گەشتی د. محەمەد کەمال بەنێو بیرکردنەوە و داهێنان دا … سۆران ئازاد

لە کۆتایی ساڵانی حەفتاکانەوە، کاتێک بیرکردنەوە و زمانی کوردی باڕگاوییە بە هەیجانی شۆرش و ئایدۆلۆجیاکان، بەڵام هەژار بە ئاوەدانکردنەوەی مەودا گەورەکانی بیرکردنەوە، دەنگێک لە نیشتیمانی کوردان بەرەو خاکی پاکستان، خۆی دەکات بە پەنابەری زانین لەپێناو دۆزینەوەی وەڵام بۆ پرسیارە بنەڕەتییەکانی بوون. ئەو دەزانێت، کە ئەگەر بۆ زانین نەبین بە پەنابەر، وەک هەستی پەنابەربوونی فەیلەسووفانی یۆنان لە دوای مەرگی (سۆکرات)، لە نیشتیمانێک، کە هێشتا بیرکردنەوە و زمان لە ئاستە کرچوکاڵییەکەی دایە، هیچ گەشەکردنێک لە سەرووی دۆگماکان گونجاو نابێت. بەعسینەبوون و نیگەرانبوون لەوەی وڵاتی پاکستان، کە لەو کاتدا پێوەندی بە وڵاتی عێراق لەژێر دەستەڵاتی بەعس لەوپەڕی باشیدا بوو، ئەو پەنابەرەی زانین ئاودیو سنوور بکاتەوە، هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی دەرچەی جیاواز، دەردەسەری ئابووری و ژیانی فێرخوازی، هیچ کامیان نەیانتوانی لە وزە گەورەکەی (د. محەمەد کەمال) کەم بکەنەوە. بۆیە هەر لەوێدا خوێندنی بەکالۆریۆس، ماستەر و دکتۆرا تەواو دەکات. لەپاڵ ئەوەدا، شارەزاییەکی بەرفراوان جگە لە زمانی ئینگلیزی، لە زمانی (ئوردو) پەیدا دەکات. هەر لەنێوان ئەو کاتەدا وەکو (یۆگیەک)ی ڕێبازی فەلسەفەی (هیندویزم) ژیانێکی گیانخوازی بۆ ماوەی ساڵێک ئەزموون دەکات، لەوانە پراکتیزەکردنی تێڕامانی ترانسیدێنتاڵ و پەیڕەوکردنی خواردنی ڕووەکی. هەموو ئەو دەستەکەوتانەی ئەو کات، پێمان دەڵێن، کە (محەمەد کەمال) ئەزموونێکی دەوڵەمەندی هزری و گیانی لەگەڵ فەلسەفەی خۆرهەڵاتدا هەیە. بەڵام وەک ئەوەی ویستی پڕ هەیەجانی بۆ فەلسەفە بیەوێت سنوورەکانی دەوڵەت ببڕێت، لە ساڵی 1992 لە وڵاتی (ئەڵمانیا) دەست دەکات بە خوێندنی (پۆست-دۆکتۆرا) لە فەلسەفەی (مارتن هایدیگەر). بەو هۆیەوە، لە نزیکەوە بیرکردنەوە و نەریتی فەلسەفەی ئەڵمانی ئەزموون دەکات. پاش ئەوە، بەرەو وڵاتی (ئوستڕاڵیا) کۆچ دەکات. یەکەم لە زانکۆی (مۆناش) دەبێت بە وانەبێژ، دواتر لە زانکۆی (لاتۆرب) و لە دواین پێگەشی له ئینستیتوتی ئاسیا و ڕۆژههڵات لە زانکۆی (ماڵبۆرن)، کە هەر یەک لەو سێ زانکۆیانە لە ڕێزبەندی زانکۆ پێشەنگەکانی جیهان دان. گەشتی ئەو بەناو بیرکردنەوە و نەریتی جیاوازدا، وایکردووە (محەمەد کەمال) شارەزاییەکی بەرفراوان لە کۆمەڵێک زمانی گرنگی جیهانی بەدەست بهێنێت. جگە لە زمانە خۆرهەڵاتییەکان، لەوانە کوردی، عەرەبی، فارسی و ئوردو، خاوەن شارەزاییەکی بەرفراوانە لە زمانە خۆرئاواییەکان، لە پێشەنگترینیان زمانی ئینگلیزی و لاتینی، لەگەڵ ئەڵمانی.
(د. محەمەد کەمال) لە وڵاتی پاکستان خاوەن ئەزموونی دەوڵەمەندە. بۆ ماوەی نزیکەی حەڤدە ساڵ لە دیدار و هەوڵی کەسوکاری بێبەش دەبێت، بە ڕەچاوکردنی ئەوەی لەو کاتەدا تاکە کەناڵی پەیوەندیکردن بە کەسوکار نامەگۆڕینەوە بوو، کە زۆربەی جار نامەکان تەنیا دەبوون بە کۆمەڵێک وشەی بریقەدار بە ئاسمانی بیرەوەری نووسەر بەبێ ئەوەی بگەن بە سەرزەمینی دیاریکراو بۆ دەستی ئەو کەسانەی مافی خاوەندارێتیی وشەکانیان هەبووە. ئەو مەودایە (محەمەد کەمال) لە هەموو شتێک دوور دەخاتەوە لە بیرکردنەوەی قووڵ و تێڕامانی داهێنەرانە نەبێت. لەوێ، سەرەڕای خوێندنی فەلسەفە، دەبێتە خاوەن باکگراوندێکی گەورە لە فەلسەفەی سۆفیزم و بیرکردنەوەی گیانخوازی سۆفیانە. هەر چەندە هۆشی ئەو دەوڵەمەندە بە پاشخانی فەلسەفەی خۆرئاوا، بە تایبەت بوونگەرایی، لەڕووی سۆزدارییەوە هەست دەکەیت زیاتر سۆزێکی سۆفیانەی لە ژیاندا هەیە. بە تامەزرۆییەوە خۆشەویستی خۆی بۆ هۆنراوەکانی (مەولانای ڕومی) دەردەبڕێت و سۆزدارانە گوێ لە موزیکی گیانخوازی دەگرێت. خۆشەویستی ئەو بۆ ئەدەب بە گشتی و شیعر بە تایبەتی قووڵە و بەشێکە لە ژیانی رۆژانەی.
سەرەتای زستانی 2018، لە (ئۆسڵۆ) میوانداری کرد، کە خۆیشی میوانی (تابان)ی خوشکی و (کەریم مستەفا) نووسەر و وەرگێڕ بوو. لەوێدا بوار هەبوو چوار ڕۆژی پڕنرخ لەگەڵ ئەو سێ کەسە ڕۆشنگەرە بەسەر ببەم. ماڵەکەی (کەریم مستەفا) و (تابان کەمال) لەهەر کوێیەکەوە سەیری بکەیت پڕیەتی لە پەرتووک، بە زمانەکانی کوردی، نەرویجی، دانمارکی، سویدی، ئینگلیزی، عەرەبی و فارسی. ئەو شارەزاییە بەرفراوانە لەو زمانە جیاوازانەدا لە لایەکەوە وا دەکات شانازی بەوە بکەین، کە تاکی ئێمە لەناو خۆڵەمێشی ئاوارەیی و دەردەسەریدا هێندە مەزن لە بیرکردنەوەدا پێ دەگات، لە لایەکی ترەوە بەرپرسیارێتی زیاتر دروست دەکات بۆ گەشەکردن. (کەریم مستەفا) جگە لە نووسین و وەرگێران، چەندین کۆڕ، سیمینار و چالاکی پەروەردەیی لە سەرتاسەری کوردستان ئەنجام داوە بۆ ئەوەی ئاستی خوێندن لە کوردستان بەرەو پێشەوە ببات. چالاکییەکانی خۆبەخشانە بووە بە تەنیا بۆ خزمەتکردنی بە کۆمەڵگەیەک، کە لە دەرئەنجامی ئەزموونی شەڕ و کوشتار و لەنێوچوون، لە قۆناغە ناسک و سەرەتاییەکانی گەشەکردنیەتی. (تابان کەمال) جگە لە هەوڵەکانی لەپێشتری لە بواری نووسین و کۆرگێڕان سەبارەت بە فێمینیزم و یەکسانی ڕەگەزی، یەکەم خوێنەر و ڕەخنەگری بەرهەمەکانی (محەمەد کەمال)ە، بە هۆکاری ئەوەی، کە ئەو بەرهەمەکان دەخاتە سەر کۆمپیوتەر بۆ ئەوەی بە دەستی خوێنەران بگات. بۆیە لە پشت نووسینە و وەرگێڕەکانی ئەو، چاودێر و ڕەخنەگرێک هەیە، کە دڵنیامان دەکاتەوە وشە و هزرەکان لە باشترین ئاستی پاکتاوکردن بگەن بە ئاگایی ئێمە.
رۆژی یەکەم لەگەڵ (محەمەد کەمال) بەرەو ماڵی نووسەری گەورەی نەرویجی (هێنریک ئیبسن) ڕۆیشتین، کە زۆربەی بەرهەمە گەورەکانی لەو ماڵەدا نووسیوە. کە چووینە ژوورەوە، دەبوایە بلیت ببڕین و چاوەڕێی ڕێبەرەکەمان کردبا بۆ ئەوەی مافی ئەوەمان هەبێت هەموو ناو ماڵەکە ببینن. ڕێبەرەکە ژنێکی خوێن شیرین بوو. (محەمەد کەمال) پرسیاری ئەوەی لێی کرد، کە ئاخۆ بۆمان هەیە بەبێ ئامادەیی ئەو سەیری ناو ماڵەکەی (ئیبسن) بکەین. ژنەکە گوتی، کە بە داخەوە ناتوانین. (محەمەد کەمال) بە زەردەخەنە و گاڵتەوە پێی گوت، کە ئێوە دەڵێن ئێرە [نەرویج] وڵاتێکی ئازادە و بۆچی بۆمان نییە بە ئازادی بەناو ماڵەکە بگەڕێین؛ ئێمە حەز دەکەین خاوەن تێڕامانی خۆمان بین. ژنەکە وەک ئەوەی ڕاستەوخۆ لە هەست و تێڕامانەکەی ئەو تێگەیشتبێت، بە خەندەوە پێی گوت، کە ڕاست دەکات، بەڵام لە هەموو شتێک ئازاد نین.
بە ڕێکەوت، دوو هاوڵاتی تورکی، ژن و پیاوێک، کە لە ئیستەنبولەوە هاتبوون، بلیتی بینینی ناو ماڵەکەی (ئبسین)یان بڕی. کاتێک ڕێبەرە ژنەکە ئێمەی بەناو ماڵەکەدا دەگێڕا، ژنە تورکییەکە بەردەوام دەیگوت، کە ڕوخساری (ئیبسن) لە کەسێکی ناوداری تورک دەچێت و بەڵام ناوی نازانێت. (محەمەد کەمال) پێی گوت، کە ناوی (نازم حکمەت)ە. ژنە تورکەکە بە حەپەساوییە پێی گوت، کە زۆر ڕاست دەکات. دواتر لە منی پرسی، کە ئاخۆ ئەو پیاوە کێیە، چونکە وا دەردەکەوێت، کە زۆر شت بزانێت و کەسێکی جیاواز و قووڵ بێت. منیش بە هەستێکی شانازییەوە پێم گوت، کە فەیلەسووفێکی کوردە و مامۆستای زانکۆیە لە ماڵبۆڕن. دڵی بەوە خۆش نەبوو، کە کوردێک لەو باشتر دەزانێت (نازم حیکمەت) کێیە و هێندەش قووڵ دەردەکەوێت. بەڵام هەستم دەکرد، کە زۆر بە تامەزرۆییەوە سەرنجی جووڵە و وهێمنی و تێڕامانەکانی (محەمەد کەمال) دەدا، وەک ئەوەی بزانێت ئەو هێمنییە لە قووڵایی تێڕامانی داهێنەرانە سەرچاوەی گرتووە. دواتر، کە (محەمەد کەمال) و من بە کوردی قسەمان دەکرد، هات و لێی پرسین، کە ئاخۆ ئێمە بە عەرەبی قسە دەکەین، وەک ئەوەی بیەوێت پێمان بڵێت کورد زمانی نییە، (محەمەد کەمال) بە تێڕامانێک، وەک ئەوەی پێی بڵێت، کە ناکرێت ‘مرۆڤێکی پێشکەوتووخواز’، کە لە ئیستەنبولەوە گەیشتووەتە ماڵی ‘ئیبسن’ هێندە لەناوەوەدا بەرانبەر بە شوناسی کەمایەتییەک فاشیست بێت، پێی گوت، کە نەخێر، زمانەکە کوردییە. لە دوای ئەو گوتنەش، بە خەندەوە و سەیرکردێنکی پڕ لە باوەڕ-بە خۆ-بوون و هێمنییەوە، بە بێ گوتنی هیچ وشەیەک، سەیری چاوەکانی کرد، وەک ئەوەی پێی ڕابگەیەنێت، کە ئێمە چەندە شانازی بەو زمانەوە دەکەین و چەندە ئەگەری گەورە لەبەردەم بیر و کراوەیی زمانی ئێمەدا هەیە.
(محەمەد کەمال) بیریارێکی دژە نیشتیمان نییە. نیشتیمان جیاوازە لە کەلتوور، سیستەمی حوکمڕانی، دەوڵەت و دامودەزگاکان، بەڵام ئەو جیاوازیانە لای زۆربەی نووسەرانی ئێمە نابیندرێن؛ بە ئاسانی ئەو چوار یەکە جیاوازە تێکەڵ دەکەن و دژایەتی یان لایەنگری خۆیان دەردەبڕن، بەبێ ئەوەی لە ناوەڕۆک و بونیادی ئەو یەکە جیاوازانە بکۆڵنەوە و خاوەن تێگەیشتنی خۆیان بن. بۆیە نەفرەتکردنیان لە نیشتیمان و بینینی گوتاری کوردبوون وەکو دەرکەوتەیەکی دواکەوتووی بیرکردنەوەی تەسک و دەمارگرژی نەتەوەیانە، وایکردووە ئەو ڕۆشنبیرانە لە جیهانێکی وەهمی، کە گوایە گەردوونییە، حوکمی ڕووکەش بەسەر بیرکردنەوەی ئێمەدا ببەخشنەوە. ئەوەی ڕۆژێک هەناسەیەکی قووڵی پڕ بیرکردنەوەی گەردوونیانە هەڵمژێت، لە هیچ تێنەگات، لەوە تێدەگات، کە گەردوون لەسەر دژە کوردبوون و نەفرەتکردن لە نیشتیمانەوە ڕانەوەستاوە. جگە لەوە، کوردبوون گوتارێک نییە لە دەرەوەی گەردوونەوە هاتبێت. هەر کەسێک بزانێت مرۆڤ خاوەن مافی گەردوونییە، لەوە تێدەگات، کە ئەوانەی ئەنفال و کیمیاباران کران، لەو مافە گەردوونییە بێ بەش کران بە تەنیا لەبەر ئەوەی، کە کوردبوون. لە ڕاستیدا، لە جیهانێکی نموونەیی و تەواودا، نەتەوەپەرستی هیی ئەوانە دەبێت، کە بیرکردنەوەیان تەسکە. بەڵام چونکە ئێمە نەک لە جیهانێکی نموونەیی ناژین، بەڵکو لەسەر خاکی خۆشمان میوانین، پاراستنی شوناسی خۆمان پێویستییەکی بنچینەییە. هیچ گرووپێکیش ناچار نییە لە تێکۆشانی بۆ مانەوە و سەربەستبوون خۆی بێ بەش بکات. ئێمە دەتوانین بڕۆین نەیارەکانمان ماچ بکەین و بە هەستی مرۆڤایەتی بەخێرهاتنیان بکەین، یان وەکو مەسیح دەڵێت لاکەی تری ڕوومەتمانیان پێ بدەین، بەڵام کاتێک عەفرینمان بۆ داگیر دەکەن، کاتێک وەکو داعش بەناو شەنگالدا تێدەپەڕن، مافی ئەوەمان نابێت فرمێسک بڕێژین. بە واتایەکی تر، دەتوانین خزمەتی نەیارەکانمان بکەین لەژێر ناوی بیرکردنەوەی گەردوونیانە، کە لە ڕاستیدا بیرکردنەوەی لاوازانایە لەو کۆنتێکستەدا، بەڵام پێویست ناکات چاوەڕێی ئەوە بکەین تاوەکو وەکو کۆیلە یان مرۆڤی نمرە چوار و پێنج مامەڵەمان لەگەڵ بکرێت بۆ ئەوەی بۆمان دەربکەوێت، لەو جیهانە ناتەواوەدا، بیرکردنەوەی گەردوونیانە هیی ئەوانەیە، کە چاویان ڕووناکیی ڕاستەقینەی دەرەوە نابینێت و ئاڵۆدەی تاریکیی ناو ئەشکەوتن.
بۆ (محەمەد کەمال) نیشتیمان ئەو سەرزەمینەیە، کە بوونی ئێمەی لێوە هاتووە و ئێمەیش سەر بەو نیشتیمانەین. هەر لەبەر ئەم مەبەستە لە تەمەنی لاویەتیدا بۆ ماوەیەک وەک پێشمەرگە لە ڕێزەکانی شۆرشی ئەیلول تێکۆشانی کردووە. بۆ ئەو خۆشویستنی نیشتیمان لە هەستکردنی تاکە بە بەرپرسیارێتی لە ئاست بوونی خۆی و ئەوانی تر. تاک دەتوانێت دژی سیستەمەکانی کەلتوور و دەستەڵات بێت، بەڵام نیشتیمان بە تەنیا پارچە خاکێک نییە، بەڵکو ماڵی شوناسە بۆ بوون. لە پەرتووکی (ئۆنتۆلۆجی بنەڕەتی و بوونی مرۆڤ)، ئەو دەنووسێت:

