ کەرامەتی لەدەست چوو دەگەڕێتەوە؟ ژنان و نایەکسانی چی؟ هەستی لەدەست چووی خاوەندارێتی نیشتیمان چی؟ بە راست بە سەرکەوتنی ئەوان چی دەگۆڕێت؟”
ڕوانینی ڕووکەش کە شتێک لە راستیشی تێدایە پێمان دەڵێت:” لەو کاتەدا نان دەگەڕیتەوە سەر سفرەی خەڵک و لە برسێتی رزگاریان دەبیت”. بەڵام رێک بەرامبەر ئەمە دەتوانین بپرسین ئایا ئەمانە تاقە برسیەکانن؟ تەنیا ئەمانن کە ستەمیان لێدەکرێت و کراوە؟ ئەگەر مووچەیان بدەنێ ئیتر ستەم پاک دەبێتەوە؟ کێشەکەش لێرەوە دەست پێدەکات کە ئەمان بە ڕاستی داوایان هەیە و قابیلی جێبەجێکردنە و خۆشیان دەزانن قابیلی جێبەجێکردنە.
مەرجێكی خێر یان چاکە ئەوەیە هەمووان بگرێتەوە، واتە فەیز و ڕەحمەت کوێرە و دەبێ هەمەگیر بێت، ئەگینا ئەو چاکەیەی تەنیا بۆ کەسانێکی تایبەتی نێو دۆخێکی دیاریکراو بێت خۆی دەبێتەوە بە جۆرێک ستەم، بۆیە لە تیۆلۆژیادا فریشتەی دادپەروەری، کوێرە. لە پێچەوانەی ئەمەدا، بێ بوونی ئایدیای خێری گشتی، ئەوەی خۆپیشاندەران هەوڵی بۆ دەدەن تەنیا ئەوەیە ئەو دۆخەی هەیە وەک پێشووی لێ بکەنەوە، واتە ئەگەر ئەوان، مووچەکەیان وەربگرن، کوردستان لە قەیران رزگار بووە؟ چونکە لەو وێنەیەدا کە ئەوان لە گۆڕان دەیکێشن، سەردەمێکی پێش قەیران هەیە کە تێیدا مووچەخۆران بەختەوەربوون و ئەگەر دۆخەکە بگەڕێتەوە بۆ ئەو کات، کەواتە بەختەوەریی گەڕاوەتەوە.
بەڵام ئەم پەیامە هێشتا شتی دیکەی لە هەناودایە: ئەم پەیامە پێشووپەرستە، مادام لە سەر گەڕانەوەی مووچە/ بەختەوەری بۆ سەردەمی پێش قەیرانی دەستکرد (مەگەر نا کە هەموو قەیرانێک دەستکردە؟ سەرۆکەکان باش دەزانن ئەمە مانای چی) پێدادەگرێت، لە ئەگەری بەدیهاتنیشیدا تەنیا دەمانباتەوە بۆ ئەو سەردەمە، ئەو سەردەمەی کە تۆوی ئێستەی هەمیشە لە هەناودا هەبووە. ئەم داواکارییە تەنیا دەتوانێت بمانباتەوە بۆ پێشتر، پێشترێک کە بە ئێستە گەییشتووە و تەنانەت ئەو “پێشوو”ە شمان وەک بەختەوەریی پێ بفرۆشێتەوە. ئەی پێشووپەرستی مانای چی ؟
مامۆستایان و دوای ئەوانیش مووچەخۆران خۆپیشاندان دەکەن و داوای مافی خۆیان دەکەن، بەڵام بە بەدیهاتنی داواکانی ئەوان هێشتا هیچ ناگۆڕێت، ئەوان دەکرێ بۆ ماوەی کاتیی تێر ببن و نان بچێتەوە سەر سفرەکانیان، قیستی خانوو و سەیارەکانیان بدەن، بتوانن بچنەوە بۆ تورکیا و وڵاتۆکەکانی ئەوروپای ڕۆژهەڵات و یان حەج وعەمرە، بەڵام ئەوەی دەستی لێنادرێت ئەسڵی سیستمێکە کە لەسەر نایەکسانیی دامەزراوە و بە رێکەوت ئەوانیش پشکیان لەو نایەکسانییەدا هەیە، ئەوان نوێنەرایەتیی دابەشکارییەکی گەورە دەکەن لە نێو ئینسانی ئێمەدا، دابەشکاریی بۆ مرۆڤی ئایدیال کە هەمان “پیاوی حکوومەت”ە و تاکە هیوایەک کە مرۆڤی “رەش و رووت” هەیبێت ئەوەیە بە جۆرێک ببێتە ” پیاوی حکوومەت”.
بەڵام ئەمە لە سرووشتی خراپەوە نییە کە پەیامەکەی ئەوان هەڵگری ئەم تەفسیرانەیە، بەڵکوو لە ئەوەوە دەێت کە ئەوان “داوا”یان هەیە. لە راستیدا ئەوەی ئەوان داوایان هەیە بەو مانایە نییە نابێ داوای هیچ بکەن، بەڵکوو بەو مانایەیە کە ئەم “داوا” یە ئەوان دەکاتە خاوەن شوناس و کارەکەیان دەکات بە کاری خاوەن پیشەیەکی تایبەت، شوناسێکیان پێ دەبەخشێت و بەم جۆرەش شوناس و پیشەکانی دیکە لێیان کەم دەبێتەوە، ئیتر کرێکارانی نێوخۆیی وبیانی و کەرتی بیناسازی ناتوانن بچنە پاڵیان و ئەگەر بچن بە ئاژاوەچی لە قەڵەم دەدرێن، ئەوان داوا و شوناسیان هەیە و هەر ئەمە وا دەکات بەشێکی تر لە ستەملێکراوان کە هێزی پیشمەرگە بن مەجبوور بکرێن بڵێن لە مووچەی ئێمەیان بدەنێ و بەم شێوەیە هێزی پێشمەرگەشیان لەدەست دەچێ، ئەم ڕەوتەش بەردەوامە تا هەر کوێ بمانەوێت. بەڵێ لەم داواتەوەریە پیشەییەدا، کێ لەدەرەوەی پیشەکەوە بێتە ڕیزی خۆپیشاندان، دەکرێت وەک ئاژاوەگێڕ و تێکدەر و بیانی ببینرێت. بەڵام ماویەتی بپرسین: سەرکەوتنی ئەم داوایەی فەرمانبەران سوودی بۆکرێکاران و ئاوارەکان چییە؟ ئەی بۆ بنەماڵەی شەهید و ئەنفال؟ ئەی بۆ پەککەوتە و خانەنشین و کەمئەندامان؟ بۆ کۆی مانای ئایدیای ڕزگاری؟ هیچ. وەڵامەکە ڕوونە، ئەمان داوایان هەیە و بۆ داواکەی خۆیان هاتوونەتە دەرێ و با خەڵکی دیکەش هەر کەسە و بۆ خۆی هەوڵبدات. ئەمەیە کێشەی داواتەوەریی و پیشەییکردنەوە، تۆ داوایەکت هەیە و بە ئاسانی پێشوەخت شکستت خواردووە، چونکە بە شتێک هەر ڕازیت دەکەن، یان لە شێوە کۆمیکەکەیدا، ئەوەی کە رێگەت پێ بدەن باسی مافەکانت بکەیت بە دیموکراتبوونی دەسەڵات پێت دەفرۆشرێتەوە.
لە ئەگەری سەرکەوتنی ئەم داوایانەدا، دەچینەوە خاڵی سفر و سیمای کەسی ڕازی وەک ئەو کەسەیە ڕوو لە باوکی تووڕە بکات و بڵێت:” ئەی سەرۆکی میهرەبان، من دەمەوێت موچەخۆر بمێنمەوە، ئەمەم لێ زەووت مەکە”. لە ئێرەوە تا پاڕانەوە لە خودا چەندە رێگەیە؟
بەرەنجامی ئەم یاداشتە شتێکی سادە و سەیرە؛ ئەوش ئەوەی کە ناکرێت داوای هیچ بکەیت، کە وتیان داوات چییە، بڵێ ئەوەی تۆ نەبینم. داواکاریی و داواتەوەریی جگە ئەوەی ریزەکان لەت دەکات، جگە ئەوەی دەمناباتەوە بۆ خاڵی سفر و پێش دەسپێک، جگە ئەوەی تەنیا چارەی کاتیی و بە پێی پیشە و شوناسی قەیرانە و قەیرانە سەرەکیەکان دەشارێتەوە، جگە ئەوەی سەنگەرەکان لەت لەت دەکات، لە خۆیشیدا شەرعیەتدانە بە ئەوانەی ئەم دۆخەیان بە دەستی خۆیان درووست کردووە، ڕووکردنەوەی دووبارەیە لە ئەوان و کردنەوەی دووبارەیانە بە مەرجەع. بێ داوایی دەکرێ بەم مانایە بێت کە جارێکیان ئەزموون کرا و لەبار چوو: “واقیع بین بن، داوای مەحاڵ بکەن”، ئەوەی لە ئێستەدا ماناکەی ئەوەیە کە : من هیچم لە ئێوە ناوێت، بەرچاوم بەردەن.

