زارا محەمەدی پاسەوانی شکۆی زار و زمانی هەمووانە … هەندرێن

مانی کوردیی لە دۆخێکی تراژیدی/کۆمیدییدا دەژیت لای ئێمە؛ تراژیدییەکە ئەوەیە، لە بەشەکانی دیکەی کوردستان مرۆڤ لە سەر زمانی قسەکردن و خوێندن دەکوژرێ و دەگیرێت، کەچی لای ئێمەیش لە داخی پلە و پایە وەرگرتن، لە کەمزانی خۆیەوە زمانی کوردیی بە کەمدەزانێت، بۆیە بۆ فێربوونی زمانی ئینگلیزیی، خۆی خەسار و لە خەڕەک دەدا.
قوتابی/خوێندکارگەلی دەرچووی بەشی زمانی کوردیی و بەشەکانی زانستە مرۆییەکانت لە زانکۆیەکانی کوردستان هەن، بەستەزمانن و بە دروستی زمانە کوردییەکەیشیان نازانن، کەچی خۆیان بە ئینگلیزییەکی هەلیت و پەلیت و کۆلاوارەوە هەڵواسیوە و سندم کردووە، لە دڵ ئاوێزانبووانی ئەو نەوەیە بە کوڕانی ژنبازی ناو درما، حیجاب و حەمامی تورکیی و گۆرانی و گۆلمەزە خۆشداکەنەکانی فاریسیش هەر بگەڕێ، گوایە بەوەوە کار و کڕیار و ئازادییان دەست دەکەوێت!
ئەوھا کورد لێرە لە رۆژگارێکی حەقیقەت خەپێنەردا لەناو دەعەجانبوونی ئاکاردا بەسەر دەبات.
بۆیە لە کاتێکدا تۆی سەوداسەر بە زمانی ئینگلیزیی و تورکیی و فارسیی کە بۆ دەگەڵ ھەڵا کەوتن لە داکۆکیکردن لە ئازادکردنی زارا محمەدی دوو رستە و نیو دەنووسی، سەرچاوەیەکی لەو بێبەھابوون و بێماڵ مانەوەی زمانی کوردیی.

نووسەر و ئەکادیمییگەلت هەن، بۆ لە کۆنفرانسی زمانی کوردیی، لە تیڤیی و دەرکەوتن لە مەجلیسە خۆش و بە خۆڕاییەکاکانی زمانی کوردیی لێرە و دەرەوەدا زمانپەروەرانێکی مشەخۆرانەن، کەچی بە خۆی منداڵەکانییەوە سوووتاو و زووخاوی فێربوونی زمانی ئینگلیزیین.

لە سەتەی بیست و یەکدا، لە رۆژهەڵاتی کوردستان و هەرێمە ئینگلیزیی پەرستدا، دەیان خۆ بە پسپۆڕزانی زمانی کوردیی و دەزگەی چاپ، ئەکادیمیی و نووسەران و هەن و لەسەر ماڵی زمانی کوردیی خەوتوون، کەچی کتوپڕ کچێکی بێ پلە و پایەی ئەکادیمیی و دوور لە حەشری دەزگە رۆشنبیریی، زمانیی و ئەکادیمییەکانەوە، دەبێتە پاسەوانی کردەیی زمانی کوردیی و رژێمێکی داڕزاوی وەک جمهیوری ئیسلامی ئێران بە جۆرێک دەتۆقێنێت، کە بە دە ساڵ زیندانیکردنییەوە، بوونی زمانی کوردیی بێ پاسەوان بهێلێتەوە.

بۆیە ئەگەر زیندانیکردنی زارا لەسەر داکۆکیکردن خوێندن بە زمانی کوردیی نیشانی رەتکردنەوەی بوونی جیاوازیی بوونی کوردیی بێت لەلایەن رئژێمی جەھلپەرستی ئێران و تورکیا، ئەوا بەشێکی زۆری ئەم دۆخەی زمانی کوردیی پەوەندی بە خۆ بەبچووکگرتنی زمانی کوردیی لە ھەمبەر کورد خۆیەتی ئاخۆ ھەر رۆژە کوردێک لە تورکیا و ئێران بە ھۆی پەیڤین بە زمانی کوردییەوە سزا بدرێ و بکوژرێ،. ئەوەندە بەسە کە ھەفتەیەک بە دانانی ھەشتاگ و دوو سی قسەی بێکردە خۆمان وەک خۆشەویست و پاسەوانی زمانی کوردیی بزانین؟
ئەدی بۆ حکومەت و دەزگە رۆشنبیریی ئەژادیمییە زمانییەکانی ئێرە، ناتوانن گوشار بخەنە سەر ئەو نوێنەرە سیاسیی و بازرگانی و رۆشنبیرییەکانی ئەو دوو وڵاتە کە لێرە ھەن؟

بەڵێ، بەمجۆرە ئەگەر کەمێک لەو ئاماژە ئەخلاقییانەی کە لەسەرەوە تێڕا بمێنین نەک تێدابمێنین رۆبچین، ئەوا راستیییەکەی زیندانیکردنی کچێکی کورد لەسەر زمانەکەی خۆی لە سەتەی بیست و یەکەمدا، هەم بەربەریەتی رژێمی ئێران وەک رژێمی تورکیا دەگەیەنێت و هەمیش ئاماژەیە بۆ داوەشان و کۆیلایەتی کولتووریی و مێژوویی ئەخلاق ناڕەسەنی کورد، کە هێشتا نەیتوانیوە ببێتە خانەخوێی زمانەکەی؛ بوونە بێماڵەکەی.

لێ زارا محەمەدیی، پاسەوانێکی شکۆمەندانەی زاری زمانە شکێنراوە کوردییەکەیەتی.

هەندرێن




نامەیەکی مارکس بۆ پرۆدۆن و وەڵامی پرۆدۆن* … و: زاهیر باهیر

برۆکسل
05/05/1846

خۆشەویست پرۆدۆن:

لەو کاتەوەی کە پاریس-م بەجێهێشتوە لەبیری ئەوەدام کە نامەت بۆ بنوسم بەڵام بارودۆخەکە، کە بەدەر بوون لە کۆنترۆڵم، بەربەستبوون لە نوسینیا. زیادەسەرقاڵی و بێزاریم و هاوکاتیش گواستنەوەم بۆ خانویەکی دیکە، ئەمانە هۆکارەکانی بێدەنگیم بوون، تکایە باوەڕم پێبکە.
وێڕای هەموو ئەوانەش ئێستا بە هاوکاری دووان لە برادەرەکانم ، فردریك ئەنجلس و فلیپ جیگۆت ، Philippe Gigot ، (کە هەردوکیان لە برۆکسلن) ، کۆمیتەیەکم لە بەردەوامبوونی نامەگۆڕینەوەدا لەتەك کۆمۆنیستە ئەڵمانییەکان و سۆشیالیستەکانا ڕێکخستوە نەك هەر تەنها بۆ مەبەستی لێدوان لە پرسە زانستییەکان، هەر ئاواش بۆ پێداچوونەوەی نووسینە فرە خوێنەرەکان و پڕوپاگەندەی سۆشیالیستیی، وەکو ئامرازێێك بۆ کەڵکوەرگرتنی لە ئاڵمانیا. ئامانجی سەرەکی نامە گۆڕینەوەکانمان هەرچۆن بێت بۆ پەیوەستبوونەوەی سۆشیالیستە ئاڵمانەکانە لەگەڵ سۆشیالیستە فەرەنسی و ئینگلیزەکانا بۆ ئاگەدارکردنەوەی بێیانەکان لە بزوتنەوەکانی سۆشیالیستیی لە ئەڵمانیا و هەروەها بەئاگاهێنانەوەی ئەڵمانەکانیش لە ئەڵمانیا سەبارەت بە گەشەکردنی سۆشیالیزم لە فەرەنسا و ئینگلتەرەدا. ئا لەم ڕێگایەوە جیاوازییەکان دەتوانرێت ڕۆشناییان بخرێتە سەر، لەم بارەشدا کەسەکان دەتوانن ئاڵوگۆر لەبارەی ئایدیاکان و ڕەخنەی بێ لایەنانەیان دەستگیربێت. ئەمە هەنگاوێکە کە بزوتنەوەی سۆشیالیستیی دەبێت لە دەربڕینە ئەدەبییەکانیا بینێت تاکو لە سنوردارێتی نەتەوەیی ڕزگاری ببێت. هەروەها لە چالاکی و کاری ئێستادا بە دڵنیاییەوە زۆر بە سوودە بۆ هەموو کەسێك کە بە ئاگابێت لەم پرسانە کە لە دەرەوەن ئەوەندەی کە بە ئاگان لە پرسەکانی نێو وڵاتانی خۆیان.
نامەکانمان هەر بە تەنها بۆ کۆمۆنیستەکان لە ئەڵمانیا، نییە، بەڵکو بۆ سۆشیالیستە ئاڵمانەکانیشە لە پاریس و لەندەنیش. لە ئێستاشدا پەیوەندیمان لەتەك ئینگلیزەکانا دروستبووە. سەبارەت بە فەرەنساش ئێمە هەموومان باوەڕمان وایە لە خۆت باشتر کەسێکی دیکە نادۆزینەوە. خۆتیش ئەوە دەزانیت ئینگلیز و ئەڵمانەکان ڕێز و تەقدیری تۆ زیاتر لە پیاوانی وڵاتەکەی خۆت دەگرن.
ئا لێرەدا تۆ مەبەستەکە دەبینیت، کە ئافراندنی گۆڕینەوەی نامەکانە بەڕێكوپێکی و زامنکردنی ڕێگاکانی دووکەوتنی بزوتنەوەی سۆشیالیستییە لە وڵاتانی جیا جیادا تاکو بەرەنجامێکی دەوڵەمەند و هەمە چەشنەی ئاوای هەبێت کە هیچ تاكێك ناتوانێت بە تەنها بەخۆی، بەدەستیبهێنێت.
گەر تۆ پێشنیارەکانمان پەسەندبکەیت، پارەی پوولی نامەکانی کە پێت دەگات و هەروەها ئەوانەشی کە دەینێریت، لای ئێمەوە دەدرێت، چونکە ئەو پارەیەی کە کۆکراوەتەوە لە ئەڵمانیا حسابی دانی پارەی ئاڵوگۆڕکردنی نامەکانیشن لە هەردوو لاوە.
لە ناردنی نامەکانتا تۆ ئەم ئەدرێسە لۆکاڵییە بەکاردەهێنیت: M. Philippe Gigot, 8 rue Bodenbrock. . هەر هەمان ئەدرێسیشە بۆ ناردنی ئەو نامانەی کە لە برۆکسل-وە دەنێررێت.
پێویستم بەوە نییە ئاماژە بەوە بکەم کە هەموو نامە ئاڵوگۆڕکراوەکان لە لایەنی تۆوە، دەبێت تەواو زۆر نهێنیانە بن، چونکە پێویستە زۆر بە ئاگا بین لە کەشفنەکردنی برادەرکانمان لە ئەڵمانیا.
تکایە بە زویی وەڵامبدەرەوە، هەروەها متمانەی دڵسۆزی برادەرایەتیمان قەبوڵ بکە.

دڵسۆزی خۆت
کارڵ مارکس

……………………………………………..

*بەداخەوە ئەوەی کە لە ئەدەبیاتی مارکسیی و ئەنارکییستیدا دەردەکەوێت تەنها ئەم نامەیە و وەڵامەکەی پرۆدۆنە بۆ مارکس، نەك هەر لە زمانی ئینگلیزیی بەڵکو لە زمانی ئیتالیی و فەرەنسیشدا. کاتێکی زۆرم بۆ دۆزینەوەی نامەکانی دیکەی نێوانیان، تەرخان کرد بەڵام لەم دوانەی کە لەبەردەستدایە چ نامەیەکی دیکەیانم بەرچاو نەکەوت. تەنانەت دوو هاوڕێم ئەرشێف و ئەدەبیاتی ئەم دوو ئاراستە سیاسییەی لە ئەدەبیانی ئیتالی و فەرەنسی-دا پشکنی، ئەوانیش هیچی دیکەیان لەم دوو نامەیە زیاتر نەبینی.
جێگای سەرسوڕمانە، چونکە نامەکانی هەردوکیان ئاماژە بەوە دەکەن کە نامەی دیکە لە نێوانی هەردوکیاندا ئاڵوگۆڕ کراون. دوای ئەوەش ناکرێت لە ماوەی 19 ساڵدا ( 1846 تاکو 1865 ) کە پرۆدۆن مردووە نامەی دیکە لە نێوانیانا نەبووبێت.
هۆکاری دەرنەکەوتنی نامەکانی دواتریان زۆر ناڕوونە. رەنگە بگەڕێتەوە بۆ چەند هۆکارێك کە لەوانە ڕەنگە بە هۆکارێك ئەو نامانە لە ئەرشێف دەرهێنرابێتن و لەناوبرابن ، یاخود ڕەنگە هەر لە سەرەتادا ئەرشێف نەکرابن ، ڕەنگیشە هۆکاری دیکە هەبێت کە بۆ من لە ئێستادا، ئاشکرا نییە.
دیارنەمانی نامەکانی دیکەی نێوانی مارکس و پرۆدۆن هەرچی هۆکارێکی هەبێت جێگای داخە و شاردنەوەی شاکارێکی هزریی گرنگی ئەم دوو مەزنە پیاوەن کە هەر یەکەیان سەبارەت بە هزر و ڕێڕەوی خۆیان، ڕۆڵی گەورە و شوێنی دیاریکراوی خۆیان هەبووە و هەیە. وەرگێڕ.

