ئایا پێویستە کانت بە ڕاسیست دابنێین؟ … کاوە جەلال لە ئەڵمانییەوە

ڕەخنەی ئاوەزی سپی

ڕەخنە لە نووسینە ئەنترۆپۆلۆژییەکانی ئیمانوێل کانت کۆنە. ئایا پێویستە ئەمڕۆ ئەم فەیلەسوفەی ڕۆشناییەکان لەسەر پایەوە فڕێ بدرێتە خوارەوە؟
نووسینێکی لەگەڵ-لەدژ، لە لایەن فلۆریس بیسکامپ، لە 21.06.2020، سەعات 13:38، لە: دێر تاگسشپیگل

ئایا ئیمانوێل کانت ڕاسیست (رەگەزگەرا) بوو و پێویستە ئەمڕۆ لەسەر پایەوە فڕێ بدرێتە خوارەوە؟ لەکاتی ئەو گفتوگۆیەوە کە لەتەک مێژووناس میشائێل تسۆیسکەدا لە “دۆیچلاندڕادیۆ کولتور” ئەنجام درا و گفتوگۆکە هەر لە مەغزای دەربڕینەکانی ئەودا وێنەدرایەوە، ئەو پرسیارەی سەرەوەش لەنێو چێوەی ناڕەزایەتییە دژ بە ڕاسیزمەکانی چەند هەفتەی ڕابوردوودا کرا بە بابەتی دانوستاندن. ئەوجا لەبەر ئەوەی سەرزەنشتی ڕاسیزم لەتەک وێنەی بوو بە باوی کانتدا وەک ئۆتۆرێتییە مەزنە مۆرالییەکەی کوێنیگسبێرگ ناگونجێت، ئەوا سەرزەنشتەکە لە سەرەنجامدا قیژەیەکی لە جیهانی ئەکادیمی هەڵساند. سەرەڕای ئەوە سەرزەنشتی ڕاسیزم نوێ نییە، بەڵکو بابەتی دێباتێکی چڕ بوو کە بەتایبەتی لە دەیەی یەکەمی دووهەزارویەکدا لە دیسکورزی پسپۆرییانەی فەلسەفەیی نێونەتەوەیی و ڕەخنەیی-ڕاسیستیدا ئەنجام درا. هۆکاری ئەو دێباتە و سەرزەنشتەکەی هەنووکەش بریتییە لە ڕیزێک تێکستی کانت لەبارەی مێژووی سروشت و ئەنترۆپۆلۆژی، کە لە 1770کان و 1780کاندا بڵاوی کردوونەتەوە و تێیاندا بەڕوونی تیۆرییەکی ڕەگەزەکانی داڕشتووە.
تێزەکەی کانت ئەوەیە کە سەرجەم مرۆڤان یەک ڕەچەڵەکیان هەیە، لێ لە ڕەوتی کاتدا بەهۆی پێشمەرجەکانی کەشەوە (کلیماوە) گۆڕانی جیاوازیان بەسەردا هاتووە، کە ئیدی ئەمڕۆ چوار “ڕەگەز” (Race) هەن: سپی، هندی، ڕەش، ئەمەریکی. مۆرکی ئەم ڕەگەزانە ئەوەیە کە بەڕوونی ئەدگاری جیاوازی بۆماوەییان هەیە و دەشێت لە ڕەوشی زارۆکانی “تێکەڵڕەگەز”دا پەرەبسێنن.
لێ گرنگیدانی کانت لە نووسینەکانیدا لەبارەی ڕەگەز کەمتر سیاسییە، بەڵکو پتر زانستی-سروشتی، ئەنترۆپۆلۆژی و زانستی-تیۆریانەن. کێشەی کانت ئەوەیە کە داخۆ چە جیاوازییەک لە نێوان مرۆڤاندا هەبن، هەروەها بە چە ڕێیەکەوە جیاوازییەکان سەرهەڵبدەن و چۆن زانست دیارییان بکات.
کەواتە ئەدگارە دەرەکی-لەشەکییەکانی “ڕەگەز”ەکان بابەتی سەرنجڕاکێشانی کانتن. سەرەڕای ئەوە کانت هاوکات تایبەتیمەندیی ئەوتۆیان دەداتە پاڵ کە لەو ئەدگارانەیان تێپەڕدەکەن و دیاریکردنیشیان بە هیچ شێوەیەک ئۆبژێکتیڤی (مەوزوعی) نییە. ئاخر چوار ڕەگەزەکە لە ڕووی چوستی و توانستی ئاوەز و توانستی هێنانەگۆڕێی کولتوورەوە جیاوازن لە یەکدی. ئەم توانستانە تەنیا لای سپییەکان بەتەواوی شکۆفەیان کردووە، دوای ئەوان بە دابەزینی هەرەمییانە هندی و ڕەشەکان دێن، ئەوجا لە ژێرەوەی هەرەمەکەدا دانیشتوانی هەرە سەرەتایی ئەمەریکا خۆیان دەبیننەوە.
کێ ئەو تێکستە ناوبراوانە بخوێنێتەوە، بەدەگمەن دەتوانێت نکۆڵی لەوە بکات کە ئەو هەڵوێستانەی کانت بەگوێرەی پێورەکانی ئەمڕۆ گەرەکە بە ڕاسیستی (ڕەگەزگەری) دابنرێن. لێ دانانی نووسەرێکی سەدەی هەژدەیەم و سەرەتای سەدەی نۆزدەیەم بە ڕاسیسیت هاوکات ئەو واتایە دەگەیەنێت کە کەسی مەبەستلێبوو بەگوێرەی پێورەکانی ئەمڕۆ بنرخێنرێت. ئاخر تێگەی ڕاسیزم لەکاتی سەدەی بیستەمەوە سەریهەڵداوە. سەرەڕای ئەوە حوکمدانێکی ئاوها بەرەو پاش وەرچەخێنراو ناشێت لەخۆدا ناڕەوا بێت، بەڵکو تەنانەت حوکمدانێکی ناچارەکییە: ئاخر کێ بییەوێت لە مێژووی ڕاسیزمی ئەوروپی تێبگات، دەبێت شرۆڤەی گۆڕانە ئیدیۆلۆژییەکانی سەدەی هەژدەیەم و نۆزدەیەم بکات، جا گەر تەنانەت ئەو تێگەیە لەو دەمەدا نەبووبێت. گەر ئێمە پێش-سۆکراتیییەکان ناو بنێین پێش-سۆکراتی، ئەوا ناونانەکەمان هەڵە نابێت تەنیا لەبەر ئەوەی تێگەکە لە سەردەمی ئەوان خۆیاندا نەبووە. ئێمە لەم پەیوەندییەدا تەنیا گەرەکە خۆمان لە گوناهبارکردێکی مۆرالی بەدوور بگرین، ئەمەش کەمتر لەبەر ئەوەی بەو جۆرە گوناهبارکردنە زوڵم لە ڕابوردوو دەکەین، نەخێر، بەڵکو لەبەر ئەوەی ئێمە بە هەلوێستێکی بەو چەشنە زۆر سانا مەزنێتی بە خودی خۆمان دەدەین.
دیاریکردنی کانت وەک ڕاسیسیت بەتایبەتی بەو ڕێیەوە ڕەوایە، کە ئەو تەنیا “زارۆکی سەردەمەکەی خۆی” نییە و بێلایەنانە پێشبڕیاری باوی ئەو سەردەمە لاسایی بکاتەوە، چونکە ناچار بووە وەک زارۆک ئەوە بکات. نەخێر، کانت لە لایەنی خۆیەوە رۆڵێکی چالاک و خۆیی و شەفافی بۆ گۆڕاندان بە ئیدیۆلۆژیی ڕاسیزم نواندووە، بێگومان رۆڵێک کە ئەو خۆی وەک بەشێکی بایەخمەندی سەرجەم بەرهەمەکەی لێی دەڕوانی. کانت بەڕوونی لەو دێباتانەدا داکۆکیی لە تیۆرییەکانی خۆی لەمەڕ ڕاسیزم دەکرد کە ئەو لەدژی نووسەرانی وەک یۆهان گۆتفرید هێردەر ئەنجامی دەدان و تیۆریی ڕاسیزمیان ڕەتدەکردەوە.
سەرەڕای ئەوە پرسیاری ڕاستینە لە ناکۆکیی فەلسەفەییدا ئەمەیە: ئایا چۆن بەرهەمی نووسەرێک بخوێنینەوە کە لە لایەک ئێتیکێکی (ئەخلاقناسییەکی) جیهانگیرانەی ئازادی و یەکسانی، لە لایەکی دی تیۆرییەکی هەرەمییانەی ڕەگەزەکانی فۆرمولە کردووە؟ پەیوەند بەم پرسیارەوە دەتوانین جیاوازی لە نێوان دوو هەڵوێستدا بەدرشتی بکەین:
یەکەم: ئاڕاستەیەکی سەرەکیی باو هەیە کە دڵسۆزە بۆ کانت و دەخوازێت تا بکرێت کەم لە وەرگرتنی (ڕێسەپسیۆنی) تائێستاکانەی کانت بگۆڕێت. لە روانگەی ئەم جۆرە هەڵوێستەوە تیۆرییەکانی ڕەگەزەکان لەنێو سەرجەم بەرهەمەکەی کانتدان، کە بێگومان بەشێکی نالەباری ئەو بەرهەمەن، لێ کەمبەهان، جگە لەوە هۆکاری ئەم بەشە بەتایبەتی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو بەسەهووداچوونە ئەمپیریانە (تەجریبییانە) کە لە پابەندییە مێژووییەکانەوە هاتنەگۆڕێ و هیچ بایەخێکیان بۆ فەلسەفە و ڕاڤەکردنی نییە.
دووەم: هەڵوێستە دژبەرەکانی ڕاسیزم هەن کە هەردوو بەشی بەرهەمەکەی کانت وەک دانەبڕاو لەیەک دەخوێننەوە. لەم ڕوانگەیەوە فەلسەفەی مۆرال پێشانی دەدات کە چۆن گەرەکە سەبژێکتانی (بکەرانی) ئاوەزبەتوانا ڕەفتار لەتەک یەکدیدا بنوێنن، هەروەها تیۆریی ڕەگەزەکان ڕوونی دەکاتەوە کە کارایی ئەو فەلسەفەیە بۆ کێیە: بۆ سپییەکان، نەک بۆ ئەوانی دی. بەم پێیە فەرمانە ڕوون و ئاشکراکە(Der Kategorische Imperativ) (کە ئامانجی ناخەکییانەی کرداری مۆرالییە لە فەلسەفەی کانتدا – و)، بریتی نییە لە: “ئەوها کردار بنوێنە کە تۆ هەردەم مرۆڤایەتی هاوکات چە لە کەسی خۆت و چە لە کەسی هەر یەکێکی دیکەدا وەک مەبەست، لێ هەرگیز وەک دەستوێژ بەکارنەهێنیت”، نەخێر، ئەوسا فەرمانەکە بریتییە لە: “ئەوها کردار بنوێنە کە تۆ ڕەگەزی سپی هاوکات چە لە کەسی خۆت و چە لە کەسی هەر یەکێکی دیکەی سپیدا وەک مەبەست، لێ هەرگیز وەک دەستوێژ بەکارنەهێنیت، لێ تۆ دەتوانیت ئەندامانی ڕەگەزەکانی دی وەک ئۆبژێکتی پەتی دابنێیت و هەڵسوکەوتیان لەتەکدا بکەیت”. ئەمە بریتییە لە تێڕوانینی فەیلەسوفی جامایکایی چارلس و. میلس (Charles W. Mills) کە لە نووسینەکەیدا بە ناونیشانی “مرۆڤە ژێرینەکانی کانت” دەریدەبڕێت.
ئێمە دەتوانین بۆ هەردوو لایەن ئەرگومێنتی لەبار پێشان بدەین: لایەنێکیان دەتوانێت ئاماژە بۆ ئەوە بدات کە کانت فەلسەفەی مۆرالەکەی خۆی بەئاشکرا بۆ سەرجەم مرۆڤایەتی فۆرمولە کردووە، ئەو هەروەها لە نووسینە ئەنترۆپۆلۆژییەکانیدا جەخت لەوە دەکات کە چوار “ڕەگەز”ەکە سەر بە هەمان مرۆڤایەتین. لێ لایەنەکەی دی دەتوانێت لە تێکستی کانتدا شوێنی ئەوتۆ پێشان بدات کە ئەو تێیاندا ڕەوایەتی بە کۆیلایەتی دەدات و دەبێژێت، ئەوروپا ڕۆژێک لە ڕۆژان دەبێت بە یاسادانەری سەرجەم جیهان.
ئێستا گەرەکە بپرسین کە ئایا کانت “لەسەر پایەکەوە فڕێبدەینە خوارەوە”؟ لێ پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە کە داخۆ ئێمە چی لە فڕێدانەخوارەوە تێبگەین. گەر مەبەست لەوە بێت کە چیدی ئەدگارێکی پێوارەیی بە کانت نەدرێت، ئەوا باش دەکەین کە واز لەم هەڵمەتەی دوورخستنەوەی وێنەکان بهێنین. ئاخر کێ ئەوها مامەڵە لەتەک دابی فەلسەفەییدا بکات، ئەو کەسە ناتوانێت شتێکی ئەوتۆ نە لەبارەی فەلسەفە و نە لەبارەی ڕاسیزم فێرببێت. لێ گەر “فڕێدانەخوارەوە لەسەر پایەکەوە” ئەو واتایە بگەیەنێت، کە چیدی گەرەک نییە کانت وەک پیرۆزێکی بەڕەهایی بەدەر لە هەڵە ڕێزلێبنێین، ئەوا باشترە تا زووە ئەمڕۆ هەڵمەت بۆ دوورخستنەوەی وێنەکان بەرین، ئەوجا گەر دەستمان بەو کارە کردبێت، ئەوا باش دەکەین بیر لەوەش بکەینەوە کە داخۆ هەرگیز پێویست بێت هەر کەسێک بە هەر شێوازێک لەسەر پایەیەک دابنێین. لێ تەنیا گەر ئێمە واز لە هەڵوێستی یەکەم بهێنین و ئەوەی دووەمیان ئەنجام بدەین، ئیدی دەتوانین کارێکی گونجاو بکەین: کانت لە ناتەبایی خۆیدا بخوێنینەوە و لەنێو سەرجەم بەرهەمەکەیدا نەک تەنیا فەلسەفە پراکتیکییەکەی، بەڵکو هەروەها ڕاسیزمەکەی و ڕەوایەتیدانەکانی دیکەی ئەو بە پەیوەندییەکانی دەسەڵات، کە شیاوی ڕەوایەتیپێدان نین، بەهەند وەربگرین. ئێمە بەتایبەتی لە پەیوەندیی نێوان هەردوو ئەو لایەنەدا دەتوانین گەلێک شت فێر ببین.
لێ هەروەها شیمانەیەکی دیکە هەیە بۆ کۆتاییهێنان بەم خەریکبوونە: کانت لە نووسینی “لەبارەی ئاشتیی هەمیشەیی”دا کە لە تەمەنی پیریدا نووسیوێتی، ئەوە دێنێتە بەر باس کە دەبێت لە نووسینەکانی سەردەمی گەنجێتییدا بێهودە بۆی بگەڕێین: کانت لەم نووسینەدا بەئاشکرا دان بەوەدا دەنێت کە سەرجەم مرۆڤان، سەربەخۆ لە “ڕەگەز”یان، ستاتۆیەکی هاومافیان وەک سەبژێکت هەیە، هەروەها کانت بەڕوون و ئاشکرایی کۆلۆنیالیزم و کۆلایەتی وەک تاوان مەحکوم دەکات. وەک خانمی فەیلەسوف پاولینە کلاینگێلد دەبێژێت، کانت “Second Thoughts on Race”ی هەبوو، کەواتە ئەو گومانی لە تیۆرییەکەی خۆی لەمەڕ ڕەگەزەکان (ڕاسەکان) کردووە و لە کۆتاییدا چاوی پێدا خشاندۆتەوە – لایەنی کەم بە تێهەڵکێشکراوی لە بەرهەمەکەیدا بەبێ ئەوەی بەئاشکرا دەری ببڕێت.
ڕەنگە بۆ ئێمەی پیاوانی سپی هێشتا هیوایەک هەبێت و ئێمەش بتوانین لە تەمەنی پیریدا تەقەلا بۆ لەبیربردنەوەی ڕاسیزم بدەین، لەم تەقەلایەشدا دەتوانین زۆر چاک کانت بە نموونە وەربگرین. لێ ئێمە تەنیا کاتێک ئەمەمان پێدەکرێت، گەر ئیعتراف بەوە بکەین کە ڕاسیزمێک هەبووە و بە پێویستمان زانیوە لەبیر خۆمانی بەرینەوە. لێ کێ هەڵوێستی بەو چەشنە وەربگرێت، هیچ پێویست نییە لەسەر پایە دابنرێت.