نەبەز خالید




رۆشنبیرانی کورد و کێڵگەی پارتی سیاسیی… نووسینی: ستیڤان شەمزینی

زیاتر لە بیست ساڵە باس و خواسی پەیوەندیی رۆشنبیر و پارتی سیاسیی ئەگەر مشتومڕێکی ئەکتیڤ و قووڵیشی بە دوای خۆیدا نەهێنابێت، بەبێ دوو دڵی جێگەی لەسەر وەستان و دوان بووە و لەو بارەوە بە ئەندازەیەکی باش بیروڕا و بۆچوون ئاڵوگۆڕ پێکراون وەک دەسپێک بۆ خوڵقاندنی جەدەلێکی فراوان و مشتومڕی ئەکادیمی و زانستیی. زۆرێک لە بۆچوونەکان لایەنگریی لەو تێفکرینە دەکەن رۆشنبیر کائینێکە بە سەرمەدیی دژی پارت و ژیانی پارتایەتییە و لەهەمان کاتدا رۆڵی وی رۆڵی گۆڕینی دنیا و سەرلەنوێ بنیادنانەوەیەتی بە گوێرەی ویستی گشتیی و بەرژەوەندیی زۆرینە.
لایەنی دووەم پێیوایە ئەو تێزەی رۆشنبیر بە دژ و ئەنتی دەستەڵات و پارت لەقەڵەم دەدات نەیتوانیوە واقیعی پێشوو ئەو پێشووەی دەستەڵاتێکی داگیرکاری وەک عێراق و پارتێکی شۆڤێنی وەک بەعس فەرمانڕەوای کوردستان بوو تێپەرێنێت، چوونکە لەم ماوەیەدا بەرەنگاریی و یاخیبوون نەک کاری رۆشنبیر و باقی مرۆڤی کورد بوو بەڵکو هەڵوێست وەرگرتن سەنگی مەحەک بوو بۆ هەر نووسەر و رۆشنبیرێک، واقیع دوو بەرەی دژ بە یەکی هێنابووە ئاراوە. بەرەی یەکەم: بەرەی دەستەڵات بوو وەک بەرەی سەرکوت و ئازار و ترساندن و راوەدونان و تیرۆر و سوتماککردنی وڵاتێک، بەپێچەوانەوە بەرەی دووەم بە سەنگەری بەرگریی و ئازادیخوازیی و هەڵوێست و (نیشتمانپەروەریی) لێکدەدرایەوە.
بەبڕوای تایبەتی من رۆشنبیر نە کائینێکە سەد دەر سەد ئەنتی دەستەڵات نە ئەو بوونەوەرەیە لەیەک سەنگەردا دەست لەملانی پارت و دەستەڵات بێت، کاری رۆشنبیر نە پارتایەتییە نە ئەکشنی گۆڕینی دنیا، کارکردنی ئەو لە بواری مەعریفە و کەشفکردنی دیوە شاراوەکان و خستنەڕووی تێز و بیرۆکەی نوێی فیکریی و فەلسەفیدایە. کارڵ مانهایم لەکتێبی (ئایدۆلۆژیا و تۆباوییەت)دا دەڵێت (رۆشنبیر ئەرکێکی تایبەتی هەیە، ئەویش ئەوەیە تەفسیرێکی تایبەتی و نوێ بۆ دنیا بکات، واتا بۆ کۆمەڵگە و بزافی مێژوو). ئەم پێناسەیە پێمان دەڵێت، ئەرکی رۆشنبیر بەر لەهەر شت تەفسیر و خوێندنەوەی دنیایە نەک گۆڕینی، بۆیەکا گۆڕینی دنیا نە کاری رۆشنبیرە و نە لە ئەستۆی رۆشنبیردا دانراوە، ئەوەی دنیا دەگۆڕێت ئەو کەس و لایانەن لەبواری ناڕەمزیدا کار دەکەن چوون رۆشنبیر کائینێکە لە بواری بەرهەمهێنانی رەمزیدا کار دەکات.
د.عەلی حەرب لەمبارەوە دەڵێت (رۆشنبیر بەسیفەتی ئەوەی دەستەڵاتی قسەکردن یان نووسین بەکاردێنێ لە کایەی بەرهەمهێنانی رەمزیدا کار دەکات، واتا ئەو کەرەستە رەمزییانە بەرهەمدێنێ یان بەکاردێنێ کە لە بیروباوەڕ و ئەپستیم و دەق و گووتارەکان و بەرهەمە کولتوورییەکانی تردا دەردەکەون). ئەم جەوهەرە خاڵێکی ناکۆکیی نێوان رۆشنبیر و پارتە چوون ئەرکی رۆشنبیر گۆڕین و تێکوپێکدانی دنیا نییە کەچی پارتی سیاسیی لە بەرزترین ئاستدا و لە دوا ئامانجیدا هەوڵی گۆڕین و سەرلەنوێ وێنەکردنەوەی دنیای خۆی دەدات. رۆشنبیر کە (گۆڵدز) سیۆسیۆلۆگی ئەمەریکی بە چینێکی نوێ وەسفی دەکات لە کێڵگەیەکی جیا لە کێڵگەی پارتی سیاسیی کار دەکات و درێژە بە بوونی خۆی دەدات، ئەمە بەو مانایە نایەت رۆشنبیر ناتوانێ حزبیی بێت، بەڵام رۆشنبیری حزبیی ناتوانێت ئازاد بێت چوون لە بازنەی سیاسەت و روانگەکانی پارتدا قەتیسکراوە و ناتوانێت هەنگاوێک بنێت هێڵی سوور ببەزێنێت، هەر کات بەم کارە هەستا بێگومان لەودیو پەرژینەکانی پارتەوە خۆی دەبینێتەوە.
رەهەندێکی تری ناکۆکیی رۆشنبیر لەگەڵ پارت لەوەدا دەردەکەوێت رۆشنبیر بەردەوام لەنادڵنیایدا دەژی یان بە واتایەکی تر رۆشنبیر وێڵە بەدوای دۆزینەوەی زانستیی ء مەعریفیدا بۆیە سروشتێکی تایبەتی هەیە و بەهەموو جۆرێک لەسەر یەک قاڵب و یەک جۆرە روانین شێوە ناگرێت، بەڵام پارتی سیاسیی خاوەنی بەرنامەیەکی کۆنکرێت و دۆگم و راوەستاوە کە وەها لە رۆشنبیر دەکات هەست بە ئازادیی نەکات ء رێگریی لێدەکات لە دۆزینەوە و ئاشکراکردنی بیرۆکەی نوێ، چوون رەنگبێ بیرۆکە نوێیەکە سەد دەر سەد دژی بەرژەوەندیی و ئایدۆلۆژیای پارتە سیاسییەکەی بێت. (رامین جەهانبەگلو) لەو روانگەیەوە نوسیوویەتی (رۆشنبیر کەسێکە خۆی بە دوور دەگرێت لە بیروباوەڕە دۆگماکان). هەرچی پەیڕەو و پرۆگرامی پارتەکانە بەرنامەیەکی دۆگما (راوەستاو)ن بە ئاستەم هەناسەیەکی تێدا دەبینرێتەوە بۆ رۆشنبیر.
ئێمە ناڵێین پارتی سیاسیی دەزگایەکی چەپێنەرە، بەڵام لەباشترین فۆرمیدا دڵخوازی رۆشنبیر نییە و فەزایەکی تێدا نییە تێیدا رۆشنبیر درێژە بە کارەکانی بدات بەو جۆرەی پێویستە و گرنگە سەبارەت بەهەر رۆشنبیرێک. کەوابوو مەسەلەی سەرەکی ئەوە نییە رۆشنبیر بە سەهوو چووە و هەردوو دەستەڵاتی بەعس و کورد بەیەک دەچووێنێت، کێشەکە ئەوەیە دەستەڵات هەر دەستەڵاتێک بێت یان پارت جا هەر پارتێک بێت لەمسەری راست بۆ ئەوسەری چەپ خاوەنی بەرنامە و پرۆگرامی چەسپیوو و کۆنکرێتی تایبەت بەخۆیەتی کە رۆشنبیر نەدەتوانێت هەزمیان بکات و لەگەڵیاندا هەڵبکات نە دەتوانێت لە سایەیاندا درێژە بە چالاکییە رۆشنبیرییەکانی بدات.
بەشێکی تری ئەو کێشەیە وابەستەیە بە سروشت و نۆرمی پارتی سیاسیی لە کوردستان کە هێشتا لە دەریای تۆتالیتاریزم و سکتاریزمدا مەلە دەکات و بێ توانایە لەخۆ دەربازکردن لەو گێژاوە خنکێنەرەی هەناسەی ژیانی پارتایەتی لەم مەملەکەتە سوار کردووە و رەنگێکی وەهای پێ بەخشیوە ناکۆک لەگەڵ سروشت و شەقڵی تاکە تاکی مرۆڤی کورد بەدەربکەوێت، تا پارتی کوردیی لەرێی پرۆسەی دۆنادۆنەوە نەچێتە جەستەی پارتێکی نوێ و هاوچەرخی وەک پارتەکانی ئەوروپاوە بێگومان ناتوانێت ئەو گرێ دەروونییە بڕەوەنێتەوە بەتایبەت کە لەلای گەنجەکان هەستی پیدەکرێت سەبارەت بە سیاسەت و ژیانی پارتایەتی. دواجار ئەوەی گرنگە لەبارەی بدوێین ئەوەیە: پارتی سیاسیی شەقڵ و ئەدگارێکی تایبەتی هەیە کە لەهەموو روویەکەوە ناکۆک لەگەڵ ئەدگار و تایبەتمەندییەکانی رۆشنبیر دەردەکەوێت، لە هەمان کاتدا کێڵگەى پارتی سیاسیی کێڵگەیەکی زڕە بۆ رۆشنبیر و هیچ ئومێدێک نییە تۆوی روانینی رۆشنبیر لەسەر ئەو زەوییە وشکەڵانە شتێکی لێوە شین بێت. ئەو رۆشنبیرانەشی لەپەنا پارتەکان بێگومان تەنیا دەتوانن ئاژیتاتۆرێک یان بانگەشەکارێکی بەرنامەکانی پارت بن نەک شتێکی لەمە زیاتر، چوونکە ئەزموونی مێژوویی ئەو راستییەی بۆ سەلماندووین.
حزبی سیاسیی و حزبی کوردیی
هەوڵنادەین پێناسەیەکی دیاریکراو بۆ حزب بکەین، بەڵام بەشێوەیەکی گشتیی حزبی سیاسیی بەم شێوەیەی ئێستا بەرهەمی مودێرنەیە، یان کوڕی هەڵبژاردنە. حزبی سیاسیی توخمێکی هەرە بەهێزی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە و دەوڵەتە نوێیەکانە، لای بیرمەندی فەڕەنسی ناسراو جۆرج بیردۆ حزبی سیاسیی ئامڕازێکە کە لە پیادەکردنی هاووڵاتیبوون و کاریگەرییەکانی لەسەر کاروباری گشتیی دەوڵەت و کۆمەڵگاکان مایەی فەرامۆشکردن نییە، بەو پێیەی رەوڕەوەی دەوڵەت بۆپێشەوە دەچەرخێنێت و دەسەڵاتێکی فراوانی هەیە لەسەر فۆرمی حکومداریی کە دواجار لەوێشەوە کاریگەرییەکانی دەگاتە تەواوی کۆمەڵگە. “لاپالامبارا” و “وانێر” چوار خەسڵەتی سەرەکیی بۆ حزبە نوێیەکان لەبەرچاو دەگرن، کە هەموو لایەک پەسەندی دەکەن، ئەوانیش بریتین:
یەکەم: هەبوونی رێکخراوێکی هەمیشەیی کە مانەوەیان نەبەسترابێتەوە بە ژیانی رێبەرانی ئێستایانەوە “تاقم و دەستەی پاوانخواز نەبن”.
دووەم: رێکخراوێک کە لە وڵاتدا تێکۆشانی ببێت “گرووپێکی پەرلەمانی نەبێت”.
سێهەم: مەبەستی راشکاوانەی رێبەران لە ئاستی وڵات و هەرێمیدا دەبێ بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات بێ نەک ئەوەی خۆی بخزێنێتە نێو دەسەڵاتەوە “گروپێکی دەستڕۆیشتوو و بە نفوز بێت”.
چوارەم: بەشوێن راکێشانی پشتیوانی کۆمەڵانی خەڵکدا بێت لە رێگای هەڵبژاردنەوە یان بە بەهەر شێوەیەکی دیکە بێت ” واتە یانەیەکی سیاسیی نەبێت political club”.
لەلایەکی ترەوە بە بۆچوونی “د.حسێن بەشیریە” حزبی سیاسیی گرنگترین سیما و رێکخراوی دیموکراسیی هاوچەرخە، بەڵکو زێدەتر لەوە دەڕوات و پێیوایە لە کۆتاییدا جەوهەری دیموکراسی لە کێبڕکێ و ململانێی سیاسیی حزبەکان شتێکی زیاتر نییە، بەو پێیەی هەڵبژاردن بێ بوونی ژمارەگەلێک لە حزبی سیاسیی رووداوێکی مایەپووچە و سروشتی حزبیش سرووشتێکی کێبەڕکێکار و ململانێخوازە. لە هەموو ئەو پێناسەکردنانەی ئێمە تێگەیشتووین دەتوانین شتێک هەڵهێنجین ئەویش ئەوەیە، حزبی مودێرن بریتییە لە رێکخراوێکی کێبەڕێکار بۆ پرۆسەی هەڵبژاردنەکان و دەستاودەستکردنی دەسەڵاتی سیاسیی و گۆڕینی ئەجیندای فەرمانڕەوایی، ئەمەش گەوهەری ئەو سیستمە دیموکراسییە لیبرالەیە هەنووکە سایەی کردووە بەسەر دەوڵەتە پێشکەوتوو و بەهرەمەندەکاندا لە رووی مافی مرۆڤ و دەستەبەری ئازادییەکانەوە.
