مەلەفە دانەخراوەکان …. لە ئەرشیڤی دەنگەکان ەوە

، هەر جارەو بابەتێک لە ئەرشیڤی دەنگەکان ەوە

ئەمەی لێرەدا دووبارە بڵاوی دەکەینەوە، کۆمەلێک نووسین و چاوپێکەوتنە لەگەڵ (مستەفای حەسەنە گەورە) کە لە ساڵی ٢٠١٥ بڵاو بوونەتەوە لە دەنگەکان و ڕۆژنامەکانی تردا. ئەو بابەتانە تایبەتە بە کردە تاوان بارێکانی ” عه‌باس بایز باڵۆغا” و هەوڵدان بۆ بەگەیاندنی تاوانبار بە دادگا….. ساڵەکان تێپەڕین و خاوەن داواکان وردە وردە ماڵئاوای دەکەن لەژیان و تاوان باران ژیانیان باشتر و بەڕێزانە تر هەڵسوکەوتیان لەگەڵدا دەکرێت لە سایەی دەسەڵاتی کوردیدا، ئەو دەسەڵاتەی کە ڕۆژگارێک بەچاو بەستراوەیی خۆمان، ناومان لێنابوون بەرەی شۆڕشگێڕو بەرەکەی تری لای حکومەتی مەرکەزیمان ناو لێنابو بەکرێ گیراو(جاش) بێ ئاگا لەوەی بەرەی شاخ و بەرەی شار دوو بەرەی لێکگرێدراوی هاو بەرژەوەندی دژ بەخواستی ڕاستەقینەی خەڵکن.

دەنگەکان
٢٠٢٠/٨/٣٠

بۆ خوێندنەوەی ئەو مەلەفە کلیکی ئێرەبکەن …..




بۆ ئەرسەلان بایز وبایزەکانی دیکە ،لێدانی ئەم قەوانە سواوە ڕابگرن … گۆران هەڵەبجەیی

[گەر بەرامبەر خەباتم پارەم وەربگرتایە،ئیدی لە خەباتگێڕەوە دەبووم بە جاش.] نیلسۆن ماندێلا
لە مێژە بە نیازم دەربارەی ئەم دەستەواژەیە بنووسم کە دەڵێت[ئەم دەستکەوتانەی ئێستا بەرهەمی تێکۆشان و خوێنی شەهیدەکانمانە.]
وەلێ هەرگیز دەرفەتم بۆ نەڕەخسا،لێ ئێستا ئەرسەلان بایز ناچاری کردم کە چیتر ئەو بابەتە پشتگوێ نەخەم.
ئەم ڕستەیە ،دەستەواژەیە بەردەوام لە لایەن سەرکردە فاشیلەکانی ڕێبازی کوردایەتیبەوە بە جۆرەها شێوە و لەجۆرەها فۆرمدا بەکار دەهێنرێت ،کە نوێترینیان لەلایەن ئەرسەلان بایزەوە بوو. هەر کاتێک شەپۆلی تووڕەیی و بێزاری خەڵکی ستەملێکراوی دەستی قارەمانەکانی کوردایەتی دەگاتە ئاستێکی بەرز ،ئیدی ئەم بلیمەتانەی گەندەڵی دەست دەکەن بە گیرفانیانداو ئەم قسە پڕوپووچ و بێ ئەرزشانە دەدەن بەڕووی خەڵکدا.
دوو مەبەست لە ژێر هەزاربارەکردنەوەی ئەم قەوانە ژەنگاویەوە خۆی حەشارداوە، یەکەم قەرزاربارکردنی خەڵکە بە تێکۆشان و ماندووبوونیان،دووەم بێدەنگکردنی خەڵکیە تا داوای مافەکانیان نەکەن و سوپاسگوزاربن بەوەی کەهەیە و بەئاقڵی دانیشن .لە ڕێگەی ئەم درووشم و وتارە قەبانەوە ،دەیانەوێت ئەو پەیامە بگەیەنن کە دەڵێت[ گەر خەباتی ئێمەو خوێنی شەهیدان نەبوایە ئێوە ئەم ژیانە خۆش و ئاسودەتان نەدەبوو].
هەوڵەدەم لێرەدا ڕوونیبکەمەوە و بە لۆژیک بیسەلمێنم کە ئایا ئەم دۆخەی ئێستا، بەرهەمی خەبات و خوێنی شەهیدانە یا نا .
لە زۆرترین حاڵەتدا و لەکن نەتەوە چەوساوەو ژێردەستەکان، ئامانج لە شۆڕشی چەکداری گەشتنە بە دونیای سەرفرازی و شکاندنی کۆتی چەوساندنەوە و دەربازبووب لە ژیانی نکولیکردن لە ماف و ئازادی ،و لە پێناو دابینکردنی خۆشگوزەرانی و ئاسودەیی و ژیانێکی پڕ کەرامەتە بۆ هاوڵاتیان.ئەمەش تەنها لەو حاڵەتەدا دێتە دی کە شۆرشە چەکداریەکە ئامانجی خۆی بپێکێت و بگاتە دوا مەنزڵ و شۆڕشگێڕان لە لولەی تفەنگەکانیانەوە سەرفرازی بەدەست بهێنن ،یاخود بەدیوێکی دیکەدا شۆڕشگێڕان نەتەوەی سەردەست ناچاربکەن کە مل بۆ داخوازیەکانیان بنێت.
لێرەدا بە پێویستی دەزانم چەند نمونەیەکی بەرجەستەکراو لەو شۆڕشە چەکداریە سەرکەوتووەکان بهێنمەوە کە لە ئاکامی خەباتیاندا دەسەڵاتیان گرتە دەست و گۆڕانکاری بنەڕەتیان لەسیستەمی حکوم وژیانی خەڵکدا کرد ،لەوانە:

  • شۆڕشی چین بە سەرکردایەتی [ماو]
  • شۆڕشی کوبا بە سەرکردایەتی [کاستر و جی ڤارا]
  • شۆڕشی جەزائیر بە سەرۆکایەتی[ئەحمەد بن بلە و هواری بۆ میدیان]
  • شۆڕشی ڤێتنام بەسەرکردایەتی [هۆشی منە]
  • شۆڕشی فەلەستینیەکان[تا ڕادەیەک]
    شۆڕشەکانی نیکاراگوا،سلڤادۆر،ئەنگۆلا ،مۆزەمبیق و چەند شۆڕشێکی دیکە.
    سەرجەمی ئەم شۆڕشانە لە ئاکامی خەباتێکی درێژخایەن و سەخت و دژوار و بەختکردنی گیانی هەزارەها شۆڕشگێڕو سڤیل هاتنەدی.پاش سەرکەوتن شۆڕشگێڕان ئەو خەباتەیان بە هاوڵاتیان نەفرۆشتەوەو بەردەوام نەیاندایەوە بەڕوویاندا، پۆزیان بەسەر خەڵکدا لێنەدەدا،بەڵکو بە بێدەنگی لە فۆرمێکی نوێدا درێژەیان بە تێکۆشاندا.
    گەر پێناسەیەکی کوورت و لۆژیک بۆ[ شۆڕشی] چەکداری باشوور بکەین دەبینین ئاکامەکەی بە هیچ جۆرێک لەو شۆڕشانە ناچێت کە ئاماژەم پێداون.
    شۆڕشی باشوور نە ڕژێمی گۆڕی، نە خاکی کوردستانی ئازاد کرد و نە دەسڵاتی ناوەندی ناچار کرد تا دان بە هەندیک لە مافەکانماندا بنێت.
    بە پێچەوانەوە ئاکامی شۆڕشی کورد بۆ خودی کورد ، بریتی بوو لە کۆمەڵێک کارەسات و تراژیدیای خوێناوی ،کە هەرگیز لە یادەوەرماندا ون نابن.
  • لەدەستدانی ئەو کەمە دەڤەرەی کە بەدەست پێشمەرگەوە بوون.
  • ئاشبەتاڵێکی دیکەی هێزی چەکداری
  • وێرانبوونی سەرجەم گوندەکانی کوردستان،لەگەڵ چەندین شارو شارۆچکە.
  • لە نێوچوونی نزیکەی ٢٠٠ هەزار هاوڵاتی لە پرۆسەی ئەنفالی بەدناودا
  • گیان لەدەستدانی ٥٠٠٠ خەڵکی هەڵەبجە لە ئاکامی کیمیا باراندا
  • کووشتنی ٨٠٠٠ بارزانی
  • لەسێدارەدانی هەزارەها گەنجی کورد لە زیندانەکانی بەعسدا
  • تەعریبکردنی زۆرێک لە باژێڕ و گوندە کوردیەکان
  • گەیاندنی زیانێکی گەورە بە ژینگەی کوردستان
    جا گەر ئەم خاڵانە بخەینە بەرچاو وە لەگەڵ ماناکانی شۆڕشدا بەراوردیان بکەین ،دەبینین کە ئەوەی لەمەڕ خۆمان شۆڕش نەبووە ،بەڵکو بزافێکی چەکداری کارەسات هێنەر بووە.
    بۆیە پۆزلێدانی سەران و سیاسیەکانی کورد بەو شۆڕشەوە هەرگیز لەشوێن خۆیدا نیەو هەرگیز جێگەی شانازیش نیە.
    ڕاستە ئێوە چەند ساڵێک لەتەمەنی خۆتان لە شاخ بەسەربرد لەگەڵیدا ناخۆشی و چەرمەسەری و نەهامەتیتان دی ،بەڵام بۆخۆتانتان کرد نەک بۆ گەل، بەوەی ئێستا خۆتان سوڵتانانە دەژین و گەلیش وەک کۆیلە.
    ڕاستە کە ژمارەیەکی زۆر گەنجی نیشتمانەکەم لە پێناوی پەیامێکی پیرۆزدا لەشاخ و لە ژێر پەتی سێدارەدا گیانیان بەخشی، بەڵام بەداخەوە خوێنیان بە فیڕۆچوو، بەوەی ئێوە ناوی ئەوانتان کردە بەردەباز بۆ پتر دەوڵەمەندبوون و خانەوادەکانیشیان پشتگوێ خراون و لەدۆخێکی دەروونی خراپدا دەژین ،کە کەس ئیرەییان پێنابات. ئەمە جگە لەو سوکایتیەی ئێوە بەو شەهیدانەتان کردوە،ئەویش بە ئامێتەکردنی ناوی کۆمەڵێک سەرۆک جاش و موستەشار و خۆفرۆشی مردوو یا کوژراو ،لەگەڵ ناوی پیرۆزی شەهیداندا .

لەیادمان نەچێت دوای ئەنفال جگە لەمانەوەی چەند مەفرەزەیەکی سەربەخۆ و سەرکێش لە دەڤەرە سنووریەکاندا ، هێزی پێشمەرگە وەک هێزێکی چەکداری خاوەن سەرکردایەتی کۆتایی هاتبوو ،دووچاری شکستی و ئاشبەتاڵ بوو،زۆربەی هەرەزۆری پێشمەرگەو بەرپرسەکانیان نیشتەجێی کەمپەکانی ئێران بوون یا لە هەوڵداندا بوون بۆ گەشتن بە ئەوروپا ،یا خۆیان تەسلیم بە ڕژێمی بەعس کرد. بەکورتی و کوردی شتێک لە ئاڕادا نەمابوو بەنێوی شۆڕش و پێشمەرگە. جا ئەوەی پڕوپاگەندەی ئەوە بکات کە ئەم دۆخەی ئێستا بەرهەمی خەباتی ئەوانە ،ئەوە دوورە لە ڕاستیەوە و شانازی کردنیش پێیەوە لە جێگەی خۆیدا نیە.
ئەوەی کە هەیە و ئێوە بەدەسکەوتی خۆتانی دەزانن تەنها ئەنجامی [حەماقتی]سەدام حسین بوو کە لە ئاکامی داگیرکردنی کوێتدا دۆخێکی نوێ لە باژێرەکانی ئێراق و کوردستاندا هاتە ئاراوە ، کە ڕاپەڕینی لێ پەیدابوو ،وە خەڵکی ڕاپەڕیوی شۆڕشگێڕ داوموودەزگاکانی بەعسیان ڕاماڵی. پاشان هەڤاڵانی [شۆڕشگێڕ] لە ئێرانەوە هاتن بەمدیوداو سواری شەپۆلەکە بوون و خۆیان کرد بە خاوەنی ڕاپەڕین و لەو ڕێگەشەوە دەسەڵاتیان بۆ خۆیان قۆرخ کرد،کە تاڕۆژی ئەمڕۆ بەردەوامە .
گەر حەماقەتی سەدام نەبوایە کە ئێوەی گەندەڵی گەیاندە دەسەڵات لەوانەبوو تا ئێستاش لە کەمپەکانی ئێراندا سەرەتان بۆ ئازووقە بگرتایە.
جاگەر شتێکی نوێتان پێنیە بیبەخش بە خەڵک،گەر ناتوانن ژیانێکی ئاسودەو پڕ کەرامەت بۆ خەڵکی بەشمەینەت دابین بکەن ،کەواتە وازبهێنن لە فرۆشتنەوەی شۆڕشی شکستخواردوو بە خەڵک ،بەسە لێدانی قەوانی کۆن ،چونکە بووەتە مایەی بێزاری و چیتر کەس گوێی لێناگرێت.خەڵک دەیەوێت گوێ لە ئاوازێک بگرێت کە ئاسودەیی و ئارامی بۆ بهێنێت نەک بێزاری بکات.




مـاف یـان ئـەرك! … سروە ساڵەیی

ژنـان لەکۆمەڵگەی ئێمە تا ڕادەیەك کەمتر ئاشنان بە و چەمك و دەستەواژانەی کە ڕۆژانە لە بەرژەوەندیان یا دژیان دەگوزەرێ ،یا ئەوەتا خۆیان لە قەرەی نادەن ئەوەش پەیوەستە بە ژینگە وچەند وچۆنیەکانی باری خێزان لەسەرێکەوە ، و هەڵچونی هەست وسۆزیان لەسەرەکەێکی دیکەوە، کە زۆر زوو ئاوێتەی کردارە مرۆڤدۆستیەکان دەبن و زووتر پەرچەکرداریان بۆ کردارە نەرێنیەکان و لەیاد چوونەوەی ئەو توندو تیژی ویاخود زبری وشانە دەبێت کە ئاراستەیان دەکرێ و گەلێکجار ڕوشانێکی بەهێز لە ناخیان بەجێدەهێڵێت بەڵام وبە ڕوحێکی وەرزشی وەریدەگرن وبە میهرەبانی دەڕوانە ئەو دەڤەرەی کە دەیانبەستێتەوە بە کەسە نزیکەکانیانەوە و بە چاوپۆشینێ لەسەر هەڵسوکەوتی دەڤەرەکە بۆ ئەوان ،ئاستی هۆشیاری و باری دەروونی تا ڕادەیەك کاردەکاتە سەر هەڵسوکەوت وژیانکردنیان کە زۆرکات ترس ودڵەڕاوکێ لە کاردانەوەی دەوروبەر دەبنە هۆکار بۆ لەناوبردنی پلان وداهاتوویان بگرە خۆیان ئەوەش ڕێژەییە لەنێو خانمان لە خانەوادەیەك بۆ خانەوادەیەکی دی جیاوازە بەهەرحاڵ گەر ئاستی ڕۆشنفکری کۆمەڵگە بەرز یا مامناوەندی بیت بە دڵنیاییەوە بارێك بۆ خانمان بڕەخسێت ،ژنانی زۆر بەهێزو پڕ متمانە بەخود بوو لە دەردەکەون زۆر کاریگەر بەجێدەهێڵن لەسەر ئاستی کۆمەڵگە.
ماف چەمك یا دەستەواژەیەکی زۆر فراوانە دەکرێ لە ڕووی مرۆڤبوونەوە بەر لە ڕەگەز لەسەری بدوێین کە کۆکراوەی هەموو بنەما ستاندارەکانی جیهانی و مافە بەردەست ونا بەردەستەکانن لە ژیانی ڕۆژانە کە دەگوزەرێ وەك (خوێندن ، باری ئاسایش ،تەندروستی)هەرتاکێك بێ جیاوازی ڕەگەز وچینایەتی بەریەککەوتنی هەبێت وبەرجەستەیان بکات ئەوەش بەتاکە کەسێك نابێت پێویستی بە چەندەها ڕاوێژکاری پەروەردەیی ودەروونناسانە کە بەداخەوە دەتوانم بڵێم ئەو جومگەیە لای ئێمە بەواتای بوارەکانی پەروەردە وخێزان تەواو پوکاوەیە ،زیاتر کار لە تێپەڕاندن وبەڕێکردنی کاری ڕۆژانە دەکرێ لەبری بارە دەروونیەکانی تاك لەهەموو جومگەکانی کارگوزاری.
بۆیە بەڕەچاوکردن وپێویست زانینی دروست کردنی کۆمەڵگە وتاك بەتایبەت ژنان وکچان دەبێت هەر لە قۆناغەکانی منداڵی وبگرە بەر لە دامەزراندنمان لە قوتابخانە وەك وڵاتانی پێشکەوتوو لە ڕۆژانی باخچەی ساوایان ئاشنا بکرێین بە مافەکانمان
لەڕێگای کورتە فیلمی ڕەنگاوڕەنگ ،یا کتێب یا هەڵواسین و تابلۆی هەمەچەشن لە ژوور وڕێڕەوەکانی باخچە .
هەر لە سەرەتاوە وەك کۆمەڵگەیەکی هۆشیار وزرنگ ئاماژە بۆ کردارە نادروست ونەرێنی وبەرامبەر ئەوەش بۆ کردارە ئەرێنیەکان بکرێت، وپێیان بناسێنین..لەسەرخۆ بێ ئەوەی ماندوو بکرێن وپەستانی دەروونی بخەینە سەر منداڵەکە لە قۆناغەکانی منداڵی دوور بخرێنەوەو ودابڕێنرێن لە ئەو جیهانەیان .
ئێمە زۆر کات هەر لە منداڵیەوە دەبینە هۆکار بۆ لەباربردنی خەونەکانی تاك بەتایبەت ژنان وکچانمان
کە هێندە بە گوێچکەکانیان دەچرپێنین تۆ جوانی نیو هێندە ناڵێن تۆ مرۆڤێکی ودەتوانی !
بۆیە بە جیاوازکردنی کچانمان لە کوڕان کەوا سیمبولی جوانی بۆ ئێمەومانان و ئازایەتی بۆ برایانمان شەکەتمان دەکا کە کەم لە ژنان وکچان درکی پێدەکەن ویاخی دەبن لەو کەمایەتی پێکردنەی کە هەمیشە وەك بوکەڵەیەك لێماندەڕوانن وپەروەردە وبەئاگامان ناهێنن بۆ هەڵگرتنی باری ڕۆژانی قورس کە ئەوە هەر ڕوودەدات وکەم کەسیش دەتوانن شانی بۆ بدەنێ وئەو ڕۆژانە تێپەڕێنن
هیچ کۆمەڵگەیەك لەیەکڕا دروست نەبووە ودروست نابێت ،ئەوە کاری دەروونناسان وپەوەردە ودەوڵەتە بە هەمائاهەنگی خانەوادە وخێزان .
کچان یاخود ژنان نابێت نە لە خوێندن ونە لە تەندروستی و پەروەردەی دەروونی پشتگوێبخرێن چونکە ئەوان کە دایکی داهاتوون بە هۆشیاریان دەتوانن کۆمەڵگە وخێزانێکی تەن دروست بنیات بنێن.
ئەوەش کارێکی تەواو وکۆششی دەوێت بە هەند وەرنەگرتنیان دەبێتە هۆکار بۆ لەق بوونی بنەمایەك لە بنەماکانی دروستبوونی ژێرخانی پەروەردەیی لە هەموو سێکتەر وجومگەکانی کۆمەڵگەی باوەڕبەخۆ وپێشکەوتوو
ژنان نەك هەر بەڕۆشنفکربونیان خێزانێکی چاڵاك و کارامە وبەپێوە وەستاو دروست دەکەن بگرە دەتوانن داهێنەر و بنیاتنەر و ببنە پێنوسێکی بوێر جوان بۆ وقەڵاچۆی نەهامەتی و کردە نادروستەکان کە وەك پەڵەیەك یا هەورێکی ڕەش ئاسۆی نیشتمان وبوونمان لە ئازادی وبیروباوەڕ دەربڕین هەموو کوچەکانی کارگوزاریەکان دەتەنێ،
ئاخر کارگەلێك تەواو پێویستیان بە جێ پەنجەی خانمان هەیە ئەوەش کە تەواوکاری کۆمەڵگەیە کە وەك دەڵێن (مەل بە باڵێك نافڕێت) لە خزمەت و دروستکردن وبەرگری لە نیشتمان .لەناخەوە دەبێت دەستی یەکتر بگرین بەرەو فڕین لەئاسۆی زانست وئایدۆلۆژیا جوانەکان وسەنسۆری خۆمان بین بەرلە دەوروبەر بۆیە ئاشنا بوونمان بە مافەکان وجیاوازکردنیان لە ئەرك دید وهزرمان ڕوونتر دەکەنەوە لەوەی لە سنوری مرۆڤبوون دەرنەچین و پێشێلی مافی کەسانی دەوروبەرمان نەکەیین ، هەمیشە خۆمانیش کزومەلول دەستمان لەژێر چەنە دانەنیشین بۆ ئەوەی دێوەکەی ناو فانۆسەکە ئاوات وپێویستیەکانمان بهێنتەدی
قبوڵیش نەکەین هەردەم وەك کەرەستەیەك ناوماڵ بەکاربهێنرێین بێ ئەوەی کات بەخۆمان بدەین بۆ خوێندنەوە ودەرچوون وبگرە لەگەڵ خودی خۆمان بدوێین وقاوەیەکی ناوەخت یا بە وەخت لەدوای ماندووبون بخۆینەوە
یا هەستێکی جوان دەربڕین کە ببێتە هۆکار بۆ بوژانەوەی خەندەیەك بۆ کەسانی بەرامبەرمان کە گەلێکجار بە بەخشین وخەندە ویارمەتیدانی دەوروبەرمان هەتا پێویستیشی نەبێت با دەستپێشخەر بین لە چاکەکاری وخزمەت بەرلەووتن وداواکردنی بۆبەرزڕاگرتنی شکۆی مرۆڤایەتی نمونەیەکی پڕ بوێری وباوڕبەخودی خۆمان وڕەگەز ونەتەوەکەمان بین.
ویژدان وناخمان ئاسودە و ئارام بن کە بوژانەوەی ڕوخسار پەیوەستە بە ڕوونی وبوژاندنەوەی ناخ ،کە هاوکات بنیات وڕسکاو بەرەو ئامانجە جوانەکانمان هەنگاو دەنێن و دەگەشێنەوە ،دەبێنە هۆکار وپێشەنگ بۆ گەیاندنی هەستە نەرێنیە پڕ بەهاکان بۆ کۆمەڵگەکەمان . ئیدی خاڵە لاوازەکان تەواو دەسڕێنەوە لەناخمانەوە و ئەرکەکانی ئەستۆمان بەرلەوەی ئاراستەمان بکرێیت بیزانین وپێیان هەڵدەستین وهەست بەماندووبونیش ناکەین لە قسەوقسەڵۆکی کەسە لاوازەکان کە دەتوانین وەك هەر تاکێکی کۆمەڵگە کار وگوزەران وژیانمان بەهەند بزانین وبەهای کات لەژیانمان وەك هەرئەرکێك ڕەچاوبکەین ،تەمەن بە شتە کاڵ وکرچەکانەوە بەهەدەر نەدەین .
بەڕای من ژنان پێشەنگ وڕێنیشاندەری هەڵسوڕاندن وبەڕێوەبردنی کارەقورس و مەحاڵەکانن .
ژنان چونکە دایکن وبگرە دایکیش نەبن بەڵام هەست وسۆزێکی میهرەبانیان هەیە دەتوانن پەنجەی بەزەیی وتەواوکاری زۆر لایەنەکانی ژیان ڕۆژانە جێ بەجێ بکەن دوور لە پێشێلکاری وکەمتەرخەمی ،ناڵێن لە سەدا سەد بەڵام ڕێژەیەکی تا ئاستێکی بەرز یا سەروومامناوەند دەکرێ وابن .
بۆیە گەر وەك کۆمەڵگەیەکی مۆدارن وپێشکەوتوو بپۆشین وبخۆین وبژیین دەبێت ئەوانەی لە ئەستۆمانن پێیان هەڵسین ودرێغی نەکەین ،سڵ نەکەین لە ڕووداوە لابەلاکانی ڕۆژگار بە سەرکۆسپەکان زاڵبین .بپرسین گەر نەمانزانی شەرم نیە بەڵکو مرۆڤ بە زانست ولێکۆڵینەوە جوان وپڕ شکۆ وبەها دەبیت ،دوور لە بێزارکردن وماندووکردنی کەسانی دەوروبەرمان.
ژنان دەبیت ئاستی ڕۆشنبیری وپەوروەردە ومافیان بەرز بکرێتەوەو وئەرکەکانیان بەئارامی پێ بناسرێت.

سروە ساڵەیی




ژن و دەسەڵات … ن: رەنگین سان

وڵاتی ئاسایش و خۆش گوزەرانی ولاتێكی بێ کەم و کوری کە ژن دەیبات بەڕێوە. وڵاتێك هەیە پێی دەڵێ (ووڵاتی ژنان) ئەویش وڵاتی نەرویچە .
لەووڵاتی نەرویجدا ژن سەلارە ، ژن هێزە ، ژن یاسایە ، ژن سەرۆکە ، ژن سکتێری پارتەکانە ، ژن مەلایە (قەشە) ، ژن بەڕێوبەرە ، ژن کارمەندە ، ژن مامۆستایە ، ژن دکتۆرە ، ژن کرێکارە ، ژن شۆفێرە . لە سەرو هەموویشیەوە وەك دەڵێن: بەهەشت لە ژێر پێیی ژناندایە چونکە (دایکە).
لە ووڵاتی ژناندا ، پیاوان مافی خۆیان هەیەو توشی تووندو تیژی و سوکایەتی ڕۆحی و جەستەیی نابنەوە و ، پیاو خۆی ناسوتێنێت و پیاو ناکوژرێت و پیاو ناخنکێت.
لە وولاتی ژناندا نا یەکسانی و نا دادپەروەری لە نێوان کوران و کچاندا بە هیچ جۆرێك بوونی نیە واتە : جیاوازی نێوان کوڕ و کچ نیە لە ناو خێزاندا .
لە ووڵاتی ژناندا ، دەوڵەت بەر پرسە لە ڕیکخستنی ژیان . واتە دەولەت باوك و دایکی میللەتە .
لە ووڵاتی ژناندا ، لە ژێر پەردەی یاسادا بازرگانی بە لەشی کچانەوە ناکرێت ، چونکە پرۆسەی هاوسەرگیری لەسەر بنەمای مامەڵەگەری و چاوچنۆکی خێزانەکان دانامەزرێت واتە ( مارەیی و شیربایی ، لە جێ ی خوێن تاوانەکان داپۆشن ) بە هیچ شێوەیەك نییە .
لە ووڵاتی ژناندا ، ووشەیەك بە ناوی ( شەرەف) بوونی نیە و چونکە کەس بیر لە نێو ڕانی ژنان ناکاتەوە ، چونکە پیاوان ناوگەڵ پەرست نین ، ژن کوشتن بوونی نیە یان زۆۆۆر دەگمەنە ، گەر هەبێتیش لە نێو خێزانە ڕۆژهلاتیەکاندا ڕوویداوە .
لە ووڵاتی ژناندا ، منداڵ ناچەوسێتەوە ، منداڵ کار ناکات ، بەلکو مافی ئەوەی هەیە تا تەمەنیێکی دیاری کراو بەشە دەرامەت خۆی لە دەوڵەت وەك موچەیەك وەردەگرێت .
لە ووڵاتی ژناندا ، لەشفرۆشی قەدەغەیە و تەنها لە ڕێگەیەکی یاساییەوە نەبێت بوونی نیە ، ئەگەر نا هەرکەس بە فرۆشیار و کریارەوە بگیرێت غەرامە دەکرێت و زیندانی دەکرێت .
لە ووڵات ژنناندا ، مافی مرۆڤ هەیە ، هەر کێشەیەکت هەبێت دادگا بە ڕێگەی یاسا پشتگیریت دەکات و مافت وەردەگرێتەوە ( واتە : دەوڵەت کێشەکان چارە دەکات نەك عەشاێر و هێزی پارە )
لە ڕووی بارو دۆخی زیندانەکانی نەرویج بە یەکەم وولاتی جیهان دادەنرێت بۆ باشی خزمەتگوزاری زیندانیەکان .
لە ووڵاتی ژناندا ، حوکمی لە سێدارەدان بوونی نیە و لە هەموو مێژووی دەوڵەتی نەرویجدا تەنها جەنەراڵێکی نەرویجی گوولەباران کرا ئەویش لەسەر تاوانی خیانەت بوو کە یارمەتی ئەڵەمانیەکانی دابوو لە شەری جیهانی دووەمدا.
نەرویج لە ژێر سایەی ژناندا بە باشترین ووڵاتی جیهان دادەنرێت لە ئاسایش و بژێوی ژیاندا . بە پێی ئامارەکان هەموو ساڵێك لەڕیزی بەندی یەکەمەکانە .
ﻧەروﯾﺞ ، ووڵاتێکی ﺷﺎﻧﺷﯾﻧﯾە و ﭘەﯾڕەوی ﺳﯾﺳﺗەمێکی مەلەکی دەﺳﺗوری دﯾﻣوﮐراﺳﯽ ﭘەرﻟەﻣﺎﻧﯾﯽ دەﮐﺎت .
ڕووﺑەری ﺋەم ووڵاﺗە ٣٨٥١٨٦ ﮐــم٢، ژﻣﺎرەی داﻧﯾﺷﺗوواﻧﯾﺷﯽ ﺋەﻣﺳﺎڵ ﮔەﯾﺷﺗە ٥ ﻣﻠﯾــــۆن کەس .
ئەم خاڵانەی خوارەوە شایەتی ئەو ڕاستیەن .
1• ﻟە دوای دووەم ﺟەﻧﮕﯽ ﺟﯾﮭﺎﻧﯾە وە گەشەیەکی ﺋﺎﺑووری ﺧێرا بە ﺧۆوە دەﺑﯾﻧت بە تایبەتی دوای حەﻓﺗﺎﮐﺎن کە نەوت و ﮔﺎزی ﺳروﺷﺗﯽ لە دەرﯾﺎﮐﺎﻧﯽ ﺑﺎﮐوری نەرویجدا دۆزرایەوە .

  1. ئێستا ﺳێهەم ووڵاﺗﯽ دەوڵەمەندی جیهانە لە رووی بەهای دراوەوە.
  2. ﺗێکڕای داھﺎﺗﯽ ﺗﺎﻛﯽ نەرویجی بە پلەی ﭼوارەم دێت لە سەر ﺋﺎﺳﺗﯽ ﺟﯾﮭﺎن.
  3. ﭘێنجەم ووڵاﺗﯽ ﺟﯾﮭانە بۆ هەناردە کردنی نەوت.
  4. ﮐرۆﻧﯽ نەرویجی بە یەکێك لە دراوە هەرە ﺟێگیرەﮐﺎﻧﯽ دوﻧﯾﺎ دادەﻧرێت، بە تایبەت ئەمە لە ﻣﺎوەی قەیرانی داراﯾﯽ ﺟﯾﮭﺎﻧﯾدا لە ﺳﺎڵی٢٠١٠ / ٢٠٠٧ بە ڕوونی دەرکەوت.
  5. سەرباری نەوت و ﮔﺎز ، نەرویج دەڵەمەندە بە چەندین سەرچاوەی ﺳروﺷﺗﯽ ﺗر وەك : ووزەی ھﺎﯾدرۆﭘﺎوەر، دارﺳﺗﺎن، ﮐﺎﻧزا و ﺧۆراﮐﯽ دەرﯾﺎﯾﯽ.
  6. لە ﺑواری پیشەسازیدا دروﺳﺗﮑردﻧﯽ کەشتی ، ﮐﺎﻧزاﮐردن، ﮐﯾﻣﯾﺎوی و بەروبومی کاغەز لە سەرچاوەی دار و درەﺧﺗﯽ.
  7. سیستەمی ﭼﺎودێری تەندروستی و ﭘﺷﺗﯾواﻧﯽ سیستەمی ﺧوێندنی ﺑﺎڵا هەروەها سیستەمێکی ﮔﺷﺗﮕﯾری ﺟﺎودێری کۆمەڵایەتی ، لە سەر ﺋﺎﺳﺗﯽ ﺟﯾﮭﺎن بێ وێنەیە .
  8. لە ﺳﺎڵی ٢٠٠٧- ٢٠٠١ وﺟﺎرێکی تر لە ٢٠٠٩ بە یەکەم ووڵاﺗﯽ ﺟﯾﮭﺎن داﻧرا ﺑۆ ژﯾﺎن و گەشەی ﻣرۆﯾﯽ .
  9. لە ساڵی ٢٠١١ دا بە دﯾﻣوﮐراﺳﯾﺗرﯾن ووڵاﺗﯽ ﺟﯾﮭﺎن هەژﻣﺎر ﮐرا .
  10. ﺗﺎ ئێستاش نەرویج یەکێکە لە گەورەترین پارە بەخشی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ووڵاتە هەژارەکان .
    لە سەروی هەر هەموو ئەمانەشەوە کە زۆۆۆر گرنگە ئەوەیە ووڵاتی نەرویج لە ساڵی حەفتاکانەوە تا ئێستا پارەی نەوتی لە هیچ پرۆژەیەك و هیچ خزمە گوزاریەك و هیچ مووچەیەك بەکار نەهێناوە و هەمووی لە بانکێکی تایبەتی دەوڵەت کۆ کردۆتەوە ، بەو پارەیە دەتوانێت دوای نەمانی نەوت 200 ساڵ ووڵاتەکەی بژێنێ !!!
    تا ئێستا بژێوی دانیشتوان و خزمەگوزاری ووڵاتەکەی لەسەر دەرامەتی باج بووە .
    ڕێژەی باجی ئیش کردن لە سەرۆك وەزیرانەوە تا خانەنشینێك لە %36 ەو تەنها بە پێی کەم و زۆری ئیش کردن دەگۆڕرێت .
    کەواتە هاورێیان
    ئەو جیهانەی ژن دەیەوێت جیهانێکی بێ دژایەتی و بێ ناکۆکی و بێ چینایەتیە و دوورە لە هەموو چەوساندنەوەیەکی مرۆڤایەتی.
    باشتیرین میللەت ئەوەیە کە زۆرترین ئازادی بە ژنان دەدات ، کەم و کوری لە مافەکانی ژنان دەبێتە هۆی هەرەس هێنانی هەر ڕژێمێکی کۆمەڵایەتی و کۆیلایەتی .
    گەر بەراوردێکی وورد بکەین لەنێوان دەسەڵات و حوکمڕانی ووڵاتە پیاوسالاریەکان بە هەرێمی کوردستانیشەوە لەگەڵ ووڵاتی نەرویج کە ژن بەڕێوەی دەبات بێگومان هەموو پێچەوانەکانی ژیان و گوزەرانی خەڵکی شایەتی ئەوە دەدەن کە ژن نەك نیوەی کۆمەڵ نیە بەڵکو شان بەشانی پیاوان هێزوتوانای کارگێڕی و ووڵات بەڕێوە بردنیان هەیە .

    ڕەنگین سان




گۆرانی هەمیشەیی … جەلال عەبدوڵا ساڵح

گەرتۆش نەبیت
دوانیوەڕۆ
باوەشم بۆ دەگرێتەوە.
بەجێم بێڵیت
عەسر دەمخاتە
جۆلانەی خەیاڵییەوە.
لەلام نەبیت
ئێوارە دێت
بە پرچی زەردی زەردەپەڕ
دامدەپۆشێت
لێم نەپرسیت
کچی شەو دێت
هەتاکو ڕۆژ دەبێتەوە
لە باوەشیا دەملاوێنێت
نوقڵی ماچم پێدەبەخشێت

ملیارێ جار
دەرگام داخست
پەنجەرەی وشەم پێوەدا
کەچی هەر دێیت
وەک باڵندەی دەم کزەبا
دەنوک لە سنگی ئاسمانی
هەستم ئەدەیت
وەکو هەورێک
بیر لە دەریا بکاتەوە
بە باراندا
ماچی ئاوم بۆ دەنێریت

کە دەزانیت
بێمن ناژیت
وەرە و لەلام بمێنەوە
وەک ئەستێرە بجریوێنە
وەکو کاڵێ بملاوێنە
وەک نوری خۆر بمسوتێنە
ئەی گلێنە و
خوێن و دڵم
ئەی پەپولەی سیحری ژیان
ئەی شیعری جوان
ئەی گۆرانی
هەمیشەیی
گەنجی و
پیریم

جەلال عەبدوڵا ساڵح
تۆرۆنتۆ




نەتەوەیەک بە دوا بەرگدوورێک دادەگەرێی ! … نوسینی/نەژاد مەحمەد رەسوڵ

سەفەری کوردان لە گەران بەدوای ئەلتەرناتیڤێکدا بۆ رزگاربوونیان لە دۆخی ژیانی گشتی نەتەوەی زۆر سەخت بووە ٫لە زۆر وێستگەی ژیانی کۆمەلایەتی و سیاسی و ئابووری و کەلتووری خۆیدا وازی لەنەمری نەوەکانی هێناوە بۆ ئەوەی حورمەت و شکۆ بۆ کۆمەلگای بگەرێنێتەوە۰
لە ئەدەبیاتی جیهانیدا نووسەری ئینگلیزی توماس کارلایل لەنووسینێکیدا بەناوی (بەرگدرووی جلدراو) ئەمەی کردوە بەناونیشانی ژیاننامەییەک کەبەشێوەی گلتەجاریی و تەنزەوە نووسراوە ٫ بابەتە سەرەکیەکەی ئەوە دەبێت کە مامۆستایەک هەیە تیۆرێکی هەیە دەربارەی (فەلسەفەی پۆشین و جل و بەرگ) دواتریش لەسالی ۱۸۳٦ وەک کتێب چاپکراوە٫ئەم تیۆرەی باس لەوەدەکات کە کۆمەلگە جلێکی دراوی لەبەردایە و لەم دۆخە دراوەی جل و بەرگدا ژیان دەگوزەرێنێت و پێویستی بە پینەکردن هەیە ! بۆیە بەدوای پینەکەرێکی شارەزاو و ووریا و ژیردا دەگەرێن ۰
بەڵام کێشە سەرەکیەکە ئەوەیە ئەم بەرگدرووەی خاوەن کۆمەلگایەکی جل دراوە و دەبێتە خاوەن نوخبەی سیاسی و ئابووری و ئەخلاقی و رۆلێکی تەواوی لەسەر هەموو جومگەکانی ژیانی کۆمەلگا هەیە٫لەکاتێکدا لەم تیۆرەدا خودی (بەرگدرووەکە )جلەکانی پێویستی بە پینەکردن هەیە و جلی دراوی لەبەردایە ٫بۆیە کەلتووری گەرانی ئێمە بەدوای کەسە شیاوەکان و فریاد رەسەکان لە فەلسەفەی توماس کارلایل کورت دەبێتەوە و درێژبوونەوەیەکی مێژووی و دیرۆکێکی مەزنی دەبێت لەگەران بەدوایدا ۰
سەرەنجام کۆمەلێک کایەی پەشێویی لە پەیوەندی باڵادەست و ژێردەست دروست دەبێت تا ئاستی تێکشکاندن و شپرزەی و ململانێیەکی ناعەقلانی دەکا ٫ تائەندازەی بێدەسەڵاتی و چاندنی هەستێکی قوول و پتر بوون لە بێ قەوارەیی و بێ سێبەری ︎!
بۆیە ئەم ئاوێنە گەورەیەی کە سیاسیەکان ئەیانەوێت تەنها وێنەی خۆیانی تێدا ببینەوە و هیچ وێنەیەکی دی نا ئەوا وەک ئەو پەندە میللیە وایە کەدەلێت( ماڵی دارتاش بێ دەرگایە ) ۰




پارتی و یەکێتی” تا 2030″ دەسەڵاتی ڕەهایان دەبێت!؟ … فەرەیدون کونجرینی

هەندێك جاران گوێداری ئەوەبووین” گوتەیەک هەیە”
دەڵێن ئەم قسەم هەڵگرە وەك ئەڵقەیەک بیگرە گوێت!؟

بەپێی یاسا” بۆهەڵبژاردنەکانی کابینەی 10و دامەزراندنی” لە کۆتایی ساڵی 2024 خۆی ڕێکدەخات و دەبێت دەسبەکاربێت، بەڵام سروشتی ئەم دوو حزبە وابوە بەهەر هۆکارێکبێت جەند مانگێک هەڵبژاردنەکانیان دواخستوە” واتە هەڵبژاردن بۆ کابینەی 10 دەکەوێتە کۆتایی ساڵی 2025 ” لەو نێوەندەشدا بۆ دیاری کردنی هەڵبژاردن جەند مانگێك بەڕێ دەکەن و هەمان دەموچاو تا ساڵی 2031 بە هەمان سێستەمی 2020 حوکم دەکەن.