“مرۆڤی بێ دەوڵەت زۆرە، بەڵام مرۆڤی بێ نیشتیمان نییە.
لەم دیدەوە، نیشتیمان سنوورێکی تەلبەندکراوی جوگرافی نیە، بەڵکو وڵاتێکی پان و بەرینە، ئەو خاکەیە کە “هۆڵدەرین” هۆنەری ئەڵمانیا لە هۆنراوەی “گەڕانەوە بۆ نیشتیمان”دا باسیدەکات. نیشتیمان ئەو شوێنەیە کە جۆگەی خوێنی لەشمانی پێدادەڕوات و تیاشیدا وشک دەبێت: دووریمان لەو خاکە تووشی مەکۆی خەم و نامۆیمان دەکات، نامۆییەک لە گیانکێشان سەختترە…” (لاپەڕە، 23)

بۆیە دەبینین لای ئەو، نیشتیمان واتایەکی زۆر بنەڕەتی بۆ بوونی مرۆڤ هەیە. دژبوون بە نیشتیمان دژ بوونە بە شوناسی بوونمان. هەر لەبەر ئەوەیە، کە ئەو خۆشەویستییەکی گەورەی بۆ زمان و شوناسی کوردبوون هەیە. چاوەڕوانی هیچ پاداشت و پێزانینێکیش ناکات، چونکە پرۆژەکانی ئەو لە تێگەیشتنی خۆی بۆ بوونی خۆی و ئەوانی ترەوە سەرچاوە گرتووە. لە هەمان کاتدا، زمانی (د. محەمەد کەمال) زمانێکی هەڵەشەیی و گازندەکار نییە، زمانێکیش نییە ئەوانی تر ڕەت بکاتەوە و نکۆڵی لە گرنگی جیاوازی و فرە دەنگی بکات. جیاوازییەکان لە تێڕامانی ئەودا گوزارشت لە یەکێتی بوون و فرە داهێنانی تاکەکان دەکەن. بەشێکی زۆری ڕۆشنبیران چونکە گرنگی پرۆژەکانیان لە پشتگیری زۆرایەتی دەبینن، بە ئاسانی نائومێد، توڕە، هەڵەشە، دڵخۆش و ئومێدار دەبن. واتە جەماوەر بڕیار لەسەر ئەوە دەدات، ئەوان چ جۆرە هەستێکیان هەبێت، نەک ئەوەی خۆیان بڕیار بدەن پرۆژە و هەستەکانیان چ ئاڕاستەیەکیان هەبێت. لەم ڕووەوە، بە زمانی (محەمەد کەمال) بێت، ئەو ڕۆشنبیرانە ڕەسەن نین و پرۆژەکانیان داوە بە دەستی ئەوانی تر و هەر ئەو بەدەستەوەدانەیشە وا دەکات کاتێک هەڵەشە دەبن، نەفرەت لە نیشتیمان و شوناسیان بکەن، یان خەڵک بەبێ ئاگا و ناهۆشیار ڕەچاو بکەن. ئەو حوکم بەخشینەوانە هیی ئەوانەن، کە ڕێگە نادەن هۆش دەستەڵاتی تێگەیشتنی خۆی بەسەر هەڵەشی و ڕووکەشیدا بسەپێنێت.
بەڵام (محەمەد کەمال) سەرەڕای ئەوەی خاوەن بەرهەمی و توێژینەوەی ئەکادیمی و دەوڵەمەندە بە زمانی ئینگلیزی، خۆشەویستییەکەی بۆ زمانی کوردی وایکردووە بناغە بنەڕەتییەکانی فەلسەفە بۆ ئەو زمانە دابمەزرێنێت. بۆیە دەبینین خەرمانی زمانی کوردی بە وەرگێڕانی شاکارگەلی فەلسەفی جیهانی، وەکو (بوون و کات)ی (هایدیگەر)، (فیمینۆلۆجیی هۆش)ی (هیگڵ)، (کۆمار)ی (ئەفلاتوون)، (بوون و نەبوون)ی (سارتەر)، یان بە پەرتووکە فەلسەفییەکانی، وەکو (بوون و داهێنان)، (ئۆنتۆلۆجی بنه‌ڕه‌تی بوونی مرۆڤ)، (هایدیگەر و شۆڕشێکی فەلسەفی)، (نیتشە و پاش تازەگەری)، (فەلسەفەی ئەفلاتوون)، (فەلسەفەی سارتەر)، (کێشەی بوون لە مێژووی فەلسەفەدا) و جگە لە کۆمەڵێک پەرتووکی تر و بەم دوایانەش (فەلسەفەی کانت) و (مارکس وەکو فەیلەسووف)، دەوڵەمەند و شکۆدار بووە. ئاکامی ئەو هەوڵانە دامەزراندنی زەمینەی ڕەخنەگرتن و تێکشکانی دۆگما و بەها چەقبەستووەکانە.
ئەو وەک ئەوەی هەر لە سەرەتاوە زانیبێتی، کە شکاندنی بەها چەقبەستووەکان بە زمانی پڕ هەیجانی ئایدۆلۆجی و نووسراوی هەڵەشیی و پڕ هەڵچوونی ڕۆشنبیرە ڕووکەشەکان ناکرێت، بە تەواوی خۆی لەو نەریتە زاڵەی نێوەندیی ڕۆشنبیریی کوردی بە دوور دەگرێت. لە کاتێکدا بەرهەم و ئاکامی ئەو نێوەندە، بە ڕێبەرایەتی ڕۆشنبیرانی (ڕەهەند) زۆری زۆر تا (گردی زەرگەتە) بڕی کرد و لەوێدا هەڵەشە و هەڵچوونەکان، بانگەشە و هزرەکان، زمان و بیرکردنەوەکان بوون بە کورتکراوەیەکی لاوەکی بۆ (بزوتنەوەی گۆڕان)، کە ئامانجی ئەو پڕۆژانە لە بنەڕەتدا هەر ئەوە بوو. دواجار ئەو ڕۆشنبیرانە خۆیان و خەرمانەکەیان لەژێر چەتری کاریزمایی (نەوشیروان مستەفا) بینیەوە، کە مێژوویەکی باشی لە دژایەتیکردنی هەر هەوڵێکی جیاوازی رەخنەگرانە هەبوو. ئەو خۆ-بەدەستەوەدانە لە ڕاستیدا لە ئاکامی تێنەپەڕاندنی پێویستییەتی حەشامەت بۆ دەستەڵاتی کاریزمایی لە کۆمەڵی کوردیدا دەگەڕێتەوە. ڕۆشنبیرانێک، کە شیکارییە ڕووکەشەکانیان لەسەر بنەمای ‘ئەقڵانیەتی’ خۆرئاوایە، بێئاگایانە خۆیان لە تەڵەی کاریزماخوازی خێڵەکیانەی کوردی بینییەوە.
هاوکێشەکە بۆ (د. محەمەد کەمال) جیاوازە، بەوەی کە بیرکردنەوە ئەو وا دەخوازێت ئێمە نەک هیچ نوێنەرێکمان نەبێت و کەس بە نوێنەری خۆمان نەزانین، بەڵکو ببین بە نوێنەری ڕاستەقینەی خۆمان. کەسێک بوونی خۆی نەناسێت، زۆر ئاسان پڕۆژەکانی بوونی خۆیشی بە دەستەوە دەدات، وەک خۆ بەدەستەوەدانی ڕۆشنبیران بۆ (بزوتنەوە گۆڕان) و بزوتنەوە ئیسلامییەکان. ئەوەی هەوڵ دەدات خاوەن بوونی داهێنەرانەی خۆی بێت، دۆخی نیگەرانی، کە دۆخێکی بوونگەرانەی بوونیەتی، بە بانگەشە ڕووکەشەکان و چارەسەرە کورتخایەنەکان ناڕوێنێتەوە. بەڵکو، بە هێزی ئەو نیگەرانییە، بەسەر خۆیدا بەرز دەبێتەوە و باڵاتر لەوەی بەسەریدا سەپێندراوە، هەڵدەکشێت. لەبەر ئەوەی (محەمەد کەمال) بۆ خوێنەرگەلێک نانووسێت، کە وەکو خوێنەری بۆ نموونە ئەڵمانی زمانەکەیان دەوڵەمەند بێت بە شاکاری فەلسەفی، وا پێویست دەکات سەرەتا زەمینە بۆ ئەو بەرزبوونەوە و باڵابوونە ساز و دروست بکات، وا پێویست دەکات زمان دابمەزرێنێت یان دایبهێنێت بۆ نەریتێک، کە بەرەو ئەو جۆرە بیرکردنەوە ترسناک و قووڵانە نەجوڵێندراوە. بابەتەکە ئەوە نییە، کە خوێنەری کوردی زمانەکانی تر نازانێت، بەڵکو ئامانجەکەی ئەو لەوە بەرفراوانترە. بابەتەکە گواستنەوەی ئاستی بیرکردنەوەی ئێمەیە، کە لە ناو زمان دایە، چونکە بیرکردنەوەی کوردی بە تەنیا بە بیرکردنەوە و کەرەستەی خۆی دەتوانێت بگوازرێتەوە و خۆی تێبپەڕێنێت. ئەوە هەمان ئەو خاڵەیە، کە (مارتن هایدیگەر) لە دواین گفتوگۆی، کە گۆڤاری (دێرشپیگل) لەگەڵی ئەنجام داوە، ئاماژەی پێ دەدات. بە بۆچوونی (هایدیگەر) هزر تەنیا بەو هزرە دەگوزرێتەوە، کە خاوەن هەمان سەرچاوە و پێداگرییە. یان دروستتر، لە هەمان کۆنتێکست و کەلتوورەوە هاتووە.
بۆیە چ بە وەرگێڕانەکانی بێت، چ بە پەرتووک و توێژینەوەکانی، کە تەواوکەری ئەو پڕۆژە سەرتاپاگیرەن، (محەمەد کەمال) کەمتوانایی زمان و بیرکردنەوەی ئێمە بۆ داهێنان و پڕۆژە دامەزراندن دەگوازێتەوە. ئەو نەک وەکو هاوچەرخەکانی گلەیی لە زمانی کوردی بۆ کەمتوانایی لە دەربڕیندا ناکات، بەڵکو هەر بە کەرەستەکانی ئەو زمانە، ئاستی بیرکردنەوەی چەقبەستوو هەڵدەوەشێنێتەوە و لە ئاستی بەرزی بیرکردنەوەدا زمانی ئێمە بەرەو داهێنان و پڕۆژە دامەزراندنی هزری ئاڕاستە دەکات. ئەو ئاڕاستەکردنە ئافرێنەرانەیە، چونکە وا دەکات لە خاکە وێرانەکانی بیرکردنەوەشماندا، داهێنان توانای خۆ-ڕسکاندنی هەبێت و ببێت بە دەستکەوت بۆ بوونێک، کە هەم بنەڕەتە بۆ هەموو داهێنانەکان، هەمیش لە ڕێگەی داهێنانەکانییەوە دەتوانێت خۆی بناسێت و شاراوەیی و وزەی نهێنیی خۆی بۆ خۆی دەربخات و ئاشکرا بکات.
وەک خۆی پێی گوتم، کە لە زۆر دۆخدا داوای هەڵویست وەرگرتنی لێ دەکرێت و هەندێکیش پێی دەڵێن، کە هەڵوێستی لەبارەی ڕووداوە جیاوازەکانەوە نییە. بەڵام هەر خۆیشی ئەوەی ڕوونکردنەوە و گوتی، کە ئایا ئەوەی دەیکات هەڵوێست نییە و هەڵوێست لەوە زیاتر دەتوانێت چی بێت؟ لە دوای ڕووداوەکانی (حەڤدەی شوبات) کۆڕێکی لە (ماڵی ئارام) بۆ ڕێکخرا، کە تێیدا باسی بوونی ڕەسەن و ناڕەسەنی کرد. هەر لەو کاتە داوای هەڵوێستی لێ کرا. دیارە بەشێکی زۆری ئەوانی تینووی هەڵوێست بوون، بە تەنیا یەک دیوی ڕووکەشی هەڵوێستیان دەبینی. هەڵوێستی ئەو ڕۆشنبیرانە هاوتا و هاوهەڵوێست بوو لەگەڵ هەڵوێستی بزوتنەوە ئیسلامییەکان. هەر دوای ئەو ڕووداوانە بوو، کە من (محەمەد کەمال)م بۆ یەکەم جار لە شاری ڕانیە بینی و لەوێ بوار هەبوو چەند کاتژمێرێک لە یەکێک لە چێشتخانە لاچەپەکانی شار بەسەر ببەین. لەو بارەیەوە، پێی گوتم، کە لە ڕاستیدا ئەو ئامادە نییە فوو لە هەمان ئەو مایکرۆفۆنە بکات، کە ئیسلامییەکان فووی تێ دەکەن. هەڵوێستەکەی بنەڕەتی و دوور بینانە بوو؛ ئێمە لەگەڵ ئیسلامییەکان پرۆژە دادەمەزرێنین بۆ ئەوەی کۆمەڵگەکەی خۆمان بەناوی دیموکراسییەوە ڕادەستی داعش و ئەردۆگانەکان بکەین؟ لانی کەم ئەوە هەمان ئەو هەوڵانەیە، کە ئەو ڕۆشنبیرانە تێی ئاڵاون لەژێر ناوی نەفرەتکردن لە نیشتیمان و کوردبوون و بژی ئازادی و دیموکراسیبوون!
