مەولانا لە “نەی نامە” دەیوێت چیمان پێ بڵێت؟ … هەڵمەت عوسمان

                            

پێشەکی وەرگێڕ:
تێگەیشتن لە مانای ناوەوەی دەقەکانی مەولانا، کارێکی هەروا سانا نییە و ئاسان خۆی نادات بە دەستەوە، سەرەڕای ئەوەی ئێمەش بەم کەمە پاشخانە مەعریفییەی هەمانە، ئەوە هەر هیچ! بەڵام دەکرێ ئەوە وەک هەوڵێکی سەرەتایی سەیر بکرێ و بتوانرێ بۆ داهاتوو؛ ڕوونتر و وردتر لەسەری بدوێین. ئێمە لە زۆر شوێن لە پێناو ئەوەی خوێنەری ئەو دەقانە، باشتر پەی بە ناوەڕۆکی دێڕە شیعرەکان ببەن، هەوڵمان داوە؛ وەرگێرانێکی سادە و لەهەمان کاتیش قوڵی بۆ بکەین، بۆ ئەوەی جوانی مانای دەقەکان نەشێوێن. وەرگێڕانەکەشمان لە ژێر ڕۆشنایی لێکدانەوە و شیکردنەوەی “د.کەریم زەمانی”یە، کە یەکێکە لە مولانا ناسە بەناوبانگەکانی ئێران.
شیعری “نەی نامە” کە لە هەناوی عیرفانی و گەڕانەوە بۆ زاتی حەق(خودا)؛ سەرچاوەی گرتووە، یەکێکە لە شیعرە ناسک و چێژبەخشەکانی مەولانا و هەندێک لە شیکەرەوانی ئەو شیعرە، بە لوتکەی شیعری مەولانای دادەنێن و دەڵێن: مەولانا بەو شیعرەی، نیشانیداوە گەیشتووە بە پلەیەکی زۆر بەرزی مەعریفی و خوداناسی.
خوێندنەوەی شیعرەکانی مەولانا، سەرەڕای ئەوەی چێژێکی ڕۆحی هەیە و بە خوێندنەوەیان ئارام دەبیتەوە و لەم دونیای پڕ لە کێشمەکێشە؛ تاوێک دووردەکەوینەوە و خۆمان ڕادەستی ساتە عیرفانییەکانی دەکەین. هەروەها لەلایەکی دیکەش؛ دەتوانرێت سود لە پەند و ئامۆژگارییەکانیشی وەربگرین و لە ژیانی ڕۆژانەمان و لە مامەڵەمان لەگەڵ دەوروبەر؛ کاری پێ بکەین.
دیارە دونیای عیرفان بۆخۆی؛ دونیایەکی تەواو سەربەخۆ و پڕ زەمزەمەیە و بۆن و بەرامەیەکی تایبەتی هەیە، تەنها ئەوانە دەتوانن بەشی خۆیانی لێ ببەن، کە خاوەنی ڕۆح و بیرکردنەوەی عیرفانین و ئامادەیی ئەوەیان تێدایە؛ ڕۆبچنە ناخی خۆیان و لەگەڵ دنیا ناسکەکەی “بێدەنگیی” ئاوێزان ببن.
“نەی نامە” چیڕۆکی دووریی و جیابوونەوی مرۆڤە؛ لە بنەڕەت و یەکەمین شوێنگەی ژیانی خۆی. مرۆڤ؛ هەر ناڕەحەتییەک بچێژێ؛ لەم دوورکەوتنەوەیە سەرچاوەی گرتووە. هاتنی مرۆڤ لە دونیایەکی کراوە و تەواو پڕ لە خۆشی و ئازادییەکی بە مانای وشە ڕەها، بۆ دونیایەک دەست بۆ هەر شتێک دەبەیت و هەنگاو بۆ هەر شووێنێک هەڵدێنیت، سنورێکی بەدەوردا کێشراوە، خۆی لە خۆیدا، توشی خۆخواردنەوە و خەم و ڕەنجکێشانت دەکات. دونیایەکی ماددی، کە هەموو شتێک سەرەتا دەبێت تاقیبکرێتەوە؛ ئینجا بەرەوڕووی بڕۆیت؛ جگە لە ترس و گومان هیچی دیکەی لێ سەوزنابێت… تۆ سەیرکە؛ لەم سەرزەمینە مادییەی تێیداین، کاتێ لە شوێنگەی خۆمان هەڵمان دەکەنن و ناچارمان دەکەن بڕۆین بۆ شوێنگەیەکی دیکە، تا ساتی گەڕانەوەمان، هەمیشە خەون بە شوێنی لەدایکبوون و ژیانی یەکەممان دەبینین و ئامادەی هەر کارێکین تا بگەڕێینەوە. ئەمە نمونەیەکی سادەی دنیایی بوو…. بەڵام تۆ وەرە ئەم نمونەیە بگشتێنە بە سەر هەڵکەندنی مرۆڤ؛ لە دنیای بەهەشتیی؛ بۆ دنیای زەمینیی! ئاخۆ لەوەها دۆخێکدا؛ ئەگەر تاوێک بیری لێبکەینەوە، چ ئاواتگەلێکمان تیا چەکەرە دەکات و چ خەمێک دەرونمان داگیردەکات؟!
بۆیە بەوپێیەی شوێنگەی یەکەمینی مرۆڤ؛ دنیایەکی دیکە بووە و زۆر خۆشتربووە لەم دنیایەی ئێستا تیای دەژین، ئەوە هۆکارە؛ کە مرۆڤ هەمیشە لە ناڕەحەتی دەژی و تا گەڕانەوەی هەست بە ئارامیی ناکات.
مەولانا؛ بۆئەوەی ئەم دیمەنەمان لەبەرچاو ڕوونتر بکاتەوە، هاتووە چیڕۆکێكی واقیعیی و نزیک لە مرۆڤی داتاشیوە، ئەویش؛ هەڵبڕینی قامیشە، کاتێ تۆ پارچە قامیشێک دەبڕیت و لە قامیشەڵانی جیادەکەیتەوە، سەیردەکەیت هەرکات فوو بە قامیشەکەدا دەکەیت، ئاوازێکی غەمگین و دڵسۆزی لێ پەیدا دەبێت. مەولانا هاتووە. ئەم ئاوازەی بە تاسەی مرۆڤ چواندووە بۆ گەڕانەوەی بە شوێنگەی خۆی؛ بە جۆرێ هی نەی قامیشەڵانە و هی مرۆڤ؛ ئەو بەهەشتەیە کە لێوەی هاتووە.

      ١_ بشنو این نی چون حکایت می کند                  از جدایی ها شکایت می کند

گوێ لەنەی) بگرە؛ چۆن باس لە دووریی دەکات و سکاڵا دەکات لە دەست لێکجیابوونەوە و ڕۆژانی لێکدابڕان.[ نەی: وێنای کەسێکی تەواو و پێگەیشتوو و ڕەسەنە. ئەوەی کە ‘نەی’ هێمایەکە لە بونی مرۆڤ، بۆچونێک هەیە پێش لە مەولاناش؛ لە لای سۆفییان بەکارهێنراوە. ئەو ڕستەیە شێخ ئەحمەدی غەزالی لە (رسالە بوراق)؛ لە شوێنێک بەرانبەر ‘نەی’ ئاماژەی بە(=قصب : دارێکی باریک، ناواخنەکەی بۆشبێت و کلۆربێت. لولەکی باریکی ناوبۆش)کردووە، ئەوەش بە هێمای جەوهەر و نیهادی مرۆڤ داناوە. شیکەرەوانی مەسنەوی دەڵێن: ناکرێ دوودڵ بین کە ‘نەی’ بە شێوەیەکی گشتی بە’ڕۆح’ی وەلی یا مرۆڤی پێگەیشتوو ناودەنرێت، کە بە هۆکاری دابڕان لە “قامیش”، واتا ئەو جیهانە ڕۆحانییەی لە پێش جیهانی ماددی بوونی هەبووە و ئەوێ نیشتمانی ڕەسەنی بووە. واتا ئەو دەنگە پڕ سۆز و ناخ هەژێنەی لە نەی دەبیسترێ، بە هۆکاری دابڕانییەتی لە ئەسڵ و نیشتمانی خۆی. بە واتایەکی دی؛ شاعیر ‘نەی’ وەک ڕەمزێک بەکارهێناوە، تا بڵێ ئەو ناڵەناڵ و ئاگرەی ناخی من، تاسەی گەڕانەوەمە بۆ دیار و نیشتمانی حەقیقییم، کە جیهانی ئەودیوە و گەیشتنە بە زاتی حەق، کە مەبەست لە خودایە، چیڕۆکەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوساتەی باوکە ئادەم لەوێ دەرکرا و هێنرایە جیهانی ماددی ئەم دونیایە]

        ٢_ کز نَیستـان تا مرا بُبـریـدەانـــد                      در نفیرم مـــــرد و زن نالیـدەاند

لەو ڕۆژەوەی کە منیان لە سەرچاوەکەمەوە(قامیش) دابڕی، ژن و پیاو لە تاو ئازاری ناڵەناڵی من؛ لە ناڵەی ڕۆح ئەنگێوی خۆیان، سەر بادەدەن، هاوشێوەی من دەناڵێنن بۆ دەردی دابڕان. [ لەگەڵ ئەوەی مانای بەیتەکە سادەیە، بەڵام کۆمەڵێک لە شیکەرەوانی مەسنەوی، وای دەبینن مانای ئەو بەیتە زۆر قوڵترە لەوەی ئاوا لێی بڕوانرێ، ئەوان بە خاکێکی بەردەڵانیی دادەنێن. لەوە دوورە کە مەولانا خۆی هەروا بەو شێوە سادە و بێدەنگییە لێی ڕوانیبێ. مەبەستی بەیتەکە: لە کاتێکدا ڕۆحی پاکی ئادەم، لە پلەی باڵای لای خودا؛ بۆ ئەم جیهانە ماددییە ڕاگوێزرا، هەردەم خەمبارە و تاسەی گەڕانەوە بۆ بونی ئەسڵی خۆی دەکات]

        ٣_ سینە خواهم شَرْحە شَرْحە از فِراق               تـا بگــویم شــرحِ دردِ اشتـــــــیاق

دڵێکم دەوێ کە لە ئەنجامی ئازار و سۆزی دابڕان، لەت لەت و ئەنجن ئەنجن بووبێ. تا باسی دەردی تاسەباری خۆمی بۆ بکەم. [ چونکە هەمیشە هاودەرد و هاوخەمەکان لێک تێدەنگ]

        ٤_ هر کسی کو دور ماند از اصل خویش             بازجویـــد روزگار وصل خویش

هەرکەسێ لە بنەچە و بەنەڕەتی خۆی دوور بکرێتەوە، لە کۆتاییدا دەکەوێتەخۆ و پەلوپۆکردن، هەمیشە باسی ڕۆژانی بەیەکگیشتنەوەی خۆیانی لەسەرزارە و دەیڵێتەوە، تا دەگاتەوە بەو. [ ئەو بەیتە بە تەواوی باس لە هەموو بوونەوەرەکان دەکات، بە تایبەت مرۆڤ. مەولانا لە یەکێک لە بەرهەمەکانیدا دەڵێت: … عەجەب سەختی و دژواریی و غەریبی ئەوەیە؛ دڵۆپێک لە بیابان یا لە دەشت یا لە ناو ئەشکەوتێ تەنیابێت، لە کاتێکدا توخمی دەریا ئەو دڵۆپە ئاوەیە. ئەو دڵۆپە؛ بێ دەست و پێ؛ بێ پێ و پێڵاو، دەستی بێ دەست کێش… یار لە شەوقی دەریا هەدا نادا و غلۆر دەبێتەوە و بیابان تەی دەکات و بە شەوقەوە بەرەو دەریا و بەرەو تێکەڵبوون بە بونی خۆی پەلدەکوتێ.
گەڕانەوە بۆ سەرەتا و بنەڕەت دوو جۆرە: یەکێک گەڕانەوەی سەربەست و “بە مەیلی” ، ئەوەی دی گەڕانەوەی زۆرەکی “بەزۆر” . گەڕانەوەی سەربەست ئەوەیە دەروێش هاوڕێ لەگەڵ ڕێنوێن –شێخ- ڕێگای پاککردنەوەی نەفس دەگرێتە بەر و دەگات بەو ئاستەی نەفسی خۆی پاکدەکاتەوە و لە ڕووە مەعنەوییەکە بەزاتی حەق دەگات و حەقیقەتی بۆ ڕووندەبێتەوە. گەڕانەوەی زۆرەکی؛ ئەوەیە تەنها بە مەرگی ڕاستەقینە دەگەڕێتەوە بۆ لای خوداوەند]

٥_من بە هر جمعیّتی نالان شدم جُفْتِ بِدْحالان و خوش حالان شدم
من بۆ ئەوەی هاودەمێک بدۆزمەوە و لە لای ئەو باسی حاڵی خۆم و دەردی دابڕانی بۆ بکەم، ڕووم لە هەموو کۆڕ و کۆبونەوەیەک کرد و ناڵاندم. هەم لەگەڵ ئەوانەی ئاستی تێگەیشتنیان کەم و لە ئاستێکی نزمدایە، هەم لەگەڵ ئەوانەش کە تێگەیشتوون و درک بە شتەکان و ڕووداوەکان دەکەن، حاڵی خۆمم بۆ ڕوونکردنەوە.
[ دەبێ لەم دێڕە شیعرە ئاماژە بە هەر دوو چەمکی (خوش حال) و ( بدحال) بکەین، ئەویش بە خوێندنەوەی دێڕی دوای ئەم دێڕە، بۆمان ڕووندەبێتەوە، کە مەبەست لەم دوو چەمکە چییە، چونکە خوێنەر کاتێ ئەم دێڕە شیعرە دەخوێنێتە، وا هەست دەکا، کە مەبەست لە (خوش حال) کەسێکە کە هەمیشە کەیفی سازە و لە باروگوزەرانێکی باش دەژی و کەمو کوڕییەکانی ژیانی کەمە، بە پێچەوانەشەوە(بدحال) کەسێکە کە باروگوزەرانی ناجۆرە و هەمیشە غەمبار و ناتەندروستە. بەڵکو وانییە و بەم مانایەی خوارەوەیە: “و.”
خوشحال: لێرەدا بەمانای کەسێک دێت، لەگەڵ بیستنی هەر دەنگ یا ئاوازێک، دەرگای مەعریفەتی ناخی دەکرێتەوە و هەستی دەجوڵێ، لەگەڵ بینینی هەر ناڕێکییەک، هەڵوێست وەردەگرێ.
بدحال: مەبەست لە کەسێکە، کە هەمیشە ئامادەباشی تێدایە بۆ کاری خراپ و بەدکرداری، چونکە لە ناخی دا، کۆمەڵێک سیفاتی دژ بە ژیان و ژیان دۆستی هەڵگرتووە.

           ٦_هر کسی از ‌ظنِّ خود شد یارِ من                          از درونِ من نجست اسرارِ من

هەرکەسێک بە پێی تێگەیشت و گومانی ناخی خۆی بووە هاوڕێ و هاودەم و هاوڕای من، کەسیان لەگەڵ نهێنی دەرون و ناخی من هاوڕا نەبوو. [ یەکێک لە عاریفان دەڵێت: لە گوماندا؛ خەیاڵ لەدایک دەبێت و یەقین بە ڕووماندا دەکرێتەوە. دکتۆر “فروزانفەر” لە دوو ڕووەوە ئەو بەیتەمان بۆ لێکدەداتەوە و دەڵێت: یەکەم ئەوەیە کە ‘نەی’ گوستنەوە بە ڕووکەشی دەکات: دەکرێ شکایەتی نەی؛ وا دابنێین لەو لایەنەوەی کە هەر گوێگرێک دەیوێت نەوای ‘نەی’، بە پێی حەز و ئارەزووی ئەو بێت و لەگەڵ حاڵی ئەو بێتەوە کە تێیدایەتی، بەڵام تا ئەو ئاستە هاوشان نەبێت و ئامانج نەپێکێ، لە کاتێکدا دەکرێ لەوە باشتربێ کە دەژەنرێ.
ڕووی دووەم: ئەوەیە؛ ‘نەی’ مانایەکی خواستراوی هەیە بۆ خودی مەولانا خۆی، بەوەی کە ئەگەر وا دابنێین شکایەتی مەولانا دروستە و لە جێی خۆیەتی، چونکە مولانا خەڵکی ڕۆژگاری خۆی بەباشی نەناسیوە. دووڕووان و دڵ داخراوەکان ڕەخنەی لێ دەگرن و نووسراو و بەڵگەی بەڕوودا دەدەنەوە و ناوی دەزڕێنن؛ بەوەی کە نەی و حاڵگرتن و جەزبە بە زیادکراوی دینی دەزانن، چونکە هاوڕێ و دۆستە نزیکەکانی لەو ئاستەنەبوون؛ ئاستی پلە و پایەی مەعنەوی ئەو درک بکەن، حەقیقەتی پێگەی مەولانا تەنها شەمسی تەبرێزی و صلاح الدین و حسام الدین، کە لە یارانی نزیکی ئەو بوون، درک پێ دەکەن.
حکیم سەبزەواری لە مانای ئەو بەیتەدا، تێڕوانینێکی قوڵتری هەیە، ئەو دڵنیایە لەوەی هەر کەسەو بەپێی ئاستی ئەو توانا و هێزەی هەیەتی لە ناسینی خودا سودمەند و بەهرەمەند دەبێ، لەبەرئەوە مرۆڤی کامڵ لەو ڕووەوە کە ئاوێنە نمای خودایە؛ درەوشانەوەیەکی تەواوی ناو و سیفاتەکانی خودای تیا دەبێت. وە خودا لە ڕۆژی فەسڵان، خودا نوور و درەوشانەوەی خۆی بەسەر هەموو خەڵکیدا پەخش دەکات، ئەو درەوشانەوەیەش بە پێی ئاستی ناسین و نزیکی بەندە لە زاتی خودا، بەهێزیی و لاوازی هەیە.]

٧_ سرِّ من از نالۀ من دور نیست لیک چشم و گوش را آن نور نیست
هەرچەند ڕازەکانی دەرونم لە ناڵەناڵەکانم؛ شاراوەنییە و لێک جیا نین و دەگاتە گوێی هەموو کەسێک، بەڵام نە چاوی بینینیان هەیە و نە گوێشیان توانای بیستن، تا پەی بە نهێنییە شاراوەکانی من ببەن. [ ئەو بەیتە وەڵامی پرسیارێکی سەختی داوەتەوە. وەک ئەوەی کەسێک پرسیبێتی: ئەی حەزرەتی مەولانا؛ بۆ گەیشتن بە نهێنی دەرونی پیاوانی خودا و عاریفان؛ ئەگەر ڕێگایەکی سادە نەدۆزرێتەوە، کەواتا ڕێگای گەیشتن بە خەزێنەی نهێنییەکانی و چاوگەی نورەکان، لە کوێوەیە؟! وەڵام: نهێنی دەرونی من لە قسەکانم جیا نین، چونکە قسە هاوشێوەی ئاوێنەیە و نهێنی دڵ ئاشکرا دەکات، بەڵام چاو و دڵی خەڵکە سادەکە، نوری مەعریفەتی نییە، تا بتوانن لە ڕێگای قسەی ئەولیایان، پەی بە حاڵیان ببەن.]

