کوردایەتی چییە -3- کاوە جەلال

بەشی سێیەم
1

گومانی تێدا نییە کە کوردایەتی تەنانەت لە نوێترین کاتی سەردەمدا خواستی بۆ دەسەڵاتداریی میرایەتیی گونجێنراو بە سەردەم هەیە، ڕەنگە تەنانەت ئەندێشەی شانشینی (ی دامەزراوەیی) ناخی تەنیبێت. لە بنەڕەتدا خواستی بەو چەشنە تەواو گونجاوە بە سروشتی خێڵەکی-گوندی خۆی، ئەوەش بەڕوونی لە ڕەفتاری سیاسی و جڤاکیانەیدا خویادەبێت، هەروەها شارنشینانی خزمەتکاری هەرگیز ئەو خواستەیان ناشارنەوە و وەک چارەسەری پەرتەوازەیی کورد دایدەنێن، لێ گەر بەوردی بڕوانین، دەبینین کە ئەوان “میکانیستیانە” ئەو چارەسەرە دەبینن، واتا هەوڵ دەدەن سەرۆک بە هەر کلۆجێک “دروست بکەن”.
لەم پەیوەندییەدا پێویستە دانوستانی چەند کێشەیەکی کرۆکی بکەین. یەکێکیان ئەو پرسیارەیە کە “ئایا سەرۆک دروست دەکرێت؟”. کێشەیەکی دیکە پەیوەندە بە پەرەسەندنی ژمارەی دانیشتوانی شارنشینانەوە کە بەتایبەتی لە ئاشبەتاڵی 1975 بەدوواوە گوڕدەسێنێت؛ کێشەیەکی دی ئەوەیە کە تەریب بە وەرگۆڕان و دۆخگۆڕییەکانی نێو کوردانی ئێراق هاڤرکێی جۆرەکیی مەبەستمەندانە لە کوردستانەکانی دیکەوە بەرانبەر خێڵەکێتیی گوندی و شارنشینی پەیدابووە کە بریتین لە پ.ک.ک. و خوشکە پارتەکانی. ئەوجا ئێمە پێویستە لەپاڵ ئەو کێشە ناوبراوانەدا کارەکتەری ستەمکار و بێئابڕووی خودی خێلەکێتی وەک کێشەیەکی دیکە بۆ قەدەری ئەو خۆی و داکەوتی هەموو کوردان ڕەچاو بکەین.

2
کوردایەتی، کە لە هەردوو ڕووی خێڵەکی-گوندی و خێڵەکی-شارنشینییەوە بەسەر هۆش و دەروونی کوردانی سۆزمەند و ساکاردا زاڵ بووە، نەیتوانیوە لەنێو خۆیەوە دەرفەت بۆ سەر-هەڵدانی سەرۆک بڕەخسێنێت، هەروەها لە ڕووی کەسەکییەوە نەبینراوە کە کەسێتی “بەنێویدا هەڵ-بکەوێت”، چونکە سوننەگەریی خودی کوردایەتی کە پابەندبوونە بە ئاستی لێرەبوونی (وجودی) جڤاکیانەی کەس و هاوکات کارکردنە بە پێشوێنەی چەسپێنراوی ئیسلامیانە، پرنسیپی مرۆڤی ناناسێت، کە دەبێت هەموو مۆرکەکان بۆ سەر-هەڵدانی سەرۆک لەخۆبگرێت، بە پێچەوانەوە کوردایەتی لەنێو سەرجەم پرۆسەکانی مۆدێرنیزەکردندا(1) هەروەها لاساییکەرەوانە هەوڵی “دروستکردن”ی ئەمیش دەدات، بۆ ئەم مەبەستەش هیچ مۆدێلێکی دیکەی جگە لە پەیوەندییە تاک-دەسەڵاتییەکانی خێڵەکێتی لە بەردەمدا نەبووە و نییە.
کێشەی خێڵەکی-گوندی و هەروەها خێڵەکی-شارنشینی لە پرسی سەرۆکێتیدا ئەوەیە کە شۆڕەسوارانیان وەک پابەند بە جیهانی سوننەتی نە لە سەردەمانی دێرینتردا توانای کەسییان هەبووە و نە لە سەردەمی ئەمڕۆدا توانای کەسی و جڤاکییان ماوە بۆ ئەوەی دەسەڵاتیان لە پەیوەندیی نێوخۆییدا بسەپێنن. ڕوونتر ببێژین، لەنێو کوردانی ئێراقدا (بێگومان هەروەها ئێراندا)، لایەنی کەم لە سەردەمی دەوڵەتی ئێراقدا، “پیاوی ئازا بە ئەدگاری ‘سەرۆک’ەوە هەڵنەکەتووە”، واتا خەباتگێڕێک کە وەک بکەر بۆ مردن ئامادە بێت، هاوکات لێهاتوویی جڵەوگرتنی سیاسیی هەبێت، ئەوجا ڕاشکاوانە بۆ ئەو مەبەستە بێتە مەیدانەوە و داوا بکات کە “دەیەوێت” بەرپرسیاریی سەر-کردایەتی، سەر-ۆکایەتی، بگرێتە ئەستۆ، بەرانبەر ئەوەش ئۆتۆرێتییەکەی لە لایەن پێکڕای هاوکارانییەوە و بەڕێی ئەوانیشەوە لە لایەن هیچ نەبێت زۆرینەی کوردانەوە قبووڵبکرێت.
ئێمە لێرەدا بەڕوونی دەبینین کە “بە-سەرۆک-بوون” هەڵچوونێکی بکەریانەی خۆییە بەنێو ژیانی جڤاکی و سیاسیدا، کەواتە بریتییە لە “پێگەیشتن” لە سەرەتایەکەوە ڕووەو پێگەی بەرپرسیاری، پێشمەرجی ئەم هەڵچوونەش بریتییە لە هەڵوەشاندەوەی کەسێتیی سۆسیۆ-کولتووریانەی خۆ و بنیاتنانەوەی کەسێتییەکی نوێی شۆڕشگێڕ، کەواتە وەرچەرخانی بوێرانەیە ڕووەو کەسێتیی سوننەتیی خۆ و هەڵوەشاندەوەی بە هزرینی ڕەخنەیی، کە ئاشکرایە کەس تەنیا بەو ڕێیەوە بە ئازادی دەگات، یەکەم مۆرکی ئەم ئازادییەش یاخیبوونە لە فیگوری باوک، کە بەبێ هیچ گومانێک هاوکات یاخیبوونە لە کەسێتیی ئەندێشەییانەی محەمەد، هەر بۆیە کەسی بە ئازادی گەیشتوو دەتوانێت نەفرەت لە گۆڕی باوکی خۆی بکات گەر هاتوو ئەو باوکە خۆفرۆش بووبێت یان تەنانەت کەمترین زیانی بە یەک تاکە مرۆڤی وڵاتی خۆی گەیاندبێت. بەڵێ ئەوە نەمرییە کە ئاگایی کەسێتیی هەڵچوو بەرەو سەرۆک-بوون دەتەنێت، نەک حەزی دەسەڵات وەک مۆرکی پیاوانی سوننەگەرا کە لەتەک مردنیاندا بۆ هەمیشە مردوون، هێندە نەبێت کە نەوەکانیان، دەسەڵاتخوازانی درۆزن یان کەسانی ساویلکە وەک سەرۆکی نەمر، خاوەن مەدرەسە یان باوکی هەژاران پێیاندا هەڵدەدەن.
بێگومان ئێمە ئەوها جەختلێکراو ئەم کێشەیەی بە-سەرۆک-بوون دیاردەهێنین و پێویستە دیاریبهێنین، چونکە بەم ڕێیەوە دەرفەتی زیاترمان بۆ دەڕەخسێت کوردایەتی وەک درۆزن هەڵبماڵین. ئاخر گومانی تێدا نییە کە ئێمە لەم پەیوەندییەدا بەندین بە دۆخێکی مێژوویی ئەوتۆوە کە گەرەکە ڕزگاریخوازی بێت، ئەمەش دۆخێکە کە “پاڵەوان”ی هەمەلایەنیی بە سەرکردەی هەمەلایەنییەوە گەرەگە. ئەوجا لەبەر ئەوەی ئەم جۆرە پاڵەوانە لە داکەوتی کوردان خۆیاندا هەبووە و هەیە، ئەوا دیاریکردنی بەم چەشنەی ئەدگارەکانی سەرۆک دەرهاویشتە نییە لە ئەندێشەی نێو ژووری داخراوەوە، بە پێچەوانەوە، ئەوان: پاڵەوانەکان، “لەنێو پێشمەرگەدا” هەبوون (جا گەر تەنانەت نەک ئاگامەند، بەڵکو کەم یان زۆر سادە و سۆزمەند بووبن!). لە بنەڕەتدا، گەر لە کردەکێتییەوە بڕوانین، دەبوو لەنێو ئەوانەوە، کەواتە بەلۆژیکی: دەبوو میلیتاریستییانە (عەسکەرییانە) لە نێو ئەوانەوە سەرۆک یان سەر-کردە سەر-هەڵ-بدات، نەک بەزۆر لەنێو خێڵەکێتیی شێخزادەیی گونددا هەوڵی سەپاندنی بدرێت.
لەم ڕوانگەیەوە نەشیاوە سەرۆکهۆز و کوڕە شێخان ئەو ئەدگارە ناوبراوانەی سەرۆکێتییان هەبێت، گەر هاتوو ئەوان بوێرانە کەسێتیی سۆسیۆکولتووریانەی خۆیان هەڵنەوەشێننەوە و کەسێتییەکی نوێ بنیاتنەنێتەوە، کە ئاشکرایە ئەو کەسێتییە چیدی لە سەرەنجامدا خۆی بە باوکییەوە بانادات، بەڵکو بەئاشکرا نەفرەتی لێ دەکات گەر پیاوێکی خائین: جاش یان قۆنتەراتچیی سەربازی بووبێت.
لە بنەڕەتدا سەرۆکهۆز و کوڕە شێخان وەک سوننەگەرا تەنیا پێیان دەکرێت پەیوەندییە ناسراوەکانی خۆیان بەرهەمبهێننەوە، چونکە ئەوان لە زارۆکییەوە وەک دەسەڵاتدار سۆسیالیزە دەکرێن (بەکەسدەکرێن)، لەم ڕەوتەشدا دەرککردنی کەسییان کە تێڕوانینیان بۆ ژیانی جڤاکی و سیاسی چێدەکات، خێڵەکییانە وەردەچەرخێنرێت، کە ئیدی تەنیا پێیان دەکرێت دەرککردنی خێڵەکی، یان گەر کەمێک کراوە بن، تەنیا پێیان دەکرێت دەرککردنی گەلەکییان (شەعبییان) هەبێت (ئەمە بریتییە لە ئاکولتوراسیۆن). بەڕوونی ببێژین، ئەوان لە زارۆکییەوە پێگەیەکی لێرەبوون-یانەی (وجودیانەی) دەسەڵاتیان هەیە و لێوەی بەکەسدەکرێن، هاوکات وەک زارۆک سۆزمەندانە چێژ لەو پێگەیە دەبینن، ئەوجا هەر چێژتنێکی ڕۆژانەیان لەو تەمەنەوە و لە ڕەوتی پێگەیشتنیدا، هۆبس واتەنی، لە ئەندێشەدا چێژی زۆرتری هێشتا نەبینراو بێداردەکاتەوە، ئەوانیش هاوکات وەک مرۆڤ و خاوەن پێگەی دەسەڵات لە داکەوتدا هەوڵی ڕیالیزەکردنیان دەدەن، کە ئاشکرایە زۆر جار هەوڵی ڕیالیزەکردنەکە بە حوکمی دەسەڵاتیان سەردەگرێت. ئاشکرایە نەوەکانی دەسەڵاتدارانی سوننەتی، هاوشێوەی باوکانیان، کە پێگەی “هەبوو”ی دەسەڵاتیان وەک میراتی بۆ ماوەتەوە، وەک کەسانی دیکەی کۆمەڵ بەگشتی “پێویستیان بەوە نەبووە کەسێتییان لە ململانێدا و بە پرسیار لە خۆ پێبگەیەنن”، بەڵکو ئەوان ئاستگەرایانە لە زارۆکییەوە لەنێو زارۆکاندا، لە گەنجێتییەوە لەنێو گەنجاندا، ڕێیان لە لایەن باوان و هەروەها خزمەتکارانی باوان و خۆیانەوە بۆ خۆشکراوە دەسەڵات بنوێنن و ئەوەشیان کردووە، جا گەر ئەوە تەواو زارۆکییانە بووبێت: گەر لە تۆپانێدا دۆڕاندبێتیان، ڕۆژی ئایندە لە ڕقدا ساحەکەیان بە تراکتۆر کێڵاوە. ئاستی خوازراویان ئەو دەرفەتەی بۆ ڕەخساندوون.
لەم ڕوانگەیەوە سەرۆکهۆزی سوننەتی، یان کەسێتیی خوێندەواری شێخزادەیی، کە ئەدگارە ناوبراوەکانی سەرۆکیان نییە، ئەوپەڕی دەشێت بەزۆر وەک دەسەڵاتدار زیتبکرێنەوە، لێ لەبەر ئەوەی زیتکردنەوەکە زۆرەکییە، ئەوا کەسێتییان بەتایبەتی لە سەردەمە تەنگژاوییەکاندا دەبێت بە ئاستەنگ لە بەردەم ڕاپەڕاندنی دەسەڵاتی پێدراویاندا، بۆیە زۆر زوو بێتوانایی خۆیان بۆ سیاسەت ئاشکرا دەکەن: هەموو کردارێکی سیاسییان کورتدەهێنێت، بەڵێ شکستدەهێنێت، وڵات دووچاری قەرز و هەژاری و ئاستی زۆر جیاوازی سامان دەکەن، بەمەش تەنیا شێواوی دەخەنەوە، کە ئیدی تەنانەت شیرازە سوننەتییەکان تێکدەچن، بەڵێ لە سەرەنجامدا خودی کەسانی زیتکەرەوەی ئەوان ئیحراج دەبن و بەناچاری پەرچەکردار بۆ ڕاستکردنەوەی ڕەوشەکە دەنوێنن، کە بێگومان لەبەر ئەوەی بەرژەوەندییە ماددیەکانی دەسەڵات، بۆ نموونە گەیشتنی تەمەڵی خێرا بە پارە و ڕابواردن، کەشخەیەتی و ملدانەبەر و هتد، لە پێشینەی خواستەکانیاندان، ئەوا بە ئارەزووی خۆیان و بەبێ هیچ بناغەیەک حیکایەت بۆ هەر تێکەوتنێکی سەرۆک و سەرکردەکایان دەهۆننەوە (ئەم پرسە لە خوارەوە بە نموونەی خوێندەوارەکانی کوردایەتی ڕوونتر دەبێتەوە).
3
ئاستەنگێکی کرۆکی لە بەردەم کوردایەتییەکەی خێڵەکێتی-گوندی و خێڵەکێتی-شارنشینیدا ئەوەیە کە ژمارەی دانیشتوانی شارنشین لە ئاشبەتاڵی 1975 بەدوواوە پەرەی سەندووە. بێگومان سەرەتا تەنینەوەی شارنشینی لەو کاتە بەدوواوە بەهۆی کۆچپێکردنی زۆرەملێوە نەبوو کە ڕاستەوخۆ شار (ی خۆرهەڵاتی) و شێوەی پێگەیشتنی مێژووییانەی بشێوێنێت. لێ سەرەڕای ئەوە تێکدانی ژیانی گوندی و دروستکردنی ئۆردوگای ناونراو بە “گوندی نوێ”، هەروەها تەرخانکردنی پارەی کاش وەک تەعویز بۆ ئەو جوتیارانە کە بەهۆی تێکدانی گوندەکانیانەوە زیانی ئابوورییان پێکەوتبوو، پەرەی بە ڕێژەی کۆچکردن بۆ نێو شارەکان دا، ئەوجا پرۆسەکە لە ڕەوتی جەنگی ئێراق-ئێران و سەردەمی ئەنفالەکاندا بوو بە کۆچپێکردنی زۆرەکی و ڕاونان بەرەو شارەکان. سەرەنجامی ئەم سیاسەتەی حکومەتی ناوەندی ئەوە بوو کە شارەکان شێوان و “لادێییەتی بەنێویاندا تەنییەوە”، کە هاوکات بوو بە فاکتەرێکی دیکە و کرۆکیتر بۆ بەهێزتربوونی خێڵەکێتی-شارنشینی. بە هەر حاڵ، کوردستان هەرگیز، تەنانەت دوای ڕاپەڕینی 1991 و دروستکردنەوەی گوندەکان، نەگەیشتەوە بە “توانستی ترادیسیۆنیانەی بەرهەمهێنانی مرۆڤی لە بواری کشتیاریدا پێش ئاشبەتاڵی 1975”. نەخێر، ئاوەزمەندیی گوندی لەو کاتە بەدوواوە لەنێو شاردا دەستیدایە ئابووریگەریی تایبەت بە کەسێتییە سادە و ساویلکەکەی پیاوی گوند، واتا ئابووریگەریی سادە و سەرپێیی و خانەوادەیی (بەکۆمەڵ) لە بازرگانیدا کە بازرگانانی شارنشین یان شاری بەهۆی تەنیایی بازرگانیکردنیانەوە هێندە ئاسان دەرەقەتیان نەدەهاتن، هەروەها ئابووریگەریی سادە و سەرپێیی لە پیشەی دەستیدا کە لە ڕەوتی کاتدا بوو بە فاکتەرێک بۆ پاشەکشەی وەستا “سوننەتییەکان”ی شارەکان، واتا ئەو وەستایانە کە سەرەتا شانازییان بە دەستڕەنگینیی خۆیانەوە دەکرد و لە بازاڕدا بەتایبەتی دەستوێژی دۆزینەوەی کاریان بوو، لێ ئێستا بە زەحمەتتر بەهۆی هاڤرکێی هەرزان و بەکۆمەڵی وەستا ڕەچەڵەک گوندییەکانەوە کاریان دەستدەکەوت. لێ لەبەر ئەوەی پێگەیاندنی فێرگەییانەی پیشەی دەستی بەزۆریی لە ڕەوتی پەرەسەندنی بەلادییبووندا لە شارەکان ڕووی دەدا، ئەوا ئەمڕۆ ڕێژەی نێوان وەستای سەرپێیی و رواڵەتی لە لایەک، وەستایانی دەستڕەنگین لە لایەکی دی، یەکجار ناهاوسەنگە لە بەرژەوەندیی ئەوانەی یەکەمدا. بێگومان ئاشکرایە کە ئەمە هاوکات یەکێکە لە بەدبەرهەمەکانی کوردایەتی و تا نێو خوێندنی زانکۆیی بڕ دەکات – زانکۆکان تەنیا بە ناو زانکۆن، لە بنەڕەتدا ئەو پەڕی دەشێت بە حەزەرەوە ناوبنرێن خوێندگەی باڵا.
لێ ئێمە هەر لەم پەیوەندییەدا دەکەوینە بەردەم ڕووداوێکی دیکەی سیاسی بە کاریگەریی قووڵی ئەخلاقییەوە، کە بریتییە لە “دەستمایەی بەگەڕخراوی خودی خۆ وەک جاش” و جێی بەرهەمهێنان، بەڵێ تا ڕادەیەکی زۆر جێی هەر شێوەیەکی کاسپی دەگرێتەوە. ئاخر جاشێتی زۆر ئاسانتر لە کاسپی و بەرهەمهێنان دەرامەتی جوتیارەکەی دوێنێ دابین دەکات، ئەوەش تەواو لەتەک کرۆکی فەرهودچیی گوندییە سادە و ساویلکەکاندا یەکدەگرێتەوە. بێگومان ئێمە لەم پەیوەندییەدا ناتوانین نکۆڵی لەوە بکەین کە جاشێتی هەروەها هۆکاری ناچارەکیی لە دەرەوە هەیە و ئاوەزمەندیی گوندییەکان وەک چارەسەرێکی ڕیالیستی هەڵیدەبژێرێت: پیاوی گوندی ئێستا بە جاشێتی خۆی لە جەنگی ئێراق – ئێران بەدوور دەگرێت. بەڵێ، ئەمە ئاوەزمەندییەکی سروشتییانەی گوندییە کە نەک تەنیا لە هەڵبژاردنی جاشێتیدا، بەڵکو هەروەها تا ئەمڕۆ بەو سادەیەتییە لە گشت بوارەکانی ژیانی جڤاکی و کولتووریدا کارایە: لە زانستکردنی زانکۆیی و ئابووری و سیاسەت و پیشەی دەستیدا، لە نووسینی هۆزان و چیرۆک و ڕۆماندا، لە شێوەسازی و موزیکدا، بەڵێ تەنانەت لە زۆر ڕووەوە سەروەریی سەندووە، بۆیە هەر هەوڵێک بۆ گۆڕینی ئەم دۆخەی ئەمڕۆی کوردەکانی نێو ئێراق بدرێت، دەبێت خۆی هەروەها بەم پرسە مرۆڤییەی سادەبوون و سادەبوونەوە-وە خەریک بکات.
لێ ئێمە نەک تەنیا پەیوەند بە پەرەسەندی شارنشینییەوە، بەڵکو کرۆکیتریش لەوە پەیوەند بە ژیانی گوندیی سوننەتییەوە، بۆ کوردایەتی بەر ئاستەنگی مرۆڤی دەکەوین، هاوکات بەم ڕێیەوە کرۆکی یەکێک لە ئاشکراترین ڕەوانبێژییە درۆزنەکانی ئاشکرا دەکەین. مەبەستمان بە بەرجەستەیی لەوەیە کە ڕەوانبێژیی “خەباتی گەل” درۆیەکی گەورەیە، چونکە “زۆرینە”ی شاری و شارنشینان هەردەم بەرژەوەندیی خۆی بەهۆی کاری فەرمانبەری و کاسپیەوە لە بێلایەنیدا بینیوە – بێلایەنی وەک هەڵوێستێکی ئاوەزمەندانە، نەک سەرکز وەک دەستگرتن بە کڵاوی خۆوە کە زۆر جار شۆڕەسوارانی خوێندەواری کوردایەتی جەختی لێ دەکەن. ئەم بێلایەنییە هەروەها گوندنشینان دەگرێتەوە.
بەڵێ، هیچ گومان لەوە ناکرێت کە نەک تەنیا ئەمڕۆ (لێرەدا بەر ئەو دەنگزلانە دەکەوین کە باسی شۆڕش لەم سەردەمەدا دەکەن)، بەڵکو لە ڕابوردووشدا، بەڵێ تەنانەت لە ساڵی شەڕە دۆڕاوەکەی 1974-75دا، زۆرینەی هەرە زۆری کورد لە شار و گوند تاقەتی کوردایەتیی نەبوو، بەڵکو بەرژەوەندیی خۆی لەنێو شارەکاندا ڕەچاو دەکرد و خەریکی کاسپی یان کاری فەرمانبەریی خۆی بوو – و ئەمڕۆش ئەوها دەژی. هەروەها کەمینەیەکی یەکجار بچووکی گوندییەکان لەبەر هەر هۆیەک لە کوردایەتیدا بەشداریی کرد، ڕەنگە وەک پیاوانی ئەم یان ئەو هۆز و تیرە (لە بنەڕەتدا زۆرینەی هۆز و تیرەکان لایەنگری حکومەتی ناوەندی بوون). بێگومان ئەمە واتایەکی ئەوتۆ ناگەیەنێت کە زۆرینەی خەڵک ی سادە و سۆزمەندی کورد نەیخواستبێت دەسەڵاتێکی خۆماڵی بێتەگۆڕێ، بەڵکو ئەو واتایە دەگەیەنێت کە ئەو سادە و سۆزمەندانە لەنێو دابەکانی دێرینی خۆیاندا ڕۆنیشتبوون و بەرپرسانی خێزانیش مەمنون بوون بە هەر کارێک ژیانی خانەوادەکانیان مسۆگەر بکەن – وەک ئەمڕۆ.
بێگومان گەرەکە لەتەک پەرەسەندنی ژمارەی شارنشیناندا، هەروەها پەیوەند بە حەساری ئابووریی نەوەدەکانەوە کە تا ڕادەیەک ژیانی سوننەتیی هەڵتەکاند، ڕەچاوی ئەو دۆخگۆڕییە جڤاکی و کولتووریانە بکەین کە لە ئاشبەتاڵی 1975، لێ بە تایبەتی لە ساڵی 1991 بەدوواوە هاتوونەتە ئاراوە، ئەمڕۆش بە شێوەی جیاواز تەواو ڕۆشن خویا بوون و ئاستەنگن لە بەردەم کوردایەتیدا، بۆ نموونە: خۆخوازی لە شێوەکانی ملدانەبەر و منگەرایی و هتد کە ئاستەنگن لە بەردەم گرنگیداندا بە پرسە جڤاکی و کولتوورییەکان؛ بنیاتنانی داخراوی خێزان وەک سنووردارکراو بەرانبەر خێزانی گەورە (تایەفە)؛ پەرەسەندنی لە ڕادەبەدەری خوێندنی زانکۆیی (جا گەرچی لە زۆر ڕووەوە بەرواڵەتی) بە مەبەستی مسۆگەرکردنی سوننەتییانەی گوزەرانی خۆ؛ وەرگرتنی هەر مۆدەیەکی سەرهەڵداوی گلۆبال؛ هەبوونی پارتی جیاوازی سیاسی کە بەئاشکرا دێمۆکراتیی پەرلەمانی ئامانجیانە یان لایەنی کەم بانگەشەی ئەو شێوە دەسەڵاتدارییە دەکەن؛ بێداربوونەوەی ئاگایی بۆ خۆراکگیریی تەندروست و هتد. بێگومان گەرچی جیهانبینی و شێوەژیانی سوننەتییانەی کوردی بنەڕەتی پەیوەندییەکانی نێوان کوردانن، سەرەڕای ئەوە گۆڕانە ناوبراوەکان مۆدیفیکاسیۆنی (تەعدیلی) زۆر شێوە هزرین و ڕەفتاری سوننەتیانەی ئەوانیان کردووە و پێکڕا بە کوردایەتی ناکۆکن، ئەوەش بێگومان لە سەردەمێکدا کە هەمیشە ڕوونتر درۆ و بێدادی و ستەمکارییەکانی ئاشکرا دەبن.
لێ ئێمە لەم پەیوەندییەدا دەبێت ڕووبکەینە کێشەیەکی ئایندەشێوێنی کوردایەتی کە بێتوانایی کرۆکییانەیەتی لە مۆبیلکردنی (جووڵاندنی) خەڵکدا. ئاخر کوردایەتی یەکسەر دەمانهێنێت بۆ نێو پرسی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کە ئاشکرایە لەبەر ئەوەی “بزووتنەوە”یە، ئەوا لە کرۆکەوە جووڵاندنی خەڵکی وڵاتی لەخۆگرتووە، ئەمەش – وەک لە سەرەوە بە نموونەی بێلایەنیی زۆرینەی خەڵک پێشانمان دا – لە کوردایەتیدا نییە و بەڵگەیەکی دیکەیە بۆ ئەوە کە کوردایەتی لە کرۆکییەوە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نەبووە و نییە، بەڵکو هیچی دیکە نەبووە و نییە جگە لە یاخیبوونی دەسەڵاتدارانی سوننەگەرای کورد بۆ مەرامی چینایەتییان. ئاخر هەموو خەباتگێڕانی نێو بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی دەکەونە بەردەم ئەو پرسیارە کە داخۆ لە کێدا وزە مرۆڤییەکان کارایی سەردەم ڕاچڵەکێنەر وەربگرن و لەنێو خەباتدا بنیاتنەرانە پتر ئاوەڵا ببن، نەک خەریکی گەلەکۆمەکێ بن و ناوی بنێن پارتی نیشتمانی یان دێمۆکراتی و هتد. بەڵێ، لە بنەڕەتدا خوێندەوارانی کوردایەتیش فڕیان بەسەر ئەم پرسە کرۆکییەوە نەبووە، هاوشێوەی هەردوو شاندی بۆ ئەوروپا نێرراوی سوڵتانەکەی ئیستانبول کە گەرەک بوو بۆی ڕوونبکەنەوە بۆچی ئەوروپا بۆڕی جیهانی ئیسلامیی داوەتەوە، ئەوانیش، بەدووی یەکدا، یەک وەڵامی بۆ دەهێننەوە: “خاوەن شکۆ، هۆکارەکەی تەکنیکە”! – تەکنیک نەک مرۆڤ!

