کوردایەتی چییە – 2 – … کاوە جەلال

بەشی دووەم
1
کاتێک ئێمە ئەمڕۆ لە داکەوتی کوردەکانی ئێراق ورددەبینەوە، بەرهەمەکانی کوردایەتی لە گشت بوارەکانی ژیانی جڤاکی و کولتووری و زانستیدا دەبینین، لێ “نزیکەی پێکڕا” نیوەناچڵ، رواڵەتی، سادە، تەمەڵ، دەمەوەر و هتد پەرش بوونەتەوە، بەمەش ئێمە بەڕوونی دەبینین کە کوردایەتی هیچی دیکە نەبووە جگە لە درێژەپێدانی ڕاهاتوویەکانی ژیانی سوننەتی، کەواتە هیچ ئەفراندنێکی لە خۆ نەگرتووە (وەک بۆ نموونە یونیفۆرمی گەریلا کە تەنانەت مایەی سووڕمانی ئیندوستریی پۆشاکە!)، هەرگیز ڕەچاوی بەرجەستبوونی ئاگایی ستوونیی نەکردووە (وەک بۆ نموونە لای گەریلا و شەڕڤان کە بەنێو جیهاندا “هەڵوەستاوە”). نەخێر کوردایەتی بەگشتی بریتی بووە لە یاخیبوونی تووڕەی پیاوی بەدەسەڵاتی گوند و خوێندەواری شار، کە پاشان خودی ئەو توڕەبوونە خێرا کردوونی بە دەستکەلای ئەم یان ئەو دەوڵەت، بە عەمیل، لێرەشدا ئاشکرایە کەرەسەی کوردایەتییەکەیان گەنجان و گوندییەکان بوون، ئەوە بێگومان بە دایکان و باوکانی جەرگ سووتاوەوە (1). لەم ڕوانگەیەوە کوردایەتی هەڵقوڵاوێکی ئاگامەند نییە کە دەرک بە زەروورەی پتەوکردنی توانستە خۆییەکان بکات، بەڵکو دەرهاویشتەی هەستی کەمبەهایی کوردییە بەرانبەر دەسەڵاتدارانی ئارەب و داواکارییە بۆ ئەوە کە ئارەبەکان کورد بناسێنن، لێ لەبەر ئەوەی وەک گۆتمان هەڵقوڵاوێکی ئاگامەندی نەتەوەیی نییە، ئەوا داواکارییەکەی بۆ ناساندنی گەل لە کرۆکەوە بریتی بووە لە داواکاری بۆ ناساندنی دەسەڵاتی سوننەتییانەی نوێنەرەکانی. بەمەش کوردایەتی وەک دەرهاویشتەی کەسانی حسسی، پڕ هەست و سۆز، کە بێگومان خوێندەوارەکانیشی تەنیوە، مایەی نەهامەتی و تەنانەت کارەسات (هەڵەبجە و ئەنفال) بووە بۆ کوردەکان. ئاخر ئەوە فاکتە، کە کوردەکان لە سەردەمی شانشینییەوە دەرفەتی خوێندنیان بە زمانی دایک و چالاکیی کولتوورییان هەبووە، پۆستەکانی دەوڵەت بۆیان ئاوەڵا بوون، ئەوجا ساڵی 1958 بەفەرمی وەک گەل ناسێنران، لێ کوردەکان، یان ڕوونتر ببێژین، نوێنەرانی کوردایەتی، نەیاندەزانی یان نەیاندەتوانی مامەڵەیەکی ئاوەزمەندانە لەتەک ئەو داکەوتە لەبارەدا بکەن. لەم پەیوەندییەدا ئەوە لاوەکییە، کە یاخیبوونی چینایەتییانەی ئاغاکان لە بڕیاری ڕیفۆرمی کشتیاری کە حکومەتی قاسم دەریکرد، بوو بەهۆی تێکەوتنی کوردەکان، ئەویش چونکە مەلا مستەفا بەپیر یاخیبوونی ئاغاکانەوە چوو و بەو هۆیەشەوە “پارتی”ی ڕاکێشایە نێو شەڕەوە. ئەم لایەنە بۆیە لاوەکییە، چونکە تەنیا ڕووی میکانیکیانەی ڕووداوەکانە. ئێمە گەرەکە لە هەناوی سوننەگەریی ئیسلامییانەی کوردایەتیدا بۆ کێشەکە بگەڕێین، چونکە ئەو سوننەگەرییە تەنیا پێی کراوە بە پێشنموونە کاربکات یان بیداتەوە بەبێ ئەوەی کەمترین پرسیار لەبارەی ئەو پێشنموونە بەکارهێنراوە بکات (گومانی تێدا نییە کە هەروەها حیزبی شیۆعی هەمان دنیابینیی هەبوو). کەواتە حسسییەتی شۆڕەسوارانی کوردایەتی و پێشنموونەی سوننەگەرییان هۆکارن بۆ ئەوە کە کوردایەتی لە سەرەنجامدا وەک گێرەشێوێن لە شاخەکان بەرجەستە ببێت و سەرجەم پەیوەندییەکان لە گوند و شار بشێوێنێت، ئەوە تەنیا بۆ خاتری ئەوەی شێخزادانی دەسەڵاتخواز، سەرۆکخێڵان و نەوەکانیان بە یاریدەی خۆژێرخستووانی شارنشین لە دەسەڵاتی ناوەندیدا بەشداری بکەن، هاوکات هەر یەکە لە ناوچەی خۆیدا درێژە بە دەسەڵاتی دێرینی سوننەتیانەی بدات، بەو ڕێیەشەوە شارنشینان بە خۆیەوە پابەندتر بکات، کە ئاشکرایە بۆ ئەو مەبەستە خوێندەواری شارنشینی هەبوو و ئامادە بوون وەک خزمەتکار بەرپرسیاریی بوارە بەڕێوەبەرییەکان و فێرکاری، تەندروستی و هتد وەربگرن. ئەم داکەوتە بێگومان تەنیا ڕووە خێڵەکی-گوندییەکەی کوردایەتی ناگرێتەوە، بەڵکو هەروەها ڕووە مۆدێرنیزەکراو-شارنشینییەکەشی، لەم بەدپەیوەندییەشدا ئاشکرایە کە بەرپرسیاریی سەرەکی دەکەوێتە ئەستۆی ئەمیان، چونکە ئەم زیاتر دەرفەتی بۆ ڕەخسا شار بخاتە خزمەتی مێنتالێتیی گوندییەوە، بەڵێ ئەم سەرباری هەموو پرۆسەکانی مۆدێرنیزەکردن خێڵەکێتیی هێنایە نێو هەناوی دەمەزراوە دەوڵەتییەکانەوە – بە زانکۆکانیشەوە.
کەواتە کوردایەتی بە چەند شێوەیەک بەرجەستە دەبێت، واتا: کوردایەتی لای خەڵكی سۆزمەند و سادەی کۆمەڵ کە دژی چەوسانەوەن، یان دەسەڵاتی بێگانە بەسەر خۆیان و وڵاتیاندا ناخوازن و لەدژی خەبات دەکەن؛ ئەوجا کوردایەتیی سەرۆکهۆز و شێخەکانی تەریقەت و ئاغایان، لە کۆتایشدا کوردایەتیی خوێندەوارانی سوننەگەرا کە خۆیان لەنێو هەردوو تەوەرەی ناوبراودا دەبیننەوە، لێ سەرەڕای ئەوە پێویستە بەجیا ڕوویان تێبکەین، چونکە ئەوان لە ژێرخستنی شارنشیناندا دەستکەلای خێڵەکییەکان بوون.

2
شارنشینانی سۆزمەند و ناخهەژاوی سادە، ساویلکە و کەم یان زۆر دڵسافی کۆمەڵ، لێ هەروەها تا ڕادەیەکی کەمتر گوندنشینان (گەرچی ئەمان وەک لەخۆگری پێشمەرگە رۆڵیان گەورەتر بوو)، هەردەم کەرەسەی مەبەستەکانی کوردایەتی بوون بەبێ ئەوەی بزانن کە تەنیا بۆ خاتری هێشتنەوەی دەسەڵاتی ستەمکارانی کورد بەگەڕخراون، یان پەیوەند بە گوندییەکانەوە ڕاستەوخۆ ژێرخراوی کوردایەتی بوون، چونکە دەسەڵاتگەرایانی سوننەتی خۆیان و پێشمەرگەکانیان “بەزۆر لەسەر ورگی ئەوان دامەزراندبوو”، لێ ئەو کەرەسەیە لە هەردوو ڕووەوە بەسەختی هەقی سەرکەشیەکانی ئەوانیان داوە، جا ئەوە بە تیاچوون یان هەژارکەوتن یان وێرانبوونی گوندەکانیان بووبێت، یان لە کۆتاییدا خۆیان بە ناکامیی دەروونی و ڕەشبینی گەیشتبن، دوای ئەوەی بۆیان دەردەکەوت کە فریودراون و خودی کوردایەتیش تەنیا شێوەیەکی دیکەی ستەمکارییە.
لێ لەبەر ئەوەی سیاسەت کرداری ئاوەزمەندانەیە، ئەوا ئەم کوردایەتییەی خەڵکانی سۆزمەند و سادەی وڵاتخواز زیانی نەک تەنیا بە ئەوان خۆیان، بەڵکو هاوکات بە دۆزی کورد گەیاندووە، چونکە ئەمان کە دەستوێژی بەگەڕخراوی کوردایەتی بوون، بە ژیانی خۆیان تەنیا خەباتیان بۆ هێشتنەوەی دەسەڵاتی سوننەتییانەی خێڵەکییەکان و شارنشینانی ملکەچیان کردووە، کە پێکڕا ستەمکار بوون. لەم ڕوانگەیەوە کوردایەتی بریتی نەبووە لە بزاوتی دەوڵەتگەرای ڕزگاریخوازی، بەڵکو ئامانجە سەرەکییەکەی ئەوە بووە کە پەیوەندییە خێڵەکییەکانی دەسەڵات گەر نەشێت بەهێزتر بکرێن، ئەوا هیچ نەبێت وەک خۆ بهێڵرێنەوە.

3
یاخیبوون و پەتپەتێنی سەرۆکهۆز و ئاغایان و کوڕە شێخەکان بەتەواوی ڕووی کارای کوردایەتین کە بێگومان وەک یەک سیاسەتیان نەکردووە، چونکە زەمینەکانی دەسەڵاتیان کەم یان زۆر جیاوازن لە یەکدی، جا گەرچی پێکڕا لە هێشتنەوەی پەیوەندیی سوننەتییانەی سەروەری-ژێروەریدا یەکدەگرنەوە.
سەرۆکهۆزەکان ڕەوایەتیی دەسەڵات لە پەیوەندیی مێژووییانەی خوێنەوە بەدەستدەهێنن. ئەوان لە بنەڕەتدا بەرپرسیارن لە هەر ئەندامێکی هۆز یان تیرە، یان هۆز و تیرە بە هاوکاریی سەرۆک تیرەکانیان. لەنێو ئەم بونیادە کۆمەڵایەتییەدا “ئەندام / لک”ی چالاک بۆ خاتری “سەرجەم”ێتیی هۆز لەگۆڕێیە و بڕی “دیدی ڕۆشن”ی هەر ئەندامێکیش تا سەرسنووری پەیوەندییەکانی هۆز و ناوچەکەی بڕدەکات، واتا لەو سنوورە بۆ دەرەوە ئاسۆی دید و ئاگاییان “لێڵ”ە، ئەوە بێگومان لەو کاتەشدا کە هەڵپەی دەسەڵاتی زیاتر دیدیان ئاڕاستەی پەیوەندییەکانی سەرجەم گرووپی ئێتنی دەکات. کەواتە هۆز و تیرە کە توانای بەگەل-بوونیان نییە، هاوکات بەربەستی سەختن لە بەردەم بەگەل-بووندا. ئاخر بەگەلکردن ئەکتێکی شارییە بەهێزی چەکی (شمشێر یان تفەنگی) ئاڕاستەدراو ڕووەو سەرجەم پەیوەندییەکانی گوندی خێڵەکی، نەک بە پێچەوانەوە، واتا خێڵەکێتیی چالاکبووی سیاسی تەنیا پێی دەکرێت پەرە بە مێنتالێتی و بونیادی کۆمەڵایەتیی خۆی بدات، لێرەشدا لەبەر ئەوەی داکەوتییانە بەندە بە قەوارە هۆزی دیکەی مێژوویی-کۆمەڵایەتییەوە و هاوشێوەی خۆیین، ئەوا تەنیا پێی دەکرێت کۆمەڵگەی فرەخێل ی مۆزایکی (کۆنگلۆمێراتی گەلەکی) پێکبهێنێت کە ئاشکرایە لەبەر ئەوەی پێکهێنراوی خۆیەتی، ئەوا وەک سەروەر بەسەر شاریشەوە دەیسەپێنێت. ئاخر وەک گۆتمان، شار وەک خزمەتکاری خۆی دەبینێت.
زەمینەی دەسەڵاتی ئاغاکان بەتەواوی بریتییە لە خاوەنداریی زەوی، ئەوە بێگومان بە شوێنی گوزەرانی دانیشتوانی گوندەکانیانەوە. بۆیە بەتایبەتی بەرژەوەندیی ئابووری وای لە ئاغاکان کردووە کە ببن بە هاوکاری دەسەڵاتی ناوەندی. ئاخر کێشەی سەرەکیی ئەوان بریتی بووە لە “پاراستنی ماڵ و سامانی خۆیان”، بۆیە ئامادە نەبوون بۆ خاتری کوردایەتی بەوێرانکردنی بدەن. بە پێچەوانەوە ئاغاکان بەهۆی ناهاوسەنگیی هێزەوە لە نێوان حکومەتەکان و یاخیبوونەکانی کوردایەتیدا هەڵوێستێکی ڕیالیستییان وەرگرتووە و بوون بە پشتیوانی حکومەتەکان، لێ هەمان ڕیالیزم پاڵی بە هەندێکیانەوە ناوە کە لەژێرەوە بۆ خاتری بەرژەوەندییان پەیوەندییەک لەتەک شۆڕەسوارانی کوردایەتیدا دابمەزرێنن، بۆ نموونە چاوپۆشی لە چەکدارانیان بکەن گەر هاتبێتن بۆ ناوچەکانیان، یان کەمێک کۆمەکی ئابووری و هتد.
لێ دەسەڵاتی شێخەکان بە پێچەوانەی ئاغاکان و تەنانەت سەرۆکهۆزەکانەوە زەمینەیەکی ڕەوانیی هەیە و دەگەڕێتەوە بۆ تەسەوف بەگشتی و تەسەوفی ئیسلامی بەتایبەتی (یان تێکهەڵکێشبوونی هەردووکیان کە بەتایبەتی لای شێخایەتیی بەرماڵ دەیبینین و شێخەکانی گەلێک سۆفیترن لە ئەوانەی تەریقەت، بۆیە دەسەڵاتخواز نین).
کەواتە ئێمە گەرەکە هەروەها لە ڕووی سۆسیالەوە جیاوازی لە نێوان شێخەکاندا بکەین، چونکە وەک گۆتمان هەموویان داواکارییان بۆ دەسەڵات بەرزنەکردۆتەوە، بەڵکو زۆرینەیان هاوشێوەی خەڵکی هەژاری “ئۆمی” ڕەنجبەر بوون، بەڵێ تەنانەت خانەوادەی هەژار بوون و گەر نەوەکانیان هاتبێتنە نێو کوردایەتییەوە، ئەوا سەر بە چالاکبووانی سۆزمەند و لەخۆبوردووی کوردایەتی بوون.

لێ ئێمە گەرەکە هاوکات لەنێو شێخەکانی تەریقەت و نەوەکانیشاندا جیاوازی بکەن، چونکە لەنێو ئەوانیشدا لە ڕەوتی شارنشینبوون و تەشەنەی دامەزراوەی دەوڵەتیدا چەندین نەوە هەڵکەوتوون کە ئاگایی شارنشینییان، بەڵێ تەنانەت ئاگایی بەشاریبوونیان، وای لێکردوون بەشانازییەوە ڕەفتار و لەقەبی “شێخ” ڕەتبکەنەوە، هاوکات ڕێزمەندانە ناوی باوکی خۆیان هەڵبگرن و ناوببەن، بەمەش وەک خەباتگێڕی شارنشین یان شاری چالاک ببن.
کەواتە کاتێک لە شێخەکان دەدوێین، دەبێت مەبەستمان لە کەمینە هەر بچووکە دەسەڵاتخوازەکەی شێخایەتیی تەریقەت بێت. جگە لەوە بۆ ئەم پەیوەندییەی ئێرە کە پرسەکانی کوردایەتییە، پەیوەندییەکانی دەسەڵات لەنێو ئەو قەوارە بچووکەی شێخایەتیدا گرنگن، واتا بوونی ئەو پەیوەندییە تاکڕەوییانە بە مەدرەسەی سیاسەتکردن لای نەوەکانیان کە لەنێو کوردایەتیدا پێگەی دیاریان تەنانەت لە شێوەی سەرۆکایەتی یان سکرتێری پارتدا پچڕیوە، ئەوجا لە سەرەنجامدا دەسەڵاتی دێسپۆتییان بەسەر شار و گونددا زیتکردۆتەوە. ئاخر ئەوان لە زایینەوە لەنێو ئەو پەیوەندییە سەروەری-ژێروەرییانەی شێخایەتیدا سۆسیالیزەکراون (بەکەسکراون)، کەواتە تەنانەت لە کاتەکانی بانگەشەی لێنینیزم و ماویزم و سۆسیالیزم و هتد-دا هێشتا هەر لە شێوەکانی کاری سیاسی و شەڕی مۆدێرنیزەکراویاندا پەیوەندییەکانی شێخ-موریدیان بۆ پەیوەندیی پارتایەتی تەرجومە کردووە و دەکەن. ئاخر لێنینیزم یان ماویزم لە بنەڕەتەوە مۆدێرنێتیی کەس زەروور دەکەن کە بە هەڵوەشاندنەوە و لەکارخستنی کەسێتیی سۆسیۆ-کولتووریانەی خۆ و بنیاتنانی کەسێتییەکی نوێی لێنینیستی یان ماویستی دەهێنرێتە گۆڕێ (ئێمە بۆ ئەم گۆڕانە نموونەی کوردیمان هەیە کە هێنانەگۆڕێی کەسێتیی ئاپۆجییە لە کەسێتییە گوندی یان شانشینییە کوردییەکەی نێو تورکیاوە، ئەمەش بەڵگەیەکە کە تێروانینەکەمان دانەوەی سوننەگەرییانەی گۆڕانەکانی خۆرئاوا نییە).

لە بنەڕەتدا هەر سێ تەوەری ناوبراوی کوردایەتی لە ئامانجێکی کرۆکیدا یەکدەگرنەوە کە درێژەدانە بە دەسەڵاتی خێڵەکی-گوندی یان دانانی وەک بنەڕەتی دەسەڵاتی خێڵەکی-شارنشینی، جا گەرچی گەرەکە لەم پەیوەندییەدا تا ڕادەیەک کارایی ئاغاکان لەبەر ئەو هۆ ناوبراوانەی سەرەوە وەک لاوەکی وەربگرین. بە هەر حاڵ، نوێنەرانی کوردایەتی بۆ خاتری دەسەڵاتی سوننەتییان ڕێگەی ئەوپەڕی دڕندانەیان گرتە بەر کە دەتوانین ناوی بنێین “شەڕکردنی لەڕادەبەدەر یاخی”. بە پوختی مەبەستمان لەم تێگەیە ئەوەیە کە ئەوان بەلایانەوە ئاسایی بوو و تا ئەمڕۆ ئاساییە لەدژی ئێراق بچنە خزمەتی ئامانجە سیاسەتییەکانی دەوڵەتانی دراوسێی ئێراقەوە، بەڵی تەنانەت بییانهێننە نێو ئەو دەوڵەتەوە کە ئەوان خۆیان هاوڵاتی ئەون، بەوەش هەموو بەهانەیەک بە دەسەڵاتە ناوەندییەکانی ئێراق بدەن بۆ ئەوەی شێتگیرانەتر شەڕی ناسیۆنالیستانەی خۆیان لەدژی کورد پراکتیزەبکەن، بەڵێ تەڕ و وشکی کوردستان بسووتێنن و تەنانەت شار و گوندی بە چەکی کیمیایی لەناوبەرن. بەکورتی یاخیبووانی دەسەڵاتخوازی کورد ئامادە بوون بۆ خاتری مەرامەکانیان هەر تاکێکی کورد بکەن بە قوربانی، بەوەش خۆیان ئەرگومێنت بە سیاسەتی نێودەوڵەتیی وڵاتان بدەن ئەو جۆرە تاوانانەی حکومەتە ناوەندییەکانی ئێراق ئیهمال بکەن، چونکە ئاگایی دەوڵەتداریی دەوڵەتان بەڕێزەوە هەیبەتی دەوڵەت دەنرخێنێت، بە پێچەوانەشەوە پێشڕەویکردن بۆ سوپای بێگانان لەنێو وڵاتی خۆدا بە نیشانەی ئەوپەڕی سوکایەتی و بێکەرامەتی دادەنێت و ڕێبەرەکانیشی بەئاشکرا ناودەنێت “قەحبە”!

ماویەتی ….

(1) بێگومان پێویستە بەلاوەکی ئاماژە بۆ سەربازی فیرار و شەللاتییەکان، بۆ کوڕانی تۆراو لە باوکی خۆ یان بۆ گەنجانی موغامیر بدەین کە حەزیان لە جەولەی نێو شاخەکان و گۆڵمز و حیلکە حیلکی برادەریانە بوو، لێ رۆلیان بەڕاستی لە کوردایەتیدا لاوازە. لە بنەڕەتدا مۆتۆڕی ڕاستەقینەی کوردایەتی خەڵکی / گەنجی وڵاتپارێز و گەلخوازی سادە یان سۆزمەند بوون نەک ئەو ناوبراوانە، بۆیە گەرەکە لە پەراوێزدا ناوببرێن. بێگومان پێویستە بەجیا و تایبەت ڕەچاوی شەقاوەکان لەنێو هەردوو لایەنی مەلایی و جەلالیدا، بەڵێ تەنانەت لە سەرکردایەتیی “کۆمەڵە”دا بکەین، چونکە ئەمان بەڕاستی بەهۆی جەبانێتیی کەسێتییانەوە رۆڵی یەکجار نێگەتیڤیان گێڕاوە و ئەمڕۆش دەگێڕن.




لەژێر هێڵی هەژاری هۆشمەندی دا … نیگار نادر

سیاسەت و پرۆسەی وه‌به‌رهێنانی مرۆیی ، لە بونیادنانی دامه‌زراوه‌ی په‌روه‌رده‌یی و فێرکاریدا، خۆی ده‌بینێته‌وه، به‌مه‌به‌ستی هەبوونی سیاسەتی ئاماده‌سازی گه‌نجان، له‌ رووی زانیاری و ئاکارییه‌وه،‌ له‌ گشت بواره‌کانی، زانستی و کۆمه‌ڵایه‌تی و یاسایی دا بەئامانجی نەتەوەسازی و تاکی هۆشمەند، بەڵام بەداخەوە له‌ هەرێمی کوردستاندا ئەو سیاسەتە هیج بناغەیەکی بۆ ڕۆنەنراوە و بەڵکو تائیستاش بابەتێکی پشتگوێ خراوە، ئەوەش کرۆکی سەرەکی کۆی تەنگەژەو کێشەکانی وڵاتسازیە، بەتایبەتی بۆ ژنان کە هەم وەک دایک، هەم وەک بەرپرسیارو بەشداری سەرەکی، لە کۆی دیاردەو دەرهاویشتەکانی کۆمەڵگەی کوردی دا پێکهێنەرن.
کەوتنە ژێر هێڵی هەژاری” لێرەدا، تەنها بەمانا ئابووریەکەی نییە و، مەبەست لە بژێوی نییە، بەڵکو مەبەست لە کۆی ئەو هێڵە هەژاریانەیە کە رێگە لە پێشکەوتنی دەگرن و مرۆڤ لە ڕووی هۆشمەندیەوە دەکەوێتە ژێریان ، هەرێمی کوردستان کە تژی یە لە جۆرەها دژبەیەکی وتەنگژەی سیاسی و، ئابووری و کۆمەڵایەتی ، لەبەرئەوە زۆربەی بابەت و پرسەکان، دەکەونە ژێر هێڵی هەژاری هۆشمەندیەوە.

لەراستیدا نکۆڵی لەوە ناکرێ، کە کۆمەڵگەی کوردی، بەر لە بیست ساڵ، کۆمەڵگەیەکی لاچەپەک و، تژی لە جۆرەها چەپێنراوی بووە ، دۆخی ژنان لەو کۆمەڵگەیەدا، پر بوو لە ئاستنەگ و، بەربەستی کۆمەڵایەتی ، یاسایی، ئاینی و ئابووری ، بەلام لەگەڵ هاتنی تەوژمی، نیولیبرالیزمی ئابووری و بەبازاڕ بوون ، کۆی پێوەرو ئاستنەگ و بەربەستەکان گۆڕدران و، بەشێوازێکی مەترسیدار و کتوپڕ، دۆخی ژنانیان وەرگێڕاوە بۆ بەرخۆری و، بە کاڵابوونێکی تەنها مادی نا، بەڵکو مەعریفیش.

دیارترین دەرهاویشتەکانی ئەم بەبازاڕبوونەش، لە بەكاڵابوونی هۆشیاری دا دەردەکەوێت، وەکو پرۆسەکانی هاندان بۆ پیشەنگ بوونی ساختە ، هەوەسی بوون بە سەرکردە، بەدەستهێنانی بڕوانامەی بەرزی ئەکادیمی ، بوون بە هونەرمەندو ئەستێرەی ناسراو، هاوتەریب لەگەڵ شەپۆلی پۆرنۆئەدگاری، لە ئاکارو لە ڕەفتاردا، لەوسۆنگەیەشەوە تێکڕای ئەو پەروەردەو دیاردانە، زەبری کوشندەی لە هۆشیاری هێزو هزری ژنان داوە.

ئەوڕۆ لە کوردستان، یەک لە ڕووەکانی، کەوتنە ژێر هێڵی هەژاری هۆشمەندی و نەبوونی سیاسەتی وەبەرهەمهێنانی مرۆیی،سەرهەڵدانی ئەو لەشکرە ژنە (رۆشەنبیر هەژارانەن)، کە بە ناو و شێوازی جیاواز، لە پێگەو پڕۆگرام و پۆستی سیاسی و، مێدیایی و رۆشەنبیری و ئەکادیمی دا، بەنوێنەرایەتی تەواوی ژنی کورد گوتار بڵاودەکەنەوە و، دەهێنرێنە سەر شاشەی تیڤیەکان ، دەبنە نمایشکەری هەرێم لە وڵاتان ، لە سیلکی دیپلۆماتی دان ، بە ئەکادیمیست و ڕاوێژکار دەناسێردرێن.
بەڵام بە پێچەوانەی ئەو پێناسانە، زۆربەیان لەژێر هێڵی هەژاری رۆشەنبیری دا، قەتیس ماون، هەڵگری چەندین تایتڵی ئەکادیمی و سیاسین، بەڵام لە ئاست پێورە زانستی و ستانداردەکانی جیهان کورت دەهێنن ، پێشگری ناوی هەمەجۆریان هەیە، بەڵام لە بەر هەژاربوونی هۆشمەندی و جیهانبینی ژنانەیان ، پیاو ڕەفتار، پیاو گوفتار هەڵسوکەوت دەکەن .
ئەگەر ورد سەرنج بدەین، لە دەساڵی ڕابردوودی کوردستاندا، ژنان ڕواڵەتیان زۆر مۆدێرن بووە ، لە ڕووی ئازادی کارکردن، بەرەوپێشچوونێكی بەرچاو هاتۆتە كایەوە، لە ڕووی سیاسیەوە، چوونەتە ناو زۆربەی جومگەكانی حوکمڕانی و، پێگەی گرنگ گرنگیان پێسپێردراوە، تا ئاستی سەرۆکایەتی کردن،بەڵام بەداخەوە لەناوەرۆکدا، نەیانتوانیوە نە هێز نە هزر ، نە جێ پەنجەیان دیاریبکەن و بەدیدێکی ژنانە، مودێلێکی نوێی خۆکردی ژن لە باشوور، لەناو سیاسەت و کۆمەڵگا و رۆشەنبیری دا دابهێنن .

کەوتنە ژێر هێڵێکی تری هەژاری هۆشمەندی، کە زۆر بێزەوەرە ئەویش ناوزەدکردنی ژنانە بە کاڵایەکانی وەکو ترۆمبێلی گرانبەها ، مۆبایل و سیتی ، گەرەک ، هوتێل ، قوماش، جۆرەها بابەت و کاڵای ناجیزەتر ، لەهەمانکاتدا شانازیکردنی ئەو ژنانەشە بەو ناوبانگانەی کە لە ئامێرەکانەوە سەرچاوەیان گرتووە کردونیەتە ئایکۆن و ئەستێرەی ناسراو ،ئاشکرایە لە هەر کۆمەڵگایەکدا، کاتێک دەبەنگی ریکۆرد دەشکێنێ و، هەڵفریواندنی گشتی دەگاتە لوتکە، ئەوکات، جۆرەها کەس و بابەتی پووچ، دەبن بە ئایکۆنی مەزن و جیهانی ، لە کۆمەڵگە دواکەوتووەکانیش دا،بە جۆرەها زڕە ئایکۆن کۆپیان دەکەنەوە .
ئەوەی ڕاستییە، کۆمەڵگەی کوردی ، کۆمەڵگەیەکی تازەپێداکەوتەیە، لە درزێکی بچوکەوە، هەڵڕژاوەتە ناو جیهانێکی مادی و ئەو سەرمایەداری و کەپیتالیستە تینویەی، بێڕەحمانە مرۆڤ دەهاڕێ، بۆ بەدەستهێنانی قازانجەکانی، بەتایبەتیش ژنان .
دەرئەنجامیش ئەو بەكاڵابوونە بلەزەی ئەو جۆرە ژنانەی ، سۆشیال مێدیا زۆر بە خێرایی، زۆر بەکاڵوکرچی کردونیەتە، ئەستێرە و خاوەن ناوبانگ ، بە ملێۆنان فۆلەوەرو لایک و ناوبانگی دیجیتاڵیان هەیە، وەک بوکەڵەیەکی دیجیتاڵی لە قەیرانی هۆشمەندی دا دەسوڕێنەوەو دەکرێنە سەرچاوەی بازرگانی کردن بە مرۆڤ.
بۆ تێڕامان لەو پرسە پێویستە، سەرنج لە ستراکتۆرو سروشتی کۆمەڵایەتی و، سایکۆلۆژی کۆمەڵگەی کوردی بدەین، ئنجا دەبینین چ تێکەڵەو تێکچڕژانێکی مادی ، مۆڕاڵی ، بەهایی ، بەناوی پێشکەوتن و کرانەوە، بەناوی هونەر ، مێدیای ئازادو ، بازرگانی ئازادەوە، لە کوردستان دروستبوون ، لەهەمانکاتدا بە پێچەوانەشەوە، کۆمەڵگا تژیە لە چەپاندن و، نەبوون و پەراوێزخستنی، پێگە و دەنگی ژنانی، بەتوانا و شارەزا لە هەر یەک لە بوارەکانی ژیان دا.
هەر لێرە دا، دەبێت لەسەر ڕاستیەک، هەڵوێستە بکەین، ئەویش ئەوەیە، هەتا ئێستاش لە هەرێمدا ئەکادیمیایەک، گەلەرێیەکی شایستە نییە، هونەری تێدا بخوێنرێ و (ئارت) هونەری تێدا نمایش بکرێت!؟ لەبەر ئەوە، دەبێت بەسەرسوڕمانەوە، سەرنچ لەو هەموو ژنە (مێکاپ ئارتیستانە ) بدەین و، بزانین دروست لەکوێوە هەڵقوڵاون و، بەرهەمی چ جۆرە بازرگانیەکن ؟! هەروەها لێرە، نە پیشەسازی جلوبەرگ هەیە، نەبازرگانی جلوبەگ ، ئەی ئەو هەموو نمایشکارە و مۆدێلانە چۆن دەتوانن، ئەو ناوبانگانە لە خۆیان بنێن.
لەگۆشەنیگایەکی ترەوە ، ئەگەر بەراوردێکی نێوان ژیانی کۆمەڵایەتی ڕاستەقینە و ژیانی سۆشیال مێدیای کوردی بکەین، هەست بە دوفاقیەکی ترسێهنەر دەکەین ، چونکە کۆمەڵیک ژن بوون بە مۆدیل ، مایکاب ئارتست ، لایف دروستکەر ، بلۆگەر ، فاشیۆن دیزاینەر، ئەستێرەی میدیای بەناوبانگ ، هتد،،، زۆر ناوی سەیرو سەمەرەتر، کە تەواو ناکامڵ و دژەبەیەکن، لەگەڵ ئەو پیشانەدا،
چونکە نە بەڕاستی خاوەن پسپۆریەکن، لەو پیشە و بوارانەدا، نە دەرهاویشتەی سروشتی ژیانی ئەو کۆمەڵگەیەن، کە تێدا گەورەبوون و دەژین، بەڵکو زڕە کۆپیەکی بێزەوەری، ئەو ژنە ئایکۆنانەی کەنداو، یا رۆژئاوایانەن، كە بە مەبەستێکی بازرگانی و سەرنجڕاکێشانی ژنان بۆ خۆیان، وەک کاڵاو، هەروەها بۆ ئەو کاڵایانەی نمایشی دەکەن، هەڵتۆقیون و ژنیان کورتکردۆتەوە تەنها بۆ بازاڕ.
لەبەر ئەوە، هەتا وردتر ببینەوە، بە لەشکر ژنی( رۆشەنبیر هەژاری) تر دەبینن، کە بودجەیەکی زۆری ئەو وڵاتە دەبەن و، کەس ناشیانبینێت و ناشیانناسێت، بەشێکیان لەژێر تایتڵی ، داکۆکیکەر لە جێندەر، فێمێنیزم، بانگەشەی سکۆلارێکی سەربەخۆ دەکەن، لە ناو پۆستی کارتۆنی و رێکخراوەیی دا، بەشێکیان ئەو کلاسە لە بەناو ئەستێرەو هونەرمەندن ، بەشێکی تریان، پۆستی سەرۆکی هەستیارترین دەزگا دەکەن، لەناو دەزگا هەستیارەکاندا، مووچەی بەرز بەرزیان پێبەخشراوەو ، وەکو موشەخۆرێکێش زەبر لە هاتنە پێشەوەی ژنانی بە توانا دەدەن.
هەموو ئەو ژێر هیڵە هۆشیاریانەی ئاماژەمان پێدان، ژنانێکیان پەروەردە کردوە کە بە جۆرەها تایتڵ، لەناو نەخشەی ئابووری و سیاسی و کۆمەلایەتی و دەرکەوتوون، بەڵام تا ئێستا نەیانتوانیوە(حیزببەندی) و (کالابەندی) ، کە هاشێوەی( پارێزبەندی ) یاسایی، پێیان بەخشراوە، جیاواز لەو ئەجیندا مادی و سواوانە، لەو بەكاڵابوونە قێزەوەنە، نەیانتوانیوە کۆدەنگیەکی ژنانە دروستبکەن و، لەسەر کێشە سەردەمیەکانی ژن لە هەرێمدا گوتاری هۆشمەندی و ئاوەزمەندی خۆیان هەبێت، ئەگەر سەرنج لە گوتارەکانیان بدەیت، جۆرەها ڕەگی دووبەرەکی کومەڵایەتی، دژایەتیکردنی هەرێمی کوردستان، رەگەزپەرستی، پاشکۆیی دەبینیەوە .

هەروەها ئەوڕۆ، ڕوویەکی تری ترسێنەری، کەوتنە ژێر هێڵی هەژاری هۆشمەندی کەوتنە ژێر هیڵی هەژاری ژنبوونە ،ئەویش لە ڕێی بڵاوبوونەوەی شەپۆلی پۆرنۆئەدگاری و نەشتەرگەری جوانکاری، جوانکاری روخسارو جەستەیە، کە لەهەرێمی کوردستان، دەرهاویشتەی سەرسوڕهێنەری لێکەوتۆتەوە، هەروەها یەکە لە بازرگانییە ڕەشەکان و، هۆکاری سەرەکی تێکچوونی ئاسایشی تەندروستی وئاسایشی کۆمەلایەتی ژنانیشە.

ئەگەر وردتر سەرنج بدەی، جیاواز لە مۆدێل و فیگەرەکانی موزیک و هونەر ، ژن لەناو زۆربەی چینەکانی مامناوەند هەژارو و خیڵەکانیش دا، هەتا بگرە ئەو ژنانەی خودان پۆستی کۆمەلایەتی و سیاسی باڵاشن، بە ڕوخسارێکی شێواوی پفدراوی بۆتۆکسی و راکێشکراو ،نیمچە هەرزەییەوە دەردەکەون ، خەریکە روخسار شێواوی و پۆرۆنۆئەدگاری ژنان لە ڕێگەی جوانکاریەوە دەبێتە دیاردە و ستاندار، بۆ بەدەستهێنانی پێگەو پۆست و ناوبانگ و هەروەها ئەو پۆرنۆئەدگاریە بەهێزترین پێودانگە بۆ چوونە ناو سیاسەت و بازرگانی و ئەکادیمیاو کۆی ستراکتۆرەکانی کۆمەڵگە.
ڕووی لەوەش سەمەرەتری، کەوتنە ژێر هێڵی هەژاری ژنبوونەوە، رۆژئاوا ئەدگاریە، لە شێوەی دەرکەوتنی نەوەیەکە، لە کیژە گەنجەکان ، کە بە شێوەزارێکی نیمچە ئینگلیزی دەئاخفن و، رۆژئاوایانە دەهزرن و، بە ستایلێکی پرۆ رۆژئاوایی، رەفتاردەکەن !
ئەوان سەرەڕای روخسار شێواوی ، زمان شێواوی ،ئاکار شێواویشن، زۆربەی زۆریشیان، پەروەردەو دەرچووی زانکۆ و قوتابخانە، ئینگلیزی و بیانیەکانن، کە بەشێوەیەکی گشتگیر، لە سوشیال میدیادا، بەزمانی ئینگلیزیەکی هەندێک جار تیكەڵکراو بەکوردی، نوێنەرایەتی هزری ژنانی کۆمەڵگاو، ئاوەزمەندی ئەوڕۆی ژنانی کوردستان دەکەن .
ئەوانە، نائاگایانە دەر هاویشتەی ئەو کولتوورە ئەمەریکیەن، کە بیست ساڵێکە، بەسەر کوولتووری کوردی سەپێنراوە، بەتایبەت لە ڕێگەی خوێندن، لە زانکۆ ئەمەریکیەکان و، بەڕواڵەتیش، لەهەوڵی دەستگرتن بە کوولتووری کوردیەوەن ،بەلام لە بنەڕەتدا تەواو رۆژئاوا هزرن و لە کەسایەتیان دا، هەست بەو بۆشاییە گەورەیە دەکەی، کە لە نێوان ئەوان و نەوەی پێش خۆیاندا دروستبووە.

کۆی ئەو ئاماژانە دەرئەنجام و گەواهین بۆ هەبوونی کەلینێکی گەورەی وەبەرهەمهێنانی مرۆیی و سیاسەتی وڵاتسازی و گەندەڵی ، لەوانەش زۆر ترسەناکتر ئەوەیە ، کە کۆمەڵگا بەتەواوی بکەوێتە دەست مێدیا ، مێدیا نوێنەرایەتی هەموو ڕەهەندە مەعریفی و زانستی و ئیتیکیەکانی بکات ، میدیا رۆڵی هەموو دەزگایەکان بگێڕێت ، مێدیا لەبری دادگا ، تاقیگە وئەکادیمیایەکان بڕیاربدات، دروست وەک ئەوەی ئەوڕۆ لەکودستان ئەزموونی دەکەین، ئەگەر ورد سەرنجبدەین، لەو دونیایەدا زۆر بە دەگمەن دەبینین، کەسێک ناهێنرێتە سەر شاشەی تەلەفزێۆنێکی سەتەلایت، ئەگەر بە ستاندارە جیهانیەکان، پێوانە نەکرابێ و، بە ڕۆشەنبیر نەناسرابێ!

بەڵام بە پێچەوانەوە، لەو کۆمەڵگەیەدا، لەو زەلکاوی مێدیاو سوشیاڵ مێدیایەی ئەورۆدا، هەموو پێوەرەکان بەلاوە نراون، تەنها بەمەبەستی، پەیداکردنی بینەری زۆرتر و، لایک و شێری زیاتر ، رۆژانە دەبینین کەسانێک ، ژنانێک، کە لەترۆپکی هەژاری رۆشەنبیری دان، لە تیڤیەکاندا پیشاندەدرێن ، دواتر رێژەی ئەو هەموو بینەرە و، لایکانەی لەسەر ڤیدۆکانن ، وەک هاوبەش و هاوڕا دەژمێردرێن، هەروەها ئەو مێدیاو سۆشیال مێدیایانەی، سەدان جار پەخشیان دەکەنەوە، زۆر زیاتر کارەساتبارترن لە دیمەنەکان.

ئەوەی جێگای تاسانە ، هەرێمی کوردستان لە سی ساڵی ڕابروودا ، سیاسەتی فێرکردن خاڵی بووە لە سیاسەتی پەروەردە زۆر بە لاوەکی ئەژمارکراوە ، بەتایبەت بۆ ژنان هەم لەڕووی زانستی هەم لەڕووی هۆشیاریەوە لەژێر هێڵی هەژاری ستانداردەکانی جیهان دایە ، بەدەگمەن نەبێ قوتابیە کیژەکان بارگاویکراون بە بەكاڵابوونێکی گشتگیر بۆنموونە، بوون بەو هونەرمەند و ئەستیرانە یان کۆپیکردنەوەیان ، بڕوانامەی بەرز ، هەبوونی سامان و ناوبانگ، نەشتەرگەری جوانکاری ، شووکردن بە کەسانی ساماندار ، بەدەستهێنانی پۆست و پێگە.

ژ دووماهیەدا ئەوەی گوومانی تێدانیە ئەوەیە هەر کۆمەڵگەیەک، پرۆسەی وەبەرهێنانی مرۆیی، تێیدا شکستی هێنابێ، گەندەڵی و ڕوکەشکاری لەناویدا رەگیان داکوتابێ، ئەوا حەتمەن لە لایەن ژنانی هزر شێواو ، روخسار شێواو ، زمان شێواو ،ئاکار شێواوەوە نوێنەرایەتی دەکرێت، هەروەها كاتێک ئەو جۆرە ژنانەش نیوەو دایکی کۆمەڵگەکە بن ، ئەوا بەدڵنیایەوە، کۆمەڵگایەکی داماڵدراوە، لە ڕەسانەیەتی و کۆمەڵگەی هەوەس و هەرەسە و جگە لە هەوەس و هەرەس، زیاتر هیچی تری لێ چاوەڕێ ناکرێت و ژنەکانی هەمیشە لەژێر هێڵی هەژاری ژنبوون دا دەمێننەوە ، هەروەها ئەو کۆمەڵگەیە لە هەژارترین ئاستی ئاسایشی تەندروستی و کۆمەڵایەتی دا دەمێنێتەوە هەرگیز ناکارێ تاکیكی هۆشمەند پەروەردەبکات.

٢٠٢٠\٥\٢٠




کەرەنتین … نوسینی: کاوە عوسمان عومەر

ماڵێک، دڵێک، چرایەک،
ڤایرۆسی مرۆڤ، مرۆڤی ڤایرۆس، ژەهری..
پەنجەکان، سوتانی باڵی نەوسەر،
کوێربوونی ماسیەکان، خنکانی هەڵۆ

لە گەردونێکی بێهودەدا
هەموان کەرەنتین، بە تاریکی هاتن..
بە تاریکیش، ئەم شانۆ بێسەرو بەرە..
جێدێڵن، پەیامی ناڕۆشن،
دڵەکان کون، ئاسمانیش…
وەک ڕۆح، وەک وشەکان، بۆش
هەر چاوەڕوانن، دوور لە ڕێگای بینینەوە
پێش سوتانی زەمین، ڕاوکردنی سروشت، هەروەک..
مەرگی پڵنگ، خنکانی دارستان،
دانانی تەڵە بۆ هەوری یاخی
کەرەنتینی دڵ، کەرەنتینی حەز، کەرەنتینی..
نیشتمانێک، بەجێمان هێشت،
لەسەر لەپی ڕەشی ئافات

دڵۆپە بارانێک لە بونێکی سارد ،
ڕوخسارێک وەریو وەک سوتماک..
وەک ڤایرۆس ، لە جەستەی تەنیاییدایت ،
وەک ڤایرۆس، لە نەبوونا دێی، ئەشمێنی و..
ناشمێنی، مردن لە جەستەی هەردوکمانە..
وەک ڤایرۆسێکی نادیار، بەڵام زۆر ترسناک
خاکێک، وەک دوو لەتە سێو..
کراوەتە سەر خوانی دوو مەرگپۆش،
نەوت و کریستاڵی زەمین، خۆراکی ئەوان
ئێمەش وەک خەو، وەک ڕەشەبا
دێێن و ئەچین،لێئەگەڕێین، بێگوێدانە
ئازار، تا ڤایرۆس لاشەمان کەوڵ ئەکا
دوای مەرگ برسێتی کوا، گەڕان کوا

کەرەنتینی ماڵە چۆڵەکان، کەرەنتینی چۆلەکە بەستەزمانەکانی دوای جەنگ،
سواڵکەرەکانی ئەوشەقامانەش..
نەچووونەوە سەر تولەڕێی هیچ فیردەوسێ

پرسیارێک، لە گوڵی خۆڵەمێشی…
خۆشبەختی، لە وڵاتێک لە زەرنیخ
و هەنگوین، پرسیارێک دەربارەی..
بەدبەختی ئەو مردوانەش، هەم خاکیان، ..
هەم خوێنی زەمینیان لێدزرا.




ئافرەتیش ئەتوانێت … پارێزەر: مریەم عباس برادۆستی

لە جيهاندا ئێستا هەمووکێبرکێی سەرکەوتن دەکەن بۆ كاركردن یان گەیشتن، بەو خەونەی کە هەیانە، کە لە دونیای ئێستادا ئەمە بەتەنیا بۆ پیاو نەماوەتەوە، بەبەراورد لە گەڵ چەند ساڵی ڕابردوو، گەر سەرنج بدەین لە مێژوودا لەسەردەمانی زوو ئافرەت زیاتر لە بواری بازرگانی و خاوەنداریەتی و ئابوریدا کاری کردووە، بەڵام بەپێی قۆناغ ئافرەت ئەم توانایی لێ زەوت کراو پیاو خۆی بە خاوەنی بازرگانی و موڵکداری ئەزانی.ئافرەتیش دەبێت لە ماڵ بێت، بەڵام لە دونیای ئێستادا کە قوناغی پۆست مۆدێرنەیە دەبینن، ئافرەتیش لە کایەکانی سیاسی و ئابوری و بازرگانی و هەتا دوای نمونەی زیندوون لە سەرکەوتووی و بەرپرسیارەتی کە نمونەی زیندوو هەن لە ئێستای جیهاندا کە ئافرەت سەرکردە و خاوەن کار و بەرێوبەر و فەرماندەی هێزی چەکداری وڵاتەکانیانن،  لە ئێستادا ئافرەتیش دەلێت من دەتوانم ئیتر من بەتەنیا ژنی ماڵەوە نیم.

وەک دەبینن، لە کۆمەڵگەی کوردیدا؛ ئافرەتیش هاتۆتە نێو کایەی بازرگانی و كاركردن  بەتایبەت لە ئێستادا  خۆشبەختانە ئافرەتيش هاتۆتە ئەم نێوەندە بۆ ئەوەی خاوەن کار و خاوەن بازرگانی سەربەخۆبێت، شان بە شانی پیاو، وەک چۆن ئەبینین لە ڕابردوو یەکەمین ئافرەت لە کوردستان (نەجیبە)خانی مەلای گەورە بوو چۆتە بەرخوێندن، هەم لەرووی کۆمەڵایەتیەوە دەستکەوتێکی مێژووییە کە کچە مەلایەك شان بەشانی ڕەگەزی پیاو بخوێنێت و مافی چینایەتی ڕەگەز بە دەست بێنێت ، هەم لە ڕوی زانستیشەوە وەك ئافرەتێك بەشداری لە پیشخستنی کۆمەڵگای کردوە … چەندان نمونەی هاوشانی خاتوو نەجیبەمان هەیە.

 بۆیە دەبێت ئافرەت لەو قاڵبە بێتە دەرەوە، بەو پێی خاوەن بازرگانی و سەرمایەیی  خۆی بێت، بۆ باشترکردنی ژیان و دونیا بیننی خۆی شان بەشانی خێزان یاخود هاوسەرەکەی کە هاوکاربێت.يەكسانی جێندەرەری لەوەدا زیاتر یەکسان دەبێت کە پیاو و ژن لە کاردا یان لە هەڵبژاردنی شتەکانی سەربەست بێت، ئێمە کارکردن بە یەکێک لەم نمونانە دا ئەنێین تا ڕادەیێک وا دەکات ئەم بەڵانسەی جێندەری ڕابگرێت. پێویستە لەم عەقلە دۆگمایە بێینە دەرەوە، کە ئافرەت تەنیا ژنی ماڵەوە نییە،  کە پێمان وایە ئافرەت پێویستی بە کار و پێویستی بە سەربەخۆی داهات نیە، چونکە ئەو خاوەن ماڵ و خاوەن هاوسەر ئەو کارەش بۆ هاوسەرەکەیەتی کاربکات و ژنیش تەنیا دەبێت لە ماڵ بێت. بەڵام نا ئافرەتیش پێویستی بە کارە و ئافرەتیش خاوەن هێز و بڕیارە هەم ئەتوانێ دایک بێت هەم ئەتوانێت بازرگان و سەرکردەش بێت . بەلێ گرنگی ئابوری سەربەخۆ بۆ ئافرەت پێویستە و گرنگە، کەم کەس ئەتوانێت لەم گرنگیە تێبگات، چونکە هەم ئەتوانێت هاوکار و هاوپشتیوانی هاوسەر و خێزانەکەی بێت، تێیدا هەست بە بوون و وجوودیەتی خۆی دەکات وەک مرۆڤێک هاوشان وەک پیاو. بۆیە ئەمە کاری پەروەدە و کاری ڕێکخراو و نێوەندەکانە کە بتوانن وشیاری زیاتر بخەنە روو بۆ بەرچاو روونی زیاتر لەهەم بەر وشیاری ئافرەتان وەک ئەوەی ببن بە خاوەنی ئابووری سەربەخۆ و کاری تایبەت بەخۆیان. 

کاری حوکمەتیشە وەک هێزێکی وەگەر خەر لەتوانای ئافرەت بڕوانێت، کە لە سێکتەرەکاندا بەرپرسیاری زیاتریان پێ بدرێت تا ببێت بە هەوێنی هێز و توانست بۆ کچ و ژنانی تر لە کۆمەڵگە، لە ڕێگای دەزگای ڕاگەیاند و زانیاری حوکمەتیش زیاتر کاربکرێت لەوەی ئافرەتیش هیچی کەمتر نییە لە پیاو، چونکە لە کۆمەڵگەی ئێمەدا تا ئێستاش ئەم دیاردەی کارکردنەی لای ئافرەت بەچاوێکی ترەوە سەیر دەکرێت، وەک بلێ لادانە لە ڕێساو یاسای دابونەریتە باوەکانی نێو کۆمەڵگە، کت بەداخەوە تا ئێستا بەشێوەیێکی بەرچاو ئەم ڕێگریە کاڵنەبۆتەوە لەنێو خێزانی کوردیدا تا بتوانێت ڕێگر نەبێت کچ و هاوسەری خاوەن کار و خاوەن بیرۆکەی تایبەت بەخۆی بێت. ئەبێ کار بۆ وشیاری زیاتر بکرێت، پێشنیازی زیاتر بخرێتە روو بۆ حوکمەت بەوەی ڕیفرۆمێکی بەرچاو بکات سەبارەت بەپرسی ئافرەت لە نێو کۆمەڵگەی کوردی دا

نجیب محفوض دەلێت: ئەوانەی توانای ئافرەت کەم دەنرخێنن ، هیوادارم منداڵی دووبارە بکەنەوە بەبێ دایکیان .!

ئەگه‌ر ژنان خۆیان هۆشیار نەکەن و هەوڵی باوەڕ بەخۆبوون و پشتبەست بەخۆیان لە ناخی خۆیاندا دروست نەکەن، ئەوا هەر زوو کاروانی کارکردنیان رێگەکەی لێ پێچەوانە دەبێتەوە و ئاڕاستەکەی بۆ ماڵەوە دەگۆڕێت.

بۆیە هەتا دره‌نگ نەبووە، ئەبێت جوڵانه‌وه‌یه‌كى رێكخراو دروست ببێت بۆئەوەی ئەم هەلە بقۆزێتەوەو باوەڕو هێزی بەردەوامی و رەوایەتی کارکردن لە مێشکی ژناندا جێگیربکات و كاركردنی ژنان له‌ ده‌ره‌وه‌ی ماڵیش، واته‌ ڕوانین له‌ كاركردن وه‌ك ئه‌رك و هه‌م مافیش ببێته‌ نه‌ریت و ژنان هۆشیارییان هه‌بێت له‌ سه‌ر ئه‌رك و مافی خۆیان و گرنگی كاركردن و ئابووری سه‌ربه‌خۆ.

پارێزەر مریەم عباس برادۆستی




تاوانێکی کە لە زنجیرە تاوانەکانی تورکیا لە دژی کورد … رەزا شوان

بێدەنگی و چاونقاندنی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە تایبەتیش نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ئاستی ئەو تاوانە قێزەوەنانەی تورکیای رەگەزپەرست و تیرۆریست و خوێنڕێژ، کە بە شێوەیەکی زۆر دڕندانە لە دژی گەلی کوردمان بە گشتی و لە دژی خەڵکی سڤیلی کورد ئەنجامی دەدەدات.. هێندەی تر بۆتە هاندان بۆ تورکیا بۆ درێژەدان بە تاوانەکانیان لە دژی گەلی کوردمان لە هەر شوێنێکی کوردستان دا بێت.. بە ئاشکرا تورکیا پێشێلی یاسا نێودەوڵەتییەکان و مافەکانی مرۆڤ دەکات، ئەو تاوانانەی کە دەرحەق بە کورد کردوونی و دەیکات، تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و تاوانی جەنگ و تاوانی کۆمەڵکوژین، دەبوایایە مافەکانی مرۆڤ داوایان بکردایە کە رژێمی رەگەزپەرست و تاوانباری تورکیا لە سەرووی هەموویانەوە، خوێنڕێژ و گەورە تیرۆریست، ئەردۆگانی سیکۆپاتی لەسەر ئەم تاوانانی لە کورد و لە سوریا و لە لیبیا دەکات، دادگایی بکرێت. بە داخەوە کە بێدەنگن، پەیمانی ناتۆش پشتی تورکیا دەگرێت و لەم تاوانانەدا بەشدارن.
لە نیوە شەوی، شەوی رابردوو (١٥/یۆنیۆ/٢٠٢٠) هەژدە فرۆکەی جەنگی تورکیا لە جۆری (ئێف شانزە)، بە ناوی شاڵاوەکانی (چـڕنووکی هەڵۆ) بە بیانووی بێ بنەمای بوونی بنکەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان، زیاتر لە سی هێڕشیان کردە سەر کەمپی ئاوارەکانی مەخەموور و نەخۆشخانەی شەنگال و ماڵی هاوڵاتیان لە برادۆست و بناری قەندیل و خواکورک و زاب و لە چیای شەنگال، بە رۆکێت بۆردوومانی ئەو شوێنانەیان کرد، تێکڕا زیاتر لە بیست ناوچەی باشووری کوردستانیان بۆردوومان کرد، تەنانەت لە شاری قامیشلووی رۆژئاوای کوردستان، گوێیان لە زرمەی رۆکێتەکان بووە. چەندین هاوڵاتی بریندار بوونە. تورکیا هەموو منداڵێکی ناو لانکی کوردیش بە پەکەکە دادەنێ. گەر کورد لەسەر مەریخیشدابن، بەردەستیان بکەوێت دەیکوژن. ئەوان دار و بەردی کوردستانیش بە پەکەکە دەزانن.. ماوەیەک پێش ئێستا لاوێکی عەرەبی سوریا لەلایەن پۆلیسی تورکیاوە لە تورکیا کوژرا. لە پۆلیسیان پرسی بۆ ئەم بێتاوانەتان کوشتووە؟!
لە وەڵامدا وتیان: وامانزانی کە کوردە!
لە ئەردۆگانی خوێنڕێژ دەپرسین، ئایە کەمپی ئاوارەکانی مەخموور و نەخۆشخانەی شەنگال و ماڵەکانی هاوڵاتیان لە برادۆست و بناری قەندیل و شەنگال و مەخموور دا، بنکەکانی پەکەکەن؟! نەخیر زۆر باش ئەوە دەزانن، وەکو وتمان ئێوە مەبەستان کومەڵکوژی و رەشەکوژی کوردە و دەست لە هیچ کوردێک ناپارێزن.
ئەوە تاوانانەی تورکیا ئەنجامی دەدات، تاوانی پاکتاوی نەژادین و دەیانەوێت ناسنامەی نەتەوەیی کورد بسڕنەوە.. تا ئەمڕۆش دان بە بوونی پەنجا ملیۆن کورد دا نانێن. لە کام شەڕی نێودەوڵەتیدا، لە شەوێکدا، هەژدە فڕۆکە بە جارێک و سی هێڕش کراوەتە سەر هاوڵاتیان و بە رۆکێت ماڵەکان و کەمپەکان و نەخۆشخانەکان بۆردوومان کراون؟؟
بێگومان ئەمە تاوانێکی کوتوپڕ نییە، دەبێت چاوەڕوانی تاوانی گەورەتریش لە تورکیای فاشستی بکەین.. لە رۆژی یەکشەمە (١٤/یۆنیۆ/٢٠٢٠) بەڕێوەبەری هەواڵگری سەربازی تورکیا (هاكان فیدان) بە سەرۆکایەتی شاندێکی باڵای سەربازی، سەردانی عێراقی کرد، لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێرق و بەرپرسانی باڵای سەربازی عێراقدا، کۆبوونەوە، دەشڵێن هاکان فیدان لەگەڵ خودی سەرۆک وەزیرانی عێراق مستەفا کازمی کۆبوونەتەوە، فیدان و کازمی پەیوەندییان بە یەکەوە هەیە، لەو کاتەوە کە مستەفا کازمی سەرۆکی گشتی هەواڵگری عێراق بوو. هاکان فیدان ئاگاداری عێراقی کردۆتەوە کە هێڕش دەکەنە سەر باشووری کوردستان. گەرچی عێراق خۆی لێ گێل دەکات و نوکووڵی دەکات کە فیدان لەگەڵ کازمیدا دانیشتووبێت.. ئەوە راستییەکە و دوو کەس لە سەری ناکۆک نین. کە سەردانی هەر بەرپرسێکی تورکیا بۆ عێراق و بۆ ئێران یا بە پێچەوانەوە، بۆ پیلان دانان لە دژی گەلی کورمان، سەردانی دەکەن و چاویان بە یەکتری دەکەوێت.
بە داخەوە بە رەزامەندی دەسەڵاتدارانی باڵای هەردوو حیزبی دەسەڵاتداری باشووری کوردستان و حکومەتی هەرێم.. شارەکانی (هەولێر، دهۆک، سلێمانی، کەرکووک، سۆران، زاخۆ، مەخموور، شەنگال) پڕبوونە لە میت و ئیتیلاعات و پاسداران و لە سیخوڕ و هەواڵگری تورکیا و ئێران. بۆ سیخوڕیکردن و تیرۆرکردنی تێکۆشەران و چالاکوانان و دڵسۆزانی گەلەکەمان.
شەرمەزاری و رسواییە بۆ حوکموتی کوردستان و پەرلەمانی کوردستان و هەردوو حیزبی دەسەڵاتدار، کە کەمترین هەڵوێست، ئەوەیە، تەنها بە بەیاننامەیەکیش ناڕەزاییان دەرنەبڕی و پرۆتیستۆی ئەم تاوانەی تورکیایان نەکـرد.. چۆن شتی وا دەکەن؟!
کەناڵە تەلەفزیۆنییە بەکرێگیراوەکانی تورکیاش، لە باشووری کوردستان دا، وەکو پێشتر بە شەرمەزارییەوە باسی دەکەن، هەر وەکو پێشتر دەڵێن، فرۆکەکانی تورکیا بارەگاکانی پەکەکەیان بۆردوومان کرد. دەک رووڕەش و شەرمەزاربن.
رەش پێستەکان لە ئەمریکا و لە زۆربەی وڵاتانی جیهان، ئێمەی کوردی لە کوردستان، ناڕەزایی خۆمان بەرانبەر بە کوشتنی (جـۆرج فلۆیـد) دەربڕی و بە توندی سەرکۆنەی ئەم تاوانە رەگەزپەرستییەمان کرد.. ئەی بۆ گەلان و دەوڵەتان لەسەر کۆمەڵوژی و رەشەکوژی و تیرۆرکردنی بە هەزاران جـۆرج فلـۆیدی کورد، دەنگیان هەڵنابڕن و خۆپێشاندانی ناڕەزایی سازناکەن، بەرانبەر بە رەگەزپەرسترین و تیرۆریسترین میللەت و دەوڵەت لە جیهاندا، کە تورک و تورکیایە.؟! گەر ڤایرۆسی کۆرۆنا (كۆڤید نوزده‌) لە وڵاتی چینەوە بڵاوبووبێتەوە، ئەوا چەندین ساڵە ڤایرۆسی رەگەزپەرستی لە تورک و تورکیاوە بڵاوبۆتەوە.
پێویستە نەتەوە یەکگرتووەکان، تاوانەکانی ئەردۆگانی سەرۆکی (ئیخوانوشەیاتین) لە کوردستان و سوریا و لیبیا رابگرن، تورکیا و ئێران هۆی ئاژاوە و ناسەقامگیری و شەڕن لە کوردستان و عێراق و سوریا و لیبیا و یەمەن و لوبنان و شوێنانی کە.
داوا لە رۆڵە دڵسۆزەکانی گەلەکەمان دەکەین، لە کوردستان و لە هەندەراندا، ناڕەزایی خۆیان دەربڕن و بە تووڕەیی و توندی پرۆتیستۆی ئەم تاوانەی تورکیا بکەن.

رەزا شوان
١٥/ یۆنیۆ/٢٠٢٠




تاكه‌ چاره‌سه‌رێك ماوه‌ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ بیگرێته‌به‌ر …. عیماد عه‌لی

زۆر قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌م قه‌یرانه‌ و شكستهێنانی یه‌كجاره‌كی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ كرا و به‌ وردی ئه‌وه‌ش بۆ هه‌موان سه‌لمێنرا كه‌ هیچ ده‌ره‌تانێك و ده‌رگایه‌كی نیمچه‌ واڵاش بێت له‌به‌رده‌م ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ نه‌ماوه‌، پرسیاره‌كه‌ له‌وه‌دایه‌ كه‌ چاره‌سه‌ر چیه‌؟
هه‌ندێك ده‌رچه‌ ته‌نگه‌به‌ره‌كه‌ به‌ ئازادی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ی هه‌رێمی كوردستان و به‌ ده‌سته‌به‌ری پێشوه‌خته‌ی بێگه‌ردی و نه‌زیهی و دوور له‌ ساخته‌كاریی و به‌ سه‌رپه‌رشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ده‌بینن. هه‌ندێكی دیكه‌ به‌ خۆته‌سلیم كردن به‌ به‌غدا و دورخستنه‌وه‌ی ده‌ستی كورد خۆی له‌ به‌ڕێوه‌بردنی كاروباری سیاسی و ئیداری هه‌رێم ده‌زانن، كه‌ ئه‌مه‌ش جگه‌ له‌ شكستی كۆتایی و ئاشبه‌تاڵی ئه‌زمونه‌كه‌ نه‌بێت هیچی تر ناگه‌یه‌نێت. هه‌ندێكی تر تا ئیستا ئومێدێكیان به‌م ده‌سه‌ڵاته‌ ماوه‌ و ئه‌م ململانێی حزبیه‌ ناره‌وایه‌ و ئه‌م ركابه‌ریه‌ی نه‌زانانی خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات و ده‌سترۆیشتووان به‌ هۆكاری سه‌ره‌كی و بنه‌ڕه‌تی نه‌هامه‌تیه‌كان ده‌ زانن و ده‌كرێت به‌ هه‌ر چۆنێك بێت به‌ وه‌لانانی ئه‌و خه‌لكه‌ی به‌ربه‌ستن له‌ رێگه‌چاره‌ و به‌ پركردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات به‌ كه‌سانی خاوه‌ن حیكمه‌ت و دانای نێوخۆیی كوردستان ده‌توانن فشار بكه‌ن و تا راده‌یه‌ك بریار بكه‌وێته‌ ده‌ست خه‌ڵكی دوور له‌به‌رژه‌وه‌نیخوازی و پاك و زاهید و له‌خۆبردوو بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ر ه‌یچ نه‌بێت ئه‌م قۆناغه‌ تێپه‌ڕێنن. هه‌ندێكی دیكه‌ش جگه‌ له‌ مانه‌وه‌ی هه‌رێم وه‌كو قه‌واره‌یه‌كی به‌تاڵ و به‌ ژێربه‌ژێر خۆراده‌ستكردن به‌ وڵاتانی ده‌ره‌وبه‌ر به‌ شێویه‌كی یه‌كجاری و به‌ بێ رێكاری یاسایی بۆ ئه‌وه‌ی به‌ ناراسته‌وخۆش بێت ئه‌وان هه‌رێم ببه‌ن به‌رێوه‌، وه‌كو چۆن به‌ نهێنی ئه‌وان كۆتا فه‌رمانره‌وان و كۆتایی بریاردان لای ئه‌وانه‌ و به‌ كاریگه‌ریی ئه‌وان له‌سه‌ر به‌غدا خۆیان به‌ ناراسته‌وخۆش بێت هه‌رێم به‌رێوه‌به‌رن، كه‌ ئه‌مه‌ش زۆر قورسه‌ به‌ بونی ئه‌مریكا له‌ عیراق به‌ڕێوه‌بچێت، واته‌ لایه‌نێكی ئه‌م رایه‌ ئه‌وه‌یه‌ هه‌رێم به‌ فیعلی دابه‌شی ئێران و توركیا بكرێت و سه‌رحه‌م داهات و خه‌رجیه‌كانی به‌ده‌ست ئه‌وان بێت و دواتر له‌سه‌ر ئه‌رزی واقیع ئه‌وه‌ ده‌سه‌پێت و عیراق و هه‌رێمیش ده‌بن به‌ چه‌ند پارچه‌یه‌كه‌وه‌، هه‌ندێك ئه‌م راوبۆچونه‌ به‌خه‌یاڵ و ناواقیعی له‌قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر میژوو و وه‌زع و واقیعی هه‌رێم به‌باشی بخوێننه‌وه‌ و له‌گه‌ڵ هاوكێشه‌كانی ناوچه‌كه‌ لێكبدرێته‌وه‌ده‌كرێت به‌ ئه‌گه‌رێكی زیندوو بیبینن.
هه‌ندێك باوه‌ڕی وایه‌ كه‌ شۆرشێكی سه‌رتاپایی هه‌رێمی كوردستان بێته‌كایه‌وه‌ و ئه‌م حاڵه‌ته‌ راماڵێت و ده‌رئه‌نجامه‌كه‌ی هه‌رچیه‌ك بێت كه‌ له‌وانه‌یه‌ قه‌واره‌ی هه‌رێم نه‌ممێنێت و خه‌ڵكی دیكه‌ ده‌ست به‌سه‌ر چاره‌نوسی یه‌كجاریماندا بگرن و ئه‌م ئه‌زمونه‌ ببێته‌ خه‌ونێكی رابردوو، به‌وه‌ش له‌ ده‌ره‌نجامدا عیراقێكی یه‌كگرتووی ناوه‌ندیی دوور له‌ هه‌ر ده‌سه‌ڵاتێكی كارتۆنی هه‌رێم دروست ده‌بێت و دكتاتۆرێك دووباره‌ دێته‌ كایه‌وه‌ و هه‌رێم هۆكاری زه‌مینه‌ خۆش كردن ده‌بێت بۆ ئه‌و پرۆسه‌یه‌ و له‌دواجاردا وڵاتانی ده‌وروبه‌ریش یارمه‌تیده‌ری ئه‌و كاره‌ ده‌بن.
به‌ڵام ئه‌گه‌رله‌ لای ئه‌م حزب و ده‌سه‌ڵاته‌ی كوردستان یه‌ك زه‌ڕه‌ هه‌ست به‌ به‌رپرسیارێتی و وه‌فاداری بۆ خوێنی شه‌هیدان و دڵسۆزی بۆ كورد و كوردستاان مابێته‌وه‌، یه‌ك رێگه‌ی له‌به‌رده‌مدا ماوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بیگرێته‌به‌ر و هیچی تر، ئه‌ویش:
له‌دوای ئه‌وه‌ی قه‌ناعه‌تی یه‌كجاری بكات و دان به‌وه‌دا بنێت كه‌ چاره‌سه‌ری ریشه‌یی لای ئه‌و نه‌ماوه‌ و ئه‌م حزبانه‌ جێگه‌ی ئه‌و ماتمانه‌ نین بۆ ئه‌وه‌ی باره‌كه‌ راست بكه‌نه‌وه‌ و ده‌بێت سه‌رجه‌میان كه‌نارگیر بن له‌ ده‌سه‌ڵاتدا، له‌دواجاردا ئه‌گه‌ر ته‌نها بۆ مانه‌وه‌ی خۆیشیان بێت بۆ ئه‌وه‌ی رؤژێك نه‌یه‌ت سه‌ران و ده‌سترۆیشوانیان له‌سه‌ر جاده‌ له‌سێداره‌ بدرێن، ده‌بێت فریای خۆیان بكه‌ون و ته‌نها یه‌ك بڕیاری له‌به‌رده‌مدا ماوه‌ بیدات، ئه‌ویش؛ له‌كوردستان كۆمه‌ڵیك خه‌ڵكی زانا و رابردوو پاك و به‌توانا و خاوه‌ن هه‌ڵوێست و كوردپه‌رست و دونیا دیده‌ ماون و دوورن له‌ ده‌سه‌ڵاته‌وه‌، كه‌ ده‌كرێت وه‌زعه‌كه‌ راگرن و نه‌هێلن ریسه‌كه‌ به‌ ته‌واوه‌تی ببێته‌وه‌ به‌ خوری و هه‌موو قوربانیه‌كان به‌فیرۆ بدرێن. ده‌بێت ده‌سه‌ڵاتی بڕیاردان و جێبه‌جێ كردن به‌وان ببه‌خشرێت وده‌سه‌ڵات و بڕیاری یه‌كلاكه‌روه‌ی كۆتایی لای ئه‌وان بێت و كاری هه‌نوكه‌یی و دوور مه‌ودا به‌وان بسپێردریت و وه‌ك‌ لیژنه‌یه‌كی وه‌زعی نائاسایی كارا ئه‌وان سه‌رجه‌م وه‌زعه‌كه‌ هه‌ڵسه‌نگێنن و رێكیبخه‌نه‌وه‌، ئه‌مه‌ش قوربانیدانی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ی ده‌وێت. ئایا ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندی خۆیشی بێت هه‌ست به‌و به‌رپرسیارێتیه‌ ده‌كات و خۆی له‌ژێر ئه‌م باره‌ قورسه‌ ده‌رده‌كات، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م ره‌ش و سپیه‌ تیكه‌ڵاوبووه‌ی ئه‌مڕۆ لێك جیا بكرێته‌وه‌.
ئه‌وه‌ی زۆر دیاره‌ كه‌ زۆرینه‌ی به‌رپرسیارێتی ئه‌م وه‌زعه‌ و هاتنه‌ ئارای ئه‌م قه‌یرانه‌ ئابووری و سیاسیه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ حزبه‌كان و ده‌سه‌ڵاته‌كانی پێشووی ئه‌م كابینه‌یه‌ی كوردستان و ئه‌گه‌ر هه‌ر به‌رپرسیارێتیه‌ك بكه‌وێته‌ ئه‌ستۆی ئه‌م حكومه‌ته‌ ئه‌وا وه‌كو حزب و سه‌ركردایه‌تی حزبی ده‌سه‌ڵات ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆیان و ده‌بێت ئه‌وباره‌ هه‌ڵگرن ئه‌گینا شكستهێنانی حكومه‌ت و مایه‌پوچبوونی له‌ ده‌رئه‌نجامی ره‌فتار و هه‌نگاو و بڕیاری كابینه‌كانی پێشتره‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌ وهۆكاری سه‌ره‌كی ئه‌م نه‌هامه‌تیانه‌ سه‌ربه‌خۆیی ئابووری و مامه‌ڵه‌ی منداڵانه‌ی حكومه‌ته‌كانی پێشووه‌ی كوردستان وئه‌و بۆند و رێككه‌وتنه‌ نه‌وتیه‌ هه‌ڕه‌میه‌كانه‌ی زه‌مانی ئاشتی هه‌ورامی و نێچیرڤان بارزانی و به‌رهه‌م صاڵحه‌، به‌ڵێ دیدگای چه‌وت و نابینایی حكومه‌ته‌كانی ئه‌و كاتانه‌یه‌. بۆ داهاتوش ئه‌گه‌ر بریاری راست كردنه‌وه‌ نه‌دات، حكومه‌تی تازه‌ی ئێستاش له‌وان باشتر نابێت. بۆیه‌ ده‌كرێت سه‌رۆكی حكومه‌تی ئه‌مرۆ بۆ ئه‌وه‌ی خۆی له‌ ژێر ئه‌و باره‌ قورس و به‌رپرسیارێتیه‌ چاره‌نوسسازه‌ ده‌ربكات و شكیست و هه‌ڵه‌كانی حكومه‌ته‌كانی پێشووش نه‌خاته‌ سه‌ر خۆی، وه‌ك باسمان كرد ده‌كرێت لیژنه‌یه‌كی شاره‌زایانی بێ لایه‌نی كوردستان له‌ خه‌ڵكی به‌ئه‌زمونی خاوه‌ن پێشینه‌ی پاك و زانا و دانا پێكبێنیت و هه‌موو شتیك به‌ ئاشكرا باس بكرێت، چونكو دۆزینه‌وه‌ی رێگه‌ چاره‌ له‌دوای خستنه‌رووی راستیه‌كان ده‌بێت. به‌وه‌ش متمانه‌ له‌ نێوان خه‌ڵك و ده‌سه‌ڵات دروست ده‌بێت و خه‌ڵك وه‌كو پیشه‌ی هه‌مه‌یشه‌ییان ئه‌رك و په‌ربرسیارێتی گه‌وره‌ و قوربانیدان ده‌گرنه‌ ئه‌ستۆی خۆیان.




با لە دژی ده‌وڵه‌تی توركیای بێینە مەیدان … ‌ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب

ده‌سه‌ڵاتدارانی تورك لە سەرەتای دروستبوونی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی پیشەیان کوشتنی بە کۆمەڵی خەلکی سڤیل و بێ دەسەڵات بووە لە گەڵ لەناوبردن و خاپورکردنی گوندو شارو داگیرکردنیان و، ئەو پیشە ‌قیزەوەنە گوازرایەوە بۆ نەوەکانیان تا گەیشتە تاونبارى دێز رەجەب تەیب ئەردۆگانی خوێنرێژو، نموونەی کردەوە نامرۆڤەکانیان زۆرەو، لەوانە قركردنی ئەرمەنەکان و كوشتنی كوردان به‌ كۆمه‌ڵ له‌ دەرسیم و سه‌رجه‌م شاره‌كانی باكوری كوردستان و قەسابخانەکەی گوندی رۆبۆسکی و کوشتارەکەی پاریس و تاوانەکەی گوندی کورتەک و زارگەلی و كه‌مپی مه‌خمور، شه‌نگال، ماوه‌ت و سه‌فره‌ و ناوچەکانی تری کوردستان و، ئەم تاوانباره‌و رژێمه‌كه‌ی لە ھێرشی بۆ سەر هه‌ندێ ناوچه‌ی کوردستان چەکی قەدەغەکراوی بەکارھێناوەو دەستی نەپاراستووە لە بۆردومانی خەڵکی سڤیلی گوندنشینەکان و قوتابخانەو نەخۆشخانەو سەرەرای وێرانی کردنی ماڵ و سوتاندنی باخ و لە ناوبردنی ئاژەڵ و وێرانكردنی دێهات و شاره‌كانی كوردستان.
له‌مرۆدا روون و ئاشكرایه‌ توركیا خاوه‌نی 19 پێگه‌و بنكه‌ی سه‌ربازییه‌ به‌ چه‌كی مۆدیرن و تۆپ وتانك وله‌ هه‌ندی شوێن سه‌كۆی نیشتنه‌وه‌ی هه‌لێكۆپته‌روگۆره‌پانی تایبه‌تی بۆ فرۆكه‌ی بێفرۆكه‌وان و بنكه‌ی تایبه‌تی سیخوری و مۆڵگای ده‌زگای میتی سه‌ركوتكه‌رو، توركیا له‌ناو خاكی كوردستان له‌ هه‌ولێرو دهۆك سه‌ربه‌ست ‌و ئازادانه‌ به ‌شوڤڵ و گرێده‌رو كه‌ره‌سته‌ی تر رێگاوبان دروست ئه‌كات و بست به‌ بست به‌ به‌رچاوی به‌رپرسان به‌ره‌و ئامانجه‌ گڵاوه‌كانیان زه‌وی داگیر ئه‌كه‌ن .
پیویسته‌ هاوڵاتیانی كوردستان داوا له‌ حكومه‌ت بكه‌ن و به‌ یه‌ك ده‌نگ بڵێن كوا داهاتی نه‌وتی كوردستان؟ چه‌ند ساڵه‌ نه‌وت به‌ هه‌رزان ئه‌ده‌ن به‌ توركیا؟ كوا داهاته‌كه‌ی و ئه‌چێته‌ گیرفانی كێ و له‌ كام بانق دانراوه‌ ؟ ماوه‌ی حه‌وت ساڵه‌ حكومه‌تی ناوه‌ند داوا ئه‌كات برێ له‌و نه‌وته‌ بدرێت به‌ كۆمپانیای سۆمۆو له‌ به‌رامبه‌ردا مووچه‌ی مامۆستاو فه‌رمانبه‌رانی كوردستان بده‌ن و، به‌ هۆی گرێبه‌ستی نهێنی له‌ گه‌ڵ توركیا سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و حكومه‌ت ئیفلیج بوونه‌و سه‌ریان لێشێواوه‌و نازانن چی بكه‌ن و، ئه‌وش ئه‌گه‌ر نه‌كه‌ن، واته‌ ئه‌گه‌ر نه‌وت نه‌نێرن جارێكی تر خه‌ڵكی كوردستان برسی ئه‌كه‌ن و ناتوانن مووچه‌و مافه‌كانیان بپارێزن و، بۆ وه‌بیرهێنانه‌وه‌ توركیا به‌ پاره‌ی نه‌وتی خۆمان كورد ئه‌كوژێت.
توركیا وڵاتێكی داگیركه‌ره‌و، پێویسته‌ زیاتر ریسوا بكرێت و، له‌ میژه‌وه‌ چاوی به‌رپرسانی توركیا له‌ سه‌ر داگیركردنی خاكی وڵاتانه‌و، لیره‌دا باسی كۆن ناكه‌ێن به‌لكو له‌ داگیركردنی خاكی كوردستان ئه‌كه‌ێن له‌ جرابلوس و عه‌فرین و سه‌ری كانی له‌ رۆژئاوا ( سوریا) و یه‌ك له‌ سه‌ر سێی خاكی باشوری كوردستان داگیر كراوه‌و ، به‌وه‌ش نه‌وه‌ستاوه‌ ئه‌یه‌وێت زیاتر پێشره‌وی به‌ره‌و قوڵایی بكات و هه‌لومه‌رجیشی بۆ ره‌خساوه‌.
توركیا وڵاتێكی تیرۆریسته‌و ده‌ست له‌ كوشتن هه‌ڵناگرێت و به‌ به‌رچاوی ئه‌مریكاو وڵاتانی ئه‌ورۆپا به‌ناودیموكراتی و نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان خه‌ڵكی سڤیل له‌ناو ئه‌بات و، له‌م دوایه‌دا له‌ شاخی مه‌تین ، ئه‌زمر، ماوت و سه‌فره‌و زه‌رون به‌ فرۆكه‌ی بێفرۆكه‌وان ژماره‌یه‌ك هاوڵاتی سڤیلی شه‌هید كردووه‌و، دوێنی به‌ 18 فرۆكه‌ی جه‌نگی له‌ شه‌نگال ، كامپی په‌نابه‌رانی مه‌خمور، قه‌ندیل، قه‌ره‌چوغ و ناوچه‌ی برادۆستی بۆردوومان كردو شه‌هیدو برینداری لێكه‌وته‌وه‌.
حكومه‌تی عێراق بەتوندی هێرشی فڕۆکەکانی تورکیای بۆ سه‌ر شارو ناوچه‌كانی كوردستان ریسوا كرد بەڵام سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەتی هەرێم وه‌ك كه‌رو ڵال بێدەنگن و نوزه‌یان لێوه‌ نایه‌ت و، ئه‌و ده‌ستێوه‌ردانه‌ی توركیا پێشێل کردنێکی ئاشکرای یاسا و رێسا نێودەوڵەتیەکانە و، بۆیه‌ ‌پێویسته‌ هه‌موو خه‌ڵكی به‌ شه‌ره‌ف و مرۆڤدۆستانی ئازادیخوازی دونیا ئه‌و ده‌ستدرێژییه‌ بۆ سه‌ر خاكی هه‌رێمی كوردستان ریسواو شه‌رمه‌زار بكه‌ن و، پێویستە حكومەتی هەرێمی كوردستان له‌ خه‌وه‌كه‌ی بێداربێته‌وه‌و سنورێك بۆ ئه‌و دەستدڕێژیانەی توركیا دابنێت و چیتر ڕێگەی پێ نەدرێت بە ئارەزووی خۆی لە ناو باشوری كوردستان تەراتێن بكا ت و، ئه‌گه‌ر حكومه‌ت ئه‌وه‌ نه‌كات پێویسته‌ ده‌ست له‌كاربكێشێته‌وه‌.
بۆردوومانکردنی ناوچە سنوریەکانی باشوری کوردستان لە لایەن فرۆکە جەنگییەکان تورکیا له‌ ناو خاكی كوردستان بێ رێزی و سوکایەتییە به‌ گه‌ل و نیشتمان و، ھەرلایەنێک ڕێگە بەو بۆردومانکردنە بدات ئەوە بێشك خیانەتێکی نەتەوەییە و جێی ریسواو شه‌رمه‌زارییه‌ و، لە راستیدا بەردەوامی ئەو بۆردوومانانە بە ھەموو شێوەیەکانی کارێکی نارەوا و نامرۆڤانەیە و ئاسایشی وڵات و خەڵکی گوندەکانی خستوەتە مەترسییەوە بە جۆرێک ناتوانن لە شوێن و زێدی باوباپیرانی خۆیان بە ئارامی بژێن و، ئازادانە بەردەوام بن لە کاری رۆۆژانەیان ‌وەک: کشتوکاڵ و بەخێوکردنی ئاژەڵ و ھەنگ و بایخدان بە پوش و باخ و رەزەکانیان.
با حكومه‌ت بزانێت هیچ كوردێكی به‌ شه‌ره‌ف یان هه‌ر حزبێكی كوردستانی دژ به‌ دوژمنانی كوردو كوردستان میوان نین به‌ڵكو خاوه‌ن ماڵن و پێویسته‌ واز له‌و قه‌وانه‌ سواوه‌ بێنن.
15/6/2020




ڕێگە مەدەن باوکی کچە لاقەکراوەکە( لوقمان ئیسماعیل)، لاقە بکرێتەوە!

( لوقمان ئیسماعیل) باوکی ئەو مندالە 8 سالانەی کە نزیک بە شەش مانگ لەمەوبەر لە ریگەی قوتابخانە، سێ کەس دەیرفینن و پاش لەهۆش بردنی بەحەب، دەستدریژی سیکسی دەکەنەسەر. دواتر پاش نارِەزایەتی دەربرِینیَکی فراوان لە لایەن خەلکی ئازادیخوازی کوردستانەوە، جولانەوەیەکی فراوان دروست دەبیت بەمەبەستی دەستگیرکردن و دادگای کردنی تاوانباران !
کەئیمە لەو کاتانەدا کەمپیەنیَکی پشگیری و واژۆ کوردنەوەمان بەریخست و پاش پیشوازیەکی یەکجار فراوانی هەزاران ئینسان و واژۆکردنی 300 کەس بۆ جیبەجی کردنی دواکاریەکانی ئەم کەمپینە، بەداخەوە هاوپیچ ڤایرۆسی کۆرونا کوردستانیشی گرتەوەو ئیتر هەنگاوی دووهەمی کارەکانمان بەکردەوە رِاگیران، بەتایبەت ئەمە لەکاتیکدابوو کە باوکی ئەو کیژۆلە 8 سالە خۆی بەهۆی گوشارو هەرِەشەی بەردەوامی کاربەدەستانی حیزبی و حکومی یەوە ناچار بە خۆپاراستن و خۆشاردانەوەو جیَگورِکیَ بوو بۆ ئەوەی کە بتوانیَت لە رِیَگەی یاسایەوە کارەکانی خۆی دریَژە پی بدات. بەلام ئەم جارەش وەک هەموو جارەکانی تر یاساو رِیساکانی حکومەتی هەریم ئەو رِاستیەیان دووپاتکردەوە کە لەم هەریمەدا شتیَک بەناوی جیبەجیکردنی یاساو داوەری و داکوکیکردن لەماف و ئازادیەکان لە گۆریدا نیە بەبی گوشارهیَنان بۆ دەسەلات و ناچارکردنیان بە ملدان بە خواستە بەرهەقەکانی دەیان و سەدان کەسی وەک کاک لوقمان ئیسماعیل!
بۆیە لەم رِۆژانەدا بینیمان کە چۆن لەم بارودۆخە پرِ لە دلَەرِاوکەو نیگەرانیە فراوانەی خەلکی کوردستاندا، لە نیَو جەرگەی هەرِەشەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنادا، چۆن دەسەلات هاوکیشەکە پیَچەوانە دەکاتەوەو لەباتی سزادانی تاوانبارانیَک کە پیَشتر بەدەستگیرکردنیان بەشیَک لە تاوانەکانیان پشتراست کراوەتەوە، بەلام لەم دۆخەدا داسەپاوەی کوردستاندا دەیانەویت جیَگورِیَکیەک بە تاوانباراو تاوان لیکراو بکەن و لیَرەشەوە ئەو ئاراستەیە بەهیزبکەن کە لە رِیَگەی چاوترسان و زیاندانی کردن و هیرش و پەلاماردانەوە ئەو خەلکە ناچار بە ملدان بە هەرجۆرە بیَحورمەتیەک بکەن و هیژمۆنی سەرکوتکەرانەی خۆیان بەتەواوی مانا داسەپینن!
بۆیە چاوەرروانیەکە لە هەر ئینسانیکی ئازادیخوازو لە کۆرو کۆمەلیک و لە هەر دەنگیَکی نارازی ئەوەیە کە مل بەم سوکایەتی و دەست دریَژی کردنە بۆ سەر ژیان و حورمەتی کاک لوقمان ئیسماعل نەدەن و نەیەلَین لە رِیَگەی پاشەکردن بە داخوازیەکانی ئەم ئینسانەوە ئەوەندەیتر دۆخی سەرکوتگەرانەوە ستەمگەرانە بەسەر خەلکی کوردستاندا داسەپینن!
بەریَزان ئیَمە سیَ مانگیَک لەمەوبەر هەنگاویکی گرنگ و پربایەخماننا بۆ بەدادگای کیشانی تاوانباران و دواتر ئەو دۆخە کارەکانی ئیَمەی راگرت. ئیستە کە لەباتی سزادانی تاوانباران، تاوان لیکراویان دەستگیرکردەوە رِووبەرِووی بارودۆخیکی مەترسیداریان کردوەتەوە بەدوری مەزانن کە لە رِۆژانی داهاتوو گویبیستی چەندین سیناریۆی سازکراوبین بۆ سزادانی باوکی ئەو کچە لاقەکراوەی کە کاربەدەستانی حیزبی و حکومی، حکومەتی هەریم بەرپرسین نەک تەنیا لە تەندروستی و ئازادکردنی کاک لوقمان یسماعیل، بەلکو دەبیَ دەستبەجی تاوانبارانی ئەم رِووداوە بەتووندترین شیَوە بە سزای خۆیان بگەیەنن!
لەمبارەوە لیَرەدا ئیَمە جاریَکی تر وەک دریژپیَدان بە هەنگاوی یەکەم (پیتشن)ی ئەو کەمپەینە (حکومەتی هەریم بەرپرسیارە لەهەر جۆرە دەستدریژیەکی جنسی بۆ سەر مندالان و تاوانباران دەبیت بەتووندترین شیوە سزابدرین!) بلاودەکەینەوە هیوادارین هەر ئینسانیک کە ئەم تاوان و دەست دریژیەی پی قبول نیە واژۆی بکات، چونکە رِیَژەی چوونە سەرەوەی واژۆکەرانی ئەم کەمپەینە بۆ ئەو کارانەی کە لە هەندەران دژ بە حیزبی دەسەلاتدارو حکومەتی هەریم لەدەستوورکارماندایە دەتوانن یەکجار گەورە گرنگبن، بۆیە هیوادارین بەنیشاندانی هەلَویَستان کاریگەریتان لەسەر ئەم کەمپەینە هەبیت!
هەروەها بە دلنیایەوە لە رِۆژانی داهاتوودا هەموو لایەک لە هەنگاوەی دووهەمی ئەم کەمپنیە ئاگادار دەکەینەوە!

تیبنی / ئەمەی لەبەردەستاندایە لینکی ئەو کەمپەینەیە بەهیوای پشگیری و هاوکاری کردنتان!
http://ehamalat.com/Ar/sign_petitions.aspx?pid=1090

ریبوار عارف

هاوئاهەنکەری کەمپەینی (حکومەتی هەریم بەرپرسیارە لەهەر جۆرە دەستدریژیەکی جنسی بۆ سەر مندالان و تاوانباران دەبیت بەتووندترین شیوە سزابدرین!)




هەندێ جار … شیعری / نەوزاد بەندی

هەندێ جار
لە پڕا ( دووریی )
سەفەر ئەکا ..
ئەڵێی : بۆ کوێ ؟
ئەڵێ : هێشتاکە نازانم ..
دەرگا لە کەس نەکەیتەوە ..!
هەمان کات ،
لە پڕ ( ئارامیی )
تێلێ ئەکات ..
ئەڵێ من وا لە بەردەرگام ،
بۆچی وەڵام نادەیتەوە ؟
ئێوارەیەک ،
ئەڕۆیتەوە ،
دڵت ئەڵێ هەتاکو کەی ..
تۆ لەو دەرگا کۆنە ئەدەی ؟
ئەم ڕێیەت لەبەرچاو نەکەوت ؟
ئەزانی چەند دەرگا هەیە ..
چاوەڕێی دەقولبابێکن ..؟
ئەڵێم : نەخێر ..
خۆ ئەزانم پەنجەکانم
تا ئەو دنیایش ،
چاوەڕوانی شەرابێکن ..
بەڵام نابێ …
ئەبێ هەتا ماوم وابێ ..
ئەم دێڕە ژیانە سواوە ،
هەموو ڕۆژێ بڵێمەوە ..
بە جۆرێ
چاویشم داخەم ،
هێشتا ئەتوانم بێمەوە ..

( ئەم شیعرەم ، شاعیری خۆشەویست و دوور وڵات سابیر سدیق ،دووباره هەڵیدایەوە ، منیش پێم خۆش بوو دووباره بڵاوی کەمەوە )

نەوزاد بەندی
١٨ی نیسانی٢٠١٧