میشێل ئۆنفرێ: كەرەنتینی فەیلەسوفێكی چێژخواز(هێدۆنیست)… ئازاد حەمە .. بەشی چواردەهەم

“”بەردەوام وتومە كە بەدبەختی مرۆڤەكان لەوێوە دەستپێدەكات كە نازانن چۆن لە ژوورێكدا بمێننەوە””
(پاسكال)

ئاماژە: لێرەوە پەیتا پەیتا گفتوگۆیەك سەبارەت بە زاری فەلسەفی بیرمەندێكی فرە وروژێنەر ،كە پێیوایە پەتاكە تەنیا پزیشكی نییە بەڵكو مێتافۆریشە، وەگەڕدەخەین و بەهۆشیەوە كۆششدەكەین لەوە حاڵیبین چۆن دیدی فەلسەفی لە ساتەوەختی تەنگژەكانا ڕەوتی خۆی دەدۆزێتەوە یان ڕەوت وەردەگرێت. ئەو ڕەوتانە بە گفتوگۆی فەلسەفی فەیلەسوفەكەوە گرێدراوە، لەسەر ئەوەش وەستاوە چی لە هزری فەیلەسوفدا سەبارەت بە تەنگژەكان دەڕسكێت. بەم چەشنە لەم بەشە لە فەیلەسوفێكەوە دەستپێدەكەین لە شرۆڤەكارییە فەلسەفییەكانیدا تەقەلایەك بۆ نووسینەوەی”مێژووی بەختەوەری” و هەوەسویستی بەدیدەكرێت. نووسینەوەی ئەم جۆرە مێژووە داوامانلێدەكات بەو بیریارانە ئاشنابین بەشداریان لە بنیادنانی كۆماری بەختەوەری و شادیویستی لە فەلسەفەدا كردوە، كە ئەوەش لە سەرێكی دییەوە بۆ دروستكردنی بەختەوەری و شادی بووە لای مرۆڤەكان.
مەنزڵگای شرۆڤەكردنی ئەم جارەمان وەستانە بە دیار خەزێنەی هزری میشێل ئۆنفرێ (Michel Onfray) وە، كە دەخوازێت مێژوویەكی فەلسەفییانەی دژەئامێز بنووسێتەوە، كە ئامادەبوونێكی زۆری لە سۆسیال میدیای فەرەنسی هەیە و بایەخیش بە فەیلەسوفە لەبیركراوەكانی ئەوروپا دەدات ( بیرمەندە ستۆیست و ئێپیكۆریەكانی شارستانی رۆمانی). بەدڵنیایشەوە لە میانەی تێكست و دەمەتەقێ هزرییەكانیەوە بەوە دەگەین كە ئەم فەیلەسوفە ناپاریسیە، كە لە باكوری فەرەنسا لە هەرێمی نۆرماندی هاتۆتەدونیاوە ئەنتی نیولیبرال و سۆسیالیستێكی پرۆدۆن (Proudhon) ی سەرچڵئامێزی ئێپیكۆرییە (تاموەرگر لە ژیان). ناوبراو یەكێكیشە لە فەیلەسوفەكانی قۆناغی پاش پاش تازەگەری. بەو واتایەی لەتەك زۆرێك لە تێزەكانی بیرمەندە پاش تازەگەرەكان یەكناگرێتەوە و لە زۆر لاشەوە فەلسەفەكەی یەخسیری دەستی هێدۆنیزمە (چێژخوازی) و پتر لەسەر میراتی فەلسەفیی رۆمانی ، بابلێین ئێپیكۆری و ڕواقییەكان- ستۆیستەکان- ، كاردەكات .
لەڕێگای تێخوێندنەوەكانی ئۆنفرێوە بەو تێڕامانانە دەگەین لە هەنووكەدا شارستانی ئەوروپای زوڵمێك لە فەلسەفەی هەوەسباسی و شادویستی ئێپیكۆر و رۆمانی دەكات، ئەمەش زیانێكی زۆر نەك هەر لە میراتی فەلسەفی ئێپیكۆر یان رۆمانی دەدات، بەڵكو پێش هەموو شتێك زیان لەو میراتە فەلسەفییەش دەدات لە ئایندەدا چرۆدەكات و لە ساتەوەختێكی وەك هەنووكەدا، كە گشت مرۆڤایەتی بە پەتایەكی سامناكی نادیارەوە گلاوە، مرۆڤەكان ناكارن بەپێی پێویست بە گەوهەری ئەو جۆرە فەلسەفانە ئاشنابن. تەنانەت ئۆنفرێ لە هەندێك شوێن لە قسە و نووسینەكانی ڕووبەڕووی فەلسەفەی فەرەنسیش دەبێتەوە. ڕاستە كۆششی ئەوە دەكات فەلسەفەی فەرەنسی لەناو قەفەسی فەلسەفەی یۆنانی بهێنێتە دەرێ(ئەمە زۆرجار سپۆنڤیل و لوک فێریش دەیکەن) ،وەلێ دواتر دەیخاتەوە ناو قەفەسێكی تری فەلسەفییەوە كە قەفەسی فەلسەفەی رۆمانییە. ئۆنفرێ دژایەتی ئەو نەریتە فەلسەفییە ئیدیالیستیە دەكات (بۆنموونە ئەفلاتون) بەردەوامی خۆی لە بیری فەلسەفی ڕۆژئاوا دا هەیە. بۆچوونەكانیشی لە ئێستایا تایبەت بە پەتاكە لەتەك بۆچوونە فەلسەفییە هێدۆنیستیەكانی یەكانگیر دەكات. نووسینەكانی دەمی كۆرۆنای ئەم بیرمەندە نۆرماندییە پووختەی زاری دڵی خۆیین. لەسەر ئەو ڕاستییانە بەئاگاماندەهێنن ئاماژەن لەسەر ئەوەی شارستانی ئەوروپا كەوتۆتە دۆزێكەوە مردو دەژمێرێت. هەر لەبەر ئەوە گاڵتە بەو ئەوروپا زەبەلاحە دەكات توانای دروستكردنی ژمارەیەكی پێویست لە دەمامكی نییە تا هاوڵاتیان لە ڤایرۆس بپارێزێت. بەسەرسامییەوە دەڵێت ئەمە چ ئەوروپایەكە پێویستییە تەندروستییەكانی پێدابیناكرێت!
سەرەنجام، ئەم بەشە نووسینە و بەشی دواتریش (بەشی پانزەهەم) بۆ گفتوگۆی ڕوانگەی فەلسەفیی ئۆنفرێ نییە لەناو فەلسەفەی هاوچەرخی فەرەنسی یان ئەوروپای، بەڵكو بۆ تێگەیشتنە لە چۆنیەتی وێنابوونی ئەم پەتایە لە هزری فەلسەفی و سیاسی ئەم فەیلەسوفە فەرەنسییە. سەرەتا زۆر بە پووختی تەقەلادەكەین بڕێك ئاوڕ لە بنەما فەلسەفییەكانی بیركردنەوەی ئۆنفرێ بدەینەوە، لەوێندەرێ تاوێك لەسەر ئەو شەپۆلە فەلسەفییانەش دەوەستین كاریگەری فرەیان بەسەر ئەم بیركردنەوەیەوە داناوە و لەڕێگاشیانەوە ئەو هیوا فەلسەفییانە دەهێنینەگۆ خۆیان لەسەر بیركردنەوەكان هەڵچنیوە. هاوتەریب لەتەك ئەوە هێدی هێدی لەلایەك دێینەسەر تەماشاكردنی ئۆنفرێ بۆ پەتای كۆرۆنا ،كە زەمینەی بۆ تەنگژەیەكی بێزاركەری جیهانی ڕەخساندووە، لەلایەكی دی چۆنیەتی خۆ كەرەنتینكردنی فەیلەسوفێك دەكەینە خواستی بنەڕەتی وتنەكانمان.

فەلسەفە بۆ هەمووان، دروشمی میشێل ئۆنفرێ

فەلسەفە هونەری بوونە گوزارەی ئۆنفرێیە، لێ ئەمە واشناكات ناوبراو فەلسەفە دژوار و ئەستەمئامێز نیشاندات. گەلێك جار بە چەشنێك دێتەگۆ كە فەلسەفە بۆ هەمووانە و بە تاقمێكەوە تایبەت نییە. فەلسەفە بۆ هەمووانە دروشمە فەلسەفییە ناسراوەكەی ئۆنفرێیە كە لە زۆر بۆنە و وانە فەلسەفییەكانیدا بە گوێی گوێگرانیدا دەیچرپێنێت. بەپێی ئەم بیریارە خواستخوازە مەرجە فەلسەفە ساناكرێت تا هەموو لێیحاڵیبن و نەشكرێت بە ئامرازێك بە دەست دەستەبژێرێكەوە. بۆ ئەو مەبەستە “زانكۆیەكی گشتیUniversité Populaire” ، لەگەڵ چەند هاوكارێكی ڕوناكبیری خۆی دامەزراندووە كە وانەی بێ بەرامبەری تیادەڵێنەوە لە بواری : فێمینیزم، بیركاری، فیلم، سیاسەت، دەروونناسی، جوانناسی، هونەر، ڕەوشت و..هتد. ئەم زانكۆیە بۆ هەموو تەمەنەكان و ئەوانە دامەزراوە لە زانكۆكانی دەوڵەت وەرناگیرێن. واشیبۆدەچین ئەم بیرمەندە ئێستا لە میدیای فەرەنسی بە كەسێكی فرەگفتوگۆكەر هەژماردەكرێت و شێوازی نووسینی فەلسەفیشی شێوازێكی شاعیرانەیە و كەمتر بەڵگە بۆ وتنەكانی دەهێنێتەوە و بۆچوونەكانی زۆرتر لە فۆڕمێكی ناشیكاریدا جێدەكاتەوە. ئۆنفرێ هەر لە سەرەتای نووسینیەوە كۆششی ئەوەی كردووە تۆوی فەلسەفەی ڕۆمانی كۆن، نەك فەلسەفەی یۆنانی كۆن، لە وتاری فەلسەفیی خۆی و هاوچەرخی فەرەنسی بچێنێت. شان و شەوكەتی نووسینەكانی خەریكن لەناو وتاری فەلسەفی و سیاسی تازەی فەرەنسی دەردەكەون و بناغە بۆ گفتوگۆی رادیكال و ڕووقایم دادەنێن. هەنگاوە هزرییەكانیشی لەم ساڵانەی دوایدا گفتوگۆی زۆری بەدوای خۆی ڕاكێشا و كاریگەری سێ بیرمەندە ئەڵمانیە دیارەكەشی (ماركس، نیچە و فرۆید – ئەگەرچی ڕەخنەی تووندی فرۆید دەکات) پێوەدیارە. لە تێكستە فەلسەفییەكانیدا گوشارێكی هزری زۆر لەسەر خوێنەرانی خۆی دادەنێت تا هەڵگری بیرۆكەكانی بن و گەلێك گومان و داناییش بەگوێیانا دەچرپێنێت.
لە شەڕی فەلسەفەش لەتەك شیكاریدەروونی دا ،ساڵانێك پێش ئێستا، ئەو تێگەیشتنەی لەسەر شیكاریدەروونی فەرەنسی دركاند كە فەرەنسیەكان (یان ڕۆژئاواییەكان) پێویستیان بە دامەزراندنی شیكاریەكی دەروونییە بەبێ فرۆید، کە ئەوە دەکارێت خزمەتێكی زۆرتر بە شیكاریدەروونی ڕۆژئاوایی بكات. بێگومان دورخستنەوەی شیكاریدەروونی لە فرۆید، ئەمە گفتوگۆی زۆری لەناو پاریسیە فرۆیدخوازەكان دروستكرد و ئۆنفرێ لە پەرتووكی””ئاوابوونی بتێك””یش فرۆیدیزم و شیكاریدەروونی دەكاتە وڕێنەیەك كە بەرۆكی شارستانی ڕۆژئاوایان گرتووە. شیكاریدەروونی فرۆید بە شتێكی ناچیزە و بێ فەڕ دەناسێنێت و پێشیوایە چارەسەری تاكە نەخۆشێكیشی نەكردووە. بۆ ئەم بیریارە فەرەنسیە داماڵینی شیكاریدەروونی لە فرۆید كاتی هاتووە و ڕۆژئاواش پێویستی بە جۆرێكی تر لە شیكاریدەروونییە.

