زنجیرە درامای دوا شەو و چەند سەرنجێک … عەتا عوسمان

دوای تەواوبوونی سەرجەم ئەڵقەکانی زنجیرەی تەلەفزیۆنی دوا شەو، بە پێویستم زانی چەند سەرنج و تێبینیەک و خوێندنەوەیەکی زانستی و شیکردنەوەیەکی ئەکادیمیانە بۆ ئەم کارە تەلەفزیونیە بکەم. بەوپێیەی دەرھێنەر و زۆرێک لە بەشداربووان و ئەکتەرەکانی ئەم زنجیرە تەلەفزیۆنیە دەرچوو و مامۆستای ئەکادیمیا و پەیمانگە ھونەریەکانن و خاوەن ئەزموونێکی دور و درێژن لە کاری ھونەریدا چ لە بواری شانۆ، تەلەفزێون و سینەمادا. ھەر بۆیە بە پێویستم زانی دوای تەواو بوون و نمایشکردنی سەرجەم ئەڵقەکانی ھەروا بەبێ خوێندنەوەیەکی زانستیانەو ئەکادمیانە بەسەر بینەراندا تێپەڕ نەبێت. لێرەدا بە خێرای و ووردبینانە خاڵە بەھێز و لاوازەکانی دیاری بکەم.
دیارە ئەنجامدانی ھەمووکارێکی ھونەری کارێکی سەخت و پڕ کێشمەکێشە و دەردەسەری و ئەرک و ماندبوونی زۆری دەوێت، چ جا ئەوکارە کاری تەلەفزیۆنی یان سینەمای بێت و لە ووڵاتێکی وەک و کوردستانەکەی خۆشمان بەرھەمبھێنرێت. لەم ڕوانگەیەوە بەرھەمھێنانی کارێکی بیست ئەڵقەیی تەلەفزیۆنی بۆ خۆی کارێکی تاڕادەیەکی سەخت و گران و لێوان لێوە لە ماندوو بوون و سەرئێشەی لابەلا.
گەر بەشێوەیەکی گشتی سەیری زنجیرە تەلەفزیۆنی دوا شەو بکەین دەبیبنین و دەزانین ماندوو بوون و شەونخونی و ھەوڵی جدی پێوە دیارە. ھەر بۆیە جێگای خۆیەتی لێرەوە دەست خۆشی و پیرۆزبایەکی گەرم ئاراستەی دەرھێنەر و سەرجەم ستافی ئەم بەرھەمە بکەم و دەستی یەک بەیەکیان بە توندی دەگوشم بۆ بەرھەم ھێنان و ئەنجامدانی ئەم کارە تەلەفزیۆنیە، کە بە دڵنیاییوە ھەموو کارێکی جدی ھەنگاوێکە بۆ بەرەو پێشچوون و بونیاد نانی ھونەری تەلەفزیۆنی و سینەمای کوردی و جێگای دلخۆشی و دەست خۆشیە. بەڵام ئەمەش مانای ئەوەنیە کە ئەم کارە بێ کەم و کورتی و بێ ھەڵەیە و بەکارێکی سەرکەتوو و پێرفێکتی ئەژماربکەین. بۆیە ئەم بەرھەمەش (دوا شەو)بەدەر نیە لە ھەڵەی زەق و گەورەی نامەنھەجی و پێویستی بەوورد بوونەوەی وورد و خۆێندنەوەی جدی و ڕەخنەی بونیادنەر ھەیە و نابێت ھەروا سەرپێی بەسەر بینەراندا تێپەڕبێت. لە کاتێکدا ئەوەندەی من ئاگاداربم کاکە کاروخ دەرھێنەری ئەم بەرھەمە یەکەم ئەزموون و کاری تەلەفزیۆنی درامی درێژیەتی. من لێرەدا ھەوڵدەدەم بەشێوەیەکی ئەکادیمیانە لە چەند لایەنێک و پێکھاتەکانی کاری تەلەفزێۆنی ئەم بەرھەمە بدوێم و ڕەخنەیەکی جدی و مەنھەجیانە بخەمە ڕوو تاکو لە کار و ئەزموونی داھاتویاندا سوودی لێوەربگیرێت.

١- سیناریۆ

من لێرەدا بەشێوەیەکی زۆر خێرا و سەرپێیانە لە (سکرین پلەی) سیناریۆ و بونیادی درامی ئەم بەرھەمە دەدوێم. ڵێکۆڵینەوەی قوڵ و درێژ تر بۆ کەسانی تایبەتمەند و پرۆفیشناڵی بواری نوسین و سیناریۆ بەجێدەھێڵم.
ھەموو کارێکی ھونەری ستراکچەر و بونیادی خۆی ھەیە کە پرۆسەیەکی ئاڵۆز و تێکئاڵاوە و دەبێت بە زیرەکانە و پرۆفیشناڵانە بھۆنرێتەوە، ئیتر ئەو کارە لە ھەر بواەێک لە بوارەکانی ھەونەردا بێت.
سیناریۆ بریتیە لە گێڕانەوەی چیرۆک بە وێنە، کە بنەما و پێکھاتەی ئاڵۆزی ھەیە و نەخشە ڕێگای گێڕانەوەی بابەتەکەتە، لە ڕێگای دیالۆگ و کارەکتەرەوە کە دوو بنەمای سەرەکی سیناریۆن چیرۆک بە وێنە و جوڵە دەگێڕدرێتەوە. سیناریۆ کاری تەلەفزیۆنی لە کاری ڕدیۆی جیادەکاتەوە و وێنە و جوڵە گێڕەرەوەی سەرکی چیرۆکە و دیلۆگ تەواکەری ئەو کردەیەیە کە تا لە توانادا بێت کەمتر پەنای بۆ ببرێت. بەڵام ئەگەر سەرنج بدەی لە زنجیرەی درامی دوا شەو بەتەواوی پێچەوانەی ئەم پرۆسەیە دەبینین، گەر بێت و ئێمە لە زنجیرەی یەکەمەوە تاکو کۆتای تەنھا گوێ لە دیالۆگ بگرین و یان لە ڕێگای ڕادیۆیەکەوە ئەم بەرھەمە پەخش بکرێت پێدەچێ تاڕادەیەکی باش بەتەواوی لە چیرۆکەکە تێبگەین، تەنھا دیالۆگ بمانگەیەنێتە کۆتایی و وێنە ڕۆڵێکی ئەوتۆی نەبێت جگە لە چەند دیمەنێکی دراماتیکی زیادە و وەڕسکەر، بەتایبەتی لە دیمەنی ئاھەنگی ھاوسەرگیری ڕەوێن و ھەوری، ھەروەھا دیمەنی پرسەی ڕەوێن لە کۆتایی دراماکەدا. ئەم دوو دیمەنە زۆر لە ئاستی خۆیان زیادەڕۆی تیادا کرابوو، بووبوونە مایەی بێزارکردنی بینەر، کە دەکرا لە جیاتی ئەم دیمەنە زیادانە سود وەبگیرا یە لەو کاتانەی بەفیڕۆدرا تیایاندا،بۆ تەواوکردنی دیمەنەکانی کۆتای کە تەنھا بە نوسینی چەند سەب تایتڵێک و نوسینێکی کورتەوە زۆر بەشێوەیەکی لاواز بێ ئەرزشانە چارەسەری رووداوەکان و گرێ درامیەکانی درا بە ڕووی بینەردا و بەیانکرا وەک بەیان نامەیەکی ھەواڵ ئامێز.
لە زنجیرە تەلەفزێۆنی دوا شەو دا ئەوەی کە بەدرێژای زنجیرەکان بەدی دەکرا لاوازی سیناریۆ و بونیادی درامی و گرێی درامی بوو. چونکە ھێڵی درامی و ستراکچەری کۆی کارەکە بە دوو ئاراستەی جیاواز ھەڵدەکشا کە زۆر جار نوسەری دەرھێنەر دەگەڕا بە دوای دروستکردنی کێشمەکێش و ئاڵۆزکردنی کێشەکان کە بەتەواوەتی شکستی ھێنابوو لە دروستکردنی گرێیەکی درامی تۆکمە کە وا لە بینەر بکات پرسیارگەلێکی مەنتیقی و گونجاو لای دروستبێت و زیاتر بە ئاراستە چیرۆکەکە ڕاکێشی بکات. ململانێ و بەریەک کەوتنی کارەکتەرەکان بە پێچەوانەی ئاراستەی ڕوودوەکان ھەنگاوی دەنا، کە ھەستت دەکرد بە زۆر دروستکراون و ھەمیشە توشی شکست و بچڕانی درامی دەبوو، بەشێوەیەکی زۆر سادە و ساکار و نا لۆژیکیانە نوسەر ھەوڵی ئەدا ئەو دوو ئاراستەیەی ڕووداوەکان بەرەو خاڵێکی ھاوسانگ و ھاوتا بەرێت کە بەداخەوە نوسەری دەرھێنەر نەیتوانی بوو سەرکەوتووبێت لەو ئەرکەیدا و بینەر بە ڕوونی ھەستی بە دووری و نەگونجانی ھەردوو ئاراستەکە دەکرد و گرێ و ململانێ و بەرکەوتنە درامیەکانی ئەو دوو ئاراستە درامیە ھەڵتۆقی و بە زۆر دروستکرا و نا تەواو بوون.

٢- دەرھێنان

لە ھەموو کاێکی درامیدا دەرھێنەر سەرۆک و بڕیاردەری سەرەکیە، گەر دەرھێنەر نوسەریش بوو لە ھەمان کاتدا ئەوە یارمەتی دەدات زیاتر دەستکراوە بێت و مەودای بیر و داھێنانی زیاتر و فراوانتر بێت و بتوانێت سەرجەم پێکھاتەکانی کارەکەی کۆنترۆڵ بکات، ئەمە وای لێدەکات ڕوون تر لە ئامانجەکانی بنواڕێت و دەستەڵاتی بەسەر ھەموو پێکھاتەکانی تردا بسەپێنێ، ئەوەی مەبەستێتی بیپێکێ و دونیابینی و ڕوئیای فراوانتر بکات. دەرھێنان بریتی نیە لە کاری پۆلیسی ھاتوچۆ کە تەنھا جوڵە و ئاراستەی ئەکتەر و کامێرا و ڕوناکی و بنەماکانی تری نواندن دیاری بکات، وەک زۆرێک وا لێی تگەیشتوون، بەڵکو دەرھێنان پرۆسەیەکی ئاڵۆز و تاقەت پڕوکێنی فیکری قوڵ و دونیا بینی پڕ لەداھێان و ئەفراندنە کە پێویستی بە مەعریفە و تەئەمول و ڕامان و لێکدانەوەی ووردی قوڵ ھەیە، کە بتوانێت وای لێبکات ڕاڤە و خوێندنەوەی فەلسەفی بۆ سەرجەم بونیادەکانی کارەکەی بکات. دەرھێنەری تەلەفزیۆنی بەتەوای ئەرکێکی ھەیە کە سەد دەر سەد جیاوازە لە دەرھێنەری شانۆی، چونکە لە شانۆدا دەرھێنەر تا ئەو ساتە باڵا دەستە کە نمایشەکە دەگەیەنێتە ساتەوەختی نمایش دواتر ھیچ باڵا دەستیەکی نامێنێ و ئەکتەر باڵا دەست و تەواوکەری نمایشە لە سەر ستەیج. بەڵام لە کاری سینەمای و تەلەفزیۆنی دا دەرھێنەر تا دوا ساتەکانی نمایش توانا و باڵا دەستی خۆی پیادە دەکات. لە دوای وێنەگرتن کاری فیلم بە کۆمەڵێک پرۆسەدا تێپەڕ دەبێت کە تەنھا دەرھێنەرە تا کۆتایی خاوەن بیر و بڕیاری کۆتایەو لە دوا ساتەکانی پێش نمایشیش دەستەڵاتی گۆڕین و دووبارەکردنەوە و لابردن و زیادکردنی کارە درامیەکانی ھەیە . ھەر بۆیە دەرھێنەر تەواوی دەستەڵاتی بەسەر پرۆسەی بەرھەمھێناندا ھەیە لە کاتی پری پرۆدەکشن و پڕۆدەکشن و پۆست پرۆدەکشنیشدا.
گەر لەم پێشەکیە کورت و سەرپێییەی کاری دەرھێنان بنواڕین ئەو ڕاستیەمان بۆ ئاشکرادەبێت کە لە زنجیرە درامی دوا شەو دا پرۆسەی دەرھێنان کارێکی ڕوکەش و شانۆی و پیشە ئاسای پۆلیسی ھاتوچۆ زیاتر ھیچی تر نیە. چونکە دەرھێنەر لەگەڵ ئەوەی باکگراوندێکی شانۆیی ھەیە خوێندنەوەیەکی سادە و سەرپێی بۆ کاری دەرھێنانی تەلەفزیۆنی یان سینەمایی ھەیەو نەیتوانیوە ڕۆبچێتە ناو کایە ئاڵۆز و زانستیەکانی پرۆسەی دەرھێنانی تەلەفزیۆنی، ھەروەھا بە سوودوەرگرتن لەو ڕەگەز و بنەما و پێکھاتە گرنگانەی کە لە بەردەستیدا ھەبوون برەو بە کارەکەی بدات و سەریبخات و کارێکی ناوازە و سەرکوتومان پێشکەش بکات.
زۆر بە داخەوە دەرھێنەر سەرکەتوو نەبوو لە کۆنترۆڵکردنی ڕەگەزەکانی کاری تەلەفزیۆنی و بەکارھێنانی زمانی سینەمایی، ھەر لە نواندنەوە تا کامێرا و ڕوناکی و دەنگ و ڕەنگ و مۆنتاژ… بە ڕوونی ئەو کەلێنە ئیستاتیکی و درامی و تەکنیکیانە لە کارەکەدا بەدی دەکرا کە دەرھێنەر نەیتوانی بوو لێھاتوانە و پڕۆفیشناڵانە جڵەوی کارەکەی پێبگرێتە دەست و شکست خواردوو نەبێت. دەرھێنەر بێ ھیچ ڕووئیا و دونیا بینیەک، بە سود وەرگرتن لە زنجیرە دراما تورکی و بیانیانەکان، بێ شیکردنەوە و ڕاڤەیەکی زانستیانە و ئەکادیمیانەی ھونەری، زۆرێک لە دیمەن و ڕووداوەکانی بونیاد نابوو، کە دوور یا نزیک پیوەندی بە بینین و تێگەیشتنی ئەوەوە نەبوو . دەرھێنەر زۆر خاڵی بوو لە ھەموو بینینێکی فیکری و فەلسەفی قوڵ کە بتوانێت بونیادی درامی و ئیستاتیکی کارەکەی و پەیوەندیە کۆمەڵایەتی و خێزانی کۆمەڵگەی کوردی بەشێوازێکی واقعیانە و بەدەر لە موبالەغە و زیادەڕۆی و نالۆژیکی بگەیەنێتە وەرگر کە بینەری کوردە.

