مەلا عوزێر: سەرۆکجاشی بکوژ و قوربانیەکانی لەوێنەیەکی بڵاوکراوەی کوڕی تاوانباردا

شاخەوان شۆرش…..

لەم ڕۆژانە وێنەیەکم کەوتەبەرچاو کە لەلایەن کوڕێکی مەلا عوزێرەوە بڵاوکراوەتەوە، لەم وێنەیەدا کە لەساڵی ١٩٨٠دا گیراوە، مەلا عوزێر بەرلەوەی ببێتە جاش و کۆمەڵێ پیشمەرگەی دەشتی هەولێری حزبی سۆسیالیستی کوردستان هەن، لەوانە ئیبراهیم شورتە و ڕەمەزان عەبدولڕەحمان کە هەردووکیان بەدەستی مەلا عوزێر خۆی کوژراون. واپێدەچی وێنەکە بەمەبەستی پیشاندانی لایەنی شۆڕشگێڕیی مەلا عوزێرەوە بڵاوکراوەتەوە، بەڵام سەیرەکە لەوەدایە دوو لە پێشمەرگەکانی ناو وێنەکە بەدەستی مەلا عوزێر خۆی کوژراون.
عەزیز حەمەد مەولود شێخانی ناسراو بە مەلا عوزێر یەکێ لەو سەرۆکجاشانەیە کە کۆمەڵێ تاوانیان دژی پێشمەرگە و هاوڵاتیان ئەنجامداوە و لە تاوانی گەلکوژی ئەنفالدا بەشداریکردووە. بەپێی لیستێکی دادگای باڵای تاوانەکای ئێراقی کە ناوی تۆمەنبارانی تاوانی گەلکوژی ئەنفال و تاوانەکانی دیکەی گرتبووەخۆی، ژمارەی تۆمەتباران ٤٢٣ کەس بوون لە لیستەکەدا و لە ژمارە ٢٢٩ دا ناوی مەلا عوزێر هاتووە. لە دادگای باڵای تاوانەکانی ئێراقدا ١٠ سکاڵای لەسەردا تۆمارکراوە. لەلایەن دادگاوە فەرمانی گرتنی بۆ دەرکراوە.
دادگای باڵای تاوانەکانی ئێراقی لە دادگاییکردنی تۆمەتبارانی تاوانی گەلکوژی ئەنفالدا کە لە ساڵی ٢٠٠٨ دا دەستیپێکرد، تەنها چەند تاوانبارێکی دادگاییکرد، ئەوانیش سەدام حوسێن، عەلی حەسەن مەجید، سوڵتان هاشم، سابر عەبدولعەزیز و فەرحان موتەلگ بوون. سەدام حوسێن لەسەر کەیسی دوجەیل سزای کوشتنی بۆبڕایەوە و زوو کوشتیان، بەمجۆرە لەسەر تاوانی ئەنفال سزای بۆ نەبڕایەوە. هەروەها عەلی حەسەن مەجید کە لەدوای سەدام حوسێندا تاوانباری هەرە گەورە بوو ئەویش لەسەر تاوانی شەعبانیە سزای مردنی لەساڵی ٢٠١٠ دا بەسەردا سەپێندرا. سوڵتان هاشم کە چوار سزای مردنی لە سەر تاوانی گەلکوژی ئەنفال بۆ دەرکرابوو، بەهۆێ نکۆلی ئەنجومەنی سەرۆکایەتی بەسەرپەرشتی مام جەلال لە واژوکردنی سزاکە، سزاکەی مردنی لەسەر جێبەجێ نەکرا و لە زیندانێکی ناسریەدا لە ساڵی ٢٠٢٠ دا بە مردنی خۆی مرد. سەرۆکجاشەکان و زۆر لە تۆمەتبارەکان هەرگیز ڕاپێچی دادگا نەکران، ئەو تۆمەتبارانە لەلایەن دەسەڵاتی ناوەند و کوردیەوە پەنادران. دەسەڵاتی کوردی بەشبەحاڵی خۆی دژی دادگایی سەرۆکجاشەکان وەستایەوە لەگەڵ ئەوەی بەفەرمی لە ساڵی ٢٠١١ دا لە دادگای باڵای تاوانەکانەوە داوای ئەو تۆمەتبارانە کرا. هەروەها لەگەڵ ئەوەی کەسوکاری قوربانیان دەیان سکاڵایان لەسەر ئەو سەرۆکجاشانە تۆمارکردبوو، بۆنمونە ٤٧ کەیس لە دژی سەرۆکجاش عەباسی بالو ئاغا تۆمارکرابوو بەڵام لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە پارێزگاری لێکرا و ڕادەستی دادگا نەکرا. پارتی و یەکێتی لێبووردنەکەی ساڵی ١٩٩١یان کردۆتە بەڵگەی یا بیانووی ڕەتکردنەوەی دادگاییکردنی سەرۆکجاشەکان. بەبێ گوێدانە مافە یاسایەکان یا گەورەیی تاوان لە ئاستی تاوانی گەلکوژیدا.
جێگەی بیرخستنەوەیە سەرۆکجاش مەلا عوزێر لەساڵی ١٩٨٠ دا دەچێتەوە ناو ڕژێم و دەبێتە جاش، هەندێ دەڵێن مەلا عوزێر پیاوی ڕژێم بووە و بۆ سیخوڕی ڕەوانەی ناو پێشمەرگە کراوە و دواتر گەڕاوەتەوە ناو ڕژێم. مەلا عوزێر سەرەتا سەرۆکی مەفرەزەخاسە و دواتر سەرۆکی فەوجی ١٣٠ بووە، لەو ساتەوەی کە گەڕاوەتەوە ناو ڕژێم دەست دەکات بە ڕاوە پێشمەرگە بەتایبەتی ڕاوی پیشمەرگەکانی حزبی سۆسیالیستی کوردستان. مەلا عوزێر بارەگای لە قوشەتەپە هەبووە، هەروەها لەگەڕەکی مەنتکاوەی شاری هەولێر بارەگای جاشایەتی هەبوو، دەیان تاوان لە مێژووی جاشەیەتیدا ئەنجام دەدات و بێگومان یەکێ لە سەرۆک مەفرەزەخاسە هەرە دڕندەکانی شاری هەولێر بووە. تاوانەکانی زۆرن و نازاندرێ ژمارەی تاوانەکانی چەندن، زۆر لە کەسوکاری قوربانیان یا لەڕێگەی سولحی عەشایەری بێدەنگکراون یا بەبەرتیل ڕازیکراون، یا لەبەر مەترسی لەسەر ژیانیان ناوێرن دەنگ بکەن، یانیش لەناو یەکێتی و پارتی بەرژەوەندیان هەیە و بێدەنگیان هەڵبژاردووە. دەگوترێت دەوروبەری نزیکەی ٧٠ پێشمەرگە و ئەندامی حزبی سۆسیالیست لەیەن مەلا عوزێرەوە یا بەهۆی ئەوەوە لەناوچووین، ئەوجا یا ئەو گرتوونی و ڕادەستی کردوون و دواتر لەسێدارە دراون یا ڕاستەوخۆ لە بۆسەکانی ئەودا کە بەتایبەتی هەندێجار لەگەڵ معاون ئەحمەدی ئەمنی قوشتەپەدا لە دەشتی هەولێر دایدەنان کوژراون. ئەوە جگە لە قوربانیەکانی دیکەی دەستی ئەو.
لە ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ دا بەرەی کوردستانی لێبووردن بۆ جاشەکان دەردەکات، لەژێر ئەو بانگاشەیەی کە وابکات بەڵکو بەشداری یا هاوکاری خەڵک لە ڕاپەڕین لە دژی ڕژێمی بەعسدا بکەن. بەڵام لەراستیدا پارتە گەوەرەکان بەرژەوەندی خۆیان لەم هەنگاوەدا هەبوو. لە ڕاپەڕیندا هەندێ سەرۆکجاش هاوکاریان کرد بەڵام زۆریان نەیان کرد. لەڕاستیدا کە خەڵک ڕاپەڕین ئەو لێبووردنە نەشبایە هیچی لە بارەکە نەدەگۆڕی، چونکە زۆربەی چەکدارەکانی سەرۆک جاشەکان ڕاکردووی سەربازی بوون یا لە ناچاری چەکی جاشایەتیان هەڵگرتبوو، ئەوانە خۆیان سروشتی دژایەتی خەڵکیان نەدەکرد ئەگەر نەشهاتبانە ڕیزی گەل، هەندێ لەو چەکدارانە کۆنە پێشمەرگە بوون و لە دەرفەتێک دەگەڕان دژی ڕژێم بوەستنەوە. سەرکردەکانی بەرەی کوردستانی لە واقیعی بارەکە نەشارەزا بوون و ماوەیەک بوو لە شارەکانی ئێران کەوتبوون و دووربوون لە رووداوەکان. بۆنموونە لە خوارووی ئێراق خەڵک ڕاپەڕی و توانیان دامودەزگاکانی ڕژێم ڕاماڵن، هیچ سەرۆکجاشیش نەبوو “هاوکاریان” بکات. لەلایەکیتر دەکرێ ئەو لێبووردنەی بەرەی کوردستانی بە زیانبەخش لێکدرێتەوە، وەکو لانیکەم بووەهۆی پاراستنی سەرۆکجاشەکان لە سزای گەل (دەکرێ لەسەر ئەو بابەتە زیاتر بنوسرێت).
لە دوای ڕاپەڕین پارتەکانی کوردستان بەتایبەتی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکیتی نیشتیمانی کوردستان پیشبڕکێیان بوو لەسەر وەرگرتنی سەرۆکجاشەکان و پەنادانیان لە ڕق و تۆلەی کەسوکاری قوربانیان. حزبی سۆسیالیستی کوردستان ئەویش هەندێ لەو سەرۆک جاشانەی گرتەخۆی. پێشبڕکێی پارتی و یەکێتی لەسەر سەرۆکجاشەکان لەبەر بەرژەوەندی خەڵک و کوردستان نەبوو بەڵکو لەبەر بەرژەوەندی تایبەتی حزبەکانیان بوو، وەکو دواتر دەرکەوت بۆ چی بوو. لەوساوە هەرجارێ گوتن لەدادگایی سەرۆکجاشەکان دەکرێت هەردوو پارتی دەسەڵاتدار لێبووردنەکەی ساڵی ١٩٩١ دەهێننەوە بەرگوتن. ئاشکرایە بەرەی کوردستانی دامەزراوێکی یاسایی نەبوو بەڵکو بەرەی چەند پارتێکی بەرهەڵستکاربوو، ئەگەر ئەو دامەزراوە ناهەڵبژێردراوە لێبووردنیش دەرکات، لێبووردنەکە تەنها دەکرێ مافی گشتی ئەو پارتانە بگرێتەوە کە ئەوان لەڕێگەی ئەم لێبووردنەوە لێخۆشبوونی خۆیان ڕاگەیاندووە. بەڵام ئەوان ناتوانن لێبووردن لەجیاتی کەسوکاری قوربانیان دەرکەن، چونکە مافی کەسیی کەسوکاری قوربانیان مافێکە تەنها ئەوان خۆیان لێی بەرپرسیارن، لەلایەکیتر لێبوردن ناتوانی لە بوونی تاوانی دژبەمرۆڤایەتی یا گەلکوژیدا وابکات گەلی قوربانی لە تاوانباران خۆش بێت. هیچ دامەزراوێکی سیاسی توانای ئەوەی نییە لێبوردن بۆ تاوانبارانی گەلکوژی دەرکات. تەنانەت پەرلەمان ئەگەر ڕەواش بێت ئەو توانایەی نییە ئەو جۆرە لێبووردنە دەرکات، چونکە ئەو بابەتە چارەنوسسازە و پەیوەندی بە هەموو گەلەوە هەیە. بۆیە ڕەتکردنەی بەدادگاگەیاندنی سەرۆکجاشەکان سیاسیە و نایاساییە.
لەدوای ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ دا یەکێتی نیشتیمانی کوردستان مەلا عوزێر وەکو زۆر سەرۆکجاشیتر پەنا دەدا و دەگرێتەخۆی، یەکێتی موچەی باڵای بۆ دەبڕنەوە، دواتر بۆ وڵاتی هۆڵاند دەربازی دەکەن. مەلا عوزێر لە هۆڵاند دادەنیشێ و جار جارە دەگەڕێتەوە کوردستان و لەلایەن یەکێتیەوە دەپارێزرێت و پێشوازی گەرمی دەکرێت. دەگوترێت زەوی وەرگرتووە و خانووی گەورەی لەسایەی یەکێتیدا هەیە.
هەندێ لە تاوانەکانی مەلا عوزێر:
ئیبراهیم بەکر سۆفی محەمەد ناسراو بە ئیبراهیم شورتە لە ساڵی ١٩٧٧ ببووە پێشمەرگە کە ٣ کلاشینکۆفی ڕژێمی بەعسی لەگەڵ خۆیدا هێنابوو کە بووە پیشمەرگە، ئەوسا چەک زۆر کەم بوو و نرخی بۆ پێشمەرگە زۆر بوو، ئیبراهیم شورتە لە ڕێککەوتی ٢١/٤/١٩٨١ دا لە گوندی مورتکەی قوشتەپە بەدەستی مەلا عوزێر سەرۆکی مەفرەزە خاسە دەکوژرێت.
لە بۆسەیەکدا لە گوندی قۆپە قوڕان لە ساڵی ١٩٨٢ دا، سێ پێشمەرگەی حزبی سۆسیالیستی کوردستان دەکوژێت. (پێویستی بە پشتڕاستکردنەوە هەیە)
لە بۆسەیەکدا کە لە شەوی ١٥/١/١٩٨٣ لە دەشتی هەولێر کە لەگەڵ ئەمنی قوشتەپە بۆ پێشمەرگەکانی دەشتی هەولێری حزبی سۆسیالیست دایانابوو ١١ پیشمەرگە دەکوژن. ناوەکان: ڕەمەزان عەبدولڕەحمان، ڕەشاد بەردێنە، شێرزاد هەینی، ئەکرەم مەولود، موزەفەر عوسمان، نوری خورمەلە، ڕەمەزان ئەحمەد، ڕەحمان ئیسماعیل، سالم عومەر، ئیسماعیل نوەردین و ڕەحمان سەعید. تەرمەکانی پێشمەرگە هەمووی دەکەونە دەستی جاش و ئەمنەکان و دەیانبەن بۆ قوشتەپە. دەگوترێت ئەکرەم مەولود بەبرینداری گەیشتۆتە قوشتەپە، مەلا عوزێر لەوێ گولەبارانی دەکات.
لە ڕێکەوتی ٣١/٧/١٩٨٢دا بۆسەیەک بۆ کۆمەڵێ ئەندامی ڕێکخستنەکانی حزبی سۆسیالیست دادەنێ و ٩ کەسیان دەستگیر دەکات، لە نێویاندا ئەبوبەکر عومەر ڕەشید ناسراو بە دیار هەروەها نەجمەدین … کە دواتر لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە لە ڕێکەوتی ١٤/٤/١٩٨٥دا لەسێدارە دەدرێن. دیار بەرپرسێکی بەتوانا و باڵای ڕێکخستنەکانی سۆسیالیست بوو لە شاری هەولێر و دەوروبەریدا.
لە بۆسەیەکدا لە گوندی سابلاغی سەربە شارۆچکەی قوشتەپە لە ٢١/١٠/١٩٨٢ پێنج پێشمەرگەی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بەناوەکانی نادر سمایل (نالە قەشقەیی)، محەمەد غەفور ئەحمەد، عوسمان عەلی محەمەمەد، محەمەد مەحمود قادر و حەمید سەعید حەمەدئەمین دەکوژێت. نالە قەشقەیی فەرماندەیەکی ئازا و ناودار بوو. مەلا عوزێر بە شۆفرلێتەکەی تەرمئ کوژراوەکان بەبەرچاوی خەڵکی گوندی سۆربەش و مورتکەدا دەبات و ڕادەستی ڕژێمیان دەکات.
خالید عەزیز و حەمەدئەمین عەزیز کە دوو کوڕی عەزیز قەمبەر بوون و ڕاکردووی سەربازی بوون، لەلایەک کەسێکی سەربە مەلا عوزێرەوە ڕادەستی مەلا عوزێر دەکرێن، کە ئەویش وەکو دەستکەوتێک یەکسەر ڕادەستی دائیرەی ئەمنیان دەکات و دواتر لە سێدارە دەدرێن. (پێویستی بە پشتڕاستکردنەوە هەیە)
عەریف ئەکرەم پێشمەرگەی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە بۆسەیەکی هاوبەشی جاشەکانی مەلا عوزێر و هەندێ مەفرەزە و فەوجی دیکەدا لە نزیک گوندی کەردز لە ٢٨/٢/١٩٨٢ دا دەکوژرێت. (پێویستی بە پشتڕاستکردنەوە هەیە)
لە گوندی نێرگین ١٤ کەسی گرتووە و رادەستی ڕژێمی کردووە (پێویستی بە پشتڕاستکردنەوە هەیە).
بەگوتنی یەکێک لە کەسوکاری قوربانیان کەناوی خۆی ئاشکرانەکردووە، برایەک و دوو مامی ئەو کەسە کە خەڵکی گوندی نێرەگینن لە دوای ئەنفالدا لەلایەن مەلا عوزێرەوە ڕادەستی ڕژێم کراون و دواتر گولەبارانکراون.
مەلا عوزێر وەکو هەر سەرۆک جاشێکی دیکە بەشداری تاوانی گەلکوژی ئەنفالی کردووە، چەند جار و لە کوێ و کوێ زانیاری تەواوم نییە، بەڵام بەپێی زانیاریەکان لەگەڵ جاشەکانی مامەند قەشقە (یەکێ لەو سەرۆکجاشانەی کە پارتی گرتیەخۆی و پەنایدا) لە ئەنفالی گوندەکانی بەستی شەرغەی دەشتی هەولێر وەکو سێگرتکان و نێرگین یا دەشتی کۆیە بەشداری کردووە، خەڵکیان کوشتووە یا گرتووە و ڕادەستکردووە.
لە ٧/٥/١٩٨٨ دا لەهەڵەمەتێکدا لە شارۆچکەی قوشتەپەدا مەلا عوزێر و جاشەکانی ٥٤ کەس دەستگیر دەکەن، هەندێکیان ڕاکردووی سەربازی دەبن. مەلا عوزێر خۆی هەندێ لەوانە ڕادەست دەکات. لە گیراوەکان ١٢ ئازاد دەکرێن، ١٢ دەنێرنەوە بۆ سەربازگەکانیان، ئەوانیتر فەرمانی کوشتنیان بەسەردا دەسەپێندرێت و گولەباران دەکرێن.
ئەوانەی ئاماژەمان بۆ کردن بەشێکن لە تاوانەکانی مەلا عوزێر، بێگومان تاوانی دیکەش هەن کە ئێمە زانیاریمان لەسەریان نیە. بۆیە گومان لەوەدا نییە کە ئەو تاوانبارە و دەبێ بدرێتە دادگا.
مەلا عوزێر لە کوردستان نییە تاکو دەسەلاتی کوردی بتوانن بیپارێزن، ئەو لە وڵاتی هۆڵاند دەژی، کەیسی لەسەر هەیە و پۆلیسی هۆڵاندی دەزانن ئەو تۆمەتباری تاوانی گەلکوژیە، بەڵام پۆلیس پێویستی بە شایەدحاڵ و دەکومێنتی کۆنکریتی هەیە تاکو بتوانێ کەیسی لەسەر دروستکەن. کەسوکاری قوربانیان دەتوانن چاڵاکانە سکاڵاکانیان پێشکەش بە پۆلیسی هۆڵاندی بکەن، یا شایەدەکان دەتوانن شایەدی لەسەر تاوانەکانی بدەن.
لەنێو هەموو گەلێکدا تاوانباران دەدرێنە دادگا، ئەو تاوانبارانەی کە لەڕیزی ڕژێمدا بوون و تاوانی دیار و گەورەیان ئەنجامداوە بەپێی یاسای تاوان دژ بە مرۆڤایەتی و گەلکوژی دەگیرێن و ڕادەستی دادگا دەکرێن، بەپێی یاسا دادگاییدەکرێن و سزای خۆیان وەردەگرن. تاوانی واگەورە کۆن نابێت و هەمووکات دەکرێ تاوانبار ڕاپێچی دادگا بکرێت. بۆنمونە لەسەر تاوانی گەلکوژی هۆلۆکۆست کە لە کاتی جەنگی جیهانی دووەمدا لەلایەن نازیەکانەوە دژ بە جووەکان ئەنجامدرا، لە هاوینی ٢٠١٥ دا دادگایەکی ئەلمانی لە شاری لونەبۆرگ کۆنە نازیستێکی ئەڵمانی بەناوی ئۆسکار گرۆنینگ تەمەن ٩٤ ساڵەی بە چوار ساڵ سزادا، ئەو کەسی نەکوشتبوو، تاوانی ئەو ئەوەبوو شمەکی وەکو پارە، سەعات، چاویلکە و شتیتری زیندانیەکانی کۆدەکردەوە. دوای نزیکەی ٧٣ ساڵ لەدوای تاوانکە سزای دادوەرانەی بەسەردا سەپێندرا. ئەم ساڵ تاوانبارێکی دیکە دۆزرایەوە بەناوی برونۆ دێی کە لەکاتی تاوانەکەدا پاسەوانی زیندان بووە و ئەوسا تەمەنی ١٧ ساڵ بووە، دوای ٧٥ ساڵ درایە دادگا و دادگای هامبۆرگ سزای دوو ساڵ زیندانی بۆ بڕیەوە.
لە باشوری کوردستاندا لەسایەی دەسەڵاتی یەکێتی و پارتیدا بەپێچەوانەی هەموو گەلانی جیهان، سەرۆکجاشە تاوانبارەکان پەنادران، قەڵە و بەهێزکران، پێگە و دەسەڵاتیان زۆر لەوە بەرزتر و زیاترە کە لەسەردەمی ڕژێمی بەعسدا هەیانبوو. خەڵکی باشوری کوردستان دەبێ لەچاوەڕوانیدابن تاکو ئەو ڕۆژەی خەڵکی باشوریش وەکو گەلانیتر دەبنە خاوەنی دەسەڵاتی نیشتیمانی ڕەوا و تاوانباران ڕاپێچی دادگا دەکەن. ئەوە ئەمڕۆ خەونە بەڵام دەکرێ بێتەدی.

تێبینی: هەندێ لە زانیاریەکان سەبارەت بە تاوانەکانی مەلا عوزێر بەپێی سەرچاوەی بڵاوکراوە کە لە خوارەوە داندراون نوسراون. دەکرێ زانیاریەکان تەواو نەبن. ئەگەر زانیاری گونجاوتان لەسەر ڕووداوەکان هەیە ئاگادارم بکەنەوە، سوپاستان دەکەم.

————————————————–

سەرچاوەکان:

وێکپیدیا: ئیبراهیم ئەحمەد سۆفی ناسراو بە ئیبراهیم شورتە
https://www.kurdipedia.org/default.aspx?q=20141005101458116586&lng=12;

ئەحمەد عەبدولعەزیز عەبدولکەریم زەمان، کوردۆپێدیا
https://www.kurdipedia.org/default.aspx?q=20150609203011121533&lng=14

یەکێتی ئەگەر دەیەوێ دڵسۆزی خۆی بۆ خەلکی کوردستان بسەڵمێنی با مەلا عوزێر بداتە دادگا
https://www.kurdistanpost.nu/?mod=news&id=48443

تاوانبار بە ژینۆساید، بەڵام سەربەست لە هولەند
http://www.derbendixan.net/kurdish/item_detail.php?id=391#.XyXDzCgzbIU

پیاوێکی کۆمەڵکوژ لە هۆڵەندا سەربەست کرا
https://www.kurdistanpost.nu/?mod=news&id=77393&skeyword=%D9%85%DB%95%D9%84%D8%A7+%D8%B9%D9%88%D8%B2%DB%8E%D8%B1

مام ئۆمەر پیشمەرگەیەکی دێرین، “دەستخۆش بۆ دەسەلاتی کوردی کە دەیان تاوانباری وەک مەلا عوزێر و قاسم ئاغا لەژێر دەسەڵاتی خۆیدا ئەحەوێنێتەوە”
https://www.kurdistanpost.nu/?mod=news&id=63983&skeyword=%D9%85%DB%95%D9%84%D8%A7+%D8%B9%D9%88%D8%B2%DB%8E%D8%B1

Former Nazi Guard Is Convicted in One of Germany’s Last Holocaust Trials
https://www.nytimes.com/2020/07/23/world/europe/holocaust-trial-nazi-guard-germany.html

Oskar Groening, ‘Bookkeeper of Auschwitz,’ convicted of war crimes, dies at 96
https://www.washingtonpost.com/local/obituaries/oskar-groening-bookkeeper-of-auschwitz-convicted-of-war-crimes-dies-at-96/2018/03/13/49517c5a-26ce-11e8-b79d-f3d931db7f68_story.html