(محەمەد کەمال) ئاستێکی زۆر بنەڕەتی و باڵای هەڵوێست-وەرگرتنی هەڵبژاردووە. بۆ ئەو، هەڵوێست بریتیی نییە لەوەی ئێمە بنچینە سەر شەقامەکان و داوای ڕووخانی حکومەت بەگوێرەی ئاوازی بزوتنەوە و گرووپی دیاریکراو بکەین. لە دوایشدا، هەموو پرۆژەکانمان بدەینە دەست ئەوانی تر، بۆ نموونە ئیسلامییەکان. بۆ ئەو هەڵوێست بریتییە لە جووڵاندنی بیرکردنەوە، لە زەمینە ڕەخساندن بۆ ئەوەی تاک بتوانێت لە دەرەوەی ئەو بەربەستەی ئەوانی تر بەسەریاندا سەپاندووە، خۆی بناسێت و خۆی بدۆزێتەوە. ئەو تاکەی خۆی لە ئەوانی تر جیا دەکاتەوە، دەتوانێت جیاواز بێت و ئەو جیاوازییەش تاک بەرەو داهێنان ئاڕاستە دەکات. ئەو تاکە بە ئاوازی ڕەسەن و داهێنەرانی خۆی نەبێت، بە هیچ ئاوازێکی تر سەما ناکات. لەپێناو پرۆژە داهێنەرەکانی خۆی نەبێت، لەپێناو هیچ پرۆژەیەکی تر بوونی خۆی ئاڕاستەی مردن ناکات. ئەوە واتای وانییە، کە ئەو تاکە ڕەسەنە هاوکار و هاوئاهەنگ نابێت لەگەڵ ئەوانی تر، بەڵکو واتای وایە، کە هەر لە خۆوە و هەر بە تەنیا لەبەر ئەوەی خواستی ئەوانی تر و کەلتوور وا دەخوازێت، پرۆژەکانی خۆی بە دەستەوە نادات. ئەمڕۆ لە کوردستان بانگەشەکان بۆ ئەوەن، کە تاک خۆی بە دەست پرۆژەکانی ئەوانی تر بدات بۆ ئەوەی ماف و ژیانی پارێزراو بێت. چەند بەرەکی و جەمسەری تاکیان نامۆ کردووە. بۆیە بە ئاسانی ئەو تاکانە بەرەو ئامانجی دیاریکراو ئاڕاستە دەکرێن، نەک ئەوەی خۆیان ئامانجی دیاریکراو بۆ خۆیان دابنێن. ئەو تاکەی لە بوونی تێنەگات و ڕەسەنانە نەژیێت، تاکێکە نازانێت ئاسۆی گەشەکردن و خزمەتکردن هەم بە خۆی و هەمیش بە مرۆڤایەتی لە کوێیە. ئەو تەنیا ئەوە دەکات، کە بەسەریدا سەپێندراوە و داوای لێ کراوە، نەک ئەوەی، کە بیرکردنەوەی داهێنەرانەی خۆی داوای لێ دەکات، چونکە ئەو جۆرە بیرکردنەوەیە نائامادەیە و بێ زەمینەیە. هەڵوێستەکانی (محەمەد کەمال) وەک ئاماژەم پێی دا، دروستکردنی ئەو زەمینەیە بۆ ئەوەی بیرکردنەوە توانای خۆ کرانەوە و ناسینی بوونی هەبێت. تەنیا لەو کاتە دایە، کە هەڵوێستی تاک هەڵوێستێکی هاکەزایی و هەڵەشیی نابێت، بەڵکو هەڵوێستێکی ناوەڕۆکدار و پڕ بەرهەم دەبێت و دەتوانێت بەسەر هەلومەرجەکاندا زاڵ بێت. بە هەمان شێوە، ئەوەی ئاشنایەتی لەگەڵ کارە فەلسەفییەکانی ئەودا هەبێت، لەوە تێدەگات، کە ئەو بیریارە هەموو جۆرە ڕەهەندێکی دەستەڵاتخواز ڕەت دەکاتەوە، چونکە ئەو هیچ دەستەڵاتێک لەسەرووی دەستەڵات و هێزی بوون نابینێت.
بەڵام، لە خوێندنەوەی پەرتووک و توێژینەوەکانی بە زمانی ئینگلیزی، ئێمە بۆمان دەردەکەوێت، کە (محەمەد کەمال) شارەزاییەکی زۆر بەرفراوانی لە فەلسەفە و ئاینی ئیسلام و بیریارانی ئیسلامی هەیە. نەک هەر ئەوە، بەڵکو هەوڵی دۆزینەوە بیرە هاوبەشەکانی نەریتی بیرکردنەوە و گیانخوازی لە جیهانی ‘ئیسلامی’ لەگەڵ نەریتی بیرکردنەوەی فەلسەفیانەی خۆرئاوا دەدات. ئەوەیش دەرخستنی ئەو ئاکامایە، کە بیرکردنەوەی فەلسەفەیانە سەر بە هیچ کەلتوور و نەتەوە و کاتێکی دیاریکراوەوە نییە، بەڵکو سەر بە بوون و ئاگامەندییە. بەڵام لە زمانی کوردیدا، هەوڵەکانی ئەو زیاتر گشتگیر و بنەڕەتین. ئەویش وەک ئاماژەم پێی دا، ڕەنگدانەوەی ئەو پڕۆژە سەرتاپاگیریەیە، کە بۆ زمان و بیرکردنەوەی نێوەندی کوردی ئەنجامی داوە و دەدات.
کاتێک لە ماڵەکەی (ئیسبن) دەرچووین، کۆشکی ماڵی پادشای نەرویجی پێشان دام، کە دەکەوێتە بەردەم ماڵەکەی (ئیسبن). پێی گوتم، کە ئەوە ماڵی پاشایە، بەڵام پێناچێت لە ماڵ بێت. بە جۆرێک گوتی، کە هەستم کرد لە وڵاتێکی مۆدێرندا بۆ چاخەکانی پادشایەتی دێرین گەڕاومەتەوە، کە تێیدا پادشاکان دەستەڵاتی ڕەها و ژیانێکی خۆشگوزەرانیان هەبوو. بەڵام هەر خۆی بە گاڵتەوە گوتی، کە پاشا ناتوانێت وەکو ئێمە ئاوا سەربەستانە بەناو خەڵکدا بڕوات، چونکە بەردەوام خەڵک سەرنجی دەخاتە سەر. گاڵتە و قسەی خۆش و زەردەخەنەی بەردەوام بەشێکن لەو. هەر کەسێک لە نزیکەوە بیناسێت، دەزانێت، کە خاوەن ئاشتەواییەکی گەورەیە لەگەڵ بوونی خۆیدا. (محەمەد کەمال) لەو کەسانەیە، کە کەم قسە دەکات و زیاتر تێڕا دەمێنێت و گوێ دەگرێت. هەست دەکەیت هێمنییەکەی ئەو لە هیی ئۆقیانووسێک دەچێت، کە لە قووڵایدا خۆیدا سەنگین و هێمنە، بەڵام لە ڕووکاری دەرەوەیدا بەربەرەکانێ لەگەڵ بەربەست و ئەو کێشانە دەکات، کە سەربەستی لە تاک داگیر دەکەن. دوای ئەوە بۆ قاوەخانەیەک ڕۆیشتین. داوای چایەکی کرد و منیش قاوەیەک. کاتێک چایەکە گەیشت، وەک ئەوەی پێم بڵیت کە تەندروستی و باشیی جەستەی خۆی بەلاوە گرنگە و خۆپارێزی دەکات، پێی گوتم، کە ئەو هەرگیز شەکر ناکاتە ناو چا. بەڵام دواتر داوای پارچە کێکێکی چۆکلاتەی کرد و پێی گوتم کە بەیەکەوە دەیخۆین، کە ئەوەی من بیزانم ئەو شەکرەی دەکرێتە ئەو کێکە چەند ئەوەندە زیاترە لەوەی کە دەکرێتە چا. بۆیە هەستم کرد، کە بەربەست و ڕێنماییە تەندروستییەکان وا لە ئەو ناکەن دەستبەرداری سەربەستییەکەی بێت لە خواردنی ئەو کێکەی حەزی لێیەتی. هەر بەیانییەکەی خاتوو (تابان) ویستی هێلکەوڕۆن بکات. (محەمەد کەمال)، کە هێلکەکانی بینی، بە پێخۆشبوونێکی کەم ناڕازییەوە پێی گوت، “ئەوە چی ئەکەی؟ من هێلکە ناخۆم، خراپە!”. بەڵام (تابان خان) پێی گوت، کە لەناو ڕۆن سووری ناکاتەوە و خوێشی تێ ناکات. بەو پێشنیارە دڵی خۆش بوو و ئەو کەمە ناڕازییەی نەما، بۆیە دوو هێلکەکەی خوارد. لە ڕاستیدا، ڕۆن و خوێیەکە کەمێک لە زیانەکان کەم دەکەنەوە، نەک هەمووی، بەڵام وەکو ئاماژەم پێی دا، (محەمەد کەمال) سەربەستیەکەی خۆی بە دەرچەی جیاواز ڕازی دەکات. ئەوەی زۆر جێگەی سەرنج بوو ئەوەیە، کە زۆر گرنگی بە ڕۆیشتن بە پێ دەدات و لە ژیانی ڕۆژانەیدا چالاک و پڕ بەرهەمە. پێ دەچێت ئەو نەریتەی لە (نیتشە)ەوە وەرگرتبێت. لەپاڵ ڕۆیشتن، زیادەڕۆیی لە خواردن و خواردنەوە و خەو ناکات. شەوانە کاتژمێر دەی شەو دەخەوێت و پێنجی بەیانی بەئاگایە. وەک خۆی پێی گوتم، کە بەشی زۆری نووسراوە فەلسەفییەکانی لە کاتژمێر شەشی بەیانییەوە بۆ نزیکەی کاتژمێر یانزدە و دوانزە نیوەڕۆ دەنووسێت. (کانت) و (نیتشە) هەمان ڕۆتینی رۆژانەیان هەبوو. بەهۆی ئەوەوە، منیش بۆ ماوەی چوار ڕۆژ شەوانە زوو دەخەوتم و بەیانی زوو بە ئاگا بووم. بۆ ماوەی چوار ڕۆژیش دەستبەرداری بەکارهێنانی مۆبایل بووم، چونکە نە ئەو و نە (کەریم مستەفا) مۆبایلیان نییە.
(محەمەد کەمال) بە شێوەیەکی گشتی فەیلەسووفە یاخییەکانی خۆش دەوێت و بە تامەزرۆییەوە باسیان دەکات. بەڵام کاتێک باسەکە پێوەندیی بە (هایدیگەر)ەوە هەیە، تەواو هەست بەوە دەکرێت، کە خۆشەویستییەکی تایبەتی بۆ ئەو فەیلەسووفە هەیە. ئەو خۆشەویستییە لە لایەکەوە وایکردووە گرنگییەکی تایبەت بەو فەیلەسووفە بدات، لە لایەکی تریشەوە جیاوازییەکانی خۆیشی بخاتەڕوو. لە پەرتووکی (هایدیگەر و شۆڕشێکی فەلسەفی)، لە بەشی بابەتی مردن، جگە لەوە شیکارییەکی گرنگ لەبارەی دیدی (هایدیگەر) بۆ مردن دەکات، ڕەخنەش لە بۆچوونەکەی دەگرێت و پێی وایە، کە مردن گونجاندن نییە، وەک ئەوەی (هایدیگەر) پێی لەسەر دادەگرێت، بەڵکو پێشمەرجێکی ئۆنتۆلۆجییە. گونجاندن واتە ئەگەری ڕوودانی هەیە، لە کاتێکدا، بە دیدی ئەو، مردن حەتمییە و ڕوو دەدات. جگە لەوە، (محەمەد کەمال) پەرەی بە چەمکی (داهێنان) داوە. لای (هایدیگەر) داهێنان پێشمەرج نییە بۆ بوون، بەڵام (محەمەد کەمال) پێی وایە، کە داهێنان پێشمەرجە و لە ڕێگەی داهێنانەوە مرۆڤ ناوەڕۆک بە بوونی دەبەخشێت. ئەوە تەنیا دوو نموونەیە، کە فەلسەفە لای (محەمەد کەمال) لەو شوێنە ناوەستێت، کە فەیلەسووفان بۆچوونیان چییە، بەڵکو بۆچوونەکان دەخاتە ژێر ڕۆشنایی لێکۆڵینەوە و لێکدانەوە، تەنانەت ڕەتدانەوەیش. لە پەرتووکی (نیتشە و پاش تازەگەری)، پێداگرییەکەی (نیتشە) لەسەر چەمکی (گەڕانەوەی هەمیشەیی) ڕەت دەکاتەوە و ڕوبەڕوی رەخنەی لۆگیکی دەکاتەوە لەبەر ئەوەی لەگەڵ پەرەسەندنی بەردەوام ناکۆکە، تەنانەت پێی وایە، کە (نیتشە) ناپێویستانە ئەو چەمکە میتۆلۆجییەی هێناوەتە ناو فەلسەفەکەی.
(محەمەد کەمال) یەکێکە لەو فەلسەفەکارانەی، کە (نیتشە) بە (فەیلەسووفانی ئایندە) ناویان دەبات. لە دیدی (نیتشە) فەیلەسووف یان فەلسەفەکاری ئایندە هێزی شکاندنی بەهاکانی هەیە و لە سەرووی ئەوەیش، توانای داهێنانی بەهای نوێی هەیە. ئەو بەها نوێیانە ئەو فەلسەفەکارە دایان دەنێت، لەسەرووی هاوکێشەی چاکە و خراپەن.5 هەوڵە هەرە بنەڕەتەکانی (د. محەمەد کەمال) لە پاش تێکشکاندنی دۆگما و بەها چەقبەستووەکان، سەربەستبوونی تاکە بۆ دامەزراندنی پڕۆژەی داهێنەرانەی خۆی، پڕۆژەیەک، کە لە بیرکردنەوەی ئازادانەوە سەرچاوە دەگرێت. ئەو بیرکردنەوەیە بە هاوکێشەی چاکە و خراپە ڕاڤە ناکرێت، چونکە لەو سەرووی چاکە و خراپە خۆیەتی، لە سەرووی هەموو ئەو دۆگمانەیەکە، کە تاک ناچار دەکەن دەستبەرداری ئازادییەکەی خۆی بێت.
بە تێكڕای هەموو ئەمانەشەوە، نەکردەیە چوارچێوە بۆ هەوڵ و بیرکردنەوەی (محەمەد کەمال) دابنێین. هەر وەکو چۆن خۆی لەپێناو زانین هیچ سنوورێکی زەمینی و ئاسمانی نەناسیوە، لەپێناو بیرکردنەوەی قووڵی فەلسەفیانە بەربەستەکانی تێکشکاندووە و لەپێناو دامەزراندنی زمانی فەلسەفەی ئێمە نرخی بۆ بیانووەکان دانەناوە، ئاواش بیرکردنەوەی ئەو سنوور-نەناس و بەربەست-نەناس و بیانوو-نەناسە. هێزی بیرکردنەوەی ئەو لە ئاتمۆسفێری بیرکردنەوەی ئێمەدا ئامادەییەکی ناوەڕۆکداری هەیە و بووەتە بنەڕەت و دامەزراوەی هزری بۆ سازکردنی زەمینە بۆ جۆرە بیرکردنەوەیەک، کە توانای تێپەڕاندنی هەیە و هێزی تێکشکاندنی دۆگما و بەها چەقبەستووەکانی لە خۆیدا هەڵگرتووە.
من پێزانینێکی زۆرم بۆ هەوڵەکانی (د. محەمەد کەمال) هەیە و پێم وایە، کە کارئاسانی گەورەی بۆ نێوەندی ڕۆشنبیری کوردی کردووە بۆ ئەوەی توانای تێپەڕاندنی زمانی باو و بازاڕیان هەبێت و لە ئاستی باڵاتری بیرکردنەوە هەوڵی داهێنان و خزمەتکردن بە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بدەن. هاوکات، هزرە جیاوازەکانی خزمەتێکی بێپایانن بە ئازادیی تاک و خۆ داماڵینی تاک لەو کێشە و بەربەستانەی، کە ڕێگرن لە گەشەکردن و داهێنانەکانی. خوێندنەوەی بەرهەمەکانی (محەمەد کەمال) هێزی ئەوەمان پێ دەبەخشن، کە لە لایەکەوە لە دەرەوەی وەهمەکان ڕاستەقینەی بوون و هەلومەرجەکانمان ببینین و لە لایەکەی ترەوە جەنگاوەرانە تێبکۆشین و ئاڵای نەمریی خۆمان لەسەر خاکی جیهاندا بچەقێنین.
——————————————————–