٣- کامێرا و ڕووناکی

کامێرایە بە سیحر و جیھانە ئەفسوناویە خەیاڵیەکەی ھونەری سینەما و تەلەفزیۆن لە سەرجەم ھونەرەکانی تر جیادەکاتەوە و بینەر دەخاتە ناو دونیایەکی پڕ لە ئەندێشە و خەیاڵ و سەفەرێکی پڕ لەخەون و فەنتازیای پێدەکات لەودیو واقعەوە. کاتێک (تۆماس ئەدیسۆن) یەکەم کامێرای داھێنا بازدانێکی گەورە و ھەڵگەڕانەوە و ساتەوەختێکی مێژووی بوو لە دونیای ھونەری جوڵاوەو ھونەری بینرا و بەتایبەتی و جیھان بەگشتی. دواتر (برایانی لومییر) لە فەڕەنسا لە کۆتای سەدەی نۆزدەھەم و بە تەواوەتی لە کۆتایی ساڵی ١٨٩٥ بۆ یەکەم جار لە ڕێگای سینەما تۆگرافەوە ئەو سحرەیان خستە ڕوو لە نمایشی دیمەنی کورتی ڕۆژانە. ئیدی دونیای ھونەری جوڵاوە بە دروست بوونی کامێرا و ھونەری جوڵاوە چووە قۆناغێکی باڵا تر و جیھان و سەردەمێکی نوێ ھاتە ئاراوە.
ھونەری وێنەگرتن و کامێرا لە یەکەم ساتی سەرھەڵدانیەوە تاکو ئەمڕۆ گرنگی و جوانکاری خۆی ھەبووە لە ھەموو کارێکی بینراو و سینەمای و تەلەفزیۆنی دا. ئەوە کامێرایە بە دونیای خەیاڵ و واقعدا گەشتمان پێدەکات، جوانی سروشت و دراما و ھونەرمان لەڕێگای تیڤیەکانەوە بۆ دێنێتە ناو ماڵەکانمان بە دیمەنی سەرسوڕھێنەر و گرتەی نزیک و دوور و گۆشە نیگای جیاواز و فۆرم و شێوازی جیاواز ئاشنامان دەکات. ئەم ھونەرە باڵا و پڕ لە سەلیقە و جیاوازە کە لە ڕێگایەوە چیرۆک و ڕوداوەکان دەگێڕدرێتەو، ڕەگەزێکی سەرەکی و گرنگە لە ھونەر و زانستی سینەما و تەلەفزیۆندا، بۆیە ھەر ھەڵە و ناحاڵی بوونێک لەم ھونەر و زانستەدا بەسەر کۆی کارە ھونەریەکەدا ڕەنگ دەداتەوە. دیارە ئێستا بەھۆی پێشکەوتنی تەکنەلۆجی و زانستی کامێراوە قاڵ بوون و پڕۆفیشناڵی زیاتری دەوێت، کە کەم تا زۆر لە کوردستان خەڵکانی خاوەن سەلیقە و ھونەرمەندی دەست ڕەنگین ھەیە. لە زنجیرە درامی دوا شەو دا بە پێی کواڵیتی وێنەکان دیار بوو کە تازەترین تەکنەلۆجی سینەمای و تەلەفزێونی بەکار ھاتبوو کە جێگای دەستخۆشیە و ھەر دوو کامێرامان (DOP) کە کارەکەیان ئەنجام دابوو خاوەن سەلیقەیەکی باشی ھونەری و تەکنیکی بوون و جێگای دەست خۆشین. بەڵام دیسانەوە کامێراش ھەندێک ھەڵەو جوڵەی ناڕێک و نادروست بەسەریاندا تێپەڕ بوو بوو، کە دەکرا باشتر جێبەجێبکرایە، چونکە جوڵە و گرتە ھونەریەکان کەم تازۆر پەیوەندیەکی سایکلۆجی و دەلالی لەگەڵ ڕودا و حاڵەتی سایکۆلۆجی کارەکتەرەکاندا نەبوو، نەتواندرا بوو ھەوڵبدرێ بۆ بەرھەم ھێنانی مانا و دەلالەتی درامی کە خزمەت بە کارەکە بکات. لە زنجیرەی ١٥ و لە دیمەنێکدا کاتێککارەکتەری ئارام (شەماڵ عەبە ڕەش) لەگەڵ کچەکەی کارەکتەری ڕاوێژ (کەنارسەرچڵ) گفتو گۆیانە. ئەم دیمەنە لە بەردەم ئاوێنەیەکدا وێنەگیراوە و لە گرتەیەک ھەردوو ئەکتەر پێکەوە دیارن و لەگرتەی دواتر لە ئاوێنەکەوە ئارام وێنەگیراوە، بەھۆی پێچەوانە بوونەوەی وێنەکە لە ئاوێنەکەدا جۆرێک لە ڕۆنگ دایرەکشن دەردەکەوێت، کە دەکرا گۆشەی گرتەی ئاوێنەکە بە جۆرێک بوایە ئارام ھەم لە ئاوێنەکە و ھەم بەشێک لە جەستەی لە دەرەوەی ئاوێنەکە دەربکەوتایە، تا وێنەگر خۆی لەو حاڵەتی ڕۆنگ دایرەکشنە قورتار بکردایە، کە ئەمە ئەلف و بێی کاری وێنەگرتنە.
سەبارەت بە ڕووناکی لەم کارەدا وەک زۆرێک لە کارە تەلەفزیۆنیەکانی کوردستان، وەزیفەی ڕووناکی تەنھا ڕووناک کردنەوەی دیمەنەکان بوو، بەبێ دروستکردن و خولقاندی کەشێکی درامی و ئیستاتیکی لە ڕێگای ڕووناکیەوە. ھەر بۆیە نەتونرابوو ڕووناکی وەک پێویست سوودی لێوەربگیرێت. گەر سەیری سەرتاپای دیمەنەکان بکەیت ھیچ ھەوڵێک نەدرابوو لە نێوان ڕووناکی و تاریکیدا حاڵەتێکی درامی یان سایکۆلۆجی ئیزافەبکاتە سەر ڕەوتی ھونەری یان درامی ڕوداوەکان. تەنھا لەیەک دیمەندا کاتێک ژیا لەلایەن عومەر دەڕفێنرێت و دەبەسترێتەوە سێبەری پانکەیەک لە دیمەنەکەدا جۆرێک لە قەلەقی و نائارامی دروستکردبوو کە ئەمەش جۆرێک لە ناڕێکی و زیاد لە پێویست بوو. بەدەر لە ھەندێک کەموکوڕی کەم لە کاری (DOP) بەڵام بەشێوەیەکی گشتی کامێرا یەکێک لە ڕەگەزە سەرەکیەکانی ھەموو کارێکی سینەم و تەلەفزیۆنە کە تاڕادەیەکی باش لەم بەرھەمە سەرکەوتو بوو.

٤- نواندن

کارەکتەر یەکێکە لە گرنگترین بنەماکانی کاری درامی و ئەکتەر لە ڕێگای نواندنەوە بە کارەکتەرمان ئاشنا دەکات. ئەکتەری باش دەتوانی زۆر ڕووی خراپی کاری درامی بشارێتەوە و بەپێچەوانەشەوە ھەر ڕاستە. نواندن بریتیە لە گێڕانەوەی چیرۆک لە ڕێگای جوڵەو و ھەست و سۆزوە. ئەکتەر ئەتوانێ لە ڕێگای جوڵە و دەنگەوە کۆنترۆڵی ھەست و ھەڵچونە درامی و سایکۆلۆجی و عاتفێکانی خۆی بکات و لە ڕێیەوە بەسەر بینەردا زاڵ بێت و کۆنترۆڵی ھەست و سۆزیان بکات و ئەو گوتارەی کە دەرھێنەر مەبەستیەتی بیگەیەنێت بە وەرگر. یەکێک لە کێشە سەروکیەکانی ئەکتەری ئێمە لە کوردستان زاڵبوونی ھەڵچوونی زیاد لە پێویست و نەتوانینی کۆنترۆڵکردنی ھەست و جوڵە و ھەڵچونەکانیەتی. ئەویش لەبەر ئەوەی زۆرێک لە ئەکتەرەکانی دونیای ھونەری ئێمە لە ناوەندی شانۆوە دروست بوون و پەروەردەی شانۆییان ھەیە، کە زۆر گران و قورسە لەو گرێ کوێرە شانۆییە ڕزگاریان ببێت. ئەم حاڵەتە بۆ زۆرێک لە ئەکتەرە جیھانیەکانیش ھەر وایە، ئەو ئەکتەرانەی لە ناوەندی شانۆییەوە دروست بوون ستایل و نەمەطی شانۆیی لە نوادن و ئاکار و جوڵەی ھونەری بەرکامێرەیاندا ڕەنگیداوەتەوە. چونکە نواندن لەسەر شانۆ پڕا و پڕ جیاوازە لە نواندنی بەردەم کامێر. لە شانۆدا ئەکتەر پێویستی بە زیادەڕۆی و جوڵە و دەنگی بەرز و ھەڵچونی سایکۆلۆجی و فیزیکی زیاترە، تاکو دوا کەس لە ھۆڵی شانۆدا بەباشی جوڵە و دەنگ و ھەڵچوون و نواندنەکەی ببینێ. بەڵام لە بەردەم کامێرادا ئەکتەر بەتەواوی پێچەوانەی ئەم ئاکتە شانۆیی یە. ئەکتەری بەردەم کامێرا بە بچوکترین جوڵەی بەشێک لە جەستەی ( چاو، دەست و پەنجەیەک، دەم و لێوەکانی…) دەتوانێت گەورەترین مانا و حاڵەتی درامی بەرھەم بھێنێت کاریگەریەکی ئەرێنیشی لەسەر بینەر ھەبێت. ھەروەھا لە ڕێگای تەکنیک و تەکنەلۆجیا و پکھاتەکانی تری زمانی سینەما و تەلەفزێونەوە دەتوانرێت زۆر لە کێشەکانی نواندن چارەسەربکرێت کە لە شانۆدا مەحاڵە، بۆ نمونە ئەكتەری بەردەم کامێرا پێویستی بە دەنگێکی زوڵاڵ و گەورە نیە، بەڵکو تەکنیک ئەوکارەی بۆ جێبەجێ دەکات.
زۆرێک لە ئەکتەرەکانی زنجیرە درامی دوا شەو خاوەن ئەزموونی شانۆین و دەرچوی بەشی شانۆی پەیمانگە و ئەکادیمیای ھونەرە جوانەکانن، پێشتر وەک ئەکتەری شانۆیی ناسراون، ھەر وەک ووتمان زۆرێک لە ئەکتەرانی کوردستان لە شانۆوە پەروەردە بوون. جا بۆیە زۆر بە ئاسانی ئەتوانین کاریگەری نواندنی شانۆیی بەسەر جوڵە و دەنگ و ھەڵچونەکانیاندا ببینین. بەشێوەیەکی گشتی نواندنی زۆرێک لە ئەکتەرەکان لە دوا شەو دا زیادەڕۆیی و زیاد لە پێویست ھەڵچوون و دەنگ بەرزکردنەوە و دەنگ گۆڕینی شانۆی لە خۆگرتبوو.
دیارە لەم درمایە کۆمەڵێک ئەکتەری پڕ ئەزموون و پڕۆفیشناڵ و دیاری بواری درامای کوردی ڕۆڵ دەگێڕن، کە تەمەنێکی ھونەریان لە نواندندا گوزەراندوە و خاوەنی خەسڵەت و ڕێچکەی خۆیانن لەو بوارەدا و جێگای ڕێز و تەقدیرن. بەڵام ھەندێک لەو ئەکتەرانە لەگەڵ کارەکتەرەکاندا نەداھاتنەوەو لە ڕووی سایکۆلۆجی و کۆمەڵایەتی و فیزیکیەوە بەتەواوی دوربوون لە کارەکتەرەکان. بۆ نمونە ئەکتەرێکی دیار و سەرکەوتوی خاوەن ئەزموونی پڕ لە کاری داھێنانی وەک مامۆستا (شەماڵ عەبە ڕەش) لەگەڵ کەسایەتی ئارام زۆر دوور و نەگونجاو بوو، ھەرچەند کاک شەماڵ زۆر ھەوڵیدابوو تاکو لەگەڵ گرێ دەروونی و کێشە کەسی و کۆمەڵایەتیەکانی کارەکتەری ئارامدا خۆی بگونجێنێ، بەڵام بەداخەوە ھەڵچون و دەنگ بەرزکردنەوە و جوڵەکانی زۆر لە خۆکردنی تاکو لە کەسایەتی ئارام نزیک تر بێتەوە، زیانێکی گەورە و تەواوی بە ئاکت و نواندن و ھەڵسوکەوتەکانی گەیاندبوو، زیاتر شانۆیانە و دورتر لە کارکتەری ئارام دەردەکەوت.
ھونەرمەند (یونسی حەمەکاکە) دەست کراوە تر، سەرکوتوانە تر، لێھاتوانە و پڕۆفیشاڵانە کۆنترۆڵی جوڵە و ھەڵچونە ناوەکیەکانی کارەکترەکەی کردبوو. ئەو توانی بووی ڕۆڵی ئاراس بەرجەستە بکات و بەتەواوەتی جیاواز تر لە ڕۆڵەکانی پێشوو تری دەر کەتبوو کە جێگای ڕێز و دەست خۆشی و پیرۆزباییە.
ھونەرمەندی بەڕێز و خۆێن شیرین و کۆمیدی کاک (ئیبراھیم حەکیم) ھەوڵ و ماندوبوونەکانی جێگای دەست خۆشی و ئافەرینە و توانی بووی لە ڕێگای دیاڵۆگ و جوڵە کۆمیدیەکانیەوە گۆڕانێک لە ئاراستەی کارەکە دروستبکات. بەڵام بە داخەوە ئەویش ھەمان کێشەی زیادەڕۆی و لەدەستدانی کۆنترۆڵی جوڵە و دەنگ و ھەڵچونی نا پێویست و نابەجێ و نەگونجاوی ھەبوو کە لەگەڵ باری کۆمەڵایەتی و دەرونی کارەکتەرەکەی دا نەدەگونجا و وایلێکردبوو ھەندێک جار لە بەھاو قورسایی کارەکتەرەکەی دەھێنایە خوار.
ھونەرمەند خاتوو (خەرمان ھیرانی) خانمێکی دیار لە بواری نواندنی شانۆ و درامای تەلەفزیۆنی. ئەو جێ دەستی دیارە لە بوارەکەی خۆیدا. ئەم جارە بە کەسایەتی ئەسمەر لەم درمایەدا بەشدار بوو بوو، ڕۆڵی خانمێکی بەھێزی ھەبوو کە لە نێوان کێشە و گیر و گرفتی براکانیدا دەیویست ڕۆڵێکی پۆزەتیڤ و کارامەی ھەبێ، لەھەمان کاتدا لە کێشە لاوەکی و لابەلاکانی خیزانەکەی خۆشیدا وەک ژنێکی خاوەن ئەزموون و بەتوانا یاری بکات. سەرکەتوانە و بە ووزەیەکی ھونەری کاریگەرەوە زۆر لێھاتووانە کارەکتەری ئەسمەری وەکو خۆی پێناساندین. لە زۆرێک لەو دیمەنانەی دەردەکەوت ئامادەگی خۆی بە تەواوی ووزەی نواندنەوە لە پانتای دیمەنەکەدا پەخش دەکرد، بێ سڵمینەوە و بە ھێمنی و لێھاتووی کۆنترۆڵی ھەست و دەنگ و جوڵە و ھەڵچونە عاطفیەکانی خۆی دەکرد، جێگای ڕێز و تەقدیر و دەستخۆشییە.
سەرجەم ئەکتەرە بەشداربووەکانی تر کەم تا زۆر نواندن و ئاکتی شانۆی و زیادەڕۆیی و ھەندێ جار نەشاز و بێ ئحساس و سارد و سڕ، بەکۆی کارەکەوە دیا بوو. بۆ ماوەی ٢٠ ئەڵقە کە نزیکی زیاتر لە دە سەعات دەکات بۆ چەند چرکەیەک ھیچ کام لە ئەکتەرەکان (بەوانەشی باسمانکردن) نەیان توانی کاریگەری و کۆنترۆڵی ھەست و سۆز و بیری بینەر بکەن و توشی شۆک و سەڕسوڕمانی بکەن و بتوانن لە بیرەوەریماندا بۆ چەند ساتێکی کەم بمێننەوە. بەڵام ئەوەی جێی سەرنج و ھیوا بەخشە، دەرکەوتنی کۆمەڵێک گەنجی جوانی بەتوانا و پڕ ووزە بوون کە ھەندێکیان کەم تا زۆر پڕ توانا دەردەکەوتن. بەڵام بەردەوام نەدەبوون و پێویستیان بە دەرھێنەرێکی لێھاتوو و پڕ ووزەی وەکو خۆیان بوو، تاکو ئەو ووزە شارەوەیەی نواندیان وەک داینەمۆیەک کار پێبکات.