بە ئێپیكۆریبوون لە دەمی كۆرۆنادا چاترین دەرمانە
1- ئێپیكۆرخوازی میشێل ئۆنفرێ

لەگەڵ بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا قسەكردن لە مەرگ، ئازار و جەستە بوونە بابەتی فەلسەفە بەگشتی و فەلسەفەی پزیشكی بەتایبەت. فەیلەسوفەكان كەم تا زۆر بەرگری لەش و ڕووبەڕووبوونەوەی مەرگیان خستە ناو داڕشتنی زمانەوانی جیاجیاوە. بەشێك لەو فەیلەسوفانە لەپێش هەموویانەوە میشێل ئۆنفرێ ،هەروەك پیشەی پێشووی، لە لێدوانە تەلەفزیۆنیەكانیدا بۆچوونەكانی تایبەت بە پەتاكە لەتەك بۆچوونە فەلسەفییە ئێپیكۆرییەكانیا یەكانگیركرد.
بزووتنەوەی فەلسەفی ئێپیكۆریزم (Epicureanism)، كە لە ئێستای فەلسەفەی فەرەنسی بەتایبەت و ڕۆژئاوا بەگشتی كەوتۆتەوە بەر مشتومڕ، بۆ ئێپیكۆر (Epicurus) ،ئەم بیرمەندە یۆنانییە گەورەیە، دەگەڕێتەوە كە ئەفسوس لەبەر فەوتانی زۆرترین شاكارە ناوازەكانی مرۆڤایەتی بە تەواوی نەیتوانیوە بە فەلسەفەكەی ئاشنا بێت. ئۆنفرێ كە بۆچوونە فەلسەفییەكانی لە گەوهەری ئەم بزووتنەوەیە هەڵدەكێشێت لێرە و لە سنوری ئەم بابەتە، دەشێت والە خوێنەر بكەین پەی بەو هاوتاییە بەرێت لە هەناوی ئەم بزووتنەوەیەدا ڕاپەنهانە: دڵنیایی و نەبوونی ئازار. دڵنیایی لە خودی خۆیدا ئازادی و ئاشتیش لە خۆ دەگرێت. هەرچی نەبوونی ئازاریشە بەدووربوون لە ترس، ترس لە مەرگ، دێتەدی. چۆن دڵنیایی بەدەستبهێنین؟ گومانیناوێت كە بە دەستبەرداربوون لە ترس و لە ئازار بە دڵنیایی دەگەین. بەپێی ئەم فەلسەفەیە بەدی ئازارە و باشەش بەختەوەرییە. چێژ دەچێتە خانەی باشەوە. چێژ ئامانجی ژیانێكی بەختەوەرانە و خۆشیهێنەرە. هەركە چێژ بەدەستهات ئازار وندەبێت. جەستە هەست بە ئامادەبوونی چێژ دەكات، بە بوونی چێژ جەستە لە ئازار دووردەكەوێتەوە. هەر چێژیشە ڕێگاخۆشكەری داناییە. ئەوی وترا پێماندەڵێت گەوهەری فەلسەفەی ڕەوشتی ئێپیكۆرانە لە چێژ و دڵنیایی پێكدێت. چێژ دروستکەری دڵنیاییە. بۆئەوەی ئەم گەوهەرە، كە چێژ بناغەدانەریەتی، بێتەسازان پێویستی بە چوار لایەنە: نەترسان لە مەرگ، نەترسان لە خواوەند، بەدەستهێنانی بەختەوەری، خۆدەربازكردن لە ئازار. ئەڵبەتە هەڵپەنەكردن بۆ پارە و پلەوپایە، بایەخدان بە هاوڕێیەتی و چێژوەرگرتن لە ژیان بەشێكیتری”فەلسەفەی ڕەوشتیی چێژ”ی ناوبراو پێكدێنن. هەرچی مەرگە نەمانی جەستە و ڕۆح دەگەیێنێت. وێرای ئەوە، گۆشەگیری، تەنیایی، بێدەنگی و ئارامی لەو تایبەتمەندییانەن ئۆنفرێ خواستیاندەكات و بەشێكیش لە كولتووری (ئێپیكۆر) ی و (ستۆیست)ی لەخۆ دەگرن.
لێرەوە ئەوە دووپاتدەكەینەوە كە دیدە فەلسەفییە ئێپیكۆریەكان لە هزری ئۆنفرێ دا لەگەڵ كاتا شكڵی گەورە دەگرن و تەنگژە دەروونی و تەندروستیەكانی ڕۆژئاواش وادەكەن بۆچونەكانی ئێپیكۆر بۆ چێژ، مەرگ، شادی و ئازار لە زاری ئۆنفرێ (و ئێپیكۆرخوازەكانی دی) باڵاكەن، بەڵام ئۆنفرێ هەر لەسەر فەلسەفەی ئێپیكۆر كارناكات، بایەخێكی زۆر بە فەیلەسوفە ستۆیستەكانیش (فەلسەفەی ڕواقیەكان Stoicism) دەدات. ئەمەش لەبەرئەوەی ئەو فەیلەسوفانە لە كارەكانیانا لێهاتوو بوونە لە بێ بایەخكردنی سێ شت: مەرگ، پیریی و تەنیایی. هاوكات داناشبوونە لە ڕووبەڕووبوونەوەی نەخۆشی، ڕاڕایی و ترس، هەوڵ بۆ بێماناكردنی پارە و دەسەڵات، لەبڕی ئەوانە گرنگیانداوە بە: خۆشی، شادی، چێژوەرگرتن لە ژیان و..هتد.

2- هێدۆنیستی (چێژخوازی یان شادیویستی) میشێل ئۆنفرێ

لێرە وا باشترە تیشك بخەینەسەر ئەوەی ئۆنفرێ لەناو فەلسەفەی هاوچەرخی فەرەنسی وەك لێكۆڵەڕێك لە بواری فەلسەفەی هێدۆنیزم (Hedonism) ،كە ڕێبازێكی چێژخوازی یان شادیویستییە ،ناوێكی دیارە. ئەم فەلسەفەیە كە بە خۆشادكردن و ئەویتر شادكردن، خۆئازارنەدان و ئەویتر ئازارنەدانەوە سەرگەرمە پێویستیەكی هزری و ڕۆحی مرۆڤی سەردەمە. لەم دیدەوە ڕێبازی چێژگەرای و شادیخوازی لە زۆر شتی ڕۆژانە خۆی بەرجەستە دەكات تا دەروونئارامی و ناخشادی بۆ كەساكان دێنێت: سەما، چێشتلێنان، شەرابخواردنەوە، خوێندنەوە، گوێگرتن لە موزیك، بینینی فیلم یان كاركردن لەسەر هونەری وێنەكێشان و زۆرشتی تر. ئامانجی سەرەكی ئەم ڕێبازە فەلسەفییە خۆشژیانە كە ئەوەش بوونباشی دەگەیێنێت و لەو سەریشەوە تەندروستی دەبەخشێت. ئەمەش بۆ ئەم چركەساتە پەتایاویە زێدە مانادارە.
ڕیشەی فەلسەفەی هێدۆنیزم ئەوەیە كە خۆشی (یان بەختەوەری) دەتوانێت مانایەكی زۆر بە ژیانی مرۆڤ بدات. بۆیە فەلسەفەی هێدۆنیستی لە دیدی ئۆنفرێ بۆ خۆشیدانە بە خودی خۆ و بە ئەویتریش، ئەمەش بەبێ ئازاردانی خودی خۆ و ئەویتر دێتەدی. ئەو چێژەی یان خۆشیەی ئۆنفرێ باسیدەكات چێژێكی ماتریالیستیە و لە كۆمەڵگەیەك دەكرێت ئیشی خۆی بكات دادپەروەری تیایدا زاڵە. لێرە قسە لە هێدۆنیزم (چێژگەرای) ێكی بەرپرسیارئامێزانەدەكرێت كە لەتەك ڕەوشت یەکدەگرێتەوە. ئەمە بەو مانایەش دێت، ئەو هیچگەراییە (نیهلیزم) ڕەوشتییە ڕەتكرێتەوە دەرێتەپاڵ هێدۆنیزم. بیریشماننەچێت، ئۆنفرێ لەڕێگای ئێپیكۆر و لۆكرێتۆس (Leucrece) ەوە خەیاڵمان بەریندەكات و كۆی پرسیارە ڕەوشتیەكان تایبەت بە باشە و خراپە لەوەدا پووختدەكاتەوە کە: دەشێت كەسی ئەتەیست (مولحید، بێئیمان) ڕەوشتی بێت؟ ئەدی دەكرێت باوەڕت بە یەزدان نەبێت و باشەش بكەیت؟ بەواتایەکی تر، بێئیمانەكان ڕەوشتیان هەیە؟
لای ئۆنفرێ “باخچەی ئپێیكۆر” ڕووبەڕووی “كۆماری ئەفلاتون” دەبێتەوە. باخچەیەك كە هەموو كەس لە خۆدەگرێت (كۆیلە، بێگانە، خاوەنپێداویستی تایبەت، ژن، مناڵ، غەریب). زۆرجاریش زوڵمێك لە واتای باخچەی ئپێیكۆر دەكرێت كە گوایە شوێنی بەڕەڵایی و ڕابواردن بووە. باخچەیەكی لەم جۆرە لە دەمی خۆیدا شوێنی گفتوگۆی هزری بووە، كاتەكان لەوێدا بە جۆرێكی فەلسەفی و نەشئەبازانە بەسەربراون و خودی باخچەکەش بەشێكبووە لە بزووتنەوەیەكی فەلسەفی ئەو دەمە. بەپێی ئەم بزووتنەوەیە بە خۆشی و بەختەوەری گەیشتن جۆرێكە لە دانای و هاندەری بیركردنەوەشە.
لێرە وا چاترە سەرنج بخەینەسەر ئەوەی، لەپاش دەركەوتنی مەسیحیەت و سەرهەڵدانی شەڕی نێوان ئاین و سیاسەت، فەلسەفەی ئێپیكۆریزم شێوێنرا و لەو بەینەشا زیانێكی فەلسەفیی زۆر بەر بیرۆکەکانی كەوت. بۆیە ئۆنفرێ نیازی سەرلەنوێ گوڵبژێركردن و سازدانی پاكسازیە لەناو مێژووی فەلسەفەی ڕۆژئاوا و “زۆرتریش كار بۆ وەلاوەنانی ئەو نەریتە فەلسەفیە ئاینی و ئیدیالیستیە دەكات لە (ئەفلاتون و ئاگوستینۆس و كانت) ەوە هاتووە. ئەمەش دۆزێكی هزری ئەوتۆ بۆ ئۆنفرێ دروستدەكات کە هیواخوازبێت فەلسەفەی ڕۆژئاوا بەرەو ئەو نەریتە ماتریالیستیە یۆنانیە بەرێت کە لە چەند هزرێکەوە (دیمۆكرێتس، ئێپیكۆر، فەلسەفەی ڕۆشنگەری، بەتایبەت ئێنسكلۆپیدیە فەڕەنسیەكان و ئوتیلیتاریستە-سوودگەرا- ئینگلیزەكان) سەرچاوەبگرێت”. هەموو ئەم لایەنانەش لە لایەن ئۆنفرێوە لەم ساتەوەختی پەتای كۆرۆنایەدا بە زۆر شێوازی جیا بەرباسدەخرێت و نەخۆشی و پەتا و مردن تێكەڵ بە گفتوگۆ هێدۆنیستیەكان دەكات. مەبەستی ئێمە ئەوەیە، بەكاربردنی خۆشی و چێژ دژ بە ئازار و ڕاڕایی، دژ بە ترس لە مەرگ لە ساتەوەختی پەتای كۆرۆنادا گرنگی خۆی هەیە. پەتاكە دژە چێژ و شادیە، ئاماژەشە لەسەر ئازارچەشتن و مەرگ. بۆیە ئێمەی مرۆڤی سەردەم پێویستمان بە گۆڕینی تێگەیشتنە بۆ ئازار و مەرگ ئەمەش لەڕێگای بایەخدان بە خۆشەویستی و هاوڕێیەتیەوە.

