وێنەی چین لە تەنگژەی ڤایرۆسی کۆرۆنادا … لێئا شنایدەر

پەیوەندیی فەلسەفە بە ڕەگەزگەریی کۆرۆناوە
لێئا شنایدەر
19.04.2020، دۆیچلاند فونک کولتور
کاوە جەلال لە ئەڵمانییەوە

کڵێشە نەگۆڕە نێگەتیڤەکان کە لەبارەی چین هەن، لەم تەنگژەیەی کۆرۆنادا لە شکۆفەدان. هەروەها فەیلەسوف ئالان بادیو لەنێو کۆرسی ئەم سترانەدا بەشدارە، لەم پەیوەندییەشدا لێئا شنایدەری زانای زمانە چینییەکان دەبێژێت، کە بادیو بەم بەشداریکردنەی دەریدەخات تا چە ڕادەیەک تێگەیشتنی ڕۆشناییەکان بۆ ئاوەز بە وێنەی ڕەگەزگەرییانەی (ڕاسیستیانەی) هزرەوە ئاڵاوە.

ئایا دەزانیت کە لە شاری ڤوهان تەنیا ڤایرۆسی کۆرۆنا نەتەنیوەتەوە، بەڵکو لەوێ هەروەها شۆڕشێک بەرپا بووە کە ساڵی 1911 بوو بەهۆی دامەزراندنی کۆماری چین وەک یەکەمین دێمۆکراتی لە ئاسیادا؟ ئەوەت نەزانیوە؟ ئایا ئەمە یەکەم جارە بەڕێزت دەبیستیت کە دابێکی دێمۆکراتییانە لە وڵاتی چین هەبووە؟ قەیدی ناکات، تۆ لەم مەسەلەیەدا بەتەنیا نیت.

فەلسەفە: مێژوویەکی درێژخایەنی کلێشە ڕەگەزگەرییەکان

دەمێک بوو هێندەی ئەمڕۆ لەم تەنگژەیەی کۆرۆنادا ڕوون نەبوو کە چەند زۆر بەردەوامییە پۆست-کۆلۆنیالەکان شەقڵیان بەو وێنەیە داوە کە ئێمە بۆ ناوچەی کولتووریی چین هەمانە. ئەوانە کڵێشەی ڕەگەزگەرین بە مێژوویەکی درێژخایەنەوە کە سەرەتاکەی هەروەها لەنێو فەلسەفەی ڕۆشناییەکاندایە.
بۆ نموونە هێگل وەسفی چین دەکات وەک دەوڵەتێک کە “لە دەرەوەی مێژووی جیهان”دایە. بە دیدی هێگل کولتووری چین بەتەواوی نەگۆڕە، بۆیە لەو کولتوورەدا نە پێشکەوتن و نە ئازادی هەیە. هێگل دەنووسێت: “خۆرهەڵاتییەکان هێشتا نازانن کە هۆش یان مرۆڤ وەک خودی مرۆڤ لە خۆدا ئازادە؛ لێ لەبەرئەوەی بەوە نازانن، ئەوا ئازاد نین”.

ئالان بادیو و نوێکردنەوەی کڵێشە کۆنەکانی هزر لە سەردەمی کۆرۆنادا

هەنووکە فەیلەسوفی فەڕەنسی ئالان بادیو لە گۆتارێکیدا ئەو جۆرە هزرە نوێدەکاتەوە. بە دیدی بادیو تەنینەوەی ڤایرۆسەکە لە ڤوهانەوە “هۆکاری دێرین”ی هەیە کە خۆی لە “داب و نەریتە قەدیمییەکان”ی ئەو وڵاتەدا دەبینێتەوە. ئەوجا بادیو بەردەوام دەبێت: “پیسوپۆخڵیی مەترسیداری بازاڕەکانی چین” لە گشت لا ناسراوە بە هەمان شێوەی “حەزی بێجڵەوی چینییەکان بۆ فرۆشتنی هەر ئاژەڵێکی زیندوو”.
بادیو بۆ چارەسەری ئەم تەنگژەیە تەواو کارتێزیانە (دێکارتیانە) جەخت لە ئاوەز دەکات. بە دیدی ئەو گەرەکە ئاوەز لە سەردەمانی شڵەژان و ناجەختیدا (نایەقینیدا) بەرز ڕابگیرێت. لێ کولتورناسی چینی کسیانگ زایرۆنگ بە وەڵامێکی ژیرانە کێشەی ئەم دەستپێکەی بادیو دەربڕێت: بادیو پێکەوە لەتەک تێگەیشتنی ڕۆشناییەکاندا بۆ ئاوەز کڵێشەگەلی ڕەگەزگەرییانەی هزر نوێدەکاتەوە کە هەر لە سەرەتاوە لەنێو خودی ئەو هزرەی ڕۆشناییەکاندا چەسپێنراون، واتا ئەو کڵێشانە کە کولتوورەکان بەسەر “ڕاسیۆنال” و “سۆزمەند” (ئیرڕاسیۆنال)، “مۆدێرن” و “پاشکەوتە”، “مەدەنی” و “دڕندە”دا بەشدەکەن.
ئەم مۆدێلە هزرییانە کە سەدان ساڵە چەسپێنراون، ئەمڕۆ ڕێمان لێدەگرن ڕاستینەی چین ببینین: ئاخر لە دەسەلاتدارییە دیکتاتۆرییەکەی کسی یینپینگدا کۆمەڵگەیەکی مەدەنی هەیە کە ڕەخنەییانە دەهزرێت، کەواتە ئەوە تەنیا کۆمەڵگەیەکی پێکهاتوو نییە لە ژێردەستەی مێشکشۆراو. لەوێ لە مانگی دوو بەدوواوە ناڕەزایی بەتین لەدژی سیستەمی سانسۆر لەگۆڕێن و سۆسیال میدیاکان دەهەژێنن. هەر لەم کاتەشدا ئەو کۆمارەی چین کە لە سەرەوە ناومان هێنا و ئەمڕۆ لەسەر دورگەی تایوانە، لە ئاستی جیهانیدا بە پێشەنگی بەرهەڵستیکردنی کۆرۆنا دادەنرێت.
سەرۆککۆماری تایوان، خاتوو تسای ئینگ-ڤێن، توانیی سەرکەوتووانە ڕێژەی مردن لە کەمترین ئاستدا ڕابگرێت بەبێ ئەوەی یەک تاکە مافی بنەڕەتییانەی دێمۆکراتی بەکاتی هەڵبووەشێنێتەوە. لێ لە ئەڵمانیا بە پێچەوانەوە ڕەگەزگەریی دژە-ئاسیایی لە سەرەتای تەنگژەکەوە بەئاشکرا دەرکەوت و وای کرد خێرا لەژێر هێشتێگی (Hashtag) “من ڤایرۆس نیم”دا چەند گرووپێکی چالاکیگەرا دابمەزرێن تاکو ڕووداوی بەو چەشنە بەدۆکومێنت بکەن.

لێکئاڵاویی کۆلۆنیالیزم و فەلسەفە و ڕەگەزگەریی کۆرۆنا

ڕەنگە ئەو گرووپە چالاکیگەرایانە کەمکارتر بوونایە گەر مەسەلەیەک بەشێکی بێگومان بووایە لە زانینی ئێمە سەبارەت بە جیهان: لە ڤوهان تەنیا یەکەم دێمۆکراتیی چین دەستی پێ نەکرد، بەڵکو کۆلۆنیالیزمی ئەڵمانیش. ساڵی 1895 دەوڵەتی کایزەریی ئەڵمانی یەکەم ئیمتیازی لە چین وەرگرت – ئەوە سێ ساڵ پێش ئەوەی چین بە جەنگێکی هێرشبەرانەی دڕندە دابپۆشرێت.
زۆر دەشێت ئەوە بۆ یەکەم جار بێت کە تۆ لەبارەی کۆلۆنیالیزمی ئەڵمانی لە ئاسیا ببیستیت. ئێمە بۆ ماوەیەکی درێژخایەن ڕووتاندنەوەی ئەو کولتوورانە کە بە “پاشکەوتەکان”مان دادەنان، وەک تاوان نەدەبینی، بەڵکو وامان دادەنا کە ئەو کارە یارمەتیدانێکی ئامادەکەرە لە پێناوی “بەمەدەنیکردن”ی ئەواندا. لەم وێنە زێدەڕۆیەدا کە ئێمە بۆ خۆمان هەمانە، بەشدارییەکەی فەلسەفە کەم نەبوو و ئەمڕۆش کەم نییە. بەتایبەتی ڤایرۆسێک کە وەک بێکولتوور دادەنرێت، سەرلەنوێ پێشانمان دەدات کە چەند گرنگە ئێمە بەوردی کار لە مێژوودا بکەینەوە.

لێئا شنایدەر (Lea Schneider) نووسەر و وەرگێڕ و زانای زمانە چینییەکانە. ژمارەیەکی فرە کاری نووسەرانی چینیی بۆ ئەڵمانی وەرگێڕاوە.




پێشمەرجی شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی … جەمال کۆشش

ڕوخاندنی دەسەڵاتدارەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانە

خەلکی ناوەڕاست وخوارووی عێراق، ماوەی ٦ مانگ زیاترە بۆ تێکوپێکدانی حکومەتێکی گەندەڵ ومشەخۆری ئیسلامی وتائیفی ونەتەوەیی ڕاپەڕیون. شۆڕشیان لەدژی تەواوی پرۆژەو پرۆسەی پێکهاتەی سیاسی دەسەڵاتدارانی ئیستای عێراق بەرپاکردووە. هەموو ئەو حزب ولایەن وکەسایەتیانەی لەماوەی ئەم ١٧ ساڵەدا بەشداربوون لە دزی وراوڕووتی، گەندەڵی، سەرکوت، فلمیان سوتاوەو شانسی سیاسیان کۆتایی هاتووە. ئەمە عەزمی ئامانجی ڕاپەرینە شکۆدارەکەی ئەمڕؤی عێراقە.
لەکوردستانیش ، زەمینەی ئەم ڕاپەڕینە بەتەواوی لەباروئامادەیە. ئەو هەموو دزی وتاڵانی یە، نایەکسانی وچەوسانەوەیە هەیە، سەرکوت وبێمافیە، شەڕ وهەژاری وبێکاریی یە ، زیندانی وتیرۆروڕفاندنە. لە کۆی کێشەکانی هاوڵاتیانی کوردستان ،حکومەتی هەرێم ولایەنە بەشداربووەکانی بەرپرسیارن. ئێستا لەزۆرلاوە داوای دەستکێشانەوەی حکومەت دەکەن، هەرەس وشکست وکۆتایی حکومەت بەچڕی لەلایەن خەڵک ومیدیاوە ڕادەگەیەنرێت.
خەڵکی کوردستان ، بەتایبەت کرێکاران ودەستفرۆشان وبێکاران و مامۆستایان وموچە خۆران وژنان ودەرچوانی پەیمانگا وزانکۆکان، بەبەردەوامی خۆپیشاندان وناڕەزایەتی جەماوەری فراوانیان لە دژی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان یان بەرپاکردووە. ئەم دەسەڵاتە بۆ جێبەجیێکردنی هیچ ئاڵوگۆڕێک ئامادە نەبووە وئامادەی لانی کەمی چاکسازییەکی درۆینەش نەبووە.
خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی ناوەڕاستی نەوەدەکان لەدژی هەژاری وبێکاری وڕاوڕووتی مافیا چەکدارەکانیان بۆ دزینی سامانی کوردستان، کوژراو وبرینداری لێکەوتەوە. پاشان شەڕی نیوخۆیی هەموو حزبەکان بە نەتەوەیی وئیسلامیەکانەوە لە نیوەی دووەمی نەدەوەکان دا، کوردستانی کێشایە نێو کوشتاروسەرگەردانی وڕەشترین دەورانی کۆنەپەرستی یەوە. لەو ساڵەی خراپترین بودجە هەبوو(١٩٩٧)، زۆرترین ژمارەی مزگەوت، زۆرترین ساڵۆن تەقاندنەوە، تاوان وکوشت ودزین وڕوتاندنەوە پەرەیان سەند. ساڵی دواتر تاوانکاری خۆتەقندنەوەکانیشی لە نێو مەڵبەندەکان وناوچەکاندا هاتە سەر، هاوکات تیرۆری سیاسی و خنکاندنی دەنگی بێخانەو لانەکان وداسەپاندنی تاریکترین خنکانی هەناسەی ئازادییەکان. لەماوەی ئەم ٣٠ ساڵەدا هەمیشە خەڵک ناڕەزایەتی فراوانیان بەرێخستووە. شێوە ڕاپەڕینەکەی ساڵانی ٢٠٠٥ -٢٠٠٦ تا سوتاندنی بنکەو بارەگای حزبەکان وهەڵاتنی بەرپرسەکان تەشەنەی سەند(لە دەربەندیخان وکەلاروزاخۆوسمێل). خۆپیشاندانەکانی ساڵانی ٢٠٠٠ تا گەیشت بەخۆپیشاندانی دوو مانگەی شوباتی ٢٠١١، کەدەیان کەس تیا یا گیانیان بەخت کرد، هیچ چاکسازییەک و ئاڵوگۆڕێکی سیاسی وئابووری وکۆمەڵایەتی بەدینەهات. ئەم حزبانە بۆ داسەپاندنی دەسەڵاتیان سڵیان لە تیرۆر، ڕفاندن وئەشکەنجە وسەرکوت نەکردۆتەوە وبەپلان ونەخشەی تیرۆریستی پاکتاوی نەیاران وجێگرەوەکانیان داڕشتووە. نامۆیی وناڕەزایەتی خەڵک لە فۆرمی بایکۆتێکی سایسی -کۆمەڵایەتیدا لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٨ دەدا خۆی دەرخست.
بەپێێ ئامارەکانیش بەبەردەوامی رێژەی بێکاری هەڵکشاوە( ٢٠١٣ نزیکەی ٪٧ ، ٢٠١٨ دەگاتە ٪١٣.٥ کە بەدڵنییاییەوە زۆر بەرزترە، بەهەمان شێوە هەژاری وهێڵی خوار هەژاری کەتا ئەوەی بەموچەی ٥٠٠ هەزار دینار بۆ خیزانێکی ٥ کەسی دیاریکراوە، زیاد لە ٢٠سەدا دانیشتوان دەگرێتەوە)
شاردنەوەی گرێ بەستە نەوتیەکان وداهاتەکانیان ودزینی نەوت لەڕیگای جۆراجۆری تەنکەر وکۆنترۆڵکردنی لەلایەن باندەکانی نێو حزبەکانەوە، ڕادەستنەکردنی نەوت بە دەسەڵاتی بەغدا، ئەو فەرهودو تاڵانیەی حزبەکان دەیکەن لە بازرگانی وخاڵە گومگرگیەکان، داهاتیان زۆر زیاترە لەدابینکردنی مووچەی هاوڵاتیان. ئەو ڕاپۆرتانەی هەر بەتازەیی لەم ماوەیەدا بڵاوکرانەوە لەمیدیا وڕۆژنامەکاندا بەحساب وژمارە گەواهی دەدەن.هاوڵاتیانی کوردستان بارمتەی ئەم دوو حکوومەتە کۆنەپەرستەن(حکومەتی هەریم-حکومەتی عێراق).
ئەگەر موچەخۆرانی هەرێم بەپێی بەغداش دابنێین ٦٨٠هەزار کەس، (لای هەرێم ملیۆنێک دووسەو چل هەزار کەس)، وەک لە نویترین ڕاپۆرتی سەردەمی کۆرۆناشدا هاتووە، سەدا ٢٥ خەڵک لەسەرقووتی ڕۆژانە دەژییەت (کاری دەستفرۆشی وحەمالی کە دەکاتە ملیۆن ونیوێک. کەواتە نزیکەی نیوەی دانیشتوانی کوردستان گیرۆدی هەژاری و بێکاری وگرانین. ئیدی لەوە ئاسانە تێبگەین کە هەی دادی خەڵک لەهەموو کوچەو کۆڵانێک بەرز بێتەوە، خەڵک نان بەس نان نانی نیە، خەڵک مناڵی هەراج بکات. ئەمە ئیدی چ شۆکێکە.
بەڵام زۆر گرنگە، جارێتر هەمان ڕێگای پێشوو لە خۆپیشاندان وناڕەزایەتیەکانی ساڵانی پێشوودا نەگرینە بەر. حزبە ئیسلامیەکانی کوردستان بەتایبەت (کۆمەڵ ویەکگتوو)، گوێی خۆیان قوتکردۆتەوە بۆ فیکەی سەرۆکەکانی خێلی بارزان تا لەم گەڕەی سازدانەوەی حکومەتی هەرێمدا، ئەوانیش لەسەرووی مەجلیسدا جێگایەکیان بەرکەوێت. ئەو فەرمایشت وگللەیانەی( ئەمیروپەرلەمانتارودکتۆرە) پیاوە فرە ژنەکانیان لە بودجە ومافەکانی خەڵک دەیکەن، یەک فلس بایەخیان نیە، چونکە کۆنەپەرست وهاوبەشی دزو هاوپرۆژەی هەردوو حکومەتەکەن.
بزوتنەوەی گۆڕان،کە بەشێکی زۆر لەهەڤاڵانی کۆنیان، تیمەکەی نێو حکومەت بەکاتبی پارتی دەزانن، ئەوانەی ئێستای گردەکەش، بە چاویلکە شەمسیەکانیانەوە، کەتازەیی پرۆژە چاکسازییەکەیان بۆ بوژانەوەی ئابووری ودابینکردنی موچە داوەتە پەرلەمانی کوردستان، یەک دانە بەند نا ، یەک دانە خاڵیش لەسەر یاسای چاکسازی کۆمەڵایەتی وموچەی پەرلەمانتارووەزیرو پلەبەرزو بندیوارەکانی تیا نیە(یانی تەنها ئەوانە کە بەشییان تیا نیە و ئەوانەی کە هێشتا خۆیان نەگایەندووە دەگرێتەوە وئەوانەی تر پێویستی بەهیچ چاکسازییەک نیەو بە فلتەری ئەواندا تێپەڕیوە).
شتێکی تازە نیە یەکێتی وپارتی ، دوو کۆمپانیان بازرگانی سیاسەت وئابوورین ، هەموو (کێشەو پەیوەندی وستراتیژییەتی )نێوانیشیان ئەم مۆرکەی هەیەو هیچ پەیوەندییەکی بە ژیان وگوزەرانی خەڵکی کوردستانەوە نیە. لەنائارامترین دۆخی گشتی دا(سەردەمی نەخۆشی کۆرۆنا)، پەشێوی وکێبركێی ناپەرپرسیارانەو نامۆڕالیانە وڕفاندن وتۆقاندنی یەکتری، درێژە پێدەدەن. دەبنە بەشێک لە شەڕوکێشمەکێشە ناوچەییەکان وکوردستان بۆ نێو ئەگەری دووبارەبونەوەی هەڵەبجەیەکی ترەوە. ڕاپێچ دەکەن. لەپایزی ٢٠١٩ ەوە پارتی بە چڕی کار لەسەروەدەرنانی پەکەکە ولەلاوازکردنی پەکەکە دەکات وە ئەم ئۆپەراسێۆنە ڕاستەوخۆ نێچیرڤان(پیاوە دبلۆماسیەکە)، سەرپەرشتی دەکات. یەکێتی تا ڕادەی ڕادەستکردنەوەی زیندانی هەڵاتوی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی ئامادەیە، خۆی لەریزی تاوانکاری ئێراندا جێگابکاتەوە.
نەوەیەکی نوێ پێدەنێتە نێو مێژووی کوردستانەوە، کە بەتوندی ئاسۆ وچاوەڕوانیەکانی وپۆتانسیالە شۆڕشگێرانەکانی ، ناکۆکە بە سەرجەم پێکهاتە سیاسی وئابووری وکۆمەڵایەتیەکانی حکومەتی هەرێم. باشترین فورسەت بۆ لەکۆڵکردنەوەی ئەم بارە وشکاندنی قاڵبی حکومەتە تەقلیدیە کۆنەپەرستەکانی رۆژەهەڵاتی ناوەراست، پەیوەست بوونی راپەڕینی ئەم نەوەیە بە ڕاپەڕینی عیراقەوە. خەلکی عێراق وبەتایبەت گەنجان ولاوانی عیراق داوای گۆڕێنی سیستەمی سیاسی دەکەن، داوای دابینکردنی ژیان ویەکسانی وکاردەکەن. خەڵکی عێراق وکوردستان پێکەوە هاوخەباتی وهاوئامانجی خۆیان پەیوەست بکەنەوە لەگەڵ یەکدا وبەرەیەکی هاوبەش بۆ ڕوخاندنی تەواوی دەسەڵاتی بورژوازی لە عێراق وکوردستاندا پشت بدەنە یەکتر. هێزە ئازادیخوازو چەپ و سوشیالیست وکۆمۆنیستەکان لەم نێوەدا، هیج کات بەئەندازەی ئێستا ئەم هاوخەباتی ویەکیتی یە چینایەتی یە پێویست نەبووە.

