فوكۆ و ئاگامبێن: فەلسەفەی پزیشكی و ڕەخنەكردنی پزیشكیپەرستی-10- …. ئازاد حەمە

بەشی دەیەم

پێشەكی: ڤایرۆس شتێكی تازە نییە بۆ فەلسەفە

ژێرخانی هزریی ئەم بەشەی نووسینەكەمان لەوێوە خۆیواڵادەكات كە، بۆچوونی فەیلەسوفەكان مانای بۆ نەشونمای تێگەیشتنی هزری پزیشكی و تەندروستی هەبووە و پزیشكی كلینیك (Clinic) ی و توێژینەوەی كلینیكیش تادەگاتە ئێتیكی پزیشكی خستۆتەژێر دیدگای چاودێری خۆیەوە. بۆیە بۆ فەلسەفە شرۆڤەكردنی دەسەڵاتی پزیشكی، سیاسەتی تەندروستی و تێگەیشتن لە ڤایرۆس شتێكی نوێ نییە. ڤایرۆس، كە بەشێكە لە مێژووی بوونمان، لەناو خانەخۆی تردا دەژیت و بەردەوامی بە هەبوونی خۆی دەدات، وەكیتریش سێستەمی ژینگەیی گەردوون بەجۆرێكە لە سەرهەڵدانی ڤایرۆس و دروستبوونی بەكتریاكان بەدەرنییە. بوونی ڤایرۆس ئاماژەیە لەسەر ژیان، جووڵەی زیندەكان و دروستبوون و كاری خانەكان. هەرچی فەلسەفەیە پێیوایە مێژووی كۆمەڵایەتی ڤایرۆسەكان دەمانباتەوە شوێنێكی تر كە هەمان شوێنی ڕاڤەكردنی فەلسەفیانەی ڤایرۆسەكان نییە. بایەخدانی زانستە سروشتییەكانیش لە پاش سەردەمی ڕۆشنگەریییەوە بە ژیاندۆستی(Vitalism)فەلسەفەی زۆرتر لە زیندەوەرناسی(Biology)نزیككردەوە. یەكێك لە لێكەوتەكانی پەتای كۆرۆناش،كە بە ڤایرۆسە زیرەكەكە ناوی ڕۆشتووە، ئەوەیە كە ڕەوشی تەندروستی بووە بابەتی مشتومڕ و پزیشكیش وەك زانستێكی موقەدەس خۆی نمایشكرد. ئەمەش وایكردپاراستنی ئاسایشی گشتی لە گوزارەی ئاسایشی تەندروستیدا خۆی چڕبكاتەوە و ئاسایشی ژیانی (Biosecurity)یش بەسیاسیبكرێت و هەرهەمووش لەوسەرەوە بە”ماسكێكی تەندروستییەوە بناسرێینەوە”. هەر لەم ڕێگایەوە دۆزێكی ئەوتۆی تەندروستی سیاسیئامێزانە هاتەپێشەوە كە “ناسنامەی ڕەوشتی و ناسنامەی تەندروستی” ڕوبەڕووی یەكدیببنەوە. بۆیە ناكرێت لە دۆخێكی وادا بكەوینە ناو بەهەڵەلێكدانەوەی پەتایەكی بەجیهانگیریكراو و خۆشمان بە بیانووی نالۆجیكییەوە سەرقاڵبكەین. جێگەی سەرسوڕمانیش نییە ئەوەی ئێستا لەژێرسایەی پەتای كۆرۆنادا دەگوزەرێت بۆ بیرمەندان”قەیرانێكی بایۆلۆژی جیهانگیرییە” و لەیەكاتیشدا مێژووی زانست و فەلسەفە پێماندەڵێت، پەتاكان بەپێی مێژووی سەرهەڵدانیان سنوری تەشەنەسەندن و كارتێكردنیان دیاریكراو نییە و جەنگیش لەگەڵ پەتاكانا بێكۆتایە و بوونەوەرەكانیش لەتەك ڤایرۆس و بەكتریاكانا دیرۆكێكی كۆنیان هەیە. ڕوونیش نییە وانە وەرگرتنی مرۆڤەكان لە نەخۆشییەكان چ جۆرە وانەیەك دەبن: ڕەوشتی یان دەروونی، بایۆلۆجی یان ئاینی؟لەسەر ئەم بنەمایە، لەم بەشەدا، بەشێك لە پرسیارە لێڵە سیاسی و وەڕسكەرەكان تایبەت بە پەتای كۆرۆنا و بابەتی تووشبوونی دەرد و تۆقانی تەندروستی لەڕێگای شیكارییە فەلسەفییەكانی فوكۆ و ئاگامبێنەوە وەڵامدەدەینەوە و دەشیانكەین بە كۆڵەكەی سەرەكی ئەو باسانەی لەم بەشە تێڕامانی لەبارەوە دەكەین. پێشمانوایە خوێنەر پێویستە بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ پاشماوەی ئایدیای نیولیبرالیزم و تارمای هزری سیاسی كارل شمیت Schmitt لە لێكدانەوەكانی فوكۆ و ئاگامبێن دا بكات.

فەلسەفەی پزیشكی

هزری پزیشكی بەشێكە لە مێژووی هزی زانستی. مامەڵەی فەلسەفەش لەتەك هزری زانستی یان لەتەك پرسیارە بایۆ-كیمیای و جیۆ-فیزیاییەكان بۆ سەرەتای دەركەوتنی فەلسەفە دەگەڕێتەوە. لێرەوە بەوە دەگەین كە زانست كەوتنە فەلسەفەوە پیشەی فەیلەسوفەكان(بەتایبەت فەرەنسییەكان)بووە و پزیشكیش یەك لەو زانستانە بووە فەلسەفە خستوویەتەناوخۆیەوە. جگەلە پزیشكی بیركاری،فیزیاش شوێنیان لەناو فەلسەفەدا هەمیشە دیاربووە. كەوابێت، مانای فەلسەفە بۆ پزیشكی تەنیا لە پزیشكیدا قەتیسنابێت بگرە گشت زانستە سروشتیەكانیش دەگرێتەوە. دیرۆكی پێكەوەلكانی فەلسەفە و پزیشكیش وەك دوو دیسیپلینی زانستی لەگەڵ تێگەیشتنی فەلسەفییانەی هێپۆكراتێس (Hippocrates ) و گالێن (Galen) (یان جالینۆس) بۆ پزیشكی دەستپێدەكات كە تا هەنووكەش جێگای لەناو فەلسەفەی پزیشكیدا بەرچاوییە. لە فەلسەفەی پزیشكیدا لێكۆڵینەوە لە كاری پزیشكی گرنگی خۆی هەیە و پەل هاویشتنی فەلسەفەش بەرەو تێگەیشتن لە سروشتی بوونی مرۆییمان بەشێكە لەو گرنگییە. شوێنی فەلسەفە لە پزیشكیدا ئاوێتەبوونی دوو دادوەرییە ،فەلسەفی-پزیشكی، كە ئەو دوو دادوەرییەش بۆگەیشتنن بە ڕاستیەكی فەلسەفی-پزیشكی، كە ئەوەش گەیشتنە بە دەستنیشانكردنی ئازار(ئێش)لە جەستەی ناساغدا. لێرە پێویستە وتن بێتەسەر پاتۆلۆجی (Pathology) كە زانستی نەخۆشیناسییە و دەبێتە دوو بەشەوە: زانستی هۆكاری نەخۆشی (Etiology) و زانستی پۆلینكردنی نەخۆشی (Nosology ) . هۆكارناسی نەخۆشییەكان پشت بە جوگرافیای جەستەی نەخۆش دەبەستێت. شوێنی نەخۆشی لە جەستە ئەو جێگایەیە نەخۆشیەكە خۆی تیامەڵاسدەدات و دیاریكردنیشی جوگرافیای جەستەی نەخۆش لەبەردەم توێكاری پزیشكی دەخاتەسەرپشت. لێرەوە پەیوەندی پزیشكی بە ئازار و نەخۆشییەوە ڕەهەندی تری تێكەوت و پاتۆجێن یان نەخۆشخەر (Pathogen) لەگەڵ زاراوەی نیشانە (Symptom ) ، نیشانەكانی نەخۆشی، پێكەوە ئیشیان لەسەر ناساغی(Illness)، نەخۆشی (Disease) و پەتا بەجۆرێكی سێستەماتیكی پزیشكییانە كرد. مێژووكردانی پزیشكیش كە زانینێكی زۆرمان لەسەر دەركەوتنی نەخۆشیە نوێکانی پاش سەرهەڵدانی كۆمەڵگەی پیشەسازی دەدەنێ هێما بۆئەوە دەكەن كە لە كۆتای سەدەی نوزدە بەولاوە فەلسەفە زۆرتر لە پزیشكییەوە نزیكبووەوە تا فیزیا و ئەمەش زەمینەی بۆ گەشەی فەلسەفەی پزیشكی و فەلسەفەی زیندەوەرناسی شیاوتركرد. پردی نێوان فەلسەفە و زانستیش لەمیانەی زیندەوەرناسی و كارئەندامزانییەوە(فسیۆلۆجی) بەجۆرێك كارابوو فەلسەفەی سەرگەرمی بیركردنەوەی تركرد.
سەرباری هەموو ئەوانەی وترا، لەگەڵ دەركەوتنی كۆرۆناڤایرۆس فەلسەفە و پزیشكی، دواتر بیركردنەوەی فەلسەفی و بیركردنەوەی پزیشكی، زۆرتر لەیەك نزیكبوونەوە. دیرۆكی پەیوەندییەكەشیان بۆ ئەو دەمانە دەگەڕێتەوە کە فەیلەسوف بە حەكیم ،دانا (Sophon) ، ناوزەدكراوە. ڤیتاگۆراس (Pythagoras) یش حەكیمە پزیشكەكە بووە. حەكیم ئەو كەسە بووە دانایی و زانینی لەسەر گشت هەبووە: خوا، ئێش، كەشوهەوا، ڕەوشت، گەردوون، نەخۆشی،دادپەروەری و…هتد. ئێستاشی لەگەڵ بێت یەكلانەبوەتەوە هێپۆكراتێس فەیلەسوف بووە یان”یەكەم دامەزرێنەری قووتابخانەی پزیشكی”لە یۆنانی كۆن! لەناو دە كولتوورە كۆنەكەی مرۆڤایەتیش””میزۆپۆتامیا، هیندۆس، میسری كۆن ،مایا ،چینیەكان، یۆنانی كۆن، فارس، ڕۆما، ئازتێك (Aztec) و ئینكان (Incan) پەیوەندی نێوان فەلسەفە و پزیشكی لێكتردانەبڕاوبوونە. جێیگومانیش نییە، ناوی فەیلەسوف و پزیشك لەگەڵ گەشەی شارستانی كاری جیایان گرتە ئەستۆ و دەركەوتنی تێكنەلۆژیای زانیاریش ئاقاری تری بەم پەیوەندییەدا و لەناو پزیشكیشدا”دوكتۆر”نازناوێكی تر و ئەركێكی تری بۆدیاریكرا، كە هەمان ئەركە كلاسیكەكەی نییە.
پارسەنگیەكەی ناو فەلسەفە، لەدیدی ژۆرژ كۆنگیلێمی (Georges Canguilhem) مامۆستای فوكۆ، بە نزیكبوونەوە لە زانستەكان ڕێكدەخرێتەوە كە ئەمە لایەنێكی تری ئەم باسەیە پێویستە لێرە تایبەت بە فەلسەفەی پزیشكی،یان پەیوەندی نێوان فەلسەفە و پزیشكی، باسبكرێت. زیندەوەرناسی نەك هەر زانستی هاوبەشی نێوان فەلسەفە و پزیشكییە، بەڵكو زانستی هاوبەشی نێوان فوكۆ و ئاگامبێنیشە. قەرزاری تێۆریی ئاگامبێن بۆ فوكۆ بۆ تێمای سیاسەتی ژیانی(Biopolitics )دەگەڕێتەوە كە بەبێگومانەوە بانكی مەعریفی فوكۆ لەم بارەیەوە پڕە لە یەدەگی هزری كە دواتر ئەو لایەنە لەسەر دەستی ئاگامبێن وەبەرهێنانی تری تێداكرا. پێش فوكۆش بەشێك لەو بیرمەندانەی مەیلیان بۆ تیۆری زانین(Epistemology) و فەلسەفەی زانست هەبووە لەڕێگای زیندەوەرناسییەوە پەیوەندی نێوان فەلسەفە و پزیشكییان سازاندووە. لەم ڕوەوە كۆنگیلێم، كە مامۆستا تێزی دكتۆرانامەكەی فوكۆ بووە، چاترین نموونەیە و كارە ناسراوەكەشی لەسەر نەخۆشیناسی(پاتۆلۆجی)باشترین بەڵگەیە. لێرەوە دەشێت بوترێت، لە 70 ساڵی ڕابردوودا لەناو بیریارانی فەرەنسی مێژووی پزیشكی و مێژووی زیندەوەرناسی كە بەشێكن لە مێژووی زانست لەسەر دەستی كۆنگیلێم دەرگا لە فەلسەفاندنێكی زانستی دەكاتەوە. لەوێ پرسیاری فەلسەفی دەبێت بە پرسیاری پزیشكی و بایۆلۆژی، لێ وردەكاریەكانی پەیوەندی نێوان فەلسەفە و زانستە سروشتییەكان و كێن ئەوانەی، لە ڕوویی مێژووییەوە، هزری ئەم پەیوەندییە پێكدێنن بۆ نووسینیترمان هەڵدەگرین.