پێش کۆتایی خولی هەرکابینەیەك وادەی هەڵبژاردنەکان دیاری کراوەو لەکاتی خۆیدا نەبوە” هەرهەڵبژاردنێکیش ئەنجام درابێت چەندیین مانگی ویستوە تا کابینەکەی ڕیکخراوە، بەنمونە کابینەی نۆ” سێ سەرۆکایەتیەکەی هەرێم لە دەسەڵاتی پارتی و یەکێتیدا بوبێ ” تەنها بۆ چوارساڵ نەبووە، بەڵکو لە دوای تەواوبونی چوارساڵی یەکەمی هەمان ئەندامی یەکێکیان خۆی کاندید کردۆتەوە” واتە کەسی هەر سەرۆکایەتیەك هەشت ساڵ لە پۆستەکەیدا دەمێنێتەوە. هەروەك چۆن لە ئێستادا هەرسێ سەرۆکایەتیەکە لای ئەدو بنەماڵەیە”کابینەی 10 بەهەمان ئقاری کابینەی نۆدا تێدەپێ و هی پارتی یەکێتی دەبێت.

هەروەك چۆن هاوڵاتیان بڕوایان بە دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی نیە، پارتی و یەکێتیش بڕوایان بە خۆپشاندان و دەنگی نا ڕازی و ڕەخنەو نوسین نیەو گوێ بە هیچ کەس نادەن” ئەمەیش هۆکاری ناڕێکخراوەیی خۆپشاندانەکانە” ئەوانەی دەچنە خۆپشاندانەوە بەبینینی “کەڵبەو هاواری دەنگی سەگێك” بڵاوە دەکەن و دوردەکەونەوە ئەمەیش مابوێری ئەوانەن نەک بۆ خۆپشاندان بەڵکو بۆ خۆدەرخستن خۆجێگەکردنەوە لە ڕێگەی نازناوێك و دواییش خۆیان بە لایەنێک دەبەخشن، هەمو جوڵەیەکی شەقامیان کپ کردوە، خۆپشاندانی مامۆستایان بەنمونە. لاوازی ئەم چالاکیانە زەقن” بێباکی خەڵکە لەپاش ئەوەی چەندین ڕۆژنامەنوس کرانە ئامانج و تیرۆرکران یان خۆپشاندانەکانی 17ی شوبات و ڕۆژانی دوایی” کە65 ڕۆژ ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی مێدیاو ڕۆژنامەو ڕادیۆو تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان تەواوی مەلەفی پارتی ویەکێتیان ئاشکراکرد بەڕەخنەو سرودو هۆنراوە لەگەڵ ئەوەیشدا دەیانکەس کوژران” وەڵامی داواکاریەکانیان نەدرایەوە” لێپرسینەوەیان لە بکوژەکان نەکرد و خێزانی قوربانیەکانیش لە جاوەڕواندادەبن تا ڕۆژی دیاری نەکراو!؟

لە دوای دامەزراندن و دروستبونی بزوتنەوەی گۆران و خستنەڕووی ڕاستیەکان” پارتی و یەکێتی نەیانهێشتوە ئایدۆلۆژیای گۆڕان بەڕێژەی ئەو پلاتفۆڕمە ڕێکخراوەیەیی لە بەرنامەی هیچ حزبێکدا نەهاتوە گەشە بکات” یەکێك لە نمونەکان لە هەڵبژاردنی ساڵی 2009دا پارتی و یەکێتی بە لیستێک هاتن و نەیانهێشت گۆڕان ببێتە یەکمی هەڵبژاردنەکان” لە دوای ئەوەش بەردەوام بونەتە بەربەست بۆ تەواوی پڕۆژەکانیان و کابینەی هەشت کۆسپێکی تربوو” وە لەماوەی 11 ساڵی بونی بزوتنەوەی گۆڕان و تا ئێستا هیچ کام لە پڕۆژەکانی گۆڕان نەخراوەتە جێبەجێکردن و بەیاسایی نەکراوە لەکاتێکدا تەواوی پڕۆژەکان لە پێناو بەرژەوەندی گشتیدایە و زیان دەگەیەنێت بە دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی ” دڵنیاشبن تا 2031 هەر ڕێکخراوو حزبێک دروستبێت ناتوانن پارتی و یەکێتی بگۆڕن” یان چاک بکەن” ئەگەر کودەتا یان ڕاپەڕینێك ئەنجام نەدەن وەک ئێستایان دەمێنەوە” وەک لێرەدا ئاماژەم پێداوە.

بۆ دەبێت ئەم بیرکردنەوەم هەبێت؟ ئەگەر ڕاپەڕینی ساڵی 1991 هاوڵاتی بیکردایە” ماوەی 29 ساڵ حوکمڕانی خراپی پارتی و یەکێتیان پێ قبوڵ نەدەکراو ڕاپەڕینێکی تریان ئەنجام دەدا، هاتنەوەی ئەم دوو بنەماڵە لە ئێران بەختێکبوو هــات و بۆیان لوا ” ئەویش ڕژێمی بەعس سەرقاڵ بوو بە کوەیتەوەو هێزی باکوری ناردبوو بۆ باشوری ئێراق و هێزی بەرگری لە ناوچەکە لاوازبوو” ئەمانیش هاتنە سەر حازریی، ئەگەر ئەوە نەبوایە بەهەموو تەمەنی خەڵک و حزبی باشور راپەڕینیان بۆ نەدەکرا ئەوەیش ئاشکرایەو لە ئێستادا پێدەزاندرێ، ئەگەر وانیە بۆ ڕاناپەڕن؟ پاش ئەوەی ڕژێمی بەعس زۆرێك لە سەربازەکانی نارد بۆ خواروی ئێراق و کوەیتی داگیرکرد، کوردەکان پەیامیان بۆ یەکتری ناردوو بڕوایان بەخۆیان هێناو بەرەی نیشتیمانی کرایە ئامرازو بەکارهێنەری هەلەکە” واژوکرا دڵنیاشبوون لەوەی سەرکەوتودەبن و پێویست بەوە ناکات شەڕەکە بە پێشمەرگە بکەن” لە ڕادیۆکانیانەوە بانگەوازیان بڵاوکردەوە” بەمەیش ورەی ئەمن و ئیسغبارات و ئەو هێزە کەمەی هەبوو لە باشوری کوردستان ڕوخان و ورەی خەڵکیان بەرزکردەوەو بەهەراو هووی هاوڵاتی ڕژێمی بەعس شکستی هێناو لە ناوچە کوردیەکان کشایەوە.

هاوڵاتیانی باشوری کوردستان ئارامیی و دان بەخۆداگرتنیان پێوە دیارەو لەچاوەڕوانی ئەوەدان پارتی و یەکێتی خۆیان چاك بکەن” کێن ئەوانەی پاڵپشتی ئەم پڕۆژەن لە چاکردن و گۆڕانکاری” گەر بشمێنەوە” لە هەر ساڵ و زەمەنێکدا کوردستان ئازادبێت و سەربەخۆبین پارتی و یەکێتی باجی هەموو ئەو داگیرکاریانەی کردویانە دەبێت بیدەنەوە، بە گەڕانەوەی زەویی و هەموو ئەو داهاتەی بردویانە بۆخۆیان، چونکە ئەوەی ئێستە هەیانە لەداهاتی خاکی هەرێمەو مافی خەڵکە داگیریانکردوە.

لە ماوەی 10 ساڵی داهاتودا” دەچینە ساڵی نوێی 2031 و پارتی و یەکێتی لە دەسەڵاتی ڕەهادا دەمێنن ” ئەگەر لەماوەی ئەو دە ساڵەدا هاوڵاتیانی باشوری کوردستان کودەتا یان راپەڕین ئەنجام نەدەن یان گۆڕانکاری بەسەر باکورو ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا هاوشێوەی ڕۆژئاوای کورستانی لێ نەیەت و پەکەکە چاکی نەکات” وەك چۆن لە 2020 داین و دەیانبینین” لە 2030 هەمان بینینەوەدەبێت و هەر پارتی و یەکێتی حوکمداری باشوری کوردستان دەکەن بەخراپیی.

کاتێك گۆڕانکاری بەسەر دەسەڵاتی ڕەهای پارتی و یەکێتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدادێت کە پێگەی کورد بەرەو فراوان بون بچێت بە ئازادبونی ناوچەکانی ڕۆژهەڵات و باکوری کوردستان. ئایە لە دەساڵی داهاتودا ڕودەدا؟ ئەگەر ڕونەدا ئەوا پارتی و یەکێتی فاشاریان لەسەرنابێت و ئاسایی حوکمی خۆیان دەکەن تا 2031.




پەریە لە خاچ دراوەکان … کاوە عوسمان عومەر

زۆر جار پێت وتم..
عاشق مەبە، عیشق..
سەرابێکی جوانە،،
لە فیردەوسی ماتیریاڵدا،،
زەردەی مۆنالیزاش..
لەگەلەری بازاڕی ڕەشا…
درۆیەکە، وەک بەفری نێو…
ڕەهێڵە لمی هاوین، هێلینیش ..
گەر جەنگی تەروادە ڕووینەدایە،،
هیچ کەسێک ڕوخساری ئەفسوونی ئەوی ..
لا گرنگ نەبوو،،
ئێستا زەمەنی ڕاسەقینە بەدەکان و،،
ساتەوەختە دژوارەکانە،،
بەلەمی ئەندێشەش، ئەفسووس..
لە لمی ماتیریاڵدا سەرنگوم ،،
سەردەمی تەرم و بێئاگایی هۆشمەندیە،،
وێڵبوونە لە دۆزینەوەی ڕوخساری یەکتر،،
گەرچی من دەروازەی گڕین نەما،،
لە باخچە هەڵواسراواەکانی دۆزەخا،،
بەدواتا نەگەڕێم، ،
هەمووپانتایی بێستانی شەوی سەفەرم،،
بۆت کردوەتە چراستان،،،
تەنها تیشکێک..
لە تونێلی تاریکی ڕۆحتەوە،،
هەر دیار نەبوو،،
ئەو پەریانەی باڵیان قرتان،،،
جەستەی ئاویان لە خاچ درا،،
ئەو سەرگەردانە وونانەی سەرکەنار،،
تەمتومانی غوربەت ڕۆحیانی سوتان،،
جگە لە هەناسەی ووشکی با،،
چیتر هەیە بنوسێتەوە سەرگوزشتەیان،،
تازە نامە پڕ پەپولەو کەناریەکانی تۆش..
ئەی ڕێگری ئەندێشەی من،،
کوا سارێژی برینی ئەو دارە ئەکات..
لە ژێر ژیێ گیتاری مەرگا زەرد بوو،،،
سەیرە هەموو ویستگەکان ئەچنەوە،،
سەر دورخەی دڵی ماندوو..
لەسەفەری ڕۆح،،
سەیرە، ئەپارتمانەکانی شاری دۆزەخ…
هەمووی لەیەک ئەچن،،
هەموو کچە عاشقەکانیش،،
لە ژێر بەیداخی خوێنی قەتیسماوی…
درەنگە شەوێکی تەنیایی ،،
بێباکانە، چنگیان لە هەڵکێشانی ….
شەتڵی ڕۆحی خۆیانە،،
بەڵام کوا لە وڵاتێ بە فسفۆر و…
سیانید و تۆفانە گڕی ڕق،،
پەرژینی چاوی هەڵچنرابێ،،
ڕۆحە کۆیلەبوەکان ..
دڵی ئەرخەوانیان…
لە دارستانی حەز و ژوانا،،
بەری شیعری تیا ئەگرێ؟
بیرمە ڕۆژانێ بوو،،
کە کەشتیگەڵی ئاڵتوونی بەرائەت ،،
لە کەناری زومردی شارێک،،
درەوشاوە وەک ڕەنگاڵە ،،
لەنگەری گرتبوو، ئەوسا..
ماسی گرەکانی دەریای ئەستێرەکان هاوڕێمان بوون،،
مرواریە درەوشاوەکانی…
نێو دێڕەکانی ڕۆمانێک لە ئاوی ببێگەرد،،
شاکاری سەفەری شیعری بوهەیمیمان بوو،،
شەوانیش ، وەک ئەستێرەی سرک و جەستە گڕپژێن،،
بە کوچەو کۆڵانەکانی شارا ئەکشاین،،
چاومان یەک پارچە نوور بوو،،
دڵمان کانی تەقاوەی منداڵیەکی هەتاهەتا،،
گیرفانمان پڕ مێوژی شیعری یاخی..
ڕوخسارمان لە تەم قەشەنگتر بوو،،
لە بیابانی ساڵەکانا، ،
هەموان بوینە تەم، هاوڕێ،،
با بە بێ دەنگی و بە خوماری…
وەرزەکان تێپەڕن،،،
ئینجا پەیوەندی بە دورخەی …
سارد و تەزیوی ڕۆحی یەکترا بکەین،،
گەرچی شەوی مەنجەنیقئاسای وونبوون،،
زنجیری لە پەل و باڵی چەند سەدە هەڵنەفڕاو ئاڵاندوە،،
یادەوەریەکانی ئەوانەش،،
لە ڕۆخی ڕوباری بێهودەیی،،
حەزەکانیان ڕژان،،،
وەک خشڵێکی زەمەن بەسەر چوو،،
خزێنرانە سندووقی بۆراقی بیرچوون، ماشینەکانی…
سەردەمی تازە ، دەنووکی نەشتەریان..
لە دڵمان گیرکردوە،، کام دەروازە بگیرنە بەر…
لەدەست ماشینە مرۆڤەکان ڕزگارمان بێ؟،
کام دەریاچەی ئاوی نەمری…
کات و شوێنە لە دەستچوەکان گرێبداتەوە؟
کام ڕۆخی دەریاچەیەکی هێمن و پاک،،
زیخ و خۆڵی نێو خوێنی ژەهراویمان پاککاتەوە؟
پەرستگایەکم پێویستە،،
بێ خواوەند،،،
تەنها کچی مانگ و کوڕی خۆر و شیعری ئاوی تیابێ،،
ئەی سەمازانی نێو سەرابی کۆچی من،،
ڕوخساری پڕ ئەنددێشەی تۆیە،،
کەشتی سەرکێشم دەربازی زەریای…
مەست بە شیعری یاخی ئەکات …
بزانە، تۆیەک لەفەنابوونی جەنگە ئەفسوناویەکان،،
هاوسەفەری وڵاتە تابوتستان و دۆزەخی بەستەڵەک و فیردەوسی سوتاومی..
فریادڕەس لەم شەوە ئەنگوستە چاوە وێڵیە،،
تەنها پێنووسی شیعری یاخیە..
پێنوسی شیعر ناخەوێ، چرایە…
بۆ ژووری تاریکی دایکە ڕۆح پچڕاوەکان،،
دەستێکی هانایە بۆ پەریە لە خاچ دراوەکان.

وێنەکە کارێکی هونەری فۆتۆگرافەری ئەڵمانی
(Dorothe – DarkWorkX)
بە سوپاسەوە لە پەیجی فەرمی خۆی وەرگیراوە.




هەندێک تێبینی … نەوزاد بەندی

دنیا وەک شانۆگەرییەک وایە ،زۆربەی خەڵکەکە سەرقاڵی داگیرکردنی کورسیەکانی شانۆکەن و ئاگایان لە شانۆگەرییەکە نیە ،دوایی هەموویشیان بە بێ کورسی و بە دەستی بەتاڵ دەرئەکرێنە دەرەوە ..
٭ ٭ ٭
تۆ سەیر کە ، هەتا بێ کۆشک و باڵەخانەکان بەرزتر ئەبنەوە و ..شەقام و باخچە و شانۆ و شارستانیەت وێران ئەبێ .. لە کەلاوەیەک ئەچێ پڕ بێ له ملیاردێری کوێر .
٭ ٭ ٭
میللەتی مل ئەستوور ئەو میللەتەیە کە تاکەکانی لێکترزاون و ..چینە لەسەر گیرفان و ئارامی و کەرامەتی یەکتری ئەکەن
٭ ٭ ٭
بە بڕوای من لە شوێنێک هەست بکەیت ڕۆژ بە ڕۆژ دوا ئەکەویت ، بەجێی نەهێڵیت، مردوویت و بەخۆت نەزانیوە
٭ ٭ ٭
لە شارێکا هەر کەسێک بۆ خۆی بژی و خەریکی بەرژەوەندیی تایبەتی خۆی بێ ، لە کۆتاییدا تێک ئەگیرێن و ئەبنە دوژمن و بابکوشتەی یەکتری ..چونکە بەرژەوەندیی گشتی لەبار دەچێت .
٭ ٭ ٭
لەو کاتەوەی دنیا دروست بووە ، هەزارەها دزی گەورە بە هەزاران فێڵ و ناونیشانی درۆوە ، ویستوویانە و ئەیانەوێ دنیا بخەنە گیرفانیانەوە ، بەڵام دنیا هەموویانی خستۆتە و ئەخاتە گیرفانی خۆیەوە ..
٭ ٭ ٭
زۆر دڵت بە دەستکەوتەکانت خۆش نەبێ ، چونکە کاتیە ..دوور و نزیک لە دەستت دەرئەچن
٭ ٭ ٭
هەوڵ بدە خۆشبەختی خۆت ، خۆشبەختی ئەوانی تر تێک نەدات .. پڕۆژەکانت پڕۆژەی ئەوانی تر پەک نەخات .. هیوا و خەونەکانت ، هیوا و خەونی ئەوانی تر وێران نەکات
٭ ٭ ٭
ژیان خەوێکی دوور و درێژە یان خەو ژیانێکی دوور و درێژە ؟
نازانم ..
٭ ٭ ٭
ووڵاتێک نەزان بەڕێوەی ببات ، زاناکانی ئەکوژرێن یان پەرتەوازە ئەبن ..خۆشبەختترینیان ،شێت ئەبێ .




30ی ئاب رۆژی جیهانی بێسەرووشوێنكراوان

ئەمرۆ 30ی ئاب رۆژی بێسەروشوێنكراوانە لە جیهان, كوردستانیش هەرێمێكە لە وڵاتێك چ خۆی و چ عێراق یەكێكە لەو 80 وڵاتەی جیهان كە هاووڵاتیانی تێدایە بێسەروشوێنكراون بەهۆكاری سیاسی, لە جیهاندا ژمارەیان بە 52250 كەس دیاریكراوە, ئەوانەن تۆماركراون لە ناوەندە جیهانیەكان بە تایبەت نەتەوە یەكگرتووەكان و خاچی سوری جیهانی و هاوپەیمانی جیهانی دژ بە بێسەرو شوێنكردن و …. لە كاتێكدا تەنها ژمارەی بێسەرو شوێنكراوانی ئەنفال و بارزانی و فەیلی و ئێزیدی و …چەندین بەرابەری ئەو ژمارەیەیە, بە شێوەی گشتی ژمارەی بێسەروشوێنكراوان خۆی دەدات لە 50 ملیۆن هاووڵاتی لە جیهاندا, لە ناویشیاندا لە 30  وڵات زیندانی  نهێنی بوونی هەیە, لەناویاندا عێراق بونی هەیە.• بَسەروشوێنكردن تاوانێكی زەقی مافی مرۆڤ و یاسای نێو دەوڵەتی و جاڕنامەی گەردونی مافی مرۆڤە, بە پێی پەیمانامەی رۆما دەچێتە چوارچێوەی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتیەوە, كات و شوێن تاوانەكە بە زیندویی دەهێڵێتەوە , بنەماڵەی قوربانی مافی قەرەبوو و زانینی راستیەكانیان هەیە.هیچ دەسەڵات و گروپێك مافی بێسەروشوێنكردنی هاووڵاتیانیان نییە, كە تاوانكار بە پێی یاسای نێودەوڵەتی نابێت لە سزا رزگاری بێت.بێسەرو شوێنكردن پێشێلی مافی یاسایی تاك,مافی ئازادی و ئاسایش, مافی  ئەشكەنجە نەدان , مافی ژیان, مافی ناسنامە, مافی دادگاییكردنی دادپەروەرانە, مافی قەرەبوكردنەوە, مافی وتنی راستیەكان, مافی ئابووری, كۆمەڵایەتی, رۆشنبیری, مافی ئاستی ژیان, مافی تەندروستی و فێربوون , مافی كەرامەت و داوالێبوردنكردنی قوربانی ..ە.لەم بۆنەیەدا وێڕای ئیدانەكردنی بوونی سەدان دیاردەی بێسەروشوێنكردن بەهۆی عەقیدەی سیاسیەوە لە باشوری كوردستان و دەیان هەزار لە پارچەكانی دیكەی كوردستان لە لایەن رژێمە دكتاتۆرییەكانی ناوچەكەوە, داواكارین :

1 – حكومەتی هەرێمی كوردستان لیستی ناوی بێسەروشوێنكراوان, هۆكاری بێسەروشوێنكردن و هۆكاری مردن, شوێنی مردنیان بڵاو بكاتەوە, ئەوانەشی ماون ئازادیان بكات.

2- شوێنی كۆكردنەوەی بێسەروشوێنكراوان بپارێزرێت و بۆ یاداوەری بێسەرو شوێنكراوان و دروست كردنی مۆنمێنتی یاداوەرییان.

3- بە یاسا بێسەروشوێنكردن لە كوردستان قەدەغە بكرێت.

4- داوای لێبوردن لە بنەماڵەكانیان بكرێت و پەیمانی دوبارە نەكردنەوەی بدرێت.

5- روفاتی قوربانییەكان بگەڕێنرێتەوە بۆ كەسوكاریان.

6 – قەرەبووی ئابووری كەسوكاریان بكرێتەوە بۆ ماوەی رابردوو, ژیانێكی شەرافەتمەندانەیان بۆ دابین بكرێت لە روی دارایی و خوێندن و چارەسەری تەندروستی.

7- مافی كەسوكاری بێسەروشوێنكراوانە هەموو راستییەكان لەسەر بێسەروشوێنكردنی رۆلەكانیان بزانن, تەواوی زانیارییەكانیان لە بەرواری بێسەروشێوێنكردنەوە بۆ ئاشكرا بكرێت.

8- بە یاسا پارێز بەندی بۆ كەسوكاری قوربانیان, پارێزەرەكانیان, رێكخراوەكانیان دیاریبكرێت بۆ وتنی راستییەكان و داكۆكیكردن لە مافەكانیان.

9- پێویستە زیندانەكانی كوردستان سجلی هاتووان و دەرچوانی هەبێت, هیچ كەسێك لە دەرەوەی زیندانە فەرمییەكان زیندانی نەكرێن و زیندانی نهێنی  وەك تاوان سەیر بكرێت.

رێكخراوی كوردستان بێ جینۆساید

Kurdistan without Genocide30-8-

2020




نەمامێکی نوێ … عەلی حەمەڕەشید بەرزنجی

وا شەش ساڵی تـــــەواوە
لــــەم قوتابخانەیە دام
دڵگیر و خـــــۆشەویستە
ئـــای چەند شیرینە لەلام

ھەر کە چوومە پۆلی یەک
لـــە باخچەی قوتابخانە
نەمــــــامێکــم ڕواند و
وەک ھـــاوڕێم بوو ڕۆژانە

ئێستا ئەویش شەش سـاڵە
باخچەکەی جـوان کـردووە
ناوی منی لـــــەسـەرە و
وێنەم لــەلا گـــــرتووە

ئـــەمســاڵ ئێرە جێدێڵم
بــۆ پۆلی حـەوتەم دەڕۆم
لـــەوێش نەمـامێکی نوێ
دەڕوێنم بـــەدەستی خـۆم

٢١/١/٢٠٢٠




گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ سه‌ره‌تا … نێچیرڤان زه‌نگه‌نه

كوشتنی جۆرج فلۆید، وه‌كو نموونه‌یه‌كی زۆر ڕوونی بیردۆزی(كاریگه‌ری په‌پوله‌‌) ، ته‌نها كوشتنی مرۆڤێكی ڕه‌شپێستی دز نه‌بوو له‌ سه‌ر ده‌ستی سپیپێستێكی پۆلیس، به‌ڵكو ڕاشه‌كاندنی باڵی په‌پوله‌ی ده‌ست پێكه‌ری ڕوداوه‌كان بوو، وه‌كو لۆرێنز ووتی: (شه‌كاندنی باڵی په‌پوله‌یه‌ك له‌ به‌رازیل، ئه‌توانێ تۆرنەیدۆ له‌ تێكساس بخولقێنێ)، ئه‌وه‌ی گرنگه‌ لێره‌دا كاره‌ساتێكی ناپێشبینكراو ڕووئه‌دات كه‌ هیچ په‌یوه‌ندیه‌كیان به‌ شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆ به‌ باڵی په‌پوله‌كه‌وه‌ نامێنێ، گریمان خۆپیشاندانه‌كان بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی دادپه‌روه‌ریه‌، به‌ڵام خۆپیشانده‌ره‌كانی دادپه‌روه‌ری له‌ ڕێگه‌ی خۆیان لائه‌ده‌ن و هه‌ڵه‌سن به‌ كوشتنی چه‌ندین كه‌س و تاڵانكردنی چه‌ندین دوكان، هه‌رچه‌ند ئه‌مه‌ هه‌موو خۆپیشانده‌ران نین به‌ڵام ده‌ره‌نجامی خۆپیشاندانه‌كه‌ ئاژاوه‌ی لێكه‌وته‌وه‌، له‌ چه‌ندین شار له‌ سه‌رتاسه‌ری جیهان خۆپیشاندان كرا بۆ گه‌رانه‌وه‌ی دادپه‌روه‌ری یه‌كێك له‌وشارانه‌ شتووتگارته‌، له‌ شاری شتووتگارتی ئه‌ڵمانیا چه‌ند گه‌نجێك چه‌ندین سه‌یاره‌ی پۆلیس ئه‌شكێنن و چه‌ند دوكانێك تاڵان ئه‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ی ئه‌و دادپه‌روه‌ریه‌یه‌ كه‌ بۆی خۆپیشاندان ئه‌كه‌ن، بۆچی ئاراسته‌ی روو‌داوه‌كان له‌ لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه‌ به‌ره‌و ئاژاوه‌ ئه‌برێن؟ بۆچی‌ خه‌ڵك په‌نا بۆ لێدان له‌ ده‌سلأتی جێبه‌جێكردنی حكوومه‌ت كه‌ پۆلیسه‌ ئه‌بات؟ بۆ تێگه‌یشتن له‌م پرسیاره‌ ئه‌بێ چه‌ند نموونه‌یه‌كی تر له‌ دوو بواری به‌رچاوی هونه‌ر و سیاسه‌ت بهێنینه‌وه‌ و چه‌ند پرسیارێكی تر بكه‌ین‌.

هونه‌ر:
زنجیره‌یه‌كی نوێی سینه‌مای ئیسپانی به‌ ناوی ( لا كاسا دو باپێل) له‌ جیهاندا ناوی ده‌ركرد كه‌ چه‌ند دزێكی زیره‌ك پاره‌ی حكوومه‌ت ئه‌دزن و خه‌ڵكیش پاڵپشتیان ئه‌كات، وه‌ ساڵی 2019 یه‌كێك له‌ پڕبینه‌رترین فیلم له‌ مێژووی هۆڵیودا به‌رهه‌مهات به‌ناوی (جۆكه‌ر)، كه‌سێك هه‌ڵده‌ستی به‌ شۆڕش دژی پۆلیس و سیسته‌م، بانگه‌شه‌ی ئاژاوه‌ ئه‌كا و خه‌ڵكیش به‌ پاڵه‌وانی ئه‌زانن، بۆچی ئه‌و فلیم و زنجیرانه‌ی پربینه‌رترین ئه‌و فلیمانه‌ن بانگه‌شه‌ی ئاژاوه‌ ئه‌كه‌ن؟ ته‌نانه‌ت به‌ پێی ئاماری ئای ئێم دی بی ئی پڕبینه‌رترین و به‌ناوبانگترین زنجیره‌ و فلیم له‌ مێژوودا شه‌وشانك و برێكینگ بادن كه‌ له‌ یه‌كه‌میان كه‌سه‌كه‌ یاساكانی سجن ئه‌شكێنێ و ڕائه‌كات، له دووه‌میان له‌‌ زنجیری برێكینگ باد كه‌سێكی پابه‌ند به‌ یاساكانه‌وه‌ ئه‌بێ به‌ كه‌سێكی دژه‌ یاسا و سیسته‌م.

سیاسه‌ت:
له‌ جیهاندا سیاسه‌توانانی سه‌فسته‌چی ئاژه‌وه‌چی له‌ جێی سیاسه‌توانانی فه‌یله‌سوف و سیسته‌مچی هه‌ڵئه‌بژێردرێن له‌ لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه،‌ نموونه‌كانی تره‌مپی ئه‌مه‌ریكا و جۆنسۆنی به‌ریتانیا و پۆتینی روسیا و ئه‌ردۆگانی توركیا…هتد، بۆچی مه‌یلی خه‌ڵك بۆ سیاسه‌توانانی ئاژه‌وه‌چیه‌؟
ئه‌وه‌ی لێره‌دا به‌ ڕوونی ئه‌بینرێ رۆحی ئه‌نارشیزم دووباره‌ له‌ناوخه‌ڵكدا ئه‌ژیێته‌وه‌، ( ئێمه‌، ده‌وڵه‌ت و من، دوژمنین) ماكس شتیمه‌ر، یان له‌وانه‌یه‌ مێژوویه‌كی دوورتری هه‌بێ بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ڕێبازی سینیسیزم كاتێ ئه‌لیكسانده‌ری گه‌وره‌ له‌ دیۆگێنیس ئه‌پرسێ: چیت پێویسته‌ بۆت بكه‌م؟ دیۆگێنێس وه‌ڵام ئه‌داته‌وه‌: بڕۆئه‌ولاوه‌ به‌ری تیشكی خۆرت لێ گرتووم، پێناسه‌كه‌ی ئێف بی ئای بۆ ئانارشیزم له‌وانه‌یه‌ تێگه‌یشتنی روون بدا به‌ ده‌سته‌وه‌:
( ئه‌نارشیزم ئه‌و بڕوایه‌یه‌ كه‌ كۆمه‌ڵگه‌، نه‌ حكوومه‌ت ، نه‌ یاسا، نه‌ سیاسه‌ت و نه‌ هیچ جۆره‌ ده‌سه‌ڵاتێكی تیا ‌بێت، ئه‌م جۆره‌ بڕوایه‌ له‌ ئه‌مه‌ریكادا ڕێگه‌پێدراوه‌ و یاساییه )‌.
مرۆڤێكی هۆمۆی كۆن پێش سه‌دان و ملیۆنان ساڵ، له‌ دارستان و شاخه‌كان و ده‌شته‌كان بێ یاسا و حكوومه‌ت و سیاسه‌ت و ده‌سه‌ڵات ژیاون، مرۆڤ سیسته‌م و یاسا و حكوومه‌ت و ده‌وڵه‌ت و سیاسه‌تی، بۆ ڕێكخستنی ژیان و پاراستنی ماف و به‌جێگه‌یاندنی دادپه‌روه‌ری په‌ره‌ی پێداون، له‌ ئوری سۆمه‌ری و یاساكانی حامورابیه‌وه‌ بۆ پۆلیسی یۆنان و كتێبی سیاسه‌تی ئه‌فلاتون، له‌وێوه‌ بۆ ده‌وڵه‌ته‌ دینیه‌كان، له‌وێوه‌ بۆ كتێبی میری ماكیاڤیللی، له‌وێوه‌ بۆ شۆرشی ڕۆشنگه‌ره‌كان و شۆرشی پیشه‌سازی و شۆرشی قه‌ره‌نسی، له‌وێوه‌ بۆ ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌كان، ئه‌گه‌ر هه‌موو ئه‌مانه‌ نه‌توانن ڕێكخستنێكی مافداری دادپه‌وه‌ر بۆ ژیانی مرۆڤ به‌دیبهێنن، ئایا ناهه‌قی مرۆڤ ئه‌گیرێت خه‌ون به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ سه‌ره‌تا، ئه‌وكاته‌ی سیاسه‌ت و ئاین و یاسا و ده‌وڵه‌ت نه‌بوون ببینێت، ئه‌وكاته‌ی ئازادی ته‌واوی هه‌بوو و خۆی بڕیاری ژیانی خۆی ئه‌دا؟ وه‌كو ناتوانین بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ ڕابردوو ئایا ناتوانین خه‌له‌له‌كانی سیسته‌م چاكبكه‌ین و ئه‌پده‌یتی بكه‌ینه‌وه‌ و دادپه‌روه‌ری بۆ سیسته‌م و حكوومه‌ت و سیاسه‌ت بگێڕینه‌وه‌ و مافیش بۆ خه‌ڵك؟
پێم وانیه‌ ئامێری گواستنه‌وه‌ی كات زانست دۆزیبێتیه‌وه‌، بۆیه‌ گه‌ڕانه‌وه‌مان بۆ مرۆڤی هۆمۆ له‌وانه‌یه‌ شتێكی نه‌كرده‌ بێت، قسه‌یه‌كی باو هه‌یه‌ ئه‌ڵێ قاپی شكاو وه‌كو خۆی لێ نایه‌ته‌وه‌، ئێمه‌ش ناگه‌ڕێینه‌وه‌ ئه‌وكاته‌ ئه‌وه‌ش ڕاستیه‌ به‌ڵام ئه‌توانین‌ سوود له‌ هونه‌ری ده‌ستی یابانی كینتسوگی وه‌ربگرین‌، كه‌ شووشه‌ی شكاو به‌ ئاڵتون چاكده‌كه‌نه‌وه، له‌ جاران جوانتر و به‌نرختر ئه‌بێ، بۆیه‌ له‌وانه‌یه‌ تاكه‌ چاره‌ی ئێمه‌ش بۆ ئه‌م بێئومێدیه‌ ئه‌وه‌بێ، ئاژاوه‌ وه‌كو زه‌نگی ئاگاداركردنه‌وەی به‌ره‌و كاره‌ساتچوون‌ ببینین، به‌ هونه‌ری ئه‌قڵ درزه‌كانی ‌ سیسته‌م و سیاسه‌ت و دین و حكوومه‌ت و یاسا به‌ ئاوی دادپه‌روه‌ری وگه‌ڕانه‌وه‌ی ماف و ڕێزگرتن له‌ خه‌ڵك پڕبكه‌ینه‌وه‌. ‌

نووسین : نێچیرڤان زه‌نگه‌نه




ڕۆژگاری خوێناویی، یان مورەبای ترشاو! … هێمن حەمەجەزا

  • لە کوێیە، تا لە چاڵاوی خۆیا بمبینێ؟!

دەمویست ئاسمانی بم
دەمویست هێلانەی باڵندەکانی بم
بەڵام ئەوم حەیف! کە ڕۆیشت، نەگەڕایەوە و ون بوو.
چوونکە بوو بە دووکەڵ و چوو بە-هەوا-دا
خۆش نەبوومەوە منیش ئیتر، تا نەچووم بە-با-دا.
من: ئەو پیاوە ماندووەی، کە لە سوچی وێنەکەدا ڕاوەستاوم و
بە دووچاوی تەڕەوە، دووبارە لە ئازار هەڵدێم و
لە تۆ دەڕوانم!

هێشتا ڕۆژانی تاریک و درێژی ژیان دەژیم،
بەڵام وەک ئەوەی پیاوێکی حەرامی جیهان بم، نیگەرانم.
گرینگ نییە چەند وەرزم!
چوونکە سبەی نا دووسبەی، پاییز دەڕوا
زستان دێ، بەهار و هاوینیش هەروەتر…
مەبەستمە بڵێم: تەنها بۆ ئەوەی ئەم ڕۆژانەی ژیانم تەواوکەم،
خوێ بە برینە کۆنەکانمەوە دەکەم و گۆرانیی دەڵێم:
گۆرانیی خۆکوژی، لە ساڵگاری خوێن و بێ ئۆقرەیی
گۆرانیی هەڵاتن، لە شەوانی ژەنگاویی زیندان و
هەڵاتن، لە ڕۆژانێکی وەک مورەبا، ترشاو!
گۆرانیی تاریکبوونی ڕۆژە ڕەش و ڕووناکەکانی ئینسان:

  • لە کوێی، تا بمبینی لە چاڵاوی خۆما؟!

شەو هیلاکە لە دووبارەبوونەوەی ئەم هەموو ڕۆژە گاڵتەجاڕانە و
منیش ماندوو، لە دووبارەبوونەوەی ئەم هەموو شەوە پڕ لە کابووسانە.
تەنانەت، ئەو ڕۆژانەشی کە براکان بە شەڕ هاتن و یەکتریان دەکوشت، چەشنی ئێستا ڕۆژەکانم بە ئازاردا تێنەدەپەڕین. ئێستاش بەم لێوارە لێڵەی ئێوارەوە، منی خوێناویی، بە برینی هەموو ئەو ڕۆژگارانەوە لە ڕیزی توولانیی ماگ/دۆناڵسا چاوەڕێم، وەک بڵێی: چارەنووسمە! کە دەشبێ بیر لە سوودی قیستی بانک و تووتنی زیادە، بۆ ڕۆژانی کەسیرە و تەزیویی ئەم شەوە ڕەش و نەبڕاوانەی ژیان، بکەمەوە.

بە ڕووی خۆمدا ناهێنم و دەڵێم:
شایەد ئازارەکەی کەمتر بێت!
دەنا نیسبەتی من بە ژیان:
هاوشێوەی برینێکە، لەسەر لاشەی دەردەدارێک.
هەر وەک چۆن نیسبەتی ژیان بە من:
مینا سرنجێکی ئالوودەیە، کە بە دەمارەکانما
دەگەڕێ و
دەگەڕێ و
دەگەڕێ…
کە پڕە لە ڤایرۆسی دڵتەنگیی و فۆبیای فەرامۆشیی.

لە چاتدا!
لە پشت مۆنیتۆرێکی ماندووەوە، کە باوەشت بۆ بێکەسی و تەنیاییم دەکردەوە و
بۆم دەنووسیت: “خۆزگا لە باوەشتا، ڕێیەکی هەڵاتن هەبا!”
ئەو دەمانە من: درەختێک بووم، کرمەکانی جەستەم تەنها دڵخۆشیم بوون!
بیابانێک بووم. خەونم دەبینی، کە باران خەریک بوو شەستەی دەکرد بەسەر لەشمدا:

  • تۆ لە کوێ بووی، تا بتدیبام لە چاڵاوی خۆتا؟!

من نازانم ئێوە، چۆن ئازار وێنا دەکەن؟
تێناگەم، بە چ تریاکێ برینەکانتان سارێژ دەکەن؟
ناشزانم، کە چلۆن لە شەوە بێ پەنجەرەکانتان و
چلۆن لە ڕۆژانی تەڕیی دڵتان، دەدوێن؟
بەڵام من، کە نیگەرانیی وەک شێرپەنجە بە گیانمدا بڵاوبۆتەوە،
پشووم سوارە!
بە وێنەی نەخۆشی سەر تەختی نەخۆشخانەیەکیش،
لەشی بیمارم، بە نێو ڕەشایی و ڕاڕایی ڕاڕەویی ڕۆژەکاندا ڕادەکێشم
بە هەنگاوی سەنگین، دەبێ هەڵێم و
هەر هەڵدێم!
دەربارەی حیکایەتی ئەم ژیانەش:
چل ساڵی ڕەبەقە، وەک ئەوەی تێپەڕین بووبێت بە ناو کێڵگەی میندا
یان، مینا سیگارێکی هەمیشە ڕۆشنی نێو قامکی موعتادێک بووبم لە کارگەیەکی ئەتۆمدا،
دەبا هەر هەڵاتبام.