پەراوێزەکان
لەبارەی ژیاننامەی د. محەمەد کەمال سوودم لە قسەکانی خۆی ئەو بەسەرهاتانەی بۆی باس کردووم لەگەڵ ماڵپەڕی (بوونگەرایی) بینیووە.

د. محەمەد کەمال،”ئۆنتۆلۆجی بنەڕەتی و بوونی مرۆڤ”. لە بڵاوکراوەکانی سپیرێز. ساڵی 2007
2Interview with Martin Heidegger. (1966). Only a God Can Save Us. The Spiegel Interview
Available at: http://www.ditext.com/heidegger/interview.html [Accessed 30 Sep. 2018]
3د. محەمەد کەمال، “هایدیگەر و شۆڕشێکی فەلسەفی”. لە بڵاوکراوەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، 2007.. ل. 121
4د. محەمەد کەمال، “نیتشە و پاش تازەگەری. لە بڵاوکراوەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، ل. 111-114
http://www.bungeraiy.net/Kurdi/kteeb/Kteeb_PDF/Nietzsche.pdf
5 Nietzsche, Friedrich, Beyond Good and Evil. Translated by R. J. Hollingdale. Penguin Books 1990. P. 71-73




خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکانی ئەمەریکا بەرەو کوێ؟ … زاهیر باهیر

