دۆلۆز و ڕۆمانی کوردی….. پێشڕه‌و عه‌بدوڵڵا

ژیل دۆلۆز gilles deleuze، لە پێشەکی کتێبی،( تقدیم لساشر مازوخ، البارد والقاسي 1989،) دەنووسێت: هەردوو ڕۆماننووس، ساشەر مازوخ sacher masoch و مارکیس دیساد marquis de sade دوو ڕۆمانووسی گرنگن، بەجۆرێک هەردوو نەخۆشی دەروونی مازۆخیسم و سادیست، هەر بەناوی خۆیانەوە نراوە، لەکاتێکدا ئەمان دوو ڕۆمانووس بوون، نەک دەروونشیکار و پزیشکی دەروونی کلینیکی، بەڵام لە ڕێگەی نیشاندانی پاڵەوانی ڕۆمانەکانییان، توانیویانە ئەو تەرزە نەخۆشییه، بدۆزنەوە، بەمەش دۆلۆز، ئەوە ڕەت دەکاتەوە کە ڕەخنەگر و ڕۆمانووس و دەروونشیکار، کاریان بەسەر یەکترەوە نەبێت، چونکە هەم ڕۆمانووس، هەم دەروونشیکار، هەم ڕەخنەی دەروونی، خەریکی وەسفی کارەکتەرەکانیان و سەمپۆتمە سەرەکییەکان دەدۆزنەوە، بۆیە دۆڵۆز بە تەواوکەر و هاوکاری یەکتر وەسفییان دەکات، تا ئەوەی تەواوی کتێبەکەی تەرخان دەکات بۆ شەرح و ناسینەوەی کەسێتی سادیست و مازۆخیست. واتە: خۆی هەردوو کارەکە پێکەوە گرێ دەدات.
ئەوەی جێگەی تێڕامانی منە، ئایا ڕۆمانووسی کورد، ئاگای لە پاڵەوانەکانی خۆی هەیە؟ دەزانێت پاڵەوانەکانی ئەو سەر بە چ تەرزە لە کەسێتی و چ دەردێکی سایکۆلۆژیین؟ ئایا ڕۆمانی کوردی، شۆڕبۆتەوە بۆ نیشاندانی بەشێکی تاریکی کەسێتی مرۆڤی کورد؟ لە ڕاستیدا، ناتوانیین بڵێین، بەڵێ! ئەو تۆزە وەسفەشی کە کراوە، پڕۆسەیەکی ناخودئاگایانەی نووسەرە و ئەم کارە سەرپەڕە لە ڕۆمانەکەدا، هەروەک (عەتای نەهایی) کە کارەکتەرەکانی خودان فەلسەفه‌ و شوناسی دیاریکراو نیین، ئاستی ڕۆشنبیری پاڵەوانەکانی دەگاتە ڕۆژنامە خوێنێکی سادە و بێ شوناس، لەسەرەتادا وادەزانی کەسێتییەکی ڕوون دەبینی، دواتر لێت بزر دەبێ و کەسێتیەکی تەماوییە.
لای (بەختیار عەلیش) پاڵەوانەکانی هەموو فوتێکراو و خاوەن قسەی گەورە و فەلسەیین، واتە فرەشوناس نیین و هەموویان بەیەک گەروو، هاوار دەکەن و نازانی لەچیدا جیاوازن ، لای (جەبار جەمال غریب) یش هەمان شت بەدیدەکرێت، کە هەست دەکەیت پاڵەوانێک هەیە هەمیشە لە ژێرەوە خەریکی پلانێکی ترە، بەڵام نازانی ئەو پلانە چییە، بۆیە ناتوانیت ئەم (تەمە پاڵەوان)انە، وەک کەسێتییەکی سەربەخۆ و گوزارشت کەر لە سایکۆلۆژیایی ئینسانی کورد، بناسیتەوە. بەشێکی زۆری ڕۆمانی کوردی، کێشەی تەمەپاڵەوانی هەیە، چونکە ڕۆمانووس، هێشتا خەریکی نەخشەی ڕۆمانەکەیەتی و ئاگایی زیاتر شکاوەتەوە بەسەر زمان و وشە و وەسفی شوێن و …تاد، کەمتر پاڵەوان و شاکەس و کارەکتەری خۆی ناسیوە. زۆربەی پاڵەوانەکانیان، بەرهەمی هەڵڕژانی نەستییانەی نووسەرن و ئاگایی تێیدا ونە.
بۆیە بەبڕوای من ڕۆمانی کوردی پێویستی، بەوەیە دادگایی بکرێت و هەموو تەمەپاڵەوانەکانی بخرێتە ژێر پرسیار و شڕۆڤەوە.

تێبینی/
١.ئەم پۆستە، لێدان نییە لەهیچ نووسەرێک، بەڵکو بانگێشتێکی مەعریفی ڕووتە.
۲. چاوێکم خشاند، بە وەرگێڕانی کتێبەکەی دۆڵۆز،( ساردی و دڵڕەقی) لەوەرگێڕانی فازیل محمود وەلی، بەڵام بەیارمەتی دەقە عەرەبییەکە توانییم تێگەیشتنی خۆم گەڵاڵە بکەم.
۳.بۆ دەقە عەرەبییەکە، بگەڕێوە بۆ، سایتی nomene. bloge spot.com