ئەگەر بگەڕێینەوە سەر حزبی کوردیی، گروپ یان کۆمەڵێک دەستە و تاقمی خێڵەکین کە لەسەر بنیادە خێڵەکی و ئاینییەکان دامەزراون و زۆرینەیان بەرهەمی قۆناغی چەوساندنەوەی نەتەوەیی کوردن لەلایەن نەتەوە و دەوڵەتە سەردەستەکانی کوردستانەوە. ئەگەرنا هیچ حزبێکی سیاسیی کوردیی نییە، بە ئەجیندایەکی رۆشنەوە و وەک رێکخراوێک بۆ ململانێ و بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات لە رێی هەڵبژاردنەوە چاوی بەژین هەڵهێنابێت، خۆی هەر لە بناغەوە کردەی هەڵبژاردن لە کوردستان “باشوور” پڕیەتی لە سکەنداڵ و بە هیچ پێوەرێک ناتوانێ دەرخەری پرۆسەیەکی دیموکراسی بێت. بە پێچەوانەوە دەسەڵاتێکی مۆنۆپۆڵخوازی دوو بنەماڵەیی هەیە و هێزەکانی تریش لە نێو سەحرای سیاسیی ئەواندا بە هەمان ریتم و ئاوازی ئەوان سەوڵ لە وشکانیدا لێ دەدەن.
حزبی کوردیی، هیچ ئایدۆلۆگییەکی نییە تەنیا کۆمەڵەی رەنجدەران و پەکەکە نەبێ بە بیرێکی چەپڕەوانە لەسەر سترۆکتۆری مارکسیزم- لینینیزم دامەزرابوون، ئێستا پەکەکە هیچ ئایدۆلۆگییەکی نەماوە و نووسراوەکانی ئاپۆ بنەمای سەرەکیی سیاسەتی ئەو حزبە پێکدەهێنێت، کە ئەو نووسراوانە نەک ناتوانن ئایدۆلۆگیایەک بن، بەڵکو پڕن لە پارادۆکس، هەرچی کۆمەڵەشە میراتگرەکانی یەکێتی و گۆڕانن، ئەو دوو هێزەش لە قەیرانێکی بێ ناسنامەیی کوشندەدا دەژین. ئەوەی دەمێنێتەوە رێکخراوگەلی ترن کە هیچ بنەمایەکی فیکریی و ئایدۆلۆگییان نییە و زیاتر لەسەر کولتووری خێڵ و کاریگەرییەکانی ئاین دروستبوون. بۆ نموونە پارتی هیچ ئایدۆلۆگیایەک لە پشتییەوە نەوەستاوە، تەنانەت نەیتوانیوە ناسیۆنالیزم وەک ئایدۆلۆگیایەک بکاتە بنەمای ژیانی حزبیی خۆی، بەپێچەوانەوە لەسەر نەریتی تەریقەتی نەقشبەندی دروستبووە و تا ئێستاش وەک بەرگریکارێکی میللی خۆی نمایش دەکات.
پێکهاتە و ئۆرگانیزەی تەواوی حزبە کوردییەکان لەمسەری راست تا ئەو سەری چەپ، فۆرمێکی کلاسیکی و سواوی هەیە، کە زیاتر هەیکەلی حزبی و شێوەی دنیابینیان لەژێر کاریگەریی ستالینیزم نەهاتۆتە دەر. بەم هەیکەل و جیهانبییە تەسک و کۆنسەرڤاتیڤانەوە ناتوانن نەک گەمەی دیموکراسی بکەن بەڵکو هەر ناتوانن لە رۆحی دیموکراسی تێبگەن و لەگەڵیدا هەڵبکەن. حزبی کوردیی تاکو ئەم چرکەساتەش دابڕاوە لە جیهانی مودێرن و فینۆمینەکانی دنیای پێشکەوتووی ئەمڕۆ، لە بازنەیەکی لۆکاڵیدا گیری خواردووە ناتوانێت پێ بنێتە ئەو جیهانە شارستانییەی ئەمڕۆ. ئەمەش تەنیا کێشەی حزبی کوردیی نییە بەتەنها، بەڵکو درمێک هەموو دنیای رۆژهەڵات و جیهانی ئیسلامی پێوەی دەناڵێنێت، چوونکە کاریگەرییەکانی ئاین و ترادیسیۆنە کۆنەکان بە ئەندازەیەک هەژموونی لەسەر سیاسەت و رۆشنبیریی داناوە، بە ئاستەم و تاک و تەرا، خەڵکانێک دەبینین بتوانن خۆیان بخەنە دەرەوەی ئەو دیسپۆتیزم و کەلەپوورە سیاسیی و رۆشنبیرییە باڵادەستەی زاڵە بەسەر عەقڵی تاک بە تاکی مرۆڤی رۆژهەڵاتی یان جیهانی ئیسلامییەوە.
رۆشنبیرانی کورد و هەژموونی حزبە سیاسییەکان
کێشەکە ئەوەیە رۆشنبیرانی ئێمە لەهەموو ئاستەکاندا پەڕاوێز بۆ ئەو پێشهات و رووداوانە دەنووسن سیاسییەکان دەیخولقێنن، خۆیان نەک رووداو دروست ناکەن، بەڵکو لە هەژارییەکی مەعریفیی و فیکریی وەها دەژین بێ بوونی ئەو رووداوە گەرمانە خۆیان شتێکی تریان پێ نییە بۆ وتن، خویان هیچ ناخوڵقێنن و هیچ بەرهەم ناهێنن جگە لەوەی لە هامشی پێشهاتەکانەوە نیهلیزم و رەشبینی بەرهەم بهێنن، هەر لەم سۆنگەوە رۆشنبیری کورد چاوەڕوانی رووداوە سیاسییەکان دەکات تاکو بتوانن لە پەڕاوێزیدا بنووسن، یان بابەتێکیان دەستبکەوێ بۆ قسەکردن لەسەری، من ئەم جۆرە رۆشنبیرە ناو دەنێم رۆشنبیری پەڕاوێزنووس. خۆی بابەتەکە ئەمە نییە، رۆشنبیرانێک بوونەتە کادری حزبەکان، نەخێر، هەموو ئەوانەشی لە دەرەوەی پارتە سیاسییەکانن کەوتوونەتە ژێر ئەو رووداوانەی حزبەکان دروستی دەکەن و ئەمانیش بەشێوەی خۆیان شرۆڤەی بۆ دەکەن، بەڵام پرسیاری سەرەکیی ئەوەیە لە دەرەوەی ئەو رووداوانە رۆشنبیری کورد سەرقاڵی چییە؟؟.
رۆشنبیری ئێمە ناتوانێت دەسەڵاتێک لە دەرەوەی دەسەڵاتی حزبەکان بۆ خۆی پەیدا بکات “مەبەستم دەسەڵاتی نابەرجەستەیە” لە بناغەوە خۆیان دابەشبوون بەسەر ئەجیندای حزبەکاندا، مەسەلەکە ئەوە نییە تێکڕای رۆشنبیران بوونەتە کادری حزبی، ئەوە تەنیا بەشە ئاشکراکەی حزبیبوونی رۆشنبیرانە، بەڵام دیوە شاراوەکەی بریتییە لەو تەرەفداریی و سۆزدارییانە لە تێکست و نووسینی رۆشنبیرانی ئێمە بەروونی دەیبینین. بانگەواز بۆ ئەوە ناکەم رۆشنبیر ناتوانێت حزبی بێت، بەڵام رۆشنبیرە حزبییەکان یان ئەوانەی لەژێر هەژموونی حزبیدا فۆرمۆڵەی تێزەکانیان دەکەن، ناتوانن مەعریفەیەکی زانستی لە دەرەوەی بازنە تەسک و دۆگمەکانی حزب بەرهەم بهێنن، رۆشنبیر دەتوانێت بەرنامەڕێژیی بۆ حزبێکی دیاریکراو بکات، بەڵام ناکرێت ئەم بەرنامەڕێژییە بکرێتە بنەمایەکی کۆنکرێتی بۆ تەواوی هاووڵاتیان. یان وەک ئەنجامێکی زانستی بێلایەن وەربگیرێت.
لێرەدا دەمەوێ تیشک بخەمە سەر بابەتێکی پڕ ئیشکالیەتی مێژووکرد لە پەیوەندیی نێوان حزب و رۆشنبیرانی کورددا. ئەویش قۆناغی خەباتی رزگاریخوازی نیشتمانییە کە لە ئەدەبیاتی سیاسییدا بە قۆناغی شاخ ناوزەد دەکرێت. لەم ماوە زەمەنییەدا رۆشنبیران بەشێوەیەکی گشتیی تێزەکانیان دەخستە خزمەتی شۆڕشی شاخەوە کە حزبەکان رابەرایەتی ئەو جوڵانەوەیان دەکرد، لێ لەو ماوەیەشدا دەنگی رەخنەگرانە هەبووە کە دکتۆر ئەحمەدی مەلا نموونەی “سەگوەڕ”ی محەمەد موکری وەک فاکتێک دەهێنێتەوە. هەر ئەو دابەشبوونەی رۆشنبیران بەسەر سەنگەری حزبەکاندا درێژ بووەتەوە تا هەنووکە کە قۆناغی حکومداریی کوردستانە. ئەو رۆشنبیرانەشی بەناوی سەربەخۆییەوە کار دەکەن، زۆرجار خۆپارێزیی دەکەن لە رەخنەگرتن لە هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن، ئەمەش خۆی لە خۆیدا هەم تەرەفدارییە و هەم جۆرێکیش لە سەپۆرتە بۆ ئەو پارادایمە سیاسییە پڕ کەموکوڕییەی ئۆپۆزیسیۆن.
ئەگەر سەمپڵێک وەربگرین بۆ پاڵپشتی و زیاتر روونکردنەوەی ئەو بۆچوونەی سەرەوەمان، باشترین نموونەی مەلمووس، گروپی “رەهەند”ە کە ئەم گروپە تا هەنووکەش خۆیان بە جیددیترین قەڵەمەکانی ناو کایەی رۆشنبیریی کوردیی دەزانن. کێشەی گروپی رەهەند لەوێ نییە، رەخنە لە حزبە دەسەڵاتدارەکان دەگرن، چوونکە ئەوە ئەرکی هەموو رۆشنبیرێکە و وەک چەند جارێکیش وتوومە کاری رۆشنبیر بە تەنها رەخنەیە، بەڵام بەدەر لە گرێ دەروونییەکان کە لە خۆیدا کفرێکە بابەتە زاتییەکان بکەوێتە ناو رەخنەی رۆشنبیرانەوە، لە هەمان کاتدا لە سەنگەری ئۆپۆزیسیۆنەوە تیربارانی دەسەڵات دەکرێت. بۆ وێنە مەریوان قانیع و ئاراس فەتاح دوو نموونەی بەرجەستەی ئەو دیاردەیەن، ئەوان هەروەک دوو هەڵسوڕاوی گۆڕان رەخنە لە دەسەڵات دەگرن کە پارتی بە سیمبولی دەسەڵاتەکە دەبینن، لەم کاتەدا جیاوازییەکی ئەوتۆ لەنێوان رۆشنبیرە حزبییەکانی پارتی و گروپی رەهەند نامێنێت کە بەهەمان موفرەدات و نەزعەی تۆتالیتاریی جەدەل لەگەڵ یەکتر دەکەن “ئەگەر بتوانین ئەو گولەبارانکردنە بە وشە ناو بنێین جەدەل”.
قسەی من لەسەر ئەو نوخبەیە نییە لەسەر حزبە سیاسییەکان ماڵن و خۆیان بۆ سەرخستنی ئەجیندای حزبەکانیان تەرخان و ساغ کردۆتەوە، چوونکە ئەوان هەمیشە بەدوای ئارگۆمێنتدا دەگەڕێن بۆ رەواییدان بەهەر هەنگاوێکی چاک و خراپی حزبەکانیان، کێشەی سەرەکیی من لەگەڵ ئەو تایپە رۆشنبیرە کە بە ئاگایی بێت یان نائاگایی کەوتوونەتە نێو سەنگەرەکانی حزبەوە، ئەمەش تایبەت نییە بەو رۆشنبیرانەی بەناوی بێلایەنییەوە بوون بە بەشێک لە حزبە بەرهەڵستکارەکان، بەڵکو هەموو ئەوانەش دەگرێتەوە کە بەناوی سەربەخۆییەوە وەک دەستی دووەمی دەسەڵاتی سیاسیی کوردستان، ئاگربارانی حزبەکانی دەرەوەی دەسەڵات دەکەن، یان دەبنە بازووی بەهێزی کەمپینی شەڕئەنگێزانەی راگەیاندنەکان. کارەساتەکەش لەو کاتەدا گەورەتر خۆی دەنوێنێت کە نۆرە بێتە سەر هەبوونی ئیمیتازات و بەرژەوەندیی خودیی و تاکەکەسی رۆشنبیران خۆیان.