4
تەریب بە دۆخگۆڕییەکانی کوردانی ئێراق، لای کوردانی “وڵاتانی دراوسێیان”، گۆڕانکاریی ڕیشەیی ڕوویان داوە، کە پێکڕا لە “پ.ک.ک.”وە بەرخراون و ڕاستەوخۆ هاتوونەتە نێو ئەمانیشەوە. گرنگترین مۆرکی ئەم گۆڕانکارییانە ئەوەیە کە بۆ یەکەم جار لە مێژووی سەرجەم جیهانی ئیسلامیدا لەکاتی محەمەد و شۆڕشە تیۆکراتییەکەی بەدوواوە، ئیدیۆلۆژییانە بکەری ئاگامەندی سیاسی بەرانبەر کەسێتیی ئیسلامی بنیاتدەنرێت، ئەوەش بە ئامانجێکی سیاسییەوە کە دێمۆکراتیی خۆسەرییە وەک تێکەڵێک لە ئەنارکیزم و دێمۆکراتیی جەماوەری. لە بنەڕەتدا ئەمە گۆڕانێکە کە تەواو دژبەری خێڵەکی -گوندی و خێڵەکی-شارنشینییە، کەواتە تەواو دژبەری کوردایەتییە، لەم رەوتەشدا کوردەکانی ئێراق بۆ یەکەم جار (کەواتە نەک بەڕێی شیۆعی یان کۆمونیستەکانەوە) ئەزموونی ئالەنگارییەکی نێوەرۆکی دەکەن کە بریتییە لە پراکتیزەکردنی تیۆرییەکی ئاوەڵاکراوی کوردی بە داواکارییەوە بۆ گۆڕین ی ڕیشەیی ناوچەکە – ئەمە لە خۆیدا پرۆژەیە کە داکەوتییانە لەگۆڕێیە (و پرسیاری سەرگرتنی یان نەگرتنی، یان ڕەخنەکردنی، بابەتی خەریکبوونەکەی ئێمە نییە، چونکە کوردایەتی و داکەوتی هەنووکە پرسی ئێمەیە).
لێ ئەم گۆڕانە هەروەها لە ڕوویەکی دیکەشەوە ئاستەنگە لە بەردەم کوردایەتییەکەی سوننەگەرایانی خێڵەکیی شار یان گونددا: ئەوە کە پارتە کۆمونیستەکان دەیانویست بە دانەوەی سوننەگەرایانەی “سۆسیالیزم ی مارکسیستیی مۆدێرن” بیکەن، ئەمان ئێستا “بە پرۆژەیەکی کوردی” دەیکەن: ئاشتکردنەوەی گەلەکان، کارکردنی هەموویان لە پێناوی ژیانێکی چالاکی کەم یان زۆر مرۆڤدۆستدا (ئەمە لایەنی کەم ئامانجیانە و لە “ڕۆژئاڤا” سەرباری جەنگ “هەوڵ”ی پیادەکردنی دەردرێت).
5
ئاستەگێکی زۆر کرۆکی لە بەردەم کوردایەتییەکەی سیاسەتکارانی خێڵەکی-گوندی و خێڵەکی-شارنشینیدا ڕیشەی لە ناخی ئەوان خۆیاندا داکوتیوە کە بریتییە لە بێشەرمی و درۆزنی – وەک سەرەنجامێکی جیهانبینی و پەروەردەیی. ئێمە خۆمان لێرەدا لە بەردەم پرسێکی ئەخلاقیدا دەبینینەوە، کە دەتوانین گریمانە بکەین هۆی تەنینەوەی وەک جیهانبینی دەگەڕێتەوە بۆ شێخایەتیی تەریقەت، چونکە ئەم شێخایەتییە کە لە سیاسەتدا کارایی خۆی وەرگرتووە، لە کرۆکەوە بە درۆ گەورەکان ژیاوە و دەژی، کەواتە نەوەکانی خۆی بە درۆ گەورەکان خۆشەکردووە. بۆ نموونە گەورەترین درۆی لایەنێکیان ئەوەیە، کە گۆیا شێخە کوردەکانی ئەو نەوەی محمەدی ئارەبن! هەندێکی درۆکانی دیکەی هەموویان بە کاریگەریی ئەخلاقییەوە بریتین لە: گەرچی ئەوان پێکڕا لە دینی محەمەدی لایانداوە، کەچی خۆیان وەک موسڵمان نمایش دەکەن؛ یان دەبێژن کە گۆیا “شێخەکانیان کەرامەتیان هەیە!” یان زاتی پیرۆزن! ئەوە ئیدی تا دەگات بە خورافیاتی ئەوتۆ کە گۆیا گوللە شێخەکانیان نابڕێت، یان گەر لە فڕۆکەوە فڕێ بدرێنە خوارەوە، هیچیان لێنایەت! ئەم چییەتییە درۆزنەی هەموو “شێخایەتییە-کان”ی تەریقەت بەڕێی شێخزادە چالاکەکانی نێو کوردایەتییەوە دەرفەتی بۆ ڕەخسا بەنێو کارەکتەری سیاسەتکارانی کوردایەتیدا وەک ئەدگار بتەنێتەوە. هیچ جێی سووڕمان نییە کاتێک ئێمە ئەمڕۆ بەڕوونی دەبینین، کە چۆن شۆڕەسوارانی کوردایەتی هاوشێوەی شێخە شارلاتانەکانی (Charlatan) تەریقەت هیچیان پێ شەرم نییە: ئەوان درۆزنن، کەچی جەخت لە ڕاستگۆیی خۆیان دەکەن؛ بێنیشتمانن، کەچی دەبێژن نیشتمانپەروەرن؛ دێسپۆتن و بەزۆر زارۆکانی خۆیان دەهێننە نێوەندی دەسەڵاتەوە، کەچی دەبێژن دێمۆکراتن؛ بێدینن، کەچی دەبێژن بەئیمانن؛ دوژمنی کوردن بەوە کە خاکەکەی هێدی هێدی هەڕاج دەکەن، کەچی دەبێژن کوردپەروەرن؛ دەوڵەمەندن، کەچی دەبێژن هەژارن و هتد.
بەڵێ ئێمە بەڕوونی دەبینین، خێڵەکێتی خۆی بە هەموو جۆرەکانییەوە نموونەی بەرجەستەی بەدەستەوە داوە کە ئەو لە کرۆکییەوە توانای دەسەڵاتداریی سیاسیی نەبووە و نییە، بەڵکو خێڵەکێتییە هۆزەکییەکەی، شێخایەتییە تەریقەتییەکەی، هەر لە سەرەتاوە لە بەگەڕخستنی سیاسیدا بووە بە “باندی کریمینێل” (تاقمە عەسابەی ئیجرامی)، بۆیە زۆرینەی لایەنگرانی کەمینەیان لە شار و گوند هێدی هێدی لێیان تەکیونەتەوە، کە ئیدی ئەمڕۆ ئەو خێڵەکییە گوندی و شارنشینانە تەنیا بە پارە و کڕینی خەڵک، بە کوشتن و دیلکردن و فڕاندن، خۆیان لەسەر دەسەڵات پێڕادەگیرێت.