چەمکی گۆڕین و گواستنەوە … رابەر عبدولحەمید

(گۆڕین) لای فرۆید واتا نەخۆشەکە دەرونشیکار لەجێی یەکێک لەو کەسێتیانە دادەنێت کە لە منداڵیدا کاریگەرییەکی زۆریان لەسەری هەبووە ، وەک باوک یان دایک.
بەم پێیە کاردانەوەی بەرامبەر دەروونشیکارەکە وەکو کاردانەوەی بەرامبەر کەسێک نییە کە رووبەڕوو یان لە پشتییەوە وەستاوە ، نەخۆشەکە دەروونشیکار بە کەسێکی دی ئەبینێت (دایک، باوک بابەگەورە یان دایەگەورە) وە چاوەرێشە رۆڵی هەمان کەسێتی ببینێت.
چەمکی( گۆرین) بایەخێکی فراوانتری لە بەکارهێنانی تیۆری دەروونناسیدا هەیە، گۆرین یەکێکە لە باوترین هۆیەکانی (هەڵە و ناکۆکی) ی مرۆڤ بەرامبەر بە راستی ، گۆرین وامانلێدەکات دونیا لە پشت چاویلکەی خواست و ترسەکانی خۆمانەوە ببینین لە ئەنجامدا راستییەکان لەگەڵ خەیاڵ و هەڵەی هەستیدا تێکەڵ بکەین ، ئێمە خەڵکی وەک خۆیان نابینین بەڵکو بەگوێرەی خواست و ویستی خۆمان دەیانبینین، ئەو تێڕوانینەی هەمانە بۆ کەسێک بەگوێرەی ئەوەیە کە لێیان چاوەرێ ئەکەین و کاردانەوەی ئێمە بەرامبەر کەسێتییە راستەقینەکە نییە بەڵکو بەرامبەر ئەو وێنەیەیە کە ئێمە دەربارەی ئەو لە زەین و خەیاڵی خۆماندا خوڵقاندومانە.
بۆ نموونە دووکەس بهێننە بەرچاوتان کە یەکترییان خۆشدەوێت، عاشقی جوانیەکان و خووە بەرزەکان و سیفاتەکانی یەکتر و شەیدای یەکترن ، ئەمانە ئەبنە هۆی ئەوەی بۆ یەک ببن و بچنە ژیانی ژن و مێردایەتییەوە ، بەڵام هەمووی شەش مانگ دوای ئەوە هەردووکیان تێئەگەن کە ئەو کەسە نین کە عاشقی یەکتر بوون و وابیر دەکەنەوە هاوسەرەکەیان کەسێکی تری لێدەرچووە، ئەو دووانە عاشقێکی رووکەشی هەڵخەڵەتێنەر و گۆڕاو بوون، لە بەرامبەرەکەیاندا ئەو شتەیان ئەبینی کە لە بنەرەتدا ئەیانویست بیبینن : باشی، زیرەکی، هاوڕێیەتی و راستگۆیی…
لەوانەشە هەمان سیفاتەکانی دایک و باوکیان بووبێ و بێئاگابوون لەوەی گرفتاری خەیاڵ و هەڵەی هەستی بوون، لەوە بەدوا گیروگرفتەکان بەدەر ئەکەون و هەردووکیان هەست بە بێزاری ئەکەن، چونکە هاوسەرەکانیان بە گەمەی دەست ئارەزووەکانیان ئەبینن ، بەڵام ئەسڵی مەسەلەکە ئەوەیە کە ئەوان خۆیان فریوو داوە ، بە تەنها وەهم و خەیاڵەکانی خۆیان دیوە نەک راستییەکان هەربۆیە ئەگەر خەڵکی لە (گۆڕین) بگەن هەرگیز شتی وا روونادات.
هەمان دیاردە لە دونیای سیاسیشدا بەدی ئەکرێت، ئەو جۆش و خرۆشەی خەڵک بهێنەرە پێش چاوت کە بەرامبەر سەرکردەیەکی سیاسی پیشانی ئەدەن، (ئەمەش نەک لە کوردستان بەڵکو لە هەموو دونیادا روودەدات) ئەو سەرکردانەی ئەشێت خراپبن یاخود باش، بەڵام مەسەلەی سەرەکی باش و خراپی سەرکردەکە نییە بەڵکو ئەوەیە کە زۆربەی خەڵک چاوەرێی ئەوەن و پێویستیان بەوەیە کەسێک بێت و رابەرییان بکات، کەسێک کە نیازی پاک بێت، ئەگەر کەسێک کە دەزانێت چۆن رۆڵی رابەرێک ببینێت و بێتە مەیدانەوە، خەڵک ئارەزوو و خواستەکانیان (دەگوێزنەوە) بۆ ئەو و یەقینیان لا دروست ئەبێت کە ئەو فریادڕەس و ڕزگارکەریانە، گەرچی لە راستیدا ئەو سەرکردەیە کاولکار و شەڕانگێزبێ و ببێتە مایەی کۆسپ و کارەسات بۆ میللەت و وڵات ، تەنانەت سەرکردە بچوکەکانیش لەم بۆچوونانەی خەڵک سوود وەردەگرن ، ئەو سیاسەتمەدارانەی کە بە وریایی و ئاگاییەوە سوودیان لەو مەیلەی خەڵک بۆ (گواستنەوە) لە پێناوی گەیشتن بە سەرکەوتنی گەورەدا بینیوە ڕواڵەت و رەفتاری پەسەندیان لەسەر شاشەی تەلەفزیۆن ئەو خەڵکە فریوو ئەدا کە دەنگیان بۆ ئەدەن ، چونکە ئەو قسانە ئەکەن کە میللەت پێی خۆشە، منداڵان ماچ ئەکەن، ئەبنە مایەی بەهێزکردنی هەڵەی هەستی و وەهمی بینەران و وا بیردەکەنەوە ئەگەر کەسێک بەو شێوەیە بێت کەواتە ناکرێت مرۆڤێکی خراپ بێت.
ئەگەر خەڵکی باشتر لە( گواستنەوە) بگەن و بزانن چۆن هیوا و خۆزگەکانیان ڕەگێکی درۆ بەو شتانە ئەدات کە دەیبینن، ئەگەر چاودێرێکی بێلایەنبن و ئەگەر دیدێکی رەخنەییان هەبێت هیچ یەکێک لەو شتانە روونادات کە باسمان کردن، ئەگەر ئێمە بتوانین پەردەی وەهم و هەڵەی هەستی وەلا بنێین، ئەوکاتە خۆشەویستیمان و ژیانی ژن و مێردایەتیمان و باردۆخی سیاسیمان لە کارەسات و بەد بەختی خاڵی دەبێت و چیدیکە نابینە نێچیری دەست ناکۆکی نێوان راستییەکان و وەهم…