٨_ تن ز جان و جان، ز تن مستور نیست لیک کس را دیدِ جان دستور نیست
بەو ناونیشانەی کە جەستە و ڕۆح پەیوەستن بە یەکەوە و هیچ یەکێکیشیان ئەوی دیکەیانی دانەپۆشیوە و نەیشاردوەتەوە، بەڵام هیچ کەسێک مۆڵەتی ئەوەی نییە کە ڕۆح ببینێ، واتا ئەوانەی کە دیلی لاشەن و لە جەستەدا، هەموو شتێک دەبینن، ناتوانن ڕۆحی پاک و خاوێن درک بکەن. [ ئەنقەرەوی باوەڕی وایە مرۆڤە کامڵەکان، کە درەوشاوەی خودان، دەڵێن: نهێنی دەرونی ئێمە، لە قسەکانمان دوورنین و لێک جیانین، ڕێک وەک جەستە و ڕۆح، کە یەکدیان دانەپۆشیوە، بەڵام هیچ کەسێک ناتوانێت ڕۆح ببینێ.
ئەکبەرئابادی دەڵێ: ئەو بەیتە؛ ڕەنگدانەوە و تەواوکەری بەیتی پێش خۆیەتی. کەواتا ‘ناڵەی نەی’ وەک جەستەیە و نرخی جەستەی بۆ دادەنرێ، ‘سڕی ناڵەی نەی’ش مانای ڕۆح دەگەیەنێت. کەواتا لەبەرئەوەی ڕۆح بە هیچ کام لە هەستەکان، هەستی پێ ناکرێ ودرک ناکرێ، کەواتا سڕی ناڵەکەشی بەهەمان شێوە هەستی پێ ناکرێ.
دکتۆر فروزەنفەریش دەڵێت: ئەم بەیتە وەک بەڵگەیەک وایە بۆ بەیتی پێشوو، کە سڕ و ڕازی دڵ؛ لە ناڵەناڵەکەیەوە بە دیاردەکەوێت. لەو ڕووەوە “ناڵە” وەک جەستە و “ڕاز” وەک ڕۆحە، کە هەم جوڵێنەری ناڵەیە و هەم ئاشکراکەری ئەوە، بەڵام هیچ چاو و گوێچکەیەک؛ لە سڕی دڵ سەر دەرنابەن. لەبەرئەوەی کە ڕۆح؛ جوڵێنەری جەستەیەم و جەستە دەرکەوتەی ڕەفتارەکانی ئەوە.
نیکلسون دەڵێت: بەو شێوەیەی کە ڕۆح لە جەستە شارداروەتەوە، ڕازی دەرونی ئەولیای خواش، لەلای خەڵکی ئاسایی شاردراوەتەوە.]

٩_ آتش است این بانگِ نای و نیست باد هر کە این آتش نَدارد نیست باد
ئەو دەنگەی لە نەی دێت؛ لە ڕاستیدا ئاگرە. واتا وتەی گەرم و ئاگرینی ئەولیای خودایە، بە گشتی با و ئارەزوو گەلێکی نەفسانی نین. وە هەر کەسێک ئەو ئاگرەی نەبێت، بوونی نەبووە. [ زۆرێک لە شیکەرەوان؛ وای دادەنێن کە مەبەست لە “بانگِ نای” خوازەیە بۆ جەزبە و حاڵ… “نیست باد” لە نیوە دێڕی یەکەم و دووەم ڕەگەزدۆزی تەواوە، چونکە لە دەربڕین و ژمارە و شوێنی پیتەکان؛ وەک یەکن، بەڵام لە مانادا جیان. هەروەها زۆرێک لە شیکەرەوان؛ لەوانە ئەنقەرەوی و بەتیع و نیکلسون؛ بۆ “نیست باد” لە نیوەدێڕی دووم، شێوەیەکی دیکەی هەیە، لەوەی کە مانای لەعنەت و نەفرین ناگەیەنێت. بەڵکو مەولانا دوعا دەکات؛ کە لوتفی ئیلاهی، کەسانێک کە گوێ لە وتەکانی ئەو دەگرن، توانای ئەوەیان هەبێت بە مەبەستی باڵای ڕێگای ئەولیای خودا بگەن.]

١٠_ آتش عشق است کاندر نَی فتاد جوشش عشق است کاندر مَی فتاد
ئەگەر نەی؛ دەکەوێتە ناڵە ی پڕ سۆزی هەڵقرچاویی، بە هۆکاری ئاگری عیشقە؛ کە لەناویدا بڵێسەی سەندووە و بوونی ئەو دەنگە غەمگینەش هی ئەوەیە. وە ئەگەر بادەشی تێدا دێتە کوڵ و هەڵچوون، هەر لەبەر ئەو جۆش و هەڵچوونی عیشقەیە. [ئەو بەیتەی سەرەوە لەسەر باوەڕ و بناغەی ئەفڵاتوونی بیناکراوە، کە عیشق بۆ هەموو دروستکراوان ڕەوێن و دەردە. بەو مانایەی هەر یەکێک لە دروستکراوان، ئارەزووی گەیشتن بە پلە و پایەی بەرزتر لە خۆی دەکات، وە بوونی جوڵە و پەلوپۆکردنی بوونەوەران، گەیشتنە بە کەمال. “عِشْق لە عَشْق”ەوە هاتووە، واتا پێکەوەنووسان یا تێکئاڵان. لەبەرئەوەش بەو گیایانەی لەوانە “لاولاو”؛ پێیان دەوترێ”عَشَق”، بۆ؟ چونکە بە قەدی ئەو درەختانەدا هەڵدەگەڕێن و دەچنە سەرەوە؛ کە لە نزیکیانەوەن. بەڵام سەرەڕای ئەوەش “عشق” نە لە قورئان و نە لە کتێبە مەزهەبییەکان نەهاتووە. هەرچەندە لە هەندێ دانراو و نووسراوی دیکەی لێکۆڵەرەوانی دینی باسکراوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا نەهاتنی وشەی “عشق” لە دانراوە مەزهەبییەکان، بەڵگە نییە لەسەر خراپی “عشق”، بۆ؟ چونکە ئەو وشەیە لە بەیتەکانی سەردەمی جاهیلیی عەرەبیش بەرچاو ناکەوێت نووسرابێت. لێرەدا ئەفلاتون دڵنیایە عیشق پردی پەیوەندی نێوان خودا و مرۆڤەکانە و ئەو بۆشاییە پڕ دەکاتەوە. نامەی شەشەمی ‘اخوان صفا’ لە بەشی ‘عیشق’ کۆکراوەتەوە تێیدا هاتووە: لێرەدا دەبینرێ قسەی دانا و عارفان، لە بارەی پێگە و گرنگی عیشق]

١١_نی حریفِ هر کە از یاری بُرید پَردەهایش پردەهایِ ما دَرید
مرۆڤی پێگەیشتوو لە هەموو لایەنێکەوە، هاوشێوەی ‘نەی’، نەوای ئیللاهی دەچڕێت و هاودەم و هاوڕێی ئەو کەسانەش دەکات، کە خۆیان بە تەواوی لە دونیا دابڕیوە. ئەو سۆز و ئاوازەی لە نەی دەبیسترێ؛ دەبێتە هۆکاری خاوێنکردنەوەی نەفس و پەردەی ئارەزووە دنیاییەکان دادەدڕێنێ و لایان دەدات.

١٢_ همچو نَی زهریّ و تِرياقی کە دید؟ همچو نَی دمساز و مشتاقی کە دید؟
کەسێک تا ئێستا شتێکی بینیوە، لە هەمان کات ژەهریش بێت و دژە ژەهریش بێت هاوشێوەی ‘نەی’؟ ڕوونە کە نەبینراوە. وە ئایە کەسێک شتێکی بینوە هاودەم بێت و موشتاقیشی بیت؛ هاوشێوەی نەی؟ دیسان ڕوونە کە نەبینراوە. [ هەر بەو شێوەیەی زاتی خودا بە سیفەتەکانی توڕەیی و نەرم و نیانی وەسفکراوە و یەکێکن لە ناوەکانی خوداش. بە هەمان شێوە مرۆڤی پێگەیشتوو ئەو دوو سیفەتەی تێدایە. بەرانبەر خەڵکانێكی گەندەڵ و خراپەکار؛ ژەهرە و بۆ ئەوانەشی ئەهلی چاکەکاریین، دژە ژەهرە. هەڵبەت بۆ دەستەی یەکەم، دەکرێ هەم ژەهربێت، هەم دژەژەهر، بۆ ئەوانەی بەیانی لێکدابڕان دەدەن؛ ژەهربێت، بەوەش مژدەی گەیشتن بە یەک و لێک نزیکبوونەوەیان پێ دەدات، دەبێتە دژەژەهر.]

١٣_ نی حدیثِ راهِ پُر خون می کند قصّەهایِ عشقِ مجنون می کند
‘نەی’ لە بارەی ڕێگای پڕ خوێنەوە قسە دەکات. واتا مرۆڤی پێگەیشتوو قسە لەبارەی ڕێگای پڕ مەترسی و کشە و سەر بەگۆبەندی عیشقی ڕەببانی دەدوێت. وە بەسەرهاتی عاشقە گیانپاک و مەجنون ئاساکان دەگێڕیتەوە. [ ” ڕێگای پڕ خوێن” خوازەیە بۆ مەرگی سەربەست… دەتوانی بۆ تێگەیشتنی زیاتر بگەڕێیتەوە بۆ بەیتی ژمارە چوارەم]

١٤_مَحرِم این هوش جز بی هوش نیست مَر، زبان را مشتری جز گوش نیست
ئەو ئاگاییە، هاوڕازەکانیان کەسانێکن کە لە هۆکارەکانی ژیان بێ ئاگان. واتا نهێنییەکانی حەقیقەت؛ تەنها کەسانێک پێی دەزانن؛ کە جگە لە حەق؛ لە هەموو شتێکی دیکە بێ ئاگان و توانای درک کردنیان نییە. ناکەسان و حاشاکەران لە بەرنبەر ئەو نهێنییە شاراوانە، بێ دەنگ و کەڕن.

١٥_در غــمِ مــا روزهــا بــیگــاه شــد ڕوزهــا بــا ســوزهــا هــمــرا شـــد
لە ئەنجامی درێژە کێشانی ‌غەمی ئێمە، ڕۆژگارمان ڕەشبوو و بوو بە شەو. وە ڕۆژ و کاتەکانمان هەمیشە بە گرییە و سۆز و ناڵینەوە تێپەڕی. واتا دەردی داوای عاشقان و ئارەزووی گەیشتن بە یەک؛ هەمیشەییە و ساتەکانی بێ کۆتایین.

  ١٦_ روزها گر رفت. گُو: رَوْ، باک نیست            تو بمان ای آنکە چون تو پاک نیست

ئەگەر ڕۆژانی پڕ لە ناڵە و سۆز کۆتایی هات و تێپەڕی؛ بڵێ: ئەی تەمەن تێپەڕە؛ کە لە تێپەڕبوونی تۆ هیچ باکێکم نییە. بەڵام تۆ ئەی حەزرەتی مەعشوق لە سەرنجدان و پاکی و بێ گەردییەکانت هەمیشە ئاگات لێمان بێت و نیگات لێمان مەبڕە، کە کەسێک نییە هێندەی تۆ پاک و بێ لەکە بێت.[ مەبەست لەو بەیتە گرنگی و ژیان دەردەخات لە ڕوانگەی عاشقێکی عارفی وابەستە بە مەعشوق. ژیانێک داماڵرابێت لە حەقیقەت لە ڕونگەی ئەو عاشقەوە، هیچ گرنگییەکی نییە.]

١٧_هر کە جز ماهی، ز آبش سیر شد هر کە بی روزی است، روزآ دیر شد
جگە لە ماسی، هەموو کەسێک دواجار لە ئاو بێزار دەبێت، چونکە ژیانی ماسی وابەستەیە بە ئاوەوە. بەو شێوەیەش عاشقی ڕاستەقینەش دوور لە مەعشوقەکەی ناتوانێت بژیت. کەواتا مایەی ژیانی عاشق؛ عەشقە. هەرکەس لە ئاوی عیشق و عیرفانییەت بێ بەهربێت، ژیانی پەرپوت و بێ نرخە. واتا هەرکەس هەستی کرد دڵێکی بێزاری هەیە لە ژیان، با بزانێ ئەو دڵە خاڵییە لە عیشق، بۆیە ئاوایە.

١٨_ در نیابد حال پخته هیچ خام پس سخن کوتاه باید؛ وَالسَّلام
کەسانی بێ ئەزموون؛ ناتوان تێبگەن لە کەسانێک کە ئەزموونیان هەیە لە ژیان. چونکە ناتوانێت تەنها بە قسە و ئاماژە لە حاڵیان تێبگات. کەواتا بەکورتی پێویستە کۆتایی بە قسەکانیان بهێنن و دەمی خۆیان ببەستن.

١٩_ بند، بُگْسَل. باش آزاد ای پسر چند باشی بندِ سیم و بندِ زر؟
ئەم بەیتە وەڵامی پرسیارێکی پێشبینیکراوە. گوایە یەکێک دەپرسێت: ئەی حەزرەتی مەولانا؛ ئەوانەی خاوەن ئەزموون و پێگەیشتوویین لە بارەی حەقیقەتی مەعریفەت؛ چۆن بزانین ئەوانە چۆن گەیشتوون بەو پلە باڵایە؟ یا چۆن بتوانین حاڵی ئەزموندارەکان درک بکەین؟ وەڵام: ئەی کوڕی (مەعنەوی)م، پەردەی کۆت و بەند و ئارەزووە دنیاییەکان بدڕێنە و ونجڕونجڕی بکە و خۆت لە زنجیری ئارەزووە نەفسییەکانت ڕزگاربکە. ئاخر تاکەی گرفتاری زێڕ و تاڵی زیو دەبیت؟ [وشەی “ای پسر” لە نێوان شێخ و دەروێش، یاخود مورید و مراد دەوترێ. وەک چۆن باوک بانگی کوڕەکەی دەکات، ئاواش شێخ دەتوانێت بانگی دەروێش و موریدەکانی بکات. بەڵام بابەتی باوکایەتی و نەوە، لە تەریقەتی عاریفان ڕێژەیەکی مەعنەوی هەیە. ئازادی و سەربەستی شێوەیەکی مەعنەوییە، کە بەندە دڵ بە هیچ شتێک ناسپێرێت؛ تەنها زاتی حەق(خودا) نەبێت. کەواتا مەرجی ئەزموونداری و پێگەیشتوویی کەماڵی ڕۆحی، پچرانی هەوساری خۆشویستنی ماڵی دنیایە.]

٢٠_ گر بریزی بحر را در کوزەای چند گنجد؟ قسمتِ یک روزەای
بۆ نمونە؛ ئەگەر ئاوی دەریا بڕژێنیتە گۆزەیەکەوە، چەند لە ئاوی دەریا لە گۆزەکە جێی دەبێتەوە؟ هەڵبەتە بە ئەندازە و قەبارەی گۆزەکە بێ گومان بە ئەندازەی دەستکەوتنی بەهرەی یەک ڕۆژ. [ ئەو بەڵگە هێنانەوەیە؛ ڕونکردنەوەیە بۆ ئارەزووپەرستان و چڵێسەکانە. چونکە ئارەزووپەرستیی، مرۆڤ بەرەو هەڵدێر و پەرێشانی و لەناوچوون ڕادەکێشێت.]

٢١_کوزهء چشمِ حریصان پُر نشد تا صدف قانع نشد پُرْ دُر نشد
چاوی ئارەزوو پەرستان، سەرەڕای هەبوونی ئەو سنوردارییەی هەیەتی، تێرنابێت. هەرچەند زێڕ و زیوی زیاتر بە دەست بهێنن، پەرێشانن و بیرکردنەوەیان کۆتایی نایەت. بەڵکو هەر ڕۆژ ئاگری چڵێسیی و ئارەزووەکانیان بە تینتر دەبێت. بۆ نمونە سەدەف هەرگیز قانیع نابێت بە چەند دڵۆپە بارنێک و ناوەوەی پڕ لە مرواری نابێت. [ زۆرێک لە بیروباوەڕە کۆنکان باس لەوە دەکەن، بوونی مرواری لە ناو سەدەف، لە بارینی بارانەوەیە، کاتێ بان دەبارێت سەدەف زاری لێک دەکاتەوە و دڵۆپە باران دەچێتە ناوییەوە. لە ناوەوەی سەدەفیش جیناتی تایبەت هەیە کە بە کارلێکی لەگەڵ بارانەکە، مرواری دروست دەبێت. هەر بۆیە مەولانا ئەو باوەڕە کۆنەی خەڵکی کردووە بە نمونە.]

٢٢_ هر کە را جامە ز عشقی چاک شد او ز حرص و جملە عیبی پاک شد
هەر کەس پۆشاکی خۆویستی و خۆبەگەورەزانینی؛ لەبەر بوونی عیشقی مەعشوق بدڕێنێ و پارچەپارچەی بکات، ئەو لە چڵێسی و هەر جۆرە نەنگییەکی دیکە پاک دەبێتەوە. [ عیشق ئەگەر عیشقی خوایی بێت یا رەگەزی بەرانبەر، هۆکاری گۆڕینی ڕەوشتە. ئێمە بینیومانە کەسێک پێش ئەوەی عاشق بێت، خاوەنی گەلێک خوی ناپەسندبووە، وەک: بەرچاوتەنگ و پارەدۆست و دڵڕەق و ترسنۆک بووە، بەڵام دوای ئەوەی عاشق دەبێت، سەری کیسەی پارەکانی دەکاتەوە، یا ئاساییە ڕێگای ترسناک تاقیبکاتەوە، یا دەبینین بۆ مەرگی چۆلەکەیەک دەگری! ئەوەی وتمان سەبارەت بە عیشقی ڕەگەزیی بوو، خۆ هەمان نمونە دەتوانین بۆ عیشقی خوداییش بهێنینەوە.]

٢٣_شاد باش ای عشقِ خوشْ سودایِ ما ای طبـیـبِ جـملە عـلّت هایِ ما
ئەی عیشقی خۆش خەیاڵاویی ئێمە، واتا ئەی عیشقێک کە دەبیتە هۆکاری هەیەجان و شڵەژانی ڕۆحی؛ ئەی پزیشکی دەرد و نەخۆشییەکانی ئێمە، هەمیشە ئاوا پڕ چالاکی و لەسەر حاڵ بە و زەوق بکە. [ لێرەدا یەکێک لە شیکەرەوانی شیعری مەولانا، کە ‘نیکلسون’ە، باوەڕی وایە مانای ‘سودا’ هاوواتای ‘بیر’ە. حاڵی و شڵەژانی ڕۆحی ئەگەر لە عیشقی ڕوخساریی یا ڕەگەزی بەرانبەر سەرچاوەی گرتبێت، ناپەسندە، بەڵام ئەگەر سەرچاوەکەی عیشقی حەقیقی”خوداوەندی”بێت، پەسندە و خۆش سەودایە.]

٢٤_ ای دوایِ نَخْوَت و ناموسِ ما ای تو افلاطـون و جالیـنـوسِ ما
ئەی عیشق؛ تۆ ئەی دەوای خۆبینی ئێمە، وە ئەی عیشق! تۆ ئەی پزیشکی ڕۆح و خەستەی ئێمە. [ “عیشق” لێردا لە زۆربەی شیعرەکانی مەولانا؛ خواستراوە بۆ “مەعشوق”. ئەفلاتون زانایەکی ناسراوی یۆنانی کۆن بووە، لە ساڵی ٤٢٧ پێش زایین لەدایک بووە. نزیکەی هەشتا ساڵ ژیاوە و خەڵکی شاری “ئاتن”بووە. هەم زانابووە و هەم پزیشک، ئەستێرەناس و لە زانستی سروشتی دانابووە. ئەویان بە گەورەی زانایانی ئیشراقی _ ئەو زانایانە دەگرێتەوە، باوەڕیان بە دۆزینەوە و تێگەیشتنی ڕاستی هەبووە، بە یارمەتی هیز و بیر و چێژی دەرونییەوە_ لەبەرئەوەی ڕێگای گەیشتن بە ڕاستییان بە پاکبوونەوەی دەرون و ئاشکراکردنی نەفسەوە دەزانی، لەم ڕوەوە ئەو بەیتە خوازەیە بۆ پزیشکیی ڕۆحیی.
بەڵام جالینوس ناودارترین پزیشکی یۆنانی کۆن بووە، کاری ئەو تەنها وەک گەڕیدەیەک بووە بەو هۆیەوە زۆرێک لە شارەکانی ئەو سەردەمی بینیوە. ئەو لە تەمەنی هەڤدە ساڵی، لە زانستەکانی پزیشکی و فەلسەفە و بیرکاری؛ بە پلەی باڵا گەیشتووە و لە تەمەنی بیست و چوار ساڵی توانیویەتی ڕای خۆی هەبێت. کاتێ بەدەرکەوت کە زانستی پزیشکی لەسەر دەستی سۆفییەکان لەناوچووبوو. بۆیە هەوڵیدا لە شوێنێک کلینکێک دابمەزرێنێت و پشتگیری لە زانستی پزیشکیی ” ئەبقڕات” بکات، کە پێش ئەوەی لەناوبچێت یەکێک بوو لە زانستە پێشکەوتووەکانی پزیشکیی لەسەر دەستی پزیشکی بە توانا “ئەبقرات”. وە پەرتوک گەلێکی زۆری لەوبارەیەوە دانا. توانی ڕاستییە شاراوەکانی پزیشکی ئاشکرا بکات. لەم ڕووەوە ناوی جالینوس خوازەیە بۆ پزیشکی جەستەیی]

٢٥_ جسم خاک از عشق، بر افلاک شد کوە، در رقص آمد و چالاک شد
جەستەیەک کە لە خاکە، بە کاریگەریی عیشقی ئیلاهی چووە بەرزترین ئاسمانەکان و کێوی هێنایە سەما. [ ئەو بەیتە ئاماژەیە بە شەوڕۆیی پێغەمبەر محمد(د.خ) و هەروەها چوونی پێغەمبەر موسا( سەلامی خوای لێبێ) بۆ سەر کێوی تور… بۆ بەیتی دووەم دەتوانی بگەڕێیتەوە بۆ ئایەتی ١٤٣ سوڕەتی اعراف.]

