گفتوگۆ لەگەڵ مامۆستا عوسمان محه‌مه‌د هه‌ورامی … سازدانی: ڕۆستەم خامۆش

عوسمان محه‌مه‌د هه‌ورامی:
ئەرکی نووسەرانی ئەم بوارە زۆر بەرین و فراوانەیە، ڕۆژانە ئاگاداری گۆڕانکارییە پەروەردەییەکانی ناوەوەو ده‌رەوەی وڵات بن و کەڵکیان لێوەرگرن

له‌ سۆنگه‌ی دڵسۆزیی و خۆشه‌ویستیمان بۆ نه‌وه‌كانی دواڕۆژی كوردستان و بۆ گرنگیدان و بـایـه‌خی زیاتر به‌ ئه‌ده‌بیاتی منـداڵان، وه‌ كـاری زۆرتـر له‌سه‌ر ئه‌و ئه‌ده‌بـه‌ پێویسته‌ی زارۆكان، ڕوومـان لـه‌ ده‌رگـه‌ی مـاڵـی دڵ و بیـر و ئه‌ندێشه‌ی كه‌سایه‌تییه‌كی دیار و ناسراوی دونیای ئه‌ده‌بیاتی منداڵان كرد، كه‌ ئه‌ویش: به‌ڕێز مامۆستا “عوسمان محه‌مه‌د هه‌ورامی” شـاعیـر و نووسـه‌ره‌. بـه‌ خـۆشـحـاڵیـه‌وه‌ ده‌رگـه‌ی لێكردینه‌وه‌و به‌ هـه‌گبـه‌ی پـڕ له‌ زانیاری ده‌رباره‌ی ئه‌ده‌بیاتی زارۆكان و زۆر به ‌وردی و به‌ كورت و پوختی وه‌ڵامی داینه‌وه‌. ئێمه دركمان به‌وه‌ كرد و ‌زانیمان، كه‌ مامۆستا عوسمان چه‌نده‌ خه‌مخۆر و دڵسۆزی منداڵانه‌ و ساڵانێكی دوور و درێـژه‌ له‌و بـواره‌دا جێ ده‌سـتی دیـاره‌و خـزمـه‌ت بـه‌و تـوێـژه ‌گرنگـه‌ی كۆمه‌ڵگـه‌ی كـوردی‌ ده‌كـات، بۆیـه‌ ئێمه‌ش لـه‌خزمه‌تیدا پـرسـیـمـان و گوتمان:

سـڵاو مامۆستا “عوسمان محه‌مه‌د هه‌ورامی” ئـەم کـاتـەت بـاش.
پێمان بـاشـە ڕای بەڕێزتان بزانین سـەربارەت بە شیعر و ئەدەبیاتی منداڵان، یـان چۆن بۆ منداڵان بنووسرێ، یاخود چی باشە بۆ ئەوەی بیخەینە بەر چاوی منداڵانی کوردزمانمان، یان بەڕێزت چ پێشنیارێكت هـه‌یـه‌، یاخود هەر شتێکت پێباش بـوو ســەبـارەت بـە شیعر و ئەدەبـیــاتـی منـداڵان، پێمان خۆشه‌ ئـامـاژەی پـێـبکـەیـت؟

سازدانی: ڕۆستەم خامۆش

مامۆستا عوسمان محه‌مه‌د هه‌ورامی
له‌ باره‌ی نووسین بۆ زارۆ، به‌م شێوه‌یه‌ بۆمان دواو گوتی:

لە چەندین نووسیـن و کۆڕ و دیداری ڕادیـۆ و تەلەڤزیۆنیدا، لە فێستیڤاڵی ئەدەب و زمانی کوردیدا لە زانکۆی سنە، بەهـاری ( ۲۰۱۰ )، هەروەها لەو میواندارییەی سەنتەری فرە زمان ــ لە سوید، پاشان لە نەرویچ ، هاوینی ساڵی ( ۲۰۱۱ ) بــۆم کرا، دواتر لـە کۆڕێكدا لـە یەکێتیی نووسەرانی كورد، لقی سلێمانی، هـەروەهـا لـە نووسینێکمدا لـە گۆڤـاری ( نووسەری کورد )، یەکێتیی نووسـەرانی كورد ـــ لقی هەولێر، بـە شێوەیـەکــی فراوان بــاســی نـووســـیـــن بـــــۆ منداڵ و ئامانجەکانیم بـاسـکـردوون و نـووســەران کـەڵــکــی چـاکیـــان لـەو بـابـەتـانـەم وەرگـرتــووە.

بەکورتی:

  • دەبـێ نـووسـەری جیهانە ڕەنگیـنـەکـەی منـداڵان، زۆر بـاش و بـەگوێرەی قـۆنـاخــەکـــانــی تـەمـەنـیــان شــــارەزای دەروونـنـاسـیی و زمـانـیــان بــێ.
  • نووسینی بابەتەکـان بـە زمانێکـی ڕەوان و پــاراو، کــە یەکێکـە لـە ئامانجە سەرەکییەکان بۆ گەشەپێدانی زمانەکەمان. بـۆیـە ناکرێ، بەتایبەتی لە نووسینی هۆنراوەدا، شوێنگۆڕکێ و پاش و پێش بە وشە بکرێ بۆ دروستکردنی سەروا.
  • تا دەتوانرێ، هەڵێنجانی بابەتەکان لە ژینگەی کۆمەڵ و جیهانە جوانەکەی خودی منداڵەوە، جا بەرەبەرە هەنگاونان بــۆ دەوروبەر و دوورتر.
  • بەگوێرەی قۆناخەکانی پەروەردەکردنی منداڵ، هۆنراوە ( 4 ، ٦ ، ۸ ) دێڕ پترنەبێ، دەنا با بکرێتە ئۆپەرێت.
  • ناکـرێ وشەی ڕەق و زبر و تەنزئامێز بەکـار بهێنرێ، بـــۆ نمـوونـە لـە جیاتیی ( هـاروهـاج )، بگـوتـرێ ( بزێـو )، ( تـەمـەڵ ), بگـوتـرێ ( دواکـەوتـوو ).
  • هاندان و سەرپەرشتیکردنی جگەرگۆشەکان بـــۆ خوێندنەوەی بابەتی چـاك و نووسینی جوان.
  • دایەنگە و باخچە و قوتابخانە، گونجاوترین ژێدەر و زەمینەی لەبار و ڕەخساون بــۆ نووســەری بواری پەروەردەی دروسـت و بەجێ.
    دەتوانرێ بگوترێ، گەر نووسـەر، یـان هۆزانڤان مامۆستابێ، ڕۆژانـە لەتەك منداڵدایـە و زۆر چـاکـتـر ئامانـج و ئەنجام ئەپێکێ.
  • ئەرکی نووسەرانی ئەم بوارە زۆر بەرین و فراوانەیە، ڕۆژانە ئاگاداری گۆڕانکارییە پەروەردەییەکانی ناوەوە و ده‌رەوەی وڵات بن و کەڵکیان لێوەرگرن.
  • پێویستە بگوترێ، گـۆڤـار و بڵاوکراوە تایبەتەکان بە ئەدەبی منداڵ، یەکەمین بـەرپـرسـن لـە بڵاوکردنـەوه‌ی نووسـیـنـی زۆر و بــۆر و کـرچـوکـاڵ.
  • ئەرکی هەردوو وەزارەتی پەروەردە و ڕۆشنبیرییە، بەسەرپەرشتیی شارەزا ئەزمووندار و ناودارەکان، مانگانە، بە تیراژی چوار، پێنج هەزار دانە ، چەند گۆڤارێکی وابەستە بە پەروەردە و ئەدەبی منداڵ بخەنە بەر دیدە گەشەکانی زارۆی کورد و هەمیشە پەرەیان پێبدرێ. بـە هەر بیانوویەکیشبێ، نــابــێ ڕاگیرێن، وەك لـە ســاڵی ( ۲۰۱۱ )دا، دوور لەگشت بنەمایەك و بەرپرسییەتیی پەروەردەیی، بەرانبەر بـە گــۆڤــاری ( هەنگ )ی ئــازیــز کــرا.
    *خوازیارم بانگەوازی دڵسۆزان بخرێتە بەردەم بەرپرسانی باڵا و کاری بۆ بکرێ.

پرۆفایل:

  • عوسمان محەمەد هەورامی
  • له‌ ساڵی ١٩٤٠ لە شارۆچكەی تەوێڵە لە دایكبووە.
  • له‌ ساڵی ١٩٤٧ لە قوتابخانەی تەوێڵە خراوەتە بەر خوێندن.
  • له‌ ساڵی ١٩٤٨ماڵیان چووه‌ته‌ شاری سلێمانی و ئێستاش هه‌ر له‌و شاره‌ نیشته‌جێیه‌.
  • خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی بەشی وێژەیی لە شاری سلێمانی تەواو كردووە.
  • ساڵی ١٩٥٨ لە قوتابخانەی تەوێڵەی سەرەتایی كوڕان مامۆستای كاتیی بووە.
  • ساڵی ١٩٥٩ له‌بەشی زمانی كوردی له‌ كۆلیژی ئاداب له‌ به‌غداد وه‌رگیراوه‌، بەڵام له‌به‌ر هەژاریی تەنها دوو مانگ خوێندویه‌تی و به‌ ناچاریی وازی لێهێناوه‌.
  • ساڵی 1959 لە گوندی (چنارنە)ی سەر بە ناحیەی (بنگرد) كراوە بە مامۆستای كاتیی.
  • ساڵی١٩٦٠بووه‌ به‌ مامۆستای هه‌میشه‌یی له‌ گوندی (شێنێ)ی سەر بە قەڵادزێ.
  • ماوه‌ی 14 ساڵ به‌رنامه‌ی (خه‌نده‌) ی پێشكه‌ش كردووه‌ له‌ ڕادیۆی ده‌نگی گه‌لی كوردستان.
  • بۆ ماوه‌ی 47 ساڵ وه‌ك مامۆستایه‌كی دڵسۆز، خزمه‌تی به‌ منداڵان كردووه‌.
  • یه‌كه‌م كه‌س بووه‌، كه‌ وشه‌ی (ئاماژه‌)ی له‌ نووسیندا به‌كارهێناوه‌.
  • ساڵى ٢٠٠٣-٢٠٠٦ وەک شارەزا لە خانەى وەرگێڕان کاریکردووە.
  • تا ئێستا 18 كتێبی به‌چاپگه‌یاندووه‌ بۆ‌ منداڵان.

چه‌ندین خه‌ڵاتی ڕێزلێنانی پێبه‌خشراوه‌، له‌وانه‌:
1- وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیریی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، دووجار.
2- بەڕێوەبەرێتى پەروەردەى سلێمانى.
3- بنکەى ڕووناكبیری گەلاوێژ.
4- دووەمین فیستیڤاڵى هەورامان.
5- گۆڤاری گوڵه‌كان.
6- گۆڤاری جگه‌رگۆشه‌كان.




نامەیەکی کراوەی کورت بۆ (سەدیق سەعید ڕواندزی) — ژیار ئەسوەد

کاک سەدیق سڵاو.

لە کۆتا وتارت بەناوی (چەند سەرنجێک لە پەراوێزی شیعرەوە) کە ھەر لە سایتی (دەنگەکان) بڵاوت کردبۆوە، ھەندێ پەرشوبڵاویی و ھەڵەتێگەیشتن ھەیە. لە وتارەکەتدا ناوی منت ھێناوە، ئەمەش دیارە پاش ئەوە دێت کە شاعیر (سەباح ڕەنجدەر) لە بابەتێکیدا بە نێوی (بەھای جیاوازییەکان) ناوی من و ڕزگار جەباری وەک نموونە ھێناوەتەوە.
ئەگەر بە سەرنجەوە خوێندبێتتەوە، شاعیر لە تەواوی وتارەکەی خۆیدا لە ھیچ جێیەک بەو مەبەستەوە ناو ناھێنێ کە ئێمە درێژەپێدەری ئەزموونی شیعریی ئەو بین، وی تەنھا باس لە بەھرە و توانای گەنج دەکا کە ئەگەر خۆیشی نەبووایە -یان شیعری نەنووسیایە- دەکرا دنیا بە شێوەیەکی تر، لە دیدێکی دیکەوە لەسەر دەستی شاعیرگەلێکی گەنج بێنە نووسینەوە.
قوربان، لە وتارەکەتدا نووسیوتە: “کاتێ (ژیار ئەسوەد) دێت و لەڕێی نووسینی شیعرەوە، ھەوڵی لاساییکردنەوەی ستایلی شیعری ئەو دەدات، بێگومان نە دەتوانێت وەک ئەو بنووسێت، نە دەشتوانێت بەردەوامی بە ئەزموونی نووسینی شیعری بدات”. ھەر نەختێک دواتر نووسیوتە: “کە من شیعری ئەو نووسەرەم پێشتر نەبینیوە”! کەواتە چۆن ئەو بڕیارە پێشوەختەیەت لای خۆت دروست کردووە؟ جەنابت نموونەیەکی گچکەت لە دوو دێڕەشیعری من ھێناوەتەوە و بەراوردت کردۆتەوە بە چەند دێڕەشیعرێکی (سەباح ڕەنجدەر)! لە ھەمووی سەیرتر ئەوەیە: بایی ھێندە لە شیعرەکە ورد نەبوویتەتەوە، بەوەی دێڕی یەکەمت بە ھەڵە داناوەتەوە! لەوێدا من دەڵێم (مێروو – حشرة) نەک (مێروولە – نمل). کە مێروولە جۆرێکە لە جۆرەکانی زیندەوەرانی کۆمەڵەی بەرفراوانی مێرووەکان.
بەدەر لەوانە، بە داوای لێبوردنەوە دەڵێم: شیعر لەسەر ئەو جۆرە پێوەرانە ھەڵناسەنگێنرێن کە جەنابتان پەیڕەوی دەکەن، لەبەرئەوەی شیعر تەنھا دێڕ و دوو دێڕ و تەنانەت کۆپلە نییە. ئەگەر تەواوی شیعرەکە بخوێنیتەوە بۆت دەردەکەوێ لەڕووی بابەتەوە چەند لێک دوورن و من بە چ شیعرییەتێک مامەڵەم لەگەڵیدا کردووە و (سەباح ڕەنجدەر)یش چۆن.
ھەڵبەت پێم ناخۆش نابێ گەر بچی تەواوی ئەو ئەزموونە کەمە شیعرییەی من بخوێنیتەوە -پێویست بکا بۆت دەنێرم- ئینجا بەراوردی بکەیتەوە لەگەڵ ئەزموونە زەوەندەکەی شاعیر؛ ئەوکات بێی وتارێکی تێروتەسەل دەربارەی ئەوە بنووسی کە من لە کوێ لاساییکەرەوەی ئەوم!