سەرەتای ئایاری ٢٠٢٠




رۆشنبیری شاشە و خەونی بچووکی رۆشنبیرانی کورد … نووسینی: ستیڤان شەمزینی

نامەوێت بچمە ناو ئیشکالیەتی رۆشنبیر کێیە و کاریگەریی تەلەفزیۆن چییە، بەڵکو پێم خۆشە هەندێک هەڵەی زۆر تێپەڕیوو راست بکەمەوە لە پێشدا و ئەوسا بڕۆمە ناو کرۆکی باسەکەوە. رۆشنبیر کەسێکە بیر دەکاتەوە و ئەنجامی بیرکردنەوەش دەخاتە چوارچێوەی تیۆر و تێزەوە. مەرج نییە خاوەن بڕوانامەکان رۆشنبیر بن چوونکە مەرجی رۆشنبیریی بڕوانامە نییە، بەڵکو داهێنان و وتنی شتی نەوتراوە لە بۆتەی فۆرمۆڵەبەندیی فیکرییدا. لێ لە دنیای کوردییدا رۆشنبیر چوارچێوەیەکە بۆ کۆی ئەوانەی دەنووسن، شەرت نییە هەموو نووسەرەکان رۆشنبیر بن، دیقەت بدەن “ماریۆ ڤارگاس یوسا” لە پێناسەکردنی “گابریل گارسیا مارکیز”دا دەڵێ “مارکیز رۆشنبیر نییە”. ئەمە لە کاتێکدایە گارسیا مارکیز بە جۆرنالیستیی دەستیپێکرد و پاشان وەک رۆماننووسێک ناوبانگێکی جیهانیی بۆ خۆی پەیدا کرد، بەتایبەت بەهۆی رۆمانە بەناوبانگەکانی وەکوو “سەد ساڵ تەنهایی” و “کەس نییە نامە بۆ کۆلۆنێل بنێرێت” و “خۆشەویستی لە زەمەنی کۆلێرادا” و “چیرۆکی مەرگێکی ئاشکرا” و زۆرێکی تر، ئەگەر مارکیز رۆشنبیر نەبێت، کاتی ئەوەیە پێداچوونەوەیەک بە خۆماندا بکەین و دیقەت بدەین ئێمە چەند تووشی هەڵە بووین لە پێناسەکردنی هەندێک قەڵەم بەدەست بە رۆشنبیر!!.
دنیای کوردیی هەروەک بواری سیاسیی، کە ژینگەی پێگەیاندنی سیاسیی تەمبەڵ و دەبەنگە، کەلاوەیەکە زۆر ئینشانووس و موهاتەراچی کردۆتە فس فس پاڵەوانی گۆڕەپانەکە و نازناوی “رۆشنبیر”یان لەسەر خۆیان تاپۆ کردووە، ئەوەی لە دەرەوەی تێفکرینی کرچ و کاڵی ئەوان بیر بکاتەوە، یان لە دەرەوەی نووسینە حەماسییە ناوەڕۆک بۆشەکانی ئەوان بدوێت نەک هەر رۆشنبیر نییە بەڵکو کۆیلەشە. ئێمە دەبێت لە پێشدەستیدا ناسنامەکان جودا بکەینەوە، بەو پێیەی تاکوو ئێستا رۆژنامەوان و شاعیر و ستوونووس و ئەدیب هەموو خراونەتە ژێر ناونیشانی رۆشنبیرەوە، ئەمە بەدەر لەو نەخوێندەوارانەی تەنیا غەڵبەغەڵب دەنووسن ئەوانیش وەک رۆشنبیر ناویان لێدەنرێت، کاتی ئەوەیە ناولێنانەکان لە سەرەتادا راست بکەینەوە، چوون کێشەی تەسمیە ئیشکالیەتێکی گەورەیە، لەو سۆنگەیەی ئێمە رۆشنبیر بەو فراوانییە نابینین وەک لە دنیای ئێمەدا هەیە، بەڵکو وەک چەندان جاری تریش هێمام بۆ کردووە رۆشنبیر کەسێکی چالاکە لە بواری بیرکردنەوە و تیۆریزەی بیرکردنەوەدا.
رۆشنبیری سەر شاشە
فریدریش هایاک، لە ساڵی 1945 لە وتارێکدا بەناوی “رۆشنبیران و سۆسیالیزم” دەنووسێت “لەهەموو وڵاتە دیموکراتییەکاندا و لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا زیاتر لە هەر جێگەیەکی تر، بڕوایەکی پتەو هەیە بەوەی کاریگەریی رۆشنبیران لەسەر سیاسەت حاشاهەڵنەگرە، گوومانی تێدا نییە کە ئەمە راستە سەبارەت بە دەسەڵاتی رۆشنبیران لە کاریگەریی دانان لەسەر شێوەی بڕیاردان لە رێگەی بۆچوونە سەیرەکانیانەوە، یان سەبارەت بەراددەی توانایان بۆ گۆڕینی رای گشتیی لەسەر ئەو پرسانەی لای خەڵک بۆچوونی جیا جیایان لەسەرە، بەڵام لە مەودایەکی تا راددەیەک دووردا پێدەچێت هەرگیز ئەوەندە کاریگەرییان نەبووبێت وەک ئەوەی ئێستا هەیانە، ئەم دەسەڵاتەشیان لە رێگەی پێکهێنانی رای گشتییەوە بەدەستهێناوە”.
رۆشنبیر بۆ خۆی خاوەنی دەسەڵاتێکی رەمزییە، کە هایاک بە کاریگەریی لەسەر رای گشتیی و گۆڕینی بۆچوونی گشتیی ناوزەدی دەکات. بەڵام کێشەی رۆشنبیرانی کورد ئەوە نییە کاریگەرییان لەسەر رای گشتیی و خەیاڵدانی نەوەیەکی تازە پێگەیشتوو نییە، بە پێچەوانەوە تێزەکانیان پڕە لە کورتبینی و نهێلیزم، پڕە لە ئەنتی تۆلێرانس، پڕە لە ئەندێشەی ئاینی و خێڵەکیانە، بۆ ئەم مەبەستەش بەدکەڵکی زۆریان لە شاشەی تیڤی وەرگرتووە، چوونکە تەلەفزیۆن بەدەر لە دیوە پۆزەتیڤەکەی، رەهەندی نێگەتیڤیشی هەیە بەوەی رووبەرێکە بۆ دەم هەراشەکان یان ئامێری بەرهەمهێنانی پاڵەوانە ساختەکانە، هەرچەند کاریگەریی زۆرە لەسەر گۆڕینی واقیع وەک ئەوەی لە کودەتاکەی تورکیا دژی ئەردۆگان بینیمان لە ساڵی 2016، چۆن یەک گرتەی ڤیدیۆیی لە رێی سکایپەوە کە لە شاشەی تەلەفزیۆنەکانەوە بڵاوکرایەوە توانی کودەتاکە پووچەڵ بکاتەوە، هاوزەمان تیڤی دەتوانێت واقیعی کۆمەڵایەتی و کولتووریی و زیهنیش بگۆڕێ، بەڵام رەنگە ئەمەیان پرۆسەیەکی درێژخایەنتر بێت.
ئێمە لە حاڵی حازردا خاوەنی گروپێک رۆشنبیری موهەڕیجین لە رێی شاشەکانەوە بەقەدەر ئەوەی رەخنە لە دەسەڵاتی سیاسیی دەگرن، دەسەڵاتەکانی تر بەهێز دەکەن، کاتێک رۆشنبیرانی ئێمە رەخنە لە دەسەڵات دەگرن، ناکرێت بڵێین ئەمە کارێکی خراپە، بەڵام کورتکردنەوەی دەسەڵات لە دەسەڵاتی سیاسییدا نیشانەی هەژاریی مەعریفییانە، بەو پێیەی دەسەڵاتی سیاسیی تەنیا یەک دیوی دەسەڵاتە، یان یەک تاکە دەسەڵاتە لەنێو کۆی دەسەڵاتەکانی تردا. کەمترین رۆشنبیرمان هەیە خۆیان بدەن لە قەرەی رەخنەگرتن لە دەسەڵاتی ئاینیی و دەسەڵاتی کولتووری خێلەکیانە و کۆی دەسەڵاتە نارەمزییەکانی تر. بەزمانێکی تر ئەم گوزارەیە تەرح دەکەین و دەڵێین چوونکە رۆشنبیرانی ئێمە پاشخانی بیرکردنەوەیان حزبیی و سیاسییە تەنها دەتوانن رەخنەی سیاسیی و حزبیی بگرن، ئەم دیاردەیەش بەیەک ئاست دەبینرێت لای رۆشنبیرانی سەر بەدەسەڵات و ئەنتی دەسەڵاتەوە.
رۆشنبیرانی ئێمە زۆرینەیان سروشتێکی قەحپەییان هەیە، دەمەوێ پێش ئەوەی بەسەرمدا تێپەڕێت ئەوە روون بکەمەوە زاراوەی “قەحپە” لە هزرینی مندا رەهەندێکی سێکسوالێتی نییە، ئەو ژنە قوربانیانە ناگرێتەوە ناچارن بەهۆی بارودۆخی ئابوورییەوە لەشی خۆیان لە بازاڕی بێویژدانی سەرمایەدارییدا بۆ چەند دۆلارێک بفرۆشن. ئینجا دێمە سەر کرۆکی مەبەست و بەکورتی ئەوە دەڵێم زۆرینەی رۆشنبیرانی ئێمە سرووشتێکی قەحپانەیان هەیە و بە فۆرمێکی نمایشکارانە روانگەکانیان دەخەنە روو، چوون دوو جۆر ئیلێتی رۆشنبیریی دروستبووە یەکێکیان بەو جۆرە نمایش دەکات سەرنجی دەسەڵاتی سیاسیی بەلای خۆیدا راکێشێت لە پێناوی بەخششێکی چەوردا، لە بەرانبەر ئەمەدا نوخبەیەکی تری پۆپۆلیست و سۆزانی هەیە دڵداریی لەگەڵ سۆز و هەستی جەماوەر دەکات “ئەو جەماوەرەی گۆستاف لۆبۆن بەروونی پێناسەی دەکات و پێیوایە سرووشتێکی سۆزانیانەی هەیە”، ئەم ئیلێتییە بەشێوەی قەحپانە کار لەسەر راکێشانی سەرنجی جەماوەری گەل دەکات بەلای خۆیدا، بەمەش دەسەڵاتێکی بەرفرە بۆ خۆی پەیدا دەکات “بێگوومان دەسەڵاتی مەعنەویی و هەژموونگەرایی”، رۆشنبیرانی راستەقینە ئەوانەن کەوتوونەتە نێوان ئەو دوو فۆرمە لە رۆشنبیر و سەرقاڵی کاری خۆیانن لە کێڵگە هزریی و مەعریفییەکەدا.
ئەو تەرزە رۆشنبیرە سۆزانییە زیاد لەهەر شتێک پێویستی بە شاشە و مارکێتینە، تاکوو بتوانێت خۆی وەک فریادڕەس نیشان بدات، لە کاتێکدا چەمکی فریادڕەس لە سترۆکتۆرەوە بارگاوییە بەرۆحی ئاینیی. جیا لەمەش خوازیارە خۆی وەک قارەمانێکی ئەفسووناویی لە ئەندێشەی زۆرینەدا سکێچ دەکات. “محەمەد تەها حوسێن” زۆر بە باشی ئەم نەخۆشییە روون دەکاتەوە، کاتێک دەنووسێت: رۆشنبیر ئەو خودە نییە دوای ئەوەی لە کردەی بیرکردنەوەدا توانی کاریگەر بێ لە کۆمەڵگەدا فۆرمی ژیانی دیکەی هەم بۆ خۆی هەم بۆ تاکەکانی دیکە فەراهەم کرد، ئیدی ببێ بە میتامرۆڤ و بەسەر ئەوانی دیکەدا ببێ بە کەڵەگا.. لەو ساتەوەختانەی رۆشنبیر یان وردتر بڵێین خودی بیرکەرەوە ئەو حەقی بیرکرددنەوەیە تەنها بۆ خۆی قۆرخ دەکات و بوار بۆ ئەم ئامادەگییە ئیلاهییە ناڕەخسێنێ، ئەوا هەمان ئەو کۆمپرادۆر و دەرەبەگ و سەرمایەدارەیە کە هەرچی سامان هەیە بەهۆی خۆی دەزانێ و نایەڵێ کەسی تر لێی سوودمەند بێت. بەمانا هەمان ئەو وێنە سەرەتایی و ئارچیتایپە یۆنگیەیە کە لە سەرەتای مێژووەوە چووەتە ناخی یەک بە یەکمان و هەمیشە ئاگا یان نائاگا لێمان وەدیار دەکەوێتەوە. ئەو ئارچیتایپە یۆنگیە رێک باوکەکەی فرۆیدە کە لە هۆزی یەکەمی مرۆڤایەتیدا یەکەم پیاو بووە و هەرچی حەز و شەهوەت و سامان هەبووە بە رەوای خۆی زانیوە و نەیهێشتووە کەس لێی بخوات خۆی نەبێ.
ئەو مودیلە رۆشنبیرە “بۆتۆمۆر”ییەی لەکوردستان باڵا بووە و خۆی بە توخمێکی بنەڕەتی بینای کۆمەڵایەتی و گەرووی زوڵاڵی هەموو چین و توێژە کۆمەڵایەتییەکان هەژمار دەکات، هەموو وزەی رۆشنبیریی و جەستەیی خودی خۆی تەرخانکردووە بۆ داتاشینی وێنایەکی تەوتەمی و کەڵەگایانە بۆ خۆی، هەمیشە چاوی لەوەیە ئۆتۆریتە و پێگە و دەستڕۆیشتوویی خۆی بەسەر سیاسییەکاندا بسەپێنێت، بۆ هێنانەدی ئەم نەرگسییەتە نامەشرووعەش بەردەوام پێویستی بە شاشەی تیڤی هەیە، تاکو بتوانێت لە یەک کاتدا وێنا ساختەکەی وەک پاڵەوانێکی وەهمی بگەیەنێتە هەموو ئەو چین و توێژانەی ئەو خۆی بە ویژدانیان دەزانێت. پێویستە ئەوەش بڵێم مەبەستم لەوە نییە نابێت رۆشنبیر سوود لە تەلەفزیۆن وەربگرێت، بە پێچەوانەوە مەبەستم لەوەیە خودی رۆشنبیری کورد ئەوەندەی تەلەفزیۆن و شاشەکان بۆ بە کاریزماکردنی خۆی بەکاردەبات، نیو هێندە بگرە هیچ نایەوێ بەرئەنجامە فیکرییەکانی خۆی بگەیەنێت، چوونکە لە بنەڕەتەوە ئێمە کۆمەڵێک رۆشنبیرمان هەیە بیر ناکەنەوە، ئیدی چۆن بتوانن پەیامێک بگەیەنن؟. ئێمە رۆشنبیرمان نییە لە دەرەوەی ئەو تێزانەی وەک مەحفوزات دەرخیان کردووە، قسەیەکی تری پێ بێت!!. رۆشنبیرمان نییە، خۆی بێت و روئیای روونی خۆی هەبێت.
رۆشنبیرانی ئێمە خاوەنی هیچ بەرهەمێکی نوێ و زانستی نین، زیاتر قسەکەری سەر شاشەکانن، زۆرجار لەگەڵ بێژەرەکانی تیڤی جیاوازییەکی ئەوتۆ لە نێوانیاندا بەدی ناکرێت، چ لەرووی ئامادەگی لەسەر شاشەکان، چ لەرووی بیر و تەنانەت تۆنی دەنگیشەوە. بەرگریکردن لە مافی ئەوانیتر مانای ئەو گووتارە پۆپۆلیستی و دۆگمایە نییە رۆشنبیرانی ئێمە چ لەبەرەی دەسەڵات چ لەبەرەی بەرهەڵستکاران لە رێگەی شاشەی تیڤییەکانەوە سەرقاڵی موبیلیزەکردنین. ئەو رۆشنبیرە ئیعلامییانە زۆر جار ئاستی بیرکردنەوە و ورووژاندنیان زۆر لە خوار وتار و پرسیارە رۆژنامەوانەکانیشەوەیە. ئەم دیاردە نێگەتیڤە وەنەبێ تەنها لەدنیای ئێمەی کورددا بوونی هەبێ، بەڵکو ئەوە نەریتێکی باوی تێکڕای کۆمەڵگە دواکەوتووەکانی رۆژهەڵاتی نێوین و جیهانی عەرەبی و ئیسلامییە کە رۆشنبیرەکانی لە بری هەڵهێنجانی فیکریی دەبنە شایەری سیاسیی، لە بری کارکردن لەبواری زانستیدا، دەبنە پاسەوانی ئایدۆلۆگییە سیاسییەکان، لە بری هەنگاونان بۆ ئایندە، سەرقاڵی بەرهەمهێنانەوەی ئەو کەلەپوورە رۆشنبیرییەن کە لە مۆزەخانەکانی مێژوو هەڵگیراون.
یەکێک لە ترسناکترین سیما ترسناکەکانی ئەم تایپە لە رۆشنبیر دوانە بەناوی هەقیقەتەوە، ئەوە نەریتی نازی و فاشیستەکانی سەرەتای سەدەی بیستەم و هەموو ئایدۆلۆگییە تۆتالیتارەکانی دنیایە. ئەوە ستالینیزمە و هەمان ئەو تێزەیە کە لەسەر سترۆکتۆری “ئەوەی لەگەڵم نەبێت ناراستە” بیناکراوە. مەولانای رۆمی بەر لە چەند سەدە وتی “هەقیقەت ئاوێنەیەک بوو شکا”! هەر کەسەو پارچەیەک لەو ئاوێنەی هەڵگرتۆتەوە، هەر کەسێ تەنیا لە پارچەیەکی شکاوی ئەو ئاوێنەدا هەقیقەتەکانی خۆی دەبینێت، ئەم هەمان ئەو بیردۆزەیە تیۆری نسبیی ئەنشتاین لە سەدەی بیستەمدا پێی دەگات و جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە هەرچی هەبووە لە کەوندا بوونێکی رێژەیی هەیە نەک رەها، هەروەک یاسا فیزیکییەکەش پێداگریی لەسەر دەکات “هەموو ماددەیەک لە دۆخی ئاساییدا هاوبەرگەیە و پێکهاتووە لە بارگەی موجەب و سالب”. پێموایە فەیلەسووفە پۆست مودێرنەکان تازە ئەم گەوهەرە دەدۆزنەوە و بۆمان باس دەکەن. دەمەوێ بڵێم ئەوانەی بەناوی هەقیقەتەوە دەدوێن، کوشندەترین زیان لە رێژەییبوونی هەقیقەت دەدەن، چوونکە هەقیقەت شتێک نییە بە رەهایی لای کەسێک یان بیروباوەڕێک چڕ بووبێتەوە، لە سۆنگەی ئەوەی هەقیقەت وەک ئاردی نێو دڕک وایە و هەر کەسێک دەتوانێت چنگێکی لێ هەڵگرێتەوە بە خۆڵ و خاشاکیشەوە. لێ بەداخەوە ئەو رۆشنبیرە کوردانەی لە شاشەکانەوە دەیانبینین بەناوی هەقیقەتەوە لاقەی جوانی هەموو شتێک دەکەن چوونکە وا دەبینن مادام راستن، بۆیان هەیە هەموو شتێکی دەرەوەی خۆیان ناشرین بکەن.
خەونی بچووکی رۆشنبیرانی کورد
