سوڵتان لە نێوان قولەی قەڵا و کامێرادا… خوێندنەوەیەک بۆ کتێبی زۆربای ئێرانی … عەلی مستەفا

دەریچە:
زۆربای ئێرانی کتێبێکی ترە لە وەڕگێڕانی شەفیقی حاجی خدر، ئەو دەمێکە دەنووسێت و وەردەگێڕێت، لە نێو وەرگێڕانەکانیشیدا هەندێک جار دەست بۆ کتێبەکانی قادر عەبدوڵڵا دەبا و وەریاندەگێڕێت. قادر عەبدوڵڵا بە هۆڵەندی دەنووسێت و بە ڕەگەز فارسە. لە نێو نووسینەکانی ئەم ڕۆماننووسەدا هەموو کات سەرنجت دەکەوێتە سەر کەللتور و فەرهەنگە جوداکانی ئێران، تەنانەت جوگرافیا و داب و نەریتی کۆنی ئێرانیشت بەرچاو دەکەوێت. ئیتر ئەوە شانازییە هەر ئەدیب و نووسەرێک بتوانێت بار و تەواوی دیمەنەکانی نیشتمان و میللەتەکەی بگوازێتەوە نێو کەللتور و نەریتە جوداکانی دونیا و لە ڕێگەی کتێبەکانییەوە ئاشنایەتی بخاتە نێو گەلی خۆی و گەلانی تر.
وەرگێڕ زمان پاراوانە ئاشنایەتی لە نێوان خوێندەواری کورد و ڕۆمانەکان دروست دەکات، گومان هەڵناگرێت کورد و فارس سەر بەیەک کۆمەڵە زمانی ڕۆژهەڵاتی ناوینن، بەڵام خۆ دوو زمان و دوو نەژادی جیاوازن، خاوەنی داب و فەرهەنگی سەربەخۆشن، لە نێو ئەم کۆ جیاوازییانەشدا زۆر شت هەیە گەلانی ئەم ناوچەیە هاوبەش دەکات، ئەمەش ڕووێکی ئاساییە چونکە زۆر ئاهەنگ و هەماهەنگی هەیە، کە دەبێتە هۆی درووست بوونی ئەم هاوبەشییانە. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا زۆر شت هەن کە نایان زانین، لەوانەیە پێویست نەبێت کە بیزانین، بەڵام ڕووداویش هەیە لە ڕێگەی سەربووردەکان و گێڕانەوەکانەوە دەبێتە داکەوتەیەکی ئەم زەمینەیەی کە ئێمەی ڕۆژهەڵاتی لێیدەژین و تیایدا چەرمەسەری دەکێشین. ڕووداو و گێڕانەوەکانی نێو ئەم ڕۆمانە ئەگەر بۆ گەلانی ڕۆژئاوا وەک ئاشنایەتییەک گرنگ بێت، بۆ ئێمەی گەلانی ڕۆژهەڵاتی تەنانەت خودی نەتەوەی فارس پتر لە ئاشنایەتی گرنگە، چونکە ئەم ڕۆمانە لا کردنەوەی کۆمەڵێک باسی گرنگە لە مێژووی ژیانی گەلانی ئێران، ئەم ڕۆمانە لە پێنج کتێبناو کۆ کراوەتەوە و هەر کتێبە و باس لە سەردەمێکی دیاری کراو دەکات، هەموو ئەم گێڕانەوانە لە ژیان و سەردەمی چالاکییەکانی گەنجێک بەرجەستە کراون، واتە لە ڕێگەی ئەم کارەکتەرەوە تەواوی هەژموون و باسەکان گۆ دەکرێن. ئەوەی من گەرەکمە لەم رۆمانە لێیبدوێم، ئەو گۆشە هەستیارەیە کە سوڵتانی کوڕەمامی ئەکرەم جون، یان کوڕی ئەو ژنەی کە ئامۆزای هۆشەنگی یەک باسکە، کە دواجار بە هۆشەنگی باسک ئاسن لە ئەمریکا دەرکەوتەوە، لە ڕێگەی ئەو کوڕیژگەیەی لە قولەی قەڵای ماڵباتەکەیەوە، لە ڕێگەی دووربینەکەیەوە تەماشای دنیای دەرەوەی دەکرد، باسی کۆ نیگاکانی ئەم ڕۆمانە بکەم، دەمەوێ هەستەوەری ئەم ڕۆمانە لە نیگای چاوەکانی سوڵتانەوە ببینم و قۆناغەکانی بە کەنگەشەی شیکارییەوە سواخ بدەم.
ئەم وەرگێڕانە بە زمان و وشەی کوردی دەوڵەمەندە و بەشێکی گرنگە لە پاراستنی فەرهەنگی کوردی، چونکە وەرگێڕ لەگەڵ کاری وەرگێڕانەکەیدا، پەراوێزی خستۆتە نێو کارەکەیەوە، بۆ هەر وشەیەکی کوردی ڕوونکردنەوەی داوە. لە پاڵ ئەمەشدا ئەم کتێبە دەبوایە کاری وردتری لە بارەی خاڵبەندی و هەڵەچنییەوە بۆ بکرایە، چونکە لە کاتی خوێندنەوەدا بەسەر کاری لەنگدا دەهاتی و پیچەک لە خوێندنەوەدا هەست بە لەنگی دەکەیت، بەڵام نەبۆتە هۆی لە دەستدانی پەیامی ڕاستەقینە.

کتێبی یەکەم
سوڵتان و قولەی قەڵا:

ئەم قۆناغە؛ لە کتێبەکەدا بە سەردەمی ئەفسانە ناوی هاتووە، بەڵام خۆ دەکرێت سەردەم و ئاهەنگێکی زێرێنیش بووبێت لە ژیان و ئەزموونی سوڵتاندا. ئەم دیاردەیە لە نێو گەلانی دونیا بە تایبەتی گەلانی ڕۆژهەڵات تا درەنگانێک باوبوو، دەبوایە بەچکە خانەدانەکان هەر لە ستونی پیرۆزی خۆیان بمێننەوە و لە ڕێسا و نەزمی ماڵە گەورە دەرنەچن، ئیتر ئەوە پیرۆزییەک بووە بەر ماڵە گەورە و شکۆدارەکان بڕاوە. ئەم دیاردەیە لە ڕۆژئاوا هەر لە سەدەکانی ناوەڕاست و سەرهەڵدانی شۆڕشی ڕێنیسانسەوە، دوای لا کردنەوەی دەسەڵاتی کەنیسە و گەل پۆتی شکا و ئیتر بەملاوە کەس بەسەر کەسەوە خاوەن شکۆ نەبوو، هەموو لایەک دەبوایە هەوڵ بدات و تێبکۆشێت. بەڵام گەلانی ڕۆژهەڵات بەشێوەیەکی بەرچاو لە کۆتایی نیوەی یەکەم یاخود تێپەر بوونی سێ چارەگی سەدەی بیستەم بەسەر ئەم داکەوتەیەدا تێپەڕین و پۆتەڵاکی ئەم کەلتوورە بریندار کرا.
بۆ مرۆڤ زۆر گرنگە، لە هەر سەردەم و قۆناغێکی ژیان بتوانێت سوود لە سەردەمەکە و مێژووی سەردەمەکە ببینێت، تەنانەت ئەزموونکردنی دیاردەکانی ژیان لە هەر تافێک دابێت پێویستییەکی ڕاددە نەویستە، چونکە مرۆڤ لەم کەنگەشانەوە سەر دەردەکات و ئاشنایەتی بە چواردەوری خۆیدا درووست دەکات. سوڵتان کوڕی پیاوێکی بێدەنگ و بێزمانە و سەر بە ماڵباتی قەڵایە، دایکیشی ژنێکی شەلەیە، کچی وەرزێرێکی گوندەکانی بنارە، دایکی لەگەڵ ئەوەی شەلە بوو بەڵام جوان و شیک بووە و زمانی باشی لە دەم دابووە، واتە قسە زان و لێنەبڕای بووە، هەر ئەو سەرپەرشتی سوڵتان و کارەکانی کردووە. ماڵبات هیچ کات نەیانویستووە سوڵتان تێکەڵی منداڵانی گەرەک بێت و ئاشنایەتی لەگەڵ دەورووبەر درووستبکات، ئەمەش کاریگەری ناخۆش و نامۆ بەسەر هەست و نەوای سوڵتانی منداڵ دروست دەکات، سوڵتان بۆ ئەوەی ئەم بۆشاییە دەروونییە پڕ بکاتەوە، ڕۆژانە بەسەر قولەی قەڵا هەڵدەگەڕێت و دەیەوێت لە ڕێگەی دووربینەکەیەوە تەماشای سرووست بکات و بزانێت لەم جیهانەدا چی هەیە و چی دەگوزەرێت، بەردەوام سەیری کێڵگەی زافەرانی ماڵباتی کۆشک دەکات، کە باوکی رۆژانە سەرپەرشتی دەکرد و دواجار دایکی سوڵتانیشی هەر لەو کێڵگانە کردە هاوژینی خۆی. ئەم دووربینە دەبێتە خووپێوەگرتنێکی ڕۆژانە و بەردەوام لە ڕێگەی دووربینی قولەکەوە جیهانی دوور و نزیک، ئەوەندی بڕی دەکرد دەپشکنی. ئەمەش بارێکی ئاسایی نابێت هەر دەبێت بە شێوەیەک لە شێوەکان کاریگەری بخاتە سەر هەست و بیرکردنەوەکانی سوڵتانی منداڵ، چونکە ئەم دیمەن و جەنجاڵییەی جیهان لەگەڵ هەڵکشانی تەمەنی سوڵتان گەورەتر و فراژووتر دەبن، دواجار
کۆنترۆل کردنی ئاسان نابێت، ئەمەش یاسای ژیانی هەر تاکێکە کاتێک ئازادی و خواستی لێزەوت بکرێت.

(چیڕۆکەکە دەگێڕمەوە، چیڕۆکەکەی سوڵتان، فیلم دەرهێنەرێکی ئێرانی. چڕۆکەکەش لە قەڵایەک دەستپێدەکا، قەڵایەک، کە لەتافی منداڵی تێیدا ژیاوە) ل٢٦ ئیتر سوڵتان لە هەژموونی کۆن و سانسۆرکردن دەربازی دەبێت و دواجار دەبێتە ناوێکی پڕشنگدار بە ئاسمانی سینەما و فیلمەوە، هەڵبەتە دووربینی قەلا دەبێتە ڕێخۆشکەرێکی جوان و دنیا بینییەکی تەواو بۆ ئەوەی ئەم جیهانەی تێیدا دەژیت، کە قەڵای ماڵبات و گەورەکانی رۆحانییە جێبهێڵێت.
قەڵا تەنها جن و پاراستنی داب و نەریتی وەک ئامۆژگاری پێشکەش بە سوڵتان و دەورووبەر دەکرد، ژیانی قەڵا پەیوەست بوون بوو بەو ڕێکارانەی لە گەورەکانیان بۆیان دەردەچوو، هەمووشیان پیاوانی ئاینی و پەیوەست بوون بە کارە ڕۆحانییەکانیان. دەبایە هەر تاکێکی ئەم ماڵباتە خاوەنی جنێکی تایبەت بەخۆی بایە، بۆ ئەوەی شوونی ماڵبات وێران و بزر نەبێت. بەڵام تا ژیان وەگەڕتر و ئاشنایەتی زیاتر بێتە ناوەوە، دەستە و نەوەی نوێ چیتر بەم ئاوەزەوە بەردەوام بەدەوری قەڵا و جنۆکە و پیاوانی ئاینی ناخولێنەوە، بەڵکو ژیان لە ئاهەنگێکەوە بۆ ئاهەنگێکی تر و لە بارێکەوە بۆ بارێکی تر وەرچەرخان بەخۆیەوە دەبینێت، تەمەنی سوڵتان هەڵدەکشێت، ئیتر جینەکانی ناویشی هەستی گەرمی دەدەنێ، ئاخر تا ئێرە سوڵتان ئاشنایەتی لەگەڵ جەستەی خۆشیدا نییە، ئەمەش پووکاندنەوەی هەستە خۆشەکانی مرۆڤە لە گەیشتندا.
ئەوکاتەی سوڵتان جەستەی دەخشێت لە لەش و مەمکی کچێکی ناسیاوی ئامۆزاکەی هەست بە جیهانێکی تر دەکات، ئەمەش بۆ سوڵتان کەشف بوونی دۆخێکی ترە، یاخود هەستکردنە بەوەی ڕۆژێک دەبێت لەم قەڵایە بەدەر کەوێت. دوای ئەوەی کاغەزی بنێشتەکان کۆ دەکاتەوە و دەکەوێتە سەر خەیاڵی ئەوەی کامێراکە لە کۆمپانایای بنێشت فرۆشتن بباتەوە، پێنج هەزار کاغەزەکە مسۆگەر دەکات و کامێراکە وەردەگرێت، ئیتر چی لەم کامێرایە بکات، خۆ نابێت هەر لە نێو قەڵا بمێنێتەوە و وێنەی جیهانی نائاشنای نەگرێت، دەبێت لەم قەپەنگە گەورەی قەڵا بەدەرکەوێت، یەکەم وێنە و چەندیتریش بۆ تاقیکردنەوەی کامێراکە وێنەی باپیرەی بوو لە کاتی نانخواردندا، کاتێک تەواو دەبێت ئەویتر دەداتە جنۆکەی خۆی کە لەبەرامبەری دانیشتووە.
سەرچڵی و ئینگلیزی زانییەکەی ئەکرەم جون هاوکارێکی تری سوڵتان بوون بۆ ئەوەی ئەم سەدەفە کۆنە پەرپووت بکەن و ئەفسانەی قەڵا تێکبشکێنن. خۆ گەر وانەبا نە ئەکرەم جون دەگەیشتە ئەمریکا و نە سوڵتانیش دەبووە فیلمسازێکی گەورەی ئێران و سی. ئێن. ئێن و بی. بی. سی نەیاندەناسی، دەبوایە ئەو لە قاوغی ئەفسانەدا چارشێو لەسەر بایە و ئەویش شازادەیەکی چکۆڵ دەبوو بۆ کاری قەڵا، بەڵام جنۆکەی دووربین لە قولەی قەڵا ئەم کۆتانەی تێکشکاندن. (ئەو کرێکارانە لەگەڵ گەردەی بەیانی، زوو لەخەو هەڵدەستان و لە ماڵەکانی خۆیان بۆ سەر ئیشوکاریان دەچوون، منداڵەکانیشیان تەواوی ڕۆژەکە هەر لە کوچە و کۆڵانەکان بوون، ئەمە و لە کاتێکدا ژنەکانیش لە خانووە بە قوڕەکان بە کاروباری ماڵەوەیان خەریک بوون. دیوارە بەرزەکانی قەڵاکە کتومت، سنورێک بوو لە نێوان ئەو منداڵانە و مندا، هیچ پەیوەندییەک لە نێوانی یەکدیدا لە ئارادا نەبوو، من هەر تەنیا لەسەر قولەکە و بە دووربین ئەوانم دەبینی، لەویوە سەیری جیهانی دەرەوەی قەڵاکەم دەکرد) لا٣٠ ئەم هەستە لای سوڵتان شەڕێکی نهێنییە لەگەڵ ویست و مەبەست، چونکە ناکرێت زەوق و جوانی منداڵ و تافەکانی تری تەمەنیش بخرێنە ژێر فشاری داب و نەریتەوە، چونکە دواجار ئەم کردەیە ئاکام و دەرەنجامی لێدەکەوێتەوە، ئەوەیە سوڵتان دەبێتە سینەماکار و نەک هەر قەڵا بەڵکو نیشتمانی زێد و ئازیزانیشی جێدەهێڵێت.

کتێبی دووەم
سوڵتان و ستۆدیۆ:

لە بەراییدا باسی دووربینی قولەی قەڵامان کرد، ئەو دووربینەی سوڵتانی گەیاندە تێگەیشتن و بینینێکیتر، سوڵتانی لە تیلاوەتی جنۆکە و پاشخانە کۆنەکان دەرباز کرد و گەیاندییە قولەی کۆشک و تەلاری شابانوو و دواجاریش مەلا جامانە ڕەشەکان. جیهانی ستۆدیۆی سوڵتان لە کامێراکەیەوە کەوتە گەشە، ئەو کاتانەی قەپەنگی قەڵا لە بار دەکات و لەسەر گازەرای پشت جێدەهێڵێت، ئەو کاتانەی ڕوو دەکاتە کۆڵان و شەقامەکانی شار ئاشنایەتی دروست دەکات لەگەڵ هەموو ئەو ئارەزووانەی بە نهێنی و بە خەفە کراوی مابوونەوە، باڵای کچ و بینینی ژنی ڕووت لەدەم سەرشۆرک و حەوزی ئاوەوە، هەستی دەکەوێتە سەر ئەوەی کە ئەگەر کامێراکەی پێبایە ئەم شتە نامۆیەی دەخستە نێو کامێراکەیەوە. تەنانەت وێنە گرتنی ژنی هۆشەنگ لە ژێر چارشێوێکی ڕەش و ژورێکی تاریکدا، تەنانەت هەستکردن بە کۆمەڵێک دیمەن، ئاهەنگی حەز و ئارەزووی دەگایاندە ئاستێکی نێرانە. دواتر کردنەوەی سینەما لەلایەن کابرای ئەرمەنی و چوونی سوڵتان بۆ ئەوێ، خولیای گەورە و ئاسمانی فراوانتری دەبینی، زۆری حەز دەکرد وێنەی لەیلا، ژنی مەلای مزگەوتێ بچرکێنێ و بیخاتە ئەزموونی کارەکانییەوە، ئاخر ئەو لەیلای خۆشویست بوو و دوا جاریش جووتێک قاپقاپەی زەردی بە دەستەکانی خۆی بۆ دروست کردن و لەبەر پێیەکانی دانان.
ناتاشای کریستیان و هاوڕێی ئەکرەم جون کاریگەری زۆری خستە سەر هۆش و دەروونی سوڵتان، چونکە ناتاشا بەسەرنجەوە دەردەکەوت و ژۆپەکەی تا پشت جۆکانی دەهات، ڕانە سپی و تەڕەکانی دەردەخستن، دواجار کە ناتاشا دەبێتە ئەکتەری سینەمایی و مەمکەکانی جوان دەردەکەوتن و لە کۆشکی شاهانەش لای شا و شابانوو بانگهێشت کرا، بووە هۆکارێکی تەواو تا سوڵتان لەم شارە تەسکە و لەم قاوغە تاریکە دەرکەوێت و، بکەوێتە دوای خولیا جوان و گەشەکانی، هەرنا بتوانێت ناتاشا لەوێ لە کۆڕی سینەمایی ببینێتەوە و هیچنا هەر تەنها جارێک باوەشی پێدا بکات و ماچی بکات. سوڵتان بۆ گەیشتن بەمانە، قۆناغەکانی خوێندن تێدەپەڕێنێت و لە زنکۆ وەردەگیرێت، لە بەشی سینەما، ئەمە سەرتای دەربازبوونیەتی لە خێوی تاریکی و گەیشتنە بەو ئامانجەی لە مناڵییەوە هەر لە ڕێگەی دووربینی قولەی قەڵا و کامێراکەیەوە خەونی پێوە دەبینی.
زانکۆ بۆ سوڵتان کردنەوەی دەرگایەک بوو بۆ زۆر شت، تەنانەت بۆ کێشەکانیش، سوڵتان لە ڕێگەی کاری سینەمایی و کامێرامانییەوە ڕووبەڕووی کێشەی گەورە و لە پێگەی گەورە بووەوە، ئەمەش سوڵتانی گەیاندە جیهانێکی تری تەماشا، چونکە لە دوای سینەماکاری گەورەی ئێران، یاخود فیلم سازی گەورەی ئێران (ئیبراهیم بووستان) سوڵتان دەبێتە دیارترین فیلمساز و ناوێکی درەوشاوە، چونکە ئەو چەند کارێکی جوانی فیلمی ساز کردبوو، دواتر لە کۆشک و تەواوی نیشتمان بینرا و دەنگی دایەوە، ئەمە سەرتای کێشمەکێش و ڕووبەڕووبوونەوەی چڕی جیهانی سینەمایە، چونکە تا خواست زۆرتر بێت ئاهەنگی کارکردن و بواردنی دیمەنەکان وەزوحمەتتر دەکەون، تەنانەت تەنیاییش تەنگی پێهەڵچنیبوو، چونکە جیهانی ژن دەبێتە ژوانێکی ئارام بۆ پیاو کاتێک ئارەزوو دەگاتە لووتکەی بیرکردنەوە لە ژن، دوای ئەم بیرکردنەوەیە بۆ باس و شتێکی تر بار وەردەگرێت. (هەینێ زۆر هەستم بە تەنیایی کرد، ئاخر بە تەنیا لە هۆدەکەم دەژیام و هێشتا هیچ ژنێکیش نەهاتبووە نێو ژیانم. هەرچەندە لە ستۆدیۆکەی ئەو هەمیشە دەورووبەرم پڕی کیژۆڵە بوون، بەڵام خۆ هەر تەنیا لە چاوی کامێراوە سەیرم دەکردن و پێیانەوە سەرسام بووم) لا٢٤٧ هێشتان سوڵتان لە نێو ترسی تافی تەمەنەکانی پێشوو و بینینە جوان و سەرنج ڕاکێشەکانی ئێستای دایە، ناتوانێت تەنانەت بۆ ئارەزووش لەم کابووسە دەربازی بێت. سوڵتان لە ستۆدیۆی ئیبراهیم بووستان ژوورێکی هەبوو، بەردەوام بە دوای هونەری جوان و کاری مەزن دەگەڕا، هەموو ئەم گٶڕانکارییە خێرایانە سوڵتانیان گەیاندە دۆخێک، کە ببێتە پێشەنگ لە سەر سینەمای ئێران. ئەمەش بارێکە مەرج نییە خۆشگوزەرانت بکات، بەڵکو زۆر جار هەنگاو هەڵێنانێکە بەرەو نادیاری، یان لێتەوە دیارە و ناچاری بچیتە نێو گرفتارییەکان. بۆیە ماندوو بوون و ئەزموونی قەڵا و تەنیایی باری ژیانییان قورس کردبوو، تەنانەت باری ئارەزووی بۆ ژن دەشاردەوە و شەرمی دەکرد بگاتە لوتکەی حەز و باوەشی ژن.
سوڵتان بەردەوام لە نێو خەیاڵ و بیرکردنەوەی داهێنەرانە و زەینی نوێ دابوو، هەمیشە بیری لەوە دەکردەوە هەموو گۆشە هەستیارەکانی تافی تەمەن لە کتێبی یەکەمیدا، بکاتە مەشهەدی نێو فیلمەکانی، وای بیر دەکردەوە ئەگەر لەم قۆناغانەی ژیانیش نەیتوانیبێت بگاتە مەبەست، خۆ دەتوانێت لە ڕێگەی هونەرەکەیەوە بگاتە جوانترین گێڕانەوەی مێژووی ڕووداو و گۆشە نهێنییەکانی ژیان. (لە فیلمەکەدا لێگەڕام کچە ئەکتەرەکە و کوڕەکە لە کۆڵانێکی تاریکی تەنگەبەری پشت مزگەوتێ ڕابکەن. کوڕە ئەکتەرەکە قاپقاپە زەردەکانی کردنە پێی کیژەکە و کچەکەش خێرا بە نێو کۆڵانەکان غاری دەدا، ئەمەش لەو کاتەی مەلای مێردی لە نێو مزگەوتێ، بۆ نوێژکەران خەریکی پێشنوێژ بوو دابەستن بوو) لا٢٥٣ ئەم گرتە فیلمە، ون نەکردنی ئەو یادەوەرییە جوانەیە، کە سوڵتان لە مزگەوت کاتێک باپیرەی دەگەینێتە مزگەوت و لایلای شۆخ و شەنگی کچی مجێوری مزگەوت دەبینێت و لە یەکەم نیگایدا عاشقی دەبێت، بەڵام مەلای مزگەوت هەر زوو داخوازی دەکات و دەیکاتە ژنی خۆی، بەڵام لەیلا تا درەنگانیش چاوی هەر لە دوای دوڵبەرەکەیە و خۆشی دەوێت، ئیتر ئەمە تا نەبووە فیلم هەر لە خەیاڵ و گۆشەی بیرەوەرییەکانی سوڵتان مایەوە. ئیتر ئەم کارە جوان و هونەرییانە بوونە ئامرازی گەیشتن بە ماڵی شا، گەیشتن بەوەی سوڵتان وەک فیلمسازێکی گەورەی ئێران، دوای مردنی مامۆستاکەی ئیبراهیم بووستان، نان لەگەڵ شابانوو ژنی شای ئێران بخوات. دەبێتە خاوەنی بنیاتی فیلمی دیکۆمێنتاری لەسەر شای ئێران، لەو کاتەی بە ئامادەیی زۆرینەی سەرۆکانی دوونیا تاجی زێڕینی سەرۆکایەتی لە ئاهەنگێکی شکۆداردا دەنێتە سەر.

کتێبی سێیەم
شۆڕش یان سەردمی عەمامە ڕەشەکان:

دوای ئەوەی تەختی شاهەنشای ئێران، تەختی پەهلەوی دەروخێت و مەلاکان، عەمامە ڕەشەکان دێن و دەسەلات وەردەگرن، هەمدیس فیلمساز بۆ کۆماری مەلا ڕیشدارەکە (ئایەتوڵڵا خومەینی) بانگ دەکرێتەوە، بۆ ئەوەی ئەوەندە تەمەنەی ماویەتی بکرێتە فیلمێکی دیکۆمێنتاری و وەک ئەرشیفی پیاوێکی شکۆدار بمێنێتەوە. فیلمساز ئەم سەردەمەشی دیت و تەنانەت تەواوی جەنگی عێراق و ئێرانی لە نێو کاسێتە ڤیدیۆکاندا کۆ کردەوە و بۆ تەلەڤزیۆنی ڕدێنانی دەناردنەوە. ئیتر فیلمساز بریندار دەبێت و دەکەوێتە ژیان و ئەرکی ناخۆش، دوای ئەوەی تەقە لە شەقامی ماڵی ئایەتوڵڵا دەکرێت و ئەویش بەدەرەوەیە بەسەیارەکەی پیاسە دەکات، بۆ ئەوەی سوڵتان درێژە بە کاری فیلمە دیکۆمێنتارییەکە بدات. دوای ئەوەی سوڵتان سەردەمی شا جێدەهێڵێت و دوای دە ساڵ بەندیخانە بە هۆی شۆڕشەوە ئازاد دەبێت و هەست بە سەربەستییەکەیتر دەکات، بەبێ ئەوەی چاوەڕێی بڕیار و فرمانی نوێی حکومەتی نوێی تاران بکات. کاتێک دەگاتەوە ستۆدیۆەکەی و دەیەوێت چالاکییەکانی دەستپێبکاتەوە، دوای ئەوەی لە بەرەکانی جەنگ بریندار دەبێت و لە خەستەخانە دەخەوێنرێت، دوای ماوەیەک لە ڕێگەی نوێنەری نووسینگەی ئایەتوڵڵاوە داوای لێدەکرێت کاری دیکۆمێنتاری بۆ ڕابەری شۆڕسی ئیسلامی ئێران بکات، سوڵتان ڕازی دەبێت.
سوڵتان لە گەرمەی بیرکردنەوە و سەر گەرمکردنی بە سینەما و بەرهەمی نوێ هەمیشە تەنیا و تەنیا دەمایەوە، دواجار بیری لە فیلمێک کردەوە لەسەر گەریلاکانی نیشتمان، ئەگەر هەڵە نەبم حیزبی کۆمۆنیستی ئێرانی بوون، کە هەم دژی دیموکراتەکان بوون کاتێک پەهلەوی هاتە سەر تەخت و هەمیش دژی مەلاکان بوون، بەڵام تا ئیستاش ئەم گەریلایانە نەیانتوانی ڕیفۆڕم بکەن و بگەنە دەسەڵات، (کاتێک چوومەوە نێو ستۆدیۆکەم و دەرکەم لەسەر خۆم داخست، تا تیشکۆی هزر بیرم بخەمە سەر فیلمە نوێیەکەم، چەند ئەکتەرێکی گوڵبژێرم لێگرتن تا زیاتر باسی کارەکەیان بۆ بکەم. دوای ئەوەش چووینە دارستانی پارێزگاکەی باکوور تا ئەو شوێنەی فیلمەکەی لێدەگرین، بپشکنین و لێیبکۆڵینەوە، من هێشتان هەر لە ناو دارستانەکەدا بووم، کاتێ ئایەتوڵڵا خومەینی فەتوایەکی دا، سینەما حەڕامە، سینەماکان شوێنی گوناحن) لا٣٤٣ ئەم قۆناغەی فیلمساز زۆر سەخت دەبێت کاتێک تۆ نەتوانیت بە ئارەزووی خۆت فیلم بەرهەم بهێنیت و خەم و دیمەن و ڕەهەندە جوداکان بخەیتە باری فیلمێکی دیکۆمێنتاری و ئەرشیفییەوە، بۆیە ئاسان نابێت، ئەگەر بتەوێت لە نێو سیستەم و دەسەڵاتی ئاینی توند و تاریکبینەوە بە باڵای هونەر و سینەمادا هەڵبگەڕێیت. ئیتر دەبێت بیر لە داهاتوو و ڕێگایەکیتر هەم بۆ هونەر هەم بۆ ژیان بکەیتەوە، چونکە دوای پەنجە ڕاداشتن بۆ ڕابەری سەربەعەمامە ڕەش، هەم زەمینەی هونەری هەم ئاسایشی گیانی دەکەوێتە بارێکی ترسناک و ناچار دەبێت نیشتمان لە دوای خۆی بەجێبهێڵیت.

کتێبی چوارەم
کێڵگەی غەریبی و نیشتمانێک لەدەرەوەی هەست:

(دوای پێنج خولەک لە تەکسییەکە دابەزیم، خێرا خێرا بە دەوری گۆشەکەدا سووڕامەوە، تەکسییەکی دیکەم گرت و پێمگۆت: هەر ڕێک بڕۆ! ڕێک بڕۆ، ئەو ڕێگایەی دوای ئاوارەبوونێکی زۆر و لە ڕێگای پاکستانەوە منی گەیاندە ئەمستەردام) لا٤٠٦ دوای ئەوەی سوڵتان وەک فیلمسازێکی گەورەی ئێرانی ژیان و ئەزموونی سینمایی دەکەوێتە مەترسییەوە و ناچارە ڕابکات. دوای ئەوەی گەریلاکانی سەر بە ڕەوتی کۆمۆنیستی ئێرانی تەقە لە خیابانی ئایەتوڵڵا دەکەن، بەمەبەستی کوشتنی ڕابەری ئیسلامی ئێران، گومان دەکەوێتە سەر سوڵتان، کە دەستی لە هاوکاری کردنی گەریلاکاندا هەبێت، چونکە بە ڕێنمایی سوڵتان ئایەتوڵڵا دەجوڵایەوە بۆ ئەوەی کاری فیلمی دیکۆمێنتاری ڕابەر تەواو بکرێت، ئانی تەقەکردنەکەش، فیلمساز ئاراستەی کردبوون کە ڕابەر بە سەیارەکەی بە خیابەنەکەدا بجوڵێتەوە.
دوای ئەوەی لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە دەکەوێتە ژێر پرسیار و گومانی دەکەوێتە سەر، ناچار ڕوو دەکاتە ئەوروپا و دواجار لە کێڵگەیەکی ئەوروپا دەست بە ژیان دەکاتەوە، ئەم کێڵگەیە، نە نیشتمانە و نە ئاسوودەیی دەبەخشێت، بەڵام ئیتر ئەوە ژیانی پەناهەندەیی و ناچارییە، ئەگەر نا هیچ شوێنێک نابێتە نیشتمان و کاری هونەرییت بۆ نادات. ئەم قۆناغە دەبێتە سەردەمێکی بێ ئەنوا، چونکە هەمیشە لە نێو بیرکردنەوەکانیدایە و هیچ کارێکی بۆ ناڕەخسێت، نازانێت چۆن دەست بکاتەوە بە کاری هونەری و بۆ جارێکیتریش بۆ هونەر تێهەڵچێتەوە، ئیتر سوڵتان لە ناو تەمەندایە و ئاسان نابێت ئەگەر بیەوێت وەک تافی زوو سەرچڵی بکاتەوە و دەسەڵات لە ڕێگەی هونەرەکەیەوە بلەرزێنێت، یان بەلای خۆیانەوە ڕابکێشێت. لەم قۆناغەدا لە بری مەرجان و لەیلا و هۆشەنگ و ئەکرەم جون و باپیری و مام و دواجار دایک و باوکی و…… لەگەڵ کەسانیتر و ئاوەزێکیتر ئاهەنگی ژیان دەگوزەرێنێت، ماینەما و ئاورێلیا و گورگ و خێش و زەردەواڵەکان…. هەموو ئەمانە بوونە هاوڕەوتی نوێی ژیان، کە تا سنوورێک پارێزبەندی کۆمەڵایەتی پێوە دەبیندرا، ئەمەش لە ژیانی سوڵتاندا کارێکی نامۆیە، چونکە ئەو لەسەر زەمینی کۆمەڵایەتییەوە ڕایکردبوو و گەیشتبووە هۆڵەندا، ئەمەش کاریگەری دەبێت لەسەر ژیان و بیرکردنەوەکانی. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا لە نیشتمانێکی غەریب، کە هەتا مردن بۆنی پەناهەندەییت لێنابڕێت، خۆی دیتەوە، ئەها نیشتمانی زێد و نیشتمانی غەریبی، یاخود نیشتمانی ناچاری چەندە لەیەکتر دوورن، هیچ کات نیشتمان لە ئاوارەییدا نابێتە ماڵ، نابێتە پەناگە و ڕەشماڵی نیشتمان، تامردن بۆنی غەریبی بەرتنادات و هەمیشە بە تاسەوە چاوت لە گۆشەی ڕۆژهەڵاتنە.
فیلمساز لەم سەردەمەیدا لە گۆشەی دەرفەتیتر خۆی دیتەوە، ئەویش ئەو کۆڕو سیمنارانە بوون کە لە ئەمریکا بۆی بەستران، ئەمەش تەنها ناساندنێکیتر بوو و وە باسکردن لەسەر فیلمەکانی گۆشەیەک بوو بۆ باسێک لەسەر نیشتمانی زێد و نیشتمانی غەریبی. هەر لەم سەفەرشدا غەریبی، ئەکرەم جون و هۆشەنگی پێئاشنا کردنەوە، ئەمەش دوای سەردەمێکی دوورو درێژ لە ژیان و هەڵکشانی تەمەندا.

کتێبی پێنجەم
کۆتایی هاتنی توانا سینەماییەکان و چەشتنی ناسۆری:

دەستپێکی ئەم قۆناغە، ڕەوتێکی نوێیە لە ژیانی سوڵتان و هێلانی ئاهەنگی ڕابردووە لە نێو شەنگی ئەو هێزانەی جێمان. (منیش هیلاک و کەنفت ببوم، نەمدەتوانی لەوە زیاتر لە ژووری مۆنتاژەکەمدا دابنیشم و کاربکەم. لە ماوەی ئەو ساڵانەی تێپەڕین، زۆر شت گۆڕان، کە ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە ژیانی ڕابردووەوە هەبوو. هەردووکیان محمەد ڕەزا پەهلەوی و ئایەتوڵڵا خومەینی بوونە بەشێک لە مێژوو. ڕۆژگارە شکۆمەندییەکەی گەریلاکانیش لەسەرتاسەری دنیادا بەسەرچوو. مامم، باوک و دایکیشم کۆچی دواییان کرد و قەڵاکەشمان لە لایەن سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامییەوە دەستی بەسەرداگیرا. ئەوێێان کردە بنکەیەکی سربازی) لا٤٧٨ دوای ئەوەی لە سەفەرەکانی ئەمریکا و پاریس بۆ گرتنی ڤیدیۆیی شابانوو گەرایەوە هۆڵەندا، هەست بە نەزمێکیتری تەمەن دەکات، ئیتر ئازار شەنگی لێبڕی و شایی ژیانی کردە ناسۆری، فیلمساز لە باری دەروونی ئاڵۆزدا دەکەوێتە دوڕیانی غەریبی، ئیتر کاتێک سەرنشینانی قەڵا دەمرن و بۆ دواجار ماڵئاوایی لە ژیان دەکەن، هیچ حەسرەتێک نامێنێتەوە بۆی دابنیشێت، وە چۆن پەهلەوی و خومەینی بوونە مێژوو، ئەویش لە تای ئەواندا بووە مێژوو و هیچ کرتەیەک نییە بۆ پچڕاندنی ئەم ڕایەڵە، چونکە فیلمە بەڵگەییەکانی فیلمساز بوون بە بەشێک لە ئەرشیفی ناوەندە ڕاگەیاندکارەکانی جیهانی.
فیلمساز دوای ئەم هەموو ماندووبوونە ئیتر حەوسەڵەی نێو ستۆدیۆی نامێنێت، ئەمجارەیان بەسەر نووسینەکانیدا دەکەوێت و کەد کەد هێڵەکانی ژیان یاداشت دەکات و دەنووسێتەوە. ئەم قۆناغە هەستیارە، چونکە بە گەڕ خستنی دوا قەتاری تەمەنە، یاداشتکردنی ئەزموونەکانە لە کەناری پیریدا، چڕینی دەنگی غەریبییە بۆ نیشتمان، بۆ زێد و یاران.
لێهەڵێنجێکی زۆر کورت:
لە نێو ئەم ڕۆمانە ڕایەڵێک دەبینرێت، ئەم ڕایەڵە گەیاندنی جەمسەرەکانە بە یەکتری، بەستنەوەی هێزی سینەما و کاری هونەرییە لە نێو کایە سیاسییە جوداکانی ئیران. تۆخکردنەوەی عەقلیەتی پاوانخوازییە لە نێو دەسەڵاتە بەدوای یەکەکانی وڵات و قۆرخ کردنی ئاهەنگی ئازادی تاکە لە کەینوبەینی فەرمانڕەواییدا، دروستکردنی هێزی جادووبازە لە نێو کۆمەڵگە و نەخۆشخستنی جوانییە لە نێو کایەی مرۆڤایەتیدا.
ئەم ڕۆمانە کاری لەسەر زۆر بار و واری وڵات و میللەت کردووە، تەنانەت لە ژیان و پەیوەندییەکانی نێوان شار و گوند، کاری وەرزێری و شارستانیدا خۆی نەبواردووە. ئەمەش لە ڕێگەی کارەکتەرێکەوەیە کە لە گوندەوە دەبێتە شارستانی و دواجار دەبێتە مێژووی فیلم و سینەما لە ئێران. ئەم ڕۆمانە ئاشنایەتییەکی فراوانت دەداتێ لە بە ئاگابوون بە کەلتوور و باری گەلانی ناوچەکە، ئیتر وەرگێڕانەکە پیویستییەکی سەردەمی و گرنگە، بۆیە پێم وایە دەکرێت لە ڕووی جیاوازتر و لە ژێر تیۆریەی جیاوازەوە کاری توێژینەوە و هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت.




ڕۆمانی تاجه‌ گوڵینه‌ و چه‌ندسه‌رنجێك … سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی

یه‌كێك له‌وهۆكارانه‌ی له‌ پشت به‌دیارده‌بوونی نووسینه‌وه‌یه‌،له‌ ئه‌مڕۆی دنیای نووسین و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئێمه‌دا، به‌ تایبه‌تیش ڕۆمان نووسین،نه‌بوونی ڕه‌خنه‌ و هه‌ڵسه‌نگاندنی ده‌قه‌كانه‌. بێگومان ئه‌گه‌ردیدگایه‌كی ڕه‌خنه‌یی نه‌بێت كه‌ ده‌قی داهێنه‌رانه‌ و جوان له‌ ده‌قی كرچ و كاڵ و ناهونه‌ری جیابكاته‌وه‌، ئه‌وا ده‌رفه‌ت له‌ به‌رده‌م لێشاوێك له‌ بنووسان دروست ده‌بێت كه‌ به‌ ئاره‌زووی خۆیان بنووسن و دواجاریش هه‌رشوناسێك مه‌به‌ستییان بێت بیده‌نه‌ پاڵ نووسینه‌كانیان.ئه‌گه‌ر ڕه‌خنه‌یه‌ك نه‌بێت ئه‌و تێكستانه‌ ڕه‌تنه‌كاته‌وه‌، ئه‌وا نووسین ده‌بێته‌ دیارده‌. هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌مه‌ به‌و مانایه‌ نییه‌ كه‌ ڕه‌خنه‌ و دیدی ڕه‌خنه‌ییانه‌ی بابه‌تی نه‌بێت، به‌ڵام كاتێ ئه‌و هه‌موو نووسینه‌ به‌راورد ده‌كه‌ین به‌ هه‌بوونی ڕه‌خنه‌، ئه‌وا بێگومان ناتوانرێت هه‌موویان به‌سه‌ر بكرێنه‌وه‌. له‌وسۆنگه‌یه‌شه‌وه‌ خه‌ریكه‌ ڕۆمان نووسین وده‌ست بردن بۆ نووسینی ڕۆمان، ده‌بێته‌ دیارده‌.بێ ئاگا له‌وه‌ی جیاواز له‌ هه‌موو ژانره‌كانی تر، ڕۆمان پاشخانێكی هزری گه‌وره‌ و ڕۆشنبیرییه‌كی فراوانی ده‌وێت. خوێنه‌ر كه‌ ڕۆمان ده‌خوێنێته‌وه‌، هه‌ر ته‌نها بۆ چێژ و جوانی نییه‌ بگره‌ بۆ ئه‌وه‌شیه‌تی له‌ په‌راوێزی ئه‌و ڕۆمانه‌وه‌، به‌ ژیانی سیاسی و كولتووری كۆمه‌ڵگاكانیش ئاشنابێت . ڕۆمان ڕۆشنبیرییه‌، زانینی زمانه‌، به‌رجه‌سته‌كردنی هونه‌رێكی باڵایه‌ له‌ گێڕانه‌وه‌ و گوزارشتكردن.به‌ڵام كاتێ سه‌رنج له‌ به‌شێكی زۆری به‌ ناو ڕۆمانی ئێستا ده‌ده‌ین، ده‌بینین ئه‌و ئستاتیكا و هونه‌ركارییه‌ نییه‌ كه‌ ده‌بێ ڕۆمان هه‌ڵگریبێت. زۆرجار كه‌ ڕۆمانێك ده‌خوێنینه‌وه‌، وا هه‌ست ده‌كه‌ین وتارێك ده‌خوێنینه‌وه‌.به‌شێكی زۆری ئه‌م ناهونه‌ریی بوونه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ نه‌بوونی ئه‌زموونی ڕۆمانه‌وه‌. واته‌ نووسه‌رله‌ بنه‌ڕه‌تدا شاعیره‌، به‌ڵام ڕۆمان ده‌نووسێت. ده‌روونناسه‌ به‌ڵام ڕۆمان ده‌نووسێت.
شانۆكارو ده‌رهێنه‌ری شانۆییه‌، به‌ڵام ڕۆمان ده‌نووسێت.چاودێری سیاسییه‌ به‌ڵام ڕۆمان ده‌نووسێت. ئه‌مانه‌ و زۆر بواری دیكه‌ش. كاتێ نووسه‌رێكیش ڕۆمان شوناسی سه‌ره‌كی و نووسه‌ر بوونی نه‌بوو، یاخود هه‌ر بۆخۆده‌رخستن ڕۆمانی نووسی، ئه‌وا ئه‌وه‌ی ده‌ینووسێت به‌ ناو ڕۆمانه‌. ڕۆمانی( تاجه‌ گوڵینه‌ تاجی دڕك) یه‌كێكه‌ له‌وجۆره‌ ڕۆمانانه‌.ئه‌و ڕۆمانه‌ كه‌ ماوه‌یه‌كی كه‌مه‌ بڵاو بۆته‌وه‌، ده‌نگدانه‌وه‌یه‌كی زۆری هه‌بوو، هاوشێوه‌ی ڕۆمانه‌كانی تر، به‌ ئاراسته‌ی ستاییشكردن،لای خوێنه‌ره‌ هه‌مووه‌كی و بێ پاشخانه‌كانی شاره‌زا له‌ ده‌قی ڕۆمان.كه‌چی خوێنه‌ر كاتێ ئه‌و ڕۆمانه‌ ده‌خوێنێته‌وه‌، وا هه‌ست ده‌كات وتارێك،یان گێڕانه‌وه‌ی چیرۆكێكی میللی ده‌خوێنێته‌وه‌، كه‌ ته‌نها بۆ گێڕانه‌وه‌ ده‌گێردرێنه‌وه‌ نه‌ك ته‌نها بۆچێژو مانا و جوانی.نووسه‌ر هه‌رچی به‌ خه‌یاڵی داهاتبێتت ئاخنیویه‌ته‌ نێو كتێبه‌كه‌ی و ناویشی ناوه‌ ڕۆمان.ئه‌و له‌وكتێبه‌دا، باسی(سۆسیالیزم ودونیای دووجه‌مسه‌ری ، هیتله‌رو نازی و گه‌لی جووله‌كه‌، دیواری به‌رلین و و ئه‌لمانیای ڕۆژهه‌ڵات، تره‌مپ و جه‌نگی سوریا، خه‌باتی شاخ و زیندان،یاساكانی به‌هه‌شت كۆرۆنا، ئاوارایی و ژیانی په‌ناهه‌نده‌یی، زیندان و گرتن، كه‌ره‌نتینه‌ و ته‌كنه‌لۆژیا،حه‌وا و ئاده‌م، عیسا و مه‌ریه‌م،مه‌حه‌مه‌د ودابه‌زینی سرووش بۆی،كلێسای نۆتردام، به‌ هه‌شت و دۆزه‌خ، كریستیان و ئیسلام و بوودییه‌كان،خۆشه‌ویستی و عه‌شقبازیی، ، میدیای ڕۆژئاوا،هه‌ژاریی و خه‌باتی چینایه‌تی،)وده‌یان شتی دیكه‌ ده‌كات. وه‌ك ئه‌وه‌ی ڕۆمان، جیكایه‌ت بێت، هه‌رشتێك نووسه‌ر مه‌به‌ستی بوو، به‌ دوای یه‌كدیدا ڕێزیان بكات. كه‌ ڕه‌نگه‌ هیچ په‌یوه‌ندیان به‌ یه‌كتریشه‌وه‌ نه‌بێت.ئه‌مه‌ هه‌رته‌نها بۆ ڕه‌شكردنه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌كانه‌و هیچی تر. زمان له‌و ڕۆمانه‌دا، هه‌مان ئه‌و زمانه‌ گشتی و جه‌ماوه‌ریه‌یه‌ كه‌ تاكه‌كان پێی ده‌دوێن. ئه‌گه‌ر زمانی نووسینی ده‌قێكیش هه‌مان زمانی خه‌ڵكه‌ ئاساییه‌كه‌ی نێو كۆمه‌ڵگه‌ بوو، نازانم ڕۆمان نووسین هونه‌ره‌كه‌ی له‌ كوێدایه‌؟.

زمانی ئه‌و ڕۆمانه‌ زمانێكی ڕووت، واقیعی، ساده‌ و سواو له‌ گێڕانه‌وه‌، نائستاتیكییه‌. زمان له‌و ڕۆمانه‌دا، هیچ هونه‌ركارییه‌كی تێدانییه‌ له‌ وه‌سفی جوان، له‌ شیعرییه‌ت، له‌چێژ، له‌ ده‌ربرین و گوزارشتكردن. بگره‌ هه‌مان ئه‌و زمانه‌یه‌ كه‌ ڕۆژانه‌ له‌ بازاڕوشوێنه‌ گشتییه‌كان به‌ریده‌كه‌وین. به‌رله‌وه‌ی گۆشه‌ نیگایه‌ك له‌و زمانه‌وه‌ ده‌ربخه‌ین، ده‌مانه‌وێت ناساندنێكی كورتی ڕووداوی ڕۆمانه‌كه‌ بكه‌ین. ئه‌م ڕۆمانه‌، كه‌ به‌شێوه‌ی به‌ش به‌ش و له‌ڕێگه‌ی مۆنتاژه‌وه‌ دیمه‌نكانی ده‌بردرێن و به‌ یه‌كه‌وه‌ ده‌به‌سترێنه‌وه‌.هه‌ر دیمه‌نه‌ و باسی ڕووداوێك ده‌كات، كه‌ هیچ په‌یوه‌ندییان به‌ یه‌كترییه‌وه‌ نییه‌.به‌ڵام به‌شی زۆری ڕووداوه‌كه‌ی له‌ په‌یوه‌ندی نێوان له‌یلاو ئه‌و كاره‌كته‌ره‌ په‌ككه‌وته‌یه‌ ده‌دوێت كه‌ له‌یلای خۆشده‌وێت. ڕۆمانه‌كه‌ كه‌ له‌ سه‌رده‌می كۆڕۆناو پێ ده‌چێت ئه‌م چه‌ند مانگه‌ی دوایی نووسرابێت، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و دۆخه‌ ده‌روونی كۆمه‌ڵایه‌تی وجه‌ماوه‌ریه‌یه‌، كه‌ به‌ هۆی كۆرۆناوه‌ جیهانی گرته‌وه‌ و لێكه‌وته‌ی له‌ سه‌ر هه‌موو ئاسته‌كانی ژیان دروست كرد.ئه‌گه‌رچی ئه‌و ڕۆمانه‌، باس له‌و واقیعه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ ده‌كات، كه‌ ئه‌و ڤایرۆسه‌ هێنایه‌ ئاراوه‌، وه‌لێ نووسه‌ری ڕۆمان به‌ بێ ئه‌وه‌ی هه‌ستی پێ بكات، ئاماژه‌ی به‌ هه‌ندێك ڕووداو داوه‌، كه‌ هیچ په‌یوه‌ندییان به‌و دۆخه‌وه‌ نییه‌. ئه‌مه‌ له‌لایه‌ك له‌لایه‌كی دیكه‌ نه‌ له‌ ئاستی بینای هونه‌ری، نه‌ له‌ ئاستی گێڕانه‌وه‌ و گرێچندا، ڕووداوه‌كانی ئه‌م ڕۆمانه‌ په‌یوه‌ندییان به‌ یه‌كترییه‌وه‌ نییه‌، به‌ڵكو پتر له‌ چیڕۆكی ڕۆژنامه‌وانی ڕۆژانه‌ و ئاسایی ده‌چن، نه‌ك گێڕانه‌وه‌ له‌ ڕۆماندا، كه‌ هونه‌ركارییه‌كی زۆری ده‌وێت. بێگومان ئه‌مه‌ ڕه‌نگه‌ په‌یوه‌ندی به‌ نه‌بوونی ئه‌زموونی نووسینی ڕۆمانه‌وه‌ هه‌بێت لای نووسه‌ر.چونكه‌ كاتێ سه‌رنج له‌ زمانی گێڕانه‌وه‌ی ڕۆمانه‌كه‌ ده‌ده‌ین، ئه‌مه‌مان باشتر بۆ ده‌رده‌كه‌وێت لێره‌دا، له‌ سه‌ر هه‌ندێك لایه‌نی هونه‌ری ئه‌و ڕۆمانه‌ ده‌وه‌ستین.

زمان و گێڕانه‌وه‌:
گێڕانه‌وه‌ یه‌كێكه‌ له‌ كرداره‌ سه‌ره‌كییه‌كانی زمان. به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئه‌و كرداره‌ له‌ ڕۆماندا جیا ده‌كاته‌وه‌، ئه‌و ڕه‌هه‌نده‌ ئستاتیكی و هونه‌ریه‌یه‌ كه‌ به‌شێكه‌ له‌ هونه‌ری گێڕانه‌وه‌. واتا ڕۆماننووس چه‌ند ده‌توانێت له‌ ڕێی گێڕانه‌وه‌ خوێنه‌ر بباته‌ نێو قووڵایی ڕۆمانه‌كه‌. له‌ تاجه‌ گوڵینه‌دا، زمانی گێڕانه‌وه‌، زمانێكی ساده‌ و دووباره‌یه‌ و نووسه‌ری ڕۆمانه‌كه‌ نه‌یتوانیوه‌ وێنه‌یه‌كی هونه‌ری جوان له‌ ڕێی زمانه‌وه‌ به‌رجه‌سته‌ بكات. بۆنموونه‌:_
*له‌ لا (9) تاكو لا(23)، واتا به‌ درێژایی نزیكه‌ی سیانزه‌ لاپه‌ڕه‌، نووسه‌ری ڕۆمانه‌كه‌ ته‌نها ئه‌وه‌ دووباره‌ ده‌كاته‌وه‌((چی ڕوویداوه‌، دنیا بۆ چۆڵ بوو، خودایه‌ قیامه‌ت هه‌ستاوه‌، به‌یه‌ك شه‌و قیامه‌ت هه‌لده‌ستێت،چی ڕوویداوه‌؟.تد)).
*لا(48)نووسیویه‌تی:((هیچ گومانم له‌وه‌ نییه‌ كه‌ ئه‌و چركه‌ساته‌ی ده‌گاته‌وه‌ به‌ سنگی دایكی،ئیدی ناسینی بۆنی سنگی دایكی،تامی یه‌كه‌م مژینی مه‌مكی دایكی،یه‌كه‌م به‌ركه‌وته‌ی ڕوخساری له‌گه‌ڵ سنگی دایكی،په‌نجه‌ هیچ نه‌زان و تۆقیوه‌كانی له‌گه‌ڵ پێستی مه‌مكی دایكی،یه‌كه‌م به‌ركه‌وتنی له‌گه‌ڵ ترپه‌كانی دڵی دایكی،ئه‌وكاته‌ی گوێی ناوه‌ به‌سنگی دایكی)). ته‌نها به‌ سه‌رنجدانمان بۆ ئه‌و چه‌ند په‌ڕه‌گرافه‌، ده‌زانین نووسه‌ری ڕۆمان تا چه‌ند شاره‌زایی له‌ زمانی نووسینی ڕۆمانی هه‌یه‌. دووباره‌ كردنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌موو وشه‌ سواوانه‌، نیشانه‌ی هه‌ژاری و نه‌بوونی زمانێكی تۆكمه‌ و به‌ برشتی نووسینی ڕۆمانه‌ كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ ڕه‌گه‌زه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی نووسینی ڕۆمان. نازانم ئه‌وانه‌ی له‌ به‌رگی دواوه‌ی ئه‌و ڕۆمانه‌، په‌سنی نووسه‌رو ڕۆمانه‌كه‌یان داوه‌، ئه‌و چه‌ند دێڕه‌یان خوێندۆته‌وه‌؟!.
*لا (54)نووسیویه‌تی:((ده‌ستم دایه‌ لاپتۆپه‌كه‌ كه‌لای سه‌رمه‌وه‌ دانرابوو،فایلێكی وۆردم كرده‌وه‌ و كه‌وتمه‌ نووسین)). ئه‌م شێوازه‌ له‌ زمانی ده‌ربڕین، له‌ زمانی ڕۆژنامه‌نووس و چاودێری سیاسی ده‌چێت نه‌ك ڕۆماننووس.
*لا(61)نووسیویه‌تی:((ئه‌وه‌ دڕنده‌ترین جه‌لادی دوژمنیش ئه‌و داوایه‌م لێ ده‌كات، بێ ئه‌وه‌ی به‌ خۆی بزانێت، له‌ جیاتی ته‌سلیمبوونم به‌ داواكه‌ی، خستمیه‌ به‌رده‌م ته‌ حه‌دایه‌كی هێنده‌ گه‌وره‌، كه‌ ته‌نها یه‌ك ڕێگه‌ی ده‌ربازبوونی هه‌بوو)).ئه‌م گێڕانه‌وه‌یه‌ له‌ زمانی ڕۆژانه‌ ده‌چێت نه‌ك ڕۆمان.
*لا(74)نووسیویه‌تی:(( جه‌نابی كاك ئاده‌م له‌ سه‌ر قبولكردنی موساره‌حه‌ی له‌لایه‌ن حه‌واوه‌ له‌ به‌هه‌شت ده‌ركرا)). با له‌وه‌ گه‌ڕێین كه‌ نووسه‌ر چۆن تێگه‌یشتووه‌ كه‌ حه‌واو ئاده‌م بۆ له‌ به‌هه‌شت ده‌ركران، له‌ كاتێكدا خودا له‌ قورئانی پیرۆز ڕوونیكردۆته‌وه‌ كه‌ ئه‌وان بۆچی ده‌ركران.ته‌نها ده‌پرسین كه‌سێك ئه‌مه‌ زمانی ده‌ربڕینی بێت، نازانم چۆن بوێری ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ ڕۆمان بنووسێت!.كه‌س تا ئێستا به‌ حه‌زره‌تی ئاده‌می گوتووه‌:( جه‌نابی كاك ئاده‌م)!!.
*لا (77)نووسیویه‌تی:(( به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌و ئاسته‌ ترسناكه‌ی ته‌نیاییه‌ش نه‌بێت،مومكین نییه‌ به‌و شێوازه‌ ده‌گمه‌ن وداهێنه‌رانه‌یه‌ بهێنرێته‌ بوون).
ئه‌مانه‌ چه‌ند نموونه‌یه‌كن، له‌ زمانی نووسین و گێڕانه‌وه‌ی ڕۆمانه‌كه‌، كه‌ بێگومان نموونی دیكه‌ش هه‌ن، ئه‌گه‌ر باسییان بكه‌ین.گێڕانه‌وه‌كان پتر له‌ زمانی ڕۆژ ده‌چن،نه‌ك زمانی هونه‌ری ڕۆمان.

هه‌ڵه‌ له‌ گوزارشتكردن و ده‌ربڕین:
له‌ ڕۆمانه‌كه‌ دا نووسه‌ر له‌ زۆر شوێن كه‌وتۆته‌ هه‌ڵه‌وه‌، كه‌ ئاماژه‌ به‌ هه‌ندێكییان ده‌ده‌ین:_
*لا(12)نوسیویه‌تی:((جیهانی دوێنێ ئێواره‌ له‌ جێی خۆی دابوو،هیچی تازه‌ ڕووینه‌دابوو، نه‌ جه‌نگی سووریا،نه‌ خۆپیشاندانه‌كانی عێراق و لوبنان،نه‌ تویته‌كانی تره‌مپ)).سه‌رنج بده‌ن،چۆن نووسه‌ری ڕۆمانه‌كه‌ جه‌نگی سوریا كه‌ ده‌ ساڵ له‌مه‌و به‌ر هه‌ڵگیرسا، له‌گه‌ڵ خۆپیشاندانه‌كانی عێراق و لوبنان ، كه‌ له‌ چه‌ند مانگی ڕابردوو ڕوویاندا،تێكه‌ڵ ده‌كات. ئه‌مه‌ ده‌ریده‌خات كه‌ نووسه‌ر بێ ئاگایه‌ له‌ مێژووی ڕووداوه‌كان. *لا(16)نووسیویه‌تی:(تا هه‌زار ساڵی دیكه‌ توند له‌ باوه‌شی ده‌كه‌م).ئه‌مه‌ زێده‌گۆیه‌ له‌ گوتن و وه‌سفێك كه‌ نه‌بابه‌تییه‌، نه‌لۆژیكی!
*لا(39)نووسیویه‌تی:(مامۆستا ئایدن باوكی شیرین و مامۆستای یوسفی هاوپۆلی شیرین، كاری كرێكاری بۆ یوسف دۆزییه‌وه‌). سه‌رنج له‌و نه‌گونجاندن و بێ ئاگایه‌ بده‌ن. مامۆستا چۆن هانی قوتابییه‌كی بچووك ده‌دات كار بكات، مه‌گه‌ر مامۆستا كاری په‌روه‌رده‌كردنه‌، یان به‌ڵێنده‌رایه‌تی؟!.
*لاپه‌ڕه‌(38)نووسیویه‌تی:((یوسف هه‌موو ڕۆژانی هه‌ینی له‌گه‌ڵ وه‌ستا خورشید ده‌چووه‌ كاری كرێكاریی)). نووسه‌ری ڕۆمان لێره‌دا، شاره‌زایی له‌ پاشخانی ئایینی و میللی كۆمه‌ڵگه‌كه‌ی نییه‌. چونكه‌ ده‌بوو ئه‌وه‌ بزانێت، ڕۆژانی هه‌ینی، ڕۆژی پشووی موسڵمانانه‌ و هیچ كه‌سێك ناچێت بۆ سه‌ر كار. كه‌سانی وه‌ك یوسفی كاره‌كته‌ری به‌ ناو ئه‌و ڕۆمانه‌،به‌ ڕۆژ كار ده‌كه‌ن و به‌شه‌و ده‌خوێنن. *لا (40)نووسیویه‌تی:((دایكم به‌ توندی په‌تای سیلی گرت و له‌ ژێر چاودێری ته‌ندروستی دابوو، به‌ڵام هه‌ر ئه‌و ڕۆژه‌ به‌ یه‌كه‌وه‌ سه‌فه‌رمان كرد)). نازانم كه‌سێك له‌ ژێر چاودێری ورد دابێت و نه‌خۆشی سیلیشی به‌ توندی گرتبێت، كه‌ نه‌خۆشییه‌كی گوازراوه‌یه‌ و بڵاوده‌بێته‌وه‌، ئیدی چۆن سووك و ئاسان ده‌چێته‌ گه‌شت و سه‌فه‌ر؟. ئه‌مه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ وایه‌ بڵێین((له‌ چله‌ی تممووز به‌فرێكی ئه‌ستوور باری بوو)).
*لا (77)نووسیویه‌تی:((دیمه‌نێكی ده‌گمه‌ن و دێرین)).نازانم كه‌ ده‌گمه‌نه‌ چۆن دێرینه‌، یاخود كه‌ دێرینه‌ چۆن ده‌گمه‌نه‌؟! *ڵا (86)نووسیویه‌تی:((من ده‌زانم به‌ پێی یاساكانی به‌هه‌شت،هه‌موو مه‌لاو قه‌شه‌ و حاخام و مۆنگه‌كانی ئایینی بوودیش سێوه‌كه‌یان لێ حه‌ڕام كردووم). نووسه‌ری ڕۆمانه‌كه‌، وا ده‌زانێت بوودییه‌كانیش وه‌ك موسڵمانه‌كان باوه‌ڕیان به‌ به‌هه‌شت و زیندووبوونه‌وه‌ هه‌یه‌، له‌كاتێكدا لای ئه‌وان، مرۆڤ كه‌ مرد ڕوحی به‌ پێی كرده‌وه‌كانی ده‌چێته‌ جه‌سته‌ی كه‌سێكی دیكه‌. واتا لای ئه‌وان(دۆنا دۆن)هه‌یه‌.
*لا (87)نووسیویه‌تی:(( ئاسمان شینی شه‌فافی پۆشیوه‌)).شینی شه‌فاف هیچ جوانییه‌كی تێدایه‌؟! *ڵا (87)نووسیویه‌تی:(( ئاگره‌كه‌ له‌ گیانه‌لادایه‌)) وه‌ك ئه‌وه‌ی ئاگر مرۆڤ بێت، ئاوزینگ بدات. ئایا ئه‌مه‌ واتاییه‌؟.
*لا(116)نووسه‌ر بیری چۆته‌وه‌ كه‌ ئه‌وه‌ ئیتاڵیا و ئیسپانیا بوون به‌شێوه‌یه‌كی مه‌ترسیدار كۆرۆنایان تێدابڵاوبۆوه‌،نه‌ك فه‌ره‌نسا، كه‌چی ئه‌و له‌و په‌ڕه‌یه‌دا واده‌زانێت ئه‌وه‌ فه‌ره‌نسا بوو كۆرۆنا سه‌دان هه‌زاری كوشت.
*لا(117)نووسیویه‌تی:((سه‌یركه‌ كه‌نیسه‌ سووتاوه‌كه‌ی نۆتردام چی لێهاتووه‌،ئه‌و شاكاره‌ گه‌وره‌یه‌ چۆن سووتا،ئاخر هه‌ر ئه‌و كاته‌ی سووتا ده‌بوو ئاماژه‌كانی ئه‌م ڤایرۆسی كۆرۆنایه‌ ببینین)).لێره‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ نووسه‌ری ئه‌و كتێبه‌، بێ ئاگایه‌ له‌ زه‌مه‌نی ڕووداوه‌كان. چونكه‌ كلێسه‌ی نۆتردام له‌ پاریس، له‌ 15/4/2019 سووتا، به‌ڵام كۆرۆنا له‌ مانگی 12/2019 سه‌ریهه‌ڵدا.ئیدی نازانم چۆن نووسه‌ری ڕۆمانه‌كه‌،هه‌شت مانگ پێشووتر زانیویه‌تی كۆرۆنا سه‌ر هه‌ڵده‌دات؟!. *لا(112)نووسیویه‌تی:(مۆبایله‌كه‌شم شه‌وی پیاسه‌كه‌م له‌گه‌ڵ خوداو باران و شه‌یتان پڕ ئاو ببوو)).به‌ستنه‌وه‌ی(خودا)و(شه‌یتان)و (مۆبایل) و (باران)له‌ڕسته‌یه‌كدا به‌یه‌كه‌وه‌، ئاماژه‌یه‌ بۆ هه‌ژاریی زمان. چونكه‌ ئه‌م وشانه‌، نه‌په‌یوه‌ندیی واتایی، نه‌په‌یوه‌نیی بابه‌تی و زمانه‌وانی و فه‌رهه‌نگییان به‌ یه‌كترییه‌وه‌ نییه‌، ته‌نها بۆ درێژ دادڕییه‌..
*لا(130)نووسیویه‌تی:_((له‌م لاپه‌ڕه‌یه‌دا، نووسه‌ر باسی منداڵێكی بچووك ده‌كات. ته‌مه‌نی ئه‌ومنداڵه‌ هێنده‌ بچووكه‌ كه‌ له‌ نێو عه‌ره‌بانه‌ی ده‌ست ده‌یگێڕن، كه‌چی سه‌یر له‌وه‌ دایه‌ ئه‌و منداڵه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی قوتابی فرۆید بێت به‌وشێوه‌یه‌ بیر ده‌كاته‌وه‌!. ئه‌ومنداڵه‌ له‌لایه‌كه‌وه‌ بۆشیری دایكی ده‌گریت، له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، باسی سێكسی نێوان دایك و باوكی ده‌كات. له‌لایه‌كه‌وه‌ باسی گریانه‌كانی ده‌كات، له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ باسی ڕامووسانی نێوان دایك و باوكی ده‌كات. واتا ئه‌و منداڵه‌ ته‌مه‌ن و تێگه‌یشتنی نه‌ك هه‌ر یه‌ك ناگریته‌وه‌، بگره‌ نیشانه‌ن بۆ دوو كه‌سی جیا). نووسه‌ری ڕۆمانه‌كه‌ كاره‌كته‌رێكی منداڵ دێنێت، به‌ڵام وه‌ك فه‌یله‌سوفێك وازی پێ ئه‌كات. له‌وه‌ سه‌یرتریش له‌م به‌شه‌دا گوایا به‌ زمانی منداڵه‌كه‌ ڕووداوه‌كان ده‌گێڕێته‌وه‌، به‌ڵام زمانێكی بێ ماناو دوور له‌ جیهانی منداڵه‌، ئه‌گه‌رچی له‌و ته‌مه‌نه‌دا منداڵ هه‌ر قسه‌ش نازانێت، چ جای ئه‌و قسه‌ فه‌لسه‌فییانه‌ش بكات!ئه‌م نه‌شاره‌زایی و نه‌زانینه‌ له‌ پێدانی ڕۆڵ به‌ كاره‌كته‌ره‌كان، سیمای دیاری ئه‌و نووسه‌رانه‌یه‌ كه‌ هیچ شاره‌زاییان له‌ هونه‌ری نووسینی ڕۆمان نییه‌ و به‌ داخه‌وه‌ ڕۆمانیش ده‌نووسن. له‌وه‌ كاره‌ساتریش، چه‌ند قه‌ڵم به‌ ده‌ستێك كه‌ نازانن بنه‌ماكانی ڕۆمان چین، ده‌كه‌ونه‌ په‌سنی نووسه‌رو به‌ ناو ڕۆمانه‌كه‌شی.ئه‌گه‌رچی ئه‌مه‌ به‌شێكی كورت بوو له‌ سه‌رنجه‌كانی ئێمه‌ له‌ باره‌ی ئه‌و ڕۆمانه‌وه‌، كه‌چی سه‌یر له‌وه‌ دایه‌ نووسه‌ر به‌ شانازیی و خۆگه‌وره‌یه‌وه‌ له‌لاپه‌ڕه‌(170)ی كتێبه‌كه‌ی ده‌نووسێت:(له‌و ڕۆمانه‌دا باسی مێژووی مرۆڤایه‌تی ده‌كه‌م).سه‌یره‌ نووسه‌رێك له‌ به‌ ناو ڕۆمانێكی سه‌دوو هه‌فتا لاپه‌ڕه‌ییدا، لافی ئه‌وه‌ لێ بدات كه‌ مێژووی مرۆڤایه‌تی باس كردووه‌، كه‌ به‌ ده‌یان نووسه‌رو به‌سه‌دان به‌رگ له‌ كتێبیش باس ناكرێت؟!دوا جار وه‌ك خوێنه‌رێك هیوادارم نووسه‌ری ڕۆمانه‌كه‌، سه‌رقاڵی دنیای تایبه‌تی خۆی بێت كه‌ سیاسه‌ته‌، چونكه‌ ڕۆمان و سیاسه‌ت دوودنیای لێك جیاوازن،ئاخۆ هیچ سیاسییه‌كی دنیا هێنده‌ی ماركیز ناو ناوبانگی هه‌یه‌؟!.
——————————————————————————–

په‌راوێز:_
*تاجه‌ گوڵینه‌ تاجی دڕك، ڕۆمان، نووسینی:سه‌ردار عه‌بدوڵا، ساڵی چاپ 2020،بڵاوكراوه‌ی ده‌زگای جه‌مال عیرفان.
*ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ ئه‌ده‌ب و هونه‌ری كوردستانی نوێ ژماره‌(1137)ی ڕۆژی 22/7/2020بڵاوكراوه‌ته‌وه‌…




ئایا مستەفا کازمی جێگای ئومێدە؟ … زاهیر باهیر

هەڵسەنگاندنی ئێستای کەسایەتی کازمیی و هەڵپە و قسە و وتار و کردەوەکانی بێ ڕەچاوکردنی هاتنی هەڵبژاردنی نوێ و پاشخانی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و پێگەی ئەو لە حکومەت و ئاڵانی لە بارودۆخێکەوە کە لە هەقەتدا یەکجار ئاڵۆز و زەحمەتە، کارێکە کە یەکلایەنانە حوکم بەسەر ئەودا دەدین .
حوکمکردنی عێڕاق لە سەردەمێکی ئاوادا کە کۆمەڵی عێڕاقی و ئیدارەکەیی و بوونی حیزب و ڕێکخراوێکی زۆر و دەستتێوەردانی لە لایەن ئێران وئەمەریکا و هەژموونی وڵاتانی دیکەش لە سەری، هەر ئاوا کارێکی ئاسان نیە . لە کاتێکدا کازمی نە پێگەیەکی کۆمەڵایەتی، نە تائیفی، نە دینیی بەهێز، نە حیزبیی ئاوای نییە و هاوکاتیش خاوەنی هیزێکی چەکداریی گەورەش نییە. نەبوونی ئەمانەش ئەوەندەی دیکە ئەرك و گەیشتنی پەیامەکانی کازمی یا بەدەستهێنانی ئامانجەکانی کازمی سەختتر دەکات.
گەر تەنها کارایی حکومەتی ئاخوندەکانی ئێران و دەستتێوەردانیان لەسەر عێراق بوایە، بۆ کازمی ئاسان بوو کە جۆرێك لە ڕێککەوتن لە سەر بناخەی پرۆتۆکۆڵی نێوانی دوو وڵاتی دراوسێ، دوو دەوڵەتی جیاواز یا خود هاوشێوە و هاوبەرژەوەند، جۆرێك لە ڕێکەوتن زامن بکات. بەڵام گرفتەکە زۆر لەمە گەورەترە. هەژموونی ئێران و داخوازییەکانی ئێران لەسەر حکومەتی عیراق لە ڕێگای ڕاستەوخۆ و پەیوەندی نێوانی سەرانی دوو حکومەتەوە یاخود دوو حیزبەوە نییە بەڵکو لە لایەن کۆمەڵێك حیزبەوەیە کە هەر یەکەیان بە جیا لەویتریان داخوازی و مەرجی خۆی لەسەر حکومەت هەیە.
ئا لەم بارو دۆخەدا کازمی ناتوانێت لەتەك صەدرییەکان، مالیکییەکان، خزعلییەکان، عامرییەکان، کەتائیبی حیزبوڵا و … تد هەر هەموویان بگاتە سەرەنجامێك. هۆکاری ئەمەش ئاشکرایە چونکە ئەو لایەنانەش نە لەناو خۆیانا ڕێکن و نە بەرژەوەندی میللەتیشیان دەوێت .
کەواتە پرسەکە پرسی هەڵبژاردنی کەسەکان نییە و سەرەنجامیشش بە گوێرەی نێتباشی و چالاکیی و پەیام و ویستەکانی ئەو کەسە نایەتەدی. ڕەنگە کازمی لە زۆر ڕووەوە لە مالیکی و حەیدەری و عەبدولمەهدی باشتر بیت، بەڵام ئەم باشییەی ئەم تەنها دەچێتە قاڵبی حوکمڕانێکی خراپ کە چەند جیاوازییەکی لە تەك حوکمڕانێکی خراپتر، هەیە و دەبێت. گەر بە ڕونتر قسە بکەم خەڵکی عێراق بە کوردیشەوە لە نێوانی دوو هەڵبژاردەدان کە ئەویش خراپ یا خراپتر.
لەو کاتەوەی کە عێراق وەکو دەوڵەت دامەزراوە، باوەڕ ناکەم هەرگیز بە بارودۆخێکی ئاوا ئاڵۆز و شیواو و ” بێ خاوەن” دا، تێپەڕیبێت. عێراقی سەردەمی صەدام حوسەین خراپ بوو، لە هەندێك ڕووەوە زۆریش خراپ بوو ، بەڵام بەم ڕادەیەی ئێستا نەبوو کە هەموو لایەك و هەموو دەوڵەتێك و هەموو دەسگەیەکی سیخوڕی ئا بەو ئازادییە تەراتێنی خۆیانی تیادابکەن. لە سەردەمی صەدام-دا هێزێکی چەکدار جگە لە هێزی کوردی کە ئەویش بەو لاوازییە، لە ئارادا نەبوو، ئیدارەیەکی دیکتاتۆر ، سەرکوتکەر، بەڵام پارێزەری خاك و ” نیشتمان” بوو، ئاسایشی ناسیاسی هەبوو ، موچە و کار و یاخود بژێوی، ئاو کارەبا و غاز، تا ڕادەیەك هەبوو ، عیزەتی نەفس و دانەڕمانی کەسایەتیی تاکەکانی کۆمەڵ و خودی کۆمەڵ، هەبوو ، پەیوەندی کۆمەڵایەتیی، شتێك لە ویژدان مابوو… گەلێك شت مابوون ، ئەوەی کە نەبوو مافی سیاسیی و ئازادیی و نەبوونی دەربڕینی ڕا و بۆچون و دروستکردنی ڕێکخراو و پارتی دژ بە بەعس و هەندێکی دیکە بوون ، کە نەبوون.
لە ئێستادا ئەوانەی کە لە سەردەمی صەدام حوسەین، هەبوون، هیچیان نەماون، بەڵکو سەربارێکی گەورەشی هاتۆتە سەر کە ئەوەندەی دیکە عێراقی خراپ کردووە. وەڵامی پرسیارەکەی سەرەوەم : ئایا کازمی وێڕای باشی و نێتباشی خۆی، دەتوانێت بەشێکی زۆر لەو کەموکوڕییانەش بنەبڕ بکات، چەند ڕیفۆرمێکی سەرەکی بکات؟ بەڕای من زۆر زۆر زەحمەتە. پرسیارێکی تر: ئایا دەبێت دەنگی بۆ بدەین؟ من وەکو خۆم باوەڕم بە هیچ جۆرە گۆڕانکارییەکی بناخەیی لەسەر دەستی کەسانی کارێزما و حیزبەکان و کوردەتای سەربازیی و کودەتای حیزبی و سیستەمی هەڵبژاردن نییە. هاوکاتیش ناتوانم ئامۆژگاری دانیشتوانی عێراق بە کورد و عەرەب و تورکمانەوە بە دەنگدان یا نەدانی دەنگ بکەم. بەڵام ڕاستییەك هەیە کە گەلی عێراق ئەزموونێکی دوورو درێژی حیزبایەتی و حوکمڕانی هەیە، هەر ئاواش ئەزموونی هاتنی کەسان و لایەنی جیاواز لە ساڵی 2005 وە. ئەمانەش تا ڕادەیەك ئەوەی سەلماندووە کە گۆڕانکارییەکان لە ڕێگای دەستا و دەستکردنی دەسەڵاتەوە نایەنە دی. ڕەنگە باشترین ڕێگا بۆیان بڕوا کردنە سەر خۆیان و سەندنەوەی هەموو متمانەیەك لە سیاسییەکان و حیزبەکان دەسەڵاتخوازان و وڵاتانی دەرودراوسێ و ئەمریکا و دەوڵەتانی ڕؤژئاوایە. گەر بکرێت خۆیان هەوڵی خۆڕێکخستنی خۆیان بدەن و هەموو کاروبارەکانی خۆیان دەستەجەمعیانە، بە هاوڕا و هاریکاری یەکدی بەڕیوەبەرن. ئەمە تاکە بژاردەیە و تاکە حەلە.

زاهیر باهیر
13/08/2020
Zaherbaher.com




مانچستەر … ئەدیب نادر

لە حیکایەتێکی هەزارو یەك شەوە دێمە دەرێ و تاڵەمووە سپییەکانم هەڵدەوەرن
دەنگێك جاڵجاڵۆکەیەکی جادووییە، تەونی دنیاکانی شیعر ڕایەڵ دەکات
دنیاکانیش بێشومارن
ڕۆژەکان فەرووی خۆڵەمێشییان پۆشیوە
گیانی گەندەموویی دنیا شەونماوییە
پێیەکان وەکو دوو سەگی بێ ئۆقرە پەلکێشی سەر شۆستەکانم دەکەن
گەڕان تراویلکەیەکی سرکە
مەوداکان دەکشێن و سەگەکانیش دوای تینوێتیی هەمیشەیی خۆیان دەکەون
مانچستەر
لە نیگای گورگەکانی جەمسەر ڕەنگوڕووی ئەم وەرزەی دزیوە
هاوڕێ نادیارەکان جێپێی سێبەرە بزرەکانم هەڵدەگرن
هەرجارەو لەناو دەنگمدا تۆوی ناوێك چرۆ دەکات،
لە شایی یادوەرییەکاندا مشتێ پێکەنین دەفڕێت
ئیتر بە قەفەزێکی لێوانلێو لە ترپەی ڕاکردووەوە دەکەومە دوای سەگەکان
دارەکان پۆشتە نین هێشتا، خشە خشیان لێ نایە
فیشکە فیشك دەدەنە بەرگوێی بایەکی تێپەڕیو
لە ( چاینا تاون) هاوڕێکەم دەڵێ بوەستە ، ئێرە ئەفسانەییە
دوو مەلی ڕەش لە ڕوخسارمەوە دەردەچن
لەناو پۆلە خەندەیەکی چەقاوەسوودا ون دەبن
نیگاکان مەست دەبن و ڕێی هاتنەوە نادۆزنەوە
خێلییەك لەناو هێلوونی چاوەکان جێ دەمێنێ
یادم دەبێتە مۆزەخانەی دیمەنەکە
بە نیازم سەرێك لە پەیکەری (ئاڵن تیوورینگ)بدەم، ئێستا چۆلەکەیەکیش لەسەر سێوەکەی ناو لەپی
نانیشێتەوە
ئاڵن تیوورینگ لەناو پارکی (ساکڤیڵ)دا برۆنزێکی سەوز هەڵگەڕاوو چڵکنە
درەختە ڕووتەکانیش بێدەنگن
دەستی هۆمۆسێکسواڵەکان باوەشیان بە پەرداخی زل زلی بیرەدا کردووەو
نیگاکانیان دەڵێ ئێوەش پەلکەزێڕینەن
ڕوخسارمان کێڵگەیە، داهۆڵ زەردەخەنەکەی هەڵفڕاندووە
وێنەیەكی لەگەڵ دەگرم و پێی دەڵێم: ئەی هاودەمی تیرۆژە کزەکان و درەختە ناپۆشتەکان و چۆلەکە
هەڵنەنیشتووەکان، دەبێ بڕۆم بەدوای جیهانەکەی خۆمدا بگەڕێم
بە ئاماژەکانی پەنجە کەڵەیەکی نینۆك درێژی وەك باڵندەیەکی ڕۆخی ئاو
بە شەوارە بکەوم و عەترێك وشەکانم لە گۆ بخات
زارێك بڵێ واز لە کتیبخانە وێڵگە ئاسا بۆرخێسییەکەت بهێنە
هەتا دەگەیتە (سەینت ئانس سکوێر)
هەتا دەگەیتە …
دەبێ بڕۆم، بیر لە شیعرێك دەکەمەوە
بەڵام جارێ بۆم نانووسرێ، چونکە هۆشم ئالن گینزبێرگ گەمارۆی داوە
ئەو دنیایەشم ڕاو نەکردووە کە هەناوی شیعر دەیکات بە مرواری
ئای چەند دنیای تر بە ملی هەناسەکانمانەوە قەتیسن
چەند وێنەیەکی تر دەگرم، دەڵێی سێوێکم کراومەتە دوو لەتەوە لەگەڵ
نووسەری ڕۆمانی “کوژرانی کتێب فرۆشەکە”
دوای هەزارەها هەنگاو لە قەراغی ئەو قەڵبەزانەدا دەوەستم
کە بە بێشەڵان دەچن
لە نابەینی قەدە کەفچەڕەکاندا منداڵان ڕاکە ڕاکیانە
دەنگیان تەڕ تەڕ، پێی شادییان پەتی پەتی
هەتاو زەردەیەکی شەرمنانە هەڵدەڕژێت
چاوێکی لێ دەقرپێنم، هامانا ئێستا کەی وەختی سەرەتاتکێیە
پێکەنین کاری سەرلەبەیانیانە
ئەفسوونێکی ئەمازۆنیی دەمتاسێنێ ، درەنگ وەختەو سەرمایش
دزە رێگایەکی بۆ ناو پاڵتۆکەم دۆزیوەتەوە
دەزانم سەگەکان لە گەڕان هەراسان نابن، بەڵام ساڵەکان بێبەزەیی بوونە لەگەڵیان
لەسەرخۆ بەرەو وێستگەی پاسەکانی (ڕۆچدەیل) دوای خۆیانم دەخەن
بوتڵە مارتینییەکان بە تامێکی سەیر ئەندێشەم ئاوڕشێن دەکەن
شووشە هاینیکنەکانیش ڕووناکیی بە ئەشکەوتێکی بێ شەمشەمەکوێرە دەبەخشن
یانی ئەم گۆیە لەناو مەستییەکی کریستاڵیی سەقام دەگرێ
هەتا خۆم بۆ ڕاو کردنی خەونە نەبینراوەکانم ئامادە بکەم
وەك هەتاوێکی کزۆڵە – زەردەخەنە هەڵبڕێژم
ناوی ڕۆماننووسەکە لە دەنگمدا دەبێتە سەدایەکی شەقڵگرتوو
منیش سێبەرێکی ناو سێبەرەکانم
ئەو ساتانە خۆیان بە یەخەمەوە هەڵدەواسن
نازانم چی، وا لە ناوێك دەکات وەكو لیکی ناو زار وابێت
بەڵام سبەی کە هەواڵی مردنێك دەبیستم
دەتاسێم، دەڵێی من ئەوم تووشی دڵەکوتە هێناوە
ئیتر کەڵکەڵەم پڕ دەبێ لە ئایدیای بینینی و
وەك پەنجەرەیەکی ڕوو لە ئاسۆ کتێبەکەی دەکەمەوە

مانچستەر – نیسانی 2018




لەنێوان کوردبوون وکوردایەتی … هەڵمەت حەسەن

کوردبوون قەدەرێکە لەدەرەوەی ئیرادەی خۆمان هیچ پێویست ناکات ڕقمان لێی بێت، پێویستە وەک حەقیقەتێکی بوون و ژیان وەریبگرین کوێی ناشیرینە خۆمان دەستکاری بکەین،کوردبوون ناسیۆنالیست بوون و فەخرکردن نیە بەمێژووی سیاسی یاخیبوون و بزووتنەوە نەژادیەکان، کوردبوون زۆر جیاوازە لە کوردایەتی هیوادارم کەس نەبێت ئەم دووانە لەیەک جیا نەکاتەوە.
کوردایەتی فکرێکی هێندە داڕزاوە بەشوبهاندنیش دێڕێکی ناچێتەوە سەر ئەدەبیاتی خەبات لەپێناو ئازادی و پێکەوەژیان و هێشتنەوەی زمان و کلتووری ڕەسەنی نەتەوەیەك، کوردایەتی زۆر لەوە بچووکترە بتوانێ باری خۆڕاگری و بەرگەگرتنی چەوسانەوەی سەدان و هەزاران ساڵەی میللەتی کورد هەڵگرێ و بیکاتە تابلۆیەکی مێژوویی ڕاقی .
کوردایەتی جوڵانەوەیەکە لەپێناو بەرژەوەندی و پاراستنی بەرژەوەندی چەند کەس و بنەماڵەیەک دروستبووە بۆ هێشتنەوەیان لەدەسەڵات بۆ برەودانی زیاتر بە بازاڕی بازرگانی و چەتەگەریەکەیان جا بەهەر نرخێک کەوتبێ لەسەر میللەت باکیان نەبووە ، لەپێناو ئەم وسیتەدا هەموو سنورەکانی بەدئەخلاقی سیاسی و عەسکەریان بڕیوە. سەرانی کوردایەتی بەناو و دروشمی جۆراوجۆر ئیدیعای موزایەدەی جیاوازبووون دەکەن لەیەکتری بەڵام بە نەتیجە هەموویان سەریان لەیەک ئاخوڕ دایە، ئەوان لەڕاستیانەوە بۆ چەپیان سەد هێندەی قوڵی گیرفانیان قوڵبوونەوەتەوە لە جاشایەتی و خیانەت و عەمالەت بۆ دوژمنانی زمان و فەرهەنگی نەتەوەی کورد، ئەوەی ڕژێمە داگیرکارەکان نەیانکرد ئەوان تەواویان کرد لە شکاندن و ڕەزیلکردنی کەسێتی مرۆڤی کورد، لە فڕێدانی گەنجان و تاکی کورد بۆ پەراوێزی مێژووی ڕۆشنگەری و پێشکەوتنی جیهان لەهەموو بوارەکاندا، ئێستاش بازاڕیان کەوتۆتە سەر دروستکردنی دوژمنی وەهمی بەختووکەدانی هەستی ناسیۆنالیستی خەڵک یاخود هونەری کوشتنی کات بە بەیاننامە و کۆبوونەوەی سەرکردایەتی و بنکردایەتی حیزبەکان و چوون و هاتنی وەفدو دانوستاندن کردن .




له‌ سێبه‌ری كتێبدا چاپ و بڵاو ده‌كرێته‌وه‌

                    

له‌ سێبه‌ری كتێبدا، ناونیشانی كتێبێكی دیكه‌ی(سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی)یه‌و وا بڕیاره‌ له‌ چه‌ند ڕۆژی داهاتوودا،چاپ و بڵاو بكرێته‌وه‌.ناوه‌ڕۆكی كتێبه‌كه‌، خوێندنه‌وه‌ و ڕانانه‌ بۆ بیست و دووكتێبی جۆراوجۆری ئه‌ده‌بی و سیاسی و مێژوویی و فیكری.




شیعر/ گەردوون لە ئۆقیانووسی ڕۆحدایە … کاوە عوسمان عومەر

بێ دوودڵی،،،
ئەبمەوە بە تنۆکێ ئاو….
گەر زەریاش لێم زویر بێ،،
بێ دودڵی،،
لەسەحەرا، دەگەڕێمەوە،،
کوچە ئاڵتونیەکی منداڵی،،
بە پێوە بەرسیلە،،
شینەکانی خۆشەویستی..
لە دارمێوەکانی بێدەنگی ئەچنمەوە،،
گەر بوار بوو، ،،
بە شکۆوە هەمان ڕوبار ئەگرمە بەر،،
ساڵانی پێشووتر،،
بە ترسەوە پیای تێپەڕیم،،
ئێستا چاوم دوو ئەستێرەی بوهەیمیە،،
دەرگا ڕەنگاڵەکانی ئاسمان خۆم ئەیکەمەوە،،
بۆ گەردە بڵاوبوەکانی جەستەم،،
بۆ پەڕو باڵی قرتاوی..
قازە ڕەشە هەڵهاتوەکانی…
جەنگە ئەفسونایەکان،،
لە نێوان..
زەمینێک لە پۆڵاو،،
بۆشاییەک لە پەڕی پەخشانی خەو،،
ئۆقیانووسی شادومانیەکی بەدنەفرەتیش،،
هەر ووشە دروستی ئەکات،،
و هەر ووشەش ڕوناکی ئەکاتەوە،،
هەر ووشەش شەوی ئەکاتە بەر،،
چارەنووسی گوڵە لەیلەکەکانیش….
بە من سپێردراوە،،
چارەنووسی ئەو مانگەش..
لە چەتەکانی دەریا هەڵهات،،
هەر لەهەمان دێڕی..
پەرتوکی خەو ئەینوسمەوە،،
گەر ئەویش بڕیاری..
کۆچ نەدات،،
گەر ئەو لە ژێر چەتری بارانا، ،،
وەک ئەوسا،،،
پەیکەرێک لە زەریام بێ،،
گەر ئەو وونبێت،و،،
پاشان لە باخچەی بەیانیا،،
بە تارایەک لە هەوری بیرەوەری..
پێش جەنگەکان بێتەوە،،،
بەڵام تەلیسمی عیشق،،
بەرشەوارەی خستین،،
تێشناگەین،،،
چۆن لە ئەشکەوتە…
سپیەکانی بوونا،،،
گیرمان خوارد،،
من هییچ هۆکارێک نابینم..
لە هەڵکردنی گەردەلولی…
خەفەتی مرۆڤەکان،،،
تێشناگەم بۆ لافاوی خۆڵاوی خەم،،،
پۆلە پەرەسێلکە مۆرەکانی منداڵیی..
تووڕی تاریکی با دا،،
ئەوەی تێگەیشتووم،،
ماتماتیکی عیشقی بەردە،،،
بۆ خەمی دارچنارێک…
تا بەیانی فرمێسکی…
بۆ بێ وەڵامی کازیوەیەکی…
سەرهەڵگرتوو ڕشت،،
ئەی نانی دەستی جوتیارێکی ماندوو..
بە نۆشینی شەرابی…
خۆشبەختی کێڵگەکانی نوور،،
ئەی هەنگوینی شەوێک…
بە باڵی…
شین و مۆر و پرتەقاڵی،،
مەلە دڕندەکانی پەرادیسەوە هاتن،،
گزنگ چۆڕێ زیوە لە دەستمایە…
گزنگ لە چاوی ئەو ئافرەتەیە،،
پریاسکەکەی ،،
شار و گوندە کاولکراوەکانی…
وڵاتی جەنگی تیا هەڵگیراوە،،.،
پەنجەی بروسکەیەکی سەرشێت و یاخیم،،
لە سەر تابلۆی ئاڵتوونی…
پایزێکی هەناو خوێنی شیعرو..
و گەڵای قاوەیی چاوەڕوانی،،
هەر تەرتیلەکانی عیشقیشە،،
ڕێی داوە….
لەسەر بیابانی دڵ بنوسرێ،،
پیانۆی دەستی گیایە،،
هەموو وێنە سەرابیەکانت،،
لە ژێر تەرزەی کۆچا دەنوسرێتەوە،،
مێزی خوانێک،،،
لە نێوەڕۆی زەردە حەزێک،،
دامان بە بادەی تەمەنێکا..
لە زەردبوونی جەستەی بێستانەکانیش،،
دڵ فوارەیەکی پڕ فرمێسکە،،
لە پرتەقاڵبوونی چەمەکانیش،،
جەنگی گوڵ و شەونمە،،،
کە بەرەو مانگی …
خەزانی ڕۆحیش ئەڕۆین،،
گوڵە سپیەکانی چاوەڕوانی دوور،،
لە سەر ڕێگەت ئەڕوێنم،،
لە کێشمە کێشی جوڵەی ماشینەکانا،،
مێزی هەتاو،،
واڵا بۆ مێشێکی سەرخۆش..
لە شیر و هەنگوینی بەجێ ماو،،
مێزی جەستە،،
بەرامبەر تابلۆی پرتەقالی ئێوارە،،
هەر خۆرە فێرمان ئەکات ،،
زانستی لە خۆگرتنی ئاسمان،،
بۆ هەموو پەلەوەرە خۆڵەمێشیەکانی…
تێپەڕبووی سەر قامیشەڵانی مەرگ،،
ئەوەندەی من بەڕێگاوە ئەیزانم،،
مەرگ چۆڕاوگە شەرابێکی ڕەشی بە تامە،،
کاتێک ڕۆح پڕ دەبێت،،
لە هەموو نهێنییەکانی گەردوون،،
بەڵام گەردوون ،،
لەئۆقیانووسی ڕۆح خۆیدایە،،
گەردوون ،،،
لە چرپەی ئافرەتێکەوە،،
دەست پێدەکات،،،
بۆ هاژەی گەردەلوولی بەفرو..
فڕەی باڵی کولەیەکی سەوز،،و،،
سترانی بێستانی ڕابردووش، پێش..
ڕژانی گۆزەی سەوزی ژیان،،
لە کانی جوڵەی ئەو ماشینەی..
چرکەکانی کات دروست ئەکات،،
بەتاڵبوونەوەی خەم،،
لە شوشەی شنە با دا،،
فەلسەفەیەکی تری گەردوونە،،
تنۆکە لمی ژێر پێی…
کۆچەریشە،،
ژیان،،،
بەڵام زۆر جار شمشالێکە،،
ئەرخەوانی،،
لە سەر لێوی پەیکەری..
ڕەشی بێهودەیی،،
نەخشاندنی سەر بەردی بەدبەختیش…
دوای لەدەستدانی ماڵێک،،،
لە نێوان تریفەی مانگ..و..
کازیوەی ڕۆژانێ،،
پڕ بەشەرابی بێستانی …
منداڵیی لەدەستچوو،،
ئارەزووی گەڕانەوەش،،
بۆ نێو چوار دیوار..
لە ژورێک لە خەو،،،
پاشان،،
داتاشینی پەیکەری خۆرێک…
بۆ ئافرەتێک بواری نیە،،
پەیامەکانی باران،،
یەک بە یەک بگەیەنێتە ،،
گەڵا بابردوەکانی مێژوو،،
ئەبێت ئاسمانە گرکانیەکان،،
چیان بۆ من پێ بێ،،،
ئەی هاوڕێی داهاتوو،،
لە سەدان ساڵی تر،،،
گەرچی یەکتر ناناسین،،
یەکتریشمان،،،
لە هییچ فۆتۆیەکی شادومانی و،،
بەدبەختیا نەبینیوە،،
بەڵام تۆش،،،
وەک من، هییچت پێ ناکرێ،،
لە ڕژانی گۆزەی شەو،،،
شکانی پەرداخی لم و…
وونبوونی پارچەکانی تابلۆی ڕۆح،،
ناشگەمە ئەو شوێنەی تۆی لێی،،،
هاوڕێی بێڕوخسار و شار،،
تا قسەیەک دەربارەی…
زەریای داهاتوو کەین،،
با ئەستێرەکان بێنە خوار،،
حەز ئەکەم یەک لە دوای یەک،،
قازە مۆرەکانی خۆشبەختی ئەوساش،،
بهێنمە خوار،،
پاشان گەردەلولەکان…
لە کوێ چرۆ ئەکەن؟
پاشان کچەکانی..
وڵاتێک لە سوتماک،،
لە کوێ دڵی قەترانیان ئەچێنن؟
و پایزی داهاتووش لەکوێ،،
خونچەی فرمێسکە سوورەکانیان ئەچنەوە؟
پاشان بەلەمی بەهەشت،،
بە من چی…
کاتێک من لە ژێر چیای مەرگام؟
پاشان ‌‌‌‌هێڵە ئاسنینی دڵ،،
کوا بەرەو ویستگەی نەمریا،،
تێپەڕي ئەبێ؟
ئەفسووس،،
فارگۆنی وەرزە جەنگەڵیەکانیش..
پڕن لە مرۆڤە پەکەوتەکان،،
هەرژارە بێ لانەکان،،،
ژنە تەنیا تێکشکاوەکان،،،
کرێکارە دڵ تاریکەکان،،،
عاشقە ڕۆح شەختەکان،،
ویستگەکانی پەهەشت پڕن…
لە فریشتەی بێ باڵ،،
فارگۆنەکانی…
دۆزەخیش پڕن …
لە و شاعیرە بەدنەفرەتیانەی…
لە دەرگاکانی بەدبەختیەوە دزەیان کردە..
گێژەنەی دووری گڕگانی ڕۆح.
…………………………
شیعر لە تارمایی ڤینۆسا هاتە لام،،
بەلەمی پێ بوو،،،
لەگەڵ ڤیۆلینێکی سپی،،
و چۆڕی ئاوی جەنەت و…
لەتێ نانی گەنمی خۆشبەختی و..
هەندێکی کەم لە هەنگوینی منداڵی،،
وتی بنوسە،،
لەسەر لەپی ئۆقیانووسی…
خواوەندی بەردبووی گەردوون،،،
دەربارەی میراتی بوون،،،
دەربارەی تێکپژانی ئاسۆی نەمری و…
خۆڵی سپی بێهودەیی،،
بەڵام من هەڵهاتووم…
لە بێستانی زەڕو بەدفەڕی تەنیایی،،
بە دیار هاتنی پۆلە تاوسی شین و پرتەقاڵی و مۆر و زەرد و سەوزی ڕۆژەکانا
لە ژێر دار بیەکی خپۆشبەختی پیرا،،
لێی ڕاکشاوم،،
ئاگادار نیم،،
چەند فریشتە،،
لە ئاسمانەوە فڕێ ئەدرێتە خوار،،
ئاگادار نیم،،
کام چۆلەکە،،
لە یەکەم هێلانەی خۆشبەختی…
لە خەو هەڵدەستێ و..
لە بەرچنەی خۆرا،،
یەکەم گوڵە جۆ ئەدزێتە..
سروتی شیعری ڕۆژیک،،
نآشزانم بۆ گوێ نادەمە سەنتووری…
دەستی پیاوی سەرابستانی کات،،
وا بزانم چاوەکانیشم وا دروست نەکراون،،
لە قوولایی تونێلەکانی فەلەکا،،
هییچ لە مێرگە ئەرخەوانیەکانی ..
دروست بوون ببینێ،،
چاویلکەی خۆڵەمێشی مرۆڤ،،
ناهێلێ…
کەمووڵە شکاوەکانی…
ناو ناخی سروشت ببینین،،،
ئێمەین دڕندە ئاسا،،
بە گەمژەیی ئەیان شکێنین،،
با بەچۆکا بکەوین،،
بۆ کانیەک،،
دانبنێین،،
بە تاوانی سووتماکبوونی،،
سیمرخی پڕ ڕەنگی سروشت،،
با دانبنێین…
بە تاوانی دروستکردنی،،
دووکەڵی پایپی دێوەزمەی کارگەکان،،،
بۆیە ئێستا ،،،
لە ژیر تەرزەی ڕەشی مەرگا،،
وەک تۆپەڵە بەفری فشەڵ،،
ئەتوێینەوە،،
با دانبنێین…
بە تاوانی…
شکانی باڵە ڕەنگینەکانی..
ڕەنگاڵەی سروشت،،
تکایە خانمە گەڵاپۆشەکەی…
پایزی مرۆڤایەتی،،،،
کە وەک گۆرانیەکی خەمگین دێی،،
گۆزەی پەرتبوونی جەستەی گیاکان،،
لەبەردەما مەڕێژە،،
سرووتی نزام،،
بۆ شیعری یاخی وەک زەریایە،،
ئازاد و سەربەست،،
لە فۆڕم و چوارچێوەکان،،
هەربۆیەکیشە،،،
بە من نامۆن،،
قەڵای کەنیسە ڕوخامیەکان،،
منارە ئاڵتونیەکان،،
بە من سەمەرەن،،
ئاینی من،،
سروتی جوانی ساتەوەختێکی شیعرە،،
نوێژیشم لەسەر بەرماڵی ئاوێکی سازگار،،
لە ژێر دارە کریستاڵیەکانی ..
بێستانی ئەبەدیەت داخستوە..
هەربۆیەکیشە،،
لە ئازاری ساتپژانی مانەوە…
لە بیابانی ئێرەدا خۆڕاگرم،،
دانی پیا ئەنێم،،
کە گەردوون لە مندایەو…
شینایی ئاسمان ،،
دڵ دروستی ئەکات،،
گۆرانیبێژی نادیاری ژێر ..
چنارەکانی پایزە،،
قژی دارە کۆنەکان ،،،
زەرد ئەکاتەوە،،
نازانم پایز بۆ ئەوەندە،،
حەزی لە ڕەنگی ئاڵتونی زەردە،،
بۆیە منیش ڕۆڵی خۆم بینی،،
لەسەر شانۆی جیهان،،
بە پرسیارکردن دەربارەی..
پەرتووکی فەلسەفەی تنۆکی ئاو،،
بە ڕژانی کەمۆڵەی زەریا،،
بە جوگرافیای دیلنەکراوی کەنارەکان،،
هییتچ شتێك ناخرێتە،،
ناو چوار چێوەوە،،
لە گەردوونا،،
ئەوە فێر بووم،،
پاش چەندین مردنی ئارەزوومەندانەو…
لەدایکبوونەوەی بە ئازار!
درەنگیش تێگەیشتم،،
هییچ شتێک ناخڕیتە،،
تابلۆی لۆژیک،،
نازانم کێ بوو ماتماتیکی داهێنا،،
بۆخونچە یاخیەکانی خۆشەویستی،،
کێ جیۆمێتری کردە لاهۆتی فڕین،،
کێ بوو لە کەنارەکان..
جەستەی کێشایەوە،
بۆ ناو ژوورە سارد و..
پەنجەرە شەختەکان،،
ئەوەی فێربووم…
نیشانەی بوونە دەروێشی سەر دەریا،،
پرشنگدانەوەی دڵە،،
پاشان کام کتێبی ئاینی ..
باسی تەقینەوەی لێو..و،،
ئەشکەنجەی ڕۆحی تەنیا..و،،
ژەهری دابڕان…و..
زامی جودایی.. و..
کسپەی جێهێشتن ئەکات؟
درەنگیش تێگەیشتم
گەردەلوولە ناخی مرۆڤەکان،،
پارچە بوونی حەز و ئارەزوەکانە،،
پۆ هەزاران ئەستێەرەی…
سرک و نەناسراو،،
لە فەلەکێکی تاریک و قووڵ و سامناک و مەترسیدار،،
هەر بۆیەکیشە،،
پێش هەڵچنینی قەڵای هیوایەک،،
لە تێگەیشتن،،
لە گوڵی خۆڵەمێشی ساتەکان، ،،
باشترە گوێ لە سروشتی..
ناو دڵ خۆی گرین،،
گەردوون لە ناو ڕۆح خۆیدایە،،
هەموو تارماییەکانیش…
لە پارچە شوشەی یەکتر،،
بوونیان هەڵئەچنرێ،،
پاشان دوای چەندین ساڵ گریان،،،
لەعیشقی کەمتەمەنی ..
بەسەر چووی زەمینێک،،
وەک سازێکی دڵ تەڕی..
پڕ بە باران،
لەسەر شانۆی بوونا نامێنن.

وێنەکە کارێکی هونەری فۆتۆگرافەری هۆڵەندی/
Susan Mielke
بە سوپاسەوە لە پەیجی فەرمی خۆی وەرگیراوە.




دەنووسم، باش نیم … سەلیم عوسمان

وەک هەمیشە زۆر دەنوسم
بەڵام هێشتاش ئەو درێژەکێشانە گوزارشت ناکا ، لەوهەستەی نـــاخم

دەنـوسم بـــاش نیــم
بەڵام بەهیــوام تۆ باش بیت
دووبـارە وەک پیشەی هەموودەمێکم بیرت دەکەم ..،
دەشزانم ئەو هەموو بیرکردنە و فرمێسکانە ،
تەزوویەکی گەرم بەدڵی چەقبەستووی تۆدا ناهێنێ ،

شێتییە چاوەڕوانی لە هاتنی تۆدا،
کە وەک ڕۆژ لێمەوە دیارە نایەییت ،
دوای تـۆ ئەو بۆشاییەی لەمندا
دروست بوو ،
بە هیچ ئادەمیەک پڕ نابێتەوە!

بیرت دەکەم و لێرە نیت
تاببینی چەندە پەرێشانم بێ تــــۆ..
قووڵ و گەرم خۆشم دەوێیت ،

لێرە نیت تا ببینیت نە بونت سەراپامی کردۆتە باخێکی وەریوو و تەزیــوو…..
لێرە نیت تا ببینیت لەدەستدان و
نەبوونی تۆ سەختترە لە مردن بۆم،

خۆت دەزانیت من هەرگیز لە مردن نەترساوم،
بەڵام ئێستا کە هەست دەکەم و دەبینم تۆ لێرە نییت ترس دەملەرزێنێ ..،

لە فەراغی تۆدا
پەنجە بەسەر بەرگی ئەو کتێبانە دەخشینم ،
لەو جێژوانەی وەک گوڵ
لە قوڵایی چاوم دەدرەوژایتەوە
بەدیاری بۆت هێنابووم ،
لەچکەکەت وەک پەڕۆیەکی موقەدەس
هەمیشە لە گەردنم ئاڵاوە…..

ئێستا لە هەمووکات زیاتر
بیری بۆنی عەترەکەت دەکەم،
بیری گوڵەکانی سەر ژێر کراسەکەت دەکەم ،
کە بە گیانتا خۆیان هەڵدەواسی،
بیری قژە ڕەش و درێژەکەت دەکەم ،
کە لەسەر سەرینەکەت بڵاو ببوونەوە
دەموویست پەنجەکانم بەناو
تاڵ بەتاڵیدا پیاسە بکات ،

دەزانم هۆنینەوەی ئەم ووشانە
هەرگیز نا ئاڵێ لەگەردەنت
بەڵام مـن بێچاو ڕوانە درێژەی پێدەدەم ،

دەزانی نەك تەنیا لە دڵمدا،
بەڵکو لە دەمار بەدەماری جەستەمدا هەست بە ئازاری لێکدابڕان و
لێك ترازان دەکەم،

ئێستا نە لە شەوە تاریک و
درێژەکانم دایت و نە لە ڕۆژە بێزارکەر و ماندوویەتیەکانم دایت ،

تێگەشتم ژیان تەنیا ئەو ڕۆژانە بوون،
کە بەدەم ڕێگاوە پیاسەمان دەکرد و بەدزیەوە بەتیلەی چاو سەیرمدەکردی ،

دەمهەوێت دڵــم خاڵی بکەمەوە ،
دووریت لێــم هەپڕون هەپروونم دەکات ،
بەرگەی ئەم بێ تۆیە ناگرم ،
وەک کتێبکی پەراوێز خراو خۆم دەبینم ،

ئەرێ بەڕاست ..؟!
چەند ملیۆنان ساڵی دەوێت
تا خەتی لالێوت لەبیر بکەم؟
چەند سەدەی دەوێت تا گەرمیی
باوەشت لەزەین دەربێنم؟
ئەی لەیادکردنی کاڵی چاوت چی؟
باوەڕکردن بە جوداییمان چەند جار مردنە ؟
کەمێک ویژدانت هەبێ چپەیەکی خۆت بەشەماڵێکدا بنێرە بــۆم ،

وەرس نەبووی لەو بێدەنگیە ؟!
لێرەنیت گەلێگ شت لەوجودم دا گۆڕاوە
نائومێدی بەرپەنجەرەی ژوورەکەمی گرتوە ،
غەمگینی وەک هەرزەیەکی باب مردە
یەخەی گرتوم لێم نابێتەوە
ئێستا بمبینە شـــاکارێک لەتەنهایی
ڕووبارێک لەغەمگینی ڕژاوەتە ناو منەوە ،

گەر ووجوود هەبا لێرە چی دەبــوو ؟
ئاوا ڕۆنەدەچومە ناو ئەو یادەوەریانەی،
پێکەوە درووستمان کردن
کە ئێستا بە رووحی شکاوەوە
بەتەنیا یادیان دەکەم ،

گریانێک قوڕگی گـرتــووم،
گرژکردوم وەک بڵێی دەمخنکێنێ ،

بەڵام من هێشتا بەردەوامم
لە هۆنینەوەی ووشەکانم.
لەودەمەی نیت خوی مەجنونم گرتــوە ،
دەمێک قاقا بۆ یادەکانت دەچڕم
دەمێکیش شین بۆ دووریت ،

توڕە دەبم دێنم لەچکەکەت
بە ئاوێکی گەرم دەشۆم و
بەتەنافەکەدا هەڵیدەواسم
تابۆنەکەتی لێبچێ ،
کەچی ئیرەیی بەو(بـا)یەش دەبەم
کە سەما بە لەچکەکەت دەکات ،

خۆگریت لێم بێ سوودە ،
دەتوانم لە هەر کوێ بیت هەست
بە نزیکیت بکەم،
چونکە بۆنی تۆ بە هەزاران جار
شۆردنی لەچکەکەت،
هێشتا لەبەر لوتم دەمێنیتەوە ،

بۆنایەی لە کەلێنێکەوە ببینی
کە من چەندە بێ قەرارم بێ تــۆ،
جانم بۆ نایەی ببینی، بێ تۆ
ڕۆژەکانم چۆن وەک پەڕۆیێکی دڕاو بەتەنافی بەدبەختیدا شۆڕبۆنەتەوە ..،

.سەلیم عوسمان

پێنج شەمە /14/ئایار
کاژێر ٦:١٣ ی بەیانی




دیرۆك … ستار ئه‌حمه‌د

به‌شنه‌ گوڵ بوویت و
له‌گه‌ڵ با ده‌جه‌نگای
كاتێك بارێزه‌ هه‌ژانتی
بوویته‌ ئێسكی چڵێكی رووته‌ڵه‌
نه‌قومێك شه‌ونمی به‌یانیان
وه‌ك نه‌وبووك گه‌ردنی جوانكردی
نه‌بایه‌ك به‌سه‌ما…
بۆرۆخی رووباری حه‌سره‌تی بردی
ئه‌مێستا دارێكی..
تینوو بۆباخی ره‌نگاوڕه‌نگ
شه‌وانه‌ ده‌هه‌ژێی …
له‌ده‌نگی راوكه‌رو
دیرۆكی زه‌برو زه‌نگ
رووخانی چه‌ند هه‌وار
چاوانتی داڕووشان
كام كۆچبار…؟
له‌ناختا ره‌نگیدایه‌وه‌
ئه‌وه‌تا وه‌ك كوانووی بێمیوان
پشكۆیه‌ك تینێكت ناداتێ‌
به‌هارێك له‌عومرت ناپرسێ‌
وه‌ڕسبووی له‌ده‌ستی جوودایی
خه‌می نیشتمان به‌زانتی
بۆیه‌ كزو مات
ده‌گری به‌سه‌ر ره‌گ و چیمه‌نا
نه‌خاك ده‌توانێ‌…
چرایه‌ك بۆ قه‌دی سووتاوت هه‌ڵكا
نه‌بارانێك به‌ئامان
بۆ زامی هه‌ناوت دائه‌كا
ئه‌م كسپه‌ی مردنه‌
هه‌تاكه‌ی به‌باڵای چیادا ده‌كێشێ‌
تۆش عه‌وداڵ
له‌به‌ژنی ره‌زو گوڵاڵه‌ ده‌ڕوانی
كێو نه‌بێ‌ ببێته‌ سێبه‌ری كه‌مه‌رت
چڵ نه‌بێ‌ گوڵێ‌ ئاڵ هه‌ڵگرێ‌
به‌هاران بیكاته‌ هاوڕازی سه‌رت
ناتوانی به‌م شێوه‌ ..
لاپه‌ڕه‌ی ئه‌دگارو
به‌رواری پیرۆزان هه‌ڵگری
به‌ده‌م خه‌زانی خۆزگه‌وه‌
بۆنیگای دڵۆپێك باران و
مشتێ‌ خۆڵی ته‌ڕ ده‌مری

ستار ئه‌حمه‌د