نیهیلیزمی کامۆیی لە شیعری (یەکانە)ی شێرکۆ بێکەسدا … بەرەڤان

شێرکۆ بێکەس(١٩٤٠-٢٠١٣ز)، بە شاعیرێکی هاوچەرخی کورد دادەنرێت. بەرهەمێکی زۆری هەیە و شیعری نێونەتەوەیی و خۆشەویستی و نیشتیمانی… هتد، هەیە. بە کێشی ئازاد و خۆماڵی دەنووسێت. لە ساڵی (١٩٧٠)دا، لە گروپی ڕوانگە هەوڵی نوێکردنەوەی شیعری کوردی داوە، لە ڕووی ڕووخسار و ناوەڕۆکەوە. شێرکۆ بێکەس لە وێنەی ئەو شیعرەدا، ئەوەمان بۆ دەردەخات کە ژیان زۆر بێمانا و پوچ و وەڕەزکەرە. بە حەسرەت و هەمەڕەنگییەوە، دەرگای مردن دەکاتەوە. زەنگی مردن بۆ هەموو لایەنەکانی ژیانی وەکو هەوڵدان، هزر، بیر و جوانیە ڕەنگاوڕەنگەکان، لێدەدات. هەوڵدەدەین، لە ڕوانگەی نهیلیزمی کامۆییەوە ئەم دەقە شیبکەینەوە و ئەم بێهودەییەی شاعیر دەگاتە کوێ و چی بەرهەم دەهێنێت. هەروەها ئەو بێهودەییەی شاعیر دەتوانێت مانا بداتەوە بە ژیان و ببێتە هۆی یاخیبوون؟.

نیهیلیزم لای کامۆ:
ڕەنگە ئەلبێر کامۆ(١٩١٣-١٩٦٠ز) دیارترین هیچخواز بێت، کارەکانی لە دەوری بێهودەیی و یاخیبووندا، دەسوڕێنەوە. کامۆ پێیوایە مرۆڤ ئازادە لەوەی ژیان بەبێ بەهایی و پوچی بباتە سەر، بەڵام دەبێ بە دوای زیندوو کردنەوەی ژیاندا بگەڕێت. هەروەها کامۆ زیاتر لایەنگری ئەدەبە و سیاسی نییە، سیاسی بەو مانایەی کە حەق و ئەرک و ماف بێت. چونکە لە ئەدەبدا ”ئەو ئازادییەی دۆزییەوە کە سیاسەت نەیتوانی پێی ببەخشێت” . کامۆ لە کتێبی ”ئەفسانەی سیزیف” و ”نامۆ”دا، دەگاتە ئەوپەڕی بێهودەیی. بەڵام ئەم پوچخوازییە کەمۆ دەگەیەنێتە یاخیبوون و ئازادی و ئالوودەبوون . ئەم بێهودەییە لەلای کامۆ بە مانای ئەوە نییە لە ژیان هەڵبێیت و پەنا بۆ خۆکۆشتن ببەی، بەڵکو ئەو لە ناو ئەم پوچییەدا بە دوای مانایەک دەگەڕێت بە ژیان بدات.
لەلای کامۆ هەرچەندە یاخیبوون لەلای تاکەوە سەرهەڵدەدات، بەڵام ئەم یاخیبوونە لە خزمەتی هەموو مرۆڤدایە و دەبێتە هۆشیاری گشتی. واتە ”من یاخی دەبم، کەواتە ئێمە هەین” یاخیبوون هەڵوێستە دژی عەدەم و زوڵم و ئەو ستەمەی کە هەیە. هەروەها خۆکۆشتن نیشانەی لاوازی مرۆڤە و ملکەچبوونە بەم پوچییە، بۆیە لەلای وی مرۆڤی بێهودە هەرگیز دەستبەردار نابێت و هەر لە هەوڵ و کۆششدا دەبێت. بۆ نمونە لە ئەفسانەی سیزیفدا، هەرچەندە سیزیف دەزانێت ژیان بێمانایە و خوداوەندەکان ئەویان ڕاسپاردووە، کە ئەم بەردە بباتە سەر چیایەکە و دواتریش هە خلۆر دەبێتەوە خوارەوە، بەڵام ئەو بە زەردەخەنەوە سەیری دەکات و دەستپێدەکاتەوە. واتە کەمێک نیهیلیست بە و هەمیشە لە جەنگدابە بۆ ژیان. ئەگەر سیزیف مانیفێستی پوچی بێت ئەوا مرۆڤی یاخی مانیفێستی یاخیبوونە. لەم کتێبەدا، کامۆ دووجۆر یاخیبوون وێنا دەکات. یەکیکیان یاخیبوونی مێتافیزیکییە و ئەویتر یاخیبوونی مێژووییە .

فەلسەفەی هونەر لای کامۆ:
کامۆ هونەری بە تیۆرییەکەی خۆی کە بێهودەیی و یاخیبوونە، وابەستەکردووە. لە دەقە ئەدەبییەکانی ڕەنگیان داوەتەوە. کە باسی موسیقا، نیگارکیێشی، پەیکەرتاشی و ڕۆمانی …هتد، کردووە. هەروەها هونەرمەند لە ڕێگەی هونەرەکەی خۆیەوە بوونایەتی خۆی دەسەلمێنێ، واتە هونەر و هونەرمەند دووشتن لەیەکدانەبڕوان. هونەرمەند بەوپەڕی ئازادییەوە بە یاخیبوون و ئافڕاندنەوە، دژی بێهودەیی دەوەستێتەوە. هەر لەبەر ئەم بێهودەییەیە کە هونەرمەند سەیری ژیان دەکات، ئەو هەموو بێهودەیی و ناعەقلانییەی هەیە جگە لە یاخیبوون هیچی تر شک نابات. بە مانایەکی تر، هونەرمەند لە بەرهەمەکەیدا ژیان درووست دەکاتەوە. ئەو جیهانەی تیدایە ڕەتدەکاتەوە و جیهانێکی تر دەخولقێنێت.
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، هیچ هونەرمەندێک نییە بەتەواوی دەستبەرداری واقیع ببێت چونکە ”هونەر هەمووی ڕەتکردنەوە و یاخیبوون نییە، بەڵکو قەبووڵکردن و ڕازیبوونیشە” . ئەمەش لەبەر ئەوەیە کامۆ پێی وایە، یاخیبوون ڕەهایی نییە، بەڵکو ڕێژەییە. چونکە ژیان هەندێک لایەنی حەقیقی هەر تێیدایە، بە مانایەکی تر، ژیان مانایەکی هەر هەیە. بۆیە لەم ڕوانگەیەوە دەبێ هونەریش مانایەکی هەبێت. ئەگەر یەک لایەنی ژیان مانا و جوانییەکی کەمیشی هەبێت، پێویستە هونەرمەند لە ڕێگەی هونەرەکەیەوە ئەو جوانی و مانایە بە هەموو لایەنەکانی تری ژیانیش بدات. مرۆڤ نابێ لە واقیع و ژیان ڕابکات، بەڵکو پێویستە باوەشی پیدا بکات.

ڕەنگدانەوەی بێهودەیی لە شیعرەکەدا
پارچەیەک لە شیعری یەکانە
من تەلیسمی بێهودەیی،
جادویی بێ هۆش و گۆشیی، ڕێ نوماییم ئەکەن!.
من ئاوەزم
لەسەر مەشقکردنێکی سەختی
بیرنەکردنەوەی درێژخایەن ڕاهێناوە.
بە سەبری تەوەزەللی.
بە چاوەڕوانیی بێکۆتایی.
بە پێشوازیی کوتوپڕی مردنی هەمەچەشن
هەمەڕەنگ.. ڕاهاتووم.
خوویەکی نەگۆڕم بە دروونی کفن و،
داتاشینی تاتەشۆرو، هەڵکەندنی
گۆڕی خۆمەوە گرتووە!.
خوویەکی نەگۆڕم بە لەسەر پشت پاڵکەوتن و
ئەبڵەق بوون و تێڕامانی هیچەوە گرتووە. ( )

شاعیر لەم شیعرەدا، دەگاتە ڕادەیەکی زۆری ئەبسێردییەت. ئەو ژیانەی ئەو تێیدایە و دەژیت، پڕە لە پوچی و بێبەهای و نائومێدی. ئەوەش وای لە شاعیر کردووە بڵێت(من تەلیسمی بێهودەیی، جادویی بێ هۆش و گۆشیی، ڕێ نوماییم ئەکەن)، ئەم بێهودەییە، تەنگی پێهەڵچنیوە و هۆش و عەقڵیشی لە دەستداوە. واتە ناتوانێت بە عەقڵ دژی ئەم پوچییە بوەستێتەوە، خۆبەدەستەوەدانی شاعیر لە نیوە دێری یەکەمدا، دەردەکەوێت. شاعیر لە نیوە دێری دواتردا، مەرگی هزر و بیر و عەقلیشی رادەگەیێنێت، بە دەست ئەم عەدەمەوە. وەکو دەڵێت(من ئاوەزم لەسەر مەشقکردنێکی سەختی بیرنەکردنەوەی درێژخایەن ڕاهێناوە)، ئەو ئاوەزەی هەیەتی، هەرگیز بیرناکاتەوە و توانای ئەوەی نییە دژی ئەم ئەبسێردییەتە بوەستێتەوە، چونکە ڕاهاتووە بە بیرنەکردنەوەوە. ئەمە دەرخەری ئەوەیە، کە شاعیر ناتوانێت شتەکان جوان بکات و مانا بداتەوە بە ژیان، ئەوەی کامۆ دەیکات و دەڵێت جوانکردنی ژیان و دۆزینەوەی حەقیقەت لە لایەنەکانی دیکەی ژیاندا ئەرکی هونەرمەندە لەم ژیانەی پوچی دەورەیداوە، ئەنجامی بدات. کەچی شاعیر، هەموو لایەنەکانی تریش دادەڕمێنێت.
لە دێری دواتردا، ئەم بێهودەییەی شاعیر جگە لە قوڵترکردنەوەی بێهودەیی و بێهودەتربوون، هیچی تر بەرهەم ناهێنێت. وەک دەڵێت(بە سەبری تەوەزەللی. بە چاوەڕوانیی بێکۆتایی. بە پێشوازیی کوتوپڕی مردنی هەمەچەشن هەمەڕەنگ.. ڕاهاتووم)، لێرەدا، شاعیر ئەو هەموو چاوەڕوانی و ئارامییەی هەیەتی، بە پێشوازیکرنێکی هەمەڕەنگ و هەمەجۆر و ڕاهاتن چاوەڕێی مردن دەکات. واتە شاعیر هەموو جوانییەکی سروشتی و مرۆڤی و دونیایی هەیە، دەیفەوتێنێ. نەیتوانیوە، جوانی بە ژیان بداتەوە و لە ناو ئەو هەموو بێماناییە، مانایەک بە ژیان بداتەوە. لە هامانکاتدا، ئەلبێر کامۆ لە بەرهەمی ئەو بێهودەییەی وێنای دەکات و پێی گەیشتووە، یاخیبوون و ئازادی و ئالوودەبوون، دەدۆزێتەوە. کەچی شاعیر، ناتوانێت نە ئازاد بێت و نە یاخی ببێت و دژی ئەم عەدەمە بوەستێتەوە و ژیان لە ناو شیعرەکەیدا وێنای زیندووێتی و جوانی پێی ببەخشێتەوە.
خووگرتنی شاعیر بە مەرگەوە زیاتر دەردەکەوێت و هەموو شتێک وێران دەکات. وەک لێرەدا دیارە(خوویەکی نەگۆڕم بە دروونی کفن و، داتاشینی تاتەشۆرو، هەڵکەندنی گۆڕی خۆمەوە گرتووە)، شاعیر، مەرگی خۆیشی ڕادەگەیێنێت و ملی کەچ دەکات بۆ مەرگ. کەچی کامۆ پێی وایە یاخیبوون دژی مەرگە و سەرەڕای بێهودەییش مرۆڤ پێویستە دژی مەرگ بجەنگێت و ململانێ بکات. چونکە مردنە درێژە بەم بێهودەییە دەدات و مرۆڤ نابێت لاوازانە و بێدەسەڵاتانە خۆی ڕادەستی مەرگ بکات. پێویستە، مرۆڤ ئیڕادەی ژیان وژیانکردنی لە ناخیدە پەرەپێبدات، تا جوانی و حەقیقەتیش لە ناخیدە چەکەرە بکەن. لەلای شاعیر، ئەم هیچ و پوچیەی ژیان یەخەی لێگرتووە و بێتوانایی خۆی دووپات دەکاتەوە، وەک لێرەدا دیارە(خوویەکی نەگۆڕم بە لەسەر پشت پاڵکەوتن و ئەبڵەق بوون و تێڕامانی هیچەوە گرتووە.)، ئەم خوویەی شاعیر لە ناخیدا هەر گەشە دەکات و بەبێ جوڵە درێژ دەبێت و توانای جولەیشی لەدەست دەدات. ئەوەی ئەو دەیکات، تەنها تێڕامانە لەم پوچییە. ئەو ژیانە بێمانایەی شاعیر دەیخولقێنێت و هیچ بەدیلێکی بۆ نادۆزێتەوە نە لە خەیاڵ و نە بە درووست کردنەوەی ژیان لە شیعردا، لەلای کامۆ هونەری بێمانا دەهێنێتە کایەوە. چونەک ئەگەر ژیان یەک مانای بچوکیشی هەبێت هونەریش ئەو مانایە بچوکەی هەیە، بەڵام لێرەدا، ژیان مانای نییە و شاعیر مەرگی هەموو شتێکی ڕاگەیاند و هەتا مەرگی خۆیشی. هەربۆیەشە ئەم جۆرە هونەرە لەلای کامۆ مانای نییە.

ئەنجام:
کەواتە، شاعیر مەرگی خۆی و هەموو جونیەک و مانایەک و خودی ژیانیش، ڕادەگەیێنێت. واتە نیهیلیستییەکی خۆکۆژی و ئەویتر کوژییە. چونکە نەیتوانیوە مانا بداتەوە ژیان و یاخی ببێت و دژی ئەم بێهودەییە بجەنگێت. شاعیر، لەبەر ئەوەی نەیتوانیوە ژیان جوان بکاتەوە و زیندوو بکاتەوە، هونەرەکەی خۆیشی بێمانا دەکات، لە ڕوانگەی کامۆوە. چونکە ئەو لە ڕێگەی هونەرەکەیەوە بوونایەتی خۆی دەردەخات و شیعر و بەرهەم بوونی ئەون. شاعیر لە ئەنجامی ئەم بێهودەییەدا، جگە لە بێهودەییەکی تر هیچی بەرهەم ناهێنێت.

پەراوێزەکان:

کای فالکمان، و.هەندرێن، کامۆ لە ناو خەیاڵاندنی ئەدەبیدا ئازادی دۆزییەوە، ٢٠٠٩. www.svd.se/kulturnoje/understrecket
ئالوودەبوون: بۆ ژیانکردن لە بێهودەییدا پێویستی بە ئالوودەبوونە، بۆ ئەوەی هەمیشە بەرەنگاری جیهان ببینەوە. (بوونگەرایی، زنجیرە دۆسیەکانی سەردەم ١، چاپی یەکەم ٢٠١٦، ل٤٧).
ئەلبێر کامۆ، و. ئازاد بەرزنجی، مرۆڤی یاخی، چاپی دووەم ٢٠١٧، لxvi.
مێتافیزیکی: ئەم یاخیبوونە دژی هەموو مرۆڤ و گێتی و ئایندەیە، لە پێناو مرۆڤدا. کە شەیتان و نیتشە و …هتد، نمونەی ئەم یاخیبوونەن. (ئەلبێر کامۆ، و.ئازاد بەرزنجی، مرۆڤی یاخی، چاپی دووەم ٢٠١٦، ل ٣٧)
مێژوویی: ئەم یاخیبوونە دژی دەرەبەگ و ئاغایەکانە، سپارتاکۆس و شۆڕشی فەڕەنسای ١٧٨٩ نمونەی ئەم جۆرە یاخیبوونەن. (ئەلبێر کامۆ، و.ئازاد بەرزنجی، مرۆڤی یاخی، چاپی دووەم ٢٠١٦، ل ١٩٤)

بوونگەرایی، زنجیرە دۆسیەکانی سەردەم ١، چاپی یەکەم ٢٠١٦، ل88
دیوانی شێرکۆ بێکەسpdf، بەرگی چوارەم ١٩٩٣-١٩٩٨، ساڵی چاپ ٢٠٠٦، ل٧٤




گفتوگۆ لەگەڵ نووسەر سمکۆ محەمەد… بەشی 1… ئا: عەباس جەمیل جێماو

مۆدێرنه‌ ئازادی و عه‌قلانیه‌تی بۆ به‌رهه‌مهێنانی توندڕه‌وی ئیدیۆلۆژی به‌كارهێنا

ئاماده‌كردنی: عه‌باس جه‌میل جێماو

به‌شی یه‌كه‌م

بۆ هه‌ر چاوپێكه‌وتنێكی نوسه‌ر و رۆناكبیر سمكۆ محه‌مه‌د، له‌ئه‌نجامی دیداری دۆستانه‌مان، هه‌وڵمداوه‌ وه‌ك ده‌رفه‌تێك چه‌ند پرسیارێكی ئاڕاسته‌ بكه‌م و هه‌ر جاره‌و به‌شێكی دانیشتنه‌كه‌مان بۆ قسه‌كردن له‌سه‌ر ته‌وه‌رێك ته‌رخان بكه‌ین، كه‌ به‌نیازم له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیكدا وه‌كو پڕۆژه‌یه‌ك له‌ دووتوێی كتێبێكدا به‌چاپیان بگه‌ێنم، كه‌ ده‌رباره‌ی بابه‌تی فیكری و ئه‌ده‌بی و رۆشنبیرین، به‌و پێیه‌ی تا ئێستا خاوه‌نی سه‌دان وتار و نزیكه‌ی بیست كتێبی ئه‌ده‌بی و فیكری و سیاسی.. تاد. هه‌روه‌ها به‌ ئاگاداری نووسه‌ر هه‌وڵمداوه‌ پێداچوونه‌وه‌ به‌چه‌ند چاوپێكه‌وتنێكی پێشووی بكه‌م، كه‌ له‌گه‌ڵ میدیاكان سازیدابوو و دووباره‌ داڕشتنه‌وه‌ بۆ پرسیاره‌كان بكه‌مه‌وه‌ كه‌ زۆربه‌یان ناته‌ندروستانه‌ ئاڕاسته‌ی كراون، چونكه‌ پرسیاری ناته‌ندروست وه‌ڵامی ناته‌ندروست به‌رهه‌م دێنێ.
هاوكات سه‌رباری ئه‌و ته‌وازوعه‌ زۆره‌ی كه‌ هه‌یه‌تی، ئه‌ڵبه‌ت جورئه‌تی ئه‌وێ له‌به‌رده‌م نووسه‌رێكی وا مه‌زن ده‌ست بۆ هه‌موو ته‌ورێك ببرێت و موناقه‌شه‌ی بكرێت، بۆیه‌ بۆ ئه‌م به‌شه‌ی چاوپێكه‌وتنه‌كه‌مان هه‌وڵمداوه‌ هه‌ندێ پرسیاری سه‌ره‌تایی له‌باره‌ی مۆدێرنه‌ و پۆست مۆدێرنه‌ی له‌ته‌كدا بووروژێنم، به‌مه‌به‌ستی زیاتر به‌رچاوروونی خوێنه‌ر له‌مباره‌وه‌.

ده‌قی گفتوگۆكه‌:

پرسیار: مۆدێرنه‌ وه‌ك چه‌مكێك یان فاكته‌رێكی گۆڕان ئامێزی به‌رده‌وام له‌ تێكشكانی پێوه‌ری رۆشنگه‌رایی ته‌قلیدی و هۆكارێك بۆ گه‌شه‌ی فكری نوێی خۆرئاوا تا گه‌یشتنی به‌م سه‌رده‌مه‌ پرسێكی زیندوو بووه‌، ئایا هۆكاره‌كانی سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌م چه‌مكه‌ بۆچی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌؟

سمكۆ محه‌مه‌د: باله‌وێوه‌ ده‌ستپێبكه‌م كه‌ مۆدێرنیزم چه‌مكێكی كۆمه‌ڵناسییه‌، چونكه‌ له‌به‌رامبه‌ر هه‌موو كولتوورێكدا راده‌وه‌ستێت و هه‌ڵیده‌لوشێت، مه‌به‌سته‌كه‌ش بۆ نووێكردنه‌وه‌ی كولتوور و سیاسه‌ت و ته‌لارسازی و ئه‌ده‌ب و مۆزیك و ته‌كنیكی نوێ‌ بوو، تائه‌وكاته‌ی ره‌تكرایه‌وه‌ له‌نێو فكردا كه‌ ژان بوردیار سه‌رمه‌شقیانه‌، به‌ڵام جیاوازییه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ مۆدێرنه‌ سه‌ره‌تا ئامانجێكی دیكه‌ی هه‌بوو، دواتر بوو به‌ چه‌مكێكی جیهانی بۆ هه‌موو كایه‌كان و ئامانجه‌كه‌شی پێكا.