٥- مۆنتاژ

دەرھێنەری گەورەی ڕوسی (بۆدۆفکین) دەڵێت بناغە و ستراکچەری ھونەری فیلمسازی مۆنتاژە ، بە مۆنتێر دەوترێ دەرھێنەری دووەم. ھەر لەم ڕوانگەیەوە تێدەگەین لە گرنگی و کاریگەری پرۆسەی مۆنتاژ و جێ دەست و پەنجەی مۆنتێر بەسەر فیلم و دراماوە. ھەر دوای دروست بوونی ھونەری فیلمسازی بە چەند ساڵێک و بەتەواوەتی لەساڵی ١٩٠٠ ھونەری مۆنتاژ گەشەی سەند، بووە ھونەرێکی سەربەخۆی فرە لایەن و قەشەنگ. ھونەرمەندی ئەمریکی (دەیڤد وارک گرێفث) کە بە باوکی فیلم ئەژمار دەکرێت، سەرقافڵە و ڕەچە شکێن و داھێنەری ئەم بوارە بوو . کە بە کارەکانی بازدانێکی گەورەی لە ھونەری فیلیم سازیدا بەگشتی و ھونەری مۆنتاج بەتایبەتی ئەنجامدا و توانی بەردەوامی بە ڕووداوەکان بدات لە ڕێگەی بەستنەوەی گرتە فیلمیەکان بە یەکەوە و مۆنتاژکردنیان بەشێوەیەکی ھاوسەنگ و ھاوتا لە دوو شوێن و کاتی جیاوازدا. ئەو بڕوای وابوو یەکەی سەرەکی ھونەری فیلم سازی گرتەیە و بە گرێدان و بەستنەوەی گرتە جیاوازەکانەوە بەیەکەوە دەتوانرێت دیمەنەکان بە شێوەیەکی نەرم و نیان پێشکەش بکرێت. دواتر ھونەری مۆنتاژ لەسەر دەستی گەورە دەرھێنەر و بیرمەندی ڕوسی (سێرجی ئیزنشتاین ١٨٩٨—١٩٤٨) پەرەسەندنی گەورەی بەخۆیەوەبینی، ئەو فەلسەفی و بیرمەندانە لە ھونەری دەڕوانی و بە درێژکراوەی سروشتی دادەنا. مونتاژ لای (ئیزنشتاین) بریتی بوو لە گەشەسەندنێکی ڕەھای شانەیەکی وورد داڕێژرا، کە ھەموو بڕین و گرێدانێکی گرتەکان وەک تەقینەوەیەکی خانەکانی ئەو شانە فیلمیە کە بریتی بوو لە گرتەی فیلمی و مانا و تێگەیشتنی فکری و فەلسەفی و ئیستاتیکی نوێ لە ڕێگایانەوە بەرھەم دەھێنرێت. لە ھەمان کاتدا گرێدانی کۆی گرتەکان ڕیتم و ئیقاع و ستراکچەری فیلمەکەمان بۆ دیاری دەکات.
دوای ئەم پێناسە کورت و پوختە سەبارەت مۆنتاژ، لامان ڕوون و ئاشکرا دەبێت کە لە زنجیرە درامی دوا شەو دا شتێک نیە بەناوی مۆنتاژ و تەنھا بەستنەوەیەکی کوێرانەو ناڕێک و بڕینی بێسەر و بەری گرتەکان زیاتر ھیچی ترنیە. کە ئەمە تەنھا کێشەی ئەم درامایە نیە، بەڵکو زۆرێک لەکارە ھونەری و فیلم و دراماکانی ئێستا ھەمان کێشە و گرفتیان ھەیە و بە نەفەسی کلیپ ئاسا مۆنتاژ دەکەن. گەر لە دیمەنەکانی ئەم درامایە وورد بینەوە دەبین نە دەرھێنەر و نە مۆنتێریش ھیچ زانیاری و شارەزاییەکیان لەو بوارەدانیە، مۆنتاژ بە مەقەستکاری تێگەیشتوون. ھەڕەمەکیانە گرتەیەک بەبێ ھیچ ھۆکار و مانایەکی لۆژیکی و نەزانانە بە گرتەی دواتر دەبسترێتەو، کە تێیدا ھیچ ئەژمارێک بۆ (قەبارە و گۆشەی گرتەکان و جوڵەی کامێرا و ئەکتەر) نەکراوە و ھەندێ جار سوکە بازدانێکی بابەتی لەمونتاژدا ھەستی پێدەکرا.
لە ھونەری مۆنتاژدا چەندین جۆری مۆنتاژ و حاڵەتی جیاواز ھەیەبۆ گوستنەوە و پێکەوە بەستنەوەی دیمەنەکان وەک (تاریکبوون «فەید»، تێکەڵ بوون «میکس») تاکو لەو گوستنەوانەوە تەعبیر لە گۆڕانی زەمەنی و شوێندا بکرێت و ھۆش و بیری بینەر لەگەڵ ئەو گواستنەوانەدا ئاوێتە و ھاوتا بکرێت و ھەست بەو گۆڕانە شوێن و کاتیە بکرێت. بەھەمان شێوە بەدرێژایی بیست ئەڵقەی دوا شەو زۆر بە دەگمەن یاخود ھەر نەبووە یەکێک لە ھۆکارەکانی گواستنەوەی کات و شوێن و ڕووداو بەکاربھێنرێت.

٦- دەنگ و میوزیک

سێ جۆر دەنگ لە فیلم و دراما دا بەکار دەھێنرێت کە بریتین لە (میوزیک، زمان «دیالۆگ»، کارلێکە دەنگیەکان ) کە ھەریەکێک لەمانە کاریگەری خۆی ھەیە لە سەر بینەر و بیستەر . لە پاڵ دەنگدا بێدەنگی ھیچی کەمتر نیە لە کارلێک و تونای بەرھەمھێنانی مانای نوێ لە فیلمدا ھەر وەک چۆن دەنگ و میوزیک ھەیەتی. کاتێک ساڵی ١٩٢٧ یەکەم فیلمی دەنگدار (گۆرانی بێژی جاز) بەرھەمھێنرا زۆرێک لە فییلمسازان و دەرھێنەرەکان دژی ھەبوونی دەنگ بوون، وایان ئەژمارکرد کە دەنگ زیان لە ھونەری فیلمی بێدەنگ دەدات و دەیگەڕێنێتەوە بۆ دواوە و دەیکاتە ھونەری شانۆ. بەڵام ئێستا دەنگ و کاریگەریە دەنگیەکان و میوزیک پانتایەکی فراوان و کاریگەریان لە بواری فیلم سازیدا داگیرکردوە و بەشێکی گرنگ و زانستێکی ڕەھایە لەم بوارەدا، کە بە نەبوونی زانست و زانیاری تەواو لە زانستی تۆمارکردنی دەنگی میکسین ھونەری فیلم و دراما توشی ئیفلیجی و ناڕێکیەکی زۆر دەبێت. دەنگ و میوزیک وەک زۆرێک لە پێکھاتە سەرەکیەکانی فیلم و دراما، بەھەمان شێوە لە درامای دوا شەو دا ڕاگوزەر و سەرپێییانە کاری لەسەر کراوە. سەبارەت دەنگ و کارلێکە دەنگیەکان، تەنھا ئەو دەنگانەی وەک کەشی گشتی ھەبوون لە کاتی وێنەگرتندا دەبیسترا و ھیچ ئیزافەیەک لە دانان و پاکردنەوەو ماسترلینگدا نەکرابووو. ھەروەھا نەتوانرا بوو بێدەنگی وەک دەنگێکی زیادە تەوزیفبکرێت و سوود لە ساتە بێدەنگو وەستاوەکان وەربگیرێت. دەنگ تەنھا بریتی بوو لە دیالۆگ و ئەتمەسفێری گشتی پڵەس میوزیک. میوزیک وەک باگراوندێک لە درامای دوا شەو دا لە زۆربەی کاتەکاندا بەکار ھاتبوو، بۆ پڕکدنەوەی بێدەنگی. لە ھەندێک دیمەن و کێشە و ململانێکاندا میوزیکی چاودێریکەر یان گومان و ترس بەکارھێنرابوو کە زۆرێک لە تەرکیز و بیرکردنەوەی دەبرد و قەرەباڵەغی و ژاوەژاوی دەخولقاند. میوزیک لە بەشێکی زۆر لە دیمەنەکاندا ھەبوو تەنھا وەک ھاوتای وێنە کە لە زۆر کاتدا بە زیان دەشکایەوە بۆ کارەکە، چونکە میوزیکی وێنەی دەبێت لە زۆربەی کاتدا بینەر بەگوێکانی نەیبیستێت و زیاتر ھەستی زیادەی لا دروستبکات. بەشێوەیەکی گشتی میوزیکێکی دراماتیکی چاودێریکەر و ھاوتەریب لەتەک ڕووداوەکاندا ئامادەی ھەبوو.
لە کۆتایدا پێویستە ئەوە بڵێین کە ھەموو کارێکی ھونەری بەدەر نیە لە ھەڵە و کەم و کورتی، بەڵام لە درامای دواشەو دا کەم و کورتی زەق و گەورە و ناڕێک ھەبوون کە بینەری ئاسایی بەئاسانی ھەستی پێدەکردن و دەیبینین، کە من لێرەدا ئەو کەم کورتی و ھەڵە زەقانەم باس نەکردوە و بۆ بینەر خۆیم بەجێھێشتووە. ئەوەی کە
ماوەتەوە بیڵێین کۆتای دراماکە و تەواوکردنیەتی بە ناتەواوی و نیوە ناچڵی، کە جێگای پرسیار و دیارترین گرفت و ناتەواوی درامای دوا شەو بوو .