@Rabar N Abdulhamed




بەفری زەمەن تێکست :هێرش ڕەسوڵ خوێندنەوە: هەرێم بەهادین




چەند بیرەوەرییەک دەربارەی شەهید عەبدولڕەحمان زەبیحی … رەزا شوان

عەبدولڕەحمان زەبیحی ” عولەما ” تێکۆشەر و شۆڕشگێڕ و سیاسەتمەدار و رۆشنبیر و نووسەر و زمانەوان و فەرهەنگسازێکی زۆر بە توانا بوو. دڵسۆزێکی کەم وێنەی گەلی کوردمان بوو، کوردستان پەروەرێکی راستی تا سەر ئێسقان بوو، شۆڕەسوارێکی جەربەزە و ماندوونەناسی کەڵەمێرد و چاونەترس و کۆڵنەدەر و هەمیشە نەسرەوت و وچانەدەر بوو. هەموو ژیانی و هەموو کاتێکی بۆ خزمەتی گەلی کوردمان و کوردستانی نیشتمانی پیرۆزمان تەرخان کردبوو. مێژوویەکی پڕ لە شکۆداری و شانازی هەیە.
(عەبدولڕەحمانی سۆفی مینەی کڵاودروو) لە ساڵی (١٩٢٠) لە شاری مەهاباد، لە دایک بووە. خوێندنی سەرەتایی لە شاری مەهاباد تەواو کردووە. لە ساڵی (١٩٣٥) دا، لە شاری (ورمێ) لە رۆژهەڵاتی کوردستان دا، بڕوانامەی خوێندنی ناوەندی وەرگرتووە.
بە منداڵی لە لای مامۆستا (مه‌لا قادری موده‌ڕیسی) پەرتووکی (گوڵستان) ی سەعدی و وانەی (جه‌بر) ی خوێندووە. مامۆستا مەلا قادر مودەریسی هەستی کوردایەتی لە هـزر و هۆش و دەروونی زەبیحی دا رواند.
عەبدولڕەحمان زەبیحی منداڵێکی زیرەک و بلیمەت بوو. لە بارەی زیرەکییەوە، شاعیری ناسراوی کوردمان (هه‌ژار موكریانی: ١٩٢١ـ ١٩٩١) لە پەرتووکی (چێشتی مجێور) دا، له‌ لاپه‌ره‌ (١٨-١٩) دا، لەژێر ناوی” بەڵای گیانم” دا دەڵێ:
“رۆژێک وەک بەڵای ناگەهانی منداڵێکیان هێنا حوجرەکە، بە تەمەن لە من باوخۆشتر و بە باڵا لە من کورتە باڵاتر بوو. یەکێکی سووری چاوزیت، لێم بوو بە عـیزرائیل، دەبوایە ئەویش گوڵستان بخوێنێ. هەتیو ئەوەندە زیرەک بوو کە نەبێتەوە. من بە هەزار گێرە و نێرە دوو خەتم رەوان دەکرد، ئەو پەڕە و دوو پەڕەی تێ دەپەڕاند. وەک ئاگری قودرەتی وابوو. جا وەرە زللـە و چەپۆک بخۆ؛ کە بۆ ئەو هێندە و هێندەی رەوان کردووە و تۆ هەر منجە منجت دێ؟! هەر لەبەر خۆمەوە لە خوا دەپاڕامەوە ئەو بەدفەڕە بمرێ و لە کۆڵ دنیا بێتەوە. ناوی ئەویش عەبدولڕەحمانی کوڕی سۆفی مینە بوو. کە لە دواڕۆژدا بە ناوی (زه‌بیحی) ناسرا. زەبیحی وەک من فەقێی دایمی و رەسمی نەبوو؛ دەرسی دەخوێند و دەگەڕایەوە ماڵە خۆی. وردە وردە پێکەوە بووینە ئاشنا و لە دەرسی گوڵستان یاریدەی دەدام و ئەو ئاشناییە پتر لە پەنجا ساڵ دەوامی کرد”
عەبدولڕەحمان زەبیحی بێجگە لە زمانی کوردی، بە باشیش زمانی: فارسی و تورکی و عەرەبی و ئینگـلیزی و فەرەنسی و ئەرمەنی، دەزانی.
عەبدولڕەحمان زەبیحی هەر بە گەنجی تێکەڵاوی بزووتنەوەی کوردایەتی بوو. یەکێک بوو لە دامەزرێنەرانی (ژ.ك : ژیانه‌وه‌ی كورد) له‌ لە رۆژی (٢٥/ گەلاوێژ/١٩٤٢) دا لە مەهاباد دایان مەزراند. تا هەڵوەشاندنەوەی زەبیحی سکرتێری ئەو کۆمەڵەیە بووە.
زەبیحی دامەزرێنەری گۆڤاری (نیشتمان) یش بوو، کە بڵاوکراوەیەکی نهێنی (ژ. ك) بوو. زەبیحی نووسینانەکانی کە لە رۆژنامەی (کوردستان: ئۆرگانی پارتی دیموکراتی کوردستان) لە رۆژهەڵاتی کوردستان، و لە گۆڤاری (نیشـتمان) دا، بە ناوی نهێنی (بێـژه‌ن) ەوە بڵاوکردوونەتەوە. شایەنی باسیشە و کەم کەسیش ئەوە دەزانێت، کە عەبدوڕەحمان زەبیحی یەکەم کەس بوو کە ناوی مانگەکانی ساڵی بە کوردی دانا.
زەبیحی بەشداری لە کارەکانی (كوماری كوردستان) دا کردووە. لە دوای رووخاندنی کۆماری کوردستان، هاتۆتە باشووری کوردستان.. دوایش رووی لە رۆژئاوای کوردستان کردووە، رۆڵێکی گەورەی هەبووە لە هاندانی دامەزراندنی (پارتی دیموكراتی كورد) له‌ رۆژئاوای کوردستان لە ساڵی (١٩٥٧) دا. دووبارە گەڕاوەتەوە بۆ باشووری کوردستان.

عەبدولڕەحمان زەبیحی لە ساڵی (٣٠/ دێسەمبەر/ ١٩٥٧) دا، چووە بۆ وڵاتی میسر بۆ ئەوەی لەگەڵ (یه‌كێتی خوێندكارانی كورد ـ لە میسر) پێکەوە یاداشتێک دەربارەی مافخوراوی و چەوسانەوەی کورد بدەن بە کۆنگرەی نێونەتەوەیی بە نێوی ( كۆنگره‌ی گه‌لانی ئاسیا و ئه‌فریقا) کە لە قاهیرەدا بەسترا بۆ نەتەوە ژێردەستەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، کە خاوەنی قەوارەی سیاسی نەبوو، بە داخەوە کە عێراق و سوریای دوو دەوڵەتی رەگەزپەرستی داگیرکەری کوردستان، رێگربوون لە بەشداریکردنی کورد. ناوەندی کۆنگرەكەش هەر لە قاهیرەدا بوو. هێچ چارەیەک نەما، ئەوەنەبێت، کە یاداشتەکەیان بە زمانی عەرەبی و ئینگلیزی و فەرەنسی چاپکرد و لە ناو کۆنگرەکەدا دایان بە ئەندامانی کۆنگرەکە.. دوایش لە رێی پۆستەوە یادداشتەکەیان ناردیان بۆ بەشێکی زۆری سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیرانی دەوڵەتان.
زەبیحی لە دوای ساڵی (١٩٧٩) گەڕاوەتەوە بۆ رۆژهاڵاتی کوردستان. بەڵام جارێکی دیکە گەڕاوەتەوە بۆ باشووری کوردستان. لە دوای ئاشبەتاڵییەکەی شۆشی ئەیلوول،
زەبیحی چووە بۆ بەغـدا، سەرقاڵی دوو پرۆژە گەورەی نووسین بوو. یەکەمیان (کۆمەڵەی ژێکاف) و دووەمیان (قامووسی زمانی كوردی) کە (٢٨) بەرگ بوو، بە داخەوە کە تەنها دوو بەرگی لێ چاپکردن، داگیرکەرانی شۆفێنی و رەگەزپەرست لە ساڵی (١٩٨٠) دا، لە کاتی گەڕانەوەی بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان، لە نێوان باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان دا، کە ئەو دوژمنی سنووری دەستکردی نێوان کوردستان بوو. لە هەل و مەرجێکی ئاڵۆزدا، دوژمنانی کورد بێسەر و شوێنیان کرد. کە تا ئەمڕۆش گۆڕونە.
عەبدولڕەحمان زەبیحی، بێ جیاوازی لە هەر شوێنێکی کوردستان دا، دەرفەتی بۆ هەڵکەوتووبێت درێژەی بە خەبات و بە کوردایەتی داوە.. نووسەر (عه‌لی كه‌ریمی) دەڵێت:” فەرقی بەوە نەدەکرد کە ئەندامی کام حیزب و کام بەشی کوردستانە، سەردەمێک لە ریزی پێشەوەی کۆمەڵەی (ژ.ك) و سەردمێک لە ناو پارتی دیموکراتی کوردستان لە باشوری کوردستان، سەردەمێکیش لە ناو پارتی دیموکراتی کورد لە رۆژئاوای کوردستان دا خزمەتی بزووتنەوە و دۆزی کوردی کردووە. ئەو هەتا مردیش یەک رۆژێ ژیانی خۆی سەرفی ژن و مناڵ، کەسوکار، پارە و ماڵی دونیا نەکرد و هەمووی بۆ کوردایەتی تەرخان کرد. ئەو بە هەمووانی سەلماند کە کوردستان بە هەر چوار قوژبنییەوە موڵکی ئەو کوردەیە کە خەباتی بۆ دەکات و بەس”
لە ساڵی (١٩٦٣) دا، من قوتابی بوو لە پۆلی سێی ناوەندی لە کەرکووک، ئەندامی ناوچەی لقی کەرکووکی یەکێتی قوتابیانی کوردستان و ئەندامی ناوچەی کەرکووکی یەکێتی لاوانی کوردستان بووم. هێڕشێکی بەربڵاوی سوپای دڕندەی عێراق و گاردی نەتەوەیی (الحرس القومي) و جاشە تاڵانکەرەکانی عەرەب، کە سەر بە رژێمی پارتی بەعسی عەرەبی شۆڤێنی و رەگەزپەرستی دەسەڵاتدار بوون، وەکو گورگی هار، لەژێر دروشمی ” سەر بۆ ئێمە و ماڵ بۆ ئێوە”دا، پەلاماری شار و شارۆچکەکانی باشووری کوردستان دەستی پێکرد. رەشبگیری بوو.. تا ئێستاش کورد بە (ساڵێ بەعسییەکان) ناوی دەبەن.. ناچار هەموو ئەندامانی ناوچەی قوتابیان و لاوان و پارتی دیموکراتی کوردستان، کەرکووکمان بەجێهێشت و خۆمان گەیاندە بنکەکانی پێشمەرگە لە ناوچەی شوان و جەباری و قەرەحەسەن. ئەندامانی کەرکووکی هەرسێ ناوچەکە روومان لە بنکەکانی دێیەکانی (خاڵەبازیانی) لە قەرەحەسەن و (چنگنی) و (شێرده‌ره‌) لە جەباری کرد.. دوایی کار و بەرپرسێتیان بە هەریەکەمان سپارد.
من لە بنکەی چنگنی کرام بە بەرپرسی ئازۆقەی ناوچەی قەرەحەسەن.. کە دێ بە دێ دەگەڕام و لە جووتیارەکانم دەپرسی: ئەمساڵ چەند تەغار گەنم و چەند تەغار جۆتان بەرهەم هاتووە. لە هەر(١٠) قزناغ دا، قزناغێکی بۆ پێشمەرگە بوو، دەیان گەیاندە کۆگاکۆکراوەکانی دێی و خاڵەبازیانی دێی شێخ جـیری لە ناوچەی قەرەحەسەن.
ئەندامانی لقی (٣) کەرکووکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بنکە (شێردەرە) بوون. هاوڕێی خۆشەویستم، کۆچکردو کاک (محەمەد موکری: ١٩٤٥- ٢٠١٢) کە ئەندامی یەکێتی قوتابیانی کوردستان بوو. من هێشتا حەڤـدە ساڵم پڕەوە نەکردبوو، محەمەد موکری ساڵێک لە من گەورەتر بوو، ئەو لە بنکەی شێردەرە بوو، رۆژی چووم بۆ لای، بینیم لە تەنیشتی پیاوێکی ئەسمەری کورتەباڵای خڕەوە کە رانک و چۆغەیەکی رەنگ خۆڵەمێشی لەبەردا بوو دانیشتووە. هەردووکیان لێنووس (ده‌فته‌ر) و پێنووسیان بەدەستەوە بوو. دوای چاک و چۆنی لەگەڵ موکری دا، لێم پرسی: ئەو پیاوە کێیە؟ موکری وتی: ئەوە مامۆستا (عولەما) یە بەرپرسی لقی کەرکووکی پارتی دیموکراتی کوردستانە. من پێشتر ناوی عولەمام بیستبوو کە بەرپرسی لقی کەرکووکە. بەڵام تا ئەو کاتە نەیم بینیبوو. موکری بردمی و منی پێ ناساند. محەمەد موکری لاوێکی سوور و سپی باڵابەز بوو. کوڕێکی زیرەک و دڵسۆز و هیمن و هاوڕێ دۆست بوو.
لەو رۆژەوە مامۆستا عولەمام ناسی هەندێ جاریش بە (عیسا زه‌بیحی) ناویان دەبرد.
رۆڵی محەمەد موکری لەگەڵ زەبیحی (عوله‌مادا ) دا، ئەوبوو، زۆر جار زه‌بیحی بە زاری بابەتێکی رستە بە رستە دەوت و موکرییش قسەکانی بە نووسین دەنووسینەوە.
رۆژێک کە چوومەوە بۆ لای محەمەد موکری، پێشمەرگەیەکی پاسەوانی بنکەی شێردەرە داوای لێکردم کە نامەیەکی بۆ مامۆستا عولەمای بەرپرسی لقی کەرکووک بۆ بنووسم، داوای یارمەتی لێدەکات.. منیش نامەیەکی جوانم بۆ رازاندەوە، دەستخەتیشم جوانە و تا رادەیەک شارەزاییم لە جوانووسی دا هەیە. کە داواکەی برد و دایە دەستی مامۆستا عولەماوە.. لە پێشمەرگەکەی پرسی: ئەمە کێ بۆتی نووسیوە؟ پێشمەرگەکە ئاماژەی بە من دا. مامۆستا عولەما بانگی کردم و وتی: شێوازی نووسینەکەت و دەستوخەتەکەتیش زۆر جوانن.. لەوانەیە دەفتەرێکت بدەمێ و بەم جوانییە بۆمی بنووسیتەوە. منیش وتم : بەسەر چاوم، گەر ئێستا لە لاتە بمدەرێ دەیبەم و هەفتەکەی تر بۆ دێنمەوە. وتی: بە تەمام کەمی دەستکاری بابەتەکانی بکەم، کەی تەوام کرد ئەدەمی. دوایی من گوێزرامەوە بۆ بنکەی قەرەداغ کە لە خانووە گەشتیارییەکانی قۆپی قەرداغ دا بوو. ئیتر نە محەمەد موکری و نە مامۆستا عولەمام نەبینییەوە.
بەڵام لە ساڵی (١٩٧١) تا ساڵی (١٩٧٣). چەنـد جارێک لە کەرکووک موکـریم بینی. لە دواییدا محەمەد موکری بوو بە کەڵە چیرۆکنووس و رۆمانووس و وەرگێڕێکی ناسراوی گەلەکەمان. لە شاکارە رۆمانەکانی موکری (سه‌گوه‌ڕ، هه‌ره‌س، ئه‌ژدیها، تۆڵە، نێچـیر) بە تایبەتی رۆمانی (سەگوەڕ) ەکەی هەرایەکی گەورەی نایەوە.. بە داخەوە کە مەرگ بواری نەدا. ئەگینا محەمەد موکری پرۆژەی نووسینی زیاتری لە توانا و لە باردا بوو.. هێشتا زۆری پێمابوو.
حەزەدەکەم ئەوش بڵێم، کە لە ساڵی (١٩٦٥) دا، دووبەرکی و شەڕی براکوژی کورد لە شۆڕشی باشووری کوردستاندا سەری هەڵدا، من وازم لە قوتابیان و لە لاوانیش هێنا. چونکە لەگەڵ دووبەرەکیدا نەبووم و نیـم و هەرگـیز ناشبم.
وشەی (به‌روار) یش لە جیاتی (رێكه‌وت) یا (مێژوو) بۆ یەکەمین جار مامۆستا زەبیحی بە هەڵە بە کاری هێناوە، دانی بەو هەڵەیەدا ناوە و چیرۆکەکەی دەگێڕێتەوە کە چۆن بە هەڵە بە کاری هێناوە.. دوایی هەڵەکەی راست کردۆتەوە و داوای لێبووردنی کردووە. کەچی تا ئەمڕۆش زوربه‌ی نووسەرانی کوردمان لەسەر ئەو هەڵەیە دەڕۆن و وشەی (بەروار) لە جیاتی (رێکەوتی) یا (مێژوو) به‌كارده‌هێنن، وشەی بەرواری ناوی شارۆچکەی (به‌رواری) یە لە پارێزگای دهۆک. کە نووسەری نامەیەک لە بەرواری ناوی شارەکەی و مێژووی نووسینی نووسیبوو، خەڵکی وا تێگەیشبوون کە بەرواری به‌ واتا مێژووی نووسینی نامەکەیە. لەو رۆژەوە ئەو هەڵەیە بە کاردەهێنرێت.
لە رۆژی (٢/ یۆلیۆ/٢٠١٧) دا، لە شاری هەولێر پەردە لەسەر پەرتووکی( ره‌تدانه‌وه‌ی کۆسمۆپۆلیتیزم) لە نووسینی مامۆستای نەمر (عەبدولڕەحمان زەبیحی) لادرا. کە لە ساڵی (١٩٥٧) دا نووسیوێتی.. بابەتی ئەم پەرتووکە وەڵامدانەوەیەکە بەو کەس و لایەنانەی کە کورد بە نەتەوە نازانن و وەک عەشیرەت و خێڵ پێناسەی بۆ دەکەن.
پێمخۆشە هەر بۆ خۆشی خوێنەران دوو نوکتەی نێوان شەهید (مه‌لا جەمیل رۆژبەیانی: ١٩١٣ـ٢٠٠١) و مامۆستا زەبیحی (عولەما) تان بۆ بگێڕمەوە. مەلا جەمیل رۆژبەیانی لە ساڵی (١٩٦٣) دا، وەکو کادرێکی نزیک لە پارتی دیموکراتی کوردستان ـ پارتی نەبووـ بە سواری ماینێک دێیە ئازادکراوکانی ناوچەی کەرکووک دەگەڕا و قسەی بۆ جووتیارەکان دەکرد و هۆشیاری دەکردنەوە.. رۆژێک مەلا جەمیل دەچێت بۆ دێیەک، کوڕێکی لاو بە پیرییەوە دەچێت و دەڵێ:”مامۆستا عولەما بەخێربێی” مەلا جەمیل بە زەردەخەنەیەکەوە وەڵامی دایەوە و وتی :”کورە مـن عولەمـا نیـم مـن عولەنێـرم”
رۆژێکی دیکەش، مەلا جەمیل رۆژبەیانی و عەبدولڕەحمان زەبیحی بەرانبەر یەکتری دانیشتبوون و قسەیان دەکرد.. لەو کاتەدا “مێشـەکەرانە” یەکی گەورە بە دەوری مەلا جەمیل دا دەسوڕێتەوە.. مەلا جەمـیل بە زەردەخەنەیەکەوە بە مێشەکەرانـەکە دەڵێت:
“لـێـت تێکـنەچێ ئـەوەی بەرانبـەرمـە”
بە داخەوە بە پیلانێکی نەگریس، کە لە لایەن فەرمانگەی ئەمنی رژێمی بەعسی عەرەبی رەگەزپەرستەوە داڕێژرابوو، زۆڵە کوردی خۆفرۆش جێبەجێی کرد. لە رۆژی (٢٧/ئادار/٢٠٠١) بە شێوەیەکی زۆر دڕندانە و نەمەردانە، مەلا جەمیل رۆژبەیانیان لە ماڵەکەی خۆی لە شاری بەغـدا شەهیدیان کرد.. تەرمەکەیان بۆ کەرکووک هێنایەوە و لەم شارە کوردستانییەی زێدیدا، لە رێوڕەسمێکی شایستەدا بە خاک سپێرا.
مەلا جەمیل رۆژبەیانی زانایەکی مەزن و بلیمەت و مێژوونووسێکی وردبین و نووسەر و توێژێنەر و وەرگێڕێکی زۆر بە توانا، زمانی عەرەبی و فارسی و تورکی دەزانی. خاوەنی چەندین پەرتووکی چاپکراوی هەمەجۆرەیە، بە زمانی کوردی و عەرەبی و کۆمەڵێک پەرتووکی روونووسکراویشی تەواو نەکردبوون یا هێشتا چاپنەکراون.
هەزار دروود لە گیانی پاکی عەبدولڕەحمان زەبیحی و مەلا جەمیل رۆژبەیانی و محمەد موکری و سەرجەم شەهـیدانی کورد و کوردستان بێت.
بە داخەوە کە تا ئەمڕۆش وەکو پێویست، ئاوڕێکی ئەوتۆ لە زەبیحی و لە رۆژبەیانی نەدراوتەوە، ئەوەی کە بۆیان کردوون زۆر کەمترن لە ئاستی خزمەتی ئەم دوو کەڵە بلیمەت و تێکۆشەری کوردمان، کە شایەنی زۆر لەوە زیاترن.

رەزا شوان
٢٥/ یۆنیـۆ/٢٠٢٠




په‌تای خیانه‌ت … به‌ختیار محه‌مه‌د

پێناچێ به‌درێژایی مێژوو، هیچ گه‌ل و نه‌ته‌وه‌یه‌كی بنده‌ست هێنده‌ی كورد كاره‌كته‌ری ناپاك و نۆكه‌ر و خۆفرۆشی هه‌بووبێ و به‌رهه‌م هێنابێ. زۆرجاریش ناپاكی گه‌وره‌ی‌ وای هه‌بووه‌، كه‌ پله‌ و پایه‌ و پۆستی بڵند و گه‌وره‌یان له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵاته‌ داگیركه‌ره‌كانی كورده‌وه‌ پێ دراوه‌. ئه‌وه‌تا – له‌ نوێترین نموونه‌دا – كه‌سێكی وه‌ك هاكان فیدان – كه‌ ده‌ڵێن كورده‌ – هه‌ستیارترین پۆستی له‌لایه‌ن حكومه‌تی ئاكه‌په‌ – كه‌ خۆی ئه‌ندامێكی ئه‌م حزبه‌یه‌ – پێ دراوه‌: پۆستی سه‌رۆكی ده‌زگای هه‌واڵگری میت؛ ئه‌مه‌ شتێكی نموونه‌ییه‌، كه‌ سه‌رۆكی ده‌وڵه‌تێكی داگیركه‌ر له‌ توركێك زیاتر متمانه‌ به‌ كوردێك بكا و به‌رپرسیاره‌تی ده‌زگایه‌كی وا هه‌ستیاری پێ ببه‌خشێ و پێ ڕابسپێرێ.

بێ گومان ئه‌مه‌ پاداشتكردنی كوردێكه‌، كه‌ خۆی ده‌كاته‌ تورك. واته‌ پاداشتی به‌ توركبوونه‌. ئه‌مه‌ پاداشتی نكوڵیكردنه‌ له‌ شوناسی كوردبوون، كه‌ ده‌وڵه‌تی‌ ڕه‌گه‌زپه‌رستی تورك باشترین پاداشتی بۆ ئه‌م جۆره‌ له‌ نكوڵیكردنه‌ی‌ شوناسی نه‌ته‌وه‌یی كه‌سێكی وه‌ك هاكان فیدان داناوه‌، ئه‌ویش به‌خشینی پۆستێكی باڵای ده‌زگایه‌كی گرنگ و هه‌ستیاری وه‌ك ده‌زگای میته‌‌. لێره‌ ده‌وڵه‌تی تورك له ‌ڕێگه‌ی ئه‌م پاداشته‌وه‌، وه‌ك نامه‌ و په‌یامێك ده‌یه‌وێ به‌ هه‌موو كوردێك بڵێ: ئه‌گه‌ر هه‌مووتان وه‌ك هاكان بن، ئه‌وا ده‌شێ خه‌ڵات و پاداشتی باش وه‌رگرن! هه‌ڵبه‌ت ئه‌م پاداشت و خه‌ڵاته‌ سه‌د له‌ سه‌د له‌ خزمه‌تی تۆرانیزم و ده‌وڵه‌تی تورك ده‌بێ، واته‌ كاره‌كته‌ری خۆفرۆش ده‌بێ ببێته‌ تورك – ئیخوانیی، ئینجا خه‌ڵاته‌كه‌ی له‌لایه‌ن ئه‌ردۆگان و ده‌وڵه‌تی توركه‌وه‌ پێ ده‌به‌خشرێ. ئه‌مه‌ مه‌رجێكی سه‌ره‌كی ده‌وڵه‌تی داگیركه‌ری فاشیستی توركه‌. ئه‌م ده‌وڵه‌ته‌ هه‌ر به‌وه‌ ڕازی نابێ، كه‌ تۆ جاشی بیت و چه‌كی بۆ هه‌ڵگریت و سیخوڕی بۆ بكه‌یت، به‌ڵكو ده‌بێ واز له‌ زمان و ناسنامه‌ی كوردبوونی خۆشت بهێنی، چونكه‌ له‌لایه‌ن ئه‌م ده‌وڵه‌ته‌ ڕه‌گه‌زپه‌رسته‌وه‌ شتێك نییه‌ به‌ناوی كورده‌وه‌، به‌ڵكو ته‌نها تورك و پان تۆرانیزم هه‌یه‌. ڕێك هاكان فیدان ئه‌م مه‌رجه‌ گرنگه‌ی به‌زیاده‌وه‌ بۆ ده‌وڵه‌تی تورك و ئه‌ردۆگان و پارتی ئاكه‌په‌ جێ به‌ جێ كردووه‌، بۆیه‌ ئه‌ویش له‌ هه‌موو كه‌سێك زیاتر متمانه‌ی پێی هه‌یه‌ و خۆشی ده‌وێ و پۆستێكی وا هه‌ستیاری وه‌ك سه‌رۆكی ده‌زگای میتی پێ به‌خشیوه‌. ئه‌ردۆگان لێره‌ دوو په‌یامی هه‌یه‌، یان با بڵێین به‌ به‌ردێك دوو چۆله‌كه‌ ده‌كوژێ: له‌لایه‌ك هاكانی كردووه‌ته‌ تورك، له‌لایه‌كی دیكه‌ش له‌ هه‌ستیارترین پۆستی باڵای ده‌وڵه‌تدا شه‌ڕی كوردی (گه‌ریلای) پێ ده‌كا. ئا ئه‌مه‌ نرخی هه‌موو خیانه‌تێكه‌: به‌خشینی پاداشت و خه‌ڵات له‌ به‌رانبه‌ر نكوڵیكردن له‌ ناسنامه‌ و سیخوڕی و نۆكه‌ری و جاشایه‌تی. تورك (ئاكه‌په‌) به‌م شێوه‌یه‌ش مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌ندامه‌ كورده‌كانی ناو خۆی ده‌كا و هه‌ر به‌م چاوه‌ش‌ سه‌یریان ده‌كا. چه‌ندین جار ئه‌ردۆگان له‌به‌رده‌م هه‌موویان نكوڵی له‌ دۆز و كێشه‌ی كورد كردووه‌ و هێما ڕۆشنبیرییه‌كانی كوردی له‌ناو بردووه‌، به‌ڵام هیچ یه‌كێك له‌م ئه‌ندامه‌ كوردانه‌ی ئاكه‌په فززه‌ و‌ نقه‌یان لێوه‌ نه‌هاتووه‌، ئا ئه‌مه‌ ئه‌و جاشایه‌تی و خیانه‌ته‌ نموونه‌ییه‌یه‌، كه‌ ئه‌ردۆگان و ده‌وڵه‌تی تورك له‌ هه‌موو تاكێكی كوردیان ده‌وێ. لێره‌ش ده‌زانین و تێده‌گه‌ین، كه‌ بۆ ده‌وڵه‌تی تورك و ئاكه‌په‌ و ئه‌ردۆگان هێنده‌ دوژمنی په‌كه‌كه‌ن و هێنده‌ ڕقیان لێیه‌تی و به‌ڕاده‌ی شێتبوون و هیستریا شه‌ڕی ئه‌م بزاڤه‌ شۆڕشگێڕه‌ ئازادیخوازه‌ی گه‌لی كورد ده‌كه‌ن و هێنده‌ لێی ده‌ترسێن و لێی تۆقیون، چونكه‌ ئه‌و هێمای (نوێنه‌ری) ده‌نگی گه‌لێكه‌، كه‌ ده‌وڵه‌تی تورك خه‌ریك بوو بیخنكێنێ و له‌ناوی ببا، به‌ڵام په‌كه‌كه‌ بووه‌ فریادڕه‌سی ڕزگاركردنی ژیانی ئه‌م گه‌له له‌ باكووری داگیركراوی وڵاته‌كه‌یدا‌. به‌ڵێ، په‌كه‌كه‌ هێمای (فاكته‌ری) مانه‌وه‌ و زیندوویی بوونی كورده‌ له‌ هه‌مبه‌ر ده‌وڵه‌تی تۆرانیزمی كه‌مالیزمی ئه‌ردۆگانیزمی فاشیزمی ڕه‌گه‌زپه‌رستی تورك؛ نه‌ك هه‌ر له‌ باكوور، به‌ڵكو – ده‌توانم بڵێم – له‌ هه‌موو پارچه‌كانی دیكه‌ی كوردستانیش.