دەبێت لەم رووبەرەدا بەخێرایش بێت ئاماژە بۆ ئەوە بکەم، نامەوێ هەمان تێزی ژولین بیندا بهێنمەوە یاد و بڵێم رۆشنبیرانی ئێمە ناپاکیی گەورە دەکەن لە ئەرکەکانیان، بەڵام هێمای زۆر ترسناک دەبینم کە هیوایەک بۆ مرۆڤ ناهێڵنەوە، هەر ئەوەی مەیدانی توێژینەوە و رەخنەی زانستی چۆڵ بووە و نازناوی رۆشنبیر بە کەسێک دەدرێت کە زۆرترین مهاتەرات و شەڕەدەندوک بکات، یان ئەوانە ببنە سەرمەشقی کاروانی رۆشنبیریی کوردیی کە تەنیا دەتوانن لە سۆسیال میدیاوە چەند دێڕێکی بێ پێز بەدوای یەکتردا ریز بکەن، ئەو رۆشنبیرانەشی خۆیان بە دەنگی جیددی دەزانن بە زمانێکی پاراوتر دەدوێن، بەکەڵک وەرگرتن لەوەی لە ئەکادیمیاکان فێری بوون یان لە خوێندنەوەی فیکر و فەلسەفی خۆرئاوایی وەریانگرتووە بیخەنە هەمان بازنەی ململانێ، دیسان هیچ جیاوازییەک نامێنێ لەنێوان نیمچە خوێندەوار و ئینشانووس و رۆشنبیرانی “جیددی” چوونکە هەریەک بەگوێرەی خۆی ئاو دەخاتە یەک ئاشەوە.
قەیرانەکە بە تەنها تووشی سیاسەت و ژێدەرە ئابوورییەکانی کۆمەڵگە نەبووە، بەڵکو تەنگژەکە لەوە فراوانتر بووە و لاشەی کایەی رووناکبیریشی تەنیوە، هەروەک چۆن مرۆڤی لەهەموو بەها و مۆراڵە بەنرخەکان داڕنیوە، ئەم دۆخە ناودەنێم دۆخی کوژانەوە و تیاچوونی چراکان، یان دۆخی هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵگە، لەم نێوەندەدا رۆشنبیر نەک بەشێک نییە لە روئیایەکی نوێ بۆ سەرلەنوێ بیناکردنەوەی ژیان و مانادانەوە بەو بەها هەرەس هاتووانە، بەڵکو بەهەموو هێزییەوە بەشدارە لەو پرۆسە وێرانکارییەی لە دەروونی تاکەوە دەستپێدەکات تا دەگاتە لوتکەی هەموو شتەکان.
رۆشنبیری کورد دەبێت چی بکات؟
ئەو پرسیارەی لای سەرەوە، یەکێکە لە پرسیارە هەرە گرنگەکانی هەنووکە کە دەبوو زۆر زووتر بکرابایە، بەڵام رەنگە بەهۆی قورسیی وەڵامەکەیەوە کەس بوێریی ورووژاندنی ئەو پرسیارەی نەکردبێت. لانیکەم دەبوو ببووایە بە مشتومڕی نێو ناوەندی رووناکبیریی کوردیی، من لە ساڵی 2007 تەوەرێکم بۆ ئەم پرسیارە کردەوە و دیمانەم لەگەڵ چەندان رۆشنبیری ناسراو سازدا، بەڵام ئەوەش نەیتوانی ئەو پرسیارە بکاتە پرسیارێکی جیددی کە خودی رۆشنبیران لە بری سەرقاڵبوون بە کاری لاوەکی، ئاوڕ لەم پرسینە گرنگە بدەنەوە و مشتومڕی گەرمی لەسەر بکەن، ئەوەش وەک کۆی پرسەکانی تری کۆمەڵی کوردیی کەوتە ژێر غوباری بیرچوونەوە و فەرامۆشکردنەوە، لەگەڵ ئەوەدا ئەمڕۆش نەبێت، سبەی هەر دەبێت بگەڕێتەوە سەر ئەو پرسیارە جەوهەرییەی رۆشنبیری کورد چی بکات؟ بەڵام جارێ چاوەڕێین “لینین”ێک پەیدا بێت پرسیاری “چی بکرێت” بکاتە رۆژەڤی پرسیاری کایەی رۆشنبیریی کوردیی.
بە بڕوای من دەبێت یەکەمین هەنگاوی رۆشنبیران، گەڕان و هەوڵدان بۆ دیاریکردنی ناسنامەیەکی سەربەخۆی رۆشنبیریی لە دەرەوەی ئایدۆلۆگی و روانگە تەسکەکانی حزبی کوردیی، ناسنامەیەک دیاری بکات بەرچاوی رۆشن بکات چ کارەیە و پێویستە چی بکات؟. ئەمە ئەولەویترین کارە سەبارەت بە رۆشنبیرانی هەنووکەی کورد، چوونکە شوناسی رۆشنبیری کورد لەنێو ناسنامە سیاسیی و حزبییەکاندا ون بووە. ناکرێت بڵێین شوناسێکی رۆشنبیریی دیاریکراومان لە دەرەوەی شوناسە ئایدۆلۆگی و حزبییەکە هەیە. هەوڵدان بۆ بەخشینی ناسنامەیەکی رۆشنی ناحزبی و نائایدۆلۆگی بە بزاوتی رۆشنبیریی کوردیی، خۆی لە خۆیدا رزگارکردنی رۆشنبیرانە لە تونێلە تاریکەکانەی حزبە سیاسییەکان، هەروەها هەنگاوێکی راستیشە بەرەو گەڕانەوە بۆ وەزیفەی راستەقینە کە لە دیدی ئێمەدا بریتییە لە تیۆریزە و خوێندنەوەی دنیا و ناساندنی ئەوەی هەیە لە کۆمەڵگەدا وەک خۆی.
د.عەلی حەرب، رووناکبیری ناسراوی عەرەب لە کتێبەکەیدا “الاوهام النخبە او النقد المپقف” باس لەوە دەکات رووناکبیر کاریگەریی خۆی لە دەستداوە بەو هۆیەی تایبەتمەندیی خۆی پیادە ناکات. دواتر تایبەتمەندییەکانی رووناکبیر روون دەکاتەوە و دەنووسێت “مەبەستم لە تایبەتمەندیی لێرەدا، رۆڵگێڕانی خوڵقێنەرانەی رووناکبیرە لە بەرهەمهێنانی هزر و مەعریفەدا، ئەمەش گرەوەکەیەتی، بەدیهێنانی واقعێکی هزریی نوێ، لە رێگەی بەرهەمهێنانی چەند بیرۆکەیەکی نوێوە، یان گۆڕینی بیرکردنەوە، یان داهێنانی پیادەکردنی بیری نوێ، یاخۆ سەرلەنوێ داهێنانەوەی نوێ لە زەمینەی پیادەکردن و بۆتەی ئەزمووندا”. د.حەرب پێیوایە رووناکبیر ئەم رۆڵە بایەخدارەی لە بیر کردووە و هەموو وزەی خۆی بەخشیوە بۆ بەزۆر سەپاندنی گووتەکانی بەسەر واقیعدا بەشێوەیەکی ساکارانە و پاشتر دەنووسێت “لێرەوە دەرکەوت رووناکبیر لەوە دەستەپاچەترە ئەوە بگۆڕێت کە مەبەستی بوو بگۆڕێت”.
لەم سۆنگەوە رووناکبیری کورد دەبێت بگەڕێتەوە مەیدانی راستەقینەی خۆی کە مەعریفەی ناسینی دنیا و بەرهەمهێنانی زانستی گۆڕینی واقیعەکانە، لێرەدا ئەمەوێ سەرنج رابکێشم بۆ ئەوەی لە خەیاڵدانی تێکڕای کورددا بە خودی رۆشنبیرانیشەوە گۆڕینی واقیع بە گۆڕینی واقیعی سیاسیی لێکدەدرێتەوە، بۆیە ڤوکۆسی هەموو لەسەر گۆڕانکارییە سیاسییەکانە، لە کاتێکدا گۆڕین پرۆسەیەکی هەمەلایەنە و لە پێشدا گۆڕینی زەینییە، پاشتر لەوێوە پرۆسێسەکە بەردەوام دەبێت تاکوو دەگاتە گۆڕینی سیاسیی. رۆشنبیرانی ئێمە کەرەستەکانی گۆڕینی زەینیان پێشکەش نەکردووە، پێشمەرجەکانی گۆڕینیان نەناساندووە، بەڵکو وەک کۆمەڵە سەربازێک سەرقاڵن بە خەونی گۆڕینی سیاسییەوە بەشێوەیەکی کودەتا ئامێز، خۆ ئەوە هاوکێشەیەکی ئاسانە بۆ تێگەیشتن کە بێ گۆڕانکاریی لەخەیاڵدان و سیستمی پەروەردە و کولتووری کۆمەڵایەتی، هەموو پرۆسەیەکی گۆڕانکاریی سیاسیی تەنها دەبێتە گۆڕانکارییەکی فۆرمالیستانە و لاوەکی.
رۆشنبیر دەبێت پارێزگاریی لە تایبەتمەندیی خۆی بکات و خۆی نەخاتە نێو بازنەی تەسکی ململانێی حزبە سیاسییەکانەوە، کاری راستەقینەی رۆشنبیر داهێنان و زانستی ناسینی دنیایە، هەرچی کاری سیاسیشە گۆڕینی واقیع و دامەزراوەکانی دەوڵەتە، ئەوەی رۆشنبیر ببێتە بەشێک لە ئەجیندای حزبیی ناپاکییە، چوونکە کاری رۆشنبیرانە لە کاری سیاسییەکان گەورەتر و جیاوازتریشە، وەک لە سەرەتاشەوە وتم ئەگەر سیاسەت هونەری ئیدارەدان و گۆڕینی واقع بێت، ئەوە رۆشنبیریی زانستی ئەو گۆڕینەیە، لێرەدا پەیوەندییەک لە نێوان کاری رۆشنبیریی و سیاسیی هەیە یان رایەڵێک هەیە بۆ پێکگەیشتن، بەڵام دەکرێت هەر یەک بە جیا ببینین، ئەو پەیوەندییە ناکرێت ببێتە مایەی تێکەڵاوکردنی هەردوو ئیشەکە، یان رۆشنبیریی ببێتە پاشکۆی سیاسەت و تەسکتریش لەو بازنەیە ببێت بە بەشێک لە پلاتفۆرمی حزبایەتی. ئەرکی رۆشنبیرانە کاری تیۆریی خۆیان نەخەنە ناو گەمە حزبییەکانەوە هەروەک وتم ئەو کارانە دەکرێت کولتووری سیاسیی و پەروەردەیی و کۆمەڵایەتی لەسەر رۆ بنرێت. هەر پاشکۆیەتییەکی سیاسیی رۆشنبیران بۆ حزبەکان لەسەر بێلایەنیان تەواو دەبێ و لەهەمان کاتدا بابەتیبوونی تێزەکانیان دەخاتە ژێر گوومانەوە.
بیریاری مەغریبی “عەبدولسەلام بنعەبدعالی” لە دیاریکردنی وەزیفەی رۆشنبیردا ئەوە دەخاتە روو: ئەرکی رۆشنبیر نییە خەڵک بهێنێتە سەر باوەڕهێنان بەچەند هەقیقەتێکی دیاریکراو، هەروەها بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی لە نێوانیاندا، راستەڕێیان پێ نیشان بدات. بەڵکو ئەرکی ئەوەیە سیستمی بەرهەمهێنانی ئەو هەقیقەتەی تێیدا دەژین بگۆڕێ، ئەمەش واتای ئەوەیە کە ئەرکەکە پەیوەست نییە، بە رۆڵی لۆژیکانە کە پێوەرەکانی راستگۆیی و گونجاویی دیاری دەکەن، هەروەها نەک بەرۆڵێکی ئەپستمۆلۆژی “رێساکانی میتۆد” دیاری دەکەن. نەک بەرۆڵی ئایدۆلۆژیانەش “کە باوەڕی ئەویتر بەدرۆ دەخاتەوە” نەک بەرۆڵی رەوشتیانەش کە رێنمایی خەڵک دەکات، نەک بە رۆڵی وەعزدەریش کە رێ پیشانی خەڵک دەدات، بەڵکو رۆڵی رۆشنبیر لەوەدایە چاودێریی “سیاسەتی هەقیقەت” بکات و کار لەپێناو بڕیاردانی ئەو رێسایانە بکات کە لەنێو کۆمەڵدا کاروباری هەقیقەتیان پێ هەڵدەسووڕێ.
قسەی کۆتایی
لە دواماهیدا دەمانەوێ ئەوە بڵێین واقعی تاڵی کوردستان ئەوەیە رۆشنبیران دابەشبوون بەسەر مەیلی حزبی و سیاسییدا، لێ ئەمە شوورەیی نییە، بەڵام رێگرە لە لەدایکبوونی رەخنە و مەعریفەی زانستی بێلایەن، بەتایبەت بۆ کۆمەڵگەیەکی وەک ئێمە ئەو جۆرە مەعریفەیە زۆر پێویستە، تاکو بتوانین خۆمان جودا بکەینەوە لەو دنیا ئیسلامیی و نامۆیەی نەتەوە سەردەستەکان بۆیان دروستکردووین، بە گریانەوە ئەم دێڕانەی کۆتایی دەنووسم چوونکە ئەو کولتوورە سیاسیی و حزبییەی رۆشنبیران بیری پێ دەکەنەوە، باکی لەوە نییە کوردستان بکەوێتە ژێر دەسەڵاتی داگیرکەرانی عەرەبی و فارسی و تورکی، رۆشنبیرانی ئێمە بەهۆی بوونی گەندەڵییەوە لەلایەن دەسەڵاتی سیاسییەوە، تیۆریزەی عێراقچێتی دەکەن، هانی نەوەی نوێ دەدەن بۆ کونکردنی ئەو کەشتییەی چارەنووسی هەموومانی پێوە بەستراوە. ئاسۆکە تاریکە و من لە هەنووکەوە لە ئەنجامەکەی تۆقیووم.