هەڵاتن: بەشی منە، کە وا هەمیشە هەر هەڵدێم!
سەریشم، لە دووکەڵ و دوودڵی و گوللە پڕە و
لە ناولەپی دەستی ڕاستیشما، با ترسێکیش هەبێ و هەر بە خەیاڵیش بووبێ،
بەڵام ساڵانێکی زۆرە، وێنەی دەمانچەیەکی دوولوولەی تیادا کێشراوە؛
هاکا چەکوشیک لە مێشکمدا چرکەی کرد و
لە لای چەپی سینگیشمەوە، ساتمەی کرد، فیشەکێ!
ئازار لە لەشما دادەگیرسێ،
تاک
و
تەنها
هەر بە برینە کۆنەکانمەوەم و گۆرانیی دەڵێم:

  • لە کوێی، تا لە چاڵاوی خۆما بمبینی؟!

ئیتر ڕۆیشت!
نەگەڕایەوە و
ون بوو.
منیش ئیتر خۆش نەبوومەوە!
بەڵام،
نە بەسەرچووم و
نە بە با!
من: ئەو پیاوە هەڵاتووەی کە لە خۆمدا جێم نابێتەوە و
بە دووچاوی نیشتووی تەڕەوە، لە سوچی وێنەکەدا ڕاوەستاوم؛
ئێستاشی لەسەربێ، پاش کوژانەوەی هەر سیگارێ، تاریک دادێم!
هەفتە، چەند ڕۆژ بێت! گیانی شەکەتمی بە دوودا دەکێشم و
ڕۆژانی تاریک و درێژی ئەم ژیانە خوێناوییەم دەژیم:

  • تۆ لە کوێی، تا بمبینی لە چاڵاوی خۆما؟!

هێمن حەمەجەزا
ئەڵمانیا/ 4/2020




تەواو بۆ دواجار لێرەوە دەڕۆین … سه‌باح ڕه‌نجده‌ر

ڕوخسار و شوێن

هه‌تاوی نیوه‌ ئاوابووم دەڕژێنمە ناو هەواڵێک
دیکتاتۆر بەسەر خوانماندا پژمی
هیچ نیشانەیەکی خواردن نەما
گەڕاینەوە بەر سێبەری درەختی گۆڕستانەکان
تەم هات و هەنگاو گران بوو
لە ئاهه‌نگی یادەوەرییمان ده‌ركراین
لە شوێنی جیا جیا زەوی دەستی لە ڕێبوار بەرز کردووەتەوە
مرۆڤ یەکەم جار پەنجەی بە پێڵووی خۆیدا هێنا
نەرمی کرد بۆ بینین و جیاکردنەوە
نەرمایی پەنجەی دڕ بوو
نەیتوانی خەڵکی تر بکاتە تاسە
دەنگە دوورەکان بناسێتەوە
مرۆڤ شاراوە و نهێنی درۆی ژیرە
نانی کردە تاشەبەرد
گۆڕیان به‌تاڵ كردین و ئێسكیان كرده‌ قۆپچه‌
بەهەشت نەخرۆشا
کەڵەبابی شەڕ هاتە سەر زەنگی دەرگا
وزە ئەفسانەییەکە مەشقی بە ئەسپەکەی کرد
نەچووە ڕاو
نەچووە جەنگ
ڕەگی مەچەکی خۆشی نەبڕی
لە تەنیایی نەترسا و نه‌چووه‌ ناو ڕووناكییه‌كی نائاشنا
بە ناوچەوانی پاک و بێگەردی چیا و چۆمێکی
ئەوبەر و ئەمبەری بە درەختی بەبەر پڕ
به‌ده‌م هه‌وای خۆشه‌وه‌ سه‌ركه‌وت
توانی گوێ لە خۆی بگرێ و دەنگە دوورەکانی ناسییەوە
خۆر لەسەری بەرز بووەوە و گومبه‌ت ده‌ركه‌وت
قۆزاخە خەمڵی و باڵی تێدا نواند
تێکەڵ بە تەم نابێ و ئارەزووی بەدی دێنێ

جێناوەکان

زەوی منەی خودی دەکا و خۆی بە به‌رزبوونه‌وه‌ی باڵی باڵنده‌ شووشت
چاویشی کورتبین نییە
ئا بەم شێوەیە من شتەکان ڕوون دەکاتەوە
خۆمم بۆ تۆ گوتەوە
با بگەڕێینەوە دواوە تیر وژەی دێ
خۆمم بۆ ئەو گوتەوە
با بگەڕێینەوە دواوە هێز تووڕەیە لە سێوی كه‌وتوو
خۆمم بۆ ئەوان گێڕایەوە
با بگەڕێینەوە دواوە ڕێگای بەپەلەبەردڕێژکراو ئەسپ پشووسوار دەکات
خۆمم بۆ ئێمە گوتەوە
با بگەڕێینەوە دواوە باران خوێواوی لێ دەچۆڕێ و ده‌یكاته‌ هه‌ڵم و ده‌بێته‌ تانه‌ی چاو
خۆمم بۆ ئێوە گوتەوە
با بگەڕێینەوە دواوە دەمامک بە دەورمان دەخولێتەوە
سەیری خاڵی پێوه‌ری ناوچەوانی مێژوو بکەن
چەند سادە پرسیارمان لێ دەکات
ڕەشیش لێمان دەڕوانێ
هەتاو سارد بووەوە و بە ترسەوە نەنووست
چاوەڕوانی وەڵامی نەکرد و بە هێزێکی زۆرەوە خۆی سڕییەوە
تۆوی ئەستێرەی لە کێڵگەی جێناوەکان وەشاند
جۆگە بە نەرمایی زەوی پیاسە دەکات
پێغه‌مبه‌رانی چاوه‌ڕوانی ڕازی ڕووناك دێنه‌ سه‌ری و ده‌یخۆنه‌وه‌

ڕێگاکانی دەوروبەر

مردن لەبەر چاکەکەت ڕێزت لێ دەگرم
دارەبازەیەک لەسەر پشتی ئەسپێک ببەستن
ڕابەری نەمران لەژێر تەمومژێکی قاوەییدا کۆچ دەکات
ئەڵماس دەمامک نادا
لەناو ڕۆشنایی و پێشبینی و بێدەنگیدا
دەستم لە ملی سێبەری خۆم کرد
بە ڕێگاکانی دەوروبەرم ڕۆیشتم و لەرز بەریدام
گوارەم لە گوێی درەختی درەوشاوە کرد
گەیشتم بە لاپەڕە بێکۆتایییەکان
لاپەڕەکان شاعیرە بێ هەوێنەکانیان تێدا نییە
پەپوولە ڕازی پاراوە و لە مۆم لادەدا
بەرەو مرۆڤی ناو لاپەڕەکان دەچێ
هیوای زیاد دەبێ
ئۆخەی هەموو شتەکان نزیکن
ئەسپ سەیری زەنگوڵە و گوڵینگی ناکات
لە شەقام دەپەڕێتەوە و سێبەری سوارەکان دەدۆزێتەوە
دەستی دەشوا و ئاوێنەی هۆڵی وانەوتنەوە دەسڕێتەوە

گەشەی ڕەنگ

ڕەنگ لە دابڕاوی نادیار لەدایک دەبێت
گۆزەی پڕ ئاوی لەسەر پلیکانەی ڕاڕەو دانا
شەویی بوو
پەپوولە شیلەی مژی و بە هێڵی خێرا بردییە کێڵگە
دەستی لەسەر شانی ڕەگ دانا و پەیمانی بەست
لە گەشەت ورد دەبمەوە و لەناوی جێ دەمێنم
سەیرکەن
لەسەر ناوچەوانی کێڵگە
بەروبووم دەمێنێتەوە و جیهان دەگۆڕێ
لەسەر ناوچەوانی گۆزە
مێژوو دەشکێ و پارچەکانی یەک ناگرنەوە
چاوی مێژوو ژن ناترووسکێنێتەوە
جەستەی ڕووباری هاندان لە خۆی ڕەت ناکات
بە دەوری خۆی دەیسووڕێنێتەوە
شۆڕش شەپرە لێی داوە
ناتوانێ مەلە بکات
دیکتاتۆر ڕۆنی لەبن پێی شۆڕشگێڕ دا
هەڵیخلیسکاند بەرەو ڕووناکییەکی چرووک
بەڕێوەم بەرەو تابلۆی هەمیشە شتێک لە حاڵەتی ڕوودان هەیە
مۆسیقایە هاوڕێم
بە نهێنی گەشەی ڕووەک تابلۆ دروست بوو
تینێکین لە هەنگاوی ڕەنگ
ناوی ئێمە لە دەم و لێوی ڕەنگ گەورە و پاراو دەبێ
شێوەکارانیش لەناو هێڵەکانی خۆیاندا جێدەهێڵێ

ئاوازی چاوپێکەوتن

لە ماڵی خۆم
لەسەر دۆشەکێکی لە پەڕی پەلەوەر دانیشتووم
پەنجەرە شکاوەکانم بە گۆرانی دەڵێم
گۆرانییەکانم پرسیارتان لێ دەکا
گوێیەکانتان پڕ ئاوازن
دەسرازەی پساوی منداڵێک کەوتە سەر دەموچاوم
بۆئەوەی ماسیگرە تار نەبن و دەریا بناسم
لای دەدەم
لانکێکم لە کەناری ئاوێکی سروشت هێمن دانا
ماسیگرە هێلکەی خۆی لەناو پاراست
ڕاوچییەکی تۆڕ دڕاو هێلکەکانی لەبن کڵاوی نا
بردییە بازاڕی چەنەبازان
لەپێناوی سڵاوی ماسیگرەیەک
ستایشی ژیان دەکەم
ژیان نزیکی بۆ لای من بگەڕێرەوە
کازیوان بە ئاگری باڵی ماسیگرە چاوانم کەوی دەکەم
سەرزەمین تەواو ماندووە
پێویستی بە ئاوازی چاوپێکەوتنی دەنووک و باڵە
دەنووک و باڵ لە جوانی بەدی هاتوون
بە ڕێز و شکۆوە دەدوێن
چیم بوێ بێ داوا پێم دەبەخشن
هەقیقەت ڕووی بازنەییە
قه‌ل زماندرێژی كرد
خۆر به‌ پڕی سه‌رنجی دا و ده‌نووكی خسته‌ ناو جه‌نگه‌كانه‌وه‌

بلیتی ژمارە بیست و هەشت

بلیتی ژمارە بیست و هەشتی دکتۆرم وەرگرت
دوای پشکنین و کۆمەڵێک خۆشدوویی بۆ گەرمکردنەوەی دەمارە ساردەکانم
دەمی بەتاڵ بوو
فەرمووی
شەکرەت بەرزە
پەستانی خوێنت زۆرە
هەناسەسواریت باڵنده‌یه‌كی هێلكه‌شكاوی هه‌ڵكوڕماوه‌
لەرزەی دڵت چوار ناڵەیەتی
باداریت به‌ ئازای گیانت سه‌ره‌وژووریه‌تی و گه‌مارۆی داوی
بۆ مەتەڵێک پرسی چەند زمان گۆ ده‌كه‌ی
گوتم زمانی ڕووتم کوردییە و لەو زمانە ڕووته‌ش زیاتر گۆ ناكه‌م
بە ئینگلیزییەکی خاو
لەژێر لێوەوە بە کوڕەکەمی گوت
هەوڵدە باوکت لە شارێکی تردا بژی
بە دەموچاوی پڕ ئومێدەوە چوومە بەر پەنجەرە
گوتم لە شاری شیعر دەژیم و هه‌ناسه‌م نه‌رم و خۆشه‌
ئەها شیعرم لێ دیارە و وەک کاتژمێری چوونە ژوان ڕێکی خستووم
شەکرە
پەستان
هەناسەسواریی
لەرزەی دڵ
باداری
بە ئارەزووی خۆم لە بەهەشت ناچمە دەرەوە
سڵاوم لێ بکە
لە سێبەری دەستت دادەنیشم
لە نزیکەوە گەرماییت فریام کەوت و هەقیقەت دۆزیمییەوە
لەنێوان لوولەی سووربووەوه‌ی تفەنگ و نیشانەدا
کەروێشک لەسەر پاشووی بێدەنگ و مات وه‌ستاوه‌
گۆرانی منی بەبیر هاتووەتەوە کە بۆم وتبوو
ڕێبواری ماندوو نه‌رمونیان و میهرەبانانە کاری خۆی دەکا

ئه‌مڕۆ گۆرانییه‌ك ده‌گوترێت

لە ئاسمان زەوی ڕوون دیار نییە
گغەگغ و
گڕوگاڵ و
قولاب هه‌ڵدان بۆ مانگ و
هێنانی بۆ ناو ته‌شتی پارێزراو
لەسەر سندانیان دانام
کردمیانە پڵینگی سرووش
مارم له‌ گه‌رده‌نی باڵنده‌ی سه‌ر هێلكه‌ كرده‌وه‌
ئه‌و شاعیره‌ی ئه‌فسانه‌ی له‌باره‌ ده‌گێڕنه‌وه‌
ئه‌میش كات به‌ ئه‌ندێشه‌ ده‌پێوێ
به‌ناو كڵپه‌ی ناكاو ده‌خولێته‌وه‌
لە وه‌نه‌وز و ته‌ونی جاڵجاڵۆكه‌ و مێشی سه‌ر لووتی ئه‌سپ تێدەپەڕێ
جیهان له‌ژێر پێیدا نه‌رمونیان و گه‌وره‌ ده‌بێ
زەوی دەڵێت تەنیا سەیرکەری مانگ با بفەرمووێ
ڕوخسارم ماچ بکات و دنیا له‌ كڵپه‌ی ناكاودا به‌دی بكا
له ‌به‌دیكردندا جه‌نگاوه‌رێكی دێرین
گۆرانی كرانه‌وه‌ی قۆزاخه‌ی په‌مۆی گوت

بێڕەنگ

پەنجەرە چاوی ترووکا
بێڕەنگ ڕوومەتی خۆی بە پڕی پیشان دام
پەنجەرە خانەکانی جەستەی منە
بە ئارامییەکی زۆرەوە بێڕەنگ چنی
ئەو ڕۆژەی مرۆڤ دروست بوو
بێڕەنگ هەموو ڕەنگەکانی دابووە دنیا
هێواش بە ڕێگاکان دەڕۆم و لە ڕەنگ ڕەت دەبم
سوپاس بۆ بەختی باشم
بێڕەنگم لە پێوانی قووڵاییەک ناسی
دیارییەکی کۆن بوو بۆم گەڕایەوە و نازی ڕادەگرم
ڕەنگەکانی ڕژاندمە ناولەپ و چۆلەکەیەک بژاری کرد
ئاوا
بەڵێ ئاوا
نهێنییەکانی بژار کرد
هەر گیانلەبەرێک نهێنی بناسێت
ناوچەوانی لەسەر عەرد دادەنێ و نوێژی بۆ دەکات
ناسین هێزە سەر بۆ هیچ نانەوێنێ
لاولاوی بە دیوار هەڵگەڕاو لادەدا
برینی دیوار دەسڕێتەوە و خۆشحاڵ دادەنیشێ
کووپەی دەمودووی پێغەمبەرانی تێدایە
ناو و وێنەی ڕایەڵە و زایەڵەی بەرەبەیانی لاوین

کاتی تایبەتی ڕووبار

ڕووبار نەخشەی شەڕەپشیلە نییە
هێڵێکی خرۆشاوی درێژە لە پەرۆشی زەوی
ڕووگەنما کانەگەنجینەی لەسەر لێو دەڕوێ
زمان دەیزرینگێنێتەوە
لەنێوان چاوەڕوانی و دڵەڕاوکێدا هه‌نگاوی ناوه‌ند دەهێڵێتەوە
ئایندە بانگمان بکە
کلیل لە دەستی دیکتاتۆر بڕفێنین
بیخەینە گەنجینەی منداڵێک
پدووی گەرمە بە هاتنی ددانی شیری
هەم وەک مەشقی کردنەوەی دەرگا
هەمیش وەک حیکمەتی شەقشەقە پەرە دەستێنێ
هاوڕێ گیانییەکانی دەبینێ و پشوو دەدا
نهێنییەکی زۆر لە ڕووگەنما جێ دە‌هێڵێ
لە مەودایەک زمان بیزرینگێنێتەوە
ڕووبار کاتی تایبەتی هەیە بۆ خەوتن
بۆنی زیندەوەرەکانی ناوی دەکات
لێشیان دەپرسێ
هیچ بێزارییەکتان لە پەروەردەکارییم هەیە
زرینگانەوەی زمان
چلباز له‌ كونی ورد داده‌به‌زێنێ و ده‌یكاته‌ كه‌تانی شۆردراو

ستایشێك بۆ جوودی

لە سۆراخی بەردی گرانبەها
ڕێگا چوونەوە ناویەک
بێ هیچ سه‌رسامییه‌ك بەناو خۆمدا سووڕاندمیانەوە
ئه‌سپی سم كولم له‌گه‌ڵدا نه‌بوو
گەیشتم بە شاری بێ ناونیشان
گوند ناترسێت له‌ بوون به‌ شار
سیمرخ باڵی بچووک بوو
لەسەری جێم نەبووەوە
لە تەنیشت تەندوورێک داینام
کوا ئەو ئاگرەی قوڕی دروستبوونمی کردە پەیکەر
گورگ کەڵبەی کلۆر نییە
له‌ له‌نگه‌ری كه‌شتی هات و نه‌هاتدا شایەدی دەدەم
دوای نیشتنەوەی هەڕەشەی ئاو
چیای جوودی خۆی پیشان دا
لەناو دەستی به‌ ڕه‌نگ و بۆنی پیرێک پشووی دەدا
تای به‌هاری لێ بوو
پێی گوتم به‌ ئاوازی چ كۆڕاڵێك و چۆن پرسیاری لێ بكه‌م
شوێنی له‌دایكبوون بۆنی چی ده‌دا
گوند بۆ ناترسێت له‌ بوون به‌ شار
ئه‌وه‌ی له‌ ناوچه‌وان نووسرابێت چاو ده‌یبینێت