كەرەنتینی فەیلەسوفێك

فەرەنسا لە 11 /03 /2020 چووە ناو خۆ كەرەنتینكردن. ئۆنفرێ ڕۆژێك پێش ئەو بەروارە لە هەرێمی مارتینیك (Martinique) كاتە بەهارییەكانی بەسەردەبرد. ئێوارەی پێش بەرواری ناوبراو گورج بۆ شوێنی ژیانی لە ناوچەی نۆرماندی لە باكووری فەرەنسا گەڕایەوە. ئیدی لەو كاتەوە چركەساتەكانی كەرەنتینی ئەم فەیلەسوفە دەستپێدەكات: لە كاتی كەرەنتینەكە چی بكەین؟ چۆن كاتەكان بەسەربەرین؟ چی بخوێنینەوە؟ چ جۆرە فەلسەفە و كاری چ فەیلەسوفێك بە هەندوەربگرین؟ لەگەڵ كێ بین، خۆمان یان ئەویتریشمان لەگەڵدا بێت،؟
لەگەڵ دەستپێكی كەرەنتین ئۆنفرێ هەر زوو لەوە حاڵیدەبێت كەرەنتین و ژیانی ئاسایی ڕۆژانە لێكدیجیاوازن. واتا و مانای ئازادی ژیانی كاتی كەرەنتین و ژیانی ڕۆژانی ئاسایی لەیەكتر جیادەكاتەوە. كەرەنتین لە ئەوانیتر داتدەبڕێت و دەتکاتە هاودەمی خۆت. هاوڕێیەتی، میوانی، پیاسە، تەوقە، سەردانی شوێنی كولتووری و زۆر چالاكیتر دەوەستێت. هەموو ئەمانە لەلایەك ئەوەش لەلایەك كە كەرەنتین فەیلەسوف تۆقێنەر نییە و هەلیشدەرەخسێنێت بۆ لەتەک خودی خۆبوون دا.
هاوتەریب لەگەڵ ئەوانەی لای سەرەوە باسكرا لە لێدوانێك ئۆنفرێ بەم جۆرە گوزارە لە كەرەنتین دەكات: گەر پرسیارەكە بە ئێستاوە تایبەت بێت و بۆ بیركردنەوەش بێت لە كۆرۆناڤایرۆس باشترە بۆ خوێندنەوەی نیچە بگەڕێینەوە، بەتایبەت شێوازی نیچە لە جێنالۆجی (بنەچەناسی). وەكیتریش فەلسەفە چالاككەرەوەی بنەماکانی ئاوەزگەراییە كە فەیلەسوفە ئەتۆمی، ماتریالیستی و ئێپیكۆریەكان لە سەردەمە كۆنەكانا بونیادیانناوە. ئۆنفرێ پێی باشە خوێنەر لە ساتەوەختی پەتای كۆرۆنا و ئەو كەرەنتینەی هاتەسازان بۆ فەلسەفەی رۆمانی كۆن بگەڕێتەوە، كە بناغەی بۆ داناییەكی پراكتیكی بووناویئاسا سازاندووە. لە ئەم ئێستادا فەیلەسوفە ئپێیكۆری و ستۆیستیەكان (پلیتارك، سیسرۆن، سێنیكا Seneca the Younger، ئێپیكتێت، ماركۆس ئۆرێلیۆس Marcus Aurelius ،لوكرێس) شایانی خوێندنەوەن و بەزیادیشەوە مانا بە دەمی هەنووكەمان دەبەخشن. بەواتایەكیتر، ئەو تێكستە فەلسەفیانەی ئۆنفرێ بەلایەوە گرنگە مرۆڤ لەكاتی كەرەنتین بیخوێنێتەوە تێكستە فەلسەفییە رۆمانیەكانە. باشە بۆ نووسینی فەیلەسوفە رۆمانیەكان نەك یۆنانیەكان؟ پێیوایە یۆنانیەكان ئەڤینداری واتا و ئایدیا، خاوێنی ئایدیالیستی و گەشتی مێتافیزیكی بوونە. بەم چەشنە یۆنانیەكان فەلسەفە بۆ فەیلەسوفەكان دروستدەكەن، هەرچی فەیلەسوفە رۆمانەكانە بە مێتافیزیك و بوونناسی (ئۆنتۆلۆژی) پێدەكەنن و ڕقیشیان لە سەفسەتە و ڕەوانبێژییە كە هەموو ئەمانە یاریكردنن بە وشە. هاوكات لە تێزەكانیشیانا بایەخیان بە هاوڕێیەتی، ئەڤینداری، ڕووبەڕووبونەوەی ئازار، پیری و مەرگ داوە. فەیلەسوفە رۆمانەكان بەبۆچوونی ئۆنفرێ نەك تەنیا لە كاتی كۆرۆناڤایرۆس بگرە لە گشت كاتەكانا شایانی خوێندنەوەن. ئۆنفرێ ئامۆژگاری ئەوەشمان دەكات كە لە كاتی كەرەنتین فیلمەكانی جاك تاتی (Jacques Tati) ببینین و كارە فەلسەفییەكانی میشێل دێ مۆنتاین (Michel de Montaigne) یش بخوێنینەوە، بۆ هاوڵاتیانی ڕۆژهەڵاتیش خوێندنەوەی “”هەقایەتەكانی لافۆنتێن Les Fables de La Fontaine “” بەپێویست دەزانێت.
لە ساتەوەختی كەرەنتین زۆرێك دووچاری بێزاری بوون. بەپێی ئۆنفرێ لەبەرئەوەی کە پەرتووك هەیە بێزاری هەرگیز بوونی نییە. ئەو دەمەی خوێندنەوە دەستپێدەكات غەمباری ونە. هەستی غەمباری لەتەك پەرتووك یەكناگرێتەوە. پەرتووك سەرچاوەی هاتنەدەرەوەیە لە گشت غەمباری و تەنگەتاوییەک. بێزاری ئەو كاتە دەردەکەوێت كە تەنیا لەتەك خۆتا مامەڵە بكەیت. ئەمەش ناشێت ڕووبدات كاتێک جیهانێكی بەرین لە دەرەوەی خودی خۆتا بوونی هەیە. بەم چەشنە بێت ئەزموونكردنی كەرەنتین بۆ ئەوانەی لە بۆشاییدا دەژین خورپەیەكی ڕاستەقینەیە. نەك هەر ئەوە بگرە كەرەنتین مەجبووریشماندەكات بۆماوەیەك پێكەوەبین یان لەگەڵ كەسانێك لە شوێنێكی بچووك و تەسك دا بژین. ئەمەش بەپێی كەرەنتینی كەسەكان جیاوازە. شوێنی كەرەنتینی دەوڵەمەندەكان لە شوێنی كەرەنتینی هەژارەكان ناچێت. كەواتە ڕووبەر لە كاتی كەرەنتین مانای خۆی هەیە. ڕووبەری شوێنی خۆكەرەنتینكردنەكان كاردانەوەی لەسەر چۆنیەتی بەسەربردنی كاتەكانی دەمی كەرنتین هەیە. بۆیە ئۆنفرێ لە لێدوانێك كەرەنتین بە ئەزموونێكی كەسی لەقەڵەمدەدات. ئەمە وادەكات واحاڵیبین كەرەنتین لەسەر ئەوە دەوەستێت لە كوێ دەژین. شوێنەكە گەورەیە یان بچووك، دەڤەری هەژارانە یان دەوڵەمەندان، ماڵە یان شوقە. دواتر لەگەڵ كێ دەژین و شوێنەكە چەند شیاوە بۆ فەلسەفەكردن و بیركردنەوە.
جێی ئاماژەیە، لە لێدوانێك لە ئۆنفرێ دەپرسن لە كۆرۆناڤایرۆس دەترسن؟ ئۆنفرێ دەڵێت دوو جاران لە مەرگ نزیكبوومەتەوە. جارێكیان لە 1988 كە دووچاری جەڵتەی دڵ بووم و جاری دووەمیش ساڵانێك لەمەوبەر كە جەڵتەی دەماغ لێیدام. بۆیە گەر كۆرۆناڤایرۆس بمگرێت كاتەكەم تەواودەبێت. لەبارەی ئەوەش كە كۆرۆناڤایرۆس دەكارێت وابكات مرۆڤەكان ڕۆحی خۆیان دووبارە بدۆزنەوە؟ لەم ڕوەوە ڕاشكاوانە بیركردنەوەمان بەرەو ئەو سەیرکردنە دەبات كە كۆرۆناڤایرۆس خەونی ئەوروپایەكانی ئاشكراكرد. ئەوەی ئاشکراکرد کە دەسەڵاتەكانی ئەوروپا نەیانتوانی بەپێی پێویست مرۆڤەكان بپارێزن. خۆویستی پاریسیەكانیش بۆ دووركەوتنەوە لە پاریس و چوونیان بۆ ناوچە دوورەكان، تا لە پەتاكە بە دووربن، ئەوەی نیشاندا پاریس خۆی لە شارەكانی تر جیادەكاتەوە و هەبووەكانیش جیاوازتر كاتەكانی ماوەی كەرەنتین بەسەردەبەن تا ئەوانیتر. هەر ئەم پەتایە شتیتریشی بۆ ئاشكراكردین: ڕێكەوتنی نێوان ژورنالیستەكان و دەسەڵات بۆ پەردەپۆشكردنی پەتاكە، هەوڵی زاناكان بۆ كەمكردنەوەی گەورەیی پەتاكە، ئەمەو دەبەنگی ڕوناكبیرەكان لەوەدا بوو ئەوەنەی بایەخیان بە شڵەژانی خەڵك دەدا بایەخیان بە خودی پەتاكە نەدەدا. تەنانەت ئەوەش كە هەوڵی بێبەهاكردنی پرۆفیسۆر ڕاوول (Raoult) درا. لەكاتێكا ئەم پیاوە زانایەكی گەورەیە و پێش پەتاكەش خاوەنی پرۆژەی زانستی خۆی بووە، لێ لوتبەرزی پاریسیەكان هەوڵەكانی ڕاوولی وەك خۆی نەخستەڕوو. ڕەنگە لەبەر ئەوەش بووبێت كە ناوبراو خەڵكی باشووری فەرەنسایە (مارسێلیا) نەك پاریس.
لێرەوە دەشێت بوترێت كە كەرەنتین قووتابخانەی ژیانە. ئەڵبەتە كەرەنتینی فەیلەسوفێك ، ئۆنفرێ وتەنی، پۆزەتیڤە چونكە كاری فەیلەسوف تەنیایی و گۆشەگیرییە نەك هاتووچۆ. گەر كەرەنتین مانایەكی نوێ بە ژیان بدات و وامانیشلێبكات بیر لە بەدیەكانی خۆمان و لە لەدەستچوو و لە لەبیرچووەكان بكەینەوە ئەوە بە بێ ڕاڕایی دەكارین بڵێین: كەرەنتین فێربوون و هەڵگرتنەوەی ئەزموون و تێژیانێكی نوێیە.
وێرای ئەوە، بەپێیئەوەی ئۆنفرێ لە هەرێمی نۆرماندی فەرنسی دەژیت و ئەم هەرێمەش ناوچەیەكی باكووری ئاووهەواسازگار، سروشتئامێز و ژینگەتەندروستە كەرەنتینەكەی وزەبەخش بووە و پێشیوانییە وەك شاریەكان، بۆنموونە پاریسیەكان، بەسەریبردبێت ،كە زۆربەیان لە شوقە دەژین و ژیانیان لە ژیانی كەروێشكی ناو قەفەس دەچێت. هەر لەبەرئەوە كەرەنتین بۆ پاریسیەكان بە سەخت دەزانێت.

كەرەنتینی هەژارەكان و دەوڵەمەندەكان

ئۆنفرێ لە زۆربەی هەڤپەیڤینەكانی دا كەرەنتین وەك دیاردەیەكی ململانێی چینایەتی دەبینێت. مەبەستی ئەم فەیلەسوفە لەم جۆرە سەیرکردنە بۆ کەرەنتین ئەوەیە، كەرەنتینی هەژارەكان لە كەرەنتینی دەوڵەمەندەكان ناچێت. كەرەنتینیش بە هەلێك دەزانێت كە وا لە مرۆڤەكان دەکات بۆ خودی خۆیان بگەڕێنەوە. كەرەنتین بۆ بەشێك، بەتایبەت هەژارەكان، ئەوانەی شوێنی شایستەیان نییە، بە قەفەسی ئاژەڵان دەشوبهێنێت. ئەمانە لەبەر بێ جێگای و خراپی ڕووبەری نیشتەجێبوونیان لە بازنەیەكدا بەدەوری خۆیانا دەخولێنەوە. ئەو دۆزەی كەرەنتین دروستیدەكات وا لە مرۆڤ دەكات پێویستی بەوە بێت ڕووبەڕووی خودی خۆی ببێتەوە و ئەم خودەش لەتەک مناڵ و هاوسەر(پارتنێر) ئاوێتەبکات. گازندەی كەرەنتین دەكات کە مرۆڤ كاتی بۆ خودی خۆی زۆر بەدەستەوە نییە، هەمیشە كەسێك یان كەسانێك لەدەوروخولین. واتە كاتی كەرەنتین تەنیا نیت و کەمتریش لەگەڵ خودی خۆتی. دەوڵەمەندەكان تایبەتتر كاتی كەرەنتین بەسەر دەبەن و هەرهەموو لە شوقەیەك زیاتریان هەیە و لە گەڕەكی قەشەنگتریش دەژین و دەشتوانن كاتەكانیان لە خانووە گوندییەكانیان، لە ناوچەی نۆرماندی و هەرێمی باسك و دوورگەكان، بەسەر بەرن. ئەم تێگەیشتنە ئۆنفرێییە ئەوەمان پێدەڵێت كەرەنتین دەچێتە ژێر سایەی یاسای ململانێی چینایەتییەوە.
ئۆنفرێ گوماندەكات هەموو بە هەمان شێوە ڕووبەڕووی تەنگژەكە ببینەوە. خودی كەرەنتینیش بە یەكێك لە ئاماژەكانی ململانێی چینایەتی دەزانێت. دەوڵەمەندەكان شوقەی باشیان لەناو جەرگەی شار هەیە و هاوكاتیش ماڵیان لە خۆشترین گوندەكانی باکووری فەرەنسا هەیە. هەرچی هەژارەكانە لە ناوچە پەراوێزەكان لە شوقەی بەرتەسك دەژین و توانای ئەوەشیان نییە ماڵیان لە گوندەكان هەبێت. هەر ئەوانەی لە شوقەی باشی ناوجەرگەی شار دەژین دەتوانن سێ ژەمە خواردنی فرێش بخۆن و لەو بەقاڵانەش دەیكڕن لەو گەڕەكانە بەردەوام شتی فرێش دەفرۆشن. هەرچی هەژارەكانە خەریكی خواردنی ماكەرۆنە و قوتوون. لێرە ئۆنفرێ ناڕاستەوخۆ باس لە جیاوازی سێستەمی خواردنی هەژاران و دەوڵەمەندانیش دەکات.
ئەو كەسانەی حەز بە خوێندنەوە و گوێگرتن لە موزیك و بینینی فیلم دەكەن لەخۆگونجان لەگەڵ كەرەنتین لەوانیتر بەتواناترن. بەپێی سۆسیۆلۆژیای پیێر بۆردیۆ(Bourdieu ) ش بێت خاوەن شوقە جوانەكانی ناوەندی شار خواردنی تازەی گرانبەها دەخۆن و دەشتوانن لە خانووە لادێیەكانیان بە خۆشی بحەسێنەوە و لەوێش سەرلەنوێ رۆمانی”” لە گەڕان بەدوای كاتی بەسەرچوو”” ی مارسێل پرۆست (Proust) بخوێننەوە، ئەمە پەرتووكە خۆشەویستەكەی ئەو بۆرجوازیانەیە خۆیان بە ئەریستۆكراتی دەزانن، یان بۆ دەهەمین جار خەریكی بینینی فیلمەكانی گۆدارن (Jean-Luc Godard) و ..هتد. بەم تەنزە ئۆنفرێ گاڵتە بە ژیانی ڕوناكبیری دەوڵەمەندەكان دەكات. كەچی هەژاران لەكاتی كەرەنتینەكە، بەبۆچوونی ئەم فەیلەسوفە، ژیانێكی فرەسەخت، داخراو و سست دەژین.
———————————————