فوكۆ: لەدایكبوونی هزری پزیشكی و كلینیك

ئەستێرەی هزریی فوكۆ لەگەڵ بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا لە درەوشانەوەدا بوو و پەتای كۆرۆناش گفتوگۆكانی فوكۆیان سەبارەت بە مەرگ، دركی پزیشكی، لەدایكبوونی كلینیك و نیشانەكانی نەخۆشی وروژاندەوە. ئەمە وادەكات بێژین، لەسەر دەستی فوكۆ پزیشكی و سیاسەت ،پزیشكی و فەلسەفە پێكەوە بابەتی بایۆپۆلیتیك و بایۆئێتیك، ڕەوشتیبایۆ (Bioethics) دەوروژێنن. ئەمەش لەبەرئەوەی مێژوو و سێستەمی هزر لەسەر دەستی فوكۆ لە شوێنێكی بەرتەسكدا نەوەستاوە و پەل بەرەو دیسیپلینەكانی تریش دەهاوێت و، پەیوەندی نێوان بایۆلۆجی و فەلسەفە، نێوان پزیشكی و فەلسەفە تادەگاتە فەلسەفە و مێژووی زانستیش لێكدەئاڵێنێت. هەر لەوێندەرێش نەخۆشی و پزیشكی، ساغ و ناساغ (نۆرمال و نانۆرمال)لە چوارچێوەی مێژووی هزر ڕاڤەدەكرێن و دیدێكی فوكۆیانە بۆ واتای ساغ و ناساغ هاوكات بۆ نەخۆشیناسی سەرهەڵدەدەن. فوكۆ لە ڕێگای ناسنامەی نەخۆشییەوە توێژینەوەی فەلسەفی و زانستی پزیشكی پێكەوەگرێدەداتەوە و لەدایكبوونی كلینیكیش دەكاتە بناغە بۆ هەڵكۆڵین(ئاركیۆلۆجیای) لە دركی پزیشكی كە ئەوەش هەوڵێكە بۆ چوونە نێو بابەتە پزیشكیەكان (درم، جەستە، بیماری، ئێش و…). سەرباریئەوە، خستنەڕوو و پێشاندانی نەبینراو لە بواری پزیشكی هەوڵێكی تری فوكۆیانەیە بۆ وەستان لەسەر ژیانی ناوەوەی ئەم بوارە و ئاشكراكردنی پەیوەندیشی بە دەسەڵاتی سیاسییەوە، چونكە بینراو/نەبینراو لە پزیشكی سنوری تەندروست/ناتەندروست، نۆرمال/نانۆرمالیش ئاشكرادەكات. بەمجۆرە ئەو دەمەی مرۆڤی ناساغ دەبێتە بابەتی بواری توێكاری پزیشكی ئەم پرسیارەمان لادروستدەبێت: چی لەو جەستە بیمارەدا دەگوزەرێت كە توێكاری تیادەكرێت؟
بۆ فوكۆ دەركەوتنی كلینیك فۆڕمێكە لە زانین و جۆرە كاركردنێكی فوكۆیانەشە لەسەر(نەخۆشی و مەرگ). ئەمەش داوادەكات شوێنی نەخۆش لە كۆمەڵگە و بابەتی مەرگ وەك باسێك لە خراپە بخرێتەبەرباس. فوكۆ لە ئامادەبوونی مەرگ لەناو هزری پزیشكی بەو ڕاستییە دەگات كە پزیشكی”زانستی تاك”ە. واتە پزیشكی ئەو زانستەیە شیكاری لەسەر خودی تاك دەكات. سەرەڕای ئەمانە، فوكۆ ئاماژە بە گرنگی پزیشكی لە دامەزراندنی زانستە مرۆییەکانیش دەدات. لەمحاڵەتەدا پزیشكی وەك زانستێكی پۆزەتیڤ دەخرێتەڕوو كە گرنگی نەك هەر مێتۆدۆلۆجی بگرە ئۆنتۆلۆجیشی هەیە. واتە، بۆ فوكۆ پزیشكی وەك زانست كاریگەری لەسەر گشت تەلارسازی زانستە مرۆییەكان هەیە و نزیكترین زانستیشە لە ئەنترۆپۆلۆجییەوە(مرۆڤناسییەوە). لەسەر قسەی فوكۆ كەسانێكی وەك(فرۆید، جاكسۆن و بیشا Bichat ) لەناو كولتووری ئەوروپایی تەنیا فەیلەسوف نەبوونە بگرە پزیشكیش بوونە. ئەم كولتوورەش کە هزری پزیشكی بە كردەی فەلسەفییەوە گرێداوە دیدگای دانسقەی لێبەرهەمهێناوە.
لە ڕێگای شیكردنەوە نەخۆشیناسییەكانی فوكۆوە لەوە حاڵیدەبین، درم بە حاڵەتێك و دوان و سیان دروستنابێت. نەك هەر ئەوە بگرە فوكۆ سەبارەت بە دروستبوونی درم باس لە ئاگایی مێژوویی و جوگرافیش دەكات. واتە ژینگە و ئاو و هەوای شوێنەکان كاریگەری خۆیان لەسەر بڵاوبوونەوەی درم دادەنێن. درمەكان بە هەمان نیشانە(سیمتۆم)لە كەسەكانا دەرناكەون. تەمەن،ڕەگەز، توانای بەرگری جەستەكان هەموو ئەمانە كاردانەوەی خۆیان لەسەر ئیشكردنی درمەكان لەسەر جەستەی مرۆڤەكان هەیە. نەك هەر ئەوانە ،بەڵكو گەرما، سەرما، شێداری، وشكیش كاردانەوەی خۆیان لەسەر بڵاوبوونەوەی درمەكان هەبووە. سەرەڕای ئەمانە فوكۆ مێژووی درم وەك بەشێك لەو گفتوگۆیانە دەخاتەڕوو كە تایبەت بە هزری پزیشكی كاریتیاكردون. ئەمە وادەكات پزیشكی لە دیدی ئەم بیرمەندە بێ لایەن نەبێت و لەناو ستاتۆس(كیان)ێكی سیاسییانەشدا جێیبكاتەوە و ئەو ئاگاییە پزیشكیەش كە لەدوای سەدەی نۆزدەوە دروستبوو واوێنابكات كە شوێنێكی تری بۆ پزیشكی ڕەخساند. ئەم شێوە ڕاڤەكردنە بەو مانایەش دێت، ناوی دەوڵەت بە نەخۆشیناسی درمەوە بلكێت، دەركەوتن و بڵاوبوونەوەی درمیش ڕەهەندی سیاسی و ئابووری لێبكەوێتەوە. بۆیە درمناسی دەچێتە خانەی گرنگیپێدانی دەوڵەتیەوە. لێرەوە دەوڵەت كار لەسەر بڵاوكردنەوەی ئاگای سەبارەت بە درم دەكات، ئەڵبەتە ئەمەش لەڕێگای دامەزراوەی پزیشكییەوە مەیسەردەكرێت. گشت ئەوەی وتراش سەرچاوە لە توێژینەوەی””لەدایكبوونی كلینیك””ی فوكۆوە وەردەگرێت كە لەخۆیدا وەرچەرخاندنێكە لە تێخوێندنەوەی ئەزموونی پزیشكی ڕۆژئاوا لە پەیوەندی بە نەشونمای زانستە مرۆییەكان و پەیوەندی ئەم زانستانەش بە زیندەوەرناسییەوە. دیاریكردنی شوێنی پزیشكی لە كۆمەڵگەی مۆدێرن داوای ئەمجۆرە تێخوێندنەوەیە دەكات. بۆیە فوكۆ بەوردی پۆلینكاری نەخۆشی دەكات و ئێدیۆلۆژیای سیاسی دەوڵەتیش لە خودی سیاسەتی پزیشكی دانابڕێت. نەخۆشیش لەهەر بەرگێكدا بێت جۆری نەخۆشیەكە سروشتی نەخۆشیەكە دەستنیشاندەكات. جەستە كە دەبێتە موڵكی دامەزراوەی پزیشكی هەر لەوێ دێتەناساندن. بەمە نەخۆشخانە سەرهەڵدەدات، نەخۆشخانە ئەو شوێنەیە ناسنامەی جەستەی تیادیاریدەكرێت. واتە، جەستە لە موڵكی تاكەوە دەبێتە موڵكی دەوڵەت، موڵكی دامەزراوەی تەندروستی یان نەخۆشخانە.
گەر تەماشای دۆزی پزیشكی لە كاتی پەتای كۆرۆنا بكەین دەبینین كە شێوەی جووڵەی سێ كوچكەی(پزیشكی. زیندەوەرناسی و كارئەندامزانی) هاوشانییەكبوون، لێ ئەوەی بۆ فەلسەفە مەبەست بوو ئەوەنەبوو، بەڵكو ئەوەبوو كە سێكوچكەی(نەخۆش، نەخۆشی و نەخۆشخەر) نەبنە قوربانی پزیشكیەكی بەسیاسیكراو. بەگشتی بۆ فەیلەسوفان هزری پزیشكی بابەتی تێهزرینە نەك خودی پزیشكی. واتە، پزیشكی وەك هزر نەك وەك زانستێكی ئەبستراكت. بەها و پێوانەكانیش لە پزیشكیدا و پەیوەندی پزیشكی بە زانستی ڕەوشت و بە ڕەوشتی پزیشكییەوە هاوكێشە ناسادەكەی كاتی كۆرۆنا بوو. بۆیە كلینیك شوێنی بایەخپێدانە بە نەخۆش دواتر بە نەخۆشیەكە و ئەوەش كە نەخۆشخەرە. بەپێی بنەماكانی ڕەوشتی پزیشكییش بێت ئەوەی کە گرنگە پزیشك بایەخ بە خودی نەخۆش بدات پێش بایەخدان بە نەخۆشییەكە، لێ سێستەمی سەرمایەداری تەندروستی بەها ڕەوشتییەکانی پزیشكیی كوشتوە.
مرۆڤی نوێ چ سودێك لە پزیشكی وەردەگرێت؟ پزیشكی هۆكار نییە بۆ دوركەوتنەوەی مرۆڤ لە خورافیات؟ یاخود پزیشكی بووە بە زەبرێكی زانستی؟ لای خوارەوە دێینەسەر تێگەیشتنی ئاگامبێن سەبارەت بە پزیشكی كە لەگەڵ بڵاوبوونەوەی كۆرۆناڤایرۆس گفتوگۆیكرد.