ئابی 2020 هه‌ولێر




خەڵک دەیەوێ چی بگۆڕێ؟ … گۆنا سعید و ئاسۆ کمال

سیستمی سیاسی و ئابوری و ئیداری کوردستان لە ئەزمەیەکی هەمەلایەنەدایە . هۆکارێکی سەرەکی ئەم ئەزمەیە نزمبونەوەی ئاستی ئاڵ و گۆڕی بازاڕی سەرمایەیە بە هۆی پەتای کۆرۆناوە کە ئەم ئەزمەیەی کردۆتە قەیرانێکی سەرتاپاگیر و جیهانی . لەم نێوەدا ووڵاتانێکی سەرمایەداری کە لە ژێر سایەی هەژمونی دەوڵەتە ئیمپریالیستیەکان و بانکی جیهانی و کۆمپانیا ترانس ناشناڵەکان و ئابوری رەیعی نەوتدان ، ڕوبەڕوی داڕمان و شکستی گەورە دەبنەوە.
لە کوردستان باری قورسی ئەم قەیرانە بە سەرشانی خەڵکی کرێکار و کارمەند و کەم دەرامەتدا شکاوەتەوە، وە ئەم دەسەڵاتە سیاسی یە خەڵکی کردۆتە قوربانی پاراستنی سەرمایەی کەڵەکەبووی خۆی . ئەو ئامادەنیە لەو سەرمایە کەڵەکەبوەی لە بانکەکانی دەرەوە و ژێر زەمینەکانی ناوەوەی کوردستان کۆی کردونەتەوە هیچ بودجەیەک بۆ دابینکردنی موچە و ڕوبەڕوبونەوەی مەرگ بەهۆی کۆرۆنا و دابینکردنی خزمەتگوزاریەکان سەرف بکا ، وەک لە زۆربەی وڵاتانی تردا بەناچاری بورژوازی دەیکا. بە پێچەوانەوە حکومەتی هەرێم ژیانی خەڵکی داوەتە دەست مەرگی کۆرۆنا و برسیەتی و بێکاری یەوە. هەربۆیە خەڵکی بەرامبەر بەم دەسەڵات و حکومەتە هاتۆتەوە مەیدان و ناڕەزایەتی وخۆپیشاندانەکان زۆر شوێنی گرتۆتەوە و بەهوشیاریەکی زیاترەوە لە جاران خەڵکی بەرەڕووی دەسەڵات بۆتەوە.
لە دروشمی خۆپێشاندانەکانی خەڵکی ناڕازی ڕانیەدا دروشمی ” نا بۆدەسەڵاتێکی ستەمکار، نابۆپەڕلەمانی کارتۆنی، نابۆ ئۆپزسێۆنی ساختە” بەرزکراوەتەوە. ئەم دروشمە نیشانەی وشیاریەکی تازەی خەڵکە بە ڕێگاچارەیەکی جیاواز لەوەی پێشترلە خۆپیشاندانەکانی ١٧ شوباتی ٢٠١١ و ساڵانی دواتردا هەیبوو ، کە بەرتەسک دەبوەوە لە گۆڕینی دەسەڵات لەڕێگای پەرلەمان و ئومێد بەستن بە ئۆپۆزسیۆنی حزب و لیستە بورژوازیەکان.
ئەم وشیاریەی ناڕەزایەتیەکانی ئێستا نەک هەر بەرامبەر بە دەسەڵاتی یەکێتی و پارتی و پەرلەمانەکەیانە بە ڵکو ڕوو لە “گۆڕان و ئیسلامیەکان و نەوەی نوێ” شە. خەڵکی ئیتر ئەزموونی ئەوەیان کردوە کە ئەم حزبە بورژوازیانە هەمیشە پێ یەکیان لە ناو خەڵک و هەموو لاشەیان لە لای دەسەڵاتە ، ئەوان خیتابی سیاسیان ڕووی لە خەڵک و پراتیکیان لە ژێرەوە لەگەڵ دەسەڵات دایە . هەوڵی چەواشەکارانەی ئەم حیزبانە بۆ خەڵک ئەوەندە ئاشکرایە ، کە خۆپیشاندەران بە هوشیاریەکی تازەوە مامەلە دەکەن لەگەڵ سیاسەتی ئەم حزبانە. پێ دەچی خەڵکی نەهێڵن جارێکی تر ناڕەزایەتیەکانیان ببێتە ئامڕازی دەستی ئەم حیزبانە بۆ دابەشکردنەوەی کورسیەکانی پەرلەمان و بودجە و داهاتی خەڵکی کوردستان لە نێوخۆیاندا.
لەگەڵ ئەم پێشکەوتنە گرنگە لە ئاستی ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانەکاندا ، هوشیاریەکی فراوانتر پێویستە سەبارەت بەوەی کە لە کوردستان چ سیستمێک دەسەڵاتدارە و چۆن ئەم سیستمە لەباری سیاسی و ئابوری و سەربازیەوە بەرهەم دەهێنرێتەوە لەلایەن حیزبەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنی بورجوازی یەوە . ئەمە گرنگە تا بزانین دەوری حزبە دەسەڵاتدارەکانی یەکێتی و پارتی چیە ، وە بەرژەوەندی ئەم ئۆپۆزسیۆنە بورژوازیانەش لە ڕاگرتنی پایەکانی ئەم سیستەمەدا چی یە ، ئەوان لەگەڵ چ شتیكیدان و دەیانەوێ چی لەم سیستەم و ئیدارەیە بگۆڕن بە خۆپیشاندانی خەڵک ؟
تێگەیشتن لە بنەماکانی سیستەمی سیاسی وئابووری هەرێم دەتوانێت یارمەتی خەڵکی کرێکار و کارمەند و کەم دەرامەتی کوردستان بدات لە دەستنیشانکردنی کێشە ئەسڵیەکانی ئەم جۆرە لە دەسەڵات ، وە هەروەها لە دۆزینەوەی بەدیل و جێگرەوەیەکی ئیداری و سیاسی و ئابوری کە بتوانێت شوێنی ئەم سیستمی دەسەڵاتدارێتەی یەکێتی و پارتی بگرێتەوە بە جۆرێک کە بەرژەوەندیەکانی خەڵکی کرێکار و کارمەند و زەحمەتکێشانی کوردستان مسۆگەر بکات ؟ . لێرەشەوە دەتوانین بزانین کە خۆپیشناندانەکانی ئێستا دەتوانێ بەرەوکوێ بڕوات ، وە چۆن خەباتێکی سەرتاسەری بۆ گۆڕینی بنەماکانی ئەم سیستەمە بە قازانج و بەرژەوەندی گشتی خەڵکی بیگۆڕێ ؟. گرنگیەکی تری ئەم بابەتە لەوەدایە کە یارمەتی دەدات کە چۆن بە ستراتیژ و تاکتیکی جەماوەری و سیاسی خەڵکی بتوانن نەک هەر ئەم سیستەمە هەڵوەشێننەوە ، بەڵکو رێگە نەدەن لە کاتی گۆڕانکاری شۆڕشگێڕانەدا هیچ حیزب و دەستە و گروپێک جارێکی کە سیستەمی لەم جۆرە بە دژی بەرژەوەندیەکانی خەڵکی بونیاد بنێنەوە.
زۆر گرنگە کە خەڵک بزانن کە ئەم سیستەمە سیاسی و ئابووری یەی پارتی ویەکێتی و هاوپەیمانەکانیان چۆن کار دەکات ؟ ؛ بۆچی گەشتۆتە ئەم ڕادەیە ی ئێستا لە ناکۆکی ؟ بۆچی خەڵکی دەبێت باجی قەیرانە ئابوریەکانی بدات لە کاتێکدا سەرانی ئەو حیزبانە دەوڵەمەند تر دەبن ؟ ئەم ناکۆکیە لە کوێدایە ؟ مان و نەمانی ئەم سیستەمی دەسەڵاتە لە بەرژەوەندی و لە دژی کێ یە ؟
ئێمە لێرەدا دەمانەوێت بە سادەیی باس لەم خاڵە گرنگە بکەین بە و ئامانجەی کە بەشداریەک بکەین لە پرۆسەی دروستکردنی هوشیاریەکی گشتی و چینایەتی سەبارەت بە تێگەشتن لە ئابووری سیاسی کوردستان . بۆ ئەم تێگەشتنە لە دەسەڵاتی پارتی ویەکێتی وا پێوسیت دەکات کە بچینەوە سەر بنەماکانی دامەزراندن و سەقامگیر بوونی ئەم دەسەڵاتەیان . لێرەدا بوار نیە لە سەرەتای نەوەدەکانەوە دەست پێ بکەینەوە ، بۆیە ڕاستەخۆ دەچینە سەر دەورانی دوای ٢٠٠٣. ئەمەش لەبەر ئەوەی کە بنەماکانی دەسەڵاتی یەکێتی و پارتی لە هەرێمی کوردستان لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ وە سەقامگیرتر بوون و ڕەسمیەتێکی نێو دەوڵەتیان پەیدا کرد ، ئەمەش لە بەرئەنجامی ئەو فرسەتانەی کە بۆیان هەڵکەوت لە دوای ئەو گۆرانکاریە عەسکەری و سیاسی و ئابووریانەی دوای داگیرکاری ئەمریکا و ڕووخاندنی حکومەتی بەعس. کەوایە با بزانین ئەو فرسەتانە چی بوون :
دروست بوونی دەوڵەتی ترانس ناشناڵ
کوردستان لە ٢٠٠٣ ەوە بە فەرمی بوە بە بەشێک لە دەوڵەتی فیدراڵی عێراق. ئەم دەوڵەتە ئەمریکا و ئیدارەی بوش بە راوێژکاری لەگەڵ کەسانی وەک تۆنی بلێر و نیولیبرالەکانی ڕۆژئاوا نەخشەیەکی سیاسی و ئابووری تەواویان بۆ چوارچیوەی عێراقێکی فیدرالی سیکتاریستی و بەش بەش کراو دوای سەدام حسێن دانابوو. کوردستانیش بوە بەشدار لە پێکهێنانی دەولەتێکی لاوازی ” ترانسناشنال” کە تیایدا چیتر یەک بەرژەوەندی “نیشتمانی” سەرانی ئەو دەوڵەتە کۆناکاتەوە ، بەڵکو شتێک بە ناوی بەرژەوەندی گشتی نامێنێت ، وە جێگا و رێگا و بەرژەوەندی ماددی هەر سێکست و ئەتنیکێک (وەک کورد) پەیوەست دەبێت بە پارسەنگی هێز و رادەی هێزی میلیشیایی و مادی و سیاسی ئەو حیزب و کۆمپانیا بازرگانیانیانەی کە “نوێنەرایەتی”یان دەکەن .
ئەم هاوکیشە سیاسی یە لەلایەک مەترسی گەورەی بۆ سەر ژیان و سەلامەتی وئەمنیەتی خەڵکی عێراق و کوردستان لەگەڵ خۆی هێنا ، و تا زەمەنێکی نادیار تووشی شەڕێکی نەبڕاوەی مەزهەبی و تایفی کردوون؛ لە لایەکی کەوە بۆ ئەوانەی کە ڕەنگ ڕێژو پلاندانەری ئەم جۆرە لە دەسەڵات بوون بۆ هەمان زەمەن بۆتە خێر وبەرەکەتێکی زۆری کۆکرنەوە و بەگەڕخستنی سەرمایە ، تاڵان و بڕۆی سەروەتە سروشتیەکان و بەتایبەت نەوت ، هەروەها دابەشکردنی داهات و پارەی قەرز و فریاگوزاری دەزگا نێو دەولەتیەکان و بەشکردنی تەندەر و کۆنتراکتی کۆمپانیا جیهانیەکان کە سەرەیان گرتبوو بۆ دووبارە دروست کردنەوەی عێراق لە داهاتێک کە ئەمریکا لە نەوت بردبووی وبە ملیارەها دۆلار مەزەندە دەکرێت .
واتە دەوڵەتی عێراق لەو مۆدێلەی “دەوڵەتی نەتەوە” ی بەعسەوە گۆڕدرا بە دەوڵەتێک کە سەرێکی بەسترایەوە بە بەرژەوەندی کۆمپانیا جیهانیەکان و دەولەتانی ناوچە کە نیازی ئابووری و سیاسی گەورەیان هەبوو لە عێراق . لێرەدا دەوری تورکیا و ئێران و ئەمریکا و ڕووسیا و چین و ..هتد ، وە ڕاددەی دەستێوەردانیان لە عێراق چەندە پەیوەندی بە هەژمونی دەسەلاتی سیاسیانەوە هەیە لە ناوچەکەدا ، سەرێکی تری وا بە بەرژەوندی ئابووری گەورە و ناوچەیی لە بواری نەوت و گاز و ئاو و کارەبا و بازرگانی و کالا ساغکردنەوە لە بازاڕەکانی عێراق و کوردستان و ،،هتد .
ئەم دەوڵەتە ترانسناشنالە جۆرێکی تایبەت لە سیاسەتکردنی لەگەڵ خۆیدا هێنا . سیاسەت کردن لە عێراق ، سەرباری ئیدعاکانی وەک سیاسەتێکی ‘ دژە دیکتاتۆری ، دیموکراتی ، مافی کەمەنەتەوەکان ، مافی ژنان و فرەیی و ..هتد ” ، لە راستیدا بۆ هەر هێزێکی سیاسی بەشدار بوو بچوک بوەوە بۆ هاوکێشەیەکی سادە کە بریتی یە لە شەڕکردن بۆ مسۆگەر کردنی گەورەترین بەش لە سامان و داهاتی عێڕاق بۆ حیزبەکەی یان گروپەکەی خۆی . هەروەها مسۆگەر کردنی دەسەڵاتی یاسایی لە ناوچە و جێگای خۆیدا بەسەر دابەش کردنی زەوی و زار و سەرچاوەکانی کارەبا و ئاو و سامانەسروشتیەکانی تر . بەم پێ یە سیاسەت بەکارهێنرا و دەهێنرێت بۆ پرۆسەی کەڵەکەی سەرمایە هەم بۆ چینی سەرمایەدارانی ناوخۆ و ەهەم بۆ کۆمپانیا جیهانی و ئیمپریالیستیەکان .
ئەم کەڵەکەی سەرمایەیەش لە ڕێگەی داهاتی نەوت و سامانە سروشتیەکان و ئابووری بەکڕێ دان، وە لە دەستبەسەردا گرتن و دابەشکردنی زەوی زار، و هەم لە دەستبەسەداگرتنی سەد و بەنداو و خاڵە سنوریەکان تا ئێستاش بەردەوامە. دابەشکردنی ئەم سەرچاوانەی سامان و سەرمایە پاڵنەر وبابەتی سەرەکی سەدان کۆبونەوەی پەرلەمان ، وە شەڕو و ئاشتی لایەنەکانی نێو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە بە بەردەوامی . ئەم جۆرە لە سیاسەت کردن گەشتۆتە ڕاددەیەک کە لەم سالانەی رابردوودا ئەو پۆستە وزاری و گرنگانەی کە کۆنترۆڵی هەیە بەسەر زۆرترین سەرچاوەی داهاتدا ، نرخی تایبەتی لەسەر بێت بۆ فرۆشتنەوە ؛ وە شەڕی گەورە هەمیشە بە دەوری سێ پۆستە گەورەکەدایە کە سەرۆک کۆمار و سەرۆکی وەزیران و سەرۆکی پەرلەمانە .
فرسەت لە بواری سیاسی
دەسەڵاتی یەکێتی و پارتی لەم ماوەیەدا لە ڕەسمیەت دان بە دام و دەزگاکانی ، ناوبانگ و کردەی لە دنیای نێودەوڵەتیدا ، بەشداری لە پرۆسەی گۆرانکاری سیاسی و ئابووری لە عێراقدا و ڕەسمەیت دان بە دەسەلاتیان لە کؤمەلگەی نیو دەوڵەتیدا وەک بەشێک لە فدراڵیەتی عێراق دەرگای بۆ خرایە سەرپشت و بەپێی دەستور ئەم مافانەی حزبەکانیان و پۆستە وەزاریەکان و دەسەڵاتی ڕەهای خۆیان بەسەر کوردستاندا ڕەسمیەت پێدا.
لە ئاستی ناوخۆی کوردستاندا ئەم دەستکەوتە حزبیانەیان لەگەڵ خیتابیکی ناسیۆنالیستی سەربەخۆیی کوردستان ئەوەندە بەهێز و حەماسی پێچرابوەوە کە خەڵک پێی وابوو کە لاپەڕەیەکی تازە هەڵدەدرێتەوە و دنیا دەگۆرێت و لەگەڵیدا پارتی ویەکێتی دەگۆرێن و ژیان بۆ هەموو لایەک باشتر دەبێت لە کوردستاندا.
لەسەرەتاوە پارتی ویەکیتی تا فێری چۆنێتی ئەم دابەشبوونە لە دەوڵەتی ترانس ناشناڵدا بوون پێویستیان بەوەبوو کە پێکەوە فراکسۆن دروست بکەن و یەکگرتووبن ؛ دواتر نەک هەر ئەوان ، بەڵکو بزوتنەوەی گۆران و نەوەی نوێش فێر بوون کە ئەوە ” کورد بوون” نی یە لەم دەوڵەتە نوێ یەی عێراقدا کە پاڵنەری سەرەکی پێکەوە کارکردن و دەنگهەڵبڕین بێت ؛ بەڵکو گرنگ ئەوەیە کە دەست بۆ کێ هەڵئەبڕی و دەنگ بە چی دەدەیت و ئەو دەنگدانە چ قازانجێک بۆ خۆت و گروپەسیاسیەکەت بەدی دێنی ؛ تەنانەت هەندێک لە ئەندام پەرلەمانە کوردەکانی نێو ئەنجومەنی عێراق ئەوەندە فێری ئەم هونەرە سیاسی یە بوون کە زۆر ئاسایی سەربەخۆ کاردەکەن و مامەڵەی جۆرا جۆر بە پلە و پۆستەکانیانەوە دەکەن لە گەڵ هەر لایەنێکی نێو پەرلەمانی عێراقدا کە نرخێکی زیاتریان لەسەر دانێ . هەربۆیە دەبینین کە ئەم حیزبە کوردیانە کە کوردایەتی بە خەڵکی کوردستان دەفرۆشنەوە کەی پێویستیان بوو، خۆیان زۆر مەسەلە نیە لە لایان و تەنها بۆ چەواشەکردنی خەڵکی ئەو خیتابە بەکار دێنن .
گرنگترین شت کە پیویستە بیزانین ئەوەیە کە سیاسەت بە تەواوی لە خزمەتی بەرژەوەندی ئابووری حیزبەکان و هێزەکانی نیو پەرلەماندا بەکار هێنراوە . بەڵام بەرژەوەندی حیزبەکان و لایەنەکان بە تەنها خۆیان دیاری ناکەن ، بەڵکو کۆمپانیا جیهانیەکان دەستێکی باڵایان هەیە لە ئاراستە کردن وکۆنترۆڵکردنی بەرژەوەندیەکانی هەر لایەنێکدا . حکومەتی هەرێمیش خۆی بوە باشترین نمونەی ئەم دەوڵەتی ترانس ناشناڵ و فرە کۆمپانیایە . لێرەدا دەوری تورکیا و ئێران و ئەمریکا..هتد ، وە ڕادەی دەستێوەردانیان لە کوردستان چەندە پەیوەندی بە دەسەلاتی سیاسیەوە هەیە ، سەرێکی وا بە بەرژەوندی ئابووری ناوچەیی بەتایبەت لە بواری نەوت و گاز دا . پەرلەمانی کوردستانیش بوە بە ئەو دەزگایەی کە مۆر بدات لەو یاسایانەی کە دەرگا ئاواڵا دەکات بۆ مامەڵە و بازرگانی نێوان کۆمپانیا ترانس ناشناڵيکان لەگەڵ کۆمپانیا حیزبی و بنەماڵەییەکانی یەکێتی و پارتی و بەم دواییانەش گۆڕان ؛ هەر ئەم حیزبانەش ئەم کەڵەکەی سەرمایە یە بۆ خۆیان بە ناوی دەستکەوتی نیشتمانی و سەربەخۆیی ئابوری و سیاسیەوە دەفرۆشنەوە بە خەڵک ، بە بێ ئەوەی هیچ جۆرە بوژاندەنەوەیەکی ئابووری و دەستکەوتێکی ماددی ئەوتۆ یان لێوە بەدەست هاتبێ بە قازانجی خەڵك.
فرسەت لە بواری ئابووری
ئەو فرسەتانە چی بوون کە لە باری ئابووریە وە بۆ پارتی ویەکێتی هەڵکەوت و ئێستاش بۆ گۆڕان و ئەوانی دی و کاریان پێ دەکەن .
1- ١٠٠ بڕیارە بە ناوبانگەکەی پۆڵ بڕێمەر بۆ نیولیبرال کردنی ئابووری عێراق ؛ لەوانە ئازاد کردنی بازرگانی لەگەل کۆمپانیا جیهانیەکان ؛ داخستن و پشتگوێخستنی ٢٠٠ دەزگای کەرتی گشتی و دامەزراوەی حکومەتیەکان ؛ پەکخستنی بانکی نیشتمانی و بڕیاردان لەسەر ئازادی هات وچۆی پارە ؛ لابردنی باج لەسەر بازرگانی جیهانی و ئەمانە و چەندینی تر …
2- فەندی بونیاد نانەوەی عێراق و تەندەری شەریکات و کۆمپانیاکان ؛ ئەم فەندە لە و ساڵەی کە بریمەر حاکمی عێراق بوو بریتی بوو لە دەیان ملیار دۆلار ؛ کاتێ بریمەر لە کۆتایی ساڵەکەدا دەورەی حوکمی تەواو بوو ، تەنها سەرفکردنی ٤ ملیاری ئەم پارەیە دیار بوو بۆ کوێ چووە . بریمەر زۆرێک لە تەندەرەکانی دا بە کۆمپانیا جیهانیەکان و تەنها بەشێکی کەمیان بەرشەریکاتی عێراقی کەوتن .. تالان و بڕۆی ئەم فەندە بێ وێنە بووە .
3- حیزب و کۆمپانیا و بنەماڵەکان : سەردەم سەردەمی دروست کردنی کۆمپانیا و تەندەر و شەریکاتی بازرگانی و ..هتد ؛ بەکارهێنانی پێگەی سیاسی هەم لە هەرێم و هەم لە عێراق بۆ بەرژەوەندی تایبەتی حیزب و بنەماڵە نەک خەڵک ، نیشتمان و هەرێم وە مافی گشتی .
4- کەڵەکەی سەرمایە لە ڕێگەی بەتاڵان بردن و کردنی زەوی بە موڵکی تایبەتی ؛ بەکار هێنانی پێگەی سیاسی ، پەرلەمان و دەزگای دادوەری بۆ دابەشکردن وبەتاڵان فرۆشتنی زەوی زاری کوردستان ، لە شارەکان و لە دەرەوەدا؛ بەم جۆرە بە هەزاران دۆنم زەوی لە موڵکی گشتی ەوە بوون بە موڵکی تایبەت و موڵکی بنەماڵەکانی نێو هەردوو حیزب .
5- ئەو کۆمپانیایانەی کە دەیانویست کاڵا بێننە کوردستانەوە دەبوو لە کوردستان کۆمپانیا هەبێت دابەشی کالایان بۆ بکات ؛ یان بیفرۆشێ و ساغی کاتەوە ؛ یان ئەگەر سەرمایەیان هەبوایە دەبوونە شەریک ؛ ئەم چەند ساڵە کات کاتی دامەزراندنی کۆمپانیا و شەریکاتی بازرگانی و عەقار و خانووبەرەوە بوو . زۆربەی کۆمپانیاکان هی بەرپرسەکانە و لە ڕیگەی کەس و کاری نێو حکومەت و پەرلەمان و وەزیر و بەڕیوەبەرەکانەوە تەندەر و کۆنتراکەتەکانیان دابەش دەکردەوە بەسەر خۆیاندا . دروست کردنی شەریکاتی وەهمی و پشتی پەردە و وەرگرتنی عقود لە حکومەت خزم و کەس و بنەماڵەی خۆیان . کەلەکەی سەرمایە پرۆسەیەکی دوور و درێژ و هەندێک جار ئازار بەخشە ؛ خەڵک زۆرن کە زەویان داگیر کراوە یان فیڵیان لی کراوە یان بە زۆر ئیمزای فرۆشتنی زەویە و ماڵەکەیان پی کراوە ، بە تایبەت لە ناوچە ستراتیچی و گرنگەکانی شارەکان و شارۆچکە سنوریەکان .
لە کوردستان حیزب ئامرازی مانەوەیە لە دەسەڵاتدا ؛ دەسەڵات بریتی یە لە قۆرخی جوڵەی ئابووری ؛ واتە وەبەرهینان و بازرگانی ؛ وە هەروەها بوونی میلیشیای چەکدار بۆ پاراستنی موڵکی بنەماڵەکان ؛ ئەمە دوو کؤڵەکەی دەسەڵاتن ؛ بۆیە بە تەنها دەنگ نەدان بەم حیزبانە نایانکاتە دەرەوەی دەسەڵات ؛ بەڵکو دەبێت هێزی چەکدار هەبێت لە بەرامبەر بە هێزەکانیان . وەیان ئامرازی تر هەبێت کە خەڵک بەکاری بێنێت بۆ تێک شکاندنی ئەم تۆڕە کە پارێزەری لە بەرژەوەندی چەند بنەماڵەیەک دەکات و ٩٩٪ ی خەڵکی وکوردستانی کردۆتە قوربانی .
بەشێک لە دەرئەنجامەکانی نیو لیبرازە کردنی عێراق و کوردستان شان خاڵی کردنەوە دەسەلات بوو لە پەیدا کردن یان دابین کردنی کار بۆ دەرچوانی تازە ؛ بۆ بێ کاران ؛ بە تالان فرۆشتنی دەیان دامەزراوەو کارگەی کەرتی گشتی و کردنیان بەموڵکی تایبەت ؛ بە کالا کردنی سەرچاوەی کارەبایی و ئا و و مەوادی بینا و ئەمانە . ئیستا هەریەک لەم کاڵایانە کە موڵکی گشتین ووردە ووردە بوونەتە ئامرازی فرۆشتن و قازانج پەیدا کردن بۆ بنەماڵەیەک یان بەرپرسێک یان چەند دانەیەکیان پیکەوە . چونکە لە ڕیگەی بە تایبەتی کردنی ئەم بوارانە دەیفرۆشەوە بە نرخی زۆر هەرزان بە خۆیان ؛ دواتریش هەر لە بودچەی گشتی فەندیان دەدەنی بۆ پیشخستن و کڕینی ئامێر و دابین کردنی بۆ خەڵک ؛ وە دواتریش خەڵک دەبێت پارە بدات بۆ بەدەستهێنانیان .
بانکی جیهانی ماوەی ٣ ساڵی بۆ حکومەتی هەرێم دەست نیشانکرد بوو لە ٢٠١٧ەوە بۆ جێبەجێکردنی ئەم هەنگاوانە واتە تا ٢٠٢٠ ، بەڵام لە ڕاپۆرتێکیان دا دەڵێن کە حکومەتی هەرێم توشی سەرسوڕمانی کردوین کە “هەنگاوی خێرای وای ناوە لەیەکساڵی ڕابردودا کە %٣٧ سەرفیاتی کەمکردۆتەوە لە ڕێگەی کەمکردنەوەی موچە و ریفۆرمی پشتیوانی نرخ و خزمەتگوزاریەکان (واتە گرانکردنیان).*١
بواری عەسکەری
دەوڵەتی پڕ لە ناکۆکی و بەرژەوەندی جیا جیا ی ترانس ناشناڵ لە عێراقدا پێویستی بە هێشتنەوەی میلیشیاکانی یەکێتی و پارتی بوو ، هەربۆیە وەک بەشێک لە هێزی سەربازی عێراق قبوڵ کران. ئەمەش هێزی چەکداری ئەم دوو حزبەی کردە کۆڵەکەی بەهێزی هێشتنەوە و پاوان کردنی دەسەڵاتی سیاسی و سەرکوتی هەر جۆرە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان و ڕاپەڕینێک لە بەرامبەریان .
لە دوای چەند ساڵێک ، لە لایەک شکستی ئەمریکا لە عێراق و زیاتر میلیشیایی بوونی دەسەڵات لەعێراقدا و ململانێی فیدراڵی ، وە دواتر شەڕی داعش و کێشە لەسەر ناوچە ناکۆکەکان و بەردەوام دەستێوەردانی سەربازی تورکیا و ئێران ، هەموو ئەمانە کوردستانی وەک ئیدارەیەکی سەربازی هێشتۆتەوە و بیانووی داوەتە دەستی پارتی ویەکێتی کە ئەم هێزە میلیشیانەیان نەک بەرامبەر بەو هێزە دەرەکیانە و بۆ پاراستنی خەڵکی کوردستان بەکار بێنن ، بەڵکو بەرامبەر بە خەڵک و بۆ سەرکوتی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان بەکاریان بێنن.
هەربۆیە دەبینین کە ڕیژەی بودجەی هێزی چەکدار و حزبی ئەم حزبانە لەسەرووی هەموو بەشەکانی تری حکومەتی هەرێمەوەیە و بریتیە لە نیوەی بودجەی هەرێمی کوردستان. ڕاگرتنی ئەم هێزە نیوملێونی یە لە ناوچەیەکی ٥ ملێۆنیدا ، پایەیەکی بەهێزی ئەم دەسەڵاتەی لەناو خەڵکدا دروست کردوە ، بەوەی کە بەشێک لەم خەڵکەی کردۆتە ئامڕازی سەرکوتی خۆیان تەنیا لەبەرئەوەی بژێوی ژیانیان لەسەر کاری سەرکوتگەری و وەلائی سیاسی بۆ ئەم دوو حزبەیە. هەر ئەمەش هۆکاری موچەی بن دیواری زۆروزەبەندی حزبیە.
قەیرانی ئێستای ئەم سیستمە
قەیرانەکانی ئەم سیستەمە ، وەک پێش ٢٠٠٣ ، تەنیا پەیوەست نیە بە کێشەی نێوخۆی ناسیونالیزمی کورد لە نەبونی ئاسۆیەک بۆ یەکلاکردنەوەی دەسەڵاتدارێتیان لە هەرێمدا، چونکە ئەم کێشەیە لە نێو دەوڵەتێکی پڕ ململانێێ ، فیدرالی ترانس ناشنال و میلیشیایدا بووەتە سیمایەکی ئاسایی سیاسەت کردن ؛ وەک ئەوەی پێویستیەکی سەرەکی کێشە و ململانێێ دەسەڵات بێت لە عێراقدا.
بەڵکو قەیرانی ئابوری لە هەرێمدا ئیتر بووەتە سەرچاوەی قەیرانێکی فراوانتر کە هەمیشە قەیرانی سیاسی و ئیدارییش بەدوای خۆیدا دێنێ. هۆکارێکی سەرەکی ئەمەش بەسترانەوەی ئابوری کوردستانە بە بەرزونزمی نرخی نەوتدا، چالاکی و ئاستی کۆمپانیا مۆنۆپۆلەکان ، بە ڕێکەوتنی نەوتی لەگەڵ تورکیا و کێشەی بودجەی فیدرالی ، ئەمانە هەمووی پێکەوە خەریکە حکومەت و دەسەڵاتی ئابوری یەکێتی و پارتی بەردەوام لە ژێر فشاری شکستی گەورەی ئابوریدا دادەنێ. لەم کاتی کۆرۆنایەدا کە ئابوری جیهانی هەمووی تووشی قەیرانی گەورە بووە ، ئەوا هەموو ئەو سەرچاوە و فاکتەرە ئابوریانەی سەرەوە حکومەتی هەرێمی توشی بێ پارەیی کردوە.
ئەگەر ووڵاتانی ڕۆژئاوا و دەوڵەتانی تری سەرمایەداری بەناچاری لەم کاتەدا لە سەرمایەی کەڵەکەبووی چینی دەسەڵاتدار خەریکن یارمەتی حکومەتەکانیان بدەن و دەوری حکومەت بە پێچەوانەی سیاسەتی نیولیبرالیەوە زیاتر بکەن لە سوڕانەوەی سەرمایە و دابین کردنی پێویستی یە دارایی و خەرجی یە تەندروستیەکانی خەڵکی ، ئەوا حکومەتی هەرێم بە هیچ جۆرێک نایەوێ هیچ پارەیەکی کەڵەکەبووی ١٥ ساڵی ڕابردوو کە لە بانکەکانی دەرەوە و ژێر زەمینەکانی ناوخۆی بنەماڵە و سەرکردەی حزبەکانیدا بێنێتە دەرەوە و موچە و پێویستی تەندروستی بۆ ڕوبەڕوبونەوەی کۆرۆنا و خزمەتگوزاریەکانی بۆ خەڵکی کرێکار و فەرمانبەر و کەم دەرامەتی کوردستانی پێ دابین بکا.
بگرە بە پێچەوانەوە ئەم حکومەتە لەم کاتەدا خەریکە فرسەت دێنێ بۆ بە تایبەتی کردنی خزمەتگوزاریەکان ، لەوانەش تەندروستی بۆ فریاکەوتنی تووشبوانی کرۆنا ، چۆڵ کردن و پشتگوێخستنی خەستەخانە گشتیەکان ، بڕینی مووچە و بە هەموو شێوەیەک خەریکی تاڵان و بڕۆ و تەکاندنی گیرفانی بەتاڵی خەڵکی کەم دەرامەتە. بۆیە خەڵک لە بێ موچەیی و هەڕەشەی مەرگ بە کۆرۆنا و بێکاری و نەبونی پێداویستیەکانی ژیاندا بە جێ هێڵراوە ، وە هیچ ڕێگایەکی بۆ نەماوەتەوە جگە لە خۆپیشاندان و پەلاماردانی ئەم حکومەتە نەبێ .
ڕێگا چارە چیە؟
ڕێگاچارەی بەردەم خەڵکی کوردستان لە ئێستادا تەنها فشارهێنانە بۆ ئەم دەسەڵاتە، کە تاکو ئەو سەرمایەیەی کەڵەکەی چەند ساڵەی بەکاری بێنێ بۆ دابینکردنی پێویستیەکانی ژیانێکی شایستە و چارەسەری کۆرۆنا و دابین کردنی موچە و خزمەتگوزاریەکانە سەرەکیەکان، نەک بۆ کەڵەکەکردنی لە بانکەکانی دەرەوە و لە ژێر زەمینەکان و لە پڕۆژە تایبەتەکانی ئەم حزبە سەرمایەدارانەدا.
بەڵام چۆنیەتی کارکردن و مانەوەی ئەو سیستمە ئابوری و سیاسی و میلیشیایی یەی باسمان کرد نیشانمان دەدا کە بۆچی سەرەڕای ئەم دۆخە قەیران گرتوەی ئێستا زۆربەی خەڵکی کوردستان ڕوبەڕوی بڕین و نەمانی موچە و دامەزراندن و بێکاری و سەرکوت دەکاتەوە ؟ لەم قەیرانەشدا توندکردنەوەی سەرکوتی سیاسی و دەسەڵاتی بنەماڵەیی و عەشیرەتگەری لە هەموو کات زیاتر پێویستە وەک سەرخانێکی سیاسی بۆ پاراستنی ئەم ژێرخانە ئابوری نیولیبرالی سەرمایەداری کە پشتی بەستووە بە ئابوریەکی رەیعی نەوت و هەرزان ڕاگرتنی هێزی کاری کرێکار و فەرمانبەران و لە خوارەوە ڕاگرتنی ئاستی گوزەرانی زۆربەی خەڵک.
پەیوەندی دەسەڵاتی میلیشیایی و بنەماڵەیی لەگەڵ کەڵەکەکردنی سەرمایە بۆ کەمایەتیەکی حزبی و هەژارکردنی زۆربەی خەڵک، ئەو پەیوەندیەیە کە هەموو حزبە دەسەڵاتدار و ئۆپۆزسیۆنە بورژوازیەکان وەک یەک ناچار دەکا کە دەبێ مل کەچی بن. ئەمانە پێداویستیەکانی ئەو سیستمە سەرمایەداریە نیولیبرالە و ترانس ناشناڵەیە کە ئەمڕۆ لە کوردستان و عێراقدا باڵادەستە.
کەواتە هانا بردن بۆ ئەمریکا یان بۆ فشاری تر لە پێناوهێنانی دیموکراسی زیاتر ، یان پەرلەمانێک کە هەموو حزبەکان تیایدا بەشداربن و دەسەڵاتی بنەماڵەیی نەهێڵێ و یاسا سەروەر بێ، شتێکی ئەوتۆ ناگۆڕێ لەم بەرنامە نیولیبراڵەی کە بانکی جیهانی دەیەوێت بەرقەرار بێت لە عێراق و کوردستان . هەربۆیەشە گۆڕینی ئەم سەرخانە میلیشیایی و بنەماڵەییە لە هیچ پشتیوانیەکی نێودەوڵەتی بورژوازی بەهرەمەند نی یە وەک ئەوەی گۆڕانخوازەکانی پێشوو و نەوەی نوێکانی ئێستا بانگەشەی بۆ دەکەن.
دوای تەجروبەی ١٧ ساڵ لە دەوری ئەمریکا و نەخشەی چاکسازی دیموکراتی لە عێراق و کوردستاندا ، ئاشکرایە کە هەموو ئەم چاکسازی یە دیموکراتیانە هێشتا هەر دەبێ ملکەچی سیستمی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری بێت لە چوارچیوەی وڵاتێکی ژێردەستەی کۆمپانیا ترانس ناشنالەکانی ئەمریکا و تورکیا و ئێران و چین و ..هتد . هەربۆیە دوای ١٠ ساڵ لەم بەرنامەی چاکسازیەی حزبەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنە جۆراوجۆرەکان، خەڵکی ناڕازی ئێستا ئیتر دروشمی نا بۆ ئۆپۆزسیۆنی ساختەی بەرزکردۆتەوە ، وە لەمەش زیاتر هوشیاری خەڵک بە جۆرێک چوەتە سەر کە بەدیلی پەرلەمانی بورژوازیش بە کارتۆنی لەقەڵەن دەدەن. ئەمانە هەنگاوێکن بۆ پێشەوە.
دروشمی نا بۆ پەرلەمانی کارتۆنی نیشانەی تەجروبەیەی ١٠ ساڵی ڕابردووی خەڵکە لە کوردستان بە ئومێد بەستن بەوەی ئەم پەرلەمانە و ئۆپۆزسیۆن ئەم سیستمەی بۆ بگۆڕێ. بەڵام دەرکەوت کە مەسەلەکە تەنیا ڕیژەی کورسیەکانی یەکێتی و پارتی نیە، بەڵکو دەورێکە کە پەرلەمان لەم سیستمە سیاسی وئابووریەی یەکێتی و پارتیدا هەیەتی. ئەم پەرلەمانە خەریکی سازکردنی ئەو یاسایانەیە کە سیاسەتی ئابوری و بەرژەوەندی سیاسی و دەسەڵاتی سەرکوتی ئەم دوو حزبە پێویستیەتی . هەر حزبێکی تری وەک گۆڕان و ئیسلامیەکان و نەوەی نوێ تەنها دەتوانن لەژێر سایەی ئەم سیاسەت و یاسایانەدا داوای بەشی خۆیان بکەن. بە تەجروبەش دەرکەوت کە ئەم ئۆپۆزسیۆنەش لە پەرلەمان وەک کارتی فشارێک بۆ ئەم بەشە لە ئیدارە و داهات شەڕ دەکا و هەر کات ئەم بەشانەیان پێ درا ئەوا دەبنەوە بە بەشێک لە سیستمی دەسەڵاتدارێتی و پۆستی حکومی وەردەگرن.
ئەگەر لە جیاتی بنەماڵە حزبێکی مەدەنی ، و لە جیاتی وەزیرە حزبیەکان تەکنۆکراتەکان حکومەت بەڕیوە بەرن ، هیچ لە بەرنامەی حکومەت و چۆنیەتی دابەشکردنی موچە و خزمەتگوزارە گشتیەکان ناگۆڕێ ، وە هەموویان لەسەر ئەو بەرنامە نیولیبرالیەی هەژارترکردنی هەژارەکان کۆکن ، وە ئەمەیان بە کردەوە پیادە کردوە هەر کاتێک بوونەتە بەشێک لە دەسەڵات. هەرچۆن بینیمان کە وەزیرەکانی گۆڕان و ئیسلامیەکان لە پیش یەکێتی و پارتیەوە بوون بۆ سەپاندنی پاشەکەوتی موچە.
لێرەدا خەڵک گەیشتۆتە ئەو جێگایەی کە بەدوای بەدیلێکی تردا دەگەڕێ لەدەرەوەی پێشنیارەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێستا، کە هەنگاوێکی گەورەیە بەرەو پێشەوە لە ناڕەزایەتیەکانی ئێستادا. بۆ نمونە، ناڕەزایەتیەکانی شاری ڕانیە داوای دروشمی ” لێپرسینەوە لە کاربەدەستانی ئەو دەڤەرە” بەرزدەکاتەوە لەبەرامبەر گەندەڵی و نەبونی خزمەتگوزاری . لە بواری تەندروستیشدا دەنگی نارەزایەتی لەدژی تایبەتی کردن و بازرگانی کردنی دەسەڵات بە بودجەی دەرمانەوە بەرز بۆتەوە ، و خواستی دروستکردنی بۆردی نەخۆشخانە گشتیەکان هەر لە کارمەندانی تەندروستی بەرز کراوەتەوە . ئەمانە هەموو نیشانە سەرەتاییەکانن بۆ دەرکەوتنی بەدیلێکی جەماوەری دژ بە دام ودەزگاکانی ئەم سیستمە ئابوری و سیاسی و سەربازیەی ئێستای کوردستان. ئەم هەوڵانە خاڵی هاوبەشیان بریتیە لە دروستبونی هێزیکی تر لە دەرەوەی ئەم سیستمە دەسەڵاتدارەی ئێستا و دامودەزگا سیاسی و حزبیەکانی و پەرلەمانەکەشی.
ئەم هوشیاریەی جەماوەری ناڕازی بەوە دەگاتە ئاستێکی باڵاتر کاتێک خەڵکی ناڕازی بروای بە بەدیلی خۆی هەبێت کە داواکاریەکانی بۆ بەدی بێنێ، نەک بە هێزێکی سیاسی دەرەوەی خۆی. ئەم چینە ناڕازیە لە کرێکاران، فەرمانبەران، مامۆستایان و لاوان و خانەنشینان و هتد ، لە تەجروبەی خۆیانەوە بۆیان دەرکەوتتوە کە دابینکردنی موچە و خزمەتگوزاری و دامەزراندن و ئازادی سیاسی لە ڕێگای ئەم حزب و پەرلەمان و ئۆپۆزسیۆنانەوە دابین نابێ، وە بە ناچاری هەست بە پێویستی دروستبوونی هێزی ڕیکخراوی خۆیان دەکەن کە بێتە مەیدان و فشار دروست بکات بۆ بەدەستهێنانی هەریەک لەم پێداویستیە سەرەتاییانە.
هەنگاوی لێپرسینەوەی جەماوەری لە دامودەزگا لۆکاڵیەکان دەتوانێ هەنگاوێكی پیشڕەوانە بێت، وە بەرەو چاودێری فراوانی جەماوەری بچێ لەسەر دەسەڵات و دەزگا کانی تاکو لەم ڕێگایەوە خەڵک بتوانن لێیان بپرسنەوە و فشارێکی بەردەوام بن لەسەریان. دروستکردنی چاودێری جەماوەری دروشمێکە کە دەتوانێ هێزی ناڕازی ئێستا لە هەموو دامودەزگا و لە ناو مەیدانەکانی ناڕەزایەتیەکاندا کۆبکاتەوە و ئاراستەی بکات بەرەو ئەوەی ناڕەزایەتیەکان ڕیکخراو بکا. دروستکردنی دەستەی چاودێری جەماوەری لە هەموو ئاستێکی لۆکاڵ لە شار و شارۆچکەکان و لە فەرمانگە و کارگە و نەخۆشخانە و خوێندگاکان دەتوانێ حکومەتێکی سێبەر دروست بکا و فشاری بەردەوام بخاتە سەر دەسەڵات بۆ جێبەجێکردنی داواکاریەکان.
داواکاریەکان کە ئێستا لە دەوری موچە و دابینکردنی تەندروستی لە ئارادایە دەتوانێ هێزی جەماوەری ناڕازی کۆبکاتەوە و لە ڕیگەی ئەم دەستە چاودێرە جەماوەریانەوە بەرەو گۆڕینی ئەم دۆخە بچێ. ئەم دەستە ناڕازیانە دەتوانن داوای هەڵبژاردنی هەموو بەڕیوەبەر و بەرپرسانی شار و دامودەزگاکان و وەزیرەکان و سەرۆکی حکومەت بکەن و لەم ڕێگەیەوە نوێنەرانی خۆیان بخەنە جێگای نوێنەرانی دەسەڵات.
ئەم ‌ستراتیژیەی کە لە ئێستادا خەڵکی کرێکار و فەرمانبەر و کەم دەرامەت لە هەموو شوێنێکدا چاودێربن بەسەر دام و دەزگای و حکومەتی هەرێمەوە لە کاتی هەر دزیەک کە لە نەوتدا دەکرێ، لەهەر سەرکوتێک لەبەرامبەر خۆپیشاندەراندا، لەهەر پڕۆژەیەکی کەرتی تایبەت کە لە بودجەی گشتی دەدزرێ، لەهەر نەدان و بڕینێکی موچەدا، وە لە دروستکردنی بۆرد و ڕیکخراوەی جەماوەری بۆ تەنگ هەڵچنین و لابردنی بەڕیوەبەر و بەڕیوەبەری گشتی و وەزیر و کابینەی حکومەت و سەرۆکی حکومەتدا، دەتوانێ سەئەنجام هێزی جەماوەر بکاتە حکومەتی سێبەر بەسەر ئەم دەسەڵاتەدا، وەک دەسەڵاتێک دەربکەوێت لە بەرامبەر بە دامودەزگا فەرمیەکانی حکومەتدا وەستاوەتەوە و ڕێگری لێ دەکا و فشاری دەخاتە سەر، تا کاتێک کە دەسەلاتی جەماوەری ئامادەیە کە دەسەلاتی ئیستا وسیستمەکەی بە یەکجاری و بەشێوەیەکی شۆڕشگێڕانە بگۆڕێ.
ئەمانە دەتوانن ڕێگای جۆراو جۆری جێبەجێکردنی ئەو دروشمی “نا” یە بن کە بۆ دەسەڵات و پەرلەمان و ئۆپۆزسیۆن بەرزکراوەتەوە . وە نیشاندانەری هەبوونی بەدیل و ئەلتەرناتیڤی جەماوەری ناڕازی یە لە بەرامبەر دەسەڵات و دامودەزگاکانی ئێستادا. بەدیلی سیاسی و ئابوری و ئیداری خەڵکی کرێکار و فەرمانبەر و کەم دەرامەت لەم هەنگاوانەدا دەست پێدەکا کە لە هەموو شوێنێک دژی ئەو بەرژەوەندی و سیاسەتانەی دەسەڵات بوەستەنەوە و ڕێگای پێ نەدەن کە ژیان و بەرژەوەندی ٪٩٩ خەڵکی کوردستان بکاتە قوربانی کەڵەکەی سەرمایە و پاوانکردنی دەسەڵات لای ١٪ کۆمەڵگە.

گۆنا سعید و ئاسۆ کمال




شیعر/ نامۆبوون … کاوە عوسمان عومەر

پچڕانی ڕەگێک لە دارێک،
لەتێک لە شارێك،،
بەجێ هێشتنی ترسێک، شارێژنەبوونی…
برینی دەمامککراوەی پەنجەرەیەک،،
بەسەر ڕەهێڵەی بیرچوونێك،،
زەنگیك، لە بۆشایی خەوننێک،،
ماڵەکان بەلەمی بێ سەوڵن، مانگ..
بە چرپەیەکەوە گیرسایەوە، ،
هاکا کەوتە زۆنگاوی بیرچوونەوە، کوپێ…
قاوەی ڕژاوە شەو،،
بەسەر مێزی نوسراوە،،
پەرش و بڵاوە کانی ئێوارە،،
ئێستا لە سەر شەقامەکە،،
ئافرەتێک بەدوای دڵێ خۆیدا وێڵە،،
بە باو بارانەوە ، کوێرانە دەستی…
بۆسێوێک لە نائومێدی برد،،
کێ فریادڕەسی هەموو ڕێبوارەکانی شەقامەکانە،،
سبەینێ زایەڵەی تریشقەی کاتە،،
بنوسێتەوە پەخشانی لەتبوون،،
بتاشێ پەیکەری بڕۆنزی نامۆبوون،،
لە ژێر تەرزەی چاوەڕوانیی…
هەر پارچەیەکی بوونت ،،
لە دنیایەکی ترسناکا،،
کۆناکرێتەوە جارێکی تر،،
هەر پارچەیەکت شیعرێکی بوهەیمی جازی غوربەتە،،
لە باخچەیەکا، لە ویستگەیەکا ، لە کەنارێکا، لە شارێکا..
لەوانەشە پارچەکان،،
بیریان نەمابێ چیرۆکی پچڕانی یەکەمین ڕەگ،،
بەڵام چاوەکان مۆمی خامۆشن..
بەسەر جەستەی ئەو کچانەی…
باهۆزی جەنگە کان بردنی و نەیهێنانەوە،،
بۆ مێرگی ژوان لە ژێر مانگێکی ماندوو…
لە ژماردنی پەیکەرە سەرهەڵگرتوەکان،،
کێ بێ خەونی گەردوونی دروست کردبێ؟
کێ تەرزی بێ مانیایی هەر رۆژێکی…
لە پلاتفۆڕمی کام شەمەندەفەری بێهودەییا نوسیبێ؟،،
تێگەیشتن لە کۆدی بەیەکگەیشتنی دڵە بریندارەکان،،
شتێکی نامۆیە بەو کوکوختیەی لەوانەیە…
لە ڕێژنە بارانی هاوینێکی تەمەنا،،
لەسەر گۆڕمان بخوێنێ،،
بەڵام ڕێگاکان ژیانی تازەنین ، ئەوە بزانە،،
ئاوڕیش بدەیتەوە لە ڕابردوو، ،
هییچ لە سەمەرەی کەوتنە خوارەوەی..
تۆپی ڕەشی چارەنوست،،
بۆ نێو گۆمی قووڵی هەڵهاتن ناگۆڕێ،،
ژیانی ئەو منداڵانەی ،،،
لە هاتنەخوارەوەی فرمێسکا هاتنە دنیا،،
دیواری ناو دڵ لە ئاوە ،،
کەچی دەرەوە مس و ژەهرە،،
ئاسۆیەک لە خۆرهەڵاتنێک،،
وەک ئەندێشە،،
خۆزگە لە شنە بایەکەوە،،
بە تۆوە ئەهات،،
کۆچەرەکان بیریان …
لە بازی ئاڵتوونی دەربازبوون کردەوە،،
بەڵام تەلبەندی عیشق ناهێڵێ کەم بژین،،
زووش باوەش بە چادوگەری مەرگا بکەین،،
زۆر شت هەیە بیڵێین،
زۆر شوێن هەیە بچین،،
زۆر شوێن هەیە بۆی هەڵبێن،،
بەڵام ستەمە درککردن بە تەمی نامۆبوون،،
کە هەموو ڕوخسارمانی تەنیوە،،
بە زەردەیەکەوە تۆ ووتت،،
با دواهەمین جگەرەش داگیرسێنین،،
گەر تەمتومانی نامۆبوونیش ،،
گەیشتە نێو چاوان،،
هەڵهاتن لە شاری تازە،،
هەڵهاتن بەرەو شاری کۆن،،
کەشتی ڕۆحیش دوای سەراببوونی نیشتمان..
کۆن و ژەنگاوی بووە،
گیتاریی با، لە قەراغ جۆگەکەی…
دوێنێکان، بروسکەی چاوی..
شیعرە سیحریەکان،،
بەڵام باشتریین شت لە نامۆبوونا،،
خۆخزانە نێو سیمفۆنیای فەنابوونە،،
سووتانە بە نەفرەتی…
دۆزەخی ناو ڕۆح خۆی،،
چیای سپی بەرائەت لەنێو چنگێ…
ووشەی زیندووی بریسکاوە،،
وەک ئەستێرە سەماکەرە خۆسووتێنەرەکانە ،،
بەڵام ئەفسووس،، پاکێتی وەرزی منداڵی ..
ڕووت لە خەم و پڕ لە جەنەت،،
لەگەڵ پۆلە نەورەسە سپیەکانا تێپەڕی،،
دوای هاوینی بەرد، کەژی وونبوونە،،
هییچ خونچەیەک نابینم،،
بە لێوی دۆڵە سیحریەکانەوە پشکوتوبێ،،
سەیرە، هێشتا نەسیمی دووری دورخەکانی…
حەقیقەتی شاراوەی نێو دڵ،،
هەر خومارمان ئەکا،،
دەنگی سوێسکە تەنیا نامۆکەش،،
لەم دەڤەری پەرادیسی درۆیە،،
هەر دڵڕفێنە،،
شە قامێک لە نامۆیی بۆ من،،
شەقامێکیش لە تەنیایی بۆ تۆ،
هییچمان فریادڕەسی بەرد و مێرگ و جنارەکانیش نین، ،
گەر شەرابی خۆشبەختیش چۆڕێکی مابێ،،
لە نامۆیی جوانی خۆم و خۆتا با وونبین،،
دورخە هەور و، ،
سۆزی سۆناتای ڕۆحسوتانیش،،
با پەرادیسی چەند ساتە وەختی بێ.

وێنەکە کارێکی هونەری فۆتۆگرافەری پۆلەندی/
CZU-CZU-PL
بە سوپاسەوە لە پەیجی فەرمی خۆی وەرگیراوە.




خوێندنه‌وه‌یه‌ك بۆ لوتكه‌ سێقۆڵیه‌كه‌ی ئوردون … عه‌بدوڵا ساڵح

دوێنێ 25 / 8 / 2020 ، عه‌بدوڵای دووه‌م پاشای ئوردون له‌گه‌ڵ هه‌ر یه‌ك له‌ عه‌بدولفه‌تتاح سیسی سه‌رۆكی میسر و مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێڕاق له‌ ئوردون كۆبۆوه‌، له‌ به‌یاننامه‌ی كۆتایی كۆبونه‌وه‌كه‌ باس له‌ باشترین میكانیزم كرا بۆ به‌ره‌وپێشبردنی په‌یوه‌ندیه‌ ئیستراتیجیه‌كان له‌ مه‌یدانی واقعدا، به‌تایبه‌ت په‌یوه‌ندیه‌ ئابوریه‌كان، وه‌ك به‌ستنه‌وه‌ی تۆڕی كاره‌با وپڕۆژه‌كانی ووزه‌ ……..

ئه‌م كۆبونه‌وه‌یه‌ له‌كاتێكدا ئه‌نجام ده‌درێ كه‌ مایك پۆمپیۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا سه‌ردانی ناوچه‌كه‌ ده‌كا به‌مه‌به‌ستی هاندانی ووڵاتانی عه‌ره‌بی بۆ گرتنه‌به‌ری هه‌مان سیاسه‌تی ده‌وڵه‌تی ئیمارات  له‌مه‌ڕ دامه‌زراندنی په‌یوه‌ندی دیبلۆماسی له‌گه‌ڵ ئیسرائیل، له‌هه‌مانكاتدا دۆمینیك ڕاپ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا سه‌ردانی ئیسرائیل و فه‌له‌ستینیه‌كانی كرد به‌مه‌به‌ستی هاندانیان بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ سه‌ر مێزی گفتوگۆ به‌ره‌و چاره‌سه‌ری كێشه‌ی فه‌له‌ستین له‌ چواچێوه‌ی پێكهێنانی دوو ده‌وڵه‌تدا ، جیا له‌وه‌ش،‌ ئیمانوێل مكرۆن سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا نیازی سه‌ردانی ناوچه‌كه‌ی هه‌یه‌ له‌ سه‌ره‌تای سێپتێمبه‌ری ئه‌مساڵدا .

ئه‌م جموجۆڵه‌‌ گه‌رمه،‌ مۆركی سیاسی بوونی لوتكه‌ سێقۆڵیه‌كه‌ نیشانده‌دا به‌ڵام له‌ قاوغێكی ئابوریدا،  هه‌روه‌ها نیشانده‌ری ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌مریكا وهاوپه‌یمانه‌ ڕۆژئاوایه‌كانی دووباره‌ به‌گه‌رمی ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستیان خستۆته‌وه‌ بازنه‌ی گرنگیپێدانیان، به‌تایبه‌ت داوی ڕێكه‌وتنه‌كه‌ی ئیمارات وئیسرائیل كه‌ به‌ئاشكرا نیشانی دا مه‌سه‌له‌ی فه‌له‌ستین له‌وه‌ ده‌ڕچووه‌ مه‌سه‌له‌یه‌كی ستراتیچی پله‌ یه‌ك بێ بۆ ووڵاتانی عه‌ره‌بی به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی كه‌نداو، وه‌ له‌ ئێستادا ئێران مه‌ترسیه‌گه‌وره‌كه‌یه‌ بۆیان ، هه‌ر بۆیه‌ چالاك كردنه‌وه‌ی میحوه‌ری ( ووڵاتانی كه‌نداو / میسر ) كه‌ ئوردونیش ده‌گرێته‌ خۆی، له‌مڕۆدا، گرنگی خۆی هه‌یه‌ . هه‌وڵی هاتنه‌ ناوه‌وه‌ی عێڕاق بۆ ئه‌م میحوه‌ره‌ یه‌كێكه‌ له‌ ئامانجه‌كا‌نی به‌ستنی ئه‌م لو‌تكه‌یه‌، به‌تایبه‌ت كه‌ عێڕاق دوای هاتنه‌ سه‌ركاری مسته‌فا كازمی، سیاسه‌ته‌كانی به‌ئاشكرا داشكانه‌ به‌لای ووڵاتانی پرۆئه‌مریكاییدا وهه‌وڵی ده‌ستكۆتاكردنی میلیشیا چه‌كداره‌كانی سه‌ر به‌ ئێرانه‌ به‌مه‌به‌ستی كه‌مكردنه‌وه‌ی هه‌ژمونی ئێران به‌سه‌ر عێڕاقدا. هه‌ربۆیه‌ هه‌وڵی ده‌رخستنی كه‌سایه‌تی مسته‌فا كازمی له‌لایه‌ن  میسر وئوردون و ووڵاتانی كه‌نداو وه‌ك سیاسه‌تمه‌دارێكی ووریا و به‌هێزو به‌شداریكردنی له‌ كۆبونه‌وه‌ی ئاوادا و پشتگیری كردنی له‌م بارو دۆخه‌دا، گرنگیه‌كی تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌ و تین و تاوێكه‌ بۆی به‌مه‌به‌ستی وه‌ستانه‌وه‌ی به‌ڕووی نه‌یارانی له‌ ناوخۆی عێڕاقدا .

چالاك كردنی ئه‌م میحوه‌ره‌، به‌پشتیوانی ئه‌مریكا ، په‌یامێكی ڕاسته‌و خۆیه‌ بۆ هه‌ر یه‌كه‌ له‌، ئێران كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ وچاوسوور كردنه‌وه‌  له‌ ووڵاتانی ناوچه‌كه،‌ به‌تایبه‌تی كه‌نداو، باجی خۆی هه‌یه‌، هه‌روه‌ها په‌یامه‌ بۆ میحوه‌ری ( توركیا / قه‌ته‌ر )، به‌ پشتیوانی ووڵاتانی یه‌كیه‌تی ئه‌وروپا، به‌تایبه‌تی فه‌ره‌نسا وئه‌ڵمانیا، كه‌ جم وجۆڵه‌كانتان له‌ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا جێگه‌ی نیگه‌رانی ئێمه‌یه‌! ‌ ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا كه توركیا چه‌ندین پێگه‌ی سه‌ربازی له‌ كوردستانی عێڕاقدا هه‌یه‌ و به‌به‌رده‌وامی له‌ هه‌وڵی زیاد كردن وپته‌وكردنی ئه‌و پێگه‌یه‌دایه‌ ئه‌وه‌ش له‌ هه‌ل ومه‌رجێكدا كه‌ یه‌كێك له‌ حزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی كوردستان ( پارتی ) زه‌مینه‌ی ئه‌و كاره‌ی بۆ توركیا باشتر فه‌راهه‌م كردوه‌، هه‌روه‌ها له‌ باكوری سوریاش چه‌ندین شار وشارۆچكه‌ی داگیر كردوه‌ و په‌لیشی كوتاوه‌ بۆ لیبیا، به‌جۆرێك ئه‌گه‌ر سوپای میسر نه‌هاتبایه‌ سه‌ر هێڵی وه‌ستانه‌وه‌ به‌ڕویدا، نیازی بوو ناوچه‌ی ( سیرت )، كه‌ گه‌وره‌ترین چاڵه‌نه‌وته‌كانی باكوری ئه‌فریقیا له‌ خۆ ده‌گرێ، داگیر بكا و به‌ره‌و خه‌ونی زیندووكردنه‌وه‌ی خه‌لافه‌تی عوسمانی هه‌نگاو بنێ . ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ جم وجۆڵی له‌ ده‌ریای سپی ناوه‌ڕاست به‌ڕوی یۆنان و قیبڕس.

ئه‌وه‌ی جێگای سه‌رنجه‌ هه‌ندێك له‌ نوسه‌رو لێكۆڵه‌ره‌وه‌ سیاسه‌كانی ناسیۆنالیزمی عه‌ره‌ب به‌ستنی ئه‌م لوتكه‌یه‌یان وه‌ك هه‌نگاوی ده‌ستپێكی زیندوو كردنه‌وه‌ (( عوروبه‌ )) و گه‌ڕانه‌وه‌ی عێڕاق بۆ باوه‌شه‌ عه‌ره‌بیه‌كه‌ی هه‌ژمار كرد!! بێخه‌به‌ر له‌وه‌ی كه‌ په‌راوێزكردنی كێشه‌ی فه‌له‌ستین له‌لا‌یه‌ك و ڕیزبه‌ستن و په‌له‌كردنی هه‌ندێك له‌ وڵاتانی عه‌ره‌بی بۆ دامه‌زراندنی په‌یوه‌ندی دیپلۆماسی له‌گه‌ڵ ئیسرائیل، دوابه‌دوای ئیمارات، له‌لا‌یه‌كی تر، به‌مانای یه‌كێك له‌و دوا بزمارانه‌یه‌ كه‌ له‌ تابوته‌كه‌ی (( عوروبه‌ )) ده‌درێ ! باوه‌شی عه‌ره‌بیش له‌ خه‌ون وخه‌یاڵ به‌ولاوه‌ تێپه‌ڕناكاو وه‌ك كوردایه‌تیه‌كه‌ی لای خۆمان زه‌مانی به‌سه‌رچوه‌ وكه‌س به‌و ته‌پڵه‌‌ سه‌ماناكا!!

