چەند سەرنجێک لەسەر کتێبی “کارگەکانی تابووت”ی شێرزاد حەسەن -2- … مەحمود چاوەش

بەشی دووەم

تێگەی (مفهوم)ی نامۆبوون

تێگەی نامۆبوون لە کتێبی “کارگەکانی تابووت”دا زیاتر تێگەیەکی سۆسیۆ-کولتووریی و گەلەکییە(کۆلێکتیڤییە)، لێ هەندێک جار هەنگاو دەنێتە نێو بواری دەروونناسی (پسیکۆلۆژی)یەوە. نووسەر زۆر بەڕوونی لەم بازنەیەی نامۆبوونی گەلەکیدا دەمێنێتەوە و شرۆڤەی دەکات، یان بە قەولی خۆی بە شیزۆفرینیا و هیستریایەکی دەستەجەمعی و ڕۆحی ناوزەدی دەکات. وەک ئەو خۆی دەنووسێت: “خودی ئەم لەتوکوتکردنە لە باری ڕامیارییەوە بووەتە مایەی شیزۆفرینا و هیستریایەکی دەستەجەمعی و ڕۆحی هەر یەک لە ئێمەی داغان کردووە و …” (لاپەڕە ٤٥). دیارە نووسەر هۆشداری و ئاگاداری نەوەکانی داهاتووی کۆمەڵگەی کوردەواری دەکاتەوە و دەیەوێت ڕایانبچڵەکێنێت، کە کولتوورە زاڵەکانی هەزار ساڵەی ئەرەبی و تورکی و فارسی کارەکتەری مرۆڤی کوردی و کولتوورەکەی ئەویان بەرەو ئاستەنگێکی مێژوویی و دەروونی بردووە و دەبات، کە بە نامۆبوونێێکی گەلەکی (کۆلێکتیڤی) و تاکەکەسی (ئیندیڤیدوێل) کۆتاییان دێت. پێش ئەوەی بچینە ناوەڕۆکی ئەم باسەوە، پێمباشە ئاوڕێکی مێژوویی لە تێگەی نامۆبوون لە بوارەکانی فەلسەفە (فیلۆسۆفی) و کۆمەڵناسی (سۆسیۆلوژی) و کەمێک دەروونناسی (پسیکۆلۆژی) بدەینەوە.
زۆرێک لە توێژەر و فەیلەسوف و کۆمەڵناس و گەلناسەکان (ئێتنۆلۆژەکان)ی جیهان شیکار و توێژینەوەی جیاوازیان لەسەر تێگەی نامۆبوون کردووە، لەوانە: ئەرستۆتێلیس، ژان ژاک ڕۆسۆ (1)، هێگڵ و مارکس، جگە لەوە زۆرێک لە فەلەسوفەکانی قوتابخانەی فڕنکفۆرت، تا دەگات بە هزرمەندانی لێرەبوونگەرا و نیهیلستی (عەبەسیی)، وەک ژان پۆل سارتەر، سیمۆن دی بوڤوا، ئەلبێرت کامۆ و زۆرێکی تری ناوبانگدارە جیهانییەکان لەم بوارەدا توێژینەوەیان کردووە. ڕۆسۆ بۆ نموونە بەڕوونی باسی دەکات و دەڵێت کاتێک مرۆڤ لە سروشت جیادەبێتەوە، ئیتر لە خۆی نامۆ دەبێت، لەم بارەشدا خۆپەرستی زاڵ دەبێت بەسەر خۆخۆشویشتندا. واتە کاتێک مرۆڤ لە سروشت جیا دەبێتەوە، کە باوەشی پڕسۆز و خۆشەویستی دایکانەی ئەوە، پرۆسەی نامۆبوون دەستپێدەکات.
لەوە زیاتر ڕوونکردنەوەی تێزەکانی ڕوسۆ، بەڵام هەروەها هێنانی هێگل بۆ بەر باس، لە چوارچێوەی شیکاری ئەم نووسینە دەردەچن، ئاخر هەر یەک لە ئەوان توێژینەوەی تایبەت بە خۆی گەرەکە.

تێگەی نامۆبوون بە مانا کۆلێکتیڤەکەی (گەلەکییەکەی)

کارل مارکس کێشەی نامۆبوون لە پڕۆسەی کار و بەرهەمهێناندا بە شێوە گەلەکییەکەی (کۆلێکتیڤ)یەکەی ئاوەڵا دەکات. ئەو لە دەستنووسە “فەلسەفی-ئابوری”یەکەیدا نامۆبوون بە خۆدەردان(2) ناوزەد دەکات. مارکس ئەم تێزەی لە تێزە فەلسەفی-ئایدیالیستییەکەی هێگلەوە وەرگرتووە و ماتەریالیستیانە دایڕشتۆتەوە. مارکس پێیوایە نامۆبوون لە پڕۆسەی کار و بەرهەمهێناندا دێتەگۆڕێ. لە پڕۆسەی کاردا بەرهەمی کرێکار (مارکس بە پڕۆلیتاریا ناوزەدیان دەکات) بە ئەو خۆی نامۆیە، چونکە خاوەنداری بەرهەمەکەی خودی خۆی نییە، بەڵکو سامانی کەسێکی ترە، کە بە خودی ئەم نامۆیە. کرێکار لەم پڕۆسەیەدا تەنانەت لە خودی خۆی نامۆ دەبێت یان وا هەستدەکات بووە بە بەشێک لە ماشێنەکانی بەردەستی. مارکس ئەم نامۆبوونە بە تێگەیەکی گەلەکی (کۆلێکتیڤ / دەستەجەمعی) شیکار دەکات. لەم ڕوانگەیەوە خاوەنداریی تایبەتی هۆکاری نامۆبوونی کرێکارە، لێ سوودی کار و بەرهەمی کارەکەی دەچێتە دەستی کەسێکی ترەوە، کە مارکس بە سەرمایەدار / کەپیتالیست ناوزەدی دەکات. مارکس پرۆسەی کار بە سەرچاوە و پنتی سەرەکی سەرهەڵدانی دیاردەی نامۆبوون لە تەواوی مێژوودا دەناسێنێت، بە هەموو فۆرم و سیستەمە کۆمەڵایەتیەکانەوە، ئەوە هەر لە پەیوەندییە جڤاکییەکانی کۆیلە و خاوەنکۆیلەدا، لە کۆمەڵگەی فیۆداڵی سەدەکانی ناوەنددا (دەرەبەگایەتی) تا دەگات بە سەرهەڵدانی سیستەمی سەرمایەداری و فاشیزم و سۆسیالیزمیش، کە نووسەر باسیان لێدەکات. گەر بە چاوێکی ڕەخنەگرانەوە بڕوانینە تێزەکەی مارکس لەمەر تێگەی نامۆبوون، دەبینین، کە لە فۆرم و سیستەمی سەرمایەداریدا هەر تەنیا کرێکار نییە کە نامۆیە بەرامبەر بەرهەمی کارەکەی و بە خۆیشی، بەڵکو پەیوەندییە کۆمەڵاییەتیەکان لەم سیستەمەدا لە ئاستەنگێکی تاکەکەسی و گەلەکی ئەوتۆدان، کە تەواوی مرۆڤایەتی بە نێوان و نامۆبوونێکی ئەبەدیدا تێدەپەڕێنێت. کەواتە تێگەی نامۆبوون مۆرکی تەنیای کۆمەڵگەی مۆدێرن نییە، بەڵکو لە تەواوی مێژووی مرۆڤایەتیدا، هەروەها لە فۆرم و سیستەمە کۆمەڵایەتییەکاندا، کە مارکس بە ڕێکخەرە کۆمەڵایەتیەکان ناوزەدیان دەکات، بەرجەستە بووە و دەبێت. تاکو ئەمڕۆش سیستەمی سەرمایەداری ناتوانێت یان نایەوێت چارەسەرێکی مرۆڤدۆستی بۆ دیاردەی نامۆبوون بە شێوەیەکی گشتی بدۆزێتەوە یان بەرەنگاری بێتەوە، چونکە بەرەنگاربوونەوەی ئەم پڕۆسەیە لە توانا و هێزە سروشتی و مادییەکانی ئەم سیستەمەشدا نەماون. مرۆڤەکانی ئەوروپا و زۆربەی شوینەکانی تری جیهان بە سیستەمێکی ئەوتۆوە وابەستکراون، کە بە ئارەزووەکانی ئەم سیستەمە سەرمایەدارییە / کاپیتالیستییە هەڵسوکەوت دەکات. ڕەنگە گەلێک تیۆری باس لە هێورکردنەوەی نامۆبوون لە کۆمەڵگە مۆدێرنەکاندا بکات، لێ دەروویەکی تایبەتی تاکو ئێستا بۆ ئەم دەردە کۆمەڵایەتییە نەدۆزراوەتەوە و ناشدۆزرێتەوە.

تێگەی نامۆبوون لە سۆسیۆلۆژیدا (کۆمەڵناسیدا)

کۆمەڵناسی فەڕنسی ئێمیل دورکهایم (3) لەو باوەڕەدایە، کە نامۆبوون بە لەدەستدانی ترادیسیۆنە (سونەگەراییە) جڤاکیەکان و دینییەکان بەرجەستە دەبێت. بۆ زۆر سۆسیۆلۆژی (کۆمەڵناسی) ئەوروپی لە سەدەی ١٩ و سەرەتای سەدەی ٢٠ دا تێگەی نامۆبوون جێگەی سەرنج و توێژینەوەکانیان بوو، بەو مانایەی، کە نامۆبوونی مرۆڤ لە ئەنجامی پرۆسەی تاکگەراییەوە و دابڕانی، بۆ نموونە خێزانەوە، سەریهەڵداوە و گیرۆدەی بووە. کەواتە نامۆبوون لە تێگەی کۆمەڵناسیدا بەو مانایە دێت، کە مرۆڤ لە دەرئەنجامی پرۆسەی بەتاکبووندا (ئیندیڤیدوالیزاسیۆن) پەیوەستییە سەرەتایی و بنەڕەتییەکەی خۆی بەرامبەر خێزان لەدەستدەدات. هاوسەنگییەکە ڕوونە، نامۆبوون لە ئەنجامی پڕۆسەی بەشارستانیبوون (لایەنە سۆسیۆلۆژییەکە)، نامۆبوون لە پڕۆسەی پێداویستیی بەرهەمهێنانی تەکنیک لە پڕۆسەی کاردا و دابڕانی لە سروشت (لایەنە فەلسەفەیی و ئابورییەکەی). لە ڕوانگەی سۆسیۆلۆژییەوە مرۆڤ خۆی وەک نامۆیەک هەنگاو دەنێتە ناو کۆمەڵگەوە، ئاخر تاک لە کۆمەڵگەدا لە پاڕادۆکسێکدا دەوران دەخوات و لەم پڕۆسەیەشدا ئاوارە و سەرگەردان دەمێنێتەوە (بە هۆکاری کۆمپلێکسەکانی / ئاڵۆزییەکانی ناو کۆمەڵگە). وابەستەیی و میکانیزمە کۆمەڵایەتییەکان لە تێگەی نامۆبووندا زۆر بەچڕی هەڵسەنگێنراون. فەیلەسوفانی ئەڵمانی ئادۆڕنۆ و هۆرکهایمەر(4) لە تێزەکانی “دیالێکتیکی ڕۆشنایی”دا تێگەی نامۆبوون لە بواری سۆسیۆلۆژیدا ڕووندەکەنەوە، کە دەستبەسەراگرتن و زاڵبوونی مرۆڤ بەسەر سروشت لە بەشارستانیبووندا (ڕەنگە مەبەستی ئادۆڕنۆ و هۆرکهایمەر لە پڕۆسەی بەشارستانیبووندا بووبێت) نرخەکەی بە نامۆبوون کۆتایی دێت. هاتنەدەرەوە (دەرچونی سنووردارکراو) لەم نامۆبوونە بە تەرکیزکردنە سەر هزر (هۆشمەندی) و کولتوور بەئەنجام دەگەیەنرێت.

تێگەی نامۆبوون بەمانا مۆدێرنەکەی (نامۆبوونی ئیندیڤیدوێل/ تاکڕەوایی)

پرسیاری گرنگ لەم پنتەدا ئەوەیە، کە ئایا نامۆبوونی سەدەکانی ناوەند و پێشتریان لە چەند ڕووەوە بە نامۆبوونی مرۆڤ لە کۆمەڵگەی مۆدێرندا جیاوازن. ڕەنگە ئەم جیاوازیانە لە چوارچێوەی ئەم نووسینە دەربچن. ئەوەی لە تەواوی مێژوودا ڕوونە، ئەوەیە کە مرۆڤ لە پرۆسەی کار و بەرهەمهێناندا بەردەوام لە نامۆبوونێکی ئیندیڤیدوێلی (تاکڕەوایی / تاکەکەسی) و کۆلێکتیڤیدا ژیاوە و بەردەوامیشە لەم پرۆسەیەدا. دیارە یەکێک لە هێماکانی کۆمەڵگەی مۆدێرن دیاردەی سەرهەڵدانی ئیندیڤیدوالیزمە بە هەموو ماناکانیەوە. مرۆڤەکانی دەڤەری ئەوروپا بە پرۆسەیەکی تاکگەرایی ئەوتۆدا تێپەڕیون، کە تاک لە زۆربەی بوارەکانی ژیانیدا ئازادانە “زۆربەی” بڕیارەکانی ژیانی خۆی دەدات (ئەمە جیا لە پڕۆسەی کار و بەرهەمهێنان، کە تاکو ئێستاش ڕێگری یەکەمی ئازادییە تاکگەراییەکانە). لوتکەی پڕۆسەی تاکگەرایی لە ئەوروپادا، بۆ نموونە لە ئەڵمانیادا، جوڵانەوەکانی ساڵانی شەستەکان بوو، کە لاوان ڕژانە سەر شەقامەکان و ئازادی تاکەکەسییان لە پێشەوەی داواکانیاندا بەرزڕاگرت. ئەمەش بە بەشێکی سەرەکی لە درزاندنی پەیوەندییەکانی تاک بە کۆمەڵەوە دەژمێردرێت. ئازادی تاک بۆتە پنتێکی چەقگر لە کۆمەڵگەی مۆدێرن و بەشێکی نەبڕاوەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان.
پرسیاری گرنگ لەم ئاستەنگەدا ئەوەیە، کە ئایا نامۆبوونی سەدەکانی پێشتر جیاوازییان لە نامۆبوونی جیهانی مۆدێرن چییە؟ لەدوای بەرپابوونی ڕێنێسانس لە ئەوروپا و بەرەوپێشچونی پیشەسازی و پێکهاتنی کۆمەڵگەی مۆدێرن لە کولتوورەکانی ڕۆژئاوادا، تاکڕەوایەتی زیاتر بەرجەستە و جێگیربوو. نامۆبوون بوو بە مۆرکێکی لێکنەبڕاوە. ئاڵۆزییەکانی ژیان و ئاڵۆزی (کۆمپلێکسی) پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان تاکەکەسی زیاتر بەرەنگاری پشێویی دەروونی و نامۆبوون بە خۆ و سروشت و دەووروبەرەکەی کردەوە. نەخۆشییە دەروونییەکان بوون بە بەشێکی بەردەوام و نەبڕاوەی ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤ و پرۆسەی نامۆبوونی. تاکەکەسی کۆمەڵگەی مۆدێرن نامۆکراوە بە خۆی و سروشت و تەنانەت بە مرۆڤەکانی دەوری، پەیوەندییە سەرەتایی و سروشتییەکانی خۆی لێسەندراوەتەوە. سەرقاڵی ژیان خۆی بووە بە میکانیزمێک، کە داپچڕانی مرۆڤ بە سروشتەوە پرۆگرامکراوە. ئەمەش نامۆبوونە، چونکە مرۆڤ ژینگەکەی و سروشتی بە نامۆ دێتە بەرچاو. سەدەکانی پێشووتر مرۆڤەکانی زیاتر بە کۆلێکتیڤی (گەلەکییانە) نامۆکردووە، مۆدێرنە بەشێوەیەکی ئیندئڤیدوێڵ، بەڵام هەردوو نامۆبوونەکە دەبنە مۆرکی پڕۆسەیەکی بەردوام لە سەردەمی مۆدێرندا.
لە ڕووی دەروونناسییەوە / پسیکۆلۆژییەوە ناوزەدکردنی نەخۆشییە دەروونیەکانی کۆمەڵگەی مۆدێرن سەلماندنی ئەم ڕاستییەیە، نەخۆشییە دەروونیەکانی وەک تراوما (خورپەی / برینداربوونی دەروونی)، شیزۆفرینیا (جوتڕەوشتی)، هیستریا (پشێوی دەمارگیری یان هەستەدەمار)، دیمێنس (خەڵەفاوی لە پیریدا)، دێپرێسیۆن (غەمۆکی)، کۆمپلێکسی / گرێی خۆبەکەمزانی، ترس و دڵەڕاوکێ، کەمهۆشمەندی (أ.د.هه.س)، لەدەستدانی واقع (پسیشۆزە)، تێکچوونی باری کەسایەتی، لەدەستدانی مەیلی خواردن و چەندەها نەخۆشی دەروونی کۆمەڵگە مۆدێرنەکان. بوونی دیاردەی ئەم نەخۆشیانەش بێگومان لە کوردستانیش هەیە و بە شێوەیەکی بەربڵاو تەشەنەیان کردووە.

نامۆبوونی کولتوری (سۆسیۆ-کولتوری)

ڕەنگە ئەم نامۆبوونە زیاتر لە تێزەکانی نووسەری “کارگەکانی تابووت” نزیکبێتەوە، واتا بە کۆمەڵگەیەکی کوردی ژەهراویکراو و تێگلاو بە سوننەگەرایی (داب و نەریتی) کولتوری ئەرەبی-ئیسلامی. نووسەر باسی ئازارە دەروونییەکانی تاکی کورد لە ڕوانگەیەکی پسیکۆلۆژیەوە دەکات، بەڵام ئازارەکان لە چوارچێوەیەکی گەلەکیدا (کۆلێکتیڤدا) قاڵبڕێژکراوە. تاکی کورد سەرگەردان و نامۆی ئەو کاریگەرییە هەزارساڵییەی کولتوورێکە، کە لە کولتووری خێڵەکی ئەرەبی-ئیسلامی، کە سەرچاوەکەی دورگەی ئەرەبییە، سەریانهەڵداوە. نووسەر لە لاپەڕەی ٣٢٦ دا ئەم تێکەڵە کولتوورییە بەزۆر سەپێنراوە بەڕوونی هەڵدەسەنگێنێت: “ئەم کولتوورە تاریکپەرست و ڕەش و هەڵزڕاوە ناتوانێت بەرهەمی جوانتری لە داعش هەبێت… ئەم ئاشە هەر دەگەڕێت و دەگەڕێت و بارشەکەیشی خوێن و فرمێسکی ملیلیۆنەهایە!”. یان لە لاپەڕەی ٣٤٤ دا دەنووسێت: “نامۆیی بۆ خۆی چارەنووسی ئێمەیە، چونکە بە تەواوی لە دۆخێکی هیستریادا دەژین کە بە جیهانی ناوەوەمان نامۆ و بێگانەیە، ئێمە هەر هەموومان بە خۆمان بێگانەین، هەر لەبەر ئەوەیشە کە بێگانەین بە یەگدی”. لێرەدا تێکەڵەی ئەو دوو جۆرە لە نامۆبوون هەیە، کە لە سەرێکەوە تاکەکەسی (ئیندیڤیدوێل) و لە سەرێکی ترەوە نامۆبوونێکی کولتووریە. ئەم تێزە لێوانلێو بە نامۆبوونی گەلانی ژێردەستەی سەدەکانی کۆلۆنیالیستی دەچوێنرێت، کە کولتوری سەردەستە و تێکەڵەیەکی ژەهراوی بووە بۆ گەلانی بندەستەی کۆلۆنیالەکان و نامۆبوونیش بەرهەمێکی پرۆگراماتیکی ئەم تێکەڵە کولتورییە بووە.
گەر ئاوڕێک لە مێژووی کۆلۆنیالیزم و تێکشکان و شێواندنی کولتورە ژێردەستەکان و کۆلۆنیالیزەکردنی بەشێکی زۆر لە جیهاندا بدەینەوە، زبڵخانەیەکی قێزەوەنئاسا دەبینین، کە تێیدا نامۆبوونی کولتووری زۆر بەڕوونی لە شێوە کۆلێکتیڤەکەیدا دەبینرێت. مێژووی ٢٠٠ ساڵەی ئینگلیز لە هیندوستان و بندەستەیی و وابەستەیی کیشوەری ئەفریقا بە کۆلۆنیالیستەکانەوە، دابەشکردنی بەشێکی زۆر لە وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوین لە نێوان کۆلۆنیالیستە ئینگلیز و فەرەنسییەکاندا نمونەی نامۆبوونی کۆلێکتیڤی مۆدێرنن بە هەموو ڕووەکانییەوە. کولتووری سەپێنراوی ئینگلیزی بەسەر گەلان و دیانەتەکانی هیندوستاندا بە نامۆبوونێکی کولتووری/ کۆلێکتیڤی دەژمێردرێت، کە بە تێکەڵەیەکی دوو کولتووری زۆر جیاواز و نامۆ بە یەکتر دەناسرێت، لێکدەدەن و دەیکەنە تێکەڵەیەکی ئەوتۆ، کە تاکو ئەم ڕۆژگارەش هاوسەنگی یەکتر نابن. کۆلۆنیالیزم یان داگیرکەر، کە بە ئیمپریالیزمیش ناوزەد دەکرێت، هەوڵی جۆرێک لە سڕینەوەی کولتووری ئەو گەلانەی بندەستی خۆی داوە، هەر وەک فرانس فانۆن”(5) ڕونیدەکاتەوە، کاتێک کۆلۆنیالیستەکان ئەم گەلانە بەجێدەهێڵن، کولتوورەکانیان بە تەختەی ڕەشی بەتاڵی قوتابخانەکان دەچوێنرێن. گەلانی ئەو دەڤەرە تاکو ئەمڕۆش وابەستەی ئابووری و سیاسی کولتووری سەپێنراوی خۆیان کردووە. ڕەنگە ئەم ڕاڤەیەی فانۆن زیاتر نزیکبێتەوە لە بیروڕاکانی شێرزاد حەسەن. کتێبەکەی فانۆن بە ناونیشانی “کڵۆڵەکانی ئەم سەرزەمینە” بووە بە ئایدیایەکی کاریگەر و گرنگ دژی کۆلۆنیالیستەکانی جیهان، کە لە دوای مردنی فانۆن خۆی بڵاوکرایەوە و سارتریش پێشەکی بۆ نووسی. لە کتێبی “پێستی ڕەش و دەمامکی سپی”دا فانۆن بەڕوونی باس لە نامۆبوونی مرۆڤە ڕەشپێستەکان لە کۆمەڵگەیەکدا دەکات، کە لەژێر دەستی کۆلۆنیالیستەکاندا دەناڵێنن. فانۆن لەم پەیوەندییەدا ڕوودەکاتە توندڕەویی بەرامبەر ڕەشپێستەکانی ئەفریقا لە لایەن کۆلۆنیالیستە فەڕەنسیەکانەوە، کە کولتورەکانیان تووشی نامۆبوون و نەخۆشی کراون. فانۆن وەک دکتۆرێکی دەروونناس چارەسەری گەلێک نەخۆشی دەروونیی ڕەشپێستەکانی کردووە و لە ئازارەکانی ناخیان تێگەیشتووە.
کوردستانیش وەک لێچونێک بە دەورانی کۆلۆنیالی هەمیشە لەژێر ئەم تێکەڵە کولتورییەدا ناڵاندوویەتی و بەشێکی زۆری نامۆبوونە کولتوری (سۆسیۆ-کولتورییەکە)ی تاکی کوردیشی لە دەورانێکی دەروونی هەمیشەییدا خەمڵاندووە. شێرزاد حەسەن زۆر بەئاشکراو ئازایانە لە لاپەڕە ٣١٨ دا دەبێژێت: “کوردستان نموونەیەکە لەو نموونە زۆر خراپانەی میراتی فیکری عەرەبی، کە بەدرێژایی سەدەکانی لەسەر ناعەقلانیەت بەند بووە، کە بڕوای بە هیچ گومان و پرسیارێک نییە. پەروەردەی منداڵانی کورد بە فیکری ترسناکی وەهابییەکان لە هەموو شار و گوندێکی باشووری کوردستان دەدۆزینەوە.” لەم ڕوانگەیەوە دروستکردنی منداڵێکی نوێ، وەچەیەکی پڕهزر و نوێخواز، کەسانی مۆدێرن و ئیندیڤیدوێل لە کۆمەڵگەکانی ئێمەدا زۆر سەختە. ڕەنگە پلورالیزم تەنیا چارەیەک یان خەونێک بێت، کە نەوەکانی داهاتوو لە پاشەڕۆژێکی دوورتردا بیبینن، چونکە پلورالیزم و هەمەڕنگی و پێکەوەژیانی گەلانی ئەو دەڤەرە تەنها چارەیەکی ئەو گرفتە کۆمەڵایەتیانەیە و حەتمیەتێکی مێژووییە.