ئاگامبێن: پزیشكی وەك ئاین و مانای ئاسایشی ژیانی(Biosecurity)

ئاگامبێن ،لەسەر ڕەوتی فەلسەفیی فوكۆ، تێۆری بایۆپۆلیتیك لە كولتووری نوێی ڕۆژئاوا بەرباسدەخات و لە گەرمەی گفتوگۆی پەتای كۆرۆناشدا هەندێك نووسینی بڵاوكردەوە كە لێرە ئەوەیان بەسەردەكەینەوە كە لەگەڵ تێگەیشتنی فوكۆ بۆ هزری پزیشكی هاوشانە لە شارستانی هاوچەرخی ڕۆژئاوا. ئاگامبێن پێیوایە پزیشكی، ئەم زانستە، بووەتە ئاینی سەردەمەكەمان، لە ڕۆژئاوای مۆدێرنیشدا هەمیشە “سێ سێستەمی باوەڕ” ژیانیان پێكەوەبەسەربردووە: مەسیحیای، سەرمایەداری(پارەپەرستی) و زانستەكان. لە مێژووی مۆدێرن ئەم سێ ئاینە لەلایەك لە پێكدادان و دابڕاندا بوونە لەتەكیەكدا و لەلایەكیترپێكەوە ژیاون و كارلێكیان لەسەر یەكتر داناوە و تاگەیوەتە ئەو ڕادەیەی كە ئێستا پێكەوە بایەخی هاوبەش كۆیاندەكاتەوە. بۆ ئاگامبێن ڕاستییە تازەكە ئەوەیە كە لەنێوان زانست و ئەم دوو ئاینەی تر (مەسیحیای، سەرمایەداری) ململانێیەك هەبووە كە دواتر بە قازانجی زانست گەراوەتەوە. ململانێكە پەیوەندی بە تێۆری و بە پرینسیپەكانەوە نەبووە، بەڵكو بە پراكسیسی كولتوورییەوە هەبووە. شتێكی سەیریش نییە قارەمانی ئەم جەنگە ئاینیە نوێیە ئەو بەشەیە لە زانست كە پێیدەوترێت پزیشكی و ئامانجی راستەوخۆشی جەستەی زیندووی مرۆڤە. بۆ ئەو مەبەستە ئاگامبێن خەسڵەتەكانی پزیشكی دیاریدەكات كە لە سەردەمی ئێستادا خۆی وەك ئاین نمایشدەكات. یەكەم خەسڵەتیشی ئەوەیە كە پزیشكی وەك سەرمایەداری دۆگمای تایبەتی پێویست نییە، چونكە واتا سەرەكییەكانی لە بایۆلۆجییەوە وەردەگرێت. بەپێچەوانەی بایۆلۆجییەوە، پزیشكی ئەو واتایانە لە تێگەیشتنێكی عیرفانی-لاهوتی دا دادەڕێژێت كە جەمسەرێكی فرەناكۆكی دژەگەرایان تیایە. ئاگامبێن پێشیوایە لاهوتییەكان كە دەبێت ستراتیژی داكۆكیان بگۆڕن نوێنەری ڤایرۆسناسی(Virology) و زانستن و شوێنیشیان لەسەر سنوری نێوان بایۆلۆجی و پزیشكی دایە. ڕاهیبەكان كە پێشتر نوێژی بەردەوامی خۆیان دەكرد ئەمرۆ لەژێر فشاری پزیشكی، كە رۆڵی ئاین دەبینێت، دیستانس دەخەنە نێوان خۆیانەوە. عیبادەتیش بۆلەمەولا نە ئازادە و نەش بێ بەرامبەرە. عیبادەت بەو سزایانە سنورداركراوە لەسەر سێستەمی رۆحی سەپێنراون، لێ لە كات و شوێنی دیاریكراویشدا پێڕەودكرێت. كارلێكی نێوان ئاین و دەسەڵاتی سێكولار شتێكی نوێ نییە. نوێبوونەكە تەنیا لەو ڕاستیەدایە كە ئەوەی گرنگە دۆگم(عەقیدە)نییە، بەڵكو خودی جۆری عیبادەتەكەیە. ئەو جۆرە عیبادەتە ئاینییەی لە ئێستادا هەیە پزیشكییە. هەر دەسەڵاتی سێكولاریشە بەئاینیبوونەكەی پزیشكی دێنێتەسازان. بێگومان ئەم عیبادەتە ئاینییە تازەیەش، بەناوی زانستەوە، هۆكاری گشت دوركەوتنەوەكانمانە لەیەكتر، دەستبەرداربوونەكانمان لە: جوڵە، كار، خۆشەویستی، هاوڕێیەتی،پەیوەندی كۆمەڵایەتی، باوەڕە ئاینی و سیاسییەكانمانیش. بەپێی تێگەیشتنی ئاگامبێن بێت پزیشكی نەك شوێنی عیبادەتی گرتەوە، بەڵكو فشاریشە لەسەر ئاین و دەشخوازێت شوێنە ئاینیەكان(وەك ڤاتیكان)گوێڕایەڵی پزیشكی بین. بۆئەوەی پزیشكی مومارەسەی ئاینگەرایی خۆی بكات پێویستی بە پاڵپشتی دەسەڵاتی سێكولارە تا ئاینی زانستخوازی كاریخۆیبكات.
ئاگامبێن سەرسامی خۆی بۆ ئەوە نیشاندەدات كە چۆن دوو ئاینەكەی تر ، ئاینی پارە و ئاینی مەسیحی، شوێنی خۆیان بە پزیشكی (و زانستەكان) بەبێ شەڕ بەخشی. ئاگامبێن وتەنی ئەی ئەوە سەرسامكەر نییە كە پاپا دەستبەرداری یەكێك لە كارە پیرۆزەكانی خۆی بووە كە ئەوەش سەردانی نەخۆشەكانە! یان سەرمایەداری لێگەڕا بەو هەموو زیانە قایلبێت كە لە بەرهەمهێنان لێیكەوت بەرامبەر بە كۆكبوونی لەگەڵ ئاینە نوێكەی ڕۆژئاوا (ئاینی پزیشكی)! بەپێی ئەم سەیركردنە ئاگامبێنیانە بێت ئاین و سەرمایەداری (یان كڵێسا و كارگە)بوونە نۆكەری ئاینە نوێكەی ڕۆژئاوا ( واتە پزیشكی). ئاینی پزیشكی توانی مەسیحیەت لە دیدی كۆتای جیهان(ئێسكاتۆلۆجی)یش دابڕێت. سەرمایەداری كە مۆدێلی لاهوتی دەربازبوون(Salvation)ی سێكولاركرد ئایدیای كۆتای كاتیشی لەناوبرد و بە قەیرانێكی بەردەوامیشی گۆڕی كە بێ كۆتایە. بەبۆچوونی ئاگامبێن قەیران، لە ڕیشەدا، واتایەكی پزیشكییە كە لەگەڵ هیپۆكراتێس (دۆزەرەوەی پزیشكی لە یۆنانی كۆن )دەستپێدەكات. بەمشێوەیە، ئەوە پزیشكە بڕیار لەسەر مانەوە و نەمانەوەی نەخۆش دەدات. بەپێی ئاگامبێن، گەر مرۆڤ سەرنجی ئەم دۆخە ئاوارتەیە بدات كە لە ئێستادا تیایدەژین دەبینێت ئاینی پزیشكی چ قەیرانی هەمیشەیی سەرمایەداری و چ ئایدیای مەسیحی بۆ كۆتای جیهان لەیەك سەبەتەدا كۆكردەوە. ئەم ئاینە جیهانییە كە پەلە لە”ئایدیای كۆتای جیهان”دەكات توانای ئەوەی نییە لەسەر شێوازی پزیشكی هیپۆكراتێسیانە بڕیار لەسەر مەرگ و مانەوە بدات. سەرمایەداری ،بەپێچەوانەی مەسیحیەتەوە، نە دەربازبوون و نە قووربانی بۆ ئاینی پزیشكی شیاودەكات. ئەو شیفایەی ئەم ئاینە تازەیە بەدوایدا دەگەڕێت كاتییە و ناشتوانێت ئەم خواوەندی بەدییەی ئێستا كارایە، واتە ڤایرۆسی كۆرۆنا، بۆ هەمیشە لەناوبەرێت(واتە پزیشكی توانای لەناوبردنی هەتاهەتای ڤایرۆسی نییە). هۆیەكە تەنیا ئەوەشە كە ئەم ڤایرۆسە بەردەوام دەگۆڕێت و فۆڕمی جیاش وەردەگرێت. دواتر ئاگامبێن لە نووسینەكەی دێتەسەر ئەوەی كە درم(ئێپیدێمی)هەروەك بە ڕیشەی زاراوەكەشدا دیارە(دێمۆس -لە زمانی یۆنانی واتە خەڵك وەك جەستەی سیاسی- لە هۆمێرۆس، ئێپیدێمیپۆلیمۆس- لە هۆمیرۆس- بە مانای شەڕیناوخۆ دێت)پێش هەموو شتێك بە واتای سیاسی دێت كە هەوڵی ئەوە دەدات ببێتە بناغەیەكی نوێ بۆ سیاسەتی جیهان. كەوابێت، لەسەر بناغەی وتنەكانی ئاگامبێن، دەشێت ئەم درمەی هەنووكە دەیژێین بەرجەستەكردنی شەڕێكی ناوخۆی جیهانی بێت، كە بە بۆچوونی زۆرێك توێژەرەوەی سیاسی شەڕ لەگەڵ ڤایرۆس جێگرەوەی شەڕە جیهانییە نەریتییەكانە. بەواتایەکیتر، زۆربەی وڵاتان لە ئێستادا لەتەك خۆیانا لە شەڕدان. ئەو دوژمنەی شەڕەكەی لەتەكدا دەكەن والەناویانا (ڤایرۆسی كۆرۆنا دوژمنە نادیارەكەیە كە والەناومانا ئاگامبێن وتەنی). ئاگامبێن پێیوایە فەیلەسوفەكان چەندین جار لە مێژوو لەتەك ئاین، تەنانەت لەتەك زانستیش، یان ئەو بەشەی كە فۆڕمی ئاینی وەرگرتووە لە ململانێدابوونە. باشە بۆ؟ بەپێی تێگەیشتنی ئەم بیرمەندە ئیتالییە فەلسەفە ئیشی ئەوەیە بە دوای ڕاستیدا بگەڕێت. لەسەر ئەم بنەمایە ئێمەش دەڵێین گەڕان بەدوای ڕاستی كارە كۆنەكەی فەیلەسوفە و قسەكردنیش لە سروشتی ڤایرۆس و بەكارهێنانی سیاسییانەی درم و پەتاكان بەشێكە لە هەڵوێستی ڕەخنەگرانەی فەلسەفە بۆ ڕووبەڕوبوونەوەی نا-ڕاستی لەناو سیاسەتی تەندروستیدا. لێكئاڵانی فەلسەفە و پزیشكیش سەرچاوە لە گەڕانی فەلسەفە بەدوای ڕاستی و لە گەڕانی پزیشكی بەدوای تەندروستیەوە هەڵدەگرێت.
هەروەك پێشتریش وتمان، لەگەڵ سەرهەڵدانی پەتای كۆرۆنا ڕەوشی تەندروستی بووە بابەتی مشتومڕ و پزیشكیش وەك زانستێكی موقەدەس خۆی نمایشكرد. ئەمەش وایكرد پاراستنی ئاسایشی گشتی لە گوزارەی ئاسایشی تەندروستیدا خۆی چڕبكاتەوە. لەو بارەیەوە ئاگامبێن دێتەسەر ئاسایشی ژیانی(Biosecurity) و سیاسەت و ڕەخنەی توانای كۆلێكتیڤی(دەستەجەمعی) خەڵكیش دەكات لە تێگەیشتنی ئەو بارە ئاوارتەیەی لە دەرەوەی ئەو كۆنتێكستە(سیاقە) راستەوخۆیە دروستبوو كە كاری تیادەكات. بەدڵنیاییەوە كەمیشن ئەوانەی لێكدانەوەیەكی سیاسییانەی ووردبین بۆ ئەم بارە دەكەن. ئاگامبێن بە پشتبەستن بە هەندێك بۆچوونی پاتریك زیلبێرمان Patrick Zylberman لە پەرتووكی””ڕەشەبای میكرۆبانە”” گوزارە لەو بۆچوونەی ناوبراو دەكات كە چەند ساڵێك بەر لەئێستا پێیوابووە ئاسایشی تەندروستی لە پەراوێزی حیساباتی سیاسیدایە كە دواتر بووە ستراتیژێكی سیاسی دەوڵەتی و نێودەوڵەتی گرنگ. ئەمەش دروستكردنی تێرۆرێكی تەندروستییە وەك ئامرازێك بۆ ئامادەكردنی سێناریۆیەكی خراپ. ڕێكخراوی تەندروستی جیهانیش لە 2005 پێشبینی ئەوەیكرد كە 150 میلیۆنێك بەهۆی ئینفلاوانزای باڵندەوە بەڕێگاوەن بمرن. ئەو دەمە ئەم ڕێكخراوە پێشنیاری جۆرە ستراتیژێكی سیاسی كرد كە حكومەتەكان پەسەندیان نەكرد. زیلبێرمان، ئاگامبێن وتەنی، پێیوایە ئەم پێشنیارە گەلێك لایەن لەخۆ دەگرێت وەك: بونیادنانی سێناریۆیەكی وڕێناوی لەسەر بناغەی مەترسی پێشبینیكراو (ئەگەری مەترسی بەڕێوەبوون). لەم دۆخەشدا داتاكان بەجۆرێك دەخرێنەڕوو كە كارگێڕی دۆخە خراپەكەی پێبكرێت(دوور نییە داتای وڕێناوی بێنەئاراوە). هەر ئەم سێناریۆ خراپەش دەكرێتە بناغە بۆ ڕژێمێكی عەقلانی سیاسی (دەسەڵاتی سیاسی سودمەند دەبێتلێی). ئەڵبەتە ئەم لایەنەش پێویستی بەوەیە جەستەی هاوڵاتیان بەجۆرێك ڕێكبخرێت كە متمانە بۆ دامەزراوەكانی دەسەڵات بگەڕێنێتەوە و جۆرێك لە هاوڵاتیەتی باڵاش بخوڵقێنێت، لێرەوە ئیدی هاوڵاتی مافی تەندروستی، سەلامەتی تەندروستی، نابێت کەچی لەڕووی یاساییەوە مەجبووریشە تەندروستبێت (ئاسایشی بایۆلۆجی). ئاگامبێن وایدەبینێت، ئەوەی پاتریك زیلبێرمان لە 2013 باسیلێوەكردووە ئێستا هاتوەتەدی. سەرباری ئەو ڕەوشی ئاوارتەیەی(دۆخی ڕیزپەڕەی) بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسێكی دیاریكراوەوە دروستبوو ڕێیتێدەچێت لە ئایندە زەمینە بۆ ڤایرۆسی تریش خۆشبێت. ئەمە قسەكردنە لە نەشونمای جۆرە مۆدێلێكی حكومەت كە لە ئایندە دەردەكەوێت و كارایی گشت ئەو حكومەتانەش تێدەپەڕێنێت مێژووی سیاسی ڕۆژئاوا پێیئاشنابووە. لەم بارودۆخە داڕماوە ئێدیۆلۆژی و سیاسییەی ئێستا گەر هۆكارەكانی ئاسایشپارێزی ڕێگاخۆشكەر بووبێتن بۆ ئەوەی هاوڵاتیان دەستبەرداری ماف و ئازادیەكانیان بن، كە پێشتر ئەوەیان نەكردووە، ئەوا ئاسایشی بایۆلۆجی توانی كۆكبوونێك لەو بارەیەوە ڕێكبخات كە هاوڵاتیان واز لە پەیوەندییە كۆمەڵایەتی و سیاسییەكانیان بهێنن. ئاگامبێن ڕەخنەی سەندیكاكانیش دەكات كە لەبەر چەند بڕیارێكی وەزاری دەستبەرداری گشت چالاكیەكانیان بوون و، ئەوەش دەڵێت کە ئەوەی ئەم حكومەتە ئیتالییە لەگەڵ خەڵكدا كردی فاشیەكانیش ئەوەیان نەكردووە. ترسی ئاگامبێن لەم ڕووەوە ئەوەیە كە نەبا دەسەڵات لە ئایندە بە هاوڵاتیان فێربێت ئەم دیستانسە كۆمەڵایەتییە پەرەپێبدات و لەسەر قەدەغەی هاتووچۆش ڕایانبهێنێت و ئەم جۆرە ژیانەش بكاتە مۆدێلێكی سیاسی كە زوو زوو دوبارەکرێتەوە.