گفتوگۆ لەگەڵ نووسەر سمکۆ محەمەد… بەشی 2… ئا: عەباس جەمیل جێماو

داهێنان نیازی به‌پشتگیری كردن نییه‌, وه‌ك چۆن ده‌قی مردوو پێویستی به‌ته‌ڵقین نییه‌.
ئاماده‌كردنی: عه‌باس جه‌میل جێماو


به‌شی 2

سمكۆ محه‌مه‌د نووسه‌ر و روناكبیر له‌به‌شی دووه‌می چاوپێكه‌وتنه‌كه‌یدا ده‌رباره‌ی داهێنان و نوێگه‌ری قسه‌ده‌كات و پێی وایه‌، داهێنان ئه‌و شته‌یه‌ كه‌ هێشتا نه‌هاتۆته‌ بوون، نوێگه‌ریش به‌زاره‌كی دزه‌ی كردۆته‌ نێو ئه‌ده‌بی كوردی، هاوكات تیشك ده‌خاته‌سه‌ر سلبیاتی هاتنی جهانگه‌رایی و گه‌شه‌ی ته‌كنۆلۆژیا بۆ كۆمه‌ڵگه‌ دواكه‌وتووه‌كان، كه‌ده‌رگایه‌كی فكری و ته‌كنۆلۆژی كرده‌وه‌, ئیدی شتێك نه‌ما به‌ ناوی داهێنان جگه‌ له‌نوێگه‌ری.

ده‌قی گفتوگۆكه‌

پرسیار: ئه‌ده‌ب بۆ خۆی جۆرێكه‌ له‌ كێشه‌، روونتر بڵێین فاكته‌ری پشێوی نانه‌وه‌یه‌، كه‌ كێشه‌ نه‌مێنێ ئیتر ئه‌ده‌بمان بۆ چیه‌، له‌كاتێكدا ئه‌و فه‌زایه‌ی كه‌ تێیدا ژیان ده‌كه‌ین، زه‌مه‌نێك تێیدا ئه‌و گفتوگۆ و بۆچوونانه‌ی له‌سه‌ر دیالكتیكی ئه‌ده‌بی و گه‌شه‌ی فیكری و ئاڵوگۆڕه‌ مه‌عریفییه‌كاندا گه‌نگه‌شه‌ ده‌كرا، تا ئاستێك گه‌رموگوڕی تێدابوو، به‌ڵام به‌ هاتنی جیهانگه‌رایی، پێتان وانییه‌ دۆخه‌كه‌ی به‌ره‌و ئاقارێكی نه‌رێنی بردووه‌و چه‌مكه‌كه‌ی زیاتر كه‌م به‌ها كردووه‌؟

سمكۆ محه‌مه‌د: ته‌واوی ئه‌و داخوازی و ئه‌و كه‌ره‌ستانه‌ی كه‌ له‌سه‌ده‌ی رابردوو له‌ته‌واوی كایه‌كاندا هه‌بوو, ئه‌و موناقه‌شانه‌ی كه‌ له‌سه‌ر گه‌شه‌ و هه‌ڵدانی فكری و ئاڵوگۆڕه‌ مه‌عریفییه‌كاندا له‌ئارادا بوو, ئه‌و نهێنی و سیحرانه‌ی كه‌ له‌ده‌قێك یان كارێكی هونه‌ری كۆما ببوون, ئه‌و پێوه‌رانه‌ش كه‌ بۆ جیاوازی و شته‌ له‌یه‌كچووه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی ئه‌ندازه‌یی هه‌بوون, ئێستا ئیتر به‌هاتنی چه‌مكی جهانگه‌رایی و پاش جیهانگه‌راییش كه‌ ژیانی پڕ كردووه‌ له‌گرێی ده‌روونی، به‌شێوه‌یه‌ك له‌شێوه‌كان بۆ دونیا و بۆ كۆمه‌ڵگه‌ دواكه‌وتووه‌كان به‌تایبه‌تی, خه‌ریكن ساده‌تر و كاڵتر ده‌بنه‌وه‌, وه‌ختێك ته‌كنۆلۆژیا به‌هێنانی ئامێره‌ سیحرییه‌كانی, وه‌كو ئینته‌رنێت و ته‌وژمی سه‌ته‌لایت و ته‌له‌فۆنی ده‌ستی كرده‌ دیاریه‌كی ترسناك, ئیتر ده‌یان ده‌رگای جۆراو جۆری فكری و ته‌كنۆلۆژی كرایه‌وه‌, به‌كردنه‌وه‌ی ئه‌و ده‌رگایانه‌ش, شتێك نه‌ما به‌ده‌قی زۆر جدی و سیحراویشه‌وه‌, رێگه‌مان پێبدات موناقه‌شه‌ی داهێنانی له‌باره‌وه‌ بكه‌ین, به‌ڵكو موناقه‌شه‌ی ئیستاتیكی له‌باره‌وه‌ گه‌ره‌كه‌, چونكی ئیستاتیكا دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و كۆدانه‌ی له‌نێو ئه‌و كه‌ره‌ستانه‌ی كه‌ خۆیان هه‌ن و ده‌قی پێ‌ ده‌خوڵقێنرێ‌, له‌وانه‌ش زمان و كولتوور و نه‌ریت و هتد.