دووفاقەیی نامۆبوون لە کۆمەڵگەی کوردەواریدا

لەم نێوەندەدا گەلێک سەختە هێڵێکی دیاریکراوی ئەم فرە نامۆبوونە و بەتایبەتی کۆمپلێکسی نامۆبوون لە کۆمەڵگەی کوردەواریدا دەستنیشان بکەین، هاوکات ئەم دیاردەیە دووفاقەیە. لە نێوەندێکیاندا نامۆبوون ئیندیڤیدوێلە (تاکگەرایە)، واتا نامۆبوونی تاکی کوردە بە خۆی و دەوروبەرەکەی (ئاخر نەخۆشییە دەروونییەکان کە لە کوردستانیش گەلەک هەن و چارەسەریان بۆ نادۆزرێتەوە، یان پشتگۆییەکی کۆمەڵایەتی وەک مۆتەکە بەسەریاندا سەپێنراوە، بە شێوەیەکی پەنهانی و نهێنی بەربڵاون). لایەنێکی تری ئەم نامۆبوونە بە پڕۆسەیەکی کۆلێکتیڤ (گەلەکی / دەستەجەمعی)دا تێپەڕیوە و نامۆبوونی کولتووری (سۆسیۆ-کولتووری) بەرهەمهێناوە و بەردەوامیشە لەم پرۆسەیەدا.
دووفاقەیەتی تێگەی نامۆبوون لە کتێبی “کارگەکانی تابووت”دا لە سەرێکییەوە کۆلێکتیڤە. ئەم نامۆبوونە زادەی ئەتککردنی کولتووری کوردییە لە لایەن کولتووری ئەرەبی ئیسلامییەوە، کە بە زۆرەملێ لە چوارچێوەی کولتووری سەردەستدا نامۆبوونی بۆ کولتوری کوردی خەمڵاندووە و بۆتە بەشیکی سەرەکی لە کولتووری نامۆبوونی تاک و کۆی کورد. کورد خۆیشی بە بەشیکی گەورەی ئەم بەنامۆبوونە ڕازی بووە و پڕاکتیزەی کردووە. کولتووری یەکتریپەسەندکردن لەو دەڤەرەدا کارێکی زۆر سەختە و دەبێت بە پڕۆسەیەکی مێژوویی و ڕێنیسانسێکی ڕۆژهەڵاتیدا تێپەڕێت، کە ئەمەش لەم ساتە مێژووییەدا گەلەک سەختە.
نووسەر لەو باوەڕەدایە، کە سەرچاوەی نامۆبوونە تاکەکەسییەکە / ئیندیڤیدوێلەکە لە نائاگایی تاکی کورد خۆیەوە بەرجەستەبووە و سەرچاوەی گرتووە. لە لاپەرەی ٤٩ دا نووسەر ئەم نامۆبوونە باشتر فۆرمولە دەکات: “ئێمە نە خاوەنی ئەو ڕۆح و عەقڵەین کە دەرک بە نەخۆشییەکانی خۆمان بکەین، نە ئەوەندە بەهێز و ئازاین کە زات بکەین لە بەردەمی خۆمان و خەڵکیدا دانی پێدا بنێین…”
تێزەکەی نووسەر تێکەڵەیەکی مێژوویی-کولتوورییە لەسەر تێگەی نامۆبوون، دەستپێکێکی ئاڵۆزی کولتووری ڕەشۆکی-بیاباناوی بەدەویی ئەربی-ئیسلامییە کە بە کولتورێکی نامۆ بە کولتوورەکانی غەیرە ئەرەب ناوزەد دەکرێت. تەلیسماویکردنی، بە قەولی نووسەر ژەهراویکردنی کولتوورەکانی ئەو ناوچانە بوون. ئەم کولتوورە ئەرەبی-ئیسلامییە توانیویەتی لە ئەنجامی پڕۆسەیەکی مێژووییدا هزر و عەقڵییەتی گەلانی ئەو دەڤەرە بەخۆوە ببەستێتەوە. نامۆبوون لێرەدا دەبێتە زادەی تێکەڵەیەکی نامۆلەخۆگری کولتووری، کە کولتوورە سەردەستەکە (ئەرەبی-ئیسلامی) بەبێ گوێپێدان و رەچاوکردنی تایبەتمەندییەکانی کولتوورەکەی تر (کولتووری ژێردەستە یان بندەست)، بە زۆرەملێ کولتوورەکەی خۆی بەسەر چاوگی کولتوورەکانی ئەو دەڤەرەدا سەپاندووە. خاڵێکی گرنگی پەیوەندیدار بەم نامۆبوونەوە ئەوەیە، ئایا مێتۆدێکی دیاریکراو بۆ سستکردنی (هێورکردنی) ئەم نامۆبوونە لەسەر تاکی کورد یان لە پڕۆسەی بەکۆلێکتیڤکردن بە ئاڕاستەیەکی پۆزەتیڤدا هەیە، بەواتایەکی تر ئایا واڵابوون (ڕزگاربوون)ی مەرجداری تاکی کورد لەم ئاستەنگەدا لە ئەڵقەکانی کەلەپچەی بەندەیبوونی ئەم کولتورە نامۆیە ئەگەری هەیە؟ ڕەنگە ئەمە پڕۆگنۆزێکی (لەپێشچاوگرتنێکی) نەگونجاوبێت. بەهەر توێژینەوەیەک، گەر فەلسەفی، سۆسیۆلۆژی، سۆسیۆ-کولتوری بێت، نامۆبوون نەک هەر لە کۆمەڵگەی کوردیدا بە پرۆسە ئیندیڤیدوێل و کۆلێکتیڤەکەیدا تێدەپەڕێت و دەمێنێتەوە، بەڵکو لە تەواوی کولتورەکانی جیهاندا لە ئاستەنگێکی کۆسمۆپۆلیتیکدا دەمێنێتەوە و بۆتە دیاردەیەکی نەبڕاوە لە مۆرکی کۆمەڵگەی مۆدێرندا. گەر بابەتیانە بڕوانینە کۆمەڵگەی کوردەواری، نامۆبوون خۆی بە کۆمپلێکسێکی سۆسیۆ-کولتوری ئەوتۆدا تێپەڕیوە، یان ڕوونتر بڵێین نامۆبوون بەهۆی سەردەستەیی و بەسەرداسەپاندنی کولتوری ئەرەبی-ئیسلامییەوە بەسەر کولتوری کوردیدا، هێندە لە جومگەکانی پەیوەندییە جڤاکییەکانی ئاڵاوە، کە ئازادبوون لەم وەبایە زۆر زەحمەتە. ئاخر کولتورێک، کە سەرچاوەی میکانیزمی پێکهاتە کولتورییەکانی لە کولتورێکی بێگانە هەڵ-هێنجراوە، بە خۆنامۆبوونێک لەو جۆرەی نووسەر باسیان لێوە دەکات، کارێکی حەتمییە. ڕەنگە مێتۆدەکانی نەشونماکردنی پڕۆسەی ئیندیڤیدوالیزم بە لەدایکبوونی سیستەمێکی پەروەردەیی تەندروست (یان پەروەردەیەکی یەکسانبەیەکتر) و هاتنەگۆڕێی نەوەیەکی نوێ بتوانێت بەرەنگاری ئەم نامۆبوونە ببێتەوە. ئەمەش نەک هەر لە کوردستاندا، بەڵکو لە تەواوی کولتورەکانی ئەو دەڤەرەدا. پێموایە ئەم بەرەنگاربوونەوەیە بە هیچکام لەم مێتۆدانە بەئەنجام ناگەیەنرێت، بەڵکو تێکەڵەیەکن لە هەموویان (فەلسەفی، سۆسیۆلۆژی، سۆسیۆ-کولتوری و …). دەبێت لەم پنتەدا ئەوە بهێنرێتە جێگەی گفتوگۆ، کە سەردەستەیی کولتوری ئەرەبی-ئیسلامی تەنها کۆمەڵگەی کوردەواری توشی وەبای نامۆبوون نەکردووە، بەڵکو کۆمەڵگەکانی جیهانی بەم وەبا کۆلێکتیڤە ساریکردووە. ساڕێژی ئەم نەخۆشییە (لایەنە دینی و عەقیدەییەکانی ئەم دیاردەیە) لەم کاتە و لە ئێستادا کارێکی مەحاڵە، چونکە ئەم دیاردەیە هەموو مرۆڤایەتی گرتوەتەوە.

——————————————–

پەراوێزەکان

(1 ڕوسۆ لە 28.06.1712 لە ژنێڤ لەدایکبووە و لە 02.07.1778 لە پاریس کۆچی دوایی کردووە. فەیلەسوف و نووسەر و پەروەردەناس و توێژەر بووە. کاریگەری زۆری لەسەر پەروەردەناسی (پێداگۆگی) و تیۆرییە سیاسیەکانی سەدەی 18 و 19 و 20یش لە تەواوی ئەوروپادا هەبووە، هەروەها یەکێک بوو لە ڕێخۆشکەرانی شۆڕشی فەڕەنسی.
2) مارکس لە تێزی پێکهاتە کۆمەڵایەتیەکاندا دوو تێگەی نامۆبوون و خۆدەردان (Entfremdung und Entäußerung) ، یان نامۆبوون لە خودی خۆ، بەکاردێنێت.
3) گەلناس (ئێتنۆلۆژ) و کۆمەڵناسی (سۆسیۆلۆژی) فەڕەنسی لە 05.04.1858 دا لە فەڕەنسا لەدایکبووە، لە 15.11.1917 لە پاریس کۆچی دوایی کردووە. ئەمڕۆ بە یەکێک لە کلاسیکەکانی سۆسیۆلۆژی دەژمێردرێت، کە هەوڵیدا کۆلێژی کۆمەڵناسی وەکو بەشێکی سەربەخۆ لە بەرنامەی توێژینەوە و زانستەکاندا سەقامگیر بکات. لێکۆڵینەوە ئەزمونگەراییەکانی بوون بە نموونەیەکی مەیدانی کۆمەڵناسی.
4) تیۆدۆر ڤ. ئادۆڕنۆ، فەیلەسوفی ئەڵمانی و یەکێک لە فەیلەسوفانی تیۆریی ڕەخنەیی ناسراو بە قوتانخانەی فرانکفۆرت. لە 11.09.1903 دا لە فڕنکفۆرت لەدایکبووە و لە 06.08.1969 دا لە سویسرا کۆچی دوایی کردووە. هەروەها (ماکس هۆرکهایمەر، فەیلەسوف و کۆمەڵناسی ئەڵمانی و ئەندامی چالاکی قوتانخانەی فرانکفۆرت. لە 14.02.1895 دا لە شتوتگارت لەدایکبووە و لە 07.07.1973 دا لە نیورنبێرگ کۆچی دوایی کردووە.
5(Franz Fanon: Die Verdammten dieser Erde, Rowohlt Taschenbuch Verlag GmbH, Hamburg Mai 1969.
فرانس فانۆن لە 20.07.1925 لە فۆرت دێفرانس لە مارتینیک لەدایک بووە، لە 06.12.1961 لە ماریلاند کۆچی دوایە کردووە. نووسەر و سیاسەتمەدار و دوکتۆری دەروونناس بووە. لە شۆڕشی جەزائیردا بەشداری کردووە و لە بەرەی شۆڕسەکەدا بەرەنگاری دژی کۆلۆنی فەرەنسی کردووە. چارەسەری گەلێک لە نەخۆشییە دەروونییەکانی ڕەشپێستەکەنی کردووە و تۆێژینەوەی لە بارەیانەوە بڵاوکردۆتەوە. فانۆن خۆی کەسێکی ڕەشپێست بووە و لە نزیکەوە ئاگاداری ئازاری دەروونی ڕەشپێستەکان بووە.




ئه‌ركی هه‌واڵیی هونه‌ری كاریكاتێر – به‌شی -1- … هه‌ندرێن خۆشناو

بۆ دیاركردنی بوونی یان نه‌بوونی ئه‌م ئه‌ركه‌ی كاریكاتێر، پێشتر به‌ شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌تایی بنه‌ماكانی هه‌واڵ دیارده‌كه‌ین، هه‌واڵ چیه‌؟ هه‌واڵ بابه‌تێكی رۆژنامه‌وانیه‌ پێكدێت له‌ چه‌ندین زانیاری، كه‌ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه‌ ده‌ده‌نه‌وه‌: چی روویدا؟ له‌ كوێ روویدا؟ كه‌ینێ روویدا؟ كێ پاڵه‌وانی رووداوه‌كه‌یه‌؟ به‌م شێوه‌یه‌ هه‌واڵ هه‌ڵده‌ستێت به‌ پێشكه‌شكردنی چه‌ند زانیاریه‌ك سه‌باره‌ت به‌ رووداوێكی دیاركراو، كات و شوێن و پاڵه‌وانه‌كانی دیاركراون، ئه‌مه‌ش هه‌واڵی ساده‌یه‌، بێ توانج و شیكار و زێده‌كردن، ئایا كاریكاتێر ده‌توانێت ئه‌م ئه‌ركه‌ به‌جێ بگه‌یه‌نێت، و له‌ نێو قه‌ده‌كانیدا بنه‌ماكانی هه‌واڵی تێدایه‌؟ بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م پرسیاره‌، چه‌ندین كاریكاتێر وه‌كو نمونه‌ ده‌خه‌ینه‌ڕوو بۆ شیكردنه‌وه‌، له‌ جۆره‌كانی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و بۆ پێكه‌نین و پۆرترێتی كاریكاتێری.
پێشتر با چه‌ندین كاریكاتێری سیاسی وه‌رگرین، سه‌ره‌تا كاریكاتێرێك سه‌باره‌ت به‌ سه‌ردانه‌كه‌ی (شولتز) وه‌زیری پێشووی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا بۆ ئیسرائیل، (شولتز) (شامێر)ی نقووم بوو له‌ كه‌ڵه‌كه‌یه‌ك به‌رد ڕاده‌كێشێت، پێشتر با رووداوه‌كه‌ دیاربكه‌ین، رووداوه‌كه‌ سه‌ردانی (شولتز)ـه‌ بۆ ئیسرائیل، ئه‌مه‌ش له‌ ده‌قه‌ نووسراوه‌كه‌ی هاوشان له‌گه‌ڵ كاریكاتێره‌كه‌‌وه‌ دیاره‌، ته‌نانه‌ت به‌بێ ئه‌و ده‌قه‌ش ده‌توانین ئه‌مه‌ هه‌ڵێنجین، چونكه‌ كاریكاتێره‌كه‌ وێنای (شولتز) ده‌كات، نه‌ك (بوش) یان (ریگان)، بۆ دیاركردنی شوێنی رووداوه‌كه‌ش، دیاره‌ كه‌ (شولتز) له‌ سه‌ردانێكدایه‌ بۆ ئیسرائیل، و شوێنه‌كه‌ فه‌ڵه‌ستینه‌، چونكه‌ (شامێر) نقوومه‌ له‌ نێو به‌رددا نه‌ك (ئه‌مریكا)، چونكه‌ كه‌س له‌وێ به‌ردهاوێژی ناكات، با پاڵه‌وانه‌كانیش دیاربكه‌ین، ئه‌وانیش (شولتز) و (شامێر)ن، و پاڵه‌وانێكی ناڕاسته‌وخۆش ئه‌ویش ئه‌وانه‌ن كه‌ به‌رده‌كانیان هاوێشتووه‌، ئه‌وه‌ی ئاگاداری بارودۆخه‌كه‌ش بێت ده‌زانێت، كه‌ منداڵانی فه‌ڵه‌ستینن، به‌مه‌ش ره‌گه‌زی سێیه‌م دابینكرا، بۆ زانینی كاتی رووداوه‌كه‌ش، ده‌توانین له‌ ژماره‌ی رۆژنامه‌كه‌وه‌ دیاربكه‌ین كه‌ كاریكاتێره‌كه‌ی تێدا بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، یان له‌ ئیمزای كاریكاتێریسته‌كه‌ و رێكه‌وتی كاریكاتێره‌كه‌، ئه‌گه‌ر نه‌بوو، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ئێمه‌دا روویدا، كه‌ كاریكاتێره‌كه‌مان له‌ په‌ڕتووكێك ده‌ستكه‌وت، نه‌ك له‌ رۆژنامه‌یه‌ك، به‌ڵام دیاركردنی كاتی رووداوه‌كه‌ هه‌نده‌ ئه‌سته‌م نیه‌، له‌ نێو كاریكاتێره‌كه‌دا سێ ئاماژه‌ هه‌ن، یاریده‌ده‌رن بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌، یه‌كه‌میان ئه‌و ماوه‌یه‌ی كه‌ (شولتز) تێیدا وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا بووه‌، دووه‌میان ئه‌و ماوه‌یه‌ی كه‌ (شامێر) تێیدا سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل بووه‌، سێیه‌میشان ئه‌و ماوه‌یه‌ كه‌ تێیدا راپه‌ڕینی فه‌ڵه‌ستینیان به‌رپابووه‌، به‌مجۆره‌ش ره‌گه‌زی چواره‌ممان ده‌ستده‌كه‌وێت، به‌مه‌ش ده‌گه‌ینه‌ ئه‌و ده‌ره‌نجامه‌ی كه‌ دڵنیا ده‌بینه‌وه‌ له‌ بوونی هه‌واڵ له‌ كاریكاتێردا، به‌ڵام ئه‌م كاریكاتێره‌ رووداوێكی دیاركراو وێناده‌كات، ئه‌مه‌ له‌سه‌ر هه‌موو كاریكاتێره‌كاندا به‌جێنایه‌ت، كه‌ زۆربه‌ی كاریكاتێره‌كان خه‌سڵه‌تێكی گشتییان هه‌یه‌، ئه‌مه‌ش پرسیارێكی به‌جێیه‌، بۆیه‌ نمونه‌یه‌كی دیكه‌ وه‌رده‌گرین‌، ئه‌ویش كاریكاتێرێكی هونه‌رمه‌ند (عه‌لی فه‌رزات)ـه‌ سه‌باره‌ت به‌ قه‌ردی وڵاتانی جیهانی سێیه‌م، رووداوه‌كه‌ قه‌ردی قورسی وڵاتانی جیهانی سێیه‌مه‌، پاڵه‌وانه‌كانیش حكومه‌ته‌كانی ئه‌و وڵاتانه‌ن، شوێنه‌كه‌ش وڵاتانی جیهانی سێیه‌مه‌‌، كاته‌كه‌ش ئه‌و ماوه‌یه‌یه‌ كه‌ ده‌سته‌واژه‌ی جیهانی سێیه‌می لێ په‌یدابوو، هه‌واڵه‌كه‌ش ئه‌و قه‌ردانه‌ن كه‌ سه‌رشانی جیهانی سێیه‌میان قورس كردووه‌، له‌ نیگاری هونه‌رمه‌ند (عه‌بدوڵڵا به‌سمه‌گی)یش سه‌باره‌ت به‌ جیهانی یه‌كه‌م و دووه‌م و سێیه‌م، هه‌واڵه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ جیهانی یه‌كه‌م كه‌ رۆژئاوایه‌، پله‌ی یه‌كه‌می گرتووه‌ له‌سه‌ر ته‌خته‌ی وه‌رزشی، و جلوبه‌رگێكی به‌نرخ و سیگار ده‌كێشێت، كه‌ دۆخه‌ بێخه‌م و ئاسوده‌كه‌ی پیشان ده‌دات، پله‌ی دووه‌میش كه‌ رۆژهه‌ڵات داگیریكردووه‌، ئه‌گه‌ر وه‌كو پله‌ی یه‌كه‌میش نه‌بێت له‌ خۆشگوزه‌رانی و بێخه‌می، ئه‌ویش ئاسوده‌ و بێخه‌مه‌ و پێده‌كه‌نێت، نیشانه‌كانی رازیبوون به‌ روخساریه‌وه‌ دیاره‌، كه‌چی وڵاتانی سێیه‌م ته‌نیا ناوله‌پی ده‌ستی هانابه‌ری دیاره‌، چونكه‌ نقووم بووه‌ له‌ قه‌رد و كێشه‌كانیه‌وه‌، لێره‌شدا ده‌توانرێت رووداوه‌كه‌ به‌ بارودۆخی جیهانی سێیه‌مه‌وه‌ دیاریبكرێت، و پاڵه‌وانه‌كانیش به‌ لایه‌نه‌ ململانێكاره‌كانی جیهان، و شوێنه‌كه‌ش زه‌وییه‌، و كاته‌كه‌ش سه‌رده‌می بوونی ده‌سته‌واژه‌ی (جیهانی سێیه‌م) ـه‌، بۆ زیاتر دیاركردنی كاته‌كه‌ش پێش ساڵی 1991یه‌، چونكه‌ جیهانی دووه‌م پاش ئه‌و ساڵه‌ بارودۆخه‌كانی وه‌ك جیهانی سێیه‌می لێهات، به‌ڵكو خراپتریش، به‌مجۆره‌ هه‌واڵ له‌م كاریكاتێره‌شدا بوونی هه‌یه‌.
له‌ بواری كاریكاتێری كۆمه‌ڵایه‌تیشدا، ده‌توانرێت باسی كاریكاتێری هونه‌رمه‌ندی میسری (به‌هجه‌ت عوسمان) بكرێت، كه‌ تێیدا پولیسێك هاوڵاتیه‌كی ئاسایی ڕاوده‌نێت بۆ ئه‌وه‌ی نیشانه‌یه‌كی (مه‌دالیا) پێببه‌خشێت، و هاوڵاتیه‌كه‌ش له‌ ده‌ستی هه‌ڵدێت و ده‌ڵێت: مامه‌ من پیاوێكی شه‌ریفم .. بۆ نیشانه‌م ده‌ده‌یتێ!!!؟.
له‌م كاریكاتێره‌دا ده‌توانین هه‌واڵه‌كه‌ به‌ به‌خشینی نیشانه‌ (مه‌دالیا) به‌ كه‌سه‌ نه‌شیاوه‌كان دیاربكه‌ین، تا ئه‌و راده‌یه‌ی كه‌ وه‌رگرتنی نیشان بۆته‌ ئاماژه‌ی نه‌بوونی شه‌ڕه‌ف نه‌ك پێچه‌وانه‌كه‌ی، له‌ كاریكاتێره‌كه‌ی هونه‌رمه‌ندی شه‌هید (ناجی ئه‌لعه‌لی)یشدا، كرداری نیشان به‌خشین به‌ كوشتن لێكده‌چووێنێت، هه‌واڵه‌كه‌ش ده‌توانین له‌وه‌دا‌ كورت بكه‌ینه‌وه‌، كه‌ ئه‌وانه‌ی نیشان ده‌به‌خشن، له‌ خۆشه‌ویستی ئه‌وانه‌ی وه‌ریده‌گرن نایبه‌خشن، به‌ڵكو بۆ فریودان و هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنیان ده‌یبه‌خشن.
له‌ بواری كاریكاتێری گاڵته‌جاڕیشدا، له‌ كاریكاتێره‌كه‌‌ی دایك و كوڕه‌كه‌ی، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه‌ بابه‌تێكی دیاركراو هه‌ڵناگرێت، به‌ڵام ده‌توانرێت هه‌واڵی تێدا بدۆزینه‌وه‌، ژنه‌كه كوڕه‌كه‌ی خۆی له‌ وانه‌ی مۆسیقا ده‌هێنێته‌وه‌، و چاوه‌كانی به‌ده‌ست ده‌گرێت بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و منداڵانه‌ نه‌بینێت كه‌ یاری تۆپی پێ ده‌كه‌ن، شوێنه‌كه‌ رێگای هاتنه‌وه‌یه‌ له‌ وانه‌ی مۆسیقا بۆ ماڵه‌وه‌، كاته‌كه‌ش ئێوارانه‌ و كه‌ له‌دوای ده‌وامی خوێندنگا یاری ده‌كه‌ن، پاڵه‌وانه‌كانیش هه‌موو ئه‌وانه‌ن كه‌ له‌ كاریكاتێره‌كه‌دا ده‌ركه‌وتوون، به‌تایبه‌تی دایك و كوڕه‌كه‌ی، كه‌ دوو پاڵه‌وانی بنه‌ڕه‌تین له‌ كاریكاتێره‌كه‌دا، به‌مجۆره‌ ده‌ستكه‌وتنی هه‌واڵ له‌ هه‌موو كاریكاتێره‌كاندا به‌دیدێت، كه‌وابێت كاریكاتێر ئه‌ركی هه‌واڵیی به‌جێده‌گه‌یه‌نێت، دواییش باس له‌ هه‌واڵ له‌ كاریكاتێری پۆرترێتدا ده‌كه‌ین.




فەرموودەكانی شیعری بێگەرد … سه‌باح ڕه‌نجده‌ر

1

شاعیر له‌ خۆڕسكییدا خه‌سڵه‌تی یاخیبوونی له‌ناوه‌وه‌ ڕسكاوه و مانا و تۆڕی پێكهاته‌ و یه‌كێتی هه‌سته‌كانیه‌تی‌، به‌ڵام خەسڵەتی پێشمەرگه‌ی نییە. من قەت قەڵەمم نەكردووه‌ته چەك. شیعر به‌ره‌و قووڵایی ده‌بێته‌وه‌ و وزە و درەوشانەوەی هەموو نووسینێكە، تەواوكەری پڕۆژه‌ ڕۆشنبیرییه‌كان و قه‌واره‌یه‌كی سه‌رتاسه‌رییه‌.

2

له‌ شیعری بێگه‌رددا شاعیر ده‌بێتە ڕوخسارێكی كارای گەردوونیی، پەیوەندی بە تاكە شوێنێكەوە نامێنێت، دەچێتە ناو هێما و زاراوە و بنەڕەتەكانی تەواوی بوون و جیهان و خەون و چییەتی مرۆڤەوە. توانای بەدیهێنانی خەونی تێدا پەیدادەبێت، خه‌ون و به‌دیهێنانی به‌های ڕۆحیی و گه‌ردوونیی بوون.

3

هه‌موو قوتابخانه‌ شیعرییه‌كان له‌ناوده‌چن، ته‌نیا شیعر خۆی، گه‌وهه‌ری گه‌وهه‌ره‌كان ده‌مێنێته‌وه‌. كە بیر لە قوتابخانه‌ و ڕێباز و تەوژم و جووڵانەوە جیاجیاكانی شیعر دەكەمەوە. تەوژمی هەستیی و خەونییم لە وانی دی پێ باشترە. لەواندا دەتوانم بچمه‌ سه‌ر پایه‌ی خۆم و خۆم بنیادبنێم و هێز و وره‌یان لێوەرگرم و جۆش بگرم، جۆشگرتن له‌ گۆڕان و داهێنان. هه‌ر كارێك به‌ وردی و وریایی ئه‌نجامی بده‌ی فیداكاریی ده‌وێ و له‌ناوی ده‌درەوشێیته‌وه‌.

دەنگی دەرەوە ناتوانێت ناوه‌رۆكی ناخ بناسێنێت، یان بتاسێنێت. چەمكی بەختیاریی ئەدەبی لەناخمدا دەخەمڵێنم و به‌ مۆركی هونه‌ریی خۆی له‌گه‌ڵیدا ده‌مێنمه‌وه‌ و ده‌بێته‌ بنیاد، بنیادی جوانی ڕه‌سه‌ن له‌ زه‌ینمدا.

