دیمانە لەگەڵ زارا ئەحمەد جاف سەبارەت بە ئەدەبی مناڵان … ئ: ڕۆستەم خامۆش

زارا ئه‌حمەد جاف:
ئەدەبیاتی منداڵان بريتییە لە ھەموو ئەو بابەتانەی وەک:
شیعر و چیرۆکی شانۆیی و ئۆپەرێت, کە تایبەتن بە منداڵان، ئەدەبیاتی منداڵان وەکو لقێک لە نێو ئەدەبی کوردیيدا مێژوویەكی زۆرکۆنی نیە.

بۆ گرنگیدان به‌ ئه‌ده‌بیات و هونه‌ر و په‌روه‌رده‌ی منداڵان، وه‌ ئـاوڕدانـه‌وه‌ له‌ كه‌سایه‌تیه‌كانی ئه‌و بوارانه‌، به‌ پێویستمان زانی ئه‌م دیمانه‌یه‌‌ له‌گه‌ڵ نووسه‌ر و شاعیری بواری ئه‌ده‌بیاتی منداڵان خاتوو “زارا ئه‌حمه‌د جاف” سـاز بكه‌یـن.

دیمانه‌: ڕۆسته‌م خامۆش- هه‌ولێر

  • لەکەیەوە ئاشنای ئەدەبیاتی منداڵان بووی؟
  • لە سەرەتادا بۆ گەورانم دەنووسی، لە چالاکییەکانی قوتابخانەو دواتر لە کۆڕی شیعريی و چالاکییەکانی نێو پەیمانگادا بەشداریم دەکرد، مامۆستا بووم بەشێوەی کاتيی لە قوتابخانەی بنەڕەتی گوازرامەوە بۆ نێو باخچەی منداڵان، لەوێ بینیم ھەر شیعرە کۆنەکانیان بۆمنداڵان دەکرد بەگۆرانيی و شیعری تازەیان بۆ ژینگە و بابەتە ھەمەڕەنگەکانی ژیان و پەروەردەو ئۆپەرێت و چیرۆکە خەیاڵیانەی, كە ھەستی منداڵانیان گۆش دەکرد, زۆر کەم بوون، یان ھەر نە بوون, بۆیە حەزم کرد شیعر و چیرۆکی نوێیان بۆ بنووسم بۆ منداڵان, كه‌ چێژبەخش بن.
    دەمویست لە ڕێی نووسینەکانمەوە ڕێنمایی منداڵان بکەم و ژینگەیەکی دروستیان بۆ بڕەخسێنم تاخۆشیان بوێت و کەسایەتيی و بوونی خۆیانی تێدا بدۆزنەوە، درکم بەو قۆناغە گرنگەی گەشەی تەمەنی منداڵ کرد، بۆیە لەوکاتەوە دەستم بە نووسین کرد و ھەوڵم داوە پەرە بە ئەدەبیاتی منداڵان بدەم، دەمزانی چی بابەتێک بۆمنداڵان گرنگە. لەوکاتەوە بۆ ھەموو بابەتەكانی وانەکان و ڕێنمایی، چیرۆک و شیعر و ئۆپەرێت دەنووسم, ھەردەم لایان بووم لە چالاکییەکانماندا پێکەوە دەستی یەکترمان دەگرت و دەفڕین، خۆشبەختانە دوای ٣ ساڵ بووم بەبەڕێوەبەری باخچە و لەوکاتەدا دەستم کراوەتربوو بۆ خزمەتکردنی کار و بوارەکەم, ئێستاش, کە سەرپەرشتیاری پەروەردەیم بەگڕوتینێکی زیاترەوە کاردەکەم و مەودای پیشەکەم زیاتر بۆ ڕەخسا و بۆھەتایە منداڵان منیان لە نێو ئامێزی خۆیاندا ھێشتەوە.
  • چۆن پێناسەی ئەدەبیاتی منداڵان دەکەی؟
  • ئەدەبیاتی منداڵان بريتییە لە ھەموو ئەو بابەتانەی وەک: شیعر و چیرۆکی شانۆیی و ئۆپەرێت, کە تایبەتن بە منداڵان، ئەدەبیاتی منداڵان وەکو لقێک لە نێو ئەدەبی کوردیيدا مێژوویەكی زۆرکۆنی نیە.
    دوای ئەو ڕۆژگارە ناخۆشانەی, کە ھەرێمەکەمان لەڕابردودا تێیدا ژیاوە، لە داگیرکاريی و جەنگی بەردەوام و ژێر دەستەبوونی نەتەوەوەیی بەداخەوە, ئەو دۆخە کاریگەریی زۆرسەختی ھەبووە لەسەر گۆڕانکارییەکانی دەورو بەر، ئەو سەردەمە ئەدەبیاتی منداڵان نەبۆتە خەمی سەرەکییان، بەڵام ھەندێک لە نووسەران بەشێوەی لاوەکيی ھەوڵیان داوە لا لەئەدەبیات وخەونەکانی منداڵان بكەنەوە.
    خۆشبەختانە لەڕۆژھەڵاتدا لەژێر ھەژمونی ئەو ژیانە سەختەدا وای کرد کۆمەڵێک لە نووسەران و شاعیران بێنە مەیدانەکەوە, ئەگەرچی لەسەرەتادا ئەو دۆخە توندوتیژییە لەزۆربەی نوسینەکانیان ڕەنگی دابۆوە, بەڵام ویستیان خەم و گرنگی نووسین لە ئەدەبیاتی منداڵاندا فراوان بکەن و وای کرد گرنگیدان بەئەدەبیاتی منداڵان ببێتە خەمی سەرەکیان، لەسەرەتادا نووسینی شیعر دەبێتە سەرمەشقی نوسین و دواتر چیرۆک و ئەفسانەکان لەژێر کاریگەريی نووسەرانی ڕۆژئاواو ھەروەھا خوێندن و نووسین و چاپکراوەکان پەرەی پێدەدرێت و ویستویانە دەستی خەون و خولیای منداڵان بگرن و گرنگیان پێ بدەن تا لە ژیاندا بەئاگاو چاوکراوەبن. لەبەر تایبەتمەنديی و ئەوخه‌سڵەتانەی نووسەرانی ئەوبوارە ھەیانە, وە ئەوانەی کاریشیان لە بەرەوپێش بردنی ئەدەبیاتی منداڵاندا کردوە دەگمەنن و ھەروەھا ئێستاش ئەوانەی کاری لەسەر دەکەن ھەر دەگمەنن.
    بەداخەوە لەگەڵ ئەوھەموو بەرپرسیاریەتیە گرنگەی, کە بواری ئەدەبیاتی منداڵان لە خۆی دەگرێ لە پێگەیاندن و پەروەردە کردنی تاکێکی خۆنەویست و بێگەرد و ژینگەپارێزی دڵسۆز, کەچی لەلایەن حکومەتەوە کار بۆ پێشخستنی ئەوبوارە نەکراوەو ناکرێ, لە ھیچ ڕوویەکەوە گرنگی ھاندان و پشتگیری کردنی نووسەران نەدراوە, چەندین نامیلکەو کتێبی ئامادەکراو بۆ چاپ پەراوێزکەوتوون و گۆڤارەکانی منداڵان بێ سانسۆر و بەدواداچون لەسەر ئەرکی خۆیان چاپ دەکرێن, بەڵام سەرەڕای ئەوانەش بەھەوڵ و کۆششی خەمخۆران و یەک دەنگيی نووسەران و نیەتپاکيی و بەتەنگەوە ھاتنی نووسەرانی بوارەکە لەگەڵ یەکتردا
    تاڕادەیەک بوارەکە قۆناغی باشی بڕیوە، گرنگە ھەموو ئەوە بزانین ئەدەبیاتی منداڵان بەحوکمی گرنگیی دانی بە قۆناغەکانی گەشەی تەمەنی منداڵ, پێویستە بابەتە باش و چێژبەخشەکانی نووسەران ببنە ھاوشانی پەروەردەیەکی دروست لە خوێندندا، کە ئەدەبیاتی منداڵان یەکێکە لە سەرچاوەو بناغە ھەرە گرنگەکانی دروست کردنی کەسایەتی تاکێکی دروستە بۆکۆمەڵگا.
  • تۆ، شیعر بۆ منداڵان دەنووسی، ئایا تایبەتمەندیی شیعری منداڵان چیە؟
  • شیعری منداڵان تایبەتمەنديی و مەرجی خۆی ھەیە، دەبێ شیعری منداڵان جیابێت لەھی گەورە ساڵان، وشەکانی ئاسان بن لە دەربڕیندا, بڕگەی دوور و درێژ و سواو نەبن، وێنای جوان بنەخشێنێت و نزیک بێت لە قۆناغەکانی تەمەنی منداڵ و باشتر وایە شیعری منداڵان کۆتاییەکی جوانی ھەبێ و چیرۆک ئامێز بێت، بەشێوازێکی گونجاو و جوان کاریگەريی ئەرێنی لەسەر دەروونی منداڵدا جێبھێڵێت. واباشە یەکێتيی بابەت بپارێزرێت و شیعر ئەوەندە ئاڵۆز نەبێت سەر لە منداڵ بشێوێنێ، دەستەواژەی ڕوون و شیاوبن و دووربن لە وشەی نامۆ و توندوتیژيی و پێویستە پەروەردەیی و خەیاڵيی بن و دەبێ نووسەر ئەوەندە شارەزاو لێھاتوو بێت و ئاشنای تێگەیشتن و ئارەزووە کانی منداڵ بێت, شارەزای بڕگەو کێش و وێنای خەیاڵی سەرنج ڕاکێش بێت، لەسەرەتاوە تاکۆتایی سەرنجی منداڵ بەخۆیەوە وابەستە بکات، ھەتا پێویستە گرنگی بە ڕەنگ و وێنەو قەبارەی نامیلکە شیعریەکانیش بدرێت, ھەتا بەشێوەیەکی گشتيی لە داھاتوودا بیر و ھزری منداڵ جوان گۆش بکات.