شاخەوان شۆرش
٢/٨/٢٠٢٠




کتێبی شیعرەکانی پاول سیلان … و: رزگار شێخانی

پـێـشـەکی
دوو ساڵی ڕێک لەدوای کۆتاییهاتنی جەنگی یەکەمی جیهانیدا، پاول سیلان، Paul Celan بە پاشناوی Anczel لە ٢٣/١١ -١٩٢٠ لە شاری شێرنیڤتسی، کە ئەودەم شارێکی ڕۆمانیایی بوو و ئێستا شارێکی ئوکراینایە، لە دایکوباوکێکی جووی ئەڵمانیزمان لە دایک بوو. لەدوای شەڕی نێوان ڕووس و تورکدا لە کۆتایی سەتەی هەژدە، نەمسا شارەکەی داگیر کرد. لەدوای جەنگی یەکەمی جیهانیش شارەکە بوو بە بەشێک لە ڕۆمانیا. لە دوای شەڕی دووەمی جیهانیشەوە بوو بە بەشێک لە یەکێتیی سوڤیێت و هەتا ساڵی ١٩٩١ ئوکراینا سەربەخۆیی ڕاگەیاند و بوو بە بەشێک لەو. لەگەڵ هەر داگیرکردنێکیشدا ناوی شارەکە گۆڕاوە. هەر لە کۆنەوە شێرنیڤتسی شارێکی فرەنەتەوە و فرەکولتوورە. هەتا پێش جەنگی دووەمی جیهانی، هەموویان بێ هیچ کێشەیەکی ئایینی و کولتووریی، بە یەکەوە دەژیان. کە شەڕ هەڵگیرسا هەموو شتێک تێک چوو.
ساڵی ١٩٤١، دوای ئەوەی سوپای ئەڵمانیای نازی و ڕۆمانی شاری شێرنیڤتسی‌ـیان داگیر کرد، گێتۆیەکیان لە شارەکە دروست کرد و تێیدا جووەکانیان کۆ کردەوە. لە حوزەیرانی ١٩٤٢ هەڵمەتێکی زۆر گەورەی گواستنەوەی جووەکان بۆ ئۆردوگای زیندانیی بە کۆمەڵ دەستی پێ کرد. ئەوانەی کە گواسترانەوە، دایکوباوکی پاول سیلان‌ـیشیان تێدا بوو. سیلان توانی خۆی بشارێتەوە، دواتر دەگیرێت و دەیبەنە ئۆردوگایەکی سوغرەکردن. لەوێ بە خواردنی کەم و کاری گرانەوە، ١٩ مانگ سوغرەی پێ دەکەن. لەوێ بوو هەواڵی مەرگی دایکوباوکی پێ گەیشت. دایکیان کوشتبوو و باوکیشی بە نەخۆشی مردبوو. سیلان لە ئوردوگاکە ڕادەکات و دەچێتە ناو سوپای سووری سۆڤیێتی و لەناویدا وەک خزمەتگوزاری تەندروستی کاری کرد. کە ساڵی ١٩٤٤ سوپای سوور شارەکەی ئازاد کرد، سیلان توانی بگەڕێتەوە شارەکەی خۆی و دەست بە خوێندنی بکاتەوە. هاوڕێکانی باسی گۆڕانێکی گەورە و بنەڕەتییان لای سیلان دەکرد؛ پەند و چیرۆکی بە زمانی جیدیش دەگێڕایەوە و باسی جوانیی زمانی عیبری دەکرد، ئەو زمانەی جاران بە لایەوە گرنگ نەبوو. هەر لەو سەردەمیشەوە دەستی بە خوێندنەوەی ئایینی جوو و چاسیدیزم کرد.
کە ساڵی ١٩٤٥ جەنگ کۆتایی هات، سیلان چووە بوخارست، لەوێ لە دەزگەیەکی چاپ و بڵاوکردنەوە، وەک هەڵسەنگێنەری کتێب و وەرگێڕ خۆی دەژیاند. یەکەم شیعری لە ساڵی ١٩٤٧ لە گۆڤاری (ئەگورە)دا بڵاو کردەوە. لەم یەکەم بڵاوکردنەوەیەدا، پاشناوی خۆی گۆڕی، دوو حەرفی سەرەتای Anczelـی هەڵگرت و لە کۆتایی ناوەکەی دانا، کردی بە Celan و بەمەیش ناوێکی شاعیری بۆ خۆی مسۆگەر کرد. لە ئایاری هەمان ساڵدا، گۆڤارێکی ڕۆمانی، بە تەرجەمەی ڕۆمانی، شیعری (تانگۆی مەرگ)ی بڵاو کردەوە، دواتر ناوی شیعرەکەی گۆڕی بۆ (فوگەی مەرگ)، کە بە بەناوبانگترین شیعری سیلان دادەنرێ. ئەورووپای دوای جەنگ، ئەورووپایەکی وێرانە بوو. ڕاونراوەکان و ئەوانەی لە قڕکردنی بە کۆمەڵ ڕزگاریان بووبوو، بێماڵ و سەرگەردان دەسووڕانەوە. هەر ئەو کاتە بوو، سیلان لە وڵاتی خۆیدا هەستی بە دڵنیایی نەدەکرد و بڕیاری دا پەڕاگەندەی وڵاتان ببێ.
لەنێوان ساڵی ١٩٤٧- ١٩٤٨دا ماوەیەکی کەم لە ڤییەنا بوو. ئەودەم لەوێ یەکەم دیوانی: (لمی گۆزەڵەکان Der Sand aus den Urnen) بڵاو کردەوە. کە چەند هێڵکارییەکی سووریالیشی تێدا بوو. لەوێ یەکەمجار شیعری (فوگەی مەرگ)ی لە پیشانگەیەکی سووریالییەکاندا خوێندەوە. هەر ئەودەمیش پێوەندیی خۆشەویستی لەگەڵ ئینگێبێرگ باخمان‌ــدا بەست، باخمان لە نەمسا لە دایک بووبوو. باوکی ئەندامێکی چالاکی نازییەکان بوو، سیلان‌ـیش پەناهەندەیەکی جووی ڕوومانیا بوو. باخمان دوای ئەوەی لە چەند زانکۆیەک دەروونناسی و قانوونی خوێندبوو، لە ڤییەنا دەژیا، لەوێ بەشی فەلسەفەی دەخوێند و خەریکی نووسینی دکتۆرانامەکەی بوو لەسەر هایدگەر و هەر لە ڕێگەی ئەویشەوە سیلان ئاشنای فیکری هایدگەر دەبێت، دەست بە خوێندنەوەی بەرهەمانی دەکات و ئاشنای فیکری دەبێ. پاشان سیلان چووە پاریس و لەوێ ژیا، بەڵام بە نامە پێوەندیی لەگەڵ ئینگێبێرگ باخمان هەر هەبوو. هاوکات لەگەڵ کارکردن لە گارگە و وەرگێڕاندا، زمانی ئەڵمانی و زانستی ئەدەبی دەخوێند. پاشان وەک مامۆستای ئەدەب کاری دەکرد. ساڵی ١٩٥٢ لەگەڵ ژنە هونەرمەندی فەرەنسی، گیسێل لێسترانژ بوون بە ژنومێرد و دوو کوڕیان بوو. لە کۆتاییەکانی ساڵانی شەستدا، لەیەکدی جودابوونەوە.
سیلان لە ئابی ١٩٤٨، تازە هاتبووە پاریس. شیعر دەتوانێ چی لەبارەی ئەم دۆخەی زەمەنەوە بڵێ؟ یان چۆن سیلان، وەک ڕزگاربوویەک بتوانێ ئەم ئەزموونە بە هۆی زمانەوە بنووسێتەوە؟ ئەو توانی لە هەشت دیواندا ئەمە بکا. ساڵانی پەنجاکان خۆی لە پاریس و دیوانەکانیشی لە ئەڵمانیا بڵاو دەکرێنەوە. ناوەندە ئەدەبییەکانی ئەڵمانیا وەک شاعیرێکی زۆر گەورە پێشوازی لێ دەکەن و خەڵاتی دەکەن. پێوەندیی دۆستایەتی لەگەڵ هایدگەر دروست دەبێ و لە ماوەی نزیکەی بیست ساڵدا بە نامە پێوەندییەکی گەرمیان لەگەڵ یەکدی دەبێ.
کتێبیان بۆ یەکدی دەنارد و لەبارەی شیعر و فەلسەفەوە گفتوگۆیان دەکرد. وردەوردە ئەم پێوەندییەی سیلان و هایدگەر ساردیی تێکەوت. سیلان بە بەرهەمەکانی ئەو سەرسام بوو، بەڵام پڕ ڕق بوو لە لایەنگریی ئەم بیرمەندە گەورەیەی ئەڵمانی لە نازییەکان. هایدگەر قەت لای سیلان ڕەخنەی لە ڕابووردووی خۆی نەگرت، یان پەشیمانیی خۆی پیشان بدا.
لە ٢٤ تەمووزی ١٩٦٧ لە شاری فریبێرگ گەورەترین بیرمەندی سەردەم پێشوازی لە گەورەترین شاعیری سەردەم دەکات. فەیلەسوفەکە ناوی هایدگەر بوو، شاعیرەکەیش پاول سیلان بوو. هایدگەر ڕابووردوویەکی نازیی هەبوو، مامۆستایەکی نازیی زانکۆ بوو، ١٢ ساڵ ئەندامی حیزبی نازی بوو. سیلان‌ـیش جوویەکی ڕزگاربووی بەردەستی نازییەکان بوو. دایکوباوکی بە دەستی ئەوان کوژرابوون. ئەوان دوو کەسی ڕابووردوو تەواو پێچەوانەی یەکدی بوون، بەڵام تێگەیشتن لە فەلسەفە و شیعر بە یەکەوەی دەبەستنەوە.
سیلان داوەتکراوە لە پاریسەوە بێت و لە هۆلێ زانکۆی فریبێرگ، هەمان زانکۆی تییدا هایدگەر کاری دەکرد، شیعر بخوێنێتەوە. ئەودەم چەند ساڵێک بوو، سیلان باری دەروونی تەواو نەبوو. ئەو کاتیش سیلان لە نەخۆشخانەیەکی دەروونی لە پاریس بوو و بە مۆڵەت هاتبووە دەرەوە. زێتر لە هەزار کەس هاتوون و هایدگەریش لە ڕیزی پێشەوە دانیشتووە. لەم کۆڕەدابوو دۆخەکە گرژی تێکەوت. سیلان بە شێوەیەکی ڕەق گوتی نامەوێ وێنە لەگەڵ هایدگەر بگرم.
دوای خوێندنەوەی شیعرەکان، هایدگەر ڕووی لە سیلان کرد و گوتی کە حەز دەکات داوەتی خانووی هاوینەی خۆی لە توتناوبێرگ بکا و لەوێ پیاسە بکەن و گفتوگۆ بکەن. سیلان بە داواکەی ڕازی بوو. ڕۆژی دوایی، ٢٥ـی تەمووز بە ئوتومبیل دەچنە ئەوێ. ئەم سەفەرەی ئەوان زۆر گفتوگۆی لەبارەوە کراوە، زۆر کەس پێیوایە، دوای ئەم سەفەرە سیلان لە هایدگەر هەناسەسارد و بێهوا بووە. ئەوان دەگەنە خانووی هاوینەی هایدگەر لە توتناوبێرگ، کە بیرێکی ئەستێرەیی تێدابوو، ئاوی بیرەکە دەخۆنەوە و دەچنە ژوورەوە. سیلان لە دەفتەری میواناندا دەنووسێ – ”بۆ ناو دەفتەری میوانان بە نیگا لەسەر ئەستێرەی بیرەکە، بە هیوای هاتنی وشەیەک لەناو دڵەوە. ٢٥ـی تەمووزی ١٩٦٧. پاول سیلان.”
ئەوان لەم دەشتودەرە بەدەم پیاسەکردنەوە لەبارەی زۆر شتەوە دەدوێن. سیلان چاوەڕوانی ڕوونکردنەوە بوو لە هایدگەر، کە بۆ لایەنگری سەرسەختی نازییەکان بوو، بەڵام هایدگەر هیچی نەگوت و لەم بارەیەوە نوتقی لێوە نەهات. سیلان زۆر لێی بێهیوا بوو. لە گەڕانەوەیاندا بەرەو فریبێرگ، لەناو ئوتومبیل سیلان ڕوونتر لەگەڵ هایدگەر دەدوێ. لەمبارەیەوە لە نامەیەکدا بۆ گێسل‌ـی ژنی نووسیویەتی – هایدگەر نەیدەتوانی قەڵەم بەدەستەوە بگریت و هۆشیاری لەبارەی نازیزمەوە بدا؟
سیلان لە فریبێرگ‌ــەوە دەگەڕێتەوە نەخۆشخانەی دەروونی لە پاریس. شیعرێکی زۆر کورت بە ناوی (توتناوبێرگ)ـەوە دەنووسێ. ئایا ئەمە بێهیوایی ئەو بوو لە هایدگەر؟ لە شێعرەکەدا ئەو وشانەی کە لە دەفتەری میواناندا نووسی، هەیە: – ”وشەی لە دڵەوە هاتووی بیرمەندێک”.
ئەمە دوا یەکدیبینینیان نەبوو. هاوینی ساڵی دواتر، سیلان دەگەڕێتەوە فریبێرگ و لەگەڵ هایدگەر بەناو دەشت و چیاکاندا بە پێ دەگەڕێن. بەڵام لەبارەی ئەم سەفەرەوە هیچ زانیارییەک نییە. ئەوان دووجاری تریش یەکتریان بینی. کە سەرەتای ساڵی ١٩٧٠ بۆ دواجار یەکتریان بینی، سیلان باری دەروونی تەوا تێک چووبوو، زۆر لە هایدگەر تووڕە بوو و بەسەریدا هاواری کرد. هایدگەر گوتی: ”نەخۆشە – بێچارەیە”.
شیعرەکانی سیلان، پێوەستیی ژیان و ئەو ئەزموونانەی خۆیەتی لە سەردەمی شەڕدا– زیان، ڕاکردن، پەناهەندەیی و تاسەی ئەو کەس و شتانەی نەیبینینەوە، بەڵام باسی عەشقیش دەکەن. ئەندامی ئەکادیمیای سوێدی پرۆفیسۆر ئەندێرس ئولسۆن، کە هەم شیعرەکانی تەرجەمەی سوێدی کردووە، هەم بەردەوامیش لێکوڵینەوەی زانستی لەبارەیانەوە دەنووسێ. ئەو کاتەی بە ئەندامی ئەکادیمیای سوێدی هەڵبژێردرا، لە وەڵامی پرسیارێکی ڕۆژنامەوانێکدا گوتی: ”بۆ نموونە زۆر پێم گوناهە خەڵاتی نوبێل نەبەخشرا بە توماس بێرنرهارد. یان پاول سیلان”. ئەو لە پێشەکیی تەرجەمەی (شیعرە ڕۆمانییەکان)دا بۆ سوێدی، نووسیویەتی: ”بێگومان سیلان نەک تەنیا میراتی تازەگەریی بە زماننوێکردنەوەی بوێر گواستووەتەوە، ئەو بە شێوازێکی بێهاوتا شیعری کردووە بە ساختومانێکی شاهێدیی لەبارەی ئەزمووی توندوتیژیی، عەشق و پەناهەندەییەوە لە مێژووی سەتەی بیستی ئەورووپادا”.
سیلان بەهرەی فێربوونی زمانی هەبوو، ئەڵمانی، عیبری، ڕۆمانی، فەرەنسی و ئینگلیزی دەزانی. ئەڵمانی زمانی دایک بوو، هەر زوو لە دایکوباوکییەوە فێر بوو. ئەو هەر بە ئەڵمانیش دەینووسی و دژی جووتزمانی بوو – »تەنیا بە زمانی دایک مرۆڤ دەتوانێت ڕاستیی خۆی دەرببڕێت، بە زمانێکی بێگانە شاعیر درۆ دەکات.« ئەگەرچی ئەڵمانی زمانی جەللاد بوو، بەڵام سیلان باوەڕی وا بوو، کە دەبێ تەنیا بە ئەڵمانی بنووسێ. بەڵام لە بەرهەمەکانیدا ماوەیەک حاڵەتی شاز هەیە. ئەو کاتەی چووە بوخارست و لەوێ ژیا، نزیکەی چل پەخشان و شیعری نووسی، هەندێکیان بە شێوازی سووریالی، شازدە لەم تێکستانەیش بە ڕۆمانی نووسراون و بە شیعرە ڕۆمانییەکانی ئەو ناسراون. پاشان گەڕایەوە سەر زمانی ئەڵمانی. لەوێ لە بوخارست بوو، ناودارترین شیعری ”فوگەی مەرگ” بە ئەڵمانی نووسی، تەرجەمەی ڕۆمانی کرا و لە ئایاری ساڵی ١٩٤٧ لە گۆڤارێک کە لە بوخارست دەردەچوو بە ڕۆمانی، بڵاو کرایەوە.
سیلان هونەرمەندیێکی زمانەوانی بوو و بەوە ناسرابوو، وشەی نوێی دادەهێنا، کە لە زمانی ئاخافتندا نەبوون. ئەو بە ئەڵمانی دەینووسی، ئەگەرچی زمانی نازییە تاوانکارەکانیش بوو. بۆ ئەوەی بتوانێ بە ئەڵمانی شیعر بنووسێ، هەستی کرد پێویستی بە دۆزینەوەی زمانێکی تایبەت بە خۆی لەناو زمانی ئەڵمانیدا هەیە، – زمان لەناو زماندا. بۆ ئەوەی پێیەوە بتوانێ باسی قڕکردنی جووەکان و ئەو هەموو تاوانانەی نازییەکان لە سەردەمی شەڕدا کردیان، بکا.
”فوگەی مەرگ” Todesfuge/Dödsfuga شیعرێکی زۆر ناوداری ”پاول سیلان”ـە. لەنێوان ساڵی ١٩٤٤/١٩٤٥ نووسراوە. یەکەمجار ساڵی ١٩٤٧ تەرجەمەی ڕۆمانی کرا و بە ناوی ”تانگۆی مەرگ” بڵاو کرایەوە. ساڵی دواتر لە یەکەم دیوانیدا، بە ئەڵمانی بڵاو کرایەوە. خاسییەت و پێکهاتەی شیعرەکە وەک سەدا و تەبەقەی جودای مۆسیقا، فرەدەنگییە. فوگە Fuga وشەیەکی لاتینییە و واژەیەکی تیۆری مۆسیقایە، ئاماژەیە بۆ ئەو هەموو دەنگ و سەدا جودایانەی ژێ و ئامێری مۆسیقا، کە دووبارە دەبنەوە. شیعرەکە باسی ڕووداوی واقیعیی قڕکردنی جووەکان دەکات لە سەردەمی شەڕی دووەمی جیهانیدا. ئەوسا نازییەکان لە زۆر ئۆردوگا، لە کاتی کوشتن و سووتاندنی جووەکاندا ناچاریان دەکردن گۆڕ بۆ خۆیان هەڵبکەنن و هاوکات بەشێکیشیان ناچار دەکران مۆسیقا بژەنن. بەم جۆرە مۆسیقایەیش دەگوترا ”تانگۆی مەرگ”.
لە شیعرەکەیشدا دەنگ و سەدا و بابەت دەگوڕێ. ”ئێمە”ی زیندانی هەیە، کە بەشیکیان مۆسیقا دەژەنن و هاوکاتیش بەشێکیان گۆڕی خۆیان هەڵدەکەن. ”جەللاد”یش هەیە، کە نامە بۆ ”مارگەریتا”ی خۆشەویستی دەنووسێت و فەرمان بە بەندکراوەکان دەکات گۆڕی خۆیان هەڵبکەنن. ”سولامیت”ــیش، ئەو کچەیە کە حەزرەتی سولەیمان ئاشقی بوو و لە ”غەزەلی غەزەلان/ گۆرانیی گۆرانیان”؛دا، بە شیعر عەشقی خۆی بۆ دەربڕیوە. لەوێ لە شیعری ژمارە ٦، کۆپڵەی ١٢ ناوی هاتووە. وەک دەبینین، شیعره‌کانی پاول سیلان له‌ تراژیدیایەکه‌وه‌ هه‌ڵقوڵاون، که‌ ئاسه‌واری به‌سه‌ر ئه‌ده‌بی ئه‌ورووپایی دوای شه‌ڕه‌وه‌ هه‌یه‌.
تیۆدۆر ئەدۆرنۆی فەیلەسوف (١٩٠٣ – ١٩٦٩) پێیوابوو – بەربەرییە لەدوای ئاوشویتس شیعر بنووسرێ. ئەمە تێگەیشتنێکی ڕاستە، چونکە سەختە بە هۆی نووسینەوە، یان تەنانەت گێڕانەوەیش، تەواو لە نەهامەتییەکانی شەڕ نزیک ببینەوە. بەڵام ئەم تێگەیشتنەیش ڕاستە کاتێ وەرگری خەڵاتی نوبێل، ئێمرێ کەرتێز (١٩٢٩ – ٢٠١٦) ئەم گوتەیەی ئەوی هەڵگەڕاندەوە و گوتی: – ”لەدوای ئاوشویتس مرۆڤ دەتوانێ شیعر تەنیا لەبارەی ئاوشویتسەوە بنووسێ”.
لێرەدا کە ناوی ”ئاوشویتس” دەهێنێ، مەبەست کات و شوێنێکی دیاریکراو نییە، مەبەست هەموو ئەورووپا و سەردەمی شەڕە، کە تێیدا بە شێوەیەکی سیستێماتیک جووەکانیان قڕ دەکرد. ئایا زمان توانای هەیە وێنەی ڕووداوەکان بکێشێ، وەسفی هەستی کوژراوەکان و بکوژەکان بکا؟ ئەگەر وەڵام نەخێر بێ، ئەدی چۆن بتوانین لە نەهامەتییەکانی ئەو سەردەم تێبگەین؟
بۆ ئەم مەبەستە، سیلان شێوازی تایبەت بە خۆی دۆزییەوە. هەر بەڕاستی وەک دەگوترێ زمانی ئەڵمانی تێکشکاند و زمانێکی تایبەت بە خۆی داهێنا، کە پڕە لە کۆد و وشەی نهێنی، تەنانەت حەرف و خاڵبەندەکانیش ئەرکیان هەیە. ئەم شێوازە زۆر سەختەی سیلانە، وا دەکات تێگەیشتن و تەرجەمەکردنی زۆر سەخت بێ. هەم لێکۆڵەر و هەم وەرگێڕ تووشی شیکردنەوەی هەڵە و وەرگێڕانی هەڵە ببن. باشە هەر لە ئێستاوە ئەوە بڵێم، کە- ئەم وەرگێڕانەی من، هەوڵێکە بۆ نزیکبوونەوە لە جیهانی سیلان، نەک چوونەناو جیهانەکەوە.
ئەوجا بۆ ئەوەی لە مێتودی نووسین و جیهانی سیلان نزیک ببینەوە، هەڵە نییە ئەگەر بە ڕێگەیەکی تردا بڕۆین، بچین مێتودێکی تەواو پێچەوانەی ئەو بدۆزینەوە. مێتودێک کە جیاوازییەکەی وەک جیاوازیی نێوان شەو و ڕۆژ و ڕەش و سپی بێ. ئەم مێتودە جودایەیش، شاعیری ئەمریکایی چارلس ڕیزنیکۆف (١٨٩٤ – ١٩٧٦) لە کۆتایی ژیانیدا دۆزییەوە، کە تەواو پێچەوانەی مێتودی نووسینی سیلانە و ئەو خۆی بە (مێتودی دەستکاریکردن) ناوی دەبا. مێتودێکە دەتوانرێ پێیەوە بە زمانێکی ئاسان، باسی بابەتی ئاڵۆز و سەخت بکرێ و زۆر لێیان نزیک ببێتەوە. ئەو هات بۆ شیعرنووسین و زۆر نزیکبوونەوە لە ڕووداوەکانی قڕکردن، سوودی لە بەڵگەنامە و پرۆتۆکۆلی گوتەی شاهێدەکانی دادگەی نورنبێرگ وەرگرت. هێڵی بەژێر ئەو دێڕ و وشانەدا دەکێشا، کە بۆ شیعر دەگونجێن و هاوکاتیش وێنەیەکی واقیعیی نەهامەتییەکانیان دەکێشا. ئەو هات و ئەم ماتریالانەی کردووە بە شیعر و ساڵی ١٩٧٥ لە دیوانێکدا بە ناوی (قڕکردن/ Holocaust) بڵاوی کردەوە.
مێتودەکەی ئەو خۆی لەم پێنج خاڵەدا چڕ کردووەتەوە:

  1. هەموو ئەو دێڕانەی جوان دیارن بنووسەوە.
  2. ورد سەرنج لە هەموو وشەکان بدە و وشە لاتینییەکان و هی ناپێویست دەربهێنە.
  3. ورد سەرنج لە مانای هەموو ڕستەکان لە ڕیزبەندی دیاریاندا بدە.
  4. ورد سەرنج لە ڕیتمی هەموو دێڕەکان بدە.
  5. پاشان بەوردی دەستکاریی بکە.
    چارلس ڕیزنیکۆف پێیوایە، شاهێدەکانی دادگە ڕووداوەکان وەک خۆیان دەگێڕنەوە و ئەمەیش ماتریالەکە زۆر گونجاو دەکات، چونکە بەم شێوەیە خوێنەر هەتا دەکرێ لە ڕەوتی ڕووداوەکان نزیک دەبێتەوە. ئەم دوو کۆپلە شیعرە، نموونەن لە شیعرەکانی.

”لەناکاو سێیان هەڵبژارد
سێ جووی ڕیشن
کە پیاوی سێیەمیان هەڵبژارد
کوڕەکەی گوتی: لە باوکم گەڕێن
من دێمە شوێنی ئەو
من ببەن!
ئەو س س‌ـەی باوکی ئەوی هەڵبژاردبوو گوتی:
”تۆیش وەرە!”
گوللە بە پشتەملی هەر چواریانەوە نرا:
گوللەکان لە نێواچەوانیانەوە دەرچوون.”

”ئەڵمانییەکەی کە خوشکی ئەوی کوشتبوو
ڕووی لەو کرد و
پرسی: ”لەپێشان کامتان بکوژم؟”
ئەو دەستەکانی کچە بچووکەکەی گرتبوو و وەڵامی نەدایەوە؛
ئەو بینی چۆن ئەڵمانییەکە منداڵەکەی لێ سەند
منداڵەکە قیژاندی و کوژرا.”