ماویەتی….

(1) پرۆسەکانی مۆدێرنیزەکردن بریتین لە گۆڕینی شێوەی دەسەڵاتداری، خانووی ژیان ( بۆ نموونە لە شەرقییەوە بۆ غەربی)، خۆپۆشین، دروستکردنی شەقامی قیرتاو، خوێندنی فێرگەیی و هتد. بێگومان ئەم شێوە جیایانەی ژیان کاریگەریی لەسەر ناخی تاکەکەس دەنوێننەوە، لێ ئەوپەڕی پێیان دەکرێت کەسێتی هەمواربکەنەوە (مۆدیفیکەیت بکەن). بۆ نموونە ئەندازیارێک، پزیشکێک، پارێزگاری شارێک، خۆیان نوێ دەپۆشن، باسی زانستە مۆدێرنەکان دەکەن، پلانی شار پێشبینی دەکەن، لێ لە کرۆکەوە کەسێتیی خۆرهەڵاتی “سوننەتین” کە شێوەی ژیانی سوننەتی بەرهەمدەهێننەوە، زانستەکان وەک زانیاری (ئینفۆرماسیۆن) دەبین و هەوڵی تەتبیقکردنیان دەدەن، لاسایی ئەم پلان یان ئەو تەلارسازی دەکەنەوە (ئەمڕۆ بەتایبەتی دوبەیی کە خۆیشی بەرجەستەبوونی ئێستێتیکی خۆرئاواییە) و هتد.

کاوە جەلال




سۆسیۆلۆژیای خوێندنه‌وه‌ … عه‌باس جه‌میل جێماو

هه‌وڵێك بۆ به‌رچاوروونی خوێنه‌ر و كرانه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌

ده‌بێ ئینسان پرسیار له‌ خۆی بكات، كاتێك پرسیار له‌ خۆی ناكات واتا پرسیار له‌ سۆسیۆلۆژیا ناكات، كه‌ پرسیاریش له‌ سۆسیۆلۆژیا ناكات كه‌واتا له‌ ئه‌ده‌ب ناكۆڵێته‌وه‌، بۆیه‌ ده‌بینین ئه‌م هه‌موو ده‌قه‌ ناكامڵه‌ به‌سه‌رماندا تێده‌په‌ڕێت و چاپ و بڵاو ده‌كرێنه‌وه‌ كه‌سیش قسه‌ ناكات، دواتر سه‌رهه‌ڵدانی گرفتگه‌لێك بێ ئه‌وه‌ی كه‌سێك بیری لێ بكاته‌وه‌ و چاره‌یه‌كی بۆ بدۆزێته‌وه‌، منیش ناچار بكات له‌م فه‌زایه‌ جێم نه‌بێته‌وه‌، خۆم نادۆزمه‌وه‌.
بالزاك توانی روئیای فیكری چینایه‌تی بگۆڕێ‌، باسی جوتیار ده‌كات، باسی ژیانی فه‌ره‌نسا ده‌كات له‌سه‌ره‌تاكانی سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م، هاوكات توانی ده‌یان ئه‌دیب و بیرمه‌ندی گه‌وره‌ بخاته‌ ژێر كاریگه‌ری نووسینه‌كانی، ماركس باس له‌ واقیع گه‌رایی ده‌كات و پێی وابوو بالزاك راستگۆترین شتی وتوه‌ له‌مباره‌وه‌.
مۆلێر به‌كۆمیدیا باس له‌ تاكی بۆرجوازی ده‌كات، ئه‌گه‌ر ئه‌م بیرۆكه‌یه‌ براكتیك بكه‌ینه‌ سه‌ر ژیانی هونه‌ری كوردی و هه‌روه‌ها ژیانی ئاسایی، ده‌بینین هه‌م بۆ هونه‌رمه‌ند و هه‌م بۆ بینه‌ر و گوێگر، فه‌زاكه‌ دوو شتی جیاوازه‌، به‌ڵام له‌ تێكستی كوردیدا چاره‌سه‌ری ئه‌م ئیشكالیاته‌ هونه‌ری و سۆسیۆلۆژییه‌ نابینین، بۆیه‌ ئه‌مه‌ ئیشی سۆسیۆلۆژیایه‌، كه‌ له‌كایه‌كاندا كه‌متر گرنگی پێ دراوه‌.
لێره‌دا ئه‌وه‌مان بۆ روون ده‌بێته‌وه‌، كه‌ ئه‌وه‌ سۆسیۆلۆژیایه‌ هۆكاری به‌رهه‌مهێنانی تیۆره‌، بۆ نموونه‌ بونیه‌ی واقیع گه‌رایی دروست كرد.
له‌مڕوانگه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ئه‌ڕستۆ و هیگڵ، كه‌ چۆن ده‌ڕواننه‌ هونه‌ری شیعر، یان هیلیس میله‌ر له‌ كتێبی ئه‌خلاقیاتی خوێندنه‌وه‌دا، به‌ چ شێوه‌یه‌ك خوێندنه‌وه‌ی بۆ لایه‌نی ئه‌خلاقی له‌ دیراسه‌ی ئه‌ده‌بی كردووه‌، كه‌ سایكۆلۆژیای كه‌سایه‌تی له‌ده‌ق جوداكردۆته‌وه‌، نموونه‌ی ئیشكردن له‌سه‌ر ده‌قی فه‌لسه‌فی و ئه‌ده‌بییه‌كانی زۆرێك له‌ ئه‌دیب و نووسه‌ری وه‌ك جۆرج ئه‌لیوت و هینری جێمس و هتد.
هه‌روه‌ها رۆڵان بارت باسی مردنی نووسه‌ر ئه‌كات، ده‌لیلی ئه‌وه‌ دێنێته‌وه‌، كه‌ ده‌قی ئه‌ده‌بی له‌ده‌ستی نووسه‌ر ده‌رئه‌چێت و ئه‌بێته‌ موڵكی خوێنه‌ر، چونكه‌ خوێنه‌ر به‌ دوای مه‌عریفه‌وه‌یه‌، خوێنه‌ر چاوه‌ڕێی به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی ده‌كات، فیكر و مه‌عریفه‌ له‌یه‌ك جیا ده‌كاته‌وه‌ و وه‌كو چاودێرێك به‌سه‌ر تێكسته‌كانه‌وه‌یه‌ ئینجا به‌سه‌ر ده‌قنووسه‌وه‌.
له‌مباره‌یه‌وه‌ به‌رهه‌مێكی سارته‌ر وه‌رئه‌گرین له‌ده‌قی (مێشه‌كان) یان له‌ گرێی ئه‌لكترای سۆفۆكلیس، چه‌ندین روداوی تاقانه‌ی تێدا ده‌بینین، وه‌ختێك به‌دیققه‌ت ته‌ماشایان ده‌كه‌ین، به‌به‌راورد به‌یه‌كتر ده‌قگه‌لێكن خاڵی هاوبه‌شیان تێدا نییه‌، نه‌ له‌ رووی ده‌رونناسیه‌وه‌ نه‌ ستایلی نووسین نه‌ خوێندنه‌وه‌ی كارێكته‌ر، به‌ڵكو هه‌ر دالێك له‌وانه‌ مه‌دلوله‌كه‌ی له‌به‌رهه‌مه‌ ئه‌ده‌بییه‌كه‌دا به‌ئاسانی بۆ خوێنه‌ر ده‌رئه‌كه‌وێ، چونكه‌ ئه‌مانه‌ سروشتێكی یه‌كپارچه‌ییان هه‌یه‌ (الوحده‌ الموچوعیه‌)، كه‌ ئه‌ویش په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆی به‌ كۆمه‌ڵگه‌وه‌یه‌، به‌ومانایه‌ی هه‌ر نووسه‌رێك یان ده‌قنووسێك به‌ته‌واوی كۆمه‌ڵگه‌ی نه‌خوێندبێته‌وه‌، ناتوانێ‌ له‌ ده‌قه‌كانیدا ره‌نگبداته‌وه‌.
ئه‌مه‌ ده‌بێ‌ له‌ناخی خودی نووسه‌ردا هه‌بێ، به‌واتای جیاوازی به‌رهه‌مێك له‌گه‌ڵ به‌رهه‌مێكی تر، له‌كۆمه‌ڵناسیدا وه‌كو ئه‌وه‌ وایه‌، كه‌ دوو كاره‌كته‌رمان هه‌بێ یان فره‌ پاڵه‌وان، هه‌ر یه‌كه‌یان باس له‌بابه‌تی خۆیان بكه‌ن، بۆ نموونه‌ ویستی شێتێك له‌گه‌ڵ كه‌سێكی عاقڵی ئاسایی یان بیرمه‌ندێك.
ئه‌وه‌ی كه‌ گه‌وره‌تره‌ له‌ناو كۆمه‌ڵناسیدا مه‌سه‌له‌ی شرۆڤه‌كردنی حاڵه‌ته‌ یان دیارده‌كانی كۆمه‌ڵگه‌، نمونه‌ی نووسه‌رێك له‌ چیرۆكێكدا باس له‌ گره‌وی ژیان ده‌كات، كه‌ ئه‌مه‌یان ده‌روونناسیه‌، به‌ڵام لایه‌نه‌كه‌ی تری واقیعی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌، بۆ نموونه‌ كاره‌كته‌ری ده‌قه‌كه‌ له‌گه‌ڵ كه‌سێكی ئه‌رستوكرات یان ده‌وڵه‌مه‌ند خۆی به‌راورد ده‌كات، یان پرۆتستانتی یان كاسۆلیكی، له‌ژیانی كۆمه‌ڵگه‌ی عیراقیش (شیعه‌ و سونه‌).
ئه‌ده‌بناسی گرنگیدانه‌ به‌ وێناكردنی ژیانی مرۆڤایه‌تی چ له‌ رووی فیكری و مه‌عریفیه‌وه‌ بێت یان سۆز و هه‌ڵچوونه‌كان و تاد، له‌ گشت قۆناغه‌كاندا له‌نێو بازنه‌ی سروشت و كۆمه‌ڵگه‌ و بیركردنه‌وه‌كاندا، له‌سه‌ر بنه‌مای به‌ڵكه‌ و توێژینه‌وه‌ی زانستی، كه‌ له‌ بواره‌كانی ژیان ده‌ستی بۆ ده‌بردرێ، هه‌روه‌ها پۆلێن ده‌كرێت به‌ شێوه‌ زانستی و هونه‌رییه‌كه‌ی، چونكه‌ به‌پێی تیۆری لۆسیان گۆڵدمان بێ‌، ده‌بێ ئه‌ده‌ب گرێدراوی باری كۆمه‌ڵایه‌تی بێ‌، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ جگه‌ له‌ فانتازییه‌كی بێ‌ ئامانج شتێكی تر نییه‌.
مانای هه‌ر به‌رهه‌مێكی ئه‌ده‌بیش وه‌ك راپۆرتێك نییه‌، تاكو له‌ته‌وه‌رێك یان دووان گینگڵ بدات، له‌كاتێكدا به‌دنیایه‌ك گفتوگۆ و ده‌نگی جیاواز ده‌ور ده‌درێت، بۆ به‌ستنه‌وه‌ی به‌كایه‌كانی تری كۆمه‌ڵگه‌وه‌ چ له‌رووی بابه‌تییه‌وه‌ بێت یان مه‌عریفی یان شوناسی ئه‌دیب له‌ناو ده‌قدا .. تاد.
ئامانجیشی داكۆكی كردنه‌، سوسیۆلۆژیای ئه‌ده‌بیش شرۆڤه‌كردنی ئه‌و ئامانجه‌یه‌، نموونه‌ی رۆماننوسێك، كه‌ واقیعی ئه‌نووسێ و ئه‌وی تر خه‌یاڵی و فانتازی، ماركیز یان سێرڤانتس له‌گه‌ڵ ماكسیم گۆرگی سێ‌ فه‌زای زۆر جیاوازن، عه‌بدوڵڵا سه‌راج و به‌ختیار عه‌لی هه‌روه‌ها زۆر جیاواز.
بابه‌تێك هه‌یه‌ له‌ناو تیوری ئه‌ده‌بی پێ ده‌وترێت بنه‌ماخوازی ئه‌ده‌بی، ئه‌ده‌بیات شیكاری تایبه‌ت به‌خۆی هه‌یه‌ و په‌یوه‌ندی دژه‌كان لێك ده‌داته‌وه‌، نموونه‌ی فۆرمالیستێك له‌گه‌ڵ ئه‌زمونگه‌رێك.
هه‌روه‌ها دۆخی مێژوویی و رواڵه‌تی ئینسان له‌ناو ده‌قدا، به‌واتای ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵناسی جیاوازی به‌رچاو ئه‌كات، جیاوازی مێژوونووسێكی ئه‌ده‌ب له‌گه‌ڵ شرۆڤه‌كارێكی ئه‌ده‌ب وه‌كو مێژوو، چونكه‌ ستراكتۆری ده‌قه‌كان له‌ناو ئه‌ده‌به‌كاندا ده‌خوێنێته‌وه‌، بۆ نموونه‌ ئێمه‌ خاوه‌نی هه‌ندێ گرێین له‌ سایكۆلۆژیای ده‌قدا، له‌ ده‌قی ئه‌لكترا كچ حه‌ز له‌باوكی ده‌كات، ئۆدیبیش دایكی، ئه‌گه‌ر چی عوقده‌یه‌كی سایكۆلۆژیه‌، به‌ڵام په‌یوه‌ندی به‌سۆسیۆلۆژیاشه‌وه‌ هه‌یه‌، گرێی ئه‌لكترا زاراوه‌یه‌كه‌ له‌لایه‌ن فرۆیده‌وه‌ دانراوه‌، كه‌ ئاماژه‌ به‌ هۆگربوونی بێ هۆشانه‌ی كچ به‌باوكی ده‌كات و هه‌روه‌ها چۆن ئیره‌یی به‌دایكی ده‌بات و رقی لێده‌بێته‌وه‌، فرۆید توانی ئه‌م زاراوه‌یه‌ له‌ ئه‌فسانه‌ی ئه‌لكترای یۆنانی وه‌ربگرێ و له‌به‌رامبه‌ردا گرێی ئۆدیب له‌لایه‌ن نێرینه‌وه‌.
ئێمه‌ ئه‌مانه‌ وه‌ك ده‌ق وه‌رده‌گرین، ده‌سه‌ڵاتی ده‌قی رابووردووش ئه‌یه‌وێ به‌سه‌ر داهاتوودا جێگیر بێت، به‌واتای نه‌مری ده‌ق، له‌دوای هاتنی ئازادی بۆ ده‌قیش قۆناغێكی تری ده‌قی ره‌سه‌ن دێته‌ ئاراوه‌، كه‌ هه‌میشه‌ بخوێرێته‌وه‌.
ئازادی بۆ ده‌ق، ئازادی به‌واتای خۆ دوورخستنه‌وه‌ له‌و كۆت به‌نده‌ی هه‌یه‌، بۆ نموونه‌ دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ كێش و سه‌روا، هه‌روه‌ها له‌ مۆسیقاشدا چه‌ندین ستایلی نوێ سه‌ریهه‌ڵداوه‌، نمونه‌ی ئه‌ره‌بێسك، كه‌واتا ئێمه‌ قسه‌ له‌سه‌ر بابه‌تێك ئه‌كه‌ین به‌واتای ده‌قی كراوه‌، كه‌ به‌ده‌قی ره‌سه‌ن ناسراون.
شرۆڤه‌كاری كۆمه‌ڵناسی ئینتیمای نییه‌ بۆ هیچ یه‌ك له‌مانه‌، له‌یه‌ك حاڵه‌تدا نیگای هه‌یه‌ ئه‌ویش خیانه‌ت له‌ده‌قدا به‌واتای دزی له‌ده‌قدا، خوێنه‌ری ماتریالیش ئینتیمای هه‌یه‌، هه‌روه‌ها چه‌پ گه‌راكان و ده‌روونشیكاره‌كانیش ئینتیمایان هه‌یه‌، بۆ نمونه‌ رۆبن هود وه‌كو پاڵه‌وانێك ته‌عامولی له‌گه‌ڵدا ئه‌كرێ وه‌ك ئه‌وه‌ی خۆی خۆی دروست كردبێ له‌ده‌قه‌كه‌دا.