ئازاد حەمە

————————————————————-

ژێردەر: جگەلە نووسینی(نۆرماڵ و پاتۆلۆجی)كۆنگیلێم نووسینە ناسراوەكەی فوكۆش(لەدایكبوونی كلینیك) لەم بەشە كەڵكی لێوەرگیراوە. سەروتارەكەی ئاگامبێن (پزیشكی وەك ئاین)لە 02/05/2020 لە ماڵپەڕی ئیتالی (quodlibet.it)بڵاوكراوەتەوە و دواتر دەقە ڕوسییەكەی لە https://centerforpoliticsanalysis.ru/position/read/id/meditsina-kak-religija بڵاوكراوەتەوە. نووسینی (ئاسایشی ژیانی و سیاسەت)یش لە 11/05/2020 لە هەمان ماڵپەڕی ئیتالی بڵاوبۆتەوە و دەقە روسیەكەشی لە
(https://politcom.org.ua/biobezopasnost-i-politika) بڵاوكراوەتەوە.

————————————————-

بۆ خوێندنەوەی بەشەکانی تری ئەم بابەتە کلیکی ئێرەبکەن…….




درامای رەباب هەوڵێکی هونەری جوان بۆ پیشاندانی تراژیدیای کوردە فەیلییەکان … ئەردەڵان عەبدوڵڵا

هەمیشە زمانی هونەر لە هەموو زمانەکانی تر، کاریگەرتر و ئاسانترە، لەهەمانکاتیشدا دەتوانێت بچێتە هەموو ماڵێکەوەو کار لە هەست و نەستیان بکات. تراژیدیای کوردە فەیلییەکان یەکێکی ترە لە تاوانە دڕندەو نامرۆییەکانی رژێمی فاشیستی بەعسی سەدامی، سەرو ملیۆنێک هاوڵاتی کورد، بە بڕیارێکی نامرۆڤانەی سەرۆک، لە شەو و رۆژێکدا لە ماڵ و حالی خۆیان دەردەکرێن و دەست بەسەر سەرەوت و سامانیشیاندا دەگیرێت و مامەڵەی تاوانباری جەنگیان بۆ دەکرێت، ئەمەش لەکاتێدا ئەم خەڵکانە بچووکترین تاوانیان بەرامبەر بەم رژێمە نەکردووە، تاکە تاوانیان ئەوەیە کە کوردن و سەر بە مەزهەبی شیعەن، ئەمەش لە دیدی فاشیستە بەعسییەکانەوە گەورەترین تاوان بوو.
بەداخەوە ئێمەی کورد زۆر کەم هەوڵمانداوە کە ئەم تاوانە گەورەیەی بەعس بە جیهان بناسێنین، نەک ئەوە تەنانەت نەوەی نوێش زانیاری لە بارەی کێشەی کوردە فەیلییەکانییەوە نییە، ئەمەش دووبارە هەڵەیەکی گەورەی پارتە کوردییەکان و حکومەتی هەرێمە کە نەیتوانییوە چ لەرێگەی سیستەمی پەروەردە و چ لە رێگای کتێب و چالاکی رۆشنبیرییەوە، نەوەی نوێ بە تاوانەکانی رژێمی سەدامیان ئاشنا بکات، هەرئەمەش وایکردووە کە بەداخەوە بەشێکی نەوەی نوێ، نەک دژی رژێمی بەعس بن، بەڵکە هەندێکیشیان جۆرە سۆزێکیشیان بۆی هەیە.
لەماوەی پێشوودا بەبۆنەی مانگی رەمەزانەوە کەناڵە کوردیی و عەرەبییەکانیش کۆمەڵێک درامایان پەخش کرد، یەکێک لەو درامایانە کە هەر لە سەرەتاوە سەیرم کرد و مایەی سەرنج بوو لام، زنجیرە درامای ” رەباب” بوو، کە کەناڵی کوردسات پەخشی دەکرد و کاری دۆبلاژی بۆ کرد بوو.

تراژدیای کوردە فەیلییەکان

زۆر نەتەوە لە رێگەی درامای تەلەڤزیۆنی یان فیلمەوە هەوڵیانداوە باسی مێژوو یان تراژیدیاکانی خۆیان بکەن، خەڵکێکی زۆر لە رێگەی فیلمی ستالینگرادەوە ئاشنایی پاڵەوانێتی و قارەمانی گەلی رووسیا بوون لەکاتی جەنگی دووەمی جیهانیدا. خەڵکێکی زۆر لە رێگەی فیلمی عومەر موختار کە لە نواندنی ئەکتەری بەناوبانگی ئەمریکی “ئەنتۆنی کوین”بوو، ئاشنایەتیان بە خەباتی رەوای گەلی لیبیا پەیدا کردووە. جوولەکەکان لەرێگەی فیلمەوە توانییان جیهان بە تراژیدیاکانیان ئاشنا بکەن، لە هەمانکاتیشدا دڵڕەقیی و نامرۆڤی رژیمی هیتلەریشیان پیشانی جیهان داوە. بەداخەوە ئێمەی کورد لەمەدا دواکەوتووین و نەمانتوانییوە هونەرە جوانەکان بۆ ناسینی خۆمان بەکاربهێنین.
درامای رەباب باسی تراژیایدی کوردە فەیلییەکان، بەراستی ئەم درامایە بەشێوەیەکی هەقیقی باسی رووداوەکانی ژیانی خەڵکی بێتاوانی کوردە فەیلییەکان دەکات، کە چۆن بەبێئەوەی بزانن بۆچی و لەبەر چی، رژێم لە ماڵ و حاڵی خۆیان دەریان دەکات و ڕەوانەی سنووری ئێرانیان دەکات. بەراستی ئەم درامایە زۆر بە جوانی توانییویەتی مەبەستی سەرەکی دراماکە بگەیەنێتە دیدی بینەران، لەهەمانکاتیشدا دڕندەیی رژێمی بەعس پیشان بدات.

دڕندەیی رژێمی بەعسی فاشیستی

خاڵێکی گرنگی تر بەلای منەوە پیشاندانی رووی هەقیقی رژێمی بەعسی سەدامی بوو، بەداخەوە بەهۆی خراپی سیستەمی حوکمڕانی ئێستای کوردیی و چالاکی بەردەوامی بەعسییەکان، خەریکە دووبارە رووی قێزەون و خوێناوی بەعس لای نەوەی نوێ جوان دەکەن. ئەم درامایە هەوڵیداوە رووی هەقیقی رژێمی بەعس پیشان بددات، کە ڕژێمێکە لەسەر بنەمای ترس و تۆقاندن و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، دیکتاتۆری، گەندەڵی، ناهەقی و ستەمکاری دامەرزاوە. لە رێگەی ئەم درامایەوە، ئێمە زیندان و لێدان و تاوان و ئەشكنەجەدان و ستەمکاری دەبین. هەروەها بۆمان دەردەکەوێت کە ئەو ڕژێمە چەندە دوژمنی مافەکانی مرۆڤ و ئازادیی و دادپەروەری بووە. هەروەها چۆن سڵی نەکردۆتەوە لە ئەتکردنی شەرەف و نامووسی خەڵکیش. بەداخەوە ئێستا بەهۆی بڵاوبوونەوەی گەندەڵییەوە، خەڵکانێک وا هەست دەکەن، کە لە رژێمی بەعسیدا گەندەڵی نەبووە، بەڵام لە راستیدا لە سایەی رژێمی بەعسیشدا گەندەڵی زۆر هەبوو، بەڵام کەس نەیدەوێرا باسی لێوە بکات چونکە ئازادی نەبوو.

کورد و کوردستان

خاڵێکی جوان و سەرنجراكێشی تریش کەمایەی خۆشحاڵیم بوو،لەم درامایەدا وێنەیەکی جوانی خەڵکی کورد و خاکی کوردستانی پیشانی بینەرانی داوە، ئەمەش گرنگە بەتایبەتی بۆ بینەری عەرەبی چونکە ماوەیەکی زۆر رژێمی بەعس کاری لەسەر ناشیرینکردنی کورد کردووە، هەروەها بەداخیشەوە هەڵەکانی حکومەتی هەرێم و هەندێک پارتی کوردی، وێنەی کوردی لای عەرەبی عیراقی ناشیرین کردبوو. بەڵام لەم درامایەدا ئێمە وێنەیەکی جوان و باشی کورد دەبینین. باسی رۆحی هاوکاریی و گیانفیدایی و میواندۆستی کورد دەکات، چۆن کوردەکان هەوڵی رزگارکردنی ئەو خەڵکانە دەدەن کە لە دەستی رژێمی بەعس دەکرد، کوردستان لێرە دەبێتە پەناگەیەک بۆیان.
لە لایەکی ترەوە ئەم درامایە وێنەیەکی جوانی پێشمەرگەی پیشانداوە و وەکو خەڵکانی خەباتگێڕ پیشان دراون، ئەمەش شتێکی زۆرباش و گرنگە. لە کاتێکدا دراما تورکییەکان ماوەی چەندین ساڵە کار لەسەر ئەوە دەکەن، کە خەباتی گەلی کورد بە تیرۆریست پیشانی خەڵکی بددەن.
بەگشتیش وێنەی کورد لە دراما تورکییەکان زۆر ناشیرین کراوە، لە هەمووشی ناخۆشتر کەناڵە تیڤییەکانی لای خۆشمان سەرەیان بۆ ئەم دراما قێزەونانە گرتووە کە سووکایەتی بە کورد دەکەن.

