توانستمەندی هزری میشێل فوكۆ لەگەڵ كۆرۆناڤایرۆس سەرلەنوێ هاتەگۆڕێ-9- ئازاد حەمە

بەشی نۆیەم

سەرەتا: بۆ تێگەیشتن لە كارگێڕی گڵوباڵی سیاسییانەی پەتای كۆرۆنا پێویستمان بەوە دەبێت كە بۆ بەشێك لە گەنجینەی هزری میشێل فوكۆ (Foucault) بگەڕێینەوە كە بە بایۆپۆلیتیك (Biopolitics ) ەوە (سیاسەتی زیندەیی/ سیاسەتی ژیانكاری) تایبەتی كردوون. مێژووی هزر ،كە بواری پسپۆری میشێل فوكۆ بووە، لەژێرسایەیا دەرگای لە شیكاری گەلێك دیاردەی كۆمەڵگەی مۆدێرن كردوەتەوە. ئەم بیریارە بۆ ئەوەی دیاردە وەلانراو و پەراوێزەكانی كۆمەڵگەی نوێی ڕۆژئاوا (شێتی، ناساغیدەروونی، بەندیخانە، نەخۆشخانە، پۆلیسخانە، ئەرشیفكردن، بەبێگانەبوون ) بە چاكی ببینێت كاری بۆ ئەوە كرد كە لەسەر دەستی بیریارانی سەردەمی پێش و پاش خۆی، پردێك لەنێوان فەلسەفە، مێژووی پزیشكی و بایۆلۆجیدا دروستبكات. ئەوەش بەچاكی لە سێ بەرهەمە ناسراوەكانیدا گەرایان دانا: مێژووی شێتی، لەدایكبوونی كلینیك (عیادە)، مێژووی سێكسگەرایی (1). لەم بارەیەشەوە هەر زوو بیرمەندە گەورەكانی فەرەنسا (ژۆرژ كۆنگلێم، ئەلێكسەندەر كۆریێ، ژان كاڤایێس، گاستۆن باشلار، لوی ئاڵتیسێر، ژۆرژ دۆمیزیل ) كاریگەریان لەسەر هزری شیكاریی فوكۆ دانا. كەوابێت پرسیارە سەرەكییەكەی ئێمە لێرەدا ئەوەیە كە، چۆن فوكۆ لەگەڵ كۆرۆنا بوەوە بابەت؟ لەڕێگای بایۆپۆلیتیك و گرێدانەوەی پزیشكی (و زیندەوەرناسی) بە سیاسەتەوە ئەمەكرا. بۆیە ئەوەی ئێمە لەم بەشە مەبەستمانە لەسەری بوەستین بابەتی بایۆپۆلیتیكە بەپێی تێگەیشتنی فوكۆ، كە لەگەڵ كۆرۆناڤایرۆس لەناو بیریارانی ڕۆژئاوا بووەوە بابەت و فوكۆش لە دوو بەرهەمیدا (یەكەم: چاودێری و سزا-لەدایكبوونی بەندیخانە 1975، دووەم: بەشی یەكەم(ویست بۆ زانین) ی پەرتووكی مێژووی سێكسگەرایی 1976) كاری لەسەر كردوون. كەوابێت، “لە فوكۆوە فێری ئەوە بووین جەستەی زیندوو ئامانجی هەموو سیاسەتەكانە”. لێرە مەبەستی فوكۆ گشت جۆرەكانی دەسەڵاتە. “هیچ سیاسەتێك نییە كە سیاسەتی جەستەی نەبێت”، بەڵام بەپێی فوكۆ جەستە بوونەوەرێكی بایۆلۆجی نییە كە هێز بتوانێت كاری لەسەر بكات. وەكیتر، فوكۆ لە هەوڵی ئەوەشدا بووە كە لێكدانەوەی مێژوویی بۆ ئەو تەكنیكە جیاوازانە بكات كە هێز تیایاندا كارگێڕی ژیان و مەرگی دانیشتوان دەكات” ( وانەی ڤایرۆس: پاولۆ پرێسیادۆ). ئەمە بە واتای ئەوەش دێت كە بەسیاسیكردنی بایۆلۆجی لەكاتی ئاسای و لەكاتی پەتاكانا شوێن بۆخۆی داگیردەكات و خودی كۆرۆناش كولتووری سیاسی ئەوروپایی جارێكیتر دەخاتەوە بەرباسی فەلسەفی.

فوكۆ بە ئایدز مرد

فوكۆ یەكێكە لە قووربانیەكانی “سیاسەتی جەستە” (2). شاردنەوەی دووچاربوونی جەستەی فوكۆ بە ئایدز بەشێكە لە تێۆری بایۆپۆلیتیك كە خودی فوكۆ بەرهەمهێنەریەتی. هەر بۆیشە پێكەوەلكانی پاندێمی كۆرۆناڤایرۆس و بایۆپۆلیتیك ناوی ئەم بیرمەندە فەرەنسییە دەوروژێنێت. لە ناوەراستی ساڵی 1981 بەولاوە “ناوەندی كۆنترۆلی نەخۆشیەكان و خۆپارستنلێیان” (CDC ) لە ئەمەریكا چەند حاڵەتێكیان دەستنیشانكرد كە ناوی “ڤایرۆسی دابەزاندنی بەرگریی مرۆڤ، HIV”ی لێنرا. واتە، ڤایرۆسی نەخۆشی ئایدز. ئەم نەخۆشیە بە زۆری لەناو هاوڕەگەزبازەكانا بلآوبوەوە و میشێل فوكۆش یەكێك بوو لەو كەسانەی لە فەرەنسا لە ساڵی 1983 دووچاریبوو و پاش ساڵێكیش ، 25/06/1984 ، كوشتی. ئەو كات نەخۆشیەكە نە لەناو خەڵک ئاگایی پزیشکی لەسەربووە و نەش پزیشكانی فەرەنسی زۆر ئاشنابوونە پێی. بەپێی دانپیاهێنانەكانی دانیال دۆفێر (Daniel Defert) ی پارتنەری فوكۆ بێت ، فوكۆ ئەم نەخۆشیەی لە ئەمەریكاوە لەگەڵ خۆی هێناوە. فوكۆ پێش مردنی بە ماوەیەك لە سەفەرێكی زۆردا بوو بۆ ئەمەریكا و لەوێش سەردانی یانەی هاوڕەگەزبازەكانی كردووە. ئەو دەمەی فوكۆ بە ئایدز دەمرێت فەرەنسا لەبەر هەندێك ئیعتباراتی خێزانی و سیاسی بە ئاشكرا باسی لە نەخۆشیەكەی فوكۆ نەكردووە. هەمان ساڵی مردنی فوكۆ پارتنەرەكەی (لە 1963 تا كاتی مردنەكە لە 1984پێكەوەژیان) ڕێكخراوێكی بۆ داكۆكی لە مافی تووشبوانی ئایدز دامەزراند كە تائێستاش بەردەوامە. لەبەر ئەوەی فوكۆ و دۆفێر لەكاتی خۆیدا هاوسەرگیری فەرمیان نەكردبوو یان یاسای مەدەنی فەرەنسی ئەو كات ڕێگای بەم جۆرە هاوسەرگیریانە نەدەدا ئەمە وایكرد كێشەیەكی یاسای زۆر بۆ دۆفێر پاش مەرگی فوكۆ دروستبێت و بە ئاسانی نەبێتە خاوەنی ئەو میراتەی (شوقە، ئەرشیف و پەرتووكخانە) فوكۆ بۆی جێهێشتبوو. كەسوكاری فوكۆش ڕێگرنەبوون لەبەردەم وەسیەتنامەكەی فوكۆ، لێ تا ئەم ساڵانەش دۆفێر كێشەی فرۆشتنی شوقەكەی فوكۆ و ئەرشیف و پەرتووكخانەكەی هەبوو.

كۆرۆناڤایرۆس و دووبارەبیركردنەوە لە بایۆپۆلیتیك

بایۆپۆلیتیك زاراوەیەكە سەرەتا لەلایەن فوكۆوە بەكاربراوە و دواتر بواری بەكاربردنی لەسەر دەستی هەندێك بیرمەندی تر، بەتایبەت ئیتالی ( ئاگامبێن، ئەنتۆنی نیگری، رۆبێرتۆ ئێسپۆزیتۆ Esposito ) ، بەرینتر بوو. بایۆپۆلیتیك دوو زاراوەی گرنگمان بیردەخاتەوە كە ئەوەش ژیان (زیندەوەرناسی) و سیاسەتە. بەپێی ئەم تێۆرییە بێت دەسەڵات توانای خۆی بەسەر جەستەی تاكەكانی كۆمەڵگە پراكتیزەدەكات كە دواتر سەروەری، بابەتی مەرگ و بوونی جەستەش دەكەونە ناو پرۆسەكەوە. فوكۆ لە دوا بەشی یەكەم پەرتووكی (ویست بۆ زانین) “”مێژووی سێكسگەرای”” لەژێرناوی””مافی مەرگ و دەسەڵات بەسەر ژیانەوە”” ئەم لایەنە بە ووردی ڕاڤەدەكات، كە پاشان ئاگامبێن لە بەشی دووەمی پەرتووكی””هۆمۆساكەر: دەسەڵاتی سەروەری و مرۆڤی رووت””دێیتەسەر ئەو لایەنە تێۆریانەی فوكۆ بە كراوەیی جێیهێشتبوون، لەوانە “سەروەری و مرۆڤی رووت”، كە بەهۆیەوە ئەوەمان بۆ بەرچاویدەكات كە چۆن دەسەڵاتی سیاسی بۆ دەستگرتن بەسەر ژیانی بوونەوەرەكان هێزی خۆی بەكاردەبات. فوكۆ لە توێژینەوەكانیا ئەم لایەنەی بۆ لێكدانەوەی كەسی ناجۆری كۆمەڵگەش (لادەر، پەناهەندە، شێت، نانۆرمال یان ناساغ و.. )بەكاربردووە.
فوكۆ لەڕێگای بایۆپۆلیتیكەوە هەوڵی شیكاركردنی پەیوەندی هێزی داوە بە جەستەی كۆمەڵایەتییەوە. شیكاركردنەكەی زۆرتر ئاراستەی كۆمەڵگەی مۆدێرن كردووە. هەر لەبەرئەوە بەهۆی بایۆپۆلیتیكەوە باس لە كۆمەڵگەی سەروەریش دەكات كە بەرەو كۆمەڵگەی دیسیپلین دڕوات و تیایا ژیانی خەڵك چاودێریدەكرێت و ، خودی ژیانەكەش وەك ئامرازێك بۆ بەرژەوەندی نیشتیمانی بەكاردەبرێت. بەپێی فوكۆ بڵاوبوونەوەی تەكنیكەكانی دەسەڵاتی بایۆپۆلیتیك ،وەك تۆڕێك لە هێز، بوارە یاساییەكان تێدەپەڕێنێت تا ببێتە هێزێكی ئاسۆیی و لەوسەریشەوە گشت ژیانی جەستەی تاكەكان بگرێتەوە (لای خۆمان جەستەی سەردەشت عوسمان نموونەیەكە لەسەر ئەمە). كەواتە، گەوهەری تێگەیشتنی فوكۆ بۆ بایۆپۆلیتیك لە شیكاری پەیوەندی هێز بە جەستەوە خۆی پووختدەكاتەوە. جەستەی تاك لە كۆمەڵگە لە ڕێگای دیسیپلینەوە قۆرخدەكرێت. دامەزراوەكانی كۆمەڵگە ،كە دامەزراوەی سیاسیشن (نەخۆشخانە، قووتابخانە)، شوێنی پیادەكردنی ئەم دیسیپلینەن. بایۆپۆلیتیك لە كۆمەڵگەی نوێ بەپێی تەكنیكەكانی هێزی نوێ بەڕێوەدەچێت كە ئەوەش دەستدەگرێت بەسەر ژیان و مەرگی خەڵك، لەدایكبوون و مەرگ، تەندروستی تاكەكانی كۆمەڵگە (كەوتنەدوای د. عەبدولستار تاهیر شەریف تا مەزرەعەكەی و كوشتنی لەنێو زێدی خۆی نموونەیە لەسەر ئەتكردنی جەستە بەپێی پێویستی سیاسی).
بایۆپۆلیتیك بواری كاركردنی خۆی هەیە. بۆنموونە كاتێك درم و پەتا بڵاودەبێتەوە بە یەكێك لە بوارەكانی دەژمێردرێت. واتە بایۆپۆلیتیك هەردوو لایەنی سیاسی و تەندروستی پێكەوەگرێدەدات و، پێشماندەڵێت تەندروستی شتێكی بێ لایەن نییە و شوێنێكیشە بۆ پیادەكردنی دەسەڵاتی سیاسی دەوڵەت. هەر دەوڵەتیشە دواتر سەروەری دروستدەكات كە ئەوەش لەو سەرەوە دەبێتە بەشێك لە سیاسەتی بەكاربردنی جەستە. بەپێی زانینمەندی فوكۆ بێت بایۆپۆلیتیك بوارێكی شیكارییە بۆ كاركردن لەسەر ئاسایش، دیسیپلین و سەروەری. هەریەك لەوانەش پەیوەندییان بەیەكەوە هەیە. سەروەری پێویستی بە پیادەكردنی دیسیپلینە. بۆ ئەوەی ئەم دیسیپلینە پیادەبكرێت دەسەڵاتی سیاسی پێویستی بە دامەزراوەیە: قوتابخانە، نەخۆشخانە، بەندیخانە، ئەمانەش لەڕێگای پۆلیسەوە ئیشی خۆیان دەكەن. ئیشەكەش بریتییە لە بەرهەمهێنانی تاكەكانی كۆمەڵگە بەو جۆرەی میكانیزمی دەسەڵات پێویستیپێیەتی. بایۆپۆلیتیك لەگەڵ هاتنی مۆدێرنە وا لە سیاسەت دەكات دەستبخاتە ژیانی خەڵكەوە. بەڵام پێش مۆدێرنە مامەڵە لەگەڵ دەستەی بیمار و ناساغ ئاقاری تری وەرگرتووە. هەر بۆنموونە، گولی Leprosy كە بەهۆی بەكتریایێكەوە سەرهەڵدەدات و دەبێتە هۆكاری دروستكردنی لییر، بەپێی فوكۆ بێت، کە لە یەكێك لە نووسینەكانی (مێژووی شێتی) دا هێمای بۆكردووە ، گولی لە سەدەكانی ناوەڕاست دا وەك نەخۆشیەك سەیركراوە كە سزایەكی یەزدانییە و كەسی گول بە دورخستنەوەی لە كۆمەڵگە لە گولیدەخرێت. ئەوەش بەهۆی مردنێكی مەدەنیەوە كە لە ئاهەنگێكی دیاریكراودا بۆیدەسازێنرێت. گول كەسێكی پیسە و پێویستە لە كۆمەڵگە دوورخرێتەوە و مردنەكەشی لە دەرەوەی دەسەڵاتی خۆیەتی. لێرە جەستەی نەخۆش جەستەیەكی لایەندارە و شوێنی دروستكردنی مەترسی و لەخۆگرتنی درمی نادیارە. بەمجۆرە جەستەی گول جەستەیەکی گوماناوییە و خۆڕزگارکردن لێی پێویستە.
سەرباری هەموو ئەوانەی وترا، ئەو جۆرە هێزەی لەناو بایۆپۆلیتیكدا كاردەكات هێزێكی نوێیە و جەستە و ژیانیش دەكاتە بواری كاركردنی خۆی. بۆیە فوكۆ لە تێۆری بایۆپۆلیتیكدا پێیوایە كە، كەرەنتین سەرەتای پیادەكردنی ئەو هێزە سیاسییەیە كە لە بایۆپۆلیتیكدا پەنهانە. واتە، كاركردن لەسەر قۆرخكردنی ژیانی دانیشتوان (جەستە و زیندەگییان). ئەمە وادەكات دۆزی شاریش لەژێرسایەی كەرەنتبن بگۆڕێت كە خۆی لە هەندێك لایەن پووختدەكاتەوە: دابڕان لەیەكتر، ڕاگرتنی پاكوخاوێنی شار، تێكچوونی پەیوەندی نێوان مەرگ و لەدایكبوون و زۆر شتیتر. هەر ئەم جۆرە سیاسەتەش توانای ڕێكخستنی چاودێری تاكەكەنی كۆمەڵگە و هێزی كۆنترۆلكردن شیاودەكات (2). لەماوەی كەرەنتینە وردەكارییەكانی پاراستنی شار و خەڵكەكەی لەلایەن دەسەڵاتی سیاسی تەندروستییەوە ڕێك ئەوەیە كە فوكۆ لە “”چاودێری و سزا “” لە بەشی سێهەم بەناوی “”(چاودێری هەموو، Le panoptisme “” باسی لێوەكردووە.

پزیشكی و بایۆلۆجی بوونە بەشێك لە دەسەڵاتی سیاسی لە سەردەمی كۆرۆنا

بایۆهێز (زیندەگی هێز)(biopouvoir/ biopower) جۆرێكە لە جۆرەكانی هێزی سیاسی كە دەسەڵات بەسەر تاكەكانی كۆمەڵگە پیادەیدەكات. دەسەڵاتی سیاسی كۆمەڵگەی نوێ لەڕێگای هەندێك تەكنیكی خۆیەوە (تەكنیكی لەدایكبوون و مردن) جەستە و ژیانی تاكەكانی كۆمەڵگە كۆنترۆڵدەكات. بەم جۆرە، لەڕێگای تێۆری بایۆپۆلیتیكی فوكۆوە لەوە حاڵیدەبین ژیاندان بە كەسێك و ژیانوەرگرتنەوە لە كەسێك ئیشی سیاسەتە( كوشتنی كاوە گەرمیانی). پەیوەندی نێوان خودی دەسەڵات و كوشتنیش هەر دەچێتە ئەم خانەیەوە. مۆدێلە سیاسییەكان لە كۆن و لە ئێستادا ئەمەیان پیادەكردوە. جەستەی جوولەكە بەدەستە نازیەكانەوە، جەستەی كورد بەدەست ئەنفالچیەكانەوە، جەستەی فەلەستیینیەك بەدەست ئیسرائیلیەكانەوە، جەستەی جەزائیریەكان بەدەست كۆلۆنیالە فەرەنسیەكانەوە. لێرەوە تێكنەلۆژیای كۆنترۆل لەدایكدەبێت كە كۆنترۆلی جەستە و رۆحی تاكەكانی كۆمەڵگە دەكات، كە ئەمەش بەسیاسیبوونی ژیان یان مردن لەگەڵ خۆی دەهێنێت. فوكۆ لە پەرتووكی””پێویستە داكۆكی لە كۆمەلگە بكرێت””باس لەوە دەكات كە “كێ بژێت و كێ بمرێت”. ژیان لەمحالەتەدا دەبێتە سیاسەت و مردنیش هەر لەژێركۆنترۆلی سیاسەتدا دەبێت. كۆتای ژیان، كە مەرگە، سیاسەت دەستنیشانیدەكات (شێوەی مردنەكەی بۆنموونە مام جەلال و كاك نەوشیروان یان یاسر عەرەفات، ئەو داستانانەی لەسەر مەرگیان دروستكرا). واتە سیاسەت مەرگی جەستە دیاریدەكات. لەسەردەمی حكومەتی ساركۆزی ویسترا گۆڕی ئەلبێر كامۆ لە گۆڕستانێكی باشوری فەرەنساوە بۆ گۆڕستانی مەزنەكان، پانتێۆن (Panthéon )، لە پاریس بگوازرێتەوە، بەڵام كاترینی كچی كامۆ ئەو پێشنیارەی ساركۆزی ڕەتكردەوە. ئامانجی سیاسی لە پشت ئەم كردارەی ساركۆزییەوە بوو. پیرۆزكردنی جەستەی مردوو، مردووێك كە دەكارێت هاوكێشە سیاسییەكان بگۆڕێت (بۆنموونە هەوڵی گەڕانەوەی گۆڕی نازم حیكمەتی شاعیری تورك لە مۆسكۆ وە بۆ توركیا، یان شێوەی ناشتنەکەی بن لادن: تەرمەکەی هەڵدرایە ناو دەریاوە). بازرگانیكردنیش بە مردووەوە لە بەشێك لە پرسەكانا بەشێکە لەم لایەنە.
ژیانی خەڵك كە بریتییە لە ژیانێكی جەستەیی تەندروستی جەستەش بابەتی شیكارییە. لەم حاڵەتەشدا سیاسەت لەگەڵ زیندەوەرناسی مرۆڤ یەك دەگرێتەوە كە تەندروستی خەڵك (یان گشتی)یش لەخۆدەگرێت. ژیانی جەستەیی خەڵك كە بەهۆی زیندەوەرناسییەوە دەبێتە بابەتی شیكاری بۆ تەندروستی ئەمە وادەكات پزیشكی لەڕێگای زیندەوەرناسییەوە بێتەناوەوە. واتە، جەستە بەهۆی زیندەوەرناسییەوە دەبێتە بابەتی سیاسەت. فوكۆ لەم ڕەوەوە سەرچاوەیەكی ئێپیستیمییە(مەعریفییە) بۆ بابەتی قۆرخكردنی جەستە لەلایەن دەسەڵاتەوە. خەڵك بەیارمەتی “تەندروستی گشتی” public health یەوە دەبێتە بابەتی دەسەڵاتی تەندروستی كە دەسەڵاتە سیاسییەكەش لەخۆدەگرێت. بەمجۆرە، پاش ئەوەی جەستە دەبێتە بابەتی تەندروستی، كە دامەزراوەیەكی پزیشكییە و بەشێكیشە لە دەسەڵاتی سیاسیی، دەبینین كە تەندروستی ئیشی كاركردنە لەسەر بوونی جەستە. جەستە لێرەوە دەبێت موڵكی ئەویتر، بەسیاسیدەكرێت و لە خاوەنداریەتی “خودی” ییە وە دەگوازرێتەوە بۆ خاوەنداریەتی “ئەویتر”. بۆنموونە جەستەی جوولەكەیەك كە دەبێتە بابەتی شیكاری و موڵكی نازیەكان یاخود جەستەی كوردێك كە بەدەست بەعسیەكانەوە دەبێتە شوێنێك بۆ یاریپێكردن و مامەڵەپێوەكردن (سوتاندن، لەسێدارەدان، شێواندن و تادەگاتە زیندەبەچاڵكردن). لەژێرسایەی ئەم جۆرە مامەڵەكردنە بە جەستە دەسەڵاتی سیاسی بوارێك بۆ دادوەریكردن بە جەستە دەدۆزێتەوە. واتە جەستەی”تۆ” تەنیا موڵكی”تۆ” نییە، موڵكی ئەویتری سیاسیشە (بۆنموونە ڕادەستنەکردنەوەی جەستە كۆرۆناویەكان بە خێزانەكانیان یان جەستەی هەندێک سەرکردەی مێژووی یان سیاسی بە کەسوکاریان ). لێرە دادوەریكردن بەمانای ئەوە دێت كە دەسەڵاتی سیاسی مافی ژیاندان بە جەستە، قۆرخكردن و لەناوبردنیشی هەیە. بەمە جەستە شتێكی شاراوە نابێت و شوێنێكیشە كە دەسەڵاتی تەندروستی، كە ڕەوایەتیەكەی لە دەسەڵاتی سیاسییەوە وەردەگرێت، دەكارێت بڕیار لەسەر چارەنووسی جەستە بدات. واتە، دامەزراوەی تەندروستی لەوە دەردەچێت تەنیا بریتی بێت لە شوێنێك بۆ دیاریكردنی بیماری یان ئێش ، بەڵكو شوێنێكیشە بۆ دەستنیشانكردنی ماهیەتی جەستە و چۆنیەتی قۆرخكردنی. بەمە دەرمان و چارەسەر بێ لایەن نابن (سیاسی لە چ نەخۆشخانەیەك دەخەوێنرێت و میوانەكانیشی كێ دەبن؟). نەخۆشی كەسایەتی دیاریدەكات و كار لەسەر ئیعلانكردنی ناسنامەی جەستە دەكات. نەخۆشیەكانی جەستە دەشاردرێنەوە. جەستە دەبێت بە بەشێك لە نهێنی (مردنی فوكۆ بە ئایدز). ئاشكراكردنی نهێنی جەستە تێرۆری بەدواوە دەبێت. كێ بە چی مرد؟ كێ چۆن مرد؟ زۆربەی رووداوەكانی تێرۆر و كوشتن، كوشتن بە ئازاردان و یان دەرمانخوردكردن و زۆر شتیتریش دەچنە خانەی ئەو گفوگۆیانەی دەشێت بكرێن لەسەر: نهێنی جەستە، نهێنی مەرگ، سیاسەتی مردن یان سیاسەتی جەستە. مەرگ كە واتای جەستە لەخۆدەگرێت بێ لایەن نابێت. بۆیە دەسەڵاتی سیاسی مانا بۆ جەستە، بۆ مەرگ دەدۆزێتەوە. بەهای جەستە و بەهای مەرگەكان بەیەكتر تێكەڵدەبن. ساڵانێك دەوترا كە پێش دووەم كاندیكردنەوەی سەرۆكی فەرەنسا میتێران Mitterrand دەنگۆی ئەوە هەبووە كە شێرپەنجەی پرۆستاتی هەبووبێت و ئەمە لە عەوام شاردراوەتەوە. نهێنیەكانی جەستە و سیاسەتی بندەستكردن و داگیركردنی جەستە بەزمی زۆرە و كۆرۆناش سەرلەبەر ئەم بابەتەی گۆڕی و جەستە جارێكی تر بوەوە بە بابەتی تەندروستی سیاسی و دەسەڵاتی بایۆلۆژی.
كۆرۆنا مەرگی بە سیاسیكرد. بەسیاسیبوونی مەرگ سەرچاوەكەی بۆ بەسیاسیكردنی جەستە دەگەڕێتەوە. لە ترسی دووچارنەبوون بە كۆرۆنا و ڕێگاگرتن لە تەشەنەسەندنی پەتای كۆرۆنا داوایلێكردین جەستە بشارینەوە. بۆیە جەستەی كۆرۆناوی ونكرا و بێ ناسنامە كرا. خۆ نەناسكردن لە جەستە بوو بە بابەتی كۆرۆنا. كۆرۆنا و جەستە هۆكاربوون كە كۆرۆنا و مەرگ لەیەكتربئاڵێن. كۆرۆنا ئێژێت: جەستەی كۆرۆناوی ترسناكە. جەستە ونكردنی پێویستە، لێرە ونكردن لەڕێگای شاردنەوەی جەستە لە شوێنێكی نادیار لە خۆ دەگرێت. مەرگ نادیاركرا، چونكە جەستە نادیاركرا یان بێ ناسنامە كرا. ترس لە جەستەی كۆرۆناوی بوو بە ترس لە مەرگی كۆرۆناوی. كۆرۆنا كە مەرگ هێنەرە جەستەی بێ بەها كرد. كۆرۆنا هات تا جەستە قێزەوەنبكات، بەوەش مەرگ قێزەوەن بوو. قێزەوەنكردنی جەستە كە ناشرینكردنی مەرگی بەدەمەوەیە پێش كۆرۆنا نازیەكان لە ئاوشویتز Auschwitz ، لە ئۆردوگا زۆرەملێكانی سوتان و ئەتكردنی جەستەی جوولەكەكان، ئەنجامیاندا. دواتریش جەستە لە چەندین شوێنیتر، لەژێرسایەی دەسەڵاتە دیكتاتۆر و ڕەگەزپەرستەكان گاڵتەیپێكرا و بووە هێمای نەتەوە و سیاسەت. چی بەسەر بۆسنییەكان نەهات لە شەڕی بەڵقانی 1991؟ لێرە دەشێت قسە لە کاریگەرییەکانی بایۆهێز (Biopower ) بكرێت. فوكۆ لە سیمینارەكانی كۆلێجی دۆ فرانس، نووسینی “”ویست بۆ هێز”” و “”چاودێری و سزا”” واتای بایۆهێزی بەكاربردووە و ئامانجیشی لە بەكاربردنەكەی ئەوە بووە كە ئەوەمان لاڕوونبێت کە دەسەڵاتی سیاسی دەستدەگرێت بەسەر ژیان bios ی خەڵكەوە. بایۆپۆلیتیك لە تێگەیشتنی فەلسەفی فوكۆ بریتییە لە دەسەڵاتی دەوڵەت كە قۆرخی ژیانی جەستەی مرۆڤ دەكات. نازییەكان باشترین نموونەن لەسەر ئەوە. ئەنفال كە جەستەی مرۆڤی كورد ئەتكدەكات، جێنۆسایدی ڕوەندا Rwanda یان ئەرمەنییەكان.
پەراوێز: (1). بەپێی ئەرشیفی نووسینەكانی فوكۆ بێت ناوبراو لە ماوەی ساڵانی 1965 بۆ 1976 پێنج جار سەردانی بەرازیلی كردوە و لەوێ چەند سمینارێكی سازكردوە كە تەوەرەكانی تایبەت بوونە بە: كۆچاودێری (Panopticism) ، هاتنەدونیای پزیشكی كۆمەڵایەتی، كۆمەڵگەی سزادان، پێكەوەلكانی نەخۆشخانە بە تێكنەلۆژیای نوێوە، ویست بۆ زانین یان ئۆدیپۆس و چەند باسێكیتر كە دەچنە خانەی شیكاری لەمەڕ قەیرانی پزیشكی، دامەزراوەكان، زانین و هێز لەوانەش گرنگتر بابەتە سەرەكیەكەی فوكۆ، بایۆپۆلیتیك، كە تێكڕای ئەم لایەنانە لەخۆدەگرێت ، كە دواتر لە كارە چاپكراوەكانی ساڵانی پاش 1976 ڕەنگدانەوەی خۆیان هەبووە. لێرە مەبەست پەرتووكە ناسراوەكانیەتی: “”چاودێری و سزا”” و بەشی یەكەمی “”مێژووی سێكسگەرایی””. جگەلەناو فەرەنسا لە بەرازیلیش بە زمانی پۆرتوگالی لەم ساڵانەی دوایدا قسەیەكی زۆر لەسەر سەردانەكانی فوكۆ بۆ بەرازیل ،و ئەو وانانەی لەو ماوەیەدا لەوێندەرێ وتونیەتەوە، كرا. تەنانەت هەڵوێستی بێدەنگانەی فوكۆ سەبارەت بە دۆزی سیاسی ئەو دەمەی بەرازیل و بەدواچوونەكانی پۆلیسی نهێنی بەرازیلی لە ئامانجی سەفەرەكانی فوكۆ بۆ ئەو وڵاتە قسەی لەسەرە.
(2). لەكاتی ناشتنی فوكۆ ژیل دولۆز (Deleuze ) پەڕەگرافێك لە پەرتووكی”” مێژووی سێكسگەرایی”” فوكۆ بەنموونە وەردەگرێت و دەیخوێنێتەوە. دولۆز، بەپێی نزیكی لە فوكۆوە، یەكەم كەس دەبێت پاش مەرگی فوكۆ پەرتووكێك لەسەر فوكۆ بەناوی”” فوكۆ””وە، لە 1986، دەنووسیت. لە كۆتای 1969 فوكۆ لە لێدوانێك لەگەڵ دوو خوێندكاری خۆی كە بەڕەچەڵەك ئەمەریكی دەبن ،وەك دانپیاهێنانێك بە تواناكانی دولۆز، بەم جۆرە دولۆز ناوزەددەكات :””ڕۆژێك دێت ئەم چاخە بە چاخی دولۆزی ناودەنرێت “”، كە دواتر دولۆز وەڵامی فوكۆ لەڕێگای هەمان ئەو خوێندكارانەوە بەم جۆرە دەداتەوە:”” فوكۆ لەبەر سادەی خۆی بەو جۆرە پێناسەی “من” دەكات ، ئەگەرنا ئەوە فوكۆیە چاخەكەی بەناوەوە دەنرێت نەك من””.

ئازاد حەمە

بۆ خوێندنەوەی بەشەکانی تری ئەم بابەتە کلیکی ئێرەبکەن ……




لە ھەوەسی مۆبایل و تڕومبێلەوە بۆ ھەرەسی شەھادە و فێرکاریی … ھەندرێن

ئێستا و لێرەدا بوار بۆ ئاخاوتن لەسەر رەوشی پەوەردە و خوێندن دوای رێژێمی بەعسی رووخێنراو بە دەستی ئەمەریکا لە کوردستان نەڕەخساوە، ھەروەک مەبەستیش نییە باس لە چاکە و خراپەی ئەو بڕیارەی وەزیری خوێندنی باڵا و پەوەردە بکرێت، چونکە کێشەکە لەمە و لەوێھێش دوورترە.
بە گوتنێکی دیکە، دۆخی پەروەردە و خوێندن لە کوردستاندا دەمێکە لە داوەشاندا دەژیت. بۆیە ئەو رەوشە وەک زۆربەی بوارەکانی دیکە، ھەڵوەشاندنەوە و بونیاتنانەوەی گەرەکە، کە ئەمەیش ئیرادەی سیاسەتی پرۆژەیەکی مرۆڤسازیی و پەوەردەکارگەلێکی لە پەرەوەردەخوازیی لێھاتوو دەخوازێت.

ئەوەی لێرەدا رەنگە جێگەی رامان بێت، نەک تێدامان، ئەوەیە، کە ئەگەر بتەوێ لەو دیاردەی ھەوەسی رووکردنە خوێندن و شەھادە تێبگەیت، گەرەکە ئاوڕ لەو چەند ساڵەی رابردوو بدەیتەوە؛ بە دیاریکراوی دوای رووخانی رژێمی بەعس بدەیتەوە.
وەک دەزانین، دوای ئەوە بە ھۆی ئەو دۆخە سیاسیی و ئابوورییەی کە دوای رژێمی بەعس ھاتە کایەوە، خەلکی تووشی دەردی پارە، ماددە،کاڵا؛ بەرخۆرییەک لە فیتشیزم، واتا کالاخوازییەکی تێرنەبووی کرد.
بەمجۆرە سەرەتای ئەو دەردی فیتیشیزم( Fetischism)ە،ھەوەسی نەدی و بدییە بۆ کاڵای مۆبایل، خواردن، خانوو، و عەرد کڕین و تشتومەک، کە نەخۆشییەکی بکوژی دۆخی سەرمایەدارییە، دەستی پێکرد.
بۆیە تەلەفۆن بە دەیان ناوی سەیر و سەمەرەی وەک ناوی ژنانی قەڵەو، بارک، گۆرانیبێژ و سیاسیی و میاسی چووێندران و تەلەفۆن بۆ گەورە و بچووکانی کورد، جیگەی بووکۆکە و دەمانچەی ژبەر پشدێنانی گرتەوە.
ھاوکاتیش خەلک شێت و شەیدای مۆدە مۆدێلی تشتومەک، خانوو سازکردن و خواردنی فشۆڵ بوون.

دوا بە دوای ئەو بەزمەوە، خولیا و خەونی دیاردەی مۆدە و مۆدێلی تڕومبێل خوازیی وەک ئافات عەوام و حەشاماتی تووشی دەیان کەتن کرد، تا وای لێھات منداڵ و مێردمنداڵیش لە ماڵەکان گڕناگەیان بەوە دەگرت، ئەگەر تڕومبێلێکی لەو مۆدێلە باوانەیان بۆ نەکڕن یان دەچن بۆ خاریج یان کەتنێک دەکەن.
سەرنجڕاکێش لەوەدایە، مۆدێلی تڕومبێلان لە کۆمەڵگەیەکی نائازاد لە ئەڤینداریی و سێکسبرسییدا،بوو بە ھەوەسێکی سێکسیی، بۆیە تڕومبێلی گران و باش بەناوی ژنە گۆرانیبێژ و مۆدێلە سێکسییەکان کران، وەک مۆنیکا و… تاد.

لە ئەنجامی ئەو ئافاتی فیتیشیزمی تڕومبێلەدا، نەک ھەر وەک بەردەوامییەک لە داگیرکردن و تاڵانکردنی ژینگەی شارۆکە و سروشتی کوردستان، تڕومبێل نەک ھەر بوو بە نەخۆشی ، بەڵکە رئژەی مردن بە دەعمی تڕومبێلان لە شەڕیخۆکوژیی و شەڕی چەکداری پێشمەرگەیش دژی بەعس زیاتر بوو.

ئیتر ئەوھا ئەو دۆخە سیاسیی و پەروەردە کاڵا و کەوڵکاریی، دیاردەی زانکۆ دروستکردنی لە ھەموو شارۆکەکانی کوردستانی دەسپێکرد، کە ئەگەر بەڵای داعش و بەزمی نەدانی بوودجەی لە بەغدا نەبوونایە، زانکۆ لە گوندیش دەکرایەوە.
بەمجۆرە زانکۆ لە جیاتی فەزایەک بۆ مرۆڤی نوێی زانینخواز، بوو پێشەنگەی مۆدە و مۆدێلی جەستەی جل و بەرگی ھەوەس سووتێنەران.
لەوەش بترازێ، بە ئەھلیکردنی زانکۆ، زانکۆی کرد بە نموونەیەک لە کۆمپانیای بازرگانی، کە ئەمەیش تێگەیشتنێکە لە لاساییکردنەوەی سیستەمی نیولیبرالیزم، کە بۆ کوردستان زۆر زوو بوو.

بۆیە ئەو تێگەیشتنە لە کردەی خوێندن و شەھادەداریی لە لایەن حیزبە حکومڕانەکانەوە وای لە خەلک کرد، لە دوورترین گوندەوە بۆ شارۆکەکان، بە دەستھێنانی «شەھادە» و خوێندن لە زانکۆ ، وەک دیاردەی پێشووی ھەوەسی کاڵا، خانووکڕین، مۆبایلخوازیی ، تڕومبێلپەرستی، ببینێت.
ئەمەیش وایکرد، تۆی کیژ یان کوڕ شەھادەی زانکۆت نەبێت، کەس نە مێردت پێ بکا و نە بشتخوازن.

لەوەش خۆشتر، ساڵانە بە بەھانەی عەنتیکە، وەزارەتی خوێندنی باڵا و زانکۆکان کۆتای ساڵ پێنج تا دە نمرە بە گۆترە بەسەر قوتابیان وەک جەژنانە، سەدەقە، خێرات و دیاریی دابەش دەکرێن.

ئەو وێناندنە لە پەوەردە و شەھادەداریی وای لیھات، کە ساڵانێکە شەھادەی بە کەلۆری لە زانکۆ، وەک تڕومبێلی مۆدێل ئاسایی و مۆبایلی ئاسایی و خانووی ئاسایی، کە لەسەرەتادا ھەبوون، باوی نەمایەوە، بەڵکە لە ھیکڕا مۆدەی ماجستەر، دکتۆرا و پلە و لەقبی بەرزتر ، ھەڵبەت زۆرینەیان بێ زانینێکی نوێش، بوون بە گرێی مرۆڤ لێرە.
بەمجۆرە خەریکە پێشگری دکتۆر و دختۆر لە جیاتی ناوی سێیانی مرۆڤ لێرە، دەبن بە ناوی سەرەکی.
بەزمێکە وای لێھاتووە بانگکردنی خەڵک بەناوی خحی عەیبە بێت؛ بە من نەڵێی دکتۆر فان دختۆر، مۆڕەت لێ بکەم!
لە ئافاتی مۆدەی قات و بۆینباغیش ھەر بگەڕێ!

لەو دیدەی گوترا، کێشەی ئەو بڕیارەی وەزیری خوێندنی باڵا لە ھەڵە و راستی ئەو ڕیارەیدا نییە، ھەروەک کێشەکە لە فێربوون و فێرنەبوونی ئەو ماوەیەش نییە کە بە ھۆی کەرەنتینەوە دەرسەکان نەخوێنراون، بەڵکە کێشەکە لەو فێرکردنەی خەنیبوونی قوتابی/خوێندکارەی کوردە بەو بڕیارە!
ھەروەک کێشەکە لەو ھەوەسی بە فشە سەیرکردنی ژیانی زانکۆ و خوێندن و خوێندەوارییە. هەروەک پێویستی بە بیرکردنەوە لە خولیای خوێندن و داهێنانە لە لایەن ئەو تاکەکەسانەی کۆمەڵگەوە.؛ بیرکردنەوەیە لە بەهای زانین لە دیدی مامۆستا و خوێندکار/قوتابیان لە پەیوەندی بە خوێندنەوە.

لەوەش ھەژەندھێنەرتر، پرسیار ئەوەیە، ئاخۆ داھاتووی ئەم کوردستانە دامالێنراو و تاڵانکراوە بە دەستی دەرەکیی و ناوەکییەوە، فێرکردن ئەو نەوەیە بەمجۆرە تێگەیشتن و زانینە لە پەروەردە، زانین و ئەخلاقی رەجەبیی و بندیوارییەوە، چۆن بەڕێوە دەچێت؟

لئرەوە من ئەو رەوشەی پەروەردە، وەک جومگەیەک لە کۆی جومگەکانی جەستەی کۆمەلگەوە، بە رەوشێک لە «Decadence»، واتە داڕمان، داوەشان، داڕوخان لە بەھای زانین و بگرە بوونی بەھای چاکە دەبینم.

لئ بەرسڤی ئەو پرسیارە بۆ ئەو نەوەیە خۆی دەمێنێتەوە، ئەگەر بەو جۆرە ئاکارە لە خوێندن و پەروەردەیەی کە خوازرییەتی، فێری ئێتیکی ژیانیکی ئێستێتیکی چاک بوو بیت!

ھەندرێن

تێبینی! ئەو دوو وێنەیە، ئاماژەیە بۆ چەمکی پایدیا، واتە پەروەردە لە رۆژگاری گرێکی کۆن و بە دواوە. بۆ ئەوانەی بخوازن دەکارن بە رەگی چەمکی پەروەردەدا بچنەوە.




لە ساڵڕۆژی (٧٩) ساڵەی یادی فەرهوود و کۆمەڵکوژیی جوولەکەکان لە عـێراقدا.. رەزا شوان

چەند سەد ساڵێک لە پێش مێژووی زاینیدا، ئیمپراتۆرییەتی ئاشووری و ئیمپراتۆرییەتی بابیلییەکان، هەریەکەیان بە جیا و یەک لە دوای یەک، لە چەند هێڕشێکی گەورەدا پەلاماری وڵاتی جوولەکەکانیان دا، لەو شوێنەی کە لە ئێستادا (ده‌وڵه‌تی ئیىسرائیل)ه‌، وڵاتەکەیان لێ داگیردن و ماڵەکانیشیان تاڵان کردن.. ژمارەیەکی زۆریشیان لێ کوشتن، بە هەزاران خێزانی جوولەکەشیان، لە وڵاتی خۆیاندا سەرگەردان و دەربەدەر و ئاوارە کردن، روویان لە گەلێ لە وڵاتانی جیهان کرد.. ژمارەیەکی جوولەکەی زۆریشیان بە یەخسیری و بە ماڵ و منداڵەوە هێنان بۆ کوردستان و بۆ عێراق.. لە هەموو ناوچەکانی کوردستان و لە ناوچەکانی عێراقیشدا نیشتەجێیان کردن.. ئەوەشیان لێ قەدەغەکردن کە جارێکی تر بگەڕێنەوە بۆ زێد و وڵاتی خۆیان.
وەکو چۆن لە پێشا ئاشوورییەکان و بابیلییەکان، بە زۆر و بە یەخسیری جوولەکەکانیان هاورد بۆ کوردستان و بۆ عێراق.. کە لە (١٤/ یوونی/١٩٤٨) دا، (دەوڵەتی ئیسرائیل) راگەیاندرا. عێراق و هەموو وڵاتە عەرەبییەکان، دوای ئەوەی کە هەموو ماڵ و سامانی جوولەکەکانیان تاڵانیکردن، کە بە رەنجی شان و بە کوێرەوەری پەیدایان کردبوون، ناسنامەکانیشیان هەڵوەشاندنەوە و کۆتاییان پێهێنان.. حکومەتی عێراق و هەموو حکومەتە عەرەبییەکان، بە زۆر و بە گیرفانی بەتاڵ و بە جانتایەکەوە، جوولەکەکانی وڵاتەکانیان، پەستانیانە نێو فڕۆکەوە و ناردیاننەوە بۆ ئیسرائیل.
جوولەکەکانی کوردستان، کونترین کۆمەڵە جوولەکەن لە هەموو جیهاندا، لە دەرەوەی ئیسرائیل دا.. لە زۆر رووەوە جیاوازییان لەگەڵ جوولەکەکانی تری جیهاندا هەبوو. میژووی بوونی جوولەکە لە کوردستاندا بو نزیکەی (٢٧٠٠) ساڵ دەگەڕێتەوە، لە ئەنجامی هێڕشی ئاشوورییەکان بۆ سەر وڵاتی جوولەکەکان، بە هەزاران جوولەکەیان دەستگیرکردن و وەکو یەخسیری جەنگ هێنایانن بۆ کوردستان، تا نەتوانن بگەڕێنەوە بۆ زێـد و نیشتمانی خۆیان.. بەڵام جوولەکەکانی عێراق بوونیان لەعێراقدا، دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی (٢٦٠٠) ساڵ، لە سەردەمی (بابیلییەکان) دا، هێڕشیان کردە سەر وڵاتی جوولەکەکان و زیاتر له‌ (٤٠) هەزار جوولەکەیان بە ماڵ و منداڵەوە وەکو یەخسیری جەنگ، هێنانن بۆ عێراق و بە زۆری لە شاری (بابیل) دا نیشتەجێیان کردن.
کاتێکیش کە ئیمپراتۆرییەتی ئاشووری لە ساڵی (٦١٢) ی پێش زاینیدا لە لایەن سوپای (ئیمپراتۆریەتی میدیا)ی کورییەوە لە سەردەمی (كه‌یخوسره‌و) شا دا، بە هاوپەیمانی لەگەڵ (ئیمپراتۆرییەتی بابیلی) دا، هێڕشیان کردە سەر شاری (نه‌ینه‌وا) ی پایتەختی دەوڵەتی ئاشووری و داگیریان کرد.. دەوڵەتی ئاشووری رووخا و کۆتایی بە دەسەڵاتیان هات.. شاری نەینەوا و شاری کەرکووکیش لە ساڵی (٦١٤) پێش زاینی، دوو شاربوون لە شارەکانی ئیمپراتۆریەتی میدیا کە پایتەختەکەیان شاری (ئەکباتان) بوو لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا.. لە دواییدا ناوەکەیان گۆڕی و بوو بە (هه‌مه‌دان).

کە لە ساڵی (١١٥٨) ی زاینیدا، مەغۆلییەکان بە سەرکردایەتی (هۆلاکۆ) شاری بەغدا و بەشێکی زۆری عێراقیان داگیرکرد، مەغۆلییەکان رەشەکوژییەکی گەورە و خوێنێکی زۆری خەڵکی بەغدایان رشت.. بە رادەیەک دەڵێن، هێندە خوێن رژایە ناو رووباری دیجلەوە، ئاوەکەی سووربوو.. جوولەکەیەکی زۆریش لە نێو ئەو رەشەکوژییەدا بوون. لە کۆتایی سەدەی چواردەمین و سەرەتای سەدەی پانگزەمیندا، لە ترسی درێژەدان بە کوشتن و چەوساندنەوە لە لایەن مەغولییەکانەوە.. بەشێکی زۆری جوولەکەکانی بەغدا و خوارووی عێراق لە ترسان هەڵهاتن و روویان لە هەموو ناوچەکانی کوردستان کرد و نيشتەجێ بوون و نەگەڕانەوە.

دێینە سەر کرۆکی سەرناوی باسەکەمان، دەربارەی (کارەساتی فەرهوود) و تراژیدیای کۆمەڵکوژی جوولەکەکان، بە دڕندەترین شێوە لە شاری بەغـدا لە ساڵی (١٩٤١) دا.
ژمارە جوولەکەکان لە عێراقدا (مه‌به‌ستمان لە ناوه‌ڕاست و لە خوارووی عێراقه‌.. نه‌ك كوردستان) پێش دەرکرد و ناردنەوەیان بۆ ئیسرائیل، بە پێی سەرژمێری (١٩٤٧) لە عێراقدا، زیاتر لە (١٣٠) هەزار جوولەکە بوون.. لە هەموو شارەکانی عێراقدا بوونیان هەبوو.. زۆرترینیان لە شاری (بەغـدا) دەژیان.. لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا رێژەی جوولەکەکان لە (٤٠%) ی ژمارەی دانیشوانی شاری بەغـدا بوون. لە دوای بەغداش، ژمارەیەکی زۆریان لە شاری (بەسرە) لە خوارووی دەژیان.. لە ئێستادا، ژمارەی جوولەکەکان لە عێراقدا لە (١%) کەمترن. ئەمەش ژمارەیەکی زۆر کەمە. ناشوێرن بە ئاشکرا بڵێن ئێمە جوولەکەین، ناشوێرن هیچ بۆنە و جەژن و ریوڕەسمێکی ئاینیان ئەنجام بدەن. بەڵام لە باشووری کوردستاندا، لە ئێستادا نزیکەی شەش هەزار جوولەکە هەن.. بە فەرمی و بە ئازادی جەژن و رێوڕەسمی ئاینی خۆیان دەکەن.. نوێنەریشیان لە وەزارەتی ئەوقافی کوردستان دا هەیە.
جوولەکەکانی عێراق، زۆر بێوەی بوون و زیانیان بۆ هیچ کەس نەبوو. رۆڵێکی گەورە و گرنگیان هەبوو لە بنیادنانی عێراق و لە پێشکەوتنیدا.. چونکە چینێکی خوێندەوار و رۆشنبیر و داهێنەر بوون.. کەسایەتییەکی زۆریان لە بواری سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و رۆشنبیری و هونەری و ئەدەبی لێ هەڵکەوت.. کارتێکردنێکی زۆریان لەسەر گەشەکردن و پێشکەوتنی بواری ئەدەبی و رۆشنبیری و هونەری و کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی عێراقدا هەبوو.. بە دەیان هونەرمەند و نووسەر و رۆشنبیری و زانای ناسراوی عێراق، قوتابی وشاگردی مامۆستایان و هونەرمەندان و زانایان و رۆشنبیرانی جوولەکەکان بوون.. بۆ یەکەمین جاریش لە سەدەی نۆزدەمیندا، لە ساڵی (١٨٦٣) دا (موسا بـارۆخ مـزراحی)ی جوولەکە، یەکەمین چاپخانەی بۆ بەغدا هێنا. یەکەمین رۆژنامەشیان بە ناوی (هـادوفـیر) واتا (دوێنەر) کە بە زمانی عیبری بوو هەر لەو چاپخانەیەدا چاپیان دەکرد و بڵاویان دەکردەوە.. چەندین پەرتووکێکیشیان هەر بە زمانی عـیبری چاپکرد و بڵاویان کردەوە.

جوولەکەکان و کوردانی فەیلی، بڕبڕەپشتی ئابووری عێراق بوون.. خاوەنی گەورەترین دوکان و کۆگا و بازاڕی بازرگانی و هاوردن و فرۆشتن بوون، وەکو بازاڕی (شۆڕیجە) و بازايی (جەمیلە) لە بەغدا.. خاوەنی زەین و ئەقڵییەتێکی بازرگانی بوون.. بۆیە لە سەردەمی رژێمی بەعسی رەگەزپەرستدا، لە (٢٤/٧/١٩٩٢) دا، بە بڕیاری دیکتاتۆر سەدام حوسێن، زیاتر لە (٤٢) گەورە بازرگانی بەغدایان گرت و لە سێدارەیان دان، بەشێک لەو بازرگانانە کوردی فەیلی بوون.. هەندێک لە سێدارەدراوەکان بازرگانیش نەبوون، کریکار و کۆڵهەڵگر و فەرمانەبەر بوون لەو شوێنە بازرگانییانە، ئەوانیش لەگەڵ بازرگانەکاندا لە سێدارە دران.. ئەمەیە (یاسای دارستان). بازرگانەکانیش هیچ تاوانێکیان نەبوو، هەر ئەو رۆژەی گرتیانیان بۆ سبەینێکەی لە سێدارە دران.. چی سامان و ماڵ و پارەیەکیان هەبوو دەستیان بە سەریاندا گرتن.. مەبەستی سەدامیش سەروەت و سامانەکانیان بوو.. چەند بوختانێکیان بۆ لە سێدارەدانیان بۆ هەڵبەستن.
کارەساتی (فه‌رهوود): وشەی فەرهوود لە ناو عەرەبەکانی عێراقدا، لە کۆنەوە باو و بڵاو بوو.. وشەی فەرهوود لە زمانی کوردی دا، بەرانبەر بە وشەی (تاڵانیکردن) ە، یا دزین و بردن و داگیرکردنی ماڵ و سامانی خەڵکی بە ئاشکرا و بەبێ شەرم دێت.. ئەم کارە ناشیرین و قێزەوەنەش، لە سەردەمی خەلیفەکانی راشیدینەوە، بووە بە بۆماوە و بەشێکی رەسەن لە ئایدۆلۆژیا و لە کولتووری بۆگەنی عەرەب و ئیسلام، کە بە ناوی دەستکەوتەکانی جەنگەوە (غنائم الحرب)، تاڵان کردن و دزینی ماڵ و سامانی گەلانی تریان حەڵاڵ کردوون.. عەرەبی موسوڵمان، تا ئەمڕۆش بێ شەرەمانە درێژە بەم کارە قێزەوەنەیان دەدەن، یا بە تاوانەیان دەدەن و بەڵکو شانازیشی پێوە دەکەن.. گەلی کوردمان، لە کۆن و لەم سەردەمە نزیکەشدا، گەورەتری قوربانیی ئەم ئایدۆلۆژییە بۆگەنەی عەرەبن.. چەندین جار لە لایەن نەوەکانی خەلیفەکانەوە ماڵ و رەنج و سامانی کوردیان تاڵان کردوون. بۆیە زۆر لە گەلانی جیهان بەبێ رێزی و بە چاوێکی سووکەوە لەم ئایدۆلۆژییە بۆگەنەی عەرەب دەڕوانن.. کە بووە بە پەڵەیەکی رەشی قێزەوەن و شەرمەزاری و بۆیان و لێیان نابێتەوە.. بە (عـەلی بـابـا) واتە بە (دز) ناویان دەبەن.
لە ساڵی (١٩٤١) دا، لە ئەنجامی رووخانی حکومەتەکەی (رەشید عالی گەیلانی) و راکردنی بۆ ئێران، لەگەڵ راکردنی چوار ئەفسەری سەرهەنگی سوپای عێراقیش بە سەرۆکایەتی سەرهەنگ (سەڵاحەدین سەباغ) کە هەرچواریان لە شۆڕشەکەی رەشید عالی گەیلانی دا بەشدارییان کرد.. سه‌رهه‌نگه‌كانیش ئه‌مانه‌ بوون ( فەهـمی سەعـید، کامیل شبیب، مەحمود سەلمان، یونس سەبعاوی) کە گەڕانەوە بۆ عێراق، هەموویان لە سێدارە دران.. ئەمانە بەوەش تاوانبار کرابوون، گوایە هەڵگـری بیرۆکەی نازییەتن و (نازی عەرەبی ) بوون. حکومەت نەما و بۆشاییەک کەوتە دەسەڵاتەوە.. دوای ئەوەش کە سوپای عێراق لە شەڕی رووبەڕووبوونەوەی سوپای بەریتانیا، لە شاری (الحبانیه‌) شکان و بەرەو ناو شاری بەغدا هەڵهاتن.. شا (فـه‌یسه‌ڵی دووه‌م) ی شای عـێراق و خاڵۆی راسپێراوی (عه‌بـدولئیلاه‌) و (نوری سه‌عـید) یش، لە بەغـدا هەڵهاتبوون. وەکو دەڵێن: شار بێ خاوەن بوو.
جوولەکەکان رۆژی یەکشەمەی رێکەوتی (١/ یوونی/١٩٤١) جەژنی (شەفۆئوت) یا جەژنی رۆژی دابەزینی تەورات بۆ جوولەکەکان بوو، بەم بۆنەیەوە خۆیان گۆڕیبوون و لە گەرمەی خۆشی و ئاهانگێراندا بوون.. گەنجەکانیان سەردانی پەرستگایەکیان کرد لە نزیک (فڕۆکەخانەی موسه‌نای شارستانی). عەسری ئەو رۆژەش شا فەیسەڵی دووەم و عەبدولئیلاهی خاڵی و نووری سەعیدیش بە فڕۆکە گەڕانەوە بۆ بەغدا، کۆمەڵێکی لاوی جوولەکەکان پێیان خۆشبوو و چوون بۆ فرۆکەخانە بۆ پێشوازی شا فەیسەڵی دووەم. کاتژمێری سێی دوای نيوەڕۆ بوو.. لە ناو فڕۆکەخانەدا، دەمەقاڵییەک لە نێوان سەربازە پاسەوانەکان و ئەو لاوە جوولەکانەدا رووی دا.. سەربازەکانی عێراق، داخی دڵیان و خەم و شەرمەزاری هەڵهاتنیان لە بەردەم سوپای بەریتانیادا، وای لێکردن کە بە ناڕەوا پەلاماری ئەو لاوە جوولەکە بێتاوانانە بدەن و داخی شکان و شەرمەزرییان بە ئەوان بڕێژن.. بە شێوەیەکی زۆر دڕندانە، بە حەربە و بەتەقەلێکردن دوو لاوی جوولەکەیان کوشت و حەڤدەشیان لێ بریندار کردن.. هەر لەو رۆژەدا لەسەر پردی (مەئموون) یش دیسان ئۆردوویەکی تری سوپای هەڵهاتووی عێراق لە شەڕەکانی رووبەڕووبوونەوەی سوپای بەریتانیا لە حەبانیەدا، ئیرەییان بە جوولەکەکان برد، کە جلوبەرگی جوانیان لە بەربوون و لە جەژن و شادی و خۆشیدابوون.. ئەوانیش بە حەربە و بە تەقەلێکردن چەند لاوێکی تری جوولەکەیان کوشت و چەندین لاویشیان لێ بریندار کردن.. شەڕ گەورەتر بۆوە.. ژمارەیەکی زۆری سوپا و پۆلیس و عەرەبی خەڵکی بەغدا، لە پیاوان و لە ژنان، لەگەڵ عەربە بەدووەکانی دەوری بەغدا، بە تفەنگ و خەنجەر و شمشێر و چەقۆ و تەور و تێڵاو و کوتەکەوە، لە هەموو کۆڵان و گەڕەکەکاندا، وەکو گورگی هار، بە شێوەیەکی دڕندانە، پەلاماری جوولەکەکانیان دا.. رۆژی جەژنیان لێ تاڵ کردن و بوو بە رۆژی دۆزەخ و مەرگ و ماتەمینیان.. زۆر بێ بەزەییانە، کەوتنە کوشتن و سەربڕین و فەرهوودکرن (تاڵانیکردن) و دزی و دەسترێژیکردنە سەر کچان و ژنانی جوولەکەکان.. زێڕە و هاواری جوولەکەکان دەگەیشتە حەلحەلەی ئاسمان.. زۆریان لێکوشتن و سەربڕین، تەنانەت منداڵی ناو لانکیشیان سەربڕی، سکی ژنانی دووگیانیان هەڵدەدڕی.. بە بەرچاوی مێرد و برا و کوڕەوە، زۆر نامەردانە پەلاماری بە سەدان ژن و کچی جوولەکەیان دان و لاقەیان کردن، پەلاماری قوتابخانەیەکی ئامادەیی کچانیان دا و دەسترێژیان بۆ سەر کچە جوولەکەکان کرد و لاقەیان کردن، تەنانەت کچی بچۆکەلەی هەشت ساڵانیشیان لاقەکرد.. بەڵکو کارێکی قێزەوەنی تریشیان ئەنجامدا، ئەندامانی زاوزێی نێرینە و مێینەی منداڵە جوولەکەکانیشیان دەسووتاند.. چیش ماڵ و سامان و پارە و خشڵ و زێڕی جوولەکە هەبوو، هەموویان فه‌رهوود کردن، لە دواییشدا ئاگریان بە خانووەکانیانەوە دەنا و دەیان سووتاندن.. بە درێژایی دوو رۆژ و دوو شەو، واتە لە (١ـ ٢/ یـوونی/ ١٩٤١) دا، دزی و فەرهوودکردن و کوشتن و سەربڕین و سووتاندن و دەستدرێژیکردنە سەر ژنانی جوولەکە درێژەیان هەبوو.. تاڵانیکەران تا دەهات زیاتر دەبوون.. پەلاماری دوکان و گەنجینە و کۆگاکانی جوولەکەکانیان دا چی هەبوون تێیاندا، هەموویان تاڵان کردن و دزییان، لە دواییشدا سووتاندیانن.. سوپا و پۆلیسی بەغداش، شان بە شانی دز و تاڵانیکەران، ئەوانیش بەشداربوون لە دزی و لە تاڵانیکردنی ماڵ و لە دوکانەکانی جوولەکەکان، عەرەب خۆیان وتەیەکیان هەیە دەڵین (حامیهم، حارمیهم) واتە (پاسەوانەکانیان.. دزەکانیانن) دزەکان و فەرهوودکەرانی عەرەبە ئیسلامییەکان، لەگەڵ خۆشی و هۆسە و هەڵبەزینەوەدا، ئەم دروشمەیان دەوت:
(الله اشحلوا الفرهود، یا اسلام.. یاریت یعود کل سنة وکل عام) واتە (ئەڵڵاه چەند خۆشە تاڵانیکردن، ئەی ئیسلام.. خۆزگە هەموو ساڵێک دەگەڕایەوە) یا بە هۆسەوە دەیان ووت (حـلـو الفـرهـود.. کـون یصـیر یومیـة) واتە تاڵانیکردن خۆشە گەر ببێتە رۆژانە.
تەنانەت ئەو هاوسێ عەربە ئیسلامانەش کە چەندین ساڵ لەگەڵ ماڵەکان و دووکانەدارە جوولەکەکاندا، هاوسێ و دەرگا بە دەرگاوە بوون و لە منداڵییەوە پێکەوە گەورە ببوون، نمەکی ماڵە جوولەکانیان کردبوون.. کەچی زۆر بێ ئەمەک دەرچوون و ئەوانیش ماڵە جوولەکە هاوسێکانیان تاڵان کردن و پەلاماری کچان و ژنانیان دان و لاقەیان کردن.
لە رۆژی یەکەمی کارەساتەکەوە، سوپای بەریتانیا لە دەوری شاری بەغدا بوون.. بەڵام لە بەریتانیاوە فەرمانیان پێکرابوو، کە نەچنە ناو شاری بەغداوە و بێلایەن بن.. کاریش گەیشتە ئەوەی کە فەرهوودکەران، چەند دووکانێکی ئیسلامەکانیشیان شکاند و تاڵانیان کردن.. لە سێیەمین رۆژدا، باری نائاسایی راگەیەندرا و قەدەغەی هاتوچۆش لە بەغدا کرا. سوپای بەریتانیاش هاتە ناو شاری بەغدا هێزەکانیان بە شەقامەکاندا بڵاوکردنەوە. هێزێکی پۆلیسی عێراقیش، ئەوانیش لە چەند شەقام و گەڕەکێکی بەغـدا بڵاوبوونەوە. توانیان کونترۆڵی بارودۆخەکە بکەن.. بەڵام لە دوای چی؟! وەکو عەرەب خۆیان دەڵێن: (بعد خراب البصره‌) واتە لە دوای کاولکردنی بەسرە.

ئەمەیە نامەردی و بێڕوشتی عەرەبی ئیسلامی.. کە دزی و تاڵانیکردن و دەسترێژکردن، بوونە بە بەشێک لە کولتوور و لە ژیانیان.. فەرهوود و کۆمەڵکوژی جوولەکەکان بە پێی هەژماردنی فەرمی و گەواهی کەسانێکی جوولەکەکان، کە منداڵ بوون و لەو کارەساتەدا رزگاریان بووە، بەپێی هەندێ گەواهی خەڵکی شاری بەغداش، کە بە چاوی خۆیان لەو دوو رۆژ و دوو شەوەدا، کارەساتەکەیان بینیوە، بە داتا باسی زیانەکانی جوولەکەکان دەکەن لە کارەساتی فەرهوودا، کە (٢٠٠) کوژران، (٢٤٠٠) بریندار بوون، (٩٥٠) ماڵ تاڵان کران و سووتێنران و وێران کران (٥٨٦) دووکان و گەنجینە تاڵان کران و سووتێنران، دەستریژیش کرایە سەر زیاتر لە (٩٣) ژنان و کچان و لاقەیان کردن.. لەگەڵ تاڵانکردن و سوتاندنی پەرستگای جوولەکەکان لە بەغـدا.
کە لە رۆژی (١٤/ یوونی/١٩٤٨) دا، جوولەکەکان (ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل) یان راگەیاند، سوپاکانی عەرەبیش لە شەڕی رووبەڕووبوونەوەی سوپای ئیسرائیلدا خۆیان نەگرت و شکان، سوپای عێراقیش بە شەرمەزارییەوە گەڕایەوە بۆ عێراق. هێندەی تر حکومەت و عەرەبەکان و ئیسلامەکانی عێراق، رق و قینیان لە جوولەکەکان دەبۆوە و کێچەڵیان پێیان دەکرد و بە چاوێکی سووکەوە لێیانیان دەڕوانین.

(فەرهوود) و کۆمەڵکوژی، جوولەکەکانی عێراقی تۆقاند و برین و کەسەرێکی قووڵی خستە دەروونیانەوە.. هەستیان بە ئاسوودەیی و بە دڵنیایش ناکرد و هیچ متمانە و بڕوایەکیشیان بە حکومەتی عێراق و بە عەرەبی عێراق نەما.. ترسی ئەوەشیان هەبوو کە کارەساتی فەرهوود و کۆمەڵکوژییان دووبارە ببێتەوە.. رەنجی ساڵەهای ساڵیشیان دزین بە تاڵانی بردیان.. حکومەت قەرەبووی زیانەکانیشیانی بۆ نەکردنەوە. هاتنە سەر ساجی عەلی.. ئەم بەسەرهاتەیان، بووە هۆی ئەوەی کە خێرا کۆچ بۆ ئیسرائیل بکەن.
دواییش سەرۆک وەزیرانی عێراق (تۆفیق ئەلسويدی) لە ساڵی (١٩٥٠) دا، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی (رەگەزنامەی عێراقی) ی جوولەکەکانی عێراقی دەرکرد، هەرچیش ماڵ و موڵکیشیان هەبوو، گۆستراوە و نەگواستراوە، حکومەتی عێراق دەستی بە سەردا گرتن و لێیانی داگیرکردن.. جوولەکەکانی عێراق دوو جار فەرهوود کران. جاری یەکەم خەڵکی بەغدا فەرهوودی کردن.. جاری دووەمیش حکومەتی عێراق فەرهوودی کردن.. حکومەتی عێراق بڕیاری ئەوەشیان دا، کە لە ماوەی مانگێکدا، پێویستە جوولەکەکان رەگەزنامە عێراقییەکانیان بدەن بە حکومەت و ئامادەبن، تا رۆژانە بە فرۆکە رەوانەی ئیسرائیلیان بکەن.

کارەساتی فەرهوود، نە یەکەمین و نە دوایەمین، کاری نامەردی و قێزەوەنی عەرەب و ئیسلام نەبووە و نییە.. فەرهوود، بەراورد بە کومەڵکوژی کورد لە (ئەنفال) ی بەدناو و بە کیمیابارانی کوردستان و کۆمەڵکوژی برا ئێزیدییەکانمان و دەسترێژی کردنە ژنان و کچانیان و فرۆشتنیان وەکو کۆیلە و دەستکەوتی جەنگ و کەرەستەیەکی بازرگانی.. ئەو هەموو کوشتن کارەساتانەش کە لە سەردەمی خەلیفەکانیانەوە، تا ئەمڕۆ بەسەر کوردیان هێناون و دەهێنن.. فەرهوود لە چاوی ئەمانەوە کارەساتێکی زۆر بچووکە.
سەدام حوسێنی گۆڕبەگۆڕیش، کە جێگری سەرۆک کۆماری عێراق بوو، لە رۆژی دوو شەممەی رێکەوتی ( ٢٧/ یانوار/١٩٦٩) دا، بە توومەتی هەڵبەستراوی سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل (١٣) لە جولەکەکانی عێراقی لە سێدارە دان، كە لە نێوانیاندا (عه‌زرا ناجی زەڵخا)ی تێدا بوو، کە گەورە بازرگانێکی جوولەکە بوو لە شاری بەسرە، دەستیشیان گرت بەسەر هەموو پارە و سامانێکیاندا. لە گۆڕەپانێکی بەغدا و بەسرەشدا لاشەکانیان هەڵواسین.. ژنانی عەرەب بە دەوری گۆڕەپانەکەدا، وەستابوون و هەڵهەڵیان لێدەدا. هەموویان بێ تاوان بوون، تاوانیان تەنها ئەوەبوو کە جوولەکە بوون و دارابوون.
یەکەمین کاروانی ناردنەوەی جوولەکەکان بە فرۆکە لە عێراقەوە بۆ ئیسرائیل لە رۆژی (٦/مایۆ/١٩٥٠) دا بوو، تا ( ٥ی/یوونی/١٩٥١)، لە ماوەی (١٤) مانگدا، هەموو ئەو جوولەکانەی، ناویان نووسیبوون، کە ژمارەیان (١٢٠) هەزار جوولەکە بوون، بێجگە لەو ژمارەیەی کە لە رێی کوردستان و لە رێی ئێرانەوە گەڕانەوە بۆ ئیسرائیل.. تێکڕا نزیکەی (١٥٠) هەزار جوولەکە لە عێراق و کوردستانەوە، گەڕانەوە بۆ ئیسرائیل.
هەر جوولەکەیەک بۆی هەبوو تەنیا (٢٥) دیناری عێراقی و یەک جانتای جلوبەرگ لەگەڵ خۆیدا ببات.. لەوە زیاتریان بۆ نەبوو.
لە وڵاتانی عەرەبیشدا زیاتر لە (٨٠٠) هەزار جوولکە هەبوون، دۆخ و ژیانی ئەوانیش لە ژیانی جوولەکەکانی عێراق باشتر نەبوون.. ئەوانیش ناردیاننەوە بۆ ئیسرائیل.
هەموو ساڵێک جوولەکەکان بە گشتی و جوولەکەکانی عێراق بە تایبەتی لە ئیسرائیل و وڵاتانی تردا، لە رۆژی (١/ یوونی) دا، بە غەمگینی و ماتەمینییەوە، یادی رۆژە رەشی (تراژیدیای فەرهوود) دەکەنەوە، کە بە (هـۆڵۆکـۆستی لە بیـرکـراو) یش ناوی دەبەن. ئەو جوولەکانەی کە لەو ساڵەدا منداڵ بوون و لەو کارەساتە رزگاریان بوو، بەشێکیان ماون و لە ژیاندان.. هەندێکیان باوک و برا و دایکیان لەو کارەساتەدا کوشتیانیان، بە فرمێسک و بە قوڕگی پڕ لە گریانەوە چیرۆکە تراژیدییەکانی کارەساتی فەرهوود بۆ نەوەکانیان دەگێڕنەوە.. تا ئێستاش چەندین باس و پەرتووک و لێکۆڵینەوە دەربارەی فەرهوودی جوولەکەکانی عێراق نووسراون و چاپکراون.. هەندێ لە نووسەرانی ئەو پەرتووکانە، خودی خۆیان لە فەرهوود رزگاریان بووە.. راستی کارەساتەکانیان بە چاوی خۆیان بینیون.. راستگۆیانە باس و چیرۆکەکانیان نووسیون.. بەڵام گەر بێتوو ئەو نووسینانە بخوێنینەوە، کە عەرەبە شۆڤێنی و رەگەزپەرستەکان نووسیویانن، دەبینین کە راستیی کارەساتی فەرهوودیان چەواشە کردوون، زۆر لە زیانەکان و لە ژمارەی کوژراوان و برینداربووانی جوولەکەکانیان کەم کردوونەتەوە، بە رووداوێکی بچووک و ئاسایشی دەزانن.
عێراق بە کۆچکردنی جوولەکەکان، گرنگترین پێکهاتەیان لە دەست دا، کە گەورەترین رۆڵیان هەبوو لە هەموو بوارەکانی ژیاندا.. هەمیشە دەستپێشخەربوون لە داهێنانی کاری هونەری و ئەدەبی و رۆشنبیری دا.. ئیستا رۆشنبیرانی عێراق، لەو ستەمە گەورەیەی کە لە جوولەکەکانی عێراق کرا بە ئاگاهاتوون.. ئێستا هەست بە گرنگی رۆڵیان دەکەن.. دەزانن کە جوولەکەکان چاکە و پیاوەتيیەکی زۆریان بە سەریانەوە هەیە. بەڵام عێراقییەکان و حکومەت بە نامەردی پاداشتی دڵسۆزی و پیاوەتیان دانەوە.
شایەنی باسیشە، کەجوولەکەکانی کوردستان لە هەموو ناوچەکانی کوردستاندا هەبوون. بە پێچەوانەی جوولەکەکانی عێراق و وڵاتانی عەرەبییەوە، جوولەکەکانی کوردستان، زۆر ئاسوودە و کامەران شادبوون و بە دڵنیایی و ئاشتی و شادی و خۆشییەوە دەژیان. زوو تێکەڵی کۆمەڵگای کوردیمان بوون، زووش فـێری زمانی کوردی بوون، زۆر و بە ئاسانیش داب و نەریت و کولتووری کوردییان وەرگرت. بەپێی ناوچەکانی کوردستانیش ژنان و پیاوانیان جلوبەرگی کوردییان لەبەردەکرد.. بە ئەوپەڕی ئازادیشەوە رێوڕەسمی ئاینی و جەژنەکانی خۆیان دەکرد.. هێندە تێکەڵ بە داب و نەریتی کورد ببوون، لەگەڵ کورد دا لێکناکرانەوە.. تەنانەت ژن و ژنخوازی و خزمایەتیش کەوتە نێوانیانەوە. جوولەکەکانی کوردستان زۆر ئیشکەر و چالاک بوون.. هەموو ئیشێکیان دەکرد.. گەر لە بەردی رەقیش بوایە، نانی خۆیان پەیدا و خۆیان دەژیان.. گەر بە فشار و بە زۆر ناردنەوەیان لە لایەن حکومەتی عێراقەوە نەبووایە.. هەرگیز جوولەکەکان کوردستانیان بەجێ ناهێشت و ناچوونەوە بۆ ئیسرائیل.. ژمارە جوولەکەکانی باشووری کوردستان لە نێوان (٣٥-٤٠) هەزار جوولەکە دەبوون.. لە هەموو کوردستانیشدا، ژمارەیان لە (١٢٥) هەزار جوولەکە زیاتر دەبوون.. لە ئەمڕۆدا، ژمارەی کوردە جوولەکەکان، لە ئیسرائیل دا، لە (٢٥٠) هەزار کوردی جوولەکە نزیک بوونەتەوە، تا ئەمرۆش سۆز و رێز و دڵسۆزی و خۆشەویستییان بۆ کورد و کوردستان کاڵنەبوونەتەوە.. لە جەژنی نەورۆزدا، بە جلوبەرگی رەنگاوڕەنگی کوردییەوە، ئاهەنگی نەورۆز دەگێڕن.. جار و باریش بە شێوازی کوردەواری، بە دەهۆڵ و زوڕناوە، بووکیان دەگوازنەوە.. خواردنی کوردیش درووست دەکەن.. شایی و هەڵپەڕکێ کوردی دەکەن و گۆرانی کوردی دەڵێن. گەلێ کەسایەتی ناودار و ناسراو و نووسەر و هونەرمەند و گۆرانیبێژ و فەرمانبەر و کاربەدەستی باڵا و خاوەن بڕوانامەی دکتۆرا و پرۆفیسۆریان ڵێ هەڵکەوتوون.. بۆ نموونە، وەزیری بەرگری پێشووی ئیسرائیل (ئیسحاق مۆردیخـای) جوولەکەیەک بوو لە جوولەکەکانی قەزای (ئاکری) ی سەر بە پارێزگای دهۆک لە باشووری کوردستان.

يەکەمین کەس لە دانێشتوان (لە راستەوە بۆ چەپ) ئیبراهیم کوەیتی دوومین کەس (راوەستاو) ساڵح کوەیتی کە هەردووکیان بران و جوولەکەن.. بەناوبانگترین موزیکژەن و ئاوازدانەری عێراقی بوون. لە ناوەڕاستیش مەقامخوێن محەمەد گوبانچی کە خۆی بە قوتابی مامۆستای مەقامبیژی کوردمان (عەلی مەردان) دەزانی.
وێنه‌ی مەلیکی عێراق ( فەیسەڵی یەکەم ) له‌ ناوه‌ڕاست كۆمەڵێیک لە کەسایەتییە جوولەکەکانی بەغدا.
وێنەی کوردە جوولەکەکانی شاری هەولێر(١٩٣٥) دا
کوردە جوولەکەکانی ئیسرائیل بە جلوبەرگی کوردییەوە

رەزا شوان
نەرویج: ٢٨/ مای/٢٠٢٠

——————————————

(*) سوودم لەم سەرچاوانە وەرگرتوون:
١ـ لٶي الشقاقی.. فرهود الیهود.. موقع الزمان. ٢٠١٧
٢ـ موقع ایلاف.. احداث مذبحة الفرهود في بغداد. ٢٠١١
٣ـ نسیم قزاز.. الفرهود الثاني في العراق.. موقع المعرفة.
٤ـ شبکة الموقف العراقي.. یهود العراق في اسرائیل.. الفرهود لیس کل الحکایة.
(تعرضنا لحرق الاعضاء التناسلیة)
٥ـ توفیق ابو شمر.. الفرهود وما ادراک ما الفرهود! موقع الرأي العام.. ٢٠١٨
٦ـ محمد جلاء ادریس.. یهود العراق والتعایش العربي الیهودي.. موقع الجزیرة.
٧ـ الامبراطوریة البابلیة الثانیة.. موقع المعرفة.
٨ـ العراق في التأریخ.. الامبراطوریة الآشوریة.
٩ـ اعدام الیهود في بغدار.. دنا الوطن.
١٠ـ چەند سایتێکی تر.




ته‌نانه‌ت خوداوه‌نده‌كانیش به‌رتیلخۆر ده‌كرێن … نووسین و ئاماده‌كردن: عیسا بۆتانی

وشه‌ی گه‌نده‌ڵی بۆ وشه‌ی یۆنانی (corruption) ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ واتای نه‌فره‌ت كردنه‌ له‌ رابردوو، هه‌رچی (corrumpere)ه‌ ئه‌ویش به‌ (تێكیدا, به‌رتیلخۆر كرا, وێرانی كرد) لێك ده‌درێته‌وه‌. مێژووی گه‌نده‌لی به‌قه‌ده‌ر مێژووی مرۆڤایه‌تی ده‌بێت, ئه‌و كرداره‌ له‌ یه‌كه‌م خانه‌واده‌ی میسریی كۆن له‌ (2700 – 3100) ساڵ به‌ر له‌زایین تێبینی كراوه‌ و هه‌روه‌ها ئاماژه‌ به‌ چینی كۆنیش ده‌كرێ‌ به‌وه‌ی هه‌ر ماڵێك خوداوه‌ندێكی چێشتخانه‌ی هه‌بووه‌ كه‌ چاودێری ره‌فتاره‌كانی ئه‌ندامه‌كانی ده‌كرد، حه‌فته‌یه‌ك پێش سه‌رساڵی نوێی چینی ئه‌و خوداوه‌نده‌ی چێشتخانه‌یه‌ بۆ ئاسمان به‌رز ده‌بووه‌وه‌ و بۆ مه‌به‌ستی دیاریكردنی سزا و پادداشت راپۆرتی ساڵانه‌ی خۆی ده‌دایه‌ ئیمپراتۆر جایدی حاكمی به‌هه‌شت . ئه‌ندامانی ماڵه‌كانیش بۆ چاپۆشیكردن له‌ هه‌ڵه‌كانیان و تاكو راپۆرته‌كه‌ی به‌پێی ئاره‌زووی ئه‌وان ئاماده‌ بكا, كێك و شه‌كر و هه‌نگوینیان له‌ژێر وێنه‌ی خوداوه‌ندی چێشتخانه‌ داده‌نا و به‌رتیلخۆر ده‌كرا؛ پاشان رێوڕه‌سمی سووتاندنی وێنه‌ی خوداوه‌ند ئه‌نجام ده‌درا كه‌ له‌و رێگایه‌وه‌ به‌ره‌و ئاسمان به‌رز ده‌بووه‌وه‌.
له‌سه‌ر هه‌مان رێچكه‌, (هیرۆدۆت)ی مێژوونووسی یۆنانی گێڕاویه‌تییه‌وه‌ كه‌ خانه‌واده‌ی كامۆنیۆن قه‌شه‌كانی (ئۆراكڵ دلفی)یان به‌رتیلخۆر كردووه‌ كه‌ یه‌ك له‌ به‌هێزترین هێزی نادیار بوونه‌ له‌ یۆنانی كۆن و مێژووه‌كه‌ی بۆ هه‌زار و چارده‌ ساڵ پێش زایین ده‌گه‌ڕێته‌وه‌. سه‌باره‌ت به‌مه‌ خه‌ڵكی له‌سه‌رانسه‌ری یۆنان هاتن تاكو وڵامی پرسیاره‌كانیان له‌ بیسیای كاهینی باڵا وه‌رگرن, خانه‌واده‌ی ئه‌بولۆ كه‌ خاوه‌ن سامان و ده‌وڵه‌مه‌ندبوون پێشنیاری نووژه‌نكردنه‌وه‌ی په‌رستگای ئه‌بۆلۆیان به‌ به‌ردی گرانبه‌های باریان كرد كه‌ به‌ بومه‌له‌رزه‌یه‌ك رووخابوو, له‌به‌رامبه‌ریشدا بیسیای كاهینی باڵا بڕوا به‌ ده‌وڵه‌تی ئه‌سبارته‌ بهێنێت بۆ له‌ناوبردن و شكاندنی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌سینا یارمه‌تی خانه‌واده‌ی كامۆنیۆن بدا… بۆیه‌ ئه‌رستۆی فه‌سله‌سوفی یۆنانی گوتی(ته‌نانه‌ت ده‌تواندرێ‌ خوداوه‌نده‌كانی به‌رتیلخۆر بكرێن).
مێژوونووسان ئاماژه‌ به‌ ئیمپراتۆریه‌تی رۆمانی له‌ چه‌رخی چواره‌م ده‌كه‌ن و ته‌شه‌نكردنی گه‌نده‌ڵی به‌ هۆكاری سه‌ره‌كی بۆ رووخانی ئه‌و ئیمپراتۆریه‌ته‌ ده‌زانن, پێیانوایه‌ كه‌ په‌تای گه‌نده‌لی په‌لی بۆ كایه‌ و دامه‌زراوه‌كانی سیاسی و ئابووری و سه‌ربازی و كۆمه‌ڵایه‌تی هاویشتبوو و به‌مهۆیه‌وه‌ لاوازی و سستی له‌تێكڕای بواره‌كان به‌دی ده‌كرا و به‌ تایبه‌تی تێكچوونی چالاكی ئابووری و نه‌مانی چینی مامناوه‌ند و پیاده‌كردنی سته‌م به‌رامبه‌ر له‌ هاووڵاتیان و ناچاركردنیان به‌دانی باج و خه‌ڕاجێكی زۆر, هه‌روه‌ها لاوازی و نا رێكخراوه‌یی له‌ سیسته‌می سه‌ربازی و پشتبه‌ستن به‌ جاشه‌كان (ئه‌وه‌ی به‌ به‌ربه‌رییه‌كان ده‌ناسران) بۆ نێو ڕیزی له‌شكر تاكو ئه‌و له‌شكره‌ هێزی خۆی له‌ گۆڕینی ئیمپراتۆردا بینیه‌وه‌, هه‌ر چه‌نده‌ ئیمپراتۆر دقلنیانوس له‌ كۆتایی چه‌رخی سێیه‌م به‌ پیاده‌كردنی چه‌ند چاكسازییه‌ك توانی ته‌مه‌نی ئیمپراتۆریه‌تی رۆمانیا ماوه‌یه‌ك درێژكاته‌وه‌ به‌ڵام دواجار نه‌یتوانی تا كۆتایی له‌ رووخان بیپارێزێت. بارودۆخی وڵاته‌كه‌ گه‌یشتبووه‌ ئاستێك كه‌ چاككردنه‌وه‌ی ئه‌سته‌م بێت, له‌ ئه‌ستۆگرتنی پۆستی ئیمپراتۆر گه‌یشتبووه‌ رادده‌یه‌ك وه‌كو بڕیاری له‌سێداره‌دان سه‌یر ده‌كرا به‌شێوه‌یه‌ك له‌ ماوه‌ی حه‌فتا و پێنج ساڵ زیاتر له‌ بیست كه‌س عه‌رشیان گرته‌ ده‌ست و هه‌ر یه‌كێكیان دوای كوژرانی ئه‌وی پێشی خۆیان ده‌هاتن. گه‌نده‌ڵی وا بڵاو ببووه‌وه‌ ته‌نانه‌ت باس له‌وه‌ ده‌كرێ‌ كه‌ جارێكیان عه‌رشیان له‌ مه‌زادێكی ئاشكرا نمایش كرد بۆ فرۆشتن كه‌ بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی هاووڵاتیان هیچ متمانه‌یه‌كیان به‌ سه‌ركرده‌كانیان نه‌مێنێت. له‌مڕووه‌وه‌ له‌ په‌رتووكێكدا به‌ناوونیشانی مێژوو خۆی دووباره‌ ده‌كاته‌وه‌, له‌ دانانی د.مدحه‌ت محه‌مه‌د و به‌ هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ چه‌ند توێژوانێك و له‌ به‌شێكی په‌رتووكه‌كه‌دا هاتووه‌ كه‌: (ئیمپراتۆریه‌تی یۆنانی كه‌ وه‌كو دره‌ختێكی گه‌وره‌ بوو سێبه‌ری به‌سه‌ر هه‌موو جیهانی كۆندا كردبوو, كیانێكی سیاسی و سه‌ربازی بۆ ماوه‌ی درێژ پێكهێنا, به‌ڵام نه‌یتوانی خۆی راگرێت)، باس له‌وه‌ش كراوه‌ كه‌ سته‌می سیاسی یه‌ك له‌هۆكاره‌كان بووه‌ به‌وه‌ی تاكڕه‌وی له‌ ده‌سه‌ڵاتدا په‌یڕه‌و ده‌كرا كه‌ هه‌میشه‌ پێكهاته‌كانی دیكه‌ به‌ كه‌متر له‌ رۆمانییه‌كان سه‌یر ده‌كران و ئه‌و خراپ به‌كارهێنانی ده‌سه‌ڵاته‌ رووخانی ئیمپراتۆریه‌كه‌ی لێ كه‌وته‌وه‌. له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ پرسی گه‌نده‌ڵی سیاسیش هۆكارێكی كه‌متر نه‌بووه‌ له‌وانی دیكه‌ بۆیه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ كراوه‌ كه‌ به‌پێی بڕوای رۆمانییه‌كان وا بوو كه‌ شه‌یتان له‌ رێگه‌ی ئافره‌ته‌وه‌ دڵی پیاوه‌كان به‌ره‌و خراپه‌كاری راده‌كێشێ, به‌ڵام له‌ كۆتاییدا خۆیان سه‌رپێچیان له‌و باوه‌ڕه‌ كرد و ده‌گوترێ‌ كه‌ ئیمپراتۆر (كالیجولا) نوقمی ناز و نیعمه‌ت و ژیانی رابورادن ببوو له‌گه‌ڵ ئافره‌تان ته‌نانه‌ت له‌گه‌ڵ (دۆرسێلا)ی خوشكیشی, ئێدی لێكترازان و دووركه‌وتنه‌وه‌ نه‌ك له‌نێو دامه‌زراوه‌ سیاسیه‌كان دروست بوو, به‌ڵكو ناكۆكی كه‌وته‌ نێوانی (بۆمبی و قه‌یسه‌ر)یش و به‌هۆی كێشه‌ و ناكۆكییه‌كانیان ئاگایان له‌دوژمنانی ده‌ره‌كی نه‌ما و خه‌ریكی ده‌نووك وه‌شاندن بوون له‌ یه‌كتری، هه‌ر یه‌ك له‌و دوو برایه‌ به‌هۆی خواست و ته‌ماعیكردن بۆ گرتنه‌ده‌ستی جله‌وی ده‌سه‌ڵات و بۆ شكاندنی به‌رامبه‌ره‌كه‌ی داوای هاوكاریان له‌ هێزێكی ده‌ره‌كی ده‌كرد تاكو رۆمانیا بووه‌ مه‌به‌ستی داگیركاری له‌لایه‌ن ئه‌و هێزه‌ ده‌ره‌كیانه‌ و ورده‌ ورده‌ خاكه‌ی داگیر كراوه‌ و له‌ناوچوو.
له‌ ساڵی 1660 و له‌ سه‌رده‌می مه‌لیك ئیستجۆرت؛ دیارده‌ی گه‌نده‌ڵی و به‌رتیلدان گه‌یشتبووه‌ ترۆپك له‌ وڵاتانی ئه‌وروپا و ئینگڵته‌را، كڕینی ده‌نگی په‌رله‌مانتاران بۆ كاریگه‌ری كردن و پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان له‌لایه‌ن مه‌لیكه‌وه‌ شتێكی شاراوه‌ نه‌بوو ته‌نانه‌ت پۆست له‌و سه‌رده‌مه‌دا كڕین و فرۆشتنی پێوه‌ ده‌كرا, له‌ مێژووی ئه‌مریكاشدا پرسی گه‌نده‌ڵی له‌ سه‌رده‌مه‌كاندا زۆر به‌ڕوونی پیاده‌ كراوه‌ و داگیركردنی زه‌ویوزار و تێپه‌ڕاندنی پرۆژه‌ی پیاوانی پیشه‌سازی و خاوه‌ن كۆمپانیان له‌ له‌ڕێگه‌ی كۆنگرێسه‌وه‌ به‌رێگای ناشه‌رعی له‌ وێستگه‌ مێژووییه‌كانی ئه‌و وڵاته‌ باسی لێكراوه‌. فه‌یله‌سوف و زانایان له‌دێرزه‌مانه‌وه‌ گه‌نده‌ڵیان به‌ ئافات ناساندووه‌ و ئه‌رستۆ له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ له‌ په‌رتووكی (ئه‌خلاقیات)دا پاراستنی رۆژه‌ڤی وڵاتان و هۆكاره‌كانی رووخانیانی باسكردووه‌، ئه‌و پێیوایه‌ كه‌ ئه‌و شاره‌ی به‌ ئامانجێكی گه‌نده‌ڵ فریو بخوات ئه‌وا گه‌نده‌ڵه‌ و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك نابێته‌ ده‌وڵه‌ت. له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ له‌ چینی كۆن بڕێك پاره‌ وه‌كو پادداشت ده‌درایه‌ فه‌رمانبه‌ران كه‌ پێی ده‌گوترا (یانگ لینگ) ئه‌ویش بۆ ئه‌وه‌ی چاویان له‌ دزی نه‌بێت و شه‌ڕی گه‌نده‌ڵی بكه‌ن، و له‌باره‌ی هزری سیاسیشدا؛ له‌ فه‌لسه‌فه‌ی (كۆنفوشیوش) هاتووه‌ كه‌: فه‌رمانڕه‌وایه‌تی چاك نابێت ته‌نها مه‌گه‌ر فه‌رمانڕه‌واكان چاك بن. فه‌یله‌سوفی مه‌زن ئه‌فڵاتۆنیش له‌باره‌ی گه‌نده‌ڵییه‌وه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ كردووه‌ كه‌ ته‌نها هه‌نگاونان به‌ره‌و دادوه‌ری پرسی سوودمه‌ندبوون و به‌رژه‌وه‌نده‌ی دوور ده‌خاته‌وه‌ كه‌ هه‌ردووكیان بنچینه‌ن بۆ ده‌ركه‌وتنی گه‌نده‌ڵی.




لەکیشوەرێکی نیمچە زیندووین … سروەساڵەیی

خۆشەویستی ئەڵقەیەکی ترازاو…
دێن خۆشیان دەوێیت
دەڕۆن خۆشیان دەوێیت،
چەند دەمامکێکی گۆڕاو…
لەوە گەڕێ!
توخمێك لەوان ،
نەدێن ونە دەڕۆن ..لەناوەڕاستی
ڕێگا ..
چەقبەستوون،گڕ دەگرن،
بەهەڵم دەبن،
شی دەبنەوە و وون دەبن،
دنیایەکی گەوجە..
دەستەکانت بۆ سڵاوێکی وەڵامنەدراوە
هەڵدەبڕی،
دڵ لە شکاندنە بێدەنگەکان جاقی دەبێ
و..دیوەدەر قەتماغەدەگرێ،
پاشقوولی مرۆڤە دووبارە
وێکچووەکانی،
لاڕێ ،
لەزوناری ڕۆژەکان ..ترش …و ..تاڵ
ژان دەگرێ…
ئەمبەرو ئەوبەری تەمەن
لەمرۆڤە سپڵەکان خەڵتانە …
قانی خەونەکان دەدەرێ و،
تا ئەودیوی شەکەتبوون ڕاودونانە…
بۆ ئەوەی وەك کەس نەبیت
گۆییەکانت داخە وئاوڕی ڕاست وچەپ ،
بەهەند مەزانە ..
ئەوتروسکاییەی ناوی ژیانە
لەمنداڵێکی دووساڵان دەچێت،
تا تۆ دەستی دەگریت بۆ _پێ گرتن
ئەو لەدەست دەردەچێیت…

بۆ مرۆڤ بوون،
هەڵبەز ودابەزی ڕیتمەکانی خوودبوون،
هەرە_جیاوازبوونی نۆستالۆژیا وئایدۆلۆژیا
و دژبوون .. پەسەندبکرێ،
لەپای مشووری ،
شتگەلە کەڵەکەبووە بێهۆدەکان،
بەو ڕۆژگارە چەندەهاجار
کەلێنەکانی بێ ئاگایی لە
دۆستایەتی ،
پڕ بکرێتەوە…و
کەللە لەسنورە نەویستراوەکان،
خاڵی بێ و
تەواو سەرقاڵی داماڵینی توێکڵ و
ڕووکەش ،نە پۆشینی دیوی ،
نەویستراو…لەناخمانەوە
قبوڵبێت..
دەشێ خۆشەویستیەکی نەووتراو ،
نەدرکاو بۆ هەتا لە نێوان خۆمان و خۆمان
بەپەنهانی بهێڵینەوە..
پەلەی درکاند بێ گوێدانە
گونجان ولەباربوونی ،کات
پەنجەکانی پەشیمانی ،
زۆر بگەسترێ…
تا پێیەکانمان لەنگەردەگرێ،
ڕاوەستاو ،ئەژنۆی ویست بگرین،
بەرەو،
دەرگاکانی ئومێد.ڕێ بگرین…
فڕین ..لە مرۆڤبوونت خاڵی دەکا،
مەفڕە..
نووستنیش لە مردنت
پڕدەکا…ڕابە…
کەمتر چاوەڕوانی خۆشەویستی ،
ئازاترت،
دەکا…
قسەگەلێك کە زۆر ووترا
پڕتر دەبن لە هەڵەی زەق ..زەق
زۆرتر حەوجە بە خۆشەویستی و خواستنی،
لەمرۆڤە قەپ وقۆپەکانت
هێندە دەکا …
وەك گێژەلۆکە
خولت دەدا..
بەو ڕۆژگارە پێیەکانت گیرا دەبن ،
لە تەڵەی سەرەڕێ وبەرپێنەی
گرژی وناحەز و نابەجێ….

هەرخۆت خۆت بوێ
سواڵی _بوونت مەکە

سروەساڵەیی




كه‌س ئاگای له‌ جۆرج فلۆیده‌كانی كورد نه‌بوو!! … عیماد عه‌لی

زۆر خۆشحأل بووم به‌و كاردانه‌وه‌ گه‌وره‌ی خه‌ڵكی مرۆڤ دۆست و به‌ تایبه‌تی ره‌ش پێسته‌كانی ئه‌مریكا له‌به‌رامبه‌ر كرده‌وه‌یه‌كی قێزه‌ون و تاوانێكی كه‌م وێنه‌ی كۆمه‌ڵێك پۆلیسی سپی پێستی ئه‌مریكی كه‌ زۆر به‌ خوێنساردی و له‌سه‌رخۆیی و دڕندانه‌ و بێ هه‌ست و بێ مۆراڵه‌وه‌هاوڵاتیه‌كی ره‌ش پێستی خۆیان به‌ناوی (جۆرج فلۆید) به‌ به‌رچاوی هه‌موو دونیا و به‌ تایبه‌تی هاوره‌نگ پێسته‌كانی خۆیه‌وه‌ كوشت، كه‌ بۆ ماوه‌یه‌كی دوورودرێژ ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر ئه‌و جاده‌یه‌ بوو رجا و تكایان لێكردن كه‌ خه‌ریكه‌ ده‌مرێت ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ هاوار و زه‌نای خۆی كه‌ ده‌یوت نه‌فه‌سم بڕا، ئه‌و خه‌ڵكه‌ش هاواریان ده‌كرد له‌ گیانه‌ڵادایه‌ و به‌ره‌ڵای مه‌كه‌ن به‌ڵكو بیبه‌ن بۆ زیندان و وانه‌كه‌ن به‌و بێ ره‌حمیه‌وه‌ له‌ ژێر ده‌ستاندا گیان بسپێریت، كه‌چی هیچ دادی نه‌دا و ئه‌و خوێنمژانه‌ی له‌و كاره‌ قێزه‌ونه‌ له‌ پێشدا پیلان بۆدارێژراوه‌یان په‌شیمان نه‌كرده‌وه‌ و، جۆرجی داماویش له‌ ژێر پۆستاڵ و ئه‌ژنۆی پۆلیسێكی ره‌گه‌زپه‌رستی دڕنده‌ی بێ مۆڕاڵی بێ ویژدان گیانی سپارد و منداڵێكی خنجیلانه‌ی له‌دوای خۆیدا به‌جێ هێشت.
ئه‌مه‌ له‌ وڵاتێكی زلهێزی دونیا و خۆ به‌ مرڤپه‌روه‌ر و دادپه‌روه‌ر زان و خۆ به‌ سه‌روه‌ر و سه‌ركرده‌ی هه‌موو جیهان زان رووده‌دات. بێگومان تاوانیكی ئاوا به‌ئاشكراو له‌ رۆژی رووناك و به‌به‌رچاوی هه‌موو دونیاوه‌ گه‌وره‌ترین شه‌رمه‌زاریه‌ بۆ سیستمی سه‌رمایه‌داری به‌گشتی و ده‌سه‌ڵاتی ئه‌مریكا به‌ تایبه‌تی، كه‌ سه‌روبنی زمانی باسی یه‌كسانی و دیموكراسی وئازادی و مافی مرۆڤه‌ و كه‌چی هه‌موو ئه‌و ئیدیعایانه‌ به‌ یه‌ك دۆلار ده‌فرۆشێته‌وه و تا ئێستا ئه‌و جیاوازیه‌ كۆنه‌په‌رستیه‌ی تێدایه‌.
به‌ڵام ئه‌مه‌ له‌م سه‌رده‌م و دونیای ئه‌مرۆدا روویدا، ئه‌گه‌ر له‌وێ خه‌ڵك وریایه‌ و زۆرێكیان هه‌ڵگری رۆشنبیری مرۆڤایه‌تی و سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی خۆیانن و نادادپه‌روه‌ری ره‌ت ده‌كه‌نه‌وه‌ و كاردانه‌وه‌ی به‌هێزیان هه‌یه‌ له‌به‌رامبه‌ر هه‌ر تاوانێكی له‌م جۆره‌، به‌ڵام له‌م ناوچه‌یه‌ی خۆمان چه‌ند رووداو و تاوانی گه‌وره‌تر له‌ م شێوه‌یه‌ و دڕندانه‌تریش روویداوه‌ و تا ئێستاش كه‌س ئاگای لێ نیه‌ و ته‌نانه‌ت بۆ مێژووش له‌ هیچ شوێنێكدا تۆمار نه‌كراوه‌. كه‌س هه‌یه‌ تاوانكاریه‌ قێزه‌ونه‌كانی به‌عس و رژیمی ئه‌تاتۆرك و ئه‌ردوگان و وڵاتانی ده‌وروبه‌ر ده‌رهه‌ق به‌ كورد نه‌زانێت، كه‌چی هه‌موو لایه‌ك له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی تا ئێستاش خۆیان لێ كردووه‌ به‌ كه‌ڕه‌ی شه‌ربه‌ت و له‌ كوله‌كه‌ی ته‌ریش باس ناكرێت. كه‌س هه‌یه‌ زینده‌ به‌چاڵ كردنی منداڵه‌ چاو گه‌شه‌كان و پیرو په‌ككه‌وته‌ی كورد به‌ بێ هیچ تاوانێك له‌ نوگره‌ سه‌لمان و ئامه‌د و عه‌فرین و مه‌هاباتی له‌بیر بچێت، كه‌ تاكه‌ كه‌سێك قسه‌ی له‌سه‌ر نه‌كردن و نه‌بوونه‌ بابه‌تی رۆژه‌ڤی ئه‌و كاتانه‌ و ئێستاش.
له‌وانه‌یه‌ خه‌ڵكێك له‌ رووی بابه‌تیه‌وه‌ جیاوازیه‌كان ببینێت و ململانێ و هاوكێشه‌ سیاسی و ئابووری وكۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی ئه‌م ناوچه‌یه‌ به‌جیاواز له‌ ئه‌مریكا و وڵاتانی تر بخوێنێته‌وه‌، به‌ڵام ئایا نازانن كه‌ جیهانگیری وای له‌دونیا كردووه‌ هه‌موو ئه‌و وڵاتانه‌ی ئیدعای مافی مرڤایه‌تی و ئازادی ده‌كه‌ن چاویان له‌ ئاست ناحه‌قیه‌كانی دژ به‌كورد نوقاندوه‌ و تا ئێستاش وه‌كو كارتی دابینكردنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی خۆیان یاری به‌ پرسی كورد له‌هه‌ر چوار پارچه‌كه‌ی كوردستان ده‌كه‌ن و رۆژانه‌ تاوان دژ به‌م گه‌له‌ ده‌كرێت ئه‌وان نایبینن.
ئه‌وه‌ی پۆخته‌ی باسه‌كه‌ بێت ده‌كرێت لێره‌ بڵێین؛ ئه‌م سیستم و فه‌لسفه‌یه‌ی كه‌ ئه‌و جیاوازیه‌ چینایه‌تی و ره‌گه‌زیه‌ی له‌و شوێنانه‌وه‌ به‌ هه‌زار بیانوه‌وه‌ ده‌كرێت. كه‌ خۆیان به‌ وڵاتی پێشه‌كه‌وتنخواز ده‌زانن، هه‌ر ئه‌وانه‌ن مافی گه‌لی گوردیان پێشێل كرد و كردیانه‌ پاشكۆی میله‌تانێك كه‌ هیچ كوردیك خۆی به‌ هاوڵاتی وڵاته‌كانیان نازانێت و كوردستانیان پێوه‌لكاند و ئه‌م هه‌موو قوربانیه‌ی له‌م مێژووه‌ دوورودرێژه‌ی به‌دوای خۆیدا هێنا. ‌




مانیفێستی عەشق.. بەشی شەشەم… تێکست: ستیڤان شەمزینی

پرشنگی رۆحی تۆ
ژیانی بەخشییە جەستەی مردووم


زۆر سەیرە پێکەنینەکەت
لەسەر فرمێسکەکانی من رۆنراوە!!


ئەگەر بڕیارە نیشتمانێکم هەبێت
تەنها و تەنها ئامێزی گەرمی تۆیە


وەک عیسای مەسیح
بە ئەشقی تۆوە لە خاچدراوم!


بەیانیان وەک خۆر هەڵێی
شەوان وەک مانگ ئاوا دەبیت


هەر کاتێک بیر لە ئەشق دەکەمەوە
دڵم دەستم ئەگرێ بەرەو لای تۆ


رەنگە رۆژێک بتوانم دەستبەردارت بم
بەڵام پەیکەرەکەت لە دڵما هەرگیز ناڕوخێ


بڕیارمداوە قەسیدەیەک بنووسم
تەنیاییەکانی من بێ تۆ، راڤە بکا


شیعرێک لە خەیاڵما تەقیوەتەوە
تەنیاییەکانی تۆ بێ من، ئەنووسێتەوە


خەون و خەیاڵەکانم
تەنها تۆی لێ دەچۆڕێ


یەک بەڵێنت پێ دەدەم
تەنیا مەرگ رامگرێ لە ئەشقت


زۆر بە ئەسپایی وەرە
دڵی ئاوریشمیم زۆر لە مێژە چاوەڕێتە


لە جوانیدا شێوەی گووڵ دەچێتەوە سەر تۆ
لە ناسکیدا پەپوولە ئیرەییت پێ دەبا




تۆڕەکانی هاوکاری کۆمەڵایەتی هەوێنی گەڕانەوەی ئومێدو ئیرادەمانە!

لەگەرمەی ئەم بارودۆخەداکە برسیەتی، بێکاری، هەژاری و نەداری بەرۆکی بە خەڵکی کرێکارو زەحمەکێشی کوردستان گرتووە، سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە 22ی ئایاردا، وتارێک پێشکەش دەکات کە جەوهەری دەبڕینەکانی بریتی بوو لەوەی کە تێکڕای قەیرانە سیاسی و ئابورییەکانی ئەم حکومەتە لە تونێلی قەیرانی دارایی گوزەر پێبکات. لەوێشەوە پێمان بڵێ کە 27 ملیارد دۆلار قەرزارین و لە فلتەری ئەم دەربڕینەشەوە دڵنیامان دەکاتەوە لەوەی کە باجی ئەم بارودۆخە دەبێت بکەوێتە سەر ژیان و گوزەرانی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش و شانی خۆيان خاڵیبکەنەوە لە هەر بەرپرسیاریەتیەک بەرامبەر زۆربەی زۆری ئەو خەڵکە ستەمدیدەیە!

ئەمە لەکاتێکدا کە هەر ئێستە بەهۆی کەرەنتینەوەو کاریگەریەکانیەوە بەشێکی یەکجار زۆری خەڵکی کوردستان نەک تەنیا موچەیان پێنادرێت، بەڵکو لە راستیدا بێبەشکراون و لەسەرەتایترین ماف و بیمەو حزمەتگوزاریەکانیان و ئایندەی دۆخەکە نە لە نەخشەو پلانەکانی حکومەتداو نە لە بارودۆخی جیهانیدا کە نیزک بە 300 ملیۆن بێکاری بەرهەمهێناوە پێشبینی هیچ دۆخێکی باشترو لەبارتر لەمەی کە ئێستە لەگوڕێدایە ناکرێت!

لەلایەکی ترەوە ئێمە هەر ئێستە مەترسیەکانی ئەو باردۆخە بە چاوی خۆمان دەبینین و دەزانین کە بەشێکی زۆر لەو خەڵکە لە چ رۆژگارێکی کارەساتباردا بەسەر دەبەن. ئەم وێنانەی کە لێرەدا دەیبینن گۆشەیەک لەو بارودۆخە تاڵ و کارەساتباریە کە کاری بەشوێنک گەشتووە دەزگاکانی راگەیاندنی حزب و حکومەت خۆشیان نەتوانن خۆی لێدەربازبکەن و بەهەر مەبەستێک بێت دان بەو راستیەدا بنین کە چۆن ئەم رۆژانە دیسان بەشێک لە خەڵکی کوردستان ناچاربن بەوەی کە پێداویستیە سەرەتایەکانی خۆیان بفرۆشن بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانی رۆژانەیان.

هەموومان دەزانین و لە نزیکەوە ئاگادارین کە ئەمەی لێرەدا دەیبینین تەنیا سیمای بەشێک لە شەقامەکانی شاری هەولێری پایتەختی کوردستان نیە، بەڵکو لە راستیدا زۆربەی زۆری شاروشارۆچکەکانی کوردستان بەداخەوە بەهەمان پرۆسەی کارەساتباردا ژیان تێدەپەرێنن، کە ئەمە تەنیا هەنگاوێکی سەرەتای وەبیرهێنەرەوەی رۆژانی سەرەتای نەوەدەکانە کە چۆن لە هەموو شارو شارۆچکەکانی کوردستان پۆل پۆل ئەو خەڵکە زەحمەتکێشە لەبەر نەبوونی هەژاری و نانی رۆژانەیان ناچار بوون بەم شێوە قاپ و قاچاغ و کورسی و مێزو تەباخ و بەتانی و سەرین و جەرجەف و جلوبەرگەکانی خۆیان بفرۆشن بۆ ژەمەنانی رۆژانەیان!

رۆشنە کە تائێستە ئاراستەی بارودۆخەکە نەک بەرەو باشتر ناچێت بەڵکو بەکردەوە ژیانی زۆربەی زۆری ئەو خەڵکە دەخاتە بەردەم مەترسیەکی گەورەترەوە. بۆیە وەک هەنگاوی یەکەم بەتەنگەوە چوونی ئەو خەڵکە هەژارو ستەملیکراوەیە تا بتوانین پێکەوە بەهاوکاری و هاودڵی و پشتگیریكردنيان لەيەك تروسکەی ئومێدێکیان بۆ بگەڕێنەوە لە مەترسی بەقوربانی بوونی ئەو بارودۆخە دووریان بخەینەوە!

ئەمەش لە ئێستەدا لەگرەوی ئەوەدایە کە بتوانین تۆڕی هاوکاریەکانمان لەهەموو شارو شارۆچکەو لە هەموو گەڕەک و شوێنی کارێکدا دروست بکەین و لە رێگەی هاوکاری و کاری هەرەوەزیەوە بتوانین رۆژ بەرۆژ ئەم جوڵانەوەیە لەنێو دڵی خەڵکیدا زیندو راوەستاو راگرین و بەرەوپيشي بەرين!

ئەزموونەکانی تا ئێستەی ئێمەو دروستکردنی 16 تۆڕ لە کوردستان و هەندەران ئەو راستیەیان سەلماندووە کە فراوانکردنەوەی ئەم تۆڕانە لەگەڵ چ پێشوازی و هاوکاریەکی فراوانی خەڵکی ئازادیخوازو ئنیساندۆستی کوردستاندا رووبەڕووبوونەتەوە. بۆیە بۆ رێگرتن لەمەترسیەکانی داهاتوو پەیوەست بوون بەم تۆڕانەوە.
تۆڕەکانی هاوکاری کۆمەڵایەتی هەوێنی گەڕانەوەی ئومێدو ئیرادەمانەو دەبێت دەستبەکاری سەراسەری کردنەوەیان بین!

رێبوار عارف
وتەبێژی تۆڕی هاوکاری کۆمەڵایەتی




ووردە باس …پشکۆ ناکام

                                                                 
  • سەیرکەن ئەو عالەمە چاک خۆیان مەشغوڵ کردوە ئاخۆ پارەکەی بەختەوەری سەرۆکی بەناو حکومەتی هەرڕێم کورتی هێناوە و بە ئیرادەی خوا لە قاسەکانی بەناو حکومەتا نەماوە 27/یان 15 یان رەقەمێکی تری ملیارد!!دۆلارە؟ ئاخۆ ئەو پارەیە بە دزی حسابە یان جەنابی بەختەوەر بۆ دروست کردنی چەن کۆمپانیایەکی تری بازرگانی پێویستی بە پارە بوە و کوردیش ئەڵێ : گۆشتی خۆت بخۆ و منەتی قەساب هەڵمەگرە ، جا بۆ ئەوەی قەرز لە بێگانە نەکا لە قاسەی قووتی خەڵک و داهاتی هەرێم ئەو پارەیەی بردوە بە قیست ، کە نرخی نەوت بەرزبۆوە ئەیگێڕێتەوە..جگە لەوەش هەر کاکە بەختەور بەشدار نیە لەو (حیلە شەرعی/دزییە شەرعی)یە بەڵکە ئامۆزا بەشووشەکەی کە بەسەری یەکتر سوێند ئەخۆن پێشتر هیچ کەمتەرخەمی نەکردوە لە بەتاڵ کردنەوەی دەغیلەی بژێوی خەڵکی هەرێم ، بەکورتییەکە مەسەلەکە ئاوایە : دوو ئەندامی بنەماڵەی دەسەڵاتداری هەرێم بۆ کاری تایبەتی خۆیان بیست و حەوت ملیارد دۆلارییان بەناوی حکومەتی هەرێمەوە لە قاسەی بژێوی خەڵک بردوە ، دزیوە ، ماشیوەتەوە ، چی ناو ئەنێی بنێ ، گرنگ ئەوەیە ئەو پارەیە لە بەینی دوو ئامۆزایا گیانی بەخشی بە کورد و کوردستان ، هەر وەک چۆن لە ئاشبەتاڵا 25/ملیۆن دۆلاری ئەو کاتەی قاسەی بزووتنەوەی ئەیلول ئاودیو کرا و کەس ئاسەوارێکی نەبینییەوە ئەم بیست و حەوتەش بە هەمان شێوە هەبوو نەبوو بیست و حەوتێک هەبوو !!گەر پەلەش نەکەین چەن جارێکی تریش دە و پانزە و بیست ملیار دۆلاری وون ئەبێ و ئەبێ بەهەڵم و تا ئەو بنەماڵەیە دەسەڵاتدار بن کەس هیچی پێ ناکرێ ، جگە لە بۆڵە بۆڵ و نووسین و ئیدانە کردن ، ئاخر پارلەمانێک کە خۆی کارتۆنیە تا ئێستا نەیتوانیوە یەک مەسئولی دز ، یەک وەزیری گەندەڵ ،یەک کادری جەردە ، تەنانەت لە یەک ئیستیعلاماتیش بپرسێتەوە ئێستا ئەم پارلەمانە ئەندامێکی بنەماڵەی دەسەڵاتدار بانگ بکا بۆ لێرسینەوە !!مەیخۆ تاڵە ..تا ئەم بنەماڵەیە بەم سیستەمە سەقەتە و بەم حیزبە و گروپە ئفلیجیانە لە ئارایا بن هەر وا ئەمێنێتەوە وەزعەکە ، خوا کەریمە تەنها ووتەیەکە و دادی کەس نایات ، کەرکوک کە سەر و بنی زمانی بنەماڵەیە و ناویان ناوە دڵی !! كوردستان !!جەنی لەو دزییە بەرکەوتوە؟ هیچ ، چونکە ئێستا کەرکوک بۆ بنەماڵە ” ڕیخۆڵە کوێرە”یە و بوون و نەبوونی وەک یەکە..ئەی پرۆژەی بە دوبەی کردنی هەرێم لەو بیست و حەوت ملیۆنە چەنی بەر کەوت؟ بیست و حەوت ملیار دۆلار لە پارە و قووت و دەغیلەی خەڵک ئەماشرێتەوە بەڵام لە رۆژێکی میحنەتا هەژارانی ئەم هەرێمە ئەبێ چاویان لە خێر و سەدەقە بێ.. كەسیش چاوڕێی سبەی نەکا لەمڕۆ باشتر بێ ،بنەماڵەیەک خۆی لە میللەت و خاک و مێژوو گەورەتر ببینێ ، دەیان بیست و حەوت ملیاری وون ئەبێ و هیچیش لە وەزعەکە ناگۆڕێ ، تا ئەو کاتەی خەڵک بریاری گۆڕین ئەیەن ….
  • جاران لە سلێمانی پیاوێکی نیمچە ناتەواو هەبوو بە ناو هێنانیووشەی “یاپراخ” توڕە ئەبوو ، تا رۆژێک جەماعەت لە ناو بازاڕ ڕێککەوتن هەریەکەی بابەتێکی دروستکردنی یاپراخ بڵێ ، یەکێک ووتی سڵق ، ئەوی تر ووتی برنج،،یەکێ لەولاوە هاواری کرد گۆشت ، لەولاشەوە یەکێ ووتی پیاز و تا هەموو بابەتاکان ووترا ، کابراش هاواری کرد پیاوم ئەوێ بیپێچێتەوە ،، یەکێک لەولاو ووتی یاپراخ و بە پێکەنینەوە ڕای کرد ، ئەم مەسەلەی ناوهێنانی یاپراخە وەک ترسی ئەمڕۆی دەسەڵتدارانی هەولێرە لە ووشەی” خۆپیشاندان” رەنگە ناوهێنانی خۆپیشاننان بە شیعریشا ببێتە مایەی گێچەڵ بۆ ساحێبەکەی ، مەگەر یەکێ بڵێ “خۆ” و یەکێکی تر” پی” و کەسێکی تر”شا” و دواجار یەکێک بڵێ”نان” و ئیتر بزانە ئەو هەموو پاراستن و پۆلیس و هیزانەی بنەماڵە چۆن لەرزیان لێ یەت،، ڤورسەتی پارێزگاری هەولێر فورسەتی هێنا و بەناوی بنەماڵەوە هەرەشەی کرد کە کەس ناتوانێت ئارامی شار تێک بات و بە توندی ئەچن بە گژ هەر هەوڵێک بۆ دروستکردنی نارەزایی لە پایتەختا ، لە بیرمان نەچێ ئەمە هەمان فورسەتە کە لەسەروبەندی 17/ی شوبات بەزۆر تەلەبەکانی خەڵکی سلێمانی سواری پاس ئەکرد و ئەیناردنەوە بۆ سلێمانی لەترسی تەشەنە یانی خپیشانانەکان بەرەو هەولێر ، کاتی خۆی زەمانی بەعسیش لە ترسی خۆپیشاننان هاتو چۆ قەدەغە ئەکرا وەک ئەوەی ئەمڕۆ دەسەڵاتی هەرێم بە ناوی کۆرۆناوە ئەیکات ، بەڵام با کاکە فورسەتەکەی هەلێر بزانێ کاتێ خەڵک بریاری خۆی یا ، بەعس هیچ فورسەتێکی مانەوەی نەما ، ئەوسا و ئێستاش دەسەڵات پشتی بەهێز قایم بوو ، بەڵام خەڵک فورسەتی هێزی نەیا.



دانانی سنوورێک بۆ دەست درێژی کردنە سەر ناوچە شوێنەواریەکان… ئەحمەد کامەران

کاتێک کە گوێبیستی وشەی دەست درێژی دەبینەوە، ڕەنگە ڕاستەوخۆ هزرمان تەنیا بۆ سەر مڕۆڤێک بچێتەوە،یاخود بۆ سەر ڕەگەزی مێ (ئافرەت) هەڵبەتە ئەوە پرسێکی ترو بابەتێکی ترە ، بەڵام لە بنەڕەتدا وشەی دەستدرێژی لە ئەمڕۆدا دەکرێتە سەر زۆر شت کە دیارترینیان دەست درێژی کردنە سەر ناوچە شوێنەواریەکان و ڕووخانیان و شێواندنیان بەهەموو جۆرە شێوازێک،بەبێ ئەوەی هیچ جۆرە لێپرسینەوەیەک بکرێت لە بەرامبەر دەستدرێژی کارانی سەر ناوچە شوێنەواری و کەلەپووریەکانی وڵات، ئەوەی لێرەدا کە بۆمن جێگای سەرنجە وەکو کادیرێکی بواری شوێنەواری ،ئەوەیە کە هەتا ڕادەیەکی زۆر حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان کەم تەرخەمن لە ئاست سەرجەم ناوچە شوێنەواریەکانی کوردستان،بەتایبەتی لە ئێستادا بەهۆی پرسە سیاسیەکانەوە کە دەبینین ڕۆژانە لەلایەن دەوڵەتی تورکیای فاشیستەوە کە ناوە بە ناوە لە ڕێگای بۆمبارانکردنی ناوچە سنووریەکانی هەرێمی کوردستانەوە ،کە جگە لەوەی زیان بە هاوڵاتیان دەگەینرێت لە هەمووڕوویەکەوە، بەڵام لە پاڵیشیدا زیان بە ناسنامەو شارستانیەتەکەیشی دەگەینرێت کە ئەویش بریتیە لە ناوچە شوێنەواریەکان،کە لە دەرئەنجامی بەردەوامی ئەوبۆردومانانەوە، کە دەبێتە هۆی ڕووخان و شێواندن و ڕەنگە بگاتە ئاستی سڕینەوەی ئەو ناوچە شوێنەواریەی کە دەکەوێتە بەر شاڵاوی بۆردومانەکانی تورکیا و دووژمنان… کە پێم وایە بۆ داهاتووی نەتەوەیەک باش نابێت ،بەهۆی بەردەوامی ئەو دەست درێژیکردنانەی سەر ناوچە شوێنەواریەکان…




ئیستای کوردستان، کێشمە كێشی چینایەتی و ئەگەری ڕاپەرینی جەماوەری … موئەیەد ئەحمەد

دەسەڵاتداری ناسیونالیزم لە کوردستاندا

ئیستا خەڵکی کوردستانی عیراق لە قۆناغێکی میژوویی دیاری کراو و کۆنکریتدا دەژین کە ئەتوانین بڵیین لە باری سیاسیەوە مۆرکی ٢٩ ساڵی کاریگەریە کارەساتبارەکانی دەسەڵاتی هیز و حزبەکانی ناسیونالیزمی کوردی پێوەیە.
دیارە هێزە سەرەکیەکانی ئەم بزوتنەوە ناسیونالیستیە بورژوازیە بریتین لە هەردوو حزبی چەکداری میلیشیایی؛ پارتی دیموکراتی کوردستان (پارتی) و یەکیەتی نیشتمانی کوردستان (یەکیەتی)، کە بە دریژایی ئەو ماوەیە کۆمەڵگەی کوردستانیان وەک ئیمارەتێکی داگیرکراو خستۆتە ژیر چەپۆک و دەسەڵاتی خۆیانەوە. وە ئەمەش بەحوکمی مۆنۆپۆڵی چەک و سەرکوت و کۆنترۆڵی سەروەت و سامانی وڵات و زاڵی خۆشخەیاڵی ناسیونالیستی و “ڕزگاری نیشتمانی” لەناو جەماوەردا، و خۆگریدانەوەی ئەم حزبانە بە ستڕاتیژی ئەمریکا و ئەم وڵات و ئەو وڵاتی دەوروبەر وساتوسەودا لەگەڵیاندا…هتد.
لە ساڵی ٢٠٠٩ بە دواشەوە “بزوتنەوەی گۆڕان” وەک ڕەوتیکی سیاسی حزبی ناسیۆنالیستی و باڵێکی جیابووەوە لە یەکیەتی بووە بە یەکێک لە یاریکەرەکانی گۆڕەپانی سیاسی لە کوردستاندا. سەرۆکی پێشووی ئەم حزبە، نەوشیروان موستەفا، کە میژوویەکی دوورودرێژی هەبوو لە پێداگری لە “مۆنۆپۆڵی چەک بە دەست یەکیتییەوە لە کوردستان” و بەرگریکردن لێی، لەپڕ بە خۆی و حزبەکەیەوە بوون بە ئۆپۆزسیۆنێکی سیاسی قەومی- پەرلەمانی نا میلیشیای لە ٢٠٠٩وە.
ئیستاش هەر لە هەناوی ئەم هەلومەرجەدا کە قەیرانی حزبە سەرەکیەکانی ناسیونالیزم لە لوتکەدایە و “گۆڕان” لە تین کەوتووە و کارەساتێکی گەوەرە بۆ خەڵکی کوردستان هاتۆتەپێش، بەشێک لە ناسیونال-لیبراڵە بورژواکانی پێگەیشتووی ناو خودی هەمان سیستەمی گەندەڵی و تاڵانچیەتی بە ناوی “نەوەی نوێ”وە قوتبوونەتەوە بۆ گیانی کریکاران و هەژارن و بەش مەینەتانی کوردستان. ئەم حزبە سیاسیە پەرلەمانیە بە سەرۆکێکی سەرمایەدارەوە (شاسوارعبدولواحد) و دەزگایەکی زەبەلاحی میدیایی، هاتۆتە ناو گۆرەپانی سیاسی و ئەیەوێت بە سیاسەتی نیولیبرالیزمی ئابووری، گوایا گەشە بە سەرمایەداری بدا لە کوردستاندا، وەک ئەوەی تا ئێستا وا نەبوبێت، وە ڕا و بۆچوونە تا سەر ئێسک دژە سوشیالیزمیەکانی نیولیبرلیزمەکەی بکاتە بەرنامەی ناڕەزایەتیەکانی خەڵک و فریوکارانە وەک چارەسەری بیکاری و هەژاری و نەهامەتیەکانیان نیشانیان بدا.

حزبە ئیسلامیەکانی کوردستانیش، کە بە درێژایی ئەم ٢٩ ساڵە بەشداری کوشتن و بڕین بوون و زۆربەیان بە هێزی میلیشیای چەکدارەوە سیاسەتیان کردووە و چەند لە توانایاندا بووبێت درێغیان نەکردووە لە ئەنجامدانی کاری تیرۆرستی، هەمیشە بارێکی گەورە و گران و هەڕەشەیەکی ترسناک بوون بە سەر ئەم کۆمەڵگەیەوە. ئەم حزبانەی ئیسلامی سیاسی و پاش چەند شەڕ و پێک دادانێک لەگەڵ حزبە میلیشیەکانی ناسیونالیزم لە پرۆسەیەکدا بوون بە ئۆپۆزسیۆنی پەرلەمانی وهاوبەشی دەسەڵاتداریەتی میلیشایی ئەم حزبە ناسیونالیستانە.
ڕۆڵی ئوبژیکتیڤانەی حزبەکانی ئیسلامیی سیاسی لە ئیستادا و لە پەیوەند بە ڕژێمی سیاسی بورژوا ناسیونالیستی کوردستان تەواوکاری ئەم ڕژێمەیە. ئیسلامیزم ئەوئەرکە ئەنجام ئەدا کە ناسیونالیستەکان بە حوکمی پێناسە و ئاسۆی ناسیونالیستی نیمچە سیکولاریان باش ناتوانن ئەنجامی بدەن، ئەویش بڵاوکردنەوەی خۆشباوەڕی ئاینیە لەناو کریکاران و هەژاران و چەوساوەکاندا. دەسەڵاتدارانی کوردستان هەمیشە پێویستیان بەوە بووە کە خۆشخەیاڵی هەردوو ئایدیۆلۆژیای ئیسلامی و ناسیونالیستی چابووکانە پەرەپێبدەن لەناو چینی نەداری کوردستان تا دووریان بخاتەوە لە گۆرینی شۆرشگێرانەی کۆمەڵگە و ژیانیان. لە سایەی بارودۆخی زاڵی ئاسۆی سیاسی ناسیونالیستی بەسەر کۆمەڵگای کوردستاندا، حزبەکانی ئیسلامی سیاسی بە کردەوە هاوبەشی ڕژێمن، واتە هاوبەشی دەسەڵاتداری ناسیونالیستی کوردیین.

ئاکامەکانی قۆناغی رێگوزەر

بۆ دیاریکردنی ڕەوەندی بناغەیی تر کە لە پشتی ئەم ڕژێمە سیاسیە ناسیونالیستیە و سەرلەنوێ بەرهەمهێنانەوەیەتی لە هەموو ئەو ماوەیەی ڕابردوودا، ئەبی بگەڕێینەوە بۆ ناو کۆمەڵگای کوردستان و دابەش بوونی چینایتی و مێژووی ڕانەوەستاوی کێشمەكێشی چینەکانی نێو ئەم کۆمەڵگەیە. هەر بەم پێیەش ئەبێ پەیوەندی چینەکان و هاوسەنگی هێزی نێوانیان هەڵسەنگێنین لە بارودۆخی سیاسی دیاریکراوی ئەمرۆدا.

ئەم بارۆدۆخەی ئێستای کوردستان لەباری سیاسیەوە بریتیە لە گەشە وکامڵبونی ناکۆکیەکانی حاکمیەتی بۆرژوا ناسیونالیزمی کورد و بۆ خۆی “کۆیەکی کۆنکریتی” دیاریکراوە و لوتکەی مێژوویکی ٢٩ ساڵەی ئەم ڕژێم و حوکمڕانیەیە. هەر بۆیە شۆڕبوونەوە و پەیبردن بە پێکهاتەکانی و ناکۆکیەکانی و یاساکانی جوڵەی ئەمرۆی، کلیلی ناسینی داهاتووشیەتی.
بەڵام پێش ئەمانە، کە دواتر دێمە سەریان، گرنگە لێرەدا ئاماژە بە قۆناغێکی ڕێگوزەر (ئینتیقالی) بدەم کە لە ئازاری ١٩٩١ وە دەسپێدەکات و یەک دووساڵێک ئەخایەنی. لەم دەوریەدا هێشتا دەسەڵاتەی ناسیونالیزم و حزبەکانی بە سەر کۆمەڵگای کوردستاندا بە تەواوی یەکلا نەبوەتەوە و كێشمەكێش بەردەوامە و ئەتوانم بڵێم مۆرکی ئەم قۆناغە بە حاکمیەتی ناسیونالیزمەوە دیارە و بە ئێستاشیەوە.
هەڵچوونی سیاسی خەڵکی کوردستان لە ئازاری ١٩٩١ و لە جەرگەیدا سەرهەڵدان و چالاک بوونی ئاشکراو و کۆمەڵایەتیانەی بزوتنەوەی کۆمۆنیستی و ڕێکخراوەکانیان و شورا کرێکاریەکان و شورا جەماوەریەکان بووە هۆی ئەوەی کە ڕووبەڕوبونەوەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی دیاریکراو بێتە ئاراوە لە کوردستاندا. ئەم ڕووبەڕووبونەوەیە لە واقعدا کێشمەکێشی دوو بزوتنەوەی کۆمەڵایەتی بوو، کە لە لایەک شوراکان و ڕێکخراوە کۆمۆنیستەکان و چالاکەوانی یەکسانی و ئازادی بوو، و بە هەمووی وەک جەمسەری هێزی کۆمۆنیزم لە کۆمەڵگەدا خۆی دەنواند، و لە لایەکی ترەوە ناسیۆنالیزمی کورد بوو بە خۆی و حزب و هێزە چەکدارەکانی. هەر بۆیە لەم دەورەیەدا دوو بزوتنەوەی کۆمەڵایەتی؛ ناسیونالیزم و کۆمۆنیزم لە کێشمە كێشدا بوون لەسەر دیاریکردنی چارەنووسی سیاسی و کۆمەڵایەتی کۆمەڵگای کوردستان کە بۆ ماوەیەکی یەک دوو ساڵە بەردەوام بوو وە مۆرکی خۆیدا لە تەواوی قۆناغی تازەی کۆمەڵگا و پەیوەندی چینەکان و تەرازووی هێزی نیوانیان.

ئەم كیشمە كێشە کاریگەری لە زۆر بواردا دانا و پێوسیتی بە ڵێکۆڵینەوە و باسی هەمەلایەنە هەیە بەڵام ئەوەی کە لێرەدا زیاتر ئەمەوێت جەختی لەسەر بکەم، کاریگەری ئەم کێشمە كێشە چینایتیە و ئەم قۆناغە ڕێگۆزاریە لەسەر خەسەڵەتە بناغەیی و چینایەتیەکانی حاکمیەتی ناسیونالیزمی کورد لە کوردستاندا.
ناسیونالیزم هەر لە سەرتاوە وەک بزوتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی و سیاسی بۆرژوازی نەک هەر خەسڵەتی بورژوازیانەی خۆی و بەرگری کردنی لە بەرژوەندیەکانی سەرمایە و سەرمایداری بەرجەستە کردۆتەوە بەڵکو لە جەنگیکی دڕندانەدا دۆژمنکاری بێ ئەملاوئەولای خۆی پیادە کردووە لە بەرامبەر پڕۆلیتاریای کوردستان و بزوتنەوەی کۆمۆنیستی و خەباتی ڕۆژانەی کریکاران و زەحمەتكیشاندا. هەر زوو نەزیر عومەر و بەکر عەلی تیڕوڕ کرد و پێشترێش هێرشی بردە سەر شوراکان و مەقەرەکانی “ڕەوتی کۆمۆنیست” و کەوتە دوژمنکاری و پیلانگیڕی بەرامبەر یەکیەتی بێکاران و دواتریش کۆنترۆڵی نەقابە کریکاریەکانی کرد و ڕێگەی لە دروستکردنی سەندیکای سەربەخۆ گرت …هتد. ئەمە جگە لەوەی کە بە بێ ‌هیچ سڵکردنەوەیەک هەزارانیان لە ڕۆڵەکانی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش و نەداری کۆمەڵگای کوردستان ڕەوانەی جەنگەکانی ناوخۆیی خۆیان کرد و دایانن بە کوشت لە پیناوی ئەوەی ئەم یا ئەو هێزی میلیشیایی کۆنترۆڵی کوردستان بکات.
گەر لە ئیستادا و پاش ٢٩ ساڵ سەیرێکی میدیا و گوتاری سیاسی و ئایدیۆلۆژیای زاڵی ناسیونالیزمی کورد بکەین ئەبینیین کە نیشانەکانی ئەم قۆناغە ڕێگوزەرەی هێشتا لە خۆدا هەڵگرتووە، و لە سەر بنەمای بەرژوندە چینایەتیەکانی بۆرژوازی کوردستان لە ئەمرۆدا و لە درێژەی دۆژمنکارییدا بەرامبەر چینی کریکار بەرهەمیان ئە‌هینێتەوە. میدیا و گفتوگۆ و گوتاری سیاسی زاڵی ناسیۆنالیزم لە کوردستاندا یا باسی ئەم قۆناغە ڕێگوزەرە ناکات و قڕوقەپی لێ ئەکات یا لە ڕوانگەی سیاسی چینایتی بورژوازیانەی خۆیانەوە ئەیشێوێنن.
کەم میدیا و گوتاری سیاسی وڵاتانی جیهان هەیە، ئەوەندەی میدیا و گوتاری بۆرژا ناسیونالیزمی کورد بژارکرابێت لە بەکارهینانی هەر دەربڕێنێک و هەر ووشەێک و كۆنسێپتێک کە باس لە سوشیالیزم و کۆمۆنیزم و ڕۆڵی ئازادیخوازانەی چینی کرێکار بکات، و باس لە بەها ئازادیخواز و یەکسانیخوازیەکانی بزوتنەوەی ئەم چینە و پرۆلیتاریای سۆشیالیست بکات. یا ڕونتر بڵیم، کەم دەسەڵاتداریەتی و ڕەوتە سیاسیەکانی بورژاوزی هەن ئەوەندەی ئەمان توانیبێتیان جینۆسایدی کەلتوری ڕۆشنبیری سۆشیالیستیان کردبیت لە کۆمەڵگەدا. ئەم دژە سۆشیالیزم بوونە ترادیسیۆنی بە ناو “خۆماڵی” کوردی نیە ئەمە جەنگی هوشیارانەی بۆرژاوازی جیهانی و تایبەتمەندی بورژوا ناسێونالیزمی کوردە بە دژی چینی کریکار و نەداران و بەشێکە لە پیداویستە سیاسی و فکریەکانی ئەم چینە سەروەرەی کوردستان و دەسەڵاتە سیاسیەکەی و بەبێ ئەمە کاری ناڕوات.
نەک هەر کریکاران وەک چینێکی کۆمەڵایەتی و خاوەنی ئەڵتەرنەتیڤێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی باس ناکرێت و بە دابڕاو لە کارەکتەرە ئینترناسیونالیست و جیهانیەکەی وێنا ئەکرێت لە ئاوهەوای سیاسی و فیکری زاڵی ناو کوردستاندا، بەڵکو حاشا لە هەبوونیشی ئەکرێت. لە باشترین حاڵەتدا وەک تۆێژێک کە مووچەی ئەبڕدرێت و کاری نیە و ناڕازیە نیشان ئەدرێ و وێنا ئەکرێت. لە ڕوانگەی ناسیۆنالیستەکانی کوردستانەوە چینی کریکار ئەتوانی تەنها و تەنها بە ناوی نەتەوە و ئیسلام و فرۆشیاری ئازادی کاڵاکەیەوە، کە هیزی کاریەتی، هەبوونی کۆمەڵایەتی هەبێت و هیچی تر. واتە کۆنسێپتی هیزی چینایتی سۆشیالیزم بە بەردەوام ئەسڕێتەوە لە زەینی کۆمەڵگەدا تا پڕ بکریتەوە بە ئایدیۆلۆژیای ناسیونالیزم و ئیسلامیزم و لیبرالیزم، و ئەمەش هەر ئەزمونی بورژوازی جیهانی نیە کە هیزە سیاسیەکانی بورژوازی “خۆماڵی” لاساییان بکەنەوە بەڵکو ئەزمونی هەمان ئەم هیزە سیاسیانە خۆشیانە و بە تایبەتی ناسیۆنالیزمی کورد کە لە شەڕدا بووە وبەردەوامیشە لەم شەڕە لە بەرامبەر چینی کریکار و سۆشیالیست و کۆمۆنیستەکانی کومەڵگای کوردستان.

قەیرانی ڕژێمی سیاسی ناسیونالیزم و ڕەخنەی سۆشیالیستی

ئەمرۆ ئەم ڕژێمە لە قەیرانێکی توندوتیژی سیاسی دایە و تەنانەت خەریکە وەک قەوارەیەکی سیاسی ئەبێ بە دوو ئیدارە یا ڕوونتر بڵێم دوو ئیمارەت، و لە ژێر سایەی ئەم حوکمرانیەدا زۆربەی زۆری جەماوەر لەوپەڕی فەلاکەتی ئابووریدایە و بە هیلاک چووە. هەروەها تەوژمی ئەم قەیرانە کۆمەڵایەتیە و پەرەسەندنی ناکۆکیەکانی ناو خودی ئەم ڕژێمە سیاسیە خانوادەیی و میلیشیایە لەوە زیاترە کە بتوانرێ بە ئاسانی و تەنها بە سەرکوت ڕابگیریت. بە کورتی، وهەر وەک لینین ئەڵی “دەسەڵاتداران ناتوانن وەک جاران حوکم بکەن” و خەڵکی هەژار و ناڕازیش “نایەنەوێت وەک جاران بژین”. ئەمە بۆ خۆی لایەنەکانی باردۆخیکی شورشگیرانە نیشان ئەدەن و لەگەڵ هەر پلەیەکی بەر چاو لە پەرەسەندنی ئامادەیە سیاسی و ڕێکخراوییەکانی چینی کریکار و نەداران ئەیگۆڕیت بۆ قەیرانیکی شۆڕشگیرانە و هەنگاونان بەرەو ئەنجامدانی شۆرش و ئاڵوگۆڕی ڕیشەیی.
لەم هەلومەرجەی ئیستای کوردستاندا، نە هاواری “نیشتمان” و”نیشتمان پەروەری” بۆرژوا ناسیونالیستی کورد و ئینتلیجنسیاکەی ئەتوانی گۆێبیستی ئەوتۆی هەبێ لەناو ڕیزی هەژاران و نەداراندا، و نە خەڵکگەرایی ناسیونالسیتی ووردە بورژوازی کاریگەری ئەوتوی ئەبێت لەسەریان. ئاشکرایە قەتیس بوونی کریکاران و زەحمەتکێشانیش لە چوارچیوەی ناڕەزایەتی دەربڕین لەبەرامبەر گەندەڵی و دەسەڵاتداریەتی میلیشیایی و مووچەبڕین کاریان مەیسەر ناکات و ئاکسیۆنی پەرژوبڵاویشیان ناتوانێ کاریگەر بێت لە بەرامبەر ئەم بارودۆخەدا.
هەر بۆیە ئەمرۆ لە هەرکات زیاتر زەرورەتی چارەسەری كێشە سەرەکیەکانی کۆمەڵ بە شیوازی شۆرشگیرانە و دەرچوونی شۆڕشگێرانە لەم بارودۆخەی ئیستا هاتۆتە پێشەوەی ڕەوەندە سیاسی و کۆمەڵیەتیەکان. بەڵام ئەم رێگە دەرچونە شۆرسگیرانەیە لە خۆیەوە هەڵناقوڵی و گرێیخواردووە بە مەودای پەرەسەندنی کێشمەكێشی سیاسی چینایەتی و ئاکامی شەڕی ئەڵتەرنەتیڤی بۆرژوازی و کریکار؛ شۆشیالیزم و کەپیتالیزم لە کوردستاندا.
هەرچەندە دەسەڵاتی بورژوا ناسیونالیزمی کورد کەوتۆتە ناکۆکیەکی بێچارەسەر لەگەڵ زۆربەی جەماوەر و لەگەڵ کۆمەڵگەدا، بەڵام لە هەمان کاتیشدا ئامادەیی سیاسی و ڕێکخراوەیی و فیکری چینی کریکار و تۆیژە کانی دەوری ئەم چینە لاوازە. دیارە ئەمانە هەمووی ئەتوانرێ بە شیوەی چۆنایەتی (نوعی) و خێرا بگۆڕێت لە بارودۆخی قەیرانی شۆڕشگیرانەدا.
هەنگاوی یەکەم لە هەموو ئەم ڕەوەندەدا ئەوەیە کە ڕەخنە لە “دەسەلاتی کوردی” لە ڕوانگەی چینایەتی کرێکارەوە بەرجەستە بکرێتەوە. ڕەخنەی چینایەتی کرێکار ڕەخنەیە لە ڕژێم و دەسەڵاتی سەرمایە، دەسەڵاتی بورژوازی کورد، نەک بەتەنها ڕەخنە گرتن لە گەندەڵکاران و میلیشیاکان و دەسەڵاتی بنەماڵەکان. ڕەخنەی مۆڕاڵی دەردی کریکاران و چەوساوەکان و بێبەشان دەرمان ناکات، ئەوان بۆ خۆیان ڕەخنەی کۆمەڵایتی و چینایەتی بە کردەوەن لە سیستمی سەرمایەداری، و تەنها لە رێگەی بە هیز کردنی ڕەخنەی سوشیالیستیان لەم سیستمە و نوینەرە سیاسیەکانی لەوانە ناسیۆنالیزم و ڕژێمە سیاسیەکەی لە کوردستاندا ئەتوانن ڕابەری سیاسی شۆڕش و گۆرانکاری شۆرشگێڕانەی کۆمەڵگە بن.
ناوەڕۆکی چینایەتی دەسەڵاتی ناسیۆنالیزمی کورد بۆرژوازیە و دەسەڵاتی سیاسی سەرمایە و سەرمایەداریە وئامرازی سەرکوتی دەستی ئەم چینەیە بە دژی چینی کریکار وزەحمەتکێشان، ئەمە ئەو فاکتەیە کە بەبێ ڕەچاوکردنی و بەبێ ڕەخنەی سۆشیالیستی لێی، چینی کرێکار و نەداری کوردستان ناتوانێ دەوری مێژووی خۆی بگێڕی لە بارودۆخی شۆرشگیرانەی ئەمرۆدا.
ئەوە ڕاستە کە دەسەڵاتی بورژوا ناسیونالی کوردستان گەندەڵ و بێباکن لە بەرامبەر داوکاریەکانی جەماوەردا، بەڵام لە سەرمایەداریدا بە گشتی گەشەی ئابوری کۆمەڵگە بەم شیوەیە ئەڕواتە پێشەوە و تاکە جیاوازی ئەوەیە لەگەڵ وڵاتانی تردا، گەر بەرواوردەکەمان لەم بورەدا بیت، کە گەندەڵی تا ئاستێکی خنکێنەر بەربڵاوە لە کوردستاندا و زۆربەی هەرە زۆری دانیشتوان و لەوانە بەشیک لە سەرمایە بچوک و ناوەنجیەکانیشی بەجارێ هەرسان کردووە. دەسەڵاتی میلیشیایی و بنەماڵەیی کە هەناسەی لە کۆمەڵگە بڕیوە لە واقعدا شتێک نیە جگە لە فۆرمی سیاسی دیاریکراوی سەرمایە و سەرمایەداری لە کوردستاندا هەر بۆیە جیاکردنەوەی فۆرم و ناوەڕۆک لە یەکتر و پێوانەیان بە دوو ئەندازەی جیاواز هەڵەیەکی کوشندەیە بۆ پرۆلیتاریا.

بۆرژوازی دەسەڵاتدار و سەرمایەی کۆمەڵایەتی

دیارە، دەسەڵاتی ئیستای کوردی بەزەقی دەسەڵاتی سیاسی سەرمایەیە، کە ئەمەی دووهەم بۆ خۆشی ئەلقەیەکە لە ئەڵقەکانی سەرمایەی جیهانی، و ئەم دەسەڵاتە بەگشتی سەروەری سیاسی چینیکی کۆمەڵایەتی نمایش ئەکات کە بورژوازی کوردستانە. وەک هەر کۆمەڵگەیەکی کاپیتالیستی پەیوەندی سەرمایە و ژێرخانی ئابووری سەرمایەداری بناغە و پایەی ئەم ڕژێمە سیاسیە ناسیونالیستیەی کوردستانیشە و لێرەوە هێز وەرئەگری و ئەمیش بەڕۆڵی خۆی ئەکەوێتەوە خزمەتی.
هەر لەم ڕاستایەدا ئەبینین کە تۆێژیکی دیاری کراو لە سەرمایەدارانی ملیاردێر وملیۆنێری ناو ڕژێمەکە و دەرەوی ڕژێمەکە هەمیشە کاریان لە برەودایە و ئەمانە خەریکی وەگەڕخستن و کەڵەکەی سەرمایەن لە هەموو کەرتە پیشەسازی و خزمەتگوزاری و بازرگانی ومالیەکان و پرۆژە جوراوجۆرە ئابووریەکاندا. هەموو ئەم سەرمایە گوزاریانە لە ژیر سایەی ئەم ڕژیمەدا بە توندی گرێدراونەتەوە بە گەندەڵی و قۆرغ کردنەوە و کەڵەکەی سەرمایە بە قەبارەیەکی ‌هێجگار گەورە زیاد ئەکات.

بۆ سەرمایەی “نەتەوەیی” کورد واتە “سەرمایەی کۆمەڵایەتی” ئەوە گرنگ نیە دەسەلات بنەماڵەیی بێت یا پەرلەمانی بەو ئەندازەیی کە سەرمایە کاری بڕوات. فۆڕمی سیاسی ڕژێمی لە سەر کاربوی ئیستا و میلیشیایی بونی ئەم ڕژێمە و گەندەڵی و دوو ئیدارەیی و نەبوونی بنەماکانی دەوڵتی ئاسایی بورژوازی، لە گەڵ ئەوەشدا نەگونجاوە لەگەڵ پیداویستە ئابوری و یاسایی و ئیداریەکانی سەرمایەی نەتەوەیی، بەڵام لەباری سیاسیەوە نەک كێشە نیە بۆی بەڵکو زەرورەتێکە بۆ سەرکوتی چینی کریکار و پەرژوبڵاوەپێکردنی ڕیزی خەباتی لە ئیستادا.

هەروەها ئەوە ڕاستیەکی بەرچاوە کە میژووی سیاسی ئەم ڕژێم و دەسەڵاتەی کوردستان جیابووە نیە لە گەشەی ئەم سەرمایەداریەی کە ئیستا هەیە و بەم شیوە کۆنکریتەی. قسەکردن لەسەر خراپی و باشی ئەم ڕژێمە سیاسیە میلیشیاییە لە پەیوەند بە بەرژەوەندیەکانی سەرمایەی کۆمەڵایەتیەوە لە کوردستاندا جیاکردنەوەی زۆرەملییانەی سیاسەت و سەرمایە و سەرمایەداری ئەم کۆمەڵگەیەیە لە مێژوی کونکریتی خۆیدا و لە دوا شیکردنەوەدا ڕۆمانسیزمی ناسیۆنالیزمی ووردە بورژوا و ڕۆشنبیرانیەتی. ئەوەی لە کوردستاندا ئەگوزەرێ لە ڕووی سیاسەوە و بەم دەسەڵاتە گەندەڵ و میلیشیایی و بنەماڵەیەوە ئەوە میژووی خودی ناسیونالیزمی کورد و ڕۆڵ و نەخشیەتی لە پەیوەند بە گەشەی سەرمایە و سەرمایەداریەوە و بەشیکی ئۆرگانیک و سوپەر سترەکچەری سیاسی سەرمایەیە.
لە سەرمایەداریدا ئەوە گرنگ نیە کە سەرتا سەرمایە لە كۆێوە هاتووە و چەند تاڵانیە و بە چ میکانیزمێک کۆبۆتەوە. ئەوە گرنگە کە کاری کۆمەڵایەتی مۆنۆپڵکراوە و لە فۆرمی سەرمایەدا و لە جوڵەکەیدا گەوەرتر و گەورەتر ئەبێت. هەر وەک هەموو کۆمەڵگەیەکی تری هاوچەرخ گەشەی ئابووری سەرمایەداری لە کوردستانیشدا بەوە ئەپێورێ کە چەند سەرمایە کەڵەکە بووە. ئەی ئەوە نەبوو جلال تالەبانی کاتی خۆی پەرەسەندنی ئابووری کوردستانی بە ژمارەی ملیۆنێرەکانی کوردستان ئەپێوا. ئەوە قسەی سەرزارەکی نەبوو بەڵکو ئەوە لۆژیکی سەرمایە و نوێنەرەکانیەتی و گەشەی ئابووری بە قەبارەی کەڵەکەی سەرمایە و ڕیژەی قازانج ئەپێورێ نەک چەند جەماوەر لە خۆشگوزرانیدا ئەژی یا ناژی.
مەسەلەی نەتەوایەتی کوردیش لە هەر کات زیاتر بە گوێرەی بەرژەوەندیەکانی سەرمایەی گەورە ئەڕواتە پێشەوە و دروستکردنی دەوڵەتی نەتەوەیی کورد لە کوردستانی عیراقدا بوەتە مەسەلەی پێداوێستیەکانی ئەم بەشە لە سەرمایەی نەتەوەیی کورد و بەندوبەستەکانی بە بورژوازی جیهانی و ناوچەییەوە.

سەیری ڕیزی هەموو ئەو ملیاردێر وملیۆنێرانەی کە لەناو یەکیتیدا دروست بوون و ئیستا لە ناو پارتیدان یا بەڕێوەن کە لەگەڵ پارتیدا بسازێن، ئەمە لۆژیکی زەمینی و جیهانی و بەرژوەندی سەرمایەی لە پشتەوە وەستاوە. ناسیونالیزم و پارتیزانی ناسیونالیستی سنوورەکانی خۆی لەسەر زەمینەی بەرژەوەندەکانی سەرمایە ئەبەزینێ. ناسیونالیزمی کوردی و “نیشتمان پەروەری” ناسیونالیزم لە کۆتایی ئەم ٢٩ ساڵەدا بە جارێ پەردەی لەسەر خۆی هەڵماڵیوە و ڕێکوڕەوان بەرژەوەندیەکانی سەرمایەی گەورە و هەر بەو پێەش سەرمایەی کۆمەڵایەتی نوینەرایەتی ئەکات.
لەگەڵ ئەم واقعیەتەشدا کەچی هەوڵ و تەقەلا فریوکارەکانی بورژوازی ناوەنجی و پرتەوبۆڵەی توێژە وردە بورژوازیەکان وڕۆشنبیرانیان نابڕێتەوە و ئەیانەوێت جارێکی تر خەڵکی کریکار و زەحمەکێش بە سۆزی نیشتمانی و مۆراڵی نا مەعقولی تاڵان چێتی و گەندڵی مەشغوڵ بکەن، و جارێکی تر بە ناسیونالیزمی خەڵکگەرا سەرمان لێ تێک بدەن. هەر بەم پێیەش دورمانبخەنەوە لە کێشەی ئەسڵی کە سەروەری چینی بوارژوازی کورد و ڕژێمەکەیەتی بەسەر کۆمەڵگەوە کە سەرچاوەی مەینەتیەکانە و گەندەڵی و میلیشیا و دەسەڵاتی بنەماڵەش بەشی دانەپچراویەتی، هەروەها بێ نان و ئاوی جەماوەری کوردستانیش هەر لیرەوەیە.
ڕزگاربوون لە بارودۆخی ئەمرۆی کوردستان و خەبات بۆ هێنانەدی ئەم ئاڵۆگۆریە ئەوە دەخوازی کە ڕاستیە چینایەتەکانی كۆمەڵگا و کیشمەکێشەکانی چۆنن ئاوا بخرێنەڕوو و خەڵکی چەوساوە و نەداری کۆمەڵگە بەرچاویان ڕوون بێت کە لە کوێی ئەم کیشمەكێشدان و لە خەباتی سیاسیاندا گورزەکانیان بۆ کۆی بوەشێنن. جەنگی چینایەتی کوردستان بە ناچاری مۆرکی خۆی داوە و ئەیدات لەم بارودۆخە سیاسیەی کە ئیستا پێدا تێئەپەڕێ.

ڕاپەرین لە کوردستاندا، ئاسۆ و چەلێنجەکان

ئەمڕۆ ناڕەزایەتی و بێزاری لەوپەڕیدایە لە کوردستاندا و ئەگەری تەقینەوەی جەماەری و سەرهەڵدانی ڕاپەرینێکی گشتگیر هەیە لە چەشنی ئەوەی کە لە شارەکانی ناوەڕاست و خواروی عێراقدایە، بەڵام ئەم ئەگەرە چەند ئەبی بە واقیع پەیوەستە بە زۆر فاکتۆرەوە و ناتوانری پێش وەخت جەختی لە سەر بکرێت.
ئەوەی کە گرنگە لێرەدا ئاماژەی پێبدەم ئەوەیە کە هەمان ئەو چەلێنج و مەسەلە بناغەیانەی کە ڕووبەڕووی ڕاپەرینی کرێکاران و زەحمەکیشان و لاوانی کچ و کوڕ و قوتابیانی خوار و ناوەراستی عیراق بوەتەوە، ڕووبەڕووی هەمان ئەم چین و تۆیژانەی کوردستانیش بوەتەوە. بێکاری و هەژاری و داهاتووی نادیاریان تەنگی بە هەردوو لایان هەڵچنیوە، و هەردولا لە بەرامبەر جۆرێک لە ڕژێمن کە هیچ ڕیفۆڕم و چاکسازیەکیان لە باردا نیە. هەردوو جەماوەری عێراق و کوردستان، بە تایبەت لە سالێ ٢٠١١ وە، چەندین خۆپێشاندانی گەورەیان کردووە و دەیان و دەیان لە خۆپیشاندەران کۆژراون لە کوردستاندا، و لە ناوەڕاست و خواروی عیراقێشدا هەر تەنها لە ڕاپەرینی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩ وە، کە هەتا ئیستاش بەردەوامە، سەدان لە کچان و کوڕانی ڕاپەڕیوو خەڵتانی خۆین کراون و بە دەیان هەزاریشیان لێ بریندار بووە و سەدانیشیان لێ گیراوە و فڕینراوە لە لایەن میلیشیاکان و دامودەزگا ئەمنیەکانیانەوە. هەر بۆیە گۆرانگاری شۆرشگێرانەی هەردوو ڕژێمی بەغدا و ‌کوردستان بۆتە مەسەلەی سیاسی سەرەکی ڕۆژی هەردوو کۆمەڵگاکە.

ئەڵبەتە هاوسەنگی هێزی چینایەتی ناو کۆمەڵگەی کوردستان و هەر بەوپێیەش هاوسەنگی هێز لە نێوان ڕەوت و هێزەکانی دەسەڵاتی ناسیونالیزمی کورد لە بەرامبەر جەماوەری کرێکار و زەحمەکێش و نەداری کوردستاندا جیاوازە لەوەی کە لە ناوەڕاست و خواروی عێراقدا هەیە و هەروەها ڕەوەندە سیاسیە کۆنکریتەکانی ئەم كۆمەڵگەیەش کارەکتەری دیاریکراوی خۆی هەیە، بەڵام ئەمانە لەو ڕاستیە ناگۆڕیت کە ئەم دوو ڕژێمە کەوتونەتە ناکۆکیەکی بێ چارەسەرەوە لە بەرامبەر زۆربەی زۆری جەماوەردا. تەوژمی پێداویستی گۆڕانکاری ڕیشەیی و وەلانانی هەردوو ڕژیم لە کوردستان و لە عیراقدا لەوە بەهێز ترە کە بە خۆشخەیاڵی ناسیونالیستی و ئایدیۆلۆژیای ئیسلامی و نەتەوەیی بەری پێبگیرێت. هەر ئەمەشە کە وادەکات ڕەوەندی بەرجەستەبونەوەی هاوخەباتی نێونەتەوەیی کرێکاران و زەحمەتکێشان و هاوئاهەنگی خەباتی لاوانی شۆرشگێری هەردوو کۆمەڵگەی عێراق و کوردستان ئەگەرێکی بە هێز بێت و ڕوو لە پێش بێت.

ئۆپۆزسیونی بورژوازی و ئینتلجنسیای بۆرژوا ناسیونالیستی کورد

کۆنترۆڵی بێ سنوری هەردوو حزبی بنەماڵە و هێزی میلیشیان بە سەر شاخوێنبەری ئابوری کوردستان و فەشەلیان لە “دەوڵەتداری” و دابین کردنی پیداویستیەکانی “دەوڵەتی بورژوازی کوردی” و درێژەدانیان بە دوو ئیدارەیی، بۆتە هۆی ئەوەی کە ڕیزێکی فراوان لە بورژوازی ناوەنجی و ووردە بورژوازی و ئنتلیجنسیای ناسیونال-لیبرال و بورژوا ڕیفۆڕمیستی سیاسی، ناڕازی بێت و بکەوێتە کێشمەكیشەوە لەگەڵ دەسەڵاتی بورژوا ناسیونالیستی کوردیدا. وە هەر لەم ڕاستایەشدا حزبی ئۆپۆزسیۆنی بورژوا ناسیوناڵی ناوخۆی ڕژیمەکە پەیدا ببێت لە کوردستاندا.
چینی کریکار و نەداری کوردستان و ڕیزی بەرینی بێکاران و کارمەندان و خاوەن کاری کاتی و کەم دەرامەت و هەژارکراوان کە لە ژێر باری قورسی ئەم ڕژێمەدا هەر ڕۆژە بەدەست بێکاری و بێگوزەرانیەوە ئەناڵێنن و دەزگاکانی سەرکوتی سیخوڕی و میلیشیایی “دەسەڵاتی ناسیونالیستی کوردی” ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانەکانیان سەرکوت ئەکات، بە دوای ڕێگە-دەرچوونیکی ڕادیکاڵەوەن لە کارەسات و کۆت و بەندەکانی ئەم ڕژێمە. ئەم جەماوەرە بەرینە بە ئەزمون و هۆشیاری سیاسی خۆیان بۆیان دەرکەوتوە کە ئەم ڕژێمە چاکسازی هەڵناگرێ و ئەبێ لا ببرێت و نەمینێ.
دەسەڵات و حزب و هێزەکانی و هەرەوها ئۆپۆزسیونی بورژوازی دەرونی دەسەڵات هەمیشە لە هەوڵدا بوون کە ڕیزەکانی خەبات و تێکۆشانی پرۆلیتاریای کوردستان بە هەزار و یەک شیوە دەرگیری پەرژو بڵاوی بکەن. یەکێک لە چەلێنجەکانی خەباتی ئەم چینە نەدارەی کوردستان جیاکردنەوەی ڕیزی سەربەخۆی خۆیەتی لە ئاسۆ و سیاسەت و ستراتیژی ئەم ئۆپۆزسیۆنە بۆرژا ناسیۆنالیستە.
ئۆپۆزسیۆنی ناسیونالسیتی کوردی مەیدانی سیاسی کۆمەڵگەی کوردستانیان بۆ چەندین ساڵە جەنجاڵ کردووە بە هاتوهاواری خۆیانەوە و بونەتە یەکێک لە ڕێگرە سەرەکیەکانی بەرەوپێشچوونی ڕیزی خەباتی سەربەخۆ و یەکگرتوی کرێکاران و کارمەندان و زەحمەتكێشان بۆ ئەنجامدانی گۆرانکاری شۆرشگیرانە و ڕیشەیی لە رێگەی ڕوخاندنی ئەم ڕژێمەوە. ئەوە بوو خۆپێشاندانەکانی ٢٠١١یان بە لارێدا برد و کردیانە دەنگ کۆکردنەوەی کورسی پەرلەمان و وادەدانی چاکسازی درۆینە و بێتینکردنی وەزی شۆڕشگێرانەی جەماوەری ڕاپەریوو.

ئەو جۆرە چاکسازیە بۆرژوازیانە ئامانج لێیان بەجێهێنانی بەرژەوەندی ئەم بەشە ناوەنجی و بچووکانەی سەرمایەیە لە کوردستاندا تا کاروباریان بڕوات و ڕژیم چاکسازی بکات و بتوانی نوێنەرایەتی یەکسانی هەموو خاوەن پوڵ و پارەکان و ئامڕازەکانی بەرهەمهینان بێت. لەم نێوەدا گوایە کرێکاران و کارمەندان و بێکاران و نەداران لە سایەی کەسبوکاری ئەماندا و بە نەمانی دزی و تاڵانی حوکمی بنەماڵە ئەحەوێنەوە. ئەمە لە خۆڵکردنە چاو زیاتر هیچی تر نیە، و نەداران و خەڵکی زەحمەتکێش لە ژێر سایەی بورژوازی بچووک و ناوەندییدا زیاتر ئەچەوسێتەوە و ئەوە ئەزمونی تەواوی جیهانە. ئەم بەشە لە سەرمایە و نوێنەرە سیاسیەکانیان هیچ شتێکی هاوبەش کۆیان ناکاتەوە لەگەڵ کرێکاران و زەحمەتکێشاندا و بە پێچەوانەوە ئەمان ئەبنە سووتەمەنی هێنانەدی ئامانج و سیاسەت و ستراتیژەکانی ئەم بەشە لە چینی بۆرژوازی.
پیداگری لەسەر ستڕاتیژ و سیاسەتی گۆرانکاری ڕیشەیی وڕاماڵینی ڕژێمی بۆرژوا ناسیونالیست لە کوردستاندا پێش هەموو شتێک پێویستی بە سنووربەندی چینایەتیە لە بەرامبەر ئاسۆی ڕیفۆڕمخوازی بورژا ئۆپۆزسیۆنی ناسیونالیستی کوردستان، ئەمە جگە لە ڕیسواکردنی ناوەڕۆکی چینایەتی بۆرژوازیانەی ئیسلامیەکان و ڕۆل و نەخشی دۆژمنکارانەیان لە بەرامبەر خەڵکی کرێکار و نەدار و زەحمەتکێشی کوردستاندا.
هەر بۆیە لە پەیوەند بە رێگە-دەرچوونی سیاسی لەم بنبەستەی کە کۆمەڵگای کوردستانی تێکەوتوە بە هۆی دەسەڵاتی ناسیۆنالیزم، لە خەتی گشتیدا دوو سیاست و دوو ستراتیژی سەر بە دوو چینی کۆمەڵایەتی لە ئارادیە. یەکەم سترتیژای سۆشیالیستی چینی کریکار، و دووهەم، ستراتیژی بورژوا ناسیونالی دەوڵەتگەرای بورژوازی.

ستراتیژ ودروشمی ڕاپەرینی جەماوەری وگشتگیر لە کوردستان

خۆپێشاندان و ناڕەزایەتیەکان لە کوردستاندا هەردەم بەردەوام بووە بەڵام تا ئیستا نەبوەتە ڕاپەرین و خۆپێشاندانێکی جەماوەری لە سەرجەم کوردستاندا و نەبوەتە هەڕەشەیەکی جیدی بۆسەر دەسەڵات. ڕاپەرینی خەڵك ناتوانرێ پێشوەخت پێشبینی بکرێت و فاکتۆر زۆرن بۆ سەرهەڵدان و هەڵنەدانی بەڵام ئەوەی کە گرنگە لەڕوی عەمەلیەوە ئەوەیە کە هەر وەک چۆن لە ناوەراست و خوارووی عێراقدا دروشمی وەلانانی رژیم بۆتە ئەجندای ڕاپەرین، بە ڕای من، بە هەمان شیوە ئەتوانرێ وەلانانی شۆرشگیرانەی دەسەڵات ببێتە دروشمی ڕاپەرینی گشتگیر لە کوردستاندا.
ئاشکرایە کە پرۆسەی خەباتی سیاسی چینایەتی و پەرەسەندنی ناکۆکیەکان و هۆکارەکانی ئەو پرۆسەیە بە گۆیرەی بەرنامە و ئەجندایەکی پێشوەخت دارێژراو ناچیتە پیش و کەسیش ناتوانی پێشبینی بکات، بەڵکو بە گۆێرەی پرۆسەیەکی ماددی و مێژوویی ناو جەرگەی کۆمەڵگە لە جوڵەدایە و لە بەرەوپێشچوونی ناکۆکیەکانی پەیدا ئەبن و بەرەوپێش ئەچن. مارکس ئەڵی “کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بە ناچاری تەنها ئەو کێشانە ئەخاتە ئەستۆی خۆی کە بتوانی چارەسەریان بکات چونکە ….خودی کێشەکە تەنها کاتێک دێتە ئاراوە کە هەلومەرجە مادیەکانی چارەسەری پێشتر هەبن یا لە پرۆسەی دروستبووندابن”( پێشەکی بۆ رەخنەی ئابووری سیاسی). ئەگەر ڕوخاندنی دەسەڵات لە کوردستاندا بۆتە ناچاریەک دیارە رێگە چارەکەشی لە ئارادیە، بەڵام پەیوەستە بە پلەی چوونەپێشی هێزی ڕێکخراوی چینی کریکاری کوردستان و زەحمەتکێشان و گەنجانی کچ و کوڕی ئەم چینە چونکە ئەمانن کە بەرژەوەندیان هەیە لە فەراهەمهێنانی ئاڵگۆڕی ڕیشەیی و ئەمانن کە ئەتوانن ئەلتەرناتیڤی ئەم بارودۆخە بن. ئەو کیشمەكێشە سیاسی و چینایەتیەی کە لەباری میژوویەوە لە ١٩٩١ەوە هاتبوە سەر شانۆی سیاسی کۆمەڵگای کوردستان و قۆناغێکی ڕێگوزەری پێکهینا بوو ئێستا بەچەندین قات زیاتر خۆی دوبارە ئەکاتەوە.
ڕیزی ملیۆنی کرێکاران و زەحمەتکێشان و نەدارنی کوردستان هێزێکی کۆمەڵایەتی و چینایەتی زۆر بەهێزترە لە نەوەی ئازاری ١٩٩١ و ئەمرۆ تەکنەلۆجیای های تێک و کۆمۆنیکەیشن و کۆمپیوتەر و پیشەسازی گەورە هەیە کە ئەو کات یا هەر نەبوو یا لە ئاستێکی نزمدا بوو، ئەمڕۆ هەموو ئەمانە بەرهەمداری کاریان بە شێوەیکی زۆر بەرز بردۆتە پێشەوە و نەک هەر زەمینەی ماددی گۆڕانکاری سۆشیالیستانەی کۆمەڵگەیان پتەو تر کردووە بەڵکو ‌هێزی چیانیەتی ئەم گۆرانکاریەشیان بە شیوەیەکی یەکجار زۆر بەهێز تر کردووە. گۆڕانکاری سیاسی شۆرشگیرانە و هەڵپێچانی ئەم ڕژێمەی لە ئارادایە لە ڕێگەی شۆڕشی کریکاران و چەوساوەکانەوە لەهەر کات زیاتر لەسەر بنەمایەکی كۆمەڵایەتی بەهێز ئەتوانی شکڵبگرێ و بڕواتە پێشەوە.
ئەم فاکتۆرە ئۆبژیکتیڤانە زۆر زیاتر لە ١٩٩١ لە بەرژەوەندی چینی کریکار و بزوتنەوەی سۆشیالیستی گۆڕاوە و ئەوەی کە ماوە بەرەوپێشبردنی ئامادەیی سیاسی و ڕێکخراوەیی و فیکری ئەم چینە و بزوتنەوەکەیەتی کە ئەمەش لە هەلومەرجی شۆرشیگرانەدا خۆی بە شیوەیەکی شۆرشگیرانە و خێرا ئەگۆڕێن.
ستراتیژی وەلانانی ڕژیم لە کوردستاندا هەروەک ناوەڕاست و خواروی عیراق هاتۆتە دەستوری کارەوە و خەسڵەتی کۆنکریتی ڕەوەندە سیاسیەکانی هەر یەکەیان لەم مەسەلەیە ناگۆڕیت و ئەوەشی کە کوردستان هەرێمە و دەوڵەتێکی سەربەخۆ نیە لە زەرورەت و ئیماکانیەتی ئەم ستراتیژە کەم ناکاتەوە. یەکانگیربونی ڕوباری ئەم دوو بزوتنەوە جەماوەریە و بەرەوەپێشچوونی مارشی سەرکەوتن بەسەر ئەو هەموو ڕێگری و بەلاڕێبردنەدا کە بۆرژوازی دەیانخاتە بەردمیان زەرورەتێکی ڕەوەندە سیاسیەکانی ئەمرۆی ئەم دوو کۆمەڵگەیەیە.
لە هەموو ئەو پرۆسەیەی کە لە ئاکامی ئەم وەزعەی ئێستادا سەر‌هەڵئەدا لە کوردستاندا، ڕێکخستن و بەهێزکردنی ڕیزی خەباتی چینایەتی پرۆلیتاریای کوردستان و سەربەخۆیی خۆی لە هەموو هێزەکانی بورژاوازی و بە بەردەوامی فەرزکردنی داواکاری و ئامانجە چینایەتیەکانی خۆی سەنگی مەحەکە تا بتوانێ قەیرانی ئەمرۆی کوردستان لە بەرژوەندی خەباتی سیاسی چینایەتی خۆی بشكێنێتەوە.
هەر پلەیەک لە بەرەوپێشچونی خەباتی سیاسی چیانیەتی کریکاری و سۆشیالیستی لە کوردستاندا پلەیەکە لە بەرەوپێشچونی ئەم بزوتنەوەیە بۆ وەرگرتنی دەسەڵات لە کوردستاندا. هەر لێرەشەوەیە کە پرۆلیتاریای کوردستان بە ئاسۆ و پەرچەمی سۆشیالیستیەوە رێگە چارەی هەموو ئەو کێشە هەمەگیرە سیاسیانە بە ئاکام ئەگەیەنێ کە كۆمەڵگای داگرتووە، ئەویش بە گۆێرەی بەرژەوەندیەکانی خەباتی سۆشیالیستی خۆی، لەوانەش چارەسەری مەسەلەی نەتەوەیی کورد.

موئەیەد ئەحمەد
١٦ ئەیاری ٢٠٢٠




بکەری مێژوویی تاكڕەو ! … ڕزگار عومەر

هەموو دەسەڵاتێکی سیاسی بە پێ ی ئەو سیستەم و ژیانەی دەیخوڵقێنێ سیماکانی درێژخایەنی و کورتخایەنی تەمەنی سیاسی خۆشی دیاری دەکا ! ڕەنگە لەو تەمەنەدا هەورازو نشێوی زۆر هەبێت، بەڵام ” مانەوە” هەمیشە قاچی لەوەیە سیستەم بە دەستی خۆی چی بەرهەم هێناوە بۆ ” نەمانەوە”.

ئەزومونی بەعس چ وەکو حیزب، چ وەکو دەسەڵات، چ وەکو بەرنامەی دەوڵەت لە گەڵ شەڕی کوێت کۆتایی نەهات، بەڵکو دەستپێکی ئەم کۆتاییە ئەو دەمە دەستی پێکرد کە لە حەفتاکان عەسکەرەکان شوێنی سیاسیە مەدەنیەکانیان گرتەوە، دواتر لە نێو عەسکەرەکان تەنیا تکریتیەکان پلەو پایەو دەسەڵاتیان پێدان، دواتر لە نێو تکریتیەکان تەنیا یەك خێڵ، دواتر لە نێو یەك خێڵ تەنیا یەك بنەماڵە، دواتریش لەگەڵ دۆڕانی شەڕی کوێت و گەمارۆی ئابوری ناکۆکیەکان پەڕیەوە نێو ئەو بنەماڵەو براکانی سەدام تڕۆ کران، کورەکان و زاواکان شوێنی گرنگیان وەرگرت جیابوونەوەکان دژایەتیەکان بەسەربڕینی یەکترو بە ڕوخانی یەکجارەکی لە ٢٠٠٣ کۆتایی هات.

حیزبی بەعس لە حەفتاکانەوە بە زەبری خوێن و سەرکوت بە بەرپا کردنی دوو جەنگ ( جەنگی ئیڕان – داگیر کردنی کوێت ) ڕوخانەکەی هەر جارەی دە پانزە ساڵێك تەئجیل دەکرا! بەڵام لە کۆتاییدا لە هۆکارە یارمەتیدەرە ناوخۆیەکان (بیجگە لە شکستی سەربازی )بە دەستی هەمان ئەو دۆخە روخا کە خۆی بەرهەمی هێنابوو.

ئەو دۆخەی ناسیۆنالیزمیش خولقاندویەتی ، ستراتیژیەکەی بریتیە لە تەئجیل کردنی کەوتن و سەرکوتی هەر نوزەیەکی حەقیقی کە باس لە ئەلتەرناتیڤ بکات، درز تێکەوتنی عەلەنی قوتبەکان لە نێو دەسەڵاتی سیاسیدا بە تایبەتی لە نێو دوو بانگەوازی جیاوازدا ( قەرزارین ، نا قەرزار نین) گەواهی ئەوەن :-

کە پینە کردنی خێڵەکیانەو باوکسالاریانە، زۆربڵێی و فڵتە فڵتی کادیرەکانی خوارەوە بە جوێنەوەی خیتابێکی قەومی سواو، ناتوانێ ئیحساسی ” یەکگرتوویی ” وەکو بژاردەیەکی جێگیر، یان ماوە بەسەرنەچوو نیشان بدات .

بە دڵنیایی ” کەوتن ” بەر لەوەی کەوتن بێ لە کورسی ، کەوتنێکی ڕەمزیە لە نێو ئیحتیرامی ڕای گشتی و خەیاڵی سیاسی کۆمەڵگەدا ! لە نیو کەوتنی حەقیقی سەر کورسی و کەوتنی ڕەمزیی مەسافەیەکی زەمەنی هەیە ، بە پێ بارودۆخ و ئەزمون ئەم مەسافەیە درێژو کورت دەبێت ، بەڵام ڕوخانی ڕەمزی بە حەتمی روخانی حەقیقیش بە دوای خۆیدا دەهێنێ ، تەنیا لە یەك حاڵەت نەبێ ، کە موعجیزەیەك رووبدات لە دەرەوەی لۆژیکی ماتریالیزمی مێژوو!

بە پێ ی ئەزمونەکانی مێژوو؛

بۆ ئەوەی دەرفەتی گۆڕانکاری حەقیقی جێگیر بکرێت ، دەبێ بکەری نوێ هەبێت جیاواز بێت لە هەموو هاوبەشەکان و برا بەشەکانی ئەم دونیا سیاسیەی دروست کراوە. ئەم بکەرە بەر لەوەی توانای ئەوەی هەبێت ئەلتەرناتیڤێکی تر بخاتە روو بۆ دەسەڵاتی سیاسی ، دەبێ لە ڕووی سیاسی و مەیدانیەوە” ئۆپۆزسیۆن” ی بە هەموو رەنگەکانیەوە بنەبڕ کردبێت! یان بە ئاستێك لاوازیان بکات کە تەسلیمی بکەرە نوێیەکە بن بە تەواوی ، بە خۆشی بێت یان بە زۆرە ملێ بێت!

لەم بەینە بە دڵنیایی پرتەو بۆڵی لیبرالیانەو دیموکراسیانەش هەر دەبێت، بەڵام بۆ هەر هێزێکی تازە کە بیەوێ ببێتە شت ئەبێ بەسەر تەرمی سیاسی ئەو ئۆپۆزسیۆنە بەتاڵە بکەوێت! دواتر شەڕی سەرەکی لە گەڵ ئەو مەیتەش بکا کە مردنەکەی ١٠ ساڵ جارێك تەئجیل دەکرێت.

ڕزگار عومەر




لە نێوان هەبوون و نەبووندا … نەوزاد بەندی

خەیام ئەڵێ / خۆزگەم بەوانەی لە دایک نەبوون /
ئەم دێڕە شیعرە کە فەیلەسوفێک نوسیوێتی ، ناکرێ بە سادەیی وەریبگرین ..لەدایک بوون واتا سەرەگرتن بۆ مردن ..کارەساتەکە لێرەدایە ..لەماوەی ئەو سەرەگرتنەیشدا ببی بە خاوەنی هەر کەس و شتێک ، ئەبێ لە جێیەکی ترەوە دیسان بچیتە سەرەوە بۆ لە دەستدانی ئەو کەس و شتانە .. کێشەیەکی گەورەیە ..
بۆیە خەیام لە شوێنێکی تردا وتوویەتی :
/ وەها بزانە چی هەیە نیە
چی نیە هەیە ،سەیرە ئەم حاڵە ..! /
بە واتایەکی ووردتر ، هەموو هەبوونێک بەواتای ڕوودانی نەبوونێکە ..لە هەمان کاتدا نەبوونەکان بەڵگەی هەبوونەکانن ..
کوڕێک دەبینی ، گەوره بووه ، ڕیش و سمێڵی داناوە ، ئەم کوڕە تەنیایە ، بەڵگەی هەبوونی ژن و چەند مناڵێکە کە هێشتا دیار نین .. پاش ماوەیەک ئەم کوڕە ژن دێنێ و دوو مناڵ لەگەڵیاندا دەڕۆن ، هەبوونی ئەم ژن و دوو مناڵە ، بەڵگەی نەبوونیانە ، چونکە ڕۆژێک دێت لێیان دادەبڕێت و نامێنن ..ئەمە لە دیدگای ژنەکەیشەوە ڕاستە ، کە خاوەنی هاوسەرێک و دوو مناڵە ، به واتای خاوەنیان نیە و سەرەی گرتووە بۆ وەرگرتنی بڕیاری نەمانیان ، لەکاتێکدا پێشتریش کە خۆی هاتە دنیاوە دیسان لەسەرەیەکی قورستر و درێژتردا ڕاوەستا بۆ وەرگرتنی بڕیاری دەرچوون لە دنیا ..مناڵەکانیش بە هەمان شێوە کە هەریەکێکیان خاوەنی برایەک و دایک و باوکێکن ، لە هەمان کاتدا لە سێ سەرەدا وەستاون بۆ لە دەستدان و تەسلیمکردنەوەی برایەک و دایکێک و باوکێک ..
هەر لەو لێکدانەوەیەوە ، عەلی کوڕی ئەبو تاڵیب ئەڵێت : / خففوا تلحقوا / .. واتا کەم شت لە خۆتان کۆبکەنەوە ، پێڕادەگەن ..
ئاخر عەلی کوڕی ئەبوتاڵیب لەگەڵ خواناسیەکەیدا، فەیلەسوفیش بووە ..
ووتەکەی ئەوە ئەگەیەنێت لە دنیادا شت زۆر لەخۆت کۆمەکەرەوە ، چونکە هەر کەس و شتێک لە بەروارێکدا بە خۆتەوە ببەستیتەوە ، ئەبێ لە بەروارێکی تردا ئەو کەس و شتانەت لە دەست بێتەوە و نەمێنن ..ئەم پرۆسەی دەستکەوتن و لە دەستدانە ، لەگەڵ ئەوەی کە ناخۆشە و جێی خەم و گریانە ، لە هەمان کاتدا هۆکارێکن بۆ ئەوەی لەیادی بکەیت کە خۆیشت لە سەرەدا وەستاویت بۆ تەسلیمکردنەوەی هەبوونی خۆت ،یان ڕاستتر بۆ گۆڕینەوەی هەبوونی خۆت بە نەبوون ..هەروەها ئەو شت و کەسی زۆر لەخۆکۆکردنەوەیەت ئەبێتە هۆکارێک بۆ سەرقاڵبوون بە بەڕێوەبردنیان و هەوڵدان بۆ ڕازیکردنیان و دوورخستنەوەیان لە ئەگەرەکانی نەبوون و له دەستدان ، ئەوەیش وا دەکات هەموو تەمەنت کە بریتیە لە سەرەگرتن بۆ وەرگرتنی بڕیاری نەبوونی خۆت ، لە بێئاگاییدا بەسەر ببەیت ..بەواتای ئەوەی کەیسە گەورەکانی بوون و بابەتە گەورەکانی دوای بوون لە یاد بکەی به هۆی کۆمەڵێک کەس و شت کە لە خۆت کۆکردوونەتەوە و ئەوانیش دیسان سەرەیان گرتووە بۆ وەرگرتنی بەڵگەنامەی نەبوون ..
هەر بۆیە عەلی ئەڵێ بۆ ئەوەی بگەنە جێ ، شت زۆر لە خۆتان کۆمەکەنەوە …چونکە ژیان دەریایەکە ، هەتا لاشە و پەیوەندییەکانت سوکتر بن ، مەلەت باشتر بۆ ئەکرێ و خێراتر دەریاکە ئەبڕیت ..
بەڵام ئەگەر کەسانێکی زۆر و شتێکی زۆر لە خۆت کۆبکەیتەوە ، نەک هەر بواری مەلە کردنت نامێنێ ، تەنانەت بواری هەناسەدان و تقوسە گرنگەکانیشت نامێنێ ..خەڵکێک هەن بە هۆی کۆکردنەوەی شتی زۆر و خەڵکی زۆر لە خۆیان ، بواریان نەماوەتەوە بۆ کتێب خوێندنەوە ، بۆ نوێژ ، بۆ گەشت ، بۆ ئازادی ، بۆ خەو ، بۆ خۆشی ، بۆ جوانی …
لە کاتێکیشدا کە سەرەی نەبوونەکەی نزیک دەبێتەوە ، کۆمەڵێ کارەساتی جەرگبڕ ڕوو دەدەن ، وەک خاوەندارێتی ئەو هەموو کەس و شتە ، کە خۆیان لە بنچینەدا چاوەڕێی نەبوون دەکەن ، ئاخۆ ئەو خاوەندارێتیە بدرێتە کێ و چۆن دابەش بکرێ ؟
سەرجەم کێشەکانی دنیا لەوەوە سەرچاوە دەگرێ خەڵکێک یان ووڵاتانێک ئەیانەوێ زۆرترین شت و کەس بۆ خۆیان بێ بە بێ ئەوەی ئاگایان لەوە بێ کە هەموو کەڵەکەبوونێک ، بەربەست لەبەردەم خۆیاندا دروست دەکات ..بەربەستی مادی و دەروونیی ..
کاتێ بیر لە ٣٥ ساڵ پێش ئێستا دەکەینەوە ، هەست ئەکەین ئەو کاتە زۆر بەختەوەر بووین ، هۆکارەکەیشی بۆ ئەوە ئەگەڕێتەوە ئەمڕۆ کەس و شتێکی زۆرمان لەخۆمان کۆکردۆتەوە بە جۆرێک بواری هەناسە و جوڵەی لێبڕیوین و لە هەموو ئازادی وبیرکردنەوەکان دایانبڕیوین ..هەر لە خێزان هەتا کەرەستە و ئامێرەکان ..هەتا خانوو و بەرژەوەندییە ماڵییەکان ..کامتان خۆزگە بۆ ئەوە ناخوازن کە کوڕەکەی جاران بووایە ، بۆ ئەوەی بە ئازادی و بێخەم و بێ ئاوڕدانەوە سنوورەکان ببڕێ و دنیا بگەڕێ ؟؟ بۆ ئەوەی بە ئارەزووی خۆی و بە پێی حەزەکانی خۆی بژی ؟
هەمووتان ئەو خۆزگەیە ئەخوازن ..ئەوانەیشی کە ئەو خۆزگەیە ناخوازن ، ئەوەندە بوون بە ژێر کەس و شت و دەستکەوتەکانیانەوە ، تەنانەت هەستی خۆزگە خواستنیشیان لە کار کەوتووە و ئیش ناکات .
هەر بۆیه عەلی بە چەند ووشەیەک ئاگادارمان ئەکاتەوە هەتا قەپاڵ کەمتر لە دنیا بگرن ، ئازادترن و زووتر ئەگەن بە خواستەکانتان ..باشتر ئەتوانن بیر بکەنەوە وبزانن ئێوە بۆچی هەن و بۆچی نامێنن و بۆ کوێ ئەڕۆن ..
لێرەدا ووتەیەکی بیریارێکی وەک سەعیدی نەورەسی دێنینەوە ، کاتێ لێیان پرسیوە : / بۆچی ژنت نەهێنا ؟ / لە وەڵامدا وتوویەتی: / ژنهێنان سونەتێکە ، ئەگەر جێبەجێم بکردایە ، سێ چوار فەرزم لە دەست دەچوو /
ئەوەیش بنچینەی کێشە و وێرانکارییەکانی سەر زەوین ، کە بەردەوام لەپێناوی سونەتدا ، فەرزمان لە کیس دەچێ ..یاخود فەرز ئەکەین بە قوربانی سونەت ..
ئەبینن مرۆڤ کە گەورەترین سەرمایەیە لە بووندا ، کراوەتە قوربانی سەرمایە و مەزهەب و ئایدیۆلۆژیاکان ..ئەبینین ئازادی کراوەتە قوربانی موچە و دوو هۆدە و هەیوانێک ..ئەبینین غیرەت وپیاوەتی کراوەتە قوربانی پاراستنی کۆمەڵێ کەس و شت کە لە خۆمان کۆکردۆتەوە و ..کە وا دەزانین گەورەترین و بەنرختریینن بۆ ئێمە لە کاتێکدا لە کۆمەڵێ چاڵ و زیندان شتێکی تر نین ، کە هەم ئەوان و هەم خۆیشمان دەستخەڕۆ کردووە به جۆرێک نازانین کاممان زیندانەکەین و کاممان پۆلیسەکەین ..
ئەوەیش وایکردووە سەعیدی نەورەسی بە کورت و کرمانجی دەسکەوتە دنیاییەکانی هاوسەر و ماڵ و مناڵ و کەرەستەکان ، بە سونەت دابنێ ..خواناسین و گەڕان وئازادی و مامۆستایەتی و نوسین بە فەرز دابنێ .. ئامادە نەبێ لە پێناوی ئەو سونەتەی کە جۆرێکە لە جۆرەکانی لەقاڵبدان وبچووککردنەوە و خۆ خافڵکردن ، ئەو هەموو ئازادی و ئەرکە پیرۆز و خۆشیە دەروونی و ئیمانیە لە دەست خۆی بدات ..خۆ ئەگەر زیاتر بچینە ناو بابەتەکە و بزانین ئەگەر سەعید خێزانی دروست کردایە ، ئەوسا ئەبوو لە پێناوی سەلامەتی خێزانی و مناڵەکانیدا ، وازی لە ئازایەتی و داهێنان و حەقبێژی بهێنایە ، کە ئەوانە بچووککردنەوەی بیریار سەعیدی نەورەسی ئەبوون تا ئاستی کەسێکی وەک سەعە تەنەکەچی یان سەعۆلی کوتاڵفرۆش ..پۆلیس ..یان هەر پیشەیەکی تر کە بچووککردنەوە و لەیادچوونەوەی بوون و نەبوونەکەی لێوە سەرچاوە دەگرێ ..
هەر بۆیە هەردوو بیریار ، عەلی وسەعید ، زۆر بە داناییەوە پێناسەی ژیانی ڕاستەقینەیان کردووە و ..ڕێگایەکیان دیاری کردووە لە نێوان هەبوون و نەبووندا کە مرۆڤ پێیدا بڕوات ..بۆ ئەوەی سەر لە خۆی ودەور و بەریشی نەشێوێنێت و..نەبێت بە ژێر کەس و شتەکانەوە .
هەر لەم گۆشەنیگایەوە زۆرێک لە بیریاران بە تەنیا ژیاون ، یاخود دوای چەند جار ماڵ دروستکردن ، تەنیاییان هەڵبژاردۆتەوە ..تەنانەت نووسەر و بیریارێکی وەک تۆڵستۆی کە لە نۆبڵمان و وەجاخزادەکان بووە ، هەرچی هەبووە لە ماڵ و موڵک وزەوی دابەشیکردووە بەسەر جوتیاراندا و..خۆیشی وەک جوتیارێک دوا ڕۆژەکانی تەمەنی لە کێڵگەکاندا بەسەر بردووە ..یان لە خۆڕایی کەسێکی وەک عەلی کەمال لە سلێمانی و عێراقدا ئەو هەموو خانوو ماڵ و موڵکەی خۆی نەداوە بەخەڵک و پڕۆژە گشتیەکان ..ئەمانە و زۆر بیریاری تر گەیشتونەتە ئەو ڕاستیەی کە خۆیان بار نەکەن ..خۆیان نەکەن بە ژێر کەس و شتێکی زۆرەوە کە لە ڕاستیدا ژیان بە شتێکی زۆر کەم بە ڕێوە دەچێت ، واتا هەڵوێستەکانیان لە تێگەیشتنێکی ڕیشەییەوە سەرچاوەی گرتووە ، بە جۆرێک لە پێناسەیەکی کەسانی بیریاردا هاتووە : / کەسانێکن نە (خۆشی) هەڵیاندەپەڕێنێ و نە ناخۆشی ئەیانگرێنێ / چونکە ئەوان پێشتر ئەو هاوکێشەیەیان تاوتوو کردووە و ..ئەزانن خۆشیەکان و ناخۆشیەکانیش لە هەبووەکانن و نامێنن ، وەک شافیعی ئەڵێت : / نە خەفەت بەردەوام ئەبێ و نە شادی / بەڵام شتێک کە بەردەوامیی ئەبێت ، ئەو بڕواییەیە کە وات لێ دەکات دڵنیابیت لەوەی خۆشی و خەمیش نامێننەوە و لەلات ئەڕۆن ..هەر بۆیە با خۆشی هەڵتنەپەڕێنێ و ناخۆشیی چۆکت نەشکێنێ ..
عەرەب ووتەیەکیان هەیە ئەڵێ : ژیان دوو ڕۆژە ، ڕۆژێکیان لە بەرژەوەندی تۆیە و ئەوەی تریان لە دژی تۆیە ..ئەگەر لە بەرژەوەندی تۆ بێت، لە خۆت بایی مەبه و ..ئەگەر لە دژی تۆیش بێ ، خۆڕاگر بە ..چونکە هیچیان تا سەر نین و هەردووکیان ئەچن بە گەرووی نەبووندا .
یەکێک لە کارەساتە هەرە گەورەکانی جیهانی ئەمڕۆ سەرهەڵدانی کەسانێکی ملیاردێرن ، کەسانێک کە شەست حەفتا ساڵ ئەژین و کەچی داهاتی دەهەزار ساڵیان لە خۆیان و بۆ خۆیان کۆکردۆتەوە ، کە بووەتە هۆی برسیکەوتن و هەژاری و قات و قڕی لە دنیادا ، چونکە لەم بوونەدا هەموو شتێک بە بڕی دیاریکراو دروستکراوە ، کاتێ من شتێک کە پێویستم نیە هەمبێ ، کەسێکی تر شتێک کە پێویستێتی ، نایبێ ..ئەوەیش وەک ووتم کارەساتە گەورەکەیە لە کاتێکدا گەلانێک هەن هەزار ئەوەندەی پێویستی خۆیان زیاتریان لە خۆیان کۆکردۆتەوە ، بۆ ئەوەی گەلانێکی تر زۆر کەمتر لە پێویستی خۆیشیان دەست نەکەوێت و بە کۆمەڵ بمرن ..لە کاتێکدا هەردوو گەلەکە کە هەبوویەکی ئەم دنیایەن ، سەرەیان گرتووە بۆ وەرگرتنی بڕوانامەی نەبوون و جێهێشتنی دنیا ..دیوێکی تری کێشەکەیش لەوەدایە ئەو کەس و کۆمەڵگایانەی کە هەژار کەوتوون ، دیسان ناچنە پێناسەکەی عەلیەوە و ..هەتا ئەمرن خەو بە شتەوە ئەبینن ، واتا لە جیاتی ببن بە ژێر کەس و شتەوە ، ئەبن بە ژێر خەونی کەس و شتەکانەوە ، ئەوەیش هەر هەمان بێئاگایی و دەستخەڕۆیی لێ دەکەوێتەوە ..
خەیام لە چوارینەیەکی تریدا ، دیسان خراپبەکارهێنانی بوونی خۆی باس دەکات کە دەڵێت :
/ نە کەنیسە چوون نە مزگەوت بینین
لە کام گڵ خوڵقام بۆ خوایە زانین
دین و بەهەشت و دنیام لەدەست چوو
وەک گاوری لات و قەحبەی ناشیرین /
بە واتای مەرج نیە فەیلەسوف و بیریار لەو دنیایەدا ڕێگای ڕاستیان دۆزیبێتەوە ..مەرج نیە ووڵاتی داهێنەر و بەرهەمهێنەر ، لەسەر ڕێی ڕاست بڕۆن .. مەرج نیە نووسین و کتێب و داهێنانە ئایدیۆلۆژییەکان نیشانەیان شکاندبێ..
ئەوەیش لێکدانەوەیەک زیاتر هەڵدەگرێ ، بە واتای ئەوەی مرۆڤ وەک تاک و وەک کۆمەڵگا قەت ناگاتە ئەوەی بڵێ من حەق وحەقیقەتم .. ڕۆماننووسێکی وەک ئێچ جی وێڵز دوای نوسینی نزیکەی ٩٨ ڕۆمانی گەورەی جیهانیی ، دەڵێ : / ئامادەم هەموو ڕۆمانەکانم بسووتێنم چونکە پێش ئەوان و دوای ئەوانیش زوڵم هەر ماوە و بگرە زیاتریشە /
کەواتە دنیا پێویستی بە دادگایە ..
ئەبێت دەسەڵاتی دادگا لەسەروو هەموو دەسەڵاتەکانەوە بێت ..چونکە تاکە شوێنێکە کە هەڵەکانی تێدا بە هەڵە دەناسرێن و لێپێچینەوەیان لێ دەکات ..
لەوەیش زیاتر پێویستمان بە دادگای ویژدانیشە ..هەریەکەمان ئەبێ دادگایەکی نهێنی خۆی هەبێت و ..بەردەوام دادگایی خۆی و هەڵس و کەوت و پرۆژەکانی خۆی بکات ..بۆ ئەوەی نە مافی خۆی بخوات و ببێ به ژێر کەس و شتەکانەوە ..نە مافی ئەوانی تر بخوات و بیانکات بە ژێر کەس و شتەکانی خۆیەوە …
دواجار مرۆڤ پێویستی بە دنیا بینیە بۆ ئەوەی بزانێ چی ئەکا و بۆ کوێ ئەچێ ..
دنیا بینییەکی وەک ئەوەی نالی کە لە دێڕێکیدا دەڵێ :
/ خاوەنی هەموو دنیایش بیت ،هێشتا زەلیل و داماوی /
ئەزانی بۆ ؟
چونکە تۆ هەبوویەکی بۆ نەبوون لەسەرەدا ڕاوەستاویت .

نەوزاد بەندی
٢٥/٥/٢٠٢٠




کتێبک لە بارەی کارو بەرهەمەکانی نووسەری ناوداری میسری نەجیب مەحفوز چاپ کرا

کتێبی ” نەجیب مەحفوز، نووسەرێک لە نێوان رۆژهەڵات و رۆژئاوادا” چاپ کرا. ئەم کتێبە لە نووسینی نووسەر و وەرگێر ” ئەردەڵان عەبدوڵڵا” یە، لە لایەن ناوەندی سارا بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە، چاپکراوە.
لەم کتێبەدا نووسەر باسی ژیان و شێوازی نووسین و فکری نەجیب مەحفوز کردووە. هەروەها کاریگەرییەکانی ” دایکی، قاهیرە، میسر، فکری چەپ، ئیخوان موسلمین، حزبی وەفد، رژێمی پاشایەتی و سەربازی” بەسەرییەوە خستۆتە ڕوو. جگە لەوەش خوێندنەوەو رانان بۆ 12 رۆمانی نەجیب مەحفوز کردووە لە ناویشیاندا رۆمانە ناودارەکانی ” اولاد حارتنا، سکریة ، بین القصرین، قصر الشوق” .

نەجیب مەحفوز لە ساڵی 1911 لە قاهیرە لەدایک بووەو لە ساڵی 2006 کۆچی دوایی کردووە. ئەو یەکەمین نووسەری عەرەب و رۆژهەڵاتی بوو کە ساڵی 1988 خەڵاتی نۆبڵی بۆ ئەدەب وەرگرت. ئەم نووسەرە لە چاو نووسەرانی تری عەرەب و ناوچەکە، تەواو جیاوازە. بە زمانێکی زۆر سادە، وەسفی کەسایەتی رۆژهەڵاتی بەتایبەتی خەڵکی میسر، بە ژن و پیاوەوە دەکات.

لە هەمانکاتیشدا نەجیب مەحفوز بەوە ناسراوە کە نووسەرێکی پێشکەوتنخوازەو دژی فکری ئیسلامی توندڕەوە، هەربۆیە ساڵی 1995 لەلایەن گروپێکی ئیسلامی توندڕەوەوە، هەوڵی کوشتنی درا، بەڵام خۆشبەختانە توانی رزگاری بێت.
جێگەی ئاماژەی ئەم کتێبە بیستەمین کتێبی ئەردەڵان عەبدوڵڵایە.




تەنیایم دەستەمۆ نابێ …

دەترسم بێدار ببمەوەو ..
چیتر کەس پێم نەڵێ سڵاو.
دەترسم دۆستەکانی نێو خەونەکانم
لێم هەڵبێن،
دەترسم ئەو شاژنەی لەدوای چەندین شەونخونی،
کۆشکی لویسی چواردەم بۆ داگیر کرد،
ئاوێتەی خەیاڵەکانی من نەبووبێت،
دەترسم بێدارببمەوە
چیتر کەس حەوسەڵەی بنینەوەم نەکات.

نا نا من نامەوێ بەئاگا بێمەوە،
دەمەوێ بۆ هەمیشە لەسەر سەرینەکەمەوە
ئێواران بچمە پیاسەی پیتەربۆرگ و بۆ پێکی مەی بچمە مەیخانەکانی ڕۆما،
شەوان لەگەڵ سۆزانییەکانی مەکسیک
شەو بەسەرببەم و بە ڕۆژیش بچمە خزمەتی هەژارەکانی سۆماڵ و ئەفریقا،
زۆر دەترسم بێداربمەوە و کەسێک نەبێ
دڵمی پێ بدۆڕێنم.
دەترسم بێدار بمەوە…
دووبارە ببمەوە هاودەمی وەحشە ترسناکەکەی
تەنیایی…
ئاخر من ناتوانم کەسم خۆش بوێت٫
من وەکو ئەو نووسەرە مونەرمانە نیم
بایگۆرافیای خۆم بنووسمەوە و خودی خۆم بکەمە کارەکتەرێکی دووفاقی ناو تێکستەکان،
لەگەڵ تەماشاکردنی هەر خانمێکدا
داوای خۆشەویستی لەو ئافرەتە بکەم
کە کەلەجوانیدا دەچنەوە سەر پەری و لەدرەوشاوەییدا لەڤینۆس دەچن‌

ئەرێ من پیاوێکم تەنهایم لە تەنهایی کەس ناچیت،
تەنهایم بارێکی گرانە بەسەر ڕوحمەوە
ژیانی تەنگ کردووم
بەڵام نامەوێ بۆ تۆسقاڵێک
خۆشەویستی دەروەزە بکەم،
نامەوێ وەکوو خوێنەوارە بۆرجوازەکان تکا بکەم کەسێک خۆشەویستیم قبوڵ بکات،
لە خەیاڵەکانی مندا خۆشەویستی قبوڵ ناکرێت، بەڵکو کارەساتێکە ڕووئەدات،
خۆشەویستی وەکوو مردن
وایە یۆتۆپیایەکی ئەزەلی لەگەڵ خۆی هەڵگرتووە،
هەندێک جار ژیانی دوو مرۆڤ دەکاتە بەهەشت
زۆرجاریش ئاگری دۆزەخیان بۆ دادەگیرسێنی، من نامەوێ تێکەڵی یۆتۆپیا بم،
من تەنهایم لە ئەزلەوە نامۆیە بە کۆمەڵگە،
تەنهایی من
بە هیچ کەسێک دەستەمۆ نابێت..

هەندێک جار تەنهایی زۆر بێ بەزەییە٫
شەوان بەدەم هەڵدانەوەی
پەڕەکانی ئەفسانەکانی یۆنانەوە
چێژ لەسێکسی نێوان ئۆدیب و دایکی وەردەگری
‌کاتێک لەپترۆسبۆرگدا
ڕاسکۆلینکۆفی کارەکتەری
ڕۆمانەکەی دۆستۆڤیسکی
بەتەورێک کەلەسەری پیرێژنێک شەق دەکات
زۆر بێ دەربەستانە دڵخۆشی بەکوشتنی قالۆنچەیەکی سوخۆر٫ کاتێک کێژۆڵەیەکی چکۆڵە
لەباوەشی خەلیفە هارونە ڕەشید دەبینی
بێ بەزەیانە دەسپەڕ لێ ئەدەییت..

کاتێک تەنهاییت…
خەم لەهیچ شتێک ناخۆیت
هیچ کەسێکی یەکسان خوازت خۆشناوێت
تەنانەت کارڵ مارکسیشت خۆش ناوێت
کە دەیبنی و ناتوانی لەهیچ یۆتۆپیایەکی سۆسیالیستی تەنهایت بەسەر کەسانی تردا بەش بکات
تەنهایی ئازارێکە هیچ پێنوسێک گوزارشتی لێ ناکات
هیچ دەقێکی ئەدەبی
لەگەڵ ژیانی ئاشتی ناکاتەوە.

ئاراس سەعید




شۆڕشی برسیه‌كان به‌ڕێوه‌یه‌! … عه‌بدوڵا ساڵح

كۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تی به‌گشتی له‌ ڕاستای ئاڵوگۆڕدایه‌ له‌ هه‌موو بواره‌كان ، ئابوری ، كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی ، ئه‌و ڕاستیه‌ حاشاهه‌ڵنه‌گره‌ قسه‌ی من نیه‌ ، به‌ڵكو قسه‌ی هه‌موو ئه‌وانه‌یه‌ سه‌ره‌داوێك له‌ سیاسه‌ت ده‌زانن .
چه‌رخی دنیای سه‌رمایه‌داری، ئه‌گه‌ر ته‌نیا بۆ ده‌رفه‌تێكی كاتیش بێ وه‌ستا ، ئه‌م وه‌ستانه‌، به‌ر له‌ هه‌ر پێكهاته‌یه‌ك ، كر‌ێكاران و زه‌حمه‌تكێشان وخه‌ڵكی به‌زۆر هه‌ژاركراو‌ وخانه‌واده‌كانیان باجه‌كه‌یان دا و له‌سه‌ری ئه‌واندا شكایه‌وه‌ و به‌رده‌وامیش ده‌شكێته‌وه‌ ، ئه‌م هه‌لو مه‌رجه ‌تازه‌یه،‌ ده‌رئه‌نجامی په‌یدا بوونی دوژمنێكی كوشنده‌بوو به‌ناوی كۆرۆنا ، ده‌ردێكی ئیقلیمگیر كه‌ هیچ به‌ربه‌ستێك خۆی له‌به‌رده‌میا ڕانه‌گرت ، گۆی زه‌وی به‌گشتی داپۆشی به‌بێ جیاوازی نێوان (( شا وگه‌دا )).
كوردستانی ئێمه‌ش وه‌ك به‌شێكی بچوك له‌م كۆمه‌ڵگای ئینسانیه،‌ پشكی خۆی له‌م ده‌رد و به‌ڵایه‌ به‌ر كه‌وت ، نرخی نه‌وت شكا، ئاشتی هه‌ورامیه‌كان به‌ جانتای به‌تاڵ هاتنه‌وه‌ ماڵ و په‌یامیان ڕاگه‌یاند كه‌ كه‌وتوینه‌ سه‌ر ساجی عه‌لی و ئاو بێنه‌و ده‌ست بشۆ . ئه‌و خه‌زێنه‌ی كه‌ نزیك به‌ سی ساڵه‌ به‌تاڵان ده‌برێ، مایه‌ پوت بوو، به‌ئاشكرا به‌ده‌می سه‌رۆك حكومه‌ته‌‌وه‌ دانی پێدانرا.
كاتێك گیرفان ئاوا به‌تاڵ بێ و خه‌ڵك ئاوا برسی ئیتر حوكم ڕانی زۆر ئه‌سته‌مه،‌ هه‌ر بۆیه‌ كۆمه‌ڵێك بژارده‌ هاتنه‌ به‌رده‌م حكومه‌ت ، یه‌كه‌میان گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ به‌غدا، به‌ڵام چ به‌غدایه‌ك، له‌ كوردستان موفلیس تر، جیا له‌وه‌ی به‌ده‌ست چه‌ندین كێشه‌ی ئاڵۆزه‌وه‌ تلاو تلیه‌تی ! دوه‌میان گرتنی به‌رۆكی سه‌رمایه‌داره‌ زه‌به‌لاحه‌كان و ملیاردێره‌كان كه‌ له‌و بیستو نۆ ساڵه‌ی ڕابردودا، له‌ژێر سایه‌ی گه‌وره‌ به‌رپرساندا ،‌ قوتی خه‌ڵكیان حه‌په‌لوش كردوو وگیرفانی خۆیان لێپڕكرد ، به‌ڵام هه‌ڵدانه‌وه‌ی به‌ناو كۆنه‌قه‌رزیش، بۆ درێژ ماوه،‌ دادی نه‌دان ، خۆ ئه‌وانه‌ ده‌وڵه‌تیش نین تاكو په‌نا بۆ قه‌رزی سازمانه‌ جیهانیه‌كان به‌رن وه‌ك بژارده‌ی سێیه‌م، جیا له‌وه‌ش ئاشكرا كردنی قه‌رزی 27 ملیار دۆلاری ئه‌و ئیعتیباره‌ كه‌مه‌ی هه‌شیان بوو نه‌ما ، شك له‌وه‌شدا نیه‌ كه‌ ده‌ست بۆ سه‌رمایه‌ دزراوه‌كان نابه‌ن وه‌ك بژارده‌ی چواره‌م تاكو خه‌ڵكی پێ بێده‌نگ بكه‌ن و ده‌سه‌ڵاته‌كه‌یان بپارێزن. بژارده‌كان یه‌ك له‌ یه‌ك تاڵترن بۆ ده‌سه‌ڵات‌ !
له‌ناو ئه‌و ته‌نگژه‌یه‌دا وله‌م بارودۆخه‌دا، جه‌ماوه‌ری كوردستان بژیوی ژیانیان ده‌وێ كه‌ ئه‌ویش ئه‌ركی ده‌سه‌ڵاته‌، تاكه‌ ڕێگایه‌كی به‌رده‌میشیان به‌ناچاری، گرتنی به‌رۆكی هه‌ر ئه‌وده‌سه‌ڵاته‌یه‌‌‌ ، ئه‌گه‌ر جاران ، بۆ گه‌نجه‌كان ڕێگایه‌كی ده‌ربازبوون مابوو تاكو ژیانیان بخه‌نه‌ مه‌ترسیه‌وه‌ وبه‌ره‌و هه‌نده‌ران له‌م نه‌هامه‌تیه‌ ڕاكه‌ن ، ئێستا ئه‌و هه‌نده‌رانه‌ش ئه‌و به‌هه‌شته‌ نه‌ماوه‌ كه‌ په‌نای بۆ ببرێ ، ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌ی گه‌یشتونه‌ته‌ هه‌نده‌رانیش و ژیان و گوزه‌رانێكیان بۆخۆیان وخانه‌واده‌كانیان دابین كردوه‌، ئێستا توانای ئاوڕدانه‌وه‌یان له‌ كه‌س و كار وخزم ودۆستانیان له‌ كوردستان نه‌ماوه‌ و به‌جۆرێك له‌ جۆره‌كان ژیان وگوزه‌رانیان گۆڕاوه‌، خه‌ڵكی به‌ناچاری ده‌بێ له‌و‌ پارچه‌ زه‌مینه‌دا ئۆقره‌ بگرن كه‌ ناوی كوردستانه‌ و ناكرێ بیر له‌ ڕێگا چاره‌ی ده‌ربازبونی تاك وجوت بكه‌نه‌وه‌ .
حزبه‌ كانی ده‌سه‌ڵاتیش كه‌ ده‌وڵه‌ته‌كه‌یان مایه‌ پوت بووه‌ به‌ڵام نایانه‌وێ هه‌روا به‌ئاسانی ئاڵای سپی هه‌ڵكه‌ن وبه‌ فیزماڵكێك بۆی ده‌رچن و خه‌ونی به‌ ئیمبراتۆریه‌ت كردنی كوردستانیان لێ به‌تاڵ بێته‌وه،‌ بۆیه‌ ناچارن‌ ده‌زگا سه‌ركوتگه‌ره‌كانیان وه‌كارخه‌ن وده‌ست بۆ ئه‌وپه‌ڕی توندوتیژی به‌رن تا بتوانن پایه‌ له‌رزۆكه‌كانی ده‌وڵه‌ته‌كه‌یان ڕاگرن .
مێژوو سه‌لماندۆیه‌تی هیچ ده‌سه‌ڵاتێك ناتوانێ به‌رده‌وام بێ له‌كاتێكدا به‌ده‌ستێك خه‌ڵك برسی بكاو به‌ده‌سته‌كه‌ی تر سه‌ركوتیان بكا ، ئه‌م هاوكێشه‌یه‌ به‌ناچاری ده‌بێ یه‌كلابێته‌وه‌ به‌تێشكانی لایه‌ك وسه‌ركه‌وتنی لاكه‌ی تر ، شانسی یه‌كلابونه‌وه‌ی به‌قازانجی خه‌ڵكی كرێكار وزه‌حمه‌تكێش و به‌زۆر برسیكراو زۆر زیاتره‌ تاكو شانسی ده‌سه‌ڵاتداران ، هۆكاره‌كانیش ڕوونن .
له‌شكری برسیه‌كان تا دێت ڕوو له‌ هه‌ڵكشان وزیاد بوونه،‌ شه‌پۆله‌كه‌ تا دێت فراوانتر ودرێژتر ده‌بێته‌وه‌ ، ته‌نانه‌ت ئه‌و توێژه ‌كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ ناوه‌نجیه‌ی كه‌ ژیانێكی باشتری له‌چاو‌ زۆرینه‌ی كۆمه‌ڵگا به‌نسیب بوو بوو، ئێستا ئه‌ویش به‌ جڕه‌ جڕ وبه‌ناچاری به‌ره‌و له‌شكری برسیه‌كان هه‌نگاو ده‌نێ ده‌بێته‌ به‌شێك له‌وان.
ئاسۆی چاره‌سه‌ری ئه‌م بارودۆخه‌ به‌ قازانجی حزبه‌كانی ده‌سه‌ڵات وه‌ك ئه‌و تێگوشینه‌ وایه‌ كه‌ده‌ڵێن به‌ته‌مای دراوسێ هه‌ر ووشكه‌ . بۆیه‌ تاكه‌ ئاسۆیه‌ك كه‌له‌به‌رده‌مدا بێ شۆڕشی برسیه‌كانه‌.
ئه‌م شۆڕشه‌ش، هه‌روا ئاسان وساده‌ و بێگرفت نیه‌، ئه‌گه‌رچی هۆكاره‌ بابه‌تیه‌كانی هه‌ڵگیرسانی هه‌موی ئاماده‌یه‌ ، به‌ڵام له‌باربردنیشی بژارده‌یه‌كه‌ ده‌بێ له‌به‌رچاوبگیرێ‌ ، ئه‌م سیستمه‌ سه‌رمایه‌داریه‌، به‌م فۆرم وڤێرژنه‌ی ئیستایه‌وه‌ كه‌ نزیك به‌ 30 ساڵ ده‌بێ خۆی ڕاگرتوه‌ به‌ فریوكاری وخۆڵكردنه‌ چاوی خه‌ڵك و به‌دروشمی ( به‌رژه‌وه‌ندی خاك و نه‌ته‌وه‌ ) ، ( ئایین و گوێڕایه‌ڵی فه‌رمایشته‌ ئاسمانیه‌كان ) له‌پاڵ ئه‌وانه‌شدا كوته‌ك و سه‌ركوت و تیرۆر وتۆقاندن، ئه‌مڕۆ ئیتر ئه‌و ده‌سته‌ی كه‌شف بووه‌و ئه‌م ئامرازانه‌‌ سواون وله‌بازاڕی جه‌ماوه‌ردا قڕانێكی قه‌ڵب ناكه‌ن . هه‌ر بۆیه‌ چینی بۆرژوازی و سه‌رمایه‌داران هه‌وڵ ده‌ده‌ن به‌ مودێل وڤێرژنێكی نوێ وه‌ فریای داڕمانی ئه‌و سیستمه‌ بكه‌ون و له‌ به‌رگ وڕوخسارێكی تردا نمایشی بكه‌نه‌وه‌ و ئه‌م شۆڕشه‌ هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ له‌بار به‌رن، وه‌ك ئه‌وه‌ی گۆڕان وئیسلامیه‌كان و به‌شێكی به‌ناو ڕۆشه‌نبیران له‌ ڕاپه‌ڕینی 17 ی شوباتی 2011 دا كردیان .
هه‌وڵه‌كانی ئێستای ( شاسوار عه‌بدولواحید ) وحیزبه‌كه‌ی ( نه‌وه‌ی نوێ ) یه‌كێكه‌ له‌و پلانه‌ مه‌ترسیدارانه‌ كه‌ به‌ناوی نوێكردنه‌وه‌ و گه‌شه‌ی ئابوری كوردستان هاتۆته‌ مه‌یدان وشیعاری به‌رز كردۆته‌وه‌ كه‌ له‌ ڕاستیدا و له‌ناوه‌رۆكدا ده‌یه‌وێ مودێلێكی هارتر‌ له‌وه‌ی حزبه‌ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی ئێستا بێنێته‌ كایه‌وه‌ ، كت ومت مودێلی نیولیبرالیزم.
ئا له‌م بارودۆخه‌دایه‌‌ شۆڕشی برسیه‌كان به‌ڕێوه‌یه‌ ، رێبازێكی گونجاو بۆ سه‌ركه‌وتن و ده‌رباز بوون له‌م نه‌هامه‌تیه‌ یه‌كڕیزی خه‌ڵكی به‌شمه‌ینه‌تی كوردستانه‌ و جیاكردنه‌وه‌ی ڕیزی سه‌ربه‌خۆی خۆیانه‌ له‌و چین وتوێژانه‌ی مه‌به‌ستیانه‌ شۆڕشه‌كه‌یان له‌باربه‌رن،‌‌ به‌شداربوان و هه‌ڵسوڕێنه‌رانی ئه‌م شۆڕشه‌ گرنگه‌ به‌عه‌زم وئیراده‌یه‌كی شۆڕشگێرانه‌ بێنه‌ مه‌یدان و له‌ڕێگای كۆبونه‌وه‌ی گشتی وهه‌ڵبژاردنی ڕاسته‌وخۆی شورا شۆڕشگێره‌كانیان له‌ شوێنی ژیان و كار ، ئیداره‌و ‌و فه‌رمانگاكان قوتابخانه‌كان و….. نوێنه‌رانی باوه‌ڕ پێكراو جێ متمانه‌ی خۆیان هه‌ڵبژێرن وده‌سه‌ڵات بگرنه‌ ده‌ست و حوكومڕانی كۆمه‌ڵگا بكه‌ن، له‌و ڕاستایه‌شدا هه‌نگاو بنێن بۆ بنیات نانی كۆمه‌ڵگایه‌ك كه‌ ئازادی ویه‌كسانی بۆ هه‌موان به‌بێ جیاوزی تێدا فه‌راهه‌م كرابێ و ژیانی ئێستاو نه‌وه‌كانی دواڕۆژیشی تێدا مسۆگه‌ر كرابێ ‌.

26 / 5 / 2020




زانست له‌نێو كۆمه‌ڵگایه‌كی سیاسی دا!… هه‌رێم عومه‌ر كاكل

ڕه‌نگه‌ به‌هۆی گیرۆده‌بوونی ئه‌و قه‌یران و كێشانه‌ی ڕووی له‌ كۆمه‌ڵگای كوردی كردووه‌ هه‌موومانی به‌بواری سیاسی سه‌رقاڵ كردووه‌ بۆ زانینی هه‌واڵی چاره‌سه‌رێكی سه‌ره‌تایش بێت بۆ ئه‌وه‌ی كه‌مێك له‌ دڵه‌ڕاوكێ ی ده‌روونی ڕزگارمان بێت , له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا میدیای كوردی ڕۆڵێكی ناته‌ندروست ده‌بینێت له‌م بارودۆخه‌دا كه‌ زۆربه‌ی كاره‌كانی پیشه‌گه‌ری بواری میدیایی ته‌رخانكردووه‌ بۆ سیاسه‌ت و بێئه‌وه‌ی تۆزقاڵێك ڕۆڵ ببینێت بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان و ببێته‌ ده‌سه‌ڵاتی چواره‌م له‌نێو كۆمه‌ڵگادا .
له‌ئێستاكه‌دا به‌ده‌گمه‌ن ڕێكده‌كه‌وێت ئه‌گه‌ر له‌یه‌كێك له‌كه‌ناڵه‌كانی ڕاگه‌یاندنی نوسراو به‌مانشێتێك یاخود به‌ ستونێكی هه‌واڵ بابه‌تێك یاخود ووتارێكی زانستی بڵاو بكرێته‌وه‌ یاخود له‌هه‌ركه‌ناڵێكی بینراودا باس له‌بوارێكی زانستی بكرێت ئه‌وه‌ی بوونیشی هه‌یه‌ و بڵاوده‌كرێته‌وه‌ له‌په‌نجه‌ی ده‌ست زیاتر نابێت و هه‌ندێكیشیان بۆمه‌به‌ستی تایبه‌تی خۆیان هه‌واڵێكی زانستی له‌چوارچێوی فلته‌رێكی سیاسی دا تێده‌په‌ڕێنێت و بڵاوده‌كرێته‌وه‌ بێئه‌وه‌ی سود بگه‌یه‌نێت به‌تاكی نێو كۆمه‌ڵگای كوردی .
له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ ئه‌و نوسه‌ر و ڕۆژنامه‌نوسانه‌ی كه‌ ماوه‌یه‌ك له‌بواری زانستی كاریان ده‌كرد و به‌دوای بڵاو كردنه‌وه‌ی ووتار و بابه‌تی زانستیه‌وه‌ سه‌رقاڵ بوون له‌ئێستاكه‌دا بواره‌ زانستیه‌كه‌یان گۆڕیوه‌ به‌ئاراسته‌ی سه‌رده‌می سیاسی ئه‌وانیش وێڵن به‌دوای هه‌واڵه‌ سیاسیه‌كان و ئه‌مه‌ش بۆ سیاسه‌تی كه‌ناڵه‌كانی ڕاگه‌یاندن ( بیسترا و بینراو نوسراو ) ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ هه‌موویان هه‌وڵی به‌سیاسی بوونی ڕاگه‌یاندن ده‌ده‌ن له‌به‌ر هۆكاری پڕ فرۆشترین و پڕ بینه‌ر ترین و یاخود هۆكاری پاڵپشتی لایه‌نێكی سیاسی له‌و میدیایه‌ی بوونی هه‌یه‌ بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی .
ده‌ره‌نجامی ئه‌م ڕۆڵ بینینه‌ی میدیاو ڕاگه‌یاندنی كوردی له‌بواری سیاسی كاریگه‌ری ده‌بێت له‌سه‌ر دروست بوونی عه‌قڵێكی سیاسی و تاكێكی سیاسه‌تمه‌داری ڕه‌ها له‌نێو كۆمه‌ڵگا دوور له‌بوونی به‌هایه‌كی زانستی و بیركردنه‌وه‌یه‌كی ڕاست و دروستی زانستیانه‌ , كه‌ره‌ِنگه‌ تاچه‌ند ساڵێكی تر كۆمه‌ڵگایه‌كی ( ملیۆنان چاودێری سیاسی ) به‌رهه‌م بێت و ببینه‌ مه‌مله‌كه‌تێكی سیاسی دوور له‌ زانیاری و زانست ئیتر كۆمه‌ڵگایه‌كی دابڕاو له‌نێو جیهاندا دروست ده‌بێت و داڕمانمان نزیكتر ده‌بێت بۆ لێواری وێران بوونمان, چونكه‌ كایه‌ی به‌ره‌و پێش چوونی هه‌ركۆمه‌ڵگایه‌ك به‌نده‌ به‌ بیركردنه‌وه‌ی تاكی كۆمه‌ڵگاو ژیریه‌وه‌ له‌نێو عه‌قڵێكی زانستیدا نه‌وه‌ك عه‌قڵێكی چه‌قبه‌ستووی سیاسی كه‌ له‌ئێستاكه‌دا په‌یڕه‌وده‌كرێت له‌ كوردستاندا !!!!




هیواكانیان له‌ ده‌ستداو نه‌بوون به‌ سه‌رۆك كۆمار … ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب

تا بنه‌ماڵه‌و خێڵ بمێنێت هه‌ژارو چه‌وساوه‌كان ئاسووده‌یی نابینن

له‌ سه‌رده‌می پیلان و كوده‌تا سه‌ربازییه‌كانی ناوچه‌كانی عه‌ره‌ب ژماره‌یه‌ك خاوه‌ن ده‌موچاوی دێزو بڵح و ناشیرین له‌ خه‌ڵكی مه‌ده‌نی و سه‌ربازی په‌یوه‌ست به‌ بیری خێڵه‌كی دواكه‌وتوو كه‌ ئارره‌زوو له‌ سته‌م و ده‌ستبه‌سه‌رگرتنی ده‌سه‌ڵات و بڵاوبوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و دزیی و دابه‌شكردنی پله‌و پایه‌و به‌رپرسیارێتییه‌ باڵاكان به‌ سه‌ر كورو براوو خزم و ده‌ستوپه‌یوه‌ندییه‌كانیان ئه‌كه‌ن و بۆ جێگره‌وه‌ی خۆیان هه‌وڵ ئه‌ده‌ن كوره‌كانیان رابێنن و ئاماده‌یان بكه‌ن ده‌سه‌ڵات بگرنه‌ده‌ست وله‌لای ئه‌وان میرات له‌ ژیانی گه‌لان و وڵاتان گرنگتره‌و بیریان له‌وه‌ نه‌كردووه‌ته‌وه‌ رۆژێك دێت كورسی ده‌سه‌ڵات وبیری بۆگه‌نی میرات له‌ ناو ئه‌چێت و هه‌موو شتێك ئه‌بێته‌ موڵكی گه‌لا ن و پر به‌ گه‌روو هاواری ئازادی و دیموكراسییه‌ت ئه‌كه‌ن روحییه‌تی خێڵكی ره‌تئه‌كه‌نه‌وه‌و بۆ بنیاتنانی كۆمه‌ڵگایه‌كی مرۆڤدۆستی به‌ره‌و په‌ره‌سه‌ندنی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی.
ژیان له‌ بیابان و دورگه‌ی عه‌ره‌بی دژوار بوو، به‌دووه‌كانی لێبوو، ئه‌وان به‌شیێكی گه‌وره‌ن وبڵاوبوونه‌ته‌وه‌‌ به‌ تایبه‌ت له‌ باكوری دوورگه‌ی عه‌ره‌بی و، ژینكه‌ی بیابان ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی بۆ ره‌خساندون و، هه‌ر هه‌موویان له‌ ژێر هه‌ژموونی خێڵن وته‌نها بنه‌ماڵه‌و خێڵ ئه‌ناسن وكۆمه‌ڵگاكه‌یان، كۆمه‌ڵگای خێڵ و خێوه‌ته‌ و، به‌دووكان خه‌ڵكی بیابانن و شوانی عه‌ره‌بی گه‌رۆكن و له‌ خێوه‌ت وله‌ سه‌ر به‌خیوكردنی حوشترو مێگه‌ل و وڵاغ ئه‌ژین و، به‌ دوای ئاوو له‌وه‌ر ئه‌گه‌رێن و جێ به‌ خۆیان ناگرن و، خێل كۆمه‌ڵێك خه‌ڵكن سه‌ر به‌ یه‌ك بنه‌چه‌ن و ، خێڵ له‌ هه‌موو جیهان هه‌یه‌و هه‌ندێكیان له‌ناو چوون و به‌شێكیان چوونه‌ته‌ ناو كۆمه‌ڵگه‌ی شارستانی و، به‌ زۆریی له‌ دوورگه‌ی عه‌ره‌ب و بیابانی سوری و رۆژئاوای عێراق وئه‌رده‌ن و فه‌له‌ستین و بیابانه‌كانی باكوری ئه‌فریقیا ئه‌بینرێن.
خێڵ له‌ كۆمه‌لێكی گه‌وره‌ی بنه‌ماڵه‌ پێكدێت و خزمایه‌تی به‌یه‌كیانه‌وه‌ ئه‌به‌ستێت و زوربه‌یان سه‌ر به‌ یه‌ك باپیره‌ن و، هه‌وڵئه‌ده‌ن كورو نه‌وه‌كانیان ببنه‌ خاوه‌ن به‌رژه‌وه‌ندی به‌بێ ئه‌وه‌ی گۆی بده‌ن به‌و مرۆڤه‌ی كه‌ بارودۆخێكی گونجاوی بۆ ژیانێكی كامه‌رانی ئاماده‌ كردو، خێڵ هه‌وڵئه‌دات هه‌رچی كاروباره‌ بدات به‌ كه‌سانی خۆیان و، هه‌لیان بۆ بدۆزێته‌و ته‌نانه‌ت نه‌زان و بێ ئه‌زمونیش بن و، به‌وه‌ش رۆڵی خه‌ڵكانی تر پێشێل ئه‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ببنه‌ پاشكۆی ئه‌وان.
خێڵ و بنه‌ماڵه‌ جاروبار په‌نا ئه‌به‌نه‌ به‌ر به‌كارهێنانی دڵره‌قی له‌ گه‌ڵ خه‌ڵك { گه‌ل} به‌ گشتی و له‌ گه‌ڵ دۆژمنان به‌ تایبه‌تی و، ئه‌گه‌ر سامان وهێزی گه‌وره‌ی هه‌بێت روو له‌ به‌كارهێنانی توندوتیژی ودڵره‌قی ئه‌كات و له‌ كۆتاییدا براوه‌ ئه‌بێت و، ده‌سه‌ڵاتێكی زاڵمانه‌ پێك ئه‌هێنێت و هه‌میشه‌ سڵ له‌ گه‌ل ناكات و، هه‌رده‌م ئاماده‌یه‌ زوربه‌ی گه‌ل له‌ناو ببات بۆ مانه‌وه‌ی له‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵات و، باشترین نموونه‌ له‌ عێراق و میسرو لێبیاو یه‌مه‌ن روویداو، له‌مرۆشدا له‌ سوریاداو، له‌ هه‌مووی سه‌یرتر خێڵه‌ به‌تواناكان حزب دائه‌مه‌زرێنن و روو له‌ ژیانی سیاسی ئه‌كه‌ن و.
گێبركی بۆ وه‌رگرتنی ده‌سه‌ڵات و دامه‌زراندنی حكومه‌ت ئه‌كه‌نو، ولاڤ و گه‌زاف لێئه‌ده‌ن گوایه‌ حزبه‌كانیان دیموكراتییه‌ و، له‌م رێره‌وه‌دا خێڵی واهه‌یه‌ سه‌ركه‌وتنی به‌دیهێناوه‌و حكومه‌تی پێكهێناوه‌و ده‌ستی به‌سه‌ر هه‌موو جومگه‌كانی ژیان گرتووه‌.
خێڵه‌كان و حزببه‌كانی خێڵه‌كی كاتێك حكومه‌ت پێكئه‌هێنن به‌ ده‌ستێكی ئاسنین جومگه‌كانی ده‌وڵه‌ت ئه‌خه‌نه‌ ژێر ركێفی خۆیان و، زۆر جار ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ زاڵمان ئه‌بێت چونكه‌ به‌ ده‌ست تاكه‌ كه‌سێكه‌ یان گروپێك له‌ خه‌ڵكی خوا پێداو ( نوخبه‌ Elite ) و ، ئه‌وانه‌ی ماونه‌ته‌وه‌ ( كورانی گه‌ل) كۆێله‌ن وئه‌بێت فه‌رمانه‌كانی خێڵه‌كه‌ به‌بێ بیركردنه‌وه‌ جێبه‌حی بكه‌ن و، له‌ هه‌مووی خراپتر بنه‌ماڵه‌ یان خێڵی حوكم به‌ده‌ست روو ئه‌كه‌نه‌ میراتی سیاسی واته‌ له‌ پاش باوك كوره‌كه‌ی یان كورزاكه‌ی و كوره‌ مام و خزمه‌كان جێێ ئه‌گرنه‌وه‌.
وراسه‌ت (Genetics ) له‌ دێر زه‌مان ره‌واڵه‌تێكی وابه‌سته‌یه‌ به‌ خه‌لیفه‌كان و پاشاكان و پیاوه‌ گه‌وره‌كان ودوقه‌كان و شاهانشا و ، كاتێك شایه‌ك ( مه‌لێك) ئه‌روات و شازاده‌ جێی ئه‌گرێته‌وه‌ و ئه‌بێته‌ شا و، له‌ جیهانی عه‌ره‌بیدا شۆرشه‌كان و كوده‌تای سه‌ربازی و پیلانه‌كان شاكانیان راماڵی و كۆماره‌كان سه‌ریان هه‌ڵدا وه‌ك له‌‌ میسرو عێراق و لێبیاو یه‌مه‌ن و شوێنی تر روویاندا ، له‌ میسر محه‌مه‌د نه‌جیب سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی شۆرش هات و، لابراو خرایه‌ ژێر چاودیری و، جه‌مال عه‌بدولناسر هات و، له‌ پاش ئه‌و ئه‌نوه‌ر ئه‌لسادات بۆ به‌ سه‌رۆك و له‌ پاش كوشتنی له‌ كاتی ئاماده‌بوونی نمایشێكی سه‌ربازی به‌ بۆنه‌ی جه‌نگی ئوكتۆبه‌ره‌وه‌ ، محه‌مه‌د حوسنی موباره‌ك بۆ به‌ سه‌رۆك كۆمار ( 14 ئوكتۆبه‌ری 1981 ــ 11 ی فیبریوه‌ری 2011 و، 30 ساڵ حوكم) و، له‌ عێراق عه‌بدولكه‌ریم قاسم هات و پاشان حكومه‌تی به‌عسییه‌كان له‌ پاش پیلانه‌ شومه‌ ره‌شه‌كه‌ی 8 ی شوبات ــ فیبریوه‌ری 1963 عه‌بدولسه‌لام عارف و عه‌بدولره‌حمان عارف و ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن ئه‌لبه‌كر و سه‌دام حسه‌ێن ) 1979 ــ 2003 ــ 24 ساڵ ) و له‌ لیبیا موعه‌مه‌ر ئه‌لقه‌زافی ( 1969 ــ 2011 ــ 42 ساڵ) و له‌ یه‌مه‌ن عه‌بدوڵلا سه‌لال 1962 ، عه‌بدولره‌حمان یه‌حیا ئه‌لئه‌ریانی ، ئیبراهیم محه‌مه‌د ئه‌لحه‌مدی و، ئه‌حمه‌د حسه‌ین ئه‌لغشمی وڵه‌ كۆتاییدا عه‌لی عه‌بدوڵلا ساڵح ( 1978 ـــ 2012 ، 34 ساڵ).
له‌ سوریا حافز ئه‌لئه‌سه‌د بۆ به‌ سه‌رۆك كۆمار ( 1970 ــ 2000 ، 30 ساڵ) و، له‌ پاش حافز له‌ شانوگه‌رییه‌ك و گاڵته‌جارییه‌ك ده‌ستووریان گۆری و ته‌مه‌نی سه‌رۆك كۆمار له‌ 40 ساڵ كرا به‌ 34 ساڵ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ گه‌ڵ ته‌مه‌نی به‌شار ئه‌لئه‌سه‌د بگونجێت و بوو به‌ سه‌رۆك كۆمار له‌ ( 2000 تا ئێستا ـ 20) ساڵ.
سرۆكه‌ عه‌ره‌به‌كان به ‌پێی بێ مێشكیان له‌و باوه‌ره‌دان مانه‌وه‌یان پێویسته‌ و، خاوه‌نی ئه‌زمونی حوكم به‌رێوه‌بردنن و له‌ به‌ر ئه‌وه‌ش كۆده‌تایان كردووه‌ یان خوا هه‌ڵیانبژاردووه‌ ببنه‌ حاكم و، مانه‌وه‌ له‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی حوكم ئامانجی به‌رزو گرنگیانه‌ و، له‌ پێناو ئه‌م ئامانجه‌ قیزوه‌نه‌ توندوتیژی و داپڵۆسین وسیاسه‌تی داری ئه‌ستور ( كوته‌ك) یان دژ به‌ جه‌ماوه‌رو گه‌ل به‌كارهێناوه‌و، كه‌وتنه‌ راونانی نیشتمانپه‌روه‌ران و پێشكه‌وتنخوازان ، ئه‌وانه‌ی داوای دیموكراتییه‌ت و ئازادی ئه‌كه‌ن و، گرتن و زیندانیكردنیان له‌ زیندانی ترسناك و هه‌ڵسان به‌ شێوه‌یه‌كی فاشیستیانه‌ به‌ ئه‌شكه‌نجه‌دانیان به‌ مه‌به‌ستی شكاندنی شكۆو تواناو ئێراده‌یان ومل شۆركردن بۆ داخوازییه‌كانیان وپاشان كوشتنیان به‌ شێوازێكی نه‌فره‌تلێكراوو به‌بێ دادگایكردن و، سه‌ره‌رای ئه‌و هه‌موو كرده‌وه‌و نه‌هامه‌تیانه‌ به‌ ئاشكه‌را نان و قووتی گه‌ل ئه‌دزن و باجدان به‌سه‌ریان فه‌رز ئه‌كه‌ن و، ئاره‌زووی گرنگیان ئه‌وه‌یه‌ نژادێكی نوێ و بنه‌ماڵه‌یه‌كی نوێ پێكبێنن و، به‌ گوێره‌ی بیركردنه‌وه‌ی خێڵه‌كی و مۆركی له‌ سه‌ر رژێمه‌كانیان كه‌ به‌ كۆده‌تای سه‌ربازی هاتوون و چۆنییه‌تی كاركردنیان روو له‌ میراتی سیاسی ئه‌كه‌ن و ه‌ك مه‌رجێكی سه‌ره‌كی بۆ به‌رده‌وامبوونی رژێمه‌ دوور له‌ دیموكراتییه‌كه‌یان و هه‌رچی په‌یوه‌نداره‌ به‌ خێڵه‌وه‌ به‌ره‌و هه‌مان میراتی سیاسی ئه‌روات.
چیرۆكی وه‌راسه‌ت ( میرات) و هه‌میشه‌یی له‌لای گه‌ڵی عه‌ره‌ب و ئه‌و گه‌لانه‌ی له‌ نزیكیانه‌وه‌ ژیاون هه‌ر له‌ كاتی جاهلییه‌ت و هاتنی خه‌لیفه‌كان و دروستبوونی خێڵ و بنه‌ماڵه‌ له‌لایان چه‌سپیوه‌و ئه‌م جیروكه‌ ره‌گی قووڵی له‌ ناخیان داكوتاوه‌و خه‌سڵه‌تێكه‌ لایان تا ئه‌مرۆ ماوه‌ته‌وه‌و، زوربه‌یان به‌ دوای كورسی ده‌سه‌ڵات رائه‌كه‌ن و، هه‌ندی له‌ عه‌ربه‌كان له‌ پێناو كورسی حوكم ( تاج و ته‌خت) عه‌قڵ و كه‌رامه‌تیان له‌ ده‌ستداوه‌و، بو نموونه‌ شیخ حه‌مه‌د كوری خه‌لیفه‌ ئال سانی ئه‌میری قه‌ته‌ر بابی شیخ خه‌لیفه‌ له‌ سه‌ر كورسی دسه‌ڵات لابردو ناچاریكرد له‌ ساڵی 1995 به‌ناوی پیشوو وڵات به‌جێبهێڵێت به‌ره‌و ئه‌وروپا.

سه‌رۆكی سوریا حافز ئه‌سد پێش مردنی توانی كوڵه‌كه‌ی وه‌راسه‌ت داكوتێت و ده‌سه‌ڵاتی حوكم بدات به‌ ده‌ست به‌شار ئه‌سه‌دی كوری و، ئه‌وه‌ش به ‌بێشك مانای ئه‌وه‌یه‌ زوڵم و زۆریی ره‌گی به‌هێزی له‌ ناو كه‌سایه‌تی تاك هه‌یه‌ له‌ خۆشه‌ویستی خودو خێزان و درێژه‌دان به‌ حوكم دژ به‌ ئاره‌زوو خواستی جه‌ماوه‌ری گه‌ل و به‌كارهێنانی سیاسه‌تی ئازاردان و له‌ناوبردن وتیرۆركردنی ئه‌وانه‌ی داوای ئازادی و دیموكراسی ئه‌كه‌ن و، زوڵم وسته‌م هه‌موو سنورێكی بری و كه‌وتنه‌ گاڵته‌ پێكردنی گه‌لانی ژێرده‌سته‌یان و، وراسه‌تی سیاسی كورو كوره‌زاو نه‌وه‌كان به‌ بێ رای گه‌ل ئه‌گرێته‌وه‌ و، حوكمی به‌عسی عه‌ره‌بی له‌ سوریا وه‌ك حوكمی به‌عس له‌ عێراقدا، حوكمی تاكره‌ویی بوو ( خواستی) گه‌لی به‌دینه‌هێناو، له‌ گه‌ڵ پێداویستییه‌كانیان جۆشیان نه‌خواردووه‌و، له‌ سه‌ر بیده‌نگیكردنی ده‌نگه‌كانی ترو قه‌ده‌غه‌كردنی ئۆپۆزسیۆن و ته‌زویركردنی هه‌ڵبژاردنه‌كان و سنورداركردنی راگه‌یاند ره‌فتاریان كردووه‌و ، بۆ ئه‌وه‌ی رژێمی كۆماری سه‌ركوتكه‌ر ببێته‌ مۆڵكی ته‌واوی بنه‌ماڵه‌ی خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات و یاوه‌ره‌كانی و، بۆ ئه‌وه‌ی داپڵۆسین و گه‌نده‌ڵی و خزمخزمێنه‌ په‌ره‌بسێنێت.
دیكتاتۆر سه‌دام حسه‌ێن بایه‌خی زۆری به‌ هه‌ردوو كوره‌ شه‌رئه‌نگێزه‌كه‌ی عوده‌ی وقوسه‌ی له‌ پێناو ئاماده‌كردنیان پله‌و پایه‌ی باڵا وهه‌ستیاری ده‌وڵه‌ت بگرنه‌ده‌ست و، یه‌كه‌میان هه‌رچه‌نده‌ ئیفلیج بوو فه‌رمانده‌ی فدائی ( خۆبه‌ختكران) ی سه‌دام بوو، هه‌روا به‌رپرسی ئه‌م كارانه‌ش بوو: راگه‌یاندن و رۆشنبیری و وه‌رزش و، دووه‌میان ( قوسه‌ی) جێی ده‌ستخۆشی وستایشی باوكه‌ دیكتاتۆره‌كه‌ی و تاقمی درۆو ده‌له‌سه‌و زۆرناژه‌نه‌كان به‌ناوی سه‌ركردایه‌تی عێراق بوو !!، قوسه‌ی بوو به‌ ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی حزبی به‌عسی له‌ گۆرنراوو یاریده‌ری فه‌رمانده‌ی گشتی سه‌ربازی و، سه‌رپرشتیاری هێزه‌كانی گاردی كۆماری ( الحرس الجمهوری) و، سه‌دام حسه‌ێن زۆر بایه‌خی به‌ قوسه‌ی داو، به‌ هه‌موو رێگاو شێوه‌و شێوازێك هه‌وڵیدا جومگه‌ هه‌ستیارو باڵاكانی عێراق بگرێته‌ده‌ست و، له‌ كوتاییدا ببێته‌ خه‌لیفه‌ی خودی خۆی وه‌ك سه‌رۆك كۆمارو وه‌ك داب و نه‌ریتی هه‌موو رژێمه‌ دیكتاتۆرییه‌كان.
بۆ كۆپێكردنی رێكاری به‌عسییه‌كان له‌ میراتی سیاسی و، له‌ سه‌ر هه‌نگاوه‌كانی حافز ئه‌سه‌دو سه‌دام حسه‌ێن ئه‌م سه‌رۆكانه‌ : حوسنی موباره‌ك ، موعه‌مه‌ر ئه‌لقه‌زافی و عه‌لی عه‌بدوڵلا ساڵح كه‌وتنه‌ بایه‌خدان به‌ كوره‌كانیان و ئاماده‌كردنیان بۆ ئه‌وه‌ی ببن به‌ سه‌رۆك كۆمار له‌ سه‌ر رێوشوێن و ته‌رزی به‌شار ئه‌سه‌دو جێی باوكیان بگرنه‌وه‌و ئه‌وان( سه‌رۆكه‌كان) به‌ هۆی مانه‌وه‌یان له‌ سه‌ر كورسی ده‌سه‌ڵات هێلاك بوون و “” خزمه‌تێكی”” زۆریان پێشكه‌ش به‌ خه‌ڵك كرد ( راونان و تێهه‌ڵدان وگرتن وكوشتن ) و، شایانی باسه‌ هه‌ر سه‌رۆك كۆمارێك حزبێكی سیاسی هه‌بوو و، حوسنی موبارك خاوه‌نی حزبی نیشتمانی دیموكراتی بوو بایه‌خیدا به‌ كوره‌ بچكۆله‌كه‌ی جه‌مال الدین محه‌مه‌د حوسنی سه‌ید موبارك و، زۆر به‌ هێز هاته‌ سه‌ر گۆره‌پانی سیاسه‌ت وه‌ك خه‌لیفه‌ی باوكی ناویده‌ركرد به‌ڵام شۆرشی گه‌لی میسر له‌ 25 شوباتی 2011 له‌كاریخست و، موعه‌مه‌ر ئه‌لقه‌زافی سه‌رۆكی كۆماری لێبیای مه‌زن بایه‌خیدا به‌ سیف ئه‌لاسلامی كوری كه‌ له‌ كومه‌ڵه‌ی “” مافی مرۆڤ “” كاریئه‌كردو به‌ هۆی راپه‌رینی لیبیاوه‌ نه‌یتوانی بچێته‌ پێشه‌وه‌و له‌ 19 تشرینی دووه‌م / نۆڤه‌مبه‌ر 2011 گیراو چه‌ند په‌نجه‌یه‌كی ده‌ستیان بری به‌ڵام سه‌رۆكی خێڵ و خاوه‌ن خنجه‌ر عه‌لی عه‌بدوڵلا ساڵح خاوه‌نی حزبی موئته‌مه‌ری میللی گشتی زۆر بایه‌خیدا به‌ كوره‌كه‌ی ( عه‌مید ئه‌حمه‌د) فه‌رمانده‌ی گاردی كۆماری و هێزی تایبه‌ت.
كوری سه‌رۆكه‌كان : قوسه‌ی سه‌دام حسه‌ێن ، جه‌مال حوسنی موبارك، سیف الاسلام القه‌زافی و ئه‌حمه‌د عه‌لی عه‌بدوڵلا ساڵح بێ شانس بوون و هیوایان نه‌ماو نه‌بوون به‌ سه‌رۆك كۆماری عێراق و مێسرو لێبیاو یه‌مه‌ن و، یه‌كه‌میان قوسه‌ی كوژراو، دووه‌م وسییه‌م جه‌مال و سیف ماوه‌یه‌ك له‌ زیندان بوون وچواره‌م ئه‌حمه‌د كرا به‌ باڵوێزی یه‌مه‌ن له‌ ئیمارات.
لیره‌دا ئاماژه‌ بۆئه‌و حزبانه‌ ئه‌كه‌ێن كه‌ بروایان به‌ وه‌راسه‌تی سیاسی هه‌یه‌ و وه‌ك شێوازێك له‌ سه‌ری ئه‌روات و تێئه‌كۆشێت له‌ پێناو بته‌وكردنی و گواستنه‌وه‌ی حزب بۆ حزبی خیزان و هۆزو بنه‌ماڵه‌و خێڵ و قه‌واره‌كه‌ی به‌شی سه‌رۆكی حزب و كوره‌كانی و براكانی و خزمه‌كانی و ده‌ستوپه‌یوه‌نده‌كانیانی ئه‌كات و، ئه‌مانه‌ به‌ نه‌خوێنده‌وارو نه‌زان و جاهیله‌كان ده‌ستبه‌سه‌ر جومگه‌ زیندوه‌كان ئه‌گرن و، بواری كه‌س ناده‌ن به‌تایبه‌ت ئۆپۆزسیۆنه‌كان و، ئه‌مان ( سه‌رۆك وكوره‌كانی) ئه‌یانه‌وێت ئه‌وان (گه‌ڵ) گوێ رایه‌ڵ بن و كرنووشیان بۆ ببه‌ن وچیی هه‌یه‌ بۆ خۆیانی ببه‌ن و، ئه‌توانین بڵێن ئه‌مانه‌ ( نوخبه‌ ــ كاكڵه‌) دیكتاتۆرییه‌تی خێزانی چه‌په‌ڵ به‌ بوونی تاكه‌ كه‌سێك له‌ سه‌ركردایه‌تی حزبه‌كه‌ بۆ ماوه‌یه‌كی دوورو دریژ یان تا له‌ ژیاندایه‌ دروست ئه‌كه‌ن و، تووشی بێ عه‌قڵی و دۆگماتیزم ئه‌بێت و له‌ زه‌لكاوی بیری بۆگه‌ن ئه‌ژیت و،خۆی به‌ سیاسه‌تمه‌دارێك كه‌ كه‌س شان له‌ شانی نادات دائه‌نێت و، ده‌ستوپه‌یوه‌نده‌كانی ده‌ورو پشتی باز ئه‌ده‌ن بۆ گه‌نده‌ڵی و خواستی یه‌كه‌م وكۆتاییان دزی و گه‌نده‌ڵی و دژایه‌تی جه‌ماوه‌ره‌ بۆ ئه‌وه‌ی ژیانیان پر له‌ خۆشی و خاوه‌ن توانا بن.

27/5/2020




شۆڕشی برسیەکان لە بەر دەرگاتاندایە … شاخەوان سەنگاوى

من لەو شۆڕشانەى کە بە هۆى برسێتى و بێ نانى ڕوودەدەن زیاتر دەترسم، نەک لە بەرامبەر لەشکرێکى دووسەد هەزار کەسى شەڕ بکەم. ” ناپلیۆن پۆناپارت”
ئەمەى سەرەوە وتەیى سەرکردەیەک بوو کە بەشى زۆرى ئەوروپاى خستە ژێر رکێفى خۆیەوە کە لە ساڵى ١٨١٢ کە ویستى روسیا داگیر بکات خاوەنى سوپایەکى شەش سەد هەزار نەفەریى بوو کەچى ئەو لە شۆڕشى برسیەکان دەترسا. ئەى ئێوە لە ماوەى ئەم سی ساڵەى حکومڕانى خۆتاندا هەرگیز ڕۆژى لە ڕۆژان سەنگێکتان بۆ شۆڕشى برسیەکان داناوە؟ یان)…..(.
ئیدى نازانم ئێوە بەچیەوە دەنازن؟ بەو سوپا زەبەلاحە شەق وەشێنە دەمامکدارەوە دەنازن کە لە ماوەى حکومڕانى خۆتانا لە نێو کوچە و کۆڵان بگرە لە نێو تاک بە تاکى خێزانەکان بە زەبرى پارە بۆ بەرژەوەندى پارتەکانتان و هەندێ جاریش بۆ بەرژەوەندى تاکى پارتەکانتان لە سەر گیرفانى هاولاتیانى ئەم هەرێمە دروستان کردووە. یان بەکۆشک و باڵەخانە هەور بڕەکانى نێو ژیانە شاهانەیەکانى سەر گردو گردۆڵەکانتان و پارە نوستووەکانى ژێر زەمینەکانتان کە تەنانەت هەندێکتان لە نوسینى ژمارەى سەفتە دۆلارەکانیش هەڵەدەکەن، دەنازن. بەڵام من دەڵێم خودایە شۆڕشى برسیەکان ڕوو نەدات لە بەر خاتر چاوى کاڵى ئێوە نیە! بگرە لە پێناو ئەم نیشتمانەدایە کە بەدرێژایى مێژوو هەزاران لاوچاکى کورد خوێنى خۆیان بەخت کرد لە پێناو ئەمڕۆدا تا تاکەکانى کورد بتوانێت بە ئازادى بدوێت، چونکە من تێدەگەم دووژمنانى کورد جیا لە ئێوە لە هەر چوار لاوە چڕنوکیان گیر کردووە لە سینەى ئەم هەرێمە، بە ئومێدەى ئێوە دەرفەتێک لە سەر سینیەکى ئاڵتونى پێشکەشیان بکەن، کەواتە ئەگەر شۆڕشى برسیەکان ڕووبدات تەنها بە لە دەست چوونى ئەم هەرێمە کۆتایى نایەت و ئێوەش وەکو بەرزەکى بانان بۆى دەربچن، باشترە بزانن لە ئەنجامى ڕوودانى وەها شۆڕشێک کە ڕوودانى کارێکى حەتمیە، ئەویش بەرئەنجامى ئەو پڕۆسە حکومڕانیە فاشیلەتانە کە ماوەى سى ساڵە پێشکەشى هاوڵاتیانى ئەم هەرێمەى دەکەن کە هاوتاى نیە لە جیهاندا. ئەوا لە لایەن گەلەوە نا بگرە لە لایەن ئەو پاسەوانانەوە کە شەو و ڕۆژ لە نێو حەرەم سەراکانتانا هاتووچۆ دەکەن کەلەى سەرتان پێشکەشى گەڵ دەکرێت. چونکە نە فیدایەکانى ئێوە وەکو فیدایەکانى سەدام پۆشتە و تۆکمەو بەهێز دەبن و نەحکوڕانیەکەشتان بە چەشنى ئەو دەبێت. کەواتە باشترین دەرفەتە کە هەمووتان دەست خەنە نێو دەستى یەک و ئەو سەروەت و سامانەی کە ماوەى سی ساڵە بە دەر لە هەموو بنەمایەکى ئابوورى و زانستى وئاینى و ئینسانى و ئەخلاقى لە ژێر زەمینەکاندا لە سەر یەک هەڵتان چنیووە بە شێکى بخەنەوە نێو قاسەکانى حکومڕانیتان، چونکە ئەوە کۆتا بلیتى درێژ کردنەوەى تەمەنى خۆتان و ماڵ و مندالاتانە. تەماشاکەن حکومڕانەکانى چەشنى ئێوە لە مێژووى تازەى شرق اوسط گەیشتنە کوێ؟ جکە لە بلۆک کردنى سەروەت سامانەکانیان لە لایەن ئەمەریکا و ئەوروپاى دۆستیان و بەجێ هێشتنى ماڵوێرانىکى کوشندە بۆ گەل، خۆشیان لە کون و کەلەبەرەکاندا گیران، دەرئەنجام ئاقیبەتیان بەو ڕۆژە گەیشت کە هەرگیز خەویشیان پێوەنەدەبینى….

شاخەوان سەنگاوى
Shaxaewan.saed@gmail .com




شەپۆلێکی گەورەی بێکاری و مەترسیەکانی… نووسینی/ئەحمەدکامەران

[ ] وشەی بێکاری لە بنەڕەتدا ، وشەیەکی زۆر مەترسیدارە کە لە ئەنجامی چەندین پرسی جۆراو جۆراوە دێتە ئاراوە،یاخود زۆر بەشێوەیەکی مەترسیدار بینەقاقای کۆمەڵگاکان دەگرێت، بەتایبەتیش کۆمەڵگا سەرەتایەکان کە خاوەنی هیچ جۆرە ئابووریەکی بەهێز و تۆکمەدار نین، کەبتوانن رووبەڕوی هەموو جۆرە قەیرانێکی بێکاری و دەردەسەریەک ببنەوە،ئەمەش جگە لە بوونی گەندەڵی و ناشەفافی ئابووری لە کۆمەڵگا سەرەتایەکان دا کە بەداهاتێکی ئێجگار زۆر بەناڕوونی خەرج دەکرێت و هاوڵاتیاکانیشی لێی بێ ئاگان ،کەئەمەش دۆخەکە دوو ئەوەندەی تر قورستر دەکات،بەسەر شانی خەڵکی هەژار و چینی کرێکارەوە ،بێگومان دەرئەنجامی بێکاری و برسیەتی لەهەر کۆمەڵگایەک دا بریتیە لە شۆڕش لە دژی سیستەمی حوکمڕانی ئەو وڵاتەدا و گۆڕینی بۆ سیستەمێکی نوێتر کە دادپەروەری ویەکسانی تێدا فەراهەم بکرێت.
[ ] ئەگەر چی لە ئێستادا جیهان بۆ دوو سەردەمی جیاواز دابەش بووە،ئەویش جیهانی پێش کۆرۆناو،جیهان لەسەردەمی کۆرۆنادا،بەڵام هەتاوەکو ئێستا هیچ ئاسۆیەکی ڕوون دیارنیە بۆ پاش سەردەمی کۆرۆنا،بەڵام ئەوەی کە من تێبینی دەکەم ،جیهان لە پاش ڤایرۆسی کۆرۆنادا پێ دەنێتە وێستگەیەکی تری حوکمڕانی دا، بەڵام هەتاوەکو ئێستا ئەو حوکمڕانیە دیار نیە کە لە پاش کۆڕۆنادا بەڕێوە دەچێت ، ئەگەر چی جیهان لەپێش سەردەمی کۆرۆنادا لە ژێر هەژموونی حوکمڕانی سیستەمی سەرمایەداری بەڕێوە دەچوو، کە دوور بوو لەهەموو جۆرە سیستەمێکی سۆسیالیستی دا کە ئەمەش چینی کرێکار باجەکەی دەداو ،هەروەها هەتا دەهات چینایەتیەکی زۆر گەورە لەنێوان تاکەکانی کۆمەڵگا درووست ببوو،کە وا چاوەڕوان دەکرا شۆڕشێکی گەورەی بەدوای خۆیدا بهێنێتەوە،بەڵام لەناکاو شەپۆلێکی کووشندە جیهانی بەخۆیەوە سەرقاڵ کرد کە ئەویش ڤایرۆسی کۆرۆنایە،ئەگەر چی زۆرجار دەگوترێت بڵاوبوونەوی ئەم ڤایرۆسە یاریەکی تری دەسەڵات دارەکان و سەرمایەدارانە،بەڵام بەهەرحاڵ ئەوە گرنگە کە کێ ئێستا لەم یاریە براوە دەبێت و کێ تر لەم یاریە دۆڕاوە دەبێت،ئەگەر لە ئێستادا بەچاو خشانێک تەماشای بارودۆخەکە بکەین دەبینین کە چینی هەژار و کرێکار زەرەر مەندی ئەم ڤایرۆسە بوونە جگە لەوەی کە ئەوانەی بوونە قوربانی ئەم شەپۆلە ڤایرۆسە،بەڵام ئەوەی کە ماوەتە باجەکەی زۆر بەقورسی دەدات، دیارترین باجیش کە چینی هەژار دەیدات لەسەردەمی کۆرۆنادا بریتیە لە بەزبوونەوی ڕێژی بێکاری ، ئەمەش بەهۆی داخستنی بازارەکانی کارو کەم بوونەوەی دەستی کار .کە ئەمەش وا چاوەڕوان دەکرێت لە پاش شەپۆلی کۆرۆنا ،شەپۆلێکی گەورەی بێکاری و برسیەتی ڕووبکاتە جیهان.
[ ] ئەوەی بەلای منی نووسەر ئەوە گرنگە کە هیوادەخوازم جیهان لەپاش تێپەڕاندنی ئەم ڤایرۆسەدا پێ بنێتە قۆناغێکی تری حوکمڕانی ،کە هاوکات حوکمڕانیەک بێت لەسەربنەمایەکی سۆسیالیستانە بنیاد بنرێت کە چیتر جیاوازی چینایەتی بوونی نەمێنێت،کە ئەمەش بەلای منەوە دەبێتە لە دایک بوونی مڕۆڤایەتیەکی نوێ لەسەر گۆی زەوی دا…




پۆرترێتە راستەقینەکەی باوکی هەژاران … نووسینی: ستیڤان شەمزینی

“لەوانەیە ئێمە مێژوومان بیر بچێتەوە، بەڵام مێژوو ئێمە لە بیر ناکات”
فریدریک جیمسن

ئەمڕۆ دوو ساڵ تێپەڕی بەسەر مردنی “نەوشیروان مستەفا”دا. لە نێو ئەو فەزا تەوتەمپەرستیی و مردووپەروەرییەی ئێمەدا، مەرگ دەسەڵاتێکی فراوانی هەیە لە سڕینەوەی پۆرترێتی راستەقینەی کەسایەتی تاکی مردوودا، بە شێوەیەک وێنایەکی ئیدیاڵی وەها بۆ مردووەکان دادەتاشرێت، بە هیچ کلۆجێک نەنگی و ناشرینییەکانیان نەبینرێت. ئەوەی راستی بێت دەمێکە ئەو جۆرە پرسەگێڕان و هەڵدان بە شکۆی مردووەکانم ناو ناوە زەلکاوی عاتیفی، گەر تەواو خۆت جڵەو نەکەیت، دەبیتە بەشێک لە ئاپۆرای شیوەنگێڕ. ئەمە نە تەنیا لە مردنی نەوشیرواندا بە زەقی دەرکەوت، بەڵکو لە هێنانەوەی تەرمی مەلا مستەفا و مردنی جەلال تاڵەبانیشدا بە هەمان ئەو تۆخییە دەرکەوتبوون و دەرکەوتن. ئەو دیمەنەی دوو ساڵ بەر لە ئەمڕۆ لە ناشتنی تەرمی نەوشیروان و دواتریش لە پیرۆزکردن و بە “مەرقەد”کردنی گۆڕەکەیدا بینیمان، جارێکی تر کرمێبوونی کولتووری سیاسیی کوردیی خستەوە بەرچاومان کە تەنیا ژینگەیەکی لەباری بەرهەمهێنانی سێکت و دەروێشگەرایی و سەرۆک و سەرکردەپەرستییە. لە هەمان کاتدا نەخۆشی سەندرۆمی ستۆکهۆڵمی کۆمەڵگەی کوردیی وەک فاکتێکی تاڵ بەرجەستە کرد، ئەم عاشقبوونە بە جەلاد، ئەوانەی ژیانی مرۆڤ پووچ دەکەنەوە و ئازادیی بە بارمتە دەگرن، وەنەبێ نەخۆشییەکی تازە دۆزراوەی دوای ئەو رووداوەی پێش پەنجا ساڵێکی بانکێکی شاری ستۆکهۆڵم بێت، بەڵکو بەشێوەیەکی پریمیتیڤ لای “ئیبن خەلدون” تیۆریزە کراوە و بەو پێیەی جەخت دەکاتەوە “چەوساوە هەموو کات عاشق و لاساییکەرەوەی چەوسێنەرەکەیەتی”. ئەم گەلاڵەیەی کتێبی “المقدمە” لە کەتواری کوردیدا بە روونی خۆی دەنوێنێت بەتایبەت لە پرسە و ماتەمینی سەرکردە سیاسیی و کاریزماتیکەکاندا.
بە دەستی خۆم نییە، هەموو کات لە بەرامبەر ستەمکاریی سەرکردە سیاسییەکاندا، چاوەڕوانی پیرەمێردە تۆڵۆستۆییەکی چیرۆکی “ئەسەرحەدون”م. تۆڵستۆی لەم چیرۆکەدا کە ساڵی 1903 نووسیوویەتی، لە رێی چیرۆکێکی هونەرییەوە بەسەرهاتی پادشا “ئەسەرحەدون”ی ئاشووری دەگێڕێتەوە، لەو کاتەی تەواوی شارێک خاپوور دەکات و کاولکاریی دەستی دەگاتە هەموو پنتێکی شارە داگیراکراوەکە و بە وتەی خۆی کێوێکی لە تەرمی سەربازانی دوژمن هەڵچنیوە، بیری لەوە دەکردەوە پادشا لایلی بە خازوق ئیعدام بکات. پیرەمێردێکی لێ پەیدا دەبێت و پێی دەڵێت، تۆ ئەسەرحەدون نیت، تۆ لایلیت. تۆ سەرنەکەوتوویت بەڵکو شکستت هێناوە. بۆ سەلماندنی قسەکانی داوا لە پادشا دەکات بچێتە ناو ئاوێک و سەری بخاتە ژێرەوە و ئەمیش شەربەیەکی ئاو دەڕژێت بەسەریدا، لەو چەند چرکە کەمەی سەری ئەسەرحەدون لەناو ئاوەکەدایە، خەیاڵە ترسناکەکان واقیع ئاوەژوو دەکەنەوە، خۆی دەبینێت بووە بە لایلی و بە رووتی لە گۆڕەپانی ئیعدامدایە، دەمێکی تر خۆی وەک کەرێکی کێوی دەبینێت، ئەسەرحەدون بە تیرێک راوی دەکات. لەم کاتە ناخۆشە سەری لە بن ئاوەکە بەرز دەکاتەوە و تووشی تۆقین بووە، پیرەمێردەکە بە هێمنی پێی دەڵێت “ئێستا بۆت روون بووەوە لایلی تۆیت، نەک هەر ئەو سەرباز و جەنگاوەرانە، بەڵکو ئەو ئاژەڵانەشی راوت دەکردن، بە ناوی میوانداریی و زیافەتەوە دەتخواردن خۆت بوویت، وات وێنا دەکرد ژیان بە تەنیا لە تۆدا هەیە و هەر تۆش مافی ژیانت هەیە”.
لە مردنی نەوشیرواندا چاوەڕوانی ئەوە بووم، کۆمەڵگە بە دەنگێکی کۆراڵئاسا بڵێت واتدەزانی جیهان بۆ تۆ دروستکراوە و ئەو هەموو گەنجە بۆ ئەوە لە دایکبوون سایکۆپاتێکی وەک تۆ یەک یەک بیانکوژێت. ئەگەر لە کاتی دەسەڵات و ژیانیدا ئەم دەربڕینە زبرە بەهۆی زەبروزەنگ و تۆقاندنی کاکە نەوەوە کردەیەکی ریسک ئامێز و مەحاڵ بووبێت، خۆ بایکۆتی ئەو هەموو شیوەنگێڕیی و خۆڕنینەوە دەستەجەمعییەی شارێک دەیتوانی هەمان مانا بدات. لەبەر ئەم فاکتۆرە هیچ ناوێکی ترم بۆ ئەو پرۆسێسی تەقدیس و تەوتەمیزەکردنەی نەوشیروان بۆ نادۆزرێتەوە، تەنیا ئەوەندە دەتوانم بڵێم زۆرینەی کورد گرفتارن بە نەخۆشی دەروونی و گرێی عاشقبوون بە جەلاد.

لە نێوان نەوشیروان و ئەبوتەبەردا

لە هەفتاکانی سەدەی رابردوودا، لە پرۆسەی پاکتاوی ناو ریزەکانی حزبی بەعس لە عێراق، هاوکات بۆ لەناوبردنی ژمارەیەک کۆمۆنیستی چالاک، کۆمەڵێک کوشتن بەشێوازێکی نامۆ ئەنجامدران. پشکی شێری ئەو کوشتنانە رووی لە ئەکتیڤیستە سیاسییەکانی ناو باڵی دەستە چەپی پارتی بەعس بوو، ئەویش بە هۆڤترین فۆرمی کوشتن لە رێی تەور و کێردەوە، هەموو ئەمانەش بەسترانەوە بە تاقمێکی دەمامکداری چەتەگەرەوە کە کەسایەتییە یۆتۆپییە ریالییەکەی ئەبوتەبەر ناوێک بوو لە شاری بەغداد. باڵی سەدام- بەکر و زۆرینە لە حزبی بەعس بەو هەموو دڕندەییەی خۆیانەوە دەیانویست ئەبوتەبەر وەک شەبەحێکی خراپەکار بناسێنن و بەهیچ کلۆجێ نەیاندەتوانی خاوەندارێتی لە دڵڕەقییەکانی بکەن. نەوشیروانیش لە مێژووی نزیکی کورددا هەمان کارەکتەری ئەبوتەبەرە بە ڤێرژنە گوردییەکەی، بەڵکو توند و دڵڕەقانەتر پاکتاویی فیزیکی و نابەرجەستەی هەموو یار و نەیارانی کردووە. تەوروەشاندن بۆ کوشتنی مرۆڤ بەتایبەت نەیارانی سیاسیی فۆرمێکی زۆر دڵخوازی نەوشیروان بوو، ئەمەش کار رێکەوت نەبوو، چوونکە لە بۆتەی هەمان سیستمی پەروەردەیی ئەبوتەبەردا چاوی پشکوتبوو، بەو پێیەی دوا نارنجۆک خستنە ئاهەنکی سانەوی سلێمانی کچان لە رێی جەمالی ئەحە خورشەوە، بە سەپۆرتی نازم گزاری بەڕێوەبەری ئەمنی گشتیی ئەوکاتی عێراق کارئاسانی بۆ کرا بۆ سەفەری دەرەوەی وڵات و “کەناری دانوب”. مۆدیلی کوشتن لەسەر شێوازی قەسابەکان، وەک دوا فۆرمی دڵڕەقانەی کوشتن، مۆدیلێک بوو لە رێی نەوشیروانەوە چووە ناو مێژووی نزیکی سیاسیی کوردەوە.
ئەوەی جێگەی سەرنجی منە هەر ئەوە نییە هەردوو کەسایەتی ئەبوتەبەر و نەوشیروان لە یەکتر دەچن، بەڵکو ئەو واقیعە تاڵەشە هەنووکە لە دۆخی کۆمەڵگەی کوردیدا دەیبینین. ئاخر ئەبوتەبەر وەک دڕندەیەک چووە زبڵدانی مێژووەوە، لە چینی یادەوەریی عێراقییەکاندا وەک تارماییەکی ترسناک جێی خۆی گرتووە و ئامادەگی هەیە. کەچی نەوشیروان بە بیۆگرافیاکەی کە خوێن و کوشتن و تەوروەشاندنە، وەک مارتن لوسەر کینگ لای نەوەیەکی بێ ئاگا لە دیرۆک، وێنایەکی قەشەنگی بۆ کێشراوە. لەوە کۆمیدۆتراژیدتریش گۆڕەکەی وەک جێگەیەکی پیرۆز تەماشا دەکرێت “ناوهێنانی گۆڕی نەوشیروان، بە مەزار خۆی لە خۆیدا دەلالەتی زۆری هەیە یەکێک لەوانە پیرۆزیی پێ بەخشینە”. رەنگە ئەمە تاڵترین واقیعی زیهینی و بەرجەستەی کۆمەڵگەیەک بێت خوێنڕێژێک بە سیمبولی هیومانیزم و رابەری چاکسازیی سکێج دەکات، هەر بەو پۆرترێتە ساختەوە دەیەوێت بیخاتە لاشعور و مێشکی نەوەیەکی بێ مێشک و پاسیڤی وەک ئەو نەوە هەژارەی لە رووی خوێندەواریی سیاسیی و مەعریفییەوە لە کوردستان بەرهەم هێنراوە. هەروەک دەبینن هەموو وزەی ئەم نەوەیە لە چەند هەجو و جنێوێکی سیاسیدا خۆی دەبینێتەوە بەرامبەر کەسێک برینێک بخاتە نارسیزمییەوە و لە خەونی قووڵی بێ ئاگایدا نەقیزەیەکی هۆشیارانە بکات بە مێشکیدا و بێداری بکاتەوە. ئەو خەونی پێچەوانە دەبینێت و نایەوێت بەخەبەر بێتەوە!.

باوکی هەژاران

نازناوی “باوک”ی هەژاران بۆ خۆی جێگەی هەڵوێستە لەسەرکردنە. باوک رەمزی دەسەڵاتخوازیی خێزانییە و تێرمێکی پیاوسالارییە. رەنگە نهێنی کوشتنی ژنانی دوای ساڵی 1991 و راپەڕینی باشوور، بە بڕیاری باوکی هەژاران، زادەی ئەو دڵرەقییە باوکسالارییە بێت ئەندێشەی نەوشیروانی داگیرکردبوو. تەنانەت لەسەردەمی “گۆڕان”یشیدا، وەک پارتریارکێکی پیر هێندەی جەختی لە “سەوابیت”ی ئاینی دەکردەوە، تەنانەت نەیدەتوانی چەشنی پڕوپاگەندەی هەڵبژاردنیش باس لە کێشە جێندەرییەکان و یەکسانی رەگەزایەتی بکات. گەر لە مافی “موچەی کابان”یش وەک بەشێک لە بەرنامەی سەرەتای حزبەکەی بۆ هەڵبژاردن ورد بینەوە، ئەو مافە نەک یارمەتی ژن نادات، بەڵکو بەشێکە لە پرۆسەی بەندکردن و هێشتنەوەی ژنان لە مەتبەخی ماڵەکاندا، تا ئەوەی ژن وەک کارەکتەرێکی ئەکتیڤ پێ نەنێتە کایەی سیاسیی و ئابووری و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە. هەر بۆیە ژن لە حزبە نوێیەکەی ئەودا “گۆڕان” هیچ جێگەیەکی شایانی باسی نەبوو، دەست و رای ژن لە هیچ ناوەندێکی بڕیاردا نەدەبینرا و تائێستاش نابینرێت.

ئەوەش بە پێچەوانەی نەریتی هاوەڵە مێژووییەکەیەوە بوو”مام جەلال”، چوونکە هاوژینی ئەو “هێرۆ ئیبراهیم” رۆڵێکی ئێجگار بەرچاوی هەبوو لە ئاڕاستەکردنی ژیانی حزبیدا، هەمیشەش لە سەردەمی ژیان و دەسەڵاتی بێ سنووری خودی تاڵەبانیدا، وەک ژنێکی چالاک و خاوەن بڕیاری یەکلاکەرەوە دەرکەوتووە “قسە لەسەر ئەو سیاسەتە نییە هێرۆ ئیبراهیم بەڕێوەی دەبرد، بەڵکو قسە لەسەر پێگەکەیەتی، هەروەها هەڵسەنگاندنێکی بەراوردکاریشە”. هەر لەم سیاقەدا دەتوانین تێرمی “باوک” وەک وەسفێک بۆ نەوشیروان بەو دیوەدا بخوێینەوە لەسەر روانگەی پارتریارکی بینا بووە، کۆی وەسفەکەش بەسەریەکەوە “باوکی هەژاران” ناوێکی ترە پڕە لە ئیشکالییەت و سەیر و سەمەرەیی. ئاخر هەژاران باوکیان نییە، جگە لەو باوکە دڵڕەقەی وەک بردناشۆ بۆی چووە بە ناوی داکۆکیکردن لێیانەوە دەوڵەمەند دەبێت. داستانی نەوشیروانیش بە دەوڵەمەندبوونی خۆی و بەجێهشتنی سەرمایەیەکی خەیاڵی بۆ منداڵە بایۆلۆژییەکانی و هەژارتربوونی ئەو هەژارانەی لە ژێر باڵی باوکایەتیدا لە دەوری گووتارێکی سواو کۆی کردبوونەوە کۆتایی هات!!. ئەمە جگە لەوەی نازناوی باوکی هەژاران، باوکی پڕۆلیتاریا، ئەو نازناوانە بوون بۆ گەورە دیکتاتۆری سۆڤێتی “جۆزیف ستالین” داتاشرابوون. سەیر بکەن رابەری ریفۆرم و عەدالەتی کۆمەڵایەتی کوردیی، لە فەرهەنگی کێوە نازناوەکانی داتاشراوە؟!.

رێبازی نەوشیروان

رێباز، تەنانەت گەورەترە لە فەلسەفەیەکی دیاریکراو. جاری وا هەیە بە هیمەتی چەندان فەیلەسووف، بە تێپەڕینی چەند دەیە بگرە سەدەش، رێبازێکی تر بۆ ژیان و دنیا گەڵاڵە بووە. رێباز ناوبانگێکی هەڵەی هەیە لە فەرهەنگی زمانەوانی ئێمەدا. چون دواجار رێباز رێگەیەکە بۆ ژیان و بیرکردنەوە. حیساب لەسەر هەموو شتێکی ورد و درشت کراوە لە رێبازەکاندا. تێگەیشتنی من بەو جۆرەیە: سەرمایەداریی رێبازە، کۆمۆنیزم رێبازە، ئیسلام و کریستیانیزم رێبازن. چوونکە لە رێبازەکاندا مرۆڤ و کێشە و ئارەزوو و مەیل و خواستەکانی، ئێستا و ئایندە و رابردووی بە هەند گیراوە، ناکرێت بە چەند کتێبێکی پەرش و بڵاوی نەوشیروان بوترێت ئەمانە گەڵاڵکاری رێبازێکن بۆ ژیان، هیچ نەبێت بۆ مرۆڤی کورد. ئاخر زیاتر لە شەش کتێبی نەوشیروان گێڕانەوەی چیرۆکی کاری سیاسیی خۆیەتی و دەچنە خانەی بیۆگرافیا، چەندان کتێبی تری دەچنە بواری ساغکردنەوەی مێژوویی نەک مێژوونووسی، دوو سێ کتێبی تری ساغکردنەوەی رۆژنامەوانین. بە شەخسی خۆم لەو بوارەدا لە نەوشیروان زیاترم کردووە، هێشتا ناوێرم بە خۆم بڵێم رۆشنبیر، چجای خاوەن رێباز.
لە نەریتی کوردییدا کتێب نووسین، مرۆڤ دەکاتە خاوەن رێباز، ئەگەر وابێت دەبێت لە دنیادا ملیۆنان رێبازی جیا جیامان هەبێت بۆ ژیان، بۆ خەبات، بۆ شۆڕش و هتد.. ئێمە لە بیرمان چووە هەزاران کتێبی خراپ هەن، هەزاران کتێبی تریش بۆ ئەوە دەنووسرێن ببنە رێبازێک بۆ ژیان، بەڵام فەرامۆش دەکرێن. کەچی نەوشیروان هیچ تیۆری و ئایدۆلۆگییەکی بەرهەم نەهێناوە، هیچ کتێبێکی نییە بایی ئەوە بێت بکرێتە رێبەرێک لە بوارێکی دیاریکراودا، هێشتا هەوڵ هەیە ئەفسانەیەک بە ناوی رێبازی نەوشیروانەوە دروست بکرێت. وەک وتم کتێب مرۆڤ ناکاتە خاوەن رێباز، دەبێت ئەوەش بە بیر بهێنینەوە، زۆرینەی دیکتاتۆر و خوێنڕێژەکان بەدەر لە کاریزما و تواناکانیان لە بواری وتارداندا، خاوەنی کتێب بوون، لەم رووەوە کتێبی “ماین کامپف”ی ئادۆلف هیتلەر و “کتێبی سەوز”ی قەزافی و کتێبە زۆر و بۆرەکانی ستالین و ماوتسی تۆنگ و سەدام حسێن و جەمال عەبدولناسر و تاد.. نموونەی زیندوون. هەرچەند لێرەدا چوواندنی کەیسەکان لە ئارادا نییە، بەقەدەر ئەوەی راوەستانە لەسەر سترۆکتۆرە سایکۆلۆییەکانی پشت چیرۆکی ئەم دیکتاتۆرانەی بیۆگرافی خۆیان بە خوێن نووسیووەتەوە.

گۆڤاری رزگاری .. شەڕەجنێو و دژایەتی

ئەوکاتەی نەوشیروان مستەفا کادرێکی گەنج و چالاکی باڵی مەکتەبی سیاسیی پارتی بوو، شەڕێکی سەخت و خوێناویی لە نێوان هەردوو باڵەکەی پارتیدا بەڕێوە دەچوو، نەوشیروان بە سروشتی حاڵ کەسێکی دەمارگیر و توند بوو لە مامەڵە و هەڵوێستدا، لە ماوەیەکی ئێجگار کەمدا وەک دڵسۆزی باڵی مەکتەبی سیاسیی و دوژمنێکی گەورەی باڵی بارزانی و خودی بنەماڵەی بارزانی خۆی بە هەموو لایەک ناساند، ئەم هەڵوێستانە بە روونی لە ژمارەکانی گۆڤاری “رزگاری”دا دەردەکەون. ئەو گۆڤارە یەکەم ژمارەی لە ساڵی 1969 بڵاوبۆیەوە و نەوشیروان خاوەن ئمیتیازی بوو، تێکڕاش سیانزە ژمارەی لێ دەرچوو لەماوەی یەک ساڵدا، چوونکە دوا بەدوای دەرچوونی بەیاننامەی یانزەی ئازار و توانەوەی باڵی مەکتەبی سیاسیی لە باڵی بارزانیدا، ئیدی ئەو گۆڤارەش نامێنێت، ئەگەرچی کاتی خۆی “رەفعەتی مەلا” لە چاوپێکەوتنێکدا وتبووی ئەم گۆڤارە بەپارە و پیتاکی دەوڵەمەندەکانی سلێمانی دەرچووە، بەڵام راستییەکە ئەوەیە بە هاوکاریی و دارایی رژێمی عێراق دەردەچوو، ئەگەر وابووایە کاک رەفعەت دەیتوانی ناوی دوو لەو دەوڵەمەندانەی بهێنایە کە پێش 50 ساڵ یارمەتی ئەو گۆڤارەیان داوە.
یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی گۆڤاری رزگاری ئەوەبوو، ستایڵی کاری رۆژنامەوانی کوردیی گۆڕی و ئاستی رەخنە و نووسینی سیاسیی هێنایە خوارەوە بۆ شەڕەجنێو و موهاتەرات، دەکرێت بڵێین سەرەتای شەڕەجنێو و موهاتەرات نووسین لە بواری رۆژنامەوانی کوردییدا دەگەڕێتەوە بۆ ئەو گۆڤارە، چوونکە ئەوە یەکەمجار بوو بە درێژایی حەفتا و یەک ساڵی تەمەنی رۆژنامەوانی کوردیی بەوجۆرە زمان و دەربڕینە گۆڤارێک بە زمانی کوردیی دەربچێت. ئەو گۆڤارە تۆوی دوژمنایەتی لە نێوان بەشەکانی کۆمەڵگەی کوردییدا چاند، ئەو کولتوورە سەقەت و خراپەی یەکتر رەتکردنەوە و داشۆرینی مێژووی یەکتر لە لاپەڕەکانی ئەم گۆڤارەوە چەکەرەیان کرد و پاشان بوونە کولتوورێکی باوی ناوی ژیانی حزبایەتی لە کوردستاندا، بەتایبەت لە قۆناغەکانی دواتردا کە نەوشیروان دەبێتە سەرکردەی مەیدانی یەکێتی و هێز و چەک و میدیا و توانستی مرۆیی هەموو دەکەونە بندەستی. بە کورتی و کوردیی نەوشیروان، “رزگاری” بۆ سێ مەبەست دەرکرد، یەکەم: داشۆرینی سیاسیی و دروستکردنی فەرهەنگی شەڕەجنێو. دووەم:دژایەتی بنەماڵەی بارزانی. سێیەم: کۆکردنەوەی نوخبەی گەنجی باڵی مەکتەبی سیاسیی بۆ دروستکردنی رێکخستنێکی نوێ.

بنەماڵەی بارزانی .. گرێی سەرەکیی نەوشیروان

زۆرێک لە هاوتەمەنەکانی نەوشیروان باس لەوە دەکەن، ئەو پیاوە جگە لەوەی کەسێکی ناکۆمەڵایەتی “سایکۆپاسی” بووە، لەهەمان کاتدا کۆمەڵێک گرێی دەروونیشی هەبووە. یەکێک لە گرێ دەروونییەکانی ئەوە بووە ئەو لە زووەوە هەستی کردووە لە چینی خوارەوەی کۆمەڵەوە هاتووە و باکگراوەندێکی گوندیی هەیە، لەوەش خراپتر وەک هاوڕێکانی بە شانس نەبوو، چوونکە باوکی حەماڵ بوو لە گومرگ.، یەکێکی تر لە گرێیەکانی بریتی بووە لە سڵەمینەوە و شەرمنی بەرامبەر بە مێینە. بەڵام گرێی راستەقینەی نەوشیروان مستەفا بریتی بوو لە گرێ و فۆبیا لە بەرانبەر بنەماڵەی بارزانی و پارتی. چوونکە لە ماوەی نیو سەدەدا هەستی توندەڕەوانەی ئەو پیاوە بەرامبەر بە پارتی و بنەماڵەی بارزانی هیچ گۆڕانێکی بەسەردا نەهات. ئەگەر جەلال تاڵەبانی و سەرکردەکانی تری ناو باڵی مەکتەبی سیاسیی، بەهەر هۆیەک بێت سەرئەنجام بووبنەوە بە دۆستی پارتی و بنەماڵەی بارزانی، کەچی نەوشیروان خەونی دەرپەڕاندنی فیعلی پارتی لە ناوچەی سۆران و سنووردارکردنی دەسەڵاتی بنەماڵەی بارزانی و هەژموونیان لەسەر کوردستان تاکو مردنی لە کەللەی نەهاتە دەرەوە، تەنانەت هەندێک شارەزا لە زووەوە پێیانوابوو هەموو بانگەشە و ئەجیندا و هاتوهاوارێکی نەوشیروان بۆ یەک شت بوو، ئەویش وەک وتمان بۆ کورتکردنەوە و نەهێشتنی دەسەڵاتی پارتی و بنەماڵەی بارزانی. تەنانەت وەک بینیشمان یەکێک لە پاڵنەرەکانی هاتنە دەرەوەی لە یەکێتی دەگەڕایەوە بۆ رێککەوتنی ستراتیجی نێوان یەکێتی و پارتی، گەرچی ئەو رێککەوتنە کۆتایی هێنا بەویستی سڕینەوەی هەردوولا بۆ یەکتر، بەڵام لای نەوشیروان ئەم پرنسیپە واتای تەسلیمبوونی مام جەلالی بە بنەماڵەی بارزانی دەبەخشی.
د.جەمال نەبەز لە کتێبی “کوردستان و شۆڕشەکەی”دا، دەنووسێت: جەلالی حاجی حسێنی کەلۆش، ئەو کوردەی هاوبیری “کاژیک” بوو، لەکاتی نێوبژیکردنی شەڕەقۆچی سەرکردەکانی پارتی و یەکێتیدا، لە نەوەتەکاندا کوژرا، جارێکیان لە کاک نەوشیروانی پرسیبوو، لە نەمسا باوەڕنامەی لە چیدا وەرگرتووە؟. کاک نەوشیروان بە پێکەنینەوە گوتبووی باوەڕنامەی لە “مەلایکوژیدا” وەرگرتووە. ئەم دەربڕینە لە رووکەشدا زۆر سادەیە، بەڵام گوزارشت لە هەستی راستەقینەی نەوشیروان دەکرد، ئەگەر وانەبێت چۆن فەرمانی دەدا بە تەقاندنەوەی نارنجۆک لە بەردەم قوتابخانەیەکی کچاندا کە بەهۆی رێکەوتننامەی ئاشتی یانزەی ئادارەوە ئاهەنگیان دەگێڕا. نەوشیروان مستەفا بە درێژایی پەنجا و سێ ساڵ گرێیەکی گەورەی دەروونی بەرامبەر بنەماڵەی بارزانی هەبوو، هەرچەند ئێمە نامەوێت ببینە پارێزەری بنەماڵەی بارزانی، بەڵام ئەمە هیچ لەو راستییە ناگۆڕێت لە بارەی بوونی گرێی بنەماڵەی بارزانی لەلایەن نەوشیروانە. تەنانەت لە رووداوەکانی حەڤدەی شوباتی 2011دا هەموو وزەی جەماوەری ناڕازی و خۆپیشاندەرانی، لە بارەگای لقی چواری پارتیدا خاڵی کردەوە. ئەمە خیانەتی دووەم بوو، لە دوای ئەوەی خۆپیشاندەرانی بە ئاژاوەگێڕ و تێکدەر لە قەڵەم دا، پاشتریش لە لە 13-3-2011ەوە لە شاشەی تیڤییەکانەوە دەرنەکەوت و هیچ قسە و لێدوانێکی نەبوو، تاکو لە پرسەی دایکی مەسعود بارزانیدا و دوای تەواوبوون و سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکان دەرکەوتەوە.
حەمەسەعید حەسەن، لە ساڵی 1994 لە وتارێکیدا لە ژێر ناوی “زەبروزەنگ و بەرژەوەندیی تایبەتی لە هەڵوێستی سیاسیی و گووتاری رۆشنبیریدا” ئەو نامەیەی نەوشیروان بۆ سەید کەریم بە بیر دەهێنێتەوە داوای پاکتاوی بەرەی “جود” بە تایبەتی پارتی دەکات لە رێی تیرۆر و جەنگی کورتخایەنی بە بەرنامەوە. ئەو لە وتارەکەیدا نووسیوویەتی: نەوشیروان لە نامەیەکدا لە 23-3-1983 بۆ سەید کەریم دەنووسێت “خۆت رەئی من لە شەڕدا باش ئەزانی، من هەرگیز لایەنگری شەڕی دوور و درێژخایەن و بێ بەرنامە نیم، لەگەڵ لایەنەکانی دیکە “جود”، من لایەنگری خۆ ئامادەکردن و دانانی بەرنامەی تەسفیە و موباغەتە و بڕاندنەوە و بەلاداخستنی شەڕەکەم لە ماوەیەکی کورتدا”. ئەم شەڕەش کە نەوشیروان باسی کردووە درێژکراوەی ئەو تەسفیە سیاسییە بوو چەندان کادری قیادە مەوقەتەی کردبووە ئامانج لەوانە “سدیق ئەفەندی، عەبدولی سوران، قادر بەنا، نوری حەمەعەلی و..هتد” کە هەریەک لەم کادرە نهێنییانەی پارتی لە سلێمانی بەشێوەی نادیار لەلایەن گروپەکانی سەر بە نەوشیروانەوە لەو سەروبەندانەدا تیرۆرکران.
ئامانجی سەرەکیی نەوشیروان مستەفا بڕاندنەوەی پارتی و هەژموونی دەسەڵاتی بنەماڵەی بارزانی بوو لە ناوچەی سۆران لە قۆناغی یەکەمدا، پاشان لە سەرتاسەری کوردستاندا لە قۆناغی دووەمدا. هەر لەم روانگەوە ئەوکاتیش لە گەرمەی هەراوهوریای گۆڕان و بانگەشە دیماگۆگییەکانیدا، پێموابوو گەمەکانی نەوشیروان لە بنەڕەتدا دژی پارتی و بنەماڵەی بارزانییە، ئەگینا نەوشیروان هیچ کێشەیەکی ئەوتۆی لەگەڵ یەکێتی نییە، ئەگەر کێشەشی هەبێت تەنیا کێشەی شەخسییە و لەگەڵ کەسی یەکەمی ناو یەکێتییە، بەڵام نەوشیروان کێشەی لەگەڵ هەموو پارتییەک و لەگەڵ بنەماڵەی بارزانی هەیە و بە بێ هیچ ماندووبوون و وچانێک لە ماوەی پەنجا ساڵدا بێ دابڕان ئەو کارەی کرد و تا مردیش لە ژێر ناوی گۆڕان درێژەی بە هەمان شەڕی براکان دا وەک خۆی لە کتێبی پەنجەکان یەکتر دەشکێنن بە وردی حکایەتەکانی دەگێڕێتەوە.

نەوشیروان چەند مارکسی بوو ئەوەندەش گۆڕانخواز بوو

لە ساڵی 2010ەوە پێداگریم لەسەر ئەوە دەکرد نەوشیروان مستەفا سەرکردەیەکی گۆڕانخواز نییە، بەو مانایەی بیەوێت ئەو کەموکوڕییانەی لە ئەزموونی دەوڵەتداریی کوردستاندا هەیە بەرەو چاکتر بیانگۆڕێت، بەڵکو ئەوە تەنیا بیانوویەکە بۆ درێژەدان بە شەڕێکی سەخت و شەخسی لەگەڵ سەرکردەکانی یەکێتی لە پێشیانەوە مام جەلال، ئەو مامەی بە درێژایی 40 ساڵ، مام و برا گەورەی نەوشیروان بوو، تا ئەو ئەندازەیەی ئامادەبوو خۆی بداتە بەر ئەو گوللەیەی ئاڕاستەی ئەو مامە دەکرێ. نووسەر و کادری پێشووی کۆمەڵەی رەنجدەران “عارف کەریم” باس لە سەرەتای کاری سیاسیی نەوشیروان مستەفا و کۆتاییەکانی ساڵانی شەستەکان دەکات و دەنووسێت “لەو ساڵانەدا نەوشیروان مستەفا دەستیکرد بە وەرگێڕانی وتەکانی ماو (کتێبە سوورەکە) هەروەها کتێبولکەکەی خەلیفەکەی ماو (لین پیاو) لەسەر شەڕی پارتیزانی، جگە لەوە مەرحوم شازاد جەمیل سائیب ئیمتیازی گۆڤارێکی مانگانەی وەرگرت بەناوی رزگاری و نەوشیروان مستەفا سەرنووسەرەکەی بوو. وتار و بابەتەکانی گۆڤاری ناوبراو چەپڕەوانە بوو، بیروباوەڕی ماوتسی تۆنگی تیادا بڵاودەکرایەوە”. پاشان دەنووسێت “فاکتەری سەرەکی بڵاوبوونەوەی ماویزم لە کوردستاندا دەگەڕێتەوە بۆ هاتنی گروپەکەی سازمان ئینقلابی حزب تودە ئێران کە توانییان سەرنجی مام جەلال رابکێشن بەلای خۆیاندا و بیگۆڕن بۆ کەسێکی ماویست، دواتریش نەوشیروان مستەفا و کۆمەڵێک لە کادرە رۆشنبیرەکانی ناوچەکان و لقی سلێمانی بوونە هەڵگری ئەم بیروباوەڕە، بەندەش یەکێک بووم لەوانە”.
لە قۆناغەکانی دواتردا نەوشیروان دەبێتە ئەندامی کۆمەڵەی رەنجدەران کە دیسانەوە ئەمیش رێکخراوێکی مارکسی لینینی بوو، دواتر لە پاش تیرۆری گوماناوی شاسوار جەلال “شەهید ئارام” سکرتێری ئەوکاتی کۆمەڵەی مارکسی لینینی، نەوشیروان دەبێتە سکرتێری کۆمەڵە، تا سەرئەنجام لە کۆتایی هەشتاکاندا لەناو باڵی جەلال تاڵەبانیدا دەیتوێنێتەوە. ئەگەر سەیر بکەین نەوشیروان مستەفا بەلانیکەمەوە چارەگە سەدەیەک وەک سەرکردە و لایەنگرێکی سەرسەختی بیروباوەڕی مارکسی کاریکردووە و خۆی ناساندووە، بەڵام دواتر لە کاتی نووسینەوەی یادداشتەکانی خۆیدا ئەوە روون دەکاتەوە هەرگیز باوەڕی بە مارکسیزم نەبووە. وەک خۆی لە بەرگی یەکەمی یادداشتەکانیدا “لە کەناری دانوبەوە بۆ خڕی ناوزەنگ” لە لاپەڕە 172 ئاماژەی بۆ کردووە هەرگیز باوەڕی بە کۆمۆنیزم نەبووە و هەرگیزیش رۆژێک لە رۆژان لە دڵەوە مارکسی نەبووە، بەڵکو بڕیارێکی ناچاریی بووە بۆ کۆکردنەوەی ئەو ژمارە بێشوومارە گەنجەی ئەوکاتە لەژێر کاریگەریی هەژموونی مارکسیزمدا بوون. هەربۆیە لای من بەرزکردنەوەی دروشمی “گۆڕان”یش لە هەمان ئەو دروشمی “مارکسیزم”ە دەچوو کە نەوشیروان چارەگە سەدەیەک گەنجانی کوردیی پێ تەخدیر کردبوو، لە ساڵی 2011شدا لە وتارێکمدا نووسبووم هەر لەم روانگەوە دوورنییە دوای دە ساڵێکی تر ئەگەر عومر باقی بێت، لە بەرگێکی تری یاداشتەکانیدا نەڵێت، من بڕوام بە گۆڕان و ریفۆرم نەبووە، بەڵکو ئەوە پاساوێکی باش بوو بۆ ئەوەی خەڵک بۆ ئامانجە سیاسییە تاکە کەسییەکانم کۆ بکەمەوە. بە کورتی نەوشیروان چەند مارکسی بوو، هەر ئەوەندە گۆڕانخواز بوو.

پاکتاوی سیاسیی.. نەریتی هەمیشەیی نەوشیروان مستەفا

نەوشیروان مستەفا لە دەستپێکی کاری سیاسیی خۆیەوە تا کۆتایی ژیانی، بڕوای بە تەسفیە و پاکتاوی نەیارە سیاسییەکانی هەبووە، ئەگەر لە قۆناغەکانی شاخدا لە رێی ئۆپەراسیۆنی پێشمەرگانەوە ئەو پرۆسەیەی بەڕێوە بردبێت، ئەوا لە قۆناغی دوای راپەڕیندا هەرچەند بۆی کرابێت هەمان کاری کردووە و هەر کاتێکیش توانای نەبووبێت، میکانیزمی تری دۆزیوەتەوە، وەک ئەوەی لە رێی خۆپیشاندانەکانەوە نەخشەی بۆ کێشابوو و یەکەم چرکەی لە ئێوارەی 17 شوباتی 2011 دەستیپێکرد و دواجار لە رۆژی 19 نیسان بە تووڕەیی دەسەڵات و بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران کۆتا هات. دیسان لە ساڵی 2015 سواری شەپۆلی ناڕەزایەتی مامۆستایان و فەرمانبەران بووەوە، ئاڕاستەی خۆپیشاندانەکانی خستە خزمەتی شەڕی کۆنە قینی خۆی لەگەڵ پارتی، ئێمە ئەگەر سەیر بکەین، نەوشیروان ویستوویەتی بەهەر نرخ و رێگەیەک بووە پارتی و بنەماڵەی بارزانی تەسفیە بکات، یان بەلانیکەمەوە پەڕاوێزیان بخات لەسەر شانۆی سیاسیی. هەرچەند ئەوە مافی خۆی بوو، بەڵام ئێمە مافی خۆمانە بڵێین نەوشیروان بە ماسکی گۆڕان و گۆڕینی سیستمی سیاسیی دەموچاوی خۆی داپۆشیبوو.
محەمەد حاجی مەحموود، لە بەرگی چوارەمی یاداشتەکانیدا “رۆژمێری پێشمەرگەیەک” دەنووسێت “نەوشیروان مستەفا لە کاتی هەڵبژاردنی یەکەمی پەرلەمانی کوردستان داوای لە ئێمە دەکرد هێزی خۆمان بۆ دژایەتی پارتی یەک بخەین و لە یەکێک لە کۆبوونەوەکاندا وتی: دەمانەوێ یەکێتی نیشتمانی بەرامبەر پارتی سەربکەوێت، منیش لەوانەیە کێشەم هەبێت لەگەڵ یەکێتی و مام جەلال! بەڵام کێشە بۆ پێشکەوتنی میللەتەکەمە. من پێشکەوتنی میللەت لە پێشکەوتنی یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە دەبینم و ئێمە و ئێوەش شۆڕشمان کرد بۆ ئەوەی ماڵی مەلامستەفا نەیەنەوە و ببنە برابەشمان، من بۆ سەرکەوتنی یەکێتی و سەرکەوتنی مام جەلال هەموو توانای خۆم سەرف دەکەم”. هەر بۆیە نەوشیروان لە پێش راپەڕین و دوای راپەڕین ئەندازیاری شەڕی راستەوخۆ بووە لەگەڵ پارتی، بە ئامانجی دەرپەڕاندنی پارتی و بنەماڵەی بارزانی، خۆی وتەنی تا بچنەوە لە کەرەج ببنەوە بە پەنابەر. ئەمەش بە نرخێکی گران تەواو بوو، بە تایبەت بە خوێنی هەزاران کەس و تێکچوونی شیرازەی کۆمەڵایەتی و سیاسیی گەیشتە خاڵی کۆتایی خۆی، بەڵام نەوشیروان چوونکە لایەنگری تەسفیە بوو، وەختێک یەکێتی لەگەڵ پارتی رێکەوتنی ئەنجامدا و بڕیاریاندا ململانێی دیموکراسی یەکتر بکەن، لە حزبەکەی جیابووەوە، ئەویش وەک رێگەیەک بۆ درێژەپێدان بە سیاسەتی تەسفیە و پاکتاوی سیاسیی.
وەنەبێت ئەم سیاسەتەی تەنیا بەرامبەر بە پارتی پەیڕەو کردبێت، نەخێر ئەم سیاسەتە بەرامبەر بە کۆی حزبەکانی تری کوردستان لەلایەن نەوشیروان مستەفاوە پراکتیس کراوە. هەر لە حزبی سۆسیالیست و شیوعی و ئیسلامییەوە بیگرە تا دەگاتە کۆمۆنیستە کرێکارییەکان. نەوشیروان مستەفا لە قۆناغی شاخدا ئەندازیاری پاکتاوی “حسک” بوو هەر بەبڕیاری ئەو شەڕێکی خوێناویی گەورە بەرپابوو لە نێوان یەکێتی و حسک، لەم نێوەندەدا بە بڕیاری فەرمی ئەو هەریەک لە “مام ئاراس، شێرکۆی شێخ عەلی، عەبدوڵڵا سوور” کە سێ سەرکردەی سۆسیالیست بوون شەهید کران، هەر لەو نێوەندەدا پاسۆک “حزبە کۆنەکەی رێبین هەردی” بێبەش نەبوو لە سیاسەتی تەسفیەی نەوشیروان مستەفا، پاساوی هێرشکردنە سەر پاسۆک و راوەدونیان بۆ ئەو بیانووە لاوازە دەگەڕایەوە گوایە “مولازم شوان” نزیکەی 15 پێشمەرگەی یەکێتی لە تراکتۆرێکدا کوشتووە، بەڵام پرۆسەی لەناوبردنی شیوعییەکان و شەهیدکردنی 90 پێشمەرگەی ئەو حزبە لە گوندی پشئاشان و قەڕناقا لوتکەی ئەو سیاسەتە توندەی پاکتاوی سیاسیی بوو کە نەوشیروان مستەفا ببووە پێغەمبەری.
قادر رەشید “ئەبو شوان” یەکێک لە سەرکردەکانی پێشووی حزبی شیوعی لە کتێبەکەیدا بەناوی “پشتئاشان لە نێوان ئازار و بێدەنگیدا” باس لە شێوازی ئۆپەراسیۆنی قەلاچۆکردنی شیوعییە “تەحریفییەکان” لەلایەن نەوشیروان مستەفاوە دەکات و لە کتێبەکەدا هاتووە: هێزەکانی یەکێتی بە سەرکردایەتی نەوشیروان مستەفا لە بەهاری ساڵی 1983 هێرش دەکەنە سەر بارەگاکانی حزبی شیوعی عێراقی و پاسۆک و حسک لە گوندەکانی پشتئاشان، قەڕناقا، بۆڵێ، ئاشقۆڵکە و رەزگە. نزیکەی 90 کەس دەکوژرێن و چەندین کەس بریندار دەکرێن. ئەوەی جێگای سەرنجە شێوەی هەڵسوکەوتی نەوشیروان و هێزەکەیەتی لە شەڕەکەدا. کە پەنجەی کچێک بەناوی ئەحلامیان بڕیوە بۆ ئەوەی ئەڵقەکەی لێ ببەن، تەرمی پێشمەرگەیەک بەناوی عەلی حوسێن لە ژێر خاک دەردێنن بۆ گەڕان بەدوای چەکەکەیدا و تەرمەکەش لە رۆخی رووبارەکە بە جێدێڵن، کەسێک بەناوی ئەبومەکسیم خاوەنی 7 منداڵ دەبێت، بێ ئەوەی دەست بکاتەوە دەدرێتە بەر گوللە و دەکوژرێ، ئەو دیلانەی پارەیان پێبووە رووت دەکرانەوە و بە دیلی دەکوژران. “هەندرێن”ی رووناکبیر کە لەو کاتە پێشمەرگەی حزبی شیوعی بووە دەڵێ: من خۆم گوێم لێبوو نەوشیروان لە رادیۆکەی خۆیانەوە دەیگووت، ئێمە وەک باڵندەیەک سەری حزبی شیوعی هەڵدەکێشین‌ و دواتر پەڕوباڵییان هەڵدەکێشین. کەسێک وا قسە بکات، چاوەڕوانی هەموو شتێکی لێدەکرێت.
ئەم سیاسەتە لە قۆناغی تردا هەموو ئەوانەشی گرتەوە کە لەناو یەکێتی نەیاری سیاسەتی رەسمی بوون، بۆ وێنە خوێندنەوەی یاداشتەکانی “پشکۆ نەجمەدین” واتە “ئەزموون و یاد” بەروونی ئەوەی تێدا دەبینرێت نەوشیروان مستەفا سەرباری ئەوەی ئاڵای شۆڕشی سەرکوت کردووە، تەنانەت فەرمانی بە لایەنگرانی خۆی کردووە هەمیشە دەستوچاوی سەرکردەکانی ئاڵای شۆڕش لە نێویشیاندا پشکۆ نەجمەدین ببەستنەوە. لە پاش راپەڕینیش ئەم سیاسەتە لە دژی پارتی و ئیسلامییەکان و زۆر دڵڕەقانەش بەرامبەر بە کۆمۆنیستەکان ئەنجام درا و درێژەی هەبوو، حاڵی حازریش نەوشیروان مستەفا لە ژێر دەمامکی گۆڕانەوە خەریکی تەسفیەکردنی سیاسییە بە تایبەت بەرامبەر بە پارتی. بۆیە کاتێک ئاوڕ لە مێژووی ئەم پیاوە دەدەینەوە هیچی تر نییە جگە لە چەند لاپەڕەیەکی خوێناویی لە تەسفیەکردنی چالاکوانە سیاسییەکانی کورد.

گۆڕانکاریی بە نەوشیروان مستەفا نەدەکرا

گۆڕینی دۆخی سیاسیی کوردستان و بنبڕکردنی دیاردەی گەندەڵی بە کەسێکی وەک نەوشیروان مستەفا نەدەکرا، چوونکە خۆی داهێنەری سیاسەتی فیفتی بە فیفتی بوو، خۆی بۆ یەکەمین جار کۆمیتەی حزبی لە زانکۆی سلێمانی کردەوە، خۆی یەکەم سەرکردەی حزبی بوو دەستی وەردایە کاروباری زانکۆ، نەک حەرەمی زانکۆی شکاند، بەڵکو دەیان موحازەرەی لە زانکۆی سلێمانی وتۆتەوە، خۆی بەرپرسی ئەو هەیکەلە رێکخستنە بوو یەکێتی هەیبوو، خۆی زۆربەی ئەندامانی پەرلەمان و کاربەدەستانی حکومی سەر بە یەکێتی تەشخیس دەکرد، خۆی دەستی باڵای هەبووە لەناو هێزەکانی پێشمەرگە و دەزگای زانیاریی و ئاسایشدا، تەنانەت لە یەک کاتدا سێ سەرکردەی سەر بە باڵەکەی، ئەو دەزگا هەستیارانەیان بەڕێوە بردووە “قادر حاجی عەلی- بەرپرسی دەزگای زانیاریی، دانا ئەحمەد مەجید- بەڕێوەبەری گشتیی ئاسایش، مستەفا سەید قادر- فەرماندەی هێزی پێشمەرگە”. دواتریش وەزارەتی ناوخۆ و پارێزگاری سلێمانی و دەیان پۆستی گرنگی تر دەکەونە بن دەستی سەرکردەکانی باڵی ریفۆرم. تۆوی ئەو گەندەڵییەی ئەوان باسی دەکەن زادەی ئەو قۆناغەیە نەک ئێستا، ئەوسا کە دەسەڵاتیان هەبوو نەک ئەوەی باسی چاکسازییان نەدەکرد، بەڵکو زمانی ئەوەیان دەبڕی رەخنە بگرێت و بڵێت کوا پارەی قەرەبووی وشکەساڵی کە پارێزگاری ئەوسای سلێمانی بۆ گردەکە و خودی خۆی خەرج کردبوو، هەموو خۆپیشاندانێکیان بە زەبری چەک سەرکوت دەکرد، وەک سەرکوتی خۆپیشاندانەکانی ساڵی 2006، کە لە سلێمانی و کەلار و هەموو شوێنەکانی تر لەلایەن سەرکردەکانی ئێستای گۆڕانەوە سەرکوتکران.
تەنانەت بەپێی زانیارییە رۆژنامەوانییەکانی خۆم، تەنیا لە ماوەی ساڵی 2003 تا ئەو کاتەی وازی لە یەکێتی هێنا، نەوشیروان مستەفا بڕی یەک ملیۆن دۆلاری وەک مووچە و بۆ شەخسی خۆی وەرگرتبوو!!. بەپێی زانیارییەکان ساڵی 2003-2004 مانگانە (50.000) پەنجا هەزار دیناری سویسری وەرگرتبوو کە دەیکردە (600.000) شەش سەد هەزار دیناری سویسری لەو ساڵەدا، هەروەها لەساڵی (2004-2005) مانگانە (5) پێنج هەزار دۆلاری وەرگرتبوو کە دەکاتە (60) شەست هەزار دۆلار لەو ساڵەدا. پاشان لەساڵی (2005) هەتا مانگی دووی (2007) مانگانە (50) پەنجا هەزار دۆلاری وەرگرتبوو کە کۆی پارەى ئەو چواردە مانگە دەکاتە (700) حەوت سەد هەزار دۆلار، پاش وازهێنانیشی لە یەکێتی و بۆ دامەزراندنى کۆمپانیاى وشە (10) دە ملیۆن دۆلارى لە مام جەلال وەرگرتبوو. کەواتە ئەو کاتە دادپەروەریی لە کوێ بوو؟. ئایا کەسێک لە چوار ساڵدا یەک ملیۆن دۆلار مووچەی وەرگرتبێت چۆن دەیتوانی باسی ریفۆرم بکات؟، مەسەلەکەش ئەوە نییە ئەو پارەیە وەک مووچە وەریگرتبوو، خۆزگە ئەوکاتە بیوتبایە ئەوە گەندەڵییە و زۆرە. ئیتر ئێمە چۆن ریشی خۆمان بدایەتە دەست کاکە نەوە گۆڕانمان بۆ ئەنجام بدات، کە دوای مردنی خۆی گردێکی سەدان دۆنمی لە ناوجەرگەی سلێمانی و کارگەی چیمەنتۆ و سوپەرمارکێت و پاڵاوگەی نەوتی لە دوا جێمابێت؟.

20-5-2019
خۆرئاوای زەمین




نامه‌ی ئه‌ده‌بی- نامه‌ی: (ڕێبوار سیوه‌یلی) بۆ (سه‌باح ڕه‌نجده‌ر)

ڕەنجدەر گیان سڵاو:

كۆمەڵە نوێیەكەت: (سه‌ره‌تا وشه‌بوو)م خوێندەوە، ناڵیم زۆر بە وردی و دیققەتەوە، بەڵام تەواو چێژم لێ بینی. چێژی ئەو ڕوانگە بەرینەی، كە لە تەواوی دەقەكاندا هەیە. بەهەمان ئاست گوزارش لە خۆی دەكات. جار هەیە دەنگی ناو ئەم دەقانە لە دەنگی مرۆڤ دەچن، جارانێكیش ئەو دەنگە دەبێتە دەنگی ڕۆحێكی پەڕاگەندە بەناو هەموو ئەو شوێن و كاتانەدا، كە بوون تیایاندا لە شێوەی جۆربەجۆردا ئامادەیە. هیچ سنوورێك، یان پیرۆزییەك نییە ئەم دەنگە سڵی لێ بكاتەوە و نەیدوێنێ و بە زمانی نەهێنێت. زۆر جار ئەو دەنگە هەڵدەكشێ و خەبەر لە شوێنێكی دیكە دەدات، بەبێ ئەوەی ئەو شوێنە، یان بوون، یان میتافیزیكا بێت. زمانی ئەم دەنگە ناخەكییەی تێكستەكان زمانێكی ئەوەندە ڕۆحییە، تێكەڵ بەهەر شتێك دەبێت و ڕەوان گوزارشی لێ دەكات. وەك ئەوەی وشەكان شلەیەك و ئاوێك بن هەمیشە بەئاسانی فۆرمی ئەو دەفرە دەگرن، كە دەڕژێنە ناوی.
(داواشم لە خاڵبەندی كردووە واز لە ڕاوەدوونانی ڕستە بێنێت)
نەبوونی نیشانەكانی خاڵبەندی لە تەواوی ئەم دەقانەدا، دەلالەتی ئازادیدان بە زمان زۆر فراوانتر دەكات. وەك ئەوەی ئەم زمانە خۆی لە هەر قەیدوبەندێك ڕزگار كردبێت، كە زمان لە ئازادیی دابڕ دەكات بەبێ ئەوەی هەست بە غیابی مانا بكەین. بەم جۆرەش، نیشانەكانی خاڵبەندیی پووچ دەكرێنەوە و زمان ئەو ئارایشكردنەی ڕەت دەكات و بە ڕووتوقووتی دێتە دوان. هەڵبەت دەزانم، كە لە دیوانە دووبەرگییەكەشتدا تا ڕادەیەكی زۆر ئەم بنەمایەت پەیڕەو كردووە، وەك ئەوەی بتەوێ پێمان بڵێیت: نیشانەكانی خاڵبەندی هیچ مانایەك لە شیعر زیاد و كەم ناكەن، پێویستە شیعر هەر بەو تۆنە گەردوونیی و بێ ئارایشەی سەرەتای خۆی بمێنێتەوە. بێگومان ئەمە یارمەتیدانی خوێنەریشە بۆ ئەوەی مانای حازربەدەست لە میانەی ڕەچاوكردنی خاڵبەندییەوە، وەرنەگرێت و بۆخۆی مانا لە دەقدا بدۆزێتەوە. بەم جۆرەش شیعرێك، كە خۆی ئازادە لە وێناكردنی جیهاندا، ئازادییش بە خوێنەر دەدات، كە ئازاد بێت لە تێگەیشتنیدا.
سەرەتا وا دەزانیت بە ئاسانی خۆیان نایەن بەدەستەوە و كەشێكی زەینی و توێخێكی ئەستوور ڕێدەگرن لەوەی بە ئاسانی بچینە ناویانەوە، كەچی پاش خوێندنەوەی چەند دەقێك و بڕینی ئەو توێخە و ناسینی ئەو كەشە زەینییە، خوێنەریش ڕەنگی ئەو دەنگە شلە دەگرێت و شتەكان لە خەیاڵی خۆیدا وێنا دەكات و جیهانی ناو دەقەكانی بۆ ڕوون دەبێتەوە و ڕەوان. من دەزانم ئەو ڕێگرییە بەئەنقەست دروستنەكراوە، بەڵكو ئەوە فەرهەنگی تایبەت بە شاعیر و فۆرمگرتنی زمانەكەیەتی، كە منی خوێنەر ناچار دەكات لە فەرهەنگی تایبەت بە خۆم و ئەو زمانە شیعرییەی خووم پێوە گرتووە، بێمە دەرەوە بۆئەوەی بتوانم مامەڵە لەگەڵ ئەم زمان و فەرهەنگە شیعرییەی تۆدا بكەم. ئەمەش جێی دەستخۆشییە، كە شاعیر فەرهەنگی شیعری تایبەت بەخۆی هەبێت.
گرنگترین تایبەتمەندیی ئەم دەقانە ئەو هەوڵدانەیە، كە ناچارمان دەكات ڕوانگەی خۆمان بۆ شتەكان و پەیوەندییەكان و خووپێوەگرتووەكان بگۆڕین و جیهان بەو جۆرە ببینین، كە لێرەدا و لەم دەقانەدا بوار بە بینینی خۆی دەدات. ئەزموونێكی زۆر شیعر نووسین، كە لە دیوانە دووبەرگییەكەتدا هەیە، لەم كۆمەڵەیەدا زۆر ڕوونبۆتەوە بەبێ ئەوەی لە قووڵایی كەم بكاتەوە و لە ئاستی زمانە شیعرییەكە بهێنێتە خوارەوە.
لایەنێكی دیكەی ئەم دەقانە ئەو ڕێچكە پەروەردەییەی كە لە دەقەكاندا گیراوەتە بەر، پەروەردەكردنی ناخ و هەوڵدان بۆ ئەوەی جیهان بەشێوەیەكی دیكە ببینرێت و ناخ و دەروون لە چەقبەستوویی ڕزگار بكات. ئەمە ئەركێكی زۆر گرنگی شیعرە، كە بتوانێت پەروەردەمان بكات و تەمی ئاڵۆزی و بەهەڵەتێگەیشتن و بڕیاری پێشینە و حەسوودی و دڵڕەقی لە مرۆڤدا بڕەوێنێتەوە. شاعیرە باش و بیركەرەوەكان دەتوانن ئەم شیاوەكییەی شیعر بدۆزنەوە و جیهانی پێ دابڕێژنەوە وەك ئەوەی پێویستە هەبێت، نەك وەك ئەوەی كە هەیە. ئەم ڕوانگە لە دەقەكاندا و بە هەمان ئاستی بیناكەرانە و دووركەوتنەوە لە كەف و كوڵ و ئاھ و ناڵەی پڕ لە زیادەڕۆیی و وشە ڕیزكردن، درەخشانییەكی ڕوونی بەم دەقانە بەخشیوە. لە ڕاستییدا توانیوتە (وشە بكەیتە سەرەتا) و سەرەتاییبوونی وشە و دەسەڵاتی وشە بەرجەستە بكەیت، هەر بە وشەش لەگەڵ ڕەگەزەكان و شێوەكانی بوون و ساتەكانی بەدیاركەوتن و بەرجەستبوونی دیار و نادیارەكانی ژیان بدوێنیت.
لەمەدا وێنەكان و خەیاڵلێكراوەكان و وێناكردنەكان تەواو سەركەوتووانەن لە پێكگەیاندنی خەیاڵ و بیركردنەوەی خوێنەر بە خەیاڵ و وێناكردنەكانی ساتەوەختی شیعریی شاعیر.
(باران لەدار بەریدامەوە ناو چاڵی گوللەیەك
چێڵێكی عۆل و حەپۆل دەمخوات)
یان:
(بوومەتە گۆی زەوی بە چواردەوری هەموواندا دەسووڕێمەوە)
هەرچەندە زمانەكەی بەرز و ڕەوانە و خوێنەر پەلكێشی مانای قووڵ دەكات و ناچاری دەكات گۆشەنیگاكانی بۆ شتەكان بگۆڕێت، بەڵام خۆدواندنێكی بەردەوامیی شاعیریشە لە جیهانێكدا، كە هەموو شت تیایدا ئاڵۆز بووە، كەچی ئەو دەیەوێت بە وشە جیهان ڕێكبخاتەوە.
لە چەند شوێن هەستم كرد هەڵەی بچووكی تایپیش هەر هەیە، ڕەنگە پێویست بێت جارێكی دیكە پێداچوونەوەی بۆ بكرێت.
خۆشەویستییم.

ڕێبوار سیوەیلی
2020/5/23 هه‌ولێر




کتێب/ گوڵەستێرەکان کوژانەوە … نووسەر/ کەریم کاکە

بابەت/ یادەوەری
چاپ/دووەم – ٢

بەر لە خوێندنەوە، ئەو چەند دێرە بخوێنەوە
گوڵەستتێرەکان کوژانەوەد یادەوەری پێشمەرگەیەک، سادەیەد پێشمەرگەیەک ، نیوەی دووەمی، هەشتاکانی، سەدەی بیستەم با بە خوێنەری خۆ بڵێم ئەو سەرهاتانەی لێرە دەیانخوێنیتەوە نە زادەی خەیاڵن نە هەڵبەستراون، هەموویان بینراون و لە نزیکەوە بیستراون، کەسەکان یەک یەک لەو گۆڕەن و لە بەر چاون، ئەوە هەیە بە زمانی، ئەدەڕ گێڕدراوەتەوە و پەنجەی هونەرکاریی بە شێوەیەکی وا گەیشتۆتێ، لە هەندێ جێ رەنگە بە خەیاڵ خۆی پیشانی، تۆی خوێنەر بدات.
گوڵەستێرەکان کوژانەوە، لە ناو خۆیدا بەش بەشە، هەر بەشەی لە بن ناونیشانێکی بەرفرە، هەندێ لەو ناونیشانەش بە سەر بەشی لە خۆیان بەر تەسکتر… تایبەتمەندیەکی کتێبەکە ئەوەیە، تۆ لە هەر بەشێکەوە بەری لێبگریت، رەنگە هەست بە پسانەوە نەکەیت، واتە لە شێوەی چەپکێ کورتە چیرۆک، هەرچەندە بەشەکانیش بە سەرە داوێ بە یەکەوە بەستراون و دەکرێ وەک چۆن رۆمانێ دەخوێنیتەوە، وابەری لێبگریت، لەو کاتەش هەستدەکەیت رستی، بەستتنەوە هەیە، جا تۆ ئەگەر دڵت خوێندنەوەی ویست بهاوێژە بەر دڵی خۆت، لە کوێوە دەست پێدەکەیت.
گوڵەستێرەکان کە نزیکەی سەت وهەشتاوهەشتت هەزار وشەیە، بەری چەند ساڵان، بەری سێزدە چواردە ساڵ تەمەنە(١٩٩٨-٢٠١١ )هێشتا بنی نەهاتووە، ئەگەر مەرگ نۆرەبڕی نەکات و زوو نەگات، لەگینە بە دوایدا بێ، ئاخر گوڵەستتێرەکان بۆ من ئەو داستانەیە، ئەگەر هەزار و یەک شەویش، هەر شەوەی هەزار و یەک لاپەرەی لێبگێڕمەوە بنی نایە.
گوڵەستێرەکان کوژانەوە بەر لەوەی لە ساڵی ٢٠١٢ بە بە سەریەکەوە چاپبکرێ، پێیتتر لە ستێ چوار بەرگی گچکە چاپکرا بوو، بەر لەوانیش، لێترە و لەوێ، هەندێ بەشی لە گۆڤار و رۆژنامان، لە سایتان بڵاوکرابۆوە.

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن …..




سوێند … شیعری شه‌هید زانا مه‌حموود حه‌مزه‌

  • سوێند بو منداڵی خۆڕاگرتوو و
    كچانی خۆبه‌خت كه‌ری.. نێو سوپێری گیان له‌ ده‌ست چوون ،
    به‌ گیانی ئاواره‌ بووی .. زه‌ریای ئاران,
    به‌ تێكۆشێكی یاخی بووی.. یاسای گه‌ردوون.
    ئه‌و ئاسمانه‌م هه‌رگیز ناوێ ،
    كه‌ ئه‌ستێره‌ی خۆرێكی له‌ سه‌ر ناوێ ،
    پێیان وابوو
    كه‌ من مردم.. هه‌زارانی تۆی وه‌ك من ،
    له‌ ترسانا.. وه‌ك هه‌ر به‌ردێكی دۆش داماو .
    بێ ده‌نگ ئه‌بن.
  • پێم مه‌ڵێ كه‌ی .. بیر له‌ مردن ئه‌كه‌مه‌وه‌،
    پێم مه‌ڵێ كه‌ی .. له‌ مۆمێكی گه‌ش گه‌شی سوور ئه‌ڕه‌ومه‌وه‌،
    پێم مه‌ڵێ چۆن .. له‌ تروسكه‌ بێزار ئه‌بم ،
    پێم مه‌ڵێ كه‌ی .. چۆن كلیلی خۆش به‌ختی خه‌ڵك
    دێته‌ ده‌ستم ،
    تا كانیاوی سوور یا زێڕین ..
    تا هه‌تایه‌ بۆ هه‌زاران كێڵگه‌ به‌رده‌م،



ناوی كتێب:ڕۆژێكم له‌گه‌ڵ ئازاره‌كانی كچێك… ئه‌حمه‌د كامه‌ران

*بابه‌ت: كۆمه‌ڵه‌ چریۆك
*نووسه‌ر: ئەحمه‌د كامه‌ران
*نه‌خشه‌سازی به‌رگ: ئارێز عه‌زیز.
*چاپی یه‌كه‌م:2020
*چاپ:چاپخانه‌ی فێربوون

بۆخوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیی ئێرەبکەن ….




ژیان و نائومێدی حەقیقی… دانا حەمید

لە کاتێکدا من ئەزانم، وە ئەتوانم بەوپەڕی هێزەوە لە ژیان نائومێدبم! بەڵام ناتوانم کە ئەم زمانەی لە قسەکردن و نوسین و دەربڕیندا، لەگەڵ خۆم و بەرامبەر بەکاریدەهێنم چ جۆرە زمانێکە، چ مانایەکی وجودی هەیە بۆم. نازانم! دەکرێ ئەم تەعبیرە لە تەنهایی و بێدەنگییەکانم، چرکەساتی ڕوودانی نوقسانییەک بێ لە مندا، کە هەستم پێنەکردوە، وەیان پێمنەزانیوە… یاخود پێمزانیوە و لە ئەنجامی کەمتەرخەمی و گۆشەگیری خۆمەوە بێ، شۆکێک بێ لە ئەنجامی دۆخی وجودی ژیانەوە، بێ‌ئەوەی پرست پێبکا هاتووە و میوانێکی ناوەختە رووبەڕووت بووەتەوە، جا بەهۆی هەر ڕووداوێکی ژیانەوە بێ، توشت بووە.
ئایا ئەتوانی خۆت دەرباز و ڕزگار بکەی یان نا لەم شۆکە، ئەمە بۆ من چەند تێگەیشتنێکی هەیە وەک ئەو خەڵکەی وێنای ئەکەی، ئەکرێ ئەو شۆکە درم و پەتایەکی جا “ڕۆحی/جەستەیی” بێ، بەڵام بە “بەڵێ/نەخێر”، خۆشم نازانم! ئەزانم تەواوی جەستە و ڕۆحم کە هەستی پێئەکەم هیلاک و ماندوە، بەدەست کات و زەمەنەوە کە لەوانەیە هی کاتێکی دووروودرێژی لەمەوبەربێ، یان هی کاتێکی تر بێ، ئەوەندەی هەستت پێکردوە لە نوکی پێتەوە تا مێشکت هەست بە ئازار ئەکەیت، ئازارێک زۆرجار ڕۆحی و زۆرجار جەستەی یان هەردووکیان پێکەوە، واهەست ئەکەی “پشت، سنگ، دەرون، سەرتاپایی هۆشت و جەستە و مەغزت” ئێشی هەیە.
بەقەولی (کامۆ): “لە هەمووی وەحشتناک و ناخۆشتر لەم بارودۆخەدا ئەو تامەیە کە لە دەمتدا هەستی پێئەکەی و دێتە دەرەوە… نەخوێنن، نەمەرگن، نەتا و ئەوانی تر…” لە جەستەت پێکهاتەیەکن لە هەموو ئەو درمە وجودی و ڕۆحییە، کە لە شۆکەوە دروست بووە. تەنها ئەوەندە لەم گەردونە گەشتووین و درکمان پێکردوە کە ئەوەیە: زمان ناتوانێ لە ئاست ڕووداوەکان تەئویلاتی خۆی هەبێ، لە بەرامبەر ئەو “ڕەش/سپی، ئازار/چێژ” و…، وەیان (خەیام) گوتەنی: ” ئەم ژیانە نە سەرەتایەکی هەیە و نە کۆتایی”. قبوڵکردنیشی هەروا بەسادەیی ئاڵۆزە و تولەڕێیەکی ئەوەندە درێژە هەتا بڕۆی پێیناگەی، کە لە تەڵەی وجوددا هەیە، و پڕ بە گەرومان هاوار بکەین، چەند سەختە وەک ئینسانێک لەم سەردەمەدا ژیان بکەین.




تەمەنێک لە ژەنگ … نەوزاد بەندی

بە مناڵیی وامئەزانی
هەرچی شتە
ڕێی تێ ئەچێ
فڕێ بدرێ ،
بێجگە لە خەونەکانی من ..!

بەس وا نەبوو –
تەنانەت پێچەوانە بوو ..
هەرچی شتی فڕێدراوە ،
بوون بە سەردار و ڤی ئای پی ..
هەرچی خەونی مناڵیشە ،
فڕێدران لەگەڵ دایبی ..




ئالان بادیو: دۆزی درماوی-8- … ئازاد حەمە

بەشی هەشتەم

سەرەتا: ئەو دەمەی درم دەبێت بە دۆز
پەتای كۆرۆناڤایرۆس لە ئاستێكی گڵوباڵ دۆزێكی هێنایەپێشێ كە شایانی بەخیلیپێبردن نییە. ئەم دۆزە خورپەهێنەرە وتنی فەلسەفیشی گرتەخۆی و ئالان بادیو Alain Badiou ،كە لەم بەشەدا ئاوڕیلێدەدەینەوە، یەكێکە لەو بیرمەندانەی لەمبارەیەوە وتنی خۆی، كە شایانی تێهزرینە، لەژێرناوی””لەمەڕ دۆزی درماوی””بڵاوكردەوە. بۆ ئێمە هێندەی وشەی دۆز situation لە نووسینەكەی ئەم بیرمەندە گرنگە هێندەی ئەوە وشەی درم گرنگ نییە. ئەمەش لەبەرئەوەی دۆز یەكێكە لە وشە سەرەكییەكانی فەلسەفەی بادیو هەرچی درمە شتێكە دێت و دەڕوات، ئەمڕۆ كۆرۆنا درمە، دوێنێ سارس و پێشتر ئێبۆلا و…هتد. وشەی دۆز دەچێتە خانەی فەرهەنگی بادیو، واتە دۆز هەروەك بوون، خراپە، رووداو، خود، هەل و مەرج بەشێكن لە زاراوەناسی فەلسەفەی بادیو و كاردانەوەی خۆشیان لەسەر تەلاری سیاسی و كۆمەڵایەتی وتارە فەلسەفییکەی داناوە. لەڕێگای نووسینەكەی بادیوەوە لەوەش حاڵێدەبین بۆ هەندێك پێیانوایە ئەم دۆزە داهێنراوێكی سیاسییە، بەڵام ئەمە چەند ڕاستە؟ ئایا ئەم دۆزە كۆرۆناویە دەتوانێت هەڵاوگۆڕانێكی كۆمەڵایەتی ڕیشەیی دروستبكات یان پێویستمان بە هێزە كۆمەڵایەتییەكانە ئەوە بكەن؟پەلاماردانی سەرمایەداری جیهانیش بەهۆی كۆرۆناوە چەند هیوابەخشە؟ چەند شیاوە بەدیهاتنی ئەو هیوابەخشیە؟ دۆزی جیهان لە چ دۆزێکدا بوو؟ ئەم پەتایە ئەم دۆزە بەرەو کوێ دەبات؟ بۆیە سەرەتا دەخوازین بزانین دۆز لە زاراوەناسی فەلسەفیی بادیو چی دەگەیێنێت، پاشان فەلسەفەی بادیو خۆی لەسەر چ بنەمایەكی شیكاریی فەلسەفی ڕاگرتووە، ئەوجار دێینەسەر خستنەڕووی كاكڵی بۆچوونەكانی بادیو لە وتاری ناوبراوەوە و پاشانیش بە كورتی گوزارە لە بۆچوونی بادیو سەبارەت بە “گریمانەی كۆمۆنیستی” دەكەین، کە بەشێكە لە هزری سیاسی ئەم بیریارە و ڕەنگدانەوەشی لە نووسینەكەی تایبەت بە پەتای كۆرۆنا هەبووە.

فەلسەفەی بادیو

پەرتووكە قەبە فەلسەفییەكەی ئالان بادیو ( بوون و رووداو، لە 1988) پاش ئەوەی هایدیگەر(بوون و كات، لە 1927 ) و سارتەر ( بوون و هیچی ،لە 1943 )بە سێهەمین پەرتووكی فەلسەفی لەقەڵەم دەدرێت كە لە نێوەندی فەلسەفیی رۆژئاوا لەسەر واتای بوون نووسرابێت. گومانیناوێت، هەر ئەم پەرتووكە بناغەی بۆ ناساندنی فەلسەفەی رووداوناسی بادیو لەناو فەرەنسا و ڕۆژئاواش داناوە. بادیو كە ئێستا ناوێكی دیارە لەناو فەلسەفەی كۆنتینێنتالی فەرەنسی و ئەوروپای گفتووگۆكەرێكی چالاكی فەلسەفەی شیكردنەوەی ئەنگلۆ- ئەمەریكیشە. ڕیشەی بیركردنەوە سیاسییەكانی سەرەتا ماوی (Maoist) بووە و دواتر پۆست ماوی (postmaoist) ، ئێستاش كار بۆ خوڵقاندنی”سیاسەتێكی بێ حیزب”، “سیاسەت بەبێ دەوڵەت و سیاسەتێكی ئەنتی پەرلەمانی” (anti parlementarisme) دەكات. بادیو لە دیدی زەمینەسازی بۆ داكۆكیكردن لە فەلسەفە هەر لەسەرەتای نووسینیەوە خۆی وەك دوژمنێكی سەرسەختی “فەیلەسوفە سۆفیستەكان (ڤێتگێنشتێن ، دێریدا، لیوتار و…) نیشانداوە. ئەڵبەتە تێگەیشتنگەلێكی كاریگەرئامێزیشی لە بواری گفتوگۆی سیاسی هاوچەرخ لەسەر تێمای جەنگ دژ بە تێرۆریزم، خیانەت و گەندەڵی، وەك دیاردەگەلێكی گرنگی بواری فەلسەفەی ڕەوشت، وروژاندوە و وەرچەرخاندنێكی چاكیشی لە فەلسەفەی كۆمەڵایەتی و سیاسی تازەی فەرەنسیش كردووە. لە توێژینەوە فەلسەفییەكانیا ڕەخنەگرێكی تووندە لە دێمۆكراسی هاوچەرخی ڕۆژئاوا و یەكێكیشە لە ئایارییەكانی 68 ی پاریس و داكۆكیكەریشە لە ئایدیای كۆمۆنیزم و پێشیوایە بیركاری فۆڕمێكە لە هزر. بەپێچەوانەی هاونەوەكانی لە 1960 كان ،كە گرنگیان بە فەلسەفەی شیكردنەوەیی نەداوە، لەو گفتوگۆ فەلسەفییانە بەئاگایە كە لە نێوەندی فەلسەفی ئەنگلۆ- ئەمەریكی تایبەت بە لۆژیك و زمانەوانی كراون. بەتێگەیشتنێكی تر، فەیلەسوفە فەرەنسییەكانی سەردەمی بادیو ،ئەڵبەتە ئێپیستێمۆلۆژەكانی لێدەرچێت، ئەوەندە بایەخیان بە فەلسەفەی ماتماتیك و لۆژیك نەداوە و زیاتر بە سیاسەت و ئەدەب و شیكردنەوەی دەروونی و مێژووییەوە سەرقاڵبوونە. هەر ئەو وەختەش كە شۆڕشی قوتابیان لە 1968 لە پاریس لە دەركەوتن دا بووە بادیو یەكێك بووە لە چالاكەوانە سیاسییەكانی گۆڕەپانەكانی پاریس و ووردە ووردەش لەبارەی خود و گەشتی ئەم خودە لە جیهانی سیاسی و ژیانی هزریدا هاتووەتەگۆ. دیدی شۆڕشگێڕی و بیركاری بادیو پەیوەندیەكی یەكانیگیری بە باوكییەوە، رایمۆند بادیو Raymond Badiou هەیە، كە لە ماوەی جەنگی جیهانی دوو، لە ناوچەی تولوز Toulouse ، لەگەڵ گرووپە بەرهەڵستكارەكان دژ بە هێزی فاشی چالاكەوانبووە و پێش ئەوەش سەرقاڵی بیركاری بووە.

دۆز لە فەلسەفەی بادیو دا

واتای دۆز لە لێكسیكۆنی فەلسەفی بادیو بەهای فەلسەفی خۆی هەیە. ئەم بیرمەندە فەرەنسییە لە یەكەم گەورە نووسینیەوە بەناوی “”بوون و رووداو””، گرنگی بەم واتایە داوە و لە ڕاڤەكردنەكانی بۆ رووداو و هەل و مەرج و خود كەڵكی لێوەرگرتووە. دۆز بەپێی فەلسەفەی بادیو”دۆزە بۆ فەلسەفە، دۆزە بۆ هزری فەلسەفیی”. “دۆز دەشێت لە بارودۆخ پێكهاتبێت” و خاڵی جیاكارەی نێوان ناوەوە و دەرەوەشە. لە هزری فەلسەفی بادیو دۆز لەگەڵ وشەیەكی تر دێتەبەكاربردن كە بۆشاییە. لێرە بۆشای هیچ دەگەیێنێت. هیچیش لەناو دۆز خۆی لە دۆزینەوەی بۆشای بریتیدەكات. بۆشای لەناو دۆز ئەو بەتاڵایەیە كە پێویستی بە پڕكردنەوەیە. واتە “دۆز لەسەر بۆشای پێكدێت”. بۆشایش لەم دۆخەدا شتی، هیچی، تیانییە بۆیە ناونەنراوە. كەوابێت ناونەنراو ئەو شتەیە كە بۆشە. دۆخی بۆشای بەم جۆرە دێتەسازان. بەم شێوەیە بێت كە باس لە دۆز بكەین پێویستمان بە باس لە دۆخیش دەبێت. لێرە پرسیارەكە ئەوەیە كە دۆخی دۆز چۆن دێتەسازان؟ گەر وەلامەكەمان لە جۆری نموونەیەكی زیندوو بێت لەسەر هەنووكە ئەوا دەبێژین: دۆزی ئێستای جیهان بەدەست پەتای كۆرۆناوە و دۆخی ئەو دۆزە چ تێگەیشتنێكمان لا دروستدەكات گەر ئێمە لە ئەستێرەیەكی ترەوە بێینەسەر زەوی. بەپێی پسپۆران لە هزری بادیو ئەوەش شایانی وتنە كە دۆز لە پەیوەندییدایە بە واتای ڕاستییەوە. لەبەرئەوەی فەلسەفە بەپێی بادیو كردەیەكە لە ڕاستی ئەوا ڕاستیش هەروەك دۆز فرەیە. واتە نە دۆز و نەش ڕاستی تاك ڕەهەند نیین. دۆز لای بادیو حاڵەتی شت پێكدێنێت، واتە دۆز دەكرێت سیاسی بێت، ماتماتیكی بێت، بۆنموونە دۆز لەم نووسینەی بادیو لەسەر کۆرۆنا درماوییە.

هەنووكەیەكی درماوی

ئالان بادیو لە سەرەتای نووسینەكەی تایبەت بە پەتای كۆرۆناڤایرۆس، كە بە ناوی””لەمەڕ دۆزی درماوی”” بڵاویكردۆتەوە، هێما بۆ ئەوە دەكات كە نەیزانیووە ئەم دۆزە هەنووكەییە، كە لە ناوەڕۆكدا پەتایەكی ڤایرۆسانەیە شتێكی ئاوارتانە (exceptional ) ی تایبەت نەبووە. بۆیە دەڵێت: گەر لە پەتای ڤایرۆسی ئایدزەوە دەستپێبکەین بەرەو ئەنفلاوانزای باڵندە و ڤایرۆسی ئێبولا Ebola و ڤایرۆسی سارس1 (SARS 1 ) – و بەشێكی تر لەو ڤایرۆسانەی ئەنتیبایۆتیكە چارەسەری نەكردن و تادەگاتە خودی گەڕانەوەی سورێژەش- دەبینین لەم بارەیەوە بازاڕی جیهانی كاری خۆی بەو جۆرە دەكات کە دەیەوێت، نەک هەرئەوە بگرە ناوچەیەكی زۆریش لە جیهان بێ پزیشكی پێوەدیارە و پێویستیەكانی كوتانیشی تیابەدیناكرێت، ئەوەش لە دواتردا دەركەوتنی درمی ترسناكی بەدەمەوەیە، هەر بۆنموونە ئەو ملیۆنەهایەی بەهۆی ئایدزەوە دەمرن بەڵگەیە لەسەر ئەم لایەنە. سەرباری ئەوە ڕاستییەك هەیە ئەوەش ئەوەیە کە دۆزی پەتای هەنووكە كاردانەوەی سەختی لەسەر ڕۆژئاوا داناوە و لە سۆسیال میدیاش دەبەنگیەكی زۆری وروژاندووە. بادیو پێیوایە پێویستە ئاماژە بە ناوی ڕاستەقینەی درمەكە بكرێت كە بە هیچ جۆرێك لەوەی پێشوو، واتە لە سارس 1، تازەتر نییە. كەوابێت بەپێی تێگەیشتنی بادیو ناوە ڕاستەقینەكەی ئەم درمەی ئێستا سارس 2 (SARS 2 ) ە و تەواوكەری سارس 1ە، كە لە بەهاری 2003 پێیدەوترا یەكەم نەخۆشی نەناسراوی سەدەی بیست و یەك. بۆیە درمی هەنووكە هیچی لەگەڵ ئەوەی پێشوتر جیا نییە و بەمەش دووەم جۆری درم لەم سەدەیە پێکدێنێت. لەم حاڵەتەدا بادیو بەباشی دەزانێت كە ڕەخنە ئاڕاستەی دەسەڵات بكرێت، چونكە پاش سارس 1 توێژینەوەی پێویست لەوبارەیەوە ئەنجامنەدرا،گەر بدرایە ئێستا بۆ دەستنیشانكردنی سارس 2 سوودیلێوەردەگیرا. وەکیتر، بادیو پابەندبوون بەو دیسپیلینە توندەی بەهۆی ئەم پەتایەوە دروستبوو بە پێویست دەبینێت و لە ماڵەوەبوونیش لە هەموو شتێكی تر بەباشتر دەزانێت و داواشی لە ئەوانیتر ئەوەیە كە هەمان شت بكەن، هیچ نەبێت بۆ پاراستنی خۆیان لە تووشبوون و پاراستنی ئەوانەش کە لە پێشی پێشەوەی مەترسیكەن، كە كارمەندانی پزیشكی دەگرێتەوە تا دەگاتە بەتەمەنەكان لە “ماڵی بەساڵاچووان” و ئەوانەش كە بەرەو كارەكانیان ڕۆژانە بەڕێدەكەون. كەواتە “لە ماڵەوە مانەوە” بەبۆچوونی بادیو ئەركە و بەشێكە لەو دیسپیلینەی لایسەرەوە باسكرا، ئەوانەش كە بێ ماڵن پێویستە خەمیان بخورێت و داڵدەیەكیان بۆ دابینبكرێت. ڕاستە ئەم ئەركانە بوونە بە ناچاریەكی زۆر مانادار، بەڵام پێویستی بە تەقەلای شیكاری زۆر یان دروستكردنی ڕێگایەكی نوێ بۆ بیركردنەوە نییە. بادیو دەڵێت: ڕۆژانە هەقایەتێكی زۆر دەبیستم، هەقایەتەكان بەرهەمی ئەو پەشێوییەن ئەو دۆزە دروستیكردوە كە لەكۆتایدا دۆزێكی سانەیە. بادیو بێگومانیشە لەوەی ئەم دۆزە درماویە بۆچوونی جیای دروستكردووە: هەندێك لە جیهانی خۆیاندان، هەندێكی تر خەریكی لۆمەكردنی ماكرۆنMacron ی داماون و ناشزانن ، كە ماكرۆن وەك سەرۆكی وڵات ،لە كاتی جەنگ یان درم، تەنیا خەریكی كاری خۆیەتی و، کە دۆزێكیش لە پشت ئەم درمەوە لەسەرهەڵدانە چەند جەمسەریە. هەندێك لافی شۆڕشگێڕی لێدەدەن لەكاتێكا هیچ شتێكیان بۆ لەناوبردنی درمەكە پێنییە. هەیە كەوتۆتە بارێكەوە نزیكە لە ڕەشبینی ئەپۆكالیپس(apocalyptic) (هەستی كۆتای جیهان)، هەشە تەنیا لە خەمی خۆیدایە، ئەمەش درێژەپێدانەوەی بەدییە تا كاتێكی نادیار.
بەبۆچوونی بادیو، پێدەچێت ڕووبەڕوبوونەوەیەكی زۆری ئەم درمە لە گشت شوێنێك زێدەڕۆییەكی لە چالاكی جەوهەری عەقڵی كەسەكان دروستكردبێت و ناچاریشیكردوبێتن بۆ هەندێك دەرەچەی خەماوی تر بگەڕێنەوە- تەسەوف، ئەفسانە، نوێژ و بەدبینی- كە لە سەدەكانی ناوەڕاست كاتێك پەتا تیایا بڵاوبوەتەوە ئەو شتانە ئاسای بوونە. لە دەرئەنجامی ئەوە، بادیو پێیوایە ناچارە هەندێك شت بڵێت كە بەخۆشحاڵیەوە ناویانبنێت: دێكارتانە (cartésiennes ) (فەیلەسوفی فەرەنسی دێكارت مەبەستە). سەرەتا ئاماژە بەو كێشەیە دەکات کە ئەم درمە لە هەندێك شوێن بە خراپ ناونرا و بە خراپیش چارەسەركرا. سەرەتاكانی ئەم درمە دەكرێت لە شوێنێكی وەك وەهان دەستیپێكردبێت كە ژینگەیەكی سەرەتایی لە پاكوخاوێنی و خۆپارێزی تیایە و بازاڕە كراوەكانیشی شوێنی فرۆشتنی ئاژەڵی زیندووە. ئەو بۆچوونەش هەیە كە تێكڕای ڤایرۆسەكان لە ئاژەڵەكانەوە بۆ مرۆڤ دێن. ڕوونیش نییە چۆن ئەمە روودەدات؟ كارە زانستییەكان دەبێت ئەوەمان بۆ شیبكەنەوە. بانگەشەیەكیش لە ئینتەرنێت دەكرێت كە چیینیەكان شەمشەمەكوێرە خۆرن و كەچی هیچیشیان لێنایەت. گوازتنەوەی تێكڕای ڤایرۆسەكان لە ئاژەڵەكانەوە بۆ مرۆڤ، بۆ بادیو، ئەمە خاڵی سەرەكی كێشەكەیە. ئاشکرایە دەوڵەتی سەرمایەداری چینی ئامادەبوونێكی باشی لەناو بازاڕی جیهانی هەیە و پاش دەركەوتنی ڤایرۆسەكەش لە شاری وەهان توانرا شارەکە، کە 40 ملیۆنی یە، گۆشەگیربكرێت و ڤایرۆسەکەش بنەبڕبکرێت ، لێ موخابن ئەمە کاتێککرا کە ڤایرۆسەكە بەرەو جیهان ڕۆشت. بەپێی شیکردنەوەکەی بادیو ئێمە لەبەردەم كێشەیەكی دوانەیداین سەبارەت بە دۆزی درمەكە. چۆن؟ سارس 2 ، ئەوەی لە وەهان دەركەوت، هاوكات لە شەنگەهایش حاڵاتی تر دەركەوت، ئەوەش بەهۆی ئەو چینیانەوە بوو لە دەرەوەی چینەوە هاتبوونەوە. چین لەم حاڵەتە دەكرێت وەك ئەوە ببینرێت کە شوێنێكی كۆنی پڕ لە داب و نەرێتی دێرین و هاوكات بازاڕێكی جیهانیشە، خەڵکی كە لە هەموو لایەكەوە سەردانیدەکەن. كەوابێت لەم حاڵەتە دیاریكردنی ڤایرۆس سانا نییە. لەوە سەرنجڕاكێشتر، درمەكە لۆكاڵی نییە، لێ موخابن ڕووبەروبوونەوەكەی لۆكاڵی بوو یاخود دواتر بە لۆكاڵی مایەوە لەگەڵ بوونی هەندێك وڵاتی سەرووی نەتەوەیش. شتێكی ڕوونە كە دەوڵەتە بۆرجوازییە لۆكاڵییەكان كەوتنە بەرەی پێشەوەی ئەم ڕووبەروبوونەوەیە. واتە هەریەكە بۆخۆی كاری لەسەر وەستانی درمەكە كرد.
بادیو نە ئابووری جیهان وەك یەك ئابووری سەرمایەداری جیهانی دەبینێت و نەش بازاڕەکەی. ئەو ناكۆكیەش لەنێوان ئابووری و سیاسەتی جیهانیدا هەبوو لە ڕووبەڕووبونەوەی ئەم درمە پتر دەركەوت. وڵاتانی ئەوروپاش نەیانتوانی سیاسەتی خۆیان لە ڕووبەڕووبونەوەی ڤایرۆسەكە بگۆڕن. گومانیش ناكرێت بۆ ڕووبەڕووبونەوەی ئەم ناكۆكیە گەر پێویستبكات دەوڵەتی نەتەوەیی ئامادەیە شێوازی دەسەڵاتەكەی بگۆڕێت. چۆن؟ لەماوەی جەنگی نێوان وڵاتانا دەوڵەت واپێویستیدەكرد بارگرانی نەك هەر بخاتە سەر هاوڵاتیان، بەڵكو بۆرجوازیانیش، ئەمەش بۆ پاراستنی سەرمایەی لۆكاڵی بوو نەك شتێكی تر. لەو دەمانەدا بەشێك لە پیشەسازیش خۆماڵی دەكرا بەتایبەت ئەو جۆرەی بە بەرهەمهێنانی چەكەوە تایبەت بوو . هەندێك لە بۆرجوازیەكانیش دەكران بە ئەفسەر و دواتر لە بەرەی جەنگ دەمردن. زاناكانیش شەوڕۆژ لەپێناوی بەرهەمهێنانی چەكی نوێ كاریاندەكرد. زۆرێك لە روناكبیر و هونەرمەندانیش رۆڵی پروپاگەندەیان دەبینی. ئەوە بوو دۆزی کاتی جەنگ و دەوڵەتی نەتەوەیی. هەرچی دۆزی درمەکەیە، بادیو وتەنی، هەموو پەرچەكرداریەكی بەخۆوە بینی، لەمڕوەشەوە باسی دۆزی فەرەنسا دەكات كە چۆن ماكرۆن بانگەشەی یارمەتیدانی خاوەن كار و پیشە بچووكەكانیكرد و بەڕاشكاویش ئاماژەی بۆ ئەوە كرد “ئێمە لە جەنگ داین”. گومانی ناوێت لە كاتی جەنگ یان درم دەوڵەت ناچارە سروشتی چینایەتی خۆی بگۆڕێت تا ستراتیژێكی ئەوتۆ داڕێژێت بەهۆیەوە بکارێت ڕووبەڕووی ئەوە ببێتەوە مەترسی دروستكەرە. ئەمە دەرئەنجامی لۆژیكی ئەم جۆرە دۆزانەیە كە لە كۆتایدا بۆ بردنەوەی ئەو جەنگەیە ماكرۆن ناوینا. لێرە دەكرێت باسی خراپی كەرتی تەندروستیشبكرێت کە لە ڕووبەڕووبوونەوەی درمەکە لە ئاستی پێویستدا نەبێت. بەدڵنیاییەوە ئەوەش وڵات دەخاتە بەردەم دۆزێكی ناهەموارەوە.
بادیو جەخت لەوەش دەكات کە هەڵەنییە گەر بڵێین ئەم جۆرە پەتایەی کە لە فەرەنسا بڵاوبوەوە كەس پێشبینی نەدەكرد جگەلە چەند زانایەك. ئەمە دەكرا لە شوێنێكی وەك ئەفەریقای تاریك یان چینی تۆتالیتاری رووبدات نەك لە شوێنێكی وەك ئەوروپای دێمۆكراسی. چەپەكان، بە هێلەگ زەرد و سەندیكاكانیشەوە، پێشبینی ئەمەیان نەدەكرد كەچی بەردەوامیش لە گاڵتەكردندان بە ماكرۆن. بادیو لە ئێستایەکدا باس لەم هەل و مەرجە دەكات كە لە فەرەنسا دوژمنێكی گشتی بوونی هەیە. ئەم دوژمنە لە كاتی جەنگ دەشێت بە داگیركەرێكی دەرەكی ناوبنرێت، لێ لە حاڵەتی ئێستادا دەكرێت بە ڤایرۆسی سارس 2 ناوبنرێت. ئەم جۆرە دۆزانە (جەنگی جیهانی و پەتای جیهانی) لەسەر ئاستی سیاسی بێلایەنن. بادیو دەخوازێت بەو دەرئەنجامەمان بگەیێنێت كە ئەو وانەیەی لەم دۆزەوە فێریدەبین ئەوەیە كە وەها پەتایەك ناشێت هیچ جۆرە دەرهاویشتەیەكی سیاسی لێوەبەدیبكرێت. هیچ هیوایەكیش بە بۆرجوازییە سیاسییەكان ناكرێت كە بكارن پاڵ بە ماكرۆنەوە بنێن. ئەوانەی ئارەزووی گۆڕانێكی ڕاستەقینەی سیاسی لە فەرەنسا دەكەن پێویستیان بەوەیە كەڵك لەم كاتە درماویی و تەنانەت گۆشەگیرییەش وەربگرن تا فیگەری نوێی سیاسی دروستبكەن. ئەم دۆزە واشیكرد پێویستمان بەوە بێت پێداچوونەوە بە دۆزی نەخۆشخانە و تەندروستیدا بكەین. سۆسیال میدیاكانیش جارێكیتر سەلماندیان كە گیرفانی ملیاردێرەكان قەڵەوتردەكەن و زەمینەش بۆ بانگەشەیەكی لێڵی فاشیستانە خۆشدەكەن.
كەوابێت، ئەوەی لە تێكستەكەی بادیوەوە وەبەرهات سەرەتا ئەوە بوو كە بپرسین: فێربوون لەم پەتایە بە كوێمان دەگەیێنێت؟ دەشێت وەڵامەكە ئەوە بێت كە ئەم پەتایە مرۆڤایەتی خستەژێر تاقیكردنەوەوە. ڕژێمەكان هەموو شتێكیانكرد تا بەسەریا زاڵبن. بەشێك لەو ناچارییە تەندروستیەی هەندێك لە وڵاتانی ئەوروپا تێكەوتن پەیوەندی بە خراپی كەرتی تەندروستیانەوە بوو تا گەورەیی پەتاكە. دوركەوتنەوەش ،بادیو وتەنی، لە لێكدانەوەی سۆفیانە بۆ ئەم دۆزە گرنگی خۆی دەبینێت. هەروەها بێتوانایی دەوڵەتی ناسیۆنال لە رووبوڕووبونەوەی ئەم رووداوە جیهانیە وایكرد ئابووری و سیاسەت ناكۆكییان تێبكەوێت. ئابووری كەوتەژێر سایەی بازاڕی جیهانییەوە و ئەركی سیاسەتیش بووە ڕووبەڕووبونەوەی درمەكە، ئەڵبەتە، لەئاستی دەوڵەتی ناسیۆنالدا.

گریمانەی كۆمۆنیستی

لەو تێكستەی کە بادیو لایسەرەوە سەبارەت بە دۆزی جیهان پاش دەركەوتنی كۆرۆنا كاریلەسەر كردووە دەبینین سێبەری هزری چەپگەرای بادیو، تەنانەت چین، ماو و كۆمۆنیزمیش كەوتوونەتە ناو هزری سیاسی تێكستەكەوە. بۆیە بە پێویستی دەزانین ئاماژە بەوە بكەین كە بادیو یانزە ساڵێك لەمەوبەر، لە 2009، نووسینێكی بەناوی گریمانەی كۆمۆنیستی Hypothèse communiste نووسیوە، كە بەشی پێنجەمی زنجیرە پەرتووكی “”بارودۆخ”” پێكدێنێت، بۆ ئەو مەبەستە لێرە چەند تێگەیشتنێكی ئەو نووسینە بەسەر دەكەینەوە. بادیو لەژێر سایەی ئەو گریمانەیە جارێكیتر واتاگەلێكی وەك دەوڵەت، دێمۆكراسی، ئۆپۆزیسیۆن، ململانێی كۆمەڵایەتی، سەرمایە و دادپەروەری دەخاتەوە بەرمشتومڕی فەلسەفیی بەرینەوە. هاوكات بەپێی ئەو گریمانەیە نە داهاتووی مرۆڤایەتی لە سەرمایەداری بریتیدەبێت و نە تاهەتایە مرۆڤایەتی لەناو بێدادیدا دەكارێت بژیت. بیرۆكەی بادیو لێرە ئەوەیە كە جیهانێكی تر جگەلە سەرمایەداری دەشێت هەبێت و دژ بەم جیهانە سەرمایەداریە وەحشەتناكەی ئێستا بێتەسازان. بۆ بادیو لەمحاڵەتەدا گەڕانەوەی ئایدیای كۆمۆنیزم گرنگی خۆی هەیە، چونكە ئایدیای كۆمۆنیزم سیاسەتی شۆڕشگێڕی، ململانێی چینایەتی و یەكسانیمان بیردەخاتەوە. بەس پرسیارەكە لێرەدا ئەمەیە: شیاوە ئەم گەڕانەوەیە پاش ئەو ئەزموونە ڕەشەی مرۆڤ لەژێرسایەی كۆمۆنیزم تیایاژیا؟ واتە “بەپێی چ ڕەوایەتیەك چالاككردنەوەی ئایدیای كۆمۆنیزم” گونجاوە؟ شایانی وتنە، كۆمۆنیزم، بەقەولی بادیو، تاكە گریمانەی ڕاستەقینەیە و ئەوانەش كە دەستبەرداری ئەم گریمانەیە دەبن خۆیان دەخەنە باوەشی ئابووری بازاڕ و دێمۆكراسی پەرلەمەنتاریزمییەوە. جگەلەوە بادیو بەشێك لە ڕاڤەكردنەكانی تایبەت بە كۆمۆنیزم بۆ وەستان لەسەر دەستەواژەی “فەشەل” تەرخانكردووە. پرسیاری فەشەل چییە؟ چی لە سیاسەتدا بە فەشەل دەزانرێت؟ بۆ ئەم فەیلەسوفە فەرەنسییە ئەم دوو پرسیارە گەڕانە بەدوای هۆكاری مێژوویی فەشەلی كۆمۆنیزم. هەر ئەمە ئەوەشمان وەبیردەهێنێتەوە كە وشەی كۆمۆنیزم چی لەمناڵدانیدا كۆدەكاتەوە. بەپێی ئەم بیرمەندە فەشەلی كۆمۆنیزم بەڵگە نییە لەسەر دەستهەڵگرتن لە ئایدیای كۆمۆنیزم. ئەمە وادەكات بڵێین گریمانەی كۆمۆنیستی لە هزری سیاسی بادیو لە خودی خۆیا بریتییە لە گەیشتن بە ئایدیای ڕزگاریخوازی و یەكسانی. نەك هەرئەوە بەڵكو بەدوای چارەسەری نوێش بۆ فەشەلی سیاسی كۆمۆنیزم دەگەڕێت و بیركردنەوەی نوێی سیاسیش پێشنیاردەكات. ئەمە بەو مانایەش دێت كە دەركەوتنی هێزی سیاسی نوێ ،بۆ بادیو، هیوایەكن بۆ سەرخستنی گریمانەكە. بۆیشە بادیو لە دیدی سیاسییەوە بەدوای هۆكارەكانی فەشەلی كۆمۆنیزم دا دەگەڕێت و لەو بارەیەوە سێ چركەی شۆڕشگێڕی لە مێژوو دیاریدەكات كە هەڵگری تووخمی پرۆژەی كۆمۆنیستی بوونە: كۆمۆنەی پاریس، شۆرشی كولتووری(چینی) و ئایاری 68 (رووداوەكانی ئایاری 68 ی پاریس). بادیو لەلایەكەوە كێشەكانی ئەزموونی كۆمۆنیستی دەخاتەبەرچاو و هێرشی تووند دەكاتە سەر پراكتیزەكردنە سیاسییەكەی و لەلایەكیترەوە دەستبەرداری گریمانەی كۆمۆنیستی نابێت و وەك دژەجەمسەرێكی سەرمایەداریش بەكاریدەبات. هەمیشەش ئەوە دووپاتدەكاتەوە كە فەشەلی چەپی فەرەنسی، و ئەوروپای، كاردانەوەی نێگەتیڤی لەسەر تێگەیشتن بۆ كۆمۆنیزم داناوە. لە باسی گریمانەی ناوبراودا بادیو بەوەوە ناوەستێت كە تەنیا نامرۆی سەرمایەداری جیهانی پێشانبدات بەقەد ئەوەی کە ئەو ڕابردووە سیاسییە تەڵخەش بەرباسدەخات كە مرۆڤایەتی لەژێرسایەی ستالینیزم تیایاژیاوە، بەڵام چواندنی هیتلەر بە ستالین بە هەڵە دەزانێت. پاش چاپكردنی ئەم پەرتووكەش بە بەردەوام ئەو پرسیارەی ڕووبەڕوو دەبێتەوە كە بەمجۆرەیە: پاش ئەو ئەزموونە تاڵەی كە كۆمۆنیزم بۆ مرۆڤایەتی هێنای (ستالیزیزم) كەس ئامادەیە گریمانەی كۆمۆنیستی لاپەسەندبێت؟ واتە ئەو بێدادیەی كۆمۆنیزم لە چینی ماو و سۆڤیەتی ستالین دروستیكردوە گەورەترین كێشەن لەبەردەم ئەو گریمانەیەی ئێستا بادیو دەخوازێت بۆیبگەڕێینەوە، بەڵام بادیو بەراووردكردنی تاوانسازییەكانی سەرمایەداری بە كۆمۆنیزم بە شتێكی نەشیاو دەزانێت. نەك هەرئەوە بگرە ئایدیای كۆمۆنیزم كە بەشێكە لە مێژووی ئایدیای سیاسی ڕابردوو و ڕۆژانێكیش ئینجیلی چەپەكان بووە لە ئێستادا گونجاندنی لەبەردەم زۆرێك ئەستەمیدایە. ئێستا كە سەرمایەداری گەیشتۆتە قۆناغی پاش سەرمایەداری ڕێگا بە هاتنەناوەی كۆمۆنیزم نادات و تاپێشیبکرێت ئایدیاكەی قێزەوەندەکات. ئەگەرچی ئاشكراكردنی ئەو نادادپەروەری و قەیرانە ئابوورییانەی سەرمایەداری لۆكاڵی، دەوڵەتی ناسیۆنالی سەرمایەداری، لە كۆمەڵگە بەرهەمیانهێناوە هۆكارن كە سەرمایەداری خۆشەویست نەبێت، بەڵام سەرمایەداری جیهانی لە گەڕانەوەی کۆمۆنیزم دەترسێت؟

————————————————————————————————

تێبینی: لەو ماوەیەی كە بەشێكی زۆر لە فەیلەسوف و ڕوناكبیرانی ئەوروپا دەستیانكرد بە نووسین لەسەر پەتای كۆڤید-19 ئالان بادیوش یەكێك بوو لەو بیرمەندانەی لەو بارەیەوە كەوتە نووسین. نووسینەكەی بەناوی””لەمەڕ دۆزی درماوی Sur la situation épidémique “” لە 21/03/2020 بڵاوكرایەوە كە نوسخەی ئینگلیزیەكەی لە ماڵپەری چاپخانەی ڤێرسۆ versobooks.com لە 23/03/2020 دانرا. تێكستەكە لەلایەن روناكبیری ئیتالی ئالبێرتۆ تۆسكانۆ Alberto Toscano وە، كە یەكێكە لە وەرگێڕی كارەكانی بادیو بۆسەر زمانی ئینگلیزی، وەرگێردرا. نوسخە فەرەنسیەكە لە زۆر شوێن https://qg.media/ بڵاوبۆتەوە. بادیو لە نووسینەكەی لە هەندێك شوێن درم Épidémie بەكاردەبات و لە هەندێك شوێنی تر پەتا Pandémie .




چۆن بۆ ڕزگاری دەگەڕێمەوە؟ گفتوگۆ لەگەڵ کاروان عومەر کاکەسوور لەبارەی (ئامادەییی ڕزگاری)یەوە … سازدانی: د. شوان سلێمان

د. شوان: چەند ساڵ لەمەوبەر گوتت ڕزگاری قۆناغێکی تەمەنە، کە نازانیت هێشتا ماوتە پێی بگەیت، یان بڕیوتە و دەتەوێت بۆی بگەڕێیتەوە. ئێستا لەو بارەیەوە چی دەڵێیت؟

کاروان: هەر کاتێ ناوی (ڕزگاری) دێت، کۆمەڵێک پرسیار ڕووبەڕوومان دەبنەوە، کە گرنگترینیان ئەم دووانەن: چی وای کردووە ئەو قوتابخانەیە ئاوا بەو هێزە گەورەیەوە لە یادەوەری (میمۆری)ماندا بمێنێت؟ بۆچی زۆرینەمان دوای تەواوکردنی زانکۆ، بگرە دوای تەواوکردنی خوێندنی باڵایش هێشتا وا دەزانین قوتابیی ئەو قوتابخانەیەین؟ دیارە ناکرێت وەڵامی ئەو پرسیارانە بدەینە، ئەگەر بە شێوەی جیاواز بۆی نەگەڕێینەوە و بە چاوی جیاوازیش لەو ڕابردووە نەڕوانین، بەڵام ئایا دەتوانین بۆی بگەڕێینەوە؟ ئایا ئێمە واقیع وەک ئەوەی هەیە، دەبینین، تا وەک ئەوەی هەیشە لە یادەوەریماندا بیپارێزین و بیگێڕینەوە، یان وەک خەون وایە، کە بە بڕوای (فرۆید) کۆمەڵێک فاکتەر وا دەکەن خەونمان دەقاودەق بیر نەکەوێتەوە؟ ئایا ئێمە (ڕزگاری)مان وەک خۆی لە بیر ماوه؟
(هێنری بێرگسۆن)ی فیلۆسۆف، کە بایەخی گەورەی بە چەمکی (کات) داوە، بە شێوازی خۆی ڕووبەڕووی ئەو پرسیارانە بووەتەوە. لە بەشی پێنجەمی کتێبی (وزەی ڕۆحی، یان وزه- ڕۆحی: Mind-energy)دا، کە لەژێر ناونیشانی (یادەوەریی ئێستا و پێزانینی ساختە: Memory of the present and false recognition)دا نووسیویەتی، (یادەوەری) بە هاوواتای (هۆشیاری) دەزانێت، چونکە پێی وایە بەبێ یەکەمیان، بوونی دووەمیان مەحاڵە. بە بڕوای (بێرگسۆن) یادەوەری وەک وەهمیش دەردەکەوێت. نموونە بەوە دەهێنێتە کاتێ دیمەنێک دەبینین، یان گوێمان لە گوتەیەک دەبێت، وا دەزانین پێشتر ئەو دیمەنەمان دیوە، یان ئەو گوتەیەمان بیستووە، بگرە ئەو وەهمە دەمانگەیەنێتە ئەوەی وا هەست بکەین توانای پێشبینیکردنی ئاییندەمان هەیە. مرۆڤ کاتێ دنیای دەرەوە بەم شێوەیە دەبینێت، لەژێر کاریگەریی ئەو وەهمەدا خودی خۆی بە نامۆ دەزانێت، بەڵکوو هەست بە دووفاقییش دەکات. بەم شێوەیە (یادەوەری) بە دیاردەی سایکۆڵۆجیی دەزانێت، نەوەک بە دیاردەی فیزیۆڵۆجی، کە هەستەکانی مرۆڤ دەردەبڕێت، بۆیە پێی وایە یادەوەری دوورە لەوەی مەتێریاڵی بێت، وەک لە کتێبی (ماددە و یادەوەری: Matter and Memory)دا پێی لەسەر دادەگرێت. لە دیدی (هێنری بێرگسۆن)دا ئەو وێنەیەی لامان دروست دەبێت، پێوەندیی بە هۆشمـانەوە هەیە، بۆیە دەچێتە ئاستی (دیورەیشن: Duration) و (ئینتیوەیشن: Intuition)ـەوە، کە ئەم چەمکانە لای ئەو مانای تایبەتیان هەیە، بەوەی پێوەستن بە زەمەنەوە و زەمەنیش بریتییە لە کەڵەکەکردن و بەردەوامی. بە مانایەکی تر، بەردەوامبوونی ڕابردوو و گەشەکردنی، تاکوو ئەوەی دەبێتە داهاتوو، کە ئەمە هاوشانی دۆخە دەروونییەکانیشە. لێرەیشدا یادەوەری بە هۆی ئەو بەردەوامییەوە گەورە دەبێت و گەشە دەکات. بەم شێوەیە (ڕابردوو، ئێستا و داهاتوو) بەشی سەربەخۆ نین، بەڵکوو پێکەوەن و لە یەک سەرچاوەوە هەڵدەقوڵێن. (دیورەیشن) کاتی ناوەوەی خۆمانە، ژیانی سایکۆڵۆجیمانە و هەر ئەویش کاتی ڕاستەقینەیە، بەڵام شوێن خەسڵەتی ماتێریەڵیی هەیە و دنیای دەرەوەمانە. هەر لێرەدا دوو جۆر یادەوەری لە یەکدی جودا دەکاتەوە، یادەوەریی عادەتی (Habits memory) و یادەوەریی ڕووت، یان یادەوەریی بێگەرد (Pure memory). یەکەمیان، پێوەندیی بە سیستەمی دەمارەوە هەیە، کە بە شێوەی میکانیکی ڕابردوو لە ڕێگەی دووبارەکردنەوەی هەڵسوکەوتەکانەوە دەگەڕێنێتەوە. بە هۆیەوە شیعر، داستان و شتی لەم بابەتە لە بەر دەکەین، بەڵام دووەمیان، دەروونییە و لە ناوەوە ڕوو دەدات، بەوەی خاوەنی خەسڵەتی بەردەوامییە و لەگەڵ ئیدراکی جەستەیی (Bodily perception)دا هاوشانە، کە شتەکان و مێژوویشیان دەپارێزێت و دەیانخاتە دۆخی بەردەوامییەوە. ئەمجارە بە شێوەیەکی دیکە دەپرسم من چیی (ڕزگاری)م دیوە و ئەو قوتابخانەیە دەکەوێتە کوێی یادەوەریمەوە؟ ئایا ئەوەی لەو یادەوەریمدا ماوە، ڕزگارییە؟ ئەوەی بۆ وەڵامی ئەو پرسیارانەدا دەستم دەکەوێت، هەر ئەوەیە، کە ئاسان نییە (ڕزگاری) بخەمە شوێنێکی دیاریکراوی یادەوەریم، بەڵکوو دەتوانم بڵێم لە هەرسێ دۆخی (ڕابردوو، ئێستا و داهاتوو)مدا هەیە. ئەو بەردەوامییە وەک (بێرگسۆن) پێی لەسەر دادەگرێت، سەر بە کاتی ناوەوەی خۆمە.

د. شوان: تۆ لە سەرەتای هەشتاکانەوە تا ناوەڕاستی لە ڕزگاری بوویت. ئایا ئەو ماوەیە هیچ کاریگەرییەکی تایبەتی لەسەر یادەوەریتدا هەیە؟ ئایا ڕزگاری شتێکی نوێی خستە سەر ئەو ئەزموونەی پێشتر هەم لە قوتابخانە و هەم لە دەرەوەی قوتابخانەدا هەتبوو؟

کاروان: من کاتێ پێم خستە ناو (ڕزگاری)یەوە، وەک زۆرینەی لاوانی ئەو سەردەمە گیرۆدەی کۆمەڵێک دامودەستگەی کۆمەڵایەتیی لە شێوەی خێزان، گەڕەک، قوتابخانە و هیی دیکە بووم، بەڵام دەتوانم بڵێم لە هەموویان یاخی بووم و هەمیشە خەونم بە ئازادیی خۆمەوە دەبینی. لە بیرم نییە ڕۆژێک لە ڕۆژان لای هیچ یەکێ لەو بەرپرسانەی پەروەردە کەسێکی پەسەندکراو بووبێتم، نە لای باوک، نە لای دانیشتووانی گەڕەک و نە لای مامۆستاکانیشم، بەڵکوو لە چاکترین حاڵدا منداڵێکی، دواتریش هەرزەکارێکی پەراوێزخراو بووم. بۆ ئەوەی پەسەند بکرایتایە، دەبووایە دەست لە ئازادیی خۆت هەڵبگریت و ملت کەچ بکەیت. ڕاستییەکەیشی نەمدەویست وەک ئەوەی ئەوان دەیانەوێت، پەسەند بکرێم. دەستم بۆ هەر چی بردبێت، لە بەخێوکردنی باڵندەیەکەوە تا بەشداریکردنم لە یاریی تۆپی پێدا، قەدەغە بوو، کە لە کتێبی (منداڵیم ئاسکێک بوو بەسەر پەلکەزێڕینەکاندا بازبازێنی دەکرد)دا ئەو دیمەنانەم لە شێوەی گێڕانەوەدا پیشان داون و دواتر لە ڕۆمانی (ئەو هاوڕێیەی منداڵیم ببینمەوە؟)دا بە شێوازێکی تر دەرمخستوونەتەوە. بەوەدا لە دەرەوە دەرفەتی دەربڕینی ئازارەکانمم نەبوو، هەمیشە پەنام بۆ ناوەوەم دەبرد. ئەگەر وەک (ماکس شتیرنەر)ی فیلۆسۆف پێی وایە هەر تاکێک جیهانی تایبەتی خۆی دروست دەکات، ئەوە من هەر بە ڕاستی ئەو جیهانە تایبەتەی خۆمم لە منداڵییەوە دروست کردبوو، بەڵام کەمێک جیاواز لەوەی (شتیرنەر) دەیڵێت، بەڵکوو نزیک لەوەی (نیتشە) دەیهێنێتە بەر چاو. هەر زوو، دەتوانم بڵێم لە قۆناغی سەرەتاییەوە، شیعر بۆ لای خۆیی ڕاکێشام، کە وەک پێشتر بە تایبەتی لە پێشەکیی کتێبی (ڕاگەردان)دا نووسیومە، شیعری پارۆدی (هەجوو)م لەبارەی کەسانی دەوروبەرمەوە هەڵدەبەست و بە شێوەی زارەکی بڵاوم دەکردنەوە، کە ئەمە هێزێکی گەورەی پێ دەبەخشیم، چونکوو هەستم دەکرد چەناڵێکی گرنگم دۆزیوەتەوە، تا لێیەوە هەستی پەنگخواردووی خۆم دەرببڕم و ڕووبەڕووی ئەو هێزانە ببمەوە، کە سەرکوتیان کردووم. ڕاستە شتی سادە بوون، بەڵام سەرەتای ئەزموونی من لەوانەوە دەست پێ دەکات. تۆ خۆت یەکێکی لە هاوڕێیانی منداڵیم و ئەمانەت لە بیرن. لە پۆلدا هەمیشە ئاژاوەم دەنایەوە. لە خۆم ڕادەبینم بڵێم کەسێکی توندوتیژ نەبووم، بەڵام لەگەڵ هیچ سیستەمێکدا ڕێک نەدەکەوتم، با ئەو سیستەمە هیی خوێندنیش بووایە و لەسەری سزا بدرامایە. سیستەمەکان بە دەربڕینی (دۆلۆز)ی فیلۆسۆف لەسەر کوشتنی ئارەزووی تاک دامەزراون. بەوەدا ئامانجی هەر سیستەمێک فەراهەمکردنی ڕێکییە، ئەوە بەر لە هەرچی زمان لە هەمووان دەستێنێتەوە و زمانی خۆیان بەسەردا دەسەپێنێت، بە سیستەمی خوێندنیشەوە، کە بانگەشەی ئەوە دەکات کارێکی چاک و بەسوود ڕادەپەڕێنێت، بۆیە تۆ لە ڕێگەی ناڕێکییەوە بەگژ ئەو سیستەمەدا دەچیتەوە. وەک قوتابییش ئەوەی هەتە، تەنیا دەربڕینی گوتەیەکە، کە سیستەم قەدەغەی کردووە، یان گاڵتەکردنە بە بابەتێک، وا مامۆستا بۆتی باس دەکات. (ئینزێنسبێرگەر: Enzensberger)ی شاعیر و بیرمەندی ئەڵمان گوتارێکی لەژێر ناونیشانی (پێهەڵدانی نەخوێنەواری: In praise of illiteracy)دا نووسیوە، کە باس لەوە دەکات چۆن کەمایەتی لە پەنا خوێنەوارییەوە دەیەوێت بەشێکی زۆری دانیشتووانی سەر زەمین بە بیانووی نەخوێنەواری بسڕێتەوە، لە کاتێکدا ئەوە نەخوێنەوارەکانن یادەوەریی گەورەیان هەیە و وردبینن. ئەوە ئەوانیشن ئەدەبیان داهێناوە، بگرە دەگاتە ئەوەی بڵێت ئێرەیی بە نەخوێنەوار دەبات، کە خاوەنی ئەو یادەوەرییە مەزنەیە. دیارە ئەو نووسەرە دژی خوێنەواری نییە، بە قەدەر ئەوەی دەیەوێت لاکەی دیکەی سیستەمی خوێندن ببینێت، کە مەرجدارە. لە ڕێگەی خوێندنەوە دامودەستگەکان دەیانەوێت توانامان داگیر بکەن و بە ئارەزووی خۆیان هەڵمانبسووڕێنن. پابەندبوون بە سیستەمی خوێندن و لەبەرکردنی وانەکان پێوەرە بۆ زیرەکی و تەمبەڵیی قوتابی، بە مەرجێ وەک (بێرگسۆن) دەڵێت ئەوە یادەوەریی عادەتییە، بە شێوەی میکانیکی ئەو شتانە لە بەر دەکات و قووتیان دەدات. لەبەرکردن قوتابی لەسەر ئەوە ڕادەهێنێت گوتەی دەستەڵاتداران بە پیرۆز بزانێت و لە بەریان بکات، بگرە هەموو فەرمانێکیان بە جێ بهێنێت، کە خۆشبەختانە هەر بە زگماک دژی ئەو سیستەمی لەبەرکردنە بووم. بەو پێوەرە من بە لاوە دەنرام، بەڵام هەر ئەو بەلاوەنانە هێزی دەدامێ پەنا بۆ کەناڵی تری دەربڕین ببەم، کە جگە لە نووسین، ئەو سەردەمە خووم دابووە ئەو هونەرەی بە ئینگلیزی پێی دەگوترێت (Stand-up comedy). چیرۆکێکی کۆمیدیم هەڵدەبەست و لە پۆل، یان لە گۆڕەپانی قوتابخانەدا لە شێوەی نواندن دەمگێڕایەوە. بەکورتی بەر لەوەی بێمە (ڕزگاری)، هەموو ئەزموونەکەم هەر ئەوە بوو. لە (ڕزگاری)دا بۆم دەرکەوت ئەوانەی وەک من وان، ژمارەیان زۆرە، بۆیە هەستم کرد ژینگەی خۆمم دۆزیوەتەوە. ئەوەتە هەر یەکەی بە شێوەیەک ئازادیی لێ زەوت کراوە و لە هەوڵی بەدەستهێنانەوەیەتی. کاریگەریی ئەوانەم هەر زوو لە ڕاپەڕینی بەهاری هەشتاودوودا بۆ دەرکەوت، کە ئەو ڕووداوە هەموومانی هەژاند و بە ڕوونی پیشانی داین یاخیبوونمان بەرهەمی هەیە و سنووری ئازادیمان فرەوانتر دەکات.

د. شوان: ڕاستییەکەی پێم خۆشە ڕاپەڕینی بەهاری هەشتاودووی قوتابییان، کە ڕزگاری ڕۆڵی گەورەی تێدا بینی، بە جودا باس بکەیت. بۆچی ئەو ڕاپەڕینە گرنگە؟ چی وای کردووە لە بەرهەمەکانتدا بایەخی تایبەتی پێ بدەیت؟

کاروان: (لاوانی ڕزگاری) وەک سەرجەم لاوانی تری باشووری کوردستان، لەناو ڕووداوە خوێناویییەکاندا چاویان کردبووەوە و شانبەشانی ئەو ڕووداوانەیش هاتبوون، لە کودەتای شوباتی شەستوسێی شۆڤەنیستەکانەوە بۆ دەرکەوتنی چەتەکانی حەرەسقەومی، لە هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوولەوە تا کوژانەوەی، لە دەستپێکردنەوەی شۆرشی نوێوە بۆ شەڕی عێراق و ئیران، کە ئەوانە ئەگەرچی وایان کردبوو ئەو نەوەیە منداڵیی خۆی لە دەست بدات و سەردەمی لاوێتییشی نەبینێت، بەڵام بە هەمان ئەندازەیش هۆشیارییان پێ بەخشیبوو. (هیگڵ)ی فیلۆسۆف پێی وایە ڕووداوە مێژوویییەکان ئامانجیان لە پشتەوەیە، ئامانجی عەقڵانی (rational aim)، کە عەقڵی گشتگیر هەڵیاندەسووڕێنێت. عەقڵی گشتگیر خواوەندە و دەستەڵاتی تەواوی بەسەر ئەو ڕووداوانەدا هەیە، بۆیە چاکە و خراپە وەک یەک بەشداری لە بزوواندنی ڕەوتی مێژوودا دەکەن، لە کاتێکدا کارەکتەرەکانیش بە چاک و بە خراپیانەوە لەلایەن ئەو عەقڵە گشتگیرەوە ڕۆڵیان پێ دراوە. (هیگڵ) مێژوو بە شانۆی تراجیدی دەزانێت، نەوەک بە شانۆی بەختیاری، بەڵام هاوکات وای دەبینێت هەموو ئەو ڕووداوە تراجیدییانە بە ئاڕاستەی ئازادیدا دەجووڵێن. هەر لە سەرەتای کتێبی (فەلسەفەی مێژوو)دا ڕایدەگەیەنێت، کە مێژووی جیهان شتێک نییە، جگە لە پەرەسەندنی هۆشیاریی پێوەست بە ئازادییەوە. مێژوو بۆ ئەوە دەچێتە پێشەوە، تا بە ئازادیی زیاتر بگات. ئەو ڕووداوانە ئەگەرچی بۆ ماوەیەک وەک فاکتەری نەگەتیڤ لە مێژوودا دەردەکەون، بەڵام دواجار ڕۆڵ لە جووڵاندنی ڕەوتی ئەو مێژووەدا دەبینن و هۆشیاری دێننە ئاراوە، بۆیە پێی وایە مێژوو بوونەوەرێکە و گیانی لە بەرە، کە ئەو گیانە لە لایەک ئازادییەکەیەتی و لە لایەکی دیکەیش تێگەیشتنی ئەوە بۆ ئەو ئازادییە. بەم شێوەیە ڕەوتی مێژوو بەرەو ئازادیی زیاترە، کە هەر ئەم ڕووداوە تراجیدییانەن ئەو ڕەوتە درێژە پێ دەدەن، بەڵام بەوەدا مێژوو گیانلەبەرە، تووشی وەستان، لادان، لێژی و هەورازی دێت، کە وەک گوترا لەوانەوە هۆشیاریی خۆی بە دەست دەهێنێت. دیارە ئەو تێگەیشتنەی (هیگڵ) دواتر دەکەوێتە بەر ڕەخنە، بەوەی سەروەریی (بیری مێژوو) بەسەر بیرکردنەوەی مرۆڤی هاوچەرخدا کۆمۆنیزم و فاشیزمی بەرهەم هێنا، یەکەمیان وەک لایەنی عەقڵ و دووەمیان وەک لایەنی ناعەقڵ، بەڵام مانای ئەوە نییە لە کاریگەریی خۆی دەکەوێت، کە ئەمە خەسڵەتی بیری فەلسەفییە و لێرەدا بە پێویستی نازانم بە لایدا بچم. ئەگەر لە دیدی (هیگڵ)ـەوە بۆ ڕاپەڕینی بەهاری هەشتاودووی لاوان بە گشتی و هیی (قوتابییانی ڕزگاری) بە تایبەتی بڕوانین، بەشێکی بەرهەمی مێژووی خۆمان دەبینین. (لاوانی ڕزگاری) بە جیاوازیی باوەڕ، ئەو ئەکتەرانەن بۆ ئەوە دەجووڵێن، تا ئازادیی زیاتر بە دەست بهێنن. ڕاپەڕینی ئەوان تەنیا لە ئاستی پێویستییە غەریزییەکاندا نییە، بەڵکوو بەر لە هەرچی وەستانەوەیە لە ئاستی تێکڕای سیستەمەکاندا، بە سیستەمی سیاسییشەوە، کە ئازادییان لێ زەوت کردوون. بە دەربڕینی (ئەلبێرت کامیۆ) (نا)ی ئەوان ئەگەر لە ڕوواڵەتدا بۆ فەرمانێکی دیاریکراوی دەستەڵاتە، ئەوە لە جەوهەردا (نا)یە بۆ تەواوی سیستەمی کۆیلایەتی. هەرگیز ناکرێت دوای ڕاپەڕینەکان وا لە مێژوو بڕوانین، هەمان مێژووی پێشووە، مادام لە ڕێگەی ململانێ و پێکدادانەوە هەژێنراوە. قوتابییانی فرەنسا پێشتر لە ڕاپەڕینی ئایاری شەستوهەشتدا ئەوەیان بە ڕوونی پیشان دا، کە ڕاپەڕین مانای پێداچوونەوەیە بە سەرجەم چەمکەکاندا، بگرە تێکشکاندنیانە، بەوەی کۆن بوون و لەوە زیاتر بەرگەی ئەم نەوە نوێیە ناگرن. سەیر نییە، ئەگەر گوتەکەی (ڕامبیۆ)ی شاعیریان کردبێتە درووشمی خۆیان: (پێویستە ژیان بگۆڕێت، ئەو ژیانە بێزراوە کۆنەی، ئیدی شایانمان نییە). سەردەمەکان لەگەڵ خۆیاندا وەهمی تر دەهێنن و لە ڕێگەی دامودەستگە کۆمەڵایەتییەکانی وەک خێزان، قوتابخانە، پەرستگە، گەڕەک و ئەوانەی ترەوە دەیسەپێنن، کە مێدیای حزب و دەوڵەت لەو نێوەدا ڕۆڵی سەرەکی دەبینن، بەڵام ڕاپەڕین ئەو وەهمە تێک دەشکێنێت، بەوەی دەیانخاتە بەردەم واقیعەوە. هەر خودی فەلسەفە پڕە لە وەهم، بۆیە فیلۆسۆفان لەگەڵ هەر تەکانێکی مێژوودا بە چەمکەکانیاندا دەچنەوە. هاوکاتی شۆڕشی فرەنسی (هیگڵ)، (فرێدریک ڤۆن شێلینگ)ی فیلۆسۆف و (فرێدریک هۆلدرێن)ی شاعیر درەختێک دەڕوێنن و ناوی (ئازادی)ی لێ دەنێن. سەرسامیی (کانت)ی فیلۆسۆفیش بە هەمان شۆڕش لە هیی ئەوان کەمتر نەبوو. ڕاپەڕینی ئایاری قوتابییانی فرەنسا فیلۆسۆفانی وەک (سیمۆن دی بۆڤار)، (ژان پۆل سارتەر)، (جیل دۆلۆز) و کۆمەڵێکی دیکەی هێنانە سەر شەقام. ئەو جووڵانەوەیە دەریخست، کە نەک هەر مارکسیزمی ئەرسۆدۆکسی، بەڵکوو تەوژمە فەلسەفییە باوەکانی دیکەی وەک ئێکزیستێنشالیزم و سترەکچەرالیزمیش لەو ئاستەدا نین و دەبێت بە خۆیاندا بچنەوە، کە کاریگەرییەکەی بە ڕوونی لە ڕوانینی (سارتەر)، (مێشێل فۆکۆ)، (ژان بۆدریار)، (جاک دێریدا) و زۆری دیکەدا دەرکەوت، بگرە ئەو گۆڕانکارییە چووە ناو هەموو بوارێکی ژیانەوە، لەوانە ئەدەب و هونەر، کە هەر بۆ نموونە مێژوویەکی نوێ لە سینەمای فرەنساییدا دەستی پێ کرد، تا لە ئاستی تێگەیشتنی مرۆڤی ئەو سەردەمەدا بێت. ئایا ڕاپەڕینی بەهاری هەشتاودووی قوتابییان بە گشتی و هیی (ڕزگاری) بە تایبەتی گۆڕانکاریی هێنا؟ ناکرێت ئەو گۆڕانکارییە تەنیا لەوەدا کورت بکەینەوە، کە خوێندن لە عەرەبییەوە کرایە کوردی، بەڵکوو پێویستە لایەنە گەورەکەی بخەینە بەر چاو، کە بەدەستهێنانی ئازادی و گەیشتنە بە هۆشیارییەکی دیکە. ئەو ئازادی و هۆشیارییە بە ڕوونی هەستیان پێ دەکرا، بە ڕادەیەک یەکێتیی قوتابییانی بەعسی نەک هەر هەڵگیرا، بەڵکوو قوتابی بە ئازادییەکی زیاتر و بوێرییەکی گەورەترەوە بۆچوونی خۆی دەردەبڕی، بێ ئەوەی بتوانن کەسێک دەمکوت بکەن. کاتێ دوو مامۆستای بەشدار لەو ڕاپەڕینەیان لە (ڕزگاری)یەوە بۆ شوێنی تر گواستەوە، کە (محەمەد ئیسماعیل) و (جەلال عەلی شا) بوون، ناڕەزاییی گەورەی لێ کەوتەوە و بە چەپڵەڕێزان هێنایاننەوە، بگرە کار گەیشتە ئەوەی بەڕێوەبەرێکی بەعسی هەر بە هووها دەربکەن و یەکێکی تر بە ئارەزووی خۆیان دابنێن. ئەوە لە مێژووی خوێندنی کوردستان و عێراقدا یەکەمجار بوو ڕوو بدات. لە پشووی نێوان وانەکاندا میوزیک لە ژووری (مامۆستا ئەسغەر)ی بەڕێوەبەرەوە پەخش دەکرا و لەو گۆڕەپانەدا هەڵپەڕکێ بە جلی ڕەنگاوڕەنگەوە دەستی پێ دەکرد، کە یەکێک لە داخوازییەکانی قوتابییە ڕاپەڕیوەکانی فرەنسا تێکەڵکردنی هونەر بوو بە ژیانی ڕۆژانە. بایەخی من هەر لە ناوەڕاستی هەشتاکانەوە تا ئەمڕۆ بەو قوتابخانەیە و بە ڕاپەڕینەکەی بۆ ئەو تێگەیشتنەم دەگەڕێتەوە، کە بۆ چەمکی مێژوو هەمە. یەکەم چیرۆکم بە ناونیشانی (خولەکانی فێرکردن) هەر لە ناوەڕاستی هەشتاکاندا نووسیوە، کە یەکێکە لە کۆمەڵەی (سەدەی یەکەمی خەیاڵ). دواتریش بە شێوەی تر بۆی گەڕاومەتەوە، بەڵام لە ڕۆمانی (ئەو هاوڕێیەی منداڵیم ببینمەوە؟)دا ڕووبەرێکی زیاترم بۆ تەرخان کردووە.

د. شوان: بەڵێ، لەو سەردەمەدا قوتابخانەی ڕزگاری وەک بنکەی یاخیبوون و قوتابیی ڕزگاری وەک سیمبۆڵی ئەو یاخیبوونە سەیر دەکرا، بەڵام ئایا ئەو وەسفە لە شوێنی خۆیدا بوو. ئەگەر ئەو گیانی یاخیبوونە هەر بە ڕاستی دروست بووبوو، جگە لە فاکتەری دەرەکی، فاکتەری دیکەی ناوەوەیشی هەبوون؟

کاروان: ناکرێت باس لە لاوانی ڕاپەڕیوی هەشتاکان بە گشتی و (قوتابییانی ڕزگاری) بە تایبەتی بکەین، ئەگەر پێشتر لەبارەی مرۆڤی یاخییەوە نەدوێین، کە بەشێکی پرسیارەکەت ئەوە دەخوازێت سەرەتا لە چەمکی مرۆڤی یاخی بگەین و ڕووناکی بخەینە سەر ڕەهەندەکانی. بەبێ گەڕانەوەیش بۆ فەلسەفە کارێکی وا مەحاڵە. لەو گەڕانەوەیەیشدا هەر دەبێت لای (نیتشە) بوەستین، کە ئەو ناوی (مرۆڤی باڵا: Superman)ی لێ دەنێت و هەر ئەویشە لەسەر زمانی (زەردەشت)دا دەڵێت: (ئەوا من هەواڵی مرۆڤی باڵام بۆ هێناون. دەسا مرۆڤی ئاسایی شتێک نییە، جگە لە بوونەوەرێک، کە دەبێت تێی بپەڕێنین). وەک خۆی پێی لەسەر دادەگرێت پێشبینیی هەورەتریشقە دەکات. هەورەتریشقەیەیش خودی مرۆڤی باڵایە. مرۆڤی باڵا شەیدای ژیانە، بۆیە لەگەڵ خەڵکی ئاسایی هەڵناکات. پێی وایە هەتا ژیان بەهێزتر بێت، بە هەمان ئەندازەیش ئەو جیهانەی هەیە، بەپیتتر دەبێت. مرۆڤی باڵا خاوەنی (ویستی هێز: The Will to Power)ـە، کە ئەو چەمکە لای (نیتشە) چەشنی زۆر چەمکی دیکەی وەک (گەڕانەوەی ئەبەدی)، (مەرگی خواوەند)، (نیهل: عەدەم) و ئەوانەی تر مانایەکی قووڵی هەیە و بەشێکی زۆری فیلۆسۆفانی دوای خۆی، لەوانە (دۆلۆز) و (فۆکۆ)، خەریکی لێکدانەوەی بوون. لەسەر زمانی (زەردەشت)دا ئەوە ڕادەگەیەنێت، کە مرۆڤی باڵا ڕێک مانای (زەوی)یە. مەبەستیەتی پێوەندیی بەتین لەنێوان مرۆڤی باڵا و ژیاندا دروست بکات، بەوەی ژیان شتێکی واقیعییە. واتە لەسەر زەوییە و دوورە لەوەی وەهم بێت. مرۆڤی باڵا پێچەوانەی مرۆڤی ئاسایی، نرخی بەرز بۆ ژیان دادەنێت، بگرە جوانی لەو ژیانە دەبینێت و بە ئەبەدیی دەزانێت، بۆیە ڕق، ئێرەیی و تۆڵەسەندنەوە، کە بەشێکی گەورەی ڕەوشتی مێگەل پێک دەهێنن، لای مرۆڤی باڵا نرخیان نییە. ئەو بەهایانە تێک دەشکێنێت، کە مێگەل دەستی پێوە گرتوون، بێ ئەوەی بەهای دیکە دابهێنێت، چونکە هەموو شتێک لە ئاست گەورەییی مرۆڤی باڵادا بێنرخە. ماسکەکان دادەماڵێت، مادام لە پشت ماسکدا هیچ شتێک نییە، بەڵکوو ماسک ڕووبەرێکە و جگە لە خودی خۆی، هیچی دیکە ناشارێتەوە. (نیتشە) کاتێ جاڕی مەرگی خواوەند دەدات، ڕێک دەیەوێت ئەو مرۆڤە باڵایە لە دایک ببێت، کە هەتا ئێستا ئایدیالیزم بە تایبەتی کریستیانەتی لەژێر ناوی گوناە و تۆبەدا ویستی لێ داگیر کردبوو. مرۆڤی یاخی، یان مرۆڤی باڵا بەوەدا شەیدای ژیانە، لە دژی تاریکی و کزی دەوەستێتەوە، کە میراتی فەلسەفەی پلاتۆنی و کریستیانەتی سەپاندوویانە و لووتکەی نیهلن. (زەردەشت) دوای دە ساڵ دابڕانی لە خەڵک، بۆ لایان دەگەڕێتەوە و لە جیاتیی خۆڵەمێش، ئاگریان بۆ دەهێنێت. بەڵێ، ژیان، نەوەک وەهمی ژیان. مرۆڤی باڵا ڕووناکی، شادی و چێژی کردووەتە بەشێکی گەورەی ژیانی، بۆیە بە ئاسوودەییی بچووک ڕازی نییە و تینووی ئاسوودەییی مەزنە. لەپێناوی ژیاندا پەنا بۆ سەرچڵی (Adventure) دەبات، بگرە ئەوە سەرچڵییە ئەوی پێ لە مرۆڤی ئاسایی جودا دەکرێتەوە. لێرەدا نموونەیەک دەهێنێتەوە، تا بیرۆکەکەی پێ ڕوون بکاتەوە: خەڵک گوێیان لە (زەردەشت) نەدەگرت و لەو ئەکرۆباتەیان دەڕوانی، کاتێ بەسەر پەتێکدا دەڕۆیشت، بەڵام هەر هێندە ئەکرۆبات لەو بەرزایییەوە کەوتە خوارێ، (زەردەشت) هەڵیگرتەوە و لەسەر دەستەکانی خۆیی دانا. ئینجا پێی ڕاگەیاند دەیخاتە سەروو هەموو ئەو خەڵکەوە، بەوەی ئازایانە ژیا و ژیانی خستە مەترسییەوە. (نیتشە) دەیەوێت بڵێت (ویستی هێز) پێویستە پێکەنین، سەما و شادیی لێ بچۆڕێتەوە. لەم ڕووەوە کریستیانەتی دەداتە بەر ڕەخنەی توند، بەوەی داوا لە مرۆڤ دەکات لەپێناوی بەدەستهێنانی مەلەکۆتدا، واز لە ئێستا و واقیعی ئەمڕۆی بهێنێت. مرۆڤی باڵا گوێ بەو مژدانە نادات، کە باوەڕە ئایدیالیستەکان پێی دەدەن، بەڵکوو پێی وایە چۆن منداڵ خۆی لە شیری دایک دەبڕێتەوە، ئاوا پێویستە ئەویش خۆی لە شیری ئەو مژدەدەرانە ببڕێتەوە و متمانە بە هیچ هێزێکی دەرەوەی خۆی نەکات. ئەوانە لە ئاستی مرۆڤی باڵادا چەند (ئەسپێ)یەکن و دەخشێن، کە ئەگەر قێزکردنەوە ڕێی لێ نەگرتایە، دەیفلیقاندنەوە. ئەوەی پێویستە لای مرۆڤی باڵا شکۆی هەبێت، هەر خودی خۆیەتی، چونکە ئەگەر ئەو خودەی خۆی نەبێت، دەتوانێت چی ببینێت؟ مژدەدەران مەبەستیانە (خود) لە مرۆڤ بستێننەوە و وای لێ بکەن وەک شتێکی بێبەها لێی بڕوانێت. لێرەدا ماوەتەوە ئاماژە بە دوو خاڵی گرنگ بکەم، کە پێوەندییان بە مرۆڤی باڵاوە هەیە و (نیتشە) لە هەر فیلۆسۆفێکی پێش خۆی جودا دەکەنەوە: یەکەم، پێدانی مانایەکی دیکەی تەواو جیاوازە بە چەمکی (نیهل)، کە بۆ نموونە لای (ماکس شتیرنەر) مانایەکی نەگەتیڤی دەگەیاند، بەوەی (نیتشە) پێی وایە حەقیقەت وەستاو نییە، بەڵکوو بەردەوام پێویستمان بە حەقیقەتی تر هەیە. بەم شێوەیە حەقیقەت دەخاتە باری دینامیکییەوە. دووەم، ڕزگارکردنی فەلسەفەکەی لە ڕەشبینیی (شۆپێنهاوێر). (نیتشە) بە تایبەتی لە کتێبی (جینالۆجیای مۆڕاڵ)دا ئەو ئاستەی تێپەڕاند، کە (شۆپێنهاوێر) لە چەمکی (ئازار)دا پێی گەیشتبوو، بەڵکوو لە ڕێگەی پرسیاری (ئازار چییە؟)وە مانایەکی دیکەی بەو چەمکە دا و لەو ئازارەی جودا کردەوە، کە مرۆڤی باوەڕدار لە ڕێگەی ئەشکەنجەدانی جەستەیەوە دەریدەبڕێت، بەوەی ئەو جەستەیەی لا بێنرخە. هەر لێرەدا تراجیدیا لە خەفەت جودا دەکاتەوە. پێی وایە ڕەشبینیی (شۆپێنهاوێر) دەستهەڵگرتنە لە ژیان و عەدەمیەتێکی نەگەتیڤە، لە کاتێکدا خۆی، واتە (نیتشە) لە تراجیدیاکانی یۆناندا خودی ژیان دەبینێت. پێشتر لە بارەی تراجیدیاوە نووسیومە، کە ئەو فیلۆسۆفە چەند شەیدایەتی. بە پێویستی نازانم ئێستا بۆی بگەڕێمەوە. ئەو تێڕوانینەی (نیتشە) لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە تا ئەمڕۆ بەردەوام لە مێژووی فەلسەفەدا بووەتە مایەی مشتومڕ، کە ئێمە لێرەدا نە بواری ئەوەمان هەیە باسیان بکەین و نە بە پێویستیشی دەزانین، بەڵام ناکرێت ئاماژە بە فیلۆسۆفێکی دیکە نەکەین، کە ئەویش (ئەلبێرت کامیۆ)یە و ژیانی بۆ ئەوە تەرخان کردووە، پێناسەی مرۆڤی یاخی بکات، بە تایبەتی لە کتێبی (مرۆڤی یاخی: The Rebel)دا. مرۆڤی یاخی دژی ڕۆتینی ڕۆژانە و ژیانی ساردوسڕ لە جەنگدایە. بە هیچ لێکدانەوەیەکی ئەم گەردوونە ڕازی نییە، چونکە ئەو لێکدانەوانە خێرا بۆ وەهم دەگۆڕێن و بەرگە ناگرن، بۆیە وەک کەسێکی نامۆ خۆی دەبینێتەوە و هاوکات پرسیاری (ئایا ئەم ژیانە شایانی ئەوەیە تێیدا بمێنمەوە؟) لە بەردەمیدا قوت دەبێتەوە، کە هەر لێرەدا هەستی بێهوودەیی (Absurdity)ی لا سەر هەڵدەدات. کەواتە بێهوودەیی لەو بۆشایی و ماندووێتییەدا دەرفەت دەهێنێت و خۆی دەخزێنێتە ناو هۆشیاریی مرۆڤەوە. ئەوەی پێوەندیی نێوان مرۆڤ و گەردوون دادەمەزرێنێت، بێهوودەییە. هەر کاتێ هۆشیاریی مرۆڤ کەوتە گەڕ، خێرا بێهوودەییی ئەم گەردوونەی بۆ دەردەکەوێت و چارەنووسی خۆی بە تاریکی دەبینێت، بەڵام هەر ئەوەیش یاخیبوون بەرهەم دەهێنێت و ئارەزووی گۆڕنکاری لای ئەو مرۆڤە دێنێتە دی، لە کاتێکدا (کامیۆ) پێی وایە تەنیا مرۆڤە لەم گەردوونەدا ئەو دۆخەی ناوێت، کە تێیدایە و (بوون: وجوود)ی خۆی لە یاخیبووندا دەدۆزێتەوە. (من یاخیم، کەواتە هەم). ئایا (بوون) لە پێش (یاخیبوون)ـەوەیە، یان بە پێچەوانەوە؟ وەڵامەکەی: هەردووکیان پێکەوە هەن. ئاماژە بە چەند جۆرێکی یاخیبوون دەکات: یەکەمیان، یاخیبوونی میتافیزیکی، کە یاخیبوونیەتی لە چارەنووسی خۆی و تێکڕای گەردوون. کۆیلە (نا) بەو سەردارە دەڵێت، دەیچەوسێنێتەوە و مافی زەوت کردووە، بەڵام دووەمیان، یاخیبوونی مێژوویییە، کە بۆ ئازادی و دادپەروەری ئاڕاستەیە. یاخیبوونی سێیەم، یاخیبوونی هونەرییە، کە هونەرمەند لە ڕێگەی هونەرەوە هەست بە ناتەواویییەکانی گەردوون دەکات، ئەو گەردوونەی هەمیشە ناتەواوە و بە هیچ شتێک پڕ نابێتەوە. یاخیبوون لە شۆڕش گەورەتر و فرەوانترە، کە (کامیۆ) هەوڵی داوە بە وردی ئەوە لە بەرژەوەندیی مرۆڤی یاخیدا یەکلا بکاتەوە. مرۆڤی یاخی زۆر لە شۆڕشگێڕ هۆشیارترە، بگرە خودی شۆڕشگێڕ تێدەپەڕێنێت. ئەگەر شۆڕش لە ناو بیرۆکەیەکدا چەکەرە دەکات، ئەوە یاخیبوون جووڵەیە و لە ئەزموونی کەسێتییەوە سەر هەڵدەدات، تا لەوێوە بۆ بیرۆکە بگۆڕێت. شۆڕش مرۆڤ دەکاتە ماتێریەڵێک بۆ مێژوو، لە کاتێکدا یاخیبوون جەخت لەسەر مرۆڤایەتی دەکاتەوە و ناهێڵێت سروشتی مرۆڤ ملکەچی هیچ هێزێک ببێت. بەم شێوەیە یاخیبوون کارێکی داهێنەرانەیە و بۆ دامەرزاندنی خودی مرۆڤە، بەڵام شۆڕش بۆ (نیهل) ئاڕاستەیە و پەنا بۆ تیرۆر دەبات، بگرە دەگاتە ئەوەی مرۆڤ بکاتە کۆیلە. هەر لە کتێبی (مرۆڤی یاخی)دا ڕەخنە لە چەمکی شۆڕش دەگرێت، کە تێیدا ماناکان ئاوەژوو دەکرێنەوە، بەوەی لە جیاتیی ئەوەی ئازادیی مرۆڤ فرەوان بکات، سنووری بۆ دادەنێت. بەم شێوەیە ڕەخنەی توند لە ئایدیۆڵۆجیای کۆمۆنیزم و فاشیزم دەگرێت. وەک دەبینین مرۆڤی یاخیی (کامیۆ) ڕوویەکی دیکەی (مرۆڤی باڵا)ی (نیتشە)یە و هەردووکیان لەوەدا یەک دەگرنەوە، کە دژی ئەو هێزانەن، دەکەونە دەرەوەی خۆیانەوە و دەیانەوێت ویستیان لێ بستێننەوە. لێرەوە دەڕوانینە (قوتابیی ڕزگاری)، کە بۆ یەکەمجار وەک بوونەوەرێکی یاخی لە مێژووماندا دەردەکەوێت. بێگومان بە شێوەی گشتی مەبەستم سەرجەم لاوی یاخیی هەشتاکانە لە هەموو شارەکاندا، بەڵام لێرەدا (قوتابیی ڕزگاری) تایبەت کراوە. ئەوانە ئاستی (مرۆڤی شۆڕشگێڕ)ی چەکداری شاخەکان تێدەپەڕێنن و دەگەنە ئاستی (مرۆڤی یاخی)ی سەر شەقامەکان. واتە یاخیبوونی ئەوان تەنیا لە ئاستی فۆرمی سیاسیدا نییە، بەڵکوو یاخیبوونە لە کەلتوورێکی داڕزاو بە هەموو فۆرم و ئاڕاستەکانیەوە. ئەوە خۆشەویستیی ژیانە، نەوەک ڕق لە ژیان، پاڵ بە (قوتابیی ڕزگاری)یەوە دەنێت ڕووبەڕووی هێزێکی دڕندەی وەک بەعس ببێتەوە. ئەو هێزەی (قوتابیی ڕزگاری) بە دەستی هێناوە، سەرچاوەکەی هەر ئەو خۆشەویستییەیە بۆ ژیان، بەڵام ئەو خۆشەویستییە ئەگەر لە لایەک بەرهەمی هۆشیارییەکەی بێت، ئەوە هاوکات خۆیشی هۆکارە بۆ بەرهەمهێنانەوەی هۆشیاریی زیاتر. ئەو هۆشیاری و خۆشەویستییە دوو فاکتەرن، کە وایان کردووە (قوتابیی ڕزگاری) خودی خۆی دوور لە وەهمی مژدەدەرەکان دابمەزرێنێت. (قوتابیی ڕزگاری) کاتێ ڕاپەڕی، ئاگرەکەی (زەردەشت)ی بە دەستەوە گرتبوو، نەوەک خۆڵەمێش، پێچەوانەی داعش و سەرجەم ڕەوتە هاوشێوەکانی، کە خۆڵەمێشیان هێنا، تا ئاگری پێ بکوژێننەوە و جوانیی ژیان بە چادری مەرگ دابپۆشن. (ئەمڕۆ)یان بێنرخ کرد و مژدەی (سبەی)یەکی نادیاریان پێ داین. ڕاپەڕینی لاوانی بەهاری هەشتاودوو ئاماژەیەکی زەقە، کە ئێمە هۆشیارییەکی نوێمان هەیە و دەبێت مێژوویەکی جیاوازی پێ دروست بکەین. ئەوانە بەوە دەناسرێنەوە، کە لە کەلتووری پەرستن و پیرۆزی دوور کەوتوونەتەوە. هەموو ئەو سیمبۆڵانەی پێشتر تا ئاستی خواوەندەکان بەرز دەکرانەوە، لای ئەوانە نەک هەر بەر ڕەخنەی توند دەکەون، بەڵکوو دەبنە بابەت بۆ گاڵتەجارییش. (قوتابیی ڕزگاری) کارەکتەرێکی دڵخۆشی ڕووگەشی ژیاندۆستە و هەر بە ڕاستی لەسەر زەویدا سەما دەکات. (کامیۆ) پێی وایە ئەو یاخیبوونە لە ئاستی تاکەوە بۆ ئاستی کۆمەڵیش دەگوزارێتەوە، بێ ئەوەی تاکەکان خودی خۆیان لە دەست بدەن، بۆیە (من یاخیم، کەواتە هەم) دەچێتە ئاستی (من یاخیم، کەواتە ئێمە هەین). ئەو خەسڵەتە لە (ڕزگاری)دا بە دی دەکرا و ئەو ئەتمۆسفێرە ئازادەی دروست بووبوو، بەرهەمی (ویستی هێز)ی (قوتابیی ڕزگاری) بوو.

د. شوان: با لەو ئەتمۆسفێرە دوور نەکەوینەوە و ڕێم بدە لێت بپرسم تۆ وەک ئەوەی ڕۆماننووسیت، چۆن دەتوانیت وێنەیەکی ئەودەمی قوتابخانەی ڕزگاری و قوتابیی ڕزگاریمان بخەیتەوە بەر چاو؟

کاروان: ئێمە کاتێ دەڵێین ئەو ئەتمۆسفێرە بەرهەمی یاخیبوونە، هاوکاتیش دەبینین، کە لەناو ئەو ئەتمۆسفێرەدا دیسان گیانی یاخیبوون دروست دەبێت و پتر گەشە دەکات. هەموو جووڵەیەک جیاوازی بەرهەم دەهێنێت، بۆیە دوای هەر جووڵەیەک ئێمە پێ دەخەینە قۆناغێکی نوێوە. بە مانایەکی دیکە، تەنیا لە ڕێی جووڵەوە دەتوانین بە ڕووبەری دیکەی نەزانراو بگەین. هەتا جووڵەکان گەورەتر بن، بەرهەمیشیان گەورەتر دەبێت. لاوی هەشتاکان لە ڕێگەی ڕاپەڕینەوە ڕووبەرێکی تەواو نەزانراویان دەرخست. ئەو بەعسەی لانی کەم لە بەهاری حەفتاوپێنجەوە وای پیشان دەدا کێوێکە و هێز نییە جارێکی تر لە دەنکێ چەوی نزیک ببێتەوە، لەسەر شەقامەکاندا کرایە گاڵتەجاڕ. گرنگە لێرەدا بڵێین ڕاپەڕین تێکڕای باشووری کوردستانی گرتەوە و قوتابیی ئەو شارانە لە زانکۆی سەڵاحەدیندا ڕۆڵی گەورەیان تێدا بینی. سلێمانی، کە مێژوویەکی نەپساوەی لە ڕووبەڕووبوونەوەی ستەمدا هەبووە، هاوکاتی هەولێر ڕاپەڕی. (شاری من جوانە و شاری تۆ ناشیرینە)، لەو سەردەمەدا نەک هەر نەبوو، بگرە پێچەوانەکەی دەبینرا. بیرکردنەوەیەکی وا لە مرۆڤی یاخیی ئەو ڕۆژگارە زۆر دوور بوو، کە ئەمڕۆ جەماوەری دەستەمۆکراوی پارتییە سیاسییەکان پێوەی خەریکن. نووسەر و ڕۆژنامەنووسە مووچەخۆرەکانیش لێرە و لەوێ ئەو جەماوەرە لە دژی یەک هان دەدەن. لاوانی ڕاپەڕیو بۆ یەکەمجار لەو ڕۆژگارەدا بە ڕاستی زانییان تامی ئازادی چییە، چونکوو ڕاپەڕین تەعبیری لەو تینوویەتییە دەکرد، کە بۆ ئازادییان هەبوو. وەک پێشتر گوترا ڕاپەڕینی بەهاری هەشتاودوو قوتابخانەی ڕزگاریی کردە ناوچەیەکی ئازادکراو و یەکێتیی قوتابییانی بەعسی هەڵگرت. کاتێ دەڵێین ڕاپەڕین جیاوازیی هێنا، مەبەستمان هەموو ئاستەکانی جیاوازییە. بەر لە هەرچی ئەو سنووربەندییەی نێوان قوتابی و مامۆستا نەما. واتە پێوەندییەکە لە فۆرماڵەوە بۆ هاوڕێیەتی گۆڕا. نەدەکرا مامۆستا بەهایەکی بەرز بۆ قوتابییەک دانەنێت، کە بە دەستی ڕووت ڕووبەڕووی یەکێک لە دڕندەترین ڕێژیمەکانی دنیا بووبێتەوە و تێکی شکاندبێت. هاوکات قوتابی زیاتر متمانەی بە مامۆستایەک دەکرد، کە نەک هەر لە دژی نەوەستاوەتەوە، بەڵکوو پشتگیرییشی کردووە. بەشداریی هەندێک مامۆستا لە سنووری قسە دەرچوو و گەیشتە ئەوەی بە کردەوە ناڕەزاییی خۆیان دەرببڕن. ئاستی خوێندن زۆر هەڵکشا، چونکە هۆشیارییەکی نوێ لای قوتابی و مامۆستا هاتە کایەوە. ئەو ئازادییە وای کرد لە سنوورێکی فرەوانتردا گفتوگۆ بکەین، بگرە خۆمان تەنیا بەو کتێبانەوە نەبەستینەوە، کە وەزارەتی پەروەردە سەپاندوونی، بەڵکوو زیاتر پشت بە کتێبی تر ببەستین. لە هەندێک قوتابخانەدا قوتابی تەنیا ئەو کاتە بەڕێوەبەری دەبینی، کە یاسای خوێندنی دەشکاند و مامۆستا بە مەبەستی سزادانی دەیناردە ژوورەکەی، بەڵام بەڕێوەبەری ئێمە وەک گوترا بە دەستی خۆی کاسێتی گۆرانیی دەخستە سەر ڕیکۆردەر، تا قوتابییان بە بۆنەی ڕاپەڕینەوە هەڵبپەڕن. من و هاوڕێکانم لە گۆڕەپانی قوتابخانەدا نوکتەمان بۆ بەڕێوەبەر گێڕاوەتەوە. لەبارەی ئەدەب و سیاسەتەوە گفتوگۆمان لەگەڵدا کردووە. هەمان شت لە پۆل لەگەڵ مامۆستاکانیشدا. بۆ نموونە جارێکیان لەبارەی شیعرێکی (جەمیل ڕەنجبەر)ەوە گفتوگۆمان دەکرد، کە (یووسف دەرگەڵەیی) لە گۆڤارێکدا سەرنجی خۆی لەبارەیەوە نووسیبوو. ئەمیان لە شاخ گیانی بەخت کردبوو، ئەویان لە سێدارە درابوو، کە هیچ کەس بۆی نەبوو ناویان بهێنێت. (مامۆستا قاسم کۆییی فیزیا)، (مامۆستا ئیسماعیل شوکری مێژوو)، (مامۆستا موحسینی ئینگلیزی)، (مامۆستا نوورەدەینی عەرەبی)، (مامۆستا محەمەد ئیسماعیلی مێژوو)، (مامۆستا پەترۆس فرەنسیسی ماتماتیک)، (مامۆستا مۆفەقی ئینگلیزی)، (مامۆستا ڕۆستەم باجەلانی کوردی)، (مامۆستا عەلی بەگ باییزی فیزیا)، (مامۆستا بەندەر عەلی ئەکبەری عەرەبی)، (مامۆستا سەڵاحی وەرزش)، (مامۆستا ئەفرامی مێژوو)، (مامۆستا وریا بەهائەدینی ماتماتیک)، (مامۆستا عەبدولسەلامی کیمیا) و کۆمەڵێکی تر بە ئاشکرا دژی بەعس و هەموو سیمایەکی کەلتووری داڕزاوی کۆمەڵگە بوون. (مامۆستا فریاد بیلال) بە شێوەیەک باسی دڕندەییی ڕێژیمی دەکرد، وات دەزانی لەو شاخانەیە و لە ڕادیۆوە دەنگی دەبیستیت. شتێکی سەیر نییە، کە لە ڕاپەڕینی (1991)دا یەکێ لەو مامۆستایانەی سنگیان دەدەنە بەر گولـلەی بەعس و گیانیان بەخت دەکەن، (مامۆستا بەهرام جەمیل)ی (ڕزگاری) بێت. وەک گوتمان هەر جووڵەیەک دەبێتە هۆی دروستبوونی هۆشیاری، بەڵام هەر ئەو هۆشیارییە بەرهەمهاتووە جارێکی تر بۆ هۆکار دەگۆڕێت و جووڵەی تر بە دوای خۆیدا دەهێنێت. ململانێی فیکری وای کردبوو بۆچوونەکانمان بەر یەکتر بکەون، کە ئەو بەریەککەوتنە دەبووە هۆی ئەوەی خودی خۆمان ڕوونتر ببینین، چونکوو وەک (هیگڵ) پێی وایە هۆشیاری لە ئەنجامی ئەو ململانێیەوە گەشە دەکات، مادام بەر هۆشیارییەکی تر دەکەوێت، کە لێوەی جیاوازە. لێرەدا دەکەوینە بەردەم پێوەندیی تاک بە دەوروبەرەوە. هەتا ئەو دەوروبەرە زیاتر هەڵگری ڕەگەزەکانی ململانێ بێت، ئەو تاکە زیاتر دەجووڵێت و پتر لەگەڵ هۆشیاریی خۆی و هیی (ئەوانەی تر)دا ڕووبەڕووی گرفت دەبێتەوە. من خۆم هەر کاتێ لەو گفتوگۆیانەدا هەستم دەکرد ئاگاییی ترم پێویستە، دەچووم بیرم دەکردەوە و بە دوای سەرچاوەدا دەگەڕام. ناوی کۆمەڵێک کتێبی گرنگم زانین و باسی دەیانیشم لە زمانی هاوڕێکانمەوە بیستن. بۆ نموونە جارێکیان لەبارەی (ئێکزیستێنشالیزم مرۆڤایەتییە)ی (سارتەر)ـەوە گفتوگۆ دەکرا. چووم ئەو کتێبەم بە عەرەبی پەیدا کرد و چەند ڕۆژ خەریکی خوێندنەوەی بووم، کە دەتوانم بڵێم شتێکی وای لێ تێنەگەیشتم، بەڵام سەرەتایەکی گرنگ بوو، تا زیاتر لە فەلسەفە نزیک ببمەوە و بە چاوێکی جیاوازتر بخوێنمەوە، بگرە جیاوازتر لە خۆم و لە دەوروبەرم بڕوانم، کە ئەمە لە نووسیندا بۆم بووە پاڵپشتێکی گەورە. قوتابیی ئەو سەردەمە زۆر لە هەندێک نووسەری ئەمڕۆی زیاتر دەخوێندەوە و قووڵتر بیری دەکردەوە. لەگەڵ ئەوەیشدا جیاوازیی فیکریمان هەبوو، کە هەندێجار دەگەیشتە ئاستی تووڕەییش، بەڵام وەک لە پێشەکیی کتێبی (ڕاگەردان)دا نووسیومە ئەو جیاوازییە بە ئاڕاستەی دروستدا دەچووە پێشێ. ئەمە ئەوەی دەگەیاند لاوی ئەو سەردەمە هۆشیاریی بەرز و خەونی گەورەی هەبوو. هەر یەکەی دەیزانی دژەکەی خەریکی چییە و ماڵەکەی، بگرە گیرفانەکانی پڕن لەو نووسینانەی قەدەغە کراون، بەڵام ڕێژیم لە هاوکێشەکەدا هەر تەواو کرابووە دەرێ. ئەو دۆخە لانی کەم تا ناوەڕاستی هەشتاکان درێژەی کێشا.

د. شوان: وەک ئەودەمیش سەرنج دەدرا قوتابیی ڕزگاری زۆر پابەندی خوێندنی فەرمی نەبوو، بەڵکوو پتر بە لای ڕابواردن و گاڵتەوگەپدا دەچوو. خۆیشت ئاماژەت پێ کرد زیاتر خەریکی هەڵپەڕین و گۆرانی بوو لەوەی مشووری خوێندن بخوات. بە لاکەی تریشدا خوێندنەوە و گفتوگۆ چ لەناو قوتابخانە و چ لە دەرەوەیشدا دوو خەسڵەت بوون، قوتابیی ڕزگارییان پێ دەناسرانەوە. ئەمانە چۆن لێک دەدەیتەوە؟

کاروان: بەگشتی لاوانی ئەو سەردەمە بەو خەسڵەتانە دەناسرانەوە، بەڵام ڕزگاری تایبەتمەندێتیی خۆی هەبوو. چەند ساڵێ لەمەوبەر (دڵشاد خدر)ی هاوڕێی منداڵیم لە دانیشتنێکدا پرسیارێکی نزیک لەمەی لێ کردم، کە ڕەنگە ئێستا وەڵامەکەم گۆڕانێکی وای بەسەردا نەهاتبێت. ڕاستییەکەی من بەشێکی هۆکارەکەی بۆ لایەنی سۆسیۆڵۆجی دەگەڕێنمەوە، کە زۆرینەی (قوتابیی ڕزگاری) سەر بە چینی ناوەڕاستی کۆمەڵگە بوون. ئەو چینە لانی کەم لە سەدەی نۆزدەمەوە تا ئەمڕۆ بووەتە جێگەی سەرنجی فیلۆسۆف و کۆمەڵناسان. بەوەدا ئەندامانی ئەو چینە پێگەی جێگیریان نییە، کە هەمیشە لەنێوان چینی هەرەژێرەوەی کۆمەڵ و چینی هەرەباڵادەستیدا لە جووڵەدان، ئاگایی و هۆشیاریی فرەوان بە دەست دەهێنن. خۆیان لە زۆر بواری وەک ئەدەب، هونەر، سیاسەت، وەرزش، ئابووری و هیی تر دەدەن. گیانی سەرچڵییان گەورەیە. ژنانی ئەو چینە بوون لە کوردستاندا هاتنە دەرێ و پەنایان بۆ خوێندن برد. بوونە مامۆستا و فەرمانبەر. خۆیان خزاندە ناو بواری وەرزش و هونەرەوە. ئەو جووڵەیە هەمیشە وای کردووە ئەوان ترس و نیگەرانییان هەبێت، کە ئەو دوو ڕەگەزە پاڵنەری گۆڕانکارین، چ لە ئاستی تاک و چ لە ئاستی کۆمەڵدا. ئەندامانی چینی ناوەڕاست بە ترسەوە لە ڕابردوو دەڕوانن، بەڵام هاوکات گەشبینانەیش چاو دەبڕنە ئاییندە، بۆیە بە جارێ هەرسێ ڕەهەندی کاتیان لە بەر چاوە. لەگەڵ هەر ڕووداوێکدا دۆخی ئەوان دەگۆڕێت. وەک بینیمان لە سەرەتای ڕاپەڕین و لە گەرمەی ئابلۆقەی ئابووریدا بەشی زۆری مامۆستا، فەرمانبەر، پزیشک و ئەندازیار لە بازاڕەکاندا بوونە دەستگێڕ، بەڵام بەشێکیشیان لە حزبەکاندا پلەیان پێ درا و خێرا بۆ سەرەوە هەڵکشان. مێدیای حزبەکان ئەوان بە دەستیانەوە گرت. واتە تیڤی، ڕۆژنامە و گۆڤارەکانیان هەر بەوان سپێردران، چونکە شارەزان و لە فریودان (دێمەگۆگی) دەزانن. پێشتر لە کاتی شەڕی عێراق و ئیراندا گورزی گەورەیان بەر کەوت، بەوەی بۆ بەرەکانی شەڕیان بردن، کە ئەنجام بەشێکیان گیانیان لە دەست دا، بەشێکیان لە کار دەرکران و خۆیان شاردەوە، بەڵام هەندێکیشیان لە دامودەستگەکانی دەوڵەت و حزبدا پێگەیان بەرز بووەوە. بەشێکی زۆری ئەندامانی ئەو چینە یاخی دەبن و شۆڕش هەڵدەگیرسێنن، بەوەی ئارەزووی گۆڕانکارییان هەیە، بەڵام هەر ئەندامانی ئەو چینەیشن دەبنە پاڵپشتی گەورەی دەستەڵاتە دیکتاتۆرەکان، بەوەی خاوەنی شارەزایین و دامودەستگەکان پێویستیان پێیانە. وەک سەرنج دەدەین ئەو چینە بەردەوام لە هەڵکشان و داکشاندایە، کە ئەوە بزوێنەری ئەندامەکانیەتی، بەوەی دۆخی جیاوازی سایکۆڵۆجی دەبینن و لە هەر جووڵەیەکدا ئاگایی و هۆشیارییان گەورەتر دەبێت. ئەندامانی چینی ناوەڕاست خۆیان دەخزێننە ناو بواری پەروەردە و خوێندنەوە، چونکە لەوێدا دەتوانن کار بۆ بەدەستهێنانی خەونەکانیان بکەن. (پییر بۆردیۆ)ی کۆمەڵناس پێی وایە بەشێکی زۆرکەم لە ئەندامانی چینی ژێرەوە دەتوانن لە خوێندن بەردەوام ببن و بگەنە زانکۆ، بەڵام ئەندامانی چینی ناوەڕاست و هیی چینی باڵادەست دەست بەسەر ئەو بوارەدا دەگرن و ئەوەی دەیشخوێنرێت، هەر کەلتووری ئەوانە، کە بە (دەستەڵاتی سیمبۆڵی: Symbolic power) ناوی دەبات. ئەوانە هەر وەک (بۆردیۆ) پێی لەسەر دادەگرێت باری دارایییان باشە و وەک ئەندامی چینەکانی ژێرەوە گرفتی خوێندنیان نییە. بەم شێوەیە دامودەستگەی خوێندن شێوازی زمان و کەلتووری چینە نەدارەکان پشتگوێ دەخات، کە ئەمە (توندوتیژیی سیمبۆڵی: Symbolic violence)یە، بەوەی نەک هەر شێوازی زمان و کەلتووری چینە باڵادەستەکانیان بەسەردا دەسەپێنێت، بەڵکوو ڕەوایەتییشیان پێ دەدات. ئەگەر لێرەوە بۆ (قوتابییانی ڕزگاری) بڕوانین، دەبینین زۆرینەیان ڕۆڵەی چینی ناوەڕاستی کۆمەڵن، کە تا ڕادەیەک لە ڕووی ئابوورییەوە بێگرفتن و دەتوانن بخوێنن. وەک گوترا ئەندامانی ئەو چینە دەکرێت یەکێ لەو دوو ئاڕاستەیە بگرن، یاخیبوون لە دامودەستگەکانی دەوڵەت، یان بەدەستەوەگرتنیان، کە لە هەردووکیان شارەزان. (قوتابییانی ڕزگاری) بە گشتی ئاڕاستەی یەکەمیان هەڵبژاردبوو. یاخیبوونی ئەوان تەنیا لە سنووری سیاسەتدا نەبوو. بە مانەیەکی تر، ئەوان تەنیا لە فۆرمێکی دیاریکراوی کەلتووری کۆمەڵ یاخی نەبوون، بەڵکوو فۆرمی کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی، ئابووری، مێژوویی و ئەوانەی تریشیان بە کۆن دەزانی و دەیاندایە دواوە. وەک پێشتر گوترا تینوێتیی ئەوان بۆ ئازادی، هەڵسوڕێنەری ئەو یاخیبوونە بوو. لێرەدا پێم خۆشە نموونەیەک بهێنمەوە. لە ئاهەنگێکی قوتابخانەدا هاوپۆلێکمان بە (شیعر!)ێکی پێکەنیناوی هێرشی کردە سەر ئەو لاوانەی لە دابونەریتی باپیران لایان داوە. دەیگوت ستایڵی جلوبەرگ، هیی قژ و هیی قسەکردنیان مایەی شەرمەزارییە. (شیعر!)ـەکە هەر بە ڕاستی پێکەنیناوی بوو، بەڵام نەک هەر نەیخستنە پێکەنین، بەڵکوو ناڕەزاییی زۆری لێ کەوتەوە. (شوان چاوشین)، کە یەکێک بوو لە قوتابییە یاخییەکان و لە ڕاپەڕینی بەهاری هەشتاودوودا ڕۆڵی گەورەی هەبوو، گوتی: (تەنیا ئەوانە دەتوانن ڕێز لە ئازادیی تاک بگرن، کە نرخی ئازادییان زانیوە، دەنا مرۆڤی کۆیلە مادام ئازادی ناناسێت، ئاسانە بەر لەوەی شەق لە ئازادیی ئەوانەی تر هەڵبدات، هیی خۆی بێنرخ بکات). من ئەگەر لە ژیانمدا چەند گوتەیەک ڕایانگرتبێتم و وایان لێ کردبم قووڵ بیر بکەمەوە، ئەوە یەکێکیانە. دواتر زانیم (شوان چاوشین) بەر پەلاماری بەعس کەوتووە و شاری جێ هێشتووە. مەبەستم لە هێنانەوەی نموونەکە، ئەوەیە، کە (قوتابیی ڕزگاری) هۆشیار بوو و هۆشیارییەکەیشی بەرهەمی خوێندنی فەرمی نەبوو، بەڵکوو هیی خوێندنەوەی خۆی بوو.
پێشتریش گوتم گفتوگۆکان کاریگەریی گەورەیان لەسەر من و هاوڕێکانمدا هەبوو. (ئەنوەر عومەر سلێمان)، (وەلی مەحموود)، (ئەحمەد جەواد)، (بەختیار ئەحمەد شێخۆ)، (هەژار ئەحمەد شێخۆ)، (سەرهەنگ ئەحمەد)، (یووسف کەریم)، (عیسا تاهیر سوڵتان)، (ئومێد گۆمەشینی)، (نەجات فاتیح)، (حسێن ڕەشید)، (ئاسۆ مەلیک)، (پشتیوان بەکر)، (ئەحمەد محەمەد هەرتەلی)، (هەمزە ڕەشید)، (خەلیل ساڵح)، (ئاسۆ حامیدی)، (دڵشاد سدیق)، (خەسرەو کاوێس) و کۆمەڵێکی تر جگە لەوەی هۆشیاریی بەرزیان هەبوو، لە خۆپیشاندانەکانیشدا بوێریی گەورەیان دەنواند. بۆچی (قوتابیی ڕزگاری) هێندە شەیدای پێکەنین، هەڵپەڕکێ و گاڵتەوگەپ بوو؟ چونکە ئەوانە وەک لای (نیتشە)ی فیلۆسۆف بینیمان خەسڵەتی مرۆڤی یاخین. جارێکیان (مامۆستا نەبیل)، کە یەکێک بوو لە مرۆڤە ڕۆشنبیر و یاخییەکانی ئەو سەردەمە، لە (کازینۆی دڵزار)دا بە (فرسەت زوبێر ڕۆژبەیانی)، (ئازاد ئەحمەد) و منی گوت (قوتابیی ڕزگاری) بەو پێکەنین و قسەخۆشییە دەناسێتەوە. ڕاستییەکەی ئەو دوو خەسڵەتە وایان کردبوو بەشێک لە قوتابیی قوتابخانەکانی تریش خۆیان بە هیی ڕزگاری بزانن، کە هەندێکیان کچ بوون. (گولیزار سەلیم) و دەستەخوشکەکانی ڕۆڵی کاریگەریان لە خۆپیشاندانەکانی ڕزگاریدا بینی. (سەڵاح جەوهەر)، کە یەکێک بوو لە ڕۆشنبیرە دیارەکانی ئەو سەردەمە و لە خۆپیشانداندا گیانی بەخت کرد، خۆیی بە (قوتابیی ڕزگاری) دەزانی. (دلێر ڕەسووڵ)ی یاریکەری ناسراوی باسکیتبۆل یەکێک بوو لەوانەی بە کردەوە پشتیوانییان لە ڕاپەڕینی (قوتابییانی ڕزگاری)دا دەکرد. (ئاسۆ حەیدەری)یش بە هەمان شێوە. دایکی (بەختیار ڕەحمان)ی هاوڕێی منداڵیم هاوکاتی خۆپیشاندان ئاڵایەکی هەڵکردبوو و بە هەرسێ زمانی کوردی، عەرەبی و تورکی هوتافی دەکێشا. هەندێک لەو قوتابییانە تەمەنیان نەدەگەیشتە شانزدە و ڕووبەڕووی چەکدارانی بەعس دەبوونەوە. (نەوزاد حەمەشەریف: نەوزاد زانکۆ)، (دلۆڤان محەمەد سەرسپی)، (زیاد سەعید خدر)، (بەدران عەزیز فەرحان)، (مەریوان نووری دزەیی) و زۆری تر هێشتا سیمای منداڵانەیان پێوە دیار بوو، کەچی سینگیان دەدایە بەر گولـلە. ژنانی گەڕەکمان دەیانگێڕایەوە، چۆن حەوت هەشت ئەمن ڕووبەڕووی (یاسین عەزیز عەزیز) بوونەتەوە، کە ئەودەم لە پۆلی چوارەمی ئامادەییدا بوو. (قوتابیی ڕزگاری) لە گەرمەی ڕووبەڕووبوونەوەکاندا لە گاڵتەوگەپی خۆی نەدەکەوت، کە هەر یەکەمان کۆمەڵێک نوکتەی ئەو سەردەمەمان لە بیر ماون. بەڵێ، تۆ چاک سەرنجت داوە، کە (قوتابیی ڕزگاری) پێبەندی خوێندنی فەرمی نەبوو، چونکێ ئەو خوێندنە تەنیا ژیانی ساردوسڕی دەگەیاند، کە ئەوە لەگەڵ ئارەزووی مرۆڤی یاخیدا نایەتەوە، بەڵام وەک پێشتریش گوتم لە ئەتمۆسفێری ڕاپەڕینی هەشتاودوودا دەیان کتێبم ناسین و لە گفتوگۆکاندا بەر زۆر چەمکی نوێ کەوتم. لەو قوتابییە هۆشیارانەی ئەودەم هەم لە قوتابخانە و هەم لە دەرەوەدا دەمبینین و گفتوگۆم لەگەڵدا دەکردن، (هێور ئەبوبەکر سدیق)، (ڕۆستەم حەمەد)، (خدر عەبدولڵا)، (موئەیەد عەبدولڵای هونەرمەند)، (خەلیل محەمەد ڕەزا)، (محەمەد کرمانج)، (وریا ساڵەیی)، (ئازاد کەریم چاوشینی شێوەکار)، (فەرهاد هەیواز)، (ڕێبین شەمامکی)، (هاوار قادر)، (ئیدریس عەباس)، (گەیلان حەسەن)، (ئازاد محەمەد حەسەن)، (پشتیوان حسێن)، (دڵشاد مەجید)، (نەوشاد محەمەد)، (حەمید ساڵح)، (ڕۆستەم یاسین)، (ئەحمەد عەزیز)، (مەغدید قومبەلە)، (مەجید عەبدولڵا)، (سەرکەوت عەوڵا)، (سەرکەوت عەزیز)، (حسێن واحێد)، (فەریق ئەبوبەکر)، (بەحری حەسەن)، (فەلاح حەسەن)، (ڕەمەزان محەمەد)، (جەبار عەوڵا)، (سەلام عەوڵا)، (فارس هەمزە)، (فەتحی کەریم)، (فەیسەڵ حەسەن)، (عومەر عەبدولڵا)، (زەیتۆ شەمسەدین)، (محەمەد جەواد)، (شوان محەمەد)، (موسلیح ئیسماعیل)، (شۆڕش دەرگەڵەیی)، (نەجات محێدین)، (ئیبراهیم حەسەن)، (سوداد کەمال)، (عیماد کەمال)، (وشیار مەولوود)، (ڕەشاد جەلال)، (فەتحولڵا شێخانی)، (شێرکۆ حەمید)، (ئومێد مستەفا)، (فەرهاد مەولوود)، (کەمال عوسمان خدر)، (سەمەد محەمەد عەلی)، (تەنیا عەبدولکەریم)، (ئەنوەر ئیبراهیم)، (ماجید سەعید)، (فوئاد ئەبوبەکر)، (ئەحمەد قەندیل)، (قەرەنی ئەحمەد)، (قاسم جەعفەر)، (فەرهاد دیبەگەیی)، (فەتحی مودەریس)، (کامەران تاهیر)، (کامەران خالید)، (دلێر فەرحان) و زۆری تر بوون. بێگومان لەگەڵ بەشێک لەوانەی پێشتریش ناویان هات. هەندێکیان لە ڕێکخستنەکانی ناو شاردا لەگەڵم بوون. چیرۆکی (خولەکانی فێرکردن)م، کە وەک گوترا لە ناوەڕاستی هەشتاکاندا نووسیوە، پێشکەشی زۆر لەو قوتابییانەم کردووە. ئەوەی من لەبارەیانەوە دەیڵێم، پێوەندیی بەو کاتەوە هەیە، کە دواتر هەر یەکەی چ گۆڕانێکی بەسەردا هاتووە، ئەوە باسێکی دیکەیە. وەک سەرنجیش دراوە بەشێکی قوتابییە یاخییەکانی (ڕزگاری) تا ئەمڕۆیش بەو جوانییەیان دەناسرێنەوە. دەزانم زۆریشیانم لەم کاتەدا نایەنەوە یاد.

د. شوان: لە چیرۆک و ڕۆمانەکانتدا بایەخی زۆرت بە ناوی کارەکتەر داوە، تەنانەت لە گفتوگۆ و گوتارەکانیشتدا لەبارەی گرنگیی ناو لە ئەدەبی گێڕانەوەوە دواویت. جگە لەو ناوانەی ئاماژەت پێ کردن، چەندی ترت هەر لە ئامادەییی ڕزگاریدا لە بیر ماون؟

کاروان: وەک گوتم (ڕزگاری) ڕووبەرێکی گەورەی یادەوەریی منی داگیر کردووە. لەو چوار ساڵەدا زۆر کەسم ناسین. هەندێکیان لە نزیکەوە و هەندێکیان لە دوورەوە. بۆ من (ڕزگاری) بریتییە لە منداڵی و گەورەییم. هەندێک لەو قوتابییانە هاوڕێی منداڵیم بوون، لەوانە (ڕزگار عەبدولڵا)، (وشیار عەبدولڵا)، (کەمال عوسمان تەها)، (ئەکرەم حسێن)، (سەرکەوت حەوێز کۆیی)، (سامان سلێمان)، (کەمال ڕێناس)، (بارام کەریم)، (ئەبوبەکر کەریم)، (سەمەد کەریم)، (بژار ئەنوەر)، (حەمەدەمین هیرانی)، (شوان سابیر)، (فازیل عەباس)، (موحسین محەمەد)، (کەریم حسێن)، (ڕزگار ئەنوەر)، (سەرهەنگ ئەنوەر)، (مەجید عەبدولڵا)، (زیاد کاکۆ) لە گەڕەکی سەیداوە و (برووسک حەیدەر) لە گەڕەکی جمهوری، کە ماڵی نەنکمی لێ بوو. هەندێکیان لە (قوتابخانەی زێوەری سەرەتایی) لەگەڵم بوون، لەوانە (تاریق ئەحمەد سەراج)، (سەردار ئەحمەد سۆفی)، (زۆسگ حەمەساڵح)، (عەبدولستار محەمەد وەیسی)، (نەوزاد عوسمان)، (ئازاد حەمید سەبری)، (کەریم کاکە)، (هەژار عەزیز)، (کامیل عەبدولڵا) و (کامەران سلێمان). هەندێکیانم لە ڕێگەی هونەرەوە دەناسین، لەوانە (نەجمەدین بابەکر) و (غازی عوسمان). هەندێکیانم لە دوورەوە دەناسین، لەوانە (قەیس حسێن ڕەسووڵ)، (وریا سەعدی)، (نزار کەمال)، (ڕزگار قادر)، (حەیدەر مەولوود)، (سالم سەلمان)، (وەلی ڕەشید)، (عەباس کەریم) و زۆری دیکە.




نیگاری كاریكاتێری له‌ رۆژنامه‌گه‌ری منداڵاندا به‌شی -1- … هه‌ندرێن خۆشناو

سه‌ره‌تا پێمان باشه‌ كه‌ په‌یوه‌ندی نیگاره‌ كاریكاتێرییه‌‌كان له‌ گۆڤاری منداڵاندا به‌ هونه‌ری كاریكاتێره‌‌وه‌ دیاری بكه‌ین، ئایا ده‌توانرێت به‌ كاریكاتێر دابنرێت یان نا؟ بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م پرسیاره‌ ده‌بێت به‌راوردێك له‌ نێوان پێكهاته‌ی ئه‌م نیگارانه‌ و پێكهاته‌ی كاریكاتێردا بكه‌ین، كاریكاتێر پێكدێت له‌ شێوه‌كاری و كۆمیدیاوه‌، زێده‌ڕۆییش به‌كاردێنێت له‌ وێناكردنی ئه‌و بابه‌تانه‌ی كه‌ باسیان لێوه‌ده‌كات، زۆرجاریش ئه‌و زێده‌ڕۆییه‌، زێده‌ڕۆییه‌كی توێكاریانه‌یه‌، له‌ وێناكردنی به‌شه‌كانی له‌شی مرۆڤه‌وه‌، نیگاره‌ كاریكاتێریه‌كانیش له‌ رۆژنامه‌گه‌ری منداڵاندا پێكدێت له‌ شێوه‌كاری و زۆرجار زێده‌ڕۆییش به‌كاردێنێت، به‌ڵام كۆمیدیا تێیدا مه‌رجی پێویست نیه‌، بۆیه‌ پێمانوایه‌ كه‌ ناتوانرێت به‌ كاریكاتێر دابنرێت، په‌یوه‌ندیشی به‌ كاریكاتێره‌وه‌ له‌ به‌كارهێنانی شێوازی زێده‌ڕۆییكردن ده‌بینێته‌وه‌ و زیاتر نا، ئه‌گه‌ر ناوه‌ڕۆكێكی كۆمیدیانه‌شی هه‌بێت، ئه‌م كۆمیدیایه‌ واباوه‌ كه‌ په‌یوه‌ست بێت به‌ناوه‌ڕۆكی بابه‌ته‌ ئه‌ده‌بیه‌كه‌ كه‌ نیگاره‌كان هاوشانی بڵاده‌بنه‌وه‌، به‌ڵام هه‌ندێك چیرۆك له‌ گۆڤاری منداڵاندا پشت به‌ ده‌قی ئه‌ده‌بی نابه‌ستێت و نیگاره‌ كاریكاتێرییه‌كان به‌سیه‌تی، ناوه‌ڕۆكێكی كۆمیدیانه‌شی هه‌یه‌، ئه‌دی ئه‌م جۆره‌ چیرۆكانه‌ ده‌چنه‌ خانه‌ی چ هونه‌رێكه‌وه‌؟ به‌بێ گومان ده‌چنه‌ خانه‌ی كاریكاتێره‌وه‌، ده‌توانرێت بخرێته‌ خانه‌ی كاریكاتێری كۆمیكس یان كاریكاتێری زنجیره‌یی، به‌مجۆره‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه‌ زۆربه‌ی ئه‌و چیرۆكانه‌ی كه‌ نیگاره‌ كاریكاتێرییه‌كان به‌كاردێنن له‌ رۆژنامه‌گه‌ری منداڵاندا به‌ شێوه‌یه‌كی روون ناچنه‌ خانه‌ی كاریكاتێره‌وه‌، به‌ڵام زۆرێكی تر له‌م چیرۆكانه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی روون به‌شێكن له‌ هونه‌ری كاریكاتێره‌وه‌، سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ و ئه‌وه‌شه‌وه‌ ئه‌و چیرۆكانه‌ی كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی روون ئینتیمابوونیان دیارنیه‌، كه‌چی په‌یوه‌ندییه‌كی به‌تین به‌ هونه‌ری كاریكاتێره‌وه‌ی ده‌به‌ستێته‌وه‌، كه‌ ته‌نیا زێده‌ڕۆییكردن خۆی له‌ خۆیدا بریتیه‌ له‌ به‌لادانێك به‌ره‌و كۆمیدیاوه‌.
پرسیاری یه‌كه‌میش كه‌ خۆی ده‌خاته‌ به‌رده‌ممانه‌وه‌، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بۆ رۆژنامه‌گه‌ری منداڵان شێوازی كاریكاتێری به‌كارده‌هێنێت، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ناوه‌ڕۆكی بابه‌ته‌كانیشی كۆمیدیایی نه‌بن؟ به‌بیروڕای ئێمه‌شه‌وه‌ وه‌ڵامه‌كه‌ روونه‌، ئه‌ویش شێوازی كاریكاتێریی نزیكتره‌ له‌ هزر و خه‌یاڵی منداڵه‌وه‌، له‌ شێوازی نیگاركێشانی واقیعیه‌وه‌، له‌ وێناكردنی پاڵه‌وانه‌كاندا، له‌مه‌ش زیاتر به‌كارهێنانی شێوازی زێده‌ڕۆییكردن رێ به‌ زیادكردنی ده‌ربڕینی زیاتر ده‌دات بۆ روخساری پاڵه‌وانه‌كان، چ ئه‌رێنی بێت یان نه‌رێنی، پیرێژنه‌ جادوكاره‌كه‌ ده‌توانرێت وێنابكرێت به‌ شێوه‌یه‌كی ناشیرین، و خراپه‌كارێكیش له‌ رێی زێده‌ڕۆییه‌وه‌ ده‌توانرێت كڵپ و چڕنوك و كلك و قۆچ و چه‌ند شتێكی تریشی بۆ زیادبكرێت، كه‌ خزمه‌تی ده‌قه‌كه‌ ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ها سه‌باره‌ت به‌ پاڵه‌وانی ئه‌رێنیشه‌وه‌، ده‌توانرێت خه‌سڵه‌ته‌كانی دڵنه‌رمی و چاكی و به‌هێزی و پیاوه‌تی، به‌ چه‌ند هێڵێكی شێوه‌كاریانه‌ی كاریكاتێریانه بخرێته‌ به‌رچاو، كه‌ شێوه‌كاری واقیعی له‌ توانایدا نه‌بێت. سه‌ره‌ڕای ئه‌مانه‌ش زێده‌ڕۆییكردن زیاتر سه‌رنجڕاكێشتره‌ و تێنویتی خه‌یاڵی منداڵان ده‌شكێنێت، ئه‌ندێشه‌ و خه‌یاڵكردنه‌وه‌ی منداڵ گه‌شه‌پێده‌دات، كه‌ هێشتا شته‌كان به‌ شێوه‌یه‌كی كامڵ پێكنه‌هاتوون تێیدا، ئامانج و ئه‌و ئه‌ركانه‌ی كه‌ كاریكاتێریش جێبه‌جێیان ده‌كات له‌ رۆژنامه‌گه‌ری منداڵاندا، له‌ شوێنێكی دیكه‌ باسیان لێوه‌ده‌كه‌ین، پێویسته‌ لێره‌دا به‌ شێوه‌یه‌كی بنه‌ڕه‌تی باس له‌ تایبه‌تمه‌ندی كاركردن بكه‌ین له‌ گۆڤاره‌كانی منداڵاندا، منداڵ بوونه‌وه‌رێكه‌ له‌ رووی عه‌قڵه‌وه‌ پێكهاته‌كه‌ی ناته‌واوه‌، توانایی هه‌ڵهێنجان و ده‌رخستنی تا راده‌یه‌كی زۆر لاوازه‌، هه‌روا قبوڵكردنی شته‌كان له‌لایه‌وه‌ به‌ راستگۆیی و متمانه‌وه‌ ده‌ناسرێته‌وه‌، بۆیه‌ چه‌ندین شت هه‌یه‌ كه‌ ده‌بێت هونه‌رمه‌ندی كاریكاتێریست له‌ رۆژنامه‌گه‌ری منداڵاندا‌ ره‌چاویان بكات له‌وانه‌ش: 1- وێناكردنی شته‌كان. 2- جێبه‌جێكردنی نیگاره‌كان.

هه‌ندرێن خۆشناو




یەکێک لە بیریارە مەزنەکانی مۆدێرنە ( سیگمۆند فرۆید ) … ڕاستی بەهادین

فرۆید لە مایسی (١٨٥٦) لە خێزانێکی جولەکەی دەستکورتدا لە دایک بووە، پاشان خێزانەکەی لە دەستی ھەڵمەتی ھۆلۆکۆست (دژەسامیەت) ھەڵھاتون چون بۆ شاری (لێپزینگ)، پاشان دوای ماوەیەکی کەم لە ڤییەننا جێگیربوون و فرۆیدی تەمەن چوار ساڵە بەشی زۆری تەمەنی خۆی لەو شارەدا بەسەر دەبات، ساڵی (١٩٣٨)، نازییەکان نەمسا داگیر دەکەن و لەسەر ئەوەی جولەکەیە، زۆری بۆ دەھێنن، ئەویش بە خۆیی و خێزانەکەیەوە ڕودەکاتە لەندەن و ھەر لەوێش دەمرێت.

ئه‌وه‌ی فرۆید كردی له‌ كاتی خۆیدا وه‌ك شۆڕشێك وابوو، ته‌نانه‌ت ئێسته‌یش به‌شێوه‌یه‌كی به‌رفراوان قابیلی قبووڵكردنه‌ له‌لایه‌ن زۆربه‌ی قوتابخانه‌ ده‌روونییه‌كانه‌وه‌. ساڵی (١٨٩٦) فرۆید زاراوه‌ی (سایكۆلۆژیای شیكاری) داهێنا، له‌ ماوه‌ی ٤٠ ساڵی دواییشدا, هه‌موو هه‌وڵی خۆی خسته‌گه‌ڕ بۆ گه‌شه‌پێدانی (بنه‌ماكانی، ئامانجه‌كانی، ته‌كنیكه‌كانی، ڕێگه‌كانی چاره‌سه‌ری سایكۆلۆژیای شیكاری). زۆربه‌ی نووسینه‌كانی فرۆید و بیركردنه‌وه‌كانی تایبه‌ته‌ به‌ ژیانی عه‌قڵ و ڕاڤه‌كردنی خه‌ون و ته‌كنیكی سایكۆلۆژیای شیكاركردن له‌گه‌ڵ هه‌ێندێ بابه‌تی تردا.

سایكۆلۆژیای شیكاری به‌رده‌وام بووه‌ له‌ گه‌شه‌كردن و له‌ ساڵی ١٩٢٥ گه‌یشته‌ لووتكه‌ و ترووپكی گه‌شه‌كردن و بووه‌ به‌ربڵاوترین بزووتنه‌وه‌ی جیهانی و فرۆیدیش بووه‌ كه‌سێكی ڕادیكاڵی به‌هۆی كاره‌كانیه‌وه‌ به‌ ماوه‌یه‌كی زۆر كه‌م بووه‌ ناودارتین ڕابه‌ری سایكۆلۆژیای شیكاری. پاش مه‌رگیشی فرۆید كه‌له‌پوورێكی بێ هاوتای بۆ به‌جێ هێشتووین تا ئێسته‌ش كاریگه‌ری به‌رده‌وامی خۆی هه‌یه‌. بۆیه‌ فرۆید پێی وایه‌ سایكۆلۆژیای شیكاری كاریگه‌رترین میتۆده‌ بۆ به‌ده‌ستهێنانی زانیاری له‌باره‌ی عه‌قڵی مرۆڤه‌وه‌. له‌ ڕێگه‌ی سایكۆلۆژیای شیكاركردنه‌وه‌یه‌، كه‌ نه‌خۆش ئه‌توانێت خۆی ئازاد بكات له‌ ئاڵۆزییه‌ عه‌قڵییه‌كان و ڕێگه‌ی تریش بگرێته‌ به‌ر بۆ تێگه‌یشتن له‌ خۆی و ئه‌وانی تر.

بیرۆکەی فرۆید!

خاڵی دەستپێکردنی فرۆید وەک پزیشکێکی دەرونی لەوێوە دەستی پێ کرد،کە بۆی دەرکەوت ئەو کێشەو پەژارەو ناتەباییانەی لە ناخی نەخۆشەکاندا گینگڵ ئەدەن،کاریگەری سەرەکین لەسەرتێکچوونی ژیانی ئاساییان ،فۆرید وای دانا هەر جۆرە نەخۆشیەکی دەرونی و نیشانەکانی بۆ پڕ کرنەوەی ئارەزوی چەپێنراوی سەردەمی مناڵی ئەگەڕێتەوە، هەروەها پێی وابوو گرفتە دەرونیەکانی ئێستای مرۆڤە کامڵەکان ڕازیکردنی ئارەزوە ڕێ لێگیراوەکانی سەردەمی مناڵییە.

لە کۆتایدا دەڵێین کەلتورێک کە ھێشتا فرۆیدی بە وردی نەناسیوە و پەرتووکەکانی وەرنەگێڕاوەو سەر قاڵی وتووێژی تێزەکانی نەبووە، ئەوا لە فەرھەنگ و کەلتورێکی لەم چەشنەدا فرۆید دەتوانێت ھەمیشە پرسیاری گرنگ و ئاسۆیەکی فراوانی وتووێژبێت لەسەر مرۆڤ، خێزان، پەروەردە.

ئەم تۆزە قسەیەش ھەوڵدانێکە بۆ نزیکبونەوە لە ناسینی بیریارێک کە کەمترین شت لە بارەیەوە بڵێین ئەوەیە، کە یەکێکە لە بیریارە مەزنەکانی مۆدێرنە.

هەندێک لە وتە کانی سیگمۆند فرۆید دەربارەی دەروونی مرۆڤ :

١-خەمۆکی نیشانەی لاوازی نییە بەڵکو ئاماژەیەکە ئەو کەسە دەیەوێت لە داهاتوو بەهێزتر بێت.

٢- بەر لەوەی بەخۆت بڵێت کە خەمۆکیت هەیە و کەسێکی لاوازیت، سەیرێکی دەوروبەرت بکە لەوانەیە بەخەڵکانی گەمژە دەوردرابیت.

٣-خەڵک زۆر لەوە باشترن کەخۆیان پێی دەزانن و، ئەوەندە خراپیش نین کە باوە.

٤-ئەو قسانەی لەدەم دەردەچن راستیەکانن.

٥- واباشە زوو زوو سەیری گوڵ بکەیت چونکە ئەوان خاوەنی هیچ کێشە ململانێیەکی دەروونی نین.

٦-خۆشبەختی شتێکە پەیوەندی بە سەردەمانی بەر لە مێژووەوە هەیە، هەر بۆیەش پارە و دەوڵەمەندی کەس خۆش بەخت ناکات چونکە پارە خەمی مرۆڤ نەبووە لەسەرەتاکانی مێژوو.

ناوی هەندێک لەکتێبەکانی کە وەرگێڕدراون بۆ کوردی :

۱ – ئایندە و وەهم

۲ – ژیان و دەروونشیکاریم

۳ – لێکدانەوەی خەونەکان

٤ – ڕامان لە سەروەختەکانی جەنگ و مەرگ

٥ – موسا و یەکتاپەرستی

٦ – پێنج وانە لە دەروونشیکاریدا

۷ – تەوتەم و تابۆ

٨ – دەروونناسی گرووپ و شیکاری ئیگۆ

٭ wikipedia

٭ ئاشنابوون بە فرۆید

٭ دەروونشیکاری




سیمبول، زمان و تەکنیک لە ڕۆمانی “ڕۆژێک لەو ساڵانە هەڵدەگرم”… د. گۆران سەباح

بە بیست و دوو هەزار وشە، ڕۆماننوس ئارام محەمەد، ئازارەکانی چل ساڵی “سەفین سەلیم’مان بۆ دەگێڕێتەوە. ئازارەکانی سەفین مێژووی ئەزموونی کوردمان بیر دێنێتەوە؛ مێژووێک نەوەی نوێ نایزانێ و هی کۆنیش لە بیری چووە. وەک چۆن سەفین بە منداڵی قسە دەکات و لە بیری دەچێ، گەلی کوردیش خێرا دەربەدەری و نەهامەتی و دڕدۆنگی پێش ڕاپەڕین و دوای ڕەپەڕینی بیر چووەتەوە.
ئازارەکانی سەفین فێری دیوە زانستی و ئەفسانەییەکانی پێکەنین و گریانمان دەکەن، ئاشنامان دەکەنەوە بە پرسیاری بوون و مردن، وەڵامی سەتان پرسیار دەدەنەوە لەمەڕ شۆڕش و خەباتی کورد، گرنگترینیان، “کێ کردی و کێ خواردی؟”
سەفین و سەدای خوشکی دەبنە قوربانی خەبات و شۆڕش. سەلیمی باوکیان دەست لە خێزانی، بەتایبەتیش سەدا، هەڵدەگرێ تا خزمەتی شۆڕش بکات. سەدا دەست و قاچی نییە و بەس پێدەکەنێ. هەست و سۆز و بیرکردنەوەی سەدا بێ سەروبەر و کاڵفامن. ئەم کارەکتەرە سیمبولێکە لە پشتییەوە نوسەر پێمان دەڵێت زۆرینەی نەوەی دوای ڕاپەڕین، لە ڕووی بیرکردنەوە و هەستەوە، وەک “سەدا”ن.
سەلیم لە ئەرکێکی شۆڕشگێڕانەی ناو شاردا شەهید دەکرێت، ماڵی چەند جار تاڵان دەکرێت و دەسووتێنرێت. سەفین کەمێک هیوای بە ڕاپەڕین دەبێ، بەڵام هێندەی نابا خۆزگە بۆ سەردەمی پێش ڕاپەڕین دەخوازێت. کاربەدەستانی وڵات هەموو شتێک ئاودیو دەکەن، بەڵگەنامە و یادگارییەکانی خەباتیش دەسووتێنن.
سەفین دڵی خۆشە بەوەی بەرپرسێک “مۆزەخانەی شۆڕش” دەکاتەوە بۆ پاراستنی کەلوپەل و بەڵگەنامەکانی شۆڕش. بە خۆشباوەڕی خۆی شتەکانی باوکی پێشکێشی مۆزەخانەکە دەکات، بە پرینتەرەکەشەوە، ئەو پرینتەرەی سێ کەسی لەسەر دێتە کوشتن تا بگەیەنرێتە شاخ. بەرپرسەکە ئەوەی پارەی بکات ئاودیوی دەکات، ئەوەشی نایکات دەیسووتێنێ، دەستیش بەسەر باڵەخانەی مۆزەخانەکەدا دەگرێت.
بەری خەباتی باوکی، ئازارەکانی سەفین لە بەندیخانە و گەڕانەوەی لە پەتی سێدارە و مردنی دایکی و خوشکی جگەرەفرۆشتنە. بۆ بژێوی ڕۆژانە، کوڕی شەهید دەبێتە زێراب پاکەرەوە، کرێکار و کاسب، دایکیشی نانکەر. ئەوانەی ماڵیان سووتاند و باوکیان بە کوشتدا بەری شۆڕش دەخۆن.
نوسەر بە چڕی ڕووداوەکانی ژیانی سەفین لە ١٩٨٩-١٩٩٢ تۆمار دەکات. گەنجانی کورد، بە تایبەتی ئەوانەی لەو ساڵانە و بە دواوە لە دایەک بوونە، دەبێ بەلانی کەم سێ جار ئەم ڕۆمانە بخوێننەوە.
یەکەم جارە گەنجە-نوسەرێکی کورد بە زمانێکی سادە و دەوڵەمەند کاریگەری و دەرهاویشتەکانی ڕاپەڕین لە ڕۆمانێکدا تۆمار بکات. هەرچەندە جارجار دەمی ڕابردوو و ڕانەبردوو تێکەڵن، بەڵام بە گشتی بە کوردیێکی پوخت و سەلیقەیەکی ئەدەبی، نوسەر ڕۆشنبیرمان دەکات بە ئازارەکانی پێش و پاش ڕاپەڕین. سەفین بەهۆی ئازارەکانی شۆڕش و دوای شۆڕش داهاتووی دەفەوتێ، کۆڵ دەدات و هەموو تاقەتی لە جگەرەفرۆشتن بەبا دەدات.
زمانی ڕۆمانەکە سادەیە. خوێنەر دەتوانێ بەیەک دانیشتن هەمووی بخوێنێتەوە. فەلسەفەی زمان لە سادەییەکەی دایە، کەم ڕۆماننوس هەیە بتوانێ بەو زمانە بنووسێ. ئەوەی بە زمانێکی پڕ لە ئاڵۆز و گرێ دەنووسێ، بێ متمانەیی و خەوشی زمانەکەی پێ دەشارێتەوە. داخ ئەوەیە لە فەزای ڕۆمانی کوردیدا چەند ئاڵۆز بنوسی ئەوەندە گرنگی. لای بژاردە و خوێنەری کورد گرنگی و باشی ڕۆمان لەوەیە کەس تێی نەگات. ڕۆماننوس، ئارام محمەد، گرێی ڕۆمانەکە هێدی هێدی دەکاتەوە بێ ئەوەی زمانی وتار و پڕوپاگەندە بەکار بێنێت، ئەمەش جیای دەکاتەوە لە ڕۆمانەکانی تر.
“ڕۆژێک لەو ساڵانە هەڵدەگرم” سیمبولێکە بە شانازینەکردن بەو هەموو خەباتە. کوڕە شەهیدێک لەو هەموو ساڵە ڕۆژێک نییە شانازی پێوە بکات. لەوانەیە ژیانی سەفین و سەدا لەوپەڕی سادەیی و خۆشیدا بووایە، گەر باوکی هەر کوشنچی بووایە و تەداخولی سیاسەتی نەکردبا و بۆ کورد تێنەکۆشابا. سەلیم لە نامەکانیدا زۆر شانازی بە کارەکانییەوە دەکات، لێ مخابن سەردەمی دوای شۆڕشی نەبینی، چۆن ماڵباتەکەی دەکەونە دەستی چەتە و مافیاکان. بێ لەوەش، شەهیدبوونی باوکی دەبێتە گرفت، لەبەر شانازیکردن بە خەباتی باوکی، ژیانی دەکەوێتە مەترسی و چەتەکان دەیانەوێ بیکوژن.
نوسەر لە ڕێگەی دیالۆگی درێژ، نامە و لەبەرخۆدووان ڕووداوەکان دەگێڕێتەوە. خۆ باشتر دەبوو گەر دەرەقەتی دیالۆگ هاتبا و کورتی بکردایەتەوە. هەروەها، نوسەر تەکنیکی ئەڵماسی بەکار هێناوە، واتە کۆتایی ڕۆمانەکە دەگەڕێتەوە سەرەتا. تەکنیکێکی باشە و لە بواری نوسینی فیچەری ڕۆژنامەوانیدا بەکار دێ. هەروەها تەکنیکی چیڕۆک لە ناو چیڕۆکی بەکار هێناوە، ئەمەش کارەکە جوانتر دەکا. سەرەتای ڕۆمانەکە بە حیکایەتخوان دەست پێدەکا، دەیەوێ لە ڕێگەی چیڕۆکەوە ژیانی سەفین بگۆڕێت، هەرنا، ئومێد و خۆشویستیی ژیانی بۆ بگەڕێنێتەوە. لە هەمان کاتدا، فیلمسازێکی بیانی دەیەوێ ڕووداوەکانی کوڕە شەهیدەکە لە دۆکیومێنتەریەک پێشانی دنیا بدات، بەڵام دەسەڵات ڕێگە نادات و بیانییەکە دەستگیر دەکەن، نەبادا شتیان لەسەر ئاشکرا بکات لە ڕێگەی چیڕۆکی ژیانی سەفین و سەلیمی باوکی.
لە کۆتایی ڕۆمانەکەدا، حیکایەتخوان بە چیڕۆک ژیانی سەفین ئاوەژوو دەکاتەوە و دڵخۆشی دەکات. دەیەوێ لە ڕێگەی خەیاڵەوە تاکی سەقەتی کوردی، کە بەرهەمی ڕاپەڕینە، چاک بکاتەوە. چیڕۆکەکەی شێرزاد باس لەوە دەکات سەفینی کوڕە شەهید خوێندن تەواو دەکات، سەدای خوشکی چاک دەبێتەوە و قاچی بۆ دروست دەکەن، ئەو ژیانە دەژین سەفین خەونی پێوە دەبینی. بەڵام کاربەدەستانی وڵات خەیاڵیشی پێ ڕەوا نابینن، وێڕای لەباربردنی خەونەکانی، خەیاڵیشی گەوج دەکەن.
”ڕۆژێک لەو ساڵانە هەڵدەگرم،” لە لایەن خانەی نوسیار لە سەرەتای ئەمساڵ (٢٠٢٠)دا چاپ و بڵاو کراوەتەوە. چوارەم ئەزموونی ئارام محەمەدە. تا ڕۆمانەکانی تری نوسەر نەخوێنییەوە (سەمای سڕبوون، خەوتوو، مەرگی مێژوونووس)، نازانی نوسەر چەندە پەرەی بە بوار و تەکنیکی نوسیندا داوە.

———————————————

گۆران سەباح دکتۆرای لە بواری ڕۆژنامەوانی و نوسیندا هەیە لە زانکۆی کانزەس لە ئەمریکا. سێ ڕۆمانی *(شاخوێنبەری سەرکردە، ترس و ڕق، دووی سوور) بە ئینگلیزی و کوردی چاپ کراوە. سکۆلەری فوڵبڕایتەرە، هەڵگری خەڵاتی باب سیگمان و کاڵدەر پیکێتی ئەمریکییە لە بواری ڕۆژنامەوانی و نوسیندا.




چاكسازییه‌كانی بیبی ئیسرائیل … وه‌رگێڕان و ئاماده‌كردن: عیسا بۆتانی

به‌هۆی چاكسازییه‌وه‌ وڵاتی پێشخست؛ پێنج جار سه‌رۆكایه‌تی حكوومه‌تی پێ سپێردرا

له‌ ساڵی 2003 كه‌ شارۆن سه‌رۆكایه‌تی حكوومه‌تی ئیسرائیلی ده‌كرد, پۆستی وه‌زاره‌تی دارایی له‌لایه‌ن بنیامین ناتانیاهۆ به‌ڕێوه‌ ده‌برا، ئه‌و پۆسته‌كه‌ی بۆ چاكسازیی ئابووری به‌كارهێنا تاكو دۆخی ئابووری ئه‌و وڵاته‌ گه‌یشته‌ ئاستێكی هه‌ره‌ پێشكه‌وتوو.
ناتانیاهۆ بڕیاری له‌ گرتنه‌به‌ری رێكاری سه‌خت دا، كه‌ بریتی بوون له‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی تێكڕای باج و خه‌رجییه‌كان و كرێی فه‌رمانبه‌رانی حكوومه‌ت تاكو ئاستی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی گرێبه‌ستی چوار هه‌زار له‌ فه‌رمانبه‌رانی ئه‌و وڵاته‌، سه‌ره‌ڕای فراوانكردنی به‌شی ده‌سه‌ڵاتی حكوومه‌ت له‌ بواری ئابووری و كۆمپانیا گشتییه‌كانی فڕۆكه‌وانی نیشتمانی ( ئی ئێڵ ئه‌ی ئێڵ) و كۆمپانیای په‌یوه‌ندییه‌ نیشتمانییه‌كانی (بیزیك)، ئه‌و به‌ رێژه‌ی 64% تا 44% باجی له‌سه‌ر هاووڵاتیان و له‌به‌رامبه‌ریشدا به‌ رێژه‌ی 36% تا 18% باجی له‌سه‌ر كۆمپانیاكان كه‌مكرده‌وه‌ و چاكسازی گرینگی له‌بواری ئابووریدا سه‌پاند.
رون دیرمیر كه‌ وه‌كو راوێژكار له‌گه‌ڵ چوار له‌ وه‌زیری دارایی ئه‌و وڵاته‌ كاری كردووه‌ به‌ ناتانیاهۆشه‌وه‌؛ سه‌باره‌ت به‌ چاكسازییه‌كانی بیبیی (كه‌ مه‌به‌ستی ناتانیاهۆ)یه‌, ده‌ڵێت: (رۆڵی هه‌ناسه‌بڕاویی حكوومه‌تی له‌ ئابووری چاره‌سه‌ر كرد، بیبی ریفۆرمه‌ر نه‌بوو به‌ڵكو شۆڕشگیڕ بوو؛ چاكسازی ئه‌وكاته‌ ده‌كرێ‌ كه‌ سیاسه‌تی حكوومه‌ت بگۆڕی و شۆڕشیش ئه‌وكاته‌ به‌رپا ده‌بێ‌ كه‌ كار له‌سه‌ر گۆڕینی ئه‌قڵییه‌تی وڵات بكه‌ی، من له‌و بڕوایه‌دام كه‌ بیبی توانی گۆڕانكاری له‌ ئه‌قڵییه‌تدا بكا).
له‌هه‌ما كاتدا بنیامین ناتانیاهۆ خودی خۆی چه‌ندین چاكسازی له‌ كه‌رتی بانكیدا كرد ئه‌ویش به‌ نه‌هێشتنی سه‌نه‌ده‌ حكوومییه‌كان, به‌هۆی ئه‌و سه‌نه‌دانه‌وه‌ دامه‌زراوه‌كانی ئیسرائیل هیچ پاڵده‌رێكیان نه‌بوو وه‌به‌رهێنان له‌ سندووقه‌كانی وه‌به‌رهێناندا بكه‌ن، به‌ڵام دوای چاكسازییكردن له‌و كه‌رته‌دا دامه‌زراوه‌كان دستیان كرد به‌ كۆكردنه‌وه‌ی نزیكه‌ی (300) ملیۆن دۆلار بۆ وه‌به‌رهێنان له‌هه‌ر مانگێدا. ده‌ره‌نجامی ئه‌و چاكسازییانه‌ به‌ ئه‌رینی به‌سه‌ر ئابووری ئیسرائیلدا شكایه‌وه‌ و هه‌ر به‌هۆی ئه‌مه‌شه‌وه‌ ناتانیاهۆ له‌نێو گه‌لی ئیسرائیلدا پێگه‌ی جه‌ماوه‌ری فراوانتر بوو.
ناتانیاهۆ بیرۆكه‌ی بازاڕی ئازادی په‌یڕه‌و كرد و له‌باره‌ی پرسی چاكسازیشه‌وه‌ خۆی به‌مشێوه‌ باسی لێوه‌ ده‌كا و ده‌ڵێت: (بۆ گه‌لی ئیسرائیلم شیكرده‌وه‌ كه‌ ئابووری كه‌رتی تایبه‌ت پێشتر له‌شێوه‌ی پیاوێكی له‌ڕ و لاواز كه‌ پیاوێكی قه‌ڵه‌وی له‌ كۆڵ كردبوو، له‌ كاتێكدا ئه‌و چاكسازییانه‌ی كردم پشێوی گه‌وره‌ی له‌نێو كرێكاراندا دروست كرد، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا تێڕوانینی من بۆ ئابووری ژێیه‌كی هه‌ستیاری پێكا. هه‌ر كه‌سێك له‌ ئیسرائێل هه‌وڵی ئه‌وه‌ی دابێت كارێكی وه‌ها بكات ئه‌وا ئه‌ویشی گرته‌وه‌ و ئه‌گه‌ر ئیسرائیل بیه‌وێت سه‌ركه‌وێت ئه‌وا ناچاره‌ رۆڵه‌كان پێچه‌وانه‌ بكاته‌وه‌، بۆ كه‌رتی تایبه‌ت پێویسته‌ ببێته‌ ئه‌و پیاوه‌ قه‌ڵه‌وه‌؛ ئه‌وه‌ ته‌نها به‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی باج و سنوورداركردنی خه‌رجییه‌ گشتییه‌كان ده‌كرێ‌).
به‌ درێژایی په‌نجا ساڵ كۆمپانیا حكوومییه‌كان بێهوده‌ به‌دوای غازی ده‌ریادا گه‌ڕان، ته‌نها به‌ راسپاردنی كۆمپانیا تایبه‌ته‌كان و له‌ سه‌رده‌می حكوومه‌تی ناتانیاهۆدا كانگایه‌كی غازییان دۆزیه‌وه‌ كه‌ به‌ به‌های میاره‌ها دۆلار ده‌بوو، ئه‌وه‌ش هاوكار بوو له‌وه‌ی حكوومه‌ت سه‌رچاوه‌ی داهاتێكی گرنگی ده‌سكه‌وێت بۆ پشتیوانیكردنی پێداویستییه‌كانی له‌بواری په‌روه‌رده‌ و چاودێری و ژێرخانی ئیسرائیل.
بیبی توانی موعجیزه‌یه‌كی ئابووری دروست بكا و ئیسرائیلی گه‌یانده‌ ئاستی وڵاتانی هه‌ره‌ پێشكه‌وتوو، ته‌نها له‌و كاته‌ی كه‌ وه‌زیری دارایی بوو وه‌به‌رهێنانی راسته‌وخۆ ساڵانه‌ له‌ ئابووری ئیسرائیلدا گه‌یشته‌ رێژه‌ی 380%.
ئه‌و له‌میانی ئه‌و سیاسه‌ته‌ی ناوی نا (پیاوی قه‌ڵه‌و/ پیاوی لاواز) ئه‌وه‌ی سه‌لماند كه‌ ته‌كنۆلۆژیا به‌بێ‌ بازاڕی ئازاد وڵاتان ناخاته‌ سه‌ر رێچكه‌ی پێشكه‌وتن، هه‌موو ئابوورییه‌ نیشتمانییه‌كان له‌و پێشبڕكێیه‌دان كه‌ كه‌رتی گشتی له‌سه‌ر ئه‌ستۆی كه‌رتی تایبه‌تدا بێت، ئه‌وسا كه‌رتی گشتی دووچاری هه‌ڵئاوسانێكی زۆر ببووه‌وه‌, بیبی سیسته‌می پارێزیی قورسی بۆ خۆراكه‌كانی داڕشت و هه‌موو به‌ربه‌سته‌كانی له‌به‌رده‌م كێبڕكییه‌دا لابرد كه‌ ببوونه‌ ئاسته‌نگ له‌به‌رده‌م كه‌رتی تایبه‌تدا… به‌وه‌ به‌ره‌و پێشه‌وه‌ پێشكه‌وت.
ئیسرائیل ئابووری بازاڕی ئازاد و ته‌كنۆلۆژیای هه‌ڵبژارد و ئه‌وه‌ هۆكاری پێشكه‌وتن و به‌هێزبوونی ئابووری ئه‌و وڵاته‌.
ئیسرائیل یه‌ك له‌ وڵاته‌ هه‌ر پێشكه‌وتووه‌كانی بواری ته‌كنۆلۆژیایه‌ له‌سه‌ر ئاستی جیهان؛ به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ نزیكه‌ی (4000) كۆمپانیای ته‌كنۆلۆژی له‌و وڵاته‌دا تۆمار كراون, له‌ كۆی (500) گه‌وره‌ كۆمپانیاكانی ئه‌و بواره‌ ئیسرائیل خاوه‌نی (80)یانه‌ كه‌ توێژینه‌وه‌ و داهێنانه‌كانی له‌رێگه‌ی لقه‌كانی له‌ناوه‌خۆی وڵاتدا ئه‌نجام ده‌دات و بڵاویان ده‌كاته‌وه‌.
كۆمپانیاكانی فه‌یسبووك و ئاپڵ و مایكرۆسۆفت و ئینتڵ و بایباڵ و ئه‌مازۆن و ئی بی ئێم و سیسكۆ و چه‌ندین كۆمپانیای دیكه‌ كه‌ به‌ گرینگترین كۆمپانیا له‌ جیهاندا هه‌ژمار ده‌كرێن و رۆژانه‌ به‌رهه‌مه‌كانیان به‌كار دێ، پشت به‌ توێژینه‌وه‌ و پێشخستن ده‌به‌ستن و هه‌مووی له‌ رێگه‌ی لقه‌كانیان له‌ ئیسرائیل ئه‌نجام ده‌درێن،
o وه‌كو گه‌وره‌ترین ناوه‌ندی ته‌كنۆلۆژی له‌ جیهان؛ ته‌لئه‌ڤیڤ له‌دوای سیلیكۆن فالی ئه‌مریكا به‌ پله‌ی دووه‌م دێت.
o له‌بواری ژماره‌ی كۆمپانیا تۆماركراوه‌كانی بۆرسه‌ی ناسداك كه‌ له‌ جیهاندا به‌ گه‌وره‌ترین بۆرسه‌ی ته‌كنۆلۆژیا هه‌ژمار ده‌كرێ‌, ئیسرائیل له‌ پله‌ی سێیه‌مدایه‌ له‌ دوای ئه‌مریكا و چین.
o ژماره‌ی كۆمپانیا تۆماركراوه‌كانی ئیسرائیل له‌و بۆرسه‌یه‌دا گه‌وره‌تره‌ له‌وه‌ی وڵاتانی ئه‌ڵمانیا و ئیسپانیا و ئیتاڵیا و فه‌ڕه‌نسا و هۆڵه‌ندا.
o كه‌رتی توێژینه‌وه‌ و پێشخستن رێژه‌ی 12.5% له‌ كۆی به‌رهه‌مهێنانی ناوه‌خۆ له‌ ئیسرائیل پێكده‌هێنێ‌، و له‌مڕووه‌شه‌وه‌ ئیسرائیل له‌ جیهاندا به‌ یه‌كه‌مین وڵاته‌ دێت كه‌ ئه‌و رێژه‌ سه‌دییه‌ی ئابووری له‌ چالاكییه‌كانی توێژینه‌وه‌ و گه‌شه‌داندا خه‌رج بكا.
ئیسرائیل ده‌ستی هه‌بووه‌ له‌ پێشخستنی چه‌ندین داهێنانی نوێی كۆمپانیا جیهانیه‌كان، وه‌كو ئۆتۆمبیلی كاره‌بایی و ئۆتۆمبیلی بێ شوفێری گوگڵ و كۆمپیوته‌ری لاپتۆپ و پێشكه‌وتنه‌ ته‌كنۆلۆژییه‌كانی كۆمپانیای ئه‌نتڵ. خه‌ڵكی له‌هه‌ر شوێنێكی دنیا له‌ داهێنانه‌كانی مۆبایل سووده‌مه‌ندن كه‌ ئیسرائیل خاوه‌نه‌كه‌یه‌تی له‌ سیسته‌می ده‌ریاوانی و رێوبان و داوده‌رمانه‌ رزگاره‌كانی ژیان و ئامێره‌ پزیشكییه‌كان و چه‌ندین داهێنانی دیكه‌ كه‌ رۆژانه‌ به‌كار دێن.
پاشه‌ڕۆژ مولكی داهێنه‌رانه‌، بۆیه‌ ئیسرائیل پێگه‌یه‌كی گرینگی له‌ پاشه‌ڕۆژدا ده‌بێت و له‌ ئێستادا له‌ڕووی گه‌شه‌ی هه‌ره‌ خێراوه‌؛ پله‌ی سێیه‌می له‌ ریزبه‌ندی یانه‌ی ئابووری جیهانیدا گرتووه‌.
كۆمپانیا نوێیه‌كانی ئیسرائیلی به‌ بڕی نزیكه‌ی 20% له‌بواری ئه‌لیكترۆنیدا چانسی وه‌به‌رهێنانی تایبه‌تی جیهانییان هه‌یه‌، له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ له‌ ئیسرائیل رێژه‌ی 87%ی ئاوی به‌كارهاتوو ده‌پالێوێت و پێنج جار به‌كار ده‌هێندرێته‌وه‌، ته‌نانه‌ت به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ هه‌ر وڵاتێكی دیكه‌؛ مانگای ئیسرائیلی بڕه‌ شیرێكی زۆرتر ده‌دات.
پرسیار ئه‌وه‌یه‌, له‌ كاتێكدا ئیسرائێلدا خاوه‌نی زه‌وییه‌كی وشك و به‌ده‌م كێشه‌ و قه‌یرانی یه‌ك له‌دوای یه‌كدا ده‌یناڵاند… چۆن گه‌یشته‌ ئه‌و ئاسته‌ی پێشكه‌وتنه‌؟
له‌مێژووی ئیسرائیلدا دوو هه‌نگاوی زۆر گه‌وره‌ نران، سیاسه‌تی حكوومه‌ته‌كانی ئه‌و وڵاته‌ رۆڵی هه‌بوو له‌ خێرایی گه‌شه‌سه‌ندن و هۆكاری هه‌ره‌ سه‌ره‌كی بۆ ئه‌م گۆڕانكارییه‌ رێگه‌خۆشكردن بوو له‌به‌رده‌م كه‌رتی تایبه‌ت دا.
هه‌نگاوی یه‌كه‌م له‌ ساڵانی 1948 بۆ 1970 نرا، له‌و ماوه‌یه‌دا پشكی تاك له‌ تێكڕای داهاتی ناوخۆدا بۆ چوار هێنده‌ به‌رز بووه‌وه‌ و چڕی دانیشتووانیش سێ هێنده‌ زیادی كرد. ئه‌وه‌ سه‌ره‌ڕای هه‌ڵگیرسانی سێ‌ جه‌نگی گه‌وره‌ له‌و كاتانه‌دا. هه‌نگاوی دووه‌میش له‌ ساڵی 1990 بوو كه‌ تاكو ئێستا به‌رده‌وامه‌ كه‌ ئیسرائیلی له‌ دۆخی چه‌قبه‌ستوویی و متبوونه‌وه‌ گۆڕییه‌وه‌ به‌ ناوه‌ندێكی سه‌ركێشیكردنی داهێنانی جیهانی، له‌و سه‌رده‌مه‌دا به‌ به‌راورد به‌ قۆناغه‌كانی پێشوو جیاوزای گه‌وره‌ كه‌وته‌ په‌یڕه‌وی كاركردن و نیشانه‌ی هه‌ر به‌رچاو رۆڵی كه‌رتی تایبه‌ت بوو له‌ پێشخستنی وڵات دا.
له‌ ساڵی 1965 ئه‌ندازیاری ئیسرائیلی (سمیحا بلاس) پێشنیاری بیرۆكه‌ی ئاودێری به‌ شێوازی دڵۆپاندن كرد، و ئه‌وه‌ بووه‌ سه‌ره‌تایه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌مڕۆ به‌ كۆمپانیای جیهانی ((Netafim بۆ ئاودێری و دڵۆپاندن ناوده‌برێ‌. له‌مباره‌یه‌وه‌ به‌ڕێوه‌به‌ری گه‌شه‌دانی نێوده‌وڵه‌تی له‌ زانكۆی هارفارد كه‌ پێشتر وه‌زیری گه‌شه‌دان بووه‌ له‌ حكوومه‌تی ڤه‌نزویللا، ده‌ڵێت: (ئه‌وه‌ی له‌ ئیسرائیلدا رووی دا ئه‌وه‌ بوو كه‌ پرسی كه‌میی ئاو گۆڕدرا بۆ سه‌ركردایه‌تیكردن له‌بواری كشتوكاڵی بیابان ئه‌ویش له‌ڕێگه‌ی سیسته‌می دڵۆپاندن و دامالێنی له‌ خوێ‌).
رێژه‌ی 95%ی زه‌وی ئه‌و وڵاته‌ وشك و بیابان بوو كه‌ وه‌كو كێشه‌ سه‌یر ده‌كرا, ئه‌و كێشه‌یه‌ وه‌كو سامان و سه‌رمایه‌ بۆ وڵاته‌كه‌ گه‌ڕایه‌وه‌ و چاره‌سه‌ر كرا، له‌و كاته‌ی كه‌ ئیسرائیل دامه‌زرا بیابانی نه‌قه‌ب خه‌ریكبوو رێگاكانی قودس و ته‌لئه‌ڤیڤیشی داده‌پۆشی تاكو دواجار ئه‌و په‌ڵهاویشتنه‌ی بیابان پێچه‌وانه‌ كرایه‌وه‌ و گۆڕدرا به‌ كێڵگه‌ كشتوكاڵی و دارستان، تاكو ئه‌مڕۆشی له‌گه‌ڵدا بێت ئیسرائیل پێشه‌نگه‌ له‌و بواره‌ و سێ هێنده‌ی ئیسپانیا كرداری پاڵاوتن و پاككردنه‌وه‌ی ئاوی تێدا ئه‌نجام ده‌درێ‌.
هه‌روه‌ها رێگایه‌كی نوێ بۆ به‌كارهێنانی ئاوی نه‌شیاو بۆ خواردنه‌وه‌ بیندرایه‌وه‌، به‌مه‌ودای پێنج یاریگای تۆپی پێ‌ كرداری هه‌ڵكۆڵین كرا بۆ دۆزینه‌وه‌ی ئاوی گه‌رم و سوێر، له‌ ده‌سپێكدا ئه‌وه‌ مایه‌ی دڵخۆشی و به‌ دۆزینه‌وه‌ی گه‌وره‌ سه‌یر نه‌كرا تاكو گه‌یشتنه‌ ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌و جۆره‌ ئاوه‌ بۆ به‌خێوكردنی ماسی ئاوه‌ شله‌تێنه‌كان زۆر گونجاو و سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت؛ ئه‌وه‌ بوو بۆ وه‌كو به‌رهه‌مێكی بازرگانی ئه‌و ئاوه‌ خرایه‌ نێو حه‌وزه‌كانی به‌خێوكردنی ماسی و ئه‌وی دیكه‌ش ئاودانی دره‌ختی زه‌یتوون و دار خورما و هه‌وره‌ها رێگا و شێوازی دیكه‌ بۆ كشتوكاڵی میوه‌ و سه‌وزه‌ داهێندرا. له‌ئه‌مڕۆدا ئه‌و زه‌وییه‌ی كه‌ (مارك توین) به‌ زه‌وی وشك ناوی هێنا نزیكه‌ی (240) ملیۆن دره‌ختی له‌ ئامێز گرتووه‌ و دارستانه‌كان هه‌موو وڵات داده‌پۆشێت و ئیسرائیل به‌ تاكه‌ وڵات هه‌ژمار ده‌كرێ‌ كه‌ رووبه‌ری بیابانی له‌ كه‌مبووندایه‌.
بۆ پێشخستن و به‌هێزكردنی ئابووری ئیسرائیل (10) سندووقی سه‌رمایه‌ی وه‌به‌رهێنان بۆ هاندانانی وبه‌رهێنه‌ جیهانییه‌كان له‌ رێگه‌ی پرۆگرامێك به‌ ناوی ((Yusma پێكهێنرا, ئه‌وه‌ بووه‌ هۆی ده‌ركه‌وتنی ملیاره‌ها دۆلار له‌ وه‌به‌رهێنه‌ جیهانییه‌كان بۆ پشتیوانیكردنی پرۆژه‌ و كۆمپانیا نوێیه‌كان به‌مه‌به‌ستی پشتگیری كردن له‌ بیرۆكه‌ داهێنه‌ره‌كانیان, ئه‌مه‌ نه‌ك ته‌نها بووه‌ هۆی قازانجی دارایی به‌ڵكو بووه‌ هۆی پته‌وبوونی شاره‌زایی و ئه‌زموون و ته‌كنۆلۆژیای نوێ, بۆیه‌ له‌میانی هه‌شت ساڵ له‌ 1992 تاكو 2000 ژماره‌ی ئه‌و سندووقانه‌ی سه‌رمایه‌ی وه‌به‌رهێنان له‌ بیسته‌وه‌ به‌رز بووه‌وه‌ تاكو گه‌یشته‌ (513) و له‌ ئه‌نجامیشدا ئیسرائیل وه‌كو یه‌ك له‌ باشترین ژینگه‌ی بۆ سه‌ركێشیكردنی كار ناسرا.




تەور کلکی لە دار نەبێت.. ناتوانێت دار ببڕێتەوە … رەزا شـوان

پارتی دیموکراتی گەلان و پارتی کرێکارانی کوردستان، یەک لایەنانە دروشمی برایەتی تورک و کوردیان بەرزکردوونەتەوە، دەیانەوێت ئەوە بخەنە هزری نەتەوەی کوردمان، کە (کورد بەبێ تورک ناتوانێت بژیت) لە کاتێکدا کە نەتەوەی تورک هەرگیز خۆیان بە برای کورد نەزانیوە و نازان، دانیان بە بوونی پەنجا ملیۆن کورد دا نەناوە و ئامادەش نین کە دانمان پێدابنێن.. تا ئەمڕۆش، نکووڵی لە هەبوونی نەتەوەی کوردمان دەکەن و بە دوژمنی سەرسەختی خۆیانمان دەزانن، تا سەر ئێسقان رقیان لێمانە، نەوە لە دوای نەوەشیان،، بە بیر و ئایدۆلۆژیای رەگەزپەرستی و بۆگەنیان، گۆش و پەروەردەیان کردوون و دەکەن.. لە دەستووری تورکیادا، وشەیەک نییە بە ناوی کوردەوە بە تورکی شاخاوی ناویان بردووین.. دەستووری تورکیا، جەخت لەسەر ئەوەش دەکات، کە لە تورکیادا یەک نەتەوە و یەک زمان و یەک ئاڵا هەیە، ئەوەی لە تورکیاشدا بژی تورکە. تا ئەمڕۆش ئەم دەستوورە رەگەزپەرستییە پەیڕەوی دەکەن و هێڵی راست و چەپیان بەسەر هەموو نەتەوەکانی تردا هێناوە.. تا ئەمڕۆش منداڵانی کوردمان، بە بە تۆبزی بەیانیان دەبێ ئەم دروشمە رەگەزپەرستییە، بە زمانی تورکی بڵێنەوە، گەر نەیڵێەوە دایکان و باوکانیان دەگرن بەجوداخوز تومەتباریان دەکەن.. ئەمە دەقە تورکییەکەی ئەو دروشمەیە، ئێمە لێرەدا بە کرمانجی نووسیومانە:(ئـەز تورکم… دایکم تورکە… باوکم تورکە… داپیرەم تورکە… باپیرەم تورکە… بنیادەم تورکە… زۆر بژی کۆماری.. بژی.. بژی… بژی… زۆر بژی کۆماری) رۆژانەش دەبێ ئەم رستەیەش دووبارە بکەنەوە:
(شاد ئەو کەسەیە کە بڵێ من تورکم) هەر لە پۆلی یەکەمی سەرەتاییەوە، منداڵانی کوردمان فێری ئەوە دەکەن کە شانازی بە ئەوەوە بکەن کە تورکن. بە بیری کەماڵیزم و شۆفێنیزم و تۆرانیەت، هـزر و بیریان زاخاو دەدەن، تا وایان لێبکەن، کە لە نەتەوەی کوردمان هەڵیان بگـێڕنەوە و سۆز و هاوبەستەبوونیان بۆ کورد و کوردستان نەبێت و زمانی کوردییان لەبیربەنەوە، داب و نەریتەکانی کوردیان لەبەرچاو بخەن.. لە هەموو دایرەکانی سەرژمێریشدا، ناوی کوردی تۆمار ناکەن، دەبێ ناوێکی تورکی لە منداڵانی کورد بنرێت.. تورکیا چەندین لاو و مێردمنداڵی کوردیان لە سێدارە دا، لەسەر ئەوەی، لە قوتابخانەکاندا ئامادە نەبوون، کە ئەو دروشمە رەگەزپەرستە تورکییە بڵێنەوە.
زیاتر لە سەد ساڵە، تورک نامەردانە رەشەکوژی و کۆمەڵکوژی کورد دەکات، دیهات و شارۆچکە و شاری کورد تاڵان دەکات و وێرانیان دەکەن.. ئەو تاوانان و کارەساتانەی کە تورکی رەگەزپەرست، بەسەر کوردیان هێنان و دەهێن.. زۆر زیاترن لەو تاوانانەی کە بەسەر ئەرمەنییەکان و یۆنانییەکانیان و ئاسوورییەکانیان دا هێنایان.
زیاتر لە سەد ساڵە، تورک بە زەبر و زۆرداری، سیاسەتی ئەنتەگراسیۆن لە گەڵ کورد بەکاردەهێنن، واتە سیاسەتی بە تورکردنی کورد، یا توانەوەی نەتەوەی کوردمان لە بۆتەی نەتەوەی تورک دا، ئەم نیازە گڵاوەشیان بە پیلانێکی تۆکمە و بە بەرنامەڕێژی جێبەجی دەکەن.. ئارمانج و نیازی گڵاویان ئەوەیە، کە ناسنامەی نەتەوەیی کوردیمان بسڕنەوە.. ئەم سیاسەت و نامەردییانەی تورکیای فاشستی، لە دەوڵەتی ئیمپریالیزمی عوسمانییەوە تا ئەمڕۆ درێژەی هەیە و تادێت تۆختری دەکەنەوە.
سەیرە و جێی سەرسۆڕمانە، کە پارتی دیموکراتی گەلان و پارتی کرێکارانی کوردستان، بانگەشەی برایەتی تورک و کورد دەکەن و دەڵێن:(کورد بەبێ تورک ناتوانێت بژیت.!) بە داخەوە کە کورد، هەمیشە خۆی بەکەم و بە بچووک دەزانێت، نەیتوانیوە سنووری ترسی وەهەمی لە داگیرکەرانی کوردستان لە هـزر و لە دەروونی خۆیدا دەربکات.
لە دوای جەنگی جیهانی یەکەم و رووخانی دەوڵەتی عوسمانی، هەموو ئەو گەلانەی کە ژێردەستەی عوسمانییەکان بوون رزگاریان بوو، بوون بە خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان.. تەنیا نەتەوەی کوردمان نەبێت.. کە نەمان توانی بە زیرەکی و بە یەکگرتوویی و بە یەکدەنگی و بە راپەڕین و بە سیاسەت هەوڵبدەین و هاوپەیمانن رازی بکەین و ئەو هەلە زێڕینە بقۆزینەوە و ئێمەی کوردیش (دەوڵەتی کوردستان) دابمەزرێنین. لەوە دواش چەندین هەلی ترمان لە دەست دا.. چونکە ئێمەی کورد تا ئەمڕۆش هیچ وانە و پەندێکمان لە هۆیەکانی شکستییەکانی گەلەکەمان وەرناگرین، جار لە دوای جار خراپتر و قووڵتر تێکەوتووین و دۆڕاوین.. ئەمە خاڵێکی لاوازی سەرکردەکانی کوردە.
لە شۆڕشەکی (شێخ سەعیدی پیران: ١٩٢٥) ەوە تا ئەمڕۆ زیاتر لە دوانگزە شۆڕش و راپەڕینمان پەرپاکردووە، بە هەزاران لاوی جوان و دلێرمان بوون بە سووتەمەنی ئەم شۆڕشانە، بە هەزاران گوند و شار و شارۆچەکەمان تاڵان و وێران کران، چەندین جار رەشەکوژی و کۆمەڵکوژیان لێکردین، بە هەزاران کوردیان لە زێـدی باوباپیرانیان بە زۆر دەرکردن، دیمۆگرافیای بەشێکی زۆری ناوچەکانی کوردستانیان گۆڕین. بە داخەوە هیچمان بە هیچ نەکرد و مایە پوچ بووین و هاتینەوە سەر ساجی عەلی.. زیادەڕۆییش ناکەم کە دەڵێم، تا ئەمڕۆ سەرکردە و تێکۆشەر و شۆڕشگێڕێکی دڵسۆز و بلیمەت و قاڵەوەبووی سیاسەتی ئەوتۆمان لێ هەڵنەکەوتووە. کە بە دانایی و زانایی و بە زیرەکی بتوانێت هەموو کورد لەژێر چەتری کوردایەتی و کوردستان پەروەریدا کۆبکاتەوە و بتوانێت خەبات و تێکۆشان و راپەڕینی گەلەکەمان یەکبخات و بتوانێت هێزێکی بەهێزی یەکگرتووی کوردستانی دابمەزرێنێت.. سەرکردەیەکی نەتەوەیی و سیاسی کە بتوانێت پارتێکی سیاسی یەکگرتووی نەتەوەیی رزگاریخواز و ئازادیخواز و دیموکراتیخوازی بە راستی دابمەزرێنێت، تا بتوانێت ناوماڵی کوردیمان رێکبخات و متمانەی گەلەکەمان بە دەستبهێنێت.. سەرکردەیەکی دڵسۆز کە بتوانێت ستراتیژییەتێکی نەتەوەی کوردی بەهێز و تۆکمە دابڕێژێت، بۆ ئەوەی سەنگ و قورسایی و هەژموونێکی ناوچەی و جیهانیمان هەبێت و لە کێشە و لە هاوکێشەکانی ناوچەیی و جیهانیدا بە هەندمان بزانن.
لەگەڵ ئەوەشدا، ئێمەی کورد گەلێکی پەرتەوازەی یەکدەنگ و یەکگرتوو و یەکڕیز نین و خاوەنی وتارێکی نەتەوەیی و سیاسی یەکگرتوو نین.. میللەتێکی فرە کوێخاین و هەر کاکەمان ئاوازێک دەچڕێ و خۆی کردووە بە دەم راستی گەلی کوردمان.. بە هاندان و فیتی داگیرکەرانی کوردستان و نەیارانی گەلەکەمان پاشەقولی یەکتری دەدەن، دەستیان چۆتە خوێنی یەکتری و ملی یەکتری دەشکێنین. ئەم خۆخۆرییەش دیاردەیەکی تازە نییە.

زۆریش بەداخەوە، کە ناپاکی و خۆفرۆشی و جاشایەتی و نۆکەری بێگانە، لە کۆنەوە بووە بە دیاردەیەکی زەق لە نێو گەلی کورداماندا.. هۆیەکی سەرەکی سەرنەکەوتن و شکستهێنانی راپەڕین و شۆڕشەکانی کوردستانن.. بە هۆی جاشایەتی و خۆفرۆشی و نۆکەری و سیخوڕی کوردەوە بووە.. کە بۆ پارە و پۆست، بوونە بە چاوساغ و بە کەوا سووری پێش لەشکری داگیرکەرانی کوردستان.. لە رابردوو و لە ئێستاشدا، زۆرن ئەو جاش و خۆفرۆش و نۆکەر و ناپاکە کوردانەی، کە بوونە نۆکەر و سیخوڕی تورکیا و ئێران و عێراقی داگیرکەرانی کوردستان و ناپاکیان لە کورد و کوردستان کردوون.
(سوڵتان عەبدولحەمید)ی عوسمانی، چەند تیپێکی سوارەی بەهێزی لە کورد پێکهێنا (جاشە کوردی حەمیدی) پێشی سوپای عوسمانی خستن و شەڕی دوژمنانی خۆیانیان پێکردن و زۆربەیان بەکەشت دان.. گەر بوایە ئەو هێزە کوردیانەمان لە جیاتی ئەوەی کە شەڕ بۆ داگیرکەری کوردستان بکەن.. شەڕیان بۆ رزگاری کوردستان بکردایە، دەیانتوانی کوردستان رزگاربکەن.. دەبووین بە دەوڵەتی کوردستانی سەربەخۆ.
مستەفا کەماڵ (ئەتاتورک)ی گۆڕبەگۆڕیش، کۆمەڵێک بەڵێن و درۆی بە کورد دا، بەو بەڵێنانە کوردی هەڵخەڵەتاند، کە کورد و تورک بران و هاومافن لە تورکیادا، گەر کورد پشتگیری لێبکەن و یارمەتی بدەن، لە دوای سەرکەوتن، هەموو خواست و مافەکانی کورد جێبەجێ دەکات.. کوردی خۆش باوەڕیش زوو بڕوایان بە بەڵێنەکانی ئەتاتورک کرد و هەموو هێز و توانایەکیان خستە بەردەستی.. بەشی زۆری هێزەکانی ئەتاتورک لە کورد پێکهاتبوون. گەر بە پشتگیری و یارمەتی هێزەکانی کورد (جاشە کەماڵییەکان) نەبوایە، ئەتاتورک نەیدەتوانی کۆماری تورکیا دابمەزرێنێت.. دڵسۆزان و هۆشیارانی گەلەکەمان باش مستەفا کەماڵیان دەناسی کە چەند نامەرد و دڕندە و درۆزن و فێڵبازە و چ نیازێکی گڵاو و رقێکی رەش لە دژی گەلی کوردمان لە ناخی بۆگەنی دا هەیە.. کورد لە رێگای ئەرزەڕوومدا کەمینێکیان بۆ ئەتاتورک دانا کە بیکوژن، بە داخەوە کە ئەو پلانە، هەر لە لایەن جاش و نۆکەرانی کوردەوە سەری نەگرت و شکستی هێنا.
ئەتاتورکی رەگەزپەرست، لە دوای سەرکەوتنی و دامەزراندنی کۆماری تورکیا و بوونی بە سەرۆک کۆمار، نەک هەر بەڵێنەکانی کە دابوونی بە کورد جێبەجێ نەکردن، بەڵکو بە ئەوپەڕی نامەردی و دڕندەی و دڵڕەقی رقڕەشییەوە، بەبێ دەست پاراستن لە منداڵی کوردی ناو لانکیش، کەوتە رەشەکوژی و کۆمەڵکوژی کورد و تاڵانکردن و ێرانکردنی سەدان گوند و شاری باکووری کوردستان، بە دەربەدەرکردن و راگواستنەوە و گۆڕینی دیمۆگرافیای کوردستان، سەرکوتکردن وەڵامی ماف و داواکانی کوردی دایەوە.

هەر لەسەر داوا و فیتدان و هاوکاریکردنی (ئەتاتورک) ی رەگەزپەرست بوو، کە ستالینی ستەمکار (کۆماری کوردستانی سووری: لە ١٩٣٢) دا، هەڵوەشاندەوە و بە هەزاران لاو و ژن و منداڵی کوردی کوشت و ماڵی کوردیان تاڵان کرد و بەهازارانیش کوردی ماڵوێران و سەرگەردان و دەربەدەر کردن و بە زۆر بۆ بیابانی سیبیریا و شوێنە سارد و سەختەکانی روسیا گواستیاننەوە.. کۆماری کوردستانی سوور برایانی کوردمان لە دەڤەری قەفـقاس لە (١٩٢٩ ـ ١٩٣٢) لە ناوچەی (قەرەباغ)ی ئێستا دایان مەزراند، پایتەختەکەشی شاری (لاچـین) بوو.
لە ساڵی (١٩١٩) دا، کە شاندی تورکیا بۆ کۆنگرەی (سیڤەر) چووبوون، مستەفا کەماڵ نامەیەکی بۆ ئەندامی ئەو شاندە (ئەلیاس بەگ) دەنێرێ، تێیدا داوای لێدەکات کە “نابێت باسی هیچ چارەسەرێک بۆ کێشەی کورد بکرێت، ناشبێت هیچ بوارێک بۆ ئەم هەلانە بدرێت..” ئەو کاتە هێشتا نەببوو بە سەرۆک کۆمار.. کە ئەوە قسانەی کرد.
ئەتاتورک بە پارە و بە پۆست و پایە، توانی چەند کەسانێکی کوردی ناپاک بکڕێت و لە کاتی پێویست دا، بۆ نیاز و مەرامە گڵاوەکانی خۆی، لە دژی خواست و مافەکانی کورد بەکاریان بهێنێت.. ئەو کوردە کەماڵیزم و تۆرانیلیزم و ناپاک و جاشە کوردانەی، کە بوون بە نۆکەر و بە سیخوڕی ئەتاتورکی کوردکوژ، رۆڵێکی ناپاکی گەورەیان هەبوو لە لەباربردنی هەلی دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی دا.. ئەم ناپاک و نۆکەرە بەکرێگیراوانە، گەیشتنە ئەو رادەیەی، کە نکووڵییان لە کوردبوونی خۆیان کرد و خۆیان بە تورک دەزانی.. لەوانەش: خۆفرۆش و جاشی رەشمەلەسەر (دیاب ئاغای دەرسیمی) یە، کە رۆڵێکی ناپاک و گەورەی بینی لە دژایەتیکرنی گەلەکەی لە باکووری کوردستان دا.
(دیاب ئاغای دەرسیمی) سیخوڕ و نۆکەرێکی نزیکی ئەتاتورک بوو، ئەندامی پەرلەمانی تورکیا بوو، نوێنەری شاری دەرسیم بوو.. بە دەنگی کورد و بە سەر شانی کورد، بوو بە ئەندام پەرلەمان، بە داخەوە، وەکو شاعیری گەورەمان (پیرەمێرد) ی نەمر دەڵێت:
هـێشـتا پـیـاوی چـــاک لـێک نـاکـەیـنەوە
گـــرەو لـە پـیــاوی بــــــــەد نـابـەیـنـەوە

دیاب ئاغای ناپاک و ناڕەسەن و نۆکەر، لەناو پەرلەمانی تورکیادا، وتی:”ئێمە کورد نین.. ئێمە تورکین” زۆریش بە شانازییەوە ناوی ئەتاتورکی دەبرد و بە “حەزرەتی غازی مستەفا کەماڵ پاشا” ناوی دەبرد.. کەچی لە سەرانسەری باکووری کوردستاندا، کورد بە “مستۆ کافـر” ناویان دەبرد.. گەرچی دیاب ئاغا نوکووڵی لە کوردبوونی خۆی کرد. بەڵام گەر تورک دیاب ئاغایان بە تورک بزانیبایە، ئەو رەشەکوژی و کۆمەڵکوژی و کارەساتەیان بەسەر شارەکەی (دەرسیم) و بەسەر نەوەکانی و کەسوکاریدا نەدەهێنا.
لە شۆڕش و راپەڕینەکەی دەرسیم دا، لە ساڵی (١٩٣٧ـ ١٩٣٩)، بە سەرۆکایەتی (سەید رەزا) ی دەرسیمی.. تورکیا بە دڕندانەترین و نامەردترین شێوە (٥٠) هەزار ژن و منداڵ و لاوی کوردیان شەهید کرد، زیاتر لە (٧٥) هەزار کوردیان، لە زێدی خۆیان دەربەدەر کرد و رایان گواسنەوە بۆ شوێنانی تر، بە سەدان گوند و شارۆچکەی ئەو دەڤەرەیان تاڵان کردن و دواتر وێرانیان کردن.. تەنانەت کچە زۆڵە خۆدۆڕاوەکەی ئەتاتۆرکی دۆستی دیاب ئاغا ( کچی راستی خۆی نەبوو بەخێوی کردبوو) کە ناوی (سەبیحە گوکچەن)ە کە یەکەمین ژنە فڕۆکەوانی جەنگ بوو لە تورکیادا، چەند جارێک بە فڕۆکەی جەنگی، زۆر دڕندانە، شاری دەرسیمی بۆردوومان کرد.. بە دەیان ژن و منداڵی کوردی شەهید کرد. (فڕۆکەخانەی سەبیحە) لە ئەستەنبوڵ، بە ناوی ئەم ژنە تاوانبارەوە نراوە.. کە (سەید رەزا دەرسیمی) دەستگیکرا، بە فەرمانی ئەتاتورک دادگای تورکیا بڕیاری لە سێدارەدانی بۆ سەید رەزا دەرسیمی و بۆ چەند سەرکردەیەکی تری کورد دەرکرد.. سەید رەزا و کورە بچووکەکەی کە (١٦) ساڵان بوو، لەگەڵ (١٢) لە سەرکردەکانی تری کوردمان، لە (١٩٣٧) دا لە سێدارە دران.. دواتریش ناوی شاری (دەرسیم) یشیان گۆڕی بۆ (تونجەلی).. لە رۆژی لە سێدارەدانیان دا.. خودی ئەتاتورک لەو رۆژەدا ئامادەی لە سێدارەدانیان بوو. ئەتاتورک بە سەید رەزای وت:”ئەگەر دان بە هەڵەکاندا بنێیت و پەشیمانی خۆت دەرببڕی، لێت دەبوورم” سەید رەزا پێی وت:”من کارێکم نەکردووە تۆ لێم ببووری.. پەشیمانیش نیم” سەید رەزا لە بەردەم سێدارەشدا، رووی لە تۆرانییەکان کرد و وتی:” تەمەنم حەفتا و پێنج ساڵە ئێستا لە سێدارە دەدرێم، گیانم دەچێتە پاڵ گیانی قوربانیانی خەبات لە پێناوی کوردسـتان دا دێرسیم سەرنەکەوت، بەڵام کورد و کوردستان هەر دەمێنن، لاوانی کورد تۆڵە دەکەنەوە، شەرمەزاری بۆ ستەمکاران”
لە نێو شەهیدانی شاری دەرسیم دا، ژمارەیەکی زۆر لە نەوەکان و لە کەسوکار و لە هۆزەکەی (دیاب ئاغای) ناپاکی تێیاندا بوون.. ئەمە پاداشت و پیاوەتی ئەتاتورک بوو، بۆ (دیاب ئاغا)ی دۆستە نزیکەکەی و بۆ نۆکەر و سیخوڕ و جاشە گەورەکەی.
گەورە ناپاکێکی تری کورد، جاش و خۆفرۆش و نۆکەرێکی قێزەوەنی تری ئەتاتورک، ناوی (حەسەن خەیری) یە، کە ئەندامی پەرلەمانی تورکیا بوو، نوێنەری شاری دەرسیم بوو، بە دەنگی کورد بوو بە ئەندام پەرلەمان.. کەچی ئەم نۆکەر و ناپاک و نامەردە، گەورەترین ناپاکی بەرانبەر بە گەلی کوردمان کرد.. گەورەترین خزمەتی تورکیای داگیرکەری کوردستانی کرد.. گەورەترین نیازی گڵاوی ئەتاتورکی خوێنڕێژی هێنایەدی.
لە کۆنگرەی پەیمانی (سیڤەر) دا، کورد لەوە نزیک ببۆوە، کە دەوڵەتی کوردی بۆ دابمەزرێنن، ئەوە بوو سیڤەر گۆڕا بە پەیمانی (لۆزان) هاوپەیمان واژۆیان لەسەر بڕیارەکان نەکرد، بەبێ مافی کورد و سەربەخۆیی کوردستان.. چونکە هیچ بڕوایەکیان بە قسەکانی شاندی تورکیا نەبوو.. ئەتاتورک داوای لە (حەسەن خەیری) نۆکەری کرد، کە بە جلی کوردییەوە، لە پەرلەماندا، بانگەشەی برایەتی تورک و کورد بکات، ئەوە بڵێت، تورک و کورد بران و پێکەوە دەژین و هێچ کێشەیەکیان نییە، کورد نایەوێت لە تورکیا جیاببێتەوە، تورکیا نیشتمانی تورک و کوردە.. کۆمەڵێک لە رۆژنامەنووسان و میدیا بۆ گەواهیدانی ئەم سیناریۆ داڕێژراوە ئامادەکرابوون، کە رۆژانە قسە تەڵقین کراوەکانی جاشی بەکرێگیراو خۆفرۆش و ناپاک (حەسەن خەیری) یان بڵاودەکردەوە.
ژنەکەی حەسەن خەیری، بە پێچەوانەی مێردەکەیەوە، کوردێکی دڵسۆز و پاک بوو. دژی ئەم کارە قێزەوەنەی مێردەکەی بوو، زۆر لێی پاڕایەوە و داوای لێکرد.. کە ئەو کارە نەکات و ناپاکی لە گەلی کورد نەکات.. بەڵام حەسەن خەیری گوێی پێی نەدا.
حەسەن خەیری داوا و نیازە گڵاوکەی ئەتاتورکی جێبەجێ کرد، چەند جارێک بە جلی کوردییەوە چووە ناو پەرلەمانی تورکیا و ئەو قسانەی کە ئەتاتورک بۆی نووسیبوون، تووتی ئاسایی دووبارەی دەکردنەوە.. وێنەکەی و قسەکانی بوون مانشێتی رۆژنامەکانی تورکیا.. هەر لەسەر داوای ئەتاتورک، حەسەن خەیری، نامەیەکی تەلگـرافی، بۆ گۆنگرەی لۆزان نارد، ئەوەی تێدا نووسیبوو، کە کورد و تورک براین، کێشەیەکمان نییە و دەمانەوێت پێکەوە بژین و بمێنینەوە، جیابوونەوە و دەوڵەتی کوردیمان ناوێت.
هاوپەیمانان کە ئەو نامە تەلگرافەیان پێگەیشت. بڕوایان کرد و بڕیارەکانیان واژۆکرد.
(حەسەن خەیری) ناپاک و خۆفرۆش، گەورەترین ناپاکی بەرانبەر بە گەلەکەمان کرد، هۆکارێکی گەورە بوو، بۆ لەباربردنی خەونی کورد، لە دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی.
هەر بە فەرمانی ئەتاتورک حەسەن خەیری دەستگیر کرا، دادگای تورکیا بە تاوانی لەبەرکردنی جلی کوردی و جوداخوازی، بڕیاری لە سێدارەدانیان بۆ دەرکرد، حەسەن خەیری ناپاک بەرگری لەخۆی کرد و وتی:”من بۆ ئەوە ئەو کارەم کرد، تا رێگری لە دروستبوونی دەوڵەتی کوردی بکەم” بێ سوود بوو، پێیان وت تۆ پێشێلی دەستووری تورکیات کرد و بەجلی کوردییەوە چوویتە ناو پەرلەمان.. پێیان وت بەر لە سێدارەدانت، چیت هەیە کە بیڵێیت..؟ دوایین راسپاردەی حەسەن خەیری ناپاک و نۆکەر ئەمە بوو:
“با گۆڕەکەم لەسەر رێگای کوردان بێت.. بۆ ئەوەی هەر کوردێک بیبینێت تف بارانی بکات..” دەیگێڕنەوە و دەڵێن: لە دوای ناشتنی تەرمەکەی.. هێندە تفیان کردبووە سەر گۆڕەکەی بە دوو شەو و بە دوو رۆژ ئەو تفانە وشک نەبۆون.

مستەفا کەماڵ ئەتاتورک، تووشی نەخۆشی جگەرهات، وێنەیان گرتووە و دەڵێن: ئەتاتورک جۆرە مێروویەکی سووری وردی بە چاو نەبینراو تێیدا، ئەو جۆرە مێرووەش تەنها لە وڵاتی چین دا هەبوو، تا ئەو کاتەش دەرمانی دژە ئەو مێرووە نەدۆزرابۆوە، ئەتاتورک گەڕ و گول بوو، هەر خۆی هەڵدەکڕاند، تا سەری نایەوە و گۆڕ بەگۆڕ بوو.
لە کۆنگرەی چوارەمینی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) کە لە ( ٢٣/ ٢/٢٠٢٠) لە (ئەنقەرە) دا بەسترا، بە زۆرینەی دەنگ، دوو هاوسەرۆکی تازەیان بۆ پارتەکەیان هەڵبژارد، کە خاتوو (پەروین بوڵدان) و دکتۆر ( مەدحەت سنجار) بوون، لە تورکیدا بە (میتهات سنجار) ناودەبرێت.. بەڕێوەبەری کۆنگرە و ئەندامی سەرکردایەتی ئەم پارتە (ئەلیجان ئونکی) وتی:”من لە باتی هەمووتان دەڵێم ئێمە پارتێکی کوردین نین.. ئێمە رێکخراوێکی تورکین”
دکتۆر مەدحەت سنجار کێیە؟ بە کورتی دکتۆر مەدحەت، نووسەر و ئاکادیمی و شارەزایەکی پسپۆرە لە بواری کاروباری سیاسی و یاسایی دا، لە ساڵی (١٩٦٣) لە باکووری کوردستان، لە شاری (نسیبین)ی سەر بە پارێزگای (ماردین) لە خێزانێکی عەرەب لەدایک بووە. لە ساڵی (١٩٩٥) دا، دکتۆرای لە یاسادا وەرگرتووە. لە ساڵی (٢٠٠٧) مامۆستا بوو لە (کۆلێژی یاسا) لە زانکۆی ئەنقەرە.. لە ساڵی (٢٠١٥) دا، بە دەنگی کورد، بوو بە ئەندام لە پەرلەمانی تورکیا بۆ ماوەی چوار ساڵ.. ئێستاش هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلانە.
(لە سەردمی حیزبی بەعەس شۆڤـێنیدا، لە باشووری کوردستاندا، ئەو کوردەی ببوایە بە بەعسی، خەڵکی کورد لە نێو خۆیاندا، دەیان وت: فڵانە کەس، حەبە سەوزەکەی قووت داوە، واتە بووە بە بەعسی و قسەی لا نەدرکێنن) وا دیارە (مەدحەت سنجاریش حەپە سوورەکەی قووت داوە و بووە بە تۆرانی و چۆتە ژێر چەتری کەماڵیزم و تۆرانیلیزم ەوە) لە دانیشتنەکەی پەرلەمانی تورکیا، لە رۆژی (٢٣/٤/٢٠٢٠) دا، کە بە بۆنەی ساڵڕۆژی یادی سەد ساڵەی دامەزراندنی پەرلەمانی تورکیاوە سازکرا، مەدحەت سنجار، وەکو هاوسەرۆک و وەکو نوێنەری پارتی دیموکراتی گەلان، بەشداری لەو دانیشتنەکەی پەرلەماندا کرد، وتەیەکییشی پێشکەش کرد، لە وتەکەیدا کەوتە ماستاو سارکردنەوە و تەشی رستن، ستایشی ئەتاتورکی کرد و بە شان و باڵیدا هەڵیدا، مستەفا کەماڵ ئەتاتورکی کوردکوژی، بە داکۆکیکەر لە کورد ناوبرد، وا باسی کرد کە ئەتاتورک چاکە و پیاوەتی بە سەر کوردەوە هەیە.. مەدحەت سنجار وتی:” مستەفا کەماڵ پاشا، بە هەموو هۆیەکەوە هەوڵیدا چارەسەری گونجاوی کێشەی کورد بدۆزێتەوە، هەوڵیدا لەژێر چەتری دەوڵەت و شکۆداریدا و بە بیرێکی دیموکراتییانەی یەکگرتووی هاوبەش چارەسەری کێشەی کورد بکات، کەچی هەوڵ و کۆششە زۆرەکانی لادراون و لە یادکراون”
تۆ بڵێی (مەدحەت سنجار) کە دکتۆرای لە یاسادا هەیە، هێندە گێل و گەمژە و نەزان بێت و ئاگای لە دەستوورەکەی ئەتاتورک نەبێت، کە بە هیچ شێوەیەک ناوی کوردیان نەبردووە، بە تورکی شاخاوی ناویان بردووە؟ ئەی تۆ بڵێ مەدحەت هێندە حەپۆلە بێت و مێژووی نەخوێندبێتەوە، کە ئەتاتۆرک، ئەو هەموو رەشەکوژی و کۆمەڵکوژییەی لە کورد کرد و زمانی کوردی قەدەغەکرد و هیچ مافێکی بە کورد رەوا نەبینی و بە ئاگر و ئاسن رەفتاری لەگەڵ کورد دا کرد..؟! ئەتاتورکێک کە هەموو دەسەڵاتێکی هەبوو.. کێ دەیتوانی رێی لێبگرێت، گەر بیویستایە چارەسەری کێشەی کورد بکات؟ چما مستەفا کەماڵی رەگەزپەرست، دانی بە هەبوونی کورد دا دەنا؟ لەسەر ئەو هەموو تاوانانەی کە ئەتاتورکی نامەرد لە کوردی کردن، دکتۆر مەدحەت ستایشی دەکات و بە شان و باڵیدا هەڵدەدات! بە داکۆکیکەر لە کوردی ناو دەبات.. رەنگە مەدحەت سنجاری کەماڵیزم، وا تێبگات کە نەوەی تازەی کوردمان ساویلکەن و هیچ لە مێژووی خۆیان نازانن.

شایەنی باسیشە، پارتی دیموکراتی گەلان هیچ ناڕەزایی و هەڵوێستێکی ئەرێنیان نەبوو، لەمەڕ ئەو لەشکرکێشییەی کە تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستانی کرد، کە بە سەدان کوردیان کوشت و بە هەزارانیشیان ئاوارە و دەربەدەرکردن.. چەکی فسفـۆری سپیی قەدەغەکراوی نێودەوڵەتیان لە دژی کورد بەکارهێنا. تورکیا تا ئێستاش درێژە بە تاوانە قێزەوەنەکانی دەدات. ئەی نابوایە هەدەپە پرۆتستۆی ئەم تاوانانەی تورکیان بکردایە..؟
بێ دەنگی و بێ هەڵوێستیان، واتای رازیبوونیان دەگەیەنێت و هاوبەشن لەم تاوانانەدا.
هەرگیز لە عەرەبێکی کەماڵیزم و تۆرانیلیزمی وەک مەدحەت سنجار، چاوەڕێی ئەوەی لێ ناکرێت، کە داکۆکی لە کورد و لە کێشەی کورد بکات.. یا باس لە ستەملێکراوی کورد و لە تاوانەکانی تورکیا بکات.. گەر مەدحەت قسەکانی بە پێچەوانەوە بکردایە راستی دەوت.. چونکە هێندەی ئەتاتورک سوودی لە کورد وەرگرت، ئەوەندە سوودی لە تورک وەرنەگرتووە.. بە هەزاران کوردی کڕی و کردنی بە نۆکەر و بە جاشی رەشمەلەسەری خۆی. ئەتاتورک لە هەموو شەڕەکانی لە دژی نەیارەکانیدا، جاشە کوردەکانی دەخستنە پێش لەشکری تورکیاوە.. بە کوشتی دەدان، یا هەر خۆیان لە دواوە دەیان کوشتن.. لایەکی کەشەوە ئەتاتورک رێگری لەوەش دەکرد کە کورد بتوانن لەگەڵ گەلان و وڵاتاندا پەیوەندیان هەبێت، نەباکا داوای دامەزراندنی دەوڵەتێک بۆ کورد بکەن.. گەر مەدەحەت سنجاری غیرەتی هەیە با باسی ئەم راستییانە بکات نەک پاکانە بۆ ئەتاتورکی خوێنڕێژ و ستەمکاری گۆڕبەگۆر بکات. بە داخەوە، کە کێ چۆتە شوێنی کێ.. وەکو کورد دەڵێت:
نەمــــاوە دەنــــــــگـی دلــــــــــێـران
چەقەڵ راودەکا لە جێگەی شـــێـران

تا تێکۆشەر و سیاسەتمەداری گەلەکەمان، سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان بوو، زۆر دلێرانە و بوێرانە قسەی دەکرد، ببوو بە چقڵی ناو چاوی ئەردۆگان.. ئێستاش لە بەندیخانەدا نەگۆڕاوە و هەر هەمان هەڵویستی هەیە، هەر بۆیە ئازادی ناکەن، گەرچی ماوەی بەندکردنەکەی تەواو بووە و بەسەرچووە.
لە ساڵی (١٩٩٢) سەرۆک کۆماری پێشووی تورکیا (سلێمان دەمیرێل) ی گۆڕبەگۆڕ، وتی:”لە تورکیادا هیچ شتێک بوونی نییە بە ناوی کێشەی کوردەوە، ئێمە راستیی هەبوونی کورد لە تورکیادا قبووڵ ناکەین”
دیکتاتۆرە خوێنڕێژەکەی ئێستای تورکیا زیندانیستان، سوڵتان ئەردۆگان، کە تووشی کوردفۆبیا بووە، ئەویش ئەو ئایدۆلۆژییە بۆگەنە رەگەزپەرستییەی دووبارە کردەوە وتی:”لە تورکیادا یەک ئاڵا و یەک زمان هەیە.. ئەوەی نایەوێت بێتە ژێر ئەم ئاڵایەوە با لێرە بڕوات” مەبەستی ئەردۆگان کوردە.. سێبەرەکەی خۆشی لێبووە بە کورد.
زەڕافە ملدرێژەکەی سوریاش (بەشار ئەسەد)ی دیکتاتۆر هەر هەمان شەکری شکاند و وتی:”شتێک نییە لە سوریادا، کە ناوی کێشەی کورد بێت. بە هۆیەکی ساکارەوە، کورد هەیە لەگەڵ مێژوودا لە سوریادا دەژین.. بەڵام ئەو کۆمەڵانەی کە بۆ باکوور هاتوون، تەنیا لە سەدەی رابردوودا هاتوون. بە هۆی سەرکوتکردنیان لە لایەن تورکیاوە. وەکو میوان وەریانمان گرت”. ئێمە لە نووسینێکماندا، لەژێر ناوی (کۆڵەواریی بەشار ئەسەد و قەوچەقەوچەکانی) کە لە رۆژی (١١/ ئادار/٢٠٢٠) دا، بڵاومان کردەوە، بە کورتی وەڵامی ناماقوڵییەکانی (بەشار ئەسەد) مان داوەتەوە.
پارتی کرێکارانی کوردستانیش، نزیکەی (٤٢) ساڵە لە شۆڕشدان، نزیکەی (٤٢) هەزار جوانترین و ئازاترین کوڕان و کچانی کوردیان بە شەهیدکردن دا، تا ئێستا نەیانتووانیوە (٤٢) مەتر لە خاکی باکووری کوردستان، لە تورکیای داگیرکەر رزگار بکەن.. تا ئێستا نەیانتوانیوە، لۆبییەکی سیاسی و دیپلۆماتی بەهێزی کورد، لە وڵاتانی ئەوروپادا پێکبهێنن، کە بتوانن کاریگەریان لەسەر پەرلەمان و حکومەتەکانی ئەوروپا هەبێت، تا پشتگیری لە شۆڕش و خەبات و لە رزگاریکردنی کوردستانی داگیرکراو و لە مافە زەوتکراوەکانی گەلی کوردمان بکەن.
(پەکەکە) لە پێشا دروشمیان رزگارکردنی کوردستانی گەورە بوو، بەڵام لە ئێستادا لەو دروشمە پەشیمان بوونەتەوە و باسی دەوڵەتی کوردستانیش ناکەن. داواکانیان لە چەند مافێکی سادە و لە ئازادکردنی (هاپۆ) دا چڕکردوونەتەوە.. باس لە برایەتی تورک و کورد دەکەن و جیابوونەوە لە تورکیا رەتدەکەنەوە.. ئەمەش سازش کردن و خۆبەدەستەوەدان و بە تورکیا بوونە.. جۆرێکیشە لە کويلایەتی ئارەزوومەندانە.
لەگەڵ ئەوەشدا، پێویستە ئەو راستییەش بڵێین، کە گەریلاکانی پەکەکە، هەڵویستی نەتەوەییان هەبووە و هەیە.. ئامادەی بەرگریکردن بوونە، لە هەموو بەشەکانی تری کوردستان. لە کەرکووک و مەخموور و شەنگاردا، قارەمانانە بەرگرییان لە خوشک و برایانی کوردیان کرد.
گەر کوردی کەماڵیزم و تۆرانیلیزم و ئیخـوانلیزم، لە هەڵبژاردنەکانی تورکیادا، دەنگیان بە پارتی ناداد و ناگەشکردن نەدایە، نەیان دەتوانی ببن بە کیتلەی زۆرینەی پەرلەمانی تورکیا و نەیان دەتوانی کە حکومەتێکی قورخکردوو پێكبهێنن، لە ئێستادا بە زۆرینەی دەنگەکانی ئەندامەکانی پارتەکەی ئەردۆگان، هەموو ئەو بڕیار و یاسایانە لە پەرلمانی تورکیادا تێدەپەڕێنن، کە لە بەرژەوەندی پارتەکەیان و لە بەرژەوەندی ئەردۆگان دان.
پێویستە ئێمەی کورد بە خۆماندا بچێتەوە و دۆست و دوژمنانی خۆمان لێک بکەینەوە. پێویستە ئەو راستییەش بزانین، کە هەرگیز دوژمنانمان، داگیرکەرانی کوردستانمان، نابن بە دۆستمان.. نابێت بە زمانی لووس و بە زەردەخەنەی ژەهراویان بڕوا بکەین. پێویستە لە لایەن دڵسۆزانی گەلەکەمانەوە، شتراتیژییەتێکی یەکگرتووی نەتەوەیی کورد دابڕێژن.. پێویستە دڵسۆزانی گەلەکەمان، لە نۆکەرانی بێگانە جیابکەینەوە.

پێویستە نەترسین، نەفـرەت لە جاشەکان و لە ناپاکان و لە کوردستان فرۆشان و لە نۆکەرانی تورکیا و ئێران و عێراق و سوریا بکەین کە داگیرکەرانی کوردستانن. رۆژانەش بە هەزاران تف و نەفرەت لە ( دیاب ئاغاکان) و لە (حەسەن خەیرییەکان)ی باشووری کوردستان بکەین.

رەزا شوان
نەرویج: ٢٢/ مای/ ٢٠٢٠

———————————————————————————

(*) تا رادەیەک سوود لەم سەرچاوانە وەرگرتوون:
١ـ دیاب ئاغای دەرسیمی، نموونەی کوردی دەربار و رەنج بە باچوو.
ئامادەکردن وەرگـێڕانی: بەکـر شـوانی.
٢ـ إعادة بناء التأریخ وصیاغـتە وفق مفاهیم جدیدە “الکمالیزمیة وکورد ترکیا نموذجا”
سایتی: دارکـا مـازی.
٣ـ حەسەن خەیـری لە باشـوورە..! نووسینی: محـەمـەد بـەرزی.
٤ـ من هو دکتور مدحت سنجار؟ سایتی: خـبر. ٢٤.
٥ـ سەرکەوتنی کۆنگرەی هەدەپە و گاڵاتاسرای، شکستی کوردان.
سایتی: دارکا مازی.
٦ـ حەسەن خەیری خائن. تقي الدین ئاکرەیی.




له‌ بانه‌وه‌ بۆ سه‌رده‌شت و له‌وێشه‌وه بۆ تووژه‌ڵه‌* … ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب

وانه‌كانی ژیان

به‌یانی زوو له‌ گه‌ڵ كاك سه‌لاح به‌رپرسی پێشمه‌رگه‌كانی یه‌كێتی نیشتمانی و له‌ پاش قاوه‌ڵتی به‌ پێشمه‌رگه‌یه‌كی وت له‌ گه‌ڵ هاوری تا لای ئۆتۆمبێله‌كانی سه‌رده‌شت برۆو له‌ پاش چه‌ند خوله‌كێك گه‌یشتینه‌ نه‌قلیات (ترانسپۆرت) و، وه‌ك چۆن لای خۆمان باوه‌ كاكه‌ی شوفێر دریغی نه‌كردو ئۆتۆمبێله‌كه‌ی پركردو كه‌وتینه‌رێ و له‌ پاش ماوه‌یه‌ك رۆێشتن یه‌كێك له‌ تایه‌كانی پێشه‌وه‌ ته‌قی و له‌ مردن رزگارمان بوو دیسانه‌وه‌ ئۆتۆمبێل كه‌وته‌كارو گه‌یشتینه‌ سه‌رده‌شت.
سه‌رده‌شت شارێكی بچوك و دڵگیره‌و به‌ ده‌ستی برایانی حزبی دیموكراتی كوردستان بوو، پیاسه‌یه‌كم كردوكۆمه‌ڵێك تانك وتۆپم بینی و له‌ یه‌كێكم پرسی كاكه‌ كێ خاوه‌نی ئه‌م تانكانه‌یه‌ ؟ له‌ وه‌ڵامدا كاكه‌ به‌‌ لووتبه‌رزی و فیزه‌وه‌ وتی لێره‌ مه‌مێنه‌وه‌و برۆو، لێی دووركه‌وتمه‌وه‌و چه‌كدارێكم دی وتم كاكه‌ ئه‌و تانكانه‌ هی كێن؟ وتی له‌ كاتی كه‌وتنی شا حزبی دیموكراتی كوردستان ده‌ستی به‌سه‌ردا گرتووه‌و، زۆر خۆشحاڵبووم وتم ئه‌مه‌ یه‌كه‌مین كه‌ره‌ته‌ ببین به‌ خاوه‌نی تانك و روومكرده‌ كه‌بابخانه‌یه‌ك و وتم كاكه‌ دوو شیش كه‌باب و گۆشتێك و چووم دانیشتم و نانی گه‌رم و ماستاوی ساردیان هێناو له‌ پاش ماوه‌یه‌ك وه‌ستا به‌ ده‌ستی خۆی خواردنه‌كه‌ی هێناو وتی ناوم عه‌لی یه‌ ئه‌ی تۆ ناوت چییه‌و بۆچی هاتووی بۆ سه‌رده‌شت، پێشمه‌رگه‌ێت‌؟ منیش وتم ناوم سیروانه‌و برایه‌كم پێشمه‌رگه‌یه‌ هاتووم سه‌ری لێبده‌م و‌ وه‌ستا چوو له‌ داهاتوو بوو به‌ براده‌رم و براداری هاورێیان و هه‌ركاتی سه‌ردانی سه‌رده‌شتمان بكردایه‌ سه‌ردانی عه‌لی و كه‌بابخانه‌كه‌ی مسۆگه‌ر بوو.
له‌ پاش پشوویه‌كی باش ئۆتۆمبیلێكم دۆزێیه‌و و بێوران بێورانی بوو، له‌ گه‌ڵی سه‌ركه‌وتم له‌ 15 ــ 20 خۆله‌ك گه‌یشتینه‌ بێوران و، له‌وی زانیم دوو بێوران هه‌یه‌، سه‌روو خواروو پرسیارم له‌ یه‌كێك كردو وتم كاكه‌ كام رێگا ئه‌چێت بۆ تووژه‌ڵه‌و، وتی ئه‌م رێگایه‌ ئه‌چیت بۆ به‌رده‌پان و كێلێ و قه‌ڵادزێ و، ئاماژه‌ی به‌ رێیه‌كی تری كردو وتی ئه‌مه‌ش ئه‌چێت بۆ بنوخه‌ڵه‌ف و تووژه‌ڵه‌و، منیش ملی رێگام گرته‌به‌رو هه‌ر له‌ناو دێ ده‌رنه‌چووبووم هاورێیان : مه‌حمودی فه‌قی خدری كۆچكردوو سه‌لیم سوورو دوو سێ كه‌سی ترم دی و، له‌ پاش چۆنی و چاكی و ماچكردن وتیان ئه‌م رێگایه‌ بگره‌و ئه‌ملاو ئه‌ولا مه‌كه‌و ئه‌تباته‌ تووژه‌ڵه‌.
له‌ بێوران ده‌رچوم و گه‌رمای ته‌موز ( جولی) بێتاقه‌تی كردم تا گه‌یشتمه‌ ناو رێگایه‌ك هه‌ردوولا چه‌پ و راست پربوو له‌ بۆن و به‌رامی گوڵه‌شه‌وبۆ به‌ده‌م رێگاوه‌ بۆ ئاو ئه‌گه‌رام تا دوو كچی په‌ریم بینی له‌ سه‌ر جۆگه‌له‌یه‌ك قه‌یسیان ئه‌شۆردو سڵاوم لێكردن و به‌ گه‌رمی وه‌ڵامیان دایه‌وه‌و وتم ئه‌م ئاوه‌ پاكه‌ لێیبخۆمه‌وه‌ وتیان به‌ڵێ لای سه‌ره‌وه‌ لێێبخۆره‌وه و، له‌ پاش ده‌موچاو شۆردن و ئاوخواردنه‌وه‌ وتم ئه‌توانم له‌و قه‌یسییه‌ بكرم . یه‌كێكیان وتی به‌ڵێ و پر جامێكی كردو وتی شۆراوه‌و پاكه‌ بخۆو ، منیش نیوه‌ی زیاترم لێیخواردو له‌ گیرفانم پاره‌م ( تومه‌ن) ده‌رهێناو وتم چه‌ند ئه‌كات؟ وتیان هیچ ناكات و بۆ فرۆشتن نییه‌و تازه‌ پێئه‌گات بۆ خۆمانه‌و ده‌ڵقمان پێ نییه‌و هه‌رچه‌ند ئه‌توانیت هه‌ڵگره‌و تا تووژه‌ڵه‌ لێیبخۆو خواحافیزیم كردو وتیان به‌خێرچی و، له‌ رێگا ئه‌وه‌م هاته‌وه‌یاد كچه‌كان وتیان ده‌ڵقمان پێنییه‌و ئه‌بێ ده‌ڵق چی بێت؟ پاشان زانیم ده‌ڵق كیسه‌یه‌ (عه‌لاگه‌) و، له‌ پاش ماوه‌یه‌ك رێكردن گه‌یشتمه‌ پیاوێكی جوتیارو سه‌لامم لێكردو وتم زۆری ماوه‌ بۆ تووژه‌ڵه‌؟ وتی ئێره‌ باسكه‌ رێویه‌و تووژه‌ڵه‌ زۆر نزیكه‌و ئه‌و رێگایه‌ بۆ ئه‌وێ ئه‌روات و، منیش به‌رده‌وام بووم تا گه‌یشتمه‌ تووژه‌ڵه‌.
له‌ یه‌كێكم پرسی كاكه‌ باره‌گای حزبی شیوعی عێراق له‌ كوێیه‌؟ به‌ ده‌ستی ئاماژه‌ی بۆ خێوه‌تێك كردو وتی شیوعییه‌كان له‌وێن و، چووم هاورێی سه‌ركرده‌و خۆشه‌ویستم **بابی سه‌رباز به‌ره‌ورووم هات و، باوه‌شمان به‌ یه‌كتر كردو به‌ ماچی ئه‌ملاو ئه‌ولا گه‌یشتینه‌ كۆتایی و بردمییه‌ ناو خێوه‌ته‌كه‌و تێكرای هاورییان هاتنه‌ پێشوازی و هه‌ندیكیان هاوری و ناسیاوم بوون و له‌ باره‌گای حزب له‌ سلێمانی پێكه‌وه‌ له‌ كۆمیته‌ی ریكخستن و كۆمیته‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌كان كارمان ئه‌كرد.
له‌ گه‌ڵ بابی سه‌رباز دانیشتین و باسی بارودۆخی عێراق و سڵیمانی و خزمانی ده‌ربه‌ندیخان و بانێخیڵان و ژاڵه‌ناوو ناوچه‌ی ***وارماواو هۆرین شیخان وشوێنی ترمان كردو، به‌ براده‌رانی وت جێگای نووستنی بۆ ئاماده‌ بكه‌ن و، هه‌واڵی هاورێیانی سلێمانیم پرسی وتم زۆریان نابینم، بابی سه‌رباز وتی په‌له‌ مه‌كه‌ دوای دو وسێ رۆژ ئه‌تنێرین بۆ لایان و، ئه‌و شه‌وه‌ له‌ به‌ر ماندووبوون و هیلاكی زوو نوستم و، به‌ره‌به‌یان له‌ خێوه‌ته‌كه‌ هاتمه‌ ده‌ره‌وه‌و بۆ یه‌كه‌مین جار كۆمه‌ڵێك سموره‌م دی و له‌ سه‌ر دارگوێزه‌كان بان و خوارو بازبازێن و یارییان ئه‌كردو، نان وچای بیانیمان خواردو له‌گه‌ڵ چوار هاورێ به‌بی ****چه‌ك چووین بۆ *#*ناوزه‌نگ له‌وێ سێ چوار دوكانی بچوكی لێبوو، پاشان گه‌راینه‌وه‌ بۆ باره‌گاو له‌ كاتی نێوه‌رۆ بانگكراین بۆ نانخواردن و، بابی سه‌رباز وتی ئه‌مه‌ یه‌كه‌مین رۆژی پێشمه‌رگایه‌تییه‌و، له‌وێ هاورێیه‌ك به‌ عه‌ره‌بی وتی خزمی ئه‌بو سه‌ربازیت؟ وتم نا به‌ڵام له‌ یه‌ك ناوچه‌ پێكه‌وه‌ بووین و زوربه‌ی براو خزمه‌كانی هاورێ و ناسیاومن و، هاورێكه‌ وتی ببووره‌ پرسیارم لێكردی و زۆر به‌ دیقه‌ت و به‌ وردی بینیتانم باوه‌شتان به‌ یه‌كتر كردو، وتم ئه‌و ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی حزبه‌و ئێمه‌ش ده‌رویش و قوتابی و، وتی من لێره‌ ناوم ئه‌بو *#ئه‌حمه‌ده‌و، به‌ بابی سه‌ربازی وتبوو عه‌ربییه‌كه‌ی زۆر باشه‌و بابی سه‌رباز پێی وتبوو له‌ به‌غدابووه‌و له‌وێ خوێندنی ته‌واو كردووه‌و كاری حزبی به‌رێوه‌بردووه‌.
له‌ 12 ی ته‌موز بابی سه‌رباز وتی به‌یانی زوو ئاماده‌ به‌ به‌ره‌و هه‌ورامان ئه‌تنێرین و هاورێیانی سلێمانی له‌ بنكه‌ی به‌له‌ بزانن و ئه‌بێ له‌ مه‌ریوان پرسیاری ئه‌و شوێنه‌ بكه‌ێت و هه‌ندێ رۆژنامه‌و به‌یان و راگه‌یاندنه‌كانی حزبم پێچاوه‌ته‌وه‌و بیانبه‌ له‌ دزڵی ئۆتۆمبێله‌كه‌ راگره‌ برایانی پارتی دیموكراتی كوردستان ـ عیراق له‌وی باره‌گایان هه‌یه‌ و پێچراوه‌كه‌ بده‌ به‌وان.

22/5/2020

په‌راوێزه‌كان :
*تووژه‌ڵه‌ : دۆڵیكی سارده ‌له‌ كوێستانی مامه‌نده‌ به‌ره‌و خواربووه‌ته‌وه‌و كۆمه‌ڵێك له‌ حزبه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كانی عێراق و ئێران له‌ دۆڵه‌كه‌ بوون و، هه‌ر له‌ به‌ر ئه‌وه‌ش بوو ناویانه‌ دوڵی حزبه‌كان.
**بابی سه‌رباز : هاوری ئه‌حمه‌د ملا قادر بانێخێڵانی ــ ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی حزبی شیوعی عێراق پێش چه‌ند ساڵێك له‌ سوید كۆچی دوایی كرد ، سه‌ربازی كوری پێشمه‌رگه‌یه‌كی ئازابوو به‌شداری داستانی شه‌ری قزله‌ری كردو، له‌ شه‌ری به‌كربایه‌ف به‌ ده‌ستی جاشی خۆفرۆش شه‌هید كرا و، خێزانه‌كه‌ی هاورێ ئه‌حمه‌د بانیخێڵانی هاورێ نه‌جمه‌ له‌ دؤڵی نۆكان به‌ لافاو خنكاو شه‌هید بوو.
***وارماوه‌ : ناحیه‌ی گه‌رۆك وله‌ چه‌مرگه‌ بووه‌و له‌ ده‌شتی دزیایش، واته‌ باوه‌خۆشین/ دێوانه‌ و چه‌مه‌رگه‌، فه‌قیه‌ جنه‌ و كانی ساردو ده‌ربه‌ندیخان و بانیخیڵان و، پاشان چووه‌ته‌ قلیجه‌و و له‌ ئێستادا له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ی تازه‌یه‌و له‌ قه‌زای شاره‌زووره‌.
****چه‌ك : كاتێك شاڵاوی رژێمی دیكتاتۆری سه‌دام حسیه‌ێن و حزبی به‌عسی عه‌ره‌بی له‌ سه‌رانسه‌ری عێراق ده‌ستیپێكردو، كاری نه‌گه‌تیڤی دروستكردو، بووه‌ هۆی په‌رته‌وازه‌ی رێكخراوه‌كانی حزب و، هه‌ر یه‌ك له‌ هاورێیان به‌ جۆرێك هاته‌ده‌ره‌و، تاق و ته‌را چه‌كیان هێنابوو، ئێمه‌ بێ چه‌ك بووین واته‌ زۆر بووین و چه‌كمان نه‌بوو، ئۆباڵی ئه‌و كه‌موكورتییه‌ ئه‌كه‌وێته‌ سه‌ر حزب به‌ گشتی و سه‌ركردایه‌تی به‌ تایبه‌تی وحێی ره‌خنه‌ن.
*#*ناوزه‌نگ : دۆڵێكی بچوك ئه‌یكات به‌ دوو به‌ش و ئه‌وه‌ش سنوری عێراه‌ وئێرانه‌و ناوزه‌نگ باره‌گای سه‌ره‌كی یه‌كێتی نیشتمانی لێبوو، ئێمه‌ش وه‌ك حزبی شیوعی عێراق له‌ سه‌رووی دۆڵه‌كه‌ بنكه‌یه‌كمان هه‌بوو.
*#ئه‌بو ئه‌حمه‌د : ناوی عه‌بدولره‌حمان قه‌سابه‌ خه‌ڵكی موسڵ، یه‌كێك بووه‌ له‌ كوره‌ ئازاكانی موسڵ دژ به‌ پیلان و كوده‌تاكه‌ی عقید عه‌بدولوه‌هاب شه‌واف دژ به‌ حكومه‌تی نیشتمانی عه‌بدولكه‌ریم قاسم و، پاشان له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌ دیكتاتۆرییه‌كان سزای له‌ سێداره‌دانی بۆ ده‌رچوو به‌رپرسی ئیداره‌بوو.




پێناسە … کەنعان مدحەت

هەرێم : لە چەند پارتێک پێکدێ
هەریەک لە پارت :
لە چەند باڵێ
باڵ :
لە شێر و
دەڵە شێر و
گورگ و چەقەڵ.. پێکدێ
چاوی هەریەک لەم ئاژەڵە برسییانە
بە داهاتی بیرە نەوت و
دووتوێی ناو گەڵ..
هەڵدێ
دانوستانی نیوان یەکیش
بە مەرجی بەرژەوەندی تاکەکەسی و
ڕێژەی پشک گرێ دەدرێ
هەرێم.. هەرێم..
هەرێمی ماف قوتدەر
ئاڵوگۆڕی ;
لە دەرزیەوە تا لۆری
لە دایبییەوە بۆ ڕەنگی پرچ و
سیمۆڵی سەرداری
کەر ،
بە باری
بار ، بە نەوت و
پێکهاتنی ژێراوژێری گڵاویش
بە شکۆی دەرپێی ئاڵاوی لە سەر.. پێکدێ
بەڵێ .. بەڵێ..
بێ پرس
بێ ئاوردان ، لە هەژار و برسی
لەوانەی بەدیار کۆکراوەکانیانا

  • لە بێ خەوی –
    باوێشک ئەدەن
    یا ئەوانەی ، لە ترسی هەرەسی نەوسیی
    بە سنگیان دیواری ئاسایشیان
    بۆ هەڵدەستن
    هەندە بێ منەتن
    تەنانەت بیر لەوەش ناکەنەوە
    کە ڕۆژێ بێ
    هەر ئەم حەسحەس و پاسەوانانە
    بە پێ لەقە بە سەروسەکوت و
    تاج و
    کورسیانا بەربن
    سەیرە سەڕەڕای لووت بە لووت بوونی
    هەر یەک لەم باڵ و
    پەل و
    لق و
    قەدانە
    هێشتاش دەمولەوس و چاو و گوێیان
    هەر لە جێی خۆیانە!
    سەیرە ،
    ویژدان پەروەرێ نەکۆڵاوە و بپرسێ
    کامە لەم هەنگاوانەی نراون
    ڕێ مەشخەڵان گر و
    رووە و دەرگا واڵاکە بوون
    سەیرە ، سەیر ،
    ئینکاری ، لەشی ڕزاو و
    روومەتی ئاوڵاوی ناو ئاوێنەت بکەی
    ئارەقەی سەر توێڵی ،
    لە ڕەنجی پێشمەرگانەوە پێ دیار
    بسڕێتەوە و
    تف لە هاوار و ناڕەزایی دەوروبەر کەی
    هەرێم بەڵێ
    بەڵێ هەرێم ،
    جگە لە ئێوە و پەلوپۆ
    هەرێم ، لە ملیۆنەها چەق بەستووی
    چاو زەقی ، کۆڵنەدەر
    پێکدێ ،
    هەرێم.
    جا کە هەڵسان
    کێ بەریان دەگرێ ؟ کێ ؟؟؟



خۆرەگەلێک، جڤاکی کوردستان بنکۆڵ دەکەن-5- … ئەمجەد شاکەلی

پێنجەم


-مووچە-

بڕوا ناکەم لە هیچ وڵاتێکی جیهاندا، هێندەی کوردستان، ئەو لەتەی باشووری کوردستان، کە ئێستا لە هەرێمۆکەیەکدا بچووککراوەتەوە و تا دێت دەچێتە ئاو، باس لە مووچە و پارەوپووڵ بکرێت. لە وەزیر و گزیرەوە تا دەگاتە پیوازفرۆشەکەی بەر دەرکە، باس لە مووچە دەکەن و هەریەکەو لە دیدی خۆیەوە شتێکی لەبارەوە دەڵێ.
لە جڤاکی سوێدیدا، هیچ کەسێک ڕێگە بەخۆی نادات پرسیاری مووچە و داهاتی ڕۆژانە و مانگانە و ساڵانە و پارە و پاشەکەوتی پارە و حیسابی بانکی، لە کەسێکی دیکە بکات، تەنانەت ئەگەر نێزیکترین کەسیشی بێت و لەیەک ماڵ و خێزانیشدا پێکەوە بژین. وەها کارێک کارێکی نەکردەنی، تابوو و لایەجووز(لایجوز) و شەرمهێنە و بە خۆهەڵقورتاندن و دەستوەردان لە ژیان و تایبەتمەندیی مرۆڤێکی دیکە دەژمێردرێت.
لە کوردستان، لەنێو چینەباڵاکاندا، لەنێو ئەوانەی مووچەی مفت وەردەگرن و تایبەمەندیی و شتی دیکەیان بۆ دەستەبەر کراوە یا خۆیان لە ڕێگەی پێگەی حیزبی و دەسەڵاتەوە، بۆ خۆیان دەستەبەریان کردووە، وەها باسێک ناکرێت، چون ئەوان بۆ خۆیان ئافرێنەری ئەو ڕەوشەن و هەموو لە فیکەی یەکدی تێدەگەن، لێ جاروبار بۆ خۆڵ لەچاوکردنی خەڵک و فریودانی ڕەشەخەڵک و چینەکانی خوارێ، ئەوانیش لەبەردەم میدیاکاندا باس لە ئاریشەیەک، قەیرانێک، شتگەلێک دەکەن، کە تەنێ لە خەڵکەکەیان ژنەفتووە و هەرگیز بۆ خۆیان پێیدا تێنەپەڕیون. هەرچی مووچەخۆرانی ڕاستینەشن، خەڵکە شەکەت و کارمەندە کاراکان، مرۆڤ لە بێمووچەیی و گیرفان بەتاڵی و دەردەسەرییەکانیان تێ دەگات و مافی خۆیانە، هەر گلەییەکیش بکەن.
مووچە و مووچوخۆریی و مووچەوەرگرتن، لە کوردستان بووە بە سیما و شێوازی ژیان و لە دەرێی مووچە، کەم کەس دەتوانێت، وێنای جۆرێکی دیکەی ژیان بکات. لە 1991 بەدواوە، کە ئیدی ئەو هەرێمەی کوردستان دامەزرا، حیزبانی دەسەڵاتدار، بۆ گرێدان و بە پاشکۆکردنی خەڵک بە خۆیانەوە، دەستیان دایە کارێکی دزێو و قێزەون، ئەویش، دامەزراندنی خەڵک، تەنێ بە ناو و لەسەر کاغەز نەک بە کردەوە، بە خانەنشینکردنی تەواوی کادر و ئەندامانی خۆیان، بە پلەی باڵای وەزیر، جێگری وەزیر، بەڕێوەبەری گشتی، جێگری بەڕێوەبەری گشتی، ڕاوێژکار، ئەفسەری پلە باڵای مانەندی عەمید و لیوا و عەقید و سەدان جۆری دیکە، کە لە ژیانیاندا نە ئەو کارانەیان کردووە و نە وەها پلەو پایەیەکیانیش بووگە، مووچەی خەیاڵیی، کە لە هیچ دەورانێکدا نەبووە، بۆ بڕینەوە. سەرەڕای دەرماڵەیەک، کە ئەگەر هێندەی مووچەکەیان نەبێت، فرە کەمتر نەبووە و نییە لێی. ئەوانە و ئەوجا دابەشکردنی زەوی و خانوو و ماشێن بەسەریاندا و دابینکردنی پاسەوان بۆیان و مسۆگەرکردنی گەشت و ڕابواردن و دەیان جۆرە خزمەتی تر، کەتەواوی ئەوانەش، هەر بەشێکی جیانەکراوەی مووچە و مووچەبازیین. هەر ئەو جۆرە مرۆڤانە، ئەگەر ڕۆژێک لەسەردەمی بەعسدا زیندان کرابێتن، ئەوا پارەی زیندانی سیاسییش وەردەگرن، پارەی ژنی شاخ و شەهیدانە و چەندین جۆری دیکەش وەردەگرن. نەک تەنێ هی خۆیان یا هی ژن و باوک و برا و خوشکیان، وەردەگرن، بەڵکە هی ئامۆزا و لالۆزا و میمکەزا و برازا و خوشکەزا و دەیان زای دیکە و مام و خاڵ و مامۆژن و لالۆژن و…چەندین جۆری دیکەی قەوم و قیلە وەردەگرن. تەواوی ئەو پارەیەی دەچێتە بەرکی ئەو جەنابانەوە، لە دوای 2003 و ڕووخانی بەعسەوە، ئەگەر زیادی نەکردبێت و دەیان فڕوفێڵ و گزیی دیکەی تێدا نەکرابێت، ئەوا هەرگیز بەلای کەمییدا نەچووە. ئەمانە یەک لەشکری تەواوی حیزبن، کە بێجگە لە مفتەخۆری و مشەخۆری، چ کارێکیان نییە. ئەمانە ئەوانەن، کە پێێان دەگوترێ”بندیوار”. بندیوارانیش، چەند چینێکن، هەیانە لەسەر چڵەپۆپەی دارەکە و ترۆپکی کەژەکە و هەیانە نزمتر و خوارترە و وەک ئەوانەی بانێ، ئەو هەموو کەشوفش و ناز و خۆشگوزەرانییەیان نییە.
لە 1992 ەوە تا هەنووکە، پێنج خولی پەرلەمان لە کوردستان هەبوون و هەڵبژێردراون. چوار لەو خولانە تەواو بوون و ئەندامانی خانەنشین کراون. دیارە خانەنشینکردنی ئەندامی پەرلەمان، بە هەموو پێوەرێک، ناڕەوا و هەڵە و دزیوترین کارێکە، کە دەکرێ. پەرلەمانتار دوای تەواوبوونی کارەکەی وەک پەرلەمانتار، دەتوانێت بچێتەوە سەر ئەو کارەی پێشووی، کە هەیبووە. ژمارەی ئەندامانی هەر یەک خولی پەرلەمانی کوردستان 111 ئەندامە و کۆی ئەندامانی خانەنشینکراوی ئەو چوار خولە دەکاتە 444 کەس. ئێستاش کە خولی پێنجەم لە 2018 ەوە لەپەرلەمانن و ماوەیەکی دی ئەوانیش خانەنشین دەکرێن و ژمارەی پەرلەمانتاری خانەنشینکراو ئەودەم، دەبنە 555 کەس. هەموو ئەندام پەرلەمانێک، کە لە کاردا بێت، وەک دەڵێن، هەشت میلیۆن و دووسەدهەزار(8.200.000) دیناری عیراقی ، کە دەکاتە نزیکەی 7000 دۆلاری ئەمەریکی، وەردەگرێت، بێجگە لە دەرماڵە و پشتماڵە و بنماڵە و ژێرماڵە و بانماڵە و زۆری دیکەش. بێجگە لە پاسەوان و خانوو و ماشێن و بەزمی دیکەش، کە ئیدی ڕەنگە گەلێک لە 7000 دۆلار زیاتر بێت. کە پەرلەمانتار خانەنەنشینیش دەکرێت، پارەی مفتی خۆی هەر وەردەگرێت، بە کەمۆکەیەک گۆڕینەوە، کە ڕەنگە بە ڕێژەیەکی کەمتر مووچەکەی وەرگرێت، لێ هێشتا پاسەوانی هەر هەیە.
وەزیر، جێگری وەزیر، بەڕێوەبەری گشتی، جێگری بەڕێوەبەری گشتی، جێنێراڵ، ڕاوێژکار، پەرلەمانتاری خانەنشینکراوی کوردستانی لە ئەوروپاژیاو، سەرباری مووچەی خانەنشینی کوردستان، مووچەی خانەنشینی وڵاتانی ئەوروپایش وەردەگرن و تەنانەت دەستبەرداری وەرگرتنی مووچەی پاسەوانەکانیشیان نابن، کە لە ئەوروپا، نەک پەرلەمانتار و وەزیر و گزیر، تەنانەت سەرۆکی حوکوومەتیش پاسەوانی نییە.
کەسی هەرێمی کوردستان، 24 قلیان کارمەند و مووچەخۆرن. ڕەنگە بڕێک لەو مووچەخۆرانە زگورد بن، لێ زۆرێکیان، مێرد و ژن و زارۆکیان هەن، واتە: چەند میلیۆنێکیش لەو پێنج میلیۆن و هەندەی کوردستان، لەسەر مووچە دەژین. ئەمە لە کاتێکدا لە وڵاتێکی وەک چین، کە یەک میلیارد و سێسەدوشەست میلیۆن(1.360.000.000) مرۆڤن، تەنێ 0.5% دانیشتووانی فەرمانبەرن. ژمارەی دانیشتووانی وڵاتی چین 257 ئەوەندە و بڕێک زیاتری دانیشتووانی هەرێمی کوردستانن، لێ چین 8 ئەوەندەی کارمەندانی هەرێمی کوردستان، کارمەند و مووچەخۆری هەیە!
ئەم خشتەیەی خوارەوە، ئەو بەراوردکارییەی ژمارەی دانیشتووان و کارمەندان و ڕێژەکانیانە لە کوردستان و لەو وڵاتانە، کە بزووتنەوەی گۆڕان کاری لەسەر کردووە:

بە گوێرەی زانیاریگەلێک، کە لە بەردەستتان و ڕێباز حەملان، وەزیری دارایی لە حوکوومەتی پێشووی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کردووە، لە داهاتی هەرێمی کوردستان، کە لە پارەی نێوخۆ و نەفت و ئەو پارانەی لە بەغدادەوە دەدرێنە هەڕیمی کوردستان وەدەست دێن، 83%ی بۆ مووچە تەرخان دەکرێ و 5%ی بۆ سولفە (السلفة/وام/Soft Loan)ی کارگێڕی و دامەزراوەکان و8%ی بۆ خزمەتگوزاری دەرمان، پارەی کارەبا، پارەی تەرخانکراو بۆ خۆراک و پاراستن و ئاگاداریی ئامێر و بینایەی کارگێڕییەکان، ناردنی کارمەندان بۆ ئەملاو و ئەولا، پێوەندکردن و پاکژکردنەوە و تەنیا 4%یشی بۆ سەرمایەگوزاری تەرخان دەکرێت .
دەسەڵات(حیزب)، کاغەزەکانی بەجۆرێک تێکەڵکردووە، کە خەڵکە ئاساییەکە ناتوانێت جودای بکاتەوە. دەسەڵات، باس لە وەزیر و جێگر و بەڕێوەبەر و جێنێراڵی مفتەخۆری ملقەوی بندیوار ناکات، کە باس لە مووچەیش دەکات تێکەڵ بە مووچەخۆرانی دیکەیان دەکات. مووچەی فەرمانبەر و کارمەندی گچکەی ماندووی خوارێی پلیکانەکەیە دەبڕدرێ، ئەوە ماڵی وێران دەبێ، ئەوە قەرزدار دەبێ، ئەوە بە هیچدا ڕاناگات. کابرای بندیواری مفتەخۆری گەندەڵ، باکی نییە، ئەگەر مووچە دەهەزار حەفت هەزار یا چوارهەزار دۆلارییەکەی، یەک دوو هەزارێکیشی لێ ببڕدرێ، کە هەرگیز ئەوە ڕوونادات، چون ئەوانن دەسەڵات، وەک کریگرتە و پاسەوان بەکاریان دەهێنێت، یا بە دەربڕینێکی تر چون دەسەڵات(حیزب) بۆ خۆی لەوان پێکهاتووە، هەرگیز نە کاری تێدەکات و نە هەستی پێ دەکات.
گەلێک، یەک میلیۆن و دووسەد و چلونۆ هەزار (1.249.000) کارمەند و مووچەخۆری هەبێت، کە لە هیچ جێیەکی جیهاندا، تەنانەت لە هەژارترین وڵاتانی جیهانیشدا نموونەیەکی لەو جۆرەی کوردستان نییە، بە دووسەد و چلونۆ هەزارەکەی، هەموو کاری وڵات بەڕێوە دەچێت و یەک میلیۆنەکەی زیادە.
گەلێک، 83%ی پارەی داهاتی بۆ مووچە بڕوات و لە هەر چوار کەسی وڵاتەکەی دانەیەکیان کارمەند و مووچەخۆر بێت و بەشێکی زۆریش لەو مووچەخۆرانەی، مووچەی مفت و مشەخۆری و ئەفسانەیی وەربگرن، تەواوی ئاوی دیجلە و فرات و زێ و سیروان و ئەڵوەن و باسەڕەی، بۆ بکە بە پارە، هەرگیز بەشی مووچەی ناکات!
بە پێدانی مانگێک مووچە و چەند مانگ ڕاگرتنی، بە پاشەکەوتکردن و بە چاوەڕوانی خێر و سەدەقەی بەغداد، بەو هەموو پینەوپەڕۆیە، هەرگیز ئەو کێشەیە چارەسەر ناکرێت و هەرگیز دەمی ئەو مووچەخۆرانەیشی، کە زیانمەندی یەکەمن داناخرێت، ئەگەر کارمەندە ڕاستینەکان لە بندیواران جودا نەکرێنەوە و مووچە و تایبەتمەندیی ئەو بندیوارە ملئەستوور و مفتەخۆر و گەمار و پیسخۆرانە نەبڕدرێ و ئابوورییەکی خۆماڵیی پشتبەستوو بە خاک و کشتوکاڵ و کانزا و هێزی کاری کوردستان و گۆڕینێکی ڕادیکاڵ لە شێوازی بەڕێوەبردن و کارگێڕییدا نەیەتە گۆڕێ.

2020-05-19

—————————————————

[1] HYPERLINK “https://xelk.org/169237/?__cf_chl_jschl_tk_” https://xelk.org/169237/?__cf_chl_jschl_tk_  

[1] HYPERLINK “https://www.alsumaria.tv/news/237786https://www.alsumaria.tv/news/237786




ئەی ئەگەر مووچەیان دا؟ … نەبەز خالید

“واقیع بین بن، داوای مەحاڵ بکەن”

ئەم یاداشتە دەکرا بە پێشەکی و راپۆرتێکەوە لە سەر چۆنیەتی درووستبوونی قەیرانی مووچە، دەوری حیزبەکانی دەسەڵات تێیدا، کاریگەریی دەوڵەت وەک مەکینەی بەرهەمهێنانی مووچەخۆر و کردنی مووچەخۆری بە فۆرمی باو و باڵای ژیانەوە دەست پێبکات، دواتریش بگات بەوەی بڵێ ئەمڕۆ قەیرانێک هەیە و ئەمانە هۆکانین، پاشان لە ئاستی نێۆخۆییدا بڕێک ناو و ئەدرێسی کۆمپانیا ڕیز بکات کە خولقێنەری قەیرانن و لە ئاستی جیهانیشدا بڵێ “نەوت هەرزان بووە” ڕیک وەک هەر یاداشتێکی باو و خۆپارێز کە هەمیشە پاساویکی لە گیرفاندایە. ئەگەرچی شیکاریی ئەم نێوکۆییە پێویستە، بەڵام با ئەمە بمێنێتەوە بۆ پسپۆڕەکان لە زانکۆ و دەزگاکانی توێژینەوەی ستراتیژی و راوێژکارانی موعەززەم و موکەڕڕەمی هەموو سەرۆک ڕەنگەکان و دەزگا میدیاییەکانیان، بە ناسراو و نەناسراویانەوە.
گرنگتر لەمانە ئەوەیە بەشێک لە مووچەخۆران بڕیاربدەن و بێنە سەر جادە. ئەمە مافی خۆیانە و هەموو لایەکیش لە سەری کۆکن. تەنانەت ئەوانەش کە خۆیان دەستیان ناوەتە قوڕگی خۆپیشاندەران کۆکن لە سەر ئەوەی مافی خەڵکە خۆپیشاندان بکەن.
بەڵام پرسیارێک لێرەدا بتوانین بیپرسین ئەوەیە : “ئەی ئەگەر هات و حکوومەت تەسلیم ببێت چی؟ چی دەبێت ئەگەر بە دزیەوە دوو بیری نەوت بفرۆشن و تەرخانی بکەن بۆ مووچەی ئەم ناڕازییانە؟ ئایا بەختەوەریی دروست دەبێت؟ هەموو برسیەکان تێر دەبن؟ کەرامەتی لەدەست چوو دەگەڕێتەوە؟ ژنان و نایەکسانی چی؟ هەستی لەدەست چووی خاوەندارێتی نیشتیمان چی؟ بە راست بە سەرکەوتنی ئەوان چی دەگۆڕێت؟”
ڕوانینی ڕووکەش کە شتێک لە راستیشی تێدایە پێمان دەڵێت:” لەو کاتەدا نان دەگەڕیتەوە سەر سفرەی خەڵک و لە برسێتی رزگاریان دەبیت”. بەڵام رێک بەرامبەر ئەمە دەتوانین بپرسین ئایا ئەمانە تاقە برسیەکانن؟ تەنیا ئەمانن کە ستەمیان لێدەکرێت و کراوە؟ ئەگەر مووچەیان بدەنێ ئیتر ستەم پاک دەبێتەوە؟ کێشەکەش لێرەوە دەست پێدەکات کە ئەمان بە ڕاستی داوایان هەیە و قابیلی جێبەجێکردنە و خۆشیان دەزانن قابیلی جێبەجێکردنە.
مەرجێكی خێر یان چاکە ئەوەیە هەمووان بگرێتەوە، واتە فەیز و ڕەحمەت کوێرە و دەبێ هەمەگیر بێت، ئەگینا ئەو چاکەیەی تەنیا بۆ کەسانێکی تایبەتی نێو دۆخێکی دیاریکراو بێت خۆی دەبێتەوە بە جۆرێک ستەم، بۆیە لە تیۆلۆژیادا فریشتەی دادپەروەری، کوێرە. لە پێچەوانەی ئەمەدا، بێ بوونی ئایدیای خێری گشتی، ئەوەی خۆپیشاندەران هەوڵی بۆ دەدەن تەنیا ئەوەیە ئەو دۆخەی هەیە وەک پێشووی لێ بکەنەوە، واتە ئەگەر ئەوان، مووچەکەیان وەربگرن، کوردستان لە قەیران رزگار بووە؟ چونکە لەو وێنەیەدا کە ئەوان لە گۆڕان دەیکێشن، سەردەمێکی پێش قەیران هەیە کە تێیدا مووچەخۆران بەختەوەربوون و ئەگەر دۆخەکە بگەڕێتەوە بۆ ئەو کات، کەواتە بەختەوەریی گەڕاوەتەوە.
بەڵام ئەم پەیامە هێشتا شتی دیکەی لە هەناودایە: ئەم پەیامە پێشووپەرستە، مادام لە سەر گەڕانەوەی مووچە/ بەختەوەری بۆ سەردەمی پێش قەیرانی دەستکرد (مەگەر نا کە هەموو قەیرانێک دەستکردە؟ سەرۆکەکان باش دەزانن ئەمە مانای چی) پێدادەگرێت، لە ئەگەری بەدیهاتنیشیدا تەنیا دەمانباتەوە بۆ ئەو سەردەمە، ئەو سەردەمەی کە تۆوی ئێستەی هەمیشە لە هەناودا هەبووە. ئەم داواکارییە تەنیا دەتوانێت بمانباتەوە بۆ پێشتر، پێشترێک کە بە ئێستە گەییشتووە و تەنانەت ئەو “پێشوو”ە شمان وەک بەختەوەریی پێ بفرۆشێتەوە. ئەی پێشووپەرستی مانای چی ؟
مامۆستایان و دوای ئەوانیش مووچەخۆران خۆپیشاندان دەکەن و داوای مافی خۆیان دەکەن، بەڵام بە بەدیهاتنی داواکانی ئەوان هێشتا هیچ ناگۆڕێت، ئەوان دەکرێ بۆ ماوەی کاتیی تێر ببن و نان بچێتەوە سەر سفرەکانیان، قیستی خانوو و سەیارەکانیان بدەن، بتوانن بچنەوە بۆ تورکیا و وڵاتۆکەکانی ئەوروپای ڕۆژهەڵات و یان حەج وعەمرە، بەڵام ئەوەی دەستی لێنادرێت ئەسڵی سیستمێکە کە لەسەر نایەکسانیی دامەزراوە و بە رێکەوت ئەوانیش پشکیان لەو نایەکسانییەدا هەیە، ئەوان نوێنەرایەتیی دابەشکارییەکی گەورە دەکەن لە نێو ئینسانی ئێمەدا، دابەشکاریی بۆ مرۆڤی ئایدیال کە هەمان “پیاوی حکوومەت”ە و تاکە هیوایەک کە مرۆڤی “رەش و رووت” هەیبێت ئەوەیە بە جۆرێک ببێتە ” پیاوی حکوومەت”.
بەڵام ئەمە لە سرووشتی خراپەوە نییە کە پەیامەکەی ئەوان هەڵگری ئەم تەفسیرانەیە، بەڵکوو لە ئەوەوە دەێت کە ئەوان “داوا”یان هەیە. لە راستیدا ئەوەی ئەوان داوایان هەیە بەو مانایە نییە نابێ داوای هیچ بکەن، بەڵکوو بەو مانایەیە کە ئەم “داوا” یە ئەوان دەکاتە خاوەن شوناس و کارەکەیان دەکات بە کاری خاوەن پیشەیەکی تایبەت، شوناسێکیان پێ دەبەخشێت و بەم جۆرەش شوناس و پیشەکانی دیکە لێیان کەم دەبێتەوە، ئیتر کرێکارانی نێوخۆیی وبیانی و کەرتی بیناسازی ناتوانن بچنە پاڵیان و ئەگەر بچن بە ئاژاوەچی لە قەڵەم دەدرێن، ئەوان داوا و شوناسیان هەیە و هەر ئەمە وا دەکات بەشێکی تر لە ستەملێکراوان کە هێزی پیشمەرگە بن مەجبوور بکرێن بڵێن لە مووچەی ئێمەیان بدەنێ و بەم شێوەیە هێزی پێشمەرگەشیان لەدەست دەچێ، ئەم ڕەوتەش بەردەوامە تا هەر کوێ بمانەوێت. بەڵێ لەم داواتەوەریە پیشەییەدا، کێ لەدەرەوەی پیشەکەوە بێتە ڕیزی خۆپیشاندان، دەکرێت وەک ئاژاوەگێڕ و تێکدەر و بیانی ببینرێت. بەڵام ماویەتی بپرسین: سەرکەوتنی ئەم داوایەی فەرمانبەران سوودی بۆکرێکاران و ئاوارەکان چییە؟ ئەی بۆ بنەماڵەی شەهید و ئەنفال؟ ئەی بۆ پەککەوتە و خانەنشین و کەمئەندامان؟ بۆ کۆی مانای ئایدیای ڕزگاری؟ هیچ. وەڵامەکە ڕوونە، ئەمان داوایان هەیە و بۆ داواکەی خۆیان هاتوونەتە دەرێ و با خەڵکی دیکەش هەر کەسە و بۆ خۆی هەوڵبدات. ئەمەیە کێشەی داواتەوەریی و پیشەییکردنەوە، تۆ داوایەکت هەیە و بە ئاسانی پێشوەخت شکستت خواردووە، چونکە بە شتێک هەر ڕازیت دەکەن، یان لە شێوە کۆمیکەکەیدا، ئەوەی کە رێگەت پێ بدەن باسی مافەکانت بکەیت بە دیموکراتبوونی دەسەڵات پێت دەفرۆشرێتەوە.
لە ئەگەری سەرکەوتنی ئەم داوایانەدا، دەچینەوە خاڵی سفر و سیمای کەسی ڕازی وەک ئەو کەسەیە ڕوو لە باوکی تووڕە بکات و بڵێت:” ئەی سەرۆکی میهرەبان، من دەمەوێت موچەخۆر بمێنمەوە، ئەمەم لێ زەووت مەکە”. لە ئێرەوە تا پاڕانەوە لە خودا چەندە رێگەیە؟
بەرەنجامی ئەم یاداشتە شتێکی سادە و سەیرە؛ ئەوش ئەوەی کە ناکرێت داوای هیچ بکەیت، کە وتیان داوات چییە، بڵێ ئەوەی تۆ نەبینم. داواکاریی و داواتەوەریی جگە ئەوەی ریزەکان لەت دەکات، جگە ئەوەی دەمناباتەوە بۆ خاڵی سفر و پێش دەسپێک، جگە ئەوەی تەنیا چارەی کاتیی و بە پێی پیشە و شوناسی قەیرانە و قەیرانە سەرەکیەکان دەشارێتەوە، جگە ئەوەی سەنگەرەکان لەت لەت دەکات، لە خۆیشیدا شەرعیەتدانە بە ئەوانەی ئەم دۆخەیان بە دەستی خۆیان درووست کردووە، ڕووکردنەوەی دووبارەیە لە ئەوان و کردنەوەی دووبارەیانە بە مەرجەع. بێ داوایی دەکرێ بەم مانایە بێت کە جارێکیان ئەزموون کرا و لەبار چوو: “واقیع بین بن، داوای مەحاڵ بکەن”، ئەوەی لە ئێستەدا ماناکەی ئەوەیە کە : من هیچم لە ئێوە ناوێت، بەرچاوم بەردەن.

نەبەز خالید




رۆشنبیرانی کورد و کێڵگەی پارتی سیاسیی… نووسینی: ستیڤان شەمزینی

زیاتر لە بیست ساڵە باس و خواسی پەیوەندیی رۆشنبیر و پارتی سیاسیی ئەگەر مشتومڕێکی ئەکتیڤ و قووڵیشی بە دوای خۆیدا نەهێنابێت، بەبێ دوو دڵی جێگەی لەسەر وەستان و دوان بووە و لەو بارەوە بە ئەندازەیەکی باش بیروڕا و بۆچوون ئاڵوگۆڕ پێکراون وەک دەسپێک بۆ خوڵقاندنی جەدەلێکی فراوان و مشتومڕی ئەکادیمی و زانستیی. زۆرێک لە بۆچوونەکان لایەنگریی لەو تێفکرینە دەکەن رۆشنبیر کائینێکە بە سەرمەدیی دژی پارت و ژیانی پارتایەتییە و لەهەمان کاتدا رۆڵی وی رۆڵی گۆڕینی دنیا و سەرلەنوێ بنیادنانەوەیەتی بە گوێرەی ویستی گشتیی و بەرژەوەندیی زۆرینە.
لایەنی دووەم پێیوایە ئەو تێزەی رۆشنبیر بە دژ و ئەنتی دەستەڵات و پارت لەقەڵەم دەدات نەیتوانیوە واقیعی پێشوو ئەو پێشووەی دەستەڵاتێکی داگیرکاری وەک عێراق و پارتێکی شۆڤێنی وەک بەعس فەرمانڕەوای کوردستان بوو تێپەرێنێت، چوونکە لەم ماوەیەدا بەرەنگاریی و یاخیبوون نەک کاری رۆشنبیر و باقی مرۆڤی کورد بوو بەڵکو هەڵوێست وەرگرتن سەنگی مەحەک بوو بۆ هەر نووسەر و رۆشنبیرێک، واقیع دوو بەرەی دژ بە یەکی هێنابووە ئاراوە. بەرەی یەکەم: بەرەی دەستەڵات بوو وەک بەرەی سەرکوت و ئازار و ترساندن و راوەدونان و تیرۆر و سوتماککردنی وڵاتێک، بەپێچەوانەوە بەرەی دووەم بە سەنگەری بەرگریی و ئازادیخوازیی و هەڵوێست و (نیشتمانپەروەریی) لێکدەدرایەوە.
بەبڕوای تایبەتی من رۆشنبیر نە کائینێکە سەد دەر سەد ئەنتی دەستەڵات نە ئەو بوونەوەرەیە لەیەک سەنگەردا دەست لەملانی پارت و دەستەڵات بێت، کاری رۆشنبیر نە پارتایەتییە نە ئەکشنی گۆڕینی دنیا، کارکردنی ئەو لە بواری مەعریفە و کەشفکردنی دیوە شاراوەکان و خستنەڕووی تێز و بیرۆکەی نوێی فیکریی و فەلسەفیدایە. کارڵ مانهایم لەکتێبی (ئایدۆلۆژیا و تۆباوییەت)دا دەڵێت (رۆشنبیر ئەرکێکی تایبەتی هەیە، ئەویش ئەوەیە تەفسیرێکی تایبەتی و نوێ بۆ دنیا بکات، واتا بۆ کۆمەڵگە و بزافی مێژوو). ئەم پێناسەیە پێمان دەڵێت، ئەرکی رۆشنبیر بەر لەهەر شت تەفسیر و خوێندنەوەی دنیایە نەک گۆڕینی، بۆیەکا گۆڕینی دنیا نە کاری رۆشنبیرە و نە لە ئەستۆی رۆشنبیردا دانراوە، ئەوەی دنیا دەگۆڕێت ئەو کەس و لایانەن لەبواری ناڕەمزیدا کار دەکەن چوون رۆشنبیر کائینێکە لە بواری بەرهەمهێنانی رەمزیدا کار دەکات.
د.عەلی حەرب لەمبارەوە دەڵێت (رۆشنبیر بەسیفەتی ئەوەی دەستەڵاتی قسەکردن یان نووسین بەکاردێنێ لە کایەی بەرهەمهێنانی رەمزیدا کار دەکات، واتا ئەو کەرەستە رەمزییانە بەرهەمدێنێ یان بەکاردێنێ کە لە بیروباوەڕ و ئەپستیم و دەق و گووتارەکان و بەرهەمە کولتوورییەکانی تردا دەردەکەون). ئەم جەوهەرە خاڵێکی ناکۆکیی نێوان رۆشنبیر و پارتە چوون ئەرکی رۆشنبیر گۆڕین و تێکوپێکدانی دنیا نییە کەچی پارتی سیاسیی لە بەرزترین ئاستدا و لە دوا ئامانجیدا هەوڵی گۆڕین و سەرلەنوێ وێنەکردنەوەی دنیای خۆی دەدات. رۆشنبیر کە (گۆڵدز) سیۆسیۆلۆگی ئەمەریکی بە چینێکی نوێ وەسفی دەکات لە کێڵگەیەکی جیا لە کێڵگەی پارتی سیاسیی کار دەکات و درێژە بە بوونی خۆی دەدات، ئەمە بەو مانایە نایەت رۆشنبیر ناتوانێ حزبیی بێت، بەڵام رۆشنبیری حزبیی ناتوانێت ئازاد بێت چوون لە بازنەی سیاسەت و روانگەکانی پارتدا قەتیسکراوە و ناتوانێت هەنگاوێک بنێت هێڵی سوور ببەزێنێت، هەر کات بەم کارە هەستا بێگومان لەودیو پەرژینەکانی پارتەوە خۆی دەبینێتەوە.
رەهەندێکی تری ناکۆکیی رۆشنبیر لەگەڵ پارت لەوەدا دەردەکەوێت رۆشنبیر بەردەوام لەنادڵنیایدا دەژی یان بە واتایەکی تر رۆشنبیر وێڵە بەدوای دۆزینەوەی زانستیی ء مەعریفیدا بۆیە سروشتێکی تایبەتی هەیە و بەهەموو جۆرێک لەسەر یەک قاڵب و یەک جۆرە روانین شێوە ناگرێت، بەڵام پارتی سیاسیی خاوەنی بەرنامەیەکی کۆنکرێت و دۆگم و راوەستاوە کە وەها لە رۆشنبیر دەکات هەست بە ئازادیی نەکات ء رێگریی لێدەکات لە دۆزینەوە و ئاشکراکردنی بیرۆکەی نوێ، چوون رەنگبێ بیرۆکە نوێیەکە سەد دەر سەد دژی بەرژەوەندیی و ئایدۆلۆژیای پارتە سیاسییەکەی بێت. (رامین جەهانبەگلو) لەو روانگەیەوە نوسیوویەتی (رۆشنبیر کەسێکە خۆی بە دوور دەگرێت لە بیروباوەڕە دۆگماکان). هەرچی پەیڕەو و پرۆگرامی پارتەکانە بەرنامەیەکی دۆگما (راوەستاو)ن بە ئاستەم هەناسەیەکی تێدا دەبینرێتەوە بۆ رۆشنبیر.
ئێمە ناڵێین پارتی سیاسیی دەزگایەکی چەپێنەرە، بەڵام لەباشترین فۆرمیدا دڵخوازی رۆشنبیر نییە و فەزایەکی تێدا نییە تێیدا رۆشنبیر درێژە بە کارەکانی بدات بەو جۆرەی پێویستە و گرنگە سەبارەت بەهەر رۆشنبیرێک. کەوابوو مەسەلەی سەرەکی ئەوە نییە رۆشنبیر بە سەهوو چووە و هەردوو دەستەڵاتی بەعس و کورد بەیەک دەچووێنێت، کێشەکە ئەوەیە دەستەڵات هەر دەستەڵاتێک بێت یان پارت جا هەر پارتێک بێت لەمسەری راست بۆ ئەوسەری چەپ خاوەنی بەرنامە و پرۆگرامی چەسپیوو و کۆنکرێتی تایبەت بەخۆیەتی کە رۆشنبیر نەدەتوانێت هەزمیان بکات و لەگەڵیاندا هەڵبکات نە دەتوانێت لە سایەیاندا درێژە بە چالاکییە رۆشنبیرییەکانی بدات.
بەشێکی تری ئەو کێشەیە وابەستەیە بە سروشت و نۆرمی پارتی سیاسیی لە کوردستان کە هێشتا لە دەریای تۆتالیتاریزم و سکتاریزمدا مەلە دەکات و بێ توانایە لەخۆ دەربازکردن لەو گێژاوە خنکێنەرەی هەناسەی ژیانی پارتایەتی لەم مەملەکەتە سوار کردووە و رەنگێکی وەهای پێ بەخشیوە ناکۆک لەگەڵ سروشت و شەقڵی تاکە تاکی مرۆڤی کورد بەدەربکەوێت، تا پارتی کوردیی لەرێی پرۆسەی دۆنادۆنەوە نەچێتە جەستەی پارتێکی نوێ و هاوچەرخی وەک پارتەکانی ئەوروپاوە بێگومان ناتوانێت ئەو گرێ دەروونییە بڕەوەنێتەوە بەتایبەت کە لەلای گەنجەکان هەستی پیدەکرێت سەبارەت بە سیاسەت و ژیانی پارتایەتی. دواجار ئەوەی گرنگە لەبارەی بدوێین ئەوەیە: پارتی سیاسیی شەقڵ و ئەدگارێکی تایبەتی هەیە کە لەهەموو روویەکەوە ناکۆک لەگەڵ ئەدگار و تایبەتمەندییەکانی رۆشنبیر دەردەکەوێت، لە هەمان کاتدا کێڵگەى پارتی سیاسیی کێڵگەیەکی زڕە بۆ رۆشنبیر و هیچ ئومێدێک نییە تۆوی روانینی رۆشنبیر لەسەر ئەو زەوییە وشکەڵانە شتێکی لێوە شین بێت. ئەو رۆشنبیرانەشی لەپەنا پارتەکان بێگومان تەنیا دەتوانن ئاژیتاتۆرێک یان بانگەشەکارێکی بەرنامەکانی پارت بن نەک شتێکی لەمە زیاتر، چوونکە ئەزموونی مێژوویی ئەو راستییەی بۆ سەلماندووین.
حزبی سیاسیی و حزبی کوردیی
هەوڵنادەین پێناسەیەکی دیاریکراو بۆ حزب بکەین، بەڵام بەشێوەیەکی گشتیی حزبی سیاسیی بەم شێوەیەی ئێستا بەرهەمی مودێرنەیە، یان کوڕی هەڵبژاردنە. حزبی سیاسیی توخمێکی هەرە بەهێزی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە و دەوڵەتە نوێیەکانە، لای بیرمەندی فەڕەنسی ناسراو جۆرج بیردۆ حزبی سیاسیی ئامڕازێکە کە لە پیادەکردنی هاووڵاتیبوون و کاریگەرییەکانی لەسەر کاروباری گشتیی دەوڵەت و کۆمەڵگاکان مایەی فەرامۆشکردن نییە، بەو پێیەی رەوڕەوەی دەوڵەت بۆپێشەوە دەچەرخێنێت و دەسەڵاتێکی فراوانی هەیە لەسەر فۆرمی حکومداریی کە دواجار لەوێشەوە کاریگەرییەکانی دەگاتە تەواوی کۆمەڵگە. “لاپالامبارا” و “وانێر” چوار خەسڵەتی سەرەکیی بۆ حزبە نوێیەکان لەبەرچاو دەگرن، کە هەموو لایەک پەسەندی دەکەن، ئەوانیش بریتین:
یەکەم: هەبوونی رێکخراوێکی هەمیشەیی کە مانەوەیان نەبەسترابێتەوە بە ژیانی رێبەرانی ئێستایانەوە “تاقم و دەستەی پاوانخواز نەبن”.
دووەم: رێکخراوێک کە لە وڵاتدا تێکۆشانی ببێت “گرووپێکی پەرلەمانی نەبێت”.
سێهەم: مەبەستی راشکاوانەی رێبەران لە ئاستی وڵات و هەرێمیدا دەبێ بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات بێ نەک ئەوەی خۆی بخزێنێتە نێو دەسەڵاتەوە “گروپێکی دەستڕۆیشتوو و بە نفوز بێت”.
چوارەم: بەشوێن راکێشانی پشتیوانی کۆمەڵانی خەڵکدا بێت لە رێگای هەڵبژاردنەوە یان بە بەهەر شێوەیەکی دیکە بێت ” واتە یانەیەکی سیاسیی نەبێت political club”.
لەلایەکی ترەوە بە بۆچوونی “د.حسێن بەشیریە” حزبی سیاسیی گرنگترین سیما و رێکخراوی دیموکراسیی هاوچەرخە، بەڵکو زێدەتر لەوە دەڕوات و پێیوایە لە کۆتاییدا جەوهەری دیموکراسی لە کێبڕکێ و ململانێی سیاسیی حزبەکان شتێکی زیاتر نییە، بەو پێیەی هەڵبژاردن بێ بوونی ژمارەگەلێک لە حزبی سیاسیی رووداوێکی مایەپووچە و سروشتی حزبیش سرووشتێکی کێبەڕکێکار و ململانێخوازە. لە هەموو ئەو پێناسەکردنانەی ئێمە تێگەیشتووین دەتوانین شتێک هەڵهێنجین ئەویش ئەوەیە، حزبی مودێرن بریتییە لە رێکخراوێکی کێبەڕێکار بۆ پرۆسەی هەڵبژاردنەکان و دەستاودەستکردنی دەسەڵاتی سیاسیی و گۆڕینی ئەجیندای فەرمانڕەوایی، ئەمەش گەوهەری ئەو سیستمە دیموکراسییە لیبرالەیە هەنووکە سایەی کردووە بەسەر دەوڵەتە پێشکەوتوو و بەهرەمەندەکاندا لە رووی مافی مرۆڤ و دەستەبەری ئازادییەکانەوە.
ئەگەر بگەڕێینەوە سەر حزبی کوردیی، گروپ یان کۆمەڵێک دەستە و تاقمی خێڵەکین کە لەسەر بنیادە خێڵەکی و ئاینییەکان دامەزراون و زۆرینەیان بەرهەمی قۆناغی چەوساندنەوەی نەتەوەیی کوردن لەلایەن نەتەوە و دەوڵەتە سەردەستەکانی کوردستانەوە. ئەگەرنا هیچ حزبێکی سیاسیی کوردیی نییە، بە ئەجیندایەکی رۆشنەوە و وەک رێکخراوێک بۆ ململانێ و بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات لە رێی هەڵبژاردنەوە چاوی بەژین هەڵهێنابێت، خۆی هەر لە بناغەوە کردەی هەڵبژاردن لە کوردستان “باشوور” پڕیەتی لە سکەنداڵ و بە هیچ پێوەرێک ناتوانێ دەرخەری پرۆسەیەکی دیموکراسی بێت. بە پێچەوانەوە دەسەڵاتێکی مۆنۆپۆڵخوازی دوو بنەماڵەیی هەیە و هێزەکانی تریش لە نێو سەحرای سیاسیی ئەواندا بە هەمان ریتم و ئاوازی ئەوان سەوڵ لە وشکانیدا لێ دەدەن.
حزبی کوردیی، هیچ ئایدۆلۆگییەکی نییە تەنیا کۆمەڵەی رەنجدەران و پەکەکە نەبێ بە بیرێکی چەپڕەوانە لەسەر سترۆکتۆری مارکسیزم- لینینیزم دامەزرابوون، ئێستا پەکەکە هیچ ئایدۆلۆگییەکی نەماوە و نووسراوەکانی ئاپۆ بنەمای سەرەکیی سیاسەتی ئەو حزبە پێکدەهێنێت، کە ئەو نووسراوانە نەک ناتوانن ئایدۆلۆگیایەک بن، بەڵکو پڕن لە پارادۆکس، هەرچی کۆمەڵەشە میراتگرەکانی یەکێتی و گۆڕانن، ئەو دوو هێزەش لە قەیرانێکی بێ ناسنامەیی کوشندەدا دەژین. ئەوەی دەمێنێتەوە رێکخراوگەلی ترن کە هیچ بنەمایەکی فیکریی و ئایدۆلۆگییان نییە و زیاتر لەسەر کولتووری خێڵ و کاریگەرییەکانی ئاین دروستبوون. بۆ نموونە پارتی هیچ ئایدۆلۆگیایەک لە پشتییەوە نەوەستاوە، تەنانەت نەیتوانیوە ناسیۆنالیزم وەک ئایدۆلۆگیایەک بکاتە بنەمای ژیانی حزبیی خۆی، بەپێچەوانەوە لەسەر نەریتی تەریقەتی نەقشبەندی دروستبووە و تا ئێستاش وەک بەرگریکارێکی میللی خۆی نمایش دەکات.
پێکهاتە و ئۆرگانیزەی تەواوی حزبە کوردییەکان لەمسەری راست تا ئەو سەری چەپ، فۆرمێکی کلاسیکی و سواوی هەیە، کە زیاتر هەیکەلی حزبی و شێوەی دنیابینیان لەژێر کاریگەریی ستالینیزم نەهاتۆتە دەر. بەم هەیکەل و جیهانبییە تەسک و کۆنسەرڤاتیڤانەوە ناتوانن نەک گەمەی دیموکراسی بکەن بەڵکو هەر ناتوانن لە رۆحی دیموکراسی تێبگەن و لەگەڵیدا هەڵبکەن. حزبی کوردیی تاکو ئەم چرکەساتەش دابڕاوە لە جیهانی مودێرن و فینۆمینەکانی دنیای پێشکەوتووی ئەمڕۆ، لە بازنەیەکی لۆکاڵیدا گیری خواردووە ناتوانێت پێ بنێتە ئەو جیهانە شارستانییەی ئەمڕۆ. ئەمەش تەنیا کێشەی حزبی کوردیی نییە بەتەنها، بەڵکو درمێک هەموو دنیای رۆژهەڵات و جیهانی ئیسلامی پێوەی دەناڵێنێت، چوونکە کاریگەرییەکانی ئاین و ترادیسیۆنە کۆنەکان بە ئەندازەیەک هەژموونی لەسەر سیاسەت و رۆشنبیریی داناوە، بە ئاستەم و تاک و تەرا، خەڵکانێک دەبینین بتوانن خۆیان بخەنە دەرەوەی ئەو دیسپۆتیزم و کەلەپوورە سیاسیی و رۆشنبیرییە باڵادەستەی زاڵە بەسەر عەقڵی تاک بە تاکی مرۆڤی رۆژهەڵاتی یان جیهانی ئیسلامییەوە.
رۆشنبیرانی کورد و هەژموونی حزبە سیاسییەکان
کێشەکە ئەوەیە رۆشنبیرانی ئێمە لەهەموو ئاستەکاندا پەڕاوێز بۆ ئەو پێشهات و رووداوانە دەنووسن سیاسییەکان دەیخولقێنن، خۆیان نەک رووداو دروست ناکەن، بەڵکو لە هەژارییەکی مەعریفیی و فیکریی وەها دەژین بێ بوونی ئەو رووداوە گەرمانە خۆیان شتێکی تریان پێ نییە بۆ وتن، خویان هیچ ناخوڵقێنن و هیچ بەرهەم ناهێنن جگە لەوەی لە هامشی پێشهاتەکانەوە نیهلیزم و رەشبینی بەرهەم بهێنن، هەر لەم سۆنگەوە رۆشنبیری کورد چاوەڕوانی رووداوە سیاسییەکان دەکات تاکو بتوانن لە پەڕاوێزیدا بنووسن، یان بابەتێکیان دەستبکەوێ بۆ قسەکردن لەسەری، من ئەم جۆرە رۆشنبیرە ناو دەنێم رۆشنبیری پەڕاوێزنووس. خۆی بابەتەکە ئەمە نییە، رۆشنبیرانێک بوونەتە کادری حزبەکان، نەخێر، هەموو ئەوانەشی لە دەرەوەی پارتە سیاسییەکانن کەوتوونەتە ژێر ئەو رووداوانەی حزبەکان دروستی دەکەن و ئەمانیش بەشێوەی خۆیان شرۆڤەی بۆ دەکەن، بەڵام پرسیاری سەرەکیی ئەوەیە لە دەرەوەی ئەو رووداوانە رۆشنبیری کورد سەرقاڵی چییە؟؟.
رۆشنبیری ئێمە ناتوانێت دەسەڵاتێک لە دەرەوەی دەسەڵاتی حزبەکان بۆ خۆی پەیدا بکات “مەبەستم دەسەڵاتی نابەرجەستەیە” لە بناغەوە خۆیان دابەشبوون بەسەر ئەجیندای حزبەکاندا، مەسەلەکە ئەوە نییە تێکڕای رۆشنبیران بوونەتە کادری حزبی، ئەوە تەنیا بەشە ئاشکراکەی حزبیبوونی رۆشنبیرانە، بەڵام دیوە شاراوەکەی بریتییە لەو تەرەفداریی و سۆزدارییانە لە تێکست و نووسینی رۆشنبیرانی ئێمە بەروونی دەیبینین. بانگەواز بۆ ئەوە ناکەم رۆشنبیر ناتوانێت حزبی بێت، بەڵام رۆشنبیرە حزبییەکان یان ئەوانەی لەژێر هەژموونی حزبیدا فۆرمۆڵەی تێزەکانیان دەکەن، ناتوانن مەعریفەیەکی زانستی لە دەرەوەی بازنە تەسک و دۆگمەکانی حزب بەرهەم بهێنن، رۆشنبیر دەتوانێت بەرنامەڕێژیی بۆ حزبێکی دیاریکراو بکات، بەڵام ناکرێت ئەم بەرنامەڕێژییە بکرێتە بنەمایەکی کۆنکرێتی بۆ تەواوی هاووڵاتیان. یان وەک ئەنجامێکی زانستی بێلایەن وەربگیرێت.
لێرەدا دەمەوێ تیشک بخەمە سەر بابەتێکی پڕ ئیشکالیەتی مێژووکرد لە پەیوەندیی نێوان حزب و رۆشنبیرانی کورددا. ئەویش قۆناغی خەباتی رزگاریخوازی نیشتمانییە کە لە ئەدەبیاتی سیاسییدا بە قۆناغی شاخ ناوزەد دەکرێت. لەم ماوە زەمەنییەدا رۆشنبیران بەشێوەیەکی گشتیی تێزەکانیان دەخستە خزمەتی شۆڕشی شاخەوە کە حزبەکان رابەرایەتی ئەو جوڵانەوەیان دەکرد، لێ لەو ماوەیەشدا دەنگی رەخنەگرانە هەبووە کە دکتۆر ئەحمەدی مەلا نموونەی “سەگوەڕ”ی محەمەد موکری وەک فاکتێک دەهێنێتەوە. هەر ئەو دابەشبوونەی رۆشنبیران بەسەر سەنگەری حزبەکاندا درێژ بووەتەوە تا هەنووکە کە قۆناغی حکومداریی کوردستانە. ئەو رۆشنبیرانەشی بەناوی سەربەخۆییەوە کار دەکەن، زۆرجار خۆپارێزیی دەکەن لە رەخنەگرتن لە هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن، ئەمەش خۆی لە خۆیدا هەم تەرەفدارییە و هەم جۆرێکیش لە سەپۆرتە بۆ ئەو پارادایمە سیاسییە پڕ کەموکوڕییەی ئۆپۆزیسیۆن.
ئەگەر سەمپڵێک وەربگرین بۆ پاڵپشتی و زیاتر روونکردنەوەی ئەو بۆچوونەی سەرەوەمان، باشترین نموونەی مەلمووس، گروپی “رەهەند”ە کە ئەم گروپە تا هەنووکەش خۆیان بە جیددیترین قەڵەمەکانی ناو کایەی رۆشنبیریی کوردیی دەزانن. کێشەی گروپی رەهەند لەوێ نییە، رەخنە لە حزبە دەسەڵاتدارەکان دەگرن، چوونکە ئەوە ئەرکی هەموو رۆشنبیرێکە و وەک چەند جارێکیش وتوومە کاری رۆشنبیر بە تەنها رەخنەیە، بەڵام بەدەر لە گرێ دەروونییەکان کە لە خۆیدا کفرێکە بابەتە زاتییەکان بکەوێتە ناو رەخنەی رۆشنبیرانەوە، لە هەمان کاتدا لە سەنگەری ئۆپۆزیسیۆنەوە تیربارانی دەسەڵات دەکرێت. بۆ وێنە مەریوان قانیع و ئاراس فەتاح دوو نموونەی بەرجەستەی ئەو دیاردەیەن، ئەوان هەروەک دوو هەڵسوڕاوی گۆڕان رەخنە لە دەسەڵات دەگرن کە پارتی بە سیمبولی دەسەڵاتەکە دەبینن، لەم کاتەدا جیاوازییەکی ئەوتۆ لەنێوان رۆشنبیرە حزبییەکانی پارتی و گروپی رەهەند نامێنێت کە بەهەمان موفرەدات و نەزعەی تۆتالیتاریی جەدەل لەگەڵ یەکتر دەکەن “ئەگەر بتوانین ئەو گولەبارانکردنە بە وشە ناو بنێین جەدەل”.
قسەی من لەسەر ئەو نوخبەیە نییە لەسەر حزبە سیاسییەکان ماڵن و خۆیان بۆ سەرخستنی ئەجیندای حزبەکانیان تەرخان و ساغ کردۆتەوە، چوونکە ئەوان هەمیشە بەدوای ئارگۆمێنتدا دەگەڕێن بۆ رەواییدان بەهەر هەنگاوێکی چاک و خراپی حزبەکانیان، کێشەی سەرەکیی من لەگەڵ ئەو تایپە رۆشنبیرە کە بە ئاگایی بێت یان نائاگایی کەوتوونەتە نێو سەنگەرەکانی حزبەوە، ئەمەش تایبەت نییە بەو رۆشنبیرانەی بەناوی بێلایەنییەوە بوون بە بەشێک لە حزبە بەرهەڵستکارەکان، بەڵکو هەموو ئەوانەش دەگرێتەوە کە بەناوی سەربەخۆییەوە وەک دەستی دووەمی دەسەڵاتی سیاسیی کوردستان، ئاگربارانی حزبەکانی دەرەوەی دەسەڵات دەکەن، یان دەبنە بازووی بەهێزی کەمپینی شەڕئەنگێزانەی راگەیاندنەکان. کارەساتەکەش لەو کاتەدا گەورەتر خۆی دەنوێنێت کە نۆرە بێتە سەر هەبوونی ئیمیتازات و بەرژەوەندیی خودیی و تاکەکەسی رۆشنبیران خۆیان.
دەبێت لەم رووبەرەدا بەخێرایش بێت ئاماژە بۆ ئەوە بکەم، نامەوێ هەمان تێزی ژولین بیندا بهێنمەوە یاد و بڵێم رۆشنبیرانی ئێمە ناپاکیی گەورە دەکەن لە ئەرکەکانیان، بەڵام هێمای زۆر ترسناک دەبینم کە هیوایەک بۆ مرۆڤ ناهێڵنەوە، هەر ئەوەی مەیدانی توێژینەوە و رەخنەی زانستی چۆڵ بووە و نازناوی رۆشنبیر بە کەسێک دەدرێت کە زۆرترین مهاتەرات و شەڕەدەندوک بکات، یان ئەوانە ببنە سەرمەشقی کاروانی رۆشنبیریی کوردیی کە تەنیا دەتوانن لە سۆسیال میدیاوە چەند دێڕێکی بێ پێز بەدوای یەکتردا ریز بکەن، ئەو رۆشنبیرانەشی خۆیان بە دەنگی جیددی دەزانن بە زمانێکی پاراوتر دەدوێن، بەکەڵک وەرگرتن لەوەی لە ئەکادیمیاکان فێری بوون یان لە خوێندنەوەی فیکر و فەلسەفی خۆرئاوایی وەریانگرتووە بیخەنە هەمان بازنەی ململانێ، دیسان هیچ جیاوازییەک نامێنێ لەنێوان نیمچە خوێندەوار و ئینشانووس و رۆشنبیرانی “جیددی” چوونکە هەریەک بەگوێرەی خۆی ئاو دەخاتە یەک ئاشەوە.
قەیرانەکە بە تەنها تووشی سیاسەت و ژێدەرە ئابوورییەکانی کۆمەڵگە نەبووە، بەڵکو تەنگژەکە لەوە فراوانتر بووە و لاشەی کایەی رووناکبیریشی تەنیوە، هەروەک چۆن مرۆڤی لەهەموو بەها و مۆراڵە بەنرخەکان داڕنیوە، ئەم دۆخە ناودەنێم دۆخی کوژانەوە و تیاچوونی چراکان، یان دۆخی هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵگە، لەم نێوەندەدا رۆشنبیر نەک بەشێک نییە لە روئیایەکی نوێ بۆ سەرلەنوێ بیناکردنەوەی ژیان و مانادانەوە بەو بەها هەرەس هاتووانە، بەڵکو بەهەموو هێزییەوە بەشدارە لەو پرۆسە وێرانکارییەی لە دەروونی تاکەوە دەستپێدەکات تا دەگاتە لوتکەی هەموو شتەکان.
رۆشنبیری کورد دەبێت چی بکات؟
ئەو پرسیارەی لای سەرەوە، یەکێکە لە پرسیارە هەرە گرنگەکانی هەنووکە کە دەبوو زۆر زووتر بکرابایە، بەڵام رەنگە بەهۆی قورسیی وەڵامەکەیەوە کەس بوێریی ورووژاندنی ئەو پرسیارەی نەکردبێت. لانیکەم دەبوو ببووایە بە مشتومڕی نێو ناوەندی رووناکبیریی کوردیی، من لە ساڵی 2007 تەوەرێکم بۆ ئەم پرسیارە کردەوە و دیمانەم لەگەڵ چەندان رۆشنبیری ناسراو سازدا، بەڵام ئەوەش نەیتوانی ئەو پرسیارە بکاتە پرسیارێکی جیددی کە خودی رۆشنبیران لە بری سەرقاڵبوون بە کاری لاوەکی، ئاوڕ لەم پرسینە گرنگە بدەنەوە و مشتومڕی گەرمی لەسەر بکەن، ئەوەش وەک کۆی پرسەکانی تری کۆمەڵی کوردیی کەوتە ژێر غوباری بیرچوونەوە و فەرامۆشکردنەوە، لەگەڵ ئەوەدا ئەمڕۆش نەبێت، سبەی هەر دەبێت بگەڕێتەوە سەر ئەو پرسیارە جەوهەرییەی رۆشنبیری کورد چی بکات؟ بەڵام جارێ چاوەڕێین “لینین”ێک پەیدا بێت پرسیاری “چی بکرێت” بکاتە رۆژەڤی پرسیاری کایەی رۆشنبیریی کوردیی.
بە بڕوای من دەبێت یەکەمین هەنگاوی رۆشنبیران، گەڕان و هەوڵدان بۆ دیاریکردنی ناسنامەیەکی سەربەخۆی رۆشنبیریی لە دەرەوەی ئایدۆلۆگی و روانگە تەسکەکانی حزبی کوردیی، ناسنامەیەک دیاری بکات بەرچاوی رۆشن بکات چ کارەیە و پێویستە چی بکات؟. ئەمە ئەولەویترین کارە سەبارەت بە رۆشنبیرانی هەنووکەی کورد، چوونکە شوناسی رۆشنبیری کورد لەنێو ناسنامە سیاسیی و حزبییەکاندا ون بووە. ناکرێت بڵێین شوناسێکی رۆشنبیریی دیاریکراومان لە دەرەوەی شوناسە ئایدۆلۆگی و حزبییەکە هەیە. هەوڵدان بۆ بەخشینی ناسنامەیەکی رۆشنی ناحزبی و نائایدۆلۆگی بە بزاوتی رۆشنبیریی کوردیی، خۆی لە خۆیدا رزگارکردنی رۆشنبیرانە لە تونێلە تاریکەکانەی حزبە سیاسییەکان، هەروەها هەنگاوێکی راستیشە بەرەو گەڕانەوە بۆ وەزیفەی راستەقینە کە لە دیدی ئێمەدا بریتییە لە تیۆریزە و خوێندنەوەی دنیا و ناساندنی ئەوەی هەیە لە کۆمەڵگەدا وەک خۆی.
د.عەلی حەرب، رووناکبیری ناسراوی عەرەب لە کتێبەکەیدا “الاوهام النخبە او النقد المپقف” باس لەوە دەکات رووناکبیر کاریگەریی خۆی لە دەستداوە بەو هۆیەی تایبەتمەندیی خۆی پیادە ناکات. دواتر تایبەتمەندییەکانی رووناکبیر روون دەکاتەوە و دەنووسێت “مەبەستم لە تایبەتمەندیی لێرەدا، رۆڵگێڕانی خوڵقێنەرانەی رووناکبیرە لە بەرهەمهێنانی هزر و مەعریفەدا، ئەمەش گرەوەکەیەتی، بەدیهێنانی واقعێکی هزریی نوێ، لە رێگەی بەرهەمهێنانی چەند بیرۆکەیەکی نوێوە، یان گۆڕینی بیرکردنەوە، یان داهێنانی پیادەکردنی بیری نوێ، یاخۆ سەرلەنوێ داهێنانەوەی نوێ لە زەمینەی پیادەکردن و بۆتەی ئەزمووندا”. د.حەرب پێیوایە رووناکبیر ئەم رۆڵە بایەخدارەی لە بیر کردووە و هەموو وزەی خۆی بەخشیوە بۆ بەزۆر سەپاندنی گووتەکانی بەسەر واقیعدا بەشێوەیەکی ساکارانە و پاشتر دەنووسێت “لێرەوە دەرکەوت رووناکبیر لەوە دەستەپاچەترە ئەوە بگۆڕێت کە مەبەستی بوو بگۆڕێت”.
لەم سۆنگەوە رووناکبیری کورد دەبێت بگەڕێتەوە مەیدانی راستەقینەی خۆی کە مەعریفەی ناسینی دنیا و بەرهەمهێنانی زانستی گۆڕینی واقیعەکانە، لێرەدا ئەمەوێ سەرنج رابکێشم بۆ ئەوەی لە خەیاڵدانی تێکڕای کورددا بە خودی رۆشنبیرانیشەوە گۆڕینی واقیع بە گۆڕینی واقیعی سیاسیی لێکدەدرێتەوە، بۆیە ڤوکۆسی هەموو لەسەر گۆڕانکارییە سیاسییەکانە، لە کاتێکدا گۆڕین پرۆسەیەکی هەمەلایەنە و لە پێشدا گۆڕینی زەینییە، پاشتر لەوێوە پرۆسێسەکە بەردەوام دەبێت تاکوو دەگاتە گۆڕینی سیاسیی. رۆشنبیرانی ئێمە کەرەستەکانی گۆڕینی زەینیان پێشکەش نەکردووە، پێشمەرجەکانی گۆڕینیان نەناساندووە، بەڵکو وەک کۆمەڵە سەربازێک سەرقاڵن بە خەونی گۆڕینی سیاسییەوە بەشێوەیەکی کودەتا ئامێز، خۆ ئەوە هاوکێشەیەکی ئاسانە بۆ تێگەیشتن کە بێ گۆڕانکاریی لەخەیاڵدان و سیستمی پەروەردە و کولتووری کۆمەڵایەتی، هەموو پرۆسەیەکی گۆڕانکاریی سیاسیی تەنها دەبێتە گۆڕانکارییەکی فۆرمالیستانە و لاوەکی.
رۆشنبیر دەبێت پارێزگاریی لە تایبەتمەندیی خۆی بکات و خۆی نەخاتە نێو بازنەی تەسکی ململانێی حزبە سیاسییەکانەوە، کاری راستەقینەی رۆشنبیر داهێنان و زانستی ناسینی دنیایە، هەرچی کاری سیاسیشە گۆڕینی واقیع و دامەزراوەکانی دەوڵەتە، ئەوەی رۆشنبیر ببێتە بەشێک لە ئەجیندای حزبیی ناپاکییە، چوونکە کاری رۆشنبیرانە لە کاری سیاسییەکان گەورەتر و جیاوازتریشە، وەک لە سەرەتاشەوە وتم ئەگەر سیاسەت هونەری ئیدارەدان و گۆڕینی واقع بێت، ئەوە رۆشنبیریی زانستی ئەو گۆڕینەیە، لێرەدا پەیوەندییەک لە نێوان کاری رۆشنبیریی و سیاسیی هەیە یان رایەڵێک هەیە بۆ پێکگەیشتن، بەڵام دەکرێت هەر یەک بە جیا ببینین، ئەو پەیوەندییە ناکرێت ببێتە مایەی تێکەڵاوکردنی هەردوو ئیشەکە، یان رۆشنبیریی ببێتە پاشکۆی سیاسەت و تەسکتریش لەو بازنەیە ببێت بە بەشێک لە پلاتفۆرمی حزبایەتی. ئەرکی رۆشنبیرانە کاری تیۆریی خۆیان نەخەنە ناو گەمە حزبییەکانەوە هەروەک وتم ئەو کارانە دەکرێت کولتووری سیاسیی و پەروەردەیی و کۆمەڵایەتی لەسەر رۆ بنرێت. هەر پاشکۆیەتییەکی سیاسیی رۆشنبیران بۆ حزبەکان لەسەر بێلایەنیان تەواو دەبێ و لەهەمان کاتدا بابەتیبوونی تێزەکانیان دەخاتە ژێر گوومانەوە.
بیریاری مەغریبی “عەبدولسەلام بنعەبدعالی” لە دیاریکردنی وەزیفەی رۆشنبیردا ئەوە دەخاتە روو: ئەرکی رۆشنبیر نییە خەڵک بهێنێتە سەر باوەڕهێنان بەچەند هەقیقەتێکی دیاریکراو، هەروەها بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی لە نێوانیاندا، راستەڕێیان پێ نیشان بدات. بەڵکو ئەرکی ئەوەیە سیستمی بەرهەمهێنانی ئەو هەقیقەتەی تێیدا دەژین بگۆڕێ، ئەمەش واتای ئەوەیە کە ئەرکەکە پەیوەست نییە، بە رۆڵی لۆژیکانە کە پێوەرەکانی راستگۆیی و گونجاویی دیاری دەکەن، هەروەها نەک بەرۆڵێکی ئەپستمۆلۆژی “رێساکانی میتۆد” دیاری دەکەن. نەک بەرۆڵی ئایدۆلۆژیانەش “کە باوەڕی ئەویتر بەدرۆ دەخاتەوە” نەک بەرۆڵی رەوشتیانەش کە رێنمایی خەڵک دەکات، نەک بە رۆڵی وەعزدەریش کە رێ پیشانی خەڵک دەدات، بەڵکو رۆڵی رۆشنبیر لەوەدایە چاودێریی “سیاسەتی هەقیقەت” بکات و کار لەپێناو بڕیاردانی ئەو رێسایانە بکات کە لەنێو کۆمەڵدا کاروباری هەقیقەتیان پێ هەڵدەسووڕێ.
قسەی کۆتایی
لە دواماهیدا دەمانەوێ ئەوە بڵێین واقعی تاڵی کوردستان ئەوەیە رۆشنبیران دابەشبوون بەسەر مەیلی حزبی و سیاسییدا، لێ ئەمە شوورەیی نییە، بەڵام رێگرە لە لەدایکبوونی رەخنە و مەعریفەی زانستی بێلایەن، بەتایبەت بۆ کۆمەڵگەیەکی وەک ئێمە ئەو جۆرە مەعریفەیە زۆر پێویستە، تاکو بتوانین خۆمان جودا بکەینەوە لەو دنیا ئیسلامیی و نامۆیەی نەتەوە سەردەستەکان بۆیان دروستکردووین، بە گریانەوە ئەم دێڕانەی کۆتایی دەنووسم چوونکە ئەو کولتوورە سیاسیی و حزبییەی رۆشنبیران بیری پێ دەکەنەوە، باکی لەوە نییە کوردستان بکەوێتە ژێر دەسەڵاتی داگیرکەرانی عەرەبی و فارسی و تورکی، رۆشنبیرانی ئێمە بەهۆی بوونی گەندەڵییەوە لەلایەن دەسەڵاتی سیاسییەوە، تیۆریزەی عێراقچێتی دەکەن، هانی نەوەی نوێ دەدەن بۆ کونکردنی ئەو کەشتییەی چارەنووسی هەموومانی پێوە بەستراوە. ئاسۆکە تاریکە و من لە هەنووکەوە لە ئەنجامەکەی تۆقیووم.

نووسینی: ستیڤان شەمزینی..
ستۆکهۆڵم..

تێبینی: ئەم توێژینەوەیە چاپتەری چوارەمی کتێبی “گووتاری پۆپۆلیستی و خەونی بچووکی رۆشنبیرانی کورد”ه کە لە سەرەتای ساڵی 2018 بە شێوەی کتێبی کاغەز لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات بڵاوکرایەوە.




کاك ” نازم ” بۆ پەیدا بوو ؟ … ڕزگار عومەر

کاتێ کاك نازم لە ڤیدیۆکانی قسە دەکات؛ بە زمانێکی ڕەوان و بێ پێچ و پەناو ڕاستەوخۆ پەنجە دەخاتە زۆر برین و چارەسەر. ئەو کاتێ قسە دەکات بەسەر بابەتی جیاواز دێت و دەچێ ، قسەکانی ئەو پاکیەکی خاکیانەی تیایە، لە گەڵ ئەوەشدا هەندێ ڕەگەزی تێکەڵاو کردنی تیایە، ئەی بۆ سەرنج ڕاکێشن ؟

بۆچی ئەم مرۆڤە شیرین دەبێت ئەگەرچی لە گەڵ قسەکانی هاوڕاش نەبین ، نهێنیەکە لەو گوتارە خۆڕسکە چیە؟ ئایا بەرائەتە، یان جۆری ئاخاوتنە؟ بەشێکی زۆر لە پێکهاتەی بۆچوونەکانی رەخنە لە شێوازی بەڕێوەبردنی حوکمڕانی، ئیلهامی گوتارە کۆن وتازەکانی ئەنتی ئیستیعمار، ئیلهامی ئاینی، زۆر شتی تری تیایە، سەرەڕای ئەم هەموو پێکهاتەو تۆنە جیاوازانە ، بەلام لە کاتێکی خێرادا کاك نازم گەیشتە شوێنێك کە ڕێژەیەکی زۆر لە خەڵك موتابەعەی دەکەن .
بێجگە لەو پرسیارانە لەسەرەوە ئاماژەمان پێدا . پرسیارێکی تری جەوهەری ئەوەیە؛ هۆکاری چیە کە هەم دەسەڵات گرنگی پێدەدات وهەم بەشێکی زۆر لە خەڵکی ئۆپۆزسیۆن و ڕەخنەگر بە ئەمانەتەوە گرنگی پێدەدەن؟
دیاردەی کاك نازم و قسە کردنی و قبوڵی رەخنەکانی ئایا خۆڕسکانەیە، بەو مانایەی کە کۆمەڵگەی ئێمە و دەسەڵاتی سیاسی کراوەن بۆ ڕەخنەی کاك نازم و هاوشێوەکانی، یان لە پشتەوەی دەرکەوتنی کاك نازم ” زەمینەیەکی ” تر هەیە کە ڕۆڵ دەبینی لە دەرکەوتن و مەشهور بوونی ” کەسانێك” لە ماوەیەکی کورت و دواتر سارد بوونی دەرکەوتنیان بە هەمان خێرایی؟
ئایا ئێمە بێ ئەوەی هەستی پێبکەین لە دەرکەوتنی خێراو سست بوونی خێرای کەسایەتیەکاندا بەشدارین لە پڕۆسەی بەرهەمهێنانی پیشەسازی “مەشهور بوونێك” کە ڕۆڵێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە ئەستۆ گرتووە، بێ ئەوەی نەخشەی بۆ کێشرابێت و ڕێککەوتنی پێشوەختەی لەسەر کرابێت!

ئەو سیستەمە سیاسیەی لە کوردستان زاڵە لە ٢٧ ساڵی ڕابردوو، لە گەڵ ئەو پێشکەوتنەی لە تەکنەلۆژیای سۆشیال میدیا ڕوویداوە، لە گەڵ زاڵ بوونی کلتوری بەرخۆری ” ئیستیهلاکی” لە کۆمەڵگەدا، سێ دیاردەن سەرەڕای بوعدی مێژوویی جیاوازیان بەڵام وەکو سێکوچکەیەك لە ئێستادا بە یەکەوە بەستراوان.

ئەم سێکوچکەیە؛ دەشێ لابەلا بە پێکهاتەیتریشەوە پەیوەندی هەبێت، بەڵام ئەم سێکۆچکەیە پایەی ئەو سەرخانە پێك دەهێنن کە لە ئێستادا دونیای سیاسی و مومارەسەی ژیانی ڕۆژانەمانی تێدا دەخولێتەوە.
ئەم سێ پایەی ئاماژەمان پێدا؛ ژیانێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی دروست کردووە، کە چڕ بۆتەوە لە ” کورت” بوون و ئیکسپایەر بوونی هەموو شتێك بە خێرایی، ڕێڕەوی ژیان داماڵراوە لە بەها ڕەسەنەکانی کە دەرفەتی جێگیر بوونی درێژخایەن بدا بە هیچ دیاردەو ” پەیدابوونێك”، بە تایبەتی جۆرێك لە پەیدابوونی ئامانجدار.
ئێمە لە دونیایەک دەژین تەنانەت ” قارەمانی” سیاسی و کۆمەڵایەتیش ئەگەر لە دەرەوەی ئەم دۆخە سەر دەربکا، وەکو ” نەشیاو” ێکی نامۆی دژە باو دەکرێتە ئامانجێکی ئاسانی لە بەین بردن.

ئێمە کە دەکەوینە داوی موعجیب بوونمان بە وەستا خەیری ، کاتێك بەشێکمان جوێن بە سایەی کەریم دەدات و بەشێکمان کون بە کون سۆراغی ڤیدیۆکانی دەکەین لە ئینتەرنێت، کاتێك بە بۆنەو بەبێ بۆنە قسەی دڵی خۆمان بە ناوی خدر بێگەلاسی دەکەین، کاتێ بە دیار ڤیدیۆکانی کاك نازم دادەنیشین، یان کاتێك وێنەکەی کاك نازم دەکەینە تابلۆیەکی هونەری و دواتر پارەی فرۆشتنی تابلۆکەی پێ دەبەخشینەوە، هەموو ئەو ئاکتانە، هەموو ئەو هەڵس و کەوتە دژ بەیەکانە، لە توێژی جیاوازی کۆمەڵگە بەرامبەر بە کەسە “خێرا مەشهور” بوونەکان دەکرێت، هەرچی نیازێکی خۆڕسك و پاك و عەفەوی لە پشت بێت، هیچ لەو ڕاستیە ناگۆڕێت کە ئێمە خەریکین ” بۆشایەکی ” واقیعی لە پەیدابوونی کەسایەتی میژوویی ، یان چینی مێژوویی ، پڕ دەکەینەوە بە بەرهەمهێنانی لیستێك لە کەسایەتی ڕاگوزەر کە ڕەنگە بە دڵنیایی مرۆڤی باش و پاك بن، بەڵام بوون نەبوونیان هیچ زیادو کەمیەك ناخاتە ئاڵ و گۆڕێ کۆمەڵایەتی و سیاسی.

کاتێك ئێمە سەیری ڤیدیۆکانی کاك نازم دەکەین، لە ڕووی دەروونیەوە، لە دوو ئاستدا سەرگەرم دەبین، ئاستێکیان بریتیە لەوەی لە گەڵ قسەکردنی ئەودا، یان کەسانی هاوشیوەی ئەودا، هەستی پێبکەین یان نا، ئێمە ” دەرفەتە لە دەست چووەکانی ” قسەکردنی توندتری خۆمان بە شل و شێواوی و بە شێوەیەکی ” مەقبول” و ” رێگەپێدراو” هەروەها باڵکراو لە نێو قسەکانی ئەودا دەبینینیەوە ! ئاستی دووەم بریتیە لەوەی ترسە لەوەی بگەینە ڕۆژگارێك ئەو دەرفەتە باڵکراوەش نەمێنێ لە دواڕۆژێکی نزیکدا.

کاتێك ئۆپۆزسیۆنی فەرمی، یان خەڵکی تاك و تەرای پەرش و بڵاوی ناڕازی کاك نازم دەکا بە ئایکۆن و ڕەمز، بۆ ئەوە دەیکەن؛ چونکە لە ڕووی مێژوویەوە لە دۆخێکی نیمچە وەستاودا ئاسۆ و دەرفەتی سیاسی بنبەست بووە لە بەرهەمهێنانی کەسانێك کە بتوانن بەرامبەر دیوارەکانی سانسۆرو ئاقیبەتی “قسەکردن” مانەوەی خۆیان مسۆگەر بکەن!
کاتێکیش دەسەڵاتیش بە هەمان ڕادەی ئۆپۆزسیۆن گرنگی بە کاك نازم دەدات، بۆ ئەوەیە دووپاتی بکاتەوە کە تاقە جۆر لە ئایکۆنی ڕێگەپێدراو ئەم جۆرە ئایکۆنانەن کە ڕاگوزەرن، ئەم جۆرە کەسانەن کە ئەگەر ناڕازیش بن لە لوتکەی تووڕەبونەکانیان هێشتا ناتوانن دەست بۆ هیچ ” بڤەو حەرامێکی” سیاسی ببەن، یان لە بنەڕەتدا پێکهاتەی کەسایەتی و ژینگەیی ئەو جۆرە ئایکۆنانە هەڵگری ئەو خەسڵەتە نیە کە بتوانێ کارێك و ئامانجێکی لەو بابەتە لە ئەستۆ بگرێت.




دمدمیی … سۆران محه‌مه‌ده‌ سووره‌

ئـ
جێی هێشتین.
ڕێگه‌كانیش، به‌ره‌و ئه‌شكه‌وت هه‌ڵده‌ڵووشران.
له‌ ڕێگه‌كان دابڕان و
له‌ دابڕانیش ڕۆیشتن جێده‌مێنێ.
ته‌وژمیش، كه‌ هه‌موو گیانێك زگپڕ ده‌كا
به‌یتووته‌ ده‌بێ‌.
شه‌و دره‌نگ،
كشانێك به‌ ڕێگه‌كانی تاریكیی دادێت.
له‌ هه‌ركوێیه‌ك، به‌لاوه‌تر ‌له‌ مانگ
دڵۆپێك خوێن ده‌‌پڕژێته‌ ده‌موچاوی.
گوست بۆ‌ ئاگرێك درێژ ده‌كا
ئاگر نێوانی خۆی و
تارمایی دمدمییه‌كانیش له‌ پشته‌وه‌ڕایان* سه‌یر ده‌كا.
نیگا له‌ چاره‌نووس هه‌ڵده‌نووتێ،
كه‌ بردوونیه‌تییه‌ نێو تاریكاییی “دۆڵی شه‌هیدان*”ـه‌وه‌.

ن
ئه‌وها كایه‌كان ده‌سپێده‌كه‌ن و
پرسیاری‌ هاوڕێ سه‌رمابردووه‌كه‌ش‌:
ئاخۆ ده‌بێ بزانین ده‌بین به‌ چیی، تا ببین؟

ك
ورد ورد په‌نجه‌كان ده‌كه‌ونه‌‌وه‌ مه‌له‌ی تاریكیی.
‌گمه‌ی گاله‌پێك، ڕێگه‌‌ ده‌یبات.
پێیه‌كان؛ پشووی ڕووحێكی نه‌حه‌جمیو ئه‌نگاوته‌ ده‌كه‌ن و
خه‌ونیش؛ نێوان تاریكیی و هه‌ناوی وێرانبوون ده‌‌نجنێ.
سێبه‌ری مه‌ودای نه‌خۆشییه‌كی به‌رترس
ده‌كه‌وێته‌ ڕاچڵه‌كین، كه‌مێك دواتر،
ئاسمان هه‌ناسه‌‌ی ڕاز*ی ئه‌م به‌ر هه‌ڵده‌میسێ.
له‌نێو هه‌ره‌سهێنان و دوا نووزه،‌
به‌ ئه‌سته‌م ده‌بیسترێت، هه‌وا؛ ڕێگه‌ده‌سپێكردنه‌وه‌یه‌.

ی
له‌و سه‌ر خاڵی ڕێگه‌یه‌كی ونبوو،
ده‌نگی گازێك ده‌بیستم.
ئه‌مه‌ش تۆیه‌كه‌ ئه‌نكیدۆی بچووك
هه‌میشه‌ له‌ خه‌ونه‌كانمدا هه‌ر به‌ بچووكیی
به‌ هه‌مان ئازار،
نەخۆشییەکی هاوماڵ و سەفەر ده‌ژیێت.
ده‌بینم مۆڕه‌ له‌ مردن ده‌كات و
له‌ ده‌می زیندووان ده‌ڕوانێت،
باسی نوێماڵێكی تازه‌ ده‌گێڕنه‌وه‌.

د
شه‌وگه‌ڕین و
هه‌نگاوه‌كان تێكهه‌ڵه‌نگێوی قه‌ده‌ر ده‌بن
شه‌یتان بنلێوه و شپرزه‌یه‌،
ناحه‌جمێ نا‌‌‌.
ئافاتیش له‌به‌رخۆیه‌وه‌:
ڕێگه‌وشه‌كان، خه‌یاڵی لاڕێیییه‌كانت نه‌بوون؟
مه‌یلی خۆخزاندنه‌ بوونی با،
دڵه‌ڕاوكێی بینین و نووزه‌ی قوربانییه‌كانت،
له‌سه‌ر چ ڕێگه‌یه‌ك، به‌ كام ئاڕاسته‌دا ڕاهێشت؟

ۆ
شتانێك مێروو نین
مێرووله‌ ئاسا به‌ له‌شمدا هه‌ڵده‌گه‌ڕێن.
ده‌نگێگ به‌نێو سێبه‌ری زناره‌كانه‌وه‌ وه‌رده‌بێت و
پێیه‌كانم ڕێگه‌یه‌كی كۆن ده‌دۆزنه‌وه‌.
چیلكوپاڵی كۆن له‌ژێر پێیه‌كانم ده‌بن به‌ زینده‌ خشۆك.
داهۆڵی ڕۆخ هه‌وێزه‌ كۆنه‌كانی شه‌وین و
مه‌نگیی له‌ مانگڕاماوی هه‌ركوویه‌ك، به‌ خێرایییه‌ك له‌ خه‌نییان ده‌بڕم. ئاوه‌دانیی له‌ پشتڕا دوورتر و تارمایی به‌رباربووێك وه‌ك ملی دابێت،
تادێت نێزیكتر ده‌بێته‌وه‌.

ن
پێ ئه‌نگواو و نه‌فره‌تی ڕێگه‌كان،
كرم ئاسا كه‌وتوونه‌ته‌ نێو سه‌رم.
ته‌راتێن ده‌كه‌ن.
قه‌ده‌ری بێدۆستییش له‌پشتمه‌وه‌یه‌.
ته‌مه‌ن‌ ڕێكۆچی وشه‌ مێرووله‌ ده‌كا و
مانه‌وه‌ له‌گه‌ڵ پێداڕۆیشتنیش،
خستوومیه‌تییه‌‌ دڵه‌خورپه‌ی‌ شه‌یتانیی.

خ
ئێستا نازانم چییه‌ ختووكه‌ی ڕاڕایییه‌كانم ده‌دات؛
بڵێی ده‌نگی ڕابردووی ڕێگه‌كان بێت‌،
گازم بكات، ئه‌هۆی غه‌ریب؛ پێكده‌گه‌ینه‌وه؟

و
شار له‌‌سه‌رقاڵیی نوێژه‌مێگه‌ل ئاواده‌بێ و
ده‌نگێك ئاڕاسته‌ی ڕووانینم ده‌پێكێ.
مووی له‌شم ڕیز ده‌به‌ستن و
ده‌كه‌ومه‌ سه‌رپشتی نهێنییه‌كی زوو؛
به‌ره‌و كوێیه‌؟
ڕێگه‌كان؛ نووسراوه‌ی وێرانبووه‌كانن.
ڕێگه‌كان؛ ڕه‌گی ئاژاوه‌یه‌كی نه‌ناسن.

ش
ده‌نگ‌؛ له‌ خاڵێكی ڕێگه‌وه‌ و
هه‌نگاوه‌كان له‌گه‌ڵ ئاوه‌ژووبووی قه‌ده‌ری شار ڕێ ده‌كه‌ن.
له‌ غه‌ریبیی، ڕێوه‌ساڵكه‌وتووه‌كان كه‌مۆ* ده‌بن و‌‌
به‌هه‌زار زمان، بوونم په‌رته‌وازه‌ی تووله‌ڕێیه‌كانیان ده‌كه‌ن.
بوون ده‌ئاڵۆزكێته‌ ڕووخساریی ژنێكی دمدمیی* به‌ناوكه‌وتوو
سه‌هه‌نده‌ییش له‌گه‌ڵ تاریكیی هاوئاهه‌نگ سه‌ما ده‌كات.
هاوڕێ قه‌قنه‌س ئاساكه‌شم
“نامه‌ ناته‌مامه‌‌كان”؛ ته‌واو ده‌بن و ته‌واویش نابن،
ده‌گه‌نه‌ جێ و ناشگه‌نه‌ جێ؛ وڕێنه‌ ده‌كات.
س
خه‌یاڵانی سه‌رم، له‌ هیلاكییم ناڕه‌ونه‌وه‌ و
به‌ ده‌م شه‌ڕی ڕێگه‌وه‌، یه‌كده‌نگ هاوارم لێده‌كه‌ن:
ئه‌هۆ شه‌یتان:
له‌به‌رده‌م ته‌نگه‌ژه‌كان
به‌به‌رچاوی خودا په‌ركه‌مگرتووه‌كان
ڕووح به‌چ بێگوناهییه‌ك داده‌كێشیت‌؟
ده‌با قه‌ده‌ری شار‌، كوفر ئاوه‌ژووی بكاته‌وه‌.

خ
‌با قه‌ده‌ر كۆكردنه‌وه‌ی لێكترازانه‌كان بێت‌.
بۆ ئه‌م قه‌ده‌ره‌ت گوناهـ ئاژۆبه،‌
ئه‌ی خودا‌ په‌رێشانه‌كه‌م، گوناهاژۆبه،
بێ له‌ نه‌سه‌كنین؛
چ شتێك ختووكه‌ی پێیه‌كان ده‌دات!

ت
ده‌نگ له‌لاڕێ، نێزیك،
ده‌مخرۆشێنێ. فێ-ده‌بمه‌وه‌.
شه‌یتانیش؛ به‌ره‌و پێكرانی پێنه‌كران فیتوو لێده‌دات.
ده‌نگه‌كه‌ هاتووه‌، لێ نێزیك به‌ لێكناكۆكبوون
به‌ خۆشه‌ویستییه‌كی ڕقلێبوون، ده‌متاسێنێ.
ده‌نگه‌كه‌، من و شه‌یتان؛ “نه‌خۆشسه‌خت”ــاسا،
له‌ وێنای “هه‌شت”ێكدا، له‌تر ده‌ده‌ین، ڕوو بۆیه‌ك ده‌ڕنین.
ده‌نگه‌كه،‌ ده‌چێته‌ باوه‌شی بووكه‌ به‌فرینه‌كه‌ و
له‌ لاسایی ئه‌وینداره‌ مه‌ستبووه‌كانه‌وه‌ ستران ده‌چڕێ:
به‌ بۆنه‌ی تۆوه‌ كه‌ ‌مردین،
چه‌پكه‌ پێكه‌نینێكمان له‌گه‌ڵ بنێژه‌.
ئه‌ی تاڵووكه‌ییی ئیرۆسییم له‌ ناته‌باییی‌،
وه‌چه‌ی گومڕاخوازێك بڕاسێ.

په‌راوێزه‌كان:
پشته‌وه‌ڕایان: له‌ پشته‌وه‌یان ڕا، ئاخاوتنی ناوچه‌یییه‌.
دۆڵی شه‌هیدان: دۆڵێكه‌ ده‌كه‌وێته‌ چیای “هه‌ندرێن”.
ڕاز: 1- نهێنیی. 2- ئه‌و لێواره‌ به‌ردینه‌ی له‌ شاخ، كه‌ چه‌ند مه‌ترێك زیاتر یان كه‌متر هاتووه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ و له‌ ده‌می باراندا، په‌نای بۆ ده‌بردرێت، جیاوازه‌ له‌ به‌ڕاك (نوانوو)؛ كه‌ به‌ڕاك واده‌كات باران ته‌ڕت نه‌كات.
*هه‌ركوو: 1-هه‌رچۆن 2- یه‌كڕاست، ده‌ستبه‌جێ. 3-هه‌ركه‌و، هه‌قێو، حه‌قێو: ئه‌و ئاوه‌یه؛‌‌ دوای باران له‌ شاخ ده‌مێنێته‌وه‌، شوان و ڕێبوار تێنوویه‌تییان پێده‌شكێنن‌.

  • به‌ربار: 1- ئارام. 2- ئه‌و كه‌سه‌ی له‌لای “دێوانه‌”كان جزیه‌ نه‌دات، پێیده‌گوترێت به‌ربار. فڵانه‌كه‌س به‌رباربووە، لێره‌ وه‌ك هه‌ڵگه‌ڕاوه‌ له‌ وشه‌كه‌ ڕوانراوه‌.
    *كه‌مۆ: وریا و فێڵزان. گورگێك كه‌ فێڵ له‌ شوان بكات و له‌ پشته‌وه‌ڕا په‌رێز بۆ مێگه‌ل به‌رێت، یان ئه‌و بزنانەی، به‌هۆی ته‌نبه‌ڵییه‌وه‌ یان نه‌خۆشییه‌وه‌ بێت، لەدواوەی مێگەله‌وه‌ بڕۆن.
  • دمدمیی: پێوه‌ست به مێژوو، داستانه‌ ئه‌فسانامێزبووه‌كه‌ی قه‌ڵای “دمدم” به‌كارهێنراوه‌‌.

ئه‌م ده‌قه‌، له‌ ژماره‌ 6ی گۆڤاری “شی” ساڵی 2018، بڵاوكراوه‌ته‌وه‌.




ژیانی دوێنێ و ئەمڕۆمان … محەمەد بەرزی

ئاشکرایە بە درێژایی ئەو مێژووە پڕ لە کارەساتانەی نەتەوەکەمان ، کورد سەدان شۆڕش و ڕاپەڕینی دژی داگیرکەرانی تورک و فارس و عەرەب کردووە ، بەڵام هەتا ئێستا نەیتوانیوە پارچەیەک لە پارچەکانی وڵاتەکەی ئازاد بکات . بێگومان بۆ نزیکەی ٤٠٠ ساڵیش دەچێت ، هۆکارەکانی شکستە یەک لە دوای یەکەکانمان ، هەمان هۆکارەکانی ئەمڕۆمانن . هەموو جارێک داگیرکەران توانیویانە بە زیرەکیی خۆیان ، کورد فریو بدەن و شۆڕش و قوربانی و نەهامەتییەکانمان بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکار بهێنن ، بەڵام بە داخەوە کورد چ لە ئاشتیدا و چ لە شەڕدا ، نە پلانی هەبووە و نە بیرکردنەوەش . ئەوەتا شوکری فەزلی شاعیر بە شیخ مەحمودی حەفید دەڵێ : ( ئیش کە ڕووی ئێستا لە هەورازە ، سەرەولێژی نەکەی … فکری وردیشی ئەوێ ، هەر بە دوعا و نوێژی نەکەی ) . بێگومان هەر بزوتنەوەیەک ، چ لە شاخ بێ ، یان لە شار ، ئاوێتەی عەقڵ و قەڵەم و بیرکردنەوە نەبێ ، مەحاڵە ڕووناکی ببینێت . ئەوەی شایانی باسە بارودۆخی کوردی باشور لە چاو پارچەکانی تردا ، تا ڕادەیەک باشتر بووە ، چ لە هاوبەشیکردنی لە پۆستە باڵاکانی دەوڵەتی عیراقدا ، چ لە بارودۆخی کۆمەڵایەتییدا ، کەچی ژمارە و تەمەنی بزوتنەوە چەکدارییەکانی باشور ، زیاتر و درێژتر بوون . جا جگە لە بزوتنەوەکانی شێخ مەحمود و بارزانی ، کە تەمەنییان کورت بووە ، ئەوا شۆڕشی ئەیلولی ساڵی ١٩٦١ ، کە بە یارمەتی ئێرانی داگیرکەر نزیکەی سیازدە ساڵ و نیوی خایاندووە ، ئەنجامەکەشی بە بەرژەوەندی ئێران و زیانی گەورەی خۆمان و دووبەرەکییەک هەرەسی هێناوە ، کە ٥٦ ساڵە ئێسقانی کورد دەهاڕێت . پاشان شۆڕشی نویێ یەکێتی و گوڵانی پارتیش ، میللەتەکەمانی ڕووبەڕووی پاکتاوی ڕەگەزی و ڕاگوێزان و کاولکردنی گوند و باژێر و دەریایەک خوێن کردووە . خۆ کاتێکیش ئەمەریکا گورزی گەوەرە لە سەددام دەسرەوێنێت ، شۆڕشگێرەکان لە شاخەوە دێنە خوارەوە و حکومەتێکی کوردیی دادەمەزرێنن ، جا ئەگەر چەمکی شۆڕش بریتی بێ لە : ( ڕاپەڕین بە ڕووی زوڵم و زۆرداریدا ، بە ئامانجی گۆڕینی هەموو دامودەزگا و دەسەڵاتەکانی ڕژێمی ڕابوردوو ، بۆ هێنانە کایەی ڕژێمێکی سیاسی پاکوبێگەردی عادیلانە و لە سایەیدا ماف و ئازادی و دادپەروەری و یەکسانی بۆ هاوڵاتییان و پێشکەوتنی کۆمەڵگا دەستەبەر بکات ) . ئێستا جێگای خۆیەتی بەراوردێک لە نێوان بارودۆخی پێش و پاش هەڵگیرساندنی ئەو شۆڕشانەدا بکەین و با بزانیین تا چ ئەندازەیەک سەرکردەکانی کورد ، هەڵگری بیری شۆڕشگیریی و دروستکردنی دەوڵەت بوون و تا چەندیش توانیویانە گۆڕانکاریی لە ژیانماندابکەن .
ئاشکرایە هەموو حکومەتەکانی عیراق ، بە پێی پلانی ستراتیجی هەنگاویان ناوە ، لەبەر ڕۆشنایی ئەو پلانەنەدا توانیویانە بە سامانی نەوت وڵات ئاوەدان بکەنەوە ، بەڵام پشتییان تەنها بەو سەرچاوەیە نەبەستووە . چونکە سامانی نەوت دوو مەترسی لە خۆگرتووە ، یەکەمیان وەک کشتوکاڵ سامانێکی هەمیشەیی نییە و ئەگەری تەواو بوونی هەیە . دووەمیشیان هەر کاتێک نرخی لە بازاڕەکاندا دابەزێ ، یان لە کاتی جەنگدا وێران بکرێت ، وڵات تووشی نابووتی و کیشەی گەورە و گران دەکاتەوە ، هەر وەک حاڵی ئەمڕۆی حکومەتەکەی هەرێم . هەر بۆیە شان بە شانی نەوت ، گرنگیان بە کشتوکاڵ و پیشەسازیش داوە و توانیویانە تا ڕادەیەکی ئێجگار زۆر ، بە کشتوکاڵ ئاسایشی خۆراک دابین بکەن ، ڕێگری لە چوونەدەرەوەی دراوی قورس بگرن ، وڵات لە فشاری دەرەکی بپارێزن ، بە بەروبۆمەکانیشی کەرەسەی خاو بۆ پیشەسازی ئامادە بکەن و ژێرخانی ئابوری وڵاتەکەی پێ پتەو بکەن ، لە کۆتاییشدا هەلی کار و ژیانی شایستە بۆ هاوڵاتییەکانییان مسۆگەر بکەن .. هەر بۆ نموونە پێش هەڵگیرساندنی ئاگری شۆڕشەکانی کورد ، جوتیارانی نزیکەی ( ١٧٥١ ) گوندی ئاوەدانی کوردستانی باشور ، بە ئارامی سەرقاڵی چاندنی تووتن و چەندین بەروبۆمی کشتوکاڵی و ئاژەڵداری بوون . خۆ ئەگەر هەر گوندێک ٤٠ ماڵبووبێت و هەر ماڵەی چوار سەر خێزانیش بوو بێ ، ئەوا تەنها تووتن ، توانیویەتی بژێوی ( ٢٨٠١٦٠ ) کەس دابینبکات ، ئەمە سەرباری بژێوی هەزاران کرێکار و فەرمانبەرانی کارگەکانی جگەرە و پوختەکردنی تووتن و کاسبکاران و ئەو شۆفێرانەی تووتنییان گوێزاوەتەوە . پاشان لە نێوان ساڵەکانی ( ١٩٦٥ و ١٩٧٤ ) دا هەشت هەزار تەن تووتنی ئەو گوندانە فرۆشراوە بە چەندین وڵاتی وەك : ( ئەمەریکا ، بەریتانیا ، بەلجیکا ، یەکێتی سۆڤییەت و هەنگاریا ) و داهاتێکی ئێجگار زۆریشی بە دوای خۆیدا هێناوە ، کەچی تا ئەمڕۆ زوربەی هەرە زۆری ئەو گوندانە چۆڵن و داریان بەسەر بەردییانەوە نەماوە ، جوتیارەکانیش ، یان ئەنفال کراون ، یان کۆچییانکردووە . خۆ ئەگەر تاکە تاکەیەکیشیان خەریکی تووتن بن ، دیارە لەبەر جگەرەی هاوردە ناتوانن بژێوی ڕۆژانەی خۆیان دابین بکەن . پاشان هەر تەنها لە شارێکی وەک سلێمانیدا و لە نێوان ساڵەکانی ( ١٩٥٤ و ١٩٨٢ ) دا ، حکومەتاکانی عیراق توانیویانە بەنداوی دەربەندیخان و دوکان ، کارگەکانی : جگەرە و پوختەکردنی تووتن ، چیمەنتۆی سەرچنار و تاسڵوجە ، شەکر ، جلوبەرگ ، بیبسی و ئاوی بانیخێڵان و بەردی مەڕمەڕ دابمەزرێنن و هەلی کار بۆ هەزاران کەس دابین بکەن ، بە پێچەوانەی ئەمڕۆوە ، کە کار چۆتە قاتی . ئەوەی جێگای داخە لە جیاتی ئەوەی شۆڕشگێرەکان بە سامانی نەوت و پارەی زۆری ناوخۆ و حکومەتی عیراق ، گوندەکان ئاوەدان بکەنەوە و گرنگی بە کشتوکاڵ و پیشەسازی بدەن و پڕۆژە و کارگەی نوێ بخەنە پاڵ کارگە کۆنەکان و ژێرخانێکی ئابوری پتەو دروستبکەن ، کەچی ئامێرەکانی کارگەی ستراتیجی شەکر ، کە ساڵانە پێویستی بە ١٢٠ هەزار تەن چەوەندەر بووە ، لەگەڵ کارگەی جگەرە بە کیلۆ هەراج دەکەن ، یەکیکیان دەکەن بە مۆزەخانەوە و ئەوەی تریان بە باڵەخانە و کارگەیەکیش نامینی بە ناوی جلوبەرگەوە ، بەمەش دەرگا بە ڕووی دامەزراندنی هەزاران کەسدا دادەخەن . ئاخر ئەگەر شۆڕشگێرەکان بیریان لە دواڕۆژی کورد بکردایەتەوە ، نە دەبوو ئامێرەکانی بەنداوی بێخمە تاڵان بکەن ، کە بیرۆکەی دروستکردنی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٣٧ و ئامانجیشی بوژاندنەوەی ناوچەیەکی فراوانی کوردستان بووە . خۆ ئەگەر تەواو بکرایە دەبوو بە گەورەترین بەنداوی عیراق و توانای بەرهەمهێنانی ( ١٥٠٠ ) مێگاوات کارەبا

و گلدانەوەی ١٧ کیلۆمەترە سێجا ئاوی دەبوو . ڕێگەی لە لافاو و وشکەساڵی دەگرت و خاڵێکی فشاریش دەبوو بۆ سەر عیراق . ئاشکرایە پێش شۆڕشەکانمان ، ساڵانە بە پێی ژمارەی خوێندکاران ، خوێندنگای نوێ کراوەتەوە ، مناڵی پاشا و وەزیر و کەسانی هەژار ، لە سەر یەک مێز دادەنیشتن . پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانمان سەدان جار لە پەیوەندییە قرچۆکەکانی ئەمڕۆمان باشتر بوون . حکومەتەکانی عیراق لە جیاتی ئەوەی بە شڕەخۆری و پارە و زەوی تاڵانی ، کۆشک و تەلار و باڵەخانە ببەن بە ئاسماندا ، هەزاران خانوویان بۆ کرێکار و فەرمانبەرانی بێ دەرامەت دروستدکردووە . وڵات بە عەقڵ و بیرکردنەوە و دڵسۆزی گەشەدەکات ، هەر عەقڵیشە بتوانێ گۆڕانکاری مەزن بکات ، نەک فرۆکەی تایبەت و ئوتێل و مۆڵ و کردنەوەی خوێندنگا و زانکۆی بۆش و بەتاڵی تایبەتی . ئەگەر مێژووی خوێناوی شۆڕشەکانمان ، داروپەردووی ٤٥٠٠ گوند و ١٨٠ هەزار ئەنفال و ٥ هەزار سورەگوڵی هەڵەبجە و ٨ هەزار بارزانی بێ گوناح و چەند هەزار پیشمەرگەی شەهیدی سێدارە و سەنگەر و شەڕی ناوخۆی لە خۆی گرتبێ ، ئاخر کەی ڕەوایە بەرهەمەکەی ئەم حکومەتە پاوانخوازە بێ ، کە میللەتێکی ڕووسور و قارەمانی خستۆتە سواڵ . ئەرێ بە ڕاست لە کتێبی گینس و دنیادا ، شۆڕشگێڕ هەیە بەمجۆرە شۆڕشی کردبێت ؟ . بێگومان هەر ئەمجۆرە حوکمرانییانەش بووە ، یەک بە یەکی ئەمارەتە کوردییەکانی داوەشاندووە و ڕاپەرین و شۆڕشەکانی بە ئاشبەتاڵ و گۆڕی بە کۆمەڵ و لە دەستدانی خاکی شیرین و پیرۆزی نیشتمان ، کۆتاییان هاتووە . لە جیاتی ئەوەی بەهەشتێکیمان بۆ بنیات بنێن لە جاران جوانتر بێ ، کەچی نیشتمانێکی ئاوەدانیان بۆ کردووین بە دۆزەخێک ، لە هیچ نیشتمانێکی دنیا ناچێ .

تێبینی : بۆ زانیاری بەنداوی بێخمە سود لە سایتی ویکیپیدیا وەرگیراوە .




فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی کورتە فیلمی مۆبایل بە ناوی “یەک خولەک قه‌ره‌نتینه” بەڕێوەدەچێت

مه‌نسوور جیهانی ـ فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی کورتە فیلمی مۆبایل بە ناونیشانی “یەک خولەک قه‌ره‌نتینه” بە یارمەتی بریکاریی کاروباری کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی شارەوانی تاران و بە هاوڕێەتی کۆمەڵێک لە هونەرمەندان و سینەماکاران ئێرانی و بیانی بەڕێوەدەچێت.

ئەم فیستیڤاڵە بە مەبەستی هاوبەشی کردنی ئەزموونەکانی خەڵکی جیهان بە درێژایی سەردەمی قه‌ره‌نتینه بۆ خۆڕاگریی لە تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆڕۆنا دامەزراوە، تاکوو لە چوارچێوەی کامێڕاکانی خۆیانەوە، ئەزموونە شیرینەکان، تالًَ، دڵەڕاوکێی، بێکاریی، خۆشی و هێوا و تەنانەت مردنیش تۆماربکەن.

لە دەقی بانگەوازیی ئەم فیستیڤاڵەدا هاتووە: “لە مێژووی سەردەمدا، هیچ کاتێک مرۆڤ بەم شێوەیە ئەزموونێکی بەربڵاویی هەست پێنەکردووە کە ترسە هاوبەشەکانیان، لە ماڵەوە ئەزموونی بکەن. بێ گومان، ئەم ئەزموونە خاڵە سەرەتاییەکی دیکەیە بۆ هەموو مرۆڤەکان بۆ درێژەپێدان بە ژیان. هەر بەم پێیە هەوڵماندا فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی کورتە فیلمی مۆبایل بە ناونیشانی “یەک خولەک قه‌ره‌نتینه” بخەینەڕێی، تاکوو بتوانین خوڵقاندنی گشتیی لە کەمبوونی کەرەستە و نەبوونی پێداویستی پێویست و جیهازە پێشەییەکان، تاقیبکەینەوە و لە کەمترین، زۆرترین سازبکەین.”

ئەم فیستیڤاڵە بە بابەتی جۆراوجۆر پێناسەکراوە کە بریتین لە:
ـ قه‌ره‌نتینه / ژیان / ئەوین / دین
ـ قه‌ره‌نتینه / بنەماڵە / منداڵان / یارمەتی هەژاران / یارمەتی کەسانی دیکە
ـ قه‌ره‌نتینه / دەروون / تندووتیژی بنەماڵەیی / ئەزموونی تەنیایی / خۆدۆزینەوە
ـ قه‌ره‌نتینه / نەخۆشە تایبتەکان / بەساڵاچووان
ـ بەشی تایبەت / بێ پاوانەکان

هۆگران دەتوانن بەرهەمەکانی خۆیان لە دوو بەشی پیشەیی و ئاماتۆڕ و لە دوو بەشی ناوخۆیی و بیانی بۆ نووسینگەی فیستیڤاڵ، بە ناونیشانی http://miladtower.tehran.ir و یا پەیجی ئینستاگڕامی تایبەت بە فیستیڤاڵ، بە ناونیشانی @One_minute_Quarantine و کەناڵی تێلێگڕامی بە ناونیشانی https://t.me/One_minute_Qurantine ڕەوانە بکەن.

ئەم بەرهەمانەی کە دەگەنە فیستیڤاڵ، لە لایەن “حوسێن شوەندی”، خاتوو “سورەیا تەیمووری” و خاتوو “مریەم ئەدیبی” چاولێدەکرێن و باشترین بەرهەمەکان دەستنیشان دەکرێن و پاشان لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانەوە کە بریتین لە: “رەزا بەنەفشەخواە”، “سەعید سوڵتانی”، “وەحید موووسائیان”، “غوڵامحوسێن شاەعەلی”، “سیرووس کەهووری نیژاد”، خاتوو “ئازیتا مۆوگوویی” و خاتوو “ساغەر خواجەئەمیری” هەڵسەنگاندی کۆتاییان بۆ دەکرێت.

هۆگران دەتوانن بەرهەمەکانی خۆیان لە ڕۆژانی 9ی مەی تا 9ی جوونی 2020 بۆ نووسینگەی فیستیڤاڵ لە تاوەری میلاد لە شاری تاران پێتەختی وڵاتی ئێران ڕەوانە بکەن.

خەڵاتەکان:
بەشی ئاماتۆڕ: سێ نەفەری یەکەم هەر کام هەشت میلیۆن ڕیاڵ، سێ نەفەری دووهەم هەر کام شەش میلیۆن ڕیاڵ و هەروەها سێ نەفەری سێهەم هەر کام پێنج میلیۆن ڕیاڵ.
بەشی پیشەیی: سێ نەفەری هەر کام بیست میلیۆن ڕیاڵ، سێ نەفەری دووهەم هەر کام دە میلیۆن ڕیاڵ و هەروەها سێ نەفەری سێهەم هەر کام حەوت میلیۆن ڕیاڵ.
بەشی نێودەوڵەتی: دوو نەفەری یەکەم هەر کام 400 دوڵار، دوو نەفەری دووهەم هەر کام 300 دوڵار و هەروەها دوو نەفەری سێهەم هەر کام 250 دوڵار.

فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی کورتە فیلمی مۆبایل بە ناونیشانی “یەک خولەک قه‌ره‌نتینه” بە هاوکاریی دامەزراوەی فەرهەنگی ـ هونەری “خۆش نێگار” بەڕێوەدەچێت.




كێ له‌ پشت ژاوه‌ژاوه‌كانی پارێزگاری دهۆكه‌؟… ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب

له‌ ده‌ستپێكردنی قه‌یرانه‌ دروستكراوه‌كه‌ی سه‌رده‌می نوری مالكی و برێنی مووچه‌ی كوردستان‌ به‌ هۆی سه‌ركێشی وبیری شۆڤه‌نیستی شیعه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی عێراق و پێداگریی سه‌ركردایه‌تی هه‌رێم و حكومه‌تی كوردستان له‌ نه‌دانی برێك له‌ نه‌وتی كوردستان به‌ حكومه‌تی ناوه‌ند بارودۆخی فه‌رمانبه‌ره‌ران و مامۆستایان به‌ تایبه‌تی و خه‌ڵك به‌ گشتی رۆژ له‌ دوای رۆژ رووی له‌ خراپ بۆ خراپتر كردو خه‌ڵك برسی وبێ نان بوو رژانه‌ سه‌رشه‌قامه‌كان و چه‌ندین گردبوونه‌وه‌یان ئه‌نجامداو دووچاری راونان و تێهه‌ڵدان و گرتن و سوكایه‌تیپێكردن بوونه‌وه‌و داوایان ‌ له‌ حكومه‌ت كرد چاره‌سه‌ری بدۆزێته‌وه‌و ئه‌وه‌ش نه‌كراو تا ئه‌مرۆ درێژه‌ی هه‌یه‌‌.
ماوه‌ی شه‌ش سأل زیاتره‌ به‌ هۆی نه‌دانی نه‌وت و شكستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان قه‌یرانه‌كان كه‌ڵه‌كه‌یان كردووه‌و خه‌ڵكی كوردستانی خستووه‌ته‌ دڵه‌راوكێ بۆیه‌ ناو به‌ناو میتنگ و گردبوونه‌ ئه‌نجام ئه‌ده‌ن وبه‌ شێوه‌یه‌كی مه‌ده‌نی و ئاشتیانه‌ داوا له‌ حكومه‌ت ئه‌كه‌ن مووچه‌كانیان وه‌ك مافێكی ره‌وا پێبدرێت به‌ڵام حكومه‌ت تا ئێستا نه‌یتوانیوه‌ به‌سه‌ر ئه‌و قه‌یرانانه‌‌ زاڵ بێت و، بووه‌ته‌ جێی پێكه‌نین وگاڵته‌ پێكردن و له‌ هه‌موو جیهان خه‌ڵك تا 30 یان 31 مانگ مووچه‌ وه‌رئه‌گرێت به‌ڵام له‌ كوردستان ئه‌ڵێن مووچه‌ دواكه‌وتووه‌ بۆ‌ 50 ی مانگ ( دیاره‌ مانگ لای حكومه‌تی كوردستان 60 رۆژه‌ ؟ !.) و، هه‌ر بۆ داواكردنی مووچه‌ فه‌رمانبه‌رو مامۆستایان و ئه‌ندامی حزبه‌كان و خه‌ڵك له‌ پارێزگاری دهۆك له‌ 16/5/2020 گردبوونه‌وه‌یه‌كیان رێكخست كه‌ پێشتر راگه‌یاندرابوو، هێزه‌كانی پۆلیس و پاراستنی پارتی به‌ فه‌رمانی پارێزگاری دهۆك فه‌رهاد ئه‌تروشی به‌ گوێره‌ی دیموكراسییه‌كه‌ی كوردستان كه‌وتنه‌ راونان و كرتن و لێدان و سوكایه‌تیپێكردن و زیندانیكردنیان و گه‌رانه‌وه‌ بۆ قه‌وانه‌ سوواوه‌كه‌ی سه‌رده‌می ساڵانی چل و په‌نجاكانی سه‌ده‌ی رابردوو له‌ دامه‌زراندنی كۆماری چینی میللی و سه‌ركه‌وتنی یه‌كێتی سۆڤێت به‌ سه‌ر فاشیزمداو “”فه‌رمایشته‌كانی سه‌له‌فییه‌ ده‌مپیسه كان”” و كرده‌وه‌ قیزه‌ونه‌كانی ئیمپریالیزم گوایه‌ شیوعییه‌ت كوفره‌.
له‌ پاش گرتنی خۆپیشانده‌ران پۆلیس و پاراستن كۆنفرانسێكیان بۆ فه‌رهاد ئه‌تروشی ریكخست و زۆر مه‌لول و كه‌ساس و شپرزه‌و ته‌نگاو بوو بۆ نموونه‌ سه‌یری راپۆرته‌كانی به‌رده‌ستی ئه‌كردو ئه‌یوت لای من ریزبه‌ندی زۆر گرنگه‌و بایه‌خی ئه‌ده‌می به‌ڵام ئێستا گرنگ نییه‌و له‌ میانی وراوه‌و ژاوه‌ژاوه‌كانی قسه‌ی نه‌شیاوی كردو شیوعی به‌بێ دین ناوبردو، له‌ بیری چوو كه‌ وشه‌ی شیوعی و شیوعییه‌ت زۆر پیرۆزو پاكه‌و ، شیوعییه‌ت ده‌ریایه‌كه‌ به‌ ده‌م كابرایه‌كی ده‌م به‌تاڵ گڵاو نابێت و، لێردا پێویسته‌ هه‌ڵوێسته‌یه‌ك بكه‌ین له‌ سه‌ر ئه‌م جۆره‌ كه‌سانه‌ كه‌ بوونه‌ته‌ مایه‌ی نه‌گبه‌تی بۆ گه‌ڵ و نیشتمان و، له‌ درێژه‌ی وراوه‌كه‌یدا ئه‌تروشی مناڵ ئاسا وتی دهۆك, دهۆكی خۆمانه‌و پارتی خاوه‌نیه‌تی ، ئه‌ی ئیتر بۆ ترس داتانيگرتووه‌و به‌ چه‌پ و راست بوختان دابه‌ش ئه‌كه‌ن و ئه‌ڵێێن یه‌كێتی و گۆران و یه‌كگرتوو شیوعییه‌كان له‌ پشت گردبوونه‌و خۆپیشاندانی مامۆستاو فه‌رمانبه‌ران و خه‌ڵكه‌ویه‌و، ئه‌وه‌ش جێی شانازییه‌ هه‌ر حزبێك له‌ حزبه‌كانی كوردستان پشتگیری له‌ مافی ره‌وای چین و توێژه‌كانی كۆمه‌ڵگا بكات.
خۆپیشاندكه‌ی دهۆك نه‌ سه‌رپێچییه‌و نه‌ تاوانه‌و به‌ گوێره‌ی رێنمایه‌كانی حكومه‌ت بووه‌و داوای مۆڵه‌تیان كردبوو به‌ڵام مۆڵتیان پێنه‌دراو دیسانه‌وه‌ داواكه‌یان تازه‌كرده‌وه‌و ئه‌مجاره‌ش به‌ بیانووی كۆرۆنا ره‌تگرایه‌وه‌و لایه‌نی پۆلیس و ئه‌منی ره‌فتاری نه‌شیاویان به‌رامبه‌ریان ئه‌نجامدا به‌ سه‌ركوتكردن و ده‌ستگیركردنی چالاكه‌وانان و خۆپیشانده‌ران و، به‌پێی “” چاكوازییه‌كه‌ی”” حكومه‌ت رێپێوان و میتنگ و و گردبوونه‌و مانگرتنی ئاشتیانه‌ مافێكی سه‌رتایی و ره‌وایه‌.
به‌ هۆی قه‌یران له‌ دوای قه‌یران شیرازه‌ی كۆمه‌ڵگای كوردستان پچراوه‌وه‌ به‌ تێكچوونی باری ئابووری و نه‌بوونی پلان له‌لایه‌ن حكومه‌ت ودابه‌زینی نرخی نه‌وت و كه‌مبوونی داهاتی بواره‌كانی ترو، ئه‌مانه‌ش هه‌ر هه‌موو به‌ شێوه‌یه‌كی نه‌گه‌تیڤ كارئه‌كه‌نه‌ سه‌ر چین و توێژه‌ ناوه‌راست و زه‌حمتكێش و هه‌ژاره‌كان و ره‌نگ ئه‌داته‌وه‌و ئه‌بێته‌ هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی هه‌ژاری و، له‌ ئێستادا به‌شێكی زۆر بێكارو بێ نانن و، هه‌ڵچوونی تووره‌یی گه‌ل وفراوان بوونی جولانه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری لێره‌وه‌ ده‌ستپێئه‌كات و، ئه‌مه‌ش زه‌نگی ترسناكه‌ بۆ فه‌رهاد ئه‌تروشی كه‌ به‌ گوێره‌ی ئیتك و موراڵه‌وه‌ ئه‌بێت وه‌ك پارێزگارێك پارێزگاری له‌ موسڵمان وكافر و كوردو نه‌ته‌وه‌كانی تر بكات و، واز له‌ ره‌فتاری مناڵانه‌ بێنێت و، ئه‌ڵقه‌ له‌ گوێی بێگانه‌ نه‌بێت و بتوانێت ده‌ستدرێژی و هێرشه‌كانی توركیا ریسوا بكات و وشه‌ی زبرو هه‌ره‌شه‌ به‌كارنه‌هێنێت و، له‌وه‌ش تێبگات كه گه‌لی كوردستان خاوه‌نی‌{ دهۆك} ه‌ وه‌ك هه‌موو پارچه‌كانی تری كوردستان نه‌ته‌نها حزبێك!.
شیوعییه‌ت ناوێكی پیرۆزه‌و شیوعییەکان پاکترین و دڵسۆزترین و بەڕەوشترین کەسانی ناو کۆمەڵگان و پارێزه‌ری خاكن و دژی دوژمنانی گه‌ل و خاكی كوردستانن و كه‌س ناتوانێت به‌ كافر ناویان ببات وبەکارهێنانی ئەو پێناسەیە قێزەونە لە لایەن پارێزگاری ئیماندار ریسواو و شه‌رمه‌زار ئه‌كه‌ێن چیتر بازرگانی بە ئاین و مێژوو و تەواوی پیرۆزیەکانی گەل و وڵات نه‌كات و، شیوعییه‌كان له‌ ریزی پێشه‌وه‌ی تێكۆشان داكۆكی له‌ مافی ره‌وای خه‌ڵك ئه‌كه‌ن و، قه‌ت سڵ له‌ ریسواكردنی دزو جه‌رده‌و تاڵانكه‌رانی سه‌روه‌ت و سامانی وڵات و ده‌م پیس ناكه‌ن و، له‌ پێناو وه‌ده‌ستهێنانی مافه‌ ره‌واكانی گه‌ل وپاراستنی نیشتمان شیوعییه‌كان پێشه‌نگ بوون و له‌ پیناویشیدا قوربانی و خوێنێكی زۆریان به‌خشیوه‌ بۆیه‌ ته‌كفیركردنی شیوعی جێی ره‌زامه‌ندی نییه‌و ئه‌بێ فه‌رهاد ئه‌تروشی داوای لێبوردن بكات و چیتر هه‌ڵه‌و كاری نابه‌جێ ئه‌نجام نه‌دات و، هه‌ق وایه‌ سه‌ركردایه‌تی حزبی شیوعی كوردستان سكاڵا له‌ سه‌ری تۆمار بكات و بدرێت به‌ دادگا بۆ ئه‌وه‌ی به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه‌ ته‌مێ بكرێت.
20/5/2020




دووبارەبوونەوەی نازیزمی دژەژن … نووسەر: س. ئاگرین – وەرگێڕان: هەژیر هاشمی

کە باس لە مافی ژن دەکرێت، دیکتاتۆرەکان زۆر وێکچوون.
رژێمە دیکتاتۆر و تۆتالیتەرەکان لە زۆر لایەنێکەوە هەڵسوکەوتی لەیەکچوویان هەیە. سەرکوتی ژنان و سنووردار کردنی پێگەیان لە کۆمەڵگا یەکێک لەو لایەنانەیە.
لەم بەردەوامی ئەم نووسراوەدا شرۆڤەیەک لە چۆنێتی ‌رەوشی ژنان لە حکومەتی ئەڵمانیای نازی دەخوێنین کە بە تێڕامانێکی هێندک لەیەکچوویی لەگەڵ رەوشی ژیانی ژنان لە حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران دەبینین.

لە سەردەمی کۆماری وایمار (1993-1919) رەوشی ژنان لە ئەڵمانیا یەکێک لە پێشکەوتووترین سیستەمەکانی ئەورووپای ئەو سەردەمە بوو. بەسەر ئەوەشەوە کە مافی دەنگدانی ژنان لە 1919 دەستەبەر کرابوو، یەکسانی رەگەزی لە کاروباری مەدەنی، مافی دایک و یەکسانی مافەکانی ژن و پیاو لە پەیمانی هاوسەرگیری، لەو یاساگەلە بوون کە لەو سەردەمە لە بەرژەوەندی ژنان هەموار کران. لە کاتێکدا کە زۆرینەی پارتەکان لە کۆماری وایمار لە هەڵبژاردنەکان ناوزەدی ژنیان هەبوو، حیزبی نازی پێچەوانە بوو. لە ساڵی 1933، جۆزێف گۆبلز (وەزیری پڕوپاگەندەی سیاسی لە رژێمی نازی) لەبارەی بەشدار نەبوونی ژنان لە حیزبی نازی بەم جۆرە پاساوی هێنایەوە: (پێویستە کە کارە پیاوانەکان بەدەستی پیاوان جێبەجێ بکرێت).
پێش لە رژێمی نازی، ژنان 57 کورسی لە 577 کورسی پارلەمانیان بە دەستەوە بوو؛ پاش بە دەسەڵات گەیشتنی نازیەکان (تشرینی دووەم 1933) ئەم رێژەیە بە سفر گەیشت.
لە سەردەمی نازیەکان، پێگەی ژن تەنیا لە چوارچێوەی دایک و هاوسەر راڤە دەکرا و ژنان لە هەموو بەرپرسیاریەتیەک بە تایبەت لە مەیدانی سیاسی و ئاکادێمیک بێبەش بوون. لە روانینی هیتلەر، دەبوایە خێزان وەکوو دامەزراوەیەکی کلاسیک بەردەوام بێت. واتە پیاوان دەبێت بەرپرسیارێتی دابین کردنی بژێوی و دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی خێزانیان هەبێت و ژنان دەبێت خزمەتی ناو ماڵ و بەرپرسیارێتی پەروەردەی منداڵان لە ئەستۆ بگرن. ئەو باوەڕی وابوو کە ژیانی ژنان دەبێ لە سێ کوچکەی: منداڵ ، مەتبەخ، کەنێسە بمێنێتەوە. (Kinder, Küche und Kirche)
هیتلەر دەیویست رێژەی هاوسەرگیری و زاوزێی ئاریەکان زیاد بکات. لە مانگی حوزەیرانی 1933 یاسای پاداش پەسەند کرا کە لە بەرامبەر هەر منداڵێک دا بەرماڵەی هەزار مارک(دراوی ئەڵمانیای نازی) بە خێزان دەدرا.
بە ژنانێک کە منداڵانی زیاتریان هەبوایە، (خاچی دایکی) پێشکەش دەکرا ، خاچی بڕۆنز بۆ چوار منداڵ ، خاچی زیوی بۆ شەش و خاچی ئاڵتوونی بۆ هەشت منداڵ یان زیاتر دەبەخشرا. پیاوانی بێ هاوسەر‌ و خێزانی بێ منداڵ ناچار کران باجی زیاتر و قورستر ببژێرن. تەڵاق بۆ پیاوان ئاسانتر کرا، پیاوێک کە لە یەک ژن چوار منداڵی هەبا، مافی تەڵاقی تاکلایەنەی هەبوو کە دیسان هاوسەرگیری بکاتەوە و بتوانێت منداڵی زیاتری ببێت. دەست پێ راگەیشتن بە رێگاکانی رێگری لە منداڵ‌بوون زۆر ئەستەم و دژوار کرا. لەباربەردنى ئاوڵمە (کۆرپەلە) نایاسایی و نەزۆک کردن و خەساندنی کەمئەندامان بە یاسایی کرا. چاوەڕوانی لە ژنان ئەوەبوو کە لە جل و بەرگی جووتیاران و وەرزێرانی ئەڵمانیا سەرمەشق وەربگرن. پێیان رادەگەیاندن کە جلی سادە و پێڵاوی تەخت لە پێ بکەن، کەرەستەی جوانکاری بەکار نە‌هێنن ، قژیان بۆیاخ نەکەن و خۆیان نەڕازێننەوە و لە شوێنە گشتیەکان جگەرە نەکێشن.
سنووردار کردنی ژن لە چوارچێوەی دایکایەتی و رێگەنەدان بە کارکردن لە دەرەوەی ماڵ دوو هۆکاری سەرەکی هەبوو: زیاد کردنی منداڵ‌بوون و بەرهەم هێنانی هەلی کاری زیاتر بۆ پیاوان. هەر بەم هۆیەش ئەم رێوشوێنانە بۆ ریگری کردن و سنووردار کردنی کاری ژنان گیرایە بەر:
-هاندانی کچان بە کابانی و ماڵداری و دڵسارد کردنیان لە بەردەوامی خوێندن.
-بەربەست دانان بۆ بە داوەر بوونی ژنان، بەشداری کردنیان لە دەستەی دادوەری و بە پارلەمانتار بوونیان؛ هیتلەر باوەڕی وابوو ژنان ناتوانن عەقلانی بیر بکەن.
-سڕینەوەی ژنان لە کارە خزمەتگوزاری و کۆمەڵایەتیەکان؛ نۆزدە هەزار فەرمانبەری ژن لە کارە حکومەتیەکان لەسەر کار لابران.
بەم جۆرەی باس کرا، بە چاوخشاندنێک بە بارۆدۆخ و پێشێل کردنی مافەکانی ژن لە ژێر سێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران،
روون و ئاشکرایە کە ژنان لە جوارچێوەی دەسەڵاتی حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران‌دا لە ژێر دووچاوەکی و چەوساندنەوەی هاوشێوەی سەردەمی ئەڵمانیای نازی دان: بە پەاوێزخستنی ژنان لە بەرپرسایه‌تیە گرنگەکانی دنیای سیاسەت، چەکداری، دادوەری، ئایینی، کۆمەڵایەتی بە پاساوی وشەگەلی ناڕوونی (رجل-رجولة)، لێسەندنەوەی ئازادی هەڵبژاردنی پۆشاک و جل‌وبەرگ و خۆخەملاندن، نەبوونی مافی تەڵاق، رێگری کردن لە چوونە ژوورەوەی ژنان بۆ یاریگەکان، دووچەوەکی رەگەزی لە وەرگرتنی خوێندکارانی زانکۆ و هتد.
بەوشێوەی کە ژنانێک وەکوو لیبێرتاس شولتسە و زۆفی شۆل لە دژی دیکتاتۆری نازیزم خۆراگریان کرد و بە گیانی خۆیان لە پێناو گەشتن بە مافەکانیان بەخت کرد لە ئێران و کوردستانیش ژنان هەردەم لە بەرخۆدانن و ئازادی و یەکسانی بۆ خۆیان دەستەبەر دەکەن.

نووسەر: س.ئاگرین
وەرگێڕان: هەژیر هاشمی




په‌راوێزخستن و په‌راوێزخراو ئه‌ده‌ب و رۆشنبیری به‌ نموونه‌ … سمكۆ محه‌مه‌د

له‌رووی زمانه‌وانییه‌وه‌، په‌راوێز واته‌ پشتگوێ‌ خستن و گرینگی پێنه‌دان وه‌كو ماتریالێكی لاوه‌كی و ده‌ركراو له‌بازنه‌یه‌كی دیاریكراو، یان دوورخستنه‌وه‌ و كوژاندنه‌وه‌ی رۆشنایی له‌سه‌ر ئه‌و شته‌، یان ئه‌و كه‌سه‌ له‌و چوارچێوه‌یه‌ی كه‌ مافی هه‌یه‌ خۆی نمایش بكات، له‌ ئاستی ده‌وڵه‌ت و نه‌ته‌وه‌ و شار و كولتوور و ئایین و رۆشنبیریشه‌وه‌، كرده‌یه‌كه‌ له‌ژێر كۆنتڕۆڵی گروپێك له‌ دژی گرووپێكی دیكه‌، یان له‌دژی كه‌سێك ده‌كرێت، یان كرده‌یه‌كه‌ بۆ سنووردار كردنی چالاكی كه‌سێك له‌ سنوورێكی فراوانتر، ئه‌م زاراوه‌یه‌ له‌هه‌موو دونیادا موناقه‌شه‌ی فكری له‌سه‌ر ده‌كرێ‌، هه‌ندێكجار گه‌یشتۆته‌ ئاسته‌ی كه‌ ئامانجی پشت په‌راوێزخستنه‌كه‌ش ئاشكرا ده‌كرێت.
كه‌سی په‌راوێزخراو كێیه‌؟، كێ‌ و چۆن كارێكته‌ری چالاك له‌هه‌موو كایه‌ و سێكته‌ره‌كان په‌راوێزده‌خرێت؟، یان چۆن ده‌وڵه‌ت یان شار یان كولتوور په‌راوێز ده‌خرێت له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌ت و شار و كولتووره‌ ناسراوه‌ به‌هێزه‌كانه‌وه‌؟، كارێكته‌ری په‌راوێزخراو ئه‌و كه‌سه‌یه‌ كه‌ به‌هۆی تواناكانی یه‌وه‌ یان به‌ هۆكاری ئه‌وه‌ی گوتاره‌ ئه‌ده‌بی و رۆشنبیرییه‌كه‌ی و توانا پیشه‌ییه‌كانییه‌وه‌ رۆشنایی له‌سه‌ر لاده‌برێت و كارێك ده‌كرێت كه‌ خوێنه‌ر و موتابه‌عه‌ كاره‌كانیشیان بڕوایا نبه‌ تواناكانیان لاوازبێت میشیل مارسۆن یه‌كێك له‌ توێژه‌رانی ئه‌م بواره‌یه‌ و توێژینه‌وه‌یه‌كی هه‌یه‌ له‌سه‌ر هه‌موو ئه‌و كارێكته‌ره‌ چالاكانه‌ی ئیتالیا و ئامریكا و هتد، ئادیتا ئه‌دۆبكومار .
سه‌باره‌ت به‌قه‌واره‌ی ده‌وڵه‌ت و شار و كولتوور و ئایین و هتد، دیسان هه‌مان پێچه‌وانه‌ كردنه‌وه‌ی هاوكێشه‌یه‌كه‌، له‌رێگه‌ی گشته‌وه‌ یه‌كێك له‌وانه‌ په‌راوێز ده‌خه‌ن، تا ئه‌و جێگه‌یه‌ی كه‌ نزیك ده‌خرێته‌وه‌ له‌ سڕینه‌وه‌ی له‌سه‌ر نه‌خشه‌ی دونیا، ئه‌م بابه‌ته‌ هێنده‌ دیارده‌یه‌كی به‌ربڵاوی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی یه‌ كه‌ بۆته‌ دیارده‌یه‌كی هه‌ستپێكراو له‌ دونیادا مشتومڕی جددی له‌سه‌ر ده‌كرێت، ئادیتا ئه‌بكومار توێژه‌ری ئه‌م بابه‌تانه‌یه‌ و پێیوایه‌ (مه‌سه‌له‌ی په‌راوێزخستنی وڵاتانی ده‌ست و پێ‌ سپی و نا به‌رهه‌مهێن له‌لایه‌ن ولاتانی پیشه‌سازییه‌وه‌، گه‌یشتۆته‌ ئاستێك كه‌ فه‌رهه‌نگی كۆمه‌ڵایه‌تی و كولتووره‌كه‌شیان په‌راوێز بخرێت، له‌وه‌ش واوه‌تر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ قه‌ناعه‌تیان به‌ خه‌ڵك به‌گشتی و هاونیشتیمانی وڵاته‌كانیش به‌تایبه‌تی درووست كردووه‌ كه‌ له‌نێو خۆشیان بابه‌تێكی چینایه‌تی بخوڵقێنن و یه‌كتری په‌راوێزبخه‌ن، تاكو گروپێك ئینتیما بۆ ئه‌و كرده‌یه‌ بكات و ئه‌وانی تر په‌راوێز بخه‌ن و ببنه‌ قوربانی بۆ ئه‌وانه‌ی دێنه‌ پێشه‌وه‌ و ده‌بن به‌ چینی سه‌رده‌ست).
داریوشی شایگان بیرمه‌ندێكی فارسه‌ و له‌ فه‌رانسه‌ ده‌ژیا. ساڵی 2018 كۆچی كردووه‌. كۆمه‌ڵێك كتێبی هه‌یه‌ له‌ باره‌ی شارستانییه‌ته‌كان و شوناس و رۆشنبیر و هتد. له‌ كتێبی ئاسیا له‌به‌رامبه‌ر خۆرئاوادا، باس له‌ ئێران وه‌كو ده‌وڵه‌ت و كۆمه‌ڵگه‌ی ئێرانی ده‌كات كه‌ له‌سایه‌ی دۆخی نه‌ ئه‌میان نه‌ ئه‌ویاندا بۆ هه‌موو كایه‌كان له‌په‌راوێزدا ده‌ژین، مه‌به‌ست له‌ (نه‌ئه‌میان و نه‌ ئه‌ویان)، ئه‌وه‌یه‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی نه‌ دیموكراسی و نه‌ دژه‌ دیموكراسییه‌ و نه‌ لایه‌نگیری كۆمۆنیسته‌ و نه‌ سه‌رماسه‌داری وه‌كو مالیزیاو تایلااند و تایوان و سه‌نگافور و هتد، چونكه‌ به‌هۆكاری سیاسه‌تی خۆ به‌دوورخستن له‌ مه‌حفه‌لی نێوده‌وڵه‌تی، هه‌موو كاره‌ه‌كانی ناناسرێن، به‌رده‌وام بوونی ئه‌م حاڵه‌ته‌ وه‌كو پرنسیپێكی كولتووری و ئایینی و زمان، هیچ ئیمتیازێكی نه‌داوه‌ به‌ كارێكته‌ری رۆشنبیری فارسی زمان له‌ته‌واوی دونیادا، له‌مه‌ش خراپتر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ خۆیان بوون به‌ كه‌ره‌سته‌یه‌ك بۆ به‌ كه‌نارخستنی به‌شێك له‌ ئایین و كه‌لتوور و شاره‌ دوره‌ ده‌سته‌كانیان، له‌وانه‌ش به‌ ئیدیۆم كردنی زاراوه‌ی لادێی و نه‌زان و هتد، په‌راوێزبوونی كۆریای باكور یان وڵاتانی ئامریكای لاتینی و هتد.
ئه‌م بابه‌ته‌ له‌كوردستان به‌هۆی تاكڕه‌هه‌ندی بیركردنه‌وه‌وه‌ بۆ شاره‌كان و كارێكته‌ره‌ چالاكه‌كان، مه‌سه‌له‌كه‌ بچوك كراوه‌ته‌وه‌ و له‌زه‌ینی خۆیان و خه‌ڵكدا، له‌جوغزی زۆنێكدا ره‌هه‌ندی زیاتری پێدراوه‌، بۆیه‌ به‌ئاشكرا شار و شارۆچكه‌كانی تر، كراون به‌ قوربانی شارێك تاكو پێشڕه‌وایه‌تی فه‌رهه‌نگێكی شارستانی پێبدرێت و ببێت به‌ خاوه‌نی ئه‌و شوناسه‌، بۆ ئه‌وه‌ی خۆشیان به‌و وه‌همه‌وه‌ بیكه‌ن به‌ واقیع و بڵێن شاره‌كه‌مان بونیادنه‌ری رۆشنبیرییه‌ و له‌سه‌رووی شاره‌كانی دیكه‌وه‌یه‌، له‌كاتێكی شارستانشینی و كارێكته‌ری رۆشنبیری هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به‌ دۆخی كۆمه‌ڵایه‌تی و جوگرافیاوه‌ نییه‌، یان ئه‌وه‌ی هیچ په‌یوه‌ندیی به‌ په‌روه‌رده‌ی شارێكه‌وه‌ نییه‌ كه‌ وه‌كو كارگه‌یه‌ك چاوی لێبكرێت و ئه‌و به‌رهه‌م و ماركه‌یه‌ به‌رهه‌مبهێنێت، ئۆكتافیپاز له‌ كوێره‌ گوندێك گه‌وره‌ بووه‌، كه‌چی كارێكته‌رێكی ناسراوی ئه‌ده‌بیاته‌ له‌دونیادا،
نموونه‌ی په‌راوێزخستنی چه‌ند كارێكته‌ری ناسراوی ناو ئه‌ده‌ب، سه‌لێمنه‌ری ئه‌و راستییه‌ن، كه‌ ئه‌لبێر كامۆ نۆبڵی ئه‌ده‌بی وه‌رگرت و له‌راستیدا مافی نیكۆز كازانتزاكی بوو وه‌ریبگرێ‌، به‌ ئه‌رنجامی ئه‌وه‌بوو كه‌ كامۆ له‌گه‌ڵ شه‌پۆله‌ سیاسییه‌كه‌ ده‌ڕۆیشت و ده‌یزانی له‌نێو ئه‌و مه‌حفه‌له‌ گه‌مه‌ بكات و به‌ رۆمانی (مرۆڤی یاخی)، نۆبڵی وه‌رگرت كه‌ دژایه‌تی كردنی بزووتنه‌وه‌ی چه‌پ بوو، له‌كاتێكدا دۆخه‌كه‌ له‌خزمه‌تی ئه‌ده‌بی واقیعی و سۆسیالیستی بوو له‌دونیادا،
ئه‌مه‌ش بۆ مه‌حفه‌لی سیاسی و ئه‌ده‌بی جیهانی كه‌ره‌سته‌یه‌كی به‌ نرخ بوو، بۆیه‌ ئه‌و خه‌ڵاته‌كه‌ به‌ ئه‌لبێر كامۆ دراوه‌، له‌ رۆژهه‌ڵاتیش نه‌جیب مه‌حفوز له‌جیاتی محمود ده‌روێش خه‌ڵاته‌كه‌ی وه‌رگرت، هه‌روه‌ها له‌جیاتی (یه‌شار كه‌مال) كه‌ لاگیری بزووتنه‌وه‌ی چه‌پ بوو، (ئۆرهان پامۆك) خه‌ڵاته‌كه‌ی وه‌رگرت، چونكه‌ لاگیری مه‌سه‌له‌ی نه‌ته‌وه‌ په‌رستی توركی و سه‌رمایه‌داری بوو، ماركیز له‌ وتارێكدا باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ بۆرخیس له‌به‌رامبه‌ر سه‌ردانی لاوگۆستۆپینۆشیت كردووه‌ و له‌وێ‌ وتارێكی نا سه‌ركه‌تووانه‌ی پێشكه‌ش كردووه‌، گوتوویه‌تی (من ئه‌وه‌ نیم سه‌رۆكی ئه‌جه‌نتین ئه‌و شه‌ره‌فه‌م پێببه‌خشێت، له‌كاتێكدا له‌ چیلی و له‌ ئه‌رجه‌نتین و ئۆرۆگوای، هه‌وڵ بۆ رزگاركردنی ئازادی ده‌درێت)، له‌كاتێكدا دوو نووسه‌ری ئینگلیز هه‌بوون بۆ كێبه‌ركێ‌ له‌گه‌ڵ بۆرخیس بۆ وه‌رگرتنی جائزه‌، ئه‌وانیش ئاژاوه‌یان درووست كردوو و وه‌ریان نه‌گرت، ماركیز ده‌ڵێ‌، نهێنی كاره‌كه‌ ئه‌وه‌بوو كه‌ شوێنی وه‌به‌رهێنانه‌كه‌ بۆ پوڵ له‌بار نه‌بوو، نهێنییه‌كی تر ئه‌وه‌بوو كه‌ زۆربه‌ی پیسه‌كان ده‌یانگوت سه‌رمایه‌داری وه‌زیفه‌یه‌تی بۆ به‌ده‌ستهێنانی زێر و زیو له‌ ئه‌فه‌ریقا، بۆیه‌ جائزه‌ مژینی خوێنی خوێنی كۆیله‌كان بوو، نهێنی سێهه‌م ئه‌وه‌به‌ كه‌ جه‌نگی جیهانی هاته‌ پێشه‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌وانه‌ی كه‌ لایه‌نگری هیتله‌ر بوون، تاكو جه‌نگ مابوو وه‌ریان نه‌گرت، دوای ئه‌وه‌ چرچل وه‌ریگرت، ئه‌ویش به‌و هۆیه‌ بوو كه‌ كۆنتاكتی هه‌بوو له‌گه‌ڵ زانكۆكان و یه‌كێتی سۆڤیه‌ت، ساڵی 1958 بۆریس باسترناك وه‌كو شاعیرێك ده‌بوو نۆبڵ وه‌ربگرێت، به‌ڵام به‌هۆكاری ئه‌وه‌ی نۆبڵ ئیعتیبارێكی سۆڤیاتییه‌، بۆیه‌ ره‌تی كردووه‌ و به‌ ئیستفزازی زانی، دواتر درا به‌ میخاییل شۆلۆخۆف). له‌ وڵاتی میسر ره‌جا نه‌قاش كه‌ پێشنیار كردنی بۆ خه‌ڵاتی باشترین نووسری عه‌ره‌بی ره‌تكردووه‌ و بۆ به‌ها تاهیری به‌لایه‌ق زانی، كه‌چی دواتر درا به‌ نه‌بیل سه‌عد ئه‌رده‌ش، بۆیه‌ به‌گشتی رۆشنبیر و نووسه‌ره‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ دوایان كرد ده‌وڵه‌ت ده‌ستوه‌ربداته‌ ئه‌و كاره‌، كه‌چی رۆمانووسێك به‌ناوی ئیدریس عه‌لی به‌ ئاشكرا گوتبووی ( من زیاتر له‌ سی ساڵه‌ زۆر پێویستیم به‌ خه‌لاتی هاندان هه‌بوو، چونكه‌ بردنه‌وه‌م هه‌موو ژیانمی ده‌گۆڕی) ئه‌مه‌ باشترین دانپێدانانه‌ له‌لایه‌ن نووسه‌رێكه‌وه‌ كه‌ موسته‌هه‌ق بووه‌ و وه‌رینه‌گرتووه‌، له‌كاتێكدا قسه‌یه‌ك هه‌یه‌ ده‌ڵێت ( نووسه‌ره‌ نا شایسته‌كان زۆرتر بوون له‌و نووسه‌رانه‌ی كه‌ شاسته‌ بوون بۆ خه‌ڵات)
كه‌شارێك ده‌كرێت به‌ پایته‌ختی رۆشنبیری و هه‌موو شوناس و توانای كارێكته‌ره‌كان به‌گشتی ده‌درێت به‌ خه‌ڵكی شاره‌كه‌، ئه‌مه‌ به‌خاتری ئه‌وه‌ نییه‌ بۆردێك له‌ شاره‌زایانی فه‌رهه‌نگی ئه‌و هه‌رێمه‌ بیری لێبكه‌نه‌وه‌ و هه‌ڵه‌نه‌كه‌ن، تاكو ئه‌و كارته‌ ببه‌خشن، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ شه‌رعییه‌ت بدرێت به‌ هه‌ولێر وه‌كو شارێك خاوه‌نی شوناسی سێنته‌ری بڕیاری سیاسی و ئابوری و دیبلۆماسی بێت، ماناشاره‌وه‌كه‌شی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بڕیار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ دراوه‌ هه‌ولێر سیمایه‌كی سیاسی و ئابوری هه‌یه‌، سلێمانیش سیماكه‌ی رۆشنبیری یه‌ و هیچی تر، له‌هه‌ردوو باره‌كه‌دا غه‌در له‌ توانای خه‌ڵكی هه‌ولێر و كه‌ركوك و ئه‌وانی تر كراوه‌ وه‌كو فه‌رهه‌نگ، بۆ سیاسه‌تیش غه‌در له‌ توانا و به‌شداریكردنی خه‌ڵك كراوه‌ له‌ سیاسه‌ت و ئابوری و سێكته‌ره‌كانی تر، له‌حاڵێكدا ئه‌مه‌ بڕیارێكی ره‌های ناجۆره‌، شار و سه‌نته‌ر و كه‌نار خاوه‌نی ئه‌و جۆره‌ شوناسه‌ رۆشنبیرییه‌ نیین، چونكه‌ ئۆكتافیوپاز له‌ كوێره‌ گوندێك بوو، ره‌سوڵ هه‌مزه‌تۆف خاوه‌نی كتێبی داغستانی منه‌ كه‌ له‌ دوو به‌رگ پێكهاتووه‌ و فه‌لسه‌فه‌ و كولتووری وڵاتێكی به‌خوێنه‌ری فره‌ زبان ئاشنا كردووه‌، له‌ كه‌نار شارێكی داغستان ده‌ژیا، عه‌ره‌بی شه‌ممۆ خاوه‌می چه‌ندین رۆمانه‌ له‌ ئه‌رمینیا له‌كه‌نارێك ده‌ژیا، نالی خۆ خه‌ڵكی سلێمانی نه‌بوو، به‌ڵكو خه‌ڵكی شاره‌زوور بوو، شێخ ره‌زای تاڵه‌بانی خه‌ڵكی گه‌رمیان بوو، سافی هیرانی خه‌ڵكی هیران بوو حاجی قادری كۆیی و مه‌لای گه‌وره‌ خه‌ڵكی كۆیه‌ بوون، پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌گه‌ر به‌و پێوه‌ره‌بێت، هه‌موو ئه‌و شارۆچكانه‌ سه‌نته‌رن؟، كه‌واته‌ كێ‌ و چ شوێنێك كه‌ناره‌.
ئه‌م جه‌نگی شار و خۆ به‌سه‌رنته‌ركردن و به‌كه‌نار خستنه‌ی له‌ نه‌وه‌ده‌كانه‌وه‌ بووه‌ به‌ باوی فه‌رهه‌نگی و شانازیشی پێوه‌ده‌كرا، دوو ره‌هه‌ندی وه‌رگرتووه‌، یه‌كه‌م كوشتنی توانای ئه‌وانی تر و به‌خشینی به‌ توانای كه‌سانی تری ناشایسته‌، دووهه‌م خوڵقاندنی دۆخێكی چینایه‌تی و ده‌سه‌نه‌خواركردنی پێگه‌ی هونه‌ری و كولتووری و رۆشنبیری كۆمه‌ڵك خه‌ڵك له‌پێناو جه‌نگێكی نادیار، یان جه‌نگێكی نموونه‌یی، ئه‌مه‌ش به‌ پاڵپشتی سیاسه‌تێكی دیاریكراو كرا به‌واقیع له‌ زه‌ینی خه‌ڵكدا، له‌كاتێكدا ئه‌م سیاسه‌ته‌ هێنده‌ی زیان بوو به‌ نه‌ته‌نه‌وه‌ و خه‌ڵكێك، هێنده‌ قازانج نه‌بوو به‌ نه‌ته‌وه‌یه‌ك و شارێك.
له‌م سوچه‌وه‌ ده‌مه‌وێ‌ ئه‌و دیارده‌یه‌ وه‌كو دووجار په‌راوێزخراو بخوێنمه‌وه‌، ئه‌مه‌ تێڕوانینێكی ئه‌خلاقییه‌ به‌رامبه‌ر به‌ئه‌ویتری وێنه‌ی خۆت، پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ خاوه‌نی ئه‌م بیرۆكه‌یه‌ خاوه‌نی چ شارستانییه‌تێكی مێژووییه‌ له‌ ناوچه‌كه‌؟، ئایا ئه‌م په‌راوێزخستنه‌ چ نه‌فعێكی فه‌رهه‌نگی هه‌یه‌ بۆ نه‌وه‌یه‌كی دیكه‌ تاكو شانازی پێوه‌ بكات؟، جه‌ له‌وه‌ی له‌مدواییه‌دا نه‌وه‌یه‌ك به‌نمیچه‌ په‌روه‌رده‌یه‌كی نوكته‌بازییه‌وه‌ كه‌ له‌كاره‌كانی عه‌لادین سه‌جادی وه‌رگیرابوو، به‌بێ‌ هیچ به‌هایه‌كی رۆشنبیری و كۆمه‌ڵایه‌تی، به‌ناوی كرانه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و به‌ناوی خاوه‌ندارێتی كۆمه‌ڵێك كارێكته‌ری رۆشنبیری یه‌وه‌، هه‌روه‌ها به‌چاوی سووك ته‌ماشای شارگه‌لی دیكه‌ی كوردستانیان و دانیشتوانه‌كانیان ده‌كرد، ته‌نها به‌هۆی ئه‌وه‌ی كارێكته‌ری دیاری فه‌رهه‌نگی له‌ شارێك هه‌یه‌، یان ته‌نها به‌هۆی ئه‌وه‌ی سیاسه‌تی شاره‌كه‌ی دژایه‌تی ئه‌و سیاسه‌ته‌ ده‌كات كه‌ له‌شارێكی تره‌ و یان له‌شارێكه‌ چاره‌نووسی دیار نییه‌، ئه‌م دیاره‌دیه‌ جه‌نگێكی ده‌روونی بوو نه‌ك توانا له‌ سێكته‌ره‌كانی دیكه‌، هه‌روه‌ها په‌رچه‌كرداریش بوو دژی جوگرافیایه‌كی دیكه‌ به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی بیر له‌وه‌ بكرێته‌وه‌ ئه‌و جوگرافیایه‌ش بریتییه‌ له‌پارچه‌یه‌كی گرینگ له‌ جوگرافیا گه‌وره‌كه‌ی خۆی كه‌ هه‌ڵگری ئه‌و شوناسه‌یه‌، له‌بیربردن و رێگه‌نه‌دان به‌له‌دایكبوونی پرسیارێكی وه‌ها، بابه‌تێكی سه‌تحی و ئاسایی نه‌بوو به‌سه‌ر زاره‌كی په‌خش كرابێت، به‌ڵكو تێوه‌گلانی هه‌موو تواناكان و هه‌موو كارێكته‌ره‌ رۆشنبیر و نا رۆشنبیره‌كانیش بوو، تاكو به‌گشتی ببنه‌ شاهید به‌سه‌ر دۆخێكه‌وه‌ له‌زه‌منێكی دیاریكراو، ئامانجه‌كه‌ش بۆ خزمه‌تی ئه‌ده‌ب و مه‌عریفه‌ نه‌بوو، به‌ڵكو بۆ خزمه‌تكردنی سیاسه‌تێكی دیاریكراو بوو، بۆیه‌ خوێندنه‌وه‌ و موتابه‌عه‌كردنی ته‌شكیلی و شانۆ و فیلم و دراما و هتد، گۆڕا بۆ په‌یداكردنی پوڵ به‌هه‌ر نرخێك بێت.

به‌شێكی زۆری ده‌رهێنه‌ر و كارێكته‌ره‌ سه‌ره‌كییه‌كانی فیلم و درامای كوردی، خه‌ڵكی شاری كه‌ركوك بوون، ئه‌وان خاوه‌نی سێ‌ زمانی زیندوو بوون، ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خاوه‌نی شوناسی جوگرافیای خۆیان نه‌بوون، هه‌مو توانا و پاداشته‌كانیان بۆ شارێكی تر گه‌رایه‌وه‌، ئه‌م په‌راوێزخستنه‌
1: سعاد العنزی. المهمشون فی الادب. مجله‌ العرب الكویتیه‌. 2013
2: دارویش شایگان. ئاسیا له‌به‌رامبه‌ر خۆرئاوادا. وه‌رگێران بۆ كوردی. شۆرش جوانرۆیی. مامه‌ند رۆژه‌. وه‌زاره‌تی رۆشنبیری. خانه‌ی وه‌رگێران. 2004
3: ئادیتا ئه‌بكومار. مفهوم الاقصا‌و. ترجمه‌ بپینه‌ ابراهیم.
4: هیپم حسین. كاتب سوری. ادب الهوامش. مجله‌ العرب 2018 \
5: احمد ندا. أدب المهمشین بین النخبه‌ والصعالیك. مجله‌ مقالید 2011 مغرب
6: مجله‌ افاق عربیه‌. العدد 6 1983
7: مجله‌ اخر ساعه‌. 2009




ئاتەئیزم و بزوتنەوەی دژی ئاینی-3- دیمانە لەگەڵ محسین ئیبراهیمی

وەرگێڕانی:کاوە عومەر

بەشی سێهەم

سیامەک بەهاری:لەبەشی پێشوی ئەم دیمانەیەدا سەبارەت بە پێکهاتنی ئاتەئیسم لە ڕۆژئاوا وسەردەمی ڕۆشنگەری گفتوگۆمان کرد.لێرەدا سەرنج دەخەینە سەر ئاتەیسمی مارکس وڕەخنەکانی لە ئاین کە نزیکەی نیوسەدە پاش شۆڕشی فەرەنسیە. ئەگەر ڕێگە بدەیت لە جیاکردنەوەی ڕەخنەی مارکس لە ئاین لەگەڵ ڕۆشنگەرەکاندا دەستپیبکەین.

موحسین ئیبراهیمی:مارکس بێزاری قوڵی خۆی لە خودا لەتەمەنی ٢٣ساڵیداو لە تێزی دوکتۆراکەی خۆیدا لەبارەی جیاوازی لەنێوان فەلسەفەی سروشتی دیموکراسی و ئیپیگۆریدا ڕاگەیاندوە. لە پێشەکی کورتی ئەم نامەیەدا بەستایشەوە ناوی دیمار دەهێنێت کە لەئەفسانە یۆنانیەکاندا ئاگری لەبارەگای زئۆسەی خودای خوداکان دزیوەو بە مرۆڤی بەخشیوە.دڵخۆشە بەو دروشمەی پرۆمیسۆس کە وتبوی:”من لە وگازندەی خوداکان بیزام”وە ئەوی وەک بەرجەستەترین خوداناس وگیانبەختکردوی ڕۆژمێری فەلسەفی”ناودەهێنێت.مارکس ئەم نەفرەتەی لە “خوداکان”دواتر لە زەویدا،لەمەیدانی خەباتی چینایەتیدا،لەو جێگایەدا بەشوێن گازندەی خوداکان دەگەڕێت کە دەچێتە بەرژەوەندی گازندەی ئاغا وسوڵتان ودەسەڵات و خاوەن سەرمایەکان و دەیکەنە ئەرک و ئەنجام.شەڕی فکری و ڕەخنەگرانەی مارکس لەگەڵ خوداکان لە ڕەخنە ڕادیکاڵەکانی لە ئاین،سەرچاوە مێژویی و چینایەتیەکەی،هۆکارەکانی بەرهەمهێنان ودوباوە بەرهەمهێنانەوەی،وە سەرئەنجام لەبارودۆخی ڕزگاری یەکجاری ئینسان لە ئاین دەرئەکەوێت. مارکس وەک بیرمەندێکی بزوتنەوەی چینایەتی کرێکاران لە دژی بارودۆخی کۆیلایەتی خۆی و کۆمەڵگە،دەچێتە دژایەتی دواین شێوازی دەسەڵاتی چینێک لە دژی چینەکانی تر.هەر ئەم،ڕەخنەی مارکس لە ئاین وئاتەئیسم ئەوی جیاکردوە لە ئاتەئیسمی ماتریالیستی پێش خۆی،ئاتەئیسم سەدەی هەژدە.
لە ئاستێکی شرۆڤەیی بنەڕەتی تردا ئاتەئیسمی سەدەی هەژدەیەم یاخی بونی فکری و فەلسەفی نوێنەرانی فکری چینی بۆرژوازیە لە دژی بیروبۆچون وئەخلاقیاتی گونجاو لەگەڵ پەیوەندیە کۆنەکانی فیئودالیزمدا.هەر بەوشێوەی کەلە مانیڤێستتدا ڕونکراوەتەوە لەگەڵ لەناوچونی دونیایی کۆندا ئاینە کۆنەکانیش لەناوچون وە بەسەر مەسیحیەتدا سەرکەوتن و دواتر لە سەدەی هەژدەدا شەڕی بیروباوەڕی پێشکەوتوخوازانە لەگەڵ باوەڕی مەسیحیەت هاوکات لە ناو خەباتی مەرگباری بۆرژوازی شۆڕشگێڕ لەگەڵ کۆمەڵگەی فیئودالیدا دەچوە پێش.لە سەدەی هەژدەهەمدا باوەڕی پەیوەندیدار بە ئازادی ئەندێشە وئاین،ڕەنگدانەوەی دەسەڵاتی ئازادی و ململانێکان بوو لەمەیدانی باوەڕەکاندا لە کاتێکدا ئاتەئیسمی مارکس دەرخستنی خەباتی هەمەلایەنەی چینی کرێکار بوو کەنەک تەنها لە دژی هەموو پاشماوە و بنکەوتوە فکری وکلتوری و ئاکاریە بەسەرچوەکان بەڵکو لەدژی بۆرژوازی پێی نایە مەیدان.
هەر ئەم پایە کۆمەڵایەتی-چینایەتیە جیاوازە کۆمەڵە فاکتەرێکی هێنایە ناو ئاتەئیسمی کۆمۆنیستی مارکس لە سەدەی نۆزدەدا کە نەیدەتوانی لە ئاتەئیسمی بۆرژوازی سەدەی هەژدەدا پەیداببێت.بۆ نمونە،هەرچەند مارکس وئەنجلس ودواتریش لینین ڕێزێکی زۆریان دادەنا بۆ دەورونەخشی ڕۆشنگەری سەدەی هەژدەهەم لەدژی ئاین کە بەهێزەوە پێشنیاری وەرگێڕان و وبڵاوکردنەوەی فراوانی نوسراوەکانی ئەوانیان لەناو چینی کرێکاردا دەکرد،بەڵام بۆ ڕزگاری تەواو لە ئاین هەرگیز پێیان وانەبوو کە ئەوانە بەس بن لە ڕوانگەی ئەوانەوە بۆڕزگاری یەکجاری لە ئاین ئەبێت ئەو بارودۆخە لەناوبەریت کەپێوستی بە ئاینە.

مارکس لە لە سەردەم و بارودۆخێکدا ڕەخنە لە ئاین دەگرێت کە چینی کرێکار هەموو بۆرژوازی لە ئەورپادا خستبوە مەترسیەوەو”ئازادی بیرکردنەوە”و بەرگری لە”ئازادی ویژدان”ئیتر ترسناک بوو بۆ بۆرژوازی.”بڕیار بوو ئازادی وێژدان” ڕێگا بۆ تێکشکاندنی ڕێگریە هزریەکانی بەردەم سەرمایەداری بکاتەوە لە دژی کۆمەڵگەی فیئودالی بڕیاربوو ئاتەئیسمی ڕۆشنگەرەکانی بۆرژوازی دەست وباڵی خودا ونوێنەرەکانی سەرزەویشی ببڕن لە دەستێوەردانیان لە کاروباری سەرمایەی لەکاتی گەشەکردندا.لەو جێگەیەدا کە چینی کرێکار بوبو بەهەڕەشەی سیاسی،پەیوەندی نیوان بۆرژوازی ئەوروپا ونوێنەرە فکریەکانی بونە هاوتیرە لەگەڵ ماتریالیسم وئاتەئیسمیشدا. بەوتەی ئەنگلس بۆرژوازی فەرەنسەو ئەڵمانیا ڕێگایەکی تریان لەبەردەمدا نەبوو جگەلەوەی “بێ هەراوهوریا ئازادی بیرکردنەوە ئازادبکات،هەر وەکو ئەوەی کە لاوێک جگەرەیەکی لەسەر لێوی داناوەو دەچێتە سەر تەختەبانی ناوکەشتی ولەگەڵ یەکەم ڕۆجوندا بۆناو دەریا کۆنترۆڵی لەدەست ئەدات، بەبێدەنگی جگەرەکەی بەداگرساوی فڕێدەداتە سەرزەوی.”بزوتنەوەی چینی کرێکار ئەو تۆفانەبوو کە بۆرژوازی لوتبەرزی ئەوروپای توشی سەرەگێژەکرد و ناچارکرد بوو بە دەربڕینی پەشیمان بونەوە لەو گاڵتەکردنەی بەخودا.ئەنگلس بەوشێوەیە وێنەی بارودۆخی ئاتەئیست وڕۆشنگەرەکان لەو قوناغەدا دەکێشێت.”تەنانەت لەو جێگایانەش کە چارەیەکیان نەبوو خۆشیان ئەو کارەیان دەکرد.بۆرژوازی فەرەنسا ڕۆژانی هەینی گۆشتیان نەدەخوارد وە بۆرژوازی ئەڵمانی ڕێوڕەسمەکانی یەکشەمانی پرۆتستانەکاندا لەسەر کورسیەتایبەتەکانیان دادەنیشتن.ئەوانە نێوانیان لەگەڵ ماتریالیسمدا تێکچوە”.
دەتوانی بڵێیت لەهەر لە سەردەمی مارکسیشدا خەبات لە دژی ئاین کەوتبویە سەرشانی ئاتەئیسمی کۆمۆنیستی چینی کرێکار.شتێک کەلە سەردەمی لێنینیشدا بەڕادەیەکی بەرجەستەتر ئەبویەوە ئەڵبتە ئەمڕۆ بەتەواوەتی لە ئەستۆی کۆمۆنیزمدایە.ئەگەر مارکس وئەنگلس ئەمڕۆ زیندو بونایە بەچاوی خۆیان ئەیان بینی کە چۆن ئاین بەدەست بۆرژوازی ونوێنەرە فکریەکانیەوە چۆن بوتە خوێناویترین وتیکدەرترین و وێرانکەر وەسیلەی سیاسی لەبەرامبەر مرۆڤایەتی و چینی کڕێکاردا و زەربەی زۆری گەورە دەدات لەخەباتی بزوتنەوە پیشکەوتوخوازەکان و ڕەوەندی خەباتی چینی کرێکار.بوەتە جانەوەرێک کە جگە لە بزوتنەوەی چینی کرێکاری بەتوندی ڕێکخراو هێچ بزوتنەوەیەک دەرەقەتی نایەت.
بەپێچەوانەی ڕۆشنگەرانی سەدەی هەژدەیەم،مارکس کاتێک باسی پایەکانی ئاین و بەتایبەتی بارودۆخی بەرهەمهێنانەوەی دەکات لە کۆمەڵگەی چینایەتیدا سەبارەت بە نەزانی ئینسان لە بەرامبەر سروشت و ترسان لیی،دەوری تەڵەکەبازە پیشەییەکان لە دارشتنی ئاین زیاتر دەڕوات.ئیتر بەرهەمهێنانەوە و بەردەوامی ئاین لە زهنیەتی کۆمەڵایەتی جەماوەری خەڵکدا لەبنەڕەتدا کۆمەڵایەتی وسیاسی و چینایەتیە.پەیوەست بە بارودۆخێکە کە ئینسان لە خۆیی و تواناکانی نامۆدەکات و لەژێر دەسەڵاتی هێزە بێگانە بەهێزەکاندا ئەسیرن.ئاین بینینێکی بەتەواوەتی سەرەوخوارە لە دونیاو کۆمەڵگە،لە پەیوەندیەکانی بەرهەمهێنان و کۆمەڵایەتی وسیاسیە.یان دەتوانێن بڵێین کە ئاین ئاوەژیی دەرونی دونیایەکە کە هەموو شتێک تێیدا سەرەوخوارە.ئاین هەموو شتێک لەسەر سەر ڕادەگرێت هەوەک چۆن لە دونیای واقیعیشدا هەموو شتێکی سەرەو خوارە. وە لەگەڵ ئەم بینینەدایە کە تێڕوانینی مارکس بۆ ڕێگای ڕزگاری لە ئاینیش بە شێوەی ڕیشەیی جیاوازە لەگەڵ ڕێگا چارەی ماتریالیستە ڕۆسنگەرەکانی سەدەی هەژدەیەمدا.بۆ ڕزگار بون لە ئاین تەنها وشیارکردنەوە لە دژی خورافەت و لەناویاندا خورافەتی خودا بەسنیە.ئەبێت زەمینە کۆمەڵایەتی و ئابوری و چینایەتی ئاین لەناو بەریت.ئەبێت دونیا لەسەر شوێنی خۆی دانێت.

سیامەک بەهاری: فاکتەرە ئەسڵی وبناغەییەکانی ڕەخنەی مارکس لە ریشەکانی ئاین و زەمینەکانی بەرهەمهێنانەوەی کامانەن؟

محسین ئیبراهیمی:ڕەخنەو هەڵویستی مارکس بەرامبەر ئاین لەئاستێکی شیکاری جیاوازدا لەبابەتە بەناوبانگەکانی سەردەمی لاوێتی وەکو” پیشەکی ڕەخنە لەمافی هێگڵ”،”سەبارەت بە مەسەلەی یەهود””،’دەستنوسە ئابوری-فەلسەفیەکان”،”خێزانی پیرۆز” و “ئایدۆلۆژی ئەڵمانی”ڕەنگیانداتەوە.لە ئاسارە پەیوەنیدارەکانی بەڕەخنە لە ئابوری سیاسی وەکو گرۆندرێسە و کاپیتاڵیش دەتوانیت پەیبەریت بەو ڕیشە ئابوریانە بۆ بەرهەمهێنانەوەی خۆشباوەڕی ئاینی لە شێوازو چوارچێوەی نوێدا بەردەوامی ژیانی ئاین دەڕخسێنێت.

مارکس لە لاپەڕەی یەکەمی مەمان”پیشەکیەک لەسەر طرخنە لە فەلسەفەی هێگڵ”دا سەبارەت ڕیشەی پێکهاتنی ئاین و پەیوەندی بەرامبەر یەکی ئینسان وئاین ڕایدەگەیەنێت کە” ئینسان ئاین دروست دەکات،ئاین ئینسان دروست ناکات”.”لێرەدا ئەگەرچی ئینسان سەربەخۆ لە پێگەی لە بەرهەمهێنان و ئابوری،ئینسان سەربەخۆ لە پێگەی چینایەتیەکەی جێگای مەبەستە بەڵام هەر لێرەداو لەو ئاستە گشتیەشدا پرسیار ئەوەیە کە کام ئینسان و بۆچی ئینسان ئاین دروست دەکات.؟ئاین بەشێکی جیانەکراوە نیە لە ویژدان و هەست و وشیاری ئینسان لە هەموو شوێنەکان وهەموو کاتەکاندا.ئاین لایەنیکی ئەزەلی وئەبەدی نیە لە ژیانی ئینساندا.ئاین،خۆ وشیاری وبەئاگاتنەوەی ئینسانە لەخۆی کە یان هێشتا خۆی ناناسێوە وەیان خۆی ونکردوەتەوە”.
” ئینسان ئاین دروست دەکات،ئاین ئینسان دروست ناکات”.هەرچەندە ئەمە وەک حوکمێکی دابڕاو دێتە بەرچاو بەڵام مارکس هەر لەو ئاستە دابڕاوەی باسەکەش بێ ڕاوەستان لە تێگەشتنی گشتی ئینسان زیاتر دەڕوات وسەرنجی دەڕوات بۆ ئینسان لە دونیای واقیعیدا،ئینسان لە پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکاندا،ئینسان لە سیاسەت و دەوڵەتدا.”ئینسان”،جیهانی ئینسان،دەوڵەت وکۆمەڵگەیە.ئەم دەوڵەت وئەم کۆمەڵگەیە ئاینیان دورست کردوە،ئاینێک کە ئاگایی سەرەوبنە لە دونیا،بۆچی ئەودونیایانە هەڵەوگەڕاون.چۆن وبەچ مانایەک دەوڵەت وکۆمەڵگە جیهانیکی هەڵەوگەڕاوەن؟دواتر لە ڕەخنەی مارکس لە ئابوری سیاسی،ئەم،”ونکردنکردنەوە”کەلە ڕواڵەتدا دەستەواژەیەکی گشتی ودابڕاوە لە لێکدانەوەکەی وردا بۆ پێگەی چینی کرێکار لە نیزامی سەرمایەداریدا باس دەکرێت.
لە”دەستنوسە ئابوری وفەلسەفیە”کاندا لەباسی کاری نامۆدا کاتێک قسە لەبارەی پەیوەندی کرێکارو بەرهەمی کارەکەی دەکات یەکسەر بەراوردی دەکات بە پەیواندی نێوان ئینسان و خودا.ئەم بەراودکردن دوو ڕوی هەیە.هەردوکی-کاڵا و خودا-ئینسان خۆی دروستی کردون بەڵام ئینسان لەهەردوکیاندا ئینسان لەژێر کۆنترۆڵی دروستکراوەکانی خۆی کاڵاو-خودا-دایە. کرێکار وەکو شتێکی نامۆ پەیوەندی هەیە لەگەڵ بەرهەمی کارەکەیدا.شتێک کە بەهەر ئەندازەیەک فراوانترو بەهێزتر دەبێت هەر بەوئەندازەیەش کرێکار لاوازترو خاڵی تر دەبێتەوە.لە قەڵەمڕەی ئاینیشدا هەرهەمان شت ڕودەدات.بەر هەر ڕادەیەک خودا بەهێزتر ئینسان لاوازتر؛بەهەر ڕادەیەک خودا پڕ تر ئینسان خاڵی تر؛هەرچەندێک خودا داناتر،ئینسان نەزانترە و سەرئەنجام وەک مارکس دەڵێت”ئینسان هەرچەند زیاتر کاتی خۆی بۆ خودا تەرخان بکات کەمتر بایەخ بەخۆی ئەدات”.
لە کاپیتاڵدا،مارکس بەم شێوەیە ئینسانی کرێکار لە پەیوەندیە کاڵاییەکانی سەرمایەداریدا بەراورد دەکات لەگەڵ پەیوەندیە ئایندا.لە پەیوەندیەکانی کاڵادا پەیوەندی نرخی نێوان کاڵاکان واتە بەرهەمی کار”شتێک نیە جگەلە پەیوەندیەکی دیاریکراوی نێوان ئینسانەکان”.لەسەر ئەو بڕوایەی کە کاڵاکان” بەرجەستەکەرەوەی کاری ئینسانەکانن ئەتوانن وەکو نرخەکان لەگەڵ یەک ئاڵوگؤڕیان پێ بکرێن.بەڵام لە ڕوانگەی ئینسانەکانەوە پەیوەندی کاڵاکان “شێوازی خەیاڵی و گومانی پەیوەندی نێوان شتومەک لەخۆی دەگرێت”.لە قەڵەمڕەوی ئایندا چ ڕوئەدات؟خوداکان کە خۆیان دەستکراوی زەینی ئینسانن بە شێوەی”ڕوخساری جانەوەرێکی خۆبەڕێوەبەر “دەرئەکەوێت.ڕوخسارێکی باوەڕ بەخۆ،سەربەخۆ و پشت بەخۆ بەستو”کە هەم لە نێوان خۆی وهەم لەنێوان خۆی و جۆری ئینساندا پەیوەندی دروست دەکات.
لەژێر سایەی پەیوەندیەکانی سەرمایەداریدا،زۆرینەی هەرەزۆری کۆمەڵگە بەردەوام ژیان لە مەترسی ونائارامی لە داهاتو و بژیویان بەسەردەبەن.چاوگێڕانێکی کورت بە کارنامەی هەر ئەڕۆی دونیایی سەرمایەداریدا بەڕاستی مەترسیدارە.مەودای نائەمنی ئابوری و ترس لە تارمایی بێ کاری وبێ سەرپانایی وبرسێتی ومردن بەهۆی بێ دەرمانی وبێ خۆراکی و تێکدانی خێرای ژینگە وشەڕو تیرۆر زۆرینەی زۆر کۆمەڵگەی لە مەترسی بەردەوامدا ڕاگرتوە.ترسان لەوەی کە چینی دەسەڵاتدار سود لە بەکارهێنانی نمونەی زەوی کێڵراو بۆ بڵاوکردنەوەی مەیلی زیان بەخش بۆ مرۆڤایەتی وەکو ناسیۆنالیسم و ئەلبەتە وەشاندنی تۆوی ئاین وچینینەوەی.

ئاین کە خۆی بەرهەمی ئەم دونیا پیچەوانەیە دەوری چیە؟چ کارێک ئەنجام ئەدات؟لەبنەڕەتدا کاری پاساو دانی ئەو سەرەوخواریەیەو وشیاوکردنی بەرگەگرتنیەتی.مارکس دەڵێت”لۆژیکی باوە” مۆڵەتی ئەخلاقی’یە کەیەتی”ئارامکردنەوە و پاساودانیەتی.

ئـەم دەستەواژەی مارکس زۆر بەناوبانگە”ئـاین تلیاکی گەلانە”بەڵام ئـەبێت ئـەو خەڵکە پێویستان بە تلیاک بێت ھەتا ئـاین دەوری تلیاکیان بۆ بگێڕێت،ئـەو خەڵکەئـەبێت لەدەستی شتێک ھەڵبێت وە پەنا بۆ تلیاک ببات.ئـەبێت بە دەردێک ئـازار بچەژێت ھەتا پەنا بۆ ئـارام بونەوەی ببات نۆ تلیاک .مارکس لە دەربڕینەکانی پێش ئـەو ڕستەیەدا بە چەند ڕستەیەکی زۆر بەھێز ئـاماژە بەو”پێویستیە”دەکات”…. ئـاین ئـاھی بونەوەرێکی ستەم لێکراوە،ھەستی جیھانی بێ ھەستە،و گیانی ھەلومەرجێکی بێ گیانە.” ئـاین تلیاکی گەلانە
ھەر ئـەمڕۆ ژمارەیەکی زۆر کەناڵی ئـاسمانی چ لە جیھانی ئـیسلام لێدراودا و چ لە ڕۆژئـاوادا خەریکی فرۆشتنی تلیاکی ئـاینن بەشێوەیەکی ڕێکخراو.تەنانەت لە دونایی بەناو سیکۆلاردا بەتایبەت لە ئـەمریکا ئـەوانجەلیە خەڵەتێنەرەکان”بونەوەرە ستەم دیدەکان”بەپشت بەستن و پەنابردن بۆ خوداو مەسیح و معجیزەو خورافات ئـارام دەکەنەوە ھەتا ھەم لە تاڵانیەکانی ئـەم دونیا بێ ئـاگایان بکەن و ە خەبات و تێکۆشانیان لەم دونیایەدا لە بەرنامەیاندا نەھێڵن. وە ئـەڵبەت ماوەتە ئـەوەی چەند دراوێکی داھاتەکەشیان بکەنە باخەڵئـان.
هەر لیرەدا ئەوەش ڕونبکەمەوە کە کۆمەڵەگە لەبەرامبەر هێرشی ئایندا هەرگیز پاسیف نەبوە وە لە دونیای هاوچەرخدا بە شێوەیەکی باشترە نیە.لەیەنێکی گرنگی هەوڵی ئینسان بۆ گەیشتن بەئازادی وخۆشگوزەرانی و کەرامەتی ئینسانی وەستانەوەی کاریگەرە لەبەرامبەر هێرشی ئایندا.لەم ساڵانەی دوایدا کاریگەریە بەهێزەکانیمان بینی لە هەموو جیهاندا.

سیامەک بەهاری: بنەماکەنی ڕەخنەی مارکس سەبارەت بەڕزگاری لە ئاین چین؟ڕەخنەی هزری؟ڕەخنەی کۆمەڵایەتی؟هەر دوکی؟ پێداگریەکانی کامرکس کامانەن؟

موحسین ئیبراهیمی:ئەگەر چی مارکس وەستانەوە لە خوداکان وخورافاتی ئاینی و هەروەها ئاینی رێکخراو بە گرنگ دازانیت وە بەم مانایە هەم بەرگری لە هێرشی هزری ڕۆشنگەرەکانی سەدەی هەژدە بۆ سەر ئاینی ڕێکخراوو،مەسیحیەت وخودا و هەم هەنگاوەکانی کۆمۆنەی پاریس لە دەست کۆتاکردنی کڵێسا بەڵام هیشتا بۆ گەیشتن بە ئازادی تەواو لە ئاین بە کافی نازانێت.وەڵامی مارکس بەم پرسیارە بشت بەستوە بە ڕوانینی ماتریالیستی وچینایەتیەکەی نەک تەنها سەبارەت بە ڕیشەی ئاین بەڵکو بەتایبەت ئەو بارودۆخە واقیعی مادیەی کە ئاینی لە شێوازی جوارەوجۆردا بەرهەم دێنێتەوەو بەری ئەداتە گیان و ڕۆح ئەیسەپینێت بەسەر کۆمەڵگەدا.
مارکس لە ” پێشەکی ڕەخنە لە فەلسەفەی مافی ھێگڵ دا”ئـەڵێت؛خەبات لەگەڵ ئـاین خەباتی تاڕاستەو خۆیە لەگەڵ جیھانێکدا کە ئـاین بۆن وبەرامە مەعنەویەکەیەتی.”بەڵام بۆ بەتەواوەتی سڕینەوەی ئـەم”بۆن و بەرامە”مەعنەویە لە زەینی ئـینساندا مارکس پێشنیاری خەناتی ڕاستەوخۆ لەدژی ئـەو جیھانەخۆیدا دەکات. لە ڕواندەئـ مارکسەوە ئـەگەر ئـینسانەکان “خۆش نەتی واقیعیان”ھەبێت” خۆش بەختی خەیاڵی”لە زەینی ئـینساندا جێگایەکی نابێت؛ئـەگەر”بارودۆخێک کە پێویستی بە خۆشباوەڕی ھەیە “لەناو ببرێت “خۆشباوەڕیش”بەبارودۆخەکە لەنێو دەچێت.وەلەکۆتایدا ئـەگەر”دونیای پڕ ئـازار بگۆڕدرێت ئـاین کە” خەمانەی پیرۆز”یەکەیەتی و بڕیارە ئـەو ئـازارە بکاتە شتێکی قابیلی بەرگەگرتن. لەناو بچێت .ئـەبینین چۆن لە ڕوانگەی مارکسیشەوە خەبات لە دژی ئـاین کە ڕۆشنبیرانی سەدەی ھەژدەھەم زۆر بەھێز بەرەو پێشیان دەبرد پێویستە وە ھەم خەباتی ڕاستەو خۆ لەگەڵ زەمینە مادیەکانی بەردەوامی ئـایندا ناتوانیت وەک ئـاتەئـیستێک خەبات لە دژی ئـاین و خورافات بەریتە پێشەوە و پێت وابێت ئـیتر کاری ئـاین تەواو بوە وە لەلایەکی تریشەوە ناتوانیت بە خەبات لەگەڵ خورافاتدا بەھەند وەرنەگریت و دەست لەسەر دەست داتێت و چاوەڕوانی ڕزگار بون بیت لە کۆمەڵگەی چینایەتی بکەیت بەم پاساوەی کە ڕزگاری لە ئـاین بەسراوەتەوە بەڕزگاری زەمینەکانی دوبارە بەرھەم ھێنانەوەی ئـاین .
مارکس بەم شێوەیە درێژە بە باسەکەی ئەدات “…رەخنەگرتن لە ئاین،تەوەهوم لە ئینساندا دەسریتەوە ئەشێ ئەو وەک ئینسانی پاک بوەوە لە تەوەهوم لەگەڵ وشیاریە بۆ گەواوەکەیدا بیربکاتەوە،مامەڵەبکات،وە ڕاستیەکانی لە شوێنی خۆی دانیت؛هەتا بەڵکو وەکو خۆری ڕاستەقینە بەدەوری خۆیدا بسوڕێتەوە.”لێرەدا ئێمەش لەگەڵ پێگەی گرنگی تەبلیغ و لە قاودان لەدژی ئاین و ڕاماڵینی ئاین لە ڕەخنەی مارکسدا بەرەوڕوین.بەڵام ئەم ئەم دەستەواژانە لە وەک دەرئەکەوێت ئەو مانایە ئەدەن کە گۆڕانکاری لە فکرەکاندا،گۆڕانکاری لە دەرونی ئینسان،گۆڕانکاری لە تێڕوانینی ئینسان لابردنی تەوەهوم لە ئینساندا لە ڕێگای ئاینەوە دەتوانێت گۆڕانکاری لە ڕاستیەکاندا دیاری بکات وە ئەوەی کە سڕینەوەی ئاین لە ڕێگەی خەباتی هزریەوە دەتوانرێت پێگەی ناوەندیتی ئینسان مسۆگەر بکات وە مرۆڤایەتی بکاتە خاوەنی کەرامەت و ئازادی و ئیرادە.بەڵام مارکس دەمودەست ئەوەش زیاد دەکات کە”ئاین تەنها خۆرێکی خەیاڵێیە کە ئینسان هەتا ئەو کاتەی بەدەوری خۆیدا نەسوڕێتەوە،بەدەوری ئەودا ئەسوڕێتەوە”ئەوجا پرسیارەکە ئەوەیە کە چی بکرێت بۆ ئەوەی ئینسان خۆی ببێتە تەوەرەی خۆی.ئینسان بەدەوری بیرکردنەوەو وەهمێک کە دروست کراوی خۆیەتی دورنەخاتەوە.دیل و شکستخواردوی ئەم وەهمە نەبێت.ڕۆشنگەریە لە دژی ئاینە کە ئینسان پێش دەخات بۆ ئاستیکی ئاوەها یان بارودۆخیکیتر پێویستە بۆ ئەوەی کە ئینسان بۆ ئاستێکی ئاوەها گەشە پێبدات؟ چۆن بارودۆخ و چۆن گۆڕانکاری و کام مەیدانانە پێویستن؟
باسەکەی مارکس ئەوەیە کە ئینسان ئەبێت لە بارودۆخێکدا بێت پێویستی بە “خۆرێکی خەیاڵی” نەبێت.مارکس لە کتێبێکدا “سەبارەت کێشەی جولەکە”لەدوو ئاستتدا بەشوێن وەڵام ئەو پرسیارەدا دەڕوات.هەم ڕوبەڕو بونەوە لەگەڵ ئاین،سنوردارکردنی ئاین و پاشەکشە پێکردن ولەکۆتاییدا ئازادکردنی دەوڵەت لە ئاین ویان جیاکردنەوەی ئاین لە دەوڵەت(هەمان سیکۆلاریزەکردنی پەیوەندیە سیاسیەکانی کۆمەڵگە)جێگا مەبەستیەتی وە هەم ئەوەی کە ئەو ئاستە لە ئازادی لە ئاین هێشتا ناتوانێت جێگای “خۆری خەیاڵیی”خودا بدات بە خۆری ئینسان خۆی.ئەبێت هەلومەرجی واقیعی ئینسان بگۆڕیت بۆ ئەوەی کە بتوانێت دەسەڵات وئازادی وئیرادەی ژیانی خۆی ڕێکبخان.
لە یاداشتێکدا لەژێر ناوی خاوەندارێتی تایبەت وکۆمۆنیزم”(دەستنوسەکان…)قسە لەوە دەکات کە نامۆبونی ئاینی” لە قەڵەمڕەوی ئاگایی وژیانی دەرونی ئینسانیدا ڕوئەدات لەکاتێکدا کە نامۆبونی ئابوری مەیدانی ڕاستەقینەیە”بەو ئاکامە دەگات کە” دەرچون لە نامۆبون هەردوو لایەنەکە دەگرێتەبەر”.بەڵام قوڵی باسەکەی مارکس ئەمەیە کە دەڵێت ئاین لە پەنای خێزان ،دەوڵەت،یاسا،ئاکار،زانست و هونەر پەیڕەوی لەیاسا گشتی و ئابوری دەکات.ئەوانە هەموو شێوازو چوارچێوەی دەرونی،کلتوری و سیاسی نامۆبونی ئینسانن لە خۆی.ئەمانە هەمویان بە خاوەندارێتی تایبەتەوە گرێدراون کە خۆی نیشانەی مادی و بەرچاوی ژیانی ئینسانی نامۆ بوە.مارکس بەو نەتیجەیە دەگات کە بۆ ڕزگاری لە هەموو ئەم شێوازەی لە خۆ نامۆبون لە ناویاندا ئاین ئەبێت لە بنچینەی ئەم لەخۆنامۆبونە ڕزگار بیت.ئەبێت لە خاوەن دارێتی تایبەت واتە”واتە هێنانە دەرەوەی ژیانی ئینسان لەژێر خاوەندارێتیدا”ڕزگار بێت.دەرچون لە خاوەندارێتی تایبەت مەرج وزەمینەی مادی”دەرچەنە لەهەر جۆرە لەخۆنامۆبونێک”.مەرج وزەمینەی”گەڕانەوەی ئینسان لە ئاین،خێزان،دەوڵەت وهیتر بۆ بونی ئینسانی واتە بۆ بونی کۆمەڵایەتی خۆی”یەتی.ئاشکرایە کە لەسەرمایەداریدا ئەم”گەڕانەوەی ئینسانە بۆ بونی ئینسانیەکەی”لە ڕێگەی دەرچون لە پەیوەندیەبنیاتنراوەکان لەسەر بنەمای کاری بەکرێ ،دەرچون لە خاوەندارێتی بەهای زیادە لەلایەن خاوەننانی وەسائیلەکانی بەرهەمهێنان و لە یەک وتەدا هەڵوەشانەوەی کاری بەکرێ مەیسەرە.
مارکس لەدرێژەی ئەو خاڵانەی باسکران،بە چەند ڕستەیەکی کورت لەسەبارەت بە جیاکردنەوە پەیوەندی ئاتەئیسم و کۆمۆنیسم قسەدەکات کە شوێنی خۆیەتی کە بەگرنگ وەریانگرین:”کۆمۆنیزم هەر لەسەرەتای کارەوە(ڕۆبەرت ئون)لەگەڵ ئاتەئیسمدا دەست پێدەکات بەڵام لەسەرەتاوە بەهیچ شێوەیەک کۆمۆنیسم نیە و لە ڕاستیدا هێشتا بەگشتی دابراوە.”دواین ڕستەکانی ئەم پەڕەگرافە و لەهەمان باسدا جیاوازی ئاتەئیسم و کۆمۆنیسم لەگەڵ گەڕانەوی بۆ”ئینسان دۆستی” ڕون دەکرێتەوە:…ئینسان دۆستی ئاتەئیسم لە سەرەتاوە ئینسان دۆستی فەلسەفی و دابراوە لە کاتیکدا ئینسان دۆستی کۆمۆنیسم هەم واقیعیەوە هەم ڕاستەوخۆ پشت بەستوە بەکردوە”.
مارکس وەک بیرمەندو رابەری کۆمۆنیسم،تیئۆری داڕێژەری بزوتنەوەی واقیععی چینی کرێکار بۆ گۆڕینی واقێعی بارودۆخ،دەڕات بۆ شەڕی ئەو هێێزانەی پارێزەری بارودۆخی ئێستان.لەناویاندا خورافات وئاین و کڵێسا.پێشتر لە تێزەکانی فیئورباخدا وتویەتی کە فەیسلەسوفەکانی جیهان تەفسیری دونیایان کردوە لەکاتێکدا کیشەکە لەسەر گۆڕینیەتی.هەر ئەم تێزە پایەییە لە هەڵوێست لەبەرامبەر ئایندا خۆی نیشان ئەدات.ماکس ئاتیستی قەڵمڕەوی فەلسەفە نیە. تەنها بێ خودایەک نیە.بۆ مارکس خودا ڕوخسارو بەرجەستەیی و ڕەنگدانەوەی نامۆبونی واقیعی ئینسانە لە قەڵەمڕەوی دونیای واقیعی و دەرونیە کە خۆی ڕەنگدانەوەی لە خۆنامۆبونی ئینسانە لەمەیدانی ئابوری،سیاسی، و بە شێوەی گشتی لە ژیانی مادی و واقیعیە.بناغەی ئاتەئیسمی مارکس ئینسان دۆستیە.خۆشبەختی ئینسانە.ڕێزی ئینسانە.لە ناوبردنی نامۆبونی ئینسان لە دونیایی دەرونیشدایە.بەڵام کاتێک لە خۆنامۆبونی دەرونی ئینسان بەرهەمی لەخۆنامۆبونیەتی لە قەڵەمڕەوی ئابوریدایە ئەو کاتە ئەم ڕەوتی گێڕانەوەی هەڵبژاردن وئیرادە و ئازادی بۆ ئینسانیش لە قەڵەمڕەوی مادی وئابوری تێدەپەڕێت ئەگەرچی وشیاری لە مەیدانی دەرونیش لایەنێکە لە خابات بۆ ڕزگاری لە نامۆبون لە ئابوری وسیاسەتدایە.
بیست و سێ ساڵ پاش دەست نوسەکاندا لە بەرزاییەکدا لە جەڵدی یەکەمی کاپیتاڵدا جارێکی ترجەخت لەسەر هەمان خاڵ دەکاتەوە..”کاردانەوەی ئاینی جیهانی واقیع لە زەینی ئینسانەکان تەنها کاتێک دەتوانێت لە ناو بچێت کە پەیوەندی عەمەلی ژیانی ڕۆژانەی(نێوا ئیناسن و ئینسان ،ئینسان و سروشت)بەشێوەکی ڕون و لۆژێکی لەسەریاندا دەرکەوێت.”ئاین ڕوپۆشێکە کە دراوە بە سەر ڕاستی پەوەندیە سەرەوخوارەکانی نێوان ئینسانەکاندا.ڕوپۆشێک کە ڕوخساری ڕاستەقینەی نەک تەنها دەشارێتەوە بەڵکو پاساوی ئەدات.ئەبێت ئەم ڕوپۆشە بخەینە لاوە وە ئەو ڕوخسارە واقیعیە نیشان بدەیت.ئەم ڕوداوە ڕوناداتئەم”ڕوپۆشە لە ڕوی پروسەی ژیانی کۆمەڵایەتی ،بەمانای،ڕەوتی بەرهەمهێنانە مادیەکەی ،داناتەپێت مەگەر کاتێک کە بەرهەم هێنان بەدەست کۆمەڵی ئینسانە ئازادەکان ئەنجام بدرێت وە لە ژێر کۆنترۆڵی ئازادانەو بەرنامە ڕێژی ئەواندا بێت”.
هەموو باسەکەی مارکس ئەوەیە کە ئینسان لە دونیای واقیعی و ئابوریدا بێ ئیرادەیە وئاین لە خۆنامۆبونی ئینسان و بێ ئیرادەیی لە ژیانی دەرونیدا کە خۆی ڕەنگدانەوەی لە خۆنامۆبون و بێ ئیرادەی ئینسانە لە ژیانی واقیعی و ئابوریدا.ناتوانیت لەم نامۆبونە لە جیهانی عەقڵی و دەرونی ڕزگاری بیت مەگەر لەگەڵ ڕزگاربون لە دونیای ڕاستەقینە و ئابوریدا.تەنها لە ڕێگەی ڕزگاربون لەم دونیا نامۆیە واقیعیە “هەموو ئازادی” کە لە ڕوانگەی مارکسەوە” بریتیە لە گێڕانەوەی جیهانی ئینسان و پەیوەندی ئینسان بە ئینسان خۆیەوە”یە وەدی دێت و هاوڕێ لەگەڵ ئەو ئینسانەدا لە زنجیری تەوەهموماتی ئاینی ڕزگاری دەبێت.لە دەستی سومبوڵی بێ ئیرادەی واتە خودا ڕزگاری دەبێت.لە دیلی مخلوقی خۆی ڕزگار دەبێت .هەر بەو ئەندازە کە ئینسان ئیرادەی دونیای خۆی بەدەستەوە دەگرێت و ئیرادە لە خودا دەسەنێتەوە.بەڵام پەیوەندێکی دوو لایەنەی نیوان خەبات لەگەڵ خوداو بارودۆخێک کە خودای بەدیهێناوە هەیە.خەبات لەگەڵ خورافەتی خودا لایەنێکی گرنگە لەخەبات بۆ لەناوبردنی بارودۆخێکە کە خودای خولقاندوە.لەگەڵ ئەوەشدا ڕزگاری تەواو لە تەوەهمی خودا پێویستی بە ڕزگاری تەواوە لە بارودۆخێک کە پێویستی بە وەهمی خودایە.
ئەبینین کە ئاتەئیسمی مارکس لایەنێک و ڕوخسارێکە لە بزوتنەوەیەک وجەنگێکی هەمەلایەنەی هزری،سیاسی وچینایەتی لەگەڵ ئەو پەیوەندیانەی کە ئاین ژێرخانی هزری وئایدۆلۆژی و بنەما جیانەکراوەکەیەتی.

سیامەک بەهاری:لە دواین پرسیاری ئەم بەشەدا ئەمەوێت قسە لەبارەی بۆچونی مارکس سەبارەت بە جیایی ئاین لە دەوڵەت وکۆمەڵگەی سیکۆلاروە بکەین.بۆچونی مارکس چیە سەبارەت بە سنوردار کردن ئاین لە چوار چێوەی هەر ئەم نیزامەی کە پێوستی بە ئاینە؟

موحسین ئیبراهیمی: ئەزانین کە مارکس بەتنها کێشەی ڕەخنەی فکری لەدونیای ئێستادا نیە.مارکس شرۆڤەکارێکی بێلایەنی جیهان نیە.بیرمەندی بزوتنەوەیەکە کە دەیەوێت دونیا بە شێوەیەکی وشیارانەو چالاکانە بگۆڕێت و ژێرەو ژوری بکات .ئەیەوێت چینی کرێکار کە بەرجەستەیی نامۆبونی ئینسانە لەتواناییەکانی خۆی لە کۆمەڵگەی سەرمایەداریدا بکاتە خاوەنی ئیختیار لە ژیانی خۆی و لەو ڕێگەیەشەوە هەموو ئەندامانی کۆمەڵگە بکاتە هاوڵاتیانی خاوەن هەڵبژاردن وژیانیان بگۆڕێت.ئەیەوێت ئازادی وئیختیار بۆ ئینسانیەت بگەڕێنێتەوە .لێرەدا بوار نیە کە بەدریژی سەبارەت بە دەوری ئاین واقیعی ئاین لەسەردەمی مارکسدا قسەبکەین.بەڵام هەر بەوشێوەی کەلە لەوەڵامی پرسیارەکانی پێشودا وتم لەسەر دەمی ژیانی مارکسدا ئیتر هەواڵێک نیە لەو ڕۆشنگەرایانەی کە خەباتیان بۆ بەرگری لە “ئازادی ویژدان” دەکرد لە سەدەی هەژدەیەمدا. ئەوان”ڕۆژانی هەینی گۆشتیان نەدەخوارد وە لە مەراسیمی یەکشەمەکاندا لەسەر شوێنە تایبەتیەکانیان دادەنیشتن”وە بەگشتی “نێوانیان لەگەڵ ماتریالیزمدا تێکچوە”.خەبات لەدژی خودا و خورافەتی ئاین کەوتوەتە ئەستۆی چینی کرێکارو کۆمۆنیسم.مارکسی سەدەی نۆزدە،سەدەیەک کە چینی کرێکار لە ڕوی سیاسیەوە لە پێگەیەکدایە کە مارکس بەیاننامە خەباتکارانەکەی لە مانیڤێستی کۆمۆنیستدا ڕاگەیاندوە،هەم ئەشیەوێت ژەهری ئاین لە هەموو گۆشەکانی ژیانی ئینساندا بسڕێتەوەو ئەوەش زانراوە کە گەیشتن بەم ئامانجە لە چوارچێوەی ڕژێمێکدا کە بیناکەی لەسەر لەخۆنامۆکردنی کرێکارو بەشوێنیدا هەموو ئینسانیەت ڕاوەستاوە مەیسەر نابێت.بەم مانایە مارکس لەهەمان چوارچێوەی نیزامی ئێستادا هەوڵی پاشەکشە پێکردنی ئاین و کۆتایی هێنان بەدەستی خوێناوی لە ژیانی ئینساندادەدات.
لە کتێبی”شەڕی ناوخۆی فەرەنسادا”،مارکس لە ئاماژەیەکی کورتدا وەک پشتیوانی لە هەنگاوەکانی کۆمۆنەی پاریس لە دژی ئاینی ڕێکخراو ئەم خاڵانە بەرجەستە دەکات.کۆمۆنە پاش هەڵوەشاندنەوەی سوپاو پۆلیس وەک دوو دامەزراوەی سەرکوتگەری فیزیکی، دەڕوات بەشوێن وەسیلەی مەعنەوی سەرکوت واتەکلێساو قەشەکان. بە فەرمانی کۆمۆن جیایی کەنیسە لەدەوڵەت بەکردەیی کرا.دەستبەسەر موڵکەکانی کڵێساداگیرا وقەشەکان ڕەوانەی جیهانی ئارامی تایبەتی خۆیان دەکران هەتا بە خێرو سەدەقەی باوەڕداران بژین.دەستی کەنیسە لە دستێوەردان لە کاری پەروەردە کۆتا ئەکرێت،وە ،وە هەموو دامەزراوە پەروەردەیەکان بەخۆڕایی دەخرێنە خزمەت هەموو هاوڵاتیانەوە.
لە دیدی مارکسەوە،هەنگاوی لەم شێوەیە لە ڕاستای سیکۆلاریزەکردنی کۆمەڵگەو کردنە دەرەوەی ئاین لە فەرمانڕەوایی دەوڵەت ودامەزراوە گشتیەکان لە چوارچێوەی نیزامی ئێستادا هەرچەندە گرنگ و شیاوی ئەنجامدانە بەڵام بەس نیە.ئاین دەتوانرێت وەک کاری تایبەتی ئینسان ڕاگەیەنرێت بەڵام ئەم کەسانە هێشتا لە کۆیلایەتی ودیلی هزری ودەرونیدا دەمێننەوە.”دەوڵەت دەتوانێت خۆی لە سنورداریەک ئازاد بکات،بێ ئەوەی کە بەڕاستی ئینسانەکانی لەو سنورداریە ئازادکرد بێت”.دەوڵەت دەتوانێت لە سنورداریەکانی ئاین ڕزگار ببێت.لە وتەیەکدا”ئازادی دەوڵەت لە ئاین،ئازادی ڕاستەقینەی ئینسان نیە لەئاین”.لە بارودۆخێکی وادا ئینسان ڕزگاری نابێت لە ئاین بەڵکو ئازادی-بەدەربرێنێکی وردتر ئازادی ئاین وبێ ئاینی-بەدەست ئەهێنێت.
ئەوسا ئەگەر سنوردارکردنی ئاین،دورخستنەوەی و کردنی بە کاری تایبەتی بێت هێشتا ئازادی ڕاستەقینەی ئینسان خۆی نیە لەئاین،بەچ شێوەیەک دەتوانێت بەیەکجاری ڕزگاری بێت لە ئاین؟ ئایا نابێت لە هەمان قەڵەمڕەوی تایبەتیدا بە شوێن ئایندا بڕۆیت و لەو قەڵمڕەوەشدا ژەهرەکەی پاککەیتەوە؟
لایەنێکی تری کۆمەڵگەی سیکۆلار ئەوەیە کە گرنگە لە هەمان کۆمەڵگەدا درێژە بدەیت بە خەباتی هزری وڕەخنەگرانە لە دژی ئاین شێلگیرانە.بەدیدی مارکس نەک تەنها ئەبێت ئەدەبیاتی ئاتەئیستی ڕۆشنگەرانی سەدەی هەژدەیەم بەفراوانی بڵاوبکرێتەوە بەڵکو ئەو تەئکید لەسەر گرنگی خەباتی وشیارانەی حزبی کۆمۆنیست لە دژی ئاین دەکاتەوە.لە ڕەخنە لەبەرنامەی گۆتادا لە بەشی “ئازادی ویژداندا” بەرزاییەکی کورت هەیە کە بەیانی هەڵوێستی ڕاستەوخۆی حزبە بەرامبەر بەئاین نیشان ئەدات:
ئەگەر لەو سەردەمەدەمەی خەباتی کلتوری بوینایە Kulturkampf (ئاماژەیە بۆ هەنگاوەکانی بیسمارک لە دژی ئەو حزبە کاتۆلیکانەی کە پاریزەری خاوەن زەویەکانی باشوری ڕۆژئاوای ئەلمانیا بون)خەریکی ئەوە بوین کە جارێکی تر دروشمەکانی لیبرالیسم بهێنینەوە یاد،لەبنەڕەتدا شتیک بەو ناوەرۆکەوە دروست دەبوو:هەرکەس ئەبێت بتوانێت بەبێ دەستێوەردانی پۆلیس پێویستییە ئاینیەکانی بە ئەنجام بگەیەنێت بەڵام لەم بارەیەوە،حزبی کرێکاران ئەبێت لانی کەم،تێگەشتنی بۆ ئەم خاڵە وەبیر بهێنایەتەوە کە کۆتایی ڕاستەقینەی واتای بۆرژوازی”ئازادی ویژدان” شتێک نیەجگە لە ڕوقایمی لەبەرامبەر هەموو جۆرو بەشەکانی ئازادی ویژدانی ئاینی وە ئەم حزبە بە بەشی خۆی هەوڵ ئەدات هەتا ویژدان لە تارمایی ئاین ڕزگار بکات.
پێویستە لێرەدا خاڵێکی تریش ڕونکەینەوە کە بۆ مارکسی ئازادیخواز تەنانەت لە قەڵەمڕەوی ڕزگاری لە کۆنترین زنجیری گەردنی مرۆڤایەتی واتە ئاینیش شوێنێک نیە بۆ سەرکوتی فیزیکی.
تەئیدکردنی هەنگاوەکانی کۆمۆن و پیداکردی لەسەر هەڵسوڕانی ئاتەئیستی حزب(ئاشکرایە کە قسەی لەسەر حزبێکە کە ڕەنگدانەوەی بزوتنەوەی ڕاستەقینەیە بۆ ڕزگاری لە کاری بەکرێ،واتە کۆمۆنیزمە)هیچ پەوەنیەکی بە گۆڕینی ئاتەئیسمەوە نیە بەئایدۆلۆژی دەوڵەت.دەوڵەت ئەرکێتی کە هۆش وڕۆحی هەموو کۆمەڵگە بەتایبەت منداڵان لە کۆمەڵگەدا لە هێرشی ئاین بپارێزێت؛دەوڵەت ئەرکێتی پێداویستیەکانی کۆمەڵگە بۆ بڵاوکردنەوەی زانست وڕزگاری کۆمەڵگە لە خورافات لە ئەستۆ بگرێت؛دەوڵەت بەرپرسە لەوەی تەنانەت لەگەڵ هێزی سەرکوتدا بچێت بەدوای هەر ڕێکخراوێکی ئاینی کە بەکردوە هێرش ودەستدرێژی دەکەنە سەر ژیان وگیانی خەڵکی بەڵام دەوڵەت نابێت و ناتوانێت بە سەرکوت بڕواتە سۆراغی ئاین وەک باوەڕ.
ئەنجلس لە ساڵی ١٨٧٤ کە هێشتا مارکسیش لە ژیاندا بوو لە ڕەخنە لە کۆمۆنارە بلانکیستەکاندا کە بەڕواڵە”لەپەیوەند بەنکوڵی کردن لە بونی خوداوە توندڕەوتر لەوانیتر مامەڵە دەکەن”ئەڵێن بلانکیستەکان لەم بارودۆخەدا ئەیانەوێت کە خوداوەند وەکو ١٧٩٣،بەهۆی حوکم وبڕیارێکەوە لەناوبەرن:”لە کۆمۆندا جێگایەک نیە بۆ قەشەکان وئەبێت هەر جۆرە کۆبونەوەکی ئاینی وهەرجۆرە ڕێکخستنێکی ئاینی قەدەغە بکرێت.”ئەنجلس ئەمە وەک” فەرمانی مفتی”تێدەگات وە ناڕازیانە دەڵێت کە”تەنها خزمەتێک دەتوانرێ لە بەرامبەر خودا ئەنجام بدرێت،ئەوەیە خوانەناسی وەکو مەسەلەیەکی باوەڕی بکەێتە ئیجباری”.ئەنجلس لە”دژی دۆهرێنگ”یشدا زۆر لێبڕاوانە ئەو بۆ چونەی دۆریگ کە لە کۆمەڵگەی سۆسیالیستیدا ئاین قەدەغە بکرێت ڕەد دەکاتەوە.
لە کۆتایی ئەم دیمانەیەدا بەکورتی ئەوە زیاد بکەم کە هەموو ئەم باسانە بەبێت تەئکیدکردنەوە لە خاڵێکی گرنگ نوقسانە.دەوری تلیاکی ئاین تەنها یەکێک لە کارکردەکانی ئاینە.بەڵام ئاین کاریگەری تریشی هەیە.دەتوانێت دەست بخاتە سەر دواکەوتوترین بەشەکانی کۆمەڵگەو وهانیان بدات تا دەست بەرن بۆ کاروکردەوەی سەر سوڕهێنەرو ترسناک.لەو جێگەیەدا ئەم ئەفیونەی ئاین کارساز نیە و جەماوەری ستەمدیدە لە شوێنی ئاهی ئاین لە دژی خودی ستەم سەرکەشی دەکەن شمشێری ئاین دەگؤڕدرێت.هەموو ئەو گروپە ئاینیانەی کە هەتا ددانیان چەکدارن وخۆرهەڵاتی ناوەڕاستیان غەرقی ئاگرو خوێن کردوە بەکردوە ئەیانەوێت هەر ئەو کارە ئەنجام ئەدەن کە ئەفیونی ئاین دەرەقەتی نەدەهات وە.تێکشکاندنی هەوڵ و ناڕەزایەتی وجوڵانەوەی جەماوەری خەڵکێک کە بڕیاریانداوە لە جیاتی چاوەڕوانی هەنگوین وشیر لەو دونیا ژیانیان لەم دونیا باشتر بکەن.دەوری ئیسلام لە دونیای هاوچەرخ وگەشەی ئاتەئیسمی دژی ئیسلامی لە دونیای ئیسلام لێدراودا خۆی بابەتێکی درێژە کە ئەبێت لە دەرفەتێکی تردا دەستی بۆ بەرین.

ماویەتی …..
١٨\٥\٢٠٢٠




گه‌نده‌ڵستان و ناسینه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵكاران … ئاری زێندینی

پێشكه‌وتنی شارستانیه‌ت و گه‌شه‌وپه‌ره‌سه‌ندنی عه‌قڵی مرۆڤه‌ ئه‌و هه‌موو داهێنان و زانسته‌ی به‌دوایی خۆی هێنا , مرۆڤی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ زۆر جیاوازتروزانستیانه‌ومه‌عریفانه‌ په‌ی به‌ رووداووگۆڕانكاریه‌كان وڕه‌ش و سپی و چاك و خراپ جیاده‌كاته‌وه‌ , هاوڵاتی و مرۆڤه‌كان له‌ هه‌رشوێن و جوگرافیایه‌ك بن له‌م سه‌رده‌مه‌ی ئێستا به‌شێوه‌یه‌كی گشتی رۆشه‌نبیرن به‌ بیركردنه‌وه‌یه‌كی كه‌م ده‌توانن و ده‌زانن سیاسه‌ت و سیسته‌می حوكمڕانی و ئابووری و خۆشگوزه‌رانی و گه‌نده‌ڵی چیه‌ و چۆنه‌ !به‌تایبه‌ت گه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك وحوكمڕانی گه‌نده‌ڵ هه‌بێت یان گه‌شت بكه‌ی بۆ هه‌ر وڵات و شوێنێك ساخله‌می مرۆڤه‌كان و كاربه‌ده‌ستانی بۆت روون ده‌بێته‌وه‌ تا چه‌ند دڵسۆزانه‌ولێزانانه‌ له‌ خه‌می تاك به‌ تاكی هاوڵاتیانی خۆیانن,یه‌ك له‌ شته‌ هه‌ره‌ ترسناكه‌كان و نه‌خۆشیه‌كانی حوكمڕانی بابه‌تی ( گه‌نده‌ڵی ) كه‌ تاك به‌ تاكی هاوڵاتیان تووشی كاره‌سات و ماڵوێرانی ده‌كات ئه‌وه‌ی به‌و كاره‌ش هه‌ڵده‌ستێت و ئه‌نجامی ده‌دات كه‌س و گروپ و حیزب و هه‌ندێك جار بنه‌ماڵه‌ له‌ په‌نایی دیموكراسی خۆیان ده‌سه‌پێنن و زاڵده‌كه‌ن تا چه‌ند ساڵانێك ئامانجه‌كه‌شیان ته‌نها ده‌ستكه‌وتی شه‌خسی و بازرگانیه‌ ئه‌گه‌ر نا حوكمڕانی ته‌ندروست تا هاوڵاتیان خۆشگوزه‌ران بژین و دوور له‌ گه‌نده‌ڵی و دزی پرۆسه‌یكی ئاسانه‌ به‌ڵام گه‌نده‌ڵكاران سه‌ختی ده‌كه‌ن ده‌یكه‌ن به‌ گه‌نده‌ڵستان هاوڵاتیانیش نا ئاسووده‌وماڵوێران .

له‌م سه‌رده‌می ( ته‌كنۆلۆجیاو گڵوبالیزم ) كارئاسانی باشه‌ بۆ ئه‌وه‌ی مرۆڤه‌كان به‌ خۆشگوزه‌ران بژین به‌ڵام گه‌نده‌ڵكاران ودزه‌كان رێگرن له‌م خۆشگوزه‌رانیه‌ی هاوڵاتیان له‌ هه‌روڵاتێك و ده‌وڵه‌تێك . گه‌نده‌ڵی ڕێژه‌ی ( نزم و به‌رزی ) هه‌یه‌ له‌ هه‌ندێ‌ ده‌وڵه‌ت رێژه‌كه‌ی نزمه‌ تا راده‌یه‌ك ئاسایه‌ به‌ڵام رێژه‌ی به‌رزوزه‌ق ده‌گاته‌ ئاستی دزی واته‌ دزی حوكمڕان هاوڵاتیش داماوشڵه‌ژاوسه‌گه‌ردان و داهاتووی نادیار ئه‌مانه‌ هه‌مووی به‌رهه‌می گه‌نده‌ڵین كه‌ زۆر به‌ ئاسانی ده‌توانرێت تێبینی بكرێت. ده‌ستێوه‌ردانی حیزب و كه‌س وگرووپ وبنه‌ماڵه‌ هۆكاری سه‌ره‌كی گه‌نده‌ڵین ! سه‌رتاپایی بواروسێكته‌ره‌كانی ( ئابوری وسیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی وسه‌ربازی وپه‌روه‌رده‌یی وداهێنان وزانست ) سست ده‌كات ته‌نانه‌ت له‌ ناویان ده‌بات هه‌روه‌ك ده‌بینین هه‌ندێ‌ وڵات پێشكه‌وتوون له‌ زانست و پیشه‌سازی هه‌نێكیتر چه‌قی به‌ستووه‌ به‌ڵكو هاوڵاتیان ناخۆشگوزه‌ران و داهاتێكی كه‌م چاوه‌ڕێیانه‌ .پێشكه‌وتن وگه‌شانه‌وه‌ی هه‌ر وڵاتێك به‌نده‌ به‌ ئاستی گه‌نده‌ڵی و گه‌نده‌ڵكاران سوپایه‌كن بۆ ناوبردنی مرۆڤه‌كان و وڵات ! ناسینه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و گه‌نده‌ڵكاران روون و ئاشكرایه‌ گه‌رله‌ وڵاتی خۆت یان گوزه‌ربكه‌ی بۆ هه‌ر وڵاتێكیتر له‌ ژیانی رۆژانه‌ی هاوڵاتیان و باڵاخانه‌وشه‌قام و سیسته‌می ته‌ندروستی وپه‌روه‌رده‌ومافی مرۆڤ ره‌نگده‌داته‌وه‌وده‌بینرێت , تاكێك یان هاوڵاتیه‌ك بێ‌ پاڵپشتی و بیمه‌ی ته‌ندروستی و بێ‌ خانوو بێ‌ مووچه‌ نه‌تونێت خۆی و ماڵ و منداڵی به‌خێوكات تا مردن به‌ كوله‌مه‌رگی بژی ئه‌ی باشه‌ ئه‌م ده‌سه‌ڵاتداره‌ حكومه‌ته‌ كاری چیه‌ ؟ بۆ كێ‌ كارده‌كات ؟
گه‌ر گه‌نده‌ڵ نه‌بێت , گه‌ر نموونه‌یه‌ك وه‌رگرین: زۆربه‌ی وڵاتانی ئه‌وروپی پێشكه‌وتوو هاوڵاتیانیان به‌خۆشگوزه‌ران و ئاسوده‌یی ده‌ژین رێژه‌ی گه‌نده‌ڵی نزمه‌ و گه‌نده‌ڵكاری كه‌مه‌ له‌ ئه‌نجامدا جیاوازی ئێمه‌ وئه‌وان و وڵاتانی تر روون و ئاشكرایه‌. من وه‌ك هاوڵاتیه‌ك له‌ شارووڵاتی خۆم گه‌نده‌ڵكاران و گه‌نده‌ڵی به‌ روونی و ئاسانی ده‌ناسمه‌وه‌ هه‌ركه‌ سه‌یری كۆڵان و گه‌ڕه‌ك وبازاڕوقوتابخانه‌وفه‌رمانگه‌حكومیه‌كان و بازرگانی ده‌كه‌م لوتكه‌ی گه‌نده‌ڵیه‌جاده‌وشه‌قامی خراپ نه‌بوونی ئاوه‌ڕوو خانووباڵخانه‌ زێده‌ڕۆ بێسه‌روبه‌ر نیشانه‌ی گه‌نده‌ڵیه‌ , سیسته‌مێكی خراپ و بێویژدانانه‌ی ته‌ندروستی و زۆری نه‌خۆش و داووده‌رمانی كولیتی خراپ نیشانه‌ی گه‌نده‌ڵیه‌ , به‌دیاركه‌وتنی چینی هه‌ژار به‌شێوه‌یه‌كی زه‌ق ده‌وڵه‌مه‌ندبوونی كه‌سانێك به‌ هه‌فته‌ و مانگ نیشانه‌ی گه‌نده‌ڵیه‌ , ئۆتۆمبیلی ئاخر مۆدیلی به‌ر پرسان و ژیانێكی شاهانه‌وكۆشك و ته‌لارو گرتنه‌ ده‌سه‌ڵات بۆ چه‌ند ساڵێك نیشانه‌ی گه‌نده‌ڵیه‌, شكست له‌ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن به‌زۆر به‌شداری له‌ كابینه‌ی حكومه‌ت بێ‌ به‌رنامه‌ نه‌بوونی پرۆژه‌ی نوێ‌ بۆ خزمه‌تی هاوڵاتیان و كورسی ده‌سه‌ڵات به‌رنه‌ده‌ی ئه‌مه‌ سیماوئه‌دگاره‌كانی گه‌نده‌ڵیه‌ ! گه‌ر نێرومێ‌ نه‌توانن هاوسه‌رگیری و خۆشه‌ویستی بكه‌ن ژیانێكی شایسته‌ بژین له‌ وڵاتی خۆیان خۆشگوزه‌ران و ئاسوده‌ نه‌ژین هۆكاره‌كه‌ی گه‌نده‌ڵی سیسته‌می حوكمڕانی نه‌بێت چیه‌ ؟ ! ده‌سه‌ڵاتداروحكومه‌ت به‌رپرسه‌ له‌ ژیانی تاك به‌ تاكی هاوڵاتیانی خۆی له‌ رووی ( مادی و مه‌عنه‌وی ) له‌ رابردوو ئێستا و داهاتوو ! ده‌وڵه‌ت و وڵات هه‌یه‌ له‌ رووی سیسته‌می سیاسی گه‌نده‌ڵه‌ به‌ڵام سیسته‌می ئابووری گه‌نده‌ڵ نیه‌ و مافی مرۆڤ بوونی هه‌یه‌ گه‌نده‌ڵی سیاسی كارناكاته‌ ژیان و گوزه‌رانی هاوڵاتی ئه‌مه‌ رێژه‌ی نزمی گه‌نده‌ڵیه‌ گه‌نده‌ڵكاران به‌ په‌نجه‌ی ده‌ست ده‌ژمێردرێن هه‌روه‌ك له‌ وڵاتانی رۆژهه‌ڵاتی ناوین و وڵاتانی عه‌ره‌بی و وڵاتانی كیشوه‌ری ئه‌مه‌ریكایی باشور ده‌بینرێت هه‌ر چه‌ند هاوڵاتیان له‌ سیسته‌می سیاسی ناڕازیبن كه‌سانێك چه‌ند ساڵ ده‌سه‌ڵاتداربن به‌ڵام سیسته‌می ئابووری و مافی مرۆڤ و سیسته‌می ته‌ندروستی و سیسته‌می په‌روه‌رده‌ نۆرماڵه‌ هه‌موو هاوڵاتیه‌ك به‌شی خۆی و مافی خۆی بۆ دیاریكراوه‌ به‌ڕێژه‌یه‌ك نه‌وه‌ك هه‌ر دیارنه‌بێت و نه‌بێت ئه‌گه‌ر به‌ ڕێژه‌یه‌كی كه‌میش بێت واته‌ یاسا سه‌روه‌ره‌وبوونی هه‌یه‌ نه‌ك له‌سه‌رووی یاساوه‌ كه‌سانێك هه‌بن , بۆ نموونه‌ گه‌ر وڵاتێكی وه‌كو ( میسر , ئیمارات , سعودیه‌ ) وه‌رگرین كه‌سانێك چه‌ند ساڵ له‌ حوكمڕانین به‌ڵام ده‌بینین له‌ شه‌قام دوو كه‌س بووه‌ شه‌ڕیان یان دوو ئۆتۆمبێل پێكیان دادا یاسا سه‌روه‌ره‌ویه‌كلایده‌كرێته‌و نه‌وه‌ك به‌ عه‌شایری و عه‌زه‌ڵات و یاسا شكێنی ! پۆلیس ته‌وه‌ری سه‌ره‌كیه‌ نه‌وك كوڕی فلان و سه‌رۆك عه‌شیره‌ت و خاوه‌ن چه‌كدار !
هاوڵاتی بیمه‌ی ته‌ندروستی ودڵنیایی كۆمه‌ڵایه‌تی و مافی هه‌یه‌ به‌ ڕێژه‌یه‌ك بۆیه‌ له‌م وڵاتانه‌ هه‌رچه‌ند ئه‌گه‌ر سه‌رۆكی وڵات وبه‌رپرسان گه‌نده‌ڵ وتۆزێك دزیش بن به‌ڵام خۆ هه‌ڵناقوورتێن و چاویان له‌ سه‌ر هه‌موو كێشه‌كان نییه‌ بێ‌ ئاگان یان له‌ وڵاتێكی وه‌كو ( میسر ) وه‌زیرێك ده‌ستبه‌كارده‌بێت دوو پۆلیس پاسه‌وانی وه‌زیرن كه‌ چه‌ندین ساڵه‌ دامه‌زراون نه‌وه‌ك پێنچ كه‌س له‌ حزم وكه‌سوكاری بۆ خۆی دابمه‌زرێنێ‌ یان به‌ڕێوه‌به‌رێكی پۆلیس له‌ وڵاتێكی وه‌ك (رۆمانیا یان هه‌نگاریا ) ئۆتۆمبیله‌كه‌ی هه‌ر ئه‌و ئۆتۆمبیله‌یه‌ كه‌ چه‌ند ساڵه‌ دابینكراوه‌ بۆ به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیس له‌ شوقه‌یه‌كی مام ناوه‌ندی نیشته‌جێیه‌ خاوه‌نی سه‌د ده‌فته‌ر دۆلاروڤیلاومه‌زره‌عه‌ نییه‌! به‌ڵام ماڵوێران بۆ ئه‌و هه‌رێم و وڵاته‌ی سه‌رۆك وبه‌رپرسان له‌ ( ئه‌لفه‌وه‌ تا ێ‌ ) خۆتێهه‌ڵدقوورتێنن ئاگاداری هه‌موو شتێكن, دروستكردنی شه‌قامێك به‌ دڵی ئه‌وان و زه‌وتكردنی باشترین پارچه‌ زه‌وی له‌ سه‌نته‌ری شار و مووچه‌یه‌كی خه‌یاڵی بۆ خۆیان و بازرگانی به‌ئاشكرا ده‌ست وه‌ردان له‌ سامانی سروشتی ژێرزه‌وی و سه‌رزه‌وی ,دامه‌زراندنی هاوڵاتیان به‌كه‌یف و زه‌وقی مه‌رامی تایبه‌تی به‌رسان بێبه‌ش بوونی هاوڵاتیان له‌ سه‌ره‌تایترین و پێویسترین مافه‌كان وه‌ك ( ئاووكاره‌با) كه‌له‌زۆر هه‌رێم و وڵاتان ده‌بینرێت ئه‌مه‌گه‌نده‌ڵی ڕاسته‌قینه‌وئاست به‌رزه‌ هاوڵاتیان بوونه‌ته‌ ( ڕۆبۆت )ژیان و مردن به‌ده‌ست گه‌نده‌ڵكاران و به‌رپرسانه‌ ,گه‌نده‌ڵكاران و به‌رپرسان له‌ حكومه‌تدا دوایی ساڵانێكی زۆر سه‌روه‌ت وسامانی ئه‌م میلله‌ته‌ بۆ خۆیان گل داوه‌ته‌وه‌ و حه‌په‌لوش كردووه‌وخه‌ڵكیش به‌ كوله‌ مه‌رگی بژین , ئه‌مه‌ش( دزی)یه‌ نه‌وه‌كو گه‌نده‌ڵی ئه‌نجامی ( گه‌نده‌ڵی و دزی ) ماڵوێرانیه‌ له‌ داهاتوو, كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك ومیلله‌تێك دوور له‌ داهێنان و زانست و په‌روه‌رده‌ی چروك و سه‌قه‌ت , هاوڵاتی بێ‌ مه‌عریفه‌ و نائومێد و دارووخاو به‌ر هه‌م دهێنێت ئه‌مه‌ش پێی ده‌گوترێت ( گه‌نده‌ڵی وگه‌نده‌ڵستان ) , نووسه‌ری به‌ناوبانگ ( برتراند راسڵ ) ده‌ڵێ‌ ( له‌ هیچ كات و سه‌رده‌مێكدا نه‌بووه‌ خه‌ڵك له‌ تێری دزی بكات ته‌نها به‌رپرس و سیاسیه‌كان نه‌بێت ) .

ئاری زێندینی




خۆپێشاندان وەک مافێک … پارێزەر: لوقمان مصطفی صالح

بەشی هەرە زۆری هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بە تایبەتیش توێژی مامۆستایان و فەرمانبەران بێزاربوون لە بەڕیوەبردنی ئەم جۆرە سیستەمە لە دەسەڵات، بێزاربوون لەم هەموو قەیران و سیاسەتی چەوت وململانێی بێ مانای لایەنە سیاسیەکان،کە بەردەوام دووچاری ماڵوێرانیی کردوون. هەر بۆیە ئەم چین و توێژانە بۆ چاککردنی بارودۆخی ژیان و گوزەرانی خۆیان، هیچ بژاردەیەکیان لەبەردەستدا نییە، ئەوە نەبێت بێنە سەر شەقامەکان و بە دەنگی بەرز گوزارشت لە داواکارییەکانیان بکەن. شەقامەکان بکەن بەو شوێنەی لێیەوە هاوارو ناڵەیان بگەیەنن بە گوێی دەسەڵاتداران و داوای مافە رەواکانیان بکەن.داوای کرێی ماندووبوونی خۆیان بکەن،داوای مووچەی بەناو پاشەکەوتکراویان بکەن.
لە راستیدا هۆکارگەلێکی زۆر هەیە بۆ ئەوەی هاوڵاتیان خۆپیشاندانی لە پێناودا بکەن، بەڵام هیچ هۆکارێک ناگاتە ئەوەی کە قووتی ماڵو منداڵت بگرن و خۆیان تێرو تۆ برسیکەن! بی دەنگ بوون لە ئاست ئەم زوڵمە هەرچی دەسکەوتی راپەرینی خەڵکی کوردستان هەیە دەخاتە بەر مەترسیەکی راستەقینەوە،بەردەوام بوون لە سەر ئەم ڕیتمەی بەڕێوەبردنی دەسەڵات لە حوکمڕانی کارەساتی گەورەی بە دوادادێت.
بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا شارەزایان پێیانوایە دەسەڵات یان حکومەت، زۆرجار هۆکارە بۆ گۆڕینی خۆپیشاندانی ئاشتیانە بۆ خۆپیشاندانێک کە تووندوتیژی و پەشێوی لێ بکەوێتەوە، بەوەی داواکاری خۆپیشاندان پشتگوێدەخەن و جێبەجێی ناکەن و بەدەم هیچ داواکارییەکەوە نایەن. ئەم پشتگوێخستن و جێبەجێ نەکردنە بۆ داخوازی خۆپیشاندەران، وا لە خۆپیشاندەران دەکات بیر لە شێوازی دیکە و میکانیزمی تر بکەنەوە بۆ گەیاندنی داواکارییەکانیان. بیر لەوە دەکەنەوە بە جۆرێکی تر خۆپیشاندان بکەن کە کاریگەری زیاتری هەبێت و حکومەت ناچار بە گوێگرتن و جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان بکات، هەروەک ئەوەی کە ئێستا لە هەرێمی کوردستاندا دەگوزەرێ،خەڵکەکە بە ئاشتیانە دێنە سەر سەقام خۆپێشاندان دەکەن و داوای مافی خۆیان دەکەن،کەچی زەبروزەنگ و بەبکرێگیراوانی لایەنێکی سیاسیش لە قەڵەمیاندەدەن و دەڵێن دەستی دەرەکی لە پشتەوەیە!
دەبێت حکومەت ئەوە بزانێت هەر خۆ پێشاندانێک تێزێكە بۆ پرسەكانی ئازادی ڕادەبرین و گردبونەوه ومانگرتن ‌و خۆپیشاندانی ئاشتیانه ‌بە توندووتیژیسەوە، رەواییدانە بە بوونی چەمکی دیموکراسی لە هەرێمدا،لێرەدا دەسەڵات بۆ ڕوسپیکردنەوەی خۆی و جێگیرکردنی بنەما سەرەتاییەکانی ئەم چەمکە دەبێ پێشاندانی ئەدایەکی باش بەڕووی دەرەوەدابدات ئەویش تەنها بۆی هەیە پارێزگاریان لێبكات وئامۆژگاری بات و دەقە یاساییەكان بداتەوە بە گوێی خەڵكە ناڕازیەكەدا،بۆئەوەی خۆپێشاندانەكان سەرنەكێشێت بۆ كارێكی نە خوازراوو مافی گشتی پێشێل نەكات،چونكە ئەم چەمكانە بە كۆڵەگه ‌و ڕەگەزی بەهێزی هەر دەسەڵاتێكی دیموكراتی دادەنرێن.لەبەرئەوەی‌ ئەم ڕەگەزانە یان ئەو ماف و چەمكانە پرەنسیپی سەرەتایین بۆ باوەربون بە بەشداری تاكەكانی كۆمەڵگە لە داواكردنی ماف و ئازادیەكانیان. ئەمەش بە روونی لە ڕێكەوتنامەو بەڵگەنامە نێودەوڵەتیەكان دا جەختی لێكراوەتەوە. تەنانەت ئەو وڵاتانەی كە واژوویان لەسەر ئەو بەڵگەنامەو ڕێكەوتنامە نێودەوڵەتیانە كردوە، گوێڕایەڵ و ملكەچن بۆ جێ بەجێ كردنی ئەم ماف و چەمكانە بە شێوەیەك دەبێت لە دەستوری بنەڕەتی و یاساكانیان بە تەواوی و دوور لە هەر پێشێلكاری و سنورداركردنێك ڕەنگ بداتەوە. سەرەتا پێویستە ئەوە بڵێین خۆپیشاندان مافە، لە جاڕنامەی نێودەوڵەتی بۆ مافەکانی مرۆڤ، وەک مافێکی سیاسی دانی پێدانراوەو بەشێکە لە مافی (ئازادی را دەربڕین)، هەروەها بەشێکە لە مافی (بەشداری سیاسی). مافی ڕادەربڕینی ئاشتیانە بە یەكێك لە مافە سروشتیەكانی مرۆڤ دادەنرێت كە جاری گەردونی مافەكانی مرۆڤ لە ساڵی (1948) جەختی لێكردۆتەوە. هەروەك لە هەردوو پەیمانی نێودەوڵەتی تایبەتن بە مافە مەدەنی و سیاسی و كۆمەڵایەتیەكانی بە روونی ئاماژەیان داوە بە دەسەبەركردنی ماف و ئازادی ڕادەبڕین بە شێوەیەك كە بە یاسا ڕێك بخرێت و دژ نەبێت لەگەڵ سیستەم و ئادابی گشتی، لە ماددەی (21)ی پەیمانی نێودەوڵەتی تایبەت بە مافە مەدەنی و سیاسیەكاندا هاتوە (( مافی گردبونەوەی ئاشتیانە دان پیانراوە، نابێت هیچ لەمپەرێك لەبەردەم ئەو مافانە هەبێت وە دەبێت ئەم مافە بە پێی یاسا ڕێك بخرێت)). لە كومەڵگە دیموكراتیەكان ڕێوشوێنی پێویست دادەنرێن بۆ پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی و ئاداب و تەندروستی و سەلامەتی گشتی، هەروەها ڕێوشوێنی تایبەتیش دادەنرێن بۆ پاراستنی ئازادییە گشتیەكان و گوزارشتە تایبەتیەكان.
بڕیاری ژمارە (59) (د ــ 1) لە ڕێكەوتی 14 دیسمبر 1946 كە لە كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتوەكان (خولی یەكەم) دەرچوو هاتوە (( مافی ئازادی ڕادەبڕین بە شێوەیەكی بنەڕەتی بەرجەستە كراوە، ئازادی ڕادەبڕین و پەیڕەوكردنی بیروباوەڕ مومارەسە دەكرێن بەبێ هەر كۆت و بەندێك، چونكە ئەمانە مافی بنەڕەتی و سروشتی هەر مرۆڤێكن )) هەروەك لەسەرەوە ئاماژەمان پێدا ئەم مافانە بەزەقی لە ڕێكەوتنامەو بەڵگەنامە نێودەوڵەتیەكاندا هاتون، بۆ نموونە لە مادەی (19)ی جاری گەرودونی مافی مرۆڤدا هاتوە: (( ئازادی ڕادەبڕین و گوزارشت كردن كە مافی ڕادەربڕین و گوزارشت كردن دەگرێتەوە دوور لە هەر ڕێگری و لەمپەرێك و دوور لە پەراوێزخستن و وەلانانی بیروبۆچونەكان، دەبڕینیان و پەخش كردنیان بە هەر ئامرازێك بێت بەبێ سنوردانان(.)
لە پەیمانی نێودەوڵەتی تایبەت بە مافە مەدەنی و سیاسیەكاندا هاتوە:-
1 ــ مافی هەر مرۆڤێكە گوزارشت لە ڕاوبۆچونەكانی بكات بەبێ رێگری.
2 ــ هەموو مرۆڤێك مافی ڕادەربڕینی هەیە ئەم مافە هەریەكە لە وەرگرتن و پێدانی زانیاری و دەربڕینی بیروڕا و وەرگرتن و گواستنەوەی بۆ ئەوانی تر دەگریتەوە بەبێ دانانی سنوربەندی، ئینجا بە وتن یان بەنوسراو یان بە چاپكراو یان هەر ئامرازێكی تر بێت.
3 ــ ئەو تێكستانەی لە بڕگەی (2)ی ئەو مادەیە هاتون ئەرك و بەپرسیارێتی تایبەتن.
4 ــ دەشێت هەندێك كۆت و بەند هەبن بەڵام دەبێت بەدەقی یاسا دیاریبكرێن، لەبەر یەكێك لەم هۆكارانە( ):
أ ــ ڕێزگرتنی ماف و سومعەی ئەوانی تر.
ب ــ پاراستنی ئاسایشی گشتی(نەتەوەیی) یان سیستمی گشتی یا سەلامەتی و ئادابی گشتی. لە هەرێمی كوردستان خۆپێشاندان و گردبوونەوەی هاووڵاتیان بە یاسا ڕێكخراوە، بەپێی بڕیاری ژمارە (١٧)ی ساڵێ 2010، سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان لە ڕۆژی 8ی كانوونی یەكەمی 2010دا یاسای ژمارە (11)ی ساڵی ٢٠١٠ی پەسەند كردووە، كە بە (یاسای ڕێكخستنی خۆپێشاندان لە هەرێمی كوردستان- عێراق) ناسراوە. بە پێی ئەم یاسایە خۆپێشاندان مافێكی دەستوورییە و بە پێی یاسا پیادە دەكرێ بۆ هەر تاكێكی كۆمەڵگا و بە پشتیوانیی ئەو یاسایە جەماوەر گوزارشت لە ڕای خۆی دەكات بۆ پێشاندانی خواستە ڕەواكانی خۆی بە شێوەیەكی ئاشتیانە و مەدەنیانە و پاراستنی بەرژەوەندییە گشتی و تایبەتییەكان بەهەند وەرگرتن و ڕەچاوكردنی پرەنسیپ و ڕێساكانی تایبەت بە ماف و ئازادییەكان دوور لە ئاژاوەگێڕی و تێكدان
لە ماددەی سێیەم/ بڕگەی دووەمدا هاتوە (( ناكرێت خۆپیشاندان بكرێت بەبێ پێشكەشكردنی داواكاری بۆ وەزیر یان سەرۆكی یەكەی كارگێڕی و وەرگرتنی ڕەزامەندی نوسراو))، وەك لە دەقەكەدا دیارە جەخت لە وەرگرتنی مۆڵەت كراوەتەوە نەك ئاگادار گردنەوە، بەڵكو ئەمە مۆڵەتی پێش وەختەیە، ئەمەش پێچەوانەی دەستورو یاسا نێودەوڵەتیەكانە، لەبەرئەوەی مافی خۆپیشاندان و ئازادی بیرورا مافێكی سروشتی هەرتاكێكی نێو كۆمەڵگایە،بێ جیاوازی ڕەگەز و نەتەوە و ئاین،یاهەر بیرووباوەڕو ئایدیایەكی تر.




شاری بێ ده‌نگی – شیعری شه‌هید زانا مه‌حموود حه‌مزه‌

كاتێ شه‌وت به‌ سه‌ردا دێ
ته‌نیا نابی .. ورده‌ خه‌می لاوژه‌ی مه‌رگت
له‌ ده‌م ده‌ر دێ
له‌ پشت په‌رده‌ی یادگاریدا، شاری بێ ده‌نگ
دانی زه‌ردیت … پیشان ده‌دا
گۆمی ئاسمانی تووڕه‌ی مه‌نگ
ده‌شڵەژێنێ .
ده‌ستی قڵیشاوی ڕۆڵه‌ت
به‌ دامێندا داده‌هێنێ .
داوه‌ڵی سركی برسێتی
له‌ نێو ترسا ڕاتده‌ژێنێ .
سبه‌ی .. له‌ گه‌ڵ كپبوونه‌وه‌ی شه‌قژنی مه‌ل
دنیا پڕ كه‌ له‌ ئاوازی سه‌ركێشی ژین
نه‌وای دڵدارانی گوڵ و خۆر و زه‌مین
بگه‌یه‌نه‌ به‌ دوورترین دوندی چیا.




رۆژانی زیندانی سلێمانی … ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب

وانه‌كانی ژیان
له‌ به‌رخودانی پاراستنی ئامانجه‌ ره‌واكانی گه‌ل و نیشتمان و تێكۆشان بۆ دوارۆژێكی پر له‌ كامه‌رانی وخۆشی و پرشنگدار بۆ هه‌موو چین و توێژه‌كانی كۆمه‌ڵگاو وهه‌موو گه‌لانی ژێرده‌سته‌و مرۆڤایه‌تی پێشكه‌وتوخواز كۆمه‌ڵێك خه‌ڵك په‌یوه‌ست بوون به‌ بیروباوه‌ری چه‌پگه‌راو شیوعییه‌ت و درێژه‌یان به‌ خه‌بات و تێكۆشاندا له‌ پێناو نێشتمانێكی ئازادو وگه‌لێكی به‌ختیارو خۆیان به‌خت كرد.
له‌ 7/8/ 1965 لە لایەن ده‌زگای هه‌واڵگیری ( ئیستخبارات) کەتیبەی (٣٢) ی سوپای عێراق بە ھاوکاری بەریو‌بەرایەتی ئاسایشی دەربەندیخان و ئاماده‌بوونی موختار، لە ماڵی کەسایەتی نیشتمانی ناسراوو شیوعی به‌ناوبانگ تێکۆشەر { حسەێن حاجی کەریمی زۆراب} لە دەربەندیخان گیرام و، هۆی گرتنه‌كه‌م نامه‌یه‌ك* بوو ھاورێی كۆچكردو تێکۆشەر عەبدوڵلای مەلا فەرەج قەرەداغی { مەلا عەلی} كه‌ به‌رپرسی رێكخراوی جوتیاران بوو ناردبووی و، مه‌ڵا عه‌لی له‌ دێهاتی گوڵان و دێوانه‌و دۆڵی قه‌ره‌داغ به‌ نهێنی رۆژانی تێكۆشانی به‌رێوه‌ ئه‌برد.
له‌ ده‌ربه‌ندیخان گیرام و له‌ پاش تێهه‌ڵدان و هه‌ڵواسین وئازاردانێكی زۆر به‌ له‌شی خوێناوی وجلی دراو له‌ كه‌تێبه‌ ره‌وانه‌ی پۆلیسخانه‌ كرام و به‌ گه‌یشتنم به‌ هاورێ { عه‌ول* } م وت كاغه‌زو قه‌ڵه‌مێكم بۆ بێنه‌و وتی تۆ خۆت بینیوه‌ چۆنی؟ منیش وتم تو ئه‌وانه‌م بۆ بێنه‌ و، له‌ پاش ماوه‌یه‌ك هاته‌وه‌ له‌ته‌ كاغه‌زێكی خۆڵاوی و كۆلكه‌ قه‌ڵه‌مێكی هێناو نامه‌م نووسی و كردمه‌ پسوڵه‌یك و وتم : ئه‌م پسوڵه‌یه‌ بده‌ به‌ حسه‌ێنی حه‌مه‌ره‌ش* و بینێرێت بۆ مه‌لا عه‌لی و كه‌س نه‌ترسێت ، له‌ پاش ماوه‌یه‌ك ناردمیان بۆ جه‌له‌ولا ( السكنه‌ الججریه‌) و ، پاشان بۆ باقوبه‌ ( سه‌ربازگه‌ی سه‌عه‌د) و بۆ به‌غداو كه‌ركوك و سلێمانی ( ته‌وقیفخانه‌) و، هه‌ر كه‌ چوومه‌ ژووره‌وه‌ یه‌كسه‌ر كۆمه‌ڵێك زێندانی هاتنه‌لام و پرسیاریانكرد له‌ سه‌ر چی گیراویت و، منیش كه‌سیان ناناسم بۆیه‌ بێده‌نگ بووم و ته‌نها وتم ئێمه‌ سێ كه‌سین به‌م شێوه‌یه‌ لێكۆلینه‌وه‌یان (تحقیق) له‌ گه‌لماندا كراوه‌ و به‌م شێوه‌یه‌ تاوانیانداوه‌ته‌ پاڵمان: من ئه‌حمه‌دره‌جه‌بم ــ شیوعی و، ئه‌م مامه‌یه‌ حسه‌ینی وسه‌ینی حسه‌ین ــ جه‌لالییه‌ و ئه‌مه‌ش حاجی محه‌مه‌دی كه‌ریمی زۆراب ـ پارتتیه‌ و، یه‌كێك وتی هاورێ به‌خیر بێت ومنی برده‌ ژووره‌كه‌ی خۆێ و بووین به‌ 8 كه‌س له‌و ژووره‌ بچوكه‌داو له‌ پاشان زانیم ناوی كه‌مال ئه‌مینه‌و قوتابییه‌ وله‌ پاشان بوو به‌ مامۆستا وڵه‌ كاتی ( موعامه‌لاتی سجنی سیاسی) هاوری كه‌مال له‌ پاش 51 ساڵ یه‌كێك له‌ شاهیده‌كانم بوو.
له‌ رۆژی دووه‌مدا بردمیان بۆ ئاسایش( ئه‌منی) سلێمانی و یه‌كسه‌ر بۆ ژووری ئازاردان و له‌ پاش دوو رۆژ گێرامیانه‌وه‌ بۆ ته‌وقیفخانه‌كه‌و، بۆ ماوه‌ی سێ چوار مانگ هاتووچۆیان پێئه‌كردین له‌ نێوان ئه‌منی سلێمانی و ئیستخباراتی عه‌سكه‌ری (سه‌ربازی) له‌ كه‌ركوك و له‌ كۆتاییدا له‌ سلێمانی حجز كراین و، له‌و ماوه‌یه‌دا هاوری كه‌مال ئازادكرابوو، هاورێیه‌ك خوی ناساندو وتی من ئه‌حمه‌د غه‌فورم وه‌ره‌ ژووره‌كه‌مان و روێشتم وله‌وی هاورێیه‌كی تر قوتابی ئاماده‌یی پیشه‌سازی سلیمانی به‌ ناوی فاتح فه‌ره‌ج ـ هاورییه‌كی هه‌ورامی بوو و سێ قۆڵی دامان كوتا و له‌ دوواییدا زانیم هاوری ئه‌حمه‌د غه‌فور به‌رپرسی حزبه‌ له‌ سلێمانی و، رۆژانه‌ هاوری ئه‌حمه‌د ئامۆژگاری ئه‌كردین و له‌ میانی قسه‌كردندا ئه‌یوت پێویسته‌ شیوعی ئاماده‌ بێت بۆ خۆ به‌ختكردن له‌ پێناو ئامانجه‌ پیرۆزه‌كانی گه‌ل و نیشتمان و هه‌موو كاتێك وره‌ی به‌رز بێت و بوێرانه‌ له‌ گه‌ڵ رژێمه‌ سه‌ركوتكه‌ركان و دوژمنان ره‌فتار بكات و، زۆر حه‌زی له‌ نوكته‌و قسه‌ی خۆش بوو له‌ گه‌ڵ فاتح گاڵته‌و گه‌پیان گه‌رم ئه‌كردو منیش سه‌رفرازانه‌ له‌ گه‌لیاندا كاتمان به‌سه‌ر ئه‌بردو، شایانی ئاماژه‌یه‌ فاتح فه‌رج له‌ پاش 51 ساڵ له‌ هه‌ورامانه‌و هاتیه‌ سلێمانی و یه‌كێكی تر بوو له‌ شاهیده‌كانم.
له‌ پاش سێ مانگ هاوری ئه‌حمه‌د غه‌فور ئازاد كراو من و فاتح ماینه‌وه‌. به‌ندیخانه‌ی سلێمانی پێنج شه‌ش شێتی لێبوو، كاك نوری وه‌شتی له‌ گه‌لیاندا گونجاو بوو، رۆژێكیان وتی من به‌رپرسی شێته‌كانم و ناهێڵم گاڵته‌یان پێبكرێت و، تاقمێكی هه‌رچی وپه‌رچی رۆژ تا ئێواره‌ گاڵته‌یان به‌و داماوانه‌ ئه‌كرد بۆ نموونه‌ یه‌كێكیان ناوی فارس بوو ئه‌یانهێناو له‌ سه‌ر لێواری دیوارێك دایان ئه‌ناو وبه‌ شه‌ق لێیان ئه‌دا ئه‌گه‌ر كه‌وته‌ خواره‌وه‌ هیچی ناوێت به‌ڵام ئه‌گه‌ر نه‌كه‌وت عانه‌یه‌كی بده‌نێ ( عانه‌ چوار فلس بوو) و، فارس گه‌نجێكی جوان و مه‌رد بوو له‌ گه‌ڵ له‌قه‌یان لێیئه‌دا كتوپر ئاواری ئه‌دایه‌وه‌و ئه‌یوت بێنه‌ عانه‌ و، به‌ پێچه‌وانه‌ی فارس كۆمه‌ڵیك سه‌رسه‌ری له‌وی بوون له‌قه‌یان له‌ گازه‌ره‌ی پشتی فارس ئه‌داو فارس وه‌ك پایه‌ وابوو له‌ شوێن خۆی جوڵه‌ی نه‌ئه‌كرد به‌ڵام به‌ گه‌له‌ كۆمه‌ك ئه‌یانخسته‌ خواره‌وه‌، ئه‌و تاقمه‌ شه‌وو رۆژ یاری كۆنكه‌نیان ئه‌كرد یان گاڵته‌ به‌ زیندانییه‌كانی تر.
رۆژێكیان یه‌كێك له‌ سه‌رسه‌رییه‌كان رووی له‌ من كردو جنێوێكی پیسی به‌ حزبی شیوعیداومنیش یه‌كسه‌ر به‌بی وه‌ستان بۆكسێكم كێشا به‌ناو ده‌میداو ویستم زیاتری لێبده‌م و، ئه‌وه‌نده‌م زانی له‌ هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ شه‌ق وبۆكسم بۆ یێت و، له‌و كاته‌دا كۆمه‌ڵێك جوتیاری دێی چه‌رمه‌گا له‌ گه‌ڵ فایه‌ق ئاغا له‌وی بوون و، گوێم له‌ كاك فایه‌قی حاجی شه‌ریف بوو وتی كورینه‌ هه‌ستن و، ئه‌وه‌ندم زانی ئێمه‌ سه‌ركه‌وتین و له‌و كاته‌دا عه‌ریف عه‌لی و عه‌ریف كازم له‌ گه‌ڵ كۆمه‌ڵیك پۆلیس هاتنه‌ حه‌وشه‌ی به‌ندیخانه‌كه‌ وله‌منیان پرسی چییه‌ و منیش وتم ئه‌مانه‌ به‌ كۆمه‌ڵ له‌ منیانداوه‌و هه‌ردوو عه‌ریفه‌كه‌ منیان خۆش ئه‌ویست به‌دار به‌ربوونه‌ گیانی سه‌رسه‌رییه‌كان و، منیان برد بۆ لای مفه‌وزی پۆلیس حه‌عفه‌رو كه‌ چوومه‌ ژووره‌وه‌ ره‌فێق چالاك له‌وی دانشتبوو جه‌عفه‌ر وتی دانیشه‌و روویكرده‌ ره‌فیق چالاك و به‌ عه‌ره‌بی وتی كمل حدیثك واته‌ ( قسه‌كه‌ت ته‌واوكه‌) و، چالاك وتی هیچم نییه‌و، رووی له‌ من كردوتی چۆن ئه‌و شه‌ره‌ روویداو منیش وتم : من له‌ حه‌وشه‌ی سجن پیاسه‌م ئه‌كردو وعمر به‌هاو هاته‌ نه‌نیشتم و جنێوی به‌ حزبی شیوعیداو منیش یه‌كسه‌ر بۆكسێكم بوێ هاویشت و به‌ر ده‌مووچاوی كه‌وت و خوێناوی بوو ویستم زیاتری لێبده‌م ئه‌ونده‌م زانی له‌ هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ شه‌ق و بۆكسم بۆ یێت و ئه‌وه‌ نه‌خشه‌ی بۆ دانرابوو، ره‌فیق چالاك به‌ مفه‌وه‌زی وت گوێت لێبوو، منیش به‌ جه‌عفه‌رم وت تۆ ئه‌زانی من له‌ سه‌ر شیوعییه‌ت گیراوم و دراوم به‌ المحكمه‌ العسكریه‌ الخاصه‌ ( دادگای سه‌ربازی تایبه‌تی) و ئه‌ڵێن ئه‌وه‌ی فیشه‌كێكی پێگیرا بێت له‌ سێداره‌ی ئه‌ده‌ن و، من كۆمه‌ڵێك تاوان دراوته‌پاڵم: رومانه‌و دوربین وپێداویستی سه‌ربازی و كۆمه‌ڵێك رۆژنامه‌و شتی ترو له‌ سێداره‌كه‌م مسۆگه‌ر كردووه‌و ئیتر بۆ له‌م بۆده‌ڵانه‌ بترسم ئه‌گه‌ر كاك فایه‌ق حاجی شه‌ریف و جوتیاره‌كان ناوژیان نه‌كردایه‌ منیان ئه‌كوشت و جه‌عفه‌ر وتی بعد ( ئیتر) منیش وتم ئه‌وه‌ ئیفاده‌ ( قسه‌ی منه‌) بۆیه‌ داواكارم به‌رێوه‌به‌رایه‌تی پۆلێس ئاگادار بكه‌ن و ره‌فیق چالاك وتی نا، با سوڵح بكه‌ێن و( ئاشتبینه‌وه‌) وتم به‌رێز جه‌عفه‌ر من سوڵحم ناوێت و ئه‌وانه‌ی ده‌ستیان هه‌بوو له‌و نه‌خشه‌ گڵاوه‌ به‌ پله‌ی سه‌ره‌كی ئه‌مانه‌ن : ره‌فیق چالاك ( دانه‌ری نه‌خشه‌)، عمر به‌هاو، غه‌ریبی ئه‌مینی بووك جه‌مالی داروغاو كۆمه‌ڵێكی تر ناوه‌كانیان نازانم و، ره‌فیق چالاك زۆر هه‌وڵیدا به‌ڵام بێسوود بوو جه‌عفه‌ر ئێمه‌ی نارد بۆ به‌رێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیس وله‌وی منیان بانگكردو هه‌رچیم لای جه‌عفه‌ر وت راشكاوانه‌و له‌وه‌ش زیاترم باسكردو ئه‌وانیش یه‌ك به‌ یه‌ك بانگكران و دیاره‌ هه‌ندێكیان له‌لایه‌ن پۆلیسه‌وه‌ ناسراو بوون و ئه‌فسه‌ره‌كه‌ی پۆلیس به‌ زله‌و قامچی و دارحه‌یزه‌ران به‌ربووه‌ گیانیان و تفی كرده‌ ناوچاوانیان و، ئه‌م لێكۆڵینه‌وه‌و ئیفادانه‌ ( ئاخافتنی هه‌ردولا) ئه‌نێرین بۆ دادوه‌رو گه‌راینه‌وه‌ بۆ به‌ندیخانه‌ و جه‌عفه‌ر روویكرده‌ سه‌رسه‌رییه‌كان و وتی: هه‌ر جوله‌یه‌ك بكه‌ن به‌شه‌ق و دار سه‌رتان خوێناوی ئه‌كه‌م. تامردن پیاوه‌تی و مه‌ردایه‌تی و جوامێریی فایه‌قی حاجی شه‌ریف و جوتیاره‌كان له‌ بیرناكه‌م.
جارێكیان شه‌قاوه‌یه‌كی ( سه‌رسه‌ری) ئێسك قورسیان به‌ناوی عه‌لی مامه‌ له‌ به‌غداوه‌ نارد بۆ سلێمانی و هاوكات چوار مێرمنداڵی جوان له‌ به‌ندیخانه‌ بوون و عه‌لی مامه‌ ئه‌یویست لێیان نزێك بێته‌وه‌و كاری خراپه‌ ئه‌نجام بدات و، من و فاتح بووین به‌ ئێشكگر به‌ نۆره‌ چاودێریمان ئه‌كردو، عه‌لی مامه‌ له‌ ته‌وقیفخانه‌ی ( ته‌ویله‌كه‌ی) كه‌ركوك یه‌كمان گرته‌وه‌و له‌وی به‌ شیوعی و پارتی و جه‌لالی لێمانداو نووسینێكی تایبه‌تی ئه‌وێت.

19/5/2020

په‌راوێزه‌كان :
*خێزانێكی ناسراوی ده‌ربه‌ندیخان و، له‌م خێزاندا لاوێكی خوێن گه‌رم و ئازا وقاره‌مان به‌ ناوی { ره‌فیق حاجی حسه‌ێنكه‌ریمی زۆرات} شه‌هیدی حزبی شیوعییه‌.
**هاوری مه‌لا عه‌لی نامەیەکی بۆ ناردم لە گەڵ پسووڵەی گواستنەوەی محەمەد ناوێک ( رەیس عورەفا) لە کەتیبەی (٣٢) لە دەربەندیخان و، هه‌وڵ بده‌ له‌ گه‌ڵ هاورێیانی سه‌رباز رێكێانبخه‌ێت، ره‌یس عوره‌فا ده‌ركه‌وت چڵكاوخۆری رژێمه‌ و هه‌ڵه‌كه‌ له‌لایه‌ن هاوری مه‌ڵا بوو.
***هاوری عه‌ول كرێكاری { فه‌راشی } پۆلیسخان و به‌رێوه‌به‌ری ناحیه‌ بوو، له‌ خێزانێكی هه‌ژارو زه‌حمه‌تكیش وكاك حسه‌ینی بریپیچ له‌ شیوعییه‌ دێرینه‌كانه‌.
****خه‌ڵكێكی زۆر پیاوو مه‌ردی رۆژانی سه‌خت بوون و كه‌س باسیان ناكات و كاك خسه‌ینی حه‌مه‌ره‌ش یه‌كێك له‌ومه‌ردانه‌یه‌و ماڵیان له‌ سلیم پیرك چه‌پ و نزیكی جاده‌ی تونیله‌كه‌ی سه‌ره‌وه‌و ده‌ربه‌ندیخان بوو، به‌ریدو رۆژنامه‌و به‌یانی ئه‌هاته‌ ماڵیان و لێیان وه‌ۆئه‌گیراو چی بۆ ده‌ره‌وه‌ بوایه‌ له‌ لایه‌ن ئه‌و به‌رێ ئه‌كرا.
*****ته‌وقیفخانه‌ ( سجن الموقف) له‌ سه‌روی خه‌سته‌خانه‌ی سلیمانی بوو، ئێستا باغی دایكه‌، دێوارێكی به‌رزی هه‌بوو و برێتی بوو 7 ژوورو هۆڵ و حه‌وشه‌یه‌ك له‌ چاو به‌ندیخانه‌كانی جه‌له‌ولاو به‌غداو ته‌ویله‌خانه‌كه‌ی كه‌ركوك ته‌لاری شاهانه‌ بوو.
.




دانانی کازمی بۆ سەرۆک وەزیزران و ڕێڕەوی ڕاپەڕین لە عێراقدا

دوای چەند مانگ دەستکێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی لە سەرۆک وەزیزی، هێزە ئیسلامی و قەومیەکانی ئەم ڕژێمەی ئێستای عیراق گەیشتن بە دەستنیشانکردنی مستەفا کازمی، کەسێکی ناوجەرگەی ڕژێم و بەڕێوەبەری دەزگای سیخوڕی موخابەرات لە ٢٠١٦ەوە، تا ببێت بە سەرۆک وەزیرانی عێڕاق.
ڕاپەڕینی ئۆکتۆبەر لە ڕێڕەوی کاروانە شۆڕشگێرانەکەیدا ڕووەو ڕوخاندنی تەواوی ئەم ڕژێمە حکومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی ڕوخاند، بەڵام ئامانجەکەی ئەوە نەبوو بیگۆڕێت بە حکومەتێک کە بەڕێوەبەری دەزگا سیخوڕیە موخابەراتیەکەی هەر ئەم ڕژێمە سەرۆکایەتی بکات، کە خۆی داواکراوە لە لایەن جەماوەرەوە بۆ لێکۆڵینەوە لەو تاوانانەی کە دەرحەق بە جەماوەری ڕاپەڕیوو ئەنجامداراوە.
کازمی بە کۆکبونی زوربەی هێزە ئیسلامی و قەومیەکانی ئەم ڕژێمەی ئێستا و حکومەتەکەیان و ڕێککەوتنی ئەمریکا و ئێران دانرا، وەک کەسێک کە حکومەتەکەی بەشێوەیەکی کاتی ڕزگارکەری ڕژێمەکەیانە و بەرژەوەندی و نفوزی هەریەک لە ئەمریکا و ئێرانیش لەبەرچاودەگرێت لەگەڵ “مافی” دەستێوەردانیشیان لە ڕێڕەوە سیاسیەکانی عێڕاق. ئەوەی کە تۆزێک تای تەرازوەکە لە قازانجی ئەمریکایە هیچ شتێک لەو هاوکێشە و کێشمەکێشانە ناگۆڕێت.
ئەرکی سیاسی بەپەلە و دەستبەجێی حکومەتەکەی کازمی ئەوەیە کە ڕۆڵی خۆی بگێڕێت وەک حکومەتێکی دژە شۆڕش بۆ خنکاندنی ڕاپەڕینی ئۆکتۆبەر و کردنەدەرەوەی ئەم توخمە شۆڕشگێریە لە هاوکێشەی هێزەکانی ئێستا لە عێڕاقدا. لەبەرئەوە گرینگی و بایەخی ئەم حکومەتە و هەروەها سودمەندیەکەی بۆ بورژوازی ناوخۆی عێڕاق و ناوچەکە و جیهانیش لە ئێستادا لەوەدایە کە بتوانێت ئەو ڕۆڵە بگێڕێ لە دژایەتی شۆڕش و لە هێنانەدی بارودۆخێکی سیاسی ئارام بۆ کەڵەکەی سەرمایە و هەرچی قایمترکردنی چەپۆکی سەرمایە و سەرمایەداری بەسەر ژیان و چارەنوسی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و بێبەشاندا، وێڕای ڕۆڵگێڕانیشی لە پارێزگاری لە ڕژێمی ئیسلامی و قەومی پشکپشکێنە و ڕاگرتنی ئەو هاوسەنگیە جیۆ-سیاسیەی کە لەئاردایە لە ناوچەکەدا. باقی پرۆژەی بەرنامە حکومیەکەی پاشکۆیەکی ئەم ئەرکانە و ئامڕازێکی تەواوکەرە لە خزمەتیاندا و لە باشترین حاڵەتدا بەڵێنی درۆینەی ڕیفۆرمی بێ ناوەڕۆکە وەک حکومەتەکانی پێشووتر.
هەروەک هەموو بۆنەیەکی تر سازشکاران و ڕیفۆڕمخوازانی سەر بە ڕژێم و هەتا ئەوانەشیان کە لەناو مەیدانەکانی ڕاپەڕیندان، ئەو هەلە دەقۆزنەوە کە ڕاگەیاندنی حکومەتەکەی کازمی بۆی هێناونەتە ئاراوە تا دەستبکەن بە تەپڵ لێدان بۆ لەگۆڕنانی دروشمی ڕاپەڕینەکە، کە ڕوخانی ڕژێمەکەیە و لەگەڵیشیا ئامانجەکانی ڕاپەڕین و خواستە سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیەکانیش پوچەڵ بکەنەوە. ئەمە و سەدرییەکان و ئیسلامیەکانی هاوشێوەشیان، ئەم هەلەیان قۆزتەوە تا لێدوان بدەن کە “مۆڵەت” دەدەن بە کازمی بەناوی ڕاپەڕین و ماسکی ڕاپەڕینەوە، ئەوەش لە بنەڕەتدا بۆ لەباربردنی ڕاپەڕینەکە و مسۆگەرکردنی دڵنیایی بۆ خۆیان و حکومەتەکەی کازمی.
ئەو ئەرکە بنەرەتیەی کە ڕاپەرینی ئۆکتۆبەر هەنگاوی بۆ هەڵێنایەوە بە دروشمە سەرەکیەکەیەوە، کە ئێستاش هەر ئەو دروشمەیە، بریتی بوو لە هەڵپێچانی سەرتاپای ئەم ڕژێمە سیاسیە. چونکە ملیۆنان لە کرێکار و زەحمەتکێش، لە لاوان و ژنان و خوێندکاران، بە ئەزموونی کردەیی و خەباتی جەماوەری چەندین ساڵەی دورودرێژی خۆیان گەیشتنە ئەو بڕوایەی کە ئەم ڕژێمە چاکسازی هەڵناگرێ، بۆیە ئەو جەماوەرە بە بەرزکردنەوەی دروشمی ڕوخانی ڕژێمەوە لە ئۆکتۆبەری ٢٠١٩دا ڕاپەڕین، کە لە ماوەی حەوت مانگیش لە ڕووبەڕووبونەوەدا سەدان کەس لە کچان و کوڕانی ڕاپەڕیوو گیانیان بەخشی و دەیان هەزاریشیان بریندارکران و گیران و ژمارەیەکی زۆریشیان فڕێنران.
پەتای کوڕۆنا و لێکەوتەکانی کەرەنتینە و وەستاندنی چالاکیە ئابوریەکان، قورساییەکی کەمەرشکێنیان خستەسەر ژیان و گوزەرانی ملیۆنان کرێکار و زەحمەتکێش و لاوانێکی کچ و کوڕ کە پێشوەخت بەدەست هەژاری و بێکاریەوە دەیانناڵاند و ڕووبەڕووی ئایندەیەکی نادیاربوون. هەرچەندە بڵاوبونەوەی ئەم پەتای کوڕۆنایە یارمەتی ڕژێمیدا کە هەناسەیەکی بەبەردا بێتەوە، بەڵام ئاڵۆزکاوبونی قەیرانی سیاسی ڕژێم و توندوتیژبونەوەی کێشمەکێشی بەردەوامی ئێران و ئەمریکا و بەردەوامبونی ڕاپەڕین و پەرەداربوونی توڕەیی جەماوەر، هەموو ئەمانە داوێنی قەیرانی سیاسی و کۆمەڵایەتیان لە عێڕاقدا بەربڵاوکردوە و پێگە کۆمەڵایەتیەکەیشی بەرینکردوە.
هێزی چینایەتی و کۆمەڵایەتی کرێکار و زەحمەتکێش کە بزوێنەری هێنانەدی ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانەی کۆمەڵگەیە، لەناوجەرگەی ئەم بارودۆخەدا تا دێ پەرەدەستێنێ، گەشە دەکات و دەبێتە بەهێزبوونی سەرلەنوێی ڕاپەڕینەکە و سایە دەخاتەسەری.
ڕاپەرێنی ئۆکتۆبەر سیمای ژیانی سیاسی لە عێراقدا گۆڕی. کەس ناتوانێ بە ئاسانی بیگەڕێنێتەوە دۆخی پێشووتری. ئەم ڕاپەڕینە تەختوتاراجی ئیسلامی سیاسی و پایەکانی نفوزی ئایدیۆلۆژی بەسەر جەماوەرەوە وەلەرەزەهێنا. ژنان ڕۆڵێکی بەرچاو و تایبەتیان هەبوو، قوتابیانیش بەهەمان شێوە ڕۆلێکی چالاک و کاریگەریان هەبوو. هەروەها ڕاپەڕین گورزێکی گورچوبڕیشی لە تائیفەگەری سرەواند و جەماوەری ڕاپەڕیووی کردە هێزێکی سیاسی لە مەیداندا. بەڵام هەموو ئەم دەسکەوتانە ناتوانن پایەدار و بەردەوام بن بەبێ زاڵبوون بەسەر خاڵە سەرەکیە لاوازەکانی ڕاپەڕیندا. ئەمەش پێش هەموو شتێک واتا پشتبەستنێکی بەهێز بە خەباتی چینایەتی کرێکاران و زەحمەتکێشان و لاوانی بێکار لەسەر ئاستی کۆمەڵگە و لەناو خودی ڕاپەڕین و بەگرتنەبەری ئاسۆی فکری و سیاسی سۆشیالیستیشەوە بۆ ئەو خەباتە.
ئەرکی بنەڕەتی سۆشیالیستەکان و شۆڕشگێڕەکان لە پەیوەند بە ڕاپەڕینەوە، بەهێزکردنی و زاڵبونە بەسەر خاڵە لاوازە سیاسی و ڕێکخراوەیی و فکریەکانیدا، ئەویش لە جێگەوڕێگەی کرێکاران و زەحمەتکێشان و هەژارکراوەکان و خەباتی ڕزگاریخوازانەیانەوە.
پاش ئەزمونێکی حەوت مانگە لە بەردەوامی ڕاپەڕینەکە و ئەو ئاستەنگیانەش کە ئێستا ڕووبەڕووی دەبێتەوە لەلایەن هێزەکانی دژە شۆڕش و حکومەتە نوێکەیەوە، ئەرکی ڕێکخراوکردنی هێزەکانی ڕاپەڕین و پێکهێنانی شۆرا شۆڕشگێرییە جەماوەرییەکانی لەهەر کات زیاتر پێویست کردوە. ئەمەش پەیوەندیەکی توندوتۆڵی بەوەوە هەیە کە ڕەوتی سۆشیالیستی تا چەند سەرکەوتوو دەبێ لە یەکخستنی ڕیزەکانی خەباتی سەربەخۆی کرێکاران و زەحمەتکێشان و هەژارکراوان و چالاکردنی ڕۆڵی سیاسیان لە کۆمەڵگە و لە ڕاپەڕیندا.

ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێراقدا
١٣ی ئایاری ٢٠٢٠




دوو سەرنجی خێرا … نەوزاد بەندی

٭ یەکەم :
بۆ ئەوانەی کە بە بێ کارەبایی و تاریکی و ..بێ ئاوی ..و شەقامی داڕوخاو .. و موچەی دواخراو و ..پاشەکەوتکراو ، ڕازی و بێ دەنگ بوون و ..بێ دەنگن و ..بێ دەنگ دەبن ..
بۆ ئەوانەی بەرامبەر دزین و شوێنبزرکردنی ملیارەها دۆلار ، هیچ هەڵوێستیان نییە و ..وا خۆیان نیشان ئەدەن کە دوور و نزیک پەیوەندی بە ئەوانەوە نییە …ئەوانەی لە بەرامبەر فرۆشتنی نیشتمان و داهاتی نیشتمان و براکوژی و کاسەلێسیی بۆ دوژمنانی کوردستان ، بێ کاردانەوە و بێ دەنگ بوون ..
ئانتۆنی ڕابینز ، فەیلەسوفی هاوچەرخی ئەمەریکا ، ئەڵێت : هەموو شتێک لە زیاد بووندایە ، پێشکەوتن و دواکەوتنیش ..دادپەروەریی و دیکتاتۆریش ..باش بوون و خراپ بوونیش ..واتا کاتێ دەسەڵات خراپەیەکت لەگەڵتا دەکات و تۆ ڕازیت ، وا نەزانیت ئیتر واز دێنێ ، نەخێر ..سبەینێ خراپەیەکی گەورەترت لەگەڵدا دەکات ..چونکە لە ژیاندا شتێک نییە بە ناوی وەستان ، یان سەرکەوتن هەیە و یان ژێر کەوتن ..کاتێ بە سەرشۆڕی و نوشوستی ڕازی بوویت، ئەبێت ئیتر ببیت بەعەلاگەیەک بۆ هەڵگرتنی هەموو نوشوستی و سەرشۆڕییەکان ..
ئەگەر بە بێکارەبایی ڕازی نەبوویتایە ، شەڕی براکوژییان پێ نەدەکردیت .دەستت بە خوێنی براکەت سوور نەبووایە ، نەوتەکەتیان نەدەدزی ..کە نەوتەکەتیان دزی وبێ دەنگ بوویت ، ئە مجارەیان مانگیان لێ کردیت بە ٤٥ ڕۆژ و موچەی چەندین مانگیان بە ڕۆژی نیوەڕۆ خواردیت .. کە ئەوەیشت بۆ خۆت شەرعاند و لەبێدەنگیی بەردەوام بوویت، موچەکەتیان پاشەکەوت کرد و کردیان بە نیوە و چارەکە موچە ..کە ئەوەیشت قبوڵ کرد و ڕانەپەڕیت ، ئێستا ئیتر موچەکەتیان بە تەواوەتی بڕی و ..ئەڵێن ئەگەر خەریکە لە برسا بمریت،وەرە دەست بدە بە قورئانا کە خەریکە لە برسا ئەمریت ، ئەوسا سەبەتەیەک خواردنی سواڵت دەدەینێ .،کە بەمەیش ڕازی بوویت ، نازانم چی تریان بۆ ئامادەکردوویت ،بەس دڵنیام قورستر و ناشیرنترە …کەرامەت و کەسایەتیت ، زیاتر و زیاتر ئەکەوێتە ژێر پێڵاوەکانیانەوە .

٭ دووەم :
خۆتان بڕیار بدەن ئەمەی لێرە ئەگوزەرێت ، خۆپاراستنە لە پەتای کۆرۆنا یان بڵاوکردنەوەی جەهل و نەخوێندەواری و گەمژەییە ..
لە ووڵاتێکی وەک ئەڵمانیا کە سەدەها کەس بە ڤایرۆسی کۆرۆنا مردن ، لەگەڵ ئەوەی کە دەسەڵاتدارانی ئەوێندەر ڕێزێکی زۆری هاووڵاتیان لەلایە و ..هەموو مافێکیان پارێزراوە و ..لە ماوەی کارەنتینی شارەکاندا زۆرترین چاودێری و کۆمەکی دەوونی و دارایی کراون ، بەڵام بڕیاریان دا قوتابخانەکان لەسەر هەموو ئاستەکان بە ڕووی خوێندکاراندا بکرێنەوە ..
بەڵام لە لای خۆمان ، کە مرۆڤ هیچ مافێکی نیە و.. ڕۆژ بە ڕۆژیش لە مافە سەرەتاییەکانی وەک موچە و کار بێبەری و بێبەش دەکرێت..بە ملیارەها دۆلاری نەوت و گازی سروشتی ئەدزرێت و لە بانکەکانی ئەوروپا ئەپەستێنرێ .. لە ماوەی کارەنتینی شارەکاندا ، نەک یارمەتی دارایی و دەروونیی هاووڵاتیان نەدرا ، تەنانەت موچەکانیشیان بڕین و..کار گەشتە ئەوەی چەندەها پیاو و ژن لە ڕاگەیاندنەکاندا گریان و ..چەندین لاویش خۆیان کوشت .. دەسەڵات مێش میوانی نەبوو ، بێ شەرمانەیش جار لە وای جار ئەیووت موچەمان پێ نادرێ و ..کورسی دەسەڵاتیش چۆڵ ناکەین ..
سەرباری هەموو ئەو هەڵوێستە ناشیرین و بەربەریانەی دەسەڵاتێکی جاهیل و مافیا و بێ مۆراڵ بەرامبەر هاووڵاتیەکانی ، خواوڕاسان ڤایرۆسی کۆڤید ١٩ هیچ کاریگەریەکی ئەوتۆی لە کوردستان نەبوو ، کەسیشی نەکوشت …کەچی دەسەڵاتی ناشیرین و مرۆڤکوژ و ژیانکوژ ، دەرگای قوتابخانەکانی بە داخراویی هێشتۆتەوە..
ئایا تۆ بڵێی دەسەڵاتێکی کورد سووککەر و ..کورد قڕکەر و ..کورد بێهیواکەری وەک ئەم دەسەڵاتە ، لە دەسەڵاتی تێکنۆکراتی ئەڵمانیا دڵسۆزتر بێ ، لە کاتێکدا لەوێندەر کۆڤید کوشندە بوو ، لێرە هیچ کاریگەرییەکی نەبوو ؟
وەڵامەکەی بۆ خۆتان بەجێ دەهێڵم ..




به‌رده‌وامبوونی په‌راوێزخستن قه‌یرانی به‌ها. كێشه‌ی بنچینه‌یی ئینسان … سمكۆ محه‌مه‌د

له‌مانای زاراوه‌كه‌وه‌ ده‌ست پێده‌كه‌م كه‌ بۆچی په‌یوه‌ندیی به‌ په‌راوێزخستنه‌وه‌ هه‌یه‌، به‌ها به‌واتای قیم دێت به‌عه‌ره‌بی، وشه‌یه‌كی لاتینییه‌ به‌ بنه‌ما فه‌لسه‌فیه‌كه‌ی، له‌ریشه‌وه‌ له‌وشه‌ی بنه‌ما ره‌فتارییه‌كانه‌وه‌ هاتووه‌ كه‌ كۆمه‌ڵگه‌ وه‌كو پێوه‌ر كاری پێده‌كات، واته‌ به‌پێی ئه‌و ته‌رازووه‌ی بۆ دیارده‌ و شته‌كانی داناوه‌ و به‌وه‌ش ئینسان هه‌ڵده‌سه‌نگێنێ‌، هه‌ڵبه‌ت پێوه‌ره‌كه‌ش به‌پێی ئه‌و بنه‌مایانه‌ی كه‌ به‌هه‌ند وه‌رگیراون، یان به‌ لاگیری و یان به‌ عه‌قڵی كۆمه‌ڵ نوێنه‌رایه‌تی كراون، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ یان ئه‌وی تر په‌راوێزده‌خات و یان خۆی په‌راوێزده‌خات.
له‌نێوان به‌های ئینسانی و به‌های باڵا كه‌ چه‌ند پێناسه‌یه‌كی هه‌یه‌، شتێك نه‌ماوه‌ ناوی به‌های ئینسانی بێت، به‌ڵام كه‌ ده‌رده‌شه‌ له‌سه‌ر نموونه‌ی باڵای ئیدیۆلۆژییه‌كان ده‌كرێ‌، هێڵێكی سوور دیاری ده‌كرێت و وه‌كو موقه‌ده‌س ته‌ماشا ده‌كرێ‌، ئه‌مه‌ سه‌ره‌تای نه‌مانی به‌های ئینسانی یه‌، له‌به‌رامبه‌ردا سه‌رهه‌ڵدانی به‌هایه‌كی دیكه‌ی پیرۆز، چونكه‌ ئه‌م ئینسانه‌ درووستكراوه‌ی ئێستا به‌بێ‌ خوداوه‌ندی خۆی و به‌بێ‌ نموونه‌ی باڵای خۆی ناتوانێ‌ قسه‌ بكات و ناتوانێ‌ وڵامی پرسیاره‌كانی خودا و هه‌قیقه‌ت و چاكه‌كاری بداته‌وه‌ و له‌په‌نایدا بژی، ئه‌م دۆخه‌ درووستكراوه‌ كه‌ سه‌نته‌رێكی بۆ به‌ها داناوه‌، تاكو هه‌موو شته‌كانی تر ه‌ ئینسانیشه‌وه‌ له‌كه‌نار ئه‌ودا بووه‌ستن، هێزێكی باڵایه‌ كه‌ ته‌كنۆلۆژیایه‌ و بۆ نه‌هێشتنی ئیراده‌ و به‌هاری ئیراده‌گه‌رێتییه‌، بۆیه‌ ناتوانێ‌ ره‌خنه‌ی لێبگرێ‌، له‌باشترین حاڵه‌تیشدا كه‌ ره‌خنه‌ ده‌گرێت له‌ كواڵیتی ده‌یگرێ‌، نه‌ك له‌و هێزه‌ باڵایه‌ی كه‌ ئاراسته‌ی ده‌كات.
هه‌ڵبه‌ت وه‌كو باسم كرد له‌ده‌ره‌وه‌ی به‌های باڵا، شتێكی دیكه‌ی هاوچه‌رخ هه‌یه‌، ئه‌ویش ته‌كنۆلۆژیایه‌ كه‌ مه‌ودایه‌كی خسته‌ نێوان كێشه‌ و پێویستییه‌ دیاره‌كان، ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌هات كه‌ عه‌قلانییه‌ت گرینگی به‌م ستایڵه‌ به‌هایه‌دا، هه‌روه‌ها گرینگی ئه‌م گۆڕانه‌ش به‌ پله‌یه‌ك كه‌ نه‌یهێشت و دژی هه‌موو ئاڵۆگۆڕێكی ریشه‌یی بووه‌وه‌ كه‌ دواجار ئاراسته‌شی گۆڕی، ئه‌م دۆخه‌ كارێكی كرد كه‌ ئه‌م چه‌رخه‌ی ئێستا داوا بكات بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ تواناكانی ئینسان به‌ سرووشتی خۆی، به‌ڵام به‌ كه‌ره‌سته‌گه‌لێك كه‌ دیسان به‌رهه‌می ته‌كنۆلۆژیا و عه‌قلانیه‌ت بوو، رێگه‌ی نه‌داو نموونه‌یه‌كی دیكه‌ی باڵای ته‌كنۆلۆژی خوڵقاند، بۆیه‌ سه‌ره‌نجام ئه‌و به‌هایانه‌ی نه‌هێشت كه‌ ئینسان وه‌كو مه‌رجی ژیانی شایسته‌ ته‌ماشای ده‌كرد، سه‌ره‌نجام په‌راوێزخستنی هه‌ر نه‌ته‌وه‌ و كولتوور و رۆشنبیرییه‌ك له‌ئه‌نجامی نه‌هێشتنی ئه‌و به‌هایانه‌وه‌ سه‌ریهه‌ڵدا.
تاكو ئه‌وكاته‌ی ئینسان نه‌بووبوو به‌ سه‌نته‌ری ده‌سه‌ڵات له‌سه‌ر زه‌وی و خۆی لێنه‌گۆڕابوو، به‌شێك له‌و به‌هایانه‌ مابوون كه‌ دڵنه‌واییان ده‌دایه‌وه‌، یان وڵامێك بوون بۆ قه‌یرانه‌ سرووشتی و ناسرووشتیه‌كان، دواتر كه‌وته‌ ئه‌و شوێنه‌وه‌ كه‌ گوایه‌ هۆشیاری ئامانجه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌یه‌ بۆ به‌سه‌نته‌ر بوونی، به‌ڵام ده‌ركه‌وت كه‌ جوانكردنی هۆشیاری له‌گه‌ڵ خودی هۆشیاری موزه‌یه‌ف جیاوازی هه‌یه‌، به‌و مانایه‌ی كه‌ ویژدانێك بخوڵقێنێ‌ به‌خته‌وه‌ر بوو به‌و یه‌كسانیه‌ی كۆمه‌ڵگه‌كان كه‌ تائێستاش به‌خۆیه‌وه‌ نه‌یبینیوه‌، ئه‌مه‌ش له‌ پێناو بزركردنی خودی هۆشیاری بوو كه‌ به‌مانا فراوانه‌كه‌ی نه‌مانی به‌هابوو، له‌به‌رامبه‌ریشدا ناوهێنانی بۆ سه‌رهه‌ڵدانی به‌دیارخستنی فكر و وجوود و هه‌لپه‌رستی خودی بوو، ئه‌مه‌ش وای كرد كه‌ نێوانگیرییه‌كان له‌نێوان شعور و بێ‌ شعووری به‌رده‌وام نه‌مێنێ‌”. هربرت ماركوز. الانسان ژو البعد الواحد. ترجمه‌. جورج گرابیشی. دار الاداب ل112. ئه‌مه‌ش ویژدانی له‌ ماندووبوون و مه‌ترسییه‌كان دوورخسته‌وه‌، هه‌روه‌ها رۆشنبیری گه‌لانیشی هه‌ڵمژی كه‌ بووه‌ هۆی هه‌ژاری و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ كۆمه‌ڵگه‌ی پیشه‌سازی بێ‌ پیشه‌یی سرووشتی كه‌ ئه‌مه‌ به‌ لوغزی هه‌وڵه‌كه‌ داده‌نرێ‌، ئه‌مه‌ په‌راوێزێكه‌ له‌و په‌راوێخستنه‌ی كه‌ ستراتیژ بوو نه‌ك ته‌كتیك.
نیچه‌ له‌ كتێبی ئاوابوونی بته‌كاندا ئه‌و ئیراده‌یه‌ دابه‌شی سه‌ر ره‌وشت و توانای هۆشیاری كرد، هه‌روه‌ها پێیوایه‌ نه‌خۆش و لێدراوه‌كان، “وه‌هنی به‌هایی بۆ نوێخوازی له‌ ره‌وشت و هونه‌ر و دین و زانست و مه‌عریفه‌دا هه‌یه‌، یان له‌ له‌نێوان تێكچوونی جه‌سته‌یی و ئه‌خلاقیدا هه‌یه‌، ئه‌مه‌ هیچ جیاوازییه‌كی نییه‌ له‌نێوان كه‌سێك ره‌وشتی نییه‌ و كه‌سێكی تر له‌رووی فیسیۆلۆژییه‌وه‌ كه‌مئه‌ندامه‌، ئه‌وه‌ش به‌سه‌ر چینه‌كاندا دابه‌شده‌كات، له‌كاتێكدا ئینسان هه‌وڵی ئه‌وه‌ ده‌دات كه‌ له‌هه‌موو رووداوێك مانایه‌ك یان ئه‌زموونێك بدۆزێته‌وه‌، كه‌چی ئه‌و مانایه‌ به‌هۆی نه‌بوونی ئیراده‌وه‌ نائاماده‌یه‌ و هیچ ئامانجێكی نییه‌، بۆیه‌ ئینسان به‌ته‌نها ده‌مێنێته‌وه‌ له‌و ژیانه‌ی كه‌ هیچ به‌هایه‌كی تیانییه‌، به‌رده‌وام بوونی جیهانیش به‌بێ‌ به‌ها و بێ‌ مانا و بێ‌ ئامانج، خراپترین حاڵه‌ته‌ له‌ نه‌بوونی به‌ها”. جمال مفرج. ازمه‌ القیم من المازق اخاقلاقیات الی جمالیات الوجود. دار العربیه‌ للعلوم الناشرون. منشورات الاختلاف ص44.
كه‌چی جیل دۆلۆز سه‌باره‌ت به‌نیچه‌ پێی وایه‌ ئیراده‌ی هێز له‌باڵاهاتن و به‌دوایه‌كداهاتنه‌ له‌ ره‌گه‌زی به‌رهه‌مهێنانی جیاوازی چه‌ندێتی و ره‌گه‌زی به‌رهه‌مهێنانی جیاوازی چۆنیه‌تی، له‌نێوان هه‌ردوكیاندا یه‌كێكیان باڵاده‌ست ده‌بێت و ئه‌ویتر ژێرده‌ست، به‌وپێیه‌ی كه‌ چالاكی هه‌ركامیان له‌نێوان ئه‌رێنی و نه‌رێنیدایه‌، هه‌ر له‌وێشدا دۆلۆز ئه‌وه‌ شیده‌كاته‌وه‌ كه‌ بۆچی ئه‌و پرسیارانه‌ به‌رده‌وام ده‌بن و یه‌كێكیان ده‌كات به‌چالاك و ئه‌ویتر ناچالاك. لێره‌وه‌ مانای به‌های نوێ‌ ره‌خنه‌ی لێده‌گیرێ‌، چونكه‌ زاراوه‌گه‌لی دادپه‌ره‌وه‌ی و ئیستاتیكا و چاكه‌كاری له‌باره‌ی بكه‌ری نوێیه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات، له‌كاتێكدا هیچ كام له‌و زاراوانه‌ به‌مانا به‌هایه‌كه‌ی كاری پێنه‌كراوه‌، بگره‌ قڵپ كراونه‌ته‌وه‌ و كۆتاییان به‌ هه‌قیقه‌تی به‌ره‌هه‌نده‌ ئیراده‌ییه‌كه‌ی هێناوه‌، ئه‌ویش ئه‌وكاته‌ ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ ئیراده‌ پوچ بۆته‌وه‌ و له‌بری ئیراده‌ قۆستنه‌وه‌ی هه‌لومه‌رجه‌كانه‌.
به‌ها شتێكی نه‌بینراوه‌ چ له‌لای كه‌سی خوێنه‌وار و چ له‌لای كه‌سی نه‌خوێنه‌وار، به‌ڵكو شتێكه‌ په‌یوه‌ندیی به‌ ئیدراكی هه‌سته‌كییه‌وه‌ هه‌یه‌، ئه‌گه‌ر كه‌سێك له‌هه‌ر پله‌و پایه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و ئایینی و هتد بێ‌، هه‌ست نه‌كات شته‌كان به‌هایان له‌ده‌ستچووه‌، هه‌ست ناكات ژیان چ ئاراسته‌یه‌كی وه‌رگرتووه‌ و چاره‌نووسی ئینسان به‌ره‌و كوێ‌ مل ده‌نێ‌، بۆیه‌ كه‌ نه‌خۆش ده‌كه‌وێ‌ یان ده‌كه‌وێته‌ پله‌یه‌كی خوارتر له‌ ئابوری و ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی و هه‌ست ده‌كات مافی خوراوه‌، ئه‌وكات هه‌ست ده‌كات ئینسان دووچاری نه‌خۆشی بووه‌ به‌له‌ده‌ستدانی به‌ها بۆ شته‌كان و نه‌ریتی ئینسانی. ئه‌مه‌ له‌ قۆناغه‌كانی رابردووی مێژووش دووباره‌ بۆته‌وه‌ و ئه‌زموون كراوه‌، به‌ڵام ئه‌زموونه‌كه‌ جیاوازیی هه‌یه‌ “فه‌لسه‌فه‌ له‌سه‌رده‌می رۆشنگه‌ریدا له‌ رۆژئاوا، رقێكی هێنایه‌ كایه‌وه‌ كه‌ بانگه‌وازی بۆ ده‌كرد له‌رێگه‌ی دژه‌ سیستمی كه‌نیساوه‌، ئه‌و جه‌نگه‌ی له‌نێوان بانگه‌شه‌ی ئازادی و تاكگه‌رایی و مه‌زهه‌ب و شوناس، تائێستا كه‌ 200 ساڵه‌ به‌رده‌وامی هه‌یه‌، ئه‌م فه‌لسه‌فه‌یه‌ پێیوایه‌ هه‌موو ئینسانێك له‌ته‌واوی دونیا ئایین په‌روه‌ره‌، بۆیه‌ ئینسان ده‌توانێ‌ سه‌ربه‌خۆیی خۆی رابگه‌ێنێت له‌ ئایین، هه‌روه‌ها به‌ته‌نها بژی، به‌ڵام پێچه‌وانه‌كه‌ی راست بوو، چونكه‌ ئه‌وه‌ی ئینسانی ترساند (ئایین و نه‌ریتی ئایینی) بوو له‌ناو سه‌نته‌ری ئایینه‌كاندا هه‌م له‌ په‌رستاگاكان و هه‌م له‌نێو كۆمه‌ڵگه‌ خۆی كه‌ گوتاری ئایین به‌سه‌ریدا زاڵ بوو،، هه‌روه‌ها له‌هه‌موو كارو كرده‌وه‌كانی رۆژانه‌ ره‌نگیدابۆوه‌، جیاوازی بچینه‌یی نێوان تیۆری رۆشنگه‌ری و تیۆری ئوسوڵی له‌ دونیادا، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ یه‌كه‌میان جه‌خت له‌ هاوبه‌شی ده‌كات له‌نێوان هه‌موو به‌شه‌رییه‌تدا، هه‌روه‌ها تاكو به‌رقه‌رار بوونی یاسا و ده‌ستوور تاكو ئه‌رك و ماف دیاری ده‌كات، ئینسانیش به‌گشتی به‌بێ‌ له‌به‌رچاوگرتنی ره‌گه‌ز و نه‌ژاد و زمان و ره‌نگ و چین و هتد بێ‌ منه‌ت ده‌بێ‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و سه‌نته‌ره‌ ئایینایانه‌، هه‌روه‌ها ئه‌ویتر جه‌ختی له‌سه‌ر تایبه‌تمه‌ندێتی ره‌سه‌نایه‌تی و ئایینی و زمانه‌وانی و هتد ده‌كات، بۆ ئه‌وه‌ی كێشه‌ مه‌زهه‌بی و ئایینی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كان به‌رده‌وام بن” حسن العودات. النهچه‌ و الحداپه‌، بین الارتباك و الاخفاق. دار الساقی. بیروت لندن. سنه‌ 2011. ص51. ئه‌مه‌ش به‌پێی قسه‌ی داریوش شایگان بێ‌ ( به‌های رۆشنگه‌ری بۆخۆی به‌هایه‌كی كه‌ونییه‌، ناتوانێ‌ له‌ نێو مافه‌ ئیسلامییه‌كان و مافه‌كانی هیندۆسییه‌كان و مافه‌ كۆنفۆشیه‌كان هه‌بێ‌، به‌ڵكو له‌ نێو مافه‌ كه‌ونییه‌كاندا هه‌یه‌، مافیش به‌سه‌ر هه‌مو ئینسانێكدا پراكتیك ده‌بێ‌ له‌هه‌ر شوێنێك بێ‌، بۆیه‌ ئه‌مه‌ نه‌یتوانێ‌ تایبه‌تمه‌ندێتی رۆشنبیری و هۆشیاری ئه‌وانی تر، بۆ نموونه‌ گواستنه‌وه‌ی ئاسی بوون، بۆ به‌ ئوسوڵی بوون و توندڕه‌وی، كه‌واته‌ با رۆشنگه‌ری هه‌ر له‌و بڕوایه‌دا بووبێت كه‌ ئینسان جه‌وهه‌ری دونیایه‌ و سه‌نته‌ری درووستكه‌ری چاره‌نووسه‌، به‌ڵام ده‌ركه‌وت كه‌ هه‌ڵچوونه‌كانی هێزێكی ترسناكتره‌ له‌ تۆفان و توڕه‌بوونی سرووشت، بۆیه‌ لێره‌دا ئینسان نازانێ‌ چاره‌نووسی خۆی بپارێزێ‌، كاتێك كه‌ له‌ژێر كاریگه‌ری ئایین و كولتوور توڕه‌ ده‌بێ‌، ئه‌وه‌ی كه‌ ئێستا ده‌بینرێت و هه‌ستی پێده‌كرێ‌ له‌ ئاستی سیاسی و ئابوری و ته‌ندروستیدا له‌هه‌موو جیهان، ئه‌و جیاوازیه‌یه‌ كه‌ نه‌یتوانێ‌ ئینسان به‌یه‌ك ئاراسته‌دا ببات، ئه‌مه‌ ترۆپكی بابه‌تی پشتگوێ‌ خستنی به‌هایه‌ له‌لای ئینسان، هه‌ر ئه‌م پشتگوێ‌ خستنه‌ش بوو رێگه‌ی له‌وه‌گرت خۆی خۆی په‌راوێز بخات.




چیرۆکی “هەوڵەکانی” ئەمەریکا، ڕوسیا و فەرەنسا بۆ یەکخستنی کورد … فەردا چەتین


لە تورکیەوە: نەجیبە قەرەداغی

هەفتەی ڕابردوو بەشی تورکی رۆژنامەی ئیندیپێندنت هەوالێکی بەناونیشانی ” هەوڵی سێ دەوڵەت بۆ یەکخستنی کوردەکانی سوریا ئەنجامی لێکەوتەوە، پەیەدە و ئەنەکەسە ڕێکەوتن” بڵاو کردەوە. هەواڵی ” هەوڵی یەکخستنی کورد “ی ئەمەریکا، فەرەنسا و ڕوسیا لە خودی هەواڵەکە گرنگتر بوو.
ئەگەر ڕوسیا لەناو مەسەلەیەکەیدا ئەوەیە ئێمە نازانین ‘هەوڵ’ەکانی چیە لە کۆکردنەوەی پەیەدە و ئەنەکەسە. هەرچی ئەمەریکایە، لە کۆبونەوەکانی جنێف دا لە ٣٠ حوزەیرانی ٢٠١٢ ەوە تا دوایین کۆبونەوە کە هەشتەمین بوو، یەک سیاسەتی پەیڕەو کرد، ئەویش بانگ نەکردنی پەیەدە بۆ کۆبونەوەکان.
بەپێی لێدوانی کاربەدەستانی پەیەدە گوایە؛ ” تورکیا ئالۆزی دروستدەکات، ئەگەر ڕێ لە ئەنەکەسە بکەنەوە ئەوە رێی پەیەدە لەسەر کۆبونەوەکان دەکرێتەوە”. بانگی پەیەدە ناکەن بۆ کۆبونە فەرمیەکان بەڵام بژاریان لۆبی ناو ئوتێلەکان و دیداری ‘ نزیک’ و ‘ سەمیمی ‘ ی کونجی ژوورەکانە.
لەسەردانی نوێنەرانی ئەمەریکا بۆ رۆژاڤا هەوڵی ڕازیکردنی کاربەدەستانی پەیەدە دەدەن بۆ شەراکەتی ئەنەکەسە، بۆ هەمان مەبەست نوێنەرانی رۆژئاڤا لە فەرەنسا بانگی کۆشکی ئەلیزێ دەکرێن و لەسەر یەک هەوڵ دەدەن.
لە نیسانی ٢٠١١ ەوە کاتی شەڕی ناوخۆیی لە سوریا کەوتەوە، کوردەکان لە ڕۆژئاڤا هەوڵی بونیادنانی هێزێکی خۆپاراستن و بەڕێوەبەریەکی خۆسەر دەدەن. لە سەرەتای ٢٠١٤ ەوە خۆسەری کانتۆکانی عەفرین، کۆبانێ و جەزیرەیان ڕاگەیاند. داعش لە ساڵی ٢٠١٤ دا داعش دوای داگیرکردنی بەشێکی زۆر لە خاکی سوریا و عێراق، ئەمجارەیان پەلاماری کۆبانێ دا و کوردەکان لەوێ کەوتنە شەڕێکی گەورەی پاراستنەوە. لە سەرێکانی داعش یەکەمین زەبری لە کۆبانێوە بەرکەوت و بەزێنرا.
لە ‘هێزەکانی کوالیسیۆن’ی ٤٠ وڵاتی جیهان نێودەڵەتی بە ئەمەریکا ، ڕوسیا و فەرەنساوە بۆ شەڕی داعش کوردەکانی رۆژئاڤا بەشێک بوون لەو کوالیسیۆنەی کە لەناو جەرگەی شەڕی دژ بە داعش دا بوو لە ڕۆژاڤا و باکوری سوریا. ئەمەریکا، ڕوسیا و فەرەنسا ( یەکێتی ئەوروپا ) ستایشی پەیەدە، یەپەگە و یەپەژەیان کرد بۆ ئەو سیستەمەی کە رۆژئاڤا دایانمەزراندووە. هەمان کوالیسیۆن خۆشحاڵی خۆیان دەردەبڕی و ئاماژەیان بە ماف وئازادیەکان دەکرد بۆ کورد.
لەو قۆناغەدا دەولەتی تورکیا پشتگیری لە چەتەکانی سەر بە گروپەکانی وەک داعش، ئەلنوسرا، تەحریر ئەلشام و هێزەکانی سوریای ئازاد دەکرد لە سوریا کە تەنیا جلەکانیان دەگۆڕان و هەموو سەر بە ئەلقاعیدەن. لەوەدا هیچ جێی گومان نیە کە شەڕی دەوڵەتی تورک لە لایەن ئەو گروپانەی ئەلقاعیدەوە بەوەکاڵەت لەبەرامبەر رۆژئاڤا دەکرا.
لە کۆبونەوەی ١٦ حوزەیرانی ٢٠١٤ ی ئەنجومەنی وەزیرانی تورکیا ئەلنوسرای لە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستەکان دەرهێنا. بڕیارەکە لە ١٨ ی حوزەیرانی ٢٠١٤ لە ڕۆژنامەی فەرمی ئەو ولاتەدا بلاوکرایەوە. بەڵام لە کۆبونەوەیەکی ڕۆژنامەوانی ٢ ی کانونی یەکەمی ٢٠١٥ وەزارەتی بەرگری ڕوسیا ، پەیوەندی نێوان داعش و تورکیا بەنیشاندانی دیمەنی تۆمارکراو بەڕێی رەسەدی سەتەلایت، نیشاندا. لە لێدوانەکەدا هاتبوو کە ئەرۆدغان و بنەماڵەکەی بەڕێی چەتەکانی داعش بەڕێی قاچاخ نەوت لە عێراق و سوریا دەبەن.
ئەوەش دیمەنەکانە
(https://www.youtube.com/watch?v=H3nbDsYNTwM)
وێرای کراوەیی دۆخەکە لەو ئاستەشدا، دەوڵەتی تورک بەشێوەیەکی سیستەماتیک و یەک لە دوای ڕایدەگەیاند کە عەفرین داگیر دەکات و دواتر بەرەو رۆژهەلاتی فرات دەچێت. کوردەکان لە ڕۆژئاوای فرات لەگەڵ ڕوسیا و لە رۆژهەلاتی فراتیش لەگەڵ ئەمریکیەکاندا لە شەراکەت و پەیوەندیەکی ‘ باش’ دا بوون.
‘ یەکێتی نەتەوەیی’ بۆ کورد دەوێت؟
بەدرێژایی ئەو قۆناغە، ئەو پێکهاتەیەی کە ناوی ئەنەکەسەیە، لە ئەستەمبول و ئورفا بەبەردەوامی لەگەڵ ئەرکدارانی دەزگای موخابەراتی تورک- میت کۆدەبونەوە و بەکراوەییش لێدوانی چاپەمەنیان دەدا. لە بەرلین و ستۆکهۆڵمیش خۆپیشاندانیان ئەنجام دەدا و داوای ئەوەیان دەکرد کە پەیەدە بخرێتە لیستی تیرۆرەوە و بەوەش پشتگیریان لە دەولەتی تورکیا وەردەگرت.
ئەمەریکا و فەرەنسا و ڕوسیا کە بەردەوام بە پەیەدە دەڵێن ” لەگەل ئەنەکەسە ڕێکەون” هۆکارەکەی هیەرچێیەک بێت، بێزار نین لەو سیاسەتەی ئەنەکەسە بەڕێوەی دەبات، بانگەوازیان لێدەکەن کە ” پەیوەندیەکانتان لەگەل تورکیا ببڕن، کار لەدژی پەیەدە مەکەن”.
بەڵام، لەکاتێکدا کە ئەو پەرەسەندنانە لەئارادابوون، ١٨ ی کانوونی دووەمی ٢٠١٨ ڕوسیا هێزەکانی لە سنوری تورکیا-عەفرین کێشایەوە. دواتر ئاسمانی سوریای بۆ فرۆکەکانی تورکیا کردەوە. تورکیا-چەتەکانی داعش عەفرینیان داگیر کرد. هەرچی ئەمەریکایە ڕایگەیاند کە ” لەبەرئەوەی عەفرین لە رۆژهەلاتی فراتە توانین هیچ بکەین”.

ئەمەریکا هەمان گەمەی لە ڕۆژهەڵاتی فراتیش کرد
لە تەموز و ئابی ٢٠١٩ دا نوێنەری ئەمریکا لە کاروباری سوریا جیمس جیفری دەستی بە جموجوڵێکی چڕوپڕ کرد لەگەڵ ئیدارەی رۆژئاڤا. لە ژێر ناوی بەربەستکردنی فشارەکانی تورکیا ئەو هێزانەی یەپەگە ، یەپەژە و قسد – یان ناچار کرد کە لە سەر هێلی سنور بوون بەچەکی قورسەوە بۆ ١٥ کم بۆ ناوخۆی رۆژئاڤا بکێشنەوە و هەموو سەنگەر، خەندەقەکانیان پێ تێکدان، دواتر بەڕێی ڕاگەیاندن نیشانیان دەدا کە هێزی ئەمەریکی و کوردی پێکەوە دەورییە لە ناوچانە دابین دەکەن. ئەو لێدوانانە لە سەرەتای تشرینی ٢٠١٩ دا بوو.
ئیدارەی ئەمەریکا لە لێدوانێکی نوێی دا لە ٧ ی هەمان مانگدا ڕایگەیاند کە هێزە سەربازییەکانیان لە سوریا و رۆژئاڤا دەکشێنەوە. دواتر، سەرۆکی ئەمەریکا ترمپیش ڕایگەیاند ” تورکیا سنورەکانی ناپارێزێت ، ئەوە دوو سەد ساڵە کورد و تورک شەڕ دەکەن، ئەو شەڕە پەیوەندی بەوانەوە نیە”.
لە ٩ ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ یشەوە ئاسمان و زەمینی ڕۆژهەلاتی فرات بۆ دەوڵەتی تورک کرایەوە. چەتەکانی داعش و سوپای تورک سەرێکانی و گرێ سپیان داگیرکرد، جەمیس جیفری نوێنەری ئەمەریکا بێئابڕوانە گووتی کە گوایە ئاگایی لەو شتانە نیە کە ڕوودەدات، شتێک نیە کە لە بەرامبەر دەوڵەتی تورک و چەتەکانی داعش بیکەن.
مایەی تێگەیشتنە کە مەسەلەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە ڕۆژئاڤا و سوریا فێلێکی ڕووت و سادە بوو و دوای داگیرکردنی ئەو دوو ناوچەیە لەلایەن تورکیا و چەتەکانەوە ڕوونتر بوویەوە. ئەمەریکا لەکاتێکدا کە بەبەرچاوی کامێراکانەوە لە عێراق هێزەکانی دەکێشایەوە، هەمان ئەو ڕۆژانە بەتاریکی شەو ، بەش -بەش هێزەکانیان بەکێشی لای بیرە پەترۆلەکانی دێرەزور دەکرد. دەکرێت بە چەند پرسێک لەوانەیە باشتر لە مەسەلەکە بگەین:
ئێستا، چی ڕوویدا، چۆن بوو لەکاتێکدا کە باس لە یەکخستنی کانتۆنەکانی عەفرین، کۆبانێ و جزیرە دەکرا، ئەمەریکا، روسیا و فەرەنسایەیەکی کە بژاریان داگیرکاری تورکیا-داعش بوو لەبەرامبەر رۆژژئاڤا هەر وا لە پڕ دەستیان بە ‘ هەوڵ ‘ ی یەکێتی نەتەوەیی کورد کرد؟
ئەو زهنیەتە چیە کە ئەو هەموو هەرێمانەی پێشکەش بە دەولەی تورک کرد کە گەلی کورد و پێکهاتەکانی تر بە بەهایەکی گەورەی ڕەنج و خوێن رزگاریان کردبوو ئێستا ویژدانیان جوڵاوە لە پێناوی ‘ یەکێتی نەتەوەیی’ کورد ؟

بۆچی لەگەڵ شاندی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان دانانیشن؟
لە باکوری کوردستان لە سەرەتای کانوونی یەکەمی ٢٠١٩ دا ١٠ ڕێکخستن و پارتی کوردی کۆبونەوە لە پێناوی سازکردنی یەکێتی نەتەوەیی دا. شاندێک لەو پێکهاتەیە چوونە باشور و چاویان بە نوێنەرانی پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتی نیشتمانی کوردستان و بزوتنەوە گۆران و پارتەکانی تر کەوت.
ئەو هەوڵەی(!) کە ئەمەریکا، فەرەنسا و ڕوسیا دەیدەن بۆ یەکخستنی کورد لەڕۆژئاڤا بۆچی کەمترین پەرۆشیان بۆ باکوری کوردستانیش نیە، بۆ پشتگیری لەو دەستپێشخەرییەی ئەوان ناکرێت؟ یەکخستنی پارتە کوردیەکان لە باکوری کوردستان ناکەوێتە چوارچێوەی یەکێتی نەتەوەییەوە؟ مەگەر ئەوەی لە باکوری کوردستان دەکرێت بۆ یەكێتی نەتەوەیی نیە؟
شاندی ئەمەریکا کە دەچنە ڕۆژئاڤا و پەیەدە و ئەنەکەسە کۆدەکەنەوە، بۆ هەمان هەوڵ لەنێوان پەکەکە، پدک، ینک و گۆران نادەن؟ فەرەنسا و ڕوسیا کە خۆشحاڵیان دەردەبڕن بە کۆکردنەوەی پەیەدە و ئەنەکەسە، بۆچی بۆ هەموو کوردستان دەرینابڕن؟
داخۆ لەژێر کۆنترۆڵێکی رەهای ئەمەریکا و ڕوسیا بەسەر سوریا و عێراقەوە و کردنەوەی ئاسمانەکەی بۆ تورکیا ، دەکرێت داوا لە یەكێتی نەتەوەیی بۆ کورد لە ڕۆژئاڤا بکرێت؟
لە هەموو کات و لە هەر جێیەکی دونیا، یەکێتی نەتەوەیی لەسەر خاکێکی ئازادکراو لە زەبری داگیرکەران و لە پێناوی دامەزراندنی ئیدارەیەکی ئازاد بووە. کە لەڕاستیدا یەكێتی نەتەوەیی لە دژی داگیرکەرانی ناوخۆیی و دەرەکی بووە. بەڵام ئەو یەکێتی نەتەوەییەیە کە ڕوسیا ، ئەمەریکا و فەرەنسا پەیەدە-ئەنەکەسە دەیانەوێ، داخۆ بۆ ئەوەیە کە کورد ببنە خاوەن پێگە و بۆ ئازادکردنە لە داگیرکەرییەی تورکیا؟
شاندێک بە سەرۆکایەتی، هاوسەرۆکی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان ک.ن.ک ئەحمەد قەرەموس بە ئامانجی پێکهاتنی یەکێتی نەتەوەیی لە ٨ ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٩ دا چووە باشوری کوردستان بە نوسراو و زارەکی داوای دیداری لە پارتی دیموکراتی کوردستان و مسعود بارزانی کردبوو بەڵام وەڵامیان نەدرایەوە. کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان بە ئامانجی پەرەدان بە یەکێتی نەتەوەیی دامەزرا و ٣٨ پارت، رێکخستن و دەزگا سیاسی و مەدەنی لە ژێر چەتریدا کۆکردۆتەوە. جگە لە پارتی لەگەڵ هەموو پارت و رێکخراوەکانی تر لە باشوری کوردستان لەسەر یەکێتی نەتەوەیی دیداریان ئەنجام دا.
لەکاتێکدا پارتی دیموکراتی کوردستان پشتگیری ” یەکێتی نەتەوەیی” نێوان پەیەدە و ئەنەکەسە دەکات بەلام بۆچی لەگەڵ شاندی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان کۆنابێتەوە؟ بۆچی پارتی دیموکراتی کوردستان یەکێتی نەتەوەیی لەگەڵ پارتەکانی تری رۆژئاڤای کوردستان ناوێت؟

ئامانج دابەشکردنی خۆسەری دیموکراتی رۆژئاڤایە
ئەو سێ دەوڵەتە، لە کاتێکدا کە پێشنیازی پەیوەندی و شەراکەت لە نێوان پارتی یەکێتی دیموکراتی پەیەدە و ئەنەکەسە دەکەن، داوای ئەوەی ناکەن کە ئەنەکەسە پەیوەندی لەگەڵ تورکیا ببڕێت یان نوسینگەکانی لە ڕوحا-ئورفا و ئەستەمبول داخات و بگەڕێنەوە رۆژئاڤا، ئامانجی ئەمەریکا دوورخستنەوەی پەیوەندی نێوان ئەنەکەسە و تورکیا نیە، بەڵکو لەڕێی ئەنەکەسەوە، بەکێشکردنی پەیەدەیەیە بۆ دۆخێک کە مایەی ڕەزامەندی پارتی دیموکراتی کوردستان و و تورکیا بێت. پەرۆشی نوێنەری ئەمەریکا بۆ کاروباری سوریا جیمس جیفری بۆ گەیشتن بەو ئامانجەیە. بۆ ئەوەش ئامانجی ئەمەریکا و فەرەنسا نزیککردنەوەی پەیەدە و ئەنەکەسە نیە، کۆتایی هێنان بەدۆخی دابەشبون و لەسەر بنەمای یەکێتی نەتەوەیی نیە، بەڵکو ئامانجی دابەشکردنی خۆسەری دیموکراتیە و ئەوەش لەسەر داوای تورکیا دەکەن.
ئەو شاندە تایبەتەی کە لە لایەن ئەمەریکا ، ڕوسیا و فەرەنسا دیدار ئەنجام دەدەن لەپێناو ‘ یەکێتی نەتەوەیی ‘ ڕۆژئاڤادا بۆ لەپێناوی ئاساییکردنەوەی پەیوەندی نێوان پەکەکە- پارتی دیموکراتی کوردستان هەمان کار ناکەن؟ لەکاتێکدا کە گوڕ بە کاروبارەکانی ‘ یەکێتی نەتەوەیی’ دراوە لە رۆژئاڤا ، هەلایسانی قەیرانی زینێ و وەرتێ بۆ گەمارۆدانی قەندیل لە لایەن دەوڵەتی تورکیا و پارتی دیموکراتی کوردستانەوە، مەگەر دەکرێت ئەمەریکا و روسیا و فەرەنسا لە پەرەسەندنە بێ ئاگا بن؟
بۆ پاکتاوکردنی پەکەکە دەوڵەتی تورک هەنگاو بە هەنگاو سەرقاڵی داگیرکردنی باشوری کوردستانە؛ لەسەر چیا و گردۆلەکەکان بنکەی نوێی سەربازی دروست دەکەن، بنکەی رادار بۆ گوێگرتن و چاودێری دادەمەزرێنن، بەڵام کاربەستێکی پارتی دیموکراتی کوردستان کاتێ دەڵێت ” پەکەکە با لە خاکی عێراق دەرچێت” و ” تورکیا هەر لەسەرەتاوە کێشەی لەگەڵ کوردی سوریا نەبووە کێشەی لەگەڵ پەکەکەیە” ، مەگەر دەکرێت بیر لە دروستییان بۆ مەسەلەی یەکێتی نەتەوەیی لە رۆژئاوای کوردستان بکرێتەوە؟
ئەمەریکا، ڕوسیا و فەرەنسایەکی کە عەفرین،سەرێکانی و گرێ سپیان ڕادەست بە تورکیا کرد، ڕێیان بۆ داگیرکاری باشوری کوردستان کردەوە، بوونە سەیرکەری بۆردومانکردنی کامپی مەخمور و شەنگال، داوایان بۆ نزیکردنەوەی پەیەدە و ئەنەکەسە نە لەگەڵ واقیع، ئەقڵ و لۆژیک نایەتەوە.
ئەو پیلانە نێونەتەوەییەی کە ئەمەریکا و روسیا سەرکێشی دەکەن لە ژێر ناوی ‘ یەکێتی نەتەوەیی’ لە ڕۆژئاڤا، پاکتاوکردنی پەکەکە لە باشوری کوردستان، ئەو پیلانەیە کە دەولەتی تورکیا و پارتی دیموکراتی کوردستان دەیانەوێ ئەنجامی بدەن.
بە ڕاستیش ئەمەریکا، روسیا و فەرەنسا یەکێتی نەتەوەیی نێوان کوردانی رۆژئاڤایان ناوێت، بەڵکو دەیانەوێ هەنگاو بە هەنگاو ئەو سیستەمی خۆسەرییە دیموکراتیەی کە نزیکەی ١٠ ساڵە دامەزراوە هەڵوەشێنن و مۆدێلێکی ئیدارەی دیکە بەهاوبەشی ئەنەکەسە دامەزرێنن. هەرگیز نەیاندەتوانی ئەو مۆدێلە بێ کورد یان بە دژایەتی کورد ئەنجام بدەن. بەڵکو ئێستا هەوڵ دەدەن کە ئەو پیلانە قێزەونە بە بەشێک لە کورد ئەنجام بدەن. بەهۆی ئەو هەڵوێستانەیان لە ماوەی ئەم دە سالەی دواییەدا هیچ هۆکارێکی لۆژیکی و ئەقلانی نیە وا لە کورد بکات کە باوەڕ بە ڕوسیا و ئەمەریکا بێنن، ئەوەی دیکەی وەهم و درۆیەکی گەورەیە بە بەرچاوی هەموو کەسێکەوە ئەنجام دەدرێت!

فەردا چەتین
لە تورکیەوە: نەجیبە قەرەداغی

—————————————————————-
سەرچاوە: ئۆزگویر پۆلیتیکا




له‌دوا شه‌ودا .. یه‌ك دوو قسه‌ … حه‌یده‌ر عه‌بدولڕه‌حمان

له‌ ده‌ستپێكی نمایشكردنی ئه‌لقه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی زنجیره‌ درامای (دوا شه‌و) ی ده‌رهێنه‌ر (كارۆخ ئیبراهیم) به‌رهه‌مه‌كه‌ زۆر به‌توندی كه‌وته‌به‌ر شالاوی ره‌خنه‌یه‌كی زۆری جه‌ماوه‌ریی، به‌ڵام زۆرینه‌ی ئه‌و ره‌خنانه‌، فۆرمێكی زانستیانه‌و لۆژیكییانه‌یان وه‌رنه‌گرتبوو، كه‌ تێیدا به‌رهه‌مه‌كه‌ شه‌ن وكه‌و بكرێ‌ و ده‌ست نیشانی كه‌مو كوڕییه‌كانی بكه‌ین و لایه‌نه‌ نه‌گه‌تیف و پۆزه‌تیلفه‌كانیشی له‌به‌رچاو بگرین.
له‌هه‌موو حاڵه‌تێكا پێویسته‌ ئه‌و به‌رهه‌مه‌ وه‌ك ئه‌زموونێك بخه‌ینه‌ ژێر توێژینه‌وه‌، ئه‌وه‌ له‌به‌رچاو بگرین كه‌ ئه‌و به‌رهه‌مه‌و زنجیره‌ درامای (به‌خته‌بارانه‌) ی نیاز له‌تیفیش له‌دایك بووی قۆناغێكی ترن له‌قۆناغه‌كانی درامای كوردی، دوای چه‌ندین ساڵ له‌غیابی درامای كوردی و ئه‌و چه‌قینه‌ درێژ خایه‌نه‌ له‌ دایك بوون، كه‌ بینه‌ر تێیدا دووچاری بێ‌ هیوایی ببوو.
بۆیه‌ پرسی سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی درامای كوردی بوو به‌زه‌روره‌، ده‌زگا میدیا كاره‌كانی خسته‌ به‌رده‌م به‌رپرسیاریه‌تێكی ئه‌خلاقی و نیشتمانی، كه‌ له‌بری كڕینی زنجیره‌ی بیانی و خه‌رجیه‌كانی دۆبلاژ كردن، هه‌وڵی به‌رهه‌م هێنانی زنجیره‌ درامای كوردی به‌ باشتر زانرا، به‌و هیوایه‌ی بتوانن ئه‌لته‌رناتیف بۆ زنجیره‌ درامای بیانی دابین بكه‌ن، له‌هه‌مان كاتیشدا بۆشایی غیابی درامای كوردیش پڕ كه‌نه‌وه‌و تینوویه‌تی بینه‌ری كوردیش بشكێنن.
ئه‌و دوو ده‌رهێنه‌ره‌ (كارۆخ ئیبراهیم) و (نیاز له‌تیف) چانسی وه‌رگرتنی ئه‌و ده‌رفه‌ته‌یان به‌ركه‌وت و كه‌وتنه‌ به‌رده‌م تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی سه‌خت، كه‌ چۆن بتوانن له‌و ده‌رفه‌ته‌دا دڵی جه‌ماوه‌ر له‌خۆیان رازی بكه‌ن و له‌ئاست ئه‌و متمانه‌یه‌ دابن كه‌ هه‌ردوو ده‌زگای كورد ماكس و ئاڤا به‌و دوو ده‌رهێنه‌ره‌یان به‌خشی .
به‌گوێره‌ی كارۆخ ئیبراهیم ـ ئه‌و ده‌رهێنه‌رێكی شانۆیی بووه‌ و له‌و بواره‌شدا جێگه‌ی متمانه‌ی هه‌واداره‌ شانۆییه‌كانی خۆی بووه‌، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌و هه‌لومه‌رجه‌ ساردو سڕو چه‌ق به‌ستووه‌ی شانۆی كوردی، بڕیاری ده‌ست هه‌ڵگرتنی له‌شانۆی كوردی دا، بۆ ئه‌وه‌ی كاری ده‌رهێنانی ته‌له‌فزیۆنی بكا.
بێگومان ئه‌و بڕیاره‌ش بڕیارێكی سه‌خت بوو ، چونكه‌ شانۆو ته‌له‌فزیۆن دوو دنیای لێك جودان، هه‌ر یه‌ك له‌وان ته‌مه‌نێك ئه‌زموونی ده‌وێ‌ تابتوانیت ئه‌ركێكی قورسی وه‌ك ده‌رهێنانی زنجیره‌یه‌كی 20 ئه‌لقه‌یی بگریته‌ ئه‌ستۆی خۆت، بۆیه‌ ئه‌و بڕیاره‌ بۆ ئه‌و سه‌ركێشیه‌كی سه‌خت بوو.
ئه‌و له‌ده‌ستپێكدا پشتی به‌چه‌ند بنه‌مایه‌ك به‌ست بۆ ئه‌وه‌ی له‌و سه‌ركێشیه‌دا سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست بێنێت

  1. هێنانی كاستێكی پرۆفیشنال له‌وێنه‌گرو هونه‌ركاره‌ توركییه‌كان بۆئه‌وه‌ی زامنی وێنه‌گرتنی دراماكه‌ی بۆ بكه‌ن، به‌وناوه‌ی وێنه‌گرتن ره‌گه‌زی بنه‌ڕه‌تی درامایه‌و زامنی به‌شێكی زۆری سه‌ركه‌وتنی دراماكه‌ی بۆ ده‌ كه‌ن .
  2. ئه‌نجام دانی گرێ‌ به‌ست له‌گه‌ڵ زۆرێك له‌هونه‌رمه‌نده‌ دیاره‌كانی كوردستان له‌سلێمانی و له‌ هه‌ولێر، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و ناوه‌ ناسراوو دیارانه‌ی بواری نواندن له‌كوردستاندا، هه‌م ببنه‌ فاكته‌رێكی ره‌ونه‌قداری میدیایی بۆ به‌رهه‌مه‌كه‌، هه‌میش له‌لایه‌نی نواندن له‌به‌رهه‌مه‌كه‌دا زامن كه‌ن .
  3. هێنانه‌ پێشه‌وه‌ی نوخبه‌یه‌ك له‌گه‌نجه‌ كوڕو كچه‌كان، له‌وانه‌ی توانای باشی نواندنیان هه‌یه‌ و هه‌ندێكی تریان روخساری سه‌رنج راكێشیان هه‌بوو، بۆ ره‌ونه‌ق داركردنی شاشه‌ .
  4. ده‌سته‌یه‌ك له‌میدیا كارو نه‌خشه‌سازو گه‌نجی له‌ده‌وری خۆیدا كۆ كرده‌وه‌، بۆ كاری راگه‌یاندن وپه‌یوه‌ندی و راگه‌یاندن.
    هه‌موو ئه‌و ره‌گه‌زانه‌ بنه‌مایه‌ك بوون بۆ ئه‌و پلان و نه‌خشه‌یه‌ی ده‌رهێنه‌ر دایڕشتبوو بۆ ئه‌نجام دانی كاره‌كه‌ی.
    به‌ڵام ئه‌و پرسیاره‌ی دێته‌ پێشه‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئاخۆ به‌و هه‌موو خۆ ئاماده‌ كردنه‌وه‌ له‌ئه‌نجامدا به‌رهه‌مه‌كه‌ سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ست هێنا؟ یا تووشی شكستێكی گران به‌ها بوو؟
    من ده‌ڵێم: ئه‌گه‌ر به‌رهه‌مه‌كه‌ وه‌ك ئه‌زموونێكی هونه‌ری وه‌ربگرین ده‌ڵێم: ره‌نگه‌ به‌رهه‌مه‌كه‌ وه‌ك شێوه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌زموونه‌ رابووردووه‌كانی درامای كوردی جیاوازی هه‌بێ‌، به‌ڵام ئێمه‌ی كورد خاوه‌نی نین، كاتێك بۆمان هه‌بوو دڵمان پێیان خۆش بێت كه‌ ئه‌و ئه‌زموونه‌ ئه‌زموونی ده‌ستی وێنه‌گرانی خۆمان بوایه‌، یا كۆمپانیایێكی كوردستان ئه‌و كوالیته‌ی دابین كردایه‌، بۆ نموونه‌ ئێمه‌ له‌به‌رهه‌مه‌كه‌دا شانازی به‌مۆنتاژ ده‌كه‌ین كه‌ تێیدا گه‌نجێكی كورد ( كاروان زامدار) كاری مۆنتاژی بۆ كردووه‌.
    بۆیه‌ پرسی به‌كارهێنانی خیبره‌ی بیانی له‌هه‌ر پرۆژه‌یه‌كی هونه‌ری دا، ئه‌گه‌رچی كارێكی نا ئاسایی نیه‌، هه‌ندێ‌ له‌ده‌رهێنه‌ران بۆ كاری سینه‌مایی و درامی پیاده‌ی ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئه‌م هونه‌ره‌ ناگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌ر لێهاتوویی ده‌رهێنه‌ر، به‌ڵكو ئه‌و پرۆسه‌یه‌ پرۆسه‌یه‌كی بازرگانیه‌، بۆ هه‌ر كه‌سێك ده‌كرێت پاره‌ی بۆ خه‌رج كات، به‌ڵام له‌هه‌ندێ‌ حاڵه‌تیشا زیان به‌خشه‌، چونكه‌ ئه‌و ستاافه‌ مۆركی تایبه‌تی خۆیانیان هه‌ڵگرتووه‌، ستایلی ئه‌وان له‌هه‌ر به‌رهه‌مێكدا به‌كار بێت ده‌ناسرێته‌وه‌و ده‌زاندرێ‌ كه‌ ئه‌و ستایله‌ ستایلێكی توركیه‌، بۆیه‌ بایه‌خێك بۆ مۆركی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی تۆ به‌جێ‌ ناهێڵێ‌ و هونه‌ری خۆیشت به‌ سه‌ردا فه‌رز ده‌كات.
    به‌ڵام خۆ تۆش نه‌ته‌وه‌یه‌كی پێت خۆشه‌ به‌دراما، به‌ سینه‌ما، به‌ شانۆ، به‌ موزیك، خزمه‌ت به‌ كولتووری نه‌ته‌وه‌كه‌ی خۆته‌وه‌ بكه‌یت، ئه‌و كولتووره‌ له‌و كه‌ناڵه‌ هونه‌رییانه‌وه‌ به‌جیهان بگه‌ینیت، ئه‌گه‌ر سبه‌ینێ‌ ئه‌و زنجیره‌یه‌ به‌زمانێكی غه‌یره‌ كوردی ته‌رجه‌مه‌ یا دۆبلاژ كرا، ئه‌و غه‌یره‌ كورده‌ له‌رێگه‌ی دراماكه‌ ئاشنا به‌زۆر له‌سیما نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی تۆ بێت، نه‌ك وا بزانێ‌ به‌رامبه‌ر به‌درامایێكی توركی دانیشتووه‌، ئه‌ی كه‌واته‌ ئێمه‌ چیمان كرد؟ به‌پاره‌و خه‌رجی خۆمان بچین خزمه‌تی تورك بكه‌ین ؟
    كارۆخ له‌نه‌خشه‌ پلانه‌كه‌ی خۆیدا بیری بۆلای گه‌لێك بابه‌ت چووه‌ ببنه‌ فاكته‌ر بۆ سه‌ركه‌وتنی به‌رهه‌مه‌كه‌ی، ته‌نیا شتێك نه‌بێت كه‌ بۆته‌ فاكته‌ری هه‌موو ئه‌و ئاسه‌واره‌ نه‌گه‌تیفانه‌ی رووبه‌ ڕووی دراماكه‌ بۆته‌وه‌، ئه‌ویش كاری نووسین و سیناریۆی زنجیره‌ دراماكه‌یه‌!
    كارۆخ نووسه‌ر نیه‌،كه‌چی له‌هه‌ستیارترین كاتدا بۆته‌ كه‌سێكی خۆ په‌رست و به‌رژه‌وند په‌رست بێ‌ ئه‌وه‌ی هیچ ئه‌زموونێكی هه‌بێت له‌بواری نووسین و سیناریۆ و تێكستی درامی ، ئه‌و ئه‌ركه‌ی خستۆته‌ سه‌ر شانی خۆی، ئه‌و ئاماده‌ بوو بۆ هه‌موو كاره‌ هونه‌رییه‌كانی تر ده‌ست كراوه‌ بێت، ئه‌و كاسته‌ هونه‌رییه‌ له‌توركیا بێنێ‌ و هونه‌رمه‌ندانی هه‌ولێرو سلێمانی له‌یه‌ك به‌رهه‌مدا كۆ كاته‌وه‌، به‌ڵام ئاماده‌ نه‌بوو نووسه‌رو سیناریستێك بۆ به‌رهه‌مه‌كه‌ی دابین بكات، به‌و هۆیه‌وه‌ رووبه‌ڕووی هه‌موو ئه‌وكێشانه‌ بێته‌وه‌ كه‌ له‌ دراماكه‌دا هه‌یه‌، چونكه‌ سه‌رچاوه‌ی گشتی هه‌موو گرفته‌كانی ئه‌و زنجیره‌یه‌، كه‌م و كوڕیه‌كانی ده‌قه‌ كه‌هه‌موو ماندوو بوون و خه‌رجی و ئاواته‌كانی بینه‌ری به‌هه‌ده‌ر دا.
    ئه‌و پرسی ده‌قی به‌پرسێكی زۆر لاوه‌كی وه‌رگرتووه‌ و هیچ بایه‌خێكی پێ‌ نه‌داوه‌، كه‌چی كۆمپانیا بیانیه‌كان كاتێ‌ ده‌یانه‌وێت ده‌ق ئاماده‌ كه‌ن، گرنگترین شت به‌لای ئه‌وانه‌وه‌ ده‌قه‌، بۆ نووسینی زنجیره‌كان چه‌ندین نووسه‌رو چه‌ندین سیناریۆ نووس كاری بۆ ده‌كه‌ن، هه‌ندێكیان رۆژانه‌ له‌گه‌ڵ ستاف دا ده‌مێننه‌وه‌ بۆ هه‌ندێ‌ چاره‌سه‌ری درامی له‌كاتی وێنه‌ گرتندا، هه‌ر هه‌مووشیان كه‌سانی شاره‌زاو پسپۆرن له‌بواری خۆیاندا.
    ئه‌وانن دیمه‌ن و گرێ‌ ی درامی وروژێنه‌ر دروست ده‌كه‌ن و چاره‌سه‌ری بۆ داده‌نێن، ئه‌گه‌رنا به‌ ته‌نیا كه‌سێك چۆن 300 ئه‌لقه‌ ئاماده‌ ده‌كرێت .چ زنجیره‌ درامایه‌كی 20 ئه‌لقه‌یی هه‌یه‌ ئه‌ركی نووسین و ده‌رهێنان و به‌رهه‌م هێنان بگرێته‌ ئه‌ستۆی ته‌نیا كه‌سێكی بێ‌ ئه‌زموون له‌ نووسین ، بێ‌ ئه‌زموون له‌ ده‌رهێنانی ته‌له‌فزیۆنی، بێ‌ ئه‌زموون له‌به‌رهه‌م هێنان ؟
    هه‌تك كردنی زمان :
    سه‌ركێشیه‌كانی كارۆخ هه‌ر ته‌نها به‌سه‌ر ئاستی دراماكه‌ نه‌شكاوه‌ته‌وه‌، به‌ڵكو زمانی كوردیشی هه‌تك كردووه‌، كه‌ بینه‌ر نازانێ‌ به‌و په‌رش و بڵاویه‌و سه‌رلێ‌ شێوانه‌ی دیالیكت، ئه‌و ئه‌كته‌رانه‌ خه‌ڵكی كوێن؟ بۆ هه‌ندێكیان نیوه‌ی رسته‌ی دایه‌لۆگه‌كانیان سلێمانیه‌و نیوه‌كه‌ی تری رسته‌كه‌ی هه‌ولێرییه‌؟ بۆ جیاوازی دیالیكت له‌ نێوان باوك و كچ ، خوشكو برادا هه‌یه‌؟
    بۆ ئه‌وه‌نده‌ به‌ سووكی و بێ‌ بایه‌خی ته‌ماشای زمان بكرێت كه‌ ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌ییته‌؟
    له‌جێگه‌ی تر بۆ پاراستنی تێكست له‌هه‌ڵه‌ی زمان به‌لانی كه‌مه‌وه‌ سێ‌ سه‌رپه‌رشتیاری زمانه‌وانی بۆ داده‌ندرێت بۆ پێداچوونه‌وه‌ به‌تێكست له‌چه‌ندین لایه‌ندا ..
    ئامانج و فه‌لسه‌فه‌ی دراماكه‌:
    ئه‌و بێ‌ ئه‌زموونیه‌ وای له‌ نووسه‌ر كردووه‌ له‌كاتی نووسین دا ئامانج و فه‌لسه‌فه‌ی به‌رهه‌مه‌كه‌ی دیاری نه‌كات، نه‌توانێ‌ لوكێشن و دیمه‌ن و رووداوه‌كان، به‌ئاراسته‌یه‌كی دیاری كراودا بۆ خزمه‌تكردنی ئامانجی زنجیره‌كه‌ به‌رجه‌سته‌ بكات.
    ئه‌و له‌تاوه‌رێكی باڵاوه‌ ده‌ڕوانێته‌ خواره‌وه‌و و ده‌چێته‌ ناو ژیانی بورژواو سه‌رمایه‌دارو بزنس مانه‌كان و ئه‌و ژیانه‌ باق و بریقه‌دارانه‌ی ئه‌وان له‌كۆشك و ته‌لارو كۆمپانیا بازرگانیه‌كانیان ده‌خاته‌ روو، ئه‌وه‌نده‌ی به‌لایه‌وه‌ گرنگه‌ كامێرا بۆ خزمه‌تی نمایشكردنی باڵه‌خانه‌ بڵنده‌كانی ئه‌وان و لوكێشنه‌كانی سپۆنسه‌ر ته‌رخان بكرێت، ئه‌وه‌نده‌ هه‌وڵه‌كانی بۆ تێر كردن و گه‌یاندنی ئامانجی دراماكه‌ ته‌رخان نه‌كرا، بۆیه‌ پرسی بازرگانی كردن به‌ به‌رهه‌مه‌كه‌ زۆر به‌ زه‌قی له‌ رێكلامه‌كانی زنجیره‌كه‌ بۆ ئه‌و كۆمپانیایانه‌ ده‌رده‌كه‌وێت.
    واقعێكی مزه‌ییه‌ف
    له‌ په‌نای ئه‌وه‌دا، ده‌رهێنه‌ر په‌رده‌پۆشی له‌واقعێكی تاڵی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌كات، واقعێكی مزه‌یه‌فی ئه‌مڕۆی كوردستان نیشان ده‌دات، وه‌ك ئه‌وه‌ی كوردستان ته‌نیا كێشه‌ی خاوه‌ن كۆمپانیا زه‌به‌للاح و مافیا بازرگانه‌كانی هه‌بێت، به‌شێوه‌یه‌ك له‌ واقیعه‌ راسته‌قینه‌كه‌ دوور ده‌كه‌وێته‌وه‌، بینه‌ر وا هه‌ست بكات، ئه‌وه‌ی ده‌یبینی كوردستان نیه‌و هیچ په‌یوه‌ندیشی نه‌به‌ كوردستان و نه‌ به‌خه‌ڵكه‌كه‌شیه‌وه‌ هه‌یه‌!
    پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئایا ئه‌و دیمه‌نانه‌ چی پێشكه‌ش به‌كۆمه‌ڵگای كوردی ده‌كه‌ن؟ ده‌یه‌وێ‌ چیان پێ‌ بڵێ‌ ؟
    ئیدی (شێوه‌) كه‌ رووی ده‌ره‌وه‌ی زنجیره‌كه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌و بناغه‌ داڕماوه‌ له‌بیرو ئامانج و دامه‌زراوه‌.
    جاران له‌سه‌رده‌می كلاسیك و ره‌ شو سپی دا (شێوه‌) بوونی نه‌بوو، به‌ڵام چونكه‌ ناوه‌رۆك هه‌بوو، له‌ چوارچیوه‌ی ئاماجێكی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و كۆمێدی دا به‌رجه‌سته‌ ده‌كرا، وه‌رگری خۆیان هه‌بوو، كه‌ تا ئێستاكه‌ش دوای تێپه‌ڕ بوونی ده‌یان ساڵ، خه‌ڵكی تامه‌زرۆی بینینی دراماكانی ئه‌و ده‌مه‌ی وه‌ك جه‌نابی موفه‌تیش، تاپۆ هه‌قی چیه‌، لانه‌وازان، پیسكه‌ی ته‌ڕ پیرن.
    كه‌واته‌ ناوه‌رۆك له‌شێوه‌ گرنگتره‌، به‌ڵام هه‌ردوكییان به‌ یه‌كه‌وه‌ هاوكێشه‌كه‌ ته‌واو ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌ی ناوه‌رۆكه‌ به‌ركه‌وته‌ی له‌سه‌ر بیرو خه‌یاڵ و عه‌قل هه‌یه‌، به‌ڵام شێوه‌ ته‌كنیكێكه‌ ته‌نیا بۆ جوانكاریی و هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنی چاوه‌، شێوه‌ به‌هه‌موو ته‌كنیك و كوالیته‌ ره‌نگاو ره‌نگه‌كانییه‌وه‌ هیچ ناهێنێ‌، ئه‌گه‌ر له‌ خزمه‌تی ناوه‌رۆكدا نه‌بێت.
    هه‌ر ئه‌و كێشه‌یه‌ی نێوان ناوه‌رۆك و شێوه‌یه‌ زنجیره‌ دراما توركیه‌كانی سووك و بێ‌ به‌ها كردووه‌، كه‌ ئێستا ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت له‌دوا شه‌ودا لاساییان بكه‌ینه‌وه‌، كۆمه‌ڵگاكه‌مان وه‌ك كۆمه‌ڵگای توركی نیشان بده‌ین، چه‌ندین دیمه‌ن له‌سه‌رجێیی گه‌نجه‌كانمان له‌گه‌ڵ سۆزانیه‌كان به‌رووتی نیشان بده‌ین، ئافره‌ت هان بده‌ین بۆ به‌ڕه‌ڵڵایی و جگه‌ره‌ كێشان، ئافره‌ت له‌خێزان دابڕێنین و هه‌ر یه‌كه‌و به‌ته‌نیا له‌باڵه‌خانه‌یه‌كی جیا بژین بۆ رابواردن، هه‌ندێكی دیكه‌یان بكه‌ین به‌سه‌رۆك مافیاو پیاوه‌كان بفڕێنن ،ئه‌مانه‌ ئه‌گه‌ر ته‌قلیدی كۆمه‌ڵگای توركی نه‌بن چین؟
    چونكه‌ ئامانج له‌ سیناریۆكه‌دا ونه‌، ئاراسته‌ی به‌ڕێوه‌چوونی رووداوه‌كانیش شێواوه‌، ئه‌گه‌ر دوای بیست ئه‌لقه‌ له‌هه‌زار بینه‌ر بپرسی ئه‌و درامایه‌ باسی چیت بۆ ده‌كات ؟ ره‌نگه‌ 10 بینه‌ری ئاسایی شتێ‌ له‌ هێڵی درامی و ئایدۆلۆژی دراماكه‌ تێ‌ نه‌گه‌یشبێ‌، ئه‌وه‌نده‌ نه‌بێت كۆمه‌ڵگایێكی توندو تیژ ده‌بینێت، كه‌ هه‌مووی هه‌ر بازرگانه‌ و هه‌ر یه‌كه‌یان له‌ ره‌ئیس عه‌سابه‌یه‌ك ده‌چێ‌، كۆمه‌ڵێ‌ پیاو له‌شێوه‌ی مافیا ده‌وری ئه‌و بازرگانانه‌ی داوه‌، كاری كوشتن و بڕین و فڕاندنیان پێ‌ ده‌كه‌ن، خه‌ڵكی وه‌ك ته‌حسینی كاسب كار له‌ شوێنی تایبه‌تی وه‌ك ئه‌منی عامه‌ ته‌عزیب ده‌ده‌ن و له‌خوێنی سوور ده‌كه‌ن، به‌گوناهی ئه‌وه‌ی كچێك خانووه‌كی لێ‌ كڕیوه‌ و ناونیشانه‌كه‌ی له‌و پیاوه‌ بێ‌ ئاگایه‌ داوا ده‌كه‌ن ! به‌ده‌یان دیمه‌نی تر له‌ كوشتن و فڕاندن و ته‌عزیب دان و چاو به‌ستنه‌وه‌ی كچان، بێ‌ ئه‌وه‌ی ئه‌و هه‌موو ئیرهابه‌ هیچ پاساوێكییان هه‌بێت .
    ئه‌وه‌نده‌ش رووداوه‌كانی فڕاندنی كچان و هێنان و بردنیان بۆ نه‌خۆشخانه‌و ده‌رهێنانیان دووباره‌و سێ‌ باره‌ ده‌بێته‌وه‌، وایان لێ‌ دێت رووداوه‌كان كاڵ ببنه‌وه‌و هیچ تام و چێژێك نه‌به‌خشن .
    كێشه‌ له‌و نێوه‌نده‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌رهێنه‌ر توانای دروست كردنی گرێ‌ ی درامی و چاره‌سه‌ركردنیانی پێ‌ نیه‌، به‌ده‌وری چه‌ند رووداوێكی روو كه‌ش دا له‌ بازنه‌یه‌كی داخراودا ده‌سوڕێته‌وه‌، بێ‌ ئه‌وه‌ی هه‌ست به‌ پێشه‌وه‌چوونی ریتمی دراماكه‌ بكه‌یت.
    ئه‌كته‌ر:
    بێگومان ئاسه‌واره‌ نه‌گه‌تیفه‌كانی ده‌رهێنان هه‌ر ته‌نها به‌سه‌ر رووداوه‌كاندا به‌ جێ‌ ناَمێنێ‌، به‌ڵكو كار ده‌كاته‌ سه‌ر ئه‌كته‌ریش، كه‌ نه‌توانێت كاراكته‌ره‌كه‌ی خۆی وه‌ك پێویست بناسێ‌ و شوێنی خۆی له‌ جوگرافیای دراماكه‌دا پێ‌ بزانێ‌، ئه‌گه‌رنا ئه‌و ئه‌كته‌رانه‌ی له‌و درامایه‌دا به‌شدارن كۆمه‌ڵێ‌ ئه‌كته‌ری به‌ ئه‌زموونن، له‌چه‌شنی شه‌ماڵی عه‌به‌ ره‌ش، ئیبراهیم حه‌كیم، سه‌لام كۆیی، خه‌رمان هیرانی، پێشڕه‌و حسین، یونس حه‌مه‌ كاكه‌، فرمێسك مسته‌فا، ناسر حه‌سه‌ن، شادان فوئاد.كه‌ هه‌ر یه‌ك له‌وان له‌ رابووردووا، داهێنانی خۆیانیان هه‌بووه‌، به‌ڵام له‌و به‌رهه‌مه‌دا ئه‌وانه‌ نه‌بوون كه‌ ئێمه‌ پێشتر ناسیومانن و ده‌رهێنه‌ر نه‌یتوانی قۆرخی ده‌سه‌ڵاتی هونه‌ریی ئه‌وان بكا وه‌ك پێویست، ئه‌وانیش گیروده‌ی ده‌قێكی سه‌قه‌ت بوون، كه‌ نه‌توانن له‌ چوارچیوه‌ی ئه‌و ده‌قه‌دا ده‌رچن، ده‌قێك كه‌ پڕبێ‌ له‌گرژی، ئه‌كته‌ ر ناچار ده‌كات نواندنێكی گرژ بكات، نه‌توانێ‌ فۆرمی نواندنی خۆی بگۆڕێت.
    هه‌روا له‌دوا شه‌ودا كۆمه‌ڵێ‌ ئه‌كته‌ری گه‌نجی وه‌ك (رۆژه‌ فایه‌ق، ژیا فه‌رهاد، ئاكام تاهیر، محه‌مه‌د تاهیر، سۆران ئیبراهیم، ترێ‌ فاتیح ، ژاڵه‌، كه‌نار سه‌رچڵ، بژار سه‌عدی، شادی ئارام ،رزگار زاهیر، هاوكار سه‌عدی، هۆشه‌نگ خۆشناو،به‌شدارن، توانای باشی خۆیان نیشان ده‌دا له‌نواندندا،ئه‌گه‌ر ده‌رهێنه‌ر ئاراسته‌یه‌كی دروستی ئه‌كته‌ره‌كانی خۆی كردایه‌ بۆ تێگه‌ یشتن له‌ كاراكته‌ره‌كانیان.
    ئه‌و ئه‌كته‌رانه‌ زۆرینه‌یان نواندنێكی پۆلیسیان ده‌كرد، وه‌ك ئه‌وه‌ی پیاوی ئه‌من و هه‌واڵگری و پۆلیس بن، نه‌ك پیاوی بازرگان، زۆرینه‌یان ببوون به‌ئه‌من و لێكۆڵه‌ره‌وه‌ی تاوان، به‌تایبه‌ت ئاكام تاهیر كه‌ وه‌ك پیاوی پۆلیس و لێكۆڵه‌ره‌وه‌ نواندنی ده‌كرد، نه‌ك وه‌ك كوڕه‌ بازرگانێك .
    ده‌بوا ده‌رهێنه‌ر له‌و ئه‌كته‌ره‌ لاوانه‌ بگه‌ینێ‌ كه‌ ئه‌وان له‌ درامایێكی پۆلیسی دا كار ناكه‌ن، ئه‌وان شتێكی ترن، بۆیه‌ پێویست به‌و نواندنه‌ موسته‌نه‌عه‌ ناكات كه‌ ده‌یكه‌ن و فۆرمێكی ناسروشتی و نا واقیعی ده‌به‌خشن..بۆیه‌ من هه‌ستم كرد ده‌رهێنه‌ر بایه‌خێكی ئه‌وتۆی به‌پرسی نواندن نه‌داوه‌، جگه‌ له‌ پرۆڤه‌یه‌كی رووكه‌ش نه‌بێت .
    له‌ دیمه‌نه‌كانی كۆتایی دا چه‌ند گۆرانیه‌ك به‌ ده‌نگی عه‌بدولقه‌هار زاخۆیی بۆ راكێشانی سۆزی بینه‌ر خرابوونه‌ ناو رووداوه‌كان، به‌ده‌نگێكی خۆش و لوكێشنێكی سه‌رنج راكێش، به‌ڵام له‌كلیپ ده‌چوون، جگه‌ له‌وه‌ی هه‌موو گۆرانیه‌كان كه‌وتبوونه‌ دوا ئه‌لقه‌كان، وا باشتر بوو له‌نێوان ئه‌لقه‌كاندا پارچه‌ پارچه‌ بكرابونایه‌، نه‌ك هه‌موو گۆرانیه‌كان له‌ كۆتایی دا په‌خش بكرێن .
    ئه‌نجام: ئه‌م ئه‌زموونه‌ی كارۆخ ئیبراهیم ـ وێڕای هه‌موو سه‌رنج و تێبینیه‌كان ته‌كانێك بوو بۆ زیندوو كردنه‌وه‌ی درامای كوردی، ده‌كرێ‌ له‌ ئاینده‌دا سوود له‌كه‌م و كوڕیه‌كانی وه‌رگرین و درامای كوردی به‌ ئاراسته‌ راست و دروسته‌كه‌ی خۆیه‌وه‌ بخه‌ینه‌ سه‌رپێ‌ .



چاوه‌ڕوانی و كێشه‌ی بێده‌نگی … عه‌لی شێخ عومه‌ر

له‌ شیعری: (دوایین شه‌وه‌كانی سیمرخ)ی سه‌ڵاح شوان دا

“دوایین شه‌وه‌كانی سیمرخ”1 هۆنراوه‌یه‌كی درێژی (سه‌ڵاح شوان)ی شاعیره‌، ده‌كرێ ئه‌م شیعره‌ به‌ ته‌واوكه‌ری شیعری “شه‌وێك له‌ ژیانی سیمرخ”2 هه‌ژماربكرێ، هه‌رچه‌نده‌ مه‌ودایه‌كی زه‌مه‌نی درێژ له‌ نێوان ده‌قی یه‌كه‌م و ده‌قی دووهه‌مدا هه‌یه‌، نێوانێك له‌ بێده‌نگی، له‌ ئازار و له‌ سالارگه‌راییدا ناتوانێ چیتر گوێ له‌ ترپه‌كانی نه‌گرێت، نه‌خرێته‌ ژێر ڕه‌هه‌نده‌كانی ده‌نگ و پرسیاركردن، هه‌ر ئاوڕێك، یه‌قدانه‌وه‌ی خڵته‌ی ئه‌و كۆژانانه‌یه‌، سه‌رده‌مانێك، ته‌مه‌نێكی لێسه‌ندووه‌، وێنه‌یه‌كی له‌به‌ردا گرتووه‌ته‌وه‌، وه‌ك بنه‌مایه‌ك ڕیزپه‌ڕ كردنی ئه‌و وێنانه‌ دژواره‌، زبری ئه‌زموونێكه‌، كه‌ژاوه‌ی ڕێوڕه‌سمێكه‌، پاژێكه‌ له‌ ژیان و له‌ بوونی شاعیر، ڕه‌نگه‌ له‌ نووسینی شیعردا، وێنه‌ كاڵبێته‌وه‌، به‌ڵام سه‌راسیمه‌ ته‌واو نابێت، هه‌میشه‌ به‌ شێوازو جۆرێكی تر، لێره‌ نا، له‌ شوێنێكی تردا، له‌ هه‌نده‌راندا، له‌ ته‌نیاییدا خۆی دووباره‌ ده‌كاته‌وه‌، شیعر به‌جۆرێك له‌ جۆره‌كان ناهێڵێت وێنه‌ كۆتایی پێبێت، كرده‌ی شیعر ترجاندن و ڕێكخستنی ئه‌و وێنانه‌یه‌، تێڕوانین و دۆزینه‌وه‌ی جیاوازییه‌كانه‌، سه‌رنجدانی هاوڕێك و هاوتاو هاودژه‌كانه‌، ئه‌مه‌ش نكۆڵی له‌وه‌ ناكات پتر له‌یه‌ك خوێندنه‌وه‌ هه‌ڵگرێ، شاعیرو ڕه‌خنه‌گری ئایرله‌ندی سێسیل ده‌ی لویس له‌ كتێبی وێنه‌ی شیعریدا ده‌نووسێت “وێنه‌ی شیعری ئه‌فسانه‌ی تاكه‌”3 وابه‌ستبوونی (سه‌ڵاح شوان) به‌ هونراوه‌ی “شه‌وێك له‌ شه‌وانی سیمرخ” له‌ ساڵی 1977 دا به‌یه‌ك نه‌فه‌س، بێ ناوبڕ، بێ وه‌ستان، شه‌سه‌ت و هه‌شتاو پێنج دیڕه‌ شیعری نووسیووه‌، چۆن ئێستا و ڕابردوو و ئاینده‌ی له‌یه‌ك كاتدا له‌ شه‌وێكدا چڕكردووه‌ته‌وه‌، چۆن زیره‌كانه‌ له‌ته‌ك شوێندا كاتی به‌كارهێناوه‌، ئاوێته‌ی كردوه‌، له‌ بێده‌نگی ئه‌فسانه‌یه‌كی كراوه‌ی خوڵقاندووه‌، له‌ ئه‌ژیندای بێده‌نگیه‌كه‌یدا، پێگه‌یه‌كی تری هێشتووه‌ته‌وه‌، له‌ دوای چل ساڵ له‌ ئه‌زموونی شیعری، له‌ كات و شوێنی جیاوازدا، له‌ تاراوگه‌دا، واتا له‌ ساڵی 2017 دا جارێكی تر له‌ بێده‌نگییه‌كی تره‌و، له‌ ته‌نیاییدا، ده‌رگایه‌كی دیكه‌ واڵاده‌كات، گه‌ر له‌ سه‌ره‌تادا، كۆدی سیمرخ ئاماژه‌یه‌كی ئاراسته‌كراو بێت، هه‌ر جاری به‌ شێوازێك، دیوێك له‌ سووتان و له‌ ئازار، زیندوو بوونه‌وه‌ی گیانی شاعیری نیشان بدات، به‌ دامركاندنه‌وه‌ ئازار له‌ ژیله‌مۆی نووسیندا، ئه‌زموونێ زیندوو، له‌ ژیانی خۆی له‌ شه‌وێكدا چڕكاته‌وه‌، ڕاده‌ستی نێو ده‌قه‌ شیعرییه‌كه‌ی بكات، كافكا ئاسا به‌ ئازار ژیان بدۆزێته‌وه‌، شۆبنهاوه‌ر ده‌ڵێت “هونه‌ر ڕێگایه‌ بۆ ده‌ربازبوون له‌ ئازار”4، گه‌ر شاعیر له‌ شه‌وێكدا ڕه‌هه‌نده‌كانی كۆدی سیمرخ، سووتان و ئازار، له‌ چه‌ند گرته‌یه‌كدا ڕابردوویه‌ك بشكێنێ، دوای چل ساڵ، له‌ ته‌نگه‌ژه‌ی ئازاری سووتان و زیندوو بوونه‌وه‌دا، جارێكی دیكه‌ دێته‌وه‌، ئێستا ده‌شكێنێ، جارێكی تر له‌ ئازارێكی دیكه‌دا، له‌ چڕكردنه‌وه‌یه‌كی نوێدا، ده‌قی شیعری (دوایین شه‌وه‌كانی سیمرخ) ده‌نووسێته‌وه‌، میكانیزمی سووتان و زیندوبوونه‌وه‌ی سیمرخ وه‌ك كۆدێك، كرده‌یه‌كی كرۆنۆلۆژیی بازنه‌ییه‌، هه‌ر له‌ دووباره‌ بوونه‌وه‌ی سووتان و زیندووبوونه‌وه‌دا، بێكۆتایه‌، بێ دواییه‌، به‌هۆی ئه‌وه‌ی نه‌به‌ستراوه‌ به‌ كاتێكی دیاریكراو، گه‌ر شه‌و وه‌ك تاك ئاماژه‌ بێت به‌جێگیركردن و گه‌مارۆكردنی كات، ئه‌وا وشه‌ی شه‌وه‌كان وه‌ك كۆ ئاماژه‌یه‌ به‌ تێكشكانی جێگیربوونی كات و ته‌واونه‌بوون، واڵاكردن و ره‌تكردنه‌وه‌ی دوایینه‌، ئه‌مه‌ش له‌گه‌ڵ سروشتی سیمرخدا یه‌كدێته‌وه‌، گرێدانی وشه‌ی شه‌وه‌كان به‌ دوایین، ده‌كرێ گه‌مه‌یه‌كی زمانه‌وانیی بێت، ڕێرۆشتن و درێژه‌پێدان بگرێته‌وه‌، ئێستا به‌گوێره‌ی دوێنێ دوایینه‌یه‌، به‌یانی به‌ به‌راوورد به‌ ئێستا دوایینه‌یه‌..هتد به‌ تازه‌ كردنه‌ودا ده‌روات، ئازار ده‌مێنێ و ده‌ق زیندوو ده‌بێته‌وه‌، ڕه‌نگه‌ هه‌ندێ له‌ وێنه‌كان به‌ ئاسانی نه‌یه‌نه‌ به‌رده‌ست، به‌ڵام له‌ناو ناچن، به‌شێوه‌ی جیاواز، به‌ تێزێكی تره‌وه‌، سه‌رله‌نوێ ده‌رده‌چنه‌وه‌، دێنه‌وه‌ یادگا، ده‌بنه‌ به‌شێك له‌ ئه‌زموون و له‌ خه‌ونی شاعیر، گوزارشتكردن له‌ خه‌ون و ئه‌ندێشه‌، فاكته‌رێكه‌ ته‌نیایی شاعیر ده‌بووژێنێته‌وه‌، بوونه‌یه‌كێكی بێده‌نگیه‌، هاوپێچێكه‌ خۆی له‌ نێو چه‌مكی مه‌نه‌لۆژدا كۆپی ده‌كات، له‌ شوێن و كاتی جیاوازدا، به‌ تێكشكانی شوێنكات، هه‌ر جاره‌و پاژێكی لێده‌رده‌خات، بۆشاییه‌كی پێ پڕده‌كاته‌وه‌، له‌ پرۆسه‌ی داگه‌ڕاندا، هه‌میشه‌ هه‌ر بۆشاییه‌ك، یاده‌وه‌رییه‌ك بۆ خه‌یاڵ و هونه‌ر ماوه‌ته‌وه‌، بۆرخیس ده‌ڵێت “خه‌یاڵ واقیع ئاماده‌ ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی ببێته‌ هونه‌ر”5، شاعیر ناتوانێت خه‌یاڵێك باربكات كه‌ هه‌ڵگری واقیعی هونه‌ری شیعر نه‌بێت، له‌م ده‌قه‌ شیعره‌ درێژه‌ی (سه‌ڵاح شوان)ی شاعیردا، به‌چه‌ند سامپڵێك ده‌توانین ئاوێزانی بڕێكی ئه‌و ده‌قانه‌ بین.
تا ئه‌مرۆكه‌ش..
هه‌موو ڕۆژێك كاتێ كه‌ ئێواره‌ دادێ
به‌ یادی عه‌شقه‌ جوانه‌مه‌رگه‌كه‌ی تۆ
په‌رده‌كانی دڵم داده‌ده‌مه‌وه‌ و
مۆمه‌ شیعرێكی گه‌ش وه‌ك چاوه‌كانت
داده‌گیرسێنم و بێده‌نگ
پشت له‌ سه‌رده‌می گورگانه‌ ده‌كه‌م و
ڕووه‌و ڕۆژئاوا داده‌نیشم
زۆر چاوه‌ڕێم كرد تا وه‌كو كوێراییم داهات
ئێستاش خۆری خوداكه‌ی تۆ
لێم هه‌ڵنه‌هات
تازه‌ به‌م دره‌نگان شه‌وه‌
به‌م دره‌نگه‌ زه‌مانه‌
به‌ ده‌م مه‌ستیی و نه‌ستییه‌وه‌
نه‌ خۆر هه‌ڵدێ و نه‌ من چاوه‌ڕوانی خۆرم
به‌ مۆمه‌ كوژاوه‌كانی خه‌ونه‌كانمدا ده‌چمه‌وه‌
لاپه‌ڕ به‌ لاپه‌ڕه‌ هه‌ڵیان ده‌ده‌مه‌وه‌ به‌ڵكو
له‌م شه‌وه‌ سارد و تاریكه‌ی دوادواییدا
ترووسكاییك ببینم
هیچ دیار نییه‌
وتی لێره‌ دانیشه‌
له‌ گه‌ڵ یه‌كه‌مین گزنگی خۆرهه‌ڵاتندا دێمه‌وه‌
ئێستا و ئه‌وسا نه‌مدییه‌وه‌
هه‌ندێك له‌ كۆپله‌ی 1 ی شیعره‌كه‌ ….. لاپه‌ڕه‌ 1
گه‌ر خودی شیعر پێگرێك بێت بۆ زیزبوون له‌گه‌ڵ خه‌ونه‌كانیدا، به‌ كۆمه‌كی چه‌ند وێنه‌یه‌ك كۆتای به‌ دنیایه‌كی تێكشكاو بێنێ، تراژیدیایی ڕابردوو له‌ ئێستادا تۆماربكات، ئاینده‌ش به‌نادیاری له‌ چاوه‌ڕوانییه‌كی دڵڕه‌ق و بێهووده‌دا بهێڵێته‌وه‌، ئه‌وا ده‌سپێكی ئه‌م شیعره‌ له‌ شوێنكاتی “ئه‌مرۆكه‌ش” خستنه‌سه‌ری باكڕاوندی شوێنكاتێكه‌، ڕه‌هه‌نده‌كانی ڕابردوویه‌كه‌، هه‌ڵگری هه‌مان خه‌م و ئازاره‌، له‌ جۆرایه‌تی دووباره‌ بوونه‌وه‌ی هه‌مان پرینسیپه‌، مامڵه‌كردنه‌ له‌گه‌ڵ هه‌مان ئه‌و مه‌راسیمانه‌ كه‌ شاعیر ده‌قی پێوه‌گرتووه‌، له‌ نائاماده‌ی گوێنه‌گرتنی ئه‌وی به‌رامبه‌ردا، شاعیر ناچاره‌ له‌ ته‌نیایی و بێده‌نگیدا، ڕێگای مۆنۆلۆگ و دواندن له‌ ته‌ك خۆیدا بكات، باس له‌ یادكرنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌ك بكات كه‌ له‌سه‌ر هێڵێكی دیاریكراودا ده‌روات، له‌گه‌ڵ هاتنی هه‌موو ڕۆژێكدا ده‌یه‌وێت حه‌قیقه‌تێك كۆبكاته‌وه‌، پێداگری له‌سه‌ر ره‌تكردنه‌وه‌ی به‌دگومانییه‌كدا بكات، له‌ ناوه‌خندا له‌گه‌ڵیدا ده‌سووتێ، چیتر ناتوانێ بگات به‌ یه‌قینێك دڵنیایی پێببه‌خشێت، ده‌یان مۆم داگیرسێنێ كڵپه‌ له‌ ده‌یان شیعر ده‌دات، ناخی پێ داده‌گیرسێنێ، ته‌سكێنی نادات، قه‌ره‌بووی عه‌شقێك ناكات، له‌گه‌ڵ یه‌كه‌م چاوترووكانیدا نه‌ما، یان جوانه‌مه‌رگ بوو، پرسیار جێده‌هێڵێت، بۆ نه‌ما؟ پێمان ناڵێت، به‌ لادانێك په‌رده‌پۆشی له‌سه‌ر نهێنییه‌كان ده‌كات، به‌ لارێكدا هه‌نگاو ده‌نێت كه‌ ڕووداو تێیدا تیرۆر ده‌كرێت، نه‌خۆی ده‌جوڵێت، نه‌ هه‌وڵی چاره‌سه‌ركردنی ده‌دات، له‌ ڕاستیدا به‌جۆرێك له‌ جۆره‌كان، گه‌ر چاوبه‌ستی له‌مه‌ڕ هه‌مووشیان نه‌كات، به‌ دڵنیاییه‌وه‌ بێ یه‌كوودوو خۆی هاوتای عه‌شقه‌ جوانه‌مه‌رگه‌كه‌ی ده‌كات، لایه‌كی ئه‌رێنی ده‌مرێنێت “مردنی ڕاسته‌قینه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هیچ ڕوونه‌دات”6 غرووری شاعیرانه‌، ڕۆنانی وشه‌، هه‌ستیاری واده‌كات یه‌خانگیری داكه‌وته‌كانی بێت، وه‌ك شاعیر پتر مژۆڵی خه‌یاڵی ده‌كات، له‌ ڕێگای خه‌یاڵ و فانتازیاوه‌، ڕاده‌ستی داكه‌وته‌كان نابێت، به‌ره‌نگاریان ده‌بێت، هه‌میشه‌ ڕۆحی شاعیر یاخیه‌، نێچیر نییه‌ به‌ ده‌م گورگه‌كانی واقیعه‌وه‌ ڕاوبكرێ، دژواره‌ بتوانێ له‌گه‌ڵ دڵڕه‌قی و نا ئه‌قڵیانیه‌تی واقیعدا، هاوكێشه‌یه‌ك بدۆزێته‌وه‌، بنه‌ماكه‌ی له‌سه‌ر زۆردارو زۆرلێكراو دامه‌زرابێت، (سه‌ڵاح شوان) پێش ئه‌وی مرۆڤ بێت شاعیره‌، گه‌ر به‌ دیوێكدا به‌ نه‌رێنی له‌ دۆزه‌خی واقیعدا ده‌ستبه‌رداری ئه‌وی به‌رامبه‌ر بێت، به‌ دیوێكی تر له‌ به‌هشتدا جێی ناهێڵێت، له‌ ده‌قی شیعرییدا، له‌ زاكیره‌دا، به‌ نه‌مری ده‌یهێڵێته‌وه‌، گه‌ر له‌ ده‌نگ و دیده‌نیدا وونی بكات، له‌ بێده‌نگی و ته‌نیاییدا ده‌یدۆزێته‌وه‌، دوای بێده‌نگییه‌كی چل ساڵی، جارێكی تر دێته‌وه‌، به‌ سووتانی خۆی، سیمرخ ئاسا خۆی ده‌سووتێنێ، مۆمی ده‌قه‌ شیعرییه‌كه‌ی زیندوو ده‌كاته‌وه‌، له‌ هه‌ندران، له‌ ڕۆژئاوا، جارێكی تر دێت، پرسیار له‌ دانیشتنی خۆی ده‌كات، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ وه‌ك پراكتیك ته‌واو بووه‌، به‌ڵام ته‌نیا هیوایه‌ك له‌ نێوان دوا لیزمه‌ی مردن و ژیاندا مابێته‌وه‌، ئه‌وه‌یه‌ ئه‌وی به‌رامبه‌ر هێشتا له‌ چاوه‌ڕوانیدا ماوه‌ته‌وه‌، فاكته‌ره‌كانی مانه‌وه‌، فێگه‌رێكی به‌هێز ده‌به‌خشنه‌ چه‌مكی چاوه‌ڕوانی، ڕه‌هه‌نده‌كانی چاوه‌ڕوانی له‌ دیمانه‌و دایلۆگ و ده‌نگدا ده‌شكێت، له‌ بێده‌نگیشدا چاوه‌ڕوانی وزه‌ پڕۆكێنه‌، نه‌یارێكه‌ یان نایه‌ت به‌رامبه‌رت بگرێ، یان كه‌ دێت، تۆ نایبینی، یه‌قین له‌ گومان جیاكاته‌وه‌، ته‌لیسمی سیحرێكی كه‌مه‌ندكێشه‌ به‌گێڕانه‌وه‌ی خۆت، باجی كاریگه‌ری ئه‌وی به‌رامبه‌ر زامن ده‌كه‌یت، چاكه‌و ئه‌مگی خۆت به‌ ده‌رخستنی نه‌نگی و بێ واده‌ی ئه‌و نه‌بێت، محاڵه‌ له‌ دادگای ویژداندا ده‌رچیت، به‌ هۆ بێت، یان به‌بێ هۆ، به‌ وه‌خت بێ، به‌ ناوه‌خت بێ، به‌ دره‌نگانێ شه‌و بێ، یان زه‌مانه‌، سكاڵا بێت، یان ئاشته‌وایی، ئه‌وی به‌رامبه‌ر نییه‌ و نایه‌ته‌وه‌، ئایا تووره‌ بووه‌ یان تۆڵه‌ له‌ تۆ و دونیا ده‌كاته‌وه‌، یان ناوكێ ڕقه‌ له‌ قاوغی خۆشه‌ویستیدا خۆی حه‌شارداوه‌، هه‌ركامیان بێت جیاوازی دروستناكات، ئه‌ویش خۆی به‌شه‌ ته‌واوكه‌ره‌كه‌ی (سه‌ڵاح شوان)ه‌، به‌ ته‌نیا گوناه‌ وسزاكه‌ هه‌ڵناگرێ تا بخرێته‌ لیستی ڕه‌شه‌وه‌، ڕه‌شبردنه‌وه‌ی ڕایه‌ڵه‌كانی ئه‌وینداری، هه‌روا ئاسان نییه‌ له‌ حیرس و سووتانی خۆتدا، له‌ ژێر فشاری ته‌نیایدا ئومێدی چاوه‌ڕوانی گه‌ر سه‌ری گشت خه‌ونه‌كانت نه‌خوات، سه‌رجه‌م لاپه‌ڕه‌كانی نه‌نووسێت، ئه‌سته‌مه‌ له‌ نێو دونیایی چاوه‌ڕوانیدا، به‌رانبه‌ر به‌ نادیاره‌كانی په‌یوه‌ندی خۆشه‌ویستی و كه‌ناركه‌وتندا، به‌ زیندووی بمێنێته‌وه‌، له‌ دووتۆی ڕایه‌ڵه‌كانی ده‌قه‌وه‌ ئاوێزانی تروسكاییه‌كی ڕاسته‌قینه‌ بێت، ئه‌فسووس كه‌ ڕوونادات، گوزارشت له‌ ونبوون و له‌ بێهووده‌ی مرۆڤ ده‌كه‌یت، دوالیزمه‌ی بكه‌ر و به‌ركار، دڵدارو دڵخواز، به‌ ئاراسته‌كردنی ده‌ق به‌ره‌و شیعر نووسین، به‌ له‌تكردنی شوێن و جێگیركردنی كات، ده‌كرێ درك به‌ یه‌كه‌مین جیاوازی بكه‌ین، جیاوازی دوو دونیا، له‌ لووتكه‌یه‌كدا به‌ دوو ئاراسته‌ی هاودژ ده‌گه‌ن به‌ یه‌كتر، ئه‌وه‌ی به‌یه‌كه‌وه‌ گرێیان ده‌دات، چه‌مكی چاوه‌ڕوانییه‌، هاوتابوونی بێده‌نگییه‌، نه‌گه‌یشتنی ده‌نگه‌ به‌یه‌كتر، حاڵی نه‌بوونی دوو شارستانییه‌ته‌، دوو بیرۆكه‌یه‌، دوو تێڕوانیینه‌، له‌ كایه‌یی چاوه‌ڕوانیدا هه‌ناسه‌ده‌دن، ده‌مرن و ده‌ژین، به‌ڵام ڕووداو دروست ناكه‌ن، گه‌ر (سه‌ڵاح شوان) ڕوو له‌ ڕۆژئاوا، له‌ هه‌ندران پرسیار له‌ دانیشتنی خۆی بكات، هه‌نگاوێك نه‌یه‌ته‌ پێشه‌وه‌، پێشوه‌خت بڕیاری كوشتنی ده‌ڵه‌مه‌ی ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌ی دابێت، له‌ڕێگای سووتانه‌وه‌، به‌ بێده‌نگی به‌هره‌ به‌ داهێنانی شیعری خۆی بدات، لای دولبه‌ریش شاراوه‌ نییه‌ وه‌ك ژیله‌مۆیه‌ك ته‌ماشا بكرێت، ده‌قی شیعری و داهێنانی پێ گه‌رم بكرێت، یارییه‌كه‌ دیاره‌ وه‌ك چاوشاركێ وایه‌، چاو پۆشینی یه‌كێكیان له‌ چاوه‌ڕوانیدا، ڕاكردنی ئه‌وی تره‌، خۆشاردنه‌وه‌ی یه‌كێكیان گه‌ڕانی ئه‌وی تریانه‌، هه‌ردووكیان به‌ جووته‌ كۆكن له‌ پیاده‌كردنی ئه‌م یارییه‌، له‌ ڕازیكردنی نه‌رسیسیه‌تی هه‌ردوو لا، ئه‌م وه‌ك شاعیر، ئه‌وی نائاماده‌ش وه‌ك ڕه‌گه‌زی مێینه‌، ئه‌وی نائاماده‌ له‌ لووتكه‌ی بێده‌نگیدا به‌ مه‌نۆلۆگ و خۆ دواندن، به‌ پێلێنانی (سه‌لاح شوان)خۆی كه‌سێكی تر ناجارێكی تر، داوایه‌كی محاڵ له‌ (سه‌ڵاح شوان) ده‌كات پێی ده‌ڵێت: “وه‌ر لیره‌ دانیشه‌” شوێن له‌ت ده‌كات كات له‌ چاوه‌ڕوانیدا جێگیرده‌كات گه‌مه‌ی ڕۆژئاواو ڕۆژهه‌ڵات، ئێره‌و هه‌نده‌رانی پێده‌كات، نایه‌ته‌وه‌، ده‌نگێ، دیالۆگێ فه‌راهه‌مكات، گوزارشت له‌ ساده‌یی بكات، له‌ كاتێكدا بێده‌نگی خۆی له‌ خۆیدا وه‌ك ئه‌وین وه‌ك ده‌قی شیعری پڕ له‌ ئالۆزییه‌، به‌ دیوێكی تر، گه‌ر گریمانه‌ی ئه‌وه‌ بكه‌ین، ئه‌وی دڵخواز یاخی نه‌بوایه‌ و گوێڕایه‌ڵی بانگه‌شه‌كه‌ی ئه‌می دڵدار بوایه‌، بێده‌نگی بشكانایه‌، ڕاسته‌وخۆ به‌ دیده‌نی و دیالۆگ و ڕازی دڵی خۆیان بكردایه‌، ئه‌وسا له‌ بێده‌نگیدا، چ كێشه‌یه‌ك ده‌مایه‌وه‌ تا ببێته‌ فێگه‌ری ده‌قی شیعرێكی زیندوو، كاره‌ساتی شاعیربۆ ئه‌و شته‌یه‌ كه‌نییه‌تی، له‌ نێو بۆشاییه‌كدا بۆی ده‌گه‌رێت، پێیناگات، به‌رده‌وام هه‌ڵگری ڕوحێكی یاخی و ناسه‌قامگیره‌، به‌مه‌ش ده‌بێت به‌ خاوه‌ن ناسنامه‌ی شیعری ڕاسته‌قینه‌. ناره‌حه‌تی ده‌ق سه‌رده‌خاته‌ سه‌ر سه‌قامگیری ژیانی تایبه‌تی خۆی، گه‌ر له‌سه‌ر حسێبی نیوه‌كه‌ی تری ژیانیشی بێت.
ئێستا له‌ دوایین هه‌نگاودا
ئاوڕ ده‌ده‌مه‌وه‌ ڕێگام خۆڵه‌مێشه‌
نازانم كێ پێشتر گری تێبه‌رداوه‌
نازانم كێ
كێ بوو؟ بۆچی؟
گوڵزاره‌كه‌ی ئه‌وسای جێگا دڵداریمانی كردووه‌
به‌ وشكه‌ خاكێكی وه‌كو
وه‌كو دڵم ڕه‌ق و چۆڵ و شه‌قار شه‌قار؟
ئه‌و وتی ئێستاش هه‌ر ماوه‌
تۆ نایبینیت
كوێره‌ چاوێك خه‌و به‌ خۆری سبه‌ینێوه‌ نه‌بینێ
وێرانه‌ دڵێك نه‌بێته‌ چوارچێوه‌ی خۆرێكی عاشق
من هه‌ردوو خۆره‌كه‌م دۆراند
كۆپله‌ی 3 ی شیعره‌كه‌ ….. لاپه‌ڕه‌ 3
یه‌كێك له‌ خه‌سڵه‌ته‌كانی فانتازیا، ڕیزكردن و دیاریكردنی ڕه‌گه‌زه‌كانی خه‌یاڵه‌، خورپه‌یه‌كی ته‌با و هاوده‌نگه‌، له‌ ئه‌فسانه‌و فۆلكلۆره‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی وه‌رگرتووه‌، له‌ چوارچێوه‌ی خوددا چاو هه‌ڵده‌هێنێ، گه‌ر خودگه‌رای ڕۆحی (سه‌ڵاح شوان) په‌یوه‌ست بكه‌ین به‌ ڕۆحی ده‌زگیرانه‌كه‌یه‌وه‌، گه‌ر به‌ كرداریش نه‌بێت، له‌ ڕێگای یادوه‌رییه‌كانیه‌وه‌ له‌گه‌ڵیدا ده‌مرێت و ده‌ژی، وون ده‌بێت، ده‌دۆزرێته‌وه‌، له‌نێو چێژی ڕه‌هاو ونبووندا تراژیدیای گه‌شتێك ده‌نووسێته‌وه‌، ڕاساندن و كۆگیری په‌یوه‌ندییه‌ك له‌ نێوان دوو ئه‌فسانه‌ یان دووچیرۆك یان زیاتردا ده‌كات، نووسه‌ر ئه‌مجاره‌یان زیره‌كانه‌، گه‌شتی چیرۆكی سووتان و زیندووبوونه‌وه‌ی سیمرخ ده‌كاته‌ ده‌روویه‌ك، له‌ گۆشه‌نیگایه‌كه‌وه‌ په‌یوه‌ندی وبه‌راوردێك فه‌راهه‌مده‌كات، له‌ ده‌رگای تراژیدیاوه‌ به‌ركه‌وتنێك له‌ته‌ك “چیرۆكی ئۆرفیۆس”7 دا ده‌كات، ئاماژه‌كردنی ئۆرفیۆس، ئاماژه‌كردنه‌ به‌ ماڵبه‌ندی ڕاسته‌قینه‌ی هونه‌رمه‌ندان و شاعیران، (سه‌ڵاح شوان) له‌ ڕووی ستراكتۆر و لێكچواندنه‌وه‌ به‌ شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كان وه‌چه‌یه‌كی دڵسۆزی ئۆرفیۆسه‌، وه‌ك پاشگرێكیش بێ نكۆڵی ڕێره‌وه‌كه‌ی ده‌گرێته‌به‌ر، هاوپێچ له‌گه‌ڵ ده‌مكرانه‌وه‌ی تێكست، تێهه‌ڵتێشكردنی دوو بابه‌تدا، ئاراوی چه‌واشه‌یه‌ك ده‌گرێته‌وه‌، كه‌سه‌رو خه‌م و ئازاری ڕایه‌ڵه‌كانی ئه‌وینداری، ته‌نگه‌ژه‌ی بوون تێدا ده‌رباز نابێت، له‌ نێو هاوكێشه‌یه‌كدا پاك نابنه‌وه‌، په‌لكێشی گه‌وره‌ترین كاره‌ساتمان ده‌كات، ئۆرفیۆس ئاسا له‌ دوایین هه‌نگاودا، له‌ ئاوڕدانه‌وه‌یه‌كه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات، گه‌ر مردنی ئۆردیگا سه‌رچاوه‌ی داهێنانی ئۆرفیۆس بێت، بۆ نه‌وه‌كانی دوایی خۆی، فێگه‌ری میراتییه‌ك بێت، خه‌م له‌گه‌ڵ یه‌كتردا به‌شكه‌ن، ئایا خه‌م وه‌ك ده‌رئه‌نجامێكی كۆتایی هه‌ڵناسێت به‌ گۆڕینی ئاراسته‌كانی ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌، له‌ ماته‌مینی و بێده‌نگیدا چێژی سه‌راتاكانی خۆی له‌بار نابات، بۆیه‌ سه‌یر نییه‌ ده‌نگی خۆمان بخینه‌ پاڵ بێده‌نگی (سه‌ڵاح شوان) له‌ دوایین هه‌نگاوه‌، ئاوڕ له‌ خۆشه‌ویسته‌كه‌ی ده‌داته‌وه‌، سووتانی ئێستای له‌ زیندوو بوونه‌وه‌ی ڕابردوودا به‌ ده‌ستده‌هێنێ، ئه‌فسانه‌ی خۆشه‌ویستیی و ڕق، جیابوونه‌وه‌ و ئاشته‌وای، خه‌نده‌ و فرمێسك، بێگه‌ردی و تاوان، له‌ ئاوڕێكدا كۆده‌كاته‌وه‌، چ ئاوڕێكه‌، كه‌ ڕێگا خۆڵه‌مێش بێت، ئاساوه‌ری هاده‌س (دۆزه‌خ)ێكی هه‌ڵگرتبێ، ئایا ئاوڕدانه‌وه‌كه‌ی فاكته‌ری پاكبوونه‌وه‌ی گوناهێكه‌ كه‌ هه‌ستی تاوانی تێدا چاندووه‌، یان به‌ ئه‌نقه‌ست خۆی نه‌بان ده‌كات، ده‌چێته‌ ده‌ره‌وه‌ی هاوكێشه‌ی كه‌ناركه‌وتنی ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌، به‌ مانایه‌كی دیكه‌، وه‌ك نه‌رسیسێك كه‌ناركه‌وتنی ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ ده‌خاته‌ ئه‌ستۆی ئه‌وی به‌رامبه‌ر پاكانه‌ بۆ خۆیده‌كات، له‌ بێده‌نگیدا شتێك ده‌شارێته‌وه‌، به‌ نهێنی قه‌ربووی ئاشكرابوونی ده‌كات، ئایا دڵخوازه‌كه‌ی ئه‌می شاعیریش وه‌ك ئۆردیگا كه‌سی دیكه‌ له‌گه‌ڵیدا ڕابردووی هه‌یه‌، ئایا ئه‌و كه‌سه‌ به‌ دوو ئاراسته‌ غه‌ریزه‌ هارناكات، یه‌كه‌م ئه‌وی دڵخواز ملكه‌چی ئاره‌زووكانی ده‌كات، ڕاسته‌وخۆ له‌به‌رچاو ئه‌وی شاعیری ده‌خات، دووه‌م به‌ زوڵم زۆرداری ئه‌وی دڵخواز ده‌مرێنێت و به‌ ژیانی دۆزه‌خی ڕاده‌ستده‌كات، هه‌ڵهاتنی ئه‌می دڵخواز تێوه‌گلانی به‌م چاره‌نووسه‌، ئیره‌ی ئه‌می شاعیر زیندوو ناكاته‌وه‌، وای لێناكات هه‌میشه‌ له‌ گوماندا بمێنێته‌وه‌، ناخۆشترین دۆزه‌خ ئه‌وه‌ نییه‌ له‌ گومانێكدا بژیت، كه‌سێكی تر به‌ زوره‌ملێ بێ ره‌زامه‌ندی ئه‌وی دڵخواز ئاگری خۆشكردبێ، مه‌ردایه‌تی له‌وه‌دا نییه‌ ڕزگاری بكه‌یت، به‌ڵام به‌و مه‌رجه‌ی نابێت ئاوڕ له‌ ڕابردوو بده‌یته‌وه‌، سه‌یری دواوه‌ بكه‌یت، دۆزه‌خ له‌وێیه‌، سێكووچكه‌ی ڕابردوویه‌كی هه‌ڵگرتووه‌، هیچ شتێ له‌كه‌ی گومان وبڕست له‌ ئیره‌ی ناسێنێ وه‌ك كه‌سی ده‌خیل و ئه‌وی دڵخواز، ئاوڕنه‌دیته‌وه‌ ناحه‌وێته‌وه‌، نكۆڵی تۆ ته‌نگه‌ژه‌ی بوونه‌، ئایا مێژوو له‌ ئه‌فسانه‌كاندا خۆی دووباره‌ ناكاته‌وه‌، به‌ده‌ر له‌ ئاوڕه‌كه‌ی ئۆرفیۆس دڵخوازه‌كه‌ی تۆش، دایكه‌ حه‌وا ئاسا، له‌ ڕێگای غه‌ریزه‌وه‌ كه‌ به‌ مار ئاماژه‌ی بۆ كراوه‌، بۆ تام و چێژو له‌زه‌تی خۆشه‌ویستی سێوێك هه‌ڵیگرتووه‌، له‌ دوای چاوه‌ڕوانی چل ساڵ له‌ به‌هه‌شته‌وه‌ تۆو باوكه‌ ئاده‌می ده‌رنه‌كرده‌ سه‌ر دۆزه‌خی زه‌وی، ئایا له‌ ئه‌زه‌له‌وه‌ ئاوڕدانه‌وه‌ بۆ كرده‌ی ئه‌وین، گوناهی یه‌كه‌م نییه‌، هه‌ڵكڕانی به‌دگومانییه‌ك نییه‌، تاوان له‌ نێو بێگه‌ردیدا ناسووتێنێ، ده‌نگ حیلكه‌ی خۆشی و ئاسووده‌ی له‌ نێو فرمێسكی بێده‌نگیدا نغرۆ ناكات، له‌ كۆتاییدا ده‌رگای دۆزه‌خ ناخاته‌ سه‌رپشت، ئایا به‌هه‌شتی خۆشه‌ویستی تۆی تاوان هه‌ڵده‌گرێ، به‌ری لێبوورده‌ی ده‌گرێت، یان دارێكی زڕه‌ گه‌ردن ئازایی سزای ده‌دات، ڕاده‌ستی دۆزه‌خی ده‌كات، میلان كۆندێرا ده‌نووسێت ” دۆزه‌خ ئه‌و شوێنه‌یه‌ كه‌ لێبوردنی تیا نییه‌” گه‌ر وابێت كه‌واته‌ له‌گه‌ڵ ده‌قی به‌رده‌ستدا، به‌یك ده‌گه‌ینه‌وه‌، به‌هه‌شتی خۆشه‌ویستی ئه‌و شوێنه‌یه‌ كه‌ لێبوردنی لێیه‌، نه‌ ئه‌بوایه‌ وه‌ك ئۆرفیۆس ئه‌و ئاوه‌ڕه‌ نه‌گریسه‌ بده‌یته‌وه‌، گومانت بكردایه‌ تا بزانیت ئاخۆ ناپاكی له‌ گه‌ڵتدا نه‌كردووه‌، گوڵزاره‌كه‌ی ئه‌وسای دڵداری كردووه‌ به‌ وشكه‌ خاك، چاوپۆشیت بكردایه‌ له‌ سه‌لماندنی ئه‌و عه‌شقه‌، كه‌ له‌ له‌سه‌قامگیریدا به‌گومانه‌، له‌ پارچه‌كردن و پۆلینكردنی دڵدا باڵاده‌ست و لێوانڕێژه‌، له‌ سالارگه‌راییدا بۆ ده‌بێ ئاوڕبده‌یته‌وه‌، ده‌زانیت ڕێگا خۆڵه‌مێشه‌ به‌ ئاوڕدانه‌وه‌ت دڵخوازه‌كه‌ت ده‌گێریته‌وه‌ بۆ دۆزه‌خ و ده‌یكه‌یته‌ خه‌ڵوزێك، له‌ داهێناندا ده‌قی شیعری پێ گه‌رم ده‌كه‌یت، ده‌یكه‌یته‌ قوربان، كلاوس تێڤلایت ده‌ڵێت ” هونه‌رمه‌ندان ژنان و دڵدارانی خۆیان وه‌ك كه‌ره‌سته‌یه‌ك بۆ خروشاندنی داهێنانی خۆیان به‌كار هێناوه‌ بلیمه‌تی خۆیان له‌ كوشتنی مه‌عشوق به‌ده‌ست هێناوه‌ “8، ئاوڕدانه‌وه‌ت بۆ هونه‌ر، بۆ خه‌یاڵ و شیعر بوو، نه‌ك بۆ ئه‌وی دڵخواز، بۆ دۆزه‌خی واقیع، لای تۆی شاعیر به‌هه‌شتی دنیا ئه‌و نییه‌ به‌ واقعی له‌ ته‌ك ئه‌وی دڵخوازدا بژیت، دۆزه‌خ ئه‌وه‌یه‌ نه‌توانیت جارێكی تر بێیته‌وه‌ ناو دنیایی خه‌یاڵ و شیعر، له‌م ساته‌وه‌خته‌دا، له‌م بگره‌و كێشمه‌كێشه‌دا، به‌ زمانی نائاماده‌ی دڵخواز (سه‌ڵاح شوان) ڕاچیته‌ی بێگوناهی بۆ خۆی ده‌بڕێت، به‌و مه‌رجه‌ی ئه‌و واتا دڵخواز نرخی دڵنیاییه‌كه‌ی بدات و ڕزگاریكات له‌و به‌دگومانییه‌، خه‌یاڵ و بێده‌نگی ده‌ق بكات به‌ كرده‌وه‌ به‌ واقیع پێی ده‌ڵێت “ئێستاش هه‌ر ماوه‌” واتا تا ئێستاش خه‌یاڵ و به‌دگومانیت به‌رامبه‌ر به‌ من هه‌ر ماوه‌، نه‌گۆڕاویت، ژیان له‌ به‌هشتی ده‌قه‌و بكه‌یته‌ واقیعی دۆزه‌خ، به‌ مانایه‌كی دیكه‌ دڵخوازه‌كه‌ی ناراسته‌وخۆ داوای لێده‌كات ئاوڕه‌كه‌ی بداته‌وه‌، خۆشه‌ویستییه‌كه‌ی ببینێت، ئه‌م هاندانه‌ی ئه‌می دڵخواز بۆ ئاوڕدانه‌وه‌، یه‌كه‌م خۆی له‌ ناو ده‌دات ئه‌ویش ده‌كوژێت، دووه‌م له‌ دوای خۆی كه‌لاكی نه‌فره‌تییه‌ك به‌جێده‌هێڵێت، نه‌توانێ له‌ دوای خۆی كچێكی تری خۆشبوێت، ئه‌و چاوه‌ كوێرده‌كات كچێكی تری پێ ببینێت، یان هه‌ستی وا بێزاركه‌ری پێده‌به‌خشێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی فه‌رزه‌نده‌یه‌كی ناخۆشه‌ویستی نه‌رێنی بێت، چیتر نه‌چێته‌ هیچ دڵێكه‌وه‌، نه‌ك ئه‌وه‌، ئه‌وی دڵخواز به‌وه‌نده‌وه‌ ناوه‌ستێ، ئۆقره‌ ناگرێ، دوورتر ده‌روات، له‌ ئێستادا ته‌نیا به‌ری خۆری ئاینده‌ی لێناگرێ، شه‌وی به‌سه‌را بێنێ، به‌ڵكو له‌ ڕه‌هه‌نده‌كانی ڕابردوودا ده‌یكوژێت، له‌ دووڕیانی قه‌یرانێكدا ده‌یچه‌قێنێ تا بۆ هه‌میشه‌ بێ ئه‌وی پێوه‌ دیاربێ، له‌گه‌ڵ خۆیدا نامۆبێت، گێچه‌ڵی گومانێكی نه‌ناسراوی ده‌كات، گومانێك نه‌ له‌ ئاست ئێستا، نه‌ له‌ ئاینده‌ش، نه‌توانێ ببێت به‌ سیمبولی هێزێ، جاریكی تر ڕۆحی شاعیرانه‌ی تێدا زیندووبكاته‌وه‌، كێشه‌ی شاعیر له‌ ئاشقبوونه‌، ئاشقێك كه‌ به‌لای فریشته‌دا ده‌چێت ئه‌هریمه‌نی لێ زیندوو ده‌كاته‌وه‌، ده‌یخاته‌ دڵه‌ڕاوكێ، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ش كه‌ به‌لای ئه‌هریمه‌ندا ده‌چێت فریشته‌ی لێ زه‌قده‌كاته‌وه‌، دیسانه‌وه‌ ده‌یخاته‌ دڵه‌ڕاوكێ، له‌ كۆتایی ئه‌م دژه‌وابوونه‌دا، هه‌م به‌هه‌شتی خه‌یاڵ، هه‌م دۆزه‌خی واقیع ده‌دۆرێنێ، ده‌رئه‌نجام له‌ نامۆییدا ده‌بێت به‌ مرۆڤێ یاخی، ده‌بێت به‌ شاعیر، به‌ده‌رله‌ بێده‌نگی ده‌ق و نووسین، داگیرسانی مۆم و یادكردنه‌وه‌، ناتوانێ به‌ كردار بجوڵێت، به‌ دیالۆگ بنه‌ماكانی له‌یه‌ك تێگه‌یشتن ئه‌نجامدات، چیتر به‌هه‌شتی خه‌یاڵ قه‌ره‌بووی دۆزه‌خی واقیع ناكات، ڕووبه‌ڕوو له‌ بنه‌ره‌ته‌وه‌ هاوكێشه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كه‌ بگۆڕێت، نووسینی ئێستای ده‌ق بشكێنێ، نه‌ك تواناو به‌هره‌، له‌ نێو یاده‌وه‌ریه‌كانیدا بسووتێنی، ده‌قی پێ ڕۆشنكاته‌وه‌، ژیانی تایبه‌تی خۆی تاریكبكات، به‌م پێوه‌ر و ڕێسایه‌ش بێت، (سه‌ڵاح شوان) لێكچواندنی له‌گه‌ڵ تۆفیق حه‌كیم* دا ده‌كات، زۆر به‌ساده‌یی ناوبراو گشت به‌هره‌و تواناو لێهاتووی خۆی خستووه‌ته‌ نێو نووسین و كتێبه‌وه‌، كه‌می به‌كارهێناوه‌ بۆ ژیانی تایبه‌تی خۆی، ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ی تێڕوانینی ئۆسكار وایڵده‌ كه‌ ده‌ڵێت “سه‌رجه‌م تواناو لێهاتووی خۆم كرده‌ خزمه‌ت ژیانم شتێ كه‌م نه‌بێ له‌ لێهاتووی خۆم نه‌خسته‌ نێو نووسین كتێبه‌كانمه‌وه‌”8
كوانێ ئه‌وه‌ی ده‌ڵین گۆی له‌ خشته‌ی مار و مێرووه‌ كوا ؟
بۆچی ئێستا كه‌ڕ بووه‌ ؟
درۆیه‌ درۆیه‌ درۆ
كه‌س نییه‌ گوێ له‌ كه‌س بگرێ
هه‌ر دووكه‌ڵه‌ و هه‌ر ته‌پو تۆزه‌
وتی به‌ر به‌ دواوه‌ مه‌كه‌
ئه‌گینا ده‌تكه‌م به‌ به‌رد
ئه‌م هه‌موو به‌ردانه‌ كێ بوون؟
چییان ده‌وت؟ چییان ده‌كرد
كێ ده‌زانێ؟
له‌ كێ پرسم
كۆپله‌ی 14 ی شیعره‌كه‌ ….. لاپه‌ڕه‌ 8
ئایا بڕواهێنان و به‌دواچوونی چه‌مكی هیوا، ده‌بێته‌ پاڵنه‌رێ بۆ ڕێكخستنی ژیانی تایبه‌تی، ئایا ده‌توانێ لێكه‌وته‌ی ئه‌و بۆشاییانه‌ پڕكاته‌وه‌ كه‌ تێزو ڕێساكانی په‌یوه‌ندی ئه‌وینداری ده‌خاته‌ ژێر یاساكانی ڕێكخستنه‌وه‌، یان دژه‌وابوونێك له‌ ته‌ك به‌ربه‌ستكانی ڕیاڵدا فه‌راهه‌مده‌كات، دوالیزمه‌ی داواكانی خه‌یاڵ و ئه‌گه‌ره‌كانی ڕیاڵ له‌ ئاكامدا نابنه‌ كاریته‌یه‌ك، پووچگه‌رایی له‌سه‌ر بنیاد نانرێ، به‌ری هیوای لێناگرێت، خود له‌ كوێی چاوه‌ڕوانیدا پرسی مانه‌وه‌ یه‌كاڵا ده‌كاته‌وه‌، ڕوو له‌ كوێ ده‌كات، پرسیار له‌ كێ ده‌كات، بازنه‌یه‌كی داخراوه‌، وه‌ڵام كۆمه‌كی ناكات، پشتیلێده‌كات، پرسیاركردنی ئاوه‌ز به‌رابه‌ر به‌ دڵ و سۆز هاوته‌ریبه‌، شكۆمه‌ندی وه‌ڵام ناشكێنی، هه‌رگیز ناگاته‌ ویستگه‌ی مه‌به‌ست، له‌ دۆزه‌خی بێ وه‌ڵامدا بۆ پرسیاری بێگوناه‌ ده‌گڕێت، گه‌ر سێ كووچكه‌ی ئه‌م و شه‌یتان و دڵخوازه‌كه‌ی ئاگری دوزه‌خیان قاندابێ، ئه‌دی خوداوه‌ند له‌ كۆی بوو! كاتێ ئۆردیگا وه‌ك دڵخوازه‌كه‌ی تۆ ویستی وه‌ڵامه‌كانی دڵ بداته‌وه‌، له‌ ده‌ستی واقیعێ هه‌ڵبێت، بۆ ئاگای لێنه‌بوو، گوێی له‌ ڕازو خوازی نه‌بوو، بۆ ڕزگاری نه‌كرد له‌ ده‌ست واقیعێ كه‌ مردن، یان جیابوونه‌وه‌ خۆی تێدا مه‌ڵاس دابوو، كاتێ خۆشه‌ویستی له‌ به‌هه‌شتی به‌یه‌كگیشتندا ده‌مرێت، بۆ ده‌بێت له‌ دۆزه‌خدا به‌ نه‌مری بمێنێته‌وه‌، كه‌ ده‌نگی دڵ هه‌بێ بۆ ده‌بێ گوێی ئاوه‌ز كه‌ڕبێ، بۆ ده‌بێ له‌ ته‌نگژه‌ی بۆشاییه‌كانی ئاوه‌زو دڵ تۆ وه‌ك نه‌رسیسیك خۆت واڵاخه‌یت، پڕكردنه‌وه‌ی پرسیاره‌كان و ئاكامه‌كانی ده‌خیته‌ ئه‌ستۆی خودا، بۆ ته‌نیا له‌ كاتی چه‌قینی نووشستی و پوچگه‌راییدا، له‌تاریكستانا ڕۆشنای خودا به‌دی ده‌كه‌یت، له‌ درۆدا ڕاستی ده‌دۆزیته‌وه‌، له‌ به‌دگومانیدا وه‌ڵامه‌كان چه‌واشه‌ ده‌كه‌یت، سه‌رت لێده‌شێوێت، نازانیت له‌ كوێوه‌ سه‌ری داوه‌كان بگریت، هه‌ڵبێیت، به‌قه‌دبرییه‌ك دامێنی درۆ بگری، ده‌كرێ به‌پێی فه‌لسه‌فه‌ی بووناگه‌رای، به‌پێچه‌وانه‌ی درۆوه‌ پرسیارێ بكه‌ین، به‌جۆرێك له‌ جۆره‌كان، ئایا تۆی شاعیر له‌ داڕشتن و له‌ دیاریكردنی جۆری په‌یوه‌ندییه‌كاندا، به‌رپرسی یه‌كه‌م نیت، كه‌چی ئێستا گازنده‌ی ئه‌وه‌ ده‌كه‌یت و ده‌ڵێت كه‌س گوێی له‌ كه‌س نییه‌، ئه‌دی هه‌ر مرۆڤێك به‌رپرسیاری خاچی كاره‌كانی خۆی هه‌ڵناگرێ، ئه‌م به‌رپرسیارییه‌ به‌ ته‌نیا وه‌ك تاك به‌ ته‌نیا خۆت ناگرێته‌وه‌، به‌ڵكو بۆ سه‌رجه‌م كه‌سانی تریش درێژ ده‌بێته‌وه‌، ئه‌وه‌ بڕیاری خۆته‌، له‌ نێو كه‌سانی دیكه‌شدا یه‌قده‌داته‌وه‌، هه‌ڵبژارده‌ی خۆته‌، ده‌مامێكه‌ ڕِاستی تێدا ناشارێته‌وه‌، بوون وماهییه‌تی تۆ ئاشكرا ده‌كات، به‌وه‌ی ” بوون پێش ماهییه‌ت ده‌كه‌وێت و دیاری ده‌كات”10 به‌م پێیه‌ش بێ نه‌ ئۆردیگا نه‌ دڵخوازه‌كه‌ت گوێیان نه‌ له‌ ئۆرفیۆس، نه‌ له‌ تۆ نه‌گرتووه‌، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ش دروسته‌، پێودانگێكش نییه‌ سازشی له‌سه‌ربكه‌ن، به‌وه‌ی مرۆڤ فه‌رزه‌نده‌ێكه‌ له‌ نێوان ئاسمان و زه‌ویدا، له‌ نێوان دڵ و ئاوه‌زدا، هه‌ڵپه‌سێراوه‌، له‌نێو بێده‌نگی و چاوه‌ڕوانیدا ئازارێكی ڕاگوزه‌ره‌، له‌ نێو توڕبوونی سروشت و یاخیبوونی مرۆڤدا، سه‌ره‌تاتكێیانه‌، هه‌ر ده‌می به‌ جۆرێك، هاوشان و ته‌با له‌ ئاوێنه‌ی ته‌ڵخی شوێنكاتدا درزێك، پرسیارێك ده‌وورژێنن، به‌ هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ یه‌كتریدا ته‌واوی ده‌كه‌ن، سروشت به‌ ته‌پوتۆز مرۆڤیش به‌ دووكه‌ڵ، ته‌قڵڕێژكردنی مرۆڤ به‌ سروشته‌وه‌، پانۆرامای كه‌تنی ئه‌ژیندایه‌كه‌، ئیراده‌ تێدا په‌كده‌خرێت، پاشه‌كه‌وت ڕاده‌ستی چاره‌نووس ده‌كرێت، نه‌ ڕووداو، نه‌ كارو كرده‌وه‌ی تێدا ئه‌نجامنادرێت، له‌ ئازاری كات سووتاندنی چاوه‌ڕوانیدا، ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه‌، ته‌نیا ڕۆشنایی ڕایه‌ڵه‌كانی خۆشه‌ویستییه‌، دیسانه‌وه‌ له‌ ده‌روازیه‌كی دیكه‌وه‌ دێته‌وه‌ سه‌ر هه‌مان برین، هه‌مان بارودۆخی پێشوو، جارێكی تر ئوردیگا ئاسا به‌ ئاگاتده‌هێنێته‌وه‌ پێت ده‌ڵێت: ڕێره‌و بگۆڕه‌، سه‌یری دواوه‌ مه‌كه‌، گه‌ر تۆ وه‌ك شاعیرێ یاخیبوونی خۆت له‌سه‌رجه‌سته‌ی سروشتی توره‌بوونی مندا ته‌قڵڕێژده‌كه‌یت، له‌نێوان دووكه‌ڵی تۆ و ته‌پوتۆزی مندا، ده‌ته‌وێت جارێكی تر جڵه‌وی ئاوڕه‌كه‌ بخه‌یته‌ ئه‌ستۆی من، خۆت وه‌ك قوربانییه‌ك نیشانبده‌ی، پیلانگێری و دڵڕه‌قی و بێباكی من به‌ مه‌رجی ئاوڕه‌كه‌ته‌وه‌ شته‌ك بده‌یت، سزای په‌كخستنی ئیراده‌، پاشه‌كه‌وتكردنی چاره‌نووس ، بێكرداری به‌ به‌رد بوونی خۆت وه‌ك هه‌رشه‌یه‌ك به‌ كرده‌ی خستنه‌سه‌ر(projection) به‌ منی ده‌فڕِۆشیت، به‌ مانایه‌كی تر، پێش ئه‌وه‌ی منی ئافره‌ت، سزای به‌ به‌رد بوون به‌سه‌پێنم، به‌سه‌ر تۆی قوربانیدا، تۆ وێنه‌ی به‌ به‌رد بوونت له‌ سروشتی منداكێشاوه‌، من ته‌نیا خۆم گونجاندوه‌، (ئه‌و پیاوه‌ كه‌ وێنه‌ی ژن بۆ خۆی دروستده‌كات و ژن ته‌نها خۆی له‌ گه‌ڵ ئه‌و وێنه‌یه‌دا ده‌گونجێنێ) 11 هاوپێچ شاعیر بۆ دڵنه‌وای ڕازیكردنی خود وه‌ك داكۆكییه‌ك، وێنه‌كه‌ گشتگیر ده‌كات، هه‌موو دونیایی ده‌ره‌وه‌ له‌ وێنه‌ی خۆیدا ده‌شواته‌وه‌، به‌وه‌ی ئه‌م یه‌كه‌م كه‌س نه‌بووه‌ و نابێت له‌ مێژووی مرۆڤایه‌تیدا سزا درابێت، تووشی نامۆبوون و به‌دگۆڕان بووبێت، هه‌ستبكات بووه‌ته‌ به‌ردێك، سه‌رجه‌م به‌رده‌كانی دنیا له‌ خۆیدا ببینێت، به‌كه‌س بوونی به‌رد، پارادۆكسێكی دڵپڕوكێنه‌ به‌ ناوچه‌وانی مێژووی مرۆڤایه‌تیه‌وه‌ لكاوه‌، پرسیاری جدی و زیندوو له‌سه‌ر مردنی وه‌ڵامدا به‌جێده‌هێڵێت، نهێنی كاره‌ساتێكه‌، له‌ چاوه‌ڕوانیدا ماوه‌ته‌وه‌، له‌ بێده‌نگیدا خنكاوه‌، له‌ ده‌قی به‌رده‌ستدا وه‌ك پرسیار ماوه‌ته‌وه‌، چییان ده‌وت، چیان ده‌كرد، بێ وه‌ڵامه‌، بێ وه‌ڵام.. به‌رده‌، به‌رد، له‌ به‌رد پرسیارده‌كرێ، تا په‌یكه‌ری وه‌ڵام له‌ نێو ده‌قداو هه‌ڵكۆڵێ بیهینێته‌ ده‌نگ.گه‌ر چه‌مكی به‌ به‌ردبوون له‌ گۆشه‌نیگایه‌كی گشتیی و فراوانتره‌وه‌ داگه‌رانی بۆ بكه‌ین، نابێ ڕه‌نگدانه‌وه‌ی تاوانه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی سیاسه‌تی به‌ به‌ردبوون فه‌رامۆشبكه‌ین، گه‌مه‌ی به‌ به‌ردبوون له‌گه‌ل چه‌مكه‌ به‌ر ته‌سكه‌كه‌ی ئایدیالۆژیادا یه‌كدێته‌وه‌، ڕه‌هه‌ندێكی ئه‌ستوونی گشتگیر له‌ خۆده‌گرێت، هه‌رچی له‌ ده‌ره‌وه‌ی مێگه‌لی به‌ به‌ردبوون بێت، ره‌تكراوه‌ته‌وه‌، به‌ نه‌یار سه‌یرده‌كرێت، له‌گه‌ڵ چه‌مكی ئه‌ویندارییدا هاودژه‌، یه‌كناگرێته‌وه‌، به‌وه‌ی چه‌مكی ئه‌وینداری تایبه‌تمه‌ندی ڕه‌هه‌ندێكی ئاسۆیی فه‌راهه‌مده‌كات، ڕوودانی هه‌ر درزێك له‌ نێو دوو دڵداردا، سه‌لماندنی تێوه‌گلانی ده‌سه‌ڵاته‌، لێڵكردنی دیده‌ی ڕوونی ئاسمانی دیاری دڵدارانه‌، كه‌س له‌ به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵاتدا وه‌ك ئاشق چاوكراوه‌و ووریا نییه‌، له‌ ئاشكراكردنی سه‌ندنه‌وه‌ی مرۆڤ له‌ مرۆڤبوون، كردنی به‌ مێگه‌ل و به‌ به‌ردبوون.
هه‌ر له‌ هه‌مان كۆپله‌دا له‌ شوێنێكی دیكه‌دا ده‌ڵێت
ئه‌مرۆكه‌ خاكی كوردستان
كه‌ گوڵی یاخی ناگرێ
وێرانه‌ خاكه‌ ئه‌و خاكه‌ی
جێگای گۆڕی
شاعیرێكی گێلی تێدا نابێته‌وه‌
جێگای دڵی عاشقێكی
خه‌مان گه‌سته‌ی وه‌ك منی تیا نابێته‌وه‌
نالی، حاجی، شێخی سه‌نعان
ئه‌وانی تری گۆڕ غه‌ریبان
وێرانه‌ خاكه‌ ئه‌و خاكه‌ی
كرا به‌ جێی گۆرپه‌رستان كرایه‌ جێی برا گه‌وره‌
هه‌مان كۆپله‌ی پێشوو ـ لاپه‌ره‌ 9
سیمرخ له‌ پاش ئازاره‌كانی سووتان و زیندووبوونه‌وه‌دا، له‌ دوایین شه‌وه‌كانیدا، ده‌توانێ هه‌ره‌تی گه‌نجێنی خۆی زیندووبكاته‌وه‌، له‌ دوای ته‌مه‌نێك، توانای ئه‌وه‌ی ماوه‌ چێژ و له‌زه‌تی سه‌رجێی له‌ته‌ك دڵخوازه‌كه‌یدا ئه‌نجامبدات، هه‌ستكردن به‌ بوون به‌ به‌رد، به‌رامبه‌ر به‌ پێداویستیه‌ سێكسیه‌كانی سروشتی مێینه‌، تا كڕۆك و ژیانی تایبه‌تیش په‌ل ده‌هاوێژێت شۆرده‌بێته‌وه‌، چاوپۆشین و بێده‌نگبوون نییه‌، ،شاردنه‌وه‌ی ئه‌ركێك نییه‌، كه‌ كرداری به‌ دواوه‌ نایه‌ت، نسكۆ ته‌نیا نسكۆی ده‌سه‌ڵات نییه‌، له‌ به‌رهه‌مهێنانی ژیانێكی ئاسووده‌ و سه‌قامگیر، به‌ڵكو له‌ ئاست حه‌زی مێینه‌شدا، یه‌قدانه‌وه‌ی نسكۆی تاكی نێرینه‌شی به‌ دواوه‌ دێت، ته‌نگه‌ژه‌ و جیابوونه‌وه‌ی به‌زۆره‌ملێی لێده‌كه‌وێته‌وه‌، ده‌كرێ شاعیر له‌ زیندووبوونه‌وه‌ی خه‌یاڵدا، به‌ نمایش قه‌ره‌بووی ئه‌وی نائاماده‌ بكات، یاده‌وه‌ری و سووتان و نه‌مانی هێزو ووزه‌ی به‌یه‌كگه‌یشتن، ده‌سه‌ڵات و دووری نیشتیمان، نیشته‌منی ته‌مه‌نێكه‌، ئاساواری ساڵانێكه‌، له‌سه‌ر ڕوویه‌كه‌ ناتوانێ حه‌زو ویستی مێینه‌ دابینبكات، تاسه‌ی ئه‌فسانه‌ی ئه‌و حه‌زه‌ دێڕینه‌یه‌، باوكه‌ ئاده‌می خسته‌ نێو دۆزه‌خی زه‌مینه‌وه‌، ئۆرفیۆسی گێڕایه‌وه‌ بۆ هادس، سه‌رچاوه‌ی كێشه‌كه‌ ئاوڕێكه‌، له‌گه‌ڵ جیاوازییه‌كی بنه‌ڕه‌تیدا یه‌كدێته‌وه‌، ده‌بێ ئاماژه‌ی بۆ بكه‌ین، ئاوڕو سه‌یركردنه‌كه‌ی ئاده‌م، بۆ دایكه‌ حه‌وا، به‌ كرده‌وه‌و به‌ڕاستی بێشاردنه‌وه‌، دوور له‌ ده‌سه‌ڵاتی سیاسی مژۆڵی یه‌كتربوون، جه‌سته‌ له‌ نێو جه‌سته‌دا، له‌ نێو له‌زه‌تی سه‌رجێیدا توایه‌وه‌، به‌ جووته‌ سزادران، گومانیان نه‌هێشت، به‌رده‌كانی حه‌زیان شكاند، له‌ به‌ردبوون ده‌رچوون، به‌ یه‌قینه‌وه‌ بوونه‌ خاوه‌ن نه‌فس و ده‌روونێكی دروست، له‌ به‌رانبه‌ردا ئاوڕه‌كه‌ی ئۆرفیۆس، نه‌یتوانی ئه‌و مه‌به‌سته‌ بهێنێته‌ دی كه‌ جه‌سته‌ی مێینه‌، چاوه‌ڕێی ده‌كرد، ئاوڕه‌كه‌ی زیاتر بۆ هونه‌رو، بۆ گومان بوو، نه‌ك بۆ زیندوو كردنه‌وه‌ی حه‌زه‌ خه‌وتووه‌كانی ئه‌وی مێینه‌ بێت، ئه‌و ساردوسڕییه‌، نه‌خوێندنه‌وه‌ی جوانییه‌كانی جه‌سته‌، به‌ به‌ردكردنی خه‌یاڵ یه‌كێكه‌ له‌ گه‌مه‌ گه‌نده‌ڵكانی ده‌سه‌ڵات، له‌ ژێرفشاره‌ هه‌مه‌ جۆره‌كانیدا، به‌ كرده‌ی نامۆبوون، دڵ مراندن و نه‌بزواندنی هه‌ستی نێڕایه‌تی لێده‌كه‌وێته‌وه‌، لێكه‌وته‌ی ئه‌م نامۆبوونه‌، دۆگمابوونێك زه‌قده‌كاته‌وه‌، چیتر شوێنی ئه‌شق، جێگای زیندووی تێدا نابێته‌وه‌، وێرانه‌یه‌كه‌، ده‌سه‌ڵات، یان برا گه‌وره‌ مانه‌وی خۆی به‌ به‌ردبوون و له‌ سڕینه‌وه‌ی گشتدا، سه‌ركه‌وتنی خۆی پیرۆز ده‌كات، كرده‌ی گۆڕینی خاك بۆ جێگای گۆڕپه‌رستیی، نه‌رێتی كۆمه‌ڵگا سه‌ره‌تاییه‌كانه‌، برا گه‌وره‌ یان ده‌سه‌ڵات ده‌یبه‌خشێته‌ مرێده‌كانی، گرێدراوه‌ به‌ مان و نه‌مانی ده‌سه‌ڵات، هه‌ر درزێك به‌ر ئاوێنه‌ی ده‌سه‌ڵات بكه‌وێت، هاره‌و شكاندن ئه‌وانی لێده‌كه‌وێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش له‌ته‌ك یاخی بوون یه‌خانگیربوونی شاعیران له‌گه‌ل مردندا یه‌كنایه‌ته‌وه‌، سه‌ر هه‌ڵگرتنی شاعیران ستاتیكای دابڕانه‌ نه‌ك توانه‌وه‌، به‌رگرییه‌ نه‌ك ڕاده‌ستبوون، ئه‌و گۆرستانه‌ وێرانه‌یه‌كه‌، به‌ ڕاده‌ی ئه‌وه‌ی كه‌مكردنه‌وه‌ی به‌هاو نرخی پیاوه‌، له‌ تێڕوانینی ئافره‌تدا، به‌ هه‌مان ڕاده‌ش گه‌ر زیاتر نه‌بێ، كه‌متر نییه‌، له‌ ئافره‌تیشدا كه‌مكردنه‌وه‌ی نرخ و به‌های پیاوه‌، شكاندنی ئافره‌ته‌ ، هه‌ڵلێگرتنی ڕقه‌، هه‌ر ئه‌و ڕق و كینیه‌ش بوو، ژنانی سه‌ر به‌ دینیۆسیسی هاندا، ئۆرفیۆس پارچه‌پارچه‌ بكه‌ن، یه‌كێكیان له‌ دووره‌وه‌ ده‌یبینێت، هاوارده‌كات ” بیبینن، بیبینن، ئه‌وه‌تا ئه‌وه‌ی سووكایه‌تی به‌ ژنان كردوه‌”12 هه‌ر مێمڵی ئه‌و ڕقه‌شه‌، له‌ ئێستادا ده‌نه‌ی دڵخوازه‌كه‌ی (سه‌ڵاح شوان) ده‌دات، ناهێڵێت بگه‌ڕێته‌وه‌، له‌ چاوه‌ڕوانیدا كه‌سه‌ره‌كانی بێده‌نگی بشكێنێ، به‌ سزادان به‌رگری له‌خۆی ده‌كات، به‌ دیوێكی تر، گه‌ر ئه‌میش سزای نه‌دات، ئه‌و پێشوه‌خته‌ له‌و كاره‌ی كه‌ ده‌بوو كاتی گه‌نجێنی چاره‌سه‌ریبكات، هیچی بۆ نه‌كرا، له‌ چێژی جه‌سته‌و له‌ نیشتیمانێك كه‌ ئازاری داوه‌، له‌ نامۆبوون زیاتر هیچی هه‌ڵنه‌كڕاند، به‌ خه‌ونێكی له‌ ده‌ستچووه‌و، ته‌نیا سزای خۆی داوه‌، ئێستاش په‌شیمانه‌، ئه‌وی دڵخواز به‌ گومانه‌ له‌وه‌ی ئه‌می دڵدار دوای چل ساڵ و هه‌نده‌ران، جارێكی تر بتوانێ بگه‌رێته‌وه‌ بۆ نیشتیمانێ چاوه‌ڕوانی هیچی باشی لێناكرێت، نیشتمانێ په‌یڕه‌وی ئه‌و ئامرازانه‌ ناكات، خه‌ونی چل ساڵه‌ی شاعیرێكی ده‌ربه‌ده‌ر، خۆی له‌می نائاماده‌دا بشكێنێ، حه‌زیش ناكات پێی بڵێت هیچی پێناكرێت، نیشتمان هه‌رخۆیه‌تی تۆ گوڕاویت، ئه‌و هه‌رخۆیه‌تی نه‌گۆڕاوه‌، شه‌رمه‌زارییه‌، پێده‌چێ ستایلی ئه‌م ئه‌ویندارییه‌، هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ خۆشه‌ویستییه‌كی سۆفییانه‌ی سه‌خت بێ، توانه‌وه‌یه‌كه‌ ناتوانێ له‌ نێوان خۆی مه‌عشوقدا، له‌ نێوان ئه‌وه‌ی مۆتیڤی شیعر نووسینیه‌تی، له‌گه‌ڵ سیحری ئه‌و سروشته‌ زگماگه‌ی له‌ ئافرتدا هه‌یه‌، جیاوازی دروستبكات، یان ناتوانێ له‌ ده‌روه‌ی خه‌یاڵ ئاوڕ له‌ واقیع بداته‌وه‌، مامڵه‌ی له‌ته‌كدا بكات، گه‌یشتن به‌ دوا خاڵه‌كانی ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ له‌ ڕێگای گه‌یشتن به‌وی دڵخوازه‌وه‌، سیحری پێشبڕكێی داهێنانی نووسین و خه‌یاڵی بردنه‌وه‌، كۆتایی پێدێنێ و ده‌دۆڕێت، كوشتنی حه‌ز، كوشتنی به‌هره‌ی شیعرییه‌، دۆڕاندن و لێسه‌ندنه‌وه‌ی تواناكانی شیعر نووسینه‌، ئه‌مه‌ش ئه‌و ڕاستییه‌ به‌ده‌سته‌وه‌ ده‌دات كه‌ ئه‌می شاعیر ئه‌زموونی له‌گه‌ڵ شوێنێكی دڵره‌قدا كردووه‌، شوێنێك ده‌توانێ پارادۆكسێ له‌گه‌ڵ نه‌رمی و ته‌ڕی خه‌یاڵدا له‌گه‌ڵ دولبه‌ردا دروستبكات، له‌گه‌ڵ ڕوونبوونه‌وه‌ی خه‌یاڵ، جوانكردنی خۆشه‌ویستی، دڵڕه‌قی ده‌سه‌ڵات له‌شوێندا زیاتر تۆخ ده‌بێته‌وه‌، ناشرینتر ده‌بێ له‌وه‌ی شوێنی جوانی تیابێته‌وه‌، هه‌ڵبه‌ت شوێنی گۆڕی شاعیرێ جوان په‌رستیشی تیا نابێته‌وه‌، ڕێزگرتنی جوانی گێلی نییه‌، ئه‌وه‌ به‌رپه‌چدانه‌وه‌ی ئه‌وانه‌، له‌ شاعیردا یه‌قده‌داته‌وه‌، سه‌رسامبوونی شاعیر به‌ شكۆمه‌ندی و به‌هاو جوانی ئه‌وی ئافره‌ت، بێده‌نگی خه‌یاڵ، دابڕانێك له‌گه‌ڵ واقیعی سیاسیدا فه‌راهه‌مده‌كات، وێناكردنی شاعیر له‌و ئافره‌ته‌ كه‌ خۆشیده‌وێت، گه‌وره‌ ده‌بێته‌وه‌ بۆ نیشتیمانی یه‌كه‌م، بۆ خاكی كوردستان، ویرانه‌یه‌ له‌ تێكچوونی په‌یوه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی، له‌ پیاده‌كردنی جیاوازییه‌كانی نیوان نێرو مێ، پابه‌ندبوونی دڵخوازه‌كه‌ی به‌ داب و نه‌رێتیه‌كانی باوكسالاری، چپاندنی نیگایه‌كی ڕوون، ئاڵۆزییه‌ك فۆرمۆڵه‌ده‌كات، له‌ چاوه‌ڕوانیدا بڕیاری گونجاو به‌ ئاسانی ناهێنیته‌ ده‌نگ هه‌ر له‌ بێده‌نگیدا پیاو له‌ جووڵه‌ ده‌خات و له‌ خه‌یاڵ و له‌ یاده‌وه‌ریدا ده‌هێڵێته‌وه‌، خه‌مساردی گوێپێنه‌دان مرۆڤ تا ئاستی ڕاده‌ستبوون وا ده‌كات توانای نه‌مێنێ دنیایه‌كی تر ببینێت، بیر له‌ ئافره‌ت و له‌ نیشتمانێ تر بكاته‌وه‌، خه‌ساندنی پیاو له‌ نێو هاوكێشه‌یه‌كی ئاوهانه‌دا، یاخیبوونێك به‌رهه‌م ده‌هێنێت، وێڵی دادپه‌روه‌رییه‌كه‌، نه‌ له‌ دڵخوازه‌كه‌یدا، نه‌ له‌ نیشتیماندا به‌دی ناكات، مافێكه‌ له‌ تاك و كۆدا پێشێلكراوه‌، ئافره‌تێ بێ نه‌فسكرابێ، نیشتیمانێكی نه‌زۆك، به‌ چ ڕێسایه‌ك ده‌توانێ گوڵی یاخی بگرێ، ڕێز له‌ داهێنان بگیرێت، ئاوێزانی شیعرو نیشتیمان بێت، نیشتیمانێ وه‌ك دڵخوازه‌كه‌ی ناتوانێ ده‌ستله‌ملانی بێت، له‌ نامۆبوون و نه‌بوونی ئامرازه‌كانی به‌یه‌ك گه‌یشتنیدا، وه‌چه‌ی خۆشه‌ویستی دروست بدۆزێته‌وه‌، یان ده‌بێت به‌ به‌ردبوون قایل بێت، خۆی بسڕێته‌وه‌، یان ده‌بی یاخیبێت و هه‌ڵبێت بۆ هه‌ندران، ئافره‌تێ له‌ نیشتمانێكدا بچووككراوه‌ته‌وه‌، له‌ هه‌ندرانیش دا گه‌وره‌كراوه‌، هه‌میشه‌ یادی ده‌كات وازی لێناهێنێت، نه‌ به‌مردنی ڕازییه‌ و وازی لێده‌هێنێت، نه‌ قایله‌ به‌وه‌ی دڵی ڕاگرێ، له‌ جه‌سته‌یه‌كی وێرانه‌دا، جێگای بكاته‌وه‌، عه‌شق له‌ نیشتیمانێكدا ناژێت، مه‌یلی ئه‌م و كویله‌بوونی ئه‌وانی تر گه‌وره‌ بكات، دروشمی ته‌نیاباڵی و فه‌رامۆشكردن به‌رزكاته‌وه‌، بێئومێدی بڵاوبكاته‌وه‌، بێهه‌ستی و بی ڕێزی، بووه‌ته‌ كه‌لتور و مه‌رجی مانه‌وه‌، له‌ كه‌لتور و مێژووی نیشتیماندا، له‌ كوردوستانی پیرۆزدا، له‌ وه‌چه‌كانی ئۆرفیۆس دا، (سه‌ڵاح شوان) یه‌كه‌م كه‌س نییه‌، نابێته‌ دوا كه‌سیش، له‌ دوایین شه‌ویشدا شاعیر، له‌ ده‌روازه‌ی ئه‌زموونی شیعرییه‌وه‌، له‌ خوێندنه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌ شیعرییه‌كانه‌وه‌، به‌ سێ تێڕوانینی جیاواز، له‌ سێ شاعیردا، بۆشاییه‌كانی بێده‌نگی پڕده‌كاته‌وه‌، سه‌رجه‌م توخبی ته‌گه‌ره‌كانی په‌یوه‌ندیی ئه‌وینداری پۆلینده‌كات، له‌ سێ ئه‌زموونی جیاوازدا، له‌گه‌ڵ خاڵی هاوبه‌شی نامۆبووندا، كۆیانده‌كاته‌وه‌، یه‌كه‌م دۆزینه‌وه‌ی خود و نامۆ بوونی شیعر، كاتێ نالی شاعیر مه‌ستوره‌ی دڵخوازی به‌ نیشتیمان ده‌چوێنی، ناتوانێ خۆی له‌ڕاستییه‌كدا ونبكات، ئایا شیعر ئه‌و هێزه‌ی هه‌یه‌، له‌ ژێر زوڵم و سته‌مدا ژیانێ ئاسووده‌ به‌ شاعیر ببه‌خشێت، خۆی له‌ مێگه‌ل بوون و له‌ به‌ردبوون بپارێزێ، گه‌ر كات خود له‌ شوێندا كه‌رتبكات، درزێكی كه‌مه‌رشكێن له‌ نێوان دوێنێی ئازاد و ئیمڕۆی بنده‌ستیدا، فه‌راهه‌مبكات، ئیتر شاعیرخۆی له‌ كۆی شیعردا ده‌بینێ، خود خۆی له‌ كۆی دڵێكدا ده‌بینێ، كه‌ داگیركرابێ وه‌ك مرۆڤ تواناكانی لێسه‌نرابێ، به‌ چاره‌نووسی نادیاره‌وه‌ شه‌ته‌ك درابێ، چاره‌نووس دابه‌ش ناكرێ به‌ گرتنی گشت و به‌ ئازادكردنی به‌شێك، هێزی شیعر لێكه‌وته‌ی ئه‌و دابه‌ش بوونه‌ قه‌بووڵ ناكات، كه‌ی ڕه‌وایه‌ خودی شاعیر به‌ده‌ستی دولبه‌ره‌وه‌ دیل بێ، بانگه‌شه‌ی ڕزگاری بكات، ئه‌وی دولبه‌ریش به‌ده‌ستی داگیركه‌ره‌وه‌ دیل بێ، (هێمن)ی شاعیر به‌ جوانی گوزارشت له‌و باردۆخه‌ ده‌كات، له‌ شیعری (دیلی دیل) دا ده‌ڵێت “ئه‌سیری بسكی ئاڵۆزی كچه‌ كوردێكی نه‌شمیلم، ته‌ماشاكه‌ن، چ سه‌یرێكه‌ به‌ ده‌ستی دیله‌وه‌ دیلم” 13 هێزی شیعر و هێزی داگیركه‌ر، دوو دونیایی جیاوازن، به‌ یه‌كه‌وه‌ هه‌ڵناكه‌ن له‌ نێو ئه‌و ته‌نگه‌به‌رو به‌یه‌كداهاتوونه‌دا، ناژێ و ئه‌غزه‌ له‌وێشدا بمرێت، له‌ مردنیشدا بێت، به‌های شیعر ڕێگا نادات شانوشكۆی شاعیر خود بدۆڕێنێ له‌ دونیایه‌كی ناجۆر نه‌ویستراودا داكوترێت، وه‌ك به‌رپه‌رچدانه‌وه‌یه‌ك، سه‌رهه‌ڵده‌گرێت، مه‌رگێكی شاعیرانه‌ی شایسته‌ هه‌ڵده‌بژێڕێت، گه‌ر له‌ هه‌ندرانیش بێت خود ده‌دۆزێته‌وه‌، درێژه‌ به‌ نامۆبوونه‌كه‌ی ده‌دات، لێره‌دا ئه‌می شاعیر به‌پێی ده‌قی باسكراو، یان هاوشێوه‌بوونێك له‌گه‌ڵ نالیدا، فه‌راهه‌مده‌كات، یان بووه‌ته‌ ئه‌لته‌رناتیڤی نالی شاعیر. دووه‌م نه‌بوونی نیشتیمانی نه‌ته‌وایه‌تی ده‌رئه‌نجامێكه‌، ئاودیوكردنی په‌ڵپێكه‌، گرێدراوه‌ به‌ نه‌سه‌قامگیری دڵخوازه‌یه‌كه‌یه‌وه‌ كه‌ به‌ دوو زمانی جیاواز دیالۆگ ئه‌نجامده‌ده‌ن، ئه‌م به‌ خه‌ون و خه‌یاڵی ئازاده‌وه‌، ئه‌وی به‌رامبه‌ریش به‌ ڕاده‌ستبوونی واقیعی تاڵ، په‌ی به‌ زمانی شیرینی خه‌یاڵ نابات، دوالیزمه‌ی خه‌یاڵ و واقیع، پارادۆكسێ فه‌راهه‌مده‌كه‌ن له‌ نێوان ئازادی ڕاده‌ستبوون به‌ ژیانی ملكه‌چی، به‌لای كۆمه‌ڵگایه‌كی ملكه‌چی كه‌ناركه‌وتوو، وێرانه‌ به‌ نه‌زانین، مه‌حاڵه‌ سێبه‌ری خۆشه‌ویستی تێدا بدۆزرێته‌وه‌، ئه‌میش وه‌ك حاجی قادری كۆیی شاعیر ڕزگاركردنی په‌یوه‌ندییه‌كه‌ی گرێده‌دات به‌ هاتنه‌كایه‌ی پڕۆژه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كی سیاسی، له‌ ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆدا، داوای خۆشه‌ویستیه‌كی ئازاد ده‌كات، به‌ مه‌رجێ، له‌ كۆیی جیاوازییه‌كانی زمان و بیركردنه‌وه‌دا ده‌كرێ خۆی كۆبكاته‌وه‌، سێیه‌م به‌ناوهێنانی (شێخی سه‌نعان)ی شاعیر تێڕوانینی ڕه‌هه‌نده‌كانی ئاین و یه‌قدانه‌وه‌ی ئه‌گه‌ره‌كانی له‌سه‌ر داڕشتنی جۆری په‌یوه‌ندیه‌كان ئاشكراده‌كات، كه‌ پاشخانی ژێروژووربوونێكی تێدا ڕه‌چاوده‌كات، ئه‌گه‌ره‌كانی فۆرمۆڵه‌بوون ئاسته‌نگ ده‌كات، ده‌زانێت ته‌نیا په‌یوه‌ندی خۆشه‌ویستییه‌، ده‌توانێ جیاوازیه‌ ئاینییه‌كان ڕیزپه‌ڕ بكات، ئاسته‌نگه‌كان ڕه‌شكاته‌وه‌ ڕووی ئه‌وین سپیكاته‌وه‌، دڵنه‌وایی نێرو مێیه‌ك، ده‌توانێ له‌ به‌یه‌كگه‌یشتنی چاوه‌ڕوانیدا، بۆشاییه‌كانی پووچگه‌رایی پڕكه‌نه‌وه‌، ڕووبه‌ڕووی دابونه‌رێته‌ ڕزیوه‌كانی كۆمه‌ڵگا بنه‌وه‌، كه‌ له‌ جیاوازی ئاینه‌كاندا خۆی حه‌شارداوه‌، ئه‌وه‌نده‌ی پێداگرن له‌سه‌ر ڕه‌هه‌نده‌كانی كه‌رتبوون، ئه‌وه‌نده‌ كۆك نین له‌سه‌ر یه‌كبوون، به‌رجه‌سته‌ بوونی (سه‌ڵاح شوان) له‌ په‌یوه‌ندی ئه‌وینداری له‌گه‌ڵ هه‌بوونی چه‌مكی ئاینیدا، خۆیله‌خۆیدا پێلێناێكی ڕاسته‌وخۆیه‌، خۆی له‌ ئاوێنه‌ی (شێخ سه‌نعان)دا به‌دی ده‌كات، ئاماده‌یه‌ له‌ پێناوی سه‌رخستنی په‌یوه‌ندییه‌كه‌ی، گه‌ر به‌ مردنیش بی، ئاوڕ له‌ دڵخوازه‌كه‌ی بداته‌وه‌، بێته‌ سه‌ر ئاینی دڵخوازه‌كه‌ی، له‌گه‌ڵ مه‌ئلووفدا جیاوازی دروستبكات، وه‌ك شێخ سه‌نعان بۆ كچێ گاور له‌ ئیسلام وه‌ڕگه‌ڕا، گه‌ر ده‌ق ڕۆحی دووه‌می نووسه‌ر بێت، ئه‌وا شاعیر، له‌ گه‌شته‌كه‌یدا بۆ هه‌ندران، راكردنی له‌ ده‌ست زوڵم و سته‌م، زیره‌كانه‌ خود و دونیایی شیعری، له‌ دونیای ئه‌م سێ كه‌ڵه‌ شاعیره‌دا دۆزییه‌وه‌، به‌ فره‌ ده‌نگی له‌ ده‌نگی منی ساده‌وه‌، توانی له‌ ده‌رووی سووتان و زیندووبوونه‌وه‌ی سیمرخدا، بچێته‌ ناو بێده‌نگی سه‌رجه‌م ئه‌و ده‌نگانه‌ی ئاوێته‌یان بووه‌، ئه‌وه‌نده‌ پێویستی به‌ خه‌یاڵ هه‌بوو، ئه‌وه‌ند به‌لای زه‌یندا نه‌چوو، سووتانی سیمرخ، تراژیدیای ئه‌و سه‌فه‌ره‌یه‌ كه‌ ڕابردوو له‌ نێو ئه‌و كاته‌دا زیندوو ده‌كاته‌وه‌، كه‌ نووسه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ تا كۆتایی تێیدا ده‌ژێ، هه‌ر كاتێ غه‌ریبی و نامۆبوون له‌ ناخیدا مرد، ئه‌وسا شیعریش تێیدا ده‌مرێت، له‌ كۆتاییدا ئه‌م شیعره‌، شیعری گێڕانه‌وه‌یه‌، ئاشكراكردنی پارادۆكسێكه‌ كه‌ شاعیر به‌ مه‌نه‌لۆگ ده‌دوێت، دڵخوازه‌كه‌ی نهێنییه‌كان به‌ دیالۆگ ده‌خاته‌ ڕوو، بۆیه‌ به‌و ده‌سته‌واژنه‌وه‌ ته‌نراوه‌ كه‌ نیشانه‌ی نائاماده‌یی به‌ ده‌سته‌وه‌ ده‌ده‌ن، كرداری تێیدا نییه‌ وه‌ك ” خۆی پێیووتم، من ده‌بینم، ئه‌و ووتی، تۆ نابینیت، من ووتم، كاتێ ووتم، كێبوو ووتی “…هتد هه‌روه‌ها سه‌رهه‌ڵگرتنی هه‌ر یه‌ك له‌م سێ شاعیره‌، به‌ خودی سه‌ڵاح شوان خۆشیه‌وه‌ بۆ ده‌ره‌وی نیشتیمان، بۆ تاراوگه‌ به‌ ئاره‌زوو نه‌بووه‌، ناچاری بووه‌، ڕزگاركردنی ڕۆحی شیعر و دۆزینه‌وه‌ی خه‌یاڵ بوو، مانه‌وه‌ی ده‌قه‌ له‌ ره‌تكردنه‌وه‌ی واقیعێ نه‌خوازراو. .

عه‌لی شێخ عومه‌ر
زه‌مه‌نی كۆرۆنا 2020

———————————————————————————————————

ژیده‌ره‌كان
1 ـ سه‌ڵاح شوان ـ دوایین شه‌وه‌كانی سیمرخ ـ ماڵپه‌ڕی ئه‌نته‌رنیت ـ سایتی ده‌نگه‌كان.
2 ـ سه‌ڵاح شوان ـ شه‌وێك له‌ شه‌وه‌كانی سیمرخ ـ چاپخانه‌ی له‌ریا ـ چاپی یه‌كه‌م ـ به‌ریوه‌به‌راێتیی گشتی ڕاگه‌یاندن و چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی سلیمانی ـ ساڵ 2013
3 ـ كاروان عومه‌ر كاكه‌سوور ـ نامه‌یه‌ك بۆ (ئیدریس)ی هاوڕیی ده‌نووسێت ـ ماڵپه‌ڕی پی ، دی، ئێف
4 ـ كاروان عومه‌ر كاكه‌سوور ـ دیمانه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ كاروان عومه‌ر كاكه‌سوورـ سازدانی بڵند باجه‌لان ـ لاپه‌ره‌ 8 ـ ماڵپه‌ڕی پی، دی، ئێف
5 ـ توانا ئه‌مین ـ چه‌ند گفتوگۆیه‌كی ئه‌ده‌بی ـ له‌ بڵاوكراوه‌كانی پاشكۆی چاودێرـ ژماره‌ 15 ـ ساڵ 2008 ـ لاپه‌ره‌ 123
6 ـ به‌ختیار عه‌لی ـ ئاوڕه‌كه‌ی ئۆرفیۆس ـ چاپخانه‌ی رجایی / تاران ـ چاپی یه‌كه‌م ـ ناوه‌ندی رۆشنبیری و هونه‌ری ئه‌ندێشه‌ ـ سالی 2014 ـ لاپه‌ره‌ 124
7 ـ هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشووـ چیرۆكی ئۆرفیۆس ـ بۆ زیاتر زانین ده‌رباره‌ی چیرۆكی ئۆرفیۆس سه‌یری لاپه‌ری 123 بكه‌
8 ـ ـ هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشووـ لاپه‌ره‌ی 197
9 ـ جورج گرابیش ـ عقده‌ اودیب فی الروایه‌ العربیه‌ ـ دار الگلیعه‌ للگباعه‌ والنشر ـ الگبعه‌ الاولی ـ 1982 ـ ص 82
*ـ توفیق الحكیم : رومانووسیكی گه‌وره‌ی عه‌ره‌به‌ میسرییه‌ له‌ بواری نووسینی شانۆشدا باڵاده‌سته‌ خاوه‌نی چه‌نده‌ها شاكاری شانۆییه‌ وه‌ك مصیر صرصار، سرمنتحره‌، سلیمان الحكیم، .. هتد گرنگترین رۆمانی عصفور من الشرق، عوده‌ الروح وه‌ چه‌ندین رۆمانی تر
10 ـ الدكتور عبدالحمن بدوی ـ دراسات فی فلسفه‌ الوجودیه‌ ـ المۆسسه‌ العربیه‌ للدراسات والنشر ـ الگبعه‌ الاولی ـ 1980 ـ ص 263
11 ـ كۆمه‌ڵێك نووسه‌ر ـ گۆڤاری ئایدیا ـ ژماره‌ 12 ـ ئاشنا بوون به‌ نیچه‌ ـ چاپخانه‌ی كاڕۆ ـ سلێمانی ـ ل 29
12 ـ هه‌مان سه‌رچاوه‌ی ژماره‌ی 7 ـ لاپه‌ڕه‌ی 196
13 ـ سه‌رجه‌می شیعری هێمن ـ بارگه‌ی یاران ـ چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی هه‌ولێرـ چاپی یه‌كه‌م ـ ساڵی 2003 ـ لاپه‌ڕ 186




كۆمه‌ڵناسی كۆڕۆنا … *حیكمه‌ت نامیق

مرۆڤ كاتێ مه‌رگی ئه‌وانی تر ده‌بینێ ویژدانی ته‌واو ئازار ده‌كێشێ ئه‌وه‌ ئه‌و حه‌قیقه‌ته‌یه‌، كه‌ ئێستا هه‌موو مرۆڤایه‌تی پێیدا تێده‌په‌ڕێت كه‌له‌و په‌ڕی ترۆپكی نائومێیه‌وه‌ ژیان گوزه‌رده‌كات مرۆڤ وه‌ختێ ده‌گاته‌ نائومێدی ئیدی هیچ ده‌رچه‌یه‌ك نابینێ ته‌واو په‌رێشان و خه‌مناك ده‌بێ له‌ژیان نه‌ خوێندنه‌وه‌ی كتاب دادی ده‌دات نه‌ گوێگرتن له‌ مۆسیقا .نه‌ هیچ شتێك چونكه‌ هه‌میشه‌ له‌ خه‌م و ئازاری ئه‌وانی تر ده‌ژیت ….مرۆڤ له‌ ئێستادا ڕوبه‌ڕوی دۆخێك بۆته‌وه‌ چه‌نده‌ پێشوتر بێزار بوه‌ له‌ حكومڕانی به‌رپرسه‌كانی ئه‌وا كوًڕۆنا به‌یه‌كجاری شه‌كه‌ت و ماندوی كردوه‌ ،سایكۆلۆژیه‌تی به‌جۆریك شێواندوه‌ هه‌ست ده‌كات ته‌نهاترین كه‌سه‌ له‌نێو ئه‌و جیهانه‌دا .
ئه‌و تارمایه‌ی ،كه‌ڕووی له‌ هه‌موو دونیا كردوه‌ سه‌یره‌ مرۆڤ له‌ ئاستی ده‌سته‌وه‌ستانه‌ ئه‌قل ناتوانێت په‌ی پی َببات وچاره‌ی دۆخه‌كه‌ بكات ئه‌گه‌ر ئه‌وروپا به‌و هه‌موو بیریارو زانسخوازو گه‌شه‌سه‌ندنه‌ ئه‌قلی و مه‌عریفه‌ی خۆیه‌وه‌ نه‌توانێ ڤاكسینی ئه‌و نه‌خۆشیه‌ بدۆزێته‌وه‌ ئه‌واله‌به‌رامبه‌ردا ئه‌قڵی شه‌رقی و جیهانی ئیسلامی ده‌بێ چاوه‌ڕێی ڕه‌حمه‌تی ئه‌وروپا بكات له‌وباره‌یه‌وه‌ …زۆرێك له‌و گووتاره‌ فیكرو زانستیانه‌ی كه‌ ڕۆژانه‌ بڵاو ده‌بنه‌وه‌ له‌ توێژینه‌وه‌ زانستیه‌كانی دونیا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ئه‌و نه‌خۆشیه‌ له‌ ئاژه‌ڵه‌وه‌ گواستراوه‌ته‌وه‌ بۆمرۆڤ به‌ دیاریكراوی له‌ شه‌مشه‌مه‌كۆره‌ bat هه‌روه‌ك هێندێكی تریان پێیان وایه‌ ده‌ستی كۆمپانیا زه‌به‌لاحه‌كانی سه‌رمایه‌داریه‌ هێندێكی تر پێیان وایه‌ ، كه‌ ئه‌وه‌ ده‌رفه‌تێكه‌ بۆزیاتر چه‌سپین وزیاتر كۆنتڕوڵكردن ودووباره‌ هه‌یمه‌نه‌ی ده‌سه‌ڵات به‌سه‌ر خه‌ڵكه‌وه‌ .
ئه‌گه‌رچی كۆمه‌ڵناسی فێری ئه‌وه‌ی كردووین ،كه‌ دۆخی سه‌رمایه‌داری هۆكارێكه‌ بۆسه‌رهه‌ڵدانی دیارده‌ ترسناكه‌كان له‌وباره‌یه‌وه‌ ئه‌و جۆره‌ له‌ نه‌خۆشیه‌ كوشندانه‌ هه‌میشه‌ پێشبینی كراو بووه‌ له‌لای زایانی كۆمه‌ڵناسی به‌ڵام هه‌موو ئه‌و پاساوانه‌ لۆژیكی بن یا نا لۆژیكی هیچ بایه‌خێكی نیه‌ چونكه‌ دواجار مرۆڤ له‌هه‌موو شتێكی تر به‌ بایه‌ختر و به‌نرختره‌ …ده‌بێ زانست هه‌میشه‌ له‌خزمه‌ت مرۆڤایه‌تی بێت له‌ئاینده‌ ده‌كرێ وه‌ڵامی كۆمه‌ڵیك پرسیاری تایبه‌ت به‌ بڵاوبونه‌وه‌ی ئه‌و نه‌خۆشیه‌ بدرێته‌وه‌ …وه‌ك بۆچی تا ئێستا زانست به‌وهه‌موو ئامرازه‌ پێشكه‌وتنه‌وه‌ نه‌یتوانی كۆنتڕۆڵی ئه‌و نه‌خۆشیه‌ بكات؟بۆچی هه‌رله‌سه‌ره‌تاوه‌ نه‌توانرا به‌ری پێبگیرێ ؟به‌هه‌رحاڵ كۆمه‌ڵناسی وه‌ك بوارێك بۆشیكردنه‌وه‌ی دیارده‌و ڕووداوه‌گه‌وره‌كان قسه‌و لێكدانه‌وه‌ی خۆی هه‌یه‌ .كۆمه‌ڵناسی هه‌میشه‌ له‌نێو هه‌ناوی كێشه‌و ڕوداوه‌ مێژوویه‌كان گه‌شه‌ی كردوه‌ سۆسێوڵوژیای پزیشكی وه‌ك به‌شێك له‌ كۆمه‌ڵناسی تایبه‌ته‌ به‌و كێشانه‌ به‌وردی ده‌ڕوانێته‌ په‌یوندی نه‌خۆَشیه‌كان به‌ كۆمه‌ڵگاوبڵاوبونه‌وه‌یان .
زاناكان هه‌ر له‌دێرینه‌وه‌ باسی ئه‌و رٍوداوانه‌یان كردوه‌ بۆنمونه‌ دۆركایم باسی خۆكوشتنی و هاریكاری كۆمه‌ڵایه‌تی كردوه‌ كاتێك كۆمه‌ڵ ڕوبه‌روی كێشه‌و به‌ڵاو په‌تا ده‌بێتـه‌وه‌ هه‌روه‌ك ئۆلریش بێك له‌ كتێبی risk society به‌وردی باسی كاره‌ساتی كۆمپانیاكانی سه‌رمایه‌داری كردوه‌ له‌ بڵاوبونه‌وه‌ی نه‌خۆشی و چه‌كی كۆمه‌ڵكوژی و پیس بونی ژینگه‌و شتی تر ،باومان یه‌كێكی تره‌ له‌و زانایانه‌ی كه‌ به‌ چڕی له‌ كتێبی مۆدێرنه‌ی شل و پۆست مۆدێرنه‌و جیهانگیری باسی كاره‌ساته‌كانی سه‌رمایه‌داری و كۆمه‌ڵگای دوای پیشه‌سازی و كێشه‌كان كردوه‌ كردوه‌كه‌ له‌داهاتودا به‌ڕۆكی مرۆڤ ده‌گرێ .
به‌ڕای من كۆڕۆنا گه‌وره‌ترین رٍووداو بوو تا ئێستا مرۆڤایه‌تی به‌خۆی نه‌بینیه‌وه‌ به‌جۆرێك مرۆڤ نه‌ك ته‌نها له‌ بێ متمانه‌یی ته‌واو له‌ ترسی ته‌واو ده‌ژی به‌ڵكو ڕق و كینه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌رامبه‌ر یه‌كتر بڵاو كردۆته‌وه‌ وای كردوه‌ ،كه‌ تۆ ڕقت له‌ویتر بێت ئه‌و ڕووداوه‌ بوه‌ هۆی ئه‌وه‌ی ،كه‌ په‌یوه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌ته‌وای لێك هه‌ڵوه‌شێته‌وه‌ شتێك نه‌ما به‌ناوی خۆشه‌ویستی ئه‌ویتر . له‌وباره‌یه‌وه‌ خۆشه‌ویستی ته‌واو غائیبه‌ ،ئه‌وڕوداوه‌ مرۆڤی تووشی هیستیریا كردوه‌ به‌شێوه‌یه‌ك حه‌زده‌كات كه‌س نه‌بینێت دوركه‌وێته‌وه‌، ڕه‌نگه‌ خاڵی ئه‌رێنی ئه‌و ڕوداوه‌ بریتیبێت له‌وه‌ی دووباره‌ ژیانی خێزانی و لۆكاڵی په‌یوه‌ندیه‌كانی جارانی گه‌ڕانده‌وه‌ سه‌رده‌می زوو .كۆڕۆنا بیركردنه‌وه‌ی مرۆڤی به‌رامبه‌ر به‌ كۆی په‌یوه‌ندیه‌كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان و شته‌كان گۆڕی هه‌موو جیهان و سروشت و مرۆڤایه‌تی خسته‌ ژێرپرسیاری جدیه‌وه‌ هه‌رله‌ خێزانه‌وه‌ تا ده‌زگاو كایه‌كانی تری نێو كۆمه‌ڵ ،بیركردنه‌وه‌ی گۆڕا به‌رامبه‌ر سه‌رمایه‌داری new لیبڕالێ ،مۆدێرنه‌ ، زاست ، تێور ، ئازادی .شار ،مرۆڤ ،سروشت به‌گشتی دووباره‌ پێناسه‌ی شته‌كان ده‌كاته‌وه‌.

قوتابی دواساڵی دكتۆرا له‌ زانكۆی باشوری فیدڕاڵی له‌ ڕوسیا*




ئەدەبی تازەی منداڵان لە فەرەنسا سەریهەڵدا … رەزا شوان

لە سەدەکانی (سیانزەمین و چواردەمین) دا، لە هەموو جیهاندا، ناوەڕۆکی ئەو بابەتە ئەدەبییانەی، کە پێشکەش بە منداڵان دەکران، بریتیبوون لە: فێرکردن، لە ئامۆژگاری وشک، لە خوو و رەوشتی باش، لە رەفتاری پەسەند، لە چاکە کردن، لە تەمێ کردن، لە پێبەندبوون بە داب و نەریت و بەها کۆمەڵایەتییەکان، لە رێنمایی ئاینی، لە گوێدێری، لە شاسواری و ئازایەتی و لە پاڵەوانێتی.
ئەدەبی منداڵان لە سەردەمی تازەدا، وەکو ئەدەبێکی سەربەخۆی تایبەت بە منداڵان، لە (سەدەی حەڤدەمین) دا، بۆ یەکەمین جار، بەر لە هەموو وڵاتانی جیهان، بە شێوەیەکی فەرمی، لە وڵاتی فەرەنسادا سەریهەڵدا و گەشەی کرد و بەرەو پێشەوە هەنگاوی نا.
ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ دەستپێشکەری چەند نووسەرێکی ناسراوی فەرەنسی، کە خۆیان لە بواری نووسین بۆ منداڵان تاقیکردەوە. لەو سەردەمەدا، نووسین بۆ منداڵان شوورەیی و شەرمەزاری بوو، بۆیە نووسەرە ناسراو و بە تواناکان، روویان لە بواری نووسین بۆ منداڵان ناکرد، لە ترسی ئەوەی کە ناوبانگیان نەزڕێ و پایەی ئەدەبییان نەیاتە خوارەوە و رەخنەیان لێنەگرن و خەڵکیش توانج و پلاری ناشیرینیان لێنەگرن.
یەکەمین نووسەری ریچکەشکێنی فەرەنسی، شاعیر و چیرۆکنووسی بە توانا و بە ناوبانگ (چارلـز پیـرۆ: ١٦٢٨ـ ١٧٠٣) بوو.. کە لە ساڵی (١٦٩٧) دا، یەکەمین کۆمەڵە چیرۆکی بۆ منداڵان نووسی، لە پەرتووکێکدا، لەژێر ناوی (چیرۆکەکانی دایکە قازم) دا، چاپیکرد و بڵاوی کردەوە.. بەڵام (چارلز پیرۆ) هـێشتا ترسی لە ناوزڕاندن و لە هاتنە خوارەوەی پایەی ئەدەبی و لە رەخنە و لە لۆمەی خەڵکی مابوو.. بۆیە ناوی خۆی لەسەر پەرتووکەکەی نەنووسی، وەکو نووسەر ناوی کوڕە بچکۆلەکەی (پیرۆ دار مانکور) ی لەسەر پەرتووکەکەی نووسی.. بەڵام لە دوای مردنی، دەقی پاکنووسە ئۆرجیناڵییەکەی پەرتووکی (چیرۆکەکانی دایکە قازم) یان دۆزییەوە، کە بەدەستخەتی خودی چارلز پیرۆ نووسراوە و ناو و نازناوی خۆشی لەسەر نووسیوە.
لە چیرۆکە خۆش و بڵاوەکانی ئەم کۆمەڵە چیرۆکە (جوانە نووستووەکە، ساندرێلا یا (پێڵاوە شووشەییەکەی ساندرێلا)، ریش شینەکە، کڵاوسوور (ئەم چیرۆکە لە کوردی دا بووە بە کۆڵوانە سوور)، پشیلەی چەکمە لەپێ، پەنجە باڵا، … چەندین چیرۆکی تر.
زۆربەی پاڵەوانەکانی ئەم کۆمەڵە چیرۆکە، خەیاڵی و ئەفسانەیین، پێشتریش بەشێکی زۆری ئەم چیرۆک و هەقایەتانە، لەسەر زاری خەڵکیدا بوون.. بەڵام چارلز پیرۆ بە خۆرسکی، بە زمانێکی شیرین و پاراو، بە شێوازێکی هونەری و ئەدەبی ناسک و سووک و ئاسان بۆ منداڵان دایڕشتوون.. منداڵان و گەورەکانیش چێژ و خۆشییەکی زۆریان لە خوێندنەوەی ئەم چیرۆکانەی چارلز وەردەگرتن.. تا ئەو کاتە لە دەرەوەی پەرتووکەکانی خوێندنەوەی قوتابخانەدا، هیچ پەرتووکێکی تر نەبوون، کە منداڵان بیانخوێننەوە.. بۆیە پەرتووکی (چیرۆکەکانی دایکە قازم) بە یەکەمین پەرتووکی چاپکراوی ئەدەبی بۆ منداڵان دادەنرێت.. لە ماوەیەکی زۆر کورتدا، ئەم پەرتووکەیان، وەرگێڕا بۆ سەر زۆربەی زمانەکانی گەلانی ئەوروپا و بە هەزاران دانەیان لێ چاپکرد و بڵاویان کردەوە.. ناوبانگێکی زۆری دەرکرد.
لەم چیرۆکانەی چارلز پیرۆدا، خەیاڵ زاڵە و پانتاییەکی فراوانی گرتۆتەوە، چیرۆکەکانی ململانێن، لە نێوان چاکە و خراپەدا، لە نێوان شەڕ و ئاشتی دا.. چارلـز پیرۆ بە گشتی بۆ منداڵانی نووسیون، واتە رەچاوی قۆناغەکانی منداڵی و جیاوازیەکانی تاکی منداڵانی نەکردوون، ئامانجی چارلـز ئەوە بووە، کە خۆشی و شادی بخاتە دڵی منداڵانەوە.
ناوبانگ دەرکردنی پەرتووکی (چیرۆکەکانی دایکە قازم) بوو بە هاندەر بۆ چارلز پیرۆ، بۆ ئەوەی کە کۆمەڵەی دووەمی چیرۆکەکانی بنووسێت، کە لەژێر ناوی (چیرۆک و هەقایەتەکانی رابردوو) دا، هەر لە ساڵی (١٦٩٧) دا، چاپیکرد و بڵاوی کردەوە. بەڵام لەسەر ئەم پەرتووکەیدا، وەکو نووسەر، ناو و نازناوی تەوای خۆی دانا.. لە چیرۆکە خۆشەکانی ئەم پەرتووکەی: ئەڵماس و بۆق، کەوڵی گوێدرێژ یا (شازادە هەڵهاتووەکە)، جنۆکە، گورگ، ریکی کاکۆڵدار، ویدۆی دەم بە پێکەنین،.. چەندین چیرۆکی تر.
بێجگە لە چیرۆک، شارلز پیرۆ، کۆمەڵێک هۆنراوەی شیرینیشی بۆ منداڵان نووسی.
لە دوای مردنی چارلـز، تا ماوەیەکی درێژ، هیچ نووسەرێکی تری فەرەنسی، چیرۆکی خەیاڵئامێزیان بۆ منداڵان نەنووسین.. بێجگە لەو هەوڵانەی کە هەندێ لە ژنان دایان.
چیرۆکنووس، خاتوو (لیبرتس) کۆمەڵێک چیرۆکی بۆ منداڵان نووسی، گرنگترینیان (گەنجینەی منداڵان)ە. کۆمەڵێک ژنانی نووسەریش پێکەوە و بە هاوکاری، کۆمەڵێکی زۆری چیرۆک و نەزیلە و هەقایەتی فۆلکلۆری و ئەفسانەیی و میللییان کۆکردنەوە، لەژێر ناوی (کۆمەڵەی جنۆکەکان) دا، لە (٤١) بەرگدا بڵاویان کردەوە.
بڵاوبوونەوەی ئەو دوو پەرتووکەی چارلز پیرۆ مژدە و راگەیاندنی لەدایکبوونی ئەدەبی منداڵان بوو، چونکە تا ئەو کاتە لە جیهاندا ئەدەبێک نەبوو بە ناوی ئەدەبی منداڵانەوە. ئەم دوو پەرتووکەی چارلز پیرۆ، کارتێکردنێکی زۆریان لەسەر نووسین بۆ منداڵان لە ئەوروپادا هەبوو.. گەلێ لە نووسەرانی وڵاتانی ئەوروپا، چاویان لە چارلز پیرۆ کرد و ئەوانیش کەوتنە گەڕان و کۆکردنەوەی چیرۆک و هەقایەتە میللی و ئەفسانەییەکانی گەلەکانیان. لەوانەش (برایانی گریـم) لە ئەڵمانیا، (پێتەر ئاسبیورسن و یۆرگن مۆ) لە نەرویج.. چەندین نووسەری تریش.
شایانی باسیشە داهێنانی (ئامێری چاپکردن) گرنگترین و سەرەکیترین رۆڵی هەبووە لە چاپکردن و لە بلاوبوونەوەی پەرتووک دا.. بە هۆی ئامێری چاپکردنەوە، نووسەران نووسینەکانیان چاپکرد و بڵاویان کردەوە. دەتوانین بڵێین، بە داهێنانی ئامێری چاپکردن شۆڕشێکی رۆشنبیری و ئەدەبی لە ئەورۆپا و لە جیهاندا سەری هەڵدا.
نووسین بۆ منداڵان لە فەرەنسادا، تا سەدەی (هەژدەمین) هـێشتا بە تەواوی رەگ و ریشەی دانەکوتابوو.. تا فەیلەسوف و مامۆستای بەناوبانگی پەروەردەی فەرەنسی
(جان جاک رۆسۆ: ١٧١٢ـ ١٧٧٨)، رۆسۆی خاوەنی تیۆری (پەروەردەی سروشتی) لە رێی بیر و بۆچوون و زانیارییەکانی دەربارەی فێرکردن و پەروەردەکردنی منداڵان، کە لە ساڵی (١٧٦٢) دا، لە پەرتووکە بە ناوبانگەکەیدا (ئیمیل) بڵاوی کردوونەتەوە، رۆسۆ دەڵێت:” پێویستە منداڵان لە باوەشی سروشتدا پەروەردە بکرێن، هەموو جۆرە سەربەستییەکیان بۆ دابین بکرێن..” جان جاک رۆسۆ، شۆڕشێکی گەورەی لە بواری پەروەردەکردنی منداڵان دا پەرپاکرد.. سەرەڕای ئەوەی کە رەخنەیەکی زۆریان لە تێۆر و لە بیر و بۆچوونەکانی جان جاک رۆسۆ گرت.. بەڵام تیۆر و بۆچوونەکانی بوون بە بیرۆکەیەکی باش و بە رێبازێکی سەرکەوتوو، بۆ پەروەردەکاران و مامۆستایان و بۆ نووسەرانی بواری ئەدەبی منداڵان.
گەورەترین و بە ناوبانگترین نووسەری فەرەنسی و جیهانی، لە بواری نووسین بۆ منداڵان دا، کەڵە شاعیری گەورە (جان دی لافۆنتین: ١٦٢١ـ ١٦٩٥) ە. کە لە جیهاندا بە (میری چیرۆکەشیعر و مەتەڵ و ئەفسانە بۆ منداڵان) ناسراوە.. لافۆنتین سەرجەم (٢٤٣) چیرۆکەشیعری بۆ منداڵان نووسیوە.. لە (١٢) پەرتووکدا چاپی کردوون و بڵاوکراونەتەوە.. لافۆنتین نایشارێتەوە کە سوودی لە (ئەفسانەکانی ئێسوپ) ی یۆنانی و لە چیرۆکەکانی (کلیلە و دیمنە)ی نووسەری هیندی (بەیـدەبا) وەرگرتوون.
میری شاعیرانی ئەدەبی عەرەبیش (ئەحمەد شەوقی) کە (بە رەچەڵەک کوردە و باوکی خەڵکی سلێمانییە) لە باشووری کوردستان. زۆر سەرسام و هۆگری چیرۆکەشیعرەکانی لافۆنتین بۆ منداڵان ببوو، کارتێکردنیان لەسەر چیرۆکەشیعرەکانی دا هەیە.. شەوقی کۆمەڵێک لە چیرۆکە شیعرەکانی لە چیرۆکەکە شیعرەکانی (لافۆنتین) ەوە وەرگرتوون. بە زمانی عەرەبی هەر بە چیرۆکەشیعرەوە، بۆ منداڵانی عەرەبی داڕشتوون. نووسەری روسیش (ئیـڤان کرایلۆڤ) و نووسەری پۆڵەندیش (ئیگناسی کراسیسکی) سەرسامی چیرۆکەشیعرەکانی لاڤۆنتین بوون و سوودیان لە چیرۆکە ئەفسانەییەکانی وەرگرتوون.
لە شاعیرانی کوردیشمان، پیرەمێردی نەمر و فایق بێکەس و هەژار موکریانی، چەند چیرۆکەشیعرێکی (لافۆنتین) یان وەرگرتوون، دەشێش لە ئەحمەد شەوقی یەوە وەریان گرتووبن.. بەڵام ئەو سێ شاعیرەمان ئەو چیرۆکەشیعرانەیان، بۆ منداڵانی کوردمان بە زمان و بە شێوازێکی هێندە شیرینی کوردی، بە چێژێکی کوردی ئەوتۆ دایان رشتوون، کە زۆر لە دەقەکانی لافۆنتین و لەوانەی ئەحمەد شەوقیش زۆر خۆشتر و بە چێژترن. لەوانەش (رێوی و کەڵەشێر، قەلەباچکە و باخەوان: پیرەمێرد)، (دوو پشیلە و سەلکە پەنيرێک، جووتێ مراوی کیسەڵێک: فایـق بێکەس)، (کۆبوونەوەی مشکان: هـەژار).

زۆر لە خوێنەران چیرۆکەشیعرەکەی پیرەمێرد (رێوی و کەڵەشێر) یان لەبیرچۆتەوە، یا نایزانن، بۆیە بە پێویستم زانی کە لێرەدا بینووسمەوە، تا بۆ منداڵەکانیان بیخوێننەوە:
رۆژێ مـــام رێـوی دەهـــات
دەم بـە وێــرد و ســـەڵەوات
دوایـی دەیـــوت بـە ئـــــاواز
لـەعـنەتی خـوا لـە فـێـڵـبــاز
دنـیــا هـێـنـدەی پـێ نــــاوێ
هــــەژارێ بـخـەیـتـــە داوێ
عـومـرێـــکـە دێــت و دەڕوا
وا چــاکە روو بکـەیـنە خـوا
ئــاخ رۆژێ بـەیــــانــی زوو
گوێم لە دەنگی بانگ دەبـوو
خـــۆزگە بـۆ کـەڵـەشــــێـرێ
بـەیـــانـیان بانـگ بـدێـــــرێ
نـاردی بـۆ لای کـەڵـەشـــێـر
دانـی بـۆ دەڕژێــــنـم تـــــێـر
ئـەو بـێ بـانـگــــم بـۆ بـــــدا
مـن دەبـمــە پـیــــاوی خــودا
کـەڵـەشــێـر بـە راســـپـێـری
وتـی بــەم فـێـــــڵـە فــــێـری
بــەڵام بـــاب و بـاپـیـرمــــان
ئـەوی خـسـتـۆتە بـیـرمــــان
رێـــوی بـە فـێــڵ نـاوەسـتـێ
مـەگــەر تـەڵـە پـێی بەســتێ
بۆ یەکەمین جاریش لە فەرەنسا و لە هەموو جیهاندا، لە لایەن نووسەرێکی گەورەی تری فەرەنسییەوە، کە بە نازناوی (هاوڕێی منداڵان) خۆی ناساندووە، لەساڵی (١٧٤٦ ـ ١٧٩١) یەکەمین رۆژنامەی لەژێر ناوی (هـاوڕێی منداڵان) دا بۆ منداڵان دەرکرد. واتە هەر بە نازناوەکەی خۆیەوە دەری کرد.. سەرنووسەری ئەم رۆژنامەیە (هاوڕێی منداڵان)، بە زمانێکی شیرین و ناسک و ئاسان، بابەتەکانی نووسینەکانی دەنووسین. ئەم رۆژنامەیە سوود و خۆشی و چێژێکی زۆری بە منداڵان دەبەخشین.. لە هەمان کاتیشدا، تەوژمێکی باشیشی بە گەشەکردن و بە پێشکەوتنی (ئەدەبی منداڵان) لە فەرەنسادا بەخشی.
نووسەر و رۆژهەڵاتناسی فەرەنسی بەناوبانگیش (ئەنتـوان گالان)، لە نێوان ساڵانی (١٧٠٤ـ ١٧١٦) دا، چیرۆکەکانی (هەزار و یەک شەو) بە عەرەبی (الف لیلە ولیلە) ئەنتوان لە زمانی عەربییەوە وەرگێڕان بۆ سەر زمانی فەرەنسی و لە (١٢) بەرگـدا چاپیکرد و بڵاوی کردنەوە.. وەرگێڕانی (هەزار و یەک شەو) بووە هۆی ناوبانگ دەرکردنی ئەنتوان گالان و دەستخۆشیش لە فەرەنسا کرا.. هەر لەم دەقە وەرگێڕانە فەرەنسییەوە، (هەزار و یەک شەو) یان، بۆ سەر چەندین زمانی تری گەلان وەرگێڕان.
ئەنتوان گالان بێجگە لە (هەزار و یەک شەو) کۆمەڵێکیش لە هەقایەت و ئەفسانەکانی هیندی، لە نووسینی نووسەری بە ناوبانگ (بەیدەبا) وەرگێڕایە سەر زمانی فەرەنسی.
(ئەنتوان دو سانت ئێکسۆپیری:١٩٠٠ـ ١٩٤٤) نووسەر و فـڕۆکەوانێکی جەنگی بوو لە هێزی ئاسمانی فەرەنسادا، چەند چیرۆکێکی خۆشی و بە ناوبانگی بۆ منداڵان نووسی لەوانەش چیرۆکی (شازادە بچکۆلەکە) کە بە شاکارێک و بە یەکێک لە چیرۆکە هەرە بەناوبانگەکانی جیهانی بۆ منداڵان دادەنرێت.. ئەم چیرۆکە وەریان گێڕاوە بۆ سەر (٢٧٠) زمانی جیاوازی گەلان و (٧٥) ملێون دانە لەم پەرتووکە لە جیهاندا، لێی فرۆشراوە.. بێجگە لەم چیرۆکە، ئەنتوان ئیکسۆپیری، چەند چیرۆکێکی تریشی بۆ منداڵان نووسی، لەوانەش (زەویی پیاوان) و (فـڕۆکەوانی جەنگ).
ئەنتوان ئیکسۆپیری، لە کارێکی فڕۆکەوانیدا، بە فڕۆکەکەیەوە کەوتە ناو دەریا، لە دوای چل و چوار ساڵ، لە (١٩٨٨) دا، لە رۆخی مارسیلیا، تەرمەکەی دۆزرایەوە.
(جـۆن ڤـێرنا: ١٨٢٨ـ ١٩٠٩) نووسەرێکی ناسراوی تری فەرەنسییە، کۆمەڵێک چیرۆکی خەیاڵی زانستی بۆ منداڵان نووسیون، لەوانەش: (لە زەوییەوە بۆ ئاسمان)، (گەڕان بە دوای جیهان لە هەشت رۆژدا)، (بیست هەزار فەرسەخ لەژێر زەوییەوە).

رەزا شوان
نەرویج: ١٧/مای/ ٢٠٢٠




سۆراخ … شوان سەعید

ئێوارانێک بە ڕێکەوت
نزیکی یەکێک لە دارسنەوبەرەکانی ئەو شەقامەی
جاران ماڵی ئێوەی لێ بوو
کچێک پێی دەخاتە سەر سێبەرەکەم،
کچێک…
ڕەنگی چاوەکانی لە ڕەنگی چاوی تۆ دەچێت،
منیش ڕووی لێ وەردەگێڕم و وەک ئەوەی
سێبەرەکەم ئازاری هەبێت،
لەناخی دڵمەوە دەگریم
پێی ناڵێم پێشتر کچێکم خۆشدەویست چاوەکانی
لە چاوەکانی تۆ دەچوون،
بەڵام ئەو بانگم دەکات و داوای لێبوردن دەکات و
پێیەکانی لەسەر سێبەرەکەم لادەدا و لە سووچێکی
شەقامەکە لە چاوم ون دەبێت…!!

ڕۆژێک کچێک بە تەنیشتی کوپە قاوەکەیەوە
دەستی لەسەر تەنیاییم بوو
ڕۆژێک کچێک لەناو دەنگی هەناسەمدا
بۆ برینەکانی ڕابردووم دەگەڕا،
ڕۆژێک کچێک جانتای کەلوپەلەکانی
ڕابردووی لێ دزیم و
لەناو دەفتەری ئازارەکانم،
لەناو ئەلبوومی ساڵانی زانکۆم
بۆ ڕەنگی چاوی تۆ دەگەڕا،
چاوی تۆ، کە ببوون بە برین”
“بەسەر دڵی منەوە
هەر ئەوەندەی زانی ڕەنگی چاوی خۆی،
لە ڕەنگی چاوی تۆ دەچێت،
بە هەزار قاچ لە ژیانی من هەڵهات و جێیهێشتم،
ئەو دەیوت:
خۆشەویستنی تۆ ترسناکە،
مرۆڤ، لەناو ئەو هەموو خۆش ویستن و
گرینگی پێدانەی تۆدا هەناسەی تەنگ
دەبێت و دەخنکێت ..!!

بەیانییەک .. بوونی تۆ کەمێک ڕژابووە
ناو لەچکی سووری کچێکەوە،
بەیانییەک .. هەستێک پێی دەوتم: ڕەنگە
تۆ لەم نزیکانە بیت،
بەیانییەک چاوم لەسەر دەرگەی داخراوی
تەکسییەکان بوو،
بەیانییەک دوای ئەو هەموو ساڵ و مانگ و
ڕۆژە،
من هێشتا تۆم لەبیر نەکردبوو…
بەیانییەک ئەو کچە لەچک سوورەی
لە تێرمیناڵی باکوور، پشتی لە من بوو
ئەوکچەی پێی لەسەر سێبەری
یەکێک لە موسافیرەکان دانابوو،
حەزمدەکرد کاتێک ئاوڕ بۆ لای من دەداتەوە،
بەتەنها تۆ بیت،
تۆ بیت و کەسی تر نا ..!!

شوان سەعید




كچ و كوڕانی ڕێبه‌ندان … نه‌ژاد عزیز سورمێ

نیگه‌رانی گۆرانییه‌كی مۆرهه‌ڵگه‌ڕاوه‌
چرۆی گرتووه‌
نیگه‌رانی ، له‌ كه‌فی شیر
له‌ خوێنی دره‌وشاوه‌ ده‌چێ ..

شه‌و ئیمپراتۆریه‌تێكی بێ نوێنه‌ره‌
كپ .. ڕاكشاو .. سامناك
به‌ كڵاوڕۆژنه‌ هه‌تیوكه‌وتووه‌كاندا هێرش دێنێ ..
به‌ڵام ئومێد
له‌ ناو قه‌وزه‌ی
گه‌مه‌ به‌دنیهاده‌كانی ژیانهه‌ڵلووشاندا
ون نییه‌ .

ئه‌ی خۆری كوژاوه‌
كه‌ پڕ به‌ سووتانی خۆت
تیشكمان به‌سه‌ر ده‌بارێنی
خه‌یاڵم به‌ لای تۆدا ده‌شكێته‌وه‌
تاسه‌یه‌كی ڕۆژهه‌ڵاتییانه‌
له‌ ناخی ڕوانینه‌ به‌هارییه‌كانماندا
ڕوو له‌ سه‌رابستان
ڕوو له‌ به‌نده‌ری دژواری ..
زامێكی دی
به‌ ته‌وێڵی پرسیاره‌ دوایی نه‌هاتووه‌كان
له‌ شه‌فه‌قدا ئۆقره‌ ده‌گرێ و
خه‌ون ده‌بینێ : ده‌گری …

  • نه‌هاتبووین ته‌نیا بین
    نه‌هاتبووین گه‌سكی مێژوو
    به‌و شاڵاوه‌ بۆ ڕابردوو
    بۆ یه‌كه‌م هه‌نگاومان بباته‌وه‌ ..

خه‌یاڵت ده‌كه‌م
له‌ هه‌واری چۆلپه‌رست و سه‌ركێشان ده‌تبینم ..
به‌ ته‌نیشت تارمایی
شاره‌ كراوه‌ داخراوه‌كاندا
به‌ ته‌نیشت ئاهه‌نگه‌ ته‌نیاكان
گوڵێكی حه‌په‌ساو
له‌ تێكستێكی بژوێندا ..
نیگه‌رانییه‌ك
به‌چكه‌ی زۆڵی كۆمپانیاكان
له‌ كونی ده‌رزییه‌وه‌
به‌سه‌ر شارستانیه‌تی داده‌ده‌ن‌
ئه‌فسوونێكیان پێیه‌
ژنه‌ باڵا به‌رزه‌كانی ئیتاڵیا و
سیما خه‌مباره‌ برۆنزییه‌كانی ئیسپانیا
به‌ژێر به‌یداخی كووره‌كانی دۆزه‌خ ده‌به‌ن
له‌ په‌لكه‌زێڕینه‌ ،
له‌ ڕۆشنایی ئاسۆیان دوور بخه‌نه‌وه‌ ..
پیاوان
گۆشه‌گیرییان له‌ كۆڵ ناوه‌
له‌ سپێده‌یه‌كی ناكاوی مردوودا
كچ و كوڕانی ڕێبه‌ندانی پێ
ئاشنا بكه‌نه‌وه‌ ..
ئه‌وه‌ هه‌ڵپه‌ی ئاده‌مزاده‌
له‌ بۆشاییه‌وه‌ به‌ره‌و بۆشایی
ڕێ ده‌گرێ
وڕێنه‌ ده‌كا :
به‌ختیاری له‌ باڵۆنێكی ته‌نك و
زاراوه‌یه‌كی بێ به‌ڵگه‌ زیاتر نه‌بوو .

ڕێگا چۆله‌
خه‌ون چۆل
ئه‌وه‌نده‌ی نه‌ماوه‌ خواوه‌ند
هه‌ڵوه‌سته‌ له‌ چۆلایه‌تی بكا ، كه‌ی به‌رپای كردووه‌ ؟
كۆڕسی به‌ره‌به‌یان
وه‌ڵامی جریوه‌ی چۆله‌كان ناداته‌وه‌ ..
ئێواره‌
گولله‌ نایبڕێ
ژنان
هاونشین ، لێكدابڕاو
خۆیان له‌ سه‌مایه‌كی تۆزاوی جێهێشتووه‌
هه‌ڵدراونه‌ته‌ ناو قایه‌خێكی چارۆگه‌ دڕاو
جێوه‌ڕێ له‌ ناوه‌ڕاستی ده‌ریادا
ورده‌ شه‌پۆل
ده‌یبه‌ن و ده‌یهێننه‌وه‌ ..
به‌ڵام ڕۆحه‌ ئاماڵ فریشته‌كان
بووكه‌به‌فرینه‌ی به‌رائه‌تی منداڵین
ئاوازێكی غه‌ریب
كۆمپانیا زێڕكفته‌ زه‌رووته‌بعه‌كان
له‌ دیمه‌نێكی دیارو نادیاری
كه‌ناری ڕۆخانه‌یه‌كی كڕنۆشبه‌ردا
بانگێكی ناوه‌خت
بێده‌نگیی پێ پۆشیون
به‌ تاریكاییه‌كی ڕووتی سپاردون
ته‌نیا به‌ عاشقان په‌رت ده‌بێ ..

ئای نیشتمان
وڵاتی شاراوه‌
هه‌ڵكه‌وته‌ی دیواری له‌رزۆك و
بڵێسه‌ی كوژاوه‌ ..
ئای نیشتمان
نه‌غمه‌ی گۆشه‌گیری
ڕووباری له‌ هاژه‌ كه‌وتوو
باڵات سێبه‌ری پێوه‌ نه‌ماوه
لێم گه‌ڕێ له‌ حه‌ره‌می نهێنیه‌كانت
سه‌رخه‌وێ بشكێنم ..

ئای نیشتمان
سۆز پێمه‌وه ‌ده‌دا
هه‌سته‌وه‌ كه‌مانجه‌كه‌ت هه‌ڵواسراوه‌ ..

باسكی كوێرم
له‌ چاوه‌ڕوانی دوا سه‌مفۆنیادا
له‌و دیوی
ئه‌و په‌نجه‌ره‌ خه‌مبارانه‌دا ده‌كوتم
به‌سه‌ر به‌هاره‌ ڕۆژگاربردووه‌كان ده‌ڕوانن .
ورشه‌ی زه‌رده‌په‌ڕ
له‌ ته‌مێكی چڕ چه‌قیوه‌ ناگات
گوڵی هیوای داری سێبووری
به‌سه‌ر جه‌سته‌ی كچ و كوڕانی ڕێبه‌ندان
وێنه‌ی دێرینی زایه‌ڵه‌ له‌بیرچووه‌كان ده‌داته‌وه‌ ..
خاك به‌ته‌نێ ماوه‌ته‌وه‌
كه‌س ڕووی تێ ناكا
كه‌س سڵاوی لێ ناكا
یادگارییه‌كان له‌ شۆسته‌كان پیاسه‌ ده‌كه‌ن
ماچی دوور به‌ دوور
به‌ فرمێسكی ساته‌ له‌ده‌ست چووه‌كان
به‌ ڕوومه‌تی شه‌وی ده‌یجوور دێته‌ خوارێ ..
عه‌شق
له‌ نواڵه‌یه‌كی لاسار و بنبه‌ست
به‌ ڕه‌نگی زه‌رد و لێوی به‌ باره‌وه‌
سروودی ( كوا من ) و به‌یده‌ستی ده‌چرێ ..

ئه‌وه‌ ئه‌و وه‌رزه‌
ئێش و له‌زه‌تی
له‌ دونیادا سڕ كرد
ئه‌وه‌ ئه‌و ڕۆژه‌یه‌ میرم
بازن له‌ زه‌ند و مه‌چه‌كی شارستانییه‌ت داده‌ماڵێ ..
بێده‌نگی به‌رده‌وامه‌
گریان له‌ چاوی
كچ و كوڕانی ڕێبه‌ندان دواخراوه‌
به‌ تێكشكاوی خۆی ده‌نوێنێ
بانگ ناگاته‌ قاوه‌خانه‌ تۆزاویه‌كان
ئارامی دونیا
به‌ مه‌رگ و
كاروانی جه‌نازان داپۆشراوه‌
سۆز و شه‌یدایی
به‌ خۆیان و شه‌پۆلی خنكاویان
له‌ تافی هه‌رزه‌یی زه‌نوێران ڕاكشاون ..

لێ شه‌وی ژیان جوانتره‌ له‌و ئاسۆیه‌ی
خۆری ژه‌هراوی تیا هه‌ڵدێ
مۆته‌كه‌ی
به‌ خه‌رقه‌یه‌كی دڕاوه‌وه‌ لێ
پۆشته‌تره‌ ،
له‌و گه‌نجینانه‌ی
خۆپه‌رستییان
تێ دا ده‌كرێ .

ئاره‌زوویه‌ك
له‌ چاوی هه‌زاران هه‌زار
قه‌تیس بووه‌
بۆنی به‌فر
سه‌دای قومریان ده‌داته‌وه‌
سیحری خاك به‌ برووسكه‌ و چه‌خماخه‌یه‌كی وێڵیش بێ
بارانی هیوای لێ نابڕێ ..

خۆشم ویست
سرووشتم خۆشویست
وه‌ك عاشقێك نازانێ بۆ عاشق ده‌بێ
خۆشه‌ویستی
كه‌ له‌ ئه‌زه‌لدا به‌ر مرۆڤ كه‌وتووه‌ ،
لاوانه‌وه‌ی گۆڕستانان نییه‌
سه‌فه‌ری ڕه‌هێڵه‌یه‌
خه‌ڵوه‌تی به‌دبینی
ئایكۆنی سه‌رده‌مه‌ سه‌خته‌كان ..

خه‌می ئه‌به‌دی ئه‌وه‌یه‌
سیحری خاك نه‌بینی ..
نه‌زانی
گۆرانییه‌ سه‌رسامه‌ تیژه‌كانی با
بۆ بێ بیانوو له‌ ده‌رگامان ده‌ده‌ن
نه‌زانی
مرۆڤ بۆچی ؟
بۆ كوێ ؟
تا كه‌ی ؟

من ڕۆحت ده‌بینم
ڕۆحی تۆم دی
تاوكه‌وتنان كه‌ ده‌ڕۆیی …
هه‌ر ئه‌و ڕۆیشتن بوو ‌هاتنه‌وه‌ی نه‌بوو
خوێنی مه‌سیحه‌كانی ئه‌وسا و ئێستا
پڕشنگی ناوازه‌ن‌
له‌ ناخی ڕوانینه‌كانماندا ..
ڕوونایی
وێنه‌ی ئاوپژێن
گۆ گۆ
به‌ مه‌مكی ژنان دێته‌ خوارێ ..
ئێمه‌ له‌ شاییه‌كی ڕه‌نگین داین
بیر له‌ باڵ ، له‌ فڕین
له‌ ( كوا من ) ده‌كه‌ینه‌وه‌
كه‌ هێدمه‌گرتوو پاڵی
به‌ په‌رستگه‌كانه‌وه‌ داوه‌ ..

ڕه‌نگه‌ دیمه‌نه‌كه‌ بگۆڕێ
دیمه‌نه‌كه‌ ده‌گۆڕێ ..
له‌وانه‌یه‌ ئاره‌زووه‌كانم
له‌ ساته‌ نه‌رمه‌ مه‌حاڵه‌كان
لێ بچنه‌وه‌
ڕه‌نگه‌ ساماڵێكی بێگه‌رد
نیشانه‌ بێ بۆ مه‌رگ
به‌ڵام تا ئه‌و وه‌خته‌ی
ڕووبار و چۆم
چیا و دره‌خت
سڵاوی خواحافیزیم لێ وه‌رده‌گرنه‌وه‌
هه‌ر به‌ جوانی ده‌تانبینم
كچ و كوڕانی ڕێبه‌ندان .

سه‌ره‌تای نیسانی 2020




مانیفێستی عەشق.. بەشی پێنجەم…تێکست: ستیڤان شەمزینی

فرمێسکی گەشی چاوەکانت
زامی چەند ساڵەی من دەشواتەوە


ئەو کاتەی غەریبی تۆ دەکەم
هەمان ئەو کاتەیە بیر لە خۆم دەکەمەوە


کۆترەکەم هیچ هێلانەیەکت نییە
جگە لە قووڵایی دڵی من


ئەگەر دەتەوێ بزانی چەند خۆشم دەوێی؟
تەنها گوێ لە دڵی خۆت بگرە


یەک شت بخەرە پێش چاوی خۆت
ژیانم بۆ تۆیە و مەرگیشم بۆ خۆم


زەردەخەنەکەت زەخرەفەیەکە
هیچ نیگارکێشێک توانای نەخشاندنی نییە


ژیانی من لەو ساتەوە دەستپێدەکات
بۆ یەکەمجار تۆ وتت خۆشم ئەوێی


کاتێک باسی عەشق ئەکەیت
دڵ و جەستەم دێتە لەرزین


عەشقی تۆ دوو شتی پێ بەخشیم
تەنها و تەنها شیعر و شەراب


ئەو دەمەی تۆ لێم ون ئەبیت
رۆحم دەبێتە چۆڵەوانییەکی ترسناک


تۆ هەر لەو گوڵە گەشاوەیە ئەچیت
لە بیابانی دڵی مندا خەرمانەت داوە


ئەڵێن شیعری جوان ئەنووسیت
کەچی تۆ جوانترین شیعری منی کە نەمنوسیووی


هەر لەو خۆرە پرشنگدارە ئەچیت
شەوە تاریکەکانم رووناک ئەکەیتەوە


ئەزانی پیاوێکی نوستالیژیم؟
هەمیشە لەو لەحزانە ئەژیم ئاشنات بووم


هیچم لەدەست نایەت بۆ تۆ
جگە لەوەی هەمیشە بتخەمە ناو شیعرەکانمەوە


سێپتەمبەری 2015
دیسامبەری 2016
ئەڵمانیا- سوێد

تێبینی: ئەم پۆستەرانە بەشێکن لە کۆ پۆستەری “مانیفێستی عەشق” کە لە دیوانە شیعری “بەتیشکی عیشقت ئەدرەوشێمەوە” لە ساڵی 2017 بەشێوەی کتێبی کاغەز لە کوردستان چاپ کراوە




له‌ پاره‌زانه‌وه‌ بۆ بانه‌ … ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب

وانه‌كانی ژیان

پاره‌زان ئه‌كه‌وێته‌ بنار شاخێكی سه‌خت و چه‌ند ماڵێكی كادیرو پێشمه‌رگه‌ی یه‌كێتی نیشتمانی لێبوو كاتێك له‌وێ بووم بیستم ماڵی كاكه‌ حه‌مه‌ی حاجی مه‌حمودیش له‌ پاره‌زانه‌و ئه‌و كات كاكه‌ حه‌مه‌ یه‌كێتی بوو به‌رپرسی پێشمه‌رگه‌ی ئه‌و ناوچه‌یه‌ بوو خه‌ڵكی دێكه‌ وتیان بۆ ئه‌نجامدانی كارێك چووه‌و، له‌ شه‌وی دووه‌م له‌ پاش نانخواردنی ئێواره‌ كاكه‌ حه‌مه‌ی قاینه‌جێی‌ وتی ئاماده‌ به‌ ئه‌مشه‌و به‌ره‌و بانه‌ له‌ گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌یه‌كی خۆمان ئه‌چێت و، ده‌وروبه‌ری كاتژمێری هه‌شتی شه‌و كه‌وتینه‌ رێ و پێشمه‌رگه‌كه‌ بێ چه‌ك بوو خۆی ناساندو وتی ناوم كامه‌رانه‌ كوری خه‌لیلی چایچیم و منیش یه‌كسه‌ر وتم چاخانه‌كه‌ی له‌ نێوان مزگه‌وتی گه‌وره‌و قاڵدرمه‌كانه‌ وتی چۆن ئه‌زانیت وتم نزیكه‌ له‌ به‌رێوه‌به‌رایه‌تی په‌روه‌رده‌ی سلێمانی جێی كاره‌كه‌م و نزیكه‌ی كیلۆمه‌ترێك له‌ دێی پاره‌زان دووركه‌وتبووینه‌وه‌و له‌ پر كامه‌ران وتی بابگه‌رێنه‌وه‌و ئاسك ئاسا به‌ راكردن گه‌رایه‌وه‌ بۆ ناو دێ و منیش هێواش هێواش گه‌رامه‌وه‌و له‌ نزیك دێكه‌ گوێم له‌ هاوارێك بوو كێیت زه‌لام و منیش وتم میوانه‌كه‌ی ماڵی كاكه‌ حه‌مه‌م و كه‌ گه‌یشتمه‌ ناودێ قیامه‌ت هه‌ڵسابوو خه‌ڵكه‌كه‌ په‌رته‌وازه‌و كامه‌ران وتبووی سوپاو جاشم بینیوه‌و له‌ منیان پرسی ئایا سه‌ربازم دیوه‌ وتم هیچم نه‌دی و براده‌ری به‌رپرس وتی مه‌شڵه‌ژێن و هه‌موو گه‌رانه‌وه‌ ناو دێ و براده‌ره‌ به‌رپرسه‌كه‌ وتی خۆم زانیم هیچ نییه‌و ئه‌مه‌ش یه‌كه‌مجار نییه‌ كامه‌ران وامان لێئه‌كات.
له‌ پاش مانه‌وه‌ی سێ رۆژ له‌ پاره‌زان له به‌ره‌به‌یانی رۆژی چواره‌م من و كامه‌ران كه‌وتینه‌ رێ و كامه‌ران باسی ئازایه‌تی و پاڵوانێتی خۆی ئه‌گێرایه‌وه‌و گه‌یشتینه‌ دێی چناره‌و له‌وێ به‌ په‌له‌په‌ل نانمان خواردو خه‌ڵكی دێكه‌ له‌ ترسی سوپاو جاش ترسیان لێنیشتبوو، به‌ ده‌م قسه‌كردن گه‌یشتینه‌ دێی چاڵه‌ خه‌زێنه‌و له‌چه‌م به‌رێنه‌وه‌و نۆره‌ی شاخی سوره‌بان هات و كه‌مێك سه‌ركه‌وتین له‌سه‌ر كانیاوێك جوگه‌له‌یه‌كی ئاو ئه‌هاته‌ خواره‌وه‌ سه‌دان كه‌سی لێبوو له‌ گه‌ڵ ژماره‌یه‌كی زۆر هێسترو ئه‌سپ و له‌وێ زانیم ئه‌مانه‌شتومه‌كی ئێران و عێراق ئالوگۆر ئه‌كه‌ن و پییان ئه‌وترێت قاچاغچی وله‌وێ چامان خوارده‌وه ‌كامه‌ران وتی چۆنه‌ به‌ سواری هێستر برۆێن وتم زۆر باشه‌و ، كامه‌ران دوو هێستری هێناو خاوه‌نی هێستره‌كه كه‌ خۆی سواری هیستری سییه‌م بوو هاواریكردو ئاماژه‌ی بۆ یه‌كێك له‌ هێستره‌كان كردو وتی زۆر چه‌مووشه‌ وریا بن ، منیش هێستره‌ چه‌مووشه‌كه‌م به‌ركه‌وت و خاوه‌نه‌كه‌ی په‌یتا په‌یتا دووباره‌ی ئه‌كرده‌وه‌ وریابه‌ وریابه‌و به‌سه‌لامه‌تی له‌ بنكه‌ سه‌ربازییه‌كانی به‌عس ( ره‌بایا) گه‌یشتینه‌ دێی چه‌مپاراوو شۆفیرێك لای لاندره‌ڤه‌رێك وه‌ستابوو ئه‌یوت بانه‌ دوو نه‌فه‌رو ئێمه‌ش، من وكامه‌ران سوار بووین و له‌ پاش 35 خوله‌ك گه‌یشتینه‌ شاری بانه‌، شارێكی خنجیلانه‌ و رازاوه‌و جوانه‌ و وه‌ك‌ سلێمانیه‌ به‌ڵام بچوكتر.
له‌ بانه‌ به‌ریز كاك سه‌لاح حاجی ره‌فیق ( سه‌لاحی موهه‌ندیس) به‌رپرسی پێشمه‌رگه‌كانی یه‌كێتی بوو ، بۆ یه‌كه‌م جار یه‌كترمان بینی و كه‌ زانی شیوعیم به‌ گه‌رمه‌وه‌ پێشوازی لێكردم و ئاو چام خوارده‌وه‌و وتی داوای لێبوردن ئه‌كه‌م هاورێ و ئه‌مرۆ كارم هه‌یه‌و له‌ شار نامێنم و ئێستا ئه‌بێ برۆم و، به‌ یانی میوانی منی و شاری بانه‌تان پیشان ئه‌ده‌م‌ و، منی له‌ ئوتێله‌كه‌ به‌جێهێشت و، له‌ ئوتێل دابه‌زیم چوومه‌ كه‌بابخانه‌یه‌ك و خاوه‌نه‌كه‌ی وتی چی ئه‌خۆن و، وتم كه‌باب وتی چلوكه‌باب و منیش وتم به‌ڵێ و نه‌مزانی چلوكه‌باب چییه‌ كه‌ هات قاپێك برنج و دوو كه‌بابی سی چل سانتیمه‌تری له‌ سه‌ره‌و په‌رداخی پچوك دۆو وقاپێكی بچوك شله‌ (خۆرشت) و، منیش زۆرم برسی بوو وتم برا گیان ئه‌م په‌رداخه‌ بكه‌ به‌ چه‌ند په‌رداخێك بیكه‌ره‌ ناو چامێك و ئه‌م شله‌یه‌ش بكه‌ ناو قاپێكی گه‌وره‌و كه‌بابێكی ترم بۆ بێنه‌ و، كاكه‌ برا چۆنم وت كردی و، دوای نانخواردنه‌كه‌ كه‌مێك دانیشتم و په‌رداخی چام خوارده‌وه‌و، هه‌ڵسام و پاره‌م ده‌ركردو خاوه‌ن چیشتخانه‌كه‌ وتی پاره‌ وه‌رناگرم وتم بۆ كاكه‌ كه‌س پاره‌كه‌ی داوه‌ وتی نه‌خێر میوانی منیت و له‌ سلێمانییه‌و هاتوویت و هه‌رچیم كرد پاره‌كه‌ی وه‌رنه‌گرت و، ده‌رچووم له‌ بازار كراسێكی قاوه‌یی ره‌نگ و چووتێ پێڵاو خاولییه‌كی مامناوندی و سابون وتاقمی ریشتاشینم كریی و له‌ ئوتێله‌كه‌ گه‌رماوێكی بچوك هه‌بوو خۆم شوردو ریشم تاشی و، لێی خه‌وتم تا به‌ره‌به‌یان خه‌به‌رم بووه‌وه‌.
ده‌وروبه‌ری كاتژمێر هه‌شتی به‌یانی كاك سه‌لاح هاته‌ ژوره‌كه‌م و كه‌مێك دانیشت و وتی بابرۆێن و، له‌ ئوتێله‌كه‌ دابه‌زین و ئۆتۆمبێل وه‌ستابوو سێ قۆڵی چووین بۆ كه‌بابخانه‌یه‌ك كتومت وه‌ك ئه‌حه‌ی گوڵه‌ی جكه‌رفرۆش له‌ سلێمانی : گۆشت، جگه‌ر، دڵ، كورچیله‌و شتی ترو نانمانخواردو روومانكرده‌ چیایی ئاربابا زۆر بڵند نه‌بوو به‌ڵام قه‌شه‌نگ و دڵگیر بوو، ئیتر نیوه‌رۆ له‌ ماڵی خاوه‌ن ئۆتۆمبێله‌كه‌ میوان بووین و، له‌ قسه‌كردن وتم كاك سه‌لاح ناوتم بیستووه‌و ئه‌تناسم و، وتی چۆن ؟ وتم خزمایه‌تێت هه‌یه‌ له‌ گه‌ل خێزانی عه‌باسی برام وتی راسته‌و زۆری پێخۆش بوو، له‌ پاش نانخواردن زۆر شوێن گه‌راین و ناوه‌كانم له‌ بیرچووه‌ و، بانه‌ ئاوێنه‌ی مێژووی كوردانه شارێكی ره‌نگێن و رازاوه‌یه‌، گلێنه‌ی چاوی كوردانه‌ و هه‌موومان گوێمان له‌ ده‌نگه‌ خۆشه‌كه‌ی هونه‌رمه‌ندی گه‌وره‌ی كورد عه‌باس كه‌مه‌ندی بووه‌ كه‌ ئه‌ڵێت : گوڵی زه‌ردو سووری سڵیمان به‌گی بانه‌ و، له‌دوواییدا له‌ شارباژێر به‌ زۆری له‌ دێهاتی چنگیان و باراوو ونده‌رێنه‌و حاجی مامه‌ند له‌ گه‌ڵ كاك سه‌لاح یه‌كمان بینی وجاروبار به‌ رێكه‌وت مه‌فره‌زه‌كانمان : حزبی شیوعی و یه‌كێتی نیشتمانی یه‌كمان ئه‌گرت و جێی داخه‌ سه‌لاحی حاجی ره‌فیق ( سه‌لاحی موهه‌ندیس) شه‌هید بوو.( ماویه‌تی).

16/5/2020




کتێبی جەنگستان وەك بەرهەمێکی شانۆیی لە کتێبێکی زانکۆی ئۆکسفۆرد دا

شانۆیی جەنگستان / خاکی سەرباز کە لە نوسین و دەرهێنانی ڕزگار حەمە ڕەشیدە، یەکێكە لە شانۆگەریە هاوبەشەکان لە کتێبێکی دەزگای چاپەمەنی زانکۆی ئۆکسفۆرد دا. ئەم کتێبە بە هاوکاری و نوسین لەلایەن هەریەك لە د. نیشا ساجنانی / زانکۆی نیویۆرک/ ئەمریکا، پرۆفیسۆر. ڤیکی کارکۆ/ زانکۆی ئێج هێڵ/ بەریتانیا، د. جۆرج بۆلیڤو/ زانکۆی بریتیش کۆڵۆمبیا/ کەنەدا وە کاری تێدا دەکرێت . چاپەمەنی زانکۆی ئۆکسفۆرد ماوەی ساڵێك زیاترە سەرقاڵی ئامادەکردنی کتێبێکی شانۆیین بەناوی دراما، شانۆ، ئیمپرۆڤایزەیشن و ژیانێکی باش. ئەم کتێبە هەوڵ دەدات تیشك بخاتە سەر ئیرتیجالی درامی و گەمەکانی دراما و شانۆنوسی و دراماتۆرگی و نەخشەکێشان و دەرهێنان و کاریگەری لەسەر بینەران و پێکهێنەرە شانۆییەکانی تر. مەبەستیش لەم کارە قووڵکردنەوەی تێگەیشتنە لە کاریگەریەکانی ئەو بوارانە بۆ بەدەستهێنانی ژیانێکی باشتر. ئەم کتێبە لە دوانزە بەش پێکهاتووە وبەشێکی کتێبەکە تایبەتە بە قسەکردنی نوسەر و دەرهێنەری کارەکە ڕزگار حەمە ڕەشید و د. جۆرج و د. مارڤین و کریستۆفەر کووك دەربارەی شانۆگەری جەنگستان کە لە ئینگلیزیەکەیدا بە SOLDIERLAND وەرگێڕدراوە. بڕیارە ئەم کتێبە لە مانگی یەکی ٢٠٢١ دا تەواو ببێت و بە زۆربەی جیهاندا و بەتایبەتیش لە زانکۆکانی جیهان و ناوەندە ئەکادیمیەکاندا بڵاو بکرێتەوە.




لەچاوەڕوانی دا…مەحمود دەروێش.. و: ئاراس سەعید

لەچاوەڕوانی دا کەڵەکەکەی کۆمەڵێ ئەگەرلەسەرم ئەدات، ڕەنگە لەقیتارەکەجانتاکەی دەستی بیرچووبێو ناونیشانەکەی من و موبایلەکەی لێ وون بوبێ، ئیدی ئارەزووی نەمابێ و ووتبێتی بەختی لەگەڵ نەرمە باراندا نیە، ڕەنگە بەشتێکی کتوپڕەوە سەرقاڵ بووبێ، یان بەگەشتێکەوە بۆ باکور تاکو سەردانی خۆربکات.
لای بەیانی تەلەفونی کردوەو من لەماڵ نەبووم، چوومە دەرەوە تا دووشوشە شەراب و گوڵی گاردینا بکڕم، ڕەنگە لەگەڵ هاوسەرەکەی پێشووی تێک چووبێت، لەسەر یادەوەریکانیان و پاشان سوێندی خواردبێ، چیتر پیاوێک نەبینی بەخولقاندی یادەوەری هەڕەشەی لێ بکا، یان ڕەنگە لەڕێدا بۆلای من خۆی بەتەکسیەکدا کێشابێ و چەند هەسارەیەکی کاکێشانەکەی کوژابنەوە، ئێستا لەژێر چارەسەری ئارام بەخش و وەنەوزدابێ، ڕەنگە بەرلەهاتنە دەرەوەی لەخودی خۆی، تەماشای ئاوێنەی کردبێ و دەستی لەو دوو هەرمێ گەورەیە دابێ، کەشەپۆل بەکراسە ئاوریشمەکەی ئەدەن و بەحەسرەتەوە ووتبێتی؛ ” ئاخۆ کەس هەبێ جگە لەخۆم شایەنی میێینایەتیم بێ”!؟
یان ڕەنگە بەڕێکەووت بەخۆشەویستیەکەی پێشویدا تێپەڕیبێ، کە هێشتا لێی ڕزگار نەبووبێ و لەگەڵیا بۆشێوی ئەم ئێوارە ڕۆیشتبێ، لەوانەشە مردبێ، چونکە مەرگیش وەک من لەپڕا عاشق دەبێ، مەرگیش وەک من حەزی لەچاوەڕوانی نیە.

مەحمود دەروێش
و/ ئاراس سەعید




شیعری مناڵان/ زمانی دایک … عەلی حەمەڕەشید بەرزنجی

زمانەکـــەم کـــوردییە و
شانازیی پێوە دەکــــــەم
ئەو باشترین بەڵگــــەیە
دەیسەلمێنێ کــە من ھەم
……
بۆ پێشخستنی وزمــــان
ھەمیشە لــــە ھەوڵدام
وەک چــاوم خۆشمدەوێت
ھێندە شیرینە لــــەلام
…….
پارێزگـــــاری کردنی
ئــــەرکی درشت و وردە
چونکە زمــــانی دایک
ناسنامەی ئێمەی کوردە

٢٣/٢/٢٠١٩




قەیرانی ڤایرۆسی کۆرۆنا… نووسینی: دانا حمید

ڕەنگە لە سەرەتایی پەیدابوونی ژیان لەسەر زەوی و بوونی مرۆڤایەتی لەسەر ڕووی زەمین ڕووبەڕووی چەندین هەوراز و نشێو، خۆشی و بەختەوەرى، درم و پەتای درێژخایەن بووەتەوە کە کاریگەرى منفی لەسەر ئابورى و بژێوی دانشتوان دروستکردوە… بەڵام ئەوەى ئەوەى ئێمە مەبەستەمانە، لێرەدا بەتایبەت ئەم پەتایە واتە ڤایرۆسی کۆرۆنایە. وە ئەم نەخۆشییە کۆرۆنا و کاریگەرییەکانى لەسەر دەوڵەتانى جیهان چییە؟ وە لێکەوتەکانى لەسەر مرۆڤ و ئینسانیەت چییە؟ وە چۆن بتوانین ڕووبەڕووی ئەم دەردە ببینەوە و خۆمانى لێبپارێزین تا ئەوەى لانی کەم ئینسانیەت بە کەمترین زیان و ناخۆشی لە دەست ئەم ڤایرۆسە نەجاتى ببێت.
جا ئەوەى مەبەستی ئێمەیە لەم نووسینەدا ڤایرۆسی کۆرۆنایە و چۆن بتوانین پێش بگرین بەم ڤایرۆسە و بە کەمترین زیان لە دەستی دەربچین. ئەم نەخۆشیە سەرەتا لە شاری وهانی چین بڵاوبوویەوە، کە نزیکەى (١٢) ملیۆن ئینسانی تیادا دەژێت، وە یەکێکە لە شارە ئابورییەکانى وڵاتی چین و ڕێژەی (٦٠%) ئابوری چین، وەبەرهێنان و سەرمایەگوزارى لەم شارەوە بۆ چین و دەرەوەى چین هەناردە دەکرێت. چەندین هۆکار هەبوو لەسەر پەیدابوونی ئەم ڤایرۆسە لە چین، ئێمە زۆر ناچینە ناوەڕۆکی ئەم هۆکارانەوە و وردودرشتی بۆ دوایی ڕووداوەکە بەجێئەهێڵین و دواتر ڕوون ئەبێتەوە کە چەندین هۆکارى دیار و پەنهان هەن کە دەرخەرى ڕووداوی نەخۆشییەکەن. چونکە ئەوەى کە گرنگە بزانین لێکەوتە ئابوری و سیاسی، کۆمەڵایەتی، تەندروستی و دەرونییەکانى ئەم پەتایە لەسەر مرۆڤ و چۆنیەتی رووبەڕووبوونەوەى، وە بەرپێگرتنی بۆئەوەى لەوە زیاتر مرۆڤایەتی نەبێتە قوربانی ئەم دەردە ترسناکە کە بەشێوەیەک جیهانى تووشی شۆک کردوە جۆرێک لە “وەستان و مەنگبوون”ی دروستکردوە کە زیانێکی گەورەى ئابورى و سیاسی و تەندروستی و دەرونی لە سەرجەم مرۆڤایەتی داوە.

ئەم نەخۆشییە سەرەتا لە شاری وهانى چینەوە سەریهەڵدا و وە بە چەندین شێوەى تر باسی ئەکەن، هەندێ ئەڵێن لە گیانەوەرەوە گوزراوەتەوە بۆ ئینسان. وە هەندێ تر ئەڵێن لە زانکۆی وهانى چین تاقیکردنەوەى لەسەر ئەم ڤایرۆسە کراوە و پاشان لەدەست دەرچووە، هەندێکی تر ئەڵێن ئەمە جەنگی ئابورییە کە ئەمریکا لە بەرامبەر چین پەیڕەوەى ئەکات بۆئەوەى ئابورى چینی پێ لاواز بکات، چونکە ئێستا ئابورى چین زۆر بە شێوەیەکی بەهێز و ناوازە بازاڕی ئابوریی و بازرگانی و پیشەسازی جیهانی داگیرکردوە. ئەمەش جۆرێک لە دڕدۆنگی لای بەرپرسانی ئەمریکی دروستکردوە کە ئەبێت بەهەر شێوازێک بێ بەر بەم شاڵاوە ئابورییە بەهێزەى چین بگرن و نەهێڵن لەوە زیاتر پەلبهاوێت.
ئەوەى کە گرنگە لەسەر وڵاتانى جیهان بە هۆشیارییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم نەخۆشیەدا بکەن، واتە نەبێتە هۆکارى ئەوەى ترس و تۆقین بڵاوبکرێتەوە و خەڵک زیاتر بترسن لێی… هەموو دەوڵەتانى جیهان ڕیگری ئەوە ئەکەن کە ئەم نەخۆشیە پێیان نەگات کە پێشیان گەشت سەرەتا ئەرکی دەوڵەتە لە ڕێگەى وەزارەتى تەندروستی بە هەماهەنگی وەزارەتەکانى تر لینکێک دروست بکەن کە بەربەستێک لەسەر ئەو خاڵانەی کە پێویستە بۆئەوەى کە رێنمایی و رەهنمایی هاونیشتیمانیان بکەن لەڕێگەی یەک کەناڵی فەرمییەوە رۆژانە ئامارەکان بڵاوبکاتەوە و ئامۆژگارى خەڵک بکەن کە کەمترین بەریەککەوتنیان هەبێت تائەوەى هیچ نەبێ دەگەین بە پلەکانى گەرما و مەترسی بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسەکە کەمتر ئەبێتەوە.
ئێستا نەخۆشییەکە گەشتووەتە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەت ئێران ناوەندی سەرەکییە بۆ بڵاوبوونەوەى نەخۆشییەکە، ئومێدەوارین ئەم نەخۆشییە لە ئێرانی دراوسێمان لەوە زیاتر تەشەنە نەکات و لەڕێگەى دەوڵەت و رێنماییە تەندروستییەکانەوە لەناوببرێت، وە کەمترین رێژەى مەرگ تۆمار بکرێ و وە ئەو هاوڵاتیانەى تووشی پەتاکە بوون بە زووترین کات چاکببەنەوە و ئومێدی ژیانێکی باشتر و شایستەتریان بۆ بخوازین. چونکە ئەم نەخۆشییە لەوە زیاتر تەشەنە بکات زۆر زووتر دەگاتە لای ئێمەش چونکە کوردستانى باشور زۆرترین سنورى جوگرافی لەگەڵ وڵاتی ئێراندا هەیە و چوار مەرزی دەولی هەیە لەگەڵ ئێراندا کە مامەڵەى ئابورى و بازرگانی تێدا دەکرێ، سەرەڕای چەندین مەرزی لاوەکی تر.
ئەم نەخۆشییە کاریگەرى زۆری لەسەر دەوڵەتان و ئینسان هەیە، بەداخەوە کاریگەرییەکەى هەمووی سلبییە لە ڕووی ئابورى، سیاسی، تەندروستی، دەرونی و کۆمەڵایەتییشەوە… ئەوەى بۆ ئێمە گرنگە لە ڕووی ئابورى و سیاسی، تەندروستی و دەرونییەوە خوێندنەوە بۆ ئەم پەتایە بکەین، ئەویش لەڕێگەى پسپۆڕی هەریەک لەم بوارانەوە. بەڵام ئەوەى کە من ئەینووسم لەسەر ئەم پەتایە شتێکی سەرەتاییە دەکرێ زۆر باشیش نەبێ بەڵام هیچ نەبێ سەرەتاییەکە بۆ ئاوڕدانەوەى لایەکی نەخۆشییەکە، وە پسپۆڕانی هەریەک لەو بوارانەوە، نووسین و قسەی خۆیان بکەن. گومان لەوەدانییە کە ئەم پەتایە دەبێتە بابەتی رۆژەڤ و لە ئاییندەدا چەندین کتێب و وتار و فیلم و مستند و رۆمان و بابەتی پزیشکی بە قوڵی لەسەر دەنووسرێت. ئەوەى گرنگە کە هەموو هەوڵەکان بەو ئاڕاستەیەدایە کە تەنها ڕێگەى چارەسەرکردن لەم ڤایرۆسە تەنها خۆپاراستنی تەندروستی و گرتنەبەرى رێوشوێنە سەلامەتییەکانە. بەدەر لە رێنمایی تەندروستی چاوێکی ترمان بخەیەنە سەر لایەنەکانى تری نەخۆشیەکە، لە ماوەى پێشوودا (یورگن هابرماسی) فەیلەسوفی ئەڵمانى پێشنیاری دروستکردنی (صندونی هاوبەشی ئەوروپا) بۆ وڵاتانی ئەوروپا خستەڕوو، بۆئەوەى بتوانن بەهەموویانەوە کە کۆمەک و یارمەتی بۆ دەوڵەتانى تری یەکێتییەکە لەکاتى رووبەرووبوونەوەى قەیرانەکەدا هاوکاری ئەو دەوڵەتانەى پێبکەن. وە لە لایەکی ترەوە (یوڤال نوح هاراری) لە وتارێکی گرنگدا بەناوى (جیهانى دوایی کۆرۆنا) باوەڕی وایە قەیرانی نەخۆشی کۆرۆنا کۆتایی دێ، ئەوەى کارەساتبارترە لە ئێستادا جیهان بێ سەرکردەیە، واتە جیهانى ئێستا سەرکردەیەکی نییە بتوانێ لەپێناو قەیرانێکی جیهانى وەک بیمارى کۆرۆنا دەستەیەکی گشتی دروست بکەن بۆ بەهاناوەچوونی جیهان و دەربازکردنی جیهان لەم نەخۆشیە. وە هاراری باوەڕی وایە ئەم ڤایرۆسە کۆتایی دێ بەڵام ئەوەى کێشەی بنەڕەتیتر و سەرەکیترە کە لەوانەیە زەرەری گەورەتری بەدوادابێ قەیرانی ژینگە و چەکی ئەتۆمییە، کە هەڕەشەی سەرەکین لەسەر لەناوچوونی ژیان لەسەر زەوى. ئەوەى گرنگە لە دەرئەنجامدا کە لە هەموو رووەکانەوە خوێندنەوە بۆ ئەم پەتای کۆرۆنامەیە بکرێ. بەتایبەت لایەنی (سیاسی، ئابورى، مێژووی، فەلسەفی، تەندروستی، کۆمەڵایەتی، دەرونی، فەرهەنگی، کۆمەڵناسی پزیشکی، دەرونناسی پزیشکی و چەندین بابەتی تری رەخنەیی) لایەنە شاراوە و نادیارەکانى ڤایرۆسەکە روون دەبێتەوە و خەڵک باشتر دەیناسین و خۆیانی لێدەپارێزن.

کاریگەرى و لێکەوتەکانى ڤایرۆسی کۆرۆنا:
لەڕووی ئابوورییەوە:

لەو کاتەوەى ئەم نەخۆشیە لە شاری وهانى چین سەریهەڵدا و پاشان بە زۆربەى وڵاتانى جیهاندا بڵاوبوویەوە، ئەم ڤایرۆسە بە شێوەیەک بەرپرسانی وڵاتانى توشی شۆک کردوە نازانن چی بکەن؟ وە ئابورى جیهانى بە جۆرێک لاواز کردوە کە هاتن و رۆشتنی لە نێوان وڵاتاندا پەکخستووە… ئەم نەخۆشیە هەندێ سەرچاوە ئەڵێن: بە بڕی (٣ بۆ ٥) ملیار دۆلار زیان و زەرەرى لە ئابورى جیهان داوە، وە وڵاتی چین پلەی یەکەمی بەردەکەوێ لەم زەرەرەدا. ئەمەش سەرەڕای ئەوەى هاتوچۆ و گەشەی ئابورى وەستاندوە و جۆرێ: لە “شۆکی ئابورى” دروست کردوە. ئایا دەکرێ ئەم نەخۆشیە کۆتایی بێ یان لە کاتی تر و ئاییندەى تردا خۆی دەربخاتەوە بەناوی تر و بە شێوازی تر.
شۆکی ئابورى ئەم ڤایرۆسە تائەندازیەک گەردونییە چونکە زۆربەی وڵاتانى جیهانى گرتۆتەوە و پەتاکە تیایدا بوونی هەیە، ئەو وڵاتانەشی کە ئەم دەردەى تیادا نییە لایەنی تەندروستی و هەموو ڕێکارە زەرورییەکانى تریان خستووەتە حاڵەتى ئامادەباشییەوە، بۆئەوەى گەر ڕووی لە وڵاتەکەیان کرد بە کەمترین ئازار و زیان لەژێرباری ئەم نەخۆشییەدا دەربچن.
ئەم پەتایە لێدان و گورزە لە هەموو کەرتە ئابوری و تەندروسییەکانى تری دەوڵەت، کە سەرتاسەرى جیهانى گرتۆتەوە. کە تاڕادەیەک ئەمەش وادەکات گەشەی ئابورى بوەستێ و جۆرێ لە تەمبەڵی و بەرخۆری دروست بکات. ئەمەش نابێ ناحەقی ئینسان بگرین چونکە گیان لە هەموو شتێ خۆشەویسترە و ئینسان هەموو شتێک ئەکات لە پێناو مانەوەى خۆیدا بۆئەوەى زیاتر بژێت، ئەمەش مافێکی سەرەتایی خۆی و ژیانێتی کە کەس ناتوانێ لۆمەی بکا و بڵێ تۆ بۆت نیە بژیت.
ئەم دەردە جگە لەوەى کە گەشەی ئابورى توشی وەستان و رکود ئەکات زەرەریش لە کەرتەکانى تریش دەدات، هەندێ سەرچاوە ئەڵێن کە بە ڕێژەى (٥%) گەشەى ئابورى جیهانى کەمکردۆتەوە و بگرە گەر نەخۆشییەکە زیاتر و درێژخایەنتربێ ئابورى پاشەکشەى زیاتر ئەکات. ئەم نەخۆشیە بە پلەى یەکەم زیانى لە کەرتی “ئابورى تەندروستی” جیهان داوە، چونکە پەیوەندیەکی ڕاستەوانە لە نێوان گەشەی تەندروستی گشتی و گەشەی ئابورییدا هەیە، کە پەیوەندی بە وجودی گشتی ئینسانەوە هەیە… لەبەرئەوەى پەتاکە زیاتر تەشەنە بکات زیانی زۆر لە ئابورى دەدات، لەم کاتەدا تەندروستی زەرەرمەندی یەکەم ئەبێ و تووشی وەستان ئەبێ کەرتی تەندروستی. بۆیە کۆنترۆڵکردن و هەیمەنەکردن بەسەر نەخۆشییەکەدا، ئەو وەستانە ئابورى و تەندروستییە تێکدەشکێنێ و تاڕادەیەک ژیان ئەگەڕێتەوە باری ئاسایی خۆی. لە ئەنجامدا دەگەین بە قۆناغێک کە (شۆکی ئابورى/ تەندروستی) ئەتوانرێت چارەسەر بکرێت.

لەڕووی سیاسییەوە:

ئەم نەخۆشییە لە ڕووی سیاسییەوە سەرتاپای جیهانی گرتۆتەوە و بە شێوازێک سیاسەتی دەوڵەتانى جیهانى توشی شۆک کردوە، کە نازانن ئەم پەتایە سروشتییە و بۆ خۆی دروستبووە یان جەنگی دەوڵەتانى زلهێز و ئابورى بەهێزە کە لە هێزی رەقەوە کە جاران دەکرا لە نێوان دەوڵەتان ژمارەیەکی زۆر ئینسان تێیدا دەکوژرا، ئێستا جەنگەکە شێوەى خۆی گۆریوە و لەڕێگەى هێزی نەرمەوە دەوڵەتان بەرامبەرى یەکتر ئەنجامی ئەدەن. ئەمەش ڕایەکە ناتوانین بڵێن: بەتەواوى دروستە چونکە دەکرێ ڤایرۆسەکە سروشتی و گوزراوەبێ یان لە شاری وهانى چین لە ئەنجامی ئەو هەوڵانەى کە باس دەکرێ بڵاوبووبێتەوە. یان ڤایرۆسەکە جەنگێکی ئابورى زۆر بەهێز و درێژمەودابێ لە نێوان بلۆکی سەرمایەداری بە ڕابەرایەتی ئەمریکا و بلۆکی کۆمۆنیزم بە ڕابەرایەتی چین، ئێستا بەڕادەیەک ئابورى چین بازاڕەکانى جیهانى داگیر کردوە کە بووەتە مەترسی بۆ سەر ئابورى ئەمریکا پێشبینی دەکرێ چین بەو سیاسەتەی پەپڕەوى دەکات لە بوارى ئابورییدا پێش ئابورى ئەمریکا بکەوێ و ببێتە یەکەم زلهێزی ئابورى/ سیاسی جیهان. کە ئەمەش گورزێکی کوشندەی فرەپەلوپۆیە بۆ سەر جەمسەرى سەرمایەداری کە ئەمریکا رابەرایەتی ئەکات. تا ئێستا قایرۆسەکە تەشەنەی بە زۆر وڵاتدا کردوە و جوڵەى تاڕادەیەک لە سەرجەم ئەو وڵاتانەى کە دۆخی ریزپەڕ و نائاساییان راگەیاندوە، بڵاوبوەتەوە و و سیاسەتی وڵاتانى ناچار کردوە کە پیاچونەوە بە هەموو سێکتەرەکانى وڵاتدا بکەنەوە بەتایبەت و سیستەمی تەندروستی و چاکسازی تێدابکەن. کە ئێستا جۆرێک لە سیاسەتی دەولی لە جیهاندا بەسەر دەوڵەتانى هەژاردا پەیڕەو دەکرێ و کە لەڕووی سیاسیی و ئابورییەوە لاوازن. وڵاتانى بەهێز ، هێزى خۆیان بەسەر وڵاتانى هەژار و لاوازدا جێبەجێ ئەکەن کە ئەبێ جۆرێک لە پاشکۆیەتی بۆ لەڕووی سیاسىیی و ئابورییەوە بۆ وڵاتانى بەهێز بکەن.

موعەما و مەغزای ئەم ڤایرۆسە ماجەراکەى نادیار و تولکێشە، وە لەم رۆژانەی دواییدا، وتەبێژی چین، ئەمریکای بە دروستکەرى ڤایرۆسەکە تاوانبار کرد و ڕاگەیاند: ئەم کۆرۆنایە بۆئەوەىە (ئابورى سیاسیی) چین پێ لاواز و هەژار بکات. یان بەپێی زانیاری ئەو هەواڵانەى کە لە ئێران بڵاوئەکرێتەوە ئەڵێن: ڤایرۆسی کۆرۆنا کە لە ئێران تووشی هاوڵاتیان ئەبێ دوو جۆرە بە تایبەت ئەوەى لە شاری قوم بڵاوبووەتەوە و خەڵک موبتەلای بووە بەڕای پزیشکانى ئێرانی ئەڵێن سەرچاوەی ئەم ڤیرۆسە هەمان ڤایرۆسی وهانى چینە. بەڵام پزیشکانى ئێرانی باوەڕیان وایە: جۆری ئەو ڤایرۆسەى تر کە لە شاری رەشت و گیلان خەڵکی توشکردوە جیاوازترە لە ڤایرۆسی قوم، چونکە پێیان وایە ئەمەى رەشت و گیلان زۆر بەهێزترە و ئینسان بەرگەى ناگرێ، وەک ئەڵێن ئەم ڤایرۆسە جۆرێکە لە چەکی ڤیرۆسی (بیۆژنیتیک) کە وەک چەکێکی کوشندە کە ئەمریکای پێتاوانبار ئەکرێ لە لایەن ئێرانەوە دژ بە ئێران بەکاردەهێنرێت. وەک ڕێکخراوی تەندروستی جیهانى ئاشکرای کرد، ئێستا نەخۆشییەکە جیهانییە و پێویستی بەڕووبەرووبوونەوەى هەموو وڵاتان هەیە بۆ بەرگرتن بە نەخۆشییە کە ئەبێ بە خۆپاراستن و کەرەنتینە کردنی هاوڵاتیان خۆیان لە ماڵەکانیان وەک ئەوەى لە وهان کرا و سەرکەوتن بە ڤایرۆسەکەدا راگەیەنرا، ورە و ئیرادەی هەموو میللەتى پێویستە ئەویش بەوەدەکرێ کە دەوڵەت لەڕوویی سیاسییەوە پاڵپشت و یارمەتیدەرى هاوڵاتیان بێت. چونکە وەک تەندروستی جیهانى ئەڵێ: ئێستا درمەکە بە (گڵۆباڵ پاندمیک) ناوزەد کراوە لەبەرئەوەى زۆربەى شوێنەکانى جیهانى گرتۆتەوە و پێوستی بە هەماهەنگی هەموو جیهان هەیە کە تا کۆتاچرکە کە بنبڕدەکرێت.

لەڕووی تەندروستییەوە:

پەتای کۆرۆنا بە ماوەیەکی کەم گەشتە زۆربەى وڵاتانی جیهان، چی هۆکارێکە وادەکات کە ئەم نەخۆشییە ئەوەندە ترسناک باس بکرێ و زۆربەى دەوڵەتان بکەونە خۆئامادەکردن و رووبەڕووبوونەوە لە بەرامبەر ئەم پەتا کوشندە و تائەندازیەک چارەسەرنەکراوەدا، جگە لە خۆپاراستنی تەندروستی و پاکوخاوێنی و سەلامەتی گشتی هیچ ڤاکسینێکی چارەسەرکراو بۆ ڤایرۆسەکە نەدۆزراوەتەوە. ئەم نەخۆشییە ڕووی کردۆتە هەر وڵاتێک جوڵەى ئینسانی و ئەوانەى تری پەخستووە، واتە جۆرێک لە “وەستانى مردوو”ی هەیە کە ئینسان بێوەڵام دەهێڵێتەوە لە بەرامبەر ئەم نەخۆشییەدا کە بوارى هەناسەدانت لێدەبڕێ بۆ بیرکردنەوە بۆ دۆزینەوەى چارەسەرێکی کاتى و تا دەگەیت بە ئەنجامێک بتوانرێ رێگرییەکانى بەردەمی نەخۆشییەکە دەسنیشانبکرێ و هەوڵی بنبڕکردنی بدرێت.
لەم پێناوەدا کەرتی تەندروستی زۆرترین و قورسترین ئەرکی مرۆیی و ئینسانی مێژوویی لەکۆڵ گرتووە، دەوڵەتان لەڕێگەى کەرتی تەندروستی، دکتۆر و پەرستاران و کارمەندانی تری ئەم کەرتەوە وەک سەربازێکی بەئەخلاق و خاوەن ویژدان بێماندوبوون شەو و رۆژ دەخەنەسەر یەک بۆئەوەى گیانی مرۆڤەکان لەو نەخۆشییە رزگار بکەن و بیخەنەوە سەر ڕێچکەى ژیانکردن.
ئێستا کەرتی تەندروستی تەنها ئەوەى لەبەردەستدایە بەڕێنماییکردن و خۆپاراستن لەو نەخۆشیە، سەرجەم ئینسانەکان ئامۆژگارى بکات کە تەنیا رێگای چارەسەر تاوەکو ئێستا ئەوەیە بە پاکژی و خۆپاراستن لەو نەخۆشیە خۆمان بپارێزین، واتە هەموو شتێک لە دەرچوون و تێکەڵاوبوون لەگەڵ کەسانی تردا کەمبکەینەوە تاوەکو بە دەرئەنجامێک دەگەین کە نەخۆشیکە لەناودەچێت. دەبێ هەموو مرۆڤایەتی بە ئاواتی ئەوەبێ کە دەرمانێ یان ڤاکسینێک دروست بکرێ کە بتوانرێ ڤایرۆسەکە لەناوببات… بەڵام لە کۆتاییدا هەر کەرتی تەندروستییە کە بەر بەم نەخۆشییە بگرێ و ئومێدکی دەستەجەمعی بەسەرجەم مرۆڤایەتی ببەخشێت کە ڤاکسینی چارەسەرکردنی ڤایرۆسەکە دۆزراوەتەوە. واتە لە کۆتاییدا تەندروستی ببێتە ترۆسکایی ئەو ئومێدە بۆ سەرجەم ئینسانیەت و بەتایبەت ئینسانە نەخۆشەکانى ژێردەستی ئەم پەتا کوشندە و تارمایئاساییە.

لەڕووی کۆمەڵایەتی/ دەرونییەوە:

ئەم ڤایرۆسە گومانى تێدانییە وە دەرد و بەڵایەکی گەردونی سەرتاسەری جیهانى گرتوەتەوە، لەم سۆنگەیەوە شۆکی کۆمەڵایەتی و دەرونی بەپەلەی یەکەم لەسەر ئینسانەکان دروست ئەکات. ئەوەى ئەم بەڵایە دروستی ئەکات شۆکی دەرونییە خۆی دەبینێتەوە لە کۆمەڵێک حاڵەت لەوانە: (قەلەقی، دڵەڕاوکێ، بێهێزی، نائومێدی، بێخەوی، وەسواسی، بێخواردنی، سەرەئێشە، لاوازی تەواوەتی لەسەر جەستەى ئینسان…هتد) ئەم پەتایە لەڕووی دەرونییەوە بە پلەى یەکەم کاریگەرى گەورەى لەسەر ئینسان ئەبێ، هەندێ کەس بێئەوەى نەخۆشییەکەى هەبێ لەڕووی دەرونییەوە رووخاوە، هەست ئەکات کە نەخۆشییەکەی تووشبووە ئەمەش وائەکات ئەو ئینسانە خەفەت و دڵتەنگییەکی زۆر دایبگرێ و ئارەزووی هیچی نەمێنێت. ئەمەش وادەکات بەرگری جەستەى لاواز بێ و موعەرەز بێ بۆ توشبوون بە پەتاکە. لەو کاتەدا پێویست دەکات کە کەرتی تەندروستی لەڕێگەى هێنانى دکتۆری دەرونی و بەرنامەى تایبەتی دەرونییەوە کۆمەڵگا و تاکەکان هۆشیار بکرێتەوە لەوەى کە نەهێڵرێت هەرکەس لەخۆیەوە قسە و وتار بدات. بەئاڕاستەکردنی کۆمەڵگا لەڕێگەى هۆشیاری و ئاگایی تەندروستی و سەلامەتییەوە، دەکرێ رێگری لەو پەتایە بکرێ، وە چارەسەری کاتى لە ئاییندەدا چارەسەری درێژخایەنی بۆ بدۆزرێتەوە. ئەم نەخۆشییە کێشەیەکی زۆر ئاڵۆزی هەیە کە ”ترسێکی دەستەجەمعی” دروستکردوە کە پێویستی بە هۆشیاریەکی دەستەجەمعییە لە بەرامبەر ئەو ترسەدا بتوانین بە چەندین کەنال و بەرنامە و ئامۆژگاری و چەندین چارەسەری تر… خەڵک بگەڕێنینەوە باری ئاسایی ژیانی خۆی و ڕۆژانە کاتى ئاسایی خۆی بەڕێبکات.




کۆرۆنا و سینەما و دیواری سەر باڵەخانەی کەلاوەکەی گاوران … نووسینی: بەکر ئەحمەد

ئەم وێنەیەی ژێرەوە، ئەگەرچی بەشی سەرەوەی ئەم وتارەی داگیرکردووە، دەکرێ لە کۆتایی وتارەکەدا، جارێکی دیکە بگەڕێیتەوە سەری. لە راستیشدا هیچ شتێکیش روونادات ئەگەر بەر لەخوێندنەوەی وتارەکەیش سەرنجێکی وردی بدەیتێ. دیمەنی پیرۆزەیی و خۆڵەمێشی تێکەڵ بە زەردەپەڕو بێجوولەیی ناو وێنەکە، شتێکی تیایە کە نیگا بەخۆیەوە ڕادەکێشێ.

بۆ کرۆکی بابەتەکە.

ڕۆژگارێک لە سویددا کەتەلۆگێک هەبووکە پییاندەووت: لاپەرەزەردەکان. دەکرێ لە وڵاتە جۆراوجۆرەکانی دیکەی ئەوروپادا ناوێکی دیکەی هەبووبێت.

کوردواتەنی، شاخی مار و شیری چۆلەکە لە دوو توویی ئەو کەتالۆگەدا جێیدەبوەوە. لە ئاستی سەراسەری و شار و شارۆچکەکانی دیکەی ولاتدا، تۆ دەتتوانی بۆ فلان کارخانە بگەرێیت وناوی هەر “قادر قادر”ێکی کورد کە لە سویددا دەژی و تۆ نازانی لە چ شارێکدا نیشتەجێیە، بە چاوخشاندنێکی خێرا بە لاپەرەکانیدا ، ئاسان بدۆزیتەوە. ئەگەر زانیارییەکان دەربارەی کاک “قادر”، بە خواستی خۆ نەخرابێتە خانەی شاردنەوەوە بە مەبەستی پاراستنی کەسایەتیەوە.
گەشەی نێت و دیجیتالیزەکردنی زانیاری و پیشکەوتنی ئەپلیکەیشنەکانی ناو مۆبایلە زیرەکەکان، کارێکی کرد کە لەمڕۆدا ، لە هیچ کونج و کەلەبەرێکی ئەم ولاتەدا، دانەیەک لەو کەتەلۆگانە نەدۆزیتەوە.
رۆژێک لەگەڵ برا بچکۆلەکەمدا، تەمەنی 50 ساڵە لە ئیستادا و ئەم دوو ژمارەییەی تەمەنەکەی هێشتاش ئەو رزگارناکات لەوەی هەر برا بچووکی من بێت، پرسیاری کاریگەری گەشەسەندنی دیجیتالیزەکردنی دنیامان دەکرد و کەوتین بەسەر باسی ئەو خزمەتگووزارییانەی کە لاپەرەزەردەکانی جاران و ئەپلیکەیشنە نوێکانی دنیای ناو مۆبایلەکان هێناویانەتە ئاراوە. بە کورتی: سەفەری بەدەستهێنانی زانیاری لە پەڕەی کاغەزەوە بۆ ناو شاشەی مۆبایلەکان.
لە شوێنێکدا برا بچکۆلەکەم دەڵی: دەزانی کە کورد و خەلکی سلێمانی لە پێش سویدییەکانەوە بوون بۆ داهێنانی لە چەشنی بە دەستهێنانی زانیاری کە لاپەرە زەردەکانی جاران دەیدایە خەلک، بەڵام نەگبەتی کوردەکان لەوەدایە کە ئەو داهێنانەیان بەو شیوازە ناونووسنەکردووە وەک ئەوەی لە سوید و ولاتەکانی دیکەی خۆرئاوادا کردوویانە. بۆ نموونە تۆمارکردنی ئەو زانیارییانە لە کوردستان لە شکڵی کەتەلۆگێکدا نەبووە و ئینسان ناشکرێ بەوەی ئەم داهێنانە لە کەتەلۆگ نەنراوە، ئینکاری ئەم دەستپیشخەرییەی خەلکی شارە حەیاتەکە بکات.
من سەیرێکی دەکەم و سوپاسگوزارم کە دەمێکە لە سوید دەژیم و لە بەرانبەر ئەم شەکرشکاندنەی براکەمدا، هیچ شتێکی تێناگرم و ئەویش دەمبەخەندە و بە حەماسەتێکی تووندەوە، خەریکی بەلگەهێنانەوەیەکی زیاترە. ناچار لە شوێنێکدا، دەیوەستێنم و پێیدەڵێم: دەکرێ نموونەیەک لەو لاپەرە زەردانەی سلێمانیم بۆ بێنیتەوە کە من پێمنەزانیوە، یاخود نەمبینیوە و دەکرێ لای جەنابتان دەستکەوێ.

برا بچکۆلە پەنجا ساڵانەکەم ئاوا وەڵامدەداتەوە: رۆژگارێک لە حەفتاکانی سلێمانیدا، خەلکی تەلەفۆنییان بۆ ریستۆرانێک دەکرد و ئەو خواردنانەیان داوا دەکرد کە دەیانویست بۆیان بێتە ماڵ، یان دەیانپرسی فلانە خواردنیان ماوە و دەیانەوێ کەسێک بنێرن تا دوو قابلەمەی بچووکییان بۆ پرکات.
ئەو کات مەتعەمی عەلی سوور، لە گەڵ مەتعەم سلێمانییدا کە خاوەنەکەی حاجی فەتاح بوو، بە دوو لەریستۆرانە گەورەکانی سلێمانی دەژمێردران. مەتعەمەکەی عەلی سوور بەرانبەر سینەمای ڕەشید بوو، ئەوەی حاجی فەتاحیش لە ئەسحابەسپی بوو. یادی بەخێر (عەلی سوور) لەسەر کورسییەکەی خۆیەوە کە لە سووچێکی نزیک هاتنەژوورەوەی ریستۆرانەکەدا دانرابوو و پارەی وەردەگرت، هەموو ئەو پانتاییە گەورەیەی دەبینی کە بە سەر دەرگا گەورەکەی سینەماوە بوو و پۆستکارت و ریکلامە گەورەکانی فیلمەکانی پیا هەڵدەواسرا. گەر هاموشۆ و قەلەباڵغی سەرشۆستەکەی بەردەم ریستۆرانەکەش نەبوایە، گۆشەیەکی باشی ریکلامی فیلمەکانی سینەما “سیروانیش”ی دەبینی کە کەوتبووە کۆلانی خوارەوەی لۆقەنتەخانەکەی خۆیەوە.
جار ناجارێک مشەتەری قۆشمە و ساختەچی تەلەفۆنێکییان دەکرد و دەیانپرسی ئاخؤ فلانە خواردنییان ماوە یاخود نا، بەلام بەر لە کۆتایپێهێنانی ئاخاوتنەکە بە عەلی سوورییان دەوت: زەحمەت نەبێت سەیرێکی ئەو بەریش ناکەیت تا پێمان بلییت چ فلیمیك ئیشدەکا. ئەگەر ریکلامی سەر سووچەکەی لای سەعاتەکەیشت لی دیارە بەشکم پێمان بلێی، ریکلامی فیلمە یۆنانییەکەی پێوەیە بۆ هەفتەی ئایندە؟
برا بچکۆلەکەم درێژەی دەداتێ و دەڵێ: من دڵنیام کە کۆمەڵێک جنیو لە کۆتایی ئەم جۆرە ئاخاوتنانەدا دەکرێ ببیسترێ کە من نامەوێت تۆماری بکەم. وەک دەزانن ئەو جنیوانە ئەوەندە تەڕن کە ئەگەر وشکیش ببنەوە، نووسینەوەیان ئاسان نییە. من لە بەرزی ئاداب و ئەخلاقی زمانەوانی برا بچکۆلەکەم سەرم سووڕدەمێنێ، ئەو درێژەی دەداتێ و دەڵێ: بێگوومان ئەگەر داخوازیکردنەکانی کریاران بۆ خواردن جدیی بۆایە و کەلەک و کووڵەکی هەرزەکارانەی لە پشتەوە نەبوایە، ئەوا عەلی سوور ناوی فیلم و پالەوانی فیلمەکانیشی بۆ مشتەرییەکانی دەگێراوە.
بەڵام خاڵی سەرەکی گێرانەوەی ئەم چیرۆکەی کاکم ئەوەیە کە ئەو زانیارییانەی لاپەرە زەردەکانی جاران و ئەپلیکەیشنە تازەکانی ئەمڕۆ بە هاولاتیانی دەدا، 40 تا 50 سالیک لەمەوبەر لایەن “عەلی سوور”ەوە پیشکەشکراوە. وەلامدانەوە بەوەی کە چ خواردنێک دەستدەکەوێت و دەکرێ بگەێنرێتە ماڵ یاخود نا، پێدانی زانیاری بەو کڕیارانەی کە دەیانەوێ بزانن چ فیلمێک لە سینەماکاندا نمایشدەکرێت و تەنانەت ئاگاداربوون لەوەی کە پرۆگرامی هەفتەی ئایندەی سینەمایش چییە. بەدەستهێنانی کۆمەڵێک زانیاری گرنگ لە ئاخاوتنێکی تەلەفۆنی کورتدا.
هەستدەکەم بە ناهەق لە سەرەتای دامەزراندنی باسەکەدا، خەریکبوو رەفتارێکی براگەورانەی کوردی لەبەرانبەر برا بچکۆلەکەمدا ئەنجامبدەم و گوێ لە ئەرگومێنتەکانی نەگرم . بەڵام قسەکانی جۆریکیش راستی تێدایە و من ناچارم سوپاسی بکەم کە لە تۆمارکردنی مێژووی بەدەستهێنانی زانیاریدا، لە ڕیی ئەو نموونانەوە کە هینایەوە، شارەکەم رۆلێکی گرنگی ونبووی هەبووە و ئەم گیرانەوەیەی منیش لەم وتارەدا، دەبێتە تۆمارکرنی مێژووی ئەم جۆرە لە خزمەتگووزاری کە بەشێک لە بناغە سەرەتاییەکانی کۆمەلگایەکی بەکاربەرە.
بەلام بەوەی هێشتا لە نزیک مەتعەمەکەی “عەلی سوور”ەوەین و چاومان هێشتا لەسەر ریکلامی حەوت بەتەڵەکە و ترنتی و فیلمە یۆنانییەکەی دوێنییە، با کەمێک بچینە کۆلانەکانی دوور لە سەرای سلیمانییەوە و لەوێوە سەیری پرۆسەی کڕیاردیتنەوەیەک بکەین لەبەرانبەر نیشاندانی فیلمی نوێدا. ئەوەی کە بەشێکی کەم لە مشتەرییەکانی لۆقەنتەخانەکەی عەلی سوور دەیانویست لە رێگای خزمەتگووزارییەکی زیاتری رێستورانەکەوە بەدەستی بێنن.
یەکەم : شاگردێکی سینەما تەختەیەکی 1 بە 30لە رێگەی دەسکێکی گەورەوە بە سەر شانەوەیە و ریکلامی ئەو فیلمەی لەسەرە کە ئەمڕۆ نیشاندەدرێت. ئەو کۆڵان و گەرەکی جۆراوجۆری شار دەگەڕا و ئەم پەیامەی بە خەڵکی دەگەیاند. سەیر ئەوەیە لە زمانی ئەو زەمەنەی مندا، نیشاندانی فیلمییان وەک ئیشکردنی فیلم باسدەکرد. نەیاندەووت چ فیلمێک نمایشدەکرێت، دەیانووت چ فیلمێک ئیشدەکات. لە هەمووی جوانتر، ئەو کات بە فیلمیان دەوت، فلیم. کورداندنی وشەیەک بەهەلە بەڵام لە رووی کۆمەلایەتییەوە، جوان و جێکەوتوو. خۆش ئەوە بوو، ئەو برادەرەی کە تەختەکەی بەسەر شانەوە بوو و پۆستکارتی گەورەی فیلمەکەی پیادا هەڵواسرا بوو، کۆمەڵێک ریکلامی دیکەی فیلمەکەی بە رەنگاورەنگی پێبوو کە لەسەر کاغەزێکی A3 چاپکرابوو.
ئاواتی گەورەی مندالانی گەرەک ، بەدەستهێنانی دانەیەک یان ژمارەیەکی زۆرتر لەو ریکلامانە بوو کە بە هەموو کەسێک نەدەدرا. بۆ ئەم مەبەستەش، باشترین شتێک بتکردایە، یارمەتیدانی کابرای دارهەڵگربوو کاتێک دەگەیشتە هەورازەکەی لای مزگەوتی “تەکیە رووتەوە” و لە بەر گەرانی زۆریی بە زۆربەی گەرەکەکانی شاردا و ماندووبوونی، زمانی لە عەرزدەخشا. ئەوکات بۆ ساتێک دارەکەیت لێوەردەگرت و لە هەورازەکەوە سەرت دەخست و دوو سێ دانە ریکلامت حاسڵدەکرد.
هەندێ جار، لای دووکانەکەی “مەلا عوسمان” یان نزیک ئاشەکەی گاورانەوە راماندەگرت و پیماندەوت: دەکرێ کەمێکی “فلیمە”کەمان بۆ بگێڕیتەوە، ئەو کوڕی باشە دەیزانی کە ئەم کارە چ کاریگەرییەکەی بۆ ریکلامکردنەکەی ئەو تیا دەبێت، یەکسەر دەیووت: یان دوو لەفە قاورمەم بۆ دەکڕن، گەندەڵی جاران، یان ئەوەتا خۆتان دەچن بۆ بینینی.

دووەم. سینەماکانی جاران لە پرۆسەی کڕیاردیتنەوەی خۆیاندا و لە وەرزی هاویندا، لە جیاتی ئەوەی تۆ بچیت بۆ سینەما، ئەوان سینەمایان بۆ دەهێنایتە گەرەک. سەیارەیەکی گەورە لە چەشنی لۆریدا دەهاتە کەلاوەکەی گاوران کە ئێستا گەراجی “عوسەی تەمین”ی پێدەڵێن. لە بەشی خوارەوەی کەلاوەکەدا کە دیواری دەرەوەی باڵەخانەیەکی گەورە بوو، بە دیووی لای باشووری کەلاوەکەدا ئەگەر پشتت لە ئاشەکەی گاورانی ئەوسا بێت، پەردەیەکیان هەڵدەواسی و بە ئارەزوی خۆیان، ئەو فیلمەیان نیشاندەدا کە لە بەرنامەی خۆیاندا بوو. خەلکی گەرەک لە سەرکارێز و سەرقەبران و قاوەخانەی سەرچیمەنەوە ، بە خۆیان و ماڵ و منداڵ و شووتی و قاپ و قاجاغی دیکەوە، لەسەر گڵەکە و لەبەرانبەر دیوارەکەدا، بە دێژی و پانی هەموو کەلاوەکە کە بە راستی گەورە بوو، دادەنیشتن و نقەیان لە خۆیان دەبڕی.
سینەما لە شاری سلێمانی جاراندا لە رێگای کابرای دارەریکلام بەشانەکەوە و لۆرییە گەڕۆکە گەورەکەی گەرەکەکانی سلێمانیدا، بوو بووە بەشێک لە ژیانی کولتووری 50 ساڵی پێش ئەمرۆمان. عەلی سوریش ، لەپاڵ نەبوونی ئەپلیکەیشنی مۆبایلەکانی ئەمڕۆ و کەتەلۆگە زەردەکانی دوێنی سویددا، جۆرێک لە کاری گەیاندنی زانیاری سینەمایی کەوتبووە سەرشان.
بەلام دەمەوێ لە کەلاوەکەی گاورانەوە بتانهێنمەوە بۆ سەرەتای ئەم وتارە و وێنەکەی سەرەوە. لە ڕاستیدا، ئەم وێنەیەی سەرەوە نزیکایەتییەکی گەورەی لەگەڵ هەمان ئەو وێنەیەدا هەیە کە سەر دیواری باڵەخانە گەورەکەی کەلاوەی گاورانی 50 ساڵ پێش ئیستادا هەبوو. ئەگەر کەسێک دیمەنی ئێوارەیەکی فیلمنیشاندانی کەلاوەکەی گاورانی بچرکاندایە و لەپاڵ وێنەکەی سەرەوە لە تەنیشت یەکەوە دایبنایە، ئەوسا ئاسانتر تێدەگەیشتن ئەم هەموو شێر و ڕیویەم بۆچی بوو.

وێنەکەی سەرەوە، بەشێکە لەو کاردانەوە و پرۆسەی کڕیاردیتنەوە تازەیەی کە سینەما لە سویددا لە ژێر فشارەکانی کۆرۆناو قەید و بەندی تێکەلنەبوون و مەسافەگرتنی نێوان ئینسانەکاندا کردویەتی بە راستییەکی تازە، بەڵام کۆن بە قسەی کاکم: ئاخر بە قسەی ئەو، سلیمانییەکان لێرەیشدا، لە پێش سویدییەکانەوە بوون. لەم پرسیارەیشدا کە کۆرۆنا لە زەمەنی دیجیتالدا لە بەرانبەر نەهاتنی تەماشاچیانی فیلمەکاندا ، کاتێک کەس ناتوانی بچێت بۆ سینەما، ئەوا سینەما دەکرێ بچێت بۆ لای بینەرانی .
وێنەکەی سەرەوە، دیمەنی ئێوارە نمایشێکی سینەمای یۆتۆبۆریە لە گۆرەپانی “بەنان پیرین” و لە رێگای شەپۆلی رادیۆیی FMو سیستەمی رادیۆیی ناو سەیارەکەوە، تەقە و زرمەی سەر شاشە دیجیتالەکە رێک دیتە ناو ماشین یاخود هێدفۆنەکەی گوێچکەتەوە. جۆرێک لە کاری بازارفرۆشی تازە بۆ دۆزینەوەی کڕیار و بینەری تازە کاتێک ڕێگرییەکانی کە کۆرۆنا دروستیکردوون، سینەما لە هۆلەکان دەردەهێنێت و دەیباتە پارکێکی گەورەی سەیارەراگرتن.

بەڵام کۆرۆنا و دنیایەکی دیجیتاڵی تازە کە کۆرۆنا بە گووروژمی گەورە بەرەوپیشتری دەبات، ئەو دەرفەتەیشمان بۆ دەرەخسێنێ کە لە زەمەنی مەرگ و ترس و دڵەراوکێی ئینسانەکاندا، لە رووخسارە هەناسەسواربووەکەی تووشبوانیدا، رابردوو و یادەوەرییەکانی دوێنێشمان بخاتەوە بەرچاو. یان رووت و قووت، بەشێکی گەورەی رابردوو، لە زەمەنێکی دیکەدا، لە مرۆدا، دووبارە زیندووبکاتەوە.

ناوهێنانی بەرێز “عەلی سوور” لەم وتارەدا، لە گێرانەوەی بەشێک لەو سەرگوزشتانەوەیە کە بەریزیان تیایدا بەشداربوون و لە رێزلێگرتن و بەرزنەخشاندنی ڕۆلی ئەم پیاوە زیاتر، هیچ مەبەستێکی دیکە نییە.

نووسینی: بەکر ئەحمەد
2020-05-13




قسە کردن لە گەڵ تەرم … ڕزگار عومەر

فلیمی Concussion فلیمێکە نەبەردیەکانی زانستی، مرۆڤایەتی، حەقیقەت ناسی، ناکۆك
بوونی لەگەڵ بەرژەوەندە گەورە سەرمایەداریەکانی پشتی وەزرش دەداتە بەر رەخنە. لەم فلیمە؛ کە لەچیڕۆکی ڕاستەقینەی دکتۆرێکی نایجیری وەرگیراوە، کە کۆچی کردووە بۆ ئەمریکا، هەموو ئەم پەیوەندیانە ؛ زانست، حەقیقەت، مرۆڤایەتی دەکەونە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەختی پڕ لە قوربانی .

ئەم دکتۆرە نایجیریە کە کارەکەی تایبەتە بە شیکردنەوەی هۆکارەکانی مردنی ئەو تەرمانەی کە دەگەنە بەردەستی، لە ڕێگای ماندووبونێکی زۆرو پڕ لە هەڕەشە بۆ ژیانی خۆی و هاوسەرەکەی (کە لە ڕێگەی ترساندنی مناڵی یەکەمی لەبار دەچێ) دەگاتە چەند حەقیقەتێکی زانستی پزیشکی.
دەگاتە ئەو ئەنجامەی کە یاریزانەکانی تۆپی پێ ی ئەمریکی کە پڕە لە توندوتیژی بەریککەوتنی بە هێزی یاریزانەکان بە تایبەتی ” سەریان” لە گەڵ تێپەربوونی کات و تەمەن، ئەم هەموو بەرکەوتنانە کاریگەری لەسەر مێشك و دەماغیان دادەنێ توشی “لەرزینی میشك” و خەمۆکی و زەهایمەری توندو هەلوەسەیان دەکات لە تەمەنی زۆر زوودا.
ئەم دکتۆرە کاتێ لێکۆلینەوەکانی دەست پی دەکات بۆی دەردەکەوێت کە تەنیا لەو شارەی ئەو لی ی نیشتەجێە ١٢ یاریزان بە هۆی ئەم دەردە خۆیان کوشتووە یان ژیانیان لە دەست داوە.
یەكێتی تۆپی پێ ی ئەم شارە، لەگەڵ دادگاکان تەنانەت پۆلیسیش هەمووی لە دژایەتی کردنەوەو سەلماندنی ئەم لێکۆلێنەوە زانستیانەن ، بە یاسا دەمکوتی دکتۆرو هەموو ئەوانە دەکەن کە یارمەتی دەدەن، تەنانەت دەگاتە ئاستێك کە هەڕەشەی دیپۆرت کردنەوەی ” سنورداش”ی لێبکە ن لە ئەمریکاوە بۆ نایجیریا! تەنانەت بەرێوەبەرەکەی چەندی تۆمەتی زۆر ساویلکانەی دەدرێتە پاڵ وەکو بەکار‌هێنانی قەلەم کاغەزو ئامێری فاکس و پێویستەیکانی تاقیگە ، هەموو ئەو فشارانە تەنیا بۆ ئەوە بوو ڕێگە بگرن لە بڵاوکردنەوەی لێکۆڵێنەوەیەکی زانستی کە دەریدەخا پەیوەندیەك هەیە لە نێوان وەرزشێك و نەخۆشیەکی میشك/ دەروونی وەرزشکارەکان.
پرسیارێك کە دێتە پێشەوە بۆ دەبێ دژایەتی لێکۆڵینەوەیەکی زانستیی پزیشکی بکرێت! لە چیڕۆکی ڕاستەقینەی پشتی ڕووداوە نیشان دراوەکانی ئەم فلیمە ڕوون دەبێتەوە ؛ کە ئەگەر تەنیا لە ئەنجامی قەناعەت هاتنی لە سەد ١٠٪ دایك و باوکان و تێگەیشتنیان لەم لێکؤلێنەوەو دان پیانانی فەرمی یەکێتی تۆپی پێ لە بوونی پەیوەندیەك لە نێوان ئەم وەرزشەو ئەم نەخۆشیانەی ئەم لێکۆڵینەوە لە ئەنجامی بەڵگەیی تاقیگەیی بە دەستی هێناوە، ئەوا بەرژوەندیەکانی پشتی ئەم وەرزشە سەدان ملیۆن دۆلار زیان بەر بزنسەکەی دکەوێت.
لە یەکێ لەدیالۆگەکانی ئەم فلیـە ڕستەیەکی زۆر مەترسیدار هەیە، کاتێ بە دکتۆر دەڵین ” پێشووتر ئەمریکا لە هەفتەیەکدا یەك ڕۆژی هەبوو بۆ کەنیسە، ئێستا ئەم ڕۆژە تۆپی پێ بردوویەتی، تۆ دەتەوێ ئەم ڕۆژەش ببەیت؟ “
چەند ساڵیك دوای ئەوەی دکتۆر دەردەکرێت لەم شارە بە زۆرە ملێ و بە هەڕەشەی یاسایی و هتد، یاریزانێکیتر لەهەمان شار خۆی دەکوژێت کە هەمان حاڵەتی یاریزانەکانی پێشووی هەیە!
لە ژێڕ فشاری رای گشتی و خێزانەکانی یاریزانەکان پێداچوونەوە بۆ لێکۆڵینەوە زانستیەکانی دکتۆر دەکرێت و ئیعتیباری ئەکادیمی و پزیشکی پێ دەدرێتەوە، ئەم تۆمەتە ساویلکانەی ئارستەی بەڕێوەبەرەکەی کرابوو هەر هەمووی بەتاڵ دەکرێتەوە، دواتر لە هؤڵێکی گەورەدا دکتۆر قسە بۆ کەس وکارو خێزانی یاریزانەکان/ قوربانیەکان دەکات، ئەم قسە کردنە کە دەکرێ ناوی لێبندرێ ” گوتاری سەرکەوتن” ئەو زۆر بە سادەیی بە ئامادەبووان دەڵێت من لە “جیاتی قوربانیەکان قسە دەکەم “.

ڕستە بە ڕستەی دیالۆگەکانی ئەم فلیمە گوشراوێکی خستی حەقیقەتن، دکتۆر لەسەرەتای دەست پێکردن بە کارەکەی ڕەخنەی زۆری لیدگرن و گاڵتەی پیدەکەن ، چونکە ئەو لە گەڵ تەرمەکان قسەی دەکرد!
کە تەرمێک دەهاتە پێشی بۆ ئەوەی هۆکاری مردنی بزانێت ، دەستی بەسەر قژو سەری تەرمەکە دادەهێنا و دەیووت ” ئازیزم ، هیچ نیە، ئێستا هۆکاری مردنەکەت” دەدۆزینەوە ، کاتێ بەرەو ڕووی بوونەوە پێیان ووت تۆ چۆن دەبێ قسە لە گەڵ تەرم بکەیت ؟ ئەو ووتی ” من دکتۆرم دەبێ ڕێز لە نەخۆشی خۆم بگرم ” وەك بڵێ ی لەلای ئەو تەرم فۆرمێکیتری بەردەوامی ژیان بێت!




رۆشنبیری کورد لە نێوان گۆڕینی دنیا و خەونی دەسەڵاتدارێتیدا … نووسینی: ستیڤان شەمزینی

رۆڵی رۆشنبیر گۆڕینی دنیا نییە بەڵکو بەوەفا مانەوەیەتی بۆ ئامانجێک کە پاراستنی بۆ ئەخلاقیاتی مرۆڤ پێویستە ..
ئارۆت

———————–

قسەکردن لەسەر خودی رۆشنبیریی و رۆڵی رۆشنبیر تا دوا ئەندازە پڕ گرێ و گۆڵ و ئیشکالییەتە، چوون یەک بۆچوون و دیتنی کۆنکرێتی نییە بۆ پێناسەکردنی رۆشنبیر و رۆڵی رۆشنبیر لە کۆمەڵدا. پرسیاری رۆشنبیر کێیە و رۆڵی چییە؟ پرسیارێکی نوێ نییە، وەک نوێش نییە، بۆ ئەم پرسیارە سەدان وەڵامی جیاجیا لەروانگەی جۆراوجۆرەوە هەن، لەوانەشە هەروا بە ئاسانیی نەگەینە بڕوایەکی کۆنکرێت، بەڵکو ئەوەی هەیە تەنێ روانگەی جۆربەجۆری نووسەران و بیرمەندان خۆیانە کە لەکام سووچ و گۆشەوە دەڕواننە خودی رۆشنبیر و رۆڵی ئەو لە هەناوی واقیعی سیاسیی و کۆمەڵایەتیدا.
لەدۆخی کوردییدا لەبەرئەوەی هێشتا تازە بەتازە پەنجەرەکانی بیری نوێ بە رووماندا دەکرێتەوە و تازەکی تەوژمە فەلسەفییەکانی دنیامان پێدەگات، تا ئەندازەیەک پرسیارکردن لەمەڕ رۆشنبیر و ئەرکەکانی پرسیارێکی کۆن نییە، رەنگبێ پرسیارێکی تازە و گرنگ بێت کە نووکە رۆشنبیرانی کورد لەخۆیانی بکەن، ئایا ئێمە رزگارکەر و رێنوێنیکاری جەماوەرین یان بەپێچەوانەوە ئێمەش تاکێکی ئاسایی وەک هەموو ئەوانی ترین؟، تازە رۆشنبیری کورد عەوداڵە بەدوای ئەوەی رۆڵی ئەو رۆڵی پێغەمبەرێکە یاخۆ تەنیا رۆڵێکی ئاسایی هەیە و وەک هەموو پیشەوەرێکی تر بەنۆرەی خۆی رۆڵێک دەگێڕێت؟.
بەرسڤی ئەم پرسیارانە ئەگەرچی نەبووەتە بابەتی مشتومڕی جیددی و گەرم لەنێو ناوەندی رۆشنبیریی کوردییدا، بەڵام ئەمڕۆ یان سبەی بێت، پێویست دەکات رۆشنبیری کورد لەژێر کڵاورۆژنەی تەرز و بیر و فەلسەفەی نوێی جیهانی خۆی پێناسە بکات و سنووری کار و چالاکییەکانی بە کۆنکرێتی دیاریی بکات، چوون هەتا ئێستا رۆشنبیری کورد رۆڵێکی پێغەمبەرانە و پێشڕەوانە ئەدا دەکات نەک بەئەرکی راستەقینەی هەستابێت کە بەبڕوای من دۆزینەوەی تێز و بیرۆکەی نوێیە لە بواری کاری خۆیدا. رۆشنبیری کورد هێندەی رەوایی لە “هەق گوتن” و بەرامبەر وەستانەوەی دەسەڵاتەوە وەرگرتووە، بەچارەگی ئەوە خاوەنی رەوایی زانستیی و گووتاری زانستیی و داهێنانی نوێ و خستنەرووی تێزی نوێ نییە.
کەوابوو ئەم تەرزە رۆشنبیرە جیا لەوەی رۆشنبیرێکی تەقلیدییە، دەبێت پێشکات بەخۆیدا بچێتەوە، ئەویش لە رێی پرسیاری من وەک رۆشنبیر کێم؟ کار و ئەرکم لە کۆمەڵگەدا چییە؟ من دەتوانم نوێنەرایەتی بکەم یان نا؟، کە بەداخەوە تا بە ئێستا دەگات رۆشنبیری کورد خاوەنی ئەم پرسیارانە نییە، بەڵکو ئەفسوس بەردەوامە لەسەر نەریتی سواو و قەوانەکەی خۆی کە بریتییە لەدوان بە ناوی گشت و سەرجەم مرۆڤەکانی کۆمەڵگاوە، بەبێ ئەوەی پرسیاری لەخۆی کردبێت ئاخۆ ئەوانەی بە ناویانەوە دەدوێت قایلن بەوەی کەسێک بەقەڵەمێکەوە ببێتە دەمڕاست و نوێنەریان؟ ئاخۆ جەماوەر رەوایی بەو دەدەن بە ناویانەوە خواست و داواکاریی بخاتە روو؟.

رۆشنبیر کێیە؟

ئاسان نییە بڵێین رۆشنبیر ئەو کەسەیە فڵان کار دەکات یان فیسار وەزیفەی هەیە، چوون بمانەوێت یان نا روانگەی دژ بەیەک وەڵامی ئەو پرسیارەی سەرەوەیان داوەتەوە، لە دیدی مۆدیلی مارکسیزمی رووسییەوە رۆشنبیر رێنوێنیکاری چینی پڕۆلیتاریا و ئاڵا هەڵگری شۆڕشی سووری سۆسیالیستییە و بە دوایدا چینەکانی خوارەوەی کۆمەڵ لە پشتییەوە هەنگاو بۆ بەدیهێنانی ئەو خەونە دەنێن. بەبڕوای “ئەنتۆنیۆ گرامشی” فەیلەسووف و مارکسیستی ئیتاڵی رۆشنبیر دەستەیەکی بچووک نین لەکۆمەڵگەدا، بەڵکو هەموو مرۆڤەکان رۆشنبیرن، بەڵام هەموویان وەزیفەی رۆشنبیر نابینن. “ئیدوارد سەعید” لەبارەی ئەم هزرینەی “گرامشی”یەوە دەڵێت “گرامشی تێدەکۆشێت، تا ئەوە بسەلمێنێت کە دەتوانین ئەوانەی وا لەناو کۆمەڵگادا رۆڵی رۆشنبیر دەگێڕن، بکەین بەدوو بەشەوە: گروپی یەکەم رۆشنبیرانی نەریتپارێزی وەک مامۆستا و مەلا و کاربەدەستانی دەوڵەتی، ئەمانە ئەرکێک بەجێدێنن نەوە لەدوای نەوە لەسەر شانیان بووە. گروپی دووەم وەک ناویان لێدەنێت، رۆشنبیرانی رێکخراو. ئەم گروپە لەروانگەی گرامشییەوە بەتەواوی وابەستەی ئەو چین یان دەزگایانەن کە لەپێناو دابینکردنی بەرژەوەندیی و بەدەستهێنانی هێز و دەسەڵاتی زیاتر کەڵک لە رۆشنبیران وەردەگرن”.
بڕوای پێچەوانەی گرامشی و بیرۆکە سۆسیالیستیەکەشی لە ئارادایە، کە ئیدوارد سەعید نموونەی “ژولین بیندا”ی بیرمەندی فەڕەنسی دەهێنێتەوە، چوونکە بیندا بەپێچەوانەی “گرامشی” بیر دەکاتەوە و پێیوانییە رۆشنبیران گروپێکی بەربڵاوی خەڵک پێکبهێنن و هەموو کەس رۆشنبیر بن، بیندا وا بیر دەکاتەوە رۆشنبیران ئەڵقەیەکی بچووکی خەڵک پێکدەهێنن و وەزیفە و پلە و جێگایەکی باڵاتریان هەیە لەمرۆڤە ئاساییەکان. بیندا ئەم روانگەیەی لە کتێبی “ناپاکیی رۆشنبیران” کە ساڵی 1927 بڵاوبۆتەوە زۆرتر رووندەکاتەوە و دەنووسێت “رۆشنبیرانی راستەقینە ئەو کەسانەن ئامانجی چالاکییەکانیان بۆ جێبەجێکردنی مەبەستێکی زانستیی نییە، ئەمانە پتر بەختەوەریی لە پرۆسەکردنی هونەر یان تێڕوانینێکی میتافیزیکیدا دەبینن، بە کورتی چەند خەسڵەتێکی ناماددییان هەیە، لێرەوە ئەوان بەشێوەیەکی تر دەڵێن مەملەکەتی ئێمە لەم جیهانەدا نییە”. دیتنی بیندا، دیتنێکە بازنەی رۆشنبیر تەسک دەکاتەوە بۆ دەستە و گروپێکی کەم لەکۆمەڵدا، هەم دابڕاو و گۆشەگیرن، هەم وا دەهزرێن جێگەی ئەوان لەم دنیایەدا نییە، بەڵام وەزیفەیان لە روانگەی ئەوەوە داکۆکیکردنە لە راستی و مافی هەموو ئەوانیتری ستەملێکراو و بێدەنگکراو.
تەنیا ئەم دوو پێناسەیەمان نییە بۆ رۆشنبیر، نەخێر سەدان پێناسەی تر لەسەروەختی جیاجیادا بۆ ئەم کائینە کراون. “ماکس ڤیبەر” بڕوای وایە “رۆشنبیر ئەو کەسانەن توانا و حەزی تایبەتیان هەیە و دەتوانن بەرهەمی رۆشنبیریی بەهادار پێشکەش بە مرۆڤ بکەن”، لای شەمسی تەبرێزی “ئەهلی ئەندێشە ئەو دانایانەن بۆ بەرژەوەندیی خەڵک بیر دەکەنەوە”، ئەم پێناسەیە هەمان پێناسەی “محەمەد حەسەنین هەیکەل”ی رۆژنامەوانی ناوداری میسریمان بۆ رۆشنبیر بیر دەخاتەوە، ئەو ئاوها پێناسەی رۆشنبیر دەکات “ئەو کەسەیە خەمی لە کەسانی ئاسایی زیاترە، ئەو شتانەشی بەلایەوە گرنگن سنووری بەرژەوەندییە خودییەکان دەبەزێنن، بەمەش هەست بە خەمی کەسانی تر دەکات و لەو ماف و حەقانەیان ئاگاداریان دەکاتەوە کە خۆیان کوێربوون لە ئاستیدا”.
سەرەڕای بوونی چەندان پێناسەی جیا بۆ رۆشنبیر، دەتوانین کۆی پێناسەکان دابەشبکەین بۆ سەر دوو ئاڕاستەی سەرەکیی. ئاڕاستەی یەکەم: رۆشنبیر بە مرۆڤێک دەداتە قەڵەم سەرباری کارکردنی لە بواری فیکر و مەعریفە، لایەنگریی لە ماف و ئازادییەکانی هاووڵاتیان دەکات و هۆشیاریان دەکاتەوە سەبارەت بەمافەکانیان. ئاڕاستەکەی تر پێیوایە رۆشنبیر بەتەنێ مرۆڤێکە زانست و مەعریفە بەرهەمدەهێنێت نەک رۆڵی پێشەوا و پێغەمبەر ئەدا بکات.

رۆڵی رۆشنبیر

میشێل فۆکۆ، گەورە هزرمەندی هاوچەرخی فەڕەنسیی، دەڵێت “رۆشنبیر و چەپ بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ، ئەم مافەیان بۆ خۆیان بە رەوا دەبینی وەک هەڵگری راستیی و دادپەروەریی قسە بکەن، رۆشنبیر هەست یان ویژدانی هەمووان بوو”. ماوەیەکی دوور و درێژ رۆشنبیر مافی بەخۆی دابوو بەناوی جەماوەرەوە قسە بکات و بە ناوی داکۆکیکردن لە خواستەکانی جەماوەری بەشخوراوەوە شەڕ لەگەڵ دەسەڵاتدارەکان و فەرمانڕەوایان بکات، کاتێکی زۆری خایاند تا رۆڵی راستەقینە گەڕێنرایەوە بۆ رۆشنبیر، چوونکە پێشان جیا لەبەرهەمهێنانی مەعریفە، سەرکردایەتیکردن و هەڵوێست وەرگرتن و داکۆکیکردن لە هەقی هەموو ئەوانیتر لەئەستۆی دانرابوو. پێشتر وا بیریان لە رۆشنبیر دەکردەوە دەبێت بە زانستەکەی یان بەو چەکە مەعریفییەی دەستی دنیا بگۆڕێت، هەر خۆیشی ئەو ئەکتەرە بێت بەو ئەرکە هەڵسێت.
بەبڕوای من رۆشنبیر دنیا ناگۆڕێت و رۆڵی راستەقینەی ئەو گۆڕینی دنیا نییە، رۆشنبیر زانست و مەعریفەیەک بەرهەمدەهێنێت پێماندەڵی چۆن دنیا بگۆڕین و بۆچی دەبێت دنیا بگۆڕین؟. ئەگەرنا خۆی هەمان ئەو کارەکتەرە نییە بە ئەرکی گۆڕینەکەش هەستێت، بە دەربڕینێکی تر رۆشنبیر دنیابینی ئێمە بۆ ئەو ژیانەی تێیداین دەگۆڕێت نەک خودی ژیانەکە بگۆڕێت، پێماندەڵێت چۆن بیگۆڕین نەک خۆی ببێتە شۆڕشگێڕ و جەماوەر لە دەوری خۆی بۆ گۆڕینی واقیع کۆ بکاتەوە، هەرکات ئەم کارەی کرد لەرۆشنبیرەوە بووە بە سیاسەتمەدار و شۆڕشگێڕ. رۆشنبیر تیۆری ناسینی ژیان و سیستمەکان بە هەموو داد و بێدادییەکانییەوە گەڵاڵە دەکات.
“فەیسەڵ دەڕاج”ی نووسەری ناوداری عەرەب جەخت لەسەر هەمان ئەم روانگەیە دەکاتەوە و دەربارەی ئەدەب دەڵێت “ئەدەب واقیع ناگۆڕێت، لەو باوەڕەدام خراپترین تێزی ریالیزمی سۆسیالیست ئەم وتەیەتی: ئەدەب واقیع دەگۆڕێت. واقیع تێکۆشانی سیاسیی دەیگۆڕێت، بەڵام ئەوەی ئەدەب دەیکات گۆڕینی دید و بۆچوونە بۆ واقیع، بەڵام واقیع ناگۆڕێت”. ئەگەر رۆڵی رۆشنبیر کورت بکەینەوە لەدێڕێکدا بریتییە: لەکارکردن لە کێڵگەی زانستیی و مەعریفییدا، بە ئامانجی بەرهەمهێنان و هێنانە ئارای دید و بۆچوونی نوێ سەبارەت بە ژیان و چەمکەکانی، لەوە بەولاوە لەسەر رۆشنبیر نەکراوە بەمەرج هەر دەبێت رۆڵی هەبێت لەجووڵەی سیاسیی یان لە کاراکردنی بزووتنەوەی ناڕەزایەتی کۆمەڵایەتی، چوون وەک پێشتریش لەکورتە نووسینێکی تردا هێمام بۆ کردووە، رۆشنبیر تەنێ مومارەسەی تاکە ئیشێک دەکات هەروەک چۆن ئاسنگەر یان شۆفێرێک مومارەسەی پیشەکەی خۆی دەکات، چۆن لەسەر شۆفێرێکی تاکسی پێویست نەکراوە لەپەنا کارەکەیدا دنیا بگۆڕێت و رۆڵی پێشەنگ ببینێت لە داکۆکیکردن لەوانی تر، هەمان شت بۆ رۆشنبیر هەر راستە. کەوابوو ئەگەر بڵێین رۆڵی رۆشنبیر چییە؟ وەڵامێک زیاد لەهەموویان لەپیشەی رۆشنبیرەوە نزیک بێت و لەگەڵی بگونجێت ئەوەیە: رۆشنبیر مەعریفە و رۆشنبیرییەک دروستدەکات کە مەعریفەی ناسینی دنیا و سیستمە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانە.

رۆشنبیری کورد و خەونی دەسەڵاتدارێتی

گۆشەنووسی رۆژنامەی “شەرق ئەلئەوسەت، “خالد ئەلقشتینی” لەیەکێک لەگۆشەکانیدا نووسیبووی “ئەوەی پیتێکت فێر بکات دەتکاتە کۆیلەی خۆی”. ئەم وتەزایە پێش هەموو کەس بەسەر رۆشنبیری کورددا دەچەسپێ، چوون ئێمە خاوەنی کۆمەڵە رۆشنبیرێکین دەخوازن ژمارەیەکی بێ ئەندازە مرۆڤی کورد بکەنە کۆیلەی وشە و چەمکەکانیان. ئەم رۆشنبیرە بەزمانی باو و بە عەقڵی خەڵکی عەوام و بەشێوەی کلاسیک و بە رووحی کولتووری میللیانە دەپەیڤێت و بیر دەکاتەوە، ئەو ناتوانێت وا لە خوێنەر بکات بیر بکاتەوە، بەڵکو جەماوەر وەهای لەو کردووە بەوشێوەیە بنووسێت و بپەیڤێت کە ئەو دەیەوێت، لەبری ئەوەی ئەو بەزانستەکەی جەماوەر ئاڕاستە بکات و رێوشێوێنیان بۆ دیاری بکات، هاوکێشەکە پێچەوانە بۆتەوە، چوونکە ئەو رۆشنبیرە نایەوێت مرۆڤی کورد وا لێبکات بیر بکاتەوە، ئەو دەیەوێت ئەو جەماوەرە دوای بکەون، بۆیە هەوڵی خۆ گونجاندن دەدات لەگەڵ گووتار و روحی سادە و میللیانەی خەڵک.
ئەم رۆشنبیرە کوردە بەناوی جەماوەرەوە قسە دەکات و بەناوی ئەوانەوە رەوایی دەدات بە خەونی کۆکردنەوەی ژمارەیەکی بێ ئەندازە لە دەروێش لە دەوری چەمکەکانی، لە کاتێکدا ژمارەیەکیان باش دەزانن ئەم رەواییدانە کلاسیکییە سەردەمی زێڕینی بەسەرچووە و دەمێکە دەور و دوکانی پێچراوەتەوە. رۆشنبیری کورد خوازیاری کۆکردنەوەی زۆرترین رێژەی شوێنکەوتوو و لایەنگر و هەوادارە، بۆیە هەمیشە دەیەوێت لەپێشی پێشەوەی زۆرینەی خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکاندا بێت، تەنانەت داکۆکیی لە هەندێ جووڵە دەکات هیچ شەرعیەتێکی نییە، بەڵام چوونکە هەم دژی دەسەڵاتە و هەم خولیای کۆکردنەوەی جەماوەرە لە دەوری خۆی، رێ بەخۆی دەدات نەک بەشدار بێت بەڵکو رۆڵی پێشەنگ ببینێت.
رۆشنبیری کورد لەبری ئەوەی زانست و مەعریفە بەرهەمبهێنێت، سەرقاڵی پرۆسەی بەکاریزماکردنی خۆیەتی، هەمان ئەو کارانە دەکات سیاسییەکان دەیکەن، کارەساتەکە لەوێشدا گەورەتر دەبێتەوە رۆشنبیری ئێمە بۆ هەمان مەبەست، هەمان رێگا و میکانیزمە سواوەکانی سیاسییەکان بەکار دەباتەوە. رۆشنبیری ئێمە نایەوێت واقیع بە زانستیی شیبکاتەوە و کەموکوڕییەکانی بخاتە روو، رۆشنبیری ئێمە نایەوێت جیهانبینی تاک بۆ واقیع بگۆڕێت، بەڵکو خوازیارە واقیع بگۆڕێت و تاک بخاتە پشتی خۆی، چوونکە دەیەوێت دەسەڵات بە دەستەوە بگرێت لە رێی جەماوەرەوە نەک بۆ جەماوەری بسەلمێنێت دەبێت دەسەڵات چۆن بێت؟ دەسەڵاتی گەندەڵ کامەیە؟ دەسەڵاتی دیکتاتۆر کامەیە و چۆن دەبێتە دیکتاتۆر؟. چۆنیش دەتوانین دیموکراسی چێ بکەین؟.
بە گشتیی ئێمە شاهیدی جۆرێک لە رۆشنبیری کوردین، خۆی بەئەڵتەرناتیڤی سیاسییەکان دەزانێت و کێڵگەی رۆشنبیریی بۆ مەرامی سیاسیی بەکاردەهێنێت، ئەمەش یەکێکە لەو کێشانەی وایکردووە کێڵگەی زانستیی و مەعریفیمان نەبێت، کە دواجار ئەمە دەبێتە هۆی داڕمانی کۆمەڵگە، وەک چۆن ئێستا لەحاڵەتی کوردستانی ئەمڕۆدا بە روونیی هەستی پێدەکەین. بە بڕوای من رۆشنبیری کورد کار لەسەر فیکر ناکات، هێندەی ئالودەی سیاسەت بووە، ئەگەرچی مافی رۆشنبیرە سیاسیی تەنانەت حزبیش بێت، بەڵام وەرگەڕاندنی ئەرکی رۆشنبیر لە کێڵگەی فیکر و رۆشنبیرییەوە بۆ کێڵگەی سیاسیی خیانەتێکە لە خودی رۆشنبیر و ئەرک و مەهامەکانی. رۆشنبیری کورد لەبری بنیاتنانی کۆمەڵگە لەرێی تیۆر و بیردۆزەوە، خەریکی داڕووخاندن و داگیرکردنی قەڵاکانی سیاسەتە.

رۆشنبیر و ئەرکی گۆڕینی دنیا

دەشێ لەو پرسیارە زۆر گوتراوەوە دەستپێبکەین، ئایا رۆڵی رۆشنبیر گۆڕینی دنیایە لەرێگەی جووڵەی سیاسییەوە یان بەپێچەوانە یاخۆ چی؟ بێگومان دنیابینییە جیاوازەکان هەر یەکەیان لە روانگەی خۆیانەوە وەڵامێکیان پێیە، بەربڵاوترین و تەقلیدیترین بۆچوون خۆی لەم روانگەیەدا دەبینێتەوە: رۆشنبیر مرۆیەکی پێشڕەو و پێشەنگە، رابەرایەتی داخوازییەکانی جەماوەری بێ زمان دەکات لەبەرامبەر بە فەرمانڕەوایان و هێزە باڵادەست و سەردارەکان. ئەمیل زۆلا لەساڵی 1900 لە وتاری (من تاوانبار دەکەم)دا بەروونی جەخت لەسەر ئەم بۆچوونە دەکاتەوە و وەهای دەبینێت رۆشنبیر ئەرکێکی ئیتیکی لەسەرشانە لە داکۆکیکردن لەمافی مافخوراوان، زۆلا ئەم روانگەیەی لەژێر کاریگەریی دۆسیەیەکی دیاریکراو (دۆسیەی ئەفسەری جوو، درایفۆس) گەڵاڵە و فۆرمۆڵە کرد و تێبینی ئەوەیکرد ئەرکی مۆراڵیی رۆشنبیرە دژی هەر بێدادییەک دەنگ هەڵبڕێت.
بە واتایەکی تر ئەوەی زۆلای هاندا لە فۆرمۆڵەی ئەو بیرۆکەیەدا، لە کەوتنە ژێر کاریگەریی سۆزەوە بوو نەک لە روانگەیەکی عەقڵانییەوە. بەڵام بە یارمەتی رێبازی سۆسیالیستی و لەژێر کاریگەریی دەوڵەتی شورەوی ئەم روانگەیە زیاتر تەشەنەی کرد، چوون لە دیدگای سەرکردە سیاسییەکانی بەڵشەفیکەوە رۆڵی رۆشنبیر هەمان رۆڵی سەربازێکە یان هەمان رۆڵی کرێکارێکی چەپڕەوە لە داکۆکیکردن لە سیستمی سیاسیی سۆڤێتی و بڵاوکردنەوەی بیرۆکەی سۆسیالیستیدا، ستالینییەت وا بیری دەکردەوە، چۆن سەربازێک بەهۆی تفەنگەکەیەوە سیستمی سۆسیالیستی دەپارێزێت و داکۆکی لە خەونەکانی چینی کرێکار دەکات، ئاوەهاش رۆشنبیر بەهۆی قەڵەمەکەیەوە هەمان کار رادەپەڕێنێت. ئەمەش پرۆسەی بە رۆبۆتکردنی رۆشنبیر بوو، بەو پێیەی وەزیفەی رۆشنبیریی و سەربازیی خرانە یەک ئاستەوە، کە هەموو فەرمان جێبەجێ دەکەن نەک بیربکەنەوە لە خودی فەرمانەکە و پرسیاری ئەوە بکەن بۆچی دەبێت ئەو ئەرکە جێبەجێ بکەن؟!.
ئەم مۆدیلە سۆڤێتییە نە تەنیا لەسنووری قەڵەمڕەوی بەڵشەفیکدا برەوی هەبوو، بەڵکو بەهەر چوار قوڕنەی دنیادا بڵاوبووەوە و کاریگەریی دانا، بەڵام لەم ناوچانە کە کەمتر کەوتبوونە ژێر کارتێکردنی قوتابخانە خۆرئاواییەکانەوە ئەم روانگەیە زیاتر برەوی هەبوو، بە بەراورد لەکۆمەڵگەکانی تری جیهان. (ماوتسی تۆنگ) لەو باوەڕەدا بوو نووسەر لە جەنگی ئازادیخوازییدا بەهۆی قەڵەمەکەیەوە دەجەنگێت، ئیدی قەڵەم رۆڵی تفەنگ دەبینێت، هێزێکە بۆ لەناوبردن یان بۆ بنیاتنانەوە، فاکتۆرێکە بۆ وێرانکردن یان بۆ گەشەکردن، لەوە بەولاوە قەڵەم هیچ کارێکی دیکەی لەدەست نایەت یان ناشێت لە دەستی بێت. هەروەک نووسەری گواتیمالایی (ئانخل ئاستۆریاس) دەیووت (داوا لە من دەکەن تاکوو لە سەنگەری ئەدەبییەوە، دەست بدەمە رەشاش و بەوشە گولەباران بکەم).
ئەو دیدگایەی ئەرکی گۆڕینی دنیا دەخاتە ئەستۆی رۆشنبیر یان بە کاری رۆشنبیرییەوە دەیبەستێتەوە هیچی تری ناوێت جگە لەوەی ئاستۆریاس باسی دەکات، هیچ مەهامێک بۆ کاری رۆشنبیر و زانستەکەی ناهێڵێتەوە جگە لەوەی دەبێت ببێتە ئەکتەرێکی سیاسیی و رۆڵی هەبێت لەو ئاڵوگۆڕانکاریانەی لەچوار دەوری روودەدەن. ئەمە لەلایەک داماڵینی خودی رۆشنبیرە لە ئەرکی راستەقینەی، لەلاکەی تریش بەتاڵکردنەوەی ئەو مەعریفە بێلایەن و سەربەخۆیەیە کە رۆشنبیر لەئەنجامی خوێندنەوەی بۆ دیاردەکان پێی گەیشتووە و ئاشکرای کردووە. سیاسییەکان دەیانەوێت رۆشنبیر تێوەبگلێت و بابداتەوە بە لای سیاسەتێکی رووتدا، چوونکە بەم کارە هەم رۆشنبیر دەخەنە ریز و سەنگەری نەیارە سیاسییەکانەوە، هەمیش زانستە سەربەخۆکەی دەخەنە قاڵبی ئینحیاز و لایەنگریی بۆ دید و مەیلێکی سیاسیی دیاریکراوەوە بەمەش هیچ بەهایەک بۆ زانستەکەی نامێنێتەوە.
رۆشنبیر مرۆڤێکی ئاساییە وەک هەر مرۆڤێکی تر، دەتوانێت وەک مرۆڤ، سیاسیی بێت، بازرگان بێت، یان هەڵگری هەر سیفەتێکی تری کۆمەڵایەتی و سیاسیی بێت، هەروەک دەتوانێت سیاسیی نەبێت یان بەشداریی هیچ جووڵەیەکی سیاسیی و کۆمەڵایەتی نەکات و زیاتر خۆی تەرخان بکات بۆ شرۆڤەکردن و خوێندنەوەی چەمکەکان، رەنگبێ رۆشنبیرێک کە لە بواری سۆسیۆلۆژیادا کار دەکات، هیچ گرنگیییەک نەدات بە کاروباری سیاسەت، ئەمەش بەمانای ئەوە نییە ئەو رۆشنبیرە ناتەواوییەک لە کارەکەیدا هەیە. وەک لەسەرەتاوە وتم ئەو دیدە نەریتییەی بەشداریی سیاسیی و هەڵوێست وەرگرتنی رووت دەبەستێتەوە بە کاری رۆشنبیرەوە دیدێکی هەرەسهێناو و بەسەرچووە، چوونکە چیدی کاتی ئەوە نەماوە (ڤیتاڵی کۆرۆتیچ)ی سۆسیالیست بێت لەبری دادگا بڵێت (ئەو نووسەرە فەڕەنسییەی نوسیوویەتی: فلوبێر بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بەرپرسە لە سەرپانکردنەوەی شۆڕشگێڕەکانی کۆمۆنەی 1871ی پاریس، چوونکە تاقە دێڕێکی لە دژی ئەم سەرپانکردنەوەیە نەنووسی، ئەو نووسەرە مەبەستی ئەوەبوو فلوبێر بەو بێدەنگییەی یارمەتی کۆنەپەرستەکانی دوژمنی کۆمۆنەی داوە).
کۆرۆتیچ بەبیانووی ئەوەی بێدەنگ بووە (فلۆبێر) وەک هەموو ئەو جەلادانە سەیر دەکات، دوای شکستی کۆمۆنەی پاریس قەسابخانەیان بۆ کۆمۆنیستەکان و رابەرانی ئەو بزووتنەوەیە لە دارخستبوو، ئەو داواکارییە لە رۆشنبیر کە پێویستە هەمیشە هەڵوێستی هەبێت و گیانفیدا بێت و خۆبەخت بکات لەپێناوی داکۆکیکردن لە مرۆڤەکانی دی، ئەو داوایە لەرۆشنبیر، تاکو بمرێت لە پێناوی ژیانی ئەوانی دیکەدا، داوایەکە زیاتر وێنای رۆشنبیر لە سوپەرمان و رۆبن هود نزیک دەخاتەوە نەک وێنایەکی مرۆیی و ئاسایی وەک هەموو ئەو مرۆڤانەی دیکە بخاتەڕوو. ئەو گۆشەنیگایە دەخوازێت رۆشنبیر سپارتاکۆس بێت، دەخوازێت رۆشنبیر گیڤارا بێت، دەخوازێت رۆشنبیر رێنوێنیکاری خەباتی چەوساوە و بەشخوراوان بێت لەهەر کۆمەڵێکدا.
ئیشکالییەتی ئەم جیهانبینییە بەدەر لەهەر شتێک ئەو سیفەتە لە رۆشنبیر دەسەنێتەوە مرۆڤ بێت، چوونکە وا تێدەگات رۆشنبیر ئەو گیان پۆڵایەیە پێویستە بەشداریی هەموو نەبەرد و داستانەکانی داکۆکی لەوانی تری بێدەسەڵات بکات، کۆرۆتیچ تێناگات (فلوبێر) وەک هەموو ئەو ملیۆن فەڕەنسییەی تر تاکە مرۆڤێکە، ئیدی چ حیکمەتێک لەمەدایە فلوبێر تاوانبار و هاوشانی جەلادان بێت و ئەو هەموو هاووڵاتییە فەڕەنسییەی تر بێتاوان؟ ئایا سیفەتی رۆشنبیربوون هاوتابوونە لەگەڵ سەربازبوون؟ ئەگەر وانییە بۆچی کۆرۆتیچ و ئەو نووسەرەی فەڕەنسییەی ئەو ناوینەهێناوە لەناو ملیۆنان هاووڵاتی فەڕەنسی فلوبێر جیا دەکەنەوە و دەڵێن بەو بێدەنگییەی تاوانبار بووە؟ ئایا فلوبێر وەک هەر مرۆڤێکی ئاسایی بۆی نییە بێدەنگ بێت و ژیانی خۆی لەمەترسیی رزگار بکات؟ بێگومان وەڵامەکە (بەڵێ)یە.
کەواتە با پرسیارە زەحمەتەکە بکەین و بڵێین ئەگەر رۆشنبیر دنیا ناگۆڕێت کەواتە کاری وی چییە؟ بێگومان رۆشنبیر دنیا ناگۆڕێت (هەرچەندە دەتوانێت هەڵوێستی هەبێت و هەنگاو بنێت بۆ گۆڕانکاریی)، رۆشنبیر ئەو میکانیزم و رێگایانە ئاشکرا دەکات سەرەنجام دەبنە کەرەستەی گۆڕینی دنیا و هەلومەرجە لێک جیاوازەکان، وەزیفەی ئەو بوونەوەرە ئەوەیە دنیا و ئەو بوارانەی هەڵیبژاردووە بۆ کارکردن وەک ئەوەی هەیە بخوێنێتەوە و شرۆڤە بکات و رێگاکانی گۆڕانیش نیشان بدات بۆ هەنگاونان بۆ ئەو دنیایەی دەکرێت ببێت وەک ئەوەی دەمانەوێت. ئیدی لەوە بەولاوە ئەرکی سەرەکیی رۆشنبیر هیچی تر نییە، چوونکە دەبێت هەموو باوەڕ بەوە بهێنین رۆشنبیر تەنیا هەر تاکەکەسێکی زۆر ئاسایی و هاووڵاتییەکی زۆر ئاسایی کۆمەڵگەیە، وەک هەموو مرۆڤەکانی تر پێدەکەنێت، دەگریێ، نەخۆش دەکەوێت، بێزار و شاد دەبێت، هێزێکی سروشتی و ئاسایی وەک هەموو مرۆیەکی تری هەیە، عەسایەکی جادوویی لەوەی موسای بەدەستەوە نییە پەرچوو بخوڵقێنێت، ئازایەتی ئەو وەک ئازایەتی هەر مرۆڤێکی ترە.
(ئەلبێر کامۆ) وەک رۆشنبیر و بیرمەندێکی گەورەی خۆرئاوا جوانتر لە هەموومان وەسفی ئەو حاڵەتەی کردووە، وەختێک سەبارەت بەخودی خۆی دەڵێت (رۆڵی من ئەوە نییە جیهان یان مرۆڤایەتی بگۆڕم چوونکە نە هێندە چاکم و نە ئەو داناییەشم هەیە شیاوی ئەو کارەم بکات). راستە وەک وتمان ئەرکی رۆشنبیر گۆڕینی دنیا نییە، بەڵام ئەم رستەیە بەو واتایە نایەت رۆشنبیر ناتوانێت سیاسیی بێت، یانژی رۆشنبیر ناتوانێت بەشداریی جووڵەی گۆڕینی دنیا بکات، رۆشنبیر دەتوانێت سیاسەت بکات، دەتوانێت ئەندامی پارتێکی راست یان چەپ بێت، دەتوانێت پەرلەمانتار بێت، دەتوانێت لە دەرەوەی بواری زانستیی و ئەکادیمی خۆی بەشداریی زۆر کاری دیکەی جیاواز لە کایە رۆشنبیرییەکە بکات، وەک مرۆڤێک مافی پێدراوە مومارەسەی هەر حەز و هۆبی و ئارەزوویەک بکات کە خۆی دەیەوێت ممارەسەیان بکات، بەڵام لە ئاوەها حاڵەتێکدا رۆشنبیر وێنایەکی دیکە و شوناسێکی تری هەیە.
وەختێک رۆشنبیر لەریزی یەکەم و پێشەوەی خۆپیشاندانێکدا هوتاف دەکێشێت و داخوازییەکی سیاسیی بەرز دەکاتەوە، لەو کاتەوەی رۆشنبیر لەگەڵ گەنجان، ژنان، کرێکاران، چین و توێژە جیاوازەکان بەشدارە لە مانگرتن و هەر بزووتنەوەیەکی ناڕەزایەتیدا، هێندەی وەک چالاکوانێکی سیاسیی و کارایەکی کۆمەڵگەی مەدەنی یان کارەکتەرێکی سیاسیی و سەندیکالیست دەردەکەوێت و خۆی دەنوێنێت، نیو هێندە وەک کەسێتی رۆشنبیر خۆی بەرجەستە ناکاتەوە، چوونکە بواری ئەو وەک رۆشنبیر داتا و خوێندنەوە و بەرهەمهێنانی مەعریفە و زانستە، ئیدی ئەو زانست و مەعریفەیە دەخرێتە بوار پراکتیکەوە یان نا، ئەوەیان کێشەی رۆشنبیر نییە، وەختێک رۆشنبیر دەیەوێت خۆی بە کرداریی هەڵبستێت بە پراکتیکی بیردۆز و ئاکامە زانستییەکانی، وەک رۆشنبیر خۆی نمایش ناکات، ئەو دەگۆڕێت بە سیاسیی، تا ئەو جێگەیەی سیاسەت بکات سیاسییە و بە پێچەوانەشەوە هەر راستە.
لەوانەیە پرسیار بکرێت، ئەدی جیاوازیی چییە لەنێوان سیاسیی و رۆشنبیر کە یەکەمیان دەیەوێت دنیا بگۆڕێت و دووەمیان مەعریفەی گۆڕینی دنیا دەخاتە بەردەست؟ بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە، لەوانەیە پەنابردنە بەر روانینێکی رۆشنبیر و رۆماننووسی سودانی (تەیب ساڵح) کارێکی خراپ نەبێت، چوونکە ئەو رۆشنبیرە لەو بڕوایەدایە (رۆشنبیر بوونەوەرێکە سیاسییەکان وەڕس دەکات، چوونکە سیاسییەکان بەپێی روئیای خۆیان دنیا رێکدەخەن، هەر بۆیە پێیان ناخۆشە رۆشنبیر بێت پێیانبڵێت: بەمشێوەیە دنیا رێکناخرێت). رۆشنبیر پێشنیار دەکات و روئیایەکی جیاواز پێشکەش دەکات و بەرهەمدەهێنێت، بەڵام سیاسییەکان دەیانەوێت ئەو روئیایەی هەیانە بخەنە بواری جێبەجێکردنەوە، لەم پێناوەشدا دەستدەبەن بۆ کاری کۆمەڵایەتی و جووڵەی دەستەجەمعی و سیاسیی.
ئێستا کاتی ئەوە هاتووە دوور لەهەر لوغزێک و بەچڕ و کورتکراوەتر وەڵامی ئەو پرسیارە بدەینەوە لەسەرەتاوە لە بارەی ئەرکی رۆشنبیرەوە کردبوومان. بەبڕوای تایبەتی ئەز ئەو رۆشنبیرەی دەیەوێت رێبەرایەتی کۆمەڵگە بکات و سەرکردایەتی جووڵەیەکی کۆمەڵایەتی بۆ ئامانجێکی سیاسیی بکات، سیفەتی خۆی لەرۆشنبیرەوە دەگۆڕێت بە خاوەنکارێکی تر، چوون لەوە بەدواوە ئەرکی ئەو لە خوێندنەوەی دنیاوە دەگۆڕێت بۆ گۆڕینی. ئەمە ئەو کارەیە مارکس لەسەدەی نۆزدەدا تێبینی کردبوو، چوونکە ئەو لەو باوەڕەدا بوو دوای ئەو خوێندنەوە قووڵەی دنیا ئیدی سەرەی گۆڕینی هاتۆتە پێشەوە و بووە بەپێویستی. “بەڵام مارکس باسی گۆڕینی ئەو دنیا رۆژئاواییە دەکاتە زیاتر لە بیست سەدە بوو لە خۆ خوێندنەوەی بەردەوامدا بوو، هەر لە فەلسەفەی کلاسیکی یۆنانییەوە تاکوو فەلسەفی ئەڵمانی هاوچەرخی زەمەنی کارڵ مارکس”.
زۆر بەکورتی رۆشنبیر دەتوانێت بەشداریی پرۆسەی گۆڕینی دنیا بکات بەبێ ئەوەی ئەم کارە بکاتە مەرجێکی بنەڕەتی کەسێتی رۆشنبیر، بەهەمان شێوە دەتوانێت بەشداریی هیچ پرۆسەیەکی گۆڕان نەکات بەڵکو ئەو کارە بۆ خەڵکانی تر بەجێبێڵێت، لەهەردوو بارەکەدا رۆشنبیر ماف پێدراوە و رێگریی لێناکرێت کام رێگا دەگرێتە بەر. ئەم روانینەش کۆمەکمان دەکات لەراستکردنەوەی ئەو خەیاڵدانەی رۆشنبیر بە بوونەوەرێکی یۆتۆپی و سەرسوڕهێنەر چاو لێدەکات، تا ئەو راددەیەی خەیاڵدانمان دەگات بەوەی هیچ جیاوازییەک لەنێوان پیشەی رۆشنبیر و دارتاش و مامۆستا و ئاسنگەر نەبینێت، چوون هەر یەکەیان بەنۆرەی خۆیان رۆڵێکی جیاواز دەبینین لە ژیاندا، بەبێ ئەوەی کاری ئەمیان لەئەوی تریان بەبایەختر و ئەفزەڵتر بێت، بەڵکو هەموو هەر هاووڵاتییەکی سادەی کۆمەڵگەن و وەک یەک بەشداریی دەکەن لە بەردەوامیدان و پێشخستنی پرۆسەی ژیان.

وتەی کۆتایی

کارل پۆپەر دەڵێت (هەموو جارێک ئێمەی رۆشنبیر بووین بەهۆی ترسنۆکی و پێش داوەریی یان خۆبەزلزانینەوە، ترسناکترین کارەساتەکانمان بەرهەمهێناوە، ئێمە کە بەرپرسیارێتییەکی تایبەتمان سەبارەت بە نەخوێندەواران هەیە، هەروەک چۆن گەورە هزرمەندی فەڕەنسیی ژولین بیندا وتوویەتی: خیانەت لە ئەندێشەکان دەکەین). ئەم وتەزایەی پۆپەر لەهەموو کەس پتر بۆ رۆشنبیری کورد راستە، چوونکە رۆشنبیری ئێمە ناپاکییان لە پیشەکەیان و فیکر کردووە و سەرقاڵی کۆمەڵێک کار و کردارن کەمترین پەیوەندییان بە کێڵگەی رۆشنبیرییەوە هەیە، رۆشنبیری ئێمە لەباتی پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە گەورەیەی لە رۆشنبیریی ئێمەدا هەیە، لەبەرامبەر سیاسییەکان وەستاون، وەک ئەوەی بە تەمابن حکوومەتێک لە فەیلەسووف و رۆشنبیر و شاعیر پێکبهێنن “کۆمارە ئەفڵاتۆنییەکە”، ئەم خەیاڵە نەزۆک و پووچەی رۆشنبیری کورد تاکە ئەنجامێک کە هەیبووە ئەو بارودۆخە شڵەژاو و نەخوازراوەیە لە ناوەندی کولتووریی و رۆشنبیریی کوردییدا سەریهەڵداوە.
رۆشنبیر دەتوانێت ململانێ لەگەڵ سیاسەتمەدار و حکوومەت بکات بەڵام بەچۆڵکردنی سەنگەرەکەی نا، چوون سەنگەری ئەو باشترین سەنگەرە بۆئەوەی زانستێکی تێدا بەرهەمبهێنرێت تاوەکو خەڵکانی تر لەبواری سیاسەتدا تاقی بکەنەوە و هەلومەرجی سیاسیی و کۆمەڵایەتی پێ بگۆڕن بۆ هەلومەرجێکی نوێ. هەروەک چۆن شۆڕشی فەڕەنسی ساڵی 1789 بەرئەنجامی تێزە فەلسەفییەکانی چەند فەیلەسووفێکی وەک جان جاک رۆسۆ و ڤۆڵتێر بوو، یان شۆڕشی ئۆکتۆبەر لەسەر سترۆکتۆری ئایدۆلۆگی مارکسیزم و رۆشنبیرە چەپە رووسەکان بوو. کورتییەکەی تێکەڵاوییەکی سەیر لە ژیانی رۆشنبیری کورددا دەبینین بەهۆی تێکەڵکردنی ژیانی سیاسیی و رۆشنبیریی لەگەڵ یەکتر، یان راستتر بڵێین بەهۆی وەرچەرخانی رۆشنبیر بۆ سیاسەتمەدار، یان هەندێکجار بۆ خێرخواز و هەندێکجاری دیکە بۆ شۆڕشگێڕ.

تێبینی: ئەم توێژینەوەیە چاپتەری سێهەمی کتێبی “گووتاری پۆپۆلیستی و خەونی بچووکی رۆشنبیرانی کورد”ه کە لە سەرەتای ساڵی 2018 بە شێوەی کتێبی کاغەز لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات بڵاوکرایەوە.




ناوی کتێب : وەهمی دیموكراسی … نووسەر : سمكۆ محەمەد

بابەت : توێژینەوە لە چەمكی دیموكراسی و رەهەندەكانی
نووسەر : سمكۆ محەمەد
پیتچنین و هەڵەچن : نووسەر
نەخشەسازی ناوەرۆك و بەرگ : شاخەوان جەعفەر
تیراژ : 1000 دانە
چاپ : چاپی یەکەم،

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن …..




كاوله‌ مه‌فته‌ن … عه‌بدولڕه‌حمان فه‌رهادی

نزیكه‌ی بیست ساڵ ده‌بوو له‌ هانۆڤه‌ر بووم، چەند مانگێک بوو ھاتبوومە کۆڵن. ڕۆژێكیان سه‌میر هه‌مه‌وه‌ندیی براده‌ری گه‌ڕه‌ک، ھەر له‌ كۆڵنه‌وه‌ تێلی بۆ كردم، گوتی: برام، ئه‌وه‌ موعته‌سه‌م دامرچیی هاوڕێمان دوو ساڵ ده‌بێ له‌ كه‌مپه‌كانی ئێره‌كانه‌یه‌ و هه‌ر چاوه‌ڕێ بوو حكوومه‌تی ئه‌ڵه‌مان شتێكی بۆ بكه‌ن، كه‌چی به‌داخه‌وه‌ دوای ئه‌م هه‌موو هه‌وڵه‌، پارێزه‌ره‌كه‌یشی هیچی بۆ نه‌كرا و دوێنێ ئێواره‌ خه‌به‌ریان داوه‌تێ كه‌ ڕه‌فزی بۆ هاتووه‌ته‌وه‌، داماوه‌ ئه‌ویش تێلی بۆ كردم، گوتی: دوا بڕیارم ئه‌وه‌یه‌ بگه‌ڕێمه‌وه‌ وڵات و چیتر حه‌وسه‌ڵه‌ی ئه‌و ده‌رده‌سه‌رییه‌م نه‌ماوه‌. بۆ ئه‌و كێشه‌یه‌ی كوڕه‌ جوانه‌كه‌ی هاوڕێی سه‌ره‌تایی و ناوه‌ندیم موعته‌سه‌م دامرچی، غه‌مێكی توند دایگرتم، بیرم له‌ شه‌وه‌ خۆشه‌كانی به‌یه‌كه‌وه‌ بوونمان كرده‌وه‌ له‌گه‌ڵ موعته‌سه‌م، كه‌ گه‌نج بووین، هێشتا ژنمان نه‌هێنابوو، ئه‌غڵه‌ب ئێواره‌ی به‌هاران، دوای مه‌غریب، من و ئه‌و و سه‌میر و زه‌ینه‌ل قاسم كووره‌چی و خدر خه‌مخۆر ئازیكه‌ندی و بیلال بێدڵ گه‌رمیانی، به‌ره‌و مه‌حه‌ته‌ شۆڕ ده‌بووینه‌وه‌، تا دره‌نگانی شه‌و له‌ نزیك ویستگه‌كه‌ی شه‌مه‌نده‌فه‌ر كه‌ دواتر كرا به‌ به‌ندیخانه‌ی مه‌حه‌ته‌، به‌ دزییه‌وه‌ به‌ده‌م خواردنه‌وه‌وه‌ ده‌ماینه‌وه‌، له‌وێ گوێمان له‌ قۆریاته‌ خۆشه‌كانی موعته‌سه‌م و حه‌یرانه‌ پر له‌ غوربه‌ته‌كانی خدر خه‌مخۆر و ئای ئای و ئه‌ڵڵا وه‌یسییه‌كانی بیلال ده‌گرت، خۆ گه‌ر ڕۆژێك خدر نه‌هاتبووایه‌، ئه‌وا من به‌ ده‌نگه‌ كه‌رخه‌كه‌مه‌وه‌ ده‌ستم به‌ حه‌یران گوتن ده‌كرد.
ئۆۆۆف، ده‌ردی غوربه‌ت و دووری ڕۆژ له‌ دوای ڕۆژ هه‌ناوم بنكۆڵ ده‌كات، مێشکم ده‌كاته‌ خمخانه‌، وه‌یش چه‌نده‌ بیری كۆتره‌ سابوونییه‌كانی جه‌لیل جامچی و نۆكاوه‌ خۆشه‌كه‌ی كه‌ریم ئیبۆ و دۆندرمه‌كه‌ی مام جه‌ردیس و كێشكه‌ی كۆڵاو و عه‌سه‌لیاته‌كه‌ی شه‌ریف و شه‌ربه‌ته‌كه‌ی كاوه‌ كه‌مته‌رخه‌م ده‌كه‌م. سه‌میر گوتی: برام، به‌ یادی جاران هه‌ر به‌م بۆنه‌یه‌وه‌، سبه‌ینێ ده‌مه‌و عه‌سر سه‌عات چوار، له‌ ده‌و ئاوه‌كه‌ هه‌ردووكتان ده‌عوه‌تی منن و ئێوه‌ هه‌ر خۆتان وه‌رن و من خواردن و بیره‌ و ڤۆدگا و لیمۆ و چه‌ره‌زات دێنم و له‌وێ لێی داده‌مه‌زرێین. عه‌سر له‌ ماڵه‌وه‌ به‌پێ كه‌وتمه‌ ڕێ، دوای نیو سه‌عات گه‌یشتمە‌ ده‌و ئاوه‌كه‌، له‌وێ له‌ شوێنێكی لاچه‌پ، هه‌ردوو هاوڕێی دێرینم دۆزینه‌وه‌، دوای هه‌ژده‌ ساڵ چاوم به‌ بینینی موعته‌سه‌م ڕۆن بووه‌وه‌، دوای چاكوچۆنی و ئه‌حواڵ پرسین و قسه‌ و گفتولفتی خۆش و گێڕانه‌وه‌ی هه‌ندێ یادگاریی ساڵانێ له‌وه‌به‌ر، كه‌وتینه‌ خواردنه‌وه‌، گه‌لێك نوكته‌ و قسه‌ی خۆشمان كرد، كه‌شوهه‌واكه‌ زۆر فێنك بوو، ئه‌ملا و ئه‌ولای زێیه‌كه‌ پڕی خه‌ڵك بوو، تیایاندا بوو خۆی و سه‌گه‌كه‌ی، هه‌بوون دوو دوو و سێ سێ به‌ سه‌گه‌ جۆراوجۆره‌كانیانه‌وه‌ دانیشتبوون، هه‌ریه‌كه‌ خه‌ریكی خواردن یان خواردنه‌وه‌ش بوون، سه‌یرانێكی خۆش بوو و كه‌س ئاگای له‌ كه‌س نه‌بوو، تا ڕادده‌یه‌ك كشوماتییه‌ك ئه‌و ناوه‌ی گرتبووه‌وه‌. ده‌مێك بوو گوێم له‌ قۆریات و مه‌قامات و ده‌نگه‌ خۆشه‌كه‌ی موعته‌سه‌م نه‌بووبوو، بیرم له‌ حه‌یرانه‌ پڕ له‌ سۆزه‌كانی خدر و ئایئایه‌كه‌ی بیلال گه‌رمیانی ده‌كرده‌وه‌، سۆزێكی توند بۆ ساڵانی به‌سه‌رچوو دایگرتم. سه‌میر ڕووی كرده‌ موعته‌سه‌م و گوتی: دامرچی گیان، له‌مێژه‌ گوێمان له‌ قۆریات نه‌بووه‌، توخوا بۆ تێی ناچریكێنی؟ موعته‌سه‌م سه‌ره‌تا ملی نه‌ده‌دا، پاشان منیش داوام لێی كرد بیڵێت، ئیتر ورده‌ ورده‌ نه‌رمی كرد و له‌ناكاو ده‌ستی له‌بن گوێی نا:
ئه‌غااااام ئه‌غاااااام
ایچم ایچم
قۆی مانی ایچم ایچم
باخما اوزوم گولورو
وێراندی ایچم ایچم.
ئه‌وه‌ی سه‌یر و عاجباتی بوو لای ئێمه‌ و خه‌ڵكانی دانیشتووی ئه‌و ناوه‌، له‌گه‌ڵ هه‌ر تێهه‌ڵكردنێكی موعته‌سه‌م به‌ قۆریات و ئه‌غااام ئه‌غااام و هه‌ڵسانه‌كه‌ی، سه‌گه‌كانی ئه‌و ده‌وروبه‌ره‌، سه‌گه‌كانی ئه‌و خه‌ڵكه‌ی ئه‌وێ تێكڕا ده‌ستیان به‌ حه‌په‌ حه‌پ كرد. هه‌ر واقمان وڕما. له‌ناكاو موعته‌سه‌م بێده‌نگ ده‌بوو ده‌یگوته‌ من: ئه‌رێ ئه‌وه‌ چی بووه‌؟ چ قه‌وماوه‌ ئه‌م سه‌گوه‌ڕه‌ چییه‌؟ كاتی خۆیشی سوعبه‌ت و قسه‌ و جنێوی جۆراوجۆر له‌ نێوان من و موعته‌سه‌م هه‌بوو، ئیتر به‌ هه‌لم زانی له‌گه‌ڵه‌ بكه‌ومه‌وه‌ سوعبه‌ت، گوتم: كاكی دامرچی، سه‌گی ئه‌م خه‌ڵكه‌ بۆیه‌ ده‌ستیان به‌ حه‌پین كردووه‌، ده‌ڵێن: ئه‌وه‌ سه‌گێكی غه‌ریب و تازه‌ هاتووه‌ته‌ ئه‌و مه‌نتیقه‌یه‌، ئه‌م ئاواز و نه‌وای ئه‌م ئه‌غااام ئه‌غااامه‌یان به‌لاوه‌ تازه‌یه‌، لایان حه‌په‌یه‌كی نامۆیه‌، هه‌ر بۆیه‌شه‌ له‌ حه‌په‌ ناكه‌ون. هه‌موو ده‌ستمان به‌ پێكه‌نین كرد، خۆیشی به‌ ڕووێكی تێكه‌ڵ به‌ غه‌م كردییه‌ قاقا. ده‌ستمان كرده‌وه‌ به‌ خواردنه‌وه‌. موعته‌سه‌م ڕووی لێنام: ئه‌رێ تۆش جاران ناوه‌ ناوه‌ حه‌یرانت بۆ ده‌گوتین، ئه‌وه‌ خێره‌ خۆت كڕ كردووه‌؟ بۆ دڵدانه‌وه‌ و خۆشیی بینین و به‌ڕێكردنی موعته‌سه‌م، نه‌مویست بێدڵیی بكه‌م، بۆیه‌ ده‌ستم به‌ حه‌یران گوتن كرد:
حه‌یرااااااااان
گه‌واره‌كی دامه‌زراند له‌ ده‌شتی قه‌راجێ
ته‌ڕ ده‌كا ئاقارێ مه‌خمووری
ته‌ڕ ده‌كا گومبه‌تی برایماغای
كه‌ڕکی حوسێنی غازی
سه‌رێ بێژینگ به‌سه‌ری
ده‌په‌ڕییه‌وه‌ له‌ كه‌ڕکی كاوله‌ تۆماری
ڕه‌ت ده‌بوو له‌ زوورگه‌زراوی
ته‌ڕ ده‌كا بناری ئه‌نگرۆزی… ئاااااااای ئایاااااااای له‌بۆت نه‌مایممممممم.
له‌گه‌ڵ هه‌ر هه‌ڵسان و ئااااای و حه‌یرانێكدا، تێكڕای سه‌گ ده‌كه‌وتنه‌وە حه‌پین، له‌به‌ر سه‌گوه‌ڕ ئه‌و ناوه‌ ده‌بووه‌ حه‌په‌حه‌پ و هه‌را و خه‌ڵكه‌كه‌ یه‌كه‌مجاریان بوو ئه‌م به‌زمه‌ له‌ ده‌و ئاوه‌كه‌ ببینن، سەگی وایان تێدا بوو لەوانەبوو دە ساڵەیش دەبوو حەپەی نەبیسترابێ، ئەوجاش لە حەپین نەدەکەوت، دیسانە‌وه‌ هه‌موو له‌ هه‌موو ته‌ماشایان ده‌كردین و نه‌یانده‌زانی مه‌سه‌له‌ چییه‌!
موعته‌سه‌م به‌ پێكه‌نینێكی تاڵه‌وه‌ ڕووی تێكردم:
خۆ بینیت! سه‌گه‌كان ئه‌مجاره‌یان حه‌په‌كه‌ی تۆیان به‌لاوه‌ غه‌ریب بوو و دیسانه‌وه‌ هه‌ر وایانزانی سه‌گی تازه‌ هاتووه‌ته‌ مه‌نتیقه‌. موعتەسەم به‌ غه‌مبارییه‌كی شاراوه‌وه‌ گوتی: كاكه‌ گیان من لای خۆمه‌وه‌ قه‌بووڵمه‌، خۆزگه‌ سه‌گێكی زنجیر له‌ملی ده‌ست پیره‌ژنێكی داڕزاوی ئێره‌ بووام، به‌ڵام ئه‌و ڕۆژه‌م نه‌دیبا بگه‌ڕێمه‌وه‌ كاوله‌ مه‌فته‌ن.




چاکسازى لە بەرگى پیلان سازیدا …شاخەوان سەنگاوى

هەموومان بە بێ جیاوازى لە مەترسى ئەم دۆخە ئابووریە تێدەگەین، کە دامەزراوەى حکومەتى هەرێمى تێکەوتووە، هەر بۆیە دەبینین چەندان نوسەر و شارەزا لە بوارەکانى ئیداری و ئابووریدا بەم ڕؤژگارە پێشنیار و بابەت بۆ چارەسەرى ئەم دۆخە و ڕزگار بوون لە دێوەزمەکانى داتەپینى ئابوور دەخەنە سەر سەرمێزى ئیدارەکانتان، ئەى ئێوە چى لە ماوەى بیست ونۆ ساڵ لە حکومەڕانیتان نەک گویتان نەگرتووە لە کەسە دڵسۆزەکانى ئەم نیشتمانە بگرە لە هەندێ باردا ئەگەر باجەکەى گیانى نوسەرەکە نەبووبێت ئەوا بێگومان شاربەدەر کراوە، چونکە خۆتان باشتر دەزانن شاباشەکانى ئێوە تەنها بۆ ئەو بابەتانە بووە کە بە شان و باڵى خۆتان و پارتەکانتانا هەڵدراوە کەواتە هەرگیز لەو بە ناو نوسەرانە نابیستى پێتان بڵێ بەرى چاوتان کلیى پێوەیە چونکە عاقیبەتى بڕینى شاباشەکانتانە…..
کەواتە ئەم قیرانە کەڵەکە بووى ئێستا هى تەمەنى حکومڕانیتانە…. بەڵام ئەوەى دەریخست بڕینى ئەو لاێشاوە پارەیەبوو کە لە بغدادى موفلیسەوە لە دواى ساڵى ٢٠٠٣ بەرەو هەرێم ڕێچکەى دەبەست، کە ئێوەش نەتوانتانى ژێرخانى ئابوورى ئەم هەرێمەى پێ بنیات بنێن چونکە ژێرخان بریتى نیە لە بالەخانە و مۆدێلست و دەیان کەناڵى بێ بەرهەم….
کەواتە ئەوەى لە سەر ئەم حکومەتەیە بە تایبەتى تر سەرۆکى حکومەت و جێگرەکەى کە لە سەر کورسى بەڕێوبردنى ئەم هەرێمە دانیشتوون تەنها دوو ڕێگاتان لە بەردەمدایە کە دەتوانن خاڵى کۆتاى دابنێت لە پڕۆسەى حکومەتداریتانە.
خاڵى یەکەم: ئەوەیە بە بڕواى من وەکو تاکێکى ئەم هەرێمە خاڵى کۆتایى لە سەر پڕۆسەى حکومڕانى خۆتان بۆ ماوەى ئەم ساڵە دابنێن کورسى دەسڵاتان بۆ کەسانى دیکە چۆڵ بکەن تا کەسانى دیکەى تەکنۆکرات بتوانێت ئەم هەرێمەمان لە گێژاوى نغرۆ بوون رزگار بکات. کە ئەم خاڵەیان بە بڕواى من بە لایى جەنابتانەوە ئەستەمە چونکە ئەم کەلتورە لە ناو کەلتورى کوردەوارى تا ئێستا جێگاى خۆى نەکردۆتەوە … کەواتە
خاڵى دووەم: بەڕێزان سەرۆک و جێگرەکەى ئەگەر ئێوە دەتانەوێت چاکسازى بکەن، ئەوا بە پیلانگێڕى چاکسازى ناکرێت چونکە قوتى فەرمانبەران نابێت دەستکارى بکرێت ئەگەر هاتوو بندیواریش بێت، بە مەرجێ کە خاوەنى یەک مووچەبێت دەتوانین ناویى بنرێت بیمەى کۆمەلایەتى، ئەى ئێوە نەتاندەگووت دەیکەین بە دوبەى. کەواتە باشترە چاکسازیەکەى جەنابتان لەم بەشانەدابێت.
خەرجیە ناپێویستەکان: بەنموونەى ئیفادى دەرەوەى کاربەدەستەکان، پێشینەى مانگانەى دامەزراوە سیادیەکان، هاوکاریەکانى جاش و مستەشارەکان کە بە ناوى میوانخانەوە ئەمە جگە لە مووچەکانیان، بەشە بودجەى پارتە سیاسیەکانتان…هتد. ئەم نموونەشى کە دەیڵێم مشتێکە لە نموونەى خەرجیە ناپێویستیەکانتانە کەواتە لە خۆتان بەپرسن خەرجى قفڵە ئۆتۆمبیلەکانى خۆتان و جێگر و وەزیر و پەرلەمانتار و ڕاوێژکارەکانتان ساڵانە چەندە؟ وە بەش پرسن بارتەقاى ئەو خەرجیە سود دەگەێنن بە کۆمەڵگا! کە خۆشتان باشتر دەزانن بەکوالێتى و قافڵە دوور درێژەکانى ئۆتۆمبیلەکانتان هەرگیز نەپارێزراو دەبن و نە خۆشەویستى نێو دڵى تاکى کوردیش دەبن.
داهاتەکان: نە بە پەڕە گرافێک و نە بە دوان و سیان ناتوانین سەرچاوەى داهاتە زۆر زەوەندەکانى ئەم نیشتمانەتان بۆ ڕێز بکەین یەک بە دواى یەک هەر لە بیرە نەوتەکانەوە تا دەگاتە داهاتەکانى بەڕێوبەرایەتى هاتووچۆکان. کەواتە داهات هەیە بەڵام ئامڕازى گەیاندنى ئەم داهاتە بە قاسەکانى حکومەت نیە چونکە نەک پارتەکانتان بگرە کەسایەتى پارتەکانیشتان هەر لە ڕێگا کورد وەتەنى حەپەلوشى دەکەن.، خێر و مەندانە ئەگەر بنکڕەکەى بهێڵنەوە.
کەواتە ئێوە دەتوانن بێنە سەر شاشەى تیڤێکان وبەرامبەر بەو دەستانە کە بۆ ماوەى بیست و نۆ ساڵە پارەى ئەم هەرێمە لە گیرفانى ئەواندا پاشەکەوت دەکرێت نەک بانکەکانى حکومەت هیچ نا بەس بڵێن STOP ئیدى نۆبەى میلەتە لە خێروبێرى ئەم نیشتمانە گەروى وشکیان تەڕ بەبێ، چونکە دەبێت چاکسازیەکەتان لە هەڕەمى دەسڵاتەکانتانەوە شۆڕ ببێتەو بۆ ئێمەى هاولاتى کەواتە خۆتان خاڵى یەکەمى چاکسازیەکەبن…

تێبینى:رێکخستنى خاڵەکان گرنگ نیە بەڵکو ئەداى جێبەجێکردنى گرنگە.
شاخەوان سەنگاوى
shaxewan.saed@gmail.com




میللەتی یەکێتی و پارتی … ئالان شەماڵ

هەندێكجار غرورێکی هەڵخەڵەتێن وامان لێدەکات چاومان راستی نەبینێت و تەنانەت دانیشی پیا نەنێین گەر کەسێك باسی بکات، ئەمەش بۆ ئەوەدەگەڕێتەوە کە وابزانین گەر کەسێك رەخنەمان لێبگرێت ئەوا جنێومان پێدەدات، کە لە راستیدا وانییەو بەڵکو تەواو پێچەوانەیە، هەموو گەلانی دنیا بە رەخنەکردن پێشدەکەون ئەو کاتەی خاڵە لاوازەکان دەستنیشان دەکەن و ڕێغاچارەی بۆ دادەنێن، پەرەش بە خاڵە باشەکان دەدەن.
ئێمەی میللەتی کورد بەداخەوە لەم چەند ساڵانەی دواییدا بە داخەوە بە شێوەیەکی هەڕەمەکی ژیانمان کرد و سوودمان لە دیاردەی جهانگەرایی نەبینی ، ئەمەش وای لێکردین شتەکان وەکو خۆیان نەبینین و حەقیقەتمان لێ بزر ببێت، هۆکەشی چی بوو؟ هۆی سەرەکی دەسەڵاتدارانی سیاسی بوون چونکە هیچ بەرنامەیەکی خزمەتکردنیان لە هزردا نەبوو جگە لە بەرژەوەندی حیزبی خۆیان، تا کار گەیشتە ئەوەی هەموو هۆکارێکی نا یاسایی و نا مرۆڤانە لەم پێناوەدا پەیڕەو بکەن تاکو کۆنترۆڵی خەڵك بکەن، ئینجا بە خۆشی بێت یان ناخۆشی، یەکێك لەو ڕێگایانەش بەکاریان هێنا کڕینی وەلائی هەندێك خەڵك بوو بە پارەو بەرژەوەندی تاکەکەسی، بە بڕینەوەی موچەی بندیوار بۆ کۆمەڵێك خەڵك، لەولاشەوە یاسایان پێشێل کردو خوێندن و پەروەردەو تەندروستییان وێران کرد، چونکە خۆیان گەندەڵ بوون ئیتر چاویان لە هەموو فێڵ و قۆڵبڕین و هەڵخەڵەتاندنەکان داخست کە خەڵك پێی هەڵدەستا، بەشیکی باشی میللەت کە بە ماڵی فەرهودکراو گەشەی بە ژیانی خۆی دا وردە وردە لەسەر ئەو بنەما چەوتە بەڕیوەچوو تا کار گەیشتە ئەوەی بواری گەڕانەوەو پەشیمانبوونەوەی لەبەردەمدا نەمێنێت، لەولاشەوە دەسەڵات دەرگای یارمەتی و موچەو تەماع و واستەو موعامەلەی ژێربەژێری بۆ هەندێك کەس واڵا کردو ئەو خەڵکەی تریش بە حوکمی چاولێکەریی و هەڵغڕانی هەندێك کەس لە ماوەیەکی کورتدا وای لەمان کرد ئەمانیش بەوەی لە ژێردەستیاندایەو تا هێزیان تیایە هەوڵ بدەن بە هەر ڕێگایەك بێت خۆ دەوڵەمند بکەن، ئیتر کۆمەڵگا بووە جەنگەڵستان و هەر کەس بۆ خۆی، کە لەمەشدا هەمووان ئێستا بەری ئەو هەڵانە دەچننەوە، هەمووان پێكڕا بایی بوون و گاڵتەیان بە دەفتەرە دۆلار دەکرد کەچی ئێستا ئاواتیانە یەکەم موچەی ساڵی ٢٠٢٠ وەربگرن و بێدەنگ ببنەوە بەو موچەیە، وەك ئەوەی هیچ خەمێکی گەورەو کێشەی چارەنوس سازو مەسەلەی بنەڕەتی ژیان نەمابێت کە هەوڵی چاکردنی بدەن، وەك ئەوەی هیچ خەمێکی تر لە کۆمەڵگاو یاساو ئیدارەو ئابووری و سیاسەتدا نەبێت جگە لە گەرمکردنەوەی گیرفانی موچەخۆران، کە نیوەی زیاتر وەك کڕینەوەی وەلاء دامەزرێنراوە بێ ئەوەی هیچ رۆڵێکیان لە پەرەی ئابووری بەڕیوەبردندا هەبێت، کەواتە لێرەوە دەردەکەوێت کە هەمووان تاوانبارن لە خولقاندنی ئەم دۆخە، هەمووان خەمسارد بوون لە قبوڵکردنی ئەو جوت حیزبەی بە قەد رژێمی سەدام حوکیان کردووەو هیچ قەوارەیەکی یاسایی و دەوڵەتیشیان نییە ، لێرەوە تەڕو وشك پێکەوە دەسوتێت، دەبێت دان بەو راستیەدا بنێین هەر یەك بە جۆرێك بەشێكی لەو گۆڕانکاریە بەردەکەوێت کە نەیکرد، هیچ میللەتێك بە موعجیزە ناگاتە ئاواتەکانی گەر ئەندامانی کۆمەڵگاکە بە هەست بە بەرپرسیاریەتیەوە هەوڵی چاکسازی نەدەن، نەك هەر یەك چاوەڕوان بکات ئەوی تر غافڵ بێت و پشتی بشکێنێت، لەمەدا کۆمەڵگا دەبێت بە جەنگەڵستان، لەو حاڵەتەشدا زۆر زەحمەتە راستکردنەوەی باری ئەو کەسانەی کە خراپەو قۆڵبڕین و زوڵم و ناحەقی دەبێتە خوویان و هەرگیز ناتوانن دەستبەرداری ببن، من کاتێك ئەم نووسینە دەنووسم یەکەمجار لە خۆم و کەسانی دەوروبەرو خزم و براو خوشکی خۆمەوە باسیان دەکەم، هەرچەندە ئینتیماشیان بۆ هیچ حیزبێك بنەبێت بەڵام هەر تاوانبارن بە ڕازی بوونیان بەو دۆخەی رۆژ بە رۆژ بەرەو خراپتر دەچێت، ئەمە راستییەکەو بەس مرۆڤی عاقڵ دانی پیا دەنێت و سوودی لێ وەردەگرێت، ئیتر بڕیاریش دەگەڕێتەوە بۆ خودی کەسەکان، هەیە حەز دەکات هەر لە گەڕەلاوژەدا ژیان بکات و هەشە لە تاریکیدا نەخشەکانی جێبەچی دەبێت، ئەگینا دەبێت هەمووان وەك یەك بە یەکسانی ئەرك و مافیان هەبێت، هەر لە وەزیرەوە تا گزیر، دەزانم ئەم راتیانە هەمووان دەیزانن بەڵام وەك بابەتێك و ناونیشانێك حەزم کرد یادی هەمووان بخەمەوە.




کوێرەرێی خەیاڵ … شوان عەباس بەدری

1
خۆزگە بمتوانیبا
سەدای پێکەنینەکانی نەنکم
لە پاڵ وێنەی زەردەخەنەکەی باپیرما
لە ناو ئالبومی یادەوەریەکانما
هەڵبگرتایە !
2
خۆزگە بمتوانیبا
لە ناو باخە مین ڕێژەکەی خاک و
خاکە هەنێسک ئامێزەکەی نیشتمانم
داری پەلکە زێرینەم بچاندایە و
لەبەر قاپی هەر ماڵێکا
سەبەتەیەک خەندەم دابنایە !
3
خۆزگە بمتوانیبا
سلێمانی
هەر وەک سەرپۆشەکەی دایکم
لەناو جانتای سەفەرەکەم هەڵگرتایە و
لەم غوربەتە
بە بۆنی ئێوارانی پارکی نالی
و
بە دیار تەنیاییەکانمەوە
ساڵە بێهودەکانی زەمینم تەی کردایە و
بڕۆشتمایە !




بیركردنه‌وه‌ی به‌هه‌ڵه‌ و نادروستی مرۆڤه‌كان له‌ یه‌كتری !…ئاری زێندینی

مرۆڤ ئه‌و كائینه‌ عه‌جیب و غه‌ریبه‌ی سه‌ر ئه‌م زه‌ویه‌ ! كه‌له‌لایه‌ن خوداوه‌ خولقێنراوه‌ویانیش ده‌ڵێن به‌ سروشتی خۆی خوڵقاوه‌ ! دواتر هه‌ست و عه‌قڵی په‌یداكردووه‌ ئێستاش سه‌رباری ئه‌وه‌ی هه‌ست و عه‌قڵی هه‌یه‌ به‌ڵام له‌ هه‌موو زینده‌وه‌روگیانداروپه‌له‌وه‌رئاژه‌ڵه‌كانی سه‌رزه‌وی كه‌وتووه‌ته‌ ناڕه‌حه‌تی وگێژاوی ئه‌م دونیایه‌ به‌ ده‌ست مرۆڤ خۆی نه‌وه‌ك زینده‌وه‌روگیانداروئاژه‌ڵه‌كان ! ناڕه‌حه‌ترین گێژاووئالنگاری و سه‌ختی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ( به‌ هه‌ڵه‌ بیرده‌كه‌نه‌وه‌له‌یه‌كتری ) ئه‌مه‌ش له‌ئه‌نجامی یه‌كترنه‌ناسین ونه‌بوونی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ یه‌كتری بڕیاروحوكم به‌ سه‌ر یه‌كتر داده‌بارێنن ! مرۆڤ و ئاژه‌ڵ و زینده‌وه‌ران و گیانداره‌كان به‌گشتی سیسته‌می پێكهاته‌ی له‌ش و فسیۆلۆجی یه‌كه‌ به‌ڵام كۆنتڕۆل كردن ئه‌مانه‌ زیاتر لای مرۆڤه‌ ئه‌و كۆنتڕۆل و سیسته‌مه‌ پێی ده‌ڵێن ( عه‌قڵ ) مرۆڤ به‌ عه‌قڵ له‌ وانیتر جیا ده‌بێته‌وه‌ .
له‌سه‌رده‌می رابردوو هه‌ر وه‌هابووه‌و ئێستاش پاش پێشكه‌وتنی مرۆڤه‌كان له‌ ژیانی شارستانی و ته‌كنۆلۆجیا عه‌قڵ كه‌متر ده‌توانێت كۆنتڕۆلی ناسینی مرۆڤه‌كان بكات هۆكاره‌كه‌ش مرۆڤه‌كان خۆیانن ! له‌ ئه‌نجامی نه‌بوونی په‌یوه‌ندی و دووری له‌ یه‌كتری به‌لكو په‌یوه‌ندیه‌كی سه‌رپێیانه‌وناسینێكی سه‌رپێیانه‌یان هه‌یه‌ له‌ گه‌ڵ یه‌كتر هه‌ر چه‌ند ئه‌گه‌ر ئه‌ندامی یه‌ك خێزان وهاوڕێ‌ و خزمی یه‌كتربن ئه‌ساس ئه‌وه‌یه‌ باش یه‌كترناناسن و دوورن له‌ یه‌كتری ! په‌یوه‌ندی و هه‌لسوكه‌وتی ئه‌ندامانی یه‌ك خێزان جیاوازی هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ ده‌ره‌وه‌ی خێزان په‌یوه‌ندی و هه‌لسوكه‌وتی نێوان خزم وكه‌س جیاوازی هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ ده‌ره‌وه‌ی خزم و ناسیار په‌یوه‌ندی و هه‌لسوكه‌وت له‌ فه‌رمانگه‌وقوتابخانه‌ش جۆریكیتره‌ ناچێته‌ چوارچێوه‌ی لێكدانه‌وه‌بیركردنه‌وه‌ی زانستیانه‌ومه‌نتیقیانه‌, بۆچی؟ له‌به‌ر نه‌ناسین و له‌یه‌كتردووری مرۆڤه‌كان با ئه‌ندامی یه‌ك خێزان و دۆست و خزمی یه‌كتربن ! هه‌روه‌كو چاو شتێك چه‌ند دووربێت باش ناسینی زه‌حمه‌ته‌ عه‌قلیش به‌وشێوه‌یه‌ مرۆڤه‌كان چه‌ند له‌یه‌كتر دووربن كه‌م كارده‌كات یان هه‌ڵه‌ كارده‌كات له‌ ئه‌نجامدا مرۆڤه‌كان هه‌ندێكیان بێ‌ عه‌قڵن هه‌ندێكیان نه‌زانن هه‌ندێكیان كه‌رن هه‌ندێكیان قه‌شمه‌رن هه‌ندێكیان هیچ وپوچن هه‌ندێكیان نامه‌ردن هه‌ندیكیان گه‌وادن و قه‌په‌وبێ‌ ناموس و حه‌سودن و شێت و ته‌واونین ! به‌لێ‌ ئه‌مانه‌ هه‌مووی له‌ ئه‌نجامی به‌هه‌ڵه‌ بیركردنه‌وه‌ له‌یه‌كتری و نه‌ناسینی یه‌كتری له‌ یه‌كتردووری مرۆڤه‌كانن,له‌یه‌كتردووری مرۆڤه‌كانیش هۆكاری هه‌یه‌ هه‌روه‌ك كۆمه‌لگه‌ی ئه‌وروپاوئه‌مه‌ریكا له‌به‌ر سه‌قالبوون به‌ ئیشوكاری رۆژانه‌ خه‌ریكی كاركردنن به‌ڵام له‌كۆمه‌لگه‌یه‌كی هاوشێوه‌ی ئێمه‌ به‌ئه‌نقه‌ست و به‌به‌رنامه‌یه‌ حه‌ز به‌دووركه‌تنه‌وه‌ده‌كه‌ن هه‌ر كاتێك دوو دۆلاری زیاتره‌وده‌وڵه‌مه‌نتره‌ یان كاربه‌ده‌سته‌ له‌ حیزب یان حكومه‌ت خۆی له‌ مرۆڤه‌كانیتر باڵاتر ده‌بینێت , به‌ڵام حه‌قیقه‌تی مرۆڤ لێك نزیكبوونه‌وه‌وتێكه‌ڵاویه‌ نه‌وه‌ك دووركه‌وتنه‌وه‌وخۆبه‌لاوه‌نان ! باشترین مرۆڤ هه‌یه‌ بووه‌ته‌ خراپترین مرۆڤ ,زیره‌كترین مرۆڤ هه‌یه‌ بووه‌ته‌ بێ‌ عه‌قڵترین مرۆڤ یان بووه‌ته‌ قه‌شمه‌ر یان گه‌واد یان شێت یان دووره‌ له‌ خه‌ڵك كه‌چی ئه‌مانه‌ هه‌مووی بیركردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌وسه‌رپێیانه‌یه‌ ! مرۆڤ گه‌ر له‌ نزیكه‌وه‌ نه‌یناسی و نان وئاوله‌گه‌ڵ نه‌خۆی وگه‌شتی له‌گه‌ڵ نه‌كه‌ی و هه‌موو رۆژیك بیبینی وه‌ك جیران و هاوسێ‌ زۆر زه‌حمه‌ته‌ بڕیاڕی له‌سه‌ربده‌ی هه‌رچه‌نده‌ تاڕاده‌یه‌ك له‌ زانستی كۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌رووناسی ده‌توانرێت مرۆڤه‌كان بناسرێته‌وه‌ هه‌رچه‌ند ئه‌گه‌ر درۆوسیناریۆ پێشكه‌شی به‌رامبه‌ری یه‌كتربكه‌ن ! ئه‌مانه‌ش هه‌مووی له‌كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی ناسه‌قامگیر دێته‌ ئاراوه‌ هه‌روه‌ك ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زۆربه‌ی تاكه‌كان و خێزانه‌كان به‌گشتی كۆمه‌ڵگه‌كه‌ به‌ئه‌ركی مرۆڤبوون هه‌ڵناستن و وه‌كو مرۆڤ هه‌ڵسوكه‌وت ناكه‌ن له‌به‌ر كێشه‌ ئابووری وسیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان بووه‌ته‌ هۆكاری سه‌ره‌كی كه‌ مرۆڤه‌كان دووربن له‌ یه‌كتری ! هه‌ركه‌س یه‌كتری تۆمه‌تباروناوزه‌دده‌كات به‌وه‌ی فلان ( شێته‌, گه‌واده‌, بێ‌ عه‌قڵه‌, ته‌واونیه‌ , كێشه‌ی هه‌یه‌ , حه‌سووده‌ , حه‌زی له‌ په‌یوه‌ندی نیه‌ ,له‌گه‌ڵ خه‌ڵك ناگونجێ‌ , خۆپه‌رسته‌ , دزه‌,قونده‌ره‌,مێبازه‌ , حیزه‌,بێ‌ دینه‌,قه‌رزاره‌,بێ پاره‌یه‌ ,بێ‌ ته‌بیعاته‌, ئیتر….) كه‌چی زۆر دووره‌ له‌و سیفه‌ت و بیركردنه‌وانه‌ ! مرۆڤ هه‌یه‌ لای خێزان و حزم وهاوڕێكانی جۆرێكه‌ لای هه‌ندێكیتر جۆرێكه‌ له‌فه‌رمانگه‌كه‌ی باشترینه‌ لای خزمانی خراپترینه‌ لای خێزانه‌كه‌ی جۆرێكیتر لای هه‌ندێكیان قسه‌خۆشه‌ به‌ گاڵته‌وگه‌په‌ لای هه‌ندێكیان كه‌م دوو و قسه‌ نازانێت ! ناخۆشترین و گرنگترین شت ئه‌و مرۆڤانن كه‌ ستانداروكۆنكریتین و ڕاستگۆودرووستن له‌ په‌یوه‌ندی و خۆڕه‌وشت وعه‌قڵ كه‌چی ئه‌و سیفه‌ت و بیركرده‌وانه‌یان به‌سه‌ر داده‌سه‌پێندرێت ( هه‌رچه‌نده‌ مرۆڤی دووڕوهه‌زارڕووش هه‌یه‌ سیناریۆته‌مسیل ده‌كات ئه‌وه‌یان ناڵێم) ! ئه‌مه‌ش هه‌مووی له‌به‌ر نه‌بوونی په‌یوه‌ندی و دووری له‌ یه‌كتره‌ بیركردنه‌وه‌وتێفكرینه‌كان له‌یه‌كتری هه‌ڵه‌یه‌ ! له‌ئه‌نجامدا ده‌بێته‌ سووككردن وناشرینكردنی مرۆڤه‌كان به‌ هه‌ست و به‌ده‌ست وعه‌قڵی مرۆڤه‌كان خۆیان . لێره‌دا جیاوازی ئاژه‌ڵ و مرۆڤ ده‌رده‌كه‌وێت مرۆڤ عه‌قڵ زۆر به‌كاردێنێت سیسته‌می مێشك ماندوو ده‌بێت كه‌واته‌ هه‌موو بیركردنه‌وه‌وحوكم وبڕیاڕیك دوور له‌ مرۆڤه‌كان له‌یه‌كتری (سه‌دله‌سه‌د 100%) دروست نییه‌ و پێوه‌ر نییه‌ لای هه‌ركه‌سه‌و ڕێژه‌ییه‌ یانیش میزاج و به‌رژه‌وه‌ندی و ناشیرینكردنی مرۆڤه‌كانه‌ به‌ ئه‌نقه‌ست ! زانایه‌كی كۆمه‌ڵناسی ئینگلیز ده‌ڵێ‌ : ( ئه‌وه‌ كێشه‌ نییه‌وئاساییه‌ مرۆڤه‌كان لێك تێناگه‌ن به‌ڵكو ئه‌وه‌ كێشه‌ونائاساییه‌ مرۆڤه‌كان به‌ غه‌ڵه‌ت له‌یه‌كتر تێده‌گه‌ن ) .




وردە باس … پشکۆ ناکام

  • هیچ شتێک ئەوەنە نامهێنێتە پێکەنین بەقەد ئەوەی کە باس لە یەک ریزی کورد ئەکرێ بە تایبەتی لەلایەن بنەماڵە و پارتی پاشکۆیەوە کە بەردەوام دوای هەر خروقات و فەزیحەیەکی سیاسی و نیشتمانيی دەست ئەکەن بە لێیانی دەهۆڵی یەک ڕیزی بۆ لەبیربردنەوی فەزیحەکەیان ، ئاخر تۆیەک کە هەرچی داەاتی ووڵاتە بەتاڵانت بردوە و بۆت بکرێ چەم و جۆگە و دارستانەکانیش ئەفرۆشی و پارەکەی ئەخەیتە تەنکەی باخەڵتەوە داوای یەک ڕیزی لەخەڵک ئەکەیت ؟!!یەک ریزی تاک لایەنی؟ یەکریزی بەتاڵان بردن و دزینی قووتی خەڵک ؟ یەک ریزی بەگژا چوونی پارچەکانی تری کوردستان ، ؟ یەک ریزی وێران کردنی ئابووری کوردستان؟ تۆ بە کام رووی سیاسی و کۆمەڵایەتیشەوە داوای یەک ریزی ئەکەی لە کاتێکا لە بەغا جگە لەسەنگەری پەرژەوەنی بنەماڵەیی و حیزبی هیچ سەنگەرێکی ترت نیە ، تۆیەک کە ئامادەی لەسەر دانەنانی وەزیرێکی کۆیلەی بنەماڵەکەت دونیا وێران بکەیت” دیارە هەر بە قسە” و ئامادە نەبیت نەوت رادەستی ناوەند بکەیت ومیللەت و مووچەو بژێوی خەڵک بخەیتە ژێر پێتەوە ، چۆن داوای یەک ریزیم لێ ئەکەیت ؟ رەنگە هەندێ بۆچوونت هەبێ زەمانی رایات و گەڵاڵە بیخواردایە بەڵام ئێستا ناخوات وئەو چکلێتە با هەر لە گیرفانتا بێ و دەریمەهێنە و ووریابە تێکەڵی دۆلارەکان و نەوتاویی نەبێ .پێوەری یەک ریزی نیشتمان پەروەری و ئینسان دۆستیە ، سەیرێکی خۆت لە ئاوێنەی مێژوو بکە بزانە ئەو پێوەرانە تۆ ئەگرێتەوە؟!ئەوەی داوای یەک ریزی ئەکا ئەبێ جیاوازی نێوان ئاشبەتاڵ و هەرەس ، داگیرکەر و دۆستی بنەماڵە ، دزی و خێر ، خۆسەپێنەر و هەڵبژێراو ، تەزویر و سەرکەوتوو بزانێ تا جێی متمانەی خەڵک بێ لەو یەک ریزییە ، یەک ریزی زەرورەتێکە بۆ دانانی میللەت لە پلەی یەکەما ، کە بنەماڵە چووە پلەی یەکەم یەک ریزییەکە خزمەت بە بنماڵە ئەکات نەک میللەت ، ئەو جۆرە یەک ریزییەش لای میللەت مەرفوزە و سەرچاوەیەکیشە بۆ خەو بینین بە یەک ریزییوە..منێک خەڵکی شارێک کە زیاتر لەدووسەد ساڵە خوێنی لێئەتکێ ..فرمێسک ئەرێژێ ، ویران و کاوول ئەکرێ ،، ئابڵۆقەی لەسەر دائەنرێ ، بۆ لەگەڵ بنەماڵەیەک یەک ریزبم کە بەتەنگ مێژووی پڕ شکۆی شارەکەمەوە نەیەت ،بۆ؟
  • کۆرس لە گۆرانیا ئەو کەسانەن لە پشت گۆرانی بێژەوە کۆپلەی گۆرانییەکە وەک خۆی ئەڵێنەوە و هونەرێکی باوە ، بەڵام کە لە سیاسەتا کۆرس هەبوو مەسەلەکە ئەگۆڕێ وەک ئەوەی لە گاڵتەجاڕی پارلەمانە کارتۆنییەکەی هەولێر دیمان کە چۆن کۆرسێک بەناوی ” کۆتا کورسییەکانی پێکهاتەکان” رێک ئەوەی بنەماڵە و پارتی ویستیان ئەوانیش بێ کەم و زیا هەمان کۆپلەیان ووتەوە ،!! ئاخر کەسێک بە سێسەد دەنگی تەزویر بکرێتە کۆرس لە پارلەمانا چ مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر دیموکراسی و سەربەخۆیی بیرکردنەوە و بریاریان ، جا بنەماڵە کە خۆیان بە تەزویر لە پارلەمان زۆرینەن ئەم کۆرسەش بەتەزویری ئەوان چونەتە پارلەمان بەڵام وەک کۆرس لە ریزی پشتەوە ئەبێ چ مەهزەلەیەک لەو پارلەمانە ڕووبات ؟ گەر دیموکراسی بە غەڵەت خۆی پیا کرد شکم نیە خۆی ئەکوژێ.. خۆ سبەی بنەماڵە بریاری ئەوەی هەرێم بخرێتە سەر تورکیا بخاتە پارلەمانەوە بە هەمان دەنگی گروپی کۆرس تێئەپەرێنرێت..یان سیستەمی پاشایەتی/ بنەماڵەیی بخرێتە دەنگ یانەوە بە هۆی گروپی کۆرسەوە جارێکی تریش ڕووی مێژوو و دیموکراسی ڕەش ئەکەنەوە ، پارلەمانێک خۆی کارتۆنی بێ ، ئەو گروپی کۆرسەش جگە لە “کاغەز” چی تر نیە لەناو ئەو کارتۆنەیا..
  • جوزەلەژەن و شایەرەکانی دەسەڵاتی هەرێم ئەوەنە بە هاتنەکایەی مەسەلەی لامەرکەزی بۆ سڵێمانی سەغڵەت بوون کە جار و بار قسەی زۆر عەنتێکە ئەکەن وەک: پاراستنی یەک پارچەیی خاکی هەرێم وەک ئەوەی تاپۆی ئەم خاکە وا لە قاسەکانی بنەماڵە و لەگەڵ داهاتی نەوتا هەڵگیراوە !! تێناگەم ئەی هەر هەمان خاک نیە کە پڕ کراوە لە سوپای تورکی؟ هەر هەمان خاک نیە کە سی و یەکی ئاب کرا بە میوانخانەی سوپای بەعس ؟ هەر هەمان خاک نیە لە ریفراندۆمی جوانەمەرگا تا پردێ رایان کرد دۆست و ئاشنا نەبونایە هەولێر ئەخرایە سەر مادەی سەد و چل..
    کە دوو برا لەیەک ماڵا ئیدارەیان نەکرد پێکەوە ئەبێ هەر یەکەیان ماڵی خۆی هەبێ ، جا ئێمە کە” برا”ش نین بۆ ئەبێ هەر لە یەک ژوورا بین کە بە درێژایی مێژوو هەوڵ دراوە و هەموو ئەگەرەکان تاقی کراونەتەوە و سەرئەنجام هەر بە ڕێک (نە) کەوتن تەواو بوە ، ئێمە لەسەر قسەکەی سەرۆکی بنەماڵە کە ووتبوی : ئێمە لە ماڵی خۆمان و ئەوانیش لە ماڵی خۆیان ئەڵێین : زۆر سوپاس ئەزبەنی بۆ ئەو ئامۆژگاریە و بۆ یەک جار بەقسەت ئەکەین و ئێمە ئیتر لەماڵی خۆمانا دائەنیشین و بە لامەرکەزییت ئەسپێرین….



تاڵەمووەکانی ژیان … شیعری / نەوزاد بەندی

  • بۆیاخکردنەوەی ژەنگەکان –

خەم وا ئەکا هێواشی کەمەوە
ڕاوەستم و
دانیشم لای ..
چای لەگەڵا بخۆمەوە ..
ئاخر ئێمە سەر بە مەملەکەتی خەمین
سەر بە مەملەکەتی خەم ..
خەم ڕامانئەکێشێ
خەم شتمان فێر ئەکا
خەم بەسەرمان ئەکاتەوە
خەم ژیرمان ئەکاتەوە
خەم بۆنەمان بۆ ڕێک ئەخا
خەم فرمێسکەکانمان ئەسڕێ و
لە نزیکترین کافیتریا ،
دەعوەتی چایەکمان ئەکا ..
تەنانەت خەم گەلێ جار
دڵخۆشمان ئەکا ..!

٭ ٭ ٭

  • پیاوێک ، لە دەرەوەی بازنەکان – ئا ئێستا من لەو پیاوانەم
    ئەڕۆنە دەر ،
    مۆبایلەکانیان بیر ئەچێ ..!
    تێر خەو ئەبن ،
    جا ئەزانن ،
    نوێژ ی عیشایان ڕۆیشتووە …
    لە دوای حەوت ڕۆژ
    جا ئەزانن ،
    هەفتەیەکە
    ئاهەنگی لە دایکبوونیان ،
    بەسەرچووە ..!

ئەو پیاوانەی
بە دەست کردنەوەی برغویەک
دۆش دائەمێنن ..گیر ئەخۆن ..
کە خۆیان جوان ئەگۆڕن و
ڕیش ئەتاشن ..
عەتر لە خۆیان ئەدەن و
نایشزانن بەرەو کوێ بڕۆن ..!

من ئا ئێستا لەو پیاوانەم ،
لە دڵیانا ،
ژوورێکی تازە شک نابەن،
لەگەڵ ئەودا
چایەکی تیا بخۆنەوە ..
هەمووی ژووری شێدار و
گسک نەدراو و
داڕوخاوە ..
کاشێکانی دەبە بوون و ..
بۆیاخی دیوارەکانی
هەڵیانداوە ..

من ئا ئێستا لەو پیاوانەم ،
لە پڕا عاشق ئەبن و
خەونی ڕەنگا و ڕەنگ ئەیانبا ..
لە دوای ساتێ ،
بە ماندوێتی ئەگەڕێنەوە
زۆنگاوی
ڕۆژەکان و ..
لە ژێر لێوەوە هەزار جار
بە خۆیان ئەڵێن : هەی دەعبا !
تۆ وعاشق ، کوجا مەرحەبا !!

من ئا ئێستا لەو پیاوانەم ،
سەوزە فرۆش و غاز فرۆش
ئەیخەڵەتێنن ..
کتێب ئەکڕن و نایشزانن ،
کەی دەنکە تووی
ووشەکانی
بتەکێنن ..

من ئا ئێستا لەو پیاوانەم

٭ ٭ ٭

  • تەواو –

تەواو ..یەکلایی بۆوە ، عێراق ١٥پارێزگا و ٣ کەمپە ، کەمپی هەولێر و کەمپی دهۆک وکەمپی سلێمانی

٭ ٭ ٭

  • دایک –

قەڵایەکی بێ دەرگا و پەنجەره..
پڕ دەرگا و پەنجەرە ..
بەبێ تەنانەت یەک پاسەوان ..
سیخناخ لە سەرباز و تیر هاوێژ ..

بێ دەرگا و بێ پەنجەرە : بۆ پاراستنی تۆ ..
پڕ دەرگا و پەنجەره : بۆ گەڕانەوەی تۆ ..
بێ پاسەوان : بۆ ئارامیی تۆ ..
پڕ سەرباز و تیر هاوێژ : بۆ بەرگریی لە تۆ ..

٭ ٭ ٭

  • پۆرترێت –

هەموو
دەستی لە دەستی
مولازم موحسینێکدایە و ..
مێشکیشی
پڕە له ساندرێلا ..!




جه‌نگی نادیار خوێندن په‌راوێزێك بۆ بڕوانامە … سمكۆ محه‌مه‌د

جۆرج لۆكاچ له‌ وتارێكدا به‌ناونیشانی فه‌لسه‌فه‌ چییه‌؟. ده‌ڵێ‌ “بابزانین فه‌لسه‌فه‌ چییه‌ كه‌ قۆناغه‌كانی جودا كردۆته‌وه‌، ئه‌و نهێنییه‌ چییه‌ كه‌ فه‌لسه‌فه‌ی ئیمپریالیزم له‌گه‌ڵ فه‌لسه‌فه‌ی چاخه‌كانی پێشوو جودا ده‌كاته‌وه‌؟، بۆچی له‌یه‌كه‌م روانیندا هه‌ست به‌ كرانه‌وه‌یه‌وه‌ك ده‌كه‌ین كه‌ له‌رابردوودا ئه‌و ئاراسته‌یه‌ی نه‌گۆڕیوه‌، بۆچی جارێكی دیكه‌ فه‌لسه‌فه‌ ده‌بێت به‌مایه‌ی نه‌فعی كۆمه‌ڵایه‌تی؟. هه‌روه‌كو ماركس گوتی “ئیدی فه‌لسه‌فه‌ كاری وێناكردنی واقیع نییه‌، به‌ڵكو گۆڕینی واقیعی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌”، له‌كاتێكدا مه‌عریفه‌ی نێو زانكۆكان نه‌فعه‌كانی بۆ خودێكه‌ كه‌وای كردووه‌ چاو ببڕێته‌ سامانی ماتریاڵی، نه‌ك سامانی مه‌عریفی، به‌پێچه‌وانه‌ی مه‌عریفه‌ی ده‌ره‌وه‌ی زانكۆ، واته‌ رۆشنبیری خاوه‌ن ده‌روه‌ستی مه‌عریفی كه‌ نه‌فعی گشتی به‌گرینگترین ته‌ماشا ده‌كات.
له‌م به‌راواردكارییه‌دا له‌نێوان هه‌ردوو ناوه‌نده‌كه‌ی خوێندنی كاتی و خوێندنی به‌رده‌وام، تێده‌گه‌ین كه‌بۆچی دوو ئاراسته‌یه‌ هه‌یه‌ بۆ كه‌ڵه‌كه‌ كردنی سه‌رمایه‌ هه‌یه‌، تێزێك هه‌یه‌ ئامانجی بیركردنه‌وه‌یه‌ و ئه‌ویتر ئامانجی كه‌ڵه‌كه‌كردنی سه‌رمایه‌یه‌كه‌ كه‌ هه‌موو كه‌سێك ده‌توانێ‌ پێی بگات، بۆ نموونه‌ بازرگانه‌كان و خاوه‌ن موڵكه‌كانی پێشوو كه‌ تائێستاش به‌شێكیان نموونه‌ن، به‌شی زۆریان نه‌خوێنده‌وار بوون، رۆژنامه‌نووسه‌كان به‌شێكی زۆریان نه‌خوێنه‌وار بوون و قۆناغیان گۆڕی، سیاسییه‌كان زۆربه‌یان نه‌خوێنده‌وار بوون و به‌هه‌موو بێ‌ ئه‌زموونیی و هه‌ڵه‌یه‌كه‌وه‌، شۆڕشیان كرد و ئاراسته‌ی كۆمه‌ڵگه‌یان گۆڕی، پیاوانی كشتوكاڵی به‌هه‌موو دوورییه‌كه‌وه‌ له‌ شارستانییه‌ت، خۆرسكانه‌ مامه‌ڵه‌یان له‌ته‌ك سرووشتدا كرد و به‌رهه‌میان كرده‌ ئامانج، سه‌نعه‌تكاره‌كان هه‌موویان ئه‌وانه‌ بوون كه‌ بازاڕیان ئاراسته‌ ده‌كرد و ستایلی ژیانیان گۆڕی و كاریگه‌رییان هه‌بوو له‌گواستنه‌وه‌ی لادێكان بۆ شار و هتد.
ئێستا دێینه‌ سه‌ر ئه‌و ناوه‌نده‌ی كه‌ ده‌بوو له‌دوای ئه‌و هه‌موو قۆناغ و ئه‌زموونه‌ كرچ و كاڵانه‌ی كه‌ ره‌خنه‌ی لێگیراوه‌، هه‌ڵبه‌ت ناوه‌ندی خوێندنی زانكۆكان به‌بێ‌ ئامانج نیین بۆ به‌ده‌ستهێنانی مه‌عریفه‌، به‌ڵام به‌بێ‌ گوێپێدان و به‌بێ‌ په‌روایی به‌رامبه‌ر به‌مه‌عریفه‌یه‌ك كه‌ ئامانجی گۆڕان بێت له‌ هه‌موو كایه‌كاندا، چونكه‌ ده‌سته‌بژێرێك جڵه‌ویان وه‌رگرتووه‌ و نه‌وه‌كان گه‌وره‌ ده‌كه‌ن نه‌ك سیستمی په‌روه‌رده‌، تاكو بیر له‌ شتێك نه‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ خودی مه‌عریفه‌یه‌ له‌پێناو خۆناسین به‌كاربهێنن.
با له‌و نموونه‌یه‌وه‌ ده‌ست پێبكه‌ین كه‌ بۆچی هه‌موو خوێندكارێك كه‌ له‌زانكۆ ده‌رده‌چێت، ده‌ڵێ‌ (خوێندنم ته‌واو كردووه‌ ده‌مه‌وێ‌ ببم به‌ شتێك)، هه‌ڵبه‌ت هه‌موو كه‌سێك مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ چاوی له‌و هه‌وڵه‌بێت كه‌ پێشتر، له‌دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌م قسه‌یه‌ی كه‌ بۆته‌ ئیدیۆم، خۆڕسك نییه‌، به‌ڵكو پاڵنه‌رێكی دیكه‌ی له‌پشته‌، ئه‌ویش له‌وێوه‌ ئاشكرا ده‌بێت كه‌ وه‌ختێك ده‌بینین توێژینه‌وه‌ له‌هه‌موو بابه‌ته‌كانی زانكۆ له‌ بازاڕ و له‌ نوسینگه‌كان، له‌ده‌ره‌وه‌ی ماندووبوونی خوێندكار، وه‌كو هه‌ر كاڵایه‌ك و پێداویستییه‌ك به‌ پاره‌ ده‌فرۆشرێت، له‌وه‌ش واوه‌تر بۆ سه‌لماندن ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هیچ خوێندكارێك لێپرسینه‌وه‌ له‌ توێژینه‌وه‌كه‌ی نه‌كراوه‌ به‌مانای ئه‌كادیمی، هیچ خوێندكارێك دوای ته‌واوبوون له‌ زانكۆ، مه‌عریفه‌ی وه‌كو چه‌كێك به‌كارنه‌هێناوه‌ بۆ رێگریییكانی به‌رده‌م ژیان، به‌ده‌گمه‌ن خوێندكارێك ده‌بینین ده‌ركه‌وێت و به‌رده‌وامی به‌و كایه‌یه‌ بدات كه‌ خوێندوویه‌تی، هۆكاری ئه‌مانی ئه‌وه‌ن كه‌ واگه‌وره‌ كراون به‌و ئیدیۆمه‌ی كه‌ ده‌بێ‌ خوێندن ته‌واو بكات، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌بێ‌ مه‌عریفه‌یی و خۆده‌ربازكردن له‌ به‌رپرسیارێتی مه‌عریفی، شتێكی تر نییه‌، له‌كاتێكدا مه‌عریفه‌ و خوێندن پرۆسه‌یه‌كی به‌رده‌وامه‌ و كۆتایی نایات، ئینسان له‌هه‌ر قۆناغێكی ژیان بێت، پێویستی به‌ به‌رده‌وامی خوێندن و به‌ده‌ستهێنانی مه‌عریفه‌یه‌.
ئه‌وه‌ی له‌سه‌ره‌وه‌ ئاماژه‌م پێدا ئه‌وه‌ فۆڕمێكه‌ له‌ پرۆسه‌ی به‌رهه‌مهێنانی كارێكته‌ری سڕبوو له‌كۆمه‌ڵگه‌دا، به‌ڵام فۆرمێكی دیكه‌مان هه‌یه‌ له‌دژی ئه‌وانه‌ی بڕوایان به‌وه‌ نییه‌ وه‌كو داینه‌مۆیه‌ك كاربكه‌ن بۆ گۆڕانی كۆمه‌ڵگه‌. ئه‌ویش مه‌عریفه‌ی ده‌ره‌وه‌ی زانكۆ و ناوه‌نده‌ رۆشنبیرییه‌ فه‌رمییه‌كانه‌ به‌ حكومی و ناحكومییه‌وه‌، ئه‌م نه‌ریتی بێ‌ په‌رواییه‌ به‌رامبه‌ر به‌ به‌رهه‌مهێنانی مه‌عریفه‌، ململانێیه‌كی به‌رده‌وامه‌ له‌گه‌ڵ دژه‌ په‌راوێزخه‌ره‌كان، ئه‌م حاڵه‌ته‌ له‌ كوردستان نوێیه‌، به‌ڵام له‌سه‌ده‌ی هه‌ژده‌ له‌ رۆژئاوا نه‌خۆشییه‌ك بوو، وه‌كو مالاریا و تاعون یه‌خه‌ی رۆژئاوای به‌رنادا، هه‌تا ساڵی 1848 به‌رده‌وام بوو كه‌ دابڕانی فه‌لسه‌فی هاته‌ كایه‌وه‌، به‌ڵام له‌دوای ئه‌و قۆناغه‌وه‌ دابڕانێكی مه‌عریفی هاته‌ كایه‌وه‌، مه‌به‌ستم له‌ هاتنی ماركس و نیچه‌ و فرۆییده‌ كه‌ به‌رپه‌رچی فه‌لسه‌فه‌ی كلاسیكیان دایه‌وه‌ و ئه‌لته‌رناتیڤیان پێشكه‌ش به‌ زانكۆ و ده‌ره‌وه‌ی زانكۆ كرد.
له‌په‌نا هه‌موو ئه‌و ململانێ‌ و كێشمه‌كێشی مه‌عریفییه‌وه‌ له‌نێوان ناوه‌نده‌كانی خوێندن و بیرمه‌نده‌كانی ده‌ره‌وه‌ی زانكۆ، پێشڕه‌وییه‌ك له‌پێناو به‌كارهێنانی فه‌لسه‌فه‌ و مه‌عریفه‌ به‌گشتی، وه‌كو ته‌وژمێكی تر بنه‌مای خۆی دانا، ئه‌ویش بیرۆكه‌ و خه‌می گۆڕینی كۆمه‌ڵگه‌ و ململانێی چینه‌كان بوو، ململانێی نێوان په‌راوێزخراوه‌كان و سه‌نته‌ریزمه‌كان سه‌لمێنه‌ری راستییه‌كانه‌، له‌ حاڵێكدا ئه‌م تێڕوانینه‌ كه‌ بۆ فه‌لسه‌فه‌ خوڵقاو ئیدیۆلۆژیا خراپ كه‌ڵكی لێوه‌رگرت، هه‌وڵێك بوو بۆ ناشیرین كردنی، به‌ڵام هه‌م نه‌توانرا بێ‌ به‌ها بكرێ‌، هه‌م لانیكه‌م توانی فه‌لسه‌فه‌ له‌ كورسییه‌ باڵاكان و بڕوانامه‌ وه‌كو ئامانج، بگوازێته‌وه‌ بۆ زمانی سه‌ر شه‌قامه‌كان و قاوه‌خانه‌كان، ئێستا پرسیاره‌كه‌ له‌وێیه‌ ئایان بۆچی زانكۆ به‌ هه‌موو توانایه‌كی خۆیانه‌وه‌، مه‌عریفه‌یان نه‌كردووه‌ به‌چه‌كێك بۆ گۆڕانكاری له‌ كایه‌ جیاوازه‌كان، بۆچی نه‌بووه‌ به‌خه‌می مه‌عریفه‌، بۆچی ناتوانێ‌ كارێكته‌ری بیركه‌ره‌وه‌ درووستبكات، جگه‌ له‌كارێكته‌ری په‌راوێزخراو. ئه‌و كارێكته‌ره‌ی كه‌ به‌بڕوانامه‌یه‌ك ئیكتیفای زاتی ده‌كات، چونكه‌ له‌پرۆسه‌ی خوێندنی ئه‌و چوار ساڵه‌یدا، یه‌ك ئامانج له‌ خه‌یاڵدانی جێكه‌وته‌ بووه‌، ئه‌ویش بۆ به‌ده‌ستهێنانی موڵكیه‌تی سه‌رمایه‌یه‌، نه‌ك به‌ مه‌به‌ستی خوێندنی به‌رده‌وام، هه‌ڵخرانی هێزێكی گه‌وره‌ بۆ به‌رده‌م ناوه‌نده‌كانی حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵات به‌مه‌به‌ستی به‌ده‌ستهێنانی كاری یه‌خه‌ سپییه‌كانی وه‌كو خۆیان، مه‌به‌ستم له‌ فه‌رمانبه‌ری مشه‌خۆر و به‌رسێبه‌ر و ماندوو نه‌ناس، به‌و مانایه‌ی كه‌ مادام بڕوانامه‌یان هه‌یه‌ ئیدی ده‌بێ‌ كاریان پێبدرێ‌، له‌كاتێكدا بڕوانامه‌ ته‌نها بڕوانامه‌ی كاره‌ ئه‌گه‌ر له‌ده‌ره‌وه‌ی ده‌زگاكانی حكومه‌تیش بێ‌، نه‌ك بڕوانامه‌ی مه‌عریفه‌، بۆیه‌ ئه‌م بیركردنه‌وه‌یه‌ كاریگه‌ری خراپیشی درووستكردووه‌، به‌وه‌ی كه‌ هه‌ر گه‌نجێك به‌ كچ و به‌كوڕه‌وه‌ بدوێنی سه‌باره‌ت به‌ خوێدنه‌وه‌ و مه‌عریفه‌، جگه‌ له‌وه‌ی خۆیان به‌ رۆشنبیر له‌قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن، هه‌روه‌هاش ده‌ڵێن (ناخوێنین چونك خوێندن هیچ سوودێكی نییه‌، ئه‌وه‌تا شه‌قامه‌كان پڕن له‌ خاوه‌ن بڕوانامه‌)، لێره‌وه‌یه‌ ده‌ركه‌وته‌كانی ململانێی نێوان هه‌ردوو ناوه‌نده‌ی ئه‌كادیمی زانكۆیی و ناوه‌ندی رۆشنبیری ده‌روه‌ست ده‌رده‌كه‌وێت، ئه‌و پرسیاره‌ی به‌رده‌وام ده‌بێ بكرێت، كوا ئه‌و هێزه‌ گه‌وره‌یه‌ی كه‌ له‌ئه‌نجامی به‌ده‌ستهێنانی بڕوانامه‌ی زانكۆیی تواناكانیان له‌وێدایه‌، بۆچی ساڵانه‌ سه‌دان كادری خوێنده‌واری زانكۆیی له‌كایه‌كانی سۆسیۆلۆژی و ئابوری و كشتوكاڵی و بیناسازی و سیاسی و هتد، ته‌نها كادره‌ پزیشكیه‌كان یاساییه‌كان ده‌رده‌كه‌ون و كاریان ده‌ستده‌كه‌وێ‌ و موماره‌سه‌ی كاره‌كه‌یان ده‌كه‌ن، بۆچی حاڵی كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك رۆژبه‌رۆژ به‌ره‌و خراپتر ده‌ڕوات له‌رووی مه‌عریفی و خودناسی و پێشكه‌وتنی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌؟. بۆچی ئه‌و ناواندانه‌ ناتوانن ئه‌دیبێك یان سۆسیۆلۆژیستێك یان سیاسییه‌ك یان كاردێكی كشتوكاڵی پێشوو به‌توانا به‌رهه‌مبهێنێ‌، كه‌چی هه‌ر ئه‌و كارێكته‌رانه‌ ده‌وڵه‌ت و كۆمه‌ڵگه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌به‌ن كه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی ناوه‌ندی ئه‌كادیمیا خۆیان په‌روه‌رده‌ كردووه‌، ئه‌مه‌ پرسیارێكه‌ رۆژانه‌ دووباره‌ زیندوو ده‌بنه‌وه‌.




تەکنەلۆجیاو بەڕۆبۆتکردنی مرۆڤ … ئاراس سەعید

زۆر لەچەمک و ئایدۆلۆژیەکان بەهای خۆیان لەدەستدا، کڵێشە نەریتیەکانی وەکو؛ زانست و چەپ و کۆمۆنیزم و ئاین و سەرمایەداری، مانایەکی ئەوتۆیان نەماوە، ئەمڕۆ خەڵکی بەدوای ئاڕاستەیەکی تر و فەلسەفەیەکی تردا دەگەڕێ کە بەرەو بایەخ دان بەپێداویستیە ماددی و ڕوحیەکان نەک بەرەو مردن.

لەشۆڕشی هیوای ئەریک فرۆمەوە بۆ
بەئامێر کردنی مرۆڤ

کۆمەڵگایەکمان هەیە، خاوەنی هەموو توانایەکەو ملکەچی بەرهەمهێنان و بەرخۆرییە لەبەرزترین پلەی دا و بەڕێخەری تەکنەلۆجیاش ئاڕاستە دەکرێت، مرۆڤ لەم چوارچێوەکۆمەڵایەتیەدا، دەگۆڕێت بۆ دۆڵابێک لەناو ئامێرێکی گەورەدا، ئەم مرۆڤە تێر دەکرێت و بەڵام لەگەڵ ئەمەشداهەر نێگەتیڤە، لەڕوی هەڵچونەوە هیچ زیندویەتێکی تێدا نیە بەسەرکەوتنی ئەم کۆمەڵگا نوێیە، تاکگەرایی و ژیانی تایبەتی لەناو دەچن، بوارە گشتیەکان قاڵبگیر دەکرێن و بەرامبەر شتی تر و بەپێی گونجاندی سایکۆلۆجی دەزگاکانی تر بەپینەو پەڕۆ و جۆرێکی تری ئەزمونی خودی مەیسەر دەکرێت.

لەکۆمەڵگایی تەکنەلۆجیدا، مرۆڤ لەگەڵ ملیۆنان کەسی بێگانە بەئاسانی لەژێر کاریگەری کەسایەتی بەهێز و سەرەنج ڕاکێش دایە کەزیرەکانە دەستکەوتەکانی تەکنەلۆجیای پەیوەندی کردن بەکاردەهێنێ، لەپێناو دەستکاری کردنی عەقڵی خەڵک و دەستکاری هەڵچونە دەرونیەکان.

” ئەوەی لەهەموو شت زیاتر تووشی دڵە راوکێمان دەکات، لەدەستدانی چاودێریە بۆ سیستمە تایبەتەکان، ئێمە بڕیاری ڕێخەرە تەکنەلۆجیەکانمان جێ بەجێ دەکەین، وەکو بونەوەرێکی مرۆیی هیچ ئامانجێکی ترمان نەماوەجگە لەبەرهەم هێنانی زیاتر، توانای خواستەکانمان بۆشتەکان لاوازترە، لەتوانای ڕەتکرنەوەمان بۆی، ئێمە لەبەردەم هەڕەشەیەکی چەکی کۆکوژیداین، یان ئەو ئیفلیجی و گۆجیەمان، کە بەهۆی دوریمان لەبڕیارە بەرپرسیارەکانەوە نێگەتیڤی کردوین”.

مرۆڤ لەلوتکەی سروشتەوە دەبێتە دیلی داهێنانەکانی خۆی و خۆشی توشی وێران بون دەکاتەوە

ئەریک فرۆم دەڵێت؛ ” مرۆڤ لەگەڕانی بەدوای حەقیقەتی زانستیدا، ئەوەندە مەعریفەی بەرهەم هێناوە، کەبتوانێت بۆ زاڵبون بەسەر سروشت بەکاری بهێنێ، لەم ڕوەوە گەلێک سەرکەوتنی مەزنی بەدەست هێناوە، بەڵام بەپێداگریری لەسەر تەکنەلۆجیاو بەرخۆری ماددی، هەمووشتێکی لەدەست دا، نەک بڕواو ئاینی وبەهامرۆیەکان، بەڵکو توانای هەستکردن و هەڵچونەقوڵەکانیشی لەدەست دا، [دڵشادی و خەمناکی]، ئەوئامێرەی کەمرۆڤ خۆی دروستی کردووە، پڕۆگرامی تایبەتی وای بۆ بەرهەم هێناوە کە ئەو ئێستا ڕۆشنبیری مرۆڤ دیاری دەکات”.

دیاترین ئەو مەترسیانەی لەم سیستمەدا هەیە ئابوری گرێ دراوە بەبەرهەم هێنانی چەکەوە، بێ ڕەچاوکردنی ئەو بڕەی بۆبەرگری پێویستە، ئابوری ئەمڕۆ لەسەر بناغەی ئەومادانە دەڕوات بەڕێوە کە هەڕەشەی کاولکردنی جیهان دەکات، توشی تەگانەیەکی ترسانک بوین، چونکەسەرمایەداری نایەوێ داهێنان وسیستمە تەکنەلۆژیەکان بۆ مەبەستی خزمەتی مرۆڤ بەکاربێنی، بەپێچەوانەوە سەرمایەداری لەڕێگەی تەکنەلۆجیاوە نەخۆشیەک بەرهەم دەهێنی تا ئابوریەکی تەندروستی هەبێ.

————————————————————-

سەرچاوەکان؛
ئەریک فرۆم شۆڕشی هیوا
جۆرج ئۆریۆڵ ڕۆمان 1984




ڕۆڵی باشووری كوردستان لە ڕاپەڕینی شێخ عوبەیدوڵڵای نەهریدا-12-…ڕه‌سوڵ بۆسكێنی

به‌شی دوانزهه‌م و كۆتایی

گه‌له‌كۆمه‌كێی ده‌وڵه‌ته‌ بێگانه‌كان دژی ڕاپه‌ڕینه‌كه‌

به‌هۆی ڕاپه‌ڕینی شێخ عوبه‌یدوڵای نه‌هری دا، له‌ كوردستانی ئێران شۆڕشی خه‌ڵك و ڕاماڵینی خێرای ده‌سه‌ڵاتی عه‌جه‌م له ‌به‌شێكی خاكی كوردستان و پێشڕه‌وی بۆ ناوچه‌كانی تر و دروست كردنی ده‌وڵه‌تی كوردستان له‌لایه‌ن شێخێكی ته‌ریقه‌ته‌وه‌، هه‌ڕه‌شه‌كردن له‌ ته‌ورێز كه‌ ‌له‌دوای تاران دووه‌م گه‌وره‌شاری گرنگی ئێران بوو، هاندانی عه‌باس میرزای برای شا بۆ هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ و به‌شداری له‌ شۆڕشدا، ئه‌مانه‌ مه‌ترسی گه‌وره‌یان دروست كرد، بۆ سه‌ر ته‌ختی سه‌ڵته‌نه‌تی ناسره‌دین شا، كه‌ خۆی له‌ خۆیدا له‌ ته‌نگوچه‌ڵه‌مه‌یه‌كی قوڵ دابوو.
بزووتنه‌وه‌كه‌ی شێخ عوبه‌یدوڵڵا له‌ كۆڕ و نووسینه‌ ڕه‌سمیه‌كانی ده‌رباری قاجاردا، به‌ فیتنه‌، غائیله‌، شۆڕش، طغيان..، ناوده‌برا شا به‌هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی ڕاسته‌قینه‌ی دانا، كه‌ ده‌بێ چاره‌یه‌كی خێرا و بنه‌ڕه‌تی بكرێ، (لۆرد كیرزن) ده‌ڵێت: شا داوای یارمه‌تی له‌ ڕووسیا كرد، پرس و ڕاوێژی به‌ ئینگلستان كرد، داوای قه‌ره‌بووی له‌ توركیا كرد، (شورای ده‌وڵه‌ت)ی كۆكرده‌وه‌ بۆ دانانی ڕێو شوێنی دامركاندنه‌وه‌ی.
ئیتر له‌هه‌موو ناوچه‌كانی ئێرانه‌وه‌ هێز و له‌شكر هێنرا به‌سه‌ركردابه‌تی حیشمه‌ت الدوله‌ بۆ له ‌ناوبردنی بزووتنه‌وه‌ی كورد، به‌ڵام شا ته‌نیا به‌ له‌شكركێشی بۆ سه‌ركوت كردنی چه‌كداری دانه‌كه‌وت، به‌ڵكو له‌هه‌مان كاتدا بزووتنێكی دیبلۆماسی چالاكی ده‌ست پێكرد، بۆ گه‌مارۆدانی سیاسی و دیبلۆماسی و جه‌نگی جوڵانه‌وه‌كه‌، له‌گه‌ڵ سه‌فیره‌كانی ڕووسیا و به‌ریتانیا، هه‌روه‌ها فه‌رمانی دا به‌ محسن خانی سه‌فیری خۆی له‌لای بابی عالی ئه‌ویش بكه‌وێته‌گه‌ڕ.
له‌ سه‌ره‌تای كانوونی یه‌كه‌می 1881دا، موحسن خانی سه‌فیری ئێران له‌ ئه‌سته‌مبوڵ، نامه‌ی ئاراسته‌ی هه‌موو هێزه‌ ناوبژیكه‌ره‌كان كردبوو، داوای به‌گه‌رخستی ده‌سه‌ڵاتیانی كردبوو، تا كاریگه‌رییان له‌سه‌ر بابی عالی هه‌بێت، هه‌نگاو بنێت بۆ ڕێگاگرتن له‌ شێخ عوبه‌یدوڵڵا، كه‌ ئێستا له‌ناو خاكی توركیا دایه،‌ سنووری ئێران نه‌به‌زێنێت، سه‌فیری ڕووسیش سه‌باره‌ت به‌ په‌لاماری كورده‌كان پشتگیری داواكای موحسن خانی سه‌فیری ئێرانی كردبوو.
ناسره‌دین شا له‌ وته‌كانی له‌گه‌ڵ (زینوفیفی) سه‌فیری ڕووسیا تێی گه‌یاند، ئێران وازی له‌ هه‌موو جموجۆڵێك هێناوه‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست دا، ئه‌ویش تكای وایه‌ له‌م گیروگرفته‌ دژی توركیا پشتی بگرێ، هه‌روه‌ها داوای لێ كرد ڕووسیا هێز بنێرێته‌ سه‌ر سنووری ئازه‌ربایجان، بۆ ڕێگرتن له‌ شۆڕشگێڕانی كورد و یارمه‌تیدانی سوپای ئێران له‌كاتی پێویست دا، زۆر له‌ ده‌وڵه‌تی عوسمانی بكا ئاژاوه‌ی كورده‌كان بكوژێنێته‌وه‌، سه‌ركرده‌كانیان ته‌مێ بكات، زه‌ره‌ر و زیانه‌كانی له‌م شه‌ڕه‌دا له‌ئێران كه‌وتوه‌ توركیا بۆی ببژێرێ. (زینوفیف) به‌پێڕه‌وه‌ی له‌ سیاسه‌تی ڕووسیای قه‌یسه‌ری، لای وابوو به‌بێ هێزبوونی ئێران زه‌ره‌ری بۆ ڕووسیا هه‌یه‌، به‌ڵێنی به‌شادا خواسته‌كانی به‌ پیتربۆرگ بگه‌یه‌نێ، ئومێدی یارمه‌تیشی پێ دا.
ناسره‌دین شا داوای له‌ (تومسونی) سه‌فیری به‌ریتانیاش كرد، زۆر له‌ توركیا بكا بكه‌وێته‌ شه‌ڕ دژی كورده‌كان و هاوكاری ئێران بكا، بۆ كوژاندنه‌وه‌ی شۆڕشه‌كه‌یان. له‌ئه‌سته‌مبوڵ میرزا محسن خانی سه‌فیری ده‌رباری قاجار له‌لای بابی عالی كه‌وته‌ ته‌قه‌للای دیپلۆماسی، له‌لایه‌ك له‌گه‌ڵ كاربه‌ده‌ستانی بابی عالی، كه‌ هاوكاری له‌گه‌ڵ ئێران بكا، بۆ سه‌ركوت كردنی جوڵانه‌وه‌كه‌ و هێز بنێرێته‌ سه‌ر سنووری ئێران – عوسمانی بۆ ئه‌وه‌ی پشت له‌ جوڵانه‌وه‌كه‌ بگرێ، له‌لایه‌كی تر له‌گه‌ڵ سه‌فیره‌كانی ڕووسیا و به‌ریتانیا تین ببه‌ن بۆ بابی عالی، كه‌ ده‌ست له‌ پشتگیری جوڵانه‌وه‌كه‌ هه‌ڵگرێ، ئاژاوه‌ی كورده‌كان بكوژێنێته‌وه‌ و سه‌ركرده‌كانیان ته‌مێ بكا. ئێران هۆكاری بزووتنه‌وه‌كه‌ی بۆ بارودۆخی ناوخۆی ئێران و خه‌مڵینی هۆشی ڕزگاری – نه‌ته‌وه‌یی گه‌لی كورد نه‌ده‌گێڕایه‌وه‌، به‌ڵكو ئیمپڕاتۆریه‌تی عوسمانیان تاوانبار ده‌كرد، له‌سه‌ر هاندانی په‌لاماردانی كورده‌كان و شێخ عوبه‌یدوڵڵا بۆ سه‌ر خاكی ئێران.
دیپلۆماته‌كانی ڕووس له‌ دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی شێخ بۆ نه‌هری چاودێری جموجۆڵه‌كانی ئه‌ویان ده‌كرد، هه‌ر زوو كاربه‌ده‌ستانی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی خۆیان ئاگادار كرد، شێخ كه‌وتۆته‌ پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ ده‌ست ڕۆیشتووه‌كانی كورد و سه‌رۆكه‌كانی ئه‌رمه‌ن و ئاسووری و شه‌ریفی مه‌ككه‌ و خدێوی میسر.
ئینگلیزه‌كان زانیاری زۆریان له‌ ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ كۆكرده‌وه‌، دژی جوڵانه‌وه‌كه‌ بوون، ئامۆژگاری شێخیان كرد ده‌ست هه‌ڵگرێ له‌ ڕاپه‌ڕین، ئامۆژگاری مه‌سیحیه‌كانیان كرد به‌شداری نه‌كه‌ن، ده‌نگوباسی ڕاپه‌ڕینه‌كه‌یان ده‌گه‌یانده‌ كاربه‌ده‌ستانی عوسمانی و ئێرانی، هانیان ده‌دان بۆ نه‌خشه‌ی له‌ناوبردنی.

(مێجه‌ر تروتێر) كونسوڵی به‌ریتانیا له‌ ئه‌رزروم له‌ نامه‌یه‌كیدا بۆ سه‌فیری خۆیان له‌ ئه‌سته‌مبوڵ دان به‌وه‌دا ده‌نێ ئه‌و هه‌واڵ و ده‌نگ و باسه‌ گرنگانه‌ی ده‌رباره‌ی نهێنیه‌كانی بزووتنه‌وه‌كه‌ پێی گه‌یشتوون، داویه‌تیه‌ كاربه‌ده‌ستانی تورك، خۆیشی ماوه‌یه‌كی درێژ له‌ ئه‌رزروم مایه‌وه‌، بۆ به‌شداری له‌ ئاماده‌كردنی ڕێوشوێنی له‌ناوبردنی بزووتنه‌وه‌كه‌.
خواسته‌كانی شێخ سیاسی بوون و هه‌ردوو ده‌وڵه‌تی ده‌گرته‌وه‌، له‌ئه‌نجامی تێشكانی جوڵانه‌وه‌كه‌ و ده‌ست تێوه‌ردانی ڕاسته‌وخۆی به‌ریتانیا و ڕووسیا سه‌ری نه‌گرت. عوسمانی كردی به‌به‌هانه‌ بۆ داواكاری مادی و دواخستنی جێبه‌جێ كردنی ماده‌ی 60ی په‌یمانی به‌رلین، گێڕانه‌وه‌ی قوتور و ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری بۆ ئێران.
ڕووسیاو به‌ریتانیا دوو هێزی سه‌ره‌كی بوون، له‌سه‌ر به‌هێزكردنی ده‌سه‌ڵاتی خۆیان له‌ناوچه‌كه‌دا له‌گه‌ڵ یه‌كتری له‌ ململانێ دابوون، به‌ڵام كه‌ مه‌ترسی هێزێكی سێیه‌م وه‌كو مڵۆزمی ئه‌م دووانه‌، په‌یدابووبێ، ئه‌وسا ململانێی نێوان هه‌ردووكیانی خاوكردۆته‌وه‌، تا ئه‌ویان ده‌رده‌كرد، هه‌روه‌كو له‌سه‌ره‌تای قه‌ڕنی 19 به‌رامبه‌ر مه‌ترسی (ناپلیۆن) ئه‌مه‌یان كرد، سه‌رزه‌مینی ئێران و عوسمانی ببوو به‌مه‌یدانی ململانێیه‌كی سه‌خت له‌ نێوان وڵاتانی ئه‌وروپی، به‌ڵام ڕووسیا و به‌ریتانیا له‌ هێزه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی ناوچه‌كه‌ بوون، هه‌وڵیان ده‌دا ڕێگا بگرن له‌ هاتنی هێزه‌كانی تر.
به‌ریتانیه‌كان هه‌میشه‌ ده‌یانویست ئێران و عوسمانی له‌یه‌ك نزیك بكه‌نه‌وه‌ و به ‌گفتوگۆ كێشه‌كانیان چاره‌سه‌ر بكه‌ن، بۆ لێدانی بزووتنه‌وه‌كه‌ی شێخ عوبه‌یدوڵڵا، مسته‌ر (تۆمسن) ده‌ڵێت: من هه‌ل نیه‌ نه‌مقۆستبێته‌وه‌ له‌سه‌ر قسه‌كردن له‌گه‌ڵ وه‌زیره‌كاندا، له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی ئاشوبی كورده‌كان، جار له‌ دوای جار دڵنیام كردونه‌ته‌وه‌ باوه‌ڕم وابووه‌ كورده‌كان ئه‌وانیان به‌هیچ زانیوه‌، هه‌وڵم داوه‌ ئه‌وه‌ بۆ قه‌دری پاشا و عابدین پاشا بسه‌لمێنم تا زووه‌ وتوێژه‌كانی نێوان توركیا و ئێران ته‌واو بكرێت. شا پێزانینی خۆی ڕاگه‌یا‌ند سه‌باره‌ت به‌و ڕۆڵه‌ چاكه‌ی دیویانه‌ له‌ هاندانی سوڵتان بۆ هاوكاری كردن له‌گه‌ڵیدا بۆ دامركاندنی یاخی بوونی كورده‌كان
هه‌وڵیان ده‌دا كۆمسیۆنێك پێك بهێنرێت بۆ باسكردنی كاروباره‌كان و دادگایی كردنی شێخ و كوڕه‌كه‌ی و شۆڕشگێڕه‌كانی تر، به‌رده‌وام جه‌ختیان ده‌كرد له‌ سزادانی ئه‌و شۆڕشگێڕانه‌ی جه‌نگیان له‌سه‌ر زلهێزێكی دۆست به‌رپاكردووه‌. هانی هه‌ردوو حكومه‌تی ئێران و توركیان ده‌دا ڕێكه‌وتنامه‌یه‌كی ڕه‌سمی بكه‌ن و ‌هیچ خێڵێكی كورد په‌نا نه‌ده‌ن، كه‌له‌وبه‌ر سنوره‌وه‌ داوای په‌ناهینده‌یی ده‌كات، كه‌ به‌هۆی خراپه‌كاری و تاوانه‌وه‌ له‌لایه‌ن كاربه‌ده‌ستانی خۆیانه‌وه‌ ڕاوده‌نرێن، حكومه‌تی ئێران ئاماده‌یی نیشاندا بۆ به‌ئه‌نجام گه‌یاندنی ڕێكه‌وتنێكی ئاوها له‌گه‌ڵ بابی عالیدا، به‌ڵام هه‌ندێ كێشه‌ هه‌بوو‌ كه‌ سه‌فیری توركیا بۆ ماوه‌یه‌ك نه‌چووه‌ به‌لای ئه‌وه‌دا وتوێژ بكات. به‌ڵام ئه‌وان له‌م كاره‌ به‌رده‌وام بوون، هه‌و‌ڵیان ده‌دا بۆ له‌ناوبردنی ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ی كورد.

سه‌ردانی شێخ عوبه‌یدوڵڵا بۆ ئه‌سته‌مبوڵ

هه‌موو نه‌یارانی شێخ عوبه‌یدوڵڵا ده‌یانویست به‌هه‌ر شێوه‌یه‌‌ك بێت شێخ ده‌داو بخه‌ن، له‌لایه‌ك گوشاری بێ پسانه‌وه‌ی ئێران و ڕووسیا و به‌ریتانیا بۆ سه‌ر ده‌وڵه‌تی عوسمانی بۆ گرتن و دوورخستنه‌وه‌ی شێخ عوبه‌یدوڵڵا و كوڕه‌كانی، له‌لایه‌كی تر هاندانی شێخ عوبه‌یدوڵڵا له‌لایه‌ن ڕووسیا و به‌ریتانیا بۆ گفتوگۆ، دوای كۆششێكی زۆر ده‌وڵه‌تی ڕووسیای تزار و ئینگلیز شێخ عوبه‌یدوڵڵایان گه‌یانده‌ ئه‌و بڕوایه‌ی پێویسته‌ له‌ ڕێگای وتوێژه‌وه چاره‌سه‌رێك بۆ مه‌سه‌له‌ی كورد بدۆزرێته‌وه‌، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ شێخ بڕیاریدا سه‌ردانی ئه‌سته‌مبوڵ بكات، له‌و باره‌یه‌وه‌ حه‌سه‌ن عه‌لی خان له‌ مێژووی: (11ی ڕه‌جه‌بی 1298ی كۆچی به‌رامبه‌ر 9/6/1881ز) له‌نامه‌یه‌كدا بۆ: عەلائولدەولە (ئەمیرنیزام) لە تەورێز ده‌نووسێت: ڕۆژی شەمە (6)ی مانگ، موسا پاشا بە(3) تابوور سوپاوە چوونەتە بارەگاكەی “شێخ” و گرتوویانە و دەست بەجێ‌ بەرەو “وان” یان بردووە، تا لەوێشەوە بۆ ئەستەمبوڵی ببەن، بەو جۆرەش كە ڕوون بۆتەوە كوڕەكانی شێخ هەڵاتوون و نێردراوانی دەوڵەتی عوسمانیش بە دوایاندا دەگەڕێن، تا بیانگرن و لەگەڵ شێخدا بیانبەن. ئیتر شێخ به‌ڕێزێكی زۆره‌وه‌ به‌ گیراوی برایه‌ ئه‌سته‌مبوڵ، ئه‌گه‌رچی له‌وێ پێشوازی شاهانه‌ی لێ كرا، به‌ڵام خواسته‌ سیاسیه‌كانی پشت گوێ خرا و خۆشی به‌ده‌ست به‌سه‌ری له‌وێ له‌جێگایه‌ك دانرا.

كوژرانی هه‌مزاغای مه‌نگوڕ و هاوڕێكانی

دوای دوورخستنه‌وه‌ی شێخ عوبه‌یدوڵڵا و گوشار و ته‌نگ پێ هه‌ڵچنینی هه‌مزاغای مه‌نگوڕ له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی عوسمانیه‌وه‌، له‌سه‌ر سنووره‌كانی عوسمانی – ئێرانی به‌تایبه‌تیش له‌ (4- 6- 1881ز) به‌دواوه‌ واته‌: له‌ دوای گرتن و بردنی شێخ عوبه‌یدوڵڵا له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی عوسمانیه‌وه‌، له‌باره‌گاكه‌ی خۆیه‌وه‌ بۆ (وان) و دواتریش بۆ ئه‌سته‌مبوڵ، ئیتر هە‌مزاغا تروسكایی هیوای هە‌ڵسانە‌وە‌ی شۆڕشی بە‌رە‌و كزبوون و كوژانە‌وە‌ دە‌چێ و تێ دە‌گات دە‌رە‌تانی پە‌ڕینە‌وە‌ و داڵدە‌دانی ئە‌ویش لە‌ قە‌ڵە‌مڕە‌وی عوسمانیدا تە‌سك دە‌بێتە‌وە،‌ ئە‌وسا لە‌وە‌ ناچار دە‌بێ خە‌می گە‌ڕانە‌وە‌ی خۆی بۆ ناوچە‌كە‌ و نیشتیمانە‌كە‌ی خۆی بخوات و بە‌ ناچاری وه‌ڵامی ئە‌و دە‌ستە‌ خائین و خۆ فرۆشانە‌ بداتە‌وە‌ كە‌ بە‌ناوی متمانە‌ و دۆستایە‌تی دێرینە‌وە‌ دە‌كە‌ونە‌ زە‌مینە‌ خۆشكردن بۆ دڵنیاكردنە‌وە‌ و تە‌فرە‌دان و هێنانە‌وە‌ی بە‌ سوێند و درۆ و دە‌لە‌سە‌ بۆ ناو تە‌ڵە‌ و داوی بۆسە‌یە‌كی دڕندانە‌وە‌. ئه‌گینا به‌رله‌ گرتن و بردنی شێخ عوبه‌یدوڵڵا بۆ ئه‌سته‌مبوڵ، به‌و په‌ڕی ژیانه‌وه‌ و هه‌ڵسانه‌وه‌ی شۆڕشه‌وه‌ ژیاوه‌، وه‌ك له‌ نامه‌ی ژماره‌ (103)ی حه‌سه‌ن عه‌لی خاندا ده‌رده‌كه‌وێ، بایه‌خی به‌نامه‌ی خودی سوپاسالاری ئێرانیش نه‌داوه‌، كه‌ داوای گه‌ڕانه‌وه‌ی لێ ده‌كات، به‌فیز و شكۆیه‌كی شۆڕشگێڕانه‌وه‌، مه‌رجی له‌توانا به‌ده‌ر، بۆ ئه‌و داوایه‌ی سوپاسالار داده‌نێ.
حه‌سه‌ن عه‌لی خان له‌ماوه‌ی ئه‌و 8 مانگه‌ی له‌ سابڵاخ فه‌رمانده‌ی ناوچه‌كه‌ بووه‌، ته‌قه‌لاكانی بۆ دارشتنی نه‌خشه‌ و پیلان و فریودان و خستنه‌داوی هه‌مزاغا زۆر شێلگیرانه‌ له‌كاردابووه‌، له‌ ڕێگای هاوڕێ دێرینه‌كانیه‌وه‌ وه‌ك میرزا قاسمی قازی و قادرئاغای دێبۆكری، به‌به‌ڵێنی ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێته‌وه‌ جگه‌له‌ لێخۆش بوونی گوێ له‌ داخوازیه‌كانیشی ده‌گیرێ، ئیتر به‌فێڵ و درۆ هه‌مزاغایان خسته‌ داوه‌وه‌ و كه‌وته‌ بۆسه‌یه‌كی نامه‌ردانه‌وه‌، هه‌مزاغا ڕۆژی هه‌ینی (3ی ڕه‌مه‌زان- 31- 7- 1881ز) سه‌عاتێك پێش خۆرئاوا بوون كوژرا، هه‌روه‌ها دوانزه‌كه‌س له‌ برازا و خۆشكه‌زاكانی له‌گه‌ڵیدا كوژران و كۆتایی به‌چالاكیه‌كانیان هێنرا.

هه‌ڵاتن و گه‌ڕانه‌وه‌ی شێخ بۆ كوردستان

شێخ عوبه‌یدوڵڵا كه‌ زانی زیندانی كراوه‌ له‌ بابی عالی نائومێد بوو، دوای ساڵێك مانه‌وه‌ی له‌وێ سه‌رله‌نوێ به‌نهێنی كه‌وته‌وه‌ هه‌وڵدانی ڕێكخستنه‌وه‌ی هێزه‌كانی، پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ لایه‌نگره‌كانی و له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی ده‌وڵه‌تانی بێگانه‌ نوێ كرده‌وه‌، تا هه‌لێكی بۆ هه‌ڵكه‌وت، له‌ ئابی 1882 به‌پاسپۆرتێكی دروست كراو به‌ناوی بازرگان ڤیزای ڕووسیای وه‌رگرت، له‌به‌رگی بازرگانێكدا له‌ڕێگای كافكاسه‌وه‌ ڕووی كرده‌وه‌ كوردستان، گه‌ڕایه‌وه‌ باره‌گاكه‌ی خۆی بۆ درێژه‌پێدانی خه‌بات.
هه‌ڵاتنی شێخ عوبه‌یدوڵڵا په‌ژاره‌ی زۆری لای ده‌رباری قاجاری دروست كرد، ئێران داوای له‌ بابی عالی كرد كه‌ بیگرێ و دووری بخاته‌وه‌، هه‌روه‌ها داوای له‌ ڕووسیا و به‌ریتانیاش كرد پشتی بگرن، ئێران و ڕووسیا و به‌ریتانیا بابی عالیان ناچار كرد چاره‌ی سوپایی مه‌سه‌له‌ بكات. هه‌ردوو ده‌وڵه‌تی توركیا و ئێران ده‌رفه‌تێكی وایان به‌شێخ نه‌دا بتوانێ به‌ ڕێك و پێكی په‌یوه‌ندی به‌ لایه‌نگرانیه‌وه‌ بكا و سه‌رله‌نوێ ڕێكیان بخاته‌وه‌. هێزه‌ چه‌كداره‌كانی تورك له‌ هه‌كاری چوونه‌ سه‌ر شێخ عوبه‌یدوڵڵا له‌ كۆتایی تشرینی یه‌كه‌می 1882 به‌دیل گیرا، به‌هێزێكی گه‌وره‌وه‌ له‌گه‌ڵ 100 خێزانی لایه‌نگری ڕه‌وانه‌ی موسڵ كرا. ئینجا له‌ موسڵه‌وه‌ ڕه‌وانه‌ی ئه‌سكه‌نده‌روونه‌، و بێروت و پاشان دوورخرایه‌وه‌ بۆ حیجاز، له‌وێ گلیان دایه‌وه‌ تا ساڵی 1883 هه‌ر له‌ حیجاز كۆچی دوایی كرد. ئیتر به‌دوورخستنه‌وه‌ی شێخ عوبه‌یدوڵڵا و هاوڕێكانی په‌رده‌ی ڕاپه‌ڕینی كورد له‌ ساڵی 1880 دادرایه‌وه‌ و به‌یه‌كجاری خامۆش بوو.

ئه‌نجامی شكستی ڕاپه‌ڕینه‌كه‌

ڕێوشوێنه‌كانی جێبه‌جێ كردنی به‌رنامه‌ی ده‌رباری ئێرانی بۆ كوژاندنه‌وه‌ی ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ له‌مه‌یدانی جه‌نگی، سیاسی، دیپلۆماسیدا سه‌ری گرت، له‌بواری جه‌نگی شا توانی هێزێكی ڕێك و پێكی مه‌شق پێكراوی به‌دیسپلین به‌فه‌رمانده‌یه‌كی سیاسی- سوپایی لێوه‌شاوه‌ و به‌هاوكاری ئه‌فسه‌ری شاره‌زای نه‌مسایی ڕه‌وانه‌ی كوردستان بكات، له‌ كوردستانی بن ده‌ستی ئێران هێزه‌ چه‌كداره‌كانی ئێران میلیشیا و نیزامی به‌توند و تیژییه‌كی له‌ ڕاده‌به‌ده‌ر كه‌وتنه ‌سه‌ركوت كردنی خه‌ڵك و سزادانی به‌ كۆمه‌ڵ بۆ ئه‌وه‌ی چاوترسێن ببن و جارێكی تر زاتی هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ و ڕاپه‌ڕین نه‌كه‌ن، كه‌ توانای مرۆیی و ئابووی خه‌ڵكی له‌ ناوچه‌كه‌ بڕی، به‌قسه‌ی سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداری وه‌كو مسعود میرزا زل ئه‌لسڵتانی كوڕی ناسره‌دین شا له‌و چه‌ند هه‌فته‌یه‌دا سه‌د هه‌زار كه‌س كوژران و سه‌د هه‌زار كه‌س ده‌ربه‌ده‌ر بوون و دوو هه‌زار گوندی گه‌وره‌ و بچوك وێران كران، ئه‌مه‌ش زه‌ره‌رێكی ئه‌وه‌نده‌ قورس بوو له‌ كورد كه‌وت، تا نزیكه‌ی 30 ساڵ وزه‌ی جوڵانی له‌ بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌ی كوردی ئێرانی نه‌هێشت.
له‌ كوردستانی بن ده‌ستی عوسمانیدا سوڵتان به‌پێچه‌وانه‌ی ئێرانه‌وه‌، هه‌وڵی دا كورد به‌لای خۆیدا ڕابكێشێ و بیكاته‌ هێزێكی گه‌وره‌ی رێكخراو، بۆ پاراستنی سه‌ڵته‌نه‌تی خۆیی و به‌كارهێنانی له‌ سه‌ركوت كردنی ئه‌رمه‌نیه‌كان و به‌كارهێنانی له‌ شه‌ڕدا دژی ئێران و ڕووس. سوڵتان عه‌بدولحه‌مید له‌گه‌ڵ شێخ و مه‌لاكانی كورد پێوه‌ندی پته‌وی دروست كرد، موچه‌ی بۆ زۆربه‌یان بڕیه‌وه‌، كوڕ و نه‌وه‌ی ئه‌میره‌ كورده‌ لێخراوه‌كان له‌ ئه‌سته‌مبوڵ له‌ خۆی نزیك كرده‌وه‌، هه‌ندێ قوتابخانه‌ی له‌ هه‌ندێ جێگای كوردستان دامه‌زراند، له‌ ساڵی 1885 یشه‌وه‌ ده‌ستی كرد به‌ نزیك خستنه‌وه‌ی ئاغا و شێخ و مه‌لاكانی كورد له‌ خۆی بۆ پێكهێنانی تیپه‌ حه‌میدییه‌كان ( حه‌میدیه‌ سواری الایلری) له‌خێڵ و هۆزه‌كانی كورد.
له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌شدا بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی كورد به ‌تێپه‌ڕینی زه‌مان ناوه‌رۆكه‌ سیاسیه‌كه‌ی چاكتر خه‌مڵی، كه‌ دواتر له‌ شێوه‌ی هۆشی نیشتمانی په‌یدابوونی گۆڤار و بڵاو كراوه‌، دامه‌زراندنی یانه‌ی ڕۆشنبیری و ڕێكخراوی سیاسی زیاد بوونی ده‌وری كورد له‌ بابی عالیدا خۆی نواند.
بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی 1880 له‌ جاران زیاتر سه‌رنجی ده‌وڵه‌ته‌ ئه‌وروپیه‌ گه‌وره‌كانی به‌لای خۆیدا ڕاكێشا، گرنگی ئه‌م گه‌لی كورد له‌ناوچه‌كه‌دا، به‌تایبه‌تی گرنگی جیۆپۆله‌تیكی نیشتمانه‌كه‌ی بۆ ئه‌و‌ان ده‌ركه‌وت، هه‌وڵیاندا له‌ جاران زیاتر ده‌سه‌ڵاتی خۆیان له‌ كوردستان به‌هێز بكه‌ن. گه‌ریده‌ و ئه‌فسه‌ر و ئاركیۆلۆگ و جاسوس…. سه‌ردانی كوردستانیان ده‌كرد، لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ زمان و فه‌رهه‌نگ و مێژوو، لایه‌نی سیاسی، كۆمه‌ڵایه‌تی ژیانی خه‌ڵكی كوردستان و جوگرافیای وڵاته‌كه‌یان له‌لایه‌ن ده‌زگا زانستیه‌كانی ڕووسیا و به‌ریتانیا و ئه‌ڵمانیاوه‌ په‌ره‌ی سه‌ندو زۆرتر بوو، ئه‌مه‌ش بایه‌خدانی ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌یه‌ به‌ كورد و شوێنی ژیانی.

ڕه‌سوڵ بۆسكێنی
————————————————————————-

سه‌رچاوه‌كان:
1- حەسەن عەلی خانی گەڕووسی، شۆڕشی شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری لەبەڵگەنامەكانی قاجاری دا..، و: لە فارسیەوە: محەمەد حەمە باقی، چاپخانەی دەزگای ئاراس – هەولێر- ساڵی 2007.
2- جه‌لیلی جه‌لیل، ڕاپه‌ڕینی كورده‌كان ساڵی 1880، وه‌رگێڕ: دوكتۆر كاوس قه‌فتان، چاپخانه‌ی (الزمان)، به‌غدا- 1987.
3- دكتۆر عه‌زیز شه‌مزینی، جوڵانه‌وه‌ی ڕزگاریی نیشتمانی ی كوردستان، وه‌رگێڕانی: فه‌رید سه‌سه‌رد، چاپی دووه‌م، سلێمانی- 2006.
4- د. وه‌لید حمدی، كورد و كوردستان له‌ به‌ڵگه‌نامه‌كانی به‌ریتانیادا، و:محه‌مه‌د نوری تۆفیق، چاپخانه‌ی ئۆفیسی تیشك، سلێمانی 1999، ل 247. نه‌وشیروان مسته‌فا، كورد و عه‌جه‌م.
5- عەلی خان گۆنەخان ئەفشار، شۆڕشی شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری لە بەڵگەنامەكانی قاجاری دا…، وه‌رگێڕانی: محەمەد حەمە باقی، چاپخانەی ئاراس- هەولێر – 2007.
6- محه‌مه‌د حه‌مه‌ باقی، ڕاپه‌ڕینی هه‌مزاغای مه‌نگوڕ له‌به‌ڵگه‌نامه‌كانی قاجاریدا1854-1881)، چاپی یه‌كه‌م، چایخانه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌” 2002.
7- م. س. لازاریف، مێژووی كوردستان، وه‌رگێڕانی: هوشیار عبدالله‌ سه‌نگاوی، چاپخانه‌ی ڕۆژهه‌ڵات – هه‌ولێر، 2008.
8- نه‌جاتی عه‌بدوڵڵا، شۆڕشی شێخ عوبه‌یدوڵڵای نه‌هری له‌ به‌ڵگه‌نامه‌كانی فره‌نسیدا (1879- 1882)، سلێمانی 2004.
9- نه‌وشیروان مسته‌فا، له‌تاریكیه‌وه‌ به‌ره‌و ڕووناكی، چاپخانه‌ی ده‌زگای چاپ و به‌خشی سه‌رده‌م، سلێمانی – 1999.
10- نه‌وشیروان مسته‌فا ئه‌مین، كوردو عه‌جه‌م مێژووی سیاسی ڕووداوه‌كانی ئێران، چاپی سێیه‌م، چاپخانه‌ی ڕوون، سلێمانی – 2007.
11- هه‌ستیار كه‌مال كوردی، سیاسه‌تی ڕووسیای قه‌یسه‌ری به‌رامبه‌ر به‌ كورد (1850- 1914)، چاپی یه‌وكه‌م، چاپخانه‌ی حه‌مدی، سلێمانی 2011.




بیری موسافرەکانم دەکەم : چیرۆکە تەکسی …. جەلال قادر

بیری ئەو ڕێبوارانە دەکەم کە بەیەک ڕستەی سەرنجڕاکێش، هەست و سۆزمیان سڕ دەکرد. بۆ
نموونە :
جارێکیان خانمێکی نازدار موسافرم بوو، بەم شێوەیە وەڵامی موبایلەکەی دایەوە :
جا بە من چی، مرد؟ ئەگەر منی خۆشبویستایە هەرگیز نەدەمرد.
(موبایەلەکەی داخست)
ویستم لێی بپرسم کێ مردووە؟ بەلام لەبەرئەوەی وتەکەی وەک دێرە شیعرێک وابوو. بۆ ماوەیەک
بێدەنگ بووم.
لەپاش چەند خولەکێک بینیم چەند دڵۆپە فرمێسکیک لە چاوەکانی دێتە خوار.
——————-
موسافرێکیترم : خانمێکی ڕەشپۆش بوو، هەرکە دانیشت، ئاوڕێکم لێدایەوە تا لێی بپرسم بۆکوێ
دەچێت؟
بە قوڕگی پڕ لە گریانەوە وتی : ئەرێ کاکی شوفێر، لە ڕەش ڕەشتر هەیە بیپۆشم؟
سەرەتا نەمزانی مەبەستی چییە، بەلام هەستمکرد لەژێر ئەم ڕەشپۆشیا خەمێکی قورس خۆی حەشارداوە.
پێمگووت : گوێی مەدەرێ…شەو تا تاریکتربێت ئەستێرەی درەوشاوەتر دەبێت.
(بزەخەندەیەک کەوتە سەر لێوی…دڵی خۆشکردم)
پێشئەوەی دابەزێت، بە نووکی پەنجەی دەستی، پەرچەمی ڕەشی لەسەر رووخساری لابرد وتی : وا
ئەستێرەک لە ئاسمانەوە بەربوە خوارەوە!
—————————–
یادگارییەکترم لەگەل خانمێکی بەتەمەن بوو، لە کورسیەکەی پشتەوە بە بێدەنگی دانیشتبوو. لە ئاوێنەکەوە
تەماشایەکیم کرد، چرچ وڵۆچی گەردن و ناوچەوانی بە ئاشکرا دیاربوو. بۆیەی ڕەشی لە پرچی دابوو.
زەنگی موبایلەکەی لێیدا. بە تووڕەییەوە وەلامی دایەوە :
تۆ مووی سەرمت سپی کرد.
( یەکسەرموبایەلەکەی داخست )
ئینجا تەماشایەکی منی کرد و بە زەردەخەنەیەکەوە وتی :
لەداخی ئەو پرچم بۆیە کردوە تا لەبیری خۆمی بەرمەوە.
———————
بەم شێوەیە بیری موسافرەکانم دەکەم




مانیفێستی عەشق.. بەشی چوارەم…. تێکست: ستیڤان شەمزینی

خۆم زۆر بە دەوڵەمەند دەزانم
چوون لە بری پارە، تۆم هەیە


وەکوو ماسییەکی بێ چارە
کەوتوومەتە تۆڕی عەشقی تۆوە


دەنکە مروارییەکم
ئێستا لە بری دەریا
دڵی تۆ نیشتمانی ئەبەدیی منە


لە ناو قەرەباڵغییەکی بێوێنەدا ئاشقت بووم
بەڵام بە تەنیاییەکی کوشندەت سپاردم


ئامانجی من لە درێژەدان بە ژیان
مانەوەیە لە دڵی پڕ سۆزی تۆدا


خەریکی نووسینەوەی رۆمانێکم
تیایدا ئەشقی تۆ، من ئەکوژێت


راستییەک لەسەر خۆم ئەزانم
مەرگم ئەو رۆژەیە لە تۆ دائەبڕێم


گەر پێتوایە پێویستە بێدەنگ بم
رێم بدە لە خەیاڵدا هاوار بکەم
خۆشم ئەوێی


یەک خەیاڵ و یەک خەونم هەیە
ئەویش تەنها ئامێزی میهرەبانی تۆیە


هەروەک بەیەک گەیشتنی دوو رووبار
بە بێدەنگی ئەڕژێینە خەونەکانی یەکترەوە


نیگای سیحراویت چەند کاریگەرە
هەوێنی هەزار قەسیدەی بێ کۆتاییە


هەمیشە لە قووڵایی رۆحی پەروانەیتا
ئاوازی ئەشقێکی سەرمەدیی دەژەنم


من دەریام و تۆش باران
بەهێمنی ئەبارێیتە سەر دڵی نەرمم


هەست بە ترپەی دڵت دەکەم
ئەو ساتانەی دەڵێی خۆشم ئەوێی


تێبینی: ئەم پۆستەرانە بەشێکن لە کۆ پۆستەری “مانیفێستی عەشق” لە دیوانە شیعری “بەتیشکی عیشقت ئەدرەوشێمەوە” لە ساڵی 2017 لە کوردستان چاپ و بڵاو کراوەتەوە.




داعشی تیرۆریست هێشتا جێی مه‌ترسییە … ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب

لە عێراق هێشتا مەترسى سەرهەڵدانەوەى داعش هەیە و کۆتایی پێنه‌هاتووه‌و شانە نوستوەکانیان چالاکییان هه‌یه‌و سه‌رباری ئه‌و گورزه‌ به‌هێزانه‌ی به‌ریكه‌وتن تا ئێستا بایه‌خ به‌ بره‌ودان به‌ چالاكییه‌كانی ئه‌دات و، ئه‌یه‌وێت بگه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ركرده‌وه‌ تیرۆرستییه‌كانی وه‌ك جاران.
حه‌یدر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووی عێراق له‌ پاش شه‌رو ئازادكردنی شاری موسڵ و، پێش ئه‌وه‌ی كورسییه‌كه‌ی به‌جێبهێڵێت له‌ 9 ی كانونی یه‌كه‌م ( دێسه‌مبه‌ر) ی 2017 رایكه‌یاند داعش كۆتاییهات و، دوا به‌دوای عه‌بادی به‌ چه‌ند رۆژێك رۆناڵد ترامپ سه‌رۆكی ئه‌مریكا بە فەرمی ڕایگەیاند کە خەلافەتی داعش لە عێڕاق و سوریادا کۆتایی پێهاتووەو، هه‌ردووكیان درۆیانكردو، وا نزیكه‌ی دوو ساڵ نیو تێئه‌‌په‌رێت و هێشتا داعش له‌ ناوچه‌ سنوورییه‌كانی عێراق و سوریاو پارێزگاكانی كه‌ركوك و سه‌ڵاحه‌دین و ئه‌م ناوچانه‌ داقوق و مه‌خمورو خانه‌قین و نه‌فتخانه‌و شیخ باوه‌و دوبزو شوێنی تر ماوه‌و، ده‌سه‌ڵاتی فراوانی هه‌یه‌و له‌ هه‌ندی ناوچه‌ش‌ هێرش ئه‌كات و هێزه‌كانی حكومه‌ت دۆش داماون و هیچیان پێناكرێت.
خه‌لافه‌تی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی (داعش ) ر‌فتاری نامرۆڤانه‌ی زۆری ئه‌نجامداوه‌و ، خه‌ڵكێكی سڤیلی بێتاوانیان كوشت و سه‌دان و هه‌زاران كه‌سیان گرت وزیاتر له‌ حه‌وت هه‌زار كج و ئافره‌تی ئێزدی و كریستانیان گواسته‌وه‌ بۆ شوێنی نادیار زوربه‌یان وه‌ك كوێله‌و كه‌نیز فرۆشران و، ئێستا لاوازو بێهێزن و، توانای شه‌ری رووبه‌رووبۆنه‌ی راسته‌وخوێان وه‌ك جاران نه‌ماوه‌و به‌تایبه‌ت له‌و شوێنانه‌ پێشمه‌رگه‌ی كوردستان به‌ هؤی رووداوه‌كانی 16 ی ئوكتۆبه‌ری 2017 چۆڵێكردووه‌ ئه‌كبیڤ و چالاكن و ئیسلامییه‌كان به‌ زۆریی تاقمی سه‌رلێشێواوی ئیخوان الموسلمین كه‌ جاشی رژێمی توركیان، شانازی به‌ داعشه‌وه‌ ئه‌كه‌ن و، پروپاگه‌نده‌و ریكلامیان بۆ ئه‌كه‌ن و ئه‌ڵێن داعش رێكخراوێكی توكمه‌یه‌ و به‌هێزه‌ و، توانا سه‌ربازییه‌كانی هێشتا تێكنه‌شكێنراون و، توانای هێرشكردنی هه‌یه‌و، سوپای عێراق و حه‌شدی شه‌عبی توانای كۆنترۆڵ كردنیان نه‌ماوه‌.
چالاكییه‌ تاوانكارییه‌كانی داعش له‌م دوواییه‌دا چه‌ندین پاریزگای گرته‌وه‌و نزیك ناوچه‌كانی به‌غدای پایته‌خت بووه‌وه‌و، ئه‌م تاوانه‌ مه‌ترسیدارانه‌ی رێكخراوی تیرۆریستی داعش دڵه‌راوكێی له‌ ناو خه‌ڵك دروستكردووه‌و هه‌ندێ سه‌رچاوه‌ باس له‌ هاتنه‌وه‌ی سه‌رله‌ نۆیی ئه‌كه‌ن و له‌ موسڵ باج و سه‌رانه‌ وه‌رئه‌گرن و ئه‌وه‌ش كه‌موكوری وسیستی نواندنی هێزه‌ سه‌ربازی وئه‌منی و هه‌واڵگیرییه‌كانی عێراق ده‌رئه‌خات وئاماژه‌یه‌ بۆ هه‌وڵدانی رێكخراوه‌ تیرۆریستییه‌كه‌ بۆ كۆكردنه‌وه‌ی ئه‌و تاقمه سه‌رلێشێوانانه‌ كه‌ پرشوبڵاو بوونه‌ته‌وه‌.
سه‌رهه‌ڵدانی داعش و په‌ره‌سه‌ندنی چالاكییه‌كانی كه‌م ته‌رخه‌می وسیستی نواندنه‌ به‌رانبه‌ر به‌ كرده‌وه‌ی روژانه و نه‌خشه‌كانی داعشه‌ و، نه‌بوونی رێكخستن و هاوكارییه‌ له‌ نێوان دامه‌زراوه‌كانی هێزی چه‌كدارو ئاسایش و حه‌شدی شه‌عبی و پێشمه‌رگه‌یه‌ و هه‌موو ده‌رهاویشته‌كان كه‌ ده‌ستكه‌وتووه‌ رێكخراوی تیرۆریستی هه‌وڵئه‌دات هیزو شانه‌ نووستوه‌كانی له‌ ناوچه‌ ئازادكراوه‌كان كاراو چالاك بكاته‌وه‌و خه‌ڵكی ئه‌و ناوچانه‌ش تا ئێستا له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ هیچیان بۆنه‌كراوه‌و باریان قورسه‌و ئه‌وه‌ی داعش داگیری كردو تێكیدا وه‌ك خۆی ماوه‌ته‌وه‌و نۆژن و بینا نه‌كراوه‌و كۆچبه‌ركان نه‌گه‌راونه‌ته‌وه‌ بۆ شارو دێهات و ئاوییه‌كانیان و هه‌لی كاریان بۆ نه‌ره‌خساوه‌و فایه‌ل و دوسییه‌ی هه‌زاران بێسه‌روشوێن و زیندانیانی خه‌ڵكی ناوچه‌كان كه‌ڵه‌كه‌كراوه‌و ده‌ستكاری نه‌كراون.
به‌رامبه‌ر به‌ مه‌ترسییه‌كانی داعش پێویسته‌ به‌ سیسته‌مێكی بته‌وو یه‌كگرتوو له‌ رووی سیاسی وئه‌منی وئابورییه‌و، سنورێك بۆ زۆرانبازی به‌رته‌سكی حزب حزبێنه‌ دابنرێت و بایه‌خ به‌ هاوڵاتیانی ناوچه‌ ئازادكراوه‌كان له‌ داعش بدرێت و چاره‌سه‌ری بۆ دوسییه‌ تایبه‌تییه‌كانیان بدۆزرێته‌وه‌و له‌ رووی ئه‌منییه‌وه‌ پێویست به‌ وریایی ئه‌كات بۆ به‌رنگاربوونه‌ وهێرشكردن بۆ سه‌ر شانه‌ نووستووه‌كانی و تێكدانیان.
پێویسته‌ حكومه‌تی ناوه‌ندو حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌ماهه‌نگی باش بۆ هاوكاری سه‌ربازی و ئه‌منی دروست بكه‌ن و رێگا به‌ داعش نه‌درێت سوود له‌ خاڵه‌ لاوازه‌كانی نێوانیان وه‌ربگرێت.
راونانی یه‌كجاره‌كی رێكخراوی داعشی تیرۆریستی و له‌ناوبردنی به‌ ته‌واوه‌تی شه‌ری هه‌مووانه‌ له‌ ئاستی عێراق وگشت وڵاتان و، پێویسته‌ هه‌رچی توانا هه‌یه‌ له‌ دژی به‌كار بهێنرێت و په‌رده‌ له‌ سه‌ر نه‌خشه‌ گڵاوه‌كانی لاببرێت و بواری پێنه‌درێت پرۆژه‌ چه‌په‌ڵه‌كانی تێبپه‌رێن.
گەندەڵى هەڕەشەیەکى گەورەیە لەسەر عێراق و گروپە چەکدارەکان لەدەرەوەى یاسا کارەکانیان دەکەن و پێویستە حكومه‌تی عێراق چه‌كی میلیشیاكان داماڵێت کۆنتروڵیان بکات.
له‌ 5 ی كانونی دووه‌می (جه‌نیوه‌ری) 2020 به‌رله‌مانی عێراق به‌بێ كوردو سوننه‌كان به‌ فیتی ئێران ده‌نگیاندا بۆ ده‌ركردنی هێزی سه‌ربازی ئه‌مریكاو هاوپه‌یمانان له‌ عێراق و، له‌مرۆدا حزبه‌ شیعه‌كان گڵۆڵه‌یان كه‌وتوه‌ته‌ لێژی و ترسی داعشیان لێنێشتووه‌ په‌شیمان بوونه‌ته‌وه‌و به‌ ده‌نگی به‌رزو راشكاوانه‌ ئه‌ڵێن ئێمه‌ زۆر پێویستیمان به‌ ئه‌مریكایه‌ له‌ سه‌ر ئاستی ئابووری و ته‌ندروستی و ئه‌منی بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین داعشی تیرۆریستی له‌ناوبه‌رین.
13/5/2020




دەرگا به دەرگا، دار دار …شیعری / نەوزاد بەندی

کە
دیکتاتۆر
هەموو دەرگا و
پەنجەرەکانی
لە خەڵک داخست ..
دەرگا و
پەنجەرەکانی
دۆزەخی لێئەخرێتە
سەرپشت …

ئەوەیش بە کات کەوتووە ..
خەڵک هەیە هوشیارە ،
بە خێرایی
ڕائەپەڕێ ..
خەڵکیش هەیە گەمژەیە ،
هەتا
کەشتیەکە وەرنەگەڕێ ،
دەنگ هەڵنابڕێ ..




بە کانتۆنکردنی سلێمانیی: دیسێنترەڵایزی دەسەڵاتێکی نانیشتمانیی … کامیار سابیر

پارێزگای هەڵەبجە، وەکو پارادایمێکی خۆخۆر!
ئەم وتارە، دووبەشە. هەردوو بەشەکە بەسەریەکەوە دانراون. ( ئەم وتارە لە ٢٠١٤ نووسراوە، لەبەر پێوەندیی بە پرسە سیاسییەکانی رۆژەوە، جارێکی تر، بڵاوی دەکەمەوە)
کامیار سابیر

بەشی یەکەم:
{ پێشەکیی، ئەم باسە، لەم کاتەدا بڵاو دەکەمەوە، بە پێچەوانەی ئیشتیهای سیاسیی و ئایدیۆلۆژیی ئەم حیزب و ئەو رێکخراو ، لەناو فەوضایەکی سیاسیی و کولتوورییدا، کە پێدەچێ، کورد، هیچ کاتێک،ئەوەندەی ئێستا، لە مێژووی کۆن و نوێدا، دروشمی کۆنترادیکت( تەناقوض و موفارەقە)، بەتاڵ و خاڵیی لە فیکر، سیاسەت و جیهانبینیی، بەرزنەکردبێتەوە. }

کانتۆن، بە سادەیی و خاکیی، بە واتای دابەشکردنی کارگێڕیی وڵاتێک( country)، هەرێمێک، ناوچەیەک یان دەوڵەتێک ( State) دێت. نموونەی زۆر لە دونیادا هەن، باشتریینیان، وڵاتی سویسرا و ئوسترالیان، بەکردەوە، هەرێمەکانیان، یان حکومەتە لۆکاڵییەکانیان، نیمچە سەربەخۆییەکیان هەیە. کانتۆن، یان حکومەتی لۆکاڵیی، یەکێکە لەو چارەسەرە سیاسیی و دیپلۆماسییانەی لەئاستی نێونەتەوەییدا، گرنگییەکی زۆری هەیە.
بەنرختریین بەهای بەکانتۆنکردن(Cantonisation )، یان ئەوەی لە زمانی سیاسییدا دیسێنترەڵایز( لامەرکەزییەت)ی لاسەنگیی asymmetrical decentralisation، یاخود تەخشانکردنی diffusion دەسەڵاتی پێدەگوترێ، دامرکاندنەوەی توڕەیی و بەردانەوەی ئەوە پەنگخواردنەوەیەیە لە لایەن زۆرینەی تاک و گرووپەکانی ئەو جڤاک و دەڤەرەوە لە دژی ناعەدالەتیی (کۆمەڵایەتیی، سیاسیی، ئابووریی..تاد)، بوونی هەیە. بۆئەوەی ئازادانەتر، لەڕووی سیاسیی و تا ڕادەیەکیش لەڕووی ئابوورییەوە مامەڵە لەگەڵ خۆیان و حکومەتە لۆکاڵییەکانی تر و حکومەتی سێنتەر(ناوەند) و ناوچەکەشدا بکەن. بەم هۆکارانە، لەهەوڵی بەکانتۆنکردنی ناوچەکەیان، یان شارەکەیاندا دەبن.
باسی بەکانتۆنکردنی شارەکانی هەرێمی کوردستان، تەنانەت شاری کەرکوک کە هێشتا لە گێژەنی ماددەی ١٤٠ دا ماخۆلانیەتی، لای هەندێ ناسیۆنالیستی بێسەوادی کورد و حیزبی خۆبەنەتەوەییزان، باسێکی “تابوو”ە. باسکردنی ئەوەی کەرکوک بکرێ بە کانتۆنێکی سەربەخۆ و حکومەتێکی لۆکاڵیی، جودا لە هەژموونی ئیداریی و تا رادەیەکیش سیاسیی، حکومەتی فیدراڵی عێراق و هەرێم، یان ئەوەی پێیدەگوترێ،هەرێمێکی سەربەخۆ، دابمەزررێنی، لەناو هەندێ نەتەوەیی کورددا، لەناو هەندێ حیزبدا، بەتایبەتیی پارتیی دیموکراتیی کوردستان( بەدەر لە شیعاری پووچی ناسیۆنالیستیی و دزیینی نەوتەکەی بەشەریکیی لەگەڵ یەکێتییدا، هیچی بۆ کەرکوک نەکردووە) وەکو خیانەتی نەتەوەیی، خاکفرۆشتن، پارچەپارچەکردنی کوردستان و لاوازبوونی دەنگی کورد….دەیان ریتۆریکی رۆمانسیی تر، دەخوێنرێتەوە.

وێڕای ئەوەی پارتیی، خۆی چەند بەشدارییەکی نێگەتیڤییانەی لەدابەشبوونی جیۆگرافیای هەرێمی کوردستان و دابڕانی دهۆک لە شارەکانی تری هەرێم هەیە؟ هاوکات چەندیش فاکتەرێکی زۆر نێگەتیڤە لەسەر سەرجەم بزوتنەوەی ناسیۆنالیستیی کورد و دابەشبوونی هەرێمی کوردستانی عێراق کە تا ئەم ساتەش، دوو ئیدارەیی، دیفاکتۆیەکی سیاسیی و جیۆگرافیی و تەنانەت ئابوورییشە. وێڕای رۆڵی نێگەتیڤانەی پارتیی، لەسەر خەباتی رزگارییخوازانەی کورد، لە پارچەکانی تری کوردستاندا کە ژانی ئەم دەردە، لەپشتی کوردەکانی کوردستانی تورکیە و سوریەدا، زۆر کاریگەرە، کەچیی هێشتا، ئەمجۆرە بازرگانییە بە ناسیۆنالیزمێکی بەتاڵ و کەسیفەوە، هەر درێژەی هەیە و بایی خۆیشی گوێگر و بلوێرژەنیشی هەیە!

لە نێوان هەرێمی کوردستانی عێراق و دەوڵەتی عێراقدا، یەک دەوڵەتی سیادیی هەیە کە ناوی عێراقە. سیستەمی سیاسیی و کارگێڕیی تا رادەیەک لە Dual-State دەوڵەتی دووانیی دەچێت. جیاوازییەکە ئەوەیە، هەرێمی کوردستان سەر بە دەوڵەتی عێراقە، بەڵام لە چوارچێوەی سیستەمێکی فیدراڵییدا. ئەو نیمچە سەربەخۆییەی هەرێمیش، دەکرێ بە territorial autonomy واتە بە ئۆتۆنۆمیی ناوچەیی یان هەرێمیی ناو ببرێت. لە روانگەی ماکس وێبەر- یان ڤێبەر( Max Weber) ەوە، ” دەوڵەت، مۆنۆپۆلی ئەو شەرعیەتە دەکات، کە هێزی فیزیکیی لە چوارچێوەی سنوورەکانیدا بەکاربهێنێت.”

وەکو دیفاکتۆ، هێزەکانی دەوڵەتی عێراق، توانای جێبەجێکردنی ئەم مۆنۆپۆلییەیان لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا، لە ئێستادا نییە، ئەگەر بە پرس و راوێژ بە حکومەتی هەرێم( پارتیی و یەکێتیی) نەبێت، توانای جوڵاندنی سەربازێکیان بۆ هەرێم نییە. دووبارە ، وەکو دیفاکتۆ، نە پارتیی و نەیەکێتیی، توانای قەڵەمڕەویی و شەرعییەتی هێزیان لە ناوچەکانی لایەنی بەرامبەردا نییە. کەواتە بەکردەوە، دوو هەرێمی( ئەگەر سیان نەبێت) سیاسیی و جیۆگرافیی لە عێراقدا هەن، دوو هەرێمۆکەش لە کوردستاندا هەن، ئەوە وێڕای ئەوەی حکومەتی دهۆک، بە زمانی سەربەخۆی خۆیەوە، زمانێکی جیاوازتری هەیە لە ئەو زمانی نووسیین، پەروەردە و کارگێڕیییەی لە هەولێر و سلێمانیی هەیە. هەروەکو جیاوازیشە، لە ئەو زمانە کوردییە رەسمییەی لە دامودەسگاکانی دەوڵەتی عێراقدا هەیە. بەکردەوە، لە ئێستادا سێ کارگێڕیی، سێ حکومەتی ترشێندراو بەسەریەکدا، لە هەرێمی کوردستاندا هەن.

بەکانتۆنکردنی شارێک، یان دەڤەرێک، یاخود ئەوەی لە کوردییدا باوە و بە هەرێم ناوی رۆیشتووە، کۆمەڵێ گرفتی سیاسیی، قانونیی، ئابووریی، کولتووریی وکۆمەڵایەتیی، بەربیینی دەگرن و رێگریی hindered لێدەکەن. بەشێکی زۆر لەشییکەرەوە سیاسییەکان، چەند رارەوێکی سیاسیی و قانونیی، بۆ بناغە داڕشتنی هەرێمێکی سیاسیی و ئیداریی دادەنێن، گرنگتریینیان ئەمانەن:-

  1. ستاندەردبوون و جێکەوتبوونی لە ئاستی نێوخۆیی، هەرێمیی و نێودەوڵەتییدا.
  2. بنیاتنانی دەوڵەت state-building، یان حکومەتێکی خۆجێیی.
  3. بە دێمۆکراسییکردن یان گواستنەوە لە قۆناغی ئیستیبدادەوە بۆ شەرعییەتی دێمۆکراسیی.
  4. دیکۆڵۆنایزی decolonisation هەلومەرجە سیاسیی، ئیداریی و ئابوورییەکە.
    لێرەدا قسە لەسەر هەرێمی سیاسیی نییە، ئەوەندەی قسە لەسەر هەرێمێکی ئیدارییە، بە بودجەیەکی سەربەخۆ و کارگێڕییەکی سەربەخۆوە. واتە هەرێمێکی سیاسیی، خاوەن سەروەریی تەواو دروست ناکەین، تا باس لە بنیاتنانی دەوڵەت بکەین، بەڵکو باسی دیکۆڵۆنایزی سیستەمی سیاسیی، ئیداریی و ئابووریی هەرێم دەکەین. ئەم هەرێمە کە تا هەنووکە شێخ، عەشیرەت، حیزب، بنەماڵە، مام، برازا، باوک و کوڕ، هەروەها کۆمەڵێ لۆردی سیاسیی نەوت، کە ناسیۆنالیزمی نەوتیان وەکو بەیداخی نەتەوەییبوون هەڵگرتووە، بەرێوەی دەبەن و زۆریینەی خەڵکی کوردستانیش، وەکو رەعیەت، لەلایەن ئەم ئەربابە سیاسییانەوە، سەیر دەکرێن.

دەستوری عێراق، لەسەر دەسەڵاتی هەرێمەکان و پارێزگاکان، لەسەر دروستبوونی هەرێم و پارێزگای تر، تورت نییە و زۆر لاستیکییە. بەکەڵکوەرگرتن لەم لاستیکییبوونە، دەکرێ پرۆژەی دیسێنترەڵایزی هەرێمی کوردستان، بۆ ئەجێندایەکی نیشتمانیی، عەدالەتی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی بەکاربهێنرێت. دیسێنترەڵایزی حکومەتی هەرێم( حکومەتی پارتییە زیاتر)، هەڵوەشاندنەوەی عەقڵیەتی خێڵ، ناوچەگەرایی و کوێخازادەیی، چەند بنەماڵەیەکی سیاسییە کە پێوێستە، رێگە بۆ نەوەی نوێ، بۆ خوێنی نوێ، چۆڵ بکەن و مل بە دێمۆکراسیی و هەڵبژاردنی بێ ساختە، هەروەها بۆ بڕیاری نیشتمانیی و کۆلێکتیڤ ( دەستەجەمعیی)بدەن.

لە باسە سیاسیی و کولتوورییەکاندا، هەمیشە نموونەی دیفاکتۆ، رۆڵی بەرچاویان لە بڕاندنەوەی ئارگیومێنتەکاندا هەیە. ریتۆریک، موجامەلات و فانتەسییە( فەنتازیا) سیاسییەکان، بە پارادیم و نموونەی سەر ئەرضی واقیع نیشان دەدرێن. بۆ ئەم مەبەستە، ئەم باسە، چەند کەیسێکی جیهانیی، بەنموونە دەهێنێتەوە.
کەیسی دیسێنترەڵایزی حکومەت لە ئوسترالیا
حکومەتی فێدراڵی ئوسترالیا، لەشەش دەوڵەتی لۆکاڵیی و دە(١٠) دەڤەر territories پێك دێت. دووان لەم دەڤەرانە دەکەونە ناو خاکی سەرەکیی( گەورەترین دوورگەی وشکانیی ئوسترالیا، واتە لە وشکانییدان) ەوە، هەشت دەڤەریشیان دەکەونە دوورگە بچووکەکانی دەوروبەری ئوسترالیاوە( لەناو ئاودان). پارلەمان و حکومەتی فیدراڵ، دەکەونە یەکێک لە دەڤەرەکانی ناو خاکی ئوسترالیاوە و بە پایتەختی سیاسیی( کانبێرا) دەناسرێ. هەر قانونێکی دەوڵەتە لۆکاڵییەکان، لەگەڵ قانونی فیدراڵییدا بەریەکبکەون، قانونی فیدراڵیی، باڵادەست دەبێ.
سیستەمی سیاسیی، قانونیی و کۆمەڵایەتیی ئوسترالیا، لەسایەی حکومەتە خۆجێیەکان و حکومەتی فیدراڵدا، زۆر بە جوانیی و گونجاویی بەڕێوە دەڕوات. حکومەتە لۆکاڵییەکان، زۆرینەی رەهای ئابووریی و تەواوی کاروباری ئیداریی بەڕێوە دەبەن. پێوەندیی ئابووریی و پرۆتۆکۆلیی تەنانەت سیاسییش لەگەڵ وڵاتانی خاوەن سەروەرییدا دەبەستن، بێئەوەی نیمچەسەربەخۆیی هەر حکومەتێکی لۆکاڵیی، کار لە ئەجێندای نیشتمانیی تاکی ئوسترالیی و وەلائی خەڵکی شوێنە جیاوازەکانی ئوسترالیا بکات.

پێشبڕکێی شارەکان، خۆشگوزەرانیی، هەلی کار پەیداکردن و گەرموگوڕیی بازاڕی لێ دەکەوێتەوە. بۆ نموونە بەردەوام، دوو گەورە شاری، سیدنی و مێڵبن ( Melbourne مێڵبۆرن)، شەڕەقۆچی ئەوەیانە کامیان لەپێشتر بن، ئێستا شارەکانی بریزبن و پێرثیش( Brisbane and Perth) وەکو دوو شاری گەورەی تر، هەمان رێچەکەی پێشبڕکێیان گرتووە. حکومەتەکانیش ( لۆکاڵیی و فیدراڵ) بەردەوام بەدەست دوو حیزبەوەن( کرێکاران و لیبراڵ)، بەڵام مونافەسەکەیان لەسەر خزمەتگوزاریی و ئیدارەدانی ئابوورییە نەک ئەجێندای حیزبیی، ئایدیۆلۆژیی و ناوچەیی و…تاد.

کەیسی حکومەتی سویسرا

حکومەتی سویسرا، وڵاتێکە، چوار زمانی ئاڵمانیی، فڕانسیی، ئیتاڵیی و رۆمانشیی( لە رۆمانیی جودایە) تێدایە، لەیەککاتدا، هەرچواریان زمانی رەسمیین و زمانی نیشتمانیین( دیارە وەکو هەولێر و دهۆک، دوو دایەلێکتی یەک زمان نیین، تا حیزبێکی ناوچەیی و طائیفیی، بەرەو دوو زمانی سەربەخۆیان بڕەتێنێ، بەڵکو هەموویان، زمانی ئێثنیکی جیاوازن). سویسرا، لە ٢٦ کانتۆن پێکهاتووە، پێشتر بەتەواویی سەربەخۆ بوونە ( fully sovereign ) تا پێکهێنانی سویسرای فیدراڵ لە ١٨٤٨ دا. بەمدواییانە لەساڵی ١٩٧٩ دا کانتۆنی ژورا( جورا Jura )، لە کانتۆنی بێرن جودابووەوە. ئەم کانتۆنە سەربەخۆیانەی (لەڕووی سەروەریی سیاسییەوە، نا) وڵاتی سویسرا، بوونە بەهۆی خۆشگوزەرانیی، ئاشتەوایی کۆمەڵایەتیی، سەقامگیریی سیاسیی و ئابووریی. بەهۆی ئیدارەی سەرکەوتووی ئەم کانتۆنانەوەیە، سویسرا بووە بە یەکێک لە باشتریین و خۆشتریین وڵاتەکانی دونیا کە داهاتی تاک تێیدا بەراورد بە زۆریینەی وڵاتانی پێشکەوتوو، زۆر بەرزترە.

کەیسی دیسێنتترەڵایزی چاینە( چین)
گەورەترین وڵاتی جیهان، لە زۆریی دانیشتوواندا، وێڕای ئەوەی سیستەمە سیاسییەکەی یەک حیزبییە و ئایدیۆلۆژیای کۆمۆنیزمی ماویی ئیدارەی سیاسیی دەدات، وڵاتێک کە سەری هاروماری تێدایە، بەسەر ٢٢ هەرێمی جودادا دابەشکراوە. جیا لە پێنج ناوچەی ئۆتۆنۆمیی و چوار شارەوانیی گەورەی وەکو بەیجین( پەکین)، شەنگهای، تیانجین و چۆنگکینگ کە راستەوخۆ لە ناوەندەوە کۆنترۆڵکراون. لەهەمووی گونجاوتر بۆ بەراوردکردن بە بارودۆخی سیاسیی هەنووکەی هەرێمی کوردستان، بوونی دوو حکومەتی نیمچە سەربەخۆیە لە وڵاتی چین، ئەوانیش ماکاو Macau و هۆنگ کۆنگن. تەنانەت، دۆخێکی ناوازەی تری هەیە کە تایوانە و چاینە بە بەشێک لە خۆی دەزانێ و قانونی نێودەوڵەتیی، یوئێن و وڵاتانی رۆژئاواش، کەوانەکەیان بەکراوەیی هێشتووەتەوە.

ئەو گەشە ئابوورییەی وڵاتی چینی( چاینە) گرتووەتەوە، بەتایبەتیی لە دوو دەیەی رابردوودا، بەرهەمی عەقڵییەتی دێسێنترەڵایز و دابەشکردنی دەسەڵاتەکانە، بۆ ئەوەی برەو بە چالاکیی ژیاریی، ئابووریی، خزمەتگوزارییەکان، گەشەکردن و هەناردەی زیاتر بدەن. ئەو پێشبڕکێ گەورەیەی لەنێوان بەیجین و شەنگهایدایە، خزمەتی نەک هەر بە وڵاتی چاینە کردووە، بەڵکو قازانجی بۆ سەرجەم وڵاتانی ناوچەکە( ئاسیا) و تەنانەت جیهانیش هەیە. ئەمڕۆ بەشێکی زۆر لەوڵاتانی جیهان، تەنانەت ئابووریی ئەمێریکاش، راستەوخۆ، پێوەندیی بەگەشەی ئابووریی چاینەوە هەیە. سەرەڕای ئەم نموونانە، ویلایەتە جیاوازەکانی دەوڵەتی ئەمێریکاشمان هەیە، کە حکومەتی لۆکاڵیی، “نیمچە سەربەخۆ”یان هەیە و هەموویان پێکەوە دەوڵەتێکی بەهێزی وەکو ئەمێریکا پێکدەهێنن.

ناسۆریی هەولێر و هەولێرییەکان
شاری هەولێر، وێڕای مێژوویەکی درێژی کولتووریی و سیاسیی، قورساییەکی جەماوەریی و جیۆگرافیشی، بۆ هەرێمی کوردستان-عێراق هەیە. زۆریینەی خەڵکی ئەم شارە، لە دوایین هەڵبژاردندا، وێڕای دونیایەک ساختەکاریی، دەسەڵاتیان بە گشتیی و پارتییان بەتایبەتیی رەتکردەوە. زۆر بۆچوون هەیە، پێیانوایە، لەئەگەری بەهەرێمبوونی سلێمانییدا، شاری هەولێر دەکەوێتە گەرووی پارتییەوە و بە ئاسانیی قووتی دەدات. راستە لە ٣١ی ئابی ١٩٩٦ەوە، کاتێک پارتیی و بەعث(بەعس) پێکەوە ئەمشارەیان داگیرکرد، لەوساوە ئازادیی، بە کردەوە بوونی نییە. دەسەڵاتێکی تۆتالیتارییانی سیاسیی، ئیستیبدادێکی حیزبیی، هەژموون و حوکمی بنەماڵەیەک و کۆمپانیاکانیان، بەتەواویی هەموو کون قوژبنێکی ئەم شارەی تەنیوەتەوە. هەولێر، پێشکەوتووە لە رووی ئاپارتمانی نوێ، بیناسازیی و هاوردەکردنی کاڵاکانی بازاڕی جیهانییەوە، بەڵام هەولێر لەلایەن دەسەڵاتەوە بە بەردەوامیی تەخدیر دەکرێ، ناعەدالەتیی کۆمەڵایەتییش لەم شارەدا، لە لووتکەدایە.

ئەوەی بەعث لەگەڵ بەغدادا دەیکرد، پارتییش هەمان شت، لەگەڵ هەولێردا، دەکات. بەعث، سوننە مەذهەبەکان، لایەنگرانی خۆی لە بەعثییەکان، لەشارە سوننەنشیینەکانەوە هاندەدا بۆ ئەوەی لە بەغداد نیشتەجێبن. یەک لەسەر سێی تکریت و ناوچە دەشتاوییەکانی عۆجەی بۆ بەغداد برد، بۆ ئەوەی باڵانسی طائیفیی، سیاسیی و جەماوەریی بەغداد رابگرن. لەبەرامبەریشدا شیعەی دەنارد بۆ ناوچە سونییەکان بۆ ئەوەی تێکەڵ ببن ، یان دەیناردن بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتی تەعریب لە ناوچە کوردستانییەکاندا، لە شەنگارەوە بۆ خانەقین و بەتایبەتییش بۆ کەرکوکی دەناردن.
پارتییش، بەشێکی زۆری لە پارتییەکانی گەرمیان، سلێمانیی، ناوچەکانی کەرکوک و بادینانی هێناوە بۆ هەولێر و ئیستیطانیان دەکات و دێمۆگرافیای شاری هەولێر بەڕادەیەک گۆڕاوە کە رێژەی هەولێرییەکان لەشاری هەولێردا زۆر کەمبوونەتەوە، بەراورد بە هێنراوەکان لە شوێنە جیاوازەکانی هەرێمەوە. وێڕای ئەوەی زۆریینەی ئەو کوردانەی کە بە لایەنگرانی پارتیی ناسراون، لە مەعاشخۆرەکان و رانتخۆرەکانی پارچەکانی تر، زۆربەیانی لە هەولێر نیشتەجێکردووە و وەکو حیزب، نەک وەکو حکومەت و کاری قانونیی، ناسنامەی عێڕاقیی بۆ دەرکردوون و لە هەڵبژاردندا وەکو “پرۆکسی”ی بەکاریان دەهێنێت. راستە لەسەردەمی گڵۆباڵیزەیشندا، زۆرینەی ئایین، نەتەوە، ئێثنیک و پێست جیاوازەکان لەشارەکاندا تێکەڵ دەبن، بەڵام ئەم تیکەڵبوونەی خەڵک لە هەولێر نا ئاساییەو بە ئەجێندای ئایدیۆلۆژیی، حیزبیی و بنەماڵەییەوە دەکرێ.

ساڵی ١٩٩٧ رۆدریک ڵۆنگ(Roderick T. Long)، هاوکار لە(Free Nation Foundation ) هەندێ نووسینی لەسەر ئازادیی و بەنەتەوەبوونی گەلان بڵاوکردەوە. لە فەضیڵەتێکی عەدالەتییدا، پێیوایە، مرۆڤ بۆیە بییر لە دروستکردن، بەڕێوەبردنی کانتۆن، هەرێم و ناوچەیەک دەکاتەوە، چونکە بییر لە رەچەتەی مافەکان دەکاتەوە. رەچەتەی مافەکانی خەڵکی سلێمانیی لە هەمبەر مافەکانی خەڵکە حیزبییەکانی هەولێر و بادیناندا، بەتایبەتیی لەرووی گرینگییپێدانی ئابوورییەوە، زۆر جیاوازە و ناعەدالەتییەکی زۆری تێدایە. ئەمە بەوە ناکرێ، بگوترێ دەسەڵاتی یەکێتیی و ئەوانەی شاریان بەڕێوە بردووە، سلێمانییان لەم ئاستەدا راگرتووە، بەڵکو بەوە دەکرێ، ئەم جیاوازییە سیاسیی، طائیفیی، ئایدیۆلۆژیی و ناوچەییە بۆچی بەمشوێنە گەیشتووە؟ ئەوە دەزانین کە یەکێتیی جگە لە مەئمورێکی پارتیی، هەیبەتی حیزبیشی بە خۆیەوە نەهێشتووە، هەروەها ئەوەش دەزانین، پارێزگاری سلێمانیی جاران، نزیکی بزوتنەوەی گۆڕان بوو، بەڵام ئەمە لە قەبارە و هێز و توانای پارێزگاردا نییە. جیاوازییەکان و ناعەدالەتییەکان ئەوەندە زۆرن، گەندەڵییەکانی پارێزگار و کاربەدەستانی لۆکاڵیی دەشارێتەوە.

هەرێمی سلێمانیی و پارێزگای هەڵەبجە: ئاییندەی کوردستان
بەشی دووەم و کۆتایی

!
گەشەی درێژخایەن sustainable development
دیسێنترەڵایزەیشن( لامەرکەزییەت) بە چەندیین فۆرمی جیاواز دێت، گرینگتریینیان جەختنەکردنەوە لە تەرتەووەرتەکردنی چەق( مەرکەز) یان برەودان بە لامەرکەرزییەتە. لێرەدا، مەبەست لە چەق، دابەشکردنی دەسەڵات، ئیدارە و ئابووریی و خزمەتگوزاریی…تاد دەگرێتەوە. گەورەتریین مانیفێستی بەهێزکردنی حکومەتێکی ئۆتۆنۆمیی یان لۆکاڵیی، ئەوەیە کە سیستەمێکی ژیاریی vibrant بۆ دانیشتووانی ئەو شار و ناوچەیە، دەستەبەر بکات. گرینگتریین کارنامەیش، دیسێنترەڵایزی داراییە ( Fiscal). مۆنۆپۆلی داهات، پارە و دارایی، لەدەست یەک دوو حیزبدا، بۆ ماوەی ٢٣ ساڵ، جگە لە گەندەڵیی، هیچیتری بەرهەرم نەهێناوە. ئەوەی پێیشێوابێت، چاکسازیی دەکرێ، لە دنیایەکی زۆر وەهمدا ماخۆلان دەکات. رۆژێک زووتر مەرکەزییەتی دارایی لەهەرێمی کوردستاندا، هەڵبتەکێنرێت، قازانجی زۆرتری بۆ سەرجەم هاووڵاتییانی کوردستانی عێراق( بەکەرکوکیشەوە) دەبێت.

لایەنە نێگەتیڤەکانی بەرزبوونەوەی نرخی زەویی، لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی تر، جیاوازیی رێژەی هەژاریی و دەوڵەمەندیی، لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر، دابەشکردنی داهات و بودجە بە شێوەیەکی زۆر ناعادیلانە، لەلایەن پارتیی و یەکێتییەوە، بەسەر ناوچەکاندا، فەضڵدانی مەملەکەتی پارتیی بەسەر مەملەکەتی سەوز و مۆردا، ئینتیمای پیاوە سیاسییەکان بۆ شارەکەی خۆیان و ناوچەکەی خۆیان، لەسەر حیسابی وەلائی نیشتمانیی، کۆنترۆڵکردنی زۆریینەی رەهای ئابووریی هەرێمی کوردستان، لەلایەن چەند نەفەرێکی باڵادەستی حیزبیی، ناوچەیی و طائیفییەوە…تاد. هەموو ئەوانە و زۆری تر، ئەگەر چاودێریی توندیان بەسەرەوە نەبێ، ئەگەر پارلەمانێکی نیشتمانیی( نەک حیزبیی) لێیان نەپرسێتەوە، گرووپێکی بچووک، طائیفەیەکی بچووک، لەسەر حیسابی گشتیی، لەسەر حیسابی گەلی کورد، دەوڵەمەند و دەوڵەمەندتر دەبن. ئاکامی ئەمەش، ئەوەیە کە حیزبێک یان دوو حیزب، لەسەر حیسابی نەتەوەیەک، دەیان بیلیۆن دۆلار پێکەوە دەنێن و ئەم سامانەش، هەر لە بەرزبوونەوەدایە.

هەموو ئەمانە، ئەوەمان پێدەڵێن، ئارگیومێنتی گەڕانەوە بۆ مەرکەزییەت دەبێتە سەرئێشەیەکی بەردەوام، ئەمەش دەردێکی کارییە بۆ عەدالەتی کۆمەڵایەتیی و هەمیشەش ناعەدالەتیی و هەژاریی خەڵک، تەشەنە دەکات. ئەم مەرکەزییەتەی دەبێ بڕیارەکان هەمووی بگەڕێتەوە بۆ پایتەخت، دیارە پایتەخت بریتییە لە یەک حیزب و یەک بنەماڵەی سیاسیی، مۆتیڤی نیشتمانیی نییە، ئەوەندەی مۆتیڤی خێڵ، عەقڵییەتی حیزبیی، سیاسیی و تەنانەت ئایدیۆلۆژیی لە پشتەوەیە. زۆر گرنگە لە حکومەتێکی ناو زلەوە بۆ جڤاکێکی مەزن، بۆ بەدەستهێنانی لای کەمی عەدالەتی کۆمەڵایەتیی و ئیدارەدانی هەرێمی کوردستان، بییر لە لابردنی “بیرۆکراسیی ئیداریی و حکومەتی مەرکەزیی” بکرێتەوە. ئەم سێنترەڵایزەی دەسەڵاتی هەرێم و بەتایبەتیی لە دەستی بنەماڵەیەکدا، قۆرغکردنی “ویستی ئازاد”ی زۆینەی تاکەکانی کۆمەڵگە بەگشتیی و گەنجان و لاوان بە تایبەتیی، هەروەها، گەندەڵیی، دزیی، هەژاریی و بێکاریی لێدەکەوێتەوە. لەم روانگەیەوەیە، دیسێنترەڵایزی هەرێم و بەهەرێمبوونی شارەکان، بە یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی نیشتمانییبوون، عەدالەتی کۆمەڵایەتیی و دابەشکردنی داهاتەکان، بەسەر خەڵکی هەرێمدا،بەیەکسانیی، دەخوێنرێتەوە.

دیلیپ موخەرجیی (Dilip Mookherjee ) و پراناپ قومار باردهان (Pranab Bardhan) ، لە زانکۆکانی رۆژئاوا، دوو ئیکۆنۆمیست و شارەزای قاڵی بواری گەشەپێدانن( بە باکگراوند هیندیین). خاوەنی دەیان کتێب، وتاری ژۆرناڵ، توێژینەوە و سێمینارن، لەسەر گەشەی ئابووریی، دیسێنترەڵایزی دەوڵەت، ئۆرگان و دەسەڵاتەکان، شارەزایی فرە مەودا و فرە رەهەندیان هەیە. ئەوان، پێیانوایە، لە چەند دەیەی رابردوودا، چەندیین شەپۆلی دیسێنترەڵایز، کون و قوژبنەکانی جیهانی بە گشتیی و وڵاتانی تازە گەشەسەندووی، بەتایبەت گرتووتەوە. بەڕای ئەوان ئەم دیسێنترەڵایزانە، لەئەنجامی پووکانەوەی ئەو پارادایمانە(نموذج)دا هاتنە ئاراوە کە دەسەڵاتە مەرکەزییەکان، رۆڵێ سەرەکییان، لە فیاسکۆکانیاندا( فەشەلە گشتییەکان) هەبوو. ئایا پاش ئەو هەموو فەشەلە سیاسیی و ئابوورییەی حکومەتی هەرێم و حیزبە سیاسییەکان، پاش ئەو هەموو فیاسکۆ سیاسیی و ئابوورییەی لە ئیدارەدانی سێ پارێزگادا، بەدەستیانهێنا، باشتر نییە بییر لە دیسێنترەڵایزی شارەکان بکرێتەوە؟

بێسلەی و کۆتی Besley, T. and Coate، ساڵی ٢٠٠٣، لە ژۆرناڵی Journal of Public Economics, vol. 87(12), pp. 2611–37 ، پێیانوایە، بڕیاردانی مەرکەزیی لەسەر خەرجکردن، بەگەڕخستنی بودجە، وەبەرهێنان و گەشەی ئابووریی، گرفتی زۆری هەیە، هەمیشەش دزیی زۆر گەورەی تێدا دەکرێ و کۆمەڵێ سیاسیی گەندەڵ، سوودمەندی سەرەکیین و زەرەرمەندی سەرەکییش لەم نێوەندەدا، تەنیا هاووڵاتییە. ئەگەر ئەم تێڕوانیینەی بێسلەی و کۆتی، بەسەر هەرێمی کوردستاندا جێکەوت بکەین، ئەوسا لەقەبارەی ئەو هەموو دزیی و گەندەڵیی و ناعەدالەتیی و جیاوازییە چینایەتییە بێسنوورە، وردتر تێدەگەین کە هاووڵاتیی ئاسایی، لەگەڵ سیاسییەکان و خاوەن کۆمپانیای سیاسییەکاندا هەیانە. قەبارەی دزییەکانی کوڕانی بنەماڵە سیاسییەکان، ئەوەندە زۆرە، ئەگەر نییوەی ئەو پارە و سامانە لە ژێرخانی هەرێمی کوردستاندا خەرجبکرایە، هەنووکە، ئاستی بژێویی و خۆشگوزەرانیی زۆریینەی خەڵکی هەرێمی کوردستان، لە ئاستی باشتریین وڵاتانی ناوچەکەدا دەبوو.

لە هەرێمی کوردستاندا، دەسەڵات بە ئاسۆیی و بە شاقووڵیی، گەندەڵیی دایڕزاندووە. کاتێ دەسەڵات بەم رادەیە گەندەڵ دەبێ، بیرۆکراسیی گەندەڵیی زیاتر چاوی زەق دەکاتەوە. هەڵپەی زیاتر دەکات و حەز بە هەژموونی سێنترەڵایزی دەسەڵاتەکەی زیاتر دەکات. ئەم هەژموونی بێرۆکراسییە گەندەڵییە، لە حکومەتەکەی بارزانیی( باوک و برازا) و مالیکییدا هەیە. مالیکییش وەکو ناسیۆنالیستێکی عێراقیی، زۆر دژی بەهەرێمبوونی بەصرە و شوێنەکانی ترە، هەروەکو چۆن بارزانییش، دژی بەهەرێمبوونی سلێمانیی و کەرکوکە { چونکە پارتیی، دڵنیایە، لە کەرکوکدا، قەبارەی زۆر بچووکە و بە پێی ستاندەردی دێمۆکراسیی( نەک ساختەکاریی)، ئەستەمە کورسییەکیش بباتەوە}.
خەتە سوورەکەی بارزانیی، بۆ بەهەرێمبوونی سلێمانیی، لەلایەکەوە کڕوزانەوەیەکی ناسیۆنالیستییانە بوو، بۆ وێنەکردنی ئەوەی سلێمانیی لەهەرێم دادەبڕێت، لەلایەکی تریشەوە، هەڵپەی هەژموونی دەسەڵاتە بیرۆکراسییە گەندەڵەکەی هەرێمی کوردستانە. هاوکات کڕوزانەوەی بارزانیی بۆ کەرکوک وکەرکوکییەکان لە هەمبەر مالیکیی و دەسەڵاتی مەرکەزییدا( بەغداد)، جگە لە گوتاری بەتاڵی ناسیۆنالیستیی و بازرگانییکردن بەم کارتەوە، شتێکی تر نییە. لە کاتێکدا، بارزانیی و حیزبەکەی، بەکردەوە و لەسەر ئەرضی واقیع، کارێکی ئەوتۆیان بۆ گەڕاندنەوەی کەرکوک بۆ سەر هەرێمی کوردستان نەکردووە و تەنانەت، دژایەتیی بە هەرێمبوونی کەرکوک دەکەن و حەزدەکەن، ئەوەندەی تر داببڕدرێت، تەنیا بۆ ئەوەی رەقیبە سیاسییەکانی، براوە نەبن. هۆکاری سەرەکییش ئەوەیە، لەهەردوو ئەگەری جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ دا، یان بەهەرێمبوونی کەرکوکدا، لەڕووی قەبارەی جەماوەرییەوە، پارتیی لاوازتریین ژمارەی سیاسیی ئەو شارە دەبێت.

گۆڕان و هەرێمی سلێمانیی

پاش ئەوەی ئیشتیهای گۆڕان بۆ چوونە ناو حکومەتەکەی پارتیی، کرایەوە، ئیتر میزاجی زۆربەی ئەو رایەڵ و کەس و ناوەندانەی ناو بزوتنەوەی گۆڕان، باسی نیشتمانییبوونی دامودەسگاکان و ئیدارەیەکی نیشتمانییان دەکرد، بێدەنگییان لە پرسە سەرەکییەکانی هاووڵاتییان و غەمی هاووڵاتییان کردووە و تەنیا و تەنیا، غەمی بەشداربوونیانە لە خواردنی کێكی شیرینییەکانی نەوت و هەڵپەی وەرگرتنی چەند وەزیرێکیانە. گۆڕان، لە هەموو حیزب و کەسێک باشتر دەزانن، بەشدارییکردنیان لەم حکومەتەدا، فەشەلێکی سیاسیی گەورەی بەدواوەیە، بەڵام حەزیای بەشدارییکردنەکەیان، بەرچاوی گرتوون و ئەو هەموو فیلمە رەنگاورەنگەی، جاران پیشانی خەڵکیان دەدا، هەنووکە زۆر لەخۆیان دەکەن، بەڕەشوسپییش نایبیینن.

ورووژاندنی پرسی بەهەرێمبوونی سلێمانیی، لێرە و لەوێ، لە زمانی هەندێ سەرچاوەی نزیک لەگۆڕانەوە کە دواتر خۆیشیان ناکەن بە خاوەنی، تەنیا وەکو کارتێکی گوشار، بەتایبەت لەو کاتانەی تەنگژە دەکەوێتە ناو ئیدارەی سلێمانییەوە، دژ بە پارتییش نا، بەڵکو دژ بە یەکێتیی، دەیخەنە ناو ژاوەژاوی میدیاوە، ئەمەش تەنیا گەمەیەکی سیاسیی پۆغڵە. پاش دەنگۆکان، سەرەنجام، خۆیشیانی لێ نەبان دەکەن، ئەم جۆرە رەدفیعلە سیاسییانە، ئەوەندەی نیفاقێکی سیاسیی، ئەجێندایەکی حیزبیی و بەلەسەبوونی ئایدیۆلۆژییە بۆ بەکارهێنانی خەڵک و ئیرادەی هاووڵاتییان، ئەوەندە پرۆژەیەکی نیشتمانیی و روئییەیەکی(ڤیژن ) سیاسیی و روئیایەکی(خەون ) دوورمەودا نییە. ناڕۆشنیی گۆڕان و خۆشاردنەوەی لە دیدێکی رۆشن، سەبارەت بە پارێزگابوونی هەڵەبجە، ئەوەندەی تر، ئەم گومانانەی بە یەقیین کرد. هاوکات، نەبوونی تەنانەت درافتێکی سیاسییش بۆ کێشەی ئاڵۆزی کەرکوک، لەلایەن گۆڕانەوە، جگە لە پاشکۆبوونی سیاسەتە شکستخواردووەکانی کوردایەتییەکەی پارتیی و یەکێتیی، شتێکی نوێیان پێ نییە.

پرۆژەی بەهەرێمبوونی سلێمانیی، نابێ بکرێ بە قوربانی میزاجی سیاسیی حیزب و چەند سیاسییەکی سلێمانیی و بنەماڵەی بارزانیی. دروستبوونی هەرێمی سلێمانیی، چەند قازانجی ئیداریی، کۆمەڵایەتیی و ئابووریی بۆ خەڵکی سلێمانیی و دەوروبەرەکەی هەیە، ئەوەندەش لە ئاستی نیشتمانییدا، قازانجی بۆ شارەکانی تر و سەرجەم دەسەڵاتی سیاسیی هەرێم هەیە. ئەگەر هەرێمی سلێمانیی جێکەوت ببێ، هەرێمی هەولێریشی بەدوادا دێت. بە هەرێمکردنی شارەکانی کوردستان، ئەوەندەی کورتکردنەوەی دەستی حیزبێکە بەسەر هەموو کوردستاندا، ئەوەندەی دابەشکردنەوەی داهات و سامانی نیشتمانییە بەسەر خەڵکی کوردستاندا، بەلای کەمی یەکسانییەوە، ئەوەندەش بەهێزکردنی وەلائی نیشتمانییە لە ئاستی سیاسییدا، بە پوختیی و بە کورتیی، هەرێمی شارەکان،دەبنە هەوێنی پێکەوەگرێدانی ناسنامەیەکی نیشتمانیی کۆلێکتیڤ، لەئاستی هەرێمی کوردستاندا، بە کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکانی تریشەوە.
رەوایەتیی و عەدالەتی ئەوە لە کوێدایە، شارۆچکەیەکی وەکو چەمچەماڵ، بەپێی پشکنینە نەوتییەکانی ئەمێریکا، بەئەندازەی شاری کەرکوک، ئەگەر نەوت و غازی تێدا نەبێت، کەمتری تێدا نییە، تەواوی سەروەت، سامان و دارایی خەڵکی ناوچەی چەمچەماڵ، بەئەندازەی یەک لەسەر صەدی ١% ی سامان و دارایی، کوڕە گەورەکانی خێلە سیاسییەکانی کوردستان نابێت. ئایا ئەم هەموو دزیی و ناعەدالەتییە، تاکەی درێژەی دەبێت و بە ناوی فشەی ناسیۆنالیزمی کوردیی، ناسیۆنالیزمی نەوت و ئاڵتوریزمەکەی( پێچەوانەی خۆپەرستیی، دیارە بە گاڵتەجاڕییەوە- Alturism ) پارتییەوە درێژەی دەبێ. هاوکات بەخاتری ئەوەی گۆڕان دەچێتە سەر سفرەی حکومەت و خەڵک چاوەڕێ بکات، ئیتر دووبارە، گەلی کوردستان، لەڕێی کادیرە سیاسیی و رۆشنبییرە ئایدیۆلۆژییەکانی گۆڕان و پارتیی و یەکێتییەوە، بەرەو کەناری دەوڵەتی نەتەوەیی، حەماسی نەتەوەیی و بنیاتنانی دەوڵەتی کوردیی( جار جاریش دەڵێن، کوردستانیی) دەڕەتێنن؟
لە هەر ئەگەرێکی دروستبوونی هەرێمی سلێمانییدا، ناوچەکانی چەمچەماڵ و گەرمیان، بەشێوەیەکی کاتیی بەشێک دەبن لە هەرێمی سلێمانیی، چونکە چەمچەماڵ، بەشێکی سەرەکیی شاری کەرکوکە و بێ چەمچەماڵ و گەرمیان، کەرکوک ئاوەڕووت دەکرێ و لە هەموو حیساباتێکی سیاسییدا، کورد دۆڕاوی سەرەکیی دەبێت. لە ئەگەری جێبەجێبوونی ماددەی ١٤٠ دابێت، یان بەهەرێمبوونی کەرکوک، چەمچەماڵ وەکو جیۆگرافیا، دانیشتوان و خاڵێکی ستراتیژیی، بڕبڕەی پشتی شاری کەرکوک دەبێت. هەرچەندە، هەموو ئاماژەکان، بەو ئاراستەیەدا دەڕۆن، دەسەڵاتی بنەماڵەیی لە کوردستاندا، لەپێناوی بەدەستخستنی دەیان بیلیۆن دۆلاری نەوت و غازی هەڕاجکراوی کوردستان بە تورکیا، ئامادەیی نیشانداوە بۆ ئەبەد، دەستبەرداری کەرکوک ببێ و ماددەی ١٤٠یش جگە لە دەعەجانکردن و گەوجاندنی گەلی کورد بە گشتیی و کوردەکانی کەرکوک بەتایبەتیی، شتێکی تر نییە.

بەهەرێمبوونی سلێمانیی، خاڵێکی بەهێز دەبێ بۆ ئەوەی هەرێمی هەولێریشی بەدوادا بێت. هەر ئێستا وەکو گریمانەیەک دابنرێ، ئەم شیرازە خاووخلیچکەی نێوان ماڵباتی بارزانیی( کوڕی ئیدریس بارزانیی و کوڕی مەسعود بارزانیی)، تاسەر بڕناکات و سەرەنجام هەر دەبێ لێکبترازێ. کێشمەکێشە سیاسیی و طموح و طەماعە ئابووریی و تەنانەت میلیشیاییەکانیشیان، یەخەی شاری هەولێر دەگرێ . سەرەنجام هەولێر ئەوەندەی تر دەبێتە چەقی ململانێی باڵە سیاسیی، عەشایەریی و بەرەبابەکانی حیزبێکی سیاسیی و باجدەری سەرەکییش خەڵکی هەولێر دەبێت. رێگەخۆشکردن بۆ بەهەرێمبوونی سلێمانیی، لێکدانەوەی عەقڵانیی، دووربیینیی و جورئەتی سیاسیی دەوێ. بێگومان، ئەگەر، بەهەرێمبوون، ببێ بە کولتوورێکی سیاسیی زاڵ، کەرکوک و هەولێر و تەنانەت پارێزگای تازەی هەڵەبجەش دەگرێتەوە. هەروەکو بەکردوە، هەرێمی دهۆک، حکومەتی شار و دەڤەرێکە، لەناو حکومەتی هەرێمدا.

دروستبوونی پارێزگای هەڵەبجە

هەڵەبجە، دەمێکە لە هەوڵی ئەوەدایە ببێ بە پارێزگا، ئەم هەوڵانە، بۆ ناوەڕاستی چەرخی رابردوو، دەگەڕێنەوە . حکومەتی عێراق، ویستی هەڵەبجە و نەجەف، هەردووکیان بە پارێزگا ببن. بەهۆی هەلومەرجی سیاسییەوە، بە پارێزگابوونی هەڵەبجە دواکەوتووە. دوای جینۆسایدکردنی کورد لەوشارەدا، دوای بەکارهێنانی چەکی کیمیاویی لەلایەن بەعثەوە، تەواوی حیزبە کوردییەکان ، بە عەلمانیی، موحافیظکار، عەشایەریی و ئیسلامییەوە، بە پارێزگابوونی هەڵەبجەیان وەکو منەت، شۆڕشگێڕیی، خۆهەڵنانی نەتەوەیی وئیسلامیی فرۆشتووەتەوە و بازرگانیی ئایدیۆلۆژیی و سیاسییان پێوە کردووە.

لە دوو دەیەی رابردوودا، ئیسلامیی سیاسیی بە گشتیی و باڵە عەسکەرییەکەی بەتایبەتیی، لە لایەک ، بەیارمەتیی راستەوخۆی ئێران و لە لایەکیتریشەوە بە پاشکۆبوونی هەندێ هێزی ئیسلامیی تر بە سعودییەوە، بەئەندازەی حیزبی بەعث زیانیان لە کولتوور، بونیاد و شارستانییەتی ئەو شارۆچکەیە داوە. بەعث لەرووی فیزیکییەوە ،ویستی هەڵەبجە بسڕێتەوە، بەڵام ئەم تیرۆرە فیکرییە وئەم طاعونە کولتوورییە، بەشێنەیی دروێنەی مەغزی گەنجانی کردووە، فاکتەری سەرەکییش، نەبوونیی، هەژاریی، بێکاریی و بێخزمەتیی هەڵەبجە بووە.
هەڵەبجە، مافی خۆیەتی ببێ بە پارێزگا، وەکو سیمبۆڵی جینۆساید و بەکارهێنانی چەکی کیمیاویی، ببێ بە شارێکی ئازاد و سەربەخۆ، لە هەژموونی ئیداریی، سیاسیی و ئابووریی، شارەکانی تری هەرێمی کوردستان، بەدوور بێت. ئەم کارە، بارزانیی و پارتیی، بۆ ئەجێندای شەخصیی، حیزبیی، ناوچەیی و تەخشانکردنی جیۆگرافیای سلێمانیی هەوڵیان بۆ دابێت، یان مالیکیی بۆ نمایشی نیشتمانییبوون و وەکو پیاوی دەوڵەت لە ئاستی عێراقدا، کاری بۆ کردبێت، یان یەکێتیی، گۆڕان و ئیسلامییەکان، لە بەرنامەیاندا بووبێت، یاخود هەر کەسایەتیی و رێکخراوێکی مەدەنیی، هەوڵی بۆ دابێت، جێگەی دەستخۆشییە و کارێکی پۆزەتیڤی سیاسییە و رووداوێکی زۆر گرنگە لە مێژووی نوێی ناوچەکە و کوردستاندا.

دروستبوونی پارێزگای هەڵەبجە، ئەو بریینە ساڕێژنەبووەی نێوان شار، شارۆچکە و ناوچە جیاوازەکانی کولاندەوە کە ئێمەی کورد، چەند گیرۆدەی ناوچەگەرایی، شارچییەتیی و لۆکاڵیزمێکی تۆقێنەرین؟ چەند قسەکانمان و کردەوەکانمان، لە دروشمی نەتەوەیی گەورە گەورەوە، بۆ کۆشکی نیشتمانیی بەتاڵ و حەتاڵ ، فشۆڵ و لەرزۆک و لاوازە؟ راستە گرفتی سەییدصادقییەکان، وەکو زۆربەی شوێنەکانی تری کوردستان، نەبوونی خزمەتگوزاریی، گەندەڵیی و بێکارییە، بەڵام کاتێ چەند حیزبێک، بۆ ئەجێندای سیاسیی و ئایدیۆلۆژیی خۆیان، ئەم ناڕەزایەتییانە دەقۆزنەوە و بەلارێیدا دەبەن، هەندێ لە گەنجانی خوێنگەرم، بە ترومپای ئایدیۆلۆژیی و حیزبیی پەمپ دەدەن و دژایەتیی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە دەکەن، تەنانەت گەنجێک دەبێتە قوربانیی لەم نێوەندەدا، ئیتر پێویستە بە شەفافیی، پێیان بگوترێ، کوا ئەجێندا نیشتمانیی و بالۆرە سیاسییە نەتەوەییەکانتان کە ئەو هەموو وەطەنییاتەتان بە خەڵکی کورد، دەفرۆشتەوە؟ جێی خۆیەتیی، پەنجە بەچاویاندا بکرێ و داوای ئەو هەموو ریچواڵە نیشتمانییەیان لێ بکەن، کە چەندیین ساڵە دەیڕێسن؟

ئەگەر واز لە دڵدانەوەی هەندێ گەنجی سەییدصادقیی بهێنین، بەتوندییش ئیدانەی کوشتنی گەنجێک بکەین، پێویستە بڵیێن، گەلی کورد، بەگشتیی و لە دۆخێکی خراپی ئێثنۆگرافییدایە( قەومناسیی، قەوم وەکو چەمکە فارسییەکە). زۆر لە ئەنثرۆپۆڵۆجیستەکان، ئەم دابەشبوون و هەلاهەلابوونەی جڤاک و نەتەوە و گەلانی دنیا، لە تێڕوانینی ئایدیۆلۆژیای نیۆ-ناسیۆنالیزمەوە بە ئینتێگراڵیزم integralism ( دەکرێ بە کوردیی پێی بگوترێ، تەواوکاریی-زم) دەچوێنن. هەنووکە ئەم ناسیۆنالیزمە کوردییە خاڵییە لە فیکر و روئییە و روئیای سیاسیی، بەڵام پڕاوپڕ لە شیعر، فەنتازیای فەلسەفیی و ریتۆریکی بۆش، لەکاتێکدا، بانگەشەی سەربەخۆیی کوردستانی باشووری دەمێکە داوە، بانگی یەکگرتنەوە پارچە جیاوازەکانی کوردستانی، لە میدیاکاندا، داوە ، بە ملێکی رەپەوە، فوو بە بوقی دەوڵەتی نەتەوەیی و دەوڵەتی کوردیی و جارجاریش کوردستانییدا دەکات، کەچیی وەکو دیفاکتۆ، شارەکان، رقیان لەیەکترییە، شارۆچکە دراوسێکان، خۆشییان بەچارەی یەکتردا نایەت، تەنانەت، ئەگەر دوو بەشی دەڤەرێک، دەربەندێک، یان رووبارێک جیای کردبێتنەوە، مۆڕە لەیەکتریی دەکەن!

دوو حیزب نییە، لەسەر پرۆژەیەکی دەستەجەمعیی، نەتەوەیی، یان نیشتمانیی…تاد هاوڕاییەکی تۆکمەیان هەبێ. چوار رۆشنبییرت نەبێ، لەسەر پرسێکی گرنگ و چارەنووسساز بۆ نەتەوەی کورد، بۆ نیشتمانی کوردستان( کوردستانی باشوور)، تەنانەت بۆ خزمەتی شارێکیش، لەسەر پرسە سیاسییە چارەننووسسازەکان، هاودەنگ و هاوفیکر بن؟ ئیتر، بەڕاستیی مرۆڤ دڵی بە کوێی کوردبوون خۆش بێت؟ ئەم کوردە، کەی دەبێ بەوەی، بیر لەمەودای گشتیی نەتەوە، خاک و نیشتمان بکاتەوە و تەجاوزی کۆڵان، گەڕەک، شار و ناوچەکەی خۆی بکات و بپەڕێتەوە بۆ ئەجێدانی نیشتمانیی و بەرژەوەندیی گشتیی و بنیانتانی کەلاوەیەکی نیشتمانیی؟ لەم رۆژانەدا، لە شارۆچکەی کەڵەک، نزیک لە پایتەختی هەرێم( هەولێر)، دەسەڵاتی حیزبیی، دەچێ زمانی پەروەردە و خوێندن ، دەکات بە دایەلێکتی شارە حیزبییەکەی خۆی( دهۆک)، شەڕی نێوان زمان و دایەلێکت بەرپا دەکات، ئیتر هاژووژی نیشتمانییبوون و نەتەوەییبوون، بەعەقڵی کێدا دەچێت؟

ئەنجامگیریی:

بە هەرێمبوونی سلێمانیی، بۆ تەخشانکردنی دەسەڵاتی سیاسیی و ئیداریی و داهاتەکانی هەرێمە، نەک بۆ ئەوەی شارەکان لێک دووربکەونەوە، بەڵکو بۆ ئەوەی ئینتیمای نیشتمانیی بەشێوەیەکی عادیلانە و خۆڕسکانە دروست ببێت. شاری سلێمانیی، لە ماوەی دەسەڵاتی کوردییدا، بەڕاستیی غەدری زۆری لێکراوە، بەبەراورد بە ناوچەکانی ژێر دەست پارتیی، هاوکات، یەکێتییش بەپێی پێویست، بەهۆی کوتلەکاریی حیزبییەوە، ئەو گرنگییەی پێنەداوە. گۆڕانیش، بۆ ئەجێندای حیزبیی خۆی، لایەنی عاطیفیی ئەم مەسەلەیە دەورووژێنێ، لەهەرکوێیەکدا، پێویست بکات، باسی دەکات و لەهەر شوێنێکیشدا لەگەڵ داوا حیزبییەکانیدا، ناکۆک بێت، چاوی لێ دەنوقێنێ. ئەمانە لە کاتێکدایە، کە ناوچەکانی سلێمانیی، گەرمیان، کەرکوک ، باڵەکایەتیی و دەشتی هەولێر، زۆرتریین بەشیان لە قەبارەی قوربانییدان، لە ئەنفال، کیمیایی و وێرانکردن بەرکەوتووە، کەمتریین بەشیشیان لە داهاتی نیشتمانیی بەردەکەوێت.

ئەو هەموو جەختکردنەوەیە لەسەر هەولێر و دهۆک، لە بواری سیاسیی و ئابوورییدا، لەسەر حیسابی سلێمانیی، گەرمیان و کەرکوک، هەرێمی کوردستان بەرەو تەواوکاریی( ئێنتێگریتیی)، نابات، بەڵکو بەرەو لۆکاڵیزم، ناوچەگەرایی، طائیفییبوون، جیاکاریی و دابەشبوون، دەبات. سامانی سروشتیی هەرێم، موڵکی یەک شار، یەک بنەماڵە و یەک ناوچە نییە، بەڵكو موڵکی هەموو هاووڵاتییانی هەرێمە و پێویستە شارەکان و ناوچەکان وەکو یەک سەیربکرێن و لە دابەشکردنی داهاتەکانیشدا، لەیەکەوە نزیک بن. نیشتمان، بە حیزبی طائیفیی، ناوچەیی و بەرەبابیی، دروست نابێت، بە شیعاری نەتەوەیی بەتاڵ، جوڵاندنی عاطیفییانەی شەقام و نەڕەنەڕی راگەیاندن دروست نابێ، بەڵکو بە لای کەمی عەدالەتی کۆمەڵایەتیی، بە دروستکردنی ئینتیمای نیشتمانیی و وەلائی نیشتمانیی دروست دەبێت، بە مرۆڤی نیشتمانیی و دوور لە خێڵ، ناوچە و شارچییەتی دروست دەبێت.
لۆکاڵیزم، شارچییەتیی و ناوچەگەرایی، هەر لە ئاستی حیزبە سیاسییەکاندا نییە، بەڵكو لە ئاستی نوخبەی رۆشنبییر، کەسانی ئەکادیمیست و ئەوانەی ئەهلی فیکریشن، بوونی هەیە. دەیان پرۆفێسەر، دۆکتەر، رۆشنبیر، نووسەر و خاوەن فیکرمان هەن، ناوی شارەکەی، ناوی قەضا، ناحیە و گوندەکەی، ناوی دەڤەری لەدایکبوونی، وەکو نازناوی خۆی بەکار دەهێنێت و شانازییشی پێوە دەکات. ئەمە مافێکی سروشتیی هەموو هاووڵاتییەکە، ناوچە و شار و شوێنەکەی خۆی خۆشبوێت، بەڵام کاتێک لەسەر حیسابی رەهەندە نیشتمانییەکان و جێۆگرافیای نیشتمان بێت، یان لەسەر حیسابی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە و بە هەرێمبوونی سلێمانیی بێت، جگە لە لۆکاڵیزمێکی خۆخۆر، شتێکی تر بەیان ناکات.
کەیسی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە و بەهەرێمبوونی شارەکان، ناساغیی و نانیشتمانییبوونی ئێمەی کوردی ئەوەندەی تر عەمەلیی کردەوە. ئەوانەی دژایەتیی بە پارێزگابوونی هەڵەبجەیان، بەئاشکرا دەکرد، کۆمەڵی گەنجی خوێنگەرم بوون و هەندێ حیزب، هانی دەدان. ئەوەی جێگەی تێڕامانە، زۆربەی ئەوانەی دەیانویست رەخنە لەو میثۆدی ناڕەزایەتییانە بگرن، نەدەهاتن بە جورئەتەوە، رەخنە لە لۆکاڵیزم، ناوچەگەرایی و حیزبگەرایی لایەنە سیاسییەکان بگرن، بەڵکو بە زمانێکی گشتگیر، بەزمانێکی شیعریی و رۆمانسیی، گلەییان دەبەخشییەوە بەسەر هەموو لایەکدا، بێئەوەی هیچ حیزب و سیاسیی و لایەن و تەنانەت ، بۆچوونێکی تایبەتیش بەر رەخنە بدەن، بەدڵنیاییشەوە، ئەمجۆرە خوێندنەوانە، تۆز لە گەردنی کەس نادات.
کەسێکی نەتەوەیی کورد، ئەگەر ناسیۆنالیستبوون و سێکیولاربوونەکەی بیکوڵێنێ، کەسێکی چەپ، ئەگەر مارکسیزمبوونەکەی، سووری کردبێتەوە، نابێ رێگە بەخۆی بدات، دژایەتیی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە بکات، بە بیانووی ئەوەی ئیسلامییەکان لەوشارەدا، رێژەیان بەرزە. ئەمە نەک هەر لێکدانەوەیەکی نانیشتمانییە، بەڵکو فۆبیایەکی سیاسیی و ئایدیۆلۆژییە بەرامبەر بە ئیسلام، بەپێچەوانەوە، خزمەتکردنی شاری هەڵەبجە، دابیینکردنی هەلی کار و رۆنانی ژێرخانێکی تۆکمە دەبێت کە گەنجانی ئەو شارە لە فەندەمێنتالیزمی دینیی و لە رادیکاڵیزمی ئیسلامیی دوور دەخاتەوە . هاوکات، هیچ حیزبێکی سیاسیی نابێ لەبەرئەوە قەڵس بێت کە رەقییبە سیاسییەکانیان، لە ئێستادا بە پارێزگابوونی هەڵەبجە، سوودمەند دەبن، ئەگەر رەهەندی نیشتمانیی لە مەغزی کورددا هەبێت، پێویستە، بۆ دوور، بییر لە بوعدی سیاسیی، ئابووریی، کولتووریی و جیۆگرافیی، بە پارێزگابوونی هەڵەبجە بکاتەوە. نابێ هەڵەبجە، وەکو پارادیمێکی خۆخۆریی سەیر بکرێت، بەڵکو دەبێ وەکو شەرعیەتێکی سیاسیی، جیۆگرافیی و ئیداریی، ئەو مافەیان پێڕەوا ببیینرێ کە خۆیان ئیدارەی شارەکەی خۆیان لەناو جیۆگرافیای عێراق و هەرێمی کوردستاندا بکەن.

بە پارێزگابوونی هەڵەبجە، تەنانەت ئەگەر ببێ بەهەرێمی هەڵەبجەش لە داهاتووی نزیک و دووردا، بەستاندەردی رەهەندی نیشتمانیی، هیچ زیانێک بەشاری سلێمانیی ناگەیەنێت. بگرە پێشبڕکێی خزمەتگوزاریی، ئاوەدانیی و رۆنانی ژێرخانی ئابووریی دەبێتە هۆی مونافەسەیەکی شەریفانە و ئازادانە بۆ برەوپێدانی هەرێمی کوردستان. هاوکات، بەپارێزگابوونی هەڵەبجە، سەرەتایەکە بۆ ئەوەی دیسێنترەڵایزی ناوچەکانی تری هەرێم بکرێ، بە تایبەت شاری هەولێر و قەضاکانی، دوور لەو ئینتێگرەیشنە ناساغڵەم و ساختەیەی لەنێوان هەولێر و بادیناندا هەیە.

بە هەرێمبوونی سلێمانیی و دواتریش هەڵەبجە و هەولێر، باڵانسی حیزبیی، طائیفیی و لۆکاڵیزمی هەندێ حیزب، ئیحتیوا دەکرێ و ئینتیمای هاووڵاتییان بۆ شارەکەی خۆیان، رەهەندی نیشتمانیی وەردەگرێ. بەهەرێمبوونی سلێمانیی، بۆ سەر ئاییندەی هەرێمی کوردستان، ئەگەرێکی ئیجابییەوە نابێ بەریتۆریکی نەتەوەیی، سلبیاتەکانی بۆ ترساندن و تۆقاندنی خەڵک، زەقبکرێتەوە. سوودەکانی دیسێنترەڵایزی دەسەڵاتی سیاسیی، ئیداریی و ئابووریی هەرێم، بە قازانجی گەلی کورد و نیشتمانی کوردستان و هاووڵاتییانی هەرێم دەبێت و بە زیانی حیزبە طائیفیی، پرۆکسیی، لۆکاڵییەکان، بازرگانە سیاسیی و مافیاکانی بازاڕی نەوت و سامانی سروشتیی، دەبێت.




لەعنەتی سامانی سروشتی (نەوت و گاز)… دانا حمید

دەکرێ حکومەتى هەرێمی کوردستان بەو ژێرخانە بەهێز و بەپیتە ئابورییەى هەیەتی دەتوانێ ئابورییەکی بەهێز و سەقامگیر دەستەبەر بکات، لە ئەنجامی کارکردن و فەراهەمکردنی دەستی کاری شارەزاوە. ژیانێکی باشتر و ئاسودەتر بۆ نەوەکانى دوایی خۆمان خەزن بکەین. بۆئەوەى لەکاتى رووبەرووبوونەوەى قەیرانە سیاسی و ئابورى و… هۆکارەکانى تردا، کە بەرۆکی میللەتەکەمان دەگرێ حکومەت بتوانێ لەڕێگەى پلانی درێژخایەنەوە بەر بەو قەیرانانە بگرێ و بتوانێ بەرگەیان بگرێت تاوەکو دۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە.
ئەو سامانە سروشتییەى لە چەشنی نەوت و گاز و باقی پێکهاتە سروشتییەکانى تر لەژێر زەویدا هەن و، گەنجینەیەکی خەزنکراوە حکومەتی هەرێم ئەتوانێ لەکاتى قەیراندا کەڵکیان لێوەرگرێ بۆ میللەتەکەى. ئەویش لە لایەن دەستێکی شارەزاوە دەربهێنرێ و وەبەرهێنانى تێدا بکرێت و پاشان پاشەکەوت بکرێ، بۆئەوەى لە دۆخی شپرزەى و شەڕ و قەیرانی درێژمەودادا بەکاریانبهێنێت.
وەک دەزانین لە دوایی ئەنفالکردن و کیمیابارانکردنی کوردانى باشور، لە هەر سێ پارچەکەى تر کوردستان روبەرووی نەهامەتی و خراپی گوزەرانی ئابورى بوویەوە، جارى واهەبووە پارچە نانێک نەبووە کە سکی خۆمانى پێ تێربکەین. بەڵام لە دوای راپەڕین و بەتایبەت لە ساڵی (١٩٩٢) کە حکومەتى بەعس دەسەڵاتى لە ناوچە کوردییەکان نەما و دوای ئەوە حکومەتى هەرێمی کوردستان دروستکرا، حیزبە کوردستانییەکان بەتایبەت پارتی و یەکێتی، وەباقی حیزبەکانى تر ئەیانتوانی بەهاوبەشی لەگەڵ چەندین کەسایەتی دەوڵەمەندی تر کوردستانى باشور بکەنە نمونەیەکی سەرکەوتووی ئابورى و ئیداری بەڕێوەبردن بۆ ناوچەکە، بەڵام ئەوەیان نەکرد لەپێناو پارە و هێزی زیاتر بوو بە شەڕیان و ژمارەیەکی زۆر لەهەردوولا شەهیدکرا. ئەمەش جگە لە ماڵوێرانی گەڕانەوە بۆ دواوە هیچی تری سەوز نەکرد.
پارتی و یەکێتی ئەیانتوانی حکومەتێک دروست بکەن دوربێ لە دەستی حیزب و خەڵکی تەکنۆکرات بهێنن و بۆیان بەڕێوەببات بەڵام ئەوەیان نەکرد. شێوازێک لە کارکردن لەناو حکومەتدا پەیدابوو، کە دەکرێ پێی بڵێین: دروستکردنی حکومەت لەناو حکومەتدا، کە شاراوە ئیشەکانى دەکرد و سەرتاپا پەلوپۆی حکومەتی گرتبوەوە. ئەم حکومەتە شاراوەیە (مەحسوبیەت و مەنسوبیەت) یەکێک بوو لە کۆڵەکە سەرەکییەکانى کە لە کۆتاییدا زەرەر و زیانێکی ئێجگار قوڵ و فراوانی لە کەرتی حکومەت و دا و تا ئێستاش بە شێوازێکی ناڕاستەوخۆ بەردەوامە و حیزب پەنای بۆ ئەبات، ئەمەش وادەکات حکومەت بەردەوام بڵێ قەرزاین و ناتوانین کێشە بنەڕەتیییەکانى خەڵک چارەسەر بکەین. وەک دەزانین ئێمە ژێر و بانمان سامانى سروشتییە بەنرخ و بەبەهایە بەڵام جارى واهەیە دڵۆپێک نەوت نیە بیکەیتە چراوە بۆئەوەى هیچ نەبێ کەمێک دەوروبەرت رووناک بکاتەوە.
ئەوەى مەبەستی ئێمەیە کە حکومەتى هەرێمی کوردستان لەو ماوە زۆرەدا دەیتوانی زۆر کار بکات بەڵام نەیکرد و حیزب هەموو شتێکی تێکدا، بەتایبەت لە دوای ساڵی(١٩٩٢)ەوە بە پرسکردن بە دەوڵەتانى دراوسێ و دەرەوە وە ناردنی کەسانى ناوخۆ بۆ خول و راهێنان و… دواتر هێنانەوەیان بۆئەوەى لەو بوارانەدا کە پێویستن بۆ کەرتەکانى حکومەت بەکاربهێنرن وەک پسپۆر. بەڵام دروستکردنی شەڕی ناوخۆ لەنێوان هەردوو حیزبدا، ئەوەندەی تر دۆخەکەى ئاڵۆز کرد و قەیرانەکەى قوڵتر کردەوە، کە ئەو کاتە ئاگایی ئەوەشیان نەبوو کە نەوت و سامانی سروشتی و گاز و چەندین سەرچاوەى بەنرخی تر لەژێر زەویدا هەیە دەکرێ سودیان لێوەربگیرێ و بۆ بوارى گشتی بەکاربهێنێت. بەڵام ئەمان واتە هەردوو حیزب بەرژەوەندی حیزبییان خستبووە پێش بەرژەوەندی میللەتەوە، هەموو شتێکیان دەکرد لەپێناو مانەوەى خۆیان بە هەرزانکردنی سامانی سروشتی کوردستان بە جیهانى دەرەوە، بێئەوەى بیر لەوەبکەنەوە کە گەرەنتی نییە ئەم سامانە سروشتییە تا سەر بمێنێ، بێئەوەى فیکر لە نەوەى ئایندە بکەنەوە کە ئەوانیش ڕۆڵەى ئێمەن و مافی ژیانیان هەیە.
هەردوو حیزب دوای چەندین شەڕی نەگریس لەنێوان یەکتردا و شەهیدبوونی چەندین ئینسانى باش لە نێوان هەردولادا، لە ئەنجامدا ڕێکەوتنی واشنتۆن چۆکی بە هەردوولایان دادا و ئاشتبوونەوەى گشتییان ڕاگەیاند. بەڵام دواتر دوو حکومەت هەبوو ئەوەش کێشەی ئیداری و بەڕێوەبردنی ئیشوکارى هاوڵاتیانی زیاتر قورستر کرد، واتە هەریەک لای خۆیەوە خۆی خۆجێی خۆی راگەیاند و بوونە خاوەنی ئابورى و سیادەی ئیداریی خۆیان. پاشان ئەم حکومەتە دەیتوانى بەو ناهەمواریەشەوە کە هەبوو لەو سەردەمەدا، ژیانی ئابورى خەڵک باشتر بکات و بژێوی ژیانیان بەو سامانە سروشتییەى کە لەژێر زەویدا هەیە بەکاریبهێنێت لە خۆشگوزەرەانی خەڵکەکەیدا.
حکومەتى هەرێمی کوردستان دەیتوانی بەڕێکەوتن لەگەڵ بەغداددا کێشەکانی نێوانیان تاڕادەیەک چارەسەر بکەن و نەگەنە بنبەست، بەتایبەت لە مەسەلەى ئابورى و سامانى سروشتی ژێر زەویدا کە بریتیە لە نەوت و گاز و پێکهاتەکانى تر… بەڵام کێشەى پارە و سامان لەنێوان هەردولادا دۆخەکەى بەرەو سەختتر برد و دوای ئەوەى هەرێم ئامادە نەبوو نەوتەکەى رادەستی بەغداد بکات، بەغدادیش بەشە بوجەى هەرێمی لە ساڵی (٢٠١٤) بڕی ئیتر ژیانی خەڵک لە باشور کەوتە ناخۆشیەکەوە کە نیوەمووچە دەدراو لەو نیوەیەش چواریان دەبڕی لە کۆی دوازدە مانگەکە. پاشان هاتنی شەڕی داعش ئەوەندەى تر دۆخەکەى ئاڵۆزتر کرد و خەڵک تەنها بیر لە سەلامەتی و خۆپارێزی ژیانی خۆی دەکردەوە. کە ئەو قەیرانە ئابوریە دروستبوو حکومەت مووچەى دوازدە مانگەکەى پێنەئەدرا ڕێگەى (پاشەکەوت) ی گرتەبەر لە بەرامبەر فەرمانبەراندا، ئەوەش غەدرێکی گەورە بوو لە کارمەندانى هەرێمی کوردستان کرا لە لایەن حکومەتەکەى خۆیەوە. کە لە سەرەتادا بێئەوەى بیربکاتەوە لەوەى کە سامانى سروشتی ژێر زەوی تەنها موڵکی ئەم نەوەیەی ئێستا نییە بەڵکو نەوەکانى داهاتووترە، ئەبێ بیرلەوەبکەینەوە تەنها پشت بە سامانى ژێر زەوی نەبەستین بەڵکو ڕێگەچارەى تری ئابورى بدۆزینەوە بۆئەوەى بتوانین ئابورییەکی بەهێز بونیاد بنێین، ئەمەش بەوە دەبێ کە سیاسەت لە خزمەت ئابورییدا بێ نەک بە پێچەوانەوە. واتە حکومەت بیرلەوە بکاتەوە کەرتی تایبەت فراوانتر بکات و دەستی کار بۆ خەڵکی فەراهەم بکات نەک ئەوەى هەمووی بکات بە فەرمانبەر و شوێنێک یان فەرمانگەیەک پێویستی بە دە فەرمانبەر حکومەت بیست فەرمانبەری بۆ دامەزرێنێت ئەمەش دەبێتە هۆکارى گەندەڵی و پاشاگەردانى لە ئیدارەدانى حکومەتدا و بیرۆکراسیەت دەبێتە فەرمانڕەوا.
ئەمانە بۆ ئەڵێم: بۆئەوەى بزانین ئەمانە شتی زۆر سەرەتایین جا بگات بەوەى کە حکومەتى هەرێمی کوردستان بتوانێ سامانى سروشتی ژێر زەوی دەربهێنێ لە پێناو میللەتەکەیدا بەکاریبهێت و سودی هەبێت بۆ خەڵکی. ئەوەش کارێکی فرەمەحاڵە و ئەستەمە لە ساڵێکدا بەرمیلێک نەوتی پێ دابین ناکرێ بۆ میللەتەکەى جا بگات بەوەى کە بتوانێ نەوت و سامانى سروشتی گاز و پێکهاتەکانى تری ژێرزەوى کە زۆرە و ئەکرێ سودی گشتییەکەى لە پێناو بەرژەوەندی گشتی هاوڵاتیاندا بەکاربهێنرێت. بەڵام بەداخەوە لە دوایی (٣٠) ساڵ هێشتا تروسکاییەک بەدیناکەین کە کرابێت لە بوارى سامانى سروشتی ژێرزەوییدا.
یەکێکی تر لەو کێشانەى کە حکومەتى عێراق رووبەرووی حکومەتى هەرێمی کوردستانى کردەوە، گرێبەستکردنی ئابورى بوو لەگەڵ تورکیادا بۆ ماوەى (٥٠) ساڵ ئەمەش گومانى تێدانیە کە حکومەتى عێراق لەم دۆسیە ئابوریەدا لەسەر حەق بوو، چۆن دەبێ هەرێم بێگەڕانەوە بۆ ناوەند بڕیاری گرێبەستکردن بدات لەگەڵ حکومەتی تورکیادا لە ئابورییدا، لە کاتێکدا کەس ناوەڕۆکی ئەو گرێبەستە ئابورییە نازانێت جگە لە چەند کەسێکی کەم، ئەمەش گومانى لای بەرپرسانی عێراق دروستکردوە نازانن ئەو هەموو سامانە سروشتییە لە نەوت و گاز پارەکەى بۆ کوێ ئەڕوات؟ کە بە نرخێک دەفروشرێ بە تورکیا کە زۆر زۆر کەمترە لە نرخی بازاڕی جیهانى.
بۆئەوەى ئاوڕی زیاتر بدەینەوە لە سامانى سروشتی وەک نەوت و گاز و ئەوانى تر… بە نمونە وەرئەگرین و شتێکی سەرەتایی کە لە توانایی ئێمەدا بێت باسی ئەکەین:
مەبەست لە سامانی سروشتی هەموو ئەو کانزا شل و رەقانەیە کە لە ژێر زەوى ناوچەکانى کوردستاندایە و بەتایبەت ناوچەی ئیدارەى سلێمانى زۆرترین سامانى سروشتی ژێرزەوى ئەکەوێتە ئەم ناوچەی ئیدارەى سلێمانەوە کە نزیکە بە وڵاتی ئێرانەوە.
مەبەست لە سامانى سروشتی بەتایبەتی نەوت و گاز وەهەریەک لەم دوو سەرچاوەیە ماهیەت و گرنگیەکی کاریگەرى هەیە لەسەر جوڵەى ئابوری و بازرگانی و پیشەسازی نێوان وڵاتان. کە جوڵە و بەرهەمهێنان گەشە ئەکات، وەبەرهێنان و سەرمایەگوزارى لە کەرتەکانى تردا رۆڵی پێشەنگ ئەبینن و دەتوانرێ پاشەکەوتیش بکرێ بەهۆی ئەوەى سامانى سروشتی بەتایبەت نەوت و گاز بەباشی لە لایەن دەوڵەتەوە کەڵکی لێوەریگراوە. بۆ نمونە ئێران هەموو گازەکەى زۆربەباشی بەکارهێناوە و کەڵکی لێوەرگرتوە بەڵام حکومەتی عێراق و هەرێم خۆشیان نازانن چی ئەکەن بەم سەروەتە نیشتیمانیە یڕ وزە و گرنگە بە بەلاش بە وڵاتانى دەرەوەى هەرزانفرۆش و هەراج ئەکەن.
بەم پێیە سامانى سروشتی لەڕووی سەقامگیری جیهانییەوە لەڕووی ململانێی هێزەکانەوە وە مسۆگەرگردنی گەشەی ئابورییەوە، ڕۆڵی خۆی هەیە لە سەقامگیری ئاسایشی ئابورى هەر دەوڵەتێکدا، لەڕووی جیۆپۆلەتیک و جیۆئیکۆنۆمیکیشەوە پێگەى بەرچاو و دیاری خۆی هەیە.
هەر دەوڵەتێک وزەى هەبێ، توانایی هەیە لە کۆتاییدا دەبێتە خاوەنی هێزی ئابورى و سەربازی لەگەڵ ئەو هێزانەى تر کە سەقامگیری وڵات پێکدەهێننن. سامانى سروشتی وەک هێزی نەرم دەتوانرێ لە بەرامبەر داگیرگاری وڵاتانى تردا بەکاربهێنرێ و ببێتە مایەی ئەمن و ئاسایش بۆ وڵات.
دەبێ پرسیارێک بکەین کاریگەرییەکانى سامانى سروشتی (نەوت و گاز و…) لەسەر داهاتووی حکومەتى هەرێمی کوردستان لەڕووی سیاسی و ئابورییەوە چییە؟ ئەم سامانە بۆ حکومەت ئەمێنێ یان نا ئەو هەیمەنە و دەسەڵاتەى نامێنێت. گومان لەوەدانییە وەڵامەکەى ئەوەیە دەکرێ لە سەردەمێکدا ئەم سامانە سروشتییە کەمببێتەوە یان کۆتایی بێ، وە حکومەت دەبێ پلانی (ستراتیژی قوڵ)ی هەبێ لە بەرامبەر سامانی سروشتی لەکاتى بحران و قەیرانی ئابورى کە رووبەرووی ئەبێتەوە. وە بتوانێ چۆن پێش بەو قەیرانە ئابوریە بگرێ لەسەر پێی خۆی بوەستێ وە بەرهەمی ناوخۆی لە کەرتەکاندا پەرە و گەشە پێبدات و پشت بە بەرهەمی دەرەوە کەمتر ببەستێ، ئەمەش وادەکات خەڵک بتوانن لە ئاییندا بەو بەردەستە کەمەی هەیانە لە ڕووی ئابورییەوە خۆیان بژێنن و سامانى سروشتیش لە کاتى تەنگانە و قەیرانی درێژخایەندا کەڵکی لێوەرگرن.
حکومەتی هەرێمی کوردستان خاوەنی سامانى سروشتی زۆرە وە ڕێژەى ئەوەى ئێستا لەو سامانە هەیە بەڕێژەى (٧٥%) دەکەوێـە ناوچەی سلێمانییەوە، بەڵام چەندە ئەم ڕێژە سامانە سروشتییە زۆرە لەم ناوچەیەدا هەیە، بەگوێرەى خۆی خزمەتگوزاری لە لایەن حکومەتەوە پێشکەش ناکرێ، واتە جۆرێک لە سزا لە بەرامبەر ئەم ناوچەیە جێبەجێ دەکرێت. سزای ناعەدالەتی لە بەرامبەردا پەیڕەو دەکرێ کە دەکرێ بە سزای (ناعەدالەتى ئابوریی/ جوگرافی) ناوی ببەین.
چەند ساڵێک لەومەوپێش لە پارێزگای سلێمانى- شارۆچکەى چەمچەماڵ کانیاوێک لە وەرزی بەهاردا تەقی و ئاوێکی زۆری لێوەهەڵئەقوڵا، خەڵک وایانزانی ئەم ئاوە و لەم گەرمەسێرەدا هەڵقوڵاوە بۆ کاری کستوکاڵ و ئاودێری باشە، بەڵام دواتر ئاوەکە ئەوەندە زۆربوو کە لەگەڵ ئاوەکەدا گڕی ئاگریشی لێوەئەهاتەدەر، دواتر لیژنەى پسپۆڕی دەرەوە هاتن سەیریان وتیان ئەمە گازە و زۆریش بەناوبانگە گازەکەى، بەڵام بەداخەوە چونکە حکومەت پلانی ستراتیژی نییە تاوەکو ئێستا ئەو گازە هەروا لەو ناوچەیە وەک گۆماوى لێهاتوە و هیچی تر سودی لێنابینرێت.
شتێکی تر هەیە لە لایەن حکومەتەوە دەرهەق بە سنورى سلێمانى و ئیدارەى گەرمیان پەیڕەو دەکرێ کە زۆربەى سامانى سروشتی هەرێم دەکەوێتە ئەم ناوچەیەوە، بەڵام ئەوەى حکومەت پەیڕەوی ئەکات بەرامبەر ئەم ناوچەیە بریتییە لە (ناعەدالەتى ئابورى/ جوگرافی) کە لە خوارەوە ئاماژەى پێئەدەین:
ناعەدالەتى ئابورى/ جوگرافی
وەک دەزانین هەرێمی کوردستان خاوەنی سامانێکی سروشتی دەوڵەمەند و بەپیتە هەوڵێک هەیە بۆئەوەى ناوچەیەک زیاتر ئاوەدان بکرێـتەوە و ناوچەیەکی تر کەمتر و ئاوان بکرێتەوە و خزمەتگوزارى کەمتری پێبگات ئەمەش شکستی سیاسەتی ئابورییە پێش هەر شتێک بەچاوی حیزبی سەیری هاونیشتیمانیانی وڵاتەکەى خۆی ئەکات.
١- ناعەدالەتى ئابورى: ئەوەیە کە حکومەت گرنگی و بایەخ بە ناوچەیەک بدات و ناوچەیەکی تر فەرامۆش بکات لەسەر حسابی ناوچەکەى تر، لە ڕووی خزمەتگوزاری و ئاوەدانکردنەوە. یان گرنگیدان بە ناوچەیەک لەسەر حسابی ناوچەیەکی تر، سەرەڕای ئەوەى ئەو شارەى کە پشتگوێ دەخرێ خاوەنى زۆرترین سامانى سروشتی و وزەیە، بەڵام وەک ئەو شارانەى تر خزمەت ناکرێ لەڕووی ئابورییەوە. ئەمەش شێوازێک لە ناعەدالەتی ئابورییە کە حکومەت پەنای بۆ ئەبات کە دەکرێ بە ”ناعەدالەتى ئابورى” ناوزەدی بکەین.
٢- ناعەدالەتى جوگرافی: ئەمەش ئەکرێ کە تەواوکەرى ناعەدالەتى ئابورى بێت کە حکومەتى هەرێم لە هەولێر لە بەرامبەر خەڵکی سلێمانى و ئیدارەى گەرمیاندا پەیڕوەى دەکات. ئەو دەزگایانەى کە بریتیین لە دەزگای ئامار و سەرمایەگوزارى و وەبەرهێنان، لە هەولێر لەڕێگەى ئەو ئامارانەوە ئامارى ورد و دەقیق ناخاتە بەردەست بۆئەوەى بە شەفافی ئامارەکان بزانرێت و کارى لەسەر بکرێت. ئەمەش وادەکات ناوچەکانى سلێمانى و گەرمیان لەڕووی خزمەتگوزارى و کۆی جومگەکانى گشتی ژیانی هاونیشتیمانیانەوە لەژێر ئاستی هەولێر و دهۆک لەدواوەبێ و وەک ئەوان خزمەت نەکرابێ، ئەمەش ناعەدالەتییەکی سەرتاپا ناحەق و جوگرافییە کە دەرهەق بە خەڵکی ئەم دەڤەرە دەکرێت.
بەتایبەت ناعەدالەتى ئابورى و جوگرافی جیاوازییەکی دروستکردوە لەنێو خەڵکی سادە و دەوڵەمەنددا، واتە جیاوازییە چینایەتیەکە زۆر ناحەق و لەبەرچاوە کە چینی ناوەند نەماوە ئەوەى هەیە دەوڵەمەندێکی لەڕادەبەدەرە و بژێوی لە ئاستی زۆر راقیدا ژیان بەسەر دەبات و ئەوى تر لە خەڵکی هەژارە کە ژیانێکی مەرگەسات و پڕوکێنەر بەسەر دەبات.
حکومەتى هەرێم ئەتوانرێ ئەم ناعەدالەتیە ئابورى و جوگرافییە کەمتر بکاتەوە ئەویش لەڕێگەى شۆڕکردنەوەى دەسەڵاتەکانى لە مەرکەزەوە بۆ لامەرکەزیەت، واتە هەر شارێک خۆی خۆی بەڕێوەبەرێ و لامەرکەزیەتی ئیدارى خۆی جێبەجێ بکات. ئەمەش کار ئاسانیەکە بۆ حکومەت، و حکومەتى ئیدارى ئەو ناوچەیە بەو بودجەیەی هەیەتی ناوچەی خۆی خۆیەتی دەتوانێ بەڕێوەببات. باشتر و خەمخۆرانەتر ، بارێکی خۆشگوزەرانتر بۆ خەڵکەکەى دابینبکات. و قورسی و ئەرکێکی زەحمەتیش لەسەرشانى حکومەت کەمتر بکاتەوە.
دەرئەنجام:
بۆئەوەى حکومەتى هەرێمی کوردستان بتوانێ لانی کەم خەڵک ئاشتبکاتەوە لەو ئەو بوجە زەبەلاح و ناپێویستەى کە لە شتی بێکەڵدا سەرفی ئەکەن، راگرتنی بوجە واتە خەرجییەکان کەمبکرێتەوە و داهات زیاد بکرێت. وە ئەو لەشکرە لە مووچەخۆر کە زۆربەی بندیوارە و حساب و کتابی لەگەڵدا بکرێ و خەڵکی شیاو لە شوێنیان دابنرێ کە هەندێکیان وەهمین و بوونیان نییە. وە کەرتی تایبەت بەهێز بکرێ و هانای خەڵک بدرێ کاری تێدا بکات بەهاوکارى حکومەت. وە کەرتی پیشەسازی لە شارەکان و کشتوکاڵ لە لادێیەکاندا زیندوو بکرێتەوە، بەوەى وا لەخەڵک بکەن کە کۆچ نەکەن بۆ شارەکان و لادێکان چۆڵ بکرێت، بۆیە داینەمۆی حکومەتى هەرێم ئەوەیە کە پاڵپشتی گوندەکان بکات و کەرتی کشتوکاڵ و ئەو بوارانەى تر کە ئابورى حکومەتى هەرێم رادەگرن و بەهێزی دەکەنەوە پاڵپشتیان بێت. کە پێوست لە لادێکاندا زیندوو بکرێتەوە حکومەت بە پێدانى کەرەستەى پێویست ژیانەوە لە لادێکانەوە بۆ شارەکان دەستپێبکاتەوە.

نووسینی: دانا حمید

سەرچاوە:
١- حکومەت و سامانى سروشتی لە هەرێمی کوردستان، نووسینی: د: سەردار عزیز، لبنان، ٢٠١٣.
٢- ناعەدالەتى جوگرافی، نووسینی: بەیار عومەر عبدالله، سلێمانى، ٢٠١٦.




گفتوگۆ لەگەڵ نووسەر مەریوان سەڵاح حیلمی

مه‌ریوان سه‌لاح حیلمی:
ئه‌ده‌بیاتی منداڵان بریتیه‌ له‌ بابه‌تی فره‌ جۆر و فره‌ ڕه‌هه‌ند

بـۆ زیاتر بـایـه‌خ و گرنگیدان به‌بواری‌ په‌روه‌رده‌ و ئه‌ده‌بیاتی منداڵان، وه‌ ئـاوڕدانـه‌وه‌ لـه‌ كـه‌سایه‌تییه‌كـانـی ئـه‌و بـواره‌‌، بـه‌ پێـویـسـتـمان زانـی ئـه‌م دیـمـانـه‌یـه‌ لـه‌گـه‌ڵ به‌ڕێز”م. مه‌ریوان سه‌لاح حیلمی” ی نووسه‌ری بواری په‌روه‌رده‌ ساز بده‌ین.

سازدانی: ڕۆسته‌م خامۆش

پرسیار: ئه‌ده‌بیاتی منداڵان چیه‌و وه‌ به‌ڕێزت چۆن پێناسه‌ی ده‌كه‌یت؟

وه‌ڵام: ئه‌ده‌بیاتی منداڵان بریتیه‌ لـه‌ بابه‌تـی فـره‌ جۆر و فـره‌ ڕه‌هه‌ند، وه‌جۆرێكه‌ له‌ چالاكیی ئه‌ده‌بیی و هونه‌ریی و هزری، كه‌ بۆ منداڵ ده‌نووسرێ. ئه‌ده‌بیاتی منداڵان بریتیه‌ له‌و ئه‌ده‌به‌ی، كـه‌ تایبه‌ت بـۆ منداڵ ده‌نووسرێ بـۆ ئه‌وه‌ی جیهان بدۆزنه‌وه‌و له‌ منداڵیدا هۆشیارتربن و له‌ گه‌وره‌ییدا هه‌وڵی گۆڕینی بده‌ن.

پرسیار: کێن ئەوانەی دەبێ بۆ منداڵان بنووسن، یان هەموو شاعیر و نووسەرێک دەتوانێ بۆ منداڵان بنووسێ؟

وه‌ڵام: ئه‌وانه‌ی بۆ مناڵ ده‌نووسن:
1ـ ئه‌گه‌ر له‌بـواری په‌روه‌رده‌دا كاربكه‌ن.
2ـ ئـه‌گـه‌ر خـۆیــان منـاڵـیـــان هــه‌بـێـت.
ئه‌وا زۆر باشتره‌، به‌ڵام ئه‌و دوو خاڵه‌ مه‌رج نین بۆ ئه‌وه‌ی شاعیر، یان چیرۆكنووس، یان… هتد سه‌ركه‌وتن له‌بواره‌كه‌دا به‌ده‌ستبهێنن، ئێمه‌ نمونه‌مان هه‌یه‌ له‌م باره‌یه‌وه‌، وه‌ك: “له‌تیف هه‌ڵمه‌ت ” نه‌ له‌بواری په‌روه‌رده‌دا كاری كردووه‌و نه‌ منداڵیشی هه‌یه‌، كه‌چی یه‌كێكه‌ له‌ شاعیره‌ سه‌ركه‌وتووه‌كانی بواری مناڵان و په‌روه‌رده‌، هه‌روه‌ها “كاكه‌ی فه‌لاح “مان هه‌یه،‌ كه‌ له‌بواری په‌روه‌رده‌دا كاری نه‌كردووه،‌ به‌ڵام شاعیرێكی سه‌ركه‌وتووی بواری په‌روه‌رده‌ی منداڵانه‌.
به‌كورتی ده‌بێت شاعیری بواری مناڵان رۆشنبیرییه‌كی گه‌وره‌ی هه‌بێت له‌وبواره‌دا، هه‌میشه‌ چاودێر و خوێنه‌رێكی وردی بواری په‌روه‌رده‌ی منداڵان بێت، به‌تایبه‌تی و ئه‌ده‌بیات به‌گشتی، واته‌ ته‌نیا به‌هره‌ی شاعیریی به‌س نییه‌، به‌ڵكو ده‌بێت ئاگای له‌ هه‌ستیاریی قۆناغه‌كانی منداڵیی هه‌بێت.
ئه‌ڵبه‌ته‌ هه‌موو شاعیرێك و نووسه‌رێكیش ناتوانێ شیعر، یان هه‌ر به‌رهه‌مێكی ئه‌ده‌بی بۆ مناڵان بنووسێت، چونكه‌ بابه‌تی په‌روه‌رده‌ی منداڵان هه‌تا بڵێی قورس و به‌رپرسیارێتیه‌، ئه‌گه‌ر شاعیرێكی ئاسایی بابه‌تێكی خودی بۆ نمونه:‌ (ته‌نیایی) خۆی بكات به‌ شیعر و ئاسایی بێت ئه‌وا بۆ شاعیرانی بواری په‌روه‌رده‌ی منداڵان ئاسان نییه،‌ كه‌ په‌لاماری هه‌موو جۆره‌ بابه‌تێكی بدات و به‌رهه‌مێكی لێ دروستبكات، شیعری بواری په‌روه‌رده‌ بریتییه‌ له‌ ئامانج، ئامانجێك پێشتر له‌رووی فیكرییه‌وه‌ له‌دایك ده‌بێت و دواتر شاعیر ده‌یخاته‌ قاڵبی شیعر، یان چیرۆك، یان هه‌ر به‌رهه‌مێكی تری ئه‌ده‌بییه‌وه‌ بێت، بۆیه‌ به‌رهه‌می بواری منداڵان به‌رپرسیارێتی قورستر و به‌ئه‌ركتره‌، چونكه‌ بۆ نمونه‌ تۆ، كه‌ شیعرێك بۆ مناڵی 6 ساڵان ده‌نووسیت كاتێ بۆ یه‌كه‌مینجار ده‌چێته‌ قوتابخانه‌، با ئه‌و مناڵه‌ شه‌ش ساڵه‌یه‌ له‌ ساڵی ئاینده‌دا بچێته‌ قۆناغێكی تر، یان ته‌مه‌نی ببێت به‌ حه‌وت ساڵیی، به‌ڵام شیعره‌كه‌ هه‌ر ده‌مێنێته‌وه‌، چونكه‌ ساڵی داهاتوو مناڵی شه‌ش ساڵیی شوێنی ئه‌و ده‌گرنه‌وه‌.
ئه‌گه‌ر زۆر درێژه‌ی نه‌ده‌ینێ مه‌رج نییه‌ ئه‌وه‌ی شاعیر و نووسه‌رێكی باش بێت ئه‌وه‌ مانای ئه‌وه‌ نییه‌ بتوانێ شیعر و بابه‌تی مناڵان بنووسێت، بۆیه‌ له‌شاعیر و نووسه‌راندا ته‌نیا چه‌ند كه‌سێك نه‌بێت زۆرینه‌یان گرنگیان به‌م بواره‌ نه‌داوه‌، بۆیه‌ ئه‌وه‌ی له‌بواری په‌روه‌رده‌ی مناڵاندا ده‌نووسێت ده‌بێت خولیایه‌كی گه‌وره‌ی هه‌بێت بۆ ئه‌م ئیشه‌، واته‌ به‌ كارێكی ئاسان و كاتیی نه‌زانێت، به‌ڵكو به‌كار و ئه‌ركێكی مه‌زنی بزانێت.

پرسیار: چۆن بوو ئاوڕت لە ئەدەبیاتی منداڵان دایەوە، ئایا جگە لە لێکۆڵینەوە لەسەر شیعری منداڵان، لە بارەی چیرۆکی منداڵان و ڕۆمانی مێرمنداڵانیش نووسین و لێکۆڵینەوەت کردووە؟

وه‌ڵام: به‌ڕێزم من ئاوڕێكی ئه‌وتۆم له‌ بواری په‌روه‌رده‌دا بۆ مناڵان نه‌داوه‌ته‌وه‌، به‌ڵكو من ئاوڕی جدیم له‌ گرنگیی په‌روه‌رده‌و كه‌مته‌رخه‌میی ده‌سه‌ڵات و نووسین و لێكۆڵێنه‌وه‌ دژی ده‌سه‌ڵاتی كوردی داوه‌ته‌وه‌، واته‌ من چاك ئه‌وه‌م زانیوه‌، كه‌ ته‌مه‌نی مناڵ ته‌مه‌نێكی و گرنگ و له‌ زێڕ به‌نرختره‌، وه‌ شتێك له‌گرنگی په‌روه‌رده‌ شاره‌زام، وه‌ به‌وردی چاودێری كاره‌كانی حكومه‌ت ئه‌كه‌م، كه‌ له‌دوای ساڵی 1991وه‌ تاوه‌كو ئێستا چۆن په‌روه‌رده‌ی نابووت كردووه‌، بۆیه‌ من وه‌ك تاكێك ئه‌وه‌ی، كه‌ پێم كرابێت بۆ هۆشیاركردنه‌وه‌ی مامۆستایان و خێزان و كۆمه‌ڵگه‌ و هه‌روه‌ها پێشخستنی په‌روه‌رده‌ له‌كوردستاندا ئیشم كردووه‌و سێ كتێبی لێكۆڵینه‌وه‌و ره‌خنه‌م له‌بواری په‌روه‌رده‌دا چاپكردووه‌و ده‌یان چاوپێكه‌وتنی ته‌له‌فیزیۆنی و رادیۆیی و رۆژنامه‌یی و…هتد له‌م باره‌یه‌وه‌ ئه‌نجامداوه‌، به‌كورتی من كه‌ بابه‌ت ئه‌نووسم بۆ دوو مه‌به‌ستی سه‌ره‌كییه‌ یه‌كه‌میان هۆشیاركردنه‌وه‌ دژی ده‌سه‌ڵاتی كوردی، كه‌ نوقمه‌ له‌ گه‌نده‌ڵی و دزی و دژی په‌روه‌رده‌و شتی جوانه‌، دووه‌میان بۆ ته‌مه‌نی گه‌وره‌ ئه‌نووسم، واته‌ بۆ مامۆستایان و خێزان و كۆمه‌ڵگه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و شتانه‌ بخه‌مه‌ روو، كه‌ ره‌نگه‌ لای كه‌سێكی ساده‌ نه‌بیستراو بێت، یان ده‌ركی پێ نه‌كردبێت، چونكه‌ ئێمه‌ له‌ناو چه‌قی ئیشه‌كه‌دا ده‌ژین وردتر له‌ هاوڵاتییه‌كی ئاسایی هه‌ست به‌شته‌كان ده‌كه‌ین، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی كه‌ گرنگی زیاتر به‌ خوێندنه‌وه‌و چاودێری كردن ده‌ده‌ین، واته‌ زۆر ناچار نه‌بین، نه‌قسه‌ ده‌كه‌ین، نه‌ ده‌نوسین، ته‌نیا به‌ شێنه‌یی ده‌خوێنینه‌وه‌.
له‌باره‌ی نوسین و لێكۆڵینه‌وه‌ له‌بواری په‌روه‌رده‌ی منداڵان، له‌ راستیدا ره‌خنه‌گر و نووسه‌رمان كه‌مه‌، كه‌ ئاوڕ له‌م گه‌نجینه‌یه‌ بداته‌وه‌ و بتوانێ شیكارییه‌كی گرنگ بۆ بابه‌ته‌كان بكات، بۆیه‌ من زۆرجار له‌ناچاریی، یان زۆر جار له‌ گرنگیدان به‌ده‌قێك ئه‌و كاره‌ ئه‌كه‌م، ئه‌وه‌ی من كردوومه‌ له‌م بواره‌دا بۆ چه‌ند مه‌به‌ستێكه‌
یه‌كه‌میان: وه‌ك چۆن “ئه‌حمه‌دی خانی ” له‌ مه‌م و زینه‌كه‌یدا ده‌ڵێ مه‌م و زینم كردووه‌ به‌ به‌هانه‌ بۆ ئه‌وه‌ی، ئه‌وه‌ی له‌دڵمدایه‌ بینوسم، منیش هه‌روه‌ها زۆرجار ده‌قێكی شیعری ده‌كه‌م به‌ به‌هانه‌ بۆ ئه‌وه‌ی، ئه‌وه‌ی پێویسته‌ بینوسم و خه‌ڵكی لێ ئاگاداربكه‌مه‌وه‌.
دووه‌میان: گرنگیدان به‌ شاعیره‌كه‌یه‌، بۆ ئه‌وه‌ی به‌رده‌وام بێت له‌ پێشكه‌شكردنی ده‌قی جوان بۆ مناڵان، چونكه‌ كه‌مته‌رخه‌میی هه‌یه‌ له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه،‌ بۆیه‌ ناچارین پشتی شاعیران بگرین بۆ ئه‌وه‌ی بابه‌تی گرنگ پێشكه‌شی منداڵانی كورد بكه‌ن.
سێیه‌م: ئه‌گه‌ر كه‌م و كوڕییه‌ك له‌ شیعره‌كه‌دا هه‌بێت بیخه‌مه‌ روو، به‌ڵام به‌ ئه‌نقه‌ست زۆر له‌سه‌ر ئه‌مه‌ نه‌ڕۆیشتووم، چونكه‌ لێكۆڵینه‌وه‌كانی من له‌م بواره‌دا تایبه‌ته‌ به‌ ره‌خنه‌ی راڤه‌یی، چونكه‌ ده‌مه‌وێت له‌ڕێی راڤه‌وه‌ سه‌رنجی خوێنه‌ر ڕابكێشم و زیاتر مه‌به‌ست بپێكم، هه‌روه‌ها ره‌خنه‌ هه‌ر ده‌رخستنی كه‌موكورتی نییه‌، به‌ڵكو خستنه‌ رووی ئه‌و جوانیانه‌یه،‌ كه‌ خوێنه‌رێكی ساده‌ هه‌ستی پێناكات، به‌كورتی ره‌خنه‌ی راڤه‌یی مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رتاپای ناوه‌ڕۆكی ده‌قه‌كه‌ ده‌كات، نه‌ك یه‌ك دێڕ و دوو دێڕ.
له‌باره‌ی ره‌خنه‌و لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ بواری چیرۆك و رۆمان، كورد نه‌ك بۆ مناڵان به‌ڵكو بۆ گه‌ورانیش رۆمانی كه‌مه‌ به‌ به‌راورد به‌ رۆمانی دراوسێ و جیهانییه‌كان، به‌ڵام من پێشتر بابه‌تی ره‌خنه‌ییم له‌سه‌ر شانۆ و ته‌مسیل و حه‌لقه‌ نووسیوه‌، به‌ڵام هی مناڵان نا، به‌ڵكو هی گه‌وران، به‌ڵام بۆیه‌ گرنگیم به‌ شیعر داوه‌, چونكه‌ شیعر زیاتر ده‌توانێ بچێته‌ ناو خه‌ڵكه‌وه‌و كێش و مۆسیقای هه‌یه‌، به‌ڵام گرفته‌كانی ژیان به‌ به‌ربڵاوی ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌ی نه‌داومه‌تێ، كه‌ كار له‌ سه‌ر چیرۆك و رۆمانی مناڵان بكه‌م، ئه‌مه‌ مانای ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ بڵێم نایكه‌م.

پرسیار: لە هه‌ندێ له‌ لێکۆڵینەوەکانتدا، گرنگیت بە شیعری پەروەردەیی منداڵان داوە، ئەمەیان بۆچی؟

وەڵام: ئه‌وه‌ی كه‌ زیاتر گرنگیم پێداوه‌ لێكۆڵینه‌وه‌و ره‌خنه‌یه‌ له‌بواری په‌روه‌رده‌دا، واته‌ نوسینه‌كانی من به‌پله‌ی یه‌كه‌م ره‌خنه‌و لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ له‌بواری په‌روه‌رده‌دا، نه‌ك له‌ڕێی ده‌قێكی شیعرییه‌وه‌، هه‌روه‌ها له‌ 30 ساڵی رابردوودا گرنگیم به‌ گه‌لێ بابه‌ت داوه‌ وه‌كو: مافه‌كانی ژن، كه‌ ره‌نگه‌ زیاتر له‌ 100 گۆشه‌م له‌سه‌ر نووسیبێت، هه‌روه‌ها بابه‌ته‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و سیاسییه‌كان، هه‌روه‌ها بابه‌تی زمانه‌وانیی و فۆلكلۆریش، ره‌نگه‌ ئه‌مه‌ كه‌مێك مایه‌ی پێكه‌نین بێت، به‌ڵام راستیت بوێ ناچاریی وه‌های لێكردووم، كه‌ ده‌ست بۆ ئه‌و هه‌موو جۆره‌ بابه‌تانه‌ به‌رم، بۆنمونه‌ چه‌ند ساڵێك له‌گه‌ڵ هاوڕێیه‌ك یان دووان و سیان خه‌ریكی ده‌ركردنی رۆژنامه‌ بووین، ناچاربووین فێر بین چۆن بابه‌ت دابه‌ش ده‌كه‌یت به‌سه‌ر لاپه‌ڕه‌كاندا، یان له‌ده‌ركردنی رۆژنامه‌دا هه‌ر ئه‌وه‌ نییه،‌ كه‌ خه‌ڵك بابه‌تت بۆ بنوسێت و تۆ بڵاوی بكه‌یته‌وه‌، به‌ڵكو ده‌بێت بۆ هه‌ر لاپه‌ڕه‌یه‌ك، كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ شتێك بۆ نمونه‌ له‌م ژماره‌یه‌دا هیچ بابه‌تێكت بۆ نه‌هاتووه‌ له‌سه‌ر لاپه‌ڕه‌ی په‌روه‌رده‌ ده‌بێت خۆت حازری بكه‌یت، ئیتر ئایا چاوپێكه‌وتن بێت، یان ریپۆرتاژ، یان وتار، یان ته‌كلیف له‌كه‌سێك بكه‌یت بۆت بنوسێت.
به‌ڕێزم سه‌یركه‌ ئێستاكه‌ خوێندنی ئۆنلاین ده‌ستی پێكردووه‌، ئیشی رۆژنامه‌و گۆڤار ئه‌وه‌یه‌ بێت مه‌له‌ف له‌سه‌ر ئه‌مه‌ دروستبكات، یه‌كه‌م چاوپێكه‌وتن بكات، دووه‌م وتار له‌م و له‌و وه‌ربگرێت و بیخاته‌ مه‌له‌فه‌كه‌وه‌، سێیه‌م راوبۆچوونی هاوڵاتیان و خێزان وه‌ربگرێت، جا كه‌واته‌ ئه‌وه‌ی رۆژنامه‌، یان گۆڤاره‌كه‌ ده‌رده‌كات ده‌بێت به‌دوای ئه‌مانه‌دا بچێت، چونكه‌ ده‌ركردنی گۆڤار و ڕۆژنامه‌ وه‌ك نه‌شره‌ی مه‌كته‌ب نییه‌ هه‌ر كه‌سێ هه‌ڵسێ و شتێ هه‌ڵواسێت.
به‌ڵام ئه‌گه‌ر له‌من ده‌پرسیت ئایا نووسه‌ر له‌ هه‌موو بوارێكدا بنووسێت باشتره‌، یان ته‌نیا له‌بوارێكدا، ئه‌ڵبه‌ته‌ ته‌نیا له‌یه‌ك بواردا بنووسێت, واته‌ خۆی ته‌رخان بكات بۆ یه‌ك شت بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت كۆنترۆڵی بكات.

پرسیار: تۆ، وەک شارەزایەکی بواری پەروەردە، پێت وایە ئەو شیعرانەی لە کتێبی خوێندنەوەی کوردی جێیان کراوەتەوە لەسەرجەم پۆلەکان، هەموویان شیعری پەروەردەیی بن؟

وەڵام: بۆ ئه‌م پرسیاره‌ ده‌بێت پیاچوونه‌وه‌یه‌كی ورد به‌ كتێبی خوێندنه‌وه‌دا بكه‌ین، وه‌ ده‌بێت په‌نجه‌ بخه‌ینه‌ سه‌ر كتێبی كام قۆناغ؟ به‌ڵام ئه‌وه‌ی من سه‌رنجم دابێت ئه‌و شیعرانه‌ی بڵاوكراونه‌ته‌وه‌ له‌ كتێبی خوێندندا به‌شێوه‌یه‌كی گشتی باشن، به‌ڵام شیعریشی تیایه‌ كه‌ وه‌ك پێویست نییه‌ و پێویسته‌ به‌ شیعری باشتر جێگه‌ی پڕبكرێته‌وه‌.

پرسیار: بەڕێزت وەک نووسەر و لێکۆڵەرێک لە بواری په‌روه‌رده‌و ئەدەبیاتی منداڵان، چۆن دەڕوانیتە ئەدەبیاتی منداڵانی کورد و لە چ ئاستێکیدا دەبینی؟

وەڵام: ئه‌ده‌بیاتی بواری منداڵان تاوه‌كو ئێستا شوێنی خۆی نه‌كردۆته‌وه‌ له‌ ناو ئه‌ده‌بیاتی كوردییدا به‌گشتی، لای من تاوه‌كو ئێستا له‌ ئاستێكی باشدا نییه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ ناگه‌یه‌نێ كه‌ بڵێین شاعیران و نووسه‌ران هیچیان نه‌كردووه‌، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ هه‌وڵی جوان و بابه‌تی باش هه‌یه‌، به‌س ئێمه‌ ئه‌مانه‌وێ باشتر بێت، به‌چی باش ده‌بێت؟ به‌وه‌ باش ده‌بێت كه‌ سه‌رجه‌م كۆمه‌ڵگا به‌ حوكمڕان و هاوڵاتییه‌وه‌ كه‌ په‌روه‌رده‌ ببێت به‌ خه‌می گشتی هه‌مووان.

پرسیار: بە دید و بۆچوونی بەڕێزت، بۆچی تا ئێستا وەک پێویست لێکۆڵینەوە لە بارەی ئەدەبیاتی منداڵان نەکراوەو ئەوەی دەبینرێش زۆر کەمە؟

وەڵام: به‌ڕێزم لێكۆڵینه‌وه‌ بابه‌تێكی قورسه‌، كورد به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی كه‌متر ده‌ستی بردووه‌ بۆ شته‌ قورسه‌كان، بۆ نمونه‌ رۆمان، له‌به‌ر ئه‌وه‌ ده‌بێت له‌ زانكۆكانی كوردستان ماسته‌ر و دكتۆرا پێبگه‌یه‌نرێت بۆ ئه‌وه‌ی ورد ورد لێكۆڵینه‌وه‌ له‌بواری مناڵان گه‌شه‌بكات، واته‌ ئه‌و هه‌وڵانه‌ی كه‌دراون هه‌وڵی تاكه‌ كه‌سیین، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ گشتگیر بكرێ، ده‌بێت له‌ زانكۆ و په‌یمانگاكان گه‌شه‌ی پێ بدرێ بۆ ئه‌وه‌ی ئیشه‌كه‌ به‌ربڵاوبێت.

پرسیار: هەندێ لە شارەزایانی بواری ئەدەبیاتی منداڵان دەڵێن: وەک پێویست ڕەخنەگرمان لەو بوارەدا نیە و هەر وەکو نەبوو وایە، بەڕای تۆ هۆکارەکەی چیە؟

وەڵام: به‌ڵێ راسته‌، وه‌ك چۆن شیعر و نووسینی بواری منداڵان له‌م بواره‌دا جێی خۆی نه‌كردۆته‌وه‌ و به‌ شتێكی ئاسان و لاوه‌كیی سه‌یر ده‌كرێ، بۆیه‌ بۆ ره‌خنه‌كه‌ش هه‌مان بۆچوون هه‌یه‌، كه‌ من لام وایه‌ پێچه‌وانه‌كه‌ی راسته‌, چونكه‌ له‌كۆمه‌ڵگه‌دا ده‌بێت هه‌موو شتێك واته‌ خاڵی یه‌كه‌م, كه‌ پێویسته‌ گرنگی پێبدرێ منداڵان و نوسین و دنیای منداڵانه‌، ئینجا شته‌كانی تر دێن، به‌ڵام له‌ كوردستاندا ڕێك پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌ ده‌بینین.

پرسیار: وەکو دەزانین کتێب لە بارەی ئەدەبیاتی منداڵان کەم نووسراوە بە زمانی کوردی، چ لە ڕووی: مێژوویی، لێکۆڵینەوە، رەخنە، یان چۆن نووسین بۆ منداڵان، یاخود هەر بابەتێکی پەیوەست بەو بوارە، کەواتە کەسێک بیەوێ خۆی شارەزا بکات، وەک پێویست سەرچاوەی دەستناکەوێ، بە ڕای بەڕێزت چارەسەر چیەو چی بکرێ باشە؟

وەڵام: نه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی باست كردووه‌ بۆ زۆر شتی تر كتێبخانه‌ی كوردی لاوازه‌، بۆ نمونه‌ بواری زمانه‌وانیی، تۆ بچۆ سه‌رێك له‌ كتێبخانه‌كانی ناوبازاڕ بده‌ له‌ سلێمانی و هه‌ولێر بزانه‌ دوو كتێبی زمانه‌وانییت ده‌ستده‌كه‌وێت؟
به‌ڕێزم چاره‌سه‌ر له‌م قۆناغه‌دا نییه‌، چونكه‌ هه‌وڵه‌كان تاكه‌ كه‌سیین، هیچ هاندانێك نییه‌، چاره‌سه‌ری ئه‌م ئیشه‌ به‌ به‌رنامه‌ ده‌كرێ، بۆ نمونه‌ له‌ زانكۆ قوتابی بۆ ئاماده‌بكه‌یت، له‌ ماسته‌ر و دكتۆرا توێژه‌ری بۆ دروستبكه‌یت، هه‌روه‌ها له‌ وه‌زاره‌تی رۆشنبیریی ده‌ستی ئه‌و كه‌سانه‌ بگرێت، كه‌ ده‌یانه‌وێ له‌و بوارانه‌دا بنووسن كه‌ كتێبخانه‌ی كوردی پێویستی پێیه‌تی، واته‌ كورد پێویستی به‌ چییه‌ ئه‌وا هه‌وڵی بۆ بدرێ، بۆ نمونه‌ ئه‌و كه‌سه‌ی كتێبێك له‌بواری مناڵاندا ئاماده‌ده‌كات ئه‌وا شوێنێك هه‌بێت بۆی چاپ بكات، هاوكاریی مادی و مه‌عنه‌وی بكات، ئه‌مانه‌ له‌كوردستاندا نین، بۆیه‌ نووسه‌رانی كورد به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی ده‌بێت خۆی بابه‌ت بنوسێ، خۆی چاپی بكات، خۆی دابه‌شی بكات، باشه‌ ئه‌م هه‌موو هیلاكیی مادیی و مه‌عنه‌وییه‌ به‌كێ ئه‌كرێ و سه‌ره‌نجامیش خوێنه‌ری نه‌بێت.

پرسیار: لە بەردەوامیی و درێژەدان بە لێکۆڵینەوە لەسەر شیعری منداڵان، پڕۆژە و پلانت چیە بۆ داهاتوو؟

وەڵام: پرۆژه‌ و پلانم ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌رده‌وام بم له‌ نووسین و لێكۆڵینه‌وه‌، من هه‌رگیز ناتوانم ده‌ست له‌ پرۆژه‌ په‌روه‌رده‌ییه‌كان هه‌ڵگرم، هه‌ر جاره‌ی له‌ ده‌رگایه‌كه‌وه‌ دێمه‌ ژوره‌وه‌ بۆ خزمه‌تی مناڵان و په‌روره‌ده‌ به‌گشتی له‌ كوردستاندا، چونكه‌ له‌ گرنگیی ئه‌م بابه‌ته‌ تێگه‌یشتووم، به‌ڵام جیاوازیی من له‌گه‌ڵ شاعیرێكی بواری مناڵاندا ئه‌وه‌یه‌ نووسینه‌كانی من ئاڕاسته‌ی ده‌سه‌ڵات و خێزانه‌كان ده‌كرێن، به‌ڵام شاعیری بواری مناڵان و په‌روه‌رده‌ ئاڕاسته‌ی مناڵی ده‌كه‌ن، هه‌ردووكیان وه‌ك یه‌ك گرنگه‌، دیاره‌ ئه‌وه‌ی شاعیره‌كه‌ راسته‌وخۆ بو سوودی مناڵانه‌، ره‌خنه‌و لێكۆڵینه‌وه‌ی منیش بۆ شكاندنی قفڵی ژه‌نگاویی ئه‌و كه‌سانه‌یه‌ كه‌ له‌گرنگیی په‌روه‌رده‌ تێنه‌گه‌یشتوون، یان تێگه‌یشتوون و وه‌ك هه‌ولێریه‌كان قسه‌یه‌كی جوانیان هه‌یه،‌ كه‌ ده‌ڵێن خۆیان له‌ گێلی ده‌ده‌ن.


پرۆفایل:
مه‌ریوان سه‌لاح حیلمی

1ـ له‌ ساڵی 1969 له‌خێزانێكی خوێنده‌وار و ڕۆشنبیر له‌ شاری هه‌ڵه‌بجه‌ له‌دایكبووه‌.
2ـ له‌ ساڵانی 1986- 1990 له‌كۆلێژی ئادابی زانكۆی سه‌لاحه‌دینی هه‌ولێر به‌شی زمان و ئه‌ده‌بی كوردی خوێندوویه‌تی و به‌ پله‌ی ( زۆر باش) ته‌واوی كردووه‌.
3ـ له‌دوای راپه‌ڕین بۆته‌ مامۆستای كوردی له‌ دواناوه‌ندی و ئاماده‌ییه‌كانی شاری سلێمانی.
4ـ بۆیه‌كه‌مینجار له‌ مێژووی سنووری به‌كره‌جۆی پارێزگای سلێمانی، قۆناغی ئاماده‌یی كوڕانی كردۆته‌وه‌ به‌ناوی هه‌زارمێرد و دواتر ناوه‌كه‌ی گۆڕا بۆ روشدی عه‌لی شه‌ریف.
5ـ تاوه‌كو ئێستا سێ كتێبی له‌بواری په‌روه‌رده‌ چاپكردووه‌ به‌ناوه‌كانی:
1ـ له‌باره‌ی په‌روه‌رده‌وه‌، 2ـ په‌روه‌رده‌و گۆڕین، 3ـ وتاره‌ په‌روه‌رده‌ییه‌كان.
6ـ خاوه‌نی ده‌یان لێكۆڵینه‌وه‌ی په‌روه‌رده‌یی و ئه‌ده‌بیی و سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تییه.‌‌
7ـ چه‌ندین به‌رهه‌م و كتێبی په‌روه‌رده‌یی و لێكۆڵینه‌وه‌ی ئه‌ده‌بیی ئاماده‌یه‌ بۆ چاپكردن.
8ـ به‌درێژایی ساڵانی دوای راپه‌ڕین نزیكه‌ی 20 ساڵ كاری رۆژنامه‌گه‌ریی كاغه‌زی كردووه‌و له‌زۆربه‌ی رۆژنامه‌و گۆڤاره‌كاندا بابه‌ت و نوسین و ره‌خنه‌ی بڵاوكردۆته‌وه، به‌تایبه‌تی رۆژنامه‌كانی: (هاوڵاتی، ئاوێنه‌، هاوبیر، رۆژی گه‌ل، ئامانج ، 21، تیرۆژ ، راسان، زه‌مه‌ن ، كه‌له‌پوری كورد، سبه‌ی… هتد ).
9ـ چه‌ندین چاوپێكه‌وتنی ته‌له‌فزیۆنیی و رادیۆیی له‌گه‌ڵ سازدراوه‌.
10ـ نزیكه‌ی 100 ئه‌ڵقه‌ی به‌ناوی (له‌دادگای ویژدانه‌وه‌) نووسیوه‌ بۆ به‌رگریی له‌ مافه‌كانی ژن و حه‌فتانه‌ له‌ رۆژنامه‌ی (رۆژی گه‌ل)دا بڵاوی كردۆته‌وه‌.
11ـ زیاتر له‌ 50 ئه‌ڵقه‌ی له‌ گۆشه‌ی (كێشه‌و گفتوگۆ) له‌ رۆژنامه‌ی ئامانج بڵاوكردۆته‌وه،‌ كه‌ تایبه‌ت بووه‌ به‌ په‌روه‌رده‌.




له‌ مۆریاسه‌وه‌ بۆ پاره‌زان … ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب

وانه‌كانی ژیان
به‌یانی زوو له‌ گه‌ڵ كاك كه‌ریم مۆریایسی گه‌یشتینه‌ مۆریاس و چووینه‌ ماڵی خاڵی كه‌ریم و له‌ پاش نانخواردنی نێوه‌رۆ من و كه‌ریم و كاك جه‌لالی خاڵۆزای پیكه‌وه‌ رۆیشتین بۆ ناو ره‌زو باخه‌كه‌یان له‌ نزیكی دێكه‌و له‌ پاش كاتژمێریك 10 ــ 15 سه‌رباز هاتن و یه‌كسه‌ر به‌ عه‌ره‌بی وتیان یه‌ڵلا بۆ ناو دی و، به‌ كه‌ریم و جه‌لالم وت مه‌شڵه‌ژێن و ئێمه‌ ( من و كه‌ریم) میوانین و هه‌ردوكمان ناسنامه‌ی به‌رێوه‌به‌رایه‌تی سلێمانیمان پێیه‌و، گه‌یشتینه‌ دێكه‌و له‌ هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ خه‌ڵكیان كۆ كرده‌وه‌و موختار چووه‌ پێشه‌وه‌و لێیان پرسی ئایا موخه‌ره‌بین ( تێكده‌ران) مه‌به‌ستیان پێشمه‌رگه‌ بوو هه‌یه‌و، ئه‌فسه‌ره‌كه‌ مرۆڤێكی هێمن و له‌ سه‌رخۆ بوو ته‌ماشایه‌كی كردو وتی بابرۆێن و دێكه‌یان به‌جێهێشت و ئێمه‌ش به‌بێ پرسیار رزگارمان بوو.
شه‌و به‌ جه‌لالمان وت به‌یانی زوو بۆ كوێ برۆێن ؟ جه‌لال له‌ رۆژی دووه‌م به‌یانی زوو له‌ پێش نوێژی به‌یانیان ئێمه‌ی برده‌ ناو ره‌زێك له‌ خۆرهه‌ڵاتی دیكه‌و وتی: لێره‌ بن ئه‌گه‌ر پێشمه‌رگه‌ هات یێم ئاگادارتان ئه‌كه‌مه‌وه‌و چوو، گه‌رما كه‌مه‌ كه‌مه‌ هه‌ڵكشاو له‌ نیوه‌رۆدا بۆ به‌ ئاگرو ئاوی خواردنه‌وه‌مان نه‌ماو منیش به‌بێ ئاو هه‌ڵناكه‌م و ده‌وروبه‌ری كاتژمێر سێ جه‌ڵال هات و وتی با برۆێنه‌وه‌و هیچ پێشمه‌رگه‌یه‌ك نه‌هاتووه‌و، شه‌و بریارماندا به‌یانی زوو له‌ دێ ده‌رئه‌چین ، هه‌ر وامانكردو، له‌ پێش بانگی به‌یانیان به‌ره‌و دێی قه‌ویله‌ كه‌وتینه‌رێ و، گه‌شتینه‌ ناودی و، كه‌ریم خه‌ڵكی ئه‌ناسی و پرسیاریكرد ئایا پێشمه‌رگه‌ یێته‌ ناودێ ، له‌ وه‌ڵامدا وتیان جاش و سوپا زوو زوو سه‌ردانی دێكه‌مان ئه‌كه‌ن و، دوو پێشمه‌رگه‌ی یه‌كێتی به‌ سه‌ر ئه‌و یاڵه‌وه‌یه‌ پیاوچاكبن زوو برۆن و، ئێمه‌ش به‌ره‌و یاڵ كه‌وتینه‌رێ و، یاڵه‌كه‌ شاخێكی به‌رز بوو هه‌رچۆنێك بێت خۆمان گه‌یانده‌ سه‌ری یاڵ و، كه‌ریم كه‌وته‌ گه‌ران وله‌ دووره‌وه‌ به‌ ئاسپایی به‌ده‌ستراوه‌شان بانگی كردم و گه‌یشتمه‌ لای كه‌ریم و، بینیمان دوو كه‌س چه‌كه‌كانیان به‌ دووری دوو سێ مه‌تر له‌ په‌نابه‌ردیكدا داناوه‌و خه‌وه‌كه‌یان خوش بوو، كه‌ریم زۆر به‌ هێمنی وتی : براده‌رینه‌و له‌پر دوو براده‌ره‌كه‌ هه‌ستان و به‌ شپرزه‌یی ده‌ستییان گه‌یشت به‌ چه‌كه‌كانیان و، به‌ دڵه‌راوكێ وتیان ئێوه‌ كێن و بۆ هاتوون بۆ ئێره‌؟ و، كه‌ریم وتی من خه‌ڵكی مۆریاسم و، له‌ دێی قه‌ویله‌ وتیان برۆن له‌ سه‌ر ئه‌و یاڵه‌ پێشمه‌رگه‌ی لێیه‌و، ئێمه‌ش هاتووین ببین به‌ پێشمه‌رگه‌ و رێمان پیشانبده‌ن و، ئه‌وانیش وتیان ئا له‌م دۆڵه‌وه‌ بچن بۆ پاره‌زان و، له‌وی پێشمه‌رگه‌ وه‌رئه‌گرن.
ئێمه‌ش دووقۆڵی به‌ دۆڵی گه‌ڵاڵ كه‌وتینه‌رێ و، له‌ سه‌ره‌وه‌ تیشكی به‌هێزی هه‌تاوو قژی ئه‌سوتاندو له‌ خواره‌وه‌ش له‌ گه‌رمی دۆڵه‌كه‌ برده‌كان گریانگرتبوو ئاوی خواردنه‌وه‌ش نه‌بوو هه‌رئه‌رۆیشتین دۆڵ كۆتایی نه‌هات و ، پێڵاوێكی توركیم له‌ پێكردبوو گازی له‌ په‌نجه‌كان و پاژنم ئه‌گرت و، له‌ پاش رێكردنێكی زۆر گه‌یشتینه‌ كوێره‌كانێك ئاوه‌كه‌ی دڵۆپ دڵۆپ ئه‌كه‌وته‌ خواره‌وه‌و پربوو له‌ مێشووله‌و مێش و زالوو منیش یه‌كسه‌ر له‌ناو قورو لیتاوه‌كه‌ی راكشام و كه‌وتمه‌ هه‌ڵمژینی ئاوه‌كه‌و كه‌ریم هه‌رچی بانگی كرد ئاوه‌كه‌ پیسه‌و زالوو ئه‌تكوژێت و هه‌وڵیدا نه‌یخۆمه‌وه‌ به‌ڵام بێسوود بوو، له‌ پاش دۆڵی گه‌ڵاڵ نۆره‌ی به‌رزایی و شاخ هات و له‌ یه‌كه‌مین شاخ سه‌ركه‌وتین و دیاربوو شوێنه‌واری دێیه‌كی چۆڵگراوبوو حه‌وزێكی ئاوی لێبوو به‌ جل و پێڵاو وپاره‌و هه‌رچیم پێبوو خۆم هاویشته‌ ناو حه‌وزه‌كه‌ كه‌ریم لای سه‌یر بوو وتی كه‌مێكیتر هه‌تاو نامێنێت و سه‌رمای ئه‌م شاخانه‌ ئه‌تكوژێت وتم : تازه‌ كار له‌ كار ترازاوه‌و، پاشان سه‌ركه‌وتین تا كه‌یشتینه‌ كه‌پرێكی بچوك كچێك و خاڵو تالیبیی باوكی لێبوو له‌ گه‌ڵ رأنیكی مه‌رو بزن و سلاومانكردو ئاگرێكی كه‌مگریان كرده‌وه‌و خاڵۆ تالیب وتی له‌ ترسی سپا ناوێرێن ئاگری گه‌وره‌ بكه‌ێنه‌وه‌و ئێواره‌ نانمانخواردو به‌بێ پێخه‌ف خه‌وتین و من له‌ تاوی سه‌رما تا رۆژ بووه‌و چه‌قه‌ی دانم هه‌راسانیكردم و، نان وچامان خواردو شاخ به‌ شاخ تا سه‌ركه‌وتین و له‌ دواییدا شۆر بوینه‌وه‌ بۆ ناو دێی ره‌زڵه‌ و، لای حه‌وزه‌ ئاوه‌كه‌ی پێنج شه‌ش پێشمه‌رگه‌ی لێبوو، یه‌كێكیان بانگیكردم و منیش لێی نزیك بوومه‌وه‌و پرسی ناوت چییه‌ ؟ بۆچی هاتوویت ؟ نیازت چییه‌؟و منیش بۆم هات وتم ئێمه‌ نامه‌مان پێیه‌ بۆ براده‌رانی پاره‌زان و ئه‌بین به‌ پێشمه‌رگه‌و ئه‌وان بۆیان هه‌یه‌ ئه‌م پرسیارانه‌ بكه‌ن و، كابرا زیتبووه‌وه‌و به‌ تووره‌ییه‌وه‌ ویستی درێژه‌ی پێبدات و كه‌ریم وتی ئه‌و پیاوه‌ له‌ حزبێكی تره‌و هاتووه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌و كابرا هاواریكردو وتی تۆ كێێت وله‌ كام حزبێت، یه‌كێك له‌ ته‌نیشتی دانشتبوو وتی وازیان لێبینه‌ با برۆن و، ئه‌مه‌ یه‌كه‌مین جاره‌ دوای به‌عسییه‌كان به‌م شێوه‌یه‌ ره‌فتارم له‌ گه‌ڵدا بكات و كارا هێمن بووه‌وه‌و ئیمه‌ش به‌رده‌وامبووین له‌ رێكردن تا گه‌یشتینه‌ پاره‌زان دێیه‌كی جوان و قه‌شه‌نگ و رازاوه‌و خه‌ڵكه‌كه‌ی ده‌م به‌ پێكه‌نین بوو پێشوازییان لێكردین و فه‌رمو فه‌رمو چووینه‌ ماڵ كاكه‌ حه‌مه‌ جه‌زای قاینه‌جه‌یی و من مامه‌وه‌و چه‌كیاندا به‌ كه‌ریم و خواحافیزی لێكردم و چوو، له‌ به‌ر چاش و سوپا به‌یانیان زوو چه‌كداره‌كان و خه‌ڵكی هه‌ڵاتوو له‌ سوپای عێراق له‌ دێ ئه‌چوونه‌ ده‌ره‌وه تا ده‌وروبه‌ری ‌ نێوه‌روو ئه‌گه‌رانه‌وه‌ و منیش له‌ گه‌لیاندا ئه‌رۆیشتم و سێ رۆژ له‌وی مامه‌وه‌. { ماویه‌تی}.

10/5/2020
تێبینی : به‌ داوای لێبوردن له‌ نووسینه‌كه‌ی پێشتر به‌ناونیشانی : له‌ کارگەی چنینی کورانی ھەولێر بۆ په‌روه‌رده‌ی سلێمانی وتوومه‌ له‌ ناوه‌راستی مانگه‌ ته‌موز گه‌رامه‌وه‌ سلێمانی و راستییه‌كه‌ی سه‌ره‌تای مانگی ته‌موز گه‌رامه‌وه‌.




وەڵامێك بۆ ئەیاد عەلاوی … عەلی مەحمود محەمەد

بەڕێز ئەیاد عەلاوی سەرۆكی هاوپەیمانی نیشتمانی عێراقی رایگەیاند , بەهۆی رفاندنی شێخ عەلی لامی و چالاكوان ئەزهەر شەمەری سكاڵامان لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی لە لاهای تۆمار كردووە .
ئەمە لە كاتێكدایە عێراق بۆ ماوەی هەفتەیەك لە بەرواری 15-2-2005 بووە ئەندامی دادگا ی تاوانی نێو دەوڵەتی, وەلێ دوایی بێ هیچ پاساوێك كشایەوە, لەوكاتەدا رێزدار ئەیاد عەلاوی سەرۆك وەزیرانی وڵات و كەسی یەكەمی بڕیار بەدەست و دەست رۆیشتووی عێراق بوو, وەزیری دەرەوە هۆشیار زێباری سەرۆك كۆمار یش عجیل یاوەر بوون.بەڕێزت كە خۆت بڕیاری كشانەوەت لەو دادگایە دابێت پێش 15 ساڵ , كە لەو كاتەوە تا ئەم دوو تاوانە بەهۆیەوە سكاڵات تۆمار كردووە, هەزاران تاوانی زۆر بە قەبارە گەورەترو ترسناكتر وەك رفاندنی لامی هەوڵی تیرۆر كردنی شەمەری لەم وڵاتە ئەنجام درابێت, پێت وا نییە تاوانباریت لە بەرامبەریان بەهۆی ئەو بڕیارە نا بەرپرسیەی 15 ساڵ لەمەوپێش داتان , ئێستا كە عێراق ئەندام نەبێت لەو دادگایە, وە خۆت ئەندامەتیەكەیت كشاندبێتەوە , وە دادگا ئیختیساسی ئەو تاوانانە نەبێت لەو سنورە جوگرافیایانەی لە دەرەوەی ئەندامەتی دادگا ئەنجام دەدرێن , ئیتر سكاڵای تۆ چ ماناو گرنگییەكی هەیە , پێت وا نییە ئێوەی كە ناوتان هات گەورەترین تاوانتان بەرامبەر بە هاونیشتمانیانی عێراق ئەنجامدا بە كشانەوەتان لە دادگاكە , بەرامبەر بە مێژوو تاوانبارن چ ئەو تاوانانەی لە ماوەی 15 ساڵی رابردوو لەو سنوری جوگرافیایەی ناوی عێراقە ئەنجامدراون وە ئەوانەشی لە داهاتوودا ئەنجام دەددرێن, بە پەلە تۆو هوشیار زێباری و عجیل یاوەر داوای لێبوردن بكەن لەوكارەتان .بەم هۆكارەشەوەی سكاڵاكەی ئەمِڕۆت هیچ گرنگییەكی یاسایی نییە تەنها بۆ ئیستهلاكی راگەیاندن بە كەڵكە, هەڕەشەیە بە دەمانچەی ئاو.




پیَشنیاریَک بۆ هەموو هاوڕی و دۆستان و ئەزیزانی مستەفای حەسەن گەورە


بەرز راگرتنی یادو چلەی هاوری مستەفای حەسەن گەورە!

دویَنی هەواڵیَکم خویَندەوە سەبارەت بە پرسەی ماتەمینی (مستەفای حەسەنە گەورە) بە شێوەی ئۆنلاین…، لیتان نەشارمەوە بە ئەندازەی مال ئاوای کردنەکەی نیگەران ودل تەنگی کردم! دل تەنگی کردم نەک لەبەر ئەوەی کە ئەو بەریزانەی بانگەوازیان کردبوو بۆ ئەنجامدانی ئەم مراسیمە کاریکی خراپ بووبیت، نا دروست بە پیچەوانەوە لەگەل دەستخۆشی بۆ هەلویستی ئەو هاوری یانە بەوەیان یەکجار نیگەران بووم کە ئینسانیَک هەموو تەمەنی لە شەقام و لە شاخ و لە شارو لە هەندەران و لەبەردەم سەفاەرەتەکان و لە کی بەرکی و ڕاوەستانەوەی جەسوورانەی بیَئەماندا بوو، کەچی ئەم ڕۆژگارە بی باک و دل ڕەقە گەرکیەتی کە ئیَمە لەپشتی کۆمپیوتەرەکانمانەوە یادی ئیسنسانیَک بکەینەوە کە کەمترین دەرفەتی هەبوو هەر جۆرە گردبوونەوەو باسیَکی پشت کۆمپیوتەرەکان ئه‌نجام بدات!
مستۆ ئەوە ئینسانە بوو کە تەواوی تەمەنی بە پیَوە وەستاو لە سەنگەری بەرگری و ئازادی و عەدالەتی اجتماعیدا دەنگی هەڵبڕی، بۆیە دەکریَ ئیَمەش لە بیری دەرفەتیَکی تردا بین بۆ بەرز ڕاگرتنی یادی ئەم هاوری و هاوخەباتە جەسوورەمان. لەوە حالی دەبین یەکیَک لەتایبەتمەندیە کارەساتبارەکانی دەورانی قەرەنینە ئەوەیە کە نزیکترین و ئەزیزترین هاوری و دۆستانی دەوروبەرمان مالئاوای دەکەن لە ژیان، بەلام بەداخەوە تەنانەت دەرفەتی ئەوەمان نابیَت کە هەندیَکمان پینج خولەک لەسەر گلکۆکەیان کۆبینەوەو یادییان بەرز ڕاگرین!
ئەم تایبەتمەندیە گشتی یە لەکاتی مال ئاوای کردنی هەر ئەزیزیکماندا ئەگەر بە زەبری هەر دۆخیک ناچار بووبین بەوەی کە مل بەم واقعە تالە بدەین، بەلام سەنگینی ئەم دەستەپاچەیەی کە داسەپاوە هیشتا زەرەیەک لە نیگەرانیەکانمان کەم ناکاتەوەو ناتوانین خۆمان قانع بکەین بەوەی کە ژیان بەوشیَوە بیَ ڕەحمانە ئەزیزمان لیَدەسینیتەوە بەلام ئیمە بەدانانی وینەکانیان لە فەیس بووکەکەی خۆماندا کەمیک دل نەوای خۆمان دەدەینەوە. پرسیارەکە ئەوەیە کە ئایا بەراستی ڕۆگارەکانی قەرەنتینە دەتوانیَت بەرز ڕاگرتنی یادی ئەو ئەزیزانەمان لە بیرباتەوە؟!
ئەم پرسیارە لەوشویَنەدا زیاتر بەرۆکمان پیَدەگرێ، کە ئایا هەر بەراستی ناکریَ وناتوانین هیچ کارو کردەیەک ئەنجام بدەین، ئایا دەکریَ ئەم دۆخە داسەپاوەی ئەم ڕۆژانە بۆ ماڵ ئاوای کردنی هەرنەبیَت ئەزیزانیَک کە هەموو تەمەنیان بەخشی بە ئازادی و ئاسوودەی خەلکی ستەمدیدەی کوردستان، هەموو ئیَمە بەم شیَوەیە تەسلیم بکات بەو واقعە تال وداسەپاوە، یان نا هیَشتا دەرفەتیَک ماوە کە لە دەستی نەدەین؟!
من لیَرەدا نامەویت هیچ بلیَم لەسەر جەسارەت وکەسایەتی و هەلویستی جوامیرانەی مستۆ لە پەیوەند بە زۆریک لە ڕووداو کارەسات و کیَشە سیاسی و کۆمەلایەتیەکانی کوردستان، دلنیام زۆریَک لە ئیَوە لەمن باشتر ئاگاداری هەڵویَست و کارنامەی جوامیَرانەی ئەم ئینسانە خەبات کارەن. بەلام ئەوەی کە دەمەویَت بیڵیَم ئەوەیە کە ئیَمە هەموو ئەو کەسانەی بە هەر رادەیەک ڕاوەستانەوەو هەلویستی ئەم ئینسانە بۆی جیَگەی ڕیَزو ستایشە، دەبێ بەدەر لەهەر رادەیەکی دورونزیکی بیروراو تیروانینی سیاسیمیان لەو شویَنەدا لەتەنیشت یەکدابین و بەم دەسەلاتە ملهورو ستەمگەرە بڵیَن مستەفا حەسەن گەورە لەنیوماندا نەما، ئەو مالئاوای لە ژیان کرد، بەلام تا دواین جركەساتەكانی زیانی دژ بەم دەسەلاتە وەستایەوە، بۆیە دەبیت ئیَمەش کاریَک بکەین کە شایستەی کارنامەی جوانی ئەم ئینسانە خەبات كارو تیکۆشەرە بیَت!
دۆستان و هاوری یان و ئەزیزانی مستۆ دەکریَ ئیمە هەموومان لەهەر شونیَکی ئەم دنیایەدا لە کوردستانەوە تا ئەوروپا، کەندا، استرلیا، ئەمریکا لەتەنیشت خیزان بنەمالەی ئەم ئەزیزەماندا ڕاوەستین چلەی مستەفای حەسەن گەورە، بەرپا بكەین وکەرنەڤالی بەرز ڕاگرتنی یادو بیرەوەریەکانی ئەم ئینسانە هەرلەئیستەوە دەست بەکاری ئەوە بین کە چۆن بتوانین پیَکەوە هەر کۆمەڵیَکمان لەولاتیَکدا لە هەولی ئامادە سازی ریَزلینانی چلەی هاوری مستەفادا بین!
ڕەنگە پرسیاریَک ئەوە بیَت کە ئاخۆ قۆناغی کەرەنتینە بەردەوام دەبیَت یان پاش چل رۆژیتر ئەم ڤایرۆسە چۆنە و چەند پاشەکشەی کردوە یا نا، چەند ئیمکانی ئەوەمان دەبیَت کە گردبوونەوەیەکی لەو شیوە لە شیوینیکی گورنجاودا بکەین.
لەمبارەوە حەزدەکەم ئەوە بلیَم بەجیا لەوەی کە هەر لەئیستەدا دۆخەکە بە ئاڕاستەی ئەوەدا دەچیَت کە تا کۆتای ئەم مانگە قوتبخانەو ئیدارەو زۆریک لە شوینە گشتیەکان ئاسای دەبیتەوە، بەلام ئەگەر زۆریش ئاسای نەبیتەوە ڕەنگە شانسی ئەوەمان هەبیَت لە شویَنی ئازادا مراسیَم چلەی هاوری مستۆ بەرز رابگرین!
بۆیە هیوادارم کە ئەم پیشنیارەی ئیمە تا کاتی خۆیندنەوەی ئەم بابەتەو هەنگاونان بۆ دەست بەکاربوون بە مولکی خاوەنەکەی بزانن، دواتر ئەم پیشنیارە بکریتە خالی هاوبەشی ریزلینان لەم هاوری ئەزیزەمان و هەموومان خۆمان بەخاوەنی ئەم پیشنیارە بزانین بۆ بەرز راگرتنی یادو چەلەی هاوری مستەفای حەسەن گەورە!

بەهادین حاجی بەكری دراتاش ، ناسراو بە ( ڕیبوارعارف)




مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ پارتی عه‌قڵێكی ده‌وێت … عیماد عه‌لی

وه‌كو ده‌لێن: هه‌ر به‌ردێك گه‌وجێك بیخاته‌ ئاوێكه‌وه‌ به‌هه‌زار زانا ده‌رناكرێت. دیاره‌ سیاسه‌ت، ویرانكردنی خۆم و دوژمنه‌كه‌م نیه‌، به‌ڵكو هونه‌ری ململانێی به‌رامبه‌ره‌ چی نه‌یار بێت یان دۆستیش و به‌ عه‌قڵێك كه‌ هه‌میشه‌ به‌ده‌ر له‌ خود، سود و زیانی گه‌وره‌ و بچوكی هه‌ر هه‌نگاوێك لێكبدرێته‌وه‌ و لێكه‌وته‌ ورد و دڕشته‌كانی هه‌ر هاوكێشه‌یك بخوێنرێته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی به‌ هه‌ڵسه‌نگاندنی هه‌مه‌لایه‌نه‌ كونوقوشبنی روون بكرێته‌وه‌ و به‌ماتماتیكانه‌ ئه‌و رێگه‌یه‌ بگیرێته‌ به‌ر له‌ هه‌ر جوڵه‌یه‌ك به‌كه‌مترین زیان لێی ده‌ربچیت.
هه‌مووان و به‌تایبه‌تی پارتی، له‌ هۆكاری هه‌موو نه‌هامه‌تیه‌كانی سه‌ر ئه‌م میله‌ته‌دا به‌شی شێڕی به‌رده‌كه‌وێت، به‌م ڕه‌فتار و گوفتار و مامه‌ڵه‌یه‌ی له‌گه‌ڵ پرسه‌ سترایتیجیه‌كه‌ی كودردستان و ململانێ ئاراسته‌كراو و كۆنه‌پارێزه‌كانی تا دێت زیاتر كوردستان ده‌خه‌نه‌‌ قه‌یرانی هه‌مه‌جۆری سیاسی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و ته‌نانه‌ت رۆشنبیریشه‌وه‌.
دیاره‌، هه‌موو شتیك هه‌ر بۆ خۆم و باقی چش، شیعاری ئه‌مڕۆی پارتی نیه‌ و، له‌ سه‌ره‌تاوه‌ ئه‌گه‌ر به‌ رێژه‌یه‌كی كه‌متریش بوبێت هه‌روابووه‌، به‌ڵام كه‌ بۆی چووه‌ سه‌ر و ورده‌ ورده‌ به‌و ره‌فتاره‌ بێ په‌رپرسانه‌ی و ئیتسغلال كردنی زه‌مینه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و رۆشنبیری و هه‌ڵه‌ی كه‌س و حزبه‌كانی دیكه‌ زۆرینه‌ی كوردستانی خستۆته‌ ژێڕ ركێفی خۆیه‌وه‌ و به‌و پێیه‌ ده‌جوڵێته‌وه‌ و باكی به‌هیچ نیه‌، بێ منه‌تی له‌ هه‌موو شتێك و نه‌خوێندنه‌وه‌ی هیچ به‌رژه‌وه‌ندیه‌ك و حساب نه‌كردن بۆ هیچ كه‌سێك و مڵهوڕی له‌ ڕاده‌به‌ده‌ر له‌سه‌رحسابی ژیان و گوزه‌رانی خه‌ڵك، ئه‌وه‌نده‌ بواری بۆ هیچ كه‌س و لایه‌نێكی نه‌هێشتۆته‌وه‌ بیر له‌ چۆنێتی دۆزینه‌وه‌ی رێگه‌یه‌ك بكاته‌وه‌ بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئه‌م پارتیه‌، بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ردان و ده‌رهاویشته‌ی زۆر خراپ و روخان و ئاشبه‌تالیكی دیكه‌ی له‌دوای خۆی نه‌هێنێت.
هه‌مووان ئاگادارن ئه‌م ئه‌زمونه‌ تاقانه‌یه‌ی مێژووی گه‌لی كوردستان چۆن هاتووه‌ و كێ خوێنی بۆ ڕشتووه‌ و كێ سوودی لێ بینوه‌ و له‌سه‌ر حسابی ره‌شورووتی ئه‌م میله‌ته‌ كێ ژیان و ئاینده‌ی ده‌یان نه‌وه‌ی دوای خۆی ده‌سته‌به‌ر كردووه‌. ئا له‌م بێباكی وبێ منه‌تی و به‌رده‌ومبوون له‌ گرته‌نبه‌ری رێڕه‌وێك كه‌وه‌كو بنه‌مأله‌ و حزب به‌ سه‌ركه‌وتووی بزانێت و زیانی گه‌وره‌ش به‌ گه‌له‌كه‌ و دوارۆژه‌كه‌ی تا ئه‌مڕؤ بگه‌یه‌نێت و ته‌نانه‌ت سودی له‌ په‌رشوبڵاوی ئه‌وانیتر وه‌رگرتبێت، بیرێكی قوولی ده‌وێت بۆ سیاسه‌ت كردن له‌گه‌ڵ ئه‌م بنه‌ماڵه‌ و حزبه‌دا. پاش ئاشبه‌تاڵی 75 هه‌ر میله‌ت زه‌ره‌ری كرد و پارتی وه‌كو بنه‌ماڵه‌ و حزب به‌رده‌وام بوون له‌ ژیانی ره‌فاهیه‌ت و خۆشحاڵی له‌ هه‌ر كوێیه‌ك ده‌ژیان و ئه‌وه‌ی له‌به‌رده‌ستیان بوو له‌و داهاتانه‌ی له‌ دوای شۆرش بۆ ئه‌وان مایه‌وه‌ به‌كاریان هێناو له‌ خۆشترین شوێن ده‌ژیان و له‌هیچیان كه‌م نه‌بوو. ئه‌مڕؤش كه‌ ژیانی ده‌یان نه‌وه‌ی دوای خۆیان دابین كردبێت و پاره‌ و ماڵ و موڵكی دونیایان له‌ سه‌رجه‌م كون و قوشبنیێك جیهاندا هه‌بێت، تێكچونی ئه‌م ئه‌زمونه‌ به‌ هچ شێوه‌یه‌ك له‌ زیانی ئه‌وان نابێت و باسی به‌رژه‌وه‌ندی كورد و كوردستان ته‌نها شیعاره‌ لای ئه‌وان و به‌ هیچ شوێنێك ناگات . بۆیه‌ وه‌كو شه‌قاوه‌یه‌كی سه‌ر جاده‌ و وه‌كو عه‌ره‌ب ده‌ڵێت هاوشێوه‌ی ( بایع مخلص) ده‌جوڵێته‌وه‌.
ئا به‌وشێوه‌یه‌ بێت، لایه‌نه‌كانی دیكه‌ چۆن مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكه‌ن؟ بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ عه‌قڵێكی ده‌وێت كه‌ باری كۆمه‌ڵایه‌تی و رۆشنبیری خه‌ڵك و زه‌ره‌ر و سودی هه‌ر ره‌فتاریك له‌گه‌ڵ پارتیدا بخوێنێته‌وه‌ و له‌ رووی سترایتجی و ته‌كتیك و مانۆرێش شیبكرێته‌وه‌ و هاوكێشه‌ نێوخۆییه‌كه‌ شرۆڤه‌ بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی وه‌كو جاره‌كانی پێشوو زیانه‌كه‌ گشتی نه‌بێت و بۆ خود و میله‌تیش نه‌گه‌ڕێته‌وه‌.
ۆۆ ئه‌م پرسیاره‌، به‌ڕاستی من وه‌ڵامی یه‌كلاكه‌روه‌م لا نیه‌، ئایا سنوری بۆ دابنرێت و نه‌هێڵرێت چی دیكه‌ به‌رده‌وام بێت له‌ ده‌ست درێژیه‌كانی و رێگه‌ گرتن له‌ه‌و ره‌فتارانه‌ و ، به‌ چ شێوه‌یه‌ك ئه‌وه‌ ده‌كرێت؟ ئایا به‌ مامه‌ڵه‌ی سیاسی و دوور له‌ گرژی و ناكۆكی قوول و له‌سه‌رخۆ و ده‌ره‌ئه‌جامی ده‌بێت؟ هه‌ر بریارێكی دابڕان له‌گه‌ڵیدا هیچ ده‌ره‌ئه‌نجامێكی ئیجابی لێده‌كه‌وێته‌وه‌؟ بێگومان بۆ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه‌ هه‌زار و یه‌ك ڕاوبۆچون هه‌ڵده‌گرێت.
به‌ڵام گرنگترین شت ئه‌وه‌یه‌، ده‌بێت بیر له‌وه‌ بكرێته‌وه‌ كه‌ هه‌ر بریاڕێكی ستراتیجی له‌به‌رامبه‌ر پارتی پێویسته‌ له‌و روناگه‌یه‌وه‌ بێت كه‌ زیانی به‌گشتی بۆ خه‌ڵكی كوردستان نه‌بێت. تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی مێژوویی نزیكمان له‌به‌رده‌ستایه‌ بۆ په‌ند وه‌رگرت؛ له‌و دووبه‌ره‌كییه‌ میژوویه‌یه‌ی پێشوو كه‌ باری رۆشنبیری زۆرینه‌ی خه‌ڵكی كوردستان نه‌خوێنرایه‌ و به‌ بڕیاردانی بی دراسه‌ت و پشت به‌ستن به‌ بۆچونی كۆمه‌ڵێكی دیاریكراوی رۆشنبیر و نوخبه‌ وایكرد كه‌ لێكه‌وته‌ زیانبه‌خشه‌كانی تا ئێستا به‌رده‌وما بێت وتا ئێستاش پارتی درێژه‌ی هه‌بێت و به‌ره‌و لاوازی سروشتی نه‌ڕوات و، له‌كۆتاییدا ئه‌و هه‌ڵوێشته‌ به‌ قازانجی پارتی و به‌ زیان بۆ سه‌رجه‌م گه‌لی كوردستان كه‌وته‌وه‌، ئه‌وه‌ی ده‌ركه‌وت، كه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و جیابونه‌وه‌ و دووبه‌ره‌كیه‌ نه‌بوایه‌ ئێستا پارتی به‌وشیوه‌یه‌ نه‌بوو و ئێستا لاوازترین حزب ده‌بوو و ته‌نانه‌ت بۆچونی واهه‌یه‌ ده‌ڵێت كه‌له‌ گیانه‌ڵای ئاسایی دواته‌مه‌نیدا ده‌بوو، به‌ڵام ئه‌و ناكۆكیه‌ی ئیستغلال كرد و سۆزی خه‌ڵكی بۆ لای خۆی راكێشاو عه‌یب و عاره‌كانی شارده‌وه‌ و دواتریش له‌ سه‌رئه‌نجام له‌سه‌رساحه‌ی سیاسی كوردستان به‌ حزبی سه‌ركرده‌ مایه‌وه‌ و ته‌نها خه‌ڵكه‌كه‌ زه‌ره‌ری كرد.




گۆرانییەکانی دایکانی کورد بۆ هەڵپەڕاندنی منداڵەکانیان … رەزا شوان

گۆرانییە خۆشەکانی دایکانی کوردمان، لەگەڵ هەڵپەڕاندنی جگەرگۆشەکانیاندا، کە لە کوردەواریدا بە “ئیش ئیش”یش ناودەبرێت. ئەو گۆرانییانەن کە دایکان یا داپیرەکان یا خوشکان یا ژنانی تر، لەگەڵ هەڵپەڕاندنی منداڵەکانیاندا، یا کچەزاکان و کوڕەزاکانیاندا، لەگەڵ یاری و ختووکەدانیاندا، بە زۆریش منداڵانی تەمەن یەک ساڵان بۆ دوو ساڵان، بە دەنگێکی ناسکی پڕ لە سۆز، بە ئاوازێکی شیرین، بە رتمێکی خێرا، بە روویەکی خۆش و بە زەردەخەنەوە، بۆ منداڵە چاوگەشەکانیان دەیانڵێن.. بۆ ئەوەی بیان خافڵێنن و خۆشی و شادیش بخەنە دڵە قنجەکانیانەوە، یا کە دەگرین، بەو گۆرانییانە ژیریان دەکەنەوە.. لە هەمان کاتیشدا، هانیان دەدەن بۆ جووڵەکردن و چالاکی نواندن.
گۆرانییە کوردییەکانی هەڵپەڕاندنی منداڵان، کە تایبەتن بە منداڵان، بەشێکە لە “لای لایـە”ی دایکان، بەشێکە لە فۆلکلۆری کوردی، بەشێکی رەسەنیشە لە کەلەپوور و لە کولتووری نەتەوەیی کوردیمان.
مێژووی گۆرانییەکانی هەڵپەڕاندنی منداڵان لە کوردستان دا، بۆ سەردەمێکی زۆر کۆن، بۆ چەندین هەزار ساڵ پێش زاینی دەگەڕێنەوە. گەلی کوردمان لە دێر زەمانەوە خاوەنی بە سەدان گۆرانی هەڵپەڕاندنی منداڵان بووە. بەڵام بە هـۆی داگیرکردنی کوردستان و دەربەدەرکردن و راگواستنەوە و وێرانکردنی کوردستان و نەهامەتییەکانی گەلەکەمان، کە داگیرکەرانی رەگەزپەرست و دڕندە بە سەریان هێناین.. بەشی هەرە زۆری ئەو گۆرانییانەمان لەبیرچوونەوە و لەناوچوون.. لەگەڵ ئەوەشدا، تا ئەمڕۆش، لە هەموو ناوچەکانی کوردستان دا، بە دیالێکتەکانی زمانی شیرینی کوردیمان، بە دەیان گۆرانی رەسەنی هەڵپەڕاندنی منداڵانمان هەیە، بە تایبەتیش لە رۆژهەڵاتی کوردستان دا.. زۆر
پێویستە کە لەسەر زاری دایکانی کوردمانەوە، لە ناوچە جیاوازە کوردستان دا، وەریان بگرین و بیان نووسینەوە.. هەر بە دەنگی دایکانیشمان، بە ڤیدیۆ و لەسەر سیدی و میمۆری تۆماریان بکەین و بە ئەرشیفیان بکەین، هەروەها لە پەرتووکێک یا زیاتردا، چاپیان بکەین و بڵاویان بکەینەوە، تا بکەونە بەردەستی خوێنەران و دایکانی نەوەی نوێمان.. بۆ ئەوەی لەبیرچوونەوە و لەناوچوونيش رزگاریان بکەین.. چونکە ئەم گۆرانییانەمان سامانێکی فۆلکلۆری نەتەوەییمانە.

ئەم کارەش بە کەسێک و بە دوو کەس ناکرێت.. من پێم وایە، ئەنیستیتۆی کەلەپووری کوردیمان لە شاری سلێمانی، بە هاوکاری لقەکانی تریان، لە شارەکانی کوردستان دا، دەتوانن بە شێوازێکی ئەکادیمی، بە پلان و بەرنامەداڕێژراوی ئەم کارە ئەنجام بدەن. لە میانەی گەڕانی مەیدانی، بۆ زۆربەی ناوچەکانی کوردستان، گۆرانییە کوردییەکانمان بۆ هەڵپەڕاندنی منداڵان، بە هەموو دیالێکتەکانی زمانی کوردیمان کۆبکەنەوە.. خۆزگەی ئەوەش دەخوازم، کە چەند قوتابییەکی خوێندنی باڵای زمان و ئەدەبیاتی کوردیمان، لە زانکۆکانی کوردستان دا، ماستەرنامە و دکتۆرانامە، توێژینەوە و لێکۆڵینەوە، لەسەر ئەم گۆرانییە فۆلکلۆرییانەمان بۆ منداڵان بنووسن و بڕوانامەی باڵای لێوەربگرن.
گۆرانی یەکەمین هونەرە کە مرۆڤ لە کۆنەوە تا ئەمڕۆ هۆگری بووە. لە رێی گۆرانیی ئاوازدارەوە، گوزارشتی لە دڵخۆشی و لە هیواکانی و لە خۆشەویستی و خۆشییەکانی، یا لە دڵتەنگی و لە کەسەر و بێزاری و ناخۆشییەکانی ژیانی خۆی کردوون و دەکات.

هەر لە کۆنیشەوە، لە ئاهەنگ و شایی (حەوت شەو و حەوت رۆژە) ی کوردەواریدا، گۆرانی و هەڵپەڕکێ هاوشانی یەکتریبوونە، تا ئەمڕۆش شایەر و گۆرانبێژانی میللی کوردمان، بە گۆرانی و بە چەپڵەلێدان، لە شاییدا هەڵپەڕکێکەران هەڵـدەپەڕێنن.
گۆرانی یەکەمین شێوەی هونەرییە کە منداڵان لە باوەشی دایکانیاندا، گوێیان لێی دەبێت و رووبەڕوویان دەبێتەوە.. چـێژ و خۆشی و شادی و ئاسوودەییان پێ دەبەخشێت.

گۆرانییەکانی هەڵپەڕاندنی منداڵان، لە رووخساردا، بریتین لە کۆپلەیەک هۆنراوە، یا زیاتر لە کۆپلەیەک، یا لە کورتە هۆنراوەیەکی کێش و سەرواداری سادە و سووک و ئاسان، کە بە ئاسانی بە دەنگ و ئاوازەوە دەوترێت.. هەر لە کۆنیشەوە گۆرانی و ئاواز پێکەوە گرێ دراون.. گۆرانی و ئاوازی گۆرانییەکانی منداڵان، نموونەی ئەم راستییەن.
لە ناوەڕۆکیشدا، وشەکانی هۆنراوەکانی گۆرانییەکانی هەڵپەڕاندن، گوزارشتن لە سۆز و لە خۆشەویستی دایکانی دلۆڤان بۆ منداڵەکانیان.. وشەکانی هۆنراوەکانی گۆرانییەکانی هەڵپەڕاندنی منداڵان، سادەن و هیچ مەبەستێکی شاراوەیان لەخۆنەگرتوون، بۆ خۆشی و دڵخۆشی و ئاسوودەیی منداڵان دانراون.. هەندێ لە هۆنراوەکانی ئەم گۆرانییانە، لە شیوازێکی چەڤەنگی و گاڵتەوگەپ دان.. تەنیا بۆ خۆشی و بۆ زەردەخەنە و بۆ پێکەنین دانراون.. هەندێکی تر لە هۆنراوەکانی گۆرانییەکانی هەڵپەڕاندنی منداڵان، ناوەڕۆکی هۆنراوکان، هیچ پەیوەندییەکیان بە خودی منداڵانەوە نییە.. دایکان بە مەبەستەوە ئەو گۆرانیانەیان داناون و وتوویانن، توانج و پلاریان لە کەسانێک گرتووبن، یا دەیگرن. دەشێش تەنیا بۆ بزە و پێکەنین وتوویانن، مەبەستیان هەست بریندارکردن نەبووە.
بەڵام دایکان بە زۆری لەم گۆرانییانەیاندا، ستایشی منداڵەکانیان دەکەن و بە شان و باڵیاندا هەڵدەدەن.. هیوای داهاتوویەکی بەرز و گەشیان بۆ دەخوازن.. هیوای ئەوەش دەخوازن، کە مرازیان بێتەدی و منداڵەکانیان گەورەبن.. بە خەیاڵی خۆیان، گەر بژین و بمێنن، ژن بۆكوڕەکانیان دەخوازن و کچەکانیشیان بە شوو دەدەن.. بووکی ناوازە و جوان بۆ کوڕەکانیان و زاوای باشيش بۆ کچەکانیان هەڵدەبژێرن.
دایکان بزانن یا نەزانن، ئەو گۆرانییە کوردییە تایبەتییانەی، کە لەگەڵ هەڵپەڕاندنی منداڵەکانیاندا دەیانڵێن.. گەرچی هۆنراوەکانیان، وەکو دڵپاکی منداڵان، سادە و ساکار و وشە ئاسانن، بەڵام واتای جوان و سوود و ئامانج و بەهای رۆشنبیری و کۆمەڵایەتیان لەخۆگرتوون.. دەروونناسانی منداڵان و پەروەردەکاران، چەختیان لەسەر سوودی پەروەردەیی و رۆشنبیری و زمانی و دەروونی و هۆشی و جەستەیی، ئەم گۆرانییە فۆلکلۆرییانە، بە دەنگی دایکان بۆ منداڵان کردوون.

گەرچی منداڵان، لە واتای وشەکانی گۆرانییەکان تێناگەن، بەڵام بە دووبارە کردنەوەیان، ئەو وشانە و دەنگ و ئاوازەکانی دایکانیان، لە هۆشیاندا جێگیردەبن و پێیان ئاشنادەبن.
فێری وشە و قسەش دەبن. جووڵە و چالاکیشیان زیاتر دەبن.. ئەم گۆرانییانە، پەیوەندی نێوان دایکان و منداڵان، خۆشتر و شیرینتر و بەهێزتر دەکەن.. منداڵان هەست بەوە دەکەن، کە دایکانیان خۆشیان دەوێن و لەبیریان نەکردوون و بایەخیان پێ دەدەن.

کچان هەر لە منداڵییەوە، کە گوێیان لەم گۆرانیانەی دایکانیان یا داپیرەکانیان دەبێت. لێیانەوە وەریان دەگرن و فێریان دەبن.. زۆر جار کە بووکەڵەکانیان هەڵدەپەڕێنن.. ئەم گۆرانییانەیان بۆ دەڵێن.. کە گەورەشبن و بوون بە دایکان، ئەوانیش ئەو گۆرانییانە بۆ منداڵەکانیان دەڵێن.. بەم شێوەیە گۆرانییەکانی هەڵپەڕاندنی منداڵان، لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی دواترمان دەگۆازرێنەوە.
گۆرانییەکانی هەڵپەڕاندنی منداڵان سێ جۆرن.. هەیان بە تایبەت بۆ هەڵپەڕاندنی کچان دەوترێن.. هەیانە بە تایبەتی بۆ هەڵپەڕاندنی کوڕان دەوترێن.. هەشیانە بۆ کچان و بۆ کوڕانیش دەوترێن.. بە داخەوە کە تا ئەمڕۆش، نەک تەنیا لە ناو کۆمەڵگای کوردی دا، بەڵکو لەناو هەرە زۆری کۆمەڵگاکانی تری جیهانیشدا، ئەو ئەقڵیەتە کۆنەپەرستی و پیاوسالارییە كاڵ نەبۆتەوە و هەر ماوە، کە کوڕان لە کچان لە پێشترن و بە زیاتریان دەزانن.. ئەمە ستەم و نایەکسانی و نادادپەروەری و ناڕەوایە.
بەهای راستی و چێژ و خۆشی و شیرینی گۆرانییەکانی هەڵپەڕاندنی منداڵان، لە دەنگ و ئاوازی سروشتی ناسک و پـڕ لە سۆز و لە خۆشەویسی قووڵی دایکانی دڵسۆز و بەسۆزدا دەردەکەون.. راستییەکی هاشا هەڵنەگرە، کە هیچ دەنگ و ئاوازێکی تر، بە رادەی دەنگی دایکان، کارتێکرنیان لەسەر هەست و هۆش و دەروونی منداڵاندا نییە. ئەو چێژ و خۆشییەشی لێ وەرناگرن، وەک ئەوەی کە لە دەنگ و ئاوازی دایکانیان وریان دەگرن.. هەر لە بنەڕەتیشەوە، ئەم گۆرانییانە لە کانیاوی پڕ لە خۆشەویستی و سۆز و دڵسۆزی و دلۆڤانی، ناخی دەروونی دایکانەوە هەڵـقوڵاون.

ئەمانەی خوارەوە، چەند نموونەیەکن، لە دەیان لە گۆرانییەکانی دایکانی کوردمان بۆ هەڵپەڕاندنی جگەرگۆشەکانیان، بە چەند دایاڵێکتی زمانی شیرینی کوردیمان دانراون:
دایکێکی کوردمان لە (کرماشان) کوڕەکەی هەڵدەپەڕێنێت و ئەم گۆرانییەی بۆ دەڵێت:

هــەڵـپـــەڕ، هــەڵـپـــەڕ وە خـنـجـــۆ
وەبـــــــــار کـــــــــــۆڵـی بـریـنـجـــۆ
هــەڵـپـــەڕ، هــەڵـپـــەڕ هــــــەراتـی
وە کــــورە چـیـتـــو دیــــر هـــــاتـی
هــەڵـپـــەڕ، هــەڵـپـــەڕ وە نــــــازۆ
وە بــــــار پـونــــــــــــە و پـیـــــازۆ
دوو دایکی ترمان لە (دیواندەرە) و لە (سنە)، شاری سنەی پایتەختی هونەری رەسەنی کوردیمان لە کوردستان دا.. لەگەڵ ئەم گۆرانییەدا، کچە کۆرپەکانیان هەڵدەپەڕێنن:
خـــش خـــش خـــش خـــشــپـیـلانـە
کـچــــــمـان خـــــەڵـکـی گـەیــــلانـە
وەی وەی وەی وەی بـەڕێـــــــــــزە
کچـــمـان خـەڵــکـی تـەورێـــــــــــزە
لاو لاوە و ئـێـــــــسـک ســـــووکـە
کـچـــمـان خــەڵـکـی کـەرکـــــووکـە
بــەهـ بـەهـ بـەهـ بـەهـ چ جــــوانـە
کـچـــــمـان خـــــەڵـکـی تــــــــارانـە
چ جــــــــــوان و ورد و مــــــــــردە
کـچـــــــمـان جـــــوانـە و کــــــوردە
نموونەیەکی تر لە گۆرانییەکانی خۆشەکانی دایکانی کوردمان، کە لەگەڵ هەڵپەڕاندنی خوبچەگۆڵەکانیان دا، ئەم گۆرانییە فۆلکلۆرییەمان دەڵێنەوە:
ئـۆخــــەی ئـۆخــــەی ئـۆخـــــەیـلـێ
مـەجـنـــوونـە دۆســــتـی لـەیـــــــلێ
رێـحـــــــانـەی رووی دەر ئـــــــاوێ
دنـیــــــــام بــــەبـێ تــــــۆ نــــــاوێ
رێـحـــــــــانـەی دەســـــتـە چــــــنـێ
مـيـــــــــوانـی شـــــــــۆڕە ژنــــــــێ
نـیــــــنـی نـیــــــنـی نـیـــــــــــــنـەڵـە
هـەنـگـــــویـن و رۆن تـــــــێکــەڵـە
نـیـــــــنـای نـیـــــــنـای نـیـــــــنـاوێ
دەيـنــــــێـم لـەنـــــــاو کـــــــــەژاوێ
بـۆ کــــــوڕی حــــــاکـمـی رۆژئاوێ
دایکانی کوردمان لە ( ناوچەی گەرمیان) لە باشووری کوردستان دا، لە لەگەڵ ئەم گۆرانییەدا منداڵەکانیان هەڵدەپەڕێنن:
کـۆرپــەکەم هـەســـتـا لـە خــــــەوێ
گـۆشــــــــتـی کـەڵــــــــەبـابـی دەوێ
قــــــــەزات لـە مــــــــن و لـەوانـــە
شـــــــــەوان دەچــــــنـە کـــــولانـــە
بـە رۆژ دێـــــــــــــــنـە دەرگـــــانـــە
قــــــــەزات لـە مـــــــاڵ و مــــــەڕێ
مــــــــــەڕەکـە لـە دەورت گــــــەڕێ
قــــــــەزات لـە مـــــــاڵی گـــــــۆرێ
کــــوڕەکەم هـــەرگـيـز نـەتـــــــۆرێ
قـــــــەزات لـە مـــن لـە خـــــــــەنـە
لـە جـــووتـێ گـــــای بــەر بـنــــــــە
لـە پـيـــــــــــاوەکـەی دوو ژنـــــــــە
لـەوەی جـــــــــاشـی دووژمـنـــــــــە
دایکانێکی تری کوردمان هەر لە (دیوانـدەرە) و لە (سنە) لەرۆژهەڵاتی کوردستان، بەم گۆرانییە فۆلکلۆرییەمان، کوڕە منداڵە خەپانەکانیان دەلاوێننەوە و هەڵیان دەپەڕێنن:
خـەپــــــــە نـــــــــان و خـەپــــــە دۆ
خـەپــــــــە پــــڵاوي عـەنــــــبـەربـۆ
کــــــش کــــــش وە بـــــــــــاڵای تـۆ
تـۆپـــــــێ سووری کــــــــــەوای تـۆ
نـیـــــــنـی نـیــــــنـی نـیــــــــــگـەڵـە
هـەنـــگـويـن و رۆن تـێکــــــــــەڵـە
کـوڕەکـــــەم فـــێـری بـاخــــــــــەڵـە
قـــــــەزات لـە گـــــیـانـم کـەفــــــتـۆ
شــــــەو لـە بـاخــــــەڵا خـەفــــــتـۆ
ئــــــــــا وەرە بــــــــــــــــــــــــزانـم
کـــــــوڕە نــــاوت نــــــــــــــــازانـم
ئـازیـــــز قــــــەزات لـە گـیـــــــانـم
دایکێکی تر، بە شێوازێکی چەفەنگی و گاڵتەگەب، بۆ خۆشی و پێکەنین، بەم گۆرانییە کۆمیدییە، کوڕە منداڵەکەی هەڵدەپەڕێنێت.. ئەوەش لەناو کوردەواریدا باوە، گەر منداڵ جوانبێت، دایکی جوانییەکەی دەباتەوە سەر براکانی، واتە (خاڵۆکانی منداڵەکەی) گەر ناشیرینیش بێت دەیباتەوە سەر شووبـراکانی واتە (مامەکانی منداڵەکەی).. بەڵام لە راستیدا هیچ منداڵێک لە لای دایکان و باوکانیان ناشیرین نین. هەموو دایکان، هەموو منداڵەکانیان، لایان جوانن و بە دنیایان ناگۆڕنەوە:
لـە کــــــێ دەکــــــــا چــــــــاوەکـەی
لـە خـــــــــــــــــــــــاڵـۆ لاولاوەکـەی
لـە کــــــــێ دەکـــــا رەوشــــــــــتـی
لـە خــاڵـۆی شـــیـر لـە پـشــــــــتـی
لـە کـــــــێ دەکـــــا دوو شـــــــــانـی
لـە خـــــــــاڵـۆی لاو و جـــــــــوانـی
لـە کــــــێ دەکــــــا لــــــووتــەکــەی
لـە مــــــــــــــامـە نـابــــــووتـەکـەی
لـە کـــــــێ دەکـــــــــا تـەوێـــــــــڵـی
لـە مـــــامـەی گـــــــێـل و ێـــــــــڵـی
لـە کــــــێ دەكـــــا بـــــــــــــرۆکـەی
لـە مـــــــــــامـە جـــــــل دوورەکـەی
دایکان هیواخوازن کە بژین و بمێنن، نیاز و مرازەکایان بێنەدی.. کوڕەکانیان گەورە ببن و ژنیان بۆ بخوازن.. دەبینین دایکان کوڕە کۆرپەکانیان هەڵدەپەڕێنن و بۆ سەرنج راکێشانی کۆرپەکانیان بە لای خۆیاندا، بە ئاوازەوە ئەم گۆرانییە فۆلکلۆرییە کوردییە باوەیان بۆ دەڵێن.. ئەم گۆرانییەش، بەپێی دیالێکتە جیوازەکانی ناوچەکانی کوردستان، کەمێک جیاوازی هەیە. بەڵام بۆ لە هەموو دەقەکاندا دایکان بەڵێنی ئەوە بە کوڕەکانیان دەن و دەڵێن (حەوت ژنت بۆ دەخوازم) یا (حەوت ژنت بۆ دێنم)، گەرچی ئەمە بەڵێنێکی خەیاڵییە و دوورە لە راستییەوە.. دایکان خۆشیان ئەوە دەزانن کە (حەوت ژن) شتێکی مەحاڵه.. بە بۆچوونی من، لەبەر ئەوە دەڵێن (حەوت ژنت بۆ دێنـم)، چونکە هەفتەیەک حەوت رۆژە، دەشێ وشەی (هەفـتەش) هەر لە (حەوت) ەوە وەرگیرابێت.. دایک بە خەیاڵی خۆی، وایان داناوە، کە کوڕەکەی هەر رۆژێک لە رۆژەکانی هەفتەدا، لەگەڵ ژنێک لەو حەوت ژنە بژیت، یا هەر ژنەی سەرقاڵی کارێک بێت.. بەڵێنێکە هەر بۆ خۆشی دەیڵێن.. منداڵانی کۆرپە، نە دەزانن ژن چییە و نە دەزانن (حەوت ژن) چییە.. ئەم بەڵێنانەی دایکانیش، تەنها لە گۆرانییە فۆلکلۆرییە هەڵپەڕاندنەکانی منداڵانی کورد دا هەیە، مەگەر بە دەگمەن لە گۆرانییە فۆلکلۆریییەکانی نەتەوەکانی تردا هەبێت.
ئەمانەی خوارەوە، سێ نموونەن، لە گۆرانییە فۆلکلۆرییە کوردییەکانمان، کە دایکانی کوردمان لەگەڵ هەڵپەڕاندنی کۆرپەکانیان دا، بە ئاوازێکی سادە و شیرینەوە دەیانڵێن:
دەردت کـەفـتـــــــــێـە لـە هـــــــــازم
هـــــــــەفـت ژن ئـەڕات بـخــــــوازم
یـــــەکـێ بـەگــــلـەر بـەگـــی بـــــوو
یــــەکـێ هـوومـــای پــــەری بــــوو
یــــەکـێ دڕێ لـە گـــــــــــــــووشـێ
یــــەکـێ مـانـــگـا بـــــــــــــدووشـێ
یــــەکـێ نـــــــــــازار بــــــــــــــاوان
یــــەکـێ کـــــــــــــوورپــە لـە داوان
یــــەکـێ چـــەرمـی دەس ئــــەولـس
یــــەکـێ کـــــوور پـەتـــــــــک رس
هۆنراوەی هەمان گۆرانی، بە کەمێک جیاوازەوە، لە دیالێکتی (کرمانجی باشوور) دا، بەم شێوەیەیە وتراوە:
خــــــودا بــــــــــــــدات نـیـــــــــــازم
حــــــــەوت ژنـت بـۆ دەخـــــــــوازم
یــــەکـێ شـــۆخ و خــــان و مـــــان
یــــەکـێ خـــــــــەنـدەی لـە لـێــــوان
یــــەکـێ بـۆ مـــــــاچ و مــــــووچـێ
یــــەکێ بـۆ رێـگـــــەی کــــــووچـێ
یــــەکێ بـۆ ســــــەر سـەمــــــــاوەر
یــــەکـێ مـیــــــوان بـە رێــــــکــەر
یــــەکـێ جـــوانـتـر لـە گــــــەوهـەر
هەمان گۆرانی، بەڵام بە جیاوازییەکی زیاتر لەگەڵ دەقەکانی پێشتردا:
رۆڵــــــــە بـژیـــــــــــــم بـمـێـــــــنـم
حـــــەوت ژنــــــــانـت بـۆ دێــــــــنـم
یـەکـیــان کــــــوردی تـەمــــــــــاشـا
یـەکـیــان کـچـــــــێـكـی پــــــــــــاشـا
یـەکـیــان نـــەرمـی نـێــو نـــــوێـنـێ
یـەکـیــان نــــــــــــان بـتــــــەپـێــنـێ
یـەکـــــــێ ئـــــــاوت بـۆ بــــــــێــنـێ
یـەکـــــــێ چـێـشـــتـت بـۆ لـــــێــنـێ
یـەکــــــێ مـەشـــــــــــکـە بـژێــــنـێ
هەر هەمان گۆرانی فۆلکلۆری، سێ دەقی کەمێک جیاوازی تریشم لا هەیە، چونکە هەندێ لە دایکان، دەستکاری دەقە فۆلکلۆرییەکانی گۆرانییەکانی هەڵپەڕاندنیانی منداڵانیان کردوون.. وشەو دێڕیان لێ گۆڕیون یا لێیان لاداون، وشە و دێڕی تازەیان خستووتە جێیان.. بۆ ئەوەی ئەم باسەمان درێـژتر نەکەین، تەنها ئەو سێ دەقەی سەرەوەمان نووسی.
دایکانی کوردمان لە (مەهاباد) یش، بە دەم هەڵپەڕاندنی خونچەگوڵەکانیانەوە، مەرج بۆ خوازبێنی کردنی کچەکانیان دادەنێن و ئامادە نین بە هەر کەسێکیان بدەن، ناشیانەوێت کچەکانیان بدەن بە کەسانێک بیانبەن و لێیان دووربخەنەوە.
بـە کـــــەس کــــــەسـانـی نــــــــادەم
بـە نـاکــــــــــــــــەســانـی نــــــــادەم
لـە کـــــەس کــــــەسـانـم کــــــەسـێ
لـە نــــاو پـارچـــــان ئـەتـڵــــــەسـێ
بـە پـیــــــاوی پـیـــــــری نــــــــادەم
بـە پـیـــــواز و ســــیری نـــــــــادەم
بـە رێـگــــــــای دووری نــــــــــادەم
بـە زێـــــڕی ســــووری نــــــــــادەم
نـایـــــدەم بـە کــــوڕە خـەیــــــــاتـێ
دەیــبـــــــــــــــــــــــــا دوورە وڵاتـێ
نـایــــــدەم بـە خــــــــانـی بـەبـــــــــا
مــــــــاڵـی زۆرە و زووی دەبـــــــــا
دەیـــــدەم بـە حـەمـــــە خـــــــــوڵـێ
بـیــــکـا بـە دەســـــکـە گــــــــــوڵـێ
بـیـنــــــــێــتـە بــــــــــــــــــانـی دڵـێ
رەزا شـوان
نەرویـج: ١١/ مـای/٢٠٢٠




ژان- لوك نانسی: فەلسەفەكردن لە كاتی كۆرۆناڤایرۆسدا … ئازاد حەمە – بەشی حەوتەم

دەروازە: نانسی و هەڵوەشانەوەی پەتای كۆرۆنا

لەم بەشەی نووسینەكەمان تایبەت بە”فەلسەفە و كۆرۆنا”فەلسەفەكردنی ژان – لوك نانسی (Jean-Luc Nancy) بە‌ڕووی پەتای كۆرۆناڤایرۆسدا دەكەینەوە، كە پرسیاری قووڵی فەلسەفی دەوروژێنێت و بەجۆرێك لە جۆرەكانیش سێبەری هەنووكەی هاوبەش(Common)مان لە وتنە فەلسەفییەكانیدا دەدۆزینەوە. لە لێدوانێكیش لەگەڵ Marianne نێت بەناوی””پاندێمیەكە(پەتاكە)دووبارەبەرهەم هێنانەوەی كەڵێن و دابەشكردنە كۆمەڵایەتییەكانە””هێما بۆ ئەوە دەكات، کە كۆرۆناڤایرۆس سەرلەنوێ بەرهەمهێنانەوەی نایەكسانی و گەڕانەوەی مەرگێكی لەبیرەوەچووە و نەخۆشیش دووبارە دابەشكردنەوەی نایەكسانییە كۆمەڵایەتییەكانە و خودی حەپس(confinement)یش جیاوازییە كۆمەڵایەتیەكان بەرچاویتردەكات. بەپێی ئەوەی نانسی لەبارەی جەستە ،ئەڵبەتە جڤات و هەڵوەشانەوەی مێتافیزیك لێكدانەوەی فەلسەفی ووردی ئەنجامداوە لەوە حاڵییە تەوقەنەكردن و دابڕان، دوركەوتنەوە و مەحرومبوون لەیەكتر گۆشەگیریی و بێ سۆزی دروستدەكەن. دەستلێدان و دیستانسیش دوو وشەی كارلێكن لای نانسی و هیچیشیان پاشكۆی ئەویتر نییە. بەپێی بینینی فەلسەفیی نانسی دەستلێدان كەمترین ئاستی دیستانسە. هەر لەو دیدەشەوەپەرچەكردارییەكانمان بەرامبەر بە حەپس وەك شتێكی سروشتی دەبینێت. حەپس هەمان ئەو مانایەی بۆ ئەو كەسانە نییە كە لەنێوان چوار دیوار یان لە ماڵێكدا دەژین. نانسی لە وەڵامی ئەو پرسیارەی كە فەلسەفە دەخوازێت فێری ئەوەمان بكات چۆن بمرین و گومانی ئەوەش ئایا ڕۆژئاوا ئامادەیە ئەم جۆرە فێربوونە بەدەستبهێنێت؟بەم جۆرە دێتەگۆ: بەڵێ پاندێمی دەبێتە هۆكاری لەبیركردنی مەرگ. مەرگ كە لە هەموو شوێنێك دەخولێتەوە ڕووبەڕووی هەموو پاراستنێك دەبێتەوە. ئێمە لە دۆزی جەنگ یان شەڕی گریلای بەردەوام، دۆزی برسیەتی یاخود موسیبەتی نەوەوییەوە دوورین((كە هەموو ئەمانە ڕۆژێك لە ڕۆژان بەرۆكی شارستانی ڕۆژئاوایان گرتووە)) بەڵام لە تارمای مەرگێكەوە نزیكین كە دەمێكە پێیئاشنا نیین. مەرگ، نانسی وتەنی، هەمیشە كۆمەڵایەتی بووە، داوای یارمەتی لە ئەوانی تریش بۆ خۆبەكۆمەڵایەتیبوونەكەی کردووە. لێرەوە دێینە ناو فەلسەفەی ژان- لوك نانسی و ئەو ئەركە فەلسەفییەی لەم ‌ڕوەوە گرتوویەتە ئەستۆ.

سروشتی فەلسەفەی ژان- لوك نانسی

ژان- لوك نانسی فەیلەسوفێكی هاوچەرخی فەرەنسییە، كە تێزی دكتۆرانامەكەی (Phd)لە ساڵی 1973 لەژێر سەرپەرشتی پۆل ڕێكۆر((Ricoeur لەسەر “كانت Kant”نووسیووە و لەژێر كاریگەری هایدیگەر و گەلێك بیرمەندی هاوچەرخی فەرەنسی( لاكانLacan، بلانشۆBlanchot،بەتای Bataille،دێریدا Derridaو ..هتد)دا بووە. هەرچی دووەم تێزیەتی،كە لە فەرنسا بە docteur détat و لە وڵاتانی تر بە Habilitation دەناسرێت و بۆ بەدەستهێنانی پلەی پرۆفیسۆریە، لە ساڵی 1987 لەژێر سەرپەرشتی لیژنەیەك(كە لە لیوتارLyotard، دێریدا Derridaو ژێرار گرانێل Granel پێكهاتبوو)لەسەر”ئەزموونی ئازادی”نووسیویەتی. لە “ئەزموونی ئازادی” فەلسەفە وەك دایكی ئازادی خۆی دردەخات و بیركردنەوەش بە ئازادییەوە گرێدەدرێتەوە. ئەمەش وادەكات بیركردنەوە بیر لە ئازادی بكاتەوە. نانسی لەم كارە فەلسەفییەی لەژێر كاریگەری هایدیگەر ئەوە شرۆڤەدەكات، فەلسەفە بە هەماهەنگی لەگەڵ بیر بەوە دەگەن كە پێویستە. لەم هەماهەنگیەدا بیر گوێڕایەڵی فەلسەفەیە. لەم جۆرە شرۆڤەكردنانەوە ئەوە فێردەبین كە ئازادی لەناو فەلسەفەدا پەنهانە. فەلسەفە پێویستی بە ئازادیە تا پەرە بە بوونی خۆی بدات. ئازادیش بۆ بیر پێویستە تا لەڕێگای ئەوەوە فەلسەفە دەركەوێت و وتنی خۆشی هەبێت. فەلسەفە كە دایكی ڕاستەقینەی ئازادیە، بەپێی تێگەیشتنی فەلسەفی نانسی، دەكارێت ئاقاری ئازادی دەستنیشانبكات. لەسەر ئەم بنەمایە فەلسەفە بێ بەها و بێ مانا دەمێنێتەوە گەر بریتی نەبێت لە چالاكیەك سەبارەت بە ئازادی.
نانسی لە نووسینەكانیدا، كە بەشێكی لەگەڵ هاوڕێیەكی فەیلەسوفی بەناوی فیلیپ لاكو – لابارت( Philippe Lacoue-Labarthe ) نووسیوە، بایەخێكی زۆر بە واتای جڤات –كۆمەڵ- (Community / Communauté) و دۆزی بوون لە كۆمەڵگەی هاوچەرخ دەدات. گرینگیپێدانیش بە بوون، بوون لە جیهان، بەپێی نانسی گرنگیپێدانە بە شتێك كە هیچكات خۆی بۆ فەلسەفە تازە نیشان نەداوە، بەتایبەت ئەوكاتانەی بابەتی بوون پرسیاری ئۆنتۆلۆژی(بووناوی) دەووروژێنێت. كێشەكە لێرە بۆ نانسی لەو بینینە فەلسەفییەدا خۆی پووختدەكاتەوە كە بوون لە جیهانا بوونە لەناو جڤات و بوونیش لەئێستادا لە جیهانا بوونە لە جیهانێكی تازە. ئەم جیهانە تازەیەش هەروەك جیهانە كۆنەكە جیهانی هەمووانە، بەس گرفتەكە لەوێدایە كە جیهانی ئێستا نایەوێت خۆی بە ماناوە گرێدات. لەوە گرنگتر ئەوەیە، کە نانسی لەسەر شێوازی فەلسەفی هایدیگەر پرسیار لەسەر بوونمان دەكات و ئەو لایەنەش دەوروژێنێتەوە كە پێشتر هایدیگەر تایبەت بە جیهان ورووژاندویەتی. لێرە مەبەست ئەوەیە كە”هیچ كات جیهان پێش ئێمە ناكەوێت”. ئەم جیهانەش كە نانسی باسیلێوەدەكات ئەو جیهانەیە كە خۆی هەیە و هەریەكە دەكارێت شوێنێكی تیا هەبێت.

ڤایرۆسێكی فرە مرۆیی

” ڤایرۆسێكی فرە مرۆیی” Un trop humain virus ” گوزارەیەكی ژان- لوك نانسی یە كە بەهۆیەوە شرۆڤەی پەتای كۆرۆناڤایرۆس دەكات. لەمیانەی وەها دەربڕینێكەوە نانسی بە پەرۆشەوە دەخوازێت بزانێت كۆرۆناڤایرۆس لەناو قارەی ئەوروپا خەریكی چییە و چۆنیش دەجولێتەوە؟ ئەم پرسیارە بەگرنگییەوە لەلایەن نانسیەوە وەڵامدەدرێتەوە. بەهۆی ئەم گوزارەیەوە نانسی بەرەو ئەو خەیاڵەشمان دەبات كە بە ڤایرۆسەكەوە ئێمە دوانین. لەهەركوێ بین لەوێ لەگەڵماندایە. هەر ئەم گوزارەیە، ئەڵبەتە ڤایرۆسەكەش، كە هەڵاوگۆڕانی گەورەی كۆمەڵایەتی خستەوە، پێیماندەڵێت هۆشدارییەك لە ماهیەتی كۆرۆناڤایرۆس دا ئامادەیە كە مرۆڤ ئیدی سۆپەرمان نییە، سەرووی خۆی نییە، كەسێكی ئاسای و سروشتییە. نانسی بۆئەوەی وێنەی كۆرۆنا لەناو قارە كۆنەكە وەك خۆی بنەخشێنێت هێما بۆ ئەوە دەكات كە پێشتریش وتراوە، ئەوروپا لە ساڵی 1945 وە جەنگەكانی هەناردەی دەرەوەی خۆی دەكات. ئەوروپا پاش داكەوتنی ئەڵبەتە توانای ئەوەی نەما هیچ بكات جگەلەوەی كە كەوتە بانگەشەكردن بۆ جیابوونەوە لە كۆلۆنیە كۆنەكانی. دواتر بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكانیشی كەوتە ناو جەمسەرە نوێكانی هێز لە جیهانا (لێرە مەبەست دوو جەمسەرە ئێدیۆلۆژییەكەی پاش جەنگە: بلۆكی سۆسیالیزم و بلۆكی سەرمایەداری كە دواتر پەیمانی وارشۆ و ناتۆی لێدروستبوو). ئەوروپا لەنێوان دوو جەمسەرەكە، تەنیا یادەوەریەك بوو، لەكاتێكدا ئێستاش هەر خۆی وانیشاندەدات كە ئایندەی هەیە. لێرە نانسی بەڕاشكاوی ئەوە بۆ بیرلێكردنەوە دەخاتەڕوو كە ئەوروپا هەمیشە بانگەشەی ئایندەبوونی خۆی كردووە. هەرچی ئێستایە ئەوروپا لە دۆزێكی تردایە: ئەوروپا هاوردەیە نەك هەناردە. هاوردەیە، لێ تەنیا شمەك ناهێنێت، كە پێشتر كردویەتی، پێش هەموو شتێك دانیشتوان هاوردەدەكات(ئیستیراد)-ئەمەش بۆ نانسی شتێكی نوێ نییە، بەڵام خێرایە-. ئەوروپا كە هەناردەی(تەسدیر) ململانێ و كێشەی ژینگەیی دەكردە دەرەوەی سنورەكانی خۆی، هەنووكە ئەم ئەوروپایە ئێپیدێمیەكی(دەردێكی) ڤایرۆسانە (viral epidemic) هاوردە دەكات. لەمبارەیەوە نانسی پرسیار دەكات كە ئەمە مانای چییە؟ ئەم لایەنە تەنیا پرسیار نییە لەسەر بڵاوبوونەوە. ئەوروپا نێوەندی جیهان نییە، بەڵام بەردەوامە لە گێڕانی ڕۆڵی درێژخایەنی خۆی، ڕۆڵی مۆدێل یان نموونە. جگەلە ئەوروپا شوێنی تریش هەیە كە سەرنجڕاكێش بێت، لێ ئەوروپا پێیوایە بەجۆرێك لە جۆرەكان پەسەندكراوە، هیچ نەبێت وەك پەناگە(داڵدە) یەك. لێرە دەشێت تەوژمی ڕووكردنە ئەوروپا لە ئەسیا و ئەفەریقا و ئەمەریكای لاتینەوە بەنموونە بهێنرێتەوە. ئەوروپای سەرنجڕاكێش و بنكەی ماف و یەكسانی و ئازادی، ڕووبەڕووی پرسیاری قەیرانی پزیشكی بوەتەوە. نانسی لەسەر هەقە كە پێیوایە، وێنەیەكی ئایدیالیستی لەسەر ئەوروپا هەیە كە شوێنی داد، زانست، دێمۆكراسیەت، جوانی و خۆشگوزەرانییە. ئەمانە وادەكەن ئارەزووەكانی ئەوانیتر بەلای ئەوروپا ڕابكێشرێت. دەرگای ئەوروپا لەسەر پشتە، بەڵام ئەمە ئەوانە ناگرێتەوە کە توانای كڕینی ئارەزووەکانیان نییە. شتێكی سەرسامكەر نییە كە ڤایرۆس بێتە بەینەوە. ئەوەش هەر سەرسامكەر نییە كە ئەم ڤایرۆسە لە ئەوروپا لەچاو شوێنی ڕاستەقینەی خۆی پەریشانیەكی گەورە دروستکردووە. ئەوەتا دەبینین كە چین توانیویەتی سێستەمێك سەبارەت بە بازاڕ و نەخۆشی دابمەزرێنێت. بەس ئەمە كوا لە ئەوروپا بوونی هەیە؟ ئەوروپا كە لەژێرسایەی ستەمی كۆرۆنا لە دۆخێكی پەشێوی ڕێژەییدایە دژواری لە خۆگونجاندن دروستكردووە. هەرچی ئەمەریكایە نە چینە و نەش ئەوروپا. ئەمەریكا بەپێچەوانەوە، نانسی وتەنی، لە گۆشەگیرییدابوو كە دواتر لەمە و لە توانا ناجێگیریەكەی لە بڕیاردان پاشگەزبوەوە. لێرە نانسی وێنەیەكی تر لەسەر ئەوروپا دروستدەكات: ئەوروپا هەمیشە هەوڵیداوە خۆی بدۆزێتەوە. لە گەڕانی بەردەوامیشدایە كەچی جارێ شوێنەكەی دیارینەكردووە.
كاتێك چەقی پاندێمیەكە(پەتاكە) دەستنیشانكرا ئەوروپا بووە ئەو چەقە و وڵاتانی تریش، كە هێشتا لە پاندێمیەكە بەدووربوون، دەرگایان بەڕووی ئەوروپا و چین داخست. بۆیە سەفەركردن بۆ چین و ئەوروپا بووە سەفەر بۆ شوێنە ترسناكەكان. لەم حاڵەتانەدا لە ئەوروپا”بەدوای ژیانی خۆت ڕابكە”باوە، هەرچی لە شوێنی ترە”پیشانمبە چیت لە ڤایرۆسەكە دروستكرد!” باوە. ئەمە، بەقسەی نانسی، جیاوازی نێوان میراتی ئێمەی ئەوروپایی و ئەوانیترە. بەواتایەكیتر، نانسی جەختلەوەدەكات كە لە ئەوروپا چاوچنۆكی، گومانخوازی و سەرسەختی زۆرتر باوە تا لە شوێنەكانی تری دونیا. ئەمەش میراتی عەقڵگەرایی و بەدبینی ڕەوشتی و ئازادی ئەوروپاییەكانە كە نانسی دەیبینێت. بۆ نانسی ئەمە ئەوە دەگەیێنێت كە ئێمە، ئەوروپاییە كۆنەكان، ژیانی عەقڵیمان بەهەند وەرگرتووە. هەر ئەمەشە هۆكاری زۆر دووبارەكردنەوەی گوزارەی”پێڕەوییە ئاوارتەییەكان”، كە بەكاربردنی تارمای “كارل شمیت” ی(Carl Schmitt) تیادەبینرێتەوە-تیۆریزەكەرێكی دیارە لە بواری تێزی ڕەوشی ئاوارتە.
نانسی بۆچوونی شاعیرێكی فەرەنسی میشێل دێگی( Michel Deguy)بەنموونە دێنێتەوە كە لەم دوایە شیعرێكی بەناوی Coronation بڵاوكردۆتەوە، كە لێرە چەند كۆپلەیەكی ئەو شیعرە، نەك تێگەیشتنە كورتەكەی نانسی، دادەڕێژینەوە:كۆرۆناڤایرۆس جارێ نیوەیە، پیسی لە پیسەیەوە دێت، سنوری تۆ سنوری منە و یەكتر سنورداردەكەن، گوێملێیە ئابووری لە بۆرسەكانا گرژدەبێتەوە، ترامپە قەڵەو دەڵێت لە وڵاتەیەكگرتووەكان ڤایرۆس نییە، پوتین خوا دەگەڕێنێتەوە ناو دەستور، مارین لۆ پان (Marine Le Pen ) (سەرۆكی پارتێكی ڕاستڕەوی توندڕەوی فەرەنسییە) بە كلیلە ژەنگاوییەكانی سنورەكان دادەخات، پارتی سەوز پێش هەڵبژاردنەكان قایلبوون، فیلمەكە جیهانگیری سەربەرەوخواردەكاتەوە، ئاسمانی شین لە پەكین شیندەكاتەوە، وشەی ناسین مانا باشەكەی خۆی لەدەستداوە، جیهانگیری و پەتا یەكدەگرنەوە و ناشیانەوێت یەكتر بەردەن، قاچاخچیە لیبیەكان خەریكی موزایەدەن، بەڵام نازەنینەكەم دوودڵ مەبە، هەمووی وەك خۆی لێدێتەوە، شی Xí قەیسەریش پەچە لە ڕەوتی چینیبوونی خۆی لادەدات…..
پەتای كۆرۆناڤایرۆس، لەسەر هەموو ئاستەكان، كاڵایەكی جیهانگیرییە. ئەم پەتایە چاودێرە بەسەر تایبەتمەندی و ئاقارەكانی ئەم جیهانگیرییەوە و دەشیكات بە شتێك كەمتر بێت لە كولتوور و بەهێزتر بێت لە ئابووری و تەكنیك. شیاوە، لەم ئەوروپایە، كار بۆ گۆڕینی ئەلگۆریتم (Algorithm پرۆسەیەكی هەنگاو بە هەنگاوی ماتماتیكییانەی خواریزمیە بۆ گەیشتن بە دەرئەنجام)بكرێت، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە دەچینە سەردەمێكی نوێوە. واتە ئەوروپا بە گۆڕینی ئەلگۆریتمی خۆی ناشێت پێیوابێت دەچێتە قۆناغێكی تازەوە. ئەمە لەسەرێكی تریشەوە بەو مانایە دێت كە زاڵبوون بەسەر ڤایرۆس بەس نییە. گەر توانا سیاسی و تەكنیەكییەكان زاڵبوونەكەیان سەلماند، جیهان دەبێت بە گۆڕەپانی پێكدادانەكان. شارستانی ئەوروپا كە چوبووە قۆناغی جێبەجێكردنی ڕەگەزەكانی شارستانیبوونەوە، وائێستا لەژێر زەبری ڤایرۆسەكە خەریكە لە شارستانیبوون دەكەوێت. وەحشتناكی تەشەنەی ڤایرۆسەكە وەك وەحشەتناكی كارگێڕی بڵاودەبێتەوە. ئەمەی ڕوودەدات گێچەڵێكی نابەڵەد نییە كە كەسێكی نەناسراو هەڵیگیرساندبێت. هەروەها بەرهەمی دەستدرێژی هەندێك نەتەوەش نییە. لەكۆتایدا هێزە ئابوورییە تەكنییەكان مەبەستن. لێرەوە پرسیار لەسەر داهاتووی زانست و ئابووری ئەوروپا لەدایكدەبێت.
هەر تایبەت بەو لایەنەی سەرەوە، ئەم هزرەڤانە فەرەنسییە، ئەوەشمان وەبیردێنێتەوە كە پێشتر، پەتاكان (پاندێمیەكان) وەك سزایەكی یەزدانی دەبینران، هەروەك ئەوەی كە نەخۆشیش، جاران، بەگشتی ماوەیەك وەك شتێك لە دەرەوەی جەستەی كۆمەڵایەتی سەیردەكرا. هەرچی ئێستایە زۆربەی نەخۆشیەكان ناوەكین و بەرهەمی هەلومەرجی ژیان، كوالیتی خواردن و ژەهراویبوونی ژینگەكەمانن. كەوابێت هەروەك نیچە دەڵێت ئەوەی یەزدانی بوو بووە مرۆی، زۆر مرۆیی، تائەوپەڕی مرۆیی (Allzumenschliches/ All Too Human) . بۆ ئەو مەبەستە نانسی بۆ بیركاری فەرەنسی پاسكال Pascal دەگەڕێتەوە،كە ناوبراو تازەگەری بە گوزارەی”مرۆڤ بێ كۆتا مرۆڤ تێدەپەڕێنێت( L’homme dépasse infiniment l’homme )”پێناسەدەكرد، بەڵام ئەگەر مرۆڤ خودی خۆی زیادلەپێویست تێپەڕێنێت، بێ ئەوەی بگاتە ئاستی ئەو تێگەیشتنە یەزدانیەی پاسكال بۆ مرۆڤ هەیبوو، ئەوا مرۆڤ هەرگیز سەرووی خۆی نابێت. لەبڕی ئەوە، نووقمی مرۆیبوونێك دەبێت كە پڕە لەو روودا و دۆزانەی خۆی بەرهەمی هێناوە. بەمە نانسی دەخوازێت چیمان پێبڵێت؟ نایەوێت بڵێت مرۆڤ زۆرتری شایانە وەك لەوەی دەستیكەوتووە؟ لێرە لای پاسكال مرۆڤ دەگاتە چەقی تەوەرەی تپپەڕاندن و بەسەرزاڵبوون. بەپێی نانسی، هەر لەوكاتەوەی بە سروشتی بایۆلۆجی ڤایرۆسەكە ئاشنابووین پێداگری لە ئامادەنەبوونی یەزدان هاتەگۆڕێ. نانسی وتەنی، ئێستا ئەوەمان بۆدەركەوت كە چەند سەختە پێناسەكردنی بوونەوەرە زیندوەكان لەچاو ئەوەی پێشتر كردوومانە. ئەوەشمان بۆدەركەوت كە پێناسەكردنی دەسەڵاتی سیاسی لەچاو ئەوەی پێشتركردوومانە چەند دژوارە. هەنووكە تێدەگەین، بە قسەی نانسی، وشەی سیاسەتیژیان(biopolitics) لەم جۆرە دۆزانەدا (كۆرۆناڤایرۆسە مەبەستە) نەگونجاوە بەكاربردنی. نانسی لەگەڵ تێهەڵكێشردنی ئەم وشەیە نییە بەو هەل و مەرجانەی كۆرۆنا هێناویەتی. هەرگیزیش گومانناكات كە ژیان و سیاسەت بەرەنگارماندەبنەوە. زانینی زانستیشمان پێماندەڵێت كە تەنیا پشت بە هێزی تەكنیكی خۆمان دەبەستین، بەڵام تەكنیكی پووخت بونی نییە و خودی زانینیش نادڵنیایی لەخۆدەگرێت. ئەم نادڵنیایەی نانسی دەیداتەپاڵ زانست لە تایبەتمەندیەكانی خودی زانستە. كۆرۆنا نادڵنیاییەكەی زانستی دووبارە بیرخستینەوە. ئەوەشی بیرخستینەوە مەرگ هاوڕێی ڤایرۆسەكەیە. مەرگ، كە ئەوروپا پێشتر بە جەنگ و برسیەتی و وێرانكاری كاری بۆ هەناردەكردنی دەكرد، ئەمئێستا بەهۆی ئەم پەتایەوە لەگشت جێگایەك چاوەڕێمانە. لەم ساتەوەختەدا مەرگ لە بەرگی كۆرۆنا خۆیمان نیشاندەدات و دونیایەك ئاماژە لەخۆیڕا پەنهاندەكات. وەكیتریش مەرگ، لەناو خۆشگوزارەنی و ئازادی ئەوروپایی بیرچووبوەوە، بەهۆی ترسێكەوە كە لەخۆدووبارەكردنەوەدایە ئاوەڵناوی تری بۆخۆی دۆزیەوە: مەرگی پیر و مەرگی گەنج، مەرگی لەش تەندروست و مەرگی لەشی بیمار، لێ كۆرۆنا كەلەبەری نێوان ئاوەڵناوەكانی پأكردەوە. بەم چەشنە، هێڵی جیاكارەی نێوان ئاوەڵناوەكان لەژێرناونیشانی كۆرۆنادا بووە مەرگ، مەرگێكی هاوبەش كە نازناوی كۆرۆناڤایرۆسی هەیە.

ڤایرۆسی هاوبەش

پەتای كۆرۆنا مشتومڕی زۆری لێكەوتەوە و ژان- لوك نانسیش یەكێك بوو لەو هزرەڤانانەی ڕۆڵێكی كارای لە فەلسەفەكردن بەسەر پەتاكەوە بینی و ئاقاری مشتومڕەكانیشی بەرەو ئەو جێگەیە برد كە فەلسەفە دەكارێت لەوێندەرێ داڵدە بۆ پرسیارسازی بدۆزێتەوە. وەکیتر هەر ئەوەشە كە فەلسەفە دەیكات، لێناگەڕێت دیاردە و رووداوەكان لە شوێنێكی وەستا و نەگۆڕدا باروبارگە دابنێن. نانسی لەڕێگای ئەم پەتایەوە، بەپشت بەستن بە تێزە فەلسەفییەكانی پێشتری تایبەت بە جیهانگیری، هەڵوەشانەوەی باوەڕ و جڤات (كۆمەڵ) دادگایی مێژووی سیاسی ئەوروپا دەكات و واتا و گوزارەكانی ئەم مێژووەش شیتەڵدەكات. لەسەرەتای ئەو نووسینەی ماوەیەك لەمەوبەر بەناوی “” communovirus”” نووسی باس لە هاوڕێیەكی هیندی خۆی دەكات كە پێیوتوە ئەوان لە ماڵەوە قسە لە” كۆمۆنۆڤایرۆس” دەكەن. نانسیش لەخۆی دەپرسێت كە بۆ پێشتر “ئێمە” بیرمان لەوە نەكردبوەوە؟پێناچێت مەبەستی نانسی لە “ئێمە”تەنیا فەرەنسییەكان بێت بگرە گشت ئەوروپاییەكانیشی مەبەستە. بۆ نانسی شتێكی سەرسامكەر و سەرلەبەر ناكۆكئامێزە: ڤایرۆسەكە لە كۆمۆنیزمcommunismەوە دێت. تەنانەت كۆرۆنای ئێستا لەو كۆرۆنا پاتاڵەی هەقایەتە كۆنەكانی پاشایەتیش بەپیتر دەزانێت. ئەم كۆرۆناڤایرۆسە ،بەپێی بۆچوونی نانسی، هەر لەیەكەم مانایەوە دیارە دەیەوێت چی بكات مادام لە وڵاتێكی گەورەوە دێت كە بە فەرمی ڕژێمەكەی كۆمۆنیستە. شتێكی تەنیا فەرمی نەبوو كاتێك سەرۆك شی جینپینگ Xi Jinping وتی”كارگێڕیكردنی ئێپیدیمیەكی ڤایرۆسانە” نیشانەیە لەسەر باڵایی سێستەمی سۆسیالیستی بە تایبەتمەندی چینییەوە”. نانسی بۆئەوەش دەچێت، ئەگەر كۆمۆنیزم، بریتییە لە هەڵوەشانەوەی خاوەنداری تایبەت ئەوا كۆمۆنیزمی چینی، چەند ساڵێكە، بریتییە لە تێكەڵكردنی خاوەنداری كۆلێكتیڤی دەوڵەتی بە خاوەنداری تاكی (بەدەر لە موڵكایەتی زەوی). ئەم تێكەڵكردنەش ڕێگاخۆشكەربووە بۆ نەشونمای توانای ئابووری و تێكنیكی چین و دەركەوتنی رۆڵە جیهانیەكەشی. نانسی وایدەبینێت كە، هێشتا زووە ئەو كۆمەڵگەیەی ئەم تێكەڵكردنەی دروستكردووە دەستنیشانبكرێت: واتە بە چ مانایەك كۆمۆنیستە و بە چ مانایەكیش ڤایرۆسی خستەناو ڕكابەری تاكییەوە؟ كۆرۆناڤایرۆس توانیویەتی توانستی كۆلێكتیڤ و دەوڵەتی چین بسەپێنێت بە ڕادەیەك كە ئێستا چین یارمەتی ئیتالیا و فەرەنسا دەدات. بەبۆچوونی نانسی، ڤایرۆسەكە كاریگەری نەكردۆتەسەر دەسەڵاتی ئیستیبدادی چین. شتەكان بەجۆرێك دەردەكەون وەك بڵێی ئەم ڤایرۆسە لەكاتێكدا هاتووە كە بەهێزكردنی ئەو كۆمۆنیزمە فەرمییەی مەبەستبووە لە چین هەیە. شتە ناخۆشەكە لێرە ئەوەیە كە ئەمە وادەكات وشەی “كۆمۆنیزم” تەماوی بێت. ماركس ، نانسی وتەنی، زۆر بە ووردی ئەوەی نووسیوە كە خاوەنداری تایبەت بە واتای ونبوونی خاوەنداری كۆلێكتیڤ دێت، لەگەڵ كات خاوەنداری تاكی (ئیندڤیدوال) جێگای هەردووكیان دەگرێتەوە. ئەمە بەو مانایە نایەت كە ماركس مەبەستی ئەوە بووە شمەكەكان بەجۆرێكی تاكانە خاوەنداری دەكرێت(واتە بوونی خاوەنداری تایبەت)، بەڵكو شیاوی ئەوەی تاكەكان خودیخۆیان بن. ناسی جەخت لەوەدەكات كە، ماركس لەم روەوە كات و ئامرازی لەبەردەست نەبووە تا كاری زۆرتر لەم بارەیەوە بكات. هاوكات، نانسی ئەوەش دەڵێت کە ماركس جیهانبینیەكی پەسەندكراوی سەبارەت بە”پرۆپۆزەڵی كۆمۆنیستی” خستۆتەڕوو. وەكیتریش نانسی لە توێژینەوەكانی تریدا ماركس بە فەیلەسوف نازانێت و بۆ ئەو مەبەستەش ئارگومێنتی خۆی هەیە كە لێرە دەرفەتی گفتوگۆكردنیمان نییە.
دووەم مانای كۆمونۆڤایرۆس (communovirus) ئەوەیە كە ڤایرۆسەكە كۆمۆنیزماندەكات( communize ). دەمانخاتە سەر بناغەی یەكسانی (equality) و بۆ وەرگرتنی هەڵوێستی هاوبەشیش كۆماندەكاتەوە. ئەمە ئەزموونكردنی گۆشەگیرییمانە. گەر گۆشەگیریمان بە مانای كەمبوونەوەی پیسبوونی ئەتمۆسفێرێش بێت هۆیەكەی كەمبوونەوەی هاتووچۆ و پیشەسازییە. پێشئەوەی قفڵیشبین هەستدەكەین بەهێز قفڵكراین، تەنانەت ئەگەر ئەوە لەبەر خۆشگوزارەرانیشمانبووبێت لێ هەر قفڵكراین. هەندێك پێیانوایە سەرمایەداری تێكنۆلۆژی لە داڕمان نزیكبوەتەوە، نانسی بۆ ئەوەی ئەمە ڕەتکاتەوە دەڵێت: هێشتا ماومانە لە سروشتی جڤاتەكەمان(كۆمەڵەكەمان) تێبگەین. نانسی وایدەبینێت كە ئێمە ئاژەڵ نیین، هەربۆیە پێویستمان بەیەكبینین و خواردنەوە و سەردانە. دابڕانیشمان لەیەكتر وایكرد ڕێژەی پەیوەندییە تەلەفۆنی و نامە ئێلكترۆنییەكانمان بەرزببنەوە. ئەمەش تەنیا لەبەر ترسی لەدەستدانی پەیوەندییەكان بوو. بۆیە نانسی لێرە دەپرسێت ئایا ئێستا لە بارێكی باشترین بۆ بیركردنەوە لەم كۆمەڵەیە؟ كێشەكە لەوەدایە ڤایرۆسەكە نوێنەرایەتی سەرەكی ئەو كۆمەڵەیە دەكات. لەنێوان مۆدێلی چاودێری و مۆدێلی خۆشگوزەرانیدا ڤایرۆسەكە خاوەنداری هاوبەش commonە. شتێكی باشە، بەپێی نانسی، كۆرۆناڤایرۆس پاڵمان پێوەبنێت بکەوینە پرسیارکردن. هەر بەم مەرجەش دەتوانین بەسەریا زاڵبین ئەگەرنا شیاوە گەڕانەوەمان بۆ خاڵی دەستپێك. ئەوەمان بیرنەچێت دەبێت ئامادەی ڕووبەڕوبونەوەی پەتای تریش بین.
تێگەیشتنی فەلسەفییانە بۆ ئاوارتە لەنێوان ئاگامبێن و نانسی دا

مایەوە لەم كورتە نووسینە لە ڕووبەرێكی تەسكدا ئەو مشتومڕە فەلسەفییەش بجولێنینەوە كە دوو فەیلەسوفی ئەوروپایی (ئاگامبێن و نانسی) كۆ-جیا دەكاتەوە. تێگەیشتنی فەلسەفییانەی ئەم دوو فەیلەسوفە بۆ ڕەوشی ئاوارتە State of exception) )تێگەیشتنە بۆ چۆنیەتی كاركردنی هێز و شێوازەكانی ئەم هێزە لە بندەستكردن و گەمارۆدانی ئازادی و مافی تاكەكانی كۆمەڵگا. ئاوارتە دۆخێك (بارێك، ڕەوشێك) دێنێتەپێشەوە كە مرۆڤەكان لە مرۆییبوونیان دەخات. ئەوەی ئاگامبێن لەیەكەم نووسینی تایبەت بە كۆرۆناڤایرۆس وتی بەرهەمی تێهزرینی فەلسەفی چەندین ساڵەیەتی لەبارەی ڕەوشی ئاوارتەوە كە ڕۆژئاوا ئاشنایە بە بەكاربردنی. پاش بڵاوبوونەوەی یەكەم نووسینی ئاگامبێن بەناوی “”داهێنانی ئێپیدێمیەك”” لە 26/02/2020 وەڵامێكی گازندەئامێزی زۆر ئاراستەی نووسینەكە كرا و یەك لەوانەش روونكردنەوەكەیەكی نانسی بوو لە 27/02/2020 بەناوی””ئاوارتەی ڤایرۆسانە( Viral Exception ).
نانسی لەم ڕووكردنەوەیە وایبۆدەچێت كە ئاگامبێن هیچ جیاوازیەك لەنێوان كۆرۆناڤایرۆس و ئەنفلاوەنزەیەكی ئاساییدا نابینێتەوە. بەپێی نانسی ئەم هاورێ كۆنەی بیریچوەتەوە كە ئەنفلاوەنزەی ئاسای ڤاكسینی هەیە كە كاریگەری خۆی سەلماندووە. لەگەڵ ئەوەشدا پێویستی بەوەیە ساڵ لەدوای ساڵ لەگەڵ هەڵاوگۆڕانی ڤایرۆسەكە خۆی بگونجێنێت. بەپێی ئەوە، ئەنفلاوەنزەی ئاسای حەڵكێكی زۆر دەكوژێت لەكاتێكدا كۆرۆناڤایرۆس، كە ڤاكسینی بۆ دروستنەكراوە، لەتوانایدایە ژمارەیەكی زۆر لەوە زۆرتر بكوژێت! ئاگامبێن وایدەبینێت كە حكومەتەكان كەڵك لە هەموو جۆرە بەهانەیەك دەبیننەوە تا ڕەوشی ئاوارتە پیادەبكەن، بەڵام ئاگامبێن، بەبۆچوونی نانسی، سەرنجی ئەوە نادات كە ئاوارتە بووەتە رێسا لە جیهانێك كە پەیوەندییە تێكنیكییەكان بە هەموو چەشنەكانیەوە (جوڵانەوە، هەموو جۆرەكانی گوازتنەوە، پیتاندن و بڵاوبوونەوەی مادەكان و شتیتریش) چڕیەكی نادیارە و بەهەمان نەشونمای دانیشتوانیش لە زیادبووندایە. تەنانەت لە وڵاتە دەوڵەمەندەكانیشا ئەم زیادییە لە ژمارەی دانیشتوان تەمەن درێژی لەخۆدەگرێت كە ئەوەش بە مانای زۆربوونی بەساڵاچووان دێت و بەگشتی ئەمەش بەمانای ئەوە دێت كە زۆرێك لەبەردەم مەترسیدان.
نانسی بە ئاگامبێن دەڵێت كە پێویستە وریابین ئامانجی هەڵە نەپێكین: گومانی ناوێت گەر بلێین گشت شارستانیەكەمان ئەمڕۆ لەژێرپرسیارە و جۆرێكیش لە ئاوارتەی ڤایرۆسانە- بایۆلۆژیی، زانستی كۆمپیوتەرانە، كولتووریی- دروستكەری پاندێمییە. لەم بەینەدا حكومەتەكان هیچ نیین جگەلەوەی كە بكوژێكی نەفرەتئامێزن و لۆمەخستنە سەریشیان مانۆرێكی لادانە تا پەرچەكرداریەكی سیاسی. وتمان كە جۆرجیۆ هاوڕێیەكی دێرینە. هەروەها ئەوەش دەڵێت کە داوای بەخشیندەکات كە لێرە یادەوەرییەكی شەخسی دەخاتەڕوو: پێش سی ساڵێك لەمەوبەر پزیشكەكان پێیانوتم پێویستم بەوەیە دڵ دانێم. جۆرجیۆ ئاگامبێن یەكێك بوو لەو چەند كەسە كەمەی پێیوتم كە گوێ لە دكتۆرەكان نەگرم. گەر گوێم لە ئاگامبێن بگرتایە ئێستا مردبووم. شیاوە هەڵەكردن. ئەوەش دەڵێم كە جۆرجیۆ لەگەڵ ئەوەشدا رۆحێكی پاك و میهرەبانە و مرۆڤ دەكارێت وەك ئاوارتەیەك –وەك ڕیزپەرێك as exceptional – پێناسەیبكات
—————————————————————–

ژێردەر: ژان- لوك نانسی سەبارەت بە كۆرۆناڤایرۆس زۆرێك گفتوگۆی فەلسەفی هێناوەتەپێش كە شایانی تێڕامان و ئاوڕدانەوەن كە لەم نووسینە بۆ مشتومڕكردن كەڵكیان لێوەرگیراوە: لەژێرناونیشانی””فەلسەفەكردن لە كاتی ئێپیدێمی “”(Philosopher en temps d’épidémie ) ،كە دوو بابەتی سەرەكی لەخۆدەگرێت یەكێكیان””ڤایرۆسێكی فرە مرۆیی”” (Un trop humain virus ) لە 17/03/2020 بڵاوكراوەتەوە و ئەویتر””خراپە و هێز” (Le mal, la puissance) لە07/04/2020 بڵاوكراوەتەوە. وەڵامێك بەناوی””ئاوارتەی ڤایرۆسانە” (Viral Exception) لە 28/02/2020 ئاڕاستەی نووسینێکی ئاگامبێن كراوە كە بەناوی””داهێنانی ئێپیدێمیەك- درمێك-“”لە 27/ 02/2020 بڵاوكراوەتەوە. لە لیبراسیۆنی فەرەنسیش(liberation.fr) لە 24/03/2020 بابەتێكی لەژێرناوی””كۆمۆنۆڤایرۆس” (Communovirus) نووسیوە .هەروەها ئەو لێدوانەش كە لە 28/03/2020 لە (marianne.net ) بەناوی””پاندێمیەكە دووبارەبەرهەمهێنانەوەی كەڵێن و دابەشكردنە كۆمەڵایەتییەكانە”” بڵاوكراوەتەوە. بەشێك لە تێكستەكان بە وەرگێڕانی ئینگلیزی لە “گۆڤاری شیكردنەوەی دەروونی ئەوروپایی”یش بڵاوكراونەتەوە.
ماویەتی….

بۆ خوێندنەوەی بەشەکانی تری ئەم باسە کلیکی ئێرەبکەن …..




سەردەشت عوسمان … کاوە جەلال

سەردەشت عوسمان لە بنەڕەتدا زۆرترە لە کەسێتییەکی یاخی کە بە فەرمانی دێسپۆتییانە لەناوبرا. ئەو هەروەها کرۆکێکی شۆڕشگێڕانەی هەبوو.

سەردەشت عوسمان بە گۆتاری “یه‌كه‌مین زه‌نگی كوشتنم لێیدا” ڕووی دەمی دەکاتە هاوڕێیانی: “تا ئه‌و شوێنه‌ی كه ‌ماوین دە‌بێت قسه ‌بكه‌ین، له‌و شوێنه‌ش كه ‌ته‌مه‌نمان كۆتایی هات، با هاوڕێكه‌م خاڵێكم بۆ دابنێت و بێته‌ سه‌ر دێڕێكی نوێ و سه‌رله‌نوێ ده‌ست پێبکاتەوە”.

ژیان لای سەردەشت عوسمان بەواتای هەڵوێستوەرگرتن، بەرەنگاربوونەوەی جەلادەکان و پێشاندانی هەقیقەتیان. ئەو نایەوێت چیدی لەسەر بێدادی و وەلاوەنانی چینایەتی بێدەنگ بێت، بۆیە بە دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەی دەبێژێت، زۆر ئاساییە کوڕێکی هەژاری ئەو وڵاتە ئەڤینداری هەر کەسێک ببێت کە دڵی گرتوویەتی، جا با کچی بەرپرس یان تەنانەت سەرۆکی ئەو وڵاتە بێت. ئەوجا گەر بەو هۆیەوە ژیانی کەوتە مەترسییەوە، ئەوا نابێت مەیدانی بەرەنگاری چۆڵ بکات. نەخێر، ئەو دەیەوێت بەدرێژایی تەمەن، یان تا ئەو کاتە کە جەلادەکان لە شارەکەی خۆیدا کۆتایی بە هەناسەدانی دەهێنن، لەسەر خەبات بەردەوام بێت، لێ ئەوە نەک تەنیا بۆ گەنجانی وڵاتەکەی کە “مردن ساده‌ترین هه‌ڵبژاردنیانه”‌، بەڵکو هەروەها بۆ ئەوەی گەنجەکان ئیدی “تێبگه‌ن” کە شکۆفە پرشنگدارەکەی ڕۆژگاری ئەمڕۆ تەنیا رواڵەتە، لە کرۆکدا بە بێدادی و گەمژەیەتیی خێڵەکیانە تەنراوە و هیچی دیکە نییە جگە لە جەلادسەروەری، کەواتە گەورەترین مەترسییە “‌بۆ نه‌وه‌ی داهاتوو”. بۆیە سەردەشتی خەباتگێڕ پێشتری بە مردن دەدات تا برا بچوكەکەی، کەواتە زارۆکان، ‌لەم ڕۆژگارە پڕستەم و بێدادە ڕزگار بکرێن.
سەردەشت عوسمان خۆی وەک کردارنوێنی نێو کاروانێکی خەبات دەبینێت، لێرەشدا ئێمە بە کرۆکێکی شۆڕشگێڕیانەی ئەو دەگەین: گەر جەلادەکان لەناویان برد، ئەوا پاشان ئەرکی هاوڕێی خەباتگێڕ ئەوەیە کە “نوقتە”یەک بۆ ئەوی ژیان لێسەنراو دابنێت، لێ پاشان بچێتە سەری دێڕ، تاکو لەنوێوە “دەستپێبکاتەوە”، کە گومانی تێدا نییە لەبەر ئەوەی “هاوڕێیە”، ئەوا لکێکی کاروانەکەیە و ئەمەش بەواتای، کە ئەوی هاوڕێ بە شێوازێکی خۆیی درێژە بە خەبات دەدات. ئێمە لێرە کاروانی خەباتی پارتایەتیمان نییە، گەنجانی “هەڵوەستاو”مان هەن ڕووبەڕووی جەلادەکان.

ئەم هەڵوێستە شۆڕشگێڕییەی سەردەشت عوسمان تەواو دژبەری شێوە خەباتی سوننەگەرایانەی کوردییە، واتا ئەو جیهانبینییە کە هەر خەباتگێڕێکی سوننەگەرا بەبێ ئاگایی ئەو نوقتەیە و هیچ نوقتەیەک بە سکاڵا و سرودی شەهیدان بەردەوام دەبێت، کەواتە کرداری پچڕاندن ناناسێت. لێ سەردەشت عوسمان بە پێچەوانەوە داوای سەری دێڕێکی نوێ ی خۆیی لە هاوڕێیان دەکات کە گەرەکە لێوەی “دەستپێبکرێتەوە”. ئاخر چۆن لە ڕێزماندا ڕستە هەمیشە بە نوقتە کۆتایی پێدەێت، بە هەمان شێوە لەم خەباتەی نێو کردەکێتییەکی بێداد و جەلادسەروەریدا پچڕاندنی پەیوەندی و دەستپێکردنەوەمان هەیە.

گومانی تێدا نییە کە لە دەستپێکردنەوەدا هاوکات لەبیرنەبردنەوەی خەباتگێڕانی کوژراو هەڵوێستێکە کە ناخی هاوخەباتانی ئەوانی تەنیوە. ئاخر خەباتگێڕانی زیندوو دوای هەر کارەساتێک هەڵوێستە دەکەن، ئەوەش بە دانانی نوقتەیەک و ڕۆیشتنی بوێرانە بەرەو سەری دێڕ: سەرەتایەکی نوێ، ئەوە بێگومان لەنێو کاروانەکەدا، چونکە ئەو لاپەڕەیە هەڵنەدراوەتەوە، لەبیرنەبراوەتەوە، نەسڕراوەتەوە، یان هیچ نەبێت بە فرمێسکی شین و شەپۆڕ کاڵنەکراوەتەوە، بەڵکو هاوخەباتگێڕ بە دانانی نوقتەی ئاگامەندانە هێشتا لەوێیە، هێندە نەبێت کە ئاگامەندانە لە سەری دێڕەوە دەستی پێکردۆ”تەوە”، کە ئاشکرایە لەبەر ئەوەی نوقتەدانەرێکی ئاگامەندە، ئەوا لە یادوەریی خۆیدا هەر هاوڕێیەکی بەناهەقکوژراوی بەرز ڕاگرتووە.

لێ بێدادی و کەللەپووچی تەنیا ڕوویەکی ڕیالێتییە تاڵەکەی وڵاتی سەردەشت عوسمانن. هەموو ڕیالێتییە تاڵەکان هەمیشە زەبرێکی جددین، لێرەشدا هەقیقەتیان بەڕوونی پێشانی گەل دراوە و بەو ڕێیەوە داوا لە خودی گەل کراوە ئەو هەقیقەتە قبووڵ بکات. لێ وڵاتەکەی سەردەشت عوسمان بە پێچەوانەوە مەهزەلەییە، هەروەک ببێژین، بووە بە وڵاتی تەراتێنی چڵیت و چەکلەکان، چونکە بەرواڵەت دەسەڵاتدارییەکی هەیە کە گۆیا بە دەنگی گەل دامەزراوە، لێ لە کرۆکدا باندگەلی مافیایی بە ترس و تۆقاندن حوکمی دەکەن، تەنانەت لە نێویانەوە دەسەڵاتدارانی بکوژ و کەللەپووچ زیتبوونەتەوە کە شانازییەکانیان بە سیمبۆلی “جامەدانی”یەوە هێندەی دی کەللەپووچ و فریودەر-فریودراوی کردوون.

بۆیە خەباتگێڕانی کاروانەکەی سەردەشت عوسمان ئەرکی گرانتریان کەوتۆتە ئەستۆ، چونکە ئەوان دەبێت هاوکات لە هەر بەرەنگاربوونەوەیەکدا سەرلەنوێ بیری جەلادەکانی بخەنەوە کە ئەوان فیگوری ڕزگاریخوازی نین، بەڵکو ئەوە “باوک و براكانی” ئەوانی خەباتگێڕ بوون یان بەگشتی وڵاتخوازان بوون کە خۆیان لە پێناوی ڕزگاریدا بەکوشت دا، پاشان جەلادەکان بە فێڵ و تەڵەکەبازی هاتنە سەر سفرەی حازر و دەستیان کرد بە خواردنی بەری ڕەنجی ئەوان، بەڵێ تەنانەت لە نێویانەوە سەرۆک جاش زیت بۆوە و داوای سەرۆکایەتیی بە ڕەوای خۆی دانا – چونکە گۆیا پێشمەرگە بووە! بۆیە ڕوخساری جددیی سەردەشت عوسمان هاوکات نەرمە زەردەخەنەیەکی تێدا نیشتووە. تەنانەت پێش کوشتنی بە فەرمانی باڵا پێدەچێت زۆر تاڵ پێکەنیبێت. سەرەڕای ئەوە هەل لەدەستنادات کە بە وەسێتێک ڕووی زاری بکاتە “هاوڕێیان”ی و پێیان ببێژێت: هاوڕێیان “من كاتم هات بڕۆم، بەڵام … نووسینەكانم لەیاد نەكەن، میللەتەكەم لەبیر نەكەن، پێیان بڵێن نۆرەتان دیت، چۆن من دوای سۆران نۆرەم هات، پێیان بڵێن لەباتی گوڵ تێرۆریست و دیكتاتۆر لەم وڵاتەدا گەشە ئەكات (…). من بۆ ئێوە خۆم ئەكەم بە قوربانی، سەریش دانانەوێنم، ڕاستییەكان هەر ئەدركێنم، من سووتەمەنی میللەتەكەمم، مرۆڤ ئەڕوات، بەڵام خاك زیندووە، من یەك سەردەشتم، رۆژیك یەت هەموو میللەت ئەبێتە سەردەشت و سۆران، من بادینیم، من سۆرانیم، من هەورامیم، من موسلمانم، من مەسیحیم، من ئیزیدیم، من كاكەیم، من نووسەرێكی خاوەن قەله‌می كوردم …”.

سەرچاوەکان
سەردەشت عوسمان:

  • وا من ڕۆیشتم
  • یه‌كه‌مین زه‌نگی كوشتنم لێیدا
  • نە سەرۆك خوایە نە كچەكەى
  • من عاشقى كچەكەى بارزانیم
    پێکڕا لە “کوردستانپۆست” داگیراون.



ئه‌ده‌بی كلاسیك/ ئه‌ده‌بی نه‌فره‌تلێكراو … عه‌بدولموته‌ڵیب عه‌بدوڵڵا

1/1
(رێباز، المنهج، میتۆد) كۆمه‌ڵێك پرنسیب و بیروڕای هارمۆنی پێكه‌وه‌ هه‌ڵكردووی بیریارێك، یان فه‌یله‌سوفێك، یان قوتابخانه‌یه‌كه‌ له‌ بواره‌ جیاوازه‌كاندا، بۆ گه‌یشتن به‌ ئه‌نجامی خوازراو.. به‌ڵام ئه‌وه‌ی رێبازی ئه‌ده‌بی له‌ ئه‌وانیدیكه‌ جیا ده‌كاته‌وه‌، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ناشێ‌ داهێنه‌رانی ئه‌ده‌بی له‌ چوارچێوه‌یه‌كی دیاریكراودا قه‌تیس بكه‌ین، چونكه‌ ئه‌ده‌ب (وه‌ك داهێنان) هه‌میشه‌ خۆی به‌ سه‌ر رێبازه‌ ئه‌ده‌بییه‌ باوه‌كاندا ده‌سه‌پێنێت و پانتاییه‌كانیان به‌رفره‌وان ده‌كات و ده‌رگاكانیان به‌ره‌و زینده‌گی ده‌كاته‌وه‌، به‌و مانایه‌ش رێبازی ئه‌ده‌بی ئه‌و كاته‌ ده‌بێته‌ جێگای گفتوگۆ و دانووستاندنی فره‌ ره‌هه‌ند و به‌ سوود، كه‌ بشێ‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی پێكهاته‌ هونه‌رییه‌كاندا خۆی بنوێنێ‌، به‌ دیوه‌كه‌ی دیكه‌ش ده‌مه‌وێ‌ بڵێم هه‌موو رێبازێكی داهێنه‌رانه‌ توانای ئیزافه‌كردن و نوێكردنه‌وه‌ی هه‌یه‌، هه‌ر ته‌نها له‌ سنوری دووباره‌كردنه‌وه‌ و لاسایكردنه‌وه‌دا گیر ناخوات.
رێبازی كلاسیك classicismeوه‌ك یه‌كه‌مین رێبازی ئه‌ده‌بی، به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی پشت به‌ كه‌له‌پوری ئه‌ده‌بی و هونه‌ری (رۆمانی و گریكی) كۆن ده‌به‌ستێت، ئه‌و رێبازه‌ بۆ سه‌ده‌ی شانزه‌هه‌م ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ و دوای بزوتنه‌وه‌ی زانستی و رێنیسانسی ئه‌ده‌بی ساڵانی (1515ز-1610ز) له‌ ئه‌وروپا بره‌وی سه‌ندووه‌.* هه‌ندێ‌ له‌ ره‌خنه‌گران بنچینه‌ هونه‌رییه‌كانی ئه‌و ئه‌ده‌به‌ له‌ دراما و تراجیدیادا ده‌بیننه‌وه‌، بۆیه‌ یاسا و رێسا و خه‌سڵه‌ته‌كانی به‌ (ئه‌رستۆ 384-322) یۆنانی و قه‌سیده‌كه‌ی شاعیری رۆمانی (هۆراس) ده‌به‌ستنه‌وه‌. بێگومان كلاسیك به‌ زۆر مانا به‌ كار هاتووه‌، وه‌كو ئه‌ده‌بی كۆن، ئه‌ده‌بی خوێنده‌واری به‌رز، ئه‌ده‌بێك داهێنانی تێدا بێت، ئه‌ده‌بێك بێته‌ هۆی لاسایی كردنه‌وه‌، ئه‌ده‌بێك بێته‌ قوتابخانه‌.. به‌و مانایه‌ش زاراوه‌ی كلاسیك زاراوه‌یه‌كی كراوه‌یه‌، نووسه‌ری لاتینی (ئۆلۆس گیلیۆس)* یه‌كه‌م كه‌س بوو، كه‌ له‌ سه‌ده‌ی دووه‌می زایینی ئه‌و زاراوه‌یه‌ی به‌ دژی ئه‌ده‌بی (شه‌عبی/ ئه‌ده‌بی زاره‌كی) به‌ كار هێناوه‌.*
ره‌نگه‌ بتوانین بڵێین ئه‌ده‌بی كلاسیك سه‌ره‌ڕای بڵاوبوونه‌وه‌ی وه‌ك ئه‌ده‌بێكی به‌ (ساڵاچوو) كه‌چی ناشێ‌ له‌ كات و شوێنی دیاریكراو و كۆمه‌ڵێك تایبه‌تمه‌ندی دیاریكراو به‌ندی بكه‌ین، چونكه‌ به‌شێكی زۆری ئه‌ده‌بی كلاسیك هه‌موو ئه‌و به‌رهه‌مه‌ ئیبداعی و جوانانه‌ ده‌گرێته‌وه‌، كه‌ وێڕای ئه‌وه‌ی ساڵانێكی درێژیان به‌سه‌ردا تێپه‌ڕیووه‌، كه‌چی ئێستایشی له‌گه‌ڵدا بێت خوێنه‌رانێكی زۆریان له‌ ده‌وری خۆیان كۆ كردۆته‌وه‌. به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی كلاسیك دژ به‌ ئه‌ده‌بی شه‌عبی هاتۆته‌ ناوه‌وه‌، یان له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دژ به‌ سیستم و ئاكار و نۆرم و پێوانه‌ باوه‌كان كاری كردووه‌، بۆیه‌ جوانی ئه‌و ئه‌ده‌به‌ به‌ چینی باڵا و ئه‌رستۆكراته‌وه‌ لكێنراوه‌!
ئه‌رستۆ عه‌قڵ وه‌ك بنه‌ما و پێوانه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی جوانیی ئه‌ده‌ب به‌رجه‌سته‌ ده‌كات، له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ ئه‌وه‌ عه‌قڵ و رۆشنبیرییه‌، په‌یامی كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌دیب و شاعیر دیاری ده‌كات و خۆشی و سوود یه‌ك ده‌خات، هه‌ر به‌و مانایه‌ش ئه‌رستۆ پێیوایه‌ ئه‌ده‌ب بۆ هه‌مووان نییه‌، به‌ڵكو بۆ ده‌سته‌یه‌كی دیاریكراوی رۆشنبیره‌، ته‌نها ئه‌و ده‌سته‌یه‌یه‌ له‌ هونه‌ر و جوانی شیعر ده‌گه‌ن، له‌و خاڵه‌وه‌ ره‌خنه‌گران ئه‌ده‌بی كلاسیك به‌ دژی ئه‌ده‌بی شه‌عبی ناو ده‌به‌ن. بایه‌خی ئه‌و خاڵه‌ش راسته‌وخۆ په‌یوه‌سته‌ به‌ گرنگیدانی ئه‌رستۆ به‌ فۆرم و شێواز له‌ لایه‌ك و روونی و جوانی و گوزارشتكردن له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌… جگه‌ له‌وه‌ش هه‌میشه‌ ئه‌رستۆ جه‌ختی له‌ سوودی ئه‌ده‌ب و هونه‌ر كردۆته‌وه‌، سوودی ئه‌ده‌ب و هونه‌ریش لای ئه‌رستۆ ئه‌وه‌یه‌، كه‌ چێژ و خۆشیمان پێببه‌خشێت! به‌ بڕوای ئه‌رستۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ش له‌ رێگای فێربوون و پیشه‌كارییه‌وه‌ دێته‌ دی، فێربوون و پیشه‌كاریش پشت به‌ ئیلهام و به‌هره‌ ده‌به‌ستێت.
به‌ كورتی ده‌توانین بڵێین ئه‌ده‌بی كلاسیك، له‌ دید و تێڕوانینی ئه‌ده‌بی گریكییه‌وه‌ هه‌ڵقوڵاوه‌، به‌ دژی ئه‌ده‌بی شه‌عبی و كۆی وێناكردن و دابونه‌ریت و ئاكاره‌ باوه‌كان ده‌وه‌ستێ‌ و به‌ ده‌سته‌یه‌كی دیاریكراوه‌وه‌ ده‌لكێت.. وه‌ك ده‌زانین ئه‌ده‌بی یۆنانی به‌ هه‌موو ژانره‌كانییه‌وه‌ هه‌ر له‌ ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی و ئه‌فسانه‌وه‌ تا ده‌گاته‌ شیعر و شانۆوه‌ به‌ (په‌یگانیزم) بتپه‌رستییه‌وه‌ به‌نده‌، كه‌واته‌ ئه‌ده‌بی كلاسیك سه‌ر به‌ په‌یگانیزمی یونانییه‌، دواتر رۆمانییه‌كان دێن و هه‌موو ئه‌و به‌ها ئه‌ده‌بییانه‌ له‌ یۆنانییه‌كانه‌وه‌ وه‌رده‌گرن. ده‌مه‌وێ‌ له‌ كۆی ئه‌و قسانه‌وه‌ بڵێم ئه‌رستۆ وه‌ك چۆن به‌ دامه‌زرێنه‌ری بنه‌ماكانی تیۆری ژانره‌ ئه‌ده‌بیه‌كان ناسراوه‌، به‌ هه‌مان شێوه‌ به‌ دامه‌زرێنه‌ری ئه‌ده‌بی كلاسیكیش ده‌ژمێردرێت، به‌ دیوه‌كه‌ی دیكه‌ش ئه‌ده‌بی كلاسیك له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌ ئه‌ده‌بی چین و ده‌سته‌یه‌ك داده‌نرێت، كه‌ دژی كۆ و دابونه‌ریت و نۆرمه‌ باوه‌كان وه‌ستاوه‌، بۆیه‌ ده‌شێ‌ وه‌ك ئه‌ده‌بێكی نه‌فره‌تلێكراو ته‌ماشای بكه‌ین.
1/2
(پاشایه‌تی) كه‌ به‌ ده‌وڵه‌تی حوكمی ره‌ها ناوبانگی ده‌ركردبوو، جگه‌ له‌وه‌ی بۆ مانه‌وه‌ی گیانی خۆی پارێزگاری له‌ كۆنه‌خوازی ده‌كرد، به‌ دیوه‌كه‌ی دیكه‌ش به‌رده‌وام هه‌وڵی ئه‌وه‌ی ده‌دا، ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی له‌ سامانی دنیایی بێ‌ به‌ش نه‌كات! به‌و مانایه‌ ده‌شێ‌ بڵێین هه‌ر له‌ سه‌ده‌ی سێزده‌وه‌ حكومی پاشایه‌تی خۆی له‌ دوو عه‌قڵی جیاوازه‌وه‌ ده‌بینێته‌وه‌، یه‌كێكیان ده‌سه‌ڵاتی ده‌ره‌به‌گایه‌تی، كه‌ خۆی به‌ ئایینه‌وه‌ هه‌ڵده‌واسی، ئه‌ویدیكه‌یان بورژوازیی، كه‌ به‌ دنیاوه‌ لكاوه‌. له‌ پشت عه‌قڵی ده‌ره‌به‌گایه‌تی په‌یوه‌ست به‌ ئایینه‌وه‌، ئه‌ده‌بی شه‌عبی وه‌ستا بوو، به‌ڵام له‌ دووتوێی عه‌قڵی بورژوازی دنیایی، ئه‌ده‌بی كلاسیكی نه‌فره‌تلێكراو.
كه‌واته‌ ئه‌ده‌بی نه‌فره‌تلێكراو له‌لایه‌ن ئایینه‌وه‌ ئه‌ده‌بێكه‌، كه‌ بانگه‌شه‌ی عه‌قڵ و ئازادی و تاكگه‌رایی ده‌كات و هه‌ژموونی ئایینی و ده‌سه‌ڵاتی نۆرمه‌ ئایینیه‌كان به‌ سه‌ر كۆمه‌ڵگادا ره‌تده‌كاته‌وه‌، هه‌ر به‌و مانایه‌ش پشت به‌ستنی ئه‌ده‌بی كلاسیك به‌ نموونه‌ باڵاكانی ئه‌ده‌بی یۆنانی و رۆمانی (داستانی ئه‌لیاده‌ و ئۆدیسه‌، هۆمیرۆس و شانۆگه‌رییه‌كانی سۆفۆكلیس و یۆربیدیس..) و لاسایی كردنه‌وه‌ و دراسه‌كردنی بنه‌ما هونه‌رییه‌كانیان و دواتر خۆ داده‌مه‌زراند له‌ سه‌ر بنه‌ما تیۆرییه‌كانی گه‌وره‌ فه‌یله‌سوفانی یۆنان و رۆمان (ئه‌فلاتوون و ئه‌رستۆ و هۆراس) و به‌ تایبه‌تی كتێبی (هونه‌ری گوتار) و (هونه‌ری شیعر)ی ئه‌رستۆ، هه‌ر ته‌نها له‌ هه‌نگاونان له‌ ئه‌ده‌ب و هونه‌ری شه‌عبییه‌وه‌ بۆ كلاسیك، كورت ناكرێته‌وه‌! به‌ڵكو له‌ پشت ئه‌و گه‌شه‌ هونه‌ری و ئه‌ده‌بییه‌، گۆڕانكارییه‌كی گه‌وره‌، له‌ بیركردنه‌وه‌ و تێڕوانینی كۆمه‌ڵگای ئه‌وروپی له‌ ئارادا بوو، ئه‌ویش ته‌جاوزكردنی ده‌ره‌به‌گایه‌تی و هه‌نگاونان بوو به‌ره‌و بورژوازیی و سه‌رمایه‌داری و سه‌رمایه‌داری بازرگانی…
وه‌ك گوتمان له‌ سه‌ده‌ی دووه‌می زایینییه‌وه‌ (ئۆلۆس گیلیۆس)* زاراوه‌ی كلاسیكی به‌ دژی ئه‌ده‌بی (زاره‌كی) به‌ كار هێنا، به‌ڵام هه‌میشه‌ مه‌سیحییه‌كان هه‌وڵی ئه‌وه‌یان ده‌دا، ئه‌ده‌بی كلاسیك ئه‌و به‌ها بتپه‌رستییه‌ له‌خۆی دابماڵێت و مۆركی (ئینجیل) و بنه‌ماكانی ئایینی كریستیانی له‌خۆ بگرێت، به‌ڵام نه‌یانتوانی له‌و باره‌وه‌ سه‌ركه‌وتنی ته‌واو به‌ ده‌ست بهێنین، چونكه‌ ئه‌ده‌بی كلاسیك خۆی له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ئه‌ده‌بی گریكی و رۆمانی كۆندا هه‌ڵده‌گرته‌وه‌، بنه‌ما سه‌ره‌كیه‌كانی ئه‌و ئه‌ده‌به‌ش وزه‌كانی خۆی له‌ تێڕوانینی بتپه‌رستییه‌وه‌ وه‌رگرتبوو! هه‌ر له‌وێشه‌وه‌ ئه‌دیب و ره‌خنه‌گرانی ئیتاڵیا له‌ سه‌ده‌ی سێزده‌ی زایینییه‌وه‌ دوای په‌یبردن به‌و تێڕوانینه‌ و كاره‌كانی ئه‌رستۆ، بره‌وێكی زۆریان به‌ ئه‌ده‌بی كۆنی یۆنانی دا.
به‌ دیوه‌كه‌ی دیكه‌ش نووسه‌ری ئیتاڵی (جیۆڤانی پۆكاچیۆ 1313-1375ز) كه‌ هه‌موو هه‌وڵه‌كانی له‌ (دیكامیرۆن)دا خۆی ده‌بینێته‌وه‌: دیكامیرۆن پێكهاتووه‌ له‌ سه‌د كورته‌ چیڕۆكی كورت و له‌ ماوه‌ی (10) رۆژدا و (10) كه‌س (حه‌فت كچ و سێ‌ كوڕی گه‌نج) كه‌ له‌ ترسی بڵاوبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشی كۆلێرا، له‌ باڵه‌خانه‌یه‌كدا خۆیان حه‌شار دابوو، ئه‌و چیڕۆكانه‌ ده‌گێڕنه‌وه‌، جیاوازی ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ چیڕۆكه‌ له‌وێدایه‌، كه‌ پاڵه‌وانه‌كانیان هه‌ر ته‌نها له‌ چینی باڵا و ئه‌ریستۆكرات نین، به‌ڵكو خزمه‌تكاره‌كانیش رۆڵی پاڵه‌وانی تێدا ده‌گێڕن. وه‌ك چۆن سروشتی چیڕۆكه‌كان شێوه‌ی گاڵته‌جاڕی له‌خۆ ده‌گرن، هه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ش پۆكاچیۆ كاره‌ ناشیرینه‌كانی پیاوانی ئایینی ریسوا ده‌كات. لێره‌دا پۆكاشیۆ وه‌كو (دانتی 1265-1321) بۆ پاڵه‌وانه‌كان په‌نای نه‌بردۆته‌ به‌ر (رابردوو)، به‌ڵكو پاڵه‌وانه‌كانی له‌ نموونه‌ی واقیعی (سه‌رده‌م)ه‌كه‌ی خۆی هه‌ڵێنجاوه‌.. (ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ چیرۆكه‌ له‌ لایه‌ن “صالح علمانی” ته‌رجه‌مه‌ی زمانی عه‌ره‌بی كراوه‌، ساڵی 2006 له‌ ده‌زگای “مه‌دا” چاپ و بڵاو كراوه‌ته‌وه‌) دواتر پۆكاشیۆ هه‌موو ته‌مه‌نی خۆی بۆ راڤه‌كردنی كۆمیدیای دانتی ته‌رخان ده‌كات، بۆ ئه‌وه‌ی له‌و رێگایه‌وه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رده‌م بیگونجێنێت.
ئه‌گه‌رچی نووسه‌ر و ره‌خنه‌گرانی ئه‌ده‌بی، رێبازی كلاسیك به‌ كۆنترین رێبازی ئه‌ده‌بی ده‌ستنیشان ده‌كه‌ن، به‌ڵام بێگومان ئه‌ده‌ب و هونه‌ر هه‌میشه‌ له‌ پێش ئه‌و ناونان و رێبازانه‌وه‌ بوونی خۆی هه‌یه‌، هه‌میشه‌ ناونان پشت به‌ بنه‌ما و سیما دیاره‌كانی ئه‌و بوونه‌ ده‌به‌ستێت، كه‌ له‌ پیش ناونانه‌وه‌ كۆمه‌ڵێك پانتایی جیاواز بۆ خۆی فه‌راهه‌م ده‌كات.
1/3
وه‌ك چۆن له‌ نێوان رێبازی ئه‌ده‌بی و رێبازی ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی جیاوازی هه‌یه‌، به‌ هه‌مان شێوه‌ش (شه‌پۆل- تیار) و (رێباز- منهج)یش جیاوازییان له‌ نێواندا هه‌یه‌، ئه‌گه‌ر بۆ قسه‌كردن له‌ رێبازی ئه‌ده‌بی قسه‌ له‌ رێبازی كلاسیكی و رۆمانسی و واقیعی و ره‌مزی و به‌رناسی و وجودی و عه‌به‌سی… بكه‌ین، ئه‌وه‌ رێبازه‌كانی ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی خۆیان له‌ رێبازی مێژوویی، كۆمه‌ڵایه‌تی، ده‌روونی، ئیستێتیكی… هه‌ڵده‌گرنه‌وه‌. به‌ دیوه‌كه‌ی دیكه‌ش ده‌توانین دوو شێوه‌ له‌ رێباز دیاری بكه‌ین، رێبازی (ناوه‌كی) كه‌ خۆی له‌ وه‌سفكردن و شیكردنه‌وه‌ی خودی ده‌قدا ده‌دۆزێته‌وه‌، رێبازی (ده‌ره‌كی) كه‌ به‌ مێژووی به‌راوردكردنی ده‌قه‌كانه‌وه‌ به‌نده‌. كه‌چی (شه‌پۆلی ئه‌ده‌بی) خۆی له‌و ئاڕاسته‌یه‌، یان دیده‌، یان فیكره‌ تیۆرییه‌ رووته‌دا ده‌بینێته‌وه‌، كه‌ ره‌نگه‌ له‌ میانی كۆمه‌ڵێك نه‌خشه‌ و هێلكاریدا به‌جێ‌ بهێنرێت، دواجار ده‌شێ‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ش به‌ره‌و (رێباز)مان به‌رن.
وه‌ك ده‌زانین سه‌ره‌تاكانی ئه‌ده‌بی كلاسیك له‌ ئیتاڵیا چه‌كه‌ره‌ی كردووه‌، سه‌ده‌ی دوانزه‌ و سێزده‌ (دانتی) یه‌كێك بووه‌، له‌ رابه‌رانی رێنیسانس و به‌ ناوبانگترین شاعیری ئیتاڵیا، كه‌ داوای كرد، له‌ بری زمانی (لاتینی) زمانی (نه‌ته‌وه‌)یی بۆ نووسین به‌ كار بهێنرێت.* وه‌ك چۆن شاعیر و نووسه‌ری ئیتاڵی (پیتراك 1304-1374) به‌ یه‌كه‌م كه‌س ده‌ژمێردرێت، كه‌ هه‌وڵی داوه‌ (زانستی مرۆڤایه‌تی) رووبه‌ڕووی (لاهوت theology) بكاته‌وه‌ و یه‌كێكیش بوو، له‌وانه‌ی كه‌ له‌گه‌ڵ دانتی به‌ هۆی هه‌ڵوێستی سیاسییان له‌ شاره‌كه‌ی خۆیان وه‌ده‌رنراون. یه‌كێكی دیكه‌ له‌و شاعیرانه‌ی كه‌ ده‌ورێكی باڵای له‌ بڵاو كردنه‌وه‌ی هه‌ستی نه‌ته‌وه‌ییدا بینی (پۆكاشیۆ) بوو..
به‌ڵام له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وانه‌شدا ئه‌ده‌بی كلاسیك له‌ فڕه‌نسا پێگه‌یشت. شاعیری كۆشكی مه‌لیك (هینری چواره‌م)ی فڕه‌نسا (فرانسوا دو مالێرب 1555-1628ز) به‌ رابه‌ری ئه‌و رێبازه‌ له‌ قه‌ڵه‌م ده‌درێت، وه‌ك چۆن هه‌ر یه‌ك له‌ (كۆرنی 1601-1648) شاعیر و درامانووس و (راسین 1639-1699) شاعیر و شانۆنامه‌ نووس، دوو (قۆناغی جیاواز)ی ئه‌ده‌بی كلاسیك، له‌ فڕه‌نسا پێكده‌هێنن… لێره‌دا ده‌مه‌وێ‌ له‌ نێوان شوێنی سه‌رهه‌ڵدان و شوێنی گه‌شه‌كردنی ئه‌ده‌بی كلاسیك بڵێم ئه‌گه‌ر ئیتاڵیا وه‌ك شوێنی سه‌رهه‌ڵدان، راسته‌وخۆ له‌ سه‌ر لاساییكردنه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی گریكی وه‌ستا بێت، ئه‌وه‌ ده‌شێ‌ وێڕای ئه‌و پرنسیبه‌ بڕوامان به‌ جۆرێك له‌ جیاوازی و هه‌ڵبژاردن هه‌بێت، ئه‌ویش تێكه‌ڵكردنی پرنسیبی عه‌قڵه‌ به‌ پرنسیبی لاساییكردنه‌وه‌. به‌و مانایه‌ش ئه‌گه‌ر چه‌مكی لاساییكردنه‌وه‌ی ئه‌رستۆیی بنه‌ما فه‌لسه‌فییه‌كانی رێبازی كلاسیك به‌رهه‌م بهێنێت و به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی خه‌سڵه‌ته‌ هونه‌رییه‌كانی په‌یوه‌ندی به‌ (روونی ده‌ربڕین) و (تۆكمه‌یی پێكهاته‌ی رسته‌) و (ره‌وانبێژی شێواز)ه‌وه‌ هه‌بێت، ئه‌وه‌ له‌ كۆی ئه‌و خه‌سڵه‌تانه‌، ده‌توانین بایه‌خی (بابه‌ت) و پشتگوێخستنی (خود) هه‌ڵبگرینه‌وه‌؟! به‌ڵام فڕه‌نسییه‌كان له‌ رێگای تێكه‌ڵكردنی پرنسیبه‌كانی عه‌قڵ، هه‌وڵیان داوه‌ سنوره‌كانی هه‌ست و سۆز و خه‌یاڵ ده‌ستنیشان بكه‌ن، هه‌ر له‌وێشه‌وه‌ (راسین) ده‌ڵێت: با به‌ (دڵ بیر بكه‌ینه‌وه‌) و (به‌ عه‌قڵ هه‌ست بكه‌ین) و (به‌ خه‌یاڵ ده‌رك بكه‌ین).
به‌ كورتی ئه‌گه‌ر ئیتاڵیه‌كان له‌ سه‌ر رێبازی یۆنانییه‌كان جه‌ختیان له‌ رێبازی كلاسیك كردبێته‌وه‌، ئه‌وه‌ فڕه‌نسییه‌كان به‌ لای ئه‌ده‌بی (لاتینی)دا شكاونه‌ته‌وه‌، هه‌ر له‌ سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ش ده‌شێ‌ په‌نجه‌ بۆ خه‌سڵه‌ته‌ هونه‌رییه‌كانی ئه‌ده‌بی كلاسیك لای فڕه‌نسییه‌كان درێژ بكه‌ین، كه‌ خۆی له‌ زاڵبوونی (فۆرم) به‌سه‌ر (ناوه‌ڕۆك)دا ده‌بینێته‌وه‌، هه‌موو ئه‌وه‌ش جیاوازی نێوان تیۆری لاساییكردنه‌وه‌ی ئه‌رستۆ و پرنسیبه‌كانی عه‌قڵمان نیشان ده‌دا!! لێره‌وه‌یه‌ (راسین) هه‌وڵده‌دا شانۆی لاتینی بنووسێته‌وه‌، نه‌ك (سۆفۆكلیس)ی گریكی.. به‌ڵام ده‌بێ‌ له‌ بیرمان نه‌چێت، ئه‌و كاته‌ رێبازی كلاسیك له‌ ئه‌وروپا گه‌شه‌ی كرد، كه‌ له‌ هه‌وڵی گه‌ڵاڵه‌كردنی به‌ها مرۆییه‌كاندا بوو، به‌و مانایه‌ش به‌شێكی زۆری ناونانی ئه‌و ئه‌ده‌به‌ راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی به‌ به‌ها مرۆییه‌كان و نه‌مرییه‌وه‌ هه‌یه‌، دواجار هه‌ر له‌وێوه‌ ده‌توانین بڵێین ئه‌ده‌بی كلاسیك نه‌ شوێن ده‌ناسێ‌ و نه‌ كات و چینێكی دیاریكراوی كۆمه‌ڵایه‌تی، به‌ دیوه‌كه‌ی دیكه‌ش رێبازی كلاسیك سه‌ر به‌ گۆڕانكارییه‌ گه‌وره‌كانی شارستانی و دنیای بیركردنه‌وه‌ و بواره‌كانی ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسییه‌.
1/4
رێبازی كلاسیك هه‌ر له‌ سه‌ده‌ی دووه‌می زایینی له‌لایه‌ك وه‌ك رێبازی قوتابخانه‌یی، یان بنه‌ڕه‌تی و باڵایی.. و له‌ لایه‌كی دیكه‌ وه‌ك ئه‌ده‌بێكی ئاڕاسته‌كراوی ده‌سته‌ و تاقمێكی ئه‌رستۆكراتی و پایه‌ به‌رز.. خۆی له‌ ره‌وانبێژی زمان و هێزی ته‌عبیركردن و روون و ئاشكرایی ده‌دۆزێته‌وه‌، به‌ڵام له‌ سه‌رده‌می رێنیسانسی ئه‌وروپی ئه‌ده‌بی كلاسیك به‌ هه‌موو ئه‌و ئه‌ده‌به‌ ده‌گوترا، كه‌ خۆی له‌ به‌ها مرۆییه‌كان (خێر) و (راستی) و (جوانی)دا ده‌بینییه‌وه‌! هه‌میشه‌ به‌ها به‌رزه‌كانی مرۆڤایه‌تیش ده‌كه‌ونه‌ ده‌ره‌وه‌ی شوێن و كات و چینێكی دیاریكراوی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌. به‌ها مرۆییه‌كان له‌ خه‌سڵه‌ته‌ سه‌ره‌كییه‌كانی ئه‌ده‌بی سه‌رده‌می رێنیسانس ده‌ژمێردرێن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌ده‌بی كلاسیك له‌ سه‌رده‌می رێنیسانسدا به‌ هه‌مان شێوه‌ی سه‌رده‌می پێشوو، پارێزگاری له‌ شێواز و ره‌وانبێژی و هێزی ته‌عبیركردن و به‌رجه‌سته‌كردنی سۆز و په‌یوه‌ستبوون به‌ پرنسیبه‌كانی ئه‌خلاق و رێزگرتن له‌ نۆرمه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ باوه‌كان و به‌كارهێنانی بۆ ئامانجی فێربوون.. ده‌كرد. ده‌مه‌وێ‌ بڵێم ئه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی كلاسیك له‌ سه‌ده‌ی دووه‌می زایینی و سه‌رده‌می رێنیسانس، جیا ده‌كاته‌وه‌، جگه‌ له‌ به‌ها مرۆییه‌كان، خۆی له‌ كه‌شفكردن و شیكردنه‌وه‌ی ده‌روونی مرۆڤ و جه‌ختكردنی شێواز و بابه‌تگه‌راییدا ده‌بینێته‌وه‌، هه‌موو ئه‌وانه‌ش پشت به‌ (رۆشنبیریی) و (پیشه‌یی بوون) ده‌به‌ستێت، ئامانجه‌كه‌شی له‌ چێژی هونه‌رییدا ده‌رده‌كه‌وێت. هه‌ڵبه‌ته‌ له‌ دووباره‌كردنه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌وانه‌دا، پرسیاری من ئه‌وه‌ نییه‌ (ئه‌ده‌بی كلاسیزمی كوردی) ده‌كه‌وێته‌ كوێی ئه‌ده‌بی كلاسیكه‌وه‌؟ به‌ڵكو ده‌مه‌وێ‌ بڵێم ئه‌گه‌ر به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی ریشه‌ی ئه‌ده‌بی كلاسیك به‌ هه‌موو ژانره‌كانییه‌وه‌ به‌ دید و بۆچوون و تێڕوانینی بتپه‌رستی گریكییه‌وه‌ به‌ند بێت و رۆمانییه‌كان كۆی ئه‌و بیروڕا و به‌ها ئه‌ده‌بیانه‌یان له‌وانه‌وه‌ وه‌رگرتبێت، ئایا ده‌توانین دیدی بتپه‌رستی له‌ نێو (ئه‌ده‌بی كلاسیزمی كوردی) به‌دی بكه‌ین؟
كریستانییه‌كان له‌ سه‌رده‌می خۆیان دژی به‌های بتپه‌رستی بوونه‌ و هه‌وڵیانداوه‌ ئه‌ده‌بی كلاسیك مۆڕكی ئایینی مه‌سیحی وه‌ربگرێت، به‌ڵام هۆی سه‌رنه‌كه‌وتنیان راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی به‌ هێزی سه‌رچاوه‌ یۆنانیه‌كه‌وه‌ هه‌بووه‌!! به‌ڵام له‌ بیرمان نه‌چێ‌ له‌ سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست (پێش رینیسانس) ده‌سه‌ڵاتی كلیسا، پیاوانی ئایینی توانیان ئه‌ده‌ب و هونه‌ر به‌ گشتی بخه‌نه‌ ژێر بیروڕایه‌ك كه‌ له‌گه‌ڵ كلیسه‌دا بگونجێ‌، ئه‌ده‌ب و هونه‌رییان ئاڕاسته‌ ده‌كرد و ده‌یانویست له‌ خزمه‌تی ئایین و پیاوانی ئایینیدا بێت، هه‌ر بۆیه‌ فه‌یله‌سوفانی ئیستێتیكا رایانوایه‌ كه‌ رێنیسانس قه‌ڵه‌مبازێكه‌ به‌ سه‌ر سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست و بیروڕای كلیسه‌. رینیسانس هه‌وڵدانێكی مه‌زن بوو بۆ رزگار بوون له‌و كۆت و پێوه‌ندانه‌ی ده‌ره‌به‌گایه‌تی به‌ سه‌ر نووسه‌ر و هونه‌رمه‌نداندا سه‌پاند بووی..*
شاعیر و ره‌خنه‌گری ئینگلیزی (جۆن میلتۆن 1608-1674) یه‌كێك بوو له‌وانه‌ی كه‌ ئایین و كتێبی پیرۆز (ئینجیل)ی به‌ سه‌رچاوه‌ی سروش داده‌نا و وه‌ك ناوه‌ڕۆكی كاره‌كانی سوودی زۆری لێوه‌رده‌گرتن. به‌ دیوه‌كه‌ی دیكه‌ش میلتۆن یه‌كێك بوو له‌و ره‌خنه‌گرانه‌ی، كه‌ پێیوابوو ئه‌ده‌ب به‌ هه‌موو ژانره‌كانییه‌وه‌ ئامرازێكه‌ بۆ دنه‌دان و دنه‌دانی فیكره‌یه‌كی دیاریكراو، وه‌ك چۆن جه‌ختی له‌سه‌ر وه‌زیفه‌ی سیاسی شیعر ده‌كرده‌وه‌، گیروگرفته‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیشی به‌ هه‌ند هه‌ڵده‌گرت، به‌ڵام هه‌میشه‌ مه‌سه‌له‌ی چێژی به‌ نیازێكی ئه‌خلاقی و جوانیی ده‌به‌سته‌وه‌، نه‌ك به‌ تاقم و چینێكی دیاریكراوه‌وه‌.. من ده‌پرسم ئایا ئه‌وه‌ هێزی (ئایینی ئیسلام)ه‌ وا ده‌كات ئه‌ده‌بی كلاسیزمی كوردی له‌ (حوجره‌ و مزگه‌وت)ه‌كانه‌وه‌ سه‌ر هه‌ڵبدات، یان په‌یوه‌ندی به‌ بێهێزی (ئه‌ده‌بی زاره‌كی كوردیی) و به‌ بێ‌ ئاگایی و ده‌رك نه‌كردنی (چه‌مكی لاساییكردنه‌وه‌ی ئه‌رستۆیی و عه‌قڵ وه‌ك بنه‌مایه‌ك بۆ فه‌لسه‌فه‌ی جوانی ئه‌ده‌ب)ه‌وه‌ هه‌یه‌، كه‌ به‌ بنه‌ما سه‌ره‌كییه‌كانی ئه‌ده‌بی كلاسیك ده‌ژمێردرێن؟
بێگومان سه‌ره‌تای به‌ره‌وپێشچوونی ئه‌ده‌بی كلاسیك له‌ ئیتاڵیا، له‌ سه‌ده‌ی سێزده‌می زایینی دوای په‌یبردن به‌ ئه‌رستۆ و بنه‌ما گریكییه‌كان، به‌ تایبه‌تی له‌سه‌ر ده‌ستی شاعیرانی سه‌رده‌می رێنیسانس و دواتر له‌ فڕه‌نسا و ئه‌ڵمانیا و له‌سه‌ر ده‌ستی پێشه‌نگی قوتابخانه‌ی ئینگلیزی (شكسپیر 1564-616ز) گه‌یشته‌ ترۆپك. به‌ڵام له‌ سه‌ده‌ی شانزه‌ و حه‌ڤده‌ی زایینی ئه‌وه‌ ره‌خنه‌گران و ره‌خنه‌گرانی فڕه‌نسی بوون، توانیان له‌ رێگای كۆمه‌ڵێك تیۆر و پره‌نسیبه‌وه‌، هێزێكی نوێ‌ به‌ ئه‌ده‌بی كلاسیك ببه‌خشن! ئه‌گه‌رچی وازیان له‌ چه‌مكی (لاساییكردنه‌وه‌)ی ئه‌رستۆیی نه‌هێنا، به‌ڵام بایه‌خێكی زۆریان به‌ عه‌قڵگه‌رایی و فیكره‌ی تاكگه‌رایی ده‌دا و توانیان جۆرێك له‌ هاوگونجان له‌ نێوان بابه‌تگه‌رایی بنبه‌ستی كلاسیكی كۆن و خودگه‌رایی په‌ڕگیری رۆمانسیی دروست بكه‌ن. یه‌كێك له‌و ره‌خنه‌گرانه‌، ره‌خنه‌گری فڕه‌نسی (نیكۆلا بوالۆ 1636-1711)* بوو، كه‌ توانی جه‌خت له‌ یه‌كێتی (بابه‌ت) و (شوێن) و (كات) بكاته‌وه‌ و بنه‌غه‌كانی ئه‌ده‌بی كلاسیك نوێ‌ بكاته‌وه‌. هه‌ر له‌وێشه‌وه‌ قوتابخانه‌یه‌كی جیاواز له‌ زۆر رووه‌وه‌ به‌ ناوی نیوكلاسیك (Neo classical) هاته‌ ئاراوه‌.

سه‌رچاوه‌ و په‌راوێز:
*- مێژوونووسان مێژووی گه‌لانی ئه‌وروپا به‌سه‌ر سێ‌ چاخ دابه‌ش ده‌كه‌ن، یه‌كه‌م، چاخی كلاسیكی دێرین (سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتداریه‌تی گریك و رۆمان، كه‌ پێش له‌ دایكبوونی مه‌سیح ده‌گرێته‌وه‌). هه‌ندێ‌ وای ده‌بینین كه‌ ئه‌ده‌بیاتی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ (سه‌رده‌می یۆنان و رۆمانی دێرین) كلاسیزمی كۆنه‌، ئه‌و كلاسیكه‌ی دواتری ئه‌وروپا به‌ كلاسیزمی نوێ‌ داده‌نێن. دووه‌م، چاخه‌كانی ناوه‌ڕاست، كه‌ به‌ سه‌رده‌مێكی زۆر تاریك ده‌ژمێردرێت له‌ ئه‌وروپادا، له‌گه‌ڵ بڵاوبوونه‌وه‌ی مه‌سیحییه‌ت به‌ ئه‌وروپادا ده‌ست پێده‌كات تا كۆتایی سه‌ده‌ی 16م. به‌ سه‌ر دوو قۆناغ دابه‌ش ده‌كرێت: یه‌كه‌م چاخه‌كانی ناوه‌ڕاستی به‌رایی، واته‌ پێش رێنیسانس، كه‌ ده‌سه‌ڵات و بۆچوونی كه‌نیسه‌ تێیدا باڵا ده‌ست بوو، له‌گه‌ڵ هه‌رچی بینینێكی میتافیزیكیانه‌ و ئاخیره‌تپه‌رستانه‌ و فه‌رامۆشكردنی دنیا. دووه‌م، چاخه‌كانی ناوه‌ڕاستی دواتر (سه‌رده‌می رێنیسانس، واته‌ ماوه‌ی سه‌ده‌ی 15 و 16ز) كه‌ بیركردنه‌وه‌ی زانستی و میتۆدباوه‌ڕی و دنیاباوه‌ڕی سه‌ر هه‌ڵده‌ده‌ن. سێیه‌م، چاخی نوێ‌، به‌ بۆچوونی ئارنۆڵد هاوزه‌ر، خاڵی گۆڕانی راسته‌قینه‌یه‌، واته‌ “چاخی نوێ‌” ته‌نیا له‌گه‌ڵ هاتنی سه‌ده‌ی هه‌ژده‌مه‌وه‌ (له‌گه‌ڵ هاتنی سه‌رده‌می رۆشنگه‌رییه‌وه‌) ده‌ست پێده‌كات. سه‌رده‌می رێبازی كلاسیزم (چاخه‌كانی ناوه‌ڕاست تا رێنیسانس، له‌ دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی مه‌سیحییه‌ته‌وه‌ تا كۆتایی سه‌ده‌ی 16ز) له‌ بواری سیستمی سیاسییه‌وه‌ به‌ قۆناغی هیراشی (بتپه‌رستی) ده‌ناسرێته‌وه‌، له‌ بواری فه‌رمانره‌وایه‌تیدا به‌ پاشایه‌تی له‌ باوكه‌وه‌ بۆ كوڕ داده‌نرێت… حكومه‌ت زۆر تونده‌ڕه‌وانه‌ فه‌رمانڕه‌وا بوو. پاشا، كه‌ خودا مافی ده‌سه‌ڵاتی پێدابوو فه‌رمانڕه‌وای موتڵه‌ق بوو. خۆشه‌ویستی وڵات ده‌بووایه‌ تێكه‌ڵ بێت به‌ خۆشه‌ویستی بۆ پاشا، دروشمی هه‌موو كه‌سێك ئه‌وه‌ بوو یه‌ك قانوون، یه‌ك ئایین، یه‌ك پاشا… كلاسیزم ئه‌و ده‌ستورانه‌ی به‌ موتڵه‌ق داده‌نا و نه‌ده‌بووایه‌ لێی لابدرێت.
*- بزوتنه‌وه‌ی رێنیسانس له‌ ماوه‌ی سه‌ده‌ی 15 و 16 رۆڵێكی مه‌زنی بینی له‌ به‌ره‌وپێشبردنی رێبازی كلاسیزم، وه‌ك چۆن بزوتنه‌وه‌ی هیومانیسته‌كان له‌ سه‌ده‌ی 15 رووییه‌كی گه‌شی بزوتنه‌وه‌ی رێنیسانس بوو.

  • – له‌ ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی شانزه‌ كۆمه‌ڵێك ئه‌دیب و نووسه‌ری رۆشنبیر له‌ فڕه‌نسا ده‌ركه‌وتن و داوای لاساییكردنه‌وه‌ و فێربوونی بنه‌ماكانی ئه‌ده‌بی كۆنییان ده‌كرد و پێیان ده‌گوتن (پلێیاد- له‌پله‌ێیاد: ناوی حه‌وت كچی ئه‌تڵه‌س بوو، ئه‌و حه‌وت كچه‌ له‌ نائومێدی خۆیان ده‌كوژن و ده‌بنه‌ ئه‌ستێره‌).
    *- نووسه‌ری رۆمانی له‌ كتێبی (شه‌وانی ئه‌تیكا) ئه‌و زاراوه‌یه‌ی به‌ كار هێناوه‌. بروانه‌ رێبازه‌ ئه‌ده‌بییه‌كان، ئاماده‌كردن و وه‌رگێرانی له‌ فڕه‌نسییه‌وه‌ د. فه‌رهاد پیرباڵ، له‌ بڵاوكراوه‌كانی ده‌زگای ئاراس، هه‌ولێر 2004، ل15-16.
    *- المژاهب اڵادبیه‌ من الكلاسیكیه‌ إلی العبپیه‌، د. نبیل راغب – مكتبه‌ مصر – القاهره‌.
    *- گیلیۆس ئه‌و توێژه‌ره‌ رۆمییه‌ نووسه‌رانی به‌سه‌ر دوو گروپ دابه‌ش كردووه‌، نووسه‌رانی كلاسیك و نووسه‌رانی عه‌وام، به‌و نووسه‌رانه‌ی ده‌گوت كلاسیك كه‌ به‌رهه‌مه‌كانیان شایسته‌ی خوێندنه‌وه‌ی چینه‌ باڵاكانی كۆمه‌ڵ بوایه‌، به‌ره‌ به‌ره‌ ئه‌و سیفه‌ته‌ مانایه‌كی فره‌وانتری په‌یدا كرد و به‌ به‌رهه‌مێك ده‌گوترا كه‌ شایسته‌ی وتنه‌وه‌ بوایه‌ له‌ پۆله‌كاندا و بۆ په‌روه‌رده‌ی جه‌وانان بشیابایه‌. قوتابخانه‌ ئه‌ده‌بییه‌كان، نووسینی (ره‌زا سه‌ید حسه‌ینی) وه‌رگێرانی له‌ فارسییه‌وه‌: حه‌مه‌ كه‌ریم عارف، ده‌زگای توێژینه‌وه‌ و بڵاوكردنه‌وه‌ی موكریانی، چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌، 2006، ل18.
    *- یه‌كێك له‌ ده‌ستكه‌وته‌كانی سه‌رده‌می رینیسانس دروستبوونی ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه‌ بوو، واته‌ دروستبوونی ده‌وڵه‌ت له‌ سه‌ر بنچینه‌ی نه‌ته‌وه‌. ئه‌وه‌ وای كرد زمانی لاتینی كه‌ زمانی نووسینی زۆربه‌ی نه‌ته‌وه‌كانی ئه‌وروپا بوو، ورده‌ ورده‌ بداته‌ پاش و زمانی نه‌ته‌وه‌كان بره‌و بسێنێت و هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك زمان و رۆشنبیریی نه‌ته‌وه‌یی خۆی ببوژێنێته‌وه‌.
    *- بروانه‌ رێبازه‌ ئه‌ده‌بییه‌كان، ئاماده‌كردن و وه‌رگێرانی له‌ فه‌ره‌نسییه‌وه‌ د. فه‌رهاد پیرباڵ.. ل21-22.
    *- خاوه‌نی كتێبی (هونه‌ری شیعر)ه‌ له‌و كتێبه‌دا قسه‌ له‌ كه‌له‌پوری كلاسیك و به‌ تایبه‌تی بیروڕاكانی ئه‌رستۆ، وه‌ك چۆن مه‌سه‌له‌ی (حسی سه‌لیم Common Sense) ده‌وڕوژێنێ‌ و ئه‌و زاراوه‌یه‌ یه‌كێك بووه‌ له‌ نموونه‌ باڵاكانی داهێنه‌رانی ئه‌و كات، له‌لایه‌كی دیكه‌ بوالۆ پێیوابوو ده‌بێ‌ شاعیر فێری ئه‌وه‌ بێت، كه‌ به‌ پێی رێساكانی عه‌قڵ بنووسێت، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ‌ ده‌رك به‌ حسی سه‌لیم بكات، ئه‌وه‌ش ده‌بێ‌ له‌ رێگای دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ درێژدادری و دووباره‌كردنه‌وه‌ مه‌یسه‌ر بكات، وه‌ك چۆن ده‌یگوت پێویسته‌ له‌ سه‌ر شاعیر عه‌قڵی خۆی له‌ باره‌ی سروشته‌وه‌ به‌كار بهێنێت، ئه‌وه‌ش یه‌كێك بوو له‌و پرنسیبانه‌ی كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی كلاسیزمی نوێ‌ بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كرد، به‌ دیوه‌كه‌ی دیكه‌ش جه‌خت له‌ سروشتی ناوه‌كی و هه‌سته‌ ناوه‌كییه‌كانی مرۆڤ بكاته‌وه‌، هه‌موو ئه‌وانه‌ش له‌ رێگای حسی سه‌لیمه‌وه‌ به‌جێ‌ ده‌هێنرێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی بوالۆ قسه‌ی لێ‌ كردبوو. بۆ زێتر شاره‌زایی بروانه‌ ئینته‌رنێت: أ.د أحمد صقر – كلیه‌ اڵاداب – جامعه‌ الإسكندریه‌.



یوڤال نوح هەراری لەبارەی كوڤید-19: گەورەترین مەترسی خودی ڤایرۆسەكە خۆی نییە

دەكرێ قەیرانەكە ببێتە خاڵی وەرچەرخان بۆ كۆمەڵگا. ئێمە ئێستا كامە رێگا دەگرینەبەر؟ پرۆفیسۆر یوڤال نوح هەراری، كە كۆمپانیایەكەی یەك ملیۆن دۆلاری بەخشیوەتە رێكخراوی تەندروستی جیهانی، ئەوە رووندەكاتەوە كە چۆن ئەو بڕیارانەی ئێمە لە ئەمڕۆدا دروستی دەكەین لەبارەی كوڤید-19 داهاتوومان دەگۆڕێت.

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: دیار عەزیز شەریف

دی دەبلیو: پرۆفیسۆر هەراری، ئێمە لە ناوەڕاستی ئەو پەتا جیهانییە داین. چ شتێك زۆرترین لایەنی مێشكی تۆی بەخۆیەوە سەرقاڵ كردووە لەبارەی ئەوەی وا دەبینین جیهان چ گۆڕانكارییەكی بەسەردادێت؟
یۆڤال نوح هەراری: من پێموایە گەورەترین مەترسی خودی ڤایرۆسەكە خۆی نییە. مرۆڤایەتی تەواوی مەعریفەی زانستی و ئەو ئامرازە تەكنۆلۆژیانەی لەبەردەست دایە بۆئەوەی بەسەر ڤایرۆسەكەدا زاڵ ببێت. كێشە راستەقینە گەورەكە شەیتانەكانی ناوەوەمان، رق و كینەمان و، چاوچنۆكی و دواكەوتووییەكەمانە. من دەترسم كە خەڵك كاردانەوەی لەبەرامبەر ئەم قەیرانە بەشێوەی هاریكاریی جیهانی نەبێت، بەڵكو بە رقلێبوونەوە، سەركۆنەكردنی وڵاتانی تر، سەرزەنشتكردنی كەمایەتییە ئیتنیكی و ئایینییەكان بێت.
بەڵام بەو ئومێدەم كە ئێمە بتوانین هاوسۆزیمان پێشبخەین، نەوەك رق و كینەمان، بەشێوەی هاوكاریی جیهانی كاردانەوەمان لەبەرامبەری هەبێت، كە سەخاوەت و بەخشینمان پێشدەخات بۆ یارمەرتیدانی ئەو خەڵكانەی كە پێویستیان بە یارمەتی هەیە. هەروەها توانای خۆمان پێشبخەین تاوەكو حەقیقەت جیابكەینەوە و باوەڕ بەم هەموو تیۆرییگەلەی پیلانگێڕیی نەكەین. ئەگەر ئەمەمان كرد، من گومانم لەوەدا نییە كە ئێمە دەتوانین بەئاسانی بەسەر ئەم قەیرانەدا سەربكەوین.
دی دەبلیو : ئێمە رووبەڕووی، هەروەك تۆ وتوتە، هەڵبژاردنی نێوان چاودێریی تۆتالیتاری و هاووڵاتیی بەتوانا و بەهێز دەبینەوە. ئەگەر ئێمە وریا نەبین، پەتایەكە لەوانەیە خاڵێكی وەرچەرخان لە مێژووی چاودێرییكردن دێنێتەكایەوە. بەڵام چۆن دەتوانم ئاگاداری خۆم لەگەڵ شتێك كە لە دەرەوەی كۆنتڕۆڵ و دەست بەسەرداشكاندنی من دایە؟
یوڤال نوح هەراری: ئەمە بەتەواوی لە دەرەوەی كۆنتڕۆڵی تۆدا نییە، بەلایەنی كەمەوە لە دیموكراسی دا. تۆ دەنگ بە سیاسەتمەدار و حیزبە تایبەتانە دەدەیت كە سیاسەت دادەڕێژن. بەمەش تۆ هەندێك دەستت بەسەر سیستەمە سیاسیەكەدا دەشكێت. تەنانەت ئەگەر ئێستاكە هەڵبژاردن لە ئارادا نییە، بەڵام هێشتا سیاسیەكان هەر لەبەرامبەر فشاری جەماوەریی وەڵامیان دەبێت.
ئەگەر جەماوەر بەو پەتایە تووشی تۆقین ببیێت و داوای سەركردەیەكی بەهێز بكات تاوەكو دەست بەسەر هەموو بارودۆخەكەدا بگرێت، ئەوكات ئەمە رێگایەكە زۆر ئاسانتر دەكات بۆ دیكتاتۆرێك كە بەڕاستی ئەمە بكات، دەستبەسەرداگرتن و دەسەڵاتی رەها. ئەگەر، لەلایەكی تر، تۆ هێزی رەتكردنەوەت هەبوو لەلایەن جەماوەرەكە لەو كاتەی كە بینیان سیاسەتمەدارەكە زۆر رۆیشتووە، ئەوكات ئەوە دەتوانێت رێگە لە روودانی مەترسیدارترین بەرەوپێشچوونەكان بگرێت.
دی دەبلیو : من چۆن بزانم باوەڕ بە كێ یان چی بكەم؟
یوڤال نوح هەراری: یەكەمجار، تۆ ئەزموونی رابردووت هەیە. ئەگەر تۆ خاوەنی سیاسەتمەدارانێكی كە لە دوو ساڵی رابردوو درۆیان لەگەڵ تۆ كردووە، كەواتە هۆیەكی كەمترت لەبەردەست دایە تاوەكو لەم بارودۆخەنائاسییە باوەڕیان پێ بكەیت. دووەمین، تۆ دەتوانیت پرسیار لەبارەی ئەو تیۆرییانە بكەیت كە خەڵك بە تۆی دەڵێن. ئەگەر كەسێك بە چەند تیۆرییەكی پیلانگێڕییەوە هات لەبارەی رەگ و ریشە و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆڕۆنا، پرسیار لەو كەسە بكە بۆئەوەی بۆ تۆی روون بكاتەوە ڤایرۆسەكە چییە و چۆن دەبێتە هۆكاری نەخۆشی.
ئەگەر كەسەكە هیچ بیرۆكە و بەڵگەیەكی نەبوو، كە ئەمەش بەمانای ئەوە دێت ئەوان مەعریفەیەكی بنەڕەتیی زانستییان نییە، بەمەش باوەڕ بە هیچ شتێكی تری ئەو كەسە مەكە كە لەبارەی پەتای ڤایرۆسی كۆڕۆنا بە تۆ دەڵێت. تۆ پێویستت بە بڕوانامەی دكتۆرا لە بایۆلۆژی نییە. بەڵام تۆ پێویستت بە هەندێك تێگەیشتنی بنەڕەتی لە هەموو ئەم شتانە هەیە. لەم ساڵانەی دواییدا، ئێمە سیاسەتمەداری جەماوەریی (پۆپۆلیستی) جۆراوجۆرمان بینیوە چۆن هێرشیان دەكردە سەر زانست، دەیانگوت ئەو زانایانە چەند دەستەبژێرێكی دوورەدەست و دابڕاون لە خەڵك، دەیانگوت ئەو شتانەی وەكو گۆڕانی كەش و هەوا تەنها فریودان و هەڵخەڵەتاندنن، تۆ پێویستە باوەڕیان پێ نەكەیت. بەڵام لە ساتەوەختی ئێستای قەیرانەكە لەسەرتاسەری جیهان، دەبینین خەڵك لە هەموو شتێك زیاتر زۆر باش باوەڕ بە زانست دەكەن.
ئومێد دەخوازم ئێمە هەر تەنها لەم ماوەی ئەم قەیرانە لەبیرنەبێت، بەڵكو هەروەها ئەو كاتەیش لەبیرمان بێت كە قەیرانەكە تێدەپەڕێت. بەوەی كە ئێمە سور بین لەسەر ئەوەی وانەی زانستیی باش لەبارەی ئەوەی ڤایرۆسەكان چین پێشكەشی خوێندكاران بكەین لە قوتابخانە، هەروەها لەبارەی ئەوەی كە تیۆریی بەرەوپێشچوون و گەشەكردن چین. هەروەها كاتێك زانایان لە پاڵ هۆشداری پێدانمان لە شتەكانی تر لەپاڵ پەتاكان، وەكو ئاگاداركردنەوەكان لەبارەی گۆڕانی كەش و هەوا و داڕمانی ئیكۆلۆژیی، ئەوا ئێمە هۆشدارییەكانیان بەهەمان شێوەی جددی وەربگرین كە ئێستاكە وەریدەگرین لە پەیوەست بەوەی ئەوان چی دەڵێن لەبارەی پەتای ڤایرۆسی كۆڕۆنا.
دی دەبلیو : ژمارەیەكی زۆر لە وڵاتان میكانیزمەكانی چاودێریی دیجیتاڵی جێبەجێ دەكەن بەمەبەستی ئەوەی رێگە لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە بگرن. چۆن دەكرێ ئەم میكانیزمانە كۆنترۆڵ بكرێن؟
یوڤال نوح هەراری: هەر كاتێك تۆ چاودێری بەسەر هاووڵاتیانەوە زیاد بكەیت، ئەوا شان بەشانی ئەمە چاودێرییكردن بەسەر حكومەتیشەوە لە زیادبووندا دەبێت. لەم قەیرانەدا، حكومەتەكان پارە وەك ئاو سەرف دەكەن. لە ئەمریكا، 2 ترلیۆن دۆلار. لە ئەڵمانیا، سەدن بلیۆن یۆرۆ، ئا بەو شێوەیە. وەك هاووڵاتییەك، من دەمەوێ بزانم كێ بڕیارەكان دروست دەكات و ئەو پارەیەش بۆ كوێ دەڕوات.
ئایا پارەكە بۆ رزگاركردنی كۆمپانیا گەورەكان بەكاردەهێنرێت كە تەنانەت پێش پەتایەكە بەهۆی هەڵەی بڕیارەكانی بەڕێوەبەرەكانیان لە بارودۆخێكی دژواردا بوون؟ یان پارەكە بۆ یارمەتیدانی بزنس و ئیش و كاری بارزگانی بچووك، چێشتخانەكان و دوكانەكان و ئیش و كارەكانی لەم جۆرانە بەكاردەهێنرێت؟
ئەگەر حكومەت زۆر پەرۆشە بۆئەوەی چاودێریی زیاتر هەبێت، ئەوا چاودێرییەكە پێویستە بەهەردوو ئاراستەكەدا رێ بكات. ئەگەر حكومەتیش بڵێت، هێی، ئەمە زۆر ئاڵۆز و قورسە، ئێمە ناتوانین دروست هەموو پاكێج و ئیش و كارە بازرگانییەكان بكەینەوە، ئەوكاتە تۆ دەڵێیت: “نا، ئەمە ئاڵۆز و قورس نییە. بەهەمان ئەو رێگایەی كە تۆ لێیەوە دەتوانیت سیستمێكی چاودێریی زەبەلاح دروست بكەیت بۆ ئەوەی ببینیت كە من رۆژانە دەچمە كوێ، دەبێ دروستكردنی سیستمێكیش ئاسان بێت كە ئەوە پیشان بدات كە تۆ چی لەو پارەیە دەكەیت كە لە باج پێدانەكەی من دەستت دەكەوێت”
دی دەبلیو : ئایا ئەمە ئیش لەسەر دابەشكردنی ھێز و دەسەڵات و رێگەنەدان لە كۆبوونەوەی لای یەك كەس یان دەسەڵات دەكات؟
یوڤاڵ نوح هەراری: رێك ئاوایە. یەك بیرۆكە كە خەڵك وا ئەزموونی دەكەن ئەوەیە كە ئەگەربێتو تۆ بخوازیت ئەو كەسانە ئاگاداربكەیتەوە كە نزیك بوونەتەوە لە كەسێك كە نەخۆش كەوتووە بە ڤایرۆسی كۆڕۆنا. لیرەدا دوو رێگە هەیە بۆ ئەنجامدانی ئەو كارە: رێگەیەكیان هەبوونی دەسەڵاتێكی سێنترالی (مەركەزییە) كە زانیاری لەبارەی هەموو كەسێك كۆدەكاتەوە و، پاشان دەریدەخات تۆ نزیكی كەسێك كەوتوویتەوە كە نەخۆشی كۆڤید 19 هەیە و ئاگادارت دەكاتەوە. رێگایەكەی تر بۆ تەلەفۆنەكانە بۆ پەیوەندیكردنی راستەوخۆ، یەك لەگەڵ ئەوی تریان، بەبێ بوونی هیچ دەسەڵاتێكی ناوەندی كە هەموو زانیارییەكان كۆبكاتەوە. ئەگەر ئەمن بە نزیك كەسێكدا تێبپەڕم كە نەخۆشی كۆڕۆنای هەیە، ئەوا هەردوو تەلەفۆنەكە، تەلەفۆنەكەی ئەو و هی منیش، رێك قسە لەگەڵ یەكتری دەكەن و ئەو كاتە من ئاگادار دەكرێمەوە. كەچی دەسەڵاتێكی سێنترالی لە ئارادا نییە گشت زانیارییەكان كۆبكاتەوە و بەدوای هەر كەس بكەوێت.
دی دەبلیو : ئەو سیستمە چاودێرییە كارپێكراوانە بۆ ئەم قەیرانە هەنوكەییە لەوە زیاتریش دەڕۆن، بەڕادەیەك دەكرێ تۆ بە چاودێریی-ژێرپێست ناوی بنێیت. كەواتە پێست، وەك شوێنێكی دەستلێنەدراوی جەستەمان، هەڵدەقڵیشێت. ئێمە چۆن دەتوانین كۆنترۆڵی ئەوە بكەین؟
یوڤال نوح هەراری: ئێمە دەبێ زۆر، زۆر ئاگاداری ئەمە بین. چاودێریی-سەر رووی پێست چاودێرییكردنی ئەوەیە ك تۆ لە جیهانی دەرەوە چی دەكەیت، بۆ كوێ دەڕۆیت، چاوت بە كێ دەكەوێت، لە سەیری چی دەكەیت لە تەلەڤزیۆن یان لە ئینتەرنێت سەردانی چ وێبسایتێك دەكەیت. ئەم چاودێریكردنە ناچێتە نێو جەستەت. چاودێریی-ژێر پیست چاودێریكردنی ئەوەیە كە لەناوەوەی جەستەی تۆ چی روودەدات. ئەوە بەو شتانە دەست پێدەكات وەكو پلەی گەرمی لەشت، بەڵام دواتر دەتوانێت بۆ زانینی فشاری خوێنیشت بچێت، بۆ ژمارە لێدانی ترپەی دڵت، بۆ رادەی چالاكیی مێشكت. كاتێگ تۆ ئەمە دەكەیت، تۆ دەتوانیت زۆر، زۆر زیاتر بچیت لە دەستپێڕاگەیشتن بە زانیاری لەبارەی خەڵك بە بەراورد لە هەموو زەمەنەكانی پێشووتر.
تۆ دەتوانیت رژێمێكی تۆتالیتاری دروست بكەیت كە هەرگیز پێشتر بوونی نەبووە. ئەگەر تۆ بزانیت كە من لە ئێستادا چی دەخوێنمەوە یان تەماشای چی دەكەم لە تەلەڤزیۆن، ئەوا ئەمە چەند بیرۆكەیەك لەبارەی زەوقی ئەدەبی و هونەریم، گۆشەنیگای سیاسیم، كەسایەتیم بە تۆ دەدات. بەڵام ئەمە هێشتا هەر بە سنوورداریی دەمێنێتەوە. ئێستا بیر لەوە بكەوە كە تۆ بەڕاستی دەتوانیت چاودێریی پلەی گەرمی لەشم یان فشاری خوێنم و كۆی لێدانی ترپەی دڵم بكەیت لەو كاتەی كە وتارێك دەخوێنمەوە یان لەو كاتەی كە تەماشای پرۆگرامێك بە ئۆنلاین یان تەلەڤزیۆن دەكەم. ئەوكات تۆ دەتوانی بزانیت من هەر ساتەوەختێك هەست بە چی دەكەم. ئەمە بەئاسانی بەرەو هێنانەكایەوەی رژێمگەلێكی تۆتالیتاریی ئەوپەڕی دزێو دەچێت كە هیچی لەگەڵ ناكرێت.
ئەمەش شتێك نییە كە هەر دەبێ بێتەكایەوە. ئێمە دەتوانین رێگە لە ڕوودانی بگرین. بەڵام بۆ رێگرتن لە روودانی، ئیمە بەر لە هەر شتێك پێویستە درك بە مەترسییەكە بكەین، دووەمنیش، ئێمە ئاگاداری ئەوە بین كە لە بارودۆخێكی نائاسایی ئاوا رێگە بە چی دەدەین رووبدات.
دی دەبلیو : ئایا ئەم قەیرانە وای لە تۆ كردووە كە دەسكاری وێنەكەت بۆ مرۆڤ لە سەدەی بیست و یەك بكەیت؟
یوڤال نوح هەراری: ئێمە نازانین، چونكە لەسەر ئەو بڕیارانە دەوەستێت كە ئێمە ئێستا پێی دەگەین و دەیدەین. مەترسی چینێكی بێ سوود بەڕاستی بەشێوەیەكی ئێجگار گەورە لە هەڵكشان دایە بەهۆی ئەو قەیرانە ئابوورییە هەنوكەییەوە. ئێمە ئێستا زیادبوونی ئۆتۆماتیكیبوون دەبینین، ئەو رۆبۆت و كۆمپیوتەرانە هەروا دێت زیاتر و زیاتر لە ئیش و كارەكان شوێنی مرۆڤەكان دەگرنەوە، چونكە خەڵك لە ماڵەكانی خۆیان بەندكراون، هەروەها مرۆڤەكان دەكرێ تووشی ڤایرۆس ببن، بەڵام رۆبۆتەكان نا.
ئێمە رەنگە ببینین كە هەندێك لە وڵاتان لەوانەیە بڕیاری گەڕانەوەی هەندێك پیشەسازی بۆ وڵات بدەن لەبری ئەوەی پشت بە كارگەكانی شوێنەكانی تر ببەستن. بۆیە لەوەدەچێت هەردووكیان بەیەكەوە بێت بەهۆی بەئۆتۆماتیكیكردن و رەتكردنەوەی جیهانگەرایی، بەتایبەتی وڵاتە پێشكەوتووەكان كە پشت بە دەستی كاری هەرزان دەبەستن، لەناكاو ژمارەیەكی ئێجگار زۆر لە چینی بێ سوود لە خەڵكیان هەبێت كە ئیش و كارەكانیان لەدەست داوە چونكە ئەو ئیشانە یان بەئۆتۆماتیكیكراون یانیش چوونەتە شوێنێكی تر.
ئەمە هەروەها لەنیو وڵاتە دەوڵەمەندەكانیش روودەدات. ئەم قەیرانە دەبێتە هۆی گۆڕانی ئێجگار گەورە لە بازاڕی كار. خەڵك لە ماڵەوە ئیش دەكەن. خەڵك لەرێگەی ئۆنلاینەوە كار دەكەن. ئەگەربێتو ئێمە وریا نەبین، ئەوە دەكرێ ئەنجامەكەی داڕمانی كاری رێكخراوەیی لێبكەوێتەوە، بەلایەنی كەمەوە لە چەند بوارێكی پیشەسازی. بەڵام ئەمە شتێك نییە كە هەر دەبێت رووبدات. ئەمە بڕیارێكی سیاسییە. ئێمە دەتوانین لەم بارودۆخە بڕیارەكە بۆ پاراستنی مافەكانی كرێكاران لە وڵاتەكەمان دروست بكەین، یان بۆ سەرتاسەری جیهان. حكومەتەكان پشتیوانی دارایی پیشەسازی و كۆمپانیاكان دەكەن بۆئەوەی لە داڕمان و مایەپووچی دەربازیان بكەن. ئەوان دەتوانن بەمەرجی پاراستنی مافی كرێكارەكانیان ئەو هاوكارییە ماددییەیان بكەن. بۆیە هەمووی لەسەر ئەو بریارانە دەوەستێت كە ئێمە دروستی دەكەین و دەیدەین.
دی دەبلیو : ئایا مێژوونووسێكی داهاتوو لەسەر ئەو چركەساتە چی دەڵێت؟
یوڤال نوح هەراری: پێموایە مێژوونووسانی ئایندە ئەمە وەك خاڵی وەرچەرخان لە مێژووی سەدەی بیست و یەك دەبینن. بەڵام ئێمە چ رێگەیەك دەگرینەبەر ئەوە لەسەر بڕیارەكانمان دەوەستێ. ئەمە شتێك نییە كە پێشوەختە بڕیار لەسەر روودانی درا بێت.

پرۆفیسۆر یوڤال نوح هەراری نووسەری كتێبی مرۆڤی عاقڵ: پوختەیەك لە مێژووی مرۆیی، هۆمۆ دیوس و بیست و یەك وانە بۆ سەدەی بیست و یەكە. كۆمپانیا كۆمەڵایەتییە كاریگەرەكەی بەناوی سایپێنس یەك ملیۆن دۆلاری بەخشییە رێكخراوی تەندروستی جیهانی دوای ئەوەی سەرۆكی ئەمریكا بڕیاری راگرتنی هاوكاری دارایی بۆ رێكخراوی تەندروستی جیهانی دا.

https://www.dw.com/en/virus-itself-is-not-the-biggest-danger-says-yuval-noah-harari/a-53195552?fbclid=IwAR1FzLnPK3m7pzQZL9U0fRB5djkSuLA9_-l8ddY4ZBJZCATW0jMHTYMU3mU




گووتاری پۆپۆلیستی و رۆشنبیرانی کورد… نووسینی: ستیڤان شەمزینی

پێشەکی

قسەکردن لەسەر رووناکبیر و رۆڵی رۆشنبیران لە کۆمەڵگەدا و دەور و کاریگەرییان لەسەر شێوەی تێفکرینی کۆمەڵگە و دروستکردنی رای گشتیی، تێمایەکی پڕ گرێ و گۆڵ و ئاڵۆزە، بەو پێیەی رۆشنبیر لە یەک کاتدا خۆی بەرهەمهێنەری بیری رەخنەییە و خودی خۆیشی جێگەی رەخنەیە. ئەم هاوکێشەیە وایکردووە کاری ئێمە لە خوێندنەوە و رەخنەگرتن لە رۆشنبیری کورد کەمێک دژوار و زەحمەت بێت. هەوڵمداوە پێش ئەوەی وەزیفەی رۆشنبیران دەستنیشان بکەم، باز بدەم بۆ قسەکردن لەسەر ئەو بوونەوەرەی لە دنیای ئێمەدا ناوی رووناکبیرە، لێ دەزانم رۆشنبیر وەک چەمک و ناولێنان سەر بە کولتووری بۆرژوازییە، بەڵام ئەمە بەرچاوی لێڵ نەکردووین لە هەستکردن بە گەورەیی پێگە و ئەو ئەرکەی دەکەوێتە سەر رۆشنبیران. رۆشنبیر تاکێکی بەرهەمهێنە و بەهەموو شێوەیەک دژی ئەوەیە ببێتە ئەکتەرێکی ئیستهلاکیی پاسیڤی بێ رۆڵ و نەخش، بەڵام بەرهەمی دەستی رۆشنبیر جیاوازە لە بەرهەمی کۆی چین و توێژە کۆمەڵایەتییەکانی تر، بەوەی رۆشنبیر بیر و زانین بەرهەم دەهێنێت، هەر ئەمەشە رۆڵێکی فراوانتری بە رووناکبیر بەخشیوە، چوونکە بەرهەمی کاری رۆشنبیر سترۆکتۆرە بۆ بەرهەمهێنان لە هەموو بوار و رەهەندە جۆراوجۆرەکانی تری ژیاندا.
ئەو بوونەوەرە کۆمەڵایەتییەی لە دنیای کوردیدا بە رۆشنبیر دەناسرێ، کێیە؟ چی بەرهەمهێناوە لەرووی تیۆریی و فیکرییەوە؟ ئایا لە ریشەوە تاکێکی وەبەرهێن بووە یان کاری لەسەر ئەو پاشەڕۆکە سیاسیی و کولتوورییانە کردووە هەژموونیان بەسەر کۆمەڵگەدا هەیە؟ ئایا رۆشنبیری کورد توانیوویەتی کۆمەڵی کوردەواریی لەهەموو رەهەندە جوداکانەوە بە سوودوەرگرتن لە ئەزموونی رۆشنبیریی خۆرئاوایی و گەلانی تر بخوێنێتەوە؟ ئەگەر خوێندوویەتییەوە چی لێ بەرهەم هێناوە؟ ئەگەریش نەیخوێندۆتەوە هۆکار چییە و سەرقاڵی چ کارێکی تر بووە؟ وەڵامدانەوە بەم پرسیارانە کاری سەرەکیی ئێمە بووە بە درێژایی ئەم کتێبە. هەرچەند و پێدەچێت رووبەڕووی رەخنە و تۆمەتبارکردنیش ببمەوە، چوون شکاندنی بێدەنگی و ژەنینی ئاوازێکی جودا لەدەرەوەی ئەو میلۆدییە باوەی نێو کایەی رۆشنبیریی کوردیی ئیشێکی ئاسان تێپەڕ نییە. خۆمان ئامادە کردووە بۆ هەر چەشنە بەرامبەرکێ و بەگژاچوونەوەیەک لەلایەن خودی دەستەبژێرەوە، لەگەڵ ئەوەشدا پێموایە ئەگەر تا ئێستا رۆشنبیر ئەو کائینە بووبێت رەخنەی لە دەرەوەی خۆی گرتووە، پێویستە لە هەنووکەدا رەخنەکانی ئاڕاستەی ناوەوە بکات و ئاوێنەیەکی رەخنەگرانە بەرامبەر بەخۆی دابنێت و وێنای راستەقینەی خۆی ببینێت.
هەرچەند کەسانی وەک “ماریۆ یوسا” پێشبینی ئاوابوونی ئەستێرەی بەختی رۆشنبیران دەکەن و پێیانوایە چیدی رووناکبیر ئەو بوونەوەرە بە دەسەڵاتەی پێشوو نییە کە هەژموونی خۆی لەسەر هەموو ئاستەکان دابنێت، بەڵکو یوسا لە نوێترین کتێبیدا بەناوی “Gap Civilizatiom” باس لە ئاوابوونی رۆشنبیریی دەکات و پێیوایە لەم چەرخە تازەیەی ژیاری مرۆڤایەتیدا بیرمەندان و رۆشنبیران چیدی ناتوانن بەو ئامادەگییەی پێشوو لە نێو ناوەندەکانی گفتوگۆدا بن و دەنووسێت “لەسەروەختی ئەو رۆشنبیرییە گاڵتەجاڕییەی ئەم چاخەی گرتۆتەوە، رۆڵی ئەستێرەکانی تەلەفزیۆن و یاریزانەکان هەمان ئەو کاریگەرییەی دەبێت پێشتر لاهوتییە گەورەکان و رووناکبیران هەیانبووە”. لێ ئەم بۆچوونانەی یوسا بەشێکن لە فاکتێکی حاشاهەڵنەگر، بەڵام هێشتا رۆشنبیران نەخشێکی کاریگەر دەبینن، چوون بایەخی ناوەندە ئەکادیمییەکان و رۆشنبیران لە داهێنانی وزەی فیکریی نوێ هەمان بایەخی پێشووتری هەیە و پێموانییە وا بە زووی لە دەستیش بچێت. دەمەوێ ئەمە ببەستمەوە بە بارودۆخی رۆشنبیریی کوردییەوە و بڵێم بە راستی لە دنیای کوردییدا ئەستێرەکانی تیڤی و دراما، لەگەڵ توێژێکی دەم قەرەباڵغی رۆژنامەوانان و جنێوفرۆشی نێو سۆسیال میدیا، جێ پێیان بە خودی رۆشنبیر لێژکردووە. جیاواز لەمە هەر کارەکتەرە رۆشنبیرییەکانی دنیای ئێمە خۆیان هەمان ئەو ئەکتەرانەن بەم رۆڵەش هەڵدەستن.
ئەم فەزا شێواوە بۆ من جێگەی رەزامەندیی نییە و رەخنەی ریشەیی و قووڵم لەمەڕ ئەو جۆرە کارەی رۆشنبیرانی کورد هەیە، تەنانەت قسەم لەسەر چۆنێتی مامەڵەکردنی زمان و موفرەداتیان هەیە، کێشەم لەگەڵ زۆرینەی کۆنسێپتەکانیان هەیە، ناکۆکیم لەگەڵ فۆرمی جیهانبینی بچووکیان هەیە کە ناویدەنێم دنیابینی خێلگەرایی و مێگەلیی. رۆشنبیرانی کورد توێژێکی تەوەزلن لە رووی بیرکردنەوە و دەستەپاچەن لە پێشکەشکردنی بیرۆکەی تازە، هەموو رەوایی خۆیان لەو نەریتە پۆپۆلیستییەوە وەرگرتووە کە بکوژی عەقڵی نوخبەوییە. تەنانەت رۆشنبیری ئێمە بەو نەریتە پۆپۆلیستیشەوە نەیتوانیوە ببێتە بەشێک لەژانی چینەکانی خوارەوە. هەروەک “د.ئەمیری حەسەن پور” باسی دەکات و دەڵێت: ماوتسی تۆنگ لە شۆڕشە کولتوورییەکەی خۆیدا، رۆشنبیر و مامۆستا و دکتۆر و توێژەکانی تریشی ناچارکرد، بڕۆنە لادێکان و مەودای نێوان ئیشی زەینی و ئیشی دەست و بازوو کەم بکەنەوە. واتە نە خەڵکی لادێ خاڵی بێت لە ئاڵوگۆڕی رۆشنبیریی و نە رۆشنبیریش خاڵی بێت لەبەرکەوتنی کۆنکرێتی و مەلمووس. بەفۆرمێکی کاڵتر ئەمە لە دەستکەوتەکانی شۆڕشی ئۆکتۆبەری رووسیاشدا هەبوو: کتێبخانەی بچووک لە مەزراکاندا دادەنرا تاکوو ژنان لەکاتی پشوودا بەر خوێندنەوە و خوێندەواریی و فەزای رۆشنبیریی بکەون.
رۆشنبیری کورد، نە توانیوویەتی تیۆر بەرهەم بهێنێت، نە توانیوویەتی مەودای ئیشی ئەندێشەیی و ئیشی میکانیکی کەم بکاتەوە. بۆیەکا رووناکبیرانی کورد پێش سیاسەتمەداران شایانی رەخنەلێگرتن و هەڵوەستە لەسەر کردنن، من لێرەدا بە نۆرەی خۆم ئەم ئەرکەم بەئەستۆ گرت. بۆ ئەوەشی خوێنەر لە کاتی خوێندنەوەی کتێبەکەدا بەرچاووی روونتر بێت، دەخوازم چەند خاڵێک لەم پێشەکییەدا بخەمەڕوو. یەکەم: من وەک رۆژنامەوان قسە لەسەر خودی رۆشنبیر دەکەم و رەنگە زیاتر زمانی رۆژنامەوانی بەسەر توێژینەوەکەدا زاڵبێت، لەم سۆنگەوە خۆم بە بەشێک لە کێشەکە نەزانیوە، لەبەرئەوەی ئێمە لێرەدا بەمانا گرامیشییەکەی قسە لەسەر رۆشنبیر ناکەین. دووەم: وەک کەسێک کە باکگراوەندی رۆشنبیریی و جیهانبینم چەپە، بە دیدێکی کلاسیکی چەپ و ئەو نەریتە بەڵشەفیکییەی دنیابینی مەبەستی خۆمم تەوزیف نەکردووە، بەڵکو هەوڵمداوە دوور لە ژەنگاوی ئایدۆلۆگی و بە زمانێکی بێلایەنانە تەرحەکانم بگەیەنم. سێهەم: مێژووی نووسینی هەر پێنج بەشەکانی ئەم توێژینەوەیە دەگەڕێتەوە بۆ ماوەی نێوان ساڵانی 2007-2017 ئەوەی هەیە لێرەدا جارێکی تر پاکنووس کراونەتەوە و بڕێکی زۆریش ئیزافەکاریی کراوەتە سەر چاپتەرەکان بە تایبەت کۆتا چاپتەر. چوارەم: ئەم توێژینەوەیە وەک بابەتێک بۆ خوڵقاندنی جەدەلی رۆشنبیریی بە چاپ گەیاندووە، ئامانجی ئێمە تانە و تەشەر نییە، بەڵکو کردنەوەی دەرگای گفتوگۆیە لەسەر کێشەیەکی گەورە کە بۆ زۆر کەس تەنانەت لەنێو دەستەبژێرەکەشدا کێشە نییە یان تێمایەکی گەورە نییە.

گووتاری پۆپۆلیستی

دیمەنی زاڵ بەسەر تابلۆی رۆشنبیرانی کوردەوە، زیاتر لە هەر شتێکی تر نەریتی پۆپۆلیستییە. رۆشنبیرانی ئێمە کۆکتێلێکی سەیرن و تێگەیشتن لێیان و شرۆڤەی دنیابینیان کارێکی ئاڵۆز و فرە زەحمەتە، بەو هۆیەی شوناسێکی دیاریکراویان نییە، بە دیوێکی تردا ئەو ئیلێتییەی بە رۆشنبیرانی کورد دەناسرێنەوە خاوەنی گووتارێکی رۆشنبیریی و مەعریفیی نین، بەقەدەر ئەوەی کاراکتەری سیاسیین لە سیاسەتیشدا لە بازنەی تەسکی حزبایەتیدا بیر دەکەنەوە و تێزەکانیان دەخەنەڕوو. ئەم دیمەنە تەژی ئیشکالییەتەی رۆشنبیرانی کورد پێویستی بە شرۆڤەکردن و شیتاڵکردنی زۆر وردە، بەو پێیەی ئێمەی کورد خاوەنی نوخبەیەکین تەمبەڵن لە بەرهەمهێنانی تێڕوانینی نوێ و تێزی تازە، بەپێچەوانەوە زۆر چالاکن لە جووینەوە و بەشداریی سیاسیی و حزبیدا.
دەتوانین ئەو نەریتە لەشێوەی کارکردنی ئەو رۆشنبیرەدا بناسینەوە کە پێی دەوترێت دیسکۆرسی پۆپۆلیستی، بۆیەکا لێرە بەدواوە وردتر خاڵ دەخەینە سەر پیتەکان و پێناسە و شێوازی دنیابینی پۆپۆلیستی دەخەینە پێش چاو، لە هەمان کاتدا ئەو خاڵە ناوکۆییانە دەدۆزینەوە لەنێوان گووتاری رۆشنبیرانی کورد و جیهانبینی پۆپۆلیستیدا هەیە. هەرچەند رۆشنبیری کورد تەنیا بە پەتای پۆپۆلیزم گرفتار نەبووە، بەڵام ئەوەی لەم ماوە زەمەنییەدا لە هەموو شتێکی تر بە زەقیی بە گووتاری دەستەبژێری کوردەوە دیارە بریتییە لە عەوامگەریی، پاشتریش دەبینین تووشی چەندان نەخۆشیی فیکریی تر بووە، کە دەستکورتیان کردووە لە دەوڵەمەندکردن و بەرەو پێشبردنی فەرهەنگی رۆشنبیریی کوردیی. نەوەی رۆشنبیرانی ئێستای کورد، نەوەیەکن نەک هیچ ئیزافەیەکیان پێ نەبووە بیخەینە سەر رۆشنبیریی کلاسیکیی کورد، بەڵکو ئەوەشی هەبووە دایانڕوخاندووە و تەلارەکانی رۆشنبیریی دوێنێیان بە تێزە سواو و ئێکسپایەرەکانی ئەمڕۆ کردۆتە کەلاوە.

پۆپۆلیزم چییە؟

پێش هەر پێناساندنێک پۆپۆلیزم ئایدۆلۆگیایەکی دیاریکراو نییە، بەڵکو پارادیمێکی سیاسییە کە دەشێ بەپێی ژینگەی سیاسیی و کۆمەڵایەتی جیاواز سوود لە ئایدۆلۆگییە جیاوازەکان تەنانەت ئاینیش وەربگرێت، یان بە مانایەکی تر پۆپۆلیزم ستایلێکە رەوایی خۆی لە ئایدۆلۆگیاوە وەرناگرێت هێندەی ئەوەی لەو تەرزە روانینەوە وەریدەگرێت کە خۆی بەنوێنەری تەواوی گەل یان خەڵک دەزانێت. پۆپۆلیستەکان دەتوانن مەلا یان پیاوی ئاین بن، دەکرێ سیاسیی یان رۆشنبیر بن، خاڵی هاوبەش لەنێوان هەموو پۆپۆلیستەکاندا ئەوەیە عەوامگەرن و ماف بە خۆیان دەدەن بەناوی تێکڕای جەماوەری خەڵکەوە بدوێن و وەک نوێنەریشیان نمایشی سیاسیی بکەن، لە دیتنی پۆپۆلیستەکاندا گەل یان خەڵک یەکەیەکی کۆنکرێتی یەکگرتووە، نە قابیلی دابەشکردنە نە درز خستنە ناوی.
سترۆکتۆری زاراوەی پۆپۆلیزمPOPULISM لەوشەی POPULUSی لاتینەوە هاتووە، کە بەمانای “خەڵک” دێت، هەمیشە چەمکی “خەڵک”یش لە بنەچە لاتینەکەشدا مانای چینەکانی خوارەوەی کۆمەڵگەی گرتۆتەوە یان زۆرینەی بێدەسەڵاتی کۆمەڵ پێیوتراوە خەڵک، کە ئەم زۆرینەیە بەدرێژایی مێژوو کاریگەرییان بەسەر کۆی رووداوە گرنگەکانەوە نەبووە، بەڵام شۆڕشی فەڕەنسی ساڵی 1789 ئەو هاوکێشەیەی بە تەواوەتی گۆڕی، “خەڵک” یان “گەل”ی لە هێزێکی پاسیڤەوە گۆڕی بۆ توخمێکی ئەکتیڤی ئاڵوگۆڕی سیاسیی و کۆمەڵایەتی، یەکێک لە کاریگەرییە هەرە گرنگەکانی ئەو شۆڕشە رۆڵدان بە “گەل” وەک بەشێکی لە ئیرادە لەناو رووداوەکاندا نەک لە پەڕاوێزی رووداودا تەنها سەیرکەرێک بێت و بەس.
یەکەمین دەرکەوتنی پۆپۆلیزم وەک جوڵانەوەیەکی رێکخراو یان با بڵێین وەک بزووتنەوەیەکی سیاسیی، بۆ کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدە لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەگەڕێتەوە، ئەویش پاش جەور و ستەمکێشیی سەر جووتیارانی ئەمەریکا بوو کە خرابوونە ژێر باجێکی بێویژدانانە و دڵڕەقی خاوەن موڵکەکانەوە. هەر لەو سەروبەندەدا پارتی پۆپۆلیستی ئەمەریکا لە ساڵی 1892دا لەسەر پاشخانی فیکریی ئەو بزووتنەوەیە دامەزرا.
لە بواری فەلسەفیدا پۆپۆلیزم، پشت بە تێزەکانی “هێربرت شایلەر” دەبەستێت کە لە دیتنی ئەودا زۆرینەی گەل تاکی بێ کاریگەریی و پاسیڤن و هیچ رۆڵێکیان نییە لە دروستکردنی رووداوە گەورەکاندا. لەلایەکی تریش لەگەڵ سەرهەڵدانی تەوژمی “نارۆدنیکەکان” لە رووسیای قەیسەرییدا پۆپۆلیزم پێی نایە قۆناغی هەنگاوی پراکتیکییەوە، بەو پێیەی لە دەیەی هەفتاکانی سەدەی نۆزدەدا خوێندکارە نارۆدنیکەکان هەوڵیاندا لە رێگەی خەڵکی گوندەکانەوە بیروبۆچوونی سیاسیی خۆیان روون بکەنەوە و خەڵکی لادێکان بکەنە هێزی بازووی بزووتنەوە پۆپۆلیستییەکەیان کە لەو بڕوایەدا بوون رووسیا بەبێ تێپەڕین بە قۆناغی کاپیتالیزمدا دەتوانێت سیستمی سۆسیالیستی خۆی دابمەزرێنێت، دەتوانم بڵێم خودی “لینین”یش هەمان کاری کرد، لەبەرئەوە دەبینین ئەمە یەکێکە لە سیما هاوبەشەکانی بەڵشەفیک و پۆپۆلیزم، جیا لەوەش زۆرێک لەو بڕوایەدان ئەوەی پێی دەوترێ “چەپی نوێ” تەنیا رووخسارێکی تازەیە بۆ ناوەڕۆکە کۆنەکەی پۆپۆلیزم.
گووتاری پۆپۆلیزم بەشێوەیەکی گشتیی خاوەنی دیسکۆرسێکی ناشەفاف و بێ ئارگۆمێنتە، زیاتر یاریکردنە لەگەڵ سۆزی گشتیی خەڵک، یان وروژاندنیان لە رێگەی گووتاری حەماسیی، نەک پڕۆژەیەکی بێت بۆ مەودایەکی درێژ، پۆپۆلیستەکان بەرچاویان روون نییە، تەنیا دەیانەوێ کار لەسەر عاتیفەی گشتیی بکەن بێ هیچ ئەڵتەرناتیڤێکی رۆشن، یان زۆر جار بە ئەڵتەرناتیڤێکی تەمومژاویی و ناروونەوە. هەر لەبەر ئەم فاکتۆرە فەرهەنگی “DUDEN”ی ئەڵمانی بە “بیرێکی سیاسیی هەلپەرست” ناوزەدی دەکات. لە باری واقیعیشەوە گووتاری پۆپۆلیزم تێکەڵەیەکە لە دیماگۆگییەت و ئۆپۆرتۆنیزمی سیاسیی. کۆی ستراتیژەکەشی لەدوو سیمای سەرەکیدا خۆی دەنوێنێت، یەکێکیان گووتاری حەماسیی و گاڵتەجاڕانەیە، ئەویتریشیان فۆرمۆڵەبەندیی توندڕەویی و شێوازی کاری رادیکاڵیی کوێرانە وەک ئەجیندایەکی سیاسیی.
دەکرێ ئامانجی سەرەکیی بزاوتە پۆپۆلیستییەکان لە چەند خاڵێکدا کورت بکرێتەوە. وەکوو: یەکەم: پۆپۆلیستەکان کۆی دامودەزگا سیاسییە دەسەڵاتدارەکان بەهەموو فۆرمەکانییەوە رەت دەکەنەوە. دووەم: لە دیدی پۆپۆلیستیدا خەڵک سەرچاوەی هەموو بڕیار و دەسەڵاتێکە و جەماوەر شەرعیترین ژێدەری دەسەڵاتە. سێیەم: ئەکتەرێکی کاریزمایی پێویستە بۆ سەرکردایەتیکردنی ئەو بزاوتەی دەیەوێ گەل بکاتە سەرچاوەی هەموو شتێک. چوارەم: گەورەکردنی بەهای خەڵک بە راکێشانی سەرنجی گەل لە رێی بەڵێنی وەهمی و ناروون.
لەگەڵ ئەوەشدا پۆپۆلیزم جوڵانەوەیەکە زێدەتر دڵداریی لەگەڵ خەڵک دەکات تاکو بەرگرییان لێ بکات. بەهای خەڵک گەورەتر لە خۆی نیشاندەدات نەک ئاوێنەیەکی روونی واقعی حاڵ بێت. هەروەک بیرمەندی ئێرانی “رامین جەهانبەگلو” باسی دەکات “دەتوانین بڵێین پۆپۆلیزم هەمیشە ستایشکاری جەماوەرە، بەڵام داکۆکیان لێناکات، چوونکە بەپێچەوانەی دیموکراسی لە هەلومەرجی پۆپۆلیستیدا ژینگەی ئایدۆلۆگیکی خەڵک لەگەڵ ژینگەی سیاسیی هاووڵاتیاندا یەکسان نابن، لەبەرئەوە بڕیاری پۆپۆلیزم بۆ جەماوەر بە ناڕۆشنی و ناڕاستەوخۆ لەسەر ئەو بڕوایە دەبێت کە مامەڵە لەگەڵ گشتێکی چوونیەک دەکات و بەشوێن هێنانەدی و پیادەکردنی کاری توندوتیژەوە بنەمای ئەخلاقی لەئاستی کۆمەڵدا ئەتک دەکات”.

پۆپۆلیزم و دیموکراسی

وەک لەسەرەتاوە ئاماژەم بۆ کرد، بزاوتە پۆپۆلیستەکان لەرووی ئایدۆلۆگییەوە یەک ئاڕاستە و تەوژم نین، چوون لە سترۆکتۆرە پۆپۆلیزم پارادیمێکە کەڵک لە هەر چەشنە بیر و ئایدیایەک وەردەگرێت، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا هیچ ئاڕاستەیەکی پۆپۆلیستی ناتوانێت مەوداکانی دیموکراسیی بەرینتر بکاتەوە، بەڵکو کێشەی ریشەییان لەگەڵ گەوهەری دیموکراسیی لیبرالی هەیە، بەو پێیەی لە زەمینەیەکدا ئەو بزاوتە دەڕسکێ کە فەزای بێسەوبەری و پاشاگەردانییە کە تێیدا هەموو بەها و پرنسیپە دیموکراسییەکان پاشەکشەیان کردبێ یان لەسەرەو لێژییدا بن. د.عەبدولحەمید ئەلئەنساری پێیوایە: پۆپۆلیزم لە سییەکانی سەدەی رابردوودا سەریهەڵدا و فاشیزم و نازیزمی لە ئەوروپا بەرهەمهێناـ لە ئەمەریکای باشووریش فەرمانڕەوای دیکتاتۆری بەرهەمهێنا، دواتر پەلی کێشا و تەشەنەی کرد بۆ وڵاتانی عەرەبی و لەوێش سەرکردەی پۆپۆلیست و دەسەڵاتخوازی بەرهەمهێنا.
پۆپۆلیستەکان زۆرجار بەدکەڵکی لە دیاردەکانی دیموکراسیی وەردەگرن و بە میکانیزمی هەڵبژاردن هەوڵی دەسەڵاتگرتنە دەست دەدەن، بەمانایەکی تر چەکی دیموکراسی دەکەنە ئامڕازێکی کاریگەر بۆ هێنانەدی خەونەکانیان، بەڵام ناتوانن یان نایەنەوێ پارێزگاریی لە پەیکەری دیموکراسیی نوێنەرایەتی بکەن، ئەم جۆرە نموونانە لە کیشوەری ئەمەریکای لاتین لە چەندین وڵاتدا بەرجەستە بوون، بۆ وێنا دیموکراسییە شافێزییەکەی فەنزوێلا، یان پارادیمی نیستۆر کیرچنەر لەوڵاتی ئەرژەنتین و ئیڤۆ مۆراڵس لەوڵاتی پۆلیڤیا. هەر سێ نموونەکە پێماندەڵێت پۆپۆلیزم دەرکەوتەی ئەو کۆمەڵگایەیە دامەزراوە و بنیادەکانی دیموکراسی تێیدا بەهێز و چەسپیو نین، بە واتایەکی تر پۆپۆلیزمی نوێ “نیو پۆپۆلیزم” رەنگدانەوەی لاوازیی دیموکراسییە لەهەر جێگەیەکدا.
ڤیلادیمێر تۆرێس، پێیوایە لەرووی مێژووییەوە پۆپۆلیزم کوڕێ منداڵدانی قەیرانە سیاسییەکانە، بەتایبەت لەو چرکەساتانەی دامەزراوە رەوایی پێدراوەکان دەکەونە ژێر پرسیاری جیددی و گومانگەلی زۆرەوە. بۆیە ئەو دەڵێت “پۆپۆلیزم خۆی لە خۆیدا کێشەیەکی سیاسییە، لەسەروەختی قەیرانەکانی پەیوەست بە نوێنەرایەتی سیاسیی گەشە دەکات و تا سەر ئێسقان دژ بە دیموکراسییە.”. ئەو پێیوایە سەرکردە پۆپۆلیستەکان ئەوانە لە دەرەوەی دامەزراوە شەرعیی و دیموکراسییەکان دروست دەبن، یان ئەگەر لە رێگەی ئەو دامەزراوانەشەوە بگەنە قووچەکی دەسەڵات، لەماوەیەکی کەمدا سەرلەبەری ئەو دامەزراوانە هەڵدەوەشێننەوە یان تووشی قەیرانی کوشندەی دەکەن، چوونکە ئەوانە رەوایی خۆیان بەناوی خەڵکەوە وەرگرتووە و پێیانوایە ئەو جۆرە دامەزراوانە دەسەڵات و خەونەکانیان سنووردار دەکات، لەم حاڵەتەشدا دەکەونە ناکۆکیی و پارادۆکسەوە لەگەڵ ئەو دامەزراوانە، هەنگاوی خێرا و پراکتیکی دەنێن بۆ رەنگڕێژکردنەوەی دەسەڵات لەدەرەوەی هەژموونی دامەزراوە دیموکراسییەکان و رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی، لە زۆر حاڵەتیشدا لە دەرەوەی پارتە سیاسییەکان و لەژێر هەژموونی سەرکردەیەکی کاریزمیدا.
بەشێوەیەکی بەرجەستە و گشتیی پارادۆکسێک هەیە لەنێوان نەریتی پۆپۆلیستی و سیستمی دیموکراسیدا، ئەمە وەک لەپێشەوە وتمان مانای ئەوە نییە پۆپۆلیستەکان رێگەکانی دیموکراسی بۆ وەرگرتنی دەسەڵات رەت دەکەنەوە، بەپێچەوانەوە کێشەی ئەوان لە دوای هاتنە سەر دەسەڵاتە لەگەڵ دامەزراوە دیموکراسییەکاندا. چوونکە لەجیهانبینی سیاسیی ئەواندا، هەمیشە جەماوەر لەسەروو دامەزراوە شەرعییەکانەوەیە، ئەمەش هەمان ئەو ناوەڕۆکەیە لە شۆڕشی فەڕەنسییەوە درێژ بۆتەوە تاکوو هەنووکە، بەوەی گەل یان خەڵک پیرۆزن بۆیە بە دەربڕینی تۆرێس “هەر کاتێک خەڵک ویستی، ئەوا نابێت دەستوور و دامەزراوەکان لە ڕێیاندا بوەستن”.
لە دیدی پرۆفیسۆر دیسپاسۆتۆدا، پۆپۆلیزم هەڕەشەیەکە لەسەر سیستمی دیموکراسیی و جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە ئەم تەوژمە تەحەدایەکیشە بۆ دیموکراسیی لیبرالی کە لە خۆرئاوا پیادە دەکرێت. ئەو بەروونی دان بەوەدا دەنێت “دەکرێت پۆپۆلیزم ببێتە هەڕەشە بۆ سەر زۆرێک لە گرنگترین رواڵەتەکانی دیموکراسییەتێکی سەقامگیر. بۆ نموونە دەبێت هەموو کەس پابەند بێت بە دیموکراسی و بە هەڵبژاردنەوە و رێز لە هەڵبژاردنەکان بگرێت کە گوزارشت لە ئیرادەی خەڵک دەکات. هەندێ جار پۆپۆلیستەکان ئەوەندە متمانەیان بەراست و دروستی خۆیان هەیە رێز لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن ناگرن”. لەهەمان کاتدا رێکخراوی “فریدۆم هاوس” کە بارەگای سەرەکی لە واشنتۆنە لە راپۆرتی ساڵی 2016 دوو تەوژم و جۆرە دەوڵەت بە هەڕەشەی پلە یەک بۆ سەر دیموکراسی ناودێر دەکەن ئەوانیش ئۆتۆکراسی و پۆپۆلیزمن.

پۆپۆلیزمی سیاسیی لە کوردستان

جیهان ئێستاکە بەدەست پەتای پۆپۆلیزمەوە دەناڵێنێت، چوونکە هەروەک گەندەڵی کە دیاردەیەکی گەردوونی سەرمایەدارییە، پۆپۆلیزمیش بۆتە دیاردەیەکی یونیڤرساڵ. کارەساتەکە لەوێیە دەوڵەت و حزبە سیاسییەکان بە دەسەڵاتدار و بەرهەڵستکاوە دەردەداربوون بەو نەخۆشییە سیاسییە. ئەگەر سەدەی بیستەم بەدەربڕینی “هۆبسباوم” سەدەی توندڕەویی سیاسیی و دەسەڵاتی مەیلە تۆتالیتارەکان بووبێت، ئەوا ئەم سەدەیە سەدەی پۆپۆلیزمە. ئەوەش دەربڕینی پرۆفیسۆری هۆڵەندیی “کاش مودە”. نێوبراو لە لێکۆڵینەوەیەکدا بەناوی “پۆپۆلیزم بووەتە بیرکردنەوەی سەردەم” ئاماژە بەوە دەدات “لەگەڵ ئەوەی زۆربەی بیریاران رەخنە لەم دیاردەیە دەگرن، بەڵام وا دەردەکەوێت پۆپۆلیزم هەر بەهێزتر دەبێت”.
کوردستان وەک بەشێک لەو گوندە جیهانییەی بەهۆی شۆڕشی پەیوەندییەکانەوە دروستبووە، بەخێرایی بەهۆی نەبوونی سیستمێکی بەهێزی دیموکراسی و غیابی دامەزراوەکان، نەریتی پۆپۆلیزم ئەندێشەی سیاسەتی باوی گرتۆتەوە، بڵاوبوونەوەی تێفکرینی پۆپۆلیستی لەم بەشەی باشووری کوردستان وەک خێرایی هەڵمەتی ئاگرە لە پوش و پەڵاشی وشکبوو. وەنەبێ ئەمە دیاردەیەکی تایبەت بێت بەخودی دەسەڵات، بەڵکو کارەساتەکە لەوێدا گەورەتر خۆی دەنوێنێت ئەم نەریتە بۆتە بەشێکی سەرەکی لە دنیابینی ئەو هێزە بەرهەڵستکارانەی خۆیان وەک ئەڵتەرناتیڤی دەسەڵاتی سیاسیی دەبینن، ئەوان ناتوانن میکانیزمێکی تر بۆ رەوایی سیاسیی خۆیان بدۆزنەوە جگە لەو گووتارە پۆپۆلیستییەی هەڕمێنی پێدەدەن، لەو سۆنگەیەی هەمیشە بەناوی جەماوەر و گەلەوە فۆرمۆڵەبەندیی دیسکۆرسی رەخنەیی خۆیان دەکەن.
لە راستیدا ئەو مەیلە پۆپۆلیستییە وێرانخوازەی لای ئۆپۆزیسیۆنی کوردیی هەیە، چەند قات لەو گەندەڵی و بەهەدەردان و خۆسەپێنییەی دەسەڵاتی سیاسیی کوشندەترە، چوونکە روانگەی ئەو ئۆپۆزیسیۆنە وێرانکردنی هەموو شتێکە لە پێشدا، پاشان بیناکردنەوەیەتی بەو فۆرمەی خۆیان ئارەزووی دەکەن، ئارەزووەکانیشیان نەیتوانیوە ئەو خواستانەی دەسەڵاتی هەنووکە تێپەڕێنێت کە ئێستا پیادەی دەکەن. لە دیتنی “ڤیلادیمێر تۆرێس”دا، پۆپۆلیزم نەک هەر هەڕەشەیە بۆ سەر دامەزراوەکان و خودی دیموکراسی “کە ئەو دووانە هێشتا دروشمن لە کوردستان نەک واقیع”، لە هەمان کاتدا هەڕەشەیەکە لەسەر ئاسایشی کۆمەڵایەتی، وەک ئەو دەریدەبڕێت “پۆپۆلیزم هەڕەشەیەکی جیددییە لەسەر دیموکراسی، چوونکە دەبێتە مایەی دابەشبوون و جەمسەرگیریی و نالێبوردەیی و دژایەتیکردنی فرەیی، هەروەها لەسەر کەڵکوەرگرتن لە درز و کەلێنە چینایەتی و رەگەزیی و ئیتنی و دابەشبوونی شار و گوندەکان گەشە و نەشونما دەکات”.
لە کوردستان ئێمە بەروونی ئەوە لە گووتاری دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆندا دەخوێنینەوە، چۆن هەریەکێکیان بە نۆرەی خۆی کار لەسەر تۆخکردنەوەی ئەو نەزعە پۆپۆلیستییە دەکات و دەیەوێ بیکاتە گووتار و جیهانبینی سیاسیی باڵادەست، لەوانەیە رێگە بەخۆم بدەم و بڵێم لە کوردستان هاووڵاتی بوونی نییە، “چەمکی هاووڵاتیبوون بابەتێکی ئیشکالییە و لێرەدا ناگەڕێمەوە سەری”، ئەوەی هەیە جەماوەرە یان گەلێکە کە کەوتۆتە ژێر هەژموونی ئایدیای تەوژمە راست و چەپ و ئیسلامییەکانی پۆپۆلیزمەوە، بەڵام روونتر لە کارنامەی ئەو هێزانەی خۆیان لە ژێر ناونیشانی ئۆپۆزیسیۆندا مانیفێست کردووە، بەر ئەم پۆپۆلیزمە دەکەوین و هەستی پێ دەکەین.
ئەگەر وردبینەوە لەو گووتارە میدیاییەی ئەو لایەنانە لە نزیکەوە بەو فاکتە ئاشنا دەبین، چۆن ئۆپۆزیسیۆنی سیاسیی لە کوردستان کەوتۆتە نێو گێژاوی کورتبینی رامیاریی و ناروونی ستراتیژ و بێ بەهاکردنی دامەزراوەکان “ئەگەرچی وەک پێویستیش نین” کە هەموو ئەمانە خەسڵەتی سەرەکیی رەوتە پۆپۆلیستییەکانن. پرۆفیسۆر دیسپاسۆتۆ پێیوایە: پۆپۆلیستەکان جیهانبییەکی سادەیان هەیە، واقیعەکە بەو جۆرە دەبینن سەرکردەیەکی بەهێز دەتوانێت سەرکردایەتی نەتەوە بکات و بە باشترین شێوە بەرژەوەندییەکانیان بهێنێتەدی کە سیاسەت مەسەلەیەکی سادەیە و تەنیا کردەوەی پێویستە. پۆپۆلیستەکان رکابەرەکانیان بە گەندەڵ و بە بەشێک لە کێشە گەورەکە دەزانن، لەبەرئەوە لە زۆرێک لە حاڵەتەکاندا پێیانوایە هەڵبژاردن کۆسپە لەبەردەم چارەسەرییدا.
ئەگەر بەوردی سەیری پراکتیکی سیاسیی ئۆپۆزیسیۆن بکەین “رۆشنبیری کورد بەشێکە لە ئۆپۆزیسیۆن”، دەیانەوێ بە چەند ئەکشنێکی کودەتا ئامێز و بەناوی گەلەوە هەوڵی گۆڕینی قوچەکی دەسەڵاتی سیاسیی بدەن، ئەم نموونەیە لە رووداوەکانی 17ی شوبات و رۆژانی دواییدا بە زەقی دەبینرا، کە چۆن چەند سەد کەسێک بەناوی تێکڕای گەلەوە وتاریان دەدا و شەرعیەتی یاسایی حکوومەت و پەرلەمانیان دەخستە ژێر پرسیار. لێ دوای پێنج ساڵ سەرۆکایەتی هەرێم و پاشتریش لە ئەمساڵدا پەرلەمان شەرعیەتی یاساییان نەما، بەڵام لەگەڵ ئەوەدا گووتاری پۆپۆلیستی ئۆپۆزیسیۆن یارمەتیدەرێکی باش بوو بۆ ئەو بارودۆخەی هاتۆتە پێشەوە، چوونکە ململانێکە بەهەمان کەرەستە و میکانیزمی دەسەڵاتە پۆپۆلیستییەکەیە. رێگای تر لەدەرەوەی رێگاکانی پۆپۆلیزم و زیهنیەتی دەسەڵاتی ئێستا، شک نابەن. بەکورت و کرمانجیی هەردوولا، واتا لایەنی ئۆپۆزیسیۆن “بێگوومان بە رۆشنبیرانیشەوە” لەگەڵ لایەنی دەسەڵات، دوو مۆدیلی سیاسیی جیاواز نین، بەڵکو هەردووکیان لەسەر ئەو کەلەپوورە کلاسیکییەکەی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕیی دەژین کە لە بناغەوە یەکێک لە هۆکارەکانی دروستبوونی ئەم دۆخە.

رۆشنبیرانی پۆپۆلیست لە کوردستان

رۆشنبیرانی کورد ئەو مۆدیلەیان سەپاندووە بەسەر خودی خۆیان و کایەی رۆشنبیریی کوردییدا، یەکێک لە مەرجەکان یان یەکێک لە کارە هەرە سەرەکییەکانی رۆشنبیر بەرهەڵستکاریی دەسەڵاتە، ئەمە خۆ حەپسکردنە لە بازنەیەکی داخراو و بچووکدا، چوونکە کاری رۆشنبیریی تەجرید دەکات لە هەر وەزیفەیەکی تر یان لە ئەرکی سەرەکیی خۆی کە بریتییە لە بەرهەمهێنانی مەعریفە لەهەموو بوارە جیاوازەکانی ژیاندا. نامەوێ ئەوە بڵێم کاری رۆشنبیریی بریتی نییە لە رەخنە، بەپێچەوانەوە کاری رۆشنبیر لە هزرینی مندا بریتییە لە هەڵسەنگاندنی دنیا و پێدراوەکان بە دیدێکی رەخنەگرانە، بەڵام رەخنەیەکی فراوان و هەمەلایەنە و دوور لە تەرەفداریی. کاری رۆشنبیر بریتیی نییە لە بوون بە بەشێک لە ئەجیندای هێزە بەرهەڵستکارەکان. ئەگەر بەروونتر قسە بکەین لە رۆشنبیر لە حاڵەتی کوردیدا ئەو کەسانەن دەسەڵات سووک دەکەن و دڵداریی لەگەڵ جەماوەر دەکەن، بەمانایەکی تر هەر کارێکی تر بکەیت چەندێک ئەکتیڤ بیت لە کایەی رۆشنبیریشدا بەجۆرێک لە جۆرەکان “کۆیلە”یت!!.
تراژیدیاکە لەوەدایە رۆشنبیرانی کورد زیاد لە پیاوانی سیاسەت بەشدارن لە بەرهەمهێنان و رەواجدان بە گووتاری پۆپۆلیستی، لەو سۆنگەیەی رۆشنبیری کورد خۆی بە نوێنەری ویژدانی خەڵک و گەرووی گەل شوناس دەکات، لە کاتێکدا دووانەی گەل و دەسەڵات جمکێکی پێکەوە بەستراون، کولتووری دیموکراسی بریتییە لە پڕکردنەوەی ئەو کەلێنانەی لەنێوان دەسەڵات و توێژە کۆمەڵایەتییەکاندا دروست دەبێت، هەرچی پۆپۆلیزمە دەیەوێ قڵشت بخاتە نێوان ئەو دووانەیە. بۆ ئەوەی بەدکەڵکی لە دنیابینی ئێمە وەرنەگیرێت ناڵێم رۆشنبیر بۆی نییە داکۆکی لە چین و توێژە کۆمەڵایەتییەکان بکات، یان هەڵوێستی نەبێت لەمەڕ رووداوە گرنگەکان، بەڵام لێرەدا دەبێت بە دیقەت بین و بە ئاگاییەوە خاڵ بخەینە سەر پیتەکان کاری رۆشنبیر قسەکردن نییە بەناوی گشتەوە بەڵکو قسەکردنە لەسەر کۆی شتەکان.
رۆشنبیرانی کورد لە کەشوهەوایەکدا نەشونمایان کردووە، کەوتوونەتە دوای جەماوەر، بەشێوەیەکی گشتیش جەماوەر سروشتێکی مێگەلی هەیە و هەندێک پێیانوایە خەسڵەتێکی سۆزانیانەی هەیە. ئەرکی رۆشنبیر رۆڵگێڕانە لە رۆشنکردنەوەی جەماوەر لە رێی بیرۆکە و تەرحی نوێباوەوە، نەک دوای عاتیفەی هەڵچووی جەماوەر بکەوێت یان بەشێوەیەک لە شێوەکان هەوڵی خۆگونجاندن بدات لەگەڵ خەسڵەتە مێگەلییەکەی خەڵک، بەڵکو ئیشی ئەسڵی رۆشنبیر گۆڕینی سروشتی دەستەمۆیی و مێگەلی جەماوەرە، ئەم کردەیەش بە دروشم و گووتارە پۆپۆلیستییەکان ناکرێت، بەڵکو بە شیتاڵکردن و شرۆڤەکردنی دنیا و رووداوەکان و سەرلەنوێ پێناسەکردنەوەی چەمکەکان و گۆڕینی خەیاڵدانی خێڵەکیی و ئاینیی بۆ خەیاڵدانێکی مەدەنی و شارستانی دەبێت. لەم نێوەندەدا دەتوانین حاڵەتی کوردیی بە مەرگەساتێک بچووێنین، چوونکە لە دیتنی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن و رۆشنبیرانیشدا جەماوەر بە توێژێکی داماو و پاسیڤ پێناسە دەکرێت کە دەبێت یەکێکی تر بەناوی ئەوەوە بدوێت، یان زۆرجار وەک گای ئیسپانی بە پەڕۆیەکی سوورباو شێتی دەکەن و هەر کات ویستیان پەڕۆکە لا دەبەن و هێوری دەکەنەوە.
د.عەبدولحەمید ئەلئەنساری، پێیوایە ئەوانەی بە گووتاری پۆپۆلیستی پەمپ و جۆشی جەماوەر دەدەن، نەک دڵسۆزی جەماوەر نین، بەڵکو لە بناغەوە یاریی بە عاتیفەی گشتیی دەکەن و خاوەنی روئیایەکی دیماگۆگین. لە وتارێکیشدا دەنووسێ “وتاری پۆپۆلیستی وتارێکە دوورە لە ئاوەز و پڕە لە دنەدان و هاندان و ورووژاندن و دروستکردنی رک و کینە، ئامانجی ورووژاندنی هەستی خەڵک و پڕکردنێتی لە دوژمنایەتی بۆ ئەویتر.. سەرکردەی پۆپۆلیست رێبەریی خەڵک ناکات، بەڵکو جەماوەر رێبەریی ئەو دەکات، سواری کۆڵی شەپۆلی جەماوەر دەبێت، جەماوەر راست بێت یان هەڵە ئەو هەر کلکەسوتێی بۆ دەکات”. رۆشنبیرانی کوردیش بەهەمان شێوە، بگرە لەوە نێگەتیڤتر ئەوەیە کە رۆشنبیرانی ئێمە نەک سەرقاڵن بە بەرهەمهێنانەوەی گووتاری پۆپۆلیستی لە فۆرم و ژێر ناوی جیا جیادا، بەڵکو لە زۆرترین حاڵەتدا هەر خودی خۆیان ئەو کارەکتەرەشن رۆڵی رابەرە پۆپۆلیستەکان دەگێڕن و سەرکردایەتی جوڵەی شەقام دەکەن، بێ ئەوەی بپرسن ئایا ئەو جووڵە رەوایی هەیە یان نا؟ بێ ئەوەی بیر لە ئاقیبەتی ئەو ئەکشنە بکەنەوە کە ئەمان بە وتاری گڕدار جەماوەری سادە بەشێوەیەکی دیماگۆگی پڕ دەکەن لە کینەی وەهمی و تابلۆی یۆتۆپی “شەیتانی گەورە”.
ئەگەر ئێمە لە نێوەندی رووناکبیریی کوردییدا ئاڕاستەیەک لەو رۆشنبیرە پۆپۆلیستانە دیاری بکەین، باشترین نموونە گروپی “رەهەند”ە، بەڵام بۆچی ئێمە گروپی رەهەندمان کردە سەمپڵ؟ لەبەرئەوەی خاوەنی سەرەکیی ئەو گووتارە پۆپۆلیستییە ئەو گرووپەن و هەژموونیشیان هەیە بەسەر کۆی سیمای رۆشنبیریی کوردییدا لانیکەم لە باشووری کوردستان، لە هەمانکاتدا زۆرترین کاریگەرییان لەسەر نەوەیەک دروستکردووە کە هەموو جوڵەیەکی شەقام لەدەستیاندایە. دەکرێ بڵێن هەر ئەو گووتارە رەهەندییە پۆپۆلیستییە سەرکردایەتی هەموو ئەو جوڵانەوانە دەکات بەناوی جەماوەرەوە دەپەیڤن. ئیشکالیەتی گروپی رەهەند بەتایبەت “مەریوان وریا قانع، ئاراس فەتاح” بەپلەی یەکەم “رێبین هەردی و فاروق رەفیق” بە پلەیەکی تر ئەوەیە پێیانوایە هەرچی چەمک و دیاردەی کۆمەڵگەی کوردیی هەیە، بەشێوەیەکی هەڵە پێناسەکراون، ئەمان جارێکی تر پێناسەیەک بەپێی ویست و دڵخوازی خۆیان بە باڵایدا دەبڕن، پاشتریش هەموو شتێک لە دامەزراوەکان دەسەننەوە و دەیدەنە دەستی شەقام و جەماوەر “وەک ئەوەی لە 17ی شوباتدا بەروونی بینرا”.
سیمای زاڵ بەسەر ئەدگاری رۆشنبیریی کوردییدا ئەو فۆرمە پۆپۆلیستییەیە گروپی “رەهەند” بەهاوکاریی لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن بەسەریاندا سەپاندووە، دەکرێت بڵێین ئەو گەنجانەی بوونەتە نەواتی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسیی لە باشووری کوردستاندا، بە تیۆر و روانگەکانی ئەوان پەروەردە و ئامادەکراون، یان لەژێر هەژموونی تێزە پۆپۆلیستییەکانی رەهەنددان. جیاواز لەمەش دەنگی تر هەیە لە کایەی رووناکبیریی کوردییدا بەڵام لەناو غەڵبەغەڵبی ئەو فەزا پۆپۆلیستییەدا سەدایان خنکێنراوە و ناگاتە هیچ کوێ، بەشێوەیەکی سروشتیش جەماوەر مغازەلەکردنی پێ خۆشە و زیاتر دەکەوێتە ژێر رکێفی ئەو تێزە ستایشگەرانەی بە مەغدووریەتیدا تەرح دەکرێ، یان ئەو لاواندنەوە رۆشنبیرییەی تەنیا لە دنیای کورییدا بوونی هەیە بۆ راکێشانی عاتیفەی جەماوەر. لەم روانگەوە رۆشنبیرانی ئێمە پاژنەی ئەخیلی خەڵک یان جەماوەریان دۆزیوەتەوە و کار لەسەر رۆشنکردنەوەی ناوچەکانی بیرکردنەوەی تاک ناکەن، بەڵکو هەموو هەوڵێکیان بۆ ورووژاندنی جوگرافیاکانی هەست و سۆزە.
لە کورتترین دەربڕیندا دەمەوێ ئەوە بڵێم، رۆشنبیریی سائیدی ئەمڕۆی باشووری کوردستان ئەو رۆشنبیرییە پۆپۆلیستییە کە ناتوانێت لەگەڵ دنیای مودێرن و رۆحی دیموکراسییدا هەڵبکات، لێ بۆ من دیموکراسیی نموونەیترین سیستم نییە، بەڵام لەحاڵی حازردا تاکە سیستمی باڵادەستە کە زۆرترین دەستکەوتی بۆ مرۆڤ و ژیانێکی شایستە دەستەبەر کردووە. نهۆ مەیدانەکە بەدەست ئەو رۆشنبیرانەوەیە تاکی کوردیی و زیهینیەتی کوردیی بە رق و کینە دەئاخنن، هەر بۆیە سێکتەرەکانی تری ژیان بەرەو وێرانبوون دەچن، چوونکە رۆشنبیر مەیدانی خۆی گواستۆتەوە بۆ چالاکی سیاسیی و بەرهەمهێنانی دیسکۆرسی پۆپۆلیستی، نەک هەر بووەتە پاشکۆی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسیی، ئەو روانگە پۆپۆلیستییە کردوویەتی بە پاشکۆی جەماوەریش. کارەساتەکە لێرەدا چەند قات گەورەتر دەبێتەوە.

ئەنجامگیریی

شتێک کە دەبوو پێشتر روونی بکەمەوە، ئەوەیە: من جیاوازیی دەبینم لەنێوان رۆشنبیر لەگەڵ رۆژنامەوان و ئەکتیڤیستە مەدەنییەکان، چوونکە ئەو تێکەڵکارییە هەیە لە تێڕوانینی گشتییدا، پێشتر لەسەر درمەکانی نێو رۆژنامەوانان قسەم هەبووە، کە لەبری ورووژاندنی پرسیار، کاریان بووە بە وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارانەی دەشێ خۆیان لە جێگەیەکی تر و لە کەسانی تر وەریبگرن، هەروەها رۆڵی رۆشنبیریش لە بری تیۆریزەکردنی پرسیارە جیددییەکانی ناو کۆمەڵگە لە بۆتەی تێز و تەرحی نوێدا، کاریان بووە بە جوینەوە و بەرهەمهێنانی دیدگایەکی پۆپۆلیستی ترسناک، کە لە هەگبەکەیدا تەنها شکاندنی شکۆ و بەهای هەموو شتێکی هەڵگرتووە، تەنانەت خاڵییە لە ئەڵتەرناتیڤ و جێگرەوە.
رۆشنبیری کورد زیاتر کەسێتییەکی باکۆنینی هەیە و ئەنتی دەسەڵاتە بەمانای “بۆردیۆ”یەکەی، بەڵام ئەم ئەنتی دەسەڵات بوونە، لە خۆیدا پڕۆژەیەکی فیکریی نییە، بەڵکو هەموو وەزیفەی رۆشنبیریی لە دژایەتیکردن و دێواندنی دەسەڵات و دڵداریکردن لەگەڵ جەماوەردا کورت کردۆتەوە. هەرچەند لە روانگەی “پییەر ئەندرێ” گووتاری پۆپۆلیستی گووتارێکە سەد دەر سەد دژی نوخبە، لەگەڵیدا ئەو گووتارە سیاسەت بەکارێکی ئاسان و لە توانای هەر کەسێکدا دەبینێت، بەڵام هێشتاکە نوخبەی رۆشنبیریی کورد هەروەک دۆنکیشۆت بەسواری گوێدرێژەکەیەوە خەون دەبینێت و سەرقاڵە بە موغازەلەکردنی شەقام و جەماوەر. کارەساتەکە لەوێدا تاڵتر خۆی دەنوێنێت ئەو تەرزە رۆشنبیرە خۆیان بە نوێنەری دیموکراسی لەقەڵەم دەدەن، بەڵام بێئاگان لەوەی کەوتوونەتە گۆماوی لیخنی پۆپۆلیزمەوە.

—————————————–

تێبینی: ئەم توێژینەوەیە بەشی دووەمی کتێبی “گووتاری پۆپۆلیستی و خەونی بچووکی رۆشنبیرانی کورد”ە کە لە سەرەتای ساڵی 2018 بەشێوەی کتێبی کاغەز لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات بڵاوکراوەتەوە.




جیهانی پاش تەنگژەی کرۆنا .. حەمید تەقوایی

ئەم دەقە لەسەر بنەمای قسەوباسێک لە سیمینارێکی ئینەتەرنێتیدا ئامادەکراوە کەلە ٢٥\٤ئەنجامدراوە نوسراوەتەوە
حەمید تەقوایی

هەمووتان بەخێر بێن.ئەمەوێت لە کۆبونەوەی ئینەتەرنێتی ئەمڕۆماندا سەبارەت بە بارودۆخی پاش کرۆنا قسەبکەین.سەرەتا من ماوەی ١٥ خولەک قسەدەکەم و دواتر خۆشەویستان دەتوانن ڕاو بۆچونی خۆیان وە ئەگەر پرسیارێکیان هەبێت بیکەن وەیان ئەگەر باسێکیان هەبێت بیخەنەڕو.
سەرەتا بۆ چونە ناو باسەکەوە پێویستە بەشێوەیەکی کورتیش بێت وەک بوە بڵێین لەبنەڕەتدا چی ڕویداوە کە دونیای گەیاندوەتە ئەم جێگایە.ئەبێت سەرەتا سەیرێکی ڕابردو ئێستا بکەین.ئەبێت بزانین لە کوێدا وەستاوین هەتا تێبگەین کە بۆ کوێ دەڕۆین.
سەبارەت بەوەی کە دونیا چۆن گەشتوەتە ئێرە.من هەمیشە وتومە کە کرۆنا وەکو نەخۆشی سەرچاوەکەی ڤایرۆسە بەڵام وەک تەنگژەیەکی کۆمەڵایەتی، سەرچاوەکەی ڤایرۆس نیە ئیتر ،بەڵکو زادەی ئەزمەی سەرمایەداریە.ئەم بارودۆخەی کەلە دونیادا هەیە بێ چارە سەرنەبوو نەک هەر بێ چارەسەر نەبوو بەڵکو دەتوانرا بەتەواوی کۆنترۆڵ بکرێت وە تەنگژەکەش هیچ نەبوو،تەنانەت بە نەخۆشیەکی جدیش هەژمار نەدەکرا.زۆر لەوەوبەر دەیانزانی وە بەتەواوەتی پێشبینی کراوبوو.دەتوانرا بەتەواوەتی ڕێگری لێبکرێت.لەگەڵ ئەوەشدا دەوڵەتەکان دەست لەسەردەست دانیشتن وکارێکیان ئەنجام نەدا هەتا بارودۆخەکە گەیشتە ئێرە.
ئێوە دەزانن کە زۆرێک نزیکەی شەش حەوت ساڵ لەمەوبەر پێش بینی ئەمەیان کردبوو،ئەو کاتەی کە ئیبۆلا وسارس وهیتر دەرکەوتن هۆشداری ئەوەیاندا کە زنجیرەیەک لە نەخۆشیە پەتاییەکان هەڕەشە لە دونیا دەکەن.دەگەڕێتەوە کوشتار دەکات وە ئەبێت بیر لە ئامادەکاریەکانی بکرێتەوە .بەم پێیە هەموان دەیانزانی.مەسەلەکە ئەوەیە کە هیچکەس غافگیر نەبوە،ئەگەر کارێکیان نەکردوە زۆر بەسادەی لەبەر ئەوەی کە سیستەمی سەرمایەداری کارو سەرمایەگوزاری لەمەیدانی پزیشکی وبەتایبەتی توێژینەوەی پزیشکی و پێشگرتن بەنەخۆشیەکان،لەبەر چاوچنۆکی نیە،کەسەرمایەگوزاری ناکەن.خواستی ئەو کارەیان نیە.تەنانەت ئەو سەرمایانەش کەلە بەشی بیمە کۆمەڵاتی وتەندروستی ودەرمانی وهیترەکاندان بەرژەوەندی ئەوان لەوەدایە کە نەخۆشیەکان پەیدابن،نەخۆشیەکان بڵاوببنەوە هەتا ئەوان بتوانن دەرمانەکانیان بفرۆشن.سەرئەنجام ڤاکسین ئەو بازاڕەی نیە کە دەرمانی نەخۆشیەک کە هەموو ساڵێک توشی دەبن و بەردەوام ئەبێت دەرمانەکانی بکڕن.مەبەستم ئەوەیە کە ئەم مەسەلەیە پەیوەندی بە نیازو وخواست و سیاسەتی کەسێکەوەنیە بەڵکو میکانیزم وکارکردەکانی نیزامی سەرمایەداری ئەوە ی پێویست نیەکە یەکێک بڕاوات ولە بەشی توێژنەوەی پزیشکی و پیشگرتن بەناخۆشیەکان سەرمایەگوزاری بکات.
هەموو دەستەوەستان دانیشتن هەتا سەرئەنجام ئەمە ڕویدا.لایەنێکی تری کیشەکە ئەوەیە هەروەک دەزانن بەتایبەت لەم چەند دەیەی دواییدا لەگەڵ سیاسەتی سک هەڵگوشینی ئابوری وکۆنسێرڤەتیڤی نوێ ونیولیبرالیزم وهیتر بەردەوام هێرشیان کردوەتە سەر خزمەتگوزرایە تەندروستی ودەرمانیەکانیان،لەزۆر بەی وڵاتاندا لەگەڵ کەمی کادری پزیشکیدا ڕوبەڕوبون،تەنانەت لە وڵاتە پیشەسازیەکانی ڕۆژئاوادا.بودجەی خزمەتگوزاری دەرمانی وکۆمەڵایەتی وهیترەکان کەمترو کەمتر بون ولەبەرامبەردا بۆ بەشەکانی تری وەک سوپاو کاروباری چەک وچۆل وکۆمەک بۆ سەرمایانەی کەلە حاڵەتی شکستهێناندا بون پاش تەنگژەی٢٠٠٨ وهیتر کرا. بەوپێیە لایەنێکی تری کێشەکە ئەوەیە کە نەک تەنها پێشگیری نەکرا بەڵکو تەنانەت سیستەمی پزیشکی بەرداوام لە هەموو جێگایەکی دونیا لاواز بوو.لەو شوێنانەی کە کەرتی تایبەت ئەواانەی بەدەستەوە گرت ولەو جێگایانەش کە بەشێک بون لە سیاسەتی دەوڵەتی و بیمە کۆمەڵایەتیەکان ئەوانەش وردە وردە دەستیان کرد بەتایبەتی کردن.ئەنجامەکەی ئەوە دەرچوو کە دەیبینین.

پارێزگاری نیۆرک ماوەیەک لەمەوبەر چەند خاڵێکی وروژاند کە بەئاشکرا نیشانی ئەدات بارودۆخەکە چۆنە..ئەو وتی ئێستا نەخۆشخانەکان بۆ ئامادەکردنی ماسک وئامیرەکانی هەناسەدان وشتیتر کێبڕکێی یەکتر دەکەن وە بەزیادکردن وداشکاندن دەچنە جەنگی یەکترەوە.سەبارەت بە نەخۆشخانەی وڵایەتەکانی ئەمریکا ئەیوت.لەکاتێکدا کە بۆ ڕێگری لە نەخۆشیەکی لەو شێوەیە ئەبێت یەک سیاسەتمان هەبێت،ئەبێت هەوڵ بدەیت،ئەبێت لەپەنای یەکدا بوەستین،ئەمەوێت بڵێم کاتێک ئێوە سەلامەتی خەڵک دەسپیرن بەچاودێری و کێبڕکێی وکەموزیادکردنی بازاڕ ئەو باروودۆخە ڕوئەدات کە ئێستا لە ئەمریکا دروست بوو.لە نێو دوو کەوانەدا بڵێم کە دەزانیت لە ئەمریکا ژمارەی کوژراوان لە پەنجا هەزار تێپەڕیوە نزیکەی نۆسەدهەزار توشبوی هەیە.پێم وایە لە دوو سێ ڕۆژی داهاتودا سنوری یەک ملیۆن کەسیش تێپەڕێنێت. واتە دانیشتوانی ئەمریکا لەسەدا چواری دانیشتوانی دونیایە بەڵام ژمارەی ئەوانەی بەکرۆنا گیانیان لەدەستداوەو ژمارەی توشبوەکان بەکرۆنا نزیکەی لە سەدا چلی هەموو ئەم حاڵەتانەیە لە دونیادا.ئەمە دۆخەکەیە ئیستا ئەمە دۆخی گەورەترین ئابوری جیهانە.ئەمەوێت بڵێم کە هەموو سیستەم،چ لەڕوی توێژینەوەو کارو ئامادەکاری وکەلوپەل بۆ پێشگیری لە نەخۆشی هەموو سیستەمی دەرمانی لەم وڵاتانەدا،لە لاوازترین دۆخی خۆیدایە وەلە ئەنجامدا ڤایرۆسێک توانی بەم شێوەیە هەموو دونیا ئیفلیج بکات.ئێستا کاتێک سەیری بارودۆخی ئەمڕۆ دەکەین دەبینین کە هەموو دەوڵەتەکان قسەیان ئەوەیە کە باشە،چی لەئابوری بکەین؟ئابوری نوستوە وە وردەوردە زەمزەمەی ئەوە هەیە کە چەرخەکانی ئابوری بخەنەوەگەڕ،لە ئەمریکا ولایەتەکان یەک لەدوای یەک سەرقاڵی وەگەڕخستنەوەی بەرهەمهێنان و کارو پیشەن.هەندێک لە دەوڵەتەکان دەڵێن زیاتر ئارام دەگرین وە پێوەرێکیان بۆ گەڕانەوە سەرکار دیاریکردوە.و هیتر.بەڵام سەربەخۆ لەوەی کە چ سیاسەتێکیان هەیەو بە قەولی خۆیان کەی بیانەوێت ئابوری بخەنەوەڕێ.کیشەکە ئەوەیە کە کۆمەڵگە ئیفلیج بوە.نزیکەی سێ مانگە کۆمەڵگە لە دۆخی ڕاوەستاندایە.بەشی زۆری خەڵک لەماڵەکانیاندان.نەک تەنها کارو بەرهەمهێنان بەڵکو هاتوچۆو جەژن و هونەر ووەرزش و لەدەوری یەک کۆبونەوە قوتابخانەو زانکۆو هەموو شتێک نوستوە. خەڵک تەنانەت جورئەتی ئەوەیان نیە بڕۆن بۆ بازاڕ کردن.ناتوانن بڕۆ پیاسەیەکی ناو شەقامەکان بکەن.واتە ئەزمەیەک هاتوە کۆمەڵگەی ئیفلیج کردوە.
ئەو کۆمەڵگەی کە ئیفلیج بوە کۆمەڵگەیەکە کەلەژێر کۆنترۆڵی سەرمایەداریدایەوە بەتایبەتی سەرمایەداری ئەتوانێت بارودۆخی بەرهەمهێنانەکەی دیاری بکات،سیاسەتەکەی دیاری بکات.هاتوچۆی مرۆڤەکان هەتا کۆبونەوەکانیان،فەرمانگەکان،کارگەکان ، ناوەندەکانی کار،هەموو ئەمانە لەسەر بنەمای هەمان بناغەی دەستکەوت وقازانج وکۆنترۆڵ لە بازاڕی ئازاد و هیتردا ڕێکخراوە ئەوە ڕژێمی سەرمایەداریە کە لەکار کەوتوە،ئێستا کە گەشتوینتەئیرە،ئیستا کە سەرمایەداری کارەکەی بە ئیرە گەیاندوە.جگەلەوە ڕیگایەکی ترمان نیە،ناچارین کە لەماڵەکانمان دانیشین.هەڵەکەیان لەوەدا نیە کە دەڵێن لەماڵەوە دانیشن،هەڵەکەیان ئەوەیە کە بارودۆخێکیان دروست کردوە کەناچار بون کۆمەڵگە خانەنیشین بکەن.ئاکامی دەرونی وکۆمۆمەڵایەتی ئەم بارودۆخە خۆی ئەبێتە سەرچاوەی کێشەو مەشاکیلێکی زۆر بۆ خەڵکی دونیا.هەر ئەمڕۆ بەشی زۆری کۆمەڵگە کە کاردەکەن،چینی کرێکار،بێکاران،کاسبکاران، بەشێ هەژاران وبێبەشان ئەوانەن کەناتوانن لەماڵ دانیشن وژیانیان بەڕێوەبەرن.ئەم ناکۆکیە بۆتە هۆکاری ئەوەی کە هەندێک لە دەوڵەتان کۆمەکێک ئەدەن.سیاسەتێکیان بۆ ئەم کۆمەکانە دیاریکردوە.سەرئەنجام ئەم کۆمەکانەش وەڵام نادەنەوە،چونکە بەش ناکەن ولە باشترین حاڵەتدا کاتیە.کەس نازانێت کەئەم تەنگژە بەچ سەختیەک وهەتاکەی بەردەوام ئەبێت.
من دواتر باسی ئەوە دەکەمەوە کە ئەبێت چی بکرێت.هەرچۆن بێت ئێستا ناکۆکیەکان ئاشکران لە کۆمەڵگەکاندا وئەویش وەک دەڵین دوڕیانی ژیان یان نان دەخاتەبەردەم.واتە خەڵک دەبێت یان لەبرسێتیدا بمرن یان بەکرۆنا،ڕێگای سێهەم لە ئارادانیە،ئەمە ئەو بارودۆخەیە کە ئەوان بۆ دونیایان دروست کردوە وە ئەمە تێدەپەڕێت،هەم وەک سیستەمێک کە ئەم تەنگژەی دروست کردوە و هەم وەکو سیستەمێک کاتێک تەنگژەکە دروست بوو نەیتوەنی وەڵامی گونجاوی پێبداتەوەوئەمەش بویە هۆی گیان لەدەستدانی ژمارەیەکی زۆر.
ئەو ناکۆکیانەیە کە بۆ خەڵکیان هێناوەتەکایەوە. ناکۆکیەکی وەها لەبنەڕەتدا دەتوانرا دروست نەبێت،ئەمڕۆ،بەڵێ بارودۆخی سەرمایەداری بەم شێوەیەیە،بەڵام سەرمایەداری خۆی بەرپرسیارەلێی نەک ڤایرۆسێک.ئەمەش باردۆخی ئیستای دونیایە کە بەردەوام ئەبینین ژمارەی مردوەکان لە زیادبوندایە،ژمارەی توشبوان بەرز دەبێتەوە،خەریکە لەسنوری دوو ملیۆن کەس نزیک دەبێتەوە،لە ئەمریکا دەگات بە ملیۆنێک و کوژراوەکانیش دەگاتە چەند سەد هەزار کەس ئەم بارودۆخەیە کە بۆ خەڵکی دونیایان هیناوەتەکایەوە.
باشە، بەرەوکوێ دەڕۆین؟ێمە چ داهاتویەک چاوەڕوانمانە؟ ئاشکرایەلە کۆتاییدا ئەم ئەزمەی کرۆنایەش دەگاتە سەرئەنجام و کۆتایی دێت.ئێستا ئەبێت هیواخوازبین وە هەوڵ بدەین کە ئەم ڕوداوە بەکەمترین کوشتار کۆتایی بێت.بەڵام هەرچۆن بێت،سەربەخۆ لەوەی کە چ کارەساتێکەو ئەبێت خەڵک چەندی لێ بکوژرێت هەتا ئەم ئەزمەیە تێپەڕێنێت،ئەمەش چەند هۆکاری هەیە.
یەکەم ئەوەی تا ئەو جیگایەی کە پەیوەستە بە ئەزمەی ئابوریەوەهەموان پێشبینی ئەوە دەکەن کە سەخترین تەنگژەی ئابوری لەبەردەماندایە تەنانەت لە دەیەی ١٩٣٠کان خراپترە واتە ئەم بارودۆخە لە ڕوی مەوداوە.لەڕوی ژمارەی بێکارانەوە،لەڕوی ئیفلاسی،لە کار کەوتنی زۆرێک لە سەرمایەو تەنانەت زۆرێک لە بەشەکان بێ وێنەیە.ئەزمەیەکی واقوڵ وفراوان کەلەم سەدساڵەیی دوایدا هاوشێوەی نەبوە.
خاڵی دوهەم ئەوەیە کە ئەم ئەزمەیە تەنها لەسنوری ئابوریدا نامێنێتەوە.تەواوی نیزامی سەرمایەداری دەخاتە ژێر پرسیارەوە.نەک تەنها لەلایەن چینی کرێکار یان چەپ وکۆمۆنیستەکان یان جەماوەری خەڵکەوە بەڵکو لەلایەن دەستەبژێرو شارەزایانی بۆرژوازی خۆیەوە،چونکە دەزانن ئەم بارودۆخە ناکرێت بەردەوام بێت.لەناویاندا ئاغای کیسنجەر،کە بە ستراتیژی داڕێژەری جێ باوەڕی کاپیتالیزم لە دونیادا هەژمار دەکرێت.پێشبینی ئەوەی کردوە کە توندترین پێکادان وئاڵۆزی لە ڕێدایە.ئەمانەوێت بڵێین کە باس بەتنها لەسەر ئابوری نیە.باس لەسەر ئەوەیە کە سەرمایەداری لەم ئەزمەیەدا بە توندی وفراوانی کەوتوەتە ژێر پرسیارەوە،هەم وەک سیستەمێک کە ئەم ئەزمەی خولقاندوە وە هەم وەک سیستەمێک کە ئەم ئەزمەیە ڕویدا نەیتوانی وەڵامی گونجاو بداتەوە و ژیانی لە ژمارەیەکی زۆر سەندەوە.
ئەمە یەکەمین ئەزمەیە کە هۆکارەکەی میکانیزمەکانی ئابوری سەرمایەداری نیە.هەروەک دەزانین لە ئەزمەکانی پیشویاندا قازانج کەم دەبویەوە،بەرهەم کەم دەبویەوە.داواکاری کەم دەبێتەوە،بەمانایەک زێدە بەرهەم دێتەکایەوە.ئەوکاتە لەگەڵ ئەزمەیەک ڕوبەڕوین کە درێژەدان بەم شێوە بەرهەمهێنانە ئیتر سودێکی بۆ سەرمایەداری نابێت ئەبێت لەگەڵ بێکار کردنەکان و لەگەڵ برسی کردنەکان وپشتوێن توندکردنەوەکان وهیتر خۆیان لەم ئەزمەیە دەربازبکەن.بەڵام ئەمجارە هۆکاری ئەزمە ئابوریەکە لە ئابوری خۆیدا نەبوە بەڵکو بەڕواڵەت ڤایرۆسێک بوە.نەخۆشیەک کەبوە هۆکاری خەواندنی کۆمەڵگە،وە عامیدانە ئابوری بخەوێنێت،ناچارن کەبیخەوێنن.واتە یان مردن یان لەماڵەوە دانیشتن.باشە،خەڵک ناڕۆن مردن هەڵبژێرن.ئیستا گەشتونەتە دوڕیانێک کە لەو لاوە سەرمایەکەیان خەریکە زەرەردەکەن و ئیفلاس دەکەن،وە ناچارن کرێکاران بنێرنەوە سەرکار.
ئەم پێشهاتە هەرچۆنێک کۆتای بێت کەسانێک کە دەڕۆنە سەرکار ئیتر بەو شێوەیە سەیری دونیا ناکەن کە پیش کرۆنا سەیریان دەکرد.ئیتر فەلسەفەی کۆمەڵایەتی و فەلسەفەی سیاسی سەرمایەداری وتواناکەی لە ئیدارەی کۆمەڵگەو هیتر هەمویان بە قوڵی کەوتۆتە ژێر پرسیارەوە.وە تەنانەت ئەو دوربین وچاکەخوازەکانی چینی دەسەڵاتدار خۆشیان لەوە تێگەشتون کە ئیتر ناتوانن بەو شێوەیە بەردەوام بن وە ئەبێت کارێک بکەن.شتێک کە ڕوئەدات ئەمەیە کە ئەگەر دەوڵەتە سەرمایەدارەکان لەگەڵ پێاهەڵپژانێکدا ڕوبەڕو نەبنەوە پاش ئەزمەکە لەگەڵ توندترین سیاسەتی سک هەڵگوشین ڕوبەڕو دەبینەوە چونکە سەرمایەداری ناتوانێت لەم ئەزمەیە بچێتە دەرەوە و لەهەمان کاتدا بۆ نمونە ئاستێک لە خۆشگوزەرانی لە کۆمەڵگەدا بپارێزێت.ئەوانە تەنانەت ئەبێت ئەو ئاسەتەش کەلە ڕابردودا هەبوە بخەنە ژێر پێوە بۆ ئەوەی بتوانن ئەزمەی سەرمایەداری تیپەڕێنن. بەو پێیە ئەگەرتەنها یەکلایەنە سەیر بکەین ودەوڵەتەکان ونیزامی سەرمایەداری بینین سەردەمێک لە سک هەڵگوشین و کاری تاقەت پڕوکێنی کرێکاران لەسەر ڕێماندایە.هەموو ئەو بودجانەی بۆ کۆمەکی خەڵک سەرف دەکرێن هەموو حسابیان هەیە.بڕیارە سبەینی هەموی لە قوڕگی کرێکاران بهێننەدەرەوە.ئەگەر لەگەڵ پیاهەڵژانێکدا ڕوبەڕو نەبنەوە سەردەمی سک هەڵگوشینێکی توندی ئابوری لەسەر ڕێگا دەبێت.
هەتا سەر بەوشێوەیە نامێنێتەوە.هەر بەوشێوەی خۆشیان پێشبینی دەکەن کە ئاڵۆزیەکی پەرەسەندو لە ڕێدایە.(خۆیان ناڵێن بزوتنەوەی حەقخوازانە یان شۆڕشی خەڵکی برسی.ئەڵێن نا ئارامی ،پشێوی ،ناجێگیری،دونیا بەم وشانە شرۆڤە دەکەن).لەڕوانگەی چینی دەسەڵاتدارەوە دونیا بەرەو ناجێگیری،نائارامی وئاڵۆزی دەڕوات،لەڕوانگەی خەڵکیشەوە بەرەو توند بونەوەی خەبات وناڕەزایەتیەکانیان بۆ هێنانەخوارەوەی ئەو مفتەخۆرانەی کە نیشانیاندا تەنانەت ناتوانن پارێزگاری لە ژیانی هاوڵاتیان بکەن.بێ توانایی ونەزۆکی وبێ دەسەڵاتی وبێ ئاسۆیی وئیفلیجی سیستەمی سەرمایەداری لەبەرامبەر ئەزمەی کرۆنادا خۆی نیشانداو خەڵکیش ئەمە لەبیرناکەن.
بەم پییە سەردەمی پاش کرۆنا لەلایەک لە ڕوانگەی سەرمایەداریەوە ئەبێتە سەردەمی تونتر بەستنەوەی پشتوێنەکان،ئەبێت کاری زۆرتر بکەیت،کەمتر داوابکەیت،هێرشی زیاتر بکەیتە سەر خزمەتگوزاری وبیمە کۆمەڵایەتیەکان،ئەبێت کاتژمێری کار زیاد بکەیت وتەمەنی خانەنیشینی بەریتە سەرەوە وهیتر وهیتر.هەر ئەو هەنگاوانەی کە مەکتەبی شیکاگۆ یان پاریزگارە نوێیەکان(نیوکۆنسێرڤەتیڤ)دەیانەوێت.ئەبێت ئەمانە توند بکەنەوە.بەڵام لەلایەکی ترەوە ئیتر دونیا ئەمە قبوڵ ناکات،بۆنمونە هەروەک ئەوەی کەلە پاش هەرەس هێنانی بلۆکی ڕۆژهەڵات ڕویدا.
ئیتر ئەم سەردەمە ئەو سەردەمە نیە،ئیتر سەرمایەداری لەم سەردەمەدا بەتەواوەتی ڕیسوا بوە،خەڵکی بەچاوی خۆیان بینیان کە ئەم سیستەمە چۆن کاردەکات،لەسەر ئەم بنەمایە سەردەمی داهاتو سەردەمێکی پڕ ئاڵۆزی وبەوتەی خۆیان نائارامی یەکان وەیا سەردەمی دروست بونی بزوتنەوە حەقخوازانەکان و ناڕەزایەتیەکان لە دونیا ئەبێت وە هەموو ئەم سیستەمە دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە.
ئەوەی کە بەرەو کوێ دەڕوات وچ چارەنوسێک چاوەڕوانی دونیا دەکات،بەدڵنیایی پەیوەستە بە چالاکی هێزە پێشڕەوەکان،چەپە ،ڕادیکاڵ وشۆڕشگێرەکانی وەک حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری؛بەتەواوەتی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ئەمانە چەندێک دەتوانن نەبزی بارودۆخی دونیایان هەبێت.،لێکدانەوەیەکی دروست بکەن.ڕێگا وسیاسەت ولایەنی دروست هەڵبژێرن و خەڵک ئامادەبکەن. لە مێژودا هیچ شتێک لە پیشەوە دیاری نەکراوە.سەرئەنجام ڕەوتی گۆڕانکاریەکان دەگەڕێتەوە بۆ ئیرادە،بەئیرادەی ئەحزاب وهێزەکان کە کاردانەوەی ئیرادەی چینایەتیە.بەتەنها هەر حزب وسیاسەت نیە.لە ڕوی فەرهەنگی،لەڕوی چالاکی ەN.G.Oکان،ڕێکخراوە جۆراوجۆرەکان،نوسەران،هونەرمەندا،بیرمەندان و فلیم دروستکەرەکان،ئەوەن لەدونیای پاش کرۆنادا چ بارودۆخێک ئەخولقێنن.بێگومان ئەمەی کە لەڕوی بارودۆخی کۆمەڵایەتی،بارودۆخی سیاسی،بارودۆخی ئابوری،هەموو شتێک ئامادەو گۆنجاوە بۆ ئەوەی کە نمونەیەکی چەپ وکۆمۆنیستی وسۆسیالیستی لە دونیا سەرپێ کەوێت.وە بەتایبەتی ئەبێت ئەوە ڕۆشن بێت کە ئەم سۆشیالیزمە لەو جۆرە نیە کەلە ئۆردوگای سۆڤیەت شکستی هێنا وەیان ئیستا بۆ نمونە کەچاینە خۆی دادەنێت.بەڵکو کۆمۆنیزمێک کە ئینسان بناغەکەیەتی،واتە ئازادی ویەکسانی وخۆشگوزەرانی بناغەکەیەتی.ئەوەش بڵێم وباسەکەم تەواوبکەم،ئەم سەردەمە لەناو حزبەکان و هێزەکان وناوەندە هزریەکانی بۆرژوازی و تەنانەت لە نیوان دەوڵەتەکان ئەو باسە هەیە کە بژیوی خەڵک ئەبێت دابین بکرێت،دابین کردنی بژیوی گشتی،بۆچی ئەمە دەخەنە ڕوو؟چونکە توشی ئەزمە بون.هەروەک وتم بن بەستێکیان هەیە.ئابوریەکەیان نوستوە.ئەیانەوێت بەم ڕیزبەندیە سەرئەنجام ئەم ئەزمەیە تێپەڕێنن.بەڵام باسەکە لەم قسانە بناغەیی ترن. بەبڕوای من بژیوی گشتی ئاڵایەکە کە چینی کرێکارو سۆسیالیستەکان بەرزیانکردوەتەوە.نەک تەنها بۆ سەردەمی کرۆنا بەڵکو وەک کارێکی هەمیشەییان.تەنگژەی کرۆنا نیشانیدا کە دەوڵەتەکان ئەبێت ئەم بەرپرسیارێتیە لە ئەستۆبگرن،وە نەک هەر لەم بارودۆخەدا.ئەگەر بەردەوام ئەم کارە ئەنجام بدەن بارودۆخێکی لەم شێوەیە ڕونادات.
دابین کردنی بژیوی گشتی لە ڕوی بابەتی ومادیەوە بەتەواوەتی کاریکی مومکینە. بودجەکەشی، پیداویستیەکەشی وسامانەکەشی هەیە.بەرهەمهێنانی هێزی کار ئەوەندەیە کە سانێکی لەمەودای نجومیدا کەڵەکەکردوە.ئەگەر رێگریەک هەیە ئەوە پەیوەندیەکانی سەرمایەداریە.
قسە لەسەر لە پێشینەکانە.باسەکە لەسەر ئەوەیە کە ئەم سامانە بۆچی بەکار دەههێنیت.قازانج کۆکردنەوە و ڕەونقی سەرمایە یان وەڵام بە پێداوستیەکانی خەڵک.ئەوەندە سامان وپێداویستی مادی هەیە کە خەڵکی دونیا بتوانن چەندین ساڵ کاریش نەکەن وبژین.ئەمە بەتەواوەتی لەتوانادایە.پیشتر وتم ئەگەر سەرمایەداری نەبوایە ئەم بارودۆخە تەنگژاویەش ڕوی نەئەدا.بەڵام کاتێک ئەم تەنگژە هەیە کە هەم ژیان وهەم نان .ئەمە دوڕێگا نین.لەڕوی بابەتی ومادیەوە هەر لەم نیزامی سەرمایەداریەدا لە هەموو جێگایەک دەتوانرێت هەم گیان وهەم ژیانیش دابین بکرێت و پاش سەردەمی کرۆناش بەتەواوی ڕێک هەروایە.ئەوەی کە دەستکەوتەکەی ئافات لێ یداوە وەیان تەنگژەمان هەیە وەیان ئەبێت زیاتر کار بکەیت وکەمترت بوێت،ئەمە ناکۆکی نیزامەکە خۆی وپەیوەندیە کاپیتالیستیەکەیەتی.وە ئەگینا نەک هەر ناکۆکیەک لەئارادا نیەبەڵکو ئێوە هەرچەند زیاتر کاربکەن وبەرهەمی کار زۆرتر بێت ئێوە ئەبێت بتوانن کاری کەمتر بکەن وە خۆشگوزەرانی زیاترت هەبێت.ئەم لۆژیکە ئەبێت سۆسیالیستەکان بیگرن بەدەستەوە.ئەو دروشمەی کە ئێمە بەردەوام ئەمان وت هەرکەس بەپێی پیویستی لەسەردەمی کرۆنادا گرنگی خۆی خستە بەرچاوی هەموان.هەموان بینیان کە کۆمەڵگە ئەبێت بەو شێوەیە بەڕیوە ببرێت.وە ئەگەرنا مردنی سەدان هەزار نەفەرمان ئەبێت،هەروەک ئەمڕۆ کارەساتی لەو شێوە لە حاڵی ڕوداندایەوەلەسەر ئەم بنەمایە بەبۆچونی من لەدوای کرۆنا سۆشیالیستەکان بۆ بەرزکردنەوەی ئاڵای ئاسۆ وداواکاری و ئامانجی ئینسانیەکانیان زەمینەیەکی پەرەگرتویان هەیە.
هەرچۆن بێت دونایی پاش کرۆنا دونیایەکی ئاڵۆزو ئەبێت.دونیایەک ئەبێت کە بزوتنەوە گەورەکان پێکدێن لە ئاستی جیهانیدا دژی سیستەمی ئێستا و مارکسیستەکان ئەبێت خۆمان ئامادەبکەین کەبڕۆین بە پێشوازی ئەم دونیایەوە،هێز کۆکەینەوە، نفوز بەدەست بهێنیت وئاڵای سۆسیالیز لە بەرامبەر ئەم دونیا وەحشایانەی سەرمایەداریدا بە شەکاوەی ڕاگرین.
زۆر سوپاستان دەکەم
وەرگێڕانی :کاوە عومەر
٧\٥\٢٠٢٠
لە ژمارە ٨٦٦ بڵاوکراوەی ئینتەرناسیۆناڵدا بڵاوکراوەتەوە لە یەکی ئایاردا بڵاوکراوەتەوە.




چەند کۆپلەیەکی ھاکەزایی … نەوزاد بەندی

وەڵا ئافەرین ..هەرێمێکی نەوتیی و گازی سروشتی دوڵەمەند بێنیتە سواڵ و ..تێیان بگەیەنیت کە نەوت و گاز نەبوونیان لە بوونیان قازانجترە ..میللەتێکی دەوڵەمەند فێری هەژاریی بکەی ..وەڵا ئافەرین ..

  • * *
    خەڵکی ئێمە بۆ حەوشە و ژوورەکانی خۆیان یابانی و مەردن ..بەلام بۆ شەقام و شوێنە گشتیەکان ، خەڵکی سەردەمی بەردن
  • * *
    جاران ڕوناکی لە دەرەوە زۆر کەم بوو ، ڕوناکیەکان زۆربەی لە ناخی مرۆڤەکاندا بوو ..ئێستا ڕوناکی دەرەوەی پڕ کردووە و ..ناخی مرۆڤەکانیش تاریک و نوتەک ..
  • * *
    قەت بە سەرت هاتووە ، ئێوارەیەک ..شەوێک بێزاریی داگیری کردبیت و ..متمانەیشت بە هیچ کەسێک نەبووبێ ، پەنای بۆ ببەیت ؟ بە ناچاریی بە دیار خۆتەوە ، ئێشکت گرتبێ !
  • * *
    بەردەوامین لە سفر کردنەوەی یەکتر ، بڕوام وایه ئەم دیکتاتۆرانەیش کاتی خۆی خەڵکی باش بوون ، بەڵام ئەوەنده سفر کراونەتەوە ، بوون بە دیکتاتۆر ..
  • * *
    دڵم به بندیوارەکان خۆشە ، شتێک بکەن ..چونکە ئەوان دەنگیان بەرامبەر موچەی بەلاشە ..وەک ئێمە دەنگیان بە خۆڕایی نەداوە..ئێستایش کە موچە نەمێنێ ، قبوڵ ناکەن ..بژی بندیوار !
  • * *
    دوو جۆر نەخۆشی ، کۆمەڵگا و مرۆڤ پەکئەخەن : جەردە و جەڵتە ..
    ٭ ٭ ٭
    لە شەریعەت و فیقهی ئیسلامدا یاسایەک هەیە لە شەش ووشەدا :
    (ما بني علی الباطل فهو باطل )
    ئەوەی لەسەر بەتاڵ دروستبکرێ ، بەتاڵە ..
    ئەگەر بڕوانیتە ئەم سیستمەو،هەموو سیستمەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وووڵاتە شمولیەکانی وەک کۆریای باکوور و کوبا و فەنزویلا ، تەماشا ئەکەیت نەک هەر ئەندام پەرلەمان ، تەنانەت بەرپرسی دووسێ کارگوزاریش بنەچەیەکی حزبی قائیدی تیایە ..هەر بۆیە گەندەڵە و، ..مومکین نیە زیرەک بێ ..مومکین نیە میهەنیی بێ ..مومکین نیە پشتی پێ ببەسترێ ..مومکین نیە کێشەت بۆ چارەسەر بکا ، بەڵکوخۆی دەبێتە مەعمەلی کێشە و ..هەموو سایزەکانی کێشەت بۆ بەرهەمدێنێ ..بە جۆرێک ئەو سێکتەرە بۆگەن پێدەکا و ژەنگی پێهەڵدێنێ …ئایا هەست بە بۆگەن و ژەنگهەڵهێنانی هەموو سێکتەرەکانی ژیان ناکەیت ، بەئاینیشەوە ؟
    ٭ ٭ ٭
    مناڵ زۆرترین دەنگەکانی جوانیی بۆ خۆی دەباتەوە ، لە هەڵبژاردنی تەمەندا … بۆیە مناڵیی تاکە کابینەی شەرعی و بێ فێڵ و غەشە لە ژیانی هەمووماندا .
    ٭ ٭ ٭
    ئەرێ هەرچەند زۆر گرنگیش نییە ، بەس مەوزوع چیە ئەو هەموو ئەکاونتی فەیس بووکە بە ناوەکانی hama chawrash و shusha gean ەوە هەیە ؟!!
    ٭ ٭ ٭
    کارەسات ئەوەیە لە میللەتێکی نەخوێندەوارا هاوار بکەیت :(خەڵکینە زۆر بخوێننەوە)..لە کۆمەڵگایەکی سەرخۆشا ، بڵێی :(وەرن با بچین بۆ نوێژی جەماعەت )
    ٭ ٭ ٭
    شۆڕشگێڕی وامان هەیە ، پێرێ ئەیووت بایکۆت ئەکەین ، ئەمڕۆیش ئەڵێ ئەڕۆینەوە بۆ سەر کار ..(من پێرێ و ئەمڕۆیش لەسەر کار بووم ، چونکە کار بۆ هەژاران ئەکەم نەک بۆ دەسەڵات )
    ٭ ٭ ٭
    کە نرخی نەوت دادەبەزێ ، ئەیکا بە هات و هاوار ..کە نرخی نەوت بەرز ئەبێتەوە ، ئەبێ بە کەڕەی شەربەت ..
    ح و ک م ە ت
    ٭ ٭ ٭
    حوکمەت پێویستە لەسەری موچەی بندیوارەکان پێش موچەخۆری ئاسایی دابین بکات ، چونکە بە دەنگی بندیوار و کەس و کاری بندیوار ، یەکەمی هەڵبژارنەکان بووە .
    ٭ ٭ ٭
    کە لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن بە بەربڵاوی باسی خێر و سەدەقە و زەکات کرا ، دڵنیابە ئەو نیشتمانە جەردە لێی داوە و دزراوە ..چونکە خێر و زەکات ئەرک و کردەی کەسێتین نەک بابەتی ڕاگەیاندن
    ٭ ٭ ٭
    لە ووڵاتە بێ بەرهەمەکاندا ، هەمووان هەوڵ ئەدەن ببنە موچەخۆر ..چونکە کە بەرهەم نەبوو ، موچە خۆر هیچ ماندوو نابێ .. باشترین و ئاسانترین پیشەیە ، کە ئەتوانیت هەر کاتی موچە بچیت بۆ فەرمانگاکەت .
    ٭ ٭ ٭
    کە نووسینێکت ئەدزن ،
    کێشە نییە ئەگەر بەناوی خۆیانەوە بڵاوی بکەنەوە
    بەڵکو کێشەکە لەوەدایە ، وەک مناڵی سواڵکەرەکان ، لەسەر شەقامی فیکر و ئەدەب و هونەردا ، سواڵی دەسکەوت و پۆست و چەپڵەی پێ دەکەن .
    ٭ ٭ ٭
    زۆربەمان ئەچین گوێ لە ووتاربێژێک ئەگرین کە لە کاتی ووتارداندا ئەگری ..حەزمان لەسەیر کردنی پیاوێکە بگری ..بۆیە تەنانەت سەدام حسێنیش کاتی خۆی لە ووتارێکیدا تۆزێ گریا ..
    ٭ ٭ ٭
    هەموویان ژیان لە کۆڵ خۆیان ئەکەنەوە ، بەڵام لەبیریان چووە خۆیان بەسەر کۆڵی یەکترەوەن ..
    ٭ ٭ ٭
    ١٠ ساڵە بەغا بە هەرێم ئەڵێ بێنە نەوت ، گوێی نادەنێ ، کەچی بەڕێوەبەری بانکی هەرێم ئەڵێ پارەمان هەیە بۆ موچە ،بەڵام چاوەڕێی ئەمری بەغا ئەکەین..بانێکە و دوو هەوا ..
    ٭ ٭ ٭
    یەکەمجارە عەلمانیەکان خەمی سۆران عومەر ئەخۆن ..
    ئەویش پەیتا پەیتا ،
    سوپاسیان ئەکا ..
    ئیتر نازانم بەرەکەتی مانگی ڕەمەزانە ،
    یان جۆرێکە لە مامەڵە و سەودا ..
    ٭ ٭ ٭
    بێجگە لە نەوت و گازی سروشتی ،
    بەڵێننامەی پەنجا ساڵە ،
    هەرچی شاخ و گرد و دەشت و زەوی تیجاری وباخ هەیە ، هەمووی تەلبەنکراون و فرۆشراون ..کوردستان وەک پۆڕێکی خوراوی لێهاتووە .
    ٭ ٭ ٭
    کۆمێنتێکم بۆ ئیدۆ :
    قوربان خەڵک لە نێوان خۆیاندا هەمووی پینە و پەڕۆ ئەکەن ، پارەی عیادەی نیە ،ئەچێ بۆ لای معاون توبی ، هی معاون توبی پێ نیە ، ئەچێ بۆ لای شێخ و مەرقەد ..کۆمپیوتەر و مۆبایلی چاکی پێ ناکڕرێ ، ئەچێ هی خراپ بە قیست دێنێ ..
    سی ساڵە غەڵەت و جووتە وەشاندنەکانی دەسەڵات ئەشارینەوە و ..لە نێوان خۆماندا پینە و پەڕۆی دەکەین ..ئیتر نازانم بەلەسە بوونی دەسەڵات و ..پینە و پەڕۆکردنی ئێمە ، تاکو کەی و ..تاکو کوێ درێژەی ئەبێ ؟
    ٭ ٭ ٭
    تۆ وەرە حوکمەت ، دوو سەد هەزار دەرچووی کۆلێژ و پەیمانگاکان پشتگوێبخەیت ، کەچی دوو سەد هەزار باخەوان بۆ باخی بەرپرسان بندیوارانە دامەزرێنی ..خوا بتهێڵێ هەتا ئاخر زەمان ، وەک فیرعەون ، حوکمەت ..
    ٭ ٭ ٭
    Nawzad Bandy



بۆ ئیرنێست هه‌مه‌نگوای … عه‌بدولوه‌هاب ئه‌لبه‌یاتی… و: نه‌ژاد عزیز سورمێ

                                      
                                     

(1)
لە ئیسپانیادا
مەرگ لە مەدریدە و
خوێن لە خوێنهێنەر ..
گوڵاڵەی زەرد و شەختە
لەژێر پێتدا .
جەژنەكانی ئیسپانیا
بێ‌ كەژاوەیە
خەمەكانی ئیسپانیا
بێ‌ سنوور ..
ئەو زەنگانە بۆ كێ‌ لێ‌ دەدرێن ؟

لۆركا بێدەنگە و
خوێن لە ئینجانەی گوڵاندایە
شەوی غەرناتەیش
لەژێر شەپقەی
پاسەوانی شێر و ئاسندا‌ ..
دەمرێ‌ و
منداڵانیش لە بێشكەدا
دەگرین ..
لۆركا بێدەنگە
تۆیش لە مەدریدی

چەكت
ئازار و وشە و
ئەو بوركانانەیە
ئاگراو هەڵدەڕێژن ..
زەنگەكان بۆ كێ‌ لێ‌ دەدرێن ؟

تۆ بێدەنگی و
خوێن
جێخەو و
دارستان و
لووتكە
بۆیە دەكا .

(2)
لێواری مەرگ
ئاگر لە دووكەڵدا و
مەی لە كووپە و
گوڵ لە بێستان و
وشە و
پاساری و
دەردی خۆشەویستی و ڕۆژگار ..
بێدەنگی دەریایان
كەشتییەوانی نیگەران كردن ..

هەبوو .. نەبوو
ململانێیەكی خوێناوی بەهێز
لە نێوان مرۆڤ و تاریكاییدا هەبوو

ئەمشەو
سەعات هەشت ،
لە باخچەی لە یادچووندا
پێكدەگەین و
شوێن
لە شەقامە نادیارەكانی شاردا
ون بووە و
كچێك فرمێسكی باراندن و
چاوی لێكنان و
ونم كرد ..

لە كتێبی
گەڕۆكەكانی ئیسپانییاندا
دۆزیمەوە ..
لەژێر ئاڵای گەلانی زەویدا
لەژێر ئاڵای مرۆڤ ..
گۆرانی دەچڕی ..

(3)
كۆتایی
مەرگ لەسەر جێدا
لۆركا پێی وتم
مانگیش پێی وتم
ونت كردم ..
ژێ‌ ونی كردی
وەڕسیی تۆی مراند ..
ڕۆیشتی و
بەهار لە ڕێگاماندا بوو
قەرەجیش كۆچیان كرد و
ڕه‌شماڵه‌كانیان سووتاندن
گوڵیش سووتا
گۆرانییەك
خوێنی لەبەر دەڕوا ..

وا بوو
پەیامبەرایەتی قەدەر
وای پێ گوتم ..

تۆم
لە شێخ محییەددین(*) پرسی
وتی بەردێك لە دەمم دایە ..
پەیامی عەشق و خوداوەند
لەژێر پێی مانگ دان
كوشتارگەی دونیات لە دڵدایە و
شوێنەوار و
ستایشی خوا
شێخ محیەددینی برادەرم وتی
لە هەواڵەكە مەپرسە !
خەڵكی دەڕۆن و نایێنەوە
نهێنیش
بەسەر لێومانەوە
خۆی كوشت .

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
(*) محییه‌ددین بن عه‌ره‌بی سۆفی به‌ناوبانگی ئه‌نده‌لووس
كه‌ به‌ شێخی گه‌وره‌ ناسرابوو ، له‌ هه‌مان كاتدا شاعیر و
فه‌یله‌سووف.

  • عەبدولوەهاب ئەلبەیاتی : (1926 – 1999 ) شاعیری عێراقی ناسراو یەكێك لە دامەزرێنەرانی شیعریی نوێی عەرەبی لە عێراق .
    لە بەغدا لە دایك بووە و بكالۆریۆسی لە بەشی عەرەبی وەرگرتووە . لە نێوان 1980 تا 1989 لە ئیسپانیا ژیاوە ، لەو ماوەیەدا زۆر لە كۆشیعرەكانی كراونەتە ئیسپانی .
    ساڵی 1991 چووەتە ئەردەن .. یەكێكە لەو شاعیرانەی لە شیعرەكانیدا بایەخی بە مێژوو و كەسایەتییەكانی مێژوو داوە و هەمیشە وەكو ماسك لە بەكاری هێناون .) بڕوانه‌ :
    http://www.afdhl.com/poem/text-25311.html



رۆژی سه‌ركه‌وتن به‌ سه‌ر بیری بۆگه‌نی هێتله‌ردا … ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب

روسیاو وڵاتانی یه‌كێتی سۆڤێتی جاران و حزبه‌ شیوعییه‌كان و هێزه‌ چه‌په‌كان وهه‌موو پێشكه‌وتوخوازانی دونیا هه‌موو ساڵێك به‌بۆنه‌ی 9 ئایار { مای} ئاهه‌نگ ئه‌گێرن وئه‌م رۆژه‌ پیرۆزه‌ رۆژی سه‌ركه‌وتنه‌ به‌ سه‌ر نازییه‌تی ئه‌ڵمانیاو فاشیزمداو له‌مرۆژه‌دا له‌ ساڵی 1945 سوپای سوورو گه‌لانی یه‌كێتی شۆره‌وی جاران و هه‌زاران تێكۆشه‌ری وڵاتان توانیان شكست به‌ نازییه‌ت بێنن له‌ پێناو ئازادكردنی گه‌لانی دونیا له‌ ژێر چنگی نازیزمه‌ ئه‌ڵمانییه‌كان و جێی ئاماژه‌یه‌ به‌ هۆی ئه‌و شه‌ره‌ چه‌په‌ڵه‌وه‌ زیاتر له‌ ــ 50 ــ ملیۆن كه‌س له‌ناو چوون.
ئایدیۆلۆژیای فاشیزم بریتیه‌ له‌ گشتگه‌رایی‌ واته سه‌رۆك یان پارتێكی سیاسی هه‌موو مافێكی هه‌بێت ده‌ست بگرێت به‌ سه‌ر هه‌موو جومگه‌كانی وڵات، به‌سه‌ر‌ خه‌ڵك و هه‌موو داموده‌زگاكان و میدیاكان و ، خه‌ڵك به‌ كوێله‌ بزانێت و، بۆ خزمه‌تی به‌رژه‌وه‌ندی خودی خۆی به‌كاریان بێنێت و، ماف و ئازادییان لێ زه‌وت بكات و، نابێت كه‌س ئازادو خاوه‌ن مولك بێت و، نازییه‌تیش بانگی توندوتیژی دژ به‌ باوو نه‌ریته‌كانی ئه‌ڵمانیای به‌رز كردووه‌ و، فاشیزم و نازیزم سه‌رۆكیان به‌ (په‌رستگارو موقه‌ده‌س) ناسیوه‌ به‌ شێوه‌یه‌ك ده‌سه‌ڵاتی به‌ سه‌ر هه‌موو لایه‌كدا هه‌بێت.
پارتی كرێكارانی نه‌ته‌وه‌یی سۆشیالیست ’’ پارتی نازییه‌كان’’ بزوتنه‌وه‌یه‌كی توندره‌وی سه‌رلێشێواوی سه‌ركێش دژ به‌ دیموكراتییه‌ت و شیوعییه‌ت بوو، له‌ ئه‌ڵمانیا له‌ پاش جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌م دروست بوو، ئه‌م پارته‌ به‌ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌دۆله‌ف هیتله‌ر له‌ ساڵی 1933 ده‌ستی به‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی وڵاتی ئه‌ڵمانیا گرت وه‌ك رژێمێكی دیكتاتۆری سه‌ركوتكه‌ر ره‌فتاری كردو، هێتله‌رو یاوه‌ره‌كانی پرۆسه‌ی چه‌په‌ڵی جینۆساید (هۆلۆكۆست) یان ده‌رحه‌ق 5 هه‌زار جوله‌كه‌ به‌ سوتاندنیان به‌ ئاگری ته‌نور ئه‌نجامدا، به‌وه‌ش نه‌وه‌ستان زیاتر له‌ 6 ملیۆن غه‌جه‌ر (كاولی) و كورته‌ باڵاو كه‌مئه‌ندامان و نه‌خۆش وكه‌سانی ساده‌یان له‌ناوبردو، تا ئه‌مرۆش ئه‌و بیروباوه‌ره ‌قیزوه‌نه‌ له‌لای حزبه‌ نه‌ته‌وه‌په‌رسته‌ راستره‌وه‌كان و گروپه‌كانی دژ به‌ شیوعییه‌ت و چه‌پگه‌را ماوه‌.
جه‌نگی دووه‌می جیهانی له‌ 1 ی ئه‌یلولی {سیبته‌مبه‌ر} ساڵی 1939 ده‌ستیپێكرد كاتێك ئه‌ڵمانیای نازی هێرشی كرده‌ سه‌ر پۆڵه‌نداو، هاوكات ئه‌م وڵاتانه‌ فه‌ره‌نسا، پۆڵه‌ندا، بریتانیای مه‌زن و وڵاتانی كۆمنویلس بریتانی هاوپه‌یمانییه‌كیان دامه‌زراندو جه‌نگیان دژ به‌ ئه‌ڵمانیا راگه‌یاندو ، له‌ ساڵی 1941 ئه‌مریكا په‌یوه‌ندی به‌ وڵاتانی هاوپه‌یمان كردو، له‌و كاته‌دا هیتله‌ر وتی: هه‌موو كاروكرده‌وه‌مان ئاراسته‌ی رۆسیایه‌ { یه‌كێتی سۆڤێت} ، ئه‌گه‌ر وڵاتانی رۆژئاوا گێل و ده‌به‌نگ بن و، هه‌ست به‌ كارو پلانی ئێمه‌ نه‌كه‌ن، ئه‌وا له‌ گه‌ڵ روسدا نه‌رم و نیان ئه‌نوێنم رۆژئاوا له‌ ناو ئه‌به‌م و ته‌ختی ئه‌كه‌م و، پاشان هه‌رچی هێزو توانا هه‌یه‌ له‌ دژی یه‌كێتی شۆره‌وی به‌كار ئه‌هێنم و، ئه‌بێ خاكی نوێ له‌ رۆژهه‌ڵاتی ئه‌ورۆپاو روسیا بدۆزینه‌وه‌و، ئه‌وه‌ پێویستییه‌كی گرنگه‌ بۆ ئه‌ڵمانیاو, ئه‌بێ ره‌گه‌زی ئه‌ڵمانی و ره‌گه‌زی سپی زاڵ بێت به‌ سه‌ر ره‌گه‌زه‌كانی ترو، ئه‌بێ دانیشتوانی روسیا به‌ره‌و ناوچه‌كانی سیبیریا برۆن و، ئه‌وانه‌یان باشن بمێننه‌وه‌و، به‌ توبزی كاریان پێ بكه‌ن و، خودی هیتله‌ر وه‌سفی جه‌نگی نیوان ئه‌ڵمانیا و شۆره‌وی كردو وتی: جه‌نگی له‌ناوبردنه‌ له‌ رووی نه‌ژادی و ئایدلۆجیاوه‌و، ئه‌بێ ئه‌ڵمانیا خاوه‌ن بریار بێت و، هیتله‌ر له‌و باوه‌ره‌دا‌ بوو یه‌كێتی شۆره‌وی له‌ رووی سه‌ربازییه‌وه‌ هیچ نییه‌و بێ بایه‌خه‌و، ناتوانێت به‌رامبه‌ر به‌ سوپای ئه‌ڵمانیا بجه‌نگێت و، وتی ئه‌توانین له‌ پاش زه‌نجیره‌یه‌ك پرۆسه‌ی سه‌ربازی به‌ ئاسانی خاكی شۆره‌وی به‌ تایبه‌ت خاكی روسیا داگیر بكه‌ێن و، هه‌ر ئه‌و بیرۆكه‌یه‌ بوو پاڵی به‌ هیتله‌ری نازییه‌وه‌نا له‌ رۆژی 3 ی تشرینی یه‌كه‌م {ئه‌كتۆبه‌ر} ساڵی 1941 فه‌رمانی هه‌ڵگیرسانی جه‌نگ له‌ دژی شۆره‌وی داو، ئه‌وه‌ بوو روسیا چووه‌ ناو وڵاتانی هاوپه‌یمان.
به‌ڵێ ، ئامانجی هتله‌ر له‌ جه‌نگه‌ گڵاوه‌كه‌ی داگیركردنی یه‌كێتی سۆڤێت و جیهان بوو‌ بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ستبگرێت به‌ سه‌ر سامانی گه‌لان و، ئه‌و توانی له‌ ماوه‌یه‌كی كورتدا ئه‌ورروپا به‌بێ به‌رنگاربوونه‌وه‌ ‌داگیر بكات و، كاتێك هتله‌ری فاشیست هێرشیكرده‌ سه‌ر ئه‌وروپا سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنی جه‌نگی جیهانی دووه‌م بوو ‌.
شه‌ر له‌ هه‌موولایه‌ك سه‌ریهه‌ڵداو كوشتن و خوێنرشتن هه‌ره‌شه‌ی له‌ ژیانی خه‌ڵك ئه‌كردو نموونه‌ی‌ ئه‌و شه‌رانه‌ زۆرن به‌ڵام گه‌وره‌ترینیان پێش هه‌ڵگیرسانی جه‌نگی جیهانی دووه‌م به‌ دوو ساڵ ئه‌وه‌ بوو له‌ رۆژی 7 ی ته‌موز (جولی) 1937 بۆ جاری دووه‌م چاپۆن جه‌نگێكی ناره‌وای به‌ سه‌ر چیندا سه‌پاندو چین داوای یارمه‌تیكرد له‌ وڵاتان دژ به‌ ئیمبراتۆرییه‌تی جاپۆن و ، وڵاتانی سه‌رمایه‌داری هیچیان نه‌كردو ته‌نها یه‌كێتی سۆڤێت یارمه‌تییه‌كی زۆری به‌خشییه‌ گه‌لی چین، یارمه‌تی ئابووری و سه‌ربازی و ناردنی پبسپۆری سه‌ربازی و جه‌نگاوه‌ر له‌ گه‌ل سوپای چین پێكه‌وه‌ دژی جاپۆن شه‌ر بكه‌ن و، له‌و باره‌یه‌وه‌ سه‌ركرده‌ی چین ماوتسی تۆنگ جه‌ختی له‌ سه‌ر ئه‌وه‌‌ كرده‌وه‌‌ كه‌ چین سه‌نگ وشوێنی تایبه‌تی هه‌یه‌ وه‌ك وڵاتێكی گه‌وره‌ له هاوپه‌یمانی دژ به‌ فاشییه‌ت و نازییه‌ت و ئیمپراتۆرییه‌ت و یه‌كێكه‌ له‌و چوار وڵاته‌ سه‌ره‌كییه‌ رۆڵی به‌رچاوی هه‌بووه‌ بۆ له‌ناوبردنی فاشیزم.
‌له‌ مانگی نیسانی (ئه‌پریڵ) ساڵی 1941 سوپای سور ئاماده‌یی بۆ جه‌نگ له‌گه‌ڵ هێتله‌ردا ده‌ربری وله‌ مانگی ئایار (مایۆ) له‌ كۆبوونه‌وه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی حزبی شیوعی سۆڤێت ستالین وتی بارودۆخه‌كه‌ ترسناكه‌و له‌وانه‌یه‌ ئه‌ڵمانیا هێرش بكاته‌ سه‌ر یه‌كێتی سۆڤێت و، هێرشه‌كه‌ له‌لایه‌ن ئه‌مریكاو بریتانیا پیشتگیری لێئه‌كرێت و، وا ئه‌زانن ئه‌ڵمانیا هێزیكی سه‌ره‌كییه‌ و ئه‌توانیت یه‌كێتی سۆڤیت و بزوتنه‌وه‌ی دیموكراسی له‌ جیهاندا تێكوپێك بدات
یه‌كێتی سۆڤێت پێشنیاریكرد هاوپه‌یمانییه‌ك دژ به‌ ئه‌ڵمانیا له‌ یه‌كێتی سۆڤێت و بریتانیاو فه‌وانسا پێكبێت و، پیشنیاره‌كه‌ پشتگۆی خراو، یه‌كێتی سۆڤێتیان به‌ دوژمنی سه‌ره‌كی ناساندو و، وتیان ئه‌توانرێت له‌ گه‌ڵ هتله‌ر رێكبكه‌وین و ساڵی 1938 رێكه‌وتننامه‌یه‌ك له‌ نێوان ئه‌ڵمانیاو بریتانیاو ئیتالیاو فه‌رانسا پێكهات و، ‌ سه‌رمایه‌ی گه‌وره‌ی رۆژئاوای ئیمپیریالیزم ( له‌ ئه‌مریكا، بریتانیا و فه‌رانسا) یارمه‌تیده‌رو هاوپه‌یمان بوون له‌ گه‌ڵ نازییه‌تی ئه‌ڵمانیا و هیتله‌ر له‌ پێناو لاوازكردن و تێكدانی یه‌كێتی سۆڤێت و هه‌روا هاندان و پاڵنان به‌ هیتله‌ر بۆ راگه‌یاندنی جه‌نگ له‌ دژی یه‌كێتی سۆڤێت و له‌ناوبردنی و، فه‌رانساو و بریتانیاو ئه‌مریكا له‌و باوه‌ره‌دابوون سوپای ئه‌ڵمانیا له‌ پێش ساڵی 1941 سیسته‌می ئیشتراكییه‌ت له‌ یه‌كێتی سۆڤێت هه‌ڵئه‌ته‌كێنێت و له‌ ناوی ئه‌بات.
حزبی كرێكارانی نه‌ته‌وه‌یی سۆشیالیستی ئه‌ڵمانیا له پێش هه‌موو كاریكیان سه‌ندیكای كرێكارانیان له‌ ناوبردو له‌كاریانخست و مانگرتنیان قه‌ده‌غه‌ كردو، له‌ پاش 20 ی ته‌موزی 1944 گرتن و كوشتن په‌ره‌ی سه‌ندو، پۆلیسی ئه‌ڵمانیا (گوستاڤۆ) به‌ فه‌رمانده‌یی(هێنریچ هیملێر) پیاوه‌ درنده‌كه‌ی هیتله‌ر گورزی كوشنده‌ی له‌ حزبه‌ لیبراڵ و سۆسیالیست و شیوعییه‌كان وه‌شاند‌و، حزبی نازی به‌ ته‌واوه‌تی ده‌ستی واڵا بوو به‌ سه‌ر دادگاو شاره‌وانییه‌كان و گشت رێكخراوه‌ مه‌ده‌نییه‌كان و, هه‌رچی جومگه‌كانی حوكم هه‌یه له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ قۆرغ كران‌ و، له‌ لایه‌ن وه‌زیری راگه‌یاندنی سیاسی هێتله‌ره‌وه‌ پاوڵ گۆێبێلز ده‌ربرینی راووپۆچوون و ره‌خنه قه‌ده‌غه كراو به بڤه‌ ناو ئه‌براو، هه‌ركه‌سێك به‌ پێچه‌وانه‌ی خواستی هیتله‌رو نازییه‌كان بێت له‌ناو ئه‌برێن و، هه‌موو ئاخافتن و پرۆپاگه‌نده‌كان پێویسته‌ له‌ خزمه‌تی ئه‌دۆله‌ف هێتله‌ر بێت و، له‌ هێتله‌ره‌وه‌ وه‌زیره‌كان فێری چۆنیێتی داپڵۆسین و كپكردنی جۆش و خرۆش وحماسه‌تی جه‌ماوه‌ری راپه‌ریو دژ به‌ خواسته‌كانی هیتله‌رییه‌ت ئه‌بن. له‌م رۆژانه‌دا رێكخراوو وبزوتنه‌وه‌ی نوێ به‌ناو نازییه‌تی نوێیه‌وه‌ سه‌رهه‌ڵئه‌دن و، به‌ربه‌ره‌كانی نازییه‌ت و فاشییه‌ت به‌ هه‌ڵه‌یه‌كی مێژووی گه‌وره‌ ناو ئه‌به‌ن و، سه‌باره‌ت به‌ راستییه‌ مێژووییه‌كان ئه‌مریكاو هه‌ندێ له‌ وڵاتاتی ئه‌وروپی ئه‌یانه‌وێت له‌ رۆڵی یه‌كێتی سۆڤێتی جاران له‌ سه‌ركه‌وتن به‌ سه‌ر نازییه‌تی ئه‌ڵمانیا كه‌مبكه‌نه‌وه‌و به‌ڵام هه‌موو دێكۆمێنته‌ مێژووییه‌كان چه‌خت له‌وه‌ ئه‌كه‌نه‌وه‌و ئه‌یسه‌لمێنن‌ كه‌ یه‌كێتی سۆڤێت رۆڵێكی كارامه‌و دیاری هه‌بووه‌ له‌ ناوبردنی هیتله‌رو ئه‌و جه‌نگه‌ درندانه‌ چه‌په‌له‌ كه‌ به‌ گه‌وره‌ترین جه‌نگی مێژووییه‌ له‌ خوێنرشتن وكاولكردن له‌ جیهانداو ، له‌ هه‌ندێ وڵاتانی ئه‌وروپای رۆژئاوا به‌ ئه‌نقه‌ست مێژوو به‌ شێوه‌یه‌كی چه‌وت ئه‌نووسنه‌وه‌و، هه‌وڵئه‌ده‌ن راستییه‌كان وه‌لا بخه‌ن و، شیوعییه‌ت و فاشییه‌ت له‌ یه‌ك پله‌ دائه‌نێن و، ئه‌وه‌ش ئه‌خلاق و موراڵی دوژمنكارانه‌یه.‌ له‌ 9 ی ئایاری ساڵی 1945 سوپای سووری یه‌كێتی سۆڤێت به‌ سه‌ركردایه‌تی فه‌رمانده‌ی قاره‌مان ژوكۆڤ* له‌ ژێر رێنمایه‌كانی حزبی شیوعی هێزه‌كانی ئه‌ڵمانیای راماڵی و راوی نا تا گه‌یشتنه‌ ناو په‌رله‌مانی ئه‌ڵمانیا (رایچستاگ) له‌ به‌رلینی پایته‌ختی ئه‌ڵمانیاو، ئه‌و رۆژه‌ به‌ رۆژی سه‌ركه‌وتن به‌ سه‌ر نازییه‌تی هیتله‌رو وفاشییه‌تی مۆسۆلینی دا ئه‌نرێت و هه‌موو سالێك له‌ روسیا به‌ گشتی و، له گۆره‌پانی‌ سوور له‌ مۆسكۆی پایته‌خت به‌ تایبه‌تی و، وڵاتانی سۆڤێتی جاران ئاهه‌نگی شایسته‌ به‌و بۆنه‌ پیرۆزه‌وه‌ به‌رێوه‌ ئه‌چێت و، جاران گه‌وره‌ به‌رپرسانی یه‌كێتی سۆڤیت له‌ سه‌ر سه‌كۆیی تایبه‌تی له‌ سه‌ر ئارامگای لێنین له‌ گۆره‌پانی سور وتاریان ئه‌خوێنده‌وه‌و باسی خۆراگری گه‌ل و قاره‌مانێنی سوپاو لیواكانی به‌رگری میللی ئه‌كرا
نمایشی سه‌ربازی گه‌وره‌ له‌ رۆژانی یه‌كێتی سۆڤێت ته‌نها پرۆپاگه‌نده‌ نه‌بوو بۆ شیوعییه‌ت و ئامانجی سه‌ره‌كی ده‌رخستنی سه‌ركه‌وتنی یه‌كێتی سۆڤێت و خواست و ئاره‌زووی سروشتی هاوڵاتیان بوو.
به‌ هۆی ژاكاندنی*** ئیتنی وكۆمه‌ڵایه‌تی كۆمه‌ڵگه‌ی روسیاو ناخۆشییه‌ ئازاربه‌خه‌شه‌كانی و له‌ ده‌ستدانی ده‌سه‌ڵاته‌كانی سۆڤێت و مه‌ترسی توندوتیژی، ئه‌مانه‌ ئه‌وه‌ ئه‌گه‌یێنن كه‌ رۆژی سه‌ركه‌وتن ئامرازێكی سه‌ركه‌وتووه‌و ئه‌توانرێت له‌ سیاسه‌تیشدا به‌كار بێت.
8/5/2020
تێبینی :
Национал-социалистическая немецкая рабочая партия* پارتی سوشیالیستی نیشتمانی كرێكاران.
• *گیۆرگی كۆنستانتینوڤیچ ژوكۆڤ Константи́нович Жу́ков : Гео́ргий 1 ی كانونی یه‌كه‌م ( دیسه‌مبه‌ر ساڵی 1896 ــ 18 حوزه‌یران ( جونى) 1974 Этнический и социальный разрыв нынешнего российского* * ئیتنی وكومه‌ڵایه‌تی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێستای رۆسیا




ژوانی یاد گه‌شاو … محه‌مه‌د عه‌تا

ئەرێ لە کوێی
ئەی جوانترین خەمی دڵم
سەوزترین نیگای دوێنێ
ئەی گەرمترین ئامێز و یادەوەریم …..
ئەرێ لە کوێی
خۆ ھێشتا خەندەی نێوانمان ، بۆنی چرۆی نەکرد بوو
خۆ ھێشتا نەماندەزانی گوڵە پاتۆنی چ ڕەنگە
خۆ ھێشتا سپێدەمان پشووی نەدابوو
ئەرێ لە کوێی
لێرە ھیچ وەک خۆی نەماوە
خەون و ئاواتمان سڕبووە
کە لێرە نیت
کۆڵانەکە
لە شەقامی دۆزەخ دەچێ
ھەموو شتێ ھەر بۆنی دووکەڵی لێ دێ
وا لەشکری بێ تاقەتی
دیلی کردووم
کە لێرە نیت
پەمووە دڕکاویەکانی ژین
ھێدی ھێدی
دڵی پەشمەکینی خەمم دەکاتە بەرد
کە لێرە نیت
سەراپای ژینم سەرابە
سەرقافڵەی وەرزانم خەزان

سلێمانی




کتێب: کۆمۆنیزمی نوێ …. ئاسۆ کەمال

هاوڕێیان.. پێم گرنگ بوو کە لەم کاتی کەرەنتینەدا کە زەحمەتی گەیشتنی ئەم کتێبە بەشێوەی کاغەز بەو هاوڕێیانەی لە دەرەوەی ووڵاتن بۆ زۆرێک لەوانەیە سەخت بێ و کاتێکی زۆری بوێ، هەربۆیە ئێستا لەم لینکانەی خوارەوە کتێبی ” کۆمۆنیزمی نوێ” لە ڕێگەی ئۆنلاینەوە دەتوانن بە خۆڕایی وەربگرن بە PDF و ebook و issuu.
هەروەها هەفتەی داهاتووش کاتی بڵاوبونەوەی لە کوردستان و ناوی کتێبخانەکانی کوردستان بڵاو دەکەینەوە بۆ کڕینی کتێبەکە.
گرنگ بۆ من خوێندنەوە و ڕای ئێوەیە و هیوادارم گفتوگۆیەکی سوود بەخش دروست بکا.
لەو باوەڕەوە کە کۆمۆنیزمی نوێ دیدگایەکی ڕەخنەگرانەیە بۆ مێژووی سۆشیالیزمی دەوڵەتی سەدەی بیست، و لە هەمان کاتیشدا گەشەپێدانی مێژووی بزوتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستیە بۆ گۆڕینی سیستمی سەرمایەداری و هێنانە دی دنیایەکی باشتری سۆشیالیستی. هەربۆیە پێویستی بە هەوڵی هەرەوەزی هەموو کۆمۆنیست و کرێکارانە کە بە شداری لەم دایەلۆگ و پرسانەدا بکەین کە چارەنوسی هاوبەشی بزوتنەوەکەمان دیاری دەکا. بۆ PDFوebook کلیکی ئەم سایتە بکە؛
http://www.asokamal.com/index/?p=2058

کیلکی ئەم لینکە بکە؛
https://issuu.com/asokamal/docs/comon?fbclid=IwAR3d05SZogEL9YN7RuAf86DkBwo2O2LU6VhgmPXPo4eicUmkuA1aXpzzqrg




ماڵ ئاوا مستەفای حەسەنە گەورە، ماڵئاوا خاڵە مستۆ

پیاوێک پڕاو پڕ لە دژە دیکتاتۆری، پڕاو پڕ لە عیشق.

ئەمرۆ ٧ی مانگی مەی ٢٠٢٠ لە وڵاتی دانیمارک مستەفای حەسەنە گەورە بەهۆی نەخۆشی کرۆناوە بۆ یەکجاری ماڵئاوای لە ژیان کرد، ژیانێک ئەو هەمیشە تووند دەستی پێوەگرتبوو، ژیانێک بەسەر سەدان هەورازو نشێودا پەڕییەوە کەچی لە وڵاتێک دوور لەدەست و چاوی جەلادەکان غافڵگیرانە کرۆنا ژیانی لێسەندەوە.
خاڵە مستۆ، ئەو ئینسانەی لە ١٩٨٥ ەوە لە نزیکەوە ناسیومە، هەمیشە و یەک خەت دژ بە دیکتاتۆر جەنگاوە. ئەو لەگەڵ تەواوکردنی قۆناغی ئامادەیی کە شانسی چوونە زانکۆی هەبوو،کەچی ڕوویکردە شاخ و بە باوەڕی ئەوکاتەیەوە چەکی پێشمەرگایەتی هەڵگرت و دڵسۆزانە لەوکاتەدا خەباتیکرد تا ئەو ڕۆژەی بزووتنەوەی نا ئومێدبەخشی کوردایەتی وەڕسی کرد و بە ناچاری گەڕایەوە شار و لەگەڵ لێبوردنە گشتێکەی ڕژێمی عێراقیدا لە ساڵی ١٩٨٥ دەستی بە خوێندن کردەوە لە پەیمانگای موسڵ. لەگەڵ یەکەمین هاوینی وەرزی خوێندن نەچووە جەیشی شەعبی و بەو هۆکارە لە پەیمانگا فەسڵکرا و پاشتر وەک کەسێکی فیرار لە نێوان هەولێر و قەڵادزێ درێژەی بەکاری سیاسی خۆی داو هەر لەو سەردەمەدا وەک دۆستێکی ڕێکخراوەی ڕەوتی کۆمۆنیست بەشدار بوو لە کار و چالاکێکانی ئەو کاتەدا دژ بە ڕژێمی بەعس تا کاتی ڕاپەڕین.
خاڵە مستۆ لەڕاپەڕینی ١٩٩١ دا دەورێکی بەرچاوی گێرا بە تایبەت لە موجەمەعەکانی تۆبزاوەو کەڵەک.
پاش ڕاپەڕینیش لە گەڵ بزووتنەوەی جوتیاران دژ بە دەرەبەگەکان کاریکرد تاوەکوو ئەو ڕێکخراوەیە لە لایەن یەکێتییەوە خەڵتانی خوێنکرا.
لەساڵی ١٩٩٥ەوە ڕوویکردە هەندەران و لە وڵاتی دانیمارک گیرسایەوە و دووبارە درێژەی بە کارو خەباتی خۆیدا لە ناوەندی چاک بۆ بەجینۆساید ناساندنی کەیسی هەڵەبجەو ئەنفال و بەدادگا گەیاندنی ئەنفالچییەکان، هەر لێرەشەوە ڕووی خەباتی خۆیکردە مافیا و داڵدەدەرانی ئەنفال چییان و ئەنفال چێکان لەناو دەسەڵاتی کوردی لە هەرێمی کوردستان، هەر بۆیە بڕیاری گەڕانەوەی دا بۆ کوردستان تا لە نزییکەوە لەگەڵ دەنگ و ئازارەکانی خەڵکدا خەبات بکات دژ بە ناعەدالەتی دەسەڵاتی بزووتنەوەی کوردایەتی.
خاڵە مستۆ لە بنەماڵەیەکەوە هاتبوو کە گورزی کوشندەی خواردبوو لە لایەن بەعس و بە کرێگیراوەکانییەوە. سێ براو دوو خوشک بوون، دوو برای شەهید کرا، مامۆستا حەمەدئەمین لە ناو ماڵەکەی خۆیدا و لە نیوە شەودا لەلایەن بەکرێگیراوەکانی دەسەڵاتی بەعسەوە بەر دەستڕێژ دراو شەهیدکرا، شەهید مەحەمەدیش لە ڕێی بەکرێگیراوێکی بەعسەوە لە ڕیزی پێشمەرگایەتیدا غافڵگیرانە شەهید دەکرێت. دەست بەخوێن سوربووەکانی ئەو شەهیدانە ئێستا دیوانچیین لە دیوانخانەکانی دەسەڵاتی کوردایەتیدا.
خاڵە مستۆ هەر بەتەنها ئینسانێکی دژە دیکتاتۆر نەبوو بەڵکو کەسێکی پڕاو پڕ لە ڕۆمانسییەت و عیشق بوو ئەو خاوەنی جوانترین سەرگوزشتەی عاشقانەیە، ئەو پیاوێک نەبوو تەنها حەزی بەچەک و هاوار بێت، ئەو ئینسانێک بوو لێوان لێوو بوو لە شیعری ناسک، ئەو دەنگێکی غەریبانەی هەبوو ئەوکاتانەی غەریبی دەیبردەوە بۆ ڕۆژە دوورەکان.

بنوو هاوڕێ خەونەکانت بە دوو دەستەوە لێوەردەگرم و بە ئەمانەتەوە ورد ورد دابەشی دەکەمە سەر هاوڕێکانتا و مستۆیەک دەبێتە هەزاران مستۆ، ئەمرۆش نەبێت ئەو سبەینێیە هەردێت مافەکان بۆ خاوەن ماف و لاسەنگی تەرازووەکان ڕاستبێتەوە.
بنوو هاوڕێ، ئارام بنوو مەرگ ناتوانيت جێگات خاڵی بکاتەوە لەدڵمان.

گۆران عەبدوڵڵا (نەوزاد مدحەت)
بەڕێوەبەری ماڵپەڕی دەنگەکان
7ی مەی 2020




بەرەو تەکنۆماڵ و زۆرینەی کۆنتڕۆڵکراو … ئارام قادر صابیر

ماڵ وەک ئەوەی شوێنی سرەوتن و سەقامگیریی، نیشتەجێبوون و مانەوە بێت، کە مرۆڤ وەک پرسێکی ئۆنتۆلۆجی سەیری بکات و تێیدا ئۆقرە بگرێت، ئەوا لای هایدیگەر ڕووندەبێتەوە، چونکە ماڵ و بوون پەیوەندیەکی ئۆنتۆلۆجی لە نێوانیاندا هەیە. بەڵام ماڵ و بوون پەیوەست بە دازاینەوە، (ئەو دازاینەی ئێستا باشتر وایە لە ناو جەبر و داوی سیستمدا بگۆڕێت بۆ سوبێکت و ڕەهایی پێشوەختەی بخەینە ژێر گومانەوە) چونکە ئەوە دازاینە هەست دەکات کە لە نێو پەیوەندیەکانی جیهان و ئەوانی دیکەیە، لە نێو زماندا و بە بێدەنگی و دیالۆگ خۆی بەیاندەکات، نیگەرانە و دەزانێ دەمرێت، مشور دەخوات و دەزانێت بەربۆتەوە و فڕێدراوەتە جیهان و تەک ئەوانی دیکەوە. دەکرێ ئەمجۆرە ماڵە واقیعییە ناوبنێین (خاکەماڵ) کە پەیوەستە بە جیهان یان زەمین و ئاشنایە بۆ دازاین، لەپاڵیدا هەبووەکانی دیکەی نێو ماڵ و جەستەی دازاین.
پەیوەندی ئۆنتۆلۆجی نێوان ژیان و جیهان، لە پەیوەندی میتافیزیکییەوە بەرەو پەیوەندیەکی فینۆمێنۆلۆژی و زانستی و ئێستاش تەکنۆلۆژی پەڕیوەتەوە. دازاین هەست دەکات ئەم جیهانە هی ئەوە و لە نێویشیدایە، (بەڵام وەک لەناودابوونی شتێک لە شتێکی تردا نا، کە ناتوانێت تێگەیشتن و تەفسیری پەیوەندیەکە بکات). لە تەفسیری میتافیزیکیی ترادسیۆنیدا جیهان کاتییە و ماڵ نییە و هەموو شتێ تێیدا فانییە، چونکە جیهان هی خودایە و ئێمەش میوان و ڕێبوارین لە نێو ڕوودانی ساتیدا. (کن فی الدنیا، کێ‌نک غریب و ێ‌و عابر السبیل). بەڵام مۆدێرنە لە کۆجیتۆی دیکارتەوە خاوەندارێتی جیهان دەگێڕێتەوە بۆ مرۆڤ و مرۆڤ لە سروشت جیادەکاتەوە و چیدی وەک یەک هەمەکی هەژماریان ناکات کە هاوچارەنوس بن، بەڵکو سروشت دەبێتە زێدێک کە ڕەوایە مرۆڤ نەک تەنها تێیدا بژیت بەڵکو لە سفرەیەکەوە بیکات بە کارگە و تاقیگە و هتد…
ماڵ بۆ مرۆڤ جۆرێک لە شعور و هەستکردن دێنێتە ئارا، کە پەیوەندی نێوانیان جیا دەکاتەوە لە پەیوەندی نێوان شتەکانی دیکە، کە دراونەتە پاڵ یەکتری. بۆ نمونە ماڵ و شتەکانی ناو ماڵ هەرگیز لە نزیکی و پەیوەندیدا نین، چونکە ئەم شعور و هەستە لە نێوانیاندا نییە، بەمەش پەیوەندی ئۆنتۆلۆجی نێوانیان دروست نابێت. دەبینین هەڵکەندنی مرۆڤ لە زێد و ماڵ چ کارێکی قورس بووە و چەند سەختی بەدوای خۆیدا هێناوە.
سیستم هەوڵدەدات بچێتە نێوانی ئەو پەیوەندیە، خۆی لە نێوان ماڵ و مرۆڤدا نیشتەجێ بێت، تا لەلایەکەوە خۆی وەک پارێزەر و ڕایەڵی ئەو پەیوەندیە بناسێنێ و لەلایەکی دیکەشەوە نامۆییەک لە نێوانیان بێنێتە ئارا و مرۆڤ وەک سوبێکتێکی کۆچەر و گوێڕایەڵ دەستەمۆی خواستەکانی بکات. زۆر جاریش پەیوەندیەکە گشتی دەکاتەوە و ژمارەیەکی زۆر خەڵک دەخاتە ناو هەمان ماڵ، لە نمونەی دەوڵەت وەک ماڵ و کامپ و باڵەخانە و ئۆردوەکانی دیکەدا دەبینرێن.
بەڵام هێشتا بە تەواوی خواستی کۆنترۆڵی سیستم بەسەر سوبێکتدا نەهاتەدی، بەڵکو ئامرازێک بزرە یان پێویستە بۆ ئامانجەکە. بۆ ئەمە تەکنۆلۆژیا زیاتر دەردەست و هاوکارە.
ئەمڕۆ ئەکاونتەکان (هەژمارە ئەلیکتڕۆنیەکان) بژاردەی دەیان ماڵیان لەبەردەم سوبێکتدا کردۆتەوە و ئەویش خواستی نیشتەجێبوونی لە زۆربەیاندا هەیە، ئێمە دەشێ ئەو فەزا و ماڵە تازەیە لە تێگەیشتنەکان بۆدریارەوە باشتر تێبگەین و وەک سەرەتاکانی ئاوابوونی واقیعی بنچینەیی و ماڵی واقیعی بزانین و بەرەو واقیعی سەروو (مەجازی) بە تایبەت لە نێو تۆڕەکان و ئامێرە زیرەک و تەکنۆلۆژییەکان بڕۆین. دەشێ ماڵە نوێیەکەی ناو تۆڕ و تەکنۆلۆژیا ناوبنێین بە (تەکنۆماڵ). لە تەکنۆماڵدا ئەو نیگەرانییەی بۆ ماڵ یان ترس لە دوورکەوتنەوە و لەدەستدانی هەبوو، پەیوەندیەکی تازەی بۆ دروستکراوە، ئێمە مەرج نییە لە ماڵدا بین، دەشێ ماڵیش لە ئێمەدا بێت، دەشێ ماڵ لە ئامێرەکاندا و لە دەست و گیرفانەکانماندا بێت و بە ئاسانی ماڵ بجوڵێنین و بیگوازینەوە. دەشێ ماڵە مەجازییەکە قوفڵ و کلیلی لە شێوەی کۆدی بەس بێت و لە هەموو شوێنێکی داپۆشراو بە تۆڕ (نێت) بە ئاسانی بکرێتەوە و بچینە پەیوەندیەکانییەوە.
لەبەرئەوە دەوڵەت و حکومەت و دامەزراوەکان بە خێرایی ویستی دروستکردنی زۆرترین ماڵیان بۆ زۆرترینی ڕەهای سوبێکتەکان هەیە، چونکە لە تەکنۆماڵدا سوبێکت باشتر دەگیرێ و کۆنتڕۆڵدەکرێ، لێرەدا سیستم جێگەی خودا دەگرێتەوە، ئەگەر لە ڕابردوو دا جیهانی بنچینەیی هی خودا بوبێت، ئەوا لە جیهانی تەکنۆلۆژیادا خاوەندارێتی هی سیستمە، لە کاتێکدا ئەویش هەر ناونراوە سیستم، بەمەش مرۆڤ یان سوبێت لە نێوان هەردوو ماڵەکەدا (خاکەماڵ و تەکنۆماڵ) هەست بە گۆڕان و بەهێزبوونی چاودێرییەکان دەکات، لە ماڵی کلاسیکدا (خاکەماڵ) چاودێری تا نەخشە و هاوبەشیی خزمەتگوزاریەکان و ژمارەکردن و کامێرا و تۆمارە جیاوازەکان هاتبوو، بەڵام لە تەکنۆماڵدا سوبێکت خۆی لە ناو چاودێریەکەدایە، خۆی لەناو کامێراکەدایە و هەر جوڵە و ساتێکی تۆمار دەکرێ.
کۆڕۆنا، هەر لەسەرەتاوە بە فوتێکردنە میدیاییەکە و بەجیهانیکردنەکەی زانرا کە خواستی سیستم و سودلێوەرگرتنی لە دوایە، لە چلگیرکردنی خەڵک و کۆنتڕۆڵی هەموو جوڵە و شوێنێکەوە تا لەکارخستنی سوبێکت و دەزگا واقیعییەکان بەرەو ژیانە نوێیەکە و جیهانە تازەکەی ناو تۆڕ و تەکنۆلۆژیا. جیهانەی ئەو وێنەدراوە و ساختەوێنانەی ڕووداوەکە زۆر گەورەتر و تۆقێنەرتر و هەژێنەرتر دەدەنەوە، وەک یازدەی سێپتێمبەر و کۆڕۆنا بوونیان بە شاڕووداوێک لەسایەی لێکەوتەکانی دواتریانەوە و وێنە و نیشانەکانیان.
بۆ کۆڕۆنا نمونەی بەرجەستە لای ئێمە لە دوو حاڵەتدا دەرکەوت، یەکەم لە چلگیریی ناو خاکەماڵدا بە ڕێگەی تەکنۆماڵەوە پراوە و پراکتیزەی دەنگ و وێنەی پەیوەندیەکانمان لەگەڵ کەسانی دیکەدا کرد بە ڕێگەی پەیوەندی و دیدارە ئەلیکترۆنییەکانەوە، دووەم هەوڵی دەوام و خوێندنی سەرهێڵ و ناو تەکنۆماڵ. ئەمەش بۆ سیستم پڕبایەخ دەبێت، بە تایبەت ئەو سیستمە بەهێزانەی خواستی کۆنتڕۆڵ و چاودێریان زۆرە و ویستی دەست خستنە ناو هەموو جووڵەیەکی سوبێکتیان هەیە.
لە خوێندنی تەکنۆماڵدا مامۆستا و خوێندکاری حەقیقی لە فۆرمە کلاسیکییەکە ئاوا دەبن، وێنەدراوە و ساختەوێنەی مامۆستا و خوێندکار دەبینین. لێرەدا بۆچوونەکانی بۆدریار ڕاست دەردەچن. خوێندنی تەکنۆماڵ و ئەلیکترۆنی و سەرهێڵ گریمانەی خوێندن و لە واقیعی گریمانەییدا. زۆرێک بێ ئاگا و لە سەرهێڵ و شاشەو تەواجودی بەردەوامیان لە تەکنۆماڵدا ڕەخنەی ئەو خوێندنەیان دەکرد! بەڵام سیستم لە بنەمای تێچوونی کەم و قازانجی زۆرەوە تێچونی کەم و کۆنتڕۆڵی زۆریشی دەوێت. وەک ئەوەی بۆدریار لە کتێبی (لەسایەی زۆرینەی بێدەنگدا) ئاماژەی بۆ دەکات، ئەوا زۆرینەیەکی خامۆش دروست دەبێت، نەک زۆرینەی کارا و ڕەخنەگر، هەرچەندە کتێبەکەی ئەو زیاتر ڕوو لە چەمکی تیرۆر و سیمولاکرا و سیاسەت وەک ئیرادە و نوێنەرایەتی و ئیمکانیەتی شۆڕش دەکات. کۆمەڵگە لەسایەی زۆرینەی خامۆشدا وزە دەمژێت و نایداتەوە، بەشداری کارا نییە و ئاگایی لۆژیک ڕاڤەی ناکەن.ئەمەش بە جادووی سپی جیهانی نیشانە و وێنەکان و کۆنتڕۆڵکاری نەناسراو، هەر جوڵەیەکیش وەک جادووی ڕەش هەژمار دەکرێت بۆ ویست و حوکم و سەرکێشی، کە سیستم دواتر وەک کردەی تیرۆریستی هەژماریان دەکات.
هەروەها نمونەی گەمەی دراوی بەرجەستە و دراوی دیجیتاڵی و ئەلیکترۆنی، گەمەی بۆرسە و نرخی کاڵاکان، گەمە وەرزشیەکان و سینەماییەکان، ئەوەیان دەرخست خواستی ژیانی حەقیقی بۆ ئەوەیە کە باشترین و جوانترین و زۆرترین وێنەدراوەی پچڕاو لە حەقیقەتی بنچینەیی بدەنەوە، بە کورتی ژیانی بنچینەیی لە ساختەوێنەکەیدا ببێتە جۆرێک لەوەی لە فیلم و دیمەنەکانی پۆڕندا وێنەدەدرێنەوە، وێنەیەک کە بە قەولی بۆدریار هیچ پەیوەندیەکی بە حەقیقەتی بنچینەییەوە نییە، ژیان و ڕەفتارێکە لەبری ئەوەی لە واقیعدا هەیە. کەواتە سیستم لەمڕۆدا سوبێکتی چیدی قبوڵ نییە، چونکە فوکۆ کەشفی توانستەکانی سوبێکتی کردبوو کە دەشێ بەرەنگار بێت خاوەن ئەخلاقی خۆی بێت، بەڵام سیستم لە سوبێکتەوە ڕوودەکاتە ئەکتەر، ئەکتەری ناو شانۆ و سینەما نا، بەڵکو هەر دەرکەوتن و ڕۆڵبینیەک لە تەکنۆماڵدا بریتییە لە ئەکتەربوون، بریتیی نییە لە من و تۆ و ئەو، بەڵکو وێنە و وێنەی وێنەکانیان و وێنەی دابڕاون لێمان. زۆر بە ئاسانی دەکرێ بڵێین ئەوەی لە واقیعدا هەیە، ئەوە نییە کە لە شاشە و تەکنۆژیادا هەیە، بەڵام بە جۆرێکیش هەیە.
ئارام قادر صابیر
ماستەر لە فەلسەفەی زمان و مامۆستای فەلسەفە لە زانكۆی ڕاپەڕین




زمانی دایکی و مەترسییەکانی بەردەمی … شیوا میرەکی

زمان کۆڵەکە و بنەڕەتی مانەوەی هەر نەتەوەیێک بەئەژمار دێ. سەرەکی‌ترین جیاوازی نێوان ئاژەڵ و مرۆڤ توانای قسەکردنە کە مرۆڤ گرینگترین و پێشکەوتووترین شێوە بۆ پێوەندی‌گرتن لەگەڵ یەکتر واتا کەڵک‌وەرگرتن لە زمان بۆ ئاڵۆگۆڕی بیروڕای بە کار هێناوە. فێربوونی هەر زمانێ چەند قۆناغی بیستن، ئاخاوتن، خوێندن و نووسینی هەیە .
ئەگەرچی زمان وەکوو ئامرازێک بۆ گەیشتن بە ئامانجەکان بەکار دەهێنرێ، بەڵام هاوکات لە زۆربەی شوێنەکان وەکوو ئامرازێک بۆ تواندنەوەی شوناسی کەمینەکان لە لایەن دەسەڵاتە پاوانخوازەکان کەڵکی لێ وەردەگیردرێ. بە وتەی جان ئێستوارت میل کاتێ داگیرکەر بیهەوێ نەتەوەیێک بکاتە کۆیلە و بە دوای خۆیدا ڕایبکێشێ سەرەتا زمان و شوناسەکەی دەکاتە ئامانج. نەتەوەیێکیش کە زمان و کولتووری لە دەست دا دەتوێتەوە. کاتێ تەواوی کەڵک وەرگرتنی مرۆڤ لە زمانی دایکی تەنیا قسەکردن بێت و پاڵپشتی نووسینی لە گەڵدا نەبێ، وشەکان وردە وردە لە بەین دەچێ و ئەو زمانە لاواز دەکرێ. کاتێ زمانی نەتەوەیێک لاواز بکرێ سڕینەوەی مێژووی زۆر ئاسانە .
لە سەرانسەری جیهان نزیک بە 6800 زمان هەیە کە 3800 لەو زمانانە لە مەترسی لە ناوچوونن .
له ڕوانگەی یۆنسکۆ هەموو زمانە دایکییەکان شایانی ئەوەن کە بناسرێن، شەرعیەتییان پێ بدرێت و لە هەموو بوارەکانی ژیان و بازنەی گشتیی، بایەخیان پێ ببەخشرێت؛ بەڵام ئەوه شتێک نییە کە بەکردەوە ڕووی دابێت!. زمانە دایکییەکان زۆربەیان بەپێی پێویست پێگەی زمانی نەتەوەییان نییە، نەبوونەتە زمانی فەرمی و تەنانەت پێگەی زمانی پەروەردەشیان نییه و ئەوەش دەتۆانێ ببێتە هۆی کەم کردنەوەی بایەخی خۆرسکی زمانی دایکی و مەرگی یەکجارەیی ئەو زمانە لە درێژخایەن. لە ساڵوەگەڕی رۆژیی جیهانی زمانی دایکی، ئێمە دەبێ وەبیرمان بێتەوە کە “هەموو زمانە دایکییەکان جێگەی بایەخن و هەمووان بۆ سەقامگیری گشتی و گەشەی بەردەوام پێویستن” .
زمانی دایکی بۆ خوێندەواری پێویستی سەرەکییە لە بەر ئەوەی کە لە ساڵەکانی سەرەتایی خوێندن بەهرەکانی بنەڕەتی، خوێندن، نووسین و هەروەها پڕۆسەی فێربوون ئاسان دەکات. بەهرەیێک کە بنەما و بنەڕەتی گەشەی کەسایەتی مندالان درووست دەکات. زمانی دایکی هەروەها دەرخستنێکی تایبەتە لە شوناس و توانای داهێنەریی و سەرچاوەیەکە بۆ زانست و داهێنان . بەڵام بەوەشەوە زمانی پەروەردە لە ساڵەکانی سەرەتای خۆێندن بەدەگمەن زمانی دایکی منداڵانی قۆتابیيە. بەگۆتەی یۆنسکۆ، نزیکەی لە سەدا ۴۰ی دانیشتووانی جیهان دەستیان بە سیستەمی پەروەردە بە زمانی دایکی ڕاناگات. لە کاتێکدا زۆربەی لێکۆلینەوەکان دەریان خستووە کە زمانی دایک پرۆسەی فێربوونی گشتی و فێربوونی زمانەکانی‌تر ئاسانتر دەکات. بە گوێرەی ڕاگەیاندنی یۆنسکۆ هەر کەس بە زمانی خۆی نەخوێنێ و نەنووسێ نەخوێندەوار دێتە ژمار .
منداڵ پاش لە دایک‌بوونی و بۆ پێوەندی‌گرتن لە گەڵ دەوروبەری خۆی فێری زمان دەبێت و زمان دەبێتە کەرەستەیێک بۆ فێربوون و ناسین و ناساندنی شوناسی تاکەکەسی و بە کۆمەڵی خۆی لە کۆمەڵگا . زمان کاتی دووگیان‌بوونی دایک لە سێ مانگان‌دا ئاشنای ڕۆح و مێشکی منداڵ دەبێ و دەبێتە هۆی ئەوەی بنەڕەتی کۆدی ژنتیکی بە شێوازی زمانی دایکی دابنرێت. بەڵام ئەگەر کاتی بەدنیاهاتنی منداڵ بە زمانی دایکی قسەی لەگەڵدا نەکرێ، ئەو کۆدە بە یەکجاری دەشێوێ.
فێرکاری بە زمانی دایکی هۆکاری دوورکەوتنەوە یان جیابوونەوەی نەتەوەکان نییە، بەڵکوو لێکۆڵینەوە کۆمەڵناسییەکان دەریان خستووە کە سیاسەتی چەند زمانی لە کاروباری پەروەردەییدا کاریگەری زۆری لەسەر ڕاگرتن و پەرەسەندن و گەشەکردنی فەرهەنگە نەتەوەییەکان هەیە .
دوکتور کانگاس تیۆریسیەن لە بواری زمان دایکی لەوبارەیەوە دەڵێت: “زمانی دایکی زمانێکە کە مرۆڤ لە ڕێگای ئەوە بیر دەکاتەوە و خەون دەبینێت. لە ڕاستیدا زمانی دایکی وەکوو پێستی لەشە و زمانەکانی‌ تر ئاسەڕێ زیاتر نین”. هونەر سەرەکی‌ترین ئاستی بەرزی مرۆڤە کە لە ڕێگەی زانست و مەنتقەوە پێکنایە. زمانی دووهەم لە ڕێگەی ڕاهێنان و بە شێوەی خۆوشیارانە فێر دەبین، بەڵام ناوشیارانە فێری زمانی دایکی دەبین بۆیە لە نێوان زمانی دایکی و هونەر هاوئاهەنگی هەیە؛ لە نێوان دوو شت کە سەرچاوە لە دنیای ناوشیاری مرۆڤەکان دەگرن.
بە پەراوێزخستنی زمانی دایکی، توندوتیژی بەرانبەر بە مناڵانە و پێویستە بهزووترین کات چارەدۆزییەک بۆ ئەو شێوە توندوتیژیانە بکرێت. چونکە کاتێ لەگەڵ منداڵ بە زمانێ جگە لە زمانی دایکی قسە دەکرێ، دەبێتە هۆی ئەوەی منداڵ لە دایک و باوک و بنەماڵەکەی سووک بڕوانێ. منداڵ لەو کاتەدا بیردەکاتەوە بنەماڵەکەی باشترین شتیان بۆی دەوێ و ئەمە دەبێتە هۆی جۆرێک دژوازی لە دەروونیدا کە لە درێژەی زەمان تووشی هەستی پووچی دەکا و لە پرۆسەی فێربووندا تووشی کێشە دەبێ، متمانە بەخۆی لە کۆمەڵگا لە دەست دەدا و ناتوانێ بە باشی لە نیوان دەروونی خۆی و دنیای دەرەو پێوەندی ساز بکات.
دیارە گاڵتە و سووکایەتی کردن بە زمانی دایکی، دەبێتە هۆی هەستی خۆ بەکەم زانین و ئەو ڕەوتە تا ڕادەیەک ڕێخۆشکەر ده‌بێ بۆ هێژموونی دەسەڵاتی باڵادەس و دور کەوتنەوە و تەنانەت نکۆڵی تاک لە ناسنامە و شوناسی سەرەکی خۆی کە ئەمیان ڕووی دووهەمی بە پەراوێزخرانی زمانی دایکی واتە ئاسمیلاسیون یان تواندنەوەی گرووپێک بە شوناسی جیاواز لە نێو گرووپێکی دیکە لە ڕێگەی باڵا دەستی و هێژموونیی فەرهەنگ و زمانی زاڵە. ئاسمیلاسیۆن دەبێتە هۆی لە ناوچوونی گروپێک بە شێوەیەک نەرم و نادیار. بۆ وێنە کاتێک کە زمانی میللەتێک یاساغ بکرێت و بە کار نەبرێ، دیارە ئەو زمانە دەکەویتە بەر مەترسی کاڵ بوونەوەوە و بگرە لەناوچوون. ڕوونە کاتێ زمانی نەتەوەیەک لە ناو بچێ، سڕینەوەی مێژووی و یادەوەری ئەو نەتەوەیە زۆر ئاسانتر دەبێتەوە.
کەواتە کاتێ مرۆڤی کورد لە گەڵ منداڵی بە زمانێ جگە لە زمانی زگماکی قسە دەکات و زمانێ کە بیری پێ‌دەکاتەوە، جیا لە زمانی خۆیەتی تووشی ئاسمیلەبوون هاتووە و شوناسی خۆی لە بیر چۆتەوە،یان کاتێ کە تەواوی کەڵک‌وەرگرتنی مرۆڤی کورد لە زمانی دایکی تەنیا لە قسەکردنی ڕۆژانەدا بێ و پاڵپشتی نووسین و پەروەردە و بیرکردنی لە گەڵ نەبێ، وشەکانی لە بیر دەچنەوە و ئەو زمانە وردە وردە بەرەو گۆڕانی نەرێنی و تەنانەت لەناوچوون دەچێت. بەو هیوایە کە ئەم ڕۆژە ببێتە هۆی ڕاچڵەکاندنی کەمینەکان بۆ ڕێزگرتن لە خۆیان و زمانی دایکییان، چونکە پشت‌کردن لە زمانی دایکی وەکوو پشت‌کردن لە دایکە.

قوروە
شیوا میرەکی




با تۆڕەکانی هاوکاری کردنی کۆمەلایەتی بە خەڵکی کوردستان فراوان بکەینەوە!

ئەمرۆ ڤایرۆسی کۆرۆنا سەراپای جیهانی تەنیوەتەوەو سەرەڕای گیان لەدەستدانی دەیان هەزار ئینسان هاوکات بۆ خۆپاراستن لەم ڤایرۆسە بەناچار ئەو خەڵکە لە (کەرەنتینە)دا ماونەتەوە. بەهەمان شێوە خەڵکی کوردستانیش بەمەبەستی خۆپاراستن لە مالَەکانی خۆیاندا ماونەتەوە. بەلام کێشەیەکی گەورە لەم ماوەدا ئەوەبووە کەبەهۆی نەبوونی موچەو هیچ جۆرە بیمەو هاوکاری کردنیکی مادیەوە لەلایەن حکومەتەوە، دەیان هەزار خێزان لەهەژاری وبرسیەتی ونەداریدا ژیان بەسەردەبەن و کەمنین ئەوانەی کەژەمە خۆراکێکی مندالَەکانیان بۆ دەستەبەر نەکراوە!
ئاشكرايە کە دەورو جیَگەورِیَگەی ئەم دەسەلاتە لەوەلامدانەوە بەکێشەکانی ئەو خەلکە بۆ دابینکردنی لایەنی کەمی پێداویستیەکانیان چیەو چۆنە، کە لە ڕاستیدا سەلماندنیان چەند بێباکن لەبەرامبەر بە ئاکامەکانی ئەم ڤایرۆسەو کاریگەرو ڕەنگدانەوەی لە ژیانی تاکەکانی ئەم کۆمەڵگایەدا، ئەگەر حکومەت بەهەر ئەندازەیەکیش خۆی بەشەریک بزانی لەڕێگرتن بە فراوان نەبوونەوەی ڕێژەی تووشبوان، ئەوا بەدیوێکی تردا نموونەی نابەرپرسیارترین دەسەڵات بوو لەبەرامبەر چارەنووسی ئەو بەشە لەخەڵکی کرێکارو زەحمەتکێشدا کە بەهۆی کەرەنتینەوە نزیک بە دوو مانگە لە سەخترین بارودۆخدا ژیانێگی پڕ لە کولەمەرگی بەسەردەبەن.
دروست لەم بارودۆخەدا کۆمەلیَک کەسانی خۆبەخش لە هەندەران وکوردستان بیرمان لە هەنگاویَکی ئەوتۆ کردەوە کە بتوانین هەر لەرِیَگەی پشت بەستن بەو خەلکە خۆیەوە، هاوپشتی و هاودڵیەکی کۆمەلایەتی پێکبهیَنن، تا لەرِیَگەی کۆمەک کۆکردنەوە وە بەشیَک لە پیداویستیە سەرەتایەکانی ئەو خیزانە هەژارو کەمدەرامەتانە پەیدا بکەین کە سەرچاوەیەکی تریان نەبوو بۆ ژیانیان، بۆیە دەستمان برد بۆ دروستکردنی تۆڕی هاوکاری کۆمەلایەتی کە لەماوەیەکی کەمدا لە چەندین شارو ناوچەو وولاتانی ئەوروپا، کەندا، استرالیاو چەند شاری کوردستان لەوانە لە کەرکوک، سلێمانی، گەرمیان بەهەمان شێوە ئەم تۆڕانە لەلایەن کەسانێکی خۆبەخشەوە پێکهێنرا!
هاوکات مەبەستمانە بۆ ڕاوەستانەوە لەبەرامبەر مەترسیەکانی تری داهاتوودا کە بەهۆی کاریگەریەکانی ڤایرۆسی کۆرۆناوە بەرۆکمان پیَدەگرن لەهەولَی بەهیَزکردنی هاودلَی وهاوپشتیەكی زیاتردابين، نەک تەنیا لە بەرامبەر بە دەسەڵاتدارانی کوردستان بەڵکو هاوکات ئاگادارکردنەوەی نیهادە نێودەولەتیەکان و حیزب و ڕێکخراوە کرێکاری وئینساندۆستەکانیش ، کاری ئیَمەیە تا پێکەوە بتوانین گوشاریَکی گەورە لەسەر ئەم دەسەلاتە بێباکە دروست بکەین و ناچاربکرێت بەوەی کەوەڵام بە ماف وداخوازیەکانی ئەو خەڵکە بداتەوە !
ئەگەرچی ئێمە لەسەرەتای دەست بەکاربوونمانەوە لە هەوڵی فراوانکردنەوەی ئەم تۆرِەدا بووین، بەلام لەڕاستیدا مەترسیەکانی تائێستەی ئەم ڤایرۆسەو کاریگەریەکانی لە ئایندەیەکی نزیکدا چ لە کوردستان وناوچەکەدا، چ لەئاست نیودەوڵەتیدا بەداخەوە دەبیَتە مایەی بێکاری و هەژاری و ناعەدالەتیەکی چەند بەرامبەر کە تائێستە زیاتر لە 200 ملیۆن خەڵکی بێکارکردووە لە جیهاندا. بۆیە دەبیَت پێشوەخت لە ئەنجام و کاریگەریەکانی ئەم بارۆدۆخە مەترسیدارە حاڵی بین کە چۆن ئەم دەسەڵاتە تەواوی ئەو قەیرانە سیاسی وئیداری وئابووری یە، وەک پیشەی رِابردویان دەشکیَنیَتەوە بەسەر خەلکی ستەمدیدەو کریَکارو زەحمەتکیَشی ئەم وولاتەدا !

بۆیە لە دۆخیَکی بەم شیَوەدا نەک تەنیا بۆ تەنگ پێهەلچنین بەم دەسەڵاتە، بەڵکو بۆ خۆئامادەکردن و دوورکەوتنەوە لە هەموو کارەساتەکانیتری بەردەممان، بۆ گەورەتر کردنەوەی بازنەی ناڕەزیەتیەکانی خەڵکی کوردستان و دەبارزبوون لە تونیَلی پرِ تراژیدیای ئەو ئایندە ناڕوون و مەترسیدارەی کە هەرِەشە لە هەموو کۆمەلَگا دەکات. پیَویستە لەهەولَی فراوان کردنەوەی ئەم تۆرِانەدابین لە هەموو شارو شارۆچکەکانی کوردستان و هەندەران. بۆیە رِوومان لەهەر ئینسانیَکی ئازادیخوازە کەهەولَی فراوانکردنەوەی لەم تۆرِی هاوکاریە کۆمەلایەتیەدا هاوکارو هاورسەنگەرمان بیَت. هاوکات جیَگەی خۆیەتی کە دەزگاکانی رِاگەیاندن تا ئەوشویَنەی کە بلندگۆی بانگەشە کردنی ئەم حیزب و حکومەتە نین گرنگی بدەن بەکارو چالاکیەکانی ئەم تۆڕەو خەڵکی کوردستان لە هەنگاوەکانی دواتری ئاگاداربکەنەوە!
بۆ زانیاری زیاتر دەتوانن پەیوەندی بکەن بەم ژمارە تەلفون و ئیمەیلەوە 005358440464905 bahaomar94@yahoo.com
ووتەبیژی تۆرِی هاوکاری کۆمەلایەتی، بەهادین حاجی بەکرد دارتاش، ناسراو بە ( رِیَبوار عارف)!
06.05.2020




یەحیا حەسەن: ئەو گەنجەی لەسەروکاری کوشتنی باوکەکاندا، باوکەکان کوشتییان…بەکر ئەحمەد

بیست لیتر تاریکی و منداڵیم بە دیوارەکەدا دەڕێژم

دەستێک هینی چاخی بەردین، قۆرئانێکی حەجمی گیرفان

دەکرا من تۆم خۆشویستبا

ئەگەر من باوکی تۆ بوایەم، نەوەک کوڕت.

٢٩ ی ئەپریل، شاعیری لاوی دانیمارک کە نەوەی ئەو کۆچبەرە فەلەستینیانە بوو کە وەک پەنابەرانی بێ دەوڵەت لە دەستگاکانی ئەوروپادا تۆمارکراون، لە ماڵەکەی خۆیدا بە مردووی دۆزرایەوە. تا ئێستاش وەک مەرگێکی ئاسایی ناوبراوە و هیچ هۆکارێکی دیکەی لە پشتەوە نەبووە. ئەو تەنها فریاکەوت ٢٤ ساڵ بژی و دوو بەرهەمی شیعری جوان لە دوایی خۆیەوە بەجێبێڵێ.

مەرگی یەحیا بە یەکێک هەواڵە گەورە کولتوریەکانی ئەوروپا لەقەلەم دەدرێت. لاوێک  لە تەمەنی ١٨ ساڵیدا بە کۆمەلە شیعری” یەحیا حەسەن” وەک بەهێزترین دیاردەی شیعری لە دووهەزەرەکانی دانیمارکدا ناودەردەکات و شیعرەکانی وەردەگێردرێتە سەر کۆمەڵێک زمانی جیهانی.

لە پاش شەش ساڵ بەشی دووەمی شیعرەکانی بە ناونیشانی “یەحیا حەسەن ٢” چاپدەکات و چەند مانگێک لە دوای ئەوەوە دمرێت.

شیعرەکانی یەحیا هەتا بڵێی تووڕەن. ڕوون و بێ پەردەن. دژی ئیسلام و باوک و کۆمەلگای دانیمارکن. لە بەرپرسەکانی سوشیالەوە، بۆ دەستگاکانی پۆلیس و ئەنستییتیۆتەکانی کە سەروکاریان لەگەڵ ئەو منداڵانەدایە کە تووشی گرفتەکانی مەوادی بێهۆشکەر و تاوان بوون،   باوک و خزم و مەلای مزگەوت، هەر هەموویان ئەم نیگا توورەیەی یەحیایان بەردەکەوێ.

لە هەمووی سەرنجراکیشتر، نیشاندانی ژیانی کۆچبەرانی موسولمانە وئەو بەریەککەوتنە کولتورییانەی نەوەکانیان دووچاری دەبنەوە.

ڕەخنەگرانی ئەوروپا لە دابەشکردنی یەحیادا بەسەر بەرەی چەپ یاخود راستتدا سەرە گیژەیەکی گەورە دەیانگرێت.

ئاخر یەحیا حەسەن بەشێک لەو چیرۆکانە دەگێڕیتەوە کە راست و راسیزمی ئەوروپا  چەندین ساڵە لەبەرانبەر پەنابەراندا دەیلێنەوە . چەپی ئەوروپا لە یەحیادا ئەو هاوارە دەبیستێ کە لە گیتۆکانەوە دێتە دەر. ئەو خۆی لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفیزیۆنی سویددا، لە بەرانبەر ئەم ڕەخنانەدا دەڵی: بۆ من هیچ گرنگ نییە کە ئەجێنداکە لە لایەن چەپ یاخود راست، شەیتان یاخود خواوە دادەڕێژرێت، بۆ من پرسیارەکە دەربارەی شیعرە، دەربارەی ئەدەبە. من وای دەبینم کە ئەدەب و شیعر دەبێ لەپەیمانە جۆراجۆرەکانی دیکە ئازاد بن.

رۆژنامەی ئافتونبلادیتی سویدی دەنووسێ: یەحیا حەسەن چۆن دەخوێنرێتەوە، بەجۆرێک لە جۆرەکان خوێندنەوەی یەکێك لە پرسیارە چارەنووسسازەکانی ئەوروپایە”

بۆ من یەحیا حەسەن دەنگێکی بەهێزە بۆ ئازادی، ئەگەرچی پێشێلکەری ئەم ئازادییە باوک بێ، یان  دەنگی بڵندگۆی مزگەوتێک یاخود کولتور و ستراکتۆرێکی راسیستی بێت.  

ئەو وەک گەنجێکی هەژدە ساڵە، شیعر دەباتەوە ئەو شوێنەی کە دەبێ لەوێ بێ. بە بێ رتووش و زۆر لەخۆکرنی شاعیرانە و وێنەی شیعری. ئەو بۆ درکاندنی راستییەکان لە دەرئەنجامی ڕاستیەکانی یەک زەررە سڵ ناکاتەوە.

ئاخر یەحیا حەسەن و شیعرەکانی یەک بوون. ئەو گەنجێک بوو کە چەندین جار لەسەر دزی و سەیارەفراندن و حەشیشە کڕین و فرۆشتن لە زینداندا دیلکرابوو. بەڵام لەپاڵ وەسفکردنی چۆنێتی وەدووکەوتنی سەیارەکانی پۆلیس بەدوای ئەودا، بێموبالاتی خێزان و دەسەلات و دامودەستگاکانی کۆمەلگا لەبەرانبەر ژیانی گەنجێکدا، هەر هەموو ئەم هۆکارانە بە رووخساری بێدەمامکی خۆیانەوە، لە شیعرەکانی یەحیا حەسەندا، بە ڕووتی نیشاندەدرێن.  ئەم چەند شیعرەی خوارەوە لە کتێبی یەکەمی یەحیا حەسەندا و لە وەرگیرانە سویدییەکیەوە کراونەتە کوردی.

Yahya Hassan, Nordstedt, 2017

منداڵی

پێنج منداڵ لە ڕیزێکدا و باوکیش بە گۆپاڵێکەوە

هەمووان پێکەوە دەگرین و گۆمێک لە میز

دەستی چەپ یاخود راستمان بۆ پێش خۆمان درێژدەکەین

ئای لەو دەنگەی کاتێک زرمە لە یەکێک هەڵدەسێ 

خوشکێك کاتێک  لەسەر قاچی چەپی بازدەداتە سەر قاچی ڕاست

میز جۆگەیە و بە قاچیدا دەڕژێتەخوار

یەکەم جار دەستی ڕاستی، دوای کەمێ تر، دەستی چەپی

گەر دواش کەوێ، بەرجێیەکی دیکەی دەکەوێ  

زرمەیەک و هاوارێک و ژمارەیەک، سی، چل،  پەنجا

دوا لێدانیش، شەقێک لە قن کاتێک ژوورەکە جێدێلرێ

دەستدەنێتە سەر شانی گچکەکەمان، قیافەی رێکدەخاتەوە و

بەرجنێو و شەقی دەدا

من چاوشۆر وچاوەڕوانی نۆرەی خۆمم

لە حەسرەتتدا، دایکم قاپەکان دەشکێنێ

لەولاشەوە، ئەلجەزیرە هەواڵەکانی پەخشدەکا

بلدۆزەرێک بە گرمەگرم

دەست وقاچی ژیان تاڵکەر

کەرتی غەززە لەناو تیشکا

ئاڵاکانن دەسووتێنرێن

گەر تاکە زایۆنیستێک بوونی ئێمە قبووڵنەکا

گەر بەڕاستی ئێمە هەبین

کاتێک بە دوای کەمێک هەوا و مانایەکدا هەناسەبڕکێ گرتووینی

لە قوتابخانە بۆمان نییە بە عەرەبی قسان بکەین

لە ماڵیشەوە بۆمان نییەبە دانیمارکی بپەیڤین

بۆکسێک و هاوارێک و ژمارەیەک

گوورچیلەکە

گشت پێکەوە، بۆ خالێکم لە دوبەی، پارەی گوورجیلەیەکمان پاشەکەوتکرد

بۆ باپیرەییشم لە لوبنان،  بۆ نەشتەرگەریەکەی دلی

بۆ دەردی ئەوانی دیکە، پارەمان خڕدەکردەوە

لەژێر فەرشدا پارەکانمان دەشاردەوە

دەمانگۆرییەوە بۆ دۆلار و پێکەوە دۆعاماندەکرد

خۆشەویستی

ئەوکاتەی من لە زیندان بووم، باوکم منداڵێکی دیکەی بوو

من نازانم ناوی چییە

بیرم نایە کوڕ بوو یان کچ

مەرەخەسییەک ، سەردانی مالی باوکم کرد

کە من هاتم، مندالەکان دلیان خۆش بوو، دەیانویست یاریم لەگەڵ کەن

باوەژنەکەم وتی: نابێ پەنجەم بەر پەنجەی کەسیان بکەوێ

گەورەکەیان، بە سکەخشێ دەهات بۆ لام

زللەیەکی تووندی لێدا

منداڵەکە بە دەم گریانەوە وتی: ئاخر دایە تۆم خۆش دەوێ

زللەیەکی کەی پیاکیشا،

بەلام من نا،  دایکی وتی.

دوانزە ساڵ

کاتێک برا بچکۆلەکەم سەرجێگاکەی خۆی تەڕدەکرد

بە بۆکس خەبەردەکراوە.

شەوێک براکەم رایوەشاندم: کاکە هەستە، میزم بەخۆمدا کردووە

بۆیە گرفتی وی بوو بە هی من.

بەدزییەوە خۆمگەیاندە توالێت و دەسری تەڕم پەیدا کرد و

لەشیم سڕی

دۆشەکە ئاونەدزەکەم پاککردەوە و

جلەکانیم کردە  کیسە و لە ژێر تەختەکەی شاردمەوە

لێفەکەیشم هەرشەو گۆڕی

بۆ بەیانی، لێفەکەیشم تووردایە ناو عەللاگەکە و

لە پەنجەرەی قاتی یەکی ماڵمانەوە، هەلمدایە خوار.

دانم شت و نانێکی عەرەبیم خوارد

عەللاگەکەم لەلای دایکم، لە شوقەی ژمارە ٣٦جیهێشت

گەرچی باوکم پییوتبووم

ڕێم کەوێتە ماڵی دایکم، قەپۆزم شین و مۆردەکا.

لە دوای مەکتەب، عەللاگەکەم هێنایەوە

بۆنی میزی لێنەدەهات

باوکم هیشتا لەسەرکاربوو

لە ژووری میوان دانیشتم وجگەرەیەکم داگیرساند

لە دوورەوە، سەیری دیوارەکەم دەکرد.

ماڵبڕین

لەسەر ٣٠٠ لێدەخوڕین

لە سەیارەیەکی چەتالکراوی دزراوی بێ ئیستۆپدا

دەستکیش لە گیرفانەکانی دواوە دادگایکردنەکانی ئایندەن

من لەسەر جادەکەوە چاوچاوێنمە

 پەنجەرەی سەر حەوشەکە دەشکێنی و

هەڵدەگەرێ و دەرگاکەی ماڵ دەکاتەوە

بۆنی عەترەکەت هێشتا دێت

پەنجەرەکان تاریکدەکەم

“ئای ماک”ەکە لە رارەوەکەدا دادەنێم

ئامۆزاکەم کەلوپەلەکان هەڵدەگرێ و دەیانبات بۆ ناو سەیارەکە

ئەو بە دراوسێکان دەلێ: یارمەتی هاورێیەک دەدەین

بە نیازی گواستنەوەی ماڵە.

دواتر تێڤێی و بڵندگۆکان، ئەمپریفایەر وقەوان و

لاپ تۆپ وئایپاد و گیتارەکان

باران بەلێزمە لە جامی بەردەمی سایەق دەدا

فلچەکان هیچییان ئیش ناکەن

من نازانم، لە کوێێ شارداین

چەند رەقەمی سەیارەی دی دەدزین و رەقەمە کۆنەکە دەگۆڕین

لە بانزینخانە فولی دەکەین و دوو هۆڕنییان بۆ لێدەدەین

قاچ لە بانزینەکە توونددەکات

من پیی دەڵێم بە هێواشی بەلای چەپدا

 ئامۆزاکەم  وەک شێت سەیارە لێدەخورێ

وەک ئەوەی گەواهینامەی لێخوڕینی رەسمی پێ بێ.

وەک ئەوەی شتەکانی ناو سەیارە، کەل و پەلی گواستنەوەی ماڵ بێ

ئێستاش لە ناو خەتی لێخوڕینی پاسەکاندا گیرمانکردووە

من بە سەریا دەقیژێنم: گەمژە، پێم ناڵێی چی دەکەی؟

کورسی سایەق تا دەتوانم دەبەمە دوا، بەگ دادەنێم

هەر بە پێوە ، قاچ لەسەر بەنزین توونددەکەم

سەیارە باڵی لێدەردێ.

بەکر ئەحمەد

202020503




هەنگاوێک بۆ کرۆکی شانۆی سەکۆ زا‌هیر عەبەڕەش

ئۆگستۆبواڵ لە زانکۆی کۆڵۆمبیا لە نیۆرک، لەوێ بەستانسڵاڤسکی و برێخت ئاشنا دەبێت. کاتێک لە ساڵی 1955 دەگڕێتەوە بۆ بەرازیل. پاشان گروپی شانۆی ئەرێنە دادەمەزرێنێت شانۆی گۆرەپان دادەمەزرێنێت، دوو شانۆیی نمایش دەکات یەکەمیان (ئەسپ و پیرۆز) دوومیان شانۆیی ( ماڵی ئەوبەرشەقامەکە). دوای هەموو نمایشێکی لەگەڵ خەڵک کۆ دەبۆوە و گفتۆگۆی لەگەڵ خەڵکەکەدا دەکرد.
بەحوکمی ئەوەی بواڵ کەسێکی چالاکوان و ئەکتیڤ بووە لە بواری ڕامیاری و مافەکانی مرۆڤدا، هەمیشە پرسەکانی خەڵک لە پێشینەی کارەکانیدابووە و کارکردنەکانی ئاراستەبووە بۆ خەڵکە ئاساییەکەی بەرازیل. سەرەتای کارکردنی شانۆی ئەرێنە لە سەر شەقامەکاندا بووە، شانۆی سەر شەقامیان پێشکەش کردووە. چۆنێتی نمایشکردنی ئەم جۆرە میتۆدە لە سەرەتادا ئەوەبوو، کە شانۆی ئەرێنە لە بەرازیل لە گۆڕەپان و شەقامەکان دیمەنێکی شانۆیان لە کێشەکانی خەڵکی ناو گۆڕەپانەکە دروست دەکرد، بە ئاراستەی ئەوەی کە (کریسێک ) تەنگەژەیەک بخولقێنێ‌.
سەرەتای کارکردنی بواڵ ئەوەبوو کە تەنها پێشنیاری لە بینەران وەردەگرت و بێ ئەوەی بینەر بەشداربێت، بەڵام پێشنیارو بۆچونەکانی بەهەند وەردەگرت. یەکەمجار تەنها بینەران پێسنیاریان دەکرد کە نمایشەکە چۆن بڕوات ئەکتەرەکانیش بەشێوەی پێشنیازی خەڵکەکە نمایشەکەیان پێشکەش دەکرد.، بەڵام جارێکیان ژنێک پێشنیار دەدات. بەڵام ئەکتەرەکان لە پێشنیارەکەی ناگەن، چەندجارێک پێشنیازەکەی خۆی دوبارەدەکاتەوە، تا لەدواجاردا ژنەکە تووڕە دەبێت خۆی هەڵدەسیتە سەر تەختەی شانۆکە. بواڵیش بەوە خۆش حاڵ دەبێت رێ لە ژنەکە ناگرێت کە بێتەسەر شانۆکە، ئەوە یەکەم جاربوو کە بینەرێک بێتە سەر شانۆکەو ئاراستەی روداوەکە بگۆرێت بەو شێوەیەی خۆی ئارەزووی دەکات. ئەم رووداوەش دەبێتە گۆڕانکاریەک لە کارکردن و دیدی ئۆگستۆ بواڵدا. نمایشەکە دەگۆڕێت و دەبێت بە شتێکی تر. ئەوە سەرەتایەکی باش بووە بۆ بەشداریکردنی بینەران لە نمایشەکەدا.
لەوکاتەوە لەساڵی 1960 بەتەواوی فۆرمی شانۆکەی گۆڕی کە بینەر خۆی بەشدار بێت.
شانۆی سەکۆ، میتۆدێکی تەفاعولیە کە بینەر ئەو هەلەیان بۆ دەرەخسێت کە کاردانەوەیان هەبێت، لە رەوشەکەدا بژین و ڕوونکردنەوەیان هەبێت، پەیوەندی بگرن لەگەڵ ئەو کێشەیەدا کە پێشکەش دەکرێت.
شانۆی سەکۆ ،گەمەی میتۆدێکی پێداگۆگیانەیە بۆ ئازادی و گۆرانکاری. تێکستی شانۆی سەکۆ تێکستێکی زۆر کورتە، ئەو تێکستەش رەنگدانەوەی کێشەیەکی راستەقینەیە، کە هەمیشە تێکستەکە بە ڕەوشێکی ناخۆش کۆتایی دێت. ئەم جۆرە کۆتاییە وا لە بینەر دەکات کە رۆڵی خۆیان بگێرن لەو دۆخەدا کە دەخرێتە ڕوو. نمایشەکە بووەستێنن و ئەو چارەسەرەی کە خۆی بە باشی دەزانێت بیخاتە ڕوو.
شانۆی سەکۆ سەرەرای ئەوەی نمایشێکی شانۆییە و تێکستێکی خۆی هەیە ، بەڵام لەگەڵیشیدا پرۆسێسی دروستکردنی بەرهەمێکی شانۆی و نووسینی تێکستێکی شانۆییە، کە ئەکتەرەکان و بینەران لێکۆڵینەوە لە ماکە کۆمەڵایەتیەکانی کێشەکە دەکەن، ڕووداوەکان هەمیشە لە ڕاستیەوە سەرچاوە دەگرێت، نەک لە وەهمەوە، ئەو سەرجەم گۆڕانکاری و پرۆسێسی دروستکردنی شانۆییە هیچی کەمتر نییە لە خودی نمایشەکە، پرۆسێسی دروست بوون لە خودی بەرهەمەکە گەورەترە، ئەوەش ئەوەیە کە چۆن ئەکتەرەکان و بینەران گەشتێک لە ئەزموونەکانی ژیانەوە بەرەو تیۆرییەکان لەبارەی ژیانەوە دەکەن. ئەوەش ناودەنرێت گەشتێکی فکری و هۆشمەندانە، ئەم گەشتە فکریە تەواو گاریگەر و داینامۆی گۆرانکاریە ناوەکیەکانە.
شانۆی سەکۆ شانۆیەکی پڕ هێزە، لەگەڵ پرس و بابەتە ئاڵۆزەکاندا مامەڵە دەکات، بۆ نموونە بابەتەکانی وەک چەوساندنەوەی ژنان ئەو گرفتانەی کە لە شوێنی کارکردن دروست دەبن، ئیزعاجکردن یان چۆن پەیوەندی بگرین و ناکۆکیەکان چارەسەر بکەین.
ئەم دیمەنە کورتەی شانۆی سەکۆ چەند خولەکیە بۆ هەموو جۆر لە خەڵکێکە بۆ هەموو چینەکانی کۆمەڵگا نمایش دەکرێت. لە نمایشەکەدا کاتێک ئەکتەرەکان دەگەنە خاڵ و ترۆپکی کێشەکە نمایشەکە تەواو دەبێت. پاشان بە هاوکاری جۆکەرێک، واتە ئەکتەرێکی تر کە میانگیری دەکات لە نێوان ئەکتەرەکان و بینەراندا. پاشان داوای هاوکاری لە بینەر دەکرێت، کە پێشنیاری خۆیان دەربرن بۆ ئەوەی هاوکاری ئەکتەرەکان بکرێت، لە چارەسەرکردنی ئەو کێشەیەدا کە لە نمایشەکەدا روودەدات. ئەمەش هەروەک پاوڵۆ فریرێ و ئۆگستۆ بوال جەختیان لەسەر دەکردەوە، ئەوەی لە نێوانماندا گفت و گۆی لەسەر دەکرێت دۆخ و واقعی ئێستایە، ئێمە نامۆ نین بە واقیع و واقعیش نامۆ نیە بە بەشداران، ئەو داکەوت و واقیعە لە ئێمە جیا نابیتەوە، و ئێمەش لە واقیع دانابرێین، ئێمە نەک هەر لە ناو جیهاندا ناژین، بەڵکو لەگەڵ جیهاندا دەژین. ئێمە کە دانیشتووین تەنها تەماشاکەر نین بەڵکو دروستکەرو بونیادنەرین. لەو دیدگایەوە ڕا، ئەو بینەرەی کە بەشدار دەبێت دەتوانێت بە چەند جۆرێک، بەچەند پێشنیازێک چارەسەری ئەو کێشەیە بکات. هەم بە دیالۆگ، هەم وەک رووداو یان بە زمانی جەستە، بەدیدگایەکی رەخنەگرانەوە، هاوکاری لە دۆزینەوەی چارەسەری کێشەکان دەکات.
بۆجاری دووەم ئەو نمایشە کورتە چەند خولەکیە دووبارە دەکرێتەوە. ئەمجارەیان واتە دووەم جاری پێشکەشکردنی نمایشەکە بینەران دەتوانن دیمەنەکە رابگرن و بووەستێنن لەوکاتەی کە بینەرێک هەست بکات ناتەواییەک هەیە، یان دیالۆژی ئەکتەرەکە شێوەیەکی تر بێت، یان هەر جولەیەک و رووداوێک کە بینەر هەست بکات نابێت بەو شیوەیە بێت، ئەو واقیعە دەبێت بگۆڕدرێت.
ئەو شێوەی کارکردنەی شانۆی سەکۆ کە وەک ئەوەی ئەمرۆ هەیە، هەر بە هۆی بەشداریکردن و هاوکاری بینەرانەوە بووە. واتە بینەران و خەڵک خاوەنی پرس و کێشەکانن، هەر ئەوانیش فۆرمێکی تایبەتیان بە شانۆی سەکۆ بەخشیووە. کرێکاران، کاسپکاران، فەرمانباران، جووتیاران، خوێندکاران، ژنان و هۆمۆکان، لێسپیسکەکان و نێرەمووکەکان خۆیان باس لە ژیان و چەوساندنەوەی خۆیان دەکەن. ئەوە شتێکە ڕەنگە ئەکتەرەکان هەرگیز رۆژێک لە رۆژان دووچاری ئەو گرفتە نەبووبن وەک ئەوەی کرێکاران و کاسپکاران…هتد تووشی هاتبن.
بواڵ شتێکی نوێ کەشف دەکات ئەوانەی کە خۆیان تووشی دووجاری چەوساندنەوە هاتوون هەڵدەستنە سەر شانۆکەو رووداو بابەتەکان دەگۆڕن. بەتێکشکانی سنورەکانی نمایش و واقیع لەو حاڵەتەدا بینەر دەبێتە پاڵەوانی نمایش. ئەوەش بە گوێرەی بواڵ ئەمە تێپەڕاندنی سنورەکانە کە زۆر بەڕوونی دەتەقێتەوە.




نامه‌ی ئه‌ده‌بی – نامه‌ی (د. ئازاد حه‌مه‌ شه‌ریف) بۆ (سه‌باح ڕه‌نجده‌ر)

برا و هاوڕێی رۆژانی جوانی و خۆشی و ناخۆشیم كاك (سه‌باح ره‌نجده‌ر): بابگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ سه‌ره‌تاكان.
ده‌مه‌وێ‌ له‌م نامه‌یه‌دا كه‌مێك باسی سه‌ره‌تای براده‌رایه‌تیمانت بیر بهێنمه‌وه‌ تاوه‌كو تیشكێك بخه‌مه‌ سه‌ر ئه‌و رۆژانه‌ی خۆشه‌ویستی و پاكی و دڵسۆزی و خۆنه‌ویستی و خۆنه‌په‌رستی لێ ده‌تكا، ئه‌و رۆژانه‌ی براده‌ر به‌قه‌د برا دڵسۆز بوو، به‌ پێچه‌وانه‌ی رۆژانی ئه‌مڕۆ كه‌وا زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی خۆیان به‌ براده‌ر ده‌ناسێنن، هیچ یه‌كێك له‌و ئاكارانه‌ی سه‌ره‌وه‌یان تێدا نه‌ماوه‌، بۆیه‌ منیش خۆم له‌و جۆره‌ خه‌ڵكانه‌ دووره‌په‌رێز گرتووه‌ و له‌ناو دنیای ته‌نیایی خۆمدا ده‌خولێمه‌وه‌، هه‌رگیز نامه‌وێت به‌ ڕه‌نگی ئه‌و رۆژگاره‌ نه‌فره‌تییه‌ی ئه‌مڕۆ خۆم پیس بكه‌م. من هه‌میشه‌ به‌ یاد و یاده‌وه‌ری رۆژانی گوڵڕه‌نگی شه‌سته‌كان و حه‌فتاكان و هه‌شتاكان و نه‌وه‌ده‌كان ده‌ژیم، نایه‌ڵم چڕه‌دووكه‌ڵی هه‌ناسه‌ی ئه‌م رۆژگاره‌ چه‌په‌ڵه‌ی ئه‌مڕۆ تێیدا ده‌ژین منیش بخنكێنن.
وا له‌و نامه‌یه‌دا باسی ئه‌و براده‌رایه‌تییه‌ له‌ برا زیاتره‌ پاك و راست و بێ فڕوفێڵ و بێ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ی نێوان هه‌ردووكمان ده‌كه‌م كه‌وا سه‌ره‌تاكه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ناوه‌ڕاستی هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی رابردوو. چاكم له‌ بیره‌ سه‌ره‌داوی ناسیاوی و براده‌رایه‌تیمان بۆ نزیكه‌ی سی و شه‌ش ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ و به‌ بۆنه‌ی ئه‌وه‌ی ئه‌و هه‌موو ماوه‌ دوورودرێژه‌ نه‌ ساردییه‌ك، نه‌ ناكۆكییه‌ك و نه‌ هیچ دڵ ئێشانێك له‌ نێوانمان رووی نه‌داوه‌، بۆیه‌ براده‌رایه‌تییه‌كی وا دانسقه‌ و ده‌گمه‌ن و نایاب پێویستی به‌وه‌یه‌ بنووسرێته‌وه‌ و رێزی لێ بگیرێت و به‌ جوانی باسی بكرێت.
وه‌كو گوتم نزیكه‌ی سی و شه‌ش ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، مانگی ئاداری ساڵی (1984) بوو تازه‌ “قه‌له‌ڕه‌ش” – شیعره‌ ناوداره‌كه‌ی (ئێدگار ئاڵان پۆ)م له‌ ژماره‌ (2)ی گۆڤاری (ئاسۆس)دا بڵاوكردبۆوه‌. ئه‌وسا (كۆلیژی ئاداب – زانكۆی سه‌ڵاحه‌دین) له‌ سه‌ر كه‌نده‌كه‌ی گه‌ڕه‌كی (گڵكه‌ند)ی هه‌ولێر بوو، من سه‌ردانی براده‌رانی ده‌سته‌ی گۆڤاری (ئاسۆس)م كردبوو، له‌ پێش ده‌رگای كۆلیژ له‌گه‌ڵ خاتوو (په‌رێز سابیر)، ئه‌وسا دكتۆر نه‌بوو – خوێندكاری به‌شی كوردی بوو، خوشكی هاوڕێی دێرینم (شاكر سابیر) بوو – قسه‌مان له‌باره‌ی ئه‌ده‌ب و رۆشنبیری ده‌كرد.
گه‌نجێكی كۆك و تازه‌ سمێڵ ده‌ركردوو، قسه‌نه‌رم و خۆش گوفتار هاته‌ پێش و له‌گه‌ڵا (په‌رێز خان) له‌باره‌ی گۆڤاری (ئاسۆس) و وه‌رگێڕانی شیعره‌كه‌ی (ئێدگار ئاڵان پۆ) قسه‌ی كرد. (په‌رێز خان)یش گوتی ئه‌وه‌ (ئازاد حه‌مه‌ شه‌ریف)ی وه‌رگێڕی شیعره‌كه‌یه‌ و چیت هه‌یه‌ بۆ خۆت یه‌كسه‌ر له‌گه‌ڵ ئه‌وی باس بكه‌. له‌ قسه‌كانی ئه‌وسا وادیاربوو زۆر به‌ شیعره‌كه‌ و وه‌رگێڕانه‌كه‌ی دڵبه‌ند بوو، داوای ده‌كرد شیعری به‌رزی له‌و بابه‌ته‌ وه‌ربگێڕم تاوه‌كو خوێنده‌وارانی دیكه‌ كه‌وا به‌ ئاسانی ده‌ستیان به‌ شیعری جیهانی راناگات، بتوانن سوود له‌ ئه‌زموونی شیعری دنیا وه‌ربگرن. ئه‌گه‌رچی كاك (سه‌باح ره‌نجده‌ر) به‌ ته‌مه‌ن حه‌وت ساڵێك له‌ من گه‌نجتر بوو، به‌ڵام چونكه‌ براده‌رایه‌تیمان له‌سه‌ر بناغه‌ی رۆشنبیری و ئه‌ده‌بی، نه‌ك به‌رژه‌وه‌ندی و خۆپه‌رستی دامه‌زرابوو، بۆیه‌ ئه‌و براده‌رایه‌تییه‌ رۆژ به‌رۆژ به‌تینتر ده‌بوو، گه‌شه‌ی ده‌كرد. ئیتر له‌وساوه‌ تا ئێستا بێ پسانه‌وه‌ براده‌رایه‌تییه‌كی پاك و دڵسۆز و راستگۆیانه‌ له‌ نێوانمان هه‌یه‌.
هاوڕێیه‌تیمان هێشتا به‌هێزتر بوو، وابزانم دووه‌م، یان سێیه‌م دیده‌نمان بوو له‌ كۆڕێكی ساڵی 1984ی كاك “عه‌بدوڵڵا عه‌باس” كه‌وا له‌باره‌ی “رۆڵی رۆژنامه‌گه‌ری له‌ پێشخستنی رۆشنبیریدا” یان بابه‌تێكی ئاوایی بوو له‌ هۆڵی “چاودێری زانستی” له‌ هه‌ولێر یه‌كترمان بینییه‌وه‌. (سه‌باح ره‌نجده‌ریش وه‌ك هه‌ر كه‌سێكی دی) هاتبووه‌ ئه‌و كۆڕه‌.
دوای كۆتایی هاتنی كۆڕه‌كه‌ مامۆستا (محه‌مه‌د مه‌ولوود مه‌م)ی چیرۆكنووسی گه‌وره‌ی كوردم ناسی وه‌ك له‌ نووسینێكم به‌ناوی “چۆن (مه‌م)م ناسی؟”دا بڵاوكردۆته‌وه‌. هه‌ر له‌و ده‌میشدا كاك (سه‌باح) له‌ پشت (مه‌م) راوه‌ستا بوو، یه‌كسه‌ر هه‌ردووكیانم پێكتر ناساند. دوای ئه‌وه‌ به‌ ده‌م رێگاوه‌ به‌ره‌و خوار بۆ لای (فلكه‌ی زه‌عیم) به‌ پێ ده‌چووینه‌ خواره‌وه‌ و له‌وێ‌ (مه‌م) گوتی: “ده‌باشه‌، ماڵی منیش له‌م خواره‌وه‌یه‌”
به‌ده‌م رێگاوه‌ باسی پرۆژه‌ رۆشنبیرییه‌كانی خۆم و خوێندنه‌وه‌م و ئه‌و وه‌رگێڕانانه‌ی كردبوومن وه‌ك “مردنی دێوه‌ره‌یه‌ك”و “كافكا” و تاد…..، كه‌ هێشتا چاپ نه‌كرابوون، بۆ “مه‌م”م گێڕانه‌وه‌. ئه‌ویش باسی رۆمانی (رێگا) و (پایزه‌ خه‌ون)ی، بۆمان كرد كه‌وا هێشتا ده‌ستنووس بوون، دیاربوو ئه‌و حه‌زی ده‌كرد زیاتر ئاشنای یه‌ك بین، بۆیه‌ كاتێ گه‌یشتینه‌ لای (فلكه‌ی زه‌عیم) گوتی: “ده‌با بچینه‌ ماڵه‌وه‌ و قاوه‌یه‌ك بخۆینه‌وه‌”. ئێمه‌ش پێمان خۆش بوو پیاوێكی وا گه‌وره‌ بانگێشتمان بكاته‌ ماڵی خۆی و ئیتر له‌ناو باخچه‌ی ماڵه‌كه‌ی دانیشتین و ئینجا له‌جیاتی قاوه‌، ماستاوی مه‌ڕی پێداین.
دواتر من ژنم هێنا و خه‌ریكی ژیانی خێزانیی خۆم بووم، ماوه‌ی نزیكه‌ی شه‌ش مانگێك ئاگام له‌ نووسین و نووسه‌ران بڕا و تا رۆژێ‌ له‌ رێكه‌وتی 28/10/1985 له‌ دیداری (یه‌كه‌م زنجیره‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی شانۆ و ئه‌ده‌بی شانۆیی) كه‌وا له‌ هۆڵی (نه‌قابه‌ی كرێكاران)ی شاری هه‌ولێر سازكرابوو، به‌ توێژینه‌وه‌یه‌ك له‌باره‌ی (مردنی دێوه‌ره‌یه‌ك) به‌شدار بووم. ئێواره‌كه‌ی ئه‌و رۆژه‌ راسته‌وخۆ له‌لایه‌ن خودی (به‌ڕێوه‌به‌ری ئه‌منی به‌لده‌ی هه‌ولێر)ه‌وه‌ له‌ناو هۆڵی دیداره‌كه‌ ده‌ستگیركرام و له‌ رێكه‌وتی 16/4/1986 به‌ لێبووردنێكی مه‌رجدار ئازادكرام، به‌ڵام چ جۆره‌ لێبووردنێك؟ لێبووردنێك كه‌وا رێك مانای مه‌رگ بوو، به‌و مه‌رجه‌ ئازادكراین بچینه‌ ناو كێڵگه‌ به‌ مین داچێنراوه‌كانی (فاو) كه‌وا تازه‌ له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ گیرابوو، بچین جه‌نگ له‌گه‌ڵ مین و دێوه‌زمه‌ی مه‌رگ بكه‌ین. هه‌رچۆنێك بێت، به‌ هه‌زار قوڕبه‌سه‌ری و ده‌رده‌سه‌ری خۆم گه‌یانده‌وه‌ كوردستان.
دوای راكردنم بۆ جارێكی دیكه‌ له‌ سه‌ربازی و هاتنه‌وه‌م بۆ هه‌ولێر، به‌ په‌نادزه‌ و لێره‌ و له‌وێ‌ په‌یوه‌ندیم له‌گه‌ڵ نووسه‌ران ده‌ستی پێ كرده‌وه‌. ئه‌وه‌ بوو له‌ رێگای كاك (ئیسماعیل به‌رزنجی)یه‌وه‌ زانیم مامۆستا (مه‌م) نه‌خۆشه‌ و (مه‌م)یش هه‌واڵی هاتنه‌وه‌ (هه‌ولێر)ی منی پێگه‌یشتبوو، به‌ڵام چونكه‌ نه‌خۆش بوو له‌ رێگای كاك (ئیسماعیل به‌رزنجی)یه‌وه‌ هه‌واڵی ناردبوو كه‌وا پێی خۆشه‌ سه‌ردانی بكه‌م. دیسان چوومه‌وه‌ ماڵی (مه‌م) و سه‌ردانم كرد و ئه‌وسا باسی (كاروان و سه‌گوه‌ڕ)ی خۆی كرد و پاشتریش زۆر باسی ئه‌ده‌ب و چیرۆك و كورد و نووسه‌رانمان كرد. دواتر كاك (سه‌باح ره‌نجده‌ر)یش په‌یوه‌ندی پێوه‌ كردمه‌وه‌ و هه‌فتانه‌، یان من سه‌ردانی ئه‌وم ده‌كرد، یان ئه‌و سه‌ردانی منی ده‌كرد.
ڕاستییه‌كه‌ی له‌سه‌ره‌تای هه‌شتاكاندا رۆژانی زۆر ناخۆشمان به‌ رێ كرد. ئه‌وسا (سه‌باح ره‌نجده‌ر) له‌ كۆڵانه‌كه‌ی خۆیان، دوكانێكی بچووكی هه‌بوو، به‌ ڕه‌نجی شانی نانی خۆی و دایك و برا و خوشكی په‌یدا ده‌كرد، چونكه‌ كاتێك ئه‌وم ناسی، به‌داخه‌وه‌ باوكی كۆچی دوایی كردبوو. هاتوچۆی نێوانمان له‌ ترسی گیران و راوه‌دوونانی چه‌ته‌كانی (به‌عس) هه‌ر به‌ پێیان بوو. زۆرجاران كۆڵانه‌ و كۆڵان به‌ناو گه‌ڕه‌كی (سه‌یداوه‌)دا ده‌هاتینه‌ بن قه‌ڵات، یان چایخانه‌ی (مه‌چكۆ) و جاروبار له‌وێ‌ یه‌كترمان ده‌بینی و كاتی بینینی پاشترمان داده‌نا.
زۆرجاران كاك (سه‌باح) پیاوه‌تی ئێوه‌ و بنه‌ماڵه‌ی ئێوه‌م له‌ بیره‌ كه‌وا دوای به‌ربوونم له‌ زیندانی (به‌عس) و راكردنه‌وه‌م له‌ كێڵگه‌ مینه‌كانی (فاو) و بڕیاری نه‌كردنی سه‌ربازیم بۆ (به‌عس)، به‌ حوكمی ئه‌وه‌ی كاك (عه‌باس)ی خوالێخۆشبووی برات پۆلیس بوو، له‌ (به‌شی جموجۆڵی پۆلیسی هه‌ولێر) بوو، هه‌واڵت پێداوم كه‌وا كام گه‌ڕه‌ك له‌ هه‌ولێر ده‌كه‌وێته‌ به‌ر شاڵاوی پشكنین. منیش چیم پێكراوه‌ به‌ براده‌رانی خۆمم گوتووه‌، له‌ پشكنینی گه‌ڕه‌كه‌كان ئاگادارم كردوونه‌ته‌وه‌ و به‌وه‌ش زۆرجار گیانی من و گیانی ده‌یان براده‌ر له‌ كه‌وتنه‌ چنگ چه‌ته‌كانی (به‌عس)و نۆكه‌رانی (به‌عس) پاراستووه‌. ته‌نانه‌ت جارێكیش چاكم له‌ بیره‌ براده‌رێكم گیرابوو كاك (عه‌باس)ی برات له‌به‌ر خاتری من وای كرد رزگاری ببێت.
رۆژ له‌دوای رۆژ براده‌رایه‌تیمان به‌هێز ده‌بوو، ئه‌وه‌ بوو له‌ یه‌كێك له‌و یه‌كتر بینینانه‌دا پێت گوتم كه‌وا شیعر ده‌نووسیت و دیوانه‌ شیعرێكی ده‌ستنووسیشت هه‌یه‌ به‌ناوی (زێوان). دواتر ئه‌گه‌ر هه‌ڵه‌ نه‌بووبم ساڵی 1987 بوو پێت گوتم كه‌وا له‌ (ده‌زگای سانسۆری كتێب) له‌ (به‌غدا) سێ جار له‌سه‌ر یه‌ك ره‌فز كراوه‌ته‌وه‌. منیش له‌وباره‌یه‌وه‌ له‌ چایخانه‌ی (مه‌چكۆ) قسه‌م له‌گه‌ڵ خوالێخۆشبوو (مه‌حموود زامدار) كرد، ئه‌ویش دوای چه‌ند مانگێك بۆی له‌ (ده‌زگای سانسۆری كتێب) ده‌رهێنایت. باشه‌ ئه‌وه‌ دیوان ده‌رچوو، خۆ پاره‌ی چاپكردن له‌ توانای گه‌نجێكی تازه‌ پێگه‌یشتووی بێ مووچه‌ی (هه‌ولێر)دا نه‌بوو.
له‌و سه‌روده‌ره‌دابوو منیش وه‌رگێڕانی (وێنه‌ی هونه‌رمه‌ند له‌ تافی لاویدا)ی (جێمس جۆیس)م له‌ (ده‌زگای سانسۆری كتێب) ده‌رچوو بوو، له‌ بیرته‌ پێكه‌وه‌ چووینه‌ (ئه‌میندارێتی رۆشنبیری و لاوان – ناوچه‌ی ئۆتۆنۆمی) و له‌وێ‌ لای كاك (سه‌عید یه‌حیا خه‌تات) كتێبه‌كه‌ی تۆم له‌گه‌ڵ وه‌رگیڕانه‌كه‌ی خۆم پێشكه‌ش ئه‌وێ‌ كرد بۆ وه‌رگرتنی (پشتگیری چاپ) و دواتر چاكم له‌ بیره‌ كه‌وا پسپۆری هه‌ڵسه‌نگاندنی دیوانه‌ شیعری (زێوان) مامۆستای شاعیر (حه‌سیب قه‌ره‌داخی)ی خوالێخۆشبوو بوو.
دوای نیوه‌ڕۆ بوو، وابزانم ده‌وروبه‌ری كاژێر 2:15 بوو، به‌ په‌نادزه‌ سه‌رێكم له‌ (چایخانه‌ی مه‌چكۆ) دا، دوای سڵاوكردن كاك (ته‌حسین مه‌چكۆ)ی خاوه‌ن چایخانه‌كه‌ پێی گوتم ئه‌و پیاوه‌ی ئه‌وێ‌ ناناسیت، منیش دیاربوو به‌ خزمه‌ت مامۆستا (حه‌سیب قه‌ره‌داخی) نه‌گه‌یشتبووم، چوومه‌ خزمه‌تی و كاك (ته‌حسین مه‌چكۆ) پێكی ناساندین. مامۆستا (حه‌سیب قه‌ره‌داخی) پیاوێكی جوانی قسه‌خۆش بوو، وابزانم ئه‌وسا له‌ كۆتایی په‌نجاكانی ته‌مه‌نیدا بوو. دوای یه‌كترناسین لێی پرسیم: “(ئازا)ی كوڕم ئه‌ناسیت؟”
منیش گوتم: “به‌ڵێ. فه‌رموو چیت پێویسته‌، له‌ خزمه‌تتام؟”
گوتی: “ئه‌وه‌ كاژێرێك زیاتره‌ لێره‌ دانیشتووم و ماڵی (ئازا)ی كوڕم پێ نازانم. ئه‌گه‌ر تۆ ده‌زانی له‌ كوێیه‌، زه‌حمه‌ت نه‌بێت بمگه‌یه‌نیته‌ ماڵه‌كه‌ی.”
منیش گوتم: “به‌ڵێ پێی ده‌زانم و (ئازا) براده‌رمه‌. به‌ چاوان. فه‌رموو .”
ئه‌وسا ماڵی (ئازا) له‌ شوقه‌یه‌كی لای (شه‌قامی پزیشكان)ی لای (فلكه‌ی شێخ مه‌حموود) بوو. بۆیه‌ به‌ پێیان كه‌وتینه‌ ڕێ. مامۆستا جانتایه‌كی ده‌ستی پێ بوو، هه‌ستم كرد بۆ ئه‌و گرانه‌، چونكه‌ پێی گوتم ئه‌گه‌ر دووره‌ به‌ تاكسی بچین، منیش جانتاكه‌م لێی وه‌رگرت و كه‌وتینه‌ ڕێ و پێم گوت ماڵی كاك (ئازا) ئه‌وه‌نده‌ دوور نییه‌ و پێویست به‌ تاكسی ناكات. به‌ڵام راستییه‌كه‌ی من راكردووی سه‌ربازی بووم، نه‌ده‌وێرام سواری تاكسی بم، بۆیه‌ هه‌مووده‌م بۆ من به‌ پێیان باشتر بوو.
له‌ رێگا مامۆستا لێی پرسیم: “(سه‌باح ره‌نجده‌ر) ده‌ناسیت؟”
گوتم: “به‌ڵێ. براده‌ریشمه‌. به‌ڵام بۆ ده‌پرسیت؟”
گوتی: “شیعره‌كانی زۆر ئاڵۆزن و ئه‌و براده‌ره‌ زۆر له‌ رێره‌وی شیعری كوردی لایداوه‌.”
منیش گوتم: “(سه‌باح ره‌نجده‌ر) گه‌نجێكی تازه‌ هه‌ڵچووه‌، خۆ ناكرێت نه‌وه‌ی نوێ‌ وه‌كو نه‌وه‌ی كۆن بنووسێت. ئه‌گینا هه‌موو شته‌كان بێتام ده‌بن و ده‌بنه‌ دووباره‌. با هه‌ركه‌سه‌ و شێوازی خۆی هه‌بێت.”
دیاربوو مامۆستا (حه‌سیب قه‌ره‌داخی) پسپۆری هه‌ڵسه‌نگاندنی شیعره‌كانی (سه‌باح ره‌نجده‌ر) بوو، ده‌یه‌ویست له‌ نزیكه‌وه‌ زانیاری له‌باره‌ی خاوه‌نی ئه‌و دیوانه‌ بزانێت، بۆیه‌ دوای گه‌یاندنی مامۆستا به‌ ماڵی كاك (ئازا)ی كوڕی به‌ مامۆستام گوت: “حه‌ز ده‌كه‌یت له‌ نزیكه‌وه‌ خاوه‌نی دیوانی (زێوان) بناسیت؟”
مامۆستا (حه‌سیب قه‌ره‌داخی) گوتی: “بۆ نا؟”
گوتم: “دوای دوو كاژێری دیكه‌ له‌گه‌ڵ كاك (سه‌باح ره‌نجده‌ر) دێینه‌وه‌ خزمه‌تت.”
وابزانم ئه‌و ده‌مه‌ی خواحافیزیم له‌ مامۆستا كرد، كاته‌كه‌ نزیكه‌ی ببووه‌ (3:00)ی دوای نیوه‌ڕۆ. هه‌ڵكوت هه‌ڵكوت به‌ پێیان له‌ (شه‌قامی پزیشكان)ه‌وه‌ به‌ كه‌متر له‌ كاژێرێك، خۆم له‌ناو گه‌ڕه‌كی (به‌لاشاوه‌)، له‌ دوكانه‌كه‌ی كاك (سه‌باح ره‌نجده‌ر) دیته‌وه‌. له‌وێشه‌وه‌ هه‌ڵته‌ك هه‌ڵته‌ك له‌گه‌ڵ كاك (سه‌باح ره‌نجده‌ر) به‌ پێیان كه‌وتینه‌ ڕێ تا گه‌یشتینه‌وه‌ ماڵه‌كه‌ی كاك (ئازا) و لای مامۆستا (حه‌سیب قه‌ره‌داخی) به‌ڕێز.
هه‌ر دوای ده‌رگا كردنه‌وه‌ گوتم: “مامۆستا، فه‌رموو ئه‌وه‌ش كاك (سه‌باح ره‌نجده‌ر)؟”
دوای یه‌كترناسینی كاك (سه‌باح ره‌نجده‌ر) و شاعیری گه‌وره‌ی كورد مامۆستا (حه‌سیب قه‌ره‌داخی)، من له‌ هاوكێشه‌ی شیعربوون و شیعرنه‌بوون هاتمه‌ده‌ره‌وه‌، ئه‌وه‌م بۆ هه‌ردوو برای شاعیر به‌جێ هێشت و هه‌ردووكیان بۆ ماوه‌ی پتر له‌ كاژێرێك له‌ ماڵه‌كه‌ی (ئازا) كه‌وتنه‌ گفتوگۆ. قسه‌كان زۆر بوون و ته‌واو نه‌ده‌بوون، ئه‌وه‌ بوو بڕیاریان دا بچنه‌ (یانه‌ی فه‌رمانبه‌ران) و ئێواره‌كه‌ی ئه‌و رۆژه‌ له‌وێوه‌ سه‌رله‌نوێ باسی شیعر و ناشیعر، باسی چۆنیه‌تی به‌كارهێنانی زمان له‌ شیعردا، باسی بابه‌تی ناوه‌رۆكی شیعر، باسی وێنه‌ی شیعری ساده‌ و ئاڵۆز و چه‌ندان بابه‌تی دیكه‌ بكه‌ن.
من تا به‌رده‌رگای (یانه‌ی فه‌رمانبه‌ران) له‌گه‌ڵیان چووم، به‌ڵام چونكه‌ راكردووی سه‌ربازی بووم و زۆریش نه‌بوو له‌ چنگ زیندان رزگار ببووم، بۆیه‌ ده‌ترسام نه‌وه‌ك یه‌كێك له‌وێ‌ بمبینێ و وه‌كو جاری جاران زمانم لێ بدرێت و بكه‌ومه‌ داوه‌وه‌، بۆیه‌ داوای لێبووردنم له‌ هه‌ردووكیان خواست و به‌ پێ به‌ره‌و ماڵ چوومه‌وه‌. ئیتر ئه‌و ئێواره‌یه‌ چۆن كاك (سه‌باح ره‌نجده‌ر) و مامۆستا (حه‌سیب قه‌ره‌داخی) گه‌یشتبوونه‌ لێك تێگه‌یشتن كه‌وا دیوانی (زێوان) شایه‌نی په‌سه‌ندكردن و چاپكردنه‌، ئه‌وا من نایزانم، به‌ڵام دڵنیام ئێواره‌كه‌ی زۆر قسه‌یان له‌باره‌ی دنیای پاكی شیعر كردووه‌، چونكه‌ مامۆستا (حه‌سیب قه‌ره‌داخی) پیاوێكی خوێنده‌وار و رۆشنبیر و شیعرناس بوو. قسه‌كانی به‌ڕێ و جێ و دیالیكتیكیانه‌ و سه‌لمێنه‌ر بوون. به‌داخه‌وه‌، من هه‌ر ئه‌و جاره‌ به‌ خزمه‌تی ئه‌و زاته‌ گه‌یشتووم، له‌و ماوه‌ كورته‌دا زانیم (حه‌سیب قه‌ره‌داخی) كه‌سێكه‌ به‌ زه‌مینه‌یه‌كی گه‌وره‌ی زانیارییه‌وه‌ له‌ناو گۆڕه‌پانی ئه‌ده‌بی كوردییه‌.
دوای په‌سندكردنی دیوانی (زێوان) بڕیاری له‌ چاپدانی دیوانه‌كه‌ درا له‌سه‌ر بودجه‌ی (ئه‌میندارێتی رۆشنبیری و لاوان -ناوچه‌ی ئۆتۆنۆمی)، ده‌بوایه‌ كتێبه‌كه‌ بۆ چاپكردن بۆ شاری (سلێمانی) یان بۆ (به‌غدا)، بنێردرێت، چونكه‌ ئه‌وسا توانای چاپكردنی كتێب له‌ شاری (هه‌ولێر) زۆر كه‌م و سنووردار بوو. كاك (سه‌باح ره‌نجده‌ر) نه‌یده‌زانی چی بكات، به‌ڵام چونكه‌ من پێشتر له‌ (به‌غدا) خوێندبووم و ژیابووم، خه‌ڵكیشم زۆرتر ده‌ناسی و كتێبی (مردنی دێوه‌ره‌یه‌ك)یشم پێشتر چاپ كرد بوو، بۆیه‌ پێم گوت: “ئه‌وه‌ش ئاسانه‌ و ئه‌گه‌ر پێتخۆش بێت من (وێنه‌ی هونه‌رمه‌ند)م به‌ كاك (نازم دڵبه‌ند) داوه‌ تا سه‌رپه‌رشتی چاپكردنیم بۆ بكات، هی تۆش هه‌ر به‌ودا ده‌نێرین چاپ بكرێت؟”
سه‌ره‌نجام، ئه‌وه‌ بوو كتێبی (زێوان) درا كاك (نازم دڵبه‌ند) و ئه‌ویش سه‌رپه‌رشتی كتێبه‌كه‌ی كرد و له‌ ساڵی (1988)دا به‌ چاپ گه‌یشت. لێره‌ بۆیه‌ ئه‌و شتانه‌م باسمكرد چونكه‌ هه‌ستم كرد له‌و بابه‌ته‌ی به‌ ناوونیشانی “له‌ ئاهه‌نگی بیست ساڵه‌ی زیۆاندا” كه‌وا وه‌كو پێشه‌كی بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ ئه‌لیكترۆنیه‌ (PDF)ه‌كه‌دا له‌ حوزه‌یرانی (2008)دا له‌ سایتی (ده‌نگه‌كان)دا بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، دواتر گوازراوه‌ته‌وه‌ سه‌ر سایتی (كوردپیدیا)، ئه‌و به‌شه‌ زانیارییانه‌ی سه‌ره‌وه‌ له‌بیركراون، ئه‌گینا ده‌زانم ئێوه‌ چه‌ند راستگۆ و دڵسۆز و به‌ئه‌مه‌كن، هه‌رگیز چاكه‌ی كه‌س له‌ بیر ناكه‌ن. ئه‌گه‌ر بمه‌وێت چه‌ندان بیره‌وه‌ری دیكه‌ی رۆژانی خۆش و ناخۆش له‌ نێوانمان هه‌ن ده‌كرێ باسیان بكه‌م، به‌ڵام چونكه‌ ئه‌وانه‌ په‌یوه‌ندیان به‌ هه‌ندێك لایه‌نی رۆشنبیری و كه‌سایه‌تی رۆشنبیری میلله‌ته‌كه‌مانه‌وه‌ هه‌بوو، ئه‌وانیش رۆڵی جوان و چاكیان بینیوه‌ له‌ یارمه‌تیدانی گه‌نجێكی تازه‌هه‌ڵچوودا، بۆیه‌ زیاتر تیشكم خسته‌سه‌ر ئه‌وانه‌. ئه‌وانی دیكه‌ با بۆ كاتێكی دیكه‌ و بۆنه‌ی دیكه‌ بمێنن. هه‌ر به‌رز و سه‌رفراز بێت برایه‌تی و براده‌رایه‌تیمان، به‌ هیوام زۆر له‌وه‌ به‌ره‌و پێشتر بچیت و هه‌ر سه‌ركه‌وتوو بن.

                                                                                               د. ئازاد حه‌مه‌ شه‌ریف
                                                                                    1/1/2020 هه‌ولێر



ترافیكه‌كانى ژیان دڵى ژنێك راناگرن … چنوور نامیق

تاقه‌تم چوو له‌‌م سروشته‌ بێئاگایه‌

رۆژێك ئه‌بم به‌ڕابوردوو

ئاوڕ له‌كه‌س ناده‌مه‌وه‌

نه‌ له‌ دوودڵیى نیشتیمان

نه‌ له‌نوێژى په‌پوله‌یه‌كى تازه‌فام

نه‌له‌ درودى ئێواره‌یه‌كى ره‌نگپه‌ڕیو

نه‌ له‌هه‌واڵى سواوى تیڤییه‌كان


ده‌مه‌و كۆچه‌

نه‌شه‌قام بیرى من ئه‌كا و

نه‌دڵى به‌تاڵى پیاوێك داگیر ئه‌كه م

هه‌ر ئه‌ڕۆم و

ئاوڕ له ‌زامى نیشتیمان ناده‌مه‌وه‌

نه‌ له‌ ئاگره‌ سه‌رشێته‌كه‌ى شارى دڵم

نه‌ له‌ پاركه‌كانى شار و

نه‌ له‌ مناره‌ى شكاو و

نه‌ له‌ قه‌ڵا تاقانه‌كه‌م

لێره‌ په‌نایه‌ك شكنابه‌م

بیر له‌ دوا دێرى شیعرێكى قژ ئالۆزم بكه‌مه‌وه‌

هیچ چیرۆكێك بۆلاى ئێوه‌م ناباته‌وه‌

ئیتر له‌كه‌س توڕه‌ نابم

نه‌ رۆشنبیرى كۆیله‌ى حه‌ز

نه‌ سه‌ماكه‌رى دڵپاك و

نه‌ سۆزانییه‌ راستگۆكانى ئه‌م سه‌رده‌مه‌ رامناگرن

ئیتر ئه‌بم به‌ڕابوردوو

بیری شه‌قامى شار ناكه‌م

ئاوڕ له‌ ئاده‌مه‌كانى وڵات ناده‌مه‌وه‌

نه ‌له ‌نوسه‌ره‌ بێبابه‌ته‌كان

نه‌ له‌ هاوڕێ بێڕێگه‌كان

نه‌ له‌ درۆزنه‌ دڵسۆزه‌كان

نه‌ له‌ به‌قاڵه‌ گۆرانیبێژه‌كان

نه‌ له‌ هونه‌ره‌ سواوه‌كان

نه‌ له‌تۆ

نه‌ له‌گوڕگوڕ

نه‌ له‌و…..

كاتێ ئه‌بم به‌ڕابوردوو

ده‌بمه‌ تارمایى ماڵه‌كه‌م

ده‌بمه‌ خانمه پاڵه‌وانى

ئه‌و رۆمانانه‌ى ژیانێك دڵدارم بوون و نه‌متوانى شه‌وێك له‌ پاڵیان بخه‌وم

ئیتر ئه‌و داگیركه‌ره‌ نیم

دڵى پیاوێك بكه‌مه‌ شار

ئیتر ده‌سته‌ سارده‌كانم

به‌ په‌نجه‌ره‌ى ژیانه‌وه‌ جێناهێڵم

ئیتر فنجانى شكاوى كاتى زیزبوونى عاشقان

تامى لێوه‌كانم ناكات

ئیتر و ئیتر و ئیتر

نه‌شه‌قام بیرى من ئه‌كا و

نه‌دڵى به‌تاڵى پیاوێك داگیر ئه‌كه‌م

1-4-2020.




ڕۆڵی باشووری كوردستان لە ڕاپەڕینی شێخ عوبەیدوڵڵای نەهریدا-11- ..ڕه‌سوڵ بۆسكێنی

به‌شی یانزهه‌م

تێكچوون و ئاڵۆزبوونی بارودۆخ له‌ سه‌رانی ڕاپه‌ڕینه‌كه‌

به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی له‌ نامه‌كانی حه‌سه‌ن عه‌لی خاندا تۆمار كراون، دوای كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ سه‌رۆك هۆزه‌كان و گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌حمه‌د به‌گی یاوه‌ر بۆ ئه‌سته‌مبوڵ، په‌یمان و به‌ڵێنه‌كانی سوڵتان له‌ ڕێگای ئه‌حمه‌د به‌گ هیچ كاریگه‌ری بۆ سه‌رانی ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ و شێخ عوبه‌یدوڵڵا نه‌بووه و ته‌نیا بۆ هێوركردنه‌وه‌یان بووه‌، تاكو ده‌داویان بخه‌ن و باشتر بتوانن له‌ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ بده‌ن‌، چونكه‌ هه‌ر دوای كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ئه‌حمه‌د به‌گ بارودۆخه‌كه‌ گۆڕانی به‌سه‌ردا هاتووه‌، یا هیچ نه‌بێت له‌ باشووری كوردستان، كه‌ ئه‌و كاته‌ هێمن ترین شوێنی ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ بووه‌، ده‌وڵه‌تی عوسمانی كه‌وتۆته‌ هه‌ڕه‌شه‌ و ترساندنی سه‌رانی ڕاپه‌ڕینه‌كه‌، ئیتر شێخ عه‌بدولقادر گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ نه‌هری و هه‌مزاغاش به‌ ئاگاییه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ بارودۆخه‌كه‌ كردووه‌، هه‌موو ئه‌مانه‌ له‌ نامه‌یه‌كدا حه‌سه‌ن عه‌لی خانی گه‌ڕووسی بۆ: عەلائولدەولە: ئەمیرنیزام (بۆتەورێز)ی ناردووه‌، ده‌نووسێت:
“نامەی ژمارە: 95
لاپەڕ: 283
مێژوو: 11ی جەمادی یەكەمی 1298 كۆچی (11- 4- 1881ز)
بۆ: عەلائولدەولە: ئەمیرنیزام (بۆ تەورێز)
بەفیداتان بم
بەپێی بروسكە و تەلگرافنامە بەڕێكراوەكانی لەمەڕ بەڵێن و دڵنیاكردنەوەكانی دەوڵەتی عوسمانی، بۆ نەهێشتنی ئاژاوە و هێوركردنەوەی خراپەكاری “شێخ” و لایەنگرانی، ئەوەندەی ئاگاداری پێویست بووبێت، دەستم خستوون.
هەرچەندە بەگوێرەی بروسكەكان بێت، وا دەردەكەوێ‌ ئەو بەڵێنانەی دەوڵەتی عوسمانی، زۆر پتەو نەبن و كردەوەكانی ئێستاشیان بەو جۆرەی لەبەر چاون، زۆر لاواز و لەرزۆكن، بەڵام بەكورتی و بەناچاری، دەبێ‌ لەو بڕوایە دابین بەپێچەوانەی ئەوەی لەو ماوەیەدا شێخی مەلعون و لایەنگرانی كردویانەتە قاو و مێشكی خەڵكی ئەو ناوچەیەیان پێ‌ ئاخنیوە، دەوڵەتی عوسمانی لەڕواڵەت و بەئاشكرا پشتگیری تاوانباران نییە، هەرچەندە كارێكی واش بۆ هێوركردنەوەی ئەم ئاژاوەیە ناكات، بەڵام لە ڕواڵەتیشدا نایەوێت خەڵك بەوە بزانن، كە پشتیوان و پشتگیری شێخ و لایەنگرانی دەكات. بەكورتی ئێستا هەندێك نیشانە دەبینرێن و بڕێك هەواڵی وا دەگەن، ئەوە دەردەخەن بڕیار و بەڵێنی دەوڵەتی عوسمانی و هەڵسوكەوتی، بریتیە لە هەڕەشە و ترساندنی “شێخ” و دارودەستەكەی.
بۆ نموونە: هەر بەو جۆرەی لەو نامانەدا دەردەكەون، بەرودوا بۆ بەڕێزتانم بەڕێ كردوون، تا هەفتەیەكیش بەر لەئێستا، هەموو ئەو هەواڵانەی بەنووسین و دەماودەمیش هەبوون، بریتی بوون لەوەی دەوڵەتی عوسمانی، پشتیوانی لە “شێخ” دەكات، ئەو هەواڵانەش بەجۆرێك بڵاوبوونەوە و مێشكی خەڵكیان پڕ كردبوو، ببوونە هۆی ئاڵۆزی خەیاڵی هەموو لایەك و ئەوەندەی نەمابوو ئاژاوەیەكی تازە لەم ناوچەیەدا هەڵایسێ‌ و هەمووان چاوەنۆڕی دەركەوتن و دووبارە هاتنەوەی “شێخ” بوون، بەڵام ماوەی هەفتەیەكە، هەموو هەواڵەكان بە پێچەوانەوەن و لەماوەی ئەم هەفتەیەدا، هەواڵی تازە و بەردەواممان پێگەیشتوون، لەڕاستیەوە نزیكن و بریتیە لەوەی لەدوای ئەو كۆبوونەوەیەی كوڕەكەی شێخ و سەرۆك هۆزەكان و هەمزاغا لە شاری هەولێر كردبوویان و بەدڵخۆشی و دڵنیایی تەواوەوە، بەمیوانی چووبوونە ماڵی “مامەند ئاغای پیران” و چەند ڕۆژێكیش لەوێ‌ خەریكی خۆ ئامادەكردنێكی تازەبوون، كەچی هەندێ‌ هەڵسوكەوتیان لەلایەن سوارە و بەرپرسانی دەوڵەتی عوسمانیەوە دیوە، بریتی بووە لە دەستگیركردنیان و هەندێك ئاگاداریشیان لەمەڕ هەڕەشە و تۆقاندنەوە پێگەیشتووە و هەر ئەوانەش بوونەتە هۆی ترساندنیان و بەپەلە پروزە بڵاوەیان لێ‌ كردووە، بۆ وێنە عەبدولقادری كوڕی شێخ بە پەلە بۆ “نەهری” گەڕاوەتەوە و هەمزاغاش لە خاكی عوسمانیدا نەماوە و دیسانەوە خۆی گەیاندۆتەوە ئەو كوێستان و لێڕەوارە چڕانەی، كەوتونەتە دوورترین خاڵی سنووری ناوچەی سەردەشتەوە، لەو ڕۆژەشەوە گەڕاوەتەوە، وا خۆی شاردۆتەوە، كەس نازانێ‌ لە كوێیە.
ئێستاش چەند نامەیەك سەبارەت بەدەنگوباسی تازەن و پێچەوانەی هەواڵ و نامەكانی پێشوون، هاوپێچ دەیان نێرمە خزمەتتان، بەكورتی دوای گەیشتنی نامەكانی بەڕێزتان و ئاگادار بوون لەناوەرۆكی بروسكەكان، بە پێی كات و دەرفەت، نامەیەكی تێروتەسەلم لەبارەی هاودەنگی تەواوی دەوڵەتی عوسمانی، لەگەڵ دەوڵەتی خۆمان و بەڵێنە ئاشكراكانی ئەو دەوڵەتەوە، بۆ بنەبڕكردنی ئاژاوەی “شێخ” و سزادانی تاوانباران و درۆخستنەوەی هەواڵە درۆكانی “شێخ” و لایەنگرانی، بۆ هەموو شوێن و بۆ هەموو كەسێك ناردووە و بەهۆی نووسینی نامەكانی من و لەبەر ڕۆشنایی گەیشتنی ئەو هەواڵانەدا، لەم دواییەدا پێمان گەیشتوون، دەیسەلمێنن و پشتیوانی لەوە دەكەن، ئاڵوگۆڕێكی بەرچاو، لە بیروڕای خەڵك ڕوویدابێ‌ و ئێستا خەیاڵی هەمووان ئارام بووبێتەوە.
لەگەڵ ئەمانەشدا بەگوێرەی ناوەرۆكی تەلگرافەكان، بەڵام من هەر پێم وایە دەبێ‌ زۆر وریا بین و خۆمان بپارێزین، ئەوەی ڕوونە، ئەوەیە دەوڵەتی عوسمانی، هەر لە “سلێمانی” یەوە هەتا “ڕەواندز” كە بەرامبەر بە”لاجان”ە و لەوێشەوە تا “وان” و “بایەزید” كە بەرامبەر “خۆی” و “سەڵماس” ن، بۆ هەموو بنكەكانی سنووری خۆی، چەك و سەربازی ناردووە و هەموو سەرۆك هۆز و ئەو خێڵانەش لەمبەرەوە چوونەتە ناو خاكی عوسمانی، هاتوچۆیان “لەمبەر” بۆ “ئەوبەر”ی سنوور بەربەست كراوە و نایەڵێ‌ كەس هاتوچۆ بكات، تەنانەت بەریان بە “5 تا 10” بنەماڵەی پیاوی خۆشمان گرتووە، كە ویستبێتیان بگەڕێنەوە.
لەوە زیاتر سەرتان نایەشێنم
فەرمانی بەڕێزتان لەسەر سەرمە”
هه‌ر له‌و ڕوانگه‌یه‌شه‌وه‌ ده‌وڵه‌تی عوسمانی هه‌وڵی داوه‌ هێز له‌ باشووری كوردستا كۆبكاته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ بارودۆخه‌كه‌ به‌رزه‌م (كۆنتڕۆڵ) بكات، له‌م باره‌یه‌وه‌ حه‌سه‌ن عه‌لی خان دوای هه‌وڵدان بۆ به‌ده‌ستهێنانی زانیاری له‌سه‌ر بارودۆخی سنووره‌كه‌ به‌نامه‌ی ژماره‌ (110) سه‌رووی خۆی ئاگادار كردووه‌ته‌وه‌ له‌ (بەشی 6ی نامەكه‌دا) له‌م باریه‌وه‌ ده‌ڵێت:
“نامەی ژمارە: 110
(بەشی 6ی نامە)
لاپەڕە: 357-367
مێژوو: 23ی جەمادی دووەمی 1298 (23- 5- 1881ز)
بۆ: محەمەد ڕەحیم خان (عەلائولدەولە- ئەمیرنیزام) لە تەورێز
ماوەیەك لەمه‌وبەر، لەنامەیەكدا فەرمووبووتان: بزانم ئەو سەربازانەی دەوڵەتی عوسمانی، بۆ سەر سنوور هێناونی، چەند كەسن و ئاخۆ ئەو سەربازانە، هەر بەشی پاراستنی سنوور بكەن، یان لەشكرێكی زۆریان ناردووە و ئەم لەشكرە لە سنووردا، دژ بە دەوڵەتی خۆمانە، یان لەگەڵ دەوڵەتی خۆمان!؟.
ئەگەرچی من لەو بارەیەوە بێ‌ هەواڵ نەبووم و هەموو كاتێ‌ لە زۆر سەرچاوەوە هەواڵم پێگەیشتووە، بەڵام بۆئەوەی زۆرتر دڵنیا بم و لەڕووی لێكۆڵینەوەوە دەنگوباسەكە، ڕابگەیەنم، بەڕێز: ئاغا سەیید محەمەد ئەمین كوڕی خوالێخۆشبوو حاجی سەیید بایز، كە (ئەمین شەرع)ی ئێرەیە، ڕام سپاردووە تا لای خۆیەوە پیاو بۆ (سلێمانی) و ئەو ناوچانە بنێرێ‌، بۆ ئەوەی بچێ‌ و لێكۆڵینەوەی پێویست بكات.
بەڕێزی ناوبراویش پیاوێكی تایبەتی ناردووە و هەر لە (سلێمانی) یەوە هەتا (پشدەر) و (ڕەواندز) و (باڵەك)، كە هەموویان هێڵی سنووری عوسمانین، بەجوانی و بەوردی سەرنجی داوە و نامەیەكی زۆریشی لە زانایانی ناودار و ناسراوی (سلێمانی)، و شوێنانی ترەوە هێناوە، كە هەموویان جێی متمانە و بڕوان و منیش ئەم نامانەم بۆ خزمەتتان ناردن و بۆ زیاتریش زانیاری ئێوە، پلە و پایەی ئەم پیاوانەتان بۆ دەنووسم:
كاك ئەحمەدی شێخ: كەسایەتیەكی بەناوبانگ و ناسراوی خەڵكی (سلێمانی)یە و خاوەنی پلە و پایەیكی زۆر بەرزە و ڕاستگۆ و جێی بڕوا و متمانەیە و (80) ساڵ لە تەمەنی تێپەڕیوە.
سەیید شێخ مستەفا: موفتی (سلێمانی)یە و ئەویش پیاوێكی سەر ڕاست و دروست و باوەڕپێكراوە.
مەلا محەمەدەمین دەرسبێژی قوتابخانەی(ڕەواندز)ە، كە پیاوێكی چاك و جێی دڵنیاییە.
هەر بەو جۆرەی سەر دەدەن و بەلەبەرچاوگرتنی نامەی ئەو پیاوانە، كە هەمووی لەڕاستی نزیكە، ئەو هێزەی دەوڵەتی عوسمانی بۆ سنووری ناردووە، بریتییە لە:
یەكەم: هێزێكی زۆر نییە.
دووەم: بۆ ڕێگرتنە لە خێڵ و هۆز و سەركوتی دز و پاراستنی سنوور، ئەو شوێنانەی بەپێویستی زانیون، وەك: سلێمانی، پشدەر، ڕەواندز و باڵەك، بەدرێژایی هێڵی سنوورە، لەهەر جێیەكیش، هێزێكی كەمی سەربازی بۆ ڕێگاگرتن لە خێڵ و هۆزی ناوچەكە داناوە و جگەلەوە لەڕواڵەتدا وادیارە نیاز و مەبەستێكی تریان نەبێ‌، ئەو كردەوانەی لەو ماوەیەدا لەلایەن دەوڵەتی عوسمانییەوە دەكرێن، نیشانەی نیازی ئەو دەوڵەتەن بۆ گرتنی (شێخ)ی مەلعون.”
ئه‌و نامانه‌ هه‌واڵ پرسینی نێوان كه‌سایه‌تیه‌كان و ناردنی زانیاری و هه‌واڵی ناوچه‌كه‌ بۆ یه‌كتر، به‌ڵام حه‌سه‌ن عه‌لی خان سوودی لێ وه‌رگرتووه‌ و سه‌رووی خۆی لێ ئاگادار كردووه‌ته‌وه‌.

ئاژاوه‌ و دووبه‌ره‌كی نانه‌وه‌
هه‌میشه‌ ئه‌وه‌ دووباره‌ ده‌كرێته‌وه‌‌ كورد‌ له‌گه‌ڵ یه‌كدا ناكۆكن و سه‌رانی كورد هه‌میشه‌ له‌ ململانێ و كێشه‌ی به‌رده‌وام دان، بێگومان ئه‌مه‌ سروشتێك نیه‌ به‌به‌ژنی كورد بڕابێ و هه‌ر له‌ زگماكه‌وه‌ كورد ئه‌مه‌ی بۆ مابێته‌وه‌، به‌ڵام كورد نه‌ته‌وه‌یه‌كی ساده‌ و دڵپاك و دڵسۆزی به‌رامبه‌ره‌كه‌یانن و خۆشباوه‌ڕن، به‌گفت و به‌ڵێن و سوێند و پاكانه‌ی دۆسته‌كانیان زوو باوه‌ڕ ده‌كه‌ن، له‌لایه‌كی تریش دینداری چاك و ئایینپه‌روه‌ری سه‌ر ڕاستن، به‌جۆرێك زۆر له‌ دژه‌كانیش دان به‌وه‌دانێن زۆر به‌چاكی ئایینی ئیسلامیان وه‌رگرتووه‌ و ئاماده‌ن له‌پێناوی پاراستنی قوربانیشی بۆ بده‌ن، دوژمنه‌كانیش ئه‌و ڕاستیانه‌ ده‌زانن و له‌ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان به‌كاریان دێنن و به‌گژ یه‌كتریان داده‌كه‌ن، هه‌موو ئه‌مانه‌ بوونه‌ته‌ خاڵی لاوازی كورد بۆ خه‌ڵه‌تاندن و له‌خشته‌بردن و كێشه‌و ململانێیان له‌ نێواندا دروست بكه‌ن، تا ڕاده‌ی به‌گژیه‌كتریان دا بكه‌ن، تا یه‌كێتی ڕیزه‌كانی نه‌ته‌وه‌ی كورد له‌به‌ریه‌ك هه‌ڵته‌كێنێ، له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ تا سه‌رۆك خێڵ و خه‌ڵكی ناوچه‌كان به‌سه‌ر یه‌كتره‌وه‌ بكه‌ن به‌ جاسوس و چاودێر به‌سه‌ر یه‌كتره‌وه‌، به‌مه‌ش گومان و دڕدۆنگی له‌یه‌كتری په‌یدا بكه‌ن، ئه‌مه‌ بابه‌تێكه‌ به‌درێژایی مێژوو به‌رده‌وامی هه‌بووه‌ و دووباره‌ بۆته‌وه‌، له‌ ڕاپه‌ڕینی شێخ عوبه‌یدوڵڵای نه‌هریش دا سه‌ره‌ڕای هه‌وڵه‌ به‌رده‌وامه‌كانی شێخ و چاره‌سه‌ره‌ حه‌كیمانه‌كه‌ی بۆ یه‌كخستنی هۆزه‌كان، به‌ڵام ئه‌م خووه‌ نه‌گریسه‌ی ناكۆكی و ململانێیه،‌ گه‌وره‌ترین كاریگه‌ری له‌سه‌ر شكستی ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ دانا، تا كۆتایی ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ش به‌رده‌وام بوو، ئه‌وه‌تا حه‌سه‌ن عه‌لی خانی گه‌ڕووسی فه‌رمانده‌ی سابڵاخ خۆی به‌ئاشكرا دان به‌وه‌دا ده‌نێت، فیتنه‌ و كێشه‌ و ململانێی له‌نێوان سه‌رۆك هۆزه‌كان دروست كردووه،‌ تا دووبه‌ره‌كیان تێبكه‌وێ و په‌نا بۆ ئه‌وان بێنن و ئه‌وانیش له‌و ڕێگایه‌وه‌ به‌سه‌ریاندا زاڵ بن، ناوبراو له‌ مێژووی: 30 جەمادی یەكەمی 1298 كۆچی (30- 4- 1881ز) به‌نامه‌یه‌ك عەلائولدەولە: ئەمیرنیزام (له‌ تەورێز) ئاگادار كردۆته‌وه‌، وای كردو‌وه‌ زه‌مینه‌ی ئه‌وه‌ی خۆش كردووه‌ تا دوو به‌ره‌كی له‌ نێوان سه‌ران و گه‌وره‌پیاوانی سه‌رده‌شت دروست بكات، له‌ بەشی دووەمی نامەكەدا ده‌ڵێت:
“وەك لە نامەی پێشوودا عەرزم كردووە، لەم ڕۆژانەدا بەرنامەیەكم داناوە، تا زەمینەی ئەوە خۆش بكەم گەورە پیاوان و سەرانی سەردەشت لەناوخۆیاندا دووبەرەكیان تێبكەوێ‌ و هەر خۆشیان بێنەبەرباری ملكەچی، بۆ ئەمەش لە ئاغاكانی ئێرە، وەك: قادرئاغا و ئەحمەد بەگ و برایم بەگی برای گوڵاوی ئاغام خواست، تا هەر یەكەیان بەجیا جیا لای خۆیەوە، نامە بۆ پیاوماقوڵانی سەردەشت بنوسن و خۆیان بكەنە ناوبژیكار و لەمپەری ئەوان، بەرنامەكەش سەری گرتووە، چونكە لەلایەكەوە خدرئاغا نامەی بۆ قادرئاغا نووسوە و دەست و دامێنی بووە، لەلایەكی دیكەشەوە پیرۆت ئاغا دەرگای نامە گۆڕینەوەی لەگەڵ ئەحمەد بەگ و بایزئاغادا كردۆتەوە، بۆ وێنە: دوێنێ‌ نامەیەكی پیرۆت ئاغا، بەئەحمەد بەگ و بایز بەگ و برایم ئاغا گەیشتووە و بەو جۆرەی نووسیوێتی، بەدڵنیایی ئەوانەدا لەم ڕۆژانەدا بەرەو ئێرە دێت، خۆ ئەگەر ناوبراو بۆ ئێرە بێت، (كە لەنێو ئەواندا كەسایەتیەكی هەیە)، ئەوا گۆمانی پتەومان هەیە، خدرئاغا و ئەوانی تریش دوای دەكەون و چاو لەو دەكەن، ئاكامیش هەرچی بێت، بەرودوا بە پایەبەرزتانی دەگەیەنم”.
هه‌روه‌ها حه‌سه‌ن عه‌لی خان له‌فێڵ و ده‌هۆكانی به‌رامبه‌ر هه‌مزاغا به‌رده‌وام بووه‌ و هه‌میشه‌ جاسوس و سیخوڕه‌كانی خۆی لێ نزیك كردۆته‌وه‌ تا ده‌داوی بخا و شكست به‌م قۆڵه‌ی ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ بێنێ، له‌هه‌مان نامه‌دا بۆ عەلائولدەولە: ئەمیرنیزام (له‌ تەورێز) له‌ به‌شی سێیەمی نامەكەدا ده‌ڵێت:
“لەبەرئەوەی دەمێك بوو شوێنی هەمزاغام بەڕاست و دروستی نەدەزانی، بۆیە چەند ڕۆژێك لەمەوبەر، سەیید محەمەدئەمینی كوڕی حاجی بایزم ڕاسپارد (كە ئێستا لەجێی باوكی ئەمینولشەرعە)، ئەویش نامەیەكی بەكەسێكدا بۆ هەمزاغا نارد.
دوێنێ‌، كە پێنج شەمە، 28ی مانگ بوو، كەسەكە گەڕاوەتەوە و دەركەوتووە، ئەم ڕۆژانە هەمزاغا لە دوورترین جێگای سەر بە خاكی عوسمانییە، لە شوێنێك بەناوی “قەڵادزە” سەر بە مەڵبەندی “پشدەر”ە و لە ڕابردوودا شارێكی بەناوبانگ بووە و ئێستا وێرانەیە، لەوێ‌ ڕەشماڵی هەڵداوە و بە دڵە خورپێ‌ و ترسێكی زۆرەوە نیشتەجێیە. وەڵامێكی زۆر كەم و كورتی بۆ سەیید محەمەدئەمین نووسیبوو، دەقی نامەكەم بۆ خزمەت بەڕێزتان نارد.
ئەو شتەش بەدەمیی بەنامەبەرەكەی وتبوو، ئەوەیە، هەر كاتێك شوێنی بنەماڵە و هۆزەكەی خۆی، كەناوچەی مەنگوڕە پێ بدرێته‌وه‌، لەگەڵ فەرمانڕەوایی سەردەشت دا، ئیتر داوای ئەوەشی لێ‌ نەكرێت بۆ لای فەرمانڕەوا بچێت، ئەوا خزمەت دەكات و باجی ساڵانەی سەردەشتیش ئاواو ئاوا دەدات.
وه‌ك ده‌رده‌كه‌وێ پێش تریش سوپاسالاری ئێران ” میرزا حسین خان” نامه‌ی بۆ هه‌مزاغا ناردووه‌ و ته‌قه‌للای ته‌فره‌دان و هێنانه‌وه‌ی بێهوده‌ی له‌گه‌ڵ هه‌مزاغا داوه‌، ئەم قسە بێتامانەی هەمزاغا، هەر ئەو قسانەن، كاتی خۆی لەوەڵامی جەنابی سوپاسالاری گەورەدا كردبوونی، كە نامەی ناردبووە لای و دڵنەوایی كردبوو.
بەكورتی، دیارە ئەم قسانەی هەمزاغا بۆ ئەوە نابن گوێیان لێ‌ بگیرێ‌، ئاشكراشە بەم ترس و لەرزەوەی لە خراپەكاریی ئاژاوەگێڕییەكانی خۆی هەیەتی، بەهیچ جۆرە دڵنەواییەك دڵنیانابێ‌ و مەبەستیش لەم بەرنامە و پیاو ناردنە، هەر بەدەستهێنانی زانیاری ڕاستەقینە بوو، لە شوێنی نیشتەجێ‌ بوون و ژیانی هەمزاغا، كەبەدەستم هێناو هەواڵەكەشم بەبەڕێزتان گەیاند و پوختەكەشی ئەوەیە، بەپیرەوەچوونی سەرومڕی كاری هەمزاغا، بە یەكلایی كردنەوەی كێشەی سەردەشتەوە گرێدراوە.”
ئاكامه‌كانی شه‌ڕ تاڵان كردن و كچ ڕفاندن
هه‌میشه‌ كورد له‌ شه‌ڕی دوژمنه‌كانیدا ئه‌گه‌ر شكستی هێنابێت له‌ ئاكامدا تووشی كوشتار و سوتاندن و تاڵانی و كچ ڕفاندن بۆته‌وه، ئه‌م كاره‌ قێزه‌ونه‌ تائێستاش دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌، بۆیه‌ جاری وابووه‌ وه‌ك تۆڵه‌ كردنه‌وه‌ كاری وا له‌ كوردیش وه‌شابێته‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ هیچ بیركردنه‌وه‌یه‌كی ژیرانه‌ په‌سندی ئه‌و كاره‌ ناكات، به‌ڵام وه‌ك په‌رچه‌كردار و كاردانه‌وه‌یه‌ك بۆ دوژمنه‌كانی زۆرجار ئه‌م كاره‌یان لێ وه‌شاوه‌ته‌وه، ‌ وه‌ك لێره‌ حه‌سه‌ن عه‌لی خان ده‌ڵێت چه‌ند ژنێكیان به‌دیل گرتووه‌، به‌ڵام له‌بری ئه‌وه‌ نه‌ك سزای به‌ڵكو سوكایه‌تیشی پێ كردوون:
“نامەی ژمارە: 11
(بەشی سێیەم)
لاپەڕە: 368- 373
مێژوو: 30 جەمادی دووەمی 1298كۆچی (29- 5- 1881ز)
بۆ:/ محەمەد ڕەحیم خان (عەلائولدەولە- ئەمیرنیزام)
لەكاتی فیتنەكەی (شێخ)ی مەلعون، و تاڵان و كوشتاری (میاندواو)دا، چەند ژنێكیشیان بەدیلی گرتوون. بۆ نموونە:
كچی حاجی حسین عەلی، كە پیاوێكی ڕێزدار و ناسراوی میاندواوە و مارە كراوی ئامۆزاكەی خۆی بووە، برایم ئاغای ناپاك و دوو كوڕە ناپیاوەكەی ڕفاندوویانن و بۆ (سەردەشت)یان بردوون و لەوێ‌ هێشتوویاننەوە، من لەو ماوەیەدا بەردەوام لەبیری ئەوەدابووم، چەند ڕۆژێك لەمەوبەر هەر دوو كوڕەكەی برایم ئاغایان گرتوون و هێنایانن. زۆر بەتوندی سزام دان و گوێچكەیانم بڕی و ئێستاش لە كۆت و زنجیر و گرتوخانەدان. لەلایەكی تریشەوە عوسمان ئاغای فەرمانڕەوای سەردەشتم ڕاسپاردووە و داوای ڕزگاركردنی ئەو كچەم لێكردووە.
عوسمان ئاغاش لەناكاوێكدا چووە و ئەو كچەی لە برایم ئاغای ناپاك سەندۆتەوە و بۆ سابڵاخی ناردۆتەوە و منیش ناردم مام و مێردی ئەو كچەیان هێنان و پێم دانەوە. دوێنێش برایم ئاغایان گرت و هێنایان و ئێستا لەزیندان و كۆت و بەنددایە. بیروڕای من ئەوەیە، یان ڕێگام بفەرموون ئەم ناپاكەی ئەم تاوانە گەورەیەی كردووە، لەڕووی شەرع و داب و نەریتەوە، هەر لێرە و لەبەرچاوی ئەم خەڵكە، بەردەباران بكرێ‌، یان ئەگەر بفەرموون بەزنجیركراوی بۆ (دەرباری- تەورێز)ی بنێرم و لەبەرامبەر ئەو تاوانەیدا، سزا بدرێ‌. بیستوومە دوو سێ‌ ژنی دیكەش، كە هۆزی (پیران) و (مەنگوڕ) دیلیان كردبوون، قائیمقامی (ڕانیە) لێی سەندوونەتەوە. دوای بیستنی ئەم هەواڵە نامەیەكم بۆ قائیمقامی (ڕانیە) نووسی و پیاوێكیشم بەتایبەت نارد. تا ئەوانیش بێنێتەوە و بەخاوەنەكانیانی بدەینەوە.
فەرمانی جەنابت لەسەرسەرمە.”
هه‌روه‌ها ده‌رباره‌ی ئه‌و بابه‌ته‌ هه‌واڵی سه‌رانی ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ حه‌سه‌ن عه‌لی خان له‌ نامه‌یه‌كی تردا بۆ (عەلائولدەولە- ئەمیرنیزام) لە تەورێزده‌نووسێ:
“نامەی ژمارە: 118
(بەشی: 3، 5ی نامەكە)
لاپەڕە: 409
مێژوو: 15ی ڕەجەبی 1298 كۆچی (13- 6- 1881ز)
بۆ: محەمەد ڕەحیم خان( عەلائولدەولە- ئەمیرنیزام) لە تەورێز
-3-
لەنامەكانی مێژووی كۆتایی مانگی جەمادی دووەمدا، بەتێر و تەسەلی باسی وەرگرتنەوەی كچی (حاجی حسین عەلی میاندواو)ی لە (برایم ئاغای تاڵاو)ی ناپاكم كردبوو. لەو ڕۆژانەی لەسەرەتای ئاژاوەكەی (شێخ)ی مەلعوندا، بەدیلی گرتبوویانن، كچی خوالێخۆشبوو (مەلا محەمەد جەعفەری موجتەهید) و كچی (ئاغا سەیید عەلی) مارەكراوی كابرایەك، بەناوی (مستەفا بەگی میاندواو)ی بوون، كە كچی مەلا محەمەد جەعفەر، بایز ئاغای كوڕی مامەند ئاغای پیران، بەدیلی بردبوونی، كچی ئاغا سەید عەلی ژنی مستەفا بەگیش، لەلایەن برایم ئاغای مەنگوڕ، بەدیلی گیرابوو، منیش هەمیشە لەبیری ئەوەدابووم لەدیلی ڕزگاریان بكەم، لەدوای لێكۆڵینەوە و پشكنینی زۆر دەركەوت هەر دووكیان لە شاری (ڕانیە)ن و لای ئەو ناپاكەن.
لەبەرئەوە نامەیەكم بۆ (عەبدوڵڵا بەگ)ی قائیمقامی ڕانیە نووسی و مستەفابەگی زاوای ئاغا سەیید عەلییم لەگەڵ پیاوێكی تایبەتدا بۆ ڕانیە نارد. بەڕێز عەبدوڵڵا بەگ بەوپەڕی ڕێز و پێشوازییەوە وەریگرتبوون و هەردوو كچەكەی لەگەڵ مستەفا بەگ و پیاوە تایبەتیەكەی مندا بۆ سابڵاخ بەڕێكردبوونەوە و نامەیەكیشی لە بارەی ئەو یارمەتیەوە نووسیبوو، كە پێی دابوون، لەبەرئەوەی ئەم دوو كەسە، بەتایبەتی كچی مەلا محەمەد جێی ڕێز و حورمەتن، لەگەڵ مستەفا بەگدا بەڕێزەوە بۆ (میاندواو)م بەڕێ كردنەوە.
فەرمانی جەنابتان لەسەر سەرمە
-5-
نووسیبوتان شێخ سدیق و شێخ قادری كوڕانی شێخ عوبەیدوڵڵای مەلعون هەڵاتوون و كەسیش نازانێ‌ بۆ كوێ‌ چوون و بەسەرانی عەشایەری ئەم ناوچەیە ڕابگەیەنم، تا ئاگاداربن و هەركاتێ‌ ڕوویان لەم ناوە كرد بیانگرن.
منیش لەسەر فەرمانی جەنابتان، پیاوم بۆ هەموو لایەك ناردووە و بەهەموو بەرپرسان و سنووروانانم ڕاگەیاندووە، تا ئەگەر سنووری عوسمانیان بەزاند، بێ‌ سێ‌ و دوو لێكردن و ئەملاوئەولا، قۆڵبەست دەكرێن.
لەم بارەیەوە دڵنیا و ئەرخایەن بن.
فەرمانی جەنابتان لەسەر سەرمە”

ماویه‌تی …….




قەیرانی ڕۆشنبیر لە کۆمەڵگادا مەترسیە !…. راستی بەهادین

بوونی هەرمرۆڤێک پەیوەستە بە بارودۆخی کۆمەڵایەتی و سۆسیۆلۆجی و سایکۆلۆژی و سیاسی ئەو کۆمەڵگای تێیدا ژیان دەکات لەم ڕوەشەوە هەرمرۆڤێک کە لەناو هەر کۆمەڵگەیەکدا دەژی ئەوا لەگەڵ مرۆڤەکانیتردا ئەرک و بەرپرسیارەتی دەکەوێتەسەرشان ، ئەمەش بۆ باشترکردنی ژیانە لە هەموو ڕویەکەوە .
ئەم ئەرکانەش لەبواری سیاسی ڕۆشنبیری و ئەخلاقیدا خۆیان دەبیننەوە ، ئەرکی ڕۆشنبیر هەڵوێست وەرگرتنە لە دژی ئەو بارودۆخە ناهەموارەی لە کۆمەڵگا ڕوو دەدەن ،
بۆ ئەمەش ڕۆشنبیر هەم لەڕووی سیاسی و هەم لەڕووی کۆمەڵایەتیەوە ئەم ئەرکە دەکەوێتە سەرشانی کە پەیوەستە بە گەشەی سیاسی و کۆمەڵایەتی .

ڕۆشنبیر ویژدان و دەركی كۆمەڵگەیە ، ئەو شتانە دەبینێت كە كۆمەڵگە نایانبینێت ، ئەو بۆیانی باس دەكات و كۆمەڵگەی لێ ئاگادار دەكاتەوە ، ڕۆشنبیر لەگەڵ ڕەخنەگرتن دەبێت كار بكات لەسەر هەقیقەت و ڕاستیە شاراوەكان و نیشانی كۆمەڵگەی بدات و كاری جددی بكات لەسەر بڵاوكردنەوەی بەها باڵا و ئاكارە بەرزەكان ، و یارمەتیدەرێكی ڕاستەقینەی كۆمەڵگە بێت بۆ حاڵی بوونی باشتر لە دۆخی ژیانی كۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و سیاسی و كلتوری ، كە ڕۆشنبیر بەدوای هەقیقەت و ڕاستی شتەكانەوە بوو و توانی مەعریفە بەرهەمەبهێنێت ، ئەوكات خۆبەخۆ كارێكی ئەخلاقی دەكات ، نەك هەركاتێك لە زیانی بوو دەست بەرداری هەقیقەت ببێت و قبوڵی نەكات .

ڕۆشنبیر دەبێت لە پێناو گەیاندنی ڕاستیدا نەسڵەمێتەوە لە وتن و جاڕادانی ئەوەی کە بەبەرژەوەندی باڵای نیشتیمانی دەشکێتەوەو دەبێتە هۆکاری بەرەوپێشچوونی تاك و کۆمەڵگە ، بۆ ئەمەش ڕوناکبیران هیچ کاتێك لەبەرەی دەسڵاتداراندا نین و نابنە سوپەری واتاییان ، تاکی ڕووناکبیر هەمیشە دەبێت لە بەرەی ململانێکەرانی دەسڵات و کلتورو نەریتە کۆنینەکانی کۆمەڵگەدا بێت بەبێ گوێدانە هیچ جۆرێکی سزاو هیچ گوشارێکی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی .

( هۆڵباخ°) کە فەیلەسوفێکی ئەڵمانیە پێیوایە کە ڕۆشنبیر تاکە کەسێکە و لەگەڵ ئەوانیتردا ئەندامی کۆمەڵگایە وە پێویستە پابەند بە کۆمەڵگا بجوڵێتەوە و لەگەڵ ئەوەشدا دەستبەرداری کەمێک لە ئازادیەکانی خۆیبێت تاوەکو سوودی زیاتر بگەیەنێت گەروا نەبێت ناتوانێت هیچ ئامانجێکی ئەرێنی بەدەست بێنێت .
کەواتە پێویستە ڕۆشنبیر ئیرادەی خۆی ڕادەستی ئیرادەی کۆمەڵگا بکات لەمەشەوە ئەرکە ڕۆشنبیریەکان دەتوانرێت لەتەواوی بوارە سۆسیۆلۆجی سیاسیەکاندا ببینرێن .بۆ ئەمەش جەخت لە ئازادی دەکاتەوە و عەقڵ و زانین پایەداردەکات کە پەیوەستە بە بەرەوپێشچونی کۆمەڵگا چونکە شکۆی هەر کۆمەڵگە و نەتەوەیەک پەیوەستە با ئاستی ڕۆشنبیریەوە کە بەد ئەخلاقی و زۆرداری دەپوکێنێتەوە ، بۆ ئەمەش ئەرکە ڕۆشنبیریەکان بەپێی یاساگەلێکی عەقلڵمەندانە ڕۆڵ دەگێڕن و گشت ئامانجێکیشیان هۆش ڕوونی هاوڵاتیانە گەیاندنی کۆمەڵگایە بە خۆشگوزەرانی

کەواتە ئەرکی ڕۆشنبیر ئافراندنی شۆڕشێکی گشتگیرە بۆزیاتر بەیەکەوەلکاندنی جڤاکی ئەخلاقی و سیاسی بە زانستەوە ، زانستێک کە لە هۆشی مرۆڤێکی ئازادو سەربەخۆوە سەریهەڵداوە و بەرهەمی ئاواڵابوونی هزرینێکی سەربەخۆیە لەمەشەوە ڕۆشنبیری دەگاتەوە بە ماناڕاستەقینەکەی خۆی و ڕۆشنبیریش لێرەدا کەسێکە کە هەست بە ڕاستەقینەبوونی خۆی دەکات .
ماوەبڵێین کە قەیرانی ڕۆشنبیر لە کۆمەڵگادا وەک قەیرانی دەروون وایە لەناو جەستە .

° تیۆری سیاسی لای ئۆجەلان




پارێزبەندی پەرلەمانی … پارێزەر/ لوقمان مصطفی

هەرچەندە مەسەلەی هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتاران لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا لە ئێستادا بووەتە رۆژەڤ و هەندێک کەس بە پێشهاتێکی ترسناکی دادەنێن بۆ سەر مەسەلەی دیموکراسی و رای جیاواز لە هەرێمی کوردستان، بەڵام لە واقعدا ئەو كارە حاڵەتێكی ئاسایی‌ و یاسایی كاری پەرلەمانییە‌ ، بەو مەرجەی رەهەندی سیاسی لە پشتەوە نەبێت و یاسا لەسەر هەموان‌ وەک یەک و بێ جیاوازی جێبەجێبکرێ. هەڵبەتە هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر ئەندامانی دەسەڵاتی یاسادانان كە ئەركی چاودێریكردنیان لە ئەستۆدایە، بە بۆچوونی هەندێك لە چاودێران بەرەنجامێكی خراپی دەبێت، بەو پێیەی لە هەندێك كاتدا هەڵگرتنی پارێزبەندییەكە پەیوەندی بە كەیسەكانی گەندەڵی و كەیسەكانی تاوانەوە نییە و دەچێتە خانەی یەكلاكردنەوەی ناكۆكییە سیاسی و تایبەتییەكانەوە.نمونەی سکاڵاکەی سەرۆکی ئەنجومونی وەزیران لە دژی (سۆران عومەر) پەرلەمانتار لەسەر لیستی کۆمەڵی ئیسلامی.
بەپێی یاسا لابردنی پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتاران مانای كۆتاهاتنی ئەندامیەتیان نییە وەك لە خولی پێشوو لە بەرانبەر سەلیم جبووری هاتە ئەنجامدان و دوای دەركەوتنی بێتاوانی گەڕایەوە ناو پەرلەمان، بەڵكو یەكەم هەنگاوە بۆ دادگاییكردنی كە بەهۆی ئەو پارێزبەندییەی ئێستەیان لە پەرلەمان ناتوانرێت لە رووی یاساییەوە داگایی بكرێن. ئەوەش یەكەم بڕیاری لەو جۆرەیە لە خولی چوارەمی یاسادانانی عێراق.
تارق حەرب شارەزای یاسایی و دەستووری عێراق دان بە یاسایی لابردنی پارێزبەندی پەرلەمانتاران لەكاتی پشووی یاسادانان دەنێت ئەگەر لەسەر داوای دادگا بێت و داواكە لە كاتی پشوودا پێشكەش كرابێت، بۆیە مادەی 63 لە دەستووری عێراق رێگە بە سەرۆكی پەرلەمان دەدات بۆ لابردنی پارێزبەندی پەرلەمانتار بێ گەڕانەوە بۆ دەنگدانی ناو پەرلەمان بەو مەرجەی داوای دادگا و لابردنەكە لە ماوەی پشووی یاسادانان بووبێت.
پارێزبەندی پەرلەمانی/ ((حەسانەی پەرلەمانی، بریتییە لە شێوازێک لە پاراستنی یاسایی کە دەستور دەیبەخشێت بە نوێنەرانی میللەت لە پەرلەمان، وەک جۆرێک لە حیمایەی سیاسی و یاسایی، تا ئەو نوێنەرانە بتوانن ئەرکە دەستورییەکانیان- وەک دەسەڵاتی یاسادانان و چاودێریکردنی دەسەڵاتی جێبەجێکردن- بە باشی بەرێوەبەرن)). هەر وەک چۆن حەصانە بە دەقی دەستوری و حوكمی یاسا ڕێكخراوە , وەك لە خاڵی دووەم لە ماددەی 63 لە دەستوری كۆماری عێڕاق ساڵی 2005 هاتوە , و لە ماددەی 20 لە پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕێكخراوە .هەروەها لە ماددەی 39و40 لە یاسای هەڵبژاردنی پەڕلەمانی كوردستان ژمارە 1ی ساڵی 1992ی هەمواركراو و ماددەی 24 بە هەر هەشت بڕگەكەیەوە لە پەیڕەوی ناوخۆی پەڕلەمانی كوردستان –عێراق ساڵی 2018 ڕێكخراوە .
کەواتە..لێ سەندنەوەی پارێز بەندی پەرلەمانتار،لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەوەی مافێکی یاسایی و دەستوریە،بەڵام لە ئێستادا وورووژاندنی ئەو پرسە بۆ دوو مە بەستە: یەكلاكردنەوەی ململانێی هێزە سیاسییەكانە، واتە رەهەندی سیاسی لە پشتەوەیە،هەر وەها بۆ چاوترساندنی خودی پەرلەمانتارە کە نە توانێت جارێکیتر لە هێڵی سوور نزیک بێتەوە.




لە سەربەخۆیی کوردستانەوە.. بۆ سەبەخۆیی شارەکان!.. رەزا شوان

لە ئەمڕۆدا، لە هەموو کاتێک زیاتر، بە هۆی پەرتەوازەیی ناوماڵی کورد، بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد، لە هەموو بەشەکانی کوردستاندا، بە قۆناغێکی زۆر هەستیار و مەترسیدار و چارەنووسسازدا تێدەپەڕێت.. داگیرکەرانی کوردستان بە گەلەکۆمەیی، بە نیهێنی و بە ئاشکرا، چەندین پیلانی گڵاو و مەترسیداریان لە دژی هیوا و خواستەکان و ناسنامەی نەتەوەییمان داڕشتوون و جێبەجێ دەکەن، هەموویان هاوکارن و لە کەمین دان، بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەلی کوردماندان، دەیانەوێت هیوا و ئاوات و مافەکانی گەلەکەمان لە گۆڕبنێن.. بۆ هێنانەدی ئەم مەبەستە گڵاوەشیان، سەرەڕای کێشە و ناکۆکییەکانیانی نێوانیان و ئەو کێشە ئابووریی و سیاسی و بێکارییانەش، کە لە ناوخۆی وڵاتەکانیاندا سەریان هەڵداون.. ئەوان هەموو ناکۆکییەکانی نێوانیان بەلاوە ناوان و لە دژایەتیکردنی کورد دا، رێکن و هاوپیلانن و یەک بڕیارن و یەک دەنگ و یەک هەڵوێستن و موو ناچی بە نێوانیانەوە.
داگیرکەرانی کوردستان پەیڕەوی تیۆری (پارتکە و زاڵبە) جێ بەجێ دەکەن، دەیانەوێت کورد بە دەستی کورد بکوژن و لاوازمان بکەن.. ئەمەش چەکێکی تازەی داگیرکەرانی کوردستان نییە، بەڵکو چەندین جاری تر سەرکردەکان و هێزەکانی کوردیان کوردیان لە خشتە بردوون، کەوتوونەتە تەڵە و پیلانی داگیرکەرانی کوردستانەوە.. خەنجەریان لە ملی یەکتری ناوە.. دۆژمنانیش چەپەڵەیان بۆ لێداوین و پێیان پێکەنیون.
زۆر بەداخەوە، کە سەرکردەکانی کورد، بە ئەوانەی ئەمڕۆشەوە کە ناوی خۆیان ناون سەرکردەی کورد، تەمی نەبوونە و زۆر نەزانن و هیچ وانە و پەندێکیان، لە هۆیەکانی شکستییەکانمان و لە نەهامەتییەکانی گەلە داماوەکەمان وەرنەگرتوون.. مێژوو دووبارە و دەبارە بۆتەوە.. هيچ وانەیەکیان لە کیمیاباران و ئەنفال و رەشەکوژی و کۆمەڵکوژی گەلەکەمان و لە وێرانکردنی کوردستانمان وەرنەگرتوون، هەر وەکو ئەوەی نە بایان دیبێت نە باران. ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە کەسی شیاو نین.. لە شوێنی شیاودا، ئەم سەرکردانەی کوردمان، لە سیاسەت و لە هونەری سیاسەتدا زۆر نابەڵدن و فڕیان بە سەر سیاسەتەوە نییە.. ئەو مافە سادە و کەمانەش، کە بە دەریایەکی فرمێسک و خوێن، بە قوربانیدانی هەزاران شەهیدمان هاتنە دی، سەرکردە قوماربازە نەزانەکانی کوردمان بە ئاسانی لەسەر مێزی گفتوگۆدا دۆڕاندیان، چونکە لە سیاسەتدا کۆڵەوارن و گەمەکەرێکی لێزانی سیاسی نین.. پێشبینی و گریمانەکانیشیان لەبەرچاو نەگرتوون.. بڕوایان بە زەردەخەنەی ژەهراوی دوژمنانی کورد کردووە و نەیان توانیوە بە وردی دەروون و نیازە گڵاوە شاراوەکانی داگیرکەرانی کوردستان بخوێننەوە.. هەردەم گۆڵیان لێکردوون و کڵاویان لەسەر کردوون.. بە هیچ بە دەست بوونە.
بە داخەوە لەوەتی کورد هەیە، هەرگیز رێک و یەکگرتوو و تەبا و یەکڕیز و خاوەنی یەک وتاری سیاسی و خاوەنی پرۆژەیەکی تۆکمەی ستراتیژی یەکگرتووی نەتەوەیی کورد نەبووینە.. بێجگە لە قازی محەمەد نەبێت، سەرکردەیەکی نەتەوەیی دڵسۆزی کورد و کوردستان پەروەری تا سەر ئێسقان، لێمان هەڵنەکەوتووە کە بە دانایی و بە زانایی و بە رۆحێکی نەتەوەییەوە کاربکات، هەوڵی ئەوە بدات، کە زۆربەی کورد لەژێر چەتری کوردایەتیدا کۆبکاتەوە.. بەشی زۆری سەرکردەکانی کوردمان لە هۆڵی دەسەڵات و بەرژەوەندي تایبەتی خۆیان بوونە، چاویان لە پۆست و دەسەڵات و سامان بووە.. گەر وا نەبوونایە، دەیان توانی دەوڵەتێکی سەبەخۆی کوردی دابمەزرێنن.
هەمیشە داگیرکەرانی کوردستان و نەیارانی گەلەکەمان، ئەم خاڵە نەرێنی و لاوازەی کوردیان قۆستوونەتەوە، بە پارە و بە پۆستی کاتی سەرکرە خۆفرۆشەکانیان کڕیون. کوردیان لە یەکتری دابڕیوە و فیت و هانی براکوژی کوردیان داوە.
کە لە ساڵی (١٩٩٢) دا، کە پەرلەمانی کوردستان و حکومەتی کوردستان لە باشووری کوردستاندا دامەزران، چاوەڕوانی ئەوەمان دەکرد کە سەرکردە و ئەندام پەرلەمانەکانی کوردمان. شەو و رۆژ وچان نەدەن و هەموو هێز و توانایەکیان بۆ خزمەتی گەلەکەمان تەرخان بکەن و برینە قووڵەکانی گەلەکەمان ساڕێژ بکەن.. نەفرەت لە شەڕی براکوژی بکەن و ببێتە هێڵی سووریان و دووبارەی ناکەنەوە و چیتر رۆڵەکانی گەلەکەمان بە یەکتری بە کوشت نەدەن.. پێکەوە رووی چەکەکانیان لە داگیرکەرانی کوردستان بکەن. لە بەغدا شەڕی بەدەستهێنانی مافەکانمان لەگەڵ حکومەتی عێراقدا بکەن.. دەست لە بەرژەوەندییەکانی حیزب و لە بنەماڵەیی هەڵدەگرن.. ئیتر چاویان لە پۆست و دەسەڵات پارە نابێت .. دەسەڵات و پۆستە باڵاکانی حکومەت و حیزبەکانیان، لە بنەمەڵەدا پاوەن ناکەن و فیفتی بە فیفتی ناکەن.. لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەماندا، گزی و فڕوفێڵ ناکەن و کەسی دڵسۆزیش هەڵدەبژێرن.. کەسی شیاو دەخەنە شوێنی شیاوەوە.. ئیتر دەستی گەندەڵکاران و دز و بەرتیل خۆران دەبڕنەوە.. کەرکووک و ناوچە داگیرکراوەکانی تری باشووری کوردستان دەگەڕێننەوە بۆ باوەشی کوردستان.. باشووری کوردستان دەبێت بە چرایەکی رووناک و بە قەڵایەکی ئازادی و کوردایەتی بۆ هەموو کوردێکی بەشەکانی کوردستان.. لە دژی یەکتری نابن بە مەقاشی دەستی داگیرکەرانی کوردستان.. نابن بە جاش و بە نۆکەری داگیرکەرانی کوردستان.. لاپەڕەیەکی سپی هەڵدەدەنەوە و لەسەر مێزی گفتوگۆدا کۆتایی بە هەموو کێشە و گرفت و ناکۆکییەکانیان دەهێنن.. هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستانیش دەکەن بە دامەزراوەیی، لەژێر ناوی (لەشکری کوردستان) دا یەکیان دەخەن.. میلیشیا و هێزی تایبەتی حیزبی نامێنێ.. یاسا سەروەر دەبێت و کەس لە سەرووی یاساوە نابێت.. هەموو کوردێک ئازاد دەبێت لە رادەربڕین و لە رەخنەگرتن و لە رای جیاوازدا.. دەمکوتی میدیا و رۆژنامەنووسانی ئازاد ناکەن، رەگی برسێتی و بێکاری و هەژاری و نەخوێندەواری و گەندەڵی و دزی لە بنەوە هەڵدەکێشن.

بەداخەوە کە هەمووی بە پێچەوانەی ئەو هیوا و بۆچوونانەمان دەرچوون.. لە سایەی دەسەڵاتێکی پاوەنکراوی دوو بنەماڵەی خۆسەپین و عەشیرەتی و کەسانی نەشیاویدا.. دەسەڵاتی کوردی ساڵ لە دوای ساڵ لاوازتر بووە.. درزی زۆر گەورەتر کەوتۆتە ریزی گەلەکەمانەوە.. دوو ئیدارەیی و ناوچەگەری و شارگەری و هاوبەستەبوون بۆ حیزب و بۆ کەسایەتی و بۆ بنەماڵە و بۆ عەشیرەت قووڵتر بۆتەوە.. سۆز و هاوبەستەبوونیان بۆ کورد و کوردستان کاڵ کردوونەتەوە.. لە ئەمڕۆدا خەڵکی باشووری کوردستانیان، بەسەر زۆنگی زەرد و زۆنگی سەوزدا دابەش کردوون.. پارێزگای کەرکووک و ناوچە داگیرکراوەکانی تری باشووری کوردستانیانیان بە تەواوی خستە ژێر دەسەڵاتی داگیرکەرەوە، ئەو دۆ و مزایدەشیان نەما، کە بە کەرکووک بڵێن (دڵی کوردستانە) و (قودسی کوردستانە)، دڵەکەیان تووشی لێدانی دڵکردووە، دووبارە کورد دەربەدەر خانووی کورد لە کەرکووک دەڕووخێنن و بە عەرەبتر کردنی قودسیان تۆختر بۆتەوە و درێژەی هەیە، هەردوو لایان ناپاکییان دەرهەق بە کەرکووک و ناوچەکانی تر کرد.

تا ئەمڕۆش لە دوای بە دەیان کۆبوونەوە و دانیشتن، ململانێ و مشتومڕ و ناکۆکی نێوان پارتی و یەکێتی کۆتاییان نەهاتووە.. چونکە (لەسەر ئەوە رێکەوتوون کە رێک نەکەون) ناکۆکییەکانیشیان لەسەر بەرژەوەندییەکانی کورد و کوردستان نییە، بەڵکو لەسەر قورخکردنی پۆست و دەسەڵات و بەشی پارە و قایمکردنی بنەماڵەیی دایە. لە ئێستادا پارەی دزینی نەوت و ناردنی تەنکەرە نەوت بە قاچاغی، کڕیار و بازاڕی کزە و بەغداش بودجە مووچەی راگرتووە.. کە پێکەوە بەشی بکەن.. دەنگی رق و تووڕەیی و ناڕەزایی گەلەکەشمان تادێت زیاتر دەبێت.. بۆیە پارتی و یەکێتی خەریکە یەکتری تەڵاق دەدەن.. بە داخەوە کە باجی ئەم هەموو ناکۆکی و شەڕ و ئاژاوانەشیان، گەلە داماو و بێدەرەتان و برسی و بێکار و بەدبەختەکەمان دەیانداتەوە.. ئەوان خۆیان و ماڵ و منداڵیان تێرن و دەڕشێنەوە.. هیچ باکیان پێ نییە کە خەڵکی برسی و بێکاربن.

(کریس کۆچیرا) کە رۆژنامەنووسێکی فەرەنسییە و دۆستێکی نزیکی کوردە، ماوەیەک لە باشووری کوردستان بوو، لە نزیکەوە ئاشنای کورد بووە، لە پەرتووکەکەیدا کە بە ناوی (بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد و ویستی سەربەخۆیی) ـە. کۆچیرا دەڵێت:
“مێژووی هیچ نەتەوەیەک بە ئەندازەی نەتەوەی کورد پڕ لە ناتەبایی نییە.”
لەم کاتە هەستیار و مەترسیدار و چارەنووسسازەدا کە رووبەڕووی گەلەکەمان بۆتەوە، یەکێتی نیشتمانی کوردستان بانگەشی لامەرکەزیەت بۆ سلێمانی دەکات و (ئەنجوومەنی شاری سلێمانی) دەیەوێت بڕیاری لەسەر بدات.. ئەمە هەڵەیەکی مێژووییە و لەسەر یەکێتی زۆر دەکەوێت.. بە پێچەوانەی ناوی حیزبەکەشیانەوەیە، ئەمەی ئەوان دەیکەن (یەکێتی نیشتمانی کوردستان) نییە، بەڵکو (دابەشکردنی نیشتمانی کوردستان) ە.. گەربێتو ئەم بڕیارە سەربگرێت.. کێشە و گۆبەن و ناڕەزایی و دابڕاندنێکی زۆری لێدەکەوێتەوە.. کەلەبەرێکی گەورەتر دەخەنە ریزی گەلەکەمان.. درزێکی گەورەتری تازەش دەکەوێتە ریزی یەکێتییەوە.
ئەم بڕیارەش خواستی داگیرکەرانی کوردستان دێنێتەدی، گومانی تێدا نییە دەستیشیان لە پشتەوەی هەیە، کە دەیانەوێت پێگەی کوردستان لاوازتر بکەن و دواتریش فیدراڵی هەڵیبوەشێننەوە.. هێڵی راست و چەپ بەسەر ناوی”هەرێمی کوردستان”دا بهێنن و ناوەکەی بگەڕێننەوە بۆ “شمال العراق”.
لامەرکەزی شاری سلێمانی، چی لە دۆزی کورد و لە داواکانی مافەکانی کورد دەگۆڕێت؟ ئایا کەرکووک و ناوچە داگیرکراوەکانی ترمان دەگەڕێنێتەوە بۆ باوەشی کوردستان؟ ئایا ئەمە دوو ئیدارەیی نییە؟ ئەی ئەمە دابەش کردنی باشووری کوردستان نییە بۆ چەند بەشێک؟ چوون بۆ بەغدا بە دوو شاندی جیاوازی کوردییەوە.. پێگە و سەنگی کورد هێندەی تر لاوازتر ناکات؟ ئەمە گەڕانەوە نییە بۆ دواوە و بۆ خاڵی هیچ..؟ ئەمە هێندەی تر کێشەکانی کورد قووڵتر ناکەنەوە؟ ئەوە ناگەیەنێت کە خۆتان دەخەنە باوەشی عێراقی داگیرکەرەوە و دەبن بە پاشکۆی حکومەتی شیعە؟ کە بەبێ پرسی ئەوان نەتوانن پەنجە بە ئاودا بکەن؟ بە خۆتاندا بچنەوە و کورد و کوردستان مەکەن بە قوربانی ملهوڕی و و لووت بەرزی و ئارەزوو و بەرژەوەندییەکانتان.. تێر نەبوون، تاکەی هەر لە هۆڵی پۆست و گیرفان پڕکردن دان؟ تاکەی ئەو هەموو ستەمە لە گەلەکەمان دەکەن.
لە کاتی (سەدام حوسێن) ی گوڕبەگۆڕدا، لە بەغدا گاڵتەی بە شاندی کوردی کرد و توانجی لێ گرتن و وتی: کە دەتانەوێت کەرکووک بگەڕێتەوە بۆ سەر کوردستان، ئایا بگەڕێتەوە بۆ سەر هەولێر یا سلێمانی؟
لە کوردستانی گەورەوە، لە سەربەخۆیی کوردستانەوە، هاتنە سەر سەربەخۆیی شار. خەریکی شار شارێنەن! لامەرکەزی کاتێک بۆ شارەکانی باشووری کوردستان گونجاوە، کە بە راستی خاوەنی فیدراڵییەکی بەهـێزی یا کۆنفیدراڵی بین. خاوەنی ژێرخانێکی ئابووری و دارایی خۆمان بین.. لە بەغدا دەست پان نەکەینەوە و نەپاڕێینەوە.. خاوەنی حکومەتێکی دڵسۆز و پەرلەمانێکی کارا و دەسەڵاتێکی راستەقینەی گەلەکەمان بین.
لە ئەمڕۆدا کەسانێکی نەزان و هەرزەگۆ و خۆپەرست و پۆست پەرست و بنەماڵە پەرست، کە فڕیان بەسەر سیاسەتەوە نییە و هیچ بەکگراوندێکی سیاسی و خەباتیان نییە و بە توانای خۆیان و بە پلە و پایەکانی رێکخستن و حیزبایەتیدا سەرنەکەوتوون، بەسەر شانی ئەم و ئەودا سەرکەوتوون و (لە پڕێکدا بوون بە کوڕێک) و هاتوونەتە سەر حازری، یاری بە چارەنووسی گەلەکەمانەوە دەکەن.. خاوەن پارەی زۆری دزیی میللەتن و هێزی سەرکوتکردنیان هەیە.. گەلەکەشمانیان هێندە برسی کردوون، هێندە سەرکوت و دەمکوتیان کردوون لە برسان و لە ترسان دوایان کەوتوون. ئەوەی دوایان نەکەوێت نان بڕاوی دەکەن.. خۆپێشاندانیش بکەن و داوای مووچە و مافەکانیان بکەن، بە شەق تێیان هەڵدەدەن و سوکایەتییان پێ دەکەن و بە فیشەکیش وەڵامی داواکانیان دەدەنەوە.. ئەوانەشی رەخنەیان لێبگرن، بە دەردی (سۆرانی مامە حەمە و سەردەشت عوسمان و عەبدولدستار تاهیر شەریف و کاوە گەرمیانی و ویداد حوسێن) یان دەبەن.
پەرلەمانی هەرێمی کوردستانیش، ناوێکی بێ ناوکە.. بووە بە پاشکۆی حیزبەکان، بە دەنگی زۆرینەی پارتی، هەچ یاسا و بڕیارێکیان بوێت تێیدەپەڕێنن، یا رەتی دەکەنەوە، پەرلەمانتارەکانی پەرلەمانی کوردستان، بووکەڵەن حیزبەکانیان.. چۆنیان بوێت وایان دەبزێنن.. پەرلەمانێکی کارتۆنی ئیفلیج چی لە باردایە؟.. ئایا پەرلەمان دەتوانێت، بانگی بەرپرسان و دەسەڵاتدارانی دز و گەندەڵی باڵای حکومەت بکەن و لێیان بپێچنەوە و بۆ خەڵکی ئاشکرایان بکەن.. ئایا دادگاش دەوێرێت سزایان بدات؟ بێگومان ناتوانن.
داوا لە هەموو رۆڵەکانی گەلەکەمان دەکەین، کە بە سەربەخۆیی (لامەرکەزیەت)ی شارەکانی کوردستان، رازی نەبن و رەتی بکەنەوە.. پێویستیشە نووسەران و شاعیران و رۆشنبیران و رۆژنامەنووسان و هەموو توێژ و چینەکانی گەلەکەمان، بێ دەنگ نەبن و هەڵوێستیان هەبێت.. ئەگینا هەموومان باجی ئەم هەڵە گەورەیە دەدەینەوە.. چونکە جێبەجێکردنی بەکرداریی، دوو ئیدارەیی و دابەشکردنی باشووری کوردستانە.

بە دووریشی مەزانن، کە وامان لێبکەن، کە دەبێت لە سلێمانی یا لە هەولێر( فیزە) وەربگرین، بە پاسەپۆرت یان بە (پسوولەی پشتگیری) ئەم دوو حیزبە دەسەڵاتدارە نەبێت، نەتوانین بە ئازادی هاتووچۆی شارەکانی باشووری کوردستان بکەین.

رەزا شوان
٥/ مای/٢٠٢٠




ئەو سێ گەنجەی هیوایان پێ بەخشیم … عەلی مەحمود محەمەد

پێش ساڵانی 2010, ئەو كاتەی سەرگەرمی چالاكییەكانی ناوەندی چاك بووم لە گەڵ سەدان كەسی هاوڕێم , لە كوردستان سێ گەنجی جیڤاراییم ناسی, سەرەتا شێخ سدیق ئێوارەیەك لە شاری كەركووك گەنجێكی پێم ناساند كاسكێتێك بە وێنەی جیڤارای لەسەر بوو بەناوی سۆرانی مامە حەمە, سەیرم كرد هیواكانی سۆران, هیوای كازیوەی بەیانە, ئەوەندە رون دەڕوانێتە ژیان, ئیتر سۆران بووە هاوڕێی گیانی بە گیانیم, دوا پەیامی ژینی نیوكاژێرێك پێش مەرگی بۆ منی نارد , فریا نەكەوتم دوا ئارەزووی وەرگرم , كاوەش هەروا تا بڵێی سور, سورتر لە چۆڕاوی خوێنی, گەشتر لە جیڤاراكەی سەردڵی, بەحەسرەتتر لە تامەزرۆی ژیانی هەژارانەی گەرمیانییەك , سەردەشتیشم لە كۆبونەەیەكی چاك ناسی, لە گەڵ كۆمەڵێك گەنج, هێندە گەش و جوان و بە ئیرادە بوون, نازانم كامیان لەوی تر پڕ ئومێدتر بوو بۆ ژیان, كامیان خێراتر بوو لە بڵێسەی نیگای باز, هۆ هۆ سەردەشت, ئەوەندە گەش و پڕ لە ئومێد بوو, زیاتر لە ئومێدی ئەوێ ساڵی جوتیارانی دەشتی هەولێر , تا خۆی لە باوەشی گردە عازەبانەكە بینییەوە.
ئەوێ رۆژێ چاك تاكە ئومێدی گەنجە یاخییەكان بوو, ئەوانەشی مان ئەوڕۆ بە رێكەوت دەژێن.

تاوان ئەم سێ گەنجەی ئومێدی منیان لێسەندمەوە, تاوانباریش تا هەنووكە لە سزا دەربازن, هەرسێكیان لەزۆر شتدا هاوبەش بوون, هەژار بەڵام لە مێشكدا دەوڵەمەند, یاخی لە زوڵم بەڵام میهرەبان و دەستەمۆ لە عەشق, ناڕازی لە ستەم بەڵام كۆیلەی نازی باوەشی دایكە سەربەرزەكان, هوشیار بە هوشیاری چینایەتی, جیڤارایست, ئازادی و عەدالەت لە نیگاكانیان دەباری, لە نینۆكەكانیان دەچۆڕی, هەناسەیان ئومێدی لێ دەتكا , كە ئەوانم ناسی وتم نا هێشتا ئاوات ماوە بۆ جیهانێكی عەدالەت.

خۆشەویستانم سەردەشت و كاوەو سۆران, یاداوەری ئێوە هەمیشە لە دڵمدایە, لە باوەڕو ویژدانمدایە, رێگای هیواكانتان چەندە سەخت و دوربێت, بە زەڕە لێی لانادەم , بنوون بە ئارامی لە پاڵ مامۆستاكەتان هاوڕێی سەر كڵاو دڵەكانتان, ئەگەر بە جەستە دنیایەك فرسەخ لێوەی دوورن, بەڵام لە ژێر باڵی ئەودا , لەم مەڵبەندی رەشایی و نا ئومێدییە هیوا دەچێنن .




كرێكاران له‌سه‌رده‌می كۆرۆنادا … ئه‌حمه‌د كامه‌ران

سه‌ره‌تا پێش ئه‌وه‌ی ده‌ست بكه‌م به‌ به‌نووسینی وتاره‌كه‌م دا, سڵاوێك بۆ رووحی پاكی ئه‌و كرێكاره‌ زه‌حمه‌تكێشانه‌ ده‌نێرم كه‌ له‌پێناو جه‌نگ كردن له‌گه‌ڵ نان و ئازادی گیانی خۆیان سپاردوه‌ , هه‌روه‌ها سڵاوم بۆ سه‌رجه‌م ئه‌و كرێكاره‌ زه‌حمه‌تكێشانانه‌ هه‌یه‌ كه‌ ئه‌مڕۆ له‌ گۆڕه‌پانی خه‌بات كردن ئاماده‌ن له‌پێناو به‌ده‌ستهێنانی نان و ئازادی و یه‌كسانی دا, كه‌ هیچ كاتێكیش كۆلیان نه‌داوه‌و به‌رده‌وام بوونه‌ له‌ خه‌باتی خۆیان له‌ دژی سیسته‌می سه‌رمایه‌داری دا, كه‌ له‌ خه‌به‌تاكه‌یان دا ئاوات ده‌خوازن رۆژێك بێت چیتر جیاوازی چینایه‌تی نه‌مێنێت و سه‌رجه‌م چینه‌كان به‌چینی كرێكارانه‌وه‌ له‌ژێر چه‌تری یه‌كسانی دادپه‌روه‌ری دا بژین و ئیتر كۆتایی به‌ ئه‌قلیه‌تی فاشیلی سه‌رمایه‌داری بهێنرێت…
وه‌كو هه‌موو بۆنه‌كانی تردا , ساڵانه‌ له‌ یه‌كی ئایاردا , یادی چینێك ده‌كرێته‌وه‌ كه‌ به‌درێژایی مێژوو بۆته‌ قوربانی ده‌ستی سیسته‌می سه‌رمایه‌داری و ئیمپریالیزمی دا, كه‌ ئه‌و چینه‌ش , چینی ماف خوراو چه‌وسێنراوی كرێكارانه‌,خۆی له‌ راستی دا ئه‌م رۆژه‌ بۆ كرێكار هیچ جه‌ژن و خۆشی نیه‌ بۆیان , به‌ڵكو پیشاندانی ئازاره‌كانیانه‌ به‌رووی جیهان و سه‌رمایه‌دارانی كۆنه‌په‌رست,به‌ڕای من ئه‌وكاته‌ ده‌بێته‌ جه‌ژن بۆ كرێكار كه‌ چیتر له‌ژێر سیسته‌می سه‌رمایه‌داری دا نه‌چه‌وسێنرێنه‌وه‌ و سه‌رجه‌م مافه‌ خوراوه‌كانیان به‌دی بێت, هه‌تاوه‌كو ئێستا كرێكاران بۆ په‌یداكردنی پاروویه‌كی نان دا چه‌ندین رێگای سه‌خت و كاری قورس پێیان ئه‌نجام ده‌درێت , كه‌ زۆرجاریش له‌ ئه‌نجامی ئه‌و كاره‌ قورسانه‌دا , كرێكار ژیانی خۆی له‌ده‌ست ده‌دات , له‌پاشانیش هیچ جۆره‌ بیمه‌یه‌ك بۆ خێزانه‌كه‌ی ده‌سته‌به‌ر ناكرێت, جگه‌ له‌وه‌ی كه‌ خۆی هیچ جۆره‌ بیمه‌یه‌كی نیه‌ له‌ كاتی كاركردنی دا, كه‌چی سه‌رمایه‌داران بێ باكن و ته‌نانه‌ت گاڵته‌یان به‌ مردنی كرێكارێك دێت و زۆر بێباكانه‌ هه‌ڵسووكه‌وت ده‌كه‌ن له‌به‌رامبه‌ر كرێكاره‌كه‌ و خێزانه‌كانیان دا , كه‌ ئه‌مه‌ش نابێت چیتر قه‌بول بكرێت , به‌ڵكو ده‌بێت كرێكارانیش هاوشێوه‌ی هه‌موو چینه‌كانی دیكه‌ی كۆمه‌ڵگادا به‌ڵكو به‌زیاده‌وه‌ش , ده‌بێت سه‌رجه‌م خزمه‌تگوزاریه‌ ته‌ندووستیه‌كانیان بۆ دابین بكرێت, له‌هه‌مان كاتیشدا نابێت ئیتر كرێكاران بچه‌وسێنرێنه‌وه‌و ژیانیان بكرێت به‌ دۆزه‌خ , چوونكه‌ سه‌ره‌نجام چینی كرێكار به‌ داینه‌مۆو به‌رهه‌م هێنه‌ری وڵات داده‌نرێن, به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ خۆیان بێبه‌ش بوونه‌ له‌و به‌رهه‌م هێنانه‌ی كه‌ له‌ وڵات ئه‌نجامی ده‌ده‌ن.
جیاوازتر له‌هه‌موو ساڵانی دیكه‌دا, ئه‌م ساڵ یه‌كی ئایار هاوكات بوو له‌گه‌ڵ شه‌پۆلێكی كووشنده‌ی دژ به‌ مڕۆڤایه‌تی دا كه‌ ئه‌ویش بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوو له‌به‌شێكی زۆری وڵاتانی جیهان دا, كه‌ به‌ بڵاو بوونه‌وه‌ی ئه‌م ڤایرۆسه‌ بووه‌ هۆی داخستنی سه‌رجه‌م كارگه‌ پیشه‌سازیه‌كان و بازاره‌كان به‌ ڕووی تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگادا, به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه‌ له‌م نێوه‌نده‌دا , گه‌وره‌ترین زه‌بری ئابووری به‌ركه‌وت, ئه‌ویش چینی كرێكاران بوون , كه‌ به‌شێكی زۆری كرێكاران له‌جیهان له‌كاره‌كانیان دابڕان و نێردرانه‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌و , كه‌ هاوكاتیش ئه‌م ڤایرۆسه‌ش وا ته‌ماشا ده‌كرێت كه‌ دووباره‌ كوده‌تایه‌كی تری سه‌رمایه‌داران بوبێت به‌سه‌ر چینی كرێكارانه‌وه‌, به‌ڵام له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ سه‌رمایه‌داران هیچ جۆره‌ زیانێكی مه‌ترسیداریان به‌رنه‌كه‌وتوه‌ له‌ ئه‌نجامی ئه‌م ڤایرۆسه‌, ئه‌مه‌ش به‌هۆی ئه‌و سامانه‌ زۆره‌یان كه‌ له‌ رێگای ماندبوون و به‌رهه‌می شه‌و و رۆژه‌ی چه‌ندین ساڵه‌ی كرێكارانه‌وه‌ به‌ده‌ستیان هێناوه‌, بۆیه‌ ده‌بێت سه‌رجه‌م ئه‌و سامانانه‌ی سه‌رمایه‌داره‌كان بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ گیرفانی كرێكارانی ماف خواراو دا, بۆئه‌وه‌ی چیتر له‌ناخۆشی و چه‌وساندنه‌وه‌دا نه‌ژین , له‌هه‌مانكاتیشدا ده‌بێت ئیتر یه‌كسانی و دادپه‌روه‌ری ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی بێته‌ ئاراوه‌ له‌نێوان هه‌موو تاكه‌كان دا.




دیمانە لەگەڵ مامۆستا رزگار خدر … سازدانی: ڕۆسته‌م خامۆش

م. ڕزگار خدر:
دنیای منداڵ, دنیایەکی ڕازاوەو تایبەتە

بۆ گرنگیدان به‌ ئه‌ده‌بیاتی منداڵان و ئاوڕدانه‌وه‌ له‌ كه‌سایه‌تییه‌كانی ئه‌و بواره‌‌، به‌ پێویستمان زانی ئه‌م دیمانه‌یه‌ له‌گه‌ڵ به‌ڕێز”م. ڕزگار خدر” ی شاعیر و نووسه‌ری بواری ئه‌ده‌بیاتی منداڵان و سه‌رپه‌رشتیاری په‌روه‌رده‌یی ساز بده‌ین.

  • ڕزگار خدر مسته‌فا” له‌ 3/7/1964 لە گەڕەکی کانێسکان ی شاری سلێمانی له‌ دایك بووه.‌
  • سەرپەرشتیاری پسپۆڕیی لە پەروەردەی ڕۆژئاوای سلێمانی.
  • ئەندامی دەستەی نووسەرانی گۆڤاری ژیار و سەرنووسەری گۆڤاری ئاراستەی پەروەردەیی.
  • خاوەنی سێ منداڵه‌ بەناوەکانی: ( فرۆ ، دینۆ ، باکۆ ).

ئەم بەرهەمانەی چاپکردووە:
١- ئاڤێستا کلتوری دینی و نەتەوەیی کورد، لێکۆڵینەوەی مێژوویی.
٢- غەمنامە، دیوانە شیعر.
٣- خەمە پەروەردەییەکان، کۆمەڵێک نووسینی پەروەردەیین.
٤- سەد پەند، کۆمەڵێک چوارینە شیعری پەروەردەیین.
٥- هەلوربلور، دیوانە شیعری منداڵان.
6- باپەروەردە خەمی هەمووان بێ، کۆمەڵێک بابەتی پەروەردەیی.

سازدانی: ڕۆسته‌م خامۆش

پرسیار: لە کەیەوە شیعر بۆ منداڵان دەنووسی؟
وەڵام: دنیای منداڵ دنیایەکی ڕازاوەو تایبەتە, تاکو بەتەواوەتی ئاوێتەی نەبیت ناتوانی دەربڕی خواست و ئارەزووەکانی منداڵان بی، سەرەتا دەمەوێت بڵێم وەک پەروەردەکارێ هەمیشە ئارەزووم بووە بەهەموو شێوەیەک خزمەت بەبواری پەروەردەبکەم, خۆم بەتەواوی تەرخان بکەم بۆ خزمەت لەو بوارەدا و کاتێکیش بووم بەسەرشتیاری پەروەردەیی لەپۆلدا و لە ڤیستيڤاڵ و چالاکیەکاندا ئامادە دەبووم, منداڵان بە خوێندنەوەی شیعر و بەچالاکيی جوان پێشوازیان لێ دەکردین، ئارەزوم بوو ڕۆژێک منیش هۆنراوەیان بۆ بنووسم و پاداشتی ئەو پێشوازیە جوانەیان بدەمەوە و لەو ڕێیەشەوە خزمەتێک بەبواری پەروەردە بکەم، دەتوانم بڵێم ئەوان بوونە ئیلهام بەخشی هۆنراوە نووسینم بۆ منداڵان و تێکەڵ بوون بەو دونیا پڕ لە تەلیسمی جوانییەی ئەدەبی منداڵان.

پرسیار: تا ئێستا چەند بەرهەمت بۆ منداڵان چاپکردووە، ئەگەر ئاماژە بە ناوەکانیان بکەی؟
وەڵام: لەزۆربەی گۆڤاره‌كانی منداڵاندا هۆنراوەم بڵاوکردۆتەوە و یەک دیوانە شیعرم چاپکردووە بۆ منداڵان بەناوی (هەلوربلور )، وه‌ دیوانێکی ترم ئامادەیه‌ بۆ چاپ.

پرسیار: تایبەتمەندیی شیعری منداڵان چیە؟
وەڵام: نووسین بۆ منداڵان ئاسان نییە, کە ڕەنگە هەندێ کەس وابیربکەنەوە, تۆ کە بۆ منداڵان دەنووسیت دەبێت تەواو ئاوێتەی دنیای منداڵان بی و بچیتە دنیای پڕ لە خەیاڵی جوان و ڕازاوەی ئەوانەوە، بەزمانێکی سادە بنووسی، دووربیت لە وشەی قەبەو ئاڵۆز، دەبێت وەڵامدەرەوەی پرسیارەکانی ئەوان بێ و دووربێ لە ئامۆژگاری ڕاستەوخۆ, کە منداڵ بێزار دەکات، بنەماکانی مرۆڤدۆستی و ژینگە پارێزيی و گیانی هاوکاريی و لێبوردەیی و بەڵێنپارێزيی و ئاژەڵدۆستيی و تەندروستی….. لەخۆبگرێت بەپێی ئاست و قۆناغی تێگەیشتنی منداڵ بنووسرێت، دەبێت هەڵگری پەیامی تەواوکاری پەروەردەی دروست بێت.

پرسیار: لە ئێستادا ئەدەبیاتی منداڵانی کورد، چۆن دەبینی؟
وەڵام: لە ئێستادا کۆمەڵێک نووسەر و شاعیری باشمان هەیە له‌ بواری ئه‌ده‌بیاتی منداڵانی كورددا، گەر بەراوردی بکەی بەساڵانی پێشوو، بەڵام پێویستیان بەهاوکاريی هەیە, پێویستمان بە وەرگێڕانە لەبواری ئەدەبی منداڵان, تا زیاتر نووسەرانی خۆشمان ئاشنا بن بە تەکنیکی نوێی نووسین و خەیاڵی فراوانيی دنیای منداڵان, پێویستە دەزگایەک هەبێ بۆ وەرگێڕان لەئەدەبی گەلانەوە بۆ کوردی و بەپێچەوانەشەوە وەرگێڕانی نووسینی نووسەرانی کورد و ناساندنیان بە دنیای دەرەوە.

پرسیار: وەکو دەزانین زۆربەی گۆڤارەکانی تایبەت بەمنداڵان لە ئێستادا دەرناچن و بڵاوناکرێنەوە، ئەوەش وادەکات، کە بواری ڕۆژنامەگەریی منداڵان پاشەکشێ بکات و هەر خودی منداڵانیش لە سوودەکەی بێبەش بن، بەڕێزت پێشنیارت چیەو چی بە چارەسەر دەزانی؟
وەڵام: بەداخەوە زۆربەی ئەو گۆڤارانەی خزمەتێکی باشیان بە ئەدەبیاتی منداڵان دەکرد, لە ئێستادا لەبەرنەبوونی هاوکاريی ڕاگیراون, نەحکومەت هاوکارییان دەکات, وه‌ بەراستی وەک گلەییەکیش نەخەڵک هاوکاره‌، ئه‌و خه‌ڵكه‌ ئامادەیە بڕە پارەیەکی زۆر بدات بە مۆبایل و ئایپاد و…. چی و چی, بەڵام بیر لە کڕینی گۆڤار و کتێب ناكه‌نه‌وه‌و لەگرنگیی و بایەخیان تێنەگەیشتوون. هیوادارم, کە هەمووان هاوکار بن, وەک حکومەت و وەزارەتی ڕۆشنبیريی و پەروەردە، وەک خەڵک و کۆمپانیاکان بەبایەخەوە بڕواننە ئەو گۆڤارانە و هاوکاريان بن.

پرسیار: هەر چەندە کتێب و نامیلکەی تایبەت بەمنداڵان کەمن، بەڵام ئەوەندەی کە هەیە لەوە باشترە کە هەر نەبێ، جا بۆ ئەوەی منداڵان ئاشنا بکرێن بەکتێب، بە ڕای تۆ هەنگاوەکانی بەکەلتوور کردنی خوێندنەوە چین و بەکام ڕێگە دەتوانرێ ئەم کارە گرنگە بکرێ؟
وەڵام: بۆ بەکه‌لتووريکردنی خوێندنەوە, ئەوە ئەرکێکە لەسەر شانی هەمووان, گەر بمانەوێ نەوەیەکی هۆشیار و پێگەیشتوومان هەبێ, دەبێت بزانین, کە کتێب باشترین هاوڕێ و مامۆستایە, کە دەتوانێت لە هەموو جێگەیەگ هاوکاربێ، بە خوێندنەوە توانای ژیريی زیاد دەکات و تێگەیشتنی منداڵ و ئاشنابوونی بە دەورووبەر فراوان دەبێ، توانای ئاخاوتنی زیاد دەکات و دووری دەخاتەوە لەشەرم و گۆشەگیريی، خەیاڵی فراوان دەکات, گەشە بەدەمارەکانی مێشک دەدات، ڕەفتاری ئەرێنی لەمنداڵدا بەرجەستە دەکات…. لەبەر هەموو ئەم هۆکارانە دەبێت خێزان و قوتابخانەو دایک و باوک و مامۆستا هەمووان هاوکار بن لەهاندانی منداڵان بۆ خوێندنەوە لە باخچەی منداڵانەوە دەبێت دادەکان حەزی خوێندنەوە لای منداڵ بەرجەستە بکەن, حکایەت و چیرۆکی بەچێژیان بۆ بخوێننەوە، گرنگيی بە بوونی کتێبخانە لە ناو ماڵ و لە قوتابخانە بدەن و دایک و باب لەبەرچاوی منداڵ بخوێننەوە, چونكه‌ منداڵ لاسایی گەورەکان دەکاتەوەو حەزدەکات وەک ئەوان ڕەفتاربکات و لە بۆنەکاندا کتێب بکەنە دیاريی بۆیان، سەردانی کتێبخانەیان پێبکەن و بەپێی تێگەیشتن و قۆناغی تەمەنیان کتێبیان بخەنە بەردەست، لەپای پاداشت و کردەوەی جوان گۆڤار و کتێبیان بۆ بکەنە دیاری.

پرسیار: زۆربەی شاعیران و نووسەرانی بواری ئەدەبیاتی منداڵان بەرهەمی ئامادەیان هەیە بۆ چاپ، بەڵام بەداخەوە خۆیان وەک پێویست ناتوانن چاپی بکەن، پێشنیاری بەڕێزت چیە؟
وەڵام: وەک لەوەڵامی پرسیارێکی پێشووتر ئاماژەم پێکرد ئەوە ئەرکی وەزارەتی ڕۆشنبیرییە, ئەرکی کۆمپانیا و دەزگاو دامەزراوە رۆشنبیريی و پەروەردەییەکانە, كه‌ هاوکاری نووسەران بن لەچاپکردنی بەرهەمەکانیان, لە وڵاتانی دنیا نووسەر لەسەر چاپکردنی بەرهەمەکانی دەژی, کەچی بەداخەوە لەلای ئێمە دەبێ نووسەر بەپارەی خۆی و لە قووتی خۆی و ماڵ و منداڵی بگرێتەوە بۆ چاپکردنی بەرهەمێکی, دواتریش هەمووی لەسەر ڕەفەی کتێبخانەکان بێ خوێنەر و کڕیار دەمێنێتەوە و دەبێتە مایەی زەرەر.

پرسیار: بە هۆی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و هەبوونی ئەو هەموو تۆڕە کۆمەڵایەتییە و بەکارهێنەرێکی زۆری ئینتەرنێت لەلایەن گەورەساڵانەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا زۆرێک لە منداڵانیش لە ڕێگەی مۆبایل و ئایپادەوە بەکاری دێنن، بەڵام بۆ ئەوەی زیانی نەبێ و بە شێوەیەکی تەندروست بەکاری بێنن و سوودی لێ وەربگرن، چی بەباش دەزانی و ڕێنماییت چیە بۆ دایکان و باوکان؟
وەڵام: بەداخەوە هەمووان ئیمڕۆ دەرهاویشتە خراپەکانی تەکنەلۆژیاو تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان دەبینین و دەستەوستان و بێچارەین, کە بەدیوێکی تردا ڕەنگە بتوانین بە قازانج بیگێڕینەوە گەر هانی منداڵان و نەوجەوانان بدەین بۆ دروست بەکارهێنان و سوودبینین لێی، واقعی ئەمڕۆ سەپاندویەتی بەسەرماندا و پێشکەوتنی کۆمەڵگه‌ و داهێنانەکان دەتوانن هەموو سوود بەخشن بن و هەم زەرەرمەند, ئەوە خۆمانین, کە بڕیار دەدەین بەچ دیوێکدا بەکاری ببەین، دەبێت دایک و باب، مامۆستایان هاوکاربن بۆ چۆنێتی بەکارهێنان و سوودبینین لە تەکنەلۆژیای سەردەم و نەبینە کۆیلەو هۆگری هەمیشەیی و دابڕان لەدونیای دەرەوە.

پرسیار: منداڵ، کاتێ شیعر، یان چیرۆک دەخوێنێتەوە، یاخود بۆی دەخوێنرێتەوە، پێی خۆشە وێنەی لەگەڵدا بێ و بیبینێ، بۆچی؟
وەڵام: بوونی وێنە و ڕەنگەکان سەرنجی منداڵ ڕادەکێشێ و چێژ و توانای هەستی بینین دەیان جار زیاترە لە بیستن, ئەمەش زیاتر وا دەکات گرنگيی زیاتر بە وێنە بدرێت لە گۆڤار و کتێبی منداڵان.

پرسیار: تا چەند گەشبینی بە ئایندەی ئەدەبیاتی منداڵانی کورد؟
وەڵام: گەشبینم بە بوونی کەسانی دڵسۆز و خەمخۆر لەو بوارەدا، نووسەرانی پڕ هیوا دەبینم, کە کۆڵنادەن و بەردەوامن لە نووسینی شیعر و چیرۆک و ئۆپەرێت و خەمخۆرانێک لە مامۆستایانی دڵسۆز, کە هاندەری بە که‌لتووریکردنی خوێندنەوەن.




کتێبێک بەتامی ڕاستەقینەی شیعر

(له‌م كتێبه‌مدا هه‌و‌ڵدراوه‌ پانتاییه‌ك بۆ ئه‌و زه‌مه‌نه‌ خێراو پچڕپچڕه‌ بدۆزمه‌وه‌ و تێدا گوزارشت له‌ هه‌ندێ چركه‌سات بكه‌م، كه‌ ته‌نیا شیعر ده‌ره‌قه‌تی دێت. خودی پڕۆژه‌كه‌ له‌ فۆڕمێكی ناجێگیردایه‌، ده‌ربڕین و ڕزگاربوونه‌ له‌ دۆخێك كه‌ له‌ نێوان شاعیر و ئه‌وی دیكه‌یه‌، گەڕانە بە دوای دۆزینەوەی ئەو شوێنانەی تاریک کراون و مرۆڤ لەنێو ئەو شوێنە تاریکانەدا، خەریکە خۆی وەک مرۆڤ لە بیر دەکات. ئایە شیعر دەتوانێت ئەو خۆ لەبیرکردنەی مرۆڤ بکاتە خۆ بەبیرهێناوە؟ ئەوە پرسیارێکە و وەڵامێکی زۆری دەوێت.
خه‌مێك به‌رۆكی هەموو شیعره‌كانی گرتووه‌، خه‌می مرۆڤبوون، پرسیار له‌ مرۆڤبوون، قووڵبوونه‌وه‌ له‌ دیوه‌ نه‌بینراوه‌كه‌ی مرۆڤبوون، ئیشكردن له‌سه‌ر ئه‌م خه‌مه‌، كه‌ خه‌مێكی وجودییه‌، ڕه‌نگه‌ ئەم خەمە خەمێک بێت بە ئاسانی نەبیندرێت و تەنیا شیعر بتوانێت بیبینێت. له‌پاڵ ئه‌و خه‌مه‌دا وه‌ستان له‌سه‌ر كۆمه‌ڵه‌ چه‌مكێك و تێڕامانیان له‌ ناو بازنه‌یه‌كی شیعریدا جه‌ختی لێ كراوه‌ته‌وه‌. كۆی ئیشه‌كه‌ ئه‌زموونێكی جیاوازی منه‌، كه‌ ده‌كرێ بڵێین به‌رهه‌می ساڵانی 2011 بۆ 2016.)

پڕۆفایل:
ته‌یب قادر، دانیشتووی هه‌ولێره‌، له‌ ساڵی ٢٠٠٦ یه‌كه‌م به‌رهه‌می شیعری خۆی به‌ناوی (كتبێك له‌ گیای ئاوه‌دانی) له‌لایه‌ن سه‌نته‌ری هه‌تاو چاپ و بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، ساڵی ٢٠١٧
كۆمه‌ڵه‌ شیعری (مرۆڤێك له‌ نزیكمانه‌) له‌ لایه‌ن ماڵی وه‌فایی چاپ و بڵاو كراوه‌ته‌وه‌، نوێترین به‌رهه‌می شاعیر، (ده‌ستێك له‌ ده‌ره‌وه‌ی خۆی ته‌نیایه‌)، بڕیاره‌ له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیكدا له‌ لایه‌ن ناوه‌ندی كلتوور چاپ و بڵاو بكرێته‌وه‌.




گرنگی و ئامانجەکانی رۆشنبیری منداڵان … رەزا شوان

منداڵان لە هەموو جیهاندا، گەورەترین و گرنگترین چینی پێکهاتەی کۆمەڵگاکانن. سروشتی و ئاساییە کە خاوەنی رۆشنبیری سەربەخۆ و تایبەتی خۆیان بن، چونکە جیهانی منداڵان لەگەڵ جیهانی گەورەکاندا جیاوازە.. مەبەستیش لە رۆشنبیری منداڵان، تەنها بە دەستهێنانی زانیاری و سەرکەوتن لە خوێندن و قوتابخانەدا نییە، یا لە رادەی بەکگراوندی زانیاری لە بوارێک لە بوارەکاندا نییە. منداڵانیش وەکو گەورەکان، یاسا و شێوازی گوزارشتکردن و دەربڕینی خۆیانن. خاوەنی زمانی ساکار و فەرهەنگی وشە و ئەدەب و هونەری خۆیانن. شێوازی بیرکردنەوە و تێڕوانین و بڕیاری خۆیان هەیە، بۆ بەدەستهێنانی خواست و پێداویستییەکانیان.. هەموو ئەم میتۆدانە، شێوەیەکی تەواو پێکدەهێنن کە بە رۆشنبیری منداڵان ناودەبرێت.. رۆشنبیری منداڵان هەر ئەوە نییە کە هۆیەکە بۆ رۆشنبیریکردنی منداڵان.. بەڵکو ئەم سنوورە تێدەپەڕێنێت و مەودایەکی فراوانتر و گشتیتر دەگرێتەوە.
باسکردن لە رۆشنبیری منداڵان و لە گرنگی و لە ئامانجەکانی، باسکردن نییە لە رووی هزرییەوە، بەڵکو باسکردنە لە پێویستییەک لە پێویستییە گرنگییەکانی ژیان.. چونکە مرۆڤ بەبێ رۆشنبیری، دارێکی زڕی بێ بەر و بێ بەخشینە.
لەم سەردەمەدا، لە سایەی گۆڕانکاری و تازەگەری و پێشکەوتنی خێرای تەکنەلۆژیا و داهێناندا، گرنگیدان بە رۆشنبیری منداڵان، یەکێکە لە گرنگترین پایەکانی پەرەوەردە و گەشەکردنی منداڵێتی.. لە سایەی جیهانێکی کراوە و هۆیەکانی خێرای گەیاندن و بێ سنووری و کرانەوە و لە یەک نزیکبوونەوە و تێکەڵبوون و فرە رۆشنبیری و بە جیهانی بوونی رۆشنبیری، رۆشنبیری بە گشتی، پێشکەوتنێکی زیاتری بە خۆیەوە بینیوە، رۆشنبیرییە جیاوازەکانی گەلان، زۆر یا کەم کاریگەرییان لەسەر یەکتری هەیە. هەندێ کۆمەڵگاکان، ئەم گۆڕانکاری و ئاشنابوونە بە فرە رۆشنبیری، وەکو هەڕەشەی دەزانن، کە رووبەڕووی ناسنامەی رەسەنی رۆشنبیری منداڵانیان بوونەتەوە.
بێگومان رۆشنبیری گرنگترین فاکتەرە، کە دەکرێت یارمەتییەکی زۆری منداڵان بدات، لە بەدەستهێنانی سەرکەوتن و پێشکەوتن دا، لەم سێ ئاستدا: ئاستی پیشەیی، ئاستی زانیاری، ئاستی کۆمەڵایەتی.
چۆن تا ئەمڕۆ لە جیهاندا، لەسەر دەقێکی پێناسەیەکی دیاریکراوی رۆشنبیری گشتی رێنەکەوتوون و چەندین پێناسەی جیاوازیان بۆ کردوون.. هەرەوها تا ئەمڕۆش لەسەر پێناسەیەکی دیاریکراوی رۆشنبیری منداڵانیش رێنەکەوتوون، لە رووی بەرهەمهێنان و شێوە و ناوەڕۆکی سەرچاوەکانی رۆشنبیری منداڵان، چەندین پێناسەی جیاوازیان بۆ کردوون.. بەڵام بەپێی بەرهەمهێنانی رۆشنبیری منداڵان، دەتوانین هەندێ لە جۆرەکان و لە شێوەکانی جیابکەینەوە، وەکو: چیرۆک، هۆنراوە، شانۆ و ئۆپەرێت، سروود و گۆرانی، وێنەکێشان، قسەی خۆش و سوعبەتی جەڤەنگی، سەرەڕای داب و نەریت و بیروباوەڕ و رەفتارە کۆمەڵایەتییەکان. هەموو ئەم بابەت و سەرچاوانە، سەرچاوەی رۆشنبیری منداڵان پێکدەهێنن.. هەر بەرهەمێکی رۆشنبیری، نەکەوێتە ناو پانتایی توانای وەرگرتنی منداڵانەوە، ئەو بەرهەمە بە سەرچاوەیەکی رۆشنبیری منداڵان دانانرێت.. منداڵان توانای ئەقڵی و جەستەیی و کۆمەڵایەتی و زمانی تایبەتی و خەیاڵی خۆیان هەیە.. رۆشنبیری منداڵان، کۆپی رۆشنبیری گەورەکان نییە. ناشبێت وا تێبگەین و وا بڕوانین، کە رۆشنبیری منداڵان، شێوازێکی ئاسان کراوە و بچووک کراوەیە لە رۆشنبیری گشتی کۆمەڵ، بەڵکو رۆشنبیری منداڵان رۆشنبیرییەکی سەربەخۆی تەواوە، لە ناسنامەی تایبەتی و لە شێوازی ژیان و کەرەستە و لە سیما جیاوازەکانی منداڵان پێکهاتووە.
بە کورتی باسی چەند چەمکێک و چەند پێناسەیەکی رۆشنبیری منداڵان دەکەین:
رۆشنبیری منداڵان، لە هەموو کۆمەڵگایەکدا، لقێکی بنەڕەتی و سەرەکی گرنگە، لە لقەکانی رۆشنبیری کۆمەڵ یا لە رۆشنبیری گشتی.. یا بڵێین، جۆگەلەیەکی ئاوخۆڕە، کە لە رۆشنبیری گشتییەوە هەڵگیراوە.
نووسەری بواری ئەدەبی منداڵان (عەبدولتەواب یوسف) لە پەرتووکێکیدا، بە ناوی (گەشەکردنی رۆشنبیری منداڵ) بەم جۆرە پێناسەی رۆشنبیری منداڵانی دەکات، دەڵێت: رۆشنبیری منداڵان، بریتییە لە تێکەڵەیەک کە منداڵ لە دایک و باوک و خێزانەوە وەری دەگرێت، لەو داب و نەریتانەی پێی دەگات، لەو زانست و زانیاییانەی وەریان دەگرێت، لەو هونەرانەی کاریان تێدەکات و دەیانکات، لەو بیروباوەڕانەی بڕوای پێیان هەیە، لەوانەی کە بەڕەوشت ناویان دەبەن، لە جیاوازی سیمای کەسایەتی، لە هەموو ئەو شتە باوانەش کە لە کۆمەڵگاکەیدا هەن، لە بیروڕا، لە یاساکان، لەو شتانەی کە لە رۆشنبیری گشتیدا بڵاودەبنەوە.
لە دەرەوەی پێناسەکەی عەبدولتەواب یوسف، رۆشنبیری منداڵان بریتییە، لەو شتانەی کە منداڵان لە باخچەی ساوایان و قوتابخانەدا وەریان دەگرن، لە سەرنج و تێڕوانینیان لە ئەنجامەکانی ئەزموون و تاقیکردنەوەکانی ژیانی خۆیان.. لەو بەرهەمە ئەدەبیانەی کە بۆیان دەخوێننەوە یا خۆیان دەیانخوێننەوە.. لەو چیرۆک و هەقایەت و نەزیلە و سەرگوزشتانەی کە بۆیان دەگێڕنەوە، لەو هۆنراوە و سروود و گۆرانییانەی کە گوێیان لێیان دەبن، لەو شانۆیانەی کە دەیان بینن یا خۆیان بەشدارییان تێیاندا دەکەن.. لە هەر بابەتێک، کە سوود و چێژی لێوەربگرن.. ئەمانە هەموویان لە هۆش و لە دەروونیاندا گەڵاڵە دەبن.. دەتوانن بە زمانی خۆیان و بەو شێوازەی کە خۆیان دەیانەوێت، بە قسەی زارەکی بێت یا بە نووسین بێت، گوزارشتیان لێبکەن و بە رەفتاری دەریان ببڕن.
دەکرێ لەژێر چەمکێکی گشتیدا، چەمک و پێناسەکانی رۆشنبیری منداڵان کۆبکەینەوە، هەموویان جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە، کە رۆشنبیری منداڵان، بریتیە لە: وەرگرتنی شێواز و رێبازەکانی ژیان، بیروباوەڕ، پێوەرەکانی رەوشت، ئەدەب و هونەر، زانست و زانیاری، بەهاکان، داب و نەریتەکان، یاسا و رێساکان، کارکردن بۆ گرێدانی ئەم میتۆدە بنەڕەتییانە، بە کەلەپوور و هـزر و رۆحی کۆمەڵەوە، هەموو دەبنە فاکتەری یارمەتیدەر بۆ سازان و هەڵکردن لەگەڵ کۆمەڵگاکەیاندا، دەکرێت ئەوانەی وەریان دەگرن و فێریان دەبن، لە هەموو قۆناغەکانی ژیانی داهاتووشیاندا هاودەمیان بن، بە تایبەتیش لە بواری پيشەیی و زانیاری و کۆمەڵایەتیدا.
رۆشنبیری رەمەکێک (غەریزەیەک) نییە، کە لەگەڵ لەدایکبوونی منداڵدا لەگەڵیدا بێت. بەڵکو لە چەندین سەرچاوەی جیاوازەوە، وەریان دەگرێت و لێیان هەڵدەهینجێنێت.
رۆشنبیری منداڵان، بە ناوەڕۆک و پێکهاتە تایبەتمەندییەکانییەوە، مۆرک و ناسنامە و تایبەتمەندی و سیما جیاواوەزەکانی منداڵانی کۆمەڵگایەک لە کۆمەڵگاکان پێکدەهێنێت. کە لە کۆمەڵگاکانی تر جیای دەکاتەوە.. بە واتا رۆشنبیری منداڵان، شێوازی ژیانێکی جیاوازی منداڵانی کۆمەڵگایەکی دیاریکراوە.. کەواتە رۆشنبیری منداڵان لە کۆمەڵگایەکەوە بۆ کەمەڵگایەکی تر جیاوازی هەیە.. ئەم جیاوازییەش، بۆ جیاوازی رۆشنبیری گشتی کۆمەڵگا جیاوازەکانی مرۆڤایەتی دەگەڕێتەوە.. تەنانەت لە هەمان کۆمەڵگاشدا، رۆشنبیری منداڵان، یەک رەنگ و یەک شێواز نییە، کە هەموو منداڵانی ئەو کۆمەڵگایە لەژێر چەترێکی رۆشنبیری گشتیدا کۆیان بکاتەوە.. رۆشنبیری منداڵان، بەپێی فاکتەرەکانی ژینگەی دەوروبەر و رەگەز و بەپێی قۆناغەکانی تەمەنی منداڵی و جیاوازی زانیاری و رۆشنبیری هەر خێزانێک و باری کۆمەڵایەتی و ئابووری و گوزەرانی ژیانی جیاوازی خێزانەکان، جیاوازی هەیە.. لەمانەش گرنگتر بوونی ئەو سەرچاوانانەن لە بەردەستی منداڵاندا، کە مەستی رۆشنبیرییان دەکەن و هۆیەکن بۆ بەشداریکردنیان لە بنیادنانی رۆشنبیری منداڵان. بۆ نموونە: جیاوازی رۆشنبیری لە نێوان منداڵانی گوندنشین و شارنشیندا هەیە، کە لە دوو ژینگەی جیاوازدا دەژین و فاکتەرەکان و هۆیەکانی رۆشنبیری لێیان جیاوازن.. جیاوازی رۆشنبیری لە نێوان منداڵانی خێزانە نەبوو و هەژارەکان و منداڵانی خێزانە دەوڵەمەندەکاندا هەیە.. جیاوازی رۆشنبیری، لە نێوان منداڵانی خێزانە رۆشنبیرەکان و منداڵانی خێزانە ناڕۆشنبیرەکاندا هەیە.. کەواتە لە رۆشنبیری منداڵاندا، رۆشنبیری گشتی و رۆشنبیری تایبەتی هەیە.
بۆ هەر قۆناغێک لە قۆناغەکانی منداڵی، تا رادەیەک، پێویستیمان بە رۆشنبیری جیاواز هەیە، کە لە رووی ناوەڕۆک و شێواز و زمانەوە، لەگەڵ ئاستی ئەو قۆناغەی تەمەنی منداڵاندا گونجاوبێت.. تا سوود و خۆشی لێوەربگرن.. بۆیە پێویستە هەموو بابەتەکانی هەموو جۆرەکان و شێوەکانی رۆشنبیری منداڵان، بەپێی مەرج و پێوەرە جیهانییە گشتییەکانی رۆشنبیری منداڵان، بە وردی و بە پیشەیی و بە شارەزاییەکی تەواوەوە، ئامادە بکرێن.. ناوەڕۆکەکانی بابەتەکان و داڕشتنیان، لەگەڵ تایبتمەندییەکانی جیهانی منداڵاندا بگونجێن.. گەر نەگونجێن، ناچنە ناو چوارچێوەی رۆشنبیری منداڵانەوە.
لە ئەمڕۆدا گرنگیدان بە رۆشنبیری منداڵان، بووە بە ئەرکێکی پێویست و لە پێشینە و بە ئامانجێکی ستراتیژی گەلان و دەوڵەتانی جیهان، هەموویان هاوڕان لەسەر ئەنجامە ئەرێنییەکانی گرنگیدان بە رۆشنبیری منداڵان.. کە دەبێتە بنەڕەتی رۆشنبیری داهاتوو.
رۆشنبیری منداڵان، لە ئەرکە بنەڕەتییەکانیەوە دەست پێدەکات، لە گۆڕینی لەدایکبوونی منداڵەوە، لە گیانلەبەرێکی بایۆلۆژییەوە بۆ گیانلەبەرێکی کۆمەڵایەتی.. ئەم کارەش لە ساتی لەدایکبوونەوە تا کۆچی دوایی درێژەی هەیە.. کە منداڵ لەدایک دەبێت، هەندێ بۆماوەی لەگەڵدایە.. منداڵ کاتی لەدایکبوونی تەنها گیانلەبەرێکی بایۆلۆژییە، یا تەنها کەسێکە.. لە میانەی پەیوەندییە جیاوازییەکانی لەگەڵ خێزانەکەی و دەوروبەرەکەیدا، بە خێرایی میتۆدەکانی رۆشنبیری کۆمەڵەکەی وەردەگرێت، وەکو: زمان، داب و نەریت، رەوشت و بەهاکان،…هتد. دەگۆڕێت بۆ کەسێکی کۆمەڵایەتی. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە منداڵ دوو جار لەدایک دەبێت.. یەکەمیان لەدایکبوونێکی بایۆلۆژی، دووەمیشیان لەدایکبوونێکی رۆشنبیری.. منداڵ لە لەدایکبوونی دووەمیدا، لە گیانلەبەرێکی بایۆلۆژییەوە، دەگۆرێت بۆ گیانلەبەرێکی رۆشنبیری.
هەر رۆشنبیریشە، کە مرۆڤ لە هەموو گیانلەبەرەکانی تر جیادەکاتەوە، مرۆڤ بە (گیانلەبەرێکی رۆشنبیرییە) ناودەبرێت.
گرنگترین ئامانجەکانی رۆشنبیری منداڵان:
ئامانجی رۆشنبیری منداڵان، گەشەکردنی کەسایەتی دروستی منداڵانە، لە بوارەی جەستەیی و ئەقڵی و سۆزدارییەوە.. زۆرن ئەو ئامانجانەی، کە رۆشنبیری منداڵان دەیانهێنێتە دی.. بە کورتی ئەمانەی خوارەوە، هەندێکن لەو ئامانج و لایەنانەی، کە
لە سایەی رۆشنبیری منداڵاندا، گەشەدەکەن و دێنەدی:
١ـ لایەنی جەستەیی: رۆشنبیری منداڵان، لەو پێدانگەوە کە (ئەقڵی تەندروست.. لە جەستەی تەندروست دایە) گرنگی بە تەندروستی گشتی منداڵان دەدات، گرنگیش بە خۆراکی باشی تەندروست دەدات.. هانی منداڵان دەدات بۆ یاری کردن و وەرزش کردنی جۆراوجۆر.. فێریان دەکات کە پاک و خاوێن بن و خۆیان لە نەخۆشییەکان بپارێزن.
٢ـ لایەنی ئەقڵی: رۆشنبیری منداڵان، زاخاوی بیر و هۆش ئەندێشەی منداڵان دەدات، لە سایەی رۆشنبیری دا، ئەقڵی منداڵان زیاتر گەشە دەکات و زیرەکتر و زۆرزانتر دەبن، ئامادەیی و شارەزایی ئەقڵییان پێدەبەخشێت، لە بیرکردنەوە و خەیاڵکردن وەبیرهێنانەوە و لێکدانەوە دا، توانای داهێنانیشیان گەشە دەکات، توانای زمان و گۆزارشکردنیشیان زیاتر دەبێت.. بیرتیژتر و خەیاڵ فراوانتر دەبن.. هەوڵی داهێنان و تازەگەری دەدەن.
٣ـ لایەنی رەفتاری و هەڵچوون: رۆشنبیری یەکێکە لە گرنگترین ئەو فاکتەرانەی، کار لە گەشەکردنی رەفتاری منداڵان دەکات، ئامانجی رۆشنبیرییە، کە بە ئاراستەیەکی دروست و ئەرێنی پەروەردەی سۆزداری منداڵان بکات وەکو: خۆشەویستی کەسانی تر و کۆنترۆڵکردنی زیادەڕۆیی لە سۆزدارییان دا.. کۆنترۆڵکردنی توڕەیی و هەڵچوونیان. رۆشنبیری ترس و دڵڕاوکێ و رەشبینی لە دڵی منداڵاندا دەردەکات و هەردەم متمانانە و هیوا و گەشبینی و سەرکەوتنیان پێدەبەخشێت.
٤ـ لایەنی رەوشتی: رۆشنبیری رەوشت و رەفتاری و ئاکاری جوان و نایاب، لە هۆش و لە دەرۆۆنی منداڵاندا دەڕوێنێت.. کە لە رەفتار و کرداری رۆژانەی ژیانیان دا بەرجەستە دەبن و رەنگدانەوەیان دەبێت.. گەشەکردنی ئەرێنی رەوشتیش، یەکێکە لە گرنگترین دیاردەکانی گەشەکردنی کۆمەڵایەتی لە لای تاک.. گەشەکردنی رەوشت لە هەمان کاتدا گەشەکردنی ویژدانە و گوزارشتە لێی.. رۆشنبیری کارتێکردنی لەسەر گەشەکردنی ویژدان هەیە.. رۆشنبیری بەها رەوشتییەکان دیاری دەکات، کە پێویستە لە منداڵییەوە گەشەیان پێبدرێن و لە هۆش و دەروونی منداڵاندا بڕوێنرێن.. تا پێیانەوە دەق بگرن.
٥ـ لایەنی کۆمەڵایەتی: رۆشنبیری، لە میانەی تێکەڵبوونی منداڵان، لەگەڵ ژینگەی دەوروبەریاندا، یارمەتی منداڵان دەدات کە ناسنامەی کۆمەڵایەتی بەدەستبهێنن. ئەوەش دەزانن کە سەر بە کۆمەڵگایەکی دیاریکراون.. هاوبەستەبوونیان بۆێ دەبێت، لەگەڵێدا دەژین.. پابەندی بیروباوەڕ و بەهاکان و داب و نەریتەکان و یاساکان و کەلەپووری رەسەنی کۆمەڵگاکەیان دەبن.. رۆڵ و بوونی کۆمەڵایەتی خۆیان دەسەلمێنن.
٦ـ لایەنی پەروەردەیی: رۆشنبیری منداڵان، بە پلەیەی یەکەم پرسێکی پەروەردەییە، رۆڵێکی بنەڕەتی گرنگی هەیە لە پەروەردەکردنی دروستی منداڵان، گرنگترین رێگا و هۆی فێرکردن و پەروەردەکردنی راستەوخۆی منداڵانە.. ئەو بابەتە پەروەردەییانە پێشکەش بە منداڵان دەکات، کە لەگەڵ تایبەتمەندییە سایکۆلۆژی و زمان و ژینگەی کۆمەڵایەتییان دا دەگونجێن، رەچاوی بەهرە و ئارەزوو و پێداویستییەکانیان دەکات.
٧ـ لایەنی نەتەوەیی و نیشتمانی: منداڵان لە میانەی ئەو هۆنراوە و سروود و گۆرانییە نیشتمانیانەی کە گوێان لێیان دەبێت یان دەیانخوێننەوە، سۆز و پەرۆش و خۆشەویستی و سۆز و هاوبەستەبوون و دڵسۆزییەکی زیاتریان، بۆ نەتەوە بۆ نیشتمانەکانیان دەبێت، زیاتریش لایان شیرینتر دەبن.. هەر ئەم لایەنەشە، بوارێکی فراوانتردەڕخسێنێت بۆ تێگەیشتن لە جوگرافیا و مێژوو و و سروشت و خەبات و بەسەرهاتەکانی گەلەکانیان.
٨ـ لایەنی جوانی: ڕۆشنبیری بەهاکانی جوانی لە هۆش و دەروونی منداڵاندا دەڕوێنێت. لە میانەی هەستکردن و چێژ وەرگرتنیان لە جوانی.. توانای رێکخستن و رازانەوە و گونجاندنی شتەکانیان دەبێت.
٩ـ لایەنی زمان: رۆشنبیری گەشە بە زمانی منداڵان دەکات، و فەرهەنگی وشەکانیان دەوڵەمەنتر دەکات، توانای دەربڕین و گوزارشتکردنیان بە زاری و بە نووسین زیاتر دەبێت.. ئازاییەکی زیاتری ئەدەبییان پێدەبەخشێت.. رۆشنبیری منداڵان بە زاری بێت یا بە نووسراو بێت، بە زمانێکی سادە و ئاسان و پەتی و تەڕ و پاراو و ناسک و شیرین، دەوترێن و دەنووسرین.
١٠ـ لایەنی کەسایەتی: رۆشنبیری، رۆڵێکی زۆر گرنگی هەیە لە بنیادنانی کەسایەتی دروست و هاوسەنگی منداڵان، لە هەموو روویەکەوە.. لە ئامادەکردن و راهێنانیان بۆ داهاتوویەکی گەشتر و شیاوتر.
١١ـ لایەنی زانیاری گشتی: منداڵانی رۆشنبیر، دەبنە خاوەنی بەکگراوندێکی رۆشنبیری گشتی، زۆرزانتر و هۆشیارتر دەبن.. دانامێنن و خیرا وەڵامدەر دەبن.. جیاوازیان لە گەڵ منداڵانی هاوتەمەنیاندا هەیە، کە رۆشنبیر نین و هەگبەکانی رۆشنبیریان بە تاڵن.
هەموو بیرمەندەکان و دەروونناسان و پەروەردەکاران، جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە، کە چاکسازی نەتەوە، لە منداڵییەوە دەست پێدەکات، کە بناغەی کەسایەتی مرۆڤە.
لە ئەمڕۆدا، گرنگیدان بە رۆشنبیری منداڵان و ئامادەکردنیان بۆ داهاتوویەکی باشتر، بووە بە ئەرکێکی پێویست و بە ئامانجێکی ستراتیژی و بە خەمی گەورەی گەلان و دەوڵەتان.. گرنگی دان بە رۆشنبیری منداڵان، بووە بە پێوەر بۆ هەڵسەنگاندنی ئاستی جیاوازی پێشکەوتنی گەلانی جیهان.. چونکە گرنگیدان بە رۆشنبیری منداڵان، دەبێتە بنەما بۆ رۆشنبیری گشتی داهاتووی گەشتر.
دایکان و باوکانی خۆشەویست و میهرەبان، مامۆستایانی دڵسۆز، پەروەردەکاران، نووسەران، شاعیران، هونەرمەندان، شانۆسان، میدیاکاران، هەموو ئەو کەسانەی خەمخۆر و دڵسۆزێ منداڵانن و هیواخوازی داهاتوویەکی گەشتر و شیاوترن بۆ کورد و کوردستان. لەم روانگەیەوە و بە لەبەرچاوگرتنی گرنگییەکان و ئامانجەکانی رۆشنبیری منداڵان، بۆ ئەمڕۆمان و بۆ داهاتوومان.. پێویستە هەموومان ئەوە بزانین، کە ئەرکێکی پیرۆز و پێویست، بەرپرسیارێتییەکی زۆر هەستیار و چارەنووسازمان لە ئەستۆدایە.

رۆشنبیری منداڵەکانمان تەنها ئەرکی دایکان و باوکان و مامۆستاکان نین، بەڵکو ئەرکی هەموو لایەکمانە، پێویستە هەموومان، بە ئەوپەڕی توانا و دڵسۆزییەوە، هاوکاربین لە
رۆشنبیریکردنی منداڵە چاوگەشەکانی ئەمڕۆماندا.. تا دڵنیابین کە لە سایەی بە باشی و بە جوانی گۆشکردن و پەروەردەکردن و رۆشنبیریکردن و ئاراستەکردنی دروستی جگەرگۆشەکانی ئەمڕۆماندا، هیوا و ئامانج و خواست و مافەکانی گەلەکەمان دێنەدی. پێویستە منداڵەکانی ئەمڕۆمان بە کوردستان پەروەری گۆش و پەروەردەیان بکەین.. هەمیشە بڕوا و متمانەبەخۆبوون و هـیوا و گەشبینی و پرەنسیپی بەرزیان لێبڕوێنین.
کورد وتەنیش:” چی بچـێنین.. ئەوەی دەدوورێنـەوە”

رەزا شوان
نەرویج: ٣/ مای/٢٠٢٠




مانیفێستی عەشق.. بەشی سێهەم…تێکست: ستیڤان شەمزینی

لەوەتی تۆم ناسیوە
دڵم هەر رۆژەی گوڵێکی گەش دەگرێ


پەیڤەکانت مۆسیقان
زۆر خێرا رۆحم ئەهێننە سەما


خۆشاوی لەشی نەرمت
منی مردووی سەرلەنوێ زیندوو کردەوە


ئایا بەوەت زانیوە
ئاگری عەشقت بەر بووەتە رۆحم؟


دەمەوێ دان بەوەدا بنێم
دنیای منت پڕ پڕ کردووە لە خۆت


هەست ئەکەم رۆحی “داڤینشی”
لە جەستەمدا ئەدرەوشێتەوە
تۆش “مۆنالیزا”یەکی
بەرهەمی فڵچەی ئەشقەکەمی


بە پێکەنینە پرشنگدارەکەت
پەناگە تاریکەکانی دڵم رووناک ئەکەیتەوە


هەست بە بێ ئۆقرەییم بکە
کە وەک دەریا هەمیشە شەپۆل دەدەم
بە ئامانجی گەیشتن بە کەناری دڵت


زۆر سەیرە!!
چەند عەوداڵی بەهاری ئەشق بووم
تەنها پایزی دابڕانم چنگ کەوت


وا بڕیار بوو
رۆحت پڕ بکەیت لە ئەشقی من
دڵت تژی بکەیت لە بۆنی رۆحم


وەک سوقرات جامە ژەهری
ئەشقم خواردەوە
سەیر ئەوەیە لە بری مەرگ
سەرلەنوێ لەدایکبوومەوە!


هەرگیز بە فیشەکی گەرمی
هیچ سەربازێک نامرم
تەنیا بە نیگایەکی ساردی تۆ نەبێت


سێپتەمبەری 2015
دیسامبەری 2016
ئەڵمانیا- سوێد

تێبینی: ئەم پۆستەرانە بەشێکن لە کۆ پۆستەری “مانیفێستی عەشق” لە دیوانە شیعری “بەتیشکی عیشقت ئەدرەوشێمەوە” لە ساڵی 2017 لە کوردستان چاپ و بڵاو کراوەتەوە.




بۆ ساڵیادی تیرۆرکردنی سەردەشت عوسمان … نەوزاد بدندی

نەیشکوژرایە ،
ئێستا لە برسا مردبوو ..
بۆ هەندەران ڕایکردبوو ،
یان ئیجە ڕۆحی بردبوو. .
یەک هاوکێشەن ،
ژیان و مردن ..
دانیشتووی هەر هەمان بێشەن ،
ئەوانەی ڕاو نەکراون و
ئەوانەی کە ڕاویان کردن ..

چەند جێی داخە ،
لە مەملەکەتی قاچاخچی ..
پێویست بێ ببی بە نێچیر ،
بۆ کۆمەڵێ کۆلکە ڕاوچی !

جێی داخە ..جێی گینگڵدانە ،
شارەکەت پێ بفرۆشنەوە و ..
کە تەماشا کەی زیندانە ..
هەمووی قولاپ و
جەلاد و ..
کەرەستەی
ئەشکەنجەدانە…

نەیشکوژرایە ،
ئەبوو بە چی ؟
لەکاتێکدا لە ئەشکەوتا ،
بوون بە شت ،
بۆ کوڕی هەژار ،
خۆی تاوانە ..!




قەسیدەی هاتنەوەی سەردەشت … عەبدوڵا سڵیێمان(مەشخەڵ)

سەردەشت عوسمان هەموو ڕۆژێک دێ و لەدەرگای ماڵەکانمان دەدات
پرسیار دەکات ئاخۆ ئێستاش گوێمان لەئاست ئازادیدا خەواندووە
ئاخۆ ئێستاش بە چرپەوە دەدوێین و ناهێڵین کەس بزانێت چی دەڵێین و چی باس دەکەین
دەپرسێ : ئاخۆ ئێستاش کزەبا بە نهێنییەوە سەردانی پێشانگای کەڤاڵەکانی خوێن و بەگژاچوونەوە دەکات
دەڵێ تۆ بڵێی کەسێک هەبێت هەست بە تەنیایی برینە ساڕێژ نەبووەکانی ئازادییەوە بکات
تۆ بڵێی دڵی پیرە دایکەکان چ بڵێن و
غەمی سەرگەردانی چیرۆکەکانی ژیان بگات بە کوێ؟
سەردەشت لە سەرزەمینێکدا یەخەی ڕەشەباکانی گرت کە ترس هەوری سەرسەری ڕامووسانی قەڵەم و خوێنە
لە شەقامێکدا پێی لە زەوی گیر کرد کە عام خەریکی خلۆربوونەوە بوو بۆ باوەشی ڕەشی فیرعەونەکان
لە سێبەرێکدا ژووانی بەست کە هەتاوی بیرە یاخییەکانی کۆمەڵگەیان تیا زنجیربەست کردووە
سەردەشت لە کاپتنێکی بە ئەزموونی نێو ئۆقیانووسە مەترسیدارەکەی ژیان ئەچوو
کە سەرکێشی گەیاندییە ترۆپکی گەیشتن بە سەرمەدییەتی ڕەهایی
گەیاندییە لێواری خەرەندە قووڵ و گەورەکانی ڕەتکردنەوەی ئایاتەکانی کۆیلایەتی
گەیاندییە قەراغ گێڵگە بەپیت و فەڕەکەی خەبات لەپێناو ئینسانییەت و دوا ڕۆژێکی خاڵی لە ترس و غەم و ستەم
گەیاندییە بەردەم دەشتە کاکی بە کاکییەکەی تەحەدا نووک تیژەکەی مردن
بۆیە کە وشە دێتە وتن و
کە شیعر دێتە نووسین و
کە چیرۆک دێتە گێرانەوە و
کە جوانی دێتە سەما و
کە نەغمە دەکەوێت دیلانێ وەک دڵی عەجمان لێبرانی دایکەکانمن،
ئا لەو ئاقارەوە سەردەشت وەک گەردەلوول هەڵدەکات و
باهۆز ئاسا خۆی بە شاردا دەکات و پرسیار لە شەقام و کٶلان و گۆڕستانەکان دەکات
بەدوای عەبدولخالیقدا دەگەڕێت و نایبینێتەوە
بەدوای فیکەی خۆشبەختییەکانی گەنجێکی قوشتەپەییدا وێلە و نازانێ لە کوێیە
لە ئەنگوجکی کراسەکەی دایکیدا بەدوای ئاخرین نامەی خۆیدا دەگەڕێ و نایدۆزێتەوە
لە کچە هاوپۆلێکی دەپرسێ بۆ ڕەشپۆشە و بۆچی غەمێکی ئەستوور ئاڵاوەتە باڵای هەناسەکانی و
لە کتێبێک زویر دەبێت کە ناتوانێت پەی بە فرمێسکەکانی چاوی چاوەڕوانی ئەم ببات
لە ئێوارەیەکی ئەنگۆرەییدا سەردەشت دەبینن دەست چەندی پرسیاری گرتووە و جادە و جادە دەیان گێڕێ و وێڵیان ناکات.
هێدی هێدی لەبەردەم باڵەخانەی سیما سیاهی شارەکەی ڕەت دەبێت و
تا ئەتوانێ قاقایەکی بۆ دەکات و پێ دەکەنێ
لەو ئێوارەیە ئەنگۆرەییەدا سەردەشت سڵاو لە گوڵە بەیبوونەکانی تێکۆشان ئەکات
ڕووخساری لاسکە ماچەکان خاوێن دەکاتەوە و
لە گڵکەند و ڕوو بە قەڵا شیعرێکی تەڕ وەک دڵی بەهارییانەی کیژە هەولێرییەک دەنووسێت و
سەیرێکی شوورا بەردینەکانی ترس دەکات کە چۆن شاریان ئابلۆوە داوە.
ئەو ئێوارەیە ئیتر ئەو مێوان نییە و خۆی خاوەنی بزەکان و هاوڕێی خەندە نوێیەکانە.
سەردەشت دێت و بێ جیاوازی سەر بە دەرگای ماڵە هەژارەکان دەکات و باسی نان و باسی ماف و باسی ڕزگاریان بۆ دەکات
ئێستا خەڵکی شاری منارە دەزانن هەر کات وەخت یان ناوەخت لەدەرگا بدرێ دەزانن ئەوە سەردەشتە و پەیامێکی تازەی پێیە
دەزانن ئەوە سەردەشتە بە گۆرانی ئازادییەوە هاتۆتەوە و دەیەوێ ماڵە تاریکەکانی قەراغ شار ڕووناک بکاتەوە
دەزانن ئەوە سەردەشتە بە شیعرێکی کورت و پڕ ماناوە هاتۆتەوە و بە نیازە هەتا هەتاو لەم مەڵبەندە یەخسیر کرابێ نەڕواتەوە
دەزانن ئیتر سەردەشتەو بەخێرایی دەڕۆن دەرگا دەکەنەوە و فەرموو ی ژوورەوەی لێ دەکەن .
دەڵێن سەردەشت ئەو برینە ماندووەی شارە و لێناگەڕیین لەچرکەیەک زیاتر چاوەڕون بێت
دەڵێن خۆیەتی و ئەوەتا نێوچەوانی خۆرەتاوە و
دەمی پڕە لە هەتاوی ئومێدبەخش و
چاوەکانی بۆ ژیان دەبریسکێنەوە
ئەوە سەردەشتە و لە شارە و هاتۆتەوە و لە دەرگای ماڵەکانمان دەدات
خۆش هاتییەوە سەردەشتەکەمان خۆش هاتییەوە
خۆ نە پێکەنین بە بێ تۆ تامی خۆی هەیە و
نە حیکایەت بە بێ تۆ جوانی تیا دەژێت
خۆش هاتییەوە کوڕی ڕێگا پڕ ترسەکانی ئومێدمان خۆش هاتییەوە
ئەوە خۆیەتی و هەموو ڕۆژێک لەدەرگای ماڵەکانمان دەدات
خۆش هاتییەوە سەردەشتەکە.. خۆش هاتییەوە.

٢-٥-٢٠٢٠




سیستەمی فیدەڕاڵیی لە ئێراق بپارێزن! … ڕێبوار ڕەشید

دەتوانرێت ڕەخنەی بەئەژمار لە دەستووری سیستەمی فیدەڕاڵیی ئێراق بگیرێت و لە کاتی خۆیشیدا لەلایەن کورد و عەرەبەوە ڕەخنە لەو بارەوە زۆر هەبوون. لاوازترین خاڵی سەرەکیی لە دەستووری فیدەڕاڵیی ئێراقدا ڕەنگە لایەنە ئیسلامیەکەی بێت کە هیچ ڕەنگدانەوەیەکی واقیعیی بۆ سوننە و شیعە و کورد نییە، بەڵکو زیاتر ڕووانگەیەکی عەرەبیی ئیسلامییەکە لەلایەن کەمینەیەکی شیعە و سوننەوە بە سەر دەستووردا سەپێندرا.
بە هەر حاڵ، ئەو ڕیفۆرمانەی لە ئێراق هەم لە بواری ناناوەندگیریی (لامەرکەزیی) و هەم لە بوارەکانی کشتوکاڵ، پیشەسازیی و سەندیکایی و کرێکاریی و زمان و هتد هەبوون و کراون لە بەراووردا لە هی هەموو ئەو وڵاتانە کە کوردستانیان داگیر کردووە نەک هەر باشتر بووە، بەڵکو بەراووردیش ناکرێت. دیارە سیستەمی فیدەڕاڵیی گەورەترین لەو ریفۆرم و دەستکەوتانەن کە دەیتوانیی باشووری کوردستان بە سەربەخۆیی بگەیەنێت و هەروەها بشبێت بە هەوێنی چارەسەری دیموکراسیی لە تورکیا و ئێران و سووریا کە کوردستانیان داگیر کردووە.

لە ئێران و تورکیە کە لە یەکەمیاندا کورد هەر بە ناو هەیە و لە دووهەمیاندا هەر نییە، کوردانی ڕۆژهەڵات و باکوور تا رادەیەکی باڵا توانیوویانە سەرکەوتنی شایانباس وەدەستبهێنن. دیارە باسکرنی ئەم دەستکەوتانە جێگای ئێرە نیین، بەڵام هەر دەتواننرێت ئاماژەیان پێ بکردرێت، بۆ نموونە سەرەڕای هەموو دڕندەییەکی دیکتاتۆریی و ئیسلام فاشیزمی کۆماری ئسیلامیی ئەوا خەڵکی ئاسایی ڕۆژهەڵاتی کوردستان توانیوویانە زمانی کوردیی نەک هەر بپارێزرن بەڵکو پێشی بخەن. لە شاری خوێ (خویە) تا خوار ئیلام زاراوەکانی کوردیی لە گەشەدان، نەک پاشەکشێ. فۆنەتیک و ڕێزمان و دەستووری زمانی کوردیی پارێزراوە، فەرهەنگی کوردیی، جلوبەرگ و موزیک و خۆراک بەرەو پێشەوە چووە. خەڵکی کوردستان لە ناو یەکدا تەبان، هاوکاریی یەکتر دەکەن و ئەو ناوچەگەریی و شارگەراییە نەماوە کە کاتی خۆی سیستەمی شا مایەی لە سەر دادەنا و لە ژێرەوەی دنەی دەدا.
هاوکات هەستێکی نەتەوەیی پێشکەوتووخواز و نیشتیمانپەروەر بە ڕێزگرتن لە هەبوونی مافی نەتەوەکانی دیکەی ئێران لە برەودایە.
لە باکوور سەرەڕای هەبوونی دڕندەترین و ناشارستانیرین سیستەمی داگیرکەریی لە جیهاندا، سەرەڕای نکۆڵیکردن لە هەبوونی کورد و سڕینەوەی ناو و ناونیشان و هەموو جۆرە بوونێکی کورد، لە ماوەی چل ساڵدا درز خرایە نێو سیستەمی داگیرکەرییەوە و خەباتێکی یاسایی و پارلەمانیی پێشخرا، زمانی کوردیی لە نزیکەی نەبوونەوە ژیایەوە و بووەوە بە مانی گوند و شارەکان و دەیان ڕۆژنامە و گۆڤار و تەلەڤیزیۆنی پێ وەگەڕ خرا و بوو بە زمانێک کە لە رووی فۆنەتیک و ڕێزمان و دەربڕینەوە شایانی باسە. بەرپرسانی سیاسیی باکوور لە ڕێکخستنی خەڵک و لە بڵاوکردنەوەی فەرهەنگی نەتەوەسازیی و نیشتیمانسازییدا خەڵکیان هۆشیار کردەوە بە شێوەیەک کە سەدان هەزار لە مەراسیمە نەتەوەییەکانی وەکوو نەورۆزدا بەشدار دەبن هتد و هتد.

ئەدی ئەی باشوور؟

باشوورێک کە خاوەنی بەئەژمارترین قوربانییە، کە بە ئەزموونی شەڕی نێوخۆیی سەختدا لە سەرەتای شەستەکانەوە ژیانی بەڕێ کردووە، و کە لانی کەم خاوەنی مافی دەستووری پاشایەتییە کە بە ڕەسمیی و بە پێی یاسا و دەستووریی سەلماندوویەتیی کە “کورد و عەرەب” لە نیشتیمانی “ئێراق” دا هاوبەشن، پاشان خاوەنی یاسای ناناوەندگیریی ساڵانی شەستەکان و حەفتا و یاسای بە ئۆتۆنۆمی ناساندنی هەرێمی کوردستان (دیارە بێ شەنگار و کەرکووک و خانەقین) و هەموو ئەو مافانەی دیکە بووە کە دەیگرتەوە. لە هەموو ئەوانەیش گرینگتر سیستەنی فیدەراڵیی 2005 و هەموو ئەو باڵادەستییە سیاسیی و ئابووریی و دیپلۆماسییانە بوو کە هەموو جیهان بۆیان فەراهەم کردبوو.
ئەسڵەن هەموو باشوور بە پاکەتێک کە دەستکەوتی دەوڵەتبوونیادبوونی تێدا بوو کرا بە سفرەیەکی حازر و لە سەر سینییەکی زێڕین خرایە بەر دەستی دەسەڵاتدارانی باشوور.
لە دوای ڕاپەڕینی 1991 هەتا ڕاگەیاندنی سیستەمی فیدەڕاڵیی دەست و باڵی سەددام حوسەین بەرامبەر بە باشوور بەسترابوو. باشوور دوورگەیەکی پارێزراو بوو کە بارانی ڕەحمەتی هەموو دونیای بە سەردا دەباری و هاوکات خەڵکی پارچەکانی دیکەی کوردستان بە دەم و بە کردەوە حەیرانی ئەم بەشە ئازاد کراوە بوون، بەڵام دەسەڵاتدارانی باشوور نەیانتوانی گۆمێکی مراوی لە باشوور دروست بکەن. بە پێچەوانەوە باشوور کرا بە بێدەسەڵاترین حوکمڕانیی کە ئەوی بەرهەم و کار و خۆشەویستیی نیشتیمان بێت تیایدا لە ناو برا.
لە پاش سیستەمی فییدەڕاڵییەوە حکومەتی ناوەندیی بەغداد کە لە ڕاستییدا هەر حکومەتی فیدەڕاڵییە لە پراکتیکدا هەتا دوو ڕۆژ پاش کۆتاییهاتنی مۆڵەتی هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری ڕیفەراندۆم، نەیتووانیوە قامکێک بۆ سەر هیچ جۆرە بەرژەوەندییەکی هەرێم ببات. لە ماوەی هەموو ئەو ساڵانەدا سەرۆککۆمار، وەزیری دەرەوە، وەزیری ماڵیی، فەرماندە باڵاکانی سپای ئێراقیی، بازرگانیی و هتد لە بازنەی دەسەڵاتدارانی کورد بوون. کورد خاوەنی دەیان وەزیر و پارلەمێنتار و بەڕێوەبەریی گشتیی و فەرماندەی جیاوازی سپا لە سەر ئاستی ئێراق بوون. لە ناو هەرێمدا دەسەڵاتدارانی کورد سەرۆک هەرێم و سەرۆک حکومەت و وەزیران و پارلەمێنتاران و هتد بوون.
لەگەڵ هەموو ئەم دەسەڵاتە گەورەوگرانەیشدا لە دوای راپەڕینەکانی 1991 لە باشوور:

  • زمانی کوردیی لە باشوور بووە بە زمانێکی سەرجادەیی گشتیی کە مرۆڤ شەرم دەکات باس لە ئاستەکەی بکات.
  • ڕۆشنبیریی بیریی و هزریی لە باشوور تا دێت لاوازتر و توێژگیرتر دەبێت. جلوبەرگی کوردیی خەریکە دەچێتە موزەخانەوە، موزیک و گۆرانیی و کولتوریی نەریتیی گشتیی تورکێنراو و فارسێنکراوە.
  • کار و بەرهەم نامێنێت یان لە ئاستیی نەبوون دایە.
  • خۆشەویستیی نیشتیمان و نیشتیمانپەروەریی، بەخۆباوەڕبوون و متمانەبەیەکتر و ڕێزگرتن لە بەها نەتەوەیەکان لاوازتر بووە و دەبێت.
  • نەبوونی ئاساییش و خۆشگوزەرانیی و سەرگەرمیی ڕۆژانە، بێئومێدیی لە ئاییندە و بێهیوایی لە پاشەڕۆژ، ئەگەر ڕێگایان هەبێت زۆرینەی خەڵک زێدی خۆیان چۆڵ دەکەن.
  • بێڕەووشتیی و بێئەدەبیی لە دزینی سامانی گشتیی بووە بە کولتوری باو.
    لە هەموو ئەم کێشانەدا حکومەتی ناوەندیی بێ تاوانە یاخود بێ لە هەندێک هەڕەشەی بێ ددان هیچ کاریگەریەکی دیکەی نەبووە کە بچێتە قاڵبی تاوانەوە.

    ڕۆڵی تورکیا و ئێران لە تێکشکاندنی سیستەمی فیدەڕاڵیی ئێراقییدا

    ئێران و تورکیە لە یەکەم ڕۆژەکانی پاش ڕاپەڕینەوە لە ڕێگای دەسەڵاتدارانی باشوورەوە دەستیان لە باشوور وەر دا. کاتێک کە بانگەوازی سیستەمی فیدەڕاڵیی لە ئێراق کرا ئێران و تورکیا، بە داخەوە تازە لە ناو دەسەڵاتدارانی باشووردا خاوەنی دەنگی خۆیان بوون. بەڵگەکان بە سەدانن کە تورکیا لەم بارەوە چەند جیددیی، بە دیسپلین، سیستەماتیک و سەرانسەریی لە هەوڵی تێکدانی سیستەمی فیدەڕاڵیی ئێراقییدا بوو. باشوور بوو بوو بە سەمای مەرگی ئێران و تورکیا. تورکیا و ئێران دەیانزانی کە باشوورێکی سەرکەوتوو بە مانای ئەوە دێت کە هیچ دەرفەت و هەلێک بۆ شەڕی سپایی تاران و ئانکارا دژ بە خەڵکی کوردستان لە ناو خۆیاندا نامێنێتەوە. لەبەرئەوە هەموو گرەوێکیان لە سەر تێکشکاندنی ئەو سیستەمە فیدەڕاڵییەی ئێراق بوو.
    جێی سەرنجە کە دەسەڵاتدارانی باشوور بەینی شەخسیی و پێوەندیی شەخسیی و پێوەندیی سیاسیی و دیپلۆماسیی و ئابووریان لەگەڵ تاران و ئانکارا خۆشتر لە پێوەندییان لەگەڵ بەغداد بێت کە پێتەختی ئێراقی فیدەڕاڵییە. هەروەها جێی سەرنجە پاش هەموو ئەو قوربانیدان و ڕەنج و زەرەرە کە لە باشوور کەوت، دەسەڵاتداران تا ئەو رادەیەی ئێشتا دەیبینین پڕڕوو و بێچاووڕوو لەگەڵ باشووردا بەرخورد بکەن.
    تورکیە و ئێران دەیانزانیی کە بە سیاسەتێکی هاوڕێیانە و خوشکوبرایەتیی عەرەب و شیعە و سوننە دەتوانرێت ئەو سیستەمی فیدەڕاڵییەی هەیە لە ماوەی 10 ساڵێکدا بکرێت بە سیستەمێکی کۆنفیدەراڵیی و هەر لە ڕێگای دیالۆگ و پتەوکردنی ئەو هاوپەیمانییە کۆنفیدەراڵییەوە باشوور دەیتوانی بەرەو سەربەخۆییش هەنگاو بنێت. نزیکەی هەموو دونیا، ئێران و تورکیە و سووریەی بە پلەی یەکەم لێ دەر بچێت، دۆستی باشوور بوون.
    هیچ زانستێکی ڕاکێت بۆ جێبەجێکردنی ئەم پرسە گرینگە کە پتەوکردن و ڕاستکردنەوە و بەرەوپێشەوەبردنی سیستەمی فیدەڕاڵیی بوو، پێویست نەبوو. هەر ئەوەندە پێویست بوو کە ڕێز لەو سفرە حازرە بگیردرێت کە جیهان خستبوویە بەردەمی دەسەڵاتدارانی باشوور، کە بەغداد بکرێت بە ماڵێکی سەقامگیریی کورد و کە دیارە زۆر بە ئاسانی دەکردرا .

    ڕیفەراندۆم پیلانی ئاشبەتاڵ بوو

    ئەردۆغان زۆر ئاسانتر لەوەی بە بیریدا دەهات توانی سیستەمی فیدەڕاڵیی لە باشوور تێک بشکێنێت. لە رێگای بردنی پارەی باشوور بۆ “خەڵک بانک” کە ئەردۆغان و هاورێیانی خاوەنین، و لە ڕێگای بردنی نەوتی باشوورەوە ئەردۆغان باشووری لە بەغداد دا براند.
    جێی سەرنجە ئێراقێک بە دەیان ڕیفۆرمی ناناوەندگیریی و بە پێشنینەی ئۆتۆنۆمیی و فیدەڕاڵییەوە، بە سەرۆککۆماری کورد و وەزیری دەرەوەی کورد و هتد هتد بچێتە نێو سەنگەری ئانکاریەکی ڕەگەزپەرستی دڕندەی بێ شارستانییەوەکە جێی نەفرەتی هەموو نەتەوە دێرینەکانی ناوچەکە و بەشێکی دونیایە. ئەمە بەدبەختییەکی مێژووییە. ئەمە ئاشبەتاڵێکی سیاسیی ڕەووشتیی و ویژدانییە. ئەمە نانێشتیمانپەروەریی و خیانەتە بە خەڵکێکی ستەملێکراو.
    ئیتلاعات و میت لە بڵاوکردنەوەی گومان و باوەڕبەخۆنەبوون و بێمتمانەیی لە ناو باشووردا شەونەخونیان کێشا و مەخابن ئەنجامی هەبوو.
    ئەو قسە بێ مانا و ناسیاسیی و بێ ئەدەبیی و بێ ناوەرۆکەی کە دەسەڵاتدارانی کورد لە کاتی ڕیفەراندۆمدا بە بەغداد و بە عەرەبیان دەگوت و ئەوەیان بە ناوی “کوردایەتیی” ـەوە دەکرد، نەک هەر قسەوباسی سیاسیی ناو سیستەمێکی فیدەراڵیی یان تەنانەت دانوستاندنیش نەبوون، بەڵکو قسەی سەر جادەی شەڕلاتیان بوون. ئەو قسانە، ئەو پێ پێکەنین و گاڵتەجاڕیی و شکاندن و جووکدانانە دوا بزمار بوون کە لە تابووتی پێوەندییە گرینگ و بە بایەخە سیاسیی و ئابووریی و دیپلۆماسییەکانی بەغداد و باشوور دەدرا.
    ئایا بە چ شێوەیەک دەتوانین “بای بای ئێراق” بۆ عەرەبگەلی دۆستانی کورد ڕوون بکەینەوە؟
    ئایا ئاماژە بە کامە دەستتێوەردانی کردارەیی بەغداد لە کاروباری باشوور و لە ڕێگرتن لە کاروباری باشووردا بکەین؟
    بەڵآم بینیمان، ئەوانەی دەم و زمان و ڕووخساری ئەو جوێندان و سووکایەتییە بوون چۆن لە ئاشبەتاڵێکی شەرمئاوەری تێکشکێندەردا بەرەو بەغداد گەڕانەوە. بەڵێ، چوونەوە بۆ بەغداد بێ ئەوەی یەکێکیان ئەو گولـلەیە بە سەری خۆیەوە بنێت کە بەڵێنیان دابوو، بێ ئەوەی ڕەخنەیەک لە خۆیان بگرن، بێ ئەوەی دەستبەرداری کورسیەکیان بن و تەنانەت بێ ئەوەی بە بچووکترین شێوە ئاماژە بە کەموکورتیەک بکەن.

    شەڕی بەغداد و باشوور

    کوردستانیانی دڵسۆز و هەزاران عەرەبی ئێراقیی و غەیرەئێراقیی و ملوێن لە هاووڵاتیانی سوننە و شیعەی عەرەب ئاگاداری مێژووی ئێراق و کێشەی کورد و زوڵم و زۆر و چەوساندنەوە لە سەر کورد و لە سەر خۆیان هەن. عەرەبی ئێراق بە شیعە و سوننەیەوە خاوەنی نە کەمتر لە 2 ملوین قوربانین. خانەوادە لە ناو عەرەبدا کەمن کە دووان و سیانیان لە شەڕە جیاوازەکانی کوردستان و ئێران و کوێت و ئەمریکادا لێ نەکوژرا بێت. عەرەبی ئێراق نەتەوەیەکن لە نەزیفی خوێندان. ئێمەی کورد دەتوانین بە ئاماژە بە هەموو ئەو زەرەر و زیانانە و ڕێگریی لە دووبارەبوونەوەیان پێگەی کورد بەهێز بکەین.
    سیاسەتمەدارانی نیشتیمانیی لە کوردستان دەتوانن، ئێستایش هەل و دەرفەت هەیە و ماوە، کە دووبارە سیستەمی فیدەڕاڵیی بژیەتەوە و شینبێتەوە، کە برینەکان تیمار بکرێن،کە لە ڕێگای دیالۆگی دیموکراتیی و ئاخافتنی سەردەمیانە و فاکت و بەڵگەوە متمانە لە نێوان پێکهاتەکانی ئێراق دروست بکرێتەوە. ئەوانەی باس لە سەربەخۆیی کوردستان دەکەن دەبێت بە پێی ئەو داوایە بە پرینسیپ و جیددیی و چالاک و بە شکۆ و دەست بە کار بن، دەبێت خەڵکێک بن کە لە نرخی هێلکەیەک، لە دڵی ناسکی هاووڵاتییەک، لە مافی مرۆڤ بۆ کەمئەندامێک و بۆ ژنان تێ بگەن و لە سەری بە شەڕ بێن. بەڵام پێش هەر شتێک ئەوانە دەبێت خەڵکێک بن کە هەموو قازانجێکی شەخسیی و خانەوادەیی و عەشیرەتییان لە بن پێی خۆیان نابێت و وەکوو نیشتیمانپەروەرێکی خۆبەخش بژین و بدوێن و لە کاردا بن. کەسێک دەتوانێت ئەو بەرپرسایەتیە هەڵبگرێت کە کەوشی پێی دڕابێت و هەمووان بزانن چی لە ماڵەکەیدا هەیە.

    خەڵکی دڵسۆزی باشوور نابێت ئەم فۆرمولەیە لە بیر بکات!

    ئەوانەی لە ناو دەسەڵاتدارانی کورددا لە یەکڕۆژەی پاش تەواوبوونی مۆڵەتی ڕیفەراندۆمەکەی ئەردۆغاندا فیلمی شەڕی “پردێ” ـیان ساز کرد و ڕاستیی ئیمزاکردنی ئاشبەتاڵیی 16ی ئۆکتبەریان لە خەڵک شاردەوە کاتێک کە ئەمریکاییەکان لە دوکان بە ئامادەیی هەموویان ئیمزای پێ کردن، و ئەوانەی ئێستا دێن و هەڕەشەی ئاوگرتنەوە و تۆڵەستاندنەوە لە عەرەب دەکەن و خۆدەهێنن و دەبەن، دەتوانن و لە ڕوویان دێت کە سەد جاری دیکەیش سفرەی حازری کورد، خوانی ئامادەی سەر سفرەی زێڕینی کورد، لە قوڕێ بهاون.
    خەڵکی دڵسۆزی باشوور نابێت ئەم فۆرمولەیە لە بیر بکات!
    ڕاستە، باشوور لە دۆزەخێکدا ژیان بە ڕێ دەکات، بەڵام خەڵکی باشوور، دڵسۆزانی کوردستانیی، نابێت نرخی خۆڕێکخستن و بەرەنگاربوونەوە و داواکردنیان لە بیر بچێتەوە.
    لە هەموو دونیادا، لە هەموو کۆمەڵگایەکدا، خەڵکی دڵسۆز بە بەردەوامیی لە هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەر دان، و لەو بارەوە خۆڕێک دەخەن، بەخۆباوەڕیی و متمانە و خۆشەویستیی خەڵک و نیشتیمان بڵآو دەکەنەوە، بۆ ئەوەی بتوانن بژین و بە بەردەوامیی وەڵام بۆ کێشەکانیان بدۆزنەوە. باشوور ڕیزپەڕ نییە و دەتوانێت و دەرفەت و هەلی لەبەر دەستدایە ئەو کارە بکات.
    هەنگاوێکی دروست لەو ڕێگایەدا بەهێزکردنی پێوەندییە جۆراوجۆرەکانە لەگەڵ هەموو تاکەکەس و ڕێکخراوەیەکی سوننە و شیعەی عەرەبدا کە دۆستی کوردن و خوازیاریی بەهێزکردنی مافی هەردوولان، و هەروەها دانیشتن و دیالۆگە لەگەڵ هەموو ئەوانەیشدا کە دەزانین خراپ تێگەیشتوون یان دەیانەوێت مافمان پێشێل بکەن. باشوور بە دەیان هەزار لە ڕۆشنبیریی سیاسیی تێدایە کە دەتوانن بە شێوەی ئاشتیخوازانە و ئاشکرا و ڕاشکاوانە لەم سەنگەرەدا جێ بگرن.
    لەبەرئەوە دەبێت بڵێین “بەڵێ” بۆ بەهێزکردنی مافەکانی کورد لە ئێراقدا، بۆ بەهێزکردنی هەموو جۆرە پێوەندییەکانی باشوور لەگەڵ بەغداد و قووڵکردنەوەی دیالۆگی دیموکراتیک و شارستانیانە.
    دەبێت “نەخێر” دووبارە بکەینەوە بۆ شەڕ و گرژیی و خۆدوورگرتن لەگەڵ بەغداد!
    بەڵێ دەبێت بڵێین “نەخێر” بۆ شەڕی بە وەکالەت بۆ ئێران و تورکیا.

    ڕێبوار ڕەشید
    3/5/2020




یوڤال نوح هەراری: ئایا ڤایرۆسی کۆرۆنا …تێڕوانینی ئێمە بۆ مەرگ دەگۆڕێت؟ وەرگێڕان: هەژیر هاشمی

دنیای مۆدێرن لەسەر ئەو باوەڕە پێک هاتووە کە مرۆڤەکان ئەتوانن مەرگ فریوبدەن و بەسەری دا زاڵ بن. ئەم تێڕوانینە شۆڕشێکی نوێ لە مێژووی مرۆڤایەتی بوو. لە بەشی هەرەزۆری مێژوو دا، مرۆڤەکان بە ملکەچی تەسلیمی مەرگ بوونەتەوە. تا کۆتاییەکانی سەردەمی مۆدێرن، زۆربەی ئایینەکان و ئایدۆلۆژیاکان، مەرگیان نە تەنیا وەکوو چارەنووسی مسۆگەر، بەڵکوو بە سەرچاوەی سەرەکی مانای ژیانیان زانیوە. گرنگترین رووداوەکانی ژیانی مرۆڤ لە دوایین هەناسەکانی ژیان روویان دەدا. تەنیا لەو کاتە بوو کە مرۆڤ لە نهێنییە راستەقینەکانی ژیان تێدەگەیشت. تەنیا لەو کاتە بوو کە مرۆڤ دەستی بە رزگارییەکی هەتاهەتایی دەگەیشت یاخود تووشی رەنج و نەفرینێکی تاقەت پڕووکێنی هەتاهەتایی دەبوو. لە جیهانێک بێبەر لە مردن – کەواتە، بێبەر لە بەهەشت و جەهەندەم و تەناسوخ(دوونادوون)- ئایینەکانی وەکوو مەسیحییەت، ئیسلام، ھیندوویزم بێ واتا دەبون. لە بەشێکی بەرچاوی ئەم مێژووە، باشترین زەینەکانی مرۆڤایەتی سەرقاڵی واتا بەخشین بە مەرگ بوون، نەک هەوڵ دان بۆ زاڵ بوون بەسەری‌دا.
“داستانی گلگامێش”، ئوستوورەی ئورفیوس و ئوريديس، کتێبی پیرۆز، قورئان، ڤێداکان و زۆر کتێب و چیرۆکی دیکە، پشوودرێژانە و لەسەرخۆ بۆ مرۆڤی داماو و پەرێشانیان روون دەکردەوە، کە ئێمە دەمرین چونکە خواوەند یان گەردوون و دایکی سروشت چارەنووسیان وەها دیاری‌ کردووە، کەواتە باشترە کە بە خاکەڕایی و دڵاوایی باوەش بۆ ئەم چارەنووسە بکەینەوە. بەشکەم رۆژێک خواوەند بە کردەیەکی مێتافیزیکی گەورە وەکوو گەڕانەوەی مەسیح، مەرگ بەتاڵ بکاتەوە. بەڵام بێ گومان رێکخستنی شۆڕشێکی وەها لە دەسەڵاتی مرۆڤەکان وەدەر بوو.
دواتر شۆڕشی زانستی بەدیهات. بە بۆچوونی بیرمەندەکان، مەرگ فەرمانێکی خودایی نییە بەڵکوو تەنیا کێشەیەکی تەکنیکییە. مرۆڤ بە فەرمانی خودا نامرێت بە پێچەوانەوە بە هۆی کێماسییەکی تەکنیکی گیانی لەدەست دەدات. دڵ لە ھاویشتنی خوێن رادەوەستێت. شێرپەنجە، جگەر لە ناو دەبات. ڤایرۆسەکان لە سییەکان زیاد دەکەن. چی دەبێتە هۆی ئەم هەموو کێشە تەکنیکییە؟ “کێشە تەکنیکییەکانی تر”. دڵ لە لێدان ئەوەستێت چونکە ئۆکسجینی پێویست بە ماسوولکەکان ناگات. خانە ناتەندروستەکان لە جگەر زیاد دەکەن چونکە بەڕێکەوت جۆرێک بازدانی بۆماوەیی رووی داوە. ڤایرۆسەکان لە سییەکان جێگیردەبن لەبەرئەوەی کەسێک لە ناو پاسی هاتوچۆ پژمیوە. هیچ شتێکی مێتافیزیکی لەمانە دا بوونی نییە.
بیرمەندەکان باوەڕیان وایە کە هەر کێشەیەکی تەکنیکی رێگە چارەیەکی هەیە. بۆ زاڵ بوون بەسەر مردن پێویست ناکات چاوەڕێی گەڕانەوەی مەسیح بکەین. دوو بیرمەند دەتوانن ئەم کارە لە تاقیگەدا جێبەجێ بکەن. لە کاتێک دا کە بە شێوەی نەریتی، پرسی مردن لە چوارچێوەی پسپۆری قەشە و زاهیدە رەشپۆشەکان بووە، ئێستاکە بیرمەندانێک پێیەوە سەرقاڵن کە یونیفۆرمی سپییان لەبەر کردووە و لە تاقیگە توێژینەوە دەکەن. ئەگەر تووشی دڵەخورپە ببین، دەکرێت بە خورپێنەری دڵ(pacemaker) ببزوێنرێت یان تەنانەت چاندنی دڵ ئەنجام بدرێت. ئەگەر تووشی شێرپەنجە بین، دەکرێت بە تیشک دەرمانی لە ناوی ببەین. ئەگەر ڤایرۆس لە سییەکان زیاد بکات، دەتوانرێت دەرمانە نوێکان بو چارەسەر بەکار بهێنرێت. ئەگەرچی هێشتا ناتوانین کێشە تەکنیکییەکان چارەسەر بکەین بەڵام هەوڵی بۆ دەدەین. باشترین زەینەکانی مرۆڤایەتی چی تر کاتیان بۆ واتا بەخشین بە مەرگ تەرخان ناکەن. لە باتی ئەوە، هەوڵ بۆ زیاتر کردنی تەمەنی مرۆڤ دەدەن. ئەوان سەرقاڵی توێژینەوە لە بارەی سیستمە مایکرۆبایۆلۆژیک، فیزیۆلۆژیک، بۆماویی(Genetics)کانن، کە هۆکاری نەخۆشی و پیر بوونن؛ بیرمەندان خەریکی بەرهەم هێنانی دەرمانی نوێ وەرچەرخانی گەورەن.
هەوڵی مرۆڤ بۆ زیاد کردنی ماوەی ژیان بە شێوەیەکی بەرچاو سەرکەوتوو بووە. لە دوو سەدەی رابردوو، ناونجی هیوا بە ژیان لە کەمتر لە 40 ساڵ بە 72ساڵ لە هەموو جیهان، هەروەها بە زیاتر لە 80 ساڵ لە هەندێک وڵاتی پێشکەوتوو گەیشتووە. رێژەی مردنی منداڵان ئێجگار زۆر دابەزیوە. تا سدەی بیستەم، لای کەم یەک لە سێی منداڵان هەرگیز بە قۆناغی گەورەساڵی نەدەگەیشتن و زیاتر تووشی نەخۆشی وەکوو سکچوونی خوێنی، سورێژە و مێکوتە دەبوون. لە ئینگلتەرای سەدەی حەڤدە، لە هەر 1،000 کۆرپە نزیک ب 150 کەسیان لە هەمان ساڵ دا گیانیان لەدەست دەدا و تەنیا نزیک بە 700 کەس لەوانە بە تەمەنی 15 ساڵان دەگەیشتن. ئێستاکە لە هەر 1،000 کۆرپەی لە دایک بووی ئینگلتەرا تەنیا 5 کەس لە ساڵ یەکمی ژیانیان گیان لەدەست دەدن و 993 کەس لەوانە دەگەنە تەمەنی 15 ساڵان. لە هەموو جیهان ، رێژەی مردنی منداڵان گەیشتووەتە کەمتر لە 5 لە سەد.
هەوڵی مرۆڤەکان بۆ پاراستنی گیان و زیاتر کردنی ماوەی ژیان بە رادەیەک سەرکەوتوو بووە کە جیهان‌بینیی ئێمەی مرۆڤ بە تەواوی گۆڕانکاری بەسەر هاتووە. لە حاڵێک دا کە ئایینە نەریتییەکان، ژیانی پاش مردنیان بە سەرچاوەی مانا دەزانی و لە سەدەی هەژدەهەم بە دوا، ئایدۆلۆژیای وەک لیبراڵیزم، سۆسیالیزم، فێمینیزم بە هیچ شێوەیەک ئاوڕیان لە ژیانی پاش مردن نەداوە. کاتێ کۆمۆنیستێک دەمرێ، چی بەسەر دێت؟ چی بەسەر کاپیتالیستێک دێت؟ ئەی چی بەسەر فێمینیستێک دێت؟ گەڕان لە نێو کتێبەکانی کارڵ مارکس، ئادام سمیت و سیمۆن دێ‌بۆڤوار بۆ دۆزینەوەی وڵامی ئەم پرسیارانە بێ کەڵک دەبێ.
تەنیا ئایدۆلۆژیای مۆدێرن کە بایەخ و گرنگی دەدات بە مەرگ ، ناسیۆنالیزمە. ناسیۆنالیزم، لە کاتی داماوی و زاڵ بوونی هەستیاری، بەڵێن دەدات کە هەر کەسێک کە لە رێگای وڵات گیانی بەخت بکات تا هەتاهەتایە لە یادەوەری نەتەوەکەی زیندوو دەمێنێت. بەڵام ئەم بەڵێن ئەوەندە تەماوی و ناڕوونە کە تەنانەت زۆربەی ناسینالیستەکانیش بەڕاستی سەری لێ دەرناکەن. چۆن دەتوانی بەڕاستی لە یادی میلەت دا زیندوو بی؟ لە دوای مردن چۆن دەکرێ بزانی کە گەلەکەت لە یادت ئەکەن یان نە؟ جارێک لە “وودی ئاڵێن ” پرسیار کرا، کە ئایا هیوای هەیە تا هەتاهەتایە لە یادەوەری هۆگرانی سینەما زیندوو بمێنێت. ئاڵێن وڵامی دایەوە: (پێ باشترە لە شوقەکەم زیندوو بمێنم.)
تەنانەت چەقی سەرنج و وردبوونەوەی زۆرێک لە ئایینەکان گۆڕاوە، ئەم ئایینانە لە جێی ئەوەی کە بانگەشە بۆ بەهەشتی بەڵێن‌دراو بکەن، زۆر زیاتر لە جاران بەڵێنی دنیایی دەدەن.
ئایا ئەم دنیاگیرییە(پاندێمی) تێڕوانینی ئێمە بۆ مەرگ دەگۆڕێت؟ زۆر پێدەچێت نە. بە تەواوی پێچەوانەیە. ئەگەری زۆری هەیە کە کۆڤید-١٩ هەوڵی ئێمە بۆ پاراستنی گیانی مرۆڤەکان دووهێندە زیاد بکات. کاردانەوەی کەلتووری باو بەرامبەر بە کۆڤید-١٩ نە ملکەچی و تەسلیم بوون بەڵکوو ئامێتەیەک لە تووڕەیی و هیوایە.
لە کاتی سەرهەڵدانی نەخۆشییە گشتگیرەکان لە کۆمەڵگا پێش‌مۆدێرنەکان وەکوو ئەورووپای سەدەکانی ناوین، خەڵک دەترسان کە گیانی خۆیان لە دەست بدەن و لە مردنی ئازیزانیان پەشێو و حەپەساو دەبوون بەڵام کاردانەوەی کەلتووری باو تەنیا تەسلیم و ملکەچی بوو. پێدەچێت ئەمە هەمان هەلومەرج بێت کە دەروونناسەکان بە “داماوی و بەلەنگازی فێرکراو”(Learned helplessness) ناوی دەبەن. خەڵکی بە خۆیان دەگوت کە ئەمە خواستی خودا بووە- یاخود عەزابی پەروەردگار بە هۆی گوناهەکانی مرۆڤ بێت. «خودا باشتر لە هەر کەسێک ئاگادارە. ئێمە مرۆڤە بەدفەڕەکان شیاوی ئەم رەنج و عەزابەین. لە کۆتایی‌دا دەرەکەوێت کە ئەمە حیکمەتێکی پەروەردگاری تێدا بووە و بۆ خەیر و چاکەی مرۆڤ بووە. پەرۆشی و نیگەرانی ناوێ، مرۆڤی خاوەن چاکە لە بەهەشت پاداشتی چاکەی وەردەگرێت. نابێ کاتی خۆت بۆ دۆزینەوەی دەرمان و چارەسەر بە فیڕۆ بدەی. ئەم نەخۆشییە خودا ناردووێتی تا ئێمە سزا بدات. ئەوانەی کە وا دەزانن مرۆڤ ئەتوانێ بە یارمەتی لێهاتوویی خۆی بەسەر ئەم نەخۆشییە گشتگیرە زاڵ بێت، تەنیا خەریکن گوناهی لووتبەرزی بە رەشایی تاوانباریی خۆیان زیاد دەکەن. مەگەر ئێمە چین کە بمانەوێ پلانەکانی خواوەند هەڵوەشێنینەوە؟»
لە ئەمڕۆ دا تێڕوانینێکی بە تەواوی پێچەوانە زاڵە. هەرکات ژمارەیەکی بەرچاوی مرۆڤەکان بە هۆی روودانی کارەساتی وەک ئاگرکەوتنەوە لە تاوەرێک، رووداوی هاتوچۆی شەمەندەفەڕ یان زریان، گیانیان لەدەست ئەدەن، ئەمە بە رووداوێکی شیاوی پێشگرتن و لێکەوتەی کەمتەرخەمی مرۆڤ دەزانین نەوەکوو سزا و عەزابێک لە لایەن خودا یان کارەساتێکی سروشتی پارێزهەڵنەگر. ئەگەر کۆمپانیای شەمەندەفەڕ لە بودجەی دڵنیایی و تەندروستی دا چنۆکی و کەمتەرخەمی نەدەکرد، ئەگەر شارەوانی رێوشوێنی باشتری بۆ رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە دابین دەکرد، ئەگەر حکومەت خێراتر بە هانا و فریاکەوتن دەچوو، گیانی ئەم مرۆڤانە رزگار دەبوو. لە سەدەی بیست و یەک دا، مەرگی ژمارەیەکی زۆری مرۆڤەکان، ئۆتۆماتیکەن دەبێتە هۆی خستنەرووی سکاڵا و دادخوازی و لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوە.
تێڕوانینی ئێمە بۆ نەخۆشییە گشتگیرەکانیش هەر ئاوایە. هەرچەن بڕێک لە بانگخوازە ئایینییەکان بە بێ‌ئەملاوئەولا نەخۆشی ئایدز وەکوو سزایەک بۆ هاورەگەزخوازەکان لە لایەن خودا لێکدەدەن، بەڵام ئەم روانینانە تایبەت بە شێت و بێئاوەزە پەراوێزخراوەکانی کۆمەڵگای مۆدێرن بووە و ئێستاکە زۆربەی خەڵک بڵاوبوونەوەی ئایدز، ئیبۆلا، ئەو نەخۆشییە گشتگیرەکانی ئەو دوایییانە، لێکەوتەی کەمتەرخەمی و درێغی رێکخراوەیی دەزانن. ئێمە وادەزانین کە مرۆڤ زانیاری و ئامرازی پێویستی بۆ بەرگرتن لە نەخۆشییە گشتگیرەکان لەبەردەستە، و بەسەر ئەمەشەوە ئەگەر نەخۆشییەکی ئاواهی بڵاو ببێتەوە، ئەمە لە لێنەهاتوویی بەرپرسان سەرچاوە دەگرێت نەوەک لە تووڕەیی و رق‌هەستانی خواوەند. کۆڤید-١٩ش لەم چوارچێو وبنەمایە وەدەر نییە. هێشتا لە جەرگەی قەیرانەکەین، بەڵام هەرکەسەو خەریکە کێماسی و کەمتەرخەمییەکان دەخاتە ئەستۆی کەسێکی دیکە. وڵاتە جیاوازەکان یەکدی تۆمەتباردەکەن.سیاسەتمەدارە رەکابەرەکان، بەرپرسیارێتی وەکوو نارنجۆکی بێ ئەڵقە لە کەسێکەوە بۆ کەسی تر هەڵەدەن.
سەرەڕای تووڕەیی، هیوایەکی زۆر سەرنجڕاکێشیش بوونی هەیە. قارەمانەکانی ئێمە ئەو قەشانە نین کە مردووکان بنێژن و بۆ کارەساتەکان بیانوو بهێننەوە، قارەمانەکانی ئێمە پزیشکان و پەرستاران و ستافی تەندروستین کە گیانی مرۆڤەکان دەپارێزن. بەرزەقارەمانەکانی ئێمە بیرمەند و زاناکانن کە لە تاقیگەکان خەریکن. هروەک ئەوەی کە هۆگرانی سینەما دەزانن کە سپایدرمەن و واندرومن لە کۆتایی دا مرۆڤە خراپەکان شکست دەدەن و جیهان رزگار دەکەن، ئێمەش دڵنیاین کە لە ماوەی چەند مانگ یاخود یەک ساڵ، تاقیکارەکان دەرمانی سوودبەخش و تەنانەت ڤاکسینی کۆڤید-١٩ ئەدۆزنەوە. ئەو کاتە پیشانی ئەم ڤایرۆسە چارەڕەشە دەدەین کە کێ گیانەوەری باڵادەستی ئەم هەسارەیە! هەموولایەک، لە کۆشکی سپی بگرە تا واڵ ستریت و باڵکۆنی ماڵەکان لە ئیتالیا، دەپرسن: ڤاکسین کەی ئامادە دەبێت؟ چی کاتێک. نەک ئەوەی کە (ئایا ئامادە دەبێت؟).
کاتێ ئەم ڤاکسینە ئامادە بێت و ئەم نەخۆشییە دنیاگیرە لە ناو بچێت، مرۆڤ چی پەند و وانەیەک فێر دەبێت؟ زۆر پێدەچێت، لەوە تێبگەین کە دەبێت بۆ پاراستنی گیانی مرۆڤەکان هەوڵ و خەباتێکی زۆر زیاتر لە رابردوو وەگەربخەین. دەبێ نەخۆشخانە، پزیشک، پەرستاری زیاترمان هەبێت. دەبێ ئامێری هەناسەی دەستکرد، بەرگی پارێزەر، کیتی تاقیکاری زیاتر لە جاران پاشەکەوت بکەین. دەبێ پارەیەکی زیاتر بۆ توێژینەوەکانی پەیوەست بە فاکتەرە نەخۆشکەرە نەناسراوەکان و دەرمانە نوێکان تەرخان بکەین. نابێ دیسان خافڵگیر بکرێین.
هەندێ کەس پێدەچێت ببێژن کە ئەم گوتە هەڵەیە و ئەم قەیرانە دەبێ فێری خاکەڕاییمان بکات. بە بۆچوونی ئەوان، ئێمە نابێ ئەوەندە لە توانای خۆمان بۆ هێنانە ژێربار و زاڵ بوون بەسەر هێزی سروشت، دڵنیا بین. زۆرێک لەم نەیارانە زەینییەتی وەکوو سەدەکانی ناوینیان هەیە و هەرچەن ئامۆژگاری خاکەڕایی و لەخۆبووردەیی دەکەن بەڵام سەد لەسەد دڵنیان کە حەقیان بەدەستە. هەندێ لە مرۆڤە دەمارگرژەکان ناتوانن بەربە خۆیان بگرن- قەشەیەک کە حەفتانە خوێندنەوەی کتێبی پیرۆز بۆ ئەندامانی ئەنجومەنی وەزیرانی دۆناڵد ترەمپ بەڕێوەدەبات، ئەم پاندێمییەی وەکوو سزایەکی ئیلاهی بۆ هاورەگەزخوازەکان پێناسە کردووە. بەڵام ئەمڕۆ تەنانەت خاوەندار و سەرپەرشتانی دابونەریت، لە جیاتی کتێبی پیرۆز متمانە بە زانست دەکەن.
کڵێسای کاتۆلیک فەرمانی کردووەتە ئیمانداران کە سەردانی کڵێسا نەکەن. ئیسرائیل کەنیسەکانی داخستووە. کۆماری ئیسلامی ئێران خەڵکی لە سەردان نەکردنی شوێنە ئایینییەکان ئاگادار کردووەتەوە. بەڕێوەبردنی رێوڕەسمی ئایینی لە هەموو پەرستگەکان قەدەغەکراوە. هەموو ئەمانە هۆکاری ئەوەیە کە بیرمەندان لێکدانەوە و بەراورد کردن، پێشنیاریان کردووە کە شوێنە ئایینییەکان داخرێن.
هەڵبەت هەموو ئەو کەسانەی کە ئێمە لە لووتبەرزی نابەجێ مرۆڤ ئاگادار دەکەنەوە، کۆنەپەرست نین. تەنانەت بیرمەندەکانیش هاودەنگن کە دەبێ چاوەڕوانییەکانمان بەجێ بن و ناکرێت باوەڕێکی کوێرانەمان بە هێزی پزیشکەکان هەبێت کە لە بەرامبەری هەر کارەساتێکی سروشتی بمانپارێزن. لە کاتێک‌‌دا کە هێزی گشتی مرۆڤ رۆژ بە رۆژ زیاد دەبێت، تاکەکان دەبێ لاوازی و بەرگەنەگری تاکەکەسیان لەبەرچاو بگرن.
رەنگە تا یەک یان دوو سەدەی تر زانست، تەمەنی مرۆڤ بەشێوەی بێ‌سنوور گەشە پێ‌بدات، بەڵام هێشتا ئەمە بەردەست نییە. بەدەر لە هەندێک لە منداڵانی میلیاردەرەکان، هەموومان رۆژێک دەمرین و ئازیزەکانمان لەدەست دەدەین. ئێمە دەبێ دان بە ناسەقامگیری و ناجێگیری خۆمان بنێین.
بۆ چەندین سەدە مرۆڤەکان، ئایینیان وەکوو مێکانیزمێکی بەرگری کار بەکار هێناوە و باوەڕیان وابووە کە لە دنیای پاش مردن، ژیانی هەتاهەتایییان دەبێت. ئێستا مرۆڤەکان جاربەجار زانست وەکوو مێکانزمێکی بەرگری جێگرەوە بەکار دەهێنن و بڕوایان وایە کە پزیشکان هەردەم رزگاریان دەکەن و تا هەتاهەتایە لە ماڵی خۆیان دەژین. ئێمە تێڕوانینێکی میانەڕەومان پێویستە، دەبێ متمانەمان بە زانست هەبێ کە چارەسەری نەخۆشییە گشتگیرەکان دەکات بەڵام لە هەمان کات‌دا بمری و فانی بوونمان قەبووڵ بکەین.
قەیرانی ئێستاکە، پێدەچێت ئاستی ئاگایی زۆرێک لە خەڵک لە بارەی بێ‌دەوامی ژیانی مرۆڤ و دەستکەوتەکانی مرۆڤایەتی بەرز بکاتەوە. بە سەر ئەمەشەوە، ئەگەرێکی زۆر هەیە کە کۆی گشتی شارستانییەتی مۆدێرنمان، رێگایەکی جیاواز بگرێتەبەر. هەنووکە کە ئەم ژیارە لە لاوازی و لەرزۆکی خۆی ئاگادار بووە، بەتەمای بەهێز کردنی توانای بەرگریی دەبێت. بە دووری دەزانم کە لە دوای چارەسەر کردنی قەیرانی هەنووکەیی، بودجەی دپارتمێنتەکانی فەلسەفە زیاد بکرێت. بەڵام گرەو دەکەم کە بودجەی کۆلێجە پزیشکییەکان و سیستمی چاودێری تەندروستی بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات.
رەنگە ئەمە باشترین حاڵەتێکە کە دەکرێت چاوەڕوانی بکەین. حکومەتەکان بەهەر حاڵ لە فەلسەفە شارەزاییان نییە. ئەمە بواری شارەزایی و پسپۆڕی ئەوان نییە. حکومەتەکان بە شێوەی جدی و پێداگرانە بپەرژێنە سەر باشتر کردنی سیستمی تەندروستی و چاودێری پزیشکی. ئەمە ئەرکی تاکەکانە کە فەلسەفە بەرەو ئاستێکی باشتر ببەن. پزیشکان ناتوانن مەتەڵی هەبوونمان بۆ وڵام بدەنەوە. بەڵام دەتوانن کاتێکی زۆرترمان بۆ مسۆگەر بکەن، تا ئێمە لەگەڵ مەتەڵەکە خەریکبین. ئەمە ئیدی پەیوەندی بەخۆمانەوە هەیە کە چۆن کاتەکەمان بەسەر دەبەین.

یۆڤال نوح هەراری مامۆستای مێژووە لە زانكۆی عیبریی ئۆرشەلیم لە ئیسرائیل و نووسەری چەندین کتێبی بەناوبانگ و پڕفرۆشە وەکوو «سایپێنس “مرۆڤی ژیر-عەقڵمەند”: کورتەیەکی مێژووی مرۆڤایەتی »،«ھۆمۆ دیۆس”مرۆڤەخودا”: کورتەیەکی مێژووی بەیانی »،«بیست‌ویەک وانە بۆ سەدەی 21»

وەرگێڕان: هەژیر هاشمی

ئەم وتارەی لە رۆژنامەی “گاردیەن” بەم ناوونیشانی خوارەوە بڵاو کراوە:
Yuval Noah Harari, ‘Will coronavirus change our attitudes to death? Quite the opposite’, The Guardian, 20 April 2020.




ڤاڤا ئینۆڤا.. ڤاڤا ئازادی سترانی دۆستایه‌تی كورد و ئه‌مازیغ … نووسینی: ئه‌مین بۆتانی

گه‌وره‌ هونه‌رمه‌ندی كۆچكردوو ئیدیر:
كورده‌كان له‌ عێراق وه‌ك نه‌ته‌وه‌ رووبه‌ڕووی جینۆساید و پاكتاوی ره‌گه‌زیی بوونه‌وه‌

نووسینی: ئه‌مین بۆتانی

ماوه‌ی چه‌ند ساڵێك به‌ر له‌ ئێستا (ئێستاش به‌رده‌وامم) سه‌رقاڵی گه‌ڕان و سووڕان بووم به‌دوای خوێندنه‌وه‌ و ناسینی هونه‌ر و كه‌لتووری گه‌لان، بۆ ئه‌وه‌ی ئاگاداری مۆرك و جۆری ئافراندنی ئه‌وان بم و دواجار وه‌ك گه‌نجینه‌ و ئه‌زموونێكی مرۆڤایه‌تی سوودی لێ وه‌رگرین بۆ چاند و هونه‌ری كوردستان، ناكرێ‌ له‌ كه‌لتوور و هونه‌ری گه‌لانی جیهان دابڕێین، به‌ڵكو پێویسته‌ ئێمه‌ش رایه‌ڵه‌ی هونه‌ر و ئافراندنی خۆمان به‌وان بناسێنین و وه‌ك پرۆژه‌یه‌كی هونه‌ری و هاوبه‌شیی ژیاندۆستی پێشكه‌ش به‌ كه‌لتووری مرۆڤایه‌تی بكه‌ین. له‌و ماوه‌ویه‌دا و له‌ میانی گوێگرتنم له‌ شاكاره‌ هونه‌ریه‌كان و گه‌ڕان له‌ ناو كه‌لتووری نه‌ته‌وه‌ی ئه‌مازیغ، رێگام كه‌وته‌ به‌ر ده‌رگای هونه‌رمه‌ندی گه‌وره‌ی ئه‌مازیغ (ئیدیر)؛ ئیدیر به‌خۆی و گیتاره‌وه‌، ئیدیر به‌ هه‌ناسه‌ و كسپه‌ گۆرانی ده‌چڕێ، به‌ڵام به‌ ده‌نگ و سه‌دای خۆی ئه‌و ناوه‌ جۆش ده‌دا، له‌گه‌ڵ یه‌كه‌م ده‌نگهه‌ڵبڕین خرۆشان به‌ هه‌وادارانی ده‌كه‌وێ‌، هه‌ندێ جار روخساریان ده‌دره‌وشێته‌وه‌ و هه‌ندێ جاریش فرمێسك له‌ چاوانیان داده‌بارێ‌.. ئیدیر بۆته‌ باڵیۆزی دۆز و حه‌سره‌تی ئه‌مازیغه‌كان، بۆته‌ ده‌نگی نه‌ته‌وه‌یه‌كی سته‌ملێكراو، نه‌ته‌وه‌یه‌ك خاوه‌نی ره‌سه‌نی باكووری ئه‌فریقیایه‌، كه‌چی ئه‌مڕۆ ناتوانێ‌ به‌ زمانی خۆیشی بدوێ‌ و ده‌ربڕین له‌ بوونی خۆی بكا، ساڵانێكی دوور و درێژه‌ به‌ ده‌ست سیاسه‌تی تواندنه‌وه‌ و ئاسیمیله‌كردنه‌وه‌ ده‌تلێته‌وه‌.
به‌داخه‌وه‌ ئیدیر كۆچی دوایی كرد و ئیتر هونه‌ری جوانی و به‌رگریی و ژیان به‌ زمانی ئه‌مازیغی وه‌ك جاران نابیستین، ده‌نگ و خه‌بات و تۆماره‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌كه‌ی هه‌تا هه‌تایه‌ ده‌مێنێ‌، به‌ڵام ئیدیر خۆی باری كرد.. من ئه‌وسا له‌ میانی خوێندنه‌وه‌ی ئه‌زموونی ژیان و هونه‌ری ئیدیر و له‌ میانی به‌رخودانی نه‌ته‌وه‌ی ئه‌مازیغه‌كان، هاوبه‌شێكی نوێی جه‌ور و سته‌مم ناسی له‌ته‌ك نه‌ته‌وه‌ی كورد، تاقه‌ گۆرانیه‌ك منی زیاتر به‌ كه‌لتووری ئه‌و نه‌ته‌وه‌ خۆڕاگره‌ ناساند، گۆرانی (ڤاڤا ئینۆڤا) كه‌ ئیدیری هونه‌رمه‌ند له‌ نێو گه‌وهه‌ری كه‌لتوور و ئه‌فسانه‌ دێرینه‌كانی نه‌ته‌وه‌ی ئه‌مازیغ پارزنیویه‌تی و زۆر داهێنه‌رانه‌ هه‌ڵێنجاندویه‌تی چیڕۆكه‌كه‌ی بۆ سه‌دان ساڵ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ و وه‌ك گۆرانی ته‌مه‌نی 44 چل و چوار ساڵه‌ و یه‌كه‌م ئالبومی گۆرانی ئیدیره‌ كه‌ له‌ ساڵی 1976 بڵاویكردۆته‌وه‌، تێكسته‌كه‌ له‌لایه‌ن شاعیری ئه‌مازیغی (محمد بن حمدوش) دانراوه‌ و ئیدیریش یارمه‌تی داوه‌، ئاوازی گۆرانیه‌كه‌ هی ئیدیر خۆیه‌تی، خاتوونه‌ چكۆله‌ی ناو داستانه‌ دێرینه‌كه‌ی ئه‌مازیغ ناوی (گریبا)یه‌ و به‌ (ساندرێلای ئه‌مازیغ) ناوداره‌، گۆرانی ڤاڤا ئینۆڤا بۆ بیست و چوار زمان وه‌رگێڕدراوه‌ و به‌وه‌ی منه‌وه‌ كه‌ كردوومه‌ته‌ كوردی؛ جیاواز له‌وان ئه‌وه‌ی ئێمه‌ گۆرانیشه‌ (به‌ تێكست و ئاوازێكی ته‌واو كوردی له‌گه‌ڵ هێشتنه‌وه‌ی زاخاوه‌ ئه‌مازیغیه‌كه‌ی) ده‌بێته‌ بیست و پێنجه‌مین زمان، ئه‌م گۆرانیه‌ی ئیدیر گۆرانی هه‌ره‌ دڵخوازی سه‌رجه‌م نه‌ته‌وه‌ی ئه‌مازیغه‌ و له‌سه‌ر ئاستی میللی وه‌ك زمانحاڵی دۆز و شوناسی ئه‌مازیغیه‌كان وایه‌ و ئه‌مازیغی نیه‌ ئه‌م گۆرانیه‌ی له‌به‌ر نه‌بێ،، (ئینۆڤا)ی نابینا و كه‌نه‌فت له‌و ئه‌فسانه‌ كۆنه‌ی ئه‌مازیغ ناوی باوكی (گریبا)ی كچه‌ چكۆله‌یه‌، گریبا و چه‌ند برایه‌كی بچكۆلانه‌ی و باوكێكی نابینا، له‌ ماڵێكی تاق و ته‌نیا له‌ نێو دارستانێكی چڕ و پڕ له‌ وه‌یشوومه‌ و ترس و له‌رز، گریبا ده‌بوایه‌ هه‌موو رۆژێ بۆ په‌یداكردنی خۆراك له‌ به‌یانییه‌وه‌ له‌ ماڵه‌وه‌ ده‌ربچێ و له‌ دارستانه‌كه‌ شتێك بێنێته‌وه‌، كێشه‌ی گه‌وره‌ ئه‌وه‌ بوو، دڕنده‌یه‌كی ترسناك وه‌ك ده‌عبا و ئه‌ژدیها هه‌میشه‌ وه‌ك خێو به‌دوای گریباوه‌ بوو، ئه‌ویش زوو به‌ زوو خۆراكێكی له‌و دارستانه‌ په‌یدا ده‌كرد و هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی ده‌زانی دڕنده‌ راوی ده‌نێ‌، به‌هه‌له‌داوان خۆی له‌ ده‌ستی قوتار ده‌كرد و به‌ په‌له‌پڕووزێ‌ خۆی ده‌گه‌یانده‌وه‌ به‌ر ده‌رگای ماڵه‌وه‌، ده‌رگای ماڵه‌وه‌ قایم قایم كڵۆم دراوه‌؛ هه‌ڵبه‌ت له‌ ترسی دڕنده‌ و ده‌عبا، ئینۆڤای باوكی پێی گوتبوو هه‌ر جارێك گه‌ڕایته‌وه‌ به‌ر ده‌رگا؛ بۆ ئه‌وه‌ی بزانم تۆی؛ بازنه‌كانت بخرۆشێنه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بزرینگێته‌وه‌ و بتناسمه‌وه‌، نه‌وه‌ك رۆژێك ده‌رگا بكه‌ینه‌وه‌ و تۆ نه‌بیت، ئینجا دڕنده‌كه‌ تێمان به‌ربێ و هه‌موومان بخوا.. له‌و زستانه‌ سارد و سڕه‌ی دارستان، گریبا هه‌موو رۆژێك ئه‌وه‌ حاڵه‌كه‌ی بوو، به‌ په‌له‌ ده‌ڕۆی بۆ دارستان و به‌ په‌له‌ خواردنی ده‌هێنا بۆ باوك و براكانی و به‌ په‌له‌ك خۆی ده‌گه‌یانده‌وه‌ به‌رده‌رگا و به‌ په‌له‌ خۆی ده‌كرد به‌ ژووردا، ترس و زوقم و چاوه‌ڕوانی و مه‌رگ و نامۆبوون.. گۆرانیه‌كه‌ی ئیدیر (ڤاڤا ئینۆڤا) له‌م ئه‌فسانه‌یه‌ هه‌ڵێنجراوه‌، من هه‌مان ئه‌و ناوه‌رۆكه‌م وه‌ك خۆم و سه‌رله‌نوێ‌ و دوور له‌وه‌ی ئیدیر؛ تێكسته‌كه‌م نووسیوه‌، له‌ رۆژی 3/8/2016 له‌ نووسینی هۆنراوه‌كه‌ بوومه‌وه‌؛ دواتر كارم له‌سه‌ر ئاوازه‌كه‌ كرد، له‌سه‌ر هه‌مان ئاوازه‌كه‌ی ئیدیر؛ به‌ڵام زۆر جیاواز و كوردانه‌ ئاوازه‌كه‌م كورداند، هه‌تا ئه‌و رادده‌یه‌ی لێی رازی بووم.
دوای ئه‌وه‌ به‌چه‌ند مانگێك ویستم ئه‌و گۆرانیه‌ بكه‌مه‌ پرۆژه‌ی گۆرانیه‌كی دۆستایه‌تی نێوان دوو نه‌ته‌وه‌ی هاوبه‌شی هه‌مان سته‌می توانه‌وه‌ و ژێرده‌سته‌یی، نێوان كورد و ئه‌مازیغ، هه‌ڵبه‌ت ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه‌ی خۆیان به‌ ئامۆزای كورد داده‌نێن و ده‌ڵێن ره‌چه‌ڵكی ئێمه‌ش وه‌ك كورد بۆ ئیمپراتۆریه‌تی میدیا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، شانازی به‌و هه‌سته‌ هاوبه‌شه‌یان ده‌كه‌ن له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌ی كورد، نموونه‌ی ئه‌و هه‌ست و هاوهه‌ڵوێستییه‌ش (مه‌لیكه‌ مه‌زان)ی شاعیر و نووسه‌ری ئه‌مازیغییه‌ كه‌ زۆر شه‌یدای خه‌بات و تێكۆشانی كورده‌ له‌ پێناو ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی؛ له‌سه‌ر ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی ده‌رهه‌ق به‌ كورد خراوه‌ته‌ زیندان و مه‌ینه‌تی چه‌شتووه‌، خاتوو مه‌زان له‌ كاتی شه‌ڕی تیرۆرستانی داعش سه‌ردانی سه‌نگه‌ره‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستانی كرد و جه‌نابی سه‌رۆك مه‌سعود بارزانیش به‌ رێزه‌وه‌ پێشوازی لێكرد.
بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م گۆرانیه‌ وه‌ك پرۆژه‌یه‌كی دۆستایه‌تی نێوان كورد و ئه‌مازیغ به‌ ئامانج بگات، هه‌ڵه‌ نه‌بم دوای ئه‌وه‌ به‌ چه‌ند مانگێك په‌یوه‌ندییم به‌ شڤان په‌روه‌ره‌وه‌ كرد و یه‌كترمان بینی، دوو جار به‌ دوور و درێژی تێكست و ئاوازه‌كه‌م بۆی باس كرد، بابه‌ته‌كه‌ی به‌لاوه‌ گرنگ و باش بوو، ریكۆردی ئاوازه‌كه‌م بۆ كرد و پێشه‌كیه‌كم به‌ زمانی عه‌ره‌بییش بۆ نووسی و خوێنده‌وه‌ (هه‌ر چه‌نده‌ ئه‌مازیغه‌كان وه‌ك نه‌ته‌وه‌ و زمان و كه‌لتوور هیچ په‌یوه‌ندییه‌كیان به‌ عه‌ره‌به‌وه‌ نیه‌ به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ژێرده‌سته‌ی عه‌ره‌ب بوونه‌ و سیاسه‌تی ته‌عریبیان له‌دژدا په‌یڕه‌و كراوه‌، ویستم به‌چه‌ند رسته‌یه‌ك ئه‌و دۆستایه‌تیه‌مان راگه‌یه‌نم بۆ ئه‌وه‌ی هه‌مووان لێی تێبگه‌ن)، دواتر كاك شڤان په‌روه‌ر گوتی من خه‌ریكی ده‌بم و هه‌ر كاتێك له‌ رووی ئاماده‌كاری و ئارانجه‌ و كاره‌ هونه‌ریه‌كانه‌وه‌ به‌ كۆتا هات؛ یه‌كتره‌ ده‌بینینه‌وه‌ و ئه‌نجامی ده‌ده‌ین، كاری دیكه‌شمان هه‌بوو بیكه‌ین،، له‌و رۆژه‌وه‌ پرۆژه‌كه‌ هه‌ر ئاوه‌ها مایه‌وه‌ و هه‌ردوولامان سه‌رقاڵ بووین، ئێستا نازانم به‌رهه‌مه‌كه‌ لای هونه‌رمه‌ند شڤان به‌ كوێ‌ گه‌یشتووه‌، حه‌تمه‌ن ده‌بێ كاری باشی له‌سه‌ر كردبێ. به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئه‌مڕۆ (3/5/2020) هه‌واڵی كۆچی دوایی هونه‌رمه‌ندی گه‌وره‌ی ئه‌مازیغی (ئیدیر)م خوێنده‌وه‌ و له‌ دڵه‌وه‌ پێمناخۆش بوو هونه‌رمه‌ندێكی له‌م ئاسته‌ سه‌ر بنێته‌وه‌ و له‌ ئافراندن بكه‌وێ‌، رۆحی شاد بێ و دۆزی نه‌ته‌وه‌كه‌ی به‌ ئازادی بگات و ئه‌مازیغیه‌كان سه‌رفراز بن كه‌ ئیدیر ساڵانێكی درێژ گۆرانی بۆ گوتن و بۆ هه‌ستی جوانی و خه‌ونی مرۆڤه‌كان و به‌رخودان و ژیاندۆستی گۆرانی چڕی. به‌هۆی ئه‌م كۆچه‌ ناوه‌خته‌ی ئیدیر نه‌بوایه‌ هه‌رگیز بیرم نه‌ده‌كرده‌وه‌ ئه‌م بابه‌ته‌ بنووسم، به‌ڵام نرخ و به‌های هونه‌ر و قه‌در و حورمه‌تی تێكۆشه‌رانی هونه‌ر و كه‌لتوور سه‌ر به‌ هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك بن ئه‌ركێكی هاوبه‌شی هه‌مووانه‌ قسه‌ی له‌باره‌وه‌ بكه‌ن و وه‌ك ئه‌زموونێكی جوان و خاڵێكی رۆشنی كه‌لتووری مرۆڤایه‌تی شانازی پێوه‌ بكه‌ن، هه‌ر بۆیه‌ش ویستم (شڤان په‌روه‌ر)ی كورد و (ئیدیر)ی ئه‌مازیغی له‌ كارێكی هاوبه‌شی هونه‌ریدا به‌یه‌ك بگه‌یه‌نم كه‌ هه‌ردووكیان ده‌نگ و هاواری ئازادین و نزیكه‌ی نیو سه‌ده‌یه‌ له‌ پێناو ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی نه‌ته‌وه‌كه‌یان خه‌باتیان كردووه‌ و ماندوو بوون، به‌داخه‌وه‌م (له‌به‌ر هه‌ر هۆكارێك) ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌ نه‌ڕه‌خسا به‌ ئیدیر رابگه‌یه‌نم كه‌ كوردێك به‌ ته‌مایه‌ ئه‌و گۆرانیه‌ی تۆ و هاواری گریباكه‌ی نێو دارستانه‌كانی ئه‌مازیغستان بگه‌یه‌نێته‌ ده‌رگا و په‌نجه‌ره‌ هه‌میشه‌ كراوه‌كانی كوردستان. ئه‌مه‌یه‌ هێزی هونه‌ر كه‌ دۆستایه‌تی و خۆشه‌ویستی و ته‌بایی و جوانی ده‌گه‌یه‌نێته‌ دوورترین شوێن و كاته‌كان،، كه‌ تۆ هه‌بوویت،، بێگومان خه‌ڵكی دی هه‌یه‌ گوێیان له‌ بوونی تۆ ده‌بێ، تۆ قسه‌ی خۆتت كرد،، سه‌دا و زایه‌ڵه‌ و ده‌نگدانه‌وه‌كانت هه‌میشه‌ له‌ سارا بیكۆتاكانی ئه‌فریقیا و شاخ و داخه‌ سه‌ركه‌شه‌كانی ئه‌تله‌س و ئۆراس و بابۆر هه‌تا ده‌گاته‌ زاگرۆسی میدیا شه‌پۆل ده‌دا و نابڕیته‌وه‌.
(ڤاڤا ئینۆڤا..
ڤاڤا ئازادی)
تێكست و كورداندنی ئاواز: ئه‌مین بۆتانی
پرۆژه‌یه‌ك بۆ سترانێكی دۆستایه‌تی نێوان كورد و ئه‌مازیغ
به‌رهه‌م لای هونه‌رمه‌ندی كورد (شڤان په‌روه‌ر)ه‌

هۆڤا سه‌قه‌مێ‌ لپه‌ی منه‌
زوو ده‌ری ڤه‌كه‌ ڤاڤا ئینۆڤا ئا ڤاڤا ئینۆڤا
لناڤ دارستانا سته‌مێ‌
ئازادی تونه‌ ڤاڤا ئینۆڤا ئا ڤاڤا ئینۆڤا
لێ لێ لێ لێ لێ
لێ لێ لێ لێ لێ
ژبۆ ئازادیێ ئه‌م به‌نده‌وارن
لێ لێ لێ لێ لێ
سته‌ما كۆله‌داران
سڕ و سه‌قه‌ما دنیایێ ئه‌م خوارن

لبه‌ر ده‌رێ‌ سه‌رفرازیێ
ڤاڤا ئینۆڤا سڕێ ئه‌م برن
نه‌ ژیان نه‌ ئازادی هات
سال زه‌مان ده‌ربازبوون ئه‌م ل ڤرن
لێ لێ لێ لێ لێ
لێ لێ لێ لێ لێ
ژبۆ ئازادیێ ئه‌م به‌نده‌وارن
لێ لێ لێ لێ لێ
سته‌ما كۆله‌داران
سڕ و سه‌قه‌ما دنیایێ ئه‌م خوارن

هێ دنیا گریبا دگری
چما نابهیزی ده‌نگێ بازنا
ده‌رێ‌ وژدانا خوه‌ ڤه‌كه‌
دل زاف تژه‌یه‌ ژگلی و گازنا
لێ لێ لێ لێ لێ
لێ لێ لێ لێ لێ
ژبۆ ئازادیێ ئه‌م به‌نده‌وارن
لێ لێ لێ لێ لێ
سته‌ما كۆله‌داران
سڕ و سه‌قه‌ما دنیایێ ئه‌م خوارن
… … …
https://www.youtube.com/watch?v=Z_WEEh3I5OY
هونه‌رمه‌ند ئیدیر له‌ چه‌ند دێرێكدا:
ناوی راسته‌قینه‌ی خۆی (حه‌مید شریات)ه‌ له‌ ساڵی 1949 له‌ گوندی ئایت لحسێن له‌دایكبووه‌ له‌شاری تیزی ئۆزۆی جه‌زائیر، دایكی ناوی ناوه‌ (ئیدیر) وه‌ك سیمبول له‌ كه‌لتووری ئه‌مازیغیه‌كان بۆ چاوه‌زار و تووشنه‌بوون به‌ كاره‌سات و به‌ڵا، له‌ناو كوردیش هه‌مان كه‌لتووری ناونان هه‌یه‌ بۆ مانه‌وه‌ی منداڵی نێرینه‌؛ له‌ناو كوردانی ئێزدی ناوی (كرێت و كورتان و…هتد)هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بمێننه‌وه‌ و له‌وچاوی پیس به‌دوور بن.
ئه‌ندازیاری جیۆلۆجیا بووه‌ و له‌ بواری پترۆڵ كاری كردووه‌ له‌ بیابانه‌كانی جه‌زائیر.
وه‌ك باڵیۆزی هونه‌ر و گۆرانی و شوناس و كه‌لتووری ئه‌مازیغیه‌كان ناسراوه‌ له‌سرانسه‌ر ئه‌و وڵاتانه‌ی باكووری ئه‌فریقیا كه‌ نه‌ته‌وه‌ی ئه‌مازیغی لێ ده‌ژی، هه‌ڵبه‌ت له‌ وڵاتانی مۆریتانیا و مه‌غریب و جه‌زائیر و توونس و لیبیا و هه‌تا ده‌گاته‌ مسر رێژه‌ی ئه‌مازیغه‌كان 90% و عه‌ره‌به‌كان ته‌نیا كه‌متریشن له‌ رێژه‌ی 10% ئه‌و وڵاتانه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ هاتنی موسوڵمانه‌كان بۆ باكووری ئه‌فریقیا به‌ره‌به‌ره‌ ئه‌مازیغه‌كان وه‌ك بوون و كه‌لتوور و ناسنامه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی توێنرانه‌وه‌ و به‌شێویه‌كی زۆره‌ملێ مۆركی عه‌ره‌بییان به‌سه‌ردا سه‌پێنرا، له‌وباره‌وه‌ هونه‌رمه‌ند ئیدیر ده‌ڵێ: ئێمه‌ی ئه‌مازیغ له‌ باكووری ئه‌فریقیا كێشه‌ی شوناسمان هه‌یه‌ و هه‌وڵ ده‌ده‌ین له‌ رێگه‌ی سیاسیانه‌ و ئاشتیانه‌ و زانایانه‌ و دانایانه‌ چاره‌سه‌ری دۆخی نه‌ته‌وایه‌تی خۆمان بكه‌ین،، هه‌روه‌ها له‌ شوێنێك كه‌ پێی ده‌ڵێن بۆچی به‌ عه‌ره‌بی قسه‌ ناكه‌ی؟ ئه‌و ده‌ڵێ من ئه‌مازیغیم و هیچ په‌یوه‌ندییه‌كم به‌عه‌ره‌به‌وه‌ نیه‌، من سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كی جیاوازم. هونه‌رمه‌ند له‌باره‌ی ئه‌و جه‌ور و سته‌مه‌ی به‌سه‌ر نه‌ته‌وه‌كاندا هاتووه‌؛ به‌راورد له‌ نێوان كورد و ئه‌مازیغدا ده‌كات و سه‌باره‌ت به‌ چه‌وساندنه‌وه‌ و پاكتاوی ره‌گه‌زیی دژ به‌ كورده‌كان ده‌ڵێ” بارودۆخی ئێمه‌ی ئه‌مازیغ تۆزێك له‌وه‌ی كورده‌كان باشتر بوو، چونكه‌ كورده‌كان له‌ عێراق دووچاری جینۆساید و ریشه‌كێشكردن بوونه‌وه‌.
هونه‌رمه‌ند ئیدیر له‌ سه‌ره‌تای هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی رابردوو رووی له‌ فه‌ره‌نسا كردووه‌ و له‌و كاته‌وه‌ له‌ پاریس ده‌ژیا.
تا ئێستا چه‌ندین و به‌رهه‌م و ئالبومی گۆرانی هه‌یه‌ به‌ زمانی ئه‌مازیغی.
ئه‌و وه‌ك هونه‌رمه‌ند و كه‌سایه‌تیه‌كی هونه‌ری یه‌كێكه‌ له‌وانه‌ی به‌هێزه‌وه‌ له‌پێناو ئاشتیدا تێده‌كۆشا و زۆر به‌ په‌رۆشه‌وه‌ پاڵپشتیی ئه‌و هه‌وڵ و خۆپێشاندان و كۆڕ و كۆبوونه‌وه‌ جه‌ماوه‌ری و هونه‌ریانه‌ بوو وه‌ك لایه‌نگرێكی دۆزی ره‌وای مرۆڤایه‌تی.
به‌داخه‌وه‌ ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ مه‌زنه‌ دوای ساڵانێكی زۆر له‌گه‌ڵ نه‌خۆشی، كاتژمێر نۆ و نیوی ئێواره‌ی رۆژی شه‌ممه‌ 2/5/2020 له‌ نه‌خۆشخانه‌ی (بیشا سان كلوود بێرنار) له‌ پاریسی پایته‌خت كۆچی دوایی كرد.




سەردەشت عوسمان، گەشمردەیەکی زیندووە … فەرەیدون کونجرینی

هاوبیرو هاوڕێ و خۆنەویست ڕۆژی ڕفاندن و تیرۆرکردنت یاددەکەیینەوەو لەگەڵماندا دەمێنیت” بەو هیوایەی ساڵەهای ساڵە کردومانە بە چرایەك و ڕۆشنایی لە کۆمەڵگەی کوردیدا بە درەوشاوەیی. هاورێ سەردەشت دوای کۆچی تۆ زۆرمان نوسی و زۆرمان وت، خوێندنەوەشمان بۆ هەر بیروڕایەک هەبووەو بەردەوام هاوڕێیانی ئازادی سەربەخۆ لە پێشبڕکێی یەکدابون و بیروڕایان فراوانتر لەیەکتری نیشانداوە. نوسراوەکان بەردەوام لە گۆڕانکاریدان، بەڵام سەرکردایەتی کورد لە باشورو دەسەڵاتداران لەشوێنی خۆیدایەو، هێشتا جەنگی ناوخۆ بەردەوامە. لە پاش مەرگی تۆ، کە 10 ساڵە ئێمە لەنێو قوتابخانەیەکداین و بەردەوام وانە بە سەرکردەکانمان دەڵێینەوە، وانەیەك گەر هــــی پانزدەساڵ لەمەبەر بگوترێتەوە لەگەڵ رەوشی ئێستای سیاسیان دەگونجێ.

لە پاش کۆچی دوایی تۆ دەیان کەس هاتن و قەڵەمەکانیان بەکارهێنا بۆخۆجێگاکردنەوەو بەرژەوەندی خۆیان شەقامیان هەژاندو پاش خۆدەرخستن و ناساندن و گەورەبونیان، هەمو ئەوشتانەی بەویژدانیانەوە هەڵواسرابوو فرۆشتیانەوە بە حزبێك یان بەرپرسێك. بۆ هەڵبژاردنەکانی کابینەی نۆ کۆنەبەعسیەك کەیسەکەتی بەکارهێنا لە خۆکاندیدکردنیدا، هەندێك لەوانەی لە ڕۆژی بەخاك سپاردنتا دەیانگوت ئێمە هەمومان سەردەشت عوسمانین، قۆناغەکانی حیزبی و حکومییان تێپەراندو ئێستا خانەنشینن. ساڵی پار داوام لەیەکێکیان کرد، کە 05.05 یادی ڕفاندن و تیرۆرکردنی تۆیە گوتی بابەتێکی ترنیە باسیکەی. لەوڕۆژەوە ڕۆشنایی هاوڕێیەتیم لێ خامۆشکردوە.

ئەوانەی خۆیان نــەفرۆشت و قەڵەمیان بۆ هێشتنەوەو نوسینی وشەی ئازادی رادەربڕین بەکارخس،ت خوێنەرو نوسەرو چەند هاوڕێیەکی کەمی ئەو کاتەتن و هێشتا بەردەوامن” بەهۆی خراپی باری ژیانیان لە ئاستێکی باشدانین و نەگەیشتون بەهیواکانیان. یەکیان پاکەت و ئەویتریان ساردەمەنی دەفرۆشێ، دوانیان عەرەبانچیە” هەندێکیشیان بەهۆی کەمتەرخەمی حکومەت وڵاتیان بۆ ژمارەیەک لەگەندەڵ و دزو چەوسێنەر جێـــهێشتوە.

هەندێكیان گیرۆدەی بارودۆخن بەهۆی بەردەوامی لە بیروڕاو ئازادی سەربەخۆ هەڵدەکوتنە سەر ماڵیان و دەستگیر دەکرێن ” ئازادیخوازان بەڵێنیانداوەو دەڵێن قەلە ڕەشەکانی باشور دوردەخەینەوەو باڵەکانیان دەبڕین و پێیەکانیان دەشکێنین”

لە پاش کۆچی دوایی تۆ دەیان کەسی کامڵنەبوی ئازاو بەهەڵوێستی ڕوناکبیر هاتونەتە کایەی ڕۆژنامەگەری و نوسەری باشن. هاوڕێ گیان بەرپسە بکوژەکان دەیان قەڵەم فرۆشی بێنرخیان هەیەو پیاهەڵدانیان بۆدەکەن و هەمیشە لە ئاشوب نانەوەو گێرشێوێنیدان. بەرپرس و حزب لە چاوەڕوانی هاتنی غولامێکدان بیکڕن و بیکەنە کۆیلەو پاسەوانی خۆیان و سەرمایەو موڵکیانی پێ ببستنەوە، ئەوان خەڵکانێکیان کڕیوە بەهەمان ئەو مافەی لێی سەندراوەو بەرپرس داگیریکردووە، ئیدی لەهونەری ستران” موسیک” شانۆ” سینەماو ئەکادیمی” مامۆستا” نوسەر” ڕۆشنبیر و دەیان جۆریتر نەرخەکانیان هاوتایە بە ئۆتۆمبێل و پارجەیەک زویی یان دەکرێنە موچەخۆریی بندیوار.

دڵنیابن لەم جۆرە تیرۆرکردنانە دووپات دەبێتەوە” دەیان عەبدولستارو سۆران و سەردەشت و کاوە گەرمیانی و ویداد دهۆکی لە بەرنامەی ئەقڵە تیرۆریستییەکاندایە بۆ ئەوەی ئازادی بمرێنن و قڕوقەپ بە خەڵکی مەدەنی بکەن و ڕاستیەکان نەگوێزرێنەوە بۆ شەقام و کپکرێ”.

هاوڵاتیانی ئازادیخواز سڵمەکەنەوە لە ڕفاندن و هەڕەشەی دەسەلاتداران” بوێرانە ڕووبەڕووی هەر بەرپرسێك ببنەوە، وێنەی گەندەڵکاران بەرز بکەنەوەو لەسەر وێنەکان تەواوی تاوانەکانیان بنوسنەوە، دزین و تاڵانی هەربەرپرسێك چۆن کراوە، گەندەڵی و جۆری پیشەکانیان ئاشکراکەن. کاتێك بەئێوە دەگوترێ ڕۆژنامەنوس و چالاکوانی مەدەنی دەبێت قۆڵی مەردایەتی لێهەڵکەن و، بە وشەی گورز وەشاندن ڕوبەڕوی هەر بەرپرسێك ببنەوە تا ڕیشەکێشیان دەکەن.

فەرەیدون کونجرینی




جیهانی ته‌كنه‌لۆژیا له‌سه‌ده‌ی ئه‌مڕۆدا … ئه‌حمه‌د كامه‌ران

ساڵ به‌ساڵ جیهانی ته‌كنه‌لۆژیا په‌نتاییه‌كی فراوانی به‌خۆیه‌وه‌ داگیرده‌كات ,كه‌ ئه‌و داگیركردنه‌ش له‌سه‌رجه‌م سێكته‌ره‌كانی ژیانی رۆژانه‌ی مرۆڤه‌كان ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌كی زه‌ق یاخود به‌شێوه‌یه‌كی تر,كه‌ ده‌توانم بڵێم به‌شێكی مڕۆڤه‌كان خۆیان به‌شێوه‌یه‌كی زۆ مه‌ترسیدارو بێ پلان ئاڵووده‌ی جیهانی ته‌كنه‌لۆژیا بوونه‌ كه‌ ئه‌مه‌ش لێكه‌وتی مه‌ترسیداری به‌دوای خۆیدا ده‌هێنێت , ئه‌مه‌ش زۆر له‌ ئاڵوده‌بوون به‌ خواردنه‌وه‌ كحولیه‌كان و ماده‌ هۆشبه‌ره‌كان مه‌ترسیدارتره‌ بۆ مڕۆڤه‌كان,به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه‌ لێره‌دا گرنگه‌ ده‌بێت مڕۆڤه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی ته‌ندرووستانه‌ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ دا بكه‌ن بۆ به‌ڕێكردنی كاروباره‌كانی ژیانی رۆژانه‌ی خۆیان و سوودبینین له‌و جیهانه‌ ته‌كنه‌لۆژیایه‌دا كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆ له‌نێو به‌شێكی زۆری ماڵان بوونی هه‌یه‌, ئه‌گه‌رنا به‌پێچه‌وانه‌كه‌یه‌وه‌ ئه‌گه‌ر بێت ئێمه‌ی مڕۆڤ نه‌توانین زاڵ بین به‌سه‌ر ئه‌و جیهانه‌ ته‌كنه‌لۆژیایه‌دا , ئه‌وه‌ راسته‌وخۆ ته‌كنه‌لۆژیا زاڵ ده‌بێت به‌سه‌رمان داو به‌ئاره‌زووی خۆی جوڵه‌مان پێ ده‌كات و سه‌رجه‌م كاته‌كانمان به‌فێڕۆده‌دات.
خوێندنی ئه‌لیكترۆنی یان خوێندنه‌وه‌ی ئه‌لیكترۆنی, كه‌ ئه‌مه‌ش به‌شێكی سه‌ره‌كی جیهانی ته‌كنه‌لۆژیایه‌ كه‌ خوێنه‌ر ده‌توانێت له‌ ڕێگای ته‌كنه‌لۆژیاو ئه‌و ئه‌نته‌رنێته‌ی له‌به‌رده‌ستی دایه‌ , بۆخۆی ده‌توانێت سوود له‌خوێندنه‌وه‌ی چه‌ندین كتێب ببینێت به‌شێوه‌یه‌كی خۆرایی كه‌ ئه‌مه‌ش واده‌كات له‌ ڕێگای ته‌كنه‌لۆژیاوه‌ ئاستی رۆشنبیری خۆی به‌رزبكاته‌وه‌, له‌پاڵ ئه‌وه‌شدا خوێندنی ئه‌لیكترۆنی بۆ سه‌رجه‌م قۆناغه‌كانی خوێندنیش به‌شێكی تری جیهانی ته‌كنه‌لۆژیایه‌ له‌ ئه‌مڕۆدا , واته‌ قوتابی جگه‌ له‌وه‌ی له‌ نێو هۆله‌كانی خوێندن وانه‌كان ده‌خوێنێت , به‌ڵام به‌هۆی بوونی جیهانی ته‌كنه‌لۆژیاوه‌ ده‌توانێت له‌ ماڵه‌وه‌ دووباره‌ وانه‌كانی به‌ده‌ست بهێنێته‌وه‌ له‌ ڕێگای شاشه‌یه‌كه‌وه‌, كه‌ ئه‌مه‌ش وا ده‌كات به‌كارهێنه‌رانی ته‌كنه‌لۆژیا به‌رده‌وام بن له‌ به‌كارهێنانی ته‌كنه‌لۆژیا به‌شێوه‌یه‌كی ڕێك و پێك و ته‌ندرووست دا, به‌ڵام لێره‌دا كه‌ ئه‌وه‌ی جێگای سه‌رنجه‌ سه‌باره‌ت به‌خوێندنی ته‌كنه‌لۆژیا , ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌م جۆره‌ خوێندنه‌ بۆ هه‌موو وڵاتێك به‌شێوه‌یه‌كی فراوان ده‌سته‌به‌ر نه‌كراوه‌ هه‌تاوه‌ كو ئێستادا, نموونه‌ش كوردستانی خۆمان كه‌ نه‌توانراوه‌ هه‌تاوه‌كو ئێستا به‌شێوه‌یه‌كی باش سوود له‌م ته‌كنه‌لۆژیایه‌ی به‌رده‌ستمان وه‌رگرین, واته‌ هه‌تاوه‌كو ئێستا له‌قۆناغه‌كانی بنه‌ڕه‌تیه‌وه‌ نه‌توانراوه‌ منداڵه‌كان په‌روه‌رده‌بكرێن له‌ به‌كارهێنانی ئه‌و ته‌كنه‌لۆژیایه‌ی ئه‌مڕۆ كه‌ بۆته‌ به‌شێكی سه‌ره‌كی ژیانمان , له‌هه‌مان كاتیشد نه‌توانراوه‌ ئینته‌رنێتێكی به‌هێز و گونجاو دابین بكرێت بۆ هه‌موو خه‌ڵكی , هه‌تاوه‌كو بتوانرێت له‌ڕێگای ئینته‌رنێته‌وه‌ سوود له‌جیهانی ته‌كنه‌لۆژیا و زانیاریه‌ به‌سووده‌كانی ناوی وه‌ربگرێت…




زینی وه‌رتێ و گه‌مه‌ چه‌په‌ڵه‌كانی توركیای داگیركه‌ر … ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب

چه‌ندین ساڵه‌ توركیا له‌ هه‌وڵدانه‌ بۆ زیندوكردنه‌وه‌ی خه‌لافه‌تی عوسمانیلییه‌كان و بووه‌ته‌ وڵاتێكی داگیركه‌رو نموونه‌ش زۆرن و له‌ سه‌ره‌تادا به‌ داگیركردنی قوبرس ده‌ستپێكردو له‌ پاشان خه‌ڵكی باكوری كوردستانی قه‌لاچو كردو ئینجا عه‌فرین و سه‌ری كانی وشارو شارۆچكه‌كانی رۆژئاواو روبه‌رێكی فراوان له‌ خاكی باشوری داگیركردو رژێمه‌ سه‌ركوتكه‌رو ره‌گه‌زپه‌رسته‌كه‌ی ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان به‌وانه‌ش نه‌وه‌ستاوه‌و له‌ هه‌موولایه‌ك هه‌وڵی داگیركردنی زۆرتره‌و هەوڵئه‌دات باشوور و ڕۆژئاوای كوردستان به‌ ته‌واوه‌تی داگیر بكات و به‌ناوی پاراستنی خاكه‌كه‌ی هه‌نگاو به‌ هه‌نگاو سنوورەكانی خۆی بباتەوە كاتی جەنگی یەكەمی جیهانی و له‌وه‌ش زیاتر چاوی له‌ سه‌ر داگیركردنی موسڵ و كه‌ركوكه‌.
بۆردوومانکردنی ناوچە سنوریەکانی باشوری کوردستان لە لایەن فرۆکە جەنگییەکان و تۆپخانەکانی تورکیای دوژمن لە ناو خاکی کوردستان بێ رێزی و سوکایەتییە بە گەل و نیشتمان و، ھەرلایەنێک ڕێگە بەو بۆردومانکردنە بدات ئەوە بێشک خیانەتێکی نەتەوەییە و جێی ریسواو شەرمەزارییە و، لە راستیدا بەردەوامی ئەو بۆردوومانانە بە ھەموو شێوەیەکانی کارێکی نارەوا و نامرۆڤانەیە و ئاسایشی وڵات و خەڵکی گوندەکانی خستوەتە مەترسییەوە بە جۆرێک ناتوانن لە شوێن و زێدی باوباپیرانی خۆیان بە ئارامی بژێن و، ئازادانە بەردەوام بن لە کاری رۆۆژانەیان ‌وەک: کشتوکاڵی و بەخێوکردنی ئاژەڵ و ھەنگ و بایخدان بە باخ و رەزەکانیان.
له‌ سه‌ره‌تای مانگی نیسانی ئه‌مساڵ له‌پر ناوی زینی وه‌رتێ بوو به‌ جێی باسكردن وه‌ك رووداوێكی گرنگ و، بووه‌ هۆێ گرژی و ئاڵۆزی له‌ نیوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان و هه‌ردولا هێزیان بۆ ناوچه‌كه‌ جولاندو، حكومه‌تی كوردستان ئه‌ڵێت بۆ ریگری له‌ په‌تای كۆرۆنا هێزمان ناردووه‌و ئه‌مه‌ش راست نییه‌‌ چونكه‌ زینی وه‌رتێ نزیكه‌ی‌ 50 ــ 70 كێلۆمه‌تر له‌ سنوری ئێران دووره‌و كه‌س به‌و لێدوانه‌ی حكومه‌ت باوه‌ر ناكات و، خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ باسی ئه‌وه‌ ئه‌كه‌ن كه‌ كه‌سانێكی بێگانه‌ بینراون ئامێرو كه‌ره‌سه‌ته‌ی سیخوری هه‌واڵگیریان پێ بووه‌ وه‌ك : ده‌زگای په‌یوه‌ندی و بێته‌ل و كامێراو دووربین و شتی ترو هه‌ندی كه‌س ئه‌ڵێن بێگانه‌كان به‌ زمانی توركی قسه‌یان كردووه‌.
له‌ نووسینێكی پێشتر ئاماژه‌م به‌وه‌داوه‌ : تورکیا بەھۆی داگیرکردنی چەندین ناوچەی باشووری کوردستانی بووەتە خاوەن دەسەڵات و سەربەستانە ھاتووچۆ ئەکات و، سیخورەکانی لەناو خاکی کوردستان بڵاوکردووەتەوەو، پەیوەندی تورکیاو ھەرێمی کوردستان لە خزمەتی تاقمی ئەردۆگانی تیرۆریست و ئاگپارتییەو، بە پێی بەرپرسانی تورکیاو کوردستان پەیوەندیی تورکیا لەگەڵ ھەرێمی کوردستان، پەیوەندی غازو نەوتەو، ھیچ ‌پەیوەندییەکی بە سەربەخۆیی کوردستان نییە وەک بانگەشەی بۆ ئەکەن و، راستییەکەی ئەوەیە ڕوسیا غاز لە تورکیا ئەبرێت و، ئەوانیش لە ھەرێمی کوردستان بە مفت و ھەرزان وەریئەگرن، ھەروەک چۆن نەوتی ھەرێمیشیان بە تاڵان وەرگرتوە، شایانی وەبیرھێنانەوەیە پێشتر ( بەرپرسانی پارتی دیموکراتی کوردستان له‌ سه‌ر زاری كه‌مال كه‌ركوكی ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی باسیان لەوە کردووە کە تورکیا یارمەتیی ھەرێم ئەدات بۆسەربەخۆیی ! ).
سوپای توركیا لەهەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆك بە قووڵی 30 ــ 35 كیلۆمەتر هاتووەتە ناو خاكی هەرێمی كوردستانەوەو ، ژمارەی ئەو یەكە توركیانەی لەو ناوچانە وه‌ك زانراوه‌ ئه‌گاته‌ 19 یەكە لەگەڵ كەلوپەل و تفاقی سه‌ربازی مۆدێرن له‌ تانك وتۆپی جۆراوجۆرو دۆشكاو له‌ هه‌ندی ناوچه‌ش سەكۆی نیشتنەوەی هێلیكۆپتەر هه‌یه‌.
ئه‌مه‌ یه‌كه‌م جار نییه ئاڵۆزی و گرژی ئه‌كه‌وێته‌ نێوان‌ یه‌كێتی و پارتی و، هه‌ردولا ده‌ستی باڵایان هه‌بووه‌ له‌ كوشتنی یه‌كترو، تاوانبارن به‌ كوشتنی پێشمه‌رگه‌و رۆڵه‌كانی گه‌ل له‌ پێناو به‌هێزگردنی ده‌سه‌ڵاتی بنه‌ماڵه‌ی بارزانی و تاڵه‌بانی و هیچی ترو ، شێوازی مامەڵەكردنی دەزگاكانی راگەیاندنی هەردوو حیزب لەگەڵ رووداوەكاندا زبرو ئاگرینه‌و چاندنی رق و كینه‌یه‌و، ده‌ستی باڵایان له‌ تۆمەت بەخشینەوە و ناوزراندنی یه‌كتر هه‌یه‌و ، له دزینی‌ نه‌وت و غازو دابشكردنی سامانی هه‌رێمی كوردستان به‌شدارن وه‌ك خۆیان ئه‌ڵێن : ئێمه‌ شه‌ریكین و دوو هاوپه‌یمانی ستراتیجین به‌بێ یه‌كتر ناتوانین وڵات به‌رێوه‌به‌رین به‌ڵام چۆن به‌رێوه‌بردنێك ، كه‌ڵه‌كه‌كردنی قه‌یرانه‌كان و له‌ ماوه‌ی 28 ساڵ نه‌یانتوانی كاره‌باو ئاوی خواردنه‌وه‌ی پاك و شایسته‌ بۆ خه‌ڵك دابین بكه‌ن و مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و مامۆستایان و كرێكاران بده‌ن و، هه‌ردوولا بوونه‌ته‌ ده‌ستكه‌لاو كرێگرته‌ی وڵاتانی ده‌وروبه‌ر به‌تایبت توركیاو ئێران
بۆ وه‌بیرهێنانه‌وه‌ جارێكیان لەپەرلەمانی كوردستان سه‌رۆوكی پێشووی هه‌رێمی كوردستان مه‌سعود بارزانی وتی : من‌و مام جه‌ڵال تاڵەبانی لەشەڕی براكوژیدا بێ‌ گوناهین و ، ئەگەر هه‌ردووكمان دادگایی بكرێین، رەنگە من‌و ئەو بێ‌ گوناه بین، هەرچەندە شەرمەزارییە كە لەبەرپرسیاریەتی هەڵبێین، بەڵام ئیدی توشی ئەو روداوە بوین‌و پێویستە لێكۆڵینەوەی تیا بكرێت، بەهەر حاڵ وانەیەكی باش بوو بۆ ئێمە ، به‌ڵی ئه‌وان بێ گوناهن، پێشمه‌رگه‌ی هه‌ردوولا بوونه‌ قوربانی و هه‌زارانی تریش سه‌قه‌ت و بێ سه‌رو شوێنن و، له‌مرۆشدا كورو ئامۆزاكانیان نیازیان گه‌رمكردنی یارییه‌ قیزه‌وه‌نه‌كه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی خوێنی زیاتر برژێت و ، جێی خۆشحاڵییه‌ پێشمه‌رگه‌ی هه‌ردوولا رازی نین به‌ شه‌ری ناوخۆ هه‌رچه‌نده‌ حوڵاندنی هێز بۆ زینی وه‌رتێ گرژی و دڵه‌راوكێی دروستكردووه‌و، ‌ ئەوەش كاردانەوەی جۆراوجۆری لێكەوتووەتەوه‌و، خه‌ڵكی وه‌رتێ و دۆڵی شاورێ داوا ئه‌كه‌ن به‌رژه‌وه‌ندییه‌ باڵاكانی كوردستان له‌ به‌رچاو بگرن و، هه‌روا رێگه‌ له‌ پلان و خه‌ونی دوژمنان و داگیركه‌رانی كوردستان بگرن و به‌ زووترین كات هه‌ردولا هێزه‌كانیان له‌ زینی وه‌رتێ بكشێنه‌وه‌.
ماوه‌یه‌كه‌ بۆدوومانی فرۆكه‌ جه‌نگییه‌كانی توركیا چرتر بووه‌ته‌وه‌و پشت به‌ فرۆكه‌ی بێفرۆكه‌وان وچاوساخ و سیخوره‌كانی له‌ناو كوردستان ئه‌به‌ستێت و، له‌ رێی هێزی تۆپخانه‌كانییه‌وه‌ جاروبار خاكی كوردستان ئه‌كوتێت و، به‌وه‌ش نه‌وه‌ستاوه‌و، په‌یتا په‌یتا هێز ئه‌هێنێت بۆ ناو قوڵایی خاكی كوردستان و، دیاره‌ هاتن و هێنانی هه‌ر هێزێكی بێگانه‌ بۆ ناو خاكی كوردستان كارێكی باش و راست نیه‌و، لێره‌دا ده‌رئه‌كه‌وێت كه‌ توركیا دوژمنایه‌تی كورد له‌ باكورو له‌ باشورو شوێنه‌كانی تر ئه‌كات و ، له ‌ئێستادا توركیا به‌شێوه‌یه‌كی جیاوازتر له‌ ڕابردوو به‌ ئاشكرا هاتووه‌ته‌ نێو قوڵایی خاكی هه‌رێمی كوردستان و ڕۆژانه‌ هاوڵاتیان به‌ئاسانی ئه‌‌توانن سه‌ربازانی توركیا و جموجوڵه‌كانیان ببینن، له‌به‌رامبه‌ریشدا حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی عێراق بێده‌نگییان له‌ئاست له‌شكركێشیی و بۆردوومانه‌كانی توركیا هه‌ڵبژاردووه‌.
هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان لە هاتنە كایەی ئەم بارودۆخە نەخوازراوه‌ی زینی وه‌رتێ نیگەرانن‌ بۆیه‌ پێویسته‌ به‌ زووترین كات كێشه‌كان به‌ دانوستان و دیالۆگ و گفتوگۆ چاره‌سه‌ر بكرێن و، رێگا نه‌درێت گرژی و ئاڵۆزییه‌كانی ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ ته‌شه‌نه‌ بكات و، ئه‌بێت پارتی و یه‌كێتی دوور له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ته‌سكی حزبایه‌تی كاربكه‌ن له‌ پێناو ئاینده‌ی گه‌ڵی كوردستان و، هه‌وڵ بده‌ن له‌ گه‌ڵ حزبه‌كانی تری كوردستان و گه‌لی كوردستان بۆ دۆزینه‌وه‌ی رێگاچاره‌یه‌ك بۆ قه‌یرانه‌كانی كوردستان و نه‌هێشتنی بارگرژی زینی وه‌رتێ.
3/5/2020




پێکەوەبوونی خەمگین … نەوزاد بەندی

مەرج نیە پێکەوە ژیان ،
واتای ئاسوودەیی بێ ،
ساڵەهای ساڵ
نەخۆش و ئازار پێکەوەن ..
میللەت و گەندەڵ پێکەوەن ..

ساڵەهای ساڵ
توانەوە و بەفر پێکەوەن ..
تاڵی و شەکر پێکەوەن ..
دار و تەور پێکەوەن ..

مەرج نیە من و تۆ
دوو دیوی یەک دراو بین ..
دوو لەتی
یەک تاوانباری
ڕاکردووی
داواکراو بین ..

مەرج نییە
گەرم و سارد
سوور و شین
لەناو کێبڵی کارەبا بن..
ملیۆنان کیلۆمەتر
لەگەڵ یەکتر گەڕابن ..
پێکەوە شاد و تەبا بن ..

ساڵەهای ساڵ ،
مردن و ژیان پێکەوەن ..
پێکەنین و گریان پێکەوەن ..
من و تۆیش ..
قەساب و مەڕ ..
مل و چەقۆیش ، پێکەوەن ..

مەرج نیە پەپولە و گوڵ
بێ کێشە بن ..
ترپەی لێدان و دڵ
بێ کێشە بن ..

مەرج نیە چاو و خەو ،
بەختیار بن پێکەوە ..
مەرج نیە تۆ و ئەو ..
یان ڕۆژ و شەو
بێ کێشە بن ..

ساڵەهای ساڵ
ئاگر و درەخت وەک هاوڕێن ..
شەڕ و ئاشتی ..
عەقڵ وشێتی ، هێند نزیکن ،
وائەزانی خەڵکی یەک دێن ..




دەربارەى دۆخی کرێکاران … نووسینی: دانا حمید

بۆ کرێکاران؟ ڕەنگە کرێکار و کرێکاران لەسەرتاسەرى دونیا، سیاسەت و ئەدەبیاتی هەموو گەلێکدا شوێن و پێگەى خۆی هەیە. وە ئەم چینە واتە کرێکاران، دەبێ هەر لە دۆخی کارکردندابن یان نا، یان پرسیارەکە بەشێوەیەکی تر بکەین: دەکرێ وەزعی ژیان و گوزەرانی کرێکاران لە جیهاندا باشتر بکرێ. وە یان کرێکاران بارودۆخێکی ئاڵۆز جیهانییان هەیە، ئەوەى لەم ”یاداشتە-نوسین” نەدا ئاوڕمان لێداوەتەوە، ئەوەیە: ئایا و بەچارەسەرنەکراویان کرێکاران بۆ شوێنێکی تر کە کۆچ دەکەن بۆ کارکردن و بژێوی ژیانیان، بەاڵم کە ڕوودەکەنە نیشتیمان و مەنفای دووەم، وەک غەریبە و بێگانە سەیر دەکرێن……

بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە کلیکی ئێرەبکەن …..




ئاگامبێن: پەتاكە بیانوو بوو بۆ ڕاگەیاندنی ڕەوشی ئاوارتە -6- … ئازاد حەمە

بەشی شەشەم

    نازانین مردن لە كوێ چاوەڕێماندەكات، لێمانگەڕێن با لە هەموو شوێننێك چاوەڕوانیبكەین. تێڕامانی مردن تێڕامانی ئازادییە. ئەوانەی خۆیان فێری مردن كردووە نازانن چۆن خزمەتدەكەن. زانینی ئەوەی چۆن دەمرین لە گشت نشوستی و زەبرێك ئازادماندەكات.

میشێل دۆ مۆنتاین  Michel de Montaigne

دەروازە: ئەوەی دەیكەینە ناواخنی ئەم بەشە پەرچەكرداری فەلسەفەی سیاسی هزرەڤانی ئیتالی جیۆرجیۆ ئاگامبێن Agamben ە لەمەڕ پەتای كۆرۆنا. پەرچەكردارییەكە لە میانەی پووختەی ئەو تێكستانەوە بەردەستی خوێنەری دەخەین كە ئاگامبێن لەماوەی دوو مانگی رابردوو نووسیونی. نووسینەكان دەقی پووخت پووختن كە لە یەك دوو ماڵپەری سەرەكی ئیتالی بڵاوبوونەتەوە و دواتریش بە وەرگێڕانەوە لە هەندێك ماڵپەری تری ئەوروپای بڵاوكراونەتەوە(بڕوانە ژێردەر). لە بەشی پێشوو كرۆكی ئەو تێزە فەلسەفییە سەرەكییانەی ئەم هزرەڤانەمان بەرچاوخست كە لەگەڵ ئەو نووسینانەیدا یەكدەگرنەوە سەبارەت بە كۆرۆناڤایرۆس نووسران و ئێستاش هەوڵدەدەین پووختەی دەقەكان وەك خۆی بخەینە بەردەست خوێنەر تا راستەوخۆ لەوە بەئاگابێت كە ئاگامبێن بە چ شێوازێكی فەلسەفی-سیاسیی پەرچەكردارییەكانی دەگەیێنێت و كاردانەوەش لەناو تێگەیشتنی روناكبیرانی ئەوروپای دروستدەكات و تاكوێش دەكارێت ڕاچڵەكانی هزری لە بینین سەبارەت بە پەتای كۆرۆنا، لە پەیوەندی بە دەسەڵاتی سیاسی ئەوروپایی لە ڕاگەیاندنی ڕەوشی ئاوارتە، دروستبكات. دەقەكانی ئاگامبێن بە ناونیشانەكانیەوە خراونەتەبەرچاو و لە زۆر شوێنیش بەجۆرێك داڕێژراون كە ڕوونی لە تێگەیشتنی خوێنەری كورد دروستبكەن. دواتریش ڕاڤەی پوختەكان دەكەین.  

داهێنانی ئێپیدێمیەك  The Invention of an Epidemic

بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ڕێكارییە ناچارییە ناشایستە و نالۆژیكییەی دژ بە ئێپیدێمی (درم یان كۆتووشی  Epidemic-Épidémie) ناوبراو بە كۆرۆناڤایرۆس گیرانەبەر پێویستە بڕوانینە بەیاننامەكانی”سەنتەری توێژینەوەی نیشتیمانی” كە ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن کە پەتای سارس SARS-CoV2 لە ئیتالیا بوونی نییە و ئەوەی بوونی هەیە پەتایەكی تری سووكە، كە دەشێت دە هەزار كەسێك پێوەیببن و بە جۆرێك لە ئینفلەوانزای تایبەتیش ناوبنرێت و بەشێكی كەمیش لە تووشبوان ( 10-15% ) دووچاری هەڵاوسانی سییەكان دەكات و ژمارەیەكی زۆر كەمیش لەوانە، كە ڕەنگە بكات 4% ، پێویستی بە چاودێری چڕدەبێت. گەر ئەمەیە دۆزەكە كەوابێت بۆ راگەیاندنەكان و  دەسەڵات كار بۆ بڵاوكردنەوەی كەشێكی شڵەژان Panic دەكەن كە ئەمەش بووە هۆكاری دروستكردنی ڕەوشی ئاوارتە (باری ئاوارتە، دۆخی ڕیزپەڕ State of exception)و سەپاندنی قەدەغەی هاتووچۆ و هەڵپەساردنی هەل و مەرجی كار و ژیان؟دوو هۆكار هەیە ئەم رەفتارە ناهاوتایە ڕوندەكاتەوە. هۆكاری یەكەم ئەوەیە، مەیلێكی زۆر بۆ بەكاربردنی(خستنەگەڕی) ڕەوشی ئاوارتە هەیە وەك پارادایم  paradigm ێكی نۆرمالی حكومەت. ئەو مەرسومەی كە حكومەت زۆر بە پەلە سەبارەت بە پابەندبوون بە پاك و خاوێنی و ئاسایشی گشتییەوە پەسەندیكرد رێگایەكی راستەقینە بوو بۆ بەسەربازیكردنی ئەو شارەوانی و ناوچانەی دەنگۆی ئەوە هەبوو كەسێكی تووشبووی بە ڤایرۆسی  تیابێت و سەرچاوەكەشی نەزانراوە. ئەم فۆرمە ناروون و نادیاریكراوە وادەكات ڕەوشی ئاوارتە لە گشت ناوچەكان درێژبكرێتەوە لەكاتێكا دەشێت ئەو حاڵەتە لە شوێنی تر ڕوونەدات. بەپێی مەرسومە حكومییەكەش ئازادی كەوتە بەردەم سنورداركردنێكی جدییەوە :1) قەدەغەكردنی گشت هاتووچۆ و جوڵەیەكی تاكەكان لە شارەوانی و ناوچە پێوەبووەكەوە بۆ شوێنێكی تر؛ 2) قەدەغەكردنی چوونە شارەوانی یان ناوچەی پێوەبووەكە؛ 3) هەڵپەساردنی گشت جۆرە بۆنە و كۆبوونەوەیەك كە لە شوێنی گشتی و پرایڤت دا بكرێت، تادەگاتە بۆنە و رووداوی ئاینی و روناكبیری و وەرزشی، تەنانەت گەر لە شوێنە داخراوەكانیشدا بێت ؛ 4) هەڵپەساردنی خزمەتگوزارییەكانی پەروەردە بۆ مناڵان و قوتابخانە و گشت ئاستەكانی تر، گشت چالاكییەكانی قوتابخانە و خوێندنی باڵا وەستێنرا خوێندنی دیستانس نەبێت؛ 5) هەڵپەساردنی گشت خزمەتگوزارییەكی شوێنە كولتووری و مۆزەخانەكان؛ 6) هەڵپەساردنی گشت سەفەرێكی پەروەردەیی لەناوە و دەرەوەی وڵات؛7) هەڵپەساردنی گشت كارێكی گشتی و فەرمی بێدەستكاریكردنی خزمەتگوزارییە گشتی و بناغەییەكان؛ 8) پەیرەوكردنێكی وردی كەرەنتینكردن و چاودێریكردنی ئەو كەسانەی لە پەیوەندیدابوونە بەوانەی گومانی هەڵگرتنی ڤایرۆسەكەیان لێدەكرێت. بەپێی”سەنتەری توێژینەوەی نیشتیمانی” ئەمە ئینفلەوەنزایەكی نۆرمالە و لەوانە جیاواز نییە ساڵانە بڵاودەبنەوە. پاش ئەوەی پاساوی تێرۆریزم بۆ راگەیاندنی ڕەوشی ئاوارتە كاریگەری خۆی لەدەستدا داهێنانی ئێپیدێمی epidemic یەكی (درمێكی) ئایدیاڵ كرا بە بیانوو بۆ تەشەنەدان بە ڕەوشی ئاوارتە بەرەو دەرەوەی سنورەكان. هۆكاری دووەم، كە كەمتر لە هۆكاری یەكەم بێزاركەر نییە، بریتییە لە بارێك بۆ ترس كە لەم ساڵانەی دواییدا لە ویژدانی تاكەكاندا بڵاوبوەوە، ئەوەش بەو مانایە دێت كە پێویستییەكی راستەقینەی دەستەجەمعی بۆ باری شڵەژان بوونی هەیە، كە ئێپیدێمیەكە پێشنیاریدەكات و دەشبێتە پاڵپشتی بیانووە ئیدیاڵەكە. لەبەرئەوە، لە بازنەیەكی داخراوی بەدكاردا، حكومەتەكان بەناوی خواستی ئاسایشەوە سنورداركردنەكانی ئازادیان سەپاند و پەسەندیشكرا و، لەلایەن هەمان ئەو حكومەتانەشەوە ئەو خواستە مەیلی بۆ پەیداكرا.

تەشەنەكەر Contagion

یەكێك لە دەرئەنجامە نامرۆییەكانی شڵەژا  Panic ،كە هەوڵدەدرێت بە هەموو جۆرێك لە ئیتالیا بە بیانووی پەتای كۆرۆناڤایرۆسەوە بڵاوبكرێتەوە، هەمان ئایدیای تەشەنەیە كە بناغەشە بۆ ئەو ڕەوشی ئاوارتەیەی حكومەت پیادەیكرد. ئایدیاكە، كە لە پزیشكی هیپۆكراتێس Hippocrates ەوە دوورە(ناوبراو دامەزرێنەری پزیشكییە لە یۆنانی كۆن)، خۆی لەگەڵ ئەو تاعون Plague ە یەكدەخات ساڵی 1630 شاری میلانۆی ئیتالی گرتۆتەوە. لێرە ئاگامبێن وێنەیەكمان لەسەر دۆزی شارەكە پیشاندەدات كە لە رۆمانی “نیشانكردن”ی ئەلێساندرۆ مانزۆنی Alessandro Manzoniیەوە وەرگیراوە (ناوبراو رۆماننووسێكی ئیتالی سەدەی هەژدەیە). ئاگامبێن لە ڕێگای ئەم رۆمانەوە باسی شاری میلانۆمان بۆ دەكات كە چۆن لەو دەمەدا دانیشتوانەكەی دووچاری تاعون دەبن و هەریەكە لە خەمی ئەوەدایە دووچارنەبێت. وەك ئەوەی مانزۆنی لە رۆمانەكەیدا وێنەی دەكات كەسە تووشبووەكان لە شار وەك تاوانكار سێردەكرێن. لێرەوە دەبینین ئاگامبێن پردێك لەنێوان میلانۆی 1630 و ئیتالیای 2020 دا دروستدەكات و بەهۆیەوە هەل و مەرجی شار و مامەڵەی كڵیسە و هاوڵاتیان و دەسەڵات دەخاتەڕوو. ئاگامبێن ئاماژە بەوە دەدات كە بەپێی ئەم دوا یاسایەنەی ئیتالیا بێت دەشێت گشت هاوڵاتیەك تێرۆریست بێت، چونكە ئاگامبێن رێنوماییەكانی خۆپارێزی ئەوەندە تووند دەبینێت، تووشبوون بە ڤایرۆسەكە لەبەر رۆشنایی یاساكانی خۆپارێزی ڕێك بە دۆزی خۆپارێزی هاوڵاتیان لە تێرۆیست وێنادەكات. لەوەش ناخۆشتر بۆ ئاگامبێن دۆزی دوركەوتنەوەیە لەیەكتر و دانانی نێوان (دیستانس)ە، ئەوەش بە بیانووی ئەوەی تا لە تووشبوون بە پەتاكە بەدووربین.  هەر ئەوە بارێكی هێنایەپێشێ كە بە داخستنی قوتابخانە و زانكۆكان دەستیپێكرد و ئینتەرنێت شوێنیانی گرتەوە و هەموو كۆڕ و كۆبوونەوەیەكی سیاسی یان روناكبیری هەڵوەشایەوە و تاكە شتێك مایەوە نامە گۆڕینەوە دیگیتالیەكانمانن، بەوە ئالەت لەنێوان مرۆڤەکانا جێگای گشت پەیوەندیەكی– گشت تەشەنەكەر Contagion ێكی- گرتەوە.

ڕوونكردنەوەكان  Clarifications

ترس ڕێگانیشاندەرێكی باش نییە، لێ واشمانلێدەكات زۆر شت ببینین كە پێشتر لێیگەڕابووین نەیبینین. یەك لەوانە ئەو تەوژمی پانیكە بوو كە وڵات بەخۆیەوە بینینی و ئەوەشی نیشانداین كۆمەڵگەكەمان جگەلە ژیانی ڕووت (Bare Life/ La nuda vita) باوەڕی بە هیچ نەبووە. ئەوەش ڕوونبووەوە كە ئیتاڵییەكان بۆ دوركەوتنەوە لە مەترسی نەخۆشبوون بە پراكتیك ئامادەن، سەلماندییان، قووربانی بە هەموو شتێك بدەن-هەل و مەرجی نۆرماڵی ژیان، پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان، كار، تەنانەت هاوڕێیەتی و ئاینش یاخود باوەڕی سیاسیش- . ژیانی ڕووت، هاوكات ترسی لەدەستدانی ئەم ژیانە ڕووتە، شتێك نییە بۆ یەك خستنی خەڵك، بەڵكو شتێكە بۆ كۆكردنەوە و لێكدابڕانیان. بوونەوەرەكانی تر، هەروەك مانزۆن Manzoni ی لە رۆمانەكەیدا وەسفیكردووە، وادەردەكەون پیسن و پێویستە لێیاندوربكەوینەوە بەهەچ نرخێك بێت، یان دیستانسێك بخەینە نێوان ئەوان و خۆمانەوە كە بەلانی كەمەوە یەك مەتر بێت. مردووەكانمان مافی ناشتنیان نییە و ڕوونیش نییە لاشەی خۆشەویستەكانمان چی بەسەر دێت. هاودۆستەكانیشمان سڕاونەتەوە و سەیرەكەش لەوە دایە لەم بارەیەوە كڵیسە بێ دەنگە. پەیوەندییە مرۆییەكان لە وڵاتێك چی بەسەر دێت، كە كەس نازانێت تاكەی بەم جۆرە دەژیت ؟ ئەمە چ كۆمەڵگەیەكە لەو بەهایە زیاتری نییە كە دەیەوێت تەنیا بژیت و هیچیتر؟

شتەكەی تر، كە لەوی پێشتر كەمتر ڕاڕائامێز نییە، ئەوەیە كە ئێپیدیمییەكە بە ڕوونی ئەوە نیشاندەدات ڕەوشی ئاوارەتە (باری ڕیزپەڕ State of exception)، كە حكومەتەكان ساڵێك لەمەوبەر ئێمەیان لەسەری ڕاهێنا، بووە هەل و مەرجێكی نۆرماڵ. پێشتر ئێپیدیمی لەوەی ئەمڕۆ جدیتریش هەبووە و كەسیش بیری لەوە نەكردۆتەوە ڕەوشی نائاسای(دۆخی ناچاریState of emergency) ڕابگەێنرێت. ڕەوشەكە بەجۆرێكە تەنانەت ڵێشمانناگەڕێن بجولێینەوە. خەڵك ڕاهاتوون لە هەل و مەرجی قەیرانی بەردەوام و ناچارییدا بژیین و سەرنجی ئەوەش نەكەن ژیانیان بووەبە حاڵەتێكی بایۆلۆژی پووخت، حاڵەتێك كە نەك تەنیا ڕەهەندی كۆمەڵایەتی و سیاسییان تیا لەدەستداوە، بەڵكو بەزەی و سۆزی مرۆیش. ئەو كۆمەڵگەیەی لە ڕەوشی نائاسای (دۆخی ناچاری، باری ناهەمواری) بەردەوامدا دەژیت كۆمەڵگەیەكی ئازاد نییە. بەفیعلی ئێمە لە كۆمەڵگەیەكدا دەژین کە قووربانیدا بە ئازادی بۆ ئەو شتەی پێیدەڵێن “هۆكاری ئاسایش Security” و لە ئاكامی ئەوەشەوە حوكمی ئەوەی دایەسەرخۆی لە ڕەوشێكی بەردەوامی ترس و نائاسایش  Insecurity دا بژیت.

شتێكی چاوەڕێنەكراو نییە قسە لە ڤایرۆس بكەین بە زمانی جەنگ. ڕەوشی نائاسای(دۆخی ناچاری) مەجبوورماندەكات لەژێرسایەی قەدەغەی هاتووچۆدا بژیین، بەڵام جەنگ دژ بە دوژمنێكی نادیار كە دەتوانێت تیامانا نیشتەجێبێت لە پووچترین جەنگەكانە. ئەمە، با ڕاستگۆ بین، جەنگی ناوخۆیە. دوژمنەكە لە شوێنێك نییە لە دەرەوە، بەڵكو لە ناواماندایە. ئەوەی زۆر ڕاڕاماندەكات هەنووكە نییە یان هەر تەنیا ئەوە نییە، بەڵكو دواترە. هەروەك ئەوەی جەنگ ڕیزێك تێكنەلۆژیای زیانبەخشی سازاند و لەكاتی ئاشتیدا ڕاپێچی كارگە ئەتۆمییەكانی كردن ڕێشیتێدەچێت پاش ئەوەی ناچاری تەندروستی(sanitary emergency)  كۆتای دێت بەشێكی زۆر لەو ئەزموونانەی حكومەتەكان دەستیاندایێ و نەیانتوانی جێبەجێیبكەن: شیاوی مانەوەی زانكۆ و قووتابخانەكان بەداخراوی و وانەكانیش لەڕێگای ئۆنلاینەوە بن، بەمەش دوا سنور بۆ كۆبوونەوە و پێكەوبوونەكان دادەنرێت كە گفتوگۆی پرسیاری سیاسی و كولتووریان شیاودەكرد، ڕەنگە ئیتر تەنیا بە نامە دیگیتالییەكان ئاڵوگۆڕییەكان بكرێن، زۆر ڕەنگیشە مەكینەكان جێگرەوەی هەر كۆنتاكتێك– هەر تەشەنەكەر Contagion ێك- بن لەنێوان مرۆڤەكانا بكرێت.

پەرچەكرداری لەمەڕ تاعون Reflections on the Plague

ئەو پەرچەكردارییانەی دواتردێن پەیوەندیان بە خودی ئێپیدیمیەكەوە نییە، بەڵكو دەتوانین بەهۆی پەرچەكردارییەكانەوە لە ئێپیدیمیەكە تێبگەین. ئەمەش بەپێی ئەوەی، بابەتەكە پەیوەندی بە بیركردنەوە لە بەئاسانی خۆڕاهێنانی كۆمەلگەوە هەبووە كە چۆن ئاوا خۆی لە ماڵەوە گۆشەگیركرد و توانی هەل و مەرجی ژیانی نۆرماڵی خۆی، پەیوەندییەكانی كار، هاوڕێیەتی، خۆشەویستی هەروەها باوەڕی ئاینی و سیاسیش هەڵپەسێرێ. بۆچی هیج جۆرە ناڕەزای و پرۆتێستێك، كە شیاو و ئاسای بوو، لەم حاڵەتانەدا بكرێن نەكران؟ ئەو گریمانەی لێرە دەخوازرێت بخرێتەڕوو ئەوەیە كە تاعونەكە، گەر بێئاگایانەش بێت، پێدەچێت بەجۆرێك لە جۆرەكان پێشتر بوونی هەبووە، ئەو هەل و مەرجی ژیانەی تاعونەكە هێنای بەسە بۆ ئەوەی لەوبارەوە بپرسین مرۆڤەكان جارێكیتر دەگەڕێنەوە سەر ڕیتمی ژیانی لەمەوبەریان؟ ئەم پرسیارە پووختەی ئەو شتەیە، ئەو حاڵەتە نوێیەیە، كە تاعونەكە هێنای.  

ئەوەی كە شایانی بیركردنەوەیە، لەم بارانەدا، پێویستییە بۆ ئاین ئەوەش دۆزەكە پێشنیاریدەكات. زاراوەناسیەكی زۆر لە ئایدیای ئاخرزەمانناسی(eschatology) یەوە هاتۆتە ناو وتاری میدیاوە، بەتایبەتیش میدیای ئەمەریكی، لەو میدیایەش”ئەمە”بەجۆرێك دەردەكەوێت كە وشەكە لەلایەن خۆیەوە بۆ كۆتای جیهان (apocalypse ) دەگۆڕێت. كڵیسە كە نەیتوانیووە پێویستی ئاین تێربكات جێگرەوەیەكی بۆ دروستبوو كە زانستە. زانست بووەتە ئاینی سەردەم. زانستیش هەروەك ئاین توانای بڵاوكردنەوەی نەزانی و ترسی هەیە. بەكاربردنی ئایینیش لە كاتی تەنگەژەكانا بەشێكە لە پرۆسەی ئاین كە زانستیش دەكارێت ئەوە بكات. شتێكی تر كە لێرە پێویستە بیریلێبكرێتەوە داڕمانی ڕوونی گشت تێگەیشتن و باوەڕێكی هاوبەشە. لەم حاڵەتەدا مرۆڤ دەكرێت بڵێت، مرۆڤەكان ئیتر باوەڕیان بە هیچ نەماوە- بەدەر لە بوونێكی بایۆلۆژی ڕووت كە دەبێت بە هەچ نرخێك بێت بپارێزرێت، بەڵام ناكرێت زۆرداریی لەسەر بناغەی ترس لە ژیان لەدەستدان دابمەزرێت. هەر لەبەر ئەوە – كاتێك ناچارییەكە  emergency، تاعونەكە ڕووندەكرێتەوە-باوەڕناكەین ئەوانەی كەمترین ڕوونییان لابووە بكارن بۆ ژیانی پێشوویان بگەڕێنەوە (گەڕانەوە بۆ ژیانی پێش تاعونەكە مەبەستە). ئەمڕۆ دەشێت ئەوەش خەمۆكاویترین شت بێت، تەنانەت ئەگەر ،وەك دەڵێن، “تەنیا بۆ ئەوانەی هیوایان نەبووە هیوایان پێدرا”.

دیستانسی كۆمەڵایەتی  Social distancing

مێژوو فێرماندەكات گشت دیاردەیەكی كۆمەڵایەتی كاردانەوەی سیاسی هەیە، ئەمەش وادەكات واتای نوێ بچێتە لێكسیكۆنی سیاسی رۆژئاواوە: دیستانسی كۆمەڵایەتی كە لەگەڵ زاراوەی حەپس (confinement) هاتەگۆڕێ لەویش نەرمونیانتر خۆی دەردەخات. ئەوەی ئێستا روودەدات دەشێت بە جۆرێك لە جۆرەكان بە ناچاریی تەندروستی ناوبنرێت و وەك ئەزموونگەیەكی تازەی دروستكردنی بنەمای سیاسی و كۆمەڵایەتی نوێش سەیربكرێت. ڕەنگە جارجار هەندێك دەبەنگ پێیانوابێت تێكنەلۆژیای دیگیتالی نوێ دەتوانێت بە دیستانس پەیوەندییەكان بەجۆرێكی پۆزەتیڤ ئەنجامدات، بەڵام كۆمەڵگەیەك لەسەر بناغەی دیستانسی كۆمەڵایەتی پێكبێت باوەڕناكرێت شایانی ژیانێكی مرۆیی و سیاسی بێت.

پرسیارێك  A Question

هاوبەشی لە بیركردنەوەی ئەوانە دەكەم وەك خۆم ماوەی مانگێكە بیر لە پرسیارێكی لەم شێوەیە دەكەنەوە: چۆن سەرلەبەری وڵاتێك، لەڕووی سیاسی و ڕەوشتییەوە، لەبەردەم نەخۆشییەكدا داڕما؟ ئەو وشانەی بۆ داڕشتنی ئەم پرسیارە بەكاربراوە زۆر بە ووردی بیریلێكراوەتەوە؟ پێوانەی دەستبەرداربوونی پرینسیپە ڕەوشتیی و سیاسییەكان شتێكی زۆر ئاسانە: پرسیارەكە لێرە تەنیا پەیوەندی بەو سنورەوەیە كە ناتەوێت دەستبەرداری بیت. ئەو خوێنەرەی دژوارییەكان لەئەستۆدەگرێت دەكارێت لەو لایەنە بێ خەم تێبگات كە ئەو رێگرییە تێپەرێنرا مرۆڤایەتی لە بەربەریەت جیادەكاتەوە.

یەكەم شت و گرنگترین شتێك كە لێرە هێمای بۆدەكرێت پەیوەندی بە جەستەی مردووەكانەوە هەیە. باشە چۆن توانیمان تەنها بەناوی ترسێكەوە كە ناتوانین سەرچاوەكەی دیاریبكەین لێگەڕاین كەسانێك كە خۆشماندەوێن نەك هەر بەتەنها بمرن، بەڵكو –كە لە مێژوودا لە ئەنتیگۆن Antigone  ەوە تا ئێستا رووینەداوە- لاشەكانیشیان بێ ناشتن بسوتێنرێن ؟

دووەم شت ئەوەیە، ئەوەشمان پەسەندكرد، كە ئازادی جووڵانەوەمان سنوورداربكەین بێ ئەوەی هیچ كێشەیەكیش دروستبكەین، بەناوی مەترسیێكیشەوە ئەوەمان پەسەندكرد كە پێشتر نە لە مێژووی وڵاتەكەمان و تەنانەت نەش لەماوەی دوو جەنگە جیهانیەكە (لەماوەی جەنگ قەدەغەی هاتووچۆ چەند كاتژمێرێك بوو) روویداوە. لە دەرئەنجامی ئەوە، قایلبووین بەناوی مەترسیێكەوە، كە ناشێت دیاریبكرێت، كەوتینە كۆتایپێهێنانی پەیوەندییە هاوڕێیەتی و خۆشەیستیەكانمان ئەوەش بەبیانووی ئەوەی نەبا هاوسێكەمان سەرچاوەی تەشەنەكردن contagionێك بێت. 

سێهەم شت ئەوەیە كە ئەمە دەبایە رووبدات. لەبەرئەوەی ئەزموونی یەكەی زیندەیی خۆمان، كە هەمیشە جەستەیی و ڕۆحی  لەیەكتر دانەبراو بوونە، دابەشكردە سەر دوو یەكە، یەكێكیان بایۆلۆژی پووخت و ئەویتر سۆزی و كولتووری. چ پێشتر ئیڤان لیش Ivan Illich  و چ لەم دواییە داڤید كایلی David Cayleyئەوەیان پێشانداین كە ئەم دابەشكردنە پزیشكی مۆدێرن لێیبەرپرسیارە. جگەلەوە گەورەترین تەجریدیشە. دڵنیاشین ئەم تەجریدە زانستی نوێ لەڕێگای دەزگای ئینعاشەوە ئەنجامیداوە تا جەستە لە بارێكی ژیانیی گیایی پووختدا بهێڵێتەوە. گەر ئەم هەلومەرجەش سنورەكانی كاتشوێنی تێپەڕاند، هەروەك ئەوەی ئەمڕۆ دەكرێت، جۆرە پرینسیپێكی رەفتاری كۆمەڵایەتی دروستدەبێت، بەمە ئێمە دەكەوینە ناو جۆرە ناكۆكیێكەوە كە هاتنەدەرەوەلێی ئەستەم دەبێت. ڕەنگە كەسێك، لەم حاڵەتانە، وەڵامباتەوە و بڵێت گشت ئەمانە هەل و مەرجێكی دیاریكراوبوون و تێدەپەرن و هەموو شتێكیش دەگەڕێتەوە باری جاران. دەكرێت ئەو بارەی ئێستا هاتۆتەگۆڕێ دووبارەببێتەوە گەر بە نیازێكی خراپیشەوە نەبێت، چونكە هەمان ئەو دەسەڵاتانەی ناچاری (emergency) یەكەیان سەپاند دوور نییە هەركە بەسەر ئەم ناچارییەدا زاڵبوون هەمان شت دووبارە نەكەنەوە، ئەو كات پێویستە بەردەوامبین لەسەر لەبەرچاوگرتنی هەمان ئەو رێنوماییانەی پێشوو، دیستانسە كۆمەڵایەتیەكەش، ئەو دیستانسەی بە شێوازێكی ناسك گوزارەیلێكرا، لەگەڵ كاتدا دەبێتە پرینسیپیێكی نوێی ڕێكخستنی كۆمەڵگە. بەهەرحاڵ، ئەو شتەی كە بە نیەتی باشەوە یان خراپەوە پەسەندكرا ناكرێت هەڵوەشێنرێتەوە.    

بەرپرسیاریەتی هەریەكێكمان و بەرپرسیارییە گەورە ترسناكەكەش كە بەرپرسیاریەتی ئەركی چاودێریكردنی كەرامەتی مرۆڤە گرنگی خۆی هەیە. پێش هەموو شتێك، كڵیسە كە ئێستا بووەتە نۆكەری زانست، زانست كە ئێستا بووەتە ئاینی راستەقینەی سەردەمەكەمان، پرینسیپە سەرەكییەكانی خۆی ئینكاردەكات. كڵیسە، لەژێرسایەی ناوبراو بە پاپا فرانسێسكۆ Francesco،  بیریچوەتەوە كە فرانسیسكۆ دووچاری گولی Leprosy بووە. ناوبراو بیریچوەتەوە یەكێك لە كارە بەڕەحمەكانی ئەوەیە سەردانی نەخۆشەكان بكات. هەروەها پاپا بیریچوەتەوە شەهیدەكان دەزانن مرۆڤ پێویستە ئامادەی قووربانیدان بە ژیان بێت لە جیاتی ئیمان و وازهێنانیش لە هاوسێ وازهێنانە لە ئیمان. چەشنێك(كاتیگۆری)ی تر لە چەشنەكانی كۆمەڵگە كە لە بەجێگەیاندنی ئەركەكانیان سەرنەكەوتن یاساناسان بوون. دەمێكیشە لەسەر یاساكانی ناچاریی ڕاهاتووین كە بەهۆیەوە دەسەڵاتی جێبەجێكاری جێگای دەسەڵاتی تەشریعی دەگرێتەوە. ئەم یەكگرتنەوەیەش دژی دێمۆكراسییە. لەژێرسایەی چ بنەمایەكی یاسایی سنور بۆ ئازادییەكان دادەنرێت؟ لەژێرسایەی ڕەوشی ئاوارتەی بەردەوامدا؟ ئەوە ئیشی یاساناسانە بەدواچوونی بۆ ئەم لایەنە بكەن، لێ یاساناسان بێدەنگن. دەزانین كە هەمیشە یەكێك بەمجۆرە وەڵامدەداتەوە: ئەو قووربانییە جدییانە بەناوی پرینسیپە مورالییەكانەوە پیادەكران. دەشمەوێت ئەوەتان بیربخەمەوە كە ئیخمان Eichmann، بە نیەتێكی باشەوە، هەرگیز ماندوو نەدەبوو لە وتنی ئەوەی، هەرچی كردبێت بە ویژدانێكی زیندوەوە كردوونی و وەك بەشێكیش لە بەجێگەیاندنێكی مورالیانەی كانتی(كانت لێرە مەبەستە). رێسایەك لەئارادایە كە پێیوایە دەبێت دەستبەرداری باشە بین بۆ رزگاركردنی باشە، ئەمە هەر وەك ئەوە نادروست و ناكۆكە كە پێمانوابێت دەستبەرداری ئازادی بین بۆ رزگاركردنی ئازادی.

  هەنگاو٢    2    Phase   

هەوڵماندا بیری ئەوانەی بخەینەوە،كە چاو و گوێیان داخستبوو، هەنگاوی دووەم خراپتر دەبێت لە هەمووی ئەوانەی تائێستا تیایژیاوین. دوو خاڵ کە گرنگە سەرنجیان بخرێتەسەر كە بۆسەر پرینسیپەكانی دەستور هەرەشەن:  شیاوی دیاریكردنی جووڵەی هەندێك تەمەن، واتە ناچاركردنی ئەوانەی تەمەنیا سەروی حەفتا ساڵە لە ماڵەوە بمێننەوە. ئێستا دەنگۆیێكیش لەناو ئیتالیا هەیە كە ئەم جیاكارییە نادەستورییە هۆكاریشە بۆ دروستكردنی هاوڵاتی پلە دوو. لەكاتێكا گشت هاوڵاتیان لەبەردەم یاسا یەكسانن، زەوتكردنی ئازادییان ،و سەپاندنی ئەوەی هیچ پاساوێك بۆ سەپاندنی بوونی نییە، بە زیانی تەندروستی ئەو كەسانە دەگەڕێتەوە. ئەو هەواڵانەش هەن كە گوایە دوو سەروی تەمەنی حەفتا ساڵ، بەهۆكاری ئەوەی بەرگەی تەنهاییان نەگرتووە، خۆیان كوشتوە. بەپێی دەستور، پەرەگرافی 32، بێت یاسایەك هەیە بڕیار لەسەر ئەنجامدانی پشكینی پزیشكی دەكات. تەنانەت یاسایەكیش هەیە لەسەر دروستكردنی دیستانس و پاراستنی ئەم دیستانسە. دیستانس بە واتای ئەوە دێت گشت چالاكیەكی سیاسی راستەقینە كۆتای دێت. لێرەوە دەبێت دژی ئەو مۆدێلە كۆمەڵایەتیە بوەستینەوە لەسەر بناغەی دیستانسی كۆمەڵایەتی كاردەكات و ئەو كۆنترۆڵە بێ سنورەش ئەو دیستانسە دەیەوێت بیسەپێنێت. 

ژێرنووس: ئاگامبێن سەرەتا بابەتێك لە 26/02/2020 بەناوی “”داهێنانی ئێپیدێمیەك”” دەنووسێت، پاش ئەم بابەتە لە 11/03/2020 بابەتێكی تر بڵاودەكاتەوە بەناوی””تەشەنەكەر””، لە پاش ئەمە بابەتێك لە17/03/2020 بەناوی””ڕوونكردنەوەكان”” بڵاودەكاتەوە كە وەڵامی ئەو گازندانە دەداتەوە ئاڕاستەی نووسینی””داهێنانی ئێپیدێمیەك”” كراون، لە27/03/2020 بابەتێك بەناوی””پەرچەكرداری لەمەڕ تاعون”” بڵاودەكاتەوە و پاشان لە 6/04/2020 بابەتێك بە ناوی “”نێوانی كۆمەڵایەتی”” تا دەگاتە 13/04/2020 كە كورتە نووسینێك بەناوی “”پرسیارێك”” بڵاودەكاتەوە و كۆتا نووسینیش  تا كاتی نووسینی ئەم بابەتەی ئێمە بەناوی “”هەنگاو 2″”ی لە 20/04/2020 بڵاوكردۆتەوە. تێكرای نووسینەكان لە ماڵپەڕی سەرەكی ئاگامبێن و ئەو ماڵپەڕانە دەستدەكەون كە نووسینەكانی ئاگامبێنیان وەرگێڕاوەتە سەر ئینگلیزی، سویدی، فەرەنسی. هەندێك پووختەش لە بۆچوونەكانی ئاگامبێن لێرە و لەوێ لە هەندێك ماڵپەڕی دانماركی و نەرویجی روسی دەستدەكەن، گەر خوێنەر مەبەستی بێت پێیانبگات.  هەروەها ئاگامبێن لە تێکڕای نووسینەکانی وشەی ئێپیدێمی بۆ کۆرۆناڤیروس بەکاردەبات نەک پاندێمی کە بە فەرمی “ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی” ، لە ناوەندی مانگی ئادار، کۆرۆناڤیروسی بە پاندێمی ناساند.

ماویەتی……




کارل مارکس نەگەڕاوەتەوە … نووسینی: ستیڤان شەمزینی

وەک هەمیشە لە سەروەختی قەیرانە قووڵەکانی سەرمایەدارییدا “سەرمایەداریی بۆ خۆی سیستمێکی قەیراناوییە” دەنگوباسی گەڕانەوەی مارکس دەبێتە مانشێتی رۆژنامە و گۆڤارەکان، وەک ئەوەی مارکس لە رێی کەشتییەکی فەزاییەوە بۆ دەرەوەی ئەتمۆسفێری زەوی و کەتوار رۆیشتبێت و ئێستاکە مەیلی گەڕانەوەی هەبێت بۆ ئەو دۆخە قەیراناوییەی لە ئارادایە، چەشنێک وێنای ئەو فەیلەسووفە دەکرێت حەزێکی سادیستانەی بۆ قەیران هەبێت، خێوێک بێت تەنیا لە چرکەساتی تەنگژەکاندا دەربکەوێت، ئەم تێڕوانینە ئەگەر نەبێتە جنێو ئەوپەڕی کاڵفامییە و خراپ تێگەیشتنە لە مارکس و ئایدیاکانی. دەمەوێت دیقەت بدەن مانشێتێکی گۆڤاری “ئابووری هەفتە”ی ئەڵمانی لەسەر وێنەی کارل مارکس بە ماسکێکی سەردەمی کۆرۆناوە کە باس لە گەڕانەوەی مارکس دەکات، چۆن چەپ و سۆسیالیستەکان دەخاتە حاڵەتی پەرکەم و بورانەوە، دەیانەوێت رەوایی مارکس لە زاری ئیکۆنۆمیستەکانی سەرمایەدارییەوە پشتڕاست بکەنەوە. ئەمەیان نەریتێکی کوردیی و ئیسلامییانەم بیر دەخاتەوە، ئەمیش سەرمایەگوزاریی دانیپیانانی ئەوانیترە، هەر سەرکردەیەکی کورد لەلایەن ئەویتری ناکوردەوە زۆرترین دانی پێدا بنرێت هێندە پێگەی سیاسیی و رەوایی بەرزترە، یان ئەگەر زانایەک یاخۆ رۆژنامەنووسێکی پلە حەوتی ناموسڵمان دانێکی خێر بە ئیسلام و محەمەددا بنێت وەک شاییەکەی بناویلە بڕانەوەی نابێت لەلایەن ئیسلامییەکانەوە، ئەوان پێویستیان بە دانپیانانی ئەوانیترە، بەهۆی ئەوەی بەردەوام گومان لە راستی ئاینەکەیان دەکەن. ئەم نەریتەش لەم چەند ساڵەی دواییدا بۆتە دیاردەیەکی زەق لە ناو چەپەکاندا.
گرنگی مارکس لەوێدا خۆی دەرناخات، گۆڤارێکی ئیکۆنۆمی سەر بە ماڵی بۆرژوازیی، باس لە گەڕانەوەی مارکس بکات، هەر بۆ خۆی گوزارەی “گەڕانەوە” شایانی هەڵوەستە لەسەرکردنە، وەک ئەوەی مارکس لە دەرەوەی کەتوار بێت و تازە بە تازە بۆی بگەڕێتەوە. ئەگەر ئەم جۆرە دانپیانانە بەشێک لە فاکتی ئابووری تێدا بێت، هیچ لەوە ناگۆڕێت بڕێکی زۆر لە ریکلامسازییشی تێدایە. هەر کاتێک قەیرانێک دێتە پێشەوە بە خێرایی کتێبەکانی کارل مارکس بە تایبەت “کاپیتال” رووناکیان دەخرێتەوە سەر و بازاڕی فرۆشیان گەرمتر دەبێت. لەم نێوەندەدا مارکس بۆخۆی دەبێتە بوار و کاڵایەکی بەنرخ بۆ سەرمایەگوزاریی و جەمکردنەوەی قازانج! چونکە کۆمپانیاکانی چاپەمەنی و ناوەندەکانی وەشاندن ملێونەها دۆلار لەم رێگەیەوە دەچننەوە، ئەمەش بە فۆرمێکی تر لەلایەن “سلاڤۆی ژیژەک”ەوە گوزارشتی لێکراوە چۆن کۆمپانیا و مارکێتە گەورەکان بە ناوی خۆدەربازکردنی مرۆڤ لە هەستی گوناه بەرامبەر بە سروشت و ژینگە فۆرمێکی تری مەسرەفگەرایی و قازانجپەرستی هەڕمێن پێدەدەن، ئەویش لە رێگای فرۆشتنی کاڵا و خواردەمەنی بە حیساب سروشتی و فرێش “بیۆ” کە هیچ پێکهاتەیەکی کیمیایی تێدا نییە. هەر بەو جۆرەش کۆمپانیاکان مارکس و کتێبەکانی دەکەنە کەرەستەیەک بۆ چنینەوەی بڕێکی زۆری قازانج.
ئەوەی گرنگە هەموو بیزانین، مارکس نەگەڕاوەتەوە! ئاخر ئەو بۆ هیچ کوێ نەڕۆیشتووە و لە هەموو هەلومەرج و ئاڵوگۆرییەکاندا بە خۆی و میتۆدە رەخنەگرانەکەیەوە لێرە بووە،. ئەمە ئەو فریوەیە بەرەی بەرامبەر دەیکەن گوایە مارکس هێندە پێویستە بزانین چی دەڵێت بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکان. ئەم خووەش لە سەروەختی هەموو قەیرانەکانی سەرمایەدارییدا خۆی دووپات دەکاتەوە، لەئانی داڕوخانی وۆڵ ستریت و مایەپووچبوونی ئابووری هەزاران کۆمپانیا و بانکی زەبەلاح، باس لە تارمایی مارکس دەکرا وەک ئامادەبوویەکی جیددی، هەر لەم رووەوە چەندان ناوەندی وەشاندن لایان لە کتێبەکانی مارکس کردەوە، بە شێوەیەک لە شێوەکان مارکسیان کردە ماتریاڵی کاسبییەکی نوێ و مێشکیان پڕ کردین لە هاواری گەڕانەوەی مارکس بە شەمەندەفەری قەیران!. ئاخر مارکس نە مەهدی چاوەڕوانکراوە و لە وەهمدا ون بووبێت، نە عیسای لە خاچدراوە گفتی هاتنەوەی پێدا بین تا دنیامان بۆ رزگار بکات، مارکس میتۆدێکی رەخنەیی پێشکەش کردووین بۆ خوێندنەوەی سیستمی سەرمایە. ئێمە پێویستە بنەما فیکرییەکە وەربگرین، نەک دەقاودەقی نووسینەکانی بە خاڵ و فاریزەوە.
سەمیر ئەمین، مارکسیستی فەڕەنسی- میسری لە بارەی چییەتی مارکسەوە دەنووسێت “مارکس فەیلەسووف نییە، مێژوونووسیش نییە، زانایەکی دنیای سیاسەت و ئابووری و کۆمەڵایەتی نییە، مامۆستایەکی پلە یەکی هیچ یەکێک لەم بوارانە نییە، هەروەها مامۆستایەکی بەهرەداریش نییە کە کۆکتێلێکی هەموو ئەو ئەو بوارانەی بە یەکەوە کوڵاندبێ و دەفرێکی پانی لێ ئامادە کردبێت، جێ و شوێنی مارکس لە مێژوودا لە دەرەوەی هەموو ئەوانەدایە!”. کەواتە دەپرسین مارکس چییە؟ “مارکس سەرەتا و دەستپێکردنی رەخنەیە لە سەردەمی مودێرنە ئەم رەخنەش بە رەخنەگرتن لە جیهانی راستەقینە دەستی پێکرد”.* ئەوە پێناسە راستەقینەکەی مارکسە کە من باوەڕم پێیەتی. لەبەرزترین پلەدا مارکس دۆزەرەوەی کڵێشەکی ماددییە لە روانینی رەخنەسازییدا، ئەو باسی داڕشتنەوەی جۆرێکی تر لە ژیان دەکات، کە تەنیا و تەنیا بە رەخنە لە سەرمایەداریی دەستپێدەکات و بە رەخنەش کۆتایی دێت. ئاخر رەخنە پێناسەیەکی بچووک و سنوورداری نییە، بەڵکو زەمەنەکان دەبڕێت و تخووبی جوگرافیاکان دەبەزێنێت. کۆمۆنیزمیش وەک ئەو ئایدیایەی مارکس دوا فۆرمۆڵەی کرد ئاوێنەیەکی رەخنەگرانەیە لە روانین بۆ دنیا و ژیان. رەخنە لە کۆمۆنیزمدا تەنێ تەقەلایەک نییە بۆ تێکشکاندنی دنیای کۆن و بەسەرچوو، بەڵکو گەڕانیشە بە دوای ژیانێکی شایستە و نوێدا.
نامەوێت بکەومە باری تاوتۆلۆژییەوە و بەشێوەی شەتەحاتی سۆفیگەریی بدوێم یان ئایرۆنیانە مەبەستەکانم بگەیەنم، روونتر لە روونی قسە دەکەم، چوون دەمەوێت دیدێکی لێڵ بوو روون بکەمەوە، بۆیە پێموایە مارکس داهێنەری رەوشتی رەخنەییە و هەمیشە وەک ئەو تارماییەی ژاک درێدا باسی دەکات وەک سێبەرێک بە تەنیشت سەرمایەدارییەوە رێ دەکات. مارکس لەباڵاترین شێوەی خۆیدا میتۆدێکی رەخنەسازیی زانستییە، پارادایمێکی رەخنەیی تۆقێنەرە. مارکس رەوایی خۆی لە گۆڤارە ئیکۆنۆمییەکانەوە وەرناگرێت، پێویستی بە لە بێژنگدانی بۆچوونەکانی نییە لەلایەن ئابووریناسە بۆرژوازییەکانەوە، ئەو هەمیشە لێرەیە، مارکسی فەلسەفی لەهەموو شوێنێکی دنیای سەرمایەدایە!. من تێناگەم ئەو چاپە سۆسیالیستەی دڵیان بە دانپیانانی گۆڤارێکی ئابووری خۆشە، چۆن بیر لە مارکس دەکەنەوە؟ لای ئەم چەپە شوێنی راستەقینەی مارکس لە کوێیە؟ ئەرکی مارکس چییە؟ ئایا لەو جێگە و رۆڵەدایە گۆڤارێکی ئیکۆنۆمی بۆیان پێناسە دەکات؟.
دووپاتی دەکەمەوە مارکس هەمیشە لێرەیە، پێویستە خاڵ بخەمە سەر پیتەکان، مارکس بە تاکی تەنیا وەک فەیلەسووفێک، وەک رەخنەگرێکی رادیکاڵ لێرەیە. هاوەڵێکی نییە، تەنانەت ئەنگلس هاوبەشە سەرەتاییەکەی ئەوە و هاوڕێی فکری مارکسی لاوە! مارکسی پیر دوور لەخودی “ئەنگلس”یش سەرقاڵە بە نووسینەوەی کتێبی کاپیتاڵەوە، “لێرەدا نەفیکردنەوەی هاوڕێتی نییە، نەفیکردنەوەی گەڵاڵە فیکریی و فەلسەفییە هاوبەشەکانیانە” مارکس بە لەشکرێکی سوورەوە لێرە نییە، بە چینی کرێکارەوە لێرە نییە، بەڵکو بە خۆی و رەخنە قووڵەکانی لە سەرمایەداریی لێرەیە، مارکس هەمیشە لێرەیە، ئەوەی پێی دەوترێت غیابی مارکس، تەڵەکەیەکە، ئەوەی لێرە نییە لینینە، ئەوەی لەنێو گۆڕێکی مێژووییدایە بەڵشەفیزمە کە هیچ خودایەک توانای زیندووکردنەوەی نەماوە، ئاخر مارکس هەر لە بنەماوە هاوڕێی لینین و ماو و کێ و کێ نەبووە،. تا ئەو راددەی بە بێ دوو دڵی دەتوانم بڵێم شتێک لە ئارادانییە بە ناوی مارکسیزم- لێنینیزم. تەنانەت ئەشکالییەتم لەگەڵ کۆنسێپتی “مارکسیزم” هەیە!، بەڵام تەواوکردنی دەستەواژەکە بەو فۆرمە باوەی چەپە نەریتییەکانی دنیا ئولفەتیان پێوە گرتووە “مارکسیزم- لینینیزم” تاکو ئەندازەیەکی بەرز چۆتە چێوەی گەمژەییەوە. چوونکە ئەو دووانە “مارکس- لینین” نەک یەکتر تەواو ناکەن، بەڵکو یەکێکیان بکوژی ئەویترە لە رەهەندە فەلسەفییەکەوە.
دواجار لینین ئەو کەسە نییە تیۆری کۆمۆنیزمی مارکس تەواو بکات، وەک چۆن ئەنگلس ئەوەی کرد بەنووسینی بەرگی کۆتایی پەرتووکی “سەرمایە”. تەنانەت ئەو کەسەش نییە بیرۆکەکانی مارکس بخاتە بواری پراکتیکەوە بە تایبەت چەمکی شۆڕشی کۆمەڵایەتی مارکس و خەونی دیکتاتۆرییەتی پڕۆلیتاریا. بەڵکو ئەو تەنیا رابەرێکی دیکتاتۆری رووسە کە بناغەی دیسپۆتیزمی کۆمۆنیستی داڕشتووە. راستتر وایە بڵێین کڵێشەی ستەمکاریی سۆڤێتی و ستالینیزم بەرهەمی تێڕوانینەکانی خودی لینینە. هەروەک “د.حەمید عەزیز” جارێک نوسیبووی دەستەواژە راستەکە لینینیزم -ستالینیزمە نەک مارکسیزم -لینینیزم. ئەوەی ماوەتەوە بیڵێم لینین بە رواڵەتی لە مارکس تێگەیشتبوو، یان تەنیا بایەخی بە ماتریالیزمی مێژوویی مارکس داوە کە دیوە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکەی ئەندێشە و فەلسەفەی مارکسە. ئەوەش ئەو ستەمکارییە سیستماتیکەی لێکەوتەوە بە درێژایی حەفتا و چەند ساڵێک لە شورەوی پێشوو پەیڕەو کرا. وا بڕوا دەکەم ئەگەر مارکس هاوچەرخی لینین بووبا هەمان هەڵوێستی رۆزا لۆکسمبۆرگی دەبوو لە هەمبەر بەڵشەفیکەکان و خودی لینین. بۆ ئەوەی بە دروستی و وەک خۆی مارکس بناسین دەبێت ناوی لینین لە تەنیشتییەوە بسڕینەوە، ئاخر ناکرێت هیومانیزمی مارکس و خوێنڕێژیی و دیکتاتۆرییەتی لینین لە تای تەرازوویەکدا دابنێین، ئەمە نەک شتێکی راست نییە بەڵکو مایەی گاڵتەجاڕیشە.
ئەگەر زۆر دوور نەکەومەوە لە ناوەڕۆکی باسەکەم، پرسیارێکی پێویستیش هەیە دەبێت بیوروژێنین، ئایا لێرە بوونی مارکس هاوواتای لێرەبوونی پڕۆلیتاریایە؟ ئایا ئەم قەیرانە قووڵەی بە تایبەت دوای کۆرۆنا ڤیرۆس بەرۆکی سیستمی سەرمایە و نیولیبرالیزمی گرتووە بە جۆرێک لە جۆرەکان رۆڵ دەداتەوە بە چینی کرێکار وەک ئەکتەرێکی سەرەکی لە شانۆکەدا رۆڵ بگێڕێت؟. بە بڕوای من نەخێر!. چیدی پڕۆلیتاریا ناتوانێت بەو رۆڵە مێژووییە هەڵبستێت! راستە چیرۆکی گلوبالیزم تەواو بوو، نیولیبرالیزمیش لە غەرغەرەدایە و خەریکە کۆتایی پێدێت، بەڵام ئەوە دژەبەرەکانیان نەبوون پەردەیان لەسەر شانۆکەیان دادایەوە، ئەوەی سەرمایەداریی لەناو دەبات چیتر پڕۆلیتاریا نییە، ئاخر تاڵییەکە ئەوەیە چینی کرێکاران بەرگریی لە کۆیلەیی خۆیان دەکەن و مازۆخیانە چێژیشی لێ وەردەگرن، چون لە ریشەوە بووەتە چینێکی لۆمپن و بەشێک لە سیستم، ئەمە دیاردەیەکی تازە نییە، هەر بۆیە فەیلەسووفی ئەڵمانی “هێربرت مارکۆزە” وای تێبینی کرد توێژاڵی گەنج دەتوانن بە رۆڵی پڕۆلیتاریا هەستن، ئەمەش شۆڕشی ئایاری 1968ی قوتابیانی فەڕەنسای لێکەوتەوە، دواتر دەرکەوت تێڕوانینەکەی ماکۆزەش لە جێگەی خۆیدا نەبووە. لە حاڵی حازریشدا “ئالان بادیۆ” بە رۆمانسییەتە زۆرەکەیەوە بۆ موسڵمانە عەرەبەکان پێیوایە پەنابەرە نەدارەکانی ئەوروپا دوا فۆرمی پڕۆلیتاریان و گریمانەی شۆڕشی دژە سەرمایەداریی لەسەر دەستی ئەوان دەخاتەڕوو. ئەمەش چاڵێکی وەهمییە فەیلەسووفێکی ئاوەها جیددی تێکەوتووە.
ئەوەی قەیرانی ئەمڕۆی خوڵقاندووە و سەرمایەداریی خستۆتە قەیرانێکی خنکێنەرەوە و تەنگی پێ هەڵچنیوە، فاکتۆری دەرەکیی نییە لە چەشنی چینی کرێکار، هێندەی پەیوەستە بە هۆکارە ناوەکییەکانی خودی سیستمەکەوە. ئەفلاتۆن نزیکەی بیست و پێنج سەدە بەر لە نهۆ تیۆریزەی ئەمەی دەکرد “هەموو شتێک بە زیادەڕەویی خۆی لەناو دەبات”. مەسرەفگەرایی و بەرهەمهێنانی چەند قات زیاتر لە پێویستی و وێرانکردنی ژینگە بەهۆی کەرتی پیشەسازیی و کشتوکاڵیی مودێرنەوە، بەرپرسیارن لە نابووتبوونی گلوبالیزم و خودی کاپیتالیزم، هەرچەند داستانی نیولیبرالیزم لە کۆتایی خۆیدایە و “هابرماس”یش جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە دەبێت بە هەموو شێوەیەک نیو لیبرالیزم رەت بکەینەوە، بەڵام ئایا ئەمە جێگە بۆ هاتنەوەی کۆمۆنیزم و چینی کرێکار چۆڵ دەکات؟. من پێموایە هێشتا سەرمایەداریی وزەی پێ ماوە بەرگەی داهاتووش بگرێت، بێ ئەوەی نکۆڵی لە لێرەبوونی هەمیشەیی کارڵ مارکس بکرێت. کەواتە کێ ئەو بۆشاییەی ئێستا پڕ دەکاتەوە؟. دنیا بەرەو کوێ مل دەنێت؟. ئەگەرچی پێم خۆش نییە رەشبینی ببەشمەوە، کەچی ناتوانم بڵێم ئاپۆکالیپۆس بەڕێوە نییە، بە تایبەت لەسەر دەستی ژیریی دەستکرد وا خەریکە مرۆڤ دەگاتە پایانی خۆی.
ئالگۆریتمەکانی ژیریی دەستکرد هەڕەشە لە رۆڵی مرۆڤی نوێ دەکات، ئەو مرۆڤەی لە سەرەتاکانی مودێرنەوە بوو بە چەقی هەموو شت، لە بری خوداش رۆڵی دەگێڕا، چەمکی “خوا مرد”ی فریدریک نیچە دەلالەتە لەو سەردەمەی ئیدی مرۆڤ خودا کەنارگیر دەکات و هەموو دەسەڵاتەکانی بۆ خۆی مۆنۆپۆڵ دەکات. مرۆڤی نوێ بە دەربڕینە فۆکۆییەکە چەندێک تازەیە، هێندەش نزیکە لە مەرگ. ئەمە جاڕدان نییە بۆ کۆتایی مرۆڤ وەک پێکهاتە بیولۆژییەکە “هەرچەند ئەویش لەژێر هەڕەشەدایە” بەڵکو بەو مانایە دێت ئالگۆریتمەکانی هۆشمەندیی دەستکرد نەک هەر مرۆڤ کۆنترۆڵ دەکەن و دەست بەسەر بیرکردنەوەیدا دەگرن، بەڵکو مەترسییە هەرە جیددیەکە ئەوەیە ئاڕاستەشی دەکەن، چوونکە زۆر زیاتر لە خۆی دەیناسن و ئینفۆرماسیۆنیان لەبارەیەوە هەیە!. لەم کەتوارەدا گریمانەی شۆڕشی پڕۆلیتاریا یان هاتنی لەشکرێکی رادیکاڵ بە پەرچەمێکی سوورەوە تا کۆتایی بە چیرۆکی ئێستا بهێنێت و لەسەر داروپەردووی وێرانبووی ئەم جیهانە، دنیایەکی تری میسالی چێ بکات نەک هەر خەیاڵپڵاوییە بەڵکو جۆرێکیشە لە گەوجێتی.
ژیریی دەستکرد نەک هەر دەستی بەسەر هەست و سۆزی مرۆڤدا گرتووە، بەڵکو بە هەموو شێوەیەک دەیخاتە ژێر رکێفی خۆیەوە و وزەی هەیە بە ویستی خۆی ئاڕاستەی بکات. دواجاریش مرۆڤایەتی دەکاتە لەشکرێکی چەک کراوی ناو فەزای مەجازیی کە هەموو چالاکییە مرۆییەکانی خۆی هەر لەناو ئەو فەزایەدا ئەنجام دەدات. تەنانەت فەزای مەجازیی و دنیای ناو شاشە زیرەکەکان دەبێتە رووبەرێک بۆ پەیوەندیی سۆسیال و هەست گۆڕینەوە و خۆشەویستی و بگرە پراکتیزەی سێکسیش. ئالگۆریتمەکانی ئەم ژیرییە توانای چالاکییەکانی مرۆڤی باشتر لە خودی مرۆڤ هەیە، دەتوانێت سەمفۆنیای موزیک لەوانەی باخ و چایکوفسکی بەرزتر دروست بکات، شیعری بەهێزتر لەوانەی بۆدلێر و شیرکۆ بێکەس بنووسێت، دەتوانێت رۆڵی دەیان پزیشک بگێڕێت لە ماوەی چەند چرکەیەکدا زۆرترین زانیاریی نوشداریی ئاڵوگۆڕ پێبکات.
ئا لێرەدا رۆڵی مرۆڤ کۆتایی پێ دێت و ملیارەها مرۆڤ لە ئایندەدا دەبنە کارەکتەری ناو دنیای مەجازی، کە وەک نوح هەراری بە تەوسێکەوە وتی، ئەوە مرۆڤ نییە جڵەوی سمارت فۆنەکەی خۆی لە دەستدایە، بەڵکو ئەوە موبایلە زیرەکان جڵەوی مرۆڤ دەکەن. هەر لەم دۆخەدا حکومەتەکان دەبنە وەهم و گەمەی ئەلیکترۆنی دەستی ئالگۆریتمەکانی ژیریی دەستکرد. ئەمەش هەمان ئەو شتەیە “جۆزیف نای” لە کتێبی “ئایندەی هێز” لە ساڵی 2011دا پێشبینی کردبوو، بە وەرچەرخانی ئاڕاستەی هێز لە ئەکتەرە حکومییەکانەوە بۆ دەستی ئەندازیاری تەکنۆلۆژیی سەردەمی شەپۆلی چوارەم. لە باری کردارییشەوە لە کۆمەڵگەی ئۆنلاینی هەنووکەدا، خەریکە دنیا دەگاتە قۆناغی پۆست حزب یان کۆتایی حزب کە ئەمەش بۆ خۆی کۆتایی سیاسەت دەگەیەنێت. ئایا دەکرێت لەم هەلومەرجەدا بە شۆڕشی کرێکاریی ئومێدەوار بین؟؟ بەدەر لەوەی ئیشکالیەتیشم لەگەڵ ئەو چەمکەدا هەیە، بەڵام زەمینەکان بۆ کۆتایی مرۆڤ زیاتر رەخساوە وەک لە کۆتایی سەرمایەداریی. ئایا سەرمایەداریی پێش خۆی مرۆڤایەتی لەناو نابات؟.
ئەوە پرسیارە تۆقێنەرەکەیە. هەموو ئاماژەکان یەک نیگار دەردەخەن، رۆڵی مرۆڤ لە کۆتاییدایە. هەروەک لە پێشتردا هێمامان بۆ تێزەکەی فۆکۆ کرد لەمەڕ مەرگی مرۆڤی نوێ یان مودێرن. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا مارکس وەک فەیلەسووفێک بێ ئاڵای سوور و چینی کرێکار بە خۆی و میتۆدە رەخنەییەکەیەوە هەر لێرە دەمێنێتەوە تا کۆتایی. هەروەک نزار قەبانی لە شیعرێکی ئایرۆنیدا بە ناوی “یومیات مدینە کانت اسمها بیروت” لە بارەی مارکسەوە دەڵێت:
ئەو مارکسە نەفرەتییە ماڵی کاول کردین
ژنەکانمانی بێوەژن و مناڵەکانمانی هەتیو کرد
پەیوەندییە مێژووییەکانی لوبنانی ژێرا و ژوور کرد
ئەوم خۆش ناوێت، نا من هیچ ئەوم خۆش ناوێت
لەو رۆژەوەی لە چێشتخانەیەکی میللی
گۆڕەپانی بورجدا بینیویان پاقلە دەخوات
لەگەڵ خەڵکی رەشۆک دەدەوێت
کتێب و نووسراوەی بیروباوەڕیان بەسەردا دەبەشێتەوە
لەو رۆژەوە دڵنیابوومەوە
ئەو لە گەشتیارەکانی دیکە ناچێت
بەڵام هاتووە پلانێکی تێکدەرانە جێبەجێ بکات
ئەو هاتووە چاو لە برۆ و
پێ لە دەست هان بدات
بازرگانەکانی پەستاتیش لە بارزگانەکانی شەقامی حەمرا و
خانووە تەنەکەکان لە ماڵە ئەلەمنیۆمییەکان هان بدات
مارکس هەروەک قەبانی وەسفی دەکات بۆ ئەوە هات مێژووی دنیا لە رێی رەخنە بێ بەزەییەکانییەوە ژێراوژوور بکات. بۆ ئەوەش هات هەمیشە ئەو دێڕەی یەکەمی مانیفێست “تارماییەک ئاسمانی ئەوروپای گرتووە” خودی خۆی بێت. خۆرێکی رەخنەگرانە بێت لە شەوەزەنگی دنیایەکی پڕ لە نادادی و چەوساندنەوە. ئەو هەمیشە وەک پادشای کوژراوی شانۆگەریی هاملێت بۆ ئیدانەی دنیای خواروخێچ لە شێوەی تارماییەکی تۆقێنەردا ئامادەگی بەردەوامی دەبێت.

یەکی ئایاری 2020
خۆرئاوای زەمین

پەڕاوێز:
*سەمیر ئەمین “مارکسی بێ کەنار” وەرگێڕانی: رزگار عومەر. سایتی دەنگەکان. نۆی ئاپریلی 2020.




ڕۆژگارێکی بێ ڕەنگوبۆ … ئەمجەد شاکەلی

خۆشەویستی، هەمیشە و لەو دەمەی ڕا مرۆڤ هەبووە، بەهێزترین و تەمەندرێژترین و تۆکمەترین ڕایەڵەیەک بووە، مرۆڤ و دەوروبەری، مرۆڤ و ژینگەی، مرۆڤی سروشتی، مرۆڤی و مرۆڤی، وێکڕا گرێداوە و درێژەی بە ژیان داوە. جوانترین ئاوازێک، ناخ و هەستی مرۆڤی هەژاندووە، بێجگە لە خۆشەویستی هیچی دیکە نەبووە. خۆشەویستییە، ڕەنگ و چێژ و جوانی و هێز و ئومێد و بەخشندەیی و پێکەوەژیان و تەواوی باشییەکانی بە مرۆڤ بەخشیوە و مرۆڤی ئاراستە کردووە، بەوەی بژی و داهێنان بکات. جیهانی بێ خۆشەویستی، جیهانێکە بێڕەنگ، پڕ لە ڕق، تاریک، بێگیان، مردوو.
یەکدی بەسەرکردنەوە و یەکتربینین و پێوەند و تێکەڵاوی و سەردانی یەکدی و پێکەوە دانیشتن و ژوان و دەستگوشین و لەئامێزگرتن و ماچ و هەموو جۆرە نێزیکایەتییەکی مرۆڤێک و یەکێکی دی، نیشانەکانی خۆشەویستی و وزەبەخشی ماشینی خۆشەویستین. پێش ئەم پەتا نەفرتییەی کۆرۆنایە، هیچ یەکێک دەستبەرداری گچکەترین دانەیەکی لەو نیشانانەی خۆشەویستییە نەدەبوو و دوورکەوتنەوە و پشتگوێخستنیان، نیشانەی کەمتەرخەمی و دڵڕەقی و بێهەستی و ناتەواوییەک بوو.
ئەدی ئێستا!
پەری، لە پیاسەیەکییەوە هاتە بەر دەرگە و زەنگی دەرگەکەی لێدا، ئەو دەیزانی من لە ماڵم و وەک زۆرێک لەوانەی لە کۆرۆنا دەترسن، لە ژوورێ خۆم حەشار داوە. دەرگەم کردەوە و لە دوورایی سێ میترێکەوە، هەندی قسەمان گۆڕییەوە و ئیدی ڕۆیشت.
فەرهاد، بڕێک خۆراکی بۆ کڕیم و ئێوارەیەکی دوای گەڕانەوەی لەسەر کار، بۆی هێنام و لە دووریی چوار میترێکەوە هەندێ قسەمان کرد و ئیدی ڕۆیشت.
ڕاز و پەری، دوو جار، بە کۆمەڵێک توورەکە و دەڵقی پڕ لە میوە و سەوزە و وشکەوە هاتنە بەر دەرگە و لە دوورایی چوار پێنج میترێکەوە، لە خوارێی پلیکانەکە ڕاوەستابوون، بڕێک قسەمان گۆڕییەوە و ئیدی ڕۆیشتن.
ڕاز، لەسەر کارەکەی دەگەڕایەوە بۆ ماڵ، زەنگێکی بۆ لێدام و گوتی دێمە نزیکی ماڵ و تۆیش وەرە بەر پەنجەرەی ناندینەکەت و ماوەیەک بە تەلیفۆن قسە دەکەین. منیش وام کرد و بڕێکمان قسە کرد و دواتر ڕۆیشت.
ئەمڕۆ یەکەمی مەی(یەکی ئایار، یەکی مایس)ە، ڕۆژی کارگەرانی جیهانە. یەکێکە لە ڕۆژە هەرە خۆشەکانی ساڵ، کە هەمیشە دوانزدە مانگ چاوەنۆڕی هاتنەوەییم و نوێبوونەوە و چێژێکی گیانەکی بە تەواوی هەستەکانم دەبەخشێت. ئەگەر ساڵێک، بەهۆی نەبوونم لە سوێد، لە بەشداربوون لەم بۆنەیەدا، لە ڕێپێوان و خۆپێشاندان و ئاهەنگگێڕان، دابڕابم، لەو دوورییەم لە سوێد و لەو ڕۆژەدا، پەشیمان بوومەوە و هەرگیز خۆمم نەبەخشیوە و سەرزەنشتی خۆمم کردووە و پێم وابووە، کەلێنێک کەوتووەتە ژیانمەوە و زیانێکی گرانم بەرکەوتووە. ساڵانە و ئەم ڕۆژە، پەری، لەوەتی هێشتا لە گالیسکەی زارۆکاندا بوو و تا ئیدی پێڕەوکە بووە و کەوتووەتە سەر پێی خۆی و وردەوردە ئاگاییشی پەیدا کردووە، هاوڕێی ئەم جەژنگێڕانەم بووە و وێکڕا و لەگەڵ کۆمەڵێک هاوڕێی دیکەدا، لەگەڵ سەندیکالیست(SAC) و ئەنارکیست و ناپەرلەمانی و ناحیزبییەکاندا، ڕۆژێکی گەش و دەم بە خەندە و خۆش و پڕئومێد وزەبەخشمان گوزەراندووە، لێ ئەمساڵ نەء! ئەمساڵ یەکی مەی، نە جەژن و نە ئاهەنگ و نە ڕێپێوان و نە دیداری هاوڕێ و خۆشەویستان!
هاوڕێیەکانم، کە جاران، ڕۆژێکی خۆرەتاوی خۆش، کەنار زەریاچەیەک، پیاسەیەکی چەند سەعاتی، قاوەخانەیەک و کووپێک قاوە، خواردنێکی چینی، تایلاندی، ڤیێتنامی، یا فەلافیلێک، دەردەدڵێک، بڕێک شۆخی و قسەی خۆش، خڕبوونەوەیەک، ئاهەنگێک، زەماوەندێک، پرسەیەک، تەنانەت پرسەیەک و سەرگۆڕستانێک، کۆی دەکردینەوە، ئیدی لەم سەردەمی کۆرۆنایەدا، هیچ یەکێک لەوانە نامانگەیەنێتە یەکتر. میوان، کە لە کوردەواریدا دەڵێن خۆشەویستی خودایە، تەنانەت میوان و میواندارییش، خەریکن لەبیر دەچنەوە!
ئێستا، ئەوەی خۆشت دەوێ و ئەوەی خۆشی گەرەکی، دەبێ خۆتی لێ دوور بگریت و دوورایی نێوانتان بە میتر بپێوی، چمانی ئاگر و بەنزینن، لە یەکدی نێزیک نەبنەوە. ئێستا، نزیکی پێوەری خۆشەویستی نییە، دوورکەوتنەوە نیشانەی خۆشەویستییە و تەلیفۆن، تەنێ تەلیفۆن، هەستەکانمان بۆ یەکدی دەگوێزێتەوە. ئێستا، ڕۆژەکان، بێجگە لەوەی بێتامن، هیچی دیکە نین! ئاو، هەرچەندە بنەمای هەموو زیندەوەر و زیندووییەکە ، لێ کە پێناسە دەکرێ، دەگوترێ، شلەیەکی بێ ڕەنگ و بێ بۆنە، ئێستا ڕۆژگارێکە بێ ڕەنگوبۆیە!

01 – 05 – 2020


[1] (وَجَعَلْنَا مِنَ ٱلْمَآءِ كُلَّ شَىْءٍ حَىٍّ)، القرآن الکریم، الأنبیاء/30.   




نۆزدە تێز سەبارەت بە خوێنەر و خوێندنەوە… نووسینی:عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

ئەم تێزانە وێناکردنی گشتی بۆچوونی منن سەبارەت بە خوێنەر و قەیرانی خوێنەر و خوێندنەوە لە کۆمەڵی بۆرژوازی کوردیدا کە دەتوانرێت هەندێکیان گشتی بکرێنەوە، بەوپێیەی کە تایبەتمەندی کۆمەڵی بۆرژوازی لەهەر کۆمەڵگەیەکدا تا ئاستێک نزیکن لەیەکەوە. بەڵام هەندێ تایبەتمەندیش هەیە کە خوێنەری کورد لە خوێنەرێکی تر جیا دەکاتەوە. ئەم تێزانە بڕیاری کۆتایی نین و دەکرێ پێبەپێی گەشە و بەرەوپێشچوونی هێزە مادییەکانی کۆمەڵگە گۆڕانیان بەسەردا بێت.

                                               یەک 

سەقەتترین خوێنەر ئەو خوێنەرەیە کەوا حاڵی کراوە هەر بەرهەمێک خوێنەر تووشی گێژی (نەک سەرسامی) نەکات، بەرهەمێکی لاوازە و ئاستی هونەری ئەو بەرهەمە لەخوارە. لێرەشەوە خوێنەری بەرهەم یان دەقە ئەدەبییە شۆڕشگێڕەکان بە فکر بەتاڵ ناوزەد دەکەن . ئەم خوێنەرانە پێبزانن یان نا، تووشی پەتای لیبراڵییەت بوونە و کۆششێکی زۆریان دەوێ تا بتوانن خۆیان لەو پەتایە ڕزگار بکەن.

                                                دوو 

ئەو خوێنەرەی کە گومان فریوی دەدات و وا تێگەێنراوە کە گومان لە هەموو شتێک بکات، لەڕاستیدا لە خوێنەرێکی چالاک و پرسیارکەرەوە دەبێت بە خوێنەرێکی بێبڕوا بە گەشەی مێژووی ئەدەب و هونەر، خوێنەرێکە لە دەریای ناحاڵیبوونی خۆیدا مەلە ئەکات. ئەم جۆرە لە خوێنەر گومان لە مێژوو و داهێنان و کردە شۆڕشگێڕییەکان و دەقە تەحریزییەکان دەکەن و تەنها لە گٶشەیەکی تەسکەوە دەق دەخوێننەوە بێئەوەی بتوانن جیهانی بەرینی دەق ببینن.

                                                 سێ 

خوێنەری پاسیف ئەو خوێنەرەیە کە پێی وایە دەقی ئەدەبی و هونەری بەرهەمی زاتی ئینسانە و دەکەوێتە ئەودیو یاسای گەشەی مێژوویی هێزەکانی بەرهەمهێنان. ئەوە راستە نووسین زادەی بیرکردنەوەی نووسەرە، بەڵام خۆ نووسەریش ناکەوێتە دەرەوەی بازنەی گەشەی پەیوەندییەکانی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەی سەرمایەداری.

                                                   چوار 

لە دوو دەیەی رابردوودا و لەسەردەستی دەسەڵاتدارێتی حیزبە قەومی و دینییەکان،سیاسەتێکی ئێجگار ناشرین بەڕووی نووسەراندا پیادەکرا، ئەویش کڕینی قەڵەم و هەڵویست و بەخشینی پاداشت و خانوو و ئەرز و خەڵاتی ماددی و سەفەر بۆ دەرەوەی وڵات تا دەگات بە سیاسەتی خانەنشینکردنی نووسەران و ئەدیبان و ڕۆشنبیران. ئەم هەلومەرجە دۆخێکی هێنایە ئاراوە کە نووسین و ئاستی نووسین هێندە هاتە خوارەوە و ناشرین کرا، بووە هۆی دروستکردنی لەشکرێک لە خوێنەری نا ئاکتیڤ و بێدەربەست سەبارەت بە دۆخی کۆمەڵگەو ژیانی ئینسانەکان.

                                               پێنج

سادەترین خوێنەر ئەو توێژەن کە کەوتوونەتە دوای کاریزما و لەدواشیکردنەوەدا لەئاست بینینی ڕووی واقعی ژیان تووشی نابینایی دەبن. ئەم جۆرە لە خوێنەر نە دەتوانن قووڵ بیربکەنەوە و نە دەشتوانن لەسەر هەر ئاریشەیەکی ڕۆشنبیریی بڕیار بدەن. ئەم خوێنەرانە وا ڕاهێنراون کە دەبێ کەسێک لەبری ئەوان بیر بکاتەوە. هەر بۆیە تا کاریزماکە لەمەیدان بێ ئەمانە چالاکن و هەر کە کاریزماکە لەمەیدا نەما، ئەمانیش تووشی شلبوونەوە و خاوبوونەوەی فیکری دەبن و لەشوێنی خۆیان هەر مراوەحە دەکەن.

                                              شەش 

خوێنەری چالاک ئەو خوێنەرەیە کە بە بەرنامەوە دەخوێنێتەوە و دەزانێ چی دەخوێنێتەوە و چۆن خۆی بە زانیاری دروست بارگاوی دەکات. ئەم خوێنەرە ئەکتیڤە لەخوێندنەوەی هەر دەقێکدا بەپلەی یەکەم پەیامی کۆمەڵایەتی دەقی بەلاوە گرنگە و ئینجا لە پانتایی دەقدا بەدوای تەکنیک و دواجاریش لەهەوڵی ناسینی نووسەر و دەقنووسدا دەبێ.

                                                حەوت

خراپترین جۆری خوێنەر ئەوانەن کە بەدوای شەپۆڵی خەڵک (عامە) دەکەون و خۆیان هیچ لێکدانەوەیەکیان نییە بۆ خوێندنەوە و نووسین و نووسەر و هەلومەرجی رۆشنبیری کۆمەڵگە. ئەمانە وەکو ئەو کڕیارانەن کە ناوبانگی چێشتخانەیەک پەلکێشیان دەکات بۆ خواردن نەک کواڵیتی خواردنەکە. ئەم خوێنەرانە هەر کە بیستیان فلانە نووسەر میدیای بۆرژوازی فووی پیا دەکەن، نابینایانە دەکەونە هەمان دۆخەوە و ساویلکانە دەکەونە فوو کردن بە هەمان زوڕنانی بۆرژوازی بێئەوەی هەستی پێبکەن. بۆیە ئەمجۆرە خوێنەرە زیاتر قوربانین و توانای خۆ دەربازکردنیشیان زەحمەتە لەو دۆخە ناهەموارە بە ئەنقەست چێکراوەی بۆرژوازی.

                                            هەشت 

نووسەر هەمیشە بۆشاییەک(بوارێک) بۆ خوێنەر دەهێڵێتەوە تا بتوانی بەشداری بەئاکام گەیاندنی پرۆسەی گەیاندنی پەیامی کۆمەڵایەتی نووسین بێت.ئەمەش بەو مانایە نییە کە خوێنەر(وەرگر)یەکسان بکەین بە نووسەر(نێرەر). نەخێر، نووسەر و خوێنەر دوو کاراکتەری ناو پرۆسەی نووسینن و هەریەکەیان ئیش و بەرپرسیاڕێتی خۆی هەیە.

                                             نۆ 

ئەو خوێنەرانەی لەسەر متمانە هەڵسەنگاندنیان بۆ دەق لەسەر بنچینەی هاوشاری و هاوڕێیەتی و هاو حیزبی و تاد، بنیاد دەنێن، هەمیشە غەدرێکی گەورە لە دەق و نووسین دەکەن و خۆشیان دەزانن چ بێماناییەک نمایش دەکەن و بێکەڵکترین پێوەریان بەدەستەوە گرتووە. ئەم شڕۆڤەکارانە دەبێ ئەوە بزانن کە بەو کارەیان نەک نابنە داهێنەر، بەڵکو دڕکەزییەکن بەجەستەی ئەدەب و ڕۆشنبیرییەوە.

                                               دە 

نووسین نە پەرجووە و نە کاری لەکارنەهاتووشە. دیارە هێندە سانایە کە هەرکەس بیەوێ بنووسێ، دەتوانێ بنووسێ. ئیتر قەبەکردنی پرۆسەی نووسین و ‌هێنانە ئاراوەی کۆد و نهێنی کە لیبڕالیزمی بۆرژوازی پەرەی پێدەدا و سەپۆرتی دەکا، هیچ خزمەتێک بە خوێنەر ناگەێنێ جگە لەسەرلێشێواندن و بەلاڕێدابردن. خوێنەری زیرەک دەبێ لەدەقدا بەدوای پەیامی کۆمەڵایەتی و شۆڕشگێرانەدا بگەڕێ لەوێشەوە نووسەر و دۆخی نووسین هەڵسەنگێنرێ و قەزاوەت بکات.

                                              یانزە

بەدەستەوەگرتنی کتێب بەمانای خوێندنەوەی کتێبەکە نییە. وێنەگرتن لەگەڵ کتێب و پۆستکردنی لە سۆشیال میدیادا، ئەگەر ڕێژەیەکی دڵسۆزبوون و پەرۆشی بێت بۆ کتێب، ئەوا ڕێژەی زۆری پۆز و خۆدەرخستنە تا لەو ڕێگەیەوە پەیامی کەسێتی خۆیان بگەێنن و ئامانجی شەخسی خۆیان بپێکن. ئەم جۆرە مرۆڤانە نەخۆشن و هەرگیز ناتوانن ببنە خاوەن مەعریفە تا عەقڵیکی ئاوا ڕێبەرییان بکات.

                                           دوانزە

بوونی کتێبخانە لە ماڵەکان، جگە لە لایەنە مەعریفییەکەی، جوانییەکیش دەبەخشێ بەو ماڵە. بەڵام کتێبخانە چ سوودێکی هەیە لە ماڵ کە کتێبەکانی تۆزی لێ بنیشن و هەرگیز شوێن رەفەکانی خۆیان جێنەهێڵن. خۆدەرخستن لەبەردەم مێوان وکەسوکار لەڕێگەی کتێبخانەوە گوایە دەخوێنێتەوە، جگە لەوەی نەزانییە، جێی بەزەییشە. کۆمەڵگە زۆرێک لەو جۆرە کارەکتەرانە لەخۆ دەگرێ.

                                            سیانزە

وەکچۆن هەموو کتێبێک مەعریفەی ئینسانی تێا بەرجەستە نەبۆتەوە، ئاوا خوێنەریش هەیە کە نە نرخی کات دەزانێ و نە لە ئازاری نووسەری جیددی دەگات. خوێندنەوەی جیددی کتێب مرۆڤ لەبەردەم بەرپرسارێتیەکی کۆمەڵایەتی و سیاسی دادەنێ. خوێنەری جیددی ناتوانێ ئەو مەعریفە جوانە ئینسانییەی لە کتێبەوە فێری دەبێت تەرجەمەی ژیانی پراکتیکی خۆی نەکات و بێدەربەست بێت لە ئاستیدا.

                                         چواردە

هەموو خوێندنەوەیەک گەرچی جیددیش بێت دەبێت دواجار مەعریفەی ناو کتێبەکە بریار دەدات ئاخۆ خوێنەر بەرەو چ ڕەهەندێکی ئاراستە دەکا و لەدوا شیکردنەوەدا چ جۆرە گیانەوەرێکی لێدەردەچێ. کتێبە ناواخنە ڕەشەکان ئەوانەی ئیش لەسەر تێکدانی بەها مرۆییەکان دەکەن، بێ دوودڵی دەتوانم بڵـێـم مرۆڤ بەرەو تراژیدیا ئاراستە دەکەن و دواجار لەبری ئینساندۆستی توخمێکی زیانبەخشی لێدەردەچێت.

                                           پانزە

ئەوەی خوێنەری لە کتێب تۆراندووە و گاپێکی خستۆتە نێوانیانەوە، بریتییە لە دۆخی ماددی کۆمەڵگە. ئەمە پەیوەندی بە سەلیقەی خوێندنەوە و ئاستی بەرزی دەقەوە نییە. لاواندنەوەی لە چەشنی ئاشتکردنەوەی خوێنەر و کتێب و بە کلتوور کردنی خوێندنەوە جگە لە فێڵ لەخۆکردن هیچی تر نین. هەرکات دۆخی گەشەی ماددی کۆمەڵگە بەرەو سەر هەنگاو بنێ ، خوێندنەوە دێتەوە نێو کۆڕی خێزان و باوەشی خوێنەران کتێب بەخۆوە دەبینێ.

                                            شانزە

لەمڕۆدا کتێب و خوێندنەوە و خوێنەر بوونەتە کاڵا و بازارێکی نیمچە گەرمیان لێ پێکهێنراوە کە کۆمەڵێ بازرگان و چەرچی خەریکی ساتوسەودان پێیانەوە. کۆمەڵێ دەزگای چاپ و پەخش پەیدا بوون کە خەریکی ئەفزەڵییەت فرۆشتنن بەسەر خوێنەران و نووسەراندا.ئەم بازاڕە هێندە بێتامە کە دەرگا داخستن بەڕووی هەندێک و فووپیاکردنیش بەهەندێکی تردا بووەتە کلوورێکی ناشرین و کۆمەڵێ نووسەری چڵێسی هێناوەتە پێشەوە کە خوێنەر هەر بە ناوەکانیان تووشی ژانەسەر دەبێ، چ جای خوێندنەوەی کتێبەکانیان.

                                                حەڤدە

ئەمرۆ جیهانی زانست و تەکنەلۆژیا پێشڕەفتی کردووە و سۆشیال میدیا خۆی خزاندۆتە هەموو شوێنێکی ئەم دونیایە. ئەنتەرنێت بۆتە شوێنی گەڕان و سۆراخی کتێب و تا دێت خوێنەری ئۆن لاین زیاتر دەبێت. وەکچۆن بەهەزاران کتێبخانە لەسەر ئۆن لاین هەس، ئاواش بە ملیۆنان خوێنەر ڕۆژانە سەردانی ئەو کتێبخانانە دەکەن و کتێب دەخوێننەوە کە هەندێجار بە پارەیە و زۆربەی جاریش بە خۆڕاییە. ئەم واقیعە تازەیەی خوێندنەوە لە جیهان وای کردووە کە خەریکە تەنگ بە کاغەز هەڵدەچنێ و میزاجی خوێنەری لە دۆخی وەرگرێکی ئاساییەوە گۆڕیوە بۆ وەرگرێکی خێرا .

                                               هەژدە

خوێنەر هەمیشە لە خوێندنەوەی دەقی ئەدەبیدا بەتایبەتی ئومێدی ئەوە دەخوازی کە دەقەکە لە ئاست چاوەڕوانییەکانیدا بێت. خوێنەر کاتی خۆی تەرخان دەکات بۆ ئەوەی پەیامێک، مەعریفەیەکی تایبەت وەربگرێت. دەقی ئەدەبیش دەبێت هەم ناوەڕۆکێکی ئینسانی بەرز و هەمیش تەکنیکێکی بەرز لە خۆ بگرێت تا لەئاست چاوەڕوانییەکانی خوێنەر دا بێت.

                                                  نۆزدە

وەکچۆن بانکخواز و مەلا و موبەلیغە ئاینییەکان بۆ مەرامی سیاسی خۆیان و پاراستنی بەرەژەوەندی چینایەتی دەسەڵات، ئایین بەکار دێنن و سوود لە نەخوێندەواری و نەزانی خەڵکی ستەمدیدە وەردەگرن، ئاواش ناوە دیارەکانی نێو کایەی ڕۆشنبیریی و ئەدەبی کوردییش سوود لە هەژاری فیکری خوێنەری کورد وەردەگرن و لەڕێگای نووسین و بەرهەمەکانیانەوە خوێنەریان لە گرنگترین ئەرکی خۆی دوور خستۆتەوە، کە ئەویش تێگەیشتنە لە پەیامی کۆمەڵایەتی نووسین و بەکردەوە دەرهێنانی ئەو پەیامەیە لەژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی کۆمەڵگە.

نیوەی دووەمی ٢٠١٩




سبحان اللە … پشکۆ ناکام

….. درۆکردن بەدەمی کەسێکەوە کە ناسراو بێ و خانەوادەیەکی لەدوای خۆی جێهێشت بێ و ساڵانی ژیانی بە ڕۆژ و ئەرشیف هەبێ ، تەنها درۆکردنێکی ئاسایی نیە و ئەچێتە قاڵبی تەزویر کردنی کەسایەتی کەسێک و ڕووبەڕووی پرۆسەی یاسایی ئەبێتەوە ، جا ئەو درۆ و تەزویرە بۆ کراوە مەگەر هەر داهێنەرەکەی پێمان بڵێ..
لە رۆژی 30/ی مانگی پێشوو لە فەیسبوک کەسێک بەناوی “کامەران سوبحان” بابەتێکی بڵاوکردۆتەوە گوایا ئەمە لە بیرەوەرییەکانی “سەعید ناکام”ەوە وەرگیراوە و لە رۆژگاری “سەفەر بەلک” ناکام تەرجەمەی کردوە بۆ سوپای رووسی لە ناوچەی موکریان لەگەڵ ئەفسەرێکی بەدیل گیراوی تورک ، پێش هەموو شتێ نە بەندە نە کەس لە خانەوادەکەمان نە هیچ یەکێک لە هاوڕێ و ئاشنایانی ناکام نەمانبیستوە کە باوکم ڕووسی زانیوە و ئەو هەواڵە لە کاغەز دروستکراوە زۆر تازە و گوماناوییە بۆمان ، مەگەر “ناکام” کۆپییەکی هەبێ و مەبەسی لەو بێ ، ئەمەش شایانی پێکەنینە،،،سەفەربەلک لە بیستەکانی سەدەی ڕابردوو و لەدەرئەنجام و تەداعیاتی یەکەم جەنگی جیهانییەوە هاتۆتەکایەوە، ئەوەنەش کە ئێمە بزانین ناکام ساڵی 1917/لەدایک بوە گەر لەسەداسەدیش نەبێ تۆ بڵێ ساڵێک زووتر یان ساڵێک دەرەنگ تر بوە، کەواتە لەسەفەربەلک باوکم یا ساوابوە یا مناڵێکی زۆر بچووک ، ئیتر بە چ ئەقڵ وبەچ مەنتیق و بەچ پێوەرێک نەک هەر رووسی زانیوە وەرگێڕیش بوە!! ئەم دیمەنە خەیاڵاوییەی کاک کامەرانی پێشتر ئیخوان و دواتر یەکگرتوو و حاڵی حازر گؤڕانە لە کام زەمینەی نەفامییەوە سەرچاوەی گرتوە؟ چ مەتەڵێکی شاراوەی سوبحانیە کە جگە لەخۆی کەس هەڵیناهێنێ ، هەموو بیرەوەرییەکانی ناکام( نوسخە ئەسڵییەکە نەک ئەوەی کەپارتی چاپی کردوە) پەڕەیەکی تیا نیە کە پشتگیریی خەیاڵەکەی ئەو زاتە بکات مەگەر پەڕەیەک هەبووبێ و لە جاپ کردنا وون بووبێ ئێستا ئەم دۆزیوێتەوە..سبحان اللە….ئەم تەزویر و بەسەرهات دروست کردنە لە ژیانی کەسایەتی ناکام لەلایەن هەمان کەسەوە دووەم جارە ، جارێکیان لەوێنەیەکی مێژوویی جاپخانەی “ژین” ناکامی کردبوو بە گۆران” دیارە بە عەینەکەکەی فەیسبوکەکەیەوە سەیری کردوە و لێێ تێک چوە” و ئەم جارەیان لە تاکە و تاکێتی چاوی تێپەڕیوە و خۆی ساڵ دائەنێ و و خۆی وەرگێڕ دائەنێ و خۆی ئەفسەر ئەگرێ هەر خۆشی کتێبێک ئەکا بە شایەت کە ئەو پەڕەیەی لە سی ئەپریلا ئەمساڵا خراوەتە ناوی !!لاپەرەیەک کەوەک مەبەستی ئەو تەزویرە دیار نیە ، ئەگەر مەبەست لێی لایک و کۆمێنتە لە جیاتی تەزویر و ساختە کردن لە مێژوو بابەتی تر زۆرە باسی لێ بکا و لایکێکی زۆریشی بۆ بێت با مۆڵەت لە حیزبەکەی وەربگرێت و کەمێک ، زۆر کەم باسی وێرانکردنی هەرێم و تێکدانی بار و گوزەرانی خەڵک بکا لەسایەی ئەم دەسەڵاتە دیکتاۆرە مافیایەی هەولێر ، جا بزانێ چۆن بەهەزاران لایکی بۆ یەت چونکە خەڵک ئەوەنە پڕە لە دەسەڵاتی بنەماڵەی راکردن و قووتی خەڵک دزین ، ، بەڵام ئەمە بۆ سوبحان زادە بڤەیە چونکە ئەو لایەنەی کردی بە راوێژکاری پارلەمان بە مووچەیەکی شەش ملێونی سانسۆڕی هەیە لەقسە کردن لەسەر دەسەڵات دوای ئەوەی بوون بە گۆچان بۆ راست کردنەوەی شانی خواری بنەماڵەی دەسەڵات…
ئەگەر ئەم تەزویرە لە کەسایەتی و ژیانی ناکام تەنها هەڵەیەکی بێ مەبەست بوە پێویستی بە روونکردنەوە هەیە ، گەر وانیە و مەبەستێکی لە پشتەوەیە ئەوا جەرئەت و غیرەت سەنگی. مەحەکە بۆ ئەوەی ئەم سوبحانە چەن ڕاستگۆیە لەگەڵ خۆی لەگەڵ بۆچوونەکانی و چەن ڕاستگۆیە لەگەڵ واقیع وەک خۆی نەک وەک تەزویر..
ئێمە هیچ بروایەکمان بە پرۆسەی یاسایی و قەزائی لە هەرێما نیە ، بۆیە وەک ئەو زاتە خۆی ئەڵێ : ئای کورد چەن نەگبەت و داماوە ، ئێمەش ئەڵێین : ئای کورد چەن نەگبەت و داماوە کە خاوەنی دووانی وەک تۆیە..سبحان اللە……..




ئەدەبی منداڵان … کەروێشکەسپی … فەرهاد ئەحمەد بەرزنجی

ئەوکەروێشکە سپییە
جوانە لە وێنەی نییە
هەتا بڵێی نیانە
خنجیلەیە و خەپانە
هەمیشە من حەزدەکەم
یاری لەگەڵدا بکەم
دێم و دەچم لەگەڵیا
دەیدەمێ گێزەروگیا
ئازاری یەکتر نادەین
لەگەڵ یەکتر لێبوردەین
ئەویش زۆر ئاسودەیە
هاوڕێی وەک منی هەیە۰