لە بەرسێبەری قڕکردنی جووەکاندا، سیلان زمانێکی بۆ ئەو شتانە دۆزییەوە، کە ناوهێنانیان سەختە. میکایل ڤان ڕێیس لە لێکۆڵینەوەکەیدا- دوا شاعیر. گوتارێک لەبارەی خۆڵەمێشی پاول سیلان‌ـەوە، کە بە سوێدی نووسراوە، باسی ئەوە دەکات چۆن سیلان لە شیعرەکانیدا بە وشە و حەرف، وشەی نهێنی بۆ ڕووداوە مێژووییەکان دۆزیوەتەوە. ئەو لە سەرەتای کتێبەکەیدا دەپرسێ ”شیعر چییە؟” و لە کۆتایی کتێبەکەیدا وەڵام دەداتەوە و دەڵێ: -”شیعر، بە دڵنیاییەوە زیاتر ئەوەیە تۆ ناتوانی پێشبینی بکەیت. /…/ شیعر لە دەرەوەی زانینەوە دەپەیڤێ، بەڵام هێندە بەهێز دەدوێ تۆ پەلهاویشتنی ئەوەتە کە هەمیشە بتەوەێ بزانیت”.
پاول سیلان لە شیعرێکدا دەڵێ:
(خۆڵەمێش.
خۆڵەمێش، خۆڵەمێش.
شەو.
شەو-و – شەو. – بڕۆ
لای چاوەکە، لای شێدارەکە.)
خۆڵەمێش، ئەم وشە بۆرە دڵتەنگکەرەیە، (بە ئەڵمانی Asche) کە جار لەدوای جار لێرە و لە زۆر شیعری تردا دووبارە دەبێتەوە، ئاماژەیەکی دیارە بۆ قڕکردنی جووەکان. ئەمە ئەم تاوانە گەورەیەیە، کە زمان توانای دەربڕینی نییە و ناتوانرێ وەسفی بکات.
وشەی خۆڵەمێش بە ئەڵمانی ”Asche” و پاشناوی سیلان‌ــیش Antschel بەر لە جێگۆڕینی هەردوو حەرفی An، لەنێوانیاندا لە ڕووی فۆنێتیکەوە – (ئەشێ – ئەنشێڵ) لەیەکچوونێکی سەیر هەیە. ڕەنگە ئەمە هۆیەک بێ لە جێگۆڕکێی دوو حەرفی پاشناوی.
ئەدی چاسیزم چۆن لە شیعرەکانی ئەم شاعیرەدا دیارە؟ شیکەرەوەی وا هەیە پێیوایە کە سیلان لە هەمان بناغەی چیرۆکی چاسیزمەوە شیعری نووسیوە. هی وایش هەیە جەخت لەوە دەکاتەوە کە هێمای نەریتی جووی تێدایە. سیلان خۆی لەم بارەیەوە هۆشیاریی لە بەستنەوەی شیعرەکانی بە ئایینی جوو، یان قەدەری جووەکانەوە داوە، هاوکات لەبارەی پێویستیی هەبوونی زانیاریی وردی پێشوەختە لای خوێنەر بۆ تێگەیشتن لە شیعرەکانی، زۆرجار گوتویەتی – زانیاری لەبارەی ئایینی جوو، یان چاسیزم لای خوێنەر گرنگن.
ئەو ناخۆشی و دەمەقاڵییەی لەسەر شیعری (فوگەی مەرگ) لەنێوان پاول سیلان و ئیمانوێل وایسگلاس (١٩٢٠ – ١٩٧٩) دروست بوو و ڕۆژنامەکانیش ڕۆڵی خراپیان لە تەشەنەکردنیدا هەبوو، پاول سیلان‌ــی زۆر دڵتەنگ و خەمبار کرد. ئیمانوێل وایسگلاس، ئەویش وەک سیلان، شاعیرێکی جووی ئەڵمانیزمانی ڕۆمانیا بوو. هاوڕێی قوتابخانە بوون. ئیمانوێل وایسگلاس شیعری (ئەو ER)ی نووسیبوو، بابەت و چەند دێڕێکی شیعری (فوگەی مەرگ)ی سیلان‌ــیش وەک ئەو بوو. دوای ئەوەی کە ئاشکرا بوو، شیعرەکەی ئیمانوێل پێش (فوگەی مەرگ)ی سیلان نووسراوە، زۆر کەس سیلان‌ــیان بەوە تاوانبار کرد، کە لەوی وەرگرتووە. بەڵام ئیمانوێل هەرگیز سیلان‌ــی هاوڕێی دێرینی بەوە تاوانبار نەکرد، بەپێچەوانەوە، ئەو زۆر سەرسام بوو بە توانای سیلان. ڕاستییش ئەوەیە، کە سیلان هەرگیز لەوی وەرنەگرتبوو. هەندێ کەسیش پێیان وایە، خۆکوشتنەکەی سیلان تا ڕادەیەک پێوەندی بەم مەسەلەیەوە هەیە.
سیلان بە شیعرەکانی ئەو بۆچوونەی فەیلەسوفی ئەڵمانی، تیۆدۆر ئادۆرنۆی بەتاڵ کردەوە، کە گوتبووی: – ”بەربەرییە لەدوای ئاوشویتس شیعر بنووسرێ”. ئاوشویتس گەورەترین ئۆردوگای زیندانی و لەناوبردنی جووەکان بوو. ئەو پێیوابوو، تەنانەت شیعریش ئەو توانایەی نییە، باسی مێژووی خوێناویی سەردەمی جەنگ و قڕکردنی جووەکان بکات. پاول سیلان ئەم تێگەیشتنەی پێ هەڵە بوو، ئەو پێیوابوو – لەدوای ئاوشویتس، چۆن شیعر بنووسرێ؟
لەدوای شه‌ڕی دووەمی جیهانیدا، کۆمه‌ڵێک نووسه‌ری جوو، ئه‌و کاره‌ساته‌ی به‌سه‌ریاندا هات، نه‌یانده‌توانی فه‌رامۆشی بکه‌ن. زینده‌خه‌ونێک بوو، له‌ کاتی به‌ئاگاییاندا. ئەوان به‌رگه‌ی ئه‌م ئازاره‌ ده‌روونییه‌یان نه‌گرت و خۆیان کوشت. پاول سیلان‌ــیش وا بوو، نه‌یده‌توانی ڕابوردووی خۆی فه‌رامۆش بکات. تا وای لێ هات باری ده‌روونی شێوا. چەند ساڵێک بەر لە مردنی، بە تەنیا و بێ خێزان و هـاوڕێ دەژیا. باری دەروونی باش نـەبوو، کـەوتبووە ناو حوزن و خـەمۆکییەکی گەورەوە. دوا شیعرەکانیشی لە دۆخێکی وادا نووسیون. لە کۆتاییدا حوزن و خەمۆکی بەسەریدا زاڵ دەبن و ژیانی لێ دەستێننەوە.
شـەوی ٢٠ـی نیسانی ١٩٧٠، لە مـاڵەکەی، لەسـەر شـەقـامی ٦، ئێمیل زۆڵا لە پاریس، دەچێتە دەرەوە. چەند ڕۆژێک پێشتر، دەبوو لەگەڵ ئێریک‌ــی کـوڕە مێرمنداڵەکەی، چـووبان نمایشی شـانۆنـامەی– لە چاوەڕانیی گۆدۆدا-ـی بێکت ببینن، بەڵام نەچووبوون. کاتێک ژنی پێشووی، گیسێـل دەچێتە ماڵەکەی، ئەڵقە و سەعاتی دەستی پاول سیلان لەسەر مێزی ژووری نووستن دەبینێ. ئەمە نیشانەیەکی ڕوونی ماڵئاوایی بوو، کە پێشتر بە ئەوی گوتبوو. سیلان ئەو شەوە خۆی هەڵدابووە ناو ڕووباری سێن و خنکابوو. دوای هەفتەیەک تەرمەکەیان دۆزییەوە.
ئەمڕۆ پاول سیلان بە شاعیرێکی زۆر گرنگی ئەڵمانیزمانی دوای شەڕی دووەمی جیهانی سەرنجی لێ دەدرێ و ئه‌ده‌بناسه‌کان به‌ یه‌کێک له‌ شاعیره‌ گه‌وره‌کانی ئه‌ڵمانیزمانی دوای شه‌ڕی دووه‌می جیهانی داده‌نێن.

ڕزگار شێخانی
ستۆکهۆلم، تەمووزی ٢٠٢٠




دە هەزار شوێنپێ بەشێک لە شیعرەکانی (کو ئون) … بەکر ئەحمەد

بەر لەخوێندنەوەی ئەم شیعرانە، ئەم پێشەکییە کورتە پێویستە.
(کو ئون) بە یەکێك لە دەنگە گەورەکانی شیعری جیهانی و کۆریای باشوور لەقەلەمدەدرێت و هەموو ساڵێک لە لیستی ئەو ناوانەدایە کە بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ئەدەبی نۆبڵ دەپاڵێورێت.

سالانی دەسەلاتدارێتی سەربازی (چونگ دوو هوانس) (١٩٧٩ تا ١٩٨٨) لە کۆریای باشوور، ئەو زەمەنەیە کە دەبێتە خاڵی وەرچەرخان لە نووسینی (کو ئون)دا. لەم ساڵانەدا بوو کە ئەو لە زینداندا بەلێنە گرنگەکەی خۆی رادەگەێنێ:”گەر ئازاد بم، مەرج بێت شیعر بۆ هەموو ئەو کەسانە بنووسم کە بینیوومن یان دەیانبینم). لە ساڵی ١٩٨٢دا کون بەر لێبووردنی گشتی دەکەوێت و ئەم پەیمانە دەکەوێتە فازی جێبەجێکردنەوە. دەرئەنجامەکەی ٣٠ کتێبی گەورەی شیعرییە لە ژیر ناونیشنای(مانینبو)، یان ١٠ هەزار شوێنپێ.
هێڵێکی بینراو کە بە ناو شیعرەکانی (١٠ هەزار شوێنپێ)دا هەستی پێدەکرێت، تۆمارکردنی ئەو تاقیکردنەوە بێدەنگانەیەیە کە تراجید کۆمێکی لێدەتکێ، گێرانەوەی ئەو حەکایەتە بچکووکانەیە کە زۆر جار خۆی دەپێچێتەوە لە چیرۆکە گەورەکانی ئینسانەوە.
سەرنجراکێش نییە کە ئەم شاکارە گەورەیە بە شیعری داپیرە (سام مان) دەستپێدەکات کە داپیرە گەورەی دێیە و هوونەری گێرانەوە زیندوو رادەگرێت.

وەختێک مرد، وا دەزانرا ئەو لە گێرانەوە بەردەوامە
ئاخر ئەو بە مردوویش دەمێ هێشتا کراوە بوو
چەند هەوڵیاندا دەمی داخەن، دیسان دەمی دەکرایەوە.

کو ئون لە شوێنێکدا دەنووسی:” لە زەمەنی کۆلۆنیالیزمدا، ئێمە تەنها لە شەودا دەمانتوانی بە زمانی خۆمان بپەیڤین. ئێمە لە رێگای بە چپەدوانەوە بە کۆریایی گوێبیستی ئاخاوتنی دایک و باوکمان دەبووین.”
چەند ساڵێکی ژیان وەک راهیبێکی بوزی و لە دەستدانی زمانی دایک بەو شێوەیەی کە کوئون لە منداڵیدا دووچاری دەبێت، شیعری کون وا لێدەکات کە بە کەمترین وشە و بە دیقەتێکی وردەوە زۆرترین مانا بدرکێنێ.
شیعری کو ئون بە شیعری بەرهەڵستکاریی بێدەنگ وشیعری لەپەراوێزدا بووندا دەناسرێتەوە. ئەم بیست شیعرەی کە لێرەدا دەیخوێننەوە، بەشێکی کەمی شیعرەکانی (١٠ هەزار شوێنپێ)یە.
ئەم شیعرانە لە لایەن (کارۆلین هێرمێلین) و ( ئینگا هیرزێگ هان)ەوە وەرگێردراوەتە سەر زمانی سویدی.
Ko Un Maninbo Tiotusen Fotspår Atlantis 2018

سا هاێنگ

لە کەناری چەمی (میجیی)
ماسیگرێک راوەستابوو
ئەو، (ساهاینگ)ی لۆق درێژ بوو کە خەریکی تۆڕهەڵدان بوو
لەوبەرەوە، (چیل سۆنگ)ی کور، بەهەڵەداوان گەیشتە جێ
“باوە، باوە!
دایکم مرد، ئەو بە چاوی کراوەوە گیانی دەرچوو”
ئەو هێند دوور بوو، دەنگی نەگەیشتە ئەمبەر.

لەبەینیاندا، شەپۆلەکان ئارام ئارام
بەڵام خۆیان، بۆ هەمیشە لە یەک جودا.

باوک

بۆ یەک تۆزیش گرنگ نەبوو چەند هیلاک بوو
کاتێک بە رێگەدا دەرۆی، لە رووباردا دەپەرییەوە
بەسەر هەموو (نائیپۆ)دا رێی تەیدەکرد
لە بازاڕی (تایچۆن)ەوە تا دەگەییە بازارەکانی (ئیسان) ، (سۆسان)
ئەو چەندەها خەونی هەبوو
وەختێ کە باران دەباری
دەستەکانی بۆ دڵۆپەکان بەرز رادەگرت
بە تاسەوە دەیووت: ئایجو*، ئایجو
پێخۆشحالم بە بینینیت.

  • ئایجو لە زمانی کۆریدا بۆ دەربڕینێکی پڕ هەست و سۆزی ناخەکی بەکاردەبرێ.

(دۆ سۆنگ)ی مارگر

(دۆنگ سۆنگ) لە گوندی (پانگ جونک) بوو
ئەو مارگربوو
ئەو هەمیشە ماری دەگرت، کەوڵی دەکرد، سوێری دەکرد
دواتریش بە کەیفەوە دەیخوارد
ئێمە ئەومان پێ سامناک بوو، بۆیە زوو لێیهەلدەهاتین
ئەو بۆهەر شوێنێ بڕۆشتایە
بە بینینی،
زەردە مار و گەزەمار و هەموو جۆرە مارێکی دی، لە شوێنی خۆیان وشک دەبوون
بەرلەوەی دارعەسا تیژ و نووکدارەکەی لێیان بگرێ
مارەکان گشتیان گیرابوون.
ئێمە گشتمان لە ڕیگای ئەو لاماندەدا
دەترساین نەک بێتە خەومان
کەچی سەرباری هەر هەمووی، چ دڵپاک بوو
ئەگەر کەسێک لە ماڵێکدا بمردایە، چی کاری قورسی ناو ماڵ بوو
(دۆ سۆنگ) دەیکرد
ئەو دەیناڵاند و دەگریا
لەو رۆژەیشی، قوربانی بۆ مردوو دەکرا
لە سێ رۆژەی دوای ناشتندا، لەوێش ئەو عەزای خۆی دەگرت
ئەو مارگر بوو، بەلام چ دڵێکی هەبوو

(چۆڵگۆنگ)ی دەربەندی (ئۆکجۆنگ)

کە (چۆلگۆنگ) لە دەربەندی (ئۆکۆجۆنگ)دا
یان لەوبەر چیای (یۆنگ تۆل ری)دا
یان لە دەربەندەکەی خۆرئاوا، بە بێ ترپە و بە ئەسپایی
دەهات ، دەچوو
خەڵک بە گاڵتەوە دەیانووت: ئەها شێتە کەوتۆتە رێ!
بەڵام (چۆڵکۆنگ) خەمی نەبوو، وەک هەمیشە پێدەکەنی
لەو شەوە تاریکانەیشی گووڵە سپییەکانی کالیباس
تاریکی سپی دەکردەوە، (چۆلکۆنگ) بۆ خۆی پێدەکەنی
بەس ئەو ڕۆژەی کە پۆلیسە ژاپۆنییەکە
بە قەمچی بەربووەگیانی باوکی (کیل موو) و تا لێواری مردن بردی
ئەوە تەنها ئەو رۆژە بوو، (چۆلکۆنگ) تیایدا پێنەکەنی.

پەنجەی (جای هاک)
(جای هاک) هاوڕێی نزیکی باوک بوو
باوک، (جای هاک) و (کیۆنگ سۆپ)ی ئامۆزا
سوێندیان بۆ یەکدی خواردبوو کە وەک برای شیری وابن.

دەساڵ دواتر، (کیۆنگ سۆپ) مرد و
باوکیشی گەلێک نەخۆش بوو
(جای هاک) پەنجەی خۆی بۆ بڕیی وخوێنی خۆیشی وەکو دەرمان
دایە باوکی
کە (جای هاک) دەهات بۆ سەردان
لە دوورەوە، بە رلەوەی نزیک بێتەوە،
نەک یەک کەرەت، چەندین جار هاواری دەکرد: برای گەورە!
ئەوساکە باوک کە خەریکی قوڕشێلان بوو
بە قاچی قوڕاویەوە و دەمووچاوی پڕلە خەندە
رایدەکردە پیشوازی و دەیوت: برالە ، ئەمە تۆی!
توانای (جای هاک) لە دروستکردنی عارەقدا
لە ناوچەکانی (کونسان) و (ئوکوگو)دا لەسەر زاربوو.
کارگەکانی عەرەقخانە بە پەرۆشبوون ئەویان هەبێ
بەلام ئەو زۆر وەفاداربوو
قەت نەیدەویست ، ژوورەکانی پشتەوەی عەرەقخانەی (مێیجی) بە جێبهێڵێ
(جای هاک) دەیووت: گەر من بڕۆم، برایەتیمان زەربە دەخوا
ئەو کاتێک بە شیوازی خۆی، بە دەستی چوار پەنجەیەوە
کەوچکی لە تێکەلەکە دەدا،
تامی شەرابی برنج و عەرەقەکەیش، لەسەر زار قەت لانەدەچوو
کاتێک باری سێ چوار کارتۆن شەرابی برنج بۆ کێڵگەیەکی دی دەنێردرا
ڕادەوەستا و سەیری دەکرد
وەک ئەوەی بەشیک لە جەرگی خۆی لێکەنەوە
ئێوارەیەک کاتێک لێزمەی باران دایکرد
وەک وەی دونیا سەرەوژوور بێت
(جای هاک) بە هەلەداوان هات و
هاواری کرد: برا گەورە، برا گەورە!
لە مەودوا من مەشروبی بەهێز دروستناکەم
ئەوانەی شەرابەکەی منیان خواردبووەوە
ببوە شەریان
(هۆنگ سۆنگ دۆک)ی دێی (ۆندان ری)
بە چەقۆی (پاک کوانا سو) کوژرا
ئەوان هەر هێندەی مەست بووببون ، بەچەقۆ لەیەک بەرببوون

(پۆنگ تای)

من و تۆ کێبڕکێمان بوو، کێمان باشترین قوتابی پۆل بێ
تۆ لە ماڵی خانەدانێکەوە هاتبووی
هەمیشە جلکی جوانت بوو
پێنج قۆپچەکان، چەندە پاکبوون
هەموو رۆژێ، هێلکەیەکی سپی کوڵاو
لە زەمبیلەی خواردنەکەتدا کە تێکەڵێ لە جۆ و برنجی تێدا بوو
تۆ هچ فیزت نەدەزانی
ئێمە مەرەزەیەکمان هەبوو بە تەنیشت ئەوی ئیوەوە
رۆژیک وتت: با هاوڕێ بین!
ئەوەت وت و نانبرنجی وشکت دامێ
بەڵام (پۆنگ تای)!
یەکەمجار باوکت مرد
کاتێک سوورەکان بەرەو دوا و بەرە و باکوور کشانەوە
خەڵکی هاتن و تۆیان لە کۆلاندا کێشکرد
لە ئەشکەوتێ، لە چیای (هاڵمی)، لەوێ مردی
بەدەست سەربازێکی ڕەشپێستی یوئێن کوژرای
شەوێکی مانگەشەو بوو
لە ئەشکەوتێکی تاریکدا
ئای (پۆنگ تای)!
من نەمتوانی ڕزگارت کەم
تۆ ئەوسا حەڤدە ساڵان بووی
منیش هەروا.

گڵخۆرکە

ئەو تەمەنی شەش ساڵێکە و ئەستێرەکانیش دەژمێرێ
ئێوارەکان زۆر دڵگیرن
رۆژەکانیش گەلەک گران
باپیرە چووە بۆ کێڵگە
باوک لەسەر مەرەزەیە
مەرەزەی کەسانی دیکەش
بە رۆژ، لە دوای تاوێ باران
لە ژێر داری گوێسوانەدا، لەگەڵ کرمی گڵخۆرکەدا وازی دەکا
ئاوا منداڵێکی شەش ساڵ، (دۆ سووپی) ئوقرەنەگرتوو
ئیواران چاوەڕواندەکا

(پائێک)ی بێوەژنی خەلکی (هادمۆک ری)

(کیم کی هو)، بەلەموانێکی (هادمووک) بوولە دوورگەی (چیجوو)
بە بەلەمێکی ماسییەوە
لەگەڵ مامە (جۆنگ هۆنگی)دا چووە دەریا
رووبەڕووی زریان بوونەوە، بەلەم بەملاو لادا دەچوو
بەڵام قەت نەگەرانەوە
(پائیک)ی ژنی (کیم کی هو)، ژنە مەلەوانەکانی هاوڕیی کۆکردەوە
بەشوێن تەرمی پیاوەکاندا کەوتنە گەران
ماوەی هەشت رۆژ، لەو دەریا فراوانەدا ، شوێنێ نەما نەیپشکنن
بە بێ هوودە
راهیبێکیان بانگ کرد نوێژ بۆ پاشای ئەژدیها بکات
بە بێ هوودە
(پائێک) کە ببووە بێوەژن هێشتا بیست و پێنج سالان بوو
خۆی تەواو خاوێن کردەوە و خۆی بۆ نێو قووڵایی دەریا هەڵدا
لە نێوانی دوو گابەردا ، لاشەی مێردەکەی دۆزیەوە
یان وەک دەڵێن ئەوەی کە لە لاشە دەچوو
ماسی بە گازشیواندبووی
ئەو هاتە دەر، تەرمەکە لە باوەشیدا و
دواتر، بێ ئەوەی کات بدا بە پرسە گرتن
ئەوی مابوو کفنی کرد و خستیە تابووتێ سنەوبەر
لە شوێنێکی موڵکەکەیدا و لە جێێ بەرز، تەنها ناشتی
هەموو سەرلەبەیانییەک
لەبەردەم گۆردا دەوەستا
ئەمە و ئەوەی بۆ باسدەکرد کە دەبوایە بە ڕۆژ بکرێ
ئێوارانیش دەچووە سەر گۆڕ تا بەووردی ئەوە باس کا
چی فریا کەوتبوو بیکا
دواتریش دەگەرایەوە ماڵ تا چاوی لە کوڕەکەی بێت
(پایک) لە ژیانی رازی بوو
لە جیاتی مێرد، ئەو ژیانی دا بە کوڕەکەی.
ئێوارانیش کاتێ ئاوی دەریا دەکشایەوە
سەیری شکانی شەپۆلی دەریای دەکرد
کاتێ دەگەیشتنە کەنار
لە شەپۆلەکان و دەنگیاندا، گوێی لە دەنگی مێردەکەی بوو

گۆریک لە کەرەستەی کارکردن

نزیک رووباری (مانکیۆنگ)،
دەریا سەری کردو گردە خوێکانی ڕاماڵی
پیرە (سو گیل)ی دەهۆلکوت
چوو بوو بۆ خوێ هێنانەوە
رووبار لەو شوێنەی خولدەخوا، لوولی کردوو و
جیا لە تەنها تاکێ پێڵاو، لاشەکەشیان نەدۆزیەوە.
برا گەورە و خوشکانی شووکردووی (سوگیل)
باسییان کردو بڕیاریان دا یادەکێلێکی بۆ بکەن
تەشوێ و تەورداس وشەنەکەی (سوگیل)ی پیری تێبخەن
لە گۆڕستانەکەی باپیران، (سوگیل)ە پیریان ئاوها ناشت
قەبرێ بۆ سندوقی شتەکان
لەبەر هەر هۆکارێک بووبێ، هیچ منداڵێکی گووندەکە
خۆی لە قەرەی گۆڕ نەدەدا
سەبەب چی بێ ، ئەم قەبرە درۆینەیە، تۆقێنەر بوو.
کێ دەکرێ بە خەیاڵیا بێ
سێ ساڵ دواتر، (سو گیل)ی پیر گەڕایەوە
براکانی هەموو تۆقین، دەیانزانی جندۆکەیە
کاتێک سوگیل بۆ چەند جارێک هاواری کرد:
منم خۆمم، جنۆکە نیم.
ئەوسا ئیتر، هەموو لە ئامێزیان گرت و تێر تێر گریان
ئەمە خەونە، سوپاس دەژی! وایان دەووت.
ئەو ڕووبار تا قولایی دەریا رایماڵی بوو
دەستی گەیبووە تەختەیەک
ئەوەش رزگاری کردبوو
شەپۆلەکان تا کەنارەکانی (چیلسان)، تا ناو دەریایان بردوو
لەوێ کەشتییەک بینی بووی
دەریاوانەکان دەیانووت: چوون ئێمە رزگارمان کردی،
دەبێ پاداشتمان بەیتەوە و کارمان بۆ بکەی
ئەو سێ ساڵە، ئەو چیشتلێنەری کەشتی بوو
لە نزیکی (پۆپسانگ پۆ)دا، رۆژێک توانی بوو هەڵبێت و
زرپ و زیندوو هاتبووەوە ماڵ
(سوگیل)ی پیر گۆرەکەی هەلدابوویەوە و
سندووقەکەی دەرهێنابوو.
دەسکی تازەی بۆ کەرەستەکان کردبوو
کاتێ یەکێکیانی لە زەوی تووند کرد
ئەو وتبووی: ئێوە زیندوو و منیش زیندوو
وەک هەمیشە، گەلێک کار ماوە تا بکرێ.

شەش پەنجە

لە تەمەنی سی ساڵیدا، شەش پەنجە هێشتا بێ ژنە
پەنجەیەکی زیادی هەیە، تا بتوانێ زیاترکار کا
دەستی ڕاستی، هەمیشە بەخشندەترە
ئەو هەروا لەدایک بووە و ئەم پەنجەیە، دەستەوستانی نەکردووە
شەش پەنجە بەو دەستەیەوە، جانتای شان و
زەمبیلە زۆر وەستایەنە دەچنێتەوە
دوای نۆشینی پەرداخێ شەرابی برنج، کەمێک مەزە
بە بێدەنگی دادەنیشێ
هەردوو قاچی درێژکردەکا
دنیا لەسەر سەر وەستا بێ یان لەسەر قاچ
وەختێ شەقاوەیەک دێت وبە بێ چرپە
خۆی لێ نزیک دەکاتەوە و بە دەنگێ زل
خوازیاری تۆقاندنییەتی
ئارام ئارام، شەش پەنجە بۆ خۆی هەر دەچنێ
دواتر دەڵێ: بە هیچ جۆرێک نامتۆقێنی
وەرە بخۆ!
ئەو بە نیگای داوەتی پەتاتەی دەکا،
پەتاتەی سارد، هینی دوێنێ
باوکی (شای بۆنگ)، بە ڕێزەوە:
کونجی دڵی بوودای گەرەک چۆنە،
شەش پەنجە بۆ ئێمە وایە.
ئەو وا دەڵێ
بەلام دەکرێ باوکی (شای بۆنگ)
یەکێ لەو دوو کچەکەی خۆی باتێ؟
بێگوومان نا.
ئەو بۆ وا بکات؟
خەرمانی زۆر وبووداکان، بەس هەر وشەن.

جۆگەلە بچکۆلەکە

وەرە و سەیری ئەم جۆگەلە بچووکە بکە
ئاوەکەی چەندە ئاشنایە وەکو نەنە و وەکو پوورێ
کە سەختی ژیانیان دیوە
بەڵام ئا ئەمە درۆیە!
کارەکەرە وردیلەکەی ناوچەی (چاینامس)
کاتێک بە ئیشی (گاسێمی)
گەیشتبووە لای جۆگەکە
ئەو کەوتبووە ناوی و خنکابوو
منداڵێکی بێ ناو
منداڵێکی بێ دایک باوک
ئەو هەمیشە ، خاوەنماڵ چاوی لەسەربوو
بۆیەش شوێنێکی دی نەبوو تا ڕووی تێ بکاو تێر تێر بگری
ئەم مندالە، قەت بە دڵی خۆی نەگریابوو
سەیری ئەم جۆگەلەیە بکە!
ئەویش لەم منداڵە دەچێ
ئاوی جۆگەش کە مندالەکەی تیا خنکا
ئەویش لەم منداڵە دەچێ.

سەرچاوە بچکۆلەکە

گەر (یونگ تون) بێ چاوگی خۆی بێ؟
نەدەکرا ببێ بە دێ
بەفر بێ وچان دەبارێ
دەبارێتە ناو قوڵایی ئاوی ڕەشی ئەم چاوەیە
لەوێش بێدەنگ دەتوێتەوە.
ئەم ئارامییە چەندە قوڵە.
کاتێ هاوسەرەکەی (یانگ سو) دێتە دەر تا بچێ ئاو بێنێ
ئەو لە ناو بەفردا داپۆشراو
گۆزەی ئاوەکەی دادەنێ
یەک سەتڵ ئاو هەڵدەکێشێ و بیری دەچێ بیکاتە ناو گۆزەکەوە
پرووشەبەفرەکان دەبینێ چۆن لە سەتلەکەدا دەمرن.
ئارامییەک قوڵ

نزرگەی رۆحە پیرۆزەکان

گەر بخوازی، کەسێ سەفەرێکی خۆش کا
دەبێ بەردێ بگریتە نزرگەی رۆحە پیرۆزەکان
ئەمە شتێک نەبوو کەس لە باوکەوە فێری بێ
وەک مندالێکی سێ ساڵە، تۆ واتدەکرد
وەختێ بەردێ دەگیرایە شوێنی رۆحە پیرۆزەکان
دوعایەک لەو کەسە دەکرێ تۆ چارەت لە چارەی نایە
بەو نیازەی ، کارێکی باش نەیەتە رێی
بەلام ئینسان دوعا ناکا کەسێ بمرێ، ئەمە ئیتر سنوورێکە ونابەزێنرێ
تووڕەیی جوتیارەکان، ناکرێ لەوە زیاتر بڕوا.
بەلام کاتی داگیرکردنی ژاپۆنییەکان، لە دوارۆژەکانی شەردا
وەختێ سکەکان برسی بوون،
خەلک جگە بێئومێدی چی دی نەبوو
ئیتر زۆر جار لەو کاتەدا کە بەرد دەگیرایە شوێنی رۆحە پیرۆزەکان
ئینسان بێ ترس دوعای دەکرد: مناڵی کەسێکی دەوڵەمەند بمرێ!
یان باوکی کەسێ دەوڵەمەند، بەیانییەکی خۆشی نەبێ!
بۆیەش بەردی کەلەکەبووی نزرگەی رۆحە پیرۆزەکان
بەرز و بەرزتر دەبوویەوە
هاوسەرەکەی( پاک تان کون)یش دەچووە ماڵی دەولەمەندان
دەچووە ئەوێ و حەکایەتی ئەو نوێژانەی دەگێراوە.
(سونگ دۆ)ی هەژار کە نوێژێک ودوعایەکی وای خوێند بوو
بانگکرابوەوە باخچەی ماڵی (کانیۆکاس)ی زۆر دەوڵەمەند
کارەکەرو و(تارۆ)ی کورە گەورەکەی کانیۆکاس
بە گۆپاڵ تێرلیان دابوو.
زۆری نەبرد
لە جیاتی بەرد بگرێتە نزرگەی رۆحە پیرۆزەکان
(سو دونگ) لە شەوێکی دێردا، بەردی گرتە ماڵەکەی( کانیۆکاس )
ئەو لەجیاتی بەرد هەلبات و دوعا بکات
وەک جنۆکە بەردی گرتە گەلا برنجی سەر دەرگای
ژووری نووستنی کابراوە.
بەلام دەستبەجێ گرتیان و خرایە زیندان
بۆ مانگێک لە زینداندا بوو
کە هاتە دەر، ئەو بۆ هەمیشە دەگریا.
سەگەکانیش دەوەرین

وانگ ساناک

کاتێ قامکی لەسەر تاڵی کۆمۆنگۆنسەکە نەرم دانا
قوڵنگێکی رەش سەماکەر، هات و فڕی
کۆگۆریۆ میللەتێکی جەنگاوەر بوون
هەر لەوێش بوو، کۆمۆنگۆسژەنێ بێ بە وەزیر
وەزیری ژێردەسەلاتی مەلیک کوانگکاێت
ئەو بە تۆنی کومۆنگۆکەی، ببووە پاشای ئەم مەملەکەتە گەورە یە
سەدان ئاوازی دانابوو
کاتێ مەملەکەت گەشەی کرد، مۆسیقای کومۆنگۆش هەروا
بێگوومان ئەم مۆسیقایە پەریەوە بۆ چین، بۆ ولاتی جین،
بۆ پائێکجێ لە باشوور
بەسەر دەریادا بۆ ژاپۆن
دەڵێن قوڵنگ بەسەماوە بە دوای تۆنی کۆمۆنگۆکەدا فڕیوە
لە باکووردا ، وانگ ساناک
لە باشووردا، ووروک
گوومان نییە، ئەم موزیکە لە خولقاندنی دەنگی زیندوو و
تەنانەت دەنگی مردووشدا، لەسەر زەوی دەووری هەبووە.

داوەڵ

لە پایزدا، داوەڵەکە لە میوان دەچێ
لە زستاندا لە سواڵکەرێک
نا
وەختێ سەرژمێری گووندەکان دەکەی،
دەبێ داوەڵەکانیش بژمێری!

جنۆکە

تا تەمەنی دەسالیشم، لە بەینی مەرگ و ژیاندا هاتووچۆم بوو
لەو ماوەدا، من زەعیف و پیریش بووبووم.
وەختێ چاوانم دەچووە خەو، نیوەشەوان، جنۆکەیەک دەهاتە لام
بەدەم ئارەقکردنەوە دەمقیژان
باوکم هەلدەسا، بە ڕووتی و بە پەلە دەچووە دەر
داسی سەردیوارەکەی دادەگرت: گەر بێتەوە، من بەم داسە بۆت دەکووژم.
ئەو شەوانەی جنۆکەکە
بەملاو ئەولادا دەگەرا چەند درێژ بوون
تا تەمەنی دەساڵیشم ، من جنۆکە ڕاویدەنام
گزنگی بەیانییەکی دیکە، گژو گیاو دارو سەوزایی و
گردە رووناکەکانی شوینە دوورەکانی ئەوبەریش
ترسیان نەدەرەواندمەوە
ئەوەی جنۆکەکەی لێدەرهێنام
تەنها ئەوە بوو کە وایکرد ئیتر چیدی برسی نەبم
کاتێک توانیم لە رۆژێکدا سێ ژەم بخۆم
بۆ منێک کە بە هۆی کرمەوە نەخۆش بووم
ئەو کرمانەی لە سکمدا خۆیان لوولدابوو
بەڵام ئاخر جنۆکە چییە؟
من دەزانم، برسێتییە
من دەزانم

ئۆکایای خانمی کۆشک
لە ژێر دەسەلاتی بنەماڵەی (ئی)دا
ژنەکانی کۆشک دەبوایە دەستداخراو وبەرزکراوە بۆ لای چاویان
لە حاڵەتی ملکەچکردندا بخەوتنایە
وەک ئەوەی چەمابنەوە
ئاخر ئەگەر پاشا هەموو عومری بۆ یەک جاریش
بێتە دەر و خۆی پیشانبات
دەبوایە ژنانی کۆشکیش
بەرزە پێ هەڵبسنە سەرپێ و هەردوو دەست تووندداخراو تا لای برۆ
چ ڕێسایەکە، پێم ناڵێن.
لە ژێر دەسەلاتی بنەماڵەی (کۆرۆی)دا
هەمان بارودۆخیان هەبوو
گەر پاشا کوڕی نەبوایە
پیاوانێکی زرپ و کەتەیان هەڵدەبژارد
تا لە ژنانی کۆشکیان جووتکەن و سکیان پڕبێ
بەلام لەو هەموو منداڵە، دانەیەکیان لێهەڵدەبژارد
دایکان، باوکان، هەموو مندالەکانی دی، گشت دەکوژران
بەلام (ئوکیا)ی خانمی کۆشک
لە هەلومەرجێکی واهیدا، کچێکی بوو وتوانیشی کە رزگاری بێ
وەک هاولاتییەک، خۆیی و کچەکەی، دوور لە چاوەکانی کۆشک
سادە ژیا.
ماوەی نێوان دەسەلاتی بنەماڵەی (کۆریۆ) و(ئی) دا
بەخت و ناوچاومان وای دێنا
یەک لە هەزار
یەک لە سەد ملیۆنێکدا

باپیرە
(چووی هۆنگ کوانگ)ی باوکی دایکم
هیند درێژ بوو، شەپقە گەورە و درێژەکەی دەگەییە بنمیچی ماڵ و
دەیدا لە هێلانەی چۆلەکەکان
ئەو هەمیشە پێدەکەنی
ئەگەر نەنکم شتێکی بدایە بە کەسێ تا کو بیخوا
باپیرە بوو لە هەمووان زیاتر پێی دڵشاد بێ
ئەگەر نەنکم، ڕەقتر لەگەڵیا بدوایە
ئەو بۆ خۆی هەر پێدەکەنی و گوێی نە دەدا توورەبوونی
بیرم دێ کاتێ منداڵ بووم
باپیرەم وتی: گوێم لێگرە!
ئەگەر باخچەکە خاوێن کەی، باخچەش بۆتۆ پێدەکەنێ
ئەو پێکەنێ
پەرژینی دەوری باخچەکەیش پێدەکەنێ
تەنانەت تیشکی خۆری درەوشاوەی سەر پەرژینیش
ئەویش دێت و پێدەکەنێ

(بون ری) نابینا

کچەکەی (مون چونگ ئان)ی خەلکی (چایتۆنگ جی)
لە تەمەنی دوو ساڵیدا، چاوەکانی خۆی لە دەستدا
تەمەنیشی بیست و شەش بوو، هێشتا کەس نەدەچووە داوای
ئەو قالدرمەکانی گسک دەدا، نەک هەر جارێک لە رۆژێکدا
یان دەبوو ئاگای لە ماڵ بێ
کاتێک دایک و باوک هەردووکیان لەمەزراکە لەسەر کارن
ئەو دەبوو ئاگای لە ماڵ بێ
کاتێک ماڵ هیچی تیا نییە ئاگات لێی بێ
منداڵی هار دێنە ژوور و قرژاڵێکیان بەدەستەوە
دەپرسن: چۆرەک دەخۆی، دەمکەرەوە!
قرژاڵ دەخەنە نا ودەمی ولەوێ هەڵدێن
پیاوانی بەتەمەن دێن و بەدزەوە دەست دەبەن
بۆ (بون ری) کوێر و بە چپە دەڵێن: چەندە جوانی!
دەست دەخەنە سەر مەمکانی و ژێر کراسەکەی
(بون ری) دەیەوێ رایانگرێ، سەیرە ئەو هیچ ناقیژێنێ
بە بێدەنگی زەجری ئەم هەمووە و شتی دی دەکیشێت و
وەختێک ئا ئەم بەرازانە، هۆشیان دیتەوە بەر خۆیان و ماڵ جێدێڵن
وەختێک ئەو تەنها خۆیەتی، لە پرمەی گریانی دەدا
ئاخر ئەو چاوانەیشی کە نابینن، فرمێسکی خۆیانیان هەیە
ئەو هەر دەگری
جاڵجاڵۆکەیەک بە کۆتایی داوەکەیدا
بێ جوولە خۆیهەڵواسیوە

قەبری مندالەکەی (گالموێ)

عومری قەت نەگەییە ساڵێک
منداڵێکی بێ ناو

لە دایک بوو، چەند هەناسەیەکی هەلمژی
دوای ئەوە مرد
پێش ئەوەی فریا بکەون لە نفووسدا قەیدی بکەن

دایک فرمێسکی پێ نەبوو
گلەیی لە بەختی خۆی نەکرد
دەزانی؟
ئەو رۆژگارە برسێتی بوو
سەگێک هات و بە دەوری قەبری منداڵدا لمۆزی لە زەوی دەخشاند
بە چنگ گۆرەکەی هەڵکەند و
چی لە گۆردا مابوو خواردی و هار بوو

سەگی هار بوو دوو کەسی گەست

ئەم منداڵە
کە هیشتا ناویشی نەبوو
هاتە دنیا و
توانیشی سەگێک هار بکات
دەڵێن پیاوێکی ناوچەی (میجیی) بوو
توانی سەگەکە دەستگیرکا

(شیم)ەی نابینا

لە کۆلانێکی پشتەوەی شاری (سۆنگ بانگ)
پیاوێکی نابینا دەژیا
بە (شیم)ە کویر بانگیاندەکرد
لە راستیدا ناوی باپیرەیشی (کیم ) بوو
بەڵام خەلکی بە هۆی چیرۆکێکی مەشهوورەوە،
بە (شیم)ە کوێر بانگیاندەکرد
بە کۆمەکی گۆچانەکەی، هەموو ئێوارانێک دەچووە
ویستگای شەمەندەفەر و بە تەنیا لەوێ دەوەستا
گۆچان لە دەستی راستیدا
کەمێکی دی دەیگۆاستەوە بۆ دەستی چەپ
ساڵێک دەبێ، کچە چواردە ساڵانەکەی، لەگەڵ ژنێکی دراوسێ
خەریکی فرۆشتنی رۆبیانی لە قووتووکراودان
بەوەی ڕۆبیان لە (چانگ هانگ) زۆرهەرزانترە،
لەوێ دەیکرن
سەبەتە بەسەر سەرەوە، ، لەو ناوچانەدا دەیفرۆشن
بەرلەوەی تاریکی دابێ، دەگەڕیتەوە بۆ (چانگ هانگ)
جارێکی دی، سەبەتەپڕدەکاتەوە و
سواری دوا قیتار دەبێت و بەرەوە ماڵ دەگەرێتەوە
کاتیك قیتار لە ویستگاکە رادەوەستێ
یەکێک لەو موسافیرانەی دادەبەزێ، کیژۆلەکەی (شیم)ە کوێرە
ئەو بانگ دەکا: باوە، باوە
دەنگی دەڵێ بەردە سەوزەکەی (یادێ)یە *
تاریکی ناو چاوەکانی (شیم)ەی کوێریش،
لەبەر شەپۆلی رووناکی دەنگی کچدا بەچۆکدا دێ.

بەردی یادێ. بەردێکی گرانبەهایە لە چەشنی دەسکێک کە بەردێکی سەوزی لووس بەسەرێکیەوەیەتی بۆ مەساژی دەمووچاو بەکاردەهێنرێ.




باوک و دایکانی چالاک لە پەروەردەی منداڵەکانیاندا … وەرگێڕان و ئامادەکردنی: مەحمود حەمە چاوەش

دامەزراوەی پێستالۆتسی (Pestalozzi Stiftung) بۆ یارمەتی لاوان و منداڵان و کەمئەندامان لە هەرێمی نیدەرزاکسن ی ئەڵمانیا کۆرسێکی ڕاهێنانی پەروەردەیی ئامادە کردبوو، کە تێیدا دایکان و باوکان مەشقیان لەسەر پەروەردەیەکی ڕاستەقینە و سەلمێندراو پێ دەکرا. خاڵەکانی ئەو بەرنامەیە بۆ ڕاهێنانپێکردنی دایکان و باوکان لەسەر ئەو جۆرە پەروەردەیە کە پسپۆڕانی تایبەتی لەو کۆرسەدا ئەنجامی دەدەن، بریتین لە:
0. ئەرکی دایک و باوکان وەک مەشقکەرێک
1. چۆن دایک و باوکان دەوری مەشقکەرێک دەبینن
2. پلان و هەڵسوڕانی سیستەمی خێزان و بەڕێوەبردنی، ستراتێجی بۆ پلانی ئەرکەکانی ڕۆژانەی خێزان
3. تواناکانی منداڵان و پشتیوانی کردنیان لە ئەرکەکانی ناو ماڵدا. ئایا منداڵەکەم ئەتوانێت چ کارێک بە باشی بە ئەنجام بگەیەنێت؟
4. دروستکردنی هێمای پیوەندییەکان لە ڕێگای چاوەوە، واتە پەیوەندی بە شێوازی نیگاکردن،. گوێلەیەکتر گرتن و لەیەکتر دواندن
5. باو و نەریتە کۆمەڵایەتییەکان، چەند پێویستن و چەند پێویستمان پێیانە؟
6. سنووردانان لە نێوان جەختکردن و سزادانی منداڵدا، چۆن مامەڵە لەگەڵ لادان لە یاساو و بەندەکانی خێزاندا ئەکەین
7. ماندووبوون و کۆنتڕۆڵی سترێس “فشار” و بەلاوەنانی ئەو ماندوبوونە
8. ئەرکەکانی قوتابخانە دەبێتە هۆکاری پلەی یەکەمی ماندوبوونی ناو خێزان
9. دایک و باوکان دەبێ چی بکەن، ئەگەر ….
10. هەندێک سەرچاوە لەسەر ئەم بابەتانە

پێشەکی

“ئەو کەسانە کە پێیان وایە پەروەردەیەکی بێ هەڵەو بێ گیروگرفت بوونی هەیە، لە خەیاڵێکی قوڵدا دەژین”.
ئامانجی سەرەکی ئەم بابەتە ڕوونکردنەوەی سیستەمێکی پەروەردەییە، کە تێیدا دایک و باوک لە قۆناغی جیاوازی ژیانی خێزانیدا توشی ئەرک و ماندوبوونێکی کەمتر لەگەڵ منداڵەکانیاندا دەبن. هەڵبەتە دەکرێت ئەم سیستەمە پەروەردەییە لە ڕێگەی گفتوگۆ و گۆڕینەوەی بیر و ڕاکانەوە ڕوونتر بکەینەوە، کە چۆن دایک و باوک لە ڕێگەی پەروەردەیەکی ڕاستەقینەوە هێز و توانای خۆیان و منداڵەکانیشیان پتەو بکەن و ڕێگەکانی لەیەکترتێگەیشتن ئاسانتر بەکەن.

ئامانجەکانی ئەم جۆرە پەروەردەیە بەم شێوەیە ڕووندەکرێنەوە:

  • بەهێزکردنی ڕێگەکانی لەیەکترتێگەیشتن لە نێوان دایک و باوک و منداڵەکانیاندا
  • توانای پەروەردەیی دایک و باوک زیاد بکرێت و پشتگیریی لێبکرێت.
  • جۆری بەلاوەنان و چارەسەرکردنی گیروگرفتەکان لە نێوان ئەم دوو نەوەیەدا
  • کەمکردنەوەی سترێس، واتە ماندوبوون و هیلاکیی دایک و باوک لەگەڵ منداڵەکانیاندا

چۆن دایک و باوک دەتوانن بە پەروەردەیەکی ڕاستەقینە و مێتۆدی تایبەتی منداڵەکانیان زانستیانە پەروەردە بکەن و بەهۆیەوە ئەرکی ڕۆژانەیان ئاسانتر بکەن.

چۆن دایک و باوک ڕۆڵی خۆیان وەک مەشقکەرێک لە پەروەردەی منداڵەکانیاندا دەبینن؟

دەبێت سەرەتا ئەوە بڵێین، کە هیچ پەروەردەیەک بەبێ ئەرک و زەحمەتکێشان نایەتە ئەنجام و باوەڕکردن بەوە کە گەورەکردنی منداڵان کارێکی ئاسانە، تەنیا خەون و خەیاڵێکی گەورەیە. لێرەدا مەبەستمان لە پەروەردەی توندوتیژی، ئۆتۆرێتی، نەرمونیان و دژە ئۆتۆرێتییە. دایک و باوک زۆر جار دەکەونە ژێر فشاری دەروونییەوە، ئەویش بەهۆی کاریگەری میدیاکان لەسەر بیروڕایان. ئەمە وا دەکات، کە ئەوان بەهەڵەی گەورەدا بچن و خاوەنی بیروڕاکانی خۆیان نەبن. هۆکارەکەشی ئەوەیە، کە ئەم دایک و باوکانە لەو بڕوایەدان، بە پڕاکتیزەکردن و گەیاندنی زانیاریی میدیاکان بە منداڵەکانیان کارێکی باش لەگەڵ منداڵەکانیاندا بەئەنجام دەگەیەنن و ڕێگای ڕاستەقینەیان پێشان دەدەن. هەندێک جار ئەوان دەکەونە هەڵەی گەورەتر و لەژێر ئەم کاریگەرییەدا خۆیان بە هاوڕێی منداڵەکانیان لەقەڵەم دەدەن. ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە مێتۆدێکی پەروەردەیی هەڵەیە، چونکە دایک و باوک ناتوانن ببنە هاوڕێی منداڵەکانیان، بەڵکو دەتوانن هەوڵ بدەن ببنە ڕێنیشاندەر و نموونەیی بۆیان. ئاخر ئێمە نە لە تەمەنی منداڵەکانمانداین و نە دەتوانین وەک هاوڕێیەک لەگەڵ منداڵەکانماندا ڕەفتار بنوێنین و مامەڵە بکەین، چونکە بەم جۆرە ڕەفتارە سەریان لێ دەشێوێنین و ڕێگەی ڕاستەقینەی خۆیان لە ژیانیاندا سەختتر دەکەین، کە دەشێت زۆر جار توشی هەڵەی گەورە لە کۆمەڵگەدا ببن.
کەواتە دایک و باوک دەبێت هەمیشە نموونە و ڕێگەنیشاندەربن. بە پێچەوانەی ئەم هاوکێشەیە ئەوان ڕۆڵی خۆیان وەک پەروەردکار بزر دەکەن و منداڵەکانیشیان ڕێگەی ڕاستەقینەی خۆیان لەدەستدەدەن. بۆ نموونە هەندێک دایک و باوک لە لایەن منداڵەکانیانەوە بە ناوی خۆیانەوە بانگ دەکرێن، ئەمە کارێکی ڕاست نییە. منداڵ دەبێت هەست بەوە بکات، کە لە خێزانەکەیدا دایک و باوک خاوەنی بڕیاردانن، نەک منداڵ، ئەگەر نا، ئەوسا ئەو منداڵە سەری لێ دەشێوێت. بێگومان ئەم تێڕوانینە دژی ئەو بیروڕایە ناوەستێتەوە، کە منداڵ حەز و ئارەزووەکانی خۆی دەرنەبڕێت، بەڵکو گرنگ ئەوەیە، کە دایک و باوک ڕۆڵی خۆیان وەکو مەشقکەرێکی (Coach) دووگۆڵی (تۆپێن) ببینن.
مەشقکەری تۆپێنێ دەبێت بە مەشق یاریزانەکانی ڕابهێنێت و ڕێگەکانی یاریزانییان پێشان بدات، هەروەها بۆیان ڕوونبکاتەوە، کە چۆن ئەوان لە مەیدانی تۆپێنێدا سەرکەوتوو بن. کەواتە دایک و باوک دەبێت چە لە بواری پسپۆری (پرۆفیشیۆنالێتی) و چە لە بواری سۆزداری (عاتیفی)دا ڕێنیشاندەر و یارمەتیدەر بن، ئاخر ئەوان دەبێت پلانی خێزانی دابنێن و کاروباری پەروەردەی منداڵەکانیان لەئەستۆ بگرن، هەروەها بەرپرسیارێتی خێزان وەک ئەرکێکی سەرشانیان ببینن. ئەمە وادەکات، کە پەیوەندییەکی توندوتۆڵ لە نێوان دایک و باوک و منداڵەکانیاندا دروست ببێت.

پەیوەندییەکە لەسەر بناغەی ئەم چوار خاڵە پتەوتر و بەهێزتر دەبێت:

  • هەموو ئەندامێکی خێزان دەبێت بە ڕێزەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، ڕێزی یەکتریگرتن پەیوەندییەکان بەهێز دەکات،
  • کاتی خۆش لەگەڵ منداڵدا ببرێتە سەر، بەتایبەتی لە کاتی پشودا کاتی خۆش بردنەسەر لای منداڵ بڕوابەیەکتریکردن بەهێز دەکات،
  • ئەمەش توانای بڕوابەخۆبوون لە منداڵدا بەهێز دەکات، هاندانی منداڵ بۆ زیاتر بڕوابەخۆبوون لە تەمەنی منداڵیەوە دەست پێ دەکات
  • هەموو منداڵێک کە هەست بە خۆشەویستی لەلایەن دایک و باوکییەوە دەکات، ئارامی دەروونی و جۆرێک لە پشتیوانی دەچێژێت.
    خۆشەویستی دەبێت بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ پێشانی منداڵ بدرێت.

پێنج ستراتیژی زۆر گرنگ لە پەروەردەدا:

1- پەیوەندی توندوتۆڵ لەگەڵ منداڵدا دروست بکرێت، بەڵام ئەو پەیوەندییە لە یەک ئاستدا ناوەستێت، واتە هاوسەنگ نیە. دایک و باوک هەڵگری بەرپرسیارین و منداڵانیش دەبێت هەست بە ماف و ئەرکەکانی ناو خێزان بکەن.
-2 کات پێکەوەبەسەربردن، بە تایبەتی لەگەڵ منداڵی بچووکدا.
-3 لەگەڵ منداڵ بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و بێ “پێچوپەنا” گفتوگۆ بکرێت، “درۆ باش نییە لەگەڵ منداڵ”. منداڵ پێویستی بە سیستەمێکی پەروەردەیی ئەوتۆ هەیە، کە بە پلان بەڕێوە ببرێت و ڕێگەی پێشان بدات.
-4 ئەرکەکانی منداڵ لەناو خێزاندا بەڕوونی دیاری بکرێن، کە چۆن بتوانن ئەرکەکانی ڕۆژانەی خێزان ئەنجام بدەن. نابێت ئەوەشمان لەیاد بچێت، کە دەستخۆشی و ستایشکردن تواناکانی منداڵ بەهێز دەکەن.
-5 بە شێوەیەکی کۆنکرێتی لەگەڵ منداڵدا هەڵسوکەوت بکرێت. ئەگەر ئێمە بەڵێنێکمان پێیان دا، دەبێت بەجێی بهێنین و لێی پەشیمان نەبینەوە.
دایک و باوکیش مافی ئەوەیان هەیە کاتێکی دیاریکراو بۆ ئارەزووەکانیان تەرخان بکەن. دایک و باوک پێویستیان بە پشوی خۆیان و کاتی خۆشی خۆیان هەیە و نابێت هەموو ژیانیان بۆ منداڵەکانیان تەرخان بکەن.
پلان و ڕێکخستنی سیستەمی خێزان و بەڕێوەبردنی
دابەشکردنی ئەرک و ڕێکخستنی کاتەکانی ناو خێزان
“بڕۆ … دەی … تۆزێک خێراکە، دەی … خێراکە، کاتمان بەدەستەوە نەماوە”. ئەم ڕستەیە ڕۆژانە لە لایەن چەندین دایک و باوکەوە دەبیسترێت، نزیکەی هەموو کەسێک ئەم ڕستەیەی بەرگوێ کەوتووە. لە ڕاستیدا کارەکانی ڕۆژانەی خێزان بە شێوەیەکی زۆر خێرا بەئەنجام دەگەیەنرێن و ماوەی بیرکردنەوەش بۆیان کەمە. ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی، کە پەستانێکی زۆر بخەینە سەر منداڵەکانمان. ئەم پەستانەش دروستکراوی دەستی گەورەکانە، چە لە ژیانی ڕۆژانەیاندا و چە لەکاتی ئیشکردنیاندا. ئەم دیاردەیەش لە زۆر خێزاندا دووبارە دەبێتەوە. کار و سەقاڵی خێزانەکان هێندە زۆرن، کە تەنانەت 24 کاتژمێرەکەی ڕۆژ بەشیان ناکات. سەرەڕای ئەوە زۆربەی خێزانەکان لە نێوان کاری بەدەستهێنانی خەرجی ڕۆژانە و خێزانەکانیاندا دەکەونە ژێر پەستانێکی دەروونی ئاڵۆز و گرژیی ئەوتۆوە، کە تەنانەت کاتەکانی حەوانە و خۆشبردنەسەری خێزانیش دەبنە سترێس.
بۆیە لەم بارودۆخەدا دابەشکردن و ڕێکخستنی کارەکانی رۆژانەی خێزان دەبنە ئەرکێکی گرنگ و وامان لێدەکات، بیر لە پلان و سیستەمێکی تر بۆ خێزانەکەمان بکەینەوە. مەبەستیش لێرەدا ئەوەیە، کە خێزان کاتی زۆرتر بۆ بەئەنجامگەیاندنی کارە گرنگەکانی خێزان تەرخان بکات و بە شێوەیەکی هوشیارانەتر پلانی بۆ دابنێت. بەڵام ئەم واژەیە کەمێک سەرسامیمان لا پەیدا دەکات، چونکە کات شتێکی دۆزراوە و دەستکردی مرۆڤ خۆیەتی و ناتوانێت کاتەکان بە ویستی خۆی ڕێکبخات و دابەش بکات، بەڵکو مرۆڤ کاتی وەک پێوەرێک دروستکردووە بۆ ئەوەی کارەکانی پێ ڕێکبخات و جێبەجێیان بکات. بە واتایەکی تر ئێمە خۆمان کاتەکانمان درووستکردووە، نەک کاتەکان ئێمە. لەم باروودۆخەدا خێزان ئەبێت چاوەدێری ئەوە بکات و بیر لەوە بکاتەوە، کە ئەم دیاردەیە لە لایەن خودی مرۆڤەوە بەئەنجام گەیەندراوە و بە کاتژمێری ناوەوەی خۆیان دەیپێون.

چۆن منداڵ دەتوانێت لە کاتەکانی ڕۆژانەی خۆی بڕوانێت و هەستیان پێبکات

بۆ منداڵ زۆر سەختە، سیستەمی کاری ڕۆژانەی بە پێوەری دابەشکردنی کاتەکانی هەڵسەنگێنێت و مامەڵەیان لەگەڵدا بکات. هۆی ئەمە لەوەدایە، کە لە تەمەنی منداڵیدا هەست بە دابەشکردنی کاتەکان ناکەین و بە سەربردنیان بەلامانەوە گرنگ نییە.

  • تا منداڵ نەگاتە قۆناغی چوونە قوتابخانە، هەست بەوە ناکات کە ڕووداوەکان بە شێوەیەکی سەربەخۆ لە ئەوان ڕوودەدەن. بۆ نموونە پاسی قوتابخانە چاوەڕوانی منداڵان ناکات، ئەگەر هاتوو ئەوان لەکاتی خۆیاندا نەگەنە وێستگەی پاسەکە. واتە جارێ لەم تەمەنەدا ئاگایی منداڵ بۆ دابەشکردنی کاتەکان کامڵ نەبووە، کە ئیتر لەوە بائاگا بێت ئەو پێویستە لەکاتی گونجاودا لە جێگەی گونجاودا بووەستێت و چاوەڕێ بکات .
  • بە شێوەیەکی زانستی سەلمێندراوە، کە منداڵ لە سەرو تەمەنی 10 ساڵییەوە دەتوانێت پێوانەی خێرایی هەڵسەنگێنێت، بۆیە دەبێت زۆر بەوریاییەوە منداڵەکانمان ئاگاداری سیستەمی هاتووچۆی خۆیان بکەین و ڕەچاوی ئەوەش بکەین، کە توشی هەڵە نەبن.

پلانی ڕۆژانە وەکو ئاسانکارییەک و یارمەیدەرێکی خێزان

ئەگەر دایک و باوک نەوەکانیان، واتە لاوان و منداڵان، لە ڕێکخستنی کات و پلانی ڕۆژانەی خێزاندا ڕەچاو بکەن و جەختیان لێ بکەن، ئەوە دەبێت بە یارمەتیدانێکی باش بۆ خێزانەکە. ڕاستە کە پلان و سیستەمی بەڕێوەبردنی کارەکان هەموو پێداویستییەکانی خێزان بەئەنجام ناگەیەنن، بەڵام ئاسانکارییان تێدا دەکەن. بۆ نموونە:

-1 ئاسانکاری لە کاری ڕۆژانە و دووبارەبووەکانی خێزاندا، بەتایبەتی پاککردنەوە، شوشتن و پاککردنەوەی ناو ماڵ، کڕینی بژێوی ژیان، ئامادەکردنی خواردن و ئەو کارانە کە ڕۆژانە لە خێزاندا بەئەنجام دەگەیەنرێت.

-2 ئەو کارە جیاوازانە، کە لە خێزاندا بەئەنجام دەگەیەنرێن، بەیەکەوە بییانبەستینەوە، واتە بەپێی توانای ئەندامەکانی خێزان کارەکان دابەش بکەین. لێرەدا گرنگە، کە کارەکان بەگوێرەی تەمەنی ئەندامانی خێزانەکە دابەش بکەین.

-3 کاتی پشودانی خێزان و بەسەربردنی کاتە خۆشەکان ڕێکبخەین، وەک سەیران و چوونەدەرەوە لەگەڵ هاوڕێکاندا، ئاهەنگەکانی وەک جەژنی لەدایکبوون و زەماوەند و زۆر ئاهەنگی تریش.

کاری ڕۆژانە:
بۆ منداڵی بچوك (کەم تەمەن)

  • لەخەوهەڵسان
  • خواردنی بەیانیان، کە زۆر دایک و باوک کەمتەرخەمن لە دانی خواردنی بەیانیان بە منداڵەکانیان، ئەمەش بۆیان دەبێتە هۆی گیروگفتی زۆر لە فێرگە و قوتابخانەدا
  • قوتابخانە
  • خواردنی نیوەڕۆ و جێبەجێکردنی ئەرکەکانی قوتابخانە، پاشان کاتی پشوو و حەوانەوە.
  • یاریکردن و کاتی پشوو
  • خواردنی ئێوارە
  • بردنی منداڵ بۆ جێگای خەوتن
    هەموو خێزانێک بۆ ئەوەی تووشی ناڕەحەتی و ستڕێس نەبێت، پێویستی بە پلانێکی ڕۆژانە هەیە، بۆ ئەم مەبەستەش هەندێک ئامێر و سیستەمی تایبەتی هەن، کە یارمەتی خێزان دەدەن بۆ ئەوەی نەکەونە ئەو بارە ناڕەحەتییەوە، وەک:
  • ڕۆژمێر بۆ ئاسانکاری پلانی ڕۆژانە
  • خشتەیەک بۆ تۆمارکردنی تێبینیەکانی ڕۆژانە “Pin board”
  • دابەشکردنی کارەکانی ڕۆژانە بەسەر ئەندامانی خێزاندا
  • ئێوارەی پێشتر پلانی کارەکانی ڕۆژی داهاتوو دادەنرێت

ئایا لە چەند ساڵییەوە منداڵ دەتوانێت ئەرک و کاروبارەکانی ناو ماڵ و خێزان بگرێتە ئەستۆ؟

1 منداڵی باخچەی ساوایان و کەم تەمەن

  • خاڵیکردنەوەی سەتڵی کاغەزی کۆن
  • یارییەکانی خۆی لە پاش بەکارهێنانیان لە ژوورەکانیاندا کۆبکاتەوە
  • یارمەتی بۆ کۆکردنەوەی هەندێک شتی وردی ناو ماڵ

٢ منداڵی قوتابخانەی سەرەتایی

  • شتن و پاککردنەوەی قاپ و ئامێرەکانی خواردن
  • ژوورەکەی خۆی کۆبکاتەوە
  • جێگای خەوتنی ڕێکبخات
  • یارمەتی کۆکردنەوەی قاپەکان لە دوای نانخواردن بدات
  • بە گسکی کارەبا تەپ و تۆزی ناو ماڵ لابەرێت
  • یارمەتی کۆکردنەوەی حاجەتەکان لە چێشتخانە بدات

٣ لاوان و گەنجان

  • خواردنی سوک و ئاسان ئامادە بکەن، یان دروستکردن و ئامادەکردنی کێک
  • کەل و پەلی خواردەمەنی بکڕن
  • پۆشاکی خۆیان بشۆن و ئوتوی بکەن
  • کۆکردنەوەی کەل و پەلی چێشتخانە
    ئێمە دەبێت بۆ منداڵەکانمان ڕوونبکەینەوە، کە بۆچی یارمەتیدانی دایک و باوک لە کارەکانی ڕۆژانەی خێزاندا کارێکی گرنگ و پێداویستیەکی بەنرخە.

یارمەتی و کارکردن دەبێت لەگەڵ تەمەنی منداڵ و لاواندا بگونجێن و ئێمەش بیریان بخەینەوە، کە کارەکانیان ئەنجام بدەن. نابێت ستایش و دەستخۆشیمان لەبیربچێت. بەم پڕۆژەیە دەگوترێت “بوون بە مرۆڤێکی کۆمەڵایەتی” یان “بەکۆمەڵایەتیبوونی مرۆڤ”

پێداویستییە سەرەتایی و بنەڕەتییەکانی منداڵان و لاوان

بۆ ئەوەی منداڵەکانمان بە شێوەیەکی باش و بە سیستەمێکی پەروەردەیی ڕاست پێبگەیەنین، دەبێت ئێمەی دایک و باوک هەندێک پێداویستی سەرەتایی بۆ منداڵەکانمان دابین بکەین. لەپاڵ خۆشەویستی و پاراستن و ڕاگرتنی باری تەندروستییاندا، دەبێت دایک و باوک لەم بوارەدا ڕەچاوی ئەم خاڵانەی تریش بکەن:

  • هەست بە خۆشەویستیکردن و پاراستنیان لە ئەگەری مەترسییەکانی دەوروبەریان
  • دان بە کارە چاکەکانیاندا بنێن و ستایشیان بکەین
  • یارییان بۆ ئامادە بکەن و ئەزموونی یاریان لەگەڵدا بکەن
  • بڕوابەخۆکردن و هەستی بەرپرسیاری بخەنە سەر شانی خۆیان (Verantwortung übernehmen)
  • بواری ئەوەیان بدەنێ، خۆیان سەربەخۆ کار بکەن و چالاکییەکانی خۆیان بەئەنجام بگەیەنن
  • پەیوەندیە کۆمەڵایەتییەکان بۆ منداڵان توندوتۆڵ بکەن و ئاسانکاریان لەم بوارەدا بۆ بکەن.
  • کاتی تایبەتی بۆ سەرقاڵی و کاتبردنەسەر هەڵبژێرن تاکو ئەوان چالاکی خۆیانی تێدا بکەن

سنوور لە نێوان جەختکردن و سزادانی منداڵدا

جەختکردن لەسەر بڕیارەکانت، بەڵام چۆن؟

منداڵ پێویستی بە ڕێگەپیشاندان و ئامۆژگاری هەیە، بۆیە ئەرکی دایک و باوکە، کە بەرپرسیاری بەرامبەر بەم شێوازە لە پەروەردەی منداڵەکانیان لەئەستۆ بگرن. بۆ نموونە کاتێک منداڵێک داوای شتێک دەکات، چۆن هەڵوێستە بەرامبەر ئەم پێداویستییە دەکەین؟ بۆ نموونە
منداڵەکە پرسیار لە تۆ دەکات و دەڵێت: “من دەمەوێت ئەمڕۆ بچم سەردانی هاوڕێکەم بکەم و تاکو کاتژمێری هەشتی ئێوارە لەوێ دەمێنمەوە”
ئایا دەبێت هەڵوێستی دایک و باوک لەم بارەیەوە چی بێت ئەگەر ئەم پێشنیارەیان پێ باش نەبێت؟

جۆری یەکەم سزادانی منداڵەکەتە

“تۆ ناتوانیت یان بۆت نییە سەردانی هاوڕێکەت بکەیت”. ئەمەش مانای ئەوە دەگەیەنێت، کە ئێمە هیچ ئەلتەڕناتیڤێک بۆ منداڵەکەمان ناڕەخسێنین و مەودای گفتوگۆ و دیالۆگ پشتگوێ دەخەین.

ئەگەر و پێشنیار

  • بە داوای لێبوردنەوە خۆمان میوانمان دێت و پێویستمان بە تۆیە
  • لەبەر ئەوەی خۆمان دەچینە دەرەوەی شار

یان: دەتوانیت بڕۆیت، بەڵام تکایە کاتژمێری چوار لە ماڵەوە ئامادە بە، لەبەر ئەوەی زستانە و دنیا ساردە.

بەم شێوەیە دەتوانین منداڵان و لاوان لەسەر سیستەمێکی پەروەردەیی ڕاست و تەندروست ڕابهێنین و ئامادەیان بکەین، کە سەربەخۆیی و بڕیاردانی ئەوانیشی تێدایە و یارمەتییان دەدات، زیاتر باوەڕ بە خۆیان بکەن.

لەکاتی گفتوگۆشدا باش دەبێت ڕەچاوی ئەم خاڵانە بکرێت:

-1 بەهێواشی لەگەڵ منداڵدا گفتوگۆ بکرێت
-2 گوێ لە بیروڕاکانی ئەوانیش بگیرێت، چونکە گفتوگۆ نیوەی تێگەیشتنە لە لایەن هەردوو لاوە.
-3 پێش ئەوەی دایک و باوک بڕیار بدەن و جەخت لە بڕیارەکەیان بکەن، باش دەبێت لەسەرخۆ بیر لە کێشەکە بکەنەوە، ئەوجا بڕیار بدەن، چونکە پەشیمانبوونەوە منداڵەکانیان دەخاتە گومانەوە و ڕێگە ڕاستەکانیان لێ دەشێوێنێت. بەم شێوەیەش منداڵەکان ڕێنمایی پەروەردەی ڕاستەقینە گوم دەکەن.

“منداڵ پێویستی بە سنوورپێشاندان هەیە، بەڵام بە شێوەیەکی دادپەروەرانە”
هەندێک دایک و باوک سنوورێکی تایبەتی بۆ نەوەکانیان (چە منداڵ و چە لاو) دیاری ناکەن و پەیڕەوی ئەم جۆرە پەروەردەیە ناکەن، بۆیە کاتێک نەوەکانیان گەورە ئەبن، ڕێزی کەسانی تر ناگرن و سەرکەش و لاسار دەردەچن. ئەم جۆرە لە پەروەردەی منداڵ بە تێڕوانینێکی پەروەردەیی ڕاست نییە و ڕێنمای منداڵەکەنمان گوم دەکەن.

ئەگەر منداڵ لە وشەی “مەکە و نەء” تێنەگات، ئەوسا لە وشەی “ئەرێ و بکە” تێناگات.

لەم ڕەوشەدا دایک و باوک دەبنە کۆیلەی منداڵەکانیان. نابێت ئەوەش لە یاد بکەین، کە دایک و باوکیش دەبێت بە شێوەیەکی نەرم و نیان و پڕ بەرپرسیارێتی لەگەڵ منداڵەکانیاندا هەڵسوکەوت بکەن، چونکە شێوازی ڕەق کارەکتەری منداڵەکە بریندار ئەکات و فێری ترس و بێباوەڕیی دەکات.

دایک و باوک دەتوانن چی بکەن، ئەگەر:

لە پەروەردەی منداڵەکانیاندا کەمتر سەرکەوتن بەدەست بهێنن؟ لە خوارەوە چەند ڕێگایەکی پەروەردەیی یان سیستەمی پەروەردەیی پێشان دەدەین، کە ئاسانکاری بۆ دایک و باوک لە پەروەردەی منداڵەکانیاندا دەکەن:

-1 کاری پێکەوەیی یان هەرەوەزی لە نێوان ئەو کەسانەی کە لە منداڵەکانەوە نزیکن و بەرپرسیارن لە پەروەردەکردنیان، بۆ نموونە دایک و باوک، مامۆستایان، پەروەردەکاران، باپیر و داپیرە و کەسانی تری خێزان. ئەم کەسانە دەبێت پێکڕا کار بکەن بۆ ئەوەی بیروڕاکانیان لەبارەی پەروەردەی منداڵەکان بگۆڕنەوە و زیاتر بە هەرەوەزی کار لەم بوارەدا بکەن.

-2 ئەگەر دایک و باوک پێویستیان بە دەوروبەریان هەبوو، با شەرم نەکەن و یارمەتی لەو کەسانە وەربگرن کە جێگەی متمانەیانن، بەتایبەتی لە بواری پەروەردەدا. لێرەدا گۆڕینەوەی بیروڕاکان زۆر پێویستە و کاریگەریی پۆزەتیڤ لەسەر منداڵەکان دەنوێنێت.

-3 دایک و باوک پێویستیان بە کاتی تایبەتی خۆیان هەیە، کە دوور لە منداڵەکانیان بەسەری بەرن و تێیدا بحەوێنەوە، وەکو چوونە دەرەوە پێکەوە، ئەوە بە مەرجێک منداڵەکان لەژێر چاوەدێری کەسێکی جێ متمانەدا جێبهێڵن. لێرەدا گرنگ ئەوە نییە کە ئێمە چەند کات لەگەڵ منداڵەکانماندا بەسەر دەبەین، بەڵکو ئەوە گرنگە، ئێمە چەند چڕوپڕ (Intensiv) و چەند بەخۆشی کات لەگەڵیاندا بەسەر دەبەین.

-4 گیروگرفتی خێزان و بەگژیەکداچوون لە بەردەمی منداڵدا باش نییە، با دایک و باوک بە تەنیا و لە کاتی تایبەتیدا باسی ئەو گرفتانە بکەن

-5 وازهێنان لە شتی ئایدیا و کامیلێتی (پێرفێکسیۆنیزم)
دایک و باوکیش توشی هەڵەی پەروەردەیی دەبن و دەبێت بەو قۆناغەدا بڕۆن، چونکە کەس بێ کەم و کوڕی نییە.

-6 دایک و باوک هەوڵ بدەن پەیوەندییەکی باش و توند لەگەڵ منداڵاکانیاندا دروست بکەن، ئەمەش کارێکی ئاسان نییە. ئەگەر گیروگرفتی خێزانی دروستبوو، دەبێت بەڕێگەی دیالۆگ (گفتوگۆ) و بڕواهێنان بە یەکتر چارەسەر بکرێت.

دایک و باوکان چی بکەن، ئەگەر گیروگرفتەکان لە دەستیان دەرچوون؟

لە هەموو خێزانێکدا، تەنانەت لە باشترین خێزانیشدا، گیروگرفت و گرژیی ڕوو دەدەن، بەڵام گرنگ ئەوەیە ئێمە چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم بارەدا بکەین. ئایا گیروگرفتەکان بە جۆرێکی ئەوتۆ تەشەنە دەکەن، کە مەیدانەکە ببێتە جێگەی زۆرانبازی و کێبڕکێی ئەوە کە داخۆ “کێ بەهێزترە”، یان بیروڕا جیاوازەکان لە چوارچێوەی دیالۆگ و بە هێمنی مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت. لێرەدا گرنگ ئەوەیە بیروڕای بەرامبەرەکەمان، ئەگەر منداڵیش بێت، قبوڵبکەین و ڕێگەیان پێبدەین. بۆ ئەم مەبەستەش پێویستمان بە لێبووردن، دانبەخۆداگرتنی زۆر هەیە. لێرەشدا مەبەست ئەوەیە، کە لە کۆتایی ئەم بارە دژوارەدا هەموو لایەنەکان بەپێی توانا مافەکانی یەکتر بپارێزن و چارەسەرێکی ڕاست بۆ ئەم قەیرانە بدۆزنەوە.

ئەم خاڵانەی خوارەوەش بۆ ئەم بوارە زۆر گرنگن و دەبێت ڕەچاویان بکەین:

  • بەباشی گوێ لەیەکتر بگرین. لێرەدا مەبەست ئەوەیە، کە بزانین بەرامبەرەکەمان دەیەوێت چی بڵێت و بیروڕاکانی چین. (گوێگرتن نیوەی تێگەیشتنە)
  • بارودۆخی کەسایەتی خۆت و بیروڕاکانت بەباشی دەرببڕە و دەستنیشانیان بکە.
  • نابێت گەر شتێک لە ڕابردوودا ڕووی دابێت، جارێکی تر باسی بکەینەوە و ببێتە مایەی دژواری. هەوەکو دەڵێن: “گۆڕی کۆن هەڵمەدەرەوە”. هەوڵ بدرێت لەسەر گیروگرفتی هەنووکەیی تۆێژینەوە بکرێت.
  • هەموو لایانەکان بە شێوەیەکی کەسیی (خۆیی / individuell) باسی گیروگرفت و بیروڕاکانیان بکەن، بەبێ ئەوەی بەهەڵە یان بەڕاست بنرخێندرێن.
  • سەرزەنشتکردنی یەکتر باش نییە و بارودۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات. نابێت بەرامبەرەکەت بریندار بکەیت، تەنیا لەبەر ئەوەی بیروڕایەکی تری هەیە. با لەبریی ئەوە چارەسەرێکی باش بدۆزرێتەوە.
  • بە شێوەیەکی لەسەرخۆ و نەرم هەڵسوکەوت بکرێت
  • هەموو لایەنەکان بەرپرسیاری بۆ ئەو کارە لەئەستۆ بگرن کە کردوویانە. دەبێت چە دایک و باوک و چە منداڵەکان تەنیا باس لە گیروگرفتەکان بکەن.
    تەمەنی منداڵەکە لەم بارودۆخەدا دەبێت بە شێوەیەکی دیار ڕەچاو بکرێت. ئەگەر منداڵەکە سنووری خۆی زانی و ئەوە جێبەجێ بکات کە بڕیاری لەسەر دراوە، دەبێت دەستخۆشی لێبکرێت و پاداشتیش بدرێتەوە.

منداڵ و لاوان و بوارەکانی میدیا

لەم بەشەدا باس لەوە دەکەین، کە چۆن منداڵەکانمان لە کاریگەریە نێگەتیڤەکانی میدیای وەک تەلەڤیزیۆن، ئینتەرنێت، یاری کۆمپیوتەری و بوارەکانی تری میدیا بپارێزین.

نابێت تەلەڤیزیۆن و کۆمپیوتەر لە ژووری منداڵدا بەکاربهێنرێن، بۆ نموونە قوتابی سەرەتایی پێویستی بە تەلەڤیزیۆنی خۆی نییە و نابێت لە ژوورەکەیدا بەکار بهێنرێت، چونکە چەندین گیروگرفتی جیاواز بۆ منداڵان لەم تەمەنەدا دروست دەکات. هەروەها کۆمپیوتەریش. هۆی ئەمە لەوەدایە، کە ڕەنگە منداڵان و لاوان فیلمی نەگونجاو بە تەمەنی خۆیان ببینن، و تووشی باری دەروونی و کۆمەڵایەتی نێگەتیڤیان بکەن. هەروەها لاوانیش بەتایبەتی توشی جۆرێک لە خووگرتن بە یاریەکانی کۆمپیوتەرەوە دەبن، کە ئەمەش دەبێتە هۆی چەندین جۆر گیروگرفتی کۆمەڵایەتی و دەروونی. پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە، بە چ ڕێگایەکی تەندروست دەتوانین منداڵان و لاوانمان لەم گیروگرفتە بپارێزین؟ ئێمە دەتوانین ئەم ڕێگانەی خوارەوە بگرینە بەر:

  • کاتی تایبەتی بۆ سەیرکردنی تەلەڤیزیۆن و بەکارهێنانی کۆمپیوتەر بۆ منداڵەکانمان دیاری بکەین. بۆ نموونە منداڵی پۆلەکانی 3 و 4 ی سەرەتایی کەمتر لە کاتژمێرێک.
  • منداڵانی پۆلەکانی سەرەتایی نابێت لە نیو کاتژمێر زیاتر یاری کۆمپیوتەر بکەن، چونکە ئەو یاریانە لە مێشکیاندا دەمێننەوە و زیانیان لە بواری خوێندن و قوتابخانەدا پێدەگەیەنن. ئەمە جگە لەوەی، کە بەکارهێنانی تەلەڤیزیۆن و کۆمپیوتەر تەرکیزی لاوان و منداڵان لاواز دەکەن.
  • دایک و باوک پلان بۆ سەیرکردنی بەرنامەکانی تەلەڤیزیۆن بۆ منداڵان دابنێن، تەنانەت ئەو فلیمانە کە سەیر دەکرێن، پێشوەخت زانیارییان لەسەر وەربگیرێت
  • تەمەنی منداڵەکە بۆ بەکارهێنانی تەلەڤیزیۆن و یاری کۆمپیوتەر فاکتەرێکی زۆر گرنگە و بۆیە پێویستە بەتایبەتی ڕەجاو بکرێت.

کاریگەرییەکانی یارییەکانی کۆمپیوتەر لەسەر مێشکی منداڵان و لاوان

چ دایک و باوک و چ پسپۆڕەکانی بواری پەروەردە و چ زاناکانی ئەم بوارەش خۆیان بە کاریگەرییەکانی یاری کۆمپیوتەر لەسەر مێشکی منداڵان و لاوان سەرقاڵ کردووە. زانایانی ئەم بوارە بە شێوەیەکی چڕ کاریگەرییەکانی یاریی کۆمپیوتەریان لەسەر مێشکی منداڵان و لاوان شیکار کردووە، ئەو کاریگەریانەش دەتوانرێت لەم چەند خاڵانەدا ڕوونبکرێنەوە:

-1 بەرزبونەوەی ئاستی شەڕانگێزی (Aggression)

-2 بەرزبونەوەی ئاستی سترێس (Stress) و هەستکردن بە هیلاکی و ماندوبوون

-3 ڕژاندنی هۆڕمۆنی دۆپامین (Dopamin) کە مێشک بە ڕێژەیەکی زۆر دەیڕێژێنێتە ناو خوێنەوە. لە بارودۆخی ئەوتۆدا دکتۆر دەرمانی وەک (Giludop) یان (Generikum) بۆ نەخۆش دەنووسێت، بۆ ئەوەی هۆڕمۆنی کامەرانی و خۆشحاڵی، واتە (Adrenalin) بڕژێنێتە خوێنەوە.

[تێبینی وەرگێڕ “ئەم دیاردەیە ئێستا لە ووڵاتە ئەوروپیەکاندا بۆتە جێگای گیروگرفتی زۆر و چەندەها مرۆڤ لە ژێر ئەم بارە دەرونیەدا ئەناڵێنێت]

-4 ئەوەش کارێکی نێگەتیڤ دەکاتە سەر فێربوونی منداڵ و لاوان لە بواری قوتابخانەدا. لەکاتی یاریی کۆمپیوتەردا زۆرینەی خانەکانی مێشک بەم یارییەوە بەند دەبن و زۆرینەی خانەکانی یادەوەری (Gedächtnis) پڕ دەکەنەوە.
[ئەم پرۆسەیە بەپێی زانیارییە دەروونیەکان زۆر ئاڵۆزە و ڕوونکردنەوەی وردتری لەم بابەتەدا جێگەی نابێتەوە]

بەجێهێنانی ئەرکەکانی قوتابخانە لە ماڵەوە (هۆکاری سەرەکی و یەکەمی فشار لەسەر دایک و باوک)

منداڵان و لاوان زۆر گرنگی بە ئەرکەکانی قوتابخانە لە ماڵەوە نادەن و دایک و باوکیش بەو هۆیەوە توشی باری دەروونیی ناهەموار و سترێس دەبن. هەموو و دایک و باوکێک تووشی ئەم بارو دۆخە بووە و گیروگرفتی لەم بارەیەوە هەبووە. هۆکەشی ئەوەیە، کە منداڵان و لاوان ئارەزووی بەجێهێنانی ئەرکەکانی قوتانخانە لە ماڵەوە ناکەن و زیاتر حەزیان لە یاریکردنە. لێرەدا چە دایک و باوک چە منداڵەکانیشیان توشی دەنگدەنگ و شەڕ و ئاژاوە دەبن.
هەمووشمان ئەزانین، ئەگەر منداڵان و لاوان ئەرکەکانی قوتابخانە لە ماڵەوە جێبەجی نەکەن، هەردوولایان توشی گیروگرفتی گەورەتر دەبن. لەبەر ئەوە کۆنترۆڵکردن و یارمەتیدانی منداڵ لە هەمان کاتدا زۆر گرنگن و دەبێت پیادە بکرێن، ئەم ئەرکانەش بە ئاسانی بەئەنجام ناگەیەندرێن. کاتێک منداڵ هەستی بەجێبەجێکردنی ئەرکەکانی ناوماڵ کرد، خۆی وردە وردە بەرەو ئەو بارە دەچێت، کە ئەم ئەرکانە بەجێبهێنێت. بۆیە لێرەدا دەبێت ڕەچاوی هەندێک شت بکەین، بۆ ئەوەی ئەم ئەرکانە لای منداڵ ببنە کارێکی ڕۆژانە و ڕۆتینی و ئەرکەکان بەباشی ڕێکبخەین (ئۆرگانیزە بکەین) و ڕابپەڕێنین.

جێگەی خوێندنی منداڵ لەماڵەوە دەبێت چۆن بێت، بۆ نموونە سەر مێزی فێربوون

-1 کەرەسەکانی نووسین وەکو پێنووس، لاستیک، ڕاستە، قەڵەمدایەن و زۆر ماتریاڵی تر پێویستە لەسەر مێزی فێربوون ئامادەبن.

-2 نابێت کەرەسەی یاریکردن لەسەر مێزی فێربوون دابنرێت

-3 ئەو کەرەسانەی منداڵ بۆ فێربوون پێویستی پێیانە، دەبێت پێش جێبەجێکردنی ئەرکەکانی قوتابخانە لەسەر مێزی فێربوون ئامادە کرابن و پاشان کۆیان بکاتەوە و بیانخاتەوە جێگەی تایبەتیی خۆیان.

-4 پلانی هەفتانەی قوتابخانە لە نزیک مێزی فێربوون ئامادەبێت، بۆ ئەوەی منداڵەکان بزانن ئەرکی هەفتانەیان چییە.

-5 بەکارهێنانی ڕەنگی تایبەتی بۆ ئەو وانانە، کە منداڵەکان لە قوتابخانە دەیخوێنن، هەر وانەیەک و ڕەنگی تایبەتی خۆی بدرێتێ، بۆ نموونە وانەی ماتماتیک ڕەنگی سوور، فیزیک شین، بایەلۆجی سەوز، مێژوو زەرد …

-6 جێگەی فێربوونی منداڵ بەردەوام پاک و خاوێن ڕابگیرێت، چونکە زۆربەی منداڵان بایەخ بەو دیاردەیە نادەن و دەبێت دایک و باوکان یارمەتیان بدەن.

-7 منداڵان پێویستیان بە هەفتەنامە، واتە “دەفتەرێکی تێبینی” هەیە، بۆ ئەوەی ئەرکەکانی ڕۆژانەی قوتانخانەیان تێدا بنووسنەوە و لەیادیان نەچێت. مەبەستیش لێرەدا ئەوەیە، کە منداڵان ئەرکەکانی هەفتانە و ڕۆژانەی قوتابخانە بەردەوام جێبەجێ بکەن.

لە کۆتایدا دەمەوێت بڵێم، کە ڕستەیەکی مامۆستای کۆرسەکە زۆر بەلامەوە جێگەی سەرنج بوو و چەند جارێک دووبارەی دەکردەوە کە بریتی بوو لە: “ئەگەر پێتوایە منداڵەکەت لە دوای 10 ساڵییەوە پەروەردەیەکی ڕاست و گونجاوی پێویستە، دیارە زۆر درەنگ بیرت لە پەروەردەیەکی لەو جۆرە کردۆتەوە.”

وەرگێڕان و ئامادەکردنی: مەحمود حەمە چاوەش




“با ئەو ژیانە بژیت، ناوەوەت بانگی دەکات” کاوە جەلال

“با ئەو ژیانە بژیت، ناوەوەت بانگی دەکات” هەڵبەستێکی ڕامیار مەحمودە لە دیوانەکەیدا بە ناونیشانی “لەشی ئێمە، کاتژمێری زەمەنە” – داواکارییەک کە بەڕێوە و پشتکردووە داوالێکراو دەربڕراوە.
ئەوە یاخیبوونی ڕامیار مەحمودە لە پێوارە چەقبەستووەکان، کە مەبەستمەندانە بۆ هەمووان پێناسەکراون و بێپشوو لەنێو چەنەبازیی ڕۆژانە و سەرقاڵییە بێهۆشەکاندا، وەک چواندووی نەشیاوی خۆلێلادان، جەختیان لێدەکرێت. سەرەڕای ئەوە لەنێو جیهانێکی ئەوها بێچەندوچوون پێناسەکراودا کەس ئاگای لە کەس نییە، بەڵکو پەرتەوازەیی جێی پەیوەندیی گرتۆتەوە، ئەوجا گەرچی ئەستەمە کەس بتوانێت بانگی کەسی دی بکات، کەچی کەس ناوێرێت دیدی داخواز-ی خۆی لە ئەوانیدی وەربگێڕێت، نەخێر، تەنانەت هانایان بۆ دەبات بەبێ ئەوەی دەنگی هانابردووی ببیسترێت. لێ ئایا کێشەی ئەم مرۆڤە چییە؟ کێشەکەی ئەوەیە کە ئەو ناوێرێت دەستێکی ڕێزمەند بەسەری خۆیدا بهێنێت، ئەو لە خۆی دەترسێت، ئەوجا هەر ئەوەندەی بۆ خۆی دیار بدات، بۆ خودی خۆی ببێت بە کێشە، ئیدی یەکسەر لە خۆی دەتۆقێت و هاوار دەکات: “تو خوا دەورم چۆڵ مەکەن!”. مرۆڤسەنتەرییانە بڕوانین، ئەو دا-ما-وە ناتوانێت و ناوێرێت ببینێت کە هەرچییەکی نێو ژینگەکەی بێت و بڕوات، چێببێت و نەمێنێت، لە ئەوێک جیانابێتەوە کە مرۆڤە – مرۆڤ وەک لەوێبوویەکی موئاناتاوی، هەر ئەویشە کە لە جیهاندا بە ئیدیۆلۆژییەکان، بە ئاینەکان یان بە “شیعری ئاگرین ی خۆبەختکردن” فریودەدرێت، فریوخواردووش هەر ئەو خۆیەتی “وەک مرۆڤ” – لێ ئەو خۆی ناناسێت.

هەڵبەستڤان ئێستا لەم دۆخەدا بەرۆکی دا-ما-وانی نێو جەجاڵی فریودان-فریوخوارن دەگرێت:

با ئەو ژیانە بژیت،
ناوەوەت بانگی ئەکات
ئەگەرنا،
هەموو ئەڵتەرناتیڤەکان
خراپترن لەوەی تۆ ئەتەوێت.

کەواتە گەر مرۆڤ لەگەڵ خۆی ڕاستگۆ بێت، دەکەوێتە بەردەم پرسیاری بوێری بۆ بیستن و بەهەندوەرگرتنی خواستە ناخەکییەکانی. ئاخر ئەو هەروەها ژیانێکی دیکەی خوازراویشی هەیە، کە دەبێت ڕووی تێبکات گەر بییەوێت لەتەک خۆیدا ئاشتبێتەوە. لێ هەڵبەستڤان پتر لەمەش دەڕوات و گەڤ دەکات: کێ گوێ لە خواستە ناخەکییەکانی نەگرێت، ئەوا دەست بۆ هەر چارەسەرێک بەرێت، ئەو بەناو چارەسەرە بەدتر دەکەوێتەوە لەوەی کە ئەو دەیخوازێت، چونکە بەترسەوە هانای بۆ بردووە، چونکە وا دەزانێت چڵەدارێکە کە ڕەنگە لەنێو جیهانی پێوارەیی ڕاپێچکەردا فریای بکەوێت و لەنێو ڕۆچوونەوە بیهێنێت بۆ کەنارێک، کە ئیدی لەوێ بۆ دوا جار پشوویەک بدات – بێگومان بە پێش چاوی ئەوانیدییەوە کە سەری ڕەزامەندیی بۆ دەلەقێنن!!

ڕامیار مەحمود بێداردەکاتەوە – بۆ بەرپرسیاری، لێ ئەم بێدارکردنەوەیە خۆتەرخانکردن نییە بۆ ئەنگاژمۆ (ئیلتیزام)، چونکە هەوڵی بەم چەشنە سەرلەنوێ بەشداریکردنە لە جیهانی مرۆڤ ڕاپێچکەردا – جیهانی درۆ گەورەکان. ئاخر گەر کەس ئاگای لە کەس نەمابێت، ئیدی ئایا داواکاریی بۆ هەڵوێستی نێویەکی چە واتایەک دەگەیەنێت؟ نەخێر، باشترین چارەسەر “پشتتێکردن”ە، کەواتە: “بەردان” کرۆکی یاخیبوونەکەی ئەوی هەڵبەستڤانە، داواکارییەکەشی لەو کاتەدا ڕادەگەیەنێت کە ئەو پشتی لە هەمووان کردووە:

بڕیارمداوە،
لە چۆڵەوانییەکدا جێتانبهێڵم و
ناچارتان بکەم بیر بکەنەوە.

لە چۆڵەوانیدا هیچ ئاڕاستەیەک دیار نییە. بەتەنیاجێهێڵراو خۆی ئێستا پنتێکی نێوەندییە و ناچارە بهزرێت. ئاخر ئەو ئێستا تەنیایە، تازە چیدی ئاڕاستەی جیهانبینیانەی پێشین بەهانەیەوە نایەت. لێ ئەوە فەیلەسوف نییە کە لە بزربووندا دەستی ئەوی تەنیای نێو جیهان دەگرێت. نەخێر، نەک هزر، بەڵکو هونەر وەک ئەفراندن بەهای کرۆکیانەی ژیان-بەخشی خۆی لەو چۆڵەوانییەدا پێشان دەدات:

ئێمە لە سەردەمێکدا ئەژین، ناتوانین بیر بکەینەوە،
ئەگەر شاعیر نەبین؛

کەواتە هونەر لای ڕامیار مەحمود دەچێتە سەرووی فەلسەفەوە، بەڵێ ئەوە هونەرە کە هۆش ناسکدەکاتەوە و بەوەش توانستی بۆ فێربوونی هزرین پێدەدات. بێگومان هەڵبەستڤانی / مرۆڤی ڕاچەنیوی نێو جیهان لە دوێنێوە هاتووە، بۆیە بەناچاری گەلێک شت هەن کە لەتەک کامڵبوونی تەمەندا سەریانهەڵداوە و لەنێو ناخدا بەبێ شیمانەی دەربڕین دەمێننەوە – هەر لەبەر ئەم هۆیەشە کە هونەر دەبێت بە پێداویستییە سەرەکییەکە، چونکە تەنیا لێرە هۆشی بزواو بەڕوونی و ناسکی بەئاگادێت لە شیمانە و ناشیمانەی هەر گوزارشتێک– باشتر وەک لە فەلسەفەدا.

لێ ئایا نەبوونی شیمانەی دەربڕین مایەی غەمگینییە؟ ئایا گەرەکە ئەوها بێت؟ نەخێر. غەمگینی هیچ پێویست نییە، بە پێچەوانەوە، لەبریی ئەوە:

هەندێک جار باوەشێنێکی شاد پێویستە،

هەروەک ببێژین: “مەساکێ! هێوربەرەوە و باوەشێنێکی خۆت بکە!”. باوەشێنکردنێکی شاد، کە بەبێ گومان پڕجۆش نییە، پێدەچێت دوای ماڵئاوایی سەرجەم شادیی پڕ جۆش و خرۆش ئەمیان وەک دڵ-نەوایی بمێنێتەوە، بە پێچەوانەی خۆویستیی ملداوەبەری نێو جیهانی پێناسەکراو. ئەوجا گەر مرۆڤ بتوانێت باوەشێنی خۆی بکات، هیندەش لەوە بەئاگایە کە بکەوێتە ڕێ، هاوشێوەی هەڵبەستڤان کە بۆ خۆی بەڕێوەیە و لەتەک ئەوان / خوێنەر-“ەوان”ی دەدوێت، بەبێ ئەوەی داوای گۆڕینی جیهان بکات. نەخێر. لە بێکاریدا خۆسەرقاڵکردن خۆشترین ڕەوشە، دانەنیشتن دژبەری تەمەڵییە، لێ گرنگ ئەوەیە کە مرۆڤ لەم سەرقاڵییەشدا بەڕێوە بێت. بەڕێوەبوون بۆ ڕامیار مەحمود بریتییە لە شۆڕش کە تاکەکەس دەتوانێت لەنێو جیهانێکی داخراودا بیگێڕێت.

بەڵێ، چیدی پرسیارەکە بێدارکردنەوەی کەسان بۆ خەبات نییە، چیدی هەڵبەستڤان ئەرکی خۆی لەوەدا نابینێت ئیلتیزام بکات تاکو “ئەوان” بۆ خەبات جۆش بدات و خۆیان پڕ هەست و سۆز لە پێناوی هەر مەسەلەیەکی بەناو پڕبەهادا بەخت بکەن. ئاخر کێشەکە لێرەدا ئەوەیە کە بەڕێوەبوو ئێستا خۆی کەوتۆتە بەردەم ناچاریی گەڕان بەدووی هاوشێوەکانیدا: بێدارکەرەوان خۆیشیان پێویستیان بە بێدارکەرەوانە. لێ ئەم جۆرە مرۆڤانە بەڕێوەن، بە پێ، بە زمان (ی هونەر). وەکو دی ئاخافتن بێسوودە، چونکە لەنێو جیهانێکی بێهودەدایە کە شیرازەکانی لەبەریەک هەڵوەشاونەتەوە و تێیدا کەس گوێ لە کەس ناگرێت. ڕەنگە ئێستا لاڵبوون مانای هەبێت و بەڕێوەبوو ئاشکرای بکات. سەرەڕای ئەوە باشترە کە لاڵبوون دوا سنووری ئاخافتن نەبێت، بەڵکو وێستگەیەک بێت بەرەو بێدەنگی -متبوون لەنێو خامۆشیی نەبڕاوەدا. ئەمە دوا هەڵوێستی یاخییە کە ڕامیار مەحمود پۆلێمیکئاسا بەرەنگاری ئاخافتنی دروشمیانەی ڕۆژانەی دەکاتەوە و ناوی دەنێت

“… زەڕەزەڕی شۆڕش …” و “وەڕەوەڕی ڕاپەرین”.

لێ ئایا چی ڕوویداوە؟ بە روالەت شتێکی ئەوتۆ لەگۆڕێ نییە، لێ لە کرۆکدا شتێک قەوماوە: هەڵبەستڤان تووشی ناکامی هاتووە، چونکە “دڵ”ی شکاوە، لە ڕاستیشدا هیچ شتێک هێندەی دڵ-شکان ئەوها خێرا و پڕ لە ژان کۆتایی بە سەرجەم کاتەکانی هیوا و هەر گەشبینییەکی هۆریزۆنت ناهێنێت – کاتەکانی “دڵ-پڕ”ی، “دڵ-گەرم”ی. بەڵێ، ئێستا ساتەکانی سەقامگیری، “ئیستیقرار”ی شانازانە جەختلێکراو، لە دوێنێدا ڕۆنیشتوون. هەنووکە بەڕێوەبوون گونجاوترین وەڵامە بۆ فریودان و لاوانەوەی دەروون، بەڕێوەبووش دڵ-شکاو-ێکە کە گومانی تێدا نییە دڵی شکاوی لێ دەدات، “دەگوزەرێت”، وەلێ چیدی گەرمی بە لەش نادات، ئاخر دڵی شکاو سڕە، بەڵێ ڕەنگە بتوانین ببێژین: پەمپێکی پینەکراوە و کەسی / هەڵبەستڤانی بەڕێکەوتوو لە ژیاندا دەهێڵێتەوە.

لێ گەرەکە لە پرسێک بەئاگابین: ئەو هێشتا هەر دەستبەرداری خۆی نابێت. ڕەنگە بۆ یەکەم جار ئەوها گەش بۆ خۆی دیاریدابێت. ئاخر هەردەم “باوەشێنێک”ی لەگەڵ خۆی هەڵگرتووە.




لە دەنگی تۆدا – خۆمدۆزییەوە … هاڤی مستۆ

لەوکاتەوەی تۆ ناتوانی بدوێی
من لە جیاتی تۆ دەدوێم
لەو کاتەوەی کە نابینی
دەبێت لە جیاتی تۆ ببینم
لەو کاتەوەی ئیتر لێرە نابی
پێویستمە ببم بە تۆ

ئێستا دەبینم نمایش دەکرێیت
وەک بوکەڵەیەک لەسەر شانۆ
شکۆی مەرگت شەرمنانە
بچووک دەکرێتەوە لە سۆشیاڵ میدیا
خەڵکانێک، هەرگیز نەیان ناسیوی
کەچی داڵ ئاسا پڕ بە یادەوەرییەکتدا دەکەن
بە ئومێدی ڕاکێشانی هاوخەمییەکی ڕووکەشانە
لەکاتی پۆستە شەرمهاوەرەکانی
مەراسیمی ناشتندا یان وێنە سێڵفێکانیاندا.

تۆ قەڵەمێکی سەربەخۆ بوویت
لەهیچ پارتێکدا خۆت بەند نەکرد
بڕوات بە هیچ خودایەک نەبوو
وەک چۆلەکە عاشقی فڕین بوی

خەڵکت دەناسی
خەڵک دەیانناسیت
هەمیشە باشیت لە خەڵک دەبینی
تا ئەو کاتەی ناشیرینی ڕووی خۆیان
بۆ دەردەخستی.

هەمیشە دەنگی باوەڕت بەرزبوو
بێ ترس لە گفتووگۆ
باوەشت بە جیاوازێکاندا دەکرد
بە ئومێدی گەورەبون و بەرزفڕین

تۆ هەمیشە لە جووڵە بووی
بۆ بەدەست هێنانی ئەزمونێکی نوێ
تینوێتیەکی قوڵت هەبوو بۆ زانین
بەڕاستی هەرگیز تێر نەبووی

سەرسەختانە و تاکۆتایی
جەنگای بۆ دادپەروەری کورد
هەرگیز لە باوەڕی خۆت نەهاتییە خوارێ
یان پەشیمان نەبوویتەوە لەوەی کە کردت

تۆخۆت بوی وەک ئەوەی خۆت بووی
بۆیە و بۆ هەمیشە جێی شانازیم دەبێت
من، منم کوڕە تاقانەکەت

لەزۆر لاوە ئەوەی خەیاڵ پەی پێ بردبێت
لەهەموو ژیانمدا هەوڵمداوە بتخوێنمەوە
کەچی ئێستاش باڵی مەلەی من
نەیتوانی بگاتە ئەوبەری کەناری دەریای ژیانی تۆ
چونکە تۆ وەک ئەوی تر نەبووی
تۆ خەرمانێک بووی لە نهێنی

سێبەری زۆرێک لە پیاوەکانم بینی
لەگەڵ دەربڕینی خۆشەویستیان
هەموو ئەو سادەییانە
نقوم ببون لە ناو ڕۆتینیاتدا

ئێستا دەبینم نمایش دەکرێیت
وەک بوکەڵەیەک لەسەر شانۆ
شکۆی مەرگت شەرمنانە
بچووک دەکرێتەوە لە سۆشیاڵ میدیا

بابە
ئەم شیعرە
بۆ مەرگی ناوەختت بە جێدێڵم
لەشاعیرێکەوە بۆ ئەوی تر
ژیانێکت پێ بەخشیم شایانی ژیانە
نیوەی دونیا گەڕای
بۆ بەخشینی ژیانێکی باشتر بەمن
من بۆ هەمیشە منەتبارم
وانە بێکۆتاییەکانی ژیانت پێ بەخشیم
بەمەبەست یان لەڕێی هەڵەکانی خودەوە
من هیچیان بە دژی تۆ هەڵناگرم
هەموو لە ئێمە شایانی هەڵەین
یادەورێکانمان بە جوانی و ناشرینێکانیەوە
بە خۆشی و ناخۆشێکانیەوە
دەژین لە ناو دڵمانا، لەبیرمانا، لە ڕۆحمانا
هەموو برینەکانی هەرای ژیانمان
ئازارەکان، ڕۆشتنەکانمان، شانازێکانمان
ڕۆژێک دێت دەبن بە خەیاڵ
وەک هەموو شتێکی تر
بۆ باشتر یان خراپتر
ئێستای تۆ، گۆڕیمی
هەموو لاوازێکانت
بوون بەهێز بۆمن
هەرچی ڕاستیت ئەنجامدا
هاتە ژماردن
شتێک هەیە
لێی دڵنیام
من پیاوێکی باشترم
چوونکە تۆم ناسی.

هاڤی مستۆ
لە ئنگلیزییەوە: گۆران




“سەد و یەک ڕۆژ تەنیایی”و تەمەنێک توانەوە لە نێو نیشتماندا … هۆمەر نۆریاوی

خوێندنەوەی کتێب نەخاسما کتێبێک سەربردە و ڕۆژە حەزینەکانی کەسایەتییەکی سەرتاپا نەتەوەییت بۆ بگێڕێتەوە،بە دڵنیاییەوە بایەخ و گرینگایەتییەکی فرەی دەبێت و خوێنەری تامەزرۆ،هەرگیز لە هەڵدانەوەی لاپەڕەکانی پەڕتووکێکی ئەوتۆ،هەست بە شەکەتبوون و ماندووێتی ناکات. کتێبێک بە ناخی ئەو ڕووداوانەدا ڕۆ دەچێت کە دەست لە بەرۆکی شاعیرێکی مرۆدۆست و ژیاندۆست بەرنادەن و جەخار جەخار خوێنەر هەر ساتە و زێتر هەست بە وەرینی گەڵایەک لە دارە کەسکەکەی دەکات. گێڕانەوەی ئەم بویەر و ڕووداوە ڕەزاگرانانە،ئەویش لە زار کەسێکەوە بۆ خۆی نغرۆی نێو ڕووداوەکانە و ڕاستییەکان وەک خۆ دەگوێزێتەوە،بۆ خوێنەر،سەد هێندە چێژبەخشتر دەبێت.ڕووی ئەم پەیڤ و کورتە نووسینە لە کتێبی “سەد و یەک ڕۆژ تەنیایی”،بەرهەمی”هەڵۆ شێرکۆ بێکەس”ە.
“سەد و یەک ڕۆژ تەنیایی”،هەڵدانەوەی لاپەڕە حەزینەکانی دوایین ساتەوەختەکانی فرمێسکاویی شاعیرێکی نەتەوەیی و تا سەر ئێسقان گەلپەروەرە کە بەدەم غوربەتێکی ناخهەژێنەوە،هەر ساتە و تەڵێک ڕەشەڕێحانەی تەمەنە کەسک کەسکەکەی،زەرد زەرد هەڵدەوەرێت. سەد و یەک ڕۆژ تەنیایی،بە قەد مێژوویەکی کەونی خەمبار،بۆ کورد ئازاراویی و تاڵە. سەد و یەک ڕۆژ تەنیایی،ئەو ڕۆژە پاییزاییانەی تەمەنی شاعیرێک دەگێڕێتەوە کە بە درێژایی تەمەنێک،هەردەم بەرگێکی ڕەنگاڵەیی دەکردە بەر داری ئەدەبی نەتەوەیەکی بندەست و ناوی ئەم گەلە بێ کیانەی دەخستەوە سەرزاران و نەیدەهێشت بێناز بکەوێت و بە بۆتەی فەرامۆشی بسپێردرێت. هەر بۆیە نیشتمان،ڕۆژانە لە زنەی چاوانی هەمیشە شیعرباری ئەم هەیکەلە مەزنە ئەدەبییەی دەخواردەوە کەچی لەو لایشەوە فرمێسکێک بە ڕوخساریدا دەتکایە خوار.
سەد و یەک ڕۆژ تەنیایی،سەربردەی ڕۆژە سەرتاپا خەمینەکانی ئەو شاعیرە دەگێڕێتەوە کە تەمەن و ژینی هەر لە پێناو بەرزکردنەوەی ناوی بڵندی نیشتمانەکەیدا تێپەڕاند و لە کوێ خەمێک نیشتبایە سەر گۆنا هەمیشە سوورەئاڵەکەی،بە چڵە شیعرێک،سوکنای بۆ دەگوێزتەوە. سەد و یەک ڕۆژ تەنیایی،خودی سەرگورشتەی ڕاستینەی ڕۆژانی کپ کپی شاعیرێک دەگێڕێتەوە کە بۆ خۆی لە ڕێی زمانەوە،هەر جارە و گۆمێکی دەشڵەقاند و ڕووبارە پەیڤێکی تازەی دەخستە نێو قامووسی ئەم زمانە دێرین و دەوڵەمەندەوە. سەد و یەک ڕۆژ تەنیایی،ئەودیو وەفا و ئەمەگناسی یانژی بە پێچەوانەوە،بێوەفایی خەڵکانێک لە هەمبەر ئەم شاعیرە مەزنەمان بۆ دەردەخات. باس لە هاوڕێی دێرین و خەمخۆری شاخ و خەمساردی ئێستای نێو شارمان بۆ دەکات. گەورەیی شاعیرمان لە زمان کەسایەتی کورد و ناکوردەوە بۆ دەگێڕێتەوە. چیرۆکی ڕاستینەی دەستەڵاتێکی نوقمی نێو گەندەڵیت بۆ دەگێڕێتەوە. دیوی ڕاستینەی سەربردەی پیاوانی قسەی ڕووتمان بۆ دەخاتە ڕوو.
سەد و یەک ڕۆژ تەنیایی،سات بە سات لەگەڵ هەناسەکانی شێرکۆ بێکەس دەمانگەڕێنێت و دواساتیش هەر بۆ خۆی خەبەر لە دواهەناسەی دەدات کەچی شێرکۆ بە شیعر ئەوەندە هەناسەی لە هەر هەموو نیشتماندا بڵاو بووتەوە کە مرۆ هەمیشە هەست بە ترپەی دڵ و ناخە سیخناخە شیعرییەکەی دەکات و سات نییە بەدەم خوێندنەوەی بەرهەمێک و شیعرێکی شێرکۆوە،هەست بە لێدانی دڵە هەر هەمیشە شەیدای زمانەکەیەوە نەکات. ئیدی هەناسەیەکی لەو چەشنە کەنگێ کپ دەبێت و دڵێکی ئەوتۆ کوا لە ترپە دەکەوێت!
ئەم کتێبە،گۆشەیەک لە بێمروەتی،بێ بەڵێنی و خەمساردیی هاوڕێیانی دوێنێ و کورسینشینانی ئەمڕۆ لە لایەک و خۆشەویستبوونی شێرکۆ لای گەلەکەی و وەفا و ئەمەگناسیی کۆمەڵێک هەڤاڵ و داژداری لە هەمبەر ئەم مرۆ نازەنینە و هەروەها ڕوانین و دیدگای نەتەوەییانەی شێرکۆمان بۆ باس دەکات.
شێرکۆ بێکەس کە هەموو ژیانی لە پێناو زمانی نەتەوەیەکی بندەستدا وەپشت سەر دەنێت،کاتێک ئەم نەتەوەیە لە پارێکی نیشتمانە لەت لەتکراوەکەیدا دەبێتە خودان دەستەڵات،هەر کە شاعیر وەک هەمیشە دەبێتە دەنگی دلێری نەتەوەکەی و تەنێ خۆی بە مڵکی لایەن و پارتێک دانانێت،سەد مخابن ڕۆژانی بێ میهری لە ڕێوە دەگەن. شێرکۆی شاعیر هەتا دوا دەمی ژین هەر مەراقی ئەو ڕۆژانەی لە دڵ دەرناچێت کە ناهێڵن بەرهەمی “ئێستا،کچێک نیشتمانمە”،بە سیحری دەنگەکەی بخوێنێتەوە.
هەڵۆی کوڕی ئیشارەت دەداتە ئەم پرسە و دەنووسێت:”بە درێژایی ئەم ساڵانەی ژیانی کۆتایی باوکم،یەکێک لەو شتە کەمانەی تا مردنیش لە دڵی دەرنەچوو،ئەو ڕێگرییە بوو کە لە مێژوودا بوو بە پەڵەیەکی ڕەش و عار بە نێوچەوانی دەسەتەڵاتداران و لیژنەی ئەمنیی ئەوسای سلێمانییەوە”. (سەد و یەک ڕۆژ تەنیایی،ل 72)
هەڵۆ لە زۆر شوێنی ئەم کتێبەدا لە هەمبەر هاوڕێیانی نێو جەرگەی شۆڕش و خەمساردییان بەرانبەر شێرکۆی باوک،زمانی بە گلە دەپژێت و دەنووسێت:”گلەیی من،لە ڕوانگەی ئەو نزیکییەی باوکم لە کۆمەڵێ لەو هاوڕێیانەوە بوو،کە ڕۆژانێک لە ناو شۆڕشی نوێدا لە شاخ پێکەوە بوون. خۆ ئەگەر ئەوە شانازیی بێت بۆ ئەوان،ئەوا بەشێکی ئەو شانازییەش بەر باوکم دەکەوێت،کە لە جۆشدانی پێشمەرگە و شیعری بەرگریی و داگیرساندنی ئەو(مەشخەڵە)ی ڕێگای چەندین شەهیدی قارەمان بوون”.(هەمان سەرچاوە،ل134)
هەڵۆ،مرۆی نێو شاخ و دەستەڵات بە دوو جۆرە مرۆی جیاواز دادەنێت و دەنووسێت:”مەلا بەختیار کە خۆی بە دەروێشی شیعرەکانی شێرکۆ دەزانێ،ڕەخنەی لێ گرتم لە ڕێگەی(کاک عەبدولڕەزاق فەیلی)یەوە هەواڵی باوکمیان پرسیوە،وەک ئەوەی خۆیان دەستی تەلەفۆنیان بەخەنەوە بووبێت!”.(سەرچاوەی پێشوو،ل 137)
وەک هەڵۆ ئیشارەتی پێداوە،”فارۆق مەلا مستەفا”کە سەرمایەدارێکی گەورەی کورد و لایەنگری ئەدەبی کوردییشە،هاوڕێیەکی دێرین و لە مێژینەی شێرکۆ دەبێت و بە “ڕەفیقی عومری”دادەنێت. هەڵۆ،هەروەها ئاماژە بەم خاڵەیش دەدات کە پاش گەڕانەوەی تەرمەکەی باوکی بۆ کوردستان،فارۆق مەلا مستەفا لە سەردانێکی بۆ هۆتێل و لای نزیکانی شێرکۆ،بیرەوەرییەک دەگێڕێتەوە کە جارێک شێرکۆی باوکی بەم سەرمایەدارە کوردەی وتووە:”فارۆق تۆ ئەو هەموو کار و پرۆژەیە ئەنجام ئەدەیت،حەق بوو پەیکەرێکیش بۆ “گۆران”ی شاعیر دروست بکەی،لە منارەکەی مزگەوتی گەورە،بەرزتر بێت”. هەڵۆ دەڵێت،کاک فارۆق لەو دانیشتنەدا وتی:”بۆیە منیش بڕیارم داوە ئاواتەکەی بهێنمە دی و پەیکەرێک بۆ گۆران و پەیکەرێکیش بۆ شێرکۆ بەرانبەر یەک دروست بکەم،لە منارەکەی مزگەوتی گەورە،بەرزتر بێت”. (هەمان سەرچاوە،ل 293 و 294)
هەڵۆ گلە لەم سەرمایەدارە کوردە دەکات کە هێشتاکە بەڵێنەکەی جێبەجێ نەکردووە و دەنووسێت:”دروستکردنی مێژوو هەر بەڵێن نییە،کردار و نەخشاندنی شەرتە!”.(هەمان سەرچاوە،ل 294)
هەڵۆ،هەر بۆ مێژوو،وەفای”مەریوان هەڵەبجەیی”نووسەرمان لە هەمبەر شێرکۆدا بۆ دەگێڕێتەوە کە کاتێک لە نزیکەوە پەی بەوە دەبات کە شێرکۆ،ژێی قوڕگی لەکار کەوتووە،ئامادەیی خۆی دەردەبڕێت کە ژێی قوڕگی خۆی پێشکەش بکات.هەروەها زۆر بەڕێزەوە دەنووشتێتەوە و کڕنووش بۆ گەورەیی مێژووی شێرکۆ و ماڵباتەکەی و هەر هەموو بەرهەمە شیعرییەکانی دەبات.
هەڵۆ شێرکۆ بێکەس،لە کتێبی “سەد و یەک ڕۆژ تەنیایی”دا باس لە سۆراخ گرتنی دوو سیاسەتمەداری کورد،بەڕێزان دوکتۆر “فوئاد مەعسووم” و دوکتۆر “مەحموود عوسمان”دەکات کە شێرکۆیان بە سەروەتێکی نیشتمانی لە قەڵەم داوە.(ل 138)
هەڵۆ،ئیشارەت بەم خاڵەیش دەدات کە شێرکۆی باوکی ویستوویەتی ماڵەکەی بکرێتە مۆزەخانە کەچی هەڵۆ گوتەنی:”ماڵەکە وەختە مۆرانە بیخوات،هەموو شتەکانی شێرکۆ بێناز لەوێدا،لە ژێر ڕەحمی شێدا کەوتوون و گیان دەدەن،بەڵام بێباکی و ڕاستگۆیی شێرکۆ سەری بەرزە و زیندووە”.(هەمان سەرچاوە،ل 173)؛ هەروەها دەنووسێت:”ئێستایش دوای پتر لە 40 ساڵ مارشی ئەو حیزبە(مەبەست یەکێتییە)هەر شیعری باوکمە،بەڵێ ئەوەیش وەفای سەرکردایەتیی یەکێتیی بەرانبەر ئەو شاعیرە! ئاخر ئێوە هێندەی کۆماری ئیسلامییشتان پێ نەکرا،کە ماڵی (هێمن موکریانی)کردە مۆزەخانە!”.(هەمان سەرچاوە،هەمان لاپەڕە)
“توانا ئەمین”،نووسەرێکی هزرڕوونی نهای کوردە کە سەبارەت بە شێرکۆ بێکەس دەنووسێت:” شێرکۆ بێکەس تەنها باوکی قۆناغێک لە شیعری کوردی و نوێکەرەوەی زمانی کوردی نییە،شێرکۆ بێکەس ڕیزپەڕێكی ئاوارتەیە،ئەگەرچی خەڵکی سلێمانییە،بەڵام شیعری ئەو،بۆ مەهاباد و قامیشلی و بۆ دیاربەکر و بۆ هەولێر و بۆ دهۆک و بەشی شێریشی وەک هەمیشە بۆ کەرکووکی خوێناویی و بریندارە… شێرکۆ بێکەس زیاترە لە ناوێک،شێرکۆ بێکەس سەروەتێکی ڕۆحیی و نیشتمانییە بۆ هەر کوردێک لە هەر شوێنێکی ئەم سەرزەوییە بێت”.(سەرچاوەی پێشوو،ل246 و 247)
هەڵۆ بە ویژدانەوە ڕووداوەکان دەگێڕێتەوە و لە کوێ وەفای بینیبێت ،وەک خۆی باسی لێوە دەکات و لە شوێنێکدا هەڵوێستی دوکتۆر بەرهەم ساڵح و مەلا بەختیار بۆ هاتنەدی وەسێتەکەی شێرکۆ بێکەس(ناشتنی لە پارکی ئازادیدا) بەرز دەنرخێنیت کەچی ئیسلامییەکان دژ بەمە دەوەستنەوە؛ تەنانەت کۆمەڵی ئیسلامی بایکۆتی پرسەکەی شێرکۆ دەکات.
نیشتمانێکی نغرۆی نێو گەندەڵی و باڵادەستبوونی لایەنێک و نەبوونی ئیرادەیەکی بڵند بۆ دروستکردنی هەرێمێک بۆ هەمووان،یەک لەو پرسە جەوهەرییانە دەبێت کە شێرکۆ هەمیشە لە هەمبەریدا دەم بە هاوار دەبێت.
شێرکۆ لە نامەیەکی بۆ مام جەلال زۆر ڕەخنە لە شێوازی دەستەڵاتدارێتی و حوکمڕانیی نێو هەرێم و تێکەڵکرانی حیزب و حوکوومەت و گەندەڵیی هەمەلایەنە دەگرێت.
کێ هەیە و حاشا لە خۆشەویستی شێرکۆ بێکەس لە ناخ و گیانی هەر هەموو کورداندا بکات! هەر لە ڕۆژە پاییزییەکانی شاعیردا،ڕۆژێک دەبووایە بچێت بۆ تاقیگە و نموونەی خوێنی لێ وەربگیردرێت. لە بەختی وی،تاقیگەکە جمەی دێت لە خەڵک و شێرکۆ بێتاقەت دەبێت کەچی لە هەمان ساتدا کوردێکی گەلپەروەر هەتا مامۆستا دەبینێت،لێی دەچێتە پێش و دەڵێت: “مامۆستا گیان،من ژمارە یەکم،ئەمە بۆ تۆ و ژمارەکەی خۆتم بەرێ؛من ناهێڵم تۆ لەم سەرەیەدا بوەستی”.(هەمان سەرچاوە،ل 53)
کوردستان بە هەموو پارچەکانیەوە لای شێرکۆ بە یەک دید سەیر دەکرا و ئەوەی ئاشنا بە شیعری ئەم شاعیرە بێت،دەزانێت ورکە و پەرۆشە سەرەکییەکەی شێرکۆ،تەنێ کوردستانەکەی بوو و بەس. هەموو پارت و ئالییەکی کوردستانی لا خۆشەویست بوو. هەڵۆ سەبارەت بەم پرسە دەنووسێت:”هەرگیز هەستم بەوە نەکردووە فەزڵی لایەک بدا بەسەر لاکەی تردا،بە پێچەوانەی ئەوانەی هەمیشە باوکمیان لەسەر لایەنێک حیساب دەکرد!”.(سەرچاوەی پێشوو،ل 86)
ئەم کتێبە ڕاستە خەمنامەی شێرکۆ بێکەسە،لێ دید و بۆچوون و ڕوانگەی شاعیرێکی خودان ئەزموون بەرانبەر گەلێک پرسان دەخاتە بەر دیدەی خوێنەر. وریایی هەڵۆ لێرەوە دەردەکەوێت کە ناهێڵێت کتێبەکە هەر چاو بە گریان بێت و لە هەر لاپەڕەیەکدا دەپەرژێتە سەر گۆشەنیگایەکی شێرکۆی باوک و بە دیویەکی دی،خوێنەر بە هزرڕوونیی ئەم مرۆ مەزنە ئاشنا دەکات.
گۆرانی،یەک لەو هاوڕێ هەرە نزیکانەی شێرکۆ بێکەس دەبێت کە تا دوادەمی ژین ئەم حەزە دەروونییە لە لای ئامادە دەبێت. سەبارەت بە تێکستی گۆرانی دەڵێت: “تێکستی گۆرانی(نەک شیعر)ئەبێ ئاسان بێ،زوو لەبەر بکرێت و لە هزری خەڵکدا بمێنێتەوە”.(هەمان سەرچاوە،ل 100)
سەبارەت بە توانا هونەرییەکەی هونەرمەند “پەیوەند جاف”یش دەڵێت:”تۆ دەنگێکی بەهەشتیت پێوەیە!من لە هیچ دیدار و چاوپێکەوتنێکدا ئەمە باس ناکەم با نەڵێن مەتحی زاواکەی خۆی دەکات،بەڵام ئامۆژگاریی من بۆ تۆ ئەوەیە بجووڵێیت و تۆزێ گورجوگۆڵتر و چالاکتر بەرهەمەکانت بڵاو بکەیتەوە”.(سەرچاوەی پێشوو،ل 101)
شێرکۆ،شەیدای دەنگ و گۆرانییەکانی هونەرمەندانی وەک محەممەد ماملێ،حەسەن زیرەک و مەزهەر خالقی دەبێت.
هەڵۆ،پێوەندی نێوان شێرکۆ و خالقی،بە پێوەندییەکی دۆستانە و ڕۆحی دادەنێت و دەڵێت،کە هەواڵی مەرگی شێرکۆ بڵاو دەبێتەوە،خالقی یەکەم کەس دەبێت بە دڵشکاوی و چاوی پڕ ئەسرینەوە سەردانی دەزگای سەردەم دەکات. هەڵۆ هەروەها دەلێت:”باوکم هەمیشە شەیدا و خۆشەویستی شیعرەکانی بۆ دەنگی خالقی دەربڕیوە”.(سەرچاوەی پێشوو،ل278)
یەک لە خاڵە سەرنجڕاکێشەکانی نێو ئەم کتێبە ئەوەیە کە لەم لقەوە بۆ ئەو چڵ باز دەدات و تەنێ لەسەر چڵێک ناوەستێت. لە ئەدەبەوە ڕوو لە هونەر دەکات و لەوێشەوە بۆ نێو دنیای سیاسەت باز دەدات و دیوی ڕاستینەی ڕووداوەکانی نێو نیشتمانمان بۆ دەردەخات. نەوشیروان مستەفا لە لای شێرکۆ بێکەس خاوەنی سەنگێکی تایبەت بووە؛شێرکۆ لە کتێبی “نووسین بە ئاوی خۆڵەمێش”دا بە وردی لەسەر کەسایەتی نەوشیروان مستەفا باسی کردووە. لە کتێبی “سەد و یەک تەنیایی”شدا دیسانەوە ئاوڕی لەم کەسایەتییە داوەتەوە. هەڵۆ دەنووسێت:”کاک نەوشیروان جێگەیەکی تایبەتی لە دڵی باوکمدا هەیە”.(سەرچاوەی پێشوو،ل141)
هەروەها دەنووسێت:”کاک نەوشیروان بە باوکمی وت: تۆ شاعیرێکی گەورەی بۆ شۆڕش و پێشمەرگە،بڕوا بکە نیوەی ورەبەرزیی پێشمەرگە بە هۆی شیعرەکانی تۆوەیە”.(هەمان سەرچاوە،ل 142)
کێ بێت و وردە خوێندنەوەیەکی بۆ شیعری شێرکۆ بێکەس هەبێت و بتوانێت نکۆڵی لە زمانە زەنگینەکەی بکات! شاعیری نەتەوەیی”عەبدوڵڵا پەشێو”سەبارەت بە مەزنیی شێرکۆ دەڵێت:”زمانی کوردی بە دەست شێرکۆوە زەلیل بوو!”.(سەرچاوەی پێشوو،ل 63)
شێرکۆ بە زمانە ئاورینەکەی دەناسرێتەوە کەچی کاتێک بەو ئازارەوە گیرۆدە دەبێت،ئیتر ناتوانێت بپەیڤێت و بۆ خۆی وەرامی خزم و هاوڕێیان بداتەوە،بۆیە بە نیگا، دەزانیت ئاورێک لە ناخی وەر بووە . ئەمە قسەی هەڵۆیە سەبارەت بە شێرکۆی مەزن ئەو دەمانەی زمانە پاکژ و زوڵاڵەکەی دەشێوێت:”کاتێ قەڵای من ڕووخا،کە باوکم زمانی قسەی شێوا!”.(سەرچاوەی پێشوو،ل159)
هەڵۆ،هاوڕێ هەرە نزیکەکەی دوا ساتەوەختەکانی تەنیایی شێرکۆ بێکەس،لەم پەڕتووکەدا پەردە لەسەر گەلێک نهێنی سەبارەت بە دوا بەرهەمەکەی شێرکۆ(یادەوەریی پاسکلیلێکی کەرکووکی)هەڵدەداتەوە کە ئەم شاعیر مەزنە ویستوویەتی لە ڕێی ئەم بەرهەمەوە مێژووی شاری کەرکووک و کوردستانیبوونیشی بگێڕێتەوە و یەک لە بەرهەمە هەرە مەزنەکانیشی بێت. خەمی شێرکۆ لەم بەرهەمەدا هەر خەمی گشت کەمە نەتەوایەتییەکان و زمانی جیاواز و بەها ئینسانییەکان و گرینگتر لە هەمووانیش،سەلماندنی کوردستانیبوونی کەرکووک دەبێت. هەڵۆ ئیشارەت بەم خاڵەیش دەدات کە هەرگیز بە خەیاڵیشیدا نەهاتووە پاش باوکی، بەرهەمەکە تەواو بکات بەڵام ئاگاداربوون لە هەست و نەستە شیعرییەکەی باوک و پرسیارکردنی ورد لەسەر ئەم بەرهەمە و هێنانەدی ئاواتەکەی باوک و ساڕێژکردنی برینی سەر ڕۆحی خۆ،بە هۆکاری تەواوکردنی ئەم بەرهەمە دادەنێت. هەروەها دەڵێت کە دەقەکەی پێش بڵاوبوونەوە،نیشانی ڕەئووف بێگەرد،فەرهاد شاکەلی،دوکتۆر ڕێبوار سیوەیلی،توانا ئەمین،سارا عومەر و دوکتۆر شیروان میرزا داوە و داوای لە هەر کامەیان کردووە، سەرنجی خۆ بخەنە ڕوو. ئەرچی هەڵۆ هەر لەسەر ئەم کارە،بەرەوڕووی کۆمەڵێک ڕەخنەی توند و تیر و توانج بووەوە.
هەڵۆ لە کتێبەکەیدا خاکەڕایی شیرکۆی مەزنمان جارێکی دی وەبیر دێنێتەوە. دەنووسێت:”لێم پرسی:بابە بۆ لە نووسینێکتدا وتووتە:من لای خۆم ئەو شاعیرە گەورەیە نیم،کە خەڵکی باسی ئەکەن،لە وەڵامدا وتی: نووسەر و شاعیر نابێ وەکوو تاووسی لەخۆبایی لە لای خەڵکەکەی دەرکەوێت،ئەبێت سادە و ساکار وەکوو کوکوختییەکی ڕەنگ خۆڵینی ئەو دەشت و دەرە وابێ”.(هەمان سەرچاوە،ل 181)
شێرکۆ،شاعیر وەک سنعەتکار دەبینێت و شیعرنووسین بە سنعەت دەزانێت. هەڵۆ هەر جارە و نهێنییەک لە ناخە شیعرییەکەی شێرکۆمان بۆ ئاشکرا دەکات. دەڵێت:”لێم پرسی:تۆ زوو زوو هونەری شیعرنووسین دەگۆڕیت،کورتەشیعر بۆ قەسیدەی درێژ،بۆ ڕۆمانەشیعر و بۆ دەقی واڵا؟ لە وەڵامدا وتی: من نامەوێ لە کۆڵانی هەورێکدا قەتیس بم،من ئەمەوێ ئاسۆی فڕینم فراوان بێت،ئەگەر هەموو ساڵێ(کاژێکی شیعریی)فڕێ نەدەم،ئەمرم!”.(سەرچاوەی پێشوو،ل 182)
شێرکۆ وەک چلۆن شیعرەکانی بۆ هەمیشە بۆ ئەدەبی کوردی دەوری ڕۆژ دەبینن،هەمیشەیش بۆ نووسین،ڕۆژی لە لا میوان دەبێت. ئەوەتانێ سەبارەت بەم پرسە دەڵێت:”کە دنیا تاریک ئەبێ،ناتوانم بنووسم! من هەموو نووسینەکانم لە بەیانیان و لە ڕۆژدا ئەنووسم و بە کەمی و زۆر بە دەگمەن،بە شەو نووسیومە”.(سەرچاوەی پێشوو،ل 101)
سەد و یەک ڕۆژ تەنیایی،چیرۆکی تلانەوەی ماڵباتێکی نغرۆی نێو شیعرە بە ئازارێکی جەرگبڕەوە کە چلۆن بە بەرچاویانەوە،ڕۆژانە شەمی گیانی ئەم ڕۆحە مەزنە دەتوێتەوە.
“شەفیقە سەعید”،ئەو شاخانمەی لە شیعری شێرکۆ بێکەس دا بە هەسارەیەکی هەمیشە گەش دادەندرێت،لە لای ئەم شاعیرە مەزنەیش بە خودی چیای میهر و خۆڕاگری وەسف دەکرێت. شێرکۆ لە بیرەوەرییەکانیدا سەبارەت بەم خانمە نازەنینە دەنووسێت:”ئاواتمە مەرگم پێش مەرگی دایکم کەوێ و مەرگی نەبینم”. (هەمان سەرچاوە،ل 266)
بەڵام لای دایک(شەفیقە سەعید)،پێشمەرگەکانی کوردستان بە کوڕی وی دادەنرێن. کەچی ئەوەندە ئاشقی شێرکۆی کوڕ دەبێت کە هەموو مەینەتییەکانی ژیان لە چاو مەرگی شێرکۆ بە هیچ دادەنێت. وەسیەت دەکات کاتێک دەیشۆن،دواجار بە لای ڕاستدا دابنرێت بۆ ئەوەی هەرچی تاڵی و زووخاوی مەرگی شێرکۆیە لە گەروویەوە بچێتە دەر و نەیباتە ژێر گڵ.
هەڵۆ شێرکۆ بێکەس کە لە نزیکەوە چاو لە توانەوەی ئەو چیای میهرە دەکات،ئاورێک لە گیانی بەر دەبێت و دەنووسێت:”بە سەرنج و سەیرکردنی ئەودا تێگەییشتم،چاوی خۆرنشین و چاوی ئەم کۆچەی باوکم،یەک چاون؛بۆنی شێداری قسەکانی و سەفەری ئەسرین و بۆنی شیعری غەریبی و بۆنی ماڵئاوایی هەر یەک بۆنن”.(هەمان سەرچاوە،ل 106)
زمانی نووسینی ئەم کتێبە،زمانێکی سادە و ساکار و بێ گرێ و گۆڵی کوردییە کە زۆر زوو پێوەندی لەگەڵ خوێنەردا دروست دەکات و ئەوەندە وشە و پەیڤی نازەنینی تێدایە،مرۆ کە دەست بە خوێندنەوەی دەکات،پێی خۆشە هەتا دواپەڕە دەستبەرداری نەبێت. دیارە لە نەوەی بێکەسی گەورە و شێرکۆی مەزنیش هەر چاوەڕوانی ئەوە دەکرێت. هەڵۆ بۆ نووسینەوەی ئەم یادەوەرییە خەمینانە دەمانباتەوە بۆ دوێنێ و پێرێی تەمەنە بەرهەمدارەکەی باوک و لەوێوە چەپک چەپک گوڵاڵەسوورەی نیشتمانمان بۆ دێنێتەوە. هەڵۆ بە دەم گێڕانەوەی ئەم ڕۆژە تاڵانەوە،شارایەک مۆچیاری لە باوکەوە وەردەگرێت و ئەم هەگبە ڕەنگاڵەییە لەگەڵ خۆ بە جیهاندا دەگێڕێت. هەڵۆ لە ڕێی گێڕانەوەی ئەم بویەرە دڵهەژێنانەوە،توانای خۆی لە نووسینەوەی ڕووداوەکانمان بۆ دەردەخات. من بۆ خۆم پێشتر یەک لەو کەسانە بووم کە بە توندی دژ بە کارەکەی هەڵۆ بووم(درێژەدان بە تەواوکردنی بەرهەمە شیعرییەکەی شێرکۆ)بەڵام پاش خوێندنەوەی ئەم کتێبە و ئاشنابوون بە هەست و نەستەکەی هەڵۆ و زمانی پاکژ و سادە و ساکاری و هەروەها ئەوەی تا چەندە لە بەرانبەر باوکدا بە ئەمانەت و ئەوپەڕی ڕاستبێژییەوە هەموو شتەکان وەک خۆی دەگوێزێتەوە،ئەو مافەی پێ ڕەوا دەبینم. ئەرچی هێشتا لەسەر ئەو باوەڕەم هەر کەسە و لە ژیاندا خاوەنی دنیابینی و ئەندێشەی جیاوازە نەخاسما ئەگەر ئەو کەسەیش گەورە شاعیرێکی وەک شێرکۆ بێکەس بووبێت. جوانیی کارەکەی هەڵۆ لەوەدا دەبێت کە پێش بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکە،پیشانی چەندان نووسەر و شاعیری ناسراوی دەدات و بە وردیش ئاگاداری سنووری نێوان شێرکۆی باوک و خۆیەتی.
خوێندنەوەی ئەم کتێبە و هەروەها کتێبی”نووسین بە ئاوی خۆڵەمێش”،بیرەوەرییەکانی خودی خۆمم وەبیر دێنێتەوە کە سەردەمێک بە ئەزموونێکی فرەوان و ناخێکی گڕگرتوو و شەیدای ڕاژە و خزمەت بە بواری میدیا و ڕۆژنامەگەریی کوردییەوە ڕووم لە باشووری کوردستان نا کەچی خەمینتر لە چارەنووسی میللەتەکەم،گەڕامەوە بن سێبەرەکەی دەستەڵاتێکی سەردەستی دی و ڕۆژانە لێرە بە بەرچاوی خۆمەوە،غوربەتێکی هەژێنەر خەریکە دەنک دەنک لە ناخم دەخواتەوە.
جێی ئاماژەپێدانە کتێبی “سەد و یەک ڕۆژ تەنیایی”،نووسینی هەڵۆ شێرکۆ بێکەس،ساڵی 2018،لە لایەن کتێبخانەی یادگار بۆ چاپ و بڵاوکردنەوەوە،لە چاپ دەدرێت. کتێبەکە،هەڵگری کۆمەڵە وانەیەکی گرانباییە و بێگومان خوێندنەوەی بۆ هەمووان بە تایبەت ئەوانەی دوێنێ و ئەمڕۆ و سبەیش،لەگەڵ هەناسە شیعرییەکانی شێرکۆ بێکەس دا ژیاون و دەژین،بایەخ و تام و چێژی خۆی دەبێت.
مەرگ و مردنیش،قۆناخێکە لە خودی ژیان و ئەزموونی مرۆ بۆ پەیبردن بەودیو ڕاستییەکان فرەوانتر دەکات. بۆیە دەڵێم مردن،قۆناخێکە لە ژیان،چونکە ئەوەی بەرهەمێک بە ژیان دەبەخشێت،حوکمی نەمریی خۆی واژۆ دەکات بە تایبەت گەر ئەم مرۆیەیش شاعیرێکی کاریزماتیکی وەک شێرکۆ بێکەس بێت کە سات بە ساتی ژیان و بەرهەمەکانی،ئاوێتەی خەم و ئازار و ساتەوەختە خۆش و ناخۆشەکانی نەتەوەکەین.
ژێدەر: سەد و یەک ڕۆژ تەنیایی،هەڵۆ شێرکۆ بێکەس،چاپی یەکەم(2018)،کتێبخانەی یادگار بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە




فەرهەنگی شەیتان … ن: دادیار ئازاد

فەرهەنگی ڕاڤەی ڕاڕایی و چاوبەستییەکانی مرۆڤ.

کتێبی “فەرهەنگی شەیتان”، شرۆڤەی چەند چەمک و وشەیێکە بە شێوەی تەنز، یانی نووسەر شێوازێکی هەڵبژاردووە، کە وات لێ دەکات بە خۆت پێبکەنیت. ئەو وشانەی دەنێویدا وەک بنـواژە ‘Lemma’ هاتوون، بە جۆرێکی دیکە لە خەیاڵی ئەفرێنەری نووسەردا واتایان پێ بەخشراوە، کە هەر ئەم بنـوشە “لێما”ـیانە لە ئاستی کۆمەڵـایەتی و کەلتوری و ئاینی و سیاسیدا، بە جۆرێکی دیکەی جیاواز لە شرۆڤەی نێو فەرهەنگی شەیتاندا، دەقیان گرتووە و نەقشی واتایان لە مێشک و خەیاڵی ئێمەدا جێگیربووە.
ئەمە ڕوانینێکی دیکەیە بۆ وشە، بەدەر لە واتای سەپێنراوی پێشووتریاندا. یان با بڵێین ئەو واتا سەپێنراو و بە ڕتووشەی کە تاک و کۆمەڵگا و میدیا و سیاسی و ئاین و نەریت داویانەتە پاڵ وشە، لێرەدا هەڵگێڕدراونەتەوە و دژ و پێچەوانەی تێگەیشتنی باو، لەسەر تەختی فەرهەنگەکەدا خۆیان دەنوێنن.
نووسەر ئەو دۆخە چەپەکەی وشەی نیشانداوین، کە تێیدا زمان قەت ناتوانێت بێلـایەن بێت.
زمان وەک پەیکەری ناوەوەی مرۆڤ، واتایێک بەرجەستە دەکات؛ جیایە لەوەی بە مێشک ناسێنراوە و تێی پەستێنراوە، ئەویش واتایێکی سێبەرە، کە بەردەوام لە هەموو کات و شوێنێکدا نوێنەرایەتیی پەیکەرەی ناوەوەمان دەکات و کەوشەنی بەرژەوەندی و حەزەکانی دادەنێت و دەپارێزێت و تەواو قاڵبێکی ئەهریمەنی وەردەگرێت.
لەم کتێبەدا، سەرپۆش و ڕووبەندی وشەکان لـادراوە و، تا گوێ بۆ وشە شەیتانییەکان ڕانەگرین.
لەوانەیە مەبەستی بنووسەکەی ئەوەش بووبێت کە: بۆچی مێشک و دەرونی ئێمە، ببێتە مەکۆی ئەو جۆرە وشانە!
زمان گەر شمشێرێکی دووسەرە بێت، ئەوا لە فەرهەنگەکەدا، هەر ورشەی لـا شەیتانییەکەی دەبینرێت.
لەگەڵ خوێندنەوەی شرۆڤەی هەر دانە وشەیێکی فەرهەنگەکە بزەت کرد، ئەوا مانای وایە بەسەر خۆشباوەڕی و فریوی خۆتدا هەڵبوویت.

ئەم فەرهەنگە لە ساڵی (۱۸۸۱) لە گۆڤارێکی هەفتانەوە بە شێوەی ستوون دەستی پێکرد و، تا ساڵی (۱۹۰٦) بە پچڕپچڕی دەوامدەکات.
دواتر دەکرێتە کتێب.
کتێبەکە، بەرهەمی تەنزنووس و ڕۆژنامەنووسی ئەمریکایی؛ “ئێمبرۆس بێرس”ە.
لە چاپی یەکەمیدا، لەبەر تکا و دوودڵیی سەرپەرشتانی چاپکردنەکە لە ناونیشانی کتێبەکە، ئەوا بە ناوی “وشەدانی مرۆڤی ڕەشبین” چاپکراوە، بەبێ ئەوەی بە دەست و دڵی خاوەنەکەی بێت!
ئەمانەش نموونەی لێکدانەوەی چەند پەیڤێکی دوڕ فەرهەنگەکەن:
بێدین:
لە نیویۆرک بەو کەسە دەڵێن؛ کە باوەڕی بە ئاینی مەسیحی نییە! لە ئەستەنبۆلیش بەو کەسە؛ کە مەسیحییە!
لەدایکبوون:
یەکەمین و ترسناکترین بەڵـا.
گۆڕستان:
دواهەمین و پێکەنیناویترین کەریێتیی پارەداران.
شەیتان:
سەرچاوەی هەموو ناخۆشی و بەدبەختییەکانمان،
خـــاوەنـی هەموو خۆشی و چێژە دونیاییەکانیشمان! پەروەرێنی باڵـادەست ئەوی ئەفراندووە.
ژنێکیش بە دنەدانی ئەو؛ بووە باعیسی شەقـتێهەڵدانمان بۆ سەر پشتی زەوی.
حەوا دەستەونەزەر چووە بەردەم دادگا، داوای لێخۆشبوون و چاوپۆشیی کرد.
گومڕا:
کەسێکە، کە دانوماشی باوەڕی ئەو، لەگەڵ هیی ئێمەدا ناکوڵێت.
حزبایەتی:
لەبەر خاتری چاکە و بەرژەوەندیی حزب، پۆست و پلە بدەین بە نەنکی خۆمان.
هەڵە:
کارکردنە بە ڕێگە و شێوازی جیا لە هیی من.
تێگەیشتن:
درەنگ پەیبردنە بە گێلیەتیی خۆت.
دزیی دەریایی:
سیاسەتمەداری دەریاکان.
پیرۆزبایی:
حەسوودییێکی ڕێزدارانە.
مێرد:
کەسێکە بە تاوانی خواردنی ژەمەکەوە؛ بە شووشتنی قاپوقاچاغ سزادەدرێت.
ئایندە:
ئەو ڕۆژگارە دوورەدەستەیە، کە لەوێ کار و کەسابەتی ئێمە؛ بە پیت و بڕشتە. دۆستەکانمان لەوێ یەکـدڵ و یەکـڕوون، گوایە خۆشبەختیشمان هەمیشەییە.
توندڕەو:
کەسێکە، کە بە توندی و شەوقەوە بە باوەڕێکەوە پەیوەستە، کە تۆ باوەڕت پێی نییە.
دیکتاتۆر:
سەرۆکی کۆمەڵگەیێکە، کە کۆلێرای زۆرداریی، پێ لە تاعونی پاشاگەردانی باشترە.
ئومێد:
“چاوەڕوانی” و “ئارەزووی” نێو یەک بوخچەی سەربەمۆرن.
دەستکورت:
کەسێکە؛ کە باوەڕی بە هاوکاریی هاوڕێیانی کردووە.
هاوپەیمانی:
یەکێتیی نێوان دوو، یان چەند حزبێکە؛ لەپێناو خێراتر دەستگەیشتن، بە مەرامێکی دیاریکراو، وە تەواو ئەهریمەنی.
دۆزەخ:
جێگەی داسەکنانی بنووسی “فەرهەنگی شەیتان”.

ن: دادیار ئازاد
dadyar85@gmail.com
Fb: dadyar azad




دەستگێڕ …. جەلال عەبدوڵا ساڵح

لە شەقامی کوێرەوەری
چاو دەگێڕم بۆ پینەچی!
دەڵیم ئاخۆ کەسێک هەبێ
هێندەی ئەو پێڵاو بناسێ

بەرگدروو چۆن دەتوانێ؟
بە تەقەڵ دەرزی بدوێنێ
میووە فرۆش چۆن دەزانێ؟
ترێ هەناری خۆشدەوێ
بۆ سەعات چی پێدەکەنێ
کاتێ قورمیش ماندەگرێ

شەقامی خەیاڵ جێدێڵم
دەگەمە لای
دەرگای پیری نادی شەوان
یەکێ جگەرەی
مەراق و ژان دەکێشێت
یەکێکی کە
هۆشی ونی میوانە لای
تۆزێک مەزە و
ڕۆحی پێکێکی ئێوارە
هەتا کەمێ
ژەهری ژیانی لابەرێت
منیش هەروا
بیر لە تەمەنی مناڵیم
دەکەمەوە
کاتێک لە دەستی شەیتانی
شار و باوکم هەڵهاتم و
له‌به‌رده‌م ده‌رگای باڕه‌کان
لەژێر بەفر و گەرما، باران
ڕادەوە‌ستام
دانە دانە
پاکەتی جگەرەم دەفرۆشت
بە پیاوە مەسته‌کانی شار
تا نیوە‌شەو
تا برسییه‌تی دەیگریاندم
پێڵاوی گە‌ڕی قومارچیم
بۆیاخ دەکرد
بۆ دوو
سێ
مشت
نووقڵی ژیان

جگەرەی ناو پاکەتەکان
هه‌موو سووتان
بوون به‌ دووکه‌ڵ
لەسەر شانی “با” دانیشتن
پێڵاوی ڕێ
ورگییان ته‌قی
بۆگه‌نییان کرد
پیاوه‌کانیش
هەندێ حوتی جەنگ
قووتیدان
هەندێکی کە
وەک چۆلەکە
بەرگەی ڕقی بەفری نەگرت
ڕەق بووەوە
هەندێکیشیان
بوون بە دەڵاڵی سەرمایە
که‌چی ته‌نها من مامەوە
بومه‌ بۆقی حەوزی ژیان



جەلال عەبدوڵا ساڵح – تۆرۆنتۆ




مەیخانە یان وێرانە؟ … پشتیوان ئەنوەر

پێشووتر لە نووسین چکۆڵە ڕەخنەیەکمان گرت لە بەختیار عەلی لەسەر بەکارهێنانی وشەی “خەرابات”
وەلێ دوای ئەوە زانیم کە حەمەسەعیدیش هەمان ڕەخنەی هەیە، لە کتێبی (لەسەر باڵی هەورەوە. لاپەڕە ٣٩) ڕەخنەیەکی لەم چەشنەی هەیە لە بەختیار عەلی.
⦅حەمەسەعید لەسەر ئەم دێڕە( لەناو کەلاوە و خەراباتەکانی
گوندە ڕووخاوەکاندا، لێفە و پێخەفممان کۆ کردەوە)*
دەبێژێت، لەوەیان گەڕێ کە لێفەیش جۆرێکە لە پێخەف، کارەسات ئەوەیە، لە بەختیار عەلی وایە (خەرابات) بە مانای وێرانە و کەلاوە دێت!
شوکر هۆشیارە مەحوی، تێدەگا دنیا خەراباتە
کە بەدمەستی بکا ئەهلی، خراپەی بۆچی لێدەگرم.
بەپێی ئەم دەقی مەحوی خەرابات، بەمانای “مەیخانە” دێت
هەروەها حەمەسەعید ئاماژەشی بەوەکردوە، پێدەچێت نووسەر(بەختیار عەلی) پێی وابێت، خەرابات، کۆی (خەرابە)یە! ئاخر بەعەڕەبی میللی عێڕاقی بەکاولە دەڵێن: خەرابە! نووسەرێک ڕێز لە ئاوەزی خوێنەر بگرێت و بکەوێتە گۆمی هەڵەی وا کوشندە، ئەگەری ئەوە هەیە، دەستبەجێ دەست لە نووسین هەڵبگرێت⦆

هەروەها لای (مەحوی و، لای نالی و، وەفایی، احمد موختار جاف ، مەولانا و، بابە تاهیری هەمەندانی و، مەلا مەسعود) هەر بە مەیخانەیە بەکارهاتووە*
نموونە، عاصی دەبێژێت: ساقیم کەدی لە ڕەقسا دڵم شتابی هێنا
بەیادی جامی چاوی مەیلم شەرابی هێنا
ئەی عاشقی خەرابات هەنگامی کەیف و بەزمە
سەرحەڵقەیی مەینۆشان پیاڵەیی شەرابی هێنا.

وشەی(خەرابات) بەشێوەیەک دەچێتەوە سەر وشەی (خۆراوا) چەمکی /اوا “ئاوا”/ لە فارسی بەشێوەی “آباد” بەکار دێت، لێکچوونی پیتی “ئـ” لەگەڵ “آـ ا” فارسی بەشێوەی (ئاوا ـ ئاباد) دەرهاتووە، لێکچوونی فۆنی (ب) بۆ (و)ش لێکچوونێکی باوە، لە وشەی وەکوو: (ئاوـ ئاب / باران ـ واران…) بەمشێوەیە (آباد) بەشێوەی نووسینی (ئاوا) لەنێو زمانی کوردی و فارسی دەردەکەوێت. وشەکە بەئەگەری زۆر بگەڕێتەوە سەر (خۆراوا) واتە شوێنێک کە (خۆر) لەی بەرز دەبێتەوە، هێشتاش وشەی (خۆراوا) لەنێو زمانی کوردی باوە. وشەی (خرابات) بەگریمانەی میتالۆژی و تیۆلۆژیەکەی وێدەچێت لە مەبەستی پیرۆزی (خۆر)ەوە هاتبێت، چونکە هاوڵکاری و ناوی دیاریخەری شوێنێکە کە تێکەڵ بە سەرخۆشی و پیرۆزی و پەرەستن و حەز و سەرمەستیە، وەکوو (مەیخانە)، تێکەڵی دوو بابەتی (مەی) و (ئاین) ڕەنگە لێڵی سیمەنتیکی و دیاردەی ئاینی و بیری لێبکەوێتەوە کە چۆن (مەی) و (حەز و شۆر و خۆشەویستی ئاین)ـــــی تێکەڵ دەکرێن، بەڵام لە زۆر ڕوانگە و ڕێبازگەی ئاینی (مەی) بەشێکی پیرۆزی ئاینە، پێکهاتە و یەکێک لە ڕێورەسمەکانی ئاینیە، چ گومان نیە، بەهەمان مەبەستی (خۆراوا وشەی /خرابات) ساز کرابێت.
هەروەتر لە بنجی سەرەکی وشەی (خراب)و دیسان پاشگری (اباد)ەوە بەشێوەی (خراب + اباد) و قڕتاندنی (اب) زۆرکراو و بەشێوەی (خراب + اد) و شێوەی لێکچوونی باوی فۆنی /ت/ بۆ /د/ و لە شێوەی (اباد) بەشێوەی (ابات)ەوە دەرهاتبێت، هەیە کە شێوەی لێکچوونی وشەی (مەهاباد) بەشێوەی لێکچوونی (مەهابات) بێژە دەکات، یان (سەد ـ سەت )، بەم شێوەی لێکچوونی فۆنەتیکیە دەکرێت وشەکە لە (خراب + اباد) بەشێوەی (خراباد ـ خرابات) بەواتای شوێنێکی (کاول و وێرانە خرابە) بەڵام (ئاوەدان)ەوە هاتبێت، چونکە (مەیخۆر و سەرمەست) و (شێت/ و /واوەیلان) هەردەم لە شوێنێکی وێران و کاول کە چۆل بێت و تەنیایە دادەنیشێت و کۆ دەبێتەوە، بەئەگەری هەرە زۆر لە وشەی (خراب) بەهەمان مەبەستی سەرەووە هاتبێت.
هەروەتر لەنێو گرێکی ـ یۆنانی چەمێکی بەشێوەی(koryabas)
لە فەڕەنسەییەوە بەشێوەی (Corybantisme)وە
لە ئینگلیزی بەشێوەی (Korybantism) کە لە چەمکی گرێکی بەواتای دەستە و تاقمێکی (شەڕ و شەڕخوازی ئاینی) بەکار هاتووە، چەمکەکە لەبری (خرابات) بەهەمان واتای مەبەستەوە هاتووە، ئەمەی کە بۆ دەستە و تاقمێکی شەڕەنگێز و شەڕخواز دەرکەوتووە، وێدەچێت هۆکاری سەرخۆشی و هۆش لەسەرەخۆنەبونیان بێت کە لە شوێن و ناوچەیەکی چۆل و کاول دەردەکەوت و گرێکیان ئەم ناوەیان بۆ هەڵبژاردون.

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــ

  • لە کتێبی شاری مۆسیقارە سپیەکان لاپەڕە ٤٧ دەڵێت: موسیقا ناتوانێت لەم دوکەڵ و خەرابستانە دەرمانبێنێت

*سەرم مەستی خەرابات و هەوایە… مەلا مەسعود(بێبەش)

  • زاهید وەرە ناو بەزمی حەریفانی خەرابات
    لادە لە ڕیا و سەرزەنشتی قۆڕ و خەڕافات
    یەک جوڕعە بنۆشە لە مەیی بێ غەشە و گوڵڕەجگە (احمد موختار جاف)
  • کە تۆ نەتخوێندووە عیلمی سەماوات
    کە تۆ نابەیتە دەر ڕێ لە خەرابات
    کە تۆ سوود و زیانی خۆن نەزانی
    بە یاران کەێ دەگەی، هەیهاتە، هەیهان.(بابا تاهیری هەمەندانی)



مانیفێستی عەشق.. بەشی دوانزە… تێکست: ستیڤان شەمزینی

دەستت بخەرە ناو دەستم، سەرت بخە سەر سینگم
شوێنی من و تۆ سەر زەوی نییە، با بفڕین بۆ ئاسمان


زۆر حەز ئەکەم بۆ ئەبەد لە دڵی تۆدا بمنێژن
چوون لەو سەربازانە ئەچم سەنگەر ئەبێتە گۆڕیان


بە هەورێکا نامەیەکی تازە و حەزینم بۆ ناردووی
ببینە سبەی لای تۆ، چۆن ئەبێتە بۆران و زریان؟


ئەزانی بەر لە تۆ، من پێکەنینێکی کوژراو بووم؟
تۆ مشتێ هەنگوینی ژیانت کردەوە ناو زارم


ئەستێرەیەکی سەرخۆشی ئاسمانی ئەوینتم
تۆش مانگێکی گەشی چوار دەوری باڵام


عەشق واتە چرکەی توانەوەی من لە تۆدا
ئەوین واتە گڕ و بڵێسەی رۆحی تۆ لە مندا


بۆ ئەوەی نەمر بم، رێم بدە تێر هەناسەت هەڵمژم
بۆ ئەوەی خۆم بدۆزمەوە، پێویستە لە تۆدا ون بم


کاتێ دەدوێی بەدەست من بێ جیهان خامۆش بکەم
مەملەکەت لە موزیکی پڕ خرۆشی دەنگت هەڵکێشم


کڵۆیەک شەکری لێوت بە قاوەی تاڵی ژیانەوە دەکرۆژم
ئیدی سەبەتەی گیانم تەژی دەبێت لە گەزۆی ماچەکانت


هەناوم چەشنی پەڕە سیغارێ وردە وردە دەسووتێ
کە دەبمە سوتووش دەخوازم “با” بۆ لای تۆم بێنێ


من و تۆ، هەر دەبوو لە راڕەوی عەشق بەیەک بگەین
بەڵام بیرت نەچێ، من یەکەمجار ئاگرەکەم کردەوە


ئێوارەیەکی شەختە و زریان بوو کە وتت خۆشم ئەوێی
چی گەڵای وەرزی خەزان بوو سەرلەنوێ چرۆیان کردەوە!


لە رستە شیعرێکدا بە فڵچەی عەشق وێنەت ئەکێشم
لە وێنەیەکی تۆدا خوێنی شیعرم فیچقە ئەکات


تووڕەییەکانت بە ماچی لێوە وشکەکانم دابمرکێنە
لە تەنهاییەکانتا رۆبچۆرە ناو چاوە سەوزەکانمەوە


لە هەڵچوونەکانتا بە گەرمی ماچ بەرپەچت ئەدەمەوە
لە خەندەکانتا مینا ژیلەمۆ جارێکی تر ئەگەشێمەوە


وەک راوچییەک دڵی منت خستە تۆڕی عەشقی خۆتەوە
لە رووباری لیخن دەرتهێنام بۆ قووڵایی دەریای ئەوینت





شیعر: چرای سەر زەریاتم … کاوە عوسمان عومەر

هەر چرکەیەک،،
لەوانەیە تۆ خۆت بە بیرتا نەیەت ،،،
چەند جار باریت…
بە سەر ڕوخساری..
تەمی منا،،،
بەڵام من هەمیشە چرای …
سەر زەریاتم،،
هێشتا پەنجەرەکەش،،،
لە ئەندێشەی چۆلەکەیەکی ئاوارە تاساوە،،،
دوکەڵی هەڵکشاوی جگەرەیەک،،،
ڕوخساری ئەوی کردە…
تابلۆی هەورێک،،
دڵڕەق بە شیعر و..
مۆسیقای چاوەڕوانی،،
جێ پێی بەفرە،،،
وشەکانی دابڕان،،،
خاکی روخساری پۆشی…
باخچەکەش زۆر دەمێکە،،
بەرگی زەردی پایزی لەخۆی فڕێداوە ..
بایەکی بێدەنگ و سیما ،،
بە نابەدڵی کۆیکردنەوە ،،،
هەمووگەڵا پەمەییە تێکشکاوەکان…
هەر بە دەستێکی میهرەبانیش،،
لە سووچێکی هەیوانەکەدا ناشتنی،،
دەنگی منداڵەکانی شارێکی دزراو ،،،
لە نێو کلۆ بەفرەکاندا،
جیاواز لە زەنگی هاتنی تۆن،،،
زەنگی نەهاتنت….
لە هەموو شوێنێک ئەزرنگێتەوە،،
زەنگی مەزنی…
بێدەنگی نەهاتنت،،
زەنگی بێزاری منە ،،
نەهاتنت، ،،
زۆر دەمێکە ،،
لە ماڵیکا زرنگەی دێ،،
لە نیوەشەوە سپیەکانیشا …
زرنگەی…
لێئەداتەوە،،
جگە لە خەوێکی دووریش بە زەریاوە،،
چیتر هەیە بۆشاییەک پڕکاتەوە،،
لە بیابانی بێ ڕوخساریی تۆ،،،
گەر پریاسکەشت،،
لە نێرگزە سپیەکانی سەفەر پڕ کرد،،،
بزانە جگە لە من،،،
مێرگی ئاسمانێکت…
هەیە ماسیەکانی لە قەوزەی چاوە …
سەوزەکانتە،،،
درزی نێوان دیواری پۆڵایینی…
چوون و هاتنیش،،
هێندەی تاڵە قژێکی ئێستا باریکە،،
تیغی…
شمشێری دابڕان،،،
لە کەلی دیواری…
حەقیقەتی بوونا چەقیوە،،
کە گزنگیش تۆزێک …
لە پلیکانە کەیستاڵیەکانی..
ئێوارەدا قەتیس ما،،،
دارستانەکەش ڕازی نەبوو…
کوکوختیەکی کۆچەری تری پیا تێپەڕبێ،،
چما منی هەمیشە ڕێبوار،،
بە کێوی بەرزی بوونی تۆوە ڕاماوام…
کاتیش نەما،،،
بە بێستانی نیگاتا بگەڕێمەوە،،
گەرچی تۆ بێ شوێن و بێشاری،،،
هەر بوار نەبوو کەشتیەک،،
لە حەزە پرۆشەکانتم،،،
بۆپۆست کردیتایە،،
هونەرێکی قورس و خۆشیشە،،،
لە نشینگەی خۆتا ،،
تۆ خۆت دوورە پەڕێزکردوە،،
منیش هەوڵئەدەم،،
فێری هونەری بییرچوونەوەتبم،،،
لە ژێر تەرزەی کوشندەی ئەوانی تر،،
هەوڵئەدەم فێر بم..
فێری هونەری بییرکردنت بم،،،
وەک لە بییرچوونی منداڵێک،،،
بۆ بەرائەتی یەکەم خەندە،،،
لەبیر خۆمت ئەبەمەوە،،
بە مەرجێک گەڵاکان…
واز بهێنن ناوت نەنوسن،،
لەسەر پەنجەرەی تەزیوی …
پڕ نمەت،،
کە بەیانیان لە خەوی تۆدا..
بە ئاگا دێم،،
هەوڵ ئەدەم،،
فێری هونەری فەرامۆشکردنت بم،،
کاتێک مەلە شینەکانی کۆچ…
شەوە سیحریەکانی سەر زەریام ،،،
بە باڵیانەوە نەلکێنن ،،،
ئەیبەنە دورخەیەکی تر لە غوربەت،،
لە هونەری بیرچوونی منیشدا،،
با تۆش شنەبایەک…
لە جیاتی پەنجەکانی شیعرم،،
یاری بە ڕوخساری…
پڕ خۆرت کات،،
زۆر دەمێکە زانیومە،،
خۆر لە ڕوخساری تۆوە هەڵدێ،،
لەم تۆفانی تەنیایی سەر زەریایە،،،
تۆ لە سەر چیایەک ..
لە ڕازی دوور وەستاوی،،،
هییچ باکت نیە …
چەند ترپەی دڵی نمە،،،
لە مشتی هەورا ..
گیانیان دەرچوو،،
چەند برینی ئەو ڕێگایانەش..
بە تیمارنەکراوی جێمان هێشت،،
ئەو نیگایانەش ، لە شەختە نەبوون، بەڵام..
لە شەوێکا بوونە تابلۆی بییرکراو،،،
چەند قازی ڕەشی مەرگ ..
لە شاری نغرۆبوودا،،،
بە دواماندا هات،،،
فێربوین، لە چنگیان هەڵدێێن،،،
و گەر بشمرین ، ،،
هەر بە چاو کراوی،،،
عەشق ئەکەینەوە،،
هەر بە چاو کراویش..
ڕەنگە دوا دیرۆکی بیرچونمان ،،،
لە دەواری مێژووی زەمینێکی بێ ئاگا…
بە سوتماکی ڕۆحمان،،
بنوسرێتەوە،،،
و چەند پەپولە چرپەش،،
لە ژوورە تاریکەکانی ڕابردوو جێما،،
تۆ وەک خۆت بە،،،
هەر وەک خۆت بێئاگا…
لە نەمان و بییرکردنەوە ،،
لە ڕوباری کات ،،،
کە شەپۆلەکانی….
هەموو خونچەکانی جوانی تۆش،،،
لەوانیە درەنگ یان زوو،،
ڕاماڵێ،،،
بێ خەم بە،،،
من هەردەم چرای…
سەرزەریاتم،،
تۆش بە پۆشاکی…
شینی ئاسمانیتەوە،،
با هەر تروسکەی چاوت بێ،،
لەسەر باخچە سەرابیەکەی هاتنەوەم.




دوو دەنک شیعر — نەوزاد بەندی

  • دەنکی یەکەم –
    بە دووری مەزانە
    جارێکی تر
    دوو ئەکتەری
    یەک شانۆ بین ..
    مەحاڵ نیە
    دووبارە
    لە بارانێکا
    لە ژێر چەترێ ،
    من و تۆ بین ..!

بە دووری مەزانە
دیسان
چاکەتی نیلی و
کراسی
بەفر ئاسا
بمانپۆشێ و
دوو تەلەبەی
یەک زانکۆ بین …!

  • دەنکی دووەم –

چەند
شیعر
باری ،
تۆ هەر شین نەبووی !
چەند
جار
بووم
بە مەم
تۆ هەر زین نەبووی !

خۆم
هەڵخەڵەتاند
تۆی ڕەش و سپی ،
قەت
ڕەنگین
نەبووی !