پەراوێز: تێكڕای لێدوان و نووسینەكانی میشێل ئۆنفرێ كە لەم نووسینە كەڵكی لێوەرگیراوە لەم دوو ئەدرێسەوە وەرگیراون:
http://michel-onfray.over-blog.com/2020/04/michel-onfray-le-professeur-webtv-8.4.2020.html
https://michelonfray.com/
هەروەها لێدوان لەگەڵ رۆژنامەی مەغریبیhttps://lactu24.com/ بەناوی
Notre monde vient de vivre la révélation que nous vivons dans une fin de civilisation
و لێدوانێك لە لۆپوان (Le Point) لە 22/03/2020 بەناوی (L’Europe est devenue le nouveau tiers-monde) ( ئەوروپا بووەتە جیهانێكی سێهەمی نوێ)




گفتوگۆ لەگەڵ نووسەر سمکۆ محەمەد… بەشی 3… ئا: عەباس جەمیل جێماو

هه‌موو دونیا به‌پێی فه‌لسه‌فه‌ ریفۆرم و سیاسه‌ت بكات، چه‌وسانه‌وه‌ كۆتایی پێ نایه‌ت
به‌رده‌وامبوونی ململانێ له‌گه‌ڵ هێزی گه‌وره‌تر له‌مرۆڤ، ستایلێكی تری خۆكوشتنه‌

ئاماده‌كردنی: عه‌باس جه‌میل جێماو

سمكۆ محه‌مه‌د نووسه‌ر و روناكبیر له‌ به‌شی سێیه‌می گفتوگۆكه‌ماندا قسه‌ له‌سه‌ر به‌شێك له‌ ژیان و ئه‌زموونی سیاسی خۆی ده‌كات و هه‌روه‌ها تیشك ده‌خاته‌ سه‌ر چه‌مكی سیاسه‌ت له‌دیدی (ماكیاڤیللی و كانت)ه‌وه‌، پێی وایه‌ ئه‌وه‌ی له‌یه‌كتریان جودا ده‌كاته‌وه‌، ته‌نها ئه‌خلاقه‌.

ده‌قی گفتوگۆكه‌

پرسیار: وێڕای ئه‌و چه‌ندین كتێبه‌ ئه‌ده‌بی و فیكریانه‌ت كه‌ به‌چاپت گه‌یاندوون، پێم وابێ كتێبت ئاماده‌یه‌ بۆ چاپ له‌باره‌ی یاده‌وه‌رییه‌كانته‌وه‌، باس له‌ چالاكیه‌كانی خۆت ده‌كه‌یت به‌ناوی شكست، تێیدا ئاماژه‌ت به‌ ئه‌زموونی رۆژنامه‌وانی و ئه‌ده‌ب و فیكر و بزوتنه‌وه‌ی چه‌پ..هتد كردووه‌، وێستگه‌ی ئه‌زموونی سیاسیت چۆن و له‌كوێوه‌ ده‌ستی پێكرد؟

سمكۆ محه‌مه‌د: هه‌ڵبه‌ته‌ من پێشتریش هه‌ر خه‌ریكی خوێندنه‌وه‌ و نووسین بوومه‌، له‌په‌نای سیاسه‌ت، كاری ئه‌ده‌بی و رۆزنامه‌وانیشم كردووه‌، رۆژنامه‌وانیش ته‌نها بۆ ئه‌وه‌بوو كه‌ رووبه‌ڕێك بۆ ئازادی فه‌راهه‌م بكه‌م، ئه‌وه‌ی كه‌ ویستومه‌ هه‌موو شته‌كان ببه‌مه‌وه‌ سه‌ر سیاسه‌ت به‌رمه‌بنای ئه‌وه‌ بووه‌ كه‌ له‌ژێر كاریگه‌ری قوتابخانه‌ی ماتریالیزمی دیالیكتیكی بووم و له‌وێشه‌وه‌ سیاسه‌تم وه‌ك هونه‌رێك له‌به‌رچاو گرت و گرنگیم پێدا و بوو به‌یه‌كێك له‌ئه‌وله‌ویه‌تی كار و بیركردنه‌وه‌ی من، جگه‌ له‌مه‌ش نه‌وه‌ی ئێمه‌ هه‌م نه‌وه‌ی به‌رهه‌می جه‌نگ بوو ژیانی له‌گه‌ڵ ئه‌و جه‌نگانه‌دا بوو كه‌ به‌ناچار ده‌ژیا و بوو به‌سیاسی، هه‌م بۆخۆی بارگاوی ببو به‌سیاسه‌ت و هه‌روه‌ها ژیان و چالاكی شێوه‌یه‌ك بوو له‌هه‌ڵوێست، هه‌ڵبه‌ت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ژیانی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوری ئێمه‌ جیاوازی هه‌بوو له‌و فه‌زایه‌ی كه‌ بۆ گه‌نجی دوای هه‌زاره‌ی سێهه‌م ره‌خساوه‌، بۆ نموونه‌ مه‌سه‌له‌ی هاتنی ته‌كنۆلۆژیای به‌په‌له‌ و به‌هره‌مه‌ندبوونی گه‌نج له‌هه‌موو بواره‌كان و چاوكرانه‌وه‌یان به‌رووی دونیا، له‌مه‌ش بترازێ‌ ره‌نگه‌ هه‌ندێ‌ كه‌س له‌نه‌وه‌ی ئێمه‌ش هه‌بوون دووربوون له‌سیاسه‌ت، به‌ڵام ئه‌وه‌ تێگه‌یشتنی من و هاوڕێكانم بوو كه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی سیاسه‌ت هیچ ئینسانێك نایكڕێت، چونكی ئه‌وه‌ ئێمه‌ نیین سیاسه‌ت هه‌ڵده‌بژێرین به‌ڵكو ئه‌وه‌ سیاسه‌ته‌ په‌لكێشمان ده‌كات و ناچارمان ده‌كات یاری تێدا بكه‌ین، به‌له‌به‌رچاوگرتنی په‌یوه‌ندیی راسته‌وخۆ و ناراسته‌وخۆی به‌واقیعی ژیانی ئینسانه‌وه‌ هه‌یه‌، مومكین نییه‌ دوور كه‌وتنه‌وه‌ لێی، به‌م پێوه‌دانگه‌ش بێت تێده‌گه‌ین كه‌ سیاسه‌ت پانتاییه‌كی گه‌وره‌ی داگیركردووه‌ له‌ژیانی ئینساندا، من له‌م راستایه‌دا له‌نێو هاوته‌مه‌نه‌كانی خۆم و ئه‌و نه‌وه‌یه‌ی كه‌ له‌گه‌ڵمدا ژیاوه‌، وه‌ك كه‌سێكی جیا له‌وان بیرم كرددۆته‌وه‌، ئه‌مه‌ش بووه‌ مایه‌ی سه‌ر ئێشه‌ بۆم و چه‌ند جار له‌ساڵانی هه‌شتاكان و نه‌وه‌ده‌كان له‌سه‌ر سیاسه‌ت زیندانی كراوم له‌سه‌رده‌می به‌عس و له‌دوای راپه‌ڕینیشه‌وه‌، به‌ڵام بۆمن مایه‌ی خۆشحاڵی بووه‌، چونكی توانیم دوورتر ره‌هه‌نده‌كان دیاری بكه‌م له‌هه‌ر شتێك كه‌ بمه‌وێت قسه‌ی تێدا بكه‌م و ئه‌زموونی بكه‌م، به‌شێكی دیكه‌ی ئه‌وه‌ی من ئاره‌زووم كردووه‌ هه‌م سیاسی و هه‌م رۆژنامه‌نووس و نووسه‌ر بم, ئه‌وه‌بوو كه‌ خه‌ڵكی شارێكم هه‌میشه‌ له‌كێبه‌ركێی جیاوازدا ژیاوه‌، مه‌به‌ستم له‌شاری كه‌ركوكه‌، سابا ئه‌و كێبه‌ركێیه‌ ناسیونالیستی بێت، یان ئینته‌رناسیونالیستی. هه‌ڵبه‌ته‌ پێشتر ناكامڵ بووم، ئه‌و پێكه‌وه‌ ژیان و جیاوازی قبوڵكردنه‌ی كه‌ ئێستا خه‌ریكم بیری لێده‌كه‌مه‌وه‌, ئه‌وكات وه‌ها نه‌بووم, ئێستا به‌له‌به‌ر چاوگرتنی ئه‌و میتۆده‌ فكریانه‌ی له‌ئه‌وروپاوه‌ گه‌یشتونه‌ته‌ ئێمه‌ یارمه‌تی داوم كه‌ وردتر له‌جاران بیر بكه‌مه‌وه‌، به‌م شكڵه‌ هه‌وڵمداوه‌ ئه‌و كتێبانه‌ی كه‌ له‌باره‌ی یاسای سیاسه‌ت و زانستی سیاسیدا هه‌یه‌ كه‌ڵك وه‌ربگرم و جیایان بكه‌مه‌وه‌ و كه‌مێك دوور بكه‌ومه‌وه‌ له‌ كاڵفامی و بیری خاو, یان وه‌همی سیاسی مۆدێرن، هه‌ر بۆیه‌ به‌شداریم له‌دامه‌زراندنی چه‌ند گروهێكی سیاسی كردووه‌، پێشم وابووه‌ ئه‌گه‌ر رۆشنبیری به‌ش به‌ش بكه‌ین سه‌ره‌نجام له‌نێو سیاسه‌تدا كۆده‌بنه‌وه‌، هه‌ڵبه‌ت به‌له‌به‌رچاو گرتنی ئه‌و هه‌لومه‌رجه‌بوو كه‌ سۆڤیه‌ت له‌ئارادا بوو كێبه‌ركێی دوو سیستمی سیاسی و دوو جه‌مسه‌ری ژیانی سیاسی له‌نێو كۆمه‌ڵگه‌كاندا، ئه‌و باوه‌ی وه‌رگرتبوو، ئه‌وكات گه‌نج له‌نێو گروهه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ و ماركسیه‌كان په‌یوه‌ندیان ده‌گرت و منیش یه‌كێك بووم له‌وكه‌سانه‌ی به‌بێ‌ له‌به‌رچاو گرتنی ئیدیۆلۆژیا ده‌قه‌كانی ماركسم و ئه‌نگڵس و بیرمه‌نده‌كانی دیكه‌م ده‌خوێنده‌وه‌ و ئیلهامم لێوه‌رده‌گرتن، ئه‌مه‌ش به‌و پێوه‌دانگه‌ی كه‌ له‌بیری ئه‌رستۆ و دواتریش ماكیاڤیلی و كانت هه‌بوو، چونكه‌ بۆم ده‌ركه‌وت كه‌ دوو ئاراسته‌ی فكری هه‌یه‌ له‌سیاسه‌تدا، فكری ماكیاڤیللی یه‌ به‌پێی ئه‌خلاقی كار ناكات، هه‌رچی فكری كانتی یه‌ كه‌ بریتییه‌ له‌په‌یوه‌ست بوون به‌ ئه‌خلاقه‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌وه‌ی ئه‌و دوو بیرمه‌نده‌ له‌یه‌كتر جودا ده‌كاته‌وه‌، ته‌نها چه‌مكی ئه‌خلاقه‌ له‌سیاسه‌تدا، به‌هه‌رحاڵ بیری پۆستمۆدێرنه‌ ئه‌گه‌رچی كاریگه‌ری له‌سه‌ر من نه‌بووه‌، به‌ڵام به‌خوێندنه‌وه‌ی قوتابخانه‌ی فرانكفۆرت و پاش فراكفۆرتییه‌كان و هاتنی ره‌وتی فكری له‌لایه‌ن ئالان تۆرین و ئالان بادیۆ و پیته‌ر برۆكه‌ر و هتد، ته‌واو به‌م بیرمه‌نده‌ مۆدێرنانه‌وه‌ سه‌رقاڵ بووم، تاكو تێبگه‌م به‌دیماگۆجیه‌ت قسه‌ نه‌كه‌م، چونكه‌ ئه‌م زاراوه‌یه‌ له‌ساڵانی هه‌شتاكان و نه‌وه‌ده‌كان زۆر باو بوو، به‌تایبه‌تی به‌ ماركسییه‌كانیان ده‌گوت خاوه‌ن بیری دیماگۆجی، منیش هه‌وڵمداوه‌ ئه‌وه‌ بزانم بۆچی سیاسه‌ت و سیستمه‌كان هه‌وڵی ریفۆرم ده‌ده‌ن و كه‌ڵك له‌بیری ئینته‌رناسیۆنالیستی وه‌رده‌گرن، تاكو منیش له‌رووی فكرییه‌وه‌ كه‌ڵك له‌وه‌ وه‌ربگرم له‌دوالیزمه‌كان كه‌ بیرمه‌ند و پێغه‌مبه‌ره‌كانی مێژووی كۆمه‌ڵگه‌ی به‌شه‌ری و بیر له‌وانه‌ بكه‌مه‌وه‌، له‌وه‌ تێگه‌یشتم كه‌ رۆشنبیری كه‌ڵه‌كه‌بوونی مه‌عریفه‌ و ترادسیۆنه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ بووه‌ له‌مێژودا.
هه‌موو چه‌مكانه‌ی له‌سه‌ره‌وه‌ باسم كردن، هه‌میشه‌ كاریگه‌ریان له‌سه‌رم داناوه‌ و له‌گه‌ڵمدا هاتوون و گه‌شه‌ی كردووه‌, به‌ڵام سه‌ر به‌یه‌ك قۆتابخانه‌ی بیركردنه‌وه‌ بوومه‌ و له‌دڵه‌ڕاوكێدا نه‌ژیاوم، ئه‌ویش بیری ماتریالیزمییه‌، ئه‌وه‌ش كه‌ به‌ده‌وری ئاره‌زووه‌كانی خۆمه‌وه‌ نه‌بووم و خه‌ریكی بیركردنه‌وه‌ بووم له‌سیاسه‌ت مه‌نفه‌عه‌تی گشتیم زیاتر له‌به‌رچاو ده‌گرت، له‌وه‌ی مه‌نفه‌عه‌تی خۆم له‌به‌رچاو بگرم كه‌ ئێستاش وه‌ها بیرده‌كه‌مه‌وه‌, سه‌ره‌تای گه‌نجێتیشم هاوڕێكانم هانده‌دا كه‌ ده‌سه‌ڵاته‌كان ئه‌وه‌یان ده‌وێت گه‌نج روو له‌سیاسه‌ت نه‌كه‌ن و هه‌رزه‌كارانه‌ هه‌ڵبسوڕێت, ئه‌مه‌ له‌سیاسه‌تی به‌عسدا به‌رۆشنی ده‌ركه‌وتبوو و هه‌وڵی ده‌دا هه‌رچی زیاتر گه‌نج له‌سیاسه‌ت دوور بخاته‌وه‌ به‌بیانووی ئه‌وه‌ی به‌ده‌وری ئاره‌زووه‌كانی خۆیانه‌وه‌ بن نه‌ك سیاسه‌ت، ئێستاش ده‌سه‌ڵاته‌كانی دونیا هه‌مان بیركردنه‌وه‌یان هه‌یه‌ و پشتگیری له‌و بیرۆكه‌یه‌ ده‌كرێت له‌نێو به‌ناو رۆشنبیراندا، یان به‌ بیری لۆكاڵی و وه‌رزش و ته‌كنۆلۆژیای نوێ‌ و به‌ فیلمی ئاكشن و هتد خه‌ریكیان ده‌كه‌ن.