  • جگە لە شیعر نووسین، تۆ چیرۆکیش بۆ منداڵان دەنووسی، بە ڕای تۆ تایبەتمەندیی چیرۆکی منداڵان چیە؟
  • باشتر وایە چیرۆک لەئاست زیرەکيی و ژیريی قۆناغی منداڵدا بێت، پەیوەندی ھەبێت بەحەز و خولیاو خەیاڵەکانی و سەرنج ڕاکێشی منداڵ بێت، (فەنتازیا و ئەندێشەی) ی تێدابێت, تاخەیاڵی منداڵ فراوان و فراوانتر بکات، چیرۆک مەودای کارکردنی تێدا فراوانترەو خەیاڵی منداڵ ده‌ورووژێنێت, کەسایەتيی چیرۆکەکان ئاڵۆز و تەم و مژاويی نەبن و وشەو زاراوەکانی سەر بە فەرھەنگی منداڵ بن، سەرەتاو بابەتی سەرنج ڕاکێشی و ئامانجێ بپێکی و کۆتاییەکی خۆش و بنیانتەر لەناخی منداڵ جێبھێڵێ، لەژینگەی خۆیەوە نزیک بن و نامۆ نەبن باشتر وایە لەگەڵ کارەکتەری ئاژەڵ و باڵدارەکان خۆشەویستيی و دۆستایەتی پەیدا بکات و
    پێویستە چیرۆک دوور و درێژ نەبێت منداڵ توشی بێزاريی بکات, توشی گرێ کوێرەی نەکات, دەبێت چیرۆک منداڵ فێری زمان پاراويی بکات, نابێت ناوەڕۆکی چیرۆکەکە توندوتیژيی تێدا بێت, منداڵ توشی ترس و شڵەژان بکات, دەبێت چیرۆکنووس لێھاتوو بێت لەداڕشتن و ئامانجی ھەبێ لە گەیاندنی بیرۆکەکەی، تا بارگرژی منداڵ نەھێلێ و چارەسەری بکات, پاڵەوانەکانی منداڵان فێری ھەڵگری ڕەوشتی جوان و مرۆڤایەتی بکات و لەدیاردە و وشە دزێوەکانیش دووریان بخاتەوە, دەبێت لەگشت ڕوویەکەوە گونجاو بێت لەگەڵ سەردەم و کلتورو ژینگەکەی و نیشتمان و سودی ھەبێ لە سەر فراوان کردنی خەیاڵ و بەکۆمەڵایەتيی کردن و ھزر و ھەڵسوکەوتی منداڵدا.
  • وەکو دەزانین شیعر بۆ منداڵان زیاتر نووسراوەو چیرۆک کەمتر، بەڕای بەڕێزت بۆچی چیرۆکنووسمان لە بواری منداڵان کەمترە، بەڵام خۆشبەختانە تۆ چیرۆکیش دەنووسی؟
  • دروستە شیعر نووسمان زیاترن و چیرۆک نووسمان بەو ئەندازەیە نیە, ئەگەرچی چیرۆک بزوێنەری خەیاڵی منداڵەو لەڕێی چیرۆکەوە منداڵ دەتوانێت بەسەر گرژيی و ئاڵۆزییە دەروونیەکانی و کێشە کۆمەڵایەتیيەکان زاڵ بێت و ڕزگاری بێت و لەبەرئەوەی ناوەڕۆکی چیرۆکەکان دەبێتە ھۆی پێکەنین و گریان و گاڵتە جاڕيی و توڕەبوون و ھاوارکردن… ھتد. کەوایە ئەرکی چیرۆکنووس قورسترەو دەبێ نووسەر توانای داڕشتنی ئەدەبیانەی ھەبێ و بزانێ چۆن دەست پێدەکات و بابەت دەوروژێنێت و چۆن بەشێوەیەکی کارامەیی چیرۆکەکە کۆتایی پێ دەھێنێ و وادەکات ئامانجی خۆی بەدەست بھێنێت, کە دروست کردنی کارەکتەری پاڵەوانێکی بەھێزە لە نێو ناخی منداڵدا، ئەوەش ئەرکێکی ھەروا ئاسان نیەو دەبێ چیرۆکنووس لەخۆ ڕادی و بێت, بەڵێ چیرۆکیش دەنووسم، زۆر حەز بەچیرۆک دەکەم، ھەر شتێک یان بابەتێک سەرنجم ڕابکێشێ لای من دەبێتە بابەتێکی واقیعی و ڕاستگۆیانە, کاری دارشتنی تێدادەکەم، زۆربەی چیرۆکەکانم ھەڵقوڵاوی ژینگەی منداڵانن، ھەوڵ دەدەم چیرۆکەکان ئاوێتەی خەیاڵ بكەم بۆ ئەوەی چێژی زیاتر بەمنداڵ ببەخشێ.
  • بە ڕای تۆ بۆچی تا ئێستا وەک پێویست لێکۆڵینەوە لەبارەی ئەدەبیاتی منداڵان نەکراوە، یاخود ڕەخنەگرمان لەو بوارە کەمە، بەڵگە بۆ پرسیارەکەمان کەمی کتێبە لەو بارەیەوە؟
  • ھەرچەندە لە ڕابردوودا لێرەو لەوێ ڕەخنەو ڕەخنەگر ھەبوون, بەڵام بە پێی پێویست نەبوون, یەکێتی نووسەرانی کورد / لقی سلێمانی, ھەندێ ھەوڵ و لێکۆڵینەوەیان کردووە لەسەر ئەدەبی منداڵان لە بواری شیعر و چیرۆک و بڵاوکراوەکاندا, کە بەشێوەی فیستیڤاڵ پێشکەشیان کرد و دواتر کردیان بە کتێب، من ئەوە بەھەنگاوێکی گرنگ دەزانم سەرەتایەکی زۆر باشیش بوو دەستیان خۆش بێت و بەڕاستی ئێستا کەسانی دڵسۆز دەبینم بێ ماندو بوون کار بۆ پێشخستنی بواری ئەدەبیاتی منداڵان دەکەن, جاران باشتر بوو لە چەند دەزگایەک کتێب چاپ کردن ھەبوو, کۆڕو کۆبونەوە دەبەسترا بۆ ئاڵوگۆڕی فرە بۆچونەکان لەسەر نووسین و بابەتەکان, بەڵام بەداخەوە لەھەموو بوارەکاندا ئەگەرھەنگاو نرابێت چیتر ھەنگاو ی جدی لەو بوارەوە نەنراوە, گەر نرابێش لەئاست ویست و خواستی ئێمەدا نەبووە، بەداخەوە ئەوەش بەرە بەرە ڕوو لەلاوازيی دەکات, ئەویش بەھۆی کێشەی داراییەوە, لەم چەند ساڵەی دوایيدا, ئەگەرچی ئیستا کۆمەڵێکی باش لە ھاوڕێیانم بەتوانای جۆراو جۆرەوە ماندونەناسانە بەحەزەوەن بۆکارکردن چ لە بواری نووسیندا, یان چاپەمەنيی گۆڤارەکان, بەڵام بەداخەوە لەبەر دۆخە نالەبارەکانی ژیان, ھەموو لەدۆخێکی نەخوازراو و چەق بەستوو ماون.
    بواری ئەدەبیاتی منداڵان پێویستی بە لێکۆڵینەوەو بەدواداچونی بەردەوام ھەیە
    بۆ زیاتر وتوو وێژو ھەڵوێستە لەسەر ئەو نووسین و بابەتانەی, کە زۆر باش و ناوەزەن و گشت ڕەگەزە بەھێزەکانی ئەدەبیاتی منداڵان لەخۆدەگرێت، بەبەراورد بەو نووسینانەی, کە زیانیان ھەیە ئاسەواری نەرێنی لەسەر زیھنی منداڵدا جێدەھێڵن، بەگشتی بوارەکە پێویستی بە دیالۆگ و سیمینار و ھەتا بەستنی کۆنگرەش ھەیە, بەھەموو توانایەک کار بکرێت تا لەداھاتودا کاریگەریی جدی بخاتە سەر بواری پەروەردەش و بۆ ئەوەی بەگڕوتینی زیاتر تا لەڕێی ئەدەبیاتی منداڵانەوە خزمەتی زیاتری مافەکانی منداڵ بکرێت, پێویستە لێکۆڵه‌ران و ڕەخنەگران لەداھاتودا ئەو ڕۆڵە بەھێزە بگێڕن.