4

لە ئەزموونی مندا ئەمە ڕووینەداوە و نەمویستووه ئەفسانە تێكبشكێنم، بەڵكو ویستوومە له‌ ڕێگای زمانی ئه‌فسانه‌ و جیهانبینی ئه‌فسانه‌ییه‌وه‌ ڕایه‌ڵ و تانوپۆی بۆ ئاستی بەكارهێنانی ڕووداوێكی هاوچەرخ بچنم و بەرزی بكەمەوە و بەكاریبهێنمەوە. ئەفسانە پێویستییەكی ناوكییه‌ وزه‌ی شاراوه‌ی شیعر ئاشكراده‌كات، پاشان بۆ كارامەیی بەكارهێنان پێویستی بە ئاگایییەكی هۆشمەندانەیە، هه‌رچه‌ند ده‌چمه‌ ناو ئه‌زموونه‌وه‌ ئه‌فسانه‌م ڕوون و قووڵتر لا كۆده‌بێته‌وه‌ و هه‌ڵكۆڵینی تێداده‌كه‌م و واقیعی تێدا داده‌ڕێژمه‌وه‌.

له‌ ده‌قدا ڕووده‌دات بینین جێگۆڕكێ له‌گه‌ڵ وزه‌ی ئه‌فسانه‌یی بكات، یان به‌پێچه‌وانه‌وه‌. گۆران له‌ ده‌قی: (زه‌نگی په‌ستی)دا، منی به‌جێگۆڕكێكردنی بینین بۆ وزه‌ی ئه‌فسانه‌ و لێدانی ده‌ماری زمان مووتوربه‌ كرد.

هیچ شیعرێكی داهێنراو لە وزەی ئەفسانە خاڵیی نییه‌. ئه‌م شیعره‌ به ‌نه‌مریی ده‌مێنێته‌وه‌، ئه‌فسانه‌ وزەی نووسینی بەرزكردبێتەوە تا ئاستی ڕەسەنی و زیندوویی.

5

زمان هۆكاری ده‌ربڕینی شته‌ ناوه‌كی و زه‌ینییه‌كانی شیعره‌، شیعریش ڕێبازی ژیان و بیركردنه‌وه و ئامانج و چاره‌نووسمه‌، مامه‌ڵه‌م له‌گه‌ڵیدا خۆشه‌ و حه‌زده‌كات له‌به‌ر ڕۆشناییدا ببیندرێت. له ‌ژیاندا له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی شیعره‌كانم زیاتر هیچم نه‌ویستووه، بوێر و بێباكیش بوویمه‌ ته‌نیا جارێكیش نكوڵیم له‌ ڕاستی و ڕاستگۆیی نه‌كردووه‌ و وه‌ك پارتیزانێك ڕووبه‌ڕوو جه‌نگاوم، قه‌تیش نه‌كه‌وتوومه‌ته‌ ناوبژی و گونجانێك‌. هه‌میشه‌ له‌ به‌ره‌ی ئێستێتیكادا به ‌وریایییه‌وه‌ وه‌ستاوم و ناپاكییم له‌گه‌ڵ به‌هره‌ و توانای خۆم نه‌كردووه‌.

شیعر هه‌ژاره‌ و زۆریش به‌هێزه‌، به‌ مردن ده‌وره‌دراوه‌. باوكم به‌ هه‌ژاری مرد، دایكیشم. له ‌مندا ده‌ركه‌وتنه‌وه‌ و ماونه‌ته‌وه‌ و تێكه‌ڵ به‌ حاڵه‌تی نووسین و یاده‌وه‌ری نووسین بوون. حاڵه‌تی نووسین هه‌ستكردنه‌ به‌ كرانه‌وه‌ی گه‌ردوون، به‌ سه‌ره‌تای دووه‌می ناوده‌به‌م، شته‌ جوانه‌كانی ماونه‌ته‌وه‌ شیعری بێگه‌رد له‌ دیدێكی ته‌واو ئێستێتیكییه‌وه‌ پاراستوویه‌تی و كردوویه‌تی به‌ مایه‌ی ڕه‌زامه‌ندی و نموونه‌. ده‌مه‌وێ له‌ ‌ڕێگای هێزی ده‌قه‌وه‌ په‌یوه‌ندییه‌كی هه‌قیقی دابمه‌زرێنم و له‌ پاراستنی شته‌ جوانه‌كان نزیكببمه‌وه‌.

6

گۆران و ئه‌نوه‌ر قادر محه‌مه‌د و جه‌لال به‌رزنجی ….. تاد، نوێبه‌خشییان له‌ زه‌ینی مندا شێوه‌پێدا و ناوه‌ندێكیان پێبه‌خشی، ناوه‌ندی نوێبه‌خشیی، له‌ نوێبه‌خشیی ئه‌واندا، نوێبه‌خشیی خۆم كه‌شفكرد و په‌ره‌م ‌پێیدا. ئه‌وه‌ی نووسیومه‌ كاتێك ده‌زانم نوێبه‌خشییه‌، كه‌ توانیبێتم به ‌پڕی زمانی تێدا دووباره‌بكه‌مه‌وه و بیكه‌م به‌ هه‌وێنی زه‌ینیی‌. كه‌ توانیم به ‌پڕی زمانی تێدا دووباره‌ بكه‌مه‌وه و كردبێتمه‌ هه‌وێنی زه‌ینیی،‌ ئه‌وجا ده‌زانم نوێبه‌خشییه‌كی بێگه‌رد و هه‌ستكردن به‌ ئازادی بووه‌، ئازادی منه‌، واته‌: نهێنی مه‌وداكانه‌. نوێبه‌خشیی ئازادییه‌كی شاراوه‌یه‌، مێشكی نوێبه‌خش، مرۆڤ به‌ به‌هره‌ ئێستێتیكییه‌كانی ده‌دۆزێته‌وه‌ و ده‌ناسێت، كه‌ داهێنه‌ری جیهانبینییه‌كی خۆبینینه‌ و نوێبه‌خشیی له‌ناو دڵی وشیار و پڕ ئاگایدا كاری خۆی كردووه‌.

7

شیعری من ڕووبار نییه‌، جۆگه‌‌یه‌كی باریكه‌، خاڵیی نییه‌ له‌ خوڕه‌ی پاراو، ئه‌م خوڕه‌ نه‌رمه‌ سه‌رڕێژه‌ له‌ جیلوه‌ی هه‌قیقه‌تی بوون. هه‌قیقه‌ت ونه‌، پرسیاره‌، له‌ وه‌ڵام گرینگتره‌. ده‌نگی مه‌وداكانه‌ له‌ هه‌سته‌كانی شاعیردا ده‌خرۆشێت و گوێمان لێی ده‌بێـت. گومان و دوودڵییه‌ك له‌ نێوان واقیع و خه‌یاڵ، له ‌ڕێگای ڕسته‌ی لێكدراودا پیشانی وه‌رگر ده‌دات، وام بیركردووه‌ته‌وه‌ هه‌ندێك باڵی خه‌یاڵ ده‌چێته‌ ناو واقیع و هه‌ندێ ورده‌كاری واقیعیش وه‌ك خه‌یاڵ ڕه‌شكه‌وپێشكه‌ به‌ بینین ده‌كه‌ن، زه‌ینی وه‌رگر له‌ ڕسته‌ی ساده‌وه‌ به‌ره‌و ڕسته‌ی لێكدراو ده‌به‌ن.

بوونی هه‌موو شته‌كان: ده‌ریا، ڕووبار، كانی، جۆگه‌ی باریك ….. تاد، پیرۆزن. ئاشقانه‌ ده‌ڕوانن و ده‌یانه‌وێ ژیانیان ده‌سكه‌وێت و ساده‌یی شته‌كان بناسن. شیعری بێگه‌رد له‌ كۆتایی خۆیدا گوێڕایه‌ڵ و وابه‌سته‌ نییه‌، نه‌ به‌ خه‌یاڵ، نه‌ به‌ واقیع، نه‌ به‌ ئه‌فسانه‌ و ئایینه‌كان ….. تاد، جگه‌ له‌ شیعرییه‌تی پڕ.

8

گۆشه‌گیرییه‌كی وشیارییم هه‌ڵبژاردووه‌. بۆ ئه‌وه‌یه‌ زیاتر له‌ شیعره‌كانم وردببمه‌وه‌ و سه‌رنج نه‌خه‌مه‌ سه‌ر شتی تر، یان ئه‌و شته‌ لابه‌لایانه‌ی شیعر هه‌ڵده‌بزڕكێنن. بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڵنه‌بزڕكێی ده‌بێ دووربكه‌ویته‌وه‌ و نامۆبیت. (ئه‌حمه‌دی مه‌لا) وه‌ك نموونه‌ی باڵا وه‌رده‌گرم، ئه‌گه‌ر گۆشه‌گیری وشیاریی هه‌ڵنه‌بژاردبووایه‌ و له‌ مۆته‌كه‌كانی‌ ئه‌ده‌ب دوورنه‌كه‌وتبایه‌وه‌ شاكارێكی وه‌ك: (كتێبی شیعر)ی پێشكێش به‌ مێژووی داهێنان نه‌ده‌كرد.

9

شیعر له‌ یه‌كه‌م ڕه‌شنووس و یه‌كه‌م پاكنووسیه‌وه‌ ته‌واوده‌بێت، له‌ هه‌مان كاتیشدا قه‌ت ته‌واونابێت، بیركردنه‌وه‌یه‌كه‌ داوای به‌رده‌وامبوون ده‌كات. شیعرێك پێش سی ساڵ نووسیبێتم، هه‌ر جارێك گه‌ڕابمه‌وه‌ سه‌ری گۆڕانێكم تێیدا كردووه‌. ئه‌م ده‌ستكارییه‌ نه‌بوونی دڵنیایی نییه‌، هه‌وڵه‌ بۆ گه‌شه‌پێكردنی. ساتی شیعر په‌یوه‌ندی به ده‌روون و زمانه‌وه‌ هه‌یه‌. ڕێكه‌وتبووه‌ له‌كاتی ڕۆیشتنم له‌سه‌ر شه‌قامدا، ڕیتمی ڕۆیشتن یارمه‌تیداوم بۆ گۆڕینی ڕسته‌ و وێنه‌، چونكه‌ ئه‌م ساتی شیعرییه‌ بیركردنه‌وه‌ی ڕابردووی زیندووكردوومه‌ته‌وه‌ و گه‌یاندوومیه‌ته‌وه‌ ساتی نووسینی ڕه‌شنووسی یه‌كه‌م. ئه‌م حاڵه‌ته‌ش ڕێخۆشكه‌ر و یارمه‌تیده‌ره‌ بۆ ده‌ستكاریكردن و به‌یه‌كگه‌یشتنه‌وه‌ی ئیلهام و ورووژان. لێكۆڵەر ئه‌م كرده‌یه‌ به‌ خراپ لێكده‌ده‌نه‌وه‌ و ده‌ڵێن ڕه‌وتی پێشكه‌وتنی شاعیر ده‌كه‌وێته‌ نادیارییه‌وه‌.

لێكۆڵەر ده‌توانێت له ‌هه‌ر ده‌ستكارییه‌كدا جۆرێك ببینێت. كامه‌ بینین له ‌میتۆدی ئه‌و نزیكه‌، میتۆدی خۆی له‌میاندا تاقی بكاته‌وه‌. شیعر له‌ منداڵدانی كات له‌دایكده‌بێت و ئیدی له‌ ده‌ستكاری به‌رده‌وامیدا گه‌شه‌ده‌كات. شیعر ڕوویه‌كی نه‌زاندراوه‌.

10

خانه‌واده‌كه‌م وه‌ك هه‌ر خانه‌واده‌یه‌كی چینی هه‌ژاری ناو كۆمه‌ڵگای كوردی، ده‌یانویست كوڕه‌كه‌یان ببێته‌ فه‌رمانبه‌رێكی خاوه‌ن: سایه‌ و مایه‌ و پایه‌. منیش هه‌موویانم ڕه‌تده‌كرده‌وه‌، هه‌ڵبژاردن و كۆششم ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ بوو، ببم به‌ شاعیر، شاعیریی له‌ هه‌موو شتێك زیاتر كۆششی ده‌وێت. شاعیریی بوون كه‌سایه‌تییه‌كی په‌تی و پته‌و و مرۆڤبوونه‌‌، هه‌وا و هه‌ناسه‌ی پاراوی به‌ ئازادی تێدا هه‌ڵده‌مژم. وابزانم له‌ هه‌ڵبژاردن و كۆششمدا له‌ قوتابخانه‌ی ئه‌شق خوێندم و نیشانه‌م له‌به‌ر ئاوێنه‌ی ویست داناوه‌. شاعیریی بوون ڕووداوێكه‌ دڵنیایی لێ نه‌سه‌ندوومه‌ته‌وه، به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ كه‌سه‌ خه‌ڵقكراوه‌كانی ناو خه‌یاڵی خۆم قسه‌ده‌كه‌م‌.

ئێستا دوای نیو سه‌ده‌ زیاتر له‌ ته‌مه‌ن، منداڵه‌كانم له‌ڕوومده‌ده‌ن تۆ باوكێكی: بێباك، یان كه‌مته‌رخه‌م، یان ته‌مبه‌ڵ بوویت. ئه‌گینا بۆ نه‌تده‌خوێند، ده‌بووایه‌ بتخوێندبووایه‌ ….. تاد، منیش هه‌میشه‌ دروشمی ژیانم: خوێندن بۆ بڕوانامه‌ و سایه‌ و مایه‌ و پایه‌ نه‌بوو‌، به‌لامه‌وه‌ش هیچ گرینگ و مه‌به‌ست نه‌بووه‌، چی له‌وه‌ خوێنده‌وارترم ناكات، چه‌ند نامه‌یه‌كی ماسته‌ر و دكتۆرا له‌باره‌ی بیری منه‌وه‌ نووسراون و لێكۆڵەرانیش هه‌ڵوه‌سته‌یان له‌باره‌ی ئه‌زموونی شیعریی من كردووه‌. خوێندنه‌وه‌ی ئه‌ده‌بیات ئه‌زموومێكی ئارامبه‌خش و خاڵی سه‌رنجڕاكێشانی من بووه‌ و هه‌ستی به‌رپرسیاریه‌تی لا دروست و به‌هێزكردووم، له‌ ساتی ئه‌م به‌رپرسیاریه‌تییه‌دا ڕوون و به‌ئاگام.

شیعر پایته‌ختی ڕووناكی هه‌موو سه‌رده‌مه‌كانه‌. له‌و پایته‌خته‌ به‌ كۆششێكی ته‌واو ئازاد ده‌ژیم، به‌ڵام وه‌ك گه‌ڕان و گه‌شت: ناوچه‌ییه‌كی په‌تیم. له‌ڕووی خۆشگوزه‌رانی و ویستی منداڵه‌كانم، دان به ‌هه‌ڵه‌كانم ده‌نێم و قبووڵیان ده‌كه‌م: بێباك و كه‌مته‌رخه‌م و ته‌مبه‌ڵبووم.

11

شاعیری بێگەرد كەسایه‌تییەكی بەهێز و سەربەخۆیە، شاعیری بوونه‌، ده‌نگی مه‌وداكانی به‌ده‌ستهێناوه‌، په‌یبه‌ر و په‌یپێبراوه، به‌رانبه‌ر به‌ سیسته‌می ناڕێك وه‌ستاوه‌‌. شیعرەكانی زەینێكی ڕوون و تیژیان داوەتێ و ژیاننامەیەتی، تیزابی به‌ چاوی شمشێری دیموكلیس داكردووه‌. شیعر بوونەوەرێكە زوو شەڕی خۆی لە پێناو دادپەروەری خۆی دەكات و تۆڵەی وەردەگرێتەوە.

شاعیر به‌ده‌ر له‌ شیعره‌كانی ده‌بێت كه‌سایه‌تی ئه‌ده‌بی خۆشی له‌به‌رچاو بگیرێ و بخوێندرێته‌وه‌. ئاره‌زوومه‌ندی شیعر هەیە تا ئەوپەڕی چووه‌ته‌ پاڵ ئایدیۆلۆژیایه‌كی سته‌مكار و جه‌للادی چه‌پێنه‌ر، نانی نانی و كاسەهەڵگر و پانیكێشهەڵگر و زه‌لیل و به‌ڵێ قوربانه‌. به‌ خواستی خۆی بووه‌ته‌ كۆیله‌ی هه‌موو جه‌سته‌ گوێ و ده‌م، دەیەوێت له‌ناو پرسه‌ تایبه‌تییه‌ سیاسییه‌كانیدا شیعریش بنووسێت. لەم حاڵ و بارەدا شیعر ده‌نگێكی تێكشكاو و سه‌رێكی كز و جەستەیەكی بێجووڵەیە. نرخ و به‌ها و مانایەكی نامێنێت، نابێتە تیشكۆی سەرنجی خوێنەر و لێكۆڵەر، وه‌ك شاعیرێكی سه‌ربه‌خۆ بوونی نییه‌. بە ڕەواش دەزانێت گلەیی توند لە خوێنەر و لێكۆڵەران بكات نایخوێننه‌وه‌، لە ناوەوەشیدا ئەو هەقیقەتە هەناوی لە دەمی ده‌هێنێتە دەرەوە، كه‌ كەوتووه‌تە خانەی بێزران و بێبایەخ بوون، ئه‌و ده‌ربڕینه‌ ئێسك ناشكێنێت. گرێی مێژووی داهێنان ده‌كاته‌وه‌.

12

20/3/1984 لە یانەی مامۆستایانی هەولێر، یەكەمجار بە بەزم و ڕەزمی سروودی نەورۆزەوە چوومەسەر مێزی خواردنەوەوه‌. لەگەڵ: مەحموود زامدار، مستەفا په‌ژار، خالید جووتیار، دكتۆر ئازاد حه‌مه ‌شه‌ریف، بورهان ئیبراهیم یەعقووب. زامدار گوتی: یەكێكی تریشم كردە عەرەقخۆر و ناوی هاته‌ ناو لیسته‌وه، له‌دایكبوونی ڕاسته‌قینه‌ت ئه‌و ڕێكه‌وته‌یه‌ یه‌كه‌م پێكی تێداهه‌ڵده‌ده‌یت و به‌سه‌ر گه‌نجینه‌ی داهێنان و نوێبه‌خشی ده‌كرێیته‌وه‌‌.

پێكیان بەرزكردەوە گوتیان: بە میوانداری شاعیری لاو سەباح ڕەنجدەر، منیش ده‌نگی خۆم هه‌ڵێنا و گوتم: لە گەشانەوەی شیعری گرینگ. بۆچوونه‌كه‌ی منیان په‌سه‌ندكرد، هه‌ر پێنجیان پێكه‌كه‌یان دانایه‌وه‌ سه‌ر مێز و دووباره‌ به‌رزیان كرده‌وه‌. به‌ كۆرس گوتمان: له‌ گه‌شانه‌وه‌ی شیعری گرینگ. دوای هەڵدانی یەكەمین پێك خالید جووتیار گوتی: پێشبینی دەكەم ببێتە شاعیرێكی تەواو داهێنەر. مستەفا پەژاریش بە ڕەشبینیی و بزه‌یه‌كی ته‌وساوییه‌وه‌ گوتی: وه‌ی نایبینی. كتوپڕ لە شوێنی خۆمدا تاسام و برادەران دایانە قریوەی پێكەنین.

دوای بیست و چوار ساڵ تێپه‌ڕبوون به‌سه‌ر دانیشتنه‌كه‌دا، خالید جووتیار ئه‌زموونی خوێندنه‌وه‌ی خۆی له‌ ژماره‌ (130)ی 5/3/2008، گۆڤاری (ڕامان) به‌ ناونیشانی: (شیعر و تازه‌گه‌ریی و كه‌له‌پوور) نووسیوه‌ و له‌ناو ئاماژه‌ و نیشانه‌ و هێماكاندا، ئاماژه‌ی به‌ به‌دیهێنانی پێشبینییه‌كه‌ی داوه‌.

دانیپێدادەنێم ئێستا و ئەوسا پەیم پێنەبردووە ئەم دوو بۆچوونە بە كوێ گەیشتوون، بەڵام درۆ باش نییە، هەمیشە خستوومیانەتە دۆخی پرسیار لەخۆكردن و مووچڕكی ترسیان لە جەسته‌مدا هێشتووەتەوە، نموونەی باڵای شیعری بێگەردیشم لەبەرچاوە، هه‌قیقه‌تی ڕۆحی خۆمی تێدا به‌رجه‌سته‌ بكه‌م و شته‌ گرینگ و كاریگه‌ره‌كانی خۆم به‌ ئه‌ویدی ڕابگه‌یه‌نم.

13

له‌ ژماره‌ (68)ی ئه‌یلوولی 1988، گۆڤاری (كاروان)، مسته‌فا ساڵح كه‌ریم چیرۆكێكی به‌ ناونیشانی: (پیرمامه‌ند) بڵاوكرده‌وه‌. ڕامانی سه‌ره‌كی چیرۆكه‌كه‌ ڕاگواستنی گونده‌كانی كوردستان بوو، چیرۆكه‌كه‌ كاریگه‌رییه‌كی قووڵی له‌سه‌ر باری ده‌روونی مندا هه‌بوو. یه‌كێك بووم له‌ ڕاگواستراوه‌كان و برینی ڕاگواستن له‌ من و بنه‌ماڵه‌كه‌مدا گه‌رمبوو، به‌رده‌وام خوێنی له‌به‌ر ده‌ڕۆیی. غه‌ریب و بێپه‌نا مابووینه‌وه‌. به‌ ژیانی ڕۆژانه‌ و نان و ئاوی مه‌مره‌ و مه‌ژی ڕازی بووین. به‌ خوێندنه‌وه‌ی، وامزانی گونده‌كانم هه‌مووی به‌ده‌ستهێناوه‌ته‌وه‌ و زه‌وی جیهان هاتووه‌ته‌وه‌ ژێرپێم، به‌ شوێنی مووتوربه‌ كردمه‌وه‌. له‌وساوه له‌ خۆشحاڵی و‌ چاوه‌ڕوانی ڕێكه‌وتێك بووم، چیرۆكنووس ببینم و له‌ پاداشتی ئه‌م چیرۆكه‌ ده‌ستی ماچ بكه‌م. ئه‌و ده‌ستانه‌ی له‌ خۆشحاڵیی ئه‌ده‌بدا ماچی ده‌كه‌یت، واده‌زانی ده‌ستی خدری زینده‌یه‌ و ئێسكی تێدانییه. من داهێنه‌رانی زمانی خۆم تا ئاستی ئه‌شقی خودایی خۆشده‌وێ. چه‌ندان جار وێنه‌ی داهێنه‌رانی زمانی خۆم له ‌ڕووی ڕۆژنامه‌ و گۆڤاره‌كاندا ماچكردووه‌‌.

له‌ یازده‌مین فێستیڤاڵی گه‌لاوێژ، له‌ 22/11/2011 له‌ حه‌وشه‌ی هۆڵی ته‌وار له‌ سلێمانی، دووراودوور بینیم. شه‌رمم له‌ شكۆی كرد بچمه‌ خزمه‌تی و خۆمی پێبناسێنم و باسی كاریگه‌ری چیرۆكه‌كه‌ی بۆ بكه‌م. بۆ ئێواره‌ی 24/11/2011 دكتۆر به‌رهه‌م ساڵح میوانانی فێستیڤاڵی له‌: (یانه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی) میوانداری كرد، میوانه‌كان له‌ نهۆمی دووه‌مدا بوون. چیرۆكنووس له‌ نهۆمی یه‌كه‌م له‌به‌رده‌م په‌یژه‌كه‌ پیاسه‌ی ده‌كرد و وه‌ك زاوا ڕێكپۆشبوو. منیش له‌سه‌ر په‌یژه‌ی نهۆمی دووه‌م چاودێری و چاوه‌ڕوانم ده‌كرد سه‌ربكه‌وێت و بوێری و بێشه‌رمی ئه‌وه‌م تێدابێت خۆمی پێبناسێنم و ده‌ستی ماچ بكه‌م.

من له‌ تای چ ته‌رازوویه‌ك گه‌وهه‌ری خۆم ده‌كێشا و چیرۆكنووس له‌ تای چ ته‌رازوویه‌ك تاسه‌ی خۆی ده‌شكاند. له‌پڕ چیرۆكنووس شڵه‌ژا و بۆینباخه‌كه‌ی ڕێكخست بۆ خۆئاماده‌كردنێك پێیه‌كانی له‌ كاشی خشاند و به ‌په‌له‌ ڕایكرد، ده‌سته‌ودامه‌نی دكتۆر به‌رهه‌م بوو، به‌ ده‌ست له‌سه‌ر سینگ و خۆشدووییه‌كی ناپێویست پێشی كه‌وت، فه‌رموو فه‌رمووی لێكرد تا گه‌یاندی به‌ نهۆمی دووه‌م و ناو میوانه‌كان، له‌سه‌ر مێزی به‌ میكرۆفۆن ئاماده‌كراو یه‌ك كورسی له‌ ته‌نیشتی دانیشت، كه‌ ته‌رازووه‌كه‌م دیت لاسه‌نگ بوو، ئه‌وجا بیرمكرده‌وه‌ خۆم له‌ كوێدا بووه‌ستم و داهاتووی ئه‌ده‌ب بپارێزم. واقیع كتێبێكی كراوه‌یه‌ هه‌ریه‌كه‌مان به ‌جۆرێك ده‌یخوێنینه‌وه‌ و هه‌مووشمان سوودی لێوه‌رده‌گرین.

25/11/2011 فێستیڤاڵ ته‌واوبوو، میوانان هه‌ریه‌ك به‌لایه‌كدا په‌رتبوون. بۆ به‌یانی له‌ شیرینی: (تۆفیقی حه‌ڵواچی) چه‌ند جۆرێك شیرینیم بۆ منداڵه‌كانم كڕی و گه‌ڕامه‌وه‌ هه‌ولێر، به‌درێژایی ڕێگا خوێنی ده‌ماره‌كانم ده‌كوڵا، كه‌ گه‌یشتمه‌وه‌ ماڵه‌وه‌ شیرینیه‌كه‌م دایه‌ ده‌ست منداڵه‌كانم، پێش ئه‌وه‌ی پشوویه‌ك بده‌م،‌ چوومه‌ ناو كتێبخانه‌كه‌م كۆچیرۆكی: (ڕه‌شپۆشێكی جیهانی چواره‌م)م ده‌رهێنا و له‌ پێش ده‌رگای حه‌وشه‌م دانا، به‌ڵكو كه‌سێك له‌گه‌ڵ ده‌ستی خۆیدا هه‌ڵیگرێته‌وه‌ و بیبات، له ‌كاتێكدا زۆر هۆگری چیرۆكه‌كان ببووم و چووبوومه‌ كرۆكیانه‌وه‌.

14

شیعر جیهاده، مێژوو له‌ خڵت و لیخنیی پاكده‌كاته‌وه‌‌. چوومه‌ته‌ به‌ره‌ی جیهاد. دڵنیام كه‌س ناكوژم، به‌ڵام خۆم شه‌هیدده‌بم.

15

ئەو نووسینەی لە ئەدەبدا بە شیعر ناسراوە، گرینگ شێواز و تێگەیشتن لە شێواز و ماك و ڕەگە مێژوویییەكەیەتی، چونكە نوێبەخشیی مەیلێكە بە هیچ شێوەیەك نوێ نییە و یەك سەردەمی نییه، مەیلێكی خۆڕسك و به‌رپرسیاریه‌تییه‌ لە داهێنەردا.

بە شێوەیەكی بەردەوام لە هەموو سەردەمەكاندا دووبارەبووەتەوە و دووباره‌دەبێتەوە و دەبێتە دیاردەی مێژوویی و پەرەسەندنی مێژووی داهێنان، ئەگەر بە دیارده مێژوویییەكانی ئەدەبی خۆماندا بچینەوە و دەستنیشانیان بكەین دەبینین:

بابا تاهیر و نالی و گۆران ….. تاد، هەریەكیان نوێبەخشی سەردەمێكن و شتێك له‌ داهاتوویان هه‌ڵگرتووه‌، پرسیاری ڕه‌گوڕیشه‌یی و گشتگیرییان كردووه‌ و دیاردەن. مەیلی دووبارەبوونەوه‌ی نوێبەخشین، نهێنی بوونیان لە مەیلی دووبارەبوونەوەی نوێبەخشی و پرسیاری ڕه‌گوڕیشه‌یی و گشتگیری وەرگرتووە، هیچێكیان كانی به‌ر له‌ خۆیان كوێرنه‌كردووه‌ته‌وه‌ و كانی دوای خۆشیان شێلونه‌كردووه‌، به‌ڵكو ئاوێكی پاراویان بۆ ده‌سته‌به‌ركردووین بۆ خواردنه‌وه‌ و دوا شووشتنمان بشێت و شتێك له‌ داهاتوویان تێدایه‌. هه‌ر شیعرێك شتێك له‌ داهاتووی تێدانه‌بێت، هیچ مانایه‌كی نابێت.

16

به‌و زمانه‌ ده‌نووسم، هه‌ستی پێده‌كه‌م و پێی ده‌ژیم. بیركردنه‌وه‌یه‌كم، وه‌ك هه‌وڵ و هه‌نگاو له ‌خۆمدا جووڵاندووه‌، ته‌نیا له‌م ده‌ستپێكه‌دا شیعری هاوچه‌رخ له‌دایكده‌بێت و جۆره‌ هاوده‌مییه‌كی شێواز و په‌نجه‌مۆر دروستده‌بن و هاوسه‌نگ یه‌كتری ڕاده‌گرن.

17

شیعر وه‌ك ناسنامه‌ی دنیا خۆی پێناساندم، ناسنامه‌یه‌كی به‌خته‌وه‌ر. له‌ شاكاردا ناساندنی خۆی دووباره‌ده‌كاته‌وه‌. بۆ دۆزینه‌وه،‌ ته‌م له‌سه‌ر جیهانێك لاده‌دات، كه‌ ناساندن ئاماژه‌ی بۆده‌كات.

18

لێكۆڵەری ڕاسته‌قینه‌ نووسه‌رێكی داهێنه‌ره‌، ڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی به‌ بنچینه‌كانی كاری داهێنانه‌وه‌ هه‌یه‌، به‌ره‌و به‌های بابه‌ت و ئێستێتیكا ڕێنماییمان ده‌كات. ئه‌میش له‌ سنووری بیركردنه‌وه‌ و دادپه‌روه‌ری و زانینی خۆی به‌رهه‌مێك داده‌هێنێ، به‌رهه‌مه‌كه‌ی له‌ خزمه‌تی به‌رهه‌می یه‌كه‌مدایه‌. سێبه‌ری یه‌كه‌م نییه‌، ڕووناكی دووه‌مه‌. خۆی داهێنه‌ره‌ و به‌رهه‌مه‌كه‌شی داهێنانه‌. خوێنه‌ری نموونه‌ییش داهێنه‌ره‌. لێكۆڵەری ڕاسته‌قینه‌ واده‌كات خوێنه‌ری نموونه‌یی ببێته‌ نووسه‌ری دووه‌م، یان لێكۆڵەر ناوه‌نده‌ له‌ نێوان نووسه‌ر و خوێنه‌ردا.

له‌ جێگایه‌ك خوێندوومه‌ته‌وه‌ بۆ هه‌ر نووسینێك دوو نووسه‌ر هه‌یه‌:

یه‌كه‌م: ئه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌كه‌ی داهێناوه‌.

دووه‌م: خوێنه‌ره‌كه‌یه‌تی، خوێنه‌ری نموونه‌یی.

زۆر به‌وریاییه‌وه‌ گوێ له‌و باسانه‌ ده‌گرم، كه‌ له ‌به‌رهه‌می مندا ده‌بنه‌ باس، ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ بیروبۆچوونه‌كانیشیان نه‌بم، په‌یوه‌ندیم له‌گه‌ڵیاندا په‌یوه‌ندییه‌كی سروشتی و مرۆڤانه‌ ده‌بێت. لێكۆڵەر هه‌قی هه‌موو بیروبۆچوونێكی هه‌یه‌، كه‌ له‌ناو ده‌قه‌كه‌دا هه‌ستی پێده‌كات و بیری بۆی ده‌چێت. بیروبۆچوونی له‌باره‌وه‌ ده‌رببڕێت. ڕه‌نگه‌ بیروبۆچوونی نه‌چێته‌وه‌ سه‌ر كرۆك و ماكی بیروبۆچوونی نووسه‌ره‌كه‌ش، ئه‌مه‌ ئه‌وه‌ نییه‌ لێكۆڵەر به ‌كه‌مزان و كه‌مده‌ست و ناتێگه‌یشتوو تاوانبار بكه‌یت.

نموونه:‌ ئه‌دیب نادر، باسێكی به‌جیهانبینییه‌كی پڕ و هه‌ڵگری لێكدانه‌وه‌ی جیاجیا و میتۆدی هه‌مه‌لایه‌نه‌‌ له‌باره‌ی ئه‌زموونی من به ‌ناونیشانی: (كه‌ خه‌ون ده‌بێته‌ وێنه‌، كه‌ خه‌ون ده‌بێـته‌ شیعر) نووسیوه‌. له‌ كتێبی: (گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ماڵی یه‌كه‌م) ساڵی 2014 له‌ ئه‌كادیمیای كوردی چاپكراوه‌، بڵاوی كردووه‌ته‌وه‌.

ڕه‌تی ناكه‌مه‌وه‌، له‌گه‌ڵ به‌شێكی بیروبۆچوونه‌كانیشی یه‌كنایه‌مه‌وه‌، به‌ڵام لێكۆڵەرێكی ڕاسته‌قینه‌یه‌ و قووڵبووه‌ته‌وه‌، پێی له‌سه‌ر زه‌وی نووسین قایم و جووته‌. بیركردنه‌وه‌ی كه‌سایه‌تی ئه‌ده‌بیی خۆی، وه‌ك به‌رپرسیاریه‌تی نووسین و هێزی ئایینده‌بینینی نووسین به‌كارهێناوه، جیهانبینیی و دیدی منیشی ناسیوه‌‌. به‌رهه‌مێكی دروستكه‌ری پرسیاری له‌سه‌ر به‌رهه‌مه‌كه‌ی مندا خوڵقاندووه‌، ئه‌گه‌ر بیروڕاكه‌شی وه‌رنه‌گرم، هه‌موو شتێك له‌م وه‌رنه‌گرتنه‌دا كۆتایی نایه‌ت. بێ هیچ گومانێك لێكۆڵەری ڕاسته‌قینه‌ به‌شداری كارای داهێنان ده‌كات، هاریكاری ئه‌وه‌شی ده‌كات به‌رهه‌می داهێنراو به‌رهه‌مبهێنێت و پرسیاره‌ بوونییه‌كانی خۆی بكات.

19

شیعر هه‌وڵده‌دا هه‌وڵێكبێت له‌ ته‌واوی بواره‌كاندا دانپیانانبێ به‌ ژیان، یان ئاشكراكه‌ری ژیانی تایبه‌تی شاعیر، كه‌ ژیانێكی قووڵ و ڕوونه، شیعر خۆی شاعیره‌كه‌یه‌‌. ئه‌و ماوه‌ دیاریكراوه‌ی ده‌ژین دانپیانانه‌ به‌ ژیان. مردن كامڵبوونی مرۆڤه‌. دۆنایدۆن، كه‌ دێت وه‌رتده‌گرێ زاوزێكردنی بوونه‌. كارتێكردن و كارتێكراوه‌، دایك و ڕۆڵه‌ی زیندووی بوونن.

شیعری بێگه‌رد به‌خۆی زانیوه‌ و به‌ شێوه‌یه‌كی سروشتی بژێوی ڕه‌وای خۆی، نه‌ك سواڵ له‌م زاوزێكردنه‌ی بوون وه‌رده‌گرێت، ئه‌گه‌ر ئه‌ده‌بی ئێستێتیكی نه‌بووایه‌ مرۆڤایه‌تی لایه‌كی به‌تاڵده‌بوو، یان لایه‌نی كه‌م شتێكی گرینگی كه‌م ده‌بوو، یان هێڵی بیركردنه‌وه‌ی ده‌گۆڕا و هێماكانی زه‌وی زیاتر ئاڵۆزده‌بوون.

له‌ ئێستادا، كه‌ ئه‌زموونی نووسینم سی و پێنج ساڵی جێهێشتووه‌، نووسین بۆم بووه‌ته‌ ناوچه‌یه‌كی ترسناك و چوونه ‌ناوی ئێجگار سه‌خت و به‌ ئازار بووه‌. له‌ ڕێكخستنی وشه‌دا و كاریگه‌ریی ده‌نگێك به‌سه‌ر ده‌نگێكی دیدا هه‌سته‌كانم ده‌رده‌كه‌ون، ئێستا زۆر هه‌ستیارم به‌رانبه‌ر ده‌ركه‌وتنی هه‌سته‌كانم و ئه‌و وشانه‌ی ڕسته‌یان لێپێكده‌هێنم و ده‌یانكه‌م به‌ وێنه‌ی ئێستێتیكی.

من ته‌نیا له‌ خوێندنه‌وه‌ی ده‌قی ئێستێتیكیدا ده‌دروشێمه‌وه‌ و ڕۆڵه‌ی بچووكی ئه‌ده‌بی ئێستێتیكیم، به‌ ته‌واوی بوون و هه‌سته‌كانمه‌وه‌ په‌یوه‌ستم پێیه‌وه‌ و له‌ خولگه‌كانی ده‌خولێمه‌وه‌. هه‌ناسه‌یه‌كی ڕوون و قووڵ له‌ نێوان ئه‌زموون و زماندا ڕامده‌گرێ و ده‌یخۆمه‌وه‌، ناسنامه‌ی بوونی خۆمی لێوه‌رده‌گرم و به ‌ده‌ستمه‌وه‌ی ده‌گرم، ده‌ستم له‌ گۆزه‌ی شه‌رابی خودایی هه‌ڵده‌هێنم و ناوچه‌وانمی پێ ته‌ڕده‌كه‌م.

20

له‌و ته‌مه‌نه‌ی هه‌ستم به‌ مرۆڤبوونی خۆم كردووه، چێژی وشه‌م دۆزییه‌وه‌ و تێیدا مه‌ست و شاگه‌شكه‌ بووم. مه‌نه‌لۆژی ناوه‌كی‌، واته‌: مه‌نه‌لۆژی ناخی بیركه‌ره‌وه‌. له‌ناو شیعردا له‌ جه‌نگ و گه‌شتێكی شادیبه‌خشی بێپایا‌ندام له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی نائومێدییدا. جه‌نگ و گه‌شته‌كه‌م له‌ فه‌زای پرسێكی بنه‌ڕه‌تییه‌، پرسی شیعر. هه‌ر كاتێك به‌ ئومێد و شیعر بگه‌م و باره‌كانی زه‌ین بخه‌مڵێ، جه‌نگ و گه‌شته‌كه‌م كۆتایی دێ. دووباره‌ نه‌خشه‌ی جه‌نگ و گه‌شتێكی دی ده‌كێشمه‌وه‌. جه‌نگ و گه‌شتی یه‌كه‌م ئاشقبوونم به‌ ئومێد و شیعر بۆ به‌های بزربوون له‌ناو فه‌زایدا، گوێگرتنه‌وه‌ له‌ یه‌كه‌مین مامۆستای زمانی دایك بۆ گه‌رمكردنه‌وه‌ی به‌هره‌ی یه‌كه‌م ئه‌شق و ئاشقبوونم به‌ گه‌شتی شاعیرانی داهێنه‌ر و ئاشنابوون به‌ په‌یامی یه‌كتری و دۆزینه‌وه‌ی خه‌سڵه‌تی ئه‌فسوونی شیعرییه‌ت و خه‌مڵینی زه‌ین.

21

زمان ئاسۆی گه‌ردوونیی هه‌یه‌ و مرۆڤیش له‌ نێوان زمانه‌ هاوبه‌شه‌كان دابه‌شكراوه‌. شیعر پانتایی زمان تێناپه‌ڕێنێت، به‌ڵكو ده‌یكاته‌ هونه‌ری زمان. له‌ شیعری بێگه‌رددا پرسێكی گرینگ ڕۆڵده‌بینێت، زمان ده‌بێته‌ هونه‌ری زمان، هه‌روه‌ها شیعریش ده‌بێته‌ هونه‌ری زمان. بۆ هه‌ر وشه‌یه‌ك زیاد له‌ مانایه‌ك په‌یداده‌بێت و سروشتییانه‌ هه‌ڵده‌قووڵێت، له‌ زمانی زانستدا یاری به‌ مانای وشه‌ ناكرێت، واته‌: وشه‌ یه‌ك مانای هه‌یه‌ و به‌س. له‌ شیعری بێگه‌رددا زمان به‌ په‌نهانی نامێنێـته‌وه‌ و به‌ لێكدانه‌وه‌كانی ده‌وڵه‌مه‌ندده‌بێت و ده‌بێته‌ ئه‌زموونی شاعیر و ناوه‌ندی مانا، ئه‌زموونی شاعیر و ناوه‌ندی مانا هه‌ر له‌ له‌دایكبوونی مرۆڤی ئاساییه‌وه‌ تا له‌دایكبوونی خوداوه‌نده‌كان درێژده‌بێته‌وه‌، یان له‌ مردنی مرۆڤی ئاساییه‌وه‌ تا مردنی خوداوه‌نده‌كان، واته‌: سه‌ره‌تا پرسیار له‌ كۆتایی ده‌كات و كۆتاییش پرسیار له‌ سه‌ره‌تا ده‌كات، وه‌ڵامه‌كان شیعری بێگه‌ردن و سنووره‌كانی ئه‌ندێشه‌ی شاعیر به‌رزده‌كه‌نه‌وه‌ و ده‌ستنیشانی ده‌كه‌ن.

22

له‌ زماندا نهێنییه‌ك هه‌یه‌، پانتاییه‌ جۆراوجۆره‌كانی بوون گه‌ڵاڵه‌ده‌كات ته‌نیا شیعر ده‌توانێت ده‌ستی بۆ ببا و دوو ئاسۆی كارای تێدا تێكه‌ڵاوبكات.

یه‌كه‌م: ئه‌و ئاسۆیه‌ی ژینگه‌ ده‌یخوڵقێنێت، زمان توانای په‌یپێبردنی هه‌یه‌.

دووه‌م: ئه‌و ئاسۆیه‌ی شیعر ده‌یخوڵقێنێت، به‌ چه‌شنێكی زمانه‌وانیی، دۆخگۆڕین ده‌كات.

شاعیر نیشته‌جێی هه‌ردوو ئاسۆیه‌. ئاسۆی یه‌كه‌م به‌ ته‌واوی توانا ماناییه‌كانیه‌وه‌ ئاماده‌یی له‌ ئاسۆی دووه‌مدا هه‌یه‌. ئاسۆی دووه‌میش به‌ ته‌واوی جیهانبینییه‌وه‌ ئاماده‌یی له‌ ئاسۆی یه‌كه‌مدا هه‌یه‌. تواناكانی زمان تێیاندا فه‌راهه‌مده‌بێت و درێژه‌ به‌ هێزی زمان و ڕێگاكانی بینینی جیهان ده‌دات و هێما ئافرێنه‌ره‌كان زمان ده‌یانكاته‌وه‌.

23

شیعر هۆكارێكی سه‌ره‌كییه‌ له‌ بوونی مرۆڤدا. مرۆڤیش خوێنەری كۆی شته‌كانه‌، كه‌واته‌: شیعر ئه‌گه‌ر چه‌ند كه‌سانێكی وریا و به‌ئاگا و بژارده‌ بیخوێننه‌وه‌، ئه‌وه‌ شیعرێكی به‌ خوێنەره‌. به‌دحاڵیی و خۆهه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنێكی كوشنده‌ له‌ناو به‌شێك له‌ ئێمه‌مانان په‌یڕه‌وده‌كرێت. خۆماتدان له‌ژێر ئه‌م پرسیاره‌ به‌تاڵه‌ی هه‌ر شیعرێك نه‌یتوانی له‌ سه‌رده‌می خۆیدا خوێنەر په‌یدابكات، ئه‌وه‌ شیعره‌كه‌ له‌ ئاستێكدایه‌ و خوێنەریش له‌ ئاستێكی نزمتردان، یان له‌ سه‌رده‌مێكی پێشكه‌وتووتردا خوێنەری ڕۆشنبیرتر په‌یداده‌بن و ده‌بنه‌ خوێنه‌ری ئه‌م چه‌شنه‌ شیعره‌. ئه‌م جۆره‌ تێڕوانینه‌ هێرشكردنه‌ سه‌ر شیعر و سووكایه‌تیكردنێكه‌ به‌ خوێنه‌ر، ده‌رهاوێشته‌ و كاردانه‌وه‌ و تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ی ئه‌وه‌یه‌، كه‌ خوێنه‌ر به‌لایه‌وه‌ ناون و نایانخوێنێـته‌وه‌.

ئه‌گه‌ر شیعرێك له‌ سه‌رده‌می نووسینیدا نه‌یتوانی خوێنەری وریا و به‌ئاگا و بژارده‌ بۆ خۆی په‌یدابكات، له‌ هیچ سه‌رده‌مێكی تردا ناخوێندرێته‌وه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا بڕوام به‌ دیارده‌ی ده‌گمه‌ن و ناوازه‌ و سه‌رپه‌ڕ هه‌یه‌.

مه‌حوی، گۆران، دیلان ….. تاد، شاعیری به‌ خوێنەرن، ئه‌مانه‌ له‌ ڕوئیا و شیعرییه‌تدا له‌ ورووژان و ڕاكێشانی جادوویی و جاویدانیدان، به‌ خاڵی به‌یه‌كگه‌یشتن گه‌یشتوون، به‌یه‌كگه‌یشتنی شیعرییه‌ت و خوێنەر، هه‌ستده‌كه‌یت هه‌موو شتێكیان بینیوه‌، سوودیان له‌ كه‌شوهه‌وا و هێما ئه‌فسانه‌ییه‌كانیش وه‌رگرتووه‌ و نیگه‌رانییه‌كی داهێنه‌رانه‌یان تێدایه‌ . با هه‌ل و بوارێك وه‌ربگرین و  بچینه‌ ناو شیعرییه‌تی ئه‌م سێ ده‌قه‌وه‌:

یه‌كه‌م: ئه‌وی ئه‌مڕۆ به‌ ده‌وری ته‌ختیایه‌ هه‌لهه‌له‌ی مه‌خلووق، مه‌حوی.

دووه‌م: دواسه‌رنج، گۆران.

سێیه‌م: سێبه‌ری په‌رت، دیلان.

له‌ هه‌مان كرده‌شدا ده‌بیندرێت هه‌یه‌ نیو سه‌ده‌یه‌ پیاده‌ی نووسینێك به‌ نیازی شیعر ده‌كات، كه‌چی من وه‌ك خوێنه‌رێكی ناوه‌خن و به‌رده‌وامی شیعری كوردی، ئه‌وه‌م ڕووبه‌ڕوونه‌بووه‌ته‌وه‌ یه‌ك دێڕیشی بووبێته‌ ده‌قێكی: (چێژ)،‌ یان ده‌قێكی: (ڕوئیا)، یان ده‌قێكی: (مه‌عریفی). هه‌ر پانتاییه‌كی سپی كاغه‌ز به‌ نیازی شیعر، به‌ ڕه‌نگێك دابپۆشرێت ئه‌م سێ خاڵه‌ تێیدا ئاماده‌بوونێكی به‌هێز و پڕ جووڵه‌ی نه‌بێت، بێ هیچ چه‌ندوچوونێك له‌ شیعرییه‌ت به‌تاڵه‌ و مێژووی داهێنان فڕێیده‌دات و بانگهێشتی ناكات بۆ بینینی جیهان.

نوێبه‌خشی بناغه‌دار، به‌رده‌وام له‌ ڕه‌گی كۆمه‌ڵگا كارده‌كات، كۆمه‌ڵگاش بوونی خۆی ده‌ناسێت و له‌ ده‌ركه‌وتنی بزووتنه‌وه‌كان ئاگادارده‌بێت، ئه‌و ڕه‌گه‌زانه‌ش ده‌ناسێت كه‌ نوێبه‌خشی ده‌گونجێنێت و چالاكی ده‌كات.

نموونه:‌ شیعری (وه‌ره‌ خوارێ ئه‌ی خواكه‌ی غه‌ریبان له‌ كلكه‌ی هه‌وری ئاڵه‌وه‌ وه‌ره‌ خوارێ)ی ئه‌نوه‌ر قادر محه‌مه‌د. فه‌زایه‌كی زیندووی هه‌یه‌ و تا بڵێی ئێستێتیكییه‌. نسكۆی شۆڕشی ئه‌یلوولی له‌ ئه‌زموونێكی ئێستێتیكی سێبه‌ردار داڕشتووه‌ و باری ده‌روونیی كۆمه‌ڵگای كوردیی تێدا به‌رجه‌سته‌كردووه‌.

به‌ خاڵی به‌یه‌كگه‌یشتنی شیعرییه‌ت و خوێنەر گه‌یشتووه‌، به‌هره‌ی خۆڕسكی شیعر، بێ زۆرله‌خۆكردن ئافرندوویه‌تی.

بڕواشم وایه‌ ئه‌وانه‌ی ڕوئیا و شیعرییه‌تیان لا دروست نه‌بووبێت ته‌مه‌نی نووحیشیان هه‌بێت نابن به‌ شاعیر. جا گرفت له‌وه‌دا‌ نییه‌ ئه‌م شیعره‌ به‌ خوێنەره‌، یان نا، به‌و مانا خۆهه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنه‌ی له‌ناو ئاستنزم و په‌راوێزه‌كان پڕوپاگه‌نده‌ی كوشنده‌ی بۆ ده‌كرێت. ئه‌وه‌ گرفته‌كه‌یه‌. ئایه‌ ئه‌م شیعره‌ ڕوئیا و شیعرییه‌ت و بنیاد و شێواز و بیرۆكه‌ و نیشانه‌ هاوچه‌رخه‌كانی تێدایه‌، یان نا.

من بڕوام به‌ شیعرییه‌ت و ڕوئیا و خوێنەری وریا و به‌ئاگا و بژارده‌ و ئه‌زموونی شاعیر و خۆبوونی هه‌یه‌.

24

خودایه‌، كه‌ هێڵه‌كانی ژیانت ڕێكخستووم، ئازادیی نووسین و داهێنانت بۆ فه‌راهه‌م، پرسه‌كانت تاوتوێكردووم. به‌ ته‌واوی بڕوا و قه‌ناعه‌ته‌وه‌، ڕۆژی پێنج فه‌رز خۆم ڕاسته‌ڕێ ده‌كه‌م و نوێژت بۆ ده‌كه‌م، كه‌ به‌سه‌ر ڕه‌گی دره‌ختی ڕه‌گ گه‌یشتووی ناو ئاوی پاراو بنیادتناوم. حه‌زم له‌ ته‌مه‌ندرێژیی نییه‌، نیو سه‌ده‌ زیاتره‌ ده‌ژیم. ئه‌وپه‌ڕی ئاواتمه‌ بچمه‌ جیهانی خامۆشانه‌وه‌، ئه‌و جیهانه‌ی خۆت بانگهێشتیم ده‌كه‌یت، به‌هه‌شت. له‌وێ ئه‌و حۆریانه‌ی له‌ پاداشتی كرده‌وه‌كانم خه‌ڵاتم ده‌كه‌یت، تا پله‌ی شیعرییه‌ت به‌رزیان ده‌كه‌مه‌وه‌ و به‌وپه‌ڕی به‌ڕێزه‌وه‌ ڕه‌تیان ده‌كه‌مه‌وه‌، داوای دیوانی شاعیره‌ داهێنه‌ره‌كانت لێده‌كه‌م. له‌وێ هه‌موو زمانه‌كانی دنیا ده‌بنه‌ یه‌ك زمان و ده‌یزانم، شیعری هه‌موو زمانه‌كانی پێ ده‌خوێنمه‌وه‌، ده‌ست له‌ هه‌موو شتێك به‌رده‌ده‌م، مشوورخواردنی: ماڵ و منداڵ و كه‌سوكار و نه‌ته‌وه‌ و مرۆڤایه‌تیشم نامێنێت تا پێیانه‌وه‌ سه‌رقاڵبم و چاودێری بارودۆخ و جیهانیان بكه‌م. خۆم ته‌رخانده‌كه‌م بۆ خوێندنه‌وه‌ی شیعری بێگه‌رد، له‌ شه‌ڕی چاودێری مرۆڤه‌ هه‌ڵبزڕكاو و ناخ گه‌چراوه‌كانیش ڕزگارده‌بم.

ئه‌و یه‌كڕووییه‌ی، كه‌ خه‌سڵه‌تی بنه‌ڕه‌تی مرۆڤی ئاشقه‌، خۆت هه‌ر له‌ له‌دایكبوونمه‌وه‌ ڕژاندووه‌ته‌ هه‌سته‌كانمه‌وه‌، سوپاست ده‌كه‌م.

ئه‌ی خودا: من تۆم خۆشده‌وێ، قه‌تیش لێت نه‌ترساوم و لێشت ناترسێم، كه‌ گوێڕایه‌ڵتم: نه‌ له‌پێناو پاداشتی به‌هه‌شته‌، نه‌ له‌ ترسی سزای دۆزه‌خه‌. ته‌نیا له‌ خۆشه‌ویستی خۆته‌وه‌یه‌ و به‌س.

كه‌ له‌ دنیادا بوونێكی بچكۆله‌م هه‌یه‌ قه‌رزاری شیعرم، ناوه‌ندی ژیانی منه‌ و له‌و له‌دایكبووم. ئه‌ستێره‌ی ڕه‌نگاوڕه‌نگ ده‌بینم له‌ هه‌موو شوێنێكدا به‌سه‌رمدا داده‌بارن. له‌سه‌ر زه‌مین ده‌بنه‌ قه‌ڵا پاڵیان پێوه‌ده‌ده‌م. گولله‌ی دووكه‌ڵی مرۆڤه‌ هه‌ڵبزڕكاو و ناخ گه‌چراوه‌كانیش وه‌ك فسی پێش ته‌نگاوبوون وایه‌.

25

هه‌ر ده‌قێكی جوانی شیعرییم خوێندبێته‌وه‌، توانایه‌ك له‌ هێڵی به‌رزبوونه‌وه‌ی ناخمدا په‌یداده‌بێت، كه‌ توانای دۆزینه‌وه‌ و داڕشتنه‌وه‌ی سه‌رله‌نوێی ژیانمی هه‌یه‌. قه‌ت ئاواتم نه‌خواستووه‌ من نووسیبوومایه‌، زۆر به‌ ڕاشكاوییه‌وه‌ ناخی خۆم ڕاده‌گه‌یه‌نم: هه‌موو ده‌قێكی جوانی شیعریی به‌ هی خۆم ده‌زانم، ده‌چمه‌ ناو كه‌ژاوه‌ی شانازییانه‌وه‌ و بۆنی خه‌می یه‌كه‌م و هه‌سته‌كانیان ده‌كه‌م، ده‌ریام تێدا بزرده‌بێت‌.

26

شیعری بێگه‌رد هه‌ڵوێستێكی ئێستێتیكییه‌. نابێت تێیبگه‌یت. ده‌بێ هه‌ست بكه‌یت له‌ هێزی یه‌كه‌مدا شتێك هه‌یه‌. ئه‌و شیعره‌ی له‌پێناو گه‌یاندن، واته‌: هێزی دووه‌م ده‌نووسرێت، شیعری بێگه‌رد نییه‌، واته‌: هه‌ستیار و بێدار نییه‌، گێڕانه‌وه‌، یان هه‌واڵه‌.

27

مێشكی من چڵكن نه‌بووه‌ به‌و دروشمه‌ باوانه‌ی ناو ڕۆشنبیری ئێمه‌، داهێنه‌ر له‌ شێوه‌ی تێڕوانینی داهێنانیه‌وه‌ كار له ‌ژیان ده‌كات و ئێستێتیكا له‌ مه‌ودای جیاجیادا له‌ زه‌ینی وه‌رگر مشتوماڵ ده‌كات و خاڵ و هێڵ و هێمای ده‌داتێ، كه ‌ناوكی جیهانبینی شیعره‌.

هه‌ست له‌ شیعر‌دا كه‌ر‌سته‌ی پێكهاته‌ و هێڵه‌ هاوبه‌شه‌كان ده‌سته‌به‌ر و گه‌ڵاڵه‌ده‌كات، بیری خه‌مڵیویش له ‌زه‌مینه‌یه‌كی گونجاودا، واته:‌ بنیادێكی خه‌مڵیو سروشتی ناوه‌وه‌ ڕێكده‌خات و خودی ئه‌زموون پێیده‌گه‌یه‌نێت.

دره‌وشانه‌وه‌ له‌ ده‌قدا ڕه‌نگه‌ ئه‌وه‌بێت وێنه‌یه‌ك ده‌بێته‌ ناوه‌ند و لووتكه‌ی ده‌قه‌كه‌، خوێنه‌ر له‌ ئاستیدا ته‌واو بێده‌نگ ده‌بێت. ئه‌و بێده‌نگبوونه‌ ئه‌وه‌یه‌ ده‌ستی به‌ قووڵاییه‌كانی دره‌وشانه‌وه‌ گه‌یشتووه‌. دره‌وشانه‌وه‌ بۆ شیعرییه‌ت زمانی پێوه‌ر و پێوه‌رێكی كامڵه‌.

له‌و ماوه‌یه‌دا، وه‌ختێكی تایبه‌تی خۆم بۆ: (كۆی به‌رهه‌مه‌ شیعرییه‌كان)ی ڕه‌فیق سابیر ته‌رخانكرد، چاپه‌مه‌نی مانگ ساڵی 2016 له‌ 793 لاپه‌ڕه‌دا چاپی كردووه‌، هه‌روه‌ها: (ڕوانین له‌ بوولێڵدا)، 22 چاوپێكه‌وتنی جیاجیایه‌تی، هه‌مان چاپه‌مه‌نی ساڵی 2015 له‌ 304 لاپه‌ڕه‌دا چاپیكردووه‌، هه‌روه‌ها: (ئه‌ویننامه‌) دوا كۆشیعریه‌تی. هه‌مان چاپه‌مه‌نی له‌ 98 لاپه‌ڕه‌دا چاپی كردووه‌، له‌م به‌رهه‌مه‌یدا ئاستێكی گۆڕان و وه‌رچه‌رخانی ڕیشه‌یی له‌ بیری ئێستێتیكی، ڕۆڵ ده‌گێڕێ و ڕۆڵی ئاشكراده‌بێت.

له‌ خوێندنه‌وه‌ی كۆی به‌رهه‌مه‌كاندا دیدگایه‌كی تایبه‌ت و دیاریكراوی له‌باره‌ی ژیان و ڕووداوه‌كانی كوردستان پێشكێشكردووه‌. به‌و تێگه‌یشتنه‌ی بۆ شیعرم هه‌یه‌، ده‌توانم ئه‌م بۆچوونه‌م به‌ڕاست بزانم، ڕه‌فیق سابیر شاعیرێكه‌، كه‌متر هه‌ستییه‌ و زیاتر فیكریی و سیاسییه‌‌، به‌ڵام له‌ ئاراسته‌ فیكرییه‌كه‌یدا ڕایه‌ڵ و تانوپۆ و هارمۆنی و پێكه‌وه‌ گونجانێكی لۆژیكێك كارپێده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی ئاراسته‌ی ئاسۆیه‌ك بۆ ئێستێتیكا و وتنی بنه‌ڕه‌تی ده‌سته‌به‌ربكات، كه‌ شیعری بێگه‌رد له‌ بوونی خۆیدا قبووڵی ئاراسته‌ی ئاسۆیه‌ك و فیكری كراوه‌ ده‌كات، به‌ڵام قبووڵی ئایدیۆلۆژیای داخراو ناكات.

ئه‌و دره‌وشانه‌وه‌ی ئاماژه‌م بۆی كرد، ده‌توانم ده‌قی: (ئاوێته‌بوون) له‌ كۆشیعری ئه‌ویننامه‌ی بۆ ده‌ستنیشان بكه‌م، هه‌روه‌ها له‌ دوا كۆشیعریدا 29 هایكۆی نووسیوه‌، له‌ ماوه‌یه‌كی پێوانه‌ییدا، هایكۆ به‌ شێوه‌یه‌كی به‌ربڵاو، وه‌ك دیارده‌یه‌كی لاساییكردنه‌وه‌ هاته‌ ناو شیعری كوردییه‌وه‌. شێوازی هایكۆ مه‌ودایه‌كی كورت و وتنێكی بنه‌ڕه‌تییه‌‌، دۆخگۆڕینی تێدا ڕوونادات، ده‌نگێك ده‌نگێكی دی وه‌رگرێته‌وه‌ و هه‌سته‌كان جێگۆڕكێ بكه‌ن، ئاوازی جێگۆڕكێی ده‌نگه‌كان له‌ فۆرمی وشه‌ و چڕیدا ڕێكبخرێنه‌وه‌. هونه‌ریترین هایكۆ له‌ شیعری كوردیدا، كه‌ به‌ هونه‌ری هایكۆ نووسرابێت: (ڕه‌فیق سابیر) نووسیویه‌تی و پرسی هونه‌ری تێدا دروستكردووه‌.

28

شیعری بێگه‌رد ده‌بێ خۆی خوێنه‌ری خۆی دروستبكات و مرۆڤی هاوچه‌رخی تێدابژی. له‌ بوونی مرۆڤی هاوچه‌رخیشدا توابێته‌وه‌. له‌م باروبواره‌دا ژیانێك له‌دایكده‌بێت و ژیانێكی تر ده‌ژیێنێت، واته‌: ژیانی یه‌كه‌م بوونه‌ و ژیانی دووه‌م به‌شێك له‌ بوونه‌، كه‌ مرۆڤی هاوچه‌رخ تێیدا هۆگر و ئاماده‌یه و كه‌رسته‌ و پێودانگی تایبه‌تی بۆ خوێندنه‌وه‌ هه‌یه، خۆی به‌ره‌و  ئه‌و جۆره‌ شیعره‌ ڕێنوێنی ده‌كات‌‌.

من له‌ شیعرمدا هه‌وڵ بۆ ژیانی دووه‌م ده‌ده‌م. مرۆڤی تێدا بكه‌مه‌ مرۆڤی هاوچه‌رخ و پێناسه‌ی كات و شوێنی كردبێت له‌ توانایدا مابێته‌وه‌. خه‌سڵه‌ته‌ سه‌ره‌كییه‌كان، كه ‌دانایی سروشتی مرۆڤه‌ گورزێكی له ‌زه‌ینیدا وه‌شاندبێت، خۆی ئه‌زموونبكات. پاش جێگیركردنی وه‌شاندنه‌كه‌. بچێته‌ ناو پرسی كرده‌یه‌كی كتوپڕه‌وه‌ و له ‌ئامانج نزیك ببێته‌وه‌ و په‌یوه‌ندییه‌ ناوه‌كییه‌كان، له‌ ده‌ركه‌وتنی زماندا ته‌واو دیاری نه‌كا و مه‌وداكان له‌ به‌هره‌یه‌كی باڵادا بزربكات.

29

شیعری بێگه‌رد دادوه‌ری ئه‌م جیهانه‌یه‌، له‌پێناو زمان و ئێستێتیكادا ده‌نووسرێت. فیكری سیاسی به‌ناو هه‌سته‌كانیدا ده‌با و شه‌پۆلیان پێده‌دا، به‌ڵام ئایدیۆلۆژیا تێكه‌ڵ دیدی ئه‌ده‌بی ناكات و نابێته‌ وته‌بێژی سیاسی. ده‌زانێت چۆن ئه‌م كارامه‌یییه‌ ئه‌مه‌كدار بكات، ڕۆح و هه‌رچی شتێك له‌ ڕۆح بچێت ترپه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی بیركردنه‌وه‌ بكه‌نه‌ په‌یژه‌ و نۆته‌ بۆ دروستكردنی وێنه‌ و ده‌ركه‌وته‌كان و پاراستنی ناسنامه‌ی شاكاری ئه‌ده‌بی.

30

به‌ شیری دایكم و شیری شیعر به‌خێو و په‌روه‌رده‌كراوم. له‌ هه‌موو كات و شوێنێكدا ئاماده‌یی هه‌یه‌ و سێبوورییه‌ بۆم. ناتوانم له‌ فه‌زای ده‌رچم، له‌ ناخمدا پێی ده‌ژیم. بوێری ئه‌وه‌ی تێدا تاوداوم پرسیار له‌باره‌ی ده‌ركه‌وتنی جیاوازییه‌كان بكه‌م و هاوكێشه‌یه‌كی ته‌واوی له‌گه‌ڵدا دروستبكه‌م.

شیعر خۆی، واقیعێكی زۆر تایبه‌ته، به‌یانێكه‌ ته‌واونه‌بوو‌. بێده‌نگیی له‌ ناخمدا كۆده‌كاته‌وه‌ و سه‌رچاوه‌ی یه‌كه‌مین په‌رێشانییه‌كانمه‌، هه‌موو پرس و باسه‌كان ده‌كاته‌ هی من. ژیانی شیعرییم، ژیانی تایبه‌تی داگیركردووم، كردوویه‌تی به‌ وێنه‌یه‌كی كراوه‌ و پیشانی ده‌دا و ده‌یپارێزێت. كه‌مێك نامۆیی و تۆزێك دڵه‌ڕاوكێ و هه‌ژانی ترسیشی تێدایه‌. له‌وساوه‌ی تێكه‌ڵی بوویمه‌ و سه‌رم له‌ناو هه‌ناویدا گه‌رمكردووه‌، له‌ ناوه‌وه‌م بۆ چركه‌یه‌ك، چركه‌یه‌كی كه‌مخایه‌نیش بێت له‌ هه‌ست و تێڕامانی نووسین دوورنه‌كه‌وتوومه‌ته‌وه‌.

شیعرێك، كه‌ تازه‌ نووسیبێتم، وه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌سێكی دیكه‌ نووسیبێتی، ئه‌وه‌ وێناده‌كه‌م له‌سه‌ر شانۆ و له‌به‌رده‌م میكرۆفۆندابم بۆ خۆم و ئه‌و بێده‌نگییه‌ی له‌ ناخمدا كۆبووه‌ته‌وه‌، ده‌یخوێنمه‌وه‌. بێده‌نگییه‌ كۆبووه‌وه‌كه‌ ده‌كه‌م به‌ سه‌كۆیه‌ك و خۆمی تێدا دووباره‌ ده‌كه‌مه‌وه‌. بێئه‌وه‌ی به‌ خۆم بزانم سه‌رمه‌ستانه‌ وه‌ك شه‌یدایییه‌كی گه‌ردوونیی بزرده‌بم و خۆمی لێ ئازادده‌كه‌م، ئینجا شیعرێكی نه‌نووسراو سه‌رقاڵم ده‌كاته‌وه‌. قووڵی و به‌خۆداچوونه‌وه‌یه‌ك، له‌ هه‌ست و تێڕامان دروستده‌كه‌م بۆ گۆڕینی فۆرم و مانا له‌ نێوان شیعره‌ نووسراوه‌كه‌، كه‌ تازه‌ خۆم لێی ئازادكردووه‌. شیعره‌ نه‌نووسراوه‌كه‌، كه‌ هۆگری بوویمه‌ و به‌ پڕی خۆم بۆی ئاماده‌كردووه‌، شوێنێكی له‌ هه‌ست و تێڕامان پێ بده‌م، كه‌ هه‌ست و تێڕامانی نووسین سه‌رقاڵم ده‌كات. ده‌كه‌ومه‌ بارێكی بینین و هه‌ستكردنێكی ناخییه‌وه‌، كۆمه‌ڵێك ئه‌ستێره‌ له‌ ئاوێكی نزیك و ناسراودا بۆم زریوه‌یانه‌ و پرسیاری تێڕامان و هه‌ستم لێده‌كه‌ن. دڵخۆشی و جوانییه‌كی تایبه‌تم ده‌ده‌نێ، دڵخۆشی و جوانییه‌ تایبه‌ته‌كان وه‌ڵامی پرسیاری زریوه‌ی ئه‌ستێره‌كان ده‌ده‌نه‌وه‌. تین و تاوێكم بۆ زمان تێدا مشتوماڵ ده‌كات. له‌ زمانه‌وه‌ش تین و تاوی خۆشه‌ویستیم پێده‌گات و خۆی پێبه‌خشیوم و خۆمی پێده‌به‌خشمه‌وه‌. جێگۆڕكێ ده‌كه‌ین، ئه‌و ده‌بێته‌ من و منیش ده‌بمه‌ ئه‌و، وه‌ك دوو هێڵ لێكتێناپه‌ڕین، ده‌گه‌ینه‌ یه‌ك. به‌ بارێكی دی دۆنایدۆن ده‌كه‌ین. ئه‌گه‌ر وزه‌یه‌كی نه‌بیندراویش نه‌بێت قه‌ت ناتوانم ده‌ست بۆ نووسین ببه‌م و خۆمی تێدا نوێبكه‌مه‌وه‌ و ده‌ستپێبكه‌م، بجووڵێم و شێوه‌ی تایبه‌ت وه‌ربگرم. ئه‌و ڕووداوانه‌ی كاریگه‌رییان خستووه‌ته‌ دۆخ و ده‌روونی من له‌ ده‌ركه‌وتن و نواندندا هه‌موویان له‌ناو ژیانی شیعریمدا ده‌ناسرێنه‌وه‌ و كه‌سایه‌تی خۆیان هه‌یه‌. له‌ به‌كاربردندا بوونه‌ته‌ سروشتی وشه‌ و سروشتی وشه‌یییان ده‌ناسرێته‌وه‌.

شیعر ئه‌زموونێكی تایبه‌ته‌، كه‌سی تایبه‌تیش ده‌ینووسێت، تایبه‌تمه‌ندبوون ئه‌شقی ڕاسته‌قینه‌ و په‌یوه‌ندییه‌ ڕۆحییه‌كان و تێگه‌یشتنه‌ زمانه‌وانییه‌كانمان له‌ جه‌سته‌ی شیعری بێگه‌رددا به‌رجه‌سته‌ده‌كات.

تشرینی دووهمی 2019 ههولێر




زمانی دایک و زارا محەمەدی، بەئاسایشکردنی پرسی کورد لە ئێران … شێرکۆ کرمانج

تاوانبارکردنی، زارا محەمەدی کچە کوردێکی نیشتەجێ لە سنە، بە هەڕەشە لەسەر ئاسایشیی نەتەوەیی ئێران‌‌و سەپاندنی دە ساڵ زیندانی تەنیا لەبەر ئەوەی ڕێکخراوێکی پێکهێناوە بۆ کۆکردنەوەی کۆمەک‌و یارمەتی بۆ لێقەوماوانی بومەلەرزەکانی کرماشان‌و لوڕستان لەگەڵ فێرکردنی خۆبەخشانەی منداڵانی کورد زمانی دایکیان هیچ گومانێک لەسەر بەئاسایشکردنی پرسی کورد لە ئێران ناهێڵێتەوە. بۆیە لەم بابەتە هەوڵدەدەم پرسی بەئاسایشکردنی پرسی لە ئێران تاوتوێ بکەم.
مەبەست لە بەئاسایشکردن ئەوەیە کە چۆن دەوڵەت وەک بکەرێک شەرعیەت دەدات بە بەکارهێنانی هێزو توندوتیژی‌ بۆ سەرکوتکردنی گروپێک یان لایەنێک کە داوای مافەکانیان دەکەن. بەئاسایشکردن سەرچاوەی لە تێگەیشتنێکی ڕیالیستەکان بۆ سیاسەت‌و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان هەڵهێنجاوە کە پێیوایە مانەوەی دەوڵەت‌و یەکپارچەیی خاکەکەی گرنگترین ئامانج‌و ئەرکی دەوڵەتە. لەم سۆنگەیە دەوڵەت ئامادەیە هەموو یاساو ڕێساکان بشکێنێت‌و هی نوێ دابهێنێت بۆ پاراستی خۆی‌و مانەوەی‌و لەناوبردنی نەیارەکانی. ئەم دیدە پێچەوانەی دیدی قوتابخانەی کۆبنگهاگن گروپە نەتەوەییەکان‌و هەڕەشە لەسەر بوون‌و شوناسیان نابینێت.
چی ئاسایشەو چی بە ئاسایشدەکرێت هێندەی دروستکراوە هێندە بابەتیی نیە. لەم سۆنگەیەوە، ئاسایش ئەوەیە کە نوخبەی سیاسی یان ڕۆشنبیری دەوڵەت (نەتەوەی سەردەست) بەیانیدەکات‌و دڵسۆزی گروپێک یان لایەنێک لەناوەوە یان لە دەرەوەی وڵات دەخاتەژێر پرسیارو دژ بە بەهاکانی دەوڵەت‌و نەتەوەی سەردەست نیشانیدەدات‌و وەک هەڕەشەیەک لەسەر یەکێتیی‌ خاک‌و نەتەوە وێنای دەکات. ئیدی گروپە یان لایەنە بەئامانجکراوەکە وەک کۆسپێک دەبینرێت لەلایەن دەوڵەت‌و نەتەوەی سەردەست لە پێش پڕۆسەی وەکیەکردن (homogenization) ی دەوڵەت-نەتەوە، ئەویش بەتواندنەوەو سڕینەوەی گروپە یان لایەنە بەئامانجکراوەکان‌.
پێشئەوەی باسی بەئاسایشکردنی پرسی کورد لە ئێران بکرێت دەبێت دوو پرس ڕونبکرێتەوە، یەکەم، چەمکی داوا و ماف لێکجیابکرێنەوە، ئەوەش بەو مانایەی کاتێک کوردەکان داوای مافەکانیان دەکەن بە مافی دەوڵەتی سەربەخۆو سەروەریی ناکرێت تەنیا وەک هەوڵێک بۆ دابەشکردن‌و هەڵوەشانەوەی ئێرن تەماشابکرێت بەڵکو وەک ڕێگەچارەیەک بۆ ڕزگارکردنی ئێران ببینرێت بۆ گەیشتن بە سەقامگیریی‌و ئاشتی هەم لە ئێران هەم لە ناوچەکە هەم لە جیهان. دووەم، ڕاستە کوردەکان لە هەندێ قۆناغ‌و لە هەندێک بارودۆخ ئاستی مافەکانیان بۆ سەربەخۆیی‌و جیابوونەوە بەرزکردۆتەوە بەڵام بەگشتیی کوردەکان هەوڵی دەستبەرکردنی مافە سیاسی‌و کەلتوری‌و زمانییەکانیان لە بەنامەرکەزیکردنی سیستەمی حوکمڕانی‌و دامەزراندنی چوارچێوەی ئۆتۆنۆمی‌و فیدڕالی دا کردوەو بینیوە. بۆیە نزیکبوونەوەو تێگەیشتن لە پرسی کورد دەبێت لەو چوارچێوانەوە بێت ئەگەرنا ئەوە شەرعیەتدان، نەک ڕەخنەکردنی، بە بەئاسایشکردنی پرسی کوردی لێدەکەوێتەوە.
چۆنیەتی مامەڵەکردنی دەوڵەتی ئێران بۆ پرسی کورد دەکرێت بەسەر دوو قۆناغدا دابەشبکرێت. قۆناغی یەکەم، سەردەمی ڕەزا شا (١٩٢٥-١٩٤١) و محەمەد ڕەزا شا (١٩٤١-١٩٧٩)، لەم قۆناغەدا، بەتایبەتی سەردەمی ڕەزا شای باوک هەموو جیاوازییەکی نەتەوەیی نادیدەدەکراو دەوڵەت لە پڕۆسەی بەمۆدێرنکردندا لە هەوڵی دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی وەکیەک دابوو کە تێیدا هەموو جیاوازییەکان لە بۆتەکەی نەتەوەو کەلتوری سەردەست، فارس دا، دەتواندەوە. ڕەزا شا بەحوکمی سەرسامبوونی بە ئەتاتورک‌و لاسایکردنەوەی تورکیا بوونی جیاوازییەکانی وەک هەڕەشە لەسەر یەکپارچەیی میللەت‌و گەلی ئێراندا دەدیت‌و لەسەر ئەو بنەمایەش مامەڵەی لەگەڵدا دەکردن. لەسەردەمی محەمەد ڕەزا شای کوڕ تاڕادەیەک فەزای سیاسی ئاواڵەتربوو بۆ نەتەوەو گروپە جیاجیاکانی ئێران بە کوردیشەوە بەڵام تەرکیزی دەوڵەت لەسەر بەفارسیکردنی شوناسی ئێران وەک خۆی مابۆوە.
قۆناغی دووەم، لە ڕوخانی شا و دامەزراندنی جمهوری ئیسلامی (١٩٧٩ تا ئێستا) دەستپێدەکات. سەرەڕای ئەوەی کە دەستورەکەی ئەم قۆناغە پێچەوانەی قۆناغی پێشوتر دان بە جیاوازییە نەتەوەیی‌و مەزهەبییەکان دەنێت کەچی وەک دەستورکەی پێشوتر تەنیا زمانی فارسی وەک زمانی فەرمی‌و زمانی خوێندن‌و پەروەردە دەناسێنێت. دەوڵەت جیاوازییە نەتەوەییەکان وەک ئاڵنگاریی ئەمنی‌و هەڕەشە لەسەر سەروەریی‌و یەکپارچەیی ئێران‌و لەسەر ئەو نیزامەی کە جمهوری ئیسلامی دەیەوێت لە ناوچەکە بەرقەراری بکات، دەبینێت. تەنیا لەو دیدەوەش دەکرێت شرۆڤەو تێگەیشتن بۆ بەرخوردەکانی ئایەتوڵا خومەینی بکرێت کە لە ڕۆژانی سەرەتای دامەزراندنی جمهوری ئیسلامی لەخۆی نیشاندا وەک: یەکەم، فەتوای شەڕ لە دژی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵات؛ دووەم، ڕەتکردنەوەی هەموو حیزبێک بێجگە لە بەناو حیزبی خوا؛ پاککردنەوەی کوردستان لەوەی ناوینابوون “شەیتانەکان.” بەمشێوەیە، بەشداری ئێران لە هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری ڕیفراندۆمی کوردەکانی عێراق‌و بچوکردنەوەی هەرێمەکەیان لە ٢٠١٧ دا دەکرێت لەم تێگەیشتنەوە شرۆڤەی بۆ بکرێت.
سوننیبوونی بەشێکی زۆری کوردانی ئێران هێندەی دیکە پرسی کوردی لە ئێران ئاڵۆزتر کردوە. بێجگە لە شوناسی نەتەوەیی، حکومەت شوناسی مەزهەبییشیان وەک هەڕەشە لەسەر شوناسی مەزهەبیی نەتەوەی سەردەست وێنادەکات.
سەرەڕای سەرکوتکردنی بزوتنەوە کوردییە چەکدارییەکان لە کۆتایی هەشتاکانی سەدەی ڕابردو کەچی دوای سی ساڵ کوردەکان نزیکەی نیوەی زیندانییە سیاسییەکانی ئێران پێکدێنن، ئەمە لەکاتێکدایە کە کوردەکان ١٠٪ لە دانیشتوانی ئێران پێکدێنن. کوشتنی سەرکردە کوردەکان لە ئەوڕوپا (عەبدولرەحمان قاسملۆ و سادق شەرەفکەندی لە ١٩٨٩ و ١٩٩٢ لە نەمسا و ئەڵمانیا لەدوای یەک) نیشانەی ئەوەن کە دەوڵەتی ئێرانی جوڵەی کوردەکان لە هەر جێگەیەکی ئەم دنیایە وەک هەڕەشە لەسەر ئاسایشی دەبینێت.
محەمەد ڕەزا شا لە ١٩٧٨ ئەحکامی عورفی بەسەر تەواوی ئێراندا سەپاند. دوای ڕوخانی ڕەزا شا بە ئاشکراو بەنائاشکرا ناوچە کوردنشینەکان لەڕێگەی ئەحکامی عورفییەوە بەڕێوەدەچن‌و دەسەڵاتی دامەزراوە ئەمنییەکانی سوپاو پاسداران‌و بەسیج‌و ئیتیلاعات باڵادەست‌و یەکلاکەرەوەی پرسەکانن. بەسەربازگەکردنی کوردستان ناکرێت وەک پەرچەکردارێک بۆ خەباتی چەکداری دابنرێت چونکە بۆنمونە لە ئێران لە ١٩٨٩ ـەوە چالاکی چەکداری حیزبەکانی ڕۆژهەڵات زۆر سنوردار بووە.
بۆ سەپاندنی ئەحکامی عورفی‌و سەرکوتکردنی بزوتنەوە کوردییەکان، چەکدار و مەدەنی، ئێران کەم تا زۆر کوردستانی کردوە بە سەربازگەیەکی گەورە. بەسەربازگەکردنی کوردستان تەرخانکردنی زەوی‌و زاری جوتیارانی بۆ دامەزراوە سەربازییەکان‌؛ بۆ بنکەو ڕاهێنا‌ن‌، هەروەها بۆ خانوبەرە بۆ ئەفسەرو پلەدارەکانی لێکەوتۆتەوە. ئەمەش هێندەی دیکە ناوچە کوردنشینەکانی بەتورک‌و بەفارس کردوە. هاوکات، دروستکردنی بنکەو پایەگای سەربازی لە هەموو گوندەکانی کوردستان‌ لەگەڵ وەبەرهێنان لە بواری سەربازیی‌و دامەزراوەی سەربازی، کوردستانی لە دواکەوتیی ڕاگرتوەو ڕادەگرێت. خەڵکەکەشی ناچار بە کۆچ کردوە بۆ ناوچەکانی دیکەی ئێران‌ کە توانەوەی کورد ئاسانترو خێراتر دەکات‌. هاوکات، دانیشتوانی ناوچەکەش ناچار بە کارکردن دەکات بۆ دامەزراوە سەربازی‌و ئەمنییەکان‌، ئەمەش رەواج‌و پاساو بۆ بەجاشبوون دروستدەکات، هەم لەبەر نەبوونی هەلی کاری دیکە هەم کردنی جاش بە تاکە هەلی “کار”.
بەئیزافەی ئەمانە، هاندەری سەرەکی لە بەسەربازگەکردنی کوردستان لە دیدە فۆکۆییەکە “چاودێریی دەستەجەمعیی”و نیشاندانی ئامادەگیی هەمیشەیی دەوڵەت‌و دامەزراوەکانیەتی. دامەزراوەکان بەتەلبەندو لوغم پارێزراون کە ناوچەیەکی زۆریان لە کوردستان لە کەڵکی ئابوریی‌و کشتوکاڵیی خستوە. بەجاشکردنی کۆمەڵگە بێجگە لەوەی ملکەچیی خەڵک بۆ دەوڵەتەکان مسۆگەردەکات، هاوکات، شەڕی کورد بە کورد خۆش دەکات. ئەمەش هەم لەڕێگەی بەگژدادانی جاش‌و هێزە چەکدارە کوردییە ئۆپۆزسیۆنەکان هەم بە پێکدادانی گروپ‌و سەرکردە جاشەکان لەنێو خۆیان کە پەرتکەو زاڵبە دێنێتەگۆڕێ لەگەڵ نیشاندانی دووبەرەکی‌و دواکەوتویی سوننەتیبوونی کۆمەڵگەی کوردی.
بۆ بنکۆڵکردنی ڕەوایی پرسی کوردو بەئاسایشکردنی پرسەکە ئێران زاراوەی تاوانئامێز لە دژی هێزو لایەنە کوردییەکان، چەکدار یان مەدەنی، بەکاردێنن، وەک زیدی ئینقلابی (دژی شۆڕش).
هەموو ئەمانە دەریدەخەن کە ئێران پرسی کوردی کردوە بە پرسێکی ئاسایشیی‌و لەسەر ئەو بنەمایە مامەڵە لەگەڵ کوردو کوردستان دەکات، بۆیە کاتێک کچێکی خۆبەخش دەیەوێت منداڵانی کورد فێری زمانی دایکیان بکات وەک هەڕەشە لەسەر یەکپارچەیی خاک‌و میللەتی ئێران لەقەڵەمی دەدات‌و زارا خاتون بە دە ساڵ زیندانی دەکات.




مۆرای مه‌زن كێیه‌؟ … ماده‌لی (عیماد عه‌لی)

تاك خودای كورد له‌ پێش تۆماركردنی مێژووی كۆنی خۆی و گه‌یشتنی حه‌قیقه‌تی ئه‌و مێژووه‌ به‌شێه‌وه‌یه‌كی پچر پچڕ و به‌سه‌ر زاره‌كی نه‌وه‌ له‌دوای نه‌وه‌ له‌ ناوچه‌كانی دانیشتنی ئه‌و خه‌ڵكه‌ی پێی ئێستا ده‌ڵێن كورد؛ واته‌ له‌ پێش سۆمه‌ری و گوتی یان پێش تۆماركردنی مێژووی راسته‌قینه‌ی گه‌لانی په‌یدابوی شاخ و ناوچه‌ی ده‌وروبه‌ری زاگرۆس و به‌ زاره‌كی گه‌یشتنی مێژوو و سه‌رگوزه‌شته‌ و حیكایه‌ت و خوڕافه‌ و داستان و ئه‌فسانه‌ی تایبه‌ت به‌ هه‌ر گه‌لێك به‌ تایبه‌تی به‌گه‌لانی زۆر دێرینی ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی میدیترانیا و میزۆپۆتامیا و به‌تایبه‌تی جێنشینی بنه‌چه‌ی كوردانی ئێستا له‌ پێش سۆمه‌ریه‌كان و دواتریش و به‌تایبه‌ت له‌ ناوچه‌ فراوان و كه‌نده‌ڵان و ئه‌شكه‌وت و دواتر گوندی گوندی كشتوكاڵێ.. زۆرینه‌ی ئاماژه‌كان بۆ ئه‌وه‌ دڕۆن كه‌ دیكیۆمێنتكان روو له‌ باوه‌ڕبوون به‌ یه‌كه‌م تاك خودا كه‌ كورد باوه‌ڕی یێبووه‌ و ته‌نانه‌ت له‌ پێش ئاهورامه‌زدای زه‌رده‌ست وله‌ هیچ جێگه‌یه‌كی دونیا نه‌بووه‌ و به‌ڵكو ئه‌و زه‌مانه‌ پاش زاڵبون و دواتر سوكبون و سڕێنه‌وه‌ی بواه‌ڕبون به‌ بیری میتافیزیكی له‌ سه‌رده‌می ئه‌فسانه‌ و خوڕافه‌ و چیرۆك و حیكایه‌تی زاره‌كی بووه‌ و كه‌س به‌لای تاك خوداییدا نه‌چووه‌ و ته‌نها ئه‌وه‌ی باوه‌ڕ وایه‌ كه‌ بنه‌چه‌ی ( كورد) بووه‌ پێش زه‌مانی خۆی كه‌وتووه‌ له‌و باره‌وه‌، به‌هۆكاری ئه‌وه‌ی له‌ جێگیربوون له‌ شوێنێكی دیاریكراو سه‌ركه‌وتو بووه‌ و ئه‌شكه‌وتی وه‌كو مه‌زڵگه‌ به‌كارهێناوه‌ و دواتر و له‌ماه‌یه‌كی زۆر دواتر دێهات دروست بووه‌ و به‌تایبه‌تی له‌ كاتی دۆزینه‌وه‌ كشتوكاڵ و له‌وه‌ڕگه‌ و ئاژه‌ڵداری. ئه‌و (خودایه‌) یان ( په‌روه‌ردگاره‌) یان (خوداوه‌نده‌) به‌ ده‌ربرێنی زاراوه‌ی ئه‌مڕؤ له‌مه‌ڕ خالیق كه‌ ئه‌و كاته‌ به‌ (مۆرا ناسرواه‌ واته‌ پێش ئه‌وه‌ی ته‌نانه‌ت وشه‌ی خودا هاتبێته‌ ئاراوه‌ به‌ هیچ زمانێك. ئه‌مه‌ش ده‌ربڕی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ فكر و بیروبۆچۆن و رۆشنبیری و دابونه‌ریت و عه‌قڵیه‌تی بنه‌چه‌ ی كورد( ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌یهاوشێوه‌ی خۆی وه‌كو بۆ نمونه‌ فارس تێكه‌ڵ نه‌بوبن) له‌ قۆناغێكدا بووه‌ كه‌ پێشكه‌وتوتربووه‌ له‌ گه‌لانی دیكه‌ ئه‌گه‌ر هه‌بوبن له‌و مێژوه‌دا، (خودایه‌كی) تاك و پڕ واتا و له‌ سه‌رویی مرۆڤه‌وه‌ و له‌ پیناو مرۆڤدا و له‌ناخی مرۆڤ و دونیابین و له‌ داهێنانی عه‌قڵی مرۆڤ و دونیابینی و دوور له‌ هه‌ر میتافیزیك و دونیایه‌كی تر.
له‌وێدا ته‌نها باس له‌ ( مۆرا) واته‌ تاكخودا كراوه‌ بێ هیچ ئاینێك یان كتیووێك یان رێبازێك یان سروتێكی ئه‌گه‌ر هه‌بوبێت یان نه‌بوبێت، واته‌ ته‌نها بیر له‌ خود و خاڵقی خود و گه‌ردوون كراوه‌ته‌وه‌ و مۆرا به‌ بنه‌چه‌ی خه‌ڵق و داهێنه‌ر و هاتنه‌بوونی خه‌ڵق و گه‌ردوون زانراوه‌، بۆیه‌ كنه‌كه‌ران له‌وباوه‌ڕه‌دان كه‌ ته‌نها له‌و كاته‌دا بیری رووت له‌ خه‌ڵقی خود كراوه‌ته‌وه‌ و دوور له‌ هه‌ر شتێك ناوی ئایین بێت یان خودایه‌ك و كتیبێك و رێباز و دروشم و سروتێكی هه‌بوبێت بۆ باوه‌ڕكردن كه‌ دواتر بووه‌ته‌ جوڵاندنه‌وه‌ و به‌ زاراوه‌ی ئه‌مڕؤ حزب به‌ ناوی ئایین و پشت به‌ ستن به‌ خاڵق بۆ قه‌ناعه‌نه‌ كردنی خه‌ڵك به‌ راستی ره‌وته‌كه‌. بۆیه‌ هه‌موو ئاینه‌كانی دواتر وه‌ك ره‌وتیكی سیاسی بووه‌ و سروت و نوسین وه‌كو به‌رنامه‌ و په‌یڕه‌و و ئامانج و تێكۆشان بووه‌ به‌ڵام خودا په‌رستی (مۆرا ) دوور بووه‌ له‌ هه‌ر شتێك كه‌ ئێستا ناوی ده‌نێین سیاسه‌ت و كه‌سپه‌رستی و هیچ پێغه‌مبه‌ر و نوێنه‌رێكی نه‌بووه‌ له‌سه‌ر زه‌وی و خۆڕسكانه‌ به‌ بیركردنه‌وه‌ی خه‌ڵك داهنێنراوه‌ یاندۆزراوه‌ته‌وه‌ و به‌هیچ شێوه‌یه‌كی نه‌ پێغه‌مبه‌ر و نه‌ش په‌یامهێن و نه‌ش هه‌واڵهێنی هه‌بووه‌، ته‌نها تاك خودا په‌رستی راسته‌قینه‌ وه‌كو خاڵقی خود و به‌قه‌ناعه‌تی راسته‌قینه‌ی خود و تێڕامان و بیكردنه‌وه‌ی زۆری مه‌ودا دوور بووه‌ و دوور بووه‌ له‌وه‌ی كه‌ ئێستا پێی ده‌ڵێین كۆبونه‌وه‌ی ئایینی یان سیاسی و حزبی و به‌ دوور بووه‌ له‌باره‌گا و مزگه‌وت و بنه‌ما سه‌ره‌كیه‌كانی بوونی ئایین و حزب كه‌ له‌م زه‌مانه‌ ناسراون و به‌دوور بووه‌ له‌ هه‌موو به‌رژه‌وه‌ندیه‌ك به‌ تایبه‌تی به‌رژه‌وه‌ندی ته‌سكی مرۆڤ، ته‌نها قه‌ناعه‌تی خودی خۆڕسكانه‌ و كۆبیری كۆمه‌ڵێك مرۆڤ له‌ شوینێكی دیاریكراو به‌ خاڵقێكی نه‌ناسراو نه‌بینراو و دوور له‌ نوێنه‌ر و له‌هیچ نه‌چوو جگه‌ له‌وه‌ی كه‌ له‌سه‌رتادا هه‌بووه‌ و سه‌ره‌تای هه‌موو شتێكی خه‌ڵق كردووه‌ و له‌ جه‌وهه‌ریدا خۆی جێگیر كردووه‌ و سیفه‌تی خۆی پێبه‌خشیوه‌ پێش ئه‌وه‌ی خه‌ڵته‌ و خراپه‌كاری رۆژانه‌ی دوای ئه‌و رؤژه‌ دایپۆشێت، واته‌ هه‌ر له‌ هاتنه‌بووی پێش ئه‌وه‌ی ئێستا به‌ زانستی ئه‌مرۆ ناسرواه‌ به‌ گه‌ردیله‌ و له‌وه‌ش بچوكتر كه‌ پێكیدێنێت و تا گه‌یشتۆته‌ ئه‌وه‌ی خۆی له‌ زۆرخانه‌ییش له‌گه‌ڵ پێشكه‌وتنی نازینده‌ و زینده‌دا هاتووه‌ تاوه‌كو ئه‌و رۆژه‌ی باوه‌ڕێان پێهێناوه‌ ..
ئه‌وه‌ی به‌ تایبه‌تمه‌ندی ئه‌م تاكخودایه‌ داده‌نرێت ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌موو كه‌سێك ده‌توانێت مۆرا له‌ ناخی خۆیدا ببینێت، به‌ زاراوه‌ی ئه‌مڕۆ ئاشته‌وایی له‌گه‌ڵ ده‌روون و خودی خود، ئه‌ویش به‌ ره‌زامه‌ندی ده‌روونی پاش پاكژبوونه‌وه‌ له‌ هه‌موو رێگریه‌ك له‌ خه‌ڵته‌ی سه‌ر ده‌روون و ده‌رهاویشته‌ وده‌ردانی خراپ بیكردنه‌وه‌ و باری ژیانی مرۆڤ وله‌ نێوخۆیی خود و قه‌ناعه‌تبوون به‌ باری ژیان و وه‌زع و حاڵی خود، كه‌ ئه‌مه‌ش ده‌تگه‌یه‌نێته‌ ئاسووده‌یی ده‌روونی و وا ده‌كات كه‌ له‌ حاڵه‌تێكدا بیت هه‌ست به‌ بوونی مۆرا بكه‌یت و ده‌روون تێكه‌ڵی بیت یان ببینیت و وتووێژ بكه‌ن و هه‌ردوولا ره‌وانیان ئاسوده‌بێت و خوشگوزه‌ران بژین پیكه‌وه‌ و به‌ قسه‌ی واقیعی به‌خته‌وه‌ر و خۆشحاڵی هه‌میشه‌یی بن و ژیانیان ئاسایی بێت و ته‌گه‌ره‌ و كۆسپه‌كانی به‌رده‌میان په‌رشو بڵاو بێت و نه‌مێنێت و لاشه‌ و ده‌روون به‌ بێگه‌ردی و پاكژی ته‌ماهی بكه‌ن.
بۆ ئاسوده‌یی ره‌وانی و تێپه‌ڕاندنی جه‌نجاڵی بیركردنه‌وه‌ و كه‌ڵه‌كه‌بونی ئاڵۆزیه‌كانی ژیان و گوزه‌ران جۆره‌ مۆسیقایه‌كیان ڵیداوه‌ به‌ ئامیرێكی سروشتی تایبه‌ت له‌ شێوه‌ی ته‌مبور و سازی ئێستا و ناوێكی غه‌ریبی هه‌بووه‌ به‌ ناوی ( تازور)ه‌وه‌ هاتووه‌ و بووه‌ ئامیڕێكی مۆسیقای پیرۆز بۆ چه‌ندین قۆناغی پاش سه‌ره‌تاكانی باوه‌ڕبون به‌ مۆرا. پاشان و به‌دوور له‌ كاری ئایین هه‌موو ده‌نگو و ئاوازی سروشتی به‌ دوور سروتی تایبه‌تی ئێستای ئایین به‌و ئاوازه‌ و بێ قسه‌ و جوڵه‌ ده‌ربڕیوه‌ و ژیانی بێ مۆسیقایان ره‌تكردۆته‌وه‌ و مۆسیقایان به‌ تایبه‌تمه‌نده‌یكانی مۆرا زانیوه‌ و دونیای بێ ده‌نگی مۆرا به‌ ژیانی وشك و ره‌ق و بێ ره‌وان و بێ واتا ناویان بردووه‌.. مۆسیقایان به‌ ده‌نگی مۆرای مه‌زن ناوبردووه‌ كه‌ له‌كاتی تێكه‌ڵبوون له‌گه‌ڵ ده‌رووندا خۆشحاڵی به‌ بیر و ئاوه‌ز و گیانی مرۆڤ ده‌به‌خشێت .
به‌ڵی ئه‌مه‌ بۆمان روون ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئه‌وه‌ی ئێستا پێی ده‌ڵێین كورد یه‌كه‌م میله‌ت بووه‌ ته‌نانه‌ت له‌ پێش زه‌رده‌شت و ئه‌و زه‌مانه‌ش و له‌ پێش زه‌مانی گۆتیه‌كان خودای تاك و ته‌رای په‌رستووه‌ نه‌ك بت و زۆر خودایی ( ماوه‌ سی و پێنج ساڵه‌ له‌ توێژینه‌وه‌یه‌ك ئیش ده‌كه‌م و زۆر پێوه‌ هیلاك بووم له‌سه‌ر ئه‌فسانه‌ و خورافه‌ و داستان و ئایینه‌كانی پێش ئیبراهیمی و ته‌نانه‌ت بتپه‌رستی و زه‌رده‌شتیش بنه‌چه‌ی كوردی ئێستا له‌ پێش سۆمه‌ریه‌كانیش( كه‌ هه‌ندێك به‌ بنه‌چه‌ی كوردیان داده‌نێن) خودایه‌كیان په‌رستووه‌ به‌ ناوی ( مۆرا) كه‌ تایبه‌تمه‌ندی حۆی هه‌بووه‌، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدا په‌نجا باپیره‌ی عیسا و موسا و حه‌مه‌ی عه‌ره‌بی و هیچ پێغه‌مبه‌رێكی تر له‌ دونیادا نه‌بوون ، به‌ڵام به‌ هۆكاری زۆر لێره‌ جێگه‌ی نابێته‌ باسی بكه‌م وه‌كو هیچ ئاینێكی دیكه‌ زاڵنه‌بووه‌ و مرۆڤایه‌تی پابه‌ندنه‌بووه‌ پێی وه‌كو سێ ئایینه‌ نوێكه‌.. (تا ئێستا تویژینه‌وه‌كه‌م نزیكه‌ی 800 لاپه‌ڕه‌ ده‌بێت و هیلاكی نزیكه‌ی سی و پێنج ساڵی گه‌ڕان و پشكنین و كنه‌ كردن و وه‌ڕگیران و داوای یارمه‌تی له‌ مۆزه‌خانه‌ و كتیبخانه‌ و به‌ڵگه‌نامه‌ی كۆن به‌ ماوه‌یه‌كی زۆریش دابڕان له‌ ئێش كردنی به‌رده‌وام به‌ هۆی بارودۆخی تایبه‌تی ناله‌بار) تا گه‌یشتومه‌ته‌ ئه‌و ده‌رئه‌نجامه‌ی باسم كرد ؛ یه‌كه‌م خودا واته‌ تاك خودا په‌رستی لای كوردی پێش مێژووی تۆمار كراو بووه‌ به‌ ناوی ( مۆرا)ی مه‌زن..بۆیه‌ ئه‌گه‌ر ته‌مه‌ن بوار بدات له‌ چه‌ند ساڵی داهاتوودا ئه‌گه‌ر كونوكه‌له‌به‌ر و بۆشایی نه‌مێنێت چاپی ده‌كه‌م ،به‌ڵام جارێك هه‌ندێك كه‌موكورتی تێدایه‌ و ده‌بێت بۆشاییه‌كانی كه‌ له‌گه‌ڵ عه‌قڵ و بیركردنه‌وه‌ی ئێستا ئاڵۆزی تێده‌كه‌وێت پڕبكه‌مه‌وه‌..(ته‌مه‌ن بوار بدات زۆری له‌سه‌ر قسه‌ ده‌كه‌م و قه‌ناعه‌تم وایه‌ دوای ئه‌و هه‌موو هیلاكیه‌ی له‌دوای گه‌ڕان و كنه‌كردن و پشكنین و وه‌لانانی كۆسپ و ته‌گه‌ره‌كان ،توێژینه‌وه‌كه‌ وه‌رچه‌رخانێكی باش ده‌بێت له‌ ده‌رخستنی حه‌قیقه‌تی شاراوه‌ی بنه‌چه‌ی گه‌لێك.. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی تاك خودا په‌رستی ته‌نانه‌ت له‌ پێش په‌رستنی ئاهورامه‌زدای زه‌مانی زه‌ردشتیشه‌وه‌ كه‌ قسه‌ له‌سه‌ر بنه‌چه‌ و ره‌سه‌ناتیه‌كه‌ی زۆره‌، تاكخودای به‌ناوی ( مۆرا ) له‌ ناو كوردا داهێنراوه‌ یان گه‌یشتوون به‌ راستپه‌كه‌ی” به‌ڵام نه‌ك له‌ شیوه‌ی ئایین و پێغه‌مبه‌رایه‌تی و به‌رژه‌وه‌ندی و مه‌زهه‌ب و ته‌بیقه‌تی هاوشێوه‌ی ئه‌م ئایین تا ئه‌مڕؤ به‌ركارن و هه‌روه‌ها دوور له‌ شیوه‌ی ئه‌م به‌ناو ئیمام و خۆبه‌زانای ئایینی زان و شێخه‌ به‌كرێگیراوانه‌ی عه‌ره‌ب و ئایینه‌ ئێراهیمیه‌كان ته‌فروتونایان كردووین و ته‌نانه‌ت بوونه‌ هۆكاری داڕمانی ئه‌وه‌ ده‌توانین پێیان بڵین ئیمپراتۆریه‌ته‌كانیان و به‌دینه‌هێنانی ئاواته‌ له‌ مێژینه‌كانی نه‌وه‌كانی كورد له‌م سه‌رده‌مه‌ زۆر نوێیه‌ له‌ سه‌ربه‌خۆیی و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ت ، بۆیه‌ ده‌بێت نه‌فره‌ت لهو جۆره‌ ئیمام و به‌كرێگیراوی ئایینی غه‌یره‌ و شێخانی پاشكۆی ئه‌ویتری مێژووی كۆن و نوێ بكه‌ین…
واته‌ ده‌كرێت بڵێین بنه‌چه‌ی و باووباپیرانی كورد یه‌كه‌م میله‌ت بوون ته‌نانه‌ت له‌ پێش زه‌رده‌شتی ناونراو به‌ ناوی خۆشمان و له‌ پێش زه‌مانی گۆتیه‌كان خودای تاك و ته‌رای په‌رستووه‌ نه‌ك بتپه‌رستی و زۆر خودایی. ، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدا په‌نجا باپیره‌ی عیسا و موسا و حه‌مه‌ی عه‌ره‌بی و هیچ پێغه‌مبه‌رێكی تر له‌ دونیادا نه‌بوون و بیریان به‌لای خاڵق و داهێنه‌ر و هاتنه‌بووندا نه‌چووه‌، به‌ڵام به‌ هۆكاری زۆر لێره‌ جێگه‌ی نابێته‌ باسی بكه‌م یه‌كه‌م تاكخودا په‌رستی مۆرای مه‌زن ئایین نه‌بووه‌ ووه‌كو هیچ ئاینێكی دیكه‌ زاڵنه‌بووه‌ و جگه‌ له‌ بژارده‌ی ئه‌وكاتانه‌ زۆرینه‌ی مرۆڤایه‌تی پابه‌ندنه‌بووه‌ پێی وه‌كو سێ ئایینه‌ نوێكه‌.. واته‌ به‌ روونی ده‌توانین بڵێین یه‌كه‌م به‌ناو ئێستا پێی ده‌ڵێن خودا واته‌ تاك خودا په‌رستی لای كوردی پێش مێژووی تۆمار كراو بووه‌ به‌ ناوی ( مۆرا) ی مه‌زن ( واته‌ ناوی خوداكه‌ به‌ مۆرا هاتووه‌ بێ ئه‌وه‌ی كه‌س وشه‌ی خودا بزانێت چیه‌ له‌و كاته‌دا و به‌ناوی داهێنه‌ر و هێنه‌ره‌بون باسیان كردووه‌..
ئه‌گه‌ر ته‌مه‌ن بوار بدات له‌ چه‌ند ساڵی داهاتوو زۆری له‌سه‌ر قسه‌ ده‌كه‌م و توێژینه‌وه‌كه‌ش وه‌رچه‌رخان ده‌بێت.. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی تاك خودا په‌رستی ته‌نانه‌ت له‌ پێش په‌رستنی ئاهورامه‌زدا و زه‌ردشت و ئایینه‌كانی ته‌نانه‌ت هیند و چین و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ئایینه‌ نوێكان بووه‌ و ، دووباره‌ی ده‌كه‌مه‌وه‌ ؛ له‌ ناو بنه‌چه‌و باوه‌ گه‌وره‌ی بناغه‌دانه‌ری ئه‌و خه‌ڵكه‌ی كه‌ ئێستا پێیان ده‌وترێت كوردا داهێنراوه‌ و پێشتریش گۆتی و میدی و زۆر ناوی تریان پێوتراوه‌” به‌ڵام له‌ شیوه‌ی ئه‌م بناو ئیمام وشێخه‌ به‌كرێگیراوانه‌ی عه‌ره‌ب و عه‌جه‌میان نه‌بووه‌ و له‌ بنه‌ڕه‌تدا ئایین نه‌بووه‌ به‌ڵكو تاكخودا ناسی بووه‌ . كه‌چی ئایینه‌ ئێبراهیمیه‌كان ته‌فروتونایان كردووین و ته‌نانه‌ت بوونه‌ هۆكاری داڕمانی زۆرێگه‌ له‌ ئیمپراتۆریه‌ت و ئه‌ماره‌ت و ده‌سه‌ڵاتی كورد و بونه‌ته‌ هنۆكاری به‌دینه‌هێنانی ئاواته‌ له‌ مێژینه‌كانی كورد له‌ سه‌ربه‌خۆیی و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ت و ته‌نانه‌ت له‌ناوبردنی ئه‌و بیركردنه‌وه‌ ئه‌گه‌ر بتوانین بڵێین ئایینه‌ تاكه‌ كۆنه‌ له‌مێژه‌ تاكو ته‌رایه‌یه‌ كه‌ ده‌بووه‌ هۆكاری دروستبونی ده‌وڵه‌ت بۆ كورد له‌ مێژه‌وه‌، بۆیه‌ ده‌بێت نه‌فره‌ت له‌م هۆكار و رێگره‌كانی مێژووی كۆن و نوێ بكه‌ین…
تگه‌یشتومه‌ته‌ ئه‌و ده‌رئه‌نجامه‌ی باسم كرد یه‌كه‌م خودا واته‌ تاك خودا په‌رستی لای كوردی پێش مێژووی تۆمار كراو بووه‌ به‌ ناوی ( مۆرای) مه‌زن، له‌م سه‌رده‌مه‌ی نه‌بونی یان زۆر كه‌می دیوكیۆمێنت وای كردووه‌ زۆر وردبونه‌وه‌ی بوێت ته‌مه‌ن بوار بدات زۆری له‌سه‌ر قسه‌ ده‌كه‌م و ده‌نوسم وتوێژینه‌وه‌كه‌ فروانترده‌كه‌م به‌ پشت به‌ستن به‌ زانیاری زانستی ورد و راستگۆیانه‌ی ئاشكرا ..
ده‌رباره‌ی كتێبی 0گ مۆرا) یان لای ئه‌وه‌وه‌ هاتبێت و به‌ چی زمانێكه‌وه‌ بێت:
(مۆرا)ی مه‌زن وه‌كو مرۆڤ نیه‌ له‌ هیچ ناچیت واته‌ زمانه‌كه‌شی دووره‌ له‌ زمانی مۆرڤ هه‌ر چۆنێك بێت و چه‌ن كۆنیش بێت، به‌ڵكو پاكێتی و پاكژی ده‌روون و ره‌وانه‌ و ئه‌گه‌ر زمانی هه‌بێت ئه‌ویش وه‌كو مرۆڤ ده‌بێت، بۆیه‌ له‌ روحی مرۆڤی پاك و له‌ هه‌موو شوێنێكی پاكژ و نه‌زیه و نمونه‌ییه‌ و زمان هه‌ر چیه‌ك بێت یان هه‌ر كتێبێكی هه‌ر چیه‌ك بێت به‌ هه‌ر زمانێكی بنوسرێت له‌ سیفه‌ته‌كانی مرۆڤه‌ وئه‌مه‌ش واده‌كات كه‌ له‌ خودایی كه‌ حه‌قیقه‌تێكی راسته‌قینه‌ی ره‌وانی رووته‌ دوور ده‌كه‌وێته‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌و نه‌ بزمانی مرۆڤ و نه‌ش به‌ نوسینی مرۆڤ و نه‌ش به‌ قسه‌ی مرۆڤ ده‌دوێت و ته‌نها حه‌قیقه‌تیكیه‌ و لای بنه‌چه‌ی سه‌ره‌تاكانی كوردی سه‌رده‌می كۆنی پێش سۆمه‌رێه‌كانیش ده‌ركه‌وتووه‌ یان باوه‌ڕیان پێهێناوه‌ و بێ زمان و بێ شێوه‌ و بێ نوسینه‌، بۆیه‌ كه‌ له‌ كتێبی تایبه‌تی به‌ مۆرا خۆی كۆڵراوه‌ته‌وه‌ گه‌یشتوون به‌و راستیه‌ی كه‌ نوسین و زمان و قسه‌ و سیفه‌تی مادی له‌ سیفه‌تی مرڤه‌ و ناكرێت خاڵقی هه‌موو شتێك له‌ یه‌ك شت بچێت ئه‌ویش له‌ رووی زمانه‌وه‌ . یۆیه‌ حه‌قیقه‌تی ره‌ها بێ زمان و بێ نوسین و بێ سیفه‌تی مرۆڤایه‌تیه‌ و سیفه‌تی به‌دوور له‌ مرۆڤ و سیفه‌ته‌كانی و شێوه‌كانی و ره‌فتاره‌كانی ئه‌و ده‌بێت ئه‌م سیفه‌تی تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌. بۆیه‌ راو بۆچونێك هه‌بووه‌ كه‌ كتێبیشی هه‌بووه‌ و به‌شێوه‌یه‌ك ئه‌گه‌ر به‌ بۆچون و زمانی ئێستا بیری لێبكرێته‌وه‌ نه‌زانراو بووه‌ و كه‌س نه‌یزانیه‌وه‌ چۆنی لێكبداته‌وه‌ له‌ ناخی ئه‌و مرۆڤانه‌ی گه‌یشتونه‌ته‌ ئه‌و حه‌قیقه‌ته‌ دانراوه‌ و نه‌هێڵراوه‌ له‌گه‌ڵ سیفه‌تی مرۆڤ تیكه‌ڵ بێت ،،،
مۆرای مه‌زن هه‌میشه‌ دڵخۆشه‌ وبه‌ تێكه‌ڵبوون وات لێده‌كات تۆش به‌ پاكی و روونی ده‌روون و ره‌وانت به‌رده‌وام له‌ خۆشی و كه‌یف و سه‌فادا بیت و به‌ پێچه‌وانه‌ی هه‌ر به‌ناو ئاینێكی دیكهی نوێوه‌‌ كه‌ هه‌میشه‌ گرنگی به‌ مه‌رگ و گریان ده‌دات. ئه‌م هه‌موو هێزی گرنگیپێدانی بۆ ژیان و خۆشی و به‌خته‌وه‌ری و خۆشحاڵی و كه‌یف و سه‌فا و خۆشگوه‌زرانی و قه‌ناعه‌ت به‌ به‌ش و ژیانی خۆت بووه‌ . تاكیكی ده‌روون پاكژ و هه‌میشه‌ دلخۆش و به‌خته‌وه‌ر و قانع و ده‌ست و داوێن پاك و زاهید و دادپه‌روه‌ر و ژیاندۆست و روون مۆرا ده‌بینێت و دیناسێت.