رۆشنبیرانی کورد هەروەک مێگەلەکە سەیری رووداوەکان دەکەن، بە زمانی ئاسایی عەوام دەپەیڤن، بە مێشکی زۆرینە بیر دەکەنەوە، لەناو نەریتە کۆمەڵایەتییەکاندا نغرۆ بوون، قسەیان لەسەر زۆر شت هەیە، بەڵام بیریان لە هیچ نەکردۆتەوە، خەون بە گۆڕینەوە دەبینن ئامڕاز و کەرەستەکانی گۆڕین شک نابەن و ناتوانن بیدۆزنەوە، رۆشنبیری ئێمە قسەنووس و یاریکەرن لەگەڵ عاتیفەی گشتیی، هەموو پڕۆژە رۆشنبیرییەکانیان ناچێتە دەرەوەی جیهانبینی سیاسیی و فیکریی باو، هەر بۆیە رۆشنبیری کورد خەونی بچووکە لەو دنیا گەورەیەدا. بەهۆی ئەوەی رووبەر و مەدای بیرکردنەوەی سنووردارە، با ئەو رۆشنبیرە لە دنیای شارستانی رۆژئاواشدا بژیت و لە نزیکەوە بەر فینۆمینەکانی دیموکراسی پلورالی کەوتبێت، بەڵام هێشتا لە کوێرە دێیەکی کوردستاندا دەژی و هزرینی لە چوارچێوەی ناوچەگەرییدایە و ناتوانێت سنووری ئەقڵی حزبییانە تێپەڕێنێت، نەک ناتوانێت گەردوونیانە بیر بکاتەوە، بەڵکو دەست و پێ سپیترە لەوەی کوردستانیانەش بیر بکاتەوە. دیقەت بدەن زمانی ئەو رۆشنبیرەی دەم لە پۆست مودێرنە وەردەدات، لەگەڵ زمانی کادرە حزبییە نەخوێندەوارەکان هەریەک زمان و ناوەڕۆکە، بەڵام بە سینتاکس و گوزارەی لە یەک جوداوە، ناوەڕۆک هەر یەک ناوەڕۆکی کۆنە، بەڵام هەر رۆژەی لە فۆرمێکی تازەدا تیۆریزە دەکرێت و زاراوەکانی دەگۆڕێن و پۆشاکی تازەیان بە بەردا دەکرێت.
رۆشنبیری کورد پاشکۆی سیاسەتە، یان وردتر بڵێن پاشکۆی حزبە، مەرج نییە لە رووی ئۆرگانییەوە تاکی رۆشنبیر لە حزبێکی سیاسییدا سازمان درابێت، بەڵام ئەو زیهنییەتی بیری پێدەکاتەوە هەمان ئەو زیهنییەتەیە حزبەکان وەک گووتاری سیاسیی خۆیان قبوڵیان کردووە و تەرویجی بۆ دەکەن. ئەگەر بچینەوە سەر نموونە بۆ روونکردنەوەی بابەتەکەمان رەنگە کۆمەکی باشمان بکات. لێرەدا دەخوازم جیابوونەوەی باڵی مەکتەبی سیاسیی پارتی لە باڵی سەرەکی پارتی “جیابوونەوەی جەلالی لە مەلایی” لە ساڵی 1964دا بکەمە سەمپڵێک، وەک دەبینین گووتاری ئەو باڵە گووتارێکی چەپی ماویی بووە، هەموو کایەی رۆشنبیریی کوردیی لە ئاستی تاک و تەرا نەبێت، با دەدەنەوە بەلای باڵی مەکتەبی سیاسییدا، دەیانەوێ پاساوی فیکریی بۆ ئەو دوو کەرتبوونە بدۆزنەوە لە ریزەکانی شۆڕشدا، لێ باڵی مەکتەبی سیاسیی بایدایەوە بەلای دەوڵەتی داگیرکەری عێراقدا، ئەمە بۆ رۆشنبیرانی ئەودەم و ئێستاش نەبووە شۆک، بەڵکو هەر ئەو ستراتیژەی ئەوسایە هەرجارەی لە بەرگێکدا خۆی مانیفێست دەکات و رۆشنبیرانیش وەک ئەسپ عەرەبانەی ئەو بزووتنەوە سیاسییە رادەکێشن.
ئەو نموونەی لای سەرەوە پێماندەڵێت، خەونی رۆشنبیرانی کورد لانیکەم لە باشوور، چەند بچووکە، چوونکە بەشێکی لاوەکییە لە ململانێی سیاسیی، ئەگەرنا ئەنتجلنیسیای کورد نەیتوانیوە گووتارێکی رۆشنبیریی سەربەخۆ لە دەرەوەی هەژموونی کونزەرڤاتیڤانەی حزبەکان بە خەونی گەورە و ئاگایی فیکرییەوە فۆرمۆڵە بکات، بەو هۆیەی کارەکتەری رۆشنبیر لە هەمان کاتدا کارەکتەرێکی سیاسیی و چالاکوانی ململانێ حزبییەکانە و ناتوانێت لەودیو تەلبەندەکانی حزب و گووتارە حزبییەکانەوە خۆی ببینێتەوە. کێشەم لەگەڵ ئەوانە نییە بە ئاشکرا بوونەتە ئاژیتاتۆری حزبەکان، ئەمانە دەتوانین بە رۆشنبیری حزبی ناودێریان بکەین، بەڵام کێشەکە لێرەدایە ئەو گروپ و تاکە رۆشنبیرانەی بەناوی بێلایەنی و سەربەخۆییەوە هاتوونەتە نێو گۆڕەپانەکە هەندێک بە ئاگایی بوونەتە بەشێک لە ئەجیندای حزبی و هەندێک تریش بە دیفاکتۆ و نائاگایی کەوتوونەتە نێو ئەو واقیعەکەوە کە تەرەفداریی بۆ لایەنێکی سیاسیی دیاریکراو بکەن، ئیدی بەم حاڵەوە دەبێت خەونی گەورەی رۆشنبیرانی کورد چی بێت؟ هەرچەند دەمەوێ ئەوەش ئیزافە بکەم هیچ گشتاندنێکم پێ راست نییە و لێرەدا نامەوێ گشتاندن بکەم، بەڵکو لەسەر زۆرینە قسە دەکەم،ـ لانیکەم ئەو زۆرینەیەی مەیدانەکەیان بەدەستە.
لەوە کارەساتبارتر ئەوەیە، خەونی بەشێکی بەرفرەی رۆشنبیران هێندە بچووک بۆتەوە، مۆبیلیزەی گەمژەیی دەکەن، لە رێی دنەدان و هاندان و ختوکەدانی هەستی ناوچەگەریی و شارچێتی هاووڵاتیان، یان دروستکردنی وێنەیەکی زەینی بۆ شەیتانی سیاسیی کە هەموو کەموکوڕیی و نەهامەتییەکان بخرێتە ئەستۆی ئەو ئەهریمەنە، ئەمە ئیقتباسە لە رۆشنبیریی دواکەوتووی عەرەبەکان، کە بارگاوییە بە رۆحی ئاینی و کولتووری بەداوەت، ئاخر عەرەبەکان هەموو ریفۆرمێکی سیاسیی و ئابووری و کولتوورییان بیر بردۆتەوە، هەمیشە کاردەکەن لەسەر داتاشینی دوژمنێکی وەهمی و تۆخکردنەوەی تیۆری موئامەرە، بۆ ئەم مەبەستە شەیتانێکی گەورەیان هەڵبژاردووە تا رک و کینەی خۆیانی تێدا خاڵی بکەنەوە ئەویش دەوڵەتی ئیسرائیلە و زایۆنیزمە. ئەم بیردۆزە بەشێوەیەکی تر وەک نەخۆشی کۆلێرا گواستراوەتەوە نێو کایەی رۆشنبیریی کوردیی بەتایبەت لە باشوور چوونکە ژێدەری بیرکردنەوەمان ئەو رۆشنبیرییە عەرەبییە ئیسلامییەیە هەنووکە دنیای عەرەبی کردۆتە دۆزەخی سەر زەوی، بەڵام تاکە جیاوازیی لەنێوان شەیتانی گەورەی نێو رۆشنبیریی عەرەب لەگەڵ شەیتانی گەورەی رۆشنبیریی کوردیی، لەوەدایە شەیتان لای عەرەب بێگانەیە، بەڵام شەیتانەکەی ئێمە خۆماڵییە و هەر خودی خۆمانین!!.
ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ناونیشانی بابەتەکە و باس لە خەونی رۆشنبیری کورد بکەین، پێویستە ئەمجارە لە چەند پرسیارێکەوە دەست پێبکەین، وەکوو: ئایا رۆشنبیری کورد رۆڵی چی بووە لە گەڵاڵەکردنی پڕۆژەیەکی فیکریی لە کوردستاندا؟ هەژموونی رۆشنبیران جگە لە نەوەیەکی سەرگەردان و خاڵی لە ئینتیما و بێ ئاسۆ و رەشبین و پووچگەرا چیتری بەرهەم هێناوە؟. رۆشنبیری کورد چی فۆرمۆڵە کردووە بۆ رزگارکردنی ئەقڵی کوردیی لە خڵتەی نەریتی ئاینیی وشکهەڵاتوو یان خەیاڵدانی هۆزگەرایی و خێڵەکی؟. ئەجیندای رۆشنبیری کورد چی بووە لە راستای گۆڕینی پەروەردەی کۆمەڵایەتی و بیناکردنەوەی کەسێتی تێکشکاو و پاسیڤی تاکی کورد؟. پڕۆژەی رۆشنبیرانی کورد چی بووە بۆ پێناسەکردنەوەی چەمکەکانی ژیان کە تەبا و کۆک بێت لەگەڵ رۆحی سەردەم؟. رۆشنبیرانی کورد چییان ئامادە کردووە وەک تیۆر بۆ فەلسەفەی حکومڕانیکردن و دەوڵەتداریی؟. تیۆرییەکانی رۆشنبیرانی ئێمە چین بۆ بەگژاچوونەوەی دیاردەی گەندەڵی ئیداریی و ئابووری؟. پڕۆژەی رۆشنبیرانی کورد چی بووە بۆ گۆڕینی سیستمی پەروەردە و پێشخستنی قوتابخانەکان و بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی؟. پڕۆژەی تیۆریی رۆشنبیرانی ئێمە چی بووە لە راستای هۆشیاریی جێندەریی و سێکسیی؟. پڕۆژەی رۆشنبیرانی کورد چی بووە بۆ یەکسانی رەگەزیی و گۆڕینی ئەو خەیاڵدانەی ژن وەک سەرچاوەی لەززەت بۆ پیاو سەیر دەکات؟؟.
من لێرە وەڵامی ئەو پرسیارانەم دەوێ نەک ئەو قسە باق و بریقانەی رۆشنبیرانی ئێمە فێری بوون و تووتی ئاسا دەیڵێنەوە؟ باسی دروشمبازیی ناکەم بەڵکو باسی پڕۆژەی فیکریی دەکەم. ئەگەر رۆشنبیرانی ئێمە دنیای کوردییان نەخوێندۆتەوە و بیریان لە کێشەکانی ناوی نەکردۆتەوە، تەنیا یەک کێشە ببینن کە کێشەی سیاسییە ئەوە دەبێت رێگە بدەن بڵێم خەونی بچووکە. گەرەکمە ئەوەش تێنەپەڕێ لەبارەی کێشەی سیاسییەوە، لای من ئەو فۆرمە لە سیاسەت کە لە دنیای کوردییدا هەیە، نەک شایانی رەخنەلێگرتنە بەڵکو دەبێت بگۆڕدرێت، بەڵام ئەم گۆڕینە تەنیا ئەو شێوازە لینینییەی گۆڕینی قووچەکی فەرمانڕەوا نییە، بەڵکو لە پێشدا گۆڕینی خەیاڵدانی سیاسییە، ئەمەش کاری رۆژ و دوو رۆژ نییە، بەڵکو پرۆسەیەکی هەمەلایەنەی درێژخایەنە و پێویستە بۆ ئەو گۆڕینە گرنگە دەست بۆ زۆر بابەتی هەستیاری تر ببەین کە ئەویش پەیوەندیی بە پەروەردەی کۆمەڵایەتی و ئاینی و خێڵەکیی ئێمەوە هەیە وەک کورد، بێ ئەم گۆڕینە لە خەیاڵدانی تاکدا و دروستکردنی تاکێکی کوردیی ساغڵەم لە رووی دنیابینییەوە، مومکین نییە ئەو گۆڕینە کودەتائامێزی قووچەکی سیاسیی هیچ بەروبوومێکی هەبێت، بەپێچەوانە بە فیڕۆدانی وزەی نەوەیەکە و تێکشکاندنی خەونی زۆرینەشە.
وتەی داخستن
وەک هەموو بوار و کایەکانی تری ژیان، کایەی رووناکبیریی کوردیی لەسەرگەردانی و تراژیدیایەکی مەزندایە، رەنگە بەشێکی زۆریش لە سەرگەردانییە سیاسیی و کولتووریی و فەرهەنگییەکانیش راستەوخۆ پەیوەندییان هەبێت بەو سەرگەردانییە رۆشنبیرییەی هەنووکە لە ئارادایە، لێرەدا دەبێت رۆشنبیر بە ئەرکی خۆی هەڵستێت و کارەکەی خۆی بەدروستی بناسێت، تاکو رۆشنبیر پانتایی کاری خۆی کە بەرهەمهێنانی مەعریفە و بیرە، جودا نەکاتەوە لە پانتایی کاری سیاسەتمەدار و رۆژنامەوانان، هیچ شتێک ناتوانێت ببێتە مایەی دڵخۆشی لە بواری پێشکەوتن و گۆڕان لە دۆخێکەوە بۆ دۆخێکی تر. تاکوو رۆشنبیری ئێمە سەرقاڵی گەمەکانی سیاسەت و حزبایەتی بێت، هەلومەرجەکانی کۆمەڵگە لە بری هەنگاوێک بۆ پێشەوە لینین وتەنی دوو هەنگاو بۆ دواوە دەبێت. ئەرکی رۆشنبیرە پێش هەر کارێکی تر چالاکی لە کایەی خۆیدا بکات، بەمانایەکی تر رۆشنبیر دەبێت لەوە حاڵی بێت نە گیڤارایە و نە مارتن لۆسەر کینگ، بەڵکو ئەو دەکرێت لە بواری فیکر و رەخنەی مەعریفیدا بەشداریی بکات لە پرۆسەی گۆڕانکاریی و لە پێشنۆرەشدا گۆڕینی عەقڵیەت و جیهانبینی تاک و گۆڕینی شێوەی بیرکردنەوەی کۆنسەرڤاتیڤی کۆمەڵگە و گۆڕینی فۆرمی کلاسیکی کردەی سیاسیی.
کاتی ئەوەیە رۆشنبیرانی ئێمە، بەرلەوەی سیاسەت و توخمە رەنگاورەنگەکانی کولتوور بخەنە ژێر نەشتەری رەخنەکانیانەوە، هاوزەمان چاوخشاندنەوەیەکیش بکەن بەسەر شێوازی کاری خۆیان؟ پێویستە رۆشنبیران هەڵسەنگاندنێک بکەن کە خەریکە لە ماکینەی بەرهەمهێنانی هزری نوێوە دەبنە ماکینەی بەرهەمهێنانی هەجو و جنێوی نوێ؟ پێویستە ببینن دوای بیست و شەش ساڵ پاش راپەڕین گۆڕانکاریی پۆزەتیڤ لە هیچ یەکێک لە بوارەکانی رامیاریی و ئابووری و کولتوورییدا رووینەداوە،! ئەمەش ئەگەر لەسەرێکەوە نیشانەی ئەوە بێت دەسەڵاتێکی فاشیلمان هەبووە بەدرێژایی دوو دەیە و نیو، لە رەهەندێکی ترەوە نیشانەی تەمبەڵی رۆشنبیران بووە لە تەرح و داهێنانی فیکریدا، چوونکە ئێمە شاهیدین لەسەر تایپێک لە رۆشنبیریی بە داتاشینی وێنایەکی دزێو و جنۆکەئاسای کارەکتەرە سیاسییەکان “نەک سیستمی سیاسیی” خۆی لەهەر چەشنە تیۆریزەیەک دزیوەتەوە، بەو مانایەی تەنیا بە شێواز و ئەدەبیاتی سیاسیی شەڕی لەگەڵ دەسەڵات یان حزبەکان کردووە، ئیدی ئاگای لە بوارەکانی تری ژێرخانی فیکریی کۆمەڵگە نەماوە، ئاگای لە گووتاری ئاینی و تۆخبوونەوەی مەیلی ئیسلامیی کۆمەڵی کوردەواریی نەماوە، ئاگای لە ئیسلامییەکان نەماوە بە هەموو رێگاکان سەرقاڵی موبیلیزەن بۆ ئیسلامیزەکردنی کۆمەڵگەی کوردستان، ئەمە هەروەک ئەو نموونەیە وایە، نەخۆشێک دەردەدار بێت بە شێرپەنچەی پێست، بەڵام پزیشکەکان لە بری کیمیۆ تێراپی نەشتەرگەریی جوانکاریی پێستی بۆ ئەنجام بدەن.
پێش ئەوەی دوا قسەی خۆم لەم چاپتەرەدا دەکەم، ئێمەی کورد پێویستمان بە رۆشنبیرێکی جیددی وەک عەلی حەرب هەیە، کە برینێک بخاتە ئەو نەزعە ترسناک و خودسەرسامییەی رۆشنبیرانی ئێمەوە. ئەو توانی رەخنەکان پێچەوانە بکاتەوە و شەڕەکە بباتەوە نێو ماڵی خودی رۆشنبیران. کتێبە بەناوبانگەکەی “وەهمەکانی نوخبە یان رەخنە لە رۆشنبیر” توانی بەخێراییەکی بێوێنە ببێتە جێگەی مشتومڕ و ئیست لەسەر گرتن. ئەو لە پاشکۆی کۆتا چاپی کتێبەکەیدا، بەم جۆرە دەپەیڤێت “دان بەوەدا دەنێم من تەقەم لە رۆشنبیر کردووە، بە ئەندازەی ئەوەی هەنگاوم ناوە بۆ کردنەوەی مەلەفی رۆشنبیران بەرووی رەخنە و لێپێچینەوەدا. بەو مانایەی کارم بۆ لەقکردنی بڕوا رەگ داکوتراوەکان کردووە، بەئەندازەی ئەوەی هەوڵم داوە، جێ بەکێشەکە لێژ بکەم و سەرلەنوێ پرسیارەکان فۆرمۆڵە بکەمەوە و تیشک بخەمە سەر ئەو شوێنانەی کرابوونە دەرەوەی چوارچێوەی بیرکردنەوە بە ئەندازەی باسکردنی پەیوەندییە نادیموکراتییەکان و هەڵسوکەوتە تاریکبینەکانی ناو کەرتی رۆشنبیریی و نێوان دەستەبژێرەکان، ئەمەش وای لێکردم ئەولەویەتەکان ژێراوژوور بکەم و ئاڕاستەی رەخنە بگۆڕم. لە کاتێکدا ئیشی رەخنەگرتن لە رووی دەرەوە و واقیع بوو، تیرەکانی رەخنەم ئاڕاستەی ناوەوە کرد، واتە واقیعی رۆشنبیر لە رووی بیر و پراکتیک، یان گووتار و دامەزراوەوە”.
نۆبەتی ئەوەیە رۆشنبیر رووی رەخنەکانی ئاڕاستەی ناوەوە بکات و دواتر کەی ئیشکالییەتە ریشەییەکانی خۆی چارەکرد، رووی رەخنە بگۆڕێت و ئاڕاستەی دەرەوە و واقیعی بکات. ئێمە لە ئێستادا پێویستمان بە توێژێکی ئەکتیڤی رووناکبیریی هەیە، پرسیاری گەورە بکات، لە پێدراوە بچووکەکاندا بەهای گەورە بدۆزێتەوە، نەک چاوی لەسەر رووداوە گەورەکان بێت، لەو سۆنگەیەی کاری رۆشنبیریی ئیشێکی تاقیگەییە، هەروەک پیشەی پزیشکەکان وایە، دوای ناسین و دۆزینەوەی ڤایرۆسەکان، دەتوانیت دەرمانی لەناوبردنی ڤایرۆسەکە بدۆزیتەوە. رۆشنبیرانی ئێمە لەسەریانە ڤایرۆسەکانی گەندەڵی و لاوازیی کەسێتی تاکی کورد و خراپی رەوشتی سیاسیی و ئیداریی بدۆزنەوە لە تاقیگەکانی هزرین و لێکدانەوەی زانستیدا، پاشتر دۆزینەوەی دەرمان و پرۆسەی دەرمانکردنەکە ئاسانتر دێت بەدەستەوە. کۆمەڵگەی کوردیی دەیان دەردی کوشندەی هەیە، تەنیا دەردیش بەدکەڵکی ئاکاری سیاسییەکان نییە لە پرۆسەی حکومڕانیدا، بەڵام ئایا رۆشنبیران بەم جۆرە دەمێننەوە تاکو سەر یان نا؟ ئەمە ئەو پرسیارەیە وەڵامەکەی لە هەگبەکەی ئایندەدایە.