  • بۆچی تا ئێستا شیعر و چیرۆکەکانت لە دوو توێی کتێب بۆ منداڵان چاپ نەکردووە؟
  • لەکارو پیشەکەمدا زۆر سەرقاڵ بووم, لەبەر ئەوەی لەمنداڵەوە نزیک بووم, دەمزانی چیان گەرەکە, بۆیە بەردەوام بەبابەتی جۆراوجۆر فیستیڤاڵەكانمان دەڕازاندەوەو جگە لە ھاوکاری چەندین باخچەی ناوشار و دەره‌وه‌ی شار بەتێکستەکانم ھەروەھا بەشداری سەرجەم گۆڤارەکانی کوردستان و جارجاریش دەره‌وه‌ی کوردستانم کردوە، بەداخەوە بەھۆی سەرقاڵیم و بوونی بەرپرسیارییەتی گەورەتر لە ئەستۆم, نەپڕژاومەتە سەرئەوەی بابەتەکانم لە دووتوێی کتێب چاپ بکەم، پێش ئەو قەیرانە بەنیازبووم, کەچی بەداخەوە دۆخەکە خراپتر بوو, ھیوام وایە لەداھاتوودا خەمخۆران و دەست ڕۆیشتوان لەخەمدابن بۆنووسەران لەڕووی ئەوبابەتەوە و ببێتە جێی گرنگیی پێدانیان.
    دوو کتێبی شیعری و دوو کتێبی چیرۆکم ئامادەن بۆ چـاپ خۆشحاڵ دەبم, كە لەدووتوێی کتێبدا بگەنە بەردیده‌ی منداڵانی خوێنەر.
  • تۆ, کە تا ئێستا کتێب و نامیلکەت نیە، چۆن توانیوتە شیعر و چیرۆکەکانت بگەیەنیتە بەر چاوی گەشی منداڵانی کوردستان؟
  • لەڕێگای سەرجەم ئەوگۆڤارە ئازیزە تایبەتانەی, کە بۆ منداڵان دەردەچن, شیعر و چیرۆکەکانم بڵاودەکەمەوەو دەیخەمە بەر دیدەی خوێنەرە ئازیزەکانم، سەرەڕای ئەوەش بەپێی کارەکەم, کە بەرکەوتەی ڕاستەوخۆم لەگەڵ منداڵ ھەیە و منداڵم خۆشدەوێت, بەحەزەوە بۆیان دەنووسم، دەزانم چۆن بیردەکەنەوە, چی دەیانھێنێتە پێکەنین و سەماو چی سیمایان گرژ دەکات و چی پەستیان دەکات، ھەر بۆیە لەگەڵ گشت ئەوبابەتانەی بۆیان دەنووسم پێکەوە گۆرانيی دەڵێین و غار دەدەین و ژینگە سەوز دەكەین, بابەتەکانم ھەڵقوڵاوی نێو ژینگەی خۆیانن، ڕاستگۆم لەگەڵیانداو لەخەمیاندام. منداڵ چۆن بی لەگەڵیدا, ئاوا مامەڵەت لەگەڵ دەکات، بۆیە ئەوکەسەی گرنگی پێ دەدات کاریگەريی گەورەی لەسەر بەجێ دەھێڵێ, ھەرچەندە چاکتر و باشتر لەھەڵسوکەوت و ویست و ئارەزووەکانیان بگەین, ئەوەندەی بەسەرکەوتوویی ڕەفتاریان لەگەڵدا بکەین ئەوانیش زیاتر بەکۆمەڵایەتی دەبن و کەسایەتیان پتەو دەبێ و متمانەیان بەھێزتر دەبێ بەخۆیان و لاواز نابن و گۆشەگیر نابن و بەھەموو شتێک ڕازی نابن و ناھێڵن دەست بخرێتە کارو باریانەوە، لەداھاتودا خاوەن کەسایەتی دروست و بەھێز دەبن و بناغەو پێگەی ھزری و فکری خۆیان بەدەست دەھێنن, ئەوە منی سەرقاڵتر کردووە.
  • وەکو دەبینین و دەزانین منداڵ زۆر حەز بە نیگارکێشان دەکات، یان کاتێ شیعر و چیرۆک دەخوێنێتەوە، پێی خۆشە وێنەی لەگەڵدا بێ، بۆچی؟
  • زۆربەی زۆری نووسەرانی بواری ئەدەبیاتی منداڵان كۆكن لەسەرئەوەی لە شیعر و چیرۆکدا, نیو بە نیو وێنەو نووسین تێکەڵ بن, ئەوە ستانداردی جیھانیە بۆ گەیاندنی بیرۆکەی نووسەر, زۆرجار لە نووسەرانی جیھانيی, چیرۆکێک کتێبێکیانە. وێنەی ڕەنگاو ڕەنگی نێو گۆڤار و کتێبەکانی تایبەت بۆ منداڵان, یەکەم ھەنگاو و ھاوکاری باشە بۆ گەیاندنی بیرۆکەی نووسەر بەمنداڵ.
    منداڵ زاتێکی پاک و بێگەردە, وەک گەورە نیە, زۆر بەدەگمەن, ئەگینا ناتوانێت شتەکانی ناخی بشارێتەوە, ھەرچی ھەبێت ھەوڵی دەربڕینی دەدات, یەکێک لە گرنگترین ئامرازەکانیش, کەمنداڵ لە ڕێگەیەوە گوزارشت لە ناو دڵ و دەروونی دەکات, نیگارکێشانە, دەتوانین لە ڕێگای نیگارکێشانەوە ناوەوەی منداڵ بخوێنینەوە، لەبەرئەوەی وێنەی ئەوشتانە دەکێشێ, کە لە چواردەوریدا ھەیەو کاریگەريیان لەسەر دەروونی منداڵدا ھەیە. ئەوەی کاریگەريی خۆشەویستيی لەسەریانی ھەبێ, وێنەی بەگەورەیی و خەندە ئامێز, یان لە وێنەی چیایەکی بەرزدا, یان دارێکی قەدو قەبارە گەورە دروست دەکات, بەپێچەوانەوە ئەوەی کاریگەريی نەرێنی ھەبێ و کەم بێت, بچووک و لاواز وێنەی دەکێشێ,
    ھەر بۆیە پێویستە ژینگەی منداڵ لە خێزان و دەره‌وه‌ی خێزان ڕەنگاو ڕەنگ بێت و ژینگەیەکی پڕ لە ئاسودەیی بێت و تەواوی مافەکانی وەدی ھاتبێ و وەدی بێت تا منداڵ لە ھزری خۆیدا وێنای ئەرێنی و ڕەنگاوڕەنگ بکێشێ، منداڵ ناتوانێت ھەموو بابەتێک بخوێنێتەوە, بەڵام دەتوانێت بە توانای خۆی وێنای وێنەجوان و ڕەنگاو ڕەنگەکان بخوێنێتەوەو بە دەروونێکی ئارامتر گوزارشتیان لێ بکات، ھەنگاو بەھەنگاو تێگەیشتنی بابەتەکە ئاسانتر دەبێت, پرۆسەی گەیاندن بەئەنجام دەگات.
  • لەوەتەی بۆ منداڵان دەنووسی و لە پای نووسینەکانت بۆ زارۆکان، چیت پێشکەش کراوە، کە دڵت پێی خۆشبێ، یان هەست بە چی دەکەی، کە پێنووسەکەت بۆ خزمەتی منداڵان تەرخان کردووە؟
  • ھاندانی بەردەوامی مامۆستا خۆشەویستەکانی باخچەکەمان بەتایبەتی, وە یان دەستخۆشيی و ھاندانی ھاوڕێ و کەسانی دڵسۆز, کە ئاڕاستەیان کردبم بۆھەمیشە جێی شانازيی منن، بەڵام ئەو دەست خۆشی و بەھەند زانینەی, کە وەک نووسەری بوارەکە ئاڕاستەم کراوە, ھەرگیز بیرم ناچنەوەو وەک سمبولێک دەیان پارێزم و زۆر زۆر دڵیان خۆش کردووم, ئەوانەن: وەرگرتنی یەکەم خەڵاتی ڕێزلێنانی گۆڤاری گوڵەکان بەبۆنەی ساڵڕۆژی جیھانيی منداڵان و دەرچوونی ژمارە ( ١٠٠ ) گۆڤارەکە، لە چەمچەماڵ ساڵی ٢٠١٥، ھەروەھا ڕێزلێنانی ڕێخراوی نەسیم بۆژینگەپارێزی لە ڕۆژی 16/4/2015، ھەروەھا خەڵاتی ڕۆژی جیھانی زەوی لە لایەن جێگری سەرۆکی لیژنەی تەندروستی ساڵی ٢٠١٧، خەڵاتی فەرمانگەی ژینگەی ڕاپەڕین ساڵی ٢٠١٨، ڕێزلێنانی خانەی دەروازەی ڕۆشنبیری منداڵان لەڕانیە، خەڵاتی ڕێزلێنانی ماڵی کتێب ساڵی ٢٠١٩, خەڵاتی کتێبخانەی گشتی ڕاپەڕین لەلایەن وەزیری ڕۆشنبیری. دوا دەست خۆشی و پێزانیمان لە لایەن ڕێکخراوی هاوڕێیەتی منداڵانی كوردى – ئەمریکی بوو, کە پێمان بەخشرا, دەست خۆشییان لێدەکەم.