٢٦_ عشق، جانِ طور آمد، عاشقا! طور، مست و خَرَّ موسى صاعِقا
ئەی عیشق! ئەوەی ڕۆحی بە کێوی ‘تور’ بەخشی و گیانی هێنایەوەبەر؛ عیشق بوو. بە بەرەکەتی عیشق بوو؛ کێوی تور مەست بو و موسا(خوالێی ڕازی بێت) مات و حەیران بوو و لە هۆش چوو و کەتە زەوی.

٢٧_ با لبِ دمسازِ خود گر جُفْتَمی همچو نَی من گُفْتَمی ها گُفْتَمی
ئەو بەیتەش لە وەڵامی پرسیارێکی پێشبینیکراوە، گوایە کەسێک لە حەزرەتی مەلانا دەپرسێ: ئەی حەزرەت ئایە ئەو عیشقە چییە، لە توانای دایە شەوڕەوی بە جەستەیەکی لە خاک دروستکراو بکات و لەولاشاوە کێوی تور بهێنێتە لەرزین و سەما و موسای پێغەمبەر بێهۆش بکات و بیدات لە زەویدا؟ ئەگەر دەکرێ، نهێنی ئەو عیشقە بۆ ئێمەش باس بکە. وەڵام: ئەگەر لێوی یارم کە لەگەڵ زمانی حاڵی من هاودەمە؛ نزیک ببێتەوە، وەک ‘نەی’ قسەگەلێکی وام دەوت، بە جۆرێ باسی نهێنییەکانی عیشقم دەکرد. _ ئەگەر سەرنج بدەین؛ ‘نەی’ کاتێ ئاوازی خۆشی لێ دەردەچی، کە لێوی ژەنیاری لێ نزیک ببێتەوە و فوی پێدا بکات. (و.)_. [ بەڵام لێرەدا شاعیرە مەبەسی ئەوەیە بڵێت: بەداخەوە هاەدەمێکم نییە تا بتوانم نهێنییەکانی عیشقی لا باس بکەم و دەرگای دڵمی بۆ بکەمەوە.]

٢٨_ هر کە او از همزبانی شد جدا بی زبان شد، گر چە دارد صد نوا
هەر کەسێک لە هاوزمان و هاونەژادەکانی خۆی جیا بکرێتەوە، ئەگەریش سەدان جۆری ئاواز و گۆرانی بزانێ، چونکە هاوزمانێکی لێ نزیک نییە، دیسانیش هاوشێوەی لاڵ و بێ زمانێک وایە. [ لێرە دیسان باسی دابڕانی ‘نەی’ لە قامیش؛ دێتەوە بەرباس. ‘نەی’ چونکە دابڕێنراوە لە ڕەچەڵ و هاونەژادەکانی خۆی کە قامیشە، هەرچەند دەتوانێ دەیان جۆری ئاواز دەرببڕێ، دیسانیش خۆی پێ غەریبە و بێ کەسە و هەستی نامۆیی دەچێژێ… مرۆڤیش بە هەمان شێوە، تا نەگەڕێتەوە بۆ ئەو بەهەشتەی لێیەوە هاتووە، خۆی بە نامۆ دەزانێ لەم سەر زەوییە، هەرچەند دەتوانێ بە چەندان زمان بدوێ و زەوی بۆ ڕاخراوە تا بە خواستی خۆی لەسەری بگەڕێ (و.)]

٢٩_چونکە گُل رفت و گلستان درگذشت نشنوی زان پس ز بلبل سرگذشت
کاتێ وەرزی گوڵ کۆتایی دێت و تەمەنی گوڵستان تێدەپەڕێت، ئیتر دەنگێ لە بولبول نایەت و ئاوازێکمان گوێ لێ نابێت. [دەتوانین هەر تەنها ئەو نمونەیە بهێنینەوە بۆ تێگەیشتنی تەواوەتی لەو بەیتە. ئیمامی عەلی (سەلامی خوای لێبێت) دەڵێت: دەردی کوشندەی من ئەوەیە، هەستەم خوا زانستێکی زۆری پێداوم، بەڵام کەسێک شک نابەم باسی ئەو زانستانەی لابکەم و لێم تێبگات.]

٣٠_ جملە معشوق است و عاشق پَردەای زندە معشوق است و عاشق مُردەای
هەرچی هەیە مەعشوقە و عاشق؛ پەردەیەک زیاتر نییە. وە ئەوەی کە زیندووی حەقیقییە؛ تەنها مەعشوقە و عاشق بێ مەعشوق لە جەستەیەکی بێ گیان زیاتر نییە. [ ئگەر مەبەست لە ‘پەردە’ هەمان ئەو پەردەیەبێت کە لەپێش دەرگە و پەنجەردا هەڵدەواسرێ، ئەوا نیوە بەیتی یەکەم نواندنی جوانی ئەو نمونەیەیە. چونکە بەو پێیەبێت عاشق نمونەی پەردەکەیە و جوڵە و شڵەژانەکانی لە خۆوە و خۆکردنییە، هۆکارەکەی لە مەعشوقەوەیە، وەک چۆن جوڵەی ‘پەردە’ش هۆکاری تینی ئەو ‘با’یەیە کە لێی دەدات. وە ئەگەر مەبەست لە ‘پەردە’ حیجابی ژیانی مرۆڤایەتی و ئاشکرایی عاشق بێت، مەبەست ئەوەیە کە بوونی گوماناوی مرۆڤایەتی عاشق؛ حیجابە؛ کە ئەو لە حەزرەتی مەعشوق دادەبڕێنێ. ئەم دێڕە ئاماژەیە بە ئایەتی ٨٨ سوڕڕەتی “قصص” و هەروەها ئایەتی ٢٤ و ٢٧ی سوڕڕەتی “رحمن”.]

٣١_ چون نباشد عشق را پروایِ او او چو مرغی مانْد بی پَر، وایِ او!
ئەو دێڕە تەواوکەری دێڕە شیعری پێشترە، واتا: ئەگەر عشق لایەک لە عاشق نەکاتەوە و ئاوڕی لێ نەداتەوە، ئەوسا عاشق بەچەشنی باڵندەی بێ پەڕ و باڵە و وای بە حاڵی. [ عشقی حەق لە حەقەوە سەرچاوەی گرتووە و ئیلهامی پاکیی لەوەوە وەردەگرێت. کاتێ خودا بە عاشقانی خۆی نیگا ناکات و ئاوڕیان لێ ناداتەوە و بێ پەروا دەبێت بەرانبەریان، لە ئەنجامدا مەعشوق’بەندە’ ناتوانێت بگاتە پلەی تەواوەتی و بەرەو دیداری عشق؛ بفڕێت. هەر دوو وشەی (پروای او) و (پر، وای او) ڕەگەزدۆز لێکدراوی تەواون.)

٣٢_من چگونە هوش دارم پیش و پَس چون نباشد نورِ یارم پیش و پَس؟
ئەگەر جیلوەدەری ڕوناکی ناخ و ناوەوەی حەزرەتی مەعشوق؛ پشت و پێش چاوم ڕوناک نەکاتەوە، من چۆن بتوانم بەم کەمە عەقڵە و درککردنە سنوردارەی هەمە، ڕێگای خۆم بدۆزمەوە و تێیدا خەریکی دەروێشی بم؟ [ ئەو بەیتە ئاماژەیە بە ئایەتی ١٢ سوڕڕەتی حدید و ئایەتی ٨ سوڕڕەتی تحریم. مەبەستی دێڕە شیعرەکەش ئەوەیە: سەرچاوەی هەموو زانستەکانی ڕۆحی و درککردنە مەعنەوییەکان، تیشکی ناوەوە و شاراوەی حەزرەی مەعشوقە.]

٣٣_عشق خواهد کین سخن بیرون بُوَد آیــنە، غمّاز نبــود چـــون بُوَد
پێویستە عیشق واتا و نهێنییەکانی ئاشکرا بکات، چونکە چۆن دەکرێ کە ئاوێنەی ڕوون و ساف و بریقەدار، وێنەی کەرەستەکان نیشان نەدات؟ [ ئەگەر عیشق کاریگەریی دروست بکات لەسەر کەسانی شەڕانی و دڵ ڕەق، کەواتا دەتوانرێ بوترێ عیشق هاوشێوەی ئەو ئاوێنەیە وایە؛ کە وێنەی کەرەستەکان نیشان دەداتەوە. هەر بەو شێوەیەش ئاوێنەی عیشقیش حاڵی عاشق ئاشکرا دەکات. کەواتا عیشق دەرخەری ویژدانە.]

٣٤_ آینەات، دانی چرا غمّاز نیست؟ زآنکە زنگار از رُخَش ممتاز نیست
ئایە دەزانی بۆچی ئاوێنەی دڵ و ڕۆحت؛ نهێنی و حەقیقەتەکان نیشان نادات؟ لەبەر ئەوەیە ژەنگی هەوا و هەوەست لە ڕوویدا پاک نەکردووەتەوە و نەتسڕیوەتەوە. [مەبەست لەوەیە، ئەگەر دڵ ساف و ڕۆشنبێت، نهێنی عیرفانی و حەقیقەتی خواوەندی تێدا وێنا دەداتەوە. مادام ئەو کەسە دڵی لە ژەنگی هەوا و هەوەسی دنیایی پاک نەکردووەتەوە، با چاوەڕێی ئەوە نەکات، جیلوەی خوداوەندی تێدا بداتەوە.]

هەڵمەت عوسمان _ کۆیە




دووفاقی کەسێتی … کرمانج فەتاح

حاڵەتێکی دەروونیە دوورڕوویشی پێ ئەوترێ، بەڵام دووڕووی سیفەتێکی باشە یان خراپ؛بێگومان خراپە.
دووڕووەکان:- بەدەست خۆیانە ، کەسەکان خودی خۆیان ئەزانن کە دووڕوون لە گوفتار و کردارەکانیان دووڕوون دووفاقن بۆ مەبەستێک دووڕووی ئەکەن.
دووفاقی کەسێتی:- وانیە کەسەکە خۆی نازانێ دووڕووە نازانێ دووفاقە ئەمەیان لە ڕەفتار و کردارا دەرناکەوێت بەدەست خۆی نیە ناتوانێ کۆنترۆڵی بکات.

دووفاقی کەسێتی لێک ترازانێکە دابڕانێکە لە نێوان فکری تاکەکەس لەگەڵ فکر و نەریتی کۆمەڵگە
مرۆڤ دوو ئەقڵی هەیە کە بریتین لە:-
۱.ئەقڵی ڕووکەشی یان ڕواڵەتی.
۲.ئەقڵی ناوەکی یان ناوەخنی.
کاتێک ئەم دوو ئەقڵە تووشی نەگونجان ئەبن لێک ئەترازێن چونکە ئەقڵی ڕواڵەت بۆچونێکی هەیە و ئەقڵی ناوەکی بۆچونێکیتر کە ئەمە ئەبێتە هۆی دروست بوونی حاڵەتێکی دەروونی کە ناوبراوە بە دووفاقی کەسێتی.

کۆمەڵگاکان هۆکاری سەرەکی ئەم حاڵەتەن چونکە سروشتی مرۆڤ وایە کە کاریگەر ئەبێت بەو شتانەی نەریتی کۆمەڵایەتی بەها و ڕێزیان بۆ دائەنێت بۆ نمونە کۆمەڵگە ڕێزی لە سیفەتێکی دیاری کراو بگرێت تاک هەموو هەوڵی خۆی ئەدات تاکو ئەو سیفەتەی تێدابێت ئەگەر لەگەڵ ئەقڵ و بیر و بۆچوونی خۆشی نەگونجێ مادەم کۆمەڵگە ئەو سیفەتەی پێ باشە و لای پەسەندە کێشە نییە، ئەگەر لەگەڵ خودی کەسەکە نەگونجێ گرنگ ئەوەیە سەرنج ڕاکێش و جێی بایەخ بێت لە کۆمەڵگەدا، بەڵام ئەمە کێشەییە نەخۆشیە دووفاقی کەسێتیە کە ئەو کەسە لە ئەقڵی خۆی دائەبڕێت شوێن ئەقڵی کۆمەڵگە ئەکەوێت، بەمە دوو چاری چەنەداها گیروگرفتی دەروونی ئەبێتەوە تا ئەگاتە ئەو حاڵەی لەگەڵ ئەقڵی خۆی شەڕ ئەکات ئەقڵی خۆی بێدەنگ ئەکات و بەدوای ئەقڵی کۆمەڵگاکەی ئەکەوێت.

بەنمونە کۆمەڵگای عەرەب پێش هاتنی ئیسلام
عەلی وەردی ئەڵێ دوای لێکۆڵینەوەیەکی زۆر لەسەر عەرەب بۆم دەرکەوتووە عەرەب زیاتر لە هەر نەتەوەیەکی دیکە تووشی دووفاقی کەسێتی بوونەتەوە لەوانەشە هۆکاری ئەمە لەوەوە سەرچاوەی گرتبێت ئەوان لەمیانەی گەشەکردنی شارستانی خۆیان کەتوونەتە دوو پاڵنەری پێچەوانەی یەکترەوە یەکێکیان بیاباننشینە و ئەویتریان ئیسلام.
عەرەب پێش هاتنی ئاینی پیرۆزی ئیسلام هەموو خەڵکەکەی بەدو بوون لەبیاباندا ئەژیان دواتر کە ئیسلامیان بۆ هات ئەمەش لەگەڵ خۆی ئەو پەیڕەوەی هەڵگرتبوو کە پێچەوانەی بەهاکانی بیاباننشینە .
تاکی عەرەب لە ئەقڵی ناوەکی کەسێکی بەدوە و لە ڕواڵەتیش ئیسلامە ئەو لەلایەک ستایشی هێز و شانازی و بەرزی ئەکات لە ڕەفتارەکانیدا کەچی لە قسەکردندا ئامۆژگاری خەڵک ئەکات بەوەی لە خوا ترس بن و یەکسان بن لەنێوان خۆیاندا.
لێرەیا هەموو عەرەب ناگرێتەوە بەڵکو ئەوانە ئەگرێتەوە کە بیابان نشین بوون هۆیەکی تریش زۆر و بۆری پیاوانی ئاینی بوو.
بۆ نمونە کەسی عێراقی لە هەموو کەسێکی دیکەی وڵاتانی عەرەبی دووفاقی کەسێتی زیاترە ئەمەش لەبەر دوو هۆکار
هۆکاری یەکەم :- عێراق ئێستاشی لەگەڵ بێت زۆرترین تەوژمی بەدو ڕووی تێئەکات کەلەهەموو وڵاتانی عەرەبی زیاتری بەرئەکەوێت.

  • هۆکاری دووەم:- عیراق هەر لەسەرەتای دەرکەوتنی ئیسلامەوە سەرچاوەیەکی مەزهەبە ئاینیەکان بووە کە جۆرەها مەزهەب و ئەقڵ و بیروبۆچوونی بەخۆیەوەیە دیوە لەباردۆخێکی ئاوایا لامان سەیر نابێت دووفاقی کەسێتی توشی زۆربەی ڕۆڵەکانی ئەم وڵاتە ببێت.

نمونەیەکیتر:- ئەوقۆناخەی حوسێن کوژرا گەورەترین شانۆی دووفاقی کەسێتی بوو.
مێژوونوسان باسی ئەوەمان بۆ ئەکەن زۆرێک لەوانەی بۆ کوشتنی حوسێن چوون جۆرێک لە ململانێی دەروونیان هەبوو تەنانەت لەکاتی جەنگیشدا پێیەکیان بۆ دواوە و پێیەکەی تریان بۆ پێشەوە ڕۆشتووە لەکاتی کوشتنی حوسێن وەک فەرزدەق:- ئەڵێ دڵیان لەگەڵ حوسێن بوو شمشێریان لەسەر حوسێن بوو بۆیە یەکێک لە جەنگاوەرەکان بینراوە ترس و لەرزی هەبووە کەچی پێشتر ئازاو بە دەسەڵات بووە کە لەبارەی ترسەوە پرسیاری لێئەکەن بەواتایەک لەواتاکان ئەڵێ من لەسەرسامیدا ئەلەرزم نەوەک لە ترسا تاکو لە کۆتاییا ئەچێتە پاڵ حوسێن و لەگەڵ حوسێن ئەکوژرێت هەریەکێک لە ئێمە ڕۆژێ لە ڕۆژان توشی حاڵەتێکی دەروونی خنکێنەر ئەبێتەوە لەنێوان دوو پاڵنەری جیایا کە یەکلای کردنەوە ئاسان نابێت.
بەڵام ئەم حاڵەتە دەروونیانە هیچ کات لەکاتی جەنگەکانی فەتحکردندا نەبوو چونکە هەر یەکێک لەوان یەقینی تەواوی بەوە هەبوو کە لەگەڵ دوژمنانی خودا ئەجەنگێت.

کرمانج فەتاح




ئه‌فسانه‌ی درۆیه‌كی درێژ … ته‌یب جه‌بار

ساڵه‌هایه..
له‌ چاوه‌ڕوانی (ئازادی)دام،
خه‌ریكه‌ شێت ده‌بم.
په‌كم ده‌كه‌وێ.
نازانم چۆن؟ له‌ كوێوه‌ دێ؟
به‌ پێی په‌تی..
له‌ باكووری هه‌وره‌وه،
یاخود ڕۆژئاوای باران.
به‌ شه‌له‌شه‌ل..
له‌ باشووری هاوینه‌وه،‌
یاخود ڕۆژهه‌ڵاتی زستان.
نازانم كه‌ی دێ؟
وه‌ك تارمایی،
له‌ نیوه‌شه‌وی پشت قه‌ڵادا.‌
یاخود وه‌ك پیاوچاك،
نیوه‌ڕۆی به‌رئاوایی.
(یه‌كسانی) خه‌مسارده،ناجوڵێ.
نه‌ ده‌گه‌ڕێ، تا ده‌رفه‌تێك..
بۆ ژنان بدۆزێته‌وه‌،
تۆزێ خۆیان توندوتۆڵ بكه‌ن.
نه‌ ئێشك ده‌گرێ، تا هه‌لێك..
بۆ پیاوان بڕه‌خسێنێ،
نه‌ختێ خۆیان نه‌رم و نۆڵ بكه‌ن.
كاتێ ئاوڕ ده‌ده‌مه‌وه،
(دادپه‌روه‌ری) مانی گرتووه‌.
هه‌موو ڕۆژێ ده‌یدوێنم،
تا ئاشت بێته‌وه‌ و..
بگه‌ڕێته‌وه‌ ناومان.
تا وازبێنێ،
له‌ ده‌ردو په‌تای هه‌راسان.
(برایه‌تی) مڕومۆچ،
هه‌میشه‌ توندو توڕه‌یه‌.
نه‌ شاری به‌دڵه‌، نه‌ لادێ.
نه‌ خۆی ده‌زانێ چی ده‌كا،
نه‌ ئێمه‌ ده‌زانین چی ده‌وێ.
هه‌واڵی (نیشتمان) ده‌پرسم،
ده‌ڵێن له‌ ماڵه‌ دراوسێ ده‌ست به‌سه‌ره‌،
شه‌و و ڕۆژ ناسره‌وێ.
ساڵه‌هایه‌.. كه‌سێك نییه‌،
ڕێگایه‌كی ته‌خت بدۆزێته‌وه‌،
فریای بكه‌وێ.
(ناپاكی)، بێ منه‌ته‌،
به‌رده‌وام له‌ بۆسه‌دایه‌.
هه‌ر دره‌ختێ گوڵ بگرێ،
پایزی تێ به‌رده‌دا.
هه‌ر كانیاوێك چاو بكاته‌وه‌،
تاریكه‌ بای بۆ هه‌ڵده‌كا.
(گه‌نده‌ڵی)، پۆشته‌ و قیت..
به‌پێوه‌ ڕاوه‌ستاوه‌.
چه‌پڵه‌ لێده‌دا،
قاقا به‌ هه‌موویان پێده‌كه‌نێ.