نووسینی: ستیڤان شەمزینی..
ستۆکهۆڵم..

تێبینی: ئەم توێژینەوەیە چاپتەری چوارەمی کتێبی “گووتاری پۆپۆلیستی و خەونی بچووکی رۆشنبیرانی کورد”ه کە لە سەرەتای ساڵی 2018 بە شێوەی کتێبی کاغەز لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات بڵاوکرایەوە.




کاك ” نازم ” بۆ پەیدا بوو ؟ … ڕزگار عومەر

کاتێ کاك نازم لە ڤیدیۆکانی قسە دەکات؛ بە زمانێکی ڕەوان و بێ پێچ و پەناو ڕاستەوخۆ پەنجە دەخاتە زۆر برین و چارەسەر. ئەو کاتێ قسە دەکات بەسەر بابەتی جیاواز دێت و دەچێ ، قسەکانی ئەو پاکیەکی خاکیانەی تیایە، لە گەڵ ئەوەشدا هەندێ ڕەگەزی تێکەڵاو کردنی تیایە، ئەی بۆ سەرنج ڕاکێشن ؟

بۆچی ئەم مرۆڤە شیرین دەبێت ئەگەرچی لە گەڵ قسەکانی هاوڕاش نەبین ، نهێنیەکە لەو گوتارە خۆڕسکە چیە؟ ئایا بەرائەتە، یان جۆری ئاخاوتنە؟ بەشێکی زۆر لە پێکهاتەی بۆچوونەکانی رەخنە لە شێوازی بەڕێوەبردنی حوکمڕانی، ئیلهامی گوتارە کۆن وتازەکانی ئەنتی ئیستیعمار، ئیلهامی ئاینی، زۆر شتی تری تیایە، سەرەڕای ئەم هەموو پێکهاتەو تۆنە جیاوازانە ، بەلام لە کاتێکی خێرادا کاك نازم گەیشتە شوێنێك کە ڕێژەیەکی زۆر لە خەڵك موتابەعەی دەکەن .
بێجگە لەو پرسیارانە لەسەرەوە ئاماژەمان پێدا . پرسیارێکی تری جەوهەری ئەوەیە؛ هۆکاری چیە کە هەم دەسەڵات گرنگی پێدەدات وهەم بەشێکی زۆر لە خەڵکی ئۆپۆزسیۆن و ڕەخنەگر بە ئەمانەتەوە گرنگی پێدەدەن؟
دیاردەی کاك نازم و قسە کردنی و قبوڵی رەخنەکانی ئایا خۆڕسکانەیە، بەو مانایەی کە کۆمەڵگەی ئێمە و دەسەڵاتی سیاسی کراوەن بۆ ڕەخنەی کاك نازم و هاوشێوەکانی، یان لە پشتەوەی دەرکەوتنی کاك نازم ” زەمینەیەکی ” تر هەیە کە ڕۆڵ دەبینی لە دەرکەوتن و مەشهور بوونی ” کەسانێك” لە ماوەیەکی کورت و دواتر سارد بوونی دەرکەوتنیان بە هەمان خێرایی؟
ئایا ئێمە بێ ئەوەی هەستی پێبکەین لە دەرکەوتنی خێراو سست بوونی خێرای کەسایەتیەکاندا بەشدارین لە پڕۆسەی بەرهەمهێنانی پیشەسازی “مەشهور بوونێك” کە ڕۆڵێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە ئەستۆ گرتووە، بێ ئەوەی نەخشەی بۆ کێشرابێت و ڕێککەوتنی پێشوەختەی لەسەر کرابێت!

ئەو سیستەمە سیاسیەی لە کوردستان زاڵە لە ٢٧ ساڵی ڕابردوو، لە گەڵ ئەو پێشکەوتنەی لە تەکنەلۆژیای سۆشیال میدیا ڕوویداوە، لە گەڵ زاڵ بوونی کلتوری بەرخۆری ” ئیستیهلاکی” لە کۆمەڵگەدا، سێ دیاردەن سەرەڕای بوعدی مێژوویی جیاوازیان بەڵام وەکو سێکوچکەیەك لە ئێستادا بە یەکەوە بەستراوان.

ئەم سێکوچکەیە؛ دەشێ لابەلا بە پێکهاتەیتریشەوە پەیوەندی هەبێت، بەڵام ئەم سێکۆچکەیە پایەی ئەو سەرخانە پێك دەهێنن کە لە ئێستادا دونیای سیاسی و مومارەسەی ژیانی ڕۆژانەمانی تێدا دەخولێتەوە.
ئەم سێ پایەی ئاماژەمان پێدا؛ ژیانێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی دروست کردووە، کە چڕ بۆتەوە لە ” کورت” بوون و ئیکسپایەر بوونی هەموو شتێك بە خێرایی، ڕێڕەوی ژیان داماڵراوە لە بەها ڕەسەنەکانی کە دەرفەتی جێگیر بوونی درێژخایەن بدا بە هیچ دیاردەو ” پەیدابوونێك”، بە تایبەتی جۆرێك لە پەیدابوونی ئامانجدار.
ئێمە لە دونیایەک دەژین تەنانەت ” قارەمانی” سیاسی و کۆمەڵایەتیش ئەگەر لە دەرەوەی ئەم دۆخە سەر دەربکا، وەکو ” نەشیاو” ێکی نامۆی دژە باو دەکرێتە ئامانجێکی ئاسانی لە بەین بردن.

ئێمە کە دەکەوینە داوی موعجیب بوونمان بە وەستا خەیری ، کاتێك بەشێکمان جوێن بە سایەی کەریم دەدات و بەشێکمان کون بە کون سۆراغی ڤیدیۆکانی دەکەین لە ئینتەرنێت، کاتێك بە بۆنەو بەبێ بۆنە قسەی دڵی خۆمان بە ناوی خدر بێگەلاسی دەکەین، کاتێ بە دیار ڤیدیۆکانی کاك نازم دادەنیشین، یان کاتێك وێنەکەی کاك نازم دەکەینە تابلۆیەکی هونەری و دواتر پارەی فرۆشتنی تابلۆکەی پێ دەبەخشینەوە، هەموو ئەو ئاکتانە، هەموو ئەو هەڵس و کەوتە دژ بەیەکانە، لە توێژی جیاوازی کۆمەڵگە بەرامبەر بە کەسە “خێرا مەشهور” بوونەکان دەکرێت، هەرچی نیازێکی خۆڕسك و پاك و عەفەوی لە پشت بێت، هیچ لەو ڕاستیە ناگۆڕێت کە ئێمە خەریکین ” بۆشایەکی ” واقیعی لە پەیدابوونی کەسایەتی میژوویی ، یان چینی مێژوویی ، پڕ دەکەینەوە بە بەرهەمهێنانی لیستێك لە کەسایەتی ڕاگوزەر کە ڕەنگە بە دڵنیایی مرۆڤی باش و پاك بن، بەڵام بوون نەبوونیان هیچ زیادو کەمیەك ناخاتە ئاڵ و گۆڕێ کۆمەڵایەتی و سیاسی.

کاتێك ئێمە سەیری ڤیدیۆکانی کاك نازم دەکەین، لە ڕووی دەروونیەوە، لە دوو ئاستدا سەرگەرم دەبین، ئاستێکیان بریتیە لەوەی لە گەڵ قسەکردنی ئەودا، یان کەسانی هاوشیوەی ئەودا، هەستی پێبکەین یان نا، ئێمە ” دەرفەتە لە دەست چووەکانی ” قسەکردنی توندتری خۆمان بە شل و شێواوی و بە شێوەیەکی ” مەقبول” و ” رێگەپێدراو” هەروەها باڵکراو لە نێو قسەکانی ئەودا دەبینینیەوە ! ئاستی دووەم بریتیە لەوەی ترسە لەوەی بگەینە ڕۆژگارێك ئەو دەرفەتە باڵکراوەش نەمێنێ لە دواڕۆژێکی نزیکدا.

کاتێك ئۆپۆزسیۆنی فەرمی، یان خەڵکی تاك و تەرای پەرش و بڵاوی ناڕازی کاك نازم دەکا بە ئایکۆن و ڕەمز، بۆ ئەوە دەیکەن؛ چونکە لە ڕووی مێژوویەوە لە دۆخێکی نیمچە وەستاودا ئاسۆ و دەرفەتی سیاسی بنبەست بووە لە بەرهەمهێنانی کەسانێك کە بتوانن بەرامبەر دیوارەکانی سانسۆرو ئاقیبەتی “قسەکردن” مانەوەی خۆیان مسۆگەر بکەن!
کاتێکیش دەسەڵاتیش بە هەمان ڕادەی ئۆپۆزسیۆن گرنگی بە کاك نازم دەدات، بۆ ئەوەیە دووپاتی بکاتەوە کە تاقە جۆر لە ئایکۆنی ڕێگەپێدراو ئەم جۆرە ئایکۆنانەن کە ڕاگوزەرن، ئەم جۆرە کەسانەن کە ئەگەر ناڕازیش بن لە لوتکەی تووڕەبونەکانیان هێشتا ناتوانن دەست بۆ هیچ ” بڤەو حەرامێکی” سیاسی ببەن، یان لە بنەڕەتدا پێکهاتەی کەسایەتی و ژینگەیی ئەو جۆرە ئایکۆنانە هەڵگری ئەو خەسڵەتە نیە کە بتوانێ کارێك و ئامانجێکی لەو بابەتە لە ئەستۆ بگرێت.




دمدمیی … سۆران محه‌مه‌ده‌ سووره‌

ئـ
جێی هێشتین.
ڕێگه‌كانیش، به‌ره‌و ئه‌شكه‌وت هه‌ڵده‌ڵووشران.
له‌ ڕێگه‌كان دابڕان و
له‌ دابڕانیش ڕۆیشتن جێده‌مێنێ.
ته‌وژمیش، كه‌ هه‌موو گیانێك زگپڕ ده‌كا
به‌یتووته‌ ده‌بێ‌.
شه‌و دره‌نگ،
كشانێك به‌ ڕێگه‌كانی تاریكیی دادێت.
له‌ هه‌ركوێیه‌ك، به‌لاوه‌تر ‌له‌ مانگ
دڵۆپێك خوێن ده‌‌پڕژێته‌ ده‌موچاوی.
گوست بۆ‌ ئاگرێك درێژ ده‌كا
ئاگر نێوانی خۆی و
تارمایی دمدمییه‌كانیش له‌ پشته‌وه‌ڕایان* سه‌یر ده‌كا.
نیگا له‌ چاره‌نووس هه‌ڵده‌نووتێ،
كه‌ بردوونیه‌تییه‌ نێو تاریكاییی “دۆڵی شه‌هیدان*”ـه‌وه‌.

ن
ئه‌وها كایه‌كان ده‌سپێده‌كه‌ن و
پرسیاری‌ هاوڕێ سه‌رمابردووه‌كه‌ش‌:
ئاخۆ ده‌بێ بزانین ده‌بین به‌ چیی، تا ببین؟

ك
ورد ورد په‌نجه‌كان ده‌كه‌ونه‌‌وه‌ مه‌له‌ی تاریكیی.
‌گمه‌ی گاله‌پێك، ڕێگه‌‌ ده‌یبات.
پێیه‌كان؛ پشووی ڕووحێكی نه‌حه‌جمیو ئه‌نگاوته‌ ده‌كه‌ن و
خه‌ونیش؛ نێوان تاریكیی و هه‌ناوی وێرانبوون ده‌‌نجنێ.
سێبه‌ری مه‌ودای نه‌خۆشییه‌كی به‌رترس
ده‌كه‌وێته‌ ڕاچڵه‌كین، كه‌مێك دواتر،
ئاسمان هه‌ناسه‌‌ی ڕاز*ی ئه‌م به‌ر هه‌ڵده‌میسێ.
له‌نێو هه‌ره‌سهێنان و دوا نووزه،‌
به‌ ئه‌سته‌م ده‌بیسترێت، هه‌وا؛ ڕێگه‌ده‌سپێكردنه‌وه‌یه‌.

ی
له‌و سه‌ر خاڵی ڕێگه‌یه‌كی ونبوو،
ده‌نگی گازێك ده‌بیستم.
ئه‌مه‌ش تۆیه‌كه‌ ئه‌نكیدۆی بچووك
هه‌میشه‌ له‌ خه‌ونه‌كانمدا هه‌ر به‌ بچووكیی
به‌ هه‌مان ئازار،
نەخۆشییەکی هاوماڵ و سەفەر ده‌ژیێت.
ده‌بینم مۆڕه‌ له‌ مردن ده‌كات و
له‌ ده‌می زیندووان ده‌ڕوانێت،
باسی نوێماڵێكی تازه‌ ده‌گێڕنه‌وه‌.

د
شه‌وگه‌ڕین و
هه‌نگاوه‌كان تێكهه‌ڵه‌نگێوی قه‌ده‌ر ده‌بن
شه‌یتان بنلێوه و شپرزه‌یه‌،
ناحه‌جمێ نا‌‌‌.
ئافاتیش له‌به‌رخۆیه‌وه‌:
ڕێگه‌وشه‌كان، خه‌یاڵی لاڕێیییه‌كانت نه‌بوون؟
مه‌یلی خۆخزاندنه‌ بوونی با،
دڵه‌ڕاوكێی بینین و نووزه‌ی قوربانییه‌كانت،
له‌سه‌ر چ ڕێگه‌یه‌ك، به‌ كام ئاڕاسته‌دا ڕاهێشت؟

ۆ
شتانێك مێروو نین
مێرووله‌ ئاسا به‌ له‌شمدا هه‌ڵده‌گه‌ڕێن.
ده‌نگێگ به‌نێو سێبه‌ری زناره‌كانه‌وه‌ وه‌رده‌بێت و
پێیه‌كانم ڕێگه‌یه‌كی كۆن ده‌دۆزنه‌وه‌.
چیلكوپاڵی كۆن له‌ژێر پێیه‌كانم ده‌بن به‌ زینده‌ خشۆك.
داهۆڵی ڕۆخ هه‌وێزه‌ كۆنه‌كانی شه‌وین و
مه‌نگیی له‌ مانگڕاماوی هه‌ركوویه‌ك، به‌ خێرایییه‌ك له‌ خه‌نییان ده‌بڕم. ئاوه‌دانیی له‌ پشتڕا دوورتر و تارمایی به‌رباربووێك وه‌ك ملی دابێت،
تادێت نێزیكتر ده‌بێته‌وه‌.

ن
پێ ئه‌نگواو و نه‌فره‌تی ڕێگه‌كان،
كرم ئاسا كه‌وتوونه‌ته‌ نێو سه‌رم.
ته‌راتێن ده‌كه‌ن.
قه‌ده‌ری بێدۆستییش له‌پشتمه‌وه‌یه‌.
ته‌مه‌ن‌ ڕێكۆچی وشه‌ مێرووله‌ ده‌كا و
مانه‌وه‌ له‌گه‌ڵ پێداڕۆیشتنیش،
خستوومیه‌تییه‌‌ دڵه‌خورپه‌ی‌ شه‌یتانیی.

خ
ئێستا نازانم چییه‌ ختووكه‌ی ڕاڕایییه‌كانم ده‌دات؛
بڵێی ده‌نگی ڕابردووی ڕێگه‌كان بێت‌،
گازم بكات، ئه‌هۆی غه‌ریب؛ پێكده‌گه‌ینه‌وه؟

و
شار له‌‌سه‌رقاڵیی نوێژه‌مێگه‌ل ئاواده‌بێ و
ده‌نگێك ئاڕاسته‌ی ڕووانینم ده‌پێكێ.
مووی له‌شم ڕیز ده‌به‌ستن و
ده‌كه‌ومه‌ سه‌رپشتی نهێنییه‌كی زوو؛
به‌ره‌و كوێیه‌؟
ڕێگه‌كان؛ نووسراوه‌ی وێرانبووه‌كانن.
ڕێگه‌كان؛ ڕه‌گی ئاژاوه‌یه‌كی نه‌ناسن.

ش
ده‌نگ‌؛ له‌ خاڵێكی ڕێگه‌وه‌ و
هه‌نگاوه‌كان له‌گه‌ڵ ئاوه‌ژووبووی قه‌ده‌ری شار ڕێ ده‌كه‌ن.
له‌ غه‌ریبیی، ڕێوه‌ساڵكه‌وتووه‌كان كه‌مۆ* ده‌بن و‌‌
به‌هه‌زار زمان، بوونم په‌رته‌وازه‌ی تووله‌ڕێیه‌كانیان ده‌كه‌ن.
بوون ده‌ئاڵۆزكێته‌ ڕووخساریی ژنێكی دمدمیی* به‌ناوكه‌وتوو
سه‌هه‌نده‌ییش له‌گه‌ڵ تاریكیی هاوئاهه‌نگ سه‌ما ده‌كات.
هاوڕێ قه‌قنه‌س ئاساكه‌شم
“نامه‌ ناته‌مامه‌‌كان”؛ ته‌واو ده‌بن و ته‌واویش نابن،
ده‌گه‌نه‌ جێ و ناشگه‌نه‌ جێ؛ وڕێنه‌ ده‌كات.
س
خه‌یاڵانی سه‌رم، له‌ هیلاكییم ناڕه‌ونه‌وه‌ و
به‌ ده‌م شه‌ڕی ڕێگه‌وه‌، یه‌كده‌نگ هاوارم لێده‌كه‌ن:
ئه‌هۆ شه‌یتان:
له‌به‌رده‌م ته‌نگه‌ژه‌كان
به‌به‌رچاوی خودا په‌ركه‌مگرتووه‌كان
ڕووح به‌چ بێگوناهییه‌ك داده‌كێشیت‌؟
ده‌با قه‌ده‌ری شار‌، كوفر ئاوه‌ژووی بكاته‌وه‌.

خ
‌با قه‌ده‌ر كۆكردنه‌وه‌ی لێكترازانه‌كان بێت‌.
بۆ ئه‌م قه‌ده‌ره‌ت گوناهـ ئاژۆبه،‌
ئه‌ی خودا‌ په‌رێشانه‌كه‌م، گوناهاژۆبه،
بێ له‌ نه‌سه‌كنین؛
چ شتێك ختووكه‌ی پێیه‌كان ده‌دات!

ت
ده‌نگ له‌لاڕێ، نێزیك،
ده‌مخرۆشێنێ. فێ-ده‌بمه‌وه‌.
شه‌یتانیش؛ به‌ره‌و پێكرانی پێنه‌كران فیتوو لێده‌دات.
ده‌نگه‌كه‌ هاتووه‌، لێ نێزیك به‌ لێكناكۆكبوون
به‌ خۆشه‌ویستییه‌كی ڕقلێبوون، ده‌متاسێنێ.
ده‌نگه‌كه‌، من و شه‌یتان؛ “نه‌خۆشسه‌خت”ــاسا،
له‌ وێنای “هه‌شت”ێكدا، له‌تر ده‌ده‌ین، ڕوو بۆیه‌ك ده‌ڕنین.
ده‌نگه‌كه،‌ ده‌چێته‌ باوه‌شی بووكه‌ به‌فرینه‌كه‌ و
له‌ لاسایی ئه‌وینداره‌ مه‌ستبووه‌كانه‌وه‌ ستران ده‌چڕێ:
به‌ بۆنه‌ی تۆوه‌ كه‌ ‌مردین،
چه‌پكه‌ پێكه‌نینێكمان له‌گه‌ڵ بنێژه‌.
ئه‌ی تاڵووكه‌ییی ئیرۆسییم له‌ ناته‌باییی‌،
وه‌چه‌ی گومڕاخوازێك بڕاسێ.

په‌راوێزه‌كان:
پشته‌وه‌ڕایان: له‌ پشته‌وه‌یان ڕا، ئاخاوتنی ناوچه‌یییه‌.
دۆڵی شه‌هیدان: دۆڵێكه‌ ده‌كه‌وێته‌ چیای “هه‌ندرێن”.
ڕاز: 1- نهێنیی. 2- ئه‌و لێواره‌ به‌ردینه‌ی له‌ شاخ، كه‌ چه‌ند مه‌ترێك زیاتر یان كه‌متر هاتووه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ و له‌ ده‌می باراندا، په‌نای بۆ ده‌بردرێت، جیاوازه‌ له‌ به‌ڕاك (نوانوو)؛ كه‌ به‌ڕاك واده‌كات باران ته‌ڕت نه‌كات.
*هه‌ركوو: 1-هه‌رچۆن 2- یه‌كڕاست، ده‌ستبه‌جێ. 3-هه‌ركه‌و، هه‌قێو، حه‌قێو: ئه‌و ئاوه‌یه؛‌‌ دوای باران له‌ شاخ ده‌مێنێته‌وه‌، شوان و ڕێبوار تێنوویه‌تییان پێده‌شكێنن‌.

  • به‌ربار: 1- ئارام. 2- ئه‌و كه‌سه‌ی له‌لای “دێوانه‌”كان جزیه‌ نه‌دات، پێیده‌گوترێت به‌ربار. فڵانه‌كه‌س به‌رباربووە، لێره‌ وه‌ك هه‌ڵگه‌ڕاوه‌ له‌ وشه‌كه‌ ڕوانراوه‌.
    *كه‌مۆ: وریا و فێڵزان. گورگێك كه‌ فێڵ له‌ شوان بكات و له‌ پشته‌وه‌ڕا په‌رێز بۆ مێگه‌ل به‌رێت، یان ئه‌و بزنانەی، به‌هۆی ته‌نبه‌ڵییه‌وه‌ یان نه‌خۆشییه‌وه‌ بێت، لەدواوەی مێگەله‌وه‌ بڕۆن.
  • دمدمیی: پێوه‌ست به مێژوو، داستانه‌ ئه‌فسانامێزبووه‌كه‌ی قه‌ڵای “دمدم” به‌كارهێنراوه‌‌.

ئه‌م ده‌قه‌، له‌ ژماره‌ 6ی گۆڤاری “شی” ساڵی 2018، بڵاوكراوه‌ته‌وه‌.