پرسیار: باشه‌ به‌وپێیه‌ی ته‌مه‌نێكت له‌ناو فیكر و سیاسه‌تدا گوزه‌راندووه‌ و ده‌كرێ بڵێین هه‌ر به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ ناوبانگتان په‌یداكردووه‌، ده‌مه‌وێ بپرسم دوای هاتنی مۆدێرنه‌ په‌یوه‌ندیی ئایدۆلۆژیا و فه‌لسه‌فه‌ چووه‌ چ ئاستێكه‌وه‌و تا چه‌ند له‌ خزمه‌تی یه‌كتر بوون؟

سمكۆ محه‌مه‌د: بائه‌وه‌ له‌بیر نه‌كه‌ین كه‌ له‌به‌رده‌مماندا مێژوویه‌ك هه‌یه‌ پێمان ده‌ڵێت” له‌هه‌ر سه‌رده‌مێك و قۆناغێكدا شێوه‌یه‌ك مامه‌ڵه‌ كراوه‌ له‌ته‌ك ئینساندا “مه‌به‌ستم له‌قۆناغه‌ یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانه‌، كه‌ڵك وه‌رگرتن له‌م نه‌سیحه‌ته‌ فكرییه‌ له‌وێدایه‌ كه‌ قۆناغه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی به‌شه‌ری راستییه‌كی هاشا هه‌ڵنه‌گره‌، قۆناغه‌كانی دایك سالاری و كۆیله‌یه‌تی و فیودالیزم و دواتریش له‌كێبه‌ركێیه‌كی به‌رده‌وامدا هاتنی سیستمی سه‌رمایه‌داری و ئێستاش سیستمێكی نوێی پۆست سه‌رمایه‌داری به‌رده‌وامی به‌م شێوه‌ سیاسه‌ته‌ داوه‌. به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه‌(فۆكۆ یاما) باسی لێوه‌ ده‌كات و ده‌ڵێت” مێژوو كۆتایی پێهات” له‌راستیدا ئه‌م موناقه‌شه‌یه‌ هێگڵ له‌سه‌رده‌می خۆیدا كردی و پاشان ماركس هات و ره‌خنه‌ی له‌و دیالیكتیكه‌ گرت و گوتی” ئێمه‌ كه‌ڵكمان له‌دیالیكتیكی هێگڵ وه‌رگرت، به‌ڵام ئه‌و میتۆده‌ له‌سه‌ر سه‌ر راوه‌ستابوو، ئێمه‌ هاتین له‌سه‌ر پێی خۆی رامانوه‌ستان”، دواتر له‌سه‌ر فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی قسه‌یه‌كی دیكه‌ ده‌كات و ده‌ڵێ‌” ئێمه‌ كارمان ئه‌وه‌یه‌ دیالیكتیك بیخه‌ینه‌ سه‌ر پێی خۆی كه‌ ئه‌مه‌ كاری فه‌لسه‌فه‌یه‌ و پێشتر فه‌لسه‌فه‌ ئه‌م وه‌زیفه‌یه‌ی وه‌رنه‌گرتبوو، بۆیه‌ ئێمه‌ ئه‌وه‌مان زیاد كرد كه‌ فه‌لسه‌فه‌ كاری گۆڕینی واقیعی ژیانه‌، نه‌ك وێناكردنی كاره‌كانی رابردوو”، هه‌ر وه‌ك ئه‌وه‌ی بۆ سه‌لماندنی بیانووه‌كه‌ی گوتی” مێژوو له‌سه‌ر پشتی رابردووه‌كان راوه‌ستاوه‌” ئه‌مانه‌ وته‌ی فه‌لسه‌فی ماركسن و هیچ رۆشنبیرێك ناتوانێ‌ نكوڵی لێبكات و كه‌ڵكیشی لێوه‌رگیراوه‌، جگه‌ له‌وه‌ش فۆكۆ یاما مردنی مرۆڤی له‌فه‌لسه‌فه‌ی نیچه‌وه‌ وه‌رگرتووه‌ و هه‌ڵاوگێڕی كردۆته‌وه‌، جگه‌ له‌مانه‌ شتێكی نوێی نه‌گووتوه‌، ئه‌لێره‌وه‌ تێزه‌كه‌ی فۆكۆ یاما هه‌ڵده‌وشێته‌وه‌و ناتوانێ‌ جێكه‌وته‌ بێت، بۆیه‌ من ئه‌و پێشه‌كیه‌م هێنایه‌وه‌ بۆ دوالیزمییه‌تی ریفۆرم یان توندوتیژی، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئیدیۆلۆژیاش له‌و سه‌روبه‌نده‌دا كه‌ پێشتر كار به‌ئایدیۆلۆژیا ده‌كرا، راسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆ بێت، خراپ كه‌ڵكی له‌فه‌لسه‌فه‌ وه‌رگرتووه‌ و كردوویه‌تی به‌جۆرێك له‌ئایین، هه‌ر بۆیه‌ من له‌و بڕوایه‌دام ئه‌گه‌ر هه‌موو دونیا به‌پێی فه‌لسه‌فه‌ش ریفۆرم بكات و به‌فه‌لسه‌فه‌ سیاسه‌ت بكات، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ چه‌وسانه‌وه‌ كۆتایی پێ نایه‌ت، به‌شێكیشی ئه‌و ئیشكالیاته‌یه‌ كه‌ مرۆڤی ناچار كردووه‌ و پاشان پاشگه‌ز بێته‌وه‌ لێی، مادام ئێمه‌ له‌به‌رده‌م مه‌وقیعه‌تێكی سێ جه‌مسه‌رین واته‌ (پێش رووداو، كاتی روداوو، پاش رووداو)، كه‌واته‌ دانانی ئه‌م زه‌مه‌نه‌ ئه‌زموونمان بۆ ده‌كاته‌ سه‌نگی مه‌حه‌ك، لێره‌وه‌یه‌ نیازمان به‌لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی سیاسییه‌ كه‌ له‌قوتابخانه‌ی ماتریالیستی دیالیكتیكدا زیاتر كاری له‌سه‌ر كراوه‌ و رۆشنتر كراوه‌ته‌وه‌، هه‌ر له‌وه‌ی كه‌ ئه‌م بیره‌ پێ له‌سه‌ر هیومانیزم داده‌گرێت، واته‌ جێكه‌وته‌كردنی بیری مرۆڤدۆستی له‌به‌رامبه‌ر مه‌رگدۆستی، ئه‌مه‌یه‌ فه‌لسه‌فه‌ و فكر ئه‌گه‌ر خۆ كوشتنیش هه‌ڵبژێرن، ناهه‌قی نییه‌، چونكه‌ به‌رده‌وام كردنی ململانێ له‌گه‌ڵ هێزی گه‌وره‌تر له‌مرۆڤ، ستایلێكی تری خۆكوشتنه‌، ئه‌مه‌ به‌رمه‌بنای فكری ماركسه‌ كه‌ موناقه‌شه‌ی ئینترۆپۆلۆژیا و كۆمه‌ڵناسی كردووه‌ له‌سه‌رده‌می ئه‌بیقۆرسه‌وه‌ تاهاتنی تێزی نوێ‌ بۆناو كایه‌ی سیاسه‌ت، له‌وێوه‌ تێده‌گه‌ین كه‌ دابه‌شبوونی ئینسان به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ی جیاواز و نه‌ته‌وه‌ و مه‌زهه‌بی جیاوازدا، یان ئه‌و نه‌ریته‌ی له‌په‌یوه‌ه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كاندا هه‌یه‌، یان ئه‌وه‌ی مرۆڤ هه‌میشه‌ له‌گه‌ڵ سرووشتدا ململانێ‌ ده‌كات، یان هه‌وڵی بێهوده‌ی ئینسان و رزگاربوون له‌مه‌رگ، به‌شێك له‌و موناقه‌شانه‌یه‌ كه‌ هه‌میشه‌ له‌نێو فكردا جێگه‌یان ده‌بێته‌ وه‌ و كۆتاییان پێنایه‌ت، هه‌موو ئه‌مانه‌ ئایدیۆلۆژیا سنووری بۆدانا و فكری له‌و بابه‌تانه‌ قه‌تیس كرد، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی فكری موزه‌یه‌ف ئه‌و دونیابینیانه‌ ده‌یگۆڕێت به‌ئاراسته‌یه‌كی دیكه‌دا ده‌یبات، ئه‌گه‌ر خوێنه‌ر هۆشیار نه‌بێت ئه‌و كێشانه‌ ده‌دۆزێته‌وه‌ كه‌ ئایدیۆلۆژیا چ زیانێكی گه‌یاندووه‌، ئه‌مه‌ش مێژوو له‌گه‌ڵ خۆیدا باریهێناوه‌.
بۆیه‌ كه‌س ناتوانێ‌ (ئیتنیك، مه‌زهه‌ب، ترادیسیۆن) به‌گشتی له‌بیری ئینساندا وه‌ده‌رنێت، كه‌وابوو مێژوو شته‌كان و دیارده‌ جیاوازه‌كان دیاری ده‌كات، ئه‌و به‌ش به‌ش كردنه‌ی ئینسانیش راستییه‌كی هاشا هه‌ڵنه‌گره‌، ئه‌گه‌رچی هیگڵ مێژوو وه‌ها پێناسه‌ ده‌كات و به‌كوڕی زه‌مه‌نه‌كه‌ی خۆی له‌قه‌ڵه‌مده‌دات، به‌ڵام له‌شوێنێكی تردا ده‌ڵێت “ئه‌وه‌ی كه‌ لێوه‌ی فێر نابین خودی مێژوو خۆیه‌تی” به‌ڵام ماركس ئه‌م ئیشكالیاته‌ی له‌بیری ئینساندا رزگار كرد و وه‌ڵامی پێدایه‌وه‌ و دواتر حه‌تمیه‌تی بۆدانا، من پێموایه‌ یه‌كێكه‌ له‌ئیشكالیاته‌ فه‌لسه‌فیه‌كانی ماركس بۆمێژوو له‌وه‌ی مه‌رگ بۆ سه‌رمایه‌داری ده‌داته‌ ده‌ست خودی سیستمه‌كه‌ خۆی كه‌ ئێستا ئیتر دوای تێپه‌ڕبوونی سه‌ده‌یه‌ك زیاتر وه‌ها ده‌رنه‌چوو، ئه‌و لێره‌ كه‌ باس له‌بیری سۆسیالیزم ده‌كات به‌وه‌ گرێیده‌دات كه‌ نه‌هێشتنی چه‌وسانه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و چینایه‌تی سه‌ره‌تا له‌ نه‌هێشتنی نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ست به‌سه‌ر نه‌ته‌وه‌ی ژێر ده‌سته‌وه‌ هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه‌ و ترادیشنه‌كان وه‌كو خۆی ته‌ماشا ده‌كات كه‌ هه‌ندێ‌ له‌بیرمه‌ندان خراپ كه‌ڵكیان له‌كۆمۆنیزم وه‌رگرتووه‌, گوایه‌ ماركسیزم و سۆسیالیزم دژی نه‌ته‌وه‌خوازیه‌ كه‌ به‌بڕوای من پێچه‌وانه‌كه‌ی راسته‌، ئه‌گه‌ر ئه‌و باسه‌ی ئێستا دونیای سه‌رقاڵ كردووه‌ و ناوی كۆڤید 19 یه‌، گرێی بده‌م به‌ ستایلێكی تری كۆمۆنیزم كه‌ ده‌ستكردی خودی سه‌رمایه‌دارییه‌، هه‌ڵه‌نیم، چونكه‌ ئه‌و حه‌تمییه‌ته‌ی كه‌ ماركس و ماركسییه‌كان باسیان ده‌كرد، ئێستا سه‌رمایه‌داری هاوچه‌رخ خه‌ریكه‌ خۆی پراكتیكی ده‌كات به‌سه‌ر گرووپه‌ بچووكه‌كانی خوار خۆیه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی ته‌مه‌نی درێژبێت و بمێنێته‌وه‌ وه‌كو تارمایی، هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌مه‌ پێویستی به‌ ئارگۆمێنتی نوێ‌ هه‌یه‌ تاكو وڵامی پرسیاره‌كه‌ی دوای ئه‌مه‌ بدرێته‌وه‌ بۆچی خۆی خۆی ده‌كوژێت، به‌وپێیه‌ی كه‌ سه‌رده‌می ئێستا، سه‌رده‌می ئارگۆمێنته‌ بۆ ئاشكراكردنی ته‌كتیكی سیاسی پۆست سه‌رمایه‌داری هاوچه‌رخ.