ڕێزی زۆرم.

ژیار ئەسوەد




فاشیزم لە دەسەڵاتدا،فاشیزم لە ئۆپۆزۆسیۆندا … حەمید تەقوایی … وەرگێڕانی: کاوە عومەر

بەشوێن کوشتنی کارەساتباری جۆرج فلۆید بەدەستی پۆلیسی ڕاسیستی ئەمریکا وناڕەزایەتی فراوان وبەردەوام لە سەدان شاری ئەو وڵاتەدا،ئەمڕۆ لەئاستێکی جیهانیدا،هێزە ئۆپۆزۆسیۆنە ڕاستڕەوەکانی کۆماری ئیسلامیش کەوتونەتە هەوڵدان.چاوپێکەوتن وقەڵەمەکانیان خستوەتەکار ولە میدیا کۆمەڵایەتیەکاندا کۆمۆمێنت ئەنوسن ولایک دەکەن بەڵام نەک بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی لە دژی کوشتنی جۆرج فلۆید و وەستان وهاوڕایی لەگەڵ ئەو خەڵکە ناڕازی وتوڕەیەی کە زیاتر لە دە ڕۆژە بەدروشمی ناتوانم هەناسەبدەم شەقامەکانی داگیر کردوە.بەڵکو لەدژی ئەم خەڵکە و لەپەنای ترامپ و پۆلیسیە فاشیستەکەی ئەمریکادا.لە فەرشگەرد و شاخوازە سەرسەختەکانەوە هەتا کەسانێک کە خۆیان ناوناوە سیکۆلار دیموکراتیک،وەیان خۆیان بەچەپ ولایەنگری کرێکار دەزانن،هەمویان لە پەنای ترامدا وەستاون کە مەلەفێکی ئەستوری توندوتیژی دژی ڕەشپێستەکان ودەربڕین و هەڵوێستی ڕاسیستی هەیە.ئەڵێن ئەم ناڕەزایەتیانە حزبی دیموکراتەکانی لە پشتەوەیە،پیلانی ڕێکخراوی”تیرۆریستی” ئەنتی فایە”ئەڵێن ململانێی هەڵبژاردنەکانە،ئەلێن ئاکامی “خراپ کەڵک وەرگرتنی” کەسایەتیە ناودارە چەپ ولیبریالەکانە لە ناڕەزایەتی خەڵک وهیتر و هیتر.

وێنایەک ئەوانە لە ناڕەزایەتیە حەقخوازانەکانی خەڵکی لەدژی ڕەیسیزم وفاشیزمی سیستماتیک وجێکەوتو لە ئەمریکا دەدەن بەدەستەوە وەرگێڕانی فارسی دەربڕینەکانی ترامپ وفۆکس نیوز و ئەو ڕوخسارو ڕاگەیاندنەکانی کە خواستی سپی پیستەکان سەروترن (( white supremacistو ڕەگەز پەرستە سەرسەختەکان لە ئەمریکاو وڵاتانی تردایە.
بۆنی بۆگەناوی ئەم فاشیزمی فارسە لە دەربڕینەکانی مەنسور ئۆسانلودا دەردەپەڕن.ئەو جۆرج فلۆید وەک کاراکتەری فلیمە سێکسیەکان دەناسێنێت،(باواش دانێن کەبەوشێوەیەشە دیار نیە ئەمە بۆچی تاوانە)!کە پۆلیس لەترسی گیانی خۆی بە ڕێکەوت ئەوی کوشتوە،وە بەبۆچونی ئەو خۆپیشاندەرانیش بێکارانێکی بێشەرمن کە جگە لە پشێوی نانەوە کارێکی تریان نیە!
بێ شەرمیش سنورێکی هەیە.تەنانەت دیڤد دۆگ ڕابەری کۆک لۆکس کلانەکانی ئەمریکا و هاوەڵی ئەشکەوتی ترامپیش ئازایەتی ئەوەی نەبوو کە بەو شێوە ڕاشکاوەنەو بێ شەرمانە لە دژی خەڵکی ناڕازی قسەبکات.بەڵام وەک دەرئەکەوێت! ئەکرێت بەزمانی فارسی ئەم قسانە بکەیت وخۆشت بە بەرگریکاری کرێکاران لەقەڵەم بدەیت!ئەکرێت بزوتنەوەی دژی فاشیزمی ئەنتیفا بە تیرۆریست ناو ببەیت و بانگەشەی سیکۆلار دیموکراتیشت هەبێت!تەنانەت دانانی نازناوی سکۆلار دیموکراتیش بۆ ئەوانە زیادەیە.نازناوی فاشیست گونجاوترە.
بەڵام بۆچی ئۆپۆزۆسیۆنی ڕاست بەم ڕۆژە گەیشتوە؟بۆچی هەندێک هێز کە خۆیان بە ئۆپۆزۆسیۆنی حکومەتی ئیسلامی دەزانن و لە ئەمریکا لە پەنای فاشیزم وڕەگەز پەرستیدا سەریان دەرهێناوە؟یەکێک لە پاساو و بیانوەکانی ئەوان هەڵوێست وەرگرتنی تاکتیکیە لە دژی حکومەتی ئیسلامی.لەو باوەڕەدان کە ترامپ زیاتر لە حزبی دیموکراتەکان دژی حکومەتی ئیسلامیە.
جێگیر بون (برجام)ی تێکداوەو گەمارۆی ئابوری توند کردوەتەوە و لەبەر ئەوە نابێت لاواز ببێت،ڕاشکاوانە دەڵێن ئەم ناڕەزایەتیانە بە زەرەری ترامپ وبە سودی جۆبایدن دەشکێتەوە.لەبەر ئەوە ئێمە ئەبێت لەبەرامبەریاندا بوستینەوە.ئەڵبەت ئەمە هەڵوێستێکی نوێ نیە.هەر لە کاتی هاتتنە سەرکاری ترامپەوە هەتا ئەمڕۆ ئەم هێزانە بەرگریان کردوە لە فاشیست ترین و دژی ژن ترین و درۆزن ترین و فریوکارترین سەرۆکێک کە هەتا ئێستا ئەمریکا بەخۆیەوە بینیوە بەبیانوی ئەوەی کە دژی کۆماری ئیسلامیە.وەک دەرئەکەوێت لە زۆری دژایەتیان لەگەڵ جمهوری ئیسلامیدا کەوتونەتە ناو چاڵی فاشیەتی ترامپستیەوە.ڕەنگە بتوانی بەتوانەوە لەگەڵ فاشیزمی ڕەگەزی ترامپدا لەگەڵ فاشیزمی دەسەڵاداری ئیسلامی لەئێراندا تێکەڵ ببێت.ناوەرۆک وماهیەتی ئەم جۆرە”دژی ڕژێم بونە”ڕێک وەکو”دژی ئەمریکا بونە”کەی کۆماری ئیسلامی، کۆنەپەرستانەیە،بەڵام کێشەکە تەنها لەسەرتاکتیکی دژی ڕژێمیی ئۆپۆزۆسیۆنی ڕاست نیە.هەڵوێستی ئەم دوایانەی ئەوانیش هاوشێوەی”بێ دەنگی شاهانەی”ڕەزا پەهلەویە لە بارەی مەرگی قاسم سولەیمانیەوە لە ستراتیج وئایدۆلۆجی ئەو هێزانەدا ڕێشەی هەیە. ئەم هەڵوێستە لەڕادەبەدەر کۆنەپەرستانەی دوایش ڕیک و بەتەواوەتی لەگەڵ سترایجی هێزە ڕەنگاوڕەنگەکانی ئۆپۆزۆسیۆنی ڕاستدا لە ئاستی بناغەیی تردا لەگەڵ دونیا بینی و ڕیباز و سیستەمی بەهاکانی ئەواندا گونجاوە.
لەڕوی ستراتیجیەوە گۆڕینی ڕژێم هێڵی گۆڕانکاری لەسەرەوە بەکەمترین بەشداری جەماوەری خەڵک(هەر ئەو جەماوەرە”بێکارو بێعارە”کە”جگەلە ئاژاوە کارێکی ترنازانێ” هەر بەم جۆرە تاکتێک وهەڵوێستگیرانە کۆتایی دێت.کاتێک جەنابی ڕەزا پەهلەوی لەگەرمەی خۆپیشاندانەکانی نۆڤەمبەردا پەیامی خۆشەویستی دەنێرێت. بۆ”دەستەبژێرەکانی سوپایی و وڵاتی”کۆماری ئیسلامی بۆ”‘خۆپارێزی لەپشێوی” وە دەستی دوستایەتیان بۆ درێژ دەکات لە ڕاستیدا بەشوین هەمان خەتی گۆڕینی دەسەڵاتە وەیە لەگەڵ کەمترین گۆڕانکاریدا.لەناوبردنی ئەو کەسانە لەناوبردنی کۆماری ئیسلامی نیە،بەڵکو هێشتنەوەی هەمان نیزامە بەناو و ئاڵایەکی ترەوە.
لەڕوی دونیا بینی وڕێبازیشەوە ڕاسیزمەکەیترامپ و ڕاسیزمی فارس یەک ڕیشەیان هەیە.عەزەمەتخوازی ئیرانی لەگەڵ عەزەمەتخوازی ئەمەریکی و ڕەگەزپەرستی دژی ڕەش پێست لەگەڵ ڕەگەز پەرستی ئاریایی.هەردوکیان یەک قوماشن.فاشیزمی ترامپ ئەیەوێت عەزەمەتخوازی بۆ ئەریکا بگەڕێنێتەوە و فاشیزمی ئاریایی خوازیش خواستی گەڕانەوەیان هەیە بۆ گەورەخوازی سەردەمی کۆڕش.ئەمڕۆ خەڵک لە شارەکانی بەریتانیا و ئەمریکا خەریکن پەیکەری”سەرکردە میللیەکانی”سەردەمی کۆیلایەتی وداگیرکاری دێننە خوارەوە و فاشیستە نیشتیمانیەکانیش لەخەیاڵی بەرزکردنەوەی پەیکەری ئیمپراتۆرەکانی سەردەمی کۆیلەداریدان.کاتێک بزوتنەوەیەک یان هێزێکی سیاسی لەژێر ناوی مافی مرۆڤدا بەرگری لە ئیمپراتۆرێکی سەردەمی کۆیلایەتی دەکات،ئاشکرایە کە لەپەنای ترامپی عەزەمەتخوازدا لەبەرامبەر خەڵکی یەکسانی خوازدا دەوەستێتەوە.هەر بەو شێوەیەی کە “ڕەزاشای گەورەیان”بەهۆی ئاریا پەرستیە زۆرەکەیە وە لە پەنای هیتلەرو مۆسیلینیدا وەستابوو.لەڕوی سیستەمی بەهاکانیشەوە،دەمارگیری میللی-نیشتیمانی و خاک پەرەستی و ئیمپراتۆر پەرستی بەتەواوەتی لەبەرامبەر بەها جیهانداگرە ئینسانیەکاندا ئەوەستێتەوە.کاتێک ئینسانەکان بەسەر میللەت و ڕەگەزی جیاوازدا دابەش دەکەن و خاک پەرستی و باب وباپیر پەرستی لە جێگای یەکسانیخوازی و بەرگری لە حورمەت وکەرامەتی جیهان داگری ئینساندا دادەنێن.لەڕاستیدا پێیان لەسەر گەردنی هەموو خەڵکی جیهان داناوە.دروشمی ناتوانم هەناسە هەڵمژم ڕوی لە فاشیستەکانی دەسەڵات وئۆپۆزۆسیۆن هەردوکیانە.ئەمڕۆ تەنانەت هەندێ کەسایەتی ناو حزبی کۆماریش ناچار بون کە خۆیان لە ترامپ بەدوربگرن.ڕاشکاوانە ترامپ بەهۆکاری بڵاوکردنەوەی نەفرەت و جیاوازی لەناو خەڵکدا ناودەبەن وە بەراوردی دەکەن بەهیتلەر.بەڵام ئۆپۆزۆسیۆنی دانیشتوی لۆس ئەنجلوس کاسەی لەچێشت گەرمترە و هەمان هەڵوێستی کە خامنەی لەبەرامبەر خۆپیشاندانەکانی خەڵکی ئێراندا هەیەتی. ئەوانیش لەدژی خەڵکی ناڕازی ئەمریکا هەیانە.ئەوانیش هەروەکو ترامپ و خامنەیی خەڵکی ڕاپەڕیو لەدژی هەڵاواردن وبێ مافی بە ئاژاوەگێڕ،ئالەتی دەستی دوژمنان و تێکدەری ئاسایشی نەتەوەیی وهیتر ناو دەبەن.کۆماری ئیسلامی لەگەڵ کرێکارانی پەنابەری ئەفغانی-کە مانگی ڕابردو ژمارەیەکی زۆریانی لە ڕوباردا نوقمکرد و ژمارەیکی تری لە هەفتەی ڕابردودا هەر بەزیندوی سوتاند-وە لەگەڵ ژنان و هاوڕەگەزبازاندا ڕێک هەمان مامەڵەدەکات کە دەوڵەت و پۆلیسی ئەمریکا لەدژی ڕەش پێستەکان ئەنجامی ئەدات.بەرگری لە فاشیزمی ڕەگەزی ترامپ لاوازکردنی فاشیسمی ئیسلامی نیە،بەهێزکردنیەتی.ئێستاش خەڵکی ئێران لەگەڵ دروشمی”ناتوانم هەناسە هەڵمژم”ئەیانەوێت ناەڕەزایەتی خۆیان دژی فاشیزمی ئیسلامی ڕاگەیەنن وە ئۆپۆزۆسیۆنی ناسیۆنالیست و شاخواز-کۆماری خواز نەک تەنها لەبەرامبەر خەڵکی ئەمریکا(و هەروەها خەڵکێک کەلە بەریتانیا وئوسترالیا وفەرنسا وئەڵمان وکەنەدا وبەلجیکا و هۆنگ کۆنک وئیتالیا و ئیسپانیا ودەیان وڵاتی تر بۆ پشتیوانی لە بزوتنەوەی ناتوانم هەناسە هەڵمژم ڕاپەڕیون)بەڵکو لە ڕاستیدا لە دژی خەڵکی ئێرانیش هاتوەتە مەیدان.ناتوانیت لە ئێران قسە لە ئازادی خوازی و بەرگری لەخەڵک بکەیت بەڵام لەبەرامبەر خەڵکی دونیادا بوەستیتەوە.بەڵام لە ئەو دەزگای بەهایانەی کە لەسەر بنەمای ناسیۆنالیزم وڕاسیزم و خاک پەرستی و عەزەمەتخوازی بنیات نرابێت هێچ شتێک لەوە ئاسایی ترنیە.ناسیۆنالیزم لە هەر شێوەیە بێت، توندوتیژ یان ناتوندوتیژەکەشی، وە لەهەر وڵاتێکدا بێت لەڕوی ناوەرۆکە وە بەکردەوە دژی بەها جیهانداگرە ئینسانیەکان و دژی هەر ئەو خەڵکە کە دەیەوێت لەژێر ناوی”میللەتی شکۆدار “بەشوین خۆیاندا کێش بکەن.بزوتنەوەی ناسیۆنالیستی پرۆ دەوڵەتانی ڕۆژئاوایی ئەندامانی تازە هاتوو بۆ ناو ئەم بزوتنەوە وەکو مەنسور ئۆسانلۆ،لەم ڕوانگەیەوە بەتەواوەتی لە کەمپی کۆماری ئیسلامیدا دەوەستن.فاشیزمی ئاریایی هەمان فاشیزمی ئیسلامیە.تەنها عەمامەی گۆڕیوە بەتاج.

وەرگێڕانی:کاوە عومەر
٩\٦\٢٠٢٠




ناوی کتێب: مەرگی سەگ .. ن: دکتۆر مەولود ئیبراهیم حەسەن

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن ….




ئاخۆ ئەم سەدەیە،دەبێتە سەدەی بەرپاکردنی،شۆڕشی کۆمەڵایەتی؟ … تاهیر حاجی حەسەن

کاتێک ئامرازەکانی بەرهەمهێنان کۆمەڵایەتی بکرێنەوەو بەیەکسانی ژیانی نێو تاکەکان ڕێکبخرێت،ئەوکات،کەس هەڵپەی بەدەستەوەگرتنی دەسەڵاتدارێتی ناکات. کەوایە،ئەم ململانێ و کێشمەکێشانەو نایەکسانیە کۆمەڵایەتیەی بونی هەیە،هۆکارەکەی تەنها لەو دزینەدایە،کەخاوەندارێتی گشتی گۆڕاوە بۆ خاوەندارێتی تایبەتی نێو دەستەیەک یان چینێکی کەمایەتی،هەربۆیەشە،هەمیشە وادەبینرێت کەبونی دەسەڵات پێویستیە نەک زیادە،لەکاتێکدا،پێچەوانەکەی دروستەو بونی دەسەڵات ئەوکاتە دەبێت بەزیاد،کەکۆمەڵگە پێگەی چینەکانی هەڵوەشاندۆتەوەو خاوەندارێتی گشتی وەک پێویستی گشتی کۆمەڵگە ڕادەگەیەنێت و چیتر ڕێگەنادات خاوەندارێتی سەرئامرازەکانی بەرهەمهێنان لەچنگی چینێکی کەمایەتیدا بێت.
کۆی کێشمەکێشەکان و ململانێکان لەنێو ئەم چەند دێڕەی سەرەوەدایە.
کەوایە،هۆکار چیە وا تا ئێستا ئەو چینە کەمایەتیە توانیویەتی خۆی وەک سەرداری سەر کۆمەڵگە بهێڵێتەوە؟ ئەو ئامرازانە چین کەدەسەڵات بەکاریان دەهێنێت تائەوەی بتوانێت بەسەرداری بمێنێتەوە؟ یان بونی دامودەزگای دەوڵەت و یاساو ڕێساکان و زیندان و دادگاکان و میدیاکان و ئاین و پێگەی نەتەوەیی بون و نیشتیمان پەرستی لەبەرژەوەندی کام چینی کۆمەڵایەتیدا بەکار هێنراوە؟ هۆکار چیە،واچینەچەوساوەکان ناتوانن بگەن بەڕزگاری و بچڕاندنی کۆت و زنجیرێک لەمێشک و دەستیان نراوە؟ ئاخۆ کۆی بەرهەمهێنان و ئەو کاڵایەی بەشێوەی بەرجەستە دەیبینین دروست کردنەکەی لەنێو دەستەکانی کرێکارانەوە بەدەست نەهێنراوە؟ ئەی بۆچی کرێکاران خۆیان ناتوانن ببنە خاوەنی ئەوەی بەرهەمیان هێناوە؟ ئاخۆ هۆکارەکەی بۆ ئەو خاڵە ناگەڕێتەوە،کەکرێکار،کاتێک دەکرێتە کرێکار،نابێت لەلایەن چینی چەوسێنەری خاوەنکارو دەسەڵاتدارو دەوڵەت و یاساکانیانەوە لەکۆی هەبونی ئامرازی بەرهەمهێنان داماڵرابێت،تائەوەی ملکەچی نێو بازاڕی بێ ڕۆحمی سەرمایەداری بکرێت؟ ئاخۆ چینی دەسەڵاتدار،کاتێک حکومەت و دەوڵەت و پەرلەمان و دامودەزگاکانی تری سەرکوت کردن دروست دەکەن،هەربۆئەوە نیە تاخۆیان و هاوچینەکەیان لەدەسەڵاتدا بمێننەوەو لەو ڕێگایانەشەوە،چینەچەوساوە داماڵراوەکە لەهەر ئامرازێکی بژێوی داماڵراو هەمیشە وەک خزمەتکاری چینەچەوسێنەرەکە بەکار بهێنن؟
سیحری دەملوسی چینەبۆرژواکان و توێژە وردە بۆرژواکان و حزبەکانیان،بۆ گەیشتن بەسەردار بون و خۆخستنەسەرو ئەوانیترەوە،بۆ ئەو قۆرخ کردنەی خاوەندارێتی تایبەت دەگەڕێتەوە،بەڵام کاتێک ئەو سیحرە لەلایەن شۆڕشی کۆمەڵایەتی چینەچەوساوەکانەوە کەشف دەکرێت،ئیتر بەهاو پێگەی ئەو چینەچەوسێنەرە هەڵخەڵەتێنەرە بەخۆیان و کۆی دامودەزگایەکی سەرکوت گەر هەیانە بۆ زۆرینە ڕون دەبێتەوە،کەئەوەی لەنێو دەسەڵاتدایە و دەستی گرتوە بەمانەوەی،تەنها لەبەر ئەو هۆکارە بوە،ئەوان لەسەر حسابی ژیان و گوزەرانی دزراوی زۆرینەکە ژیانێکی پڕ لە خۆشی و بێ ماندوبون و ئارەق ڕشتن بژین. هەربۆیەشە،ئەو چینەدەسەڵاتدارە چەوسێنەرە کەمایەتیە،هەمیشە لەدژی هەر ناڕەزایەتیەکی چینەچەوساوەکان دەوەستنەوەو لەڕێگەی ئامرازە سەرکوتکاریەکانیانەوە ڕوبەڕوی ناڕەزایەتیە جەماوەریەکان دەبنەوە.
بونی دەسەڵات،یان هەبونی دزی و هەبونی نایەکسانی کۆمەڵایەتی. کاتێکیش زۆرینەکە،ئاستی پێویستیەکانیان و ژیانی قورسیان،وایان لێ دەکات هەنگاو بنێن بۆ بەرپاکردنی شۆڕشی کۆمەڵایەتی خۆیان،لەوێیشدا پێویستی گرنگیان بەخۆئاگا هێنانەوەی وەدەست هێنانی هۆشیاری سیاسی چینایەتی هەیە. چونکە،کاتێک ئاسۆی سیاسی چینەچەوساوەکان ڕۆشن دەبێتەوەو پێگەو بونە گرنگەکەی خۆیان دەناسن،ئیتر لەوێدا خۆیان دەکەن بەئەڵتەرناتیفی دەسەڵات و کۆتای بەمێژوویەکی ڕەش دەهێنن، کەتائێستا ژیانی سەدان نەوەی تێدا بەفیڕۆ داوە. چینەچەوسێنەرەکان،لەهیچ ئایدۆلۆژیایەک ناترسن،هێندەی لەڕاپەڕین وشۆڕشی کۆمەڵایەتی چینەچەوساوەکان دەترسن،سۆسیالیزمیش تەنها کرداری بونەوەی بەهەرەوەزی کردنی ئامرازەکانی بەرهەمهێنانەو تەنها ڕێگەیەکیشە بۆ ڕزگار بون لەبونی چینەکۆمەڵایەتیەکان و دابەش کاری کاری کۆمەڵایەتی.
ئاخۆ ئەم سەدەیە،لەڕوی پێگەیشتوی بەرهەمهێنان و نایەکسانی کۆمەڵایەتیەوە،کۆی پێداویستیەکانی بەرهەم نەهێناوە بۆ بەرپاکردنی شۆڕشی کۆمەڵایەتی و کۆتایهێنان بەچەوساندنەوەی چینایەتی؟