تێبینی: ئەم توێژینەوەیە چاپتەری پێنجەمی کتێبی “گووتاری پۆپۆلیستی و خەونی بچووکی رۆشنبیرانی کورد”ه کە لە سەرەتای ساڵی 2018 بە شێوەی کتێبی کاغەز لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات بڵاوکرایەوە.




ئەوانەی کە هەمیشە قوربانی دەستی جەنگ و قەیرانەکانن … زاهیر باهیر

کۆرۆنا کە قەیرانێکی ئابووریی قووڵی دروستکردووە و بریتانیا لە دوای ساڵی 1932 وە بەخۆیەوە نەبینوە هەر وەکو هەمو قەیرانەکانی دیکە زیاتر لە سەری کرێکاران و هەژاران و خەڵکانی ئاساییدا شکاوەتەوە و دەشکێتەوە. هەمیشەش لە قەیران و جەنگەکانا ئافرەتان و پیر و پەککەوتە و منداڵان لە ڕیزی پێشەوەی قوربانییەکانەوە بوون.
ئەمڕۆ لە بریتانیا و لەسەردەمی کۆرۆنەدا دیسانەوە زیاتر لە هەمووان ئافرەتانن کە پشکی شێری ئەم قوربانییە پێکدەهێنن نەك لەیەك لاوە بەڵکو لە زۆر لایەنەوە.
لە کاتێکدا کە یاسای یەکسانی لە کرێ و موچەدا لە بریتانیا لە 29/05/1970 بڕیاری لەسەردرا، دەبوایە ئەو بۆشاییەی موچە یاخود کرێی کە لە نیوانی ڕەگەزیی پیاوان و ژناندا هەیە وردە وردە بنەبڕ بکردایە، کەچی پاش 50 ساڵ هێشتا لە زۆربەی شوێنەکانی سەرکاردا ئەو بۆشاییە بە ڕێژەی لە سەدا 15 هەر ماوە.
لە قەیرانە داراییەکەی 2008 دا کە هەتا دەستپێکردنی کۆرۆنا-ش لە بریتانیا هەر بەردەوامبوو، لە سەدا 86 ی کارایی بڕینی بیمەکان و دەرکردنی کرێکاران لە کارەکانیان، لەسەری ژناندا شکایەوە.

هاتنی کۆرۆنا و قەیرانی ئابووریی بە دوایدا ئەوەشی کە لە 50 ساڵی رابوردوودا کرا، لەوە دەکات گەر هەمووی لە دەست نەچێێت ئەوە بەشی زۆری لە دەستبچێت.
ئەمڕۆ ئافرەتان لە بەشی باڕ و کۆفی شۆپ و چێشتخانەکان و هۆتێلەکان و شوێنەکانی بەشی گەشتیاریی و هێڵەکانی فڕین و خزمەتگوزارییدا لە سەدا 67 کۆی پیاوانی کرێکاران پێکدەهێنن، لە کاتێکدا کە کۆرۆناش ئەم بەشەی زۆر باش کوتاوە لەوە ناکات هەتا بەهاری ساڵی ئایندە، 2021 ، دۆخەکە بگەڕیتەوە باری ئاسایی، کەواتە لێرەشدا هەر ژنانن کە باجی گەورە دەدەن.
ژنان لە بەشەکانی باخچەی منداڵان و پەروەردە و تەندروستی و بەتایبەتی دایەنگاکانا [ ئاگابوون لە ساوایان و منداڵانی تەمەن بچوك] کاری سەرەکی دەکەن. هەر لەم بەشی ئاگابوون لە ساوایان و منداڵانی بچوك، ڕیژەی کارکردنی ژنان لە سەدا 97 . بەشێکی ئەمانەش کارەکانیان لەدەستدەچێت پاش ئەوەی کە دایکانی ئەو ساوا و منداڵانە لە کارەکانیان دەردەکرێن یاخود ناچاردەکرێن کە کارەکانیان بەجێبهێڵن ئەو کاتە خۆیان ئاگایان لە ساوایان و منداڵەکانیان دەببێت.
کولتوری خاوەنکار لە کەرتی تایبەتیی-دا ، نادەوڵەتیی، وایکردووە کەمتر ئافرەتانیان وەرگرتووە، کاتێکیش کە وەریشیان گرتوون بە پارەی کەمتر لە پیاوانی هاوەڵکاریان، بووە ، ئەویش لەبەر ئەوەی ئافرەتان بە حوکمی بوون بە دایك یا دیکبوونیان ئەگەریی لەسەر کار دواکەوتنیان هەیە ، دووگیان دەبن ، منداڵیان نەخۆش دەکەوێت ، توندووتیژییان بەرانبەر بەکاردەهێنرێت، هەموو ئەمانەش یانی بزربوونیان لەسەرکار و بەرهەمهێنانی کەم . لەم ساتە وەختەشدا باشترین بیانوو هەیە بۆ خاوەنکار کە ژنان لەسەر کار دەرکەن ، یاخود لە ئایندەدا وەریاننەگرن. بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی نوێ، ساڵانە 54000 ئافرەت هەر بەو هۆکارانەوە لەسەر کارەکانیان دەردەکرێن.

توندوتیژی دژ بە ژنان لە بریتانیادا بووەتە شتێکی ئاسایی هەفتەی لە 2 بۆ 3 ئافرەت لە لایەن هاوژینەکانیانەوە، یاخود برادەرە کوڕەکانیانەوە یا لە لایەن کۆنە مێردو کۆنە بۆیفرێند و یا لە لایەن خێزانەکانیانەوە، دەکوژرێن .
لەم سەردەمی کۆرۆنایەشدا بەکارهێنانی توندوتیژی دژ بە ژنان لە هەموو وەختێك زیاتری کردوە. بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی فەرمی ڕۆژی 09/04 لەو کاتەوەی کە کۆرۆنا دەستیپێکردوە ڕێژەی پەیوەدنیکردنی ئافرەتان بە هێڵی هاوکاریی و کۆمەكپێکردنەوە سەبارەت بە تووندووتیژی کە بەرانبەریان بەکارهێنراوە، بە ڕێژەی لە سەدا 26.88 لەچاو پێشترا زیادیکردووە.
هەر بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی دیکە لەوەتی کۆرۆنا هاتووە لە سەدا 47 ژنان کارەکانیان لەدەستداوە و لە سەدا 14ی دیکەیان نێرداراونەتە ماڵەوە بە موچەی لە سەدا 80 ی سەر کاریان ، بەڵام زەمانەتی گەرانەوەیان بۆ سەر کارەکانیان کەمە.
لە سەدا 69 ئەوانەی کە کار دەکەن و موچەکەیان کەمە ژنانن، کە تەنها یەک لە دە کەسیان دەتوانن لە ماڵەوە کارەکانیان ئەنجامبدەن و ئەوانی دیکەیان کارەکانیان وەکو کاری پاککردنەوە و کار لە باڕ و دووکان و سوپەرمارکێت و شوێنەکانی دیکەدا و شۆفێری پاس و کاری شەمەنەفەرەکانی سەر زەوی و ژێر زەوی ، دەبێت ڕۆژانە لەسەر کار ئامادەبن ، ئا لەم بارەشدا کە لە ئێستادا لە بریتانیا شوێنەکانی سەرکار داخراون، بەشی زۆری ئەوانیش کاریان نییە.
ئەمانە هەمووی بەڵگەن کە قوربانییەکانی دەستی هاوردەکانی کۆرۆنا، بەشی هەرە زۆریان ئافرەتانن، بۆیە دەتوانین بڵێن کۆرۆنا ڕێسەکەی 50 ساڵ لەمەوبەری لە بریتانیا کردەوە بە خوریی.

Zaherbaher.com

زاهیر باهیر
30/05/2020




لە ستایشی بێدەنگی… نووسین: حـەمـە ھـیـوا

‏‎ ئەمرۆ لە جیھانی سێیەم شتێک بوونی نەماوە بە ناوی سانسۆڕ.ھەموو شتەکان بەردەستن،،ھۆشیاری بوەتە قسەیەکی عەیبدار،لە ھەمان کات ناجیدیەت بوەتە رێچکەیەکی کامڵ.پرسیارێک لێرە وجودی دەبێت:ئایە چ شتێک وا دەکات مرۆڤ لەم جیھانە فراوان و پڕ لە ژاوەژاوە،لەم گوزارەنەی کە لە بچوکترین کاڵا تا دەگاتە گەورەترین کاڵا بەردەستە،کەچی مرۆڤ خۆی وەک بونەوەرێکی ناجێگیر و نەشاز دێتە بەرچاوان؟
‏‎ھەرچەندە وەڵامی ئەم پرسیارە یەک لایەنە نیە و سادەگی نیە،بەڵام من پێم وایە نەبوونی بێدەنگیە.دەبێت ئاماژە بەوە بکەم بێدەنگی بەو واتا ترادسیۆنیە نا،کە ھەمووان لێی تێگەشتون.ھەنووکە دونیا لێوانلێوە لە گۆڕان،وەلێ گۆڕانکاریەکان لەو ئاستەدا نین،شایەنی دڵشادی و بنیادنانی جێگیری بن،بەڵام لەگەڵ ئەو نێگەتیڤیەدا ناتوانین نەفی لێ بکەین.ئەمرۆ ھەم جیھان و ھەم مرۆڤ پێویستیان بە بێدەنگیە.بێدەنگی لە پێناو ئاشتکردنەوەی تاک لەگەڵ خۆیدا.بێدەنگی لە پێناو ھۆشیارکردنەوەی سۆبێکت.بێدەنگی لە پێناو تێرامان لە قەیرانە ناوەکی و دەرەکیەکان.بێدەنگی لە پێناو بینینی گشت ئەو دیاردانەی،کە لەمرۆدا بونەتە مۆتەیەک.ھەرچەند ئەوانەی ئاماژەمان پێدا تەواوی گرفت و کێشەکانی ئەمرۆ نین،بەڵکو ھۆکارگەلێکن کە ئەمرۆ مرۆڤی وەک تۆڕێک گرتووە.لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان رۆژانە دەیان و سەدان دیاردە دەبینین،کە ھەریەکەو لە بوارێکدا خۆی دەبێنێتەوە.کەچی ھەزارەھا کەس بێ ئەوەی بچوکترین وێنا و تێگەشتنی بۆی ھەبێت،لە بارەیەوە دەدوێت و بەو تێگەیشتنەی،کە خۆی ھەڵگرێتی رای دەردەبرێت.ئەم جۆرە نا ھۆشیاریە پەیوەندی نیە بە ناوچەی ئێمە،پەیوەست نیە تەنھا بە رۆژھەڵاتی ناوڕاستەوە،بەڵکو ئەفسووس لە ھەمو جێگایەکی ئەم جیھانە ناھۆشیاری بوەتە کەلتور،ھاوکات مرۆڤ بەبێ ھیچ ویستێکی ئەپستمۆلۆجیانە پەیرەوی نا ئاگایی و نا ھۆشیاری دەکات. فەیلەسوفێکی گەورەی ئەڵمانی دەڵێت:ھەموو تێگەشتن و رێگا تاریکەکان،لە رێی بێدەنگیەوە بەدەر دەکەون.دەبێت ئێمە لە چۆنیەتی بێدەنگی تێ بگەین ،ھاوکات لە کاتی بینینی وێنە تەڵخ و نارونەکانی زەمان فریو نەخۆین،بەڵکو لێیان ڕابمێنین و لە رێگای بێدەنگیەوە،گشت پەیام و تاریکیەکان ببینین.