…………………..

خۆشەویستم مۆنسیۆرا مارکس
Lyon, 17 May 1846

بە خۆشحاڵییەوە قەبوڵمە کە یەکێك بم لە پێگەیشتوانی نامەکانت، کە ئامانجەکانی و ڕێکخستنی لای من زۆر بە کەڵکن. لەگەڵ ئەوەشدا ناتوانم بەڵێن بدەم کە زوو زوو یاخود بە درێژی بنوسم : جۆرەکانی سەرقاڵیم لەتەك سروشتی تەمەڵیانەمدا لە خزمەتی ئەم هەوڵانەدا، نیین. هەروەها دەبێت ئازادیش بم لە هەبوونی بەهرە [ توانا] دیاریکراوەکانا کە لە بڕگە جیاوازەکانی ناو نامەکەتا پێشنیارکراون.
پێش هەموو شتێك، گەرچی ئایدیاکانی من سەبارەت بە ڕێکخستن و دەرکپێکردن ئا لەم کاتەدا کەم تا زۆر بە جۆرێك لە جۆرەکان لابەلابونەتەوە، لانی کەم ئەوەی پەیوەندی بە پرنسپڵەکانەوە هەیە، من باوەڕم وایە هەر وەکو چۆن ئەرکی هەموو سۆشیالیستەکانە ئەرکی منیشە کە بۆ ماوەیەك پارێزگاری لە فۆرمێکی ڕەخنەیی بکەم یا بەگومان بم لێی. بەکورتی بە ئاشکرا و بێ شاردنەوە دەیکەمە پیشەیەك، تا ڕادەیەك بە ڕەهایی دژی دۆگاماتیزمی ئابورییم.
ئەگەر ئارەزوومەندی وەرە با بەیەکەوە یاسا کۆمەڵایەتییەکان بپشکنین، هەروەها چونێتی کارکردنی ئەم یاسایانە کە چۆن ناسراون و پرۆسەی یاساکانیان کە چۆن لە کەشفکردنیا سەرکەوتوو دەبین، بەڵام بۆ خاتری خوا دوای لە بەینبردنی هەموو دۆگما پێشینەکان، کارێ ئاوا مەکە کە خەون بە مەزهەبیکردنی یا تەلقینکردنی خەڵکەوە ببینین، ڕێگە مەدە کە بکەوینە ناکۆکییەوە وەکو هاووڵاتیەکەت، مارتن لۆسەر، کە لاهوتی [ تیوێلۆجی] کاسۆلۆکی ڕووخان هاوکاتیش لەتەك حەرامکردن و بە نەعلەتبونا، بینای بناخەی لاهوتی پرۆتستانی دانا. لە سێ چەرخی رابوردوودا کاری سەرەکی ئەڵمانیا سەرقاڵی هەڵوەشاندنەوەی کارە خراپەکەی مارتن لۆسەرە، با لەوە نەگەڕێین مرۆڤایەتی سەرقاڵی پاککردنەوەی هاوشێوەی ئەو بێ سەروبەرەییە [فەوزایە] بن کە ئەنجامگیریی هەوڵەکانی ئێمەن.
لە قوڵایی دڵمەوە دەستخۆشی هزرت دەکەم لە پێناوی ڕۆشنایی خستنەسەر هەموو ڕا و بۆچوونەکانتا، بەڵام لێگەڕێ با بەردەوامبین لەسەر کاری باش و گفتوگۆیەکی دڵسۆزانە، با نموونەیەك لە فێربوون و دووربینیی و لێبوردن و هەڵکردن بدەینە جیهان، بەڵام با ئاوا نەکەین کە ئەوە بگەیەنێت کە ئیمە لە پێشەوەی بزوتنەوەکەین خۆمان بکەینە سەرکردەکانی کە پێداگریی لەسەر بۆچونی نوێی خۆمان بکەین. با بانگەواز نەکەین و نەبینە پەیامبەری ئاینێکی نوێ، هەتا ئەگەر ئەوە بیشبێتە دینێکی لۆژکانە، ئاینێكی ئاوەزدار. وەرە با بەیەکەوە کۆبینەوە و هانی هەموو ناڕەزاییەکان بدەین، با هەموو جۆری تایبەتمەندییەکان، هەموو بیرۆکە تەصەوفییەکان، با هەرگیز پرسیار بە گرفت و هیلاکەتی نەزانین و وەرنەگرین ، هەر کاتێکیش کۆتاییمان بە هەموو ئەرگویمێنتەکانمان هێنا، ئەگەر پێویستی کرد وەرە با لە سەرەوە دووبارە بە پاراویی و ڕەوانیی و هەروەها بەدەم گاڵتەکردنەوە، دەستپێبکەینەوە. بەو هەلو مەرجە بە خۆشییەوە لە کۆمەڵەکەتانا [جەمعییەکەتانا] دەبم ، دەنا نا.
هەروەها من هەندێك تێبینم لەسەر بڕگەیەکی نامەکەت هەیە : لە سەر و بەری چرکەی چالاکییدا/کارکردندا. پێدەچێت تۆ هێشتا هەر ئەو بۆچوونەت هەبێت کە هێچ ڕیفۆرمێك لە ئیستادا بە بێ ئەگەری کردنی کودەتایەیەکی سەرەکی، بە بێ ئەوەی کە پێشتر پێی دەوترا شۆڕش، نییە، بە ڕاستیش ئەمە هیچ نییە جگە لە زەبرێك [ شۆك] نەبێت. ئەو بۆچوونە بە گوێرەی تێگەیشتنی من، کە بە لێبوردنەوە دەڵێم، کە هاوکاتیش ئامادە و ئارەزوومەندیی وتووێژکردنیشیم، کە خۆم بۆ ماوەیەکی زۆر شەیرم کردووە، بەڵام خوێندنەوەکانی ئەم نزیکانەم ئاوای لێکردم کە بە تەواوی دەستبەرداری ببم. باوەڕم وایە بۆ سەرکەوتنمان پێویستمان بەوە نییە، هەرلە بەر ئەمەش سەرەنجام پیێویست ناکات چالاکی شۆڕشگێڕانە وەکو ئامرازەکانی ڕیفۆرمی کۆمەڵایەتی، تەرحبکەین، چونکە ئەوە وادەردەکەوێت کە هەر بە ئاسایی بانگەشەیەکە بۆ بەکارهێنانی هێز، بۆ کارێکی هەڕەمەکی و خراپکاریی، بە کورتی ئەوە ناکۆکییە. من خۆم گرفتەکە ئاوادەبینم : بە هێنانەوەی بۆ خودی کۆمەڵ لە ڕێگای ئاوێتەبوونی ئابورییەوە سەبارەت بەو سامانەی کە لە ڕێگای ئاوێتەبوونێکی دیکەی ئابوورییەوە لە کۆمەڵ سەندراوەتەوە. بە مانایەکی دیکە ، لە ڕێگای ئابووری سیاسییەوە بۆ گۆڕین و پێچەوانکردنەوەی تیئوری موڵکایەتی دژ بە خودی موڵکایەتیی، لەو ڕێگایەی کە ئێوە، سۆشیالیستە ئەڵمانەکان، ناوی دەنێن کۆمۆنێتی ، کە منیش لە ئێستادا بەخۆم ڕادەبینم کە ناوی ئازادیی یاخود یەکسانیی لێبنێم .. هەروەها باوەڕم وایە لە ماوەیەکی کورتدا ڕێگاکانی لابەلاکردنەوەی ئەم کێشەیە دەزانم، لەبەر ئەوەش سوتاندنی موڵکیەت بە ئاگرێکی هێواش پەسەند دەکەم لەبری ئەوەی کە هێزی نوێی پێببەخشم لە ڕێگای دروستکردنی شەوی St Bartholomew’s * بۆ خاوەنموڵکەکان.

ئەو پەڕی دڵسۆزت
پییەر جۆزیف پرۆدۆن

  • شەوی St Bartholomew ، قەڵاچۆکردنی پرۆتستاتەکانی پاریس بوو لە فەرەنسا، کە لە شەوی 24 لەسەر 25 ی مانگی ئابی 1572 دا ڕوویداوە. پیلانەکە لە لایەن Catherine de Médicis داڕێژرا و لە لایەن نۆبڵە کاسۆلیکە ڕۆمانەکان و هاووڵاتیانی دیکەوە جێ بەجێکرا. ئەوە خولی ڕووداوێك بوو لە زنجیرەیەك لە بەیەکادانی جەنگی ئەهلی نێوانی کاسۆلیکە ڕۆمانەکان و پرۆتستانتەکانا، هەتا کۆتایی چەرخی شانزدەی خایاند، ئەو کاتە لابەلا بووەوە.

…………………………………..
Zaherbaher.com




ئەو ماڵەی بناغەی شۆڕشی رۆژئاوای کوردستانی تێیدا دانرا … بێریڤان محەمەد

هەشت ساڵ بەسەر شۆڕشی مەزنی رۆژئاوای کوردستان، شۆڕشی دیموکراتی و پێکەوە ژیان، ئازدای و یەکسانی و مرۆڤایەتیدا تێدەپەرێت، ئەم شۆڕشە کە ٢٢ ساڵ لە پاش ئەزمونی شکستخواردووی دەیان ساڵەی بەرێوەبەری باشوری کوردستان دەرکەوت، رویەکی تری کوردی دەرخستەڕوو کە بۆ ناوخۆی کوردان گەڕانەوەی هیوا و باوەر بەخۆبوون و بۆ جیهانیش روی کوردێکی ئازاد و تەسلیم نەبوو بەئیرادە و دیموکراتی خستەڕوو، لە هەموشی گرنگتر مێژویەکی پیاوسالاری پێنج هەزار ساڵەی سەروژێرکرد، ئەو ژنەی لە خراپترین دۆخی کۆیلایەتی دەژیا، کرابونە ئەڵقەی لاوازی کۆیلەکردنی کۆمەڵگا لەم شۆڕشەدا لە سەرجەم مەیدانەکان خۆی گەیاندە ئاستی پێشەنگایەتی و بوبە چاوگی ئازادی بۆ کۆمەڵگا
. لەم یادە مەزنەدا وێرای پیرۆزبایی گەرمم، پێخۆش بوو وێنەی ئەو ماڵە دانێم کە جێگەی یەکەمین پێهەڵگرتنی بناغەدانەری شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان و لێرەوە راستی ئاوابونی شۆڕش زیاتر روندەبێتەوە.
ئەم ماڵە دەکەوێتە گوندێکی نزیک لە کۆبانێ، ٤١ ساڵ لەمەوبەر واتە ساڵی ١٩٧٩ رێبەر ئۆجالان بەهەمان ڕێگای حەزرەتی ئیبراهیم دا لە بەرامبەر ستەمکاری نەمرودەکانی ئەم سەردەمە و لە پێناو ئاواکردنی شۆڕشێکی مەزنی مرۆیدا لە ئورفا و باکوری کوردستانەوە بەرەو رۆژئاوای کوردستان شاری (کوبانێ) و دواتریش سوریا و لوبنان کۆچی دەستپێکرد، پەیوەندی رێکخستنە نوێیەکەی پەکەکە کە ساڵێک بوو کۆنگرەی بەستبوو ئەوەندە لاواز بوو، لەم ماڵە زیاتر شوێنێکی تر نە لە رۆژئاوای کوردستانە نە لە سوریاش نەبوو بۆ ئەوەی رێبەر ئاپۆ روی تێبکات، ماوەیەک لەم ماڵەدا مایەوە و تەنانەت ئەم ماڵەش نەیانزانیبوو ئەم گەنجەی بەرێزێکی زۆر و نمونەیەک لە رەوشت بەرزی ماوەیەکە میوانیانە کێیە، بۆچی هەمیش سەرقاڵی کتێب خوێندنەوەیە، ئەو هەڤاڵانە کێن چەندین کاتژمێر بەپێ دەبڕن دێن بۆ ئەوەی گفتوگۆی لەگەڵدا بکەن.
لەسەر بنەمای ئەو فەلسەفەیەی شۆڕشگێڕ دەبێت ئەفرێنەر بێت و لە نەبوون هەر شتێک ئاوا بکات، لە پاش رەنج و فیداکاری مەزن لە ماوەی چەند ساڵێکی کەم بە هەزاران ماڵی رۆژئاوای کوردستان دەرگاکانیان بۆ رێبەر ئاپۆ و شۆڕشە مەزنەکەی واڵاکرد، دەیان ئەکادیمیا بۆ پەروەردەکردن کرانەوە، لە ژنێکی تازە پێگەشتوو تا دەگاتە دایکێکی ٦٠ بۆ ٧٠ ساڵان، لە کورێکی گەنج تا دەگاتە پیاوێکی بەتەمەن دەهاتن و گوێیان بۆ پەروەردەکانی رێبەر ئاپۆ رادەگرت، هەزاران کادری شۆڕشگێر لە رۆژئاوای کوردستان هاوشانی باکوری کوردستان بەشداری ناو ئەم شۆڕشە نەتەوەییە بوون.
واتە ئەو شۆڕشە ٤١ ساڵ بەر لە ئێستا بە شێوەیەکی پتەو دەست بە دانانی بناغەیەکەی کرا، هەر لەوکاتەوە رۆژبەرۆژ زهنیەتی ئازادی و و باوەڕبەخۆبونی کۆمەڵگە، وڵاتپارێزی و پێکەوە ژیانی گەلان، ژنی ئازاد و بنیادنانی خێزانی دیموکرات پێشکەوت و گەل لە ئەنجامی هۆشیاربونەوەی، خۆی لەهەموو ئاستێکدا بەرێکخستن کرد .
هەشت ساڵ بەر لە ئێستا لەپاش ئەو ئاڵوگۆرەی لە دۆخی سوریادا ڕوویدا، کۆمەڵگای ئامادەی شۆڕش لە رۆژئاوای کوردستان توانی سود لە دۆخەکە وەرگرێت و شەری گەلی شۆڕشگێڕی پێشخات، شۆڕشی خۆی لەسەر بناغەی پرۆژەی خۆبەرێوەبەری دیموکراتی رێبەر ئاپۆ بەسەر بخات.
ئێستا لە پاش ئەم ماوە کەمە لە ئاواکردنی ئیدارەی خۆسەری و بەرگری رەوا و دیبلۆماسی گەلان و جیهان، بەپێشەنگایەتی ژنی ئازاد لەسەرجەم مەیدانەکان، رۆژئاوای کوردستان لە ئاستی هەموو جیهان ماراسۆنێکی مەزنی ئەنجامدا، وێرای هێرشە بەردەوامەکانی گەورەترین تیرۆرستە جیهانیەکان و هێزەکانی ناتۆ، تەوقی گەمارۆی ئابوری بەباشوری کوردستانیشەوە، بەڵام توانی سەرکەوێت و بەردەوامیشە لە سەرکەوتن، باشترین و جوانترین نمونەی مۆدێلی سیستەمی دیموکراتی خۆبەرێوەبەری نیشانی جهیاندا، ئەگەر زیاتر نەبێت خۆی گەیاندە ئاستی شۆڕشە رۆشنگەرییە جیهانیەکان.
پاش ئەم سەرکەوتنە مەزنانە، بەلێشاوی روی ئازادیخوازانی جیهان بەر بە رۆژئاوا، سیستەمی جیهانی و دەسەڵاتدارەکانی ئیپمریالیزمی جیهانی کە توانای ئینکارکردنی شۆڕشەیان نیە، تەنانەت بە دەسەڵاتدارەکانی باشور و هەندێک لە بەناو رۆشنبیرەکانی سەربەدەسەڵاتیش بە ئامانجی دابراندنی شۆڕشی رۆژئاوای کوردستان لە رێبەر ئاپۆ هەر هەوڵێک درا، بەڵام هۆشیاری گەڵ و پەیوەست بون بە فکر و فەلسەفە و پرۆژەکانی رێبەر ئاپۆ سەرجەم ئەم پلانەشی تێکدا، کە لە بناغەوە هێرشێک بوو بۆ لەرێ لادانی شۆڕش و شکست پێهێنانی.
راستی شۆڕشی رۆژئاوا بەمشێوەیە ، بێ رۆڵی مەیدانی و زهنی رێبەر ئاپۆ ناتوانرێ شرۆڤەی راست بۆ ئەم شۆڕش بکرێت، شۆڕش بە بناغەی مەزن دەکرێت، لەسەر زهنیەت و پارادایمی نوێ، ئەوکات دەبێتە هۆی وەرچەرخانی هەمەلایەنەی مەزن لە نێو کۆمەڵگادا، کاتێکش شۆڕش بەم بناغە پتەوە ئاواکرا هێرشەکان چەندە گران بن ناتوانن شکستی پێ بێنن.




میکرۆبەکان وڵاتە زلهێزەکان دەکەوێنن؟ … ممدوح المهیني … لە عەرەبییەوە: ئومێد بۆتانی

لە گەڵ خێرا بڵاوبوونەوەی پەتای کۆڕۆنا پێشبینی سیاسی ناڵۆژیکی کران کە میحوەری هێز روو لە رۆژهەڵات دەکات و رۆژئاوا جێدەهێڵێت کاتێک بە دەست زۆری حاڵەتەکانی توشبوون و مردنەوە دەیناڵاند، هاوکات لە گەڵ دیمەنی خەمناکی زۆری تەرمەکان و گواستنەوەیان بە ئۆتۆمبێڵە زرێپۆشەکان، ئەو پێشبینیە تۆزێک میسداقیەتی بەدەستهێنا بەڵام هەر چەند مانگێکی دیاریکراو بەردەوام بوو.

جیهان هەمووی هیلاک و ماندووە، ئەو پێشبینیانە نابابەتی و رەشبینانە بوون،هاوکات لە گەڵ کەمبوونەوەی ژمارەی مردن ئێستا ژیان قۆناخ بە قۆناخ دەگەڕێتەوە، ئابووری ئەوروپا و ویلایەتە یەکگرتووەکان چاکدەبێتەوە لە گەڵ زیادبوونی هەڵی کار( ئەمریکا لە مانگی رابردوودا ٤.٨ ملیۆن هەڵی کاری نوێی راگەیاند)، تەنانەت دیوەکەی دیکەش کە هێرشیان دەکردە سەر چین گوایە بە قەیرانێکی خنکێنەردا تێدەپەڕێت هۆکارەکەی سیاسی بوو، یاخود نوقمی بیردۆزی رەشبینانە ببوون، لە رووی ئابووریەوە چین رۆژە سەختەکانی ئەو پەتایەی تێپەڕاندووە، ئەوەی ئێستا بە زۆری هەیە حکومەت هەندێک گەرەکی پەکین بۆ ماوەی چەند رۆژێک دادەخات.

هەرەسهێنانی سیستەمی جیهانی و گوازرانەوەی بۆ ‌هێزێکی دیکە بۆ سەر لە نوێدانانەوەی شێوەی جیهان بابەتێکی ئاسان نیە، پێویستی بە بارودۆخی بابەتی و لۆژیکی هەیە کە لە ئێستادا بەردەست نین، بۆ ئەوەی ئەمە بزانین گرنگە باس لە هۆکارە بابەتییەکان بکەین کە بوونە هۆی داڕووخانی سیستەمی جیهانی کۆن بە سەرکردایەتی ئیمپراتۆریەتی بەریتانی پێش سەرکەوتنی ‌‌هێزی ئەمریکی لە چلەکانی سەدەی رابردوو و دامەزراندنی سیستەمێکی جیهانی تایبەت بە خۆی.

هەرەسهێنانی ئیمپراتۆریەتی بەریتانی بە چەندین دەیەی درێژ تێپەڕی و هۆکارەکانی ریشەیی بوون، پشکی ئیمپراتۆریەتی بەریتانی لە بەرهەمهێنانی پیشەسازی جیهانی ساڵی ١٨٧٠ لە بەرزترین ئاستی بوو کە ٣٠٪ بەرهەمهێنانی جیهانی پێکدەهێنا بەڵام لە ساڵی ١٩١٠ دابەزی بۆ لە ١٥٪، لە کاتێکدا بەرهەمهێنانی ئەمەریکا زیادیکرد و گەیشتە ٢٥٪، ساڵی ١٨٨٣ هێزە دەریاییە وێرانکەرەکەی کە گەورەی زەریاکان بوو گەیشتە ترۆپکی شکۆمەندی و بە کەشتیە دەریاییەکانی هەرچی پێشی لێگرتبا وێرانی دەکرد، بەڵام لە ١٨٩٧ لە بەرامبەر کەشتیگەلی دەریایی ئەمەریکی لە رۆژئاوا و ژاپۆن لە رۆژهەڵات پاشەکشەی کرد.
بە دڵنیاییەوە ئەوپێشبینیە بەسەر ویلایەتە یەکگرتووەکان کە گەورەترین هێزی ئابووریە لە جیهاندا جێبەجێنابێت، رێژەی بەرهەمهێنانی ئابوورییەکەی نزیکەی لە ٢٣.٤٪ بەرهەمهێنانی کۆی جیهان پێکدەهێنێت و لە شەستەکانەوە تا ئەمڕۆ پاشەکشەی نەکردووە، سوپاکەی بە هێزترینە لە نێو هەموو هێزە سەربازییەکانی جیهان و ساڵانە زیاتر لە ٧٠٠ ملیار دۆلاری بۆ تەرخاندەکات( لە ساڵی ٢٠١٩ نزکەی٧١٨ ملیار دۆلاری لە سوپاکەی خەرجکرد لەبەرامبەردا چین ١٧٨.٢ ملیار دۆلاری بۆ سوپاکەی تەرخانکرد).

لە غیابی ‌‌هێزێکی سەربازی جیهانی سەردەست جەنگ و ململانێی زۆر هەڵگیرسان و بوونە هۆکاری هەرەسهێنانی سیستەمی جیهانی ئەوکات، لە دوای جەنگی جیهانی دووەم کە کۆتا بەشی زنجیرە جەنگێکی خوێناوی بوو، لە نێوان ساڵەکانی ١٨٥٠ و١٩٤٥ ئەڵمانیا و فەڕەنسا کەوتنە نێو سێ جەنگەوە:١٨٧٠ و ١٩١٤ و ١٩٤٠، دوو شەڕی دژوار لە نێوان رووسیا و ئەڵمانیا روویاندا، فەڕەنسا و بەریتانیا لە گەڵ ئەڵمانیا کەوتنە ناو شەڕ، تەنگژە و پێکدادانەکان باڵی بەسەر ئەو سەردەمەدا کێشابوو، هەڕەشەی روبەڕوبوونەوە بە هۆی هێزە تەماحکارە دراوسێکان و لێکچووە سەربازییەکان لە ئارادابوو، ئەو نیشانانە لەو کاتە یەک شتی دەرخست کە سیستەمی جیهانی دروستکراوی ئەوروپا خەریک بوو لەناو دەچوو، بە دیاریکراوی لە بەر ئەو هۆکارە و بە هۆی بوونی هێزێکی سەربازی سەردەست و شکستپێهێنانی دوو دووژمنی گرنگ ( ئەڵمانیا و ژاپۆن) و بە دیموکراتیزەکردنیان و تێکەڵکردنیان بە کۆمەڵگەی نێودەولەتی ٧٠ ساڵە هیچ جەنگێکی جیهانی رووینەداوە و ئیستیقڕار بۆ جیهان گەڕێندراوەتەوە.

بە داڕووخانی ئابووری و سەربازی ئەمەریکا هەروەک پێشووتر بە سەر ئیمپراتۆریەتی بەریتانیادا هات هۆکارگەلی بابەتی بەردەست دەبێت تاوەکو بڵێێن سیستەمەکەی لاواز دەبێت و لەناودەچێت و لەشوێنیدا هێزی چینی یان رووسی جێگەی دەگرێتەوە، بەڵام لە ئێستادا ژمارە باوەڕپیکراوەکان ئەوەمان پێناڵێن بە تایبەتتر لە سەردەمی ئیدارەیەکی کۆماری باوەڕدار بە پاراستنی شکۆمەندی و گەورەیی ئەمەریکا، بۆیە پەتای کۆڕۆنا شتی زۆر ناگۆڕێت، میکرۆب و ڤایرۆس و بەکتریاکان زیانبەخشن بەڵام زلهێزەکان دابەشناکەن و نایانکەوێنن، ئەوە پارە و سوپاکانن زلهێزەکان دەکەوێنن.

*ممدوح المهیني

لە عەرەبییەوە: ئومێد بۆتانی

*( بەڕێوبەری گشتی هەردوو کەناڵی “العربیة” و “حدث” ـ رۆژنامەی شرق الاوسط




من وا له‌ شیعر تێده‌گه‌م … به‌ختیار محه‌مه‌د

(شیعر ئاوێنه‌ی زمانه‌، كه‌ هه‌موو شته‌كان خۆیانی تێدا ده‌بینن. به‌ڵێ، شیعر ئاوێنه‌ی زمانه‌؛ یان با بڵێم: شیعر زمانێكی ئاوێنه‌ییه، كه‌ ده‌بێ هه‌موو شته‌كان خۆیانی تێدا ببینن!).

زۆر جار شیعرێك ده‌بینم (ده‌خوێنمه‌وه‌)، وشه‌ی جوانی له‌پاڵ یه‌كدا ڕیز كردووه‌ و ته‌نانه‌ت وێنه‌ی شیعریی جوانیشی تێدایه‌، به‌ڵام ماناكه‌ی (ناوه‌رۆكه‌كه‌ی) قووڵ، جوان و فره‌وان نییه‌؛ ئه‌مه‌ش بۆ خوێندنه‌وه‌ی بۆ خۆی به‌كێشم ناكا و ڕامناكێشێ. من بڕوای ته‌واوم له‌ شیعر و ئه‌ده‌بدا به‌وه‌ هه‌یه‌، كه‌ شێوه‌ و ناوه‌رۆك یه‌كتر ته‌واو ده‌كه‌ن و ده‌بێ پێ به‌ پێ له‌گه‌ڵ یه‌كدا هه‌نگاو بنێن و له‌ ئاستی یه‌كدا بن (بڕواشم به‌ شیعری شێوه‌گه‌را و فۆرمالیست نییه‌؛ به‌و واتایه‌ی، كه‌ من چێژیان لێ نابینم). به‌ڵێ، ئه‌وه‌ ده‌زانم، كه‌ مه‌رج نییه‌ ناوه‌رۆكێكی باش، سه‌د له‌ سه‌د ده‌بێ فۆرمێكی به‌رز و باشیشی هه‌بێ، به‌ڵام هیچ فۆرمێكی باش و جوان – ده‌توانم بڵێم – به ‌بێ ناوه‌رۆك و واتا و ده‌لاله‌تێكی ده‌وڵه‌مه‌ند و قووڵ نابێ (ڕاستییه‌كه‌ی فۆرم و ناوه‌رۆك ئاوێته‌ و ئاوێزانی یه‌كن و هه‌رگیز لێك جودا نابنه‌وه‌؛ له‌مه‌وه‌ فۆرم واتایه‌ و واتاش فۆرمه‌). له‌ ناو شیعر و ئه‌ده‌بدا هزر هه‌یه‌، وه‌ك میوزیك نین، كه‌ ته‌نها ڕۆحی چێژ بیانجووڵێنێ و ناخی خوێنه‌ر (بینه‌ر) بورووژێنن و ئاسووده‌ی بكه‌ن و هه‌ستی جوانیی پێ ببه‌خشن. ئه‌و شیعرانه‌ی ته‌نیا وه‌ك میوزیك – به‌ ئه‌بستراكت – له‌ خۆیان ده‌ڕوانن، زوو ده‌پووكێنه‌وه‌ و زوو ده‌مرن. شیعر ته‌نها ئیلهام نییه‌، به‌ڵكو فیكر و ڕۆشنبیرییشه‌. له‌پاڵ ئه‌مه‌شدا هه‌ستی به‌رزی جوانییه‌. به‌ڵێ شیعر له‌ جوانی و فیكر پێك دێ؛ له‌مه‌وه‌ ((شیعری بێگه‌رد)) – به‌لای منه‌وه‌ – جگه‌ له‌ ده‌سته‌واژه‌یه‌كی بێ واتا و بێ ناوه‌رۆك هیچ شتێكی دیكه‌ نییه‌.

به‌ كورتییه‌كه‌ی: زۆر ده‌ق ده‌بینم (ده‌خوێنمه‌وه‌) فۆرمێكی جوانی هه‌یه‌، به‌ڵام ڕۆحێكی مردووی له‌ پشته‌. ڕۆحێك، كه‌ هه‌ژاره‌ له‌ ڕه‌هه‌ندی واتاكان: واتای سیاسی، مێژوویی، ئه‌فسانه‌یی، ئایینیی، … تاد. شیعر، كه‌ توانی به‌رگی شیعر له‌به‌ر هه‌موو شتێكدا بكا، ئه‌وسا ده‌بێته‌ شیعری ڕاسته‌قینه‌. شیعر خۆی له‌ تخووبی هه‌موو به‌هاكانی ژیانی مرۆڤ ده‌دا، ده‌بێ وا بكا، به‌ڵام چۆن ده‌توانێ و چۆن پێی ده‌وێرێ، ئه‌مه‌ شتێكی دیكه‌یه‌. هه‌ر كاتێك شیعر له‌ چێوه‌ی یه‌ك واتادا خۆی قه‌تیس كرد، ئه‌و كاته‌ ده‌بێته‌ شیعرێكی بێ باڵ. شیعر به‌ ته‌نها زمان نییه‌، به‌ڵكو شیعر واتاشه‌ (ئه‌و واتایه‌ی، كه‌ زمان به‌ خه‌سڵه‌تی شیعریی به‌رجه‌سته‌ی ده‌كا). شیعر زمانی تایبه‌تی واتاكانه‌. ڕاسته‌ شیعر زمانی تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌م زمانه به‌رهه‌می هه‌ست و ئاوه‌زی مرۆڤه‌. ئه‌و مرۆڤه‌ی به‌ر له‌ هه‌ر شتێك بوونه‌وه‌رێكی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌. شاعیر به‌ر له ‌هه‌ر شتێك مرۆڤه‌، مرۆڤێكی تایبه‌تمه‌ند و هه‌ستیار. شاعیر ئه‌و كه‌سه‌یه‌، كه‌ زمانێكی تایبه‌تی هه‌یه‌؛ زمانێكی تایبه‌ت به‌ خۆی، كه‌ هه‌ست و هزره‌كانی – له‌ قاڵبی جوانییه‌كی نموونه‌ییدا – پێ ده‌رده‌بڕێ. له‌مه‌وه‌ جوانیی له‌ داهێنانی شیعر و ئه‌ده‌ب دانابڕێ. شیعر ئه‌و زمانه‌یه‌، كه‌ هه‌موو كه‌سێك ناتوانێ قسه‌ی پێ بكا، جگه‌ له‌ شاعیر خۆی نه‌بێ. شیعر زمانی شاعیره‌. وه‌زیفه‌یه‌كی سه‌ره‌كی شیعر ئه‌وه‌یه‌، كه هه‌ستی باڵا و قووڵی جوانییمان پێ ببه‌خشێ؛ ئه‌مه‌ش شێوازی زمانی هۆنینه‌وه‌ی شیعره‌كه‌ ده‌سته‌به‌ری ده‌كا. زمانی شیعر چه‌ند ده‌وڵه‌مه‌ند بێ به ڕه‌گه‌زه‌كانی‌ خوازه‌ و هێما و وێنه‌، هێنده‌ش‌ شیعرێكی سه‌ركه‌وتوو و سه‌رنجڕاكێش ده‌بێ. ڕاستییه‌كه‌ی له‌م سه‌رده‌می قه‌یرانه‌ی شیعردا، شیعر ده‌بێ به‌ سه‌نگینی بنووسرێ، هه‌رگیز زمان و ده‌لاله‌تی خواوه‌ندانه‌ی خۆی له‌بیر نه‌كا. هه‌ڵبه‌ت شیعر زمانه‌، به‌ڵام كاتێك كه‌ خواوه‌ند (ئه‌پۆلۆ) قسه‌ ده‌كا؛ كاتێك كه‌ جوانی سروشت قسه‌ ده‌كا؛ كاتێك كه‌ خۆشی و ناخۆشی مرۆڤایه‌تی قسه‌ ده‌كه‌ن؛ كاتێك كه‌ تاكی شاعیر له‌جیاتی هه‌موومان و له‌جیاتی هه‌موو شتێك قسه‌ ده‌كا. به‌ڵێ شیعر زمانه‌، كاتێك زمان له‌ناو زماندا قسه‌ ده‌كا؛ ئه‌گه‌ر زمانی شیعر نه‌بێ ناتوانین وه‌سفی هه‌موو شتێك بكه‌ین. زمانی ئاسایی ناتوانێ به‌ جوانی و به‌ ته‌واوی وه‌سفی هه‌موو شتێك و هه‌موو هه‌ست و بیركردنه‌وه‌یه‌كمان له‌ به‌رانبه‌ر دیارده‌ و شتته‌كاندا بۆ بكا، بۆیه‌ لێره‌ زمانی شیعر (ئه‌ده‌ب) وه‌ك فریادڕه‌سێك دێ و لێمان قووت ده‌بێته‌وه‌ و یارمه‌تی ئه‌م كه‌موكووڕییه‌ و ده‌سته‌پاچه‌ییه‌مان ده‌دا (ڕاستییه‌كه‌ی زمانی شیعر هه‌ر به‌ زمانی سوریالیه‌تی خه‌ون ده‌چێ، كه‌ به ‌ته‌واوی سنووری نامومكینی زمانی به‌زاندووه‌. واته‌ له‌دایكبوونی زمانی شیعر ئه‌و ساته‌وه‌ختانه‌یه‌، كه‌ زمان خه‌ون به‌ بوونی نائاسایی خۆیه‌وه‌ ده‌بینێ و ده‌یه‌وێ سنووری مومكینی واقیعی خۆی ببه‌زێنێ). له‌مه‌وه‌ شیعر تا ئه‌ندازه‌یه‌كی یه‌كجار زۆر زمانی ئاسایی و زمانی واقیعی ژیانی مرۆڤی ده‌وڵه‌مه‌ند كردووه‌. ئه‌م زمانه‌ زمانێكه‌ چێژبه‌خشه‌. زمانێكه‌ – ده‌توانم بڵێم – گۆرانی و میوزیكیشی داهێناوه‌؛ بۆیه‌‌ شیعر نه‌بێ، كوا گۆرانی هه‌یه‌؟ شیعر نه‌بێ، كوا ئیستاتیكای زمان هه‌یه‌؟ شیعر نه‌بێ، كوا خه‌یاڵی جوانیی هه‌یه‌؟ شیعر، نه‌بێ كوا ئه‌ده‌ب هه‌یه‌؟… ڕاستییه‌كه‌ی سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنی ئه‌ده‌ب شیعره،‌ نه‌ك په‌خشان. گه‌لگامێش و ئه‌لیاده‌ و ئۆدیسه‌ چیمان پێده‌ڵێن؟ ئه‌ی خۆ ده‌قه‌ ئایینییه‌كانیش هیچیان له‌ زمانی شیعر به‌ده‌ر نین! له‌مه‌وه‌، ئه‌گه‌رچی ئه‌مڕۆ شیعر له‌ پاشه‌كشه‌ و‌ قه‌یراندایه‌، به‌ڵام نابێ ئه‌م شكۆیه‌ و ئه‌م ئه‌سڵه‌ی خۆی له‌بیر بكا: شكۆ و ئه‌سڵی داهێنانی زمانی ئه‌ده‌ب و زمانی نووسین.

به‌ختیار محه‌مه‌د




سێ شیعری مەحمود دەرویش … وەرگێڕانی: ئارا بەرزان

گەرهاتوو تەنهابووی

گەر کرا
تەنها بوی ،
بە خۆت بڵێ:
مە نفا، ڕەنگ و ڕووی خۆی گۆڕیوە ،
ئە بو (تەمام) شپرزە نە بوو
کاتێ روبەروی خۆی بۆوە
( نە تۆ تۆی نە هەواریش هەوار )
شتە کان لە بری تۆ ،
هە ستی نیشتیمانیت لە کۆڵ ئە نێن:
لە قوژبنێکی بە جێ ماوو
گوڵێکی کێوی دەڕۆی
پەڕە سێلکە یە ک ،
لە پیتی « ح »ی ناوەکەت
بە دە نوک
لە نێو بە رگی دارهە نجیرێکی شکاو دا
ئە کڕێنێ
دەستەکانت
مێشهەنگونێک، پێوەی دەدا
کاتێ
لە پشت ئە م پەرژینەوە
بۆ پەڕی سۆنە یە کی ئە بەی .
یان تۆ
ژنێک ڕە نگە فریوی دابێتی ،
تۆ … نا تۆ نا، دەڵێ ی
( ئەرێ لە کۆی روخسارم جێهێشت )
دواتر لەدەرەوەی شتە کان
لە هە ستە کانی
خۆت دە گە ڕێ ی ،
لە نێو دڵخۆشی دا ،پێ ئە کەنی و
لە داروخانە، قاقا
ئێستا خۆت دۆزیە وە
بە خۆت بڵێ:
گەرامەوە بە ،تە نها
بە کە م بوونی دوو مانگ
بە لام (هەوار، هەر هەوارە)

———————————

بیر لە وانی تر بکە وە

کاتێ تۆ خواردنی نا شتا، دا ئە نێ ی ،
بیر لە وانی تر بکە وە .
( بیرت نە چێ ،خواردنی کۆترە کان )

کاتێ تۆ، خە ریکی، جە نگی خۆتی ،
بیر لە وانی تر بکە وە .
( بیرت نە چێ ،ئەوانە ی لە ئاشتی دە گە رێن )
کاتێ تۆ ،پارەی ئاو ،دە دەی ، بیر لە وانی تر بکە وە ،
( ئەوانە ی شیره خۆرەی ، هە وەرە کانن )

کاتی تۆ ،دە گە رێیتە وە ،ماڵ ، ماڵی خۆت ،
بیر ،لە وانی تر ،بکەوە
( بیرت نە چێ گە لی ژێر دە وارە کان )
کاتی تۆ ،دە خە وی و ،ئە ستێرە کان ،ئە ژمێری
بیر ،لە وانی تر بکە وە .
( ئەوانە ی بۆ خە ۆێک ، شۆێنێک شک نابە ن )
تۆ بە خوازە کان ،خۆت ،ئازاد دە کە ی
بیر ،لە وانی تر ،بکەوە
( ئەوانەی بێ ماف کراوون ،لە دووان )
وە کاتێ تۆ بیر لە ئەوانی ،دوور ،ئە کە یتەوە ،
بیر لە خۆت ،بکە وە
( بڵی: بریا لە تاریکیدا مۆ مێک بایە م )

————————-

هێلین ، ئای لەو بارانە

رۆژی ،سێ شە م
بە هێلین گە یشتم .
لە سە عات سێ دا
سە عاتی بێ کۆتایی لە بێزاری
بە ڵام، دەنگی باران
دەگەڵ ژنێکی وەک هێلین
لا واند نه‌وه بوو بۆ سە فەر
باران ،
ئەی لە و هە موو
ئۆخژنە ،
ئۆخژن بۆ ئاسمان
بۆ خۆی ،
باران
ئای لە و هە موو ناڵینە .
ناڵینی گورگ بۆ جنسە کەی
بارانێک ،
لە سە ر بانێژە ی ،وشک
بانێژەی ،ئاڵتونی ،
سە ر گومە زی ،کە نیسە کان

  • خاک چە نێک ،لە منەوە دورە
    وە چە ندێک دوورە ،عیشق لە ،تۆوە
    غه رییه كه به ،نان فرۆشکە ،هێلین
    لە خیابانێکی تە سک ،
    وەک گۆرەویە کانی ،دەڵێ:
  • نا زیاتر لە لەفزێک ……..و باران
    باران برسیە ،بۆ درەخت
    باران برسیە ،بۆ بەرد
    غە ریبە کە ،
    بە نان فرۆشە کە دەڵێ :
    هێلین ،هێلین
    هەر ،ئێستا
    بۆنی ئەو نانەی ،کە لێت دێ
    سەر ئە خیتە ،بە لە کۆنی ئەو ،ولاتە دورانە
    تا قسە کانی ( هۆمیر ) ، بژنە وە
    ئایا ،ئاوی سەر شانت سەر ،ئە خرێت
    بۆ ئەو درختە، وشکەی ،ناو قە سیدە
    پێ ی دە ڵێ : ئای ،لە و بارانە
    ئای ،لەو بارانە
    غە ریبە کە ،بە هێلین ،دە ڵێ :
    تابکرێ لە ،ئاو بروانم
    نێرگس م دەوێ.
    ئاوی تۆ ،لە لە شمدایه ،دە ی ،چاوی لێ بکە
    هێلین ،لە ئاودا ،خە ونمان هە یە —– ئە یبینی
    مردوووکان ،بۆ ناوی تۆ ،لە کە نارتا ، گۆرانی دەڵێن :
    هێلین ،هێلین ، وەک، مانگ
    بە تە نها ، بە جێمان مە هێڵە
    ئای لەو بارانە
    ئای لە و بارانە
    غە ریبە کە
    بە هێلین دە ڵێ:
    من پێشتر ،لە لە سە نگەری ،تۆدا
    وە شە ڕ ،هاتوم
    لە خۆێنی ئاسیای من بێ بەری نی
    وە لە و خۆێنە نارۆشنە ی
    وا لە دە ماری گولانی تۆدا
    هێلین
    چە ند ،زالم بون
    ئە غریقیە کانی ،ئە و زە مە ن و ،ئەو سەر دە مە
    (ئۆلیس )
    چەند درندە بوو ،
    تامەزرۆ بوو بۆ سە فەر
    له خه یاله کانی دەگەرا ،لە سە فەردا
    ئەو قسانەی ،کە نە موێرا ،بیڵێم وتم
    وە ئەو قسانە ی ،کە دەموێرا بیڵێم ،بە هێلینم ،نە وت
    بە لام هێلین ،
    تێ دە گا لە و قسانە ی غە ریبە کە ،کە نە یوێرا بیڵێ
    وە دەشزانێ
    چی بەو بۆنە دە ڵێ
    وا لە ژێر باراندا ئە شکێ پێ ی دە ڵێ
    شە ری تەروادە رووی نە داوە
    نا، لە هیچ کاتێ
    نا، لە هیچ دە مێ
    ئای لە و بارانە
    ئای لە و بارانە



شیعر – بەلەمێک لە هەور … کاوە عوسمان عومەر

تەنها جەستەیە، گوێچکە ماسی…
ڕۆح، تووڕدانی بەلەمی هەورە،،،
لە زەریای ئاسمان…
ئارەزووی شیعر،،،
خەونێکیش، گەر نەشبوە نەورەس،،،
خەیاڵێکیش لەسەر پردێک جێ ما،،،
فرمێسکی گیاکانیش….
کوا نوسینی هەموو ڕۆشتنەکانتی هەڵگرتوە،،،
بەلەمی هەوریش بێ تۆم بۆچیە ؟،
خۆ من لە نێوان…
زەریا و هەور،،،
جۆلانیەکم هەڵبەستوە،،،
پەنجەرەش کوا چاوی پایزە،
تۆز و خۆڵی شەقامیش…
وەک زمانی بروسکە،،،
لە ڕەنگپژانی کەلێکا….
پەلکەزێڕینەی شارێکە،،،،
جگە لە شەرابی وشەکانی خەڵک،،،،
نە ئەستێرە لە ئامێزیا ماوە…
نە پشکۆی جێماوی ووشە،،،
دوای جگەرەیەکی با کەوتوە.




ئامان … شیعر: شهریار قنبری.. وەرگێڕانی: پشکۆ ناکام

ئامان لەبری ماچی گەردن
جەقۆی خۆشحاڵەکان
ئامان لە سێبەری نا ڕەسەن
لەم دەروازە دەرد هێنەرە
ئامان لە نا کامڵ بوونی تۆ
ئامان لە نا کامڵ بوونی من
ئامان لە ڕۆژی بێ خەو
ئامان لە ئێوارە ئاوازی مردن
ئامان لە دوا هێرشی
“با” و خۆڵەمێش
كە لە پەرتەوازەیی پەپولە
كورەی شەو نەبوو ڕۆشن
لەم بازاڕی خۆ سووتاننە
ببارێنە ، ئەی ڕووناکی دوێنێ

لە نێوان ووتن و خەوتن
لە نێوان مانەوە و ڕۆشتن
ئامان لە ڕۆژگاری بێ پەنجەرە
ئامان لەم هەموو چەتە و ڕێگرە
“””””””’
“””””””’

ئامان لە ڕێی بێ ڕێبوار
ئامان لە شاری بێ شاعیر
ئامان لە ڕۆژگاری بێ پەنجەرە
ئامان لەم هەموو چەتە و ڕێگرە
ئامان لە” پێک”ی بێ مەی
ئامان لە درەخت” سنۆبەر”ی کەوتوو




” ئەزموونم لەگەڵ شاعیرە بێ مەعریفەکانی کورد: ئالان شێرکۆ، بە نموونە” … کامۆ ئاراز

ئێستای وێژەیی کوردی:

وابزانم کاتی مردنی خودای هۆنراوە ئەپۆڵۆ گەلێ لێمان نزیک بۆتەوە بە ئەندازەی تاڵە مویەک. لەسەر هەمان ترادسیۆنی نیچە، پێم وایە بەم نزیکانە بیرمەندێک پەیدا دەبێت کە بڵێ: ئەپۆڵۆ مردووە، و ئێمە کوشتمان. کوردیش خاسیەتێکی سەیری هەیە تا کار لە کار نەترازێت، لە پای ئارێشەکاندا تەقەی سەری دێت. کاتێکیش تیر لە کەوان دەردەچێت و دەیپێکێت، ئینجا دەست دەکات بە نوزە نوز و ڕۆندک ڕشتن. هەڵبەتە ئەم ئاژاوەی شیعرە بە تەنها کوردی نەگرتۆتەوە، بگرە زۆرینەی زۆری ئەو هۆنراوانەشی لە ئێستاییدا بە زمانی ئینگلیزی دەنووسرێن بێ بەهاترین و نزمترین ئاستی وێژەییان هەیە و ساتێک دوای خوێندنەوەیان لە یاد دەکرێن. زۆرینەی زۆری هۆنراوە نوێیەکان لە بە فیڕۆدانی مەرەکەب و پەڕ زیاتر نین، تاکە سوودێک هەیان بێت، بریتییە لە بەکارهێنانی پەڕەکان بۆ گوڵەبەڕۆژە و پاقڵە.

هۆیەک لەو هۆیانەی کە بەم ڕۆژە تاریکە گەشتووین پێموایە ئەوەیە کە مرۆڤی پۆست-مۆدێرنە تاکێکە حەزی لە بیرکردنەوە نییە، بۆیە چی بە زمانیدا گاگۆڵکە بکات نایگەڕێنێتەوە، و دەینووسێت. خوێنەریش لەم کەساستر کە لە ژیانیدا تامی دێڕێک هۆنراوەی جوانی وێژە بڵندی نەکردووە، بە دەقەکە سەرسام دەبێت. بە کورتیەکەی هاوکێشەکە ئەمەیە، نووسەرێکی نابیرکار دڵی خوێنەرێکی نابیرکار خۆش دەکات بەوەی دەقێکی پێشکەشکردووە، خوێنەریش دەبێتە هەواداری و وەهمی مەزنی بە نووسەر دەبەخشێت. پەیوەندی نێوان بەشێکی زۆر لە نووسەران و خوێنەرانیان لەم سەردەمەی ئێستا زۆر لە بیرۆکەی هاوگوزەرانی دەچێت لە زانستی بایۆلۆژیا. سیمبۆسس یاخود بە زمانی کوردی هاوگوزەرانی بریتییە لە کارلێککردنی دوو جۆری جیاوازی زیندەوەر بۆ سوودگەیاندن بە یەکدی تاوەکو لە ژیاندا بمێننەوە، هەر بۆیەشە پێوەندی نێوان بەشێکی زۆری نووسەرانی کورد و خوێنەرەکانیان وەکو پێوەندی نێوان دار و چەشنێکی کەڕوو بە ناوی (مایکۆڕایزایە).

هەر ئەم بەکارنەهێنانەی ژیرییە، لە گەلەرییەکانی هونەردا مۆزێک دەبینین بە تێپێکەوە بە دیواردا چەسپێنراوە و نرخەکەی خەیاڵییە، هەر ئەمە وای کردووە کە هۆنراوە بە ئەندازەی هەوا کێشی سووک بکرێت تاوەکو کێ بیەوێ هەڵی بمژێت و دوانەئۆکسیدی کاربۆن بداتەوە، وەک لەوەی هۆنەر دەبێت دار بێت و چی پیسی هەیە لە هەوادا بکاتە ئۆکسجین. بەهەرحاڵ، هەر ئەم لە کار کەوتنەی ژیراندنی مرۆڤی ئەم سەردەمەیە کە بە ناو هەموو کایەکانی دیکەدا ڕۆچووە ژوانژی: میوزیک، وێنەکێشان، سینەما، ڕۆماننووسین، هتد. تەنانەت لە ڕاپیشدا کۆمەڵێک ڕاپەر پەیدابوون کە لیریکی ڕاپەکانیان هیچ نرخێکی هونەری نییە و لە ئازاردانی مێژووی جوانی ڕاپ هیچی دیکە نییە. وەلێ بێگومان لەگەڵ ئەوەی ئەم خەوشیانەش هەن، چەندان کەسانی بڵند لە بوارەکانیاندا هەوڵی ئەوە دەدەن ئەم مرۆڤی پۆست-مۆدێرنە زۆمبی-ئاسایانە بە هۆش خۆیاندا بهێننەوە و مولولەکانی خوێنیان وەگەڕبخەنەوە تاوەکو خوێن بگاتەوە مێشک. لە بەرامبەر مۆزە بە تێپ چەسپاوەکەی ماوریزۆ کاتێلان، بانکسی هونەرمەندی سەرشەقامی شۆڕشگێڕ هەیە، بەرامبەر لیل زان کە لە ڕاپدا وەکو منداڵ کغە کغەیەتی، ئێمێنێم و ڤینی پاز و ئیمۆڕتاڵ تێکنیک هەن، لە بەرامبەر هۆنەران ڕوپی کۆڕ و هۆنەرە خراپەکانی ئینستگرام، لانگ لیاڤ و ڕ هـ سین هەن.

شتێکی دیکە کە تێبینیم کردووە بریتییە لە تۆقینی نووسەرە نوێیەکانی کورد لە هەمبەر ڕەخنەی ئەدەبی، ئاخر ئەمە هێمایە بۆ بەکارنەخستنی ئەقڵ، وە ئەو وەهمەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بۆیان درووست بووە، ئاخر بڵندی دەقێکی وێژەیی بە لایک و سەب نییە. هەرچۆنێک بێت، مرۆڤ دەبێت پێش هەمووان خۆڕەخنەوان بێت و ترسی خۆی بشکێنێ لە ڕەخنە، لەبەر ئەوەی ڕەخنە درووستکەرانەیە، بێ ململانێ ژیان واتایەکی نییە و پێشکەوتن نایەتە ئاراوە. نووسەر و هۆنەرە نوێیەکانی کورد لە دەست خۆشی زیاتر شتێکی دیکەیان لە لا پەسەند نییە، ئاخر ئەمە زیان دەگەیەنێت بە وێژەی کوردی. تۆ بنواڕە گوڵێک گەشە ناکات گەر خۆر و باوبۆران پێکەوە کاریگەری نەخەنە سەری، جا زۆرێک لەم نووسەرە نوێیانە پەژموردەن وەک لەوەی گوڵی گەشاوە بن، بۆیە گەر ئامادە نەبیت گوێ لە ڕەخنەکان بگریت کە هاوکاریت دەکەن ببیت بە باشتر ئەوا هەردەم لە شانشینی وەهمدا تەراتێنت دەبێت.

نووسەرە نوێیەکان دەترسن لەوەی ڕەخنەکان بڵاو بکرێنەوە و بخرێنە بەر باس، دەیانەوێ هەردەم لە پشت مێسنجەر و پەردەکانەوە ڕەخنەکان یەکلایی بکەنەوە و جۆرە سوڵحێکی عەشایەری-وێژەییانە بکەن. گومان لەوەدا نییە ئەمە هەڵەیە، چون تۆ پاثۆلۆژیەکی کۆمەڵایەتی دێنیە ناو وێژە لە کاتیکدا دەبوو وێژە چارەسەری ئەو دەردەی کردبا، ئاخر گەر تۆ هەڵەیەکی وێژەیت کردووە، بە بڵاوکردنەوەی هەڵەکەت سوود بە دەیانی دیکەش دەگەیەنرێت، دەبێت دڵخۆش بیت بەوەی کە کەسانێک هەن گرنگی دەدەن بەوەی نووسەریکی چاکت لێ دەربچێت، تەنانەت گەر ڕەخنەکان رووخێنەریش بن، تۆ دەتوانیت بە نووسینێکی جوانتر لە دەقە رەخنەییەکە ناپەسندی خۆت دووپاتبکەیتەوە، ئەوکات توانستی نووسین و زانیاریت دەبێتە سەنگی مەحەک. لە ساڵی ١٩٥٧ سکینەری سایکۆلۆژستی بەناوبانگی ئەمەریکی کتێبێکی بڵاوکردەوە لە ژێر ناوی ‘کردارە زارەکییەکان’ لە بەرامبەریدا چۆمسکی دژی تیۆرەکانی ئەو بوو بۆیە ئەویش ڕیڤیویەکی بۆ کتێبەکە نووسی و دواتریش کتێبێکی دیکەی لە هەمان ساڵدا دژی ئەو بڵاوکردەوە. ئەگەر ئەم کێشمەکێشە بە نووسین نەبوایە و بە ئاشکرا، ئەوا زانستی زمانەوانی و سیکۆلۆژی بە هیچ شێوەیەک گەشەی نەدەکر یاخود کاتێکی زیاتری دەخایاند تا بگەین بەوەی ئێستا بەدەستمان هێناوە لەو بوارانەدا.

ڕەخنەی ئەدەبی چییە؟

ڕەخنەی ئەدەبی: بریتییە لە توێژینەوە، هەڵسەنگاندن و شلۆڤە کردنی دەقی ویژەیی و خستنە بەرباسی تێما و ماناکانی بەرهەمێکی ئەدەبی. ڕەخنەی ئەدەبی دەکرێت لە شێوەی وتارێکدا بێت یانیش کتێب. دەتوانین بڵێین لەو کاتەوەی وێژە هەبووە ڕەخنەی ئەدەبیش لە پاڵیدا بوونی هەبووە، هەر یەکەیان ڕووی لایەکی دراوێکن. ڕەخنە و باسەکانی سەبارەت بە کایەکانی وێژە دەگەڕێنەوە بۆ سەردەمێکی لە مێژینە. ئەڕەستۆ پەڕتووکی “هونەری هۆنراوە poetics”ـــــی نووسیوە کە پەڕتووکێکە لەمەڕ تیۆریی وێژە، لە بەرانبەریشیدا ئەفڵاتوون بەگژ شعریەتدا چۆتەوە. بەهەرحاڵ سنووری نێوان ڕەخنەی ئەدەبی و تیۆری ئەدەب ڕوون نین و مشتومڕ هەیە لەوەی جودان یانیش هاوشانن.

ئەگەر ڕەخنە نەبێت ئەوا پێشکەوتنی ئەدەبی نایەتە کایەوە. ڕەخنە چ درووستکەر بێت یاخود لەناوبەر سوودی خۆی هەیە، بێگومان پێویستە مرۆڤەکان ڕەخنەی ئەکادیمی و دوور لە میزاجی تایبەتی خۆیان بگرن وەلێ ناتوانیت چاوەڕوانی ئەوە نەبیت کە ڕەخنەی لەناوبەر و لەکەدارکەریش دەگیردرێت، هەرچۆنێک بێت نووسەری باش لە نیوان ددانەکانی ئەم ڕەخنانە دەتوانێت دەرچە بدۆزێتەوە و نەبێتە پارو، و مەعریفەی بەم ڕەخنانە دەوڵەمەندتر بکات. نووسەر دەبێت گوێ لە هەموو ڕەخنەیەک بگرێت، مەرج نییە هەموو ڕەخنەیەکش لە جێی خۆیدابێ، نووسەر مەرج نییە هەموو ڕەخنەیەکی لەلا پەسەند بێت، بەڵام پەسەند نەبوونی ڕەخنەیەک واتای ئەوە نییە نووسەر هەڵبشاخێت و وەکوو منداڵ مینگە مینگ بکات، بەڵکو نووسەر دەتوانێت بە ئاڕگیومێنتی جوانتر و باشتر، ئاڕگیومێنتەکانی ڕەخنەگرەکان بشکێنێت، یاخود بەرچاوڕوونی زیاتر بدات دەربارەی بەرهەمەکەی گەر هەڵە تێگەیشتنێک هەبوو.

بێگومان چوونە بەردڵی دەقێک بە تەواوی دەکەوێتە سەر خوێنەر، واتە جوانی سەبژێکتیڤە و تۆ حەزت بە قاوەیە لێ من حەز بە چای سەوز دەکەم، جوانی و چێژ دەکەونە سەر تاکەکان، بەڵام لەگەڵ ئەمانەشدا ناتوانین ئەوە ڕەتبکەینەوە کە کۆمەڵێک کاری وێژەیی و هونەری لە هەندێکی دیکە باشترن. ئەوە ئەرکی ڕەخنەگرە لێهاتووەکانە بە گوێرەی ئەزموونیان لەگەڵ زەریایەک لە دەقە ئەدەبییەکان هەڵسەنگاندن بکەن بۆ ئەوەی بزانرێت لە دەقەکان کامانە باشن و کامانەش باش نین، وە لەبەر چ هۆکارێک یان هۆگەلێک مۆری بەرهەمی باش لە مۆری بەرهەمی خراپ جیا دەکرێتەوە. بە میتۆدی جیاواز جیاواز دەتوانین شیکاری بکەین بۆ دەقە وێژەییەکان، چەندان قوتابخانە و مێتۆدی هەمەچەشن هەیە بۆ ئەوەی لە رێگەیانەوە پرسیار و مشتومڕ لەسەر بەرهەمێکی ئەدەبی بجوڵێنین لەوانە: تیۆری ئاڕکەتایپەکان، دەروونشیکاری، مێلاگیری، پۆست-کۆڵیۆنیاڵیزم، هتد.

مەرج نییە بە ڕووت و قووتی یەک تاکە رێگە بەکاربهێنیت و وەکو پۆشاک بیکەیتە بەر دەقێکی ئەدەبی. هەر بۆ وێنە ڕۆمانی وێژەی ئەمەریکی ”گاتسبی مەزن”ی ف. سکۆت فیتزجێراڵد، مەحاڵە تەواوی ڕۆمانەکە تەنها لە ڕووانگەیەکی فێمنستیەوە یاخود ئابووری پۆست-کۆڵیۆنیاڵستیەوە لێی بڕوانین، دەتوانیت بە تێکەڵکردنی ئەم شیکارییە وێژەییە جیاوازانە و دواتریش باسی تەکنیک و هێماگەرییەکان دەتوانین خوێندنەوەیەکی ڕەخنەگرانەمان بۆ تەواوی ڕۆمانەکە هەبێت. بە کورتی جگە لەوەی ڕەهندێکی فێنمنستی زاڵە لە ڕۆمانەکە مەرج نییە هەرچ تێکستێکی باس لە فێمێنیزم نەکات وەدەری بنێین لە هاوێنەی خوێندنەوە ڕەخنەییەکەمان، یانیش مەرج نییە یەک لایەنی مێژوویی فێمنستی تێدا بخرێتە ژێر هەلسەنگاندن، بۆ نموونە دەتوانرێت ڕاڤەی سایکۆلۆژیانەی فێمنستی بۆ بکرێت.

زمانی شعری و زمانی ئاسایی:
زمانی ڕۆژانە جودایە لە زمانی هۆنراوە و هەردووکیشیان جیاوازن لەو زمانەی کە پەخشانی وێژەیی یاخود پەخشانی ناوێژەیی پێ دەنووسرێت. ناشتوانین بڵێین زمانی شعر پاشکۆ یانیش سەر بە زمانی ستانداردە، بەڵکو هەردووکیان دوو فۆڕمی جودان لە یەکتر، زمانی شعری ڕێزمان و لێکسیکۆن و زمانەوانی تایبەت بەخۆی هەیە، لە هەمووی بەرچاوتر ئەوەیە ئەرکی ئەم دوو فۆڕمە بۆ مەبەستی جیاواز بەکاردەهێنرێن.

ئاخر درووست نییە بە هەمووان بڵێین هۆنەر ئەگەر هێلێکی جیاکەرەوە بوونی نەبووایە لە نێوان زمانی هۆنینەوەی هۆنراوە و ئەو زمانەی کە لە ژیانی ڕۆژانەماندا بەردەوام قسەی پێدەکەین. زمانی ئاسایی زمانێکی سادەیە، و لە کۆمەڵگادا بەکاردەهێنرێت بۆ گەیاندنی نامەیەک، قسەکەران تا پێیان دەکرێت دەیانەوێت ڕوون بدوێن لە خەمی گەیاندنی مەبەستەکەیان بۆیەشە زمانەکە خاڵییە لە فۆڕمی تایبەت و کەرەستە ڕەوانبێژییەکان. هەرچی زمانی شعرییە، زمانێکە تێکەڵ بە مێتافۆر و کەرەستە ئەدەبییەکانی دیکە و بە گوێرەی کۆنتێکست و نووسەر سینتاکس یاری پێدەکرێت و هاوشێوەی ڕێزمان و سینتاکسی زمانی ڕۆژانە نییە.

خاڵێکی دیکە لە دیسکۆرسی شعری بریتییە لە فۆڕم. هۆنەرە نوێیەکانی ئێستای کورد یاخود بەزۆرخۆ-کردووە هۆنەرە کوردەکانی وێژەی ئێستایی کوردی قێز لە فۆڕم دەکەنەوە، نازانم ئەمە بۆ وایە، لەوانەیە بەهۆی ئەوەوە بێت کە وا تێبگەن شیعری نوێگەری بە واتای کاولکردنی هەموو جۆرە فۆڕم و کەرەستەیەکی هۆنراوە دێت، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ تێنەگەیشتنیان لە شیعر. بەهەرحاڵ، فۆڕم لە وشەی لاتینی فۆڕماوە هاتووە، کە مانای جوانی دەگەیەنێت. ت. س. ئیلیۆتی هۆنەر و فەیلەسوفی ئەمەریکی دەڵێت: ”هیچ بەستەیەک ئازاد نییە، بۆ کەسێک کە دەیەوێت کارێکی باش بکات.” سایکۆلۆژی تاکی کورد وەهایە کە تەنها لە ناو بڕوانێت و ناواخن فەرامۆش بکات، ئاخر دەستەواژەی ‘شعری ئازاد’ واتای ئەوە نییە هیچ جۆرە فۆڕمێک نابێت بوونی هەبێت. لادانی هەموو جۆرە فۆڕمێک بە واتای خۆبوون و ئازادی و نوێگەری نایەت، با تاقیکردنەوەیەکی هزری بکەین: خودی زمان بە تەواوی دابماڵە لە هەموو ڕێسا و یاسایەک، ئەوەی دەمێنێتەوە لە گەڕەلاوژە زیاتر نییە.

لەم سەردەمەدا زمانی شعری بە جۆرێک سادە کراوەتەوە کە هیچ جیاوازییەکی نەبێت لەگەڵ زمانی ئاسایی، بگرە تەنانەت زمانی ئاسایی ئێستاتیکیانە جوانترە لەو تێکستانەی بە مەبەستی ئەدەبی دەنووسرێن. با چەند نموونەیەکی شعری ئێستا وەربگرین:
تۆ بێهۆش کەریت،
منیش ئاڵودەت
بوون و نەبونت دەمکوژێ!.
_ئالان شێرکۆ

ئەم دەقەی سەرەوە کارەساتە، جگە لەوەی زمانەکەی زمانێکی ویژەیی نییە، تەنانەت بە زمانێکی ئاساییش نابێت پەسەند بکرێت. دەستپێکی دەقەکە ‘بێهۆش کەریت’ هەڵەیە ‘بێهۆشکەریت’ ڕاستە، ئاخر گەر بە گوێرەی ئالان شێرکۆ بێت ‘تۆ’ی شعرەکە بێهۆشانە کەرە! لەباتی دەربڕینی تاقە وشەی بێهۆشکەر کردوویەتی بە هەردوو وشەی (بێهۆش و کەر). لە ڕووی خاڵبەندیشەوە هەرگیز خاڵ لە پاڵ نیشانەی سەرسوڕمان نایەت، ئەو دووانە دانویان پێکەوە ناکوڵێت، لە بیرمە ئەم نەگوزەرانەی خاڵی کۆتایی و نیشانەی سەرسوڕمان لە پۆلی سێی سەرەتاییەوە خوێندومە لە خوێندنگا.

هەرچەندە لە شعردا ئاساییە ئەگەر هۆنەر یاری بە خاڵبەندی بکات، زمانی شعری بە دووی هیچ یاسایەکی زمانی ڕۆژانە ناکەوێت خاڵبەندیش لەمە بەدەر نییە، بەڵام بە جۆرێک بەکار دەهێنرێن کە مەبەستێک و جوانیەکی زیاتر بە هۆنراوەکە ببەخشێت، بەڵام لەم دەقەدا تەنها هێمایە بۆ نەزانی و کەم توانایی و بێ مەعریفەیی هۆنەر.

وا بڵاوکراوەتەوە:
چەند ڕۆژێک لەمەوپێش؛
قافڵەیەک ،
ڕێی کەوتۆتە وڵاتی بێتاقەتی.
پرسیاریان،
لە پەناهەندەکانی بێتاقەتی کردوە.
کێ لەئێوە،
دەچێتە وڵاتی خۆشبەختی؟
پاساریەکانی بێتاقەتیی،
هاوڕێی قافڵەکەن!
منیش،
خۆم کۆکردۆتەوەو لەگەڵ قافڵەی مەرگ دەڕۆم.
بەرەو وڵاتی خۆش بەختی،
بەم زوانە!

_ئالان شێرکۆ

ئالان لەم دەقەدا چەند وشەیەکی ئەتک کردووە لەوانە: بەم زوانە وشەیەکی بێ مانایە و بەمزووانە درووستە. هەرچۆنێک بێت، ئەوەی دەمەوێت سەرنجی بخەمە سەر ئەوەیە ئەمە لە پەخشانێک زیاتر نییە کەچی وەکو هۆنراوە مامەڵەی لەگەڵ کردووە! چەندان جار کەرەستەی line breakی بەکارهێناوە واتا هێڵێکی بۆ هێڵێکی دیکە شکاندووە بەبێ هیچ هۆیەک تەنها لەبەر ئەوەی ویستویەتی وەکو تێکستێکی هۆنراوە نیشانی بدات، وەلێ ئەمە شیعر نییە، میعرە. ماوەیەکی زۆر نابێت بۆ ئەم هۆنەرانەی وەها دەنووسن، کە بەبێ هیچ هۆیەک و بە هەڕەمەکیانە لە هێڵێکەوە باز دەدەنە هێڵێکی دیکە تەنها لە پێناوی ئەوەی دڵی خۆیان خۆش بکەن هۆنراوە دەنووسن، نووسیبووم:
کاتێک شعر دەنووسی
با ئەوە نەبێ
تەنها قسەکانت لە
هێڵێکەوە بۆ
هێڵێکی دیکە پەرتەوازە
بکەیت و
ناویشی لێ بنێی هۆنراوە
_ س و ص.

ئەم تەنگەژەیەی خراپ نووسیە تەنها کوردی نەگرتۆتەوە، هۆنەرە نوێیەکانی ئێستا زیاتر بازرگان و ماڕکێتەرن و بەرهەمەکانیان بە کاڵا دەکەن وەک لەوەی لە پێناوی وێژەدا بنووسن. تەنانەت لە وێژەی ئینگلیزی نوێش هۆنەرەکانی ئینستاگرام خراپترین دەقی وێژە پێشکەش دەکەن، لێ داخەکەم هۆنەرەکانی کورد بەمان سەرسامن و دەیانەوێت لاسایی ئەمان بکەنەوە.

ئەو هۆنەرەی نازانێت بنووسێت، وە نازانێت بۆچی دەنووسێت:
بەشێکی بەرچاو لە هۆنەرە نوێیەکان هیچ ئاستێکی مەعریفیان نییە لە هیچ بوارێک بەتایبەتی بوارەکەی خۆیان. لەوانەیە ناوەکانی ئەپۆڵینێر و وۆردسۆرس لە دەستەواژەی ئەبرەکەدابرا و افتح یا سم سم زیاتر نەبن بۆیان، هێشتا فێری ئەوە نەبوون ڕەخنە قبوڵ بکەن، لە دەمێکدا دەژین وەڵامی ئەم شاعیرە بێ مەعریفانە بریتییە لە سوکایەتیکردن بە کەسێتی و نزم نیشاندانی توانای رەخنەگر. نموونەی ئەم شاعیرە نوێیانە لە ناو کورد زۆر زۆرن، لێ لای من بێمەعریفەترینیان و ئەوەی ترسوکاییەک هیوای تیا نییە ڕۆژێک لە ڕۆژان ببێتە نووسەر و هۆنەر (ئالان شێرکۆ)یە.

لە یەکێک لە گرووپە مەعریفییەکاندا ئەم ڕەخنەیەم لە پۆستێکی کرد بوو لە ماڵپەڕی فەیسبووک:
کاتێک لایک و سەب بوونە پێوانە بۆ دەقی ئەدەبی، ئەوە ئەو وەختەیە کە ماڵئاوایی لە جوانی بکەین.
ئالان شێرکۆ لە نووسینی ئەم دەقەدا:

کۆرۆنا هاوشێوەی شەیتانە
لە ڕەمەزاندا بەسترابۆوە
لە جەژندا کارا دەبێتەوە
وەزارەتی ئەوقاف

لای وایە ساتیرنووسێکە بە ئەندازەی سێرڤانتسی خاوەنی شاکاری دۆنکیخۆت، لێ نازانێ کە خودی دەقەکەی گاڵتەجاڕانەیە نەک سێرڤانتس بێت و وەکوو هەنگ هەنگوین بەرهەم بهێنێت، هەڵبەتە ئەم دەقە دۆنکیخۆتیی ئەو دەردەخات نەک توانای ساتیری ئەو. ئاخر کوێی دەقەکە هۆنراوەیە یاخود ساتیرێکە هزر بجوڵێنێت، چی پێشکەش کردووە؟ سەدان دەقی وەهای بێ سوود بەرهەم دێت، هەر بۆ نموونە:

تڕەمپی سپی کۆشکی سپی
فەرمانی دا بە پۆمپەیۆ
ئێران تویت باران بکەن
پنتاگۆن

ئەم ڕەخنەیەم دەربارەی ئەم دەقە بێ ئاستەی کە لە یەكێک لە گرووپەکاندا بڵاو کردبۆوە، لە باتی ئەوەی بێت بە گفتوگۆ و ئاڕگیومێنتی ئەکادیمی وەڵامی من بداتەوە، زۆر بەرگریکارانە دەدوا، پێی گوتم کە ئەو دەقەی ئەو بە مەبەستی ئەدەبی نەینووسیوە بۆیەشە ناوی خۆی لەگەڵ دەقەکەدا دانەناوە لە کۆتایی، ئەرێ خوێنەری بەڕێز لەم پەڕلەیە تێدەگەن؟!!

هەرچۆنێک بێت، بۆم ڕوونکردەوە ئەگەر بە مەبەستی وێژەیی نەینووسیوە، بۆچی پێویست بەوە دەکات هێلەکان وا تێکبشکێنیت و line break بەکاربهێنیت، ئەگەر مەبەستت پێدانی فۆڕمێکی شعری نەبوو بێت، لە باتی وەڵامدانەوەی ئەم کاونتەر-ئاڕگیومێنتە ‘شاعیر’ دەست دەبات بۆ بابەتە کەسێتییەکان و باس لەوە دەکات کە من پیشتر ڕەخنەم لە هاوچەشنێکی گرتووە و ئەو تەنها ڕەخنە لە کەسانی شارەزا پەسەند دەکات، وەک بڵێی خۆی دۆناودۆنی نالی و شەیکسپیرە!

بەهەرحاڵ ویستم پێشنیاری کۆرسێکی زانکۆی یەیڵی بۆ بکەم کە نووسەر و شارەزای بەناوبانگی بواری وێژە پڕۆفیسۆر (پۆڵ هـ. فرای) لە زانکۆی یەیڵ پیشکەشی کردووە سەبارەت بە ڕەخنەی ئەدەبی و تیۆری وێژە، لێ لە وەڵامی بۆم بریتیی بوو لە ”دەریا بەدەمی سەگ پیس نابێت” و ”خۆت پێویستت بە کۆرسێکە، تۆ ڕەخنە لە هەموو کەس دەگریت، ئەمە لە زمانی فەلسەفەدا پێی دەگوترێت دەروون نەخۆش.” سەرەتا دەروون نەخۆشیە، دەروون نەخۆش بۆ کەس بەکاردێت. دواتریش ئەم ‘هۆنەرە’ نازانێ جیاکاری بکات لە نێوان فەلسەفە و سایکۆلۆژیا، تەنها دەستەواژەکانی دەروون نەخۆشی و فەلسەفە هاتوون بە گوێیدا و بێ بیر لێکردنەوە بە زمانیدا دەردەپەڕن.

ئالان شێرکۆ هیچ دەربارەی ساتیر نازانێت، کەچی دەیگووت دەقەکەی وەک ساتیرێک نووسیوە دژی حوکمەت، ئاخر زۆر سەیرە لە ساتیر تێنەگەیت و بینووسیت! ئەمە بۆ خۆی گاڵتەجاڕیییە. چەند مانگێک لەمەو پیش ڕەخنەم لە هاوچەشنێکی(پەروێز هوما) گرت کە ئەویش هۆنەرێکی خراپە لێ کەمە ترووسکاییەکی تێدا دەبینم کە لە داهاتوودا بتوانێت شتێک بە شتێک بکات. پەروێز هوما کارەکتەرێکی شعری هەیە بە ناوی ‘یاسەمین’ ئەم کارەکتەرە لە کۆمەڵێک شعری ئاست نزمی وێژەییدا دەردەکەوێت، دەقەکانی هێندە ئاست نزمن، دۆخێکی تراژیکۆمیدیا لە ناخی تاکی کورد درووست دەکەن، ئەمانە کۆمەڵێکن لە دەقەکانی کە کارەکتەری یاسەمینی تێدا بەکار هێناون:

لە مێژووی مندا،
یاسەمین باڵوێزی ئاشتیی جەنگەکانە و
کۆتایی بە جەنگی جیهانی یەکەم و دووەم هێنا.
هەر ئەو بوو بیردۆزی ڕێژەیی کەشف کرد.
**
لە مێژووی مندا،
یاسەمین زوحاکی کوشتووە و
هەر ئەویش ئەمریکای دۆزیەوە!

**
یاسەمین هەموو ئەو شتانەیە،
کە ئێمە پێمانوایە نیە!
**
گەر یاسەمین نەبوایە،
کەس گوڵی نەدەناسی و
کەس نەیدەزانی چارەنووسی نەورەسەکان بە چی دەگات.

ئەم دەقانە بە شێوەیەک ئاست نزمن کە تەنانەت ناتوانیت هەڵیانبسەنگێنیت! ئاخر هەڵسەنگاندن بۆ تێکستێک دەکرێت کە ئەگەر هەر هیچ نەبێت کەمێک مانا و جوانیەکی لێ بچۆڕێ تەنانەت ئەگەر دڵۆپەیەکیش بێت. بەهەرحاڵ، ساتیرە شعرێکم نووسی لە ژیر ناوی ‘یاسەمیننامە’ کە تێیدا لەسەر هەمان ستایلی پەروێز هوما کارەکتەری یاسەمینم بەکارهێنا بوو، بۆ ڕۆناهی خستنە سەر ئەوەی ئەم دەقانەی ئەم هیچ بایەخێکی وێژەییان نییە و پووچن و سەدان دەقی بێ واتای هاوشێوە دێنە بەرهەم، ئەمەی خوارەوە هۆنراوەکە بوو:

”یاسەمیننامە”
(١)
چراکان عاجزن و داناگیرسێن، لەبەر ئەوەیە یاسەمین سوتەمەنی نەماوە
(٢)
دەرەجەم نەهێنا لە وزاری چونکە یاسەمین موڕاقیب نەبوو
(٣)
لە تاو شانازیکرد بە یاسەمین افتح یا سم سم ئەکەم بە افتح یا یاسمین
(٤)
ژیان تامی نەماوە چونکە یاسمین چێشت لێنانێت چیتر
(٥)
یاسەمین چۆنی؟ وەڵامی نەدایەوە بۆیە زمانەوانی دەخوێنم
(٦)
سەیری تیڤی ناکەم چیتر، چونکە ئەو درامایەی یاسەمین بەدڵی بوو گەشتە ئەڵقەی کۆتایی بەڵام بە ئەڵقەی هاوسەرگیریمان درامای ئێمە دەست پێدەکات.

تەنانەت ئەوەی ڕێژەی زیرەکییەکەی لە خوار ئاستی ئاساییشەوە بێت پەی دەبات کە ئەم دەقە ساتیرە و وێژەیەکی گاڵتەجاڕی و توانجە بۆ دەرخستنی کەمایەسییەکانی نووسەری ناوبراو. وەلێ ئالان شێرکۆ بێ ئەوەی هیچ تێگەیشتنێکی هەبێت دەیویست بەهەر نرخێک بوو بێت ڕەخنە بگرێت لێم و ئەم گفتوگۆیە ڕوویدا لە ژێر پۆستەکە:

ئالان شێرکۆ: ئەوە لەکەیەوەیاسەمین بۆتە موڵکی تۆ
من: وا تێگەیشتووی لە پۆستەکە کە کردوومە بە موڵکی خۆم؟
ئالان شێرکۆ: کەرەستە یان ناوێک بەکار هێنا لە شیعردا دەبێتە موڵکی تۆ
من: ئەزیزەکەم تۆ ئەزانی ئەدەبی باڵای ساتیر چییە؟
ئالان شێرکۆ: بەڵێ دهزانین
من: ئەگەر بتزانیایە ئەم پرسیارەت نەدەکرد، چونکە ئەمە بە ئاشکرا دیارە کە پارچەیەکە لە ساتیر، وە ساتیر نە موڵکی تۆ نە موڵکی ئەو کەسە نییە کە باسی دەکەیت. ڕێز و سڵاو.
ئالان شێرکۆ: پێویست ناکات ڕوون کرنەوە بۆتۆ بکەملەسەر حسابی کەس خۆت مەکە بەناو ئەزیزم
من: ڕەخنەکەت پارچەیەکە لە هەڵەی لۆژیکی، گەر ناتوانی ڕەخنە لە ساتیرەکەم بگری، باسی ناوبانگی مەکە، لەلای من ناوبانگی پولێکی قەڵب ناهێنێت. وە دیکتاتۆری لە تۆش قبوڵناکەم ڕێنوێنیم بکا چی بنووسم یان نە نووسم.
ئالان شێرکۆ: ئەتوانی بە زمانێکی شیرین تر قسە بکەی نەک هێندە فەلسەفیانەتۆ ئەتوانی داهێنان بکەی نەک ساتێرەکەو یان تەنزەکەو بەناوێکی دوبارەوە بلکێنی
من: ئەزیزم تۆ لە سەرەتاوە هاتوی بە نەزانانە دەتەوێ ڕەخنە بگری، تۆم خستۆتە سەر چاوم، هیچی توندم پێنەوتوویت، بەڵام گەر تۆ کەمێ بەقەد تۆزقاڵێکیش بزانی شعری پارۆدی و ساتیر چییە یەکەمین کۆمێنتت نە دەکرد. دیارە ڕق لە دڵی یان چی بەو شێوەیە لەگەڵم دەدوێیم دەنا من هێچ ڕقێکم بەرامبەر بە تۆ نییەم ڕەخنەی درووستکەرانە و درووستیشم قبوڵە. بەڵام ڕەخنەی بێ ئامانجی وەکو ئەتەوێت خۆت بەناوبانگ بکەی یان ئەوە موڵکی نازانم کێ یە ئەمە هەر ڕەخنە نین. ڕێز و سڵاو.
ئالان: یەکەم جارمە دەت بینم و کۆمێنتیشت بۆ دەکەم ئیتر ڕق ی چیم لێت بێباشە چاوەکەم من هیچ نازانم و تۆ فەیلەسوفبە باشە ئەزیزم، سەرچاووم
من: ئەوەی تۆ پێی دەدووێیت زمانێکی ژیرانە نییە. هیوام خۆشبەختیتە، کاتێکی خۆش.

پێش ئەوەی شیکارییەک بۆ ئەم گفتوگۆیەی نێوانمان بکەم لە کۆمێنتی ماڵپەڕی فەیسبووکدا کە تێیدا ئالان شێرکۆ وەکوو خانە بە خانەی پێپلیکانەیەک تێیدا بەر دەبێتەوە، دەمەوێت سەرنج بخەمە سەر ئەوەی کە ئالان شێرکۆ بە هیچ شێوەیەک ڕەخنە قبوڵ ناکات تەنانەت ئەم پەسند نەکردنەی ڕەخنە بۆ هاوچەشنەکەی(پەروێز هوما)ـــــش دەکات، ئێمە هاوڕێی فەیسبووک نین بەڵام بە بیستنی ئەوەی ڕەخنە لە پەروێز هوما گیراوە لە کۆمێنتەکاندا خۆی لە من قووت کردبۆوە، ئەوەی سەیرە ئەوەیە لەم ماوەیەدا چآوپێکەوتنێکی لەگەڵدا کراوە لە ڕۆژنامەیەک کە تێیدا باسی بارودۆخی گەنجان دەکات و ڕەخنە لە حوکوومەت دەگرێت، ئاخر گەلێ دیمەنێکی کۆمیدییە، تۆ هیچ ڕەخنەیەکت قبوڵ نییە و نازانیت چۆن گفووگۆیەکی ئەکادیمیانە بەڕێوە ببەیت چۆناهی ڕەخنەی کۆمەڵایەتی دەگریت؟ پەرچەکرداری بەرامبەر بە ڕەخنەکان زۆر منداڵانەیە و ورک دەگرێت و هەتسیانە مامەڵە دەکات و وەکو دیکتاتۆرێک هەڵدەچێت لە ئاست ڕەخنە، سا تۆ هیچ جیاوازییەکت لەگەڵ ئەو حوکمەتەدا نییە کە لە چاوپێکەوتنەکە ڕەخنەبارانت کردووە. ئەوەی لە هەمووی سەیرترە بریتییە لەوەی کە ئەم چاوپیکەوتنەی خۆی بە شانازییەوە ڕۆژێک لە دوای ئەوە بڵاوکردۆتەوە کە پێمی وت: تۆ ڕەخنە دەگریت کەواتە تۆ دەروون نەخۆشیت، من تەنها ڕەخنە لە شارەزاکان قبوڵ دەکەم، پێم بڵێ کورد کەی ڕەخنەگری هەیە، هتد.

ئالان شێرکۆ، لە ئەلف تا دوایین پیت لە ساتیر بێخەبەرە دەنا نەیدەپرسی ‘لە کەیەوە یاسەمین بۆتە موڵکی تۆ؟’ ئەو ناژیرانە وا دەزانێت من سەرسام بووم بە دەق و کارەکتەری پەروێز هوما بۆیە بەکارم هێناوە، هەر دیار بوو زۆر بە شپرزەیی هەژماری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکەمی دۆزی بووەوە تاوەکوو لە کۆمێنتەکاندا من بوروژێنێت قسەی پێبڵیم، لێ نازانێت مرۆڤی بێ مەعریفە دەستەوانەی ئاویان لە دەستە و ڕوون دیارە لە ناو دەستیاندا چیان حەشارداوە. گەر من دزی ئەدەبی باما و سەرسامی یاسەمینی هوما بام ئەوا لە هۆنراوەیەکی جواندا بەکارمدەهێنا نەک توانجی لێ بدەم، ئاخر کەس هەیە تینەگات ئەم ڕستەیە ” دەرەجەم نەهێنا لە وزاری چونکە یاسەمین موڕاقیب نەبوو” لە پاڵ ئەوانی دی تەنها بۆ هێنانە کایەی ستینی تراجیکۆمیدیا نووسراوە؟

دواتر لە وەڵامدا پێم دەڵێت ”لەسەر حسابی کەس خۆت مەکە بە ناو” ئەم ڕستەیە تەواو پیناسەی مایەپووچی مەعریفی ئالان دەکات. ئەمە پارچەیەکە لە هەڵەی لۆژیکی، لە لۆژیکی نافۆڕماڵدا بەمە دەگوترێت: “ad hominem attack” کە کەسی دواو دەست دەبات بۆ بابەتە کەسییەکان وەک لەوەی دەست ببات بۆ ئەو ئاڕگیومینتەی کە هێناومەتە کایەوە، مەبەستی ئالان لەم هەڵە لۆژیکییە ئەوەیە کە ئیستفزازم بکات و لە بەرامبەردا بابەتەکە بکەم بە بابەتی کەسی، دەیەوێت لە کۆمێنتدا ناشرینم بکات، لێ نازانێت کە من دەمێکە دەستبەرداری ئیگۆ بووم و بەزەییم بە مرۆڤی وەها دێتەوە کە لە بێ مەعریفەییدا وەکو ئەو حوکمەتەی ڕەخنەی لی دەگرێت دەیەوێت مەلەفی شەخصی درووست بکات بۆ ڕەخنەگر وەک لەوەی بێت بە ئاڕگیومینتێکی جوانتر چۆک بە ڕەخنەگردا دابدات. کاتێک وەڵامم دایەوە بە ” ڕەخنەکەت پارچەیەکە لە هەڵەی لۆژیکی، گەر ناتوانی ڕەخنە لە ساتیرەکەم بگری، باسی ناوبانگی مەکە، لەلای من ناوبانگی پولێکی قەڵب ناهێنێت. وە دیکتاتۆری لە تۆش قبوڵناکەم ڕێنوێنیم بکا چی بنووسم یان نە نووسم.” ئەوەی کە مایەی پێکەنینێکی خۆشکراو بە تراژیدیا بوو وەلامی ئەو بوو ” ئەتوانی بە زمانێکی شیرین تر قسە بکەی نەک هێندە فەلسەفیانەتۆ ئەتوانی داهێنان بکەی نەک ساتێرەکەو یان تەنزەکەو بەناوێکی دوبارەوە بلکێنی” . لێرەدا دیسان دەردەکەوێتەوە کە ناوبراو هیچ لە ساتیر نازانێت تەنها دەستەواژەکە بەکار دەهێنێت، وە دواتر من بە زمانێکی سادەی ڕۆژانە دەدوێم بەڵام لەبەر ئەوەی ئاستی مەعریفی هێندە کەمە (کە لە راستیدا گومانم هەیە جۆرێکی ئۆتیزمی هەبێت) وشەکانی: ساتیر، دیکتاتۆری، پولی قەڵب و هەڵەی لۆژیکی بە وشەی تەکنیکی فەلسەفی لە قەڵەم دەدات! ئەمە وەکوو ئەوە وەهایە جالجاڵۆکەیەک نەزانێت ماڵە تۆڕینەکەی درووست بکات.

هەڵبەتە ئالان شیرکۆ و نووسەرانی هاوشێوەی ژەهرن بۆ وێژەی کوردی، لە باتی ئەوەی شەڕی ئەکادیمیانە و هزری بکەن شەڕی ئەلکترۆنی دەرهەق بە خوێنەران و ڕەخنەگرانی دەقەکانیان دەکەن. لە جیهاندا هۆنەرەکان مرۆڤی زۆر تایبەتن و کانیاوی جوانیان لی دەڕژێ و وا لە مرۆڤ دەکەن بیربکەنەوە و ڕەخنەش قبوڵ دەکەن، لە کوردستانیشدا هۆنەرەکان ئەوەندە شارەزای هاک و کۆمپیوتەرن و هێرشی ئەلیکترۆنی دەکەنە سەر ڕەخنەگرەکانیان، بەو ئەندازەیە خۆیان پەروەردە بکردایە ئێستا هۆنەر بوون! بەڕاستی هەندێک جار وا هەست دەکەم کە ئەم هۆنەرانەی کورد هەراسانکردن و هەڵبژاردە ئەلکترۆنییەکان بە کەرەستەی وێژەیی تێبگەن، بۆیە ماوەیەک پێش ئێستا کە بیستم هاوڕێیەکم لە بەر گرتنی ڕەخنە لە پەیجێکی هۆنەرێکدا بلۆک کراوە تەنها لەبەر ئەوەی ڕێنووس ،و خاڵبەندی بۆ ڕاست کردۆتەوە، ئەم پارچە ساتیرەم نووسی:
مامۆستای ویژە: ئەو تەکنیکانە چییە کە فڵان شاعیر بەکاری هێناوە بۆ ئەوەی هۆنراوەکانی گوێگری زۆر بێ و دڵی ڕەخنەکارانیش بەرامبەری نەرم بکات؟
قوتابی جیلی نوێ: ڕەوانبێژی و بەکارهێنانی میتافۆر و وێنەی شعری و بلۆک کردنی ڕەخنەگران و باند کردنیان لە پەیجەکەتا و بە کرێ گرتنی هاککەرێک تاوەکووو هاکیان بکات.

دوایین وتە:
هەڵبەتە من وەکو خوێنەرێک کێشە و ڕەخنەی ئەدەبیم تێکەڵ ناکەم بە ژیانی تایبەتی نووسەران، بۆیەشە من جەنگ بەرامبەر دەقێک بەرپا دەکەم وەلێ دەکرێ لەگەڵ نووسەرەکەی لە قاوەخانەیەک بە خواردنەوەی قاوەیەکەوە قسەی خۆش بکەین و نوکتە بۆ یەکتری بگێڕینەوە، نووسەر دەبێت فێر ببێت کە خوێندنەوەی دەقەکەی بە چاوێک کە چاویلکەی ڕەخنەی لە چاوە کە تاکێکی ڕەخنە و ئەوەی دیکەشی توانج و ساتیرە، نەشڵەژێ.

کاردانەوەی نووسەر بەرامبەر ڕەخنە پێش هەموو شتێک دەبێت هاوڕێیانە بێت و نابێت بە دژیەتیەکی کەسی بیبینێت، دوای ئەوەی ئەمە بەدیهات، مەرج نییە نووسەر بە ڕەخنە قایل بێت بۆیە دەتوانێت بە مەعریفە و توانای لە کاونەتەر-ئاڕگیومێنتەکانی بە لێهاتوویانە وەڵامی ڕەخنەگر بداتەوە نەک بە بازاڕی و منداڵ-ئاسایانە. ئەگەریش بۆی دەرکەوت ڕەخنەکان کە جێی خۆیاندان، دەبێت سوپاسگوزاری ڕەخنەگر بێت و بە نووسینەکانیدا بچێتەوە.

خودی خۆم کە ڕەخنە دەگرم لە کەسێک مەبەستم شکاندنی خاوەنی دەق نییە بەڵکو مەبەستمە دەقەکە بپاڵێوم و خەوشییەکانی لێ بچۆڕم. وەلێ گەر ڕەخنەلێگیراو پەرچەکردارێکی ناهەمووار و خۆکردنە بەزمی هەبوو و هێڵی ڕێز و ئەکادیمیا ببەزێنێت ئەوا ساتیرم لە دژی تیژتر دەبێت و چاوی پێنووسەکەمی لێ سوورتر دەکەمەوە، هەڵبەتە واتای ئەوە نییە لە گفتوگۆی ئەکادیمی بچێتە دەر، کەس نابێت هێڵی بابەتیانە ببەزێنێت. کاتێک “ئەرستۆفانیس” شانۆگەرییە کۆمیدیەکەی نمایش دەکات سیاسەتمەدارێک بە ناوی “کلیۆن” دەیداتە دادگا بەو تاوانەی کە گاڵتەی کردووە بە خەڵکی ئەسینا لە کاتێکدا ئامادەبووانێکیشی لێ بووە خەڵکی ئەسینا نەبوون. هەرچۆنێک بێت، دوو ساڵ دوای ئەو ڕووداوە ئەریستۆفانیسی شانۆنووسی کۆمیدیا نووکی پێنووسەکەی تیژتر دەکات و لە شانۆگەریەکەی کلیۆن دەکاتە پەندی زەمانە.

بەداخەوە لە سەردەمێکی وێژەی کوردی دەژیێین کە دەبێت ڕەخنەکانمان توندتر بن، دەنا وا بڕوات وێژەی کوردی گیان دەدات و لەسەر پێخەفی مەرگ دەیبینینەوە. مەرج نییە هەمووتان رەخنەگر بن لێ ڕەخنەییانە لە دەقەکانی ئەو نووسەر و هۆنەرانە بڕوانن گەر بەڕاستی خۆشتان دەوێن.