كاتێ قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌ماخوازیه‌ ئه‌كرێ بۆ خوێنه‌ری وشیار و شیاو، به‌رهه‌می ده‌ق و توێژینه‌وه‌ی ده‌ق لێره‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات، لێره‌وه‌ ئاستی خوێنه‌ر باڵاتر ئه‌بێ و ئه‌چێته‌ پێشه‌وه‌، چونكه‌ لێره‌وه‌ باسی فاكت ئه‌كرێ، ئه‌و فاكته‌ی خوێنه‌ری ئاسایی له‌ده‌قدا نایبینێت.
مه‌به‌ستی نووسه‌ری جدیش لێره‌وه‌ سه‌رهه‌ڵده‌دات وه‌ك ئه‌وه‌ی بیه‌وێ بڵێت پێویسته‌ خوێنه‌ر ئاڕاسته‌ بكرێت، كرانه‌وه‌ به‌ره‌و فه‌زای كۆمه‌ڵایه‌تی، به‌رامبه‌ر به‌ فیكری نامۆكان، ئه‌مه‌ش به‌هه‌ڵسه‌نگاندن ده‌كرێ‌، كاتێك به‌راوردكاری بۆ زیاتر به‌رچاوروونی خه‌ڵكی و به‌ره‌و پێشبردنی كۆمه‌ڵكه‌ و رزگاركردنیان له‌جه‌هل و تێگه‌یشتنی نه‌رێنی.
به‌ڵام ئه‌وه‌ی مایه‌ی هه‌ڵوه‌سته‌كردنه‌ خوێنه‌ری ئێمه‌ له‌م فه‌زایه‌دا، وه‌ك بڵێی له‌ناو زه‌لكاوی جه‌هلدا ئه‌یانه‌وێت گه‌نگه‌شه‌ی بابه‌ته‌كان بكه‌ن، ئه‌وه‌نده‌ی له‌هه‌وڵی خوێندنه‌وه‌ی حیكایه‌ته‌كانی نێو تێكسته‌كان بوونه‌، نیو ئه‌وه‌نده‌ به‌لای خوێندنه‌وه‌ی فاكته‌كاندا نه‌چوونه‌، به‌واتای تێنه‌گه‌یشتن له‌شێوه‌كانی په‌یوه‌ندی نێوان ده‌ق و ماناكانی پشتی ده‌ق.
ئێستا پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌، تاچه‌ند خوێنه‌ری كورد توانیوێتی خوێنه‌رێكی جددی فكری ئه‌ده‌بی بێت و میتۆده‌كان بناسێ‌، هه‌روه‌ها له‌ناو ده‌قی كوردیدا خۆی بدۆزێته‌وه‌؟
هاوكات نووسه‌ری كورد تاچه‌ند توانیوێتی شۆڕبێته‌وه‌ ناو ئه‌و واقیعی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌، كه‌ له‌ فه‌زای بیركردنه‌وه‌ یان له‌په‌راوێزی بیرۆكه‌ و هه‌نگاوه‌ فیكرییه‌كانیدا وێنای كێشه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ بكات، پشت به‌ستوو به‌ گرینگیدان به‌ خوێندنه‌وه‌ی چالاكییه‌ مرۆییه‌كان له‌نێو په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا، چونكه‌ نووسه‌ر یان ئه‌دیب گوێزه‌ره‌وه‌ی بونیادی په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانن له‌ ژیانی مرۆڤایه‌تی.
ئایا نووسه‌ر تا چه‌ند توانیویانه‌ خوێنه‌ر به‌ ئاڕاسته‌ی وشیاری چینایه‌تی و كێشه‌كانیدا ببه‌ن، یان تا چه‌ند هانی خوێنه‌ریان داوه‌ فكر و جوگرافیا و.. تاد، بخوێننه‌وه‌؟
له‌ كتێبی ره‌خنه‌ له‌ ئایدۆلۆژیای سمكۆ محه‌مه‌د هاتوو (ئێمه‌ باس له‌ كائینێك ده‌كه‌ین (رۆشنبیر) نابێت ده‌ست و پێ سپی بێت، چونكه‌ ئه‌م كائینه‌ هیچ نه‌بێت ده‌زانێ نادادپه‌روه‌ری كامه‌یه‌ و له‌ كوێوه‌ ده‌ستیپێكردووه‌ و بۆ كوێ ده‌چێت و هیچ نه‌بێ دژی بوه‌ستێته‌وه‌).
ئه‌مه‌یه‌ ئه‌و گرفته‌ی ئه‌مانه‌وێ په‌نجه‌ی بۆ درێژ بكه‌ین، نوسه‌ر و رۆشنبیری ئێمه‌ وه‌ك پێویست نه‌یانتوانیوه‌ ئه‌و ئامانجه‌ بپێكن، كه‌ پێ ده‌وترێت ئاڕاسته‌ی تاكی گۆمه‌ڵگه‌، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ به‌پێی ویستی خوێنه‌ر ده‌قیان نووسیوه‌، وه‌كو ئه‌وه‌ی ئێستا هه‌ر قه‌ڵه‌م به‌ده‌ستێك بوونه‌ به‌ رۆماننووس.
ئێمه‌ پێویستیمان به‌ پراكتیك كردنی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌گه‌رایی هه‌یه‌ بۆ ده‌قی كوردی، كه‌ له‌م روانگه‌یه‌وه‌ ده‌توانین بڵێین ئێمه‌ له‌مباره‌یه‌وه‌ ده‌ستبه‌تاڵین، بتوانێ له‌تێكسته‌كاندا شێوازی په‌یوه‌ندی نێوان ده‌ق و ماناكه‌ی شی بكاته‌وه‌، شرۆڤه‌كارمان نیه‌، رۆشنبیری ئاڕاسته‌كارمان نیه‌، ململانێی ئه‌ده‌بیمان نیه‌، وه‌رگرتن و پێدانمان نیه‌، نازانین مێژوو چیه‌، جوگرافیا ناخوێنینه‌وه‌، رۆشنبیرییه‌ك به‌دی ناكه‌ین لۆژیكیانه‌ خوێنه‌ر ئاراسته‌ بكات، لێره‌وه‌ تێده‌گه‌ین، كه‌ كورد له‌ئه‌ده‌بدا به‌تایبه‌تی له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و مێژووه‌یه‌ كه‌ مۆدێرنه‌ تۆماری كرد.
بۆیه‌ هه‌ر به‌م هۆیه‌وه‌ خوێنه‌رمان نه‌یتوانیوه‌ له‌رێی سوسیۆلۆژیاوه‌ شۆڕبێته‌وه‌ نێو ده‌قه‌كان (واقیعی نیه‌)، فاكت ناخوێنێته‌وه‌، خۆی لائه‌دا ئه‌ترسێ، به‌زۆری خوێنه‌ری رووكه‌شن، یان روونتر بڵێم ترسنۆك، ئه‌نجامی هه‌موو خوێنه‌رێكی ترسنۆكیش، ئایكۆنی به‌تاڵ و ترسنۆك به‌رهه‌م دێنێ، ئایكۆنی وه‌همی، دوور و نزیكیش خوێندنه‌وه‌مان بۆ كێشه‌كانی چینایه‌تی نه‌بووه‌.
كاتێكیش په‌ی به‌ كێشه‌ی وشیاری چینایه‌تی نه‌بردرێت، ناتوانین به‌شداری ململانێیه‌ك نه‌كه‌ین له‌كایه‌كاندا، كه‌ بگونجێت، هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌كیش به‌م چه‌شنه‌ له‌ جه‌هلدا ژیان بگوزه‌رێنێ، به‌دڵنیاییه‌وه‌ بۆ ده‌سه‌ڵاتی سیاسیش وه‌ك ئه‌وه‌ وایه‌ هه‌نگوینی له‌ داردا به‌ده‌ستهێنابێت، كورد واته‌نی كاڵا به‌قه‌د باڵا.
بیریشمان نه‌چێت جۆرێكی ترمان هه‌یه‌ له‌ خوێنه‌ر، جیاواز له‌وه‌ی باسمان لێوه‌كردن، كاتێ له‌ خوێندنه‌وه‌ی تێكستێك ئه‌بینه‌وه‌، ئه‌وه‌نده‌ ئه‌زانین بڵێین ده‌قێكی خۆشه‌وه‌، نمونه‌ی دوو كه‌سی هاوسه‌فه‌ر، یه‌كه‌میان سه‌فه‌ر بۆ چێژ وه‌رگرتن ده‌كات و دووه‌میان وه‌كو گه‌ریده‌یه‌ك شت ئاشكرا ده‌كات، كه‌ به‌وردی ئه‌ڕوانێته‌ ئه‌و چه‌مكانه‌ی دێنه‌به‌ر زیهنی یان خوێندنه‌وه‌و لێكۆڵینه‌وه‌ له‌و كه‌ره‌سته‌و بابه‌تانه‌ی دێنه‌ به‌ردیدی تا ئاستی توێژینه‌وه‌ی زانستی و سودوه‌رگرتن له‌ مه‌بنا هونه‌ری و زانستیه‌كه‌ی.
نمونه‌ی كۆڵۆمبۆس وه‌ك بارزگانێ، كه‌ به‌رده‌وام له‌ گه‌شتدا بوو، توانی له‌هاوشانی كاره‌كه‌ی یان پیشه‌كه‌ی، شت بدۆزێته‌وه‌، جیهانێكی نوێ بدۆزێته‌وه‌ (ئه‌مریكا) و هه‌روه‌ها بڵێ زه‌وی خڕه‌، رامبۆ به‌هه‌مان شێوه‌ بۆ بازرگانی هاته‌ رۆژهه‌ڵات، كه‌چی بوو به‌خاوه‌نی ده‌قی كراوه‌.
له‌ هونه‌ریشدا گۆرانیبێژ جۆرێكی تره‌ له‌ خوێنه‌ری ده‌ق، هه‌روه‌ها مه‌قام بێژ و شانۆكار و شێوه‌كار تاد، وه‌كو موخاتبێك ئیش له‌سه‌ر ده‌قه‌كان ده‌كات و به‌شێوه‌ی زاره‌كی (شه‌فه‌یی) یان ده‌ست و فڵچه‌كه‌ی، بیرۆكه‌كان ئاڕاسته‌ ده‌كات و بیاگوازێته‌وه‌.
كاتێك ئه‌ڕوانینه‌ مه‌قامه‌كان، ئه‌وانیش ئه‌چنه‌وه‌ بابی كلتووره‌وه‌، كه‌ ئه‌كرێ بڵێین كورد له‌ كۆندا خاوه‌ن گوتار یان هونه‌ری ره‌سه‌ن بووه‌، كه‌ ئه‌بینین به‌زۆری هه‌وڵێك بوونه‌ بۆ كرانه‌وه‌ به‌رووی كۆمه‌ڵگه‌دا، چ وه‌ك ده‌ق یان وتن، وه‌كو مه‌قامه‌كانی سیاچه‌مانه‌ و هۆره‌ و ئای ئای و لاوك و حه‌یران…تاد.
لێره‌دا یه‌كێك له‌ ستایله‌كانی مه‌قامی حه‌یرانی ده‌شتی هه‌ولێر به‌ نمونه‌ دێنینه‌وه‌، كه‌ له‌تێكسته‌كه‌یدا (ئه‌سمه‌ر و مامه‌ر) وه‌ك دوو پاڵه‌وانی ده‌قی مه‌قامه‌كه‌ هاتووه‌، كاتێ هه‌واڵی برینداربوونی مامه‌ر ده‌گاته‌ ئه‌سمه‌ر، بێ سڵه‌مینه‌وه‌و زۆر بوێرانه‌ به‌مه‌به‌ستی چوونی بۆ لای مامه‌ر، روو ده‌كاته‌ باوكی ده‌ڵێت، (ئیزنیشم بده‌ی هه‌ر ده‌چم، ئیزنیشم نه‌ده‌ی هه‌ر ده‌چم) ئایا لێره‌دا له‌رووی سۆسیۆلۆژی ئه‌ده‌بییه‌وه‌ چی خوێندنه‌وه‌یه‌كمان بۆی هه‌یه‌، سه‌رباری ره‌هه‌نده‌ مێژووییه‌كه‌ی، كه‌ ده‌بوو ره‌خنه‌گرانی بواری میوزیك و ئه‌ده‌بی، له‌سه‌ر ئه‌و چه‌مكه‌ بوه‌ستابان و قسه‌یان هه‌بوایا، چونكه‌ بوارێكی فراوانی بۆ هێشتوونه‌ته‌وه‌ بۆ گه‌نگه‌شه‌ی بوعدی فیكری و ره‌هه‌ندی كرانه‌وه‌، وه‌ك باسمان لێوه‌كرد، به‌تایبه‌ت له‌ ناوه‌نده‌ هونه‌ری و مه‌عریفییه‌كان له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌، به‌تایبه‌ت ده‌رووبه‌ر.
ده‌ق گه‌لێك كه‌ له‌چوارچێوه‌ی ئه‌و مه‌قامانه‌دا ناسیومانن، كه‌بانگه‌شه‌ بۆ فه‌راهه‌مكردنی ئازادی ژن و وه‌ده‌ستهێنانی شوناسی كه‌سی له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی داخراودا ده‌كات، هه‌روه‌ها وه‌ستانه‌وه‌ له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و عورفه‌ی، كه‌ به‌درێژایی مێژوو به‌سه‌ر ژندا سه‌پێنراوه‌.
له‌به‌رامبه‌ردا وه‌ك به‌راوردێك بۆ ئه‌و ده‌قانه‌، تێكستی مه‌قامه‌كان، په‌نجه‌ له‌سه‌ر هه‌ندێ تێكستی پێچه‌وانه‌ی ئه‌و ته‌وژمه‌ فیكرییه‌ دابنێین، كه‌ گوایه‌ بانگه‌شه‌ی ئه‌ده‌بی مۆدێرنه‌ی بۆ ده‌كه‌ن، نمونه‌ی ئه‌و ده‌قه‌ شیعرییه‌ی په‌شێو، كه‌ ده‌ڵێ (له‌ده‌ستم دێ ئه‌ڵقه‌ی په‌نجه‌ت پێ فڕێده‌م، نامه‌ی به‌ختت بسوتێنم)، پاشان جه‌زای گۆرانیبێژ وه‌ك خوێنه‌ر، رێك ئه‌و جۆره‌ خوێنه‌ره‌مان بیردێته‌وه‌، كه‌ ده‌ڵێ بابه‌تێكی خۆشبوو، بێ ئه‌وه‌ی چاوێك بخشێنێت به‌ رووه‌ سایكۆلۆژی و سۆسیۆلۆژییه‌كه‌یه‌وه‌، كه‌ دوای سه‌دان ساڵ له‌ بانگه‌شه‌ی فیكری ئه‌دیبان و هونه‌رمه‌ندانی مێژووی دێرینی كورد، ئه‌مانه‌ (نمونه‌ی په‌شێو) دێن ئیتیكی ئه‌ده‌بی ئه‌شێوێنن و رۆئیای توندوتیژی ده‌رهه‌ق به‌ژن ئه‌هۆننه‌وه‌و نه‌وه‌یه‌كی بێ چاو و رووی پێ به‌رهه‌م دێنن له‌ناو گۆمه‌ڵگه‌، كه‌چی شاعیری ناسراوی عه‌ره‌ب نزار قه‌بانی به‌پێچه‌وانه‌وه‌ به‌شێكی به‌رچاو له‌گوتار و مه‌به‌ستی ده‌قه‌كانی، بۆ ئازادی ژن و فه‌زای كرانه‌وه‌ بوو له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی رۆژهه‌ڵاتی.