مێژوو چه‌ندین بار سه‌لماندویه‌تی كه‌ نه‌ ئه‌مریكاو هاوپه‌یمانه‌ ڕۆژئاوایه‌كانی و نه‌ ووڵاته‌ كۆنه‌په‌رسته‌كانی ناوچه‌كه ونه‌ ئێرانی ئیسلامی ونه‌ توركیای ڕه‌گه‌زپه‌رست وعوسمانی، سیاسه‌تی هیچكامیان ڕۆژێك له‌ڕۆژان نه‌ك ته‌نیا له‌به‌رژه‌وه‌ندی جه‌ماوه‌ری ناوچه‌كه‌ نه‌بووه‌، بگره‌ هه‌رده‌م شه‌ڕو ئاژاوه‌وهه‌ژاری وبرسیه‌تی ماڵ وێرانی به‌دواوه‌ بووه‌ ، هه‌ر بۆیه‌ تێگه‌یشتن له‌و ڕاستیه‌ هانده‌ره‌ بۆ وه‌ستانه‌وه‌ وپوچه‌ڵكردنه‌وه‌ی ئه‌م سیاسه‌تانه‌یان كه‌ نیازیانه‌ وه‌ك ته‌ونی جاڵجاڵۆكه‌ ناوچه‌كه‌ی تێبهاڵێنن و هه‌رچی زیاتر شه‌ڕو ئاژاوه‌ و كوشت وكوشتاری به‌سه‌ردا بسه‌پێنن، كه‌ له‌دو شیكردنه‌وه‌دا باجه‌كه‌ی ته‌نیا و ته‌تیا خه‌ڵكی كرێكار وزه‌حمه‌تكێش وجه‌ماوه‌ری به‌زۆر برسی كراو كه‌م ده‌رامه‌د ده‌بێ بیدا و كوردستانیش له‌ونێوه‌دا پشكی خۆی به‌رده‌كه‌وێ.

٢٦ / ٨ / ٢٠٢٠




دوربینێكی ئاسایی و جوانترین دیمه‌نی ڕووی مانگ ! … هه‌رێم عمر كاكل

ئیمه‌ی تاكی كورد تاكو ئێستاكه‌ هه‌وڵمان نه‌داوه‌ كه‌ بتوانین ته‌نانه‌ت جارێكیش له‌ ِرووی مانگ بِروانین. به‌هۆی نه‌بوونی ئه‌و ئامێرانه‌ی كه‌ تایبه‌تن بۆ بواری فه‌له‌كناسی وه‌ك ( ته‌لسكۆب و كامیرای پێشكه‌وتوو ) به‌هۆی ئه‌و بارودۆخه‌ی هه‌یه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان , كه‌ ڕه‌نگه‌ ئه‌سته‌م بێت بتوانیت ته‌لسكۆبێك په‌یدابكه‌یت و بتوانیت سه‌یری ئاسمان و بۆشایی و مانگ و هه‌ساره‌كان بكه‌یت .
به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان ده‌توانیت به‌ ئامیره‌ فه‌له‌كیه‌كان نا به‌ڵكو به‌یارمه‌تی دووربینیكه‌وه‌ هه‌ول بده‌ین ئاراسته‌ی ڕوانگه‌ كردنمان به‌ره‌و مانگ بڕوانین . هه‌وڵ بده‌ به‌ دووربینێنكی ئاسایی و ساده‌ بڕوانیته‌ مانگ ئه‌وا جوانترین و سه‌رنج ڕاكێشترین دیمه‌نی رووی مانگ ت بۆ ده‌بینرێت وه‌ك ( چاڵه‌ نیزه‌كیه‌كان و به‌رز وی ونزمی خاكه‌كه‌ ) . به‌لام ده‌بێت تێبینی ئه‌وه‌ بكه‌ین كه‌ سه‌یر كردنی مانگ به‌دووربین و به‌ده‌ست هینانی جوانترین دیمه‌نی ئه‌و ساتانه‌ ده‌بیت كه‌ مانك نیوه‌ی ڕووناكه‌ چونكه‌ ئه‌و كاته‌ ده‌توانرێت دیمه‌نی چاله‌ نیزه‌كه‌كان به‌جوانترین شیوه‌ ببینیرێت . كه‌وایه‌ هه‌ول بده‌ بۆ ئه‌وه‌ی بۆ یه‌كه‌مین جار جوانترین دیمه‌نی سه‌ر رووی مانگ ببینیت دووربینیِك په‌یدا بكه‌یت و له‌ ڕووی مانگ بروانیت !!!!!!!
هه‌ندیك زانیاری له‌سه‌ر مانگ /

  • دووری مانگ له‌ هه‌ساره‌ی زه‌وی 398 هه‌زاركم
  • خولانه‌وه‌ی به‌ده‌وری خۆیدا 29.53 رۆژه‌
  • سورانه‌وه‌ی به‌ده‌وری زه‌وی 27.32 رۆژه‌ , به‌م شێوه‌یه‌ رووی مانگ به‌به‌ردوامی لایه‌كی ده‌بینین و هه‌رگیز ڕووه‌كه‌ی تر نابینرێت .
  • پله‌ی گه‌رمی رووه‌كه‌ی , ئه‌و رووی ده‌كه‌وێته‌ رووناكی 200 پله‌ی سه‌دیه‌ , رووه‌ تاریكه‌كه‌ی -175 سه‌دی.
  • ئه‌مریكیه‌كان له‌ 16/7/1969 دا یه‌كه‌مین هه‌نگاوبنێن و توانیان گالیسكه‌ی بۆشایی( ابوللو11 ) هه‌ڵبده‌ن كه‌توانی 386 هه‌زار كم ببڕێت به‌ سه‌ركه‌وتوویی كه‌ سێ‌ بۆشاییگه‌ری هه‌ڵگرتبوو ئه‌وانیش ( مایكل كولنز _ ادوین الدرین _ نیل ارمسترونگ ) بوو , هه‌ر دوای چوار ڕۆژ له‌ هه‌ڵدانی له‌ 20/7/1969 یه‌كه‌م پێگه‌ی پێی مرۆڤ له‌سه‌ر ڕووی مانگ له‌لایه‌ن( ارمسترونگ ) بنه‌خشێنرێت .

هه‌رێم عمر كاكل




هاوارێک لەشەقامی ناڕازی ڕانیە بۆ:یەکێتى نیشتیمانى کوردستان

ئێمە وەک نوێنەرایەتى خۆپیشاندەرانى ناڕازی کەلەئێستادا لەلایەن ئاسایشى یەکێتى نزیکەى 50کەسى چالاکمان دەستگیرکراوە بێ بڕیارى دادگا لەکاتێکدا دانیشتوانى سنورى پارێزگاى سلێمانى شانازییان دەکرد بەهەبوونى هەوایەکی ئازادی بەڵام خەریکە ئەو هەوایەش قەتیس دەکرێت ئێمە بەم بەیاننامەیە مۆڵەتى 72 کاتژمێر دەدەینە سەرکردایەتى و مەکتەبى سیاسی یەکێتى و ئیدارەى ڕاپەڕین و ئاسایشى ڕاپەڕین،.
1- ئازادکردنى سەرجەم گیراوان بەبێ مەرج،.
2- دانەنانى هیچ بەرپرسێک بەشێوەی کاتی،.
3- گۆڕین و لادانى سەرپەرشتیارى ئیدارەى ڕاپەڕین و بەڕێوەبەرى ئاسایش و پۆلیس،.
4- لادان و سزادانى بەڕێوەبەرى گشتى شارەوانیەکانى ڕاپەڕین،.
5- دانانى کەسانى لێهاتوو تەکنۆکڕات لەپۆستى بەڕێوەبەرایەتیەکانى شار،.
6- بەشداری کردنى ژنان لەوەرگرتنى پۆستە باڵاکانى ئیدارەى ڕاپەڕین،.
7- جێبەجێکردنى سەرجەم خاڵەکانى بەیاننامەى یەکەممان کە14خاڵ بوو،.
8- جارێکى تر ڕایدەگەیەنین کە تەنیا 72 کاتژمێر چاوەڕوان دەبین لەئەگەرى هەر کاردانەوەیەک و تێکدانى ئاسایشى شار ئێمە بەرپرس نین.

وێنەیەک بۆ:-
1- هاوسەرۆکایەتى یەکێتى
2- مەکتەبى سیاسی یەکێتى
3- پارت و لایەنە سیاسیەکانى سنورى ڕاپەڕین
4- جێگرى سەرۆک وەزیرانى هەرێم
5- بریکارى وەزیرى ناوخۆی هەرێم
6- پارێزگارى سلێمانى
7- سەرجەم پەرلەمانتارانى سنورى ڕاپەڕین
چاوەڕوانى وەڵامین
نوێنەرایەتى خۆپیشاندەرانى ناڕازی لەڕانیە و دەوروبەری
27-8-2020
ڕانیە




کوردبوون، هەر قوماشە نەژادییەکەیە … کامیار سابیر

کۆمەڵناسی عێراقیی، فالح عبدالجبار کە خوێندکاری ئەنتۆنی سمیث بووە، لەسەر مەسەلەی دەوڵەتی نەتەوەیی و نەتەوەسازیی، پێیوایە بۆ ئێمەی عێراقیی، بابەتێکە پڕ لە غەم و ناسۆرییە، چونکە سۆسیۆلۆجیای نەتەوەیی و سۆسیۆلۆجیای بنیاتنانی نەتەوە، لە زانکۆ عێراقیی و عەرەبییەکاندا، قەطعەن ناخوێنرێن، لە کاتێکدا لە ئێران و لە تورکیا، دەخوێنرێن. ئەو سۆسیۆلۆجیا نەتەوەییەی عەبدولجەبار باسی دەکات، ئەگەر ئەنثرۆپۆلۆجیای نەتەوەییشی بخەیتە سەر، ئەوە ئەوەندەی تر، قوڕەکە، خەستتر دەبێتەوە. خەستتریش دەبێتەوە کاتێک سەیری تێکستی کۆمەڵێ ئەکادیمیستی کورد دەکەیت، لە وڵاتانی رۆژئاوایی، خوێندنی باڵایان، خوێندووە، ئەو دوو رشتەیەیان خوێندووە، کەچیی فاشیزمی نەتەوەیی و راسیزمی نەژادیی، سەری فیکر و بنی عەقڵی بچووکیانە. بە واتایەکی تر، بە تەنیا هەر پێوەندیی بە خوێندن و پێداگۆجییەوە( مەنهەجی پەروەردە) نییە، بەڵکو پێوەندیی بە فیکر، مێنتاڵیتیی سیاسیی و عوقدەی نەژادییشەوە، هەیە. مەعقولە لە هۆڵاند و ئوسترالیا، لە بریتانیا و ئەمێریکا، بە ئەکادیمیی ئەو رشتانەت خوێندبێت، کەچیی ئاستی فیکریی و مەعریفییت لەگەڵ ئەو کادیرانەی پارتیی، یەکێتیی، گۆڕان و یەکگرتوو، جیاوازییان نەبێت کە پەیجە سێبەرەکانی سۆشیاڵ مێدیای ئەو حیزبانە، بەڕێوە دەبەن؟ مەعقولە تێکستەکانیان، بییرکردنەوەکانیان و ئەکتە سیاسییەکانیان، فاشیزمی نەتەوەیی،غوبنی نەژادیی و حیقدی طائیفیی-سوننیی، لێ بچۆڕێتەوە؟ مەگەر ئەم جۆرە کوردبوونە، هەر فاشیزمەکەی کوردایەتیی، نییە؟

ئێمەی کورد، ئەکادیمستەکانمان لە بێسەوادەکانمان، خراپتر شتەکان تێکەڵ دەکەن! بۆ نموونە عەباس وەلیی، وێڕای ئەوەی هەندێ بۆچوونی جەرییئانە و باشی هەیە، بەڵام کاتێ دێتە سەر وردەکارییەکان، کوردییەت ( کە کوردایەتییە) لەگەڵ کوردبووندا، تێکەڵ دەکات و وەکو هاومورادیفیش، رییزیان دەکات. هەروەها ناسیۆنالیزم و ئێثنیسیتی، وەکو دۆ و دۆشاو تێکەڵ دەکات، بەڵام ئەم تێکەڵکردنەی دوایی دروستە، چونکە بۆ ناسیۆنالیزمی کوردیی، رەگ و بناغەکەی نەژادییە و دواتر طائیفییە( طەریقەتی نەقشبەندیی)، بەڵام وەلیی، بە ناسیۆنالیزمی کوردیی( کوردایەتیی) ناڵێت ناسیۆنالیزمی نەژادیی، بەڵکو پەنا بۆ چەمکێکی تر دەبات کە گوایە ناسیۆنالیزمی کوردیی، ناسیۆنالیزمێکە ناوەڕۆکەکەی دێمۆکراتییە! ئەو لە دوایین چاوپێکەوتنی تەلەفزیۆنییدا کە زیاتر لەوە دەچێ بۆ ئەوە رێکخرابێت کە وەڵامی ئەو نامهیرەبانییانە بداتەوە کە بە قەولی خۆی، هەندێ لە کوردە ئێرانییەکان، نامیهرەبانییان بەرامبەری کردووە و ئیرادیان لێی گرتووە. وەلیی، بەو هەموو تەجروبە ئەکادیمییەی( Academic expertise) هەیەتی و بە مێژووی نزیک بە صەد ساڵی ناسیۆنالیزمی کوردیی( دیارە بە فۆرمە سەرەتاییەکان)، چونکە لایەنە فیکریی و مەعریفییەکەی ناسیۆنالیزمی نەژادیی بۆ گرنگ نییە، دێت ئیراد لە سمکۆی شکاک دەگرێ و بە ناسیۆنالیستی نازانێ، چونکە لەبەر بەرژەوەندیی عەشیرەتیی، دوو جار، شارە کوردییەکانیانی تاڵان کردووە! و ئاغای وەلیی، نیگەرانە لەوەی شکاک، بە ناسیۆنالیست، بزانرێت!

دەی بە هەمان میکانیزم، میثۆد و ستانداردێک کە وەلیی، شکاکی پێ موحاسەبە دەکات، دەبێ شێخ مەحمودی سەرسەریی( پیشەیەکی موخابەراتیی و ئیداریی بوو) عوثمانییەکان و دواتر مورتەزیقەی کەمال ئەتاتۆرک، لە مێژووی ناسیۆنالیزمی کوردیی بهێنرێتە دەرەوە. بە دڵنیاییەوە دەبێ مەلا موصطەفای پیاوی موخابەراتە ئیقلیمیی و جیهانییەکا و حیزبەکەی و کوڕەکانیشی، بەهەمان دەردی شکاک و شێخ مەحمود، بچن، چونکە ئەمان لە هەموو بنەماڵە سیاسییەکان، زیاتر ناسیۆنالیزمیان بۆ ئەجێندا عەشیرەتییەکانی خۆیان بەکار هێناوە و بگرە هەژموونی بنەماڵەیی خۆیان، بەتەواویی بەسەر پارتییشدا، فەرض کردووە. ئەم پێوانەیەی وەلیی، بۆ تاڵەبانیی، قاسملۆ و نەوشیروان موصطەفایش دروستە، چونکە ئەمانەش ئەوەندەی غەمی ژیانی شەخصیی خۆیان و بنەماڵەکانیان بوونە، ئەوەندەی پێوەندیی موخابەراتییان هەبووە، شتێکی ئەو تۆیان بۆ عەشیرەتێکی گەورەی کورد نەکردووە کە وەلیی بە نەتەوەی کوردی ئەژمارد دەکات؟ دەی گرفتەکە و خەلەلە فیکرییەکە لێرەدایە، ئەوانەی رەخنە لە پارتیی و یەکێتیی، لە دێمۆکراتەکان و کۆمەڵەکان، دەگرن و دەڵێن ئەمانە ناسیۆنالیزمیان ناشیریین کردووە، یان هەندێکیان دەڵێن ئەصڵەن ئەمانە ناسیۆنالیست نەبوون و بە تەمای ئەوەن، پاش صەد ساڵ لە فەشەلی رەهەندە فاشییەکانی ناسیۆنالیزم بە گشتیی لە ناوچەکەدا و نزیک بە هەشتا ساڵی فاشیزمی کوردایەتییش، دەیانەوێ ناسیۆنالیزمێکی تری کوردیی بەسەر پێ بخەن بە ماسکی ئەفەندیی-مەدەنیی-ئەکادیمیی و توڕەهاتی نوخبەوییەوە، بەڵام بە مەغز هەمان فاشیزمە نەژادییەکە بێت. کۆمیدیای ئەکادیمیی و مەعریفیی ئەمانە، ئەوەیە کە هێشتا، باسی خورافەی ناسیۆنالیزمی مەدەنیی و ناسیۆنالیزمی پێکەوەژیان( کە مەهزەلەی ئەکادیمییە) و ناسیۆنالیزمی نوخبە! دەکەن.

کوردییەت و کوردبوون، لای عەباس وەلیی کە ئەو تێکەڵیان دەکات، هەڵوێستی سیاسییە، بەڵام بە ئێثنیسیتی( نەژادیی-عرقي) نازانێت. رەنگە بەشی هەڵوێستە سیاسییەکە، پێوەندیی بە ماک و نەژادی کوردەوە نەبێت، چونکە بە دەیان هەزار کەسی تر، لە نەژادەکانی تر لەگەڵ قەضییەی کورددا ( بە تایبەت لە تورکیا و سوریا)، هاوسۆزن و کوردیش نیین، بەڵام گومانی تێدا نییە، کوردبوون، فۆرمێکی ئێثێتیکییە( جوانناسییە) دراوە بە کوردایەتیی و بە ناسیۆنالیزمی نەژادیی کوردیی، ئەوانەی لەناو کورددا ئەمە دەکەن، بۆ فوگری( فقر) ی فیکریی و سیاسییان دەگەڕێتەوە، هاوکات، جۆرێکە لە فێڵ و درۆکردن لەگەڵ خوددا کە لە روویان نایەت، راستەوخۆ، داکۆکیی لە ئیستیحماری کوردایەتیی و ناسیۆنالیزمە نەژادیی و طائیفییەکەی کوردایەتیی، بکەن. چەند ساڵ لەمەوبەر، لەگەڵ چەند نووسەر و گەنجێکدا، چەندیین وتار و توێژیینەمان لەسەر ئەم دەردی کوردبوون و کوردایەتییە ،لەسەر جیاوازییەکان و لێکچوونەکانیان نووسییوە، وەکو پوختەیەک لەو باسانە، مرۆڤ باس لە فیکر بکات، زۆر عەیبە لە پەنای سەنگەری نەژادییەوە، باسی فیکر و ئەکادیمیا و سیاسەتی مۆدیرن بکات؟

بیکە بە عەرەبیی و ئینگلیزیی، باشتر ئەم مەفهومە نەژادییەی کوردبوون، روونتر دەبێتەوە. وەکو لە قورئاندا هاتووە { { يَا أَيُّهَا النَّاسُ إِنَّا خَلَقْنَاكُمْ مِنْ ذَكَرٍ وَأُنْثَى وَجَعَلْنَاكُمْ شُعُوبًا وَقَبَائِلَ لِتَعَارَفُوا إِنَّ أَكْرَمَكُمْ عِنْدَ اللَّهِ أَتْقَاكُمْ إِنَّ اللَّهَ عَلِيمٌ خَبِيرٌ } } [الحجرات 13]، مەبەست لەوەی فڵان عەرەبە، یان کوردە یان فڕانسیی و ئاڵمانییە، بە تێرمە دیینییەکە( جعلناکم) بەکارهاتووە! بە واتایەکی تر، خودا مرۆڤەکانی بە گەل و قەبیلە و گرووپ و زمانی جودا دروست کردووە… کەواتە کوردبوون و عەرەببوون، لە جوغزە دیینییەکەوە، لە ئیرادەی من و تۆدا نییە، ماکێکی لاهووتییە و قەدەرێکە لە دەرەوەی ئیرادەی ئەو منداڵانەی لەناو ئەو هۆز و خێڵ و گرووپانەدا لە دایک دەبن. بیکە بە ئینگلیزیی، being a Kurd، نەک هەر مانایەکی ئیستیدلالیی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی ناگەیەنێت، بەڵکو لە تەرجەمەی گووگلیی دەچێت. لە ئەدەبی ئینگلیزیی، عەرەبیی و فارسییدا، کاتێ باس لە نەژادی نەتەوە و گرووپەکان دەکرێت، یان باس لە مەظلومییەت و چەوساندنەوەی ئەو گرووپە نەژادییانە دەکرێت، چەمکی ئێثنیسیتی( العرقیة و قومیت) بەکاردەهێنرێت، نەک رەگە دیینیی یان سروشتییەکەی، بە واتایەکی تر چەمکە ئیلاهییەکە( ئەگەر موتەدەین بیت) یان چەمکە سروشتییەکە( ئەگەر مولحید بیت)، بەکارناهێرنێت، چونکە لە باری فیکریی و مەعریفییەوە، زۆر وێرانەیە و مەگەر بەس مێنتاڵیتییە نەژادپەرستییەکەی رۆشنبییری کورد و ئینتێلەجێنسیای نەرجسیی کوردی تاراوگە، بتوانێت، غەزەلی سیاسیی پێوە بکات. هەر بە فیعلییش، عارێکی فیکریی و زمانیی گەورەیە، ئەکادیمیستی کورد، بۆ خۆدزیینەوە لە بەکارهێنانی ناسیۆنالیزمی نەژادیی-کوردایەتیی، چەمکی کوردبوونی پڕ لە ئێثنیسیتی، بەکاربهێنێت؟

ثۆماس ئێریکسن، لە کتێبی ئێثنیسیتی و ناسیۆنالیزمدا 2002، پێیوایە کە چەمکی نەژاد و ناسیۆنالیزم، بە تایبەتییش بەریەککەوتنە نەژادییەکان لە شوێنە جیاوازەکانی سەرزەمییندا، لە هەشتاکان و نەوەدەکانی صەدەی رابردوودا، رێژەی ئەو سکۆلارانەی لەسەر ناسیۆنالیزمی نەژادیی قسەیان کردووە، بەرەو زۆربوون بردووە. هەموو ئەمانەیش، راستەوخۆ، پێوەندییان بە زانستی سیاسیی، مێژوو، سۆسیۆلۆجی و ئەنثرۆپۆلۆجیای کۆمەڵایەتیی گرووپە ئێثنیکییەکانەوە هەیە و هەموویشیان، سەر بۆ ئاقارە نەژادییەکانی ناسیۆنالیزم دەکوتن. بە گەڕانەوە بۆ بۆچوونەکەی عەبدولجەبار، ئەم پەنابردنە بۆ جوانکردنی چەمکی نەژادیی لەبن بنچکی”کوردبوون”دا، هەر گەڕانەوەیە بۆ ناسیۆنالیزمە نەژادییەکە و لێرەشدا، بە دیارییکراویی بۆ کوردایەتییە موقییتەکە ( abhorrent) . بەهەوای ناسیۆنالیزمەوە، بە سەربەخۆشیی و بە حەماسەوە، ئەم نەژادییانەی کورد، بە تایبەتیی مەریوانی وریا قانع، پێیانوانە کە چۆن تورک، وەکو کورد پەلارمان دەدەن، دەبێ ئێمەیش وەکو کورد دیفاع لە خۆمان بکەین؟ بە زمانێکی خاکیی، دەڵێن، پێویستە شەڕەکە بکەین بە شەڕی نەژادیی و بکەوینە قڕکردنی تورکەکانەوە!

لە واقیعدا، ئەوانەی پێیانوایە کە هەندێ نووسەر و گەنجانی کوردستان، خودنەفرەتییان لە کورد هەیە و خۆیان بەکەم دەزانن، ئەوە بییرکردنەوەی کڵێشەیی و ستێریۆتاپیانەیStereotype خۆیانە و لە جوغزی عەقڵە نەژادییەکەی خۆیانەوە سەرچاوە دەگرێت کە لە ناوەوە، حیقد و بوغز ی نەژادییان تێدایە و هەست بە نەنگیی نەژادیی Ethnic Stigma خۆیان دەکەن و زۆرجار ، روو بە دەرەوە، ئەم نەنگییە بە تەحقیر contempt بەرامبەر نەتەوە و نەژاد و گرووپە کۆمەڵایەتییەکانی دراوسێی کورد، دەردەبڕن. ناسیۆنالیزمی دایساپۆری کوردی کوردستانی عێراق و ئێران، پڕ پڕیەتی لەم توخم و مەعدەنە نەژادییانە.

ئەم جەختکردنەوەیە لەسەر ئەوەی کە جەعل و بوونی تۆ ئەوەیە کە کوردیت و زمانت کوردییە( بە دەر لەوەی کورد، بووە بە خاوەنی چەند زمانی لە یەک جودا، نەک چەند دایەلێکتێکی سەر بە یەک زمان)، بونیاد و ستراکتۆرت کوردییە، ئیتر تۆی کورد، موعەرەضی بۆ ئەوەی لەسەر زمانەکەت، یان نەژادەکەت، یاخود گرووپە کۆمەڵایەتییەکەت، بەر حوکمی سڕیینەوە بکەویت لە کوردستانی عێراقدا! ئەمە وێڕای ئەوەی درۆیەکی زۆر گەورەی مێژووییە، وێڕای ئەوەی ئاوکردنە لە ئاشی چەتەگەرییەکەی کوردایەتیی و بیزنسە دەیان میلیارد دۆلارییەکانی رائیدەکانی ئەم ناسیۆنالیزمە نەژادییە-طائیفییە کوردییە، لە هەمان کاتیشدا، جەختکردنەوەیە لەو تەحەییوزە نەژادییە( ئێثنۆسێنتریزم- Ethnocentrism ) ی هەندێ نووسەری نەرجسیی کورد، بۆ دەردەدڵیی بییرکردنەوە شاعیریی و نەژادییەکانی خۆیان، هەمیشە خۆیان دەخۆنەوە و لە ناوەوە، زیاتر خۆیان کلۆر دەکەن و عاقیبەتیش، بە ناوی یەکڕییزیی، کوردبوون، خوێنی کورد،رەنگی کورد ، ئەندامی نێریینە و مێیینەی کورد و صەدای کوردەوە، هەمیشە، بە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، داکۆکیی لە مانەوەی قەوارەی ئەم دزە گەورانەی کوردایەتیی دەکەن و سەنگەربەندیی ئێثنۆسێنتریزم لە گەلان و نەژادەکانی تر دەگرن. ئێثنۆسێنتریزمێک کە هەمیشە پێوەندییەکی ئۆرگانیی و ئولفەتێکی توندی بە راسیزم و فاشیزمی نەتەوەییەوە هەیە.

ئەمەی سەرەوە، بەشی سێیەم و کۆتایی بوو لە زنجییرە وتاری( کوردبوون و کوردایەتیی، چێشتی مجێوری نوخبە نەژادییەکان)

Erikson, T.H,(2002) Ethnicity and Nationalism,2nd .edn. London: Pluto Press




هەرێمی کوردستان: لە نێوان قەیران و شۆڕشدا … ئازاد ئارمان

حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان بە قەیرانێکی قووڵی سیاسی، ئابووری و ئیداریدا تێپەردەبێت. ئەم قەیرانە تەواوی جوگمەکانی کۆمەڵگای عێراق و کوردستانی گرتۆتەوە. لە سەکتەری تەندروستی بگرە تاوەکو خزمەت گوزارییەکانی وەکو ئاو، کارەبا پەروەردە …..هتد. سەرەرای ئەمانەی سەرەوەش کە چەندین ساڵە بەرۆکی بەر کۆمەڵانی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش گرتووە. ئەم ئەزمەیە تەواوی کۆمەڵگای لە لێواری هەژارییەکی بێ وێنە و مەرگ و کارەساتی هەموو رۆژە بردووە. هاتنی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆناش ئەزمەکەی چەندین بەرابەر قوولتر کردۆتەوە و حکومەتی هەرێم بە بنبەستی تەواو گەیشتووە و هیچ جوڵەیەکی نەماوە تەنها دەزگا سەرکوتکار و چەوسێنەرەکانی چالاکن لە دژی جەماوەری نارازیی.

لە بەرامبەر ئەم هەلومەرجە نالەبارو کارەستبارەدا کە کۆمەڵگای کوردستانی پێدا تێدەپەرێت. دوو تێروانین و دیدگای سەرەکی لە بەرامبەر ئەم ئەزمەیەدا دەبینرێت و زەق خۆی نیشان دەدات. تێروانینێک پێی وایە مادام بێکاری رێژەیەکی بەرزی وەرگرتووە و تەواوی کرێکاران و کارمەندان موچەبراوکراون و خزمەتگوزارییەکان لە سفر نزیک بوونەتەوە و دەسەڵاتی سیاسی بۆرژوازی کەلێنی تێکەوتووە و …هتد.. ئەم ئەزمەیە راستەوخۆ بەرەو شۆڕش و ڕاپەرینی جەماوەری دەچێت و دەبێت ئەرکەکانی خۆمان بۆ ڕوودانی ئەم شۆڕشە ئامادە بکەین. ئەم دیدگایە تەنها تایبەتمەندی کورستان نییە و بەڵکو لە ئاستی جیهانیشدا لە دوای شۆڕشی فەرەنسییەوە تاوەکو ئەمرۆ وجودی هەیە بەڵام لە ڕاستیدا ئەم ئەزمانە لە هەندێک دەورانی مێژوویدا نەک بەرەو شۆڕش هەنگای نەناوە بەڵکو لە سیەکانی سەدەی بیستەمدا بووە هۆی هاتنە سەر کاری چەندین دەسەڵات و رژێمی فاشیست لە ئەوروپا. بە کارەساتی مرۆیی کۆتایی هاتووە. هۆکارەکەشی نەبوونی ئەلتەرناتیڤێکی شۆڕشگێرانە و کارساز بووە لە مەیدانی عەمەلیدا.
دیدگای بەرامبەر یاخۆد تێروانینی دووەمیش پێی وایە سنوربەندییەکی تەواو هەیە لە نێوان قەیران و شۆڕشدا و هەمیشە پێداگری دەکات لە سەر داخوازییە ئابووریی و سیاسیەکان لە چوارچێوەی هەمان سیستەمدا. ئەوە رەتدەکاتەوە کە ئەزمە و قەیرانەکانی سەرمایەداری چۆگەلە ببەستێت بەرەو شۆڕش و راپەرین.
هەڵەی ئەم تیۆر و تێروانینیەش لەوەوە سەرچاوە دەگرێت تەنها ئەم لایەنەی ئەزمەی سەرمایەداری دەبینێت کە کە لە سەرەوە نموونە گەلێکمان هێنایەوە. بەڵام لە هەمان کاتدا ئەزموونی سەد ساڵی رابردوو ئەوەشی نیشانداوە کاتێ سەرمایەداری دەکەوێتە ئەزمەو و قەیرانەوە هەموو جارێک بە سەلامەتی لەم ئەزمەیە رزگاری نابێت. قەیرانە تازەکانی ئەم دوایانەی رژێمە سەرمایەدارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەکو تونس و میسر لیبیا و سوریا … هتد. نیشانی داوە کۆمەڵگا هەموو کات ناتوانێ ریفۆرم و چاکسازیی لە چوار چێوەی هەمان دەسەڵاتدا قەبوول بکات. و داوا و پراکتیکی گۆڕانی شۆڕشگێرانەی دەوێت. ئەگەر بە کۆنکریتیش قسە بکەین لە سەر ئەم قەیرانەی لە کوردستان لە ئارادایە. دەبینین باڵە بۆرژوازییەکان بە ناسیونالیست و ئایینی و نیولیبرالییەوە بۆ رێگرتن لە قولبوونەوەی ئەم قەیرانە چەندین بەربەست دەخەنە پێش گۆڕانکارییە بنچینیەییەکانی جەماوەری نارازیی لەوانە: گەرانەوە بۆ بەغدا، هەلبژاردنی پێشوەخت، کۆنگرەی نیشتیمانی و شۆڕشی سپی و چەندینی تر.

ئەلتەرناتیڤی بەرەی کرێکاران و جەماوەری ملیۆنی لە خوارەوە دەتوانێ ئەم قەیرانانە بە قازانجی بەرەی کرێکاران بشکێنێتەوە و تورەیی و نارەزایەتی جەماور بەرەو هەڵکشان ببات و هەنگاو بە هەنگاو سەنگەر لە دەسەڵاتدارن بگرێت و هەژموونی شۆڕشگێرانە لە ناو جەماوەری نارازیی پەرە پێبدات لە خۆپیشاندانی سەرانسەرییەوە هەنگاو بنێت بۆ مانگرتنی گشتی و تاوەکو وەلانان و ڕامالینی ئەم دەسەڵاتە بۆگەن و بنەماڵەیی یە. نابێت تەنها تێکۆشانی بەرتەسک بکاتەوە لە چوارچێوەی خەباتی ئابووری و داخوازییە هەنوکەییەکان، بەڵکو گرنگە دەبێت وەکو بزوونتەوەیەکی شۆڕشگێرانەی سیاسی دەرکەوێت و هەست نەستی جەماوەر بەرەو لای خۆی راکێشت هەنگاو بە هەنگاو لە گەل جەماوەری نارازیی بێت زۆر لە پێشیانەوە نەبێت لە بزووتنەوەکە دوورکەوێتەوە. لە هەمان کاتدا پایەکانی دەسەڵاتداریی دیموکراسیی کرێکاران لە خوارەوە وەکو (شورا کرێکاراییەکان، کۆمەڵە هەرەوەزییەکان، کۆمۆنەکان) یان هەر ئامرازێکی تری عەمەلی و کارساز بنیاتبنێت. مەرجی کۆتاییش بۆ سەرکەوتنی کرێکاران و کۆمەڵانی ملیۆنی خەڵک لە خەباتی بەردەوامییان دا بوونی هێزێکی پێشەنگە.

22/08/2020




گه‌ڕان به‌ دوای سه‌ربه‌ستیدا له‌ ڕۆمانی ژنه‌كان وڵاتییان نییه‌ … سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی

له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی،هه‌میشه‌ ژن بوونه‌وه‌رێكه‌ كه‌ ته‌نها له‌ خزمه‌ت تێركردكردنی زایه‌نده‌كانی پیاودایه‌.له‌ دیدگای به‌شێكی زۆری پیاوی ڕۆژهه‌ڵاتیدا،ژن ته‌نها له‌ پێناو پیاودا بوونی هه‌یه‌. ئه‌م ڕوانینه‌، به‌رهه‌می بیركردنه‌وه‌ و ڕوانینێكی تایبه‌ته‌،كه‌ بۆته‌ به‌شێك له‌ پاشخانی هزری زۆرێك له‌ تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌كه‌ له‌ زۆركاتدا په‌یوه‌ندی به‌ نه‌ته‌وه‌ و جواگرافیاو كولتووری دیاریكراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كیشه‌وه‌ نییه‌. به‌ڵكو له‌ زۆرجێگه‌دا بوونی هه‌یه‌. ده‌ستكاریكردنی ئه‌و ئه‌قڵیه‌ته‌ و گۆڕینی ئه‌و ڕوانینه‌ كه‌بڕوای به‌ سه‌ربه‌ستی و ئازادییه‌ بێ سنووره‌كانی مێ هه‌بێت، گۆڕانكارییه‌كی ڕیشه‌یی و هزری گه‌وره‌ی ده‌وێت. چونكه‌ له‌ دیدی ئه‌واندا،سه‌ربه‌ستی و ئازادی ژن، ده‌به‌سترێته‌وه‌ به‌ ده‌رچوون له‌ نه‌ریت و سنووره‌كانی كۆمه‌ڵگه‌. به‌ڵام ئاخۆ سه‌ربه‌ستی ژن له‌ ڕۆژهه‌ڵاتدا، هه‌روا به‌ ئاسانی، بێ گرفت و شكانه‌وه‌ وده‌ستدرێژی ده‌چێته‌ سه‌ر؟.

ڕۆمانی(ژنه‌كان وڵاتیان نییه‌)چیڕۆكی ژنێك به‌ ناوی(خه‌جێ خه‌یاڵاوی)ده‌گێڕێته‌وه‌.كه‌ كوردستان جێدێڵێت و ده‌چێته‌ نه‌رویج. ده‌سپێكی ڕۆمانه‌كه‌، به‌ گه‌یشتنی خه‌جێ بۆ ئه‌وروپا ده‌ست پێ ده‌كات.به‌ڵام ئه‌مه‌ ده‌سپێكی ڕووداوه‌كه‌ نییه‌.لێره‌دا ڕۆماننووس له‌ ڕێگه‌ی مۆنتاژی سینه‌مایی و ته‌كنیكی فلاشباكه‌وه‌،ڕووداوه‌كان به‌یه‌كتری ده‌به‌ستێته‌وه‌، ئه‌و نه‌یویستووه‌ كۆی ڕووداوه‌كان له‌سه‌ر یه‌ك هێڵی گێڕانه‌وه‌ بگێڕێته‌وه‌،له‌ سه‌ره‌تاوه‌ تا كۆتایی. چونكه‌ ئه‌وكات نه‌ خوێنه‌ر چێژی له‌ خوێندنه‌وه‌ی ڕۆمانه‌كه‌ وه‌رده‌گرت،نه‌ده‌بووه‌جێگه‌ی پرسیارو ڕامانیش لای. به‌ڵكو دوای ئه‌وه‌ی ده‌گاته‌ خۆرئاوا،ئه‌و كات له‌ ڕێگه‌ی دیمه‌نی جیاوازه‌وه‌، ده‌گه‌ڕێته‌ ژیانی منداڵیی خۆی و جه‌نگ و نه‌هامه‌تییه‌كانی برسییه‌تی و ژیانی سه‌ختی نه‌وه‌ده‌كانی سه‌ده‌ی ڕابردوو، تا به‌ ئه‌زموونه‌ كه‌سی و خێزانییه‌كانی خۆی ده‌گات، پاشانیش جێهێشتنی نیشتمان.
كاره‌كته‌ری ڕۆمانه‌كه‌، له‌ پێناو گه‌یشتن به‌ سه‌ربه‌ستیدا، له‌ پێناو شه‌ڕی خود و داكۆكیكردن له‌ به‌های بوونی خۆی وه‌ك مرۆڤێك نه‌ك ژنێك،له‌ ململانێیه‌كی گه‌وره‌ی ژیاندایه‌.خه‌جێ بۆ ئه‌وه‌ی ژیانێك هه‌ڵبژێرێت كه‌ خۆی ده‌یه‌وێت، نه‌ك بۆی هه‌ڵبژێرن،سه‌ره‌تا ده‌بێ هه‌موو ئه‌و ته‌وق و سندمانه‌ بپچڕێنێت، كه‌ ژیانی ئه‌ویان له‌ هه‌زار لاوه‌ به‌ستۆته‌وه‌. به‌ تایبه‌تیش كه‌ هه‌موومان ده‌زانین ژیانی ژن له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا، هه‌رگیز وه‌كو ژیانی ڕه‌گه‌زه‌كه‌ی تر نییه‌. ژنبوون له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا، هه‌ر ته‌نها هێما نییه‌ بۆ بوونی مرۆڤێك، به‌ڵكو شوناسێكی گه‌وره‌تری هه‌یه‌،كه‌ ئه‌ویش خۆی له‌ شوناسی خێزان و بنه‌ماڵه‌ به‌رجه‌سته‌ ده‌كات. به‌و مانایه‌ی، مۆڕالی ژن،هه‌ر ته‌نها مۆڕالی خۆی نییه‌،به‌ڵكو مۆڕالی هه‌موو ئه‌وانه‌یه‌،كه‌ له‌ڕووی خوێن و نه‌ژاده‌وه‌ ده‌چنه‌وه‌ سه‌ری.بۆیه‌ پارێزگاریكردن له‌و مۆڕاڵه‌، پارێزگاریكردنه‌ له‌و شوناسه‌. ئه‌م شوناسه‌ چۆن ده‌پارێزرێت؟بێگومان به‌ سنوورداركردن و دیاریكردنی مه‌وداكانی ئازادی ژن له‌و چوارچێوه‌ ئه‌قڵی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ی كه‌ بۆی ده‌كێشرێت.بۆئه‌وه‌ی ژنیش بتوانێت سنووری ئه‌و سه‌ربه‌ستییه‌ ده‌ستكرد و نه‌خشێنراو و كۆنكریتییه‌ ببڕێت، ده‌بێ یاخی بێت و به‌ گژ هه‌موو شتێك دابێته‌وه‌،كه‌ بوونه‌ته‌ نۆڕمی كۆمه‌ڵگه‌. لێره‌وه‌ش خه‌جێی كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی ڕۆمانه‌كه‌، یاخی ده‌بێت و پشت له‌ هه‌موو شتێك ده‌كات.

