کوردایەتی چییە؟ …. کاوە جەلال – بەشی یەکەم

1
هەموو گەلێک بەتایبەتی لەنێو قەوارەیەکی دەوڵەتیدا دەتوانێت تا ڕادەی شیان پێبگات و خۆی بپارێزێت، جا ئەوە دەوڵەتێکی تاک-نەتەوەیی یان فرە-نەتەوەیی بێت. لێ دەوڵەت پرۆژەیە وەک دامەزراوەی نیشتمانێکی سەرهەڵداو، کە بێگومان نابێت لەواتایەکی تەسکدا وەک بەڵێندەرایەتی، فیرمای دروستکردن یان بازرگانی لێی تێبگەین، بەڵکو پرۆژە نەخشەکێشانە بە دوو ئاڕاستەی پێچەوانەی یەکدییەوە: بە ئاڕاستەیەک بریتییە لە ڕەخنەی جڤاک و کولتوور، کە گومانی تێدا نییە یەکێک لە کارە کرۆکییەکانی بریتی دەبێت لە ئاشکراکردنی ڕاستینەی کوردایەتی پێکەوە لەتەک شۆڕەسوارانی دوێنێ و ئەمڕۆیدا، ئەوجا لەوێوە بنیاتنەرانە بە ئاڕاستەی بەرەڤار هەڵدەچێت بەرەو کاری سیاسیی ڕێکخراو.
ئاڕاستەی پرۆژە وەک ڕەخنە لەو داواکارییەوە دێت کە “ئەمڕۆ پێویستە هەموو شتێک سەرلەنوێ ڕەخنەییانە ڕوونبکرێتەوە”. ئاخر بەتایبەتی لە سەردەمە داڕزاوەکاندا شێوەی هزرین و ڕەفتاری سوننەتی بێڕیشە دەبن، ئەوجا پێویستییەک بۆ نرخاندنەوەی سەرجەمی ترادیسیۆن سەرهەڵدەدات، ئەگینا مرۆ تەنیا درێژەپێدەرێکی ترساوی هەیەپارێز دەبێت کە لە داماوییەوە مەمنوونە هەر کارێکی دەستبکەوێت تاکو زگی خۆی تێربکات، یان بەڕاستی جەبانێکی خۆمەڵاسداوە و خواستی چەوساندنەوە ئاگای لە ژینگە و مێژووەکەی پێنەهێشتووە.
لێ ئاڕاستەی بەرەڤاژی بنیاتنەرانە بریتییە لە ڕێکخستنی بەپلانی سیاسی، کە بێگومان لەم سەردەمەی کوردەکانی ئێراقدا نایەتەگۆڕێ، بۆیە دەیخەینە دۆخی پشوودانەوە و ڕووی تێناکەین – بێگومان ئەو جۆرە هەوڵە لە روانگەیەکی دیاریکراوەوە لای “تەڤگەری ئازادی” هەیە.

2
کوردایەتی بە شێوەی جیا بەرجەستە دەبێت، وەک خەباتی ڕێکخراو، وەک خەباتی هۆزانڤانیانەی خوێندەوارانی شارنشین، وەک دەسەڵاتخوازیی شێخەکانی تەریقەت و تا ڕادەیەک سەرۆکهۆزان بەناوی کوردچێتییەوە، وەک کرداری پڕسۆز و ئەندێشاویی خەباتگێڕانی گەلخواز.
بێگومان کوردایەتی دەرهاویشتە نییە لە ئاگایی ڕۆشنی کوردییەوە، بەڵکو پەرچەکرداری داماوە و وەک سەرجەم پێشنموونەیەکی هەیە کە سوننەگەریی ئیسلامییە. واتا کوردایەتی وەک بێ-هۆش، شێوە هۆنینەوەی ئیسلامییانە تەرجومە دەکات بۆ پەیوەندیی مێژوویی کوردی. ئاخر شۆڕەسوارانی کوردایەتی زۆر قووڵ بە هەستی کەمبەهایی (شعور بالنقص) بەرانبەر ئارەب تەنراون و لە دێرزەمانەوە چاویان لە هەر شێوەیەکی خۆدەربڕینی پەخشانی و ڕێکخستنی سیاسی ئەوان بووە، بەڵێ تەنانەت واژەی کوردایەتییان لە شێوەی پەرچەکرداردا بەرانبەر ئارەبگەری زیتکردۆتەوە.
ئیسلام کە لە بنەڕەتدا تیۆریی دەوڵەتی تیۆکراتییە، بەپێشیانی لە دووانەی چاکە و خراپەوە بە تیۆریی پیلانگێڕی بارگاوی بووە، جا ئەوە شەیتانێک بێت کە هەر کارێکی نالەبار بە کەسان دەکات، یان خائینەکانی نێو ئیسلام خۆیان بن کە گورزیان لەو ئایینە چاکە خوداییە وەشاندووە، یان دامەزراوە موخابەراتییەکانی وڵاتانی ناحەز بن کە لە نێوخۆی جڤاکدا ئاژاوە دەگێڕن و نایەڵن ئەو موسڵمانە دڵساف و لەخوداترس و بەویژدانانە ژیانیان بە ڕێبەریی نوێنەرەکانیان بەڕێوەبەرن. بە هەمان شێوە نوێنەرانی کوردایەتی حیکایەتی مێژوویی دەهۆننەوە و ڕاڤەی هەر تێکەوتنێکی خۆیان دەکەن: یان لە دەرەوە پلانی هەڵدێریان بۆ کێشراوە، یان شوێنی جیۆگرافیی وڵاتەکەیان ڕێی نەداوە لە گشت لا سەرکەتنی مەزن بەدیبهێنن، یان ئەوانی نێوخۆ خەتابار بوون، چونکە گۆیا ملکەچی ئەوان نەبوون و شوێنیان نەکەوتوون.
نوێنەرانی کوردایەتی هەروەها لە هەمان بنەمای سوننەگەرییەوە، لەسەر نموونەی پێشوێنە ئیسلامییەکەیان، نازناوی شەهید لە کوژراوانی خۆیان دەنێن، لێ ئەمیش، هاوشێوەی پێشوێنەکەی، هیچ ڕێزێکی بۆ مرۆڤێتیی کوژراوەکان دانەناوە و دانانێت، بەڵکو بەسووکی وەک شایانی بەکوشتدان، وەک “بەرخی نێری گونجاو بۆ سەربڕین”، بینیونی. هاوکات چۆن ئیسلامگەرایان ی کۆن و ئەمڕۆ نەک تەنیا دڵسۆزانی هەرە کەمینەی محەمەدییان بەدووی کوژرانیاندا وەک شەهید ڕاگەیاندووە، بەڵکو هەروەها نازناوی سەحابەی شەهیدیان بە سەرجەم تاڵانیخوازان و سەبایا-پەرستان و شەیدایانی ماڵی جیهانی داوە، بە هەمان شێوە نوێنەرانی کوردایەتی نەک تەنیا ئەو نازناوەیان لە خەباتگێڕانی گەلخواز دەنا و لێی دەنێن، بەڵکو هەروەها شێخ و ئاغا و دەرەبەگ، عەسکەری فیرار و چەقۆکێش و مرۆڤکوژان و هتد بە کوژرانیان دەکران و دەکرێن بە شەهیدی گەل و وڵات.

3
کوردایەتی کە خۆی بە حیکایەت (و تیۆریی پیلانگێڕی) لە ژیاندا دەهێڵێتەوە، ئەندێشەییانە “کوردەواری”یەکی تا ڕادەی شیان هۆنیوەتە، لێ تەنیا بە هۆنینەوەی نەوەستاوە، بەڵکو هاوکات تا ڕادەی شیان ئارایشتی کردووە. لەم حیکایەتەدا جڤاکی کوردی چاک بووە و چاکە، بەڵگەی چاکێتییەکەشی ئەوەیە کە گۆیا ژنانی کورد لە ژنانی گەلانی دراوسێ ئازادتر بوون (!!)، کە بێگومان هۆکارەکەی بۆ چاکیی پیاوی کورد دەگەڕێتەوە. لێ ئەوە پرسیار نییە کە داخۆ کوردەواری خۆی لە ڕووی سۆسیۆلۆژییەوە چی بووبێت، واتا: کوردەواری وەک نێوەندێکی پڕ لە چەوسانەوەی چینایەتی، توێژایەتی، لاسایی گەلانی دی، دانانی پیاو بە سەروەر و ژن بە کۆیلە، کە “پیاو” دوای مارەکردنی هاوشێوەی دۆڵاب و کورسی “دەیگوازێتەوە”، ئەوجا لە ماڵەوە “سواری دەبێت”، ئەویش وەک ژن “دەیداتێت”! یان کوردەواری وەک ئەو ژیانە سروشتییە پریمیتیڤە کە گوندییەکانی لە دەرەوەی گوند دەچوونە “سەرئاو” و لەوێ “دەستیان بە ئاو دەگەیاند”، یان پیاوەکانی زوو عەسەبی دەبوون، ئەوجا تەنانەت بە تەلاق سوێندیان دەخوارد، یان پیاوانی سادە و ساویلکە بوون و هەروا ئاسان خۆیان بە حیکایەتی کوردایەتی بەکوشت دەدا.
بێگومان ئێمە مەبەستمان لێرەدا ئەوە نییە کە کوردەواری لە گشت ڕوویەکەوە نەفرەت لێ بکەین، ئاخر فرەڕەنگی و ڕەشبەڵەکی گوندی (ئەوە نەک وەک لاساییکردنەوەی شارنشینان) دڵگیرن، یان لە زۆر دەڤەر و ناوچەدا دیاردەی یاخی و مرۆڤدۆستانەی تێدا بوو، کە خەماویترتان بریتی بوو لە یاخیبوونە قبووڵکراوەکەی “ڕەدووکەوتن” / “هەڵگرتن”، بەڵێ تەنانەت بە مایەی شانازی دادەنرا. لێ ئەوە کوردایەتی بوو کە ناوەرۆکێکی دیکەی بەم ئازادیخوازییە هەرە سادەیەی کوڕان و کیژان دا: وەریگۆڕی بۆ مایەی سووکایەتی بە نامووس و شەرەف، بەوەش بە هۆکارێک بۆ لەناوبردنی یاخیبووەکان. کەواتە کوردایەتی بە تەرجومەکردنی بنەماکانی ئیسلام لە بنەڕەتەوە لەناوبەری ڕووە یاخی و مرۆڤدۆستەکانی خودی کوردەواری بووە، بەڵێ گەر تەنانەت “ئستیعراب” لە سەردەمی شانشینی و “تەعریب” لە سەردەمی بەعسدا لە دەرەوە ئاڕاستەی کوردەکان کرابن، ئەوا کوردایەتی بە تەرجومەکردنی بنەماکانی ئیسلامی سوننی، دەستەبرای ئەوانە و فاکتەرێکی پڕمەترسیتری بەئارەبیکردنی کەسێتیی کوردە.

4
کوردایەتی وەک خۆڕاگرتوو بە حیکایەتەوە گەورەترین دوژمنی مێژوو و سۆسیۆلۆژییە.
بێگومان مێژوو هۆنینەوەی ئەندێشەیی نییە، حیکایەتی مەزنییەکان نییە، داتاشینی ناونیشانی زەبەلاحی وەک “دەروازەی ڕاپەڕین” و “سەرۆکی نەمری گەل” نییە، بەڵکو هەڵسەنگاندنی ڕەخنەییانەی ڕووداوەکانە، یان هۆکار و سەرەنجامی یاخیبوونە کوردییەکان لە ئیستەنبول و تاران و درەنگتر بەغداد ئاشکرا دەکات بەبێ ئەوەی بە هەستی هۆزانڤانی ناویان بنێت “شۆڕشەکانی کورد”، یان کەسانی خاوەن بڕیاری سیاسی دەهێنێت بۆ ژێر پرسیار، کە ئیدی وەک مەزنی گەل پێیاندا هەڵنادرێت، بەڵکو ئەم ئێستا هەقیقەتیان بۆ کەسانی سەردەم و ئایندە دەردەخات، کەواتە شێوەی ڕاڤەکردنی ئیسلامییانەی محەمەد ناکات بە بنەڕەتێک بۆ ڕاڤەکردنی ئەوان.
هەروەها سۆسیۆلۆژی حیکایەتەکانی کوردایەتی لەکاردەخات. ئاخر ئێستا پەیوەندییە جڤاکییەکان دەهێنرێنە ژێر دیدی پرسیارکەرەوە: خواستە چینایەتییەکان، پێشبینیکردنی شێوەی ژیانی خۆیی و جڤاکی، ڕەفتاری ئەخلاقی بەرانبەر زارۆک و ژن، لێ هەروەها بەرانبەر سروشت بە بەشەکانی نێوییەوە، وەک ئاو و ئاژەڵ و ڕووەک و هتاد، ئەوجا نرخاندنی کار و پێناسەکردنی لە ئاگایی سادەی خەڵکدا و زۆری دیکە ئەو زەمینانە خۆش دەکەن کە بەڕێیانەوە هەڵچووی نێو کوردایەتی یەکسەر دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە.
لێ لەبەر ئەوەی دامەزراندنی دەوڵەت هەمیشە سۆسیۆلۆژییەکی بەو چەشنەی گەرەکە و کوردایەتی دوژمنی سۆسیۆلۆژییە، ئەوا هاوکات سەرسەختترین دوژمنی دەوڵەتدارییە. ئاخر کاتێک دەوڵەت بەبێ سۆسیۆلۆژی دانامەزرێت، ئەوا کوردایەتی بەگوێرەی کرۆکی تەنیا دەسەڵاتدارییەک دەناسێت و دەتوانێت بناسێت کە دەسەڵاتدارانی دێرین لە دیوەخان و تەکیە و خانەقاکاندا پیادەیان کردووە، بۆیە توانای بۆ ژیان و کارکردن لەنێو دەوڵەتدا نییە. ئەو زەبری دەوڵەتی (state power) کە بە یاسا بناغەی ڕێژرابێت، ناناسێت، واتا ئەو زەبرە کە هەردەم ئامادەیە (هەموو کردارێکی پێچەوانەی یاسا لە پرۆسەی دادوەریدا سزا دەدرێت، جا گەر ئەوە کرداری سەرۆکی پارت بێت)، بەڵکو تەنیا کرداری عەسابانە دەناسێت (بە تۆپز ئەم دادەمەزرێنێت و ئەو لەکار دەردەکات)، یان وەک خێڵەکییەکی گوندی و شارنشین دابەشکردنی سامان بەسەر نەوەکانی خۆیدا وەک ڕەوا دەبینێت.

5
ئێمە بۆ نزیککەوتنەوەی کۆنکرێت لە کرۆکی کوردایەتی چاک دەکەین لە “سەرەمی هەنووکە”دا نموونەی ریال وەربگرین، بەتایبەتی خۆزگە و هەڵوێستی سیاسیی زۆر کورد بەهەند وەربگرین کە لە کانگای ناخیانەوە خویا دەبن. لێ ئێمە ئێستا لێرەدا بەر پرسیارێکی زۆر ناڕەحەتکەر دەکەوین کە بریتییە لە: ئایا چەند کوردی ئێراق ئەمڕۆ ئاواتەخوازی گەڕانەوەی دەسەڵاتی ناوەند-ی / فیدرالی بەغدادن بۆ نێو “وڵاتەکەیان”؟ یان هەمان پرسیار بە شێوەیەکی دیکە و کەسێنراو دەکەین کە لەم شێوەیەیدا زۆر ڕاچڵەکێنەرە: ئایا چەند کوردی ئێراق ئەمڕۆ بەشانازییەوە لە “سەدام حسێن” دەدوێن؟
ئەم ڕەوشە زۆر جێی سەرنجە، چونکە هەڵوێستێکی ڕەسەنی کوردییە و کەسی هەڵوێستنوێن خۆی بەئاشکرا وەک هاوڵاتییەکی “ئێراق”ی ڕادەگەیەنێت! لێرەدا حیکایەتەکانی کوردستانی دابەشکراو و لکێنراویی زۆرەکیی کوردستان بە ئێراقەوە لەکارکەوتوون! ترس لە کوردایەتی ڕەویوەتەوە! پێدەچێت کەسی هەڵوێستنوێن بۆ یەکەم جار لەژێر ستەمی نوێنەرانی کوردایەتیدا “ئێراقی-بوون”ی خۆی ئەوها ڕۆشن ئاشکرا کردبێت!
لێ ئێمە بە هێنانی ئەم نموونەیە بۆ ژێر پرسیار مەبەستێکی دیکەشمان هەیە: ئێمە دەمانەوێت هاوکات ببێژین، کە کوردایەتی ناڕەوایە لە تۆمەتبارکردنی کەسانی دیکەی دژبەر یان دوژمنی خۆیدا، چونکە تۆمەتەکانی لە دووانەی لەگەڵ-لەدژەوە ڕادەگەیەنێت، واتا: “یان لە خزمەتی ئامانجەکانی مندایت و هەنگاو بە هەنگاو شوێنم دەکەویت، یان تۆ دوژمنی گەل و وڵاتی خۆتیت!”. لێ ئێمە دەبێت بەڕاستی لەم پەیوەندییەدا بوێریمان بۆ پرسیارێک هەبێت، واتا: ئایا لەبەر چە هۆیەک دەبێت زێبارییەکان کە هاوڵاتیی ئێراقین، جاش بووبن؟ ئەی ئایا نوێنەرانی کوردایەتی خۆیان (بە هەموو لایەنەکانیانەوە) چین کە لەنێو خاکی ئێراقدا پێش سوپای بێگانان کەوتوون و دەکەون؟
بێگومان مەبەستی ئێمە ئەوە نییە کە خیانەت لە گەل و وڵاتی خۆ بە ڕەوا دابنێین، بەڵکو دەمانەوێت ببێژین، کە تۆمەتبەخشینەوەکانی نوێنەرانی کوردایەتی نەک تەنیا ناڕەوان، بەڵکو هەروەها پڕمەترسیترن لە هەڵوێستی ئەو کەسانە / گرووپانە کە بەئاشکرا خۆیان وەک هاوڵاتی دەوڵەتی ناوەندی / فیدرالی (ڕاگەیاندبوو و) ڕاگەیاندووە و ئامادەن خزمەتی دەوڵەتی خۆیان بکەن. جگە لەوە و زۆر بەتایبەتی لەم پەیوەندییەدا سەرلەنوێ کرۆکی درۆزنانەی کوردایەتیمان بۆ ئاشکرا دەبێت، چونکە ئەو خۆی لە کرۆکییەوە شەڕکردن بووە بۆ بەشداریکردن لە دەسەڵاتی ناوەندیدا کە ئاشکرایە دەسەڵاتدارییەکی چەوسێنەر بووە، هاوکات شۆڕەسوارانی ویستوویانە لە ناوچەکانی خۆیاندا درێژە بە دەسەڵاتی چەوسێنەری خێڵایەتی و شێخایەتییان بدەن، بەڵێ مڕ و شاناز لەنێو دیوەخاندا دابنیشن و حیکایەتی مەزنییەکانی باب و باپیریان (تەنیا ئەوان) بگێڕنەوە.
بەم شێوەیە خویا دەبێت کە کوردایەتی هیچ پەیوەندییەکی بە خەباتی ڕزگاریی نیشتمانییەوە نەبووە و نییە، بەڵکو لە کرۆکییەوە نوێنەری چەوسانەوەیە، ئەوە بێگومان لە هەردوو ڕووی خێڵەکی-گوندی و شارنشینی-مۆدێرنیزەکراویدا، جا گەرچی گەرەکە هاوکات ئاماژە بۆ ئەوە بدەین کە کوردایەتی لە ڕووی دووەمەوە پتر ئەدگاری عەسابانەی وەرگرتووە. ئەمە بێگومان واتایەکی ئەوتۆ ناگەیەنێت کە عەسابەیەتی لە نێوەندی دەسەڵاتداری خێڵەکیانەی گوندیدا نەبێت، لێ لەوێ سەری عەسابەکان بە خێڵەکییانی گوندی گیراوە، بە پێچەوانەوە لای شارنشینانی مۆدێرنیزەبوو سەربەست بووە – خۆی لە مەیداندا سنگی دەرپەڕاندووە.

6
کرۆکی کوردایەتی هەردەم ئاشکرا بووە، لێ بەتەواوەتی لە گشت لا پێزانراو نەبووە. ئەمیان بۆ یەکەم جار دوای ڕاپەڕینی 1991 ڕووی دا، واتا ئەو کاتە کە دەرفەتی کاری دامەزراوەیی بۆ ڕەخسا. ئیدی بۆ هەموو کەسێک ئاشکرا بوو کە چۆن شۆڕەسوارانی تێهەڵدراوی کوردایەتی دوای گەڕانەوەیان لەسەر شێوازی دیوەخانییانەی (واتا پان-بۆوەی تەمەڵی) باب و باپیرانیان جێی خۆیان لە دەسەڵاتدا پتەوکرد و ئەمڕۆش درێژەی پێدەدەن، کە بێگومان هاوکات تاکە مۆدێلی سیاسەتکردنی عەسابەکانیش بوو. جگە لەوە ئەوانی تێهەڵدراو و ڕاونراو بۆ ئەودیو یان سەر سنوورەکانی ئێراق دوای ڕەخسانی دەرفەتی گەڕانەوەیان بۆ نێو ئێراق زۆر چاک لەوە بەئاگابوون و هاوکات بەلایانەوە ئاسایی بوو کە لە دەرەوە شەڕی نێوخۆی کوردان بەپرۆگرامکراوە. ئاخر شۆڕەسوارانی کوردایەتی لەسەر نمووونەی شێخەکان، کە زۆریان باب و باپیری خۆیان و مۆدێلی سیاسەتکردنیان بوون، هەمیشە مرۆڤی کوردیان وەک سووک و دەستوێژی مەرامەکانی خۆیان بینیوە، کەواتە بەلایانەوە ئاسایی بوو ئەو شەڕە بەپرۆگرامکراوە بهێننە سەر خاکی خۆیان و لەوێ گەنجانی کورد بەکوشت بدەن! لێرەشدا سەرلەنوێ بەڵگەیەکمان دەستگیر دەبێت بۆ ئەوە کە کوردایەتی لە کرۆکییەوە توانای دەوڵەتداریی نەبووە، بەڵکو یاخیبوونی کوردانی سۆزمەند و خێڵەکییانی گوندی و شەقاوە خوێندەوارە سیاسییەکان بووە. ئاخر ئاگایی دەوڵەتداری لە ڕەوشی ئەوهادا شیمانەکانی شەڕی نێوخۆ دەکوژێنێتەوە، ئەوە گەر تەنانەت بە کودەتای لایەنێک بەسەر لایەنەکەی دیکەدا بێت. بەڵێ لە ئاگایی دەوڵەتداریدا هەموو دەستوێژێک بۆ پاراستنی گرووپ (گەلی خۆ) ڕەوایەتی وەردەگرێت.
گومانی تێدا نییە کە کوردستان بۆ شۆڕەسوارانی کوردایەتی تەنیا خاکە نەک وڵات، ئەوجا دەبێت دەمارگیرانە لەسەر ئەو خاکە شەڕی پاراستنی دەسەڵات بکرێت کە لە زۆر ڕووەوە میراتیی باب و باپیرانیانە و دەیانەوێت بیپارێزن. لێ شۆڕەسوارانی کوردایەتی لە بنەڕەتدا شەڕیان هێنایە نێو “ماڵان”ی کوردانەوە و هاوکات لە “ماڵ”ی کورد دەدوان، زۆر چاک بەئاگا لەوە کە کوردان هەرگیز “ماڵ-ێک”یان نەبووە، بەڵکو هەردەم لە فرەماڵدا دراوسێیانە (بەئاشتی یان دوژمنانە) ژیاون. بەڵێ دەستەواژەی “ماڵی کوردی” یەکێکە لە گەورەترین درۆکانی کوردایەتی، یان بەگشتی ڕەوانبێژییەکی خۆخۆشەویستکەرە و لە ئەوروپییەکان وەرگیراوە، کە بەزۆر بەسەر داکەوتی ناتەبا و فرەماڵی کورداندا دەسەپێنرێت. ئێمە هاوکات لەم پەیوەندییەدا جەبانێتیی نوێنەرانی کوردایەتی دەبینین کە فرەماڵی ناناسێنن و وەک هەرێمی سەربەخۆ بەرجەستەیان بکەن. لێ لە بنەڕەتدا، سەربەخۆ لە ئەوان، تەنیا بەدامەزراوەییکردنی ماڵەکان دەرفەت دەڕەخسێنێت کە لە ئایندەدا بە کاری کولتووری و ئیجرای سیاسی و ئابووری ماڵێک لە ئەوان پێکبهێنرێت.

7
کوردایەتی سەر بە کولتووری (سەقافەی) نزمە، وەک ئەوەش دژی یان تەنانەت دوژمنی کولتووری باڵایە، ئەوجا ئەمڕۆ وەک باڵادەست کاریگەریی نێگەتیڤی لەسەر هەموو بوارەکانی ژیانی جڤاکی و کولتووری نواندووە و بەردەوام دەینوێنێت، کە گرنگترینیان بریتین لە: ساویلکەکردنەوەی خەڵک و فێرکردنیان بۆ تێربوون بە دەربڕینی سادە، بەمەش دەمەوەرکردنی ساویلکەکان کە لە خۆیانەوە لەسەر هەموو شتێک قسان دەکەن؛ ئەوجا فراوانکردنی بوارەکانی رواڵەتگەری و فشەکەرێتی لە پێناوی خۆهێشتنەوەیدا، لێرەشدا بەدجۆرترین و بەدئەخلاقترینی ناکەسانی کۆمەڵ لە میدیاکاندا کاری پرۆپاگەندەیی بۆ دەکەن؛ هەروەها لەناوبرنی خەون یان مەبەست یان هەوڵی دەوڵەت لەنێو هەناوی کوردانی ئێراقدا، چونکە نوێنەرەکانی مەمنوون بوون کە ئارەبی برا گەورەیان دیدێکی ئەرێنییان تێبگرێت یان بە “عافیە کەکە” بە شانیاندا بکێشێت، و هتاد.
کوردایەتی ڤایرۆسێکە کە جەستە تووشی شەلەل دەکات و هۆش بە خورافیات دەتەنێت. ئەمڕۆ کورد بەهۆی ئەم دوو نەخۆشییەی نێو لەش و هۆشی خۆیەوە زۆر لە هەنگاوی دامەزراندنی دەوڵەت دوورکەوتۆتەوە. مەگەر سێ کوردستانەکەی دی بە داگیرکردن فریای کوردەکانی ئێراق بکەون، کە پاشان بەهێزی چەک هەڵوێستمەندان و کەرامەتدارانی نێویان بهێننە سەر دەسەڵات، لێرەشدا گومانی تێدا نییە کە لەبەر ئەوەی ئەمانیش تەمەڵ و نەشارەزای سیاسین، ئەوا دەبێت هەرسێکیان پێکەوە دارەدارەیان پێبکەن و هاوکات لەبەر ئەوەی کەمینەن، دەستیان بەرنەدەن.

ماویەتی ….




خێرایی لە ڕۆمانی خەیاڵی زانستیدا- 3- …د. گۆران سەباح

گەلێ تەکنیک هەن ڕۆمانی خەیاڵی زانستی (خەز) لە ژانرەکانی تری ڕۆمان جیا دەکەنەوە. یەک لەوانە خێراییە. خێرایی واتە پێوەری ڕیتمی گێڕانەوە. مەبەست خێرایی چیڕۆکەکە نییە، خێرایی گێڕانەوەیە (شێلهاردت، ٢٠٠٨). بە کورتی، چەند خێرا چیڕۆکەکە دێتە گێڕانەوە.
خێرایی خەز خوێنەر دەرباز دەکات لە بێزاربوون. وا لە خوێنەر دەکات پەڕ دوای پەڕ ڕۆمانەکە هەڵداتەوە، تا تەواوی نەکات داینەنێت. لە خەزی (ئە مێمۆری کۆلد ئیمپایەر)ی ئارکادی مارتن (٢٠١٩)دا، (ژمار) وەک نوێنەرێکی نوێ دەچێتە هەسارەی تێککالانلی. لەوێ نوێنەری پێشوو کوژراوە. هی نوێ دەبێ خۆی بپارێزێت لە دوژمنانی ئەوێ و سەر زەوی. ئەم خەزە بگری بەدەستەوە ناتوانی وازی لێ بێنی. بۆ؟ لەبەر کۆمەڵێک توخم و تەکنیک، لە خوارەوە باسیان دەکەم.
خێرایی لە ژانرێکەوە بۆ ژانرێکی تر دەگۆڕێت. کۆمیدی لە دراما خێراترە، ئاکشن خێراترە لە سەسپێنس. ڕیتمی گێڕانەوەی ڕۆمان لە سەردەمی مێتامۆدێرندا دەبێ خێرا بێت، ئەگینا خوێنەر و چاپخانەکانیش ڕەتی دەکەنەوە (ستێین، ٢٠١٥). ئەی بۆچی چاپخانەکانی کوردستان ڕۆمانی خێرا ڕەت دەکەنەوە؟ چونکە خنکاون لە دنیای کلاسیکی ڕۆمانی ڕووسی و عەرەبی. بۆچی خوێنەری ڕۆمانمان کەمە؟ چونکە خوێنەر بێزار بووە لە ڕۆمانەیلی هێواش و کلاسیکی ڕۆماننووسە پیرەکانی کورد. گەنجەکان، بۆ نموونە، ڕۆماننووس ئارام محمد، بە گژ ڕیتمی خێرادا چووە، بە تایبەتی لە دواهەمین ڕۆمانیدا بە ناوی (ڕۆژێک لەو ساڵانە هەڵدەگرم). هەرچەندە ڕۆمانەکە خەز نییە، بەڵام گێڕانەوەکە توخمی خێرایی تێدایە و جیای دەکاتەوە لە ڕۆمانەکانی تر. بەتامترە.
ڕێگە زۆرن بۆ خێرایی گێڕانەوە. توێژەران چەند توخمێکی خێرایی باس دەکەن، لەوانەش توخمەیلی ئاکشن، هەڵواسین، دیالۆگ، زمان، هەڵبژاردنی وشە، کورتبڕی، گۆڕانی کارەکتەر، دیمەنی خێرا و وردە گرێ. خەزی (ئێمپرێس فۆ ئێڤە)ی ماکس گلادستۆن (٢٠١٩)، باس لە ڤیڤیان دەکات، پێشەنگ و داهێنەری تەکنەلۆژیایە و ڕووبەڕووی ئیمپڕاتۆری گەردوونێکی دوور دەبێتەوە. لە ڕێگەی زۆرینەی ئەم توخمانەوە خەزێکی خێرای بەرهەم هێناوە.
خەزنووس لە ڕێگەی ئاکشنەوە دەتوانێت چیڕۆکەکە خێرا بکات (کێمپتن، ٢٠٠٤). ناکرێ لە دیمەنێکی ئاکشندا خەزنووس خووی بە وەسفی شتێکەوە بگرێت و درێژەی بداتێ. ئەم شێوازە خوێنەر لە چیڕۆکەکە دادەبڕێنێت و دەیباتەوە لایەکی دیکە.
خەزنووس دەتوانێت کۆتایی هەر بەشێک بە هەڵواسراوی بهێڵێتەوە، ئەمەش ریتمی گێڕانەوە خێرا دەکات. ئەمە چۆن دەکرێت؟ لە ڕێگەی وردە گرێوە. بێ لە گرێی سەرەکی، خەزنووس دەبێ وردە گرێی هەبێت تا خوێنەر بەردەوام بێت و تامەزرۆی زانیاری بێت. هەرچەندە (پڕاید ئاند پریجودیس) خەز نییە، بەڵام بۆ وردە گرێ نموونەیەکی باشە. جەین ئۆستن وردە گرێی بەکار هێناوە بۆ خێرایی. ئەڤینی بەینی بینگلی و جەین، هاوسەرگیریی کۆلینس و چارلۆت، پرسی نێوان لیدیا و ویکمان، پاشانیش ململانە گەورەکەی نێوان ویکمان و دارسی.
دیالۆگی کورت و پڕ زانیاری گێڕانەوە خێرا دەکەن، بەڵام وەستایی دەوێت. سڵاوکردن و سوالفەی بێ مانا خوێنەر بێزار دەکات و لە گرانایی خەز کەم دەکەنەوە (ساڤیل، ٢٠١٣). ئەرکی دیالۆگ بۆ پێدانی زانیارییە لەبارەی گرێ، ڕووداوەکان، کارەکتەر، کات و شوێن. بۆ نموونە، خەزی (ئەیجنسی)ی ویلیەم گیبسن (٢٠٢٠)، بە بەکارهێننانی تەکنەلۆژیا کات دەگێڕدرێتەوە و لە ٢٠١٦ هیلاری کلینتن لە هەڵبژاردنەکاندا دەیباتەوە، دیالۆگی کورت و پڕ زانیاری خێرایی دەدەن بە گێڕانەوەکە.
زمان بۆ خۆی توخمێکە بۆ گێڕانەوەی خێرا، ئەوەشیان لێزانینی دەوێت. خەزنووس نابێت وشە لەخۆڕا فڕێ بدات. دەبێ هەر وشە و شوێنی خۆی بگرێت. خەزنووس دەتوانێت بە بەکار‌هێنانی بکەر دیار و کاری ڕاستەوخۆ گێڕانەوەکەی بەتامتر بکات. داخ ئەوەیە، ڕۆماننووسە پیرەکان خەوشی زمانیان لە ڕێگەی ڕستەی درێژ و بکەر نادیار و دەنگی ناڕاستەوخۆ دەشارنەوە. دێیە دەنگیش لێیان، تووڕە دەبن. ڕاستە سی ساڵ زیاترە دەنووسی، بەس زمانەکەت هەو نییە بابی من، سەتا هەشتای خوێنەر تێت ناگات دەڵێی چی.
ڕستە، پەرەگراف و بەشی کورت کورت خێرایی دەدەن بە چیڕۆک (لام، ٢٠٠٨). وشە و دەستەواژەی بێ کەڵک، ئاوەڵناو و ئاوەڵفرمانی بێ کەڵک دەبنە هۆی درێژدادڕی (هاکە، ١٩٩١).
کارەکتەری داینامیک گرنگە بۆ گێڕانەوەی خێرا. بێو کارەکتەر لە سەرەتاوە تا کۆتایی ستێتیک واتە وەک خۆی بێت و هیچ گۆڕانی بەسەردا نێت، خوێنەر بێزار دەبێت. بۆ؟ لەبەرئەوەی زانیاری نوێی پێ ناگات، ئەمەش گێڕانەوەکە هێواش دەکات.
توخمی کەرتکردن (فراگمێنتەیشن) ڕۆڵێکی بەرچاوی هەیە لە خێرایی خەزدا. کەرتکردن واتە بەکارهێنانی نیو ڕستە لە ڕستەیەکدا، یان تەنێ پاڕستە بەکاربێنی. ئەمە لە ڕووی ڕێزمانییەوە ناتەواوە، بەڵام خزمەتێکی چاک بە گێڕانەوە دەکات. ئەگەر ئازای ڕۆمانێکت هەندێ پاڕستەی ڕووتی تێدا بێت، چاپخانە و ڕەخنەگران لێت دەکەنە هەڵلا. بۆ؟ چونکە ئاگایان لە دنیا نییە، هەر سواری ملی کلاسیک بوونە.
ئەمە مانای ئەوە نییە هەموو ڕۆمانەکە دەبێ خێرا بێت. نا. دیمەنگەلی پەژارە، ئەڤین، خۆشی، یان شوێنی ڕووداوەکان، هەندێ جار، پێویستیان بە وەسف و وردەکارییە. نابێ هەمان قورسایی بدرێت بە هەموو دیمەنێک. بۆ هێواشکردنەوە وەسف و وردەکاری دێنە بەکارهێنان. خەزی (گیدیەن ناینس)ی تامسین موور (٢٠١٩)، تێکەڵەیەکی خەز و فەنتازیا و لوغزە. لە هەندێ شوێن خەزنووس وەسفی ژوورە داخراوەکان یان قەڵا کۆنەکە دەکات، لە هەندێ شوێن هێواشی دەکاتەوە و وردەکاری ناو قەڵاکە دەخاتە ڕوو.
خێرایی هەر لە ڕۆمانی خەز بەکار نایەت، بگرە ژانرەکانی تری ڕۆمانیش ئەم تەکنیکە بەکار دەبەن. بە کورتی، ڕۆمانی سەردەمی مێتامۆدێرن بە ڕیتمی خێرا دێتە نووسین. مێتامۆدێرن واتە سەردەمی دوای پۆستمۆدێرنیزم، ئێمەش هێشتا نەک لە مۆدێرن، بگرە لە زەلکاوی کلاسیکی سەردەمی پێش ڕۆشنگەری مەلە دەکەین. ئەمە داخێکە خەمدانت پڕ دەکات.

گۆران سەباح دکتۆرای لە بواری ڕۆژنامەوانی و نووسیندا هەیە لە زانکۆی کانزەس لە ئەمریکا. سێ ڕۆمانی (شاخوێنبەری سەرکردە، ترس و ڕق، دووی سوور) بە ئینگلیزی و کوردی چاپ کراوە. سکۆلەری فوڵبڕایتەرە، هەڵگری خەڵاتی باب سیگمان و کاڵدەر پیکێتی ئەمریکییە لە بواری ڕۆژنامەوانی و نووسیندا.

———————————————————————-

سەرچاوەکان

Bradshaw, Claire (2018). Seven quick tips for mastering pacing in your story. Retrieved on June 10, 2020 from Writersedit.com.
Hacker, Diana (1991), The Bedford Handbook for Writers (3rd ed.), Boston: Bedford Books.
Kempton, Gloria (2004), Write Great Fiction: Dialogue, Cincinnati: Writer’s Digest Books.
Lamb, Nancy (2008), The Art and Craft of Storytelling: A Comprehensive Guide to Classic Writing Techniques, Cincinnati: Writer’s Digest Books,
Saville, Guy (2013). “Thrillers that sell”. In Spring, Michelle; King, Laurie R. (eds.). Crime and Thriller Writing: A Writers’ & Artists’ Companion. London: Bloomsbury Publishing. pp. 153–155.
Schellhardt, Laura (2008), Screenwriting for Dummies (2nd ed.), Hoboken: Wiley.
Stein, Sol (2015), Stein on Writing, New York: St. Martin’s Press.




هونەری کوردی لەژێر هەڕەشەی ئێتنۆسێنتریزمی توڕکیدا … بێخاڵ سلێمان احمد

هونەر و کولتوور، ناسنامەی گشت نەتەوەکانە، هەر نەتەوەیەک بە هونەرێکی تایبەت بە خۆی دەناسرێتەوە. بۆیە، نەتەوەی کوردیش خاوەنی هونەر و گۆرانی و کولتوورێکی ڕەسەنی تایبەت بە خۆیەتی، کە لەناو گشت نەتەوەکانی تردا پێی دەناسرێتەوە. بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا، بەشێک لە نەتەوەکان هونەری خۆیان بەسەر هونەری گشت نەتەوەکانی تر زاڵ دەکات و هەوڵدەدات بۆ نزمکردنەوەی و لەناوبردنی هونەری نەتەوەکانی تر، یەکێک لەو نەتەوانەش نەتەوەی تورکە. دوای دابەشکردنی خاکی کوردستان ئیتر گۆرانی گووتن و هونەر و زمانی ڕەسەنی تایبەت بە کورد قەدەغە کرا، لەگەڵ ئەوەی باکووری کوردستان خاکی کوردانە بەڵام تورک بە خاکی خۆی دەزانێ، بۆیە تورکیا، بە درێژایی مێژوو دژایەتیکیردنی کوردی کردووەتە سیاسەتی سەرەکی خۆی لە هەوڵی سڕینەوەی هونەر و کولتووری ڕەسەنی کوردیدا بووە لە باکووری کوردستان، بە پلانێکی ڕێکخراو و سیستەماتیک ئەمەیان کردووە.
ئامانجی سەرەکیشیان، سڕینەوەی هونەر و گۆرانی تایبەت بە نەتەوەی کورد بووە، بەهۆی ئەو هەستە دەمارگیریەی بەرامبەر بە کورد هەیانە. لە کاتێکدا چەندەها دەنگبێژ و سترانبێژ و میوزیکژەنی بە توانای تیایدا هەڵکەوتووە بەڵام تورک لەژێر ئەم داگیرکاریە هونەریەدا، بواری پێنەداون بەردەوام بن لە ناساندنی هونەری کوردی و سەرکوتکراون. ئەمەش لە کاتێکدا ڕوویداوە کە هەوڵی نەهێشتنی کولتوور و زمان و هونەری کوردی داوە و لە باکووردا وەک هاووڵاتی تورکی لە قەڵەم داوە. تەنانەت خودی ئەو گۆرانی و میوزیکانەش کە هی هاووڵاتی کوردن، بە دەنگی هاووڵاتی کوردی گووتراون بە تورکی کردوون. سەرەڕای ئەمەش، بواریان پێنادرێ بە شێوەیەکی ئازادانە گوێ لە گۆرانی و میوزیکی ڕەسەنی کوردی بگرن، بەزمانی کوردی لە شوێنی گشتی گفتوگۆ بکەن. لە ئەنجامدا ڕووبەڕووی توندوتیژی و گرتن و کوشتن دەکرێنەوە.
هاووڵاتی تورکی هەر لە منداڵیەوە ئەم جۆرە بیرکردنەوەیەی لە زەهنی دا چەسپێنراوە و فێرکراوە کە هونەری ڕەسەنی نەتەوەکەی خۆی، زاڵ بکات بەسەر گشت هونەری نەتەوەکانی تردا. کە ئەم جۆرە بیرکردنەوەیەش لە زانستی کۆمەڵناسی بە چەمکێک وەسف دەکرێت کە پێی دەگووترێت ئێتنۆسێنتریزم لەڕاستیدا ئێتنۆسێنتریزم تێرمێکە پەیوەستە بە چەمکی کولتوورەوە. بەو مانایەی، کار لەگەڵ کولتوور دەکات. هونەریش بەشێکە لە کولتووری هەر نەتەوەیەک بۆیەش، لە پێناسەیەکی سەرەتاییدا، دەتوانین بڵێین؛ کولتوور بریتییە لە سیستەمێکی ڕێکخراوەیی شێوەژیانی گرووپێک لە خەڵک. هەروەک تایلۆر کە مرۆڤناسێکی بەریتانییە دەڵێت کولتوور بریتییە لە زانست، هونەر، زانیاری، هزر و بیروباوەڕ و یاسا و داب و نەریتەکان. یاخود گشت ئەو فێربوون و عاداتە کولتووریانەن کە مرۆڤ وەک ئەندامێکی کۆمەڵگە فێری دەبێت. واتە کولتوور ڕەگەزەکانی وەک هونەر، زمان، داب و نەریت، بیرباوەڕ، نۆڕم و ..هتد، لەخۆدەگرێت. بۆیەش هەر نەتەوەیەک خاوەن هونەرێکی تایبەت بە خۆیەتی، هۆیەکە بۆ جیاکردنەوەیان لە هونەری نەتەوەکانی تر.
سەرەڕای ئەمەش، تاکەکان لە ڕێگەی کەسانی ترەوە فێری هونەر و کولتووری کۆمەڵگەکەیان دەبن، بەهۆی کارلێک و ڕەفتار و شێوازی کۆمەڵایەتیەوە. بەو مانایەی، هونەر لەڕێی تاکەکان دەگوازرێتەوە، بەم شێوەیە درێژە بە هونەری ڕەسەن دەدرێت. کەواتە، هونەریش وەک کولتوور بەرهەمێکی کۆمەڵایەتییە، چونکە لەڕێی فێربوونەوە دەگوازرێتەوە. سەرباری ئەمە، لە تێڕوانینی ولیام سامنێر کە لە زانستی کۆمەڵناسیدا کاری لەسەر داب و نەریت و کولتوور و هونەرەکانی کۆمەڵگەکان کردووە، ئێتنۆسێنتریزم بریتییە لە بیروباوەڕ و ڕەفتار و هەڵسوکەوتەکان کاتێک تاکێک گشت بیروباوەڕ و هەڵوێست و نەریتەکانی خۆی لەلا باشترین و زاڵترین بێت بەسەر گشت کولتوورەکانی تر. بەم جۆرەش، هونەری کولتوورەکانی تر نزمترین و خراپترین و پڕ لەکێشە و گیر و گرفتترین بێت. بۆیەش، لەم تێڕوانینەوە بەو کەسە دەگوترێ ئێتنۆسێنتریک.
هونەرەکەی خۆی کە بەشێکە لە کولتووری وڵاتەکەی، وەک کولتوورێکی باڵای جیهانی دەبینێت، گۆرانی و هونەری ڕەسەنی نەتەوەکەی خۆی، دەکاتە پرەنسیپ بەسەر هونەری نەتەوەیەکانی تر، هەروەها بەرزکردنەوەی.
لەگەڵ ئەوەی کەسی ئێتنۆسێنتریک نەریتە باوەکانی کولتوورەکانی تر کە هونەریشی لەگەڵ بێت، وەکو کولتوورێکی قێزەون دەبینێت، زۆربەی تاکەکانی کۆمەڵگە دەتوانن ببنە ئێتنۆسێنتریک. هەر بۆیە، زۆربەی تاکەکانی کۆمەڵگەی تورکی ئێتنۆسێنتریکن بەرامبەر بە هونەری کوردی. لەگەڵ ئەوەی وا ڕاهێنراون تەنیا هونەری وڵاتی خۆیان بەلاوە زاڵ بێت، جۆرە ڕقێکیشیان بەرامبەر بە گشت هونەر و کولتوورێکی نەتەوەی کورد هەیە، هەروەها ناکۆکیشە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ بوونی کێشە و ململانێ. وەک کۆمەڵگەیەکی ناڕۆشنبیر و دواکەوتووی دێتە بەرچاو، بۆیە بەشێک لەوانەی دێنە کوردستان ئینجا چ وەک کەسێکی ئاسایی یاخود کەسێکی هونەری هەوڵدەدات هەندێ نەریتی خۆی لە کوردستان پەیڕەو بکات، لەگەڵیشیدا لەو کۆمەڵگەیە بڵاوی بکاتەوە، بۆیە دەبێتە کەسێکی ئێتنۆسێنتریک. هونەری کۆمەڵگەی کوردی، بەردەوام لەژێر هەڕەشەی هونەری وڵاتانی دراوسێدایە بەتایبەت هونەری وڵاتی تورکیا. لەبەرئەوەی بەشێک لە گوێگران و دۆستانی هونەر خۆیان بەرەو ڕووی ئەو هونەر دەڕۆن بە گوێگرتن لە گۆرانی تورکی، مۆبایلی هەر گەنجێکی کورد نیوەی زیاتری گۆرانیەکان تورکین، زەنگی سەر مۆبایلەکانیان تورکیە یاخود بۆ کارە هونەریەکانیان لەوێ کارەکانیان بە ئەنجام دەگەیەنن.

زیاد لەوە، لە شوێنە گشتیەکانیش کاتێک سەردانی سەیرانگەیەک یاخود پارک و شوێنە گەشتیاریەکان دەکەی، هەندێ جار لە جیاتی دانانی گۆرانی کوردی گوێبیستی گۆرانی تورکی دەبی. لە کاتێکدا، گەر کەسێکی کورد لەو وڵاتە گوێبیستی گۆرانی کوردی بێت ڕووبەڕووی قسەی نەشیاو و توندوتیژیتوندوتیژی دەبێتەوە، کە ئەمانە گشتی خزمەتکردنە بە هونەری ئەو وڵاتە و پشتکردنە لە هونەری ڕەسەنی خۆت.
بۆیەش هونەری کۆمەڵگەی کوردی بەردەوام لە گۆڕاندایە، کەوتۆتە ژێر کاریگەری هونەری ئەو وڵاتە
بۆیە، پێویستە تاکی کورد ووشیارانەتر مامەڵە بکات لەهەمبەر ئەم مەسەلەیە، گرنگی بە هونەی ڕەسەنی کوردی بدات بۆ مانەوەی. خۆی دوور بخاتەوە لە هونەری نەتەوەیەک کە بەردەوام کوردی چەوساندۆتەوە هەوڵی سڕینەوەی هونەر و کولتوورەکەی داوە.

بێخاڵ سلێمان احمد، دەرچووی بەشی کۆمەڵناسی

—————————————-

تێبینی:

بۆ داڕشتنی وتارەکە سوود لە سەرچاوەکانی INTRODUCTION TO SOCIOLOGY و دەروازەکانی کۆمەڵناسی وەرگیراوە.




پێڵاو … سمكۆ محه‌مه‌د

پێڵاوه‌كه‌م بۆ تۆ
من خاكم نیه‌
كڵاوه‌كه‌شم هه‌ر بۆتۆ سه‌رم پێوه‌نیه‌
كه‌سێك له‌پێڵاوه‌كه‌ی خۆیدا بمرێ‌
به‌كڵاوه‌كه‌ی خۆیه‌وه‌ ده‌نێژرێ‌
سه‌رده‌مێكی نوێ هاتووه‌ ئه‌زیزم
ده‌ڵێن سه‌ری بێ‌ كڵاو ئاشووبه‌
پێی په‌تیش نه‌گبه‌تی
غایله‌یه‌ك به‌سه‌رما هاتووه‌
خۆم شێلو ناكه‌م
ده‌ست به‌كڵاوه‌كه‌ی خۆمه‌وه‌ ده‌گرم و به‌دوای كڵاوی بابردوودا راناكه‌م
تۆ چاو له‌من نه‌كه‌ی
به‌رخم زرووفی تۆ جیایه‌
هه‌موو خه‌ڵك واده‌ڵێن
فرسه‌خێكی دیكه‌مان گه‌ره‌كه‌ نازانم بۆچی
مادام له‌ژێر هه‌ر كڵاویكا ئاشووبێك هه‌یه‌
له‌ژێر هه‌ر پێڵاوێكیشا خاكێك هه‌یه‌
بی ترس و بێ‌ دوو دڵی
هه‌موو ئه‌و كتێبانه‌ ده‌سوتێنم كه‌تۆ له‌لات پیرۆزه‌
له‌ ژێر سێبه‌ری كڵاوه‌كه‌مدا هه‌ڵدێم
تۆ نه‌كه‌ی گوڵ له‌سه‌ر سینگت بچنی
من به‌نیازم شوێنێك بۆ پێڵاوه‌كانم چێ‌ كه‌م
له‌هیچ كونجێك جێگه‌یان نیه‌
باش بزانه‌ تۆ هیچت له‌من زیاتر نیه‌
له‌مناڵیه‌وه‌ پێڵاوێكی ته‌گنیان له‌پێكردووم
تۆش سه‌رپۆشێكی ره‌ش
من هه‌رزه‌كاریم له‌پۆستاڵێكدا خنكان
تۆش له‌چێشتخانه‌دا كوشتت
تۆ ئه‌مانه‌ت نه‌زانیوه‌
تا ئێستا تاكێك له‌پێڵاوه‌كانم به‌ته‌نها ده‌ڕوا
خۆشم نازانم بۆ
سێبه‌ری بێوه‌ژنێكی قۆشمه‌چی به‌ته‌نیشتمدا تێده‌په‌ڕێ‌ و
ئاوریشم ده‌گێڕێ‌
واده‌زانم له‌كه‌سێك ده‌چێ‌ ناوی نازانم
یان رۆژهه‌ڵاتم لێ‌ گۆڕاوه‌
یان زه‌ینم كوێر بووه‌
تۆ بڵێ‌ …
من بیرم نه‌ماوه‌ .. تۆ بڵێ‌
ماڵه‌كه‌تان بۆ له‌شوێنی خۆی نه‌ماوه‌
ئه‌و پیاوانه‌ كێن له‌به‌رده‌رگای ئێوه‌
به‌ته‌ڵفیزیه‌وه‌ جگه‌ره‌ ده‌كێشن
كوڕه‌كان بۆ تۆنی ده‌نگیان گۆڕاوه‌
ئێستا كێ‌ پێڵاو بۆ كێ‌ داده‌نێ‌
كێ‌ كڵاو بۆ كێ‌ داده‌نه‌وێنێ‌
من پیڵاوه‌كه‌م تاكێكی له‌پێمدایه‌ و تاكه‌كه‌ی تری به‌ده‌ستمه‌وه‌یه‌
كڵاوه‌كه‌شم ره‌شه‌ بابردوویه‌تی و سێبه‌ره‌كه‌ی به‌سه‌رمه‌وه‌یه‌
ئێستا به‌پێی په‌تی و سه‌ری رووت ده‌گه‌ڕێم
ئه‌نگوستیله‌یه‌كم دۆزیوه‌ته‌وه‌
له‌میراتی دوو عاشق ده‌چێ‌
بیستوومه‌ میراتی هه‌ر سه‌رێك بۆ ژێر پێی میرێكه‌
میر كه‌ زه‌وق گرتی شه‌راب ده‌نۆشێ‌
زه‌وقیشی نه‌بوو پاشقول له‌سه‌رخۆشه‌كان ده‌گرێ‌
وه‌ختیك به‌ژنه‌كانی خۆی ناوێرێ‌
له‌داخانا جنێو به‌ژنێكی سك پڕ ده‌دات
ئه‌و ژنه‌ی نیوه‌ی له‌شی له‌مار ده‌چێت و
نیوه‌كه‌ی تری ئاوریشمی ته‌ڕ
به‌هه‌ر كۆڵانێكی قه‌ره‌باڵغدا ده‌ڕۆم
له‌مناڵان ده‌پرسم جگه‌ له‌خۆتان چیتان بینیووه‌
پێڵاوم پێ نیشان ده‌ده‌ن
كاتێكیش رووم تێده‌كه‌ن
پێڵاوه‌كانیان فڕێ‌ ده‌ده‌ن
وه‌ختێكیش پشتم تێده‌كه‌ن
كڵاوه‌كانیان نیشان ده‌ده‌ن
به‌هه‌ر چۆڵاییه‌كی ره‌شدا ده‌ڕۆم
لێم ده‌بێته‌ حه‌سار و ژنێكی سپی تێدایه‌ و ده‌یناسم
ده‌مه‌وێ‌ ره‌شماڵ له‌گه‌رمیان هه‌ڵده‌م
سێبه‌ره‌كه‌ی ده‌چێته‌وه‌ كوێستانی سارد
ناوێرم هه‌نگاوێك رێ بكه‌م
ده‌ستێك و قاچێكم جێده‌مێنێ‌
دوو پاساری پێكه‌وه‌ بانگم ده‌كه‌ن
فه‌رموو ئه‌م پێڵاوه‌
سه‌یركه‌ ئه‌م كڵاوه‌
شیعریان تێدایه‌ دایكمان بۆی نوسیووی
بێده‌نگی وه‌ك شێت ده‌ست ده‌وه‌شینێت و دیواره‌ ره‌نگاو ره‌نگه‌كان ده‌سڕێته‌وه‌
ئه‌م هه‌واڵه‌ دایكم بۆ شێخیكی داوێن پیسی بردبوو
خوشكه‌كانم بۆ گۆڕستان و
باوكیشم له‌نێو گۆڕه‌وه‌ به‌دیاریه‌وه‌ گریابوو
رۆژنامه‌كانیش توڕی هه‌ڵده‌ده‌ن
لێره‌ نه‌ناوی من هه‌یه‌ نه‌ ناوی تۆ
نه‌پێڵاوی من هه‌یه‌ و نه‌ئاوریشمی له‌شی تۆ
ته‌نها حه‌سارێك هه‌یه‌ له‌دووری شار
په‌نجه‌ره‌یه‌كی شڕ و شكاو
پارچه‌یه‌ك قوماشی شڕ
تۆنی ده‌نگێكی باریك
ده‌مانچه‌یه‌كی بێ‌ یه‌ده‌گ
له‌و حه‌ساره‌دا نێژراون كه‌ من شه‌پۆلی جێماوی ژنێكی تێدا ده‌بینم
هه‌تا فریا ده‌كه‌وم كه‌مێك له‌خۆم دابڕێم
رۆژهه‌ڵات به‌په‌له‌ خۆی ده‌كات به‌ماڵه‌كه‌مدا
نه‌زمێكی تر سه‌رم لێده‌دات
كوڕێك ده‌بێته‌ هاوڕێم و داوای جگه‌ره‌م لێده‌كات
نوسراوی سه‌ر پێستی رێوییه‌كی پێیه‌
باوكی بۆ ژنی دۆڵێكی نوسیوه‌ و
دایكیشی بۆ چه‌مێكی تر هه‌ڵاتووه‌
پێم ده‌ڵێ‌ له‌یاده‌وه‌ری خۆتدا بۆم هه‌ڵگره‌
له‌و كاته‌دا نیگام ده‌خلیسكێ‌ بۆ دارستانێك كه‌ته‌نها دار بی تیدا به‌ر ده‌گرێ‌
وه‌ختێكیش له‌خه‌و راده‌بم
پێڵاوه‌كانم له‌ژێرسه‌رمه‌ و كڵاوه‌كه‌شم له‌ژێر پێم




ئاتەئیزم و بزوتنەوەی دژی ئاینی – 4- دیمانە لەگەڵ محسین ئیبراهیمی … وەرگێڕانی:کاوە عومەر

بەشی چوارم و کۆتایی
ئاتەئیسم وبزوتنەوەی دژی ئاینی لە “جیهانی ئیسلامی”دا

سیامەک بەهاری: بە چڕبونەوە و بەدواداچون لەسەرئاتەئیسم لەگەڵ ئاین لە”جیهانی ئیسلامی”دا بەردەوامی گفتوگۆکەمان دەدەین.پێش چونەناو جیهانی هاوچەرخ پێویستە ئەگەر بەکورتیش بوە ئاماژەیەک بە مێژوی کوفرو بێ باوەڕی وئاتەئیسم لە دونیایی بەئیسلامگیراودا بدەین.

موحسین ئیبراهیمی:دینیس دیدرۆ ئامادەکاری سەرەکی ئینیسکلۆپیدیای ڕۆشنگەری فەرەنسا ئەیوت”هیچ فەیلەسوفێک هەتا ئێستا پیاوێکی ئاینی نەکوشتوە،لەکاتێکدا پیاوانی ئاینی چەندین فەیلەسوفیان کوشتوە”.
هەروەک چۆن”دونیای مەسیحیەت” هەتا بینەقاقای لە دەریایی خوێنی کەسایەتی و فەیلەسوف و ڕۆشنبیرانی بێ باوەڕ،کافر یان ئاتەئیست وهەڵسوڕاوانی بزوتنەوە دژی ئاینیەکاندا غەرق بوو؛مێژوی”جیهانی ئیسلام”یش تەژییە لە بزوتنەوەی ناڕەزایەتی،کەسایەتی کافر.بێ باوەڕ،هەڵگەڕاوەو ئاتەئیست لەلایەک وستەمکاری خەلیفە و پیاوانی ئاینی لە دژی ئەوان لەلایەکی تروەیە.
سەرنج ڕاکێش ئەوەیە کە لێکچونێکی زۆر لە زەمینەکانی وەستانەوە لەبەرامبەر پیشەسازی ئیسلام وڕەخنە لە خورافاتی ئیسلامی و زەمینەکانی وەستانەوە لەبەرامبەرمەسیحیەت و خورافاتەکانیدا هەیە .لەبەشی”حەلاج”لە کتێبی”ئیسلام ناسی” عەلی میر فیردۆسی زانیاریەکی بەنرخی لەبارەی زەمینەی زانستی و بونەباوی کفرو گەشەی بیرو بۆچونی ماتریالیستی و دژی ئاینی و هەڵگەڕانەوە لە ئاین لە مێژوی”جیهانی ئیسلامی”تێدایە لە ناویاندا ئەوەی کە لە دەستپێکی خەلافەتی عەباسیدا، لەگەڵ پەرەسەندنی بەرهەمهێنان و ئاڵوگۆڕو هەستانەوەی گەورەی زانستی و کلتوری دەستپێ دەکات و لە کۆمەڵێک مەیدانی وەک زانستی سروشتی،پەیکەرتاشی،ئەستێرە ناسی،ئەندازیاری،پزیشکی،میکانیکی،کیمیاوی،جەبر بەرامبەرکێ و پێشکەوتنێکی زۆر ڕوئەدەن وە هەموو ئەوانە بوار بۆ تێڕوانینی لۆژیکی و زانستی لەبەرامبەر ڕوانینی خورافیدا دەڕەخسێنێت.ئایدیالیزم و زەین گەرایی لە شرۆڤەی هەستی جیگەی خۆی ئەدات بە شرۆڤەی ئەزمونی و لۆژیکی و هەموو پەیدابون و پەرەسەندنی فەلسەفەی مادی.بە پشت بەستن بەم دەستکەوتە زانستیانە بووکە لە سەدەی سێهەمی کۆچیدا،خەبات لە دژی خورافەت پەرستی ئاین وئیسلام پەرەئەستێنێ.
ماوەی درێژی دەسەڵاتدارێتی خەلافەتی عەباسی-سەردەمانیکە کە ئاین و سیاسەت،پیاوانی ئاینی ئیسلامی و دەسەڵاتی سیاسی یەک کاسەن-بەشێکی دیاری ئەم ڕوانگەیە.لەو سەردەمەدا نەک تەنها چونە دەرەوە لەئاینی ئیسلام لەئاستی کەسیدا بەڵکو ڕەخنەگرتن لە پیرۆزی وخورافاتی ئیسلامی لە ناو فەیلەسوف وزانا وتەنانەت ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی ژێر ستەم پەرەدەگرێت.خەلیفەکانی عەباسی بەباشی دەیانزانی ئەگەر بەربە ڕەخنەگرتنە لە پیرۆزیە ئاینیەکان نەگرن ئەگەری هەیە بگۆڕدرێت بە شەپۆلێکی فراوان لە ڕاپەڕینی جەماوەری دژی هەموو خەلافەت و دەسەڵات و بەرژەوەندیە زەمینیەکانی لەبەین بەرێت.بۆ بەرگرتن بەم مەترسیەیە کە کەمپینی دەستگیری وئازاردان و کوشتنی زەندیقەکان(نەک تەنها لە تێگەشتنی لایەنگرانی مانی-مەزدەک بەڵکو خاوەن بیرە مادی و بێ بڕواکان و نکوڵیکاران لە بونی خودا و بەهەشت وپەیامبەری)بەڕێ خستبوو.لەسەر دەمی خەلیفە مەنسوری خوێنمژی عەباسیدا بۆ بردنە پیشەوەی کوشتنی ڕێکخراوی بێ ئاینەکان و سوتاندنی کتێب ڕیکخراوێکیان بەناوی (دیوانی بێدینەکان)پیکدەهێنن.لە سەردەمی خەلیفە مەهدی خەلیفەیەکی تری عەباسی تەنانەت پێگەیەکی گرنگیان بەناوی” هاورێی بێ دینەکان”دادەمەزرێنن کە کاری شوێنکەوتن و ڕاوکردن و ئەشکەنجەو کوشتاری هەڵگەڕاوە و پاشگەزبوەو ئاتەئیستەکان بوو.مەئمون بەڕیوبەرایەتیەکی تری کردوە بەناوی خانەی دانا”بیت حیکمە”خستەی ڕێ کە کاری وەرگێڕانی نوسینی دژی گنوستیکی یۆنانی بۆ عەرەبی و چاودێری بەسەر نوسینەوەی حەدیس وکۆنترۆڵ و سانسۆربوو.لەو هەزاران داری لەسێدارەدانەی کەلەو سەردەمەدا بۆلەسێدارەدانی زەندیقەکان لە شارەکاندا ئامادەیانکردبوو دەتوانیت پەی ببەیت بە مەودای فراوانی بێ ئاین وکافرو مادیگەری و دژایەتی ئیسلام و ترسانی دەسەڵاتی ئیسلامی لە گەشەی ئاتەئیسم.لێرەدا تەنها ئاماژە بە ژمارەیەک لە کەسایەتی زانستی و بێ ئاین و ئاتەیستی ئەو سەردەمە دەکەم کە نمونەیەکی بەرچاون لە مەودای فراوانی بێ باوەڕی وکفرو ئاتەئیزمی ئەو سەردەمە.
کوڕی ڕاوەند(لە سەدەی سێهەمی کۆچی)یەکێک لە کەسایەتیەکانە کە کاتێک واز لە ئیسلام دەهێنێت بەفراوانی لەدژی ئیسلام وڕەخنەو بابەت دەنوسێت.پەیام ومعجیزەکانی ئیبراهیم وسێ پەیامبەری سێ ئاینە ئیبراهیمیەکە نکوڵی لێدەکات.فەرمان وبەرپێگرتن لەلایەن خوداوە بەبێ مانادەزانێت.خودا بە دوژمنێک دەزانیت کە چارەسەرەکەی لەناوبردنیەتی.دروست کردنی ئینسان لە لایەن خوداوە نکوڵی لێدەکات.باوەڕی بە گەشەسەندنی ئینسانە خۆی بەبێ دەستتێوەردان لەلای خودا دروست بوە.سەبارەت بە مەسەلەی مردن لایەنگری ئیپیگۆرە.ئەلێت هەتا من هەم، مرد نیە کەمردنیش هات، من نیم.تەواوی بەرهەمەکانی بەفتوایی فیقهیەکانی ئەو سەردەمە دەسوتێنن و بۆچونەکانی زۆر بەی لە ڕێگەی وەڵامی فیقهەکانی ئەو سەردەمەدا دەرهێناوەتەوە.
کوڕی مەقفەع٠سەدەی سێهەمی کۆچی) بیرمەندێکی تری دیارە کە بێ باکانەو ئازایانە لە بەرەی زانست ودژی خورافات و کۆیلەیەتی ئاین خەبات دەکات و سەرئەنجام بە بڕیاری خەلیفەمەنسوری خەلیفەی عەباسی و بەتاوانی بێ باوەڕی و خودانەناسی لە تەنوردا ئەیسوتێنن!
محمەد زەکەریایی ڕازی(سەدەی سێهەمی کۆچی) زیاتر بەدۆزەرەوەی ئەلکهول ئەناسین بەڵام لە ڕوی فەلسەفەو بیرکردنەوەوە ڕازی نمونەیەکی بەرجەستە بوو لە ڕەخنەگرانی خورافاتی ئیسلامی.لە ڕوی فەلسەفیەوە ئەویان وەک ماتریالیستێک دەناسی کە دەتوانی ڕەگەزی بۆچونەکانی لە فەلسەفەی دموکریت و ئیپگۆردا بدۆزریتەوە.ڕازی ئەو پرسیارەی ڕوبەڕوی زانایانی ئیسلام دەکردوە”ئەگەر خودا دونیای دروستکردوە،بۆچی پێش دروست بونی دونیا ،دونیای دروست نەکرد؟” لەبەرامبەر خورافەتی دروست بونیشدا ئەلیت عەقڵ نایبڕێت کە مادە وشوێن بەرلەوەی کە مادە یان شوێن هەبوبیت دروست ببێت.کەس نەکردەکانی(معجیزات)ی پەیامبەران بەلەخشتەبردن وچاوبەست وجادو دەزانیت؛ کتێبە ئاسمانیەکان بەبێ بەهاو بێ نرخ ناودەبات.وە پەیامبەران “بە بزنە ڕیش درێژەکان”ناودەبات وئەڵێت ئەم بزنە ڕیش درێژانە هەرگیز ناتوانن بانگەشەکاری لەوانیتر لەپێشتر بۆخۆیان بکەن.سەبارەت بە سەرچاوەی ئاین بۆچونی زۆر پێشکەوتوی هەیە لەو باوەڕەدایە کە بارودۆخی نەگونجاوی کۆمەڵایەتی،ناسەقامگیری ئابوری ،لەدەستدانی سەلامەتی جسمی و دەرونی و لەئاکامدا ترس لە ئایندەو هەروەها نەزانی لەو هۆکارە سروشتیانەن کە ئینسان بەرەو لای شتێک بەناوی خوداوە ڕادەکیشێت. بابەتی جێگەی ڕەخنەی ئەو تەنها ئیسلام نیە بەڵکو هەموو ئاینەکانە.هانری گرین بەو شێوە شرۆڤەیە بۆچونەکانی ئەودەکات سەبارەت بە ئاین و بەم شێوەیە کورتی دەکاتەوە:ڕەتکردنەوەی پەیامبەرو وەحی،داننان بە لێهاتویی هەموو ئینسانەکان و یەکسانی هەمویان لە بەدەستهێنانی زانیاری،پێوستی نەبونی ئینسان بە کۆمەک لەلایەن ڕابەرانی ئاینی و زیان بەخشی و بونە هۆکاری دەمارگیری وشەڕی هەموو ئاینەکان.پیاوانی ئاینی ئەویان بە بێ دین ناوبردو بەرهەمەکانیان لەناوبرد.
ئەبو عەلی سینا (نیوەی دوهەمی سەدەی چوارهەمی کۆچی) یەکێکی ترە لەو کەسایەتیانە کە بەهۆی نوسینەکانیەوە لە بواری پزیشکیدا ناسراوە بەڵام ئەویش هەموو ئاینەکان دەخاتە ژێر پرسیارەوە.لە کتێبی چاکبونەوەدا باوەڕە ئاینیەکان وهەرجۆرە موعجیزەیەکی وەکو زیندوکردنەوەی مردو لەلایەن عیسای مەسیح،کردنی گۆچانەکەی موسا بە مارو کەرت کردنی مانگ لەلایەن محمەد بەهیچ وپوچ ناودەبات.ئەویش وەک خودانەناسیک وبێ ئاینێک ناودەبرێت وهەموو کتێبەکانی دەسوتێنرێت بەناوی سەرچاوەی”بەلاڕیدابردن”بە بڕیاری خەلیفە مونجد باللە لەبەغداد دەسوتێنرێت.

کوڕی باوکی عوجا بیرمەنێکی”خودانەناسی”تری سەردەمی عەباسییە کە زۆر بەگوڕو بێ باکانە لە دژی باوەڕە ئاینیەکان وخورافاتی ئیسلامی خەبات دەکات.ئەو هەر ئەوکەسەیە کە بە “ئیمام جەعفەری سادق) و بە ئاماژە بە کەعبەی ماڵی خودای وتبو”هەتاکەی ئەم کێڵگەیە پێشێل دەکەیت و پەنا بۆ ئەم”بەردە ڕەشە”دەبەیت؟وە هەتاکەی ئەم ماڵە کەلە بەردو قوڕ دروستکراوە دەپەرستیت و وەک وشتری هەڵهاتو بەدەوریدا ڕادەکەیت؟ها؟لەڕاستیدا هەر کە لەم بارەیەوە بیر بکەیتەوە، تێدەگەیت کە ئەمە کاری ئینسانی نەزان و دێوانەیە نەک کاری پیاوی خاوەن بیرو هۆش!”
باوکی شاکر یەکێکی تر لە ماتریالیست و بی باوەڕە دیارەکانی سەردەمی عەباسیە کە لەڕوی تیئۆریەوە پەیڕەوی لە ئیپیگۆر دەکرد.ئەو گرنگی بە پێنج هەستەکەی ئینسان ئەدا؛ژیان ومردنی بەساتەوەختی پێگەیشتنی سروشت و ئینسان دەزانی؛ئەوقایل بوو بە گرنگی سروشتی گۆڕان و گەشەی سروشت و هەموو بونەوەرەکان وە بە پشت بەستن بە بنچینەی گۆڕانکاری و گەشەی خۆبەخۆی بونەوەر دەگات بەوەی کە لە خولقێنەر دورکەوێتەوە.ئەو لە باسێکدا لەگەڵ ‘ئیمام جەعفەر سادق”دا لەگەڵ ڕوشنکردنەوەی جێگای هەست وەکو هۆکاری گشت ناسینێک.دەرکی خودا بە هۆی تێگەیشتنی دەرونی بە شتێکی پوچ دەزانێت وە دەگات بەوەی کەلە خولقێنەر دورکەوێتەوە:”خودایەک کە توی خەڵک بانگەواز دەکات بۆ ئەوەی بی پەرستنی شتێک نیە جگە لە وەی کەلە هێزی خەیاڵی تۆوە هاتوەتەدەرەوە,تۆ ناسینی خودایەکی نەبینراوت لەلایەن خەڵکەوەت،کردوەتە وەسیلە بۆ ئەوەی ببنە خاوەنی هێزو سامان وە ژیانێکی خۆش بەسەر بەرن”وە جەخت لەوە دەکاتەوە کەئەوە ئێمەین خودای خۆمان دروست دەکەین.دروستکەری ئێمەین نەک خودا!
لەگەڵ مەودایەکی کورتی مێژویدا ئەم بەشی بێ خودایی و کوفر پەیوەست ئەبو بەخیامەوە ، زاهیدەکانی ئەوسەردەمەی ئیسلام لە لێدانی زمانە تیژکەی هیچکاتێک لە ئارامیدا نەبون.ئەرنس ڕێنۆ فویلوسوفی فەرەنسی خیام”بەبرای گۆتە “ناوی برای گۆتەی لێدەنێت وە بەیەکێک لە “کافرە گەورەکانی دونیای ئیسلام”ناودەبات!
ئەوانە تەنها نمونەیەکن لە”کافرە بەناوبانگەکانی دونیای ئیسلام”کە ئەمیش تەنها گۆشەیەکی بچوک لە ١٤ سەدەی پاش هەڵکشانی ئیسلامن کە نیشانی ئەدات جەنگ لە دژی ئیسلام هەر لەسەرەتای لە دایک بونی ئەم ئەژدیهایەوە دەست پیدەکات وە هەتا ئیستا درێژەی هەیە.جەنگێک کە تەنها بەشؤڕشێکی تری هاوشێوەی ‘شۆڕشی گەورەی فەرەنسا”دەگاتە کۆتایی.شۆرشێک کە بەئەگەرێکی زۆرەوە لە جوغرافیایەکدا بەناوی ئێرانەوە ڕوئەدات!

سیامەک بەهاری:ئایا لە وڵاتانی لە ئیسلام گیراو بەتایبەت لەوجێگایانەی کە دەسەڵاتی سیاسی بەدەست ئیسلامیەکانەوەیە دەتوانیت وێنایەکی دروستت هەبێت سەبارەت بە مەودای ڕاستەقینەی دژایەتی ئاین؟ئەگەر ئیمکانیەتێکی لەو شێوەیە لە بەردەستدانیە لەبنەڕەتدا چۆن دەتوانیت بگەیت بە وێنایەکی ڕاستەقینە؟

موحسین ئیبراهیمی:تەنانەت لە ڕۆژئاواشدا کە کەنیسە پاشەکشەی پێکراوەو خراوەتە لاوەو باوەڕی تاکەکان یادەوەریەکی ڕاستی بەدوادا چونیان نیە و ناتوانن مەدای واقیعی کاریگەری ئاتەئیزم بزانن هەتا بگات بە ڕۆژهەڵات و کۆمەڵگە لە ئیسلام گیراوەکان کە لەبنەڕەتدا لەواندا هیچ بوارێک بۆ ڕاپرسی نیە تەنانەت پەیبەریت بە گۆشەیەکی بچوکی مەیلە دژی ئاینی و ئاتەئیستەکان لەکۆمەڵگەدا.لەوڵاتانێکدا کە نەک تەنها دژایەتی لەگەڵ خودا و پەیامبەرەکەیدا بەڵکو گاڵتەکردن بە موفتی و ئایەتوڵا خوێنڕێژەکانی خوداش ڕوبەڕوبونەوەی سزای مەرگی هەیە ئاشکرایە کە مەودای دژایەتی کردن لەگەڵ ئاین لە ڕێگەی ڕاپرستی ئیمکانی نیە.لە زۆرێک لە وڵاتانی لەئیسلام گێراودا سزایی وەرگەڕان لەئاین و سوکایەتی بە پیرۆزیەکان لە سێدارەدانە.لە زۆر جێگەش کە سزایەکی لەو شێوەیە بە فەرمی لە سیستەمی دادوەریدا بونی نیە دەستی یاساکانی شەریعەت بۆ جێبەجێ کردنی شەریعەت ودەرکردنی سزای توند لە بواری لە سێدارەداندا کراوەیە.
هەر ئەم چەند ساڵەی ڕابردو لەبەرچاو بگرین.ژمارەی ئەو هاوڵاتیانەی کەلە ئێران،عەرەبستانی سعودیە،ئەفغانستان،سودا،بەنگلادیش و میسر لەلایەن دامودەزگا دادوەریەکانەوە کەوتونەتە بەردەم لێکۆڵینەوەو چاودێری و ئازارو ئەشکەنجە وتەنانەت لەگەڵ سێدارەداندا ڕوبەڕو بونەتەوە،یان لەلایەن گروپە ئیسلامیەکان کەلەبنەڕەتدا دەمیان بە دەوڵەتەکانەوە بەستراوەتەوە کوژراون ئاشکرای دەکەن کە پێوەری پێوانەکردنی گەشەی دژایەتی لەگەڵ ئاین وخودا پەرستی لە کۆمەڵگەی لەو شێوەیەدا بە پشت بەستن بە ڕاپرسی ناتوانرێت ئامارەکەی وەربگریت.
بۆ پەیبردن بە مەودای ڕاستەقینەی دژایەتی لەگەڵ ئاین وکاریگەری ئاتەئیسم لەم وڵاتانە دەتوانیت تەنها لەگەڵ چاوپیاخشاندنەوەیەک بە حوکم و یاسا توندە ئیسلامیەکان لەدژی هەرجۆرە دەرکەوتنێکی دژی ئاینی،پەرەگرتنی ئاستی سەرکوت و زیندانی کردنەکان و لەسێدارەدانەکان وە سەرەڕای هەموو ئەمانەش ژمارەی ڕولەسەری بێ باوەڕی بە یاساکانی ئیسلام ،ڕووەرگێڕان لە ئیسلام،ڕەخنە و گاڵتەکردن بە پیرۆزیە ئاینیەکان،نکوڵی کردن لە بونی خودا و شەپۆلی پەرەگرتوی بیروباوەڕی سیکۆلاریستی تێدەگەیت.

سیامەک بەهاری:با بچینە ناو ئەو ڕوداوانە.بەدیاریکراوی تۆ ئاماژە بەکام دیاردانە دەکەیت کە بەیانکەری مەودای فراوانی دژایەتیە لەگەڵ ئاین لە دونیایی لە ئیسلام گیراودا سەرباری بونی توندوتیژی وتۆقاندن لەدژی ڕەخنەگرانی پیرۆزیەکانی ئیسلام.

موحسین ئیبراهیمی:بەبۆچونی من لەم بابەتەوە ئەمانە بەرجەستەن:
١-ترسانی دەسەڵاتە سیاسیەکان وسزای قورس لەبەرامبەر دژایەتی ئایندا
تەنها بونی سزای قورس ودڕندانە نەک تەنها لە دژی نکوڵی کارانی بونی خودا و ڕەخنەگرانی پیرۆزیەکانی ئیسلام بەڵکو تەنانەت بەتاوانی وازهێنان لێی وبێ باوەڕی بە یاساکانی ئیسلام نیشاندەری ترسی واقیعی لە توانای چونەسەری دژایەتی لەگەڵ ئاین وئاتەئیسم لە ئەم کۆمەڵگەیانەدایە.
ئێران،ئەفغانستان،مالیزیا،مالدیۆ،نەیجیریا،پاکستان،قەتەر،عەرەبستانی سعودی،سۆمال،سودان،یەمەن وئیمارات یەکگرتوی عەرەبی ئەو وڵاتانەن کە تێیاندا سزای مەرگ بۆ ئاتەئیستەکان لەبەرچاوگیراوە.سزای لەسێدارەدانی بێ خوداکان لە ژمارەیەک لە وڵاتەکاندا جێبەجێش دەکرێت.لە هەندێک لە وڵاتاندا لە ژێر چاودێری بڵایەنی پۆلیس وهێزەکانی ئاسایش خۆیاندا ئینسان کوژەکانی حزبوڵا دەوری جەلاد ئەگێڕن.
لە ئێران,ئەم یاسا سەرکوتگەرانە ئاینیە بە کوشتاری بەکۆمەڵی بێ وێنەی مێژویی زیندانیەکان لە دەیەی شەستدا(١٩٨٠کان و) وئەویش بە فتوای ڕابەری کۆنەپەرستی ئیسلامی کۆتای هات.کۆمەڵکوژیەک کە چارەنوسی زۆرێک لە ئینسانەکان تێدا بەوەڵامدانەوەی چەند پرسیارێکەوە بەسترابویەوە.لەناویاندا:باوەڕت بەخودا هەیە یان نا؟نوێژ دەکەیت یان نا؟
ئامانجێکی گرنگی فتوای خومەینی بۆ کوشتنی سەلمان ڕوشدی ڕێگری بولە مەترسی ئاتەئیزم .کە دواتر لەگەڵ فتوای ئایەتوڵاکانی تر لەدژی هەر کەسێک کە”سوکایەتی بە پەیامبەر”دەکات وە دەست بۆ”ئیمامە بێ گوناهەکان”دەبات دریژەی هەبوو.ئاشکرایە کە هەموو ئەم هەنگاوانە پێش ئەوەی بەرگری کردن بێت لە ئاین بۆ پارێزگاریە لە بەرژەوەندیە بەتەواوەتی مادی وزەمینیەکان بوو کە لەبنەڕەتدا خۆمەینی بۆ پاریزگاری لەمانە ئەندازەکرا بوو.
ئەم واهیمەیە لە ڕۆحیەتی دژی ئاینی ناو خەڵکدا ئەوەندە جدیەکە تەنانەت ڕوداوێکی بەڕواڵەت بچوکیش کاردانەوەی جدی لەگەڵ دایە.چیرۆکی ئۆشین بهێننەوە یاد:ئەبێت چکەسێک نمونەی ژنی ئێرانی بێت؟لە بەرامبەر ئەم پرسیارەی بەرنامەیەکی ڕاستەوخۆی ڕادیۆی دەوڵەتیدا لە ڕۆژی فاتیمە ژنێک وەڵامی دابویەوە:ئۆشین(کەسایەتی سەرەکی ناو درامایەکی پڕ بینەری یابانی)وبەردەوامی بە قسەکانی دابوو وتبوی کەسایەتی فاتمە پەیوەندی بە چواردە سەدە لەمەوبەرەوە هەیە و ژنان ئەلگۆیەکی ئەمڕۆیانەیان دەوێت.خومەینی لە نامەیەکی تونددا بۆ دەنگ وڕەنگی(سدا و سیما)وتبوی ئەگەر لە حاڵەتێکدا ئەم سوکایەتیە بەدەست ئەنقەست کرابێت کەسی سوکایەتی کەر دەبێت لە سێدارە بدرێت!هاوشێوەی ئەم ڕوداوە لە سودانی عومەر بەشیریش ڕویدا بوو.فێرکاری خوێندنگەیەکی سەرەتایی تەنها بەهۆی ئەوەی کە رێگای دابوو خۆێدکارەکانی بوکێکی بەراز ناو بنێن محەمەد هەڕەشەی کوشتنی لێکرابوو وە ئەگەری هەبوو کە لەهەر چرکەیەکدا سەربازەکانی خودا ژیانی لێبسەننەوە.
سەرئەنجام کاردانەوەی شێتگیرانەی”دونیای ئیسلام”بۆ کاریکاتۆری محەمەد وتیرۆری ون گۆک و کارمەندانی شارلی عەبدو وخوێن وخۆێنڕێژی دواتری هەرچی وپەرچیەکانی حزبوڵا لە وڵاتە جیاوازەکانی”جیهانی ئیسلامی”هەموو نیشانەی ترسانی ڕاستەقینەیە لە مەترسی ئاتەئیسم ودژایەتی لەگەڵ ئایندا کە ئەگەر ببێتە بزوتنەوەیەکی ڕێکخراو کارێک بە ئیسلامی ڕێکخراو وئایدۆلۆژی ئیسلامی دەکات کە شۆڕشی گەورەی فەرەنسا لەبەرانبەر خۆیدا ئەکاتە ڕوداوێکی بچوک.
٢- شەپۆلی دژایەتی لەگەڵ ئیسلام لە لایەن هاوڵاتیانەوە
سەباری ئەم ئاستە لەسەرکوتگەری وجۆرەها پۆلیس و سەردەستە ئاینیەکانی ئامادە بەکار و هەموجۆرەی تاقمی فاشیستی ئیسلامی ئامادەی کوشتن، “دونیایی ئیسلام” تەنانەت چرکە یەکیش نەیتوانی وە لە کابوسی ڕەخنەو تەنز ودژایەتی ئیسلام ڕزگاری ببێت کە هەم لە ئاستی تاک و هاوڵاتیان وکەسایەتیەکان وهەم لە ئاستی ناڕەزایەتیە جەماوەریەکانیشدا خۆی نیشانداوە.
بە چاوگێڕانێکی خێرا ژمارەیەکی زۆر دێنە بیرمان کە تەنها بەشێکی بچوکی ڕیزێکی گەورەی دژایەتی لەگەڵ ئاینن لەم کۆمەڵگایانەدا.
• تەسلیمە نەسرین هەڵسوڕای سیکۆلارو لایەنگری مافەکانی ژنان خەڵکی بەنگلادیش(هەڕەشەی کوشتنی لێکراوە بەتاوانی ڕەخنەگرتن لە ئیسلام)
• ئایان هەرسی عەلی چالاکی مافەکانی ژنان خەڵکئ سۆمالە(هەڕەشەی کوشتنی لێکراوە بە تاوانی سیناریۆی فلیمی دژی ئاینی ملکەچ)،
• ئاوجیت ڕوی وێبلاک نوسی ئاتەئیستی بەنگلادیشی(بەتاوانی نکوڵی کردن لە بونی خودا لەیەکێک لە شەقامەکانی شاری دەکا بەشێوەیەکی ناخ هەژێن کوژرا).
• حەمزە کاشغری وێبلاگ نوسی ئاتەئیستی سعودی (دوو ساڵ زیندانی کرا بەتاوانی ئەوە کە سوکایەتی بە پەیامبەری ئیسلام کردوە بەهۆی ئەوەی کە بە پەیامبەری وتبو کە هەندێک لایەنی کەسایەتی تۆ جێگای نەفرەتە).
• ڕائیف بەدەوی وێبلاگ نوسی سیکۆلار هاوڵاتی سعودی(بەدە ساڵ زیندانی و لێدانی ١٠٠٠ شەلاقی بەتاوانی لایەنگری لە ڕۆشنبیرانی سەدەی ١٨و دەستبردنی ڕوحانیەکی سوعودی کە داوای سزادانی ئەستێرە ناسێک بوو بە هۆی دروستکردنی گومان و دودڵی بوو دژی ئاین.ڕائیف داوای لە ناسا کردبوو کە تەلسکۆبەکانی خۆی فڕێ بدات و پەنا بهێنێت بۆ ئەم “ئەستێرە ناسە شەرعیە”ئەم ئاخوندە بێمێشکە سعودیە).
• ئەلیکساندەر ئەو وێبلاگ نوسە ئاتەئیستە ئیندۆنیزیە(دوو ساڵ ونیو زیندانی کرا بەتاوانی وتنی”خودا نیە”!)
• شاهین نەجەفی ڕاپەری ئێرانی(فتوای کوشتنی دراوە بە تاوانی گاڵتەکردن بە ئیمام تەقی)،
• پێویستی خۆ ڕوتکردنەوەی ناڕەزایەتی لەلایەن ژنانی”جیهانی ئیسلامی”یەوەش بۆ ئەوانە زیاد بکەین کە یەکێک لە جەسورانەترین پێشڕەویەکانی لە ژێر پێنانی یاساکانی شەریعەت بوو لەلایەن ژنانەوە.عەلیا ماجدە ئەلمەهدی کچێکی تەمەن ٢٠ساڵی میسری و ئامینە کچێکی ١٩ساڵەی تونسی بە بڵاکردنەوەی وێنەی بێ جلوبەگی خۆیان ناموسی ئیسلامیان کەیەکێک لە کۆڵەکەکانی کۆنترۆڵ کردنی پیاوە لە ئیسلامدا خستە ژێر پێوە کە ئەڵبەت ڕاستەو خۆ لەلایەن موفتیەکانەوە فتوای کوشتنیان بۆدەرچوو!
٣-ناڕەزایەتی جەماوەری بە ناوەرکی سیکۆلاریستی
لەڕوانگەی بەرانبەرکێی کۆمەڵایەتیەوە لەگەڵ ئاین،ناڕەزایەتیە جەماوەری لەگەڵ خواستی سیکۆلاریستی لەوڵاتانێکدا کە یان ئیسلام ئایدۆلۆژی فەرمی دەسەڵات وبنەمای یاساکانە وە یان دامەزراوە ئاینیەکان و باندە ئیسلامیەکان بە هەزارو یەک بەند لە بنیاتی سیاسی دەسەڵاتدا دەوریان هەیە پێگەیەکی گرنگیان هەیە.ئەوە ڕاستە کە ئەم جۆرە ناڕەزایەتیانە ڕاستەوخۆ بەپێوانەی جەماوەری تەرجومە ناکرێت بە ئاتەئیسم بەڵام نیشاندەری ئەوەیە کە نەک تەنها بێزاری جەماوەری هەیە لە بونی ئیسلام لە ژیانی کۆمەڵایەتیاندا بەڵکو ئەم بێزاریە گەشەی سەندەوە بۆ ئاستی ناڕەزایەتی کاریگەر و ئیرادەی بەرنگاری جەماوەری بۆ سیکۆلاریزەکردنی کۆمەڵگە ودەسەڵات و پاکردنەوەی ئاینی لە دامەزراوە گشتیەکان ڕەخساندوە.
نمونە بەرجەستەکان لەم بارەیەوە:
• ڕاپەڕینی ساڵی ٢٠٠٩ لە ئێران تەنها ناڕەزایەتیەکی سیاسی نەبوو لە دژی هەڵاواردن وهەژاری وبێ بەشی،لەدژی دیکتاتۆری ودەسەڵاتی سیاسی فەرمان ڕەوا بەگشتی ، دژی دەسەڵاتی ئاینی بوو،دەسەڵاتێک بە ئایدۆلۆژی ئیسلامی .یەکێک لە لایەنە بەرجەستەکانی ئەم بزوتنەوەیە ناوەرۆکە سیکۆلاریستی وڕزگار خوازانەکەی بوو لە دەسەڵاتی ئاین وشەریعەت ویاسای ئایەتوڵاکانی .لەم ڕاپەڕینە شۆڕشگێڕانەیەدا لە پەنای دروشمی مەرگ بۆ جمهوری ئیسلامیدا،سمبوڵە ڕاستەوخۆکانی حکومەتی خودا،”پەیکەری پیرۆزی ئیمام خومەینی جێگری ئیمام زەمان”لەگەڵ پەیکەری وەلی فەقیەی ئیسلامیان لە پەنای یەکدا سوتاندو خستیانە ژێر پێوە.
• بۆ هینانەخوارەوەی ئیخوان موسلیمین لەمیسر وڵاتێک ڕاپەڕی.ئەمە جەنگێکی ملیۆنی سیکۆلاریزم بوو لەدژی بزوتنەوەی ئیسلامی کە ئەیویست شۆڕشێک بۆ ئازادی وکەرامەتی ئینسانی بکاتە سەکۆیەک بۆ ژێرپێنانی ئازادی وکەرامەتی ئینسانی لەڕێگەی شەریعەتی ئیسلامیەوە.خەڵک گوێچکەی ئیخوان موسلیمینیان یان گرتوو بە ئابڕوبردنێکی تەواوەوە هێنایانە خۆوارەوە لەسەر سەکۆی دەسەڵات.
• کاردانەوەو ناڕەزایەتی جەماوەری لە دژی تیرۆری دوو کەسایەتی چەپ وسیکۆلار لەلایەن ئیسلامیەکانەوە لە تونس(شوکری بەلعید سکرتێری گشتی حزبی چەپی”بەرەی خەڵک”و محمەد برهامی کە کەسایەتیەکی سیکۆلارو چەپی تر بوو)ئەوەندە بەهێز بووکە دەرگای چونە دەرەوەی نیشانی حزبی ڕاپەڕینی ئیسلامی کە لە ئاکامی شۆڕشی حەقخوازانەی خەڵکی تونس خۆی خزاندبویە ناو دەسەڵاتەوە.نەک تەنها حزبی ڕاپەڕین ناچارکران دەست بەرداری دەسەڵات ببن بەڵکو دواتر لە یاسا بنەڕەتیە نوێیەکەی تونسدا بێ خودایی وەک مافێک بە فەرمی ناسرا!
• لە کاردانەوە بەرامبەر بە کوشتنی دڵتەزێنی فەرخوندە بە تۆمەتی سوتاندنی قورئان،یەکسەر دەیان هەزار ژنی ئازا وئازادیخواز وسیکۆلار تەرمی فەرخوندەیان خستەسەرشان و نمایشیانکرد وەک جوڵانەوەکی شکۆداری سیکۆلاریستی لە مێژودا لەدژی فریوکارانی ئیسلامی ونەتەوەی دەسەڵاتدار.لە وڵاتێکدا کە ژیانی چەندین نەوە لە لایەن مجاهیدن و تالیبان و(“جەنگاوەرانی ئازادی” کە ئەمریکا پشتیوانی لێ دەکردن)و لۆیە جەرگە کەپێکهاتوە لە زانایانی تفەنگ بەدەست وقاچاخچیەوە ژێرپێنرابوو.ژنان لە ڕێپێوانێکی هەزاران کەسیدا تەرمی ئەو کچە ئازایان بەشێوەیەکی ڕەمزی بەخاک سپاردو وە زانا ئاینیەکانیان لە ڕیزی بەڕێکردنی تەرمەکەدا بەشەق کردە دەرەوە!وە هەر دوهەفتە لەمەوبەر لەکابڵ لاشەی حەوت نەفەر کە لەلایەن داعشی-تالیبانەوە سەربڕدرابون ئەم جارەیان بە ژمارەیەکی زۆر زیاترەوە کە لەزۆرترین ژن پێکهات بوو ١٦کیلۆمەتر بەسەر شانیانەوە بردیان ولەبەرامبەر کۆشکی دەسەڵاتدا هاواریان کرد:’مافی هاوڵاتی بون،مافی سەلمێنراومانە”.
• سەرئەنجام بزوتنەوەی ناڕەزایەتی جەماوەری سەرنج ڕاکێش لە عێراق بە هاواری” نەشیعەو نە سونی،سیکۆلار،سیکۆلار”نمونەیەکی زۆر زیندو بەرجەستەیە لە ڕوبەڕوبونەوەی خەڵک لەگەڵ بنیات ودامەزراوەو کەسایەتیە ئاینیەکاندا.

سیامەک بەهاری:زەمینەو هۆکارەکانی ئەم ڕادەیە لە دژایەتی ئاین لە کۆمەڵگە ئیسلام لێدراوەکاندا چین؟

موحسین ئیبراهیمی:بەبۆچونی من لەوەڵام بەم پرسیارەدا ئەبێت دوبابەت بەرجەستەبکەینەوە:
١-لە هەنێک قوناغی مێژوی شارستانیەتدا ململانیی نیوان زانست وئاین زۆر بەرجەستە بووە.گەشەی زانست دەورێکی بەرجەستەی هەبوە لە بردنە ژێر پرسیاری خورافاتی ئایندا.بۆ نمونە لە دەعەجانی وێرانکەرێک کە سەدەکانی ناوەڕاست لەسەردەمی دوای شۆڕشی فەرەنسا جیادەکاتەوە پەرەسەندنی زانست دەورێکێ گرنگی هەبوو.ڕاڤەکردنی زانستی ژیان وسروشتی لە مەودایەکی سەرسامهێنەردا هێنابویە مەیدان وجێگای بە ڕاڤەکردنی خورافی ژیان وسروشت تەنگ کردبوو.وە ئەڵبەت هەر لەو سەردەمەشدا بێزاری لە ئاین زەمینەی کۆمەڵایەتی وسیاسی بنچینەیی هەبوو وە شەڕیش لەگەڵ ئایندا سەرئەنجام بە شۆڕشێک کۆتایی هات.
لە دونیای هاوچەرخدا بەتەئکید بەرەوپش چونی زانست و دەست پێگەیشتنی بەشێوەیەکی ئاسان و پەرەگرتو بۆ بەشێکی فراوانتری خەڵک، دەورێکی گرنگی لە پاشەکش پێکردنی خورافەتە ئاینیەکان لە ناو بەشێکی فراوانتری خەڵکدا هەیە،بەڵام لەم سەردەمەدا بە پێچەوانەی سەردەمە سەرەتاییەکانی ژیانی ئینسان،نە هەبونی خورافەت لەناو بەشێک لە خەڵکدا لەبنەڕەتدا پەیوەستە بەنەبونی وشیاری زانستیەوە وە نە پەرەسەندنی باوەڕی دژی ئاینی وداڕمانی ئاینی لە زەینی خەڵکدا لەبنەڕەتدا پەیوەستەبە گەشەی وشیاری زانستیەوە.گەشەی خولیایی زانست بەدڵنیایی لە پەرەسەندنی باوەڕنەبون بەخودا وڕزگاری لە خورافات دەوری گرنگی هەیە بەڵام بەتایبەت لە دونیای هاوچەرخدا و لە دونیای لەئیسلام گیراودا تەنها لایەنێکە،بەبڕوای من لایەنێکی لاوەکیشە.

٢-بەبۆچونی من گەشەی ئاتەئیسم لە شێوازی یەکەمدا دژایەتی خودا و دژایەتی کاریگەرە لەگەڵ ئاینی ڕێکخراو وخوداپەرستی ولێرەشدا بەدیاریکراوی ئیسلامە لەبنەڕەتدا سەرچاوەکەی لە دەوری سیاسی وکۆمەڵایەتی ئیسلامدایە.سەرچاوەی لەتاوانە سەرسوڕهێنەرو ڕاچڵەکێنەرەکانەوە گرتوە کەلەژێر ئاڵای ئیسلام وبەپشتبەستن بە یاساکانی ئیسلام لەلایەن هێزە ئیسلامیەکانی- چ دەسەڵاتدارو چ لە چوارچێوەی باندەکانی تاوانی ڕێکخراودا-ڕوئەدەن.ئەمڕۆ هاواری”اللەاکبر” یەکسەر ئەو ڕوداوانە دێنێتەوە بەرچاوی خەڵک:کچانی قوتابخانە بەبارمتەگیراوەکان،تەرمی پارچە پارچەکراوی منداڵانی قوتابخانە،کوشتارە بەکۆمەڵەکانی شوێنی کۆبونەوەی خەڵکی،بازاڕەکانی فرۆشتنی ژنان،سەربڕین وبەزیندوی سوتاندنی ئینسانەکان و دەیان تاوانی سەرسامهێنەری تر.دەوری ئیسلام وەکو ئایدۆلۆژی سیاسی ڕێکخراوترین تاوانە هاوچەرخەکان ئاساییە کە بە ڕوو وەرگێڕان لە بارودۆخی پەرەگرتو لەگەڵ دژایەتی ئاین کۆتای هاتوە.

سیامەک بەهاری:دژایەتی ئاین وبەدیاری کراوی ئیسلام لە سەردەمی کۆماری ئیسلامیدا ئەوەندە فراوانە کە ببێتە جێگای سەرسوڕمان.حیجاب فڕێدان،زەواجی سپی،پەیوەندی کچان و کوڕان،بێ باوەڕ بە یاساوڕێسا ئاینیەکان،گاڵتەو گەپکردن بە هەموو دوکانەکانی ئاین.ئایا ئەمانە بەمانای گەشەی ئاتەئیزمە لە ئێراندا؟

موحسین ئیبراهیمی:رێک ئاماژەت بە کۆمەڵێک ڕوداوی زۆر گرنگدا.زۆرێک لەو ڕوداوانە ڕاستەوخۆ بەمانای باوەڕبون بە ئاتەئیزم وبێ خودای نیە،بەڵام بەبۆچونی من لایەنی گرنگن لە بزوتنەوەیەکی گەورەی نەک تەنها دژی ئاینی ڕێکخراو و حکومەتەکەی بەڵکو دژی یاساکانی ئیسلام و شەریعەتن.ئاشکرایە کە کەوتنە ژێر پرسیاری یاساکانی شەریعەتی ئیسلامی لەناو خەڵکدا بارودۆخ و زەمنەی گونجاو بۆ پەرەگرتن و مەقبولیەتی بیروباوەڕی ئاتەئیستی دەڕەخسێنێت.
• بێ باوەڕی فراوان بە حیجاب بەتایبەتی لە لەلایەن تازە پێگەیشتوانەوە هەم پێکادانی فەرهەنگیەو هەم پێکادانی سیاسیە.خەباتێکە لەدژی شەریعەتی ئیسلامی وحکومەتی ئیسلامی.ژنانێک کە بەشێکی گرنگی تەمەنێان لە لەسەنگەری ڕزگار بون لە حیجابی ئیسلامیدا تێپەڕاندوە مەودایەکی زۆریان لەگەڵ ڕزگاربون لە هەموو خورافاتی ئاینیدا نیە.ئەو شتەی کە ئایەتوڵاکانی نیگەرانکردوە ئەو ڕاستیەیە کە بەیەک تۆز شل بونەوەی بارودۆخەکە حیجابەکان لەسەرەوە دادەگیرێن بۆ ژێر پێ! وە ئەمەش واتە ژێر پێکەوتنی یەکێک لەسەرەکی ترین وەسیلەکانی کۆنترۆڵی سیاسی وکۆمەڵایەتی ئیسلام.
• زەواجی سپیش ڕوو وەرگێڕانی ئاشکرایە لە دەستیوەردانی یاساکانی شەریعەت وئاین لە ژیانی تایبەتیدا.بیرمان نەچێت کە وەکو کڵێسای سەردەمی سەدەکانی ناوەڕاست، کۆنترۆڵی منداڵ بون و زەواجکردن ومردن نەک تەنها لەڕوی سەروەت و سامان بەڵکو لەڕوی پاراستنی توانای سیاسی بۆ دامەزراوەی پیاوانی ئاینی ئیسلامی و هەموو حکومەتی ئیسلامی چارەنوس سازە.لەگەڵ زەواجی سپیدا لاوان بەکردەوە کۆنترۆڵی زەواجیان لەدەستی پیاوانی ئینی دەسەڵاتدار ولەدەست کۆنترۆڵی خوداو شەریعەتەکەشی دەردێننەدەرەوە.
• پەیوەندی ئازادانەی نێوان کچان وکوڕانیش کە بەشێوەیەکی واقیعی هاوتایە لەگەڵ پێشکەوتوترین وڵاتانی ڕۆژئاوادا ڕویەکی تری خەباتی دژی شەریعەتی ئیسلامی وناموسیی ئیسلامیە.مەودای فراوانی پەیوەندی سێکسی لەپێش زەواج کردنەوە بەڕاستی ئایەتوڵاکانی ترساندوە.بەپێی ڕاپۆرتی لێکۆڵەرەوانی ئیسلامی،دوو ساڵی خوێندنی(٢٠٠٦-٢٠٠٧.و) ١٣٨٧-١٣٨٦،لەناو نزیکەی ١٤٢٠٠٠خوێندکاری کوڕوکچی قوناغی ناوەندیدا زیاتر لە ١٠٥ هەزارە واتە نزیکەی لەسەدا ٧٤ و نیوی “پەیوەندی مۆڵەت پێنەدراوی سیکسیان هەبوە لەگەڵ ڕەگەزی بەرامبەردا”هەروەها نزیکەی ٢٥٠٠٠ کەس(لەسەدا ١٧،٥)یش پەیوەنی سیکسیان لەگەڵ هاوڕەگەزی خۆیاندا هەبوە.هەر ئەو تاوانەی کە بەپێی شەریعەتی ئیسلامی سزاکەی مەرگە لەڕۆژی ڕوناک ولە لوتکەدایە!هەر لە ڕاپۆرتەکەی ئەنجومەندا هاتوە کە لە سەدا ٨٠ی کچانی ناو ڕاپرسیەکە لە چەند قوتابخانەی ناوەندی کچان لەتاوان وتویانە کە پەیوەندی سیکسیان لەگەڵ ڕەگەزی بەرامبەردا تاقیکردوەتەوە؛ پەیوەندی نیوان کچان وکوڕان لە بەراورد بە ٣٠ساڵی ڕابردو سێ بەرانبەر زیادی کردوە وە کاتی دەسپێکردنی پەیوەندی سێکسی گەشتوەتە قوناغی ڕێنمایی!
ئەوانە هەمویان لایەنی جیاوازی کاردانەوەی کۆمەڵایەتی فراوانی دژی ئیسلامیە کە لەناویدا بیروڕای ئاتەئیستی،پەیوەندی نەوەی نوێ بە ئەدبیاتی ئاتەئیستی ڕۆشنگەرایانی سەدەی١٨ ،نکوڵی لەبونی خودا و خالقی ئاینی،ژمارەیەکی زۆر لاپەڕە و وێبلاگی ئاتەئیستی دروست بون.
ڕێگام بدەیت بۆ ئەوەی بینینیکی واقیعی مان هەبێت لە مەودای ئاتەئیسم لە ئێران یارمەتی لە دوو ڕاپۆرتی فەرمی وەربگرین کە زۆر ئاشکران:
ڕاپۆرتی یەکەم:
نوسخەی ئۆنلاینی بڵاوکراوەی ئەڵمانی”دەیت سایت”یش لە ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٢ لە ڕاپۆرتیکیدا لە ژێر ناوی”بێ خوداکان لە حکومەتی خودادا”هەڵسەنگاندیان لە بارەی پەرەسەندنی ئاتەئیزمەوە کردوە لە ئێران کە تییدا باسی لاوانێک دەکات کە لە خێزانی ئاینیدا گەورە بون بەڵام هیچ باوەڕێکیان بەبونی خودا نیە.
هەروەها لەم ڕاپۆرتەدا ئاماژەی بە مەودای فراوانی باوەڕ نەبون بەخودا لە”تۆڕەکۆمەڵایەتیەکاندا” کردوە کە لەوێدا بێ خواداکان و ئاتەئیستەکان”لەگەڵ پێناسی تەزور و ئەوەی کە چاودێری دادوەری و سزای توندی هەڕەشەیان لێ نەکات”ئامادەیی چالاکیان هەیە.وەک نمونەیەک ئاماژە بەچەند لاپەڕەیەک کراوە لەگەڵ ئەم ناونیشانانە”هەزار ٣٨ کانون ئانگوستیکەکانی ئێران”کە سەردانی کەرێکی زۆریان هەیە.ئەڵبەت هەروەک لەوەڵام یەکێک لە پرسیارەکاندا ئاماژەم پیدا کەبەشوێنداگەڕەکان ئەم ئەم هەزارە گەشتوەتە نزیکەی ٢٠٠ لاپەڕە.
ڕاپۆرتی دوهەم:
ماوەیەک لەمەوبەر ساتی بازتاب ئەمروز( ماڵپەڕێکی ڕێفۆرم خوازەکانی ناو ڕژێمی ئیسلامیە)ڕاپۆرتێکی بڵاوکردوەتەوە کە تێیدا باس لە”تسونامی بێ ئاینی”لە”شەپۆلی بەرزبونەوەی ڕێژەی بێ باوەڕنەبون بەخودا لەناو لاوان”دا نیگەرانی دەربڕێ بوو.هۆکارەکەش گوایە”خوارەفەتگەرایی و کەڵک وەرگرتنی وەسیلەیی و بەلای زۆروە لە ئاین وباوەڕە دینیەکانە”لەلایەن حکومەتەوە وە ئەڵبەت بە بۆچونی ئەو سایتە هەوڵی زانایان و فەیلەسوفەئیسلامیەکان وقسەکەران سەبارەت بە سەلماندنی هەبونی خوداش کارساز نەبوە چونکە” قەبارەی گەورەی ئەدەبیاتی بە تایبەتی ئەو نوسراوانە”پێویست بوە هەتا هاندەرانی بێ خودایی وەک کاردانەوە سەیربکەن”.
سەرنجڕاکێشترین بەشی ئەو ڕاپۆرتە هەستانی ٢٠٠٩و پەیوەندی بەو تسۆنامیەوەیە:
“ڕوداوەکانی ساڵی ١٣٨٨و سودی زۆرینە لە ئاین وباوەڕە ئاینیەکان بۆ ڕوبەڕو بونەوە لەگەڵ ناڕەزیەکاندا،بویە بیانو هەتا بێ ئاینی بەشێوەی تسونامی لەناو لاواندا بێتەدەرەوە،بەشێوەیەک کە ئێستا ژمارەیەک کەس پەیوەست نەبونی خۆیان بە کردوەی ئاینی و تەنانەت بێ باوەڕی خۆیان بەخودا بە شیوەی ئاشکراو لە ناو تۆڕەکۆمەڵایەتیەکاندا ڕاگەیاندوە”.
ئەبینین کە’دەرکەوتنی بێ خوداکان”لە حکومەتی خوداکاندا و”تسونامی بێ ئاینی”لە حکومەتی ئاینیدا دان پیانانێکە کەلە ماڵپەڕە نزیکەکانی ڕژێمی ئیسلامی خۆیدا دان بەوەدا دەنێن.

١٠\٦\٢٠٢٠




سەفەر دەکەم بۆ ناوەوەی خۆم-1- … خۆدواندنی: ستیڤان شەمزینی..

بەشی یەکەم

لیزا: بەرنامەی هەفتەی داهاتووت چییە؟.
ستیڤان: پلان بۆ سەفەر دادەنێم.
لیزا: سەفەرەکەت دوور و درێژ دەبێت یان بە پێچەوانەوە؟ چاوەڕوانت بکەم یان نا؟.
ستیڤان: زۆر دوور و درێژە، سەفەرێکی زۆر ماندووکارە و رەنگە هیچ کات لەو سەفەرە نەیەمەوە.
لیزا: کەواتە بۆ جێگە و جوگرافیایەکی دوورە دەست سەفەر دەکەیت وانییە؟.
ستیڤان: بەڵێ بۆ جێگەیەکی دووری نزیک و نزیکی دوور!!.
لیزا: تێدەگەم کە شوێنێکە هەست دەکەیت لێی دووریت بەڵام نزیکە، لە سەفەردا منیش هەمان هەستم هەیە.
ستیڤان: رێک بەو جۆرەیە، سەفەر دەکەم بەرەو خۆم!.
لیزا: بۆچی مەگەر تا ئێستا سەفەرت نەکردووە بەرەو خۆت؟!.
ستیڤان: بۆ نا، گەشتی زۆرم کردووە بەرەو خۆم، بەرەو جێگا نەبینراوەکانی ناو ئەندێشەم، بەرەو تاڤگەکانی فرمێسک، بەرەو کۆڵانە تەنگەبەرەکانی سۆز، بەڵام هێشتا دەبێ زۆرتر بڕۆم و کیشوەری تازەتر لە خۆمدا بدۆزمەوە.
لیزا: منیش هەمان دەردم هەیە، بۆ نموونە کاتێک سەفەر دەکەم بەرەو جێگەیەکی دڵڕفێن، دەخوازم جارێکی تریش بچمەوە هەمان شوێن.
ستیڤان: من وا نیم، جێگەیەک سەفەری بۆ بکەم ناڕۆمەوە هەمان شوێن! بەڵکو هەوڵدەدەم شوێنی زۆرتر ببینم، هەر لەبەرئەمەیە سەفەری ئەمجارەم بۆ ناوەوەی خۆم جیاوازترە!.
لیزا: چ جیاوازییەک؟. مەگەر ناوەوەی خۆت ئەگەر پەلکەزێڕینەش بێت هەموو رەنگەکانیت بە جارێک نەبینیوە؟.
ستیڤان: نەخێر، پێموایە زۆر شوێنی سەخت و کەندەڵان هەیە، هەوراز و نشێوی زۆر هەن، تا ئێستا سەرکێشیی ئەوەم نەکردووە بۆیان بچم. بۆ نموونە سەرچاوە گڕکانییەکانی هەست، ئۆقیانووسەکانی وشە، لوتکە ئیڤیریستییەکانی عەشق!.
لیزا: ئەو ئۆقیانووسی وشە و لوتکە سەختانەی عەشق لە کوێدان.؟
ستیڤان: هەموویان هەر لەناو دۆڵابی مێشکی خۆمدان کە هەر هێندەی گوڵدانێکە.! بەڵام هەرچی گەردوونە بەو بەرینییە بە ئاسانیی لە نێویدا جێی بۆتەوە!.
تێبینی: ئەم تێکستە بریتییە لە مۆنۆلۆگ نەک دیالۆگی دوو کەس، کۆی بەشەکانی ئەم مۆنۆلۆگانە لەنێوان 2010-2017 نووسراون. لە بەرگی دووەمی کتێبی “قوتووی عەتار” لەلاپەڕە 388-522 بەشێوەی کتێبی کاغەز لە ساڵی 2018 چاپ بوون.




لە شیعری توركییەوە)*) … و : نه‌ژاد عزیز سورمێ

میهرەبان
قژی زەردت ،
بە دڵی شێتم گرێ داوە
بە هیچ شتێ ناكرێتەوە ، میهرەبان!
میهرەبان !
پێت وانەبێ
مردن لە جودایی قورستر بێ
گەر تاقیت نەكردووەتەوە
بە خەیاڵ ناتوانی
میهرەبان ، خۆشەویستم ..!

كە ناوی دڵبەر دێ ،
قەڵەمم لەدەست دەكەوێ ..
چاوم ناكارن ببینن ..
عەقڵم لە خوێندنەوە دەوەستێ
ئاگری فانۆس ،
دەكەوێتە پرتەپرت .. میهرەبان !
ئاگری فانۆس دەلەرزێ ..
ناتوانرێ عەشق
لەسەر كاغەز بنووسرێتەوە ، میهرەبان
خۆشەویستم!
عەشق لەسەر كاغەز نانووسرێتەوە .. میهرەبان !
چارەی دەردی من
لای دكتۆران نییە میهرەبان !
كە وتت عەشق ،
بە دوای شتی دی مەگەڕێ ..
هەموو شتێك كۆتایی هەیە
لێ عەشق سنووری نییە میهرەبان
خۆشەویستم !

من ماندووم

لە تەلان و هەڵدێری ژیاندا ،
خۆم بە نینۆكەكانم گرتووەتەوە..
ساڵانی بوری ، ماندوویان كردووم ..
هەرگیز نەگەڕاومەتەوە و
چاوەدێری ،
برادەرەكانم ..
خۆشەویستانم كردووە ..
لە ژیانمدا ،
دۆست و خۆشەویستانم
نەفرۆشتووە .
من ئێستا ماندووم
ماندووم .. ماندوو
لەبەر درۆیان
بە خۆشەویستییەوە ماندووم ..

مێروولەی زۆرم دیتن ،
بەڵام هەرگیز پێم لێ نەنان .
قەت شەرەف و ڕاستی خۆمم
بە ماڵ نەداوە ..
لەخوا بەدەر ،
هەرگیز كەسی دیم نەپەرستووە..
گەر نامناسی ،
باشە خەم نییە ..
من ئاوەهام !
من ماندووم
بە درۆیانەوە ماندووم
بە خۆشەویستییەوە ماندووم
بە دووڕووانەوە ماندووم ..

ماندووم
بەو گرفتانەوە ماندووم
لە خەڵكی بەدنمەك
به‌ دووڕووە ترسنۆكەكانەوە ماندووم ..

ئادەمی زۆرم بێ جلوبەرگ و
جلوبەرگی زۆریشم
بێ ئادەمزاد بینی ..
تۆ چۆن بزانی
كێ دژمن و كێ دۆستە ؟
ئایا (سۆزانییەتیان) لە هەنییەدا نووسراوە؟
تا بزانی ئەوانە سۆزانین.. ها ؟!

پشتیوانی هەژارانم كرد
وتیان تۆ
كۆمۆنیستی!!
زۆرم نیشتمانی خۆم خۆشویست
وتیان تۆ
زیاد دەڕۆیی!!
نوێژم كردن
ڕۆژووم گرتن
وتیان تۆ توندڕۆی!
ماندوو بووم ..
من بە درۆیان
بە خۆشەویستی ،
بە دووڕووانەوە ماندووم
ماندووم
ماندوو…
—————————————————

(*) ئەم دوو شیعرە ، (میهرەبان) و (من ماندووم) لە بنەڕەتدا گۆرانی (مەحسون كرمز گوڵ)ی هونەرمەندی بەڕەگەز كورد لە یووتووبدا بە وەرگێڕانی عەرەبی بڵاو كراونەته‌وە.
بۆ سەرچاوەی گۆرانییەكان له‌ یووتووب بڕوانه‌ :
htpps:\www.youtube.com\watch?v?yYfnNRQB9Q
https: :\www.youtube.com\ watch?=wcld ffrE50




چاپکراوی نوێ – کۆمۆنیزمی نوێ … نوسینی ئاسۆ کمال

چاپ چاپخانەی کارۆ
دابەشکردن کۆمپانیای بلاڤ پەیک
کتێبی “کۆمۆنیزمی نوێ” لێکۆڵینەوەیەکی مێژوویی و سیاسی ڕەخنەگرانەیە سەبارەت بە حزب و دەوڵەت و کێشەکانی کۆمۆنیزمی سەردەم. ۳۹٠ لاپەڕەی قەبارە گەورەیە و لە ٢٤ بەش پێکدێت.
لە چاپخانەی کارۆ چاپکراوە لە ڕۆژی ۱ـ ٦ ـ ۲٠۲٠ ەوە لە زۆربەی کتێبخانەکانی شار و شارۆچکەکاندا بڵاودەبێتەوە و نرخی تەنها ٤ هەزار دینارە.
کتێبەکە لێکۆڵینەوەیە لە مێژووی سۆشیال دیموکراتی و بەلشەفی و کۆمۆنیزمی کرێکاری تاوتوێ دەکا و هۆکارەکانی گۆڕانی شکڵ و ناوەرۆکی حزبی چینی کرێکار و مۆدێلی سیاسی و ئابووری سۆشیالیستی و قەیرانەکانی بزوتنەوەی کۆمۆنیستی دەخاتە بەر باس و لێکدانەوە و ڕەخنە.
لە کۆتاییدا باسی پێویستیەکانی سەرهەڵدانی کۆمۆنیزمێکی نوێ دەکا کە بتوانێ وەڵامدەرەوەی خەباتی چینایەتی کرێکاران بێ لە ئەمڕۆدا و کۆتایی بە دابەش بوونی ناوخۆی چینی کرێکار و کۆمۆنیستەکان بهێنێ و ئاسۆ و مۆدێلێکی نوێ لە حزبی کرێکاری بخەنە ڕوو.
گرنگ بۆ ئێمە خوێندنەوە و ڕای ئێوەیە و هیوادارین گفتوگۆیەکی سوود بەخش دروست بکا.
کۆمپانیای بلاڤ پەیک ئەرکی بڵاوکردنەوەو دابەشکردنی کتێبەکەی لە ئەستۆ گرتوە
ئێستا ئەم کتێبە لەسەرجەم شارو شارۆچکەکانی کوردستان بەردەستە
سلێمانی
کتێبخانەی سلێمانی – تەنیشت چاخانەی شەعب
کۆشکی مەلا محسین- بەدەم ڕەشەمۆڵ
کۆشکی ڕێبین – بەردەرکی سەرا
کتێبخانەی ڕۆمان – بازاڕی سیروان
کتێبخانەی وشە – جادەی مەولەوی
کتیبخانەی ڕەهەند – جادەی مەولەوی
کۆشکی سەرچنار ناوبازاڕی سەرچنار
قەزاوناحیەکانی سلێمانی
ڕانیە – کتێبخانەی ئەحمەد کۆیی
قەڵادزێ – کتێبخانەی ژین
چوارقوڕنە – کتێبخانەی ڕەھەند
کۆیە – کتێبخانەی ھەژار
کۆیە – کتێبخانەی دیاری
چەمچەماڵ – چاپەمەنی تنۆک
کەلار – کتێبخانەی شێروانە
کەلار – کتێبخانەی شار
دەربەندیخان – کتێبخانەی ڕەسەن
پارێزگای ھەڵەبجە
ھەڵەبجەی شەھید – کتێبخانەی ھەژار موکریانی
ھەڵەبجەی شەھید – پەراوگەی شادی
سەید صادق – کتێبخانەی بێخود
ھەولێر
كوشكى ميديا (بهجت) بةرامبةر داون تاون
كوشكى باغى شار پارکی شار تەنیشت سەعاتە گەورەکەی ناو بازاڕ
كوشكى سيروان تةنيش جاخانةى مجكو
كوشكى ئاوينة ( رشيد سورة) جادةى باتا
كوشكى هةولير ( عبدالكريم.) كوتري سلام
کتێبخانەی دیدار بازاڕی ڕۆشنبیری
کتێبخانەی سۆران بازاڕی ڕۆشنبیری
کتێبخانەی ئەمازۆن رێگای کەرکوک
کتێبخانەی محوی بازاڕی ڕۆشنبیری
کتێبخانەی ڕێدار ژێر هوتێل شیرین پاڵاس
کتێبخانەی هەڤاڵ بووک بەرامبەر سوپەر مارکێتی ئایە نێوان 60 مەتری 40 م
قەزاوناحیەکانی ھەولێر
كتيبخانەى هاوژين لە هرير
كتيبخانةى مێخەک لة سۆران
كتيبخانةى شيركو لة رواندوز
کەرکوک
ناوەندی ڕۆشنبیری و ھونەری دیالۆگ
دھۆک
پەرتوکخانەی نۆرسین دهۆک- سەنتەری بازار
جاددەی سینەما نەورۆز – لەناو بینای پەری مول

https://www.facebook.com/asokamal/videos/10222201155515934/



کاتی لاتیی و کاتی هاتیی … نوسینی / نەوزاد بەندی

کاتی خۆی کە گێرهارد شرۆیدەر بوو بە ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ، ڕۆژێکیان لە پەلەپیتکەی دەرچوو بوو قژی بە ئەسوەد غامیق بۆیاخ کردبوو ، بۆ بەیانی ڕۆژنامەنووسان کردیان بە هەرا وفەرتەنەیەک ، لە دەیان جێگاوە بەر نەشتەری ڕەخنە وگاڵتەجاڕی و کاریکاتێریان دا . .
ئەکرێ ئێمەیش وەک هاووڵاتیەک بەراوردێک لە نێوان دوو قۆناغی ئەم فەریکە سیاسیەدا بکەین ، کاتی پێکوڕەیی و کاتی هەراشبوون ..کاتی لاتیی و کاتی هاتیی ..
کاتێ کە مامۆستای قوتابخانە بوو ، تازە بە تازە لە گردەکە و لە پردەکە نزیک ئەکەوتەوە بۆ گەیشتن بە خواستە تایبەتیەکانی خۆی ..کاتێکیش کە گەیشت و ..کە فێر بوو ، کە تێر بوو ، کە نێر بوو ..کە دەنگی زوڵاڵ و دلێر بوو ..
وێنەی یەکەم کاتی لاتێکەیەتی ، پێست ئەسمەر ، سووتاو ، قوپاو ، داماو ، برۆ لێکدراو ..وەک هەر مامۆستایەکی بەش مەینەت و هەناسەساردی ئەم دەڤەرە ..
وێنەی دووەمیش ، کاتی هاتێکەیەتی ، پێست سپی ، سافکراو ، خرپن ، فوودراو ، برۆ جیا کراو ، موی سەردەست و پەنجە هەڵگیراو ، سەعاتی گرانبەها لە مەچەککراو ..وەک هەر سیاسی و ملیاردێرێکی تری ئەم هەرێمە ..

ئیتر ئەمە پێگەیشتنە ..تێگەیشتنە ..لێکگەیشتنە ..




“خەونی سۆهراب” سەبارەت بە “سۆهراب سپێهری” شاعیری ناوداری ئێرانی ئامادەی نمایشە … مەنسوور جیهانی

ـ فیلمی سینەمایی “خەونی سۆهراب” لە دەرهێنانی “عەلی قەوی
تەن” سەبارەت بە “سۆهراب سپێهری” شاعری ناوداری ئێرانی دوای دوو ساڵ و بە
یارمەتی ناوەندیی سینەمایی فاڕابی ئامادەی نمایش کردنە.

“عەلی قەوی تەن” سەبارەت بە سازکردنی ئەم فیلمە گوتی: “خەونی سۆهراب”
(رویای سوهراب) سەبارەت بە شاعیرێکی ناودار و خۆشەویستی ئێرانە و بێگومان
خەڵکی پێیان خۆشە کە فیلمێک سەبارەت بە “سۆهراب سپێهری” ببینن کە لە
خەیاڵیاندا هەیە و لە زۆر بەشیشەوە ئێمە ناچاربووین کە لایەنی نەبینراویی
کەسایەتییەکی وەکوو سۆهراب نیشان بدەین و ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیە کاری
فیلمساز تووشی گرفت دەکات.

ئەم دەرهێنەرە گوتیشی: لە ساڵی 2012 کەڵکەڵەم بوو و پێمخۆش بوو فیلمێک
سەبارەت بە “سۆهراب سپێهری” سازبکەم. لە کۆتایی ساڵی 2018 دەستمان بە
وێنەگرنی فیلمی سینەمایی “خەونی سۆهراب” کرد و وێنەگرتنی فیلمەکە لە شاری
کاشان زێدی “سۆهراب سپێهری” و هەروەها دەورووبەری ئەم شارە کۆتایی پێهات.

گوتیشی: هەستیاریی سازکردنی ئەم فیلمە، بە پێی دەسکەوتە توێژینەوەییەکانم
و ئەوەی کە دەتوانم لەم شاعیرە بەناوبانگە وێنەیەکی دروست نیشان بدەم،
زۆرترین کەڵکەڵەی من لە “خەونی سۆهراب” بوو. لە لایەکی دیکەشەوە
هەوڵماندا تاکوو کاری ئەکتەرەکانی ئەم فیلمە لە ماوەی دیاریکراویی
وێنەگرتن کە لەبەرچاومان گرتبوو کۆتایی پێبێت؛ بەڵام قۆناغی وێنەگرتن
کۆتایی نەهات.

قەوی تەن لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: لە ساڵی 2019 دەرفەتێکمان بۆ هاتە
پێشێ تاکوو گرووپی ئەکتەرەکان و ستافی تەکنیکی فیلمەکە بۆ جارێکی دیکە
بانگهێشت بە کار بکەین و 12 ڕۆژ کاتمان بۆ دیاریی کرد تاکوو دەست بە
قۆناغی دووهەمی وێنەگرتن بکەین. پاشان مونتاژ، دەنگدانان و چاککردنی ڕەنگ
و بەشەکانی دیکەش ئەنجام بدەین و لە دەرئەنجامدا فیلمەکە ئامادەی نمایش
بوو.

گوتیشی: ناوەندیی سینەمایی فاڕابی لە قۆناغی پێش بەرهەمهێنان تاکوو ئێستا، دڵسۆزانە
هاوڕێیەتی ئێمەی کردووە. باسی من تەنیا پشتیوانی ئابووریی نییە.
بەرپرسانی ناوەندیی سینەمایی فاڕابی برایانە هاوکارییان کردین و
سەلماندیان کە بە شوێن بەرهەمهێنانی فیلمی پڕبایخ و فەرهەنگییەوەن. لە
کاتی سازکردنی فیلمی سینەمایی “خەونی سۆهراب” ئێمەیان هاندا و هەستمان
دەکرد یارمەتیدەرێک لە پشت ئەم جۆرە سینەماوەیە. هیوادارم کاربەدەستانی
هۆڵە سینەماییەکانی ئێران و هەروەها بەرپرسانی فێستیڤاڵە ناوخۆییەکانیش،
فیلمە فەرهەنگییەکان بە هەند وەربگرن، چونکە ئێمە دەبێت بینەر پەروەردە
بکەین.

“سۆهراب سپێهری” لە ئاسمانی ئەدەبیاتی ئێراندا پێگەیەکی تایبەت بە خۆی
هەیە کە بەشێکی بۆ سازکردنی وێنە و شێوازیی گێڕانەوەی ئەو و بەشێکیشی بۆ
چۆنییەتی گێڕانەوەی نزیکانە و زمانی نەرم و پاکی ئەو دەگەڕێتەوە. ئەو
بەرهەمانەی کە بۆ سەر زمانە جۆراوجۆرەکان وەرگێڕدراوە و تایبەتمەندییەکی
کاریگەریی هەیە و ڕووبەڕووی پەیوەندییەکی جیهانی بۆتەوە.

کەشفە شاعیرانەکەی “سۆهراب سپێهری” لە شێوەکارییشدا خۆی دەرخستووە و
ئەویی بە کەسایەتییەکەی خاوەن شێوازێکی جیاواز نیشانداوە، بە جۆرێک کە
ئەمڕۆکە، بێجگە لەوەی کە لایەنی شاعیریی سۆهراب پێگەیەکی مومتازیی
پێبەخشیوە، بەرهەمە شێوەکارییەکانی ئەو هەروەها تایبەتە و ناویی ئەم
هونەرمەندەی لە ڕیزبەندی نرخی شێوەکاریی مودڕێنی ئێران لە هەڕاجە
هونەرییەکاندا تۆمار کردووە.

عەشق بە ڕیشە شوناسەکان لە تەنیشت جووڵان بەرەو ڕوانینی مۆدێڕن،
نهێنییەکە کە بۆتە هۆی هۆگرانی زۆریی سۆهراب لە نێوان جیلی نێودا و
هەروەها بەرەو هەڵکشاندایە.

بەرهەمهێنانی فیلمێک سەبارەت بە “سۆهراب سپێهری” لە سینەمایەک کە کەمتر
گرینگی بە خەزێنەی شیعر و ئەدەبی خۆیداوە، ڕووداوێکی دڵخۆشکەرە کە
دەتوانێت دەلاقەیەکی نوێی لە پەیوەندیی لەگەڵ جیلی نوێدا لەگەڵ سینەما
بکاتەوە.

ئەکتەرەکانی فیلمی سینەمایی “خەونی سۆهراب” بریتین لە: “مێهدی سوڵتانی”،
“بەهارە کیان ئەفشار”، “لالە ئەسکەندەری”، “تەرڵان پەروانە”، “مینا
جەعفەرزادە”، “حوسێن محەمەدیان”، “فرووغ ئەمجەدی”، “ئەبوالفەزل میری”،
“غەزالە ئەکرەمی”، “داوود خەلیلی”، “حەسەن عەلیڕەزایی”، “موڕتەزا
موڕتەزایی”، “شادی عەزیزی”، “مێهرداد داوەری”، “فاتمە کەرەمپوور”،
“عیرفان پەری ڕوخ”، “دونیا ڕووحی” و “ئەمیریاسان مودەبێرنیا”.