ئایا دۆناڵد ترامپ هەرەشە و مەترسییە؟* … زاهیر باهیر

بە دڵنیاییەوە مەترسییە، بەڵام بۆ كێ؟ پێش وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە دەبێت ئەوە بڵێم کە مێژوو تا ئێستا چەند ڕاستییەکی سەبارەت بە شۆڕش فێرکردوین کە ناکرێت فەرامۆشیان بکەین.
یەکەم: مێژوو نیشانیداوین کە پارتە سیاسییەکان هەر لە چەپەوە و کۆمۆنیستەوە تا دەگاتە سۆشیالیستی دەسەڵاتخواز ناتوانن گۆڕانکاری بنەڕەتیی لەم سیستەمەدا بکەن. لە ڕاستیدا ئەوان چەندەها ئاستتەنگیی وەکو پارێزگاریکردن و درێژکردنەوەی تەمەنی سیستەمەکە، دروستدەکەن.
دووەم: شۆڕش نە لە ڕێگای کودەتای سەربازیی و نە لە ڕێگای پیلانی سیاسییەکانەوە دەکرێت.
سێیەم: مێژوویەکی دوور و درێژمان سەبارەت بە سیستەمی پەڕلەمانتاریی هەیە کە شکستیهێناوە لە هێنانی گۆڕانکاری بنەڕەتدا.
چوارەم: مێژوو ئەوەشی نیشانداوە کە هەژاریی بە تەنها ناتوانێت بناخەیەك بێت بۆ ڕوودانی شۆڕش. لە ڕاستیدا لەوەش زیاتر مێژوو ئەوەی تۆمار کردووە کە هەژاریی خەڵکی زیاتر دەکاتە پاشکۆی دەوڵەت و کۆمەڵە خێرخوازییەکان لەبری ئەوەی متمانە بکەنە سەر خۆیان و خەبات بۆ گۆڕانکاری بنەڕەتی بکەن.
لە خەباتی چینی کرێکارانی بریتانی ئامارەکان ئەوەمان دەدەنەدەست کە ژمارەی خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکان و مانگرتنەکان زۆر لە دابەزیندا بووە لە سەردەمی حوکمی پارتی لەیبەر [ پارتی کرێکاران] * . خودی ئەمەش پرسێکە کە بە دەگمەن جیاوازییەك لە هەل ومەرجەکانی سەر کار و ژیاندا هەبووە لەو کاتانەشدا کە حیزبی موحافزین لەسەر حوکم بوون.
لەگەڵ ئەوەشدا نکوڵی ئەوە ناکرێت کە هەندێك ڕیفۆرم لەسەر دەستی چەپ و سۆشیالدیمۆکراتەکانا کاتێك کە لە حوکمدا بوون ، کراون، کە بە ڕادەیەکی کەم ژیانی چینی کرێکارانی باشکردووە. بەڵام ئەم ڕیفۆرمانە کرێکاران تەنها بۆ ماوەیەکی کەم سوودیان لێوەرگرتووە. لە ماوەی درێژخایەندا ئومێدێکی ساختەیان دەداتێ، وایان لێدەکات کە زیاتر وابەستە بە پارتە سیاسییەکان ببن لە کردنی گۆڕانکاریید. بە واتایەکی دیکە زەرەرمەندیان دەکات، وایان لێدەکات بڕوا بەخۆیان لەدەستبدەن کە بتوانن گۆڕانکارییەکان بکەن. هەر ئاواش دەماخیان دەشواتەوە کە گوایە ئەمەیە دیمۆکراسیی. ئەو وەهمە بە خەڵکی دەدات ئەمە جۆرێکی جیاوازی دەسەڵاتە و جۆرێکی جیای حکومەتە. بە خەڵکی دەلێت دەوڵەت هەیە دیمۆکراسییە و دەوڵەتیش هەیە دیکتاتۆرە. بەڵام لە راستیدا بوونی حکومەت/ دەوڵەتی دیمۆکراسی یاخود دیکتاتۆریی هەر هەمان شتە. دەوڵەت ناوی هەرچیبێت لە نێو سیستەمەکەدا کۆنترۆڵ و لاقەی خەڵکەکەی دەکات. بە بەکارهێنانی ئامراز و دەسگەکانی لە حوکمی دیمۆکراتیی و دیکتاتۆرییەتا هەرکامیان حوکممان بکەن، هەر وەکو یەکن.
کاتێك کە دیکتاتۆرەکان و پارتە ڕاستڕەوەکان لە دەسەڵاتدان، ڕاستییەك هەیە کە ئازادیی نییە یاخود زۆر کەمە. هاوکات پەیوەندی کۆمەڵایەتی نێوانی خەڵکی زۆر توندوتۆڵە، هاوپشتییەکی زۆر باش هەیە، هەرەوها هاوکاریی و بەتەنگەوەهاتن و بەدەم یەکدیچوونیشەوە هەیە. هەر ئاواش هێڵی جیاکەرەوە لە نێوانی هاوکاران و هاوپشتانی حکومەت و دەوڵەت و ئەوانەی کە دژ بەوان دەجەنگن ، زۆر ئاشکرایە. زیاتریش لەوانە متمانە و یەکێتی لە نێوانی خەڵکیدا هەیە و تا ڕادەیەکیش هەمووان پاگەندەکانی دەوڵەت و میدیاکەی، ڕەتدەکەنەوە. زۆرێك لە ئێمە ئەم ئەزموونگەرییەمان لەسای حوکمی صەدام حوسەین-دا هەیە ، هاوڕێیانی وڵاتانی دیکەش هاوبەشی ئەم هەست و بۆچونە دەکەن.
با سەرنجێکی ئەمەریکا بدەین لەسای حوکمی سەرۆك ترامپ-دا، کە یەکێکە لە هەر دەسەڵاتدارەکانی جیهان. من لەم کورتە وتارەدا پیویستم بەوە نیە کە بچمەوە بە تۆماری کارەکانی سێ ساڵ لەمەوبەری ترامپدا ، کە ئەو زۆربەی وەخت بە ڕاستی و ڕەوانی، بێ شاردنەوەی مەبەست، بە ڕاشکاوانە ئەوەی باوەڕی پێبووە وتوویەتی و کردویەتی. لە ڕاستیشدا ئەوەی کە وتویەتی سەبارەت بە سیاسەتەکانی ئەمەریکا چ لە ناوخۆو چ لە دەرەوە، بێ پێچ پەنا بەڕێیکردوون.
ئەو ئێمەی باشتر بە سروشتی سیستەمی سەرمایەداریی ناساندووە. ئەو زۆر ڕوونە کە چارەی زانستی گۆڕینی ژینگەی ناوێت، زۆریش کراوەیە بەرانبەر بە خۆشەویستی خۆی بۆ خەڵکانی دەوڵەمەند و دەستەبژێرەکان و هاوکارییەکی تەواوی کۆمپانیا زەبەلاحەکان دەکات. هەرگیز ڕك و کینەی بەرانبەر بە هەژاران و نقابە و چەپەکان و کۆمۆنیستەکان و سۆشیالیستەکان و ئەنارشییەکان نەشاردۆتەوە. ئەو ڕاشکاوانە وتویەتی دەستێوەردانی ئیدارەکەی لە سوریا و عێراق-دا بۆ سامانی نەوتە. ئەو بەردەوام سەرەکۆنەی بەرگرییکەرانی مافی مرۆڤ و یەکسانی کردووە. هەڵوێستی بەرانبەر ئیسرائیل و پاشا و میرەکانی کەنداو و سەرۆك جەیر بۆلسەنارۆی بەرازیل و سەرۆکی فلیپین، ڕوون و ئاشکرا، دۆستانە بووە و دۆستانەیە. ئەو کابرایەکی دیپلۆماسی وەکو سیاسییەکانی بریتانیاو ئەوانەی دیکەی وڵاتانی ئەوروپا نییە، کە شتێك دەڵێن و کەچی شتێکی دیکە دەکەن. ئەو دژ بە هەڵوێستی دووڕووانەی کۆنگریسی وڵاتەکەشێتی. ئەو نیشانمان دەدات کە دەوڵەت و تەواوی ئیدارەکانی ڕەنگدانەوەی بزنسن و لەگەڵیدا ڕۆژدەکەنەوە. پێمان دەڵێت بزنس و سیاسەت جیابوونەوەیان نییە و جیاش ناکرێنەوە. ئەم لیستە درێژەی هەیە بەڵام من لیرەدا دەوەستم .
کەواتە پرسیارەکان لێرەدا ئەمانەن: كێ سیستەمی سەرمایەداریمان بە ڕاستی وەکو خۆی نیشاندەدات؟ ترامپ یاخود سەرکردەکان و سیاسییەکانی بریتانیا و وڵاتانی ئەورپای ڕۆژئاوا؟ کێ لە هەقەتا وەکو ئەو قسەی دڵی خۆی دەکات و پێماندەڵێت ئەم سیستەمە سیستەمی ئێمە نییە و بۆ ئێمە نییە و سوودیشی بۆ ئێمە نییە بەڵکو تەنها سوود بەو و ئەوانەی وەك ئەون کە لەسەرەوە ناویانم هێنان دەگەیەنێت؟ بەڕاستی کێ لە ماوەی درێژخایەندا دووژمنی سەرمایەدارییە و خزمەتی بزوتنەوەی کرێکاران دەکات و پاڵ بە خەڵکەوە دەنێت بۆ مانگرتن و ناڕەزایی و تەنانەت ڕاپەڕینیش دژ بە سیستمەکە؟ ترامپ، یاخود سەرکردەکانی دیکە کە بەبەردەوامیی لە هەوڵی ڕتووشکردن و جوانکاریی سیستەمەکەدان وەکو سیستەمێکی دیمۆکراتیی، تاکو خەڵکی دڵخۆش بە ڕیفۆرمەکان، بکەن ؟
لە ڕاستیدا سەرۆك ترامپ باشترین ژینگەی بۆ ڕاپەڕین لە ئەمەریکا خولقاندووە بە سەپاندنی هەموو ئەو سیاسەتانەی کە لە خزمەتی دەوڵەمەندەکانان. لەسای سەرکردایەتی ئەودا دڕندەیی پۆلیس زیاتری کردووە ، نایەکسانیی تەشەنەی کردووە ، نادادەوەری کۆمەڵایەتی زیاتر لە برەودایە ،ڕێژەی هەژاریی زیاتر هەڵکشاوە ، هەروەها ڕك و کینەی زۆر لە موسڵمانان و بەرابنەر بە کۆمۆنێتی هاوڕەگەزخوازان و فێمەنیستان و ئەوانەی کە خوازیاری گۆڕینی ڕەگەزی خۆیانن، زۆر زیادی کردووە.
لە ئێستادا لە ئەمەریکا ئەم ژینگەیە هەیە و خەڵکی بێزاربوون لێی. کوژرانی جۆرج فلۆید، بەداخەوە، تەنها خاڵی تەقینەوە بوو نەشتێکی دیکە بۆ ڕاپەڕینی خەڵکی.
سەرۆك ترامپ ڕەنگە شۆڕشی نەخولقاندبێت، بەڵام بە دڵنیانیەوە بزوتنەوەیەکی دروستکردووە، نەك هەر بە تەنها لە ئەمەریکا بەڵکو لە وڵاتانی ئەوروپاش، بە تایبەتی بریتانیا. کوژران و ناوی جۆرج فلۆید تەنها سومبەلێك بوو بۆ ڕاپەڕین . Black Lives Matter ، “ژیانی ڕەشپێستان گرنگە”، تەنها بزوتنەوەی ڕەشپێستان و بە تەنهاش بۆ ئەوان نییە، بەڵکو بزوتنەوەی ملیۆنەها خەڵکییە لەم سەر زەمینە. بزوتنەوەی هەموانە لە جیهاندا کە لەسەر دەستی دڕندەیی دەوڵەت بۆ ماوەیەکی یەکجار درێژ، خەڵکی دەیچێژێت، کە بریتییە لە سیاسەتی دەستگرتنەوە” تەقەشوف” ، نایەکسانیی، نادادوەریی کۆمەڵایەتیی، بێ کاریی، جەنگەکان، هەڵکەنرانی خەڵکی لە نێو کۆمەڵ و زێدی باوباپیرانیی، بێ ماڵیی و بێ خانوویی و بێ دەرەتانیی و زۆری دیکە.
بەدڵنیاییەوە بزوتنەوەکە هەموو شتێك لابەلا ناکاتەوە، بەلام هەندێك لە ڕواڵەتەکانی ژیان دەگۆڕێت. لە ڕیگای بەکارهێنانی چالاکی ڕاستەوخۆوە، زۆر بە خێرایی ئەم بزوتنەوەیە توانی ئەوەی کە لۆبییکردن و واژۆ کۆکردنەوە و گلەیی و پرۆتێستە ترادیسوێنییەکان و چەلەحانێکیانی نێو دیوەخانەکانی پەڕلەمان، نەیتوانی لە ماوەی چەند دەهەیەکدا بەدەستیان بهێنێت، ئەم بزوتنەوەیە لە ڕێگای چالاکی ڕاستەوخۆوە، بەدەستیهێنا. سروشتی کردنی پرۆتێستی گۆڕی، سیاسەتی مانەوە و کەرەنتینەکردنی لە ماڵدا تێشکان، مۆڵەت و پرسی پۆلیسی فەرامۆشکرد و خستییە لاوە هەروەها گوێشی نەگرت بۆ سیاسییەکان. هەموو بەرپرسیارییەکانی خستە سەرشانی خۆی، هاوکاتیش گیانی کردەوە بەبەری ئەو بزوتنەوانەی کە پێش سەردەمی کۆرۆنا لە جیهاندا لە ئارادا بوون.
لە بریتانیا پرۆتێستەکان توانی زۆر شت بگۆڕێت: هێنانەخوارەوەی هەندێك لە پەیکەرەکانی پیاوانی ڕایسست و بازرگانانی کۆیلە لە شوێنە گشتییەکاندا. لەمەش زیاتر چالاکوانان دەوڵەت و میدیایان ناچارکرد کە دان بە ڕاستینەی ڕەنگدانەوەی هەمە “موڵتی” کوڵتوورگەریی کۆمەڵی بریتانی بنێن. هەڵمەتەکان ” کەمپەین” داخوازای پڕۆگرامی خۆێندنی قوتابخانەکان و دانشگاکان دەکات بۆ ئەوەی ڕۆڵی مێژوویی ڕەشپێستەکان بخوێنرێت و ببێتە پرۆگرام. هەروەها داوا لە مۆزەخانەکان دەکرێت کە تۆماری ڕۆڵی بریتانیا لە بازرگانیکردن بە کۆیلەوە، بکات.
لەگەڵ ئەوانەشی کە لە سەرەوە وتم ، ئەگەر خەڵکی گۆڕانکاریی بنەڕەتییان لە ژیانیانینا بوێت ، ڕژانە سەر شەقام و چنگاوشبوونی پۆلیس، ئەوانە کافیی نییە. پێویستمان بە بەکارهێنانی ئەم تاکتیکە کەمتر هەیە. پێویستمان بەوە هەیە کە قورسایی و چەقی خەباتمان و ئەزموونگەریمان و زانیاریمان و هەوڵەکانمان بخەینە سەر ڕێکخستنی خۆمان لە گەڕەکەکانا، لە شەقامەکانا، لە زانکۆکانا، لە کارگەکانا، لە ئۆفیسەکانا، لە کێڵگەکانا و شوێنەکانی دیکەی سەر کار. پێویستمان بەمانە هەیە بیکەین ئەویش لە ڕێکخراوە جەماوەریی و گروپە ئاسۆییە بێ سەرکردەکانا تاکو خۆمان بۆ فشارخستنە سەر دەوڵەت و دەسەڵات ئامادەبکەین، دواپاڵی پێوەنێین بۆ ئەوەی بە خۆمان ژیانی خۆمان ڕێکخەین و گۆڕانکاری ڕاستەقینە بکەین . هەنگاوی یەکەمیش خەباتکردنە بۆ بەدەستهێنانی شارەوانیی ئازاد و جێگرتنەوەی شارەوانییە گەندەڵە بیرۆکراتییەکان.

زاهیر باهیر
04/07/2020

*ئەم وتارە لە لە سەرەتادا بە زمانی ئینگلیزی نوسیومە و پێش دە ڕۆژ لەمەوبەر لە ماڵپەرە ئەنارکیستەکانا بڵاومکردۆتەوە.
*http://isj.org.uk/why-are-there-so-few-strikes/*
Zaherbaher.com




قه‌ڵای هه‌ولێر، بۆچی قه‌ڵا؟ … نووسینی : ئاری زێندینی

لای خه‌ڵكی ئاسایی هه‌ر شتێك بڵند بێت پێی ده‌ڵێن ( قه‌ڵا , قه‌ڵات ) , له‌ هه‌ندێ شوێن و وڵاتان قه‌ڵات شوێنه‌كه‌ی بڵنده‌ له‌ به‌رزایی دروستكراوه‌وبنیاتنراوه‌ به‌ڵام له‌ وڵاتانیتر له‌ته‌ختایی دروستكراوه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ هه‌ندێ‌ وڵاتی وه‌كو ئه‌وروپاوهندستان به‌ڵام هه‌ر له‌و وڵاتانه‌ش قه‌ڵا هه‌یه‌ جێگاكه‌ی به‌رزه‌. ( قه‌ڵا – قلعه‌ ) مه‌رج نییه‌ جێگاكه‌ی به‌رز بێت به‌لكو سیفه‌ت وتایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه‌ كه‌ له‌ بنه‌ڕتدا بۆ كاری تایبه‌تی كه‌سانێك و بازرگانی وسه‌ربازی و به‌تایبه‌ت بۆ به‌رگری به‌كارهاتووه‌ وه‌ك خاڵیكی سه‌ره‌كی له‌ ناوچه‌یه‌ك, ته‌لارسازیودیزاینی تایبه‌تی و له‌ ماده‌ی تایبه‌ت پێكهاتووه‌ به‌ تایبه‌ت له‌ روخساری ده‌ره‌وه‌ی وه‌ك ده‌رگایی گه‌وره‌وسه‌ره‌كی هاتن وده‌رچوون بناغه‌ی قه‌ڵاكه‌ به‌پته‌وبی و به‌ردی گه‌وره‌ دروستكراوه‌ نێوانی دیواره‌كان تاچه‌ند مه‌ترێك وه‌ك دینگه‌ومناره‌ی قایم پێك به‌ستراوه‌, نموونه‌ قه‌ڵای ( سالسبۆرگ له‌ نه‌مسا) , قه‌لای ( وندسوور له‌ ئینگلترا ) , قه‌ڵای ( مالبورك له‌ پۆله‌ندا ) قه‌ڵای ( كوردان له‌ سوریا ) قه‌ڵای ( شێروانه‌ له‌ كوردستانی عێڕاق ) له‌ قه‌زایی كه‌لار له‌ هه‌رێمی كوردستان , ئه‌مانه‌ به‌ مه‌به‌ستی (قه‌ڵا ) دروستكراوه‌ شوێنی كه‌سایه‌تی دیاروشوێنی به‌ مه‌به‌ستی به‌رگری و شه‌ڕ دروستكراوه‌ به‌شێوه‌ی ته‌لارسازی وستانداردی بیناسازی قه‌ڵا نه‌وه‌ك شوێنی دانیشتوانی خه‌ڵكی ئاسایی.باسه‌كه‌ی ئێمه‌ ده‌رباره‌ی ( قه‌ڵای هه‌ولێره‌ ) قه‌ڵای هه‌وڵیر قه‌ڵا بێت قه‌ڵا نه‌بێت هیچ له‌ بایه‌خی ئه‌و شوێنه‌ كه‌مناكاته‌وه‌و هه‌ر شوێنێكی جیهانی ودێرینه‌ كه‌ مێژوویه‌كی كۆن و دێرینی هه‌یه‌ بۆ (6000) هه‌زار ساڵ ده‌بێت  مێژووه‌ بۆ شاری هه‌ولێروخه‌ڵكه‌كه‌ی. 

مێژووی قه‌ڵای هه‌ولێر چه‌نده‌ها قۆناغ تێپه‌ڕیوه‌ به‌ڵام دیارنییه‌ ده‌سه‌ڵات وفه‌رمانڕه‌وایه‌كی دیار حوكمی ئه‌و شوێنه‌ی كردبێت هه‌ندێك له‌ قۆناغه‌كانی مێژووش دیار نییه‌وپچڕپچڕه‌ له‌ رووی كۆمه‌ڵایه‌تی وسیاسی و سه‌ربازی ئه‌م شاره‌وقه‌ڵایه‌ روون و ئاشكرا نییه‌ سه‌رباری چه‌ندین نووسراووتاروكتێب له‌لایه‌ نووسه‌ری خۆماڵی كوردوبیانی و عه‌ره‌بی ده‌رباره‌ی ئه‌م قه‌لًایه‌ به‌تایبه‌تی وه‌ شاری هه‌ولێر به‌ گشتی سه‌رده‌مێك له‌ سه‌رده‌مه‌كان تووشی شه‌ڕێكی به‌رگری بووه‌ته‌وه‌ به‌رامبه‌ر گه‌وره‌ترین سوپاوپیاوی ئه‌وسه‌رده‌مه‌ كه‌ ( هۆلاكۆ) توانیویه‌تی به‌رگری بكات نه‌ك شه‌ڕ! به‌ڵام ئه‌گه‌ر شه‌ڕبێت یان به‌رگری ده‌بێت یه‌كێك سه‌ركردایه‌تی بكات ئه‌و كه‌سه‌ كیێه‌و سوپاكه‌ی چۆن بووه‌ كه‌ره‌سه‌وكه‌لوپه‌له‌سه‌ربازیه‌كان چۆن و چی بووه‌, هۆلاكۆ له‌رۆژهه‌ڵاتی ئاسیاوه‌هاتووه‌ئه‌و هه‌موو شارووڵاتانه‌ی بڕیوه‌وداگیركردووه‌ نیوه‌ی عێراقی ئێستاش داگیركردووه‌ چۆن و له‌به‌رچی نه‌یتوانیوه‌ ئه‌م قه‌ڵاته‌ی پێ‌ نه‌گیراوه‌وكۆنتڕۆلی بكات به‌گوێره‌ی سه‌رچاوه‌كان دانیشتوانی ئه‌و كاتی قه‌ڵاكه‌ (550) كه‌س بوونه‌ چه‌ندی سه‌ربازوبه‌رگریكاربوونه‌وچه‌ندی خه‌ڵكی ئاسایی بوونه‌ چونكه‌ شه‌ڕوبه‌رگری ئاماده‌سازی و ئاماده‌كاری ده‌وێ‌ به‌تایبه‌ به‌رامبه‌ر هێزێكی وه‌كو (هۆلاكۆ) و بۆ پاراستنی قه‌ڵاكه‌! بابه‌تی مێژووش له‌ ئێستادا سه‌ردوڵكه‌وئه‌ده‌ب نییه‌ به‌ڵكولێكۆلینه‌وه‌وتوێژینه‌و زانسته‌,ئه‌و شوێنه‌ی كه‌ پێی ده‌ڵێن (قه‌ڵای هه‌ولێر ) ئێستا بووه‌ته‌ شوێنه‌وارێكی جیهانی ناسراوه‌ خه‌ڵك له‌وێ‌ ناژی و چۆڵكراوه‌ له‌ دانیشتوان له‌ پاش ساڵانی دووهه‌زاره‌كان به‌تایبه‌ت له‌ (2007)وه‌ له‌لایه‌ن رێكخراوی ( یونسكۆ ) سه‌رپه‌رشتی ده‌كرێت بۆ زیاتر گرنگیدان و نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی به‌ڵام له‌ روویی ( جوگرافی و جیۆلۆجی و شوێنه‌وارناسی ) بایه‌خێكی ئه‌وتۆی پێنه‌دراوه‌ مه‌به‌ستی ئه‌م ووتاره‌ ئه‌مه‌یه‌! سه‌رباری ئه‌و هه‌موو كۆلیژوبه‌شی شوێته‌وارناسی وجوگرافیاوجیۆلۆجی و به‌تایبه‌ت زانستی جیۆلۆجی له‌ هه‌رێمی كوردستان بۆخودی قه‌ڵاكه‌ له‌چی پێهاتووه‌وقۆناغه‌كانی دروسبوونی وشێوه‌ی قه‌ڵاكه‌وئه‌وبه‌ردووماده‌ی به‌كارهاتووه‌وله‌چ سه‌رده‌مێك بووه‌ بۆچی دروستكراوه‌ به‌مه‌به‌ستی چی دروستكراوه‌ كێ‌ دروستی كردووه‌ كێ‌ ده‌سه‌ڵاتی دیاری ئه‌م قه‌ڵایه‌ بووه‌ به‌چ كه‌لوپه‌لێك و كه‌ره‌سه‌یه‌ك و چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی به‌رگریان كردووه‌ ئه‌گه‌ر شه‌ڕ رووی داوه‌ تاكو ئێستا له‌م لایه‌نه‌وه‌ توێژینه‌وه‌ولێكۆلینه‌وه‌ زۆر زۆر كه‌مه‌ ده‌بوایه‌ ده‌رچوانی ( شوێنه‌وارناس و جیۆلۆجی و جوگرافیا ) كاری سه‌ره‌كیان بایخدان به‌و قه‌ڵایه‌ بێت نه‌وه‌ك بڕوانامه‌ به‌ده‌سهێنان ودامه‌زراندن,كه‌چی له‌ولاوه‌ كه‌سێكی بیانی بێت له‌ وڵاتێكی دووره‌وه‌ توێژینه‌وه‌لێكۆلینه‌وه‌ ئه‌نجام بدات. ( قه‌ڵای هه‌ولێر ) قه‌ڵا نییه‌ ! , به‌گوێره‌ی ئه‌و هه‌ڵكه‌وته‌ جوگرافییه‌ی شاری هه‌ولێرو له‌م ناوچه‌یه‌ و له‌ رووی جیۆلۆجی خاكه‌كه‌ی ئاسایی شوێنێكی ته‌ختانییه‌ به‌ هاتنی رۆژگاروبه‌سه‌رچوونی رۆژگار شێوه‌كه‌ی ئاوها هه‌ڵكه‌وتووه‌ زیاتر نیشته‌نییه‌ واته‌ پاشماوه‌ی ئاوه‌وئاوی ده‌ریا شێوه‌كه‌ی وه‌كو بنی ده‌ریایه‌, له‌ چیاكانه‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات تا گردوته‌پۆلكه‌وده‌شتایی درێژ ده‌بێته‌وه‌,واته‌ ( شاری هه‌ولێر ) ئێستا وه‌ك پارێزگا پێكهاتووه‌ له‌ سێ‌ به‌شی سه‌ره‌كی پێهاتووه‌ ( چیا , گردووته‌پۆڵكه‌ , ده‌شتایی و ته‌ختانی ) , به‌شی ( چیا ) له‌دێرزه‌مانه‌و شوێنه‌واری مرۆڤی نیاندرتاڵ وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ ئه‌شكه‌وتی ( شانه‌ده‌ر ) دۆزراوه‌ته‌وله‌ ناوچه‌ی مێرگه‌سۆر له‌ نزیك هه‌ولێر دواتریش له‌ سه‌رده‌مێكی هه‌ندێك كۆن وسه‌رده‌می نزیكی ئێستا پێكهاتووه‌ له‌ خه‌ڵكی گوننشین تارۆژی ئه‌مڕۆ, به‌شی ( ته‌ختانی و ده‌شتانی ) واته‌ خوار قه‌ڵاكه‌یه‌ به‌ گوێره‌ی زۆربه‌ی سه‌رچاوه‌كان ئه‌وه‌ی له‌ رۆژنامه‌وگۆڤاروكه‌سانی دێرینی خه‌ڵكی هه‌ولێر باسی ده‌كه‌ن زۆربه‌یان هه‌ر خه‌ڵكی قه‌ڵابوونه‌ ناوچه‌ ده‌شتایه‌كانی خوار قه‌ڵایان ئاوه‌دان كردووه‌ته‌وه‌و تێدا نیشته‌جێیبوونه‌ به‌ڵام ماوه‌یه‌كی زۆرودوورودرێژومێژوویه‌كی زۆرودرێژ هه‌یه‌ له‌ نێوان ئاوه‌دانی و نیشته‌جێبوونی قه‌ڵای هه‌ولێروخوارقه‌ڵاكه‌ كه‌ به‌ ده‌شتایی به‌ناوبانگه‌ كه‌ پێكهاته‌ی جوگرافی و جیۆلۆجی و كۆمه‌ڵایه‌تی وئابووری و رۆشه‌نبیری و خوێنده‌واری شاره‌كه‌یه‌ به‌ گشتی.مێژووی قه‌ڵاكه‌ وه‌ك له‌سه‌ری ریككه‌وتوون ( 6000) ساڵه‌ به‌لام مێژووی ئاوه‌دانی و دانیشتوانی خوار قه‌ڵاكه‌ له‌ ده‌شتایی مێژووه‌كه‌ هه‌ر ( 100 ) ساڵێك وهه‌ندێك زیاتره‌ وه‌ك له‌ زۆربه‌ی وێنه‌ كۆنه‌كانی هه‌ولێر مه‌علومه‌ودیاره‌,هه‌روه‌ك نووسه‌ر مه‌ولود بێخاڵی له‌ كتێبی (هه‌ولێرم وادیوه‌و وا ناسیوه‌) ده‌ڵێ‌:-( به‌ گوێره‌ی ئه‌وسه‌رچاوانه‌ تا سه‌رده‌می سولتان موزه‌فه‌ره‌دین كوكبه‌ری له‌ ساڵانی (1120) هه‌ولێر به‌ گشتی هه‌ر قه‌ڵات بووه‌ مێژووی دروسبوونی قه‌ڵاكه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ به‌ر له‌ په‌یدابوونی حه‌زره‌تی مه‌سیح به‌چه‌ند هه‌زارساڵ ئه‌و گردوته‌پۆڵكه‌یه‌ی قه‌ڵاكه‌ی له‌سه‌ر دروستكراوه‌ به‌رزیه‌كه‌ی 415مه‌تر له‌ ئاستی ده‌ریا به‌شێوه‌ی بازنه‌یی 26مه‌تر پانتایی 102مه‌تردووجا) مێژووی دیاری كۆمه‌ڵایه‌تی ورۆشه‌نبیری وخوێنده‌واری شاری هه‌ولێر له‌ به‌شی خوار قه‌ڵا له‌ده‌شتایه‌كه‌ی له‌سه‌ره‌تایی سه‌ده‌ی ( 20 ) ده‌ستی پیكهاتووه‌ یه‌كه‌م قوتابخانه‌ له‌ ساڵی ( 1927) دامه‌زراوه‌ قوتابخانه‌ی ( ئه‌ربیل ئولا) , وه‌له‌ساڵی ( 1921) بووه‌ته‌ پارێزگا, به‌م شێوه‌یه‌ ئاوه‌دانی و نیشته‌جێبوون له‌ خوار قه‌ڵا تاكو رۆژگاری ئێستا به‌رده‌وامه‌ به‌ڵام مێژووی ( قه‌ڵا ) هه‌روه‌ك خه‌ڵكی شاره‌كه‌ ده‌ڵێن ( قه‌ڵات – قه‌رات ) مێژوویه‌كی دوورودرێژووناروونی هه‌یه‌ نازانرێت له‌ كۆنه‌وه‌ خه‌ڵكه‌كه‌ی چۆن ژیاون وزمانیان وكه‌لتوریان به‌ڵام له‌ سه‌ره‌تایی سه‌ده‌ی (19) زمانی خه‌ڵكه‌كه‌ توركمانی و كوردی بووه‌ له‌ ئه‌سڵدا كوردن وله‌ژێرده‌سه‌ڵاتی عوسمانی فێره‌ توركی بوونه‌ زۆربه‌شیان ده‌یانگۆت خۆشناوین له‌ پاش ساڵانی 1950, میژوونووسان و لێكۆله‌رانی بیانی و خه‌ڵكی شاره‌كه‌ تائه‌وه‌نده‌ی پێیی گه‌یشتوون له‌ نوسراووبه‌ڵگه‌نامه‌جیهانیه‌كان و تا ئه‌وه‌نده‌ی دیراسه‌ی مه‌یدانیان بۆكردووه‌له‌ناوقه‌ڵاكه‌وخه‌ڵكی قه‌لاكه‌ هه‌رچه‌نده‌ باس له‌وه‌ده‌كه‌ن كه‌سی رۆشه‌نبیروگۆرانیبێژوهونه‌رمه‌ندی میللی هه‌بوونه‌وخانه‌واده‌ی دیاری ناو قه‌ڵا دواتر له‌ قه‌ڵا نه‌ماون هاتوونه‌ته‌ خوار قه‌ڵا له‌ ده‌شتایه‌كه‌ نیشته‌جێبوونه‌ له‌رووی كۆمه‌ڵایه‌تی كه‌سانی دیاروبه‌ناوبانگ بوونه‌ وه‌ك ( خانه‌واده‌ی مه‌لافه‌ندی و خانه‌واده‌ی موفتی ),( قه‌ڵاكه‌ش ئه‌وكات تاساڵانی به‌ دوایه‌ له‌ چوار گه‌ره‌كی سه‌ره‌كی پێهاتووه‌ ( سه‌را, تۆپخانه‌, ته‌كیه‌ ) واته‌ خه‌ڵكی ئاسایی نیشته‌جێبوونه‌ چه‌ند كه‌سایه‌تی ناو(قه‌ڵا) هه‌بووه‌ له‌رووی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری به‌ڵام هیچ باسی ئه‌وه‌یان نه‌كردووه‌ كه‌ فه‌رمانڕه‌وایه‌كی دیاروبه‌ناوبانگ سه‌رده‌مێ له‌ سه‌رده‌مه‌كان و قۆناغێك له‌ قۆناغه‌كان یان باسی ئه‌م قه‌ڵایه‌ له‌ رووی سه‌ربازی و ته‌لارسازی وبیناسازی چۆنیه‌تی پێكهاتنی له‌وماده‌وبه‌ردانه‌ی هه‌روه‌كو له‌ قه‌ڵا به‌ناوبانگه‌كانی جیهان ده‌بینرێت كه‌ سیفه‌ت وخاسیه‌تی قه‌ڵایه‌ به‌ شێوه‌كی زانستی چونكه‌ مه‌رج نییه‌ هه‌ر بینایه‌ك له‌ شوێنێكی بڵندوبه‌رزایی دروسكرا بڵێن ( قه‌ڵا ).
( قه‌ڵای هه‌ولێر ) شوێنی نیشته‌جێبوونی خه‌ڵكی ئاسایی بووه‌ وه‌ك ( شارۆچكه‌یه‌ك) تاكو ساڵانی به‌دوایه‌ هه‌ندێكه‌ خانوو بۆ كاروباروكارگێڕی خه‌ڵكه‌ی هه‌بووه‌ودواتر له‌ كۆتایه‌كانی سه‌ده‌ی (19) واته‌ له‌ ساڵانی ( 40 , 50 ) 1950 به‌ولاوه‌ خه‌لكه‌كه‌ی روویان له‌ خوار قه‌ڵا كردووه‌ بۆ ژیان چونكه‌ باسه‌كه‌ی ئێمه‌ بۆ قه‌ڵاكه‌ مه‌به‌ست لێی چه‌ندین ساڵه‌ گرنگینی نه‌دانه‌ له‌ رووی جوگرافی وشوێنه‌وارناسی وجیۆلۆجیه‌كه‌ بزانیین كه‌ قه‌ڵایه‌ هه‌روه‌ك قه‌ڵابه‌ناوبانگه‌كانی جیهان له‌روویی ته‌لارسازی وبیناسازی وه‌ك قه‌ڵا دروستكرابێت, ئه‌و شوێنه‌ی كه‌ پێی ده‌لێن قه‌ڵاوئاوه‌دانی لێدروستكراوه‌ گردوته‌پۆلكه‌یه‌كی ئاساییه‌ له‌ رووی جوگرافیاوجیۆلۆجی و پێكهاته‌ی خاكه‌كه‌ی هه‌روه‌ك زۆربه‌ی شوێنه‌كانی تر له‌ جیهان ده‌شتایی وگردوته‌پۆڵكه‌ ده‌بینرێت وه‌ك ده‌شتایه‌كانی ( ئوستڕالیا وئه‌مه‌ریكا ) هێشتا ئاوه‌دانی لێ‌ نیه‌ وه‌له‌ وڵاتانی وه‌ك ( ئیتاڵیاویۆنان و پورتوگال ووڵاتی مه‌غریب و وڵاتانی ئه‌مه‌ریكایی باشوور ) چه‌ندین شوێنی به‌رزوبڵند خانووی لێدروستكراوه‌وخه‌ڵك نیشته‌جێبوونه‌ بوونه‌ته‌ ناوچه‌ی گه‌شتیاری .




هەڵگەڕێنەوە … کەنعان مدحەت

دەرفەت خۆی داوەتە دەست و چاوەڕێی هیمەتە
هەڵگەڕێنەوە لەم لەشە قورس و
برسیکراوەی کە لێتان بارکراوە
سوورە پشکۆی لە ئێوە قرچاوتر
ئامادەیە بە ڕێی کڵپە
ناڕەزایەتیتان بداتە بەر گوێی مێردەزمە
چاوەڕێی چین و
چی تر و
چی؟!!
پەرچدانەوەی هەر گوللەیەکی ڕاستەوخۆ
جگە لە پچڕانی قۆپچەکانی یەخە و
رووبەروو بوونەوەی
بە سنگی رووتەوە
هیچ دژە کاردانەوەیەکی تری چار نییە
تا بە عەرزا بیدا
ماڵی مەبن !
لە نرکە و زەلزەلەی هەورەتریشقە
هونەری ڕاتەکان فێر بن
لەسەر ڕێگای وەبەرچنین
هەزارەها مناڵە کۆرپەی لە سۆزی باوک و
بڕا کراو
بە حەیران و بزە و
دەسکە گوڵی ڕەنگاوڕەنگەوە ئاواتەخوازن
بتانبینن
وەک ئەستێرە،
چۆن بە یەکخستنی جریوە ئەنازن
بە ئێوەوە
ساماڵییەکی تر
بە ئاسمانی رەسەنا ببەخشن
بژار نەماوە تاقی نەکرابێ؟
لە کوێی ئەم سەر زەمینە برژاوە
بڕینی قوتی پەک کەوتە و خانەنشین
بووەتە کلیلی قفلی ئاسۆی داخراو
جگە لە هەرێمی بنەماڵە و
پارتی ئەم دەستە و
ئەو دەستە مافیای لێکترازاو ؟؟
ئەبێ کام بژار لەوی تری بێ ئابروو تر بێ؟
بڕینی قوتی تێکۆشەر
یا لەشفرۆشی بە هۆی نەبوونە و
زوڵمی سەردار
یانیش سمێل قەفێ
چەرچەفی ژێر دۆست و سکرتێرەی..
فڵانی فڵان بگۆڕێ؟
هەی مەڕینە!
هەڵگەڕێنەوە لە شوانێ
لە جێی لەوەر
لە سەنگەر و پشت ساترا دەتان بەستێ
هەڵگەڕێنەوە دەرفەتە
دەرفەت
ئێستا،
مەخەنە سبەینێ
هیج پلان و بەرنامەیە
بێ ئێوەی پێشمەرگە
بە دوا ئەنجام ناگەیەنرێ
هەڵگەڕێنەوە بە تاک و
لێشاو
بە چەکدار و بێ چەکتان..
بە هیوای،
گۆڕینەوەی دۆزەخ بە گوڵستان
هەڵگەڕێنەوە دەرفەتە..
دەرفەت..
لەم لەشە قورس و برسییە
بارکراوە..
گەل ڕزگارکەنەوە

پاشکۆ

نەتانزانیوە تەمەنی،
کورتی پەپوولە بۆ شیرینترە؟
لەبەر ئەوەی لە گوڵێکەوە بۆ گوڵێ
ئازادانە لە باڵ ئەدا و
لە شنە و چریکەی بولبول ناتۆرێ
پێکەوە سەما ڕێک ئەخەن و
ئەکەونە ناو باخ
مەبنە (یوسفی) پشوو درێژ..
هەندە ساڵی تری تاڵی و ناڕەوایی
لە کونە بیری دەسەڵاتا
بەسەر بەرن
هەڵگەڕێنەوە کاتە کات
کات
کات….




کەیوان کەریمی لە وتووێژ لەگەڵ گۆڤاری گرینگی ڤڕایتی: فیلمەکەی من بەشوێن هیوادا دەگەڕێت

مەنسوور جیهانی ـ سینەماکاری کورد “کەیوان کەریمی” لە وتووێژ لەگەڵ گۆڤاری گرینگی سینەمایی “ڤڕایتی” Variety گوتی: فیلمەکەی من بەشوێن هیوادا دەگەڕێت و هیوایەک کە ونبووە، لەڕاستیدا فیلمەکانی من بە شوێن ئەم هیوایەدا دەگەڕێن.

“ئێد مێزا” Ed Meza لە گۆڤاری گرینگی سینەمایی “ڤڕایتی” Variety لە بابەتێکدا بە مانشێتی “بەرنامەی La Fabrique و داهاتووی سینەمای جیهان” ئاماژەی بە 10 باشترین پرۆژەی بەرچاویی دنیا لە بەشی La Fabrique du Cinema لە حەفتاوسێیەمین خولی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی کانی فەڕەنسا لە ساڵی 2020 کردووە و ئەوانی بە بینەرانی جیهانی خۆی ناساندووە.

لە سەرەتای وتاری گۆڤاری گرینگی سینەمایی “ڤڕایتی”دا هاتووە: لە نێوان ئەم 10 پڕۆژەیە، دوو پڕۆژە سرنجی جیهانی بۆلای خۆیان ڕاکێشاوە؛ دەرهێنەرەکانیان لە دنیادا سینەماکارانێکی بەرچاون، کە “کەیوان کەریمی” بە نوێترین پرۆژەی سینەمایی خۆی بە ناویی “ئایا ئێوە شتێک سەبارەت بە هیوا دەزانن؟” Do you know anything about Omid? یەکێکە لەوان. دوای سازکردنی فیلمی دیکۆمێنتاری بڵندی “نووسین لەسەر شار” Writing on the City و هەروەها فیلمی سینەمایی “تەپڵ” Drum لە ساڵی 2012 و چەندین ساڵ، سازنەکردنی هیچ فیلمێک، “ئایا ئێوە شتێک سەبارەت بە هیوا دەزانن؟” نوێترین بەرهەمی ئەم سینەماکارەیە کە سەبارەت بە بنەماڵەیەکە کە دوای شۆڕشی ئێران بە شوێن منداڵەکەیاندا دەگەڕێن. ئەم پڕۆژەیە، ئێستاکە لە قۆناغی ڕاکێشانی سەرمایەدایە و کۆمپانیاکانی جیهانی فیلم، بڕیاروایە کە سەرمایەکانی خۆیان دابنێن و ئەم فیلمە بەرهەمبهێنن.

لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆڕتی گۆڤاری “ڤڕایتی”دا نووسراوە: ئەو پرۆژانەی کە لە بەشی La Fabrique du Cinema هەڵبژێردراون، بەرهەم گەلێکن کە دەرهێنەرەکانیان لە بەهرەمەندانی چوارگۆشەی ئەم دنیایە دێنەئەژمار کە لە فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی کانی فەڕەنسا بۆ داهاتووی سینەما ناسێندران.

لە درێژەی ئەم وتارەدا، گۆڤاری “ڤڕایتی” لەگەڵ “کەیوان کەریمی” وتووێژی کردووە، ئەو سەبارەت بە “ئایا ئێوە شتێک سەبارەت بە هیوا دەزانن؟” ڕایگەیاند: فیلمی من بەشوێن هیوادا دەگەڕێت و هیوایەک کە ونبووە، لەڕاستیدا فیلمەکانی من بە شوێن ئەم هیوایەدا دەگەڕێن. کەواتە دەتوانن ئەو درەئەنجامە وەربگرین کە “ئایا ئێوە شتێک سەبارەت بە هیوا دەزانن؟” بە جۆرێک، سەبارەت بە مێژووی ئێران، ئومێدوارە.

کەریمی لە درێژەی قسەکانی خۆیدا گوتی: سیناریۆی ئەم فیلمەم لە سەردەمێکی تایبەت بە مێژووی ئێران نووسیوە، بە هۆی ئەوەی کە کۆبیرەوەریی هەموومان سەبارەت بە ڕابردوو و ئێستایە کە پێویستە هەموو کاتێک وەبیریبهێنینەوە و سەبارەت بەو خۆڕاگربین؛ لەبەر ئەوەی کە ئەم بیرەوەریانە لە دەست نەدەین.

لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆڕتی گۆڤاری “ڤڕایتی” نووسراوە: ئەم 10 پڕۆژەیەی کە لە لایەن بەشی La Fabrique du Cinema و “ئەنستیتۆی فەڕەنسا” بۆ پێشکەش کردن و ناساندن لە بازاڕی ئۆنلاینی حەفتاوسێیەمین خولی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی کانی فەڕەنسا هەڵبژێردران، ڕنج و مەینەتی جۆراوجۆر لە تەواوی بابەتەکان لە خۆدەگرن، لەوانە: جەنگ، نابەرابەری ڕەگەزیی، گوشاری دەرەکی، نابەرابەری نیژادی و تەنانەت سەبارەت بە سەردەمی دوای ئیستعمارن و هەر بەم هۆیەوە، ئەم 10 دەرهێنەرە هەر کامیان لە سووچێکی ئەم جیهانە وەکوو ئەفریقیا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمەریکای باشوور، ڕۆژهەڵات و ڕۆژهەڵاتی ئەورووپا ئامادەن.

هەروەها “جیوفری مێکناب” Geoffrey Macnab لە ماڵپەڕ و گۆڤاری “ئاکادیمیای فیلمی ئەورووپا” European Film Academy سەبارەت بە “سینەمای ئێران” لەگەڵ هەندێک لە سینەماکارانی ئەم وڵاتە وتووێژی کردووە و لە سەرەتای ئەم وتارەدا سەبارەت بە “ئایا ئێوە شتێک سەبارەت بە هیوا دەزانن؟” نوێترین پرۆژەی سینەمایی “کەیوان کەریمی” نووسیوییەتی و لە درێژەدا لەگەڵ ئەم سینەماکارە سەربەخۆیە وتووێژی کردووە.

بۆ زانیاریی زیاتر:
https://variety.com/2020/film/global/la-fabrique-presents-10-world-film-projects-keywann-karimi-1234646584/?utm_medium=email&utm_source=exacttarget&utm_campaign=eshowdaily_cannes&utm_content=213091&utm_term=796885

بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی گشتیی پڕۆژەی سینەمایی “ئایا ئێوە شتێک سەبارەت بە هیوا دەزانن؟”.




له‌ هه‌زارپه‌س و چه‌می گریانه‌وه‌ بۆ تووژه‌ڵه‌ و ناوزه‌نگ … ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب

وانه‌كانی ژیان

‌ سه‌ره‌تای مانگی تشرینی یه‌كه‌م / ئوكتۆبه‌ری 1979 رۆژانێكی سه‌خت و دژوار بوو رژێمی خوێنرێژی دیكتاتۆر سه‌دام حوسه‌ێن و حزبی به‌عسی عه‌ره‌بی خاوه‌نی هێزێكی گه‌وره‌و كوشنده ‌بوون و كه‌ش و هه‌واش رووی له‌ ساردی بوو جلوبه‌رگی ئێمه‌ش هاوینه‌ بوو چه‌كمان كه‌م بوو ئاسان نییه‌‌ مه‌فره‌زه‌یه‌كی 47 كه‌سی به‌ 5 چه‌كه‌وه به‌ چه‌ند قۆناغێك له‌ دامێنی هه‌ورامان و پشتی هه‌ڵه‌بجه‌وه‌ به‌ ناو ئاگرو ئاسن و بنكه‌و ره‌بایه‌كانی سوپاو جاش بگاته‌ توژه‌ڵه‌و ناوزه‌نگ له‌ باكوری شاری قه‌لادزێ وپشتی شاخی مامه‌نده‌ له‌ سه‌ر سنوری عێراق ـ ئێران.
قۆناغی یه‌كه‌م : فه‌رمانده‌ی مه‌فره‌زه‌كه‌ له‌لایه‌ن مه‌كته‌بی عه‌سكه‌ری بنكه‌ی پێشمه‌رگه‌كانی حزب له‌ ناوچه‌ی هه‌ورامان ده‌ستنیشان كراو هاورێ ته‌وفیقی حاجی بوو، به‌یانی زوو كه‌وتینه‌ری وله‌ پاش چه‌ند كاتژمێرێك گه‌یشتینه‌ هاوار، هاوار یه‌كێكه‌ له‌ جوانترین شوێنه‌كانی كوردستان و، به‌عسییه‌كان ئه‌م به‌هه‌شته‌یان تێكدابوو، له‌ هاوار پشوویه‌كی باشمانداو له‌ خواردنی گوێزو هه‌نارو میوه‌ی تر دریغیمان نه‌كردو، له‌ پاش نیوه‌رۆ خۆمان ئاماده‌ كردو هاورێ ته‌وفیق وتی : ژماره‌مان زۆره‌و چه‌كمان كه‌مه‌و رێگاكه‌مان دوورو درێژه‌ و پره‌ له‌ مه‌ترسی و، قسه‌كردن و جگه‌ره‌خواردن له‌ كاتی رێكردن قه‌ده‌غه‌یه‌و، ئه‌مانه‌وێت به‌بێ زیان بگه‌ینه‌ی باره‌گای سه‌ركردایه‌تی.
مه‌فره‌زه‌كه‌ كه‌وته‌رێ دوو هاوریی چه‌كدار له‌ پێشه‌وه‌ بوون یه‌كێكیان شاره‌زای ناوچه‌كه‌ بوو، هه‌رچۆنێك بێت له‌م رێگا بۆ ئه‌و رێكا په‌رینه‌وه‌و ده‌رنگانی شه‌و بوو گه‌یشتینه‌ دێی شیره‌مه‌رو، دووسی هاورێ چوونه‌ ناو دێ به‌ مه‌به‌ستی كۆكردنه‌وه‌ی نان و، له‌ گه‌ڵ هاتنه‌وه‌ی هاورییان به‌ره‌و خۆرنه‌وزان له‌ شاخی سورێن سه‌ركه‌وتین و، هه‌موو هاورێیان كفت بوون و یه‌كسه‌ر خه‌وتن.
به‌یانی زوو دوو نه‌فه‌ر له‌ گه‌ڵ دوو به‌ران گه‌یشتنه‌ لامان و، وتیان ئه‌وا دوو به‌رانمان له‌ سه‌ر داوای براده‌رانتان كه‌ شه‌و له‌ ناو دێ بوون هێناوه‌و، هه‌ردوو به‌ران سه‌ربران و، گۆشت به‌ سه‌ر هاورێیان دابه‌ش كراو، ئیتر هه‌ركی بۆ خۆی یان به‌ كۆمه‌ڵ ده‌ستكرا به‌ گۆشت برژان و، گرفتی سه‌ره‌كی شوێنه‌كه‌ رووته‌ن و بێدارو كه‌م ئاو بوو.
قۆناغی دووه‌م : نزێكی ئێواره‌ بوو هاورێی فه‌رمانده‌ وتی خۆتان ئاماده‌ بكه‌ن و، ئه‌بی كورجوگۆڵ بن و رێگاكه‌مان زۆر درێژه‌ و، له‌ پاش ئه‌و ئامۆژگارییانه‌ كه‌وتینه‌ رێ و ده‌وروبه‌ری كاتژمێر نۆی شه‌و له‌ رێی نێوان سید سادق ــ كۆڵۆس و پێنجوێن نزیك بووینه‌و، وتیان بوه‌ستن كه‌مین و ده‌بابه‌ له‌ سه‌ر رێگاكه‌ هاتوو چوو ئه‌كات و، كه‌مێك به‌ره‌و دوواكشاینه‌وه‌و، هه‌ر زوو كه‌مێن و تانكه‌كه‌ گه‌رانه‌وه‌ به‌ره‌و شانده‌رێ و سه‌ید سادق و په‌رێنه‌وه‌و، گه‌یشتینه‌ دێی قه‌ویله‌ كه‌ پێش ماوه‌یه‌ك له‌م دێیه‌ به‌ره‌و پێشمه‌رگایه‌تی چووم و، دووسێ هاورێ چوون بۆ نان كۆكردنه‌وه‌و، كه‌مه‌ كه‌مه‌ له‌ دۆڵی گه‌ڵال به‌ره‌و سه‌ر رۆیشتین و له‌ نێوه‌یه‌دا مه‌فره‌زه‌كه‌ وه‌ستاوهاورێ ته‌وفیق وتی باپشوویه‌ك بده‌ین و رووی له‌ من كردو وتی ناخه‌ویت ؟ له‌ كاتی كردنه‌وه‌ی باره‌گای حزب له‌ پارێزگای سلێمانی ئه‌یزانی ناخه‌وم و هه‌موو جارێك ئه‌یوت ناخه‌ویت؟، و هه‌ر كه‌ هاورێ وتی باپشوویه‌ك بده‌ین ئه‌وه‌نده‌ بلێت یه‌ك و دوو هه‌موو تێكرا نووستن و من شیخ ره‌سول نه‌نووستین و له‌ پاش كاتژمێرێك هه‌موو هاورێیان بیداربوونه‌وه‌و كه‌وتینه‌رێ و كاتی نان و چاخواردنی به‌یانی گه‌یشتینه‌ دێی پاره‌زان و، كاتی هاتم بۆ پێشمه‌رگایه‌تی سێ رۆژ له‌و دێیه‌ له‌ ماڵ كاك حه‌مه‌ جه‌زا قاینه‌جێی ماومه‌وه‌و، پشوویوكی باشمانداو بۆ نێوه‌ۆو میوانی كاكه‌ حه‌مه‌ی حاجی مه‌حمود بوین و، نانمان خواردو دیسانه‌وه‌ پشوومانداو ئێواره‌ كه‌وتینه‌رێ و له‌ بناری شاخی سوره‌بان پشوویه‌كی ترمان به‌سه‌ر بردو، مه‌فره‌زه‌كه‌ كه‌وته‌ جوڵه‌ و نه‌وه‌ستاین تا گه‌یشتینه‌ دێ نێروان( نێوران) و، ئه‌وه‌ش قۆناغی سێیه‌م بوو.
قۆناغی چواره‌م : دێی نێوران سه‌ر به‌ شاری بانه‌یه‌و له‌ سه‌ر سنووره‌و، شه‌و له‌و دێیه‌ به‌ ئازادی نووستین و ماینه‌وه‌و برده‌رانی حزبی دیموكراتی كوردستان له‌وێ بوون و ژماه‌ره‌ی پێشمه‌رگه‌كانیان زۆر بوون و، له‌ پاش پشوویه‌كی باش و رۆژ بووه‌وه‌ نان وچای به‌یانیمان خواردو دێسان كه‌وتینه‌رێ تا گه‌یشتینه‌ ئه‌سپه‌مێزه‌و له‌م دێ جوانه‌ نانی نێوه‌رۆمان خواردو بۆ ئێواره‌ گه‌یشتینه‌ دێی ده‌رمان ئاواو، ئه‌وه‌ی جێی خۆشییه‌ سروشتی هه‌موو دێهاتی ئه‌م ناوچه‌یه‌ دڵ فرێن و جوانن و، ئه‌و شه‌وه‌ له‌ ده‌رمان ئاوا ماینه‌وه‌.
قۆناغی پێنجه‌م و كۆتایی: له‌ پاش پشوویه‌كی باش به‌رێ كه‌وتین و گه‌یشتینه‌ دێی بێوران و،روومانكرده‌ دوكانه‌كانی و هه‌ر یه‌ك له‌ ئێمه‌ هه‌ندی شتی ورده‌واڵه‌مان كری و كه‌وتینه‌ری به‌ناو گوڵ گوڵزارو له‌ هه‌موو لایه‌كه‌و ئاو خوره‌ی ئه‌هات و، گه‌یشتینه‌ دێی بنوخه‌ڵه‌ف و، له‌ پاش نیوه‌رۆ گه‌یشتینه‌ باره‌گای سه‌ركردایه‌تی پێشمه‌رگه‌كانی حزب له‌ توژه‌ڵه‌و، له‌وی پشوومانداو نانمان خواردو، دابه‌ش كراین به‌ سه‌ر بنكه‌كانی حزب له‌ ناوزه‌نگ و زه‌ڵێ و، ئێمه‌ كۆمه‌لێك بوین به‌ر بنكه‌ی هاورێیانی هه‌ولێر كه‌وتێن و،له‌و به‌رپرسانه‌ كه‌ له‌وێ بوون: مامۆستا فه‌تاح ته‌وفیق { مه‌لا حه‌سه‌ن} و مه‌لا ئه‌حمه‌د حاجی برایم { مه‌لا نه‌فته‌}.
له‌ پاش ماوه‌یه‌ك ئێمه‌یان گواسته‌وه‌ بۆ زه‌ڵی و، له‌لای هاورێیانی بشده‌ر ماینه‌وه‌و هاورێ مه‌حمود خدر به‌رپرس بوو، له‌و كاتانه‌دا مه‌فره‌زه‌ی سلێمانی له‌ 15 هاورێ پێكھێنراو، هاورێ حه‌مه‌ كه‌ریم قه‌ره‌چه‌تانی { حه‌مه‌ ساڵح} بوو به‌ فه‌رمانده‌ی مه‌فره‌زه‌و، له‌ ناوه‌راستی مانگی كانونی یه‌كه‌م ( دێسه‌مبه‌ر) 1979 بۆ یه‌كه‌مێن جار له‌ تووژه‌ڵه‌وه‌ مه‌‌فره‌زه‌كه‌ به‌ره‌و دێهاتی شارباژێر كه‌وته‌رێ.

( ماویه‌تی)

5/7/2020




تا مەرگ ئەگات، چاوەڕێتم … شيعر/ كاوه عوسمان عومه ر

بڕیارە لە ئاوێنە شکاوەکان،،
پەیکەرێک لە بونێکی تر دروست کەینەوە
بەڵام خۆ چۆڕەی ئافات…
لە گەرووی گەردوونێکە ،،
ناڵەو ئاهەی ئەگاتە گریانی…
ئەوانەی لە سەرابا نیشانەیەکیان نیە ،،
بیانگەیەنە نزرگەی راستی ڕەها ،،
بەردی فەلسەفە، دیواری وشە،،
مەرگی باڵندەیەکیش، وەک مرۆڤی بێ ئۆقرە…
هەڵبەزەو سەمای بێهودەییەتی لە دوکەڵ و تەما،،،
تۆش وەک چاوی گریاناوی مانگێکی بێدار ..
بەدیار تێپەڕینی ئێمەی تارمایی،،
تەماشای ئەستێرە نەخۆشەکان ئەکەیت، هەرکاتێکیش..
پەلەت کرد لە کۆکردنەوەی پارچەی ئاوێنەی،،،
هەناوی جێماوەی رۆژەکان،،،
خوانێک لەسەر گۆڕستانی حەزێك …
وەک گوڵێکی گۆشتینی کەم تەمەن و سیس بوو ئامادەیە،،،
بایەک دەموچاوی کاژێرەکانی بردین،،،
لە ساتەوەختەوە ماوەکانیش….
بەلەمی ئەرخەوانیم بۆ دروست کردی،،،
بەڵام مخابن زەریای خەونیش…
بێ کۆتا نیە،،،
پنتی چارەنوس ڕەشە لەسەر دڵمان ،،
لە زیووی تینۆتی پێک هاتوە،،،
ئەوێک خۆرێکی هەڵگرتوە ،،
تا هەناوی بۆشی پڕ کات لە نوورم،،
هییچ شتێک نیازەکانمان ناکاتەوە…
بەپەپولەکانی بەزەیی ئەوسا، کە کازیوەش…
تاوێک بەفری ڕەشی …
بەسەر پەنجەرەی ئەڤینمانا داکرد،،،
لە سەرمانا چووینەوە ژێر بەیداخی پێستی…
زەردهەڵگەڕاوی ئاسمانێک لە برین ،،
و پچڕانی قەدی بوونمان ،،
بزانە خوێنی هەورەکان نوسینمە ،
گەر ویستت سۆراخم کەی..
دارستانەکانیش سەری خۆیان هەڵگرت،،
کە دیار نەماین لە چاو…
وەک ڕێژنە بارانێکی کەم تەمەن،،
هەربۆیەکیشە ڕۆژانە…
چاوەڕوانی جەنگەکان ئەکەین،،،
تا بگەنە بەردەرگامان،،
شەتڵی ئینجانەکان هەڵکەننەوە و ڕەگی…
بونیشمان لە ژێر زەمینێکی زەڕ و ڕزیو بپچڕێنن،،
تا ئەسپسوارە ڕەشپۆشەکەی مەرگیش ئەگاتە جێ،،
فێر بوین بە سترانی….
سەربازە دۆڕاوەکان نەبێ چاو،،،
دانەخەین لەسەر شەوە..
بێدارەکانی تەنیایی ڕۆح،،
شتێکی زۆر نوێش نیە لە ژێر…
تابلۆی ئافرەتێکا مردن،،
بە ڕەنگی خەم و شادی و خۆڵ و گۆڕ دروستکرا.




نا هاوڕێیەتی … شیعر : همامیر افشار … و: پشکۆ ناکام

” نا رفیق “
شیعر : همامیر افشار
ئاواز : بایک ێ‌فشار
کۆرانی : داریوش اقبالی

“””””””””””
ئێمە بە ڕرووکەش هاوڕ ێ
بەڵام هاوڕێ نەبووین
لە پشتی هەر متمانەیەکەوە
خەریکی زامدار کردن بووین

سنگی هەر هاوڕێیەکمان
بە قەمەی ڕق و کینە دڕی
چەن بە ئاسانیش
خۆمان بە دادوەر بینی..!

ئاروزووی هەر شوێنێکمان کرد بێ
چووین بۆی بە پاڕانەوەش بێ

موڵکی ” ئەسکەندەر ” یشمان
كردە بیابانی قیامەت
بە بەلەمە چەرمێکی شکاو
یامانە دەم ئاو

چاوی دایکەکانمان وەک
دەریای سوور لێ کرد
ئێستا لێرە چی ماوەتەوە
جگە لە مشتێک بیرەوەری
لە یادمانا شکان
ناوێکە و لەبەرمان کرد

ئێمە خوێنی عاشقەکانمان
بە ” گوڵە لالە “ەکان
بە شکست برد
بۆ ژوانی هاوسەرگیریی
ئارایشتمان بە لالەکانمان کرد

بە خوێنی ئەو دلێرانە
بە ئاسانی دەست نوێژمان گرت
جامی شیرینی هاورێیانمان
دووبارە لە زەهر پڕ کرد

ئێمە بە ڕرووکەش هاوڕ ێ
بەڵام هاوڕێ نەبووین
لە پشتی هەر متمانەیەکەوە
خەریکی زامدار کردن بووین

سنگی هەر هاوڕێیەکمان
بە قەمەی ڕق و کینە دڕی
چەن بە ئاسانیش
خۆمان بە دادوەر بینی..!