پرسیار: وته‌یه‌كی دینیس دیدیرۆ هه‌یه‌ كه‌ ده‌ڵێت” پێشتر و نه‌بووه‌ فه‌یله‌سوفێك پیاوێكی ئاینی بكوژێت له‌كاتێكدا پیاوانی ئاینی زۆرێك له‌ فه‌یله‌سوفانیان كوشتووه‌، ئایا له‌مڕوانگه‌یه‌وه‌ ئایدۆلۆژیا بیرۆكه‌یه‌كی بكوژه‌ یان له‌كۆتاییدا پاڵنه‌ره‌ بۆ كوشتن، له‌كاتێكدا فه‌لسه‌فه‌ بیرۆكه‌یه‌كی خۆشه‌ویست و ئاشتی ئامێز بووه‌؟

سمكۆ محه‌مه‌د: به‌رله‌وه‌ی باس له‌ ئایدیۆلۆژیا بكه‌ین، ده‌بێ‌ باس له‌رۆشنگه‌ری و قبوڵكردنی جیاوازی بكه‌ین، چونكه‌ سیستمی كه‌نیسه‌ و قه‌شه‌سازی له‌ رۆژئاوا، ته‌نها ئایدیۆلۆژیا نه‌بوو، به‌ڵكو سیستمی سیاسی بوو، به‌وپێیه‌ی جگه‌ له‌قه‌بوڵ نه‌كردنی ئایینه‌كانی تر و كه‌لتووره‌كانی تر، ته‌واو فه‌زای سیاسی و فه‌رهه‌نگیشی خنكاندبوو، دیدرۆ یه‌كێك له‌و بیرمه‌ندانه‌ بوو كه‌ له‌هه‌وڵی ده‌قشاكاندنی ئه‌و سیستمه‌ و ئه‌و بیركردنه‌وه‌یه‌ بوو كه‌ به‌ دیماگۆجییه‌ت ناسرابوو، واته‌ تاك بیری و بیرته‌سكی و بیری به‌ستوو، هه‌ڵبه‌ت ئه‌م دیارده‌یه‌ دواتر به‌یه‌كێك له‌نه‌خۆشیه‌ سایكۆلۆژییه‌كان له‌قه‌ڵه‌مدرا، به‌هاتنی سه‌ده‌ی هه‌ژده‌، ئیدی رۆشنگه‌ری گه‌شه‌ی سه‌ند، پێشڕه‌وانی ئه‌م بواره‌ش بریتی بوون له‌ ڤۆڵتێر و جان جاك رۆسۆ كه‌ ره‌وتی رۆمانسیزمیان به‌ئایینه‌وه‌ گرێده‌دا، به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه‌ جێپه‌نجه‌یان به‌سه‌ر گۆڕینی عه‌قڵی كه‌نیسه‌وه‌ دانا، له‌وانه‌ش به‌رهه‌مه‌ ناسراوه‌كه‌ی رۆسۆ به‌ناو په‌یمانی كۆمه‌ڵایه‌تی بوو، ئه‌مه‌ به‌شێكی له‌ژێر كاریگه‌ری دینیس دیدرۆ بوو، به‌ڵام دیدرۆ هه‌تا له‌ژیاندا مابوو به‌هۆی توندوتیژی ده‌سه‌ڵاتی كه‌نیسه‌وه‌ كه‌ كوشتنی فه‌لسه‌فه‌ یه‌كێك بوو له‌و ئه‌ركانه‌، هیچ كتێبێكی به‌چاپ نه‌گه‌یاند، ته‌نها ئه‌و گفتوگۆیانه‌ بوو كه‌ له‌باره‌ی ئایین و ئیلحاد و ماتریالیزمه‌وه‌ قسه‌ی له‌سه‌ر ده‌كرد، له‌وانه‌ش موناقه‌شه‌كردن بوو له‌سه‌ر سیستمی پاشایه‌تی و كه‌نیسه‌ و كه‌سایه‌تی مارشاڵ ی ئه‌و سه‌رده‌مه‌، چونكه‌ فه‌رانسه‌ له‌كاتی خۆیدا سیستمه‌كه‌ی پاشایه‌تی بوو، ئه‌مه‌ش به‌وهۆیه‌وه‌ بوو كه‌ سیستمه‌كه‌ به‌راده‌یه‌ك گوتاری زاڵ كردبوو، تائه‌و ئه‌ندازه‌یه‌ی كه‌ له‌ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئه‌ده‌بیشدا ره‌نگیدابۆوه‌، هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه‌ دوای مردنی كاریگه‌ری هه‌بوو بۆ سه‌ر رۆشنگه‌ره‌كان، به‌ڵام ده‌بێ‌ ئه‌وه‌شمان بیرنه‌چێت كه‌ ئایدیۆلۆژیا به‌شێكی تر بوو له‌كێشه‌ی رۆشنگه‌ری، به‌وپێیه‌ی هه‌تا كاتی دابڕانی فه‌لسه‌فی دوای كارڵ ماركس، ئایدیۆلۆژیا یه‌كێك له‌رێگرییه‌كانی به‌رده‌م فه‌لسه‌فه‌ بوو، بێگومان لێره‌وه‌ ره‌خنه‌ی راسته‌قینه‌ و دیالیكتیكی ده‌ستیپێكرد، چونكه‌ هه‌موو ئه‌و بیرۆكانه‌ی بۆ ده‌ربازبوون له‌ میحنه‌تی ژیانی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی هه‌بوون، هیچیان دابڕانی راسته‌قینه‌ و بێ‌ كه‌موكوڕی نه‌بوون به‌ فیورباخیشه‌وه‌ كه‌ دانه‌ری فكری ماتریالیستیه‌، به‌هیگڵیشه‌وه‌ كه‌ دانه‌ری دیالیكتیكه‌، بۆیه‌ قسه‌ له‌سه‌ر ره‌خنه‌ ده‌كه‌م وه‌كو ئه‌وه‌ی پێشووتر باسمان كردووه‌، چونكه‌ ده‌ركه‌وت به‌بێ‌ ره‌خنه‌ هیچ سیستمێك ناتوانێ‌ ژیانی سیاسی ئاسایی وه‌ربگرێت، یان هیچ نه‌بێ‌ جیاوازی و قه‌بوڵكردنی ئه‌ویتر وه‌كو واقیع ته‌ماشا بكات، له‌راستیدا مه‌سه‌له‌كه‌ ته‌نها ئایین نییه‌، به‌ڵكو ئیدیۆلۆژیای توندئاژوو، له‌ئایین خراپتر و دوژمنكارانه‌تر مامه‌ڵه‌یان كردووه‌ له‌گه‌ڵ فه‌یله‌سوفه‌كان و بیرمه‌نده‌كان، چونكه‌ ئه‌وان هه‌رزی فكری و فه‌لسه‌فه‌ و ماتماتیكیان نه‌ده‌كرد، بۆ نموونه‌ ئه‌م نه‌ریته‌ درێژه‌پێده‌ری قه‌ناعه‌تی ده‌سه‌ڵاتێك بوو له‌یۆنانه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ گرتبوو، ئیدی ئه‌و سیستمه‌ تاكو شكستی هێنا یان تاهاتنی مارتن لۆسه‌ كه‌ ریفۆرمی ئایینی كرد، ده‌یان كه‌سی وه‌كو سوقرات و گالیلۆ و كۆپه‌رنیكۆس و گرامشی و ترۆتسكی و دواتریش حه‌للاج و سوهره‌وه‌ردی و هتد هاڕی. ئه‌مانه‌ ته‌نها جیاوازی فكرییان له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و فكری هه‌بوو، ئه‌گه‌رنا خه‌تاكه‌ تاوان نه‌بوو به‌ڵكو فكری نوێ‌ بو له‌دژی سیستمی ئایینی و كه‌نیسه‌، بۆیه‌ له‌شوێنێكی دیكه‌ ئه‌گه‌ر به‌رگریكردن نه‌بێ‌ له‌ ئایدیالیزمی كۆنه‌په‌رستانه‌، ئایدیۆلۆژیا به‌ته‌نها چه‌مكێكی نه‌رێنی نه‌بووه‌، به‌ڵكو ئایدیۆلۆژیا به‌شێك بوو له‌و هۆكارانه‌ی كه‌ زه‌مینه‌ی بۆ كرانه‌وه‌ سازكرد.