سه‌ره‌تای ئه‌و یاخیبوونه‌، به‌ جێهێشتنی ماڵ ده‌ست پێ ده‌كات. بێگومان له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا، ماڵ به‌ مانای شوناسی ژن و ژیانی بچووك كراوه‌ی ژن.ته‌نانه‌ت زۆرجار ده‌گوترێت:(ژنێك بینه‌ باببیته‌ ماڵ). ئه‌م ده‌ربڕینه‌، خۆی له‌ خۆیدا، به‌رجه‌سته‌ كردنی شوناسی ژنه‌ له‌ ئاستی بووندا. ماڵ بۆ ژن، هه‌ر ته‌نها ڕووبه‌رێكی بچووك كراوه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و فیزیكی نییه‌، به‌ڵكو هێمایه‌كیشه‌، بۆ سنوورداركردنی سه‌ربه‌ستی ئافرت.بۆیه‌شه‌ ده‌بینین، ژن و ماڵ ته‌واو كه‌ری یه‌كترین و به‌ داخه‌وه‌ به‌شێكی زۆری ژنانیش، وه‌ها بیرده‌كه‌نه‌وه‌.ماڵ پیرۆزییه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی و په‌روه‌رده‌یی هه‌یه‌ بۆڕه‌گه‌زی مێ، جێهێشتنی ماڵ، گه‌وره‌ترین لادان وناپاكی و هه‌ڵه‌یه‌، كه‌ ژنێك پێی هه‌ڵبستێت. ده‌رچوون له‌ ماڵ،واتا ده‌رچوون له‌ هه‌موو ئه‌و به‌ها خێزانی و مۆڕالی و كۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ی، كه‌ دواجار مانایه‌ك و به‌هایه‌ك به‌ بوونی ئه‌و خێزانه‌ ده‌ده‌ن له‌ ئاست ئه‌وانیتر. لێره‌وه‌ش كاتێ ده‌بینین ژنێك به‌ ئاره‌زووی خۆی له‌گه‌ڵ پیاوێك ده‌ڕوات و ماڵ جێدێڵێت، ئیدی ته‌نها سڕینه‌وه‌ و كوشتنی ژنه‌كه‌، ئه‌و مانا و به‌هایه‌ بۆ خێزان ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌.

بۆیه‌ گه‌ڕان به‌ دوای سه‌ربه‌ستی له‌ كۆمه‌ڵگه‌ ڕۆژهه‌ڵاتییه‌كاندا بۆ ژن، هه‌ر ته‌نها داماڵینی فۆڕمێكی دیاریكراو و یاخیبوون نییه‌ له‌ ئاست شتێك، به‌ڵكو هاتنه‌وه‌یه‌ به‌گژ هاوسه‌ر، ماڵ، خێزان و كۆمه‌ڵگه‌، كه‌ ڕه‌نگه‌ دواجار باجه‌كه‌ی خوێنیش بێت. خه‌جێ ده‌زانێت سه‌ره‌تای ئه‌و هه‌نگاوه‌، به‌ جێهێشتنی ماڵ ده‌بێت، بۆیه‌ كاتێ له‌ نێوان ڕق و تووڕه‌یی دایك و خوشكه‌كانی و غه‌زه‌ب و شه‌هامه‌تی پیاوانه‌ی براكانی ماڵ جێدێڵێت، ده‌زانێت ئه‌مه‌ كۆتایی هه‌موو شتێك نییه‌،به‌ڵكو ده‌سپێكی گه‌ڕانه‌ به‌ دوای سه‌ربه‌ستییه‌ك كه‌ پێویست ده‌كات له‌گه‌ڵیدا كۆمه‌ڵگه‌ و نیشتمانیش جێبێڵێت.بۆیه‌ له‌دوای جێهێشتنی چوار دیواری ماڵ، سنوورێكی گه‌وره‌تر ده‌بڕێت، كه‌ ئه‌ویش سنووری كۆمه‌ڵگه‌ و جوگرافیایه‌.له‌وێوه‌ش ده‌ڕواته‌ ئه‌وروپاو له‌ نه‌رویج ده‌گیرسێته‌وه‌. به‌ڵام ئایا خه‌جێ خه‌یاڵاوی به‌ گه‌یشتنی بۆ نه‌رویج،ئیدی هه‌موو خه‌ونه‌كانی هاتنه‌ دی و گه‌یشته‌ ئه‌و خۆشبه‌ختییه‌ی خۆی ده‌یویست؟یه‌كێك له‌و وێنانه‌ی له‌و ڕۆمانه‌دا، ئه‌ژین به‌زمانێكی ساده‌، به‌ڵام به‌ قووڵایه‌كی فیكرییه‌وه‌ كاری له‌سه‌ر ده‌كات،هه‌ڵگێڕانه‌وه‌ی ئه‌و وێنه‌ ئه‌بستراكت و به‌هه‌شتیه‌یه‌ بۆ خۆرئاوا كه‌ له‌ هزری زۆرێك له‌ مرۆڤی ڕۆژهه‌ڵاتی و كوردیش وه‌ك به‌شێك له‌و جوگرافیایه‌ بوونی هه‌یه‌.وێنه‌یه‌ك كه‌ خۆرئاوا یه‌كسان ده‌كات به‌ به‌هه‌شت و نرخ و به‌هایه‌كی هێنده‌ گه‌وره‌ و ئایدیالی پێ ده‌دات، كه‌ هیچ ناشرینی و خه‌وشێك له‌خۆناگرێت.خۆر ئاوا به‌ گشتی له‌ دنیابینی به‌شێكی زۆری مرۆڤی كورددا،به‌هه‌شتێكی بونیادنراوه‌ له‌ سه‌ر زه‌وی كه‌ بوون و ژیان تیایدا بێ گرفت و كێشه‌ن.ئه‌م وێنه‌ جوان و خه‌یاڵییه‌ تا ئه‌و شوێنه‌ برده‌كه‌ن، كه‌نابنه‌ به‌شێك له‌ واقیع و ژیانی كردارییانه‌ له‌ خۆرئاوادا.هه‌ر كاتێك ئه‌و وێنه‌ روئیا كراوه‌،له‌خه‌یاڵه‌وه‌ بووه‌ واقیع، ئیدی مرۆڤ هه‌ست ده‌كات، شتێكی جیاوازتر هه‌یه‌ له‌وه‌ی كه‌ پێشبینی ده‌كرد. خه‌جێ خه‌یاڵاوی، ئه‌گه‌رچی تووڕه‌یه‌ له‌ ماڵ، له‌ نیشتمان، له‌ هه‌موو بوونێكی نێو ئه‌و جوگرافیایه‌ی ناسنامه‌ی ئه‌و پێكدێنن، به‌ڵام له‌ یه‌كه‌مین چركه‌ی گه‌یشتنی به‌ نه‌رویج، هه‌ست ده‌كات كه‌ ئه‌ویش به‌ر وێنه‌یه‌كی دیكه‌ی جیاواز و پارادۆكس ده‌كه‌وێت له‌ وه‌ی كه‌ خه‌ونی پێوه‌ ده‌دیت.له‌ خۆرئاواشدا،له‌ نه‌رویجی سه‌هۆڵبه‌ندانیشدا، خه‌جێ هه‌مان ئه‌و كه‌سه‌یه‌ كه‌ له‌نیشتمان بوونی هه‌بوو،به‌ڵام به‌ به‌ریه‌ككه‌وتنی جیاواز.له‌ میانه‌ی ئه‌و به‌ریه‌ككه‌وتنه‌دا،ڕۆماننووس گومان ده‌خاته‌ سه‌ربه‌شێكی ئه‌وچه‌مكانه‌ی، كه‌هه‌میشه‌ وه‌ك سیمایه‌كی مرۆڤدۆستی و ژیاندۆستی و سه‌ربه‌ستی،ده‌درێنه‌ پاڵ خۆرئاوا. خه‌جێ به‌شێك له‌و به‌هه‌شته‌ خه‌یاڵییه‌، پووچه‌َل ده‌كاته‌وه‌ كه‌ هه‌مووان خه‌ونی پێوه‌ ده‌بینن. ئه‌ویش كاتێ خۆی وه‌ك تارمایه‌ك له‌ نێوان ئه‌و هه‌موو مرۆڤانه‌ دێته‌ به‌رچاو.ئه‌و له‌ شه‌قامدا هه‌زاره‌ها ئاژه‌ڵدۆست وژینگه‌ دۆست مرۆڤی جیاواز ده‌بینێت، به‌ڵام هه‌مووان دواجار خه‌جێ وه‌ك تارمایه‌ك ده‌بینن و به‌لایدا ڕه‌ت ده‌بن، وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌ر مرۆڤیش نه‌بێت. ئه‌وه‌ی لێره‌دا به‌هایه‌ك به‌بوونی ئه‌و ده‌دات ئیقامه‌یه‌.واتا نااسنامه‌یه‌كی بچووك، كه‌ به‌ هۆیه‌ و پێگه‌یه‌ك ده‌داته‌ هه‌بوونی ئه‌و له‌وێدا.خه‌جێ بڕوای وابوو به‌ جێهێشتنی نیشتمان، له‌ سه‌ربه‌ستییه‌كی سنوورداره‌وه‌ ده‌په‌ڕێته‌وه‌ سه‌ربه‌ستییه‌كی بێ سنوور،به‌ڵام ئه‌م سه‌ربه‌ستییه‌ ته‌نها بۆ ئه‌وانه‌ مانای هه‌یه‌، كه‌ به‌شێكن له‌ بوونی ئه‌و نیشتمانه‌ و ئه‌و ناسنامه‌یه‌.كه‌ خه‌جێ نیشتمانی خۆی جێدێڵێت،له‌ پێناوی ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ نه‌رویج ده‌كاته‌ نیشتمانی ڕاسته‌قینه‌ی خۆی، یاخود ئه‌و جێهێشتنه‌، گۆڕینی سنوورێك نییه‌ به‌ سنوورێكی دیكه‌، به‌ڵكو هه‌وڵدانه‌ بۆ تێكشكاندنی هه‌موو ئه‌و به‌ربه‌ستانه‌ی ئازادی ئه‌و وه‌ك مرۆڤێك ودواتریش وه‌ك ژنێك سنووردار ده‌كه‌ن.ئه‌و دژی ئه‌و سنوورداركردنه‌ ئایینی و نه‌ته‌وه‌یی و ڕه‌گه‌زیی و نیشتمانیه‌یه‌،كه‌ هه‌یه‌.

به‌بڕوای خه‌جێ، نابێ هیچ سنوورێك بۆ مرۆڤ له‌ هه‌ركوێیه‌كی ئه‌م دنیایه‌ بێت، بوونی هه‌بێت. نه‌بوونی سنوور بۆ سه‌ربه‌ستی مرۆڤ، به‌و مانایه‌ نییه‌ كه‌ چیت ده‌وێ بیكه‌یت، وه‌ك ئه‌وه‌ی بوونی ژنێكی سه‌ربه‌ست له‌ ئه‌وروپا به‌ به‌ڕه‌لایی ده‌زانین و دایكی خه‌جێش به‌ تووڕه‌ییه‌وه‌ له‌ ته‌له‌فۆن به‌و ده‌ڵێت:(تۆبه‌ ته‌نیا له‌ ئه‌وروپا چ ده‌كه‌یت).به‌ڵكوخه‌جێ نایه‌وێت دواجاربوونی ئه‌و وه‌ك مرۆڤێك بچووك بكرێته‌وه‌ له‌ ناسنامه‌.لێره‌وه‌ش ئه‌و بۆچوونه‌ی ڕۆسۆمان بیر دێته‌وه‌ كه‌ جه‌خت له‌سه‌ر له‌ دایكبوونی مرۆڤ به‌ سه‌ربه‌ستی ده‌كاته‌وه‌، به‌ڵام دواتر ژیان ئه‌وسه‌ربه‌ستییه‌ی له‌ قاڵب ده‌دات. خه‌جێ كه‌ ده‌گاته‌ نه‌رویج، وا هه‌ستده‌كات ئیدی ئه‌و وه‌ك مرۆڤێك سه‌ربه‌سته‌،چونكه‌ هه‌میشه‌ ئه‌وروپا وه‌ك هێمای سه‌ربه‌ستی و ئازادی ده‌بینین،به‌ڵام له‌وێش ناچاره‌ به‌ ڕه‌شی بژیت و به‌ ڕه‌شی كار بكات و به‌ ڕه‌شیش بخه‌وێت.بوونی خه‌جێ له‌وێ به‌ستراوه‌ته‌وه‌ به‌ بوونی پارچه‌ كاغه‌زێكی مردوو، كه‌ ته‌نها ڕێگه‌ی پێ بدات وه‌ك مرۆڤ بژیت.
ئه‌م پارچه‌ كاغه‌زه‌ ده‌بێته‌ مایه‌ی پرسیارێكی قوۆل بۆخه‌جێ،كه‌ چۆن ده‌بێت له‌و ئه‌وروپایه‌ی به‌لانكه‌ی هاووڵاتیبوون و ئازادی ده‌ناسرێت، مرۆڤێك له‌ چاوه‌ڕوانی وه‌رگرتنی ئه‌م پارچه‌ كاغه‌زه‌، كه‌ مافی نیشته‌جێبوونی پێ ده‌دات، له‌ چاوه‌ڕوانیدا ڕۆژه‌كان به‌ یه‌كتری بسپێرێت.مه‌گه‌ر لێره‌ش سنوورێك بۆسه‌ربه‌ستییه‌كانی مرۆڤ هه‌یه‌؟ئه‌گه‌رهه‌یه‌ دووركه‌وتنه‌وه‌ی خه‌جێ له‌ وڵات چ مانایه‌كی ده‌بێت؟له‌ بنه‌ڕه‌تدا خه‌ونی خه‌جێ گۆڕینه‌وه‌ی شوێنه‌كان و سنووره‌كان نییه‌ به‌ یه‌كتری، به‌ڵكو گه‌ڕانه‌ به‌ دوای سه‌ربه‌ستیدا. سه‌ربه‌ستییه‌ك كه‌ مرۆڤ له‌ ژێر هیچ پاساوێكه‌وه‌ دیل نه‌كات.

ئه‌گه‌ر خه‌جێ له‌ كوردستاندا له‌ به‌ر سته‌می پیاوسالاریی ونه‌بوونی ئازادی بۆ ژیانی خۆی و توانجه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌، هه‌ستی به‌ سه‌ربه‌ستی نه‌كردبێت، ئه‌وا له‌ نه‌رویجیش له‌ به‌ر نه‌بوونی مافی مانه‌وه‌، ئه‌و سه‌ربه‌ستییه‌ی نییه‌ كه‌ خۆی به‌ دوایدا وێڵه‌.به‌ڵكو له‌وێش جۆرێكی دیكه‌ی سنوور هه‌یه‌، به‌ڵام به‌ شێوه‌یه‌كی دیكه‌ و به‌پاساوێكی دیكه‌.كه‌ ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌و جێی پرسیارو ڕامانه‌.ئه‌و دواجار دڵی به‌ وه‌رگرتنی ئیقامه‌ خۆش ده‌بێت، به‌ڵام هه‌ست ده‌كات هه‌مان خه‌جێی جارانه‌ و هیچ شتێك نه‌گۆڕاوه‌.بگره‌ بۆته‌ ڕۆبۆتێكیش.لێره‌دا ده‌مه‌وێت وه‌ك خوێنه‌رێك له‌ سه‌ر به‌ریه‌ككه‌وتنی خه‌جێ، وه‌ك كاره‌كته‌رێكی كورد و ڕۆژهه‌ڵاتی، هاوكات ژنێكی بوێرو سه‌ربه‌ست و ئازادیش،به‌ نه‌رویج و خۆرئاوا به‌گشتی بوه‌ستم.بێگومان به‌ریه‌ككه‌وتنی خه‌جێ به‌ خۆرئاوا،به‌ریه‌ككه‌وتنێكی جوگرافی و كولتووریی و ژینگه‌یی نییه‌، كه‌ سه‌ره‌نجام به‌ غه‌ریبییه‌كی گه‌وره‌ و كوشنده‌ كۆتایی دێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ به‌شێكی زۆری ڕۆمانی كوردی و مرۆڤی كوردی ئاواره‌بوو به‌گشتی ده‌یبینین.ئه‌م به‌ركه‌وتنه‌، به‌ركه‌وتنێكی ڕوحی و مرۆڤانه‌یه‌.

ئه‌ژینی نووسه‌ری ڕۆمانه‌كه‌،هێنده‌ی مه‌به‌ستیه‌تی وه‌ك سۆسیۆلۆژستێك،له‌ سه‌ر ڕه‌هه‌ندی ڕوحی مرۆڤی خۆرئاوایی بوه‌ستێت،هێنده‌ جوانی و داهێنان و ژیارییه‌كانی نه‌رویجی به‌لاوه‌ گرنگ نییه‌. گه‌رچی له‌ هه‌ندێ شوێنی ڕۆمانه‌كه‌شیدا، وه‌سفی ئه‌و جوانیانه‌ ده‌كات.ڕۆماننووس مه‌به‌ستیه‌تی، له‌ سه‌رهزرو قووڵایی ده‌روونی مرۆڤه‌كان بوه‌ستێت،جا چ مرۆڤی كورد بێت، یان خۆر ئاوایی.بۆنموونه‌:كاتێ وه‌سفی ماڵی خاڵ و خاڵۆژنی ده‌كات،ده‌ڵێت:(له‌ شوێنێكی به‌رزو جوانی سه‌رشاخێك بوو). ئه‌م جوانییه‌ دیكۆریی و ڕاگوزه‌رییه‌،بۆ خه‌جێ نه‌ ده‌بێته‌ جێگه‌ی پرسیار،نه‌ سه‌رنجیشی ڕائه‌كێشیت،به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌وه‌ی بۆ ئه‌و ده‌بێته‌ جێگه‌ی هه‌ڵوه‌سته‌ كردن، په‌یوه‌ندی خاڵ و خاڵۆژنی وه‌ك دوو مرۆڤی كورد و كه‌شی ڕۆژهه‌ڵاتییانه‌ی نێو ماڵه‌كه‌یه‌، دوای ژیانكردنیان بۆ ماوه‌ی بیست ساڵ له‌و وڵاته‌. كه‌ پڕه‌ له‌ ده‌مه‌قاڵێ و نه‌بوونی سه‌ربه‌ستی و شكانه‌وه‌ی یه‌كتری.ئه‌ژین لێره‌دا، ده‌یه‌وێت ئه‌و په‌یامه‌ بگه‌یه‌نێت،كه‌ چۆن به‌شێك له‌ مرۆڤه‌كان،وێرای ئه‌وه‌ی تێكه‌ڵ به‌ ژیان و كولتووری خۆرئاوایانه‌ش ده‌بن،به‌ڵام هێشتا ناتوانن، ببنه‌ مرۆڤی ئه‌وكۆمه‌ڵگه‌یه‌. ئه‌و ناراسته‌وخۆ ڕه‌خنه‌ له‌ ئه‌قڵی پیاو سالاریی به‌شێك له‌ پیاوی كورد ده‌گرێت،كه‌ پێی گۆشكراوه‌ و زه‌مه‌ن و شوێن و جوگرافیای جیاواز، ناتوانن بیگۆڕن و بیسڕنه‌وه‌, بۆیه‌ كاتێ هه‌ست ده‌كات كه‌شی ئه‌و ماڵه‌ هه‌مان ئه‌و فه‌زایه‌یه‌ كه‌ ئه‌و لێی هه‌ڵاتووه‌، ئیدی ئه‌وێ جێدێڵێت و له‌گه‌ڵ هه‌وری كوڕی ده‌چێته‌ ئاپارتمانێك و به‌ ته‌نها ده‌ژی. له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ خه‌جێ له‌به‌ركه‌وتنی به‌و وڵاته‌، مرۆڤی خۆر ئاوایی ده‌خاته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌، كه‌ هه‌میشه‌ ئه‌وێ وه‌ك هێمایه‌ك بۆ مرۆڤدۆستی و ژیاندۆستی ده‌بینرێت، كه‌چی كاتێ ئه‌و ژیانه‌ له‌وێ ئه‌زموون ده‌كه‌ی، ئه‌م واقیعه‌ پێچه‌وانه‌ ده‌بێته‌وه‌.واتا ئه‌وێش نابێته‌ شوێنێك بۆ ژیانێك كه‌ ئه‌ژین له‌ ڕۆمانه‌كه‌یدا به‌ دوایدا ده‌گه‌ڕێت.
بۆنموونه‌: ئه‌وانه‌ی بڕوانامه‌ی به‌رزی یاسایان هه‌یه‌، چونكه‌ به‌ ڕه‌گه‌ز هاووڵاتی ئه‌و وڵاته‌ نین،ئیدی ده‌بێ توالێته‌كان پاك بكه‌نه‌وه‌.سه‌ربه‌ستی و بوونی مرۆڤیش ده‌به‌سرێته‌وه‌ به‌وه‌ی كه‌ تۆ زمانی دایكت نه‌رویجییه‌ یان زمانی دووه‌مه‌.به‌مه‌ش ڕۆماننووس ئه‌و به‌رواردكارییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی و ژیارییه‌ ده‌كات و دواتریش ده‌پرسێت، مرۆڤ له‌ كوێوه‌ی ئه‌وجیهانه‌وه‌یه‌؟ ئه‌گه‌ر له‌ كوردستان خه‌جێ ئازادی نه‌بێت، ئه‌وا له‌ نه‌رویجیش بوونی له‌ پارچه‌ كاغه‌زێك ده‌بینرێت،واتا به‌ جۆرێك له‌ جۆره‌كان له‌وێش ئازاد نییه‌،ئه‌گه‌رخه‌جێ له‌ كوردستاندا،له‌به‌ریه‌ككه‌وتن دابێت له‌گه‌ڵ نه‌بوونی سه‌ربه‌ستی و نۆڕمه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان وئه‌قڵیه‌تی په‌تریاكی، ئه‌وا له‌ نه‌رویجیش له‌ ڕووی ڕوحییه‌وه‌ له‌ به‌ریه‌ككه‌وتندایه‌ له‌گه‌ڵ مرۆڤگه‌لێكی جیاواز. سه‌ره‌نجام خه‌جێ له‌ نێوان كوردستان و نه‌رویج دۆش دا ئه‌مێنێت،به‌ڵام نه‌گه‌یشتۆته‌ كۆتایی پرسیاره‌كانی.لێره‌وه‌ش ئه‌و خوێنه‌ره‌ی پێی وایه‌ كۆتایی ڕۆمانه‌كه‌ كۆتاییه‌كی لاوازه‌، یاخود بۆ خوێنه‌ر جێی سه‌رنج نییه‌، به‌ بڕوای من له‌ ناوه‌ڕۆكی ئه‌و ڕۆمانه‌ نه‌گه‌یشتووه‌.چونكه‌ هه‌ر خوێنه‌رێك به‌ وردی ڕۆمانه‌كه‌ بخوێنێته‌وه‌، ده‌زانێت ئه‌وه‌ی كۆتایی دێت،ڕۆمانه‌كه‌یه‌ نه‌ك ڕووداوه‌كان. ئه‌م ڕۆمانه‌ كۆتاییه‌كی كراوه‌ی هه‌یه‌، كه‌ ڕه‌نگه‌ ڕۆماننووس مه‌به‌ستی بێت، درێژه‌ به‌ ڕووداوه‌كان بدات، چونكه‌ خودی ڕووداوه‌كان به‌و پرسیاره‌ كۆتایی پێ دێنێت كاتێ ده‌ڵێت:(ژنه‌كان وڵاتییان نییه‌، كێ وڵاتی هه‌یه‌).بۆیه‌ ڕۆماننووس مه‌به‌ستیه‌تی به‌ دوای وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌دا بچێت.
پرسێكی دیكه‌ی نێو ڕۆمانه‌كه‌ كه‌ ده‌مه‌وێت له‌ سه‌ری بوه‌ستم، پرسی خێزان و هاوسه‌رگیرییه‌ كه‌ له‌ ڕۆمانه‌كه‌دا ئاماژه‌ی پێ ده‌كرێت. بێگومان له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا،هاوسه‌رگیری ئه‌وپه‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی و خێزانیی و په‌روه‌رده‌یه‌یه‌، كه‌ تیایدا پیاو ده‌بێت به‌ سه‌نته‌ر. ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ هه‌میشه‌ به‌ جۆرێك دروست ده‌بێت، كه‌ هه‌ر دووهاوژین،به‌ تایبه‌تیش پیاوان ئه‌وه‌نده‌ی مه‌به‌ستییانه‌ژن بوونێكی هه‌بێت وه‌ك ئه‌وه‌ی خۆیان ده‌یانه‌وێت، ئه‌وه‌نده‌ یه‌كتریان ناوێت وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌نه‌. به‌ ده‌ربڕینێكی تر، پیاو یاخود به‌شێكی زۆر له‌ ژنان، وا بیرده‌كه‌نه‌وه‌ هاوسه‌رگیری یانی موڵكداریه‌تیكردنی یه‌كێكییان، كه‌ ژن ده‌بێته‌ موڵكی پیاو، ئیدی ئه‌و بڕیار له‌ سه‌ر چاره‌نووسی مرۆڤێكی دیكه‌ ده‌دات كه‌ هاوتای خۆیه‌تی و له‌ په‌یوه‌ندییه‌كی خێزانیدایه‌ له‌گه‌ڵی. ئه‌ژین له‌ بنه‌ڕه‌تدا، دژی ئه‌وه‌یه‌ هاوسه‌رگیریی ببێته‌ مایه‌ی زه‌وتكردنی سه‌ربه‌ستی مرۆڤ، ئه‌گه‌ر چی له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا، ڕوانینێكی نێگه‌تیف هه‌یه‌ بۆ ئه‌و سه‌ربه‌ستییه‌.
له‌ ڕوانگه‌ی خه‌جێی كاره‌كته‌ری ڕۆمانه‌كه‌، سێكس هه‌ر ته‌نها،به‌ریه‌ككه‌وتن و ئاوێته‌ بوونی دوو جه‌سته‌ نییه‌، جه‌سته‌ی ژن كاڵانێك نییه‌، ته‌نها بۆ شمشێری پیاو، به‌ڵكو له‌ به‌رای هه‌موو ئه‌مانه‌دا، ئاوێته‌ بوونی دوو ڕوحه‌. هه‌ر كاتێك ئه‌و دوو ڕوحه‌ له‌ یه‌كتری ترازان، شتێك نامێنێته‌وه‌ به‌ ناوی په‌یوه‌ندی هاوسه‌رگیریی و خێزانی.خه‌جێ چونكه‌ به‌رله‌وه‌ی جه‌سته‌ی له‌ هاوسه‌ری پێشووی جیابێته‌وه‌، ڕوحی لێ جیابۆته‌وه‌، ئیدی كاتێ كرداری سێكسی ئه‌نجام ده‌ده‌ن، له‌ پڕمه‌ی گریان ده‌دات، چونكه‌ خۆی وه‌ك داگیركراوێك و هاوسه‌ره‌كه‌شی وه‌ك داكیركه‌رێك ده‌بینێت. خه‌جێ ده‌یه‌وێت له‌ به‌رای هه‌موو شتێكدا،سه‌ربه‌ستی هه‌بێت.هه‌ر په‌یوه‌ندییه‌ك به‌ زه‌وتكردنی ئازادی و سه‌ربه‌ستی مرۆڤ كۆتایی بێت، دواجار زیندانیكردنێكی دیكه‌یه‌. بۆیه‌ ئه‌و شه‌وه‌ی خه‌جێ په‌یوه‌ندی له‌ گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كه‌ی له‌ ڕووی جه‌سته‌یی وغه‌ریزه‌ییه‌وه‌ كۆتایی پێ دێنێت، خۆی ده‌ڵێت:_((كه‌ ئه‌و شه‌وه‌ زۆر ئاسووده‌ بووه‌)). لێره‌وه‌ش ده‌بینین،كاتێ خه‌جێ په‌یوه‌ندی له‌ گه‌لًَ سبه‌ستیانی هاوماڵی ده‌به‌ستێت و ئه‌ویش داوای لێ ده‌كات كه‌منداڵییان هه‌بێت، خه‌جی به‌ توندی ئه‌و داوایه‌ی ئه‌ویش ڕه‌ت ده‌كاته‌وه‌.

چونكه‌ له‌ ڕوانگه‌ی ئه‌و،ژن ئه‌و فابریكایه‌ نییه‌ كه‌ ته‌نها ئه‌ركی منداڵ خستنه‌وه‌ بێت، یاخود په‌یوه‌ندی هاوسه‌ریی و هاوژینی، ببێته‌ ئه‌ڵقه‌یه‌ك بۆ به‌ستنه‌وه‌ و زه‌وتكردنی سه‌ربه‌ستی مرۆڤ. بۆیه‌ خواست و كێشه‌ی خه‌جێ ئه‌وه‌ نییه‌، كه‌ له‌ ئه‌وروپا به‌ دوای حه‌زه‌كانی كه‌وتبێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی دایكی وا تێگه‌یشتووه‌ وپێی وایه‌ كچه‌كه‌ی به‌ ته‌نیا له‌ نه‌رویج چ كارێكی هه‌یه‌،چونكه‌ نابێ ئه‌وه‌مان بیربچێت، ته‌نانه‌ت له‌ ئه‌وروپاش جه‌سته‌ی ژن، په‌یوه‌ندی به‌ سه‌ربه‌ستی خۆیه‌وه‌ی هه‌یه‌ و هیچ پیاوێك ناتوانێت دوور له‌خواستی ئه‌و،له‌ په‌یوه‌ندی سێكسی و هاوماڵی دابێت له‌گه‌ڵ ژندا.مه‌به‌ستی خه‌حێ لێره‌دا،جه‌خت كردنه‌وه‌یه‌ له‌وه‌ی نابێ جه‌سته‌ی ئافره‌ت وه‌ك قه‌ده‌خه‌كراوێك ببینین و هه‌میشه‌وه‌ك هێمای مۆڕالی كۆمه‌ڵایه‌تی و كه‌سی ته‌ماشای بكه‌ین.كاتێ سبه‌ستیان، به‌ جه‌سته‌یه‌كی ڕووت و قووته‌وه‌ له‌ گه‌ڵ خه‌جێ داده‌نیشێت و هیچ شه‌رمێكیش دایناگرێت، مانای وایه‌، جه‌سته‌ لای ئه‌وان، هیچ به‌ هایه‌كی نییه‌.بۆیه‌ خه‌جێ به‌م دیمه‌نه‌ شۆك ده‌بێت و جارێكی دیكه‌، پیاوبوونی وه‌ك چه‌مكێك دێته‌وه‌ به‌رچاو، كه‌ زۆر جار له‌ ڕیش و سمیڵی زل ده‌بینرێت وكورت ده‌كرێته‌وه‌.دواجار ده‌ڵێم، له‌ نێوان نه‌رویج و كوردستاندا، خه‌جێی خه‌یاڵاوی دێت و ده‌چێت،دۆش دائه‌مێنێت و ده‌كه‌وێته‌ گومان و پرسیاری قووڵه‌وه‌،نه‌ده‌توانێت بگه‌ڕێته‌وه‌ كوردستان،نه‌ له‌وێش هه‌ڵده‌كات، به‌ڵام هه‌موو ئه‌مانه‌، ناتوانن كه‌سیه‌تی خه‌جێی بوێرو ئازاو سه‌ربه‌ست، وه‌ك ژنێكی ڕۆژهه‌ڵاتی و كورد بڕووخێنن. به‌ڵكو به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ مرۆڤ و ژیانی خۆرئاوایانه‌ ده‌خاته‌ ژێر پرسیارو گومانكردنه‌وه‌. گومانكردنێك كه‌ دواجار ئه‌و پرسیاره‌ دروست ده‌كات كه‌ ئایا تاكی خۆر ئاوایی و ئه‌وروپاش به‌گشتی، برێفێكت و ئاسووده‌ و بێ كێشه‌ن؟ ئایا ژیان له‌وێ، مانای وایه‌ مرۆڤ له‌ به‌هه‌شت ده‌ژی؟ یان ئه‌وێش به‌ جۆرێك له‌ جۆره‌كان،مرۆڤ گیرۆده‌ی چه‌ندین نۆڕم وكێشه‌ی دیكه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و په‌روه‌رده‌یی ده‌كات.به‌ بڕوای خه‌جێ، ئه‌گه‌ر ڕۆهه‌ڵات له‌ دیدی ڕۆژهه‌ڵاتییه‌كانه‌وه‌، هێما بێت بۆ دۆزه‌خێك، ئه‌وا به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ڕۆژئاواش ئه‌و به‌هه‌شته‌ نییه‌ كه‌ ئه‌وان بیری لێ ده‌كه‌نه‌وه‌.سه‌ره‌نجام گه‌ڕانی خه‌جێ به‌رده‌وام ده‌بێت به‌ دوای سه‌ربه‌ستیدا.سه‌ربه‌ستییه‌ك كه‌ سنوور و جوگرافییا و ناسنامه‌ و نیشتمانه‌كان ناناسێت، به‌ڵكو سه‌ربه‌ستییه‌كی گه‌ردوونییه‌.

گه‌ڕانی خه‌جێ، گه‌ڕانه‌ به‌ دوای ژیانێك كه‌ خۆی ده‌یه‌وێت، نه‌ك ژیانێك كه‌ ژیان به‌ سه‌ریدا ئه‌سه‌پێنێت. بۆیه‌ نه‌ له‌ كوردستان و نه‌ له‌ خۆر ئاواش هه‌ست به‌ بوون و سه‌ربه‌ستی و ژیان ناكات. ڕۆمانی ژنه‌كان وڵاتییان نییه‌، چه‌ند جوان و به‌ چێژو پڕئازاره‌، ئه‌وه‌نده‌ش هێمایه‌ بۆ لێهاتوویی و بوێری ژنی كورد له‌ بواری نووسینی ڕۆماندا. ژنه‌كان وڵاتییان نییه‌،شایه‌نی ئه‌وه‌یه‌ هه‌مووان و به‌تایبه‌تیش ژنان بیخوێننه‌وه‌.بۆئه‌وه‌ی لێیه‌وه‌ فێری بوێری و سه‌ربه‌ستی و ئه‌زموونه‌كانی ژیان بن، نه‌ك ته‌نها پێیان وابێت ژن كاره‌كته‌ری چێشتخانه‌یه‌ و ده‌بێ له‌ تیڤییه‌كاندا، بۆ خه‌ڵك خۆشترین خواردن ئاماده‌ بكات. ئه‌م ئه‌قڵ و دنیابینییه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌قڵ و دنیابینی ئه‌ژین وه‌ك ژنێك نه‌ك هه‌ر به‌راورد ناكرێت،به‌ڵكو جێی به‌زه‌ییشه‌. دواجار ده‌ستخۆشانه‌ له‌ نووسه‌ری ڕۆمانه‌كه‌ ده‌كه‌م و هیوادارم ڕۆمانی دیكه‌ی جوانتر بنووسێت…

*په‌راوێز: ژنه‌كان وڵاتییان نییه‌، بابه‌ت: ڕۆمان،نووسینی:ئه‌ژین عه‌بدولخاڵق، بڵاوكراوه‌ی: ناوه‌ندی ڕۆشنبیریی ڕه‌هه‌ند_2020




شانۆی چینی … ڕێباز محه‌مه‌د جه‌زا

چین یه‌كێكه‌ له‌وڵاته‌ كانی رۆژهه‌ڵات ، به‌شداره‌ له‌بونیادی ژیارێكی ده‌وڵه‌ندی هونه‌ر به‌گشتی و شانۆ به‌تایبه‌تی كه‌ناوده‌برێت به‌ (شانۆی رۆژهه‌ڵات) و زۆرێك له‌ڕه‌خنه‌گرانی دراما و شانۆ باوه‌ڕیان وایه‌ شانۆ له‌وڵاتی چیندا بایه‌خی نه‌بووه‌ تاسه‌رده‌می كۆنفۆشیۆس ، هه‌روه‌كو (د. حه‌مدان )ده‌ڵێت : ” له‌سه‌رجه‌م پێداویستیه‌ مرۆڤی و پرۆگرامی یه‌ گشتیه‌كانه‌وه‌ ، به‌شێوه‌یه‌ك ڕوون نه‌بووه‌ تا سه‌ده‌ی (6 پ.ز ) ، تا ئه‌وكاته‌ی كۆنفۆشیۆس ” دانای چینی ژیاوه‌ .(د. حمدان ،2000-2001 ، ل3)ئه‌وماوه‌یه‌ی كه‌شانۆی چینی ده‌كه‌وێته‌ پێش زاین ، شانۆی چینی ته‌نها بۆده‌مه‌ته‌قێ و كات بردنه‌ سه‌ر بووه‌ ، چه‌ندان هونه‌رمه‌ند له‌مه‌یدانه‌دا خۆیان له‌قاڵبداوه‌ ، به‌ڵام چونكه‌ له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵه‌وه‌ ، به‌چاوێكی كه‌م ته‌ماشا كراون ، بۆیه‌ رۆژگاریش ناوه‌كانیانی له‌به‌رده‌م مێژوودا شاردووه‌ته‌وه‌ .(هه‌ورامی ، 2001، ل167)

قۆناغه‌كانی شانۆی چینی :
یه‌كه‌م / قۆناغی سه‌ره‌تایی : قۆناغێكی نامۆو سه‌یره‌ له‌شانۆچینیدا ، هیچ شانۆیه‌ك ناكه‌وێته‌ ململانێ له‌گه‌ڵیدا ، بۆئه‌م مه‌به‌سته‌ش زاراوه‌ی (كاری كه‌لتووری ) داهات بۆناو ژیانی چینییه‌كان و له‌نیوه‌ی هه‌زاره‌ی یه‌كه‌می پێش زایندا كه‌پێی ده‌وترێت ده‌رخستنی ڕووی ژیانی كه‌لتووری هونه‌ره‌كان . http://www.al-jazirah.com/2001/20010710/cu17.htm))
له‌م قۆناغه‌دا شانۆی چینی بریتی بووه‌ له‌ :

  1. قه‌سیده‌ی شیعری له‌جیاتی ده‌قی شانۆنامه‌. 2. ژماره‌یه‌ك دانه‌ری موزیك به‌شداربوون . 3. سه‌دان سه‌ماكه‌ری ته‌عبیری . 4. به‌كارهێنانی جل و به‌رگ و ئێكسسوارات و چه‌ك له‌بۆنه‌و ئاهه‌نگه‌كاندا . 5. به‌شداری جه‌ماوه‌رله‌و سه‌ماو ده‌ربڕینانه‌دا .
    دووه‌م / قۆناغی شانۆی ئه‌كرۆپات : ناوی دووه‌می شانۆی سێرك ( پای هسی – Pai Hsi) ئه‌م بێژه‌یه‌ به‌چینی واته‌ سێرك كه‌پشتی به‌ستبوو به‌ مه‌هاره‌تی جولًه‌و ئازایه‌تی و به‌كارهێنانی گوریس و لاستیك و یاریه‌ ئاگرینه‌كان ، هه‌روه‌ها دواتر ئه‌م جۆره‌ هونه‌ره‌و جۆره‌كانی تریش سه‌ریان هه‌ڵدا . http://www.al-jazirah.com/2001/20010710/cu17.htm))

له‌م قۆناغه‌شدا ، شانۆبریتی بووله‌ :

  1. ده‌ق : كه‌بریتی بووله‌ ” چیرۆك و حیكایات ” ی میللی . 2. به‌رزی ئاستی هونه‌ری . 3. هونه‌ری خیال الڤل ( یینگ هسی – Iing His ) ئه‌م بێژه‌یه‌ش به‌چینی به‌شێوه‌یه‌كی فراوان بڵاو بۆوه‌ . 4. به‌كارهێنانی تایبه‌تی و دیالۆگ و تایبه‌تمه‌ندیه‌ درامییه‌كان له‌ڕووداوه‌كانی نمایشدا .
  • هونه‌ری نواندن :
    دابه‌شكراوه‌ به‌سه‌ركرۆ نۆلۆژیای شانۆ دا، به‌پێی ڕیزبه‌ندی زه‌مه‌نی و گه‌شه‌ی هونه‌ره‌كه‌ له‌سه‌رده‌می “تانگ ئیبان ” له‌سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاستدا بووبه‌پاڵپشتی مێژوویی له‌ئه‌ده‌ب و سه‌رهه‌ڵدانی رۆمانی میللی و هه‌نه‌رمه‌نده‌كان . به‌گشتی ده‌توانین له‌م قۆناغه‌دا هونه‌ری نواندن له‌چه‌ند خاڵێكدا كۆده‌كه‌مه‌وه‌ :
  1. به‌كارهێنانی ئاماژه‌كانی ” ده‌ست و ڕووخسارو ئه‌ندامه‌كانی جه‌سته‌ ” . 2. به‌كارهێنانی ماسولكه‌كانی ده‌م و چاو . 3. شیعرو شانۆیه‌كان پشتیان به‌ چیرۆك ده‌به‌ست . 4. به‌كارهێنانی چین و تۆنه‌ ده‌نگیه‌كان و كاریگه‌ری ده‌نگی . 5. پشت به‌ستن به‌ زه‌خره‌فه‌و هونه‌ری شێوه‌كاری له‌ڕازاندنه‌وه‌و دیكۆردا .
  2. سێهه‌م / چاخی گوان – Juan :
    له‌م چاخه‌دا ، دراما به‌سترایه‌وه‌به‌ ڕێسا هونه‌ری و زانستیه‌كانه‌وه‌ ، له‌دیارترین ئه‌و شانۆكارانه‌ ” كوان هان تشینگ – Kuan Han Csing ” كه‌نووسه‌ری 60دراما بووه‌ و تۆماركراون . سه‌ره‌تا كه‌شانۆنامه‌ی ده‌نووسی بۆخوێندنه‌وه‌ بوون نه‌ك نمایشكردن ، دواتر بوون به‌ چه‌ند په‌رده‌یه‌كی زۆر و له‌وێشه‌وه‌ بۆ پێشه‌كیه‌ك و چوارپه‌رده‌ ، له‌پێناو نواندن و نمایشكردن . هه‌روه‌ها كاركردن له‌ شانۆی كۆمیدی دا واتای ” ئیرتجال – خۆزاهی ” هه‌بووه‌و ئاماژه‌ بووه‌ به‌ و شانۆیه‌ی سه‌ده‌ی 13زاینی دا باوبووه‌ ، وه‌كو ئه‌وه‌ی له‌سه‌ده‌ی 16ی زاینی له‌ “كۆمیدیای دیلارتێ – Commedia Dellarte ” كه‌ئه‌م دامه‌زراوه‌یه‌ تاكو ئه‌مرۆش هه‌رماوه‌ .
    شانۆی چینی هاوچه‌رخ ، پڕه‌له‌ ( خادعه‌البصر – I llusionism) كه‌ بۆئیستاتیكا و ده‌رخستنی هێڵه‌ جۆراوجۆره‌كانی شانۆ به‌كاردێن ، سه‌رباری ئه‌وه‌ی پڕن له‌ زه‌خره‌فه‌و ته‌كنیكی به‌رزو ئێكسسسواراتی هه‌مه‌جۆرو دیكۆرو سینۆگرافیای هاوچه‌رخ و ڕازاوه‌و هه‌مه‌ڕه‌نگ .
    شانۆی چینی خۆی شه‌پۆلێكه‌ و هه‌رتاكێكی ئه‌كته‌ر قوتابخانه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆبووه‌ له‌كۆندا دابه‌ش بووه‌ بۆ قوتابخانه‌ی (باكوری و باشووری ) و له‌وێشه‌وه‌ دێته‌ ناوژانره‌كانی (داستانی و ته‌عبیری ) هه‌روه‌ها پشت به‌ستوو بووه‌ به‌ ئه‌ده‌بی فۆلكلۆریی و ناوچه‌یی .
    به‌گشتی ژیانی شانۆو دراما له‌سه‌ده‌كانی چاخی “مینگ ” دا به‌دیار كه‌وتووه‌و دواتر به‌ئاراسته‌ میللیه‌كه‌یدا گه‌شه‌ی كردووه‌و پێشكه‌وتوووه‌ ، سه‌رباری ئه‌مه‌ش قوتابخانه‌ی ئۆپیِرا كه‌ئیتر له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌م قوتابخانه‌یه‌دا له‌چاره‌كی یه‌كه‌می سه‌ده‌ی 16 زاینی شاعیر ( لیانگ بۆلۆنگ ) و دانه‌ری مۆزیك ( فای لیانگ فو) ئه‌م قوتابخانه‌یه‌یان دامه‌زراند به‌ناوی ( كونشانی بۆئۆپیِرا ).
    https://draft.blogger.com/blog/post/edit/124856123158413752/8201963982683792421
  3. كۆتایی :
    ماوه‌ته‌وه‌ بڵێین ، له‌م قۆناغه‌دا كه‌له‌ساڵانی ( 1644- 1912)زاینی ، ته‌قه‌نیه‌ی به‌رزی نواندن خرانه‌ڕوو كه‌ بۆ (الاسلبه‌ –شێوازاندن ) گونجاو بوون و لێره‌وه‌ شانۆیه‌كی مۆدێرنی هاوچه‌رخ ده‌ستپێده‌كه‌ن .
    لیستی سه‌رچاوه‌كان :
  4. د. حمدان ، محمد زیاد ، گه‌شه‌كردنی خوێندنگا له‌به‌ره‌به‌اینی مێژووه‌وه‌ تائیمڕۆ ، وه‌رگێڕانی ، به‌سۆز سعید محمود ، پیاچونه‌وه‌ی ، حمه‌صالح ، وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی هه‌رێمی كوردستان ، ساڵی 2000 -2001 2. هه‌ورامی ، حه‌مه‌كه‌ریم ، درامای كوردی له‌ناو درامای جیهاندا ، ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئاراس ، زنجیره‌ی رۆشنبیری، هه‌ولێر : 2001
  5. http://www.al-jazirah.com/2001/20010710/cu17.htm 4. https://draft.blogger.com/blog/post/edit/124856123158413752/8201963982683792421



ئه‌ركی به‌كاربردنی هونه‌ری كاریكاتێر … هه‌ندرێن خۆشناو

ئه‌ركی به‌كاربردنیش له‌ ئه‌ركه‌ گرنگه‌كانی رۆژنامه‌گه‌رییه‌، چونكه‌ رۆژنامه‌گه‌ریی به‌ دابینكردنی سه‌رچاوه‌ داراییه‌كانی، به‌ پشت به‌ستن به‌خۆی، بنه‌مای سه‌ربه‌خۆبوون و به‌رده‌وامبوونی خۆی داده‌ڕێژێت، چۆن كاریكاتێریش ئه‌م ئه‌ركه‌ جێبه‌جێ ده‌كات؟ ده‌توانین بڵێین به‌ بوونی كاریكاتێر له‌لاپه‌ڕه‌كانی رۆژنامه‌ خولاوه‌كاندا به‌ شێوه‌یه‌كی ئۆتۆماتیكی جه‌ماوه‌رێكی فراوان بۆ رۆژنامه‌كه‌ دابین ده‌كات، به‌مه‌ش داهاتی رۆژنامه‌كه‌ زیاتر ده‌بێت، له‌ ڕێی زیاتركردنی ژماره‌ی فرۆشراوه‌كانیدا، له‌وانه‌یه‌ بڵێن نرخی رۆژنامه‌كه‌ خه‌رجیه‌كانی تێچوونی ده‌رناكات، بۆیه‌ زیادكردنی ژماره‌ی رۆژنامه‌كه‌ نابێته‌ هۆی زیادكردنی داهاته‌ داراییه‌كانی، له‌وانه‌یه‌ هه‌ندێك جار ئه‌مه‌ راست بێت، چونكه‌ له‌وانه‌یه‌ كاریكاتێر ئه‌و رۆڵه‌ به‌كاربردنه‌ نه‌گێڕێت، كاتێك نرخی رۆژنامه‌كه‌ به‌رزبێت، له‌ سه‌رووی توانای زۆرینه‌ی خوێنه‌ران بێت، به‌ڵام به‌هۆی كاریكاتێره‌وه‌ جه‌ماوه‌ری رۆژنامه‌كه‌ فراوانتر ده‌بێت، و به‌دیهێنانی ناوبانگی بۆ رۆژنامه‌كه‌، وا ده‌كات رێكلام كردن بڕژێته‌ سه‌ر رۆژنامه‌كه‌، و نرخی رێكلامه‌كانیش به‌رزتر ده‌بێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هۆی به‌رزكردنه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌ داراییه‌كانی رۆژنامه‌كه‌، هه‌روه‌ها ژماره‌ی به‌شداربووان، و به‌ڵانسی فرۆشتنی رۆژنامه‌كه‌، به‌شێكی گرنگی خه‌رجی تێچوونی بڵاوكراوه‌كه‌ پڕده‌كه‌نه‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌و قسه‌یه‌ی كه‌ ده‌ڵێت به‌ڵانسی دارایی دابینكراو له‌ ڕێی فرۆشتنه‌وه‌، رۆڵێكی گرنگی نیه‌ له‌ پشتگیریی كردنی بڵاوكراوه‌كاندا، قسه‌یه‌كی هه‌ڵه‌یه‌.

هه‌ندێك له‌وانه‌یه‌ بپرسن ئایا كاریكاتێر به‌ته‌نیا ئه‌و رۆڵه‌ ده‌گێڕێت؟ له‌ وه‌ڵامدا ده‌ڵێین هه‌ڵبه‌ته‌ نا، كاریكاتێر به‌شێكه‌ له‌ هه‌مووان، رۆڵی خۆی له‌گه‌ڵ بابه‌ته‌كانی تری بڵاوكراوه‌كه‌دا به‌ شێوه‌یه‌كی هارمۆنی ده‌گێڕێت، به‌ته‌نیاش رۆڵی ویستراو نابینێت، به‌ڵام به‌كارهێنانی كاریكاتێر نیشانه‌ی پشت به‌ستنی بڵاوكراوه‌كانه‌ به‌ دیدگای نوێكاری له‌ كاره‌كانیاندا، و نیشانه‌ی بوێری و دڵكاری ئه‌و بڵاوكراوانه‌یه‌، چونكه‌ كاریكاتێر زۆرجار بابه‌تێكی ره‌خنه‌گره‌، ئه‌مه‌ش لای جه‌ماوه‌ر په‌سنده‌، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ره‌خنه‌گریش نه‌بێت، سروشته‌ كۆمیدیاكاره‌‌كه‌ی خۆشه‌ویستیه‌كی زۆری جه‌ماوه‌ری بۆلای خۆی راكێشاوه‌، ئه‌مه‌ش نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بڵاوكراوه‌كه‌ هه‌وڵی دروستكردنی په‌یوه‌ندیه‌كی به‌هێزتر ده‌دات له‌گه‌ڵ جه‌ماوه‌ردا، كاتێك ئه‌م مه‌رجه‌ش (بوونی كاریكاتێر له‌ بڵاوكراوه‌كه‌دا) به‌دیبێت، واباوه‌ كه‌ ئه‌م ئه‌ركه‌ش (به‌كاربردن)به‌دیدێت.

هه‌ندرێن خۆشناو




سوتاندن و تێکدانی موڵک و ماڵی گشتی، یان دزین وتاڵانی مڵک وماڵی گشتی، کامیان تاوانترە؟ … تاهیر عیسا

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتیی میلیشیا و مافیاکان، لەپەیوەست بە چەند هەڵچوون و داچوونێکی لێرەو لەوێی خۆپیشاندەرانی دڵپڕ لەدەردیی برسیی و نەداریی کوردستاندا، بەتایبەتیش لەشاری هەڵەبجەدا، کە پروشکی ئەو ناڕەزایەتیانە زیاتر بارەگاکانیانی گرتەوە، شەکرێکی شکاندو، ڕایگەیاند، سوتاندن و تێکدانی مڵک و ماڵی گشتی هاووڵاتیان تاوانە و دەبێت مامەڵەی یاساییان لەگەڵدا بکرێت!
ئەگەر بابەت، قسەکردن و داوەریکردن بێت، لەسەر تاوان و بێتاوان، ئەوا ئەم دەسەڵاتە، هەر لەڕۆژگارەکانی بەناو خەباتی شاخیانەوە بە پاشخانێکی سیاسیی پیسی پڕ لە تاوان و جینایەتەوە، گەڕانەوە شار و لەشاریش، هەر لە دەستپێکی حوکمڕانییاندا هەتا ئەمڕۆ، بەهەمان عەقڵیەتی شاخەوە، تۆزقاڵێک سڵیان لە ئەنجامدانی تاوان و تاوانکاری نەکردۆتەوە و بەسەدان هەڵسوڕاو و چالاکی سیاسیی و مەدەنییان تیرۆر و خەڵتانی خوێن کرد، کە ئەگەر ناوەکانیان لێرە بنووسرێت، ڕەنگ بێت لە نامیلکەیەکیشدا جێگایان نەبێتەوە، جگە لەو هەزاران ژنەی لەژێر ناوی شەڕەفپارێزیدا لەژێر سێبەریی فەرمانناڕەوایەتیاندا ڕەشەکوژی کران، وە بەهەزاران کۆچبەریش لەو چوارچێوەیەی ناوتان ناوە هەرێم، کە مانایەکتان بۆ ژیانکردن تێدا نەهێشتۆتەوە، ڕایانکردوو لەئاوەکانی ئیجەو سەرسنوورەکاندا خنکان، یان کەوتنە بەر تەقەی کۆماندۆ و پاسەوانانی سەرسنووری تورکیاو یۆنان و کوژران و بەسەدانیشیان بێسەرو شوێن کران، دەتواندرێت لەهەر دادگاییەکی ویژدانئاوەریانەدا بەس بێت بۆ ئەوەی داوەریی لەسەر ئەوە بدرێت کەکێ تاوانبارە و کێ بێتاوان!؟
هەر چاودێرو نازیرێکی دەرەوەو ناوەوەی کوردستان، یان هەر کەسێکی سادەی ئەم هەرێمەش چاک دەزانێت، کە بڕگەی یەکەمی مانشێتەکەم، بەرەنجامی بڕگەی دووەمیانە، واتە ئەوەی لەکوردستاندا ڕۆژانە ڕوودەدات هۆکارەکەی ئەم باند و دەستە و تاقمەیە، کە نزیکەی سی ساڵە کۆنتڕۆڵی تەواویی هۆکارەکانی ژیانی کۆمەڵگای کوردستان و تەواوی پێداویستیەکانی ژیانی ڕۆژانەی خەڵکی کوردستانیان کردووە و هەر لەو ڕێگایەشەوە ژیانی خەڵکی هەژار و نەداریان لە مەنگەنە داوە.
نزیکەی سی ساڵە ئەم دەستە و تاقم و حیزب و بنەماڵانە، لەڕێگای هێزی میلیشیا و سەرمایەی کەڵەکەکراو و میدیای چەواشەکاریاندا، بەرگریی لەدەسەڵاتی سەرەڕۆییانە و مافیایانەی خۆیان دەکەن، ئینجا چلەڕێگای شەڕو ململانێی نێوان خۆیان بووبێت، یان، چلەڕێگای دەستلەملانێی نێوان خۆیان بووبێت، لەڕژتنی خوێنی خەڵک و لەمژینی شیلەی گیانی خەڵکی نەداردا درێغییان نەکردووە و بۆ ئەوان گرنگ پایەداریی دەسەڵاتە سەرو خەڵکیەکەیان بووە، هەتا لەڕێگایەوە هەرچی زیاتر و زیاتر، سەروەت و سامانی گشتی هاوڵاتیان بدزن و کەڵەکەی بکەن.
یان لەبەشێکی دیکەی قەندشکاندنەکەیدا، دەڵێت: خۆپیشاندانی ئاشتیانە مافی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستانە!
زۆر باشە، مەسرور بارزانی، ئەگەر ڕاست دەبێژێت و خاوەنی قەندو قەندشکێنەکەی خۆتی، فەرموو، بەئاشتیانە لەم عەڕشی فیرعەونانەتان وەرنە خوارەوە!
چونکە خەڵکی کرێکارو کارمەندو فەرمانبەر و چین و توێژە دەستەنگەکانی دیکەی کوردستان، هەمیشە لە ئیعتڕازو ناڕازەیەتیە ڕەواو بەرحەق و ئاشتیخوازیەکانی خۆیاندا، داوای مافە هەرە سەرەتاییە بێچەندوو چوونەکانی خۆیان کردووە، بەڵام ئەوە دەسەڵات بووە تەنانەت ڕەحمتان بەخەڵکی خاوەن پێداویستی تایبەتیش نەکردووە و لەسەر عەڕەبانەکانیاندا پەلامار دراون و بەرشەق وشیلاق دراون و فڕێ دراونەتە خوارەوە!
هەر دەسەڵاتی میلیشیایی بوو، مامۆستایانی ناڕازییان لەسەر سادەترینی مافی خۆی کە داوای مووچەکانی بوو، دایە بەرشەق وشیلاقی هێزە بەڵتەجیەکانی!
ئەمڕۆش، کاریان گەیاندۆتە شوێنێک کە خەڵکی ناڕازیی لەکوردستاندا، ئومێدێکی بەوە نەماوە بتوانێت لەڕێگای ناڕەزایەتیەکانیەوە وەڵامی خواست و داواکاریە بەرحەقەکانی خۆی وەرگرێتەوە، بۆیە ئەمڕۆ لەقوڵایی ناخ و دەروونی هەر کرێکار و زەحمەتکێشێکی ئەم مەملەکەتەدا، مەیلی بۆ تێک وپێکدانی یەکجاریی تەخت وتاراجی ئەم دەسەڵاتە، قوڵپ دەدات، بەڵام بەهۆکاریی نەبوونی ئینسجامی سیاسیی و چینایەتیانە و ناڕێکخراوییان لەئاستێکی بەرفراون وسەراسەریدا، نەیتوانیوە سەعاتی سفر بنێتەوە و کۆتایی بەدەسەڵاتی چەوسێنەرانەیان بهێنێت !
فەرموون، ئەگەر خاوەنی قسەی خۆتانن، بەڵام ڕاستگۆبن، بۆ تەنیا ڕۆژێک ئازادانە ڕێگا بە هاتنە سەر شەقامی خەڵک لەدەڤەرەکەی خۆتاندا بدەن، بەبێ ڕێڕێگریی و بێ هێنانە مەیدانی هێزیی چەکداریی دەمامکدار و زێرەڤانتان، ئینجا دەتوانن لەوە تێبگەن،کە چەندە نەفرەتین و چەندە ناقۆڵان لەبەر چاویی خەڵک!
ئایا، هەربەڕاستی ئێوە ڕاست دەکەن، ئەگەر ڕاست دەکەن، ئازادانە ڕێگا بەخەڵک بدەن، کە ئیختیارو داوکارییان ئازادانە بەیان بکەن، ئینجا دەزانن کە زیاتر لەو لەسەدا حەفتایەی نەهاتە سەر سندوقەکانی دەنگدانتان، خوازیاریی کۆتایی هاتنی دەسەڵات و هاتنە خوارەوەتانە لەعەڕشی فیرعەونیتان، یانە نا ؟؟
هەموومان دڵنیاین لەوەی مووجامەلەی ئەم دەسەڵاتە قێزەونە لەخۆیان قێزەونترە و بۆ هەرگیز، نە ڕێگا بە ئازادانەی هاتنە سەر شەقامی خەڵک دەدرێت، وە نە گوێ لە خواست و داوکاریی ئاشتیانەی خەڵکی ناڕازیی دەگیرێت، وەنە دەستبەرداریی ئەم نازو نیعمەتەی دەسەڵاتی فیرعەونئاسایەی دەبێت، وە هەروەها دەستبەرداریی ئەو سەدان ملیار دۆلارانەشی نابێت، کە لەماوەی چەندین ساڵی حووکمڕانییاندا لە هاوڵاتیانی کوردستان، دزیویانە، کە زۆر بەئاشتیانە خوازیاریی گێڕانەوەیەتیی!؟
کەواتە، ئەگەر بەپیر هیچکام لەخواست وداواکاریەکانی خەڵکی ناڕازیی هەژارو نەدارەوە ناچن، ئەی حیکمەتی خۆپیشاندان بۆ خەڵک لەچیدایە و چمانایەک بۆ خۆپیشاندان دەمێنێتەوە، جەنابی مەسرور؟؟
یان تەنیا موجامەلەیەکی ڕیاکەرانەیە و بەس! ئەمەش بۆ کەسانێک کە لە لوتکەی حوکمڕانیدان، هەر بەڕاستی، شەرمئاوەرەو جێگای نەفرەتەو بەس، ئەفرەتیش هەرچی زیاترو زیاتر پۆرگی ڕق و تووڕەیی خەڵکی دەباتە جێگایەک، کە ئیتر ئەو ڕۆژە هیچ شتێک دادتتان نادات و هەر بتەقێتەوە بۆ یەکجاریی لەگۆڕیی زبڵدانی مێژووتان دەنێت.

تاهیر عیسا/ 25.08.2020




تابلۆی نیشتمان … ستار ئه‌حمه‌د

رۆحه‌كان باڵی په‌پووله‌ن
به‌ گه‌ڵای گڕه‌وه‌ نووساون
كانیه‌ك شه‌ماڵێك ماچبكات
دڕكێك گه‌رووی ده‌مژێ‌
خه‌مێك شیعرێك هه‌ڵواسێ‌
ناونیشانێك له‌ئاسۆوه‌
به‌تینی سۆز ده‌برژێ‌
شه‌و كاڵای به‌فر له‌به‌ر ئه‌كاو
سه‌رینی به‌رد كوڵمی ئه‌سڕێ
خه‌و یاسای عه‌شق نازانێ
له‌ پێش كوختێكی پڕ له‌ خوێنا
په‌نجه‌ی زاری تاریكییه‌و
گوێی رۆژگار ئاوێكی قه‌ترانی
له‌ ژوانێك ده‌گه‌ڕێم
به‌ باڵای ته‌نیاییم بشێ
له‌ هه‌وڵی دڵسۆزیم په‌راوێك ئه‌زبه‌ركا
بۆ شانۆی عه‌شقێكی سیحراوی
سێبه‌رم پێشمه‌رگم كه‌وتووه‌
ده‌می مار ده‌روازه‌ی گوزه‌رمه‌
ده‌زانم له‌شه‌وبای هه‌ناسه‌یه‌كا
بۆ خۆزگه‌ی كۆرپه‌یه‌ك ده‌مرم
زڕباوكی سه‌حراویه‌و
لانكی لم‌و به‌رد
دایكێك ده‌ناسێ
خه‌ڵووزی ژێر گڕی خوێنڕێژه‌
كراسی شه‌وێكم
له‌به‌ری شیعرێكی زاخاوا
به‌قه‌د ئه‌شكه‌نجه‌و
ئاڵای برینی هه‌ڵه‌بجه‌ درێژه‌
له‌ سایه‌ی دادگایه‌كدا ده‌ژیم
عومر ددانی گورگه‌و
به‌روار خه‌نه‌ی په‌رچه‌می راستیه‌
بۆ كیژێك ده‌ژیم
نه‌مانی ئه‌لبوومی مێژوویه‌ك درۆیه‌
سێبه‌ری قه‌ڵه‌مم
له‌ ته‌وری زه‌بر ئه‌ده‌ن
له‌ به‌های هه‌ڵوێستم دوو دڵن
ئه‌مانه‌ شاگردی ئه‌نفالچی‌و
پرسگه‌ی باڵوێزی بارووتن
عاشقی قامچی‌و
ئێشكچی فیرعه‌ون‌و تابووتن
گه‌واڵه‌ی ردێنی هه‌ورێكی سپی
روحه‌كان كێش ده‌كاو
ده‌روازه‌ی به‌هه‌شتێك ئه‌دره‌وشێ
له‌ كاروانی به‌زه‌یی جێماوم
ژووره‌كه‌م كه‌شتیه‌ك تیژڕه‌وه‌
بۆ دوڵێك یه‌كجار قووڵ
ته‌نی شیعرو سازی ته‌مه‌نم ده‌بات‌و
به‌روحی شه‌واره‌ی خۆما راناگه‌م
گڕێكی ئاڵ.. پرشنگی شارێكی سووتاوه‌
به‌دواما ده‌گری , فرمێسكی ئاگر
ناسنامه‌م لوول ئه‌دات
ئه‌و رۆژه‌ی ئه‌وان چوون
قژی تۆپزاوه‌ په‌ڕه‌بوو
ته‌لبه‌ندی باخچه‌كان له‌ جه‌رگی خاكا
خوێنیان تۆو ئه‌كرد
خواناسێك دڵی نه‌بووه‌ , وێردو
ژانی ماف تێكه‌ڵی گڵ بكات
رێسایه‌ك به‌ كوردی نه‌دواو
یاسایه‌ك بانگێكی راستی بۆ نه‌درا
كه‌ شه‌و هات جیهان بێئاگا
له‌ ژاری خه‌وا بوو
ئه‌و كاته‌ قه‌ڵه‌مم گه‌رووی دارگوێزو
ده‌روونم لاپه‌ڕه‌ی په‌ڕتووكی دارابوو
ته‌خته‌یه‌ك سپیان هه‌ڵواسی
به‌ ره‌نگی سیا مێژوویان تۆماركرد
دورگه‌یه‌ك چۆڵ‌و هه‌وارێك خاپووریان
خسته‌ نێو ساڵنامه‌ی مێژووی كورد
كه‌چی مه‌لایه‌ك نه‌بوو به‌تاڵی ردێنی
فتوایه‌ك بۆ خودا بهۆنیته‌وه‌
په‌رستگایه‌ك نه‌بوو
برینی به‌ سوێی گه‌رمیان‌و كوێستان
به‌ په‌ڕه‌ی سیخارێك بپێچێته‌وه‌
ته‌رمه‌كان له‌ روحیان ده‌گه‌ڕن
گوڵ‌و خاك ئاكاریان ده‌ژمێرن
جه‌سته‌یه‌ك ده‌یه‌وێت
به‌ گه‌ڵا ئابڕووی حه‌ق داپۆشێ
په‌نجه‌یه‌ك له‌ ئه‌ڵقه‌ی بووكێنی ده‌گه‌ڕێ
باسكێك به‌دوای دراوسێكه‌یاندا وێڵه‌و
ده‌یه‌وێت تاوێك له‌گه‌ڵیا هه‌ڵپه‌ڕێ
چرۆیه‌ك به‌ دیار لاسكێ ژاكاوه‌وه‌ گرمۆڵه‌ بووه‌و
به‌ بسكی ئافره‌ت‌و كچه‌كه‌ی ده‌یچوێنێ
ده‌ستێك به‌ دیار چڵێكه‌وه‌ ده‌گری
ده‌یه‌وێت وه‌ك خامه‌ نووكی داهێنێ
هه‌تاكو هه‌واڵێك بۆ دایكی بنێرێ
هه‌رگیانه‌و ده‌فڕێ
نیگایه‌ك نییه‌ چاوێك كاڵ په‌یداكا
هه‌تاكو به‌رده‌رگای ماڵیان ببینێ‌
كوردستان له‌ چوارلا په‌رچه‌می ده‌بڕن
زه‌حمه‌ته‌ روحت به‌ئاگر هه‌ڵواسن
له‌بۆته‌ی ژه‌هرو خوێن داتڕێژن
به‌ زامی جه‌رگت
تابلۆی نیشتمان‌و مێژووت بكێشن

ستار ئه‌حمه‌د




گفتوگۆ له‌گه‌ڵ: سمكۆ محه‌ممه‌د له‌مه‌ڕ ئه‌حلام مه‌نسوور… سازدانی: سۆران محه‌ممه‌ده‌سووره‌

“نەوەی ئێستا نەوەی ئایفۆن، كەوانتەر، ماڵ و ماشێنی بەرز و زێڕن، نەك نەوەی دەقێكی باڵا و خاوەن كەسایەتیی.”

• له‌مێژووی نووسینی ژنان، ستاندنه‌وه‌ و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئه‌و زمانه‌ پاوانكراوه‌، له‌لایه‌ن پیاوانه‌وه‌، له‌ ئه‌ورووپا، كارێكی هه‌وه‌نته‌ و زوو مه‌یسه‌ربوو نه‌بووه‌، ته‌نانه‌ت تا هه‌نووكه‌ش ڕه‌هه‌ند‌ی ڕه‌خنه‌ی فێمێنیستیی، ئه‌م باسه‌ ده‌خاته‌ ژێر لێكۆڵینه‌وه‌ی وردی: ده‌روونناسیی، كۆمه‌ڵناسیی و فه‌لسه‌فییه‌وه‌. ئه‌مه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م هه‌موو گه‌رموگوڕییه‌ی ژنانی ئه‌ورووپیی، هه‌ر له‌ وۆلڤ، دی بۆڤوار، سیكسۆس و ئێلیگاری… كه‌چی هه‌نگاوی ئه‌حلام مه‌نسوور له‌ كوردستان، ئاوئاهه‌نگ نه‌بوو له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك له‌ ده‌سته‌خوشكانی، چونكه‌ ئه‌مه‌ش ڕێژه‌ نه‌بوو و تاكتاكیش نه‌ده‌بینرا. واته‌ مه‌نسوور له‌ بێنازییدا بوو، به‌ ڕێگه‌یه‌كه‌وه‌ بوو كه‌سی به‌سه‌ره‌وه‌ نه‌بوو، ڕێگه‌یه‌ك، كه‌ سه‌ره‌تا و كۆتایییه‌كه‌ی تێكشكاندنی به‌ها و ڕه‌خنه‌گرتنبووه‌. تۆ چۆن مه‌نسوورت ناسیی، چۆن له‌ مه‌نسوورت ڕوانیووه‌ و چ نهێنییه‌كت له‌لایه‌ بیڵێیت؟

كێشە وململانێی نێوان نووسین و زمان، وه‌ك كەرەستەیەكی سەرزارەكیی بۆ تەعبیركردن لە شتەكان، گێڕانەوە و بەرگرییكردن لە تاك و كۆمەڵگە، كێشەیەكی ئەزەلیی بووە و لەگەڵ سەیروورەی مێژوودا لایەنێك بووە لە ژیان، بەڵام ڕه‌خنه‌ و ناڕەزایەتیش لەو ژیانە سەپێنراوە، بەشێكی دیكە بووە لە سەلماندنی خود، بەتایبەتی ئەو خودانەی، كە پێش ڕووداو كەوتوون، یان ئەو كاره‌كتەرانەی لە خەڵكی عەوام زیاتر ده‌ركیان بە پێشهاتەكان كردووە، ئەوەی، مێژووی نوێ‌ بۆمان دەگێڕێتەوە، ئەو ئەدەبە نییە، كە لە ڕێگەی خەیاڵ و فەنتازیاوە گریمانەی پێشهاتەكانی ژیان دەكات، بە پێچەوانەوە ئەدەبی مۆدێرن وێنە، چیرۆك و پاڵەوانەكانی نەناسراون، ئەحلام، وه‌ك كاره‌كتەرێك، چونكە خۆی شەفاف و ناسراو بوو، هەروەها نەترسانە كۆمەڵگەی بەجێهێشتبوو، ئاوهاش پاڵەوانی چیرۆكەكانی ناسراو بوون، زۆر فشاری بۆ نەبردوون و زیندانیی نەكردوون، بەپێچەوانەوە دەستواڵای كردوون، ئاخر هەندێك ڕۆماننووس هەن بە ئەنقەست گوایە گرێی دەروونیی لەلای خوێنەر درووست دەكەن، پاڵەوانەكانیان لەنێو ڕۆمانه‌كانیاندا زیندان و كۆیلە دەكەن، كە ئەمە لایەنێكی نێگەتیڤی هەیە بۆ خوێنەرێك، كە لەسەر ڕۆمان، یان دەق بنووسێ، بۆیە ئەو گەرەكی بوو، كە نووسینەوەی مێژوو بە چیرۆكی واقیعیی و پاڵەوانی واقیعیی بسەلمێنێت. ئەو، ژنێك نەبوو لەو ڕیزبەندییەی ژنان وەستابێت، تاكو زمان پاوان بكرێت، بەپێچەوانەی هەموو ئەو كەسانەی تێیگەیشتووبوون گوایە فكری فێمێنیستیی لە مێشكدا بووە، بڕواناكەم ژنانی ناسراو و ناوداری ڕۆژاواییش لەنێو ئەدەبدا بەو فكرە كاریان كردبێت، لە نێو فارسدا فەروخی فروخزاد و لەنێو عەربیشدا نەوال سەعداوی و فاتیمە مەرنیسی ... خاوەنی ئەو گوتارە نەبوون، كەوابوو ئەوان لەگەڵ تێكشكاندنی بەهای شتەكان نەبوون، بەڵكو لەگەڵ دەق شكاندنی كولتووریی و نەریتخوازیی بوون، ناسینی من بۆ ئەحلام، دنیایەكی زۆر تایبەت بوو، لەوێوە، كە ئاشنایەتیم بە نووسینەكانی كرد، كە ئەوكات هەرزەكار بووم، تاگەیشتە ئەوەی من پێگەیشتم و ئەو پیر بوو، بەڵام هەمان ڕیتم و ستایلی ئەدەبیی هەبوو، بەڵام خەسڵەتی هەمان خەسڵەتی جارانی یاخیبوون بوو، بۆیە من نەمتوانی دوور بكەومەوە لێی، وه‌ك هاوڕێ‌ و كەسێكی نزیكی و كوڕی، كەوابوو ناسینی من تا ئەو جێگەیەی، كە نهێنی ژیانی بەشێكی لەلای من دەدركاند، وه‌ك خۆبەتاڵكردنەوە لەو شتانەی بە نووسین ناگوترێ‌، بەڵام لێرەدا بەكەڵكی خوێنەر نایات تاكو لەو پنتەوە ئاشنایی هەبێت ئەوانە بگێڕمەوە، ئەمە بۆ زەمەن و نووسینەوەی یادەوەریی خۆم بەكار دەهێنم، چونكە ناكرێ‌ ئەحلام، وه‌ك كارتێك بۆ خۆدەرخستن و بازرگانیی لە ئەدەبدا بەكاربهێنین، ئەو چ لە ڕێگەی نووسین و چ لە ڕێگەی یادەوەرییەكانی خۆیەوە شوێنێك هەیە، وه‌ك محەتە بۆ ناسین و ئاشنایەتیی بە خوێنەر.

• ئه‌حلام مه‌نسوور له‌نێو ئه‌ده‌بیاتێكی نێرینه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت، به‌ زمانێكی ژنانه‌ ده‌نووسێت، خۆی ده‌نووسێته‌وه‌ و ڕه‌خنه‌ ده‌گرێت. له‌م ڕووانگه‌یه‌وه‌ ده‌كرێت باس له‌ سه‌ره‌تاكانی ده‌ستبردن بۆ نووسین له‌لای ئه‌حلام مه‌نسوور بكه‌یت؟

• ئه‌حلام مه‌نسوور، ڕه‌خنه‌ی خۆی ئاڕاسته‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌كات، كه‌ “مێ”ن و ده‌ڵێت: “ده‌یانه‌وێ به‌ پیاوان یه‌كسان بن، نازانن كه‌ پیاوانیش سه‌رشۆڕن” (گره‌وی چاوه‌كانی ئه‌م، 2008، ل 71)‌. تۆ ئه‌مه‌ ده‌به‌ستیته‌وه‌ به‌ ناپێوه‌ستیی ژن به‌ پیاوه‌وه‌ له‌لای ئه‌حلام مه‌نسوور، یان مه‌نسوور باوه‌ڕی به‌ یه‌كسانیی ژن و پاو نه‌بوو، كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی زه‌ق ڕه‌خنه‌ی له‌ جیاكاریی و پێگه‌ی پیاو گرتووه‌، یانیش له‌ ئاقاریی مرۆڤدۆستیی خولاوه‌ته‌وه‌، یانیش هه‌میشه‌ به‌وهیم و خه‌یاڵی كه‌سایه‌تییه‌كی داهێنه‌ریی لووتبه‌رزی ئاڤانگاردیست، مه‌نسووری ئاڕاسته ‌كردووه‌‌؟
هه‌ر له‌م سۆنگه‌یه‌وه‌، تۆ وه‌ك پیاوێك، (كه‌ نێزیكیش بوویت له‌ ئه‌حلام مه‌نسوور) ده‌رباره‌ی ئه‌م قسه‌یه‌ی، چیت هه‌یه‌ بۆ گوتن؟

سەبارەت بە پرسیاری ئەوەی، كە ئەحلام لەنێو خوێنەرانی نێرینەدا زیاتر دەردەكەوێ‌، بە پێچەوانەوە دەیبینم، چونكە ئەوە نووسەری مێیینە نییە، كە لەنێو ئەدەبی نێرینەدا دەردەكەوێ‌ و بە پێچەوانەوە لەنێو مێیینە دەرناكەوێ‌، چونكە ئەدەب و كایەكانی دیكە، كە سەرجەمیان چالاكیی دەرەوەی چالاكییە ئاسایییەكانی ڕۆژانەی ژیانی ئینسانن، گوتارەكەی بەدەست نێرینەوە بووە و هەر ئەوان ئاڕاستەیان كردووە، لەحاڵێكدا ئەم تێگەیشتنەش، كە ناوی نراوە خودنووسینەوە، لە زۆربەی تێكستەكاندا دیار نییە و ئیددیعای ئەوەی  بۆكراوە، ئەمە بەنیسبەت ئەدەبێك، كە ناوی ژنانی لێنراوە وێرانترە، چونكە خودنووسینەوە ئەو تێگەیشتنەی لەلای ژنان دروستكردووە، كە لەجیاتی خودیه‌تی خۆی، جەستەی خۆی نووسیوەتەوە، وه‌ك كاڵایەك و ڕیسككردن لەو سانسۆرەی، كە ڕێگە لە بەكاڵابوونی دەگرێت لە ئاستی فەرهەنگیی و كۆمەڵایەتیی، چونكە پیاو بەو شێوەیە تەماشای ئەو جۆرە خود نووسینەوەیە دەكات، بەوپێیەی، كە كۆدی ئەو نووسینانە لەوێوە ئاشكرا دەبێت، كاتێك واتای ئەو نووسینەوانە دەبێتە مایەی ڕاكێشانی خوێنەر لە ڕێگەی جەستەوە.

“مارەیی و زێڕ قبوڵكردن، وه‌ك پاداشتی سێكسیی لەلای ژنان و بە ئیفتیخارەوە، یەكێك لە ماناكانی بە كاڵاكردنی ژنە”

ڕوونتر بڵێم ئەو نووسینانەی، كە بەزمانێك ئاڕاستەی پیاوكراوە و لە وێنەی سێكسیی بەولاوە هیچی تر نیین، بۆیەش جگە لەپیاوان لە دنیای ئەدەبدا، ژن نییە بەدەقی ژنێكی دیكە سەرسام بێت و خوێندنەوە بۆ دەقەكە بكات، ئەمە جگە لەوەی، كە تەنیا پیاو لە ئەدەبی كوردییدا خوێنەری دەقە بەمانا تیۆرییەكەی، ئەم فەزایەش كارێكی وەهای كردووە، كە دەقی كوردیی چ شیعر، چ ڕۆمان، چ چیرۆك و … مانایەكی نوێمان پێنەبەخشێ‌، یان لانیكەم نەتوانێ‌ ڕیسك بكات و دوور بكەوێتەوە لەدەقی بیانی، ئێمە سەروكارمان لێرەدا لەگەڵ ئاڕاستەی دووهەمی ژنیه‌تیی هەیە و بۆ دەستبەسەرداگرتنی ناسینی هۆیەكانی هەقیقەت، پیاو دەبێ‌ ژن بێت‌، دیۆنیزمی نیتشە هەم ژنە و هەم پیاوە، بوونەوەرێكی دووڕەگەزیییە، كە بەر لە پەیدابوونی بەرانبەریه‌تیی، دووانیی ژن و پیاو هەبووە، هەموو ئەو ئەدەبەی، كە كورد، فارس، عەرەب و پێشتریش ڕۆژاوایییەكان هەیان بووە، كارەكتەرە سەرەكییەكەی مێیینە بووە، چونكە گوتاری تەواوی كایەكانی ژیان بەتایبەتی ئەدەب، بەدەست پیاوانەوە بووە، بۆیە پێداهەڵدان و كاره‌كتەری سەرەكیی ژن بووە، ئەوەتا شكسپیر لە ڕۆمیۆ و جۆلێت، عشتار لە هەزار و یەك شەوە، كورد و فارس لە خورشید و خاوەر، شیرین و فەرهاد و … ئەحلام بە پێچەوانەی هەموو ئەو ژنانەی، كە گوایە ژنانە دەڕواننە كێشەی ژن و یەكسانیی، بڕوای وابوو یەكسانیی ژن و پیاو بریتییە لەوەی، كە ژنان ئاگاداری دۆخی دەروونیی پیاوانەی خۆیان بن، كە بەشێكە لە جەوهەری دیوی ناوەوەی ژن، هەروەها پیاوانیش بەو شێوەیە ئاگاداری دۆخی ژنانەی ناوەوەی خۆیان بن، كە لایەنێكی دەروونییە، ئەمە لە ڤێرجینیا وۆڵف فێربوو بوو، ژنان بەو پێیەی، كە جێگەی سەرنجی پیاوانن، هەمیشە ئەدەبەكەشیان ڕۆڵی نووسەرێكی پیاوانەی پێدراوە و ئەو مەرجانەشی بەسەردا فەڕزكراوە، لەكاتێكدا، ئەگەر ژنان وه‌ك پیاوان بییان نووسیبایە و خەسڵەتییان وه‌ك پیاوان بوایە، مەزنیه‌تیی ژن و جیاوازییەكانیان لەكوێدا دەردەكەوت لەگەڵ پیاودا، بۆیە ئەو هەڵاتن لە شوناسی ژنیه‌تیی لەلای، وه‌ك هەڵاتن لە ئینسانییەت وابوو.
بۆیە ئەم تێڕوانینە جیاوازیی هەبوو، چونكە ئەو زووتر گەیشتبوو بەو پێشكەوتنەی ڕۆژاوا. ئەگەرچی بزووتنەوەی فێمێنیستیی بەقینێكی زۆرەوە سەرهەڵدەدات، تاكو مەسەلەی یەكسانیخوازییی پیاو و ژن لەدوای سەتەی 20 دەبێ‌ بە ستایلی ژیان، لەنێو ئەدەبی ڕۆژهەڵاتیی، عەرەبی و فارسیش بەو شێوەیە بووە، ئەحلامیش، كە سەرەتا چیرۆكی “پرد”ی نووسی و دەنگیدایەوە و گرێیەكی دەروونیی بۆ خوێنەر لەنێو نێرینە و مێیینەشدا درووست كرد، چونكە كاره‌كتەری پاڵەوانەكەی ژنێكی یاخی بوو لە ئەخلاقی سەپێنراوی كۆمەڵگە، پاڵەوانێكی یاخی بوو بارگاویی بە سێكس، حەبكەی چیرۆكەكەش بابەتێكی سێكسیییە، بۆیە پیاو دەیخوێننەوە و سەرسام دەبن پێی، بەو پێیەی، كە كێشەی ژن، كێشەی كۆمەڵگەیە. بابەتێكی هەمیشە زیندوو بووە و تائێستاش زیندووە، نووسینەوەی چەپاندنی سێكسیی لە گوتاری پیاوانەدا جێگەی كراوەتەوە، بەڵام ئەحلام ئەمەی نەكردووە بۆ ئەوەی بناسرێت، یان لە ڕێگەی ئەم جۆرە بابەتەوە ببێتە كاره‌كتەرێكی چالاك، بەڵكو زیاتر لەوانی دیكەی مێیینە ڕیسكی كردووە، بۆیە بەمشێوەیە دەستی بۆ ئەدەب بردووە، تاكو گوتاری پیاوانە هەڵبسەنگێنێ‌ و دواتر لە ڕێگەی سێكسەوە دەق بشكێنێ، كە یەكێكە لە پیرۆزییەكانی كۆمەڵگە. تا ئەوكات ژنێكی وەها دەرنەكەوتبوو بەو ستایلە كار بكات، ڕه‌خنه‌گرتنەكەشی هەر لە گوتاری پیاوانەیە، كە مامەڵەی خراپ، ناشایستە و نامەدەنیانە لەگەڵ ژن دەكەن، كە ئەمە بەرهەمی گوتاری ئایینیی و كولتووری داخراوی كۆمەڵگەی عەرەبیی بوو بۆ كورد مابووەوە.
مەسەلەی سەرشۆڕیی پیاوان، كە دوو مانا و دوو ڕەهەندی هەیە، یەكێكیان ئەوەیە؛ كە پیاو بەو مێژووە ستاندالەی ڕابردوو ژیانی هێناوە و یەك ستایلی دەقگرتووی ژیانی بینیووە، بۆیە سەرشۆڕیی بۆ پیاوە باڵاكان، ئاغا، سەرۆك و پیاوی ئایینیی وه‌ك شێخ و مەلا و… بۆ ماوەیەكی كۆنی كولتووری عەرەبییە، ئەمە پلەبەندیی ژیان بووە، كە شتێك نەبووە بە ناوی یەكسانیی.
ڕەهەندەكەی دیكە مەسەلەی چەپاندنی سێكسیی بووە، كە پیاو هەمیشە وه‌ك ئەحلام دەڵێ:‌ سەرشۆڕی ویستێكی غەریزیی بووە، كە ژن تاكە هۆكاری دامركاندنەوەی ئەو غەریزەیە بووە و لەهەمانكاتیشدا مەترسیی و قەدەغە ئەخلاقییەكە بووە، جیاكاریی نێر و مێ‌ تا ئێستاش بەو فەزا بەناو كراوەیەی هەیە و بەو هەموو یاسایەوە، كە لەخزمەت ژنانە، بەو هەموو خۆ بچووككردنەوەیەی پیاو لەبەرانبەر سێكس و دواتر كردنی ژن و سێكس بە پێویستیی بازاڕیی، هەروەك لەلای چاوبرسیی و مێبازەكان هەستی پێدەكرێت، تەنانەت لە بەیەكگەیشتنی كوڕ و كچیش بەحەڵاڵیی هەمان مانای وەرگرتووە، مارەیی و زێڕ قبوڵكردن، وه‌ك پاداشتی سێكسیی لەلای ژنان و بە ئیفتیخارەوە، یەكێك لە ماناكانی بە كاڵاكردنی ژنە، كەوابوو چارەسەری ئەو جیاكاریییە بۆ منیش هیچ یەكسانیخوازیی چارەسەری ئیشكالیاتی باری كۆمەڵایەتیی و فەرهەنگیی كۆمەڵگەی دواكەوتوو ناكات. ئەحلامیش خاوەنی هەمان تێڕوانین بوو بۆ ژیان و سێكس، كە خەڵك بەو چاوە تەماشای دەكرد، ئەگەر مافی هاوڵاتیی بەبێ‌ لەبەرچاوگرتنی ڕەگەز نەبێتە ستایلی ژیان، ئەم تێڕوانینە تا ئەبەد بەردەوام دەبێت و گرێی دەروونییەكەش ناكرێتەوە، بەڵام ئەگەر وای دابنێین. كە ئەحلام بۆهیمیی و خەیاڵیی بووە، نەخێر كەسێكی زۆر واقیعیی بوو. تا ڕادەی بڕوابوون بە نووسینەوەی چیرۆكی ژیان. وه‌ك خۆی و هەندێكجاریش نائاگایییانە دەبوو بە كەسێكی ئیدیالیستیی، تەنانەت لەگەڵ عەتا محەمەدی چیرۆكنووس هەمیشە ئەو كێشەیەیان هەبوو، كە ئەحلام بە ستایلی كلاسیكیی دەینووسی و بڕوای بە واقیعیبوون هەبوو، نەك دروستكردنی خەیاڵ، پاڵەوانی وەهمی و پشتبەستن بە نەریتی نوێخوازیی.

• ئایه‌ دووانه‌ی داهێنه‌ر له‌ نووسین و كه‌سیه‌تیی دایه‌؟ مه‌به‌ستمان: نووسین و كه‌سایه‌تیی ده‌بێ له‌گه‌ڵ یه‌ك سه‌ودایی بكه‌ن؟ ئایه‌ بۆ نووسه‌ری داهێنه‌ر، یان نووسه‌رێك گه‌ره‌كی بێت داهێنان پێشكه‌ش بكات، كه‌سایه‌تیی بۆی گرینگه‌؟

• نووسینی ڕۆمان و دواجار ئه‌زموون به‌تایبه‌تیی، ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت، كه‌ ئه‌حلام، به‌په‌رۆشه‌وه سه‌یری ئاینده‌ی كوردستانی ده‌كرد، چونكه‌ به‌بێ ڕۆمان هاتنه‌كایه‌ی ئازادیی و خه‌ونی تاك، ئه‌سته‌مه‌. هه‌ڵبه‌ته‌ قسه‌ی ژنایه‌تیی (فێمێنیزم) و ژنیه‌تیی ئه‌حلام، له‌ ئه‌زموونه‌كانیدا ته‌نێ له‌سه‌ر ئه‌و‌ خاڵانه‌ ده‌ورناكه‌نه‌وه‌ وه‌ك ماف، خوێندن، زمانی ژنانه‌ و ئازادیی ژنی كورد، به‌ڵكو خواستێكی گه‌وره‌تر له نووسینه‌وه‌ی ئه‌زموون به‌تایبه‌ت له‌ “گره‌وی چاوه‌كانی ئه‌م” په‌نهانه‌، كه‌ زۆربه‌ی جار سنووری ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ودیوی ژنایه‌تییه‌وه، ئه‌مه‌ش به‌ پێچه‌وانه‌ له‌گه‌ڵ نووسینی چیرۆك و ڕۆمانه‌كانیه‌تی‌‌. ده‌كرێت به‌ كورتی باس له‌م خواسته‌ی ئه‌حلام مه‌نسوور بكه‌یت؟

سەبارەت بە تێگه‌ی داهێنان و خودی نوسەری داهێنەر، ئەگەرچی من بۆچوونی تایبەتی خۆم هەیە و لەشوێنی تر قسەی جددی و مێتۆدیم لەسەر كردووە و بڵاودەبێتەوە، بەڵام من نەمزانیوە، ئەحلام وه‌ك تەكنیكی كاری نووسین و ئەدەبی نوێ‌ داهێنەر بووبێت، چونكە زاراوەی داهێنەر قورسە و پره‌نسیپ و مەرجی خۆی هەیە.

داهێنان بەرهەمهێنانی تێگه‌یە و خوڵقاندنی شتی نەبووە لەتوانای كەسییدا، ئەمە دەڵێم پشت بەو تێكستانە دەبەستم كە خۆی نووسیویەتی، وه‌ك لەپێشتردا باسم كرد، ئەحلام كلاسیكیانە و سووننەتیانە دەینووسی، ته‌نیا ئەوە نەبێت، كە هەندێكجار موبالەغەی بە گێڕانەوەی قسەی پاڵەوانەكان و زەمەنی ڕووداوەكانەوە دەكرد، ئەگەر نا، ئەو، نەوه‌ك ژن و لەسەریدا بیرێك هەبوو بۆ ئازادیی تاكو بەگشتی هەوڵی بۆ بدرێت، چونكە بڕوای بە ئیرادەی تاك هەبوو خۆی ڕزگار بكات و ئازاد بێت، تا ئەو ڕادەیەی زۆر سەرسام بوو بەو شیعرەی نەزار قەبانی، كە بەژن دەڵێ‌ ئەمە وەرگێڕانە كوردییەكەیەتی و بەعەرەبییەكەی كێش و سەروای تێدایە و داڕشتنەكەی جیاوازە:
“مەوەستە وه‌ك بزمار، خۆشەویستیی یان ناخۆشەویستیی هەڵببژێرە، شوێنێك نییە لەنێوان بەهەشت و ئاگر”. تەنانەت ئەم شیعرەی بە زۆربەی خێزانی برادەرەكانی دەگوت، مەترسە به‌رانبه‌ر پیاوەكەت ڕابوەستە، كەوابوو ئەو بەدوای حەزی خۆیەوە نەبوو لەنێو ئەدەبدا، بگرە ئەوەندەی بڕوای بە شۆڕشی كۆمەڵایەتیی هەبوو، بۆیە بڕوای بە واقیعبینیی بوو و هیچی تر.

با لەوێوە دەستپێبكەم؛ هیلیس میلەر، نووسەرێكی بەناوبانگی فەره‌نسییە، كتێبێكی بەناونیشانی “اخلاقیات القرا‌وە” هەیە لەوێ‌ ئەو لەنێوان نووسین، وه‌ك دەق و كەسایەتیی نووسەر جوودا دەكاتەوە، ئەمە لەلای ڕۆلان پارتیش بەهەمان شێوە لەبەرچاو گیراوە، كە دەق هیچ پێوەندیی بە ئەخلاق و فەرهەنگی كەسیه‌تییەوە نییە. بەڵام خاڵە بزربووەكەی ئێرە چییە؟ ئەوەیە، كە ئەحلام هیچ خۆی لەپەنا دەقدا حەشار نەدەدا، ڕووداو و چیرۆكەكانی، كە لە خەیاڵدانیدا تۆماری كردبوون، چۆن بوو وای دەنووسی و لەژیانی ڕۆژانەشیدا بەهەمان شێوە ڕەفتاری دەكرد، بڕوای بە كولتوور، ئایین، كەسی پلەباڵا و نزم، ژن و پیاو نەبوو، ئەو هەر زوو، كە ماڵی باوكی جێدەهێڵێت و لەخانەقینەوە دەچێتە بەغدا بۆ خوێندن، بەته‌نیا دەژیێت و ناترسێ‌ لەو هێزە نەریتخوازە ئایینییەی كۆمەڵگە، دوای ئەوەش، كە دەچێتە فەره‌نسە بۆ خوێندن و سەفەر، كراوەتر دەگەڕێتەوە و درێژە بە ژیانی فەردیی، نووسین و باری كۆمەڵایەتیی خۆی دەدات، هەتا قەناعەت بەوە دێنێ‌ لەگەڵ (شەوقی كەریم) چیرۆكنووس و كەسیه‌تی ناسراوی عەرەب، كە لەبەغدا دەژیا، هاوسەرگریی بكات.

“ئەحلام كەسێك بوو كەمتر نەبوو لە نەوال سەعداوی، فاتیمە مەرنیسی، فەروخزاد و ئۆریانا ڤاڵاجی و دەیان ژنی ناسراوی دیكەی جیهان”

شەوقی كەریم، جگە لەوەی نووسەر بوو، ئۆپۆزسیۆنێكی عێراقیی بوو، ئەو لەو ڕوانگەیەوە شەوقی دەناسێت و لە هۆتێل شیراتۆن نزیك دەبنەوە و هەر لەوێ‌ هاوسەرگریی دەكەن، دوای ئەوەی ماوەیەكی باش بە هەموو جیاوازییەكانیانەوە پێكەوە دەژن، كە پڕبووە لەناكۆكیی و شەڕوشۆڕی كۆمەڵایەتیی، سەرەنجام، كە شەوقی لەلایەن بەعسەوە زیندانیی دەكرێت، ئەحلامیش دەچێت لە زیندان بەیاساییی جودا دەبێتەوە و داوای هیچ مافێكی لێناكات، پاشان بە هۆی خراپیی بارودۆخی زاتیی و بابەتیی لە عێراق، بەناچار هەڵدێت بۆ سلێمانیی و لەوێ‌ دەست بەژیانێكی نوێ‌ و نووسینی كاری ڕۆژنامەوانیی دەكات، سەرەتاش هات بۆ هەفتەنامەی هاوڵاتیی و لەوێ‌ بەكۆی دەنگ، وه‌ك ئەندامی دەستەی نووسەران هەڵبژێردرا و تا ماوەی نزیك بە 8 ساڵ مایەوە و دواتر دووركەوتەوە.

• تۆ له‌ نووسینه‌كانت، مه‌نسوور به‌ ژنێكی یاخی و بوێر ده‌بینی، ئه‌م یاخیبوونه‌ ده‌كرێت، وه‌ك ئاڤانگاردیستێك ببیندرێت؟ ئه‌گه‌ر به‌ڵێیه‌، ئه‌وه‌ له‌ كوێی ئاڤانگاردیزمه‌وه‌ ده‌توانین له‌ ئه‌حلام مه‌نسوور بڕوانین؟

ئەوە لە وڵامەكانی پێشووم ڕوون بووه‌تەوە.

• هه‌ر له‌و وتاره‌ی، كه‌ به‌م دوایییه‌، له‌ لاپه‌ڕه‌ی خۆت له‌ فێسبووك، له‌ باره‌ی ئه‌حلام مه‌نسووره‌وه‌ نووسیبووت، یاخود زۆر له‌ نووسه‌ره‌كانیش پێیانوایه‌، مه‌نسوور، ژنێكی نازهه‌ڵگر نه‌بوو، ئایا بۆچی فه‌رامۆش كرابوو، به‌تایبه‌تیش له‌ دوا ساڵه‌كانی ته‌مه‌نی، كه‌ له‌ سلێمانیی بوو، ده‌كرێت شوێنێك ناوی شاری ڕۆشنبیریی بێت و به‌لێشاو نووسه‌ری لێبژێت، كه‌چی نه‌تواندرێت بۆچوون و ده‌نگی ئازادیی وه‌ها ژنێكی له‌باو ناڕازیی له‌ مێشكدا هه‌رس بكرێت؟

شارێكی وه‌ك سلێمانیی بەرپرسیار نییە بەگشتیی به‌رانبه‌ر بە كەسایەتییەك. زۆر كەسی دیار لەدنیادا ئاوها بێناز مردن و كەس پرسیاریشی لێنەكردن، بۆ نموونە كەسێكی، وه‌ك نیكۆس كازانتزاكی، ئەسڵەن نەیانهێشت لە گۆڕستانی مەسیحییش لە ئەسینا-یۆنان بنێژرێت، بردیان بەدزییەوە لەسەر گردێك ناشتیان، كەسانی وا زۆرن لەنێو كورددا؛ بێكەس، قانع، مەلا جەمیلی ڕۆژبەیانی و زۆری تر، بەبێنازیی ڕۆیشتن و مردن، ئەمە پێوەندیی بە ئینتیمای شار و فكری شارەوە نییە، یان قسەكانی هەرس نەكرێت، بەڵام ئەحلام بەوپێیەی، كە پەرت بوو لە بۆچوونەكانی، بەتایبەتی بەم دوایییە نزیك كەوتبووه‌وە لە برادەرانی پەكەكە، به‌بێەوەی بەخۆی بزانێ‌، ئەسڵەن بڕوای بەپەكەكەش نەبوو، بەڵام ئیتر ئەو جۆرە مەشهەدانەی ژیانی وای كردبوو، خەڵك دووربكەوێتەوە لێی، ئەو جێگیر نەبوو. واتە مستقر نەبوو، خۆ ئەگەر خەڵكیش ئەویان پێهەرس نەكرێت بەهۆی بەرژەوەندیی خۆیان و هەندێ‌ ئیمتیازی تر، لەلایەن حزبەكانەوە، ئەوەیان ڕاستە، بەڵام خۆ لەولاشەوە زۆر بەیەكجاریی فەرامۆش نەكرابوو، ته‌نیا ئەوە نەبێ،‌ كە مرد، مەراسیمێكی فراوان و لەباریان بۆ نەكرد بۆ بەخاكسپاردن و ناردنی بۆ زێدی خۆی؛ خانەقین. ئەوە بۆ محەمەد موكری، حوسێن میسری، جیهاد دڵپاك و ئازاد سوبحییش وابوو، كە ئەوان گەرمیانیی و كەركوكیی بوون، خەڵكی سلێمانیی نەبوون.

سلێمانیی ئەوەشی تێدایە، كە هەندێك جار یاخیبوون لە شارەكەی قه‌بووڵ ناكات، ئەمە خەسڵەتی كۆمەڵایەتیی شارەكەیە و بەدەست خۆیان نییە، كوردستان هەر شارێكی خاوەن خەسڵەتی تایبەت به‌ خۆیەتی. ئەوەی تر دەگەڕێتەوە بۆ ئاستی توانای كەسەكان یان شێوەی مامەڵەی ڕۆشنبیریییان لەگەڵ ئەو كاره‌كتەرە.

• ئێستا زۆر ژن قسه‌ ڕه‌خنه‌یی و به‌رهه‌ڵستییه‌كانی مه‌نسوور ده‌ڵێنه‌وه‌ و ده‌كه‌ن، ته‌نانه‌ت هه‌ندێكیان خۆیان به‌ نێوه‌كه‌یه‌وه‌ هه‌ڵواسیووه‌: داخۆ له‌ ڕوانینی تۆدا، ئه‌مانه‌ توانیویانه‌ ئه‌حلام تێبپه‌ڕێنن و پێیان بگوترێت نه‌وه‌ی پاشه‌حلام مه‌نسوور؟

سەبارەت بەو پرسیارەش، كە نەوەی پاش ئەحلام چۆن دەتوانن شوێن پێی ئەحلام هەڵبگرن، لە ڕاستییدا؛ هیچ ژنێكی یاخی وه‌ك ئەحلام لەنێو كورددا دووباره‌ نابێتەوە، چونكە تەمسیل و واقیع دوو شتی جیاوازن، من نەوەیەك نابینم بەناوی نەوەی پاشەحلام، نە لەنێو واقیعگەرایی و نە لەنێو خەیاڵ، چونكە ژیانی ئێستا زیاتر بارگاوییكراوە بە گوتاری ئایینیی و بەرژەوەندییە كۆمەڵایەتییەكان، خوێندكارێكی كچ ئەگەر بیهەوێ‌ یاخی بێت، ناتوانێ‌ سەرەتا لەنێو كۆمەڵگە تەریك بێت و خۆی ڕزگار بكات لە سانسۆرەكان، ناتوانێ‌ خۆی لە بەرژەوەندخوازیی خوێندن، پلەوپایەی سیاسیی، ڕاگەیاندن، خۆنواندن و پاراستنی جوانییەكانی خۆی وه‌ك كاڵایەك، ناتوانێ‌ خۆی بپارێزێ‌ لە سیاسەت و بەرژەوەندیی حیزبگەرایی، كە نە حزبییان هەیە و نە دەزانن حزب چییە، ناتوانن ببن بە خۆیان.

ئەحلام ئەو سنوورانەی بڕی بوو، ئەوە باجی قورسی دەوێ‌ و كەسی هاروهاجی گەرەكە، ئەمە جگە لەوەی، كە نەوەی ئێستا نەوەی ئایفۆن، كەوانتەر، ماڵ و ماشێنی بەرز و زێڕن، نەك نەوەی دەقێكی باڵا و خاوەن كەسایەتیی، ئەوان ناتوانن بەته‌نیا سەر بكەون بۆ شوێنی بەرز، مەگەر بە هێزێكی كۆمەڵایەتیی یان ئابووریی و پشتێك سەربكەون، جیاوازیی نێوان نەوەی كۆن و ئێستا ئەوەیە؛ كە پێوەندیی بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندییەكانە، بۆیە هیچ ململانێیەك لەنێوان ئەو دوو نەوەیە نابینم، جا چ جای كەسیه‌تییەكی وه‌ك ئەحلام، كە لەنەوەی خۆیشی كەس نەیدەتوانی پێشبڕكێی بكات، ڕاستە كەسانی وەك: بەدیعە دارتاش، گەزیزە عومەر، كوردستان موكریانی و شوكریە ڕەسوڵ و خەڵكی تر هەبوون، بەڵام ترس لە داهاتوو، قورستر بوو، كە ئێساش قورسە بەقەد ئەو پێوەرە ئایینیی، كولتووریییه‌…
نەخێر تائێستا ئەو ستایلەی ئەحلام دووبارە نەكراوەتەوە و تێنەپەڕیوە، ئەو، فەلتەیەك بوو لەنێو ئەدەبیاتی مێ‌ لە كوردستان، هەروەك چۆن یەك فه‌رووغی فرووغزاد دەركەوت لە ئێران و كەسی تر جێگەی نەگرتەوە، ئەسڵەن تا ئێستا نەوەیەك نەهاتووە نزیك بێت لەو ستایلە، تاكو بڵێین؛ كەسێك هەیە خەریكە ئەو تێدەپەڕێنێ‌، بۆیە هەستم بەو حاڵەتە نەكردووە.

• شه‌ڕی مه‌نسوور له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌ده‌بیاتێكی هه‌زار ساڵه‌، ئه‌ده‌بیاتێك ده‌نگی نێر، تا ئێره‌ی هێنابوو، گوایه‌ كه‌لێنێكی گه‌وره‌ی تێدا بوو، به‌ڵام داخۆ ڕه‌خنه‌ی مه‌نسوور له‌ زمان و ئه‌م نه‌ریته‌ باوه‌، ئاڕاسته‌یه‌كی له‌ ئه‌ده‌بیی ژنانه‌ له‌ ڕۆشنبیریی كوردییدا له‌خۆ گرتووه‌؟ ئه‌گه‌ر له‌خۆی گرتووه‌، ئه‌ی ئه‌م ئه‌ده‌بیاته‌ پێویستی به‌ داهێنه‌ری تری وه‌ك ئه‌حلام مه‌نسوور نه‌ماوه‌، كه‌ ئێستا نابیندرێت؟

بۆ ئەحلام، نووسینی ڕۆمان ئەوە نەبوو ململانێی نوێخوازیی، پشتگیریی نەریتخوازیی و سووننەتیی بكات لەنێو ئەدەب و فكردا، چونكە ئەو بەواقیعی مۆدێرن بوو، نەدەترسا لەوەی گومان لە نوێخوازبوونی خۆی بكات و گوێی بە قسەی خەڵكیش نەدەدا، بەقەد ئەوەی، كە لەڕێگەی نووسینی ئەدەبییەوە یادەوەرییەكانی منداڵیی و هەرزەكاریی و تا دابڕانی خۆی لە كۆمەڵگە و خێزانی كوردەواریی دەنووسییەوە، بەڵێ‌ لە كتێبی (گرەوی چاوەكانی ئەم)دا كەسیه‌تیی (سافە) واتە سافی ناز، كە كەسیه‌تییەكی ژنی یاخی خانەقینیی بووە و لەگەڵ پیاودا هەڵسوكەوتی كردووە و قاچاخچییه‌تیی و ئەم دیو و ئەودیوی ئێرانی كردووە و بەته‌نیا ژیاوە؛ بەكاریهێناوە. كە خوێنەر نەتوانێ‌ سافە بدۆزێتەوە وه‌ك كاره‌كتەرێكی واقیعیی، تەنانەت بۆ خەڵكی خانەقینیش شاراوەیە، چونكە جوان تەوزیفی كردووە، بۆیە بووە بە پاڵەوانی هەرە دیاری نووسینەوەی ئەو یادەوەرییانەی، كە نەیدەتوانی بیانشارێتەوە لەدەرەوەی ئەدەب.

هەمیشە لە گێڕانەوەی چیرۆك و ئیدیۆمەكانی خانەقین، كەسیه‌تی سافە، كە ناوە ئەسڵییەكەی سافی ناز بووە، خۆدوورخستنەوەشی لە سنووری ژنیه‌تیی باو، كاریگەریه‌تیی ئەو ژنە یاخییانە بووە، كە لە خانەقین هەبوون و بۆ ئەحلام بەشێك بوون لە چێژبەخشین، كە چیرۆكەكانی دەگێڕایەوە، وه‌ك ئیدیۆمێكی ناسراو بە قاقاوە دەیگێڕایەوە، بۆیەش ئەو كاره‌كتەرانەی هەڵدەبژارد، چونكە ئەوان یاخی ببوون لە نەریت و ئایینی كۆمەڵگە، هەر ئەمەش بوو، كە لایەنگری ئەوانی دەكرد، ئەمە لایەنە واقیعبینییەكەی بوو.
پیاوێكی دیكەی هەلاج هەبوو، كە هەمیشە نوكتە و چیرۆكەكانی دەگێڕایەوە و تەوزیفیشی كردووە لە ئەدەبەكەیدا، ئەویدیكە كە ئەدەب، نووسین و هونەر بوو، مەسەلەی شێوازی گێڕانەوەی ئەحلام بوو لە كەسی یەكەمی تاكەوە بۆ كەسی دووەم و هەندێكجار كەسی سێهەمی تاك، هونەر لەلای ئەحلام بۆ نووسین دووهەمین بیركردنەوە بوو، چونكە ئەو خەمی دیكۆمێنتاركردنی واقیعەكان زیاتر لەوەی خەمی هونەری هەبێت، بەڕاستی ئەمە لایەنە نێگەتیڤەكەی نووسینی ئەحلام بوو لە ڕۆماندا.

• دوای ئه‌م هه‌موو ماندووبوون و هه‌وڵه‌ی مه‌نسوور، له‌ فه‌راهه‌مكردنی زمانی ژنانه‌، نووسینی ئه‌ده‌بیات و ئه‌زموون، نه‌ته‌وه‌خوازیی و ڕه‌خنه‌ له‌ سه‌رانی كورد، به‌ زمان و ده‌نگێكی له‌باو ناڕازیی، پێت وانییه‌ ئێستا ژنانی كورد به‌گشتیی و فێمێنیستناسه‌كانی كورد به‌تایبه‌تیی، تاهه‌نووكه‌ بێاگان له‌كایه‌ زمانیی و جوانناسییه‌كانی مه‌نسوور؟

سەبارەت بە پرسیاری سیانزەهەم و پرسیاری داهێنان*یش: بە بڕوای من شتێك نییە بەناوی ئەدەبیاتی ژنان، وه‌ك ئەوەی پێشتر چەپی كلاسیكیی و كۆمۆنیستە ئیدیالیستەكان، پێیان دەگوت ئەدەبیاتی كرێكاریی، مەسەلەی داهێنەریش باسێكی گرینگی نێو فكر و فەلسەفەیە، شتێك نەماوە لە دنیادا لە سەرجەم كایەكاندا بەناوی داهێنان، چونكە داهێنان بەواتای بەرهەمهێنانی چەمك، وه‌ك چەمكەكانی شیتەڵگەرایی یان ئەخلاقیات یان ئازادیی، مەبەست لەوەیە، كە چەمێكێك بێت فرە مانا بێت، بۆیە لە ئەدەبیاتیشدا ئەو كێشەیە هەر ماوە، چونكە بابەتەكە لەسەر ستایل و شێوازی نووسینە، هەموو ئه‌و نووسینانەی لە دنیادا بەهەموو زمان و كولتوورەكان دەنووسرێنەوە، یەك هەدەفی ئینسانیی و یەك كێشەیان هەیە، كە كێشەی كۆمەڵایەتیی و سیاسییە یەخەی ئینسانی گرتووە، بۆیە نە ئەحلام و نە كەسانی تریش داهێنەر نەبوون تاكو كەسی داهێنەری وه‌ك ئەلتەرناتیڤی ئەحلام بێتە كایەوە، دەكرێ‌ بڵێین: كۆمەڵگەی كوردستانیی پێویستی بە كەسانی بەجورەت و بە خاوەن كەسایەتی خۆیانە، تاكو لەنێو ئەدەبیاتدا بۆچوون و تێگەیشتنیان لەبارەی ژنەوە هەبێ‌، لەكاتێكدا ئەدەبیات بەبڕوای من ئەدەب كێشەی كۆمەڵایەتیی چارەسەر ناكات، ته‌نیا دەتوانێ‌ دیالۆگی تێدا بەرهەمبهێنێ‌ لەنێو زمان، كولتوور و خوێندەواردا و ئەمە دەبێ‌ لەئاستی كۆمەڵایەتیی ڕەنگبداتەوە و لەنەوەیەكەوە بۆ نەوەیەكی تر مانایەكی جیاواز وەربگرێت، هەروەك چۆن ئازادیی و ئازادییەكانی تاك لەنەوەی ڕابردوودا بریتی بوو لە سیاسەت، ڕزگاریی نیشتیمانیی و نەتەوەیی، ئێستا بریتیە لە ئازادیی تاك و خۆشگوزەرانیی.

ڕۆشنبیری كوردیی كێشەی زۆری سایكۆلۆژیی تێدایە پێویستی بە ئەدیب نییە بەقەد ئەوەی پێویستی بە زانای سایكۆلۆژیی هەیە، چونكە دەبێ‌ ئەو گرێ‌ دەروونییانە، خوێندنەوەیان بۆ بكرێت و دواجار بكرێت بە لێكۆڵینەوەی ئەكادێمیی و بخرێنە بەرباس، چونكە نووسین ته‌نیا هەدەفی ئەوە نییە باسی كێشە بكەیت، بەڵكو هەدەفەكەی دیكەی خوێندنەوەی سایكۆلۆژیی و سۆسیۆلۆژییە، هەروەك چۆن هۆمیرۆس و ئەدیبە كلاسیكیییەكانی یۆنان و شكسپیری ئینگلیز، هاملێت و گرێی ئۆدیب لە شانۆ و لە سیاسەتدا، كە فرۆید و ماركس هەریەك بەشێوەیەك موناقەشەیان كردووە و لەتێزەكانیاندا ڕەنگیداوەتەوە، دەبینین، لێرەدایە نووسین و داهێنان لە نووسیندا چ فەزایەكی لەدەرەوەی فەزای ئاساییی كۆمەڵگەدا خوڵقاندووە و لەكوێدا ڕەنگیداوەتەوە، بۆیە داهێنان وەختێك دەبێ‌، كە دەسەڵات و سیستێم بهەژێنێت‌، نەك ته‌نیا بۆ لێكۆڵینەوەی موجامەلاتیی، كە ته‌نیا بۆ زانستگه‌كان بەكەڵك دێت بۆ تەرقییە و بەرزكردنەوەی پلەی ئەكادێمە، من داهێنان لە ئاستی جهانییدا وادەبینم و لە ئاستی لۆكاڵی كوردستانییشدا بە گەورەتر لە خۆی، نەك لەنێو ژناندا، بەڵكو لەنێو پیاوانیشدا.
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كۆیلەی چەندین هێزی دیار و نادیاری كولتووریی، ئایینیی، سیاسیی و فەرهەنگیییه‌ … ئەوەندەی من بزانم ئەحلام ئەمانەی وه‌ك داتا دەزانی، بەڵام نەیدەتوانی وردی بكاتەوە و تەوزیفی بكات لەنێو نووسیندا ڕەنگبداتەوە، ئەمە غەدر نییە، بەڵكو هەقیقەتە، ئەم حاڵەتە بۆ تەواوی ژنەكانی دیكەی ئەدیبیش وایە، كە دەنووسن، چونكە ناتوانن قووڵتر ببنەوە لەوەی، كە سیاسەت و سیستێمی دەسەڵات و پیاو تەماشایان دەكەن، وه‌ك كاڵا، بەداخەوە ئەوان خۆشیان لەشوێنێكدا بەهۆی كۆیلەبوونیان بەدەستی غەریزەی چەپێنراوی ژنیه‌تییەوە، یان بەدەستی پلە دوویییانەوە، بوون بە كۆیلەی كەمالیات، پوول، ماڵ و موڵكییەتێك، كە لە كۆیلەبوونی پیاو، ماڵ، زێڕ و منداڵەوە كۆكراوەتەوە.
داهێنان، كێشەی هەرە گەورەی بەشەریەتە لەسەر گۆی زەوی، نەك ژنان و ڕۆشنبیری كوردیی، بەڵام ئەگەر بمانەوێ كەسێكی دیكەی وه‌ك ئەحلام بەرهەمبهێنینەوە، ئەوا پێویستمان بە شۆڕشی كۆمەڵایەتیییە، كە دەبێ‌ بگەڕێیینەوە سەتەی ڕابردوو، كە هەم ململانێی سیاسیی و ئابووریی لەو ئاستەی ئێستا نەبوو لەسەرتاسەری جیهان، هەم ئینسان بۆ خۆی نەبوو بە كۆیلە و ملی نەدابوو بە هەموو ویست و غەریزە بچووكەكانی خۆی، هەم ئیرادەی ئینسان لەشوێنێكدا قیمەتی مابوو. ئەحلام كەسێك بوو كەمتر نەبوو لە نەوال سەعداوی، فاتیمە مەرنیسی، فەروخزاد و ئۆریانا ڤاڵاجی و دەیان ژنی ناسراوی دیكەی جیهان، بەڵام ئەوان خاوەنی شوناسی نەتەوەیی و خاوەن كۆمەڵگەیەك بوون بەرگریی لە كەرامەت و بەهای كولتووریی خۆیان دەكەن و لەوێشەوە بەرگریی لە فەرهەنگ و ئەدەبیاتی خۆیان دەكەن و كەسایەتییەكانیان دەخەنە بەردەم گڵۆپی گەشی ڕاگەیاندنی ڕاستگۆ، نەك ڕێكلام.
ئەحلام بەهۆی ئەوەی بیركردنەوەی جیاواز بوو لە زۆربەی حزبە كوردیەكان، كە خاوەنی ڕاگەیاندن بوون، پشتگوێ‌ خرابوو، بەمەش هیچ هیوایەك نەماوە كەسێكی وه‌ك ئەحلام دروست ببێتەوە؛ لەنێو ڕۆشنبیری كوردییشدا بەتایبەتیی، كە گوتارەكەی بەدەست پیاوانەوەیە، ژن هەمیشە لەبەردەم تەشیر، قسەی ناشیرین و هێرشە بۆ نێوزڕاندنی، چونكە پیاوانی كورد بەتایبەتیی ئەوانەی لەنێو ڕاگەیاندنن، ته‌نیا لەنێو چوارچێوەی سێكس تەماشای ژنان دەكەن، بۆیە بوارەكە بۆ ئەوان بەرتەسكترە.

كۆتاییی

ئه‌م دیمانه‌یه‌ له‌ مه‌له‌فی ئه‌حلام مه‌نسوور، له‌ گۆڤاری “كه‌لێن” ژماره‌ چوار، زستانی 2018 بڵاوكراوه‌ته‌وه‌.




خوێندنەوەیەک بۆ: مدخل إلى المسرح الفرعوني الكوريغرافي الأوبرالي… رێباز محەمەد جەزا

نووسه‌ری ئه‌م كتێبه‌ دكتۆر صوبحی شه‌فیق ، یه‌كێكه‌و له‌ونوسه‌رانه‌ی كار له‌ سه‌ر مێژوو ژیاری شارستانێتییه‌كان ده‌كات و له‌م كتێه‌بیدا باس له‌سێ جۆر له‌ شانۆی فریعه‌ونی لای میصریه‌كۆنه‌كان ده‌كات ، ئه‌وانیش بریتین له‌ :

  1. شانۆیی دیمه‌نه‌ (جنائزی – ته‌رمه‌كان – مردووه‌كان ) .
  2. شانۆی ئاهه‌نگسازی و جه‌ژن و بۆنه‌ ئاینیه‌كان .
  3. شانۆی سروته‌ فریعه‌ونیه‌كان .
    به‌شێوه‌یه‌كی گشتی نووسه‌ر دكتۆر شه‌فیق بۆتێگه‌یشتن له‌شانۆی فیرعه‌ونی پێویستمان به‌ ئازادی بیر هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ خۆڕزگاركردن له‌ لاساباری و دووباره‌ بوونه‌وه‌ . ده‌كرێت شانۆی میصرییه‌ كۆنه‌كان هاوشێوه‌ی شانۆی سه‌ده‌ی 17 ی ئه‌وروپی یان شانۆی سه‌رده‌می گریكی بكه‌ین له‌ شێوه‌و ڕوخساریاندا . نووسه‌ر ئه‌وه‌مان بۆڕوونده‌كاته‌وه‌ كه‌ سه‌ره‌تای ئه‌م هێڵه‌ ، به‌وێنه‌یه‌كی ڕوونی شانۆ لای میصرییه‌كۆنه‌كان ده‌خاته‌ ڕوو وه‌كو هیرۆدۆت گه‌وره‌ مێژوونووسی گریك ئاماژه‌ی بۆكردووه‌ و په‌سنی كردووه‌ به‌شانۆی (سروتی ) یان دینی ، به‌ڵام به‌ (دۆگم – تقلید) ی دینی فیرعه‌ونیه‌كان . كه‌واته‌ شانۆی میصریه‌كۆنه‌كان به‌پێی بۆچوونه‌كانی هیرۆدۆتی مێژوو نووس پێكهاتووه‌ له‌ :
    یه‌كه‌م / شانۆی ئاهه‌نگسازی
    دووه‌م / شانۆی سروته‌ دینیه‌كان
    سێهه‌م / شانۆی جه‌نائزی – مردووه‌كان
  • پێكهاته‌و پێداویستیكانی ئه‌م شانۆیه‌ چی بوون ؟
    له‌كاتی به‌راوردكاری مێژوویدا ، نووسه‌ر ده‌ڵێت : ” په‌رستگا ده‌ستگایه‌كی ده‌وڵه‌تی میصری فیرعه‌ونی بووه