باوه‌ڕبون به‌ مۆرای مه‌زن به‌ شێوه‌یه‌كی خۆرسكی و وه‌كو تاكخودا په‌رستی و دوور له‌ كتێب و مه‌نهه‌ج كه‌ ئیشی ئایینه و، سه‌رجه‌م ئایینه‌كان به‌ مه‌به‌ستی تایبه‌تی به‌كاریان هێناوه‌ و كه‌سانێك خۆیان كردووه‌ به‌ خاوه‌نی و خۆیان به‌ نوێنه‌ری تاخودا داناوه‌ و له‌ ده‌رئه‌نجامدا وه‌كو حزب و په‌یره‌ و پرۆگرام و رێباز و سه‌ركردایه‌تی كه‌ وه‌كو نوێنه‌ری خودای لێهاتووه‌، به‌ڵام بیر و هزری مۆرای مه‌زن به‌دوور له‌ ئایین و له‌نێوكۆمه‌ڵگه‌دا ده‌كرێت به‌ زاراوه‌ی ئێستای كورده‌واری خۆمان ده‌توانین بڵێین به‌ خۆرسكانه‌ و بیركردنه‌وه‌ تێهزرین به‌دوور له‌ئایین بووه‌ و باوه‌ریان پێهێناوه‌ و له‌وقه‌ناعه‌ته‌دا بوون كه‌ مۆرای مه‌زن له‌ هه‌موو مرۆڤێكو به‌ڵكو له‌ هه‌ر به‌شێكی بچوكی له‌ش و میشك كه‌ ئێستا پێی ده‌لێن خانه‌یه‌كی مرۆڤدا بونی هه‌بووه‌ وله‌رووه‌ زانستیه‌كه‌وه‌ وایان زانیوه‌ كه‌ له‌ زینده‌وه‌ری كه‌م خانه‌ و ته‌نانه ئه‌گه‌ر له‌وكاته‌دا نه‌یازانیوه‌ وردیله‌ی تاكخانه‌ هه‌یه‌ به‌ڵام وایان داناوه‌ كه‌ به‌شه‌كانی لاشه‌ی مرۆڤ و زینده‌وه‌ران خودای تێدایه‌ و كه‌پاك و پاكژ كرایه‌وه‌ به‌ عته‌قڵ و ده‌روون خودای تێدا ده‌بینیت وه‌كو چۆن مرۆڤ ده‌روونی پاك ده‌بێته‌ه‌ و به‌ كرده‌وه‌ و فیعل ره‌فتار و سیفه‌تی مۆرای تێدا ده‌بینێت وه‌كو خالقی كه‌ون له‌ سه‌ره‌تاوه‌ كه‌ له‌ گه‌ردیله‌ بچوكتریش ده‌ستی پێكردووه‌، به‌ڵام له‌رووی زانستیه‌كه‌ی ئه‌وان به‌ تاقیگه‌ و سه‌لماندن ئه‌وه‌یان نه‌كردووه‌ له‌به‌ر نه‌بوونی بواری زانست و تاقیگه‌ و سه‌لماندن له‌و كاته‌دا..‌

شاعیرێك به‌ناوی مادۆ له‌ زه‌مانی میدیه‌كان ئه‌م دێرانه‌ی كه‌ ده‌كریت بڵێین شیعرێكس تایبه‌ته‌ بۆ مۆرای مه‌زنی نوسیوه:‌
مۆرای مه‌زنمان داهێنی گه‌ردوون هۆكاری جوانی و پاكژیی ده‌روون
هه‌ڵكشا له‌ سه‌ر شاخی بێستون ره‌وانی بێگه‌رد بۆن گوڵه‌ به‌یبوون
خۆشی ژیان و عیشقی دۆنادون هه‌موو پێكه‌وه‌ هه‌ڵسان و رابوون
رونتكرده‌وه‌ ناخی پڕ له‌ نوور زۆر به‌ پیتت كرد ده‌شتی شاره‌زوور
هاتن بۆ مه‌زار له‌ نزیك و دوور رایكشا جێگه‌ی پان و بێ سنوور
كه‌س كینه‌ی نه‌ما و دوژمن بوو خاپوور زۆر فراوان بوو باكوور بۆ باشوور
سه‌ریهه‌ڵهێنا خۆری سپێده‌ گۆڕه‌پانی گرت زانا و گه‌ڕیده
نه‌وه‌ی گۆتی بوو زاده‌ی زاگرۆس تاكو ئامه‌د و ئاراس و ئارۆس
هه‌ر له‌ ڤانه‌وه‌ تا ئارتیمیتیا بوو به‌ میلكانی هه‌ڵكه‌وته‌ی چیا
تاوه‌كو زه‌رده‌په‌ڕ به‌ نزا و ئاخافتن ده‌پاڕانه‌وه‌ له‌ مۆرای مه‌زن ‌




چۆن خۆمان دەبین …. لەیلا محەممەد

بەرگە گرتن لەم مەملەکەتە بە ڕادەیەک سەخت بووە کە زۆربەی خانمان ناتوانن ببن بە خۆیان، بوون بە خود بەڕادەیەک مەحاڵ بووە، لە خەونیشدا کە دەیبینین، ناتوانین باوەڕ بهێنین، هەمیشە “ئەو”ێک لە وجوودی ئێمەدا دەژی، لە هەڵسوکەوت و بیرکردنەوەماندا، پێویستە ئەو بین، بۆ؟ دەبێت ڕازی بکەین، چونکە لە بنەڕەتدا ئێمە فەلسەفەی خودمان تاقی نەکردۆتەوە، چێژی خودبونمان دەرک نەکردووە. ئاشکرایە مرۆڤ کە هەوڵ بدات خۆی بێت هەمیشە لەلایەن “ئەو”ەوە توشی ڕووبەڕووبونەوە دەبێت، ئەو کێیە؟ کۆمەڵگەیەک کە هەرگیز تۆی وەکوو خۆی ناوێت، بەڵکوو دەیەوێت کۆپی خۆی بیت، لە بیر کردنەوە و گوفتار و کردار. خانمان کردوەیان دوورە لەوەی کە خۆیان دەیانەوێت, نایانەوێت ببنە کاڵا بەڵام قبوڵی دەکەن،
بۆکەسێک دەگرین وەک خۆیان قبوڵیان بکات بەڵام ئەرۆن بە چەندەها دۆلار لە سەنتەرەکانی جوانکاری دەکەن. کە تۆ خۆت قبووڵ نیە چۆن چاوەڕێی کەسێک ئەکەی تەواوی بوونتی قبوڵ بێت؟ کاتێک هەمیشە لەهەوڵی ڕازی کردنی ئەودایت، کاتێک هەمیشە نمایشی “ئەو”بوون دەکەیت، چۆن تۆی وەکو خۆت قبوڵ بێت؟ بێگومان ئەم ڕەوشە لە قازانجی “ئەو”ە.ئێمە بەم جۆرە ناتوانین خۆمان بین، خۆبوون ڕازی کردنی ئەو نیە، بەڵکوو قبوڵ کردنی خوودی خۆتە. هەمیشە ئەمانەوێت لە کەسانی تر بچین لێوەکان مان هەمووی لەیەک چونیان تیا ئەبێت لوت و برۆکان بەم جۆرە چ جیاوازییەکمان ئەبینرێت. ئەمە بوێری نیە ئەوپەڕی ترسنۆکیە.

چۆن لە ئەو نەچین؟
پێویستە، دۆخی ئێستای ئەو بەر ڕەخنە بدەین، ڕەخنە هەمەلایەنەکان، کە کەموو کوڕیەکانی ئێستای ئەو ڕەت دەکاتەوە، ئێستایەک لەگۆڕ دەنێت کە بووە بە بەڵای سەری خۆی و ئێمە. پێویستە تێی بگەیەنین، کە هەبوونی ئێستای ئەو کێشەیەکە، کێشەیەک بۆ ئێمە و ئەو و ئەوان و هەموومان. ئەم پرۆسەیە دوای ئەوە دێت کە ژیانی ئێستای خۆمان ڕەخنە دەکەین و سیستمێکی تەندرووست بۆ خۆمان بونیاد دەنێین. پێش ئەو، پێویستە خۆمان ڕەخنە بکەین و کەموو کوڕیەکانی خۆمان دیاری بکەین.

چی بکەین؟
گەر ئێمە بیر کردنەوە و سیستمێکی تەندرووستی تایبەت بەخۆمان نەبێت، چۆن ڕەخنە لەئەو بگرین؟ ئەسڵەن ڕەنگە ئەو لەسەر هەق بێت کاتێک ئێمە خاوەن سیستمێکی تایبەت بەخۆمان نین. کە ئێمە خاوەن سیستمی تایبەت بەخۆمان بین و بیرکردنەوەیەکی تۆکمە لە هەگبەماندا بێت، هەرگیز شتێک بوونی نامێنێت بەناوی”ئەو”، هەمووی دەبێت بەئێمە. هەموان دەبن بەکۆپی ئێمە، ئەمە پۆزەتیڤە، گەر ئێمە خاوەن فکرێکی تەندروست بین و ئەو کۆپی ئێمە بێت.

ڕەهەندەکانی ژیانی ئێمە هەمیشە چەواشە کراوە، هەم مێژوومان، ناومان، هێزمان، کردەوە و چالاکیرکانمان، پێویستە نیشانیان بدەین، ئەوکات هەرگیز خۆڕاگر نابن لەبەرامبەر ئەو ڕەگەندانەی ئێمە کە چەواشە کراون. ئەوان مێژووی ئێمە نازانن، یان دەیزانن و دەیشارنەوە. شتێک ئەوان لێی دڵنیان ئەوەیە”کە ئێمە مێژووی خۆمان نازانین”، با نیشانیان بدەین کە ئێمە ئاگاداری مێژووی خۆمانین، با ئاگاداریان بکەین کە ئێمە خاوەن چالاکی و کاردانەوەی ڕادیکاڵین، با نیشانیان بدەین کە ئێمە خاوەن هێز و بازوین و گەر بمانەوێت بە تەنها هەر جێئەک بمانەوێت بەڕێوەی دەبەین.

ئەم ڕەوشەی ئێستامان پێویستی بە ئەڵتەرناتیڤ(بەدیل)ێکی ڕادیکاڵە، کە بەتوندی ئێستامان ڕەت بکەینەوە و داهاتویەک بونیاد بنێین لەبەرژەوەندی ژنان. بۆ ئەم مەبەستەیش پێویستە سەرەتا ژنان ئاگادار بکرێنەوە لە مێژوو و هێز و بازویان، دواتر لەسەر بنەمای فکرێکی تەندروست و تۆکمە پەروەردە بکرێین، لە ئەنجامدا چالاکی پۆزەتیڤ دێتە ئاراوە و ئێمەیش دەبین بە خاوەن پێگە و قورسایی خۆمان لە کۆمەڵگەدا.

لەیلا محەممەد




میوانی چاوچنۆک و پیسکە: تەنزئامێز … جەلال قادر

سەرەتا با پێتان بڵێم : ماوەیەک لە ڕەستورانێک گارسۆن بووم. هەر میوانێکی چاوچنۆک و پیسکەمان هەبوایە، تایەی ئۆتۆمبیەلەکەیمان پەنچەر دەکرد و بەتاکسییەک دەمان ناردەوە ماڵ
شەوێکیان لە ڕەستورانەکەمان کۆمەڵێ خێزان ئاهەنگیان دەگێڕا، لەپاش هەڵپەڕكێ و سەماکردن و خواردنەوە. پشوویاندا، کاتژمێری ١٠ی شەو بوو. جۆرەها خواردنمان بۆیان ئامادەکردبوو، ئێمەی گارسۆن بەبان سینیەوە خواردنەکانمان دابەشی سەر مێزەکان دەکرد. لەسەر مێزێکیان سێ خێزان پێکەوە دانیشتبوون. کاتێ من سینیەکەم بەسەر شانم داگرت و یەک یەک قاپەکانم دایە دەستی گەنجێکی سووسلی برۆ باریک، بەو مەبەستەی هاوکاریم بکات و بیدات بەدەستی میوانەکانی تەنیشتی. کەچی ئەو گەنجە ئەگەرچی تەمەنی سی ساڵ دەبوو، بێ شەرمانە قاپەکانی لەبەردەم خۆی و هاوسەر و مندالەکانی دانا.
بۆ جاری دووەم کە گەڕامەوە چەند قاپێکی پڕ لە شڵەی گۆشت و برنجم هێنا، بینیم ئەو گەنجە چاوچنۆکە دەستی بەنانخواردن کردوە، بێئەوەی چاوەڕووانی میوانەکانیتری سەر مێزەکەی بکات. لەبەرئەوەی مێزەکە کەوتبوە گۆشەی بندیوارێک دەبوایە دووبارە داوا لەو گەنجە بکەم قاپەکانم لێ وەرگرێت و ڕەوانەی میوانکایتری بکات، ئەگەرچی ئەو سەرگەرمی نانخواردن بوو، میوانەکانیتریش تەماشایان دەکرد و قێزیان لێدەبوەوە، قاپێکم دایە دەستی تا ڕەوانەی برادەرانی سەرمێزەکەی بکات. قاپەکەی لێوەرگرتم و سەیرێکی کرد و بە نابەدڵییەوە دایە دەستی میوانەکانی تەنیشتی. قاپیی دووەم و سێییەمشی ڕەوانە کرد. بەلام دوا قاپ کە پڕ لە گۆشت بوو، لەبەردەم خۆی دایناو سەرێکی هەڵبڕی پێیگووتم : برا نانت لەبیرچووە.
خەریک بوو سینیەکە بدەم بەسەریا بەلام ناکرا .
وەجبەی سێیەم گەڕامەوە ئەمجارە داوام لە یەکێ لە میوانەکان کرد کە هەستێتە سەرپێ و خواردنەکانم لێوەرگرێت. یەکێ لە میوانەکان لەمەبەستم تێگەیشت و خێرا هەڵساو وتی : دەستت خۆشبێت، منداڵەکانم خەریک بوو لەبرسا بمرن
پێشئەوەی پشتیان لێبکەم و بگەڕێمەوە مەتبەخەکە، گەنجەکە لچکی پەشمینەکەمی گرت، وتی : نانەکەت لەبیرچوو
گەڕامەوە سەبەتەیەک نانی گەرمم بۆ سەر مێزەکەیان هێنا. هەرکە نانەکەم دانا، گەنجەکە یەک دوو قاپی بە بەتاڵی دامێ و وتی : زەحمەت نەبێت ئێمە تێرمان نەخواردووە، دەتوانیت قاپێکیتر لەو بریانییە خۆشەمان بۆ بهێنیت
گەڕامەوە مەتبەخ و بە وەستاکەم وت: چاوچنۆکێك داوای قاپێک بریانیتر دەکات
وەستاکەم لە کۆدی قسەکانم تێدەگەیشت و وتی : گۆشتی چەوری بەرێ، بەلکو ئێ ئەمشەو جەڵتە لێیبدات
لەپاش ئەوەی میوانەکان لەخواردن بوونەوە ، سەرمێزەکانمان پاککردەوە، گەنجەکە زەردەخەنەیەکی بۆکردم و وتی : ئەرێ کێک و چایەکە کەی دێت؟
وەلامیم نەدایەوە. بەردەمیانم پاکردەوە، گەڕامەوە مەتبەخ بە چێشت لێنەرەکەم وت : دەچم جگەرەیەک دەکێشم
ئەویش پێکەنی وتی : دیسان بەزمەکەیە
چوومە دەرەوە، هەوایەکی خۆشی هەبوو، جگەرەیەکم داگیرساند و سەرێكی ئاسمانم کرد ئەستێرەکان شین بوون، یەکەمینجارم بوو ئەستێرە بەشینی ببینم
لەناکاو گەنجە چاوچنۆکەکە لەدەرگەی ڕەستورانەکە هاتە دەرەوە، هەرکە چاوی بە من کەوت بەرەو ڕووم هاتوو وتی : منیش هاتوم جگەرەیەک بکێشم. جگەرەیەکی لە گیرفانی دەرهێناو وتی : ئەو جگەرەیەی دەستم بەرێ
وتم : بۆچی چەرخت پێنیە؟
پێکەنی بەزۆر جگەرەکەی لەدەستم دەرهێنا
جگەرەکەی دایگرساند و وتی : چێشتەکەتان زۆرخۆشبوو، یەک داواکاریم هەیە
وتم : فەرموو
زەحمەت نەبێت چاوێکت لێمان بێت با لەتە کێکەکەی ئێمە بچووک نەبێت –
بەسەرچاو…
لە کۆتایی ئاهەنگەکە من و چێشتلێنەرەکە چووینە دەرەوە و میوانەکەنمان بەڕێ خست. بەلام لەڕستیدا چاومان لەو گەنجە چاچنۆکە گڕ دەدا، دەمانویست بزانین کام ئۆتۆمبیل لێدەخووڕێ
گەنجەکە لەگەل هاوسەر و منداڵەکانی هاتنە دەرەوە، بەرەو ناو ماشێنەکەیان ڕۆیشتن. کە ئۆتۆمبیلێکی تویتای لەکساس بوو. چووم بۆ لایی وپێمگوت:چێشتکی زۆر ماوە ئەگەر حەزدەکەیت برۆ مەتبەخ چێشتلێنەرەکە چەند قاپێکی سەفەریت دەداتێ
خێرا خۆی کرد بە ڕەستوورانەکەیا
منیش چوومە پشت ئۆتۆمبیەلەکەی چەند بزمارێکم لە هەردوو تایەی دواوەی چەقاند. بەم شێوەیە سزامان داو، بە تاکسییەک ڕەوانەی ماڵەوەمان کرد.




پانۆرامای فاشیزم لە، شۆستەکانی کەودەنی … ئالان فەرمان

ئەگەر لە خۆرئاوا فاشیزم بریتیبێت لە مۆسۆلینی ئەوا
لەخۆرهەڵات فاشیزم هەموو شتێکە جگە لە مۆسۆلینی.

ئەوەی ئەمڕۆ لە خۆرهەڵات دەیبینین تاریک ترین قۆناغە لە مێژووی خۆرهەڵاتدا، دۆخێکە کە ئەستەمە بەناویدا ڕەتببین بەبێ ئەوەی لەم خەوە قوڵە وشیار نەبینەوە کە لە چرکەساتێکی گرینگ بێئاگای هێشتوینەتەوە،خەوێک کەتێدا ئەتوانین بەرزترین باڵەخانەکان و جوانترین پانتاییەکان و قێزەونترین دکتاتۆرەکان ببینین،وەلێ ناتوانین شتێک ببینین کە لە تەنیشتمان ئەخەوێت،ئەویش فاشیزمه.فاشیزم ئەو ئایدۆلۆژیایە کەلەماترێکسی ئەوروپا کەوتە خوار و لەخۆرهەڵات ڕیشەی داکوتا،فاشیزمی خۆرهەڵاتی چیتر لە سیستەمی سیاسی و دەسەڵاتی سیاسیدا قەتیس نەماوە، بەڵکو ئەمڕۆ فاشیزم لە هەموو شوێنێکی جەستەی کۆمەڵایەتی دەژیت و نمایشی خۆی دەکات.ئەو نمایشەی فاشیزم دەیکات نمایشێکی فریودەرە،وایکردوە کە ئێنتێلێکچواڵیەتی ناوچەکەشی فریو داوە بەوەی کە هێشتا فاشیزم وەک فۆڕم و جەوهەر وەک ڕیتواڵێکی ڕۆژئاوایی هێشتا بەدەرنەکەوتوە،یاخود ئەگەر بوونیشی هەبێت ئەوا بونێکی ستراکتۆری و هیرارکیە و لەسەرەوە هەیە بەڵام لەخوارەوەی هەڕەمەکە بوونی نییە.لەکاتێکدا بەپێچەوانەوە فاشیزم بونێکی (دەر ستراکتۆر)ی هەیە بونێک کە وەک تەپوتۆز پەرش و بڵاوبووە لەنێو فەزای سیاسی و کۆمەڵایەتیمان، لەنێو تێکست و لاپەڕەکان،لەنێو دەزگای میدیایی و ئینستیوتەکان،جەریدە و گۆڤارەکان،ئەگەر زیادەڕەوی نەبێت فاشیزم لە فۆڕمێکی زەقدا لەنێو قەوارەی خێزانیشدا بوونی هەیە. ئەو تەحویلەی فاشیزم لە چەقی دەسەڵاتەوە بۆ نێو فەزای کۆمەڵایەتیمان مەترسیدارتین جۆری گواستنەوەیە کە هەستی پێ نەکرابێت. وەک( بەختیار عەلی) ئەڵێ:فاشیزم هێزێکی خەوتوو نییە بترسین لەوەی بەخەبەر بێت،بەڵکو هێزێکی بەخەبەرە کە نمایشی خەوتن ئەکات (بەختیار عەلی ڕەخنە لەعەقڵی فاشیستی)، لاپەرە، (٦٤)
کایەی ڕۆشنبیری ئێمە بەجۆرێک هەژارە کە تەنها بەشێوەیەکی سەتحیانە سەیری پرسەکان دەکات و تەنها دیکۆری مەسەلەکان ئەبینێت نەک بناوانی مەسەلەکان، ئەمەش پەیوەندی بەوە هەیە، کە خۆرهەڵات بە چاویلکەی خۆرئاوا دەخوێنینەوە. فاشیزمی خۆرهەڵات و فاشیزمی کوردی هەموومانی فریوداوە بەوەی کە بوونی نییە یاخود بونێکە لە یەک بارەگا، لەنێو یەک سیستەمی سیاسی کە تەنها ڕیفۆرم و شۆرش ئەتوانن سوک و سانا فاشیزم لێرە دەربکەن! کە ئەمەش تێگەیشتنێکی زۆر ڕۆمانسی و ڕۆمانتیکیە بۆ فاشیزم .وڵتەر بنیامین ئەڵێت هەموو هەڵکشانێکی فاشیزم بەرهەمی شکستی شۆرشێکە بەڵام لەخۆرهەڵات هەموو هەڵکشانێکی فاشیزم بەرهەمی خەوی قوڵ و تێگەیشتنی سادەو ساکارە بۆ خودی فاشیزم. فاشیزم فریودەرە. وەک ژێ دولوز ئەڵێت: گەورەترین فێڵی شەیتان ئەوەیە بڕوابکەین بەوەی کە شەیتان بوونی نییە.فاشیزم لەخۆرهەڵات ئەو شەیتانە دولوزیییە کە هیچ پانتایێک نییە بەسەریدا نەڕۆشتبێت و هیچ کۆڵانێک نەماوە تەی نەکردبێت. سیاسیەکانمان، قوتابیەکانمان ،ڕۆژنامەنوس و سەحافیە کەودەنەکانمان، بەتێکڕا بوون بەفاشیست بەبێ ئەوەی بیانەوێت فاشیست بن یاخود بێئاگا فاشیستن بەجۆرێک کۆی بوونی ئێمە لەسەر بنەمای ڕەتکردنەوە و نەفی کردنی ئەویتر بونیاد نراوە. سوبێکتی خۆرهەڵاتی بێئاگایانە سوبێکتێکی فاشیستە، تاکی خۆرهەڵاتی بارکراوە بە فاشیزم و لەهەر چرکەساتێک بۆی بلوێت ئەوادەبێتە مۆسۆلینی و ئەردۆگان و مۆگابی،سوک و سانا ئەویتر ڕەشئەکاتەوە. لەکۆتایدا ئەکرێت بگوترێت بەئاگا هاتنەوە لەو خەوە قوڵە لەلایەن ئینسانی خۆرهەڵاتی و تاکی کورد بەدیاری کراوی، گەورەترین بەخەبەر هاتنەوە ئەبێت لەوەی کۆمەڵگایەک کە قوڵ چۆتە خەوی دۆگمایی. “فاشیزم ناهێت بەڵکو لێرەیە”.

ئالان فەرمان
19/7/2020




لە زمانی خۆیانەوە، سەرمایەداری بە کەڵک نایات! …عبدالرحمن محمد (مەلا رحمن ئاوارەکان)

مەسەلێک هەیە دەڵێت:( قونی ڕەش و سپی لە بواردا دەردەکەوێت)، لە مانگی ئازارەوە، بەشەریەت توشی پەتایەکی سەرتاسەری کوشندە بووەتەوە، کە نە سنوور و نە ناسنامە و نە ڕەگەز دەناسێت لە ژێر ناوی کۆرۆنا یا کۆڤید ١٩، ئەم پەتایە دەیان و سەدان شێکاری بۆ کراوە، لە دیاریکردنی سەرچاوەکەیەوە تا دەگاتە شێوەکانی و هەروەها دیاریکردنی ڤاکسینێک کە بتوانرێت ڕێگەی پی بگیرێت
دیارە لە ڕووی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتیشەووە ئەم ڤایرۆسە ڕۆڵ و نەخشی دیارە، و شێوەیەک لە جیاکردنەوە و تایبەتمەندی کۆمەڵگا و وڵاتە جیاوازەکانی خستەڕوو. ژێرخانی کۆمەڵگاکان لە چەندایەتی و چۆنایەتی خستەڕوو، لە ڕووی گەندەڵی دەسەڵات و دەستپاکی سیستەمی فەرمانڕەوا خستەڕوو، لە ڕووی فەرهەنگیەو ئایدۆلۆجیای ڕەسمی پەیڕەوکراو لە دەوڵەتدا، ڕێژەی تووشبوان و مردووەکان نیشاندەری تۆکمەیی و بێ دەربەستی دەسەڵاتی مەوجودە لە کۆمەڵگادا.
لە ژێر فشاری ئەم ڤایرۆسەدا، سەرانی سەرمایەداری خۆیان و بە زمانی خۆیان و لە میدیاکانی خۆیانەوە ئیعترافاتەکانیان بەرامبەر بێ دەربەستیان و نائامادەکاریان بۆ ڕووبەڕووبونەوەی کارەساتێکی لە ناکاوی وەک ئەم ڤایرۆسە لە ئاستی خوازراودا نەبووە!؟ دەبوایە زیاتر و زیاترتر، ئامادەبوونایە!؟
ئەنتۆنیۆ گۆتریش، ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان دەڵێت: کۆرۆنا لاوازی و پووکی ئەم جیهانەی پیشانمان دا! پێشانمانی دا کە زیاتر لە سەد ١٠٠ ملیۆن کەسی تر دەچنە ڕیزی هەرە هەژارەکانەوە لە جیهاندا کە ناتوانن دەستیان بگاتە خۆراکە سەرەکی و بنەڕەتیەکان کە بۆ مانەوەی ئینسان پێویستە لە ژیان! کۆرۆنا نا عەدالەتی و نایەکسانی کۆمەڵگاکانی خستەڕوو، لە ماوەی چەند مانگێکدا بۆ چەندەها ساڵ گەڕاندومانێتیە دواووە!
زەرەرمەندی یەکەم لەم کارەساتی کۆرۆنایەدا ، خەڵکانێکن کە خاوەن پێشەی ڕەسمی نین(ئەوانەی کاری ڕەسمی دەوڵەتیان نیە)، هەروەها بزنیسە بچوکەکان و ژنانن! لە جەنگی جهانی دووەمەوە داڕوخانی وا نەبووە! ئاستی هەژاری و برسێتی دەگاتە ئاستێکی مێژووی، کە لە مێژوودا وێنەی نەبووە!؟
ئەم پەتای کۆرۆنایە وەک سۆنەر یا گرتی ئەشعەی سینی وابوو، کە جێگە شکاوەکانی کۆمەڵگای بەشەری نیشانماندا! بۆمانی دەرخست کە وەهم و درۆ و دەلەسەی نەمانی ڕەگەزپەرستی و چینایەتی هەمووی ئێدیعا و تەبلیغاتی بێ بنەما بوون!؟ جیاوازی داهات و دەست ڕاگەیشتن بە کەرتی تەندروستی یەکسان نیە بۆ هەموو تاکەکانی کۆمەڵگا!؟ ملیۆنان کەس لە ماڵەکانیاندا دەمرن و بنکەی تەندروستی نیە بۆ تیمارکردنیان!؟
٢٦ بیست و شەش دەوڵەمەندی جیهان کە سەروەتی نیوەی خەڵکی ئەم گۆی زەویەیان هەیە، نیشانەیەکی تری نایەکسانی دابەشکردنی داهاتە لە جیهان، هەروەها تیرۆری جۆرج فلۆیدی ڕەش پێست و توڕەیی خەڵکی لە هەموو جێگەیەک، نیشانەیەکی تری توڕەیی خەڵکە لەم سیستەمە نایەکسانەی جیهان!؟
بۆیە پێویستمان بە بنیاتنانەوەیەکی تری جیهان هەیە، پێویستمان بە داڕشتنەوەیەکی تری بەرنامە و یاساکان هەیە کە پەیوەندی نێوان ئینسانەکان دیاری دەکات، دەنا دەیان و سەدان پەتا و کارەساتی تری دڵتەزێن چاوەڕوانمان دەکات.

rahman_awarekan@hotmail.com




پیاوی ناو هێڵنجەکان … شوان سەعید

پیاوێک دەناسم هەمیشە تەنیایە،
کەس لە زمانی قسەکردنی تێناگات،
خەڵکی زۆربەی پێکەنینیان بە چیرۆکی
ئەوینداری ئەو دێت
بە زمانێکی قەدەغە قسە دەکات،
هەموو ڕۆژێک بە ڕووخسارێکی غەمگینەوە دوا شەقامی شار تەی دەکات و
ماڵی دەسگیرانەکەی نادۆزێتەوە.
پیاوێک دەناسم بە تەنیا قاوە دەخواتەوە
بە تەنیا سەیری ئەستێرەکان دەکات
بە تەنیا گوێ بۆ دەنگی با دەگرێت.
پیاوێک دەناسم، هێندە بەخراپی جێیان هێشتووە،
ئێوارانێک خۆی و خۆی دەمێنێتەوە،
لەگەڵ باوەشێک هەناسەی سارد و
پڕ دوو دەست فرمێسکی گەرم
پیاوێک دەناسم گۆڕغەریب دەبێت،
کەس نابێت ئازارەکانی بکات
بە گۆرانی،
خەونەکانی لەسەر دیوارەکانی شار
بنوسێتەوە
پیاوێک دەناسم، زستانی نییە، پایزی نییە،
داهاتووی نییە،
ئەلبوومی نییە،
ناتوانێت بڕژێتە ناو ئێوارانی کەسێکەوە
پیاوێک دەناسم شووشەعەترێکی ڕژاوە
لە ڕابردووی کچێکدا و
ئێستا لەبیری کەسدا نەماوە،
پیاوێک دەناسم
بەژێر ڕووناکی مانگدا تێدەپەڕێت
بەناو ڕەشەبادا دەڕوات
بەناو کۆڵانەکانی تەنیاییدا، بۆلای هەورەکان
دەگەڕێتەوە
پیاوێک دەناسم، لەناو یەکێک لەقەمیسەکانی
مندایە،
پەڵەیەک خوێنی سوور بەسەر سینگیدا هەڵواسراوە
ڕۆژەکانی بەزەحمەتێکی زۆر بەڕێ دەکات
پیاوێک دەناسم منداڵی دووەمی دایکمە و
ناسنامەی منی لە باخەڵدایە و
لە ڕێگەی سییەکانی منەوە هەناسەدەدات
تەنها و تەنها منی هەم درۆی بۆ بکەم
بڵێم: هەڵسەوە،
بڵێم: مەڕوخێ
پێی بڵێم بەیانی کاتێک خۆر هەڵدێت
ئازارەکانت کۆتاییان پێ هاتووە،
ئەو کچەی چاوەکانی قاوەیی بوو، جێی هێشتی
دەگەڕێتەوە
ئەو کچەی پەنجەکانی باریک بوون، ونی کردی،
دەیدۆزیتەوە
پێی بڵێم:
بەیانی دایکت کیسەی دەرمانەکانی
فڕێ دەدا و
وەک جاری جاران بەیانی زوو عەباکەی دەدا
بە سەریا و
بەپێی خۆی دەچێت لە بازاڕی قەیسەری کۆن
ماست و سەوزەو میوە دەکڕێت!
پیاوێک هەیە منی بمرێ، بەرواری لە دایکبوونی
خۆی بیردەچێتەوە
ڕۆژەکانی هەفتە نا ناسێتەوە
قۆپچەی قەمیسەکەی بە هەڵە دادەخات
پیاوێک هەیە منی نەبم،
حەوسەڵەی نییە لەبەردەمی هێلانەی پاسارییەکدا
بوەستێ
ئاوڕ بۆ گوڵی بەرپەنجەرەکان بداتەوە
پیاوێک هەیە، منی نەبم
کەس نییە فرمێسکی بسڕێت، کەس نییە دڵی
بداتەوە،
کەس نییە لەبن گوێی هاوار بکا و
دەنگی هەزاران هێڵنجی بیر بەرێتەوە
پیاوێک هەیە منی بمرم ،
شانی، لە کێلی گۆڕی مردووەکان گیر دەبێت و
سێبەرەکەی کاڵ دەبێتەوە و
ئیتر بە ئارامی دەنوێ و
بەتەنیشتی مەرگی منەوە،
هەموو ئازار و بەدبەختیەکانی بیردەچێتەوە.

شوان سەعید




بروسکەیەک تۆزێ درەنگتر… کاوە عوسمان عومەر

جۆگەلەیەک لە فرمێسکی ئەو،،،
برینی شەقامێکی لە تەنیایی تیمارکرد ، ،
تریشقەیەک وەک هێشوە ترێ…
بە پەلی داری ئاڵتونی ئاسمانەوە،،،
بریسکەی هات…
بانگەوازی نمە ووردەکانیش…
بۆ ئەوانەی لە ژوورا قەتیس ماون،،
تابێنە دەرێ،،،
بۆ ناو هەڵم و تەم وگەڵاڕێزان،،
تا ڕامێنن لە سەمەرەی،،،
زرنگانەوەی زەنگە پەمەییەکانی ئێستا،،
بالکۆنێکیش، پڕە لە بوونی ئافرەتێکی…
ڕوخسارباران،،،
سۆما سپیەکانی بروسکەکانیش …
بە ئاسمانێکی زەرد‌هەلبزرکاوا هەڵزەنین،،،
تا درەنگ گەیشتنی…
پەڕەسێلکە تەڕەکانیش..
هەر ئەبریسکێنەوە،،،
چاوێک چرای…
بوون و نەبوونە، شەویش…
لە چنگی ئێوارەیەکی …
درەنگ هاتوو دەربازیبوو ،،،
خەمیش لە نەهاتنی ئەوا…
پرتەقاڵی چاوەڕوانی گرت
…………….
ئەوان دەوارە سپیەکانیان….
لە بارانەکانا هەڵدا،،
شەویش،،،
بە ئەسپە ڕەشەکەی ڕەهێڵەوە….
تۆزێک زووتر ئەگات،،
ئێوە بە ئاوی کانی بێدەنگی…
تینۆتیتان بشکێنن،،،
منیش بە شمشاڵی …
شینی حەقیقەتەوە،،،
گوڵە لەیلەکە مۆرە سیسبووەکان،،
ئەخەمەوە سەما،،
ئەوان لە لم دروستبنەوە،،
تۆش لە خەوا،،،
جێگایەک…
لە ئاوریشمی حەزا ڕاخە،،،
ئێوە شەرابی باران بخۆنەوە،،،
منیش زادەی بیابانم،،
تۆزێک هەنگوینی گەڕان و،،
چۆڕێ شیری بێگەردی…
سەفەرێکی پشت بروسکەکان بێ.




ئایا نیل ئارمسترونگ تاكه‌ كه‌سه‌ چۆته‌ سه‌رمانگ ؟! … هه‌رێم عمر كاكل

ره‌نگه‌ به‌ هۆی جه‌نجاڵی خۆمانه‌وه‌ بێت یاخود هه‌ندی جار به‌ هۆی كه‌مته‌رخه‌می بێت بۆ ئه‌وه‌ی نه‌مانه‌وێت شاره‌زابین و شاره‌زایمان هه‌بیت كه‌ زۆریك له‌ ئێمه‌ له‌م كۆمه‌لگایه‌ی كوردیه‌ بێمان وابێت كه‌ تاكه‌ كه‌س تا ئێستاكه‌ جوبێته‌ سه‌رمانگ كه‌شتیوانی ئه‌مریكی ( نیل ئارمسترۆنگ) بێت و ته‌واو . به‌ڵام ئایا هه‌وڵتداوه‌ ئه‌وه‌ بزانیت كه‌ دوانزه‌ كه‌شتیوانی بۆشاییگه‌ری به‌ 6 كه‌شتی بۆشاییگه‌ری بۆ مانگ چوون و چوونه‌ته‌ سه‌ر رووی مانگ . لێره‌وه‌ ئه‌م زانیاریه‌ راسته‌قینه‌یه‌ و به‌ڵام ئێمه‌ ئاشنا نه‌بووین و شاره‌زایمان نه‌بووه‌ له‌سه‌ری . له‌ سالانی 1969 تا ساڵی 1972 زنجیره‌ كه‌شتی ( ئه‌بۆلۆ ) له‌لایه‌ن ده‌زگای ناسا ی ئه‌مریكیه‌كانه‌وه‌ به‌ره‌و مانگ هه‌ڵدرا بۆ ئه‌وه‌ی بتوانرێت مرۆف بگات به‌سه‌ر رووی مانگ به‌م شێوه‌ی خواره‌وه‌ :

  • ئه‌بۆلۆ 11 له‌16یۆلیو 1969 / دوو كه‌شتیوان له‌سه‌ر رووی خاكی مانگ دابه‌زین . نیل ئارمسترۆنگ و باز ئاڵدرین .
  • ئه‌بۆلۆ 12 له‌14 نوفمبر 1969 / هه‌ردوو كه‌شتیوانی بۆشاییگه‌ری بیتی كۆنراد و ئالان بین له‌سه‌ر مانگ دابه‌زین .
  • ئه‌بۆلۆ 14 له‌11 ئه‌پریل 1971 / كه‌شتیوانان ئالان شیبارد و ئیدجار میتشیل .
  • ئه‌بۆلۆ 15 له‌31 ینایر 1971 / كه‌شتیوانانی بۆشاییگه‌ری دافید سكوت و جیمیس ئاروین .
  • ئه‌بۆلۆ 16 له‌26 یولیو 1972 / هه‌ردوو كه‌شتیوان جون یانج و تشارلز دوك بوون .
  • ئه‌بۆلۆ 17 له‌16 ئه‌بریل 1972 / كه‌شتیوانان یوجین سیرنان و هاریسۆن شمیت .
    هه‌رچی كه‌شتی ئه‌بۆلۆ 13 یه‌ له‌7 دیسمبری 1970 هه‌ڵدرا بۆ مانگ و هه‌رسی كه‌شتیوانی بۆشاییگه‌ری ( جیم لوفل و فرید هایس و جاك سویجارت ) دووری 250 هه‌زار كم له‌ رووی زه‌وی به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌ی كۆگای ئۆكسجینی كه‌شتیه‌كه‌ نه‌توانرا كاره‌كه‌ به‌سه‌ركه‌وتووی بۆ رووی مانگ ئه‌نجام بده‌ن و ناجار به‌ده‌وری مانگ سورانه‌وه‌ و گه‌رانه‌وه‌ بۆ هه‌ساره‌ی زه‌وی .
    ڕه‌نگه‌ لیره‌وه‌ ئاشنایه‌تیمان به‌یدا كردبێت له‌سه‌ر جونی مرۆف بۆ سه‌ر مانگ . به‌ڵام له‌وه‌ كاره‌ساتبار تر ئه‌وه‌یه‌ دوای ئه‌و هه‌موو كه‌شته‌ بۆشاییگه‌ریانه‌ و جونه‌ سه‌ر مانگ و ماندوو بوونی مرۆف بۆ به‌ ئه‌نجام گه‌یاندنی ئه‌م ئه‌ركه‌ مرۆفایه‌تیه‌ی زانیاریه‌ ، كه‌جی زۆر به‌داخه‌وه‌ تا ئیستا ( مرۆفانێك هه‌ن برَوایان به‌ جوونه‌ سه‌ر مانگ نیه‌ و به‌ سینارۆیۆی ده‌زانن ) ئیتر لێره‌وه‌ عه‌قلی مرۆفه‌كان داده‌خرێت و فراوان بوونیان نیه‌ بۆ وه‌رگرتنی زانیاریه‌كان له‌ بێشكه‌وتنی زانست له‌سه‌ر ئه‌م هه‌ساره‌یه‌ !!!!!؟

    هه‌رێم عمر كاكل




کورتەنامەی شیعریی – 12 – فەتاح حەسەن

( بەشی دوانزەهەم )
لەمێژە تەنهایی دەچێژم
بۆیە.. کاتێ کە،تۆ دەبینم.
تەتەڵە دەکا زمانم.


بیرتدەکەم،
نەك لەبەرئەوەی هاوڕێمی.. نا
لەبەرئەوەی..
خۆشمدەوێی.


پێت وانەبێ من ڕوبار نیم و
ئاوم سوێرە
نا من ڕوبارم، ئاوم شیرینە
چبکەم تینوێتیی تۆ .. بە من ناشکێ.


بە ” من” چی ” تۆ” لە من دا بژی
بە من چی تۆ، خۆ لە من دا ھەڵگری
بە من چی.
خۆ لەنێو شیعرەكانما حەشاردەی
ئەی شاژنی خەونەكانم،
ئەی سندوقی ڕەش..
بۆ قۆرغ دەكەی خەندەكانم.


بەسەرکردنەوەی جێگەی ژوانەکانت
ئۆخژن دەدەن بەگیانی تەریوم.
هەر جێگەیەو
دەبێتە خەمڕەوێنی
خەمێکی بێ باڵم.
لەم بێ تۆییەدا
کەسێ نییە بێتە هانام
خۆ من قیبلەم نەگۆڕیوە
چییە، نازانم تاوانم!؟


هیچ سەرسام نیم بە عینادییت
چون لەتۆ عینادتر
ئە منم
وەلێ خۆزگە هێندەی ئە تۆ
خاوەن بڕیار دەبووم
ئای لە من کە لەرزۆکم..
بەرامبەر تۆ.


کەس ناچارناکەم، کە،ناچاربێت، بیربکاتەوە لە من.
کەسێ بەناچاریش، بیرنەکاتەوە لەخۆی
چ ناچارم، ناچاریکەم بیربکاتەوە لەمن.


ئەمشەو ژنێك
بەجۆرێك لە گیانکێشان ئاشنای کردم
ئەویش ..
ماڵئاواییکردن بوو بەبێدەنگی.


کۆستی دورکەوتنەوەی تۆ لە من
هەمان سوێ، دەخاتە دڵەوە
کە،دەیخاتە دڵی ئەو پیاوەی
لەپەنجەرەی ماڵەکەیەوە،دەبینێ
دەستڕێژ، لەتاقانەکەی دەکەن.


ئەمشەو
شەوی یەڵدایە،
بۆ دواجارە
بەبێ تۆ، پێك فڕدەکەم
چیدیکە
پەرداخمان نادەین لەیەك و
بەیەکتری ناڵێین نۆش.

فەتاح حەسەن
دانیمارك/ ڤالبی




هەندێ کۆپلە شیعر … نەوزاد بەندی

(لێرە )

لێرە
فیشەک و ڕومانە ،
دڵیان ئەچێتە یەکتری و
بە یەکا ئەتەقێنەوە ..
لێرە
نەخۆشی و برسێتی ،
دڵیان ئەچێتە یەکتری و
بە یەکا ئەڕشێنەوە ..
لێرە
خەفەت و ئەشکەنجە ،
ئەکەونە داوی یەکتری و
بۆ یەکتری ئەکولێنەوە …

21تەمموز2017

// شتێ وەک شیعر //

بڕیارم داوە ،
تەنها بۆ شیعر
دەرگا واڵا کەم ..

تەنها لەلای ئەو
جار جار دانیشم
ئیتر پێبکەنم
یان سکاڵا کەم ..

ئاخر هەر شیعر
وەکو خۆی ماوە ..
هەموویان گۆڕان
فرۆشران ..
دۆڕان ..
تەنانەت
خاک و ئاو و ئاڵاکەم …

——- نەوزاد بەندی ——




ئیبراهیم ئەمین باڵدار … شیعر بــۆ منداڵان ڕۆستەم خامۆش

ئیـبـراهیـم ئــەمیــن بــاڵـدار
مـامـۆســتـاو زانــای نــاودار

ئەلف و بێی کوردی نـووسی
بــــە بـیــــر و بـــە پێنووسی

هێندەی، کــە ڕەنـجـی کێشـا
دڵســـــۆز و پـــاک تـێـکـۆشـا

هـــەزار ســــڵاو لــە گیــانــی
ســەربــەرزیی بــوو ژیــانــی

    شیعر بــۆ منداڵان
    ڕۆستەم خامۆش