تاهیر حاجی حەسەن

10/06/2020




رۆژه‌كان ده‌نێژم … سمكۆ محه‌مه‌د

هه‌موو سه‌ركێشییه‌ك له‌ شه‌ودا ده‌كرێ‌
ته‌نانه‌ت یاری تاروت ی میسریش كه‌ به‌ده‌ستی پیس ده‌كرا
سزای كۆیله‌كان بوو
من له‌ كۆنه‌وه‌ ئه‌وه‌م بیستووه‌ كه‌ سزا ئه‌وه‌ نییه‌ له‌تۆڵه‌ی تاوانێك كه‌سێك بكوژی
ئه‌وه‌یه‌ له‌ ژیان و عیشق دوور بخرێیته‌وه‌
ئه‌مه‌ جیاوازی نێوان گێڵێك و زانایه‌كه‌
ده‌ستبه‌رداربوونی هه‌ستانه‌وه‌ له‌كه‌وتندا
وه‌كو جێهێشتنی مه‌سیحه‌ به‌سه‌ر خاچه‌وه‌
ئه‌و خاچه‌ی له‌ قینی بێگانه‌یی خۆمان بۆ خۆمان
منداڵێكی دیكه‌ی جوانی به‌رهه‌مهێنا
به‌ڵام نه‌یتوانی لێره‌ له‌لای ئێمه‌ بمێنێته‌وه‌
وه‌كو پیاوێكی شتكستخواردووه‌ به‌ده‌ستی ژنه‌كه‌ی
ئه‌وكاته‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ لاشه‌ی پان و پۆڕی
ده‌دا به‌رده‌گا كڵۆمدراوه‌كه‌ی ماڵه‌وه‌
ئه‌مه‌ ئه‌و ترسه‌یه‌ كه‌ له‌ روخساری هه‌موومان ده‌بینرێت و دانی پێدانانێین
وه‌كو ئه‌وه‌یه‌ له‌داخان سێبه‌ری خۆت جێبهێڵی
وه‌كو ئه‌وه‌یه‌ له‌ دڵی تاریكیدا فاڵ بگرییه‌وه‌
وه‌كو ئه‌وه‌ وایه‌ گه‌وهه‌رێك به‌ یاری شه‌تڕه‌نج بدۆڕێنی
یان هاوشێوه‌ی براكه‌ت له‌دووره‌وه‌ وه‌كو شه‌یتان كه‌ نزیك ده‌بێته‌وه‌ له‌ عه‌ده‌ن
ته‌ماشای باخچه‌كه‌ی ماڵی پاشا ده‌كا
هه‌ستم به‌وه‌ كردووه‌ هه‌موو شتێك عاجباتی بووه‌
ته‌نهایی له‌ نوقمی شه‌ودا خۆشتره‌
وه‌كو ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان بترسی
رۆژیش له‌ ئاوه‌دانیدا له‌ خۆبایی بی
سه‌ركه‌وتن له‌ بڕینی رێگای دوور و گه‌یشتن به‌ لوتكه‌ی چیا خۆشتره‌
وه‌ختَێك تێكه‌ڵی خه‌ڵك ده‌بی
ده‌زانی كه‌ بۆچی باڵا بۆشه‌كان چاره‌نووسی رۆژهه‌ڵات ده‌نووسنه‌وه‌
چونكه‌ مرۆڤ له‌ به‌رپرسیارێتی زه‌میندا درۆزنه‌
ئه‌وان زانیویانه‌ یه‌ك كۆڵان بۆ سه‌گی به‌ڕڵا هه‌یه‌
ئه‌وه‌شیان زانیوه‌ یه‌ك دۆزه‌خ هه‌یه‌
هه‌ر ئه‌مه‌یه‌ تاقمێك له‌ ریزی سوپا و تاقمێكی دیكه‌ش جوامێری ده‌فرۆشنه‌وه‌
لێره‌وه‌یه‌ خه‌ونی بردنه‌وه‌ به‌بێ‌ برسێتی نییه‌
مرۆڤیش له‌ شه‌ودا به‌دوای ئه‌فسانه‌ی خۆیه‌تی
باوه‌ڕیشی به‌ یه‌ك كه‌سه‌ بۆ هه‌تا هه‌تایه‌
ئه‌م فه‌لسه‌فه‌یه‌ وه‌كو چه‌رمی پاساری بێ بڕسته‌
ترپه‌ ترپی دڵی زیندانه‌كان سه‌لماندوویانه‌
ئه‌وان ده‌زانن هه‌میشه‌ كارێكته‌ری شانۆن
كه‌چی غافڵگیرن له‌وه‌ی له‌دوای ئازاد بوونیشیان زیندانێكی گه‌وره‌تر
له‌بری ئێسك گۆشتت ده‌خوا
باوكم ده‌یگوت هه‌موو ئینسانێك خاوه‌نی بیرۆكه‌ی ئاشتیه‌
كه‌چی هه‌میشه‌ سه‌رقاڵی پاڵه‌وانێتی و بردنه‌وه‌ی جه‌نگه‌
ئه‌وان وه‌ك دێوانه‌ ره‌نگیان په‌ڕیوه‌
كه‌چی روخساریشیان ماكیاژ ده‌كه‌ن و به‌یه‌كتر ده‌ڵێن ده‌مناسییه‌وه‌ ؟
ئه‌وان هه‌ڵپه‌یانه‌ له‌م مه‌فته‌نه‌وه‌ بچن بۆ نێو به‌فر
كه‌چی شه‌ڕیانه‌ له‌سه‌ر كونجی شارێك یان گه‌ڕه‌كێك یان كۆڵانێكی گه‌رم له‌سه‌ر وێنه‌ی پاشا
به‌دیار ژیله‌مۆشه‌وه‌ نوزه‌یات بێ‌
ژیان قورسه‌ ناخوێنرێته‌وه‌ كه‌ تیشكی هه‌تاو ده‌یگرێته‌وه‌
گێلێتی مرۆڤ به‌م فه‌لسه‌فه‌ی شه‌وانه‌وه‌ خوی گرتووه‌
خۆشه‌ویستیش له‌ شه‌ودا سه‌ختتره‌
كچان له‌شه‌ودا ده‌بن به‌ قه‌ره‌ج و ترسیان له‌ جنێوی دایكیان نامێنێ‌
كوڕانیش له‌شه‌ودا بێباكترن و ترسیان له‌ ئێسكی قورسی باوكیان نییه‌
شه‌وگه‌ڕه‌كان له‌ خۆڕا نییه‌ له‌شه‌ودا شیعر ده‌نووسن و گۆرانی ده‌ڵێن
ته‌نانه‌ت دزه‌كانیش له‌شه‌ودا جوامێرترن
شه‌و بێباكی و جوابی لوتبه‌رزی رۆژه‌
من بڕوام به‌وه‌یه‌ كه‌ ژیان به‌ ترسه‌وه‌ خۆشه‌
بڕم به‌ قسه‌ی ئه‌وانه‌ ناشكێ‌ كه‌ چاویان ناتروكێ‌
وام له‌خۆم كردووه‌ هه‌موو رۆژه‌كانم وه‌كو یه‌كبن و شه‌ویش قه‌ره‌جێكی ئازاد
له‌و رقه‌وه‌یه‌ .. یه‌ك یه‌ك ده‌یاننێژم
به‌قه‌د ژیانی گێلێك چێژ له‌هیچ ده‌بینم و شه‌وه‌كان ده‌نووسمه‌وه‌
ئه‌گه‌ر موسافیرێك بومایه‌، بیرم له‌ ژنی دونیا ده‌كرده‌وه‌
شه‌ش رۆژ جارێكیش ده‌چوومه‌ مه‌جلیسی ئه‌و پیاوانه‌ی له‌ جه‌نگ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌
ئه‌زموونی ته‌نهاییم فێری كردم كه‌ ژیان بریتییه‌ له‌ ترس
له‌وانه‌ی خۆشت ده‌وێن
بڕواناكه‌م له‌هیچ گه‌ڕه‌كێكه‌وه‌ گوزه‌رم كردبێ‌ و عاشقم نه‌بینیبێ‌
كه‌چی هێنده‌ سارد و ترسانك بوونه‌ وه‌كو ئه‌وه‌ی سه‌هۆڵاویان پێداكرابێ‌
بڕواناكه‌م هه‌موو كه‌س ئه‌م هه‌سته‌ی هه‌بێ‌
شتێك هه‌یه‌ له‌سه‌ر كاغه‌ز نانوسرێته‌وه‌
وه‌كو چاكه‌ی فه‌یله‌سوف و په‌یامبه‌ره‌كان
وه‌كو ناوی ئه‌و موسافیره‌ی كه‌شتییه‌كه‌ جێیهێشت
شكۆی هیچ پادشایه‌ك نییه‌ وه‌كو ئازابوونی ئاو بنوسرێته‌وه‌
ئه‌وان بۆیان ده‌نووسنه‌وه‌ و روبار ده‌ڕوا
ئه‌وان له‌ شكۆی پاڵه‌وانه‌كانی شه‌وه‌وه‌ دزی له‌ ژیان ده‌كه‌ن
ترسنۆكه‌كانیش له‌سه‌ر سفره‌ی خوان گۆرانی ده‌ڵێت
ژنیش وه‌كو شه‌یتان ده‌بینن
ده‌ماری شه‌وو رۆژ لێره‌وه‌ ده‌بینرێ‌
لۆركا به‌مه‌ی زانیبوو بۆیه‌ خه‌می كچه‌ قه‌ره‌جه‌كانی بوو
وه‌كو پاولۆش ده‌ڵێ‌ ئه‌نارشیسته‌كان له‌ شه‌ودا گه‌نجینه‌ ده‌دزن و
له‌سه‌ر جامخانه‌ی شاره‌كان ده‌نووسن پێویستمان به‌ مێشكه‌
مه‌ولانا له‌ خۆڕا نییه‌ به‌سه‌ما ئه‌ندازه‌ی به‌رامبه‌ره‌كه‌ی ده‌كێشێ‌
رۆژه‌كانم به‌م فه‌لسه‌فانه‌وه‌ ده‌نێژم
بڕیارم داوه‌ به‌ بێده‌نگی هه‌موو شتێك ره‌ت بكه‌مه‌وه‌




باوەڕت بە خەو هەیە؟ … محمد احمد محمد

چەند ساڵێك لەمەوبەر هاوڕێیەکم ئۆتۆمبێلی دزرابوو، شەوێکیان خێزانەکەی لە خەودا بینیبووی کە ئۆتۆمبێلەکە لە شارێکی تردایە
لە ئەنجامدا ئەو پیاوە چوو بۆ ئەو شارە و پاش گەڕان و لێکۆڵینەوە، دەرکەوت ئۆتۆمبێلە دزراوەکەی لەو شارەیە و دواتر دۆزییەوە و گەڕاندییەوە.

لەو کاتەدا بۆ ساتێك سەرسام بووم بەو خەوە دواتر بیرم کردووە و وتم تەنها رێکـەوتــە، هیچی تر نییە جگە لە رێکەوت.

لە سەردەمی کۆندا، خەڵك زۆر سەرسامی خەو بوون، بۆ نموونە لە میسر باوەڕیان بەوە هەبوو کە کەسانێك توانایەکی نائاسایی یان هەیە و پەیوەندییان بە خواوە هەیە لە رێی خەوەکانیانەوە.

ئەم بیروباوەڕە بە خەو بە درێژایی مێژوو ماوەتەوە و خەڵکی سەڕقاڵ کردووە، بەڵام لە سەدەی نۆزدەیەم و بیستەم دا زانایان باوەڕیان بەو بیرۆکانە نەما کە خەو دیاردەیەکی نائاسایی یە و لەتوانای مرۆڤ بەدەرە، کاتێك چەند دەروونناسێك دەستیان کردە لێکۆڵینەوە لەسەر خەو و گرنگییان پێی دا.

لە پێشەنگیاندا سیگمۆند فرۆید و کارڵ یۆنگ بوون کە لەو باوەڕدابوون خەو پەیوەندی بە کارکردنی مێشکەوە هەیە، فرۆید لە کتێبی (شیکردنەوەی خەو)دا دەڵێت لەو کاتەی عەقڵی بەئاگامان دەخەوێت عەقڵی بێ ئاگا کاردەکات و وێنەیەکی قووڵتری ناخمان پێشاندەدات.

ئێستا زاناکان پێیان وایە خەو جگە لە کاریگەرییەکی لاوەکی پرۆسە عەقڵییەکان نەبێ هیچی تر نییە، هەرچەندە خەڵکی پێیان وایە کە مێشک لە کاتی خەو دا داخراوە بەڵام زاناکان ئەڵێن لە کاتی خەو دا چالاکییەکانی مێشك بەردەوام دەبێت و هەندێ جار چالاکتریش دەبن.
زاناکان دەڵێن مێشکمان لە کاتی خەو دا زانیارییەکان و یادەوەرییەکان پۆلێندەکات و رێکیاندەخاتەوە، هەر وەکو ئامێری کۆمپیوتەر کە کاری هاردەکان باشتر دەکات بە شێوەیەکی بەردەوام.

مێشکمان بۆ ئەوەی باشتر کار بکات یادەوەرییە لاوەکی و زیادەکان لادەبات و تەنها گرنگەگان عەمباردەکات، هەر لەبەر ئەم هۆیەشە پەروەردەکارەکان داوا لە خوێندکاران دەکەن باش بخەون لە کاتی تاقیکردنەوەکاندا، بۆ ئەوەی خەو مێشکیان کاری مێشکیان رێکبخاتەوە.

بەشێك لەو زانایانەی کاریان لەسەر ئەم بابەتە کردووە پێیان وایە کە مێشك لەکاتی خەو دا خۆی رێکدەخاتەوە و بەدوای وەڵامێکی لۆژێکیدا دەگەڕێت کە دەبێتە هۆی تێکەڵبوونی زانیارییەکان و ئاڵۆزی درووست دەبێت و مرۆڤ بە شێوەی خەو دەیبینێت.

ئەمەش مانای ئەوەیە کە خەو لە توانایدا نییە پێشبینی داهاتوو بۆ بکات بەڵکو تەنها ئاسەواری رووداوەکانی رابردووە و تێکەڵ بەیەك بوونە.

سەبارەت بە کاتی بینینی خەو هیچ کاتێکی دیاریکراو نییە بەڵام مرۆڤ زیاتر لە کاتی ماندووبوون و تەنگاوی و نەخۆشی و حاڵەتی نائاساییدا خەو دەبینێت.

تەنها مرۆڤی بینا خەو دەبینێت، ئەو مرۆڤانەی بە زگماك نابینان خەو نابینن، چونکە خەو پەیوەندی بە وێنەوە هەیە، ئەو کەسەی نابینایە هیچ وێنەیەك لە ژیانیدا نەبینیوە تا بە شێوەی خەویش بیبینێت.

هەروەها یەکێك لە حاڵەتەکانی خەو ئەوەیە کە خەو و واقیع پێکەوە تێکەڵ دەبن، بۆ نموونە خەو بە خواردنەوە دەبینیت و کە هەڵدەسیت دەبینیت بۆنی خواردن دێت لەماڵەوە یان لەو خەودا کەسێك بانگت دەکات و کە لە خەوەکە بەئاگا دێی دەبینی کەسێك لەماڵەوە بانگت دەکات.

سەبارەت بەو کەسانەی کە پێیان وایە خەو راستە و دەبێ باوەڕمان پێی بێت بە بەڵگەی خەوەکەی پێغەمبەر یوسف.

لە راستیدا پێغەمبەران لە ڕووی تواناوە بەراورد ناکرێن لەگەڵ مرۆڤی ئاسایی، ئەوان تایبەتمەندییان هەیە بۆ ئەوەی پەیوەندییەکی باشتریان لەگەڵ خوا هەبێت و بتوانن باشتر قەناعەت بەخەڵک بهێنن.

پرسیارەکە ئەوەیە، ئایا باوەڕت بە خەو هەیە؟!

رێژەی هەرە زۆری خەڵك باوەڕیان بە خەو هەیە، هەندێکیشیان باوەڕێکی بەهێزیان پێی هەیە.
کاتێك لە کەسێك دەپرسیت بۆچی باوەڕت بەخەو هەیە، دەڵێت
چونکە خەوەکانم بەدیهاتوون و هەندێکیان چیرۆکەکەی پێغەمبەر یوسف وەك بەڵگە دەهێننەوە.

ئەم وەڵامە وەڵامێکی تەواو نییە و واقیعی نییە چونکە هەر خودی ئەو کەسەی ئەم قسەیە دەکات دەیان و سەدان خەو دەبینێت کە هیچیان نایەنە دێ، جگە لە ڕێژەیەکی زۆر کەم نەبێ، کە بەهۆی بیرکردنەوی خۆیەوە یان لە ڕێی رێکەوتەوە هاتووەتە دی.
سەبارەت بە خەوەکەی پێغەمبەر یوسف و هاوەڵەکانی لە بەندینخانە، ئەگەر بیری لێ بکەینەوە ئەوا مرۆڤی ئاسایی بەراورد ناکرێت لەگەڵ پێغەمبەر ئەو بەخششی تایبەتی هەیە کە خوا پێی داوە، سەبارەت بە هاوەڵەکانیشی راستە مرۆڤی ئاسایی بوون بەڵام ئەو سەردەمە تایبەتمەندی خۆی هەیە و دووبارە بەراورد ناکرێت لەگەڵ ئێستادا، هەروەك چۆن لە سەردەمی مووسادا سیحر هەبوو و لە سەردەمی عیسادا چارەسەری نەخۆشییەکان هەبوو.

.

محمد احمد محمد




شەوانە … شیعر : أحمد شاملو … و: پشکۆ ناکام

كۆڵانەکان باریکن
دوکانەکان داخراون
ماڵەکان ( خانوەکان) تاریکن
دەرگاکان شکاون
تار و کەمانچە
لە دەنگ دابڕاون
كۆڵان بە کۆڵان
مردوو بەڕێ ئەکەن

سەیرکە :
خەڵک لەگەڵ مردوەکانا
ناڕۆن
تەنانەت
بە مۆمی گیان سپاردنیشەوە
ناڕۆن
گەر چرایان خامۆشە
لە بێ” نەوت”یا نیە
كە ئێستا
لەم ڕۆژگارەیا
نەوت وەک کۆڵە پشتە

برادەران :
من چیتر حەوسەڵەم نیە
بە چاکەکان ئومێد
و
بە خراپەکان گلەییم نیە
گەر چی لەوانی تر
دوور نیم
كارم بەسەر ئەم کاروانەوە نیە

كۆڵانەکان باریکن
دوکانەکان داخراون
ماڵەکان ( خانوەکان) تاریکن
دەرگاکان شکاون

———————-




چیرۆکەشیعرەکانی فایق بێکەس بۆ منداڵان … رەزا شـوان

چیرۆکەشیعری منداڵان، جۆرێکی گرنگە لە جۆرەکانی شیعر بۆ منداڵان. دوو هونەرن لە هونەرێکدا ئاوێزانی یەکتری بوونە. شیعرە و چیرۆکیشە، بە واتا دووڕەگە. لە رووخساردا شیعرە و لە ناوەڕۆکیشدا چیرۆکە. بنەما سەرەکییەکانی شیعر و چیرۆکیشی تێدایە. وەکو چیرۆک بریتییە لە: کەسایەتی یا پاڵەوان (مرۆڤ، ئاژەڵ، باڵندە)، پێشەکی، رووداو، فۆرم، ناوەڕۆک، گرێ، کۆتایی. وەکو شیعریش بریتییە لە: جوانی و شیرینی زمان، شێوازی هۆنینەوەی ئاسان، کێش و سەروای سووک و ناسک، ترپە وموزیک. هەمووشیان چیرۆکێک دەگێڕنەوە. بە زۆریش چیرۆکێکی ئەندێشەییە زیاتر لەوەی کە چیرۆکێکی ریالیزمی بێت. هەر چیرۆکەشیعرێکیش مەبەستێک یا زیاتر دەگەیەنێت. مەبەست و ئامانجی شاعیرانی نووسەری چیرۆکەشیعر بۆ منداڵانی کورد، لە پاڵ چێژ و خۆشی بەخشین پێیان، ئامانجیشیان هۆشیاری کردن و رۆشنبیری کردن و رێنمایی کردن و ئاراستەکردن و پەند فێرکردن و سوود بەخشینە بە منداڵانی کوردمان.
ئێمە لە مانگی (دێسەمبەر/٢٠١٩) دا، لەژێر ناوی (چیرۆکەشیعر لە ئەدەبی منداڵانی کورد) دا، نووسینێکمان بڵاوکردەوە، تێیدا باسمان لە چیرۆکەشیعر لە ئەدەبی منداڵانی کورد کردووە. ئاماژەشمان بە ناوی چەند شاعیرێکی ناسراوی کوردمان کردووە، کە چیرۆکەشیعریان بۆ منداڵان نووسیون. چەند نموونەیەکی چیرۆکەشیعری کوردیشمان بۆ منداڵانی کورد نووسیوە. بۆیە لەمە زیاتر درێژە بە چیرۆکەشیعر نادەین.. دێینە سەر سەرناوی نووسینەکەمان (چیرۆکەشیعرەکانی فایق بێکەس بۆ منداڵانی کورد).
(فایـق بێكه‌س) شاعیرێکی کورد و کوردستان پەروەری دلێر و بوێر و قسە لە روو بوو، بە کوێرەوەری و مەینەتی ژیا، بەڵام بە سەربەرزی شکۆداری سەری نایەوە. بێکەس لە ساڵی (١٩٣٣) تا ساڵی (١٩٤٨) واتا تا ساڵی کۆچکردنی، مامۆستایی قوتابخانەی سەرەتایی بوو، لە قوتابخانەکانی (بازیان و تەوێڵە و هەڵەبجە و سلێمانی) دا، وانەی بە قوتابیانی کورد وتۆتەوە و فێری سروودی کوردی کردوون رۆحی کورد و کوردستان پەروەری خستۆتە دڵیانەوە.
بێکەس بێجگە لە زمانی کوردی، زمانی عەرەبی و فارسی و تا رادەیەکیش ئینگلیزیشی دەزانی، بە تایبەتیش زۆر بە باشی زمانی عەرەبی دەزانی. چەند هۆنراوەیەکی بە عەرەبی داناوە.
شیعر لای فایق بێکەس پەیامێکی نەتەوەیی بووە. بێکەس ئەوەندەی گەیاندنی ئەو پەیامەی لا مەبەست بووە، کەمتر ئاوڕی لە جوانکاری و لە هونەر و فانتازی شیعر داوەتەوە.. بێکەسی خاوەن شیعری (وەتەن، داری ئازادی، بیست و حەوت ساڵە، سروودی وەتەن ئاواکەی) و بە دەیان شیعری نیشتمانی تر. لە هەموو بوارەکانی شیعردا، شیعری نووسیوە. (لای لایە) یەکی جوانیشی بۆ (شێركۆ) ی کوڕی نووسیوە.
فایق بێکەس لە تەمەنی (٤٣) ساڵیدا، لە رۆژی ( ١٨/ دێسەمبەر/١٩٤٨) کۆچی دوایی کرد. لە گۆڕستانی (سه‌یوان) لە شاری سلێمانی بە خاک سپێرا.
پاش مردنی بە چەند رۆژێ، لە لایەن حکومەتی رەگەزپەرست و کۆنەپەرستی ئەو سەردەمەی عێراق، فەرمانی لە ئیش دەرکردن و گرتنی دەرچووە.
فایق بێکەسی نەمر، منداڵانی کوردیشی لە شیعرە جوانەکانی بێبەش نەکردوون. وەک مامۆستایەک و شاعیرێک، تێکەڵ بە جیهانی پاکی منداڵانی کورد بووە و لە نزیکەوە لە خواست و هـیوا و راز و نیازی پاکیان تێگەیشتووە. لێیان تێگەیشت کە چەند تامەزرۆی شیعری ناسک و سروودی نیشتمانی و چیرۆک و چیرۆکەشیعری جوان و خۆشن. بێکەس تێکڕا (٢٠) شیعر و چیرۆکەشیعر و ئۆپەرێت و سروودی بۆ منداڵانی کوردمان نووسیوە. لەو ژمارەیە (٥) یان چیرۆکەشیعرن. یەک ئۆپەرێتیشی تێدان. کە لە ساڵانی سییەکانی سەدەی رابردوودا نووسیویانی. بە داخەوە کە تەمەنی بێکەس کورت بوو، ئەگینا زۆرتری بۆ منداڵانی کوردمان دەنووسی. منداڵانی کوردمان هەموو رۆژێک، لە کاتی ریزبوونی پێش چوونە پۆلەوە، لە قوتابخانەکانی کوردستاندا، بە ئەوپەڕی رێز و شکۆدارییەوە، بە چڕینی سروودی (خوایە وەتەن ئاواکەی… چەند دڵگیر و شیرینە) یادی شاعیری گەورەی نیشتمان پەروەرمان (فایق بێكه‌س) ی نەمەر دەکەنەوە.
فایق بێکەس لە خۆ تاقیکردنەوەی لە بواری نووسینی چیرۆکەشیعر بۆ منداڵانی کورد سەرکەوتووە.. نووسینی چیرۆکەشیعر بۆ منداڵان، کارێکی هەڕەمەکی و ئاسان نییە، شاعیرێک گەر توانایەکی بەرزی هۆنینەوەی نەبێت و شارەزای بنەماکانی چیرۆکی منداڵان نەبێت، ناتوانێت چیرۆکەشیعرێکی ناسک و جـوان بۆ منداڵان بنووسێت.

دێینە سەر چیرۆکەشیعرەکانی فایق بێکەس بۆ منداڵانی کورد. ئەمانە ناوی هەر پێنج چیرۆکەشیعرەکانێتی (تەمەعکـاری، يەکـێتی، جـووتێ کـۆتر و بۆقـێک، شـێرۆ و مـار، هـەرەوەزی) ئۆپەرێتەکەشی بە ناوی (شـوان و مه‌ڕه‌كـانی) یەوەیە. وەکو نموونە لەم نووسینەماندا، سێ لە چیرۆکە شیعرەکانی و ئۆپەرێتەکەی فایق بێکەس دەنووسین.
شـێرۆ و مـار
شــــــێـرۆ کـوڕێـــکـی چــــاکـە
زۆر بـە رەحـــم و دڵ پــــــاکـە
رۆژێ لـە چـــــلـەی زســـــتـان
مـارێــــــکـی دی لـە کـــــــۆڵان
وا لـە ســــەرمـا ســـڕ بـــــووە
بـە عــــەیـنـی وەک مـــــردووە
زۆری بـــەزەیـی پـيــا هــــــات
وتـی مــن ئـەیـــــدەم نەجـــــات
دەس بەجـێ مـارەی هـەڵگـرت
خـــــێـرا بـۆ مـــــاڵـەوەی بــرد
ئـاگــــرێـکـی بـۆ کــــــــــردەوە
مـارەی گــــــەرم کــــــــــردەوە
ئـەمجــا مـــارەی بـــەد خــــوو
سەرمـای لـە بـەدەن دەرچـــوو
چـاکـــەی لـەبـەرچـــاو نــــەمـا
پـەلامــــاری شـــــــــــێـرۆی دا
کـوڕ دەسـتـی کـرد بـە هــــاوار
بـاوکـەکـــەی کـرد خـەبـــەردار
کـەوتــە فـریـای دەسـت و بـرد
مـارەکــەی لــەت و پــەت کـرد
ئـەمجـارە رووی کـردە شــێـرۆ
وتـی: رۆڵـــە ئـەگـــــەر تــــــۆ
قـسـەی مـن لـە گـوێ بـگـــری
تــووش نــــابـی تـا ئـەمــــــری
“چـــاکـە دەرحــەق کـەســـانـێ
بـکـــــە کـە پــــێـی بــــــزانـێ”
بێکەس لە دوا دێری ئەم چیرۆکەشیعرەدا، بە روونئ مەبەستەکەی نووسیوە.. بە ناوی باوکی شێرۆوە، کە گوێی لە ئامۆژگاری بگرێت و پەند و وانە وەربگرێت و جارێکی تر نەکەوێتە هەڵەوە.. لە دیوانەکەیدا نووسراوە وەرگێڕاوە، ئەماژە بەوەش نەکراوە کە لە چ زمانێکەوە وەریگێڕاوە. بەڵام من ئەم چیرۆکە، بە چیرۆکێکی رەسەنی فۆلکلۆری کوردیمان دەزانم. جارێک بە ناوی (مارەکەی شێخ هۆمەر) ەوە دەیگێڕنەوە، کە لەم چیرۆکەدا مارەکە لە ناو کۆمەڵە دڕکە زییەکدا پەپکەی کردووە، شێخ هۆمەری جووتیار نازانی ماری تێدایە، ئاگر بە دڕەکە زییکەوە دەنێ تا بیسووتێنێ، مارەکە کە گەرمی پێدەگات، خۆی بە شەنەکەی شێخ هۆمەردا هەڵدەواسێ و خۆی بە ملییەوە دەئاڵێنێ، تا پێوەی بدات، رێوییەک دێت و دەبێت بە قازی و شێخ هۆمەر لەو مارە رزگاردەکات و مارەش دەکوژرێت. هەر ئەم چیرۆکە لە دەقێکی تردا (مارەکەی مام هۆمەر)ە، کە لە چلەی زستاندا لە ناو بەفردا، لە سەرما سڕبووە، مام هۆمەر دەیخاتە باخەڵیەوە تا گەرمی بێتەوە. مارەکە کە گەرمی بۆوە، ویستی بە مام هۆمەرەوە بدات. لێرەشدا قازی رێوییەکە و مام هۆمەر رزگار دەکات. مارەکەش دەکوژرێ و سزای بێ ئەمەکی و نیاز خراپی خۆی وەردەگرێت. کەواتە پاڵەوانی ئەم چیرۆکە مام (هۆمەر) ە. بێکەسی نەمر وەکو چیرۆکەشیعر دایڕشتووە، ناوی پاڵەوانەکەشی (شێرۆ) یە، رەنگە فایق بێکەس بۆ خۆشەویستی لە جیاتی ناوی (شێركو) ی کوڕی لە جیاتی ناوی مام، یا شێخ (هومه‌ر) ناوی شێرۆی داناوە. فریاڕەس و قازییەکەشی باوکی شێرۆیە. ئەمەش شتێکی ئاساییە و لە چیرۆکی گەلانی جیهانیشدا، نووسەران چیرۆکێ فۆلکلۆرییان، بە چەند دەقێکی جیاواز نووسیون. بەڵام دەقەکەی فایق بێکەس و دوو دەقەکەی تریش، هەر هەمان ناوەڕۆکیان هەیە. بەدکاریش هەر مارەکەیە، هەمان مەبەستیش دەدەن بە دەستەوە.
مەبەستی ئەم چیرۆکەشیعرە ئەوەیە: نابێ مرۆڤی دڵپاک و چاکەخواز و خۆشباوەڕ و سۆزدار و بە بەزەیی، هێندە بڕوا بە مرۆڤی بەدکار و نیاز گڵاو و نەیار و بێ ئەمەک بکا و بەزەیی پێدا بێتەوە، گەر لە تەنگانەشدا بوو. چونکە ئەو کەسە بەدخووانە کە کەوتە شێنەیی، لە جیاتی سوپاس و پێزانین و پاداشت، بە خراپە و ناپیاوی وەڵامی چاکە و پیاوەتی دەدەنەوە. گەرچی کورد دەڵێ:”هەر چاکە چاکە” ئێمەی کورد لە پاڵ ئەم دروشمەدا زۆر زیانمان لێکەوتووە، دوژمنانی گەلەکەمان، لە کاتی لاوازییان و تەنگانەیاندا، هەمیشە دڵپاکی و خۆشبڕوایی کوردیان قۆستۆنەتەوە. کە کەوتوونەتە شێنەیی و بەهێزبوونە، گەورەترین زیان و زەبر و تاوانیان دەرحەق بە کورد کردوون. بە نامەردی و ناپیاوەتی، پاداشتی پیاوەتی کوردیان داونەتەوە.. بە دەیان نموونەمان لەم بارەیەوە هەیە.
وا دیارە نووسەری رەوانشاد، مامۆستا (مسته‌فا نه‌ریمان) ئاگای لەوە نەبووبێت، کە بێکەس ئەو چیرۆکەشیعرەی نووسیوە. مامۆستا نەریمانیش هەر هەمان چیرۆکی بە چیرۆکەشیعر هۆنیوەتەوە، لە ژمارە (٤)ی گۆڤاری (ده‌نگی گێتی تازه‌) بەرگی پێنجەم، ساڵی سێیەم، لە (١٩٤٦) بە ناونیشانی (رۆڵە: چاکە بۆ نەیار مەکە) بڵاوی کردۆتەوە.
ئەمە چەند دێڕێکە، لە چیرۆکەشیعرەکەی مامۆستا مستەفا نەریمان:
مـارێـــکـی مـەلـعــــوون لـە رۆژێ سـەردا
پـەپـکـەی خـۆی دابـوو لـە دەشـت و دەردا
رێکـەوت مـنـداڵـــێـک لـەوێــوە رۆیـشـــت
کـە چـاوی پـێکـەوت کەمێ لـەلای نیـشـــت
گـرتـیـــە بـاوەشـی گـــەڕاوە بـۆ مــــــــــاڵ
خـسـتـیـە لای ئـاگـر گـەرمی کـرد بە حـــاڵ
مامۆستا نەریمانیش، کۆتایی چیرۆکەشیعرەکەی، هەر بەو مەبەستە کۆتایی پێدەهێنێت، کە سپڵە و خراپەکار کە لێرە (مارەکەیە) نرخی بەدکاری و بێ ئەمەکی خۆی وەردەگرێ و تیادەچێت. مەبەستیش وریاکردنەوەی منداڵانە کە بە ئاگابن لە کەسانی چاکە پێنەزان.
بەڵام پێویستە ئاماژەش بەو راستییەش بدەین، کە هەمان چیرۆک، بە هەمان کۆتایی و مەبەست، یەکێکە لە چیرۆکە ئەفسانەییەکانی (ئێزوپ: ٦٢٠ـ ٥٦٤ پ. ز) ی یۆنانی بە ناوی (جووتیار و مار) ەوەیە. کەڵە ئەفسانەنووسی فەرەنسیش (جان دی لاڤـۆنتین: ١٦٢١ـ ١٦٩٥) ی لە ئێزوپەوە وەری گرتووە و بە چیرۆکەشیعر دایڕشتووە. ژمارە (١٤٩) یە لە چیرۆکەشیعرەکانی لاڤـۆنتین.
میری شاعیرانی عەرەبیش (ئەحمەد شەوقی : ١٨٦٨ ـ ١٩٣٢) کە بە رەسەن کوردە. زۆر سەرسامی چیرۆکەشیعرەکانی (لاڤـۆنتین) بووە و کاری تێکردوون. بەشی هەرە زۆری چیرۆکەشیعرەکانی بۆ منداڵان، لە لاڤـۆنتینەوە وەریگرتوون. بە زمانی عەرەبی بە چیرۆکەشیعرەوە بۆ منداڵانی عەرەبی هۆنیونەتەوە.
تەمەعـکاری
دوو پـشــــیـلـەی جـــووت و رێــــک
هـەســـــتـان و چــــــوونـە جـێـيــەک
بـۆ دزیـــنـی ســـــەلـکـێ پـەنـــــــیـر
کـوتـنـــــە پـیــــــلان و تـەدبـــــــــیـر
وەخــــــتـێ تـەدبــــیـر رێـک خــــــرا
شــــــــوێـن و رێــگــــــــــا دانـــــــرا
چـــــــــوونـە ســــــەری دوو بە دوو
پـەنـــــــیـریـان دەسگـــــــیـر بـــــوو
بـۆ تـەمــــــــــــاع و بـەشـــــــی زۆر
لـێـــیـان بــوو بـە شــــەڕ و شـــــۆڕ
تــــــێـر و پـــــڕ لـە یـەکـیـــــــــان دا
تـاکــــــو هـــــــــێـزیـان لــێ بــــــــڕا
کـــاتـێ تــــەواو مـانــــدوو بــــــوون
شـەرعــیـان بــردە لای مەیـمـــــوون
وتـیـــان ئـەتـکـەیـنـــــــە قــــــــــازی
هــەردووکـــــــــمـان بـکــــــــە رازی
مـەیـمــــوون هـەســـتـا زوو بـە زوو
هـێـنــــــایـە پـێـــــــش تـــــــــەرازوو
پـەنـیـــــــری لـەتــــــــــکـرد بــە دەم
بـەشــــــێ زۆر و بـەشــــــێ کــــــەم
خـستـیـە ئـەم ســەر و ئـەو ســـەری
تـەرازووەکـــــــــەی هـەڵـــــــــــبـڕی
دەســـــتـی کـــــرد بـە کـــــــێـشــانـی
لایــــــــــەک گــــــــرانـی هـــــــــانـی
مـەیـمــــوون قـەپـــــاڵـی لێ گـــــرت
تـا بـە جــــــــارێ کــــــەلـی کـــــــرد
ئـەمـجـا بـچــووک بـوو ســەرکـەوت
ئـــەوەی تـریـشـــــــــــــیـان داکـەوت
لــەم پـاروویـــــەک لـــەو پـــــــاروو
تـا پـەنــــیـری خــــوارد هـەمـــــــوو
پـشــــــیـلـەکــان بـەبــێ بــــــــــــەش
مـانـــــــەوە مــــــــــــات و رووڕەش
خـۆڵاســـــــــەی ئـەم قــســــــــــــانـە
تـەمـاعـــــــــــکـار پـەشــــــــــیـمـانە
ئــەوی بــــــــــەد و نـاڕێـــــــــــــکـە
بـە دڵ نـەفـــــــــرەتـی لـێــــــــــــکـە
بێکەس لە دوو دێڕی کۆتایی ئەم چیرۆکەشیعرەشدا، مەبەستەکەی و پەندوەرگرتنی بە جوانی دیاری کردووە. خۆزگە وشەی (دزی) ی تێدا نەبوایە، چونکە وشەگەلێکی وەک (دزی، درۆی کرد، فێڵێ کرد، کوشتی، هەڵیخەڵەتاند،…) لە ئەدەبی منداڵاندا، بە وشەی نەرێنی دەزانرێن. گەرچی ئەم وشانە رۆژانە لەناو خەڵکیدا بەکاری دەهـێینن و ئاساییە بە لایانەوە.. بەڵام با منداڵان لە منداڵییەوە فێری ئەم وشانە نەبن و پێیان ئاشنا نەبن.
لە چەند دەقێکی ئینگلیزیدا، لە جیاتی وشەی دزی (ده‌ستیان كه‌وت) یا (دۆزیانه‌وه‌) وە، لە بری (دزی) بەکارهێنراون. هەر لە هەندێ دەقی ئینگلیزیدا لە باتی (سەلکێ پەنیر) یش (نانێك) یا (كێكێك) نووسراوە. لە جیاتی بوو به‌ (شه‌ڕیان) (بوو بە هەرایان) یا بوو بە (ناخۆشیان) یا (رێکنەکەوتن) بەکارهێنراون. بەڵام هەمان کۆتایی و مەبەستیان داوە بە دەستەوە. کە ناکۆکی و مشتومڕ و رێنەکەوتن و نەسازان گەمژەییەوە. زیان و پەشیمانی و رووڕەشییان بە دواوەیە. پەشیمانیش بێ سوودە. لایەنی سێیەمیش لەم ناکۆکی و شەڕانە سوود وەردەگرێت.. هەر وەکو چۆن مەیموونەکە کە لایەنی سێیەمە سوودی لە ناکۆکی و رێنەکەوتنی دوو پشیلەکە وەرگرت و سەلکە پەنیرەکەیانی خوارد.
ئەم چیرۆکە یەکێکە لە چیرۆکەکانی ئەفسانەنووسی جیهانی بۆ منداڵان (لاڤـونتین)ە. بەڵام بێکەس بە چیژێکی کوردی و بە شێوازێکی ناسکتر لە لاڤۆنتین دایڕشتووە.

ئایا پێتان وا نییە، کە هەردوو حیزبە دەسەڵاتدارەکەی باشووری کوردستان، وەکو دوو پشیلە دزەکەی سەلکە پەنیرەکەی ئەم چیرۆکەشیعرە نین..؟؟ کە سامانی گەلەکەمانیان دزیون و لەسەر دابەشکردنی مشتومڕ و شەڕ و شۆڕیانە؟ داگیرکەرانی کوردستانیان کردوون بە قازی بە ناوبژیکەری خۆیان! کە ( تورکیا و ئیران و عێراق) ن، ئەوان سەلکە پەنیرە دزراوەکەیان دەخۆن، واتا سامانی دزراوی گەلەکەمان، لە سایەی نۆکەری و خۆدانە پاڵی تورکیا و ئێران و عێراق. سامانی باشووری کوردستان، بە تاڵانی دەبەن و دەیخۆن. رووڕەشیش بۆ هەردوو حیزبە دەسەڵاتدارەکە ماوەتەوە و دەمێنێتەوە.. گوێشیان لە برسێتی و کوێرەوەری و ژیانی سەختی گەلەکەمان نییە.
شوان و مەڕەکانی
شـوان:
مـەڕەکـــــــانـم چــــەنـد جـــــــــوانـن
چـەنـد بـە کـەڵـک و بـەسـەزمــــانـن
بـــڕۆن.. بـــڕۆن.. بـۆ ئـــەو لایـــــە
زۆر لـــــەوەڕی چــــــاکـی تـیـــــایـە
مـەڕوکـان:
لــوورەی گــورگێ دێـتــە گـوێـمـــان
نـزیـــک کـەوتـۆتــــەوە لـێــــــــمـان
ئـەگـەر تـۆ زوو نـەگــەی پـێـــــمـان
ئـەو بـەدخــــووە دێـتــــە رێــــــمـان
شـوان:
لـە لــوورەی ئـەو هـیــچ مـەتـرســن
ئـەگـــەر لــەو گـــــورگـە ئـەپــرســن
وا رای کــــرد و مــــلـی شــــــــکـان
“بـازە”ی دی، رۆیـی و تـێی تـەقـان
مـەڕەکـان:
بـەهـــــارمـان هـــەر بـۆ بـمــــــێـنـێ
خــودا تـۆمــــــــان لـێ نـەســــــێـنـێ
لـە چـــاکـەی تـۆ هــەر دەرنـاچــــیـن
هـەتـــا مــــردن گـــــەردن کـەچــــین
شـوان:
تـاریـــکی داهـــــات و شـــــــــــــەوە
جـا نـۆرەی دۆشـین و خـــــــــــــەوە
ئـەوا ئـەمـڕۆشـــــمـان تـێـــــــپـەڕان
بـچـیـــــــنـەوە بـۆ دێـکـەمــــــــــــان
ئەم ئۆپەریتەشیعرەی فایق بێکەس بۆ منداڵانی قۆناغی باخچەی منداڵان و بو قۆناغی سەرەتاییش لەبارە، ئۆپەرێتێکی کورت و سووک و ئاسانە. منداڵانی کوردمان دەتوانن بە ئاسانی لەبەری بکەن. دەشتوان بە کۆمەڵ ئەم ئۆپەرێتە بکەن بە یارییەکی خۆش. گورگ هێمایە بۆ هاری و زورداری و چاوچنۆکی.. یا مەبەست لە گورگ، دەسەڵاتی زۆردار و ستەمکارە. مەڕيش هێمایە بۆ گەلێکی ژێردەستەی بێ دەسەڵات. کە لەلایەن دەسەڵاتداری زۆردار و ستەمکارەوە سەرکوت و دەمکوت دەکرێ و دەچەوسێنرێتەوە.
فایق بێکەس لە پەرتووکی (القراءة المصورة : خوێندنه‌وه‌ی وێنه‌دار) ئەم ئۆپەرێتەی وەرگرتووە. بەڵام بە تام و چێژێکی کوردییەوە، لە زمانی عەرەبییەوە، وەرگیڕاوە بۆ سەر زمانی کوردیمان. هێندە جوانی هۆنیوەتەوە، هەست بەوە ناکرێت کە وەرگێڕاوبێ.

(*) سوودم لەم سەرچاوانە وەرگرتووە:
١ـ دیـوانی فایـق بێکەس.. محەمەدی مەلا کەریـم.. چاپی دووەم.. سلـێمانی.. ٢٠١١
٢ـ بدایات القصة الشعریة في ادب الاطفال وتطورهـا.. دکتورە طاهـرە داخـل طاهـر.
٣ـ چاوپێخـشانێک بە مێـژووی ئەدەبی منـداڵان.. رەزا شـوان.. کەرکـووک.. ٢٠١٥
٤ـ ئەدەبی منداڵان لە گۆڤاری گەلاوێژ. ئەحمەد سەید عەلی بەرزنجی. سلێمانی ٢٠١٠

رەزا شوان
نەرویـج: ٩/ یوونی/٢٠٢٠




مانیفێستی عەشق.. بەشی حەوتەم… تێکست: ستیڤان شەمزینی

زۆر سەرسووڕهێنەرە
هیچ چریەکم ناڕوا بێ بیرکردنی تۆ


لێوت وەک بادە وایە
هەر رژایە سەر لێوم پێی مەست ئەبم


دەستم دەبێتە پارچەیەک پشکۆ
گەر بکەوێتە ناو تەنووری سینگتەوە


رۆحم دەکەوێتە سەما
کە پەنجەکانم لە گۆی مەمکت ئەخشێ


دەستەکانم کۆترئاسا
لە بەرزاییەکانی سینگتا هێلانە دەکەن


ئیرەیی بە ستیانەکەت دەبەم
چوون دەمی لە مەمکەکانت گیر کردووە


مەمکەکانت دوو جۆگەی سازگارن
حەزەکەم رۆژی سەد جار لێی بخۆمەوە


مەمکەکانت دوو پێکی شیرینن
حەزەکەم رۆژی هەزار جار بینی پێوەنێم


مەمکەکانت دوو گووڵی رەونەقدارن
منیش مناڵێکی لاسار کە ئارەزووی گووڵڕنینم هەیە


حەزەکەم وەک گەڵایەکی رووت
بۆ هەمیشە بوەرێیتە سەر چیمەنی سینگم


تۆ دەریایەکی هێمنی
شەپۆلەکانت ئەوینە و
بێدەنگیت تابلۆ


تۆ ئینجانەیەکی
دڵم وەک گوڵێکی سوور تێتدا رواوە


پێمدەڵێن شیعرەکانت جوانە
بێئاگان لەوەی تۆ لە هەموو شیعرەکانم جوانتری


ئەو تاریکییە ترسناکە ژیانی منە
ئەوەش تۆی بە چرای ئەشقەوە بەرەو رووم دێی


کاتێک وتت خۆشم ئەوێی بۆ هەمیشە
تۆوی پێکەنینت لە پێدەشتی رۆحما چاند





به‌سه‌رچوو … شاڵاو رێتا

به‌ بولبول بڵێن:
با ئیدی نه‌خوێنێ
ئاوازی ئه‌م قه‌سیده‌یه‌
بوو به‌ فۆسڵ.

به‌ هه‌ڵۆ بلێن :
با هێرش نه‌با
ئه‌م چڕنوکه‌ بوو به‌ ئه‌نفال
بوو به‌ (17)ی شوبات ،
بوو به‌ کاوه‌ گه‌رمیانی و بوو به‌ ڕانیه‌.

به‌ مه‌لا بلێن:
با له وه‌عز گه‌رێ
ئه‌م کوبرای قه‌بره‌ که‌وته‌ سه‌ما

به‌ ئومێد بلێن:
با له‌ده‌رگا نه‌دا
له‌ ده‌رگادان به‌سه‌رچوو.




تیرۆرکردنی “مەلەک” تاوانێکی رەگەزپەرستی تری ئەردۆگانە.. رەزا شوان

لە رۆژی یەکشەممەی (١٨/ ئادار/٢٠١٨) دا، كه‌ سوپای دڕنده‌ و خوێنرێژی توركیا و جاشه ئیسلامییە ‌به‌كرێگیراوه‌كانی شاری (عەفرین)ی رۆژئاوای کوردستانیان داگیرکرد، لەو رۆژەوە تا ئەمڕۆ.. چەندین تاوانیان بەرانبەر بە گەلی کوردمان لە شاری عەفەرین و شارۆچکە و گوندەکانی سەر بە عەفرین ئەنجام داون و دەدەن. بە هەزاران کوردی سفیلی ئەم شارە کوردستانییەمان کە جێی هەزاران ساڵەی باوباپیرانیانە، لە ترسی دڕندەیی و بێڕەوشتی و نامەردی سۆپای تورکیا و جاشە بەکرێگیراوەکانیان، شارەکەیان و ماڵ و سامان و زەوەییەکانی خۆیان بەجێهـێشتوون و ئاوارەبوونە و لە ژیانێکی زۆر سەخت و کوێرەوەریدا دەژین. ئەو کوردانەش کە لە عەفرین دا ماونەتەوە، لە لایەن سوپای تورکیا و جاشە بێڕەوشتەکانیانەوە ستەمێکی زۆریان لێدەکەن، تا ئێستا بە دەیان لاوی کوردی بێتاوانیان شەهیدکردوون. بە سەدان لاو و کچ و ژنانی کوردیان بردوون و تا ئەمڕۆش چارەنووسیان نادیارە. دەسترێژیان کردۆتە سەر چەند ژن و کچی کورد، بە ئاشکرا و بێ شەرمانە ماڵ و دوکانەکانی کوردیان دزی و دەدزن، بە زۆرداریش پارە لە خەڵکی عەفرین وەردەگرن. ترس و تۆقینێکی زۆریشیان خستۆنەتە ئەم شارەوە. گەلێ لە شوێنەوارە مێژوویەکانیان وێران کرد و شتە دێرینەکانیان دزی، رووبەرێکی زۆریش باخی زەیتوون و میوە و چەمی ناوچەکەشیان سووتاند، بە زۆریش دەیانەوێ زمانی تورکی بسەپێنن، و لە هەموو شوێنێکيشدا ئاڵای تورکیایان هەڵکردووە.
بە هەزاران ماڵە عەرەبیشیان لە (غـۆته‌ و ئەدلەب و حەما و حومس و دێرزوور) ەوە، بۆ عەفرین هێناون و نیشتەجێیان کردوون و دیمۆگرافیای شارەکەیان گۆڕیوە.
بە شەوانیش لە عەفرین و شارۆچکەکانیدا، هەڵدەکوتنە سەر ماڵە کوردەکان و کوڕ و کچی لاو و هەرزەکاری کورد دەگرن و بێسەر و شوێنیان دەکەن، بۆ ئەوەی کە کورد ناچاربکەن کە عەفرین بەجێبهێڵن. هەموو ئەم پیلانانەش بە ئاگاداری خودی ئەردۆگانی دیکتاتۆر لە لایەن هەواڵگری تورکیا و جاشەکانیانەوە داڕێژراون و جێبەجێیان دەکەن.

رۆژی گرتنی عەفرین رۆژێکی رەشە و پەڵەیەکی قێزەوەنە بە نێوچەوانی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان و مافی مرۆڤ و مرۆڤایەتییەوە، تا ئەمڕۆش لە ئاستی تاوانەکانی تورکیا، دەرهەق بە گەلی کوردمان لە عەفرین و لە هەموو شار و شارۆچکە و دێیەکانی رۆژئاوای کوردستان دا، بێدەنگن. بێدەنگیان بووە بە هاندان بۆ ئەردۆگان، بۆ درێژەدان بە تاوانە دڕندەییەکانی و بە نامەردییەکانی دەرهەق بە گەلی کوردمان. رۆژ نییە کە بە قـێزەوترین و بە دڕندەترین و نامەردترین شێوە، سوپای تورکیای رەگەزپەرست و جاشە هاوپەیمانییەکانیان لە شاری عەفرین و لە شارەکانی تری کوردستاندا(جۆرج فلۆید) ێکی کورد شەهید نەکەن. کەچی کەس و هیچ دەوڵەتێک پرۆتیستۆ و شەرمەزاری تورکیا ناکەن.. کە رەگەزپەرسترین و تیرۆرسترین دەوڵەت و رژێم و نەتەوە لە هەموو جیهاندا، دەوڵەت و رژێم و نەتەوەی تورکە. زۆر لە نازییەکان نازیترن. دە رۆژ بەر لە ئێستا، لاوێکی کورد (بارش جاكان) ی تەمەن بیست ساڵانیان، لە شاری ئەنقەرەی پایتەختی تورکیادا تیرۆرکرد.. هەر لەسەر ئەوەی، کە گوێی لە گۆرانی کوردی گرتبوو، زۆر بە نامەردانە، تورکە رەگەزپەرست و توندڕەوەکان بە دڕندەترین شێوە (بارش جاکان) یان تیرۆر کرد. ئایا رەگەزپەرستی و دڕندەیی وا لە کوێی جیهاندا هەیە؟؟
بە پیلان داڕشتن و بە ئاراستەکردنی راستەوخۆی هەواڵگری تورکیا، جاشە ئیسلامییە بەکرێگیراوەکانی بە ناو (سوڵتان موراد) له‌ عەفرین، لە روژی (٢٣/مای/٢٠٢٠) دا، لە گوندی (ده‌روێش) ی سه‌ر به‌ شارۆچكه‌ی (شه‌را) ی سه‌ر به‌ عه‌فرین. ئەم دڕندە بێڕەوشتانە، کچێکی هەرزەکاری کوردیان رفاند، کە ناوی (مەلەک نەبیه خه‌لیل) ه‌ و ته‌مه‌نی (١٦) ساڵە. بێسەر و شوێنیان کرد کەس نەیزانی بکە بۆ کوێیان برد و چییان لێکرد.. تا رۆژی یەکشەمەی رابردوودا (٧/ یوونی/٢٠٢٠) تەرمی کچێکی کوژراوی فڕێدراو لە کێڵگەیەکی گوندی (فێرزی) سه‌ر به‌ شارۆچكه‌ی (ئه‌عـزاز) دۆزرایەوە. کە تەرمی شەهید (مەلەک نەبیە خەلیل) بوو، بەڵام تا ئێستاش هەواڵگری تورکیا خۆی لەم تاوانە گێل دەکا، بە تەرمێکی ناسنامە نەناسراو ناویان بردووە، تەرمەکەشیان برد بۆ مەیتخانەی نەخۆشخانەی شارۆچکەی ئەعـزاز. کە لەژێر دەسەڵاتی سوپای تورکیا و جاشەکانێتی. کە ئەم هەواڵە بڵاوبۆوە. هەواڵگری تورکیا و جاشەکانی سوڵتان موراد، چوونە ماڵی دایک و باوکی مەلەک و هەڕەشەیان لێکردن، کە نابێت بە هیچ کلۆجێک باسی کوشتنی کچەکەیان بکەن و ناشبێ پەیوەندی بە کەسوکاریانەوە بکەن و لەم بارەیەوە قسە بدرکێنن. هەواڵگری تورکیا و جاشەکانی سوڵتان موراد دەیانەوێت بە هەموو شێوەیەک ئەم تاوانەیان بشارنەوە و خۆیانی لێ بێئاگابکەن. هەر ئەو رۆژە هەواڵگری تورکیا، دایک و باوکی مەلکیان برد بۆ مەیتخانەی نەخۆشخانەی شاری عەفرین. بۆ ناسینی تەرمی کچەکیان. لەوێ تەرمی کچێکی لاویان پێشان دابوون، بەڵام ئەوە تەرمی مەلەکی کچیان نەبوو، بەڵکو تەرمی کچە لاوێکی تری کورد بوو، کە نەیان ناسییەوە کە کچی کێیە. هێندەی تر باری دەروونی دایکی مەلەک تێکچوو. چونکە هەواڵگری تورکیا و جاشەکانیان (مەلەک نەبیە) گولەباران کردووە، بۆ ئەوەی نەزانرێ کە چیان بەسەر هـێناوە و بە چ شێوەیەکی دڕندانە و نامەردانەش، کچە کوردێکی هەرزەکاری تەمەن شانزە ساڵانیان تیرۆرکردووە، ویستیان بە زۆرداری تەرمی کچە تیرۆرکراوێکی تر بکەن بە ماڵ بەسەر دایک و باوکی مەلەکەوە.. دوایش کە مەیتی مەلەک لە مەیتخانەی نەخۆشخانەی ئەعـزاز بێ، بۆچی دایک و باوکی مەلەکیان بردن بۆ مەیتخانەی نەخۆشخانەی شاری عەفرین؟! بۆ منداڵێکی ناو بێشکەش بڕوا بەم سیناریۆیەی تورکیای بێڕەوشت دەکات..؟!
رێکخراوی مافەکانی مرۆڤ لە عەفرین، جەخت لەسەر ئەوە دەکەن، کە خێزانەکەی مەلەک هەڕەشەیان لێکراوە و لەژێر چاودێری ئاشکرا و نهێنیدان، گەر پەیوەندی بە هەر کەس و لایەنێک لە ناوەوەی رۆژئاوای کوردستان و دەرەوەدا بکەن، بە دەردی کچەکەیان دەیانبەن و دەیان کوژن. رێکخراوی مافەکانی مرۆڤ لە شاری عەفرین ـ لە دەرەوەی شاری عەفرین دان ـ لە بەیاننامەیەکی بڵاوکراوەیاندا دەربارەی تیرۆرکردنی، مەلەک نەبیە، داوایان لە هەموو رێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ و مرۆڤایەتی کردوون لە سەرووی هەمووشیانەوە، نەتەوە یەکگرتووەکان و موفەوەزییەی باڵای مافەکانی مرۆڤ، کە رۆڵی مرۆڤایەتی و رەوشتی خۆیان ببینن و فشار بخەنە سەر تورکیا بۆ کۆتایی هێنان بە داگیرکردن و کوشتن و رفاندن و بێسەر و شوێنکردن و ئەنجامدانی تاوان لە دژی گەلی کوردی بێتاوان لە عەفرین و لە رۆژئاوای کوردستاندا.. داواشیان کرد کە بەندکراوەکان، بە تایبەتیش کچان و ژنانی کورد ئازاد بکرێن. خێزانەکەی مەلەک نەبیەش بپارێزن، کە لەژێر هەڕەشەی کوشتندان لە لایەن هەواڵگری تورکیای رەگەزپەرست و جاشە ئیسلامییە بێڕەوشتە بەکرێگیراوەکانیان.
تاوانی تیرۆرکردنی مەلەکی هەرزەکار، نە یەکەمین تاوانی قێزەوەنی تورکیا و جاشە نامەردەکانی تورکیایە، نە دوا تاوانیشیان دەبێت.. ئەردۆگانی رەگەزپەرست، سوپای تورکیا و جاشەکانی سەرپشک کردوون کە هەچ تاوانێک بەرانبەر بەکورد بکەن.
زۆر بە توندی پرۆتیستۆی تاوانی قێزەوەنی تیرۆرکردنی شەهید (مه‌له‌ك نه‌بیه‌ خه‌لیل) دەکەین. هەزارن هەزار تف و نەفرەتیش لە تورکیای رەگەزپەرست و لە جاشەکانیان.
هاوخەمی و ماتەمینیشمان بە خانەوادەکەی (مەلەک) رادەگەیەنین. هیواداریشین ئەو رۆژە نزیک بێت، کە ئەردۆگان و رژێمەکە رەگەزپەرستییەکەی رسوا و بە پەند ببن. ئەردۆگانیش دەبێ ئەوە بزانێ، کە نزیک بێ یا درەنگ، وەکو دیکتاتۆر و ستەمکارە خوێنڕێژە گۆڕبەگۆڕبووەکانی پێشتر، کە چارەنووس و کۆتایی رەش و رسوابوون و
بە پەندبوونی لەوانەی پێشووتر باشتر نابێت.
رەزا شوان
١٠/ یوونی/٢٠٢٠




چ ڕووبـه‌ڕوو بـوونـه‌وه‌یـه‌كـی هـه‌رزه‌كـارانـه‌یـه‌، ئـه‌م جـه‌نـگـه‌؟! … هــــــــیـوا كــه‌ریــم مـه‌لا

چ هـه‌ڵـسـانـێـكـی مـه‌ئـیـوسـه
ئـه‌م دانـیـشـتـنـه‌ بـێ مـانـایـه‌؟!
چ هـه‌نـگـاوێـكـی تـوانـا پـڕووكـێـنـه‌
ئـه‌م ڕۆیـشـتـنـه‌ بـێ هـوده‌یـه‌؟!
چ ڕووبـه‌ڕوو بـوونـه‌وه‌یـه‌كـی
هـه‌رزه‌كـارانـه‌یـه‌، ئـه‌م جـه‌نـگـه‌؟!
لـه‌وه‌تـه‌ی خـۆم نـاسـیـوه
ده‌یـه‌هـا ڕێـچـكـۆڵـه‌م ئـه‌زمـووده‌ كـردووه‌
بـۆ گـه‌یـشـتـن بـه‌ قـولانـجـێـك،
كـه‌چـی ئـه‌و. لـه‌ هـه‌ر چـركـه‌یـه‌كــدا
بـســتـێـكـم داگـیـر ده‌كـات،
لـه‌ هـه‌ر چـاو تـرووكـانـێـكــدا
لایـه‌كـی گـونـدی بـوونـم ڕاده‌مـاڵـێ،
لـه‌ هـه‌ر هـه‌نـاسـه‌یـه‌كــدا
هـه‌ره‌س بـه‌ كـێـوی یـه‌قـیـنـم ده‌هـێـنـێ،
ئـه‌و. لـه‌ نـێـوان بــوون و عـه‌ده‌م
شـه‌قـامـێـكـی ده‌زوولـه‌یی و
بـازگـه‌یـه‌كـی پـڕ لـه‌ كـۆسـپـه‌ و
تـاسـه‌یـه‌كـی گـه‌وره‌یـه‌،
گـه‌وره‌ بـه‌ بـارتـه‌قـای گـه‌ردوون
فـره‌ هـێـنـده‌ی داپـلـۆسـیـنـی ڕۆژهـه‌ڵات
بـاریـك بـه‌ قـه‌ت ڕێـچـكـه‌ی كـانـیی،
ئـه‌و. لـه‌بـه‌رده‌م دایـه‌( نـه‌بـات)
بـوێـریی نـه‌بـوو. ئـه‌ژنـۆی نـه‌خـسـتـه‌ سـه‌ر زه‌ویی،
لـه‌ ژووانـی (لالـه‌ خـاوه‌ر)
فـرمـێـسـكـێـكـی جـاویـدانـی. بـه‌ بــا نـه‌دا،
ژیـــــــــــــــــــــــــــــــــــان
بـه‌بـێ ئـه‌و. پـڕ پــڕ ده‌بـێ لـه‌ پـیـریی
بـه‌ نـه‌بـوونـی مـانـدوو ده‌بـێـت لـه‌ بـه‌رده‌وامـیی،
ئــه‌و. دوێـنـیی بـاوكـم
لـه‌ ئـه‌مـڕۆی مـن لـوول ده‌داتـن،
ئـه‌مـڕۆی مـنـیـش…
لـه‌ زه‌رفـی نـامـه‌ی، گـوڵـه‌بـه‌ڕۆژه‌ فـرۆشـه‌كـه‌ی
بـنـدیــواری پــیــره‌ قـه‌ڵا،
ئـه‌و. عـه‌لـلاگـه‌یـه‌كـی بـه‌ ده‌ســـتـه‌وه‌ گـرتـووه‌
بـۆ تـه‌مـاتـه‌ فـرۆشـه‌كـه‌ نــا…
بـۆ كـڕیـاره‌ بـێـتـاقـه‌تـه‌كـه‌ی سـه‌ر گـوفـه‌كـی زیـنـده‌گـیی،
ئـه‌و. ڕیـمـی هـه‌مـوو هـێـڵــه‌كـانــی پـشـكـنـیـوه‌
ڕزگـاریی. شـــۆڕش. شـه‌هـیـدان،
ئـه‌و كـۆڵانـی هـه‌مـوو گـه‌ڕه‌كـه‌كـانــی سـه‌راوبـن كـردووه‌
كـرێـكـاران. مـامـۆسـتـایـان. ڕاســـتـیی،
ئـه‌و. ده‌رگـای هـه‌مـوو خـانـووه‌كـانـی لـه‌ ڕێـسـمـه‌ بـردووه‌
نــانــدیـن. جـزیـریی. ئـاغـابـان،
ئـه‌و. بـه‌ نـاو هـه‌مـوو وه‌رزه‌كـانـدا گـوزه‌ر ده‌كـات
بـه‌بـێ ئـه‌وه‌ی. سـاقـۆی ســپـیی لـه‌بـه‌ر بـكـات
بـه‌بـێ ئـه‌وه‌ی. كـراسـیی سـه‌وز بـپـۆشـێـت
بـه‌بـێ ئـه‌وه‌ی. تـیـشـێـرتـی زه‌رد تـێـهـه‌ڵـكـێـشـێـت
بـه‌بـێ ئـه‌وه‌ی. بـلـووزی ســـووری بـدڕێـنـێـت،
ئـه‌و. نـه‌ فـرمـێـسـكـی هـه‌یـه‌ نـه‌ زه‌رده‌خـه‌نـه‌
نـه‌ سـه‌ره‌تـای هـه‌یـه‌ نـه‌ كـۆتـایی…




چیرۆك بۆ منداڵان: چۆن سێ پشیله‌كه ‌چوون بۆ سه‌ردانی نه‌نه‌پیره‌؟**یوری یارماش وه‌رگێران له‌ روسییه‌وه‌ : ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب

سێ پیشله‌ نێره‌ پێكه‌وه‌ ده‌ژیان، گه‌وره‌كه‌یان ناوی میاوبوو ، ناونجییه‌كه‌ مورو بچكۆله‌كه‌ ششه‌.
نه‌نه‌پیره‌یه‌كی ناسراو له‌ مالێكی ئه‌و به‌ری شه‌قامه‌كه‌ ده‌ژیا، پشیله‌كانی بۆ نانخواردنی نیوه‌رۆ بانگهێشت كرد، ئه‌و رۆژه‌ هه‌تاوو رووناك بوو ،پشیله‌كان به‌رانبه‌ر به‌ ده‌رگای ماڵه‌كه‌ی نه‌نه‌پیره‌دانیشتن ، چاوه‌روانی كاتی نانخواردن بوون ، میاو پشیله‌ گه‌وره‌كه‌ی ناویان وتی :

با پێكه‌وه‌ بچینه‌ ناو شه‌قامه‌كه‌ ، ئۆتۆمبیل زۆره‌ ، یه‌كه‌مجار من ده‌رۆم ، گه‌یشته‌ لای ده‌رگاكه‌و ، له‌ بن ده‌رگاكه‌ سه‌ری برده‌ ژووره‌وه‌و ، یه‌كسه‌ر به‌ په‌له‌ به‌ره‌و دووا گه‌رایه‌وه‌.

م …میاو! ئۆتۆمبێل نییه‌ ، ئۆتۆمبێل نییه‌ ، به‌ڵام له‌ناو كه‌پره‌كه‌ی نه‌نه‌پیره‌ سه‌گێكی دڕر هه‌یه‌ !.

ئه‌مجاره‌یان مورر چوو ، له‌ ژێر ده‌رگاكه‌وه‌ به‌ وریایی سه‌یری سه‌گه‌كه‌ی كرد بۆ ئه‌وه‌ی بزانێت چۆن سه‌گێكه‌و ، چۆن چۆنی به‌ملاو به‌ولادا باز ده‌دات.

مور ر ر رر! به‌ بۆچوونی منیش ، وه‌ك میاویش وتی ئه‌و سه‌گه‌ دررو هاره‌.

پشیله‌ پچكۆله‌كه‌ ششه‌ ته‌نها لووتی له‌ په‌نجه‌ره‌كه‌ ده‌برده‌ ده‌ره‌وه‌و ، له‌ سه‌رخۆ به‌ گۆی ئه‌واندا ده‌یچرپاند :

شش – ش- ش! منیش وه‌ك ئێوه‌ ده‌ترسم ، تا ئێستا له‌ هیچ لایه‌ك ، له‌ هیچ جێیه‌ك سه‌گی وازلم نه‌دیوه‌.
له‌ ترساندا چاوه‌كانی داخست و ، به‌ هیچ جۆرێك نه‌یتوانی بجولێته‌وه‌ ، تا ئه‌و دیمه‌نه‌ له‌ ژێر درگاكه‌دا دێته‌ به‌ر چاوت و، كتوپر بۆی راكشا.
هه‌تاوه‌كه‌ ئه‌و ناوه‌ی گه‌رمتر ده‌كرد.
نه‌نه‌پیره‌ چاوه‌روان بوو.
چێشته‌كه‌ ، دیاره‌ ده‌مێكه‌ ساردبووه‌ته‌وه‌….

دووره‌ ئه‌و سه‌گه‌ به‌و جۆره‌ بێت ، پیشله‌ گه‌وره‌كه‌ ئه‌وه‌ی وت و ، له‌ ته‌نیشت ده‌رگاكه‌وه‌ ده‌یمیاواند.

دیاره‌ به‌و چه‌شنه‌ش گه‌وره‌ نییه‌ ، پیشیله‌ ناونجییه‌كه‌ وه‌ڵامی دایه‌وه‌.

پشیله‌ بچكۆله‌كه‌ ششه‌ پرسیاری كردو وتی : ئه‌گه‌ر به‌و جۆره‌ دررو ، به‌و چه‌شنه‌ش گه‌وره‌و ، هه‌روا ترسناكیش نا‌بێت !، لێره‌دا چاوێكی به‌ ئاسته‌م كرده‌وه‌و ، پاشان چاوه‌كه‌ی تریشی كرده‌وه‌و ، به‌ سه‌رسومانه‌وه‌ وتی : به‌ڵێ، گه‌ر ئه‌وانه‌ی سه‌ره‌وه‌ راست بن ، ئه‌و سه‌گه‌ وه‌ك بووكه‌شووشه‌ وایه‌ !.

مورر ته‌كانێكیدا . ده‌رگاكه‌ی به‌جێهێشت و وتی :

راسته‌، وه‌ك بووكه‌شووشه‌ وایه‌ ! كه‌ وابوو زۆر ترسناكیش نییه‌!.

پشیله‌ گه‌وره‌گه‌ میاو به‌ره‌و لای ده‌رگاكه‌ چوو، ده‌ستی كرد به‌ مۆره‌مۆرو ، میاو میاوو هاواركردن : ترسناك نییه‌. دررو هار نییه‌ ، وا دیاره‌ تووتكه‌یه‌ !.

هه‌ر هه‌موویان به‌راكردن چوونه‌ ناو شه‌قامه‌كه‌و، خۆیان گه‌یانده‌ كه‌پره‌كه‌ی نه‌نه‌پیره‌و، له‌وێدا چاویان به‌ تووتكه‌یه‌كی بچكۆله‌ كه‌وت. تووتكه‌كه‌ كلكی له‌قانده‌وه‌ بۆ دۆستایه‌تی و به‌خێرهاتنیان.
نه‌نه‌پیره‌ له‌ سه‌ر ته‌ختێك دانیشتبوو، له‌ پێش خۆیداو، له‌ناو قاپێكدا گۆشتی كوڵاوی دانابوو ، نه‌نه‌پیره‌ هه‌رسێ پشیله‌كه‌و تووتكه‌كه‌ی بۆ نانخواردن بانككرد.

10/6/2020

تێبینی :
Юрий Ярмаш – Как трое котят к бабушке в гости ходили*

Ярмыш Юрий Феодосиевич (Ярмиш Юрій Феодосійович) — украинский детский писатель,
**یوری یارماش فێودوسیڤیچ ــ نووسه‌رێكی ئۆكرانییه‌‌ ( ئۆكراینا) چیرۆك بۆ منداڵان ده‌نووسێت ـ له‌ 25/5/1935 له‌ دایكبووه‌و له‌ 23/10/2013 كۆچی دووایی كردوه‌.




منی منداڵ … عەلی حەمەڕەشید بەرزنجی

دایە گــیان منی مــــــنداڵ
بابە گیان منی مـــــــنداڵ
مافی خۆمە سەربەســت بم
ئاســـــــوودە بژیم لە ماڵ

کاری قورســـم پێ مەکەن
لە خوێندنیش دوام مەخەن
بۆ مەبەستێکی خـــــۆتان
منداڵیم لێ تێک مـــەدەن

چـــــــونکە دنیای منداڵی
خۆشـــــترین کاتە لە ژین
با بە ئارەزووی خــــۆمان
ئەو خۆشی یە بچــــێژین

کاتێک پرسیارێک دەکەم
بۆئەوەیە تێ بگــــــــەم
بە ڕووما ھەڵمەشـــاخێن
وەڵامــەکـــــەم پێ بڵَێن

ئەگەر ڕۆژێک لــە ڕۆژان
داوای شتم کــــرد لێتان
تواناتان نەبوو بیکـەن
قەت بەڵێنم پێ مەدەن

٢٠٠٠/٧/١٨