پرۆفایل:

  • زارا ئەحمەد جاف
  • شوێنی لەدایک بوون و نیشتەجێی شاری ڕانیه‌.
  • ھەڵگری بڕوانامەی دبلۆم.
  • سه‌رپه‌رشتیاری په‌روه‌رده‌ییه‌ له‌ ده‌ڤه‌ری ڕاپه‌ڕین.
  • یه‌كه‌م شیعری بۆ منداڵان به‌ناوی (ئاسمان) له‌ گۆڤاری په‌پووله‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌.
  • یه‌كه‌م چیرۆكی بۆ منداڵان به‌ناوی (لانه‌ بوو به‌هاوڕێی گوڵ و په‌پووله‌) له‌ گۆڤاری مشكه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌.
  • ده‌سته‌ی نووسیاری گۆڤاری مشكه‌ بووه‌، كه‌ له‌لایه‌ن ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئاراس له‌ هه‌ولێر ده‌رده‌چوو.
  • چوار كتێبی ئاماده‌ن بۆ چاپ، كه‌ دوانیان چیرۆكن و دوانه‌كه‌ی دیكه‌ش‌ شیعرن.
  • چه‌ندین شیعری كراون به‌ گۆرانیی بۆ منداڵان.



نامەیەکى کورت بۆ سەباح ڕەنجدەر … سروشت نەوزاد

سڵاو کاک سەباحى زێدە ئەزیز…

کتێبە شیعرییە تازەکەتم (سەرەتا وشەبوو) خوێندەوە. پیرۆزبایی زۆر گەرمم بۆ ئەم بەرهەمە ناوازەیە هەیە. وەک هەمیشە بە خوێندنەوەى شیعرەکان گەشامەوە. جیاوازی کردن لە نێوان ئەم بەرهەمەت و ئەوانى پێشوت، چى لە ئاستى تێماکان و چى لە ئاستى لایەنى هونەرکارى و فۆڕم و زمانەوە، خوێنەرى ورد و بە دیقەت و سەباح ناسى جدی گەرەکە، بێگومان ئەمەش ناکاتە ئەوەى کە سەرجەمى خاڵە جیاوازەکان نابینراو بن، تەنیا وا هەست دەکەم جیاوازییەکان لە ئاستى زۆر ورد دان و ئیمکانى ئەوەیان نییە خوێنەر بە سانایی و ڕاگوزەرانە لە پێکهاتەى شیعرەکانى ئەم بەرهەمەدا جیاوازییەکان کەشف بکات.
بە گشتى شیعرەکانى نێو ئەم دیوانەت شیعرى داخراوو دەستەمۆ نەکراون. شیعرگەلێکن دیسان دەرفەتى ئەوەش بە خوێنەر نادەن بە بێ تێڕامانى قوڵ و تێهزرین و خۆماندووکردن، کۆنتاکت لەگەڵ ژینگەو جیهانبینى دەقەکان دروست بکات. ئەوەش پەیوەندى بەو پێکهاتە زمانییەوە هەیە کە خەسڵەتێکى قورس و گران، لە هەمانکات فرە مانا و فرە دەلالەت بە پێکهاتەى شیعرى تۆ دەدەن. واتە ئەو پێکهاتە فۆڕمى و زمانییەى کە نزیکەى هەمیشە، لە شیعرى تۆدا لەسەر شێوازى تایبەت لە هەڵبژاردن و بەکارهێنانى وشە و هەڵبژاردنى شێواز و جۆرى ڕستەو دەربڕینەکان و شیعریەت و فەزاسازیدا ڕادەوەستێ. زمان لە شیعرى تۆدا لە واتاى فەرهەنگى خۆى دادەماڵرێت و لەوە دەکەوێت ئەرکى گەیاندنى ڕووت و کۆنکرێتى بەرجەستە بکات.
لێرەشەوە کۆشش بۆ دۆزینەوەى واتاى چاوەڕوانکراو لە ڕێگەى تێڕوانین لە زمانى شیعرەکانتەوە، خوێنەر بە لاڕێدا دەبات. هەر ئەم خەسڵەتەشە کەم تا زۆر وێناسازییە شیعرییەکانى تۆ دەکەنە وێناى خەیاڵى و زەینى. هەر بۆیە ئەو تایپەى شیعرسازى و زمان و گەمە زمانییە سرکەکانى شیعرى تۆى لەسەرە، بەنیسبەت شیعرى کوردییەوە تایپێکى تایبەت و جیاوازە.
خاڵێکى گرنگتر، لەم شیعرانەدا و لە شیعرەکانى پێشوشتدا، شیتەڵکردن و هەڵوەشاندنەوەى چەمکەکان و شت و دیاردەکانە، وە دووبارە داڕشتنەوەو شوناسپێدان و پێناسە کردنەوەیانە بە ڕێگەى تایبەتى شیعرى خۆت و بە زمان و شێوازى تایبەتى شیعراندن. تۆ باوەڕێکى گەورەو ئومێدێکى گەورەت بە هێزی شیعر و بە جیهانى زیندووى شتەکان و دیاردەکان و جیهانى زیندەوەران هەیە.
باوەڕم وایە تۆ یەکەم شاعیرى کوردیت لە ئاستێکى زۆر بەرزدا لەگەڵ زماندا ئەدوێیت. ئەو شاعیرە کوردانەى بە شاعیرانى قۆناغەکانى پێشوو ئێستاشەوە کە من بەرهەم و شیعرەکانیانم خوێندونەتەوە، کەسیان هاوشێوەى تۆ ڕێزیان لە زمان نەگرتووە، کەسیان وەک تۆ لەو ئاستە چڕو فرە مەودایەدا زمانیان بەگەڕ نەخستووە. تۆ دیاردەی نێو شیعرى کوردیت، بە شێوازێکى زۆر قوڵ و بێهاوتا لە نێو ڕستە شیعریەکانتدا، زۆر زیاتر لەوەش لە نێو وشەکانتدا بیردەکەیتەوە. هیچ ڕستەیەک و تەنانەت هیچ وشەیەکیش لە نێو شیعرى تۆدا بێ ئەرک و وەزیفە نییە. هەموو وشەکانت ئاستدار و فرە دەلالەت و فرە مەودان. هەر وشەیەک لە شیعرى تۆدا بە ڕووى چەندین جیهان و ڕوانیندا کراوەیە. وشەم لە شیعرى تۆدا وەک ماڵێک دێتە بەرچاو دەیان پەنجەرەى هەبن. ئەو شێوازە چڕو ئاستدارە لە بەکارهێنانى زماندا خاڵى جیاکەرەوەو جیاوازى شیعرى تۆیە لەبەرامبەر سەرجەم شیعرى شاعیرانى کورددا.

سروشت نەوزاد
٢٣_ ٧_ ٢٠٢٠




“پاسەوان” ی ژیان … “شیعر”ی جەلال عەبدوڵا ساڵح

١
“پاسەوان” ی
بەردەرگای
“لووت”ە
لەسەر سەکۆی
” لچ”
دانیشیووە
“سمێڵ”

٢
“مەشکە” ی
خواردن و
” ئاو”ە
“ماڵ”ی
“سپل”ە
سک

٣
“سەنگەر”ی
” دڵ”ە
بە دیواری
“پشت”ەوە
داکووتراوە
پەراسوو

٤
“مناڵ”ەکانی
“سەر”ن
“دووژمن” ی
یەکترین
“چاو” و
“گوێ”

٥
“کەوچک”ی
ناو” دەم”ە
“کلیل” ی
“دەرگا”ی
قسەکردنە
“زمان”

٦
هەرکەسێک
بمرێت
دەبێت بە کۆڵەکەی
“تابووت”
شان

٧
دانیشتووە
لەسەر “کورس” ی
گۆشت
“پورزا”ی
“ددان”ە
چاوەڕێی
“فەرمان”ی
“پەنجە”یە
نینۆک

٨
“هاوڕێ”ی
“خوێن”ە
“خزم “ی
“جگەر” ە
“سپڵ”