شایانی باسه، كه‌‌ بڵێین: محه‌مه‌د فاتیح زیاش سه‌ده‌یه‌ك به‌ر له‌ ئه‌مرۆ (1876 – 1924) ، كه‌ خۆی كوردێكی خه‌ڵكی ئامه‌ده‌ و بیریار و كۆمه‌ڵناس و شاعیرێك بووه‌، نكوڵی له‌ شوناشی كوردبوونی خۆی ده‌كا و ده‌بێته‌ فه‌یله‌سوفێكی فیكری پان تۆرانیزم و نه‌ته‌وه‌ی تورك به‌ سوپه‌رمان له‌ قه‌ڵه‌م ده‌دا، كه‌مال ئه‌تاتوركیش ئه‌م تیۆره‌ی ئه‌و ده‌كاته‌ بنه‌مای ئایدیۆلۆژیا نه‌ته‌وه‌ییه‌ ڕه‌گه‌زپه‌رست و شۆڤینییه‌كه‌ی خۆی… گه‌لۆ، ئایا ئه‌مه‌ خیانه‌تێكی نموونه‌ییی نییه‌، كه‌ كوردێك نكوڵی ته‌واو له‌ شوناسی نه‌ته‌وه‌یی كوردبوونی خۆی ده‌كا و ده‌بێته‌ فه‌یله‌سوف و بیریاری تۆرانیزم و كه‌مالیزم و نه‌ته‌وه‌ی تورك به‌ سوپه‌رمان له‌ قه‌ڵه‌م ده‌دا و له‌ هه‌مان كاتیشدا نكوڵی له‌ بوونی نه‌ته‌وه‌ی خۆی ده‌كا؟ ئایا ئه‌مه‌ پێوه‌ندی به‌وه‌وه‌ هه‌یه‌، كه‌ كاره‌كته‌ری داگیركه‌ر، كاره‌كته‌ری داگیركراو ده‌كاته‌ عه‌ده‌م و له‌ناو ده‌سه‌ڵاتی بوونی خۆیدا ده‌یتوێنێته‌وه‌؟ واته‌ كاره‌كته‌ری داگیركراو له‌ئاست كاره‌كته‌ری داگیركه‌ردا هێنده‌ خۆی له‌لا كه‌م ده‌بێ، كه ده‌گاته‌ ئه‌و ڕاده‌یه‌ی‌ خۆی له‌ناو ئه‌ودا بتوێنێته‌وه‌ و نكوڵی له‌ بوونی شوناسی نه‌ته‌وه‌یی خۆی بكا؛ ئه‌مه‌ حه‌قیقه‌تی كه‌سایه‌تی هه‌موو خۆفرۆشه‌كانی وه‌ك محه‌مه‌د فاتیح و خه‌یری حه‌سه‌ن و هاكان فیدان و ده‌یان و سه‌دانی وه‌ك ئه‌وانن…

به‌ختیار محه‌مه‌د.




(مەبنی للیمەجهول ) … شیعری: نەوزاد بەندی

هێشتاکە هەر نەناسراون ،
ئەو دەستانەی
گیرفانەکانی نیشتمان
تاڵان ئەکەن ..
ئەو فڕۆکانەی
پارچە پارچەی
نیشتمان بۆردومان ئەکەن ..
نەناسراون ،
ئەو شقارتانەی
مەزراکانی نیشتمان
ئەکەن بە سوتماک ..
نەناسراون ،
ئەو سیخۆڕ و
ناپیاوانەی
هەڕاجی ئەکەن
خەڵک و خاک ..

نەناسراون ،
هەر بەو جۆرەیش ئەمێننەوە ..
ئاشکرا نابن
تەنانەت لای ئەوانەیش
داهاتوو ودەست ئەخوێننەوە ..

ئەزانن بۆ ؟
لەبەر ئەوەی
هەتا ئەوان نەناسراو بن ،
ئیشی ناسراوەکانمان،
باش ئەڕوا ..
هەروەک ئەو شوانە
خوێڕیەی
واز لە شوانی ناهێنێت و
ڕۆژیش نیە مام گورگ
مەڕ و بزنی نەخوا ..