درامایەکی تەواو خۆماڵی

لەم درامایەدا کۆمەڵێک ئەکتەری بەناوبانگ و بەتوانای عیراقی دەوریان تێدا گێڕاوەو هەمووشیان لەرووی نمایش و توانای هونەرییەوە، زۆر سەرکەوتووبون، بەتایبەتی ژنە ئەکتەری بەناوبانگی عیراقی ” ئاسیا کەمال” هەروەها لە رووی سیناریۆشەوە، زۆر بەهێز بوو، کە لە لایەن سیناریست و هونەرمەندی عیراقی ” باسل شبیب” نووسراوە. نووسەر هەوڵیداوە تاڕادەیەکی باش، باسی ژیانی کۆمەڵگەی عیراقی لەسایەی ڕژێمی بەعس بکات.
لەلایەکی ترەوە لەم درامایەدا تاقمی دەرهێنان و مۆنتاژ و تەنانەت موزیک و گۆرانیشەوە هەمووی عیراقیی بوون. ئەمەش سەرکەوتنێکی گەورەیە بۆ درامای عیراقی.
ئێمە سەدان بگرە هەزاران حکایەتی هەمەجۆرمان هەیە و هەروەها کۆمەڵێک ئەکتەری باش و سیانریستی باشمان هەیە، ئیتر چ پێویست دەکات هانا بۆ شتی دەرەکی بەرین.
لە هەمووشی گرنگتر لەم درامایەدا کۆمەڵێک ئەکتەری بەتوانای کوردیش تێیدا بەشدارن، لە ڕووی نمایش و توانای هونەرییەوە زۆر سەرکەوتووبون، ئەمەش مایەی خۆشحاڵییە.

دوا قسە

بەدڵنیایەوە ئەم درامایە جارێکی تر کۆمەڵگەی عیراقی بە ڕژێمی سەدامی بەعسی لەناوچوو ئاشنا کردەوە، بەداخەوە کێشە زۆرەکانی عیراق، خەریکە دووبارە ڕژێمی بەعس لای خەڵکی شیرین دەکاتەوەو تاوانە زۆرەکانی خەریکی لەبەرچاوی خەڵکی دەسڕێتەوە.
هەرچەندە ئەم درامایە ساڵی 2013 بەرهەم هاتووە، بەڵام بەداخەوە ئەمساڵ کراوەتە کوردی، لەکاتێکدا دەبوایە زۆر زووتر ئەم درامایە لە کەناڵە کوردییەکاندا پەخش بکرایە، بەڵام لەبەرئەوەی بەشیکی زۆری کەناڵە کوردییەکان خەریکی پەخشکردنی درامای تورکین، دەرفەتیان بۆ درامای ناوخۆیی نەماوە.
لەلایەکی ترەوە هیوادارم ئەم درامایە هانی ئەکتەر و نووسەر و کەناڵە کوردییەکان بدات، تاوەکو درامای زیاتر لەبارەی تراژیدیای کوردە فەیلییەکان و کارەساتەکانی تر بکەن، کە ڕژیمی بەعس بەسەر گەلی کوردا هێناویەتی. لەهەمانکاتیشدا داواکارم لە وەزارەتی رۆشنبیری، ڕێزلێنان و دەستخۆشییەک لە ستافی ئەم درامایە بکات، چونکە ئەمە لە ڕووی مەعنەوییەوە هانی هونەرمەندانی عیراق دەدات، کە لە مجۆرە کارانە بکەن.
لە کۆتاییدا دووبارە دەستخۆشی لە تەواوی ستافی ئەم درامایە دەکەم و هیوای کاری باشتریان بۆ دەخوازم. هەروەها وەرگێران و پەخشکردنی ئەم درامایەش لەکەناڵی کوردسات، مایەی دەستخۆشی لێکردنەوەو هیوادارم هەمیشە لەمجۆرە درامایەن پەخش بکەن.




لە پیوارى کولتورى دانپێداناندا … ناودار زیاد

لەم کورتە نووسینەدا دەربارەى نائامادەیى یاخود پیوارى کولتورى دانپێدانان لە هەرێمى کوردستاندا مەبەستمان نییە قسە لەسەر پرسى دانپێدانان بە ئەویتردا بکەین کە یەکێکە لە کێشە فەلسەفییەکان و فەیلەسوفى ئەڵمانى و نەوەى سێیەمى قوتابخانەى فڕانکفۆرت (ئەکسیل هۆنیث) (١٩٤٩- ) یەکێکە لەو فەیلەسوفانەى سەرنجى زۆرى لەسەر چڕکردۆتەوە، هەرچەندە (هۆنیث) لە کتێبى (کۆمەڵگەى بوغزاندن: بەرەو تیۆرییەکى ڕەخنەیى نوێ) ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە دانپێدانان هەر ئەوە نییە کە بە زمان و بە قسە دان بە شتێکدا بنێین، چونکە تێگەیشتن لە ڕێگاى زمانەوە بریتییە لە کورتکردنەوە و بەخودیکردنى پرسەکە و، هاوکات هەڵەیەکى مەعریفیشە، بەڵکو دانپێدانان پێویستە فۆڕمى کارلێکى ناگوتاریى هەبێت، کە هەموو ڕەهەندە ئاماژەیى و ڕەمزیى و بەرجەستەیى و نێوانخودییەکانى کارلێککردن دەگرێتەوە.
هەروەها باس لەو پەشیمانى و دانپێدانانەش ناکەین کە لە کەلەپورى ئاییندا، بەتایبەت لە ئایینى مەسیحیدا پەیڕەو کراوە، ئەوەى کە کەسانى پەشیمان و دانپێدانەر ڕۆیشتوون بۆ لاى قەشە و کاهینانى پەرستگا و دانیانناوە بە تاوانەکانیاندا و داواى لێخۆشبوونیان لێکردوون، لە بەرامبەردا کەنیسە یاخود پیاوانى ئایینیى چەکى لێخۆشبوونیان (صکوک الغفران) پێیان فرۆشتووە تاکو لە ڕۆژیى دواییدا بەو چەکە تاوانەکانیان بکڕنەوە.
لە کۆمەڵگەى کوردیدا تاکەکان ترسیان لەوە هەیە دان بە هەڵە و کەموکوڕییەکانى خۆیاندا بنێن. لە ڕوانگەى ئایینى ئیسلامى زۆرینەوە تاوان و هەڵە و گوناحەکان باشترە لەنێوان خۆت و خوادا بمێنێتەوە و بۆ کەس باس نەکرێن. ئەمە وایکردووە تاکەکان ئەگەر تاوان و خراپەیان ئەنجامدا دانى پێدا نەنێن. لە ڕوانگەى عەقڵییەتى خێڵى زۆرینەشەوە تاکیی خێڵەکیى پەسەندکراو و خواستراو ئەو تاکەیە مکوڕ و پێداگر و کەلـلەڕەق بێت و داکۆکى لە چاک و خراپى کار و کردەوە و هەڵوێستەکانى بکات، تەنانەت بە نەنگى و لاوازى و کەموکورتى و سازشکردنى دەزانێت ئەگەر بڵێت لەو قسەیەم پەشیمانم، یاخود هەڵەمکرد ئەو کردەوەیەم ئەنجامدا. ئەم عەقڵییەتە لە سیاسەت و کارى حوکمڕانیشدا ڕەنگیداوەتەوە، بەجۆرێک دەیان نموونەى سیاسەتمدار و حوکمڕان لە هەرێمى کوردستاندا هەن سەربارى ئەوەى بەرپرسیارى یەکەم و سەرەکین کەچى خەتا و گەندەڵى و کەموکوڕییەکان دەخەنە ئەستۆى ئەوانى تر، هیچ یەکێک لە سیاسەتمەدار و حوکمڕانان خۆیان بە خەتابار نازانن و دان بە هیچ هەڵەیەکى خۆیاندا نانێن. لە کە کۆمەڵگەى ئێمەدا ڕاستییەک هەیە پێویستە ئاماژەى پێ بکەین ئەویش ئەوەیە داننان بە هەڵە و خەتا و تاواندا لەسەر هەر ئاستێکدا بێت بە بێ قوربانیدان و لێپرسینەوە و باجدان تێپەڕ نابێت، ئەمە کەمتر لێکەوتەى یاسایی هەیە کە سروشتى پابەندبوونى هەیە، بەڵکو زیاتر ڕەهەندى کەسیى و ئەخلاقیى و فەرهەنگى و هزریى و کۆمەڵایەتیى و سیاسیى هەیە.

پەیوەندییەکى بەتین لەنێوان دانپێدانان و گۆڕانکاریدا هەیە، دانپێدانان سەرەتا هەستکردن و پەیپێبردنە، دواتر هۆشداریى و زەنگ و هەڵوەستەکردن و لێپرسینەوەیە. مرۆڤ کاتێک بەرەو وەرچەرخان و گۆڕانکاریى هەنگاو دەنێت کە پێداچوونەوە بە باوەڕ و ڕوانگە و دونیابینى و کردە و هەڵوێستەکانیدا بکات، بێگومان لەمیانەیدا هەڵە و ناتەواوى و کەمتەرخەمیی لە هەندێکیاندا بەدیدەکات، هەر کەسێک پێیوابێت هەموو بۆچوون و کردە و هەڵوێستەکانى ڕاست و دروست و شیاو و چاکن ئەوا ئەو کەسە نابێت بیری کردبێتەوە و بەرکەوتنى لەگەڵ کەسى تردا هەبووبێت و نابێت هەستەکانى ئیش بکەن! لێرەدا ئەوە گرنگ نییە ئێمە لەبەرئەوەى مرۆڤین کەواتە شایانى هەڵەین، بەڵکو گرنگە پرسیار لە خۆمان بکەین چۆن بیردەکەینەوە؟ بە چ کەرەستەیەک لە دونیا دەڕوانین؟ چۆن ئەوانى تر دەبینین؟ لەسەر چ بنەمایەک هەڵوێست و باوەڕەکانمان دادەڕێژین؟ ،،،تاد. ئەم پرسیارانە کاتێک ئەنجامیان دەبێت کە گومان لەسەر وەڵامەکان دابنێین و دەبێت پێمان وابێت بەشێکى حەقیقەت لاى ئێمەیە، نەک تەواوى حەقیقەت و، حەقیقەتیش ڕێژەییە نەک ڕەها، بەڵام ئایا تا چەند زاتى ئەوەمان هەیە خۆمان بخەینە ژێر تەلسکۆبى گومانەوە؟ تا چەند تواناى ڕووبەڕووبوونەوەى خۆمان هەیە؟ لێرەوەیە پەرجووى لێبووردن و کرانەوە و گۆڕانکاریى و دەرچوون لە چەقبەستوویى دەپشکوێت: ئەوەى ئەوروپا و بەشێک لە خۆرئاوا پێیدا تێپەڕیوون یاخود درێژەى پێدەدەن و، بەرهەمەکەى پڕۆژەى ڕۆشنگەریى و مۆدێرنیتە بووە، کە ئێمە و خۆرهەڵات بەگشتى هێشتا دەستمان نەداوەتێ. ئەمەیە وا دەکات فەیلەسوفى فەڕەنسى (میشێل فۆکۆ) (١٩٢٦-١٩٨٤) بڵێت: “مرۆڤى خۆرئاوایى، مرۆڤێکى دانپێدانەرە”، ئەمەش یەکێکە لە نهێنییەکانى گەشەسەندنى خێرا و بەرەوپێشچوونى بەرفراوان لە هزر و کولتورى تاک و کۆمەڵگادا.

ئەوەى وا دەکات کولتورى داننان بە هەڵە و کەمایەسى و تاواندا لاى ئێمە ئامادەیى نەبێت بریتییە لە هەستى ئەویتر بە گەورەزانین و باڵاڕوانیی، لەکاتێکدا بە بۆچوونى من مرۆڤ-پیرۆزیى و مرۆڤ-باڵایى و هیرارکییەت وێڕاى ڕەهەندى ڕەهەندى کۆمەڵایەتى و ئابورى و سیاسیى بەڵام بەتوندى بەستراوەتەوە بەوەوە کە وایدەبینین ئەو مرۆڤە تەواو و کامڵ و ڕێک و حەکیمە، قسەکانى نەستەقن و لوغز و نهێنیان تێدایە، کردەوەکانى شایانى لاساییکردنەوەن، پێویستە شوێنپێى هەڵبگرین و بەدوایدا بچین. جۆرى ئەو فۆڕمە لە مرۆڤ کە لامان گەورە و پیرۆز و بەرز و باڵان لە دەوروبەر و کۆمەڵگەکەماندا زۆرن، بە دەیان و سەدانیان ڕۆژانە بەرچاومان دەکەون، لە سیاسەتمەدار و ئاغا و هونەرمەند و سەرمایەدار و ڕاگەیاندنکار و ئەوانەى لە چاوى تاکەکانەوە یاخود بە پێوەرەکانى کۆمەڵگا کەسانى بەناوبانگ و سەرکەوتوون. ئەمانە زۆربەیان لە ڕوانگەى مافى مرۆڤ و دەستور و یاسا کارپێکراوەکانەوە لە تاوان و پێشێلکارییەوە تێوەگلاون، لە هەر دەوڵەت و کۆمەڵگایەکى پێشکەوتوودا بن بەبێ باج و لێپرسینەوە و نەفرەت دەرباز نابن، کەچى لێرە هەم بچوکى و مامەحەمەییان بۆ دەکرێت، هەم ئەوەندە بێشەرم و ڕووقاییمن ئامادەى دانپێدانانیش نین، تەنانەت بە شانازى و سەربەرزییەوە پاساو بۆ تاوان و کوشتن و گەندەڵى و کارە قێزەونەکانیان دەهێننەوە. وەک بڵێى مرۆڤ لەم کۆمەڵگایەدا بۆ ئەوە دروست بووە هەمیشە و تا مردن حیکایەت و پێچ و پەنا و بەند و بالۆرە بۆ چاک و خراپ و ڕاست و هەڵەکانى خۆى بهۆنێتەوە.




وڵات و مانگا و قەشە … نووسینی: جلال الجاك … وەرگێڕانی: محمد احمد محمد

لە سەردەمی قورەیش دا قەشەکان بە بتپەرستەکانیان دەوت بتەکان داوای مانگایەکتان لێ دەکەن بۆ ئەوەی داواکارییەکانتان جێبەجێ بکەن،
بێگومان مانگاش قسە ناکات بەڵکو سوومەند لەم کارە تەنها قەشەکەیە
خۆ ئەگەر قەشەکە بە خەڵکی بوتایە مانگایەکم دەوێ کەس پێی نەدەدا، بۆیە فێڵی لێیان کرد بتێکی بۆیان دۆزییەوە کە بیپەرستن و پیرۆزی بکەن و لە پێناویدا بمرن.
پاشان قەشەکە خۆی دەکاتە نوێنەر و وتەبێژی بتەکە و داوا لە خەڵك دەکات گەورەیی و پیرۆزی بۆ بتەکە بنوێنن
تا گەیشتە ئەو رادەیەی ئەگەر داوای شتێکی لە خەڵك کردبا بەناوی بتەکەوە زۆر بەخۆشحاڵییەوە دەیاندایە قەشەکە و چاوەڕێیان دەکرد قەشەکە پێیان بڵێت کە دیارییەکەیان قبوڵ کراوە
لە پێش جەنگی جیهانی دووەمدا، هیتلەر لە وتارێکیدا بە ئەڵمانەکانی وت کە خوایەکیان بۆ دروست دەکات لەسەر زەوی بۆ ئەوەی بیپەرستن، مەبەستی وڵاتی ئەڵمانیا بوو کە پێویستە لە پێناویدا بمرن و قوربانی بدەن لە پێناو گەورەیی و بەرزیدا.

نیشتمانیش هەروەکو بتێکی بەرستراوە و قسەش ناکات، ئەوانەی بەناوی نیشتمانەوە قسەدەکەن سیاسییەکانن کە هاوشێوەی قەشەکانن.
کاتێك کە داوای قوربانیدان دەکەن لە خەڵك لە پێناو نیشتماندا ئەوان داوای قوربانیدان دەکەن لە پێناو خۆیان و مانەوەیان لە دەسەڵات.
ئەو کەسانەش کە نیشتمانیش دەپەرستن بەختەوەرن…
دەڵێن تۆ لە پێناو خاك دا دەمریت و ناوی شەهیدی نیشتانت لێ دەنێن، لە کاتێکدا کە سەرۆکەکان نە خۆیان و نە کوڕەکانیان لە پێناو خاکدا نامرن

. چونکە ئەوان خۆیان نیشتمانن
لە پێناو ئەواندا نیشتمان پەرستەکان دەمرن
هەموو کات وشەی زەبەلاح دەبیستین وەکو خەزینەی وڵات و موڵکەکانی وڵات و هەیبەتی وڵات و سەرۆکی وڵات
هەمووانیش دەمرن بۆ ئەوەی وڵات نەرووخێت
وڵات .. وڵات … وڵات
کەسیش ناپرسێت وڵات چییە؟!
ئەم چەمکە واتایی یە پیرۆزە چییە کە هەموو شتێكی بۆ دەگەڕێننەوە و مافی خۆیەتی هەموو شتێکتان لێ بسێنێتەوە
ئایین و گیان و کەرامەت و پارووتان
ئەم پەرستراوە پیرۆزە چییە کە داوا لە خەڵکی ئەکەن برسی بن زۆ ئەوەی ئەو تێربێت؟
و خەڵکی بمرن و ئەو بژی
و خەڵکی سووکایەتییان پێ بکرێ و ئەو کەرامەتی پارێزراو بێ
لە ڕاستیدا
وڵات پەرستراوێکی وەهمییە و هیج مانایەکی نییە جگە لە هێز و دەسەڵاتی سەرۆکەکان
بۆ ئەوەی خەڵکی بە ملکەچی و کۆیلایەتی رازی بن پێویستە هەموو کات پێیان بوترێ کە هەموو ئەوەی دەیکەن لە پێناو بەرژەوەندی وڵاتە
پارەکانت دەدزن و مافەکانت زەوت دەکەن دواتر پێت دەڵێن ئەوان تەنها لە پێناو بەرژەوەندی وڵات بردوویانە
سووکایەتیت پێ دەکەن و خوێنت حەڵاڵ دەکەن و دواتر دەڵێن تەنها لە پێناو بەرژوەندی وڵات کردوویانە
سەربازەکان لە پێناو مانەوەی خۆیان بەکاردێنن و بەرەو جەنگ دەیانبەن، بە بیانووی پاراستنی وڵات.

گەر بە ئاشکرا بیانوتایە ئێمە دەتانکوژین و تاڵانتاندەکەین و پارەکانتان دەبەین لە پێناوی دەسەڵاتی خۆمان هیچ کەسێک قبوڵی نەدەکرد
دواتر ویستییان پیرۆزی و مەزنی زیاتر بەوپەرستراوە ببەخشن بۆیە ناویان نا وڵاتی پیرۆز
بۆ نموونە لە میسر وایان لە خەڵکی کردووە لە دوایانەوە بڵێن
ئەمرین لە پێناو میسر دا
بە قوربانی میسر بین
بە ئازادی بژی میسر
ئەگەر داوا لە میسرییەکان کرابێت لە پێناو میسر بمرن؟!
دەبێت بپرسین؟ میسر چییە تا میللەت لە پێناویدا سووکایەتیپێ بکرێ و بکوژرێ
کەواتا میسر میللەتەکەی نییە
ئەی خاکەکەیەتی؟!
ئەگەر خاکەکەی بێت.. کێ سنوورەکانی داڕشتووە؟!
خۆ زۆربەی سنووری ئەم وڵاتانە داگیرکەرە ئینگلیز و فەرەنسییەکان دایناوە نە باپیرەی من و تۆ دایاننەناوە!!

ئەوە با بڵێین رێکەوتین لەسەر سنووری خاکیش
ئایا خەڵکی موڵکی خاکن یان خاك موڵکی خەڵکە؟!
بەڕێران ئێو زۆربەتان شوقەیەکتان نییە لەسەر ئەو خاکەی کە لەسەری دەژین، ئەوەیشی شوقە و خانووی هەیە باجەکەی دەدات وەك بڵێی بە کرێ گرتبێتی لە سەرۆکی وڵات و حکومەتەکەی
بگرە ئێمە هەموومان پارەی ئەو گۆڕەش دەدەین کە لێی دەنێژرێین
ئەی کوا ئەو خاکەی کە خۆتانی بۆ دەدەنە کوشت؟؟ ئەوانە خاکی دەوڵەتن!

خاکێك پەرستراوەکەی وڵات (سەرۆکی وڵات) دابەشی دەکاتە سەر شوێنکەوتوو و دارودەسەتەکەی بۆ ئەوەی دڵسۆزییان بەدەستبهێنێت و دابەشی دەکاتە سەر بازرگانە گەندەڵەکان و وەبەرهێنە بیانییەکان بۆ ئەوەی خۆی قازانجی لێ بکات، هەروەک چۆن قەشەکەی قورەیش قازانجی لە مانگاکە دەکرد

کەواتا وڵات خاك نییە!!
ئەی چی مایەوە لە چەمکی وڵات کە خۆمانی بۆ دەدەینە کوشت؟!
تەنها خاوەنی بڕیار و هێز و دەسەڵات
تۆش داوات لێ کراوە برسی بی و سووکایەتی قبوڵ بکەی لە پێناو مانەوەیان و پاراستنی بەرژەوەندیەکانیان

وڵاتی راســـــــــــــــــتەقیـــنە مـــیللـــــــــــەتە

نووسینی: جلال الجاك
وەرگێڕانی: محمد احمد محمد

———————————

سەرچاوە:
http://www.m.ahewar.org/s.asp?aid=679580&r=0




ئێرە هەرێمە یان چەند پارێزگایەک سەر بە عێراق … سامان عەول

دابەشکردنی یەکە ئیدارییەکان و دروستکردنی هەرێمێکی بێ پارێزگا، باشترین هەڵبژاردەیە بۆ چاکسازی لە سیستەمی ئیداری هەرێمی کوردستان.
باسەکەمان بەم چەند خاڵە دەست پێ دەکات‪:‬

  1. لە عێراق هەرێمێک هەیە بە ناوی هەرێمی کوردستان، بەڵام عێراق پێکهاتووە لە 18 پارێزگا( هێشتا هەڵەبجە بەشێوەیەکی یاسایی نەکراوە بە پارێزگا ). باشە ئەگەر دابەشکردنی شارەکانی عێراق لە دوای ساڵی 1968تەوە بەشێوازی پارێزگایە و تا ئێستاش هەمان شێوازی ئیداریی لە دەستوری عێراقدا چەسپێنراوە‪,‬ ئەی باشە ئەم هەرێمە مانای چیی؟
  2. ئەگەر موچەی کارمەندانی ئەم هەرێمە لەلایەن بەغداوە دابەش بکرێت و بەغدا لەسەر ئاستی پارێزگاکان موچەکە بنێرێت، ئەی باشە ئیتر هیچ پێویستییەکمان بەو حکومەت و پەرلەمانەی هەولێر دەبێت؟
  3. ژمارەی ئۆتۆمبێلەکان تائێستاش هەر ناوی عێراق و ناوی پارێزگاکانە، ئەی کوا ئاماژەیەک بۆ ئەم هەرێمە؟
  4. لە پەرلەمانی عێراق ژمارەی کورسییەکان بەسەر ئەم 18 پارێزگایە دابەش کراوە، نەوەک 15 پارێزگا و هەرێمێک!
  5. ئایە ڕێژەی کورد لە کابینە وزارییەکانی حکومەتی عێراق بە چ پێوەرێک هەژمار کراوە؟ بە پێوەری ڕێژەی هەموو دانیشتوانی هەرێمی کوردستان، یان بە پێوەری ڕێژەی سێ پارێزگا؟
  6. بەگوێرەی دەستوری عێراق (کە کورد خۆی ئەم بەندەی تێیدا چەسپاندووە) دەڵێ ئەگەر گۆڕانکاریی لە بەندەکانی دەستوری عێراق کرا، ئەوە دەبێت ریفراندۆم ئەنجام بدرێت بۆ ڕەزامەندی گەلی عێراق لەسەر ئەو گۆڕانکارییە، هەرکات سێ پارێزگا بەزۆرینەی دەنگەکان ئەم گۆڕانکارییانەیان رەتکردەوە، ئەوە یاسا تازەکە هەڵدەوەشێتەوە و کاری پێناکرێت. هیچ ئاماژەیەک نییە بۆ هەرێمی کوردستان! بەڵکو ئەم هەرێمەش (بە ڕەزامەندی سەرکردەکانی کورد) وەک سێ پارێزگا حسابی بۆکرا بۆیە باس لە رەتکردنەوەی سێ پارێزگا دەکات. ئەم یاسایەش زۆر ترسناکە چونکە دەکرێت لە داهاتوودا دەستکاری دەستور بکرێت بۆ نەهێشتنی سیستەمی فیدڕاڵی و کاتێک رێفراندۆمێکی لەسەر دەکرێت، ئەگەری زۆرە کە یەکێک لەم سێ پارێزگایەی هەرێم بە زۆرینەی دەنگ رەتی نەکەنەوە و لەم کاتەدا هەرێم دەکەوێتە ژێر هەڕەشەی نەمانەوە. بۆیە دەبوو باس لە رەتکردنەوەی زۆرینەی خەڵکی هەرێمی کوردستان بکرایە لە ڕیفراندۆمەکان. واتە هەموو خاکی هەرێم بەیەک ناوچە تەماشا بکرایە، بەڵام ئەوە هەر سەرکردەکانی کورد خۆیانن کە لەهیچ بوارێکدا حسابیان بۆ هەرێم نەکردووە، بەڵکو حسابیان بۆ سێ پارێزگاکەی ناو هەرێم کردووە.