لە مردن ناترسم، هەر ئەوەندەیە لە تەنهایی دەترسم… -7 – خۆدواندنی: ستیڤان شەمزینی


بەشی حەوتەم…

خۆدواندنی: ستیڤان شەمزینی

لیزا: تۆ لە دەربڕیندا زۆر بلیمەتیت، سەرسامم بەو رەوانبێژییەت لە قسەکردندا.
ستیڤان: بلیمەت ئەو کەسە نییە خەڵک سەرسام بکات بە خۆی، بلیمەت ئەو مرۆڤەیە لە خۆی تێبگات و سەرسامی کەسی تر نەبێت.
لیزا: هەمیشە لە هیچ شتێک رازی نیت، خۆزگە هۆکارێک هەبووایە بۆ رازیکردنی تۆ؟.
ستیڤان: دیکارت پێش سەدان ساڵ وتی “من بیر دەکەمەوە، کەواتە هەم”، بەڵام من ئەم کۆژێتۆیەم بەم شێوەیە هەڵگێڕاوەتەوە: من ناڕازیم کەواتە هەم.
لیزا: بێگوومان لەو کاتەی دوامان دەبێت بە ئاگر و پێشەوەشمان دەبێتە زیندان، باشترین کار ناڕازیبوونە لە زیندانەکانی کولتوور و دەسەڵات، ئەگەر ئاکامەکەشی سووتان بێت لە دەریای پڕ گڕی ناڕازیبووندا.
ستیڤان: هەمیشە ناڕازیم چوونکە تەوەقوعم بەرزە، هەردەم لەهەر کارێکدا چاوی رەخنەگرانەم خستۆتە کار نەک زمانی ستایش.! تەنانەت لە پێشکەشکردنی باشترین پڕۆژە و بینای هەر ئیشێکی جوانیشدا من نەمویستووە رازی بم و سەقفی داواکاریی و تموحی خۆم بڵندتر کردۆتەوە، چون چاوەڕوانی باشتر و زیاتر بووم. هەروەک ریوایەتێک هەیە دەدرێتە پاڵ خودا کە وتوویەتی ئەگەر دوو جۆگەی زێڕیش بدەمە بەندەکەم هێشتا داوای جۆگەی سێهەم دەکات!!. ئەمەش خەسڵەتێکی مرۆڤانەیە، هەرچی جۆگە زێڕەکانە بیدەن بە من هێشتاش داوای زیاتر دەکەم!، بەڵام جۆگە زێڕەکانی من شتی دیکەن، بریتین لە شیعر و عەشق و بەرخودی هیومانیستیانە و مرۆڤانە. هەربۆیە ناتوانم رازی ببم و تا ئەو دەمەی زیندووم بۆڵە بۆڵمە بۆ باشتربوون، رۆژێک منت بینی رازی بووم واتە ئیدی کۆتاییم هاتووە، مەرجیش نییە هەموو کۆتاییەک تەنها رەهەندی فیزیکی لە خۆ بگرێت.
لیزا: ئەو هەموو رەشبینییە خۆی لە خۆیدا بۆ هێنانە ئارای دنیایەکی سپییە، کە کینە و گریانی مرۆڤ رەشی نەکردبێ. تۆقین لە مرۆڤە ناڕازییە رەشبینەکان بەشێوەیەک لە شێوەکان رازیبوونە بە بەردەوامی ئەم بێدادیانەی ژیان!. تۆ ئەگەر رازی بیت و رەشبین نەبیت واتە تووشی مەیین بوویت و هەنگاو نانێی بۆ پەڕینەوە بەرەو قۆناغێکی تر.
ستیڤان: کێشەی من لەگەڵ خودی ژیانە، ئەم ژیانە هەر لە بناغەوە پووچ و بێ هۆیە، پۆڵ شاوڵ جارێک وتی “ژیان زنجیرەیەک خۆکوژیی جێبەجێ نەکراوە”!. زۆرم بیر لەم وتەزایە کردەوە، دەرئەنجام گەیشتمە بەوەی ژیان هەر ئەوەیە پۆڵ شاوڵ باسی کردووە.
لیزا: بۆ بەشێکی بەرفرەی خەڵک ژیان تەنها ئازار و رەنجکێشانە، جاری وا هەیە لەبەر خۆمەوە گوومان ئەکەم، ئەوانەی بە خۆشبەختەکانیش ناسراون، گرفتاری دەیان دەرد و ناخۆشی پەنهانن. ژیان هیچ کات بە دڵی مرۆڤەکان نەبووە و نابێ، پێشکەوتنی تەکنۆلۆجیا و باڵادەستی زانست نەیتوانی هیچ لە خەم و ئازارەکانی مرۆڤ کەم بکاتەوە. باشترە هیچ هیوایەک هەڵنەچنین لەسەر ژیان، چوونکە ژیان خۆی بێهیوا و نائومێدکەرە. کێ گەیشتۆتە نیوەی خۆزگەکانی تا من بتوانم چەند خۆزگەیەکم هەبێت لە ژیاندا؟. ئێمە هەموو فریودراوین بە ژەهری ژیان، بەڵام لە پاکەتی هەنگویندا. شاعیرى نێودار (مارکوت بیگ) لە کۆپلە شیعرێکیدا دەڵێ: ژیان لەگەڵ رەنجدا دێت.. هیوا رەنجى پێوەیە.. رەنج بە ژیانەوە دێت.
ستیڤان: هەمیشە وا دادەنێم چەند خولەکێکی تر ژیانم دەگاتە وێستگەی مەرگ. هەرچەند لەناو خەیاڵی ژیاندا ون بووم، کەچی ئەوە مەرگە لە سەوزترین وەرزی تەمەندا دەمدورێتەوە. هەرچەند پڕ بووم لە بۆنی عەتری ژیان مەرگ چڵ چڵ رۆحی عاشقمی هەڵوەراند. هێندەش ئازارم نۆشی، هێندە جەوری رۆژگارم بینی، هێندە غەدری نێو ژیان رایماڵیم، لە تاودا هانام برد بۆ ماڵی هاوڕێ خوێنە تاڵەکەم کە مەرگە. لەگەڵ ئەوەشدا تۆ من ببەخشە خیانەتت لێدەکەم، پێش تێربوون لە ئامێزی تۆ، بۆ ژوانێکی جاویدانی دەست دەخەمە نێو دەستی مەرگەوە.
لیزا: ئای لەو قوڵپی گریانەی لە دەریای غەمگینی دڵمدا شەپۆل دەدات!!. ئێستاکە لە ئاسمانی دڵی مندا تنۆک تنۆک غەم دەبارێت.
ستیڤان: لە مردن دەترسێی یان لە دابڕان؟.
لیزا: لە مردن ناترسم، هەر ئەوەندەیە لە تەنهایی دەترسم، هەمیشە رقم لە تەنهایی بووە، حەزدەکەم جیهانێکی تر هەبێت لە پاش مردن، بۆ ئەوەی جاریکی دیکەش بەویستی خۆمان بتوانین ئەو کەسە بدۆزینەوە کە خۆشمان دەوێ.
ستیڤان: دەزانی منیش هیچ کات لە مردن ناترسم، لەو سامناکیی و بێدەنگییە دەترسم لە مەرگدا خۆی حەشار داوە، باشتر لە خۆم دەزانی سەرباری رەشبینییەکەم چەندە ژیاندۆستم، بەڵام لە راستیدا مەرگ پشوویەکی جاویدانییە!. من بەم تەمەنە کەمەوە بەجۆرێک هەست بە ماندووبوون دەکەم، دەڵێی هەزار ساڵە لە دایکبووم و کێو بە دەرزی شی دەکەمەوە!، بۆیە جارێک نوسیبووم مەرگ رزگارکەرە. تەنیا لە یەک روانگەوە لە مەرگ دەسڵەمێمەوە چی وزە و چالاکیی هەیە دەیوەستێنێت. پێم خۆشە کاتێک بمرم حەوسەلەی نووسین و عەشقم نەمابێت، خۆم دەخوازم لە وەها کاتێکدا بمرم، چوونکە نووسین و عەشق بۆ من داینەمۆی بەردەوامین لە ژیاندا.
لیزا: دەزانیت شتە زەحمەتەکان زۆر شیرینن، بۆ نموونە ژیان.!
——————————————————
تێبینی:
ئەم تێکستە بریتییە لە مۆنۆلۆگ نەک دیالۆگی دوو کەس، کۆی بەشەکانی ئەم مۆنۆلۆگانە لەنێوان 2010-2017 نووسراون. لە بەرگی دووەمی کتێبی “قوتووی عەتار” لەلاپەڕە 488-522 بەشێوەی کتێبی کاغەز لە ساڵی 2018 چاپ بوون




له‌گه‌ڵ كۆچ پێكراوێكدا … و : نه‌ژاد عزیز سورمێ

ئه‌م خاكه ‌، به‌ گوێره‌ی تۆ ته‌نیا بسته‌وارێكه‌ كوڕی سه‌گ !
بۆ من نیشتمانه‌..
ده‌با به‌ هه‌ناسه‌ی بتۆلاو زه‌یزه‌فوونه‌وه‌ توڕت بدا
وه‌ك سه‌رخۆشێك ده‌ڕشێته‌وه ‌..

نان و ئومێد ،
خۆشیی و ناخۆشیم له‌گه‌ڵ تۆدا به‌ش كرد
كه‌چی تۆ نه‌تهێشتم
به‌شه‌ دواییه‌كانی كتێبی چاره‌نووسم بخوێنمه‌وه‌ ..

به‌ڵام من گه‌وره‌ ده‌بم و پێ ده‌گه‌م
داوای قه‌رزه‌كه‌یشم ناكه‌م
تۆش له‌گه‌ڵ ژاری كوشنده‌ له‌ خوێنتدا بمێنه‌وه‌ ..
پێشینان ده‌ڵێن :
گورگ چه‌ندی تێری بكه‌ی ، چاوی هه‌ر له‌ دارستانه ‌..
به‌ڕاست ، گورگیش دڕنده‌یه‌كی ئه‌فسانه‌ییه ‌،
داكۆكی له‌ ئازادیی خۆی ده‌كا ..
ئه‌من تێت ده‌گه‌م ،
به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا
ڕێزێكی زۆرت ده‌گرم وه‌ختێ ده‌ڵێم :
جه‌زای ڕق ، هه‌ر ڕقه‌..
ماده‌م ناتوانی وه‌ڵامی خۆشه‌ویستی به‌ خۆشه‌ویستی بده‌یه‌وه‌ .
بڕۆ بگوێزه‌ره‌وه‌ !
وه‌ك سێبه‌رێك ‌ تا هه‌تایه‌ ده‌سوڕێته‌وه ‌..
وێنه‌ی شه‌یتانێك
كه‌‌ دوای ئه‌وه‌ی بۆ ساتێ كورت
تینوویه‌تیی ڕقاویی خۆی
ده‌شكێنێ و ون ده‌بێ ..
بڕۆ بگوێزه‌ره‌وه ‌..!

  • له‌ ( المختارات من الشعر السوفیتی)یه‌وه‌ – بڵاوكردنه‌وه‌ی
    ده‌زگای ( ڕادۆغا ) له‌ مۆسكۆ – كراوه‌ به‌ كوردی .



سه‌فه‌رنامه‌ی عاشق … قادر سه‌مه‌د

دێمه‌وه‌ شار
به‌ گیانێکی په‌ژموورده‌ی
ناو جه‌سته‌یه‌کی شه‌که‌ت
به‌ دڵێکی پڕ له‌ ژان و برینداری
سیا ساڵی غوربه‌ت‌
دێمه‌وه‌ شار
سۆزی شمشاڵی شوان
حوزنی مه‌قامی سه‌فه‌ر‌
ئه‌مهێنێته‌وه‌ لای گۆیژه‌ و سه‌یوان
پیاسه‌یه‌کی ئێواران
ئه‌مبات بۆ‌ باخی گشتی و لای په‌یکه‌ره‌که‌ی (دیلان) ١
((ئه‌ی گیانه‌…. دیارم ده‌یری عیشقه‌، جێ به‌سووتن بێ له‌وێ ئه‌گرم….
كه‌ من مشتێ چڵ و چێوم به‌ چی بم كه‌ڵكی كێ ئه‌گرم‌))) ٢
عاشقێکی سیابه‌ختم بۆ ته‌نها پرسیارێک
ئه‌چمه‌ لای (وه‌یس) ٣..وه‌یسی خۆمانه‌
لێ ئه‌پرسم؟ سوچی من بوو یان خه‌تای یار
نه‌بووینه‌ دوو عاشقی به‌خته‌وه‌ری ئه‌م ژیانه‌
به‌ سۆزی شمشاڵی شوان
ڕوحم باڵ ئه‌گرێ و ئه‌فڕێ بۆ دوور
بۆ ئه‌نوای چه‌په‌کی ده‌یجوور و نه‌به‌دی
بۆ ژووره‌ ته‌ریک و ته‌نهاکه‌ی (خوداداد عه‌لی)
((ئه‌ڵوه‌ن…ئای…ئای …ئه‌ڵوه‌ن…ئامان ئه‌ی ئه‌ڵوه‌ن باوانم…. سه‌رچه‌شمه‌ی بیستراوانم ئای دیه‌م ئه‌ڵوه‌ن…ئه‌رێ گیانه‌ ئه‌ڵوه‌ن هاتیه‌ به‌به‌رزی داران… ئه‌یا له‌ چه‌کمه‌ی شۆڕه‌ سواران….ئای ئه‌ڵوه‌ن ئای…ئای…)) ٤
نه‌غمه‌ی عود و حوزنی مه‌قام
ئه‌ملاوینێ بۆ چه‌ند ساتێ
فیراقی یار و دووری دیار
له‌ ناخه‌وه‌ به‌کوڵ ئه‌مگریه‌نێ
فرمێسک به‌ به‌چاوانما دێنی
ئه‌م گیانه‌ به‌سوێیه‌م ناسره‌وێ
بۆ هه‌توانی برینی دڵی شه‌یدای
حه‌ز ئه‌کات له‌ سۆزی مه‌قاماتدا بخه‌وێ
ئای چه‌ند خۆش دێته‌ به‌ر گوێم
به‌ تانوپۆی ده‌شته‌که‌ی گه‌رمیان
سه‌دای زایه‌ڵی مه‌قامی (خورشیدی)
به‌ سۆزی ده‌نگه‌که‌ی (مه‌ردان)
(سه‌دای…سه‌دای…سه‌دایی ته‌پڵی دڵ…ئازیزه‌ی چه‌تۆی ده‌روندا…
ده‌نگ دانه‌وه‌ی ئه‌فلاک یه‌تیمه‌ی ئای شێوه‌ی هامووندا) ٥
هه‌ست ئه‌که‌م ناخم
وه‌ک ئه‌و ده‌شته‌ی گه‌رمیان سووتاوه
له‌ ئارانی کاکی به‌کاکیدا
هه‌وارێک بۆ ژوانی عاشقان نه‌ماوه‌
وه‌ک لاوه‌ ڕه‌شپۆشه‌که‌ی گه‌رمه‌سێر
دێوانه‌ی که‌نیشکه‌ خاسێک بووم
له‌ گه‌رد و تۆزی بیابانا وون بووه‌ نه‌ماوه
وه‌لێ هه‌ر چاوه‌ڕوانی ده‌که‌م
له به‌ڵێنی ژوانێکدا بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ لام
له‌ په‌رجوویه‌کی خودایدا
بداته‌وه‌ له‌ زه‌نگی ده‌رگام ‌
هه‌ر ئه‌ڕۆم شنه‌ی شمشاڵ ئه‌مبات
بۆ ده‌شتی حه‌یران
به‌ خودای غه‌ریبیت ده‌که‌م شاره‌که‌ی مناره‌..
له‌ دووره‌وه‌ گوێم لێیانه‌
له‌سه‌ر قه‌ڵاتێ…وه‌ک سه‌دای سه‌ڵای ڕۆژی جومعه
حه‌یرانبێژان ده‌ستیان له‌ بن گوێیانه‌…
(( حه‌یران ده‌رێم… ئایای.. ئایای… ئایای… ئه‌من ده‌رێم بابه‌ قه‌راتی پیره‌ هه‌ولێرێ گه‌لێک قه‌دیمه‌ ده‌رکه‌ی دووده‌ری…ئه‌من‌ ئه‌ڕۆکه‌ سه‌ر له‌ سپیانێ زه‌ینی خۆم ده‌ده‌مه‌ نازدار حه‌یرانێ ده‌هاته‌وه‌ له‌سه‌ر جۆگه‌که‌ی‌ شێخ الله‌ی‌ جوته‌ شه‌مامه‌ شه‌مامه‌ی باخه‌ران بایه‌کی شه‌ماڵی لێ ده‌دا چه‌نده‌ شیرین ده‌ژا و ده‌له‌ری…سه‌ر و په‌رچه‌می نازدار حه‌یرانم گه‌لێک جوانه‌ هاتینه‌ خوارێ به‌سه‌ر برژانگ و برۆیه‌..ئه‌من قه‌وله‌کم داوه‌ ده‌ست له‌ شۆخه‌نازی هه‌ڵناگرم یان خودا گه‌ووره‌ ده‌مکۆژێ یان ده‌مده‌ن له‌ سێداره‌ی حمه‌ ئاغای کۆیه‌)‌٦
‌هێنده‌ی حه‌یرانه‌کانی ئه‌نگۆ غه‌ریبم
فیراقی یارێ.. گه‌لێک قورس و گرانه‌
زامی دڵ و سووتانی ناخم
چاره‌ ناکارێ به‌سه‌ت حه‌کیمی دنیایه‌
ئای له‌ کۆمای ئه‌‌و خه‌م و مه‌راقه‌
سه‌خته‌ی له‌ ناخ و گیانما‌یه‌
بانگی نازداره‌که‌ی خۆمم لۆ بکه‌ن
وه‌ی‌ به‌ حه‌یرانی بم… تامه‌زرۆم بێته‌ ژوانێ
چاوه‌ڕوانی ده‌که‌م له‌‌ باخه‌که‌ی گڵکه‌ندێ
هێدی هێدی.. ئه‌ڕۆم
ده‌چمه‌ زێدی عه‌شق و سایه‌ی دارڤینێ
سۆزی شمشاڵ ئه‌مباته‌
ده‌ڤه‌ری لاوک و ستران و دیرۆکی ئه‌ڤێنێ
(ده‌خه‌یلۆ….ده‌خه‌یلۆ…چه‌مێ چه‌ته‌لێ چه‌مێکه‌ ساره‌ خه‌یلۆ…که‌سێ خێرخواز جوابێکه‌ ببا ژ خا‌لێ من عبدۆ به‌گێ…به‌لێ چه‌مێ چه‌ته‌لێ ده‌شتێ پوتینه‌..وڵاتێ غه‌ریب و غوربه‌تێ کارێ خۆبکه‌ خه‌یلۆ….ده‌خه‌یلۆ …هاواره‌ عه‌سکه‌رێ ڕۆمێ ده‌ستێ می خستینه‌ که‌له‌پچێ…. به‌رێ من دانا ڕێکا دووره‌ وه‌ نه‌زانم کو دا ده‌چمه‌…. به‌ندێ ڕۆمیا به‌نده‌کی گرانه‌….ده‌ستیه‌ من ده‌ که‌له‌پچه‌ دا ‌ڕزیانه‌… ده‌‌ خه‌یلۆ وه‌ز گرتمه‌ غه‌ریبیه‌) ٧
ئه‌ز ده‌خوازم به‌ ئاوێ ساره‌ی چه‌مێ
به‌ده‌نێ خۆ پاکژ بکه‌م له‌ گه‌ردی خه‌مێ
له مه‌راقی‌ وڵاتی غه‌ریب و غوربه‌تێ‌
له‌ پرێ (ده‌لال) ده‌رباز ده‌بم‌
ده‌چمه‌ مه‌مله‌که‌تی (زین و مه‌مێ)
گاهێ گوڵبارانی گڵکۆی ئه‌و دوو عاشقه‌ ئه‌که‌م
گاهێ به‌ردبارانی گۆڕه‌که‌ی (مه‌رگه‌وه‌ر) ئه‌که‌م
ڕوو ده‌که‌م خودای ئاسمانێ
((خودایه‌ هه‌ر که‌سێکی ده‌بێته‌ باعیسی دوو دڵان…خێر له‌ موڵک و ماڵی نه‌بینێ..ڕۆژی حه‌شرێ به‌ نه‌فره‌ت بێتن له‌گه‌ڵ شه‌یتانی له‌عینی) ٨
ئه‌فسوونی سۆزی شمشاڵ ئه‌مبات بۆ موکریانێ
ده‌چمه‌ لای به‌یت بێژان و چڤینی گه‌رمی دیوه‌خانێ

ئای…گه‌لۆ….مه‌ده‌د یارێ له‌ من گه‌لۆ..ئه‌وه‌ دڵێ منی غه‌ریب و غه‌ریبه‌ ماڵوێرانه‌ و کۆست که‌تووه‌ ..چه‌ندی له‌ ئێشه‌ ..چه‌ندی له‌ ئۆفه‌..چه‌ندی له‌ برینه‌….‌ ئه‌من ده‌لێم به‌ کۆڕه‌ لاوان به‌ هه‌رزه‌کاران هه‌ر که‌سانێکی ناسکۆڵه‌ی من ناس ناکات دوو خاڵی ڕه‌شی عه‌قره‌بی له‌ قوڵکی گه‌ردنێ ده‌ڵێی سوره‌تی شاهینه‌..هه‌ر که‌سانێکی ئه‌و خاڵانه‌ ڕاموسێ له‌ بۆ دنیاێی ‌سه‌ته‌ له‌ بۆ قیامه‌تێ پێی قایم ده‌بێته‌وه‌ دینه‌…سه‌د ماشه‌ڵا ده‌ڵێی که‌وی نه‌خشینه‌..ئه‌من سه‌د حه‌یف و دوو سه‌د مه‌خابن له‌ دنیایه‌ ده‌مکوژێ بۆ وی مه‌حبوبێ جوان و جوان چاک و که‌ڵه‌گه‌ت هه‌موو شه‌وێ به‌ ده‌ستێکی پڕ بازنگ و به‌ قامکێکی شوش و باریک پڕ ئه‌نگوستیله‌ هه‌ڵده‌ستێته‌وه‌ سه‌ر لانکی… گوله‌کی له‌ دوو دینه‌‌‌….) ٩
ئه‌منی عاشقی سیابه‌خت ده‌بمه‌ میوانی ناوه‌ختی
شه‌وانی درێژی… کۆڕی.. ئه‌و به‌یت بێژانه‌
عه‌شقی لاس و خه‌زاڵ، ئه‌وینی خه‌ج و سیامه‌ند
حه‌سره‌تی عه‌شقه‌که‌ی برایمۆک وێرد و به‌یتی سه‌ر زاریانه‌
ئه‌ڤینی زین و مه‌مێ.. دێوانه‌یی فه‌رهادی کۆهه‌که‌ن
ناسر و ماڵماڵ…. له‌ ناو حوزنی به‌یته‌وه‌ دێ
خودا بۆ ئه‌بێ عاشقان ئه‌وه‌ چاره‌نوسیان بێ؟
ئاواته‌ خوازم له‌ ده‌ورانێکی دی ئه‌و به‌خته‌م هه‌بێ
داستانی ئه‌وینی ئاسمانیم به‌ به‌یتی ئه‌و شه‌وانه‌ بێ
شمشاڵی کاکی شوان زیاتر ئه‌ملاوێنێ
باڵ ئه‌گرم… ئه‌ڕۆم بۆ دوور
بۆ سێبه‌رێ دارگوێزێکی نزیک سنوور
له‌ دووره‌وه‌‌ گوێم له‌ سۆزی ده‌نگی ((کێمنه‌یی))یه‌
ئه‌یبینم قاتێکی شاڵی خورمایی.. مشکیه‌کی ها له‌سه‌ر
سۆزێکی غه‌مگین له‌ ئه‌وکی پڕ‌ گرینیه‌وه‌ دێته‌ ده‌ر
((ئارۆ ڕام کۆته‌ن کۆنه‌ هه‌واران…دماو باڵا کێو وه‌شین نه‌و یاران…هه‌رچه‌نه‌م که‌ده‌ن خه‌یاڵانو تو..گه‌رمه‌شینمه‌ن دووباره‌ جه‌نۆ………….) ١٠
ئاسووده‌ ئه‌بم به‌م سۆزه‌ جوانه‌
هه‌توانی برینی ناخ و دڵانه‌
فیردوسی خودایه‌ ئه‌م ده‌شته‌ به‌رینه‌
ژێر هه‌ر دارێکی په‌ناگای ئه‌وینه‌
سه‌رمه‌ست و خه‌یاڵ به‌م سروشته‌ جوانه‌
بێ ئاگا له‌ دنیا و خه‌می زه‌مانه‌
زه‌نگی کاتژمێری به‌یانی به‌ ئاگای هێنام
له‌ جاران زیاتر شه‌که‌تی دنیام
مه‌خابن له‌ خه‌ونه‌که‌شه‌م یارۆم هه‌رنه‌دی
چاره‌نوسمانه‌… فیراقی ئه‌به‌دی

قادر سه‌مه‌د
17-7-2020

په‌راوێز:
١ . مامۆستا حه‌مه‌ساڵح دیلان ڕوویه‌کی دیاری شاری سلێمانی خۆزگه‌ په‌یکه‌رێکی له‌به‌رده‌م باخی گشتی بۆ دروست ئه‌کرا…
٢. شیعری مه‌حوی به‌ مه‌قامی سه‌فه‌ر گوتراوه‌ له‌ لایه‌ن چه‌ند هونه‌رمه‌ندێکه‌وه‌ له‌م شیعره‌ سۆزی دیلان له‌گه‌ڵمادایه‌
٣. (وه‌یس) مه‌به‌ست له‌ وه‌یسی قه‌ره‌نی مزاره‌که‌ی له‌ سنه‌ له‌ ڕۆژهه‌لاتی کوردستان..له‌ گۆرانیه‌ کوردیه‌کاندا ناوی هاتووه‌ با بچینه‌ سه‌ر وه‌یس وه‌یسی خۆمانه‌..گۆرانیه‌که‌م به‌کارهێناوه‌.
٤. ئه‌ڵوه‌ن مه‌قامی… به‌ده‌نگی هونه‌رمه‌ند خوداداد عه‌لی گوتراوه‌.
٥. مه‌قامی خورشیدی به‌ده‌نگی مامۆستا عه‌لی مه‌ردان گوتراوه‌ شیعری مه‌وله‌وی.
٦. ‌حه‌یرانێکی ده‌شتی هه‌ولێر به‌ ده‌نگی هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د عه‌زیز گوتراوه‌
٧.ئه‌م لاوکه‌ به‌ده‌نگی کاوێس ئاغا و هونه‌رمه‌ندانی تر گوتراوه‌.
٨. له‌ ئه‌وه‌ڵ سه‌حه‌ره‌که‌ی مامه‌ سێوه‌ پێویستی کرد له‌و جێگایه‌دا به‌کاری بهێنم.
٩. ئه‌م جۆره‌ له‌ گه‌لۆ به‌ده‌نگی ڕه‌سوڵی نادری و فه‌تاح سه‌وزه‌واری گوتراوه‌.
١٠. ئه‌م سۆزه‌ی هه‌ورامان به‌ده‌نگی مامۆستا عوسمان کێمنه‌ی و هونه‌رمه‌ندانی هه‌ورامان گوتراوه‌




ناتوانێت له‌قوڕه‌كه‌ی عه‌لیاوا دره‌بازی بێت … عیماد عه‌لی

با دوور له‌ بێ ئومێدی و ره‌شبینی و به‌ ژماردنی ئاسایی و ئاسانی ماتماتیكانه‌ بیخوێنینه‌وه‌، ئایا ئه‌م حكومه‌ته‌ ده‌توانێت باری خۆی له‌سه‌رتاوه‌ و دواتریش قه‌یرانی زۆری تایبه‌ت به‌خه‌ڵك چاره‌سه‌ر بكات و ئه‌و چاكسازیه‌ ناچاكسازیه‌ی ئیدعای ده‌كات رێگه‌یه‌ بۆ قوتاربوون و ده‌رچه‌ی په‌ڕینه‌وه‌ی له‌م وه‌زعه‌ هه‌یه‌ یان نا. هیچ هیلاكیه‌كی ناوێت با بیژمێرین:

  • كابینه‌كانی پیش ئێستا له‌سه‌ر زگی تێر و ملیاره‌هاه‌ دۆلار و ژێرخانی باشتر و پاره‌ی زۆری رژاوی به‌غدا و داهاتی نێوخۆی زیاتر و نرخی نه‌وتی به‌رز نه‌ك بناغه‌یه‌كی باشیان نه‌نا بۆ به‌رگه‌گرتن له‌ رۆژی ره‌ش به‌ڵكو به‌ ئابووری سه‌ربه‌خۆ و فرۆشتنی سه‌رزه‌وی و بن زه‌وی و هه‌ڵه‌خه‌له‌تاندنیان له‌ لایه‌ن توركیاوه‌ هیچ توله‌ رێگه‌یه‌كی باریكیشیان نه‌هێشتۆته‌وه‌ بۆ دوای خۆیان بیگریته‌به‌ر و به‌ ئاسانی له‌ قه‌یرانه‌كان ده‌ربچیت، ئه‌مه‌ سه‌رباری به‌رده‌وامی گه‌نده‌ڵی و به‌فیرۆدانی سه‌رجه‌م سه‌روه‌ت و داهاته‌كانی ئه‌م هه‌رێمه‌ ته‌نانه‌ت له‌م كاته‌ زۆر ئاڵۆز و ره‌شه‌دا.
  • حكومه‌تێك بۆ بڕیاری ئیداری و سیاسی و بۆ داهاتیش به‌خۆی چاوه‌رێی ده‌ستی حزب بكات و حزب باڵاده‌ست و ده‌وڵه‌مه‌ندتر بێت و داهات به‌ شێوه‌یه‌كی ئاسان بڕواته‌ گیرفانی حزبه‌وه‌ و سه‌رجه‌م حزبه‌كان بێ ریزبه‌ده‌ر خه‌ریكی خۆیان بن و دوا شتیش بیر له‌ حكومه‌ت و خه‌ڵك نه‌كه‌نه‌وه‌، ئا پێم بڵێ كاكی گه‌وره‌ به‌چی قه‌یران تیده‌په‌ڕێنیت.
  • گه‌نده‌ڵی به‌رده‌وام بێت و چاكسازی ته‌نها بۆ پروپانگه‌نده‌ی به‌ده‌ستهێنانی ده‌نگ و بۆ كاری پۆپۆلیستانه‌ی خزبی و كه‌سی به‌كاربێت، چۆن ئه‌م حكومه‌ته‌ سه‌ری خۆی له‌ قوڕی عه‌لیئاوا ده‌ربكات.
  • كیبڕكێ و ململانێی حزبی ئاسایی نه‌بێت و هه‌ر یه‌كه‌و له‌ ژێر ركیڤ و فه‌رمانی ئه‌م و ئه‌وی ده‌ره‌كی بێت، چۆن به‌ سروشتی كار ده‌كرێت و رێگه‌ ده‌دۆزرێته‌وه‌ بۆ خۆقوتاركردن له‌م چڵپاوه‌ خه‌سته‌.
  • قه‌رزاری زۆر بیت و ملكه‌چی مه‌رجه‌كانی ئه‌م و ئه‌وی دوژمن بیت و نه‌توانیت هیچ رێگه‌یه‌ك بگریته‌ به‌ر ( واته‌ نه‌ به‌رده‌وام بیت له‌ ئابووری سه‌ربه‌خۆ و نه‌ش رێكه‌وتن له‌گه‌ڵ به‌غدا بگه‌ینیته‌ ده‌رئه‌نجامێكی باش و، له‌ ژێر ره‌حمه‌تی ده‌ستی ده‌ره‌كی بیت كه‌ له‌ مێژه‌ وه‌ مه‌رجه‌كانی خۆی وا فه‌رزكردووه‌ كه‌ په‌نجا ساڵ ده‌ستی خۆتت بستبێته‌وه‌ و نه‌توانیت نقه‌ت لێوه‌ هه‌ڵسێت و هه‌ناسه‌یه‌كی ئازادی بده‌یت، به‌ تایبه‌تی كوته‌كی توركیات به‌سه‌ره‌وه‌ بێت له‌ باری داراییدا، چۆن سه‌ر له‌ ته‌ڵه‌ی ئه‌ردوگان ده‌رده‌كه‌یت و ده‌توانیت له‌گه‌ڵ به‌غدا رێكبكه‌وێت.
  • خۆت به‌م حاڵه‌وه‌ و به‌و قه‌رزه‌وه‌ كه‌ باسی ده‌كه‌یت و به‌م روحیه‌ته‌ ناكوردستانی و دوور له‌ دڵسۆزی و میله‌ت په‌رستیه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ سرجه‌م لایه‌نی پرسه‌كه‌ بكه‌یت، چۆن ده‌توانیت متمانه‌ی گه‌ل به‌ده‌ست بێنیت كه‌ مه‌رجی یه‌كه‌می هاوكاری نێوان گه‌ل و حكومه‌تێكی باوه‌ڕ پێكراوه‌ و پێشمه‌رجی هه‌موو چاكسازی و هه‌وڵدانێكه‌ بۆ راستكردنه‌وه‌ی باره‌ لاره‌كه‌.
  • تۆیه‌ك له‌ قوڕاو و چڵپاوی وڵاتانی ده‌وره‌به‌ر و هه‌ڵه‌ و نه‌زانی و ده‌رئه‌نجامی هه‌ڵه‌خڵه‌تاندنی ده‌وروبه‌ر و كاری هه‌رزه‌كاری و منداڵبازی ده‌سه‌ڵاتدارێتی كابینه‌ یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كان نغرۆ بیت، بێگومان به‌ خۆت پێویستت به‌ یه‌كێكه‌ خۆت رزگار بكات نه‌ك تۆ خه‌ڵكی كوردستان له‌ قه‌یرانه‌كه‌ رزگاری بكه‌یت( هه‌ر كه‌سێك هیچ شتێكی نه‌بێت ناتوانێت هیچ ببه‌خشێت و، هه‌ر كه‌سێك هیچ شاره‌زاییه‌كی نه‌بێت ناتوانێت هیچ هه‌ڵه‌ و په‌ڵه‌یه‌ك راست بكاته‌وه‌ و رێگه‌ی راست بگرێته‌به‌ر و، هه‌ر كه‌سێك گیرۆده‌ی ده‌ستی ئه‌ویتر بێت ناتوانێت هیچ كه‌سێكی تری گیرۆده‌ نه‌جات بدات)
    بۆیه‌ ئه‌م حكومه‌ته‌ی حزبه‌كانی به‌ دوور له‌ خه‌ڵك به‌خۆی پێویستی به‌ رزگاركه‌ره‌ كه‌ وه‌زعی خۆی قچێك راستبكاته‌وه‌ و بۆ ئه‌وه‌ی به‌ خۆی ئه‌گه‌ر به‌ هه‌ناسه‌دانی ده‌ستكردیش بووه‌ له‌م گیانه‌ڵایه‌ رزگاری بێت. هه‌ر بۆیه‌ كه‌ ئه‌مه‌ حاڵی بێت به‌ ئاسانی بۆ هه‌مووان ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ ناتوانێت كێشه‌ و قه‌یرانی میله‌ت چاره‌سه‌ر بكات ( كه‌چه‌ڵ كه‌ هیچی پێكیرابا سه‌ری خۆی چاره‌سه‌ر ده‌كرد كه‌ به‌ ئاواتی تاكه‌ مویه‌كهوه‌یه‌‌). بۆیه‌ له‌ هیچ لاوه‌ هیچ ئومێدێك نیه‌ حكومه‌تی ئێستا، نه‌خۆشی درێژ خایه‌ن و ترسناكی خۆی نه‌ك میله‌ت چاره‌سه‌ر بكات بۆ ئه‌وه‌ی له‌م گیانه‌ڵایه‌ رزگاری بێت، به‌مه‌ش هیچ بیركردنه‌وه‌یكی ناوێت كه‌ به‌م پێكهاته‌ و عه‌قڵیه‌ته‌ و به‌م ململانێ یه‌ و به‌و حزب و به‌ناو سه‌ركردانه‌ جگه‌ له‌ ئاشبه‌تاڵێكی هێواشی و له‌سه‌رخۆی بنكردایه‌تی و سه‌ركردایه‌تی و ته‌نانه‌ت خه‌لكیش هیچ ده‌ره‌تانێكی تر نابینرێت. ئه‌گه‌ر بكرێت و له‌ توانای خه‌ڵكدا بێت ده‌رزی مردنی به‌ ره‌حمه‌تی له‌م ده‌سه‌لاته‌ بدات هه‌م خۆی و پرسی گه‌لی كوردستان و هه‌م هه‌ژار و داماو ده‌كونه‌ قۆناغێكی دیكه‌ی دیسان ئاسۆ نادیاره‌وه‌ و له‌وانه‌یه‌ بكه‌ونه‌‌ سه‌ر رێگه‌یه‌ك بتوانن به‌ خۆیان بۆ چاره‌سه‌ری دیكه‌ی به‌دوور به‌ پشتبه‌ستن به‌ حكومه‌ت و به‌ڵكو ته‌نها به‌خۆیان بیرێكی لێبكه‌نه‌وه‌ .



تۆی پەیکەرێک لە تەنیایی … شیعری: کاوە عوسمان عومەر

دەزانم هەموو دارستانێک..
ئاوێزان بە هاتنی ڕێژنە بەهارێ،،
وەزێک لە زەردبوونی…
شکۆفەی خونچە پشکوتوەکانی هەیە،،،
هەر دەریاچەک…
نوقم لە تەمی جوانیا،،
مەرگەساتی ووشکبونێکی..
لەناکاوی هەیە،،،
هەر فڕینی مەلێکی ووێڵ،،
لە ئامێزی ئاسمانێکی پان و بەرین،،،
نیشتنەوەیەکی غەمگینی هەیە،،،
گڕپژانی دڵی هەر خۆرێک…
شەوێکی ئەفسووناوی تاریکی هەیە،،،
چرپەی بایەکی…
هەناسە ساردی پایزێکیش،،،
بێدەنگی ووشە نەوتراوەکانی…
کۆچەرێکی بێنیشتیمانی هەیە،،،
هەر دڵۆپە بارانێک لە هەورێ،،
تنۆکێ لمی تینووی بیابانی..
بۆ نمەیەک هەیە،،
هەر چاوەڕوانیەک…
بۆ پەپوولەی فڕیوی ڕوخسارێک،،
پەلەی دیدەنی…
ترووسکەی چاوێکی مەستی هەیە،،،
هەر حەزێک بۆکۆچێکی دوور،،
شوشەیەک لە ژەهری تەنیایی هەیە،،
هەرچیرۆکی کورتی ژوانێ ،،،
دابڕانێکی بەسۆی هەیە،،،
بەڵام لەم هەموو دژە یەکسانە،،
لەم دژە دوانەیەی گەردوونا،،،
تەنها تۆی پەیکەرێ لە تەنیایی ،،،
نە هاوڕۆحێکی ..
ڕێگای دووری گزنگێکت هەیە،،
نە ویستێکیشت..
بۆ کڵپەی هەتاوی ناوچاوەکانم،،
بۆ توانەوەی شەختە سەهۆڵی..
ناو دڵت هەیە.




پەیامی مانگ … عەلی حەمەڕەشید بەرزنجی

زۆر خۆشبو
دوێنێ شەو، لەسەرخۆ
لەگەڵ مانگ
کەوتینە، گفتوگۆ
تریفەی
ڕەنگینی ، نارد بۆ لام
ھەرگەیشت
ماچی کرد، دوو گۆنام
خۆشییەک
دەرگای خۆی ، کردەوە
منی بۆ
ئامێزی ، بردەوە
پەیامی
مانگی پێم ، ڕاگەیان
کە ئاشتی و
خۆشی بوو ، بۆ ھەمووان

٢٤/٧/٢٠٢٠