بەھیوای سەرکەوتن و کاری باشتر ئەم تێبینیانەم خستۆتە ڕوو، دووبارە دەست خۆشی و ڕێزم بۆ ھەمووان

———————————————–

سەرچاوەکان
٠فهم السينما………………. لوي دي جانيتي
٠السيناريو ………………… سيد فيلد
٠السينما آلة و فن………. البرت فولتون
٠THE ART OF THE FILM……. ERNEST LINDGREN

عەتا عوسمان
سیدنی – ئوسترالیا ٢٠٢٠/٥/١٩




نیگاری كاریكاتێری له‌ رۆژنامه‌گه‌ری منداڵاندا‌ به‌شی -2- …هه‌ندرێن خۆشناو

چه‌ندین شت هه‌یه‌ كه‌ ده‌بێت هونه‌رمه‌ندی كاریكاتێریست له‌ رۆژنامه‌گه‌ری منداڵاندا‌ ره‌چاویان بكات له‌وانه‌ش:

  • وێناكردنی شته‌كان: هونه‌رمه‌ندی كاریكاتێریست ده‌بێت پابه‌ندی ئه‌و زانیاریانه‌ بێت كه‌ له‌ ده‌قه‌ ئه‌ده‌بیه‌كه‌وه‌ پێشكه‌ش كراوه‌، بۆ نمونه‌ كاتێك ده‌قه‌كه‌ باس له‌ ده‌ سه‌ربزن ده‌كات، ده‌بێت كاریكاتێریسته‌كه‌ ده‌ سه‌ربزن وێنابكات، نه‌ك هه‌شت یان دوازده‌، چونكه‌ منداڵ زۆر حه‌ز به‌ به‌راوركردنی نیگار و ده‌قه‌كان ده‌كات، كاتی خوێندنه‌وه‌ی ده‌قه‌كه‌ ئاره‌زووی زانینی هه‌موو ورده‌كاریه‌كان ده‌كات، به‌ دوای هه‌موو سه‌ره‌ بزنه‌كاندا ده‌گه‌ڕێت، و به‌ شوێنی شوانه‌كه‌ و لێكچوونی بزنه‌كان له‌م وێنه‌یه‌ و له‌ وێنه‌كه‌ی دوای ئه‌و، و له‌ دیمه‌نه‌ سروشتیه‌كه‌ كه‌ كراوه‌ته‌ باكگراوندی وێنه‌كان، و چه‌ندین شتی تریشدا ده‌گه‌ڕێت، له‌وانه‌یه‌ به‌دوای شمشاڵی شوانه‌كه‌شدا بگه‌ڕێت، چونكه‌ له‌ خه‌یاڵیدا شمشاڵ و شوان پێكه‌وه‌ به‌ندن، بۆیه‌ له‌وانه‌یه‌ نه‌بوونی شمشاڵ له‌گه‌ڵ شوانه‌كه‌دا، هه‌تا ئه‌گه‌ر له‌ ده‌قه‌كه‌شدا بوونی نه‌بێت، ببێته‌ هۆی نانه‌وه‌ی پرسیار و سه‌رسوڕمانه‌وه‌ له‌لای منداڵه‌وه‌، رووداوێكی خۆشم به‌بیردادێته‌وه‌ به‌سه‌ر هونه‌رمه‌ندێكی شێوه‌كاری سوریاییدا هاتبوو، كه‌ له‌ گۆڤارێكی منداڵاندا كاری ده‌كرد، منداڵێكی له‌ (باب توما) له‌ دیمه‌شق دیتبوو گۆڤارێكی به‌ده‌سته‌وه‌ بوو، كه‌ ئه‌و وێنه‌كانی كێشا بوو، له‌منداڵه‌كه‌ نزیك بووه‌وه‌ و لێی پرسی بوو: ‌ ‌
  • ڕات چۆنه‌ به‌ چیرۆكه‌كه‌؟ ئه‌ویش له‌ وه‌ڵامدا گوتبووی:
  • چیرۆكه‌كه‌ خۆشه‌، به‌ڵام نیگاركێشه‌كه‌ گێله‌، مشكه‌كه‌ی به‌بێ كلك دروست كردووه‌. ئه‌و مشكه‌‌ش یه‌كێك بوو له‌ كۆمه‌ڵه‌ مشكێك، نیگاركێشه‌كه‌ له‌بیری كردبوو كلكی بۆ دروست بكات، سه‌ره‌ڕای پابه‌ندبوون به‌ ژماره‌ و سیفه‌ته‌كانه‌وه‌، پابه‌ندبوون به‌ وێناكردنی شته‌كان له‌سه‌ر‌ حه‌قیقه‌تی خۆیانه‌وه‌ش پێویسته‌، كاتێك باسه‌كه‌ له‌سه‌ر گورگێكه‌، ده‌بێت هونه‌رمه‌نده‌كه‌ گورگێك وێنه‌ بكێشێت نه‌ك پڵینگێك، چونكه‌ كاتێك منداڵێك له‌سه‌ر گورگێك ده‌خوێنێته‌وه‌، و پڵینگێك ده‌بینێت، تووشی سه‌رلێشێوان ده‌بێت، چونكه‌ له‌دوای خوێندنه‌وه‌ی ده‌قه‌كه‌، په‌رۆشێكی لا دروست ده‌بێت بۆ دیتنی ئه‌و گورگه‌ی له‌ ده‌قه‌كه‌ باسی كراوه‌، سه‌ری لێده‌شێوێت كاتێك گورگه‌كه‌ نابینێت و ناتوانێت ئه‌مه‌ شیبكاته‌وه‌، ته‌نانه‌ت یه‌كێكی پێگه‌یشتووش ناتوانێت ئه‌مه‌ شیبكاته‌وه‌، كه‌سه‌ پێگه‌یشتووه‌كه‌ ده‌توانێت به‌سه‌ریدا گوزه‌ربكات و له‌سه‌ری نه‌وه‌ستێت، به‌ڵام ئه‌مه‌ چه‌ندین پرسیار له‌لای منداڵه‌كه‌وه‌ و بۆ ماوه‌یه‌كی درێژ ده‌وروژێنێت، له‌م باریه‌وه‌ نمونه‌یه‌كی ساده‌ ده‌هێنینه‌وه‌، ئه‌ویش چیرۆكێكه‌ له‌ گۆڤاری (سامر)ی منداڵان بڵاوكرابۆوه‌، مێشوله‌یه‌ك له‌سه‌ر دارخورمایه‌ك ده‌نیشێته‌وه‌، و كاتێك ده‌یه‌وێت بفڕێت، ده‌ڵێت دارخورما جێگیربه‌، دارخورماكه‌ش ده‌ڵێت من هه‌ستم پێت نه‌كرد كاتێك نیشتیه‌وه‌، چۆن هه‌ستت پێده‌كه‌م كاتێك ده‌فڕیت، لای ئێمه‌ ناوه‌ڕۆكی چیرۆكه‌كه‌ گرنگ نیه‌، به‌ڵكو نیگاركێشه‌كه‌ وێنه‌ی چۆله‌كه‌یه‌كی كێشابوو له‌ جیاتی مێشوله‌كه‌، له‌وانه‌یه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی قه‌باره‌ی چۆله‌كه ‌گه‌وره‌تره‌ له‌هی مێشوله‌، یان له‌به‌ر چه‌ندین هۆی دیكه‌ كه‌ ئێمه‌ نایزانین، ئه‌گه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌ بێت، ده‌بوایه‌ نیگاركێشه‌كه‌ وێنه‌ی مێشوله‌یه‌كی كێشابوایه‌ به‌ قه‌باره‌ی چۆله‌كه‌كه‌، ناچار نه‌بوو به‌ گۆڕینی پاڵه‌وانی چیرۆكه‌كه‌، كه‌ ده‌بێته‌ هۆی به‌هه‌ڵه‌دابردنێكی زۆر كه‌ پێشتر باسمان كردووه‌، منداڵ سه‌ری سوڕده‌مێنێت له‌ بوونی چۆله‌كه‌ له‌ جێگای مێشوله‌كه‌وه‌، ئه‌گه‌ر نه‌زانێت مێشوله‌ش چیه‌، ئه‌وا وا ده‌زانێت كه‌ چۆله‌كه‌كه‌ مێشوله‌یه‌، بۆیه‌ به‌ بیروڕای ئێمه‌وه‌ نابێت نیگاركێش منداڵ بخاته‌ ئه‌م سه‌رلێشێواوی و به‌هه‌ڵه‌دابردنه‌دا.



دروستبوونی جیهان و ڕۆماننووسی خەیاڵی زانستی – بەشی دووەم – … د. گۆران سەباح

ڕۆمانی خەیاڵی زانستی (خەز) لە ئەدەبی کوردیدا تا ئێستە بایەخی نییە و جێی نەبووەتەوە. بۆ؟
دروستکردنی جیهانێکی خەیاڵی و زانستی کارێکی ئاسان نییە. بێ لە بنچینەی زانستی، دەبێ شوێن و کارەکتەر و دیالۆگ و کولتور و تەنانەت ناوەکانیش لەگەڵ جیهانەکە بگونجێن (ستێفن، ١٩٩٦).
دروستکردنی جیهانێک، جیاواز لە واقیع، بەرزترین فۆرمی داهێنانە. هەندێ جار جیهانە نوێیەکە دوای چەند ساڵێک کۆن دەبێت. وەک ویڵیەم گیبسن لە نیۆرۆمانسەردا، ئەو دەمەی باسی ئینتەرنێتی دەکرد، زۆر شتێکی نوێ بوو، وا خەریکە کۆن دەبێت (ماکافری، ٢٠٠٧).
ڕووداوەکانی ڕۆمانی (دایڤێرجنت)ی ڤیڕۆنیکا ڕۆس لە داهاتوو ڕوو دەدەن. کۆمەڵێک ڕێسا و یاسا هەن لە کولتوری جیهانەکە. دوای ئەوەی شیکاگۆ وێران دەبێت، ئەو مرۆڤانەی دەمێننەوە، بە پێی توانستیان، بەسەر پێنج کەرتدا دابەش دەکرێن. هەر کەرتە و ڕێسای خۆی هەیە.
لە ڕۆمانی (دوون)ی فرانک هێربەرت، شوێن بیابانی هەسارەی (ئاڕاکیس)ە و کولتور و ڕێسای خۆی هەیە. تفکردن لەسەر مێز لەوێ ئەوپەڕی شەڕەف و ڕێزگرتنە، چونکە لەو بێ ئاوییەدا ئەوپەڕی قوربانیدانە ئاو لە دەمتدا بێنیە دەرەوە. لە ٢٠٠٣دا، بە پڕ فرۆشترین ڕۆمانی خەز دانرا لە جیهان (مات، ٢٠٠٥).
لە ڕۆمانی “زە لێفت هاند ئۆف دارکنێس”ی ئورسولا گین، خەڵکی سەر هەسارەی گێسەن ڕەگەزی جێگیریان نییە، کولتوری جیاوازیان لەوەی مرۆڤ هەیە. (ئای) مرۆڤێکە، خەڵکی هەسارەی (تێڕا)یە و بە مەبەستی خزمایەتی دەچێتە ئەوێ ، بەڵام ژیان و کولتوریان جیاوازە و تووشی گرفت دەبێت. ٣٠ جار لە چاپ دراوەتەوە، سێیەم باشتیرن ڕۆمانە پاش (دوون) و (کۆتایی منداڵی)ی ئارسەر کلارک.
ڕووداوەکانی ڕۆمانی یەکەمم بە ناوی (شاخوێنبەری سەرکردە) لە ناو منداڵداندا ڕوو دەدەن، لەوێش کۆمەڵێک ڕێسا هەن. هیمۆگلۆبین و شاخوێنبەر و ئەندامانی ناوەوەی لەش کارەکتەرن، پەنکریاس و دڵ و جگەر و چاو شوێنن. ڕۆمانەکە تێکەڵەیەکی توخمی خەز و فەنتازیایە.

(زە مێیز ڕەنە)ی جەیمس داشنەر (٢٠٠٩)، جیهانێکی خەیاڵییە، کۆمەڵە گەنجێکن تاقیکردنەوەیان لەسەر دەکرێت، بە ئاستەمترین ئاستەنگدا تیدەپەڕن، تا مێشکیان بخەنە کار بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ نەخۆشیێکی درمی ئەو سەردەمە.
ئەم خەزانەی سەرەوە زنجیرە ڕۆمانن و کراونەتە فیلمیش، هاوکات، بواری زانست و ئەستێرەناسیش سوودیان لێ دەبینن. بۆ نموونە، ئەو بیرۆکە و ناوانەی لە ڕۆمانی (دوون)دا بەکار هاتوون، کەڵکیان لێ وەرگیراوە بۆ توێژینەوە لەسەر هەسارەکانی تر (جێنیفەر، ٢٠٠٩). ئەی خەزی کوردان؟ دەزانم بەراوردکردنی ئێرە و ئەوێ لە گەلێ ڕووەوە ناهاوسەنگە، بەڵام پرسیارەکە شایەنی بەرسڤێکە.
ڤیڕۆنیکا ڕۆس تەمەنی ٢١ ساڵ بوو کاتێ ڕۆمانی (دایڤێرجنت)ی نووسی. ڕۆمانەکە ٣٢ ملیۆن دانەی لێ فرۆشرا لە جیهان. پڕفرۆشتیرن ڕۆمانی ٢٠١١ بوو. من تەمەنم ١٩ ساڵ بوو کاتێ لە ٢٠٠٢ ڕۆمانی ( شاخوێنبەری سەرکردە)م نووسی، یەک خانە بۆی چاپ نەکردم، خوا خێری کاروان ئاکرەیی بنووسێت لەسەر ئەرکی خۆی لە ساڵی ٢٠٠٥دا چاپی کرد. چاپی دووەمم لە ٢٠١٠دا لەسەر ئەرکی خۆم بوو. بە هەردوو نۆرەی چاپ و کۆپیکردن سێ هەزار دانەی لێ فرۆشرا، بەڵام من لە کوردستان دەژیم و ڤیڕۆنیکاش لە ئەمریکا. من دەزگای سەردەم و ئاراس و ئەندێشە و موکریانیم هەبوو، ڤیڕۆنیکا پەنگوین ڕاندەم هاوس و هارپەکۆلین و سایمن ئاند چەستەری هەبوو. من ڕۆژنامەی خەبات و کوردستانی نوێ و ڕووداوم هەبوو، ڤیڕۆنیکا نیویۆرک تایمز و واشینگتن پۆستی هەبوو. من جەبار جەمال، عەتا محمد، سابیر ڕەشید، عەزیزی مەلای ڕەش، بەختیار عەلی و شێرزاد حەسەنم هەبوو، ڤیڕۆنیکا جەیمس پاترسن، ستێفن کینگ، دان بڕاون، جۆن گریشام، ئەیمی تان و جومپە لاهیری هەبوو. دەستیان گرت و یارمەتیان دا، هاوڕێیەتییان کرد و هانیان دا.
دایڤێرجنت و شاخوێنبەری سەرکردە، دوو ڕۆمانی خەیاڵی زانستین. من و ڤیڕۆنیکا دوو جیهان و کولتوری جیامان دروست کرد. ڕۆماننووس و ڕەخنەگرە گەورەکانی ئەمریکا پێشوازییان لە جیهانەکەی ڤیڕۆنیکا کرد و بە داهێنانیان ناو زەند کرد. ڕۆماننووس و ڕەخنەگرانی کورد هەر ئاوڕیشیان لێ نەدامەوە، هەر باسیشیان نەکرد، نە بە چاک نە بە خراپ. دکتۆر فەرهاد پیرباڵ نەبێ، پێشەکی بۆ نووسی.
بۆیە ڤیرۆنیکا بەشی دووەم و سێیەمی دایڤێرجنتی نووسی. ئێستە زیاتر لە دە ڕۆمانی هەیە و پێشەنگە. منیش لە پاشم دا و بۆ ماوەیەک وازم لە نووسین هێنا. خانەکانی چاپ هەر بە کلاسیک فێرن و خەز بە ڕۆمان نازانن. دەبێ زۆر هاوڕێت بن، یان دەبێ واستە بکەیت، یانیش دەبێ برای دۆستۆفسکی بیت، تا ڕۆمانێکت بۆ چاپ دەکەن.
بۆیە حاڵی ڕۆمانی کوردی، بەتایبەتیش خەز، وا وێرانە.

گۆران سەباح دکتۆرای لە بواری ڕۆژنامەوانی و نووسیندا هەیە لە زانکۆی کانزەس لە ئەمریکا. سێ ڕۆمانی (شاخوێنبەری سەرکردە، ترس و ڕق، دووی سوور) بە ئینگلیزی و کوردی چاپ کراوە. سکۆلەری فوڵبڕایتەرە، هەڵگری خەڵاتی باب سیگمان و کاڵدەر پیکێتی ئەمریکییە لە بواری ڕۆژنامەوانی و نووسیندا.

———————————-

سەرچاوەکان

Blue, Jennifer (August 4, 2009). “USGS Astrogeology Hot Topics: New Name, Descriptor Term, and Theme Approved for Use on Titan.’ Retrieved on June 5, 2020.
Hanson, Matt (2005). Building Sci-fi Moviescapes: The Science Behind the Fiction. Gulf Professional Publishing
McCaffery, Larry. “An interview with William Gibson”, retrieved June 1, 2020. From cyberpunk.ru.
Stephen Gillet (1996). World-Building. WF Media: NY




فاشیزمی پەروەردەی ئیسلامی لە ۱۹٨٤-دا … مەحمود عەبدوڵڵا

ئەوەی ڕابردوی لە دەستبێت جڵەوی ئایندە دەکات،ئەوەی بەسەر ئێستادا زاڵبێت جڵەوی ڕابردویکردووە.
جۆرج ئۆروێل

ڕۆمانی ۱۹٨٤ – ی “جۆرج ئۆروێل” ڕۆمانێکی بەناو بانگە و بۆ زۆرزمان تەرجەمە کراوە.ئەم شاکارەی ئۆروێل گەرچی باسی جۆرێک لەپەروەردە دەکات لە سیستەمێکی تاکحیزبی خاوەن دەسەڵات ،بەڵا م کاتێک لێی ورد دەبیتەوە شێوازی پەروەردە و پێکهێنانی سیستەمی هزری تاک لەو کۆمەڵگا تاک حیزبیەدا زۆر لە شێوازی پەروەردە دەچێت لەسیستەمی پەروەردەی ئیسلامیدا هەیە، چ لە ئێستا و چ لەڕابردودا .لەو سیستەمەدا کە “ئۆروێل “باسی دەکات حیزب لەدوای گرتنە دەستی دەسەڵات دەیهەوێت هەموشتێک بگۆڕێت ،سیمای شارستانیەتێکی نوێ بە ژیان ببەخشێت ،بەجۆرێک مرۆڤ نەتوانێت درک بەڕابردو بکات، هەموو ڕوداوەکان بگێڕێتەوە بۆ سەرەتای سەرهەڵدانی شۆڕش،دونیا دابەش بکات بۆ پێش شۆڕش و دوای شۆڕش .هەموو هەوڵێکی حیزب بۆ ئەوەیە کە هەموشتێک بگۆڕێت ،تەنانەت غەریزەش لەگەڵ حیزب بگونجێنێت،خۆ ئەگەر مرۆڤ بە هۆی فشاری غەریزە کارێکی پێچەوانەی باوەڕی حیزبی کرد، دەبێ پەشیمان بکرێتەوە و دوبارە پەروەرە بکرێتەوە ،ئەشکەنجە بدرێت. لەو سیستەمەدا پۆلیسی خەیاڵ هەیە لەهەموشوێنێک چاودێری دەکرێت لەحەمام یان لەسەر جێگا یان لەهەر شوێنێک بێت، وەک چۆن لە ئیسلامدا خودایەکی چاودێر هەیە ،ئەو مرۆڤە ناتوانێ هەست بەئازادی بکات و بیربکاتەوە.

حیز ب چەند تەکنیکێکی تایبەت و ورد ی هەیە بۆ ئەوەی تاکەکان والێبکات بیر لە حەقیقەتێکی تر نەکەنەوە و واقیع بکەنە هەمیشەیی و نەگۆڕ، بۆئەمەش دەبێت بەردەوام ڕابردو لەژێر کۆنتڕۆڵی حیزبدابێت ،هەتا تاک هیچ پێوانەیەکی نەبێت پێی بپێوێت ،نەتوانێ ئێستا بەراورد بکات ،بەڕابردو،بۆ ئەمەش وەزارەتێک هەیە کە ناوی وەزارەتی ڕاستییە،کە ئیشی هەڵگەڕاندنەوەی واقیع و دەستکاری کردنی واقیع و هەوڵدان بۆ گونجاندنی واقیع لەگەڵ باوەڕی حیزب،بۆ ئەمەش حیزب دەستی گرتووە بەسەر ڕابردو هەموو بەڵگەکان وندەکات.بەڵگەکان یان نوسراون یان بیرەوەری،بەڵام حیزب دەستی بەسەر هۆشی تاکدا گرتوە لەلایەک،لەلایەکیتر هەوڵدراوە هەموبەڵگەنامە و نوسراوەکانی پێشو لەناو ببرێن. حیزب بێ هەڵەیە،ڕێبەری گەورەی حیزب بێهەڵە یە و خاوەن تواناو زاناییە،خەڵک خۆی بەقوربان دەکات. بۆ هەموو ئەم کارانە پڕۆسەی پەروەردە لەمناڵییەوە لە ژێر دەستی حیزب خۆیدا، دایک و باوک دڵسۆزانە بەگوێرەی حیزب مناڵ پەروەردە دەکەن. خەڵکی نازانن ڕابردو چۆن بووە،شۆڕش ڕویداوە،سیستەمی سەرمایەداری هەڵتەکاوە ،بەڵام هەموشوێنەوارێکی سەرمایەداری سڕاوەتەوە،خەڵکی نازانن چۆن لەوە تێبگەن لەڕابردو ژیان چۆن بووە،ئایا ئێستا باشترە،یان پێشتر و سەردەمی سەرمایەداری. ڕابردو تەنیا خراپەکاریەکانی سەرمایەداری ماوەتەوە. حیزب وای لەخەڵک گەیاندوە کە پێشتر لەسەردەمی سەرمایەداری ژیان ناخۆشتربو،خەڵک کۆیلە سەرمایەداربون و هتد،هەرچی خراپییەک کەهەیە لەڕابردودا باسدەکرا ،بەردەوام حیزب ژمارەو داتای نوێی بڵاو دەکردەوە و پێوانەی دەکرد بە ڕابردوو،بۆنمونە ئەمساڵ ئەوەندە بەرهەم هاتوە،ژیانی خەڵک ئەوەندە خۆشترە بەبەراورد بە سەردەمی پێش شۆڕش . هەتا داهێنانەکانیش دەگەڕانەوە بۆحیزب،بۆنمونە یەکێک لە کارەکتەرەسەرەکیەکانی ڕۆمانەکە پێیوایە بۆیەکەم جار حیزبی”سۆسینگ”فرۆکەی دروستکردووە. ئاشکرایە کە لەمێژوی دەسەڵاتداریەتی ئاینیدا بەدرێژایی مێژوی ئەودەسەڵاتدارێتیە بیروڕای جیاواز و گومانکردن لەڕاستی ئیسلام سزای بەدواوە بووە ،هەموو جۆرە سزایەک هەتا خستنە ناو ئاوی گەرم ،ئەشکەنجە ،زیندانی کردن و…تاد.
تەکنیەکە کانی ئەم جۆرە پەروەردەیە بەجۆرێکن کە ڕزگاربون لێیان ئەستەمە،وە لە بەرئەوەی پرۆسەکە لەمناڵییەوە دەستپێدەکات ئەستەمە تاک دواجار هۆشیارببێتەوە.تەکنیەکە پەروەرداییە کان دەبێتە هۆی پێکهێنانی سیستەمی بیرکردنەوە لە سیستەمی تاکحیزبی فاشیستیدا،ئەوتەکنیکانە بریتییە لە تەکنیکی “ڕاگرتنی تاوان ، و لۆژیکی “ڕەش و سپی ” ،بەغەریزە چاکبیر بیت، باوەڕی دوفاقە .
وەک ئاشکرایە ئیسلام هەر لەسەرەتاوە، هەوڵیداوە شارستانیەت بەخۆی دەستپێبکات، سەردەمی پێش خۆی بە سەردەمی جەهل پێناسەدەکات،سەرەڕای لێوەرگرتنی چەندین نمونە لەهەمو بوارەکانی ژیان ،وەلێ ئیسلام ئەو دەستکەوتانە بۆخۆی دەبات. هەرلەسەرەتای ئیسلامەوە هەوڵدراوە هەموو سیمایەکی شارستانیەتەکانی تر بسڕێتەوە ،هەموئاینەکانیتر بە ناتەواو دەستکاریکراو دادەنێت. تەنانەت بە پێی سەرچاوە مێژوییەکان کاتێک قورئان کۆکرایەوە فەماندرا ئیتر هەرشتێک مابێت دەبێت بسوتێندرێت ئەمەش لە پێناو ونکردنی بەڵگە کان ،بۆئەوەی دواتر هیچ بەڵگەیەک دەست کەس نەکەوێت.
پەروەردەی ئیسلامی هەمان تەکنیکی “ڕاگرتنی تاوان”بەکار دێنێت، واتا لە ناو بردنی هەموو ئەو بیرۆکانەی کە ڕەنگە ببنە هۆی گومان، ئەمەش لە ڕێگەی دیسپلینی ناوەکییەوە دەبێت ،و لەناو بردن یان ڕێگریکردن لە هەر بیرۆکەیەک کە گومان لە ئیسلام دروستبکات .واتا لە ئیسلامدا دەرگای گومان و پرسیارکردن لە خودی دین داخراوە ،بیرکردنەوە ئەگەر هەشبێت دەبێت لەخزمەت سەلماندنی خودی دین دابێت. بەڵام پەروەردەکردنی هۆش لەسەرەتای منداڵیەوە دەبێت،کاتێکیش ئەم مناڵە گەورەدەبێت ناتوانێ قوڵ ولۆژیکی بیربکاتەوە،چونکە ئەو وا پەروەردەکراوە کە بە غەریزە چاکبیر بێت،چاکبیریش واتا بیرکردنەوەیەک کە پێچەوانە نەبێت لە گەڵ بنەماکانی ئایدیۆلۆژیا. هەر ئەم پەروەردەیە وادەکات تاک بێزاربێت لە هەموو بیرێک کەدژی ئایدیۆلۆژیا بێت و ڕقی لەو کەسانە بێتەوە کە گومان لە ئایدیۆلۆژیا دەکەن و بە پێی لۆژیکی ڕەش و سپی هەمو ئەوانەی ئایدیۆلۆژیا بنکۆڵدەکەن لەڕێی پرسیاری ئەقڵانی و گومانی فەلسەفی وەک دوژمنی ئایدیۆلۆژیا دەناسێت،ئەمەش وا دەکات تاک بەردەوام لەهێڵی بەرگری و بیرکردنەوەی کاردانەوەیی دابێت ،نەک ویستی تێگەیشتنی هەبێت بە پێچەوانەوە هە موهەوڵێک بۆ تێگەیاندنی بەدوژمنایەتی بۆخۆی لەقەڵەم دەدات!
لەم شێوە سیستەمەدا هۆشی تاک کۆنتڕۆڵ دەکرێت ،چوارچێوەی بیرکردنەوە دادەنرێت،ئەمەش ڕێگا خۆشدەکات بۆ چەواشەکردنی مێژوو. مێژوو بریتییە لە بیرەوەری و بەڵگەکان ،بەڵام کاتێک تاک دەست بەسەر هۆشیدا دەگیرێت ،مێژوو لە هۆشدا دەستکاری دەکرێت. ئەم مێژووەی کە تاکی موسڵمان دەیزانێت مێژوویەکە دەستکاری کراوە،تەتەڵەکراوە و بە گوێرەی پێویستی ئایدیۆلۆژیای ئیسلام نوسراوە. ڕاستە لە ئێستادا ئیسلامیەکان دەسەڵاتیان نییە ئەو بەڵگانە قەدەغەبکەن کە پێچەوانە ی مێژووی باون،کە بریتییە لە یەک جۆر تێگەیشتن بۆ مێژوو و مێژووی پیرۆز،بەڵام لەنا و هۆشی تاکدا قەدەغەکراون، چونکە دەست بە سەر ئەقڵی داگیراوە،بەلۆژیکی ڕەش و سپی بیر لەمێژوو دەکاتەوە،وە هەمیشە ئەوە وەرگرە ،مێژوییەک کە ڕابەرانی ئیدیۆلۆژی دەینوسنەوە جیاوازە لە مێژووی دژەکان،بۆیە وەک چۆن ئەمیان بەڕەهایی وەردەگرێت ئەویتر بە ڕەهایی ڕەتدەکاتەوە. بۆ ئەوەی مێژوو پیرۆزبێت دەبێت لەکات و شوێن داببڕێت،بە جۆرێک بنوسرێتەوە کە لە گەڵ سایکۆلۆژیای تاک لە ئێستادا بێتەوە. پاشان ڕاڤەکردنی دەقەکان بەدوای چەواشەکردنی مێژودا دێت. دەبێت بەردەوام دەقەکان واڕاڤە بکرێن کە لەگەڵ زانست و لۆژیکی سەردەم گونجاو بێت ،ئەگینا ئایدیۆلۆژیا هەرەس دێنێت. لە ڕێگەی یاریکردن بەوشەوە ،گۆڕینی مەبەستی وشەکان ،تەفسیری جیاوازی دەقە شیعرییەکان سەر لە تاک دەشێوێندرێت و دەقەکانی دین تێکەڵ بە زانستەکان دەکرێت،بەجۆرێک تاکی بڕوادار پێی وایە دەقەکان پێش زانستی سەردەم کەوتوون. حیزب و گروپە ئیسلامیەکان بە شێوەیەکی زیرەکانە واتای دەق و زانستەکان ئاوێتە دەکەن،بەڵام بەبێ ئەوەی بتوانن لەواقیعدا ئەوە بکەن،ئەوەشتێکە تەنها لەهۆشدا دەکرێت،چونکە دەست بەسەر هۆشداگیراوە. لێرەوە تاکی بڕوادار هەڵگری بیروباوەڕی دوفاقە دەبێت،واتا لەیەک کاتدا باوەڕی بەدوشت هەیە،یەکەم ئەو واقیعەی تێیدا دەژی،دووەم ئەو واقیعەی لەهۆشیدا دروستکراوە ،بۆیە تاک لەگەڵ هەردولادا خۆی دەگونجێنێت. بەڵام نیگەرانە بەردەوام مەترسی ڕوخانی کۆشکی ئەم واقیەی لەسەرە کە لەهۆشیدا بیناکراوە تاکی بڕوادار توڕەیە لەم واقیعەی کە لەگەڵ هۆشی تێکناکەتەوە بۆیە بەردەوام هێرش دەکاتە سەر واقیع و، وەک واقیعی گۆڕاو و ساختەو بێ خوایی وەسفی دەکات.ئەمەش وایلێدەکات بەردەوام لە دەرونیدا ئارەزوی فاشیزم دەکات لە نوستالجیادا دەژیت و خەون بەدونیایەکەوە دەبینێت کە لەگەڵ دونیای خەیاڵی و ساختەی هۆشیدا گونجاو بێت. بەڕواڵەت خۆی لەگەڵ واقیع گونجاندووە بەڵام لە دەرونیدا نیگەرانییەکی قوڵ ڕقێک هەیە بەرامبەر واقیع. بۆیە هەموو کاتێک لەشکری موسڵمان ئامادەن کە ئەو فاشیزمە شاردراوە ئاشکرابکەن و ئەو واقیعە وێران بکەن کە لە گەڵ ئەوەی ناو هۆشیاندا ناکۆکە .داعش نمونەی ئەم فاشیزمە پەنگخواردوەوەیە کە لە بارودۆخێکی گونجاودا زۆر بەخێرایی هێرش دەکاتە سەر دونیای گۆڕاو و وێرانی دەکات و دەیەوێت بە خێرایی مێژوو بگەڕێنێتەوە بۆدواوە،بۆ ڕۆژانی کتێب سوتاندن و جەڵد لێدان و کۆیلە و کەنیزەک و دەستبڕین و تەواوی حوکمەکانی ئیسلام. پێویستە ئەوە بزانین کە ئیسلام دوو قۆناغە،قۆناغی مەککە و قۆناغی مەدینە،بۆیە بڕواداران هەتا دەسەڵاتیان زۆرتربێت لێبوردەییان کەمتر دەبێت،بە پێچەوانەشەوە،ئەمەش تایبەتمەندی کەسایەتی ئایدیۆلۆژیستەکەیانە ،کە لەهەموو ئایدیۆلۆژیاکاندا،تایبەتمەندی کەسایەتی ڕابەر بەمیرات دەمێنێتەوە بۆ لایەنگران ،بانگەشەکردن بۆزانست و تا ئەوپەڕ خوڕافی،بانگەشە بۆڕاستگۆیی و تا ئەوپەڕ درۆو چەواشکاری، گونجان لەگەڵ واقیع تا کاتی دێت !
بۆیە ئەمە درۆیەکی گەورەیە کە ئیسلامیەکان باوەڕیان بە دیموکراسیەت و لێبوردەیی هەبێت،ئەوە تەنها قۆناغێکە،هەرکات دەسەڵاتیان هەبێت دەگۆڕێن بۆ ئیسلامی نادیموکرات و مەدینەیی،ئەوە ترسێکی بێ بنەما نییە،بەڵکو خودی قوڕئان و دەقەکان لەکاتی پێویستدا ،کاتێک ئیسلامیەکان هەستبکەن هێزیان هەیە ،هەمان شت دەەن کە سەرەتای ئیسلام ئەنجامدرا.

ڕابەرانی ئایدیۆ لۆژیای ئیسلام ،هەمیشە پێش باوەڕدارانی ساویلکە دەکەون،لە ڕێگەی مغاڵەتەوە قەناعەتیان پێدەکەن کە ئیسلام پێرفێکتە و بۆ هەمو کاتێک دەگونجێت. ئەوەی بۆ ئیسلامیەکان گرنگە خەڵک ی ساویلکە بخەڵەتێنن. ئاشکرایە جیاوازی زۆرە لەنێوان فیکرکردنەوە و لەبەرکردنی فیکر،باوەڕداران فیکر لەبەردەکەن،فیکری ڕابەرانی ئایدیۆ لۆژیا. تێگەیشتنی ساختە لەمێژوو ،زانستەکانی تر. ئەو ڕابەرانە دەڵێن قورئان لەگەڵ زانست ناکۆک نییە،باوەڕدارانی شوێنکەوتە دەڵێن قورئان لەگەڵ زانست ناکۆک نییە.ئەمە لەبەرکردنی بۆچونی ڕابەرانە،نەک بیرکردنەوەی تاکەکان خۆیان. تاکێکی موسڵمان تێگەیشتن و دونیابینییەکەی لەسەربنەمای باوەڕە،باوەڕ بە ڕابەرانی ئایدیۆلۆژیا،،ئەو گوێدەگرێت و دەرخ دەکات.لە ڕۆمانی 1984 نوسەر باس لەچەند دروشمێک دەکات،کە دروشمی حیزبە فاشیستیەکەن،وەک کۆیلایەتی ئازادییە،جەنگ ئاشتییە. کاتێک موسڵمانێک دەڵێت ئیسلام ئاینی ئاشتییە،مرۆڤ ڕێک دروشمەکانی حیزبی سۆسینگی بیردەکەوێتەوە،ئەگەر نا ئیسلام ئاینی جەنگە،شارتانیەتێکی بونیادنراوە لەسەر بنەمای جەنگ و خوێنڕشتن و داگیرکاری!ئیتر لەواقیعدا ئیسلام شتێکە و لەهۆشی تاکەکاندا شتێکیتر.کاتێک لەڕێگەی پەروەردەوە دەستبەسەر هۆشیتاکدا دەگیرێت،دەتوانرێت لەهۆشی تاکدا دەستکاری مێژوو بکرێت.تاکی ئیسلامی تێگەیشتنی ساختەی بۆ مێژو ی ئیسلام هەیە،مێژویەک فێرکراوە کە پوختە کراوە، پاک کراوەتەوە لە هەمو ئەو توخمانەی گومان لە پیرۆزی مێژوی ئیسلام دروستدەکەن. هیچ کات هەمو تاکەکان ناتوانن لەمێژو قوڵببنەوە،بەناچار گوێ لەڕابەران دەگرن ئەوانیش تێگەیشتنێکی ساختە،بەجۆرێک کە بگونجێت لە گەڵ بەهاکان دەرخواردی خەڵک دەدەن.واتا تاکی بڕوادار ،ئاگاداری مێژوو نییە،بەڵکو ئەوەی دەیزانێت شڕۆڤەی مێژوویە.

بەکورتی هەموو ئەو تەکنیکانە بەکاردێن،کە لەسێستەمێکی فاشیستیدا تاکیان پێ پەروەردە دەکرێت.
ئیسلام بێ هەڵەیە،دونیای پێش ئیسلام سەراپاتاریکییە، سێکی قەدەغەیە،سەرۆک پیرۆزە و زانایە و داهێنەری هەمو بەها بەرزەکانە.ڕق یەکێکە لە تەکنیکە بەهێزە کانی هەمو ئایدیۆلۆژیاکان،کەوادەکات تاک هەموو بەدبەختیەکانی بگێڕێتەوە بۆ هێزو کەسانیتر،بۆیە ئەوبەرگەی هەموو سەختیەکانی ژیان دەگرێت،ولەئەنجامی خۆبەتاڵکردنەوە و ئاڕاستەکردنی ڕق بەرامبەر ئەوانیتری بێباوەڕومولحید و کافر. دەرفەتی تێگەیشتنیشی نییە،چونکە وەک لەسەرەتا وتمان تەکنیکی ڕاگرتنی تاوان و چاکبیری ڕێگای بیرکردنەوەی لێدەگرێت. هەموو بیرۆکەیەک لە ڕێگەی دیسپلینی ناوەکی دەکوژرێت.بۆیە تێنەگەیشتن لای ئەو تاکە پیرۆز دەبێت.نەک بیرۆکە ی کەسانیتر،بەڵکو دژایەتی ختورە و بیرۆکەکانی ناخی خۆیشی دەکات..لەبەر ئەوە تاکی موسڵمان ناتوانێت لە دونیا تێبگات،ئەو نکۆڵی و تێنەگەیشتنی لێ دە بێتە تەقوا و لەخواترسان.تێگەیشتن بۆ ئەو بەواتای کافربون دێت!لەڕێگای دیسپلینی ناوەکی وای لێکراوە هەموو هەوڵێکی ئەوانیتر بۆ تێگەیاندنی بە پیلان و زیانگەیاندن بەخۆی لێکبداتەوە.هەرچەندە ڕوبەڕوی واقیعێک دەبێتەوە پێچەوانەی هۆشیەتی،بەڵام بەناچار دەبێتە هەڵگری باوەڕی دوفاقەو بەگوێرەی پویستی ئایدیۆلۆژیا بیردەکاتەوە. تێگەیشتنەکان دەگۆڕێن ئەویش دەگۆڕێت. بۆنمونە تەفسیری ئایەتێک دەگۆڕێت ،بۆئەوەی بگونجێت لەگەڵ واقیع،ئەویش تێگەیشتنی پێشو ڕەتدەکاتەوە و نوێیەکە قبوڵدەکات.لەڕاستیشدا لەناخەوە هەوڵدەدات ناوەڕۆکی دەقەکان بگونجێن،بەهەر فڕو فێڵێک بێت.چونکە ئاسودەیی دەرونی لەوەدا دەبینێتەوە. تاکی موسڵمان بێزارە لەهەر گفتوگۆیەک کە گومان لەڕاستی ئایدیۆلۆژیا دەکات،بۆیە لێی دەگەڕێت بۆ ڕابەران، دەبێت ئەوان وڵام بدەنەوە،ئەوانی زانا کە هەموشتێک دەزانن!

مەحمود عەبدوڵڵا




کتێبێک سەبارەت بە ناناوەندییکردنی سیستمی کارگێڕیی هەرێم بڵاوکرایەوە

کتێبی (سیستمی کارگێڕیی هەرێم چۆن بە ناناوەندیی بکرێت؟) لە نوسین و ئامادەکردنی (محەمەد رەسوڵ موڕاد) بڵاوکرایەوە.

نوسەر و ئامادەکاری کتێبەکە، لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە (فەیسبوک) دەربارەی چاپکردنی کتێبەکەی نوسیویەتی: “ئەگەرچی ماوەی سەرقاڵبونم بە نوسین و ئامادەکردنی ئەم کتێبە، نزیکەی چوار ساڵی خایاند و زۆر پێیەوە ماندوبوم، بەڵام چاپکردنی لەمڕۆدا، بە تایبەت کە پرسی بایەخ و پێویستیی ناناوەندێتیی بۆ هەرێمی کوردستان بۆتە رۆژەڤ (پرسی رۆژ)، زۆر خۆشحاڵیکردم و هیلاکییەکەی لەبیربردمەوە.”

کتێبەکە، لە سێ بەشی سەرەکیی و کۆمەڵێ باس و تەوەر پێکدێت، کە بە پشتبەستن بە (۲۷) سەرچاوەی زانستیی لە بواری یاسا و کارگێڕیی و سودوەرگرتن لە ئەزمونی کەسیی، هەوڵدراوە بە شێوەیەکی میتۆدیی و لە رێگەی تاووتوێکردنی یاسا بەرکارەکانی عیراق و هەرێمی کوردستان، وەڵامی پرسیارە سەرەکییەکە بدرێتەوە.

وەکچۆن، لە پێشەکیی کتێبەکەدا هاتوە: هۆکاری سەرەکیی هەوڵەکەمان، بۆ گرنگیی و پێویستیی (سیستمی ناناوەندێتیی) بۆ بارودۆخی ئێستای هەرێم دەگەڕێتەوە، کە هەنگاو بۆ هەڵبژاردنی سیستمێکی کارگێڕیی ئەوتۆ بنرێت، کەوا لەگەڵ واقیعی جوگرافیی و ئیتنیکیی وڵاتەکەدا بگونجێت.
ئەم تەرزە کارگێڕییەش، بریتییە لە “بونیادنانی متمانە لەناو حکومەتدا”، کە ئەنجومەنی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان، لە حەوتەمین دیداری جیهانیدا (٢٠٠٧ – ڤیەننا) پشتگیری لێکردووە. کەواتە ئەم سیستمە هاوچەرخە، بایەخی زۆری بۆ سەرکەوتنی حکومڕانیی هەیە و، کاریگەریی ئەرێنیشی لەسەر تەواوی جومگەکانی ژیانی تاک و کۆمەڵ دەبێت.

هەر لەو پێشەکییەدا، نوسەر رونیکردۆتەوە، “لە دوتوێی بەش و باس و تەوەرەکانی ئەم کتێبەدا، هەوڵدراوە، بە شێوەیەکی میتۆدیی و پاڵپشت بە کۆمەڵێ سەرچاوە، سیستمی کارگێڕیی بە گشتیی رونبکرێتەوە، پاشان تیشکبخرێتەسەر شێوازەکانی، لەمەشەوە، پتر رۆبچینە نێو بابەتی سەرەکیی و، لە رێگەی تاووتوێکردنی یاسا بەرکارەکانی عیراق و هەرێمی کوردستانەوە، وەڵامی پرسیارە پێویست و گرنگەکە: (سیستمی کارگێڕیی هەرێم چۆن بە ناناوەندیی بکرێت؟) بدەینەوە.”

هەروەک ئاماژەی بەوەش داوە، کەوا بۆ نوسین و ئامادەکردنی ئەم باسە، سەرەڕای سەرچاوە زانستییەکان بە زمانە جیاوازەکان، ئەزمونی ١٢ ساڵەی خۆیشی لە بواری کارگێڕییدا، لە فەرمانبەرێتیی و بەرپرسیارێتیی بەش و هۆبە و فەرمانگەوە، تا دەگاتە ئەندامێتیی لە ئەنجومەنی پارێزگا و بەریەککەوتنی راستەوخۆی لەگەڵ واقیعەکە و دەرهاویشتەکانی لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا، کۆمەکی باشیان کردووە، تاکو بابەتییانە و واقیعبینانەتر پرسەکە تاووتوێ بکات و سەرنجی خۆمی لەسەر بخاتەڕوو.

(سیستمی کارگێڕیی هەرێم چۆن بە ناناوەندیی بکرێت؟) لە نوسین و ئامادەکردنی (محەمەد رەسوڵ موڕاد) چاپی یەکەمییەتی و بە تیراژی (١٠٠٠) دانە و لە چاپخانەی حەمدی لە سلێمانی چاپکراوە و ژمارەی سپاردنی (١٥٣١)ـی ساڵی ٢٠٢٠ـی وەزارەتی رۆشنبیریی دراوەتێ.

نوسەر و ئامادەکاری کتێبەکە، لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە (فەیسبوک) راشیگەیاندوە، لەپێناو پابەندبون بە رێکارە تەندروستییەکان بۆ خۆپاراستن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا، لە ئێستادا هیچ رێوڕەسمێکی واژۆکردن و بڵاوکردنەوە بۆ کتێبەکە ناکەین. بەو هیوایەی لە ئایندەیەکی نزیکدا ئەو خەونەش بهێنینەدیی، لەوەش گرنگتر و پێویستتر خەونی بە ناناوەندییکردنی سیستمی کارگێریی هەرێمەکەمان.

محەمەد رەسوڵ موڕاد
• لەدایکبوی ١٩٦٩ – رانیە
• دبلۆم لە (بەڕێوەبردنی پرۆژەکانی ئاو)- پەیمانگای تەکنەلۆژیی موسەییەب- (١٩٨٩ – ١٩٩٠)
• بەکالۆریۆس لە (یاسا)- زانکۆی کۆیە- (٢٠٠٧ – ٢٠٠٨)
• مینی ماستەر لە (کارگێڕیی کار)- زانکۆی (عین شمس) بە هاوکاریی (ئەکادیمیای جیۆری) – (٢٠١٦).
• ئەزمونی کارگێڕی: ٢٠٠٣ – تاکو ئێستا: فەرمانبەر، لێپرسراوی بەش و هۆبە، بەڕێوەبەری فەرمانگە، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا (لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان).
• سەرۆکی لیژنەی شارەوانی و خزمەتگوزارییەکان، جێگری سەرۆکی لیژنەی کاروباری یاسایی لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی.
• کتێبێکی چاپکراوی هەیە: (یۆگای تەمەندرێژی و گەنجبوونەوە).
• چەند راپۆرتێکی پڕ زانیاری و سەرنجی وردی سەبارەت بە: (کێشەی کەمئاوی لە پارێزگای سلێمانی، زیادەڕەویی زەویوزار لە هەرێمی کوردستاندا، سەرچاوەکانی داهات لە هەرێمی کوردستان و پێویستیی پێداچوونەوە بە باج و رسومات، چۆنێتیی پەرەپێدانی کەرتی گەشتوگوزار لە دەڤەری راپەڕین و هەڵبژاردنەوەی ئەنجومەنی شارەوانییەکان. .. تاد) ئامادەکردوە.
• چەندین بابەت و نوسینی دەربارەی: (سامانی ئاو، یاسای ئاو، کارگێڕیی، یاسای کارگێڕیی) لە سایت و رۆژنامەکاندا بڵاوکردۆتەوە.
• چەند توێژینەوە و راپۆرت و نامیلکەیەکی تری ئامادەی چاپن.
• ئەندامی هەریەک لەم سەندیکا و رێکخراوانەیە: کۆمکاری زیندانییانی سیاسیی کوردستان، سەندیکای تەکنیکارانی کوردستان، کۆمەڵەی کوردستانێکی سەوز، یەکێتیی مافپەروەرانی کوردستان.




کەرەنتینا و کۆرۆنا … پارێزەر: لوقمان مصطفی صالح

ناوی مرۆڤ یەکەمین ئامڕاز و ناسێنەری کەسایەتی مرۆڤە و یەکەمین کاری فەرمی لە دوای هاتنە دنیایی منداڵ ناونانی منداڵەکەیە.هەر بۆیە پسپۆڕە دەروونناسییەكان جەخت لەسەر بەها‌و سەنگ و قوڕسایی مانا و ناوەڕۆكی ناونانی منداڵ دەكەنەوە، بەو پێیەی لە ئاییندەدا رەنگدانەوەی بەسەر سروشتی كەسایەتی منداڵەكەدا دەبێت، تا ئەوەی رەنگە زۆرجار ئەو رەنگدانەوەیە نەخوازراو بێت و پەرچە كرداری نەرێنیشی لای منداڵ لێبكەوێتەوە، سەپاندنی ناونانی مناڵەکانمان لەکاتی لەدایک بونیاندا،بەبێ ڕەزامەندی خۆیان،باوکان و دایکان هەر وەک چۆن بە پێی میزاجی خۆیان پیشتر بەناوی حیزب ، کەسایەتی ، نەتەوایەتی ، نیشتیمانی ، صحابەو پەیامبەرەکانەوە ناویان لە منداڵەکانیان دەنا ئەوە لە ئێستادا باوکان ودایکان بە پیی بارودۆخی سەردەمەکە ناو هەڵدەبژێرن، بێگوێدانە لێکەوتەکۆمەڵایەتێکان و باری دەروونی مناڵەکە لە ئایندەدا.هەر وەک دەڵێن…لەم ماوەیەدا لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی مناڵبوون ڕویدا کە گوایە باوکێک ناوی هەردوو مناڵە جمگەکەی ناو نا بوو ( کەرەنتینا و کۆرۆنا ) هەتا فەرمانبەری نەخۆشخانەکە پێی ووتبوو ناوی خۆش و بەمانا لە مناڵەکانت بنێ ئەمە کەی ناوە.! لە وەڵامدا ووتبووی ئەوە پەیوەندی بە تۆوە نیە،ئاخر لە کوێی دونیادا بووە جگە لە عەرەبەکانی سەردەمی جاهیلی نەبێ ناوی مناڵەکانت بە پەتای کوشندەو قێزەون ناوبنێی.!
ئەگەر پێشوتر بەهانەتان ناوە پیرۆزەکان بووبێت بە نیازی ئەوەی لە داهاتوودا وەک ئەوان دەرچن ئێ بۆ ڤایرۆسی کۆرۆنا دەڵێن چی .؟ هەرچەندە ناوە پیرۆزەکانیش که‌سه‌که‌ ناکاته‌ مرۆڤێکی ڕاست و دروست و دڵسۆز، به‌ڵکو به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ زۆرجار ئاکامی خراپتری ده‌بێت ،چونکه‌ له‌وانه‌یه‌ که‌سێکی ناله‌بارو تاوانباری لێده‌ربچێت، هه‌روه‌کوو ده‌بینین سه‌دان که‌س ناوی زۆر پیرۆزی په‌یامبه‌رو پیاوچاکانیان هاڵگرتوه‌، که‌چی مرۆڤی زۆر دڕنده‌و تاوانباریان لێ دروست بوه. هەندێک لە ناوەکانی نمونەی (کەرەنتینا و کۆرۆنا ) دەبنە جێی شەرمەزاری بۆ مناڵەکان بەهۆی نەگونجانیان لەگەڵ ژیانی نوێی ڕۆژانەی مناڵەکەتدا،زۆر جارمناڵەکان لەخوێندنگاو شوێنە گشتیەکاندا بەهۆی ناوەکانیانەوە لەبەردەم هاوەڵەکانیاندا دوچاری شەرم و گیروگرفتی زۆر دەبنەوە.! هۆیەکەشی سەپاندنی بیروڕای باوکان ودایکانە،کە هەڵگری ئایدۆلۆژیایەکی ئاینی،سیاسین لەژیانی ڕۆژانەی خۆیاندا،سەپاندنی ئەم بیروباوەڕە،بەسەر مناڵەکانیاندا.لەکۆتاییدا دەبێتە هۆی لێکەوتنەوەی کۆمەڵێک کێشەی وەک: کۆمەڵایەتی،یاسایی،سیاسی، پاشان سەرئێشەیەکی زۆر وەک گلەیی و
گازندەی مناڵەکان لەلایەک وتێچوی ناوگۆڕینەکەوسەرئێشەوماندوبونەکەشی لەولاوە بوەستێ.!
ئەم دیاردەیە، كه‌ دایك‌و باوك‌و به‌گشتیش خێزانه‌كان به‌رپرسیارن له‌وه‌ی‌ ناوێكی‌ ناخۆش یان نه‌شیاو له‌ منداڵه‌كانیان ده‌نێن، بۆیه‌ باشتر وایه‌ دایكان‌و باوكان وریابن‌ وهه‌وڵ بده‌ن ناوێكی‌ گونجاو لە منداڵه‌كانیان بنێن بۆئه‌وه‌ی‌ مناڵەکانیان له‌داهاتوودا شه‌رم له‌ناوه‌كانیان نه‌كه‌ن ‌و هه‌وڵی‌ گۆڕینی‌ نه‌ده‌ن.‌ “بمانه‌وێ‌و نه‌ماوێ ناو كاریگه‌ری‌ تایبه‌تی‌ خۆی‌ هه‌یه‌ له‌سه‌ر مرۆڤه‌كان به‌تایبه‌تی‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاستدا، بۆیه‌ وه‌ك دەبینین بەهۆی ناڕازی بونیان لە ناوەکانیان ڕۆژانە ناوگۆڕین لەدادگاکان روو له‌زیادبوونه‌، هه‌رچه‌نده‌ ره‌نگه‌ هه‌ندێك له‌گه‌نجان وه‌ك مۆدێلێك سه‌یری‌ ئه‌م حاڵه‌ته‌ بكه‌ن، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌توانم بڵێم له‌ئاینده‌دا ئه‌و گه‌نجانه‌ی‌ له‌زانكۆدان به‌شی‌ زۆری‌ ئه‌وانه‌ی‌ كه‌ له‌ناوه‌كه‌یان نارازین ناویان ده‌گۆڕن.
هەرچەندە لە ئێستادا لە ناودادگاکاندا بە بڕیارێک ئەو پرۆسەیە وەستاوەو لەدەسەڵاتی دادگاندا نەماوە چۆتە سەر بەڕێوەبەرایەتی باری شارستانی کەسەر بە حکومەتی فیدراڵیە و ئەو پێی هەڵدەستێت،هەواڵ ودەنگ وباسەکەوایە کە لەڕوی ئەمنیەوە خزمەت بە دوژمنان دەکات، بەڵام بریار وایە بەم نزیکانە بۆ گۆڕینی ناو و نازناو بریارەکە بدرێتەوە بەدادگاکان.ئەگەر نیازی ناو گۆڕینت هەبوو ئەوا بەم ڕێکارە یاساییە دەتوانی دەست بکەیت بە مامەڵە کردنی ئەویش :-
به‌پێی ماده‌ی [٢١] له‌ یاسای باری شارستانی ژماره‌ [ ٦٥ ] ی ساڵی ١٩٧٢ .. هه‌موو كه‌سێك ده‌توانێت بۆ یه‌كجار ته‌نها ناوی خۆی و نازناوی بگۆرێت به‌مه‌رجی نه‌په‌رێته‌ سه‌ر ناوی دایكوباوك و باپیره‌ .
بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ ده‌بێت ئه‌م هه‌نگاوانه‌ ئه‌نجام بدرێت :

١- ئه‌گه‌ر ئه‌و كه‌سه‌ مناڵ بێت ده‌بێت ئیزنی فه‌رمانگه‌ی چاودێری ناكامه‌كانی بۆ وه‌ر بگیرێت , گه‌ر فه‌رمانبه‌ر بیت ئیزنی فه‌رمانگه‌كه‌ی پێویسته‌ .
٢-كردنه‌وه‌ی بریكار نامه‌یه‌ك بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ … به‌مه‌رجێ ناوه‌ نوێ كه‌ و لایه‌نی به‌رامبه‌ر دیاری كرابێت كه‌ [ به‌ریوه‌به‌رایه‌تی باری شارستانی و ره‌گه‌زنامه‌ ] یه‌ .
٣- ئیقامه‌كردنی ده‌عواكه‌ له‌ دادگای باری شارستانی [ به‌رایی ] .
٤- كڵێشه‌ی ده‌عواكه‌ : دوو حاڵه‌ت هه‌یه‌

ا- گه‌ر ناوه‌كه‌ی ناشایسته‌ بێت …. پێویستی به‌ شاهید نییه‌ . نمونه‌ [ كه‌رۆ ]
ب- گه‌ر ناوه‌كه‌ی شایسته‌ بێت …. پێویستی به‌ شاهید هه‌یه‌ . نموونه‌ [ كاردۆ]
ئەگەر بتەوێ ناوەکەت بگۆڕیت ئەوا بەم شێوەیە لەڕووی یاساییەوە چاک ئەکرێت، بۆ ئەوەی لەڕووی دەروونیەوە هەست بەئارامی بکەیت و لە داهاتوودا كاریگەری خراپی لەسەر كەسایەتیت بۆ درووست نەکات.چونکە لەرووی ژینگەی كۆمەڵایەتی و دەوروبەرەكەت بەهۆی ناوەكەتەوە كاردانەوەی جیاجیایان بەرامبەر دەبێت،گومانی تێدا نیە کە كاریگەرییەكی خراپی نەرێنی لە ناوەوەی مرۆڤەکان دروست دەكات”. بۆیە پێویستە میدیاكان ئەو پرسە وەك لایەنێكی پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ و بە تایبەت منداڵان تەماشا بكەن و دایكان و باوكان هۆشیار بكەنەوە لەوەی بەشێوەیەك كار بۆ ممیزاج و ویستە ئایدۆلۆژیا و سیاسییەكانیان بكەن كە كاریگەری نەرێنی لەسەر داهاتووی منداڵەكانیان دروست نەكات.