ژیانی دوێنێ و ئەمڕۆمان … محەمەد بەرزی

ئاشکرایە بە درێژایی ئەو مێژووە پڕ لە کارەساتانەی نەتەوەکەمان ، کورد سەدان شۆڕش و ڕاپەڕینی دژی داگیرکەرانی تورک و فارس و عەرەب کردووە ، بەڵام هەتا ئێستا نەیتوانیوە پارچەیەک لە پارچەکانی وڵاتەکەی ئازاد بکات . بێگومان بۆ نزیکەی ٤٠٠ ساڵیش دەچێت ، هۆکارەکانی شکستە یەک لە دوای یەکەکانمان ، هەمان هۆکارەکانی ئەمڕۆمانن . هەموو جارێک داگیرکەران توانیویانە بە زیرەکیی خۆیان ، کورد فریو بدەن و شۆڕش و قوربانی و نەهامەتییەکانمان بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکار بهێنن ، بەڵام بە داخەوە کورد چ لە ئاشتیدا و چ لە شەڕدا ، نە پلانی هەبووە و نە بیرکردنەوەش . ئەوەتا شوکری فەزلی شاعیر بە شیخ مەحمودی حەفید دەڵێ : ( ئیش کە ڕووی ئێستا لە هەورازە ، سەرەولێژی نەکەی … فکری وردیشی ئەوێ ، هەر بە دوعا و نوێژی نەکەی ) . بێگومان هەر بزوتنەوەیەک ، چ لە شاخ بێ ، یان لە شار ، ئاوێتەی عەقڵ و قەڵەم و بیرکردنەوە نەبێ ، مەحاڵە ڕووناکی ببینێت . ئەوەی شایانی باسە بارودۆخی کوردی باشور لە چاو پارچەکانی تردا ، تا ڕادەیەک باشتر بووە ، چ لە هاوبەشیکردنی لە پۆستە باڵاکانی دەوڵەتی عیراقدا ، چ لە بارودۆخی کۆمەڵایەتییدا ، کەچی ژمارە و تەمەنی بزوتنەوە چەکدارییەکانی باشور ، زیاتر و درێژتر بوون . جا جگە لە بزوتنەوەکانی شێخ مەحمود و بارزانی ، کە تەمەنییان کورت بووە ، ئەوا شۆڕشی ئەیلولی ساڵی ١٩٦١ ، کە بە یارمەتی ئێرانی داگیرکەر نزیکەی سیازدە ساڵ و نیوی خایاندووە ، ئەنجامەکەشی بە بەرژەوەندی ئێران و زیانی گەورەی خۆمان و دووبەرەکییەک هەرەسی هێناوە ، کە ٥٦ ساڵە ئێسقانی کورد دەهاڕێت . پاشان شۆڕشی نویێ یەکێتی و گوڵانی پارتیش ، میللەتەکەمانی ڕووبەڕووی پاکتاوی ڕەگەزی و ڕاگوێزان و کاولکردنی گوند و باژێر و دەریایەک خوێن کردووە . خۆ کاتێکیش ئەمەریکا گورزی گەوەرە لە سەددام دەسرەوێنێت ، شۆڕشگێرەکان لە شاخەوە دێنە خوارەوە و حکومەتێکی کوردیی دادەمەزرێنن ، جا ئەگەر چەمکی شۆڕش بریتی بێ لە : ( ڕاپەڕین بە ڕووی زوڵم و زۆرداریدا ، بە ئامانجی گۆڕینی هەموو دامودەزگا و دەسەڵاتەکانی ڕژێمی ڕابوردوو ، بۆ هێنانە کایەی ڕژێمێکی سیاسی پاکوبێگەردی عادیلانە و لە سایەیدا ماف و ئازادی و دادپەروەری و یەکسانی بۆ هاوڵاتییان و پێشکەوتنی کۆمەڵگا دەستەبەر بکات ) . ئێستا جێگای خۆیەتی بەراوردێک لە نێوان بارودۆخی پێش و پاش هەڵگیرساندنی ئەو شۆڕشانەدا بکەین و با بزانیین تا چ ئەندازەیەک سەرکردەکانی کورد ، هەڵگری بیری شۆڕشگیریی و دروستکردنی دەوڵەت بوون و تا چەندیش توانیویانە گۆڕانکاریی لە ژیانماندابکەن .
ئاشکرایە هەموو حکومەتەکانی عیراق ، بە پێی پلانی ستراتیجی هەنگاویان ناوە ، لەبەر ڕۆشنایی ئەو پلانەنەدا توانیویانە بە سامانی نەوت وڵات ئاوەدان بکەنەوە ، بەڵام پشتییان تەنها بەو سەرچاوەیە نەبەستووە . چونکە سامانی نەوت دوو مەترسی لە خۆگرتووە ، یەکەمیان وەک کشتوکاڵ سامانێکی هەمیشەیی نییە و ئەگەری تەواو بوونی هەیە . دووەمیشیان هەر کاتێک نرخی لە بازاڕەکاندا دابەزێ ، یان لە کاتی جەنگدا وێران بکرێت ، وڵات تووشی نابووتی و کیشەی گەورە و گران دەکاتەوە ، هەر وەک حاڵی ئەمڕۆی حکومەتەکەی هەرێم . هەر بۆیە شان بە شانی نەوت ، گرنگیان بە کشتوکاڵ و پیشەسازیش داوە و توانیویانە تا ڕادەیەکی ئێجگار زۆر ، بە کشتوکاڵ ئاسایشی خۆراک دابین بکەن ، ڕێگری لە چوونەدەرەوەی دراوی قورس بگرن ، وڵات لە فشاری دەرەکی بپارێزن ، بە بەروبۆمەکانیشی کەرەسەی خاو بۆ پیشەسازی ئامادە بکەن و ژێرخانی ئابوری وڵاتەکەی پێ پتەو بکەن ، لە کۆتاییشدا هەلی کار و ژیانی شایستە بۆ هاوڵاتییەکانییان مسۆگەر بکەن .. هەر بۆ نموونە پێش هەڵگیرساندنی ئاگری شۆڕشەکانی کورد ، جوتیارانی نزیکەی ( ١٧٥١ ) گوندی ئاوەدانی کوردستانی باشور ، بە ئارامی سەرقاڵی چاندنی تووتن و چەندین بەروبۆمی کشتوکاڵی و ئاژەڵداری بوون . خۆ ئەگەر هەر گوندێک ٤٠ ماڵبووبێت و هەر ماڵەی چوار سەر خێزانیش بوو بێ ، ئەوا تەنها تووتن ، توانیویەتی بژێوی ( ٢٨٠١٦٠ ) کەس دابینبکات ، ئەمە سەرباری بژێوی هەزاران کرێکار و فەرمانبەرانی کارگەکانی جگەرە و پوختەکردنی تووتن و کاسبکاران و ئەو شۆفێرانەی تووتنییان گوێزاوەتەوە . پاشان لە نێوان ساڵەکانی ( ١٩٦٥ و ١٩٧٤ ) دا هەشت هەزار تەن تووتنی ئەو گوندانە فرۆشراوە بە چەندین وڵاتی وەك : ( ئەمەریکا ، بەریتانیا ، بەلجیکا ، یەکێتی سۆڤییەت و هەنگاریا ) و داهاتێکی ئێجگار زۆریشی بە دوای خۆیدا هێناوە ، کەچی تا ئەمڕۆ زوربەی هەرە زۆری ئەو گوندانە چۆڵن و داریان بەسەر بەردییانەوە نەماوە ، جوتیارەکانیش ، یان ئەنفال کراون ، یان کۆچییانکردووە . خۆ ئەگەر تاکە تاکەیەکیشیان خەریکی تووتن بن ، دیارە لەبەر جگەرەی هاوردە ناتوانن بژێوی ڕۆژانەی خۆیان دابین بکەن . پاشان هەر تەنها لە شارێکی وەک سلێمانیدا و لە نێوان ساڵەکانی ( ١٩٥٤ و ١٩٨٢ ) دا ، حکومەتاکانی عیراق توانیویانە بەنداوی دەربەندیخان و دوکان ، کارگەکانی : جگەرە و پوختەکردنی تووتن ، چیمەنتۆی سەرچنار و تاسڵوجە ، شەکر ، جلوبەرگ ، بیبسی و ئاوی بانیخێڵان و بەردی مەڕمەڕ دابمەزرێنن و هەلی کار بۆ هەزاران کەس دابین بکەن ، بە پێچەوانەی ئەمڕۆوە ، کە کار چۆتە قاتی . ئەوەی جێگای داخە لە جیاتی ئەوەی شۆڕشگێرەکان بە سامانی نەوت و پارەی زۆری ناوخۆ و حکومەتی عیراق ، گوندەکان ئاوەدان بکەنەوە و گرنگی بە کشتوکاڵ و پیشەسازی بدەن و پڕۆژە و کارگەی نوێ بخەنە پاڵ کارگە کۆنەکان و ژێرخانێکی ئابوری پتەو دروستبکەن ، کەچی ئامێرەکانی کارگەی ستراتیجی شەکر ، کە ساڵانە پێویستی بە ١٢٠ هەزار تەن چەوەندەر بووە ، لەگەڵ کارگەی جگەرە بە کیلۆ هەراج دەکەن ، یەکیکیان دەکەن بە مۆزەخانەوە و ئەوەی تریان بە باڵەخانە و کارگەیەکیش نامینی بە ناوی جلوبەرگەوە ، بەمەش دەرگا بە ڕووی دامەزراندنی هەزاران کەسدا دادەخەن . ئاخر ئەگەر شۆڕشگێرەکان بیریان لە دواڕۆژی کورد بکردایەتەوە ، نە دەبوو ئامێرەکانی بەنداوی بێخمە تاڵان بکەن ، کە بیرۆکەی دروستکردنی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٣٧ و ئامانجیشی بوژاندنەوەی ناوچەیەکی فراوانی کوردستان بووە . خۆ ئەگەر تەواو بکرایە دەبوو بە گەورەترین بەنداوی عیراق و توانای بەرهەمهێنانی ( ١٥٠٠ ) مێگاوات کارەبا

و گلدانەوەی ١٧ کیلۆمەترە سێجا ئاوی دەبوو . ڕێگەی لە لافاو و وشکەساڵی دەگرت و خاڵێکی فشاریش دەبوو بۆ سەر عیراق . ئاشکرایە پێش شۆڕشەکانمان ، ساڵانە بە پێی ژمارەی خوێندکاران ، خوێندنگای نوێ کراوەتەوە ، مناڵی پاشا و وەزیر و کەسانی هەژار ، لە سەر یەک مێز دادەنیشتن . پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانمان سەدان جار لە پەیوەندییە قرچۆکەکانی ئەمڕۆمان باشتر بوون . حکومەتەکانی عیراق لە جیاتی ئەوەی بە شڕەخۆری و پارە و زەوی تاڵانی ، کۆشک و تەلار و باڵەخانە ببەن بە ئاسماندا ، هەزاران خانوویان بۆ کرێکار و فەرمانبەرانی بێ دەرامەت دروستدکردووە . وڵات بە عەقڵ و بیرکردنەوە و دڵسۆزی گەشەدەکات ، هەر عەقڵیشە بتوانێ گۆڕانکاری مەزن بکات ، نەک فرۆکەی تایبەت و ئوتێل و مۆڵ و کردنەوەی خوێندنگا و زانکۆی بۆش و بەتاڵی تایبەتی . ئەگەر مێژووی خوێناوی شۆڕشەکانمان ، داروپەردووی ٤٥٠٠ گوند و ١٨٠ هەزار ئەنفال و ٥ هەزار سورەگوڵی هەڵەبجە و ٨ هەزار بارزانی بێ گوناح و چەند هەزار پیشمەرگەی شەهیدی سێدارە و سەنگەر و شەڕی ناوخۆی لە خۆی گرتبێ ، ئاخر کەی ڕەوایە بەرهەمەکەی ئەم حکومەتە پاوانخوازە بێ ، کە میللەتێکی ڕووسور و قارەمانی خستۆتە سواڵ . ئەرێ بە ڕاست لە کتێبی گینس و دنیادا ، شۆڕشگێڕ هەیە بەمجۆرە شۆڕشی کردبێت ؟ . بێگومان هەر ئەمجۆرە حوکمرانییانەش بووە ، یەک بە یەکی ئەمارەتە کوردییەکانی داوەشاندووە و ڕاپەرین و شۆڕشەکانی بە ئاشبەتاڵ و گۆڕی بە کۆمەڵ و لە دەستدانی خاکی شیرین و پیرۆزی نیشتمان ، کۆتاییان هاتووە . لە جیاتی ئەوەی بەهەشتێکیمان بۆ بنیات بنێن لە جاران جوانتر بێ ، کەچی نیشتمانێکی ئاوەدانیان بۆ کردووین بە دۆزەخێک ، لە هیچ نیشتمانێکی دنیا ناچێ .

تێبینی : بۆ زانیاری بەنداوی بێخمە سود لە سایتی ویکیپیدیا وەرگیراوە .




فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی کورتە فیلمی مۆبایل بە ناوی “یەک خولەک قه‌ره‌نتینه” بەڕێوەدەچێت

مه‌نسوور جیهانی ـ فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی کورتە فیلمی مۆبایل بە ناونیشانی “یەک خولەک قه‌ره‌نتینه” بە یارمەتی بریکاریی کاروباری کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی شارەوانی تاران و بە هاوڕێەتی کۆمەڵێک لە هونەرمەندان و سینەماکاران ئێرانی و بیانی بەڕێوەدەچێت.

ئەم فیستیڤاڵە بە مەبەستی هاوبەشی کردنی ئەزموونەکانی خەڵکی جیهان بە درێژایی سەردەمی قه‌ره‌نتینه بۆ خۆڕاگریی لە تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆڕۆنا دامەزراوە، تاکوو لە چوارچێوەی کامێڕاکانی خۆیانەوە، ئەزموونە شیرینەکان، تالًَ، دڵەڕاوکێی، بێکاریی، خۆشی و هێوا و تەنانەت مردنیش تۆماربکەن.

لە دەقی بانگەوازیی ئەم فیستیڤاڵەدا هاتووە: “لە مێژووی سەردەمدا، هیچ کاتێک مرۆڤ بەم شێوەیە ئەزموونێکی بەربڵاویی هەست پێنەکردووە کە ترسە هاوبەشەکانیان، لە ماڵەوە ئەزموونی بکەن. بێ گومان، ئەم ئەزموونە خاڵە سەرەتاییەکی دیکەیە بۆ هەموو مرۆڤەکان بۆ درێژەپێدان بە ژیان. هەر بەم پێیە هەوڵماندا فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی کورتە فیلمی مۆبایل بە ناونیشانی “یەک خولەک قه‌ره‌نتینه” بخەینەڕێی، تاکوو بتوانین خوڵقاندنی گشتیی لە کەمبوونی کەرەستە و نەبوونی پێداویستی پێویست و جیهازە پێشەییەکان، تاقیبکەینەوە و لە کەمترین، زۆرترین سازبکەین.”

ئەم فیستیڤاڵە بە بابەتی جۆراوجۆر پێناسەکراوە کە بریتین لە:
ـ قه‌ره‌نتینه / ژیان / ئەوین / دین
ـ قه‌ره‌نتینه / بنەماڵە / منداڵان / یارمەتی هەژاران / یارمەتی کەسانی دیکە
ـ قه‌ره‌نتینه / دەروون / تندووتیژی بنەماڵەیی / ئەزموونی تەنیایی / خۆدۆزینەوە
ـ قه‌ره‌نتینه / نەخۆشە تایبتەکان / بەساڵاچووان
ـ بەشی تایبەت / بێ پاوانەکان

هۆگران دەتوانن بەرهەمەکانی خۆیان لە دوو بەشی پیشەیی و ئاماتۆڕ و لە دوو بەشی ناوخۆیی و بیانی بۆ نووسینگەی فیستیڤاڵ، بە ناونیشانی http://miladtower.tehran.ir و یا پەیجی ئینستاگڕامی تایبەت بە فیستیڤاڵ، بە ناونیشانی @One_minute_Quarantine و کەناڵی تێلێگڕامی بە ناونیشانی https://t.me/One_minute_Qurantine ڕەوانە بکەن.

ئەم بەرهەمانەی کە دەگەنە فیستیڤاڵ، لە لایەن “حوسێن شوەندی”، خاتوو “سورەیا تەیمووری” و خاتوو “مریەم ئەدیبی” چاولێدەکرێن و باشترین بەرهەمەکان دەستنیشان دەکرێن و پاشان لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانەوە کە بریتین لە: “رەزا بەنەفشەخواە”، “سەعید سوڵتانی”، “وەحید موووسائیان”، “غوڵامحوسێن شاەعەلی”، “سیرووس کەهووری نیژاد”، خاتوو “ئازیتا مۆوگوویی” و خاتوو “ساغەر خواجەئەمیری” هەڵسەنگاندی کۆتاییان بۆ دەکرێت.

هۆگران دەتوانن بەرهەمەکانی خۆیان لە ڕۆژانی 9ی مەی تا 9ی جوونی 2020 بۆ نووسینگەی فیستیڤاڵ لە تاوەری میلاد لە شاری تاران پێتەختی وڵاتی ئێران ڕەوانە بکەن.

خەڵاتەکان:
بەشی ئاماتۆڕ: سێ نەفەری یەکەم هەر کام هەشت میلیۆن ڕیاڵ، سێ نەفەری دووهەم هەر کام شەش میلیۆن ڕیاڵ و هەروەها سێ نەفەری سێهەم هەر کام پێنج میلیۆن ڕیاڵ.
بەشی پیشەیی: سێ نەفەری هەر کام بیست میلیۆن ڕیاڵ، سێ نەفەری دووهەم هەر کام دە میلیۆن ڕیاڵ و هەروەها سێ نەفەری سێهەم هەر کام حەوت میلیۆن ڕیاڵ.
بەشی نێودەوڵەتی: دوو نەفەری یەکەم هەر کام 400 دوڵار، دوو نەفەری دووهەم هەر کام 300 دوڵار و هەروەها دوو نەفەری سێهەم هەر کام 250 دوڵار.

فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی کورتە فیلمی مۆبایل بە ناونیشانی “یەک خولەک قه‌ره‌نتینه” بە هاوکاریی دامەزراوەی فەرهەنگی ـ هونەری “خۆش نێگار” بەڕێوەدەچێت.




كێ له‌ پشت ژاوه‌ژاوه‌كانی پارێزگاری دهۆكه‌؟… ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب

له‌ ده‌ستپێكردنی قه‌یرانه‌ دروستكراوه‌كه‌ی سه‌رده‌می نوری مالكی و برێنی مووچه‌ی كوردستان‌ به‌ هۆی سه‌ركێشی وبیری شۆڤه‌نیستی شیعه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی عێراق و پێداگریی سه‌ركردایه‌تی هه‌رێم و حكومه‌تی كوردستان له‌ نه‌دانی برێك له‌ نه‌وتی كوردستان به‌ حكومه‌تی ناوه‌ند بارودۆخی فه‌رمانبه‌ره‌ران و مامۆستایان به‌ تایبه‌تی و خه‌ڵك به‌ گشتی رۆژ له‌ دوای رۆژ رووی له‌ خراپ بۆ خراپتر كردو خه‌ڵك برسی وبێ نان بوو رژانه‌ سه‌رشه‌قامه‌كان و چه‌ندین گردبوونه‌وه‌یان ئه‌نجامداو دووچاری راونان و تێهه‌ڵدان و گرتن و سوكایه‌تیپێكردن بوونه‌وه‌و داوایان ‌ له‌ حكومه‌ت كرد چاره‌سه‌ری بدۆزێته‌وه‌و ئه‌وه‌ش نه‌كراو تا ئه‌مرۆ درێژه‌ی هه‌یه‌‌.
ماوه‌ی شه‌ش سأل زیاتره‌ به‌ هۆی نه‌دانی نه‌وت و شكستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان قه‌یرانه‌كان كه‌ڵه‌كه‌یان كردووه‌و خه‌ڵكی كوردستانی خستووه‌ته‌ دڵه‌راوكێ بۆیه‌ ناو به‌ناو میتنگ و گردبوونه‌ ئه‌نجام ئه‌ده‌ن وبه‌ شێوه‌یه‌كی مه‌ده‌نی و ئاشتیانه‌ داوا له‌ حكومه‌ت ئه‌كه‌ن مووچه‌كانیان وه‌ك مافێكی ره‌وا پێبدرێت به‌ڵام حكومه‌ت تا ئێستا نه‌یتوانیوه‌ به‌سه‌ر ئه‌و قه‌یرانانه‌‌ زاڵ بێت و، بووه‌ته‌ جێی پێكه‌نین وگاڵته‌ پێكردن و له‌ هه‌موو جیهان خه‌ڵك تا 30 یان 31 مانگ مووچه‌ وه‌رئه‌گرێت به‌ڵام له‌ كوردستان ئه‌ڵێن مووچه‌ دواكه‌وتووه‌ بۆ‌ 50 ی مانگ ( دیاره‌ مانگ لای حكومه‌تی كوردستان 60 رۆژه‌ ؟ !.) و، هه‌ر بۆ داواكردنی مووچه‌ فه‌رمانبه‌رو مامۆستایان و ئه‌ندامی حزبه‌كان و خه‌ڵك له‌ پارێزگاری دهۆك له‌ 16/5/2020 گردبوونه‌وه‌یه‌كیان رێكخست كه‌ پێشتر راگه‌یاندرابوو، هێزه‌كانی پۆلیس و پاراستنی پارتی به‌ فه‌رمانی پارێزگاری دهۆك فه‌رهاد ئه‌تروشی به‌ گوێره‌ی دیموكراسییه‌كه‌ی كوردستان كه‌وتنه‌ راونان و كرتن و لێدان و سوكایه‌تیپێكردن و زیندانیكردنیان و گه‌رانه‌وه‌ بۆ قه‌وانه‌ سوواوه‌كه‌ی سه‌رده‌می ساڵانی چل و په‌نجاكانی سه‌ده‌ی رابردوو له‌ دامه‌زراندنی كۆماری چینی میللی و سه‌ركه‌وتنی یه‌كێتی سۆڤێت به‌ سه‌ر فاشیزمداو “”فه‌رمایشته‌كانی سه‌له‌فییه‌ ده‌مپیسه كان”” و كرده‌وه‌ قیزه‌ونه‌كانی ئیمپریالیزم گوایه‌ شیوعییه‌ت كوفره‌.
له‌ پاش گرتنی خۆپیشانده‌ران پۆلیس و پاراستن كۆنفرانسێكیان بۆ فه‌رهاد ئه‌تروشی ریكخست و زۆر مه‌لول و كه‌ساس و شپرزه‌و ته‌نگاو بوو بۆ نموونه‌ سه‌یری راپۆرته‌كانی به‌رده‌ستی ئه‌كردو ئه‌یوت لای من ریزبه‌ندی زۆر گرنگه‌و بایه‌خی ئه‌ده‌می به‌ڵام ئێستا گرنگ نییه‌و له‌ میانی وراوه‌و ژاوه‌ژاوه‌كانی قسه‌ی نه‌شیاوی كردو شیوعی به‌بێ دین ناوبردو، له‌ بیری چوو كه‌ وشه‌ی شیوعی و شیوعییه‌ت زۆر پیرۆزو پاكه‌و ، شیوعییه‌ت ده‌ریایه‌كه‌ به‌ ده‌م كابرایه‌كی ده‌م به‌تاڵ گڵاو نابێت و، لێردا پێویسته‌ هه‌ڵوێسته‌یه‌ك بكه‌ین له‌ سه‌ر ئه‌م جۆره‌ كه‌سانه‌ كه‌ بوونه‌ته‌ مایه‌ی نه‌گبه‌تی بۆ گه‌ڵ و نیشتمان و، له‌ درێژه‌ی وراوه‌كه‌یدا ئه‌تروشی مناڵ ئاسا وتی دهۆك, دهۆكی خۆمانه‌و پارتی خاوه‌نیه‌تی ، ئه‌ی ئیتر بۆ ترس داتانيگرتووه‌و به‌ چه‌پ و راست بوختان دابه‌ش ئه‌كه‌ن و ئه‌ڵێێن یه‌كێتی و گۆران و یه‌كگرتوو شیوعییه‌كان له‌ پشت گردبوونه‌و خۆپیشاندانی مامۆستاو فه‌رمانبه‌ران و خه‌ڵكه‌ویه‌و، ئه‌وه‌ش جێی شانازییه‌ هه‌ر حزبێك له‌ حزبه‌كانی كوردستان پشتگیری له‌ مافی ره‌وای چین و توێژه‌كانی كۆمه‌ڵگا بكات.
خۆپیشاندكه‌ی دهۆك نه‌ سه‌رپێچییه‌و نه‌ تاوانه‌و به‌ گوێره‌ی رێنمایه‌كانی حكومه‌ت بووه‌و داوای مۆڵه‌تیان كردبوو به‌ڵام مۆڵتیان پێنه‌دراو دیسانه‌وه‌ داواكه‌یان تازه‌كرده‌وه‌و ئه‌مجاره‌ش به‌ بیانووی كۆرۆنا ره‌تگرایه‌وه‌و لایه‌نی پۆلیس و ئه‌منی ره‌فتاری نه‌شیاویان به‌رامبه‌ریان ئه‌نجامدا به‌ سه‌ركوتكردن و ده‌ستگیركردنی چالاكه‌وانان و خۆپیشانده‌ران و، به‌پێی “” چاكوازییه‌كه‌ی”” حكومه‌ت رێپێوان و میتنگ و و گردبوونه‌و مانگرتنی ئاشتیانه‌ مافێكی سه‌رتایی و ره‌وایه‌.
به‌ هۆی قه‌یران له‌ دوای قه‌یران شیرازه‌ی كۆمه‌ڵگای كوردستان پچراوه‌وه‌ به‌ تێكچوونی باری ئابووری و نه‌بوونی پلان له‌لایه‌ن حكومه‌ت ودابه‌زینی نرخی نه‌وت و كه‌مبوونی داهاتی بواره‌كانی ترو، ئه‌مانه‌ش هه‌ر هه‌موو به‌ شێوه‌یه‌كی نه‌گه‌تیڤ كارئه‌كه‌نه‌ سه‌ر چین و توێژه‌ ناوه‌راست و زه‌حمتكێش و هه‌ژاره‌كان و ره‌نگ ئه‌داته‌وه‌و ئه‌بێته‌ هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی هه‌ژاری و، له‌ ئێستادا به‌شێكی زۆر بێكارو بێ نانن و، هه‌ڵچوونی تووره‌یی گه‌ل وفراوان بوونی جولانه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری لێره‌وه‌ ده‌ستپێئه‌كات و، ئه‌مه‌ش زه‌نگی ترسناكه‌ بۆ فه‌رهاد ئه‌تروشی كه‌ به‌ گوێره‌ی ئیتك و موراڵه‌وه‌ ئه‌بێت وه‌ك پارێزگارێك پارێزگاری له‌ موسڵمان وكافر و كوردو نه‌ته‌وه‌كانی تر بكات و، واز له‌ ره‌فتاری مناڵانه‌ بێنێت و، ئه‌ڵقه‌ له‌ گوێی بێگانه‌ نه‌بێت و بتوانێت ده‌ستدرێژی و هێرشه‌كانی توركیا ریسوا بكات و وشه‌ی زبرو هه‌ره‌شه‌ به‌كارنه‌هێنێت و، له‌وه‌ش تێبگات كه گه‌لی كوردستان خاوه‌نی‌{ دهۆك} ه‌ وه‌ك هه‌موو پارچه‌كانی تری كوردستان نه‌ته‌نها حزبێك!.
شیوعییه‌ت ناوێكی پیرۆزه‌و شیوعییەکان پاکترین و دڵسۆزترین و بەڕەوشترین کەسانی ناو کۆمەڵگان و پارێزه‌ری خاكن و دژی دوژمنانی گه‌ل و خاكی كوردستانن و كه‌س ناتوانێت به‌ كافر ناویان ببات وبەکارهێنانی ئەو پێناسەیە قێزەونە لە لایەن پارێزگاری ئیماندار ریسواو و شه‌رمه‌زار ئه‌كه‌ێن چیتر بازرگانی بە ئاین و مێژوو و تەواوی پیرۆزیەکانی گەل و وڵات نه‌كات و، شیوعییه‌كان له‌ ریزی پێشه‌وه‌ی تێكۆشان داكۆكی له‌ مافی ره‌وای خه‌ڵك ئه‌كه‌ن و، قه‌ت سڵ له‌ ریسواكردنی دزو جه‌رده‌و تاڵانكه‌رانی سه‌روه‌ت و سامانی وڵات و ده‌م پیس ناكه‌ن و، له‌ پێناو وه‌ده‌ستهێنانی مافه‌ ره‌واكانی گه‌ل وپاراستنی نیشتمان شیوعییه‌كان پێشه‌نگ بوون و له‌ پیناویشیدا قوربانی و خوێنێكی زۆریان به‌خشیوه‌ بۆیه‌ ته‌كفیركردنی شیوعی جێی ره‌زامه‌ندی نییه‌و ئه‌بێ فه‌رهاد ئه‌تروشی داوای لێبوردن بكات و چیتر هه‌ڵه‌و كاری نابه‌جێ ئه‌نجام نه‌دات و، هه‌ق وایه‌ سه‌ركردایه‌تی حزبی شیوعی كوردستان سكاڵا له‌ سه‌ری تۆمار بكات و بدرێت به‌ دادگا بۆ ئه‌وه‌ی به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه‌ ته‌مێ بكرێت.
20/5/2020