ئەوەی کە لە ئەمەریکا ڕوودەدات نە ڕوداوێکی سەرسوڕهێنەرە و نە تازەیە و نە کۆتایی ئەم جۆرە کاردانەوەیەی خەڵکیشە. حکومەتە یەك بەدوایەکەکانی ئەمریکا ناتوانن نە فێری وانە وەرگرتن لە ناڕەزاییەکانی پێشتری خەڵکەکەی ببن, نە دەشتوانن دەسگەی دەوڵەت لە پرسی رایسیزم و فاشیزم و نایەکسانی و بەتاڵەیی خەڵکەکەی و زوڵموزۆری پۆلیس و نادادپەروەریی کۆمەڵایەتیی،پاکبکەنەوە.
ئەمەی کە ڕوودەدات لە ماوەی 50 تا 60 ساڵەی ڕابوردووە چەند جارێکی دیکەش ڕوویداوە ، چەندجارێکیش لە لایەن دەوڵەتەوە بەڵێنی درۆ بە خەڵکی دراوە ، کە گوایە جارێکی تر ئەمە ڕووناداتەوە چارەسەری بنەبڕیی، بۆ دادەنێن.
بێ گومان قسە و درۆی سیاسیی هەرگیز بروای نابێت پیبکرێت ئەمە چ جای ئەوەی کە ئەوان باس لە گۆڕانی ڕیشەیی ناکەن کە زەمینەسازیی ئەو ڕوداوانەیە. ئەوان دەیانەوێت ئەوە بە خەڵکی بگەیەنن ئەمانەی کە ڕوودەدات کاری مرۆڤێکی، دەستەیەکی، بەڕیوەبەرێکی ، فرماندەرێکی خراپە، نەك دەوڵەت و حکومەتەکەی و دەستورەکەی.
زیاتر لە شەش شەوە خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکانی خەڵکیی لە ئەمەریکا لە زیاتر لە 15 دەڤەریدا / هەرێمیدا بەردەوامە. لە ئەمڕۆوە لە چەندەها شاردا هێزی تایبەتی و سەربازیان هێناوەتە سەر شەقامەکان بۆ سەرکوتکردن و دامرکاندنەوەی خۆپیشاندەران. ترامپ پەیتا پەیتا هەڕەشە دەکات و خۆپیشاندەران بە ” ئاژاوەچی و بەڵتەچی و تێکدەر و ئەنارکیست ” ناو دەبات . بی گومان پەیامەکانی نەك هەر ناتوانێت بچوکترین کارایی ئاشتەوایی بگەیەنێت ، بەڵکو خەڵکی زیاتر ڕکئەستورتر و تووڕەتر لە دەوڵەت و حکومەت دەکات. هەر لەبەر ئەمەش ژمارەی خۆپیشاندەران و بەیەکادانەکان لەگەڵ پۆلیس-دا لە زیادبووندان، ئەمەش بووەتە هۆی برینداربوونی ژمارەیەکی زۆر لە هەردوو لاو دەسگیرکردنی زیاتر لە 4500 گەرچی گرانە کە ژمارەیەکی تەواو ڕاستت دەستبکەویت بە هۆی ئەوەی کە کە لە چەندەها شاری گەورەدا خۆپیشاندانەکان بەردەوامە.
ئایا کوشتنی تاکە کەسێك ئەوە دەهێنێت؟
ئەوەی کە لە ئەمەریکا روودەدات لەسەر پرسی کوژرانی تاکە کەسێك نییە. پرسەکە زۆر زۆر لەوە گەورەترە. خەڵكانی ڕەشپێست و ئیتنیکییەکان ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتوانی ئەوێ پێکدەهێنن، ئەمەریکای ئێستا بە هاوکاری و کاری وزە پڕوکێنی باوك و دایك باپیران و نەنك و و باپیرە گەوەرە و دایەگەورەی ئەمان دروست بووە. لەگەڵ ئەوەشدا پشکی زۆری بێ کاریی ، بێ خانووبەرە، هەڵوەشاندنەوەی خێزان ، قەرەباڵخی نێو بەندیخانەکان، بەکارهێنەرانی مادە هۆشبەرەکان، نەبووەکان، هەڵواردن و بەکارهێنانی ئاڕاستە و مەیلی ڕایسسیتانە بەرانبەریان….. بەر ئەمان دەکەوێت.
هەموو ئەمانەیە کە خەڵکی خستۆتە سەر شەقامەکان و توندووتیژی بەکاردەهێنن و بێ متمانە ببن بەرانبەر نەك هەر پۆلیس بەڵکو سەرۆکی شارەوانیەکان و هەموو بەرپرسێك تا دەگاتە سەرۆکی دەوڵەت.
خەڵکانێک کە ئەم هەموو ماوە دوورودرێژە زوڵموزۆریان لێدەکرێت ڕووبەرووی ئەوانەی سەرەوە دەبنەوە کە ناوم هێنان، و بەڵێنی درۆیان پیدەدرێت و گوێیان لێ ناگیرێت و قسەیان ناڕوات ، ئیتر جگە لە توندوتیژی دەکرێت چ ڕێگایەکی دیکە بگرنەبەر تاکو وەکو هاووڵاتییەکی سپیی ئەمەریکی تەماشایان بکرێت؟ داخوازییەکانی ئەمان نە گۆڕینی سیستەم بووە و نە گۆڕینی حکومەت ، بەڵکو باشکردنی ژیانیان بووە لە هەموو بوارەکاندا، داخوازییەك بووە کە هەر هیچ نەبێت وەکو هاووڵاتیەکی سپی پێست تەماشایان بکرێت .
کە ئەمانە هیچی نەکرێت ، هەڵبژاران هیچ نەگۆڕێت ، کەڵەکەی زیاتری سەرمایە و بوونە بەهێزترین و دەوڵەمەندترین وڵاتی چیهانی ، خێرێکی بۆ ئەمان تیادا نەبێت .. ئایە بێ لە گرتنەبەری توندوتیژی تاکو ئاوڕیان لێبدرێتەوە لای ئەوان، ڕیگا چارەیەکی دیکە هەیە؟
ئەم هاوپشتیی و خەمخۆرییە بۆچی بۆ کورد ناکرێت، ئەی کورد مرۆڤ نییە؟
دوێنێ ڕۆژی یەکشەمە، 31/05 ، لە هەندێك وڵاتی وەکو بریتانیا ، ئەڵمانیا ، دانیمارك خەڵکێکی زۆر هاتنە سەر شەقام و بەردەم سەفارەتی ئەمەریکی بۆ دەربڕینی ناڕەزایی و توڕەیی خۆیان بەرانبەر بە دەوڵەتی ئەمریکی.
بۆچی بۆ کورد ناکرێت ؟
دەبیت لە یەك شت تێبگەین ئەویش زۆر جار کە خەڵکی دێتە سەر شەقام پەیوەندی بە ڕەوایی و ناڕەوایی پرسسەکەوە نییە [ دیارە پرسی ڕەشپێستەکانی ئەمریکا پرسێکی یەکجار رەوایە ] بەڵکو زۆر جار میدیا ڕۆڵی سەرەکی دەبینێت و دەیانجوڵێنێت.
هەر میدیایە ڕووداوەکان بە باش و خراپ بڵاو دەکاتەوە ، هەر میدیایە کە رەوایەتی ناڕەوایەتیی بە کەیسەکان دەدات. میدیاش میدیای ڕژیمە و ئیدی لە ئەمەریکا یا ئەوروپا ، هەر وڵاتێکی دیکە بێت هەتا بە وڵاتانی عەرەبیشەوە، کە زیاتر پشگیریی جۆرە پرسێك دەکەن کە لە بەرژەوەندی دەوڵەتەکان و سیستەمەکە بێت.
دەوڵەتی تورکیا کە ئەو پەڕی دووژمنایەتی کوردانی هەموو بەشەکانی کوردستان دەکات و هاوکات خۆشی ئەندامی ناتۆیە و دۆستی دەوڵەتانە ، لەم لاشەوە پەکەکە و یەپەگە و یەپەژە بە هێز و زەبری میدیا کراونەتە تیرۆریست، حکومەتی تورکیش بە دیمۆکراتیی ، ناکرێت لێرەدا میدیا پرسی کورد یاخود ئەو هەمو کارەساتەی کە بەسەر کوردستانەکانا هاتووە بە ڕەوا نیشان بدات و بە سۆزەوە باسی بکات. هەر لەبەر ئەمە، یا هەر باسی ناکات و دەیشارێتەوە ، یاخود زۆر بە کەمی ، یا کە باسی دەکات دەیشێوێنێت. لەبەر ئەم هۆکارە پرسی ئێمەی کورد کش و ماتە ، هەر ئەمەشە کە لە ئەوروپادا ئەم جۆرە خۆپیشاندانانە بۆ ئێمە ناکرێت.
با ئەوەش بڵیم کە ئێمە خۆشمان لە ئەوروپا و وڵاتانی دەرەوە نەك هەر پشتگیری خەڵکی وڵاتەکانی کە لێی دەژین لەو کێشانەی کە هەیە و بەشی زۆریشی خۆمان دەگرێتەوە، بەڵکو پشتگیری پرسەکەی خۆشمان ناکەین.
ئەمەی کە لە ئەمەریکا ڕوودەدات و میدیای ئەوروپی زۆر بە گەرمی باسی دەکەن و پیشانی دەدەن ، ئەمانە بە پلانە چونکە سەرمایەدارانی ئەوروپا و وڵاتانی دیکە دەیانەویت ترامپ ئاوا تڕۆ بیت گەر لە ێستادا دەست لەکار نەکێشێتەوە دڵنیایی ئەوە بکەن کە لە مانگی نۆڤەمبەردا هەڵنەبژێرریتەوە . ئەمان دەزانن ترامپ بەو سیاسەتانەی کە بەڕێیدەکات زەربەیەکی گەورە لە سەرمایەداران و سیستەمەکە دەدات وەکو ئەمەی کە ئێستا ڕوودەدات لە ئەمەریکا.
ئەمەریکا بەرەو کوێ؟
وەکو وتم ئەمەی کە روودەدات نە جاری یەکەمە و نە دواجاریش دەبیت، هاوکاتیش ئەم خەڵکە نە ڕوخانی دەولەتی دەوێت و نە تێشکانی سیستەمەکە. لە بە ئومێدترین حاڵەتدا لابردنی ترامپە ، کە ئەمەش کەمتر چاوەڕواندەکریت.
ئەمەریکا و سیستەمەکەی بەمە ناڕوخیت، ڕەنگە دەمووجاوەکان بگۆڕێن بەڵام خودی سیستەمەکە هەر لەوێ دەمێنتەوە. سستەمی سەرمایەداریی کە ئەمەریکا لە سەری سەری هەڕمەکەیدایە پێکهاتەیەکی هەرەمیی ئابووری و سیاسی و کوڵتوری و فەرهەنگی و پەروەدەیی و بازاڕییە [ مارکێت] . بەشە سیاسییەکەی کە حکومەتە و خەڵکی دەیەوێت بیرۆخێت ، هەرە بەشە لاوازەکەی سەرمایەدارییە ، بۆیە بە ڕوخانی حکومەتێك هیچ لە مەسەلەکە ناگۆڕێت، چونکە قەوارە ئابورییەکە و ئەوانەی دیکەی کە ناوم هێنان ساخ و سەلامەتن، هەیکەلەکە وەکو خۆی ماوەتەوە تەنها ڕیزێك دوو ڕیزی لێڕوخاوە ، دروستکردنەوە ئەوەش ئاسانە .
خەڵکی گەر خۆی ڕێکنەخات لە ڕێکخراوە جەماوەرییە ئاسۆییەکانا، گروپە ئاسۆییە ڕادیکالەکان لەسەرکار و لە گەڕەک و لە شەقامەکان و لە زانگۆکاناو هەوڵی گۆڕینی بنەرەتی لە بنەوەی کۆمەڵ و بە پەلکێشان بۆئەو لایەنانەی کەو وتم ، گەر ئەمانە نەکرێت گۆرانکاری بنەڕەتی بەدیناهێنرێت.
لەگەڵ وتنی ئەوانەشدا ، مانای ئەوە نییە کە دەبیت ناڕەزایی خەڵکی لە پێناوی داخوازییە ڕەواکانیانا ڕەتبکرێنەوە، بە پێچەوانەوە هاوکاری و هاوپشتی و کۆمەكپێکردنیان کار و ئەرکی هەموو کەسێکی چەپ و سۆشیالیست وکۆمۆنیست و نقابیی و ئەنارکیستەکانە.
من دڵنیام ئەو خۆپیشاندانانە کە ڕوودەدات زۆر شت دەگۆڕێت نەك هەر بە فشاری خۆپیشاندەران، بەڵکو بە فشاری بزنس و بریتانیاش بۆیە هەندێك شت کە ڕوویانداوە تا ئێستا ، رەنگە جارێکی دیکە روونەدەنەوە. ئەم خۆپیشاندانانە ، دەرسی خۆی نەك هەر بە دەوڵەتی ئەمەریکا دەدا، بەڵکو بە بریتانیا و وڵاتانی دیکەش. پێیان دەڵێت چی تر ژیان ئاوا ناڕوات و خەڵکی گۆرانکاری لە زۆر بواری ژیانیا دەوێت.

Zaherbaher.com
زاهیر باهیر
01/06/2020




رێکخراوی “گۆرگە بۆرەکان”ی تۆرانی بارش جاکانی کوردیان تیرۆرکرد … رەزا شوان

لە ناوجەرگەی شاری (ئەنقه‌ره‌) ی پایتەختی تورکیای رەگەزپەرست و تیرۆریستدا، بە شێوەیەکی دڕندانە و نامەردانە، تورکە رەگەزپەرست و توندڕەوەکان، نازییە تازەکانی تورکیا، لاوێکی کوردمان، پەپوولەیەکی بێوەی و بێتاوانی کوردمان، تیرۆر دەکەن.
هەفتەی رابردوو ئەردۆگانی کوردکوژ، شەرمەزاری تاوانی کوشتنی (جـۆرج فلۆیـد)ی ئەمریکی کرد و وتی ئەمریکا رەگەزپەرست و فاشستە. ئێمە داکۆکی لە ئەمریکا ناکەین بەڵام وا دیارە کە ئەردۆگانی سەد روو، کورد وتەنی (پووشێک لە ناو چاوی خەڵکیدا دەبینێ.. بەڵام راژەیەک لە ناو چاوی خۆیدا نابینێ).
لە کاتژمێری دە و نیوی ئێوارەی رۆژی یەک شەمە، لە شاری ئەنقەرە لە گەڕەکی (ئەلیسانکات) لاوێکی کوردمان کە ناوی (بارش جاكان)ە و ته‌مه‌نی(٢٠) ساڵە، لە شاری (ئاگری) لە باکووری کوردستان لە دایکبووە. باریان کردووە بۆ ئەنقەرە. بارش جاکان لەگەڵ ئامۆزایەکی و چەند هاوڕێیەکیدا، لە ناو پارکێکی نزیکی ماڵی خۆیان، بە موبایلەکەی گوێ لە گۆرانی کوردی دەگرێت. سێ تۆرانیی رەگەزپەرست و توندڕەو کە گوێیان لە گۆرانی کوردی دەبێت، بە رقی رەشی رەگەزپەرستی و هەستێکی تۆرانییەوە، کەر هەر لە منداڵییانەوە بەم ئایدۆلۆژییە رەگەزپەرستی و بۆگەنە گۆش و پەروەردە کراون، کە رقیان لە نەتەوەی کورد و لە هەموو شتێکی کورد بێتەوە، ئەو سێ تورکە لەسەر ئەو گۆرانییە کوردییە، بە چەقۆوە پەلاماری بارش جاکانیان دا و بەر چەقۆیان دا و چەقۆیەکیان لەسەر دڵی دا، هەر لەو شوێنەدا بارش گیانی لەدەست دا. ئەو سێ بکوژەش (خەڵکی یوزگات و کیرکەڵا و تۆکات) ن. لە لایەن پۆلیسەوە گیران.
ئامۆزایەکی بارش کە لەو کاتە و لەو شوێنەدا لەگەڵیدا بوو بۆ هەواڵنێری(میزوپۆتامیا) ی گیڕایەوە و وتی:”لە کاتی گوێگرتنی لە گۆرانی کوردی، سی کەس بە چەقۆوە هێڕشیان کردە سەر ئامۆزاکەم و بە چەقۆ لەسەر دڵیان دا” جەختیشی لەسەر ئەوە کردەوە، کە رەگەزپەرستی پاڵی پێوەنانن کە ئەم تاوانە بکەن” ئەوان بە تاوانی نازانن. هەر لەو لێدوانە رۆژنامەییەیدا، وتیشی:” ئەمە یەکەمین جار نییە کە لە لایەن توندڕەوانی تورکەوە رووبەڕووی هێڕش ببینەوە لە کاتی گوێگرتنمان لە گۆرانی بە زمانی دایکمان” بەڵام لە دوای وەرگرتنەوەی تەرمەکەی بارش جاکان لە نەخۆشخانە. پۆلیس و میتی تورکی هەڕەشەیان لە ئامۆزاکەی و باوکی بارش کرد، کە نابێت بڵێن کە بەهۆی گوێگرتن لە گۆرانی کوردی ئەو سێ کەسە بارشیان کوشت، بەڵکو بڵین بانگ دەدرا و ئەویش دەنگی گۆرانییەکەی بەرز بوو، بۆیە کوشتیان. هەڕەشەکەی پۆلیسی تورکیا لە ئامۆزاکەی لە باوکی بارش، دەقی هەمان سیناريۆیە کە دوێنێ والی ئەنقەرە بەیاننامەیەکی لەسەر ئەم رووداوە دەرکرد و تێیدا وتوویەتی:”کوشتنی بارش بە هۆی ئەوەوە نەبووە کە گوێی لە گۆرانی کوردی گرتووە.. بەڵکو لەبەر ئەوەی لە کاتی بانگ داندا دەنگی گۆرانییەکەی بەرز بووە بۆیە کوشتوویانە” منداڵێکی ناو لانکیش پێکەنینی بەم درۆ و سیناریۆ و قسە پڕوپوچ و بێ مانایە دێت. چونکە کاتی کوشتنی بارش کاتی بانگ دان نەبوو.. گوایە تورکیا هێندە ئیسلام و خواپەرستن. بۆ کەس هەیە لەوانەی کە تورکیای بینیبێت ئەوە نەزانێ کە لە نزیک یا بەرانبەری هەر مزگەوتێک لە شاری ئەستەمبوڵ و ئەنقەرەدا، شوێنێکی ئاشکرای لەشفرۆشی و مەیخانەیەک یا دیسکۆیەک یا قومارخانەیەک هەیە.. ئەوان دەیانەوێت لەژێر پەردەی ئایندا، رەگەزپەرستی و تیرۆریستی ئەنجام بدەن و خۆڵ لە چاوی خەڵکی ساویلکە بکەن.
بۆیە لەژێر هەڕەشە و ترسدا، ئامۆزاکەی و باوکی بارش قسەکانیان بۆ رۆژنامەکانی تورکیا گۆڕی. ئامۆزاکەی وتی:” نازانم من لەوێ نەبووم” باوکیشی وتی:” کوشتنی کوڕەکەم پەیوەندی بە گۆرانی کوردییەوە نییە” هەر بەپێی داوای رۆژنامەکانی تورکیا و بە ئامادەبوونی پۆلیس و چاوزەقکردنەوەیان لێیان، وەکو لە سایتی (میدیا سكوپ) ی تورکیدا بڵاوکراوەتەوە، هەواڵنێرەکانی ئەنادۆڵی سەر بە حکومەتیش بڵاویان کردۆتەوە، باوکی بارش وتی:”هێڕشبەران کوڕەکەمیان ئاگادارکردەوە کە بە دەنگێکی بەرز گۆێ لە گۆرانی نەگرێ لە کاتی بانگ دا. لە دوای مشتومڕێک بە چەقۆ کوشتیان” وەکو وتمان ئەم قسەیە گۆڕینەی باوکی بارش دەقی سیناریۆی بەیاننامەکەی والی ئەنقەرەیە. تورکیا لە داڕشتنی سیناریۆی تومەتبارکردن و درۆ و بوختان هەڵبەستن بۆ کورد، زۆر شارەزان و یەکەمینن.
ئەم تاوانە رەگەزپەرستییەی تورکیا لە تاوانی تیرۆرکردنی (جۆرج فلۆید) ی ئەمریکی کەمتر نییە.. کە خەڵکی عەرشی دۆناڵد ترامپیان هێناوەتە لەرزین و نۆ رۆژە و تا ئەمڕۆش نەیتوانیوە کە ئاگری تووڕەیی و ناڕەزایی و پرۆتیستۆکردنی کوشتنی فلۆید، ئاگرەکە دابمرکێنت.. گەر کورد لە تورکیادا خۆپێشاندانی ناڕەزایی وا بکات.. بێگومان بە گوللـەباران و کوشتن تورکیای رەگەزپەرستر وەڵامی برایانی کوردمان دەداتەوە. رۆژی چەند جۆرج فلۆیدێ کورد تیرۆر دەکەن.. کەچی یەک دەوڵەتیش نییە کە تورکیا پرۆتیستۆ و شەرمەزار بکات. نەک هەر گۆرانی کوردی، بەڵکو تورکیای رەگەزپەرست و فاشست، کوردبوونیشمان بە تاوان دەزانێ.
پارتی دیموکراتی گەلان لە تورکیا، لە بەیاننامەیەکیاندا، پرۆتیستۆی تیرۆرکردنی بارش جاکانیان کرد و جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە، کە کوشتنی بارش جاکان، بە پاڵنەری رەگەزپەرستی کوژراوە، چونکە گوێی لە گۆرانی کوردی دەگرت. ئەوەشیان وت:” ئەو ئەقڵییەتی بارشی کوشت، هەر هەمان ئەقلییەتە کە خوێندنگا کوردییەکانی داخست و نووسراوە هەڵواسراوە کوردییەکانی داگرت”
کوشتنی بارشی بێتاوان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و لە لایەن پەرلەمانتارانی (هه‌ده‌په‌) و چەندین نووسەر و رۆژنامەنووس و کەسایەتییەوە، تووڕەیی و ناڕەزایی لێکەوتەوە و بە توندی شەرمەزار و پرۆتیستۆی ئەم تاوانە رەگەزپەرستییە قێزەوەنەیان کرد.
پەرلەمانتاری ئەرمەنی (گارو بایلان) سەر بە پارتی دیموکراتی گەلان، تورکیای لە کوشتنی بارش بەرپرسکرد. بایلان لە پەیجی تایبەتی خۆیدا لە تۆڕی (توێته‌ر) دا، دەڵێ: “کەشوهەوای دوژمنایەتی ژیانی یەکێکی تری لە دەست دا” وتیشی:”حکومەت بەرپرسە لە هاندانی سیاسەتی رقلـێبوونەوە”
سەرۆکی بلۆکی پەرلەمانی (هه‌ده‌په‌) خاتوو (میرال دانیش بێشتاش) یش هەر لە بارەی تیرۆرکردنی بارشەوە وتی:”ئەوانەی کە ئەم هێڕشەیان ئەنجام دا ناسراون.. ئەمانە کە تۆی رق وکینە و دوژمنایەتی دەخەنە نێوان خەڵکییەوە و رێگریش لە وتاری ئاشتی دەکەن”
نووسەر و رۆژنامەنووسی ناسراوی گەلەکەشمان، کاک (بەکر شوانی) لە هەژمارەی خۆیدا لە تۆڕی (فەیسبووک) دا، نووسیوێتی:”بارش جاکان بە هۆی گوێگرتنی لەم گۆرانییەی موراد دەمیر و ئەردەم ئاڵتنێس) کوژراوە.. شوانی نووسیوێتیش:”لە موسا عەنتەرەوە بۆ باریش جاکان (٨٠) ساڵ لەمەوەبەر (موسا عەنتەر) بە تاوانی فیکەلێدان بە کوردی، پەلکێشی پۆلیسخانە دەکرێت. دواجاریش لە ساڵی (١٩٩٢) دا، لەسەر داکۆکیکردنی لە مافەکانی کورد، لە تەمەنی (٧٢) ساڵیدا تیرۆریان کرد.
شوانی ئەوەش دەڵێ:” بارش جاکان، کام گۆرانی تۆی کوشت؟ بڵێ، با هەموومان گوێی لێبگرین”
پەرلەمانتاری کورد، لە پارتی (هەدەپە) خاتوو (رەمزیە تۆسۆن) لە هەژماری خۆی لە توێتەردا، وتی:”هەندێ خەڵکی دژی هەموو شتێکی کوردن.. ئەم دوژمنایەتییە کۆتایی بە تۆی فاشستی دەهێنێت” مەبەستی لە ئەردۆگانی فاشستییە.
پەرلەمانتارێکی تری کوردمان لە پارتی (هەدەپە) کە ناوی (حوسێن کازم) ە، قسەکانی ئاراستەی وەزیری ناوخۆی تورکیا (سلێمان سۆیلو) دەکات و لێی دەپرسێت:” سلێمان سۆیلو.. ئایا تۆ ئێستا شادی؟” ئەو سێ کەسە تورکە رەگەزپەرست و توندڕەوانەش، کە بارش جاکانی کوردیان کوشت، سەر بە رێکخراوی”گورگە بۆرەکان ن.
کێن رێکخراوی”گورگە بۆرەکان”؟ رێکخراوێکی تۆرانی رەگەزپەرستی توندڕەون. بە رێکخراوی(ئوجاکلاری) یش ناودەبرێ. رێکخراوی گورگە بۆرەکان، باڵی چەکداری نافەرمی پارتئ “بزووتنەوەی نەتەوەیی” ی راستڕەون، کە پارتێکی رەگەزپەرستە، سەرۆکەکەی گەورە رەگەزپەرست (دەوڵەت باخچەلی) یە، کە تا سەر ئێسقان رقی لە کوردە و دوژمنایەتی کورد دەکات. هەر بەم مەرجەش لەگەڵ پارتەکەی ئەردۆگان دا، (پارتی ناداد و ناگه‌شه‌كردن) رێکەوت، کە بە ئەوپەڕی توندی و توانایانەوە دژی کورد بوەستنەوە و کوردکوژی بکەن.
رێکخراوی گۆرگە بۆرەکان، لە ساڵانی شەستەکاندا دایان مەزراندا.. کۆمەڵێک تۆرانی رەگەزپەرست و توندڕەو و فاشت و بکوژ و مافیای لەخۆگرتووە. کە نەتەوەی تورک بە شایەنترین و باڵاترینی نەتەوەکانی جیهان دەزانن. دوژمنایەتی سەرسەختی هەموو ئەو نەتەوانەن دەکەن کە لە تورکیا دەژین، وەکو: کورد و یۆنانی و ئەرمەنی، بە تایبەتیشی سەرسەختانە دوژمنایەتی کورد دەکەن. ئەم رێکخراوە رەگەزپەرستییە تا ئێستا بە دەیان تاوانی کۆمەڵکوژی و تیرۆرکردنی کەسایەتی کورد و تەقینەوەیان لە گردبوونەوەکانی کورد و لە شارەکانی باکووری کوردستان دا ئەنجام داون.
ئەم رێکخراوە “گورگە بۆرەکان” کوشتاری ساڵی (١٩٧٧) یان لە سەنتەری (ته‌قسیم) له‌ ئەستەمبوڵ ئەنجامدان کە (١٢٦) کەس بوونە قوربانی و ژمارەیەک کوردیان تێدابوو.
لە ساڵی (١٩٧٨) یش، لە شاری (مه‌رعش)ی باکووری کوردستان دا (١٠٠) کوردی عەلەوی یان کوشت.. مەلا رەگەزپەرستەکانی بە ناوە رابەری موسڵمانەکانی تورکیان ئەو فەتوایەشیان دەرکرد “ئەوەی کوردێکی عەلەوی بکوژێت، وەکو ئەوە وایە کە پێنج حەجی کردووبێت” هەر ئەم رێکخراوە لە پاریس لە فەرەنسا لە (٩/ ئوکتۆبەر/٢٠١٣) سێ ژنە تێکۆشەر و سیاسەتمەدار و چالاکوانی کوردیان تیرۆرکرد کە ئەم شەهیدانەن: (سەکینە جانسز (سارا)، ڤیدان دۆغان (رۆژین)، لەیلا شایلەمز (روناهی) ن.
رێکخراوی گورگە بۆرەکان، لە ناو سۆپا و پۆلیس و میتی تورکیادا رەگیان داکوتیوە.
شان بە شانی سوپا و پۆلیس دا، بەدەیان کاری تیرۆریستی و دەسترێژیان لە ئامەد و جەزیرە و شەڕناخ و شارەکانی تری باکووری کوردستان دا، ئەنجام داون.
هەر ئەم گورگە بۆرانە هەوڵی کوشتنی پاپا (یۆحەنا پۆڵسی دووەم) یان دا.
تورکیا هەر لە باکووری کوردستان دا دژایەتی رۆشنبیری و زمان و هونەری کوردیمان ناکات، بە ڵکو لە هەر وڵات و شوێنێک بۆیان بکرێت، دژایەتی کورد و زمانی کوردی و کولتووری کوردیمان دەکەن.
زانکۆیەکی یابانی لە (تۆکیۆ)ی پایتەخت دا، لە مانگی (ئەپریل/٢٠١٩) دا، کۆرسێکی بۆ فێربوونی زمانی کوردی کردەوە، لە یەکەمین کۆرسدا، کە هەفتەی رابردوو، کۆتایی هات. (٤٠) خوێندکاری یابانی ی بەشداربوو، زۆر بە سەرکەوتووی کۆرسەکەیان تەواوکرد و فێری قسەکردن و نووسینی لاتینی کوردی بوون. تەنانەت خوێندکارێکیان کەناوی (جابۆن ئه‌ریكا) وتی:”ئەدەبی کوردیم زۆر خۆشدەوێ.. من هۆنراوەکانی سەلیم تیمۆ وەردەگێڕمە سەر زمانی یابانی” بە بۆنەی پێدانی بڕوانامەی زمانی کوردی بەو چل بەشداربووە، زانگۆ یابانییەکە ئاهەنگێکی شایستەی سازکرد، و پیرۆزبایی لێکرن. کە کەسوکاریشیان بۆ ئەو ئاهانگی دەرچوونیان بانکرابوون.
ماوەی نێوان تورکیا و یابان چەند هەزار کیلۆمەترێکە، لەو دوورە بە کردنەوەی ئەو کورسەی زمانی کوردی لە یابان، تورکیا گڕی گرت و بە رقێکی رەشی نوێ ئاوس بوو. وەکو رۆژنامەکانی یابان بڵاویان کردەوە، وەزیری دەرەوەی تورکیا داوای لە یابان کرد کە کۆتایی بە کردنەوەی کۆرسی زمانی کوردی بهێنن. بەڵام بە پێچەوانەی داواکەی تورکیا، ئەو زانکۆیە بەم نزیکانە کۆرسی دووەم بۆ فێربوونی زمانی کوردی دەکاتەوە.
بەپێی قسەکانی (ڤاکاس تشۆلاک) ئەندامی دەستەی وانەوتنەوەی بەشی کوردی لە زانکۆی تۆکیۆ. پێی وایە کە لە ئەمساڵدا ژمارەی خوێندکارە یابانییەکان بۆ فێربوونی زمانی کوردی زیاتربن.
دوو شەمە (١/ یوونی/٢٠٢٠) تەرمی کاکە (بارش جاکان) لە ئەنقەرە بە خاک سپێرا.
بە توندی پرۆتیستۆ و شەرمەزاریی، ئەم تاوانە رەگەزپەرستییەی تورکیای فاشست و رەگەزپەرست و تیرۆریست دەکەین.. ئەم نامەردی و توانە قێزەوەنە پەڵەیەکی رەشی شەرمەزاری ترە بە نێوچەوانی تورکیا و ئەردۆگانی تۆرانی رەگەزپەرستەوە.
هاوخەمی و ماتەمینی خۆشمان بە سەرجەم خانەوادەی بارش جاکان دەگەیەنین.
رەزا شوان
٢/یوونی/٢٠٢٠