پرسیار: به‌ده‌ر له‌م گفتوگۆیه‌، دیدی ئێوه‌ له‌به‌شه‌كانی پێشووتری چاوپێكه‌تنه‌كانمان، واده‌رده‌كه‌وێت له‌گه‌ڵ ته‌وژمه‌ فكرییه‌ مۆدێرنه‌كاندا گرفتت هه‌بێ‌، ده‌پرسم روانینتان بۆ نه‌زمی نوێ چۆنه‌ كه‌ به‌گڵۆبالیزه‌ ناوزه‌د ده‌كرێت. ئایا ئه‌م چه‌مكه‌ له‌كوێی فیكری سیاسیدا خۆی ده‌بینێته‌وه‌، یان روونتر بڵێم تا چه‌ند نوێیه‌ له‌ فیكری سیاسیدا؟

سمكۆ محه‌مه‌د: ئه‌گه‌ر ته‌ماشای فكری سیاسی بكه‌ین له‌سه‌ر ده‌ستی بیرمه‌ندانی سه‌ده‌ی نۆزده‌ هاتۆته‌ ئاراوه‌، پێشتریش وه‌كو باسم كرد له‌سه‌ر ده‌ستی بیرمه‌ندی پێشه‌وای رۆشنگه‌ری بووه‌ كه‌ هه‌م كاری دابه‌شكردووه‌ و هه‌م گۆڕینی شوێنی ئینسانی گۆڕی له‌گوندی بێ‌ ئاگاوه‌ بۆ شاری فراوان و پێشكه‌وتوو، بۆ نموونه‌ گه‌شه‌ی ته‌كنۆلۆژیای سه‌ره‌تایی و ته‌لارسازی و شێوه‌ی خوێندن و كه‌ره‌سته‌ی نێوماڵ و بیركردنه‌وه‌ به‌ڕووی دونیادا به‌شێوه‌ی فراوان و هتد، دواتر كانت و پاشان هیگڵ قسه‌یان له‌سه‌ر كردووه‌, دواتر ماركس له‌مانیفێستدا ئاماژه‌ی پێداوه‌ ئه‌و ده‌ڵێت” وه‌ختێك دێت سیستمی سه‌رمایه‌داری هێند پڕ ده‌بێت به‌ناچار سه‌رمایه‌گوزاری ده‌خاته‌ ده‌ره‌وه‌ی جوگرافیاكه‌ی خۆی و ئێق ده‌كاته‌وه‌” ئه‌مه‌ رێك ئه‌و مانایه‌مان ده‌داتێ‌، هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی به‌شێك له‌ناوه‌ڕۆكی گڵۆبالیزه‌یشن پێناسه‌ ده‌كات و جۆرێك له‌ پێشبینی بوو، گه‌شه‌ی ته‌كنۆلۆژیا و بازاڕ و گۆڕینی چه‌مكه‌كانه‌ به‌ئاراسته‌یه‌كی دیكه‌دا كه‌ دیسان بازاڕی فكرییه‌ و كۆمه‌ك به‌بازاڕی ئابوری ده‌كات و له‌وێشه‌وه‌ بازاڕی سیاسه‌ت، به‌ڵام ئێستا له‌چه‌مكێكدا بچوك كراوه‌ته‌وه‌.
ئه‌وه‌تا ده‌وڵه‌تانی جیهان كۆمپانیاكانی خۆیان له‌ده‌ره‌وه‌ی خۆیان كار پێده‌كه‌ن، نموونه‌ش به‌گه‌ڕخستنی ته‌كنۆلۆژیا سه‌ربازی ئێرانه‌ كه‌ له‌لایه‌ن وڵاتانی رۆژهه‌ڵاتی ئاسیاوه‌ به‌ده‌ستیهێناوه‌ وه‌كو یابان و چین و كۆریاو ئه‌ڵمان و هتد. هه‌رچی ئه‌وروپایه‌ كۆمپانیاكانی خۆیان ده‌فرۆشته‌وه‌ به‌ده‌وڵه‌تانی بێبه‌رهه‌می وه‌كو تایڵاند و تایوان و مالیزیا و نیپاڵ و توركیا و كه‌ندا و هتد. ئامریكا له‌وڵاتانی تازه‌ پێگه‌یشتووی وه‌كو لیتوانیا و ئه‌رمینیا و ئۆزبه‌كستان و هتد، ئه‌م ره‌وشه‌ له‌بازاڕ كه‌ به‌شێكه‌ له‌گڵۆبالیزه‌كردنی جیهان له‌كه‌نده‌دا و ئه‌مریكای لاتینش هه‌یه‌، بۆ نموونه‌ كۆمپانیا نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كان به‌ناوی نه‌ته‌وه‌ی وه‌هاوه‌ ده‌كرا كه‌ كه‌مترین كه‌سیان ماوه‌، ته‌نانه‌ت ترادیسیۆنه‌ ره‌سه‌نه‌كانی خۆشیان بیرچۆته‌وه‌ كه‌چی زیندو ده‌كرێنه‌وه‌، له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌شدا نه‌ته‌وه‌كانی تر پشت گوێ‌ ده‌خرێن، ئه‌م مۆدێله‌ له‌سیستمی به‌ناو بازاڕی ئازاد له‌گڵۆبالیزه‌كردنی دونیاوه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتبوو، ئه‌مه‌ش جۆرێكی تری جه‌نگی بازاڕ بوو كه‌ له‌هاتنی سیحرێك ده‌چێ‌، سه‌رله‌هه‌ڵدانی ته‌كنۆلۆژیای نوێ‌ و زیره‌ك و هاتنی چه‌مكی نوێ‌ بۆ ناو سیاسه‌ت و به‌رقه‌راركردنی مۆدێلێكی نوێ‌ بۆ داگیركاری وڵاتان له‌لایه‌ن ئه‌مریكا و به‌ریتانیا، به‌هه‌ماهه‌نگی كردنی هێزه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی تری ئه‌وروپا و شه‌رعیه‌تدان به‌و مۆدێله‌ سیاسییه‌ به‌ناوی جیهانگه‌راییه‌وه‌. خواردنی سامانی نه‌ته‌وه‌كانی تر و بێ‌ به‌هاكردنی به‌ها ئینسانیه‌كان و تێكه‌ڵكردنی ترادیشنه‌كان و پێكهێنانی ده‌وڵه‌تی كۆمه‌ڵگه‌كان و نه‌هێشتنی مۆدێلی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی سه‌لمێنه‌ری ئه‌و راستیه‌ن، ئه‌مه‌ خراپتر بوو له‌جه‌نگی دووهه‌می جیهانی كه‌ به‌رهه‌می مۆدێرنه‌ بوو، هه‌روه‌ك هانا ئارێنت له‌كتێبی (بنه‌ماكانی تۆتالیتاریزم) باسی ده‌كات، من پێموایه‌ ئێستا ئیتر جارێكی تر سه‌رده‌می كۆیله‌یه‌تی گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام له‌فۆڕمێكی تردا، بۆ نموونه‌ ئه‌گه‌ر له‌سه‌رده‌می فه‌راعینه‌كاندا و له‌سه‌رده‌می یۆنانی و رۆمه‌كاندا, كۆیله‌ ده‌بوایه‌ هاوڕه‌گه‌زه‌كه‌ی خۆی بكوژێت تاكو ئازاد بێت و كاری سه‌پێنراوی به‌زۆری پێنه‌كرێت، ئێستاش ئینسان به‌ناچار له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئابوری سنوردار كراوه‌ لێی، ئاوهاش كاتی بۆ سنوردار كراوه‌ و به‌شێوه‌یه‌ك له‌شێوه‌كان كۆیله‌ی بازاڕ و سیستمی ئێستایه‌ كه‌ له‌ته‌له‌فونی ئایفۆن و گالاكسی و له‌ تیپی تۆپی پێ‌ له‌نێوان به‌رشه‌لۆنه‌ و ریاڵ مه‌درید و تیپه‌كانی دیكه‌ی ئینگڵستان و ئیتاڵیا و ئاڵمان و هتد، بۆیه‌ دانیپێدا بنێین یان نا، جۆرێكی تری كۆیله‌یه‌تی گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌، ئه‌وه‌ش كه‌ پێی ده‌ڵێن مافی مرۆڤ، ئه‌م سیاسه‌ته‌ی كه‌ له‌مه‌حفه‌لی سیاسیدا بۆته‌ باو، جۆرێك له‌ دووفاقیه‌تی سیاسییه‌ كه‌ ئه‌مریكا و به‌ریتانیا سه‌رقافڵه‌كه‌ین، ئه‌مه‌ش یه‌ك ستراتیژی هه‌یه‌ كه‌ هه‌رچی هه‌یه‌ به‌نه‌فعی سیاسی و ئابوری ئامریكا و وڵاتانی زلهێز ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ چاویان بڕیوه‌ته‌ رۆژهه‌ڵات كۆتایی پێبێت، ئه‌مانه‌ به‌شێكن له‌و فه‌زا فكرییه‌ی كه‌من له‌گه‌ڵیدا كۆك نیم و جێگه‌ی ره‌خنه‌ی منه‌، به‌ڵام چه‌ند ره‌واجی هه‌یه‌ و چه‌ند له‌كاتی ئێستا وه‌رده‌گیرێ‌ ئه‌وه‌ شتێكی تره‌، به‌ڵام فكری كۆنكریتیی نییه‌ وه‌كو ئه‌وه‌ی له‌شكڵی ته‌شییر هه‌وڵی ناوزڕاندنی ئه‌و جۆره‌ جیهانبینیه‌ ده‌درێ‌.

پرسیار: پێشتر باسی فۆكۆ یامات كرد و به‌شێوه‌یه‌ك جوابی تێزه‌كه‌ییت داوه‌ته‌وه‌، ئه‌ی سه‌باره‌ت به‌تێزی سامۆئیل هینتگتن كه‌ پێیوایه‌ ئه‌م چه‌رخه‌ چه‌رخی پێكدادانی شارستانیه‌ته‌كانه‌، ئایا ئه‌مه‌ مانای جه‌نگی گروپه‌ بچووكه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی به‌شه‌رییه‌ وه‌كو هه‌ندێك دیمه‌نی ئه‌و سیناریۆیه‌مان له‌ بۆرما و یه‌مه‌ن و عێراق و هتد بینی؟.

