کوردبوون و کوردایەتیی، چێشتی مجێوری نوخبە نەژادییەکان-1- … کامیار سابیر

لەو سەردەمەی ئەدەبییاتی پەکەکە و شەخصی ئۆجەلان، چەمکی کوردبوونیان لە ئەدەبییاتی سیاسییدا، تەوظیف کردووە، هەندێ نووسەر، رۆشنبییر، ئەکادیمیست و بە گشتییش ئەوەی پێیدەگوترێ ژۆرناڵیزمی کوردیی، بە کاڵیی و کوڵاویی، ئەم چەمکە دەجەڕێنن، بێ ئەوەی لە کۆنتێکستە سیاسیی، ئێثنیسیتیی، ئەخلاقیی، بایۆلۆژیی، ئەنثرپۆلۆژیی، ئینسانیی، کۆمەڵایەتیی و کولتوورییەکانی بکۆڵنەوە. ئەوەی زۆر جێگەی داخی مەعریفیی و ثەقافییە، کۆمەڵێ نووسەری نەتەوەیی کە ناتوانن لە تخوبەکانی کوردایەتیی دوورکەونەوە، ناتوانن تەجاوزی ئەم ئایدیۆلۆژیایە بکەن، تەنانەت جورئەتیش ناکەن، راستەوخۆ داکۆکیی لە ناسیۆنالیزمی نەژادیی کوردیی بکەن، دێن لە سەنگەری “کوردبوون”ەوە کە خۆ بەخۆ بەشێکە لە ئێثنیسیتی( العرقیة)، راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، داکۆکیی لەم سیستەمە سیاسیی، ئایدیۆلۆژیی و ئابوورییەی چەتەکانی کوردایەتیی دەکەن. وێڕای ئەوەی بەردەوامیش پرتەوبۆڵەیانە بەسەر ئەم دەسەڵاتەدا، بە سوڵطانیی! لە قەڵەمی دەدەن و بەردەوام گلەیی و گازەندە دەنووسن، نوشتەی خێر بۆ رائیدەکانی کوردایەتیی دەنووسن، لە چەشنی ئەوەی مەلەفی نەوتی دەست ئەم دزانەی کوردایەتیی، دەبێ شەفاف بێت! هێزی میلیشیایی پێشمەرگە بکرێ بە نیشتمانیی! و نەدەبووایە حەماقەتی ریفراندۆم لەو تەوقیتەدا بکرایە… ئەم زنجییرانە لە موناجات، درێژ دەبنەوە، بەڵام هەرگیز رەخنەی جدیی، ریشەیی و فیکرییان لە خودی ئۆکتەپۆسی ئایدیۆلۆژیایەکە( کوردایەتیی)، لە جەوهەری ناسیۆنالیزمی نەژادیی و طائیفیی کوردیی، نە بووە و نە هەیە.

کە دەگوترێ، ناسیۆنالیزمی نەژادیی و طائیفیی، هەر حەماس و تووڕەبوون نییە، هەر غوبن و پەستبوون نییە، هەر قسەی قۆڕی خودنەفرەتیی و جوێنی خۆبەکەمزانیی و قسەی بازاڕیی( گەمژەیی سیاسیی) نییە کە لەم ناسیۆنالیزمە چەتەگەرییەی کوردایەتیی، هەیە، بەڵکو حەقیقەتێکی سیاسیی، ئایدیۆلۆژیی، مەذهەبیی و طائیفیی، تێکەڵ بە ماکێکی نەژادیی بووە و بە درێژایی مێژووی دروستبوونی ئەم کوردایەتییە، هەبووە. لەسەردەمی فۆرمەلەبوونی کوردایەتییەوە، پێشتر کوردییەت=الکردیة=الحرکة القومیة الکردیة= کۆپی و پەیست، دواتر کورداندنی ناسیۆنالیزمی عەرەبیی( العربیة) و نەهجە شۆڤینییەکەی عوروبە، بووە، هاوکات ئەم ناسیۆنالیزمە( بە تایبەت ڤێرژنە کوردایەتییەکەی)، توخم، جەوهەر، مەغزە سیاسیی و کولتوورییەکەی، طائیفیی بووە. چۆن طائیفیی بووە؟ چەندیین سێکتی گەورەی کۆمەڵایەتیی، دیینیی و کولتووریی کۆمەڵگەی کوردیی لە خۆ نەگرتووە، بە تایبەتیی کوردە شیعە و کوردە عەلەوییەکان، هەروەها کوردە ئێزیدیی، کاکەیی و…تاد، هەڵاوێر کراون. لە هەموو مێژووی کوردایەتییدا، هەرگیز ئەم ناسیۆنالیزمە نەژادییە طائیفییە، نەیتوانیوە، بچێتە ناو کوردە شیعە و کوردە عەلەوییی و ئێزیدییەکانەوە و سنووری سێکت و کەڵتە کۆمەڵایەتیی، کولتووریی و دیینییەکانی تری کۆمەڵگەی بەریینی کوردیی، ببەزێنێت. ئەمسەر تا ئەوسەر، لە ناسیۆنالیزمی موکریانیی، بابانیی و بنەماڵەی بارزانیی و حیزبە پرۆکسییەکانیاندا، حەوجێ بووە.

ئۆجەلان، هەروەکو چۆن یەکەم سیاسیی کوردە کە تەوظیفی کوردبوونی کردووە لە کۆنتێکستی سیاسییدا؟ هاوکات یەکەمیین سیاسیی کوردیشە، بەو پانوپۆڕییە لەسەر دەمامکی نەقشبەندیی کوردایەتیی وسوننییبوونی کوردایەتیی و ناسیۆنالیزمی طەریقەتیی-کوردیی، رەخنەی هەمەجۆری هەبووە. ئەو، هەر جارەی بەشێوەیەک وەصفی کوردایەتیی دەکات، جارێک بە دەمامک لەسەری نەقشبەندیی( لا ٤٠٨، بەرگرییکردن لە گەلێک، ئۆجەلان)، جارێک بە حەلیفی سیاسەتە ئیخوانییە- پانتورکییە تانسۆچیلەرییە- ئەردۆغانییەکە وەصفی دەکات کە بارزانیی و تاڵەبانییشی تێدا تەوظیف کردووە بۆ لێدان لە پەکەکە( لا ٤٠٩)، جارێکی تریش بە کوردایەتیی سوننیی فاشیل کە بە خیانەتکاریی لە دایک بووە، وەصف دەکات( لای ٢٣٤) کە ویستوویانە بە حیسابی خۆیان، لە رێگەی کوردایەتییەوە، بەرخۆدان لە “مانەوەی هۆزی کورد” ( لا ١٥٣) بکەن. ئەمەی دواتر تەعبیرە لە چەمکی کوردبوون( وەرگێڕانی کتێبەکە، بەرگرییکردن لەگەلێک، هەڵەی میثۆدیی، سیاسیی، زمانیی و فیکریی، زۆری تێدایە، بە واتایەکی تر، زۆرجار کوردایەتیی و کوردبوون تێکەڵ کراون، بەهۆی هەڵەی وەرگێڕانەوە).

هاوکات، باسی ئەوە زۆر دەکات کە ناسیۆنالیزمی طەریقەتیی-نەقشبەندیی-سوننیی کە سەرجەمیان ئیستیدلالی طائیفییبوونی کوردایەتییە، چۆن هاوکاریی عوثمانییەکانیان کردووە لە قەتڵوعامی ئەرمەنەکان، ئێزیدییەکان، عەلەوییەکان و تەنانەت کوردەکانیش( ئەو کوردانەی سوننە مەذهەب، نەبوونە)؟ بەدەرلەوەی چەمکی ناسیۆنالیزم لە ناو کورددا، چەمکێکی مۆدێرنە و لە لە کۆتایی نییوەی یەکەمی قەڕنی رابردووەوە بە کەموکورتییەوە فۆرمەڵە بووە، بەڵام لەسەرەتای دروستبوونی کوردایەتییەوە، تیکەڵەیەکە لە ناسیۆنالیزمێکی مەذهەبیی-طەریقەتیی و بەتایبەتییش نەقشبەندیی، ئەمانەیش لە کۆنتێکستە سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و ئەنثرۆپۆڵۆژییەکەیدا، هاوکات لە ستاندەردە ئەکادیمیی و مەعریفە سیاسییەکەی ناسیۆنالیزمدا، جگە لە ناسیۆنالیزمێکی طائیفیی، شتێکی تر نییە.

بۆ بەراوردکاریی ئەوانەی کوردبوون و کوردایەتیی، تێکەڵ دەکەن، پێویستە رای ئۆجەلان ئاماژەی پێ بدرێ لەسەر کوردایەتیی، چونکە ئەو یەکەمیین سیاسیی کوردە کە کوردبوونی وەکو چەمکێکی سیاسیی، فۆرمەلە کردووە. ئەو لەسەر کوردایەتیی دەڵێ “ئەو خیانەت و بێ شەرەفیی و رەزالەتەی کە بە ناوی کوردایەتییەوە ئەنجام دراون، مرۆڤ ناتوانێت لە هیچ جوڵانەوەیەکی نیشتمانیی گەلاندا بیبیینێ.” عەبدوڵا ئۆجەلان، هەڵبژاردە: ل٢٣، گومانی تێدا نییە ئەوەندەی کوردایەتیی و ناسیۆنالیزمە نەژادیی و طائیفییەکەی کورد، خەریکی عەمالەتی ئیقلیمیی( پێشمەرگایەتیی) بووە، بە هەمان ئەندازەش، وەعی سیاسیی کادیرەکانی خۆیشی، لە جەهلێکی قووڵدا، پەنا داوە. ئەوانەی لە دەرەوەی رییزەکانی کوردایەتییش، خیانەتیان کردبێت، ئێستا دەیانەوێت، لە ناو موئەسەسەی خیانەتی کوردایەتییدا، بەرائەتی خۆیان، بەیان بکەن. نموونەیەک لەسەر ئەرضی واقیع بهێنرێتەوە، باشتر مەسەلەکە روونتر دەبێتەوە. ئێمەی کورد، لە کوردستانی عێراقدا، زۆر کەسمان هەیە دەستیان لەگەڵ دامودەسگاکانی حکومەتی بەعثدا تێکەڵ کردبوو، بۆ ئەوەی ئەو لەکەیەیان لێ ببێتەوە، دێن فاشییانە داکۆکیی لە کوردایەتیی دەکەن، دژی عەرەب و شیعە و حکومەتەکانی دوای کەوتنی صەدام حوسێن، دەوەستنەوە. هەندێکی ترمان هەیە، مەلەفی دەست تێکەڵکردنەکانیان ئەوەندە قورس بووە، خۆیان بە پەکەکەدا هەڵواسییوە و لە سەنگەری پەکەکەوە، فاشیزمی نەتەوەیی، هەڵدەهێننەوە، بە خەیاڵی خۆیان لە حەمامەکەی کوردایەتیی پەکەکەدا، غوسڵی سیاسیی خۆیان، باشتر دەردەکەن.

ئەم بەعثییە دێریینانە، بۆ ئەوەی مەلەفی شەرمەزاریی خۆیان( لە رووی نەتەوەیی و نەژادییەوە) قەرەبوو بکەنەوە، دێن داکۆکیی لە نەهجە فاشییەکەی کوردایەتیی دەکەن. بۆ نموونە، پێیانوایە ئێمەی کورد دەبووایە لە حەویجە، ماڵ و منداڵی عەرەبمان لەگەڵ زەوییدا تەخت بکردایە. هاوکات ،بۆ ئەوەی میثۆدێکی پانکوردییش بدەن بە داکۆکییکردنەکانیان لە کوردەکانی سوریا، لە هەمبەر داگییرکارییەکانی تورکیادا( دەرهەق بە عەفرین)، داوای ئەوە دەکەن ژن و زارۆکی تورکەکان، وەکو کارە کۆرپە سەرببڕین! چۆن تورکیا و عەرەبە شۆڤینییەکان، ژان دەخەنە دڵی دایکان و باوکانی ئێمەی کوردەوە، ئێمەی کوردیش هەمان نەهجی فاشییانەی ئەو دوو جۆرە ناسیۆنالیزمە( عەرەبیی و تورکیی) بگرینە بەر؟ لە بەرامبەریشدا، ئەکادیمیستمان هەیە دەیان نەوطی شەجاعەی قائیدەکانی کوردایەتیی ( بە تایبەتییش باوکی هەژاران) لە رابردوودا هەبووە، ماوەیەکی زۆریشە بە سوڵطانیی و چەتەگەریی، ئەژماردیان دەکات، بە زمانی ئەکادیمیستی جوولەکە- هانا ئارێنتەوە، پێیوایە، چۆن ئەردۆغانی نەهج فاشیی، هێرشمان دەکاتە سەر، بەس لەبەرئەوەی کوردین! ئێمەش دەبێت بەهەمان نەهجی کوردبوون! داکۆکیی لە خۆمان بکەین؟

کوردبوون، لێرەدا، مەغزا سیاسیی و ئایدیۆلۆژییەکەی، ئێثنیستییە( نەژادییە)، دەی ئەمە ئەگەر فاشیزمی کوردایەتیی نەبێت لەبەرامبەر فاشیزمی تورکیی و ناسیۆنالیزمە دیینییە( طەریقەتییە-ئیخوانییە) کەی ئەردۆغاندا، چیی تر دەگەیەنێت؟ ئەردۆغان و تورکیا، کاتێ هێزە عەسکەریی و موخابەراتییەکانیان، هێرش دەکەنە سەر کوردستانی عێراق، بە ناسیۆنالیزمی تورکیی-دیینیی قاندراون، ئەم ناسیۆنالیزمە رقی لە هەموو نەژاد و نەتەوە و دیین و مەذهەبێکی ترە( جگە لە مەذهەبی سوننیی-ئیخوانیی)، پەکەکە خۆی کە یەکەمیین قوربانیی ئەم هێرشانەیە و وەکو یەکەمیین بەربەست لەبەرامبەر ئەم ناسیۆنالیزمە تورکیی و دیینییەی سوپاکەی ئەردۆغاندا، راوەستاوە، ناچێ پەنا بۆ فاشیزمی کوردیی بەرێت، ناچێت بانگەوازی ئەوە بکات ئەوان وەکو کورد، هێرشمان دەکەنە سەر و ئێمەش دەبێ وەکو کورد، دیفاع لە خۆمان بکەین! چونکە پەکەکە عەقڵی سیاسیی زۆر لەم ئەکادیمیستە پانکوردیی و نەتەوەیی و نەژادییانەی کورد بەریینترە، ئەو دەزانێ هەزاران تورک، عەرەب، نەتەوە و نەژادی تر لە رییزەکانی ئەودا( بە تایبەتیی لە ناو کوردەکانی سوریادا) لەگەڵ کوردەکاندا لە یەک سەنگەردان، دژی فاشیزمە ئەردۆغانییەکەن؟ دەزانێ چەند لەباری سیاسییەوە لەسەری دەکەوێ ئەگەر شەڕێ پەکەکە و تورکیا، بکات بە شەڕی کورد و تورک؟ کەچیی ئەکادیمیستە عوقەلاکانی ئێمە لە هەندەرانەوە، رێک پێمان دەڵێن، ئەوان( تێرۆری دەوڵەتیی- تورکیا) چۆن لەسەر کوردبوون! دەمانکوژن و قڕمان دەکەن، ئێمەیش بە هەمان شێوە، لە رێگەی ثێۆرییەکانی ئارێنتەوە، دەبێ قڕیان بکەین، دەست لە تورکبوونی هیچ کەسێک نەپارێزین و ناسیۆنالیزم، بە ناسیۆنالیزم، وەڵام بدەینەوە.

بە باوەڕی من، بەعثییە دێریینەکان و موهەڕیجەکانی کوردایەتیی، زۆر صادیقانەترن لەگەڵ نەهجە کوردایەتییەکەی خۆیاندا، تا بە ئەکادیمیستە خوێندەوارەکانی ئێمە، دەگات. ئەوان راست و رەوان، تەواوی گەندوگووی کوردایەتیی دەهێننە دەرەوە و دەڵێن حەقیقەتی فاشیزمی کوردایەتیی ئەمەیە و بۆ وەستاندنی فاشیزمی عوروبیی و فاشیزمی تورکیی، پێویستە فاشیزمی کوردایەتیی بەگەڕ، بخەین. لە بەرامبەردا، نووسەرانی ئەکادیمیستی! ئێمە( ئەوەندە نەرجسیین، بست بست باڵا دەکەن کە پێیان دەگوترێ ئەکادیمسیت!)، پێیان شەرمە ناوی کوردایەتیی بهێنن، خۆیان دەبوێرن لە ناوهێنانی، پێیان عارە داکۆکیی راستەخۆ لە ناسیۆنالیزمی چەتەگەریی ئابووریی بکەن، پێیان خەجاڵەتییە ببن بە حامیی ناسیۆنالیزمی نەژادیی-کوردیی-طائیفیی، بەڵام دێن لە بن بنچکی کوردبوونەوە، لە پەنای ئێثنیسیتیی کورد و کوردبوونەوە، لە راستییدا هەر هەڵەژی نەژادییە، یان لە فەنتازیای سیاسیی خۆیاندا لە ژێر ناوێکی جوانترەوە( کوردبوون)، هەمان داکۆکیی لە ناسیۆنالیزمی کوردیی و لە ڤێرژنی کوردایەتیی- نەژادیی و نەهجە فاشییانەکەی دەکەن کە موهەڕیجە رەیعخۆرەکانی کوردایەتیی، بە ئاشکرا، دەیکەن. هەر ئەمەشە کە رەخنەگرە موحتەرەمەکانی ئەم دەسەڵاتە لەگەڵ رەیعخۆر و پیاوەکانی ماڵی بارزانییدا، دەتوانرێ، ناوەکانیان لە ئەلفەوە بۆ یای، رییز بکرێن، چونکە ناوەڕۆکی بۆچوونەکانی هەردوولایان، داکۆکییکردنە لە قەوارەی دزەکانی کوردایەتیی و عەمالەتە ئیقلیمییەکانی ئەم ناسیۆنالیزمە نەژادییە طائیفییەی کوردایەتیی.

پێشتر گوتومە بە مانا ئێنتیلێکچوواڵییەکەی، ئێمەی کورد، رۆشنبییرمان نییە، بەڵام لەبەر ئەوەی بە خۆیان دەڵێن، رۆشنبییر و ئەکادیمسیت، ئەوە هەر بەو شێوەیە، مامەڵەیان لەگەڵ دەکەین. ئەم جۆرە ئەکادیمیست، نووسەر و رۆشنبییرانە، دەزانن لە ماوەی دەیە و نییوی رابردوودا، حەشرێک بە کوردایەتیی کراوە لە لایەن دەیان و صەدان گەنجی کوردستانەوە کە ئیتر نەک هەر رووی مەجلیسی نەماوە، بەڵكو عارێکی فیکریی و سیاسیی گەورەشە، مرۆڤ باس لە فیکر بکات، بێت کوردایەتیی بخاتە جوملەوە بۆ دەربڕیینی ئیحساساتە نەتەوەیی، نەژادیی و طائیفییەکانی، بۆ ئەوەی خۆیان لە کوردایەتیی، بدزنەوە، دێن چەمکی” کوردبوون” لەگەڵ کوردایەتییدا ئاڵوگۆڕ دەکەن و لە رێگەی ئەم چەمکەوە، غەریزە ئایدیۆلۆژییەکانیان، خاڵیی دەکەنەوە. راستە ئۆجەلانیش، لە کتێبی بەرگرییکردن لەگەلێک، نەیتوانیوە ئەم دوو چەمکە تێکەڵ نەکات، بەڵام لەو باوەڕەدام، هەڵەکان لە وەرگێڕەکانەوەیە، چونکە ئەوانەی تورکیی دەزانن، یان ئەو نووسیینانەی بۆ عەرەبیی و ئینگلیزیی، وەرگێڕدراون، لەگەڵ دەقە کوردییەکاندا( کرمانجیی ناوەڕاست)، زۆر جیاوازییان، هەیە.

ئەمەی سەرەوە، بەشی یەکەمە و درێژەی هەیە…




بە بێ دەق دڵی شانۆ لێ نادات … عەبدولڕەحمان عەزیزی

یەکەمین فستیڤاڵی شانۆنامەنووسیی کوردی

شانۆی کوردی یەکێکە لە ھەرە گرینگ‌ترین ھونەرەکانی کورد و کوردستان و ئەمڕۆکە لە شارەکانی کوردستاندا چەندین شانۆ به شێوازی جۆراوجۆر دەچیته سەر شانۆ و نمایش دەکرێت، و روژ لە دوای روژی گرینگییەکی زیاتر بەم بوارە دەدریت.
هەڵبەت شانۆی کوردی به تایبەت له کوردستانی ئیران، بۆ گەیشتن بەم قۆناغە رێگەیەکی سەخت و دژواری بریوه.
ساڵانی ڕابردوو و به تایبەت له سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئیران و به پێی بڕیاری فەرمی و دۆخی ناوچەکه کۆمەڵێک شانۆ به زمانی فارسی نمایشکران، کە زیاتر بۆ فێستیڤاڵەکان یا خۆ ڕێوڕەسمی تایبەت به دامودەزگاکانی حکوومەت بوون و زۆرتر لە شانۆگەلی کلاسیکی وەرگیراو له ئەدەبی فارسی یا خۆ دەقی وەرگێڕدراو لە زمانەکانی دیکە پێک دەهاتن.
هیچ تێبینی و گوتار و ڕەخنە و خوێندنەوەیان لە سەر نەدەکرا و له لایەن بەرپرسان و چاپەمەنییەکانی حکوومیش یان بەها و گرینگیان پێ نەدەدرا یان بە شێوەیەکی ناعەقڵانی بە بەژن و باڵایاندا هەڵدەوترا.
ئەو شانۆیانه لە سەرەتادا هەتا دەیەی حەفتای هەتاوی بینەرێکی زۆریان ھەبوو، بەڵام کەم تین و بێ گیان بوون و زۆركه‌م خاوه‌ن بنه‌مایه‌كی فیكری و هه‌ڵگری پرسیار و تێڕامان بوون و نەیان‌دەتوانی ورووژێنەری گفتوگۆیه‌كی جدی و کۆمەڵایەتی بن یان لە پاش خۆیان ڕەوتێکی هونەری و شانۆیی بخولقینن.
هەر بەو هۆیەش شانۆ لەو دەمەدا نەیتوانی خۆی بگەیێنێته ئاستی ژانرەکانی مۆسیقایی و ئه‌ده‌بیی وەک شیعر و چیرۆک‌ و په‌خشان کوردی و له ئەدەب و هونەری کوردی دابرا و بەرەوڕووی کەمایەسیی بینەر و بەردەنگ بوو؛ بەردەنگ بە زمانی بێ زمانی هاواریان دەکرد شانۆیەکان دەویت کە دەروەستی به ژیانی خویانەوه بێت.
پاش ئەوە بوو کە شانۆی فارسی و کوردی لە ناوچه کوردەواری بۆ چەند ساڵێک قەتیس‌ما.
به ‌دەرچوونی خوێندکارانی شانۆ له‌ قوتابخانه‌ و زانکۆكان و پێگەیشتنی بەرەی گەنج و جیلی نوێ و تێگەیشتنی خوێندکاران و نووسەر و شاعێرانی هاوچەرخ لە زەروورەتەکانی سەردەم و گۆڕانکاری له پێڕەونامەگەلی فەرمی و حکوومی له دەیەی هەشتاکانی هەتاوی، ڕەوتێکی نوێ لە بواری شانۆییدا دەستی‌پێکرد.
کۆڕی و گرووپ و ده‌سته‌وتاقمی شانۆیی سه‌ربه‌خۆ به شێوازێکی نوێ و ئورگانیستی له سەر بنەما و ململانێی هزریی نوێ و بە ئاوڕدانەوە له سروشت و ڕەوتی ژيان سیاسی و کۆمەڵایەتی جیهان و به تایبەت ژیانی کوردەواری و بە پشت‌بەستن بە دەقی خۆماڵی سەریان هەڵدا.
ئەگەرچی هەوڵەکانی ئەمان تا ڕادەیەکی زۆر نەریتی و ته‌قلیدی، کەم و لاواز بوو، بەڵام لە گەڵ خۆی مزگێنی‌دەری ڕەوتێکی تازە بوو کە هەوڵی دەدا بە شێوازێکی زانستی و تێگەیشتنی دروست مامەڵە لە گەڵ شانۆ بکات.
ئەم ڕەوتە وەک وتم هاوکات بوو لە گەڵ دەرچوونی خوێندکارانی کورد و هەڵگیرسانی ڕەوتێکی نوێ لە بواری شانۆییدا.
وەرگێڕانی دەقی شانۆیی کلاسیک و بەرهەمه گەورە و ناسراوەکانی جیهانی شانۆ و هەروەها نووسینی دەقی شانۆیی لە دوای سەرهەڵدانی ئەو بەرە نوێیە، کرانەوەی دەروازەیەکی نوی و تازه بوو بەڕووی شانۆی کوردییەوە و سەرەڕای تەواو کەم و کۆڕییەکان، چرای شانۆی کوردی لەوساوە هەڵگیرسا و ڕووناکایی خسته سەر پەردەی شانۆ.
دەقی وەرگیراو لە ئەدەبی کلاسیک و وەرگێڕان بۆ سەر زمانی کوردی لەم قۆناغەدا دەرفەتێک بوو بۆ ئاشتبوونەوەی بەردەنگ لە گەڵ شانۆ و شانۆی کوردی و فەرهەنگی رۆشنبیرانە و تێكستی فیكری کوردی وەک پالپشتێک بۆ شانۆی کوردی ئاوری لێ‌درایەوە.
بەڵام لەو قۆناغەشدا شایەدی نووسینی شانۆنامه و لێکۆلینەوەی جیدیی خۆماڵی نین و شانۆنامەی کوردیی بەپێز ئامادەبوونێکی بەرچاوی نییە، ئەگەرچی یەکەم هەنگاوەکانی ئەو پروسەیە دەستی پێکردبوو؛ پڕۆسەیەک کە پێدەچوو رێگەیەکی سەخڵەت و چەتوونی لەبەرە.
چونکە تێوەگلانی کورد لە کارەساتگەلی گەورە و دڵتەزێن لەو سەردەمەدا دەستی باڵای بوو لە نامومکین نواندنی رێگەی گەیشتن بە ئامانجەکانی شانۆی کوردی و پەرەستاندنی.
هەڵبەت شانۆی کوردی لەو کاتەدا زۆر ئازایانە هەمان ڕەنج و نەهامەتی و کارەساتی خەڵکی کوردی قۆزتەوە و گرێی داوە بە هیوا و ئازار و ئەوینی مرۆڤایەتی بە گشتی.
بەڵام سەرەڕای هەموو ئەو هەنگاوانەی لە بواری شانۆی کوردیدا هەڵگیراوە، ئەوی هێشتا وەک کەمایەسییەک بە ناوچاوی ئەم هونەرەوە هەست پێ‌دەکردێت جێگەی بۆشی دەقی شانۆیی و شانۆنامەیە.
شانۆنامەکان لە بری ئەوەی بەهرە لە چیرۆک و ئەدەبی کۆن و زارەکیی کوردی وەرگرن، هێشتا سەرقاڵی دەقە مۆدێرن و نوێیەکان بوون، بە بێ ئەوەی بیر لە توونیەتی و تامەزروویی بینەری کورد بۆ بیستن و دیتنی سەرچەشنە کوردییەکان بکەنەوە.
شانۆی مەم و زین، خەج و سیامەند، سیدەوان، سپی مەند، گەنجو خەلیل، زەنبیل فرۆش و زۆر دەقی دیکەی وەک ئەوان توانیویانە سەرنجی بینەر و خوێنەری کوردی بۆ لای خۆیان ڕاکێشن و میژوویەکی زێڕین له ماوەی ئەم بیست و چەند ساڵەی ڕەوت و بزووتنەوەی شانۆی کوردیدا بنەخشێنن.
کەواته گرفتی سەرەکی چ نییە جیا لە هەمان دەقی شانۆی کوردی و هەڵبژاردن و چونییەتی نمایشکردنی.
هەڵبەت ئەوە بەو مانایە نییه که دەبێت تەنیا و تەنیا بۆ شانۆی کوردی بەهرە لە دەقی کلاسیک و کوون یان چیرۆک و بەسەرهاتی دێرینی کوردی وەرگرین، بەڵکوو مەبەست ناسینی ئایدیا، فۆرم، شێواز و ستایلی نووسین بە پێوەری ڕوانینی ئەمڕۆیی و بەکارهێنانی ئەو دەقانە لە قەوارەیەکی نوێ و ستانداردە کە هاوکاتی ئەوەی دەروەستی بە فەرهەنگ کۆن و کۆمەڵگای ئەمڕۆی کوردەوە هەیە، خۆدەبوێرێت لە بێزارکردن و تۆراندنی بینەران.
لەمناوە ڕەوتی شانۆنامەنووسیی کوردی زۆر به ئەسپایی و خاو هەنگاو دەنێت و زوریش کەم و کۆڕی تێدایە، بەڵام شانۆ گەشه دەکات و ئەزموونێکی چر و دەوڵەمەند لە خۆی بە جێ دێڵێت.
شانۆنامەنووسی له ئەدەبی کوردیدا زور نامۆیه و تا ئێستا نەیتوانیوه وەک ژانرێکی سەربەخۆ دەرکەوێت و پێویستە لەوبارەوە هەوڵی زور جیدی بدەین هەتا جێگە و پێگەی شیاوی خوی بدۆزێتەوە و دەبێ نووسەرانیش کاتێکی زیاتر بۆ ئەم ژانره تەرخان بدەن و هەروەها شانۆکارانیش هاوڕێ و یاریدەدەری نووسەران بن.
ئەگینا شانۆنامەنووس به تەنیا ناتوانیت دەقی سەرکەوتوو بنووسێت و بەرهەمێکی زیندوو و مۆدێرن بخولقێنێت.
ڕۆڵی شانۆکار بۆ یارمەتیدانی شانۆنامەنووس ئەوەیه که لە پێناو باشترکردن و بەپێزترکردنی بەرهەمەکەی، پێشنیار و ڕەخنەی هونەریی شیکارانە و شانۆگەرانە له سەر نووسراوەکه ئاراستە بکات.
شانۆنامەنووس و شانۆکار دوو چینی پێکەوە گرێ‌دراوەن، كاتێک شانۆنامەنووس نەیتوانی بەرهەمەکەی بباتە سەر شانۆ و بە تەواوەتی خۆی لەو جیهانییە داببڕێت، ئیتر شانۆی ئەو گەلە ڕوو لە داڕمان و لە ناوچوون دەنێت و لە گەڵ پەرەسەندنی بێ متمانەیی، کەلێنێک دەکەوێتە نیوان هونەری شانۆ و كۆمەڵگە.
بە بێ دەق دڵی شانۆ لێ نادات و بەرەو تەنگژەی مەرگ دەچێت و به سەختی چارەسەریشی بۆ دەستەبەر دەکرێت.
بۆیه دەبێت هەموو هەوڵی خۆمان بدەین کە له بناغەوە بە هزر و جەستەی نووسینی شانۆنامەدا بچینەوە.




مێشكی عەرەب … هەندرێن شێخ راغب

عەرەب كێشەیەكی هەیە، لەسەرەتاوە تێ ناگات، هەتا كۆتایی، ئەوكاتیش زۆر درەنگە، لەكۆتاییدا لەشتەكان تێدەگات، سەرەتا بەهەموو هێزی خۆتەوە لە بناگوێی هاوار بكە تێ ناگات.
ئەوكاتەی توركیا پەلاماری عەفرینیدا، پەیج‌و لاپەڕەی ئەنتەرنێتی دەوڵەتە عەرەبیەكان پڕبون لە ستایش‌و حەماسەتی پشتگیری ئەردۆغان‌و سوپاكەی، جەژنیان گرتبوو بەهۆی لەناوبردنی كورد. چەندە هاواریان كرد ئەمە نەخشەیەكی ناسیۆنالیستی‌و رەگەزپەرستی توركە لەبەرگی ئیخواندا، خزمەت نیە بە ئیسلام‌و ئاشتی ناوچەكە، تكایە عەرەب گوێ بگرە. ئەوان زیاتر حەماسەتیان دەگرت. بەس پڕۆژەی (گاپ) بەسە بۆ ئەوەی هەرچی عەرەبە دژی توركیا بێت، چونكە ئەم پڕۆژەیە روباری دیجلەو فورات دەگرێتەوەو عەرەب لەبێ ئاویدا دەخنكێت..لێرەدا بە ژمارەو داتا رونی دەكەینەوە:
رۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌و تایبەت دەوڵەتە عەرەبیەكان، وشكترین‌و بێ ئاوترین ناوچەی جیهانن، گەشەی دانیشتوانی ئەم ناوچەیە لەهەموو جیهان زیاترە كە 3% ساڵانە،”ڕووباری فوڕات بەگشت لقەكانیەوە حەوزێكی گەورەی دروست كردووە كە 000،444 كیلۆمەتری چوارگۆشە داگیردەكات. لەم ڕووبەرە گەورەیەدا بەنزیكەیی نیوەی دەكەوێتە خاكی عێراقەوە كە دەكاتە ٤٦٪ و ڕێژەی ٣٣٪ لەناو خاكی توركیایە وئەوەش كە دەمێنێتەوە كە دەكاتە 19٪ دەكەوێتە خاكی سوریا. بەهەمان شێوەش ڕووباری دیجلە لەگەڵ هەموو لقەكانیەوە ڕووبەری ٣٨٧،٦٠٠ كیلۆمەتری چوارگۆشەی ئاودار كردووە، بەجۆرێك كە سێیەكی حەوزی ڕووبارەكە واتا 75٪ دەكەوێتە خاكی عێراقەوە و ڕێژەی ١٥٪ دەكەوێتە توركیا، و ڕێژەی ٠،٣ دەكەوێتە سوریا.لەم ژمارانەوە ئەوەمان بۆ دەردەكەوێت كە بەشی هەرە زۆری ئاوی هەردوو ڕووبارەكە و حەوزی نێوان دوو ڕووبارەكە دەكەوێتە خاكی عێراقەوە. نزیكەی نیوەی ڕووبەری ئاوی ڕووباری دیجلە و سێیەكی ڕووبەری ئاوی ڕووباری فوڕات لە ناو خاكی عێراقدایە”. توركیا ئەم ئاوە لە عەرەب دەگرێتەوەو پێنج پارێزگای ناوەڕاست‌و باشوری عێراق كە دەكاتە شەش ملیۆن كەس بەتەواوی بێ ئاو دەبن‌و دەبێت چۆڵ بكرێن، بەپێی زانیاریەكانی نەتەوەیەكگرتوەكان بەهۆی سیاسەتەكانی توركیاوە شەش ملیۆن هاوڵاتی عەرەبی عێراق دەبێت ئاوارە بن‌و كۆچ بكەن. زۆنگاو‌و هۆرەكان وشك دەبن‌و شارو كشتوكاڵ‌و ئاوەدانی لەپێنج پارێزگای عێراق نامێنێت، كەچی عەرەب دژی كوردەو هەلهەلە بۆ هاتنی سوپای توركیا لێ دەدات.
پرۆژەی گاپ ناوێكی توركیە، بیرۆكەی پرۆژەكە بۆ هەفتاكانی سەدەی پێشوو دەگەرێتەوە كە رووبەری پرۆژەكە نزیكەی لە (10%) رووبەری گشتی توركیا پێك دەهێنێت ، تێچوونی پرۆژەكە لە نێوان (6% بۆ 9%) بوودجەی گشتی توركیایە. پرۆژەی گاپ جگە لەوەی گەورەترین پرۆژەی ئاوی توركیایە و یەكێكشە لەپرۆژە گەورەكانی جیهان( بە چوارەم گەورەترین بەنداوی جیهان ئەژماردەكرێت) ، پڕۆژەی (GAP) پێكدێت لە ٢٢ بەنداوی گەورە و ١٩ وێستگەی هایدرۆلیكی و ٢ تونێلی ئاودێری. 13 پرۆژەی سەرەكیی كە حەوتیان لەسەر رووباری (فورات) و شەشیان لە رووباری (دیجلەوە)، پرۆژەی گاپ هەردوو رووبارەكە دەكاتە یەك و بە كۆكەرەوەی ئاوی فورات و دیجلە دادەنرێت، بەشێوەیەك لە (80%) پشت بە ئاووی رووباری فورات و لە (20%) پشت بە ئاوی رووباری دیجلە دەبەستێت. پرۆژەكە دەبێتە هۆی سرینەوەی (340 ) شار و شاروچكە و گوندشین وە دەست بەسەراگرتنی (200) شوێنەواری مێژووی كوردی.
توركیا شەڕێكی ستراتیژی گەورە بەئاو دەكات، سەرەتای نەودەكانی سەدەی رابردوو، نەجمەدین ئەربەكان گوتی: ئێمە وا دەكەین لە داهاتوودا یەك بەرمیل ئاو بە یەك بەرمیل نەوت بە دەوڵەتانی عەرەب بفرۆشین. بەڵام بڕوا ناكەم هێشتا مێشكی عەرەب ئەم قسەیەیان بیستبێت؟.
ئێستا توركیا لە سوریا، عێراق، لیبیا، سۆمال، سودان، یەمەن، قەتەر، چەندین ناوچەی دیكە لەبەرنامەی دان، بنكەی سەربازی‌و هێزی خۆی بەربڵاوكردۆتەوە، كە لەداهاتودا عەرەب دەكاتە پاشكۆی خۆی. بۆیە گرنگە بپرسین ئایا عەرەب مێشكی كەی تێدەگات پڕۆژەكە زۆر مەترسیدارە بۆ كیانی عەرەبی؟
كە چارەسەری زۆر باش هەیە، ئەگەر عەرەب بتوانێت كاریان لەسەریان بكات:
یەك: پێویستە لە عێراق عەرەب كێشەی كەركوك‌و دارایی‌و بودجەو نەوت و وزە لەگەڵ كورد چارەسەر بكات.كوردیش هەرێمی كوردستان رێك بخاتەوەو شەفافیەت‌و نەزاهەتی داهات و خەرجیەكان وەك خۆی جێبەحێ بكات. ئەوە بزانێت نەمانی موچەو جوڵەی بازاڕو بژێوی خەڵك خەونی سیاسی كورد لەبار دەبات.
وە پێكەوە بلۆك بەندی توند دروست بكەن.. هەرچەندە ئەم قسەیەی خۆم پێچەوانەی زۆربەی نوسینەكانی دیكەمە لەسەر عێراق، بەڵام بەشكم عەرەب هەستی كردبێت‌و كوردیش ئەوە بزانێت هەرێمی كوردستان بەم جۆرە ئیدامە نادرێت؟.
دوو: پێویستە دەوڵەتانی عەرەب، توركیا لەسوریا دەربكەن، بەتایبەت لە عەفرین‌و ئیدلەب، قۆناغەكە وا دەخوازێت، مەبەست خزمەت كردنی بەشار ئەسەد‌و كورد نیە، قۆناغی ئەمنی قەومی وا دەخوازێت.
سێ: گرنگە لە لیبیا هەیمەنە‌و بونی توركا كۆتایی پێ بهێنن، ئەمەش پڕۆژەی گەمارۆدانی عەرەب لەلایەن توركیاوە كۆتایی پێ دێنێت.
چوار: پشتیوانی ئۆپۆزسیۆنی توركی‌و كوردی ناوخۆی توركیا بكەن لەهەڵبژاردنی داهاتوو، لەروی ماددی‌و مەعنەوی.
پێنج: لە ئەنجومەنی ئاسایش‌و نەتەوەیەكگرتوەكان، بیست‌و دوو نوێنەریان هەیە، دنیایەك دەوڵەتیان هەیە، دەتوانن دبلۆماسیانە كاری جدی بكەن.
شەش: پشتیوانی كورد بكەن لە سوریا‌و عێراق‌و شان بەشانی بوەستن. چونكە كورد دەتوانێت لەسنورەكانەوە گەمارۆی ستراتیژی توركیا رابگرێت، ئەمەش دەرفەتێكی باشە بۆ ئەمنی قەومی عەرەبی.
بۆ داتاو ئامارەكان سودم لەم سەرچاوانە وەرگرتوە:
سەرچاوە:1- ئاسایشی ئاو لە عێراق و هەرێمی كوردستان و لێكەوتەكانی، قارەمان موحەمەد حەسەن
2-ئاسایشی ئاو لە هەرێمی كوردستان و كاریگەری وڵاتانی دراوسێ ( پڕۆژەی گاپ بەنمونە، د.یونس عەلی
ناوەندی كوردستان بۆ توێژینەوە لەململانێ و قەیرانەكان




کتێبی ئامۆژگاریە کورتەکانی ژیان …وەرگێڕانی لە ئینگلیزیەوە/ م.ڕاستى ڕه‌سول

(Life’s Little Instruction Book) یەکێک بوو لە کتێبە پڕفرۆشەکانی ئەمریکا، ئەم کتێبە سەرەتا – جاکسۆن براون – بۆ کوڕەکەی نوسی پێش ئەوەی بچێت بۆ زانکۆ، کە چەند ئامۆژگاریەکی سادە بوو و مەبەستیشی نەبوو بیکات بە کتێب، براون خۆی بەڕێوەبەری دەزگایەکی ڕاگەیاندن بوو، بەڵام دواتر کە چاپی کرد بۆ زیاتر لە – ٣٥ – زمان وەرگێڕدرا، وبەملیۆنان دانەی لێفرۆشرا، بەشێک لەو ئامۆژگاریانە ڕەنگە نامۆ و پێکەنیناوى بن، و لە هەندێک کۆمەڵگا بە عەیبە دابنرێن.

ھەندێک لە ئامۆژگاریەکان :-
١/ نھێنی پارێز بە.
٢/ زۆر بڵێ بێزەحمەت و تکایە.
٣/ ووشەی سوپاس زۆر بەکاربێنە.
٤/ ھەموو بەھارێک گوڵ بڕوێنە.
٥/ تۆ یەکەم کەس بە کە بە کەسى بەرامبەرت بڵێى سڵاو.
٦/ باشترین زیوو و خشڵ بەکاربێنە.
٧/ پێڵاوی پۆلیش و بۆیاخکراو بپۆشە.
٨/ خۆت فێری ئامێرێکی مۆسیقی بکە.
٩/ سەگت با ھەبێت.
١٠/ لە ڕۆژی لەدایک بوونت درەخت بڕوێنە.
١١/ سیستەمی دەنگی و بڵندگۆی باشت با ھەبێت.
١٢/ ھاوڕێی تازە پەیدا بکە بەڵام کۆنەکانیش لەبیر مەکە.
١٣/ ھەموو ئەو شتانە بگێڕەوە کە بە ئەمانەت وەریاندەگریت لە خەڵکی.
١٤/ پاسکیل لێبخوڕە.
١٥/ بەشداری کۆرسی فۆتۆگرافی بکە.
١٦/ فێری کاری دەستی و جوانکاری بە.
١٧ / لە سەدا دەی ٪‏١٠ ئەو شتانەی دەستت دەکەوێت لە سامان و شتی تر پاشەکەوتی بکە.
١٨/ سەرزەنشتی ئەوانی تر مەکە و بەرپرسیارێتی سەراپای ژیانت لە ئەستۆ بگرە.
١٩/ لە پێش ھەموو ژەمەخۆراکێک سوپاسگوزار بە.
٢٠/ ھەڵەکانت دووبارە مەکەوەرەوە.
٢١/ سەرسوڕمانی خۆت دەربڕە بۆ کەسێک ئەگەر دیاری ھەرزانیشی پێشکەش کردی.
٢٢/ پیرۆزبایی ڕۆژی لەدایک بوون لە ھاوڕێ و ناسیاوەکانت بکە.
٢٣/ تەماشای چاوی خەڵک بکە لە گفتوگۆ کردن.
٢٤/ کتێبی گرانبەھا زۆر بکڕە ئەگەر نەشیانخوێنیتەوە.
٢٥/ هەرچۆنێک دەتەوێت ھەڵسوکەوت لەگەڵ کەسانى دەروبەرت بکە.
٢٦/ ئەگەر تووشی شەڕی نەخوازراو بوویت یەکەمجار بەتوندى دەست بوەشێنە.
٢٧/ ھەموو ڕۆژێک ستایشی سێ کەس بکە.
٢٨/ لە حەمام گۆرانی بڵێ.
٢٩/ لە تۆقەکردن گەرموگوڕ بە.
٣٠/ چۆنت ئارەزووکرد ئاوا بژى یە.
٣١/ لێبوردە بە بەرامبەر خودی خۆت و کەسانى دەوروبەرت.
٣٢/ ددانەکانت بەدەزوو و داو پاک بکەرەوە.
٣٣/ ھەرگیز باسی جۆری ئەو خواردنە مەکە کە خواردووتە.
٣٤/ ئۆتۆمبیلی گران بەھا لێبخوڕە و باشترین ماڵ و خانوشت با ھەبێت.
٣٥/ داوای زیاتر بکە ئەگەر مافی خۆت بێت.
٣٦/ خوێندکاری قۆناغێکی دیاری کراو بە.
٣٧/ ھەرگیز خانوویەک مەکڕە ئاگردان و گەرمکەرەوەی تێدا نەبێت.
٣٨/ یەکجار لەژیاندا دەرفەتت دێتە پێش و لەدەستی مەدە.
٣٩/ فێری پارچەیەک لە مۆسیقای بتھۆڤن و موزارت و چۆپین بە.
٤٠/ ھەموو ساڵێک دوو بتڵ خوێن ببخشە.
٤١/ گرتەی ڤدیۆیی تایبەت بەخۆت زۆر تۆمار بکە.
٤٢/ منداڵەکانت لەگەڵ خۆت ببە بۆ باخچەی ئاژەڵان.
٤٣/ شادیەکانت دوا مەخە.
٤٤/ ھەرگیز ئیرادەی خۆت ڕادەستی ھیچ کەسێک مەکە چونکە ھەموو ڕۆژێک پەرچوو و موعجیزە ڕوودەدەن.
٤٥/ ڕێز بۆ مامۆستاکانت بنوێنە.
٤٦/ ڕێز لە ئەفسەری پۆلیس و ئاگرکوژێنەوە بگرە.
٤٧/ یارمەتی پێشکەشی ھەر کەسێک بکە کە پێویستی پێتە.
٤٨/ ووشەی کێشە لە لاى خۆت بگۆڕە بە ھەل.
٤٩/ سنور مەبەزێنە بەرامبەر ئەوانەی بیروڕایان لە تۆ جیاوازە.
٥٠/ دووربکەوە لە ووشەی دۆڕان و ھەوڵبدە ئامانجەکانت بێنیتەدی.
٥١/ خەڵک بە کێشەی تایبەتی خۆتەوە سەرقاڵ مەکە.
٥٢/ بێدەنگ بە لەو کاتانەی پێویست بە قسەکردن ناکات.
٥٣/ پارە و سامان مەبەستەوە بەدڵخۆشیت.
٥٤/ گوێ لەھەموو لایەک بگرە پێش ئەوەی بڕیار بدەی.
٥٥/ دان بەھەڵەکانتدا بنێ و پشتگوێیان مەخە.
٥٦/ منداڵ لەباوەش بگرە دوای سزادانی.
٥٧/ پەیوەندی لەگەڵ کەسانی بەرامبەر لەسەر بنچینەی متمانە بنیاد بنێ.
٥٨/ ڕەخنەی سلبی وەڵام مەدەوە و ئەوجۆرە ڕەخنەگرانەش پشتگوێ بخە.
٥٩/ ھیچ بڕیارێک مەدە لە کاتی توڕەبوونتدا.
٦٠/ بنچینەی پیشە فێر بە لەجیاتی فێڵی پیشە.
٦١/ چێژ لەشتە سادەکان وەرگرە، و لەگەڵ ھەوڵدان بۆ ئامانجە مەزنەکان.
٦٢/ خۆت بپارێزە لە ڕاستەوخۆ بەرکەوتنی خۆر.
٦٣/ لەھەموو لایەنێکی ژیانی خۆت بەرپرسیارێتی لەئەستۆ بگرە، و کەسانی تر سەرزەنشت مەکە.
٦٤/ ڕووداوە ھەرە خراپەکان لەبەرژەوەندی خۆت بەکاربێنە.
٦٥/ بە ھێواشی دانس بکە.
٦٦/ ڕۆژنامە و بوتڵ و قووتووەکان بنێرە بۆ ڕیسایکلین.
٦٧/ جگەرە مەکێشە.
٦٨/ کاتژمێرەکەت (5) خولەک پێشبخە.
٦٩/ فێربە چۆن نوسین چاپ دەکەی.
٧٠/ هەرگیز لە مادە بێھۆشکەرەکان نزیک مەبەرەوە، و ھاوکاری ئەوانەش مەکە کە بەکاری دەھێنن.
٧١/ لە لێدوانی گاڵتەجاڕی خۆت بەدوور بگرە.
٧٢/ لە کاروبار یان لە پەیوەندی خێزانی بنەما گرنگەکانی متمانەت لە بیر بێت.
٧٣/ ڕێگا مەدە ھیچ کەس بەسەرخۆشی بتبینێت.
٧٤/ ھیچ کەسێ ھان مەدە ببێت بە پارێزەر.
٧٥/ ھەرگیز ئۆتۆمبیلی بێجی مەکڕە.
٧٦/ ھەرکەسێک دەستی ھاوڕێیەتی بۆ درێژ کردی ڕەزامەند بە.
٧٧/ چاکە بکە لە کۆمەڵگاکەی خۆت بە کات و پارەکەت بەخشندەیی بنوێنە.
٧٨/ فێڵ و جادوو مەکە.
٧٩/ بچۆ بۆ ئاھەنگەکانی بەیەکتر شادبوونەوە.
٨٠/ تەندروستی باش بۆ بەخشین نیە.
٨١/ دراوسێکانت لە بیرمەکە.
٨٢/ بزانە چۆن ڕاپۆرتی دارایی دەخوێنیتەوە.
٨٣/ هەموو کات دەفرەچوارگۆشە بچوکەکانی ناو بەفرگر پڕبکەوە لە ئاو.
٨٤/ بیر لە بیرۆکە گەورەکان بکەرەوە، بەڵام چێژ لە خۆشیە بچوکەکانیش وەرگرە.
٨٥/ بە منداڵەکانت بڵێ کە چۆن مەزن دەردەکەون، و چۆن لای تۆ متمانە پەیدا دەکەن.
٨٦/ کارتی پارەدان تەنھا لەکاتی گونجاودا بەکاربھێنە، و بۆ چاکەکردن بەکاری مەھێنە.
٨٧/ ھەموو ڕۆژێک (30) خولەک بەخێرایی پیاسە بکە.
٨٨/ زەردەخەنە بخە سەر لێوت چونکە ھیچی تێناچێت و بەخۆڕاییە.
٨٩/ لەیادی لەدایک بووندا بەشێلان و مەساژ چارەسەری خۆت بکە.
٩٠/ ھەگیز دەمارگیر مەبە.
٩١/ بزانە چۆن ئۆتۆمبیلی گێڕ عادی لێدەخوڕی.
٩٢/ گوڵ و باڵندە و درەختەکانی ناوچەکەت بناسە.
٩٣/ ئامێری ئاگرکوژێنەوەت لە چێشتخانە و لە ناو ئۆتۆمبیليش با ھەبێت.
٩٤/ ھەموو ساڵێک ئینجیل لەبەرگەوە بۆ بەرگ بخوێنەوە.
٩٥/ شەڕاب و جانتا و کاتژمێری گرانبەھا مەکڕە.
٩٦/ ھەناسەدانی دەستکرد و فریاگوزاری سەرەتایی فێر بە.
٩٧/ دودڵ مەبە لە کڕینی بەلەمی بچوک.
٩٨/ بوەستە و نیشانەی سەر ڕێگا مێژوویەکان بخوێنەوە.
٩٩/ فێربە چۆن تایەى ئۆتۆمبیلەکەت بگۆڕی.
١٠٠/ فێری بەستنی بۆینباخ بە.
١٠١/ ڕێز لە تایبەتمەندی منداڵەکانت بگرە، و پێش ئەوەی بچیتە ژوورەکانیان لە دەرگایان بدە.
١٠٢/ ناوی خەڵکت با لە یاد نەچێتەوە.
١٠٣/ کەلوپەل و ئامێری گرانبەھا بکڕە.
١٠٤/ پارەی لیستەکانی قەرز لەکاتی خۆیدا بدە.
١٠٥/ خۆت لە کەسانی خراپ و نێگەتیڤ بپارێزە.

———————————————

سەرچاوە / کتێبى Life’s Little Instruction Book

وەرگێڕانی لە ئینگلیزیەوە/ م.ڕاستى ڕه‌سول / ڕانیه‌




پرۆتۆكۆڵی كۆچ … عیسا بۆتانی

چ بستێك له‌ جه‌سه‌دی خۆر نه‌كوژێته‌وه‌
كه‌ خۆڵه‌مێشه‌ ساردبووه‌كان له‌به‌ر ده‌رگا
ستایشی فرمێسك بكه‌ن و
هۆن هۆن بۆ عه‌وره‌تی خۆیان بگرین…
دۆستایه‌تی تاریكی
له‌ تخووبی كام خۆردا بوه‌ستێ‌
كه‌ رێژنه‌ی ئاگر به‌ده‌م سه‌مای تریفه‌وه‌
ببریسكێ و
پاوانێك له‌ پوش و په‌لاش
بخاته‌ به‌ر روحمی سووتان…
من به‌ده‌ستی زه‌بانیه‌ سپی پۆشه‌كانی به‌فره‌وه‌ ده‌سووتێم و
له‌ زریانه‌ بێ ئامانه‌كانی زه‌مهه‌ریردا
نزانم ده‌بنه‌ سه‌هۆڵ،
بۆ له‌مه‌ودوا جیا له‌ ئاگر هیچ وه‌رزێكی دیكه‌ نه‌ما
ده‌سته‌ وشه‌كانم نه‌تافێنێت و
ته‌ویڵم راكێشێته‌وه‌ به‌ر تینی ژیان…
به‌سسه‌ با چیدی به‌دیار حه‌زه‌ خه‌فه‌كراوه‌كانی خلووده‌وه‌
نه‌مرین،
به‌سسه‌ با چیدی له‌هه‌رێمه‌ غه‌مناكه‌كانی بووندا
نه‌ژین…
ئێستا كاتی دۆڕاوی دوای مه‌رگه‌,
پاش كه‌مێكی دیكه‌
كاتی نمایشكردنی دوا فیلمی فه‌نابوونی دیناسۆر و
هه‌تككردنی كوڵمه‌ خامۆشبوه‌كانی گوڵه‌،
له‌وانه‌یه‌ به‌یانی
به‌ شایه‌تی زووری چاڵه‌ بێبه‌خته‌كانی رێگا
قاچی رێبوارن ببڕدرێنه‌وه‌…
له‌وانه‌یه‌ داستانی ته‌رزه‌
له‌ زاری به‌ساڵاچووانه‌وه‌ ده‌ستپێكا و
گۆناكانیان بۆ گه‌ڵای وه‌ریووی هه‌نجیر ببێته‌وه‌ چه‌رم،
گیرفانیان له‌ پووله‌كه‌ی پشتی ماسی و
پارچه‌ی شكاوی ئه‌ستێره‌ پڕ بكه‌ن…
یان خانوویه‌ك له‌ سه‌وڵی ئه‌و به‌له‌مانه‌ دروستكه‌ن
كه‌ له‌ چنگی شه‌پۆڵه‌كاندا شكستیان هێنا,
له‌سه‌ر ئه‌و رایه‌خه‌ پاڵده‌كه‌ون
كه‌ له‌ دوگورد ده‌چێت،
له‌ چاڵه‌ قووڵ و بێ بنه‌كانی ئه‌و گه‌رمه‌سێره‌ ده‌چێت
كه‌ له‌ باوه‌شیدا دیناسۆره‌كان ون بوون,
له‌ پێلووی ئه‌و مرۆڤه‌ شه‌كه‌ت و تۆزاویانه‌ ده‌چێت
كه‌ قاچیان خستۆته‌ سه‌ر رێگه‌ی بیابان و
به‌ تیله‌چاوێك له‌ به‌رزخ ده‌ڕوانن…
ئه‌و مرۆڤه‌ شه‌كه‌تانه‌ وازیان له‌ هه‌ڵهاتنی خۆر هێناوه‌،
چیتر خاك بۆ ژیان ناشێ‌
خه‌ونێك نه‌ماوه‌ بۆ فڕین،
سه‌رتاپای ئاسمان نوته‌كه‌
چی ماوه‌ تاكو بۆی بگرین…
له‌ بری ئه‌و باڵانه‌ی به‌نیازی فڕینه‌وه‌ هه‌ڵپاچران
تا ئه‌ژنۆ له‌ زۆنگادا چه‌قین…
ئه‌وسا زانیمان عاشق بۆ خه‌ڵوه‌ت ده‌كێشێ‌
له‌ كونه‌ شاخێكدا ئاگر ده‌كاته‌وه‌،
هه‌رچی هه‌یه‌ جێی ده‌هێڵێ
گره‌وی عه‌شق ده‌باته‌وه‌,
ئه‌وسا زانیمان ئێمه‌ ئه‌و كه‌سه‌ین
كێبڕكێ‌ به‌ رۆحی هه‌سپه‌وه‌ ده‌كه‌ین و
سواره‌كان له‌وه‌ راده‌هێنین
شمشێره‌كانیان له‌ چرۆی دار هه‌نار بوه‌شێنن و
تاژییه‌كانیان له‌ تارمایی ئه‌و رازه‌ به‌رده‌ن
له‌نێوانی دڵ و زاردا قه‌تیس بووه‌…
كیڵی ئه‌و گۆڕه‌ بڕووخێنن
كه‌ به‌ پاكیزه‌یی مردووه‌…
مرۆڤه‌ تۆزاوییه‌كان ده‌ست به‌و گوناهانه‌وه‌ ده‌گرن
كه‌ رۆشناییان له‌دوا به‌جێما،
به‌ پێخاوسیه‌وه‌ رووه‌و ئه‌و چرایه‌ ده‌چن
كه‌ ژێر قاچیان رووناك ناكا،
وه‌كو شه‌یپوور رێگاكان به‌خه‌به‌ر دێنن و
به‌ بێ‌ تونێڵ به‌ژێر چیاكاندا گوزه‌ر ده‌كه‌ن,
له‌ گه‌ڵ ورده‌ لمه‌ سۆربووه‌كاندا
پرۆتۆكۆڵی كۆچ ئیمزا ده‌كه‌ن…
په‌ساپۆرته‌كان ده‌هاوێژنه‌ نێو كوانوو
رێگا له‌به‌رد ده‌خنكێنن
تاكو نه‌بێته‌ بیانوو..
فوو له‌و چرایه‌ ده‌كه‌ن
كه‌ ژێر قاچی رووناك ناكا،
له‌و بیابانه‌ بێ بنه‌دا
ون ده‌بن و
جگه‌ له‌ حۆرییه‌كانی به‌فر و
كه‌نیزه‌ لاسوتاوه‌كان
كه‌سێك پێشوازیان ناكا ….