سلێمانی / شوبات / 2020         ‌‌‌



کات هێشتا ماوە بۆ پێکێ شیعر … کاوە عوسمان عومەر

لەگەڵ ئاگردانە کە..
چیتر مەدوێ…
خەلووز و کڵپەی خوێنە.. ونبوون،،،
دڵێکی سپیش لە ئاگردان…
هێواش ئەسوتێ، ،
و درەنگیش دائەرمکێ..
……….
ساتە کان دێن و ئەچن،
گەرچی نادیارن…
وەک ئەو پەرەسێلکانەی بارانیان هێنا،،
بەسەر ئێوارەیەکی وشک و بێ نمە،،،،
گەڵای حەزە بابردوەکانیش،،،
مێژووی ڕۆشتنی تۆیان لەسەر نوسرا..
بیابانی نێوان وەرزەکان،،،
هەنگاوە بیرچوەکان..
خانویەکیش لە تەما،،،
وەک هەورێک شەپۆل بدا،،،
لە زەریای قورمزی ….
ئاسمانێک لە بیروەریا،،،
بەفری سەر کلیلی پیانۆی ڕۆشتنیشت، ،،
لێوێکی وشک، دوو لاقی ماندوو،،،
ژوورێک وەک بەلەم ،،،
لە زەریای تاریکی بیرکردنتا…
شەپۆل ئەدا،،،
جلی پاک و ڕژاو،،
جەستەی زەردی لاواز و شێتانەی پایزیش، ،،
سەمایەکی بێهودەیەتی..
لە هەیوانێکی پڕ سەمەرە،،،
بەڵام سامناک…
……………
نێوان چوون و بیرچونەوەت،،
.. دوای تۆ….،،
وەرزێکی شپرزە و توڕە و وەڕسە، ،،
بە ئاسمانی سوور، و زەمینی ڕەش..
نەگەیشتنی تەنانەت چرپەیەکیشت..
شتەکان ئەوەندەی تر قورس ئەکات..
پەنجەرەیەکیش بەسەر بیرچونەوەدا ،،،
خۆی واڵاکردوە….
تا کەشتیە سەرگەردانەکانی،،،
نێو باهۆزە کانی کات،،،
بە ژوورە چۆڵەکەدا تێپەڕکات..
بایەک یاساو ڕیتمی…
هاتن و ڕۆشتنی شکاندوە،،،
وەک خاوەن ماڵ هەڵسوکەوتی کرد، ،
پەڕە نوسراوەکان ،،،
پەرشو بڵاوی سەر پیانۆ کۆنەکەی کرد،،،
گۆرانیەک لە بارەی پێکێکی تر ،،
ژوانێکی تر، بیرکردنێک ، ،،
کاسێک سەرابی ڕژاوە،،
لە ژێر داربیەکی بیر کراو،،
ئەو ووشانەشی هەر نەوتران، ..
کۆم کردنەوە و لە ناو میترۆکەدا ،،،
کەسێکی نەناسراو،،،
دۆزیوە….
………………….

گەرچی هیچی ترت لا گرنگ نیە،،
خۆ هێشتا کات ماوە بۆ پێکێکی تر…
برینی ڕۆژەکانیش،،
بە پەنجەرەکەوە،،،
گوڵی ئەو وشانەیان نوسسی…..
کە هەرگیز نامرن،،،
………………
جێ پێی گۆرانی ڕۆشتنێک..
لە دارستانێک،،،
تەنها لە شەوا ئەبریسکێتەوە،،
وەک فرمێکێسک،،،،
پێش خۆکوشتنی بروسکەیەک،،
بۆ گوڵدانێک لە حەزی گوڵ …
و لە ڕۆژیشا،
میترۆکان جانتایەک،،
لە نوسین دەربارەی مەلە ونەکانی کۆچی تۆی…
تیا بەجێما،،
هەر کەس بینیەوە…
با بە ئەدرەسی دڵێکی پچڕاو،
لە کەنارێک …
یان بۆ
یادەوەری کەسێک،،
بێ ڕوخساربینێرتەوە ،
……………..

پێی وتم..
تەنها تەمە ڕوخسارت،،،
وشەکانیشت پرۆشەن ،،
بەدەم بادەی بێهودەیی..
دۆزینەوەی ڕوخساری یەکتری هێندە ستەمە،،
بۆیە سەبرم نیە..
لە دامرکانی خەڵوزەکانی ڕۆشتەنەکانت..
ئاگردانیش،،،
خۆشیی ئەهات….
بە شنەی بایەک لە ڕۆژهەڵاتەوە،،
بەڵام خۆ هییچ چانسێک نیە ،،،
شەپۆلەکان لە جانتاکان هەڵگرین،،
کوا میترۆکانیش جێی دڵی نامۆی ….
تیا ئەبێتەوە،،،
نوسینی لەسەر لەپی گەڵایەکیش،،،
گەر بشتگاتێ..
شەپۆلەکان هێڵەکانیان کوژاندەوەتەوە..
وتت سەرسەخت مەبە..
بە ماندویەتی..
گەمەی ئەشق نابرێتەوە،
………………
بۆیە بە گریانێکی پڕ تاسەوە،،
سەرت لەسەر سنگی دارسنەوبرێک دانا،،،
تا تێرمەست بییت..
بە بینینی پەڕی برینداری…
شەپۆل بردووی …
ئەو گوڵانەی،،،
بە نەشتەری دەستی تەرزەیەکی دڕندە،،،
گیانیان سپارد…
…………..
لە کۆچا، هەر چرپەی تەنیایەک..
خەونێکە بە نەخشەی ئازار،،،
پۆرترەیتێکە…..
بە دیواری ڕابردووی شارێکی نغرۆ،،،
وەک گوڵەبەرۆژەیەکی وون…..
بەدوای خۆرا…
لە بیانا…
بە دواتا لە سۆراخم،،،
حەسرەتی سووتانیش بۆ..
ئەو دارستانانەی ،،،
لەگەڵ ڕۆشتنا….
سەری خۆیان هەڵگرت،،
ئە و ڕوبارەش…
تا نیوەی ڕێگەی چارەنوسیش….
لەگەڵ هەنگا وەکانمان…
پێی هەڵگرت،،
هەرکە بینی ،،
لە خوێنی قورمزی ڕژاوی خۆرێکا،،،
دوو ر کەوتمەوە،،،
لەسەر شانم تێر تێر گریا .
………..
دوو دڵی لە ڕووی خۆم،،،
لە ڕووی تۆ،،،
شەبەنگی بەیانیەکیش بە ڕووما،،،،
لە ئازارا بەستبووی…
سەرمای کاتی وشکهەڵاتوو، ،،
زەنگی گەیشتنی یەکەم کەشتی بەیانیەک،،،
بەندەرێک، تاک تاک…
تەمە مرۆڤ و مرۆڤە تەمی..
لە سەرابی شارەوە پێ ئەگاتێ….
چرپەی تەزیوی با،،،
دوامکەوتوە، واز ناهێنێ…
وەک ئەوەی لە شەقامێک لە تەنیاییدا….
پێم بڵێ،، ئەی گەڕیدە..
شەختەی کانی هەڵقوڵاوی …
ڕۆژێکی تری چاوەڕوانییت پیرۆز بێ،

…………..
لە بەر نەبوونی ڕوخسارت،،،،
لە ڕاستی و ناڕاستی….
مەلە سەرهەڵگرتوەکان،،،
لە و ڕۆژنامانەی لە کۆشکی.
سەرەڕێی دوورەوڵاتێ..
بەر دیدەم کەوتم ، چاوم گێڕا..
گەیشتوومەتە باوەڕی تەواو،،،
کە من هەرگیز ناتدۆزمەوە، ،،
گەرچی…
ژوورێک لە نوسین،،،
لە درەنگی گەیشتن..
لە مێژووی ببیرچونەوەدا،،،
خەوتوە،،،
نازی بایەکی روخسار زەردیش،،،
وەک خێوی وەرزە تەنیاکان،،
لە هەیوانەکە دێت و ئەچێ..
چۆلەکەیەک،،،
دەزووی کراسی ئێوارەی ڕاکێشایە…
هێلانەی قەڵایەک لە ئازار و کات،
………….
کە دەرگای کۆچم ،
بەسەر دەربەندی هەتاوێک ،،،
لە گەوهەری ڕژاوی ساتە ئەبەدیەکان ….
داخست،،،
شار وەک ئاگردانەکە،
سارد و سڕ،،،
بێ خەڵووز و گەشانەوەی حەز،،،
سوتماکتر بوو لە سوتماک..
…………….
ئەو وشانەی ئەبریسکانەوە،،،،
لە بالیەی مانگێکی زومرد پۆشا،،،
ئەبوایە….
لە سەر کەنار بەیەکمان بوتایە،،
بەڵام تۆ هەر وتت…
هییچ کاتی ترم نیە، لەم بەرزەخە…
پەلەمە،،،
لە گەیشتن بە هەورێک ، ،،
بۆنی دوا گوڵاوی پایزی لێبێ..
ناتوانم بۆ گۆرانیەکیش….
چاوی خوێنی شیعری لێبتکێ،،،
لات بمێنمەوە، ،،
تەنانەت ناتوانم پرسەی یەک شەپۆلیش ….
بۆ مەرگی نەورەسە کانت ساز کەم،،،
چما پارچە ڕۆحێکت بەمەوە.

کاوە عوسمان عومەر : شیعر




شیعر: دوو چاوی…جه‌لالی میرزا كه‌ریم

ڕۆژی تازه‌
له‌ خاك هه‌ڵهات..
له‌ كوخته‌ی پیاوی چه‌وساوه‌
له‌ تاریكی زیندانی ڕه‌ش،
له‌و دایكه‌ ڕۆڵه‌ كوژراوه‌
به‌یانی نوێ
خۆری هه‌ڵهات
كام گوڵ دوێنێ كه‌ ژاكاو بوو
گه‌شایه‌وه‌
وه‌ك خۆری ده‌م ئاسۆ سوور بوو
تێكه‌ڵ به‌ ڕه‌نگی خوێناو بوو..
به‌یانی، گه‌ل
ده‌نگی ئه‌هات
قه‌ڵای سه‌ختی زۆردار ڕوخا
هێزی سه‌ركه‌وت
گه‌لی عێراق
دوژمن ته‌فروتونا كرا
به‌یانی سوور
پڕ له‌ ئاوات
ئاواتی گه‌ل و نیشتیمان
كورد و عه‌ره‌ب
ڕزگاریان بوو
له‌ژێر ده‌ستی داگیركه‌ران
به‌یانی، گوڵ
بزه‌ی ئه‌هات
له‌گه‌ڵ خۆری تازه‌ی خه‌بات
پیرۆزبایی
ئا ئه‌م گوڵه‌ش
ماچ بوو به‌خوڕ دای به‌ خه‌ڵات
ڕۆژی تازه‌ش
له‌ من هه‌ڵهات
دوو چاوم تیایا به‌دی كرد
نیگا مه‌ست بوو
دوو گۆمی مه‌نگ
هه‌زار یادم تیا به‌دی كرد
یادی جوانێك
پڕ كاره‌سات
خه‌باتی كرد، ئازاری چه‌شت
له‌ڕێی زۆری، وه‌كو منا
بۆ نیشتیمان فرمێسكی ڕشت
دوو چاوم دی
جوان و شه‌رمن
جا نازانم، شه‌رمن له‌ من؟
یا هه‌ر كفتن
كه‌ تا دوێنێ
كراوه‌ بوون ڕووه‌ و دوژمن؟
دوو چاوم دی
نازانم چۆن
هێز به‌مه‌ خۆم بیان دوێنم
چونكه‌ هێزێك
ئه‌جوڵێنم
كه‌ ڕاستییه‌ و یاده‌ و خه‌بات


ئه‌ی تازه‌ گوڵ
ڕه‌نگت جوانه‌
سه‌د كاره‌سات نات ژاكێنێ
تۆ گوڵێك نیت
هه‌ڵوه‌ریو بی
گێژه‌ڵوكه‌ بتفڕێنێ
گوڵی سوورم!
گوێم لێ گره‌
زۆرجار هاتم بۆنت بكه‌م
به‌ڵام ئاخۆ
ئه‌زانی كه‌
كۆسپێك هه‌یه‌ له‌سه‌ر ڕێگام؟
ئه‌ویش دڵه‌
دڵێ تۆیه‌..
نازانم دووتوێی چی تیایه‌
ئاخۆ منی
لا مه‌به‌سته‌
گوێ ئه‌داته‌ ئه‌م هه‌ڵبه‌سته‌
تا بۆی سازكه‌م
ئاهه‌نگی نوێ
پڕ بێ له‌ گۆرانی و به‌سته‌
گۆرانی یاد
به‌سته‌ی خه‌بات
به‌سته‌ی هه‌میشه‌ كۆڵنه‌دان
هی ئه‌و چاوه‌
گه‌ش و كاڵه‌
كه‌ ئیلهامه‌ بۆ شیعری جوان

*له‌م سه‌رچاوه‌یه‌ گواستراوه‌ته‌وه‌:
گۆڤاری شه‌فه‌ق، ژماره‌ 11 و 12 كانوونی یه‌كه‌می 1958، كه‌ركووك ل: 20 تا 21.




ئەوانەی ئازاریان زۆرە مرۆڤی جوانن… بەشی شەشەم … خۆدواندنی: ستیڤان شەمزینی

ستیڤان: رەوشتی مرۆڤانە لەسەر زەوی باری کردووە، دەستم بدەرێ با بڕۆین هەسارەیەکی تر ئاوەدان بکەینەوە!.
لیزا: چ زەمانێکە!!؟ وا لە خونچە دەکەن دڕ دەربدات!! وا لە بێدەنگی دەکەن هاوار بکات!! وا لە خەندە دەکەن ئەسرین دەر بدات.! ئای لەم چەرخە!!.
ستیڤان: لە ناو ئەم چەرخە لنگەوقووچەدا هۆشمەندەکان وەک شێت خۆ دەنوێنن، کەم ئاوەزەکانیش وەک هۆشمەند لێیان دەڕوانرێت. ئەمەش قسەکەی نیتشتە نییە کە وتی “لە ناو حیکمەتدا بڕێک لە شێتی و لەناو شێتیدا بڕێک لە حیکمەت هەیە”. نەخێر ئەوەی ژیرانە لەم دنیا پووچە بڕوانێت، کۆتاییەکەی خۆکوشتن یان شێتبوونە.
لیزا: هەر ئەوەشە خەمی ئێمەی لە هەمووان پتر کردووە. ئەم گەردوونە زۆر لەوە بچووکترە رەشبینی و خەمەکانمانی تێدا جێ بێتەوە. ئەم گەردوونە زۆر تەنگە و جێی ئەو هەموو پەژارەیەی تێدا نابێتەوە.
ستیڤان: ئەوانەی ئازاریان زۆرە مرۆڤی جوانن، ئەوانەی پتر ئازار دەچێژن زۆرتر مرۆڤن. من کە بۆ شکانەوەی لقی درەختێک دڵم دادەخورپێت، بۆ سووتانی باڵی پەروانەی دەوری شەمعێک کزە لە جەرگمەوە دێت، بۆ زڕانی خەونی منداڵێکی هەژار لە شاری یاریدا رۆحم ئاگر دەگرێ، بێگوومان ئازارم لەو خەڵکانە زیاترە، ئەو خەڵکەی بە گریانی من و تۆ پێکەنین دەیانگرێت، فرمێسکی من و تۆ تەلاری شادییەکانی ئەوان هەڵدەچنێت.
لیزا: هەیە یەک شت ئازاری دەدات، هەیە هەموو شتێک ئازاری دەدات، من لەو مرۆڤانەم هەموو شت ئازارە بۆم.
ستیڤان: چەند خۆشە کەس لە ئازاری کەسی تر حاڵی نییە، ئەگینا هەموو مرۆڤەکان لە دۆخی تۆقیندا دەژیان.
لیزا: هەندێک ئازار هەیە خۆشییەکانی ژیانت لە بیر ناباتەوە، بەڵام ترسناکترین ئازار ئەو ژانەیە نەهێڵێت هیچ کات لەززەت لە ژیان وەربگریت، من ئەم ژانە نەبڕاوەیە یەخەی گرتووم.
ستیڤان: ئازار هەیە زوو بەرۆکت بەردەدا، ئەمە وەهات لێ دەکات نرخی ساتە بەختیارەکان بگریت، ئازاریش هەیە ئەبەدییە و ناهێڵێت هیچ ساتێکی کامەران بەخۆتەوە ببینی. من ئەو ئازارە هەمیشەییەم هەیە.
لیزا: هەندێک مرۆڤ ئازارە بچووکەکانی خۆیان بە گەورە دەبینن، ئەمە لە راستیدا مانای مەزنیی ئازارەکەیان نییە، بەڵکو هۆکارەکە ئەوەیە سەرنجی ئەم مرۆڤانەیان نەداوە بە ئازاری گەورە گەورەوە دەتلێنەوە.
ستیڤان: ناهەموارییەکە ئەوەیە ئازار بە قسە شەرح ناکرێت، بۆیە زۆربەی جار مرۆڤ ژان و ئازاری ئەویتر بە مەسەلەیەکی بێ بایەخ تەماشا دەکات.
لیزا: ئەگەر ئازارەکان قسەیان بکردایە، دڵنیام ئەم گەردوونە پڕ پڕ دەبوو لە هاوار و ناڵە، ئاخر ئازار ئەو بێدەنگی و کشوماتییەی جوانە!!.
ستیڤان: مرۆڤەکان هەمیشە لە دەرەوە ئازاریان بۆ دێت و پێ دەگات، بەڵام لە ناوەوە هەستی پێ دەکەن، بەم هۆیەوە ئازاردەران ناتوانن لە قووڵی ژانەکە تێبگەن بەو پێیەی خۆیان هەستی پێ ناکەن.
لیزا: ئازار دیاردەیەک نییە قەدەغەی بکەین، کەچی بەربڵاوترین شتە ژیانی مرۆڤی هەراسان کردووە. زۆرجار لە هەوڵی کۆتاییهێنان بە ئازارەکانی خۆتدا مرۆڤی تر دەخەیتە نێو ژان و چەرمەرسەرییەوە، ئەمە ترسناکترین جۆری رووبەڕووبوونەوەی ئازارە.
ستیڤان: ناڕەحەتترین ئازار دەربڕینی هاوخەمی و لاواندنەوەی درۆینە و رووکەشانەی خەڵکە بۆت لەو کاتەی تۆ ئازار دەکێشیت!. گەورەترین درۆش لەم گەردوونەدا ئەوەیە یەکێک پێت بڵێت دەمەوێت ئازارەکانت لەگەڵمدا بەش بکەیت!!.
لیزا: من کچی شەرعی ئازارم، ئەو شەوەی ئازار بوو بە بووکی غەم و لە حەوشەی بێهودەییدا جووت بوون، دایکە ئازار بە منەوە دوو گیان بوو!!.
ستیڤان: هیچم لە دەست نایەت!!. راستییەکە ئەوەیە درۆ لەگەڵ خۆم دەکەم، بەڵام هەرچی بەتۆم وتووە راستییە. من بێ تاقەتم، بەڵام درۆ بۆ خۆم دەکەم تاکو هەقیقەت نەمکوژێت، هەقیقەتیش ئەوەیە دنیا بە دڵی ئێمە نییە و هیچیشمان لەدەست نایێ تا لەگەڵ خۆمان بیگونجێنین، دەبێت ئێمە لەگەڵ تاڵییەکانی بگونجێین و بە خەندەیەکی نمایشکارانەوە بڵێین ژیان جوانە!!.
لیزا: هەموو بە درۆ رۆژەکانمان دەگوزەرێنین، من چەند بێ چارەم، دڵم بێ ئۆقرە ژانی سەفەرێکی ئەبەدیی بێ گەڕانەوە گرتوویەتی. رۆحم زۆر کۆنە و لە زەمەنی فریشتەکانەوە جێماوە، لە چاخی حوکمی جندۆکەدا هەلا هەلا بووە.
ستیڤان: بڕوام بەوە نییە هیچ رۆژگارێک ئەم زەوییە کەوتبێتە دەست فریشتەـ، لەوەتی هەیە جنۆکە و رەشمار فەرمانڕەوایی دەکەن. تۆ دەبێت لە ئەستێرەیەکی ترەوە بە رێکەوت رێگەت هەڵە کردبێت و هاتبیتە سەر زەوی!.

——————————————————

تێبینی:
ئەم تێکستە بریتییە لە مۆنۆلۆگ نەک دیالۆگی دوو کەس، کۆی بەشەکانی ئەم مۆنۆلۆگانە لەنێوان 2010-2017 نووسراون. لە بەرگی دووەمی کتێبی “قوتووی عەتار” لەلاپەڕە 488-522 بەشێوەی کتێبی کاغەز لە ساڵی 2018 چاپ بوون




ناسنامه‌ … ده‌ق: مارف عومه‌ر گوڵا …ڕه‌خنه‌: عه‌لی شێخ عومه‌ر

له‌ زمانی باڵدار ناگه‌م
به‌ڵام ئه‌گه‌ر هێلانه‌كه‌ی لێ ڕووخابێ.. حاڵی ده‌بم
له‌ گریانی مناڵ ناگه‌م
به‌ڵام ئه‌گه‌ر مه‌مكی دایكی به‌ یه‌كجاری لێ بڕا بێ
حاڵی ده‌بم
له‌ هاژه‌ی باو بۆران ناگه‌م
به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌ سه‌ر كولبه‌ی ئاوارانا تێ بپه‌رێ
حاڵیی ده‌بم
ئاخر چی بكه‌م
كه‌ نینۆكم به‌گژ په‌نجه‌كانما بچێت
كه‌ ددانم له‌ ده‌م و لێو یاخی ده‌بێ
كه‌ برژانگم به‌ ناو چاوما ده‌شكێته‌وه‌
نازانم بۆ داده‌نیشم ده‌سته‌و ئه‌ژنۆ؟
ئیتر بۆمبا بارانی ئه‌م دڵه‌م مه‌كه‌ن
با ئه‌ستێره‌ی خۆشه‌ویستیم
له‌ شه‌وی ساماڵ و گه‌شما لێم نه‌تۆرێ
قیبله‌نۆمایه‌كم هه‌بێ له‌ دڵمایه‌
با رێگه‌ی خۆم لێ نه‌گۆرێ

  • * *
    گه‌رمیانی بۆ بارانی تینووی دڵمیان سووتاند
    من نه‌مردم
    كوێستانی به‌ هۆبه‌ و هاوار ڕاهاتووم یان گڕتێبه‌ردا
    هه‌ر نه‌مردم
    كه‌ یه‌كه‌م جار نیشتیمانم له‌ت له‌ت كرا
    ئه‌و ڕۆژه‌ بۆ من نه‌مردم
    یه‌كه‌م گوندی وڵاته‌كه‌م وێرانكرا
    خۆزگه‌ ئه‌و ڕۆژ ده‌مردم
    بێ نیشتیمان بچمه‌ هه‌ر كوێ
    له‌ دووره‌وه‌ گشت په‌نجه‌ره‌و
    ده‌رگایه‌كم لێ داده‌خه‌ن
    ئا ااا خ
    نیوه‌ شه‌و له‌ شیرینی خه‌ودا ده‌رم ده‌كه‌ن
    11 /1987 بناری قه‌ندیل چه‌مكی ئه‌نتولۆژیاو دۆزی ناسنامه‌

ڕه‌خنه‌: عه‌لی شێخ عومه‌ر

شیعر گه‌ر وه‌ك په‌یامێك لادن بێت له‌ جیهانی ڕیالیزمی، به‌شێك بێت له‌ فێگه‌ره‌كانی ئیستاتیكا، ئه‌وا له‌ ئاست كه‌م وكوری دیارده‌كانی ده‌ره‌وه‌ی خۆیدا، جیهانێكی فانتازی له‌ نامۆبوون فه‌راهه‌مده‌كات، ده‌رگایه‌ك به‌ ڕووی حه‌زو خوازه‌كانیدا ده‌كاته‌وه‌، بۆ گه‌یاندنی مه‌به‌سته‌كانی بۆشاییه‌ك له‌ ناو نه‌ست و خه‌ونه‌كانیدا پڕده‌كاته‌وه‌، پاژێك له‌ ئه‌زموونه‌كانی پێ خه‌نیده‌كات، شاعیر له‌ ڕیگای كێشانی وێنه‌ی شیعرییه‌وه‌ ده‌توانێ ئاماژه‌ به‌ ناكۆكی بدات، گوزارشت له‌ هه‌ڵوێست و بیركردنه‌وه‌ی سه‌رده‌مێكدا بكات، داكۆكی له‌و ده‌نگه‌ نزم و به‌رزانه‌ بكات كه‌ هه‌ست ده‌ورژێنێ، به‌ دوایی خۆیدا پرسیار به‌جێده‌هێڵێت، پاشینه‌ی ڕۆشنبیری، هه‌ڵمژین و په‌خشكردن ده‌كاته‌ جێكه‌وتی ده‌ركه‌وته‌كانی نووسین، به‌ جیاكردنه‌وه‌ی ڕه‌نگه‌كان، به‌دواچوون و داگه‌ڕان، پۆلینكردنی هه‌سته‌كان، به‌دوایی خۆیدا ده‌هێنێ، به‌ ڕاشكاوی له‌ پیاده‌رۆی گێڕانه‌وه‌دا سنوور و ڕیتم و جیهانی هۆنراوه‌، ڕه‌هه‌نده‌كانی مانا و گووتاری شیعری دیاریده‌كات، شاعیر ده‌توانێ مه‌به‌سته‌كانی له‌ نێو شیعردا نیشان بدات، “ئه‌ی شیعر ئه‌گه‌ر دونیا نیشان ناداداته‌وه‌، ئه‌گه‌ر جیهان پانتاییه‌كی وه‌ده‌رنراوه‌ له‌ شیعر، شاعیر(خودی قسه‌كه‌ر) چۆن و به‌چ شوناسێكه‌وه‌ ده‌چێته‌ ناو ئه‌و ئه‌زمونه‌و لێیدێته‌ ده‌ره‌وه‌”1، “شیعری ناسنامه‌”2، یه‌كێكه‌ له‌ شیعره‌ جوانه‌كانی “مارف عومه‌ر گوڵ”ی شاعیر، ئه‌م هۆنراوه‌وه‌یه‌ له‌ ساڵی 1987ی ز دا نووسیوه‌، به‌رایی هه‌ر له‌ ناونیشانه‌كه‌یه‌وه‌ ده‌منخاته‌ به‌ر دیدگای داوایه‌ك، وشه‌یه‌كه‌ داوایه‌كه‌ به‌ به‌رته‌قای جیهانێ قورسه‌، داوایه‌كی فره‌ ڕه‌هه‌نده‌، هه‌ڵگری چه‌ندها خواستی جیاوازه‌، تراژیدیایی ده‌نگێكه‌ له‌ كانگای ناخه‌وه‌ دێ، داوایی جیابوونه‌وه‌ له‌وی تر یان له‌وه‌ی به‌رامبه‌ر ده‌كات، مادام جیابوونه‌وه‌ سه‌رتای بوونه‌، بوونیش هه‌ڵگری ناسنامه‌یه‌، دوالیزمه‌ی بوون وناسنامه‌، هه‌بوونی یه‌كێكیان سه‌لماندنی ئه‌وی تریانه‌، ڕاساندنی یه‌كێكیان، په‌نجه‌ نۆمایه‌ بۆ ناسینی ئه‌ویتر، ناسنامه‌ چه‌ند هاوشێوه‌بوون له‌ ئامێزده‌گرێت ئه‌وه‌نده‌ش ده‌ركه‌وته‌كانی جیاوازی بوون ئاشكراده‌كات، ناسنامه‌ لێره‌دا له‌ ڕێگای به‌رامبه‌ره‌وه‌ به‌ به‌راوورد له‌نێو جۆری ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌دا، سنووری خۆی ده‌كێشێت، درێژه‌ به‌ گه‌شه‌پێدانی خۆیده‌دات، دابڕان ڕه‌تده‌كاته‌وه‌، ئیمێڵ دۆركایم گووته‌نی “شوناس له‌ ڕێگه‌ی نه‌شونماكردنی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ پێكدێت”3، له‌ ئاستێكی دیكه‌دا ناسنامه‌ یان شوناس پرسیارێكه‌ ڕووبه‌ڕووی وه‌رگرده‌بێته‌وه‌، له‌ شوێن خۆیدا ڕایده‌گرێت، ئه‌گه‌ری گه‌ڕان و خۆدۆزینه‌وه‌ به‌ دوایی خۆیدا ده‌هێنێ، دۆزینه‌وه‌ی خاڵی به‌یه‌كگه‌یشتن له‌ نێوان شاعیرو وه‌رگر، له‌ په‌رچه‌ڤه‌كردنی خه‌مه‌كانه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ده‌گرێ، شاعیر ده‌توانێ له‌ ڕێگای خه‌مه‌كانییه‌وه‌ تێبگات، ئاوێزانی گرنگی شیعره‌كه‌یمان بكات هاوسمان ده‌ڵێت “گرنگی شیعر خۆی ڕێكخستنی خه‌مه‌كانی جیهانه‌”4، ئاراسته‌كردنی وه‌رگر و به‌شداریكردنی له‌ كرانه‌وه‌ی ده‌ق له‌گه‌ڵ پڕۆسه‌ی هه‌ڵكراندنی مانادا، هه‌وڵێكی ئاوێته‌بوونه‌، گه‌یشتنه‌ به‌ مانای چه‌مكه‌كانی خه‌م و نه‌هامه‌تی، پێشهاته‌كانی خه‌م ته‌نیا نییه‌ له‌ نێوان پێكهاته‌ی ده‌ق و خوێندنه‌وه‌ی وه‌رگردا، به‌ڵكو له‌ نێو كرده‌ی په‌یوه‌ستبوون و یه‌كبووندا، به‌شدارێكی ئه‌كتیڤه‌ له‌ نووسینه‌وه‌ی سه‌رله‌نوێی ده‌ق و گرێدانی ناو ده‌قه‌ به‌ ده‌ره‌وه‌ی ده‌ق، به‌م ئاقاره‌شدا، ده‌ق خۆی له‌ ده‌سه‌ڵاتی تاكه‌ كه‌سی ڕزگارده‌كات، خاڵی به‌یه‌كگه‌یشتن له‌ته‌ك وه‌رگردا مسۆگه‌رده‌كات، به‌مه‌ش هه‌نگاوی داگه‌ڕانێك، نزیكبوونه‌وه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ ده‌قه‌ شیعرییه‌كه‌دا مه‌یسه‌رده‌كات، له‌ به‌راییه‌وه‌ ئه‌مه‌ به‌شێكه‌ له‌ كۆپله‌ی یه‌كه‌می شیعری “ناسنامه‌”
ناسنامه‌
له‌ زمانی باڵدار ناگه‌م
به‌ڵام ئه‌گه‌ر هێلانه‌كه‌ی لێ ڕووخابێ.. حاڵی ده‌بم
له‌ گریانی مناڵ ناگه‌م
به‌ڵام ئه‌گه‌ر مه‌مكی دایكی به‌ یه‌كجاری لێ بڕا بێ
حاڵی ده‌بم
له‌ هاژه‌ی باو بۆران ناگه‌م
به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌ سه‌ر كولبه‌ی ئاوارانا تێ بپه‌رێ
حاڵیی ده‌بم
شاعیر له‌ ڕێگای زمانه‌وه‌ له‌ دووتۆی گرته‌یه‌كه‌وه‌ هه‌ڵده‌ستێ به‌ كێشانی وێنه‌یه‌ك، كه‌ ده‌بێته‌ بنه‌ما بۆ جوڵاندنی وێنه‌كانی دیكه‌ی هۆنراوه‌كه‌، شاعیر به‌ تواناوه‌ ڕه‌نگی هه‌سته‌كانی په‌خشده‌كات، تێیڕاده‌مێنێ و گوێ قۆڵاغیان ده‌بێت، له‌م ساته‌وه‌خته‌دا، وه‌ك ئه‌لته‌رناتیڤیًَ ده‌توانێ هه‌ستی بینین بكاته‌ هه‌ستی بیستن، ئه‌م ئاڵوگۆره‌ له‌خورا نه‌هاتووه‌، به‌ڵكو هه‌وڵێكه‌ بۆ گه‌یاندنی په‌یامێكی ئاماژه‌دار، كاردانه‌وه‌ی كرده‌یه‌كی نه‌ویستراو و نه‌گونجاوه‌، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش شاعیر نكۆڵی ناكات له‌ به‌كارهێنانی زمانێكی بازنه‌یی تا به‌رده‌وامی بدات به‌ لێكدانه‌وه‌ی تێڕامانێك كه‌ به‌ كاره‌ساته‌وه‌ بارگاوی كراوه‌، به‌مه‌ش ده‌توانێ جیاوازی له‌ پرینسیپه‌كانی مانای شیعریدا دروستبكات، وێنه‌و ستایلێكی جیاواز فه‌راهه‌مبكات، هه‌ر له‌ چه‌مكه‌كانی خه‌مه‌وه‌ هه‌تا گه‌یاندنی مه‌به‌ست له‌ ڕاییكردن و پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ نیشتیماندا، به‌ مانا فراوانه‌كه‌ی هه‌ماهه‌نگییه‌ك له‌گه‌ڵ بژێویدا دروستده‌كات، ته‌نگه‌ژه‌ی بوون و ناسنامه‌ تێدا دیسپلێن ده‌كات، نه‌بوونی زمانی له‌یه‌كگه‌یشتن بانگه‌شه‌یه‌كه‌، فاكته‌ریًكی به‌هێزی جوڵه‌پێكردنی هه‌سته‌ به‌رانبه‌ر به‌ ئه‌وی تر، زمان وه‌ك په‌یامێك واتای جیاوازی ده‌گه‌یه‌نێ، مانای جیاواز ده‌به‌خشێت، پشت تێكردنی له‌ دیالۆگی ڕاسته‌وخۆ، لابردنی زمان، گۆڕینی بۆ زمانی وێنه‌، یه‌قدانه‌وه‌ی هه‌ستێكی دركپێكراوه‌ له‌ نێو نه‌ستی شاعیردا لێكدانه‌وه‌یه‌كی ئاشناو ته‌با وه‌رده‌گرێت، هاوشێوه‌بوونێك، خه‌مێك، له‌ جیاوازی زمان، له‌ جیاوازی مرۆڤ و باڵنده‌ گه‌وره‌تر به‌ یه‌كه‌وه‌ گرێده‌دات، له‌ وێنه‌یه‌كدا كۆییان ده‌كاته‌وه‌، جیاوازی ناكات له‌ دابه‌شكردنی خه‌مه‌كان، له‌ كێشانی ئه‌و وێنانه‌ی كه‌ له‌ زاكیره‌دا فۆرماتناكرێ، له‌ سكێچی وێنه‌ی شیعریدا، درككردن به‌ نه‌هامه‌تی، یه‌كبوونی زمانی خه‌م، گواستنه‌وه‌ی كاره‌سات، خۆی له‌ ناوه‌خندا كۆدیتایه‌، هه‌ڵگری په‌یامێكه‌، كار له‌سه‌ر ڕۆنان و سڕینه‌وه‌ی جیاوازییه‌كان ده‌كات، شاعیر له‌ كاتی ئاساییدا، تێناپه‌رێ تا دیار هه‌وێنی نادیار بگرێته‌وه‌، به‌ڵكو هه‌موو نادیارێك به‌ دیارێك ده‌ستنیشان ده‌كات، نا دیارێكیش ره‌تده‌كاته‌وه‌، ئه‌مه‌ش به‌ پێی تێزی هیگڵیی “هه‌موو دیاریكردنێك نه‌فیكردنیشه‌”5، به‌ڵام كاتێ له‌ هاوكێشه‌ی كۆتاییدا، ده‌بینین سڕینه‌وه‌ی ناسنامه‌، هه‌ڕه‌شه‌ مانه‌وه‌ و ته‌نگه‌ژه‌ی بوونی به‌ دواوه‌ دێت، شاعیر له‌ ڕێگای په‌رچه‌ڤه‌كردنی خه‌م و ئازاره‌كانیه‌وه‌ به‌وه‌ی له‌ زمانی خه‌م ده‌گات، هه‌ستی تێگه‌یشتن و حاڵیبوون له‌گه‌ڵیاندا دابه‌شده‌كات، به‌ زمانی خه‌م، تراژیدیای شكست له‌ سێ ئاستی وێنه‌دا تۆمارده‌كات، ئاستی یه‌كه‌م: هه‌ڵكه‌ندنی پێگه‌و وێرانكردنی شوێنه‌، سڕینه‌وه‌ی ناسنامه‌یه‌، له‌ نێوبردنی مۆرك و سه‌قامگیریه‌، به‌ ده‌رئه‌نجام په‌رته‌وازه‌ی و ئاواره‌یی ده‌خاته‌ڕوو، ئاستی دووه‌م: ته‌واوكه‌ری پاژی یه‌كه‌مه‌ به‌ زه‌وتكردن و وه‌ستاندنی هۆیه‌كانی بژێوی ژیانه‌وه‌ به‌نده‌، ڕاده‌ستبوونی نه‌وه‌كان و ئاینده‌ی نیشتیمانی دایكه‌ بۆ مردنێكی له‌سه‌رخۆوه‌ وێناكراوه‌، سڕینه‌وه‌ی ناو ناسنامه‌یه‌، له‌ ئاستی سێهه‌مدا: باو باران وه‌ك كۆدێك به‌كارهێنراوه‌، په‌یامێكه‌ بۆ دڵڕه‌قی، به‌كارخستنی هێزێكی كوێری سروشت، ئاوێته‌كردنی هێزی سروشت، توانه‌وه‌ی له‌نێو زوڵم زۆری هێزی سته‌مكاران، به‌ده‌رخستنی جۆرێكه‌ له‌ دیوه‌ نه‌رێنییه‌كه‌ی ژیان، پیاده‌كردنی ئه‌و دیوه‌ قێزوه‌نه‌ی ڕامیاریه‌، كه‌ له‌ كرده‌ی داگیركارییدا وشك وته‌ڕ به‌ یه‌كه‌وه‌ ده‌سووتێنێ، جگه‌ له‌ زمانی چه‌ك و به‌رژه‌وه‌ندی، له‌ زمانی تر حاڵی نابن، نه‌ جریكه‌ی باڵنده‌ له‌ كاتی وێرانكردنی هێلانه‌، نه‌ گریانی ساوایه‌ك بۆ شیری دایك كرده‌ی وه‌ستانیان ڕاناگرێت، له‌ سه‌رجه‌م ئاسته‌كانی كرده‌ی دابڕاندا درێغی ناكه‌ن له‌وه‌ی ، باڵنده‌ له‌ هێلانه‌، ساوا له‌ مه‌مكی دایكی، سێڤیڵ له‌ ماڵ و حاڵیان بكه‌ن، گه‌ر له‌ گۆشه‌یه‌كی گشتگیرییه‌وه‌ داگه‌ڕانی بۆ بكه‌ین، له‌ نێوان هه‌ر یه‌ك له‌ هێلانه‌ و مه‌مك وه‌ك خوازه‌ لێكچواندنێك هه‌یه‌، به‌جۆرێك له‌ جۆره‌كان، به‌ نیشتیمان هه‌ژماركراوه‌، هه‌ریه‌ك له‌ باڵنده‌و ساوا و هاووڵاتی، هه‌ر سێكیان بێ جیاوازی له‌ ئه‌نجامگیریدا، ده‌چنه‌ خانه‌ی بێ لانه‌وه‌، یان ئاواره‌وه‌، ئه‌م ده‌رئه‌نجامه‌ش ئه‌وه‌ ده‌سه‌لمێنێ، له‌ فه‌رهه‌نگی ڕامیاری داگیركردندا، هه‌ر له‌ باڵنده‌وه‌ بیگره‌ تا ساوا، ئینجا هاووڵاتی بێ گوناه‌، چۆن له‌ ژێر ناسنامه‌ی یاساكانی ده‌وڵتدا، بێ جیاوازی ده‌چه‌وسێنه‌وه‌، چۆن به‌ به‌رچاوی جیهانه‌وه‌، به‌ ئاشكرا هه‌وڵی سڕینه‌وه‌و دابڕانی ناسنامه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت، باڵنده‌ به‌ ناسنامه‌ی هێلانه‌وه‌، ساوا به‌ ناسنامه‌ی مه‌مكی دایكییه‌وه‌، سیڤیڵ به‌ ناسنامه‌ی ماڵ و خاكه‌وه‌، گرێدانی ئه‌م ڕووداوانه‌ به‌ دیارده‌كانی سرووشته‌وه‌، وه‌ك هاژه‌و باوبارانه‌وه‌، ڕێپێدانێكی شه‌رعییه‌ به‌ ئاسایی كردنه‌وه‌و به‌ سروشتكردنی دۆخكه‌، كه‌ له‌ سیسته‌می جیهانیدا به‌ پیاده‌كردنی دروشمی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی هاوبه‌ش، پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌ش ده‌ناسرێت، مانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات ده‌پارێزێ، له‌ نه‌خشه‌ی جوگرافیادا چه‌سپاندن و وێناكردنی سنووره‌كان ، به‌ هێڵی سوور كێشراون، ئه‌مه‌ش به‌ مانای وه‌ستان و چه‌قین و تێنه‌په‌رین دێت، ئه‌م دۆگمابوونه‌و پیرۆزكردنه‌ی سنوور، به‌ هیچ ڕێسا و پێوانه‌یه‌ك ناچێته‌ ژێر ڕكێفی هیچ یاسایه‌كی مرۆیی، له‌كاتێكدا ده‌سه‌ڵاتی چه‌وسێنه‌ر بۆ پاراستنی سنووری خۆی، ئه‌و مافه‌ به‌ خۆی ده‌دات، گشت ڕێگایه‌كی نامرۆیی بگرێته‌ به‌ر، هه‌ر له‌ كوشتن و ده‌ربه‌ده‌ری و به‌ دیلگرتن و ..هتد، له‌ هه‌مان كاتدا، له‌ ده‌ره‌وه‌ی خۆی ئه‌و مافه‌ گه‌ر به‌ هه‌ره‌مه‌كیش بێت، له‌ باڵنده‌یه‌ك یان له‌ غه‌ریزه‌یه‌كی سروشتی ساوایه‌ك قه‌ده‌غه‌ ده‌كات، داكۆكی له‌ سنووری غه‌ریزه‌كانی مانه‌وه‌ به‌شێكه‌ له‌ ناسنامه‌، جا ئه‌و بوونه‌وه‌ر هه‌ر چیی بێت، گه‌ر باڵنده‌ بێت یان ساوا یان مرۆڤی كامڵ، هه‌ر ڕۆحه‌ مافی ژیانێ ئاسووده‌یان هه‌یه‌ ، بێگومان وشه‌ی باڵنده‌، یان ساوا وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك، یان پێوه‌رێك به‌كارهێنراوه‌، تا له‌و رێگایه‌وه‌ به‌رتسكردنه‌وه‌ی ماف و قه‌واره‌ی ئازادییه‌كان بخاته‌ ڕوو، ئه‌و مافه‌ سروشتیانه‌ چه‌ند بچووك و بێ به‌هاشبن، له‌ پاراستنی شوێندا لای ده‌سه‌ڵات مانای یاخیبوون به‌ ده‌سته‌وه‌ ده‌دات، گه‌ر پێدراوه‌كانی شوێن، هۆكارێك بن بۆ سه‌قامگیری و پاراستنی سنوور و ناسنامه‌، ئه‌وا ده‌رهاویشته‌كانی له‌قكردنی شوێن به‌ ناچاری ناشوێن به‌رهه‌مده‌هێنن، سنووره‌كانی ناسنامه‌ كاڵده‌كه‌نه‌وه‌، دیارده‌كانی ئاواره‌بوون تۆخ ده‌كه‌نه‌وه‌، ساڵ له‌ دوای ساڵ دیارده‌كانی ئاواره‌بوون زیاتر ده‌كه‌ن، ده‌بنه‌ زۆرینه‌، دیارده‌ی زۆرینه‌ به‌ مانا باوه‌كه‌ی، هه‌میشه‌ قه‌واره‌ی ئاسایی بوون و نۆرماڵبوون وه‌رده‌گرێت، پێچه‌وانه‌ی كه‌مینه‌یه‌ كه‌ خۆی له‌ تایبه‌تمه‌ندیدا ده‌بینێت، له‌م باره‌دا تراژیدیای جیابوونه‌وه‌ی زۆرینه‌و كه‌مینه‌ ، درزێك له‌ خه‌سڵه‌تی گۆڕینی ناسنامه‌دا فه‌راهه‌مده‌كات، جگه‌ له‌ هێمای كه‌سایه‌تی، هێمای نه‌ته‌وایه‌تیش هه‌ڵده‌گرێت، جیابوونه‌وه‌ی به‌زۆره‌ملێ، هه‌ڵكه‌ندن له‌ زێدو نیشتیمان، دابڕانه‌ له‌ شوێن، له‌ ڕابردوو، له‌ شارستانییه‌ت، گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ بۆ ناشوێن، بۆ ئۆردوگای زۆره‌ملێ، هه‌وڵدانه‌ بۆ زه‌وتكردنی ناسنامه‌، ئاواره‌بوونه‌، مێژوو له‌ قۆناغێكی شكستدا، چۆن ده‌یه‌وێت ناسنامه‌مان لێ زه‌وتبكات، به‌ هه‌مان شێوه‌ش ده‌یه‌وێت زه‌وییمان لێ بسێنێ، ئه‌مه‌ش كاتێ ئایدولۆژیایی ناسیۆنالیزمی توندره‌و، ڕاسیزم ده‌رده‌كه‌وێت، گه‌شه‌ده‌كات، ته‌نیا خۆی ده‌بینێت، ئاواره‌ به‌رهه‌مده‌هێنێ، به‌رهه‌مهێنانی ئاواره‌بوون، چه‌كێكه‌ نه‌یاره‌كانی پێده‌ترسێنێ، هه‌م قه‌ره‌بووی گومانێك ده‌كات ته‌نگه‌ژه‌ی ناسنامه‌ی خۆی پێ ده‌شارێته‌و، ڕووخساری ئاواره‌، ده‌نگێكه‌ له‌ گوێی ڕاسیزم دا، سه‌دای تاوانێكی گه‌وره‌ ده‌كات، داوای گێڕانه‌وه‌ی مافێكی ڕه‌واده‌كات، داوای ناسنامه‌ده‌كات، كه‌ هێمای شوێن و نه‌ته‌وه‌یه‌، دابه‌شبوونی ناسنامه‌ و ده‌نگی ئاواره‌ له‌ نێوان خه‌می ئێستای ئاماده‌و خه‌ونی ڕابردووی به‌ره‌نگاریبوون، كه‌سێكی ئه‌رێنی له‌ فیداكاری و كه‌سێكی نه‌رێنی له‌ ڕاده‌ستبوون به‌ چاره‌نووسێكی نادیار فۆرمۆڵه‌ده‌كات، پرسێك زه‌ق ده‌كاته‌وه‌، چیبكه‌ن باشه‌، چۆن بیر له‌ ناسنامه‌ نه‌كه‌نه‌وه‌، بیر له‌ تێكچوونی په‌یوه‌ندی به‌ شوێن و زێد نه‌كه‌نه‌وه‌، ئه‌ی سنوور، ناكرێت بیر له‌ سنوور نه‌كه‌ینه‌وه‌، سنوور دنیایی دابه‌شكردووه‌ بۆ نیشتیمان و نانیشتیمان، بۆ ناسنامه‌و ئاواره‌، شوێن و ناشوێن، بوون و نه‌بوون، ده‌نگ و بێده‌نگی، بۆ زمان و نازمان، بۆ ماف و بێ ماف، مارف عومه‌ر گوڵ وه‌ك ماف په‌روه‌رێك، شاعیرو یاساناسێك، چاك ده‌زانێت له‌ چ ده‌رگایه‌ك ده‌دات، چیی ده‌بیستێت، به‌ چ زمانێك ده‌دوێت، چۆن له‌ زمانی باڵنده‌، مناڵی ساوا، له‌ ڕه‌شمالًی ئاواره‌كان حاڵی ده‌بێت، به‌رگه‌ ده‌گرێت خه‌میان له‌گه‌ڵدا دابه‌شده‌كات، چۆن له‌تكردنی سه‌قامگیری پارادۆكسێ به‌رهمده‌هێنێ، ئاواره‌یی و ڕه‌هه‌نده‌كانی خه‌می لێده‌كه‌وێته‌وه‌، به‌رامبه‌ر به‌ شوێن سروشتییه‌ له‌ ڕه‌هه‌نده‌كانی خه‌مه‌وه‌ داكۆكی له‌ ناسنامه‌ و له‌ دیاریكردن سنووربكات، وه‌ك ئه‌مه‌گ مێژوویه‌كی ڕووناك تۆماربكات، زۆردار به‌ گومان و به‌ قه‌یرانی ناسنامه‌وه‌، سروشتییه‌ داكۆكی له‌ مرۆڤ و ناسنامه‌كه‌ی نه‌كات، ڕق وكینه‌ له‌ ده‌رگا قێزوه‌نه‌كه‌ی مێژووه‌وه‌، ئاینده‌یه‌كی تاریك له‌ دنیایی ڕامیاریدا تۆمارده‌كات.
ئاخر چی بكه‌م
كه‌ نینۆكم به‌گژ په‌نجه‌كانما بچێت
كه‌ ددانم له‌ ده‌م و لێو یاخی ده‌بێ
كه‌ برژانگم به‌ ناو چاوما ده‌شكێته‌وه‌
نازانم بۆ داده‌نیشم ده‌سته‌و ئه‌ژنۆ؟
ئیتر بۆمبا بارانی ئه‌م دڵه‌م مه‌كه‌ن
با ئه‌ستێره‌ی خۆشه‌ویستیم
له‌ شه‌وی ساماڵ و گه‌شما لێم نه‌تۆرێ
قیبله‌نۆمایه‌كم هه‌بێ له‌ دڵمایه‌
با رێگه‌ی خۆم لێ نه‌گۆرێ
شاعیر له‌ په‌ره‌گرافه‌كانی سه‌ره‌تایی شیعره‌كه‌یه‌وه‌، چه‌مكی تێگه‌یشتنی باو له‌ ژێر هه‌ل و مه‌رجی تایبه‌تیدا، حاڵیبوونی خۆی به‌یانده‌كات، به‌ڵام لێره‌دا به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، “نازانم” ده‌كاته‌ ده‌سكه‌لای خۆی، به‌ دیوێكدا ڕاده‌ستبوونی خۆی ڕاده‌گه‌یه‌نێت، نازانێت چییبكات، چۆن ڤیزه‌ی په‌ڕینه‌وه‌ی وه‌رگرت، لێی دانیشت، نازانێت چییبكات، ڤێگه‌ری ئه‌م ئاراسته‌یه‌ چیی بوو ده‌نگ و هه‌ڵوێستی شاعیری گۆڕی، له‌پشت هه‌ر ده‌قێكی ئاشكرای هۆنراوه‌دا، ده‌قێكی شاراوه‌ هه‌یه‌، له‌ بنه‌رتدا په‌یوه‌ندییه‌كی دیالێكتی له‌ نیوان ده‌قی گوتراو و ده‌قی شاراوه‌دا هه‌یه‌، خوێندنه‌وه‌ی هه‌ر ده‌قێك ده‌قێكی نادیاری له‌پشته‌، سێبه‌ره‌كه‌ی وێزه‌ی خوێنه‌ر به‌رنادات، به‌مه‌ش بوونی جه‌سته‌ی هۆنراوه‌كه‌ی بۆ چه‌ند ده‌نگێكی جیاواز پۆلین ده‌كات، ڕوونی ئایدیافۆن به‌ ئاشكرا دیاره‌، چۆن گوزارشت له‌خۆیده‌كات، ئه‌مه‌ش واده‌كات، ڕه‌وتی هۆنراوه‌كه‌ به‌ شێوازی به‌ دواییه‌كداهاتن دا گه‌شونما بكات، جیاوازی دروستبكات، پاشینه‌ و زه‌مینه‌ی كێشانی وێنه‌ لێره‌دا، پته‌وكردنی پێكهاته‌ی مشتومڕ و ململانی له‌ نێوان گشت و به‌شدایه‌، ئه‌م ململانیه‌ ئاسایی نییه‌، هه‌ڵگری كۆمه‌ڵێ ڕه‌هه‌ندی جیاوازه‌ به‌وه‌ی له‌ ناو خۆدایه‌، هه‌وێنی ڕووداوێك نییه‌، پاشینه‌ی نه‌بێت، ڕێساكانی گه‌مه‌كردن تێدا نادیاره‌، بریاردان ده‌رباره‌ی تێزه‌كانی دژواره‌، به‌وه‌ی كرده‌ی هه‌ر جوڵه‌یه‌ك، لێكدانه‌وه‌یه‌ك، بریار وه‌رگرتن هه‌ر لایه‌كیان، به‌ دژایه‌تی خۆی و ئه‌وه‌ی تر ده‌وه‌ستێته‌وه‌، مێمڵایه‌تی هه‌ر لایه‌كیان، مێمڵایه‌تییه‌كه‌ خۆی ده‌گرێته‌وه‌، به‌ هه‌ردوو سه‌ر زیانه‌كان بۆ خۆی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، شه‌ری دوانه‌ی من و ئه‌وه‌، خود و بابه‌ته‌، تاك و كۆیه‌، په‌نابردن بۆ خودئاگایی ئاوێته‌كردنی له‌ ناو خه‌یاڵدا، بایه‌خدانێكه‌ له‌ ناو وێنه‌و فه‌رهه‌نگی شیعریدا، ڕیاڵ ده‌شكێنێ و پێگه‌یه‌كی ناته‌با به‌رجه‌سته‌ده‌كات، له‌ بنیادی درامادا خاڵی وه‌ڕگه‌ڕانه‌، له‌ نیًوان من و ئه‌ودا، خود و بابه‌تدا، لێكترزانی ده‌نگه‌، له‌یه‌كنه‌گیشتنه‌، له‌ ڕێره‌وی گشتیدا، ته‌وه‌ری ئه‌م ناله‌بارییه‌ گۆڕان و كاره‌سات دروستده‌كات، ئاراسته‌ی ده‌نگه‌كان به‌ لایه‌كی تردا ده‌بات، گه‌ر به‌پێی لێكدانه‌وه‌ی ئاسایی باوی زماوانییه‌وه‌ بێت، بۆ نموونه‌ دوانه‌ی (په‌نجه‌و نینۆك، ده‌م ولێوو دان، چاو و برژانگ) گه‌ر ته‌واوكه‌ری یه‌ك نه‌بن، ده‌بێ هاوكارو ئاشنای یه‌كبن، به‌ڵام ڕێبازی پاساو هێنانه‌وه‌، مۆتیڤه‌ له‌سه‌ر ته‌وه‌ری په‌یوه‌ندی شاعیر به‌ ده‌ركه‌وته‌كانی ده‌ره‌وه‌ی خۆی، كاتێ له‌ سۆنگه‌ی ئه‌وه‌ی ده‌ستی به‌سه‌ردا ناشكێت، به‌ به‌شێكی خۆی ده‌زانێت، ئه‌وه‌ی شاعیر چاوه‌روانی نه‌ده‌كرد ئه‌وه‌ بوو كه‌ ڕوویدا، به‌شێك له‌ جه‌سته‌ی خۆی دژی خۆی بوه‌ستێت، ململانی له‌ ته‌كدا بكات، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی چه‌ند لادانه‌ له‌ زمان و مانای باو، جێی پرسیاره‌، له‌ ڕووی میكانیزمی جوولًه‌ و فه‌سله‌ژه‌وه‌ پاردۆكسێ فه‌راهه‌مده‌كات، به‌ڵام به‌ هه‌مان ڕاده‌ش نزیكبوونه‌وه‌یه‌ له‌ زمانی شیعری، زمانی شیعری چه‌ند له‌ زمانی باو دووركه‌وێته‌وه‌ له‌ خودی شیعر نزیك ده‌بێته‌وه‌، ده‌ق كاتێ ده‌توانێت به‌ ئه‌ركی خۆی هه‌ستێت كه‌ پێوه‌ره‌ هونه‌رییه‌ باوه‌كان بشكێنێت به‌ گووته‌ی ئایزه‌ر ” ئه‌ده‌بی به‌تاڵ و بۆش ده‌بێت گه‌ر هاتوو خۆی به‌ شته‌ باوه‌كانه‌وه‌ به‌سته‌وه‌ كه‌ پێشتر هه‌بوون”6 بۆیه‌ گه‌ر له‌ گۆشه‌نیگای ته‌رزی ڕیزكردنی ئه‌ندامه‌كانی جه‌سته‌وه‌ به‌دواچوونێك له‌ ڕسته‌كاندا بكه‌ین، ده‌بینین پێچه‌وانه‌یه‌ له‌ خواره‌وه‌ بۆ سه‌ره‌وه‌ی به‌شێكی جه‌سته‌ ڕیزكراوه‌، شێوازی ئه‌م ڕیزكردنه‌ هه‌رمه‌كی نییه‌، له‌خۆرا نه‌هاتووه‌، شاعیر له‌ وێنه‌یه‌كدا هاوشێوه‌بوونێك له‌ نێوان به‌شێك له‌ جه‌سته‌ی خۆی به‌ بزوتنه‌وه‌ی نیشتیمانی جه‌سته‌ی كوردی هه‌ژمارده‌كات، شاعیر له‌ وێنه‌كه‌ی ناخی خۆیدا جه‌سته‌ی وه‌ك ئه‌لته‌رناتیڤی جه‌سته‌ی بزوتنه‌وه‌ی كوردی به‌رجه‌سته‌ده‌كات، مێژووییه‌ك ده‌خاته‌ڕوو، چۆن ره‌گه‌زه‌كانی جوڵاندنه‌وه‌ی تووشی قه‌یران هاتووه‌، چۆنیش له‌ نێو تاكه‌كانیدا به‌ پێچه‌وانه‌ی ویسته‌كان ده‌جوڵێته‌وه‌، پاژ له‌ دوای پاژ له‌ خواره‌وه‌ بۆ سه‌ره‌وه‌ یه‌قده‌داته‌وه‌، هاوپێچ ئه‌نه‌لۆگێك له‌ته‌ك ڕووداوه‌ نه‌ویستراوه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی خۆیدا فه‌راهه‌م ده‌كات، گه‌ر په‌نجه‌ بنه‌مایه‌ك بێت بۆ جوڵاندنه‌وه‌و ئاماژه‌پێكردنی مه‌به‌ستێك، نینۆك ده‌رهاویشته‌یه‌كه‌ خراوه‌ته‌ سه‌ر په‌نجه‌، میكانیزمی ئیشكردنه‌كه‌ی ئاراسته‌یه‌كی سروشتییه‌ له‌ ناوه‌وه‌ گه‌شه‌ده‌كات بۆ ده‌ره‌وه‌، به‌ڵام كرده‌ی به‌گژاچوونه‌وه‌ وه‌ك هێمایه‌كی دژه‌ سروشت ئاماژه‌ی بۆ كراوه‌، هه‌ڵبه‌ت به‌بێ فشاری هێزێكی ده‌ره‌كی محاڵه‌ ئه‌م كرده‌یه‌ پێچه‌وانه‌ بكرێته‌وه‌، ئاراسته‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ بگۆڕێت بۆ ناوه‌وه‌ خۆی، خۆی بخوات، ئه‌م بگژاچوونه‌ و خۆخۆرییه‌ له‌ جه‌سته‌ی كوردبووندا، تا كۆی بڕده‌كات، تا كه‌ی له‌ ژێر فشاری ده‌ره‌كیدا دژ به‌یه‌ك كارده‌كه‌ن، كار به‌وه‌نده‌وه‌ ناوه‌ستێت، شاعیر له‌ خواره‌وه‌ بۆ سه‌ره‌وه‌ به‌شێكی تر له‌ جه‌سته‌ ده‌خاته‌ ڕوو وه‌ك گشت باس له‌ ده‌م و لێو ده‌كات، یاخی بوونی دان له‌ ده‌م ولێو ده‌رخه‌ی ته‌شه‌ری به‌شه‌ له‌ گشت، تێكدانی ڕووكاره‌ جوانه‌كانی ناسنامه‌ی جه‌سته‌یه‌، له‌گه‌ڵ هاتنه‌ڕیزی كه‌ره‌سته‌كانی گه‌یاندن و گفتوگۆدا یه‌كنایه‌ته‌وه‌، قسه‌ و گووتار دروست ناكه‌ن، دوا شتی ئه‌و ڕیزبه‌ندییه‌ ئاوه‌ژووه‌، شاعیر دێته‌ سه‌ر ئه‌ندامی چاو واتا بینین و تیڕوانین، برژانگ وه‌ك به‌شێك له‌بری ئه‌وه‌ی وێناو دیده‌ ڕوونكاته‌وه‌ و رێكیبخات، كه‌چی ڕۆڵی تێكده‌ر ده‌بینێ، به‌ناویدا ده‌شكێته‌وه‌، ده‌یه‌وێت كوێری بكات، چاو جگه‌ له‌وه‌ی قیبله‌نومای جه‌سته‌یه‌ ڕێگایه‌كه‌ بۆ بیركردنه‌وه‌ و تێڕامان و هه‌ڵسه‌نگاندن، جیاكردنه‌وه‌ی هه‌ڵوێسته‌، نه‌گونجاندنی په‌نجه‌ و ده‌م ولێوو چاو له‌گه‌ڵ به‌شه‌كانی نینۆك و دان و برژانگ ، گه‌ر به‌ دیوێكی فراوانتر ده‌گه‌ڕانی بۆ بكه‌ین، ده‌كرێ جێكه‌وتی ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ درامییه‌، به‌ ئاشكرا وێنه‌ی شقڵێكی ڕامیاری تێدا بشۆینه‌وه‌، به‌پشتبه‌ستن به‌ ساڵی نووسینی شیعره‌كه‌، به‌ دووری نازانین، كاریگه‌ری به‌شێك له‌ شه‌ری برا كوژی له‌سه‌ر بێت، باس له‌ به‌گژاچوونی برا به‌رامبه‌ر به‌ برا ده‌كات، جه‌سته‌ له‌ بری گونجاندن و یه‌كبووندا چۆن له‌ نێو دژه‌وابوونێكدا، له‌نێو هاوكێشه‌ سیاسیه‌كاندا، ڕێره‌وه‌ دروسته‌كان ده‌شكێننه‌وه‌، جێكه‌وتی چ نووشستیه‌كی پر ئازار له‌ ویژدان و جه‌سته‌و ناسنامه‌ی شاعیردا ده‌روێنن، بوون به‌ چ كاره‌ساتێك درز ده‌خاته‌ نێو ناسنامه‌وه‌ تا ده‌سته‌وسان به‌ دیارییه‌وه‌ دانیشێت، هیچت پێنه‌كرێت، شاعیر جه‌سته‌ وه‌ك یادخه‌ره‌وه‌یه‌ك ده‌كاته‌وه‌، پێدراوه‌كانی جیهانی ده‌ره‌وه‌، مێژووی سه‌رده‌مێكی ناله‌باری شۆرشی شاخ له‌ نێو ناخی خۆیدا ده‌بینێ، به‌سه‌ر نیشته‌مه‌نی ئه‌و خه‌ونانه‌ ده‌چێته‌وه‌ كه‌ متمانه‌ی ته‌واوی پێی هه‌بوو، خۆی تێدا ده‌بینی و بوونی ده‌سه‌لماند، له‌پڕ به‌ كرده‌ی دژاوه‌بوونێك، به‌راووردێك، نغرۆ ده‌بن و ده‌بنه‌ دژ، ئه‌مه‌ش تووشی شۆكیده‌كات، كلیلی تێڕامانێك ده‌رگای حیرسێك ده‌كاته‌وه‌، ئه‌وه‌ی تاكه‌ ده‌نگ دابه‌ش ده‌كات، ده‌نگی ناوه‌وه‌یه‌، هێزه‌كه‌یه‌تی، كه‌ له‌م قۆناغه‌دا شوێنی هه‌ڵبژاردنی تێدا نه‌ماوه‌، ڕێڕه‌وه‌كه‌ ئاوه‌ژووبووه‌ته‌وه‌، ئه‌ژیندای به‌رده‌ست وه‌ك له‌ پێشتر شاعیر له‌ ڕیزبه‌ندییه‌كه‌ ئاماژه‌ی پێداوه‌ له‌ به‌شێك له‌ خواره‌وه‌ی جه‌سته‌وه‌ بۆ سه‌ره‌وه‌ ده‌جوڵێ، واتا یه‌كه‌مجار جووڵه‌پێكردن، دوای گفتوگۆ، ئینجا تێڕامان و بینینه‌، له‌ كاتێكدا به‌ لۆژیك و به‌ ڕیزبه‌ندی جه‌سته‌ ده‌بوو له‌سه‌ره‌وه‌ بۆ خواره‌وه‌ شۆڕبێته‌وه‌، واتا پێش هه‌موو شتێك ده‌بوو تێڕوانین و بیركردنه‌وه‌ بێت، ئینجا گفتوگۆو دیالۆگ، له‌ كۆتاییدا فرمانی جووڵه‌پێكردن بێت، پرسیاری مارف عومه‌ر گوڵی شاعیر پرسیاری ناچارییه‌، ده‌ڵێت (نازانم بۆ)*، ئایا له‌ نه‌زانینه‌، یان هۆكاری بژێوی و ئابوورییه‌، یان ده‌ستێوه‌ردانی ئه‌وانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی سنوورن، فوبیاو له‌نێوچوون، خۆراگری و ناسنامه‌، مانه‌وه‌ كارێكی واده‌كه‌ن، هه‌میشه‌ بزاوتی كوردی ڕێگای پێچه‌وانه‌ بگرێته‌به‌ر، ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ی سه‌ره‌تایه‌ كه‌ ده‌یووت “حاڵی نابم”، لێره‌ش به‌ هه‌مان شێوه‌ چۆن له‌ سه‌ره‌تادا خه‌مه‌كان كۆیانی ده‌كرده‌وه‌، ئێستاش له‌ دواجاردا ئاواش له‌ جه‌سته‌ی هۆنراوه‌كه‌ ده‌بنه‌وه‌، شاعیر ده‌رگایه‌كی دیكه‌ ده‌كاته‌وه‌ پرسیار ده‌كات، ده‌ڵێت “چیبكه‌م”!، واتا ئه‌گه‌ری ڕێگای تر هه‌یه‌ بیگرێته‌به‌ر، گه‌ڕان به‌ دوایی ڕێگایه‌كی دیكه‌دا ده‌ربازبوونه‌ له‌ واته‌واته‌ی نێو خود، له‌ پێكهاته‌كانی ماڵی شیعرییدا ته‌واوكه‌رێكی هه‌ستیارییه‌ میلان كۆندێرا له‌ شوێنێكدا ده‌نووسێت “هه‌ستی تاكه‌ كه‌سی له‌ سه‌ر بنه‌مای یاده‌وه‌ری دامه‌زراوه‌ یاده‌وه‌ری خۆی له‌ سه‌ر بنه‌مای زمان ڕاده‌وه‌ستێ”، ئه‌وه‌ ئه‌زموون و یاده‌وه‌رییه‌ واده‌كات شاعیر پێداچوونه‌وه‌ بكات، ئه‌وه‌ جیاوازی پێدراوه‌كانی فاكته‌ پرسیاری نوێ فۆرمۆڵه‌ده‌كات و به‌راوردی لێده‌كه‌وێته‌وه‌، سۆراغی وه‌ڵامی نوێ ده‌كه‌ن، سه‌رنج بده‌ن چۆن له‌ قۆناغی یه‌كه‌مدا، شاعیر به‌ دوای دیاریكردن و دۆزینه‌وه‌ی ناسنامه‌ وێڵه‌، له‌ قۆناغی دووهه‌مدا چۆن وه‌رچه‌رخانێ ڕووده‌دات به‌ ئه‌گه‌ری ونبوون و درزتێكه‌وتنی ناسنامه‌ چۆن له‌ گه‌ڵ قۆناغی یه‌كه‌مدا پارادۆكس فه‌راهه‌مده‌كات، له‌ نێوان دۆزینه‌وه‌ و ونبووندا به‌ شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كانی دڵنیایی به‌ ڕاشكاوی له‌سه‌ر ته‌وه‌ری ترس و دڵه‌ڕاوكییدا ده‌خولێته‌وه‌، په‌یوه‌ندی شاعیر به‌ یاده‌وه‌رییه‌كانیه‌وه‌ گرێده‌دات، كه‌ ڕووماڵی ئاوه‌زی كردوه‌ ڕه‌نگ و ڕووی گرتووه‌، له‌ نێو ئه‌م گێژنه‌دا، شاعیر له‌ودیو په‌رده‌ی ئه‌زموونه‌وه‌ داكۆكی له‌ خۆیده‌كات، ده‌نگی ڕاسته‌قینه‌ی خۆی ئاشكراده‌كات، ده‌نگی خۆشه‌ویستی به‌رزده‌كاته‌وه‌، ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ دڵ چیتر نایه‌ویت په‌رت بكرێت گه‌ر پێشتر شاعیر له‌ ڕیچكه‌ی دڵه‌وه‌ خه‌مه‌كانی دابه‌شكردبێت، له‌ ئێستادا وه‌ك كاردانه‌وه‌یه‌ك، هێزێك ده‌خاته‌ به‌ریان و كۆیانده‌كاته‌وه‌، كۆكردنه‌وه‌ی داتاكانی هه‌ست وه‌ڕگه‌رانیان له‌ خاڵێكدا، سه‌رتاپای هاوكێشه‌كه‌ له‌ ئه‌گه‌ره‌كانی هه‌سته‌وه‌ ده‌گۆڕێت بۆ پرینسیپه‌كانی خۆشه‌ویستی، ده‌روشانه‌وه‌ی ئه‌م خۆشه‌ویستییه‌، جوانییه‌كی تر ده‌خاته‌ نێو هه‌ستی هاوبه‌ش وگرێدانی به‌ بوونه‌وه‌، به‌ ڕێگای هاوبه‌شه‌وه‌، وێنه‌ كێشانی زه‌مینه‌یه‌كی دیار، یان شه‌وێكی ساماڵ ئه‌و هێزه‌یه‌ كه‌ یارمه‌تی شاعیر ده‌دات ئاوڕ له‌ ڕابردوو نه‌داته‌وه‌، خۆی به‌ به‌شێك له‌و دونیایه‌ بزانێت، كه‌ چاوێك ده‌نووقێنێ به‌ یه‌قینه‌وه‌ له‌ ئاوێته‌بووندا چاوێكی گه‌شتر بكاته‌وه‌، چاوێك به‌شێك نا، سه‌رجه‌م ڕه‌نگه‌كان له‌خۆبگرێ، هیچ ڕه‌نگێ نه‌تۆرێنێ، بیرۆكه‌ی بینین و نه‌بینین، گه‌ڕانه‌وه‌و لێبوردن، دینه‌مۆی ئه‌و چالاكه‌یه‌یه‌ كه‌ هێز ده‌داته‌ شاعیر، په‌یام و په‌یوه‌ندی ئه‌و و نیشتیمان پته‌وده‌كات، له‌ هه‌مان كاتدا ته‌شه‌ره‌یه‌كه‌ له‌وانه‌ی سوود له‌ ناكۆكیه‌كان ده‌بینن، به‌ قازانجی خۆیان ده‌یشكێننه‌وه‌، قیبله‌نومای دڵ ده‌توانێ ئاراسته‌ی قازانج به‌لای خۆیدا بشكێنێته‌وه‌، خۆی لێنه‌گۆڕی، ئاوڕدانه‌وه‌ی بۆ دڵ ته‌واوكۆیی خه‌یاڵێیكه‌، له‌ ڕوونیدا ساماڵی عه‌شقێكه‌، پاشه‌ڕۆژ له‌ نێویدا ده‌دروشێته‌وه‌، دڵنیای بۆ خۆی و نه‌ته‌وه‌كه‌ی ڕۆشنده‌كاته‌وه‌، چیتر تاریكی ناتوانێ ڕێگای لێبگۆڕی، له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌، كاتێ شاعیر له‌ كات و شوێنی نوێدا پێكهاته‌ی وێنه‌كان ده‌گێڕێته‌وه‌، ئاوێته‌یان ده‌كات، په‌یوه‌ندییه‌كی نوێ له‌ نێوان دڵ و بۆمبابارانكردن كه‌ لێكه‌وتی گرته‌یه‌كی پڕ توندوتیژی ده‌ره‌وه‌ی خۆیه‌تی له‌ لایه‌ك، ئه‌ستێره‌ی خۆشه‌ویستی له‌ شه‌وی ساماڵدا، له‌ لایه‌كه‌ی تره‌ كه‌ گرته‌یه‌كه‌ ته‌ژییه‌ به‌ هێمنی، به‌ وێنه‌یه‌كی ڕۆمانسیانه‌ی سروشت، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ناوه‌وه‌ی خۆیه‌تی، ده‌ره‌وه‌و ناوه‌وه‌، ئه‌م دژه‌وابوونه‌ی گرته‌كان، ئاوێته‌بوونیان واده‌كات ده‌قی هۆنراوه‌ خۆی له‌نێو خۆیدا، پرسیاره‌كان له‌ ڕێگای قیبله‌نوما ئاراسته‌ی دڵ بكات، به‌ڵام پرسیار نه‌كردن له‌ چۆنییه‌تی فۆڕمگه‌رایی شیعر و ڕێپێوانی خودی، وێنه‌ی ده‌قی و ئاسته‌كانی گووتار، ناوه‌خنێكمان بۆ ئاشكراده‌كات، وێنای شیعری ته‌نیا وه‌چه‌ی وشه‌ نییه‌، به‌ڵكو وشه‌كان ده‌بنه‌ ده‌روازه‌ بۆ وێنه‌، ده‌بنه‌ ده‌روازه‌ بۆ تێگڕانێ زیاتر، پێداگری شاعیر له‌ به‌كارخستنی ئامرازه‌كانی هه‌ست، هۆبینییه‌ له‌ پێشخستن و دابه‌شكردنی هه‌ر سێ ئامرازه‌ هه‌ستییه‌كانی ده‌ره‌وه‌، كه‌ پێشتر ئاماژه‌مان پێیدا، مه‌به‌ست له‌ سێ ئامرازه‌كان، هه‌سته‌كانی به‌ركه‌وتن و جووڵه‌ له‌ په‌نجه‌و نینۆك، ده‌م و لێو له‌ ده‌نگ و تامكردن، بینین و ڕوانین له‌ چاو و برژانگ، سه‌رجه‌م ئه‌م سێ ئامرازه‌ ده‌ركییه‌ به‌به‌رته‌قای هه‌ستێكی ڕیشه‌یی ناوه‌وه‌ نابن، كه‌ له‌ دڵدا به‌ دیارده‌كه‌وێت، له‌ سه‌راییه‌وه‌ ساتێ شاعیر به‌سه‌ر ئامرازه‌كانی ئه‌و سێ هه‌سته‌ی ده‌ره‌وه‌ تێده‌په‌ڕی، ڤیزه‌ی په‌ڕینه‌وكه‌ی پرسیاری” نازانم بۆ” بوو، وه‌لێ له‌ ئێستادا ده‌رهاویشته‌كانی وه‌ڵامی بۆ ڕوونبووه‌وه‌، ئه‌وه‌ی وه‌ڵام ده‌دۆزێته‌وه‌، ڕێگای پرسیار ده‌گۆڕێ دڵه‌، كه‌ دڵ گۆڕا هه‌سته‌كانی به‌ركه‌وتن، ڕیتمی ده‌نگ و قسه‌كردن، بینین و تێڕوانینیش ده‌گۆڕێ، ئه‌وه‌ ناوه‌وه‌یه‌، دڵه‌، گۆڕانكاری دروستده‌كات، تا له‌ خۆجێیدا گۆڕانكاری نه‌بێت له‌ ده‌ره‌وه‌ ناتوانێت ڕووداو دروستكات، قۆناغ ببڕێت، گه‌ر پارادۆكس نه‌بێت، هه‌میشه‌ دیارده‌كانی ده‌ره‌وه‌ ده‌بێ هه‌ڵگری ناسنامه‌ی ناوه‌وه‌ بن، ده‌بێ ناسنامه‌ی دڵ هه‌ڵگرن، چۆن ساماڵ ناسنامه‌ی ئه‌ستێره‌، قیبله‌نوما ناسنامه‌ی ڕێگا هه‌ڵده‌گرێ، چۆن ئه‌ستێره‌ دڵی ساماڵه‌، قیبله‌نوما هی ڕێگایه‌، نه‌ لێیده‌تۆڕی نه‌ لێیده‌گۆڕێت، داواكه‌ی “مارف عومه‌ر گوڵ”ی شاعیر له‌ هاوزمانه‌كانی، له‌ خاڵێكدا وه‌ك خه‌مه‌كانی له‌ دوو هه‌ستیی باس نه‌كراودا كۆییانده‌كاته‌وه‌، هه‌ستی بیستن گوێگرتن له‌ ده‌نگی دڵ، گۆیڕایه‌ڵی ده‌نگی دڵ بن، تا چیتر هه‌ست به‌ بۆنی خیانه‌ت نه‌كه‌ن، ئه‌گه‌ربینی گشت خیانه‌تێ له‌ بۆمباكردن و كاولكردنی دڵه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات، جه‌سته‌ كه‌نارده‌خات، مێشك ده‌شێوێنێت، ڕێگا ده‌گۆڕێ، شوێن و پێگه‌ی ناسنامه‌و بوون له‌ق ده‌كات، له‌ قۆناغی سێهه‌مدا جارێكی تر شاعیر ده‌توانێ له‌نگه‌ربگرێ له‌ ڕێگای خۆشه‌ویستییه‌وه‌ ناسنامه‌كه‌ی بگێڕێته‌وه‌، پارادۆكسی نوێ بخاته‌ ڕووه‌ تاڵه‌كه‌ی ده‌ركردن.
گه‌رمیانی بۆ بارانی تینووی دڵمیان سووتاند
من نه‌مردم
كوێستانی به‌ هۆبه‌ و هاوار ڕاهاتووم یان گڕتێبه‌ردا
هه‌ر نه‌مردم
كه‌ یه‌كه‌م جار نیشتیمانم له‌ت له‌ت كرا
ئه‌و ڕۆژه‌ بۆ من نه‌مردم
یه‌كه‌م گوندی وڵاته‌كه‌م وێرانكرا
خۆزگه‌ ئه‌و ڕۆژ ده‌مردم
بێ نیشتیمان بچمه‌ هه‌ر كوێ
له‌ دووره‌وه‌ گشت په‌نجه‌ره‌و
ده‌رگایه‌كم لێ داده‌خه‌ن
ئا ااا خ
نیوه‌ شه‌و له‌ شیرینی خه‌ودا ده‌رم ده‌كه‌ن
خۆشه‌ویستی وه‌ك نموونه‌یه‌كی په‌تی، په‌یوه‌ندییه‌كی زیندووه‌ له‌ ئاوێته‌بوون، توانه‌وه‌ی قه‌واره‌ی خوده‌ له‌ قه‌واره‌یه‌كی دیكه‌دا، ئه‌وین ئاوێنه‌یه‌كی بێ غه‌ش و غه‌له‌، مرۆڤ ده‌توانێ خۆی له‌ نێو ئه‌وانی تردا ببینێ، خه‌مه‌كانی به‌رامبه‌ری تێدا خۆشبووێت، وه‌ك له‌ سه‌ره‌تاوه‌ گوتمان، ئه‌وه‌ سیحرو زمانی خۆشه‌ویستییه‌، خه‌م و ئازاره‌كان كۆده‌كاته‌وه‌، خۆی پێ جوانده‌كات، ئه‌وه‌ ده‌نگی خۆشه‌ویستی ڕه‌هایه‌ هێزوو توانای له‌ ژیانه‌وه‌ وه‌رگرتووه‌، پرسیاری مردن پێشێڵ ده‌كات، ئه‌وه‌ سیحرو ته‌لیسمی خۆشه‌ویستییه‌ مه‌ودای شوێنه‌كان ناهێڵێت، و گه‌رمیان و كوێستان له‌ ژێر یه‌ك چه‌تردا كۆده‌كاته‌وه‌، ئازاره‌كان كاڵده‌كاته‌وه‌، شاعیر جگه‌ له‌ دابه‌شكردنی زمانی خه‌م و ئازار قایل نابێ چێژ له‌ په‌یوه‌ندی خۆشه‌ویستی دا دابه‌شبكات، خۆشه‌ویستی دابه‌شبوون و كه‌مكردنه‌وه‌ قه‌بوڵ ناكات، كانت ده‌ڵێت “به‌رگه‌ی ئه‌وه‌ ناگرم چێژه‌كانم دابه‌ش بكه‌م”7، خه‌مه‌كانی گه‌رمیان و كوێستان، خاكه‌ له‌ یاده‌وه‌ری دڵدا ده‌رمانی گیانه‌، هه‌میشه‌ شاعیر دڵی واڵایه‌ بۆ ئه‌و خۆشه‌ویستییه‌، كه‌ سه‌رجه‌م هه‌بوونه‌كانی سروشتی پێكه‌وه‌ په‌یوه‌ستكردوه‌، هه‌ر ئه‌م په‌یوه‌ستكردنه‌شه‌ نه‌مری به‌ نیشتیمان به‌خشیوه‌، داكۆكی لێده‌كات، شاعیر له‌ چوار وێنه‌دا چه‌مكی مردن به‌سه‌رده‌كاته‌وه‌، كه‌ ده‌ڵێت نه‌مردم، نه‌مردنی شاعیر هێزی له‌ نه‌مردنی نیشتمانه‌وه‌ وه‌رگرتووه‌، كه‌سایه‌تی شاعیر به‌ ڕه‌هه‌نده‌كانی ده‌ره‌وه‌ و ناوه‌وه‌، پاژی ئه‌و ئه‌زموونه‌ زیندووانه‌یه‌ كه‌ ناسنامه‌ی له‌سه‌ر بونیادنراوه‌، وێنه‌یه‌كی بێ له‌كه‌یه‌ له‌ درێژه‌پێدانی خه‌بات كه‌ له‌ سه‌ر داكه‌وته‌كاندا به‌دی ده‌كه‌ین، شاعیر زیره‌كانه‌ توانیویه‌تی سه‌ره‌تای هۆنراوه‌كه‌ به‌ كۆتاییه‌كه‌یه‌وه‌ گرێبدات و قفڵیبكات، بۆ دواجار پارادۆكسێ ئه‌نجامبدات، وه‌ك ده‌بینین ئه‌وه‌ی له‌ سه‌ره‌تای هۆنراوه‌كه‌دا وه‌ك بێ لایه‌نێك، ته‌نیا سه‌رپێی له‌ ده‌رووی سۆزێكه‌وه‌ ده‌یوت “حاڵی ده‌بم”، هه‌نووكه‌ به‌رانبه‌ر به‌ گه‌وره‌ی كاره‌ساته‌كان سامناكی ڕووداوه‌كان، به‌هێزو به‌های ئه‌وینه‌وه‌ ، ئه‌م به‌رگه‌ی گرتووه‌ و نه‌مردووه‌، سه‌رسامه‌ چۆن به‌رگه‌ی نه‌هامه‌تێه‌ك ده‌گرێ به‌و جۆره‌ كوشنده‌ و كاریگه‌ر بێت، هه‌ڕه‌شه‌ بێت له‌ سه‌ر ئاینده‌و مانه‌وه‌ی مرۆڤ، ئه‌وه‌ی ئه‌م هێزه‌ی له‌ دوایه‌ ئیراده‌ی خۆشه‌ویستی مرۆڤه‌ به‌رانبه‌ر به‌ سته‌م و ئه‌و هێزه‌ نه‌خوازراوانه‌، كه‌ له‌ وێرانكردندا جیاوازی ناكات له‌ نێو گه‌رمیان و كوێستان، له‌ سووتان و گرتێبه‌ردان، مامڵه‌ی شاعیر له‌ته‌ك ڕووداوه‌كان، ئه‌نگیزه‌ی ناوه‌وه‌ی خوده‌، به‌ستراوه‌ به‌ چاره‌نووسه‌وه‌، وه‌ك سه‌ره‌تای هۆنراوه‌كه‌ مامڵه‌یه‌كی تاكه‌ كه‌سی نییه‌، تا ڕۆڵی نه‌رێنی بگێڕێ و بڵێت “حاڵی بووم”، له‌م قۆناغه‌ مامڵه‌ به‌رهه‌مهێنه‌ره‌ و پاڵ به‌ وێنه‌ی شیعریی یه‌كه‌می هۆنراوه‌كه‌وه‌ ده‌نێ، هه‌ڵوێستی دروست وه‌رده‌گرێت، به‌ ئه‌جیندایه‌كی نیشتیمانی قه‌ره‌بووی بۆ ده‌كاته‌وه‌، متمانه‌ی پاكبوونه‌وه‌ی بۆ دابین ده‌كات، گرته‌كان فراوانترده‌كات مانای سه‌راپاگیری پێده‌به‌خشێت، له‌ خه‌می تاكه‌ كه‌سییه‌وه‌ ده‌یگۆڕێت بۆ خه‌می نیشتیمان، هه‌ڵبه‌ت ئیستاتیكای وێنه‌ پابه‌نده‌ به‌ به‌كارهێنانی ڕه‌گه‌زه‌كانی گه‌یاندن و مه‌وداكانی نزیككردنه‌وه‌ یان دووركه‌وتنه‌وه‌ی مانا له‌ وێناكردنی ره‌گه‌زه‌كانی گونجاندن و ئه‌گه‌ربینی هاودژه‌كان، دۆزینه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوانیان، گه‌رمیان و كوێستان له‌ فه‌رهه‌نگی زمانه‌وانیدا دوو پێگه‌ی هاودژن، یه‌كه‌م چاوه‌ڕێبوونی گه‌رمیان بۆ باران گه‌ر له‌ ڕووی كۆمه‌ڵایه‌تی و په‌یوه‌ندی به‌ ئاو و بارانه‌وه‌ هه‌بێت، ئاماژه‌یه‌ به‌ چینی پاڵه‌و جوتیار، به‌ خه‌ڵكی گوندنشین، كه‌ بژێوییان له‌سه‌ر بارانه‌، دووهه‌م كوێستان به‌ هۆبه‌و هاوار به‌مانای ژیانی كۆچه‌ری دێ، چینی سێهه‌م خه‌ڵكی شار ده‌گرێته‌وه‌، زیاتر چینی برجوازی بچوك خوێنده‌وار ده‌گرێته‌وه‌، به‌م گشتگیرییه‌، شاعیر سه‌رتاپای پێكهاته‌ی كۆمه‌ڵگای كوردستان له‌ په‌یوه‌ندییه‌كدا ئاوێته‌ده‌كات به‌ یه‌ك چاره‌نووسه‌وه‌ گرێیان ده‌دات، ئه‌وه‌ی ئه‌م دوو قۆناغه‌ ده‌شكێنی له‌ بۆته‌ی یه‌ك خه‌مدا كۆیانده‌كاته‌وه‌، چینی سێهه‌می شارنشینه‌، خوێنده‌واره‌، له‌ شاردا نه‌ گه‌رمیان ده‌مێنی نه‌ كوێستان، له‌ ژێر یه‌ك ناسنامه‌دا، یه‌ك ڕه‌هندی نه‌ته‌وایه‌تیدا، ده‌چه‌وسێنه‌وه‌، به‌ یه‌ك چاره‌نووسه‌وه‌ ده‌لكێن، چینی شار خه‌م هه‌ڵگری هه‌ردوو چینی گوندنشین و كۆچه‌ره‌، ئه‌میان به‌ بێده‌نگی له‌ چاوه‌ڕوانی باران دا، ئه‌ویان به‌ كێشه‌ی هۆبه‌و گواستنه‌وه‌و هاواری بێ شوێنی، هاوكات سێبه‌ری ئه‌م دۆخه‌ له‌سه‌ر شارنشین دا ڕه‌نگده‌داته‌وه‌، بگێڕێره‌وه‌ خۆی له‌ ده‌نگی شاعیردا به‌دی ده‌كات، له‌ یه‌كه‌مدا، لێكه‌وته‌ی تینووبوون بۆ ژیان و ئاوادانی، وه‌ك جێكه‌وتێ دڵی شاعیر ده‌سووتێنن، له‌ دووهه‌مدا هۆبه‌ و ڕاهاتنی ڕه‌وكردنی گه‌رمیان كوێستان، گڕتێبه‌ردان له‌وێدا، گڕتێبه‌ردان به‌ جه‌سته‌ی شاعیره‌و گرێده‌دات، كه‌ له‌ شاردا خۆی ده‌نوێنێ، ده‌نگی شاعیر هه‌ست به‌ تاوان و ئازارێكی سه‌ختی ئه‌نتۆلۆژی ده‌كات، ئازارێك مردنیش ئه‌و ڕووه‌ی نییه‌ ئاوڕی لێ بداته‌وه‌، نه‌كات، نه‌ سووربوون، نه‌ ڕۆژ، نه‌ خۆزگه‌ له‌ ئاست هه‌ستكردنی ئه‌و تاوانه‌دا نییه‌، به‌ مردنیش فریای ناكه‌وێت، له‌ چوار گرته‌ی جیاوازدا له‌ دۆخی شكستبووندا له‌ ده‌رگای مردن ده‌دات، ده‌رگای لێ ناكرێته‌وه‌، مردن واتا ته‌واو بوون، به‌ڵام ئه‌م ماوه‌ به‌ هه‌ستی مانه‌وه‌ یه‌خه‌ی مردن ده‌گرێ، پێده‌چێت مردن ده‌ره‌قه‌تی نه‌یه‌ت، شۆڕش دژ به‌ سیسته‌می دۆگما و مردن ده‌كرێت، نه‌ك پێچه‌وانه‌كه‌ی، وه‌ك پێشتر گووتمان ئه‌وه‌ی ئه‌م، واتا شاعیر چاوه‌رێی نه‌بوو ڕوویدا، گه‌ر هه‌ستی مردنی هه‌بوایه‌، چوار جار پرسیاری له‌ مردن نه‌ده‌كرد، بۆ نایباته‌وه‌، درككردن به‌ هه‌ستێكی ئاوهانه‌، ژیان هیچ، مردنیش ناپاكی له‌ته‌كدا بكات، تۆ بمێنیت، یان مایته‌وه‌، له‌ یه‌كه‌مدا نه‌بوویته‌ ئه‌و بارانه‌ی خه‌ونی جوتیار به‌دی بێنی، دیسانه‌وه‌ له‌ دووهه‌میشدا هه‌ر نه‌بوویت به‌و لانه‌یه‌ هۆبه‌ی ڕه‌ونده‌كان بپارێزی، به‌ بیانووی هه‌بوونی به‌رگری له‌ ناسنامه‌ و له‌ مانه‌وه‌، له‌ یه‌كه‌مدا گه‌رمیان و گونده‌كانی سووتێنران و كاولبوون، له‌ دووهه‌میشدا گڕبه‌ردرا له‌ هۆبه‌و ڕه‌شماڵكانی كوێستان، ئێوه‌ شۆڕشتان كرد، ده‌سه‌ڵاتیش له‌ بیانوو ده‌گه‌را، خه‌ڵكی گه‌رمیان و كوێستانیش وه‌ك یه‌ك باجه‌كه‌یاندا، نه‌مانی گونده‌كان له‌ نه‌مانی چاوه‌ڕوانی و له‌ نه‌مانی خه‌وندا یه‌قیداوه‌ته‌وه‌، له‌ ئاستی ناوخۆدا دابه‌شبوونی جه‌سته‌ی كوردی لێكه‌وته‌وه‌، له‌ ئاستی نێوده‌وڵه‌تیشدا خه‌مێكی قورستر كۆمانده‌كاته‌وه‌، خه‌ڵات ئاسا به‌سه‌ر چوار ووڵاتدا دابه‌شكراوین، هه‌موو ڕۆژێ، گشت ساتێ، باجی كوردبوونمان ده‌ده‌ین، بۆ كوێ برۆین، گه‌ر كوردبوون ماڵێ بێت، گوندنشین په‌نجه‌ره‌كه‌ی بێت، ده‌وارنشینیش ده‌رگاكه‌ی بێت، تۆی شارنیشینیش تێشووی خه‌مێكی ئه‌زه‌لیت له‌ هه‌گبه‌نابێت، له‌ ڕۆژێكی ره‌شدا، هه‌ڵگری ناسنامه‌یه‌كی سپیت، له‌ ناوه‌وه‌ وێرانه‌، له‌ دونیای ده‌ره‌وه‌شدا، له‌ دونیاشدا، چ كاره‌ساتێكه‌ كه‌س به‌ده‌نگته‌وه‌ نایه‌، درێژ كردنه‌وه‌ و پچركردن و له‌تكردنی وشه‌ی ئااااخ هاواركردن و به‌رجه‌سته‌كردنی ئیراده‌یه‌، هێزه‌ له‌ ئینساندا، له‌تكردنی له‌ چوار برگه‌دا، یه‌كتاخستنی ناڵه‌و ژانوژۆی هه‌رچوار پارچه‌ی كوردستانه‌، ده‌نگ و سه‌دای یاخی بوونێكه‌ له‌ ناخه‌وه‌ سه‌رده‌كات، چوار سنووری به‌ ناهه‌ق دابه‌شكراو تێكده‌شكێنێ، بێده‌نگی دونیای ده‌ره‌وه‌ش ڕیسوا ده‌كات “یاخیبوون كاتێك ڕووده‌دات كه‌ مرۆڤی یاخی هه‌ستبكات له‌ شوێنێك به‌ جۆرێك له‌ جۆره‌كان له‌سه‌ر هه‌قه‌”8، ئه‌م ده‌نگه‌ پچڕه‌ ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ده‌نگی یاخیبوونی خه‌مه‌كانی “مارف عومه‌ر گوڵ”ی شاعیره‌ له‌ هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان، چۆن له‌ نیوه‌ شه‌ودا واتا هێشتا نیوه‌یه‌ك ماوه‌ته‌وه‌، هیوایه‌ك هه‌یه‌، له‌ مردن ڕِزگاری بكه‌ن ده‌ریكه‌ن له‌ خه‌وی مردن به‌ئاگابێته‌وه‌، خه‌و ئه‌وه‌یه‌ پێینه‌گه‌یت، له‌ چوار گرته‌دا له‌ چوار پارچه‌دا نه‌یتوانی پێیبگات، بێگومان وه‌رگر كاتێ هاوژینی ئه‌م ده‌قه‌ شیعرییه‌ ده‌بێت كه‌ كاره‌كه‌ی تێدا ئه‌نجامدراوه‌، به‌م شێوه‌یه‌ ده‌توانێ له‌ ئاسۆی چاوه‌ڕوانی نزیك بێته‌وه‌، گه‌ر نا وه‌رگر ده‌بی ئاسۆی چاوه‌ڕوانییه‌ك فه‌راهه‌مبكات كه‌ گونجاو بێت له‌ته‌ك زه‌مه‌نی نووسینی مێژووی ده‌قه‌ شیعرییه‌كه‌، دوا شت شاعیر به‌ گێڕانه‌وه‌ی شیعرێكی كورت، توانی ده‌نگی خۆی بخاته‌ پاڵ ده‌نگی “ته‌ڵعه‌ت تاهیر”ی شاعیر، یان به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ته‌ڵعه‌ت تاهیر له‌ ئێستادا ده‌توانێ ئه‌و له‌ دێره‌ شیعریه‌كه‌یدا به‌دیبكات كه‌ ده‌ڵێت”ئه‌وانه‌ی پاڵه‌وانی چیرۆكێكی خه‌مباربوون ده‌زانن….. كاره‌ساتی گه‌وره‌ پێویستی به‌ گێڕانه‌وه‌ی درێژ نییه‌”

سه‌رچاوه‌:

1ـ به‌ختیار عه‌لی ـ له‌ دیاره‌و بۆ نادیارـ چاپخانه‌ی كارۆـ چاپی یه‌ك ـ ئه‌ندێشه‌ بۆ چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ ـ سلێمانی ـ ساڵ 2011 ـ لاپه‌ڕه‌ 85
2ـ مارف عومه‌ر گوڵ ـ شاییه‌كی نهێنی ـ چاپخانه‌ی كارۆـ چاپی یه‌ك ـ له‌ بڵاوكراوه‌كانی ده‌زگای رۆشنبیری جه‌مال عیرفان ـ سلێمانی ـ ساڵ 2015 ـ لاپه‌ڕه‌ 43
3 ـ عه‌بدوڵڵا تاهیر به‌رزنجی ـ هیشام تاهیر به‌رزنجی ـ چاپخانه‌ی تاران ـ چاپی یه‌ك ـ سلێمانی ـ ساڵ 2018 ـ لاپه‌ڕه‌ 17
4 ـ سی ـ دی لویس ـ الصوره‌ الشعریه‌ ـ ترجمه‌ د. احمد نصیف الجنابی ـ مالك میری ـ سلمان حسن ابراهیم ـ دار الرشید للنشرـ منشورات وزاره‌ الپقافه‌ والاعلام ـ الگبعه‌ الاولی سنه‌ 1982 ـ ص 38
5 ـ به‌ختیار عه‌لی ـ سێوی سێهه‌م ـ چاپخانه‌ی كارۆـ چاپی ـ ئه‌ندێشه‌ بۆ چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ ـ سلێمانی ـ ساڵ ـ لاپه‌ڕه‌ 66
6 ـ د. یادگار له‌تیف شاره‌زووری ـ تیۆره‌كانی وه‌رگرتن ـ چاپخانه‌ی حه‌مدی ـ له‌ بڵاوكراوه‌كانی شانزه‌مین ڤیستیڤاڵی گه‌لاوێژ ـ سلێمانی ـ ساڵ 2012 ـ لاپه‌ڕه‌ 45
*به‌دیوی ناوه‌وه‌ له‌ داهاتوودا گه‌رانه‌وه‌یه‌كمان بۆ ئه‌م پرسیاره‌ ده‌بێ
7 ـ دونیس هولیر ـ گۆڤاری شیعرـ ژماره‌ 7 ـ ناوی گووتارـ نارۆین خاڵی سه‌ره‌تا ـ وه‌رگێڕانی له‌ فه‌ره‌نسییه‌وه‌ ـ شه‌هید كه‌ڵۆسی ـ سلێمانی ـ ساڵ 2018 ـ لاپه‌ڕه‌ 106
8 ـ ئارام سدیق ـ گۆڤاری شیعرـ ژماره‌ 3 ـ ناوی گووتارـ شیعری یاخیبوونی ساخته‌ له‌ ئه‌زموونی كه‌ژاڵ ئه‌حمه‌د دا ـ سلێمانی ـ ساڵ 2017 ـ لاپه‌ڕه‌ 65




ماست فرۆش… فوئاد سەعید

رۆژێكیان كەسێك بەرەو ماست كڕین ڕووی لە دوكانی ماست فرۆش كرد. داوای باشترین ماستی لە خاوەن دووكاندار كرد. ماستفرۆشەكەش، سەری ستلی ماستەكانی بۆ كردەوە، كابراش بەكەیفی خۆی پەنچەی بۆ ناو ستلی ماستەكە ئەبرد، و بەدەم خواردنی ماستەكەوە بە ماستفرۆشەكەشی دەگووت: ماستەكە ترش و باش نییە. ماستفرۆشەكەش، سەری بڵندكرد و بەمنگەمنگ لەبەردەم خۆیدادوا و گوتی: ڕامبۆ ڕاستی فەرمووە، كە دبێژێت: “مرۆڤ ھەرگیز كاری لەگەڵ خۆیدا نەكردووە، چونكە ھێشتان لە خەو بێدارنەبۆتەوە”. دواتر ڕووی لە كابراكە كرد، پێی گووت: ئەوەندە شارەزایانە  پەنچە ئەخەیتە  ناو ستلی  ماستەكە تامی ماست ئەكەیت، ئەی بۆچی هەر بەم پەنچەش خۆت بێدارناكەیتەوە تا بتوانی تامی ژیان و ئایندەی خۆت بكەی؟!