پرسیار: كاتێ مۆدێرنه‌ ده‌بێته‌ چه‌مكێكی جیهانی، ئایا كورد تاچه‌ند توانیوێتی كه‌ڵك له‌م چه‌مكه‌ وه‌ربگرێت و له‌كوێیدا خۆی بینیوه‌ته‌وه‌؟

سمكۆ محه‌مه‌د: ئه‌م چه‌مكه‌ له‌نێو كورددا نیو هێنده‌ی نه‌ته‌وه‌ و ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یانه‌ی كه‌ خاوه‌ن رۆشنبیری ناسراون موناقه‌شه‌ نه‌كراوه‌، به‌ڵام یه‌كێك له‌و هۆكارانه‌ی كه‌ له‌پشت چه‌مكه‌كه‌وه‌ راوه‌ستاوه‌ و زه‌مینه‌ی بۆ موناقه‌شه‌كردنی جددی خۆش كردووه‌، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ مه‌به‌ستێكی عه‌قڵخوازانه‌ و پێشكه‌وتووخوازانه‌یه‌ بۆ كۆمه‌ڵگه‌ به‌تایبه‌تی، له‌كاتێكدا كورد هێشتا له‌ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی ئه‌و مێژووه‌یه‌ كه‌ مۆدێرنه‌ی به‌رهه‌مهێنا.
مۆدێرنیزم كه‌بوو به‌ ئاراسته‌یه‌كی فكری، ده‌ورێكی گرینگی هه‌بوو له‌بواری سیاسه‌ت و رۆشنبیری كه‌ جگه‌ له‌ كایه‌كانی دیكه‌، په‌یوه‌ندیی كۆمه‌ڵایه‌تی بگۆڕێت له‌گه‌ڵ هه‌لومه‌رجی ژیاندا، یان له‌رێگه‌ی كه‌ره‌سته‌ی ته‌كنۆلۆژییه‌وه‌ ره‌فتار و هه‌ڵسوكه‌وتی ئینسان بگۆڕێت، به‌ڵام بنه‌چه‌ رادیكاڵیه‌كه‌ی كارێكی ئاینده‌خوازی بووه‌، بۆیه‌ مۆدێرنیته‌ وه‌كو پڕۆسه‌یه‌ك وایه‌ كه‌ نه‌ڕاده‌وه‌ستێت و نه‌ كاردانه‌وه‌كانی راده‌وه‌ستن، (جۆن ستیوارت میل) كه‌ به‌دانه‌ری چه‌مكی لیبڕالیزم له‌ سیاسه‌تدا داده‌نرێت، ره‌خنه‌ی له‌ سیستمی به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌ت گرتووه‌ و ته‌كانێكی نوێی داوه‌ به‌ده‌وڵه‌تی نوێخواز و پێشكه‌وتوو له‌رووی سیاسیه‌وه‌، ئه‌م گۆڕانكارییه‌ بوو به‌مۆدی سیاسی، ئیدی ئه‌وه‌ی له‌مێژووی ژیاری ئینسانیدا جێكه‌وته‌ ببوو، شێوازێكی نوێی له‌گه‌ڵ خۆیدا بارهێنا كه‌ چه‌مكی ئازادی و عه‌قلانیه‌تی له‌به‌رامبه‌ر توندڕه‌وی ئایین و سیاسه‌ت و ئایدیۆلۆژیا فراوانتر كرد، ئاینده‌گه‌رایی له‌فكردا بوو به‌ یه‌كێك له‌و داهێنانه‌ی كه‌ لۆژیكی رۆمانسیانه‌ی په‌راوێزخست و به‌كرده‌وه‌ سه‌لماندی دیارده‌ی نوێ‌ ئه‌ویدیكه‌ وه‌لاده‌نێ‌، هه‌ڵبه‌ت چه‌مكه‌كه‌ له‌ئاستی جیهانیدا بۆ هه‌موو كایه‌كان و به‌تایبه‌تی بۆ گه‌شه‌سه‌ندنی ته‌كنۆلۆژیا و ماشین و ته‌لارسازی و كه‌ره‌سته‌كانی دیكه‌ی ژیان و سیاسه‌تیش كاردانه‌وه‌ی هه‌بوو، به‌ڵام بۆ كورد ته‌نها له‌فه‌زای ئه‌ده‌بیدا ره‌نگیدایه‌وه‌، ئه‌ویش ته‌نها خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دانی زمان و كولتوور بوو و هه‌رچی ئه‌ده‌بی كلاسیك و هونه‌ر و كولتووری بوو پشتگوێ‌ خرا، به‌بیانووی ئه‌وه‌ی مۆدێرنه‌ وه‌كو ره‌وتێكی زیندوو هاتووه‌ و ده‌بێ‌ كورد پشكی هه‌بێت، له‌كاتێكدا مۆدێرنه‌ فودانه‌یه‌ك بوو ته‌نها كه‌ڤه‌ره‌كه‌ی دیاربوو، له‌به‌رامبه‌ریشدا ناوه‌ڕۆكێكی وه‌حشیانه‌ بوو بۆ كۆمه‌ڵگه‌ بنده‌سته‌كان، ئه‌ویش كوشتن و سڕینه‌وه‌ی كولتووره‌كه‌یان بوو، هه‌روه‌كو ئه‌وه‌ی ئالان تۆرید له‌ كتێبی ره‌خنه‌ له‌ مۆدێرنیته‌ ده‌گرێت.
ئه‌م چه‌مكه‌ له‌سه‌رتاسه‌ری دونیادا زیاتر له‌بواری ئه‌ده‌ب زیاتر په‌ڕه‌ی سه‌ند، به‌ده‌یان ئه‌دیبی ناودار كه‌ پێویست ناكات ناوه‌كانیان ریزبكرێ‌ له‌په‌راوێزی ئه‌م چه‌مكه‌دا جێگه‌یان ده‌بێته‌وه‌، هه‌روه‌ها بزووتنه‌وه‌ی جیاوازی فكری له‌بواری هونه‌ریدا سه‌ریانهه‌ڵدا، كه‌وابوو هۆكاره‌كه‌ ده‌ركه‌وت بۆچی مۆدێرنه‌ سه‌ریهه‌ڵدا و له‌كوێدا خزمه‌تی كردووه‌ به‌هه‌موو كێشه‌ و گرفته‌كانییه‌وه‌، وه‌ختێك سیستمی سیاسی نه‌گۆڕبوو، وه‌ختێك ژیان له‌چه‌قبه‌ستوویدا بوو، وه‌ختێك ئایین و شێوازه‌ جیاوازه‌كانی خوداپه‌رستی له‌وپه‌ڕی توندڕه‌ویدا كه‌نیسه‌ و په‌رستاگاكانی داگیر كردبوو بۆ به‌رژه‌وه‌ندی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی، وه‌ختێك له‌بواری ئه‌ده‌ب و فكر جێگه‌یه‌ك بۆ ئازادی نه‌مابوو جگه‌ له‌ئیدیۆلۆژیای به‌رته‌سك، له‌وێدا مۆدێرنه‌ له‌رێگه‌ی ره‌خنه‌وه‌ له‌ژیار و كلاسیكیزم و سیستمی كۆنی ته‌لارسازی و هتد، هه‌رچی ده‌قی پیرۆز و نه‌گۆڕ هه‌بوو تێكیشكاند و ئه‌لته‌رناتیڤی پێشكه‌ش كرد، سا با ئه‌لته‌رناتیڤه‌كه‌ هه‌رچه‌ند جێگه‌ی ره‌خنه‌ بووه‌.
هۆكارێكی دیكه‌ی سه‌رهه‌ڵدانی چه‌مكه‌كه‌ بۆ تاك بوونه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت بوو پێشتر كه‌ ئێستا كۆمپانیاكان له‌رووی ئابوری و ئینجا سیاسیه‌وه‌ جێگه‌یان گرتووه‌، به‌ومانایه‌ی گوتاری سیاسی به‌پێی چه‌مكی مۆدێرنه‌ ئاستێكی دیكه‌ی هه‌یه‌ كه‌ به‌شێوه‌یه‌ك له‌شێوه‌كان شه‌رعیه‌تی به‌ موڵكایه‌تی تایبه‌تداوه‌، ده‌سه‌ڵاتی بیرۆكراتیه‌ت له‌ژێر عینوانی ته‌كنۆكراتیزم كه‌ گوایه‌ سیستم به‌و شێوه‌یه‌ به‌ڕێوه‌ده‌چێت، دواجار به‌بارته‌قای جاران واته‌ سه‌ده‌كانی رابردوو بواری بۆ به‌رفراوانبوونی ئابوری سیاسی سازكرد كه‌ له‌موڵكایه‌تی تایبه‌تدا فۆڕمێكی دیكه‌ی وه‌رگرت و له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ به‌رهه‌مهێنانی فاشیزمی لۆكاڵی له‌به‌رگی ئیدیۆلۆژیای ئایینی، ئه‌مه‌ سه‌رله‌به‌ری ژیانی گرته‌وه‌ وه‌كو ره‌وتێك بۆ ده‌سه‌ڵاتخوازی مۆدێرن كه‌ قه‌یرانه‌كانی ده‌وڵه‌ت بخاته‌ ده‌ره‌وه‌ی خۆی وه‌كو هێزێكی مه‌عریفی رزگاركه‌ری قه‌واره‌ی سیاسی ئه‌و ده‌وڵه‌ت، ئه‌م فه‌زایه‌ له‌هۆكاره‌ بنه‌ڕه‌تیه‌كانیه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌ كه‌ سیاسه‌ت وه‌كو زه‌روره‌تێك مۆدێرنه‌ی له‌به‌رچاو گرت و تاكو كه‌ڵكی لێوه‌رگرت بۆخۆی و دواتریش هه‌نارده‌ی وڵاتاانی پاشكۆی ئه‌وروپا كرا، به‌و مه‌رجه‌ی ئه‌وكاته‌ی كه‌ له‌بواره‌كانی مه‌عریفه‌ و ته‌كنۆلۆژیاو سیاسه‌ت و كۆمه‌ڵایه‌تی و په‌روه‌رده‌ و ته‌نانه‌ت وه‌رزشیش كه‌ به‌پیشه‌سازیه‌وه‌ گرێدرا، چه‌مكه‌كه‌ به‌ناڕاسته‌وخۆ ره‌نگیدایه‌وه‌ و بوو به‌ مۆدێلی ژیان بۆ تاك و كۆمه‌ڵگه‌ش، چونكه‌ كارپێكردن به‌شێوازی جیاواز له‌لایه‌ن شاره‌زایانی ده‌وڵه‌تخوازییه‌وه‌، توانی یارییه‌كی ژیرانه‌ بكات له‌ نێو ته‌كنۆلۆژیا و پێشكه‌وتن، بۆیه‌ نه‌توانی ببێته‌ هۆشیاری تاك و نه‌ سه‌ربه‌خۆیی له‌ عه‌قڵمه‌ندیدا، به‌ڵام تاكی ناچار كرد كه‌ له‌روخانی شته‌كانی پێشوو و هاتنه‌ئارای شتی نوێ‌، گرینگی به‌ بایه‌خپێدانه‌كه‌ی بدات و نامۆ نه‌بێت له‌ پێدراوه‌كانی دیكه‌ی چه‌مكه‌كه‌ كه‌ له‌په‌راوێزیدا روونتر ده‌بینرێ‌، له‌حاڵێكدا ده‌ركه‌وت كه‌ تاك گه‌راییی تاكه‌ ئامانجێك بوو بۆ لێدانی داهێنان و عه‌بقه‌رییه‌ت، ئه‌م بیروڕای میشیل مافیولی دا هاتووه‌ كه‌ ره‌خنه‌ی مۆدێرنیته‌ی كردووه‌.
به‌شێكی دیكه‌ له‌هۆكاری سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌م چه‌مكه‌ كه‌ سه‌رمایه‌داری ته‌واو دڵنیابوو له‌ سه‌ركه‌وتن و جێگیر بوون و پته‌وكردنی پایه‌كانی خۆی، بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی كرد كه‌ ئامانجه‌كه‌ بۆ نه‌هێشتنی پێوه‌ره‌ ئه‌خلاقیه‌كان و شۆڕشه‌ دژ به‌ سیستمی سه‌رمایه‌داری و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی به‌ها كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانه‌ له‌نێو ئه‌ده‌ب و كۆمه‌ڵناسی و هونه‌ر و هتد، به‌لام دواتر ده‌ركه‌وت پێچه‌وانه‌كه‌ی راسته‌ و بۆ كۆڵۆنالیزه‌كردنی كولتووری شۆڕشگێرییه‌ كه‌ شۆڕشێكی سپیه‌ به‌زمان و كوولتوور ده‌كرێت، چونكه‌ ئه‌م سیستمه‌ ترسی ئه‌وه‌ی هه‌بوو ئینسان بگه‌ڕێته‌وه‌ و گه‌مارۆی بدات، یان لانیكه‌م پایه‌كانی لاواز بكات و ئیدیۆلۆژیای دیكه‌ سه‌رهه‌ڵبده‌ن وه‌كو دابڕانێك له‌گه‌ڵ ئه‌و مۆدێله‌ی بۆ ئینسان داهێنرا به‌بێ‌ بنه‌ما، هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی ده‌بینرێت. سه‌رهه‌ڵدانی شاری هاوچه‌رخ و چڕی دانیشتوان به‌ فره‌یی له‌ره‌نگ و ره‌گه‌ز و نه‌ته‌وه‌ و ئایین و هتد، هه‌روه‌ها بازاڕی سه‌یرو سه‌مه‌ره‌و ژیانێكی نائاسایی كه‌ پێشتر نه‌بینرابوو وه‌كو سیحر گه‌شه‌ی كرد، ئه‌مانه‌ بوونه‌ هۆی ئه‌وه‌ی خه‌یاڵی ئه‌دیب و رۆماننوسه‌كانیش فراوانتر ببن له‌گه‌ڵ فراوان بوونی شاری مۆدێرن كه‌ زۆر جیاز بوو له‌گه‌ڵ شاری سه‌ده‌ی 19، هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی بڕوایان به‌وه‌ هه‌بووه‌ به‌پێی پێشكه‌وتنی شار له‌رووی جوگرافییه‌وه‌ شاری كۆن و كلاسیك جێبهێڵن، بۆ ئه‌وه‌ی جیهانی ماددی ببینن و واقیعێكی تر كه‌ سیحراوییه‌ له‌ ئه‌ده‌به‌كه‌یاندا ره‌نگبداته‌وه‌، نموونه‌ش كه‌سانی وه‌ك (ستاندال و باڵزاك و دیكنز و دایستۆفسكی و ئه‌لیوت و هتد) ئیدی شاری راسته‌قینه‌ نه‌ك هه‌ر ژیانی واقیعی كۆمه‌ڵایه‌تی گۆڕی، به‌ڵكو شێوه‌ی بیركردنه‌وه‌شی گۆڕی و پانتاییه‌كی زیاتر له‌جاران داگیركرد له‌خه‌یاڵی ئه‌دیب و هونه‌رمه‌نددا، ئه‌م كاریگه‌رییه‌ ئه‌رێنییه‌ به‌ره‌نجامی گه‌شه‌سه‌ندنی چه‌مكی مۆدێرنیزم بوو كه‌ به‌مانا و پێناسه‌ی جیاوازه‌وه‌ خۆی كرد به‌نێو فكردا، به‌ڵام رووه‌كه‌ی تری كه‌ نه‌رێنیه‌ و مۆركێكی ره‌شی له‌نێوچه‌وانی خۆیدا نه‌خشكرد، به‌رهه‌مهێنانی نازیزم و فاشیزم بوو له‌ ئاڵمان و ئیتاڵیا و دواتریش له‌دوای هه‌زاره‌ی سێهه‌مه‌وه‌ ستایڵێكی دیكه‌ی كۆنتڕۆڵ كردنی ئیراده‌ی به‌شه‌ر، چونكه‌ بووه‌ مایه‌ی به‌دبه‌ختی بۆ به‌شه‌رییه‌ت له‌و مێژووه‌دا، دواجاریش وه‌كو له‌پێشدا باسم كرد ئه‌م ره‌وته‌ خۆی له‌ وڵاتانی عه‌ره‌بیدا به‌رهه‌مهێنایه‌وه‌ و بوو به‌ بازاڕێكی سیاسی نوێ‌ و ململانێی جیاواز له‌ژێر عینوانی نه‌ته‌وه‌خوازی و ده‌وڵه‌تخوازی و ئۆپۆزسیۆن و زوڵملێكراو زاڵم و هتد كه‌ نموونه‌ی وه‌كو سه‌دام حوسێنی به‌رهه‌مهێنا و بووه‌ بیانوویه‌ك بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی هه‌موو به‌ها ئینسانییه‌كان.

پرسیار: پۆزه‌تیڤیزم بۆخۆی چه‌مكێكه‌ له‌دوای هاتنه‌ ئارای مۆدێرنه‌ وه‌كو سیستم كاری پێكرا، ئێوه‌ دیوه‌ نه‌رێنیه‌كه‌ی ئه‌م چه‌مكه‌تان باس كرد، ئایا بۆ دیوه‌ ئه‌رێنیه‌كه‌ی چی ده‌ڵێن؟

سمكۆ محه‌مه‌د: هیچ چه‌مكێك موجه‌ڕڕه‌د نییه‌، به‌قه‌د ئه‌وه‌ی فكرێكی نوێیه‌ پێشنیار كراوه‌ و ئینسان كه‌ڵكی لێوه‌رده‌گرێ‌، به‌و مانایه‌ی یان وه‌كو پێشتر باسم كرد، یه‌كێك له‌ رائیده‌كانی ئه‌م چه‌مكه‌ جۆن ستیوارت میل بوو كه‌ فكری لیبرالیزمی به‌رهه‌مهێنا و دواتر فۆكۆ ره‌خنه‌ی لێگرت وه‌كو خه‌یاڵی ده‌وڵه‌تی ته‌ماشای كرد، چونكه‌ ئه‌و بینی چۆن مامه‌ڵه‌ له‌ته‌ك مه‌عریفه‌ ده‌كرێت چۆن مامه‌ڵه‌ له‌ته‌ك چه‌مكی ده‌سه‌ڵات ده‌كرێت به‌ناوی عه‌داله‌تخوازییه‌وه‌، چۆن مامه‌ڵه‌ له‌ته‌ك شێتی و سێكس و كه‌ره‌سته‌كانی دیكه‌ی ژیان ده‌كرێت له‌ژێر عینوانی جیاواز كه‌ نا مرۆڤدۆستانه‌ بوو، بۆیه‌ نیگه‌تیڤ و پۆزه‌تیڤ مانای له‌بێژنگدانی چه‌مك نییه‌ تاكو سیاسه‌ت و فكر لێی دوور بكه‌ونه‌وه‌، هه‌روه‌ك چۆن پسپۆڕانی شاره‌زا له‌ ته‌ندروستی ئامۆژگاریمان ده‌كه‌ن له‌و جۆره‌ خواردنانه‌ دوور بكه‌ونه‌وه‌ و خۆتان بپارێزن كه‌ زیانی بۆ جه‌سته‌ی نه‌خۆش هه‌یه‌، ئه‌گه‌ر وابوایه‌ ده‌بوو هه‌موو گروپ و ده‌سته‌بژێره‌ سیاسیه‌كان له‌ ماكیاڤیلیزم دوور بكه‌ونه‌وه‌، یان ته‌نانه‌ت له‌و دیموكراسیه‌ته‌ درۆیینه‌یه‌ دوور بكه‌وینه‌وه‌ كه‌ ده‌یان عینوانی بۆ خۆشگوزه‌رانی و دادپه‌ره‌وه‌ری به‌رهه‌مهێناوه‌ كه‌ له‌خه‌یاڵ به‌ولاوه‌ هیچی تر نییه‌، بۆیه‌ به‌پێچه‌وانه‌وه‌ چاندنی هه‌ر چه‌مكێك له‌ زه‌ینی ئه‌و نه‌وه‌یه‌ی به‌دوای مه‌عریفه‌ یان سیاسه‌ته‌وه‌یه‌ به‌تایبه‌ت ئه‌و نه‌وه‌یه‌ی له‌دوای هه‌زاره‌ی سێهه‌مه‌وه‌ چاوی به‌دونیادا كراوه‌ته‌وه‌، یه‌عنی ره‌گداكوتانی به‌جۆرێك تا موماره‌سه‌ ده‌كرێت، هه‌رچی مۆدێرنه‌یه‌ له‌گه‌ڵ خۆیدا كۆمه‌ڵێك مانای جیاواز و به‌های جیاوازی بۆ فكر و سیاسه‌ت و فه‌رهه‌نگ دانا، ته‌نانه‌ت مانای شۆڕشی گۆڕی و كردی به‌ پێوه‌رێكی ئه‌خلاقی، مانای نیشتیمانی كرد به‌ پێوه‌رێكی ئابوری له‌سه‌ر بنچینه‌ی سیستم، ئه‌م به‌راورده‌ تایبه‌تمه‌ندی هه‌موو جۆره‌ دونیابینییه‌كی رابردووی گۆڕی كه‌ رۆمانسیانه‌ ته‌ماشای چه‌مكه‌كانی ده‌كرد، باشترین نموونه‌ ئه‌وه‌بوو كه‌ له‌تونس و سوریا و میسر و لیبیا بینیمان به‌ناوی به‌هاری عه‌ره‌بییه‌وه‌ و ناوی لێنرابوو شۆڕشی فه‌یسبووك، كه‌چی سیناریۆیه‌ك بوو كه‌ ئیدیۆلۆژیای پراكتیكی كرده‌ كه‌ره‌سته‌ی به‌رهه‌مهێنانی سیاسه‌تێكی نوێ‌ كه‌ داگیركاری نوێ‌ بوو، لایه‌نه‌ نیگه‌تیڤه‌كانی ئه‌م چه‌مكه‌، له‌سه‌رووی هه‌موویانه‌وه‌ ئه‌وه‌بوو كه‌ بووبه‌ ئایدیۆلۆژای مه‌عریفه‌ بۆ لایه‌نگرانی، هه‌روه‌ها هه‌موو ئه‌و كولتووره‌ سوننه‌تیانه‌ی نه‌ته‌وه‌كانی په‌راوێزخست یان پشتگوێی خست، له‌به‌رامبه‌ردا قه‌یرانی خوڵقاند، چونكه‌ خاپووركردنی هه‌موو ئه‌و شتانه‌ بوو كه‌ به‌هایان هه‌بوو، هه‌روه‌ها چه‌مكه‌كه‌ مانای دیالیكتیك و مێژوویی نییه‌، به‌ڵكو خۆی رووداو و خوڵقاندن نمایشكردنی شته‌ حازره‌كانه‌، بۆیه‌ ناكرێ‌ ناوی شۆڕشی لێبنرێ‌ به‌سه‌ر كلاسیزمدا، ته‌مه‌نی كورت بوو له‌ناو قه‌واره‌ی ده‌وڵه‌ته‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان كه‌ مه‌شروعیه‌تی هه‌بوو، تاكو هاتنی ده‌وڵه‌تی فره‌یی و كۆمه‌ڵگه‌ی پیشه‌سازی به‌مانا گشتگیره‌كه‌ی.