سمكۆ محه‌مه‌د: هه‌ڵبه‌ت هینتگتۆن یه‌كه‌م جار ئه‌م بابه‌ته‌ی له‌ گۆڤارێكی ئامریكی بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ ناوی Forn avearz، ئه‌مه‌ ره‌تدانه‌وه‌ی تێزه‌كه‌ی فۆكۆ یاما بوو، باس له‌به‌رده‌وامبوونی جه‌نگی سارد ده‌كات گوایه‌ كۆتایی پێنه‌هاتووه‌، ئه‌م جه‌نگه‌ ده‌بێته‌ هۆكارێك له‌نێوان نه‌ته‌وه‌ و ده‌وڵه‌ته‌ بچووكه‌كان، دواجار باو بوو بخوێنرێته‌وه‌ شتێكی تازه‌یه‌ هاتووه‌، بۆیه‌ من ئه‌م تێزه‌م له‌په‌نا تێزه‌كه‌ی فۆكۆ به‌ته‌واوی خوێندۆته‌وه‌و له‌كێشه‌ی فكره‌كانیش تێگه‌یشتم مه‌به‌ست له‌م ئامانجه‌ چییه‌ و ئه‌م پێشبینییه‌ نالۆژیكیه‌ چییه‌، ئه‌وكاتیش هه‌ردوو بیرۆكه‌كه‌ به‌وه‌همی فكری سیاسیم داناوه‌ و نووسینم هه‌یه‌ له‌سه‌ری و له‌میدیای ئه‌وكات بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، چونكه‌ به‌بڕوای من هه‌ردووكیان به‌یه‌ك تێڕوانین ته‌ماشای دونیایان ده‌كرد.
د.فوئاد مورسی كتێبێكی هه‌یه‌ به‌ناونیشانی (الراسماییه‌ تجدد نفسها) ئه‌و پێش ئه‌وان كتێبه‌كه‌ی نووسیوه‌ و پێش ئه‌وانیش وه‌ڵامی ئه‌و ئیشكالیاتانه‌ی داوه‌ته‌وه‌ كه‌ پێشبینی وه‌ها ده‌كرا، له‌تێزه‌كه‌یدا كه‌ (دار عالم المعرفه‌) بڵاوی كردۆته‌وه‌ ده‌ڵێ‌” سه‌رمایه‌ به‌هۆكار به‌رده‌وامبوونی گه‌شه‌ی ئابوری و ته‌كنۆلۆژی و نوێكردنه‌وه‌ی هێزی به‌رهه‌مهێن، جارێكی تر په‌یكه‌ره‌ی ئابوری خۆی ده‌گۆڕێت و دایده‌ڕێژێته‌وه‌، هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ هه‌موو ئایدیایه‌كدا ده‌توانێ‌ خۆی بگونجێنێت و كه‌ڵكی لێوه‌ربگرێت، ده‌توانێ‌ ئینسان شه‌یدای شتێكی سیحراوی بكات كه‌ ئه‌ویش پاره‌یه‌، بۆیه‌ ده‌توانێ‌ خۆی نوێ بكاته‌وه‌، هه‌روه‌ها له‌قوڵایی خۆیدا بیرده‌كاته‌وه‌ و ئه‌لته‌رناتیڤی بۆ هه‌موو حاڵه‌ت و دیارده‌ و كێشه‌ و گرێكانی به‌رده‌می پێیه‌، ده‌شتوانێ‌ دژه‌كانی خۆی له‌ناو ببات، چونكه‌ به‌تاك جه‌مسه‌ری ماوه‌ته‌وه‌ ئه‌م سیستمه‌، كه‌وابوو تێڕوانینه‌كانی د.فوئاد له‌به‌رامبه‌ر هه‌ردوو تێزه‌كه‌ی فۆكۆ و هینتگتن، بیرۆكه‌كه‌ی نوێبوونه‌وه‌ی سه‌رمایه‌داری، ته‌نانه‌ت له‌لای چه‌په‌كانیش جێكه‌وته‌ بوو، كه‌وابوو هه‌ر ئه‌و ئامانجه‌ بوو كه‌ هه‌وڵیاندا تێزه‌كانیان كه‌ بۆیان نووسرابوو، خوێنه‌ر به‌یه‌ك ئاراسته‌دا ببه‌ن، سه‌ره‌نجام خه‌ڵكیان تووشی وه‌همی تێگه‌یشتن كرد له‌م چه‌رخه‌ی ئێستا كه‌ هه‌ر زوو ره‌وایه‌وه‌.
له‌گه‌رمه‌ی پرسی بزووتنه‌وه‌ی ته‌بشیریدا كه‌ له‌ناوچه‌كه‌ زۆر چالاك ببوون و خه‌ڵكێكی زۆر به‌هۆی هه‌ڵڕژانی پاره‌وه‌ ببوون به‌ كریستیانی، له‌ساڵی 1997 ستیڤن كه‌ راوێژكاری فه‌رهه‌نگی ده‌سه‌ڵاتدارێتی ئه‌وكاتی بێل كلنتۆن بوو، له‌هۆتێل تاوه‌ری هه‌ولێر دابه‌زی بوو، به‌سوتفه‌ بینیم و له‌رێگه‌ی موته‌رجمێكه‌وه‌، موناقه‌شه‌ی ئه‌وه‌م له‌گه‌ڵ كرد تۆ وه‌ك به‌رپرسی یه‌كه‌می ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ پێتوایه‌ له‌كوردستانێك كه‌ زۆرترینیان موسڵمانن، ده‌توانن رێگه‌ خۆش بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵك ببێته‌ مه‌سیحی یان ئه‌مه‌ سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ و وه‌بیر هێنانه‌وه‌ی ده‌قی ته‌وراته‌ له‌كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی وه‌ك كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان و هێنانه‌وه‌ی جوله‌كه‌یه‌ له‌شوێنێك كه‌ پێشتر تیا ژیاون و یاده‌وه‌ریان جێهێشتووه‌ و ره‌نگه‌ موڵكیشیان هه‌بێت، ئه‌و ئینكاری ئه‌و رایه‌ی منی كرد و گوتی” ته‌بشیریه‌ت ته‌نها خوداناسییه‌ و هیچی تر له‌رێگه‌ی ئینجیله‌وه‌” هه‌روه‌ها پرسیاری ئه‌وه‌م كرد ئایا ئه‌و تێزه‌ی هینتگتن سه‌رده‌گرێت كه‌ گوایه‌ چه‌رخی پێكدادانی شارستانییه‌ته‌كانه‌، ئایا به‌ مه‌سیحی بوونی كوردی موسڵمان ململانێی شارستانی درووست نابێ‌، وه‌ڵامه‌كه‌ی زۆر به‌ ساده‌یی و نه‌خێربوو، له‌و موناقه‌شه‌یه‌ بۆم ده‌ركه‌وت كه‌ ئه‌و تێزه‌ش ته‌نها سه‌رقاڵكردنی خه‌ڵكه‌ و هیچی تر، بۆم ده‌ركه‌وت دیسان نه‌خشه‌یه‌كی نوێ‌ هه‌یه‌ بۆ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ و لێكترازانی شیرازه‌ی كۆمه‌ڵگه‌و له‌پیرۆز ده‌ركردنی شته‌ پیرۆزه‌كانی ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یانه‌ی ژێرده‌ست و خاوه‌ن ده‌وڵه‌ت نیین.
به‌بڕوای من ئه‌وه‌ی ئێستا هه‌یه‌ ململانێی شارستانیه‌ته‌كان نییه‌، به‌ڵكو كاڵكردنه‌وه‌ی ترادیشنه‌ جیاوازه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌یه‌ و تاڕاده‌یه‌كیش بێ‌ به‌هاكردنییه‌تی، هه‌روه‌ك چۆن زۆربه‌ی شته‌كانی دیكه‌ به‌ بوونی ئینسانیشه‌وه‌ بێبه‌ها كراون له‌به‌رامبه‌ر پاره‌دا، بۆ نموونه‌ خۆئێستا له‌ئه‌وروپا زیاتر له‌ترادیشنێك و مه‌زهه‌بێك و ئایینێك و ئیتنێك پێكه‌وه‌ ده‌ژین. ئه‌گه‌ر به‌قسه‌ی هینتگتن بوایه‌ ده‌بوو ململانێكه‌ له‌ئه‌وروپاوه‌ ده‌ست پێبكات. ئه‌م تێزه‌ جێگیر نه‌بوو، ته‌نها مه‌سجێكی سیاسی بوو ئه‌گه‌ر كاری پێكرا، ده‌بێ‌ خاوه‌ن ترادیشنه‌ توندڕه‌وه‌كان خۆیان ئاماده‌ بكه‌ن، وه‌كو ئه‌وه‌ی له‌عێڕاق و سوریا و لیبیا و یه‌مه‌ن و بۆرما و به‌شێك له‌ سودان درووست بوو به‌ڵام دواتر ئه‌م دیارده‌یه‌ له‌گه‌ڵ گواستنه‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ ئابورییه‌كانی سیستمی سه‌رمایه‌داری و جێگیربوونی له‌ ئاستێكدا، سیناریۆكه‌ به‌ره‌و كۆتایی ده‌چێت.

پرسیار: كه‌وابوو ئینسان به‌پێی بیركردنه‌وه‌ی نوێ‌، له‌وه‌ دڵنیابێت كه‌ ئه‌و تێزانه‌ی باس كران، بۆ نموونه‌ جیهانگه‌رایی هه‌موو شتێك هه‌ڵده‌لوشێت، یان هیچ كولتوورێك له‌جێگه‌ی خۆی نامێنێ‌، مادام له‌ رۆژئاوا فره‌ كولتوورین؟.

سمكۆ محه‌مه‌د: ده‌بێ‌ كه‌مێك رابمێنین له‌به‌رده‌م ئه‌م دۆخه‌ی كه‌ پاشماوه‌ی سه‌رمایه‌داری كلاسیكی و جیهانگه‌راییه‌، دواتر ده‌ركه‌وت جیهانگه‌رایی واته‌ العولمه‌، ئه‌مركه‌ بوو، بۆچی؟، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بابه‌ته‌كه‌ تاك ره‌هه‌ند نییه‌، به‌ڵكو فره‌ ره‌هه‌نده‌، ململانێكانی كۆن چه‌ند دژواربوون، جه‌نگه‌كان چه‌ند قورس بوون، كۆڵۆنیالیزم چه‌ند غه‌دار بوو، هیچیان نه‌یانتوانی به‌سه‌ر سرووشتی مرۆڤدا زاڵبن و ماكی هۆشیاری له‌رێگه‌ی پراكتیككردنی تێزێكه‌وه‌ كۆتایی به‌ ئینسان بهێنرێت، بۆ نموونه‌ سه‌رهه‌ڵدانی پڕۆژه‌ی (گات) له‌ساڵی 1994 و دوای نه‌مانی بلۆكی سۆڤیه‌تی كۆن ده‌ستبه‌كار بوو، هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ كورتكراوه‌ی رێكه‌وتننامه‌ی نێوده‌وڵه‌تی گۆمرگ و بازرگانی یه‌، ئه‌ویش دوای جه‌نگی سارد بوو كه‌ كار بۆ ئه‌وه‌ ده‌كرا بازرگانی ئازاد بێ‌، نابێ‌ رێگری له‌به‌رده‌م بازرگانی نێوده‌وڵه‌تی بكرێ‌ و هه‌موو كاره‌كانی ده‌وڵه‌تان له‌رێگه‌ی رێكه‌وتنه‌وه‌ بێت، ئه‌مه‌ بۆ ئه‌وه‌بوو كه‌ ئینسان سه‌رقاڵ بكرێ‌ به‌ بازرگانی هێنان و هاورده‌ی كه‌لوپه‌ل و شمه‌كی ده‌وڵه‌تانی زلهێزه‌وه‌، تاكو خۆیان له‌بیربچێت كه‌ تێكه‌ڵ بوون به‌و فه‌زا بازرگانییه‌، له‌ سیفه‌ی ئینسانییه‌ت داده‌بڕێن و ده‌بن به‌ كاڵا وه‌كو كاڵای پێویست، بۆ نموونه‌ قاچاخچێتی به‌ ئینسانه‌وه‌ بوو به‌ كارێكی ئاسایی و به‌به‌رچاوی ده‌وڵه‌تانه‌وه‌ كه‌ باسیان له‌ مافی مرۆڤ ده‌كرد، هه‌روه‌ها كارێك كرا كه‌ ئینسان و ده‌وڵه‌ته‌ بێهێزه‌كان بچنه‌ ژێر هه‌ژموونی قه‌رزه‌كانی سه‌ندوقی دراوی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌، تاكو بۆ هه‌تاهه‌تاییه‌ تاك و كۆی ولاته‌كه‌ و سیستمه‌كه‌ و قه‌واره‌كه‌ش، له‌ژێر كۆنتڕۆڵی ئه‌و سیستمه‌ ئابورییه‌ بن، ئه‌مه‌ دكتۆر (سه‌میر ئه‌مین) له‌ كتێبی (فی مواجهه‌ ازمه‌ عصرنا) باسی كردووه‌، هه‌ڵبه‌ته‌ بیرمان نه‌چێت رۆشنبیری باویش له‌و سه‌رده‌مه‌دا وه‌كو ته‌وژمێكی ناكامڵ هاته‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ئه‌وروپای رۆژهه‌ڵات و به‌شێكی زۆری ئاسیا، هه‌موو بیركردنه‌وه‌یه‌كی هونه‌ری و ئه‌ده‌بی و فه‌رهه‌نگی به‌گشتی، كه‌وتنه‌ ژێر ئه‌و هه‌ژموونه‌ فكرییه‌ و ئینسان له‌بیركرا، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌سه‌ڵاتیان به‌سه‌ریدا نه‌شكا، ئه‌وه‌بوو كه‌ نه‌توانرا جه‌وهه‌ری ئینسان بگۆڕن ته‌نها فۆڕمه‌كه‌یان گۆڕی، ئه‌وه‌ی كه‌ مایه‌وه‌ ئینكاری ئینسان بوو له‌وه‌ی ره‌خنه‌ی له‌و سیستمه‌ نائینسانییه‌ گرت، ئه‌مه‌ بوو به‌ڕه‌وتێكی فه‌رهه‌نگی بۆ تێگه‌یشتن له‌ زانسته‌ مرۆڤایه‌تییه‌كان، رائیدی ئه‌م فه‌رهه‌نگه‌ش (جۆرج گۆسدۆرفه‌) كه‌ دواتر یۆرگن هابرماس و له‌مدواییه‌شدا سلاڤۆی ژیژاك و پیته‌ر سڵۆتردایك و ئالان تۆرین و چه‌ندی تر درێژه‌یان به‌و ره‌وته‌ دا، ئێستاش ره‌خنه‌ له‌و سیستمه‌ ده‌گرن كه‌ خه‌ریكه‌ به‌ناوی عه‌قلانیه‌ت و به‌ناوی ئازادی سیاسی و ئازادی بازرگانیه‌وه‌ دژی هه‌موو به‌هاكانی ئینسان مامه‌ڵه‌ ده‌كه‌ن، كه‌وابوو ئه‌و مادام جیهان شتێكی حه‌تمییه‌، ده‌بێ‌ ژیانیش حه‌تمی بێت، كه‌ ژیان حه‌تمی بوو، گۆڕینی سیستم و تیۆره‌ دژه‌ به‌ به‌هاكانی ئینسانیش ته‌مه‌نیان درێژنابێت.




– چیرۆک – کتێب: تارماییەک لەم ماڵەدا … زانیار محەمەد حەمەئەمین

ناوی كتێب: تارماییه‌ك له‌م ماڵه‌دا
جۆری كتێب: چریۆك
ناوه‌رۆك: له‌ ڕێگایه‌كی هه‌ڵه‌و بێئاگاییه‌وه‌ ڕووه‌و ڕێگایه‌كی ڕاشت
نوسه‌ر: زانیار حمه‌مه‌د حه‌مه‌ ئه‌منی
دیزاین: جه‌مال ده‌روێش
پێداچوونه‌وه‌: چاوان عەتا
چاپخانه‌: ناوه‌ندی شارا بۆ چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌
چاپی یه‌كه‌م: 2020

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن …..