مایەپووچیی ڕەووشتیی و سیاسیی ئەوجا مایەپووچیی ئابووریی … ڕێبوار ڕەشید

ئێوەیش هەموو ڕۆژێک کراواتخانەکەی باشوور دەبینن بەڵام ڕەنگە سەرنجی نەدەن. ئەو کراواتخانەیە 28 ساڵ لەمەوبەر بە ناوی “پارلەمانی کوردستان” و پاشان “حکومەتی هەرێمی کوردستان” لە سەرئەنجامی گاڵتەجاڕییەکی کارتۆنی فیفتی فیفتیدا دروست بوو.
پاشان بۆ ڕاگرتنی “بالانسی نیشتیمانیی” سێ چوار کورسی خێریشیان بە هەندێک حیزبی سواڵکەرسفەت دا کە لە پراکتیکدا کورسیی نەبوون، بەڵکو پارە بوو کە دەمیانی پێ داخرا.
بە داخەوە ئەو کاتە ژمارەیەکی یەکجار کەم لە ڕۆشنبیرانی باشوور دژ بەم سیستەمە گاڵتەجاڕییە بوون. خەڵکی بەدبەختی باشوور سەرمەستی هەوای هیوای حکومەت دروستکردن و دەوڵەت دروستکردن بوون بێ ئەوەی تێ بگەن کە دەوڵەت بە کێ و چۆن دروست دەکرێت.
بە ئاگاداریی لە چۆنیەتیی دروستبوونی ئەم شتەی ئەمڕۆ بە “حکومەتی هەرێم” دەناسرێت گرینگە تێ بگەین کە حکومەتێکی گەلیی دیموکراتیک لە سەر ئەم داروپەردووە ڕووخاو و بە سەر یەکداکەوتووەدا ساز ناکرێت. کێشە ئابووریەکەی ئەوڕۆ بێگومان کێشەیەکی لە سەداسەد سیاسییە کە لە سەرئەنجامی نەبوونی سیاسەت لە باشوور دێت. کێشە سیاسییەکەیش 19/5/1992 دروست بوو کاتێک کە هیچ بناخەیەکی رەووشتیی بۆ بونیادنانێکی سیاسیی دیموکراتیک لە ئارادا نەبوو.
ئەو کەسانە هەر ئەوەندە ڕەووشت و ویژدانی نیشتیمانیان هەبوو کە پێیان وابوو حوکمڕانیی بەو مانایە دێت کە کەراوات ببەستن و چاکەتوپانتؤڵ لەبەر بکەن وخۆبڕازێننەوە و لە پشت مێزێکی ڕەقەوە کە تەنیا دەسەڵات نیشان دەدات لە سەر کورسیەکی قەبەی گەورەی ناشارستانیانە دابنیشن. کورسیەکی قەبەی گەورەی ناشارستانیی کە بە تەختی پادشاکانی نێو داستانەکان دەچێت. ئەم دیمەنە دەبا زۆر زیاتر لە بەس بووایە بۆ ئەوانەی تێ دەگەن ڕەووشت وەکوو بناخەیەک بۆ سیاسەت چەند گرینگە.
سەرۆکی پێشووی هەرێم کە ئێشتایش هەر “سەرۆکە” و بارەگای بە ناوەوە کراوەتەوە و وەکوو “سەرۆکێکی خاوەن پۆست” ئاماژەی پێ دەکرێت، زەقترین مینیاتۆری ئەم کورسیە قەبە گەورە ناشارستانییەیە کە ڕیشەی بە ناو تەواوی جومگە حیزبیی و دەسەڵاتگیریەکەوە شۆڕ بووەتەوە.
ئێستایش پاش 28 ساڵ لە داسەپاندنی دەسەڵاتێکی خوێناوی مایەپووچ ئەم بیچمانە لەژێر ڕۆشنایی پرۆژۆکتەری هۆڵە ڕازاێندراوەکانەوە دەردەکەون و سەرمەستی ڕووانین لە بریوباقی پەڕوباڵیی خۆیانن. ئەوی هەستی ویژدان و شەرم و بەرپرسیاریەتیی بێت تیایاندا دەرناکەوێت و بەیان ناکرێت. ئەو ئەقڵە کە بە هیچ جۆرێک زاخاوی بەدەربەستەوەهاتن لە ژیانی خەڵک و لە سامانی گەل لە کەسایەتیاندا نەبوو نماییشنامەیەکیان لە جیاتی سیستەمی سیاسیی ساز کرد. کاتێک سەرنج لە کراواتبەستن و لە چاکەتوپانتۆڵی بەریان و لە کەوشی پێیان و سەعاتی دەستیان و هۆڵی کۆبوونەوەیان و سفرە و خوانی بەردەمیان دەدەیت، دەپرسیت ئایا ئەمانە یەک جاریش جووتێک گۆرەویان بە پارەی ڕەنجی شانیان بۆ خۆیان کڕیوە تا بتوانن نەتەوەیەک بەڕێوە ببەن؟
ڕێکەوت نییە کە نمایشنامەی ڕۆژانەی پیاوانی دەسەڵاتدارانی باشوور بە دەموچاوی هەڵگیراو و مووی چێنراوە و ڕەشکراوە و پۆزی وێستانی بەردەم کامێراکان لە میهرەجانی ساڵانەی ئەکتەرە سەرکەوتووەکانی هۆلیود دەچێت. ئەوەی هەناسەیەکی شەرمی تیادا بێت بێزی لەو پۆزلێدانە بێهونەرە ناشارستانیە دێتەوە.
ئەمە قەیران نییە، کارەساتە!
سەرئەنجامی ئەو بێ ڕەووشتییەکە باوک و براکان و ئامۆزاکان و خزموکەسوکارەکان بە هاوکاری لەشکرێکی بندیواریی، لە ڕێگای بەسیجکردن و چەکدارکردنی خاشاکی مرۆیی کۆمەڵگای بەدبەختی باشوورەوە، بە سەدان ملیارد دۆلاریان لە سامانی خەڵک دزیوە، زەویوزاریان داگیرکردووە و ژیانیان لە خەڵک کردووە بە دۆزەخ و ڕۆژ دوای ڕۆژ دۆڕاندنی ژیان و سامانی خەڵک و خاکی نیشتیمان تۆمار دەکەن.
بێڕەووشتیەکە گەیشتووەتە ئەو ئاستەی کە بە ناوی بابیانەوە بە پارەی دزراوی خەڵک ڕێکخراوەی خێرخوازییشیان ساز کردووە و بێ شەرم و بێ ئابڕوو خێری بابیان بە خەڵک دەکەن. هەر کەس تەرمی بابی خۆی لە سەر گردێک ناشتووە و بە “ڕێباز” ناوی دەبات و داستانی سەیر و سەمەنەی بۆ دادەتاشێت. بابەکان لە خەڵکی هەژار و خێرلەخۆنەدیوی باشوور کراون بە هەرکولیس و سپارتاکوس. بەم شێوەیە تا ئەوڕۆیش بەو پەردە سەوزە فێنکەی ڕاگەیاندنی درۆ و دەلەسە و ساختەچیەتیی سەری ئەو دۆزەخە دادەپۆشن کە گەلی باشووری تێدا دەژی.
ئەوانەی دەیانەوێت گۆڕانکاریی لە باشووردا ڕوو بدات دەبێت پێش هەر شتێک دژ بەو بێڕەووشتییە بووەستنەوە کە دایکی مایەپووچیە سیاسییەکەیە. شەق هەڵدان لە کورسیە گەورە قەبە ناقۆڵاکان و لەو کەسایەتیە مڵانەی بە ناوی سەیروسەمەنەی جیاوازەوە، لە سەرۆکی هەرێمەوە بەرەوخوار لە ژێر ناونیشانی جیاوازدا خوێن دەمژن. ئەم بیچمانە کوڕی ڕێبازی زیانەخرۆیین.
بزووتنەوەیەکی گەلیی دەبێت پێش هەر شتێک داوای گەڕاندنەوەی رەووشت بۆ ناو سیاسەت و پۆستە فەرمیە گشتییەکان بکات. ئەوانەی لە ناو حیزبەکاندا خۆیان بە بێ تاوان دادەنێن و ڕەخنە لە ڕەووشەکە و لە خۆیان دەگرن و باس لە گۆڕانکاریی و ڕیفۆرم دەکەن دەبێت بیسەلمێنن کە خاوەنی هیچ نیین.
ئەوانە دەبێت تێ بگەن کە بێڕەووشتیی و بێوێژدانییەکەی دەسەڵات بناخەی ئەم ناهەموارییەیە کە ئێران و تورکیا باشووریان لە خەڵکی کوردستان کردووە بە دۆزەخ و وەکوو خەنجەر بە پشتی بەشەکانی دیکەیدا دەکەن.
لە ئێستای باشووردا ناخاوەنداریەتیی سەنگی مەحەکە و تەنیا پێوانەیەکی جێی متمانەیە!
ئەوانەی کە لە 28 ساڵی ڕابردوودا لە سەر حیسابی خەڵک قازانجبگیر بوون هەرگیز ناتوان لە کوژاندنەوەی ئەو ئاورەدا ڕۆڵ ببینن.
لە دونیای ئەوڕۆدا بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا لە پاسکیلسواریی ئاسانترە. هیچ نەتەوەیەکی دونیا هێندە بێ پارە و بێ سامان نییە کە نەتوانێت ژیانی ڕۆژانە بژی. هەموو خەڵکێک دەتوانێت لە ڕێگای بەرهەمی جیاوازەوە هەم بژی و هەم پەرە بە ژیانی خۆیشی بدات، بەڵام تەنیا کاتێک دەتوانێت ئەوە بکات کە لەلایەن خەڵکانێکەوە بەڕێوە ببردرێن کە دەست و دەروونیان پاک بێت و کە کەسایەتیەکی بەرپرسیاریان هەبێت.
بێگومان باشوور پڕە لەو جۆرە خەڵکانە. ئەوەی باشووری گەینادووەتە دۆخی ئەوڕۆ دەستەیەکی بچووکن کە عادەتەن لە دونیای دیموکراتیکدا لە زینداندان.

ڕێبوار ڕەشید
18/6/2020




لە باشوردا چی دەگوزەرێت؟ … بێریڤان محەمەد

ئەوەی لە ئۆپەراسیونەکانی تورکیا لەسەر خاکی باشوری کوردستان ڕوودەدات ۳۱ی ئابێکی نوێیە، واتە هەمان پرۆسەی تەسلیمکاریە لە ئاستێکی فراوانتر و قوڵتردا، ئەوەی گۆراوە تەنها چەند ساڵێکی نێوانیانە لەگەڵ کارەکتەری ڕژێمی داگیرکار لە بەعسی (سەدام)ی فاشیست بۆ (ئەردۆغان)ی دەسەڵاتداری دەوڵەتی تورکیای فاشیست..
مێژوو سەلماندویەتی گورزی گەورەی داگیرکار لە هەر گەل، یان شۆڕشێک تەنها کاتێک ئەنجامگیر دەبێت کە خیانەت لە ناو خۆیدا پێشکەوتبێت، سیخورگەلێک لە ناوخۆ هاوکاری داگیرکەر بووبن، هەر وەک دەڵێن (دار کرمی لەخۆی نەبێ هەزار ساڵ دەژی) لە روخانی دەوڵەتی مادەوە تا ئێستا گەلی کورد قوربانی دەستی خیانەتی ناوخۆییە.

لە پاش چلەکانی سەدەی رابردوەوە تا ئێستا پەدەکە (پارتی ) وەک پارتێک لە باشوری کوردستان لە ئاست و قۆناغە جیاوازەکاندا پێشەنگایەتیەکی هەمەلایەنە لەم یاریە چەپەڵانەدا دەکات، لە بەشداریکردن بۆ لەناوبردنی سەدان شۆرشگێر و سەرکردەی باکور، رۆژهەڵات و تا لە پاش شۆڕشی رۆژئاوای کوردسستان، دژایەتیە راستەوخۆکانی بۆ ئەم شۆرشە مەزنە نیشاندا، زیاتر لە هەموو ئەوانەش ئەو رۆڵە خراپەی لە پێش و پاش راپەرینەوە بەرامبەر گەل و شۆرشگێران و پارتەکانی باشووری کوردستان گێراویەتی، گەر ئامارێک دەرخەین بە دەیان هەزار گەنجی ئەم بەشەی کوردستان لە شەرە ناوخۆییەکان و تیرۆری ناوخۆیی ژێردەسەڵاتی ئەم پارتە و هاوشێوەکانی گیانیان لەدەستداوە.

پەدەکە لە پێناو مانەوەی خۆی و لەناوبردنی ئەوانی تردا هەرگیز سڵی نەکردۆتەوە هەتا لە رێکەوتن لەگەڵ رژێمی داگیرکەرەکانی وەک سەدام و ئێران و ئەسەد و بەتایبەت تورکیایشدا، تەواوی رێکەوتنەکانی بەرێکەوتنە نەوتیەکانیشیەوە لەگەڵ تورکیا خاڵی سەرەکی لەناوبردنی پەکەکە بووە.
هەر ئەم رۆڵەی وابەستەی پدک – عێراق بە داگیرکاران و هێزە ئیمپریالیستەکانی جیهانەوە وای کردوە کە هەردەم پێگەیەکی لە نێو پیلان و پرۆژەکانی ئەو هێزانەدا هەبێت، پارێزگاری لە مانەوەی بکەن وەک کوردی باش لە بەرامبەر تێکۆشەرانی ئازادی کە لای ئەوان کوردی خراپن و لەئاستی جیهاندا سیاسەتە چەپەڵەکانی خۆیانی پێ ماسک کەن.

چی لە پدک گونجاوترە بۆ تورکیا و رژێمە داگیرکارە هەرێمییە هاوشێوەکانی و ئەمریکا و بەریتانیا…هتد تا هێزە ئیمپریالیستە جیهانیەکان پرۆژە و پیلانەکانیانیان لەم هەرێمە گەرمە و دەوروبەری لەڕێی ئەو ڕێکخستنەوە جێ بەجێ بکەن؟ دەستێوەردانەکانیان ئاسانتر بکات، سیاسەتی پەرتکە و زاڵبەیان سەربخات، رێگری لە چارەسەری خێرای پرسی کورد بکات کە گرێکوێرەی کێشەکانی رۆژهەڵاتی ناوەراستە؟ لانی کەم لە رێگەی خۆی و تۆرە وابەستەکەیەوە لە بەشەکانی تری کوردستان، کوردان بە کێشەی ناوخۆیی سەرقاڵ دەکات و ناهێڵێ یەکێتی نێوخۆیی و دیالۆگی نێوخۆیی و پرۆژەی هاوبەش و رێگەچارەی دیموکراتی هاوبەش پێشخرێت، بەئەندازەی داگیرکاران جەخت لەسەر تۆخکردنەوەی سنوورە دەستکردەکانی دوژمن لەنێوان بەشەکانی کوردستان دەکاتەوە، خەندەقی نێوان باشور و رۆژئاوا نمونەی زیندوون کەپاڵ دروستکردنی سنوور لەنێوان شار و ناوچەکانی باشوری لە نێوان هەولێر و سلێمانی، هەولێر و کەرکوک، دهۆک و شەنگال…هتد .

ئەم رۆڵە ئەنتی ئازادیەی پدک وایکردوە، هێزە دەرەکییەکان رۆڵی بدەنێ و دەسەڵاتی بەسەر کۆمەڵگەی باشوردا بسەپێنن و بیپارێزن، لەدەرەوەش وەک نوێنەری گشتی کوردستان بیناسێنن.
ئێستا پدک و حکومەتەکەی لە هەرێم روپۆش و دەمامکێکە کە لە پشتێووە هەرکەسێک و هەر سیاسەتێکی نەگریس هەیە، بەتایبەت تورکیا، تەنها ئەوەی کە نییە سیاسەتێکی کوردی ئازادە، کە لە بەرژەوەندی خەڵکی باشور و گەلی کورد دا بێت.

بەداخەوە ئەم مۆدێلە ئەگەر پدک پێشەنگایەتیشی بکات، بەڵام فراوان بووە و لە باشوور پارتەکانی تر و کەسانێکی ناو پارتەکانی تریش پێشبرکێیانە چۆن ببنە پەدەکەیەکی لەوشێوەیە لە وابەستە بە داگیرکەران و تەسلیم بوو، کاتێ باس لەوە دەکرێت ١٦ بارەگای فەرمی تەنها میتی تورک لە هەولێر و سلێمانی و دهۆک هەن و خەڵکێکی زۆر کاریان بۆ دەکات و زانیاریان پێدەگەیەنێت ئەوە بەرهەمی ئەم مۆدێلە بەرێگیراوێتێیە کە کلتورێکی لەو شێوەیەی پێشخستوە.

کۆمەڵگە بەرخودێرەکەی باشوری کوردستان کە چەندین سەدەیە لە دژی داگیرکاری لە تێکۆشاندایە و هەنگاوی بەرەودواوە نەناوە، لە پاش راپەرینەوە لەسایەی مۆدێلێکی چەپەڵ لە دەسەڵاتداری و حوکمرانیەکەی، کرانەوە بەروی دەستێوەردان و داگیرکاریە قوڵەکانی داگیرکاران بەتایبەت تورکیا لەروی سیاسی و ئابوری وسەربازی و کلتوری و لەهەموشی خراپتر سیخوری، کۆمەڵگەی تا لێواری لەناوبردن و داڕزان و هەڵوەشاندن بردووە، وێرای بێ ئیرادەکردن و برسیکرن و بێکارکردن، خراوەتە نێو جینۆسایدێکی کلتوری کە زۆر لە جینۆساید و کۆمەڵکوژیە جەستەیەکانی سەردەمی سەدام خراپترە.
مەبەستم لە شیکارکردنی ئەم دۆخە ، لەپێناو گەیشتنە بە چارەسەر، ئێستا بە دۆخێکی فرە مەترسیداردا تێدەپەرین، دەبوو ئەم حکومەتە هەر وەک ئیفلاس بونە ماددیەکەی راگەیاندووە زووتر ئیفلاس بوونە سیاسی و مەعنەویەکەشی راگەیەندایە.
لە دۆخێکدا کە نزیکین لە کۆتایی و لەناوچوون لە باشوری کوردستان با راستیەکانی پشتی تەسلیمکردنی باشور بۆ هەموان ئاشکرا بکەن و تا دەرفەتی ئەوە بمێنێتەوە کۆمەڵگا شەری پاراستن خۆی بکات، بەڵام ئاشکرایە نە جورئەت و نە ئیرادەی ئەو دانپێدانانەیان هەیە و نە گەورەکانیشیان رێگەیان پێ دەدەن دانی پێدابنێن.

گرنگە کۆمەڵگای باشور زیاتر لە دۆخی باشور، لەگەڵ دۆخی گشتی کوردان و ئاڵوگۆرەکانی سەدە کە لەم شەرە نیوو گەرم و نیوو ساردەدا رودەدەن پلانی و پرۆژەی هێزە هەژمونگەرا جیهانی و هەرێمییەکان ببینێت.
دواین هێرشی تورکیا بە پلانێکی هاوبەشی نێوان تورکیا، ئەمریکا، عێراق بەئاگاداری ڕووسیا و هاوکاری پەدەکە و پێدەچێ بە زانیاری هێزی دیکەی باشوور ئەنجامبدرێت، ئەمە ئۆپەراسیونێکی مەترسیدارە لێدانێکی ستراتیژییە لە گەلی کورد و لەو ماراسۆنی ئازادییەی کە هەنگاوی مێژویی تێدا هاوێژراوە و کێشەی کوردی گەیاندۆتە لێواری چارەسەری.

وەک چۆن داگیرکردنی قەندیل بۆ داگیرکاران گەرەنتی بە داگیرکراو هێشتنەوەی هەرچواربەشی کوردستانە لەسەروو هەموشیانەوە باشوری کوردستان، ئەوا بۆ گەلی کورد قەندیل واتە تێکۆشانی ئازادی کە بە پێشەنگایەتی پەکەکە چارەنوسسازە و سەرکەوتنی هەمیشەیی گەلی کورد دیاری دەکات، چارەنوسی هەموو گەلیش لەو کەشتییەدایە.
گەلی کورد لە سایەی ئەو ماراسۆنی ئازادیەی پەکەکە ئەنجامی مەزنی بۆ بەدەستخست و زۆرینەی پیلان و پرۆژەی داگیرکارانی سەروبن کرد، کوردی نەک لە مردن هەستاندەوە، بەڵکو لە ئاسۆی ئازادبون و سەرکەوتنیشی نزیک کردوەتەوە، ئەو کوردەی ئازادی خوڵقاند دژی تەسلیمیەت و بەکرێگیراوی شەردەکات ئەو خاوەن ئیرادەی ئازادی خۆیەتی، گەلی کوردی کردە رێکخستنی مەزنی سیاسی و پاراستنی و خاوەن فکری ئازاد و دیموکرات و پرۆژەی خۆسەر، هەر ئەمەشە وادەکات مەزنی پیلانەکان بەتایبەت لەم قۆناغی فیناڵەدا فراواتر و مەترسیدارتربێت و لە کەسایەتی پەکەکەشدا لەسەر تەواوی گەلی کورد چڕبکرێتەوە.

وەک دەرئەنجام رۆڵی کۆمەڵگەی باشوری لەهەرلایەک زیاتر دیارکەرە، ئەو ترسەی کە دەسەڵات بەمەبەست بڵاویدەکاتەوە لە رێگەی میلیتاریزەکردنی شارەکان و دەستگیرکردی چالاکوانانەوە ، هیچ نیە جگە لە ترسی خودی دەسەڵات خۆی نەبێت لە ئیرادەی ئازادیخوازانی کۆمەڵگە کە پێویستە بەتوندی بشکێندرێت، چونکە هیچ کات دەسەڵاتی پشتبەستوو بە داگیرکار لە بەرامبەر پێشکەوتنی تێکۆشانی ئازادی هێندەی ئێستا لاواز نەبووە، لە جێگەی چاوەروانی لە هەر هێزێکی دەرەکی، بە پشتبەستن بە خودی هێزی کۆمەڵگە خۆی، پێشخستنی تێکۆشانێکی گەلی شۆرشگێری پێویستیە، قەیرانی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی گرێدروای زهنیەتی حوکمرانە کە بەهەموو هێزی خۆی گرێداوە بە داگیرکاری تورکیا و دوور لە کۆمەڵگایە.
دۆخی باشور لە نێو داگیرکاریە قوڵە هەمەلایەنەکانی تورکیا و هێشتنەوەی لە ڕەوشی شەری بەردەوام و هەمەلایەنەدا لەلایەن دەسەڵاتی ستەمکاری ناوخۆیی لەژێر هەژمونگەرایی پدک، نە ئەزەلییە و نە ئەبەدی، بەڵکو هاتنە لای یەکی رۆشنبیرانی ئازادیخواز، چالاکوانان و رەنجدەران بە ژنان و گەنجان و ئەو هێزە سیاسی و کۆمەڵایەتیانەی خۆیان لەو چوارچێوەیەدا دەبینن، ئاواکردنی بزوتنەوەی رادیکاڵی ئازادیخوازی و دیموکرات و یەکسانیخواز دەتوانێت هێزی شۆرشێکی دیموکراتیانە بخوڵقێنێت, کە هەم دەسکەوتەکانی گەل لەم بەشە رزگار بکات و کۆمەڵگا لەدەست ستەمکاری ناوخۆیی و داگیرکاری دەرەکی رزگار بکات, دەسکەوتەکانی بخاتە خزمەت کۆمەڵگەی باشوور لە پێناوی ژیانێکی خوشگوزەران و شایستە، هەروەها تێکۆشانی ئازادی باشوور گرێ بدات بە شۆڕش و تێکۆشانی مەزنی ئازادی گەلەکەمان لە بەشەکانی تری کوردستان و تا بننە هێزی بۆ یەکتر و گەیشتن بە ئامانجە مەزنەکان چونکە چارەنوسەکان بەیەکەوەن.




چەند تێزێک لە بارەی خۆپیشاندان و شۆڕش … ستیڤان شەمزینی

-1-

*من رەخنەم لە حکوومەت نییە، چوونکە کار دەکەم بۆ گۆڕینی. جنێو بە دەسەڵات نادەم، لەبەرئەوەی گەشتنە دەسەڵات ئامانجمە، بۆیە بیر لە پڕۆژەیەکی سیاسیی دەکەمەوە بۆ دروستکردنی دەسەڵاتێکی بەهێزی کوردستانی. هەجونامە دژی سەرکردە سیاسییەکان نانووسم، لە سۆنگەی ئەوەی هەوڵی فۆرمۆڵەی سیستمێکی باشتر دەدەم. رەخنەم لە کارەکتەرەکان نییە، بەڵکو دەمەوێت دنیابینی ئەکتەرەکان بۆ پرسی حکومڕانیی بگۆڕم.
*نە باوەڕم بە خۆپیشاندانە، نە بە خەباتی سەندیکالیستی، نە ریفۆرم، نە راپەڕینی جەماوەریی، بەڵکو تەنیا شۆڕش رازیم دەکات. شۆڕشێکی لە پێشدا فیکریی کە جیهانبینی تاک بگۆڕێت پێش قووچەکی فەرمانڕەوایی. مارکس وتەنیش هەموو شتێک قۆناغ بە قۆناغ. لەم روانگەوە ئاژیتاتۆرە پۆپۆلیستەکان دوا کەسن سەرنجم راکێشن بۆ ئەو دیسکۆرسە تەقیلدییەی لەسەرشەقامەکانەوە بانگەوازی بۆ دەکەن.
*دەسەڵات مەڕوخێنن لە پێشنۆرەدا سیستم بگۆڕن. گۆڕینی فیگۆر و کاراکتەرەکانی دەسەڵات بەپێی گۆڕینی سیستمی سیاسیی و جیهاندیدی تاک بۆ پرسی دەسەڵات و دامەزراوەکان خولانەوەیە لە بازنەدا، لە هەمان کاتدا پرۆسەیەکی تاقەتپڕوکێن و نیهێلیستیشە.
*بارەگا سووتاندن خزمەتی دەسەڵات دەکات،! بەڵام چۆن؟ دامرکاندنەوەی تووڕەیی خۆپیشاندان و راپەڕیوان لە ئاگر تێبەردانی بارەگاکاندا خۆی لە خۆی خزمەتێکە بە دەسەڵات، بەو پێیەی ئەم کردەیە دەبێت دەرچەیەک بۆ خاڵیکردنەوەی هەڵچوون و کەفوکوڵی خەڵک. ئەوەی زیانی پێ ناگات لە کۆتاییدا ئەو سیستمەیە بەرپرسیارە لە نەهامەتییەکانی خەڵک. گۆڕینی ریشەیی چارەسەرە نەک سووتاندنی بارەگاکان کە دواجار موڵکی گشتین.
*کاتێک خۆپیشاندان دەکەین، دەبێت ئەوەمان لەلا روون بێت، گەندەڵی یەک دیاردەی گەردوونییە و ئیفرازاتی سیستمی سەرمایەدارییە. لە هەر شوێنێک مەچەکی کاپیتالیزم ئەستوور بێت گەندەڵیش هەیە. لەم سۆنگەوە گەندەڵی فینۆمینێکی یونیڤرساڵە نەک دیاردەیەکی لۆکاڵی. بەڵام من پێش پانزە ساڵێک لە چاوپێکەوتنێکمدا وتم: تەحەدا دەکەم لە کوردستان گەندەڵی بوونی هەبێت. ئەوەی لێرە روودەدات لە دەرەوەی پێناسە باوەکانی گەندەڵییە، لە دەرەوەی ستاندارەکانی رێکخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتییە لە بارەی گەندەڵییەوە. ئەوەی هەیە جۆرێک لە کولتووری تاڵانی و جەردەیی. لەم روانگەوە دەبێت بەرچاومان رۆشن بێت.
*پێشنیاری من بۆ نەسلی تازەی کوردستان ئەوەیە لەودیو دوکەڵ و غوباری سیاسەتی کلاسیکی و باوی کوردییەوە ئاسۆیەکی تر ببینن. ئەگەر ئاسۆیەکیش دیار نییە ئەرکی خۆیانە دروستی بکەن بە کەرەستەی نوێ و بە دابڕان لە نەریتی سیاسیی باو. راکردنی بە کۆمەڵ لە سیاسەت خراپترین جۆری ممارەسەی سیاسەتە، باشترین تایپیشی تێپەڕاندنی ئەو پارادایمە باڵادەستەی سیاسەتی ئێستایە، کە هەموو قەیرانە گەورەکان لە منداڵدانی ئەوەوە لە دایکبوون. هەر خودی ژیان جۆرێکە لە ململانێ و تێکۆشان، خەبات هەر ئەکشنی خێرا نییە بۆ گۆڕینی قوچەکی فەرمانڕوایی بەڵکو خەبات لە پێشنۆرەدا جەنگە لەدژی ئەندێشە نەریتییەکان و هەر جۆرە چەقبەستنێک.
*هەر وتن و دروشمدان بەس نییە، بەڵکو دەبێت بوارێک بۆ پراکتیکی ئەو دروشمانە پەیدا بکرێت. بەڵام نابێت لە بیری بکەین دۆخەکە تراژیدیای وتنە. تۆ ببینە یەک وشە لە سەردەمی بەعس دەیبردیتە بەردەم پەتی سێدارە، چوونکە وشە بەهای هەبوو و حیسابی لەسەر دەکرا. ئەمڕۆ ئەو هەموو چەنەبازییەش ناتوانن گوێ و مێشکی هیچ کەس بکەنەوە. لەو سۆنگەیەی وتن و نووسین بایەخیان نەماوە لە جڤاتی کوردییدا. بەپێچەوانە پرۆسەکە لە کاریگەریی دانانەوە گۆڕاوە بۆ کردەیەکی میکانیکی ماندووکەر. دەبێت پێش کردار سەنگ بۆ وتن بگەڕێتەوە، چون هەمیشە وتن پێش کردارە.

-2-

*ئەو دەسەڵاتەی لە خۆپیشاندان بترسێت بێگوومان دەسەڵاتێکی دیکتاتۆریی و خۆسەپێنە.
*حکوومەتی گەندەڵ دەبێت بگۆڕدرێت، بەڵام بەپێی نەخشەی داگیرکەران نا.
*حکوومەتی هەرێم تەنیا ناونیشانێکە بۆ کۆمەڵە جەردەیەک. پێموایە هێشتا دڵنەرمم بەرامبەر حکوومەت.
*رۆشنبیری کورد تاوانبارە چەندین ساڵە نەیتوانیوە ئەڵتەرناتیڤێک بۆ شێوازی حوکمڕانی باو فۆرمۆڵە بکات.
*کوردبوون لەبەردەم مەترسیدایە و ئاوابوونی کوردایەتی نزیکە. دەبێت فریای ئایندێنتی خۆمان بکەوین.
*خۆپیشاندەران دەبێت کارنامەی رۆشنی خۆیان هەبێت نەک هەر هێزێک ویستی بیانکاتە ماتریاڵێکی خاو بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن. پۆپۆلیستەکان دەرفەتەکان بە فیڕۆ نادەن لەم رووەوە.
*شەق تێهەڵدان لە خۆپیشاندەر شەق هەڵدانە لە پەیکەری حکومداریی نەک تەنیا شکاندنی شکۆی مرۆڤێک.
*لای من خۆپیشاندەری شەق تێهەڵدراو هەزار جار شکۆی زیاترە لەو دەسەڵاتەی شەقوەشێن پەروەردە دەکات.
*نابێت شەق قبوڵ بکەین چ لە دەسەڵاتی بێگانە چ لە دەسەڵاتی خۆماڵی. ئەمە دەبێت وەک پرنسیپێکی هەمیشەیی قبوڵ بکەین.
*بۆئەوەی خۆپیشاندان سەنگی خۆی لەدەست نەدا نابێت ئامانجی دژ بەستراتیژی نیشتمانی بخرێتە رۆژەڤەوە.
*ئەو دەسەڵاتەی ئەمڕۆ شەق لە خۆپیشاندەر هەڵبدات ناتوانێت سبەی داوا لە هاووڵاتیانی بکات بەرگریی لێ بکەن لە کاتی مەترسییدا.
*ئەو خۆپیشاندەرەی پاکێجەکەی بریتی بێت لە وێرانکردنی وڵات، هەرچی و هەر کەس بێت تێکدەرە.
*خۆپیشاندەران دەبێت ئاگایان لە هاوکێشە سیاسییەکان بێت و رەچاوی نیەتی داگیرکەرانی کوردستان بکەن.
*حکوومەت نابەرپرسیارە، دەبێت خۆپیشاندەر لێپرسراوانە مامەڵە بکات.
*حکوومەتی هەرێم دەبێت بگۆڕدرێت یان بڕوخێت بەڵام دەبێت جڵەوی حوکمڕانیی لە دەست کورد خۆیدا بمێنێتەوە.
*گەلەکۆمەکییەکی هەرێمی و نێودەوڵەتی هەیە دژی کورد، پێویستە دەسەڵات و گەل ئەو مەترسییە ببینن.
*کورد لە قۆناغێکدایە لە رووی سیاسیی و سەربازییەوە رووی لە شکستە، بۆ ئەوەی ئەم شکستە نەبێت هەرەسی یەکجاریی پێویستە خۆمان رێک بخەینەوە.
*خۆرێکخستنەوە لەسەر گیرفانی بەتاڵی هاووڵاتیان و بێباکی دەسەڵاتداران دروست نابێت، لەسەر دادی کۆمەڵایەتی رۆ دەنرێت.
*حکومەتی کوردیی خۆی یارمەتی مەرگی خۆی دەدات ئەگەرنا سادەترین ماف کە بەرامبەر بە ئەرکە ئەویش موچەیە دەکرا دابین بکرێت.
*هەر کوردێک خۆپیشاندان بۆ هەڵوەشاندنەوەی حکومداریی کوردیی بکات نەک حکومەتی هەرێم، ناپاکە و ئەجیندای دەرەکی جێبەجێ دەکات.
*نیشتمان هی هەمووانە ناکرێت بە بیانووی دژایەتی دەسەڵاتێکی گەندەڵەوە وێرانی بکەین.

———————————————————————

تێبینی:
ئەم نووسینە بەبۆنەی خۆپیشاندانەکانی مانگی ئازاری ساڵی 2018ەوە نووسراوە و لە رۆژی 25ی مارس لە ماڵپەڕە کوردییەکان و تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک بڵاوکراوەتەوە. بە پێویستم زانی دووبارە لەم دۆخەشدا بڵاوی بکەمەوە




عه‌زاب … سمكۆ محه‌مه‌د

هێشتا ده‌سته‌كانم میوه‌یان نه‌گرتبوو
دیواره‌كه‌ی ماڵمان كوكوختیه‌كی به‌خۆیه‌وه‌ نه‌بینیبوو
رووباره‌كه‌ی نزیكمان سووره‌ ماسیه‌كی تیانه‌بوو
من …..
مناڵێكی سه‌ركێش بووم
ده‌گه‌ڕام به‌ناو پێچاو پێچی ئه‌فسانه‌كانا
چنگێ‌ خوریم ده‌ست نه‌كه‌وت له‌پرچی داپیرم سپی تر
ده‌گه‌ڕام به‌ناو چیرۆكی ماسی گره‌ گێله‌كانا
یاقوتێكم نه‌دۆزیه‌وه‌ جوانتر له‌یاقووته‌كانی قه‌بانی
له‌ناو تابلۆكانی بیكاسۆدا راكشام
جه‌نه‌راله‌كان تفیان لێده‌كردم
له‌قه‌سیده‌یه‌كی (مه‌عه‌ری) دا پیاسه‌م كرد
باوكم بینی مینا تاوانبارێك
به‌قسه‌ی سوپێهری چه‌ندین فرسه‌خم بڕی بۆ قله‌ترێیه‌ك
كه‌چی خه‌یام زوتر له‌وده‌فره‌ی خواردبۆوه‌
دواجار ویستم ژن بناسم
فه‌روغ وتی (كه‌سێك وه‌ك هیچ كه‌س نا)
ره‌نگه‌ كه‌سیك ره‌چه‌ڵه‌كم بدۆزێته‌وه‌ و
سه‌جه‌له‌م بباته‌وه‌ سه‌ر بابلیه‌كان و من نه‌یزانم
ئه‌و ده‌بێ‌ خۆی گێل نه‌كات
ئه‌و ده‌بێ‌ خۆی ون نه‌كات
ئه‌و ده‌بێ‌ …..
ده‌بێ‌ چ كه‌سیك خه‌یاڵی له‌گۆزه‌ شكاوه‌كه‌ی من كردبێ‌ و
بۆخۆڵه‌كه‌ی بگری
نازانم چ كه‌سیك له‌وحه‌ساره‌دا چاوه‌ڕێم ده‌كا
بۆسوێند سه‌وزایی تیانیه‌
ده‌بێ‌ چ كه‌سێكی كاڵفام بێ‌ نه‌زانێ‌
من سه‌رژمێری شوشه‌ییترین نیگاو
وردترین ده‌نكه‌ هه‌نار و ناسكترین لاسكه‌ رێواس و خاوترین هه‌وری ئه‌كه‌م
گه‌ر تریفه‌ی مانگ ون نه‌بێ‌
مناڵێكی سه‌ركێشم و ده‌رۆم
له‌پێشمه‌وه‌ كڵاو قوتێكی نابوت و
له‌ پشتمه‌وه‌ كه‌چه‌ڵێكی توكنی پیس
به‌قینه‌وه‌ لێم ئه‌ڕوانن
من ئه‌گه‌ڕێم وگالێسكه‌ی حه‌ز پاڵ ئه‌نێم
به‌نێو شه‌قامی غه‌ریزه‌ مردووه‌كانا
حه‌سره‌تێكه‌ ئه‌بێ‌ ئه‌و كڵافه‌ به‌نه‌ ره‌نگاو ره‌نگه‌ بكه‌مه‌وه‌
دایكم ئه‌یووت بۆتی ئه‌كه‌م به‌پۆپه‌شمین
ده‌قی سه‌رماشی پێ ناشكا
ئه‌بێ‌ دڕ به‌دوكه‌ڵی ئه‌و جگاره‌یه‌ بده‌م
باوكم خێرا مژی لێ‌ ئه‌داو
بڕی خه‌فه‌تی پێ ناشكا
سه‌ره‌داوێكم له‌هه‌ساره‌یه‌كی تره‌وه‌ به‌دی كردووه‌
بۆنی دێ‌ …
ره‌نگه‌ بازنه‌ی ئه‌و زه‌ویه‌ی پێ گرێ‌ بده‌م
هه‌میشه‌ خولی تیا ئه‌خۆم
(سنگیك) ی تیا نیه‌ ده‌ستم لێی گیربێ‌
ئه‌مه‌ نۆشینی ئه‌سه‌ف نییه‌
ئه‌مه‌ هه‌ڵكێشانی داخ نییه‌
ئه‌مه‌ جاوینی خۆزگه‌ نییه‌
ئه‌مه‌ سه‌لیقه‌ی عه‌شقێكه‌ به‌ره‌به‌یان
به‌ئاوی وه‌نه‌وشه‌ خۆی ده‌شواو
ئێواران وه‌ك با هه‌ڵده‌كاو
وه‌ك پۆسته‌چی نامه‌كان ئه‌خوێنێ‌
كه‌سێك به‌له‌ته‌ خڕنوكێك گوێی خۆی دڕی
كه‌سێك ددانی دۆسته‌كه‌ی خۆی له‌ئاوانێكا هاڕی
كه‌سێك لوێچێ‌ باراناوی زستانی به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ و
بۆ قرچه‌قرچی هاوین هه‌ڵی گرتووه‌
كه‌سێك مێخه‌ك به‌ندی دایكی ده‌دزێ‌ بۆ گه‌ردنی دڵداره‌كه‌ی
وه‌لێ‌ هێشتا نه‌یبینووه‌
كه‌سێك ملوانكه‌ی خیانه‌ت و درۆو ساخته‌ ئه‌هۆنێ‌
كه‌سێك سه‌به‌ته‌ی خورافه‌و سیحرو گوناح ئه‌چنێ‌
نازانێ‌ چ ره‌گه‌زێكه‌
كه‌سێك به‌سه‌ركه‌ بزوتێك سه‌رزاری خۆی ئه‌سوتێنێ‌
كه‌سێك رۆحێك له‌ریشه‌وه‌ هه‌ڵكه‌نێ‌
كه‌سێك به‌رومه‌تی گێلاسێكدا هه‌ڵئه‌ڵێ‌
كه‌سێك به‌ده‌م سه‌مفۆنیاوه‌ چه‌قۆ تیژ ئه‌كا
كه‌سێك گۆرانی بۆ ده‌نكه‌ هه‌نارێك ئه‌چڕێ‌
كه‌سێك له‌ماڵی ئه‌گه‌ڕێن
كه‌سێك له‌ماڵێك ده‌گه‌ڕێ‌
من ئێستاكه‌ تێگه‌یشتم
ئه‌م داڵانه‌ به‌بارمته‌ گیراوه‌ چاوه‌ڕوانی چییه‌
ئه‌م كێڵگه‌ پڕ له‌ئَێسقانه‌ بۆ گوڵ ناگرێ‌
ئه‌م شه‌ڕگه‌یه‌ بۆ حیكمه‌تی لێ‌ ناوه‌رێ‌
من ئێستاكه‌ تێگه‌یشتم
ئایین و جه‌هه‌نم و خواكان بۆ لێره‌ن
له‌شكرو شه‌ڕو جه‌نه‌راڵه‌كان بۆ لێره‌ن
شیعرو خه‌ڵوه‌ت و سۆفیه‌كان بۆ لێره‌ن
من ئێستاكه‌ تێگه‌یشتم
تاڤگه‌ی خوێناوی ئه‌م میراتییه‌ ترسی له‌قه‌له‌ره‌شی چ دورگه‌یه‌كه‌
شه‌هوه‌تی خوێناوی ئه‌م میراتییه‌ له‌حیزه‌ پیاوی چ تیاترۆیه‌كه‌
تاڵاوی خوێناوی ئه‌م میراتییه‌ له‌سیخوڕی چ جه‌للادێكه‌
ده‌بێ‌ چ كوڕێكی بالق نه‌بوو جاڕی ئه‌م نه‌گبه‌تیه‌ی دابێ‌
كه‌من زه‌ین له‌یاری مناڵان و هه‌ڵمه‌قونێی كه‌روێشك
له‌خه‌نده‌ی قڵیشه‌ هه‌نارو پوشكانی گوڵێك
له‌توڕه‌یی با و له‌نجه‌ی ئاو ئه‌ده‌م
كه‌من تونێڵی هه‌موو گومانه‌كانم ته‌ی كرد
تامی میوه‌جاتی هه‌موو یه‌قینه‌كانم كرد
فاڵم بۆ به‌رزی دره‌خته‌ بێ‌ به‌ره‌كان گرت
زیكرم بۆهه‌ناسه‌ی به‌رده‌ كلۆره‌كان كرد
به‌جلێكی نه‌دیمانه‌وه‌ سه‌مام له‌گه‌ڵ با كرد
به‌ره‌و كوێ‌….
مه‌گه‌ر ده‌رفه‌تێ‌ له‌كتێبه‌كانم بخوازم
هه‌رحه‌رفێك ره‌زا گران و نه‌زۆكه‌ توڕی هه‌ڵده‌م
هه‌ر دێرێك بۆنی كبریتی تیابێ‌ بیسوتێنم
په‌ڕه‌یه‌ك ئاوی جه‌نگی تیابێ‌ بیدڕێنم
شتێك وه‌ك مه‌وهیبه‌كانی بودا نه‌بوو نه‌ینووسم
ره‌شبه‌ڵه‌كی ره‌زه‌ ترێكان بۆ خوڕه‌ی ئاوازی ئاو
له‌شكری مێرووله‌ شێخانییه‌كان
بۆ سپێتی شیری گه‌نم
شێتێتی له‌قله‌كانی ئئاشتی له‌مزگه‌وت و مه‌یخانه‌كان
تینونێتی شه‌ربه‌ شكاوه‌كه‌ی داپیرم
بۆ قومه‌ ئاوێكی زه‌مزه‌می
مشتێ‌ گڵی چه‌وری گه‌رمیان له‌جیاتی وسمه‌ بۆ دایكم
به‌یتێك له‌مه‌زمووره‌كانی داوود
بۆ كچه‌ یه‌هودییه‌كی شه‌رمن
مشتێ‌ زه‌رنیخی تفت و تاڵ
بۆ باده‌ لێوان لێوه‌كه‌ی من
من…. بودایی نییم و چاویشم كزنییه‌
به‌ئه‌شئه‌ی چیرۆكه‌كانی شه‌هره‌زاد
شاده‌ماره‌كانم سڕبوون
له‌شارێكم ته‌نها قامیشی تیا ئه‌ڕوێ‌
به‌ته‌نها له‌كۆڵانه‌كانی ئاره‌زوو ده‌گه‌ڕێم
ئه‌ویندارێكم نه‌بینی بوخچه‌یه‌ك عاتیفه‌ی پێ‌ بێت
لاولاوێكم نه‌بینی گۆنای په‌نجه‌ره‌یه‌ك ماچ بكات
خه‌ڵفه‌ مێوێوكم نه‌بینی له‌باڵای شاتوویه‌ك ئاڵابێ‌
كۆترێكی باڵ شینم نه‌بینی له‌سه‌ر شۆسته‌یه‌ك چینه‌ بكات
ته‌نها ژنێك به‌ڕه‌و رووم هات
ئه‌ویش كوێر بوو




له‌م كات و ساته‌دا ، بۆچی ته‌نیا سلێمانی !؟ … عه‌بدوڵا ساڵح

سه‌رنجێكی سه‌رپێیی له‌ نوسینێكی د. سه‌باحی غالب !

له‌ سایتی خه‌ندان ، له‌ به‌شی بیرو ڕا ، د. سه‌باحی غالب نوسینێكی بڵاو كردۆته‌وه‌ به‌ ناونیشانی ( شار گڕ شار گڕ، شارى بێ ساحێب گڕبۆ شارى سلێمانى)
باسه‌كه‌ جۆرێك له‌ده‌ردی دڵ و كه‌مێك ئاخ وحه‌سره‌ته‌ بۆ ئه‌مڕۆی كوردستان به‌گشتی ، به‌ڵام به‌تایبه‌تی فۆكۆسی كردۆته‌ سه‌ر شاری سلێمانی كه‌ بۆچی وه‌ك جاران نه‌ماوه‌ و تا ڕاده‌یه‌ك جوانیه‌كانی وون كردوه‌ . لێره‌دا ده‌مه‌و‌ێ تیشك بخه‌مه‌ سه‌ر دوو لایه‌نی باسه‌كه‌ ، به‌ڵام به‌ر له‌وه‌ پێویسته‌‌ بڵێم كه‌ ماوه‌یه‌كه‌ دۆستی خۆشه‌ویستم، ‌ د. سه‌باحی غالب قه‌ڵه‌مه‌كه‌ی كه‌وتۆته‌وه‌ كار، كه‌ ئه‌وه‌ش نیشانه‌یه‌كه‌ بۆ باشی ته‌ندروستی ئه‌و به‌تایبه‌ت ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر هه‌ندێك ناساغ بوو ، لێره‌وه‌ پڕ بردڵ هیوای له‌شی ساغ و ته‌ن دروستی بۆ ده‌خوازم . دۆستایه‌تی من و كاك سه‌باح ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ نزیك به‌ 50 ساڵ له‌مه‌و به‌ر ، له‌و ماوه‌یه‌دا ، دوور ونزیك ئاگامان له‌یه‌كتر بووه‌ و ناو به‌ناو یه‌كترمان به‌سه‌ر كردۆته‌وه‌ ، هه‌رچه‌نده‌ له‌ دوو جیهانبینی جیاوازه‌وه‌ ده‌ڕوانینه‌ دنیا ، به‌ڵام هه‌رگیز ئه‌و تێڕوانینه‌ نه‌بۆته‌ به‌ربه‌ست له‌ نێوان دۆستایه‌تیماندا ، ڕه‌نگه‌ نمونه‌ی ئه‌و پێكه‌وه‌ هه‌ڵكردنه‌ بۆ ئه‌مڕۆی دنیا كه‌م بێت، به‌ڵام به‌خۆشحاڵیه‌وه‌ من و ئه‌وی لێكدانه‌بڕاندوه‌ .
یه‌كه‌میان / جوانیه‌كان كامانه‌ن؟ ئه‌ی ناحه‌زیه‌كان چین ؟، جوانی هه‌ر جێگا وشوێنێك له‌م دنیایه‌ به‌ جوانی دانیشتوانیه‌وه‌یه‌تی ، به‌ هه‌ڵسو‌ كه‌وت وڕه‌فتاریان ، له‌ زمانی عه‌ره‌بیدا قسه‌یه‌ك هه‌یه‌ ده‌ڵێ ( زينة المكان بالمكين ) واته‌ جوانی شوێن په‌یوه‌سته‌‌ به‌ دانیشتوانه‌كه‌یه‌وه‌ ، مه‌به‌ست كردار و هه‌ڵسوكه‌وت وڕه‌فتاریانه‌ ، ژیانو گوزه‌رانیانه‌ . كۆمه‌ڵگا له‌گۆڕاندایه‌ ، له‌ هه‌موو بواره‌كان ئابوری ، كۆمه‌ڵایه‌تی ، سیاسی ، ڕه‌وڕه‌وه‌ی گۆڕانكاری ناوه‌ستێ ، ئه‌وه‌ حه‌تمیه‌تێكی مێژوویه‌ ، مرۆڤه‌كان خۆشیان بێ وترشیان بێ ده‌بێ خۆیان له‌گه‌ڵ ئه‌و ئاڵ وگۆڕانه‌ بگونجێنن ، یا لانی كه‌م له‌گه‌ڵیان هه‌ڵكه‌ن وه‌ئه‌گه‌ر نا خه‌بات بكه‌ن له‌ پێناو گۆڕینیدا ، گه‌ڕانه‌وه‌ و ده‌ستگرتن به‌ ڕابردوو،‌ مه‌له‌كردنه‌ به‌ پێچه‌وانه‌ی ڕێڕه‌وی ڕووبار‌ . ئه‌م گۆڕانكاریه‌ مێژوویه‌ پێ به‌پێ خۆی داب ونه‌ریت وهه‌ڵسو كه‌وتی تازه‌ له‌گه‌ڵ خۆی دێنێ ، جا به‌دڵی ئێمه‌یه‌ یان نا ئه‌وه‌یان باسێكی تره‌‌ ، نزیكترین نمونه‌ ، په‌تای كۆرۆنایه‌ كه‌ ڕه‌نگه‌ تۆقه‌و باوه‌ش بۆ هه‌تا هه‌تایه‌ له‌گۆڕ بنێ، یان وه‌ك داب ونه‌ریت زۆر كه‌می كاته‌وه‌ ، له‌بری ئه‌ویش جۆرێكی تر‌ له‌ یه‌كنزیك كردنی مرۆڤه‌كان بهێنێته‌ كایه‌وه‌ .
كۆمه‌ڵگای كوردستان كۆمه‌ڵگایه‌كی سه‌رمایه‌داریه‌ ، ئه‌وه‌ی كاك سه‌باح ئاواتی بۆ ده‌خوازێته‌وه‌ ده‌ورانی به‌سه‌رچوه‌ ، ئه‌وه‌ سیمای جۆرێك له‌ په‌یوه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی بوو كه‌ بناغه‌ ئابوریه‌كه‌ی هه‌ڵته‌كاوه‌ و تازه‌ نایه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ داب ونه‌ریته‌كانیشی له‌گه‌ڵ خۆی بردوه‌ . ئێستا ده‌ورانێكه‌ چاوی چه‌پ له‌گه‌ڵ چاوی ڕاست درۆ ده‌كا ،ئه‌مه‌ سیمای سلێمانی نیه‌ به‌ته‌نیا ، به‌ڵكو باڵی كێشاوه‌ به‌سه‌ر ته‌واوی كۆمه‌ڵگای به‌شه‌ریدا.
جاران له‌سلێمانی بنه‌ماڵه‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان ، كه‌ د.سه‌باح زوربه‌یان ده‌ناسێ وبه ((‌ڕه‌سه‌ن )) ناویان ده‌با ، به‌ په‌نجه‌ی ده‌ست ده‌ژمێردران ئێستا سه‌ر به‌هه‌ركونێك دا ده‌كه‌ی ملیونێرك هه‌ڵتۆقیوه‌ ،جگه‌ له‌ ملیاردێر، جاران هه‌موو شار ڕه‌نگه‌ هه‌زار ئوتومبێڵی تێدابووبێ‌ ئێستا ئوتومبێل ئه‌وه‌نده‌ زۆربووه‌ ڕۆژ نیه‌ هه‌واڵی دڵته‌زێن نه‌بیستین له‌مه‌ڕ كاره‌ساتی هاتوو چۆ ، جاران من و كاك سه‌باح كه‌هه‌ردووكمان قوتابی خانه‌ی مامۆستایان بوین ده‌بوو یه‌كی 15 فلسمان پێ بێ تا له‌به‌رامبه‌ر ته‌له‌فزیۆنه‌كه‌ی چایخانه‌‌ی عه‌لی لاله‌ مین چایه‌ك بخۆینه‌وه‌ و سه‌یری ته‌له‌فزیۆن بكه‌ین، ئێستا ته‌له‌فزیۆن ئه‌وه‌نده‌ زۆر بوه‌ ته‌نانه‌ت چۆته‌ گیرفانه‌وه‌ و كه‌م كه‌س هه‌یه‌ خاوه‌نی دانه‌یه‌ك نه‌بێ.
ئه‌م ئاڵ وگۆڕه‌ ، په‌یوه‌ندیه ‌كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی له‌گه‌ڵ خۆیدا گۆڕیوه‌و به‌ئاقارێكی جیاوازیدا بردوه‌ ،ئه‌گه‌ر بۆ كاك سه‌باح هه‌ندێك ناشیرینی له‌گه‌ڵ خۆیدا هێناوه‌ ، ڕه‌نگه‌ بۆ بابایه‌كی وه‌كو من، له‌پاڵ ناشیرینیه‌ زۆره‌كان، جوانیشی تێدا بێ ، به‌ڵام‌ پێوه‌ره‌كان بۆ ده‌ست نیشانكردنیان جیاوازن، بۆنمونه‌ یه‌كێك له‌ جوانیه‌كان به‌لای منه‌وه،‌ زه‌رده‌خه‌نه‌ی سه‌ر لێوی كچ وكوڕێكه‌ كه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ له‌ سه‌هۆڵه‌كه‌ پیاسه‌ده‌كه‌ن ، خۆ چ جوانتر كه‌ ماچێكیش بكه‌ن، ‌ به‌ڵام كاك سه‌باح ده‌مانباته‌وه‌ سه‌رئه‌و ته‌عبیرانه‌ی بۆ ژنی جاران به‌كارده‌هێنران لێره‌دا دووباره‌یان ده‌كاته‌وه‌ : ((کچى سەرتاپێ جوانى و قەدردارى، ، تۆزى داوێنى پاکى ئافرتان ، دەکرا بە کڵ و بۆن و بەرامە، حەیاى ئەوان)) . هێمن موكریانی له‌ یه‌كێك له‌ شیعره‌كانیدا ده‌ڵێ : ( خه‌ڵكی داوێنی مانگی هه‌ڵداوه‌، تۆش تازه‌ ده‌ڵێی پاكه‌ داوێنم )

ناشیرنیه‌كانیش ، كه‌به‌داخه‌وه‌ زۆرترن ، دووباره‌ پێوه‌ره‌كانیان فه‌رق ده‌كا ، بۆ نمونه‌ كاتێك من به‌ لای حه‌وزه‌ وشكه‌كه‌دا بڕۆم ئه‌ومنداڵه‌ داخ ده‌كاته‌‌ دڵمه‌وه‌ كه‌ عه‌لاگه‌ ده‌فرۆشێ ، ئه‌و پیره‌ پیاوه‌ كه‌ عه‌ره‌بانه‌ لێده‌خوڕێ ، ئه‌و ژنه‌ كه‌ وا خۆی پێچاوه‌ته‌وه‌ ته‌نیا كونی چاوی نه‌بێ دیارنیه‌ به‌بیانوی ( داوێن پاكی ) ،له‌هه‌مانكاتدا مه‌رگی هه‌زاران ژن دێته‌ به‌رچاوم كه‌ به‌بیانوی (( شه‌ره‌ف پارێزی و بێشه‌رمی و بێحه‌یای )) كوژران و ئێستا له‌ شوێنێكی تایبه‌تدا وه‌ك مرۆڤی بێناونیشان خراونه‌ گۆڕه‌وه‌ وقه‌برستانێكی تایبه‌ت به‌خۆیان هه‌یه‌ و ته‌نانه‌ت له‌وێشدا بێناونیشانن نه‌كا له‌گۆڕه‌كانیشیاندا نه‌هێڵن ئارام بگرن . خه‌لكی كوردستان ئه‌مڕۆ داوێن پیسی و داوێن پاكی له‌ گۆشه‌نیگایه‌كی دیكه‌وه‌ سه‌یر ده‌كه‌ن ، ئه‌وانه‌ی خه‌ڵكیان برسی كرد ، خه‌ڵكیان به‌كوشت دا ، سه‌روه‌ت سامانیان تاڵان كرد ، درۆیانكرد ، گیرفانیان پڕكرد ……. داوێن پیسن ئه‌وانه‌ش كه‌ بۆ ژیان و گوزه‌ران داوای مافی خۆیانكرد ، داوایان كرد وه‌ك مرۆڤی هاوچه‌رخ بژین له‌ خۆشیه‌كانی ژیان بێبه‌ش نه‌بن ، ئه‌وانه‌ی داوای یه‌كسانی ژن وپیاویان كرد …. ئه‌وانه‌ داوێن پاكن .

كاك سه‌باح ده‌ڵێ: (( کە چوومەوە، هەوڵمدا لەبن سێبەرى دارێکى باخى گشتیدا بە خەیاڵى جارى جاران و کتێب دەورکردنەوەى سەردەمى ناوەندى و دوا ناوەندى، بە دەم کتێبەکەوە خەو بمباتەوە، ئێ بەڵکو عەلى باپیر ئاغا، یا مەدهۆش یا کامەران موکرى بێنە خەوم، هاتن بەڵام بە دزییەوە لە سوچێکى باخەکەدا، وا خۆیان پیشاندا دەسەڵات نەیان ناسێتەوە))
ئه‌گه‌ر منیش له‌ باخی گشتی عه‌لی باپیراغا ومه‌دهۆش وكامه‌ران و ئه‌وانی تر بێنه‌خه‌ونم ، كه ‌من ته‌نیا له‌ڕێی به‌رهه‌ماكانیانه‌وه‌ ده‌یانناسم ، ئه‌وا خه‌ونه‌كه‌ی من جیاواز ده‌بێ ، ئه‌وان پێم ده‌ڵێن : هه‌سته‌ بچۆره‌ سه‌ر ئه‌و جاده‌ی به‌رده‌م باخی گشتی بزانه‌ بۆ ئه‌و هه‌موو گه‌نجه‌ بێكارن ، ژنان بۆ خۆیان ده‌كوژن و ده‌كوژرێن ، بۆ مزگه‌وت له‌ قوتابخانه‌و خه‌سته‌خانه‌ زۆرتره‌‌ ، بۆ مامۆستا له‌سه‌ر مافی ڕه‌وای خۆی وه‌به‌ر شه‌ق ده‌درێ ، بۆ منداڵی شه‌ش حه‌وت ساڵه‌ له‌ژێر سێبه‌ری مه‌سئوله‌كاندا لاقه‌ ده‌كرێ ، سه‌رده‌شت عوسمانه‌كان و كاوه‌ گه‌رمیانیه‌كان بۆ تیرۆر ده‌كرێن ، بۆچی زۆرینه‌ سك هه‌ڵده‌گوشن له‌برسان وكه‌مینه‌یه‌كی مشه‌خۆر له‌تێریدا هه‌ڵامساون‌، بۆ نه‌خۆش ناچار ده‌كرێ بچێته‌ تونێلی دكتۆر وده‌رمانه‌وه‌ تا له‌وسه‌ری تونێله‌كه‌ وه‌ك سڵقی ڕوت به‌مردویی یا نیوه‌ مردوو بێته‌ ده‌رێ . بۆچی گه‌نج ولاوه‌كان ئالوده‌ی ماده‌ی هۆشبه‌رن ، بۆ فڕۆكه‌ مه‌رگ چێنه‌كانی توركیا به‌ئازادی هه‌تا ناوجه‌رگه‌ی كوردستان دێن وژن و منداڵی ئاواره‌ی هاوزمانمان ده‌كوژن، جمهوری ئیسلامی بۆ په‌لاماری شار ودێهاته‌كانی كوردستان ده‌دا ، كێن ئه‌وانه‌ی ژێر به‌ژێر له‌ ‌به‌رامبه‌ر ئه‌و ده‌ستدرێژیانه‌دا بێده‌نگن به‌ڵام له‌به‌رامبه‌ر كپ كردنی ناڕه‌زایه‌تیه‌كانی خه‌ڵكدا وه‌ك گورگی هار وان ،كامانه‌ن ئه‌و‌ خه‌ڵكی شاره‌ی به‌لاته‌وه‌ ڕه‌سه‌نن‌، ‌ ناڕه‌سه‌نه‌كان كێن ………. له‌ ڕاستیدا بۆیه‌كان ئه‌وه‌نده‌ زۆرن له‌ ژمار نایه‌ن و له‌ زینده‌ خه‌ونێكی وادا له‌گه‌ڵ ئه‌و نوسه‌رانه‌ جێگایان نابێته‌وه‌!!

دووه‌میان/ ئه‌م تێروانینه‌ی د سه‌باح ئه‌گه‌رچی له‌ شكڵ وشێوه‌دا به‌ته‌نگه‌وه‌ بونیه‌تی‌‌ بۆ ئه‌و ئاڵوگۆڕه‌ی له‌شاری سلێمانیدا ڕویداوه‌و به‌ ویست و ئاره‌زوی ئه‌و نه‌بووه‌ ، به‌ڵام ڵه‌ ڕاستیدا ، بیه‌وێ یا نه‌یه‌وێ ، له‌په‌ناوه‌ ڕه‌خنه‌ له‌ هه‌ڵوێستێكی سیاسی دیاریكراو ده‌گرێ، كه‌ گوایه‌ چاره‌نوسی ئه‌م شاره‌ی به‌م ڕۆژه‌ گه‌یاندوه‌ ، ئه‌وه‌ش بۆ ئه‌م ساته‌ وه‌خته‌ ، دووباره‌ بیه‌وێ یا نه‌یه‌وێ ، ده‌ڕژێته‌ خانه‌ی ئه‌و حه‌ریفانه‌ی كه‌ ئه‌مڕۆ دوورن له‌ده‌سه‌ڵاتی شاری سلێمانی وجۆرێكیشه‌ له‌ ستایشی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وان له‌‌ شاره‌كانی تر‌ !
ئه‌گه‌ر منیش نه‌یڵێم ، كه‌م نین ئه‌وانه‌ی باسه‌كه‌ی كاك سه‌باح ده‌خه‌نه‌ قاڵبێ ململانێ سیاسی هێزه‌ ده‌سه‌ڵاتداه‌ركانی ئه‌مڕۆی كوردستان، به‌ قازانجی یه‌كێكیان و به‌دژی ئه‌وی تریان، له‌كاتێكدا‌هه‌ردوكیان ، به‌وانه‌ی له‌سه‌ر چه‌مه‌رلغی لۆریه‌كه‌شیانه‌وه‌ سوار بوون وڕه‌نگی جیاوازیان بۆ خۆیان هه‌ڵبژاردوه‌ ، دژی به‌رژه‌وه‌ندی جه‌ماوه‌رن، ئه‌وانه‌شی كه‌ نه‌كه‌وتونه‌ به‌ر ڕه‌خنه‌ی تیژی دكتۆر سه‌باحه‌وه‌ و زیره‌كانه‌ خۆی لێ پاراستون ، ئه‌وا بێشك له‌وكاره‌ساته‌ی به‌سه‌ر ئه‌م خه‌ڵكه‌ هاتوه‌‌‌ پشكی شێریان به‌رده‌كه‌وێ .
ئه‌مڕۆ خه‌ڵكی كوردستان له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتێكی مافیایی‌ گیریان خواردوه‌ كه‌ نزیك به‌ 29 ساڵه‌ به‌ده‌ست حوكمڕانی ئه‌وانه‌وه‌ ده‌ناڵێنن، هه‌ر بۆیه‌ ناكرێ ته‌نیا تیشك بخرێته‌ سه‌ر واقعی حاڵی شارێكی وه‌ك سلێمانی و چاوپۆشی له‌ شاره‌كانی دیكه‌ی كوردستان بكرێ كه‌ به‌ شاهیدی دۆست ودوژمن سلێمانی له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو ئه‌وه‌ی باسمانكرد‌، كه‌م تا زۆر، له‌وانی دیكه‌ له‌ ڕووی شارستانیه‌وه‌ له‌پێشتره‌، سلێمانی شارێكی مودێرنه‌ به‌ماناگشتیه‌كه‌ی ، ئه‌وه‌ قسه‌ی زۆرێك له‌وانه‌یه‌ كه‌ من ده‌یانناسم بۆته‌نیا یه‌ك جار سه‌ردانی ئه‌و شاره‌یان كردبێ .
لێره‌وه‌ش به‌ كاك سه‌باح ده‌ڵێم خه‌مت نه‌بێ ئه‌م شاره‌ بێساحیب نیه‌ ونه‌بوه‌، دڵسۆزانی ئه‌وشاره‌ ئه‌وه‌نده‌ زۆرن ‌ ، جیا له‌و هه‌موو سه‌ختی ونه‌هامه‌تیه‌ی توشیان بووه‌ ، وه‌ك كێو وه‌ستاون و له‌هه‌وڵی هه‌رچی جوانكردنی جوانیه‌كانن، هه‌ر بۆیه‌ش من و تۆ كه‌ده‌چینه‌وه‌ كوردستان دڵمان به‌و شاره‌ جوانه‌ ده‌كرێته‌وه‌ .
دواقسه‌م ئه‌وه‌یه‌ خه‌ڵكی كوردستان ئه‌مڕۆ تینوی قه‌ڵه‌مێكن‌ په‌نجه‌ بخاته‌ ‌سه‌ر برینه‌كانیان و ڕێگا چاره‌یان نیشان بدا، چاوه‌ڕێی (( ڕۆشنبیرو قه‌ڵه‌م به‌ده‌سته‌كانن )) هه‌ست به‌ ده‌ردو ئازار وناڕه‌حه‌تیه‌كانیان بكه‌ن، نه‌ك حه‌یف مه‌خابنیان بێ بۆ ڕابردویه‌ك كه‌ ناگه‌ڕێته‌وه‌.

17 / 6 / 2020

عه‌بدوڵا ساڵح




کە وشە دەبێتە مرۆڤ … سروە ساڵەیی

لەناخی هەر ئادەمیەك وشەگەلێك هەن
گەورەتر.. لە گووتن
لە گەیاندن وتێگەیشتن
بڕێکجار دوورتر.. لەئامێزگرتن،
دەستگوشین و دواندن..
تەنیاتر…لەگوێگرتنێ تا ئاستی ونبون
وردتر ..لەڕوانینێ نیگاکان تێدا
گومبن..
بوونێك
هەموو گووتنەکان ..کورت
بکەنەوە
لەسەر شۆستە بەرز ونزمەکەی ڕێگا ئاسنینەکە
تەواوێك
دانیشتین ،
من ..
و..
ئەو..
و..
تەنیا مرۆڤبوون…
.
ئێوارەیەك….
ئاسمان ساماڵ
مانگ مەست وگەرم
پەشۆکاو،
دوا پێکی هەڵدابوو… چیدی
لەنگەری نەدەگرت، تەواو ڕسکاو،
ئەستێرەکان
بۆ گەلەکۆمەی شەوێکی کورت
چەندوچونیانە..
کۆتا شەوەکانی گەلاوێژە،
سارد وسوڕ
ئارەق لە بن _گوێچکەی کەپری پەرسیلە عەیارەکەی
سەرەڕێ ڕێچکەیان دەکرد
نم …نم
بەسەر جەستەی گڵ دەچۆڕان
قەدەرێکیش
خۆیان لە شانمان دەدا وقدیلانەی
پێڵوەکانیان دەداین…

نیگاکانم لێڵ و
لە دوورەوە بەهەڵەداوان نزیك دەبۆوە
تەواو هەڵبزرکاو
پەشۆکاو
جوڵە وهەست ونەست
ژاکاو
ڕونتر پەیکەری نەهامەتیەك دەبینرا
بە دووپێەوە وگوزەر دەکا ئەو ئێوارەیە …وەك مەلێکی باڵشکاو لەدوای پێیەکانم دەڕۆیشتم هەنگاوەکانم هێندە بووبوون
خۆم لەدەستچوو_بوو

هەستی کرد دڵەخورپەمە..تا دەهات
خێراتر بەرەو ڕووم و وێڵم . ..دەبوو
ئاخر ..
مرۆڤ لە گیانلەبەرانی دی فرەجیاوازە
چەترێکی هەستە… لە بارینی
ڕق ودوورەپەرێزی ونامرۆڤبوون ، ودادانی
تەرزەشەڕانگێزیەکان
دەستەبارگاویەکانی
ئیرەییە کەڵەکەبوەکان
دەیپارێزێت
پێیەکانم بركیان دەکرد هێندە پەشۆکابووم… گڵپەی دەکرد هەستەکانم گڕکانی موچورکەبووم
ئەو ئێوارەیە…
دەمەوێت بزانم هەموو شتێك
ئاساییە….

بڕێكجار… وەك بەفرگرە دەبێت
هەستە نەرێنیەکانمان بەستەڵەك_ ئاسا بەلاوەنێن
دووبارە مرۆڤ بینەوە بەیانی… بە شەقاوە گەورەکانی دەستی بەسەرگڵۆپە شەپقەبەسەرەکانی شەقام دادەهێنا تا ئارام بنوون ئەوان یش
قەدەرێکە لە سەربوردە
ناخ هەژێن وزامی پیادەکانی ئەو شۆستەیە
دڵۆپە داخەکانیان دەسوتێنن…

هەمدیسان
بە نیگایەکی تەلیسماوی دەیڕوانی
پەڵەکانی ئازار ڕەشباو لە دەوری پێڵوەکانی نیشتبوون
کە_کەڵەکەبووی ئەو جەستانەن ڕۆژگار بەدەستی ئەنقەست
خستبوویە ئۆقیانوسی
بیناییەکانی و

دڵۆپە مرواریەکانی قوڵایی
ئەو ئۆقیانوسە ،
،سوێراویان
دەتکاند…
دانە ..دانە ی
ئازارمان دەژمارد
خۆر خۆی بۆلامان هات

هێندەم لەبیرە بە ئاسپایی دەستەکانم لە چنگی خزاند و
ئەویش ئاهێکی پڕ دڵنەوایی
قەدەرێکە وا پنگرەکانی ناخم نەکوژاندۆتەوە ملپێچەکەی ملی
خستە دەستمەوە
تاكەبیرەوەریە، ساردی دوێنێ
گەرم ..دەکاتەوە
وشە قەتیسماوەکانی ڕژاند و
ڕۆیی..
ئیدی بونیادەم وایە
لە چوار وەرزە دەکا
بە بون و ،
سەرگەرمی و،
خەزان و،
فەنا بوون ،
تێدەپەڕێت
تا دواجار….چەندبارە دەبێتەوە..
لەکڕوزی ئەو ئاهە ساردەی
کە ئازیزێك ..بە دەستبەردان وڕۆیشتنی
بەئاگامان دەهێنێتەوە..

هیچ نەما… نەیدرکێنین
هەموو تەنەکانی تەنیشتمان هاتنەگۆ
ئەوانەی _خەیاڵیشمان لێناکەنەوە،
ئەوانەی خەیاڵیشیان لێناکەینەوە،
ئەوانەی لە کەلێنەکانی مەرگ چاڵەکانیان پڕ کردێتەوە،
هێندە کپکراون خودی مەرگ نایاندۆزێتەوە،

سەتەها چاڵی گرێدراو و
برین کە ساڵەها
خوێناویان لێدەچۆڕێ ..لەپەنای ئەوین

*

وشەیەك
پیتێك نەما
تا بیلکێنین بە ئازارەکانەوە
بێدەنگ تەماشای نیگاکانی یەکدی _مان کرد
تەواو حاڵی بووین
هیچ زمانێك هێندەی بێدەنگی گوزارشت
لە زامەکانی بونیادەم ناکەن
هەربۆیە بەرد بێدەنگە
بارتەقای هەموو بوون زام ونائومێدی ..کپ کردیە

ئێستا لە ژوورەکەم
شتگەلێك هەن لەبری کەسانێك دەدوێن
مەگەر
هەڵوێست وبەخشندەیی نیە
دەمانکەن بە
مرۆڤ!




شه‌وێكی ره‌ش … ئه‌حمه‌د كامه‌ران

مانگی شوباتی ساڵی 2017 بوو, شه‌وێكی زۆر سارد و باراناوی بوو, ئاسمان تاریكی لێ نیشتبوو هه‌روه‌ها ده‌نگی گرمه‌ گرمی ئاسمانیش ناو به‌ناو ده‌هات, به‌ڵام له‌ناكاو له‌و شه‌وه‌ سارد و باراناویه‌دا , زه‌نگی مۆبایله‌كه‌ی دایكم لێ درا,دایكیشم به‌خێرایی خۆی به‌ره‌و ته‌له‌فۆنه‌كه‌ی گه‌یاند , بۆ ئه‌وه‌ی هه‌واڵی ته‌ندرووستی براكه‌ی بزانێ, چوونكه‌ ماوه‌ی دوو رۆژێك ده‌بوو كه‌ خاڵم له‌ نه‌خۆشخانه‌ بێ هۆش كرابوو…
به‌ڵام من نه‌مده‌زانی كێیه‌؟
پاش ئه‌وه‌ی دایكم مۆبایله‌كه‌ی هه‌ڵگرت, له‌ناكاو گوێبیستی دایكم بووم كه‌ ده‌ستی كرد به‌گریان و قیژه‌ لێدانه‌وه‌, ئیتر منیش هه‌رزوو خۆم گه‌یانده‌ خواره‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی بزانم چیه‌؟!
كاتێك گه‌یشتمه‌ خوراوه‌ بینیم دایكم له‌خۆی ده‌دات , وتی: ته‌واو براكه‌م كۆچی دوایی كرد , بیستنی ئه‌و هه‌واڵه‌ له‌ زاری دایكمه‌وه‌ منی زۆر تاساند, له‌ كۆتایی له‌شه‌وێكی سارد و سڕدا هه‌روه‌ها له‌پاش دوو شه‌و له‌ بێهۆشی خۆیدا خاڵم بۆ هه‌تا هه‌تایه‌ ماڵئاوایی كرد ئیتر…
ته‌لفزیۆنه‌كه‌ی ماڵه‌وه‌مان كرابووه‌, بینیم له‌سه‌ر یه‌كێك له‌ كه‌ناڵه‌ كوردیه‌كان بوو, له‌خواره‌وه‌ی كه‌ناڵه‌كه‌دا هه‌واڵی كۆچی دوایی خاڵمیان كردبووه‌ سه‌ردێری هه‌واڵه‌كانی خۆیان, نووسیبیان: هوونه‌رمه‌ندی بواری شانۆ و دراما و سینه‌ما, ته‌ها ئاغاجان به‌هۆی نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌وه‌ كۆچی دوایی كرد.
پاشان هه‌واڵمان بۆ هات كه‌ راسته‌وخۆ ته‌رمه‌كه‌ی به‌ گۆر ناسپێرن به‌و شه‌وه‌ سارد و سره‌دا,چوونكه‌ بریاریان دابوو كه‌ بۆ به‌یانیه‌كه‌ی له‌ رێوره‌سمێكی تایبه‌تی دا , ته‌رمه‌كه‌ی به‌خاك بسپێرن, ئیتر له‌پاش ئه‌وه‌ی كاروباره‌كانی نه‌خۆشخانه‌یان ته‌واو كرد راسته‌وخۆ ته‌رمه‌كه‌یان هێنایه‌وه‌ ماڵی باپیرم له‌ عه‌نكاوه‌, من و دایكم و باوكمیش كه‌وتینه‌ رێ به‌ره‌و عه‌نكاوه‌ له‌وێدا له‌لای ماڵی باپیرم له‌چاوه‌ڕێی هاتنه‌وه‌ی ته‌رمه‌كه‌ی خاڵم دابووین , به‌ڵام ئه‌و شه‌وه‌ كه‌ش و هه‌وا سارد و سڕ بوو , هه‌روه‌ها هه‌موو گیانیشم ده‌له‌رزی له‌سه‌رمایه‌…
پاش ئه‌وه‌ی ئێمه‌ چاوه‌رێ مان كرد له‌ ماڵی باپیرم , له‌كۆتایی دا ته‌رمه‌كه‌یان هێنایه‌وه‌و , له‌نێو كفنێكی سپی دا خاڵمیان شاربووه‌, ئه‌و پیاوه‌ باڵا به‌رزه‌ خۆی له‌نێو كفنێكی سپی حه‌شاردابوو, ئیتر به‌ره‌و ژووری میوان بردیان و له‌سه‌ر زه‌ویه‌كه‌ درێژیان كرد, ئێمه‌ش هه‌موومان به‌ده‌وریه‌وه‌ بووین, هه‌روه‌ها كه‌ناڵێكیش هاتبووه‌ ناو ژووره‌كه‌مان بۆ گواستنه‌وه‌ی ئه‌و شه‌وه‌ , به‌ڵام له‌تاو گریان نه‌مده‌زانی كه‌ چ كه‌ناڵێك بوو؟ رووناكی كامێراكه‌ی له‌ناو چاوم بوو.
گریان و له‌ خۆداین هه‌ربه‌رده‌وام بوو, به‌ڵام من و دایكم گه‌راینه‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌ , چوونكه‌ دایكم به‌رگه‌ی نه‌گرت له‌وێ بمێنێته‌وه‌, ئیتر ئێمه‌ هاتینه‌وه‌ بۆ ماڵی خۆمان , ماڵ تاریك و بێ كاره‌با و سارد, منیش هه‌رزوو جله‌كانی خۆم گۆری و له‌پاشان چوومه‌ ژێر جیگاكه‌م.
دڵم زۆر تووند بوو ئه‌و شه‌وه‌, هه‌موو ئه‌و رۆژانه‌م به‌بیرهاته‌وه‌ كه‌له‌گه‌ڵ خاڵم به‌سه‌رم بردبوو, كه‌زۆر ئه‌سته‌مه‌ من هه‌موو ئه‌و رۆژه‌ جوانانه‌ له‌یاد بكه‌م كه‌ له‌گه‌ڵ خاڵم بردوومه‌ته‌ سه‌ره‌وه‌, به‌تایبه‌تی ئه‌و رۆژانه‌م به‌بیر هاته‌وه‌ كاتێك ئێمه‌ هێشتا ماڵمان له‌ هه‌ولێر نه‌بوو, كه‌ ناو به‌ناوه‌ بۆ سه‌ردانكردن ده‌هاتین بۆ هه‌ولێر, ئیتر منیش چوومه‌ لای خاڵم و داوای فلیمی و به‌رهه‌می نوێیم لێی ده‌كرد, به‌ڵام خاڵیشم هه‌ركاتێ كارێكی نوێی تۆماربكردبایه‌ , راسته‌وخۆ دانه‌یه‌كی بۆمن به‌تایبه‌تی داده‌نا, ئیتر هه‌ركاتێك بهاتبامایه‌ بۆ هه‌ولێر , راسته‌وخۆ پێمی ده‌دا …
ئای چه‌نده‌ جوان بوون ئه‌و رۆژانه‌…. له‌بیركردنیان وه‌كو ئه‌نجامدانی تاوانێكه‌ بۆم. .
راستیه‌كه‌ی من ته‌ماشای هه‌موو كاره‌ هونه‌ریه‌كانی خاڵم نه‌كردوه‌, به‌تایبه‌تیش كاره‌ شانۆییه‌كانی , چوونكه‌ ئه‌و له‌ساڵانی حه‌فتایه‌كانه‌وه‌ له‌سه‌ر ته‌ختی شانۆوه‌ ژیانی به‌رێ كردوه‌.
به‌یانیه‌كه‌ی كاتژمێر شه‌شی به‌یانی بوو, دایكم خۆی گوڕی بوو, له‌گه‌ڵ باوك رۆیشتبوو بۆ ماڵی باپیرم, هه‌وه‌ره‌ها ته‌رمه‌كه‌ی خاڵیشم هه‌رله‌وێ له‌ ژووری میوانه‌كه‌ مابووه‌ بۆخۆی , ئیتر له‌پاشان باوكم گه‌رایه‌وه‌, هه‌تاوه‌كو برام به‌ڕی بكات بۆ قوتابخانه‌ , له‌پاشان ئیتر من و باوكیشم كه‌وتینه‌ رێ بۆ عه‌نكاوه‌ بۆ ماڵی باپیرم بۆ ئه‌وه‌ی له‌وێوه‌وه‌ ته‌رمه‌كه‌ی بگوازینه‌وه‌ , من ئه‌و ساڵه‌ كه‌ خاڵم كۆچی دوایی كرد له‌كۆتا قۆناغی ئاماده‌یی بووم.
كاتژمێر هه‌شت و نیوی به‌یانی بوو , ئیتر له‌ماڵی باپیرم كه‌وتینه‌ رێ و بۆ بردنی ته‌رمه‌كه‌ی خاڵم, بۆ ناو به‌ڕێوبه‌رایه‌تی شانۆی هه‌ولێر و له‌پاشانیش له‌وێوه‌ به‌ره‌و گۆرستانی كه‌سنه‌زان بردمان هه‌تاوه‌كو به‌خاك بیسپێرین, كه‌ ئیتر ئه‌و شوێنه‌ دواهه‌مین ماڵی خاڵم و هه‌موومانه‌,بینیم چاڵێكی قوووڵیان بۆ خاڵم هه‌ڵكۆلیبوو, بۆ ئه‌وه‌ی خاڵم بخه‌نه‌ ژێر ئه‌و خاكه‌وه‌ هه‌روه‌ها شوێنێكی زۆر بچووك و ته‌سك بوو , ئیتر له‌پاشان شۆریان كرده‌وه‌ ناو چاڵه‌كه‌و , راسته‌وخۆ خۆڵه‌كه‌یان به‌سه‌ردایه‌وه‌و ئیتر بۆخۆی به‌بێ كه‌سی مایه‌وه‌ له‌ژێر ئه‌و خۆڵه‌ تاریكه‌دا.
كۆتایی هه‌موو مرۆڤێك كه‌ له‌ هه‌ر پله‌ و پێگه‌ و ئاستێك دا بین و دڵمان به‌هه‌رچیه‌ك خۆش بێت, كۆتاییه‌كه‌ی ئه‌م ژێر خاكه‌ شوێنمانه‌…
ماڵئاوا………………………………………

نوسینی|ئه‌حمه‌د كامه‌ران|نووسه‌ر و شوێنه‌وارناس و رۆژنامه‌نووس




ئەوەی لەگەڵ تۆ نیە … شیعر : ایرج جنتی عطائی وەرگێڕانی : پشکۆ ناکام

هەر کەسێ
هاو جەنگ
هاو کینە
هاو ڕەنجی هەیە
هەر کەسێ
هاو خۆشی ، ئاهەنگ
هاو دۆستی
هاو”گەنج” سەروەتی هەیە
ئەوکەسەی هاوجەنگی تۆیە
ئەیەوێ لەگەڵ تۆیا
بەسەر دوژمنا سەرکەوێ
ئەو کەسەی هاوکینەی تۆیە
ئەیەوێ لەگەڵ تۆیا
هاوار بکا:
هەق بۆ ئێمەیە
لەگەڵ ئێمەیە
ئەوکەسەی هاوڕەنجی تۆیە
ئەزانێ کێ چاوی
لەسەر ڕەنجی تۆیە
بەڵام ئەو کەسەی
كە تۆ هاو ئاهەنگی نیت
خوێنی ڕۆڵەی تۆ ئەنوشێ
بەڵام ئەو کەسەی
كە تۆ هاو دەستی ئەو نیت
پاشقولت لێ ئەگرێ
تا بکەویت و نەتوانیت
لەسەر پێ بوەستیت
تا خۆی هەر باڵا دەست بێ
بەڵام ئەو کەسەش
كە تۆ هاو سەروەت نیت
پێت ئەڵێ :
” سەروەتی من ڕەنجی تۆیە
گەر تۆ شەکەتیت
من کاول کردنم
گەر تۆ قاچ بەستراویت
من ئازادم…..”
بەڵام ئەو کەسانەی
هاو سەروەتی تۆن
لێت ئەپرسن:
ڕەنجی تۆ……
سەروەتی تۆ..
هی چ کەسێکە
جگە لە تۆ…؟!!
ڕەنجی ئێمە……
سەروەتی ئێمە…
موڵکی کێیە
جگە لە ئێمە…؟!!
بۆیە :
تۆ ئەبێ
لە ڕق و کینە
جەک دروست کەیت
و
بە هاوجەنگت بڵێی ؛
جەنگمان ، بە بەردوامیە
كینەمان ، سووتێنەرە
سەروەتمان ، ئایندەیە




هێرشه‌ سه‌ربازیه‌كانی هه‌ردوو ووڵاتی توركیا و ئێران بۆسەر هەرێمی كوردستان، بەتوندی سەرکۆنە دەکەین … ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێڕاق

هێزه‌ زه‌مینیه‌كانی توركیا به‌ هاوكاری هێزی هه‌وایی، ئه‌مڕۆ چوار شه‌ممه،‌ ١٧-٦-٢٠٢٠، به‌ شێوه‌یه‌كی به‌رفراوان هاتنه‌ ناو خاكی كوردستانەوە به‌بیانوی هێرش بۆسەر بنكه‌كانی (پەكەكە)، پارتی كرێكارانی كوردستان. چه‌ند ڕۆژ له‌مه‌وپێشیش فڕۆكه‌ جه‌نگیه‌كانی توركیا بۆردومانێكی توندی ناوچه‌كانی قه‌ندیل و شه‌نگال و مه‌خموریان كردبوو وه‌ك پێشه‌كیه‌ك بۆ ئه‌م په‌لاماره‌. هاوكات له‌گه‌ڵ ئه‌م هێرشه‌ سه‌ربازیه‌ی توركیا، هێزه‌ سه‌ربازیه‌كانی كۆماری ئیسلامی ئێرانیش دەستیان کرد بە تۆپبارانی ناوچه‌ سەرسنوریە‌كانی‌ (حاجی ئۆمه‌ران) سه‌ر به‌ پارێزگای هه‌ولێر، به‌ بیانوی لێدانی بنكه‌كانی به‌شێك له‌ حزبه‌ ئۆپۆزۆسیۆنه‌ كوردیه‌كان، كه به‌قسه‌ی ئەو ڕژێمە بێت له‌و ناوچانە‌ جێگیرن.
ئه‌مه‌ یه‌كه‌م جار نیه‌ ده‌وڵه‌تی شۆڤێنستی توركیا و كۆماری ئیسلامی تاوانکار په‌لاماری دێ و دێهات و شارۆچكه‌كانی كوردستان ده‌ده‌ن كه‌ ده‌بێته‌ مایه‌ی زه‌ره‌ و زیانێكی ماڵی و گیانی زۆری دانیشتوانی ئه‌و ناوچانە و ترس و تۆقاندنیان و ناچار بە چۆڵكردنی ناوچه‌كانیان دەکرێن له‌ترسی ئه‌و په‌لامارانه‌.
ئه‌م دوو ده‌وڵه‌ته‌ بۆرژوا-ئیسلامیه‌ سه‌ركوتگه‌ره‌ له‌ توركیا و ئێران، وه‌ك دوو زلهێزی ناوچه‌یی ملهوڕ، بە بەردەوامی ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستیان، به‌تایبه‌ت عێڕاقیان كردۆته‌ مه‌یدانی شه‌ڕ و په‌لاماردانی‌ خوێناوی‌ سه‌ربازی و كرده‌ی‌ تیرۆریستی و شه‌ڕە به‌وه‌كاله‌تەکانیان. بۆ چه‌ندین ده‌یەیە‌ بونه‌ته‌ سه‌رچاوه‌ی هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی گه‌وره‌ بۆ سه‌ر ژیان و ئاسایشی سه‌دان ملێون له‌ دانیشتوانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەڕێگەی بردنه‌ پێشه‌وه ‌و هێنانەدی به‌رژه‌وه‌ندە‌ ناوچه‌یی و ستراتیژە سەرمایەداریە فراوانخوازەکانیانەوە. بیانوه‌كانیان هه‌رچی بێت بۆ ئۆپراسیۆنی سه‌ربازی تاوانکارانەی ئێستایان له‌ كوردستان، ئه‌مە به‌شێكه‌ له‌ ملهوڕی قه‌ومی و هه‌ژمونی ناوچه‌یی سه‌رتاپا كۆنه‌په‌رستانەیان کە بە کۆیلەکردنی جه‌ماوه‌ری كرێكار و زه‌حمه‌تكێشی وڵاته‌كەی خۆیان دەکاتە ئامانج به‌ر لە کرێکار و زەحمەتکێشی وڵاتانی تر.
ئه‌وه‌ی زه‌مینه‌ی خۆشكردوه‌ بۆ ئه‌م هێرشه‌ سه‌ربازیه‌ی هه‌ردوو ده‌وڵه‌ت بۆسەر هەرێمی کوردستان، چاوپۆشی ڕژێمی ئیسلامی قه‌ومی عێڕاق و حزبه‌قه‌ومیه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی كوردستان ‌و په‌یوه‌ندیه‌كانیانه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م دوو دەوڵەتە به‌مه‌به‌ستی دابینكردنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی خۆیان. ئه‌م تاوانانه‌ له‌ كاتێكدا ئه‌نجام ده‌درێن كه‌ جه‌ماوه‌ر لە كوردستاندا لەناو‌ بارودۆخێكی کارەساتباری بڵاوبونەوەی په‌تای كۆرۆنا و گوزەرانێکی سەختی ئابوریدان کە حکومەتی هه‌رێم چه‌ند مانگێكە موچه‌ی كرێكاران و فه‌رمانبه‌ران نادات.
حکومەتی ناوەندی له ‌به‌غدا و حکومەتی هه‌رێم، بێ ئەوەی هیچ په‌رچه‌كردارێكی لێبڕاوانەیان هەبێ، بێده‌نگی و دیبلۆماسیه‌تی شه‌رمنانه‌یان هه‌ڵبژاردوه‌ له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م هێرشه‌ دوژمنكاریه‌ بێشه‌رمەدا، ئەم دوو حکومەتە به‌رپرساریه‌تی ته‌واویان له‌ئه‌ستۆدایه‌ له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م ده‌ستدرێژیه‌.
ئێمه‌ له‌كاتێكدا به‌توندی سه‌ركۆنه‌ی ئه‌م كرده ‌سه‌ربازیه‌ تاونكاریانه‌ ده‌كه‌ین، پاڵپشتی ته‌واوی خۆشمان ڕادەگەێنین هەم بۆ خانەوادەی قوربانیەکانی ئه‌م كرده‌‌ دوژمنكاریه، و هەم بۆ ئەو خانەوادانەش‌ کە زه‌ره‌روزیانیان لێکەوتووە. به‌رپرسیاریه‌تی قه‌ره‌بوی ئه‌و زه‌ره‌روزیانه گیانی و ماڵیانە لە ئه‌ستۆی ئه‌نجامده‌رانی ئه‌م تاوانەدایە. ئەمە و داوا له‌ چینی كرێكار و جه‌ماوه‌ری ئازادی خوازی ته‌واوی عێڕاق ده‌كه‌ین كه شانبەشانی یەکتری و‌ یه‌كڕیز ڕاوەستن دژی ئه‌م دوژمنكاریه‌ و دژی سیاسه‌تی‌ چاوپۆشی و هاوكاری ده‌سه‌ڵاتدارانی فەرمانڕەوا لە عێراق و ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم له‌گه‌ڵ ئه‌م دوو ده‌وڵه‌ته‌. وە بانگه‌وازی چینی كرێكار و زه‌حمه‌تكێشانی توركیا و ئێران و هه‌موو ئازادیخوازانی جیهانیش ده‌كه‌ین كه‌ به‌ڕوی ئه‌م تاوانه‌ بوه‌ستنه‌وه‌ و سه‌ركۆنه‌ی ئه‌م كردە‌ سه‌ربازیانه‌ بكه‌ن و داوای ده‌ستبه‌جێ ڕاگرتنی بكه‌ن.
ڕێكخراوی به‌دیلی كۆمۆنیستی له‌ عێڕاق
١٧-٦-٢٠٢٠