شكستی حكومه‌ته‌كه‌ی رێكخراوی كۆلیژی زانست … ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب

بۆ نه‌مه‌ك حه‌ڵالی رێكخراوی كۆلیژی زانست !؟.

رێكخراوی كۆلیژی زانست سه‌ر به‌ لقی 2 ی ـ هه‌ولێرـ پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ باتی بڵاوكردنه‌وه‌ی عیلم و مه‌عریفه‌ت و زانست هێرشێكی ناره‌وایان كردووه‌ته‌ سه‌ر هاورێ عه‌بدولرحمان فارس عه‌بدولره‌حمان { ئه‌بو كاروان} و به‌ نمه‌ك حه‌رام ناوی ئه‌به‌ن له‌ گه‌ڵ به‌كارهێنانی كۆمه‌ڵێك وشه‌ی نابه‌جێ و بێسه‌روشوێن و ژه‌هراوی و ئه‌و هێرشكردنه‌ به‌لای منه‌وه‌ هێرشه‌ بۆ سه‌ر حزبی شیوعی كوردستان.
بۆئه‌وه‌ی له‌ شیوه‌كانی زۆرانبازی و ده‌رئه‌نجامه‌كانی و هه‌موو ئالوگۆره‌كانی ییویسته‌ بزانین كاریگه‌ری چییه‌و چه‌نده‌ له‌ سه‌ر پێگه‌ی كۆمه‌لگا و كاریگه‌ری له‌ سه‌ر دابه‌شكردنی هیزه‌ سیاسیه‌كان ودڵره‌ق و بێوجدان و ده‌روون پیسه‌كان چۆنه و، ماوه‌یه‌كه‌ هێزێكی كوردستانی بووه‌ته‌ خاوه‌نی قسه‌ی زبرو ره‌فتاری ناشیرین و، ئه‌وه‌ش ره‌نگدانه‌وه‌ی سیاسه‌تێكی چه‌وت و سه‌رلێشێوانه‌یه‌.
بۆ ئه‌وه‌ی نمه‌ك “” حه‌ڵاڵه‌كان “” بزانن ئه‌بو كاروان كێیه‌ ؟.
ئه‌بو كاروان : پێشمه‌رگه‌ بووه‌ له‌ ریزی پێشمه‌رگه‌كانی حزبی شیوعی عێراق و ‌دژ به‌ رژێمی خوێنرێژی سه‌دام حوسه‌ینی دیكتاتۆر و حزبی به‌عسی عه‌ره‌بی به‌شداری له‌ چه‌ندین شه‌رو داستان كردووه‌و، خۆی و خێزانه‌كه‌ی تووشی راونان و گرتن و زیندان وده‌ربه‌ده‌ری بوونه‌ته‌وه‌و، دوو برای شه‌هید كراوه‌ یه‌كه‌میان له‌ سه‌ر ده‌ستی ( حه‌ره‌س ئه‌لقه‌ومی) له‌ ساڵی 1963 سه‌دی رابردوو ، دووه‌میان له‌ داستانه‌كه‌ی مه‌لا ئۆمه‌ر له‌ ساڵی 1981و له‌ پرۆسه‌ی ئه‌نفالی چه‌په‌ڵ : ژنه‌ تێكۆشه‌ره‌كه‌ی { سه‌رگوڵ} و دوو كوری داره‌مان و كاروان و عه‌فاوی خوشكی و ژماره‌یه‌ك له‌ كوره‌مام و خزمانی شه‌هید بوون و هه‌ندێكیان بێسه‌رو شوێنن و ، ئه‌بو كاروان له‌ دوای ئه‌نفال وه‌ك پێشمه‌رگه‌یه‌كی پارتیزان بریندار بووه‌و ، له‌ ئێستادا ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی حزبی شیوعی كوردستانه‌.
پێش چاكوازییه‌كه‌ی مه‌سرور بارزانی و حكومه‌ته‌ ره‌نگاوره‌نگه‌كه‌ی هه‌ندێ سه‌ره‌ قه‌ڵه‌مم له‌ 13/12/2018 نووسی وتوومه‌ ئایا مه‌سرور بارزانی ئه‌توانێت؟ مه‌به‌ستم وه‌ریاكردنه‌وه‌ بووه‌ له‌ وه‌رگرتنی حكومه‌ته‌كه‌ی نێچیرڤان بارزانی شكستیخواردو وتومه‌ ، دیاره‌ كێشه‌ی زۆری بۆ حكومه‌تی داهاتوو ( حكو‌مه‌ته‌كه‌ی مه‌سرور) هێشتوه‌ته‌وه‌و‌، ئایا مه‌سرور بارزانی ئه‌توانێت ئه‌و كێشانه‌ چاره‌سه‌ر بكات؟ كێشه‌كانیش: شێوه‌ی هه‌ڵسوكه‌وت له‌ گه‌ڵ وڵاتانی ده‌وروبه‌ر “” دراوسێكان”” كه‌ چاویان له‌وه‌یه‌ سامان و نه‌وتی میلله‌ت هه‌ڵلوشن ، بنبركردنی گه‌نده‌ڵی، فرۆشتنی نه‌وت و، پاره‌كه‌ی ئه‌درێ به‌ كێ یان راستر ئه‌چێته‌ گیرفانی كێ؟ چاره‌سه‌ركردنی موچه‌و پاشماوه‌ی موچه‌، باری خه‌ڵكی كوردستان له‌ رووی سیاسی و ئابوورییه‌وه‌، چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان و زیندانانی سیاسی و، چاره‌سه‌ری كێشه‌ی پێشمه‌رگه‌ و، پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌كان، دۆخی مافی مرۆڤ، چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی ئافره‌تان و نه‌هێشتنی توندوتیژی و، كێشه‌ی ‌ قوتابی و سه‌رجه‌م خوێندكاران و، كێشه‌ كرێكاران و جوتیاران، ئازادی و مافی خۆپیشاندان، كوشتنی رۆژنامه‌نووسان و، خه‌ڵكی سڤیل و داڵده‌دانی بكوژان له‌لایه‌ن به‌رپرسان، شه‌ری خۆكوژیی “” برا كوژی “” و، ریشه‌كێشكردنی ئه‌نفالچی و خاوه‌ن فایله‌كان كه‌ له‌ خزمه‌تی رژێمی خوێنرێژی سه‌دام حوسه‌ین بوون و، كێشه‌ی كه‌ركوك و ناوچه‌ دابراوه‌كان و، به‌شه‌ بوودجه‌ی هه‌رێم.
با بزانین نمه‌ك “”حه‌ڵاله‌كان”” چییانكردووه‌و چیئه‌كه‌ن؟
په‌یوه‌ندی كوردستان له‌ گه‌ڵ وڵاتان “” دراوسێكان “” زۆر به‌هێزه‌و مه‌سرور بارزانی وه‌ك سه‌رۆك حكومه‌ت دووجار گه‌شتی توركیای كردووه‌و یه‌كێكیان به‌نهێنی بووه‌و كه‌س نازانێت به‌چی مه‌به‌ستێك بووه‌و، توركیا له‌ناو خاكی كوردستان له دهوك وهه‌ولێر بنكه‌ی سه‌ربازی هه‌یه‌و توركیا به‌ فرۆكه‌ی جه‌نگی و فرۆكه‌ی بێفرۆكه‌وان بۆمبارانی ناوچه‌كانی كوردستان ئه‌كات و به‌ هۆی بوونی چاوساغ و سیخوری میت و كه‌ره‌سته‌ی لۆجیستیكییه‌وه‌ ده‌ستی چه‌په‌ڵی وه‌شاندوه‌و خه‌ڵكی سڤیلی شه‌هید كردوه‌و، حكومه‌ت بێده‌نگه‌و، توركیا رۆژانه‌ خاكی زیاتر داگیر ئه‌كات و، زۆر مه‌ترسیداره‌و بیانووه‌كه‌شی ـ PKK په‌كه‌كه‌یه‌و، وادیاره‌ په‌كه‌كه‌ له‌ لێبیاش هه‌یه‌ بۆیه‌ توركیا به‌ ناردنی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی و تیرۆریست و فرۆكه‌و و پاپۆر ئه‌نێری بۆ لیبیا!.
باسكردنی سامان و نه‌وتی كوردستان ته‌ماویی و ڵێڵه‌و كه‌س نازانێت چیان پێئه‌كرێت و كێ ئه‌یخوات و پاره‌كه‌ی بۆ كێیه‌و، وا بۆ پینج ساڵه‌ شاند هات و شاند چوو بۆ به‌غدا درێژه‌ی هه‌یه‌و هه‌موو جارێك وته‌بێژی حكومه‌ت و راگه‌یاندنه‌كانی وابه‌سته‌ به‌ حكه‌مه‌ت كۆمه‌ڵێك درۆ ده‌له‌سه‌ ئه‌كه‌ن گوایه‌ گه‌یشتوونه‌ته‌ چاره‌سه‌رو له‌ پاش چه‌ند رۆژێك خۆێان به‌ درۆئه‌خه‌نه‌وه‌و، له‌ ماوه‌ی شه‌س ساڵدا نه‌توانراوه‌ رێككه‌وتنێك له‌ گه‌ڵ ( درواسیكه‌مان) عێراق واژوو بكه‌ن.
سه‌باره‌ت به‌ نهێشتنی گه‌نده‌ڵی ته‌نها بازرگانییه‌ به‌و وشه‌یه‌و له‌ چاكوازییه‌كه‌ی حكومه‌ته‌كه‌ی مه‌سرور هیچ نه‌كراوه‌و بندیوارو “”موسته‌فید”” زۆرن و ماون!.
مووچه‌و پاشماوه‌ی‌ مووچه‌ تا ئێستا چاره‌سه‌ر نه‌كراون و، له‌وه‌ خراپتر حكومه‌ته‌كه‌ی چاكوازی به‌ نیازه‌ مووچه‌ كه‌م بكاته‌وه‌و، ئیفلیج بووه‌و ناتوانیت مانگانه‌ی پێشمه‌رگه‌و مامۆستایان و گشت فه‌رمانبه‌رو مووچه‌خۆران بدات.
مافی مرۆڤ: دیندار ناوێك هه‌یه‌ گاڵته‌ به‌ هه‌ست و ده‌روونی لێقه‌وماوان ئه‌كات و، هه‌رچی راپۆرت ئه‌درێت به‌ رێكخراوی مافی مرۆڤ Human Rights Organization به‌ درۆی ئه‌خاته‌وه‌و ئه‌ڵێت مافی مرۆڤ پارێزراوه‌و، بۆ وه‌بیرهێنانه‌وه‌ی دیندارو دینداره‌كان ئه‌ڵێم، سیخۆریكی تورك له‌ هه‌ولێر كوژرا له‌ پاش یه‌ك رۆژ بكوژه‌كه‌ دۆزرایه‌وه‌ به‌ڵام خه‌یره‌ بكوژانی سوران مامه‌ حه‌مه‌، سه‌رده‌شت عوسمان، كاوه‌ گه‌رمیانی، وداد حوسه‌ێن و ئه‌وانی تر 12 ساڵه‌ كه‌س نه‌دۆزراوه‌ته‌وه‌.
رێكخراوی كۆلیژی زانست ناوێكی گه‌وره‌یه‌و له‌ جیاتی بڵاوكردنه‌وه‌ی زانست و راستگۆیی و خۆشویستی ئه‌بێت به‌ پرۆو هیچی سوودێكی نامێنێت و، ئه‌م رێكخراوه‌ به‌كارهاتووه‌ بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر حزبی شیوعی كوردستان له‌ هاوری ئه‌بو كاروان ده‌ستیان پێكردووه‌و، وا دیاره‌ ده‌ستی پاراستن و خه‌ڵكی خراپ پاڵیان پێوه‌ناوه‌ كه‌ خراپه‌كاری بكه‌ن و، لێره‌دا نامه‌وێت ببم به‌ زمان حاڵی هیچ هاورییه‌ك و ئه‌ڵێم : هاوری ئه‌بو كاروان زۆر له‌و پێناسه‌یه‌ی رێکخراوی کۆلێژی زانستپاك وبه‌ توانا به‌رزتره‌و، زمان نابرێت و كه‌ترو پلایسی پێ نییه‌و، شانازی به‌ هاتنی بۆستاڵ له‌ پێكانی سه‌دامی دیكتاتۆرو حزبی به‌عسی عه‌ره‌بی خوێنرێژ بۆ هه‌ولێر ناكات و، ئه‌بو كاروان نایه‌وێت په‌تای كۆرۆنا له‌ كوردستان بڵاوبێته‌وه‌و، به‌ هۆی كۆرۆنا سه‌نگی حكومه‌ته‌كه‌ی كۆلیژی زانست زۆر هاتووه‌ته‌ خواره‌وه‌و خه‌ڵك پابه‌ند نابن به‌ فه‌رمان و نه‌خشه‌ی وه‌زیره‌كانی و، حكومه‌ت هیچی بۆ هه‌ژارو زه‌حمه‌تكێشان نه‌كردووه‌و به‌ڵكو له‌ سایه‌ی ئه‌م حكومه‌ته‌ رێژه‌ی هه‌ژاری و به‌دبه‌ختی و ئاواره‌ بوون زیادی كردووه‌و وقه‌ت ناتوانێت چاره‌سه‌ری بۆ نه‌هێشتنی هه‌ژاری و بێكاری و موچه‌و كاره‌باو ئاو بدۆزێته‌وه‌.
له‌ كۆتاییدا : كێ نمه‌ك حه‌رامه‌و، كێ نمه‌ك حه‌ڵاڵه‌؟
7/6/2020