ئیستای کوردستان، کێشمە كێشی چینایەتی و ئەگەری ڕاپەرینی جەماوەری … موئەیەد ئەحمەد

دەسەڵاتداری ناسیونالیزم لە کوردستاندا

ئیستا خەڵکی کوردستانی عیراق لە قۆناغێکی میژوویی دیاری کراو و کۆنکریتدا دەژین کە ئەتوانین بڵیین لە باری سیاسیەوە مۆرکی ٢٩ ساڵی کاریگەریە کارەساتبارەکانی دەسەڵاتی هیز و حزبەکانی ناسیونالیزمی کوردی پێوەیە.
دیارە هێزە سەرەکیەکانی ئەم بزوتنەوە ناسیونالیستیە بورژوازیە بریتین لە هەردوو حزبی چەکداری میلیشیایی؛ پارتی دیموکراتی کوردستان (پارتی) و یەکیەتی نیشتمانی کوردستان (یەکیەتی)، کە بە دریژایی ئەو ماوەیە کۆمەڵگەی کوردستانیان وەک ئیمارەتێکی داگیرکراو خستۆتە ژیر چەپۆک و دەسەڵاتی خۆیانەوە. وە ئەمەش بەحوکمی مۆنۆپۆڵی چەک و سەرکوت و کۆنترۆڵی سەروەت و سامانی وڵات و زاڵی خۆشخەیاڵی ناسیونالیستی و “ڕزگاری نیشتمانی” لەناو جەماوەردا، و خۆگریدانەوەی ئەم حزبانە بە ستڕاتیژی ئەمریکا و ئەم وڵات و ئەو وڵاتی دەوروبەر وساتوسەودا لەگەڵیاندا…هتد.
لە ساڵی ٢٠٠٩ بە دواشەوە “بزوتنەوەی گۆڕان” وەک ڕەوتیکی سیاسی حزبی ناسیۆنالیستی و باڵێکی جیابووەوە لە یەکیەتی بووە بە یەکێک لە یاریکەرەکانی گۆڕەپانی سیاسی لە کوردستاندا. سەرۆکی پێشووی ئەم حزبە، نەوشیروان موستەفا، کە میژوویەکی دوورودرێژی هەبوو لە پێداگری لە “مۆنۆپۆڵی چەک بە دەست یەکیتییەوە لە کوردستان” و بەرگریکردن لێی، لەپڕ بە خۆی و حزبەکەیەوە بوون بە ئۆپۆزسیۆنێکی سیاسی قەومی- پەرلەمانی نا میلیشیای لە ٢٠٠٩وە.
ئیستاش هەر لە هەناوی ئەم هەلومەرجەدا کە قەیرانی حزبە سەرەکیەکانی ناسیونالیزم لە لوتکەدایە و “گۆڕان” لە تین کەوتووە و کارەساتێکی گەوەرە بۆ خەڵکی کوردستان هاتۆتەپێش، بەشێک لە ناسیونال-لیبراڵە بورژواکانی پێگەیشتووی ناو خودی هەمان سیستەمی گەندەڵی و تاڵانچیەتی بە ناوی “نەوەی نوێ”وە قوتبوونەتەوە بۆ گیانی کریکاران و هەژارن و بەش مەینەتانی کوردستان. ئەم حزبە سیاسیە پەرلەمانیە بە سەرۆکێکی سەرمایەدارەوە (شاسوارعبدولواحد) و دەزگایەکی زەبەلاحی میدیایی، هاتۆتە ناو گۆرەپانی سیاسی و ئەیەوێت بە سیاسەتی نیولیبرالیزمی ئابووری، گوایا گەشە بە سەرمایەداری بدا لە کوردستاندا، وەک ئەوەی تا ئێستا وا نەبوبێت، وە ڕا و بۆچوونە تا سەر ئێسک دژە سوشیالیزمیەکانی نیولیبرلیزمەکەی بکاتە بەرنامەی ناڕەزایەتیەکانی خەڵک و فریوکارانە وەک چارەسەری بیکاری و هەژاری و نەهامەتیەکانیان نیشانیان بدا.

حزبە ئیسلامیەکانی کوردستانیش، کە بە درێژایی ئەم ٢٩ ساڵە بەشداری کوشتن و بڕین بوون و زۆربەیان بە هێزی میلیشیای چەکدارەوە سیاسەتیان کردووە و چەند لە توانایاندا بووبێت درێغیان نەکردووە لە ئەنجامدانی کاری تیرۆرستی، هەمیشە بارێکی گەورە و گران و هەڕەشەیەکی ترسناک بوون بە سەر ئەم کۆمەڵگەیەوە. ئەم حزبانەی ئیسلامی سیاسی و پاش چەند شەڕ و پێک دادانێک لەگەڵ حزبە میلیشیەکانی ناسیونالیزم لە پرۆسەیەکدا بوون بە ئۆپۆزسیۆنی پەرلەمانی وهاوبەشی دەسەڵاتداریەتی میلیشایی ئەم حزبە ناسیونالیستانە.
ڕۆڵی ئوبژیکتیڤانەی حزبەکانی ئیسلامیی سیاسی لە ئیستادا و لە پەیوەند بە ڕژێمی سیاسی بورژوا ناسیونالیستی کوردستان تەواوکاری ئەم ڕژێمەیە. ئیسلامیزم ئەوئەرکە ئەنجام ئەدا کە ناسیونالیستەکان بە حوکمی پێناسە و ئاسۆی ناسیونالیستی نیمچە سیکولاریان باش ناتوانن ئەنجامی بدەن، ئەویش بڵاوکردنەوەی خۆشباوەڕی ئاینیە لەناو کریکاران و هەژاران و چەوساوەکاندا. دەسەڵاتدارانی کوردستان هەمیشە پێویستیان بەوە بووە کە خۆشخەیاڵی هەردوو ئایدیۆلۆژیای ئیسلامی و ناسیونالیستی چابووکانە پەرەپێبدەن لەناو چینی نەداری کوردستان تا دووریان بخاتەوە لە گۆرینی شۆرشگێرانەی کۆمەڵگە و ژیانیان. لە سایەی بارودۆخی زاڵی ئاسۆی سیاسی ناسیونالیستی بەسەر کۆمەڵگای کوردستاندا، حزبەکانی ئیسلامی سیاسی بە کردەوە هاوبەشی ڕژێمن، واتە هاوبەشی دەسەڵاتداری ناسیونالیستی کوردیین.

ئاکامەکانی قۆناغی رێگوزەر

بۆ دیاریکردنی ڕەوەندی بناغەیی تر کە لە پشتی ئەم ڕژێمە سیاسیە ناسیونالیستیە و سەرلەنوێ بەرهەمهێنانەوەیەتی لە هەموو ئەو ماوەیەی ڕابردوودا، ئەبی بگەڕێینەوە بۆ ناو کۆمەڵگای کوردستان و دابەش بوونی چینایتی و مێژووی ڕانەوەستاوی کێشمەكێشی چینەکانی نێو ئەم کۆمەڵگەیە. هەر بەم پێیەش ئەبێ پەیوەندی چینەکان و هاوسەنگی هێزی نێوانیان هەڵسەنگێنین لە بارودۆخی سیاسی دیاریکراوی ئەمرۆدا.

ئەم بارۆدۆخەی ئێستای کوردستان لەباری سیاسیەوە بریتیە لە گەشە وکامڵبونی ناکۆکیەکانی حاکمیەتی بۆرژوا ناسیونالیزمی کورد و بۆ خۆی “کۆیەکی کۆنکریتی” دیاریکراوە و لوتکەی مێژوویکی ٢٩ ساڵەی ئەم ڕژێم و حوکمڕانیەیە. هەر بۆیە شۆڕبوونەوە و پەیبردن بە پێکهاتەکانی و ناکۆکیەکانی و یاساکانی جوڵەی ئەمرۆی، کلیلی ناسینی داهاتووشیەتی.
بەڵام پێش ئەمانە، کە دواتر دێمە سەریان، گرنگە لێرەدا ئاماژە بە قۆناغێکی ڕێگوزەر (ئینتیقالی) بدەم کە لە ئازاری ١٩٩١ وە دەسپێدەکات و یەک دووساڵێک ئەخایەنی. لەم دەوریەدا هێشتا دەسەڵاتەی ناسیونالیزم و حزبەکانی بە سەر کۆمەڵگای کوردستاندا بە تەواوی یەکلا نەبوەتەوە و كێشمەكێش بەردەوامە و ئەتوانم بڵێم مۆرکی ئەم قۆناغە بە حاکمیەتی ناسیونالیزمەوە دیارە و بە ئێستاشیەوە.
هەڵچوونی سیاسی خەڵکی کوردستان لە ئازاری ١٩٩١ و لە جەرگەیدا سەرهەڵدان و چالاک بوونی ئاشکراو و کۆمەڵایەتیانەی بزوتنەوەی کۆمۆنیستی و ڕێکخراوەکانیان و شورا کرێکاریەکان و شورا جەماوەریەکان بووە هۆی ئەوەی کە ڕووبەڕوبونەوەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی دیاریکراو بێتە ئاراوە لە کوردستاندا. ئەم ڕووبەڕووبونەوەیە لە واقعدا کێشمەکێشی دوو بزوتنەوەی کۆمەڵایەتی بوو، کە لە لایەک شوراکان و ڕێکخراوە کۆمۆنیستەکان و چالاکەوانی یەکسانی و ئازادی بوو، و بە هەمووی وەک جەمسەری هێزی کۆمۆنیزم لە کۆمەڵگەدا خۆی دەنواند، و لە لایەکی ترەوە ناسیۆنالیزمی کورد بوو بە خۆی و حزب و هێزە چەکدارەکانی. هەر بۆیە لەم دەورەیەدا دوو بزوتنەوەی کۆمەڵایەتی؛ ناسیونالیزم و کۆمۆنیزم لە کێشمە كێشدا بوون لەسەر دیاریکردنی چارەنووسی سیاسی و کۆمەڵایەتی کۆمەڵگای کوردستان کە بۆ ماوەیەکی یەک دوو ساڵە بەردەوام بوو وە مۆرکی خۆیدا لە تەواوی قۆناغی تازەی کۆمەڵگا و پەیوەندی چینەکان و تەرازووی هێزی نیوانیان.

ئەم كیشمە كێشە کاریگەری لە زۆر بواردا دانا و پێوسیتی بە ڵێکۆڵینەوە و باسی هەمەلایەنە هەیە بەڵام ئەوەی کە لێرەدا زیاتر ئەمەوێت جەختی لەسەر بکەم، کاریگەری ئەم کێشمە كێشە چینایتیە و ئەم قۆناغە ڕێگۆزاریە لەسەر خەسەڵەتە بناغەیی و چینایەتیەکانی حاکمیەتی ناسیونالیزمی کورد لە کوردستاندا.
ناسیونالیزم هەر لە سەرتاوە وەک بزوتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی و سیاسی بۆرژوازی نەک هەر خەسڵەتی بورژوازیانەی خۆی و بەرگری کردنی لە بەرژوەندیەکانی سەرمایە و سەرمایداری بەرجەستە کردۆتەوە بەڵکو لە جەنگیکی دڕندانەدا دۆژمنکاری بێ ئەملاوئەولای خۆی پیادە کردووە لە بەرامبەر پڕۆلیتاریای کوردستان و بزوتنەوەی کۆمۆنیستی و خەباتی ڕۆژانەی کریکاران و زەحمەتكیشاندا. هەر زوو نەزیر عومەر و بەکر عەلی تیڕوڕ کرد و پێشترێش هێرشی بردە سەر شوراکان و مەقەرەکانی “ڕەوتی کۆمۆنیست” و کەوتە دوژمنکاری و پیلانگیڕی بەرامبەر یەکیەتی بێکاران و دواتریش کۆنترۆڵی نەقابە کریکاریەکانی کرد و ڕێگەی لە دروستکردنی سەندیکای سەربەخۆ گرت …هتد. ئەمە جگە لەوەی کە بە بێ ‌هیچ سڵکردنەوەیەک هەزارانیان لە ڕۆڵەکانی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش و نەداری کۆمەڵگای کوردستان ڕەوانەی جەنگەکانی ناوخۆیی خۆیان کرد و دایانن بە کوشت لە پیناوی ئەوەی ئەم یا ئەو هێزی میلیشیایی کۆنترۆڵی کوردستان بکات.
گەر لە ئیستادا و پاش ٢٩ ساڵ سەیرێکی میدیا و گوتاری سیاسی و ئایدیۆلۆژیای زاڵی ناسیونالیزمی کورد بکەین ئەبینیین کە نیشانەکانی ئەم قۆناغە ڕێگوزەرەی هێشتا لە خۆدا هەڵگرتووە، و لە سەر بنەمای بەرژوندە چینایەتیەکانی بۆرژوازی کوردستان لە ئەمرۆدا و لە درێژەی دۆژمنکارییدا بەرامبەر چینی کریکار بەرهەمیان ئە‌هینێتەوە. میدیا و گفتوگۆ و گوتاری سیاسی زاڵی ناسیۆنالیزم لە کوردستاندا یا باسی ئەم قۆناغە ڕێگوزەرە ناکات و قڕوقەپی لێ ئەکات یا لە ڕوانگەی سیاسی چینایتی بورژوازیانەی خۆیانەوە ئەیشێوێنن.
کەم میدیا و گوتاری سیاسی وڵاتانی جیهان هەیە، ئەوەندەی میدیا و گوتاری بۆرژا ناسیونالیزمی کورد بژارکرابێت لە بەکارهینانی هەر دەربڕێنێک و هەر ووشەێک و كۆنسێپتێک کە باس لە سوشیالیزم و کۆمۆنیزم و ڕۆڵی ئازادیخوازانەی چینی کرێکار بکات، و باس لە بەها ئازادیخواز و یەکسانیخوازیەکانی بزوتنەوەی ئەم چینە و پرۆلیتاریای سۆشیالیست بکات. یا ڕونتر بڵیم، کەم دەسەڵاتداریەتی و ڕەوتە سیاسیەکانی بورژاوزی هەن ئەوەندەی ئەمان توانیبێتیان جینۆسایدی کەلتوری ڕۆشنبیری سۆشیالیستیان کردبیت لە کۆمەڵگەدا. ئەم دژە سۆشیالیزم بوونە ترادیسیۆنی بە ناو “خۆماڵی” کوردی نیە ئەمە جەنگی هوشیارانەی بۆرژاوازی جیهانی و تایبەتمەندی بورژوا ناسێونالیزمی کوردە بە دژی چینی کریکار و نەداران و بەشێکە لە پیداویستە سیاسی و فکریەکانی ئەم چینە سەروەرەی کوردستان و دەسەڵاتە سیاسیەکەی و بەبێ ئەمە کاری ناڕوات.
نەک هەر کریکاران وەک چینێکی کۆمەڵایەتی و خاوەنی ئەڵتەرنەتیڤێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی باس ناکرێت و بە دابڕاو لە کارەکتەرە ئینترناسیونالیست و جیهانیەکەی وێنا ئەکرێت لە ئاوهەوای سیاسی و فیکری زاڵی ناو کوردستاندا، بەڵکو حاشا لە هەبوونیشی ئەکرێت. لە باشترین حاڵەتدا وەک تۆێژێک کە مووچەی ئەبڕدرێت و کاری نیە و ناڕازیە نیشان ئەدرێ و وێنا ئەکرێت. لە ڕوانگەی ناسیۆنالیستەکانی کوردستانەوە چینی کریکار ئەتوانی تەنها و تەنها بە ناوی نەتەوە و ئیسلام و فرۆشیاری ئازادی کاڵاکەیەوە، کە هیزی کاریەتی، هەبوونی کۆمەڵایەتی هەبێت و هیچی تر. واتە کۆنسێپتی هیزی چینایتی سۆشیالیزم بە بەردەوام ئەسڕێتەوە لە زەینی کۆمەڵگەدا تا پڕ بکریتەوە بە ئایدیۆلۆژیای ناسیونالیزم و ئیسلامیزم و لیبرالیزم، و ئەمەش هەر ئەزمونی بورژوازی جیهانی نیە کە هیزە سیاسیەکانی بورژوازی “خۆماڵی” لاساییان بکەنەوە بەڵکو ئەزمونی هەمان ئەم هیزە سیاسیانە خۆشیانە و بە تایبەتی ناسیۆنالیزمی کورد کە لە شەڕدا بووە وبەردەوامیشە لەم شەڕە لە بەرامبەر چینی کریکار و سۆشیالیست و کۆمۆنیستەکانی کومەڵگای کوردستان.

قەیرانی ڕژێمی سیاسی ناسیونالیزم و ڕەخنەی سۆشیالیستی

ئەمرۆ ئەم ڕژێمە لە قەیرانێکی توندوتیژی سیاسی دایە و تەنانەت خەریکە وەک قەوارەیەکی سیاسی ئەبێ بە دوو ئیدارە یا ڕوونتر بڵێم دوو ئیمارەت، و لە ژێر سایەی ئەم حوکمرانیەدا زۆربەی زۆری جەماوەر لەوپەڕی فەلاکەتی ئابووریدایە و بە هیلاک چووە. هەروەها تەوژمی ئەم قەیرانە کۆمەڵایەتیە و پەرەسەندنی ناکۆکیەکانی ناو خودی ئەم ڕژێمە سیاسیە خانوادەیی و میلیشیایە لەوە زیاترە کە بتوانرێ بە ئاسانی و تەنها بە سەرکوت ڕابگیریت. بە کورتی، وهەر وەک لینین ئەڵی “دەسەڵاتداران ناتوانن وەک جاران حوکم بکەن” و خەڵکی هەژار و ناڕازیش “نایەنەوێت وەک جاران بژین”. ئەمە بۆ خۆی لایەنەکانی باردۆخیکی شورشگیرانە نیشان ئەدەن و لەگەڵ هەر پلەیەکی بەر چاو لە پەرەسەندنی ئامادەیە سیاسی و ڕێکخراوییەکانی چینی کریکار و نەداران ئەیگۆڕیت بۆ قەیرانیکی شۆڕشگیرانە و هەنگاونان بەرەو ئەنجامدانی شۆرش و ئاڵوگۆڕی ڕیشەیی.
لەم هەلومەرجەی ئیستای کوردستاندا، نە هاواری “نیشتمان” و”نیشتمان پەروەری” بۆرژوا ناسیونالیستی کورد و ئینتلیجنسیاکەی ئەتوانی گۆێبیستی ئەوتۆی هەبێ لەناو ڕیزی هەژاران و نەداراندا، و نە خەڵکگەرایی ناسیونالسیتی ووردە بورژوازی کاریگەری ئەوتوی ئەبێت لەسەریان. ئاشکرایە قەتیس بوونی کریکاران و زەحمەتکێشانیش لە چوارچیوەی ناڕەزایەتی دەربڕین لەبەرامبەر گەندەڵی و دەسەڵاتداریەتی میلیشیایی و مووچەبڕین کاریان مەیسەر ناکات و ئاکسیۆنی پەرژوبڵاویشیان ناتوانێ کاریگەر بێت لە بەرامبەر ئەم بارودۆخەدا.
هەر بۆیە ئەمرۆ لە هەرکات زیاتر زەرورەتی چارەسەری كێشە سەرەکیەکانی کۆمەڵ بە شیوازی شۆرشگیرانە و دەرچوونی شۆڕشگێرانە لەم بارودۆخەی ئیستا هاتۆتە پێشەوەی ڕەوەندە سیاسی و کۆمەڵیەتیەکان. بەڵام ئەم رێگە دەرچونە شۆرسگیرانەیە لە خۆیەوە هەڵناقوڵی و گرێیخواردووە بە مەودای پەرەسەندنی کێشمەكێشی سیاسی چینایەتی و ئاکامی شەڕی ئەڵتەرنەتیڤی بۆرژوازی و کریکار؛ شۆشیالیزم و کەپیتالیزم لە کوردستاندا.
هەرچەندە دەسەڵاتی بورژوا ناسیونالیزمی کورد کەوتۆتە ناکۆکیەکی بێچارەسەر لەگەڵ زۆربەی جەماوەر و لەگەڵ کۆمەڵگەدا، بەڵام لە هەمان کاتیشدا ئامادەیی سیاسی و ڕێکخراوەیی و فیکری چینی کریکار و تۆیژە کانی دەوری ئەم چینە لاوازە. دیارە ئەمانە هەمووی ئەتوانرێ بە شیوەی چۆنایەتی (نوعی) و خێرا بگۆڕێت لە بارودۆخی قەیرانی شۆڕشگیرانەدا.
هەنگاوی یەکەم لە هەموو ئەم ڕەوەندەدا ئەوەیە کە ڕەخنە لە “دەسەلاتی کوردی” لە ڕوانگەی چینایەتی کرێکارەوە بەرجەستە بکرێتەوە. ڕەخنەی چینایەتی کرێکار ڕەخنەیە لە ڕژێم و دەسەڵاتی سەرمایە، دەسەڵاتی بورژوازی کورد، نەک بەتەنها ڕەخنە گرتن لە گەندەڵکاران و میلیشیاکان و دەسەڵاتی بنەماڵەکان. ڕەخنەی مۆڕاڵی دەردی کریکاران و چەوساوەکان و بێبەشان دەرمان ناکات، ئەوان بۆ خۆیان ڕەخنەی کۆمەڵایتی و چینایەتی بە کردەوەن لە سیستمی سەرمایەداری، و تەنها لە رێگەی بە هیز کردنی ڕەخنەی سوشیالیستیان لەم سیستمە و نوینەرە سیاسیەکانی لەوانە ناسیۆنالیزم و ڕژێمە سیاسیەکەی لە کوردستاندا ئەتوانن ڕابەری سیاسی شۆڕش و گۆرانکاری شۆرشگێڕانەی کۆمەڵگە بن.
ناوەڕۆکی چینایەتی دەسەڵاتی ناسیۆنالیزمی کورد بۆرژوازیە و دەسەڵاتی سیاسی سەرمایە و سەرمایەداریە وئامرازی سەرکوتی دەستی ئەم چینەیە بە دژی چینی کریکار وزەحمەتکێشان، ئەمە ئەو فاکتەیە کە بەبێ ڕەچاوکردنی و بەبێ ڕەخنەی سۆشیالیستی لێی، چینی کرێکار و نەداری کوردستان ناتوانێ دەوری مێژووی خۆی بگێڕی لە بارودۆخی شۆرشگیرانەی ئەمرۆدا.
ئەوە ڕاستە کە دەسەڵاتی بورژوا ناسیونالی کوردستان گەندەڵ و بێباکن لە بەرامبەر داوکاریەکانی جەماوەردا، بەڵام لە سەرمایەداریدا بە گشتی گەشەی ئابوری کۆمەڵگە بەم شیوەیە ئەڕواتە پێشەوە و تاکە جیاوازی ئەوەیە لەگەڵ وڵاتانی تردا، گەر بەرواوردەکەمان لەم بورەدا بیت، کە گەندەڵی تا ئاستێکی خنکێنەر بەربڵاوە لە کوردستاندا و زۆربەی هەرە زۆری دانیشتوان و لەوانە بەشیک لە سەرمایە بچوک و ناوەنجیەکانیشی بەجارێ هەرسان کردووە. دەسەڵاتی میلیشیایی و بنەماڵەیی کە هەناسەی لە کۆمەڵگە بڕیوە لە واقعدا شتێک نیە جگە لە فۆرمی سیاسی دیاریکراوی سەرمایە و سەرمایەداری لە کوردستاندا هەر بۆیە جیاکردنەوەی فۆرم و ناوەڕۆک لە یەکتر و پێوانەیان بە دوو ئەندازەی جیاواز هەڵەیەکی کوشندەیە بۆ پرۆلیتاریا.

بۆرژوازی دەسەڵاتدار و سەرمایەی کۆمەڵایەتی

دیارە، دەسەڵاتی ئیستای کوردی بەزەقی دەسەڵاتی سیاسی سەرمایەیە، کە ئەمەی دووهەم بۆ خۆشی ئەلقەیەکە لە ئەڵقەکانی سەرمایەی جیهانی، و ئەم دەسەڵاتە بەگشتی سەروەری سیاسی چینیکی کۆمەڵایەتی نمایش ئەکات کە بورژوازی کوردستانە. وەک هەر کۆمەڵگەیەکی کاپیتالیستی پەیوەندی سەرمایە و ژێرخانی ئابووری سەرمایەداری بناغە و پایەی ئەم ڕژێمە سیاسیە ناسیونالیستیەی کوردستانیشە و لێرەوە هێز وەرئەگری و ئەمیش بەڕۆڵی خۆی ئەکەوێتەوە خزمەتی.
هەر لەم ڕاستایەدا ئەبینین کە تۆێژیکی دیاری کراو لە سەرمایەدارانی ملیاردێر وملیۆنێری ناو ڕژێمەکە و دەرەوی ڕژێمەکە هەمیشە کاریان لە برەودایە و ئەمانە خەریکی وەگەڕخستن و کەڵەکەی سەرمایەن لە هەموو کەرتە پیشەسازی و خزمەتگوزاری و بازرگانی ومالیەکان و پرۆژە جوراوجۆرە ئابووریەکاندا. هەموو ئەم سەرمایە گوزاریانە لە ژیر سایەی ئەم ڕژیمەدا بە توندی گرێدراونەتەوە بە گەندەڵی و قۆرغ کردنەوە و کەڵەکەی سەرمایە بە قەبارەیەکی ‌هێجگار گەورە زیاد ئەکات.

بۆ سەرمایەی “نەتەوەیی” کورد واتە “سەرمایەی کۆمەڵایەتی” ئەوە گرنگ نیە دەسەلات بنەماڵەیی بێت یا پەرلەمانی بەو ئەندازەیی کە سەرمایە کاری بڕوات. فۆڕمی سیاسی ڕژێمی لە سەر کاربوی ئیستا و میلیشیایی بونی ئەم ڕژێمە و گەندەڵی و دوو ئیدارەیی و نەبوونی بنەماکانی دەوڵتی ئاسایی بورژوازی، لە گەڵ ئەوەشدا نەگونجاوە لەگەڵ پیداویستە ئابوری و یاسایی و ئیداریەکانی سەرمایەی نەتەوەیی، بەڵام لەباری سیاسیەوە نەک كێشە نیە بۆی بەڵکو زەرورەتێکە بۆ سەرکوتی چینی کریکار و پەرژوبڵاوەپێکردنی ڕیزی خەباتی لە ئیستادا.

هەروەها ئەوە ڕاستیەکی بەرچاوە کە میژووی سیاسی ئەم ڕژێم و دەسەڵاتەی کوردستان جیابووە نیە لە گەشەی ئەم سەرمایەداریەی کە ئیستا هەیە و بەم شیوە کۆنکریتەی. قسەکردن لەسەر خراپی و باشی ئەم ڕژێمە سیاسیە میلیشیاییە لە پەیوەند بە بەرژەوەندیەکانی سەرمایەی کۆمەڵایەتیەوە لە کوردستاندا جیاکردنەوەی زۆرەملییانەی سیاسەت و سەرمایە و سەرمایەداری ئەم کۆمەڵگەیەیە لە مێژوی کونکریتی خۆیدا و لە دوا شیکردنەوەدا ڕۆمانسیزمی ناسیۆنالیزمی ووردە بورژوا و ڕۆشنبیرانیەتی. ئەوەی لە کوردستاندا ئەگوزەرێ لە ڕووی سیاسەوە و بەم دەسەڵاتە گەندەڵ و میلیشیایی و بنەماڵەیەوە ئەوە میژووی خودی ناسیونالیزمی کورد و ڕۆڵ و نەخشیەتی لە پەیوەند بە گەشەی سەرمایە و سەرمایەداریەوە و بەشیکی ئۆرگانیک و سوپەر سترەکچەری سیاسی سەرمایەیە.
لە سەرمایەداریدا ئەوە گرنگ نیە کە سەرتا سەرمایە لە كۆێوە هاتووە و چەند تاڵانیە و بە چ میکانیزمێک کۆبۆتەوە. ئەوە گرنگە کە کاری کۆمەڵایەتی مۆنۆپڵکراوە و لە فۆرمی سەرمایەدا و لە جوڵەکەیدا گەوەرتر و گەورەتر ئەبێت. هەر وەک هەموو کۆمەڵگەیەکی تری هاوچەرخ گەشەی ئابووری سەرمایەداری لە کوردستانیشدا بەوە ئەپێورێ کە چەند سەرمایە کەڵەکە بووە. ئەی ئەوە نەبوو جلال تالەبانی کاتی خۆی پەرەسەندنی ئابووری کوردستانی بە ژمارەی ملیۆنێرەکانی کوردستان ئەپێوا. ئەوە قسەی سەرزارەکی نەبوو بەڵکو ئەوە لۆژیکی سەرمایە و نوێنەرەکانیەتی و گەشەی ئابووری بە قەبارەی کەڵەکەی سەرمایە و ڕیژەی قازانج ئەپێورێ نەک چەند جەماوەر لە خۆشگوزرانیدا ئەژی یا ناژی.
مەسەلەی نەتەوایەتی کوردیش لە هەر کات زیاتر بە گوێرەی بەرژەوەندیەکانی سەرمایەی گەورە ئەڕواتە پێشەوە و دروستکردنی دەوڵەتی نەتەوەیی کورد لە کوردستانی عیراقدا بوەتە مەسەلەی پێداوێستیەکانی ئەم بەشە لە سەرمایەی نەتەوەیی کورد و بەندوبەستەکانی بە بورژوازی جیهانی و ناوچەییەوە.

سەیری ڕیزی هەموو ئەو ملیاردێر وملیۆنێرانەی کە لەناو یەکیتیدا دروست بوون و ئیستا لە ناو پارتیدان یا بەڕێوەن کە لەگەڵ پارتیدا بسازێن، ئەمە لۆژیکی زەمینی و جیهانی و بەرژوەندی سەرمایەی لە پشتەوە وەستاوە. ناسیونالیزم و پارتیزانی ناسیونالیستی سنوورەکانی خۆی لەسەر زەمینەی بەرژەوەندەکانی سەرمایە ئەبەزینێ. ناسیونالیزمی کوردی و “نیشتمان پەروەری” ناسیونالیزم لە کۆتایی ئەم ٢٩ ساڵەدا بە جارێ پەردەی لەسەر خۆی هەڵماڵیوە و ڕێکوڕەوان بەرژەوەندیەکانی سەرمایەی گەورە و هەر بەو پێەش سەرمایەی کۆمەڵایەتی نوینەرایەتی ئەکات.
لەگەڵ ئەم واقعیەتەشدا کەچی هەوڵ و تەقەلا فریوکارەکانی بورژوازی ناوەنجی و پرتەوبۆڵەی توێژە وردە بورژوازیەکان وڕۆشنبیرانیان نابڕێتەوە و ئەیانەوێت جارێکی تر خەڵکی کریکار و زەحمەکێش بە سۆزی نیشتمانی و مۆراڵی نا مەعقولی تاڵان چێتی و گەندڵی مەشغوڵ بکەن، و جارێکی تر بە ناسیونالیزمی خەڵکگەرا سەرمان لێ تێک بدەن. هەر بەم پێیەش دورمانبخەنەوە لە کێشەی ئەسڵی کە سەروەری چینی بوارژوازی کورد و ڕژێمەکەیەتی بەسەر کۆمەڵگەوە کە سەرچاوەی مەینەتیەکانە و گەندەڵی و میلیشیا و دەسەڵاتی بنەماڵەش بەشی دانەپچراویەتی، هەروەها بێ نان و ئاوی جەماوەری کوردستانیش هەر لیرەوەیە.
ڕزگاربوون لە بارودۆخی ئەمرۆی کوردستان و خەبات بۆ هێنانەدی ئەم ئاڵۆگۆریە ئەوە دەخوازی کە ڕاستیە چینایەتەکانی كۆمەڵگا و کیشمەکێشەکانی چۆنن ئاوا بخرێنەڕوو و خەڵکی چەوساوە و نەداری کۆمەڵگە بەرچاویان ڕوون بێت کە لە کوێی ئەم کیشمەكێشدان و لە خەباتی سیاسیاندا گورزەکانیان بۆ کۆی بوەشێنن. جەنگی چینایەتی کوردستان بە ناچاری مۆرکی خۆی داوە و ئەیدات لەم بارودۆخە سیاسیەی کە ئیستا پێدا تێئەپەڕێ.

ڕاپەرین لە کوردستاندا، ئاسۆ و چەلێنجەکان

ئەمڕۆ ناڕەزایەتی و بێزاری لەوپەڕیدایە لە کوردستاندا و ئەگەری تەقینەوەی جەماەری و سەرهەڵدانی ڕاپەرینێکی گشتگیر هەیە لە چەشنی ئەوەی کە لە شارەکانی ناوەڕاست و خواروی عێراقدایە، بەڵام ئەم ئەگەرە چەند ئەبی بە واقیع پەیوەستە بە زۆر فاکتۆرەوە و ناتوانری پێش وەخت جەختی لە سەر بکرێت.
ئەوەی کە گرنگە لێرەدا ئاماژەی پێبدەم ئەوەیە کە هەمان ئەو چەلێنج و مەسەلە بناغەیانەی کە ڕووبەڕووی ڕاپەرینی کرێکاران و زەحمەکیشان و لاوانی کچ و کوڕ و قوتابیانی خوار و ناوەراستی عیراق بوەتەوە، ڕووبەڕووی هەمان ئەم چین و تۆیژانەی کوردستانیش بوەتەوە. بێکاری و هەژاری و داهاتووی نادیاریان تەنگی بە هەردوو لایان هەڵچنیوە، و هەردولا لە بەرامبەر جۆرێک لە ڕژێمن کە هیچ ڕیفۆڕم و چاکسازیەکیان لە باردا نیە. هەردوو جەماوەری عێراق و کوردستان، بە تایبەت لە سالێ ٢٠١١ وە، چەندین خۆپێشاندانی گەورەیان کردووە و دەیان و دەیان لە خۆپیشاندەران کۆژراون لە کوردستاندا، و لە ناوەڕاست و خواروی عیراقێشدا هەر تەنها لە ڕاپەرینی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩ وە، کە هەتا ئیستاش بەردەوامە، سەدان لە کچان و کوڕانی ڕاپەڕیوو خەڵتانی خۆین کراون و بە دەیان هەزاریشیان لێ بریندار بووە و سەدانیشیان لێ گیراوە و فڕینراوە لە لایەن میلیشیاکان و دامودەزگا ئەمنیەکانیانەوە. هەر بۆیە گۆرانگاری شۆرشگێرانەی هەردوو ڕژێمی بەغدا و ‌کوردستان بۆتە مەسەلەی سیاسی سەرەکی ڕۆژی هەردوو کۆمەڵگاکە.

ئەڵبەتە هاوسەنگی هێزی چینایەتی ناو کۆمەڵگەی کوردستان و هەر بەوپێیەش هاوسەنگی هێز لە نێوان ڕەوت و هێزەکانی دەسەڵاتی ناسیونالیزمی کورد لە بەرامبەر جەماوەری کرێکار و زەحمەکێش و نەداری کوردستاندا جیاوازە لەوەی کە لە ناوەڕاست و خواروی عێراقدا هەیە و هەروەها ڕەوەندە سیاسیە کۆنکریتەکانی ئەم كۆمەڵگەیەش کارەکتەری دیاریکراوی خۆی هەیە، بەڵام ئەمانە لەو ڕاستیە ناگۆڕیت کە ئەم دوو ڕژێمە کەوتونەتە ناکۆکیەکی بێ چارەسەرەوە لە بەرامبەر زۆربەی زۆری جەماوەردا. تەوژمی پێداویستی گۆڕانکاری ڕیشەیی و وەلانانی هەردوو ڕژیم لە کوردستان و لە عیراقدا لەوە بەهێز ترە کە بە خۆشخەیاڵی ناسیونالیستی و ئایدیۆلۆژیای ئیسلامی و نەتەوەیی بەری پێبگیرێت. هەر ئەمەشە کە وادەکات ڕەوەندی بەرجەستەبونەوەی هاوخەباتی نێونەتەوەیی کرێکاران و زەحمەتکێشان و هاوئاهەنگی خەباتی لاوانی شۆرشگێری هەردوو کۆمەڵگەی عێراق و کوردستان ئەگەرێکی بە هێز بێت و ڕوو لە پێش بێت.

ئۆپۆزسیونی بورژوازی و ئینتلجنسیای بۆرژوا ناسیونالیستی کورد

کۆنترۆڵی بێ سنوری هەردوو حزبی بنەماڵە و هێزی میلیشیان بە سەر شاخوێنبەری ئابوری کوردستان و فەشەلیان لە “دەوڵەتداری” و دابین کردنی پیداویستیەکانی “دەوڵەتی بورژوازی کوردی” و درێژەدانیان بە دوو ئیدارەیی، بۆتە هۆی ئەوەی کە ڕیزێکی فراوان لە بورژوازی ناوەنجی و ووردە بورژوازی و ئنتلیجنسیای ناسیونال-لیبرال و بورژوا ڕیفۆڕمیستی سیاسی، ناڕازی بێت و بکەوێتە کێشمەكیشەوە لەگەڵ دەسەڵاتی بورژوا ناسیونالیستی کوردیدا. وە هەر لەم ڕاستایەشدا حزبی ئۆپۆزسیۆنی بورژوا ناسیوناڵی ناوخۆی ڕژیمەکە پەیدا ببێت لە کوردستاندا.
چینی کریکار و نەداری کوردستان و ڕیزی بەرینی بێکاران و کارمەندان و خاوەن کاری کاتی و کەم دەرامەت و هەژارکراوان کە لە ژێر باری قورسی ئەم ڕژێمەدا هەر ڕۆژە بەدەست بێکاری و بێگوزەرانیەوە ئەناڵێنن و دەزگاکانی سەرکوتی سیخوڕی و میلیشیایی “دەسەڵاتی ناسیونالیستی کوردی” ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانەکانیان سەرکوت ئەکات، بە دوای ڕێگە-دەرچوونیکی ڕادیکاڵەوەن لە کارەسات و کۆت و بەندەکانی ئەم ڕژێمە. ئەم جەماوەرە بەرینە بە ئەزمون و هۆشیاری سیاسی خۆیان بۆیان دەرکەوتوە کە ئەم ڕژێمە چاکسازی هەڵناگرێ و ئەبێ لا ببرێت و نەمینێ.
دەسەڵات و حزب و هێزەکانی و هەرەوها ئۆپۆزسیونی بورژوازی دەرونی دەسەڵات هەمیشە لە هەوڵدا بوون کە ڕیزەکانی خەبات و تێکۆشانی پرۆلیتاریای کوردستان بە هەزار و یەک شیوە دەرگیری پەرژو بڵاوی بکەن. یەکێک لە چەلێنجەکانی خەباتی ئەم چینە نەدارەی کوردستان جیاکردنەوەی ڕیزی سەربەخۆی خۆیەتی لە ئاسۆ و سیاسەت و ستراتیژی ئەم ئۆپۆزسیۆنە بۆرژا ناسیۆنالیستە.
ئۆپۆزسیۆنی ناسیونالسیتی کوردی مەیدانی سیاسی کۆمەڵگەی کوردستانیان بۆ چەندین ساڵە جەنجاڵ کردووە بە هاتوهاواری خۆیانەوە و بونەتە یەکێک لە ڕێگرە سەرەکیەکانی بەرەوپێشچوونی ڕیزی خەباتی سەربەخۆ و یەکگرتوی کرێکاران و کارمەندان و زەحمەتكێشان بۆ ئەنجامدانی گۆرانکاری شۆرشگیرانە و ڕیشەیی لە رێگەی ڕوخاندنی ئەم ڕژێمەوە. ئەوە بوو خۆپێشاندانەکانی ٢٠١١یان بە لارێدا برد و کردیانە دەنگ کۆکردنەوەی کورسی پەرلەمان و وادەدانی چاکسازی درۆینە و بێتینکردنی وەزی شۆڕشگێرانەی جەماوەری ڕاپەریوو.

ئەو جۆرە چاکسازیە بۆرژوازیانە ئامانج لێیان بەجێهێنانی بەرژەوەندی ئەم بەشە ناوەنجی و بچووکانەی سەرمایەیە لە کوردستاندا تا کاروباریان بڕوات و ڕژیم چاکسازی بکات و بتوانی نوێنەرایەتی یەکسانی هەموو خاوەن پوڵ و پارەکان و ئامڕازەکانی بەرهەمهینان بێت. لەم نێوەدا گوایە کرێکاران و کارمەندان و بێکاران و نەداران لە سایەی کەسبوکاری ئەماندا و بە نەمانی دزی و تاڵانی حوکمی بنەماڵە ئەحەوێنەوە. ئەمە لە خۆڵکردنە چاو زیاتر هیچی تر نیە، و نەداران و خەڵکی زەحمەتکێش لە ژێر سایەی بورژوازی بچووک و ناوەندییدا زیاتر ئەچەوسێتەوە و ئەوە ئەزمونی تەواوی جیهانە. ئەم بەشە لە سەرمایە و نوێنەرە سیاسیەکانیان هیچ شتێکی هاوبەش کۆیان ناکاتەوە لەگەڵ کرێکاران و زەحمەتکێشاندا و بە پێچەوانەوە ئەمان ئەبنە سووتەمەنی هێنانەدی ئامانج و سیاسەت و ستراتیژەکانی ئەم بەشە لە چینی بۆرژوازی.
پیداگری لەسەر ستڕاتیژ و سیاسەتی گۆرانکاری ڕیشەیی وڕاماڵینی ڕژێمی بۆرژوا ناسیونالیست لە کوردستاندا پێش هەموو شتێک پێویستی بە سنووربەندی چینایەتیە لە بەرامبەر ئاسۆی ڕیفۆڕمخوازی بورژا ئۆپۆزسیۆنی ناسیونالیستی کوردستان، ئەمە جگە لە ڕیسواکردنی ناوەڕۆکی چینایەتی بۆرژوازیانەی ئیسلامیەکان و ڕۆل و نەخشی دۆژمنکارانەیان لە بەرامبەر خەڵکی کرێکار و نەدار و زەحمەتکێشی کوردستاندا.
هەر بۆیە لە پەیوەند بە رێگە-دەرچوونی سیاسی لەم بنبەستەی کە کۆمەڵگای کوردستانی تێکەوتوە بە هۆی دەسەڵاتی ناسیۆنالیزم، لە خەتی گشتیدا دوو سیاست و دوو ستراتیژی سەر بە دوو چینی کۆمەڵایەتی لە ئارادیە. یەکەم سترتیژای سۆشیالیستی چینی کریکار، و دووهەم، ستراتیژی بورژوا ناسیونالی دەوڵەتگەرای بورژوازی.

ستراتیژ ودروشمی ڕاپەرینی جەماوەری وگشتگیر لە کوردستان

خۆپێشاندان و ناڕەزایەتیەکان لە کوردستاندا هەردەم بەردەوام بووە بەڵام تا ئیستا نەبوەتە ڕاپەرین و خۆپێشاندانێکی جەماوەری لە سەرجەم کوردستاندا و نەبوەتە هەڕەشەیەکی جیدی بۆسەر دەسەڵات. ڕاپەرینی خەڵك ناتوانرێ پێشوەخت پێشبینی بکرێت و فاکتۆر زۆرن بۆ سەرهەڵدان و هەڵنەدانی بەڵام ئەوەی کە گرنگە لەڕوی عەمەلیەوە ئەوەیە کە هەر وەک چۆن لە ناوەراست و خوارووی عێراقدا دروشمی وەلانانی رژیم بۆتە ئەجندای ڕاپەرین، بە ڕای من، بە هەمان شیوە ئەتوانرێ وەلانانی شۆرشگیرانەی دەسەڵات ببێتە دروشمی ڕاپەرینی گشتگیر لە کوردستاندا.
ئاشکرایە کە پرۆسەی خەباتی سیاسی چینایەتی و پەرەسەندنی ناکۆکیەکان و هۆکارەکانی ئەو پرۆسەیە بە گۆیرەی بەرنامە و ئەجندایەکی پێشوەخت دارێژراو ناچیتە پیش و کەسیش ناتوانی پێشبینی بکات، بەڵکو بە گۆێرەی پرۆسەیەکی ماددی و مێژوویی ناو جەرگەی کۆمەڵگە لە جوڵەدایە و لە بەرەوپێشچوونی ناکۆکیەکانی پەیدا ئەبن و بەرەوپێش ئەچن. مارکس ئەڵی “کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بە ناچاری تەنها ئەو کێشانە ئەخاتە ئەستۆی خۆی کە بتوانی چارەسەریان بکات چونکە ….خودی کێشەکە تەنها کاتێک دێتە ئاراوە کە هەلومەرجە مادیەکانی چارەسەری پێشتر هەبن یا لە پرۆسەی دروستبووندابن”( پێشەکی بۆ رەخنەی ئابووری سیاسی). ئەگەر ڕوخاندنی دەسەڵات لە کوردستاندا بۆتە ناچاریەک دیارە رێگە چارەکەشی لە ئارادیە، بەڵام پەیوەستە بە پلەی چوونەپێشی هێزی ڕێکخراوی چینی کریکاری کوردستان و زەحمەتکێشان و گەنجانی کچ و کوڕی ئەم چینە چونکە ئەمانن کە بەرژەوەندیان هەیە لە فەراهەمهێنانی ئاڵگۆڕی ڕیشەیی و ئەمانن کە ئەتوانن ئەلتەرناتیڤی ئەم بارودۆخە بن. ئەو کیشمەكێشە سیاسی و چینایەتیەی کە لەباری میژوویەوە لە ١٩٩١ەوە هاتبوە سەر شانۆی سیاسی کۆمەڵگای کوردستان و قۆناغێکی ڕێگوزەری پێکهینا بوو ئێستا بەچەندین قات زیاتر خۆی دوبارە ئەکاتەوە.
ڕیزی ملیۆنی کرێکاران و زەحمەتکێشان و نەدارنی کوردستان هێزێکی کۆمەڵایەتی و چینایەتی زۆر بەهێزترە لە نەوەی ئازاری ١٩٩١ و ئەمرۆ تەکنەلۆجیای های تێک و کۆمۆنیکەیشن و کۆمپیوتەر و پیشەسازی گەورە هەیە کە ئەو کات یا هەر نەبوو یا لە ئاستێکی نزمدا بوو، ئەمڕۆ هەموو ئەمانە بەرهەمداری کاریان بە شێوەیکی زۆر بەرز بردۆتە پێشەوە و نەک هەر زەمینەی ماددی گۆڕانکاری سۆشیالیستانەی کۆمەڵگەیان پتەو تر کردووە بەڵکو ‌هێزی چیانیەتی ئەم گۆرانکاریەشیان بە شیوەیەکی یەکجار زۆر بەهێز تر کردووە. گۆڕانکاری سیاسی شۆرشگیرانە و هەڵپێچانی ئەم ڕژێمەی لە ئارادایە لە ڕێگەی شۆڕشی کریکاران و چەوساوەکانەوە لەهەر کات زیاتر لەسەر بنەمایەکی كۆمەڵایەتی بەهێز ئەتوانی شکڵبگرێ و بڕواتە پێشەوە.
ئەم فاکتۆرە ئۆبژیکتیڤانە زۆر زیاتر لە ١٩٩١ لە بەرژەوەندی چینی کریکار و بزوتنەوەی سۆشیالیستی گۆڕاوە و ئەوەی کە ماوە بەرەوپێشبردنی ئامادەیی سیاسی و ڕێکخراوەیی و فیکری ئەم چینە و بزوتنەوەکەیەتی کە ئەمەش لە هەلومەرجی شۆرشیگرانەدا خۆی بە شیوەیەکی شۆرشگیرانە و خێرا ئەگۆڕێن.
ستراتیژی وەلانانی ڕژیم لە کوردستاندا هەروەک ناوەڕاست و خواروی عیراق هاتۆتە دەستوری کارەوە و خەسڵەتی کۆنکریتی ڕەوەندە سیاسیەکانی هەر یەکەیان لەم مەسەلەیە ناگۆڕیت و ئەوەشی کە کوردستان هەرێمە و دەوڵەتێکی سەربەخۆ نیە لە زەرورەت و ئیماکانیەتی ئەم ستراتیژە کەم ناکاتەوە. یەکانگیربونی ڕوباری ئەم دوو بزوتنەوە جەماوەریە و بەرەوەپێشچوونی مارشی سەرکەوتن بەسەر ئەو هەموو ڕێگری و بەلاڕێبردنەدا کە بۆرژوازی دەیانخاتە بەردمیان زەرورەتێکی ڕەوەندە سیاسیەکانی ئەمرۆی ئەم دوو کۆمەڵگەیەیە.
لە هەموو ئەو پرۆسەیەی کە لە ئاکامی ئەم وەزعەی ئێستادا سەر‌هەڵئەدا لە کوردستاندا، ڕێکخستن و بەهێزکردنی ڕیزی خەباتی چینایەتی پرۆلیتاریای کوردستان و سەربەخۆیی خۆی لە هەموو هێزەکانی بورژاوازی و بە بەردەوامی فەرزکردنی داواکاری و ئامانجە چینایەتیەکانی خۆی سەنگی مەحەکە تا بتوانێ قەیرانی ئەمرۆی کوردستان لە بەرژوەندی خەباتی سیاسی چینایەتی خۆی بشكێنێتەوە.
هەر پلەیەک لە بەرەوپێشچونی خەباتی سیاسی چیانیەتی کریکاری و سۆشیالیستی لە کوردستاندا پلەیەکە لە بەرەوپێشچونی ئەم بزوتنەوەیە بۆ وەرگرتنی دەسەڵات لە کوردستاندا. هەر لێرەشەوەیە کە پرۆلیتاریای کوردستان بە ئاسۆ و پەرچەمی سۆشیالیستیەوە رێگە چارەی هەموو ئەو کێشە هەمەگیرە سیاسیانە بە ئاکام ئەگەیەنێ کە كۆمەڵگای داگرتووە، ئەویش بە گۆێرەی بەرژەوەندیەکانی خەباتی سۆشیالیستی خۆی، لەوانەش چارەسەری مەسەلەی نەتەوەیی کورد.

موئەیەد ئەحمەد
١٦ ئەیاری ٢٠٢٠




بکەری مێژوویی تاكڕەو ! … ڕزگار عومەر

هەموو دەسەڵاتێکی سیاسی بە پێ ی ئەو سیستەم و ژیانەی دەیخوڵقێنێ سیماکانی درێژخایەنی و کورتخایەنی تەمەنی سیاسی خۆشی دیاری دەکا ! ڕەنگە لەو تەمەنەدا هەورازو نشێوی زۆر هەبێت، بەڵام ” مانەوە” هەمیشە قاچی لەوەیە سیستەم بە دەستی خۆی چی بەرهەم هێناوە بۆ ” نەمانەوە”.

ئەزومونی بەعس چ وەکو حیزب، چ وەکو دەسەڵات، چ وەکو بەرنامەی دەوڵەت لە گەڵ شەڕی کوێت کۆتایی نەهات، بەڵکو دەستپێکی ئەم کۆتاییە ئەو دەمە دەستی پێکرد کە لە حەفتاکان عەسکەرەکان شوێنی سیاسیە مەدەنیەکانیان گرتەوە، دواتر لە نێو عەسکەرەکان تەنیا تکریتیەکان پلەو پایەو دەسەڵاتیان پێدان، دواتر لە نێو تکریتیەکان تەنیا یەك خێڵ، دواتر لە نێو یەك خێڵ تەنیا یەك بنەماڵە، دواتریش لەگەڵ دۆڕانی شەڕی کوێت و گەمارۆی ئابوری ناکۆکیەکان پەڕیەوە نێو ئەو بنەماڵەو براکانی سەدام تڕۆ کران، کورەکان و زاواکان شوێنی گرنگیان وەرگرت جیابوونەوەکان دژایەتیەکان بەسەربڕینی یەکترو بە ڕوخانی یەکجارەکی لە ٢٠٠٣ کۆتایی هات.

حیزبی بەعس لە حەفتاکانەوە بە زەبری خوێن و سەرکوت بە بەرپا کردنی دوو جەنگ ( جەنگی ئیڕان – داگیر کردنی کوێت ) ڕوخانەکەی هەر جارەی دە پانزە ساڵێك تەئجیل دەکرا! بەڵام لە کۆتاییدا لە هۆکارە یارمەتیدەرە ناوخۆیەکان (بیجگە لە شکستی سەربازی )بە دەستی هەمان ئەو دۆخە روخا کە خۆی بەرهەمی هێنابوو.

ئەو دۆخەی ناسیۆنالیزمیش خولقاندویەتی ، ستراتیژیەکەی بریتیە لە تەئجیل کردنی کەوتن و سەرکوتی هەر نوزەیەکی حەقیقی کە باس لە ئەلتەرناتیڤ بکات، درز تێکەوتنی عەلەنی قوتبەکان لە نێو دەسەڵاتی سیاسیدا بە تایبەتی لە نێو دوو بانگەوازی جیاوازدا ( قەرزارین ، نا قەرزار نین) گەواهی ئەوەن :-

کە پینە کردنی خێڵەکیانەو باوکسالاریانە، زۆربڵێی و فڵتە فڵتی کادیرەکانی خوارەوە بە جوێنەوەی خیتابێکی قەومی سواو، ناتوانێ ئیحساسی ” یەکگرتوویی ” وەکو بژاردەیەکی جێگیر، یان ماوە بەسەرنەچوو نیشان بدات .

بە دڵنیایی ” کەوتن ” بەر لەوەی کەوتن بێ لە کورسی ، کەوتنێکی ڕەمزیە لە نێو ئیحتیرامی ڕای گشتی و خەیاڵی سیاسی کۆمەڵگەدا ! لە نیو کەوتنی حەقیقی سەر کورسی و کەوتنی ڕەمزیی مەسافەیەکی زەمەنی هەیە ، بە پێ بارودۆخ و ئەزمون ئەم مەسافەیە درێژو کورت دەبێت ، بەڵام ڕوخانی ڕەمزی بە حەتمی روخانی حەقیقیش بە دوای خۆیدا دەهێنێ ، تەنیا لە یەك حاڵەت نەبێ ، کە موعجیزەیەك رووبدات لە دەرەوەی لۆژیکی ماتریالیزمی مێژوو!

بە پێ ی ئەزمونەکانی مێژوو؛

بۆ ئەوەی دەرفەتی گۆڕانکاری حەقیقی جێگیر بکرێت ، دەبێ بکەری نوێ هەبێت جیاواز بێت لە هەموو هاوبەشەکان و برا بەشەکانی ئەم دونیا سیاسیەی دروست کراوە. ئەم بکەرە بەر لەوەی توانای ئەوەی هەبێت ئەلتەرناتیڤێکی تر بخاتە روو بۆ دەسەڵاتی سیاسی ، دەبێ لە ڕووی سیاسی و مەیدانیەوە” ئۆپۆزسیۆن” ی بە هەموو رەنگەکانیەوە بنەبڕ کردبێت! یان بە ئاستێك لاوازیان بکات کە تەسلیمی بکەرە نوێیەکە بن بە تەواوی ، بە خۆشی بێت یان بە زۆرە ملێ بێت!

لەم بەینە بە دڵنیایی پرتەو بۆڵی لیبرالیانەو دیموکراسیانەش هەر دەبێت، بەڵام بۆ هەر هێزێکی تازە کە بیەوێ ببێتە شت ئەبێ بەسەر تەرمی سیاسی ئەو ئۆپۆزسیۆنە بەتاڵە بکەوێت! دواتر شەڕی سەرەکی لە گەڵ ئەو مەیتەش بکا کە مردنەکەی ١٠ ساڵ جارێك تەئجیل دەکرێت.

ڕزگار عومەر




لە نێوان هەبوون و نەبووندا … نەوزاد بەندی

خەیام ئەڵێ / خۆزگەم بەوانەی لە دایک نەبوون /
ئەم دێڕە شیعرە کە فەیلەسوفێک نوسیوێتی ، ناکرێ بە سادەیی وەریبگرین ..لەدایک بوون واتا سەرەگرتن بۆ مردن ..کارەساتەکە لێرەدایە ..لەماوەی ئەو سەرەگرتنەیشدا ببی بە خاوەنی هەر کەس و شتێک ، ئەبێ لە جێیەکی ترەوە دیسان بچیتە سەرەوە بۆ لە دەستدانی ئەو کەس و شتانە .. کێشەیەکی گەورەیە ..
بۆیە خەیام لە شوێنێکی تردا وتوویەتی :
/ وەها بزانە چی هەیە نیە
چی نیە هەیە ،سەیرە ئەم حاڵە ..! /
بە واتایەکی ووردتر ، هەموو هەبوونێک بەواتای ڕوودانی نەبوونێکە ..لە هەمان کاتدا نەبوونەکان بەڵگەی هەبوونەکانن ..
کوڕێک دەبینی ، گەوره بووه ، ڕیش و سمێڵی داناوە ، ئەم کوڕە تەنیایە ، بەڵگەی هەبوونی ژن و چەند مناڵێکە کە هێشتا دیار نین .. پاش ماوەیەک ئەم کوڕە ژن دێنێ و دوو مناڵ لەگەڵیاندا دەڕۆن ، هەبوونی ئەم ژن و دوو مناڵە ، بەڵگەی نەبوونیانە ، چونکە ڕۆژێک دێت لێیان دادەبڕێت و نامێنن ..ئەمە لە دیدگای ژنەکەیشەوە ڕاستە ، کە خاوەنی هاوسەرێک و دوو مناڵە ، به واتای خاوەنیان نیە و سەرەی گرتووە بۆ وەرگرتنی بڕیاری نەمانیان ، لەکاتێکدا پێشتریش کە خۆی هاتە دنیاوە دیسان لەسەرەیەکی قورستر و درێژتردا ڕاوەستا بۆ وەرگرتنی بڕیاری دەرچوون لە دنیا ..مناڵەکانیش بە هەمان شێوە کە هەریەکێکیان خاوەنی برایەک و دایک و باوکێکن ، لە هەمان کاتدا لە سێ سەرەدا وەستاون بۆ لە دەستدان و تەسلیمکردنەوەی برایەک و دایکێک و باوکێک ..
هەر لەو لێکدانەوەیەوە ، عەلی کوڕی ئەبو تاڵیب ئەڵێت : / خففوا تلحقوا / .. واتا کەم شت لە خۆتان کۆبکەنەوە ، پێڕادەگەن ..
ئاخر عەلی کوڕی ئەبوتاڵیب لەگەڵ خواناسیەکەیدا، فەیلەسوفیش بووە ..
ووتەکەی ئەوە ئەگەیەنێت لە دنیادا شت زۆر لەخۆت کۆمەکەرەوە ، چونکە هەر کەس و شتێک لە بەروارێکدا بە خۆتەوە ببەستیتەوە ، ئەبێ لە بەروارێکی تردا ئەو کەس و شتانەت لە دەست بێتەوە و نەمێنن ..ئەم پرۆسەی دەستکەوتن و لە دەستدانە ، لەگەڵ ئەوەی کە ناخۆشە و جێی خەم و گریانە ، لە هەمان کاتدا هۆکارێکن بۆ ئەوەی لەیادی بکەیت کە خۆیشت لە سەرەدا وەستاویت بۆ تەسلیمکردنەوەی هەبوونی خۆت ،یان ڕاستتر بۆ گۆڕینەوەی هەبوونی خۆت بە نەبوون ..هەروەها ئەو شت و کەسی زۆر لەخۆکۆکردنەوەیەت ئەبێتە هۆکارێک بۆ سەرقاڵبوون بە بەڕێوەبردنیان و هەوڵدان بۆ ڕازیکردنیان و دوورخستنەوەیان لە ئەگەرەکانی نەبوون و له دەستدان ، ئەوەیش وا دەکات هەموو تەمەنت کە بریتیە لە سەرەگرتن بۆ وەرگرتنی بڕیاری نەبوونی خۆت ، لە بێئاگاییدا بەسەر ببەیت ..بەواتای ئەوەی کەیسە گەورەکانی بوون و بابەتە گەورەکانی دوای بوون لە یاد بکەی به هۆی کۆمەڵێک کەس و شت کە لە خۆت کۆکردوونەتەوە و ئەوانیش دیسان سەرەیان گرتووە بۆ وەرگرتنی بەڵگەنامەی نەبوون ..
هەر بۆیە عەلی ئەڵێ بۆ ئەوەی بگەنە جێ ، شت زۆر لە خۆتان کۆمەکەنەوە …چونکە ژیان دەریایەکە ، هەتا لاشە و پەیوەندییەکانت سوکتر بن ، مەلەت باشتر بۆ ئەکرێ و خێراتر دەریاکە ئەبڕیت ..
بەڵام ئەگەر کەسانێکی زۆر و شتێکی زۆر لە خۆت کۆبکەیتەوە ، نەک هەر بواری مەلە کردنت نامێنێ ، تەنانەت بواری هەناسەدان و تقوسە گرنگەکانیشت نامێنێ ..خەڵکێک هەن بە هۆی کۆکردنەوەی شتی زۆر و خەڵکی زۆر لە خۆیان ، بواریان نەماوەتەوە بۆ کتێب خوێندنەوە ، بۆ نوێژ ، بۆ گەشت ، بۆ ئازادی ، بۆ خەو ، بۆ خۆشی ، بۆ جوانی …
لە کاتێکیشدا کە سەرەی نەبوونەکەی نزیک دەبێتەوە ، کۆمەڵێ کارەساتی جەرگبڕ ڕوو دەدەن ، وەک خاوەندارێتی ئەو هەموو کەس و شتە ، کە خۆیان لە بنچینەدا چاوەڕێی نەبوون دەکەن ، ئاخۆ ئەو خاوەندارێتیە بدرێتە کێ و چۆن دابەش بکرێ ؟
سەرجەم کێشەکانی دنیا لەوەوە سەرچاوە دەگرێ خەڵکێک یان ووڵاتانێک ئەیانەوێ زۆرترین شت و کەس بۆ خۆیان بێ بە بێ ئەوەی ئاگایان لەوە بێ کە هەموو کەڵەکەبوونێک ، بەربەست لەبەردەم خۆیاندا دروست دەکات ..بەربەستی مادی و دەروونیی ..
کاتێ بیر لە ٣٥ ساڵ پێش ئێستا دەکەینەوە ، هەست ئەکەین ئەو کاتە زۆر بەختەوەر بووین ، هۆکارەکەیشی بۆ ئەوە ئەگەڕێتەوە ئەمڕۆ کەس و شتێکی زۆرمان لەخۆمان کۆکردۆتەوە بە جۆرێک بواری هەناسە و جوڵەی لێبڕیوین و لە هەموو ئازادی وبیرکردنەوەکان دایانبڕیوین ..هەر لە خێزان هەتا کەرەستە و ئامێرەکان ..هەتا خانوو و بەرژەوەندییە ماڵییەکان ..کامتان خۆزگە بۆ ئەوە ناخوازن کە کوڕەکەی جاران بووایە ، بۆ ئەوەی بە ئازادی و بێخەم و بێ ئاوڕدانەوە سنوورەکان ببڕێ و دنیا بگەڕێ ؟؟ بۆ ئەوەی بە ئارەزووی خۆی و بە پێی حەزەکانی خۆی بژی ؟
هەمووتان ئەو خۆزگەیە ئەخوازن ..ئەوانەیشی کە ئەو خۆزگەیە ناخوازن ، ئەوەندە بوون بە ژێر کەس و شت و دەستکەوتەکانیانەوە ، تەنانەت هەستی خۆزگە خواستنیشیان لە کار کەوتووە و ئیش ناکات .
هەر بۆیه عەلی بە چەند ووشەیەک ئاگادارمان ئەکاتەوە هەتا قەپاڵ کەمتر لە دنیا بگرن ، ئازادترن و زووتر ئەگەن بە خواستەکانتان ..باشتر ئەتوانن بیر بکەنەوە وبزانن ئێوە بۆچی هەن و بۆچی نامێنن و بۆ کوێ ئەڕۆن ..
لێرەدا ووتەیەکی بیریارێکی وەک سەعیدی نەورەسی دێنینەوە ، کاتێ لێیان پرسیوە : / بۆچی ژنت نەهێنا ؟ / لە وەڵامدا وتوویەتی: / ژنهێنان سونەتێکە ، ئەگەر جێبەجێم بکردایە ، سێ چوار فەرزم لە دەست دەچوو /
ئەوەیش بنچینەی کێشە و وێرانکارییەکانی سەر زەوین ، کە بەردەوام لەپێناوی سونەتدا ، فەرزمان لە کیس دەچێ ..یاخود فەرز ئەکەین بە قوربانی سونەت ..
ئەبینن مرۆڤ کە گەورەترین سەرمایەیە لە بووندا ، کراوەتە قوربانی سەرمایە و مەزهەب و ئایدیۆلۆژیاکان ..ئەبینین ئازادی کراوەتە قوربانی موچە و دوو هۆدە و هەیوانێک ..ئەبینین غیرەت وپیاوەتی کراوەتە قوربانی پاراستنی کۆمەڵێ کەس و شت کە لە خۆمان کۆکردۆتەوە و ..کە وا دەزانین گەورەترین و بەنرختریینن بۆ ئێمە لە کاتێکدا لە کۆمەڵێ چاڵ و زیندان شتێکی تر نین ، کە هەم ئەوان و هەم خۆیشمان دەستخەڕۆ کردووە به جۆرێک نازانین کاممان زیندانەکەین و کاممان پۆلیسەکەین ..
ئەوەیش وایکردووە سەعیدی نەورەسی بە کورت و کرمانجی دەسکەوتە دنیاییەکانی هاوسەر و ماڵ و مناڵ و کەرەستەکان ، بە سونەت دابنێ ..خواناسین و گەڕان وئازادی و مامۆستایەتی و نوسین بە فەرز دابنێ .. ئامادە نەبێ لە پێناوی ئەو سونەتەی کە جۆرێکە لە جۆرەکانی لەقاڵبدان وبچووککردنەوە و خۆ خافڵکردن ، ئەو هەموو ئازادی و ئەرکە پیرۆز و خۆشیە دەروونی و ئیمانیە لە دەست خۆی بدات ..خۆ ئەگەر زیاتر بچینە ناو بابەتەکە و بزانین ئەگەر سەعید خێزانی دروست کردایە ، ئەوسا ئەبوو لە پێناوی سەلامەتی خێزانی و مناڵەکانیدا ، وازی لە ئازایەتی و داهێنان و حەقبێژی بهێنایە ، کە ئەوانە بچووککردنەوەی بیریار سەعیدی نەورەسی ئەبوون تا ئاستی کەسێکی وەک سەعە تەنەکەچی یان سەعۆلی کوتاڵفرۆش ..پۆلیس ..یان هەر پیشەیەکی تر کە بچووککردنەوە و لەیادچوونەوەی بوون و نەبوونەکەی لێوە سەرچاوە دەگرێ ..
هەر بۆیە هەردوو بیریار ، عەلی وسەعید ، زۆر بە داناییەوە پێناسەی ژیانی ڕاستەقینەیان کردووە و ..ڕێگایەکیان دیاری کردووە لە نێوان هەبوون و نەبووندا کە مرۆڤ پێیدا بڕوات ..بۆ ئەوەی سەر لە خۆی ودەور و بەریشی نەشێوێنێت و..نەبێت بە ژێر کەس و شتەکانەوە .
هەر لەم گۆشەنیگایەوە زۆرێک لە بیریاران بە تەنیا ژیاون ، یاخود دوای چەند جار ماڵ دروستکردن ، تەنیاییان هەڵبژاردۆتەوە ..تەنانەت نووسەر و بیریارێکی وەک تۆڵستۆی کە لە نۆبڵمان و وەجاخزادەکان بووە ، هەرچی هەبووە لە ماڵ و موڵک وزەوی دابەشیکردووە بەسەر جوتیاراندا و..خۆیشی وەک جوتیارێک دوا ڕۆژەکانی تەمەنی لە کێڵگەکاندا بەسەر بردووە ..یان لە خۆڕایی کەسێکی وەک عەلی کەمال لە سلێمانی و عێراقدا ئەو هەموو خانوو ماڵ و موڵکەی خۆی نەداوە بەخەڵک و پڕۆژە گشتیەکان ..ئەمانە و زۆر بیریاری تر گەیشتونەتە ئەو ڕاستیەی کە خۆیان بار نەکەن ..خۆیان نەکەن بە ژێر کەس و شتێکی زۆرەوە کە لە ڕاستیدا ژیان بە شتێکی زۆر کەم بە ڕێوە دەچێت ، واتا هەڵوێستەکانیان لە تێگەیشتنێکی ڕیشەییەوە سەرچاوەی گرتووە ، بە جۆرێک لە پێناسەیەکی کەسانی بیریاردا هاتووە : / کەسانێکن نە (خۆشی) هەڵیاندەپەڕێنێ و نە ناخۆشی ئەیانگرێنێ / چونکە ئەوان پێشتر ئەو هاوکێشەیەیان تاوتوو کردووە و ..ئەزانن خۆشیەکان و ناخۆشیەکانیش لە هەبووەکانن و نامێنن ، وەک شافیعی ئەڵێت : / نە خەفەت بەردەوام ئەبێ و نە شادی / بەڵام شتێک کە بەردەوامیی ئەبێت ، ئەو بڕواییەیە کە وات لێ دەکات دڵنیابیت لەوەی خۆشی و خەمیش نامێننەوە و لەلات ئەڕۆن ..هەر بۆیە با خۆشی هەڵتنەپەڕێنێ و ناخۆشیی چۆکت نەشکێنێ ..
عەرەب ووتەیەکیان هەیە ئەڵێ : ژیان دوو ڕۆژە ، ڕۆژێکیان لە بەرژەوەندی تۆیە و ئەوەی تریان لە دژی تۆیە ..ئەگەر لە بەرژەوەندی تۆ بێت، لە خۆت بایی مەبه و ..ئەگەر لە دژی تۆیش بێ ، خۆڕاگر بە ..چونکە هیچیان تا سەر نین و هەردووکیان ئەچن بە گەرووی نەبووندا .
یەکێک لە کارەساتە هەرە گەورەکانی جیهانی ئەمڕۆ سەرهەڵدانی کەسانێکی ملیاردێرن ، کەسانێک کە شەست حەفتا ساڵ ئەژین و کەچی داهاتی دەهەزار ساڵیان لە خۆیان و بۆ خۆیان کۆکردۆتەوە ، کە بووەتە هۆی برسیکەوتن و هەژاری و قات و قڕی لە دنیادا ، چونکە لەم بوونەدا هەموو شتێک بە بڕی دیاریکراو دروستکراوە ، کاتێ من شتێک کە پێویستم نیە هەمبێ ، کەسێکی تر شتێک کە پێویستێتی ، نایبێ ..ئەوەیش وەک ووتم کارەساتە گەورەکەیە لە کاتێکدا گەلانێک هەن هەزار ئەوەندەی پێویستی خۆیان زیاتریان لە خۆیان کۆکردۆتەوە ، بۆ ئەوەی گەلانێکی تر زۆر کەمتر لە پێویستی خۆیشیان دەست نەکەوێت و بە کۆمەڵ بمرن ..لە کاتێکدا هەردوو گەلەکە کە هەبوویەکی ئەم دنیایەن ، سەرەیان گرتووە بۆ وەرگرتنی بڕوانامەی نەبوون و جێهێشتنی دنیا ..دیوێکی تری کێشەکەیش لەوەدایە ئەو کەس و کۆمەڵگایانەی کە هەژار کەوتوون ، دیسان ناچنە پێناسەکەی عەلیەوە و ..هەتا ئەمرن خەو بە شتەوە ئەبینن ، واتا لە جیاتی ببن بە ژێر کەس و شتەوە ، ئەبن بە ژێر خەونی کەس و شتەکانەوە ، ئەوەیش هەر هەمان بێئاگایی و دەستخەڕۆیی لێ دەکەوێتەوە ..
خەیام لە چوارینەیەکی تریدا ، دیسان خراپبەکارهێنانی بوونی خۆی باس دەکات کە دەڵێت :
/ نە کەنیسە چوون نە مزگەوت بینین
لە کام گڵ خوڵقام بۆ خوایە زانین
دین و بەهەشت و دنیام لەدەست چوو
وەک گاوری لات و قەحبەی ناشیرین /
بە واتای مەرج نیە فەیلەسوف و بیریار لەو دنیایەدا ڕێگای ڕاستیان دۆزیبێتەوە ..مەرج نیە ووڵاتی داهێنەر و بەرهەمهێنەر ، لەسەر ڕێی ڕاست بڕۆن .. مەرج نیە نووسین و کتێب و داهێنانە ئایدیۆلۆژییەکان نیشانەیان شکاندبێ..
ئەوەیش لێکدانەوەیەک زیاتر هەڵدەگرێ ، بە واتای ئەوەی مرۆڤ وەک تاک و وەک کۆمەڵگا قەت ناگاتە ئەوەی بڵێ من حەق وحەقیقەتم .. ڕۆماننووسێکی وەک ئێچ جی وێڵز دوای نوسینی نزیکەی ٩٨ ڕۆمانی گەورەی جیهانیی ، دەڵێ : / ئامادەم هەموو ڕۆمانەکانم بسووتێنم چونکە پێش ئەوان و دوای ئەوانیش زوڵم هەر ماوە و بگرە زیاتریشە /
کەواتە دنیا پێویستی بە دادگایە ..
ئەبێت دەسەڵاتی دادگا لەسەروو هەموو دەسەڵاتەکانەوە بێت ..چونکە تاکە شوێنێکە کە هەڵەکانی تێدا بە هەڵە دەناسرێن و لێپێچینەوەیان لێ دەکات ..
لەوەیش زیاتر پێویستمان بە دادگای ویژدانیشە ..هەریەکەمان ئەبێ دادگایەکی نهێنی خۆی هەبێت و ..بەردەوام دادگایی خۆی و هەڵس و کەوت و پرۆژەکانی خۆی بکات ..بۆ ئەوەی نە مافی خۆی بخوات و ببێ به ژێر کەس و شتەکانەوە ..نە مافی ئەوانی تر بخوات و بیانکات بە ژێر کەس و شتەکانی خۆیەوە …
دواجار مرۆڤ پێویستی بە دنیا بینیە بۆ ئەوەی بزانێ چی ئەکا و بۆ کوێ ئەچێ ..
دنیا بینییەکی وەک ئەوەی نالی کە لە دێڕێکیدا دەڵێ :
/ خاوەنی هەموو دنیایش بیت ،هێشتا زەلیل و داماوی /
ئەزانی بۆ ؟
چونکە تۆ هەبوویەکی بۆ نەبوون لەسەرەدا ڕاوەستاویت .

نەوزاد بەندی
٢٥/٥/٢٠٢٠




کتێبک لە بارەی کارو بەرهەمەکانی نووسەری ناوداری میسری نەجیب مەحفوز چاپ کرا

کتێبی ” نەجیب مەحفوز، نووسەرێک لە نێوان رۆژهەڵات و رۆژئاوادا” چاپ کرا. ئەم کتێبە لە نووسینی نووسەر و وەرگێر ” ئەردەڵان عەبدوڵڵا” یە، لە لایەن ناوەندی سارا بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە، چاپکراوە.
لەم کتێبەدا نووسەر باسی ژیان و شێوازی نووسین و فکری نەجیب مەحفوز کردووە. هەروەها کاریگەرییەکانی ” دایکی، قاهیرە، میسر، فکری چەپ، ئیخوان موسلمین، حزبی وەفد، رژێمی پاشایەتی و سەربازی” بەسەرییەوە خستۆتە ڕوو. جگە لەوەش خوێندنەوەو رانان بۆ 12 رۆمانی نەجیب مەحفوز کردووە لە ناویشیاندا رۆمانە ناودارەکانی ” اولاد حارتنا، سکریة ، بین القصرین، قصر الشوق” .

نەجیب مەحفوز لە ساڵی 1911 لە قاهیرە لەدایک بووەو لە ساڵی 2006 کۆچی دوایی کردووە. ئەو یەکەمین نووسەری عەرەب و رۆژهەڵاتی بوو کە ساڵی 1988 خەڵاتی نۆبڵی بۆ ئەدەب وەرگرت. ئەم نووسەرە لە چاو نووسەرانی تری عەرەب و ناوچەکە، تەواو جیاوازە. بە زمانێکی زۆر سادە، وەسفی کەسایەتی رۆژهەڵاتی بەتایبەتی خەڵکی میسر، بە ژن و پیاوەوە دەکات.

لە هەمانکاتیشدا نەجیب مەحفوز بەوە ناسراوە کە نووسەرێکی پێشکەوتنخوازەو دژی فکری ئیسلامی توندڕەوە، هەربۆیە ساڵی 1995 لەلایەن گروپێکی ئیسلامی توندڕەوەوە، هەوڵی کوشتنی درا، بەڵام خۆشبەختانە توانی رزگاری بێت.
جێگەی ئاماژەی ئەم کتێبە بیستەمین کتێبی ئەردەڵان عەبدوڵڵایە.




تەنیایم دەستەمۆ نابێ …

دەترسم بێدار ببمەوەو ..
چیتر کەس پێم نەڵێ سڵاو.
دەترسم دۆستەکانی نێو خەونەکانم
لێم هەڵبێن،
دەترسم ئەو شاژنەی لەدوای چەندین شەونخونی،
کۆشکی لویسی چواردەم بۆ داگیر کرد،
ئاوێتەی خەیاڵەکانی من نەبووبێت،
دەترسم بێدارببمەوە
چیتر کەس حەوسەڵەی بنینەوەم نەکات.

نا نا من نامەوێ بەئاگا بێمەوە،
دەمەوێ بۆ هەمیشە لەسەر سەرینەکەمەوە
ئێواران بچمە پیاسەی پیتەربۆرگ و بۆ پێکی مەی بچمە مەیخانەکانی ڕۆما،
شەوان لەگەڵ سۆزانییەکانی مەکسیک
شەو بەسەرببەم و بە ڕۆژیش بچمە خزمەتی هەژارەکانی سۆماڵ و ئەفریقا،
زۆر دەترسم بێداربمەوە و کەسێک نەبێ
دڵمی پێ بدۆڕێنم.
دەترسم بێدار بمەوە…
دووبارە ببمەوە هاودەمی وەحشە ترسناکەکەی
تەنیایی…
ئاخر من ناتوانم کەسم خۆش بوێت٫
من وەکو ئەو نووسەرە مونەرمانە نیم
بایگۆرافیای خۆم بنووسمەوە و خودی خۆم بکەمە کارەکتەرێکی دووفاقی ناو تێکستەکان،
لەگەڵ تەماشاکردنی هەر خانمێکدا
داوای خۆشەویستی لەو ئافرەتە بکەم
کە کەلەجوانیدا دەچنەوە سەر پەری و لەدرەوشاوەییدا لەڤینۆس دەچن‌

ئەرێ من پیاوێکم تەنهایم لە تەنهایی کەس ناچیت،
تەنهایم بارێکی گرانە بەسەر ڕوحمەوە
ژیانی تەنگ کردووم
بەڵام نامەوێ بۆ تۆسقاڵێک
خۆشەویستی دەروەزە بکەم،
نامەوێ وەکوو خوێنەوارە بۆرجوازەکان تکا بکەم کەسێک خۆشەویستیم قبوڵ بکات،
لە خەیاڵەکانی مندا خۆشەویستی قبوڵ ناکرێت، بەڵکو کارەساتێکە ڕووئەدات،
خۆشەویستی وەکوو مردن
وایە یۆتۆپیایەکی ئەزەلی لەگەڵ خۆی هەڵگرتووە،
هەندێک جار ژیانی دوو مرۆڤ دەکاتە بەهەشت
زۆرجاریش ئاگری دۆزەخیان بۆ دادەگیرسێنی، من نامەوێ تێکەڵی یۆتۆپیا بم،
من تەنهایم لە ئەزلەوە نامۆیە بە کۆمەڵگە،
تەنهایی من
بە هیچ کەسێک دەستەمۆ نابێت..

هەندێک جار تەنهایی زۆر بێ بەزەییە٫
شەوان بەدەم هەڵدانەوەی
پەڕەکانی ئەفسانەکانی یۆنانەوە
چێژ لەسێکسی نێوان ئۆدیب و دایکی وەردەگری
‌کاتێک لەپترۆسبۆرگدا
ڕاسکۆلینکۆفی کارەکتەری
ڕۆمانەکەی دۆستۆڤیسکی
بەتەورێک کەلەسەری پیرێژنێک شەق دەکات
زۆر بێ دەربەستانە دڵخۆشی بەکوشتنی قالۆنچەیەکی سوخۆر٫ کاتێک کێژۆڵەیەکی چکۆڵە
لەباوەشی خەلیفە هارونە ڕەشید دەبینی
بێ بەزەیانە دەسپەڕ لێ ئەدەییت..

کاتێک تەنهاییت…
خەم لەهیچ شتێک ناخۆیت
هیچ کەسێکی یەکسان خوازت خۆشناوێت
تەنانەت کارڵ مارکسیشت خۆش ناوێت
کە دەیبنی و ناتوانی لەهیچ یۆتۆپیایەکی سۆسیالیستی تەنهایت بەسەر کەسانی تردا بەش بکات
تەنهایی ئازارێکە هیچ پێنوسێک گوزارشتی لێ ناکات
هیچ دەقێکی ئەدەبی
لەگەڵ ژیانی ئاشتی ناکاتەوە.

ئاراس سەعید




شۆڕشی برسیه‌كان به‌ڕێوه‌یه‌! … عه‌بدوڵا ساڵح

كۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تی به‌گشتی له‌ ڕاستای ئاڵوگۆڕدایه‌ له‌ هه‌موو بواره‌كان ، ئابوری ، كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی ، ئه‌و ڕاستیه‌ حاشاهه‌ڵنه‌گره‌ قسه‌ی من نیه‌ ، به‌ڵكو قسه‌ی هه‌موو ئه‌وانه‌یه‌ سه‌ره‌داوێك له‌ سیاسه‌ت ده‌زانن .
چه‌رخی دنیای سه‌رمایه‌داری، ئه‌گه‌ر ته‌نیا بۆ ده‌رفه‌تێكی كاتیش بێ وه‌ستا ، ئه‌م وه‌ستانه‌، به‌ر له‌ هه‌ر پێكهاته‌یه‌ك ، كر‌ێكاران و زه‌حمه‌تكێشان وخه‌ڵكی به‌زۆر هه‌ژاركراو‌ وخانه‌واده‌كانیان باجه‌كه‌یان دا و له‌سه‌ری ئه‌واندا شكایه‌وه‌ و به‌رده‌وامیش ده‌شكێته‌وه‌ ، ئه‌م هه‌لو مه‌رجه ‌تازه‌یه،‌ ده‌رئه‌نجامی په‌یدا بوونی دوژمنێكی كوشنده‌بوو به‌ناوی كۆرۆنا ، ده‌ردێكی ئیقلیمگیر كه‌ هیچ به‌ربه‌ستێك خۆی له‌به‌رده‌میا ڕانه‌گرت ، گۆی زه‌وی به‌گشتی داپۆشی به‌بێ جیاوازی نێوان (( شا وگه‌دا )).
كوردستانی ئێمه‌ش وه‌ك به‌شێكی بچوك له‌م كۆمه‌ڵگای ئینسانیه،‌ پشكی خۆی له‌م ده‌رد و به‌ڵایه‌ به‌ر كه‌وت ، نرخی نه‌وت شكا، ئاشتی هه‌ورامیه‌كان به‌ جانتای به‌تاڵ هاتنه‌وه‌ ماڵ و په‌یامیان ڕاگه‌یاند كه‌ كه‌وتوینه‌ سه‌ر ساجی عه‌لی و ئاو بێنه‌و ده‌ست بشۆ . ئه‌و خه‌زێنه‌ی كه‌ نزیك به‌ سی ساڵه‌ به‌تاڵان ده‌برێ، مایه‌ پوت بوو، به‌ئاشكرا به‌ده‌می سه‌رۆك حكومه‌ته‌‌وه‌ دانی پێدانرا.
كاتێك گیرفان ئاوا به‌تاڵ بێ و خه‌ڵك ئاوا برسی ئیتر حوكم ڕانی زۆر ئه‌سته‌مه،‌ هه‌ر بۆیه‌ كۆمه‌ڵێك بژارده‌ هاتنه‌ به‌رده‌م حكومه‌ت ، یه‌كه‌میان گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ به‌غدا، به‌ڵام چ به‌غدایه‌ك، له‌ كوردستان موفلیس تر، جیا له‌وه‌ی به‌ده‌ست چه‌ندین كێشه‌ی ئاڵۆزه‌وه‌ تلاو تلیه‌تی ! دوه‌میان گرتنی به‌رۆكی سه‌رمایه‌داره‌ زه‌به‌لاحه‌كان و ملیاردێره‌كان كه‌ له‌و بیستو نۆ ساڵه‌ی ڕابردودا، له‌ژێر سایه‌ی گه‌وره‌ به‌رپرساندا ،‌ قوتی خه‌ڵكیان حه‌په‌لوش كردوو وگیرفانی خۆیان لێپڕكرد ، به‌ڵام هه‌ڵدانه‌وه‌ی به‌ناو كۆنه‌قه‌رزیش، بۆ درێژ ماوه،‌ دادی نه‌دان ، خۆ ئه‌وانه‌ ده‌وڵه‌تیش نین تاكو په‌نا بۆ قه‌رزی سازمانه‌ جیهانیه‌كان به‌رن وه‌ك بژارده‌ی سێیه‌م، جیا له‌وه‌ش ئاشكرا كردنی قه‌رزی 27 ملیار دۆلاری ئه‌و ئیعتیباره‌ كه‌مه‌ی هه‌شیان بوو نه‌ما ، شك له‌وه‌شدا نیه‌ كه‌ ده‌ست بۆ سه‌رمایه‌ دزراوه‌كان نابه‌ن وه‌ك بژارده‌ی چواره‌م تاكو خه‌ڵكی پێ بێده‌نگ بكه‌ن و ده‌سه‌ڵاته‌كه‌یان بپارێزن. بژارده‌كان یه‌ك له‌ یه‌ك تاڵترن بۆ ده‌سه‌ڵات‌ !
له‌ناو ئه‌و ته‌نگژه‌یه‌دا وله‌م بارودۆخه‌دا، جه‌ماوه‌ری كوردستان بژیوی ژیانیان ده‌وێ كه‌ ئه‌ویش ئه‌ركی ده‌سه‌ڵاته‌، تاكه‌ ڕێگایه‌كی به‌رده‌میشیان به‌ناچاری، گرتنی به‌رۆكی هه‌ر ئه‌وده‌سه‌ڵاته‌یه‌‌‌ ، ئه‌گه‌ر جاران ، بۆ گه‌نجه‌كان ڕێگایه‌كی ده‌ربازبوون مابوو تاكو ژیانیان بخه‌نه‌ مه‌ترسیه‌وه‌ وبه‌ره‌و هه‌نده‌ران له‌م نه‌هامه‌تیه‌ ڕاكه‌ن ، ئێستا ئه‌و هه‌نده‌رانه‌ش ئه‌و به‌هه‌شته‌ نه‌ماوه‌ كه‌ په‌نای بۆ ببرێ ، ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌ی گه‌یشتونه‌ته‌ هه‌نده‌رانیش و ژیان و گوزه‌رانێكیان بۆخۆیان وخانه‌واده‌كانیان دابین كردوه‌، ئێستا توانای ئاوڕدانه‌وه‌یان له‌ كه‌س و كار وخزم ودۆستانیان له‌ كوردستان نه‌ماوه‌ و به‌جۆرێك له‌ جۆره‌كان ژیان وگوزه‌رانیان گۆڕاوه‌، خه‌ڵكی به‌ناچاری ده‌بێ له‌و‌ پارچه‌ زه‌مینه‌دا ئۆقره‌ بگرن كه‌ ناوی كوردستانه‌ و ناكرێ بیر له‌ ڕێگا چاره‌ی ده‌ربازبونی تاك وجوت بكه‌نه‌وه‌ .
حزبه‌ كانی ده‌سه‌ڵاتیش كه‌ ده‌وڵه‌ته‌كه‌یان مایه‌ پوت بووه‌ به‌ڵام نایانه‌وێ هه‌روا به‌ئاسانی ئاڵای سپی هه‌ڵكه‌ن وبه‌ فیزماڵكێك بۆی ده‌رچن و خه‌ونی به‌ ئیمبراتۆریه‌ت كردنی كوردستانیان لێ به‌تاڵ بێته‌وه،‌ بۆیه‌ ناچارن‌ ده‌زگا سه‌ركوتگه‌ره‌كانیان وه‌كارخه‌ن وده‌ست بۆ ئه‌وپه‌ڕی توندوتیژی به‌رن تا بتوانن پایه‌ له‌رزۆكه‌كانی ده‌وڵه‌ته‌كه‌یان ڕاگرن .
مێژوو سه‌لماندۆیه‌تی هیچ ده‌سه‌ڵاتێك ناتوانێ به‌رده‌وام بێ له‌كاتێكدا به‌ده‌ستێك خه‌ڵك برسی بكاو به‌ده‌سته‌كه‌ی تر سه‌ركوتیان بكا ، ئه‌م هاوكێشه‌یه‌ به‌ناچاری ده‌بێ یه‌كلابێته‌وه‌ به‌تێشكانی لایه‌ك وسه‌ركه‌وتنی لاكه‌ی تر ، شانسی یه‌كلابونه‌وه‌ی به‌قازانجی خه‌ڵكی كرێكار وزه‌حمه‌تكێش و به‌زۆر برسیكراو زۆر زیاتره‌ تاكو شانسی ده‌سه‌ڵاتداران ، هۆكاره‌كانیش ڕوونن .
له‌شكری برسیه‌كان تا دێت ڕوو له‌ هه‌ڵكشان وزیاد بوونه،‌ شه‌پۆله‌كه‌ تا دێت فراوانتر ودرێژتر ده‌بێته‌وه‌ ، ته‌نانه‌ت ئه‌و توێژه ‌كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ ناوه‌نجیه‌ی كه‌ ژیانێكی باشتری له‌چاو‌ زۆرینه‌ی كۆمه‌ڵگا به‌نسیب بوو بوو، ئێستا ئه‌ویش به‌ جڕه‌ جڕ وبه‌ناچاری به‌ره‌و له‌شكری برسیه‌كان هه‌نگاو ده‌نێ ده‌بێته‌ به‌شێك له‌وان.
ئاسۆی چاره‌سه‌ری ئه‌م بارودۆخه‌ به‌ قازانجی حزبه‌كانی ده‌سه‌ڵات وه‌ك ئه‌و تێگوشینه‌ وایه‌ كه‌ده‌ڵێن به‌ته‌مای دراوسێ هه‌ر ووشكه‌ . بۆیه‌ تاكه‌ ئاسۆیه‌ك كه‌له‌به‌رده‌مدا بێ شۆڕشی برسیه‌كانه‌.
ئه‌م شۆڕشه‌ش، هه‌روا ئاسان وساده‌ و بێگرفت نیه‌، ئه‌گه‌رچی هۆكاره‌ بابه‌تیه‌كانی هه‌ڵگیرسانی هه‌موی ئاماده‌یه‌ ، به‌ڵام له‌باربردنیشی بژارده‌یه‌كه‌ ده‌بێ له‌به‌رچاوبگیرێ‌ ، ئه‌م سیستمه‌ سه‌رمایه‌داریه‌، به‌م فۆرم وڤێرژنه‌ی ئیستایه‌وه‌ كه‌ نزیك به‌ 30 ساڵ ده‌بێ خۆی ڕاگرتوه‌ به‌ فریوكاری وخۆڵكردنه‌ چاوی خه‌ڵك و به‌دروشمی ( به‌رژه‌وه‌ندی خاك و نه‌ته‌وه‌ ) ، ( ئایین و گوێڕایه‌ڵی فه‌رمایشته‌ ئاسمانیه‌كان ) له‌پاڵ ئه‌وانه‌شدا كوته‌ك و سه‌ركوت و تیرۆر وتۆقاندن، ئه‌مڕۆ ئیتر ئه‌و ده‌سته‌ی كه‌شف بووه‌و ئه‌م ئامرازانه‌‌ سواون وله‌بازاڕی جه‌ماوه‌ردا قڕانێكی قه‌ڵب ناكه‌ن . هه‌ر بۆیه‌ چینی بۆرژوازی و سه‌رمایه‌داران هه‌وڵ ده‌ده‌ن به‌ مودێل وڤێرژنێكی نوێ وه‌ فریای داڕمانی ئه‌و سیستمه‌ بكه‌ون و له‌ به‌رگ وڕوخسارێكی تردا نمایشی بكه‌نه‌وه‌ و ئه‌م شۆڕشه‌ هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ له‌بار به‌رن، وه‌ك ئه‌وه‌ی گۆڕان وئیسلامیه‌كان و به‌شێكی به‌ناو ڕۆشه‌نبیران له‌ ڕاپه‌ڕینی 17 ی شوباتی 2011 دا كردیان .
هه‌وڵه‌كانی ئێستای ( شاسوار عه‌بدولواحید ) وحیزبه‌كه‌ی ( نه‌وه‌ی نوێ ) یه‌كێكه‌ له‌و پلانه‌ مه‌ترسیدارانه‌ كه‌ به‌ناوی نوێكردنه‌وه‌ و گه‌شه‌ی ئابوری كوردستان هاتۆته‌ مه‌یدان وشیعاری به‌رز كردۆته‌وه‌ كه‌ له‌ ڕاستیدا و له‌ناوه‌رۆكدا ده‌یه‌وێ مودێلێكی هارتر‌ له‌وه‌ی حزبه‌ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی ئێستا بێنێته‌ كایه‌وه‌ ، كت ومت مودێلی نیولیبرالیزم.
ئا له‌م بارودۆخه‌دایه‌‌ شۆڕشی برسیه‌كان به‌ڕێوه‌یه‌ ، رێبازێكی گونجاو بۆ سه‌ركه‌وتن و ده‌رباز بوون له‌م نه‌هامه‌تیه‌ یه‌كڕیزی خه‌ڵكی به‌شمه‌ینه‌تی كوردستانه‌ و جیاكردنه‌وه‌ی ڕیزی سه‌ربه‌خۆی خۆیانه‌ له‌و چین وتوێژانه‌ی مه‌به‌ستیانه‌ شۆڕشه‌كه‌یان له‌باربه‌رن،‌‌ به‌شداربوان و هه‌ڵسوڕێنه‌رانی ئه‌م شۆڕشه‌ گرنگه‌ به‌عه‌زم وئیراده‌یه‌كی شۆڕشگێرانه‌ بێنه‌ مه‌یدان و له‌ڕێگای كۆبونه‌وه‌ی گشتی وهه‌ڵبژاردنی ڕاسته‌وخۆی شورا شۆڕشگێره‌كانیان له‌ شوێنی ژیان و كار ، ئیداره‌و ‌و فه‌رمانگاكان قوتابخانه‌كان و….. نوێنه‌رانی باوه‌ڕ پێكراو جێ متمانه‌ی خۆیان هه‌ڵبژێرن وده‌سه‌ڵات بگرنه‌ ده‌ست و حوكومڕانی كۆمه‌ڵگا بكه‌ن، له‌و ڕاستایه‌شدا هه‌نگاو بنێن بۆ بنیات نانی كۆمه‌ڵگایه‌ك كه‌ ئازادی ویه‌كسانی بۆ هه‌موان به‌بێ جیاوزی تێدا فه‌راهه‌م كرابێ و ژیانی ئێستاو نه‌وه‌كانی دواڕۆژیشی تێدا مسۆگه‌ر كرابێ ‌.

26 / 5 / 2020




زانست له‌نێو كۆمه‌ڵگایه‌كی سیاسی دا!… هه‌رێم عومه‌ر كاكل

ڕه‌نگه‌ به‌هۆی گیرۆده‌بوونی ئه‌و قه‌یران و كێشانه‌ی ڕووی له‌ كۆمه‌ڵگای كوردی كردووه‌ هه‌موومانی به‌بواری سیاسی سه‌رقاڵ كردووه‌ بۆ زانینی هه‌واڵی چاره‌سه‌رێكی سه‌ره‌تایش بێت بۆ ئه‌وه‌ی كه‌مێك له‌ دڵه‌ڕاوكێ ی ده‌روونی ڕزگارمان بێت , له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا میدیای كوردی ڕۆڵێكی ناته‌ندروست ده‌بینێت له‌م بارودۆخه‌دا كه‌ زۆربه‌ی كاره‌كانی پیشه‌گه‌ری بواری میدیایی ته‌رخانكردووه‌ بۆ سیاسه‌ت و بێئه‌وه‌ی تۆزقاڵێك ڕۆڵ ببینێت بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان و ببێته‌ ده‌سه‌ڵاتی چواره‌م له‌نێو كۆمه‌ڵگادا .
له‌ئێستاكه‌دا به‌ده‌گمه‌ن ڕێكده‌كه‌وێت ئه‌گه‌ر له‌یه‌كێك له‌كه‌ناڵه‌كانی ڕاگه‌یاندنی نوسراو به‌مانشێتێك یاخود به‌ ستونێكی هه‌واڵ بابه‌تێك یاخود ووتارێكی زانستی بڵاو بكرێته‌وه‌ یاخود له‌هه‌ركه‌ناڵێكی بینراودا باس له‌بوارێكی زانستی بكرێت ئه‌وه‌ی بوونیشی هه‌یه‌ و بڵاوده‌كرێته‌وه‌ له‌په‌نجه‌ی ده‌ست زیاتر نابێت و هه‌ندێكیشیان بۆمه‌به‌ستی تایبه‌تی خۆیان هه‌واڵێكی زانستی له‌چوارچێوی فلته‌رێكی سیاسی دا تێده‌په‌ڕێنێت و بڵاوده‌كرێته‌وه‌ بێئه‌وه‌ی سود بگه‌یه‌نێت به‌تاكی نێو كۆمه‌ڵگای كوردی .
له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ ئه‌و نوسه‌ر و ڕۆژنامه‌نوسانه‌ی كه‌ ماوه‌یه‌ك له‌بواری زانستی كاریان ده‌كرد و به‌دوای بڵاو كردنه‌وه‌ی ووتار و بابه‌تی زانستیه‌وه‌ سه‌رقاڵ بوون له‌ئێستاكه‌دا بواره‌ زانستیه‌كه‌یان گۆڕیوه‌ به‌ئاراسته‌ی سه‌رده‌می سیاسی ئه‌وانیش وێڵن به‌دوای هه‌واڵه‌ سیاسیه‌كان و ئه‌مه‌ش بۆ سیاسه‌تی كه‌ناڵه‌كانی ڕاگه‌یاندن ( بیسترا و بینراو نوسراو ) ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ هه‌موویان هه‌وڵی به‌سیاسی بوونی ڕاگه‌یاندن ده‌ده‌ن له‌به‌ر هۆكاری پڕ فرۆشترین و پڕ بینه‌ر ترین و یاخود هۆكاری پاڵپشتی لایه‌نێكی سیاسی له‌و میدیایه‌ی بوونی هه‌یه‌ بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی .
ده‌ره‌نجامی ئه‌م ڕۆڵ بینینه‌ی میدیاو ڕاگه‌یاندنی كوردی له‌بواری سیاسی كاریگه‌ری ده‌بێت له‌سه‌ر دروست بوونی عه‌قڵێكی سیاسی و تاكێكی سیاسه‌تمه‌داری ڕه‌ها له‌نێو كۆمه‌ڵگا دوور له‌بوونی به‌هایه‌كی زانستی و بیركردنه‌وه‌یه‌كی ڕاست و دروستی زانستیانه‌ , كه‌ره‌ِنگه‌ تاچه‌ند ساڵێكی تر كۆمه‌ڵگایه‌كی ( ملیۆنان چاودێری سیاسی ) به‌رهه‌م بێت و ببینه‌ مه‌مله‌كه‌تێكی سیاسی دوور له‌ زانیاری و زانست ئیتر كۆمه‌ڵگایه‌كی دابڕاو له‌نێو جیهاندا دروست ده‌بێت و داڕمانمان نزیكتر ده‌بێت بۆ لێواری وێران بوونمان, چونكه‌ كایه‌ی به‌ره‌و پێش چوونی هه‌ركۆمه‌ڵگایه‌ك به‌نده‌ به‌ بیركردنه‌وه‌ی تاكی كۆمه‌ڵگاو ژیریه‌وه‌ له‌نێو عه‌قڵێكی زانستیدا نه‌وه‌ك عه‌قڵێكی چه‌قبه‌ستووی سیاسی كه‌ له‌ئێستاكه‌دا په‌یڕه‌وده‌كرێت له‌ كوردستاندا !!!!




هیواكانیان له‌ ده‌ستداو نه‌بوون به‌ سه‌رۆك كۆمار … ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب

تا بنه‌ماڵه‌و خێڵ بمێنێت هه‌ژارو چه‌وساوه‌كان ئاسووده‌یی نابینن

له‌ سه‌رده‌می پیلان و كوده‌تا سه‌ربازییه‌كانی ناوچه‌كانی عه‌ره‌ب ژماره‌یه‌ك خاوه‌ن ده‌موچاوی دێزو بڵح و ناشیرین له‌ خه‌ڵكی مه‌ده‌نی و سه‌ربازی په‌یوه‌ست به‌ بیری خێڵه‌كی دواكه‌وتوو كه‌ ئارره‌زوو له‌ سته‌م و ده‌ستبه‌سه‌رگرتنی ده‌سه‌ڵات و بڵاوبوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و دزیی و دابه‌شكردنی پله‌و پایه‌و به‌رپرسیارێتییه‌ باڵاكان به‌ سه‌ر كورو براوو خزم و ده‌ستوپه‌یوه‌ندییه‌كانیان ئه‌كه‌ن و بۆ جێگره‌وه‌ی خۆیان هه‌وڵ ئه‌ده‌ن كوره‌كانیان رابێنن و ئاماده‌یان بكه‌ن ده‌سه‌ڵات بگرنه‌ده‌ست وله‌لای ئه‌وان میرات له‌ ژیانی گه‌لان و وڵاتان گرنگتره‌و بیریان له‌وه‌ نه‌كردووه‌ته‌وه‌ رۆژێك دێت كورسی ده‌سه‌ڵات وبیری بۆگه‌نی میرات له‌ ناو ئه‌چێت و هه‌موو شتێك ئه‌بێته‌ موڵكی گه‌لا ن و پر به‌ گه‌روو هاواری ئازادی و دیموكراسییه‌ت ئه‌كه‌ن روحییه‌تی خێڵكی ره‌تئه‌كه‌نه‌وه‌و بۆ بنیاتنانی كۆمه‌ڵگایه‌كی مرۆڤدۆستی به‌ره‌و په‌ره‌سه‌ندنی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی.
ژیان له‌ بیابان و دورگه‌ی عه‌ره‌بی دژوار بوو، به‌دووه‌كانی لێبوو، ئه‌وان به‌شیێكی گه‌وره‌ن وبڵاوبوونه‌ته‌وه‌‌ به‌ تایبه‌ت له‌ باكوری دوورگه‌ی عه‌ره‌بی و، ژینكه‌ی بیابان ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی بۆ ره‌خساندون و، هه‌ر هه‌موویان له‌ ژێر هه‌ژموونی خێڵن وته‌نها بنه‌ماڵه‌و خێڵ ئه‌ناسن وكۆمه‌ڵگاكه‌یان، كۆمه‌ڵگای خێڵ و خێوه‌ته‌ و، به‌دووكان خه‌ڵكی بیابانن و شوانی عه‌ره‌بی گه‌رۆكن و له‌ خێوه‌ت وله‌ سه‌ر به‌خیوكردنی حوشترو مێگه‌ل و وڵاغ ئه‌ژین و، به‌ دوای ئاوو له‌وه‌ر ئه‌گه‌رێن و جێ به‌ خۆیان ناگرن و، خێل كۆمه‌ڵێك خه‌ڵكن سه‌ر به‌ یه‌ك بنه‌چه‌ن و ، خێڵ له‌ هه‌موو جیهان هه‌یه‌و هه‌ندێكیان له‌ناو چوون و به‌شێكیان چوونه‌ته‌ ناو كۆمه‌ڵگه‌ی شارستانی و، به‌ زۆریی له‌ دوورگه‌ی عه‌ره‌ب و بیابانی سوری و رۆژئاوای عێراق وئه‌رده‌ن و فه‌له‌ستین و بیابانه‌كانی باكوری ئه‌فریقیا ئه‌بینرێن.
خێڵ له‌ كۆمه‌لێكی گه‌وره‌ی بنه‌ماڵه‌ پێكدێت و خزمایه‌تی به‌یه‌كیانه‌وه‌ ئه‌به‌ستێت و زوربه‌یان سه‌ر به‌ یه‌ك باپیره‌ن و، هه‌وڵئه‌ده‌ن كورو نه‌وه‌كانیان ببنه‌ خاوه‌ن به‌رژه‌وه‌ندی به‌بێ ئه‌وه‌ی گۆی بده‌ن به‌و مرۆڤه‌ی كه‌ بارودۆخێكی گونجاوی بۆ ژیانێكی كامه‌رانی ئاماده‌ كردو، خێڵ هه‌وڵئه‌دات هه‌رچی كاروباره‌ بدات به‌ كه‌سانی خۆیان و، هه‌لیان بۆ بدۆزێته‌و ته‌نانه‌ت نه‌زان و بێ ئه‌زمونیش بن و، به‌وه‌ش رۆڵی خه‌ڵكانی تر پێشێل ئه‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ببنه‌ پاشكۆی ئه‌وان.
خێڵ و بنه‌ماڵه‌ جاروبار په‌نا ئه‌به‌نه‌ به‌ر به‌كارهێنانی دڵره‌قی له‌ گه‌ڵ خه‌ڵك { گه‌ل} به‌ گشتی و له‌ گه‌ڵ دۆژمنان به‌ تایبه‌تی و، ئه‌گه‌ر سامان وهێزی گه‌وره‌ی هه‌بێت روو له‌ به‌كارهێنانی توندوتیژی ودڵره‌قی ئه‌كات و له‌ كۆتاییدا براوه‌ ئه‌بێت و، ده‌سه‌ڵاتێكی زاڵمانه‌ پێك ئه‌هێنێت و هه‌میشه‌ سڵ له‌ گه‌ل ناكات و، هه‌رده‌م ئاماده‌یه‌ زوربه‌ی گه‌ل له‌ناو ببات بۆ مانه‌وه‌ی له‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵات و، باشترین نموونه‌ له‌ عێراق و میسرو لێبیاو یه‌مه‌ن روویداو، له‌مرۆشدا له‌ سوریاداو، له‌ هه‌مووی سه‌یرتر خێڵه‌ به‌تواناكان حزب دائه‌مه‌زرێنن و روو له‌ ژیانی سیاسی ئه‌كه‌ن و.
گێبركی بۆ وه‌رگرتنی ده‌سه‌ڵات و دامه‌زراندنی حكومه‌ت ئه‌كه‌نو، ولاڤ و گه‌زاف لێئه‌ده‌ن گوایه‌ حزبه‌كانیان دیموكراتییه‌ و، له‌م رێره‌وه‌دا خێڵی واهه‌یه‌ سه‌ركه‌وتنی به‌دیهێناوه‌و حكومه‌تی پێكهێناوه‌و ده‌ستی به‌سه‌ر هه‌موو جومگه‌كانی ژیان گرتووه‌.
خێڵه‌كان و حزببه‌كانی خێڵه‌كی كاتێك حكومه‌ت پێكئه‌هێنن به‌ ده‌ستێكی ئاسنین جومگه‌كانی ده‌وڵه‌ت ئه‌خه‌نه‌ ژێر ركێفی خۆیان و، زۆر جار ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ زاڵمان ئه‌بێت چونكه‌ به‌ ده‌ست تاكه‌ كه‌سێكه‌ یان گروپێك له‌ خه‌ڵكی خوا پێداو ( نوخبه‌ Elite ) و ، ئه‌وانه‌ی ماونه‌ته‌وه‌ ( كورانی گه‌ل) كۆێله‌ن وئه‌بێت فه‌رمانه‌كانی خێڵه‌كه‌ به‌بێ بیركردنه‌وه‌ جێبه‌حی بكه‌ن و، له‌ هه‌مووی خراپتر بنه‌ماڵه‌ یان خێڵی حوكم به‌ده‌ست روو ئه‌كه‌نه‌ میراتی سیاسی واته‌ له‌ پاش باوك كوره‌كه‌ی یان كورزاكه‌ی و كوره‌ مام و خزمه‌كان جێێ ئه‌گرنه‌وه‌.
وراسه‌ت (Genetics ) له‌ دێر زه‌مان ره‌واڵه‌تێكی وابه‌سته‌یه‌ به‌ خه‌لیفه‌كان و پاشاكان و پیاوه‌ گه‌وره‌كان ودوقه‌كان و شاهانشا و ، كاتێك شایه‌ك ( مه‌لێك) ئه‌روات و شازاده‌ جێی ئه‌گرێته‌وه‌ و ئه‌بێته‌ شا و، له‌ جیهانی عه‌ره‌بیدا شۆرشه‌كان و كوده‌تای سه‌ربازی و پیلانه‌كان شاكانیان راماڵی و كۆماره‌كان سه‌ریان هه‌ڵدا وه‌ك له‌‌ میسرو عێراق و لێبیاو یه‌مه‌ن و شوێنی تر روویاندا ، له‌ میسر محه‌مه‌د نه‌جیب سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی شۆرش هات و، لابراو خرایه‌ ژێر چاودیری و، جه‌مال عه‌بدولناسر هات و، له‌ پاش ئه‌و ئه‌نوه‌ر ئه‌لسادات بۆ به‌ سه‌رۆك و له‌ پاش كوشتنی له‌ كاتی ئاماده‌بوونی نمایشێكی سه‌ربازی به‌ بۆنه‌ی جه‌نگی ئوكتۆبه‌ره‌وه‌ ، محه‌مه‌د حوسنی موباره‌ك بۆ به‌ سه‌رۆك كۆمار ( 14 ئوكتۆبه‌ری 1981 ــ 11 ی فیبریوه‌ری 2011 و، 30 ساڵ حوكم) و، له‌ عێراق عه‌بدولكه‌ریم قاسم هات و پاشان حكومه‌تی به‌عسییه‌كان له‌ پاش پیلانه‌ شومه‌ ره‌شه‌كه‌ی 8 ی شوبات ــ فیبریوه‌ری 1963 عه‌بدولسه‌لام عارف و عه‌بدولره‌حمان عارف و ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن ئه‌لبه‌كر و سه‌دام حسه‌ێن ) 1979 ــ 2003 ــ 24 ساڵ ) و له‌ لیبیا موعه‌مه‌ر ئه‌لقه‌زافی ( 1969 ــ 2011 ــ 42 ساڵ) و له‌ یه‌مه‌ن عه‌بدوڵلا سه‌لال 1962 ، عه‌بدولره‌حمان یه‌حیا ئه‌لئه‌ریانی ، ئیبراهیم محه‌مه‌د ئه‌لحه‌مدی و، ئه‌حمه‌د حسه‌ین ئه‌لغشمی وڵه‌ كۆتاییدا عه‌لی عه‌بدوڵلا ساڵح ( 1978 ـــ 2012 ، 34 ساڵ).
له‌ سوریا حافز ئه‌لئه‌سه‌د بۆ به‌ سه‌رۆك كۆمار ( 1970 ــ 2000 ، 30 ساڵ) و، له‌ پاش حافز له‌ شانوگه‌رییه‌ك و گاڵته‌جارییه‌ك ده‌ستووریان گۆری و ته‌مه‌نی سه‌رۆك كۆمار له‌ 40 ساڵ كرا به‌ 34 ساڵ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ گه‌ڵ ته‌مه‌نی به‌شار ئه‌لئه‌سه‌د بگونجێت و بوو به‌ سه‌رۆك كۆمار له‌ ( 2000 تا ئێستا ـ 20) ساڵ.
سرۆكه‌ عه‌ره‌به‌كان به ‌پێی بێ مێشكیان له‌و باوه‌ره‌دان مانه‌وه‌یان پێویسته‌ و، خاوه‌نی ئه‌زمونی حوكم به‌رێوه‌بردنن و له‌ به‌ر ئه‌وه‌ش كۆده‌تایان كردووه‌ یان خوا هه‌ڵیانبژاردووه‌ ببنه‌ حاكم و، مانه‌وه‌ له‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی حوكم ئامانجی به‌رزو گرنگیانه‌ و، له‌ پێناو ئه‌م ئامانجه‌ قیزوه‌نه‌ توندوتیژی و داپڵۆسین وسیاسه‌تی داری ئه‌ستور ( كوته‌ك) یان دژ به‌ جه‌ماوه‌رو گه‌ل به‌كارهێناوه‌و، كه‌وتنه‌ راونانی نیشتمانپه‌روه‌ران و پێشكه‌وتنخوازان ، ئه‌وانه‌ی داوای دیموكراتییه‌ت و ئازادی ئه‌كه‌ن و، گرتن و زیندانیكردنیان له‌ زیندانی ترسناك و هه‌ڵسان به‌ شێوه‌یه‌كی فاشیستیانه‌ به‌ ئه‌شكه‌نجه‌دانیان به‌ مه‌به‌ستی شكاندنی شكۆو تواناو ئێراده‌یان ومل شۆركردن بۆ داخوازییه‌كانیان وپاشان كوشتنیان به‌ شێوازێكی نه‌فره‌تلێكراوو به‌بێ دادگایكردن و، سه‌ره‌رای ئه‌و هه‌موو كرده‌وه‌و نه‌هامه‌تیانه‌ به‌ ئاشكه‌را نان و قووتی گه‌ل ئه‌دزن و باجدان به‌سه‌ریان فه‌رز ئه‌كه‌ن و، ئاره‌زووی گرنگیان ئه‌وه‌یه‌ نژادێكی نوێ و بنه‌ماڵه‌یه‌كی نوێ پێكبێنن و، به‌ گوێره‌ی بیركردنه‌وه‌ی خێڵه‌كی و مۆركی له‌ سه‌ر رژێمه‌كانیان كه‌ به‌ كۆده‌تای سه‌ربازی هاتوون و چۆنییه‌تی كاركردنیان روو له‌ میراتی سیاسی ئه‌كه‌ن و ه‌ك مه‌رجێكی سه‌ره‌كی بۆ به‌رده‌وامبوونی رژێمه‌ دوور له‌ دیموكراتییه‌كه‌یان و هه‌رچی په‌یوه‌نداره‌ به‌ خێڵه‌وه‌ به‌ره‌و هه‌مان میراتی سیاسی ئه‌روات.
چیرۆكی وه‌راسه‌ت ( میرات) و هه‌میشه‌یی له‌لای گه‌ڵی عه‌ره‌ب و ئه‌و گه‌لانه‌ی له‌ نزیكیانه‌وه‌ ژیاون هه‌ر له‌ كاتی جاهلییه‌ت و هاتنی خه‌لیفه‌كان و دروستبوونی خێڵ و بنه‌ماڵه‌ له‌لایان چه‌سپیوه‌و ئه‌م جیروكه‌ ره‌گی قووڵی له‌ ناخیان داكوتاوه‌و خه‌سڵه‌تێكه‌ لایان تا ئه‌مرۆ ماوه‌ته‌وه‌و، زوربه‌یان به‌ دوای كورسی ده‌سه‌ڵات رائه‌كه‌ن و، هه‌ندی له‌ عه‌ربه‌كان له‌ پێناو كورسی حوكم ( تاج و ته‌خت) عه‌قڵ و كه‌رامه‌تیان له‌ ده‌ستداوه‌و، بو نموونه‌ شیخ حه‌مه‌د كوری خه‌لیفه‌ ئال سانی ئه‌میری قه‌ته‌ر بابی شیخ خه‌لیفه‌ له‌ سه‌ر كورسی دسه‌ڵات لابردو ناچاریكرد له‌ ساڵی 1995 به‌ناوی پیشوو وڵات به‌جێبهێڵێت به‌ره‌و ئه‌وروپا.

سه‌رۆكی سوریا حافز ئه‌سد پێش مردنی توانی كوڵه‌كه‌ی وه‌راسه‌ت داكوتێت و ده‌سه‌ڵاتی حوكم بدات به‌ ده‌ست به‌شار ئه‌سه‌دی كوری و، ئه‌وه‌ش به ‌بێشك مانای ئه‌وه‌یه‌ زوڵم و زۆریی ره‌گی به‌هێزی له‌ ناو كه‌سایه‌تی تاك هه‌یه‌ له‌ خۆشه‌ویستی خودو خێزان و درێژه‌دان به‌ حوكم دژ به‌ ئاره‌زوو خواستی جه‌ماوه‌ری گه‌ل و به‌كارهێنانی سیاسه‌تی ئازاردان و له‌ناوبردن وتیرۆركردنی ئه‌وانه‌ی داوای ئازادی و دیموكراسی ئه‌كه‌ن و، زوڵم وسته‌م هه‌موو سنورێكی بری و كه‌وتنه‌ گاڵته‌ پێكردنی گه‌لانی ژێرده‌سته‌یان و، وراسه‌تی سیاسی كورو كوره‌زاو نه‌وه‌كان به‌ بێ رای گه‌ل ئه‌گرێته‌وه‌ و، حوكمی به‌عسی عه‌ره‌بی له‌ سوریا وه‌ك حوكمی به‌عس له‌ عێراقدا، حوكمی تاكره‌ویی بوو ( خواستی) گه‌لی به‌دینه‌هێناو، له‌ گه‌ڵ پێداویستییه‌كانیان جۆشیان نه‌خواردووه‌و، له‌ سه‌ر بیده‌نگیكردنی ده‌نگه‌كانی ترو قه‌ده‌غه‌كردنی ئۆپۆزسیۆن و ته‌زویركردنی هه‌ڵبژاردنه‌كان و سنورداركردنی راگه‌یاند ره‌فتاریان كردووه‌و ، بۆ ئه‌وه‌ی رژێمی كۆماری سه‌ركوتكه‌ر ببێته‌ مۆڵكی ته‌واوی بنه‌ماڵه‌ی خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات و یاوه‌ره‌كانی و، بۆ ئه‌وه‌ی داپڵۆسین و گه‌نده‌ڵی و خزمخزمێنه‌ په‌ره‌بسێنێت.
دیكتاتۆر سه‌دام حسه‌ێن بایه‌خی زۆری به‌ هه‌ردوو كوره‌ شه‌رئه‌نگێزه‌كه‌ی عوده‌ی وقوسه‌ی له‌ پێناو ئاماده‌كردنیان پله‌و پایه‌ی باڵا وهه‌ستیاری ده‌وڵه‌ت بگرنه‌ده‌ست و، یه‌كه‌میان هه‌رچه‌نده‌ ئیفلیج بوو فه‌رمانده‌ی فدائی ( خۆبه‌ختكران) ی سه‌دام بوو، هه‌روا به‌رپرسی ئه‌م كارانه‌ش بوو: راگه‌یاندن و رۆشنبیری و وه‌رزش و، دووه‌میان ( قوسه‌ی) جێی ده‌ستخۆشی وستایشی باوكه‌ دیكتاتۆره‌كه‌ی و تاقمی درۆو ده‌له‌سه‌و زۆرناژه‌نه‌كان به‌ناوی سه‌ركردایه‌تی عێراق بوو !!، قوسه‌ی بوو به‌ ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی حزبی به‌عسی له‌ گۆرنراوو یاریده‌ری فه‌رمانده‌ی گشتی سه‌ربازی و، سه‌رپرشتیاری هێزه‌كانی گاردی كۆماری ( الحرس الجمهوری) و، سه‌دام حسه‌ێن زۆر بایه‌خی به‌ قوسه‌ی داو، به‌ هه‌موو رێگاو شێوه‌و شێوازێك هه‌وڵیدا جومگه‌ هه‌ستیارو باڵاكانی عێراق بگرێته‌ده‌ست و، له‌ كوتاییدا ببێته‌ خه‌لیفه‌ی خودی خۆی وه‌ك سه‌رۆك كۆمارو وه‌ك داب و نه‌ریتی هه‌موو رژێمه‌ دیكتاتۆرییه‌كان.
بۆ كۆپێكردنی رێكاری به‌عسییه‌كان له‌ میراتی سیاسی و، له‌ سه‌ر هه‌نگاوه‌كانی حافز ئه‌سه‌دو سه‌دام حسه‌ێن ئه‌م سه‌رۆكانه‌ : حوسنی موباره‌ك ، موعه‌مه‌ر ئه‌لقه‌زافی و عه‌لی عه‌بدوڵلا ساڵح كه‌وتنه‌ بایه‌خدان به‌ كوره‌كانیان و ئاماده‌كردنیان بۆ ئه‌وه‌ی ببن به‌ سه‌رۆك كۆمار له‌ سه‌ر رێوشوێن و ته‌رزی به‌شار ئه‌سه‌دو جێی باوكیان بگرنه‌وه‌و ئه‌وان( سه‌رۆكه‌كان) به‌ هۆی مانه‌وه‌یان له‌ سه‌ر كورسی ده‌سه‌ڵات هێلاك بوون و “” خزمه‌تێكی”” زۆریان پێشكه‌ش به‌ خه‌ڵك كرد ( راونان و تێهه‌ڵدان وگرتن وكوشتن ) و، شایانی باسه‌ هه‌ر سه‌رۆك كۆمارێك حزبێكی سیاسی هه‌بوو و، حوسنی موبارك خاوه‌نی حزبی نیشتمانی دیموكراتی بوو بایه‌خیدا به‌ كوره‌ بچكۆله‌كه‌ی جه‌مال الدین محه‌مه‌د حوسنی سه‌ید موبارك و، زۆر به‌ هێز هاته‌ سه‌ر گۆره‌پانی سیاسه‌ت وه‌ك خه‌لیفه‌ی باوكی ناویده‌ركرد به‌ڵام شۆرشی گه‌لی میسر له‌ 25 شوباتی 2011 له‌كاریخست و، موعه‌مه‌ر ئه‌لقه‌زافی سه‌رۆكی كۆماری لێبیای مه‌زن بایه‌خیدا به‌ سیف ئه‌لاسلامی كوری كه‌ له‌ كومه‌ڵه‌ی “” مافی مرۆڤ “” كاریئه‌كردو به‌ هۆی راپه‌رینی لیبیاوه‌ نه‌یتوانی بچێته‌ پێشه‌وه‌و له‌ 19 تشرینی دووه‌م / نۆڤه‌مبه‌ر 2011 گیراو چه‌ند په‌نجه‌یه‌كی ده‌ستیان بری به‌ڵام سه‌رۆكی خێڵ و خاوه‌ن خنجه‌ر عه‌لی عه‌بدوڵلا ساڵح خاوه‌نی حزبی موئته‌مه‌ری میللی گشتی زۆر بایه‌خیدا به‌ كوره‌كه‌ی ( عه‌مید ئه‌حمه‌د) فه‌رمانده‌ی گاردی كۆماری و هێزی تایبه‌ت.
كوری سه‌رۆكه‌كان : قوسه‌ی سه‌دام حسه‌ێن ، جه‌مال حوسنی موبارك، سیف الاسلام القه‌زافی و ئه‌حمه‌د عه‌لی عه‌بدوڵلا ساڵح بێ شانس بوون و هیوایان نه‌ماو نه‌بوون به‌ سه‌رۆك كۆماری عێراق و مێسرو لێبیاو یه‌مه‌ن و، یه‌كه‌میان قوسه‌ی كوژراو، دووه‌م وسییه‌م جه‌مال و سیف ماوه‌یه‌ك له‌ زیندان بوون وچواره‌م ئه‌حمه‌د كرا به‌ باڵوێزی یه‌مه‌ن له‌ ئیمارات.
لیره‌دا ئاماژه‌ بۆئه‌و حزبانه‌ ئه‌كه‌ێن كه‌ بروایان به‌ وه‌راسه‌تی سیاسی هه‌یه‌ و وه‌ك شێوازێك له‌ سه‌ری ئه‌روات و تێئه‌كۆشێت له‌ پێناو بته‌وكردنی و گواستنه‌وه‌ی حزب بۆ حزبی خیزان و هۆزو بنه‌ماڵه‌و خێڵ و قه‌واره‌كه‌ی به‌شی سه‌رۆكی حزب و كوره‌كانی و براكانی و خزمه‌كانی و ده‌ستوپه‌یوه‌نده‌كانیانی ئه‌كات و، ئه‌مانه‌ به‌ نه‌خوێنده‌وارو نه‌زان و جاهیله‌كان ده‌ستبه‌سه‌ر جومگه‌ زیندوه‌كان ئه‌گرن و، بواری كه‌س ناده‌ن به‌تایبه‌ت ئۆپۆزسیۆنه‌كان و، ئه‌مان ( سه‌رۆك وكوره‌كانی) ئه‌یانه‌وێت ئه‌وان (گه‌ڵ) گوێ رایه‌ڵ بن و كرنووشیان بۆ ببه‌ن وچیی هه‌یه‌ بۆ خۆیانی ببه‌ن و، ئه‌توانین بڵێن ئه‌مانه‌ ( نوخبه‌ ــ كاكڵه‌) دیكتاتۆرییه‌تی خێزانی چه‌په‌ڵ به‌ بوونی تاكه‌ كه‌سێك له‌ سه‌ركردایه‌تی حزبه‌كه‌ بۆ ماوه‌یه‌كی دوورو دریژ یان تا له‌ ژیاندایه‌ دروست ئه‌كه‌ن و، تووشی بێ عه‌قڵی و دۆگماتیزم ئه‌بێت و له‌ زه‌لكاوی بیری بۆگه‌ن ئه‌ژیت و،خۆی به‌ سیاسه‌تمه‌دارێك كه‌ كه‌س شان له‌ شانی نادات دائه‌نێت و، ده‌ستوپه‌یوه‌نده‌كانی ده‌ورو پشتی باز ئه‌ده‌ن بۆ گه‌نده‌ڵی و خواستی یه‌كه‌م وكۆتاییان دزی و گه‌نده‌ڵی و دژایه‌تی جه‌ماوه‌ره‌ بۆ ئه‌وه‌ی ژیانیان پر له‌ خۆشی و خاوه‌ن توانا بن.

27/5/2020




شۆڕشی برسیەکان لە بەر دەرگاتاندایە … شاخەوان سەنگاوى

من لەو شۆڕشانەى کە بە هۆى برسێتى و بێ نانى ڕوودەدەن زیاتر دەترسم، نەک لە بەرامبەر لەشکرێکى دووسەد هەزار کەسى شەڕ بکەم. ” ناپلیۆن پۆناپارت”
ئەمەى سەرەوە وتەیى سەرکردەیەک بوو کە بەشى زۆرى ئەوروپاى خستە ژێر رکێفى خۆیەوە کە لە ساڵى ١٨١٢ کە ویستى روسیا داگیر بکات خاوەنى سوپایەکى شەش سەد هەزار نەفەریى بوو کەچى ئەو لە شۆڕشى برسیەکان دەترسا. ئەى ئێوە لە ماوەى ئەم سی ساڵەى حکومڕانى خۆتاندا هەرگیز ڕۆژى لە ڕۆژان سەنگێکتان بۆ شۆڕشى برسیەکان داناوە؟ یان)…..(.
ئیدى نازانم ئێوە بەچیەوە دەنازن؟ بەو سوپا زەبەلاحە شەق وەشێنە دەمامکدارەوە دەنازن کە لە ماوەى حکومڕانى خۆتانا لە نێو کوچە و کۆڵان بگرە لە نێو تاک بە تاکى خێزانەکان بە زەبرى پارە بۆ بەرژەوەندى پارتەکانتان و هەندێ جاریش بۆ بەرژەوەندى تاکى پارتەکانتان لە سەر گیرفانى هاولاتیانى ئەم هەرێمە دروستان کردووە. یان بەکۆشک و باڵەخانە هەور بڕەکانى نێو ژیانە شاهانەیەکانى سەر گردو گردۆڵەکانتان و پارە نوستووەکانى ژێر زەمینەکانتان کە تەنانەت هەندێکتان لە نوسینى ژمارەى سەفتە دۆلارەکانیش هەڵەدەکەن، دەنازن. بەڵام من دەڵێم خودایە شۆڕشى برسیەکان ڕوو نەدات لە بەر خاتر چاوى کاڵى ئێوە نیە! بگرە لە پێناو ئەم نیشتمانەدایە کە بەدرێژایى مێژوو هەزاران لاوچاکى کورد خوێنى خۆیان بەخت کرد لە پێناو ئەمڕۆدا تا تاکەکانى کورد بتوانێت بە ئازادى بدوێت، چونکە من تێدەگەم دووژمنانى کورد جیا لە ئێوە لە هەر چوار لاوە چڕنوکیان گیر کردووە لە سینەى ئەم هەرێمە، بە ئومێدەى ئێوە دەرفەتێک لە سەر سینیەکى ئاڵتونى پێشکەشیان بکەن، کەواتە ئەگەر شۆڕشى برسیەکان ڕووبدات تەنها بە لە دەست چوونى ئەم هەرێمە کۆتایى نایەت و ئێوەش وەکو بەرزەکى بانان بۆى دەربچن، باشترە بزانن لە ئەنجامى ڕوودانى وەها شۆڕشێک کە ڕوودانى کارێکى حەتمیە، ئەویش بەرئەنجامى ئەو پڕۆسە حکومڕانیە فاشیلەتانە کە ماوەى سى ساڵە پێشکەشى هاوڵاتیانى ئەم هەرێمەى دەکەن کە هاوتاى نیە لە جیهاندا. ئەوا لە لایەن گەلەوە نا بگرە لە لایەن ئەو پاسەوانانەوە کە شەو و ڕۆژ لە نێو حەرەم سەراکانتانا هاتووچۆ دەکەن کەلەى سەرتان پێشکەشى گەڵ دەکرێت. چونکە نە فیدایەکانى ئێوە وەکو فیدایەکانى سەدام پۆشتە و تۆکمەو بەهێز دەبن و نەحکوڕانیەکەشتان بە چەشنى ئەو دەبێت. کەواتە باشترین دەرفەتە کە هەمووتان دەست خەنە نێو دەستى یەک و ئەو سەروەت و سامانەی کە ماوەى سی ساڵە بە دەر لە هەموو بنەمایەکى ئابوورى و زانستى وئاینى و ئینسانى و ئەخلاقى لە ژێر زەمینەکاندا لە سەر یەک هەڵتان چنیووە بە شێکى بخەنەوە نێو قاسەکانى حکومڕانیتان، چونکە ئەوە کۆتا بلیتى درێژ کردنەوەى تەمەنى خۆتان و ماڵ و مندالاتانە. تەماشاکەن حکومڕانەکانى چەشنى ئێوە لە مێژووى تازەى شرق اوسط گەیشتنە کوێ؟ جکە لە بلۆک کردنى سەروەت سامانەکانیان لە لایەن ئەمەریکا و ئەوروپاى دۆستیان و بەجێ هێشتنى ماڵوێرانىکى کوشندە بۆ گەل، خۆشیان لە کون و کەلەبەرەکاندا گیران، دەرئەنجام ئاقیبەتیان بەو ڕۆژە گەیشت کە هەرگیز خەویشیان پێوەنەدەبینى….

شاخەوان سەنگاوى
Shaxaewan.saed@gmail .com




شەپۆلێکی گەورەی بێکاری و مەترسیەکانی… نووسینی/ئەحمەدکامەران

[ ] وشەی بێکاری لە بنەڕەتدا ، وشەیەکی زۆر مەترسیدارە کە لە ئەنجامی چەندین پرسی جۆراو جۆراوە دێتە ئاراوە،یاخود زۆر بەشێوەیەکی مەترسیدار بینەقاقای کۆمەڵگاکان دەگرێت، بەتایبەتیش کۆمەڵگا سەرەتایەکان کە خاوەنی هیچ جۆرە ئابووریەکی بەهێز و تۆکمەدار نین، کەبتوانن رووبەڕوی هەموو جۆرە قەیرانێکی بێکاری و دەردەسەریەک ببنەوە،ئەمەش جگە لە بوونی گەندەڵی و ناشەفافی ئابووری لە کۆمەڵگا سەرەتایەکان دا کە بەداهاتێکی ئێجگار زۆر بەناڕوونی خەرج دەکرێت و هاوڵاتیاکانیشی لێی بێ ئاگان ،کەئەمەش دۆخەکە دوو ئەوەندەی تر قورستر دەکات،بەسەر شانی خەڵکی هەژار و چینی کرێکارەوە ،بێگومان دەرئەنجامی بێکاری و برسیەتی لەهەر کۆمەڵگایەک دا بریتیە لە شۆڕش لە دژی سیستەمی حوکمڕانی ئەو وڵاتەدا و گۆڕینی بۆ سیستەمێکی نوێتر کە دادپەروەری ویەکسانی تێدا فەراهەم بکرێت.
[ ] ئەگەر چی لە ئێستادا جیهان بۆ دوو سەردەمی جیاواز دابەش بووە،ئەویش جیهانی پێش کۆرۆناو،جیهان لەسەردەمی کۆرۆنادا،بەڵام هەتاوەکو ئێستا هیچ ئاسۆیەکی ڕوون دیارنیە بۆ پاش سەردەمی کۆرۆنا،بەڵام ئەوەی کە من تێبینی دەکەم ،جیهان لە پاش ڤایرۆسی کۆرۆنادا پێ دەنێتە وێستگەیەکی تری حوکمڕانی دا، بەڵام هەتاوەکو ئێستا ئەو حوکمڕانیە دیار نیە کە لە پاش کۆڕۆنادا بەڕێوە دەچێت ، ئەگەر چی جیهان لەپێش سەردەمی کۆرۆنادا لە ژێر هەژموونی حوکمڕانی سیستەمی سەرمایەداری بەڕێوە دەچوو، کە دوور بوو لەهەموو جۆرە سیستەمێکی سۆسیالیستی دا کە ئەمەش چینی کرێکار باجەکەی دەداو ،هەروەها هەتا دەهات چینایەتیەکی زۆر گەورە لەنێوان تاکەکانی کۆمەڵگا درووست ببوو،کە وا چاوەڕوان دەکرا شۆڕشێکی گەورەی بەدوای خۆیدا بهێنێتەوە،بەڵام لەناکاو شەپۆلێکی کووشندە جیهانی بەخۆیەوە سەرقاڵ کرد کە ئەویش ڤایرۆسی کۆرۆنایە،ئەگەر چی زۆرجار دەگوترێت بڵاوبوونەوی ئەم ڤایرۆسە یاریەکی تری دەسەڵات دارەکان و سەرمایەدارانە،بەڵام بەهەرحاڵ ئەوە گرنگە کە کێ ئێستا لەم یاریە براوە دەبێت و کێ تر لەم یاریە دۆڕاوە دەبێت،ئەگەر لە ئێستادا بەچاو خشانێک تەماشای بارودۆخەکە بکەین دەبینین کە چینی هەژار و کرێکار زەرەر مەندی ئەم ڤایرۆسە بوونە جگە لەوەی کە ئەوانەی بوونە قوربانی ئەم شەپۆلە ڤایرۆسە،بەڵام ئەوەی کە ماوەتە باجەکەی زۆر بەقورسی دەدات، دیارترین باجیش کە چینی هەژار دەیدات لەسەردەمی کۆرۆنادا بریتیە لە بەزبوونەوی ڕێژی بێکاری ، ئەمەش بەهۆی داخستنی بازارەکانی کارو کەم بوونەوەی دەستی کار .کە ئەمەش وا چاوەڕوان دەکرێت لە پاش شەپۆلی کۆرۆنا ،شەپۆلێکی گەورەی بێکاری و برسیەتی ڕووبکاتە جیهان.
[ ] ئەوەی بەلای منی نووسەر ئەوە گرنگە کە هیوادەخوازم جیهان لەپاش تێپەڕاندنی ئەم ڤایرۆسەدا پێ بنێتە قۆناغێکی تری حوکمڕانی ،کە هاوکات حوکمڕانیەک بێت لەسەربنەمایەکی سۆسیالیستانە بنیاد بنرێت کە چیتر جیاوازی چینایەتی بوونی نەمێنێت،کە ئەمەش بەلای منەوە دەبێتە لە دایک بوونی مڕۆڤایەتیەکی نوێ لەسەر گۆی زەوی دا…