پرسیار: هاتنی هه‌ر پۆستێك له‌دوای هه‌ر چه‌مكێك یان تێرمێك، به‌واتای قبوڵ نه‌كردنی ده‌گه‌ێنێت، چ وه‌كو پڕۆژه‌یه‌ك یان هه‌ر ده‌ستپێشخه‌رییه‌ك بۆ مانه‌وه‌ له‌ چوارچێوه‌ی خۆیدا، ئایا به‌هاتنی پۆستمۆدێرنه‌، مۆدێرنه‌ تا چه‌ند له‌ناو بازنه‌ی مێژوودا جێ خۆی كردۆته‌وه‌؟

سمكۆ محه‌مه‌د: به‌ر له‌وه‌ی باسی پۆست مۆدێرنه‌ بكه‌ین، ده‌بێ‌ِ ئه‌وه‌ بڵێین كه‌ مۆدێرنه‌ له‌سه‌روه‌ختی خۆیدا كاری خۆی كرد و كاریگه‌ری خۆی له‌سه‌ر ته‌واوی دیارده‌ و شته‌كان دانا، مۆدێرنه‌ ئه‌و چه‌رخه‌ی به‌هه‌موو موفره‌ده‌كانی ژیانه‌وه‌ بینی كه‌ عه‌قڵمه‌ندی بوو، بۆیه‌ پراكتیكیشی كرد و ره‌خنه‌شی لێگیرا، كه‌وابوو پۆست سه‌ریهه‌ڵدا، پۆستمۆدێرنیزم ره‌وتێكی فكری یه‌ كه‌ بریتیه‌ له‌ وه‌لانانی عه‌قڵگه‌رایی سه‌رده‌می رۆشنگه‌ری، هه‌روه‌ها گه‌ڕانه‌وه‌ی رۆڵی میتافۆر بوو بۆ هه‌موو كایه‌كان، پێوه‌ر بۆ كوالیتی و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ سرووشتگه‌رایی و هتد.
ئه‌گه‌رچی چه‌مكی پۆستمۆدێرنیزم له‌بواری رۆشنبیر و فه‌رهه‌نگی به‌گشتی له‌ ساڵه‌كانی 1969 وه‌كو ئالان تۆرین باسی ده‌كات، له‌ ئه‌ده‌بیاتی ئیسپانیدا ره‌نگیدابووه‌وه‌، واته‌ له‌رێگه‌ی ئه‌و شیعرانه‌ی كه‌ ره‌خنه‌ بوون له‌ مۆدێرنیته‌، به‌و مانایه‌ی كه‌ نابێ‌ و ناكرێ‌ سه‌رمایه‌داری به‌و شكڵه‌ی خۆیه‌وه‌ بمێنێته‌وه‌ و هه‌مان فه‌رهه‌نگ ژێرخانه‌كه‌ی بێت، به‌ڵام ده‌بێ‌ ئه‌وه‌ش بزانین كه‌ ئه‌م گوتاری چه‌مكه‌ ده‌ورێكی بنبه‌ستی خوڵقاند، ئه‌مه‌ش بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی كاریگه‌رییه‌ نیگه‌تیڤه‌كان سێ‌ ره‌هه‌ند وه‌ربگرن، یه‌كه‌م به‌فیڕۆدانی كات له‌ كۆمه‌ڵناسیدا، دووهه‌م لاوازكردنی چه‌پی ماركسی، سێهه‌م هێنانه‌ ئارای فه‌رهه‌نگی ته‌ماوی و ئاڵۆز بۆ ته‌واوی كایه‌كان.
له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانی چه‌مكی پۆستمۆدێرنه‌ كه‌ وه‌كو كاڵایه‌ك له‌ بازاڕی فه‌رهه‌نگی و رۆشنبیری جیهانی كاردانه‌وه‌ی خۆی هه‌بوو، موناقه‌شه‌یه‌كی دیكه‌ هاته‌ ئاراوه‌ كه‌ ئایا پۆست مۆدێرنه‌ چه‌مكێكی سه‌ربه‌خۆیه‌ یان ته‌واوكه‌ری مۆدێرنه‌یه‌، له‌كاتێكدا چه‌مكێك له‌زمانی ئیگلیزیدا زیاتر گه‌شه‌ی سه‌ند، یۆرگن هابرماس كه‌ بیرمه‌ندێكی هاوچه‌رخی پاش بونیادگه‌رییه‌ و له‌ شونێكی دیكه‌شدا ته‌واو لاگیری له‌ لاكانی ده‌روونناسی چه‌پ و نه‌خشه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی كردووه‌ و دوا هه‌ڵقه‌ و دوا قۆناغی فه‌لسه‌فه‌یه‌ و گوتویه‌تی “پۆست مۆدێرنه‌ ئه‌و چه‌مكه‌یه‌ كه‌ پڕۆسه‌ی مۆدێرنه‌ ته‌واو ده‌كات، چونكه‌ ته‌مه‌نی هه‌ردووكیان له‌ژێر سایه‌ی یه‌ك سیستمدا به‌ڕێوه‌ده‌چێ‌ كه‌ ئاڵوگۆڕ له‌ سیستم نه‌كراوه‌، بۆیه‌ پۆست مۆدێرن ئایدیایه‌ك نییه‌ كه‌ دابڕان بێت له‌ته‌ك مۆدێرنیزم، به‌وپێیه‌ی مانایه‌كی ئیتیكی نییه‌، وه‌كو ئه‌وه‌ی كه‌ مۆدێرنه‌ شێوه‌یه‌كی دیكه‌ی ژیانی ئه‌ده‌بی و هونه‌ری و سیاسی پێشكه‌شكرد، چونكه‌ من نابینم هیچ فه‌لسه‌فه‌یه‌كی له‌پشته‌وه‌ بێت”، خوڵقاندنی ره‌وایه‌تی له‌بواری سیاسی و فكریدا، كێشه‌یه‌كی دیكه‌ی به‌رده‌م به‌ ئارگومێنت كردنی هه‌موو شته‌كانه‌ كه‌ به‌رهه‌می رابردووه‌ بۆخۆی، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بیانووه‌ سیاسی و فكرییه‌كه‌ ئه‌وه‌بێت كه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بێت بۆ بیری میتافیزیكی و هاریكاری ئیدیالیزم بكات، ره‌نگه‌ واقیعییه‌تێكی تێدابێت، به‌وپێیه‌ی كه‌ بانگه‌شه‌كه‌رانی خوازیارن به‌گژ ئه‌و به‌رهه‌مه‌ فكری و ئه‌ده‌بی و هونه‌ریانه‌دا بێنه‌وه‌ كه‌ له‌سه‌رده‌می مۆدێرنه‌دا سه‌ریانهه‌ڵداوه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ سه‌لمێنراوه‌ كه‌ پۆست مۆدێرنیزم نه‌مری و واتا رابردووه‌كان هه‌ڵناوه‌شێنێته‌وه‌ و ئه‌و توانایه‌شی نییه‌، چونكه‌ ئه‌و بیری ره‌خنه‌گرانه‌ی كه‌ مۆدێرنه‌ به‌رهه‌می هێنا، تازه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی ته‌نها مه‌گه‌ر له‌ ره‌خنه‌گرتن له‌و عه‌قڵگه‌راییه‌ بێت كه‌ سیستمی ئێستای جیهانی به‌رهه‌مهێناوه‌ كه‌ به‌شێكی زۆری بیرۆكه‌ ته‌كنۆلۆژییه‌كان چه‌ند له‌خزمه‌ت به‌شه‌رن، ئه‌وه‌نده‌ش له‌دژی به‌شه‌رن، له‌حاڵێكدا هه‌مو ئه‌وشتانه‌ی بوون به‌ كولتوور له‌سه‌ده‌ی رابردوودا، وه‌كو بزاڤی ئه‌نتی كولتووری نمایشكران، ئه‌مه‌ش له‌وێوه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌ كه‌ ته‌واوی ئه‌و فۆڕمانه‌ی بۆ بیركردنه‌وه‌ له‌ چه‌مكه‌ فكرییه‌كانی دیكه‌ كاریان پێده‌كرێ‌، به‌شێكن له‌دژكاری چه‌مكه‌كانی رابردووه‌، چونكه‌ پۆست بۆخۆی واتای كۆتایی هاتن دێت به‌ پێشگره‌كه‌ی كه‌ خۆی بووه‌ به‌ پاشگری چه‌مكه‌كه‌، ئه‌م هه‌وڵدانه‌ له‌نێو ئه‌ده‌بیشدا پڕۆسه‌یه‌كه‌ له‌ وشه‌وه‌ بۆ وێنه‌ له‌ گوتاره‌وه‌ بۆ ڤیگۆر هه‌یه‌، كه‌واته‌ ئه‌و هێزه‌ی له‌پشت به‌مۆرالی كردنی چه‌مكه‌كه‌وه‌ راوه‌ستاوه‌، هێزێكه‌ ته‌نها بۆ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ مۆڕاڵی هاوبه‌ش تێكبشكێنێ‌، له‌كاتێكدا ئه‌و بیرۆكه‌یه‌ هێشتا یه‌كلایی و ساغ نه‌بۆته‌وه‌ كه‌ ته‌واوكاری مۆدێرنه‌یه‌ كه‌ وه‌كو بزاڤێكی چه‌پگه‌رایی خۆی نمایش ده‌كات، به‌تایبه‌تی دوای تیۆریزه‌كردنی چه‌مكه‌كه‌ له‌لای لیوتار كه‌ به‌مه‌رگی داستانه‌كانی ناوبردووه‌، ئیدی له‌دوای ئه‌و ناساندنه‌ هه‌واداران و لایه‌نگرانی تیۆره‌كه‌، كه‌وتنه‌ وێزه‌ی ئه‌وه‌ی كه‌ بڕوایان به‌ شته‌ لۆكاڵیه‌كان بێت و كار له‌سه‌ر ئیشكالیاته‌ لۆكاڵیه‌كان بكه‌ن.
به‌رهه‌حاڵ ئه‌گه‌ر له‌رێگه‌ی ئه‌ده‌به‌وه‌ ته‌ماشای ئه‌و چه‌مكانه‌ بكه‌ین، ده‌بینین چۆن موناقه‌شه‌ی مۆدێرنه‌ و ده‌ركه‌وته‌كانی كراوه‌، بۆ نموونه‌ كافكا یه‌كێك له‌ سه‌رسه‌ختترین ئه‌و ئه‌دیبانه‌ بووه‌ كه‌ وێنه‌ی مرۆڤی سه‌رده‌میانه‌ی نه‌خشاند له‌ رۆمانی دادگایی و له‌ مه‌سخ كه‌ هه‌مووی به‌شێكن له‌ ململانێی نه‌بڕاوه‌ی كارێكته‌ره‌ ناكۆكه‌كان له‌دژی یه‌كتر كه‌ هه‌لومه‌رج خوڵقاندبوونی، بیره‌وه‌رییه‌كانی پیسوا كه‌ نووسه‌رێك بوو ته‌نها بۆ خۆی ده‌ینووسی و دواتر كه‌ ده‌مرێت هاوڕێكه‌ی نووسینه‌كانی به‌ چاپ ده‌گه‌ێنێت و هه‌مووی ره‌خنه‌یه‌ له‌و ژیانه‌ فه‌رزكراوه‌ی سه‌ر به‌شه‌رییه‌ت له‌ سایه‌ی ئه‌و سیستمه‌ زاڵه‌ی كه‌ مۆدێرنه‌ له‌گه‌ڵ خۆیدا به‌كێشی كرد، هه‌روه‌ها بۆرخیس و ده‌یان نوسه‌ری دیكه‌ كه‌ له‌خه‌یاڵدانیاندا چیرۆكی ئه‌ژدیها و ده‌قه‌كانی تر به‌یانیان كردووه‌، له‌لای كورده‌واریش هونه‌رمه‌ندی وه‌كو قاله‌ مه‌ڕه‌ و حزسیچن عه‌لی و ئه‌حمه‌د شه‌ماڵ و ئه‌سیری شاعیر و شێخ ره‌زا و جان ده‌مۆی كه‌ركوكمان هه‌یه‌، ئه‌مانه‌ هه‌موو ره‌خنه‌بوون له‌ عه‌قڵی سه‌رده‌م و مۆدێرنه‌ كه‌ گوایه‌ پۆست مۆدێرنه‌ جێگه‌ی ده‌گرێته‌وه‌، هه‌رواشه‌ هه‌موو سه‌رده‌مێك پاڵه‌وانێكی تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌، بۆیه‌ پۆست مۆدێرنه‌ به‌دوای پاڵه‌وانه‌ تایبه‌ته‌كانی خۆیه‌وه‌یه‌تی.

پرسیار: تیۆره‌ ره‌خنه‌ییه‌كان له‌ سیستمی نوێی جیهانیدا وێنه‌یه‌كی دیكه‌یان وه‌رگرتووه‌، ئایا مۆدێرنه‌ كارێكی ته‌واوی كرد له‌پرۆسه‌ی به‌رهه‌مهێنانی عه‌قلانیبووندا ؟

سمكۆ محه‌مه‌د: سرووشت و لۆژیكی كۆمه‌ڵناسی جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ مرۆڤ بگاته‌ ئاستێك كه‌ ژێرده‌سته‌ و كۆیله‌ی سیستمی نوێ‌ نه‌بێت و ئه‌و هه‌قیقه‌ته‌ له‌به‌رچاو نه‌گرێ‌ كه‌ وه‌كو واقیع پێشنیاركراوه‌ و له‌راستیشدا وه‌هم و خه‌یاڵێكی سیاسییه‌، چونكه‌ هیچ روانگه‌یه‌ك له‌و روانگانه‌ی كه‌ وه‌كو هه‌ڵبژارده‌ دانراون بۆ مرۆڤ و چاره‌نووسی، روانگه‌ گه‌لێك نیین كه‌ دڵخۆشكه‌ر بن، بۆ نموونه‌ ده‌ركه‌وت سه‌نعه‌تكردن به‌ كۆمه‌ڵگه‌ی فره‌ كولتور و ئایین و نه‌ته‌وه‌، راسیزمی لێبه‌رهه‌مدێت، ئه‌و سیناریۆیه‌ی كه‌ رۆژئاوا بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆی له‌سیاسه‌ت و فره‌ كولتووری پیاده‌ی ده‌كات، نه‌ك هه‌ر عه‌قلانیه‌ت نییه‌ له‌هه‌مو بواره‌كانی ژیان، بگره‌ متمانه‌ی له‌و ژیانه‌ش سه‌ندۆته‌وه‌ كه‌ مرۆڤ هه‌وڵبدات بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ساده‌یی و خاكی بوون، ره‌خنه‌گرتن له‌ پۆزه‌تیڤیزم كه‌ هابرماس یه‌كێكه‌ له‌و بیرمه‌ندانه‌ی ناوی له‌پێشه‌وه‌ی بیرمه‌ندانی سه‌ده‌ی بیسته‌مه‌وه‌ دێت، تیۆرێكه‌ قسه‌ له‌سه‌ر ناسین و ده‌روبه‌ری مرۆڤ ده‌كات له‌رێگه‌ی هه‌ڵسوكه‌وتی خۆیه‌وه‌، تیۆری ناسین زانست و ناسین وه‌كو یه‌ك ته‌ماشا ده‌كات، لێره‌وه‌یه‌ تێده‌گه‌ین كه‌ پۆزه‌تیڤیزم عه‌قڵ پارچه‌ پارچه‌ ده‌كات و دونیای كۆمه‌ڵایه‌تیش دابه‌شده‌كات، عه‌قلانیه‌ت گره‌وه‌كه‌ ده‌خاته‌ باوه‌شی مرۆڤ خۆی، ئیدی چۆنی به‌كارده‌هێنێ‌ ئه‌وه‌ ویژدان حوكم ده‌كات، چونكه‌ ئه‌زموون وه‌كو كانت ده‌ڵێ‌ به‌شێكی زۆر له‌پێویستییه‌كانی ژیانی رۆژانه‌ی ئینسان داگیر ده‌كات، به‌بێ‌ ئه‌زموون شتێك نامێنێت به‌ناوی پراكتیك كردنی تیۆری عه‌قلانییه‌ت، ئه‌وه‌ی كه‌ ئێستا له‌دونیای ئه‌ده‌بی و سیاسیدا ده‌گوزه‌رێ‌ و كاریگه‌ری نیگه‌تیڤی خستۆته‌ سه‌ر هه‌موو كایه‌كانی تر، مه‌سه‌له‌ی عه‌قلانییه‌ته‌ كه‌ خودی ئینسانییه‌تی كردووه‌ به‌ كارێكته‌ری ئه‌زموونگه‌رایی له‌ هه‌موو بواره‌ جیاجیاكاندا، ئه‌مه‌ش به‌خاتری به‌رژه‌وه‌ندییه‌ جیاوازیه‌كانه‌، به‌وپێیه‌ی سیاسه‌ت بووه‌ به‌داڕێژه‌ری ژیانی ئینسان و دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ سرووشتگه‌رایی، هاتنی ته‌كنۆلۆژیا و به‌تایبه‌تیش ته‌كنۆلۆژیای سه‌ربازی كه‌ بازاڕێكی گه‌وره‌ی سیاسه‌ته‌ و كێبه‌ركێی جۆراو جۆری تێداده‌كرێ‌، هه‌موو جۆره‌ رێگه‌یه‌كی گرتووه‌ بۆ رزگاربوون له‌و قه‌یرانانه‌ی كه‌ خودی ئینسان خۆی درووستی كردوون و بووه‌ به‌كێشه‌ بۆخۆی، ئه‌لێره‌وه‌یه‌ كه‌ عه‌قلانییه‌ت راسته‌ له‌هه‌ناوی مۆدێرنه‌وه‌ گه‌شه‌ی سه‌ند و ده‌یهه‌وێ‌ ژیان به‌رده‌وام به‌و شێوه‌یه‌ ئاراسته‌ بكات، به‌ڵام تێپه‌ربوون به‌پڕۆسه‌ی مۆدێرنه‌دا كه‌ مۆدێلی به‌سه‌رچووه‌، دیارده‌یه‌ك ناخوڵقێنێ‌ كه‌ لانیكه‌م كاریگه‌ری له‌سه‌ر فه‌رهه‌نگی سیاسی و ستایلێكی نوێ‌ به‌رهه‌مبهێنێ‌ جگه‌ له‌وه‌ی كه‌ ترامپ ی به‌رهه‌مهێناوه‌، جارێكی تر راسیزمی به‌رهه‌مهێنایه‌وه‌ كه‌ ئێستا ته‌واوی ئه‌وروپا و ئامریكاشی گرتۆته‌وه‌، رووداوه‌كانی ئه‌مدواییه‌ باشترین سه‌لمێنه‌رن.

پرسیار: ئایا ده‌كرێ بڵێین مۆدێرنه‌ دوا شه‌پۆلی وشیاری مرۆیی سه‌رده‌می خۆی بوو، یان ئێستاش به‌رده‌وامی هه‌یه‌؟

سمكۆ محه‌مه‌د: مۆدێرنه‌ له‌گه‌ڵ كۆتایی هاتنی شه‌ڕی ساردی نێوان دوو جه‌مسه‌ری ئامریكا و سۆڤیه‌تی كۆن، كۆتایی به‌ته‌مه‌نی هات، ئه‌وه‌ی ئێستا پاشماوه‌ی ئه‌و مۆدێرنه‌یه‌ له‌هه‌موو رووه‌كانییه‌وه‌، هه‌موو هه‌وڵێكی سیستمی سیاسی ئێستا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان لاواز بكات و له‌نێو ته‌كنیكی نوێ‌ كه‌ فه‌یسبوكه‌ نوێ‌ بكاته‌وه‌ و وه‌كو دیاری بیبه‌خشێ‌ به‌ ئینسان، له‌كاتێكدا مه‌رجی ساغڵه‌می ئینسان له‌لای سیستمی نوێ‌ و كاپیتالیزمی هاوچه‌رخه‌وه‌، له‌هه‌موو رووه‌كانه‌وه‌ جێبه‌جێكراوه‌ و سیستماتیك كراوه‌، به‌ڵام تاكه‌ شتێك كه‌ ناتوانێ‌ بیبه‌خشێ‌ به‌ ئینسان ئه‌وه‌یه‌ رزگاری بكات له‌و تاكگه‌راییه‌ی كه‌ چاره‌نوسی یان شێت بوونه‌، یان خۆكوشتن یان مردنی به‌كۆمه‌ڵ، یان مردن وه‌كو حه‌تمییه‌تی ژیان، تاك گه‌راییش وه‌كو پێناسه‌ی پێشووتر باسم كرد، شێوه‌یه‌ك بوو له‌كوشتنی تواناكان، ئه‌مه‌یه‌ سیحری پێشكه‌وتنی ته‌كنۆلۆژیا و به‌كارهێنه‌ره‌كانی و ریكلام بۆ كردنی له‌رێگه‌ی راگه‌یاندنه‌كانه‌وه‌ كه‌ به‌شێكن له‌و سیستمه‌ نا ئینسانییه‌، هه‌ر ئه‌مه‌ش سه‌رچاوه‌ی ته‌واوی كێشه‌كانی مرۆڤن، به‌تایبه‌تی ئه‌م فه‌زایه‌ له‌ رۆژئاوا باشتر هه‌ستی پێده‌كرێ‌، وه‌ختێك ئینسان بووه‌ به‌كۆیله‌ی كار و خزمه‌تی كۆمپانیاكانی په‌راوێزی كۆمپانیا زه‌به‌لاحه‌كان و له‌وێشه‌وه‌ بوون به‌ كائینی ریكلام كه‌ر و به‌كاربه‌ر و بێئاگای نێو میترۆ و ترام و پاسه‌كان و هیچی تر، ئه‌م حاڵه‌ته‌ كه‌ گوایه‌ پاشماوه‌ی پێشكه‌وتنی مۆدێرنه‌یه‌ وه‌كو قۆناغ و سیستمی سیاسی و ئابوری، نیگه‌تیڤ ترین حاڵه‌ته‌ له‌مێژووی به‌شه‌ری، به‌وپێیه‌ی كه‌ هه‌رچی ئیراده‌ی سیاسی هه‌یه‌ له‌دوتوێی مۆركردنی په‌نجه‌دا له‌هه‌ڵبژاردنه‌كاندا كۆكراوه‌ته‌وه‌ و هه‌رچی ئیراده‌ی سیاسی هه‌یه‌ له‌یاسا و ده‌ستووری خوڵقێنراودا كۆكراوه‌ته‌وه‌، هه‌ر له‌وێشه‌وه‌ راده‌ستی گروپێك كراوه‌ به‌ناوی سیاسه‌توانه‌وه‌ كه‌ له‌خۆڕا چاره‌نووسی ئینسان به‌بازاڕ ده‌كه‌ن. كه‌واته‌ ئه‌و شه‌پۆله‌ی كه‌ ئێوه‌ باسی ده‌كه‌ن و گوایه‌ مۆدێرنه‌ سواری پشتی بووه‌، ئه‌مه‌ش موژده‌به‌خش نییه‌ بۆ خۆشگوزه‌رانی ئینسان، به‌ڵكو ته‌واوكه‌ری ئه‌و كولتووره‌ سیاسیه‌یه‌ كه‌ له‌پشتیه‌وه‌ عه‌قڵێكی روخێنه‌ری روحیه‌ته‌ ویژدانی و ئینسانی هه‌یه‌ كه‌ به‌ناوی تاكگه‌راییه‌وه‌ باوك و دایكی كردووه‌ به‌ قوربانی ته‌كنۆلۆژیا و وه‌رزش بۆ منداڵه‌كان و وه‌چه‌ نوێیه‌كان، ئه‌و عه‌قڵه‌ی كه‌ به‌رله‌وه‌ی به‌خته‌وه‌ری بێت بۆ ئینسان وه‌كو زانست باسی ده‌كات، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ مه‌ترسییه‌ بۆ چاره‌نووسی هه‌مووان.
حاڵه‌تێكی دیكه‌ی ره‌خنه‌ له‌عه‌قلانیه‌ت ئه‌وه‌یه‌ كه‌ مرۆڤ باركراوه‌ به‌ شێوازه‌ جۆراوجۆره‌كانی ئینتیما، تاده‌گاته‌ ئینتیما بۆ تیپی وه‌رزشی و تێنس و كاڵای به‌رهه‌مهاتووی كۆمپانیا خاوه‌ن لۆگۆكانی وه‌كو ئیسس و ئیكۆ و بۆرن و هتد، ئه‌م به‌بازاڕكردنه‌ كه‌ قورسترین باره‌ به‌سه‌ر شانی مرۆڤه‌وه‌، له‌و عه‌قلانیه‌ته‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌ كه‌ گوایه‌ مرۆڤ له‌سه‌رییه‌تی داهێنان بكات له‌نێو شته‌ داهێنراوه‌كانی رابردوو، واته‌ به‌جوڵه‌خستنی ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ی كه‌ رۆژئاوا ده‌ستبه‌رداری بووه‌ و له‌ رۆژهه‌ڵات ئاڵۆزترین په‌یوه‌ندییه‌ و ناتوانێ‌ ده‌ستبه‌رداری بن، له‌هه‌ردوو باره‌كه‌دا ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ مرۆڤ له‌رێگه‌ی ئه‌و به‌عه‌قلانیكردنه‌وه‌، باشترین كه‌ره‌سته‌ی ململانێكانی كۆمپانیان كه‌ سیاسه‌ت كاری له‌سه‌ر ده‌كات، هه‌ڵبه‌ت ده‌بێ‌ ئه‌وه‌ش بزانین كه‌ ئیدیۆلۆژیا ئه‌گه‌ر پێشتر مانایه‌كی هه‌بوو بۆ ململانێی سیاسی و فكری، ئێستا به‌پێچه‌وانه‌وه‌ بووه‌ به‌ كه‌ره‌سته‌یه‌كی زیندووی به‌رده‌ست و مه‌لمووس، واته‌ كێشه‌ی پراكتیككردن و به‌كارهێنانی بۆ نێوانه‌كانی دیكه‌ كه‌ هه‌موو سیما كۆنه‌كانی پێشووی سیاسه‌تی گۆڕی و له‌جیاتی فاشیزم و دیكتاتۆرییه‌تی به‌رهه‌مهێنا، به‌ پێناسه‌ نوێیه‌كه‌ كه‌ به‌رهه‌می كاپیتاڵیزمی هاوچه‌رخه‌، له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌شدا هێز و گروپی لۆكاڵی نوێی به‌رهه‌مهێنا كه‌ ره‌خنه‌ نه‌توانێ‌ به‌ گشتی و به‌رفراوانی رێگه‌ی لێبگرێت و بیكات به‌ ئایدیایه‌ك بۆ تێگه‌یشتنی ئینسان له‌و كه‌ره‌ستانه‌ی كه‌ كه‌ پێشتر ناویان ئیدیۆلۆژیا، بۆیه‌ ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ عه‌قلانیه‌ت كێشه‌یه‌كی دیكه‌ی درووست كردووه‌، ئه‌ویش تێنه‌گه‌یشتنه‌ له‌و چه‌مكانه‌ی كه‌ مانایان گۆڕاوه‌ و ره‌خنه‌ش نایان گرێته‌وه‌.

پرسیار: پێده‌چێ‌ هه‌ژموونێكی دیكه‌ی پۆستمۆدێرنه‌ له‌نێو فكردا كاریگه‌ری له‌سه‌ر هه‌موو كایه‌كان دانابێت، ئایا چاره‌نووسی مۆدێرنه‌ به‌ كوێ‌ ده‌گات و چۆن مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت؟

سمكۆ محه‌مه‌د: من له‌راستیدا زۆر له‌ژێر كاریگه‌ری فكری هابرماس نیم، به‌ڵام هه‌ندێك بیركردنه‌وه‌ی به‌خه‌یاڵمدا دێت و به‌كاریان ده‌هێنم و پێشموایه‌ درووستن، به‌هه‌رحاڵ هابرماس پێیوایه‌ پۆست مۆدێرنه‌ ته‌واوكه‌ری پڕۆژه‌ی مۆدێرنه‌یه‌، چونكه‌ عه‌قلانیه‌تی كرۆدته‌ باو بۆ هه‌موو كرده‌یه‌ك، ئه‌مه‌ له‌ كتێبی (للسیاسه‌ بالسیاسه‌) باسی ده‌كات، له‌وێ‌ باسی به‌شتبوون و به‌ئامراز بوونی ئینسان ده‌كات له‌نێو فه‌زای سیاسی و فه‌رهه‌نگیدا چینه‌كان ده‌توێنه‌وه‌ و جیاوازیان نامێنێ‌، جگه‌ له‌وه‌ی كه‌ تواناكان له‌پێناو به‌ده‌ستهێنانی خواست بۆ تاك جیاوازی ده‌بێت، باڵاده‌ستی سیاسه‌ت له‌ده‌وڵه‌تانی په‌راوێزی وه‌كو به‌شێك له‌ رۆژئاوا و ئاسیا و هتد، به‌شێكی بۆ رێكخستنی ژیانی ئینسانه‌ به‌پێی ویستی ده‌وڵه‌تمه‌دار و سیاسیه‌كان و هاوسه‌نگی نێوان هێزه‌كان كه‌ زۆرجار به‌ناو سۆسیال دیموكراته‌كان باسی ئیراده‌ ده‌كه‌ن وه‌كو ئیدیعایه‌ك بۆ فه‌زای ئازاد، كه‌ له‌راستیدا ئه‌وه‌نده‌ی سیستم قه‌یرانی بۆ ژیانی ئینسان درووست كردووه‌، هێنده‌ خۆشگوزه‌رانی نه‌خوڵقاندووه‌، ره‌خنه‌گرتن له‌و ئابوریه‌ی كه‌ ئێستا له‌ رۆژئاوا ده‌گوزه‌رێ‌، له‌وێوه‌یه‌ كه‌ ئینسان بووه‌ به‌شتێك له‌نێو ئه‌و سیحره‌ی كۆمپانیاكان خوڵقاندوویانه‌، ته‌نانه‌ن له‌نێو ئه‌ده‌بیشدا كه‌ نۆبڵ وه‌كو سیحرێكی ئه‌ده‌بی دابه‌شده‌كرێ‌ له‌سه‌ر زانست و ئه‌ده‌ب و ئاشتی، هه‌ر ئه‌وكاته‌ رۆڵی هه‌موو تواناو لۆژێك و داهێنان له‌نێو ده‌چێ‌، چونكه‌ به‌پێوه‌ره‌ی توانا نادرێن به‌كارێكته‌ری ئه‌ده‌بی و سیاسی و زانستی و هتد، من نموونه‌یه‌كی زۆر واقیعی ده‌هێنمه‌وه‌ كه‌ زۆركه‌س ناتوانن پشتگیریم نه‌كه‌ن، نموونه‌ی یه‌كه‌م ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هێشتا ئۆباما نه‌هاتبووه‌ سه‌ر ته‌خی سه‌رۆكایه‌تی و به‌ پراكتیك كاری نه‌كردبوو، نه‌رویژ نۆبڵی ئاشتیان پێبه‌خشی و له‌دواجاریشدا ده‌ركه‌وت پیاواێكی ئاشتیخواز نییه‌ و زۆرترین جه‌نگیش له‌سه‌ر وه‌ختی ده‌سه‌ڵاتدارێتی ئه‌و بوو، كه‌چی كه‌سیش نه‌یكرد به‌ ره‌خنه‌ی سیاسی، هه‌روه‌ها نۆبڵی ئه‌ده‌بی درا به‌ كه‌سێكی یۆگسلافی بۆ كورته‌ چیرۆك كه‌ دواجار ده‌ركه‌وت و ره‌خنه‌شی لێگرا ئه‌و توانایه‌ له‌ چیرۆكه‌كان و فكره‌كانیشدا نییه‌ كه‌ نۆبڵ وه‌ربگرێت، مێژوو خۆی دووباره‌ ده‌كاته‌وه‌، كاتێك كه‌ نۆبڵ له‌نێوان ئالبێر كامۆ و نیكۆس كازانتزاكی مابوو، هه‌ق به‌ كازانتزاكی بوو وه‌كو كامۆ خۆی ئیعتراف ده‌كات، كه‌چی نۆبڵ درا به‌ كامۆ، ئه‌مه‌یه‌ نۆبڵ كه‌ سیحرێكی به‌تاڵه‌ به‌ بڕوای من، چونكه‌ ده‌ستی سیاسی له‌ پشته‌وه‌یه‌ نه‌ك هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌ده‌بی و توانای تاكه‌ كه‌سی رووت.، ئێمه‌ تا ئێستاش به‌ وردی باسی ئه‌و عه‌قلانییه‌ته‌مان نه‌كردووه‌ كه‌ هێشتا به‌ ته‌واوه‌ی نه‌گه‌یشتووه‌ به‌ كۆمه‌ڵگه‌ی رۆژهه‌ڵاتی و ناوچه‌كه‌، هێشتا به‌ته‌واوه‌تی موماره‌سه‌ی تاكگه‌رایی و نه‌مانی چینی ناوه‌ڕاستمان نه‌كردووه‌ كه‌ چه‌ند كاریگه‌ری نیگه‌تیڤی هه‌یه‌، هێشتا نه‌مانزانیوه‌ تاكگه‌رایی چ كێشه‌یه‌كی روحی و ویژدانی ده‌خوڵقێنێ‌ و چ قه‌یرانێك درووست ده‌كات كه‌ به‌ خۆكوژی راناگه‌ین و هتد.

درێژەی هەیە …….




ژیار .. شار جیاوازی و ده‌لالات … د.نصرعارف – ئاماده‌كردنی :ڕێبازمحمد جزا

بۆئه‌وه‌ی به‌های به‌ده‌ستهێنانی ” ژیار” بزانین ، ئامانج له‌گه‌شه‌سه‌ندنی بنه‌ڕه‌تی كۆمه‌ڵگاكانی مرۆڤایه‌تی و هه‌ژاندنی ئه‌م چه‌مكه‌ بۆئه‌وه‌یه‌ تێبگه‌ین ، تاكو ئێستاش كاریگه‌ری هه‌یه‌ به‌سه‌ر شارستانییه‌ته‌وه‌ ،مه‌به‌ ست له‌ ژیار چیه‌ ؟ پێكهێنه‌ر و توخمه‌كانی چین ؟ ژیار په‌ یوه‌ندی چییه‌ به‌ شاره‌وه‌ ؟ ئایا ئه‌م دووزاراوه‌یه‌ هاوواتان یان جیاوازن له‌واتادا ؟…..
ژیار”شار”ی رۆژئاوایی:
گوته‌زای “ژیار” له‌وه‌رگێڕانی به‌ر بڵاوی زمانی ئینگلیزی دا به‌ “Civilization”وه‌ رگیراوه‌ ،كه‌ ژینالۆژیاكه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ بۆ كۆمه‌ڵێك بنه‌چه‌ ، هه‌روه‌ها له‌زمانی لاتینی دا ؛ “Civiltiesبه‌ مانای شار،”Civis یان هه‌ركه‌سێكی نیشته‌ جێی شار،”Cities ئه‌مه‌ش لای هاوڵاتی رۆمانی نه‌ناسێندراوه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی كه‌ باڵاترن له‌ به‌ربه‌ریه‌كان . هیچ ئاڵوگۆڕێكی هاوشێوه‌ ی “Civilization نیه‌ هه‌تا سه‌ده‌ی هه‌ژده‌ كاتێك “دی میرابۆ” له‌ (مقال فی الحضاره‌) ده‌ری بڕی ، به‌ڕه‌چاوكردنی ئه‌وه‌ی كۆیلایه‌تی(رق) ی سروشتی هه‌ر گه‌لێك و ته‌مه‌نیان و مه‌ عریفه‌ی بڵاو بۆ وه‌ ، یان به‌ڕه‌چاوكردنی سوودی زانستی و گشتیان . ئه‌وه‌ی له‌م سه‌ره‌تایه‌دا بۆئێمه‌ زۆر به‌نرخه‌ ئه‌و به‌كارهێنانانه‌ی وشه‌كه‌یه‌ بۆ یه‌كه‌ م جاركه‌ سیفاتی رۆحی و دروستكاری كه‌به‌ شێوه‌یه‌كی هه‌نده‌كی ته‌حقیق ده‌بێت له‌ ژیانی به‌شه‌ری ئه‌وروپی دا .
له‌ كه‌توار –واقع – دا داتاشینی بێژه‌ی Civilization”” له‌ چه‌مكی “Cities” به‌مانای شار كه‌ خرایه‌ ڕوو ده‌لالاته‌كانی دیارنه‌بوو ،بێژه‌ی یه‌كه‌م ،پشت ده‌به‌ستێت به‌ دابه‌ش بوونی به‌ سه‌ر سێ‌ قۆناغ دا له‌ ئه‌وروپا:
قۆناغی شار له‌پێش پیشه‌ سازی :سه‌رهه‌ڵدانی شاری ئه‌وروپی له‌چاخی گریك دا ، ده‌ربڕینه‌ له‌ یه‌كه‌یه‌كی سیاسی ته‌واوكۆ كه‌ خاوه‌نی حكومه‌ تی سه‌ر به‌خۆ و سیستمی سیاسی تایبه‌ت بوون ، به‌چونه‌ ناوه‌وه‌ی مه‌سیحیه‌ت له‌ئه‌وروپا ، مه‌ركه‌زیه‌تی شار له‌ ده‌وری كاتدرائی ده‌سوڕایه‌وه‌ ، به‌تایبه‌تی له‌ سێبه‌ری دواكه‌وتن (تدهور)وه‌زیفه‌ی شاروئیداره‌دانی دا ، له‌گه‌ڵ سه‌ره‌تای شه‌ڕی ئیسلامی- مه‌سیحی ، شاری ئه‌وروپی ، شێوازی بازرگانی و سه‌ربازی وه‌رگرت ، له‌پاڵ لایه‌نه‌ ئاینیه‌ كه‌ی دا ، پاش كه‌مێك رۆڵی شار گه‌ڕایه‌وه‌ ئاستی ژیانی و پاشان چووه‌ سه‌ده‌ تاریكه‌كانه‌وه‌ ( ئه‌ڵبه‌ته‌ من له‌گه‌ڵ ئه‌م بێژه‌یه‌ نیم ده‌كرا بووترایه‌ سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست ) .
قۆناغی شاری پیشه‌سازی :كه‌به‌رئه‌نجامی شۆڕشی پیشه‌ سازیه‌ و شاری ئه‌وروپی فراوان كرد و كردی به‌ مه‌ركه‌زی و ژماره‌یه‌كی زۆری كرێكارو ڕێكخراو، به‌سوڕانه‌وه‌ به‌دوای گواستنه‌وه‌ له‌ گونده‌وه‌ بۆ شار گۆڕاو له‌وێشه‌وه‌ بۆ نیشتمانی ئابووری بازاڕ و ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ئاراسته‌كراو له‌گه‌ڵاله‌ كردنی مێژووی جیهان له‌ مێژووی شاردا.
قۆناغی میترۆ پۆلیتان :قۆناغی گه‌شه‌ ی شار دوای گه‌شه‌ سه‌ ندنی سه‌رمایه‌داری و گه‌شه‌ ی ته‌ كنۆلۆجی و سه‌ر هه‌ڵًدانی كۆمپانیا كیشوه‌ر بڕه‌كان و ڕێكخراوه‌ نێو ده‌وڵه‌تیه‌كان و سه‌رهه‌ڵدانی مه‌ ركه‌زه‌ جیهانیه‌كانن كه‌نوێنه‌رایه‌تی بیره‌ ئاڵۆزه‌كانیان ده‌كرد ، ده‌رباره‌ی شاره‌ جیاوازو دووره‌ ده‌سته‌كان كه‌ په‌یوه‌ست نین به‌ شار-دایك وپه‌یوه‌ست بوونی باوه‌ڕپیێكراو.
پێوه‌ره‌كانی هاوتای یپێناسه‌كانی چه‌مكی” “Civilization ،به‌نمونه‌ وه‌كو ئه‌وه‌ی وڵدیورانت ناساندوویه‌تی به‌وه‌ی كه‌ سیستمێكی كۆمه‌ڵایه‌تی یه‌ مرۆڤ دیاریده‌كات له‌ زیادكردنی به‌رهه‌می رۆشنبیری دا،كه‌چوار بنه‌مای بۆ داناوه‌: ده‌ستكه‌وته‌ ئابوریه‌ كان ،سیستمی سیاسی ،دۆگمه‌كانی دروستكاری ، به‌دواداچوونی ئه‌ده‌ ب و هونه‌ره‌كانه‌ به‌بێ هیچ ڕیگرییه‌كی گه‌وره‌ بۆ چونه‌ ناو فكری ئه‌وروپیه‌وه‌ له‌ چه‌مكی (“Civilization) كه‌ لێره‌ دائه‌م چه‌مكه‌ ده‌بێته‌ هاوواتای رۆشنبیری ،ئه‌وه‌ی كه‌مته‌رخه‌م ده‌بێت له‌ ڕووی پێشكه‌وتنی مادییه‌وه‌ وه‌ك هاوه‌ڵانی فكری ئه‌ڵمانی ،ئه‌وانه‌ ی پێشكه‌وتووده‌بن به‌ته‌واوه‌تی له‌ هه‌موو مه‌وداكانی داوه‌كو بیریارانی فه‌ره‌نسی، ئاماژه‌یان بۆكردووه‌ .

ئه‌وه‌ی تێبینیه‌ كرۆكی چه‌مكه‌كه‌ كورتكردنه‌وه‌ی تایپ وگه‌شه‌ی ژیانی ئه‌وروپیه‌ به‌ كۆی مه‌ودا و به‌و ئیعتباره‌ گه‌وره‌یه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ و ئاستی راقی بوونی و گه‌شه‌ كردن وپێشكه‌وتنی به‌شه‌ری و به‌ پێچه‌وانه‌ بوونه‌وه‌ی ئه‌ودابه‌ش بوونانه‌ی كه‌ خرانه‌ ڕوو له‌ قۆناغه‌كانی گه‌شه‌ی مرۆیی كه‌ به‌زۆری چون بۆجوڵه‌ی یه‌كه‌می مێژووی ئاراسته‌كراو له‌ نمونه‌ئه‌وروپی یه‌كه‌ی دا له‌ گه‌شه‌سه‌ندنی پیشه‌سازی.
ژیار له‌ خوێندنه‌وه‌ی عربی دا : الحضارة في القراءة العربية‌:
له‌سه‌ره‌تاكانی سه‌ده‌ی بیسته‌م دا ,به‌هاتنه‌ ناوه‌وه‌ی كۆڵۆنیالیزم ،بۆناو وڵاتانی عه‌ره‌بی ،بێژه‌ی “Civilization” گواسترایه‌وه‌ بۆناو فه‌رهه‌نگی عه‌ره‌بی ،به‌ریه‌ك كه‌وتنێكی ڕوون هه‌ یه‌ له‌چه‌مكه‌كان وناڕوونی پێناسه‌كان و بێژه‌كانی : “ثقافة‌” و”حضارة‌” و”مدنیه‌”به‌تایبه‌تی له‌گه‌ڵ بوونی سێ‌ تێگه‌یشتن له‌ زمانی عه‌ره‌بی دا ،كه‌ئه‌و تێگه‌یشتنانه‌ له‌ زمانی ئینگلیزی دا نین ،وه‌ ئه‌وزاراونه‌ به‌ دووئاراسته‌ وه‌رگێڕدراون :

1-ئاراسته‌ی وه‌رگێڕانی چه‌مكه‌كه‌ ” “Civilization بۆ بێژه‌ی “مدنیه‌”(شار ):
به‌ڕه‌غمی نه‌هێشتنی بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌وه‌رگێڕانه‌ بۆ چه‌مكی ” “Civilization كه‌به‌زۆری ووردبینی ده‌كرێته‌سه‌ر بێژه‌ی عه‌ره‌بی ، سه‌ره‌تای ئه‌م ئاراسته‌یه‌ بۆده‌یه‌كانی سه‌ده‌ی نۆزده‌،بۆ وه‌رگێرانه‌كانی سه‌رده‌می محمد علی پاشا له‌ كتێبی “إتحاف الملوك اڵالباب بسلوك التمدن فی أوروبا”،هه‌وره‌كو به‌كارهێنانه‌كه‌ی رفاعه‌ الگهگاوی له‌كتێبی “مناهج اڵالباب المصریه‌” چه‌مكی شارستانی له‌ده‌ربڕین ده‌رباره‌ی ناوه‌رۆكی چه‌مكه‌ئه‌وروپیه‌كه‌ و ئاماژه‌یه‌ بۆمه‌ودای شارستانیه‌ت له‌دین و شه‌ریعه‌ تدا .
له‌سێبه‌ری ئه‌ م به‌كارهێنانه‌ باوه‌دا بۆتێگه‌یشتن له‌ شار هه‌تاكاتێكی نزیك و به‌ده‌لالات ومانا كانی خۆی كه‌ده‌ی نوینێت چه‌مكی “Civilization”،كه‌ئه‌م مه‌فهومه‌ به‌كارهێنراوه‌ له‌ ساڵی 1936زله‌سه‌ر ئه‌وه‌ی “دۆخێكه‌ له‌ڕۆشنبیری كۆمه‌ڵایه‌تی به‌ڕێژه‌یه‌كی نایاب په‌یوه‌سته‌به‌ هونه‌ر و زانست و به‌ربیركردنه‌وه‌ی فه‌رمان ڕه‌واكان”وهه‌ روه‌ها سه‌رهه‌ڵدانی له‌ ساڵی 1957دا وه‌ك دیارده‌یه‌كی ماددی سه‌رهه‌ڵده‌دات له‌ ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تیدا له‌ به‌رامبه‌ر بێژه‌ی “ژیار”و “Culture”،مه‌به‌ست دیارده‌ی رۆشنبیری و مه‌ عنوی له‌ م ژیانه‌دا ، كه‌ شارده‌گوێزرێته‌وه‌و ده‌بێته‌ میرات،به‌ڵام ژیار”Culture”به‌رهه‌مێكی سه‌ربه‌خۆیه‌ وه‌رگرتن “اقتباس-كۆت” وبڵاوكردنه‌وه‌ی قورسه‌ .
توێژه‌ران رای جیاوازیان هه‌یه‌ له‌باره‌ی دیاریكردنی ڕیشه‌ی وشه‌ی “المدنیه‌” ،هه‌ندێكیان ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ “مدن” به‌مانای مانه‌وه‌ له‌ شوێن دا و هه‌ندێكی تریان ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ”دان” كه‌ئه‌وه‌ ڕیشه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆچه‌مكی دین واتا ملكه‌چ بوون و په‌رستن ،وه‌هه‌ندێكیان سه‌رچاوه‌كانی به‌راورد ده‌كه‌ ن به‌بێژه‌ی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی و په‌یوه‌ندی به‌ دینه‌وه‌ به‌مانای له‌ ده‌لالات ی ملكه‌چ ی و په‌رستن وسیاسه‌ت ،وه‌په‌یوه‌ندی شار له‌سه‌رده‌می پێغه‌مبه‌ر (د.خ) به‌سیستمی كۆمه‌ڵگه‌یی ژیان و رێكخستنی نوێ له‌جزیره‌ ی عه‌ره‌بیدا ،جه‌ختی ده‌كرده‌وه‌ له‌ به‌های ئیسلامی وبنه‌ماكانی ڕێكخستن وپێكه‌وه‌ به‌ستنیان.
وه‌به‌جیاواز له‌ئه‌زموونی رۆژئاوایی دا ،كه‌شار به‌پسپۆڕیه‌ ئیسلامیه‌كه‌ به‌رئه‌نجامی بوونی به‌های په‌روه‌رده‌كردن و په‌یوه‌ندیه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیه‌كانه‌ له‌دینی ئیسلامی دا و هیچ هۆیه‌كی ترنیه‌ وه‌له‌ڕوویه‌كی تره‌وه‌ ،شارده‌ست پێده‌كات به‌ پسپۆڕی ئیسلامی وكۆتایی دێنێت به‌ئه‌ زموونی شار ی ئه‌وروپی.
“قۆناغی المتروبولیتان”:هه‌مووشارێك به‌دوای یه‌كدا دێن و پێكه‌وه‌ په‌یوه‌ندیان هه‌یه‌ ،شاره‌ ئیسلامیه‌كان هه‌مویان ژیارێكی ڕاقیان هه‌یه‌ وسه‌دان شاری تر به‌دوای دا دێن كه‌له‌ئیمپڕاتۆریه‌تی ئیسلامی دا به‌یان ده‌بن،بۆنمونه‌: (المدینه‌ المنوره‌ پاشان الكوفه‌ وقرطبه‌ واڵاستانه‌)مه‌ڵبه‌ندی ئیمپڕاتۆریه‌ته‌ ئیسلامیه‌كان بوونن به‌درێژایی مێژوو.
له‌ڕووی تره‌وه‌ ، گه‌شه‌سه‌ندنی شاری ئه‌وروپی هاوچه‌رخ هات كه‌ به‌ڵگه‌یه‌ له‌سه‌ر پێشكه‌وتنی مرۆڤایه‌تی –چینی فكری رۆژئاوایی – كه‌ئیبن خلدون وێنای ئه‌وانه‌ی له‌ خۆشگوزه‌رانی و به‌كاربردن ی دۆخی گفتوگۆده‌رباره‌ی پشێوی له‌جێبه‌جی َكردنی سیستم و به‌های ئیسلامی وكۆنترۆڵ كردن و سنورداركردنی سنوری مرۆڤ ومیتۆدی كارلێكردن له‌گه‌ردوون كردووه‌ ، به‌دوای دا نه‌رێ‌ كردنی چه‌مكی مرۆڤ له‌سه‌ر زه‌وی ،كه‌ ئه‌وه‌ ئاماژه‌یه‌كه‌ بۆدانیشتوانی ژیاروشارستان -مرحله‌ الحچاره‌-،وه‌به‌دوای دا ته‌مه‌نیان كۆتایی دێت و ده‌چنه‌ ناو گه‌نده‌ڵی وله‌كۆتایی دا شه‌ڕ وپاشان …تاد.

2-ئاراسته‌ی وه‌رگێڕانی “Civilizationبۆزمانی عه‌ره‌بی “حضارة ‌” :
بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌م ئاراسته‌یه‌ به‌زۆری ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆنووسینه‌ عه‌ره‌بیه‌كانی چاره‌كی دووه‌می سه‌ده‌ی بیست و به‌و تێبینی یانه‌ی كه‌ له‌سه‌ر پێناسه‌ پێشه‌ كیه‌كانی چه‌مكی “الحضارة” تێبینی ئه‌وه‌مان كرد هه‌مان تێبینین كه‌ئه‌و دۆخه‌ له‌هه‌مبه‌ر “المدنیه‌” ،به‌ وجیاوازیه‌ وه‌ بێژه‌ وناوه‌رۆكه‌ كه‌ ی یه‌كن ،وه‌ناوه‌رۆكیان ئه‌وروپیه‌. وه‌كونه‌ریت چه‌مكی الحچاره‌ په‌یوه‌ ست ده‌بێت ،به‌ڵام به‌هۆكاره‌ ته‌كنۆلۆجیه‌ تازه‌كان ،یاخود به‌زانست وزانیاری و هونه‌ره‌باوه‌كان له‌ئه‌وروپا،به‌كورتی گه‌شه‌ی ئێستای ئه‌ وروپا .ئه‌وانه‌ی وه‌رده‌چه‌رخن له‌ ژیاركۆمه‌ڵێك دیارده‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ له‌خودی سروشتی ماددی و زانستی وهونه‌ری ئاماده‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌ دا ،كه‌قۆناغێكی راقی ده‌نوێنێت ، له‌گه‌شه‌ی مرۆیی دا .
به‌ڕوانین له‌گه‌شه‌ی چه‌مكی نووسینی عه‌ره‌بی له‌زانسته‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كاندا تێبینی ده‌كه‌یت ده‌رچوه‌ له‌ خودی دلالاته‌كان ی تێگه‌ی فیكری ئه‌وروپی دا ، كه‌ ئیحاده‌دات به‌ جیهانیه‌تی زانست ومیتۆد و چه‌مكه‌كان و به‌دوایدا ژیار.
*الحضارة…حضور وشهاده‌ :ژیار ….ئارایی وباوه‌ڕهێنان :
له‌كه‌تواردا چه‌مكی ژیار له‌فیكر و زمانی عه‌ره‌بیدا ،به‌ڕێكه‌وتن ده‌ست پێده‌كه‌ین ،له‌گه‌ڵ ڕیشه‌كانی چه‌مكی ئه‌وروپی ، “Civilization” – به‌تایبه‌تی به‌كارهێنانه‌كه‌ی ئیبن خه‌لدون – كه‌ده‌رباره‌ی ژیار ده‌دویًَت ،به‌گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ توێژه‌ران،به‌موشته‌قی مانه‌وه‌ی له‌( الحضر) ،به‌جیاواز له‌( البادیه‌) ،وه‌دێت وخۆی پۆشته‌ ده‌كات به‌ (الحضاره‌) به‌مانای مانه‌وه‌ له‌ ( الحضر)،به‌ بێ‌ باقی به‌كارهێنانه‌كانی تر.
له‌ڕووی زمانه‌وانیه‌وه‌ ،یاده‌وه‌ری چه‌مكی ژیارله‌ ده‌لالات دا یه‌كه‌م له‌ ئارایی دایه‌ ، كه‌ دژی قورئانی پیرۆزه‌ واته‌ شهد: “إذا حضر أحدكم الموت ” (البقره‌ : 180)” وإذا حضر القسمة أولو القربى” (النسا‌و:8) بۆ باوه‌رهێنان چوارمانای ته‌واوی هه‌یه‌ كه‌ده‌بێته‌به‌شێك له‌ چه‌مكی ژیار:
1- باوه‌ڕهێنان به‌مانای ته‌وحید ،بڕیاردان به‌ عه‌بدایه‌تی كردنی خودا -عز وجل- وه‌ئه‌و چه‌قی دۆكترین وپابه‌ند بوونی مرۆڤه‌ ،به‌میتۆدی دروستكا ر-خالق–عز وجل- یاخود ده‌رچوون لێی .
2- باوه‌ڕهێنان به‌مانای گوته‌ی ماف و ڕه‌فتاری ڕێگای دادپه‌روه‌ری ، ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆیه‌كێك له‌ده‌روازه‌كانی ویه‌كێك له‌ هۆكاره‌كانی به‌ده‌بست هیًنانی مه‌ عریفه‌ .
3- باوه‌ڕهێنان به‌مانای قوربانی و خۆبه‌ كوشت دان له‌ پێناوی خودا -سبحانه وتعالی- پاراستنی دۆكترین
4- باوه‌ڕهێنان وه‌كووه‌زیفه‌ بۆ ئه‌م ئومه‌ته‌ ” وكژلك جعلناكم أمه‌ وسگا لتكونوا شهدا‌و علی الناس ویكون الرسول علیكم شهیدًا” (البقره‌: 143 ) ( به‌كارهێنانی ماناكانی بۆباوه‌ڕهێنان له‌ دنیاو ئاخیره‌ت ، تاكوببنه‌ ئومه‌تێكی یه‌هێزو دادپه‌روه‌ر بن وكاری پێبكه‌ن وده‌عوه‌ بكه‌ن بۆ عیباده‌ت كردنی خودای تاقانه‌ .
وه‌ له‌گه‌ڵً ئه‌مه‌دا كه‌ژیارله‌ “فه‌نده‌مینتی” ئیسلامی دا ،نمونه‌یه‌كی ئیسلامی به‌رهه‌م ده‌هێنێت ، كه‌له‌ناوخۆیدا (ته‌وحید) و( ربوبه‌) ته‌و، لێره‌وه‌ ئه‌وه‌ی غیبیه‌ت و هه‌ڵواسراوه‌ به‌ وه‌ حدانیه‌ته‌وه‌ ، دروستكاری گه‌ردوونه‌ . له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش دا رۆڵی مرۆڤ و په‌یامه‌كه‌ی ته‌حقیقی ئه‌و دروستكاریه‌ی دروستكاره‌ له‌ته‌عمیری زه‌وی و چكسازی كردنی دا ،وه‌بیناكردنی په‌یوه‌ندی ئاشتیانه‌ له‌گه‌ڵ دروستكراوه‌كانی تردا ،بنه‌ماكه‌ی بانگهێشتنه‌ بۆئاسوده‌یی دنیاو ئاخیره‌ت .
له‌كه‌تواردا هه‌ر ئه‌زمونێكی به‌شه‌ ری ، چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ی لێده‌كرێت بێژه‌ی ژیار ته‌ڵاق بدات ، مادام ئه‌م مه‌رجانه‌ی تێدایه‌ :
1-بوونی سیستمی دیاریكردنی سروشتی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ سروشتی غیب و چه‌مكی( الإله) ئه‌رێ‌ یاخود نه‌رێ‌ .
2- بوونی بینای فیكری و ڕه‌فتاری له‌ كۆمه‌ڵگه‌دا ، كه‌شێوه‌یه‌ك ده‌دات به‌تایپی به‌هاو ئه‌توارێكی گشتی یه‌ وناسراوه‌ .
3- بوونی تایپێكی ماددی كه‌ته‌واوی مه‌ودا مادییه‌كان كۆده‌كاته‌وه‌ له‌ژیان دا .
4- دیاری كردنی تایپی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ گه‌ردون و گاڵته‌كردن به‌ جیهان وشته‌كان .
5- دیاری كردنی تایپی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئه‌وی تر،وه‌هه‌ركۆمه‌ڵگایه‌كی تری مرۆیی وه‌ شێوازی باوه‌ڕپێكردنی به‌ونمونه‌یه‌ وئامانج له‌و باوه‌ڕپێهێنانه‌ .
وه‌دامه‌زراندنی ئه‌وه‌ ،یه‌كێتیه‌كی ڕه‌سه‌نی مرۆیی كه‌به‌پێی پێویست نه‌بێت پابه‌ند نیه‌ به‌ زانست ومیتۆد ومه‌عریفه‌ كانیه‌وه‌ ،به‌دوایدا ململانێ‌ كردنی ژیاره‌كان ،كارێكی لۆژیكی یه‌و سروشتی بوون ی به‌شه‌ر و به‌ خششه‌ كانی فه‌رزی ده‌كات ،له‌به‌ر ئه‌وه‌ی جیاوازی سونه‌تێكه‌ له‌ سونه‌ته‌كانی الله له‌ گه‌ردوندا “ومن أياتها خلق السموات والأرض واختلاف ألسنتكم وألوانكم” (الروم:22)
كورته‌ی گوته‌كان بێژه‌ی (ژیار-شارستانی )، یه‌كێكه‌ له‌ میحوه‌ره‌كانی فیكری ئیسلامی له‌باره‌ی قیه‌می عقیده‌ی ئیسلامی،بۆنمونه‌ شرع ومیتۆده‌كانی موماره‌سه‌ ئیسلامیه‌كانه‌ ، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ نمونه‌ی رۆژئاوایی پێكهاته‌یه‌كه‌له‌ گه‌شه‌ی مێژوویی و كه‌تواری ژیانی.

22-12-2008
د.نصرعارف
ئاماده‌كردنی :ڕێبازمحمد جزا




رەواندنەوەی وەهمی شیعری جووداواز … ئیسماعیل بابائی

کاکە ساڵح لە وەڵامی وتارێکی مندا (دوور کەوتنەوە لە جوغزی شیعر) پێشەکییەکی کورتی نووسیوەو هەستاوە بە هێنانەوەی وتارێکی بەڕێز موراد ئەعزەمی لەسەر شیعرێکی خۆی، کە من بە پێویستی دەزانم بە وردی و بەڵگەوە وەلامی مامۆستا ساڵح بدەمەوەو دڵنیاشم لەوەی کە ئەو دڵی فراوانەو شاعیرێکی بە ئەزموونەو دەتوانێت شیعری جوان بنووسێت، بەس ئەو ئیدعای جووداوازییەو هەڵنان و دەستخۆشیەکانی نموونەی وتارەکەی ئەعزەمی لە خشتەی بردووەو دوری خستووەتەوەو لە چەقی شیعری راستەقینەو گیانی هەڵبەستی زیندوو.
ئەوەی سەرنجمدا کاک ساڵح زۆر کوێرانە وەڵامێکی گشتی بۆ گوتارەکەی من نووسیوەو ئیتر بە هیچ جۆرێك نەهاتووە وەڵامی یەك بە یەك خاڵ و نموونەکان بداتەوە، ئەو بێ خۆماندووکردن بۆچوونەکانی من بەم جۆرە لێك دەداتەوە:
(بۆتیقاکەی ئەرەستوو.. واتە پێوەندی نێوان کات ، شوێن، کەس و رووداو/لێرەدا بازنەکانی وشەیش/ و هەر دەقێک نەخرێتە ئەو چوارچێوە کۆنەوە.. سەر و پێی ئەتاشن)
دەبوو کاک ساڵح بە ئەمانەتەوە باسی ئەوەی بکردایە کە من لە هیچ شوێنێکدا باسی ئەرەستۆم نەکردووە ، پاشان وەك زانراوە لای هەمووان و لە نووسینەکەشدا نووسیومە شیعری داهێنەر پیوەندەکانی کات و شوێن و رووداو و کەسەکان دەبڕێت و لە دەرەوەی ئەواندا کاری داهێنان دەکات و نەمری بە دەق دەبەخشێت جانازانم بۆ نموونە دەستەواژەی (گووبخۆن) لە شیعرەکەیدا دەکەوێتە کوێی نەخشەی داهێنان و جووداخوازی و تازەگەرییەوە؟ ، پاشان نازانم بۆچی منی بە راناوی کۆ باس کردووە کە دەڵێت: (ئەتاشن؟) لە کاتێکدا من هیچ گروپێكم لە پشت نییە و بە ناوی کەسیشەوە قسە ناکەم، جگە لەوەی بەس تاووتوێی دەقی (تۆران بە رەنگی پەموو)ی ئەوم کردووە. من رەفزی رابردووی دوور نزیکی داهێنەران ناکەمەوەو ڕاشکاوانە لەگەڵ تازەگەری و داهێنانی راستەقینەدام، چونکە تا رەورەوەی ژیان بجوڵێت داهێنانیش هەر بەردەوامە، من نووسیومە:
(کەواتە با لەوێوە دەست پێ بکەین کە ئەفرێنەرە پێشووەکان بۆ ئێمەیان جێهێشتووە، ئایا دەتوانین شتێکی زیادە بخەینەسەر داهێنانەکانیان تا جوانترو کاریگەرتربن)
پاشان ئەگەر بێینە سە ڕاکانی ئاغای ئەعزەمی سەبارەت شیوازو ئەفراندنەکانی ساڵح سووزەنی ئەوا وا باشترە بە بەڵگەوە قسەبکەم و نموونەی قسەکانی ئەعزەمی و بەراوردی وتارەکەی خۆم بهێنمەوە، نەك وەك کاک ساڵح بە یەك وشە هەمووی رەفز بکەمەوەو بڵێم ئەو رایانە سوونەتیین و کۆنن.
من قسەم لەسەر ئەوەنییە بە چ پێوەرێکی جیهانیی کاک ساڵح ئیعتیباری بۆ بەڕێز ئەعزەمی داناوە؟ بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا ئاغای ئەعزەمی زۆر جوان ئاماژەی بەوەداوە کە کاریگەریی زۆری سوریالیزم لەسەر شیعرەکانی ساڵح هەیە لە کاتێکدا ڕێبازی ئەدەبی و هونەریی سوریالیزم لە ساڵی ١٩٢٤دا و نزیکەی پێش سەدەیەك مانیفێستی خۆیان بڵاوکردەوەو کاک ساڵحیش خۆی بە جووداخوازو نوێخواز دادەنێت ئیتر نازانم چ نوێگەریەك دەکات کە سوریالیستەکان هیچیان بۆ ئەو جێ نەهێشتبێتەوە؟ جگە لەوەی سوریالیزم لە هونەردا زیاتر برەوی سەندو لە ئەدەبدا سەرکەوتنێکی ئاوهای بەدەست نەهێناوە، نموونەی شیعرەکانی (ئەندرێ بریتۆن) یش باشترین گەواهیدەرن، ئاغای ئەعزەمی لەمبارەدا دەڵێت:
(لافاوی زەین، هەڵفڕینی زەینە، واتە خودی بەئاگاو نابەئاگا، کاتی ئێستاو ڕابردوو و داهاتوو، ڕووداوەکان، بیرەوەری و هەستەکان، تێک دەچڕژێن، بۆیە دۆزینەوەی پێوەندییەکان دژوارە)، هەروەها دەنووسێت:
(سووزەنی، بە پێی ئەو دەقانەی لەبەر دەست دان، چ ئەوانەی چاپ وبڵاوی کردوونەتەوە، چ ئەوانەی لە فەزای مەجازی دا کەوتوونەتە بەر دەستی خوێنەر، دەتوانین بڵێین تاقە کەسی مەیدانی بەرهەم هێنانی دەقە، تەواو پشت ئەستوور بە لافاوی زەین، نووسینی ئاوتۆماتیک و، بانگهێشتنێکی ڕەها) هەروەها لەمبارەوە دەنووسێت:
(بە قەولی فارسەکان جەریانی سوریالی) هەروا دەڵێت:
(بەرهەمەکانی سووزەنی، بە لێشاو لە میکانیزمەکانی نووسینی ئاوتۆماتیکی سووررێیالیزمەکانیش کەڵکیان وەرگرتووە)
وێڕای ئەوەی من پێشتر ئەو نووسینەی ئاغای ئەعزەمیم نەبینیبوو بەڵام دەبوو کاک ساڵح وتارەکەی منی بە وردی بخوێندایەتەوەو بیزانیانە من زۆر بە چڕوپوختی لەو بنەمایانەی سوریالیزم دواوم کە رەنگدانەوەیان لە شیعرەکەی سووزەنیدا هەیەو ئەمەش نموونەی وتەکانی ناو وتارەکەی منە لەو بارەیەوە:
(وێنەی سوریالی و وڕێنەی سەرمەستی)
(رەفزکردنەوەی دنیای واقیع و عەقڵ)
(شڵەژانی دەروونی و زیهنی شاعیر هۆکاری سەرهەڵدان و دەربڕینیان بووە) کاک ئەعزەمی ئەمەی بە { لێشاوی زمانی شیزۆفرێنیک} داڕشتووە.
(رادەی فشارە دەروونیەکانی نێوەوەی شاعیر)
(سەرچاوەی غەریزە پەنگخوردووەکانی دەروونن)
ئەمانەش هەمووی لە ٣ بەشەکەی بیردۆزی شیکاریی دەروونی فرۆیدا زۆر لە مێژە هاتوون کە دەروون دابەشی ئاگا ، نائاگا، پێش ئاگا دەکات، کە سوریالیزمەکان سوودێکی زۆریان لێ وەرگرتووەو تەنانەت ئەندرێ بریتۆنی رابەری رێبازەکە خۆی پزیشکی دەروونیی بوو، ئیتر لێرەوەو لای کاک ساڵح شیعر لا دەدات لە جەوهەرە سەرەکییەکەی و دەبێتە گۆڕەپانێکی ئەزموونی شیکارییە دەروونییەکان و چەشەی ئەدەبی لەدەست دەدات وەك من نووسیومە:
(دوور لە چەشەی ئەدەبی)
کە لە کۆتایشدا هەر ئەو دنیابینە شلۆق ناماقوڵە خوێنەر دەگەیەنێتە بڕوابوون بەو راستیەی کە ئەم دەقانە نیشانەو بەرەنجامی (بێهودەیی لە ئاسۆی تێڕوانین)دان وەك لە وتارەکەمدا نووسیومە.
ئەمە لەکاتێکدا ئەوەی کاک ئەعزەمی نووسیویەتی بەس بریتییە لە خوێندنەوەی راو تێگەشتنی خۆی بۆ ئەو دەقەی کاک ساڵح کە هەقی خۆیەتی چۆن راڤەی بکات و منیش هەر هەقی خۆمە بە جۆری ترو بە پێی تێگەشتن و ئەزموون و چەشەی خۆم بیخوێنمەوە.
لە کۆتایی نووسینەکەی ئەعزەمیدا گوتەیەکی زۆر جوان هەیە حەز دەکەم ئاماژەی پێ بدەم و تەواو هاوڕایی خۆم بۆ ئەو گوتەیە دەرببڕم کەوابزانم لە بەرژەوەندی ئەو جۆرە دەقانەی کاک ساڵح نیە کە نووسیویەتی:
(دەقێکی ئەدەبی کە بە هیچ کڵۆجێک نەخوێنرێتەوە بوونی نییە، ئەگەر وابوو، ئەوە دەق نییە، هەموو شتێکە جگە لە دەقی ئەدەبی) کەواتە دەفامینەوە سەبارەت ئەوەی دەقێك خراپیش بێت هەر شایستەی لێدوانە مادام بە دەقی ئەدەبی ناوبرا،ئەو کاتە دەتوانین لانی کەم لە هۆکانی لاوازییەکەی بدوێین، جا نازانم کاک ساڵح وەك زۆرێك لە شاعیرەکان لە سەروەختی پوکانەوەی لێشاوی بەهرە شیعرییە جوانەکاندا رووی کردووەتە ئەو جۆرە شیعرە سەمەرەو شیعرە سوریالیانە یان لە بەرەنجامی هەڵدانی کەسانێك و گیرۆدەبوونی بەو وتەیەی خۆیەوە کە بانگەوازی جوودایی و تازەگەریی دەکات؟ ئەو پرسیارە بۆ خودی شاعیرو خوێنەرەکان جێ دەمێنێت.
….
تێبینی/
١- نووسینی ئۆتۆماتیك کە کاک ئەعزەمی ئاماژەی پێدا لە جەنگی جیهانی یەکەمدا لە لایەن رێبازی داداییەکانەوە هاتە بوون و پاشان سووریالیستەکان سوودیان لێ بینی.
.٢- ئەمە لینکی نووسینەکەی کاک ساڵح و ئاغای ئەعزەمییە:
hawcharkh.net/30/06/2020/1956/




چی بکرێ بەرامبەر چۆڵکردنی نەخۆشخانە گشتیەکان؟ … ئاسۆ کەمال

سامان به‌رزنجی، وه‌زیری ته‌ندروستی له‌كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا ڕایگه‌یاند، “رێژەی مردن بە ڤایرۆسی كۆرۆنا له‌هه‌رێم گەیشتۆتە 3.7%، کە ئەوەش رێژەیەکی زۆر بەرزە، ئێستا (67٪)ی کۆی توشبوان‌و حاڵەتەکانی مردن بەکۆرۆنا لەپارێزگای سلێمانییە”. *
کۆتایی مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٠ ژمارەی توشبوانی کۆرۆنا لە هەرێم ٥٠٠٠ تێپەڕاندوە و لە نیویاندا ٢٠٠ دکتۆر و کارمەندی تەندروستی تێدایە، ژمارەی مردووەکان ١٦٠ کەسە.*
ئا لەم کاتە مەترسیدارەدا بزانن ئەم حکومەتی هەرێمە چۆن فریای خەڵکی بێ موچە و هەژاری کوردستان دەکەوێ؟
حەسەن مارف ، کارمەندی تەندروستی فریاکەوتن دەڵێ ” کەم دەرامەت کەرتی گشتی تەندروستی لەبەر هەڵوەشاندنەوە و خاپور کرداندایە بەویست وئارەزوی ئەم دەسەڵاتە بێ باکە و خاوەن کومپانیاکانی دەرمانی قاچاخ و نەخۆشخانە تایبەتەکان زۆر بێ باک و خەم ساردن و لێرە بۆ سێ مانگە چێت زۆرینە نەخۆشخانە کان چۆڵکراون یان بەشێکی کەمی لەکاردان ، پزیشک وکارمەندان وا پشت گوێ خراون. تکایە فریاکەون.”*
د.پشدەر عبداللە اسماعیل ، بەڕیوەبەری نەخۆشخانەی مناڵانی فێرکاری سلێمانی دەڵێ” دەست لە کاردەکێشمەوە چونکە لەبەرامبەر بێ باکی حکومەت لە دابینکردنی موچە و بێ باکی پزیشک و کارمەندانی تەندروستی لەبەرامبەر چۆلکردنی خەستەخانە…کەرتی گشتی پشت گوێ خراوە و خراوەتە خزمەت کەرتی تایبەت”.*4
ئەم بەڵگانە نیشانی دەدەن کە حکومەتی هەرێم خەڵکی هەژاری کوردستانی خستۆتە بەردەم هەڕەشەی مەرگی کۆرۆنا ڤایرۆسەوە و تەنیا کەسانێک لە کوردستان دەتوانن خۆیان بپارێزن کە پارەدارن و دەتوانن چارەسەر وەرگرن لە نەخۆشخانەکانی کەرتی تایبەتە بکڕن.
چۆڵکردنی نەخۆشخانە گشتیەکان لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە، لەم کاتی پەتای کۆرۆنایەدا ئەمە چی دەگەیەنێ؟

لەم کاتی پەتای کۆرۆنایەدا یەکێتی و پارتی خەریکی قوربانی کردنی خەڵکی هەژار و کەم دەرامەتی کوردستانن لە پێناو تاقیکردنەوەی پلانی تایبەتی کردنی کەرتی تەندروستی. نەدانی موچەی کارمەندانی تەندروستی نیشانی دەدا کە ئەم حکومەتی هەرێمە دەیەوێ ئەم کەرتە چۆڵ بکا و خەڵک ناچاربن ڕوو لە نەخۆشخانە ئەهلیەکان بکەن و دەرمان و چارەسەر ببێتە مەیدانێک بۆ کەڵەکەی سەرمایەی کۆمپانیاکانی ئەم حزبانە.
هەربۆیە ئەم سیاسەتی چۆڵکردنەی نەخۆشخانە گشتیەکان لای بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی دەسەڵاتدارەوە تاوانێکی جەنگی دژی کۆرۆنایە، کە گیانی هەزارەها ئینسانی هەژار دەخاتە مەترسیەوە.

لە کاتێکدا کەرتی تەندروستی تەنیا لە ٦،٥٪ موچەخۆران پێک دێنێ* کە بەپێی ژمارەی گشتی موچەخۆران ژمارەیان ٢٧٩٦٥ موچەخۆری تەندروستیە. لە داهاتی ساڵانەی هەرێم کە تەنیا ڕەسمیەکەی بڕی ١٠ ملیار دۆلار دەبێ زۆر بە ئاسانی دەتوانرێ موچەی ئەم کارمەنادانە بدرێ، کەواتە پارتی و یەکێتی بە ئەنقەست و بێ گوێدانە حەساسیەتی ئەم دۆخەی کە دڵی هەموو کۆمەڵگە لە دەستی کەرتی تەندروستیدایە دەیانەوێ نەدانی موچە ببێتە هۆکارێک بۆ چۆڵکردنی کەرتی حکومی تەندروستی. ئەمە ئەو سیاسەتەیە کە لە ٢٠٠٥ ەوە پۆل بریمەر فێری بورژوازی کورد و عەرەبی عێراقی کردوە کە چۆن دەسەڵاتی میلیشیاییان پشت ئەستوور بکەن بە کۆمپانیا بازرگانی و وەبەرهێنانەکانیان و هەرچی داهاتی کەرتی حکومیە بکەنە موڵکی ئەم کۆمپانیا تایبەتیانەیان.
مەسرور بارزانی لەم کاتەدا ڕایدەگەیەنێ کە “خەرجکردنی قۆناغێکی دیکەی بودجەی تایبەت بە خەرجییەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بە بڕی پێنج ملیار دینار بۆ وەزارەتی تەندروستی.”*
ئەم سەرۆکە چاکسازە قۆناغی یەکەمی پەتای کۆرۆنای بە پیتاک کۆکردنەوە بە ڕێکرد لە کاتێکدا جیهان بە ترلیۆنەها دۆلاری بۆ ڕوبەڕوبونەوەی پەتاکە بەناچاری سەرفکرد تاکو بەر بە مەرگی خەڵک بگرن. ئێستاش کە پەتاکە فراوانتر بڵاوە و هەڕەشەیەکی جدی ترە. دانانی ٤ئەم ملێۆن دۆلارە گاڵتەکردنێکی ترە بە ژیان و مەترسیەکانی خەڵکی کوردستان لە کاتێکدا دەزانرێ کە چ وێرانەیەکە سیستمی تەندروستی کوردستان و چۆن بەم بڕە پارەیەی ناتوانرێ هیچ کام لەو پێداویستیانە دابین بکا کە بۆ ڕوبوڕوبونەوەی ئەم ڤایرۆسە و بڵاوبونەوەی پەتاکە پێویستە، وەک ڤانتلەیشن و نەخۆشخانە و دەرمان و پشتیوانی بواری فریاکەوتنی کتوپڕ، دۆزینەوەی کەیس و پێوەری تەندروستی گشتی، چارەسەری نەخۆش، تاقیکردنەوەی تاقیگەکان، کۆنترۆڵی بڵاوبونەوە و پەرژانە سەر هەموو کۆمەڵگە. ئەم بێدەربەستیەی حکومەتی هەرێم لە دانانی بودجەی پێویست بۆ ڕوبەڕوبونەوەی شەپۆلی دووەمی پەتای کۆرۆنا درێژەی ئەو سیاسەتەیە کە ئەم حزبانە دەیانەوێ لە کاتی کۆرۆناشدا کەڵەکەی سەرمایەکانیان پەکی نەکەوێ و هیچ لەو سەرمایەیەی بۆ ١٥ ساڵە لە نەوت کۆی دەکەنەوە لە ئێستادا سەرفی پێداویستی تەندروستی خەڵکی نەکەن. هەربۆیە هاواری ٢٧ ملیار قەرزداری دەکەن لە کاتێکدا هەموو دەزانین کە ئەم قەرزانە ئەنجامی کەڵەکەبوونی ئەو دەیان ملیارەی داهاتە لەلای ئەو ملیاردێر و ملیۆنێرانەی کوردستان، ئەگینا قەرزداری مانایەکی تری نیە لە کاتێکدا، بە فەرمی و لە زمانی خۆیانەوە، ساڵانە لانی کەم داهاتی کوردستان لەم ١٥ ساڵەدا ١٠ ملیار دۆلار بوو بێت. بێگومان داهاتی کوردستان دوو بەرانبەری ئەم ئامارە ڕەسمیەیە.

دەبێ چی بکرێ؟
ئەمە ئەو پرسیارەیە کە دەبێ وەک خەلکی کرێکار و فەرمانبەر و کەم دەرامەتی کوردستان ئەمڕۆ بیکەین و ڕێگاچارەیەک بۆ ئەم دۆخە بدۆزینەوە.
ئەم حکومەتە و کۆمپانیا سەرمایەدارەکانی دەیانەوێ ئەوەی بەناو و موڵکی حکومەتە بیکەنە موڵک و داهاتی خۆیان و لەم ڕێگەیەوە لەکاتی قەیرانی ئێستای کۆرۆنادا دەیانەوێ کەرتی تایبەتی خۆیان بکەنە ئەمری واقیع و سوود لە نەخۆشی و ترسی خەڵک لە مەرگیش وەرگرن.
پاراستنی ئەم نەخۆشخانە و داهات و کەرتە حکومیانە ئەمڕۆ لە ڕێگای دەست بەسەراگرتن و بەڕێوەبردنیەوە دەبێ لەلایەن کارمەندانی تەندروستی خۆیانەوە و فشار خستنە سەر حکومەتی هەرێم بۆ دابینکردنی موچە و پێداویستیەکانی کەرتی تەندروستی. نمونەی نەخۆشخانەی هیوا بۆ شیرپەنجە نمونەیەک لەو کارە هەروەزیانەیە کە دکتۆر و کارمەندانی تەندروستی ئەو نەخۆشخانەیە نیشانیان داوە. ئەم دۆخە ئەوەمان پێ دەڵێ کە لە کاتێکدا دەسەڵات خەریکی تاڵانکردنی کۆمەڵگەیە ئەوا پێویستە ،جگە لەوەی بە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دەربڕین فشاریان بۆ بهێنین ، خەڵکی خۆی دەست بەرێ بۆ ئیدارە و دابینکردنی پێویستیەکانی. با لە ڕێگەی ئەنجومەن و شورای دکتۆر و کارمەندانی نەخۆشخانەکانەوە پەیوەندی بکەین بە WHO و ڕیکخراوە جیهانیەکانەوە کە بڵێین ئەوا حکومەتی هەرێم نەخۆشخانە گشتیەکانی چۆڵ کردوە و ئێمە دەمانەوێ ئەم سەنگەرانەی تەندروستی ملیۆنەها ئینسان لە کوردستان بپارێزین و هەروەک لە ١٩ نیسانی ٢٠٢٠ بە بڕی (US$ 426 732) * کۆمەکتان کردین وەرن ئێستاش فریامان کەون تا خەڵکی هەژار و کەم دەرامەتی کوردستان لە کارەساتێکی مرۆیی ڕزگاربکەین. پێویستە ئێمە خۆمان نیشانی بدەین کە ئەم حکومەتەی حزبە بورژوازیەکان نەک زیادەن و سەربارن بەڵکو مافی ئەوەیان نیە بە ناوی حکومەت کردنیشەوە داهاتی کۆمەڵگە داگیربکەن.
١٠ ساڵە وەک خەڵکی هەژار و کەم دەرامەتی کوردستان دەزانین کە ئەم حکومەتە دەبێ بڕوخێ، بەڵام وەک ئەم خەڵکە بەدیلی ئەم دەسەڵاتەمان دروست نەکردوە. هەربۆیە زۆربەی کات حزبێکی کۆنە دز و کۆنە ئۆپۆزسیۆن دێنە پێشەوە و دەیانەوێ خەڵک فریوبدەنەوە کە ئەوانن بەدیلی ڕزگاری بەخشی ئەم خەڵکە ناڕازیە. ئەم سیناریۆیە پێویستە بگۆڕین. ئەم هێزە سیاسی و جەماوەریە ناڕازیەی خەلکی هەژار و کەم دەرامەت دەبێ خۆمان خەستەخانە و کارگە و فەرمانگە و داهاتەکان کۆنترۆڵ بکەین و بەڕیوەی بەرین. یا خود نمونەکانی کاری هەرەوەزی لە شاری خانەقین و هاوکاری لە گەرەکی حوریەی کەرکوک و هاودەمی خەڵک لەگەڵ یەکتر شار و شارۆچکەکانی کوردستان دەبێت جێگەی ئەو سیستمە نیولیبرالیە میلیشیاییە بگرێتەوە کە یەکێتی و پارتی بگرێتەوە کە دزی و چەتەیی ئاشکرای موڵکی گشتی خەڵکی کوردستانە.




” حه‌ڵاڵ و حه‌رام ” له‌ته‌رازوی لیژنه‌ی فه‌توادا !…عه‌بدوڵا ساڵح

ده‌گێڕنه‌وه‌ پیاوێك ده‌چێته‌ لای مه‌لا نه‌سره‌دین كه‌ به‌مه‌لای مه‌شهور ناوی ده‌ركردوه‌ و ده‌ڵێ :

  • مامۆستا مانگاكه‌ی جه‌نابت له‌و شاخه‌ قۆچێكی داوه‌ له‌ مانگاكه‌ی من و هه‌ڵیداوه‌ته‌ خوارێ له‌ شاخه‌كه‌ ومردوه‌ ، تكایه‌ بۆم سه یركه‌ بزانه‌ شه‌رع له‌وباره‌وه‌ ده‌فه‌رموێ چی و ده‌بێ چۆن و كێ قه‌ره‌بووم بكاته‌وه‌ كه‌ من له‌ماڵی دنیا ئه‌و تاقه‌ مانگایه‌م هه‌بووه‌ و ئه‌ویشم له‌ده‌ستداوه‌ ؟
  • جا كاكی خۆم ئه‌وه‌ شه‌رع ومه‌رعی بۆچیه‌ مانگای من قۆچی له‌مانگای تۆ دابێ له‌و شاخه‌ و كوشتبێتی نه‌ تاوانی منه‌ ونه‌ تاونی تۆ، شه‌رع قسه‌یه‌كی نیه‌ له‌وباره‌وه‌ جگه‌ له‌وه‌ی دوعات بۆ بكه‌م خوا پاداشتت بداته‌وه‌.
  • مامۆستا گیان تكایه‌ لێم مه‌گره‌ له‌ڕاستیدا كاره‌كه‌ پێچه‌وانه‌یه‌ مانگاكه‌ی من ئه‌وه‌ی تۆی خستۆته‌ خواره‌وه‌ و كوشتویه‌تی .
  • چی چی چی .. ئاده‌ی ئه‌و ئیبن وحه‌جه‌ره‌م بۆ بێنن ئاخۆ له‌و باره‌وه‌ شه‌رع ده‌فه‌رموێ چی !!

ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له‌كوردستان، كه‌ حزبه‌ قه‌ومیه‌كان قۆرخیان كردوه‌و كۆمه‌ڵێك سێكته‌ریان به‌ده‌وریدا هه‌ڵچنیوه‌ ، هه‌ر له‌ په‌رله‌مان وداواكاری گشتیه‌وه‌ بیگره‌ تا ده‌گاته‌ پله‌كانی خوارتر، به‌مه‌به‌ستی پایه‌داربوون و شه‌رعیه‌تدان به‌و ده‌سه‌ڵاته‌كه‌یان به‌ بڕیاره‌كانی، لیژنه‌ی باڵای فه‌تواش یه‌كێكه‌ له‌و سێكته‌رانه‌ كه‌ ئه‌ویش وه‌ك هه‌موو سێكته‌ره‌كانی تر، ده‌زگایه‌كه‌ له‌خزمه‌ت پاكانه‌و پشتگیری سیاسه‌ته‌كانیان‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی لیژنه‌ی فه‌توا له‌وانی تر جیا ده‌كاته‌وه‌ فریواندن وخۆڵكردنه‌ چاوی خه‌ڵكه‌ و یاریكردنه‌ به‌ كه‌ره‌سته‌یه‌كی به‌رده‌ستیان كه‌ ناوی” شه‌رعه‌‌ ” و هه‌ڵقوڵاوی ڕێڕه‌وێكی ئایینی دیاریكراوه‌ كه‌ به‌شێكی به‌رچاو له‌ خه‌ڵك په‌یڕه‌وی ده‌كه‌ن، ئیتر چه‌نده‌ ئه‌م خه‌ڵكه‌ له‌و ڕێبازه‌ گه‌یشتون یان نا ، ئه‌وه‌ باسێكی كه‌یه‌و مه‌به‌ستی ئه‌م نووسینه‌ نیه‌ .

به‌گوێره‌ی هه‌مان لۆژیكی مه‌لا نه‌سره‌دین، لیژنه‌ی باڵای فه‌توا له‌كوردستان كاره‌كانی ئه‌نجامده‌دا و هه‌رچی زه‌ره‌ری هه‌بێ بۆ ” په‌زه‌كان ” ، مه‌به‌ست ده‌سه‌ڵاته‌ ،لای ئه‌وان ” حه‌رامه‌ ” وبڤه‌یه‌ و به‌قازانجیشیان بێ ” حه‌ڵاڵه‌ ” وه‌ك گه‌زۆ ومازوو ده‌خورێ ، دیاره‌ نابێ ئه‌وه‌شمان بیرچێ كه‌ نانی ئه‌م لیژنه‌یه‌ش له‌م بێنه‌ و به‌رده‌‌ و سات و سه‌ودایه‌ ‌دایه‌ .
دوا فه‌توای ئه‌م لیژنه‌یه‌ كه‌ به‌بیانوی ڕێگای ڕاست پیشاندان و دوورخستنه‌وه‌ی خه‌ڵك له‌ خواردنی “ماڵی حه‌رام” ، وه‌ك خۆیان بانگه‌وازی بۆ ده‌كه‌ن ، له‌م ماوه‌ی دواییدا‌ فه‌توایه‌كی داوه‌‌ كه‌ گوایه‌ بندیوار ودوو موچه‌یی حه‌رامه‌، واتا ئه‌وه‌ی بكه‌وێته‌ ناو ئه‌م جوغزه‌وه‌ مانای وایه‌ ده‌كه‌وێته‌ به‌ر” غه‌زه‌بی خوا له‌ ڕۆژی قیامه‌تدا ” چونكه‌ پاره‌ی حه‌رامی خواردوه‌ !

با وازله‌وه ‌باسه‌ بێنین كه‌ بندیوار ودوو موچه‌یی به‌رهه‌می كام بار ودۆخ وئاكامی كام سیاسه‌ته‌ن و ئه‌وان به‌شێكی كه‌من له‌و گه‌نده‌ڵیه‌ زۆره‌ی ڕۆژانه‌ به‌به‌ر چاوی خه‌ڵكه‌وه‌ ده‌كرێ، هه‌روه‌ها واز له‌وه‌ش بێنین كه‌ بۆچی چه‌ند ساڵه‌ ئه‌م لیژنه‌ی‌ فه‌توایه‌ له‌ ئاقار ئه‌م دیارده‌یه‌دا قڕوقپ و بێده‌نگه‌ وتازه‌‌ له‌”خه‌وی غه‌فڵه‌ت” خه‌به‌ری بۆته‌وه‌ و ئه‌م حه‌رام خۆریه‌ی به‌رچاوكه‌وتوه‌ !

ئه‌گه‌ر ” حه‌رامه‌كانی” لیژنه‌ی فه‌توا دوو موچه‌یی و بندیواره‌ ، ئه‌ی ده‌كرێ پێمان بڵێن “حه‌ڵاڵه‌كانیان ” كامانه‌ن !؟
ده‌كرێ ئه‌م لیژنه‌ی فه‌توایه‌ بۆ ئێمه‌ی ڕۆن كاته‌و‌‌ ئا‌خۆ له‌به‌رامبه‌ر هه‌ندێك دیارده‌دا بۆ چاویان نوقاندوه‌و زمانیان لاڵه‌ و له‌ به‌رامبه‌ر هه‌ندێكیانیش زمانیان ئه‌وه‌نده‌ تیژه‌ ملی گا ده‌په‌ڕێنێ !؟ مه‌گه‌ر نایبینن چۆن سه‌روه‌ت وسامانی ئه‌م كۆمه‌ڵگایه‌ به‌تاڵنده‌برێ، نازانن كه‌ داهاتی مانگانه‌ی ته‌نیا یه‌ك خاڵی گومرگ، به‌تایبه‌ت له‌ده‌روازه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كاندا، به‌ئه‌ندازه‌ی موچه‌ی ساڵانێكی ئه‌وبندیوارانه‌ ودوو مووچه‌یانه‌یه‌‌ كه‌ دروستكراوی ده‌ستی خۆیانن ، مه‌گه‌ر ئه‌م دزی وتاڵان وبڕۆیه،‌ ئه‌و پاره‌ هه‌ڵوشینه‌، ئه‌و كرێكار وزوحمه‌تكێشانه‌ی به‌زۆر برسیكراون ونانی سه‌ر سفره‌ی ماڵه‌كانیشیان پێڕه‌وا نابینن، دیمه‌نی ئه‌و منداڵه‌ عه‌لاگه‌ فرۆشانه‌‌، ئه‌وپیره‌پیاوانه‌ی بۆ نانێك هاتونه‌ته‌ سه‌رجاده‌، ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ی هه‌ر جاره‌ به‌بیانویه‌ك موچه‌كانیان ده‌بڕن و ئه‌گه‌ر ده‌میش بكه‌نه‌وه‌ وه‌به‌ر شه‌ق ده‌درێن، ئه‌و گه‌نجه‌ بێكارانه‌ی‌ ڕژاونه‌ته‌ سه‌ر جاده‌كان له‌بێكاریدا په‌نا بۆ زۆر كاری نه‌خوازراو ده‌به‌ن، ، ئه‌و ژنانه‌ی ڕۆژانه‌ له‌ژێر سایه‌ی هه‌ر ئه‌و ” شه‌رعه‌ ” ی ئه‌واندا به‌بیانوی ” شه‌ره‌فپارێزی ” ڕه‌شه‌كوژ وسپیكوژ ده‌كرێن ، ئه‌و ڕۆژنامه‌نوسانه‌ی له‌سه‌ر وتارێك تیرۆر ده‌كرێن و هه‌زاران دیمه‌نی تر، ئه‌وانه‌ی سه‌د مووچه‌ وهه‌زار مووچه‌ وه‌رده‌گرن كامانه‌ن …؟ ئه‌مانه‌ هه‌موویان به ته‌رازوی لیژنه‌ی فه‌توا ” حه‌ڵاڵن ” چونكه‌ ده‌سه‌ڵات ده‌یانكا و به‌رهه‌می سیاسه‌تی ئه‌وانه‌ . ئه‌مه‌ نه‌ك له‌نگی ئه‌م ته‌رازوه‌ نیشانده‌دا،‌ به‌ڵكو ئاشكرای ده‌كا كه‌ ته‌رازوه‌كه‌ خۆی‌ یه‌كتایه‌!! به‌ڵام لۆمه‌ ناكرێن چونكه‌ ئه‌و ” شه‌رعه‌ ” ی ئه‌وان ده‌ستی بۆ ده‌به‌ن كارێكی به‌سه‌ر ئه‌م بێمافی وئازاره‌وه‌ نیه‌ و بگره‌ ڕێگاشی بۆ خۆشده‌كا . ئه‌گه‌ر بندیوار هه‌بێ له‌م ووڵاته‌ ئه‌وا له ڕیزی‌ پێشه‌وه‌ ئه‌ندامانی ئه‌م لیژنه‌ی فه‌توایه‌ن ، نه‌ ئیش ونه‌كار ته‌نیا دانراون بۆ فه‌توا دان دژی خه‌ڵك و له‌به‌رژه‌وه‌ندی ده‌سه‌ڵات !
له‌ ڕاستیدا ده‌بووئه‌م لیژنه‌ی فه‌توایه‌ به‌ده‌ركردنی فه‌تواكه‌ی چه‌ند مانگ له‌مه‌و پێشیان له‌مه‌ڕ كۆرۆنا، كاتێك‌ بانگه‌وازی خه‌ڵكیان كرد بۆ چونه‌ مزگه‌وت وفه‌توایاندا كه‌ هه‌رچی له‌و ڕێگایه‌دا، واته‌ چونه‌ مزگه‌وت، به‌كۆرۆنا بمرێ “شه‌هیده‌ “، به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ی نه‌برد فه‌تواكه‌یان وه‌ك بڵقی سه‌رئاو به‌هه‌وادا چوو، هه‌ر ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ش كه‌ ئه‌وان ته‌پڵی بۆ لێده‌ده‌ن ئه‌م فه‌توایه‌ی پێ قووتدانه‌وه‌ و ماهیه‌تی ئه‌وانی ده‌رخست كه‌ جگه‌ له‌ گوێله‌مست هیچی تر نین، به‌ڵام به‌لای ئه‌وانه‌وه‌ وه‌ك به‌رد له‌به‌رد نه‌ترازابێ وابوو بۆیه‌ دووباره‌ ده‌رگای فه‌توایان خسته‌وه‌ سه‌ر پشت وئه‌م ” شه‌كره‌یان شكاند “!
ده‌بوو دوای ئه‌م فه‌توای كۆرۆنایه‌ ، ئه‌گه‌ر ئه‌ندامانی ئه‌م لیژنه‌یه‌ ده‌ربه‌ستی كه‌سایه‌تی خۆیان بونایه‌ ،‌ وازیان له‌م پیشه‌یه‌وله‌م فه‌تواو فه‌تواكاریه‌ هێنابا و وبه‌دوای كارێكدا گه‌ڕابان كه‌ ژیانی خۆیان وماڵ ومنداڵیان دابین بكا و نانی ” حه‌ڵاڵی ” به‌دواوه‌ بێ .
كارنامه‌ی لیژنه‌ی فه‌توا له‌ ماوه‌ی 29 ساڵ حوكمڕانی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌حزابی ناسیونالستی كورد ، كارنامه‌یه‌كی ” ڕه‌شه‌ ” ئه‌وان وخه‌تیبی به‌شێك له‌ مزگه‌وته‌كان به‌به‌رده‌وامی هه‌ڕه‌شه‌ و فه‌توای ته‌مبێ كردن وكوشتنیان بۆ هه‌ڵسوڕاوانی چه‌پ وكۆمۆنیست ، بۆ چالاكوانان له‌مه‌یدانی به‌رگری له‌ مافه‌كانی ژنان و بۆ خه‌ڵكی ئازیدیخواز ده‌ركردوه‌ و به‌به‌رچاوی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ به‌شێك له‌و تاوانانه‌ جێبه‌جێكراون. تیرۆری هه‌ردووك هاوڕێی كۆمۆنیست ( شاپور عه‌بدولقادر وقابیل عادل ) له‌ ناو جه‌رگه‌ی شاری هه‌ولێر رۆژی 18 / 4 / 1988 نمونه‌یه‌كی دیاری ئه‌م جۆره‌ تاوانانه‌ن‌ كه‌ به‌رهه‌می فه‌توای ئه‌م مه‌لایانه‌‌ بووه‌.
به‌درێژایی مێژووی به‌شه‌ریه‌ت ، ئایین ، به‌هه‌موو رێبازه‌كانیه‌وه‌ ، دارده‌ستی زاڵمان بووه‌ ، له‌ چاخه‌كانی ناوه‌ڕاستدا كه‌نیسه‌ له‌ ئه‌وروپا نه‌ك ته‌نیا پشتیوانی له‌ چه‌وساندنه‌وه‌ی به‌رده‌كان كردوه‌ له‌ لایه‌ن فیئوداڵه‌كانه‌وه‌، به‌ڵكو یه‌كێك بووه‌ له‌دامه‌زراوه‌كانی سیستمی فیئوداڵی و پیاوانی ئایینی شه‌ریك وبرابه‌شی فیئوداڵه‌كان بوون . سه‌ره‌تا به‌ سیاسه‌تی خۆڵكردنه‌ چاوی خه‌ڵك ده‌ست پێده‌كه‌ن تا ئه‌و كاته‌ی بۆیان چوبێته‌ سه‌ر، وئه‌گه‌ر نا، ئایین ، له‌ ڕێگای پیاوانی ئاینیه‌وه‌، ده‌بێته‌ كوته‌كی ده‌ستیان بۆ سه‌ركوت و داپڵۆسین، له‌هه‌مانكاتیشدا دوا سه‌نگه‌ریان ده‌بێ بۆ خۆحه‌شاردان وخۆپاراستن له‌به‌رامبه‌ر ناڕه‌زایه‌تی و ڕق و توڕه‌یی خه‌ڵكدا ، نمونه‌ی ئه‌م جۆره‌ كرده‌وانه‌ له‌ مێژوودا كه‌م نین ، له‌وانه‌ ، ده‌ورو نه‌خشی ئه‌و پیاوه‌ ئایینیانه‌ی له‌ پاكتاوكردنی ئه‌رمه‌نیه‌كاندا به‌ده‌ستی ده‌وڵه‌تی عوسمانی له‌ساڵی 1915 بینیان ، په‌نا بردنی هیتله‌ر بۆئاین‌ له‌جه‌نگی جیهانی دووه‌مدا كاتێك له‌ناو ئاپورایه‌ك له‌هه‌وادارانیدا ئینجیلی گرت به‌ده‌سته‌وه‌ ووتی : له‌خوا ده‌پاڕێمه‌وه‌ ئه‌وكاره‌مان لێ پیروزكا وبه‌هێزمان كا بۆ ئه‌نجامدانی ! وسه‌دامیش له‌دوا ڕۆژه‌كانی ده‌سه‌ڵاتیدا كاتێك “الحملة الإيمانية ” ی ڕاگه‌یاند وسه‌ری هه‌زاران ژنی بێتاوانی به‌سه‌رده‌رگای ماڵه‌كانیانه‌وه‌ هه‌ڵواسی و له‌به‌ركردنی قورئانی كرده‌ مه‌رج بۆ ئازادكردنی زیندانیه‌كانی، نوێترینیشیان دوناڵد ترامپ كاتێك به‌‌به‌ر چاوی كامێرای ڕاگه‌یاندكاران ئینجیلی گرته‌ده‌ست وپه‌یمانی دا دژی دوژمنانی خوا بجه‌نگێ.

30 / 6 / 2020




خانەنشینیتان باش پەرلەمانتاران …عەلی مەحمود محەمەد

11 ساڵ و نیو زیاتر بەسەر ئەو كاتەدا تێدەپەڕێت , بۆ یەكەمجار نەك لە كوردستان بگرە لە عێراق و جیهانی عەرەبیش , دەستمان كرد بە راگەیاندنی هەڵمەتێك لە پێناو هەڵوەشاندنەوەی خانەنشینی پەرلەمانتاران و كەمكردنەوەی موچەكانیان بە تایبەتی و پلە باڵاكان بە گشتی لە هەرێمی كوردستان, لەو ماوەیەدا 34 خۆپیشاندان و سەدان چالاكی جۆراوجۆرمان بۆ ئەو مەبەستە ئەنجامدا, تا داواكاری هەڵمەتەكە بووە داواكاری گەل و شەقام , ئەوە نەبێت نەمان زانیبێت بیرە نەوت و گازەكان و شاخە پڕ كان و چەمەنتۆو زەوییە پان و بەرینە ستراتیژییەكان و قاچاخچێتی بڤەو سپیكردنەوەی پارە رەشەكان و چاوساغی فڕۆكە بێ فرۆكەوانەكان و كاركردن بۆ دەزگا سیخوڕییەكان و … سەرچاوەی دەوڵەمەندییە زەبلاحەكانن, نەك موچەی پلە باڵاكان, بەڵام جیاوازی زۆری موچە لە كەرتی گشتی دەرخەری نیشانەیەكی زەقی نادادپەروەرییە لە هەر وڵاتێكدا, پێوەرێكی بنچینەییە بۆ دەرخستنی نا دادپەروەری لە دابەشكردنی سەروەت و سامانی وڵات.

لەو ماوە دورو درێژەدا زۆر موزایەدەی بێ كردار, زۆر واژۆی بێ بەرهەم , زۆر پڕۆژەی بێ خاوەند لە كۆتاییدا, زۆر بەڵێنی بێ بەجێ گەیاندنمان بینی, زۆر سوێندی ئاینی و عەلمانی بە موقەدەساتەكانی خواو شەهیدان و قوربانیانمان لایە بێ خاوەند لە ئەرشیفەكان كەوتوونە, زۆر حیزبی یەكسانی خوازی موچە پەرست, زۆر پارتی ئاینداری حەرامخۆر….زۆر مناڵی زمان ئاگراوی بە موچەی 51 وەرەقەیی تا مردن خانەنشین بوومان بینی, دەتوت ئەو هەموو بەڵێن و وەعدو ئیمزایەی كردبویان ئەوان نەبوونە و مێش میوانیان نەبوو…… لەم 11 ساڵەدا هێندەی موزایەدە بەم دۆسیەیەوە كرا, بە هیچەوە نەكرا, كەسی وا هەیە واژۆی لەسەر چەندین پڕۆژە یاسای لەم چەشنە كردووە, كە هەمووی لای بەندە پارێزراوە, بەڵام هێشتا مەرەكەبی واژۆكانی وشك نەببوەوە, خانەنشینی 51 وەرەقەیی خۆی خستە تەنگەی باخەڵ و ببڕای ببڕ ورتەی لێوە نەهاتەوە, وەك ئەوەی ئەوان نین موچەی خانەنشینییەكەیان نەك كاتی پەرلەمانتارییەكەیان لە موچەی نیوەی سەرۆكەكانی جیهان زیاترە , زۆری ئەمەش لە ژێر ناوی ئەوەی گوایە حكومەتەكەمان دزە و ئەمین نییە بۆیە وەریدەگرن.
بڕیارە ئەمڕۆ 1-7 كە رۆژی لە دایك بوونی نیوەی هاووڵاتیانی كوردستانە , پەرلەمانی كوردستان دەرگای رەتكردنەوەی خانەنشینی بۆ ئەندامە كۆن و نوێكانی بكاتەوە , كە ئەمەش باشترین دیارییە بۆ رۆژی لەدایك بوونی لایەكی كوردستان, لەماوەی رابردوو هەر لەم خولەی پەرلەمان چەندین كەس بڕیاریان داوە ئەو خانەنشینیە رەت بكەنەوە , ئێمەش لە كاتێك كە جوڵەو كردەی پراتیكیمان لێ سەنراوەتەوە, لەم وڵات و شارە ئازادەدە لەماڵەوەش لە ژێر چاودێری پزیشكی نا, بگرە سیاسی و ئاسایشداین, بۆیە ناتوانین بە چالاكی پێشوازی لەم حەدەسە بكەین, چاوەڕوانین قەولەكان چ بۆ پەرلەمانتارانی ئێستا وە چ بۆ رابردوو ببێتە كردار, بڕیاری ئەمڕۆ موزایەدە ناهێلێت , قسە زلەكان پوچە كاتەوە, فەرمووون ئەمە كردار و رەتی بكەنەوە , دەنا ئەوانەی چەندین ساڵە موزایەدە دەفرۆشنەوە ئیتر سیحری فشەو درۆكانتان بەتاڵە بێتەوە ئەگەر رەتی نەكەنەوە .
كاتی ئەوە نەما بە شەو لە شاشەكان لە گەڵ بن , بە رۆژیش لە مەیدانی پراتیك دژ.




کەس بەرگەی هەستەکانی نەگرتووم ..4.. خۆدواندنی: ستیڤان شەمزینی

کەس بەرگەی هەستەکانی نەگرتووم
چونکە بە شێوازێکی نامۆ عاشق دەبم..
بەشی چوارەم..

خۆدواندنی: ستیڤان شەمزینی

لیزا: لە دوورەوە مرۆڤێکی داخراو دیاریت، بەڵام لە نزیکەوە هیچ دەرگایەکت نییە بۆ هاتنە ژوورەوە!! بۆچی ئەم وێنایە بەم جۆرەیە؟.
ستیڤان: هیچ شتێک لە دوورەوە ناوەڕۆکە راستەقینەکەی دیار نییە، من بۆ خۆم وەهام تاکو شتێک لە نزیکەوە نەناسم بڕیاری لەسەر نادەم. زۆرینەی باوەڕداران و بێ باوەڕوان بە ئاین هیچیان لە نزیکەوە گەوهەری ئاین ناناسن، بۆیە لەگەڵ هیچکامیان تەبا نیم.
لیزا: وەڵامی پرسیارەکەت فەرامۆش کردم، سروشتێکی سەیرت هەیە هەر پرسیارێکت بە دڵ نەبێت، وەڵامێکی بە دڵی خۆت دەدەیتەوە.
ستیڤان: تۆ لە روانگەی خۆتەوە پرسیار دەکەیت، ئەوەش مافی خۆتە. منیش لە گۆشەنیگای خۆمەوە وەڵام دەدەدەمەوە!. ئایا مافی خۆم نییە؟.
لیزا: بێگومان مافی خۆتە، بەڵام تۆ پرسیارەکانم ئیستغلال دەکەیت بۆ وەڵامێک خۆت مەبەستتە، نەک ئەو وەڵامەی من بە دوایدا دەگەڕێم.
ستیڤان: مرۆڤێکی ئایدیالیست نیم، هەموو وەڵامەکانم بەو جۆرەیە تێیاندا عەقڵ قسە دەکات. لە راستیدا حەزیشم لە پێچ و پەناکردنی زۆرە، بۆ ئەوەی چرای عەقڵ هەموو جێگە تاریکەکانی هەست رۆشن بکاتەوە.
لیزا: کەواتە ئێستا وەڵامی پرسیارەکەم چییە؟.
ستیڤان: بە دڵنیاییەوە لە نێو پرسیارەکەی خۆتدا وەڵامەکەیت دەست دەکەوێت!!. چوونکە دەشێ هەر مرۆڤێک پێش و پاش ئەوەی لە نزیکەوە دەیناسیت دوو وێنای جیاوازی هەبێت. تۆ دەتەوێ بگەیتە وێنایەکی مەلموس، کەواتە زۆرتر نزیک ببەوە، هەرچەند گرەنتی نییە ئەو کات بگەیتە وێنەی هەقیقییەکەی من.
لیزا: من دەتوانم ئێستا پێناسەیەکت بکەم.
ستیڤان: هەرچەند پێناسەکردنی من زەحمەتە، رقیشم لەهەموو پێناسە دیاریکراوەکانە، بەڵام فەرموو.
لیزا: سەرەتا خۆم رۆحێکی زۆر یاخیم هەیە، یاخیم لە خوا و ئاین و کولتوور و سیاسەت و خێزان و خانەوادە! ڤایرۆسێکم دەچمە ناو خەوە پیسەکانی دەسەڵاتدارانەوە، کابووسێکم لە زۆرداران نابمەوە، سوکرات ئاسا خەڵک گەندەڵ دەکەم و ئامادەشم بۆ هەڵقوڕاندنی جامە ژەهری دەسەڵاتداران. تەنیا دیلی قەفەزی مەعشووقم، تەنها کڕنووش بۆ عەشق دەبەم. تۆش هەمان پێناسە دەتگرێتەوە.
ستیڤان: من جیهانێکی راڤە نەکراوم، تۆش ناتوانیت بمخوێنیتەوە، هیچ کات ئەو کەسە نادۆزمەوە ئەو هێرۆگلیفیایە بخوێنێتەوە کە دەروازەی راڤەکردنمە. کێشەکەم ئەوەیە لە ژیانما کەسێکم نەبینیوە وەک خۆی لێم تێبگات. هەمیشە وێنایەکی شێواوی هزری من دەبینن، ئەگەرچی من فۆتۆیەکی ریالیست و رووتی خەیاڵدان و روانگەکانم دەخەمەڕوو!.
لیزا: ئەی تۆ بۆچی واقیعی خۆت تەڵخ دەکەیت؟!!.
ستیڤان: دەزانیت جیاوازیی من و تۆ چییە؟ تۆ دەتەوێت من بخەیتەوە ناو واقیع، بەڵام من بۆ خۆم خەیاڵم، ژیانیش بۆ خۆی خەیاڵێکە و هیچی تر! هەروەک چۆن فیلمی سینەمایی زادەی خەیاڵە، ئاوهاش ژیان کۆمەڵە ئەکشنێکە لە نێو خەیاڵدا.
لیزا: بیرۆکەکانی تۆ پڕن لە خەونی ئازادیی و بچڕاندنی زنجیرەکان. تۆ دەبێت دەرکی ئەوە بکەیت زۆرینە لە ئازادیی تۆقیون. تۆقان لە ئازادیی تێگەیشتن لە تۆی کردۆتە کارێکی مەترسیدار، بەڵام ئەوە منم لە هەموو کاتەکاندا بەرەو تۆ دێم، هەروەک چۆن تۆش هەموو ئازادیی خۆت دەکەیتە کۆیلایەتی ئەوینی من!!.
ستیڤان: من لە ژیانمدا کەس قەدی نەگرتووم، هیچ کاتێکیش هەوڵیان نەداوە لێم تێبگەن. کەسیش بەرگەی هەستەکانی نەگرتووم. شێوازێک عاشق دەبم نامۆیە بە هەموو کەس، بەو هۆیەوە هەمیشە هەستم بە تەنهایی خۆم کردووە، رۆحم تەریک و وێڵ بوو لە ئەشکەوتی تەنهاییدا. رۆحیش بە مانای ئەو تەزووە موچڕکە بەخشانەی لە هەستەکانمدا دێت و دەچێت. وای چەندە بێ چارەم من.!
لیزا: هەمان هەستی منیشە، لەوەتی خۆم دەناسم بەردەکەی سیزیف پاڵ دەنێم بۆ سەرەوە، هەموو کات لێم خلۆر دەبێتەوە. وەک بوونەوەرێکی ناعەقڵانی بەم شێوەیە سوڕی ژیانی خۆم تەواو دەکەم.
ستیڤان: سیزیف بێ هیوا نەبوو، باجی هەڵەکانی خۆی دەدا، بەڵام ئێمە باجی هاتنە ژیانەوە دەدەین.
لیزا: کەواتە داستانی سیزیف دەزانیت، ئەو هەموو رەنجە و کۆتاییەکەشی تەنیا بێ ئەنجامی.
ستیڤان: چوونکە نەخۆشی شێرپەنجەم هەیە، باش لە گەمەی سیزیفی تێدەگەم، ئەو هەموو ئازارە و تەحەدایە سەرئەنجامەکەی بە مەرگ کۆتایی دێت. لە هەرزەکاریدا سیزیفم بەم جۆرە ناسی: لە میتۆلۆژیاى یۆنانیدا (سیزیف) پادشاى (کۆرینس)ە کورى (ئیلۆیسى) پادشاى تیسالییە. زیۆس (خواى خواوەندەکان) لێى زویر و تووڕە دەبێ و نەفرەتى لێدەکات، بەوە سزاى دەدات رۆژانە بەشانى خۆى بەردێکى گەورە بەسەر شاخێکدا سەر بخات و لەسەر لوتکەکەى دایبنێت! ئیتر بەم شێوەیە سیزیف هەموو رۆژێک بەشان بەردێکى گەورە سەر دەخات بۆ لوتکەى چیا و ئێوارە تل دەبێتەوە بۆ خوارێ، رۆژى دوایى سەر لەنوێ بەردەکە سەر دەخاتەوە، بەم جۆرە کارەکە بەردەوام دەبێت تا کۆتایى.
لیزا: بیر لەوە دەکەمەوە، مانیفێستی نائومێدیی بڵاوبکەمەوە. مانیفێستەکەی من تەنیا چەند وشەیەکی و هیچی تر: ژیان بێتام و بی مانا و بێ بەها و تاریکییە!!. ئەمە هەمووی بوو. THE END!!.
ستیڤان: ئەوە مانیفێستی منیشە. بڕواش ناکەم لەم گەردوونەدا بوونەوەرێک هەبێت وەک من غەمبار و تەنها، ئیدی بە وەهمەکان فریو ناخۆم، من لە پەڕاوێزی هەموو شتێکدام.

لیزا: وەها تێمەگە هەموو ئەوانەی پێدەکەنن، دڵخۆشن، هەر ئەو خانمەی لە یانە شەوانەکەدا بە رووی هەمووانەوە پێدەکەنێت و گۆرانی دەڵێت، لە کۆتایی ئاهەنگی شەوێکدا بە دەنگێکی حەزین پێی وتم: هەر خەندەیەکی من لەسەر هەزارەها دڵۆپە فرمێسک رۆنراوە.

——————————————-

تێبینی: ئەم تێکستە بریتییە لە مۆنۆلۆگ نەک دیالۆگی دوو کەس، کۆی بەشەکانی ئەم مۆنۆلۆگانە لەنێوان 2010-2017 نووسراون. لە بەرگی دووەمی کتێبی “قوتووی عەتار” لەلاپەڕە 488-522 بەشێوەی کتێبی کاغەز لە ساڵی 2018 چاپ بوون




خوێنی پەمەیی سیمرخی نیشتمان … شيعر: كاوه عوسمان عومه ر

تەرزەی لمی مەرگت،،
بێ سیمرخی وونی شار..
هێدی هێدی بە سەر مێرگی دلێکی..
زەردهەلگراوا دەڕژێیتە خوار،،
خۆشت وون کەی،،
یان لێرە بی ،،،
یان هەر نشینگه یەکی تر..
هە ورە تەنیاو جه ستە خوێناویەکان،،
لە گریانی خۆیان بەردەوامن
………
لەگەل ئاوینە ڵێڵه کەی …
گەڵاڕێزانی پایزێکی ناوه‌ ختە شا..
هه‌ ر هیچ مه ڵێ،،،
دەرگای دنیایەک لە ئه فسانەی…
رۆشتنە بۆهەیمیە کانی منت بۆ واڵان
………
گوی ڕادێرە لە ئا وازی سەکسیفۆنژەنی…
ئە و بروسکە یە ی..
لە سەر لەپی ئا سمانیەک،،
چێرۆکی بێهوودەیی…
تارمایی سه‌ رابی وەک من و تۆی نوسی
………
بە چرپەیەکی سارد و تەزیو پێت ووتم
بؤچی لەم دەروازەی دۆزەخە،،
پشویە ک نادەی؟،،،
تۆزیک خەمی پەرتبوونت…
لە دڵت دەرکەی،،
کەمیک چاوەڕێکەیت،..
بایەک دەگاتە ئێرە،،
جێ پێی ڕۆژە تەنیاکانت دەسڕێتەوە،،
بەڵام تۆ ئەوەندە لاسار و یاخیت،،
شوینە کان بونەتە کۆیلەی جێ پیکانت،،،
ئە ی کە سرک و بی ئۆقرەی تۆ،،
گەریدەی بی شوناس و ناونیشان،،
ئە ستیرە مەستەکانیش…
بە روخساریی نورانیت سەمەرەن
………..
ئێمە ئەو مرۆڤانەین….
وەک گەلاکان ئە وەرین،،،
وەک کاژێرەکان …
لە هیج شونێکی تر نانوسرێینەوە،،
بە سروتی ئازار نوسیت، ناوی..
ئەم ڕوبارەی وشەکانی تیا تەواو ئەبێ،،
من تۆ نادوێنم، تۆش وەک گەڵایەکی بابردوو…
تێپەڕ ئەبی،،،
بە بێ وورتە، دڵ وەرینێکمانە،،،
ڕۆحپژانێک، بوون بە سەرابێک…
لە ژێر فانوسێ لە شەوی بێهودەیی
………..
من دوێنێ لەشاری لمەوە گەڕامەوە،،
نمە بارینی تۆ نەبوایە…
یەک ڕۆژیش چیە نەئەبوومە ئۆرکسترای شارێک،،
وەک خەو دێت و ئەچێ، وەک بەلەم ،،
ڕێئەکا بۆ هەورێ شەرابی،،
تۆش پێکێ لەسەفەریت،
شمشاڵی ئەرخەوانی بیابانی منیت،،
جێگایەکت لە خەیاڵی سپی مندا داگیرکردوە، ساتەکانم بۆت ..
پەڕەسێلکەن لە تەم، چەمێکە نوسینەکانم،،
گیا و قەزەی سەوزی بەهارێکن…
لە ڕەنگاڵە، وەک ڕوخسارم..
چیمەنی شەوم سەوزە، بیرم بێ..
هەردوکمان مەستتر ئە بوین..
بەو ڕۆژە خاکیانەی، جوتیارەکانی…
ژێر مانگێکی قەشەنگ،،
شەن و کەوی نیشتمانی …
بە داسێک لە ئاوو….
فرمێسکی نەورەسەکان، ئەکردە هۆنراوەی….
ئاڵتونی، و بەردی کاتیش….
وەک پیانۆ تا بەیانی نۆتای مێرگێک بوو،،،
لە فیردەوسەوە کانیە مرواریەکانی چوبوەسەر،،،
………
هەر کە هەموان شار و درەخت و…
دەریاو کەشتیان لە پریاسکە نا،،،
بوومە پەرتوکێک لە ڕابردووی ڕەشەبای شار..
ئەسپی ڕەشی کوێستانێکم لە ئاگرو هەنگوین تاودا،
پشکۆکانی خەفەتی ژنە کۆستکەوتوەکانی جەنگم کردە…
مروای ملی وشەکان،،،
تارمایەک لە گەڵا بوو ئەو،،،
ئاورینگی چاوەکانیشی جێ پێی هەڵگرترم….
بەڵام کە سیمرخی شاریان زامدار کرد،،،
هەورەکان بێ چوون و هاتنی من…
گوڵ و بارانی باخچە سەربڕاوەکانی …
بە بێ من کێڵا، تازە چیتر …
ئەوانەی لە خەوا تاوسەکانیان لێ برا، ،،
چی پێویستیان بە گوڵ و بە بارانە،،
نوسینەوەی ڕوباریش بێ هەور زامە،،،
زۆریش چاوەڕێ کردنی گەڕانەوەی سیمرخی شار..
بێهوودەبوو، ئەوەتا لەسێبەری ….
حەزی بینینەوەی دەروازەی شارا،،،
دارستانەکان بوونەتە چۆڕێ زام،
ڕوخسارەکان بێشار و بێ سیمرخ ، وەک کڵاوێکن…
لە دەستی بادا، وەک پرچێکی هەوری ناسکن،،
لە دەستی گڕکانی خۆرێک، تەنیاییە بێ شار،،،
چرۆیەکە لە نامۆیی، وونبوونی سیمرخە،،،
……..
لە تەپ و تۆزی گەیشتنی مەلی ڕەشی جەنگەکان …
کەسمان سیمای یەکتر ناناسینەوە،،،
ئەم جارەش گفتت ئەدەمێ ، ئەسپی کات …
تاودەم ، تا ڕەهێڵە بە منداڵیەوە بهێنمەوە…
پێت ووتم بۆشویەک نادەی…
خۆ سەربازەکان تەنها پارچەیەک لە ڕۆحیان بردوە،
هێشتا سیمرخی نیشتمانمان ماوە،،،
من ووتم تازە پێکانم باڵی سرکن،،،
تواناشم بەسەریانا نەماوە،،
چۆن پشوو دەم،،،
ئەم هەموو فریشتە باڵشکاوانە….
گیانەڵەیانە،،
لیرە خوێنی بیروەری هاوڕێ وونەکانیش…
بە دڵی داری سوتماکمەوەیە،،،
جێ فرمێسکەکانی دایکە بەستەڵەکبوەکانیش،
بەردەکانی بینینەوەی ئێمەیان توانوەتەوە…
چۆن ببمەوە بە ئاو، کە لمم ئێستا..
چۆن ببمەوە بە کانیەک لە وشە و گیا
بە سنەوبەرێک،
لە مێرگی کاتە وەریوەکانا،،،
کاتێک سیمرخی نیشتمانیان ،،
لە خوێنی پەمەییا گەوزاندوە.




كام باڵی پارتی دژایه‌تی پارتی كریكارانی كوردستان ئه‌كات؟ … ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب

پارتی له‌ مێژه‌وه‌ دژایه‌تی P.K.K ئه‌كات و هه‌ر جاریك به‌ بیانوویه‌كی درۆستكراوو زۆر جار به‌ میوان ناویان ئه‌به‌ن و زۆربه‌ی كورد ئه‌زانن كاتێك‌ ‌مەسرور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ھەرێمی کوردستان و نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی بنکە فراوانی کوردستان بوون داوایان لە میوانەکان کردو مەبەست لە میوانەکان پارتی کرێکارانی کوردستانه‌ سەری خۆیان ھەڵگرن و برۆن و،‌ مەسرور بە روونی وتی: دەبێت پارتی کرێکارانی کوردستان قەندیل جێبھێڵێت، چونکە لەنێو خاکی عیراقدایە! و وتیشی: “ھێزەکانی (پەکەکە) و (یەپەگە) میوانن و، پاشان نێچیرڤان بارزانی وتی: میوانەکان ئەبێ بچنەوە شوێنی خۆیان و خاکی ھەرێم بەجێبھێڵن، من لێرەدا تەنھا پرسیارێک ئەکەم و وەڵامیش لای گەلی کوردستانە: ئایا کوردان لە سەر خاکی باوباپیران میوانن؟ دیارە ئەم داوایە پر شەرمەزارییە لە سەر خواست و ئارەزووی ئەردۆگانی شۆڤەنیست و تاقمە رەگەزپەرستکانی حیزبی “” دادو گەشەپێدان”” و ئیخوان موسلیمەکان بووەو، ھەر ئەمەش بووە زەنگی ھەڵگیرسانی شەر لە دژی گەلی کوردستان و P.K.K .
له‌ پاش ھاتنی ئاشتۆن کارتەر وەزیری بەرگری ئەمریکا لە 24/7/2015 بۆ ھەولێر ( بەسەردانێکی گووماناوی ) و کۆبوونەوەی لە گەڵ سەرۆکی ھەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی و بەرپرسانی باڵای سەربازی و لە پاش4 کاتژمێر رووی کردە تورکیاو، لە 25/7/205 فڕۆکە جەنگییەکان و تۆپخانەی تورکیا لە ناو خاکی ھەرێمی کوردستان لە ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراواندا بنکەکانی P.K.K یان لە باکوور و باشووری کوردستان بۆمباباران کردو، ھاوکات ئەحمەد داودئۆغڵو سەرۆک وەزیرانی تورکیا رایگەیاند بۆماوەی کاژێرێک گفتوگۆی لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە بارەی ئامانجی ئۆپراسیۆنی تورکیا کردووە.
شۆڤەنیستەکانی تورکیا رایانگەیاندو ئێستاشی له‌ گه‌ڵدا بێت کە چەقۆکە گەیشتوەتە ئێسقان و ئامادەن خەڵک لە ناوبەرن و قەندیل لە گەڵ زەوی تەخت بکەن و، ئەوەتا بە ئاشکراو بە بەرچاوی بەرپرسانی ھەرێمی کوردستان و حکومەت بە فرۆکەی جەنگی و فرۆكه‌ی بێفرۆكه‌وان و توبخانەکانی تورکیا لە ناو خاکی ھەرێمدا خەڵکی سڤیل و دانیشتوانی دێھاتەکان و میوانەکان لەناو ئەبەن و میدیاکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و میتی تورکی پاساو بۆ ھێرشەکانی تورکیا ئەھێننەوە.
دەوڵەتی تورکیای فاشست سیاسەتی ئاگرو ئاسنی لە باکووری کوردستان بەکارھێناو، شارە کوردییەکانی خاپور کردو، کوردی ناچار کرد خاک و ماڵ و سامانیان بەجێبھێڵن و سەرگەردان ببن و، دەیان و سەدان و ھەزاران ھاوڵاتی کوردی سڤیل گیران و کوژران و ته‌نانه‌ت ئه‌ندامانی په‌رله‌مان سه‌ر به‌ هه‌ده‌په‌ له‌ په‌رله‌مان ده‌ركران و گیران و، به‌وه‌ش نه‌وه‌ستا رەجەب تەیب ئەردۆگانی تیرۆریست ھێرشیكرده‌ سەر رۆژئاواو ھاوڵاتیانی کوردو پێکھاتە ئێتنیکییەکانی دەربەدەر كردو و ماڵ و سامانیان سووتێران و، شاڵاو ی هێنا بۆ باشوورو رۆژانە بە فرۆکەی جەنگی و بە تۆپ کوردستان کاول ئەکات و، تا ئێستا بەرپرسێکی بوێرمان نەدی کردەوەکانی تورکیای دوژمن ریسوا بکات و، زمانیان بەرامبەر بە تورکیا لاڵەو، چاویان کوێرەو، بەوەش نەوەستاون بێشەرمانە ئەلێن نێوانمان لە گەڵ تورکیا باشەو، لێرەدا پێویستە بەو بەرپرسان بڵێن : بەسە گەندەڵی، بەسە کرنوش بردن بۆ دوژمن به‌سه‌ ولأتفرۆشتن و، چیتر خاکی کوردستان مەدەن بە تورکیای فاشیست و، بە جادەی قێرتاو مەیھێنن بۆ زاخۆو سیدەکان وقەندیڵ و پێشیان مه‌كه‌ون و، ئەگەر یەکریزیتان ئەوێت و راست ئه‌كه‌ن دەبا بێدەنگی بشکێنین و بوێرانه‌ كرده‌وه‌كانی ئه‌ردۆگانی تیرۆریست ریسواو شه‌رمه‌زار بكه‌ن و، با ھەموومان تێبکۆشین بۆ ئازادکردنی خاکی کوردستان لە چنگی دوژمنان.
له‌ سایه‌ی باڵباڵینی نێو‌ پارتی ، باڵه‌ زاڵه‌كه‌ به‌ ته‌واوه‌تی چووه‌ته‌ سه‌نگه‌ری توركیاوه‌و بۆ ئه‌وه‌ی هێزو توانا په‌یدا بكات 50 ساڵ نه‌وتی خه‌ڵكی كوردستانی به‌خشیوه‌ به‌ توركیای فاشیست و، له‌مرۆدا ده‌زگای رووداو در له‌ راگه‌یاندنه‌كانی پارتی پاساو بۆ توركیا ئه‌هێنێته‌وه‌و ئه‌یه‌وێت P.K.K تاوانبار بكات و، له‌ پێش چه‌ند رۆژێك هوشیار زێباری ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی وتی : هاتنی توركیا بۆ ناو خاكی كوردستان مه‌ترسیداره‌و، پێشتر مەسعود بارزانی سه‌رۆكی پارتی چەندین کەرەت وتویەتی ئێمە شەری کورد ناکەێن به‌ڵام له‌و بارەیەوە سەرۆك وەزیرانی تورکیا رەجەب تەیب ئەردوگان وتویەتی: بۆچوونی مەسعود بارزانی سەبارەت بە پارتی کرێکارانی کوردستان { PKK} لەگەڵ بۆچوونی تورکیا وەک یەکەو ھیچ جیاوازییەکی تیادا نییە.
له‌و تابلۆیه‌ی سه‌ره‌وه‌ ده‌رئه‌كه‌وێت له‌ ناو پارتی باڵ دروست بووه‌و هێشتا نه‌ته‌قێوه‌ته‌وه‌و، رۆژانی داهاتوو ئه‌و راستییه‌ ده‌ر ئه‌خات و ئه‌و كات خه‌ڵك ئه‌زانێت كام باڵ له‌ گه‌ڵ خواستیان گونجاوه‌ و، كامیان نه‌خشه‌كانی توركیای فاشیست جێبه‌جێ ئه‌كات.
ئایا مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌ت له‌ گه‌ڵ پرسی په‌كه‌كه‌و توركیا چۆن ره‌فتار ئه‌كات؟، وه‌ك نێچیرڤان بارزانی جاران و وته‌پێژی حكومه‌ته‌كه‌ی سه‌فین دزه‌یی : په‌كه‌كه‌ میوانه‌و توركیا خاوه‌ن ماڵه‌ ؟ ، ئه‌گه‌ر خاوه‌ن ماڵ نییه‌ ئه‌و هه‌موو پێشێلكارییه‌ی توركیا له‌ پێناوی چی؟ كێشه‌كه‌ P.K.K نییه‌و، توركیا نیازی چه‌په‌ڵه‌و ئه‌یه‌وێت به‌ ئاره‌زووی خوی به‌شه‌كانی تری كوردستان داگیر بكات وه‌ك چۆن قوبرسی داگیركردووه‌و له‌ لێبیا شه‌ر ئه‌كات و له‌و دوو وڵاته‌ P.K.K نییه‌.
مێژوو ترسی له‌ كه‌س نییه‌و زۆر بێ ره‌حمه‌ !‌.
1/7/2020




جڵه‌وی رزگاربونمان به‌ده‌ست كێ یه‌؟ … عیماد عه‌لی

به‌ڵێ رزگارمان ده‌بێت، به‌ڵام به‌م شێوه‌یه‌ی باسی ده‌كه‌ین و له‌سه‌ر ‌ده‌ستی به‌ده‌ر له‌م ده‌سه‌لاته‌ مایه‌پوچه‌ و به‌دوور له‌ سه‌رجه‌م حزب و پێكهاته‌كانیه‌وه‌. پرسیاره‌ گرنگ و ته‌وه‌ری و چاره‌نوسسازه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌، چۆن و به‌كێ و كه‌ی ده‌كریت؟
ئه‌گه‌ر به‌ ماتماتیكانیه‌ حسابی بكه‌ین، وه‌ڵامێكی واقیعیانه‌ به‌دیده‌كه‌ین.
جارێك با ئه‌وه‌ بخه‌ینه‌ لاوه‌ و به‌ڕه‌هایی باوه‌ڕی به‌هێزمان به‌وه‌ بێت كه‌ تاوه‌كو ئه‌م حزبانه‌ و ئه‌م ده‌سه‌لاته‌ی باشوور مابێت و به‌م كه‌ره‌سته‌ ده‌ستڕۆیشووانه‌وه‌ به‌ڕێوه‌بچین و به‌م شێوه‌یه‌ ده‌ستیان واڵا بێت، به‌ پشت به‌ستن و له‌به‌رچاوگرتنی هۆكاری خودی و بابه‌تیشه‌وه‌ ده‌گه‌ینه‌ قه‌ناعه‌تی ره‌هایی كه‌ به‌هۆی تێكه‌ڵبوون و لێكئاڵانی هاوكێشه‌كان و پێكه‌وه‌به‌تسراویی به‌رژه‌وه‌ندیه‌ هه‌مه‌چه‌شنه‌ كه‌سی و حزبیكان، ده‌گه‌ینه‌ سه‌رئه‌نجامی ئه‌وه‌ی قه‌ناعه‌تی ته‌واومان هه‌بێت كه‌ رۆژ له‌ دوای رۆژ رووه‌ و خراپتر ده‌ڕۆین و تروسكاییه‌ك و هیوایه‌كی بچوكیش نابینینه‌وه‌ بۆ چاكبوون و چاكسازیی و به‌خۆداچونه‌وه‌ و ساغبوونه‌وه‌ی چاك و خراپی ئه‌مانه‌ی سه‌رساحه‌كه‌ی باشووری كوردستان و له‌ نسكۆ و ئاشبه‌تاڵ و شكستی یه‌كجاره‌كی نزیك ده‌بینه‌وه‌. ئه‌ی كێ قوتارمان ده‌كات وچۆن ئه‌و هێزه‌ دێته‌ ئاراوه‌ ئه‌و ئامانجه‌ چاره‌نوسسازه‌ بێنێته‌ دی؟
با ئه‌وه‌ش بلێین، كه‌ ته‌نانه‌ت هاتنه‌ ئارای زه‌مینه‌سازی و به‌رپابوونی شۆرشی سه‌رتاسه‌ری به‌هۆی بوونی دوژمنانی ده‌وربه‌ر و ده‌ستوه‌ردانیان وامان لێده‌كات كه‌ ئه‌گه‌ری ده‌رئه‌نجامی خراپتر له‌م وه‌زعه‌ به‌هێزتره‌ له‌ رزگاربوون و كه‌وتنه‌ سه‌ر سكه‌ی راست .
ئه‌ی رزگاربونمان چۆن و به‌ كێ ده‌كرێت؟
ئه‌گه‌ر وردبینه‌وه‌ له‌ مێژووی نزیكماندا سێ ئه‌زمونمان له‌به‌رده‌ستدایه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڵیانسه‌نگێنین و به‌ دیاریكردرنی فاكته‌ره‌كان ئه‌و ئه‌زمونه‌ یان كه‌ره‌سته‌ و پێكهاته‌یه‌ یان لایه‌نه‌ به‌ رێژه‌یه‌كی باڵاتر به‌ باشتر بزانین بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ك بژارده‌یه‌كی گونجاو بۆ به‌ ئازادی وه‌رگرتنی كلیلی رزگاری له‌ میله‌تی كورد له‌ كوردستانی باشوور به‌ گونجاوی بزانین. ئه‌و سێ ئه‌زمونه‌ بریتین له‌ :
1- ئه‌زمونی پارتی و خه‌باتی كلاسیكی 2- ئه‌زمونی یه‌كێتی و هاوشێوه‌كانی و خه‌باتی تێكه‌ڵی كلاسیكی و سه‌رده‌مانه‌ 3- ئه‌زمونی په‌كه‌كه‌ و هاوشێوه‌كانی له‌ چوارپارچه‌ی كوردستان و خه‌باتی گونجاوی سه‌رده‌میانه‌ی واقیعی.
هه‌ردوو ئه‌زمونی یه‌كه‌م و دووه‌م شكستهێنانی خۆیان سه‌لماند و بوارێكی بچوكیشیان نه‌هێشتۆته‌وه‌ بۆ قه‌ناعه‌ت كردنی خه‌ڵك وباوه‌ڕبون به‌وه‌ی كه‌ خه‌بات و مانه‌وه‌یان له‌سه‌ر ساحه‌كه‌ له‌ قازانجی خه‌ڵك بكه‌وێته‌وه‌. ده‌مێنێته‌وه‌ ئه‌زمونی سێیه‌م به‌ هه‌موو كه‌موكورتیه‌كانیه‌وه‌.
دیاره‌ ئه‌زمونی په‌كه‌كه‌ش بێ كه‌موكورتی نیه‌ به‌ڵام له‌چاو ئه‌وان تروسكاییه‌ك له‌ هیوا به‌ بونی قازانج له‌ هاوشیوه‌یی و هاوئه‌زمونی ماوه‌، به‌ڵام به‌ مه‌رج و چۆنێتی كاركردنی رێكخستنێكی هه‌لقوڵاوی خۆڕسكانه‌ی نێو چین و توێژه‌كانی گه‌لی كوردستانی باشوور ئه‌گه‌ر به‌ هاوكاری و پشتگیری خه‌ڵكی به‌ئه‌زمون و تێگه‌یشتووی هه‌مه‌چه‌شنی رۆشنبیری و سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی نێو خه‌ڵكی كوردستان بێت.
دیاره‌ تا ئێستای دوو تاقیكردنه‌وه‌ له‌مه‌ر هاوشێوه‌یی بونی په‌كه‌كه‌ و به‌ ده‌ستگیرۆیی و یارمه‌تی په‌كه‌كه‌ له‌ كوردستانی باشوور هاتۆته‌ ئاراوه‌، ئه‌وانیش (پارتی چاره‌سه‌ر و ته‌ڤگه‌ری ئازادی) ن. ئه‌وه‌ی راستی بێت و به‌ راشكاوی باسی بكه‌ین، به‌ هۆكارگه‌لێك و له‌پێشه‌وه‌یاندا له‌به‌رچاونه‌گرتنی تایبه‌تمه‌ندی باشووری كوردستان، تاوه‌كو ئه‌مڕۆ هه‌ردوولایه‌ن شكستیان هیناوه‌ و جێی ده‌ستیان دیار نه‌بووه‌ و نابێت‌.
پرسیاره‌كه‌ له‌وێدایه‌ ئه‌ی كه‌وابێت كوردستانی باشوور به‌ كێ رزگاری ده‌بێت؟
به‌ خوێندنه‌وه‌ی هه‌مه‌چه‌شنی بارودۆخی كوردستانی باشوور و مێژووه‌كه‌ی و عه‌قڵیه‌تی خه‌ڵك و باری رۆشنبیریو كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری و پێویستیه‌كانی ژیان و زه‌روره‌تی هه‌ڵقوڵانی ئه‌ڵته‌رناتیڤی گونجاو بۆ پێكهاته‌ی له‌ناوچو و بێ كه‌ڵك و ئیكسپایه‌ری ڕزیوی به‌رچاوی ئێستا.
به‌ڵێ هاوكاری و ده‌ستگیرۆیی و ئه‌زمون و شاره‌زایی چۆنێتی به‌ڕیوه‌چونی خه‌بات و كاری په‌كه‌كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ پێویه‌ستیه‌كان بۆ رزگاربونمان به‌ڵام به‌دوور له‌ده‌ستوه‌ردان و پاشكۆیه‌تی و هاوشیوه‌یی، به‌ڵكو به‌ سه‌ربه‌خۆیی كار و له‌به‌رچاوگرتنی تایبه‌تمه‌ندی باشوور و ئامانجه‌ تایبه‌تیه‌كان و خوێندنه‌وه‌ی قۆناغه‌كه‌ كه‌ چیاوازیه‌كی یه‌كجار زۆری له‌گه‌ڵ باكوور وباشوور و رۆژهه‌ڵات هه‌یه‌.
ئێستا، ئه‌و گه‌له‌ی باشوور زۆر كه‌ره‌سته‌ی باش و پڕ و عاقڵ و به‌توانا و ته‌نانه‌ت بیرمه‌ندی تێدایه‌ كه‌ هه‌مووان ده‌زانن شێوه‌ وجۆری حزبایه‌تی و مامه‌ڵه‌ی حزبه‌ گه‌نده‌ڵه‌كانی كوردستانی باشوور بێ هیوای كردوون و دووره‌په‌رێزن و خه‌ڵكیش ده‌كوڵێت و بێ سه‌ركرده‌ی راسته‌قینه‌ و دڵسۆز و ئازا و بوێر ماوه‌ته‌وه‌، ده‌كرێت به‌ هێوری و له‌سه‌رخۆیی و هێمنانه‌ سه‌ری هۆشمه‌ند و ژیر بخرێته‌گه‌ڕ و له‌كاتی ده‌ركه‌وتنی وه‌رچه‌رخانێكی گه‌وره‌ی سیاسی كۆمه‌ڵایه‌تی و له‌ ئانوساتی گونجاودا ئه‌ڵته‌رناتیڤی گونجاوی وه‌زعی كوردتسانی باشوور بكه‌ونه‌ كار و خه‌باتی دروست ور استه‌قینه‌ و هه‌نگاوی یه‌كه‌می رزگاری بنێن.
نه‌ك له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌م هه‌رێمه‌ خوێنی بۆ رژاوه‌ و قوربانی بۆدراوه‌ ، نه‌ك له‌به‌ر ئه‌وه‌ی تاكه‌ ئه‌زمونه‌ له‌ باشوور و تا ڕاده‌یه‌ك ئازادیه‌كی بێ پیشینه‌ی تێدا به‌رقه‌راربووه‌، نه‌ك له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتێكی خودبه‌ڕیوه‌بریشه‌، به‌ڵكو له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دوژمنان گوێقوڵاخ و له‌ بۆسه‌دان بۆ ئیستغلالكردنی هه‌ل و بۆشایی گه‌وره‌ بۆ هه‌ڵپه‌كردن و به‌كارهێنانی كه‌ڵپه‌ و نینوكه‌ دڕه‌كانیان بۆ له‌ناوبردنی قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان، بۆیه‌ به‌ زیان گه‌یاندن و هێنانه‌ رارای ئه‌گه‌ری له‌ناوچونی ئه‌م قه‌واره‌یه‌ جگه‌ له‌ ئه‌ڵته‌رناتیڤی خراپر هیچی به‌دواوه‌ نایه‌ت.
بۆیه‌. ده‌بێت كۆمه‌ڵێك فاكته‌ر له‌به‌رچاو بگیرێت، بۆ ئه‌وه‌ش ده‌بێت:

  • بوارنه‌درێت به‌ دروستبونی پشێوی و ئاژاوه‌گیڕی و ڕاوڕوت و له‌ده‌ستچونی جڵه‌وی وه‌زعه‌كه‌.
  • هه‌وڵی مانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی نێوخۆیی و داموده‌زگاكان و به‌هێزكردنیان به‌ به‌دیلی گونجاو به‌ پلانێكی تۆكمه‌ی درێژخایه‌ن و له‌ لایه‌ن رێكخستن و پێكهاته‌یه‌كی به‌دیلی ئه‌م گه‌نده‌ڵانه‌.
  • له‌به‌رچاوگرتنی جموجوڵی ده‌وربه‌ر به‌ تایبه‌تی ئه‌و هه‌ماهه‌نگیه‌ ژێر به‌ژێری و نهێنیه‌ی نێوان توركیا و ئێران و عیراق له‌سه‌ر حسابی به‌ خشكه‌یی نه‌هێشتنی قه‌واره‌ی هه‌ریم و كارئاسانیكردنی ئه‌و غه‌شیمانه‌ی كوردیش به‌ ئاگاییان بێت یان به‌ بێ ئاگایی.
    بۆیه‌. ده‌بێت خه‌ڵكی شۆرشگێڕ و نه‌ته‌وه‌یی و چه‌پ و نیشتمانی هه‌میشه‌ حازربه‌ده‌ست بێت و به‌وردی چاودێری بارودۆخه‌كه‌ بكات، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و خه‌می له‌سه‌ر ئه‌وه‌ زیاتر و پر به‌رپرسیارێتی و به‌تواناتره‌ له‌ سه‌رانی ده‌سه‌ڵاتی گه‌نده‌ڵ كه‌ بێ خه‌م و بێ شاره‌زایی و هه‌رزه‌كارانه‌ كوردستانی باشووریان به‌ڕێوه‌بردووه‌ و به‌م حاڵه‌یان گه‌یاندووه‌.
    به‌ پۆختیه‌كه‌ی، له‌ رووی مه‌بده‌ئی و بیروبۆچون و دڵسۆزی و پاك و خاوێنی و ده‌ستپاكی و زاهیدی و شاره‌زاییه‌وه‌، كوردستانی باشوور پێویتسی به‌ رێكخراوێك هه‌یه‌ كه‌ له‌ رووی دروشم و كار و چالاكی و رێكسختن و ره‌فتاره‌وه‌ تێكه‌ڵ بێت له‌ شێوه‌ی په‌كه‌كه‌ و هه‌به‌گه‌ و یه‌په‌گه‌ و پژاك و به‌دوور بێت له‌ پاشكۆیه‌تی ئه‌وان (بۆ ئه‌وه‌ی به‌ ده‌ردی پارتی چاره‌سه‌ر و ته‌ڤگه‌ر نه‌چێت) و به‌ پێكهاته‌ و تایبه‌تمه‌ندی كوردستانی باشوور بێته‌ئاراوه‌.