شیعری کوردی لەخراپترین قۆناغی تەمەنیدا !… کاروان حەسەن سلێمان

لەسەرەتای سەرهەڵدان و دەستپێکردنی شیعرەوە لە ئەدەبی کوردیدا، کە لە باباتاهیری هەمەدانی یەوە(٩٣٧-١٠١٠)ی زاینییەوە ژیاوە، شیعری کوردی دەست پێدەکات تاکو ئەمڕۆ، واتا تەمەنی شیعری کوردی زیاتر لە(١٠٠٠) ساڵە و لەوماوە درێژەدا شیعری کوردی بەدەیان قوتابخانە و ڕێڕەو و وێستگە و قۆناغدا تێپەڕیوە، بەڵام هیچ کات لەو قۆناغ و سەردەم و کاتانەدا وەک ئێستا بێ بایەخ و خراپ و بێ ناز نەبووە! ئەوەتا ڕۆژانەشیعر لە خاچ دەدرێ زیندەبەچاڵ دەکرێ ڕێسوا دەکرێ بە وشە و ڕستە و بەرهەمی کرچ و کاڵ، ڕۆژ نییە بەناوی شیعرەوە بابەتگەلێکی سواو بێ مانا بێ سەروبەر لەمیدیاکان لەڕۆژنامە و گۆڤارەکان لە کتێبە بەناو دیوانەکان چاپ و بڵاو نەکرێنەوە. ئاخرشیعر ئەوەنییە دوو وشەو ڕستەی سەروادار ڕیزبکەیت و ناوی بنێی شیعر، ئاخر لەهەزار ساڵەی تەمەنی شیعرەوە شیعرنەبووە بێ ئیحساس و واتا و خاڵی لەهەست و سۆز، ئەی کەواتا ئەوهەموو بێ سەروبەرییەی شیعر بۆ؟ زۆربەی ئەوبەناوشاعیرانەی ئێستادەنووسن بێ ئاگان لەیاسا و دەستوور و بنەماکانی
شیعر(عەرووز،کێش،سەروا،ڕیتمی ناوەوە،جوڵەئێستاتیکیەکانی شیعر،هونەرەکانی ڕەوانبێژی،هاو واتایی و هتد…)

ئەگەرباسی شیعری کلاسیک بێ خۆ بۆ شیعری ئازادیش چەندین یاسا و دەستور و بنەما هەیە(ئاوازی ناوەوە،جوانیناسی،مانای قوڵ ،دەربڕینی زۆرترین مانابەکەمترین وشە، ڕەوانبێژی وهونەرەکانی، ڕیتم و سەروای گونجاو لەشوێنی خۆی،جۆری بڕگە و چۆنییەتی دابەشکردنیان)بەڵام لەقۆناغی ئێستای شیعری کوردی زۆربەکەمی و بەحاڵ ئەویاسا و دەستور و کارانە لەشیعردا بەرجەستەدەبێ و دەبینرێن کەچی زۆری و بۆری و بێ سەروبەرییەکان لەشیعری کوردی لەقۆناغی ئێستادا هەروا زیاد دەبن و ڕۆژانە دووبارە و دەبارە دەبنەوە، ئاخر ناکرێ تۆ شارەزاییەکی سەرپێیێت هەبێ و دەست بکەیتەقەڵە و بەوشە بڕشێیتەوە و بەخۆت بڵێی شاعیر و وشە بێ مانا و کرچ و کاڵەکانیش بەشیعر هەژمار بکەی، ناکرێ پاشخانێکی قوڵت نەبێ لەناسین و خویندنەوەی شیعری شاعیرانی کلاسیک و نوێبوونەوەی شیعری کوردی و نەناسینی (باباتاهیر و مەلای پەرێشان و مەلای جەزیری و نالی)بەخۆشت بڵێی شاعیرئاخر ئەوچوارە شۆڕەسواری شیعری کوردین و بناغەدانەر و بنیاتی شیعری کوردی لەدەست ئەمانەبووە و گەیشتووەتە ئەمڕۆ ، ئیترچۆن خۆت دەخەیتە ژێر ئەوبارە قورسە و وشە و ڕستە و کۆمەڵێک شتی بێ واتا دەڕژێنییە سەرکاغەز و پێشیدەڵێی شیعر و خۆشت بەشاعیر دەناسێنی. لەلایەکی تر نازانم چۆن وەزارەتی ڕۆشنبیری ڕێگادەدا ئەوهەموو بێ سەروبەریە لەبواری شیعر دا چاپ و بڵاوبکاتەوە؟ ئاخرشیعر هەر وشەڕیزکردن و دروست کردنی سەروایێک نییە بۆ ڕازاندنەوەو ڕێک کردنی ڕوخساری شیعرەکە؟

شیعرئەبێ ئیحساس بێ بتجوڵێنێ ناخت ئاودا، بیروهزرت بجوڵێنێ و وابەستەی خۆت بکات لەمانا و زانیاری و چێژ و لەززەتدا، ناڵێین هیچ بەرهەمێک باش نییە و هەمووی زەربی سفر بکەین بەڵکو گەنجی وامان هەیە بەجوانی و سەلیقەی باش و ڕۆشنبیری چاک لەخزمەت شیعرەبەکلاسیک و شیعری ئازادەوە، بەڵام بڕواتانبێ بەشی هەرەزۆری بەناو شیعرەکانی قۆناغی ئێستای شیعری کوردی بریتییە لە دەردەدڵ و هیچ پەیوەندی بەشیعرەوە نییە. ئەوەتا(وشەڕیزکردن لەفۆڕمی شیعریان شیعری وشەڕیزکردن بۆتەدیاریدەیەکی هاوچەرخ)(١)لەئەدەبی کوردی. لەلایەكی تر شیعر پێویستە چێژببەخشێ ئاخر جیاوازی نێوان قسەی ئاسایی و شیعر چییە ئەگەر چێژی نەبەخشی ؟ ئەو وشانەی کەتۆ پێیان دەڵێی شیعر هەروەک ڕیچار دهێڕئەڵێ: شیعر هونەرێکە مەبەستی ئەنجامدانی گەورەترین چێژبەخشینەبەگوێگر(٢) کەواتا هەمووئەو بەناو شیعر و بەرهەمانەی دوورن لەچێژ و مانا و واتا خاڵین لەشیعر و دەردەدڵێکی ئاسایین و ناچنە چوارچێوەی بەرهەمی شیعرییەوە. ئەوەتا ڕۆژانە دەبینین کەهەندێ جار چەند دێڕێکی بێ مانا و بێ مەبەست بێ واتا دەبینین بێ ئەوەی هەڵگری هیچ ئامانجێک بێ هەندێ جاریش چەند ڕستەیەکی بێ کڕۆک.کەوابێ چۆن شیعری باش و چاک لەیەک جیادەکرێتەوە ئەبێ هانا بۆ ئەو وتەیەی (نیڵس هاو )ببەین کەدەڵێ:شیعری باش تەمەنی درێژە و لەژیانی کەسانێکداچەند وشەیەکی پیرۆزی لەدڵداهەڵگرتووە(٣) بۆشیعری خراپیش پێچەوانەکەی ڕاستە.

کاروان حەسەن سلێمان ـ هەولێر

——————————————————————–

ــ (١)مرۆڤێکی تر،د.موحسین ئەحمەدعومەر، چاپی یەکەم٢٠١١ لاپەڕە(٣٧)
(٢)دەروازەی شیعرناسین،جمال حبیب الله،چاپی یەکەم ٢٠١٣لاپەڕە(١٨)
(٣)نیڵس هاو،شیعر بۆ ترسنۆکەکان نییە،ئامادەکردن و وەرگێڕان:ئالان پەری،چاپی یەکەم ٢٠١٦لاپەڕە(٦١)




له‌ تووژه‌ڵه‌وه‌ بۆ مه‌ریوان و له‌وێشه‌وه‌ بۆ بنكه‌ی به‌له‌بزان … ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب

وانه‌كانی ژیان

له‌ شه‌وی 12 ی ته‌موز بابی سه‌رباز ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی حزبی شیوعی عێراق وتی ئاماده‌ به‌ به‌یانی به‌ره‌و هه‌ورامان ئه‌تنێرین بۆ لای هاورێیانی سلێمانی له‌ بنكه‌ی به‌له‌ بزان و ئه‌بێ له‌ مه‌ریوان پرسیاری ئه‌و شوێنه‌ بكه‌ێت و هه‌ندێ رۆژنامه‌و به‌یان و راگه‌یاندنه‌كانی حزبم پێچاوه‌ته‌وه‌و بیانبه‌ له‌ دزڵی برایانی پارتی دیموكراتی كوردستان ـ عیراق باره‌گایان هه‌یه‌ و پێچراوه‌كه‌ بده‌ به‌وان و له‌ به‌ره‌به‌یانی رۆژی 13/7/1979 به‌ره‌و بێوران و سه‌رده‌شت رێگام گرته‌به‌رو له‌ سه‌رده‌شت له‌ كه‌بابخانه‌كه‌ی عه‌ڵی نانم خواردو چوومه‌ گه‌راجی گواستنه‌وه‌ (نه‌قلیات) و له‌ گه‌ڵ چه‌ند كه‌سێك سواری لاندروفه‌رێك بووین و، خه‌ڵكه‌كه ‌به‌ گه‌رمی باسی بارودۆخی كوردستان و پێشمه‌رگه‌و ئێرانیان ئه‌كردو منیش گوێگر بووم و یه‌كێك له‌ ته‌نیشتمه‌وه‌ روویتێكردم و وتی برا بۆ بێده‌نگی؟ و وتم بێده‌نگی باشه‌و ئێمه‌ یه‌كتر ناناسین و له‌ بانه‌ له‌ یه‌ك دائه‌برێن و ئیتر بوو به‌ وتی و وتم تا گه‌یشتینه‌ بانه‌و هه‌ریه‌ك به‌لایكدا چوو.
له‌ بانه‌ به‌ ئۆتۆمبێلێكی جوان و قه‌شه‌نگ ساخت ایران ، واته‌ (دروستكراوی ئێران) و ناوه‌كه‌یم له‌ بیرچووه‌ته‌وه‌و به‌ره‌و مه‌ریوان كه‌وتینه‌رێ و بۆ ئێواره‌ گه‌یشتینه‌ مه‌ریوان و، پیاسه‌یه‌كی كورتم كردوكه‌بابخانه‌یه‌كم دۆزێیه‌وه‌و نانم خواردو به‌ وه‌ستاكه‌م وت كاكه‌ ئوتێلێكی باش چۆن بدۆزمه‌وه‌و یه‌كسه‌ر به‌ده‌ستی ئاماژه‌ی كردو وتی : ئه‌وه‌ باشترین ئۆتێله‌و منیش چووم و، هه‌ر له‌ ده‌رگاوه‌ یه‌كێك به‌ره‌ورووم هات و وتی : كاكه‌ شناسنامه‌كه‌ت و، منیش پێم وت پێم نییه‌و كابرا هه‌ڵچوو وتی ئه‌ی بوو هاتویت بۆ ئێره‌؟ وتم كاكه‌ من له‌ سلێمانییه‌وه‌ هاتووم و به‌ره‌و هه‌ورامان ئه‌رۆم و خه‌ڵكی ئێره‌ نیم و، له‌و كاته‌دا پیاوێك وتی كاكه‌ وه‌ره‌ بۆ لام و، چووم وداوای لێبووردنی كردو وتی دڵته‌نگ مه‌به‌ ئه‌و هه‌رزه‌یه‌ كورمه‌و، منیش وتم كاكه‌ هیچ رووینه‌داوه‌و كێشه‌ نییه‌و، پیاوه‌كه‌ ( كاكه‌) زۆر شتی پرسی له‌ باره‌ی رژێمی خوێنرێژی سه‌دام حسه‌ێن و حزبی به‌عس و، له‌ كۆتاییدا وتی خه‌یره‌ به‌رو هه‌ورامان ئه‌رۆن؟ وتم برایه‌كم پێشمه‌رگه‌یه‌ ئه‌رۆم بۆ سه‌ردانی و، پیاوه‌كه‌ قسه‌خۆش و زۆر بڵێ بوو پرسیاری زۆر كردو به‌ كورتی وه‌ڵاممدایه‌وه‌و، كه‌ زانی حه‌زم له‌ خه‌وه‌و هیلاكی رێگام به‌ كرێكاری ئوتێله‌كه‌ی وت جێیه‌كی باشی بۆ دابنێ و میوانی منه‌.
به‌یانی زوو رۆژی 14 ی ته‌موز ( جولی) 1979 له‌ خه‌و هه‌ستام و ویستم برۆم خاوه‌ن ئوتێله‌كه‌ وتی مه‌رۆ ده‌ره‌وه‌و هێشتا زووه‌و ئه‌بێ پێكه‌وه‌ نان بخۆێن و، سفره‌یه‌كی له‌ سه‌ر مێزێك راخست و به‌ كاكڵه‌گوێزو هه‌نگوین و ماست وپه‌نیر رازانده‌وه‌و له‌ نانخواردن بووینه‌وه‌و كاكه‌ وتی براكه‌ت پێشمه‌رگه‌ی كێیه‌؟ وتم حزبی شیوعی و، كاكه‌ به‌بێ وه‌ستان وتی كۆمۆنیسته‌كان خه‌ڵكی باشن و، پرسی بۆچی له‌ هه‌ورامانن؟ و له‌ كوێی هه‌ورامانن؟ منیش له‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌كه‌ دووركه‌وتمه‌وه‌و وتم نازانم ته‌نها به‌ منیان وتووه‌ له‌ به‌ڵه‌ بزانن و، نزیك چاشتانگا سوپاسی كاكه‌م كرد بۆ میواندارییه‌تییه‌كه‌ی و قسه‌ خۆشه‌كانی وخواحافیزیمان له‌ یه‌كتر كردو له‌ ئوتێله‌كه‌ ده‌رچووم و به‌ره‌و ئۆتۆمبێله‌كانی دزلی – نه‌وسود ئه‌رۆیشتم له‌ پر دووسێ ده‌ستدرێژی گولله‌ كراو، كه‌مێك وه‌ستام ده‌نگی ته‌قه‌ زیادیكردو منیش به‌ په‌له‌ گه‌رامه‌وه‌ بۆ ئوتێله‌كه‌و، كاكه‌ یه‌كسه‌ر به‌ پیرمه‌وه‌ هات و وتی چێبووه‌؟ وتم نازانم دوو سێ ده‌سترێژ كراو و له‌ شوێنی خۆم وه‌ستام و هێنده‌ نواریم له‌ ده‌ورو پشتم هیچ نه‌بوو ناچارگه‌رامه‌وه‌ بۆ ئێره‌و، كاكه‌ چووه‌ خواره‌وه‌و ته‌قه‌كردن گه‌رمتر بوو له‌ پاش كاتژمێرێك كاكه‌ گه‌رایه‌وه‌و هاته سه‌ره‌وه‌و، وتی دانیشه‌و مه‌رۆ شه‌ر له‌ نێوان یه‌كێتی جوتیاران و تاقمی موفتی زاده‌ گه‌رمه‌و، له‌ ده‌وروبه‌ری نیوه‌رۆ ته‌قه‌ وه‌ستاو بیستم یه‌كێك به‌ناو (عه‌به‌ حه‌بیب) به‌رپرسی‌ تاقمی موفتی زاده‌ سه‌ر به‌ رژێمی ئێران كوژراوه‌.
نیوه‌رۆ نان و كه‌بابم خواردو سواری ماشین بووین و له‌ نزیك بێكه‌ره‌ كۆمه‌ڵێك چه‌كدار ماشینه‌كه‌یان راگرت و چه‌كدارێك هاته‌ پێشه‌وه‌و سه‌یری ده‌موچاومانی كردو به‌ منی وت كاكه‌ شوناسنامه‌كه‌تم پێبده‌و، وتم پێم نییه‌و شوفێره‌كه‌ وتی ئه‌م برایه‌ خه‌ڵكی ئه‌و دیوه‌و ئه‌وروات بۆ هه‌ورامان و چه‌كداره‌كه‌ هیچی نه‌وت و زیاتر لێم وردبووه‌وه‌و وتی فه‌رمو برۆن و شۆفێره‌كه‌ وتی ئه‌گه‌ر له‌ رێگا پرسیاریان لێكردی من وه‌ڵام ئه‌ده‌مه‌وه‌و وتم باشه‌و، گه‌یشتینه‌ دزڵی له‌ بن كه‌پرێك هه‌ندی چه‌كدار زیتبوونه‌وه‌و به‌ یه‌كده‌نگ وتیان هه‌رهه‌مووتان بێنه‌ خواره‌وه‌و یه‌ك یه‌ك دابه‌زێن و، هاوكات زانیم ئه‌مانه‌ برادرانی پارتین و نۆره‌ هاته‌ سه‌ر من و، چه‌كدارێك لێی پرسیم بۆ كوێ ئه‌رۆێت؟ و منیش پێچراوه‌كه‌م له‌ جانتاكه‌م ده‌رهێناو وتم بگره‌ ئه‌مه‌ له‌ حزبی شیوعییه‌وه‌ بۆتان هاتووه‌و، چه‌كداره‌كه‌ بانگی برایه‌كی تر كردو دیاره‌ به‌رپرسیان بوو داوای لێبوردنی كردو فه‌رموو فه‌رموویه‌كی زۆرێكرد دابه‌زن پشوویه‌ك بده‌ن، كاكه‌ی شوفێر وتی دره‌نگه‌و برۆێن باشتره‌و دزڵیمان به‌جێهێشت و ‌ گه‌یشتینه‌ سه‌رشاخ و، شاخه‌كه‌ درێژه‌ی زه‌نجیره‌ی شاخی سورین و مله‌خورد بوو زۆر بڵندو ده‌شتی شاره‌زورو هه‌ڵه‌بجه‌و هه‌ورامان هه‌ر هه‌موویان جوان و دڵفرێن ده‌ركه‌وتن و، له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی باری ماشێنه‌كه‌ قورس بوو كاكه‌ی شوفێر به‌ ئه‌سپایی ئۆتۆمێله‌كه‌ گه‌یانده‌ شارۆچكه‌ی نه‌وسود‌و له‌ به‌ر ماڵێك وه‌ستاو دوو په‌ری وه‌ك گوڵه‌باغ و جوانی نه‌وسود هاتنه‌ده‌ره‌و به‌خێرهاتنیان كردین و، به‌ زاراوی هه‌ورامی له‌ گه‌ڵ شوفێره‌كه‌ كه‌وتنه‌ قسه‌كردن و یه‌كێكیان چووه‌ ژووره‌وه‌و ئاوی خواردنه‌وه‌ی بۆمان هێناو ، له‌ كۆتاییدا شوفێره‌كه‌ وتی سوار به‌ با برؤێن دره‌نگه‌و، دوو قۆڵی من و كاكه‌ی شوفێر سه‌ره‌وخوار بووینه‌وه پردێكی بچكۆله‌ له‌ سه‌ر‌ رووبارێك بوو وپرسیارم كرد ئه‌م رووباره‌ ناوی چییه‌؟ كاكه‌ی شوفێر وتی قوربان ئه‌و رووباره‌ سیروانه‌و ئێستا به‌ كناری ئه‌رۆێن و، كاكه‌ راستیكرد شۆوبووینه‌وه‌و له‌ پاش ماوه‌یه‌ك گه‌یشتینه‌ دێیه‌ك له‌ سه‌ر رووباری سیروان به‌داخه‌وه‌ ناوه‌كه‌یم له‌ یادچووه‌و منی برده‌ ماڵیك وتی ئه‌م برایه‌ ئه‌چێت بۆ به‌له‌بزان بۆ لای هاورێیانی حزبی شیوعی و، ماڵه‌كه‌ به‌و شه‌وه‌ مریشكیان سه‌ربری و به‌ده‌م قسه‌كردن و نانخواردن نیوه‌ی شه‌ومان تێپه‌راندو هیلاكی رێبووم و به‌ باشی نووستم و، به‌یانی هه‌ستام له‌ خه‌و دوو چه‌كدارم بینی و، خاوه‌ن ماڵه‌كه‌ وتی وه‌ره‌ ئه‌مانه‌ پێشمه‌رگه‌ی خۆمانن و، له‌ میانی قسه‌كردن وتم پێشمه‌رگه‌ی كێ له‌م ناوچه‌یه‌ هه‌یه‌و وتی ئێره‌ به‌ ده‌ستی حزبی دیموكراتی ئێرانه‌و نان وچام خواردو خاوه‌ن ماڵه‌كه‌ تا ده‌ره‌وی دێ له‌ گه‌ڵم هات و رێگایه‌كی پیشاندام وتی ئه‌م رێگایه‌ بگره‌ ئه‌تباته‌ ناو به‌له‌بزان و، منیش ملی رێگام گرت و له‌ نیوه‌ی شاخه‌كه‌ هاوری بورهان ئه‌حمه‌د { هاورێ عه‌تا} م بینی و له‌ پاش چۆنی وچاكی وتی من ئه‌رۆم بۆ پاوه‌و تۆش كه‌مت ماوه‌ سه‌ركه‌وه‌ بۆ لای هاورێیان و، ئه‌و به‌ره‌و خوار بووه‌و منیش به‌ره‌و سه‌ره‌وه‌و گه‌یشتمه‌ لای پیره‌پیاویك وتم قوربان خاڵۆ كیان به‌له‌بزان زۆری ماوه‌، خاڵۆ پێكه‌نی وتی وه‌ره‌ دانیشه‌و ئاوێك بخوره‌وو منیش دانیشتم وئاوم خوارده‌وه‌و خاڵۆ وتی ئێره‌ به‌له‌بزانه‌و پاش كه‌مێكیتر بۆ نانخواردن هه‌موو براده‌ران دێنه‌ خواره‌وه‌ ئه‌گه‌ر حه‌ز ئه‌كه‌ێت كه‌مه‌ كه‌مه‌ سه‌ركه‌وه‌و كه‌پره‌كان ئه‌بێنێت و، سه‌ركه‌وتم پۆل پۆل هاورێیانم دی و پێشوازییان لێكردم و هاورێیان كۆمه‌ڵ كۆمه‌ڵ دابه‌شكرابوون و من چوومه‌ ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ی هاوری حه‌مه‌كریم قه‌ره‌چه‌تانی { حه‌مه‌ ساڵح}.

ـــ ( ماویه‌تی).

30/5/2020




ڤایرۆسی رەگەزپەرستی زۆر قێزەوەنترە لە کۆرۆنا … رەزا شوان

ئەمریکا بە دروشمی بریقەدار هیچی نەهێشتۆتەوە، خۆی بە پێشەنگ و بە نموونەی ئازدای و دیموکراتی و دادپەروەری و یەکسانی و مافخوازی و جیاوازی نەکردنی نەژادی و فرەڕەنگی دەزانێت لە جیهاندا. بەڵام لە راستیدا ئەمانە راست و کرداری نین و تەنیا دروشم و قسەی رووتن. تا ئەمڕۆش رەگەزپەرستی و جیاوازی کردن لە نێوان سپی پێست و رەش پێست، لە ئەمریکادا کاڵ نەبوونەتەوە. تا ئەمڕۆش بەشێک لە سپی پێستەکانی ئەمریکا، بە گومان و بە چاوێکی سووک و بە هاوڵاتیانی پلە دوو لە رەش پێستەکانی ئەمریکا دەڕوانن.
کارەساتی کوشتنی (جۆرج فلۆید) ی رەش پێستی ئەمریکی کە بە رەسەن ئەفریقییە، لە رۆژی دووشەمە ( ٢٥/ مای/٢٠٢٠) لە شاری (میناپۆلیس) لە ویلایەتی مینیسوتا لە ئەمریکا، بە رۆژی رووناک و لەسەر شەقامی سەرەکی و بە بەرچاوی خەڵکییەوە، ئەفسەری سپی پێستی ئەمریکی (دێریك شاوفین) کە چوار ئەفسەری پۆلیسی تریشی لەگەڵدا بوون، دوای ئەوەی بە توومەتی بڵاوکردنەوەی بیست دۆلاری ساختە، جۆرج فلۆید دەگرن، هەردوو دەستی لە دواوە پێکەوە كه‌له‌پچه‌ دەکەن. پۆلیسەکان لە بەردەمی ئۆتۆمبیلەکەیاندا جۆرج فلۆیدیان پاڵخست. ئەفسەری پۆلیس (دێریك شاوفین) زۆر بێویژدانانە و دڕندانە و نامەردانە، لە پێشا پۆستاڵەکانی دواییش چۆکەکانی خستە سەر ملی (جۆرج فلۆید). فلۆید هاواری کرد و لێی پاڕایەوە: “تکایە ناتوانم هەناسە بدەم” ئەو خەڵکییەی کە لەوێدا وەستابوون، زۆر داوایان لە دێریک شاوفین کرد کە وازی لێبهێنن و ئەشکەنجەی نەدەن. بەڵام بێ سوود بوو، دێریک گوێی لێنەگرتن و بۆ ماوەی پێنج خوولەک، چۆکەکانی لەسەر ملی جۆرج فلۆید لانەدا، تا هەناسەی وەستا و مرد.
یەکێک لەو کەسانەی کە لەو کاتەدا لەوێ بوو، بە ڤیدیۆی موبایلەکەی وێنەی ئەو دیمەنە دڵتەزێن و نامرۆییەی گرت، لە هەمان رۆژیشدا لە ئینتەرنێتدا بڵاوی کردەوە، کە رەشەکان و خەڵکی و چالاکوانان و داکۆکیکەرانی مافەکانی مرۆڤ ئەو گرتە ڤیدیۆیەیان بینی، لە ئەمریکا و لە هەموو جیهاندا، زۆر بە تووڕەیی و توندییەوە، شەرمەزار و پرۆتیستۆی ئەو تاوانە رەگەزپەرستییەی ئەمریکایان کرد. تا ئەمڕۆش نەفرەت بارانی ئەمریکا دەکەن.
لە شاری (میناپۆلیس) دا، بە سەدان لە رەشەکان و بەشێکی زۆریش لە سپییەکانی ئەم شارە، خۆپێشاندانی ناڕەزایی و شەرمەزاری و پرۆتیستۆکردنی کوشتنی جۆرج فلۆیدیان سازکرد و بە ئەوپەڕی توندی و تووڕەیییەوە، ناڕەزایی خۆیان راگەیاند و هێڕشیان کردە سەر بنکەیەکی پۆلیسی شاری میناپۆلیس و سووتاندیان. ئەمریکا (٥٠٠) پۆلیسی نیشتمانییان ئەمریکی لە شەقامەکانی میناپۆلیسدا، بۆ بڵاوە پێکردنی خۆپێشاندەران بڵاوکردەوە، سەرەڕای راگەیاندنی باری نائاسایی و قەدەغەکردنی هاتووچۆکردنیش، بەڵام خۆپێشاندانی پرۆتیستۆکردنی کوشتنی جۆرج فلۆید، زیاتر تەشەنەی کرد و گەورەتر بۆوە، هەموو شارە گەورەکانی ئەمریکای گرتۆتەوە بە شاری (واشنتۆن) ی پایتەخت و بەردەم (کۆشکی سپی) شەوە. تا ئەمڕۆش خۆپێشاندانەکان درێژەی هەیە. دۆناڵد ترامپی سەرۆکی ئەمریکا بە (رێگـر) ناوی خۆپێشاندەرانی برد و هەڕەشەی ناردنی سوپای کرد بۆ سەرکوتکردن و بڵاوە پێکردنیان، مافی ئەوەشی بە پۆلیس دا، گەر پێویستی کرد، تەقە لە خۆپێشاندەران بکەن.
(جۆرج فلۆید) کێیە؟ جۆرج فلۆید هاوڵاتییەکی ئەمریکی بە رەسەن ئەفریقییە، تەمەنی (٤٦) ساڵە، لە شاری (هیوستن) لە گەڕەکی سێیەمدا له‌دایک بووە، گەڕێکە بە زۆری رەشەکانی لێ دەژین. جۆرج فلۆید قۆناغی خوێندنی ئامادەیی هەر لەم شارەدا تەواکرد. هاوسەرگیری کردووە و کچێکی شەش ساڵانی هەیە.. فلۆید لە تەمەنی هەرزەکاریی دا، ئەستێرەیەکی تۆپی پێی ئەمریکی بوو.. زۆر کەس بە (دێوه‌ رووخوشه‌كه‌) ناویان دەبرد. هاوڕییەکی کۆنی جۆرج فلۆید، کە ناوی (دونێل كوێر) ە، ئەوەی دێتەوە یاد، کە چۆن جۆرج فلۆید، لە یارییەکانی تۆپی پێی ئەمریکادا، گۆڵ لە دوای گۆڵی تۆماردەکرد و بەسەر هەموواندا سەردەکەوت. ئەم هاوڕییەی دەڵێ:” جۆرج فلۆید، کەسایەتییەکی هێمن رۆح سووک بوو”.
هاوسەرەکەی جۆرج و منداڵەکەی لەگەڵ دایکیدا، هەر لە هیوستن دەژین. بەڵام هەر خۆی لەبەر بێ کاری، رووی لە شاری (میناپۆلیس) کرد، بۆ ئەوەی کارێک بدۆزێتەوە و بژێوی خێزانەکەی دابین بکات. لەم شارەدا دوو کاری دەکرد، بە رۆژ شوفێری لۆری بوو. بە شەویش ڤاگت (پاسه‌وان) بوو لە ريستۆرانێکی لاتینی دا. خاوەنی ریستۆرانەکە دەڵێ:”جۆرج فلۆید هەمیشە رووخۆش و ئێسک سووک بوو، گەلێ هەڵوێستی باشی هەبوو. بە گەرمی سەمای دەکرد، بۆ ئەوەی خەڵکی بهێنێتە پێکەنین. من هەوڵم دا کە فێری سەمای بکەم، چونکە حەزی لە موزیکی لاتینی بوو. بەڵام نەمتوانی ئەوە بکەم، چونکە ئەو لە چاوی منەوە زۆر درێژ بوو”
ئەفسەرە پۆلیسە بکوژەکەی جۆرج فلۆید (دێریک شاوفین) گیراوە، بە تاوانی سێیەمی کوشتنی بێ ئەنقەست تاوانبار کراوە. بەڵام پارێزەری خێزانی جۆرج فلۆید، دەڵێ، بەپێی ئەو گرتە ڤيدیۆیەی کە بڵاوکراوەتەوە، بە پێی وێنەکانی ئەو کامیرایەش کە بەقەد خودی (دێریك شاوفین) ەوە بوو، بەپێی گەواهی چەند گەواهێکیش، کە لە کاتی کوشتنی جۆرج فلۆیدا لەو شوێنە بوون. هەموو ئەم بەڵگانە، ئەوە دەسەلمێنن، کە دێریک شاوفین بە ئەنقەست جۆرج فلۆیدی کوشتووە. گەر بە تاوانی کوشتنی بە ئەنقەست دێریک شاوفین تاوانبار بکرێت. بۆ ماوەی (٢٥) ساڵ زیندانی دەکرێت. ئەو چوار ئەفسەرە پۆلیسەی تریش کە لەگەڵیدا بوون لەم کارەساتەدا، ئەوانیش دادگایی دەکرێن و سزا دەدرێن.
ژنەکەی ئەفسەری پولیس (دێریك شاوفین) کە ناوی (كیلی شاوفین) ە و تەمەنی (٤٦) ساڵە، کە بە تاوانی دێریک شاوفینی هاوسەرەکەی زانی، کە بە چی شێوەیەکی دڕندانە جۆرج فلۆیدی کوشتووە، ئەو تاوان و ستەمەی مێردەکەی، زۆر کاری تێدەکات و ناخی دەهەژێنێت. کیلی پارێزەرەکەی خۆی راسپارد، کە بەم هۆیەوە، مامەڵەی جیابوونەوەی لەگەڵ مێردەکەی بدات بە دادگا و لێی جیادەبێتەوە. کیلی شاوفین دوو ساڵ پێش ئێستا، بە (شاجوانی ژنانی مینسوتا) هەڵبژێرا. کیلی شاوفین بە گەرمیش سەرەخۆشی لە خێزانی جۆرج فلۆید کرد و هاوخەمی و ماتەمینی خۆی پێ راگەیاندن.. کیلی سوێ و هاوخەمیشی بە هەموو ئەو کەسانەش گەیاند، کە ئەم کارەساتە خەمباری کردوون.
(باراك ئۆباما) ی سەرۆکی پێشووی ئەمریکاش، وتی:” نابێت کوشتنی جۆرج فلۆید بە کارێکی ئاسایی دابنرێت”

رۆژی هەینی رابردووش ( ٢٩/ مای/٢٠٢٠) دۆناڵد ترامپ، هەڕەشەی ئەوەی لە خۆپێشاندەران کرد، گەر بڵاوەی لێنەکەن، سوپا بۆ سەریان دەنێرێت و بە گوللـە بڵاوەیان پێدەکەن. ئەم هەڕەشەیەی ترامپ هێندەی تر خۆپێشاندەرانی تووڕە کرد، کە درێژە بە خۆپێشاندانی پرۆتیستۆی کوشتنی جۆرج فلۆیدی بێتاوان بدەن.
کچە گۆرانیبێژی بۆبی بەناوبانگی ئەمریکی (تایلور سویفت) یش لە تۆری توێتەردا، کە (٨٢) ملیۆن کەس لە جیهادا بەکاری دەهێنن، وەڵامی هەڕەشەکەی ترامپی داوەتەوە و نووسیوێتی:”لە ماوەی سەرۆکایەتیدا، دوای ئەوەی ئاگری سپی باڵاییت هەڵگیرساند. ئایا ئەو غیرەتەت هەیە کە وا خۆت پێشان بدەی کە رەوشت بەرزی؟ پێش ئەوەی کە هەڕەشەی بەکارهێنانی توندوتیژی بکەی؟” تایلور ئەوەشی نووسیوە:”لە نۆڤەمبەردا، دەنگمان بۆ لابردنت دەدەین”
پێشم سەیرە کە ئەردۆگانی دیکتاتۆری رەگەزپرست و بکوژ و خوێنڕێژ، ئیدانەی ئەم کارەساتەی کرد و ئەمریکا بە رەگەزپەرست و شۆڤێنی ناوبرد. هەروەکو ئەوەی کە حەزرەتی ئەرۆگان، سەرۆکێکی دادپەروەر و جیاوازی نەکەر و مافخوازی مرۆڤ بێ و دژی رەگەزپەرستی و جیاوازیی نەتەوەیی و نایەکسانی بێ، تورکیاش بەهەشتێک بێت بۆ ئازادیخوازان و دیموکراتیخوازان! دێڕە پەندێکی کوردیمان دێتەوە یاد، کە دەڵێ:
خەوشێکی خەڵک دەبیـنی.. خۆت خاوەنی هەزاری
خەڵکیت لا خەرارە (بێژنگە) خۆتیش وەک دەواری
ئەو رەگەزپەرستی و جیاوازی نەتەوەیی و کوشتنەی کە لەسەر ناسنامەی نەتەوەیی لە تورکیا و ئێران و عێراق و سوریای داگیرکەرانی کوردستان دا هەن، لە هیچ شوێنێکی تری جیهان دا، نەبوونە و نین.
سەد ساڵ زیاترە کە گەلی کوردمان قوربانیی رەگەزپەرستی و جیاوازی نەتەوەییە. ئێمەی کورد، بە هەزاران جۆرخ فلۆیدی کوردمان بە دڕندەترین و نامەردترین شێوە لە لایەن داگیرکەرانی کوردستانەوە شەهید کران و شەهید دەکرێن. لە کوێی جیهاندا رووی داوە، کە منداڵانی ناو لانک سەرببڕن یان بە زیندوویی لەگەڵ دایکان و باوکانیاندا زیندەبەچاڵ بکرێن..؟؟ یا بە کۆمەڵ بە گازی ژەهراوی بخنکێنرێن ؟؟ کەچی هیچ لایەنێک مرۆڤایەتی، نە هیچ رێکخراوێکی مافەکانی مرۆڤ، نە هیچ وڵاتێک، نە هیچ ویژدانێکی زیندوو لە سەرمان رانەپەڕین و خۆپێشاندانی تووڕەیی و ناڕەزاییان نەکرد. پرۆتیستۆی تاوانەکانی بکوژانی کوردیان نەکرد..؟! رۆژانە خەڵکی جیهان دەیبینن، کە سەرباز و پۆلیس و میت و ئیتیلاعات و هێزە سەرکوتکەر و دەمکوتکەرەکانی تورکیا و ئێران و عێراق و سوریا بە چی شێوەیەکی دڕندانە و رەگەزپەرستییانە، وەڵامی ماف و داواکانی خۆپێشاندەرانی کورد دەدەنەوە..؟ بە گوللـە و کۆشتن وەڵامی کورد دەدەنەوە، زۆر لە جۆرج فلۆید خراپتر بەسەر هەژاران و چەوساوەی کوردمان دەهێنن. بە کوشتن و گرتن و لە سێدارەدان وەڵامی داواکانی کورد دەدەنەوە. بەڵکو لای داگیرکەرانی کوردستان، کوردبوونمان بە تاوان دەزانن. رۆژن نییە کە کۆماری سێدارەی ئیسلامی، جۆرج فلۆیدێکی کۆڵبەری کوردمان بە گوللـەباران شەهید نەکەن. یا چەند هەرزەکار و لاوێکی کوردمان لە سێدارە نەدەن. رۆژ نییە کە تورکیای کۆماری زیندانستان، بە نامەردی چەند جۆرج فلۆیدێکی بێتاوانی کوردمان شەهید نەکەن.. رۆژانە زۆر دڕندەتر و نامەردانەتر لە شێوەی کوشتنەکەی جۆرج فلۆیدی ئەمریكا.. چەندین جۆرج فلۆیدی کوردمان لە لایەن داگیرکەرانی کوردستانەوە شەهید دەکرێن.
ئێمەی کوردی چەوساوەی دەستی رەگەزپەرستان، زۆر بە توندی و تووڕەییەوە، شەرمەزار و پرۆتیستۆی کوشتنی شەهید (جۆرج فلۆید) دەکەین.. ئەمە تاوانە رەگەزپەرستییە، پەڵەیەکی شەرمەزاری و قێزەوەنی ترە بە نێوچەوانی ئەمریکاوە.
رەزا شوان
نەرویـج: ٣١/مای/٢٠٢٠




کەمپینی “ماچ تاوان نیە” وچەپی بۆرژوازی … حەمید تەقوایی

لەگەڵ ڕاگەیاندنی کەمپینی ماچ تاوان نیە لەلایەن مینا ئەحەدیەوە دوو دەستە لە دژی هاتونەتە مەیدان.دەستەی یەکەم لایەنگرانی حکومەت وەیان ئۆپۆزۆسیۆنی ئاینی حکومەتە.کە حزبوڵایی وموجاهیدین وهەتا دوی خوردادیەکان و هیترن گروپی دوهەمیش هەڵسوڕاوانێک کە خۆیان ناو دەنێن چەپ و کۆمۆنیست.گروپی یەکەم ئەرکەکەیان ئاشکرایە.ماچ یاساغە بەرهەمی کلتوری کەڕو هێناوی ئەوانە وکەمپینی ماچ تاوان نیە هەر ئەم کۆنەپەرستانەو حکومەتەکەیانی کردوەتە ئامانج وە بەدڵنیایی ئەوانیش بۆ بەرگری لە خۆیان بەئاگا هاتونەتەوە.بەڵام گروپی دوهەم” سنوربەندیان”هەیە لەگەڵ گروپی یەکەم وە هۆکار یان لە ڕاستیدا پاساوی تریان هەیە ئەوان دژی کەمپینی ماچ تاوان نیە راوەستاون چونکە خۆیان بەلایەنگری کرێکار دەزانن.چونکە لەو باوەڕەدان کە کرێکاران کێشەی گرنگ تریان هەی.باوەڕیان بەوەیە کە ماچ کارێکی شیک(لوکس)ە،لاوەکیە وە پەوەندی بەچینی کریکارەوە نیە.ئەگەنە ئەوەی بۆ کەمپین بۆ زیادکردنی کرێ بەڕێ ناخەن؟ زۆرێکێش لەو دۆستانە پێیان وایە کە لەبنەڕەتدا کەمپین بەڕێخستن کاری ڕێکخراوە گشتیەکانە نەک حزبەکان!هەندێکیش پێیان وایە کە ئەوە هەموی پیلانی وەزارەتی ئیتلاعاتە بۆ بەلاڕێدا بردنی ڕای گشتی و خەباتی چینی کرێکار.
لە پشت هەموو ئەم تیئۆری چنینانەوە هەست وهاودڵیەکی قوڵ لەگەڵ کلتوری ڕۆژهەڵاتی وئیسلامی بەتایبەتی لە نیگایاندا سەبارەت بە پەیوەندی نیوان ژن و پیاو خۆی شاردۆتەوە.یەکێک بە پشت بەستن بە قورئان ویاسا وئەخلاقیاتی کەڕو هێناوی ئیسلامی ڕێپێنەدروای ماچ ڕادەگەیەنێت وە ئەوی تریش بەپشت بەستن بەچینی کرێکار کەمپین لە دژی بەتاوان بونی ماچکردن بە ڕێ پێنەدراو ناودەبات! وهەست و فەرمانیان وەکو یەکە، ڕێنوێنی‌‌یەکان جیاوازە.
سەرەتا ئەبێت ئاڵا وەیان بەهانەی چینی کرێکار لە دەستی ئەم چەپە ڕۆژهەڵاتیە دەربهێنین.لە ڕوانگەی ئەم چەپەدا کرێکار چینێکی کۆمەڵایەتی نیە،بەڵکو دەستەیەکە.ڕیک هەر بەو شێوەیەی کە بۆرژوازی سەیری چینی کرێکار دەکات،ئەوانیش کرێکار وەک دەستەیەک دەبینن کەلانی زۆر مۆڵەتی هەیە کە لەبارەی فرۆشتنی هێزی کارەوە چەندوچون بکەن وە یان ناڕەزایەتی دەربڕن.کۆماری ئیسلامی ڕایگەیاندوە کە خەباتی سیاسی بۆ کرێکاران نایاساییە وە دۆستەکانمان کەمپین بۆ هەندێک کێشەی”ناکرێکاری”، یەک هەڵوێستێک لە دوو پێچراوەدا.
ئەم هێنانەخوارەوەی چینی کرێکار بۆ دەستە(صنف.و)لە دوو ڕوەوە خۆی نیشان ئەدات:
١-لایەنی یەکەم ئەوەی کە کرێکاران تەنها لە کارگەو لە شوێنی بەرهەمهێناندا هەن و بەس. نە بەحیجاب وئاپارتایدی ڕەگەزی وچەوسانەوەی ژنان دەردومەینەتی دەکێشێت وە نە لە بەردەبارانکردن ویاسای تۆڵەسەندنەوە و نەلە بێ مافیە سیاسی وکۆمەڵایەتی ونە لە چەوسانەوەی سەر کەمینە سەر بە نەتەوەو ئاینە جیاوازەکانەوە وە نە لە بێ مافی منداڵان و نەلە تێکدانی ژینگە ونەلە دژی هەڵاواردنی دژی هاوڕەگەزخوازو و پەلکە زێڕینەکان وە نەلە بنەڕەتدا لەهیج کێشەیەکدا کە پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە بەرهەمهێنان وچەوسانەوەو نەبێت.گوایە کوێرەوەری وبەبارمتەگرتنی کۆمەڵگە هیچ پەیوەندیەکی بە کرێکارەوە نیە. وادیارە کە کرێکار نە ژنەو نە منداڵەکانیان دەچنە قوتابخانەو نە هاوڕەگەزبازن وە نەوەک بەهایی و سونی وئەفغانستانی دەچەوسێتەوە وە نەلە بنەڕەتدا وەک هاوڵاتیەک لە دەرەوەی کارگە ئازار و کێشەی هەیە.لەم ڕوانینەدا کرێکار خاوەنی بون وشوناسی کۆمەڵایەتی نیە بەڵکو دەستەی بەرهەم هێنەرە،کۆیلەی کاری کرێگرتە کە ئەبێت لانی زۆر خەبات بکات لە پێناو زیاد بونی کرێ ومافی ڕیکخراو بون و کێشە پیشەیەکانی تریدا وبەس! باقی کیشەکانی تر یان لە بنەڕەتدا پیوەنیان بەوەوە نیە وەیان لاوەکی و لابەلان، بەڕادەی مەسەلە پێشەییەکان گرنگی نیە،وە ئەگەر لە کۆمەڵگەو لە بیروڕای گشتیدا خرایە ڕوو ئەوە بەدڵنیایی پیلانگێڕیەک لە ئارادایە کە کێشە گرنگەکانی کرێکاران بخاتە ژێر کاریگەریەوە! لەم دیدگایەدا کرێکار وەک هاوڵاتی،کرێکار وەک چینێکی کۆمەڵایەتی،کرێکار وەک داواکارێکی سیاسی بەگشتی ئامادەنیە. بەهەمان ئەو تێگەشتن ولێکدانەوەی کە بۆرژوازی هەیەتی بۆ کرێکار.
بەتەنها لەم کەمپینی دژی قەدەغەکردنی ماچدا نیە کە ئێمە ئەم چەپە برژوازیە لەبەرامبەر خۆماندا ئەبینین.لەگەڵ هەر ئەم جۆرە ڕێنیوێنیانە لەگەڵ کەمپینی دژی بەردەبارانکردنیش بون.نەیارەکانی کەمپینی ماچ تاوان نیەش هەر ئەوانەن کە کەمپینی ڕزگارکردنی سەکینە محمەد ئاشتیانی لە بەردەبارانکردن،کەمپینێکی سەرکەوتو کە لە ئاستی نێونەتەوەیدا سەرکەوت وە بویە هۆی هەڵوشاندبەوەی سزای بەردەبارانکردنی سەکینە و بەهەڵوەشاندنەوەی بەکردوەی سەنگەسار لە ئێراندا کۆتایهات.
دیسان هەمان ڕێنوێنی نادروستیان کرد.هەر ئەوانەی کەلە ساڵی ٧٩ ناڕەزایەتی جەماوەری دژی حیجابیان بە ناڕەزایەتی ژنانی باکوری شارەکان ناودەبرد وە لەساڵی ٢٠١٨ جوڵانەوەی کچانی شەقامیان بە کاری کرێکاران نەدەزانی.لە ٨مارسەکانیشدا لە کرێی یەکسان بەرامبەر کاری یەکسان زیاتر نەدەڕۆشتن. ئەمە هەر ئەو چەپەیە کە لەگەڵ بزوتنەوەی ئیکس موسلیم،کەبوەتە جوڵانەوەیەکی جیهانی و لەلایەن ئاتەئیستەکان وهەڵگەڕاوەکان لە ئیسلام لە زۆرێک لە وڵاتانی لە ئیسلام گیراودا بەگەرمی پێشوازی لێکراوە،ناکۆکەو لەبەرامبەریدا دەوستێتەوە.دواین شاکاری ئەم چەپە بۆرژوازیە دژایەتیەتی لەگەڵ کەمپینی دژی کرۆنا و چالاکی ستادی ڕوبەڕو بونەوەی کرۆنا، بەو پاساوە بریقەدارەی گوایە کە دامەزراوەیەکی خێرخوازیە.کۆماری ئیسلامی خۆی هۆکاری سەرەکی کرۆنا بوە وکرۆنای کردوەتە کێشەیەکی سیاسی-ئاسایشی بەڵام چەپی ڕۆژهەڵاتی نەک تەنها هەڵناسێت بە وەستانەوە بەڵکو لەم ڕوەوە خەباتیش بە ناسیاسی و خیرکردن ناودەبات. کاتێک ئەرک و هەستەکانتان لە ڕۆژهەڵاتی بون ئیسلامی بون گیرابێت لە سیاسەتیشدا بتانەوێت یان نا ئەبنە هاومەبەست لەگەڵ حکومەتی ئیسلامیدا.
٢-تایبەت مەندی دوهەم دیدگایەکە کە چینی کرێکار دەهێنیتە خوارەوە بۆ پیشە و دەورو جێگای چینی کرێکار وەک ڕزگارکەری هەموو کۆمەڵگەنابینێت.کرێکار نەک تەنها خۆی وەک چینێکی کۆمەڵایەتی لە ژێر هەمووجۆرەکانی هەڵاواردن وبێ مافی ونەهامەتیدا دەچەوسێتەوە بەڵکو ناتوانێت لەو نەهامەتیانە ڕزگاری بێت مەگەر ئەوەی کە هەموو کۆمەڵگە ڕزگار بکات.ئەم حوکمە بنەڕەتیە لەسەر ئەوڕاستیە بنیات نراوە کەلە سەردەمی ئێمەدا سەرچاوەی هەموونەهامەتی وهەڵاواردنە ئابوری وسیاسی و حقوقی ومیللی ونەتەوەیی وئاینی وڕەگەزی وهیتر وهیترەکان نیزامی سەرمایەداریە وبۆ ڕزگاری هەموو کۆمەڵگە ئەبێت نیزامی کۆیلایەتی کرێ گرتە ڕێشەکێش بکەیت.ئەم ڕاستیە لەمانیڤێستی کۆمۆنیستدا ڕاگەینراوە و ئەمڕۆ ڕاستی ئەم حوکمە لە دروشم وقسەوباسە گشتیەکانی نەوەدونۆ لەسەدەکاندا لەبەرامبەر لەسەدایەکەکاندا زیاتر لەهەر کاتێکی تر خۆی نیشانداوە.
پێویستی و خواستی حزبی چینی کرێکار ڕێک لێرەوە سەرچاوە دەگرێت.حزبی کۆمۆنیست ڕێکخراوێکە کە چینی کرێکار بۆ ڕزگارکردنی کۆمەڵگە ئامادە دەکات.حزب لە کۆمەڵگەدا نوێنەرو بڵندگۆی چینی کرێکارە.خەبات بۆ زیادبونی کرێ و مافی ڕێکخراوبون و خواستە کانی تری چینی کرێکار ئەرکی بەردەوام وبنچینەیی هەر حزبێکی کۆمۆنیستە بەڵام مانەوە لەچوارچێوەی ئەم خەباتەدا ناتوانێت چەوسانەوەو کارێ بەکری ت توڕهەڵدات. بۆ گەیشتن بەو ئامانجە ئەبێت چینی کرێکار پێ بنێتە مەیدانی سیاسەتەوە،ئەبێت کۆمەڵگە لەدژی جینی دەسەڵاتدار ئامادەبکات وبیهێنێتە مەیدان وە ڕێک هەر بەو هۆیەوەیە کە پیویستی بە حزبە کەلە خەباتتدا نەک تەنها لەدژی چەوسانەوە بەڵکو لە دژی نەبونی دڵنیایی ئابوری و لەدژی هەژاری و دەستەنگی گشتی،وە دژی ئاین و بێ مافی ژنان و ئاپارتایدی ڕەگەزی وحیجاب و دواکەوتوی فەرهەنگی وهەر هەڵاواردن و نایەکسانیەکی تر پیشەنگ و لەڕیزی پێشەوە بێت.نەوەدونۆ لەسەدەکان دەتوانن وئەبێت لە ژێر ئاڵای ڕەخنەی چینایەتی چینی کرێکار لە دژی هەموو نەهامەتی و هەڵاواردنێک یەکگرتو ڕێکخراوبن وە دژی دەسەڵاتدارێتی لەسەدا یەکەکان بێنە مەیدان.چەپی بۆرژوازی لەبنەڕەتدا ئەمە تێناگات چونکە کرێکاری لە کۆمەڵگەو لەسیاسەتدا خستوەتە لاوە.ئەگەر لە لایەنی یەکەمەوە چەپی بۆرژوازی هێڵ بۆ کرێکار دادەنێ لە کۆمەڵگەدا. لێرەدا هێڵ لە سیاسەت ئەدات.وە ئەم دوانە بەتەواوەتی پەوەندیان بەیەکەوەیە.کاتێک دەڵێن قەدەغەکردنی ماچ وەیان سزا و تۆڵەی بەردەبارانکردن وە یان وەستانەوە لە بەرامبەر کرۆنا وە یان خەبات لە دژی حیجاب پەیوەندی بە کرێکارەوە نیە لە ڕاستیدا ڕایدەگەیەنێت کە سیاسەت پەیوەندی بەکرێکارەوە نیە.ئەم چەپە لەباشترین دۆخدا سەر لە سەندیکالیسم وئانارکۆ پاسیفیسمەوە دەر ئەهێنێت وە ئەمە لە کۆمەڵگەیەکی وەک ئێراندا کە تەنانەت گۆرانی وتنی ژنان و سەماکردن وشاد بون سیاسیە لەکردەوەدا واتای بەهێزکردنی کۆماری ئیسلامیە.
کرێکاران وجەماوەری خەڵک لە شەقامدا بە دروشمی بەهێزو هەمەلایەنە لە ناویاندا”ژیان وکەرامەت مافی سەلمێنراومانە”وەڵامی دەستبەجێ ئەم چەپە بۆرژوازیەیان داوەتەوە.قەدەغەیی ماچ،وەکو قەدەغەکردنی خۆشی و قەدەغەیی ئاواز و قەدەغەی پەیوەندی ئازادانەی نێوان ژن وپیاو بەڵگەی ئاشکرای پێشێلکردنی کەرامەتی ئینسانەکانە.چەپێک کە لە خەباتی کرێکاریدا هێڵ دەهێنێت بەسەر بەرگریکردن لە کەرامەتی ئینسانیدا ،ناشتوانێت بەرگری لە کەرامەتی ئەو بکات.


٢٨\٥\٢٠٢٠
وەرگێڕانی:کاوە عومەر




نه‌وه‌ی پاییز … ستار ئه‌حمه‌د

زستان په‌رچه‌می پاییز ته‌ڕ ده‌كا
له‌نیگای خۆڵی شه‌وا ده‌یدوێنێ
مانگ وه‌ك چاوانی برۆی زه‌رد ده‌كا
له‌بسكی هه‌ورا سه‌ری ده‌ردێنێ
…………………………..
خۆر كه ئاوا بێت وه‌ك زامی پاییز
ده‌لاقه‌ی شوێن پێت له‌دووی نه‌خش ده‌كا
هه‌ور به‌سورمه‌ی تاریكی شه‌وان
تارمایی باڵات وه‌ك شه‌و ره‌ش ده‌كا
……………………………….
چه‌نده‌ تامه‌زرۆی پاییزێك ئاڵم
رووی زه‌ردی هه‌تاو بدره‌وشێته‌وه‌
جیلوه‌ی كانیه‌ك ناخت پاراوكا
دورگه‌ی ده‌روونم بگه‌شێته‌وه‌
……………………….
بیرته‌ پاییزێك له‌سه‌ر گه‌ڵایه‌ك
تریفه‌ی نیگای چاوانتم كێشا
بووه‌ ناسنامه‌ی ڕازێكی شه‌و رۆم
له‌تیشكی گزنگ جوانتر دره‌وشا
…………………………………
خۆمن ده‌مزانی بارخانه‌ی پاییز
له‌كۆچ و باری رۆژئاوا ده‌چێ
به‌ڵام هه‌تاكه‌ی چوار وه‌رزی ساڵم
كۆرپه‌ی خاكه‌كه‌م به‌خوێن هه‌ڵقرچێ
……………………………..
ساڵ پاییزێكه‌و چوار مێخه‌ی رۆژه‌
خۆری ئاوابوون ئاورنگی بایه‌
كۆرپه‌له‌ی هه‌ستم زمانی پژا
كه‌وته‌ دوای پاییز به‌دایه‌ دایه‌
………………………..
نه‌وه‌ی پاییزم …ڕووت ڕووتم وه‌ك ئه‌و
شیعر نابێته‌ كاڵاو سه‌رینم
له‌كوێ لوتكه‌یه‌ك سنگیم بۆ وازكا
له‌زامی جه‌رگیا ئاگر ده‌بینم

ستار ئه‌حمه‌د




کە مانگ گیرا … ئیبڕاهیم گەلەژێری

هەموو جوانیەکانی دونیام
لەمنارەیەکی مزگەوت داکووتا
نیەتی عاشقەکانم سپارد بەکڵێسا
دەرگای زیندانەکانم خستە سەرپشت
پەنجەرەی ژووری کتێبخانەکانم واڵاکرد
واتێگەیشتم ئیدی ڕۆژی قیامەتە
کەمناڵ بووم وام زانی کەمانگ بگیرێ
ئیدی جوانیەکانی ڕۆژ هەرگیز‌ نایێنەوە
هەورەکان دەوری مانگ دەگرن
کزەبای زریان و شەماڵ لەهەناسە دەکەون
ئەستێرەکان وون دەبن
ڤینۆسیش ناتوانێ جوانی ببخشێتەوە
بۆیە لەگەڵ پیاوانی گەڕەک تەنەکمان دەکووتی
تەقەی تەنکە دەگەیشتەوە هەموو ماڵەکانی گەڕەک
قوڕئان خوێندن دەگەیشتەوە زوحەل
ناڵەی منیش بەڤینۆس
ئەگەر مانگ گیران نەبوایە
کەی من دەمتوانی لەجوانی ڤینۆس حاڵی ببم
کەی دەمتوانی لە ناخۆشی دەنگی تەنەکە تێبگەم
ئەگەر مانگ گیران نەبوایە
نەمدەتوانی گوێ لەترسی قەلەباچکەو
لە دەنگی بێومێدی کوندە پەپۆ بگرم
نزام دەکرد خوایە بەری مانگ بەربدە
بێ بارانی نەبێتەوە بەڵای سەرزەوی
گوناهی من لەو تێڕوانینە گوێ گرتنم بوو
لە مەلای مزگەوتەکەمان و گیرانی مانگی
خستەوە سەر ملی کچانی کابۆ لەبەر
ئاخر خودایە پۆشینی کابۆو سترێج
بۆ دەبێتە ڕەش بوونی سپی‌ مانگ
مەگەر کچەکان زۆریان ناویان
رووپاک و جوان و فریشتە نین
خودایە گوناهی ئێمەنەبوو
تەنکەمان بەتوندی دەکووتا
لەکۆڵانەکانی شار هاوارمان بۆ کەسێک دەبرد
نەماندەزانی کێیە؟
ترسێکمان هەبوو کە دەستی شەیتانە
دەیەوێت تاریکی باڵ بکێشێ بەسەرمان
بەدوای شەیتان دەگەڕاین
وامان دەزانی بەکووتینی تەنکە
بێزاری دەکەین و بەری مانگ بەردەدات
بۆیە؟
دەنگی موکەبیڕەکانمان پڕ کرد
لەگۆرانیەکانی حەسەن زیرەک
ئێمە لەدیار مانگی خۆمان بەشەڕابێکی حەڕام
سەرخۆش و مەست کراین
مانگی ئێمە لێمان هەڵات و مانگی تۆش گیرا
لەبڕی ئەوەی ئێمە خۆمان لەنێو درەوشاوەی
ئەستێرەکانی دەوروبەرت هەڵبواسین
خۆمان لەنێو گوناهەکانی غروری
جوانیەکانی ڤینۆس بینیەوە.

ئیبڕاهیم گەلەژێری- چۆمان




گوللەی عیشق …. ھۆزان اسماعیل کریم

فەرھەنگی شیعر ـ شیعر
لاپەرە یەک

سبەینان لە چرکەی یەکەمی لادانی بەتانی لەسەرت،
لە ناو چاوت گیر دەبێ
ھەموو ئەو رۆژانەت پێ دەژمێرتەوە
کە لەگەلی پێکەنی.

کەدەچی دەست و چاوت بشۆیت
لە ئاوێنەکە ئەو دەبینی و
دیسان یەخەت دەگرێ
ھەموو نامەکانت پێ دەخوێنێتەوە.

دەتەوێ جلت بگۆری رەنگەکان داگیرت دەکەن و ھەر یەکەیان بۆ ژوانێک دەتبەنەوە.

لەناو پاس لەپر گۆرانیەک خەیالت دەبا
سەرت بە سینگی دەکەی و
لەتالە پرچەکانی ھیلانیەک دەچینی
و خۆت لێ ون دەبێ .

دەگەیتە دەوام زۆر جار سلاوت بیر دەچێ
ھەر لەبەر خۆتەوە ورتەت دێ
دەست بە کار دەکەیت و
یەک و دە لێک ناکیتەوە
خەو دەتباتەوە و ناشتوانی بخەوی
کە بە گادێی
سەیردەکەی کەس لە دەورت نەماوە

لەگەل ھاورێیان دانیشتویت لەوێ نی نیت
ھەرچی دەتبینێ باسی رەنگ زەردی دەکا

سەرت لێدەشێوێ و
لەخۆت ناگەی چیت دەوێ .

نەخۆش دەکەویت و نازانی کێندەرت دێشی.
کحول و جگەرە لێت بێزار دەبن

ھەر شەوێک بێتە خەوت
یەک مانگ لەبەر خۆتەوە خەوەکە دەگێریتەوە تا لبیرت نەچێتەوە

ھێدی ھێدی سیس دەبیت و
دەنوشتێیەوە

دواتر را دێیت و بەخۆت دەلێت
غەریب وەرەوە سەرخۆت و تێبگە
چیتر ناتوانی بەدل پێبکەنی
گولەی ئیشق تەنیا دەکوژێ نازانی بریندارت بکا

ھۆزان اسماعیل کریم
٢٩/١٢/٢٠١٩




عوسمان بایدەمیر: تورکیا دەوڵەتی کوردان نییە… و:ھەڵۆ بەرزنجەیی

لەژێر ئەم ناونیشانەدا، لە ماڵپەڕی ڕووداو/ کرمانجی ئەم باسەم بەرچاو کەوت، کە گۆڕیومەتە سەر ڕێنووسی کوردیی خواروو. پاشان کۆمێنتێکی لەسەر دەنووسم.
٢٦/٥/٢٠٢٠
ھەولێر « ڕووداو» Sîna Soma

سەرۆکی شارەوانی پێشووی شاری ئامەد وئەندام پەرلەمەنتاری پێشووی ھەدەپHDP عوسمان بایدەمیر، ڕایگەیاند کە : دەوڵەتی تورکیا دەوڵەتێکی دیموکرات نییە و پێویستە ھەڵوەشێتەوە…
عوسمان بایدەمیر لە ھەڤپەیڤینێکیدا لەتەک دەزگای بەریتانی« تەلەگراڤ ئەکتویل» ڕەخنەی توند لە دەوڵەتی تورکیا دەگرێ.
بایدەمیر، لەم ھەڤپەیڤینەدا دەڵێ: تورکیا دەوڵەتی کوردان نییە و دەوڵەتێکی داگیرکەتە و رەوایەتی خۆی لەدەست داوە.
بایدەمیر جەخت لەسەر ئەوەدەکاتەوە، کە دەوڵەتی تورکیا ھەرگیز ناگۆڕێ و نابێتە دەوڵەتێکی دیموکراتیک. ھەروەھا دەڵێ: ئەوە دەیان جار تاقی کرایەوە، دەوڵەتی تورکیا ناگۆڕێ و نابێتە دیموکراتیک.
ئەم سیاسەتڤانە ناودارەی باکووری کوردستان عوسمان بایدەمیر، ھەروەھا ئاشکرای کرد و وتی: ئێمە لە تورکیا ڕووبەڕووی دەوڵەتێکی زۆردار و داگیرکەر دەبینەوە، کە دەبێت ھەڵوەشێتەوە و لەناو داروپەرووی کاولبووەکەیدا خۆی سەرنگووم بکات.
لە بەردەوامی ھەڤپەیڤینەکەیدا بایدەمیر دەستنیشانی ئەوەی کرد کە دەوڵەت و پەرلەمانی تورکیا نە ھی ئێمەی کوردە و جەختی کردەوە کەوا دەبێ ئێمە بگەڕێینەوە سەر بنجوبناوان و ڕیشەی خۆمان.
بایدەمیر ئاماژەی بەوە دا دەوڵەتی تورکیا لە باکووری کوردستان ڕەوایەتی نەماوە و دەڵێ لە ئامەد ڕەوایەتی ئەم دەوڵەتە بەدوایی ھاتووە، لەبەر ئەوەی سندووقی دەنگدانەکانی نەھێشتووە.
ئەم دەوڵەتە لێرە دەوڵەتێکی داگیرکەر و کۆلۆنیالە.
عوسمان بایدەمیر ئاماژە بە ھەوڵ و تێکۆشانی کورد بۆ بەدیموکراتیزەکردنی تورکیا دەدات و رەخنە لەم کارە دەگرێ و ئاکامی ئەم ھەوڵە باس دەکات. ھەر لەم سۆنگەیەوە ڕەخنە لە سیاسەتی تەڤگەڕی کورد لە باکووری کوردستان دەگرێ و دەڵێ: ئێمە ھەوڵمان گرتە بەر بۆ بە دیموکراتیزەکردنی ئەم دەوڵەتە و تەواوی ھێز و توانا و وزەی خۆمان خەرج کردووە بۆ شتێ کە نابێت و نایەتە دی.
ھەروەھا دەڵێ: پێویستە ئێمە بۆخۆمان بین و خۆمان بپارێزین و دەبێ بگەڕێینەوە سەر ڕەگوڕیشەی خۆمان بۆ جوگرافیای خۆمان« مەبەستی نیشتمانە- ھەڵۆ». بەداخەوە ئەم پەرلەمانە چ سوودێکی بۆ ئێمە نییە. سیاسەتڤانی کورد بایدەمیر لەبەشێکی تری ھەڤپەیڤینەکەیدا جەخت دەکاتەوە لەسەر: دەبێ ئێمە بە شێوەیەکی ئاشکرا بئاخڤین « نیشتمانی من ھەیە، ناوی ئەوەش کوردستانە. من نەتەوەیەکم شەڕی فاشیستی کەمالیستی، شەڕی فاشیستی ئیسلامی بە من چی؟ بۆ دۆزەخ. ئێوە ھەردوو بۆ دۆزەخ
ئەستەمبوڵی ئێوە، ئەنقەرەی ئێوە، ئیزمیری ئێوە بۆ من چی؟؟.
دەبێ ئێمە بە ئاشکرا بڵێین : ئەم دەوڵەتە دەوڵەتی ئێمە نییە. من بۆ ئەوە ناڵێم کەوا ھێزی ئێمە ھەیە.. من دەزانم ھێزی ئێمە ناگاتە ئەمە..ھێزی ئێمە نابێتە ھیزی ئەوان،بەڵام ھێزی ئێمە بەشی خۆمان دەکات دەکات. ئێمە نەبینە بەشێک لە گەمەکانی ئەوان…
ھەروەھا دەڵێ: دەبێ کورد بنکەیەکی دراوسێیەتی لەگەڵ تورکیا دروست بکات.. وردە وردە کاتی ئەوە ھاتووە.

————————————-

پێم وایە لەم چەند دەیەیەی ڕابووردووداچ کەسایەتییەکی سیاسی کورد لە باکووری کوردستان ھێندە واقیعی و ئەقلانی نە بیری کردۆتەوە و نە بوێری دەربڕینی وەک عوسمان بایدەمیر ھەبووە.
وەڵامە بەناوبانگەکەی بەرامبەر بە سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، کاتێ لێی دەپرسێ کوردستان لەکوێیە؟ دەست دەخاتە سەر سنگ و دڵیی و دەڵێ: کوردستان لێرەیە، سەرتاسەری تورکیای تەزاند و کوردستانیشی ھەژاند و خرۆشان.
بریا حیزب و سیاسەتڤانەکانی باکووری کورد بەتایبەت و تەواوی کوردستان بەگشتی ، وەک بایدەمیر ھزر و بیریان بکردایەتەوە و ھەڵوێست و ڕەفتاریان ھەبووایە.
لە باشووی کوردستان3 دەیەیە خاوەن پەرلەمانین، کەسێک پەیام و ڕاگەیاندنێکی وای بەڕووی داگیرکەر و دنیادا نەداوە.
ئەوانەی قەندیلیش بە تۆزی ئەم وتە راست و دروست و دڵسۆزانە نەگەشتوون. ئەوان دەیانەوێ ئەم جۆرە داوا و قسانە فڕێ بدەنە زبڵدانەوە، چونکە باویان نەماوە و پێویستە دەوڵەتی تورکیا بە دیموکراتی بکەین.
دیارە ئەمە جگە لەوەی تاکە ڕێی ڕزگارییە، تاکە چەکێکیشە بۆ شەڕی داگیرکەران.
بەھیوای ئەوەی ھەموو سیاسەتمەدارانی کورد پەڕۆیەک لە عوسمان بایدەمیر دادڕن و بانگی ھەقی کوردایەتی بە ئاشکرا و دەنگی بەرز پێویستە و خۆشە…
نەفرەتی خوا و مێژوو و ویژدان لەوانەی تری نەتەوە کورد بە ئەفیونی دروشمی درۆزنانە و وڕێنەی چەمک و تیۆری دیکە دەخەپێنن.
دروود بۆ سیاسەتڤانی ھێژا و بوێری کورد «عوسمان بایدەمیر»…
سەرنج : بایدەمیر بەدرێژی ھەمان ناوەڕۆک لە چاوپێکەوتنێکی MedyaTV دا بە تورکی کردووە.
لینکی ڤیدیۆکە و بابەتەکەی ڕووداوتان بۆ دادەنێم…

‏https://www.rudaw.net/kurmanci/kurdistan/260520203
‏HDP APE OSMN KüRDISTAN
‏KiMSENiN BBASININ MALI DEGiLDiR
‏„Kurdistan ne malé bavê kesekîye“
‏https://YouTube.be/yEF-PsmA

ھەڵۆ بەرزنجەیی




“بێ نیشتمان” سێیەمین فیلمی بڵندی سینەمایی توورج ئەسڵانی لە دوایین قۆناغی تەکنیکی دایە

مەنسوور جیهانی ـ

فیلمی سینەمایی “بێ نیشتمان” لە دەرهێنانی “توورج ئەسڵانی” و بە ڕۆڵ بینینی کۆمەڵێک لە ئەکتەرەکانی تورکیا، سووریا، عێراق و هەرێمی کوردستان لە دوایین قۆناغی تەکنیکی دایە.

فیلمی سینەمایی “بێ نیشتمان” (بی سرزمین) Landless لە بەرهەمهێنان و دەرهێنانی سینەماکاری کورد “توورج ئەسڵانی” و بەرهەمی وڵاتی عێراق، دوای وێنەگرتن لە شارەکانی سلێمانی و هەڵەبجە لە هەرێمی کوردستان، ئێستا لە دوایین قۆناغی تەکنیکی دایە.

لە فیلمی سینەمایی “بێ نیشتمان” سێیەمین بەرهەمی بڵندی سینەمایی “توورج ئەسڵانی”دا کۆمەڵێک لە ئەکتەرەکانی وڵاتانی تورکیا، سووریا، عێراق و هەرێمی کوردستان بە چوار زمانی کوردی، تورکی، عەڕەبی و فارسی تیایدا ڕۆڵیان بینیوە.

“توورج ئەسڵانی” وەکوو بەڕێوەبەریی وێنەگرتن ساڵانێکە فیستیڤاڵە جۆراوجۆرە نێودەوڵەتییەکاندا بەشدارییەکی سەرکەوتوانەی بووە و کۆمەڵێک خەڵاتی گرینگی لەسەر ئاستی جیهان بەدەستهێناوە، “بێ نیشتمان” سێیەمین بەرهەمی بڵندی سینەمایی ئەم دەرهێنەرە نوێخوازەی کورد دوای فیلمی سینەمایی “بارهەڵگریی زێڕ” Gold Runner و فیلمی سینەمایی “جینگۆ” GINKGO دێتە ئەژمار.

فیلمی سینەمایی “بارهەڵگریی زێڕ” لە یەکەمین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکیی “ڕەوتە نوێیەکان” New Currents لە بیست و سێیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “بووسان” Busan لە شاری بووسان لە وڵاتی کۆریای باشوور نمایشکرا و کاندیدی خەڵاتی باشترین فیلمی یەکەم و دووهەمی ئەم ڕووداوە سینەماییە بوو و لە درێژەدا لە بەشی پێشبڕکێی “سینەمای جیهان” World Cinema لە حەوتەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “دهۆک” Duhok لە هەرێمی کوردستان نمایشکرا و “توورەج ئەسڵانی” بۆ دەرهێنانی ئەم بەرهەمە سینەماییە خەڵاتی “بەهرەمەندی نوێی” New Talent بەدەستهێنا و لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانەوە، خەڵاتی “گەڵای مێو” و لەوحەی فەخری پێبەخشرا.

ئەم بەرهەمە سینەمایی لە درێژەی بەشدارییە جیهانییەکانی خۆیدا لە بەشی پێشبڕکێی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “چاتراپاتی شیواجی” Chhatrapati Shivaji لە وڵاتی هیندستان چووە سەر پەردەی سینەماکان و خەڵاتی باشترین سیناریۆی ئەم ڕووداوە سینەماییە بە “توورج ئەسڵانی” و “هادی نادی” بەخشرا.

بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی گشتیی فیلمی سینەمایی “بێ نیشتمان”.