رۆمانی کرێمستی … نووسەر: کەریم کاکە

کتێب/ کرێمستی
بابەت/ رۆمان
نووسەر/ کەریم کاکە
چاپ/ یەکەم- ٢٠١٣
ژمارەی سپاردن/ ١٩١
لە باڵوکراوەکانی یەکێتی نووسەران

بۆ خوێندنەوەی ئەم ڕۆمانە کلیکی ئێرەبکەن ………..




بەرچاو روونییەک دەربارەی رێباز و کۆمپانیا جیهانیەکان …رابەر عبدولحەمید

وەک دەزانین رەخنە گرتن لەگەڵ خودی مرۆڤدا لەدایک بووە و ئامانجیشی گۆرینی رێرەوی رێگا تاریکەکانە بۆ رێگای رووناک و سەرکەوتوو ، سەدەی بیست و یەکەمە و دەوڵەتەکانی جیهان رێگا و رێبازی تایبەت بەخۆیان بۆ سیاسەت و بەرێوەبردنی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتیان بەکاردێنن ، لێرەدا هەندێک لە سیاسەت و رێبازی دەوڵەتەکانی جیهان بەشێوازێکی روون و رەوان و تەنز ئاسا دەخەینە روو تاکو هەموو توێژەکانی کۆمەڵگا بتوانن بە ئاسانی و بە سانایی لێی تێبگەن…

ئیشتراکی : واتا تۆ دوو مانگات هەبێت ، یەکێکیان بدەیە دراوسێکەت.

شیوعی : واتا تۆ دوو مانگات هەبێت ، حکومەت هەردووکیانت لێ بسەنێت و لەبەرامبەردا کەمێک شیرت پێ ببەخشێت.

نازی : واتا تۆ دوو مانگات هەبێت ، حکومەت هەردووکیانت لێ بسەنێت و ئیعدامیشت بکات.

کۆمپانیای ئەمریکی : لەو دوو مانگایەی هەیە ، یەکێکیان بفرۆشیت و ئەوی تریشیان ناچار بکەیت شیری چوار مانگات بداتێ.

کۆمپانیای هیندی : دوو مانگات هەبێت و تۆ بیانپەرستیت.

کۆمپانیای بەریتانی : دوو مانگات هەبێت و هەردووکیشیان شێتبن.

کۆمپانیای تورکی : واتا تۆ دوو مانگات هەبێت و یەکیان ببێت بە گۆرانیبێژ و ئەوی دیکەشیان ببێت بە ئەکتەر.

کۆمپانیای ژاپۆنی : واتا دوو مانگات هەبێت و لەرێی زانستییەوە دەستکاریی جیناتیان بکەیت تاکو شیری ٥٠٠ مانگات بدەنێ.

کۆمپانیای عەرەبی : دوو مانگات هەبێت و یەکیان بکەیت بە جاسوس بەسەر ئەوی دیکەیانەوە.

کۆمپانیای سویدی : دوو مانگات هەبێت و چاودێریان بکەیت بۆ ئەوەی مافەکانیان وەک مرۆڤ پارێزراو بێت.

کۆمپانیای ئەفریقی : دوو مانگات هەبێت یەکێکیان لەبرسا بمرێت و ئەوی تریشیان بەهۆی ئایدزەوە.

کۆمپانیای کوردی : دوو مانگات هەبێت ، یەکێکیان بەهۆی گەرما و بێ کارەبایی ، هەوڵ دەدات خەتێکی کارەبای قاچاخ لەماڵی شێری دراوسێیان بدزێت چونکە ئەوان کارەبای بەردەوامیان هەیە ، بەڵام حیمایەکانی شێر ئەیگرن و پڕ شەقی ئەکەن.
مانگاکەی تریشیان لەداخی وەزارەتی کارەبا بەشداری خۆپیشاندانی مانگاکان دەکات و ئەم دروشمە دەڵێنەوە؛

چیتان دەوێت مانگاکان؟
کارەبا بۆ ماڵەکان.

بەڵام مانگا نارازییەکە بەوە تۆمەتبار کرا کەچاوی بەو هەموو کار و خزمەت گوزارییانە هەڵنایەت کە حکومەت بۆ هاوڵاتیانی دەکات!

مانگای یەکەم لەداخدا ئەبێت بە ئەندامی بزوتنەوەی حەماس و تەقە لە بزنەکانی ئیسرائیل دەکات.
بەڵام مانگای دووەم ، بەهۆی ئەو تۆمەتانەی حکومەت ، توشی نەخۆشی دەروونی دەبێت و دوای ماوەیەک لە خەفەتدا دەمرێت ، هەواڵەکەش وا بڵاو دەکرێتەوە گوایە بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتی یان خراپی رۆنی بایعییەکەیەوە مردووە.

Rabar N Abdulhamed




مه‌لا عه‌لی كادیرێكی پێشكه‌وتوو فه‌رمانده‌یه‌كی سه‌ربازی لێهاتوو … ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب

وانه‌كانی ژیان

عه‌بدوڵلا مه‌لا فه‌ره‌ج قه‌ره‌داغی ناسراو به‌ مه‌لا عه‌لی كادیرێكی پێشكه‌وتووی حزبی شیوعی و ئه‌ندامی كۆمیته‌ی هه‌رێمی كوردستان و فه‌رمانده‌یه‌كی پێشمه‌رگه‌ی لێهاتوو بەرپرسی پێشمه‌رگه‌كانی مەڵبەندی سلێمانی و کەرکوکی حیزب و ئه‌ندامی نووسینگه‌ی سه‌ربازی ناوه‌ندی و تێكۆشه‌رێكی ئازادیخوازی ئازاو نه‌ترس بوو له‌ پێناو به‌رگریكردن له‌ هه‌ژارو چه‌وساوه‌كان و گه‌ل و خاك و نیشتمان و حزب.
له‌ پاش كۆده‌تا شوومه‌كه‌ی 8 شوباتی ره‌شی 1963 رێخكراوه‌كانی حزب له‌ ده‌ربه‌ندیخان له‌ یه‌ك ترازابوو تێكچووبوو، له‌ ته‌موزی 1964 هاورێ حه‌مه‌ ره‌ق هات بۆ ماڵی كاكم له‌ كه‌مپی خواره‌وه‌و پشوویه‌كیداو وتی هاورێیه‌ك هاتووه‌و له‌ ماڵی خۆمانه‌و ئه‌یه‌وێت بتببینێت و دووقۆڵی هاتینه‌ سه‌ره‌وه‌و له‌ ماڵی هاورێ حه‌مه‌ ره‌ق بۆ یه‌كه‌مین جار چاوم كه‌وت به‌ هاورێ *كه‌مال سێوسێنانی و، باسی رێكخراوه‌كانی ده‌ربه‌ندیخان كراو، هاورێ وتی ئێواره‌ پێكه‌وه‌ ئه‌رۆێن بۆ ماڵێك له‌ سه‌لێم پێرك و له‌وێ له‌ گه‌ڵ هاورێیه‌كی تر كۆئه‌بینه‌وه‌و، ده‌مه‌ ئێواره‌یه‌كی دره‌نگ گه‌یشتینه‌ ماڵی عیبدوڵلای كاكیلی خه‌یات و، بۆ یه‌كه‌مین كه‌ره‌ت چاوم به‌ هاورێیه‌ك كه‌وت به‌ ناوی مه‌ڵا عه‌ڵی و، كۆبۆۆنه‌وه‌یه‌كی سێ قۆڵیمانكردو، من و هاورێ كه‌مال هه‌ندێ نووسین و راپۆرتمان سه‌باره‌ت به‌ رێكخراوه‌كانی ده‌ربه‌ندیخان گه‌ڵاله‌ كردبوو هاوری مه‌لا عه‌لی هه‌موویانی خوێنده‌وه‌و ده‌ستخۆشی لێكردین وسه‌رنج و تێبینییه‌كانی خسته‌روو، له‌ كۆتاییدا ئامۆژگاریكردم و وتی ئه‌بێت زۆر وریا بێت و، له‌ پاش چه‌ند كاتژمێرێك هاورێیان مه‌ڵا عه‌لی و كه‌مالم به‌جێهێشت و گه‌رامه‌وه‌ بۆ كه‌مپی خواره‌وه‌.
له‌ پاش یه‌كه‌مین چاوپێكه‌وتن به‌ دوواوه‌ له‌ ساڵانی 1964 ، 1965 ــ 1970 من و مه‌لا عه‌لی بووین هاورێی یه‌كترو له‌ زۆر شوێن پێكه‌وه‌ بووین له‌ ده‌ربه‌ندیخان و سه‌لیم پیرك و گوڵانه‌كان و بانیخیڵان و ده‌ره‌دۆین و پساكان و چه‌ند دێیه‌كی قه‌ره‌داغ و، لەو رۆژانەدا بەرپرسی رێکخراوی دەربەندیخان بووم و، رۆژێکیان ھاورێی تێکۆشەر عەبدوڵلای مەلا فەرەج قەرەداغی { مەلا عەلی} نامەیەکی بۆ ناردم لە گەڵ پسووڵەی گواستنەوەی محەمەد ناوێک ( رەیس عورەفا) لە کەتیبەی (32) لە دەربەندیخان و، پسووڵە تایبەتییەکەی محەمەدم وەرگرت و، بەشیوەیەکی گونجاو چاومان بەیەکتر کەوت و، دیار بوو محەمەد زێتەڵ و وریایە، بۆیە پێش ئەوەی بیخەینە ناو رێکخراوی تایبەتی سەربازەکانی تر لە ( کەتیبەی 32 و بەتالیۆنی دەربەندیخان) ، داوای زانیاری زیاترم لە مەلا عەلی کردو به‌ داخه‌وه‌ هیچم بۆ نه‌هات و، گومانم له‌ ھاتنی محەمەد زۆر بوو، دڵنیا نەبووم بخرێتە ناو رێکخراوی سەربازەکان و، ھەرواش ده‌رچوو محه‌مه‌د پیاوی ئیستخباراتی عه‌سكه‌رییه‌و له‌و بارودۆخەدا لە رۆژی 7/8/1965 گیرام.
له‌ ماوه‌ی 56 ساڵ خه‌بات و تێكۆشان و قوربانیدان له‌ زۆر شوێن من و مه‌لا عه‌لی پێكه‌وه‌ كارمان كردووه‌و یان وه‌ك دوو هاورێ له‌ بواره‌كانی ژیاندا یه‌كمان گرتووه‌ته‌وه‌و په‌یوه‌ندیگه‌لێکی كاركردن و هاورێیانه‌ی به‌هێز له‌ نێوانماندا بووه‌و زۆرجار چالاکیگه‌لێکی بێ هاوتاشمان ئه‌نجامداوه‌و، له‌ ده‌ربه‌ندیخان و سلێمانی و له‌ شاخ له‌ بله‌بزان و هه‌زارپه‌س نوكان و تووژه‌ڵه‌، حاجی مامه‌ند، قه‌ره‌داغ، باوه‌خۆشێن، ئه‌حمه‌د برنه‌و شاره‌زور، ئه‌حمه‌دئاواو كه‌ره‌جاڵ و دۆڵی جافایه‌تی، مۆسكۆو سوید، مه‌لا عه‌لی قسەخۆش نوکته‌بازو دەم به‌ پێکەنینبوو به‌ وشه‌ی نه‌سته‌ق لە ناو پێشمەرگه‌و هاورێیان و خه‌ڵكدا زۆر خۆشەویست بوو.
مه‌لا عه‌لی له‌ رووی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه پیاوێكی به‌ ئه‌مه‌ك و كه‌سایه‌تییه‌كی ناسراوو خاوه‌ن ره‌وشتی جوان و ساده‌و خاكی و بێ فێزو به‌ توانا بوو، هه‌ر چۆن له‌ناو رێكخراوه‌كانی حزب گیروگرفت و كۆسپه‌كانی چاره‌سه‌ر ئه‌كرد به‌ هه‌مان شێوه‌ رۆڵی كاریگه‌ری هه‌بوو له‌ چاره‌سه‌ری كێشه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و زۆر به‌ شێوازێكی هێمنانه‌و له‌ سه‌رخۆ وای له‌ خه‌ڵك ئه‌كرد گوێرایه‌ڵی قسه‌كانی بن و، هه‌ر له‌ رووی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ پیاوێكی میوان دۆست و ده‌ست و دڵ ئاواڵا بوو، هه‌ر ئه‌و میوان دۆستی‌یه‌ش بوو به‌ هۆی ئه‌وه‌ که‌ خه‌ڵکێکی زۆر بناسێت و بیناسن و زۆر به‌ وه‌فاو مرۆڤدۆست بوو.
مه‌لا عه‌لی وه‌ك فه‌رمانده‌یه‌كی سه‌ربازی { پێشمه‌رگه‌} له‌ ساڵی 1982 له‌ نۆكانه‌وه‌ هات بۆ پشتاشان و سه‌ردانی سه‌ركردایه‌تی حزبی كردو بۆ ئێواره‌كه‌ی وتی له‌ كوێ بخه‌وم و، زانیم زۆر هیلاكه‌و پێویستی به‌ پشووه‌و وتم حزب جێی بۆ داناوی و، وتی له‌ كوێ ؟ وتم هه‌ر كاتێك كاره‌كانتان له‌ گه‌ڵ هاورێیان ته‌واو بوو وه‌ره‌ بۆ ‌ خێوه‌ته‌كه‌ی راگه‌یاندنی عه‌سكه‌ری، من و هاورێیان رێزداران مامۆستا ئه‌حمه‌د دڵزارو و حه‌مه‌ ره‌شید { ئه‌فراسیاو شاوه‌یس} له‌وێن وله‌ سه‌ر جێگاكه‌ی من بخه‌وه‌و، من ئه‌رۆم بۆ لق ئه‌خه‌وم وتی لق كامه‌یه‌و، وتم 72 كه‌س له‌ هه‌ولێره‌وه‌ هاتوون و په‌یوه‌ندییان به‌ حزبه‌وه‌ كردووه‌و هاورێ به‌هادین نوری به‌رپرسی سیاسی ناوه‌ندی گشت پێشمه‌رگه‌كانی حزب منی وه‌ك به‌رپرسی سیاسی ئه‌و هاورێیانه‌ داناوه‌و له‌وێ جێی نووستنم هه‌یه‌و به‌یانی زوو ئه‌گه‌رێمه‌وه‌و، من چووم وبه‌یانی زوو به‌ دوو شه‌قاو چوومه‌ لای هاورێیانی نانه‌واو چه‌ند نانی گه‌رمم هه‌ڵگرت و زوو گه‌یشتمه‌ لای مه‌لا عه‌لی و هێشتا هه‌موویان نووستببوون و، به‌ كتری و قۆرییه‌كه‌ی خۆمان چام كردو **ماست و په‌نیری كرافت و زه‌یتون قاپێكی گه‌وره‌ شاتووم داناو مه‌لا عه‌لی وتی له‌سه‌ر به‌زمه‌كه‌ ماویت؟ وتم ئه‌ی بۆ ناو وتی هاورێیان ئێره‌ ( پشتاشان) شوێنێكی زۆر خۆش و دڵگیرو به‌ سه‌ركردایه‌تیشم وتووه‌ له‌ رووی عه‌سكری شوێنیكی زۆر خراپه‌وبه‌م هێزه‌ی ئێمه‌ ناتوانین به‌رگری بكه‌ین و تووشی شكست ئه‌بین و له‌ پاش ساڵێك كاره‌ساته‌كه‌ی پشتاشان روویداو بۆچوونه‌كه‌ی مه‌لا عه‌لی هاته‌دی.
له‌ كاتی ده‌ستپێكردنی پرۆسه‌ی ئه‌نفالی چه‌په‌ڵ له‌ ناوچه‌ی قه‌ره‌داغ ماڵی مه‌لا عه‌لی نزیكه‌ی 500 مه‌تر له‌ خوارووی باره‌گای مه‌ڵبه‌ندی سلێمانی و كه‌ركوكی حزب بوو له‌ ئه‌ستێڵی سه‌روو، نمه‌‌ نمه‌ باران ئه‌باری و شه‌وێكی زۆر تاریك بوو، ئێمه‌ له‌ مه‌ڵبه‌ند زیندانییه‌كانی لای خۆمان خسته‌كارو به‌ 3 هێستر شتومه‌كی مه‌ڵبه‌ندمان ئه‌گواسته‌وه‌ بۆ قۆپی قه‌ره‌داغ له‌ كه‌لی { ده‌رگای} نیرامسین و، به‌رێكه‌وت له‌ گه‌ل هاورێیان چووم له‌ دووری 50 مه‌تر هاورێی پێشه‌وه‌ وتی بوه‌ستن و، وتمان چییه‌ وتی شتێكی سپی له‌ سه‌ر رێگاكه‌یه‌و، وتمان هیچ نییه‌و له‌ به‌یانییه‌وه‌ نان وچا خوراوه‌ هاتووچۆ ئه‌كه‌ێن و كه‌مه‌ كه‌مه‌ نزیك بووینه‌ هاوریكه‌ی پێشه‌وه‌ میلی كلاشنكۆفه‌كه‌ی راكێشاو كێی زه‌لام به‌ پێكه‌نینه‌وه‌ مه‌لا عه‌لی له‌ گه‌ل مام كه‌ریم پێكه‌وه‌ بوون وتی خۆمانین و له‌ به‌ر باران چووینه‌ته‌ ژێر ئه‌م نایلۆنه‌و به‌ره‌و قۆپی ئه‌رۆێن وهه‌موو سه‌ركه‌وتین و له‌ قۆپی له‌ یه‌كتر جیا بووینه‌وه‌و، له‌ رۆژی دامه‌زراندنی حزبی شیوعی عێراق 31/3/1988 هێزه‌كانمان و برایانی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان سه‌ره‌و ژوورو گه‌یشتینه‌ سه‌ر شاخ و سه‌ره‌و خوار بووینه‌وه‌ به‌ره‌و گه‌رمیان و، له‌ پاش ئه‌نفاله‌ دێزو چه‌په‌ڵه‌كه‌و شه‌رو به‌رگری قاره‌مانانه‌ی پێشمه‌رگه‌ی شیوعی و یه‌كێتی له‌ بناری گل و ئاوایی شیخ حه‌میدو تازه‌شارو شه‌هید بوونی 8 پێشمه‌رگه‌ی شیوعی و13 یه‌كێتی وه‌به‌ ده‌م شه‌ره‌وه‌ ئه‌وه‌ی مابوون به‌ره‌و دوواوه‌ هاتنه‌وه‌و له‌ ئاوسپی له‌ گه‌ل مه‌لا عه‌لی و حه‌مه‌ جه‌زای هونه‌رمه‌ند یه‌كمان گرته‌وه‌و پێشمه‌رگه‌ دابه‌ش كرا به‌ سه‌ر 3 ره‌تڵ و، مه‌لا عه‌لی و حه‌مه‌ جه‌زا به‌ر ره‌تڵه‌كه‌ی ئێمه‌ كه‌وتن و شیخ جه‌عفه‌ر مسته‌فا فه‌رمانه‌دی هێزه‌ تێكڵاوه‌كه‌ی شیوعی و یه‌كێتی بوو، پێكه‌وه‌ بووین تا دێی گه‌وره‌دێی چه‌می رێزان و له‌وی له‌‌ یه‌كتر جیابووینه‌وه‌.
چه‌ند له‌ سه‌ر مه‌لا عه‌لی بنووسرێت هێشتا كه‌مه‌ ، به‌ڵی هاوریی سه‌ركرده‌و فه‌رمانده‌ی پێشمه‌رگه‌ی خۆشه‌ویست ، چی له‌ سه‌رتان بنووسم ، باسی چیبكه‌م. باسی ده‌ربه‌ده‌ری، باسی هاوسه‌ره‌ شێره‌كه‌تان و گوڵاله‌ جوانه‌كان كه‌ له‌م ماڵ ئه‌و ماڵ ئه‌ژیان بكه‌م، باسی چییان بكه‌م له‌ شار راونان وله‌ شاخ له‌ ژێر تۆپباران و فرۆكه‌ی جه‌نگی و هه‌لیكۆپته‌رو پیلاتۆز له‌م ئه‌شكه‌وت بۆ ئه‌و ئه‌شكه‌وت، ئێوه‌ نه‌مرن و ناوتان به‌ زیندوویی هه‌ر ئه‌مێنێته‌وه‌ وەک كادیرو فه‌رمانده‌ی سه‌ربازیی لێهاتوو به‌ڵام خۆتان ئه‌تانوت من سەربازێکی حزبم و حزب جێی شانازیمه.
به‌داخه‌وه‌ له‌ 15/4/2020 سه‌ر له‌ به‌یانی له‌ وڵاتی سوید هاوریی تێكۆشه‌رو خۆشه‌ویستم سه‌ركرده‌ی فرمانده‌ عه‌بدوڵلا مه‌لا فه‌ره‌ج قه‌ره‌داغی ناسراو به‌{ مه‌لا عه‌لی } كۆچی دوایی كرد. ماوه‌یه‌كی دوورو درێژ له‌ رۆژانی سه‌ختی حزبایه‌تیدا وه‌ك دوو شیوعی له‌ شارو له‌ له‌ لادی له‌ كۆمیته‌ی { جوتیاران } ی تیكۆشه‌ر كه‌ مه‌لا عه‌لی به‌رپرسی بوو پێكه‌وه‌ كارمان كردووه‌و، له‌ رۆژانی پێشمه‌رگایه‌تی دیسانه‌وه‌ پێكه‌وه‌ كارمان كردووه‌، فه‌رمانده‌یه‌كی سه‌ربازی لێهاتوو و پیاوێكی كۆمه‌ڵایه‌تی ناسراو قسه‌خۆش بوو. هاوری مه‌لا علی كه‌سێكی رۆشنبیرو مێژوونووس بوو خاوه‌ن چه‌ندین كتێبه‌و خاوه‌نی تێكۆشان و قوربانیەکی دوور و درێژە دژ بە رژێمی دیكتاتۆری سەدام حسه‌ێن و حزبی به‌عسی عه‌ره‌بی و موسته‌شارجاشه‌كان.

1/6/2020
په‌راوێزه‌كان :

  • كه‌مال سێوسێنانی : هاورێیه‌كی گه‌نج و به‌ تواناو شیوعی قه‌ره‌داغی ناسراوبوو، له‌ گه‌ڵ كه‌رتخوازانی عه‌زیز ئه‌لحاج كه‌وت و، حزبی به‌عسی خوێنرێژ شه‌هیدی كردو ته‌رمه‌كه‌یان له‌ سه‌ر كۆڵانێك فرێدرا.
    **ماست : شیری نیدۆمان ئه‌كری و هاورێی تێكۆشه‌ر فریشته‌ خوشكی كاك دڵزار بۆی ئه‌كردین به‌ ماست و له‌ هاورێیه‌وه‌ فیری ماست دروستكردن بووم.