ئایە هێشتا درەنگ نییە بۆ چاکسازی؟

ئەم خاڵانەی سەرەوە ئەو نەشارەزایی و تێکەڵەییەمان نیشاندەدا، کە لەگەڵ دامەزراندنی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 1991دا پارتی و یەکێتی تێیکەوتوون و ئەگەر چارەسەری نەکەن، ئەوە زۆر بەئاسانی دەبێتە مایەی نەمانی دەسەڵاتێک کە پێیدەڵێن دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان. چۆن؟
ئیمڕۆ ئێمە پارێزگا و شارۆچکە و شارەدێ و لادێمان هەیە. ئەوەی کە گۆڕابێت ئەوەیە کە ئەم پارێزگایانە لەجێی ئەوەی سەر بە پایتەختێک بن بەناوی بەغدا، ئێستا سەر بە هەولێرن.
ئەم نمونەیەش لەوە دەچێت کە عێراق کرابێت بە دوو بەشەوە و دوو پایتەختی هەبێت، نەوەک هەرێمێک هەبێت بەناوی هەرێمی کوردستان و سەر بە دەوڵەتێک بێت بەناوی دەوڵەتی عێراق. نابێت هەم هەرێم بیت و هەم پارێزگا!
وەک لە دەستوری عێراقدا هاتووە، عێراق پێکهاتووە لە پارێزگاکان و لە هەرێم. دەبوو لەم هەرێمەدا سیستەمی پارێزگا هەڵوەشایەتەوە و هەموو شارە گەورەکانی هەرێمی کوردستان وەک سلێمانی و هەولێر و دهۆک و زاخۆ و کۆیە و سۆران و هەڵبجە و گەرمیان و چەمچەماڵ ……هتد، لەسەر شێوازی لامەرکەزی بکرایەن بە کۆمەڵە ناوەندێکی ئیداریی سەربەخۆ بەناوی ناوچە یان کانتۆن یان هەر ناوێکی دی . شارەدێ و لادێکانیش دابەش کرایەن بەسەر ئەم ناوچە ئیدارییانە و هەریەک لەم ناوچانە خاوەنی ئەنجومەنی شارەوانیی و سەرۆک شارەوانی خۆی بووایە کە لەڕێگای هەڵبژاردنەوە دەستنیشان بکرایەن. هەولێریش وەک پایتەختی ئەم هەرێمە پەرلەمانێکی دوو ژووی لەخۆ بگردایە( ژووری ئەندامە هەڵبژێراوەکان لەسەر ئاستی هەرێم و ژووری سەرۆک شارەوانییەکان )، لەم پەرلەمانەوە بەزۆرینەی دەنگی هەردوو ژوورەکە کەسایەتییەک بکرایە بە سەرۆکی هەرێم و ئەم کەسایەتییە حکومەتێکی بچوکی خۆجێی دامەزرانایە، واتە پێویستی بە سەرۆک وەزیران نەدەکرد.
ئەم نەشارەزاییەی دەسەڵاتی کوردی بە سیستەمی فیدڕاڵی و چۆنێتی ئیدارەدانی هەرێم گەورەترین هەڕەشەیە بۆ سەر خۆدی دەسەڵاتی کوردی خۆی، چونکە هەرکاتێک بەغدا دەسەڵاتی پەیداکرد و وەک جۆرە ڕێکخستنێکی ئیداری ناوخۆیی دەتوانێت هێرش بکاتە سەر هەولێر و ئەم هەرێمە بتوێنێتەوە یان ئەنجومەنێکی کارتۆنی بۆ دانێت لەوەی سەردەمی بەعس. لەگەڵ توانەوەی دەسەڵاتی هەولێر هیچ پشێوییەک ڕوونادات، چونکە ئەم ناوچەیە تەنها سێ پارێزگایە و ئەم جارەیان دەگەڕێنەوە سەر بەغدا.
ئەبێ ئەوەش بزانین کە لە ڕووی یاساییەوە پایتەخت بۆی هەیە دەسەڵاتی خۆی فەرزکات بەسەر هەموو خاکی عێراقدا. نموونەی ئەم باسەمان هەڕێمی چیچان و کۆنفیدڕاڵی ڕوسیایە، لە سەردەمی بۆرس یاڵتسن لە ساڵی 1994دا ئەو کاتەی کە چەکدارە ئیسلامییەکانی چیچان هێزێکی گەورەبوون، توانیان چیچان وەک ناوچەیەکی سەربەخۆ لە ڕوسیا داماڵن تا فلادیمێر پۆتین بوو بە سەرۆکی ڕوسیا ولە 1999وە تا ساڵی 2009 سوپایەکی سی هەزار سەربازی نارد بۆ جەنگەکانی چیچان و سەرکەوت بە سەر هێزە سەربازێکانی چیچاندا و حکومەتێکی خۆجێی سەر بە ڕوسیای لە چیچان دامەزراند. ئەم هێرشانەی ڕوسیا بۆ سەر چیچان وەک جەنگێکی ناوخۆی تەماشا کرا کە لە چوارچێوەی شەڕی ڕوسیای فیدڕاڵ دژ بە تیرۆرستان هەژمارکرا و ئێستا ڕەمەزان قەدیرۆڤ سەرۆکی چیچانە کە کەسایەتییەکی سەر بە کرملنە لە چیچان.
هەمان ئەم سیناریۆیە دەکرێت لە عێراقێکی خاوەن سووپایەکی بەهێز و سەرۆک وەزیرانێک کە بییەوێت دەسەڵاتەکانی بەرفراوانتر بکات، ڕووبدات، بەتایبەتی لەم بارودۆخەی ئێستای ئەم هەرێمە کە خاوەن دەسەڵاتێکی تەواو شکستخواردووە و متمانەی خەڵکی لە دەست داوە و لەڕووی ئابورییەوە بەرەو مایەپووچی دەچێت و لەدوای ڕیفراندۆمە شوومەکەوە و هەڵەکانی بەڕێوەبردنی کەرتی نەوت و غاز و بێ پارەیی ئێستا هەولێر بەتەواوەتی لاوازە بەرامبەر بە بەغدا و ئەگەر لەڕێگای جەنگیشەوە نەبێت، ئەوە لە ڕێگای گفتوگۆوە بەغدا دەتوانێت زۆربەی دەسەڵاتەکان لەدەستی حکومەتەکەی هەولێر وەرگرێتەوە و ئەگەر ئاوها بڕوات ئەوە هەولێر وەک حکومەتێکی کارتۆنی بێ دەسەڵات بۆ ماوەیەک دەمێنێتەوە و لە کۆتایدا دەچێتە ژێر ڕکێڤی بەغداوە.

نەخێر هێشتا درەنگ نییە بۆ چاکسازییەکی بنەڕەتی و دانانی دەستورێکی هەمیشەی بۆ هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای دابەشکردنی دەسەڵاتەکان بەسەر شارە گەورەکانی هەرێم و لادانی سیستەمی پارێزگاکان. لەم حاڵەتەدا هەموو پەیوەندییەکانی بەغدا و دەرەوەی هەرێم لەگەڵ هەولێر دەبێت و هەولێریش سەرپەرشتی ئیدارە سەربەخۆکانی شار و ناوچەکان دەکات لەڕێگای پەیوەندی نێوان سەرۆک و وەزیرەکانی هەرێم لەگەڵ سەرۆک شارەوانییەکان. ئەم سیستەمە تازەیە هەم ئەو لامەرکەزییە خراپەمان لەکۆڵ دەکاتەوە کە یەکێتی دەیەوێت لەسەر ئاستی دەسەڵاتی حیزبی دایمەزرێنێت و هەم ئەو مەرکەزییە خراپەمان لەکۆڵ دەکاتەوە کە پارتی دەیەوێت هەموو دەسەڵاتەکان بۆ خۆی قۆرخکا وهەموو حیزبەکانی تر بکاتە پاشکۆی خۆی. لەهەمان کاتدا بەغدا ناتوانێت وەک چەند پارێزگایەک تەماشات بکات و ناتوانێت بیر لەوە بکاتەوە کە پەیوەندی لەگەڵ پارێزگاکان بەڕاستەوخۆ ئەنجام بدات. دەبێت لە پەرلەمانی عێراق حساب بۆ هەرێم بکرێت وەک یەک ناوەندی هەڵبژاردن و لە دابەشکردنی وەزارەتەکانی کابینەی حکومەت لە بەغدا دەبێت ڕێژەیەکی تایبەت بۆ هەرێمەی کوردستان دیاری بکرێت بە گوێرەی ژمارەی دانیشتوانی ناو هەرێم و تەنانەت ژمارەی ئۆتۆمبێلەکانیش دەبێت تەنها ناوی عێراق و هەرێمی کوردستانی لەسەربێت لەگەڵ کۆدی شارەکانی هەرێم. لەم کاتەدا دەکرێت پارتەکانی ناو هەرێم ڕکابەرێتی لەسەر دەسەڵاتی ناو شارەوانییەکان بکەن.

ئایە ئەم سیستەمە چارەسەری قەیرانە ئابورییەکانی هەرێم دەکات؟

لە کوردستان نایەکسانییەک هەیە بەرامبەر بە چەند ناوچەیەک کە داهاتیان لە شارەکانی تر زۆرترە، بەڵام چونکە داهاتەکان دەچنەوە لای پارتی و یەکێتی، دەبینین تەنها شارەکانی هەولێر و سلێمانی بەڕێژەیەکی زۆر قازانج لە بوجەی هەرێمی کوردستان دەکەن. بۆ نموونە داهاتی گومرکی سنوری زاخۆ، یان داهاتی کارگەکانی ناوچەی بازیان، یان داهاتی نەوتی گەرمیان….هتد. ئایە ئەم ناوچانە بەقەد شاری سلێمانی و هەولێر قازانجیان لەم داهاتەی ناوچەکانی خۆیان کردووە؟ نەخێر. بۆ ئەوەی ئەم ناحەقییە نەمێنێت و جۆرە ڕوحێکی ڕکابەرێتی بخەیەنە نێوان ناوچەکانەوە بۆ بووژاندنەوەی کەرتی ئابوری ناوچەکان ولە کۆتایدا ئەم ڕکابەرییە دەچێتە قازانجی کەرتی ئابوری هەرێم بەگشتییەوە، دەبێت تەنها ڕێژەیەکی کەم لەم سەرچاوە ئابورییانە وەک باج بدرێت بە حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەو ناوچانەی کە خاوەنی سامانی سروشتین وەک نەوت و غاز، دەبێت رێژەیەکی کەمی وەک لە سەدا یەکی داهاتەکە بدرێتەوە بە ناوچەکە. لێرەدا حکومەتی هەرێمی کوردستان دوو سەرچاوەی دەبێت وەک داهات. یەکەم باجی ناوچەکان و دووەم بەرامبەر ڕادەستکردنی نەوت و غازی هەرێم بۆ بەغدا، بەغداش بەشی هەرێم لە بوچەی گشتی عێراق ڕەوانەی هەولێر بکات.
هەر ناوچەو دەبێت خاوەنی خەزێنەی خۆی بێت. دەبێت موچەی فەرمانبەران و مامۆستایان و هەموو کەرتی خزمەتگوزاری ناوچەکە لەسەر ئەم خەزێنەیە بێت لەگەڵ بوجەی پرۆژەکانی ناو شار و لادێکانی ناوچەکە. بەم جۆرە هەر کێشەیەک ڕوویدا لە دواکەوتنی موچە یان تەواونەکردنی پرۆژەکان، ئەوە ئەنجومەنی شارەوانی و سەرۆک شارەوانی لێی بەرپرسیارن و هەر گەندەڵییەک هەبێت ئەوە لەسەر ئاستی ناوچەیەک دەبێت و زۆر بە ئاسانی دەتوانرێ ئاشکرا بکرێت، نەوەک بەم شێوازەی ئێستا کە کەس نازانێت گەندەڵییەکان کێ لێی بەرپرسیارە و خەڵکی یەخەی کێ بگرن.
ئەو داهاتەی کە حکومەتی هەرێم لە هەولێر دەستی دەکەوێت، دەتوانرێت موچەی هێزی پێشمەرگەی لێبدرێت و ئەو ناوچانەی کە داهاتە ناوخۆیەکانیان کورت دەهێنێت، لەم داهاتە پڕیکەنەوە ئەوەش لەڕێگای پێدانی بەڵگەوە کە بۆچی بوجەی ئەم ناوچەیە کورتی هێناوە. دەتوانرێت لەهەمان بوجەی حکومەتی هەرێمەوە چەند پرۆژەیەکی ستراتیژی پێ ئەنجام بدرێت، وەک شەقامێکی فراوانی( Highway ) نێوان شارەکانی هەرێم. یان چەندین پرۆژەی ستراتیژی تری وەک نەخۆشخانە و کۆمەڵێ کارگەی بەسوود و پرۆژەی ژینگە و دارستان و بوارەکانی گەشتوگوزار.
بە جێبەجێکردنی ئەم سیستەمە فیدڕاڵییە، ڕێژەی وەزیرەکانی کابینەی هەرێمی کوردستان کەم دەبێتەوە بۆ چەند وەزیرێکی پێویست کە کارەکانیان لەگەڵ ئیدارە سەربەخۆکان دەبێت و چەندین پلەی کارمەندی نامێنێت کە ئێستا هەیە بەبێ ئەوەی هیچ پێویستییەک هەبێت بۆ هەبوونیان، وەک قایمقام و پارێزگار و سەرۆک وەزیران. واتە کۆمەڵێ موچەخۆری زەبەلاح نامێنێت کە تەنها بارێکە لەسەر بوجەی گشتی هەرێمی کوردستان. ئەمەش قازانجێکی ئابوری ئەم سیستەمەیە لەئیدارەدان.

بیست و نۆ ساڵ لە حوکمڕانییەکی شکستخواردو و پڕ لە هەڵە، هەرێمی کوردستانی گەیاندووەتە ئاستێک کە متمانەی گەلەکەی لەدەست داوە و سەرکردەکانی لە بەغدا سازشبکەن بۆ ناردنی موچەی کارمەندانی ناو هەرێم و لە جێی گەڕانەوەی ناوچە دابڕاوەکان، کارمەندانی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیان داوای ئەوە بکەن کە بگەڕێنەوە ژێر دەسەڵاتی بەغدا. بە تۆپ بارانکردنی ناوچە سنوورییەکان لەلایەن تورکیاوە و بە نەبوونی یەک هێزیی پێشمەرگە و بە لەدەستدانی هەموو شەرعییەتێک بۆ حوکمڕانی ئەم هەرێمە، وەک شەرعییەتی شۆڕشگێڕی و شەرعییەتی هەڵبژاردن، ئەم چاکسازییە بنەڕەتییە زۆر پێویستە کە بەزووترین کات قسەی لەسەر بکرێت و بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، تا کات درەنگ نەبووە بۆ مانەوەی ئەم سێ پارێزگایە وەک هەڕێمێک. دابەشکردنی دەسەڵات بەسەر شار و ناوچەکاندا و دروستکردنی هەرێمێکی بێ پارێزگا، باشترین هەڵبژاردەیە بۆ مانەوەی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی وڵاتێکدا کە ناوی عێراقە.

06.2020




شەڕابێک لە رەنگی خۆرەتاو … ناڵە حەسەن

ئەم شەڕابە چیتر مەستمان ناکات
نامانگەڕێنێتەوە نێو
بنار هەوارگە سەوداسەریەکانی سەوزایی
یان / کۆڵانەکانی ئاگر
شەقامەکانی بروسکە
پێدەشتەکانی رەشەبا
من ئارەزووی شەڕابێکی تر دەکەم
بۆنی ڕەیحانەی لێ بێت و
شین شین / وەک گۆنا خرپنەکانی خودا
زەرد زەرد / وەک سیما فریشتەییەکانی مانگ
شەرابێک لە رەنگی خۆرەتا و
سوور سوور / وەک مەمکەکانی هەنار
شەڕابێک لە نێو ڕووبەری ونبوون
دڵفرازم بکا
تۆز و غوباری غەریبیم لێ دا تەکێنێ و
دڵ پڕ لەڕازم بکا

شەڕابێک
سەوز سەوز / وەک پەیکەرە ڕەنگینەکەی گیا
شەڕابێک بە نێو
بەهەشت و ئۆقیانوسەکان و
کەلاوەکانی شەونم و
مەملەکەتی ئەستێران دا بمگێڕێ
شەڕابێک
پشکۆی ئارەزووەکانم گەش بکاتەوە و
ئاشتم بکاتەوە لەگەڵ کچە دراوسێکانم
من چیتر
ئەم شەڕابە ناخۆمەوە
ئارەزووی شەڕابێکی تر دەکەم
شەڕابێک
ماڵە تاریکەکانی تەنیاییم
پڕ بکات لە نوور و
باڵندە و
مرۆڤە نامورادەکانیش بە سەما بهێنێ …!

شەڕابێک
شیرین شیرین
وەک لیکی نێو دەمی
حۆری و
فریشتە و
شاژنە باڵا زڕاڤەکانی بەهەشت
شەڕابێک هێندە مەستم بکات
مەست مەست مەست
هێندە مەست
دەمارەکانی عاتیفە و
بوخچەی ئارەزووە ئیرۆسییەکانم
بخاتە سەر پشکۆکانی ئاگر
هێندە مەست
پڕمکا لە شیلەی شادومانی
بۆ جێژووانی
دڵبەرە بریندارەکەی غوربەتم
کەپرێک لە وشە ڕۆمانسییە چاو بە فرمێسکەکان
دروست بکەم و
ئۆقیانووسێک لە شیعریش
بڕژێنمە نێو کێڵکە تێنووەکانی ژیان …!

                                                          ئایاری ٢٠١٤



ده‌زانن بۆ شكستیان هێنا؟ … عیماد عه‌لی

هۆكاری سه‌ره‌كی و بنه‌ڕه‌تی شكستهێنانی ده‌سه‌ڵاتی كوردستان بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕیته‌وه‌ كه‌ به‌ پێچه‌وانه‌ی حه‌وت پره‌نسیپ و بنه‌ما بنه‌ڕه‌تیه‌كه‌ی غاندی ره‌فتاریان كردووه‌، به‌ كرده‌وه‌ و تێۆری وه‌ك پێوه‌ری سه‌ركه‌وتنی شۆرش و ده‌سه‌ڵات باوه‌ڕێان یێ نه‌بووه‌ و پێشێلیان كردووه‌:
1- له‌شاخ و له‌شار، شه‌ڕ و سیاسه‌تیان به‌ بێ مه‌بده‌ئو بنه‌ما و پره‌نسیپ كردووه‌ و ته‌نها به‌ ئایدۆلۆجیه‌تی پۆچ ره‌فتاریان كردووه‌.
2- خه‌ریكی چێژوه‌رگرتنی هه‌مه‌چه‌شنی بێ ویژادن بوون و باكیان به‌ حاڵی خراپی خه‌ڵكی تر نه‌بووه‌.
3- ئه‌گه‌ر به‌سه‌ر زاره‌كی هه‌وڵی مه‌عریفه‌تیان دابێت به‌ڵام ئه‌و مه‌عریفه‌ته‌ش به‌دوور بووه‌ له‌ به‌هاكان كه‌ بناغه‌ی سه‌ره‌كی حه‌قیقه‌تی هه‌موو مه‌عریفه‌تێكه‌.
4- هه‌رچه‌ند به‌هیچ شێوه‌یه‌ك باوه‌رێان به‌ زانست نه‌بووه‌ به‌ڵام ئه‌وه‌ی لێشی نزیك بونه‌ته‌وه‌ دوور بووه‌ له‌ دیدو بۆچون و ئامانجی مرۆڤایه‌تی، نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌ش به‌ڵكو زانستیان له‌ زانكۆكانیش حه‌رام كردووه‌ و خه‌ڵكانێكیان خستۆته‌ سه‌ر به‌رێوه‌بردنی ئه‌م سێكته‌ره‌ فڕیان به‌ زانسته‌وه‌ نیه‌.
5- ئه‌وه‌ی به‌ زه‌قی له‌شاردا پێاده‌یان كردبێت؛ سه‌روه‌ت و سامانێكی زه‌به‌لاحیان به‌ بێ كار و هیلاكی و له‌سه‌ر حسابی خه‌ڵكی هه‌ژار كه‌ڵه‌كه‌كردووه‌.
6- هه‌روه‌ها به‌ هه‌مان شێوه‌ له‌كاتی خه‌باتی شار!!! بازرگاینان به‌ بێ ئه‌خلاقی كردووه‌ و قۆرخ كاریان كردۆته‌ پیشه‌ی هه‌میشه‌یی خۆیان و حزبه‌كانیان.
7- به‌ خۆیان و ئیسلامی سیاسیشه‌وه‌ به‌ پێچه‌وانه‌ی په‌روه‌رده‌ و بانگه‌شه‌ی ئایینی . ئیدعای عیباده‌ت ده‌كه‌ن كه‌چی هیچ قوربانیه‌كی كه‌سی و حزبیان بۆ ئه‌وه‌ نه‌داوه‌.
ئه‌مه‌ش بۆ هه‌مووان روون ده‌بێته‌وه‌ كه‌ سه‌رجه‌م ئه‌و ره‌فتارانه‌ پێچه‌وانه‌ی فكر و پره‌نسیپه‌ سه‌ره‌كیه‌كانی غاندیه‌ ، بۆیه‌ شكسته‌ گه‌وره‌كه‌شمان له‌ رێگه‌دایه‌.




بێتۆیی …. بێوار

بێ تۆ
لەو عاشقە دەچم
هه موو ڕۆژێک
تادوا هەمین فارگۆنەکانی
شەمەندەفەرێک ئەگەڕێت و
ئەوەی دەیهەوێت نایبینێت

لە و مردوانە ئەچم
ئێوارەیەکی پێنج شەمە
منداڵێک بەسەر سنگیاندا باز دەدات
تا دەگاتە سەر گۆڕەکەی باوکی

لەو بارانە ئەچم
کە با لولی ئەدات و ئەیکات بەهەیوانی
پیرە مێردێکی مەلولدا

لە و پیرەژنە بیرکۆڵە دەچم
هەمو شتێکی بیر چۆتەوە
ناوی کوڕە دیلەکەی نەبێ

لە وئازارە ئەچم کەهیچ دکتۆرێک بۆی ناشکێ
من بێ تۆ
چیم بەکەڵکی ژیان دێت..!؟

بێوار




نەشمیلە … عەلی حەمەڕەشید بەرزنجی

نەشمیلە و شیرین شێوەم
جێگـەی سەرنجی ئێوەم
کە دەمبینن بەجـــارێ
خەندە و خۆشی دەبـارێ
بۆ بابـە و دایـە گیانم
ھیوای بــــەرزی ژیانم
بۆ بابـە و دایـە گەورەم
ھۆی ئاسودەیی و خەندەم
….
٢٠/٥/٢٠٢٠