پرسیار: باشه‌ ئه‌ی بۆچی لای زۆرێك له‌ ئه‌دیبان داهێنان بووه‌ته‌ گرێیه‌كی ده‌روونی، به‌داوی چه‌مكه‌كه‌دا ئه‌ڕۆن و پێی ناگه‌ن، ئایا ئه‌و چه‌مكه‌ تا چه‌ند فاكته‌ر بووه‌ بۆ به‌رهه‌مهێنان و گه‌شه‌ی ئه‌ده‌بی، وه‌ك مه‌عریفه‌، یان ئاماژه‌یه‌كی نیگه‌تیڤه‌.. له‌به‌رامبه‌ر پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و بۆشاییه‌ مه‌عریفیه‌ی كه‌ له‌ ئه‌نجامی ده‌ستبه‌تاڵی هه‌یانه‌، به‌دیوێكی تردا ئایا خۆدزینه‌وه‌ نییه‌ له‌واقیع ؟
سمكۆ محه‌مه‌د: من بڕوام وایه‌ داهێنان ئه‌و شته‌یه‌ كه‌ هێشتا نه‌هاتۆته‌ بوون, یان به‌مانا دۆڵۆزیه‌كه‌ی داهێنان وه‌كو فه‌لسه‌فه‌ی و فه‌لسه‌فه‌ش به‌رهه‌مهێنانی چه‌مكه‌، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا تازه‌گه‌ری ئه‌و چه‌مكه‌ی په‌راوێزخست و مه‌سه‌له‌ی شوناس و سه‌ربه‌خۆیی ئه‌ده‌بی كرده‌ بابه‌تی مشتومڕی فكری، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كه‌س نییه‌ نه‌زانێ‌ سڵێمان پێغه‌مبه‌ر گوتویه‌تی” هیچ شتێك نوێ‌ نییه‌ له‌ژێر ئاسماندا” ئه‌مه‌ مانای ئه‌وه‌مان ناداتێ‌ كه‌ تازه‌گه‌ری یاخوود نوێكردنه‌وه‌ نامێنێ‌, چونكه‌ ئه‌م ئه‌رگومێنته‌ هه‌ریه‌ك له‌هۆركهایمه‌ر و ئه‌دۆرنۆش له‌كتێبی دیالێكتیكی رۆشنگه‌ری باسیان كردووه‌ و ره‌تیده‌كه‌نه‌وه‌، ئه‌وان باس له‌و ده‌قانه‌ش ده‌كه‌ن كه‌ له‌سه‌رده‌می یۆنانه‌وه‌ تاكو ئاڵوگۆڕی سیستمی سیاسی رۆژئاوا هاتنه‌ ئاراوه‌، پشكیان هه‌بووه‌، نموونه‌ی ئۆدیسیۆس و هتد ده‌هێننه‌وه‌ كه‌ به‌شێكن له‌رۆشنگه‌ری، ئه‌وان باس له‌مرۆڤ و سرووشت و ململانێكان ده‌كه‌ن، باس له‌ره‌خنه‌ و هه‌ردوو زاراوه‌ی (ئۆپژێكت و سۆپژێكت) ده‌كه‌ن كه‌ چۆن خراپ كه‌ڵكی لێوه‌رگیراوه‌، چونكه‌ تیۆره‌ی زانستی بریتییه‌ له‌و تیشكه‌ ره‌خنه‌ییه‌ی ئاراسته‌ی هه‌قیقه‌ته‌ زانستییه‌كان ده‌كرێن كه‌ له‌په‌یوه‌ندیدا به‌و گشته‌ی له‌ناویاندان، هه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ پێشتر له‌لایه‌ن گشته‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه‌ نه‌خشه‌یان بۆ كێشراوه‌.
هه‌ڵبه‌ت من له‌گه‌ڵ ئه‌م بۆچوونه‌دا كه‌مێك كۆك نیم، به‌ڵام تاڕاده‌یه‌ك به‌خاتری ئه‌وه‌ی چه‌مكه‌كان جارێكی دیكه‌ ده‌خاته‌وه‌ به‌ر تیشكی ره‌خنه‌وه‌، بۆیه‌ كه‌ڵكی لێوه‌رده‌گرم بۆ پێناسه‌كردنی داهێنان، (جیل دۆلۆز) له‌كتێبی فه‌لسه‌فه‌ چییه‌ ده‌ڵێ‌ (چه‌مك خۆی داهێنانه‌) كه‌واته‌ به‌پێی ئه‌و میتۆده‌ بێت، نه‌ك هه‌ر ئێمه‌ خاوه‌ن داهێنان نیین، به‌ڵكو ده‌ورو پشتیشمان وه‌كو فارس و تورك و عه‌رب خاوه‌ن داهێنان نیین، ئه‌گه‌ر به‌و پێوه‌ره‌ جیهانییه‌ قسه‌ بكه‌ین، به‌وپێیه‌ی خاوه‌نی هیچ چه‌مكێك نیین له‌وانه‌ی كه‌ له‌ ژیانی رۆژانه‌دا به‌كاردێن، هه‌روه‌ها جگه‌ له‌(حافزی شیرازی و سه‌عدی شیرازی) خاوه‌نی هیچ پنتێك نیین ناوی دابڕانی مه‌عریفی بێت، ئه‌وه‌ش كه‌ مه‌به‌ست له‌ده‌قی داهێنه‌رانه‌یه‌، دیسان ده‌یڵێمه‌وه‌ كه‌ كۆمه‌ڵگه‌ بنده‌سته‌كان خاوه‌نی ده‌قێكی داهێنان نیین وه‌كو ده‌قه‌كانی دۆنكیشۆتی سێرڤانتس و ئه‌فسانه‌ی فاوستی گۆته‌ و كۆمیدیای خواوه‌ندی دانتی و دایستۆفیسكی و هتد، ئیدی ئه‌م وه‌همه‌ له‌كوێوه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌، مه‌گه‌ر داهێنان ته‌نها له‌وێوه‌ به‌پێوه‌ر وه‌ربگرین كه‌ له‌چاو نه‌خوێنه‌واری و ئه‌وانه‌ی كه‌ سه‌روكاریان له‌گه‌ڵ نووسین نییه‌، ئه‌و ده‌قانه‌ی ئێستا به‌رهه‌مدێن ته‌نها ئه‌گه‌ر ئیستاتیكایان تیا بدۆزینه‌وه‌، ئه‌گه‌رنا داهێنان نیین.
ئه‌گه‌رچی تازه‌گه‌ریش له‌كن كۆمه‌ڵگه‌ دواكه‌وتووه‌كان, ته‌نها به‌زاراوه‌ و به‌قسه‌ دزه‌ی كردۆته‌ نێو ئه‌ده‌به‌كانیان, به‌ڵام داهێنان به‌پێی خوێندنه‌وه‌ی ئیدیالیستی, له‌به‌رامبه‌ر خوێندنه‌وه‌ی مه‌تریالی جۆرێكی تر مامه‌ڵه‌ له‌ته‌ك ئه‌م چه‌مكه‌دا ده‌كات, هه‌ڵبه‌ت بۆ نووسین به‌گشتی و نووسینی ده‌قی ئه‌ده‌بی به‌تایبه‌تی, شوێن و كات گرنگی له‌دیاریكردنی به‌هاكه‌ی دیاری ده‌كات, ئه‌و شیعرانه‌ی كه‌ سۆفۆكلیس له‌سه‌رده‌می یۆنانیه‌كان نووسیویه‌تی و ئه‌وه‌ش كه‌ داوود پێغه‌مبه‌ر به‌ته‌مبورێكه‌وه‌ ده‌گه‌ڕا و شیعری ده‌گوت و ئێستا وه‌كو ده‌قێكی پیرۆز ته‌ماشا ده‌كرێ‌, چ شتێكی كه‌متر نییه‌ له‌شیعری نوێ‌, چونكی رزگاربوون له‌كێش و سه‌روا و كاركردن به‌وێنه‌ و زمان, پێشتر كاری بۆكراوه‌ و جێگه‌یه‌كی بۆ دڵه‌ڕاوكێ نه‌هێشتۆته‌وه‌ له‌م جۆره‌ موناقه‌شانه‌دا, به‌ڵام ئه‌گه‌ر بڵێین پێوه‌ره‌كان زیاتر بوون له‌و هۆكارانه‌ی كه‌ پێشتر پێشمه‌رجێك بوون بۆ داهێنانی ده‌قی ئه‌ده‌بی، ئه‌مه‌یان راسته‌, چونكی ورده‌كاری واقیعی ژیانی رۆژانه‌ له‌م سه‌ده‌یه‌دا كه‌ ته‌واوی كۆمه‌ڵگاكان له‌یه‌ك كاتدا ئاگایان له‌یه‌كتره‌, یان به‌حاڵێك كۆمه‌ڵگه‌كان تێكه‌ڵ به‌یه‌كتر بوون و خه‌ریكه‌ له‌ناو یه‌كتردا ده‌توێنه‌وه‌, به‌شێكه‌ له‌ئه‌و به‌هانه‌یه‌ی كه‌ بوارێكی نه‌هێشتۆته‌وه‌ بۆ جێگیركردنی ئه‌و زاراوه‌یه‌ی كه‌ پێشتر خۆمان پێوه‌ی خه‌ریك كردبوو, له‌گه‌ڵ هاتنی ئه‌م سه‌ده‌یه‌ كه‌ هه‌موو سیحرێكی به‌تاڵ كردووه‌ به‌ ئه‌ده‌بیشه‌وه‌, رووبه‌رێك له‌و رووبه‌رانه‌ی كۆن هه‌بوون بۆ په‌یدابوون و سه‌رهه‌ڵدانی فه‌یله‌سووف و خاوه‌ن توانا, ئێستا هه‌رچی زیاتر ته‌سك تر بۆته‌وه‌ و دیارده‌ی سه‌رهه‌ڵدانی فه‌یله‌سوف به‌سه‌رچوو, قوتابخانه‌ی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌گه‌رایی له‌باری ئه‌ده‌ب به‌تایبه‌تی لای (رۆڵان بارت) و له‌كۆی هه‌موو كایه‌كانیشدا له‌لای (ژاك درێدا) و هێڕمۆنتیكا له‌لای (گادامیر), شتێكی نه‌هێشته‌وه‌ له‌ژێر ره‌حمه‌تی ئه‌و فكره‌دا رزگاری بێت, به‌وپێیه‌ی كه‌ جیاوازیه‌كی جه‌وهه‌ری هه‌یه‌ له‌نێوان تێگه‌یشتنی نوێ‌ و درووستكردن, بیر تیژی و ده‌ربڕین له‌نووسین و له‌هه‌ر شتێكی تر, مانای ئه‌و توانایه‌ نییه‌ كه‌ ئێمه‌ به‌چه‌مكی داهێنان، شیكاری ده‌كه‌ین, ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدا كه‌ باس له‌ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌گه‌رایی ده‌كرێت بیرمه‌ندانی فه‌رانسی هیچ كاریگه‌رییه‌كی ئه‌وتۆی ئه‌و چه‌مكه‌یان به‌سه‌ره‌وه‌ نییه‌ و كاری پێناكه‌ن.
پرسیار: ئایا ئێستا ئێمه‌ ده‌توانین به‌ پێناسه‌ی رابوردوو مامه‌ڵه‌ له‌ته‌ك چه‌مكه‌ ئه‌ده‌بییه‌كان بكه‌ین، هه‌روه‌ها بۆچی له‌ ئیستادا ئیش به‌تیوری به‌راوردكاری ناكرێت؟
سمكۆ محه‌مه‌د: له‌كاتێكدا ئێمه‌ خه‌ریكین قسه‌ له‌سه‌ر چه‌مكه‌ فكرییه‌ ئه‌ده‌بییه‌كان ده‌كه‌ین، كاتێك كه‌ چه‌مكه‌كان بۆ خۆیان پێویستیان به‌ تازه‌ترین خوێندنه‌وه‌ی قوڵ هه‌یه‌، تاكو تێبگه‌ین له‌كوێوه‌ سه‌رچاوه‌یان گرتووه‌ و بۆچی ماناكانیان ئه‌و واقیعه‌ ئیدیۆلۆژییه‌ به‌رجه‌سته‌ ناكه‌ن كه‌ ته‌كنۆلۆژیا ئیدیۆلۆژیای كردووه‌ به‌ واقیع، ئه‌مه‌ ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێ‌ كه‌ زۆربه‌ی ئه‌و چه‌مكانه‌ی وه‌كو (چه‌پگه‌رایی و ریالیزم) كه‌ شیعر، یان ده‌قه‌ ئه‌ده‌بیه‌كانیان له‌چوارچێوه‌ی مانیفێستۆیه‌كدا قه‌تیس كردبوو, وه‌كو مانیفێسته‌كانی گروپی فازل ئه‌لعه‌زاوی و گروپی روانگه‌ و گروپی ره‌هه‌ندیه‌كان و گروپی جوایه‌زی هه‌ولیری و گروپی كفری كه‌ فه‌رهاد شاكه‌لی سیمبوله‌كه‌یان بوو، هه‌روه‌ها گروپی نیخازی هه‌ر و هه‌ر له‌ دهۆك كه‌ موحسین قۆچان و حسن سلیڤانی و عارف حیتۆ بوون، ئه‌مانه‌ هه‌موو له‌رێگه‌ی مانیفێسته‌وه‌ به‌ته‌مابوون خویان له‌وانی تر جودا بكه‌نه‌وه‌. به‌ڵام ده‌ركه‌وت ئه‌ده‌ب كاری تاكه‌ نه‌ك گروپ.
وجودیه‌تی سارته‌ر و كامۆ و كۆڵن وێڵسن، كه‌ له‌ فه‌لسه‌فه‌كه‌ی كیركه‌گارده‌وه‌ ده‌ستی پێكردووه‌ و قوتابخانه‌كانی تری نووسین به‌تایبه‌تی شیعر كاری پێكرا, له‌كاتی خۆیدا به‌جۆرێك له‌سیحری داهێنان ته‌ماشا ده‌كرا و مۆدێلێكی نووسینی په‌یدا كردو كاریگه‌ری زۆری كرده‌ سه‌رمان و هاته‌ نێو دونیای ئه‌ده‌بی كورد, كه‌چی له‌ئێستادا نه‌ك هه‌ر كاری پێناكرێ‌, بگره‌ بۆته‌ شتێكی كلاسیكیش.
ئه‌گه‌رچی ئه‌ده‌بی به‌راوردكاری مۆدێلێكی به‌سه‌رچووه‌, له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌گه‌ر نیازمان بوو به‌روارد بكه‌ین, ئه‌ده‌بی كوردیش وه‌كو هه‌ر ئه‌ده‌بێكی تر كاریگه‌رییه‌كی راسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆی ئه‌ده‌بی ده‌وروپشتی پێوه‌ دیاره‌ و ناكرێ‌ به‌راورد بكرێ‌, چونكی هه‌وڵدراوه‌ مۆركی تایبه‌تی پێبدرێ‌ و به‌خۆماڵی بكرێ‌, به‌ڵام سه‌ربه‌خۆیی وه‌رنه‌گرتووه‌، هه‌روه‌ك چۆن ئه‌گه‌ر به‌رواردێك له‌نێوان ده‌قێكی ئه‌مریكی له‌شێوه‌ی ده‌قه‌كانی ئیلیۆت یان عه‌زرا پاوه‌ن و لۆركا ی ئه‌وروپی بكه‌ین, كه‌ یه‌كێكیان به‌ناهه‌ق كوژراو ئه‌ویتر دادگاییه‌كی ناهه‌ق، به‌هه‌ر حاڵ ره‌نگه‌ هه‌مان شت و هه‌مان كارتێكردن له‌سه‌ر دوو جۆر ده‌قدا بدۆزینه‌وه‌, ئه‌مه‌ش جگه‌ له‌نوێكردنه‌وه‌ی ده‌ق به‌داهێنان ناچێت, ره‌نگه‌ سیحربازێك له‌ له‌حزه‌یه‌كدا بتوانێ‌ له‌ژێر كڵاوه‌كه‌یدا كۆترێك هه‌ڵفرێنێ‌, ئه‌مه‌ش جۆره‌ داهێنانێكه‌، به‌ڵام ئه‌م كرده‌یه‌ زوو ده‌مرێت و ته‌مه‌نی كورته‌, هه‌رچی ده‌قێكی ئه‌ده‌بیه‌ مانه‌وه‌ی له‌نه‌مریه‌كه‌یدایه‌ كه‌ له‌راستیدا ده‌قنووس بۆ نه‌مری و له‌ده‌ست مه‌رگ رزگار بوونی خۆی ده‌ینووسێت كه‌ ئه‌مه‌ش ئێستا به‌تێڕوانینێكی جهانبینیانه‌ و لۆژیكیانه‌ ناناسرێ و كاری پێناكرێت, چاكتر وایه‌ له‌وه‌ تێبگه‌ین كه‌ هه‌موومان و له‌هه‌موو كایه‌كاندا خه‌ریكی نه‌مرین, هه‌روه‌ك چۆن نه‌مری كرێكارێك له‌دوورست كردنی دیوارێك یان درووستكردنی كه‌ره‌سته‌یه‌كدایه‌, ئاوهاش نه‌مری ئه‌دیب له‌ده‌قه‌كه‌یدایه‌, بۆیه‌ باشتر وایه‌ ئه‌دیبی كورد خۆی به‌و زاراوانه‌وه‌ خه‌ریك نه‌كات و كێشمه‌كێشی له‌سه‌ر نه‌كات, گرنگ ئه‌وه‌یه‌ تاكی ئه‌دیبی كوردی خۆی له‌ژێر خه‌یاڵات و بیركردنه‌وه‌ی ئه‌ویتر رزگار بكات, سه‌رقاڵی فكر بن بۆ ئه‌وه‌ی ده‌قی سه‌ربه‌خۆ به‌رهه‌مبهێنن و به‌پرنسیپه‌كانی ئیستاتیكا و چنینه‌وه‌ كار پێبكرێت, به‌و لۆژیكه‌ كار بكرێت ده‌ق له‌كراوه‌یی خۆیدا بمێنێته‌وه‌, سنووری شته‌ باوه‌كان و یه‌قینه‌كان ببه‌زێنێ‌. ئیستاتیكا ته‌نها له‌ وێنه‌ و زماندا كۆنابێته‌وه‌, مه‌عریفه‌ به‌شێكی تری هێزی ئیستاتیكی ده‌قه‌ كه‌ زۆر شاعیر یان ئه‌دیب هه‌یه‌ سڵ له‌مه‌عریفه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌, یاخوود مه‌عریفه‌ و عیرفان تێكه‌ڵاو ده‌كه‌ن, هه‌ڵبه‌ت خۆ یه‌كلایی كردنه‌وه‌ له‌م پرسه‌ و به‌تایبه‌تی له‌رووی فكریه‌وه‌, له‌وه‌ چاكتره‌ خۆیان سه‌رقاڵی موناقه‌شه‌ی شه‌فه‌وی، واته‌ سه‌رزاره‌كی بێهووده‌ بكه‌ن, ئه‌م ده‌قه‌ خوڵقاندنه‌ و ئه‌ویتر مردوو, هه‌ڵبه‌ت نه‌خوڵقاندن یان ئه‌وه‌ی پێی ده‌ڵێن داهێنان نیازی به‌پشتگیری كردنه‌, نه‌ده‌قی مردووش نیازی به‌ته‌ڵقینه‌, به‌ڵكو ئه‌وه‌ خوێنه‌ری جددی و ره‌خنه‌گری شاره‌زایه‌ ده‌توانێ‌ شیته‌ڵكاری بكات, بۆیه‌ ئه‌م خۆ سه‌رقاڵ كردنه‌ بێ به‌رهه‌مه‌, له‌سه‌رقاڵ كردنی ئه‌و خه‌ڵكانه‌ ده‌چێت كه‌ له‌جه‌هلی نه‌زانیندا خه‌ریك بوون ده‌خنكان, وه‌ختێك خۆیان به‌پێنج و شه‌ش و حه‌وت چینی ئاسمانه‌وه‌ خه‌ریك ده‌كرد و واتێگه‌یشتبوون ئاسمان چین چینه‌, له‌بری ئه‌وه‌ی خۆیان به‌خود ناسیه‌وه‌ خه‌ریك بكه‌ن, وه‌كو (خه‌یام) ماندوو بوو پێوه‌ی, كه‌وابوو مه‌رج ئه‌وه‌نییه‌ نه‌ته‌وه‌یه‌ك له‌ئه‌ده‌بدا داهێنانی نه‌بێت و وه‌كو نه‌ته‌وه‌یه‌كی دواكه‌وتوو چاو لێبكرێ‌, به‌ڵام مه‌رجه‌ نه‌ته‌وه‌یه‌ك خۆی نوێ‌ بكاته‌وه‌ و ده‌قی سه‌ربه‌خۆی هه‌بێ‌, یان لانیكه‌م ئه‌گه‌ر له‌ ئه‌ده‌بیشدا داهێنان نه‌بوو له‌كایه‌كانی تردا به‌رهه‌می هه‌بێت, یه‌عنی گه‌لێكی به‌رهه‌مهێن بێت و به‌ر سێبه‌ری نه‌بێت, چاوه‌ڕێی ده‌ستی خه‌ڵك نه‌بێت.
پرسیار: ئێوه‌ باستان له‌ هه‌ندێك پڕۆسه‌ی كاریگه‌ری ئه‌ده‌ب و لاساییكردنه‌وه‌ كرد، ده‌كرێ له‌سه‌ر ئه‌م پنته‌ زیاتر رابوه‌ستن؟
سمكۆ محه‌مه‌د: پێشتر به‌ تیژتێپه‌ر باسی كێشه‌ی لاسایكردنه‌وه‌مان كرد كه‌ بۆته‌ گرێیه‌كی ده‌روونی، ئه‌فڵاتون باسی لاسایی كردنه‌وه‌ ده‌كات له‌ ئه‌ده‌بدا و به‌ داهێنانی نازانێت و به‌ دابڕانیشی نازانێت، به‌ڵام ئه‌رستۆ ئه‌مه‌ به‌ دیوێكی تردا ده‌بینێت و لاسایی كردنه‌وه‌ به‌ هونه‌ر ده‌زانێت و هه‌ندێك لاسایی به‌ ئیقاع و مۆزیكه‌وه‌ گرێده‌دات، له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ به‌ كرده‌یه‌كی غه‌ریزی ته‌ماشات ده‌كات و به‌ ئسلوبێكی نوێی ده‌زانێ‌. ئه‌و هونه‌ر به‌ ئازادی مرۆییه‌وه‌ گرێده‌دات و پێی وایه‌ خه‌یاڵگه‌ری مرۆیی جگه‌ له‌ فراوانبوونه‌وه‌ی ئه‌م ئازادییه‌ ناچێته‌ پێشه‌وه‌.
به‌ڵام من وای ده‌بینم ئه‌ده‌ب سرووشتێكی گشتگیری هه‌یه‌, به‌بیانووی ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌م كایه‌یه‌ به‌ر له‌هه‌ر شتێك, سه‌ره‌كیترین خه‌سڵه‌تی هیومانیستی بوونیه‌تی له‌گه‌یاندنی مه‌به‌ست و گوتار و ئیستاتیكا, مه‌به‌ستمه‌ بڵێم ئه‌ده‌ب جگه‌ له‌په‌یامێكی ناڕاسته‌وخۆی شه‌رمن به‌رامبه‌ر حاڵه‌ته‌كان و به‌تایبه‌تی سیاسه‌ت و ده‌سه‌ڵات, شتێكی تر نییه‌ و جگه‌ له‌وه‌ی چێژێكه‌ بۆ ئینسان و هیچی تر, به‌هه‌رحاڵ شتێك كه‌ به‌بێ‌ ئاگاهانه‌ نووسرابێت لاسایی كردنه‌وه‌ ناگه‌ێنێت, چونكه‌ جیایه‌ له‌وه‌ی به‌ئاگاهانه‌ نووسرابێته‌وه‌.
بۆ نموونه‌ ده‌قه‌كانی مه‌حوی و مه‌وله‌وی و خانی, نزیكایه‌تیه‌كی زۆریان له‌ته‌ك ده‌ق و بیركردنه‌وه‌كانی حافزی شیرازی فارس و ئه‌بو نه‌واس و ته‌نانه‌ت ده‌قه‌ كلاسیكیكیه‌كانی توركیش هه‌یه‌، هه‌روه‌ها عه‌ره‌ب و ئه‌وانی تر هه‌ن, ئه‌دۆنیس زۆر له‌سه‌ر شیعریه‌ت و كاریگه‌ریه‌كان قسه‌ی كردووه‌, له‌و بڕوایه‌دایه‌ دوو جۆر لاسایی كردنه‌وه‌ هه‌یه‌.
جۆری یه‌كه‌م لاسایی كردنه‌وه‌ی خوده‌ كه‌ له‌رابردوودا له‌نێو جه‌رگه‌ی هاوبه‌شه‌كانی خۆیدا به‌رهه‌مهاتووه‌, یه‌عنی ئه‌وه‌ی كه‌ له‌رابردوودا نووسراوه‌ یان وتراوه‌, به‌ستایلێكی تر و له‌رێگای كیمیای وشه‌و هۆكاره‌كانی تری مقه‌ویماتی ده‌قه‌وه‌ خۆی نمایش ده‌كات، به‌ڵام عه‌ره‌ب له‌به‌ر ئه‌وه‌ جیاوازییان له‌گه‌ڵ كورد هه‌یه‌، چونكه‌ له‌پشت زمان و ئه‌ده‌به‌كه‌یانه‌وه‌، تێكستی ئایینی هه‌یه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر له‌به‌رخاتری ده‌قه‌ ئه‌ده‌بیه‌ داهینه‌رانه‌كه‌ش نه‌بێت، له‌به‌ر خاتری ده‌قی قورئانییه‌ كه‌ له‌سه‌ر ئاستی دونیا سه‌رقاڵن پیوه‌ی، ئه‌مه‌ش پشتگیرییه‌كی ناڕاسته‌وخۆی زمانه‌ له‌نێو ده‌قدا، كورد خاوه‌نی تێكستی ئایینی نییه‌ به‌زمانی خۆی.
جۆری دووه‌میش لاسایی كردنه‌وه‌ی ئه‌ویدیه‌, واته‌ ده‌ره‌وه‌ی فه‌رهه‌نگی خودی ده‌قنووس ده‌گرێته‌وه‌, هه‌ردوو لاسایكردنه‌وه‌كه‌ ره‌وایه‌تی هه‌یه‌, سه‌رسام بوون به‌ستایل و چه‌مك گه‌لێك كه‌ نه‌ك ته‌نها بۆ ئه‌ده‌ب, به‌ڵكو بۆ هه‌موو كایه‌كانی تر شیاوه‌ و حه‌رام نییه‌, به‌و پێیه‌ی كه‌ مه‌عریفه‌ كه‌ڵه‌كه‌بوون و تێكه‌ڵبوونی هه‌موو ئه‌و كولتوورانه‌یه‌ كه‌ سه‌رجه‌م كۆمه‌ڵگه‌ی به‌شه‌ری له‌مێژوودا تۆماری كردوون و به‌جێی هێشتوون, كه‌سێك یان كولتوورێك نییه‌ له‌خۆڕا و له‌شكڵی قارچك و دۆمه‌ڵان هه‌ڵقوڵابێت, یان به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی ژیانی له‌ته‌ك به‌شه‌ردا نه‌كردبێ‌ و وه‌حی بۆهاتبێ‌ به‌زمانێكی تایبه‌ت, به‌ڵام ده‌توانین بڵێین كه‌سێك هه‌یه‌ توانا فه‌رهه‌نگیه‌كانی خۆی له‌ده‌ره‌وه‌ی چالاكیه‌ باوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌, موماره‌سه‌ی كایه‌ی ئه‌ده‌ب و رۆشنبیری ده‌كات, ئه‌مه‌یان راستییه‌كی تێدایه‌, هه‌موو ئه‌و فكرانه‌ی كه‌ بوونه‌ته‌ زه‌خیره‌ی ئینسان و كاری پێده‌كرێ‌, له‌ئه‌نجامی بیركردنه‌وه‌یه‌كی به‌كۆمه‌ڵه‌, وه‌ك زه‌رووره‌تێك بۆدرێژه‌دان به‌ژیان و موڵكایه‌تی قه‌بوڵ ناكات, به‌ڵام ئه‌دیبێك چه‌كوش كاری تێدا ده‌كات و راستی ده‌كاته‌وه‌ به‌پێی لۆژیك, ئه‌مه‌یه‌ كاردانه‌وه‌یه‌كی تر به‌رهه‌مدێنێ‌, ئه‌مه‌ بۆ هونه‌ری فۆلكلۆری كوردیش هه‌مان مانای هه‌یه‌ كه‌ خاوه‌نی خۆیه‌تی و هه‌روه‌ها خاوه‌نی خاڵی هاوبه‌شیشه‌ له‌كاتێكی دیكه‌دا، ئه‌گه‌رچی لۆژیكی ئه‌ده‌ب, له‌گه‌ڵ لۆژیكی زانست جیاوازیان هه‌یه‌, چونكه‌ له‌ئه‌ده‌بدا كار به‌ تیۆری ماتماتیكی ناكرێت, به‌ڵام دیسان ئه‌ده‌ب بۆ خۆی زانستێكه‌ له‌رێگای زمانه‌وه‌ و ناتوانێ‌ یاخی بێت له‌شته‌كانی تر, ره‌نگه‌ بتوانێ‌ پێناسه‌ی شته‌كان به‌مه‌جاز بكات, مه‌جاز به‌و مه‌عنایه‌ی به‌كار هێنانی زمانی دووهه‌م, یان پێدانی فره‌ مانایی به‌ وشه‌ یان زاراوه‌ یان موفره‌ده‌ و هتد كه‌ له‌كۆنتێكستی ده‌قدا جێی ده‌بێته‌وه‌، ئه‌و زمانه‌ی كه‌ جیایه‌ له‌زمانی قسه‌كردنی ئاسایی كه‌ هه‌ر كه‌سێك كاری پێده‌كات, به‌ڵام دیسان ده‌قنووس ره‌نگه‌ بتوانێ‌ وشه‌ بتاشێ‌ هه‌روه‌ك چۆن ئه‌م نموونه‌یه‌ له‌ كورددا زۆره‌, به‌ڵام ناتوانێ‌ له‌و موفره‌دانه‌ زیاتر به‌كار بهێنێ‌ كه‌ هه‌ر كه‌سێك به‌كاری دێنێ‌, یه‌عنی سیستمی نووسین له‌ئه‌ده‌بدا, سیستمێكی جێگیر و جێكه‌وته‌ چوارچێوه‌ داره‌ بۆ به‌كارهێنانی ئه‌و موفره‌ده‌ باوانه‌ی كه‌ خه‌ڵكی ئاسایش كاری پێده‌كه‌ن, به‌ڵام ته‌جاوزكردن له‌و سیستمه‌ ته‌نها له‌رێگای تازه‌گه‌رییه‌وه‌ و رزگار بوون له‌كلاسیكیه‌ته‌وه‌ باشتر دێته‌ به‌رچاو, باشه‌ ئایا كه‌س هه‌یه‌ نكوڵی له‌وه‌ بكات, ئه‌وه‌ی كه‌ ئێستا ته‌كنۆلۆژیا شته‌كانی به‌رجه‌سته‌ كردووه‌, ئاشكرا كردنێكی نوێیه‌, وه‌ڵامه‌كه‌ له‌لای من نه‌خێره‌, چونكه‌ ئه‌وه‌ ئاشكرا كردن نییه‌, وه‌ختێك ئامرازه‌كانی گه‌یاندن له‌سه‌رده‌مێكدا بانگدان به‌كووله‌كه‌ بوو, ئێستا له‌بڵندگۆی پێشكه‌وتوو بانگ ده‌درێ‌, وه‌ختێك ئینسان له‌كوخ و دواتر له‌خانووی زۆر ساده‌دا ژیانی ده‌كرد, ئێستا له‌ساختومانی باڵا به‌رز و ڤێللای سیحراوی, وه‌ختێك ئاژه‌ڵ و گالیسكه‌ هه‌بوو بۆ گواستنه‌وه‌ی پێویسته‌كانی ژیان, ئێستا به‌ماشینی پێشكه‌وتوو و میترۆ ده‌كرێ‌, وه‌ختێك پێشتر كێڵانی زه‌وی دیسان به‌ئاژه‌ڵ و ته‌كنۆلۆژیای سه‌ره‌تایی بوو, ئێستا به‌ماشینی خێرا و ده‌یان نموونه‌ی تر, ئه‌مانه‌ خۆ هه‌مویان لاسایی كردنه‌وه‌ن، به‌ڵام له‌پانتاییه‌كی فراوانتر و به‌فكرێكی فراوانتر له‌دونیایه‌كی جیاوازتر له‌رابردوو كه‌ رێژه‌ی ئینسان له‌سه‌ر گۆی زه‌وی به‌بارته‌قای ئێستا نه‌بوو ئێستا گه‌شه‌ی كردووه‌, هه‌ڵبه‌ت ئه‌ده‌بیش هه‌ر وایه‌، ئیدی ئه‌وه‌ زه‌روره‌ت بوو كه‌ له‌هه‌ندێ‌ باردا جۆرێك له‌داهێنان له‌كه‌ره‌سته‌كاندا كراوه‌، یان خێراتر كراوه‌ وه‌كو ئه‌وانه‌ی كه‌ ئینسان بۆ ژیانی رۆژانه‌ی پێویستی پێیه‌تی، به‌ڵام به‌گه‌شه‌ و هه‌ڵدانی ته‌كنۆلۆژیا هاتۆته‌ به‌رهه‌م, دیسانه‌وه‌ ده‌ڵێم ئه‌مه‌ دۆزینه‌وه‌ نییه‌, به‌قه‌د ئه‌وه‌ی نوێ‌ كردنه‌وه‌ و خێرا كردنی هه‌مان ئامرازه‌, هه‌ڵبه‌ت ئه‌ده‌بیش له‌م شتانه‌ به‌ده‌ر نییه‌ كه‌ به‌شێكن له‌پێداویستیه‌ غه‌ریزی و رۆحیه‌كانی ئینسان, بۆیه‌ شتێك نییه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی كاریگه‌ری, ته‌نانه‌ت ئه‌و ده‌قانه‌ش كه‌ وه‌زیفه‌ی موقه‌ده‌سیان وه‌رگرتووه‌ له‌زه‌ینی ئینسان و موناقه‌شه‌ی دیالیكتیكی له‌سه‌ر ده‌كرێ‌.
ئێمه‌ ده‌بێ‌ ئه‌وه‌ش بزانین كه‌ ته‌نانه‌ت ده‌قه‌ ئاینیه‌كانیش له‌قۆناغێكه‌وه‌ بۆ قۆناغێكی تر جیاوازییان هه‌یه‌ و به‌قۆناغی گواستنه‌وه‌ ده‌ژمێردرێت، واته‌ شوناس نوێكردنه‌وه‌ له‌رێگه‌ی رۆشنبیرییه‌وه‌ یان به‌هاوچه‌رخ كردنی ئایین، ئه‌مه‌ له‌ئایینی وه‌سه‌نی و میترایی و مه‌سیحی سه‌رده‌می به‌ر له‌رۆمه‌كان و ئیسلامیش كه‌ مێژوو بۆمان ده‌گێڕێته‌وه‌ هه‌ستی پێده‌كه‌ین، ئه‌وكاته‌ی كه‌ جورئه‌تێك به‌خۆمان ده‌ده‌ین و پرسیارێك ده‌كه‌ین ئایین چییه‌؟، ئه‌وكاته‌ ده‌چینه‌وه‌ سه‌ر كاریگه‌رییه‌ رۆشنبیری و مه‌عریفیی و مێژوویی و ته‌نانه‌ت ئه‌ده‌بیه‌كانیش كه‌ زۆر كه‌ڵكی لێوه‌رگیراوه‌، چونكه‌ رۆشنبیری كۆمابوونی مه‌عریفی گه‌لانه‌ و دواتر په‌رت بووه‌ و له‌شوێنێكدا به‌شێوه‌یه‌ك بووه‌ و له‌شوێنێكی تردا فۆڕمێكی تری وه‌رگرتووه‌، هه‌رئه‌وه‌ی له‌ته‌نیشت خۆمانه‌وه‌ واته‌ له‌ته‌نیشت كوردستانه‌وه‌ كه‌ ئێرانه‌، چه‌ند كاریگه‌ری رۆشنبیری ده‌بینین له‌سه‌ر ئایین و ئاینیش به‌پێچه‌وانه‌وه‌ چه‌ند كاریگه‌ری هه‌بووه‌ له‌سه‌ر ئه‌ده‌ب، ئه‌وكاته‌ی كه‌ ئه‌سكه‌نده‌ری مه‌كه‌دۆنی ئێران داگیر ده‌كات رۆشنبیری یۆنانی جێده‌هێڵێ‌، به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ كه‌ ئێران یۆنان داگیرده‌كات رۆشنبیری جێده‌هێڵێ‌، ئه‌مه‌ بۆ ئیمبراتۆریه‌تی عوسمانلییه‌كانیش هه‌روایه‌ كه‌ هاتونه‌ته‌ وڵاتانی عه‌ره‌ب دونیایه‌ك موفره‌ده‌ی توركیان جێهێشتووه‌ و تائێستا كاری پێده‌كرێ‌ و به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ كه‌ رۆیشتوونه‌ته‌وه‌ كه‌وتونه‌ته‌ ژێر كاریگه‌ری قورئانه‌وه‌، بزانه‌ كاریگه‌رییه‌كه‌ جیاوازی هه‌یه‌ چونكه‌ له‌وڵاتانی عه‌ره‌ب تێكست هه‌یه‌، ئه‌مه‌ زۆر كۆمه‌كی به‌زمانی عه‌ره‌بی و ئه‌ده‌بی عه‌ره‌بی كردووه‌، به‌ڵام بۆ فارس وانه‌كه‌وتۆته‌وه‌.
ئێستا ئیتر به‌شی دووه‌می موناقه‌شه‌كه‌م ئه‌وه‌ ده‌بێت كه‌ چۆن پێناسه‌ی كاریگه‌ری بكه‌ین له‌نێو ئه‌ده‌بیاتدا, ئه‌وه‌ی كه‌ باسی ده‌كه‌م ئه‌نجامی گفتوگۆیه‌ك بووه‌, كاتێك شتێكمان لێ ون بووه‌ و بۆی ده‌گه‌ڕێین و دواتر ده‌یدۆزینه‌وه‌, ئه‌مه‌ش ناكاته‌ لاسایی كردنه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی گه‌لان, هه‌رئه‌وه‌ی كاتێك كه‌ شتێكی نامۆ ده‌چێته‌ شوێنێك, راسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆ كاریگه‌ری له‌پاش خۆی جێده‌هێڵی, ده‌قه‌كانی بۆدلێر و مالارمێ‌ و ئۆكتافیوپاس و مایكۆفیسكی و شاعیرانی عه‌ره‌ب و فارس و هتد كه‌ هێنده‌ زۆرن و ناتوانین ناویان ریز بكه‌ین, شتێكی داهێنه‌رانه‌ نه‌بوون بۆ ئێمه‌, چونكه‌ داهێنان هێشتا پێناسه‌ ته‌واوه‌كه‌ی نه‌بۆته‌ جێگه‌ی قه‌ناعه‌تی ئه‌دیب، ئایا هه‌موو ئه‌و ده‌ق و ئه‌دیبانه‌ی خه‌ڵاتی نۆبڵ وه‌ردره‌گرن ساڵانه‌، هه‌موویان داهێنانن، وڵامه‌كه‌ له‌لای من نه‌خێره‌ و نموونه‌ش زۆرن، به‌ڵكو بینییان شێوه‌یه‌ك بوو له‌ئاگادار كردنه‌وه‌ی ئێمه‌ كه‌ له‌رابردوودا ونمان كردبوون و بۆی ده‌گه‌ڕاین, خۆ ئه‌گه‌ر مه‌یلێك هه‌بێ‌ ئه‌م بۆچوونه‌ ره‌تبكاته‌وه‌ و ئه‌لته‌رتانیڤێكی باشتر پێشكه‌ش بكات, وه‌كو ئه‌وه‌ وایه‌ مێژوو پشتگوێ‌ بخات و له‌ سفره‌وه‌ ده‌ستپێبكات, یان پنتێك له‌پنته‌كانی ئه‌ده‌بی گه‌لان په‌راوێز بخات كه‌ له‌دوای رێنسانسه‌وه‌ رۆشنتر خۆی مه‌تره‌ح كرد، ئه‌مه‌ش وه‌كو ئه‌وه‌ وایه‌ پشته‌ رابردووه‌كان بسڕێته‌وه‌, له‌كاتێكدا ئه‌م چاو نوقاندنه‌ له‌ئاست ده‌سه‌ڵاتی ده‌قدا كه‌ له‌سه‌ر وه‌ختی خۆیدا زاڵ بووه‌, وه‌كو ئه‌وه‌ دێته‌ به‌رچاو كه‌ شه‌پۆلی ده‌ریایه‌ك دابڕێنین له‌هێزی سه‌رچاوه‌كه‌ و ته‌وژمی ئاوه‌كه‌ كه‌ ئه‌مه‌یان شتێكی فیزیكیه‌, یان باشتر بڵێم, وه‌كو ئه‌وه‌ وایه‌ پۆشاكی ئێستا دابڕێنین له‌و پۆشاكه‌ سه‌ره‌تاییانه‌ی كه‌ ته‌نها بۆ داپۆشینی جه‌سته‌ی ئینسان درووست ده‌كران و دوور بوون له‌ئیستاتیكا, مۆدێل و ته‌قیلیدیه‌ت یه‌ك شتن, به‌ڵام له‌دوو دۆخی جیاواز و دوو ستایلی جیاواز, باشه‌ ئه‌گه‌ر له‌ستایل چووینه‌ ده‌رێ‌, ده‌توانین بڵێین جه‌وهه‌ری شته‌كان جیاوازن, جگه‌ له‌و سیاقه‌ی كه‌ خۆی له‌فۆڕمێكی تردا بینیوه‌ته‌وه‌.

پرسیار: كاتێ هه‌ر ده‌قێكی بیانی نموونه‌ی سوپێهری یان بورخیس یان كافكا..هتد، ئه‌خوێنینه‌وه‌ یه‌كسه‌ر شوناسه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كه‌ی ئه‌ناسینه‌وه‌، كه‌وابێ ئێمه‌ باسی ئه‌ده‌بێك ئه‌كه‌ین، باسی شوناس و ئه‌دره‌س ئه‌كه‌ین، ده‌كرێ ئه‌و پرسیاره‌ له‌خۆمان بكه‌ین كورد به‌م هه‌موو تێكسته‌ی كه‌ هه‌یه‌تی نه‌یتوانیوه‌ شوناسی خۆی له‌گه‌ل ئه‌وانی تردا جیا بكاته‌وه‌، ئایا ئێستا كاتی نه‌هاتووه‌ لێره‌ به‌دواوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی رێگری له‌و گرفته‌ بكه‌ین، هه‌وڵه‌كان پێچه‌وانه‌ بكرێته‌وه‌؟

سمكۆ محه‌مه‌د: باشتر وایه‌ له‌ ته‌كنیكه‌وه‌ ده‌ست پێبكه‌م, ئه‌گه‌ر ئه‌دیبی ئێمه‌ پێشتر ئابڵوقه‌دراوی ته‌كنیكی كلاسیكی بوو, ئه‌گه‌ر ئه‌دیبی ئێمه‌ پێشتر زمان یه‌كێك بووه‌ له‌رێگره‌كانی گه‌یاندن و ناساندنی به‌ده‌ره‌وه‌ی خۆی, ئه‌گه‌ر ئه‌دره‌سی نه‌ته‌وه‌یی كورد نه‌گه‌یشتبووه‌ گه‌لان, ئێستا ئیتر ئه‌و ده‌قانه‌ی كه‌ بۆ زمانه‌كانی تر وه‌رده‌گێڕدرێن, سه‌روه‌خت و قۆناغه‌كه‌ ناچارمان ده‌كات خه‌ریكبین هاوشانی ئه‌ده‌بی گه‌لان ده‌ستاوده‌ستی پێبكه‌ین, وه‌كو پێشترو له‌شوێنی تر باسم كردووه‌, كردنه‌وه‌ی ئه‌و ده‌رگایه‌ی كه‌ به‌رووماندا كراوه‌ته‌وه‌ كه‌ ئه‌گه‌رچی زۆر دره‌نگه‌, جا چ سیاسه‌ت بێت یاخود سیستمی بازاڕ بێت, یان هه‌ر گه‌مه‌یه‌كی تر, به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی كورد به‌خۆی بزانێ‌ خه‌ریكه‌ ده‌چێته‌ ئاسته‌ به‌رزه‌كانه‌وه‌, ئه‌مه‌ پیاهه‌ڵدان نییه‌ و باسی كه‌سیش وه‌كو نموونه‌ ناهێنمه‌وه‌, چونكی تاكی كوردی به‌ئاسانی ئه‌مه‌ وه‌رناگرێ‌, بفه‌رموو ته‌ماشای ئه‌و كاراكته‌ره‌ كوردانه‌ بكه‌ن كه‌ پۆست وه‌رده‌گرن له‌په‌رله‌مانه‌كانی دونیا, ته‌ماشای تیپی تۆپێن بكه‌ن چۆن ده‌گه‌نه‌ شوێنێكی تر, ته‌ماشای شاره‌زا له‌باره‌كانی فه‌رهه‌نگی و زانستێكدا بكه‌ن له‌ئاستی دونیا كه‌ كوردن و هیچیان كه‌متر نییه‌ له‌بیانی, به‌ڵام كه‌ باسی بۆرخیس و چیخۆف و مه‌كسیم گۆرگی و یه‌سه‌نین و باسترناك ده‌كه‌ین یه‌كسه‌ر ئه‌ده‌بی روسی دێته‌وه‌ یادمان، كه‌ باسی دانتی ده‌كرێت ئه‌ده‌بی ئیتاڵیا و باسی كافكا ئه‌ده‌بی ڤییه‌ننا و مالارمێ‌ و بۆدلێریش فه‌ره‌نسی و گۆته‌ ئاڵمانی و نازم حیكمه‌ت تورك و نه‌جیب مه‌حفوز واته‌ میسر و بوزورگی عه‌له‌وی و ئه‌حمه‌دی شاملۆ و سوپێهری یه‌عنی فارس و له‌دونیای عه‌ره‌بیش هه‌ژمار ناكرێت و هتد، ئه‌مانه‌ هه‌موویان سه‌لمێنه‌ری ئه‌وه‌ن كه‌ ئه‌ده‌بیش له‌هه‌وڵی جدیدایه‌ بۆ په‌یداكردنی شوناسی نه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌ده‌ره‌نجامدا ئه‌ده‌ب بۆ ئینسانه‌, به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌ته‌واوه‌تیش نادیده‌ی بگرین هه‌ر زمان شوناسه‌كه‌ دیاری ده‌كات، ده‌بێ‌ ئه‌وه‌ بزانین ئیتر لێره‌ به‌دواوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی رێگری له‌و كاریگه‌رییه‌ بكه‌ین، هه‌وڵه‌كان ده‌بێ‌ پێچه‌وانه‌ بكرێته‌وه‌، مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه‌ ده‌قی بیانی چیتر پێویست ناكات بكرێن به‌كوردی به‌بارته‌قای جاران، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ كه‌ ده‌قی خۆماڵی وه‌ربگێردرێته‌ سه‌ر زمانه‌كانی تری لانیكه‌م فارسی و عه‌ره‌بی و توركی و ئینگلیزی و هتد، ئه‌مه‌ش به‌ پڕۆژه‌ ئه‌كرێت، هه‌روه‌ها ئه‌بێ ده‌قی دانسقه‌ وه‌ربگرین نابێت هه‌ر ده‌قێكی كوردی وه‌ربرگرین و وه‌ریگێڕینه‌ سه‌ر زمانه‌كانی تر، له‌كاتێكدا ئه‌ده‌ب ئامانجێكی هیومانیستی هه‌یه‌، بۆیه‌ قسه‌كه‌ی من لێره‌ له‌سه‌ر نه‌ته‌وه‌ په‌رستی نییه‌، به‌ڵكو له‌سه‌ر ناساندن و شوناس وه‌رگرتنی ده‌قه‌.
سه‌باره‌ت به‌ئه‌ده‌بیش كه‌ هاوشانی ئه‌وانی تر كه‌ فه‌رهه‌نگی میلله‌تێكه‌ و به‌یه‌كێك له‌تواناكانی گه‌لێك ده‌ژمێردرێت، وه‌كو نه‌زار قه‌ببانی ده‌ڵێت” لێكۆڵینه‌وه‌ ده‌رباره‌ی شیعر، لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ ده‌رباره‌ی ئه‌و خۆڵه‌مێشه‌ی كه‌ ئاگر له‌پاش خۆی جێی ده‌هێڵێ‌” چونكی ده‌قی ئه‌ده‌بی به‌ر له‌وه‌ی ته‌نها نووسین بێت, ئاگرێكه‌ له‌پاش دامركانه‌وه‌ی شوێنه‌وار جێده‌هێڵێ‌, ئه‌ده‌بی كوردیش ئاگری له‌وجۆره‌ی درووست كردووه‌, به‌ڵام كه‌ ده‌نگوباسه‌كه‌ی و گه‌رماییه‌كه‌ی نه‌گه‌یشتۆته‌ ده‌ورو پشتی, ئه‌مه‌یان نه‌زمێكی سیاسی خوڵقاندوویه‌تی, چونكی ئه‌ده‌ب كرده‌یه‌كی دیالیكتیكیه‌ و زمان گه‌مه‌ی تێدا ده‌كات, ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی ئێستا له‌به‌رده‌ستدایه‌, ئه‌گه‌ر چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر هه‌بوایه‌, شانسێكی ترمان ده‌بوو, ئه‌مه‌ش ته‌نها بۆ ئێمه‌ نه‌بووه‌, به‌ڵكو زۆر له‌گه‌لانی تر به‌م قۆناغه‌دا تێپه‌ڕیون له‌وانه‌ش ئه‌مازیغیه‌كان، به‌ڵام پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ بۆچی ئه‌ده‌بی كوردی نه‌ناسراوه‌ تاكو وه‌كو ئه‌ده‌بی گه‌لان بچێته‌ نێو ئه‌لبومی نێونه‌ته‌وه‌ییه‌وه‌، كه‌مته‌رخه‌مییه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ تاكو نیو سه‌ده‌ به‌رله‌ئێستا ئێمه‌ پێویستمان به‌وه‌بوو كه‌ ئه‌ده‌بی گه‌لان بناسین و وه‌ریگێڕینه‌ سه‌ر زمانی كوردی و ئاشنایه‌تی په‌یدا بكه‌ین، به‌ڵام ئێستا فه‌زاكه‌ به‌گشتی له‌خزمه‌تی كورددایه‌، ئیدی بۆچی ئه‌م هه‌موو زمانزانه‌ له‌كورددا هه‌یه‌، كه‌چی ده‌قێك ناكرێته‌ فارسی یان عه‌ره‌بی و ئینگلیزی و فه‌رانسی و ئیسپانی و هتد، ئه‌مه‌ ئه‌گه‌ر كه‌مته‌رخه‌مییه‌ و خاوه‌نی ده‌زگایه‌ك نیین، ئه‌دی ئه‌و غیره‌یه‌ چییه‌ ئه‌دیبی كورد له‌گه‌ڵ یه‌كتر هه‌یانه‌، بۆچی رێگرییه‌كی ئه‌خلاقی نابێته‌ جێگه‌ی ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ كلاسیكییه‌ داخراوه‌، ئه‌گه‌ر بڕیاره‌ ئێمه‌ خاوه‌نی ده‌قی خۆمانین، ئه‌گه‌ریش به‌پێچه‌وانه‌وه‌یه‌ بۆچی باسی جهانگه‌رایی ده‌كه‌ین، خۆ جهانگه‌رایی ته‌نها ئه‌وه‌نییه‌ ئێمه‌ به‌هره‌مه‌ند بوین له‌كه‌ره‌سته‌ی ته‌كنۆلۆژی، به‌قه‌د ئه‌وه‌ی پێویسته‌ كه‌ڵكیان لێوه‌رگرین و بچینه‌ نێو فه‌زا گشتیه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كه‌وه‌، خۆ عه‌ره‌بیش جگه‌ له‌ ئه‌ده‌بی جاهیلی، هه‌ر به‌ته‌نها به‌قه‌د كورد خاوه‌نی ده‌قی كلاسیكین، ئه‌دی بۆچی ئه‌وان كتێبخانه‌ و سه‌رخانی خۆیان ده‌پارێزن و ده‌وڵه‌مه‌ندی ده‌كه‌ن، كورد بۆچی خۆی كۆناكاته‌وه‌، بۆیه‌ پێموایه‌ هه‌تا ده‌قی كوردی نه‌كرێته‌ زمانه‌ زیندووه‌كانی جیهان و ریكلامی بۆ نه‌كرێت و نه‌گاته‌ ده‌ستی خوێنه‌ری رۆژئاوا و عه‌ره‌ب و فارس و تورك و هتد. ئه‌ده‌بی كوردی ئه‌و شوناسه‌ جیهانییه‌ وه‌رناگرێ‌.

پرسیار: ئه‌و فه‌وزایه‌ی نێو ئه‌ده‌ب درووست بووه‌، كه‌ به‌تایبه‌تی رۆمان نووسین بۆته‌ دیارده‌ و هه‌ر نووسه‌رێك ئه‌گه‌ر رۆمان نه‌نووسێت نه‌ ده‌ناسرێ‌ و نه‌ ده‌زگاكان كتێبیان بۆ چاپ ده‌كه‌ن، ئایا ئه‌مه‌ سرووشتییه‌ و ئاساییه‌؟

سمكۆ محه‌مه‌د: یه‌كێك له‌و پرسیارانه‌ی كه‌ له‌پێشانگای نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر له‌لایه‌ن ده‌زگا چاپه‌مه‌نییه‌ عه‌ره‌بیه‌كان له‌من كرا، گووتیان ئه‌رێ‌ كورد بۆ ته‌نها رۆمان ده‌خوێنێته‌وه‌؟، ئایا ئێوه‌ پێویستیتان به‌ فكر و لێكۆڵینه‌وه‌ نییه‌؟، له‌راستیدا پرسیارێكی شه‌رمهێنه‌ر بوو بۆمن، وڵامه‌كه‌ بۆمن قورس بوو، چونكه‌ پرسیاره‌كه‌ پێش ئه‌وه‌ی له‌لای ئه‌وان بێ‌، من له‌مێژه‌ ئه‌م پرسیاره‌م ئاراسته‌ی دونیای ئه‌ده‌بی كوردی كردووه‌، بۆیه‌ دێمه‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ بۆچی رۆماننوس زۆربوون و بۆچی ده‌زگا به‌ناو چاپه‌مه‌نییه‌كان ته‌نها ئه‌و چالاكیه‌ ده‌زانن، هه‌ڵبه‌ت كێشه‌ی هه‌ره‌ گه‌وره‌ی خوێنه‌ری زمانی كوردی و زمانه‌كانی دیكه‌ش، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ گرینگی به‌ئه‌ده‌بێك ده‌دات كه‌ ته‌نها گێڕانه‌وه‌ و حیكایه‌ت بێ‌، ئه‌مه‌ بونیادی رۆشنبیری كوردییه‌ له‌كۆنه‌وه‌ تائێستا واهاتووه‌، هه‌روه‌ها ستایڵی ئێستا دیاره‌ كه‌ دونیای ده‌ره‌وه‌ی خۆمان كاری پێده‌كه‌ن، ئاساییه‌ كه‌سێك بێت و ده‌ستبداته‌ نووسینه‌وه‌ی یاده‌وه‌رییه‌كانی به‌شكڵێكی ئه‌ده‌بی و ناوی رۆمانی لێبنێت، هه‌روه‌ها بیركردنه‌وه‌ له‌خاوه‌ندارێتی ستایل نه‌بۆته‌ خه‌مێكی ئه‌ده‌بی تاكو ئه‌ده‌به‌كه‌ به‌روارد بكرێ‌، ئه‌و زه‌مینه‌یه‌ش له‌باره‌ كه‌ چه‌ند كه‌سێك به‌بێ‌ باگڕاوندێكی رۆشنبیری و ئه‌ساسیاتی خوێندن له‌هه‌موو كایه‌كان، كراون به‌ خاوه‌ن ده‌زگا و كتێب چاپ ده‌كه‌ن، ئه‌وان چونكه‌ لانیكه‌م ته‌نها رۆمانیان خوێندۆته‌وه‌، بۆیه‌ ئاسانه‌ هه‌م خوێنه‌ر سه‌رقاڵ بكه‌ن و ئاراسته‌ی بكه‌ن، هه‌م به‌رپرسیارێتیه‌كه‌ش كه‌متره‌ بۆ چاپ كردن هه‌ڵبگرن، به‌وپێیه‌ی به‌رپرسیارێتی فكری قورستره‌ له‌ ئه‌ده‌ب به‌گشتی، بۆیه‌ كێشه‌كه‌ تادێت فراوانتر ده‌بێت كه‌ من پێموایه‌ ئه‌مه‌ ته‌مه‌نی كورته‌، به‌ڵام له‌په‌نا ئه‌مه‌شدا كۆمه‌ڵێك خوێنه‌ر و ده‌زگای دیكه‌ش هه‌ن كه‌ گرینگی به‌ فكر و ئه‌ده‌بی ره‌سه‌ن و جوان و به‌توانا ده‌ده‌ن، له‌مه‌ ترسناكتریش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌م خوێنه‌ره‌ی ئێستا بۆته‌ كۆیله‌ی رۆمان خوێندنه‌وه‌ و هیچی تر، ئه‌گه‌ر په‌شیمان بكرێته‌وه‌ یان به‌رچاوی روون ببێته‌وه‌، به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه‌ به‌شی زۆریان له‌خوێندنه‌وه‌ پاشگه‌ز ده‌بنه‌وه‌، چونكه‌ ده‌رده‌كه‌وێ‌ كه‌ ئه‌وان به‌ ئه‌نقه‌ست ئاراسته‌كراون، هه‌ڵبه‌ت ئه‌وانیش بۆ تۆڵه‌ سه‌ندنه‌وه‌ له‌م فه‌زا خوڵقێندراوه‌ دوور ده‌كه‌ونه‌وه‌ له‌ خوێندنه‌وه‌، ئه‌مه‌ شێوه‌یه‌كی دیكه‌ی هاندانی خوێنه‌ره‌ به‌ره‌و خوكوشتن، مه‌به‌ستم له‌ خۆكوشتن ئه‌وه‌یه‌ له‌ئه‌ده‌ب و فكر بتۆرێن و دوور بكه‌ونه‌وه‌.




رۆشنبیری سوپەر ئایدۆلۆژیست — بەختیار عەلی وەک نموونە – نووسینی: ستیڤان شەمزینی

بەختیار عەلی لە کتێبی “ئایدۆلۆژیست” لە لاپەڕە “127”دا نووسیوویەتی “ئەو تیرۆریستانەی خۆیان دەتەقێننەوە درێژکراوەی هەمان هێڵی ستایشی مەرگن کە شاعیرانی وەک شێخ نوری، بێکەس و قانع و هتد بە ستایشی مردن بۆ نیشتمان شیعریان دەهۆنییەوە”.

ئەو پەرەگرافە کورتەی سەرەوە، شتی زۆرمان بۆ روون دەکاتەوە و تێرمی بیرکردنەوەی ئەو نووسەرەمان پێ دەناسێنێت. کێشەی ئەم لەوەدا چڕ بۆتەوە زیاتر لە هەر شتێک بێز لە ئایدۆلۆژیا دەکاتەوە و بە شێوەیەیەکی رواڵەتیانە خۆی وەک ئەنتی فاشیست دەخاتە بەرچاو، تراژیدیاکە لەمەدایە خۆی نموونەیەکی باڵا و دۆگمی ئایدۆلۆژییە، ئایدۆلۆژییەکی لێڵ و تاریک کە هیچ ئاسۆیەکی ژیانی لێوە هەڵنایەت، بەدیوێکی تریشدا یەکێکە لە فاشیستەکانی نێو کایەی رۆشنبیریی ئێمە، هەر ئەو هەوڵانەی بۆ سڕینەوەی زەینی و رەمزی ئەو شاعیرانەی دەستەی یەکەمی منەوەرانی سەدەی بیستن و هەموو هەوڵیان بە ئاڕاستەی نیشتمانسازیی و پاککردنەوەی عەقڵی خورافی و بژارکردنی کولتووری کۆمەڵایەتی ئێمە بووە، فاکتێک نیشان دەدەن ئەو نووسەرە روانینی بارگاوییە بە رۆحی فاشیزم، ئەو دەیەوێت ئەم رەمزانە بسڕێتەوە نەک بۆ ئەوەی نەبنە تەوتەمی رۆشنبیریی و بتی ئەدەبی، بەڵکو بۆ ئەوەی خۆی لە جێگەیان دابنێت، راستتر وایە بڵێم هەموو هەوڵێکی لەوەدا خەستر کردۆتەوە هەموو ئەوانەی پێش خۆی بسڕێتەوە لە یادەوەریی نەوەی ئێستادا، ئەمەش بێ پشت بەستن بە میتۆدێکی زانستی و ئەکادیمیی، بەڵکو بۆ ئەم کارە گەڕاوەتەوە بۆ خەیاڵی خۆی، وەک زۆرجار لە زەینی ئێمەدا ئەو وەک بە بوونەوەرێکی خەیاڵیی ئەبستراکت قووت بۆتەوە.
کێشەی سەرەکی بەختیار ئەوەیە، بڕیارێکی ئایدۆلۆژیی پێشوەخت و ئەنگێزەیەکی فاشیانەی هەیە لە خوێندنەوەی دنیا و دیاردە و کەسایەتییەکانی ناو مێژووی کورد چ ئەدەبی بن، چ سیاسیی. نایەوێت بەپێی میتۆد هەڵسەنگاندنیان بۆ بکات، چوونکە ئەو پەیڕەوی هیچ میتۆدێک ناکات، بەڵکو رەچاوی شیعرییەتی تێکست یان گووتارەکەی دەکات، جا ئەمەیان زۆر گرنگ نییە بەلایەوە چەند بەهای زانستیی هەیە یان نییەتی، ئەوەی بە دیدی خۆی پێشنۆرەیە تێکنەدانی ئەو هارمۆنییەتە شیعریی و رەوانبێژییە دەینووسێت یان دەیڵێت، هەر لەبەرئەمەشە نوسراوەکانی کەمترین پەیوەندییان بە واقیعەوە هەیە، هەڵبەتە ئێمە داوای کۆپیکردنی واقیعی لێ ناکەین، وەک ئەو ریالیزمە سۆسیالیستییەی لە سەدەی پێشوودا باڵی بەسەر ئەدەب و رۆشنبیریی کوردیدا کێشابوو، کە بەبڕوای من ئەو ریالیزمە جۆرێک بوو لە ریپۆرتاژی رۆژنامەوانی و دیکۆمێنتکردنی واقیعی رووت، نا بەڵکو قسەمان لەسەر ئەو جیهانە یۆتۆپییەیە بە تۆپزی خوێنەرەکانی پەلکێش دەکات بۆ ناوی، ئەو جیهانە لە هیچ کوێ بوونێکی نییە جگە لە کۆڵانە تەسکەکانی بیرکردنەوەی ئەو، ئەمە مانای وانییە مادام بەختیار عەلی جیهانێکی رەمزی خوڵقاندووە بۆ خوێنەرەکانی کە وەک تونی بابا وایە کاتێک دەچنە ناوی ئیدی ناگەڕێتەوە، ئیدی ئەم نووسەرە نایابە و کارەکانی شاکار و دانسقەن، بەپێچەوانەوە ئەو جیهانە سامناکەی ئەو خوڵقاندوویەتی دەمانترسێنێت.
روونتر ئەم پرسە ورد بکەینەوە، رۆمانەکانی بەختیار، پانتاییەکی فراوانن بۆ قسە لێکردن، هێڵێکی درامی لەناو هەموو رۆمانەکانیدا درێژ بۆتەوە، ئەویش بریتییە لە پووچگەرایی. ئەو نوێنەری جیهانێکی داڕوخاوە وەک پاڵەوانەکانی کە کەسانی خەمۆک و خۆکوژن، زیاد لەهەر شتێک دژی مەرگدۆستی دەدوێت، کەچی لە بیری دەکات خۆی ماکینەیەکی گەورەی بەرهەمهێنانی مرۆڤی مەرگدۆستە، ئەوانەی هەموو پەنجەرەکانی ژیانیان لە خۆیان داخستووە، تا دوا مەرزی کینە رقیان لە بوونی خۆیشیان دەبێتەوە. ئەو نەوەیەی بەختیار بەرهەمی هێناوە نەوەیەکی دیل، کۆیلە، پاسیڤ، خۆیان داوە بەدەست واقیعەوە، نەک لێی یاخی بن و هەوڵی گۆڕینی بدەن، رقیان لە ژیانە نەک رووبەرێک بۆ ممارەسەی ژیان بدۆزنەوە، جۆرێکن لە عارفی مەی خۆر و دەرمانخۆر، نەشەن بەهەموو ئەو تێزە رەشبینانەی بەختیار و پاڵەوانە دۆنکیشۆتییەکانی. وەک جارێکیش لە چاوپێکەوتنێکدا باسم کرد، کۆژیتۆکەی لەتیف هەڵمەت لە بارەی “روانگە” هەڵدەگێڕمەوە. بەوەی هەڵمەت وتی روانگە هێلکەیەکی پیس بوو هیچی هەڵنەهێنا، بەڵام من پێموایە رەهەند و لە لوتکەشدا بەختیار هێلکەکانیان پیس نەبوون، نەوەیەکی هیپی و خەمۆک و داڕوخاو و لۆمپنیان بەرهەمهێناوە، تەسلیمی هەموو تاڵی و کوێرەوەرییەکانی واقیع بوون، لەمە پتریش تنۆکێک رووناکی لە چاوی ئەو نەوەیەدا نابینرێت.
کاتێک ئێمە دەڵێین بەختیار عەلی، هیچ پەیوەندیی بە واقیعەوە نییە، بەو مانایە نییە کاریگەریی لەسەر هۆشمەندیی نەوەیەک نییە لە نێو واقیعە سوێرەکەی کۆمەڵی کوردەوارییدا، روونە مەبەستمان ئەوەیە بەختیار مرۆڤ لە واقیع وەردەگرێتەوە و دەیسپێرێت بە یۆتۆپیا و جیهانێکی خەیاڵی کە مێشکی ئەو خوڵقاندوویەتی. ئەمە کرۆکی هەموو رۆمانەکانی پێکدەهێنێت، لە راستیشدا رۆمان وەک بەرهەمی مودێرینتێ ژانرێکە بۆ باسی کێشەکانی شار، شاریش دەستکردی سەرمایەداریی و دەوڵەت نەتەوەیە، کەچی لەمەشدا دەبینین ئەم نووسەرە باسی هیچ رووداوێک ناکات لەناو شارەکاندا روویاندابێت یان ئەگەری روودانی هەبێت، تەنیا باسی کۆمەڵێک کارەکتەری تەریک و قەبزی ناو ئەندێشەی خۆی دەکات. ئەگەر سەیری بەرهەمەکانی “گۆنتەرگراس” بکەین ناوی پاڵەوان و کارەکتەرەکانی هەمان ئەو ناوە ئاساییانەن لە ئەڵمانیا باون، دۆیستۆیفسکی و مارکیز و بۆرخیس و ئۆرهان پامۆک، هەر بەهەمان شێوە، بەڵام بەختیار تەنانەت ناوی یۆتۆپی بۆ پاڵەوانەکانی هەڵدەبژێرێت، ناوێک نزیک لە رۆحی عەجەم و دوور لە گیانی کوردەواریی. رەنگە ئەمە شتێکی ئەوتۆ نەگەیەنێت بۆ خوێنەری ئاسایی، بەڵام بۆ من مەدلولاتی زۆری هەیە، بەو پێیەی بەختیار هەموو هەوڵێکی خۆی لەوەدا چڕ کردۆتەوە لەرووی تەسمیەشەوە کارەکتەرەکانی بوونەوەری ئاسمانی و خەیاڵی بن، تا وا لە خوێنەرەکانی بگەیەنێت، شوێنی ئەوان لەسەر زەوی نییە.
ئەگەر بگەڕێینەوە سەر پەرەگرافەکەی سەرەتا، دەتوانم ئەوەش ئیزافە بکەم، بەختیار عەلی، بەم هەوڵەی بۆ سڕینەوەی نەوەکانی پێش خۆی، دەیەوێت تێمانبگەیەنێت ئەدەب و رۆشنبیریی کوردیی لەوەوە دەست پێدەکات و رەنگە لەویشدا کۆتایی پێ بێت، ئەگەر ئەمە تەرجەمە بکەینە سەر زمانی سیاسەت هەمیشە ئەم نۆرمە تێفکرینە روئیای فاشی و دیکتاتۆرە هەرە گەورەکانی ناو مێژووی مرۆڤایەتییە. ئێوە دیقەت بدەن تاکو ئێستا بەختیار لای لە بەرهەم و نووسینەکانی “مەسعود محەمەد” نەکردۆتەوە و باسیشی ناکات، لێ مەسعود محەمەد نووسەرێکە هیچ کوردێک ناتوانێت بازی بەسەردا هەڵبدا هەر لەمسەری نەتەوەییەوە تا ئەوپەڕی ئومەمییەکان چ وەک لایەنگریی یان رەخنەگرتن لێی، کەچی دەبینین بەختیار تووشی سڵەمینەوە بووە بەرامبەری، جار و بار هەندێک لە موریدە فیکرییەکانی وەک تیۆریسیۆنی فاشیزمی کوردایەتی بە کینەوە باسی دەکەن! ئەمەش گەورەترین نوکتەیە لە هەموو دنیادا. کەواتە بەختیار بۆ باسی مەسعود محەمەد و پیرەمێرد و گۆران و هتد ناکات، یان کاتێک دێتە سەر باسی ئەو نەوەیە و نەوەی پێشتریش تەنیا بە رقەوە باسی هەموو ئەوانە دەکات یان لە بواری نەتەوەسازییدا کارامە بوون، یان هونەرەکانی ژیانیان فێرکردووین!! بۆچی هەمیشە تاراددەی عاشقبوون سەرسامە بە مەحوی؟ وەڵامەکەی روونە و مەحوی نموونە سوپەرەکەی خۆیەتی لە رەهەندی پاسیفیزم و رقبوونەوە لە ژیان، بەختیاریش هەروەک ئەو دنیا بە سەرابێک تێدەگات، نەک مەساحەیەک بۆ ژیانکردن.
بەدەر لەهەموو ئەمانەش، ئەوەی لە بیر کردووە، ژمارەی خۆتەقێنەرەوە لەناو کورددا هێندە نزمە حیسابی نەبووی بۆ دەکرێت. خۆتەقاندنەوە سەر بە کولتووری کوردیی نییە، چون لە هیچ ماوەیەکی مێژووییدا نەک خۆتەقاندنەوە بەڵکو تیرۆر نەبووەتە شەقلی کولتووریی کۆمەڵگەی ئێمە. ئەو باز دەدات بەسەر ئەو فاکتۆرە ئاینییانەی مۆتیڤی کاریگەرن لە بەرهەمهێنانی کەسایەتی خۆتەقێنەوەدا. ئەو لە بیری دەکات ئەو روانگە سەلەفییە جیهادییەی وەک هێڵێکی درامی لە ئیبن تەیمییە درێژە دەبێتەوە تا دەگات بە سەید قوتب و گروپە توندڕەوە ئیسلامییەکانی هەنووکە کارگەی بەرهەمهێنانی کەسایەتی خۆتەقێنەرەوەن نەک شیعری ئەو شاعیرانەی ئەو ناوی ریز کردوون. لە کوێدا کەسێک لەبن کاریگەریی شیعرێکی بێکەس خۆی تەقاندۆتەوە؟ ئەی چاوی پڕ خۆڵی ئەو رۆژانە لەرێی تیڤییەکانەوە دیمەنی ئەو خۆکوژانە نابینێت بۆ باوەشی حەفتا و دوو حۆری خۆیان لە هەموو جێگەیەک دەتەقێننەوە؟ بەهەشتی شاعیرانی کورد، حۆری و غولمانی کەی تێدایە، تاکو مرۆڤی خۆکوژ لەسەری پەروەردە بن؟، بەپێچەوانەوە بەهەشتی ئەو شاعیرانە کوردستانێکی ئازادە بۆ هەمووان. من لێرەدا ئەم دێڕانە کۆتایی پێدەهێنم، هەوڵدەدەم ئەم باسە چڕوپڕ تر و ئەکادیمیتر درێژە پێ بدەم، لە نەخۆشخانەوە و لەم کاتە پڕ ئازارەی نەخۆشیدا ئەمەندە با بەس بێت، خوا بۆ بەختیارم بهێڵێت لێی نابمەوە.

10-7-2019
ستۆکهۆڵم – سۆلنا




بەڵێ ئێستەیش کورد بەردەبازن! … ژیڤان بەکر

کتێبی (ئەرێ کورد بوونە بەردەباز؟!)ی “ڕۆبەرت گیبسن”، لە بنەچەدا وەک کەرستەی ئەکادیمی پێشکەش کراوە و بڕوانامەی دکتۆرای پێ دەسگیر بووە. ئەم تۆژینەوەیە لە لایەن “شەفیقی حاجی خدر” کراوەتە کوردی، تۆڕی هەواڵی ژیان ئەرکی لە چاپدانی کتێبەکەی لە ئەستۆ گرتووە. پێش من، چەندان خوێندنەوە و هەڵسەنگاندن لە لایەن نووسەرانەوە بۆ ئەم کتێبە کراوە، هەر نووسەرێکیش بە پێی پاشخانی بنەماکانی فیکری و مەعریفی خۆی لە کتێبەکە دواوە، ئەز دەمەوێ لەبارەی زوانەوانییە بۆچوونی خۆمی لەسەر بنووسم، جگە لەوەی پسپۆڕییەکەم لە زوان و ئەدەبدایە، سەرەداوێکی وەرگێڕانیشم لە دەستە، مێژووی کۆن و نوێی “کورد”م خوێندووەتەوە و بە گشتیش ئاگام لە مێژووی مرۆڤ و جیهانە.

مەبەستمە زێتر قسە لەبارەی زوانی وەرگێڕانی کتێبەکەوە بکەم، کورد گوتەنێ: “دوو شووتی هەڵناگیرێ بە دەستێ!” واتا لایەنە مێژوویییەکەی لەبۆ کەسانی شارەزا بەجێ دەهێڵم، چەندی ڕاستە و چەندی هەڵەیە. تەنێ بەکورتی چەند دێڕێک تێگەیشتنی خۆم بۆ مێژووی نوێی کورد و ئێستەی ڕۆژگاری کورد دەنووسم. ئەگەر باسی ئەوە بکەین بۆچی کورد بەردەبازە، وەڵامەکەی بە پێی تێگەیشتنی من دەبێتە ئەمە: کوردانی باشوور، “پێش هەموو شتێ” ئەو هەموو ڕەنگە ناهێڵێ بگاتە هیچ ئامانجێک، مەبەستم ڕەنگەکانی حیزب و ئایدۆلۆجیاکانی ترە، چونکی دەبنە هۆی پەرتەوازەیی و نەبوونی متمانە، نەبوونی متمانەیش هۆکاری ئەوەیە یەکگرتوو نەبن، ناچار لە ترسی زەبری یەکدی، پشت بە نەیار و دژمنی خۆیان دەبەستن. ژبەرهەندێ هەردەم یەکدی بە ناپاک و جاشی ئێران و تورکیا و عارەبستان دەناسێنن. تا متمانە و یەکگرتوویی نەگەڕێتەوە ناو هەموو پارچەکان، کورد هەر بەردەبازە، بێگومان بە پلان و بەرنامە ئاراستە دەکرێ و ناحەسێتەوە، هەموو هەوڵێک بۆ یەکخستنی بیری نەتەوەییمان، هەوڵێکی نەزۆکە…

لە ڕووی زمانەوانییەوە، زانستی لێکسێکۆلۆجی ڕەگوڕیشەی وشەکانمان لەبۆ ڕوون دەکاتەوە. لە ناونیشانی کتێبەکەدا (ئەرێ کورد بوونە بەردەباز؟!) وشەی “بەردەباز” جێی سەرنجە، لە ڕووی وشەسازییەوە: پەیڤێکی لێکدراوە، لە واچەکانی (بەرد+ە+باز)دا چێ بووە، واتا لە (ناو+ناوبەند/بەستەر+ڕەگی کار) پێک هاتووە. لە ڕووی واتاسازییەوە: ڕستەکە پڕاگماتیکە، پەیڤی “بەردەباز” بە واتای ئەو بەردانە دێت، کە بۆ پەڕینەوە لە ڕۆخی زێ یان ڕووبارەکاندا، دێنە بە کار هێنان، بەڵام ئەوە واتا فەرهەنگییەکەیە، واتا پڕاگماتیکییەکەی چەندان واتا هەڵدەگرێت، لەوانە: دەپرسێ کورد بۆچی بەرژەوەندی خۆیان نازانن؟ بۆچی بە کار دەهێنرێن؟ بۆچی ناگەنە کیان و دەڵەوت؟ بۆچی ژێردەستەن؟ بۆچی داردەستن؟ بۆچی پردی خۆشگوزەرانین بۆ بیانی و بۆ خۆشتان هیچ؟ چەندان پرسی تر!

بە شێوەیەکی گشتی، زوانی وەرگێڕانەکەی زوانێکی زانستی و چڕە، ئەو زوانەی وەرگێڕ لە وەرگێڕانەکانی دیکەیدا بە کاری هێناون، ئەو زوانە ئەدەبییە نییە. ئەوەیش دەگەڕێتەوە بۆ زانستیی بوونی بابەتەکە، واتا ڕۆمانێک نییە تا بە دڵی خۆی بتوانێ بە فرەوانی ئیشی تێدا بکات، سنووری بابەتەکە وا دەخوازێ بە زوانێکی زانستی و چڕ کاری تێدا بکرێت. ئاخەر وەرگێڕانی زانستییش خۆی لە ئەوانی دیکە سەختترە، هێندە مەودا بۆ وەرگێڕ ناهێڵێتەوە تا بتوانێ بە دڵی خۆی شاقاو لەناو کووچە و کۆڵانەکانی دەقی زوانی یەکەم باوێت، زۆر جار وەرگێڕی بێحەوسەڵە دەست لە دەقەکە هەڵدەگرێ، ئاخەر کۆتوبەندی زوان و سپاردەی زانستی بێزاری دەکەن. بێگومان ئەو بۆچوونەیان وەرگێڕی ئەم کتێبە ناگرێتەوە، چونکی خوێندنەوەی کتێبەکە حەوسەڵەی دەوێ، ئێجا بەدیار پاچەڤەی ئەو هەموو لاپەڕەوە دانیشیت!
لەبارەی ڕێنووسی کتێبەکەوە، چونکە زۆرینەمان پێڕەوی ڕێنووسی ئەکادیمیای کوردی ناکەین، کە دەتوانین تا ڕادەیەک بڵێین: ڕێنووسی ئەکادیمیای کوردی بە پاڵپشتی نامیلکە و بۆچوونەکانی پێش خۆی، توانیویەتی خۆی میناکی نیچمە ستانداردێک پیشان بدات. بۆیە ڕێنووسی هەر کتێبێک لە کوردستان یان دەرەوەی کوردستاندا چاپ بکرێت، بایی ئەوە هەڵەی تێ دەکەوێت، ڕەنگە بۆچوونی تایبەتیی نووسەر بێ یان ڕاهاتنی نووسەر و دەزگە بێت. کتێبی بەردەبازیش هێندێ هەڵەی ڕێنووسی تێدایە، دەکرێ لە چاپەکانی ئاییندەدا چاک بکرێنەوە. بۆ نموونە لە ناوەرۆکی کتێبەکەدا، چەندان جار نێوی (نووری ئەلسەعید) نووسراوە، بە پێی ڕێنووسی کوردی، لە ڕێنووسی زوانەکانی دیکەی دنیایشدا ڕوونە، هەموو وشەیەکی بیانی گەرەکە بخرێتە سەر ڕێنووسی ئەو زوانەی، کە دەیهێنیتە ناوی، بۆیە ئەم ئەلیف و لامەی پەیڤی “ئەلسەعید” زیادە و لە زوانی کوردیدا نە دەنووسرێ، نە دەخوێنرێتەوە، دروستەکەی “نووری سەعید”ە. لە هێندێ شوێنی دیکەیش لە بابەتی کرداردا هەردوو بەشی وشەکانی پێکەوە لکاندووە و نووسیوە، بێگومان پێویستە لێک جیا بکرێنەوە. وردە بابەتی دیکەی ڕێنووس هەن، پێویست ناکات هێندە درێژەی بدەمێ.
هاوکات دەیان وشەی جوان و لەجێی خۆیدا بە کار هێناون، کە ئەم پەیڤانە وەرگێڕانەکەیان شیرینتر و ڕەوانتر کردوون، هەر کەسێک سەلیقەی زوانەوانی هەبێت، یەکسەر دەزانێ وەرگێڕی ئەم شاکارە دانسقەیە، چەند بە بابەتەیلی مێژوویی و دیرۆکی هەن، بە زوانێکی پاراو و ڕەوان وەری گێڕاون، هێندێ ڕستەی جوانم خوێندنەوە، پێی شاگەشکە بووم. بەڵام لەگەڵ گێڕانەوە و خوێندنەوەی ئەم مێژووە تاڵوتفتەی کورد، نیگەران بووم، لە هێندێ شوێندا گریانم دەهات. لە بەرەبەیانی مێژوودا کورد ناپاکی تێدایە و ناپاکیی لێ دەکرێت، ئەوەی جێی سەرنجی من بوو، پرسیارێک بوو، کە بۆچی تا ئێستە ناپاکانی کورد (خیانەتکاران) لەسەر ناپاکییەکەیان سزا نەدراون؟ پرسێکە، پێویستە بیری لێ بکەینەوە! بۆیە پێم وایە، بەڵێ ئێستەیش کورد بەردەبازن!

ژیڤان بەکر




ده‌زانم چۆن چاوه‌روان ده‌بیت – بۆ منداڵان …وه‌رگێران له‌ روسییه‌وه‌ : ئه‌حمه‌دره‌جه‌ب

كونستانتین دمیترێیڤیچ ئوشینسكی **

رۆژگارێك برایه‌ك وخوشكێك وجوجه‌ڵه‌یه‌ك و مریشكێك پێكه‌وه‌ ده‌ژیان ، كه‌ڵه‌شێره‌ چكۆله‌كه‌ رای كرد بۆ ناوباخه‌كه‌و به‌ ده‌نووكی به‌ربووه‌ به‌رسیله‌ خواردن و مریشكه‌كه‌ پێی وت : به‌رسیله‌ مه‌خۆ، چاوه‌روانبه‌ تا ئه‌گات و، كه‌ڵه‌شێره‌كه‌ گوێی پێنه‌داو، ده‌نووكی هه‌ر له‌ له‌ كاردا بوو هه‌ر ده‌یخواردو، پاشان ورگی ئاوساو به‌ ئازاره‌و گرایه‌وه‌ بۆ ماڵ و ده‌ستی به‌ هاوار كردو ده‌یگوت ئای ، ئۆخ ، خوشكه گیان‌ تووشی سگ ئێشه‌ بووم و ئازارم هه‌یه‌.
مریشكه‌كه‌ ئاوی پونكه‌و گه‌نه‌رچه‌كی به‌ كه‌ڵه‌ شێره‌كه‌دا تا ته‌ندره‌ستی هاته‌وه‌ سه‌ر خۆی و، چاك بووه‌وه‌و سه‌ر له‌ نوێ به‌ بازدان وپه‌له‌په‌ل بۆ ناو كێڵگه‌كه‌ رێگای گرته‌به‌رو و سوور هه‌ڵگرابووه‌و و ئاره‌قی ده‌رده‌داو ، خۆی گه‌یانده‌ رووباره‌كه بۆ ئه‌وه‌ی ئاوی ساردی بخواته‌وه‌‌و مریشكه‌كه‌ هاواری كردو وتی :
ئاو مه‌خۆره‌وه‌و چاوه‌روانبه‌ ! ، ئاوه‌كه‌ زۆر سارده‌و تووشی نه‌خۆشیت ده‌كات ! ، كه‌ڵه‌شێره‌كه‌ گوێی له‌ مریشكه‌كه‌ نه‌گرت و ، تا توانی ئاوی ساردی خوارده‌وه‌و تووشی له‌رزو تا بوو كه‌وته‌ په‌له‌قاژه‌و ، به‌ جه‌سته‌ی داهێزراو بۆ ماڵ گه‌رایه‌وه‌.
مریشكه‌كه‌ به‌ راكردن بۆ لای پزیشك چوو، باسی كه‌ڵه‌شێره‌كه‌ی بۆ كردو، پزیشكه‌كه‌ ده‌رمانی تاڵی بوو نووسی و ، هه‌ر به‌و له‌ش ناساغییه‌وه‌ ماوه‌یه‌كی دوورو درێژ له‌ سه‌ر جێگای نه‌خۆشی مایه‌وه‌،
له‌ زستاندا كه‌ڵه‌شیره‌كه‌ چاك بووه‌وه‌و ، بینی به‌فر رووباره‌كه‌ی داپۆشیوه‌و ، ئاوه‌كه‌ش بووه‌ به‌ شه‌خته‌و به‌سته‌ڵه‌ك ، كه‌ڵه‌شێره‌كه‌ یاری گالیسكه‌ی‌ له‌سه‌ر شه‌خته‌و به‌سته‌ڵه‌كه‌كه‌ ئه‌كرددو، مریشكه‌كه‌ بانگی كه‌ڵه‌شێره‌كه‌ی كردو وتی : بوه‌سته ‌! ، ئۆی ئۆی بوه‌سته‌ ئاوی رووباره‌كه‌ به‌ ته‌واوه‌تی بووه‌ته‌ شه‌خته‌ و به‌سته‌ڵه‌ك و ، زۆر خلیسك و لووس و ناسكه‌ .
كه‌ڵه‌شێره‌كه‌ گوێی له‌ خوشكه‌كه‌ی نه‌گرت و، له‌ سه‌ر شه‌خته‌و به‌فره‌كه یاری ده‌كردو ، له‌ پر به‌سته‌ڵه‌كه‌ شكاو كه‌ڵه‌شێره‌كه‌ كه‌وته‌ ناو ئاوی رووباره‌كه‌ ، ته‌نها كه‌ڵه‌شێره‌كه‌ بینرا.

وه‌رگێران له‌ روسییه‌وه‌ : ئه‌حمه‌دره‌جه‌ب
12/7/2020

———————————————————-
**كونستانتین دمیترێێڤیچ ئوشینسكی ــ مامۆستایه‌كی روسییه‌ بۆ گه‌وره‌و منداڵان ده‌ینووسی. له‌ 30/6/1920 له‌دایكبووه‌وله‌ 17/6/1970 كۆچی دووایی كردووه‌.
Константин Константиновский 30/6/1920 – 17/6/1970 — Русский педагог. Умей обождать.




نەسیحەت … نەوزاد بەندی

بۆ لەمەو دوا ،
لەبەردەم ژووری مدیرا
لەبەردەم ژووری وەزیرا ..
خۆتان بەڕیز ڕامەوەستن ..
پێڵاوەکانتان ڕیز بکەن ..
چونکە وەک دەرگای
دادگاکەی
فرانز کافکا ،
ناکرێتەوە ..
کۆبوونەوەی جەنابیان
لەگەڵ غەریزە و
خواستەکانیان ،
نابڕێتەوە ..
دانیشن ..
قاچتان ڕاکێشن ،
ئەگەر ڕێکەوت
بوومەلەرزەیەک
هات لە دوور ،
دەرگای جەنابی کردەوە
با پێڵاوەکان ،
بچنە ژوور ..!

12 تەمموز 2018




چـیرۆک بۆ منداڵان.. زێـڕی سـەوز … رەزا شـوان

رووخۆش کچۆڵەیەکی جوانکیلە و لێوبەخەندەیە. باوکی کۆچی دوایی کرد. مایەوە خۆی و دایـکی و شاهەڵـۆی بـرا بچـووکی. باوکـیان تەنیـا پارچـەیەک زەوی بۆ بەجـێهـێشتن. بیـرێک و کەپـرێک لە ناوەڕاستی زەوییەکـەیان دایە.
هەژاری سەغـڵەتی کردن. رووخۆش بە ناچاری وازی لە قوتابخانە هـێنا، زۆر بە دوای کاردا گەڕا، بەڵام هیچ کارێکی دەست نەکەوت. رۆژێک بە داماوی و بە دڵتەنگی لەسەر تەختەیەکی ناوەڕاست شارەکەیاندا دانیشتبوو. خەیاڵ بردبوویەوە. ژنێک هاتە بەردەمی، گـورزەیەک نەمامی گـوڵ و تـوورەکەیەکی پـڕ لە تـۆوی گـوڵی دا بە رووخـۆش و وتی:
“ئەمانە دیاری منن بۆ تـۆ. ئەم نەمامانە بـڕوێنە و ئەم تـۆوانەش تـۆوبکە.. سەد هـێندە سـوودیان لێـوەردەگـریت” ژنـەکە رۆیی. رووخـۆش هـیچ شتێکی لێ تێنەگەیـشت، بەڵام بڕیـاری دا ئەوەی ژنەکە پێـیوت جـێبەجـێی بکات.
چوو بۆ ماڵەوە، پاچـێکی لەگەڵ خۆیـدا هەڵگرت و چـووە سەر زەوییەکەیان. بە دەوری کەپـرەکەدا دەستی بە چـاڵ هەڵکەنـدن کرد.. هەمـوو نەمامەکـانی لـێدان و تـۆوەکانی ناو تـوورەکەکەشی تـۆوکـردن. باش ئـاوی دان، هەر دوو سێ رۆژ جـارێک دەچـوو و ئاوی دەدان.. نەمامـەکـان و تـۆوەکـان سـەوز بـوون، چـرۆ و گەڵایـان دەرکـرد. دوای چەنـد هەفـتەیەک گوڵـیان کرد، گوڵەکـان هەمەڕەنگە و هەمەجـۆرە بـوون، جـوانی و بـۆن و بەرامەی خـۆشیان مـرۆڤی دڵخـۆش و سەرسام دەکـردن.. چەنـد ژنێک هـاتن و گـوڵیان لە رووخـۆش کـڕی.
ئیتر رووخۆش رۆژانە چەند چەپکە گوڵێکی دەچنی و چەپکبەستی دەکردن و دەیخستنە ناو سەبەتەیەکەوە و دەیبـردن لە بـازاڕ و لەسەر رێگـاکاندا دەیفـرۆشتن. پیاوان و ژنان لێـيان دەکـڕی.. پارەیـەکی بـاشی دەسکـەوت، کە پـارەکـانی زۆربـوون، لە نـاوەڕاسـتی بازاڕەکەدا، کۆگایەکی بچـووکی کڕی و کردی بە کۆگای گوڵفـرۆشتن.. تا دەهات ئاشنای گوڵ کڕينی زۆرتر دەبـوون. گۆگاکەی بە گـوڵ جـوانی ناوبانگی دەرکرد. ماڵی رووخۆش لە خـێزانێکی هـەژارەوە، بـوون خـێزانێکی خۆشگـوزەران و شاد و کامەران.
رووخـۆش بیری لە درێـژەدان بە خوێنـدن و تەواوکردنی قـوتابخانە دەکردەوە. کچـێکی هـاوڕێی دڵسۆزی هەبـوو، کە نـاوی (رەنگـین) بـوو. ئەویـش لەبەر هـەژاری وازی لە قوتابخانە هـێنابوو. ڕووخـۆش رەنگـینی کـرد بە هـاوبەشی کۆگاکەی و پێکەوە کـاریان دەکرد. بڕیـاریان دا، کە بچـنەوە بۆ قـوتابخـانە. رووخـۆش بەیانیان بچـێت و لە دوای نیوەڕوانیش لە کۆگاکەدا کاربکات، رەنگـینیش بەیانیان لە کۆگـاکەدا کاربکات و دوای نيوەڕوان بچـێت بۆ قوتابخانە. هەردووکیان بە سەرکەوتوویی درێژەیان بە کارکردن و بە خوێنـدنەکەشیان دا، تا هەردووکیان بەشی ئەنـدازیـاری کـشتوکـاڵـیان تـەواو کـرد و شارەزاییـەکی زۆرتـریان لە بـارەی گـوڵ روانـدن و لە بەرهـەمهـێـنانی دا پەیـداکـرد. دەوڵەمەند بوون و بـوون بە خاوەنی چەنـد کـێڵگـەی گـوڵ و چەنـد کۆگایەکی گەورەی دیکـەی گوڵـفـرۆشتـنیان کـردەوە.
رۆژێک ئەو ژنـەی کە نەمامەکان و توورەکە تـۆوە گووڵەکانی پێـشکەش بە رووخۆش کرد، هات بۆ کۆگاکەی. رووخـۆش بە پیرییەوە چوو، زۆر بە گەرمییەوە باوەشی لێدا و زۆر سوپاسی کرد، چەپکێک گـوڵی تایبەتیشی بۆ رازانـدەوە و لەگەڵ دیارییەکی جوان و بەنـرخـدا، پێشکەشی ژنـەکەی کـرد. لە پـاداشتی ئـەوەی کە ژیـانی خـۆی و خـێزانەکەی لە هـەژاری و لە کوێـرەوەری رزگـارکرد.

————————————————-
(*) ئه‌م چـیرۆكه‌م لە زمانی ئینگلیزییەوە، بە دستکاریکـردنەوە وەرمگـێڕایە سەر زمانی کوردیمان. نـاوی نووسـەریـشی بەسەرەوە نیـیە.
ئەم چـیرۆکە چەنـد پەنـد و بیـرۆکەیـەکی جـوانی تێـدایە، وەکـو: مـرۆڤی چاکـەخـوازی فـریاڕەس، دەسکەوت و دارایی لە سایەی کارکردن دا دێنەدی، تەنگانە شێـنەیی لە دوایە، هاوڕێتی و دڵسۆزی، ئەمکـداری و پێـزانین، زەوی هەمیشە سەرچاوەی بەخـشیـنە، خـوێنـدن ئامانجـێکی سەرەکی ژیـانە بۆ دەستهـێـنانی زانیـاری و زانستی زیـاتـر.




مەعدەنی سیاسییەکان … کۆشش محمد

کتوومت سیاسیەکان ناو برینەکانمان دەکێڵن تا دەنگیان بۆ سەوز ببێت، ئێمەش زەردبین و ڕەنگمان بەدیاریانەوە بپەڕێت، سیاسییەکان بە پێڵاوەوە، لەمسەر تا ئەوسەر بەناو میحرابەکانی عەشقمان بۆ ئازادی دەگەڕێن بە شوێن قازانجدا، بێ لەگەمە، سیاسییەکان وزەی خۆیان لە فیچقەی پژاوی خوێنی دەمارەکانمانەوە وەردەگرن، غەمەکانمان ئاو دەدەن تا گەورەتر بێت و سێبەریان بۆ بکات.
سیاسیم بینیووە، بە بزماری لافیتە بانگەشەی بەدڵی مرۆڤدا هەڵواسیوە!
سیاسی وا هەیە، ئێسک و پڕووسکی ئەنفالکراوەکانی هەڕاجکردووە تا پارەکەی بدات بە مارسیدسی ئێس کڵاس بۆ نەوەی نەوەکەی.
سیاسییەک وتی، ئاخ بۆ هەڵەبجەیەکی تر!
سیاسیەکی تر دەیووت، خەریکە کەسابەتم نامێنێت وای بۆ کوشتنی سەت پێشمەرگەی تر.
سیاسییەک درۆی کرد کەچی بەڕاستی بوو بە ئەندام پەڕلەمان، گوێم لە سیاسییەک بوو جوێنی دەدا بە سیاسەت! چونکە بۆی باشتر بوو.
سیاسییەک ئۆتۆمبێلێکی درعی کڕی، لە قازانجی ئەو بارە فیشەکەی کە ناردبووی بۆ داعش، سیاسیش هەبووە وەک قەرەقۆزەکان پێمان پێدەکەنێت! پێکەنینەکەشی گریانێکی قووڵ بووە.
بینیومە سیاسی هیچ مێزێک نەماوە تا لەسەری کۆببێتەوە مێزی کۆنکان نەبێت، جۆکەرەکەشی دزیوە کەچی سیاسییەکە بەسەر مێزەکەیا نەتەقیوەتەوە، ئەوەندە جەبان و حاڵ داماو بووە کەچی سیاسیش بووە.
سیاسیم بینیوە، بەسەر دەبابەی هێرشبەری دوژمنەوە، بینیویشمە بەسەر دەبابەی بەرگرییەوە، هەمیشەش کولفی کول بووە.
سیاسییەک وتی، دواهەمین کەس لەسەر زەوی لەشێوەی سیاسییەکانە.
گرێ کوێرەی سیاسی بۆ ئەوەی لەمێشکمان دەربچێت و تووڕ هەڵیدەین، دەبێ وابکەین گەر بەدەستیش نەکرایەوە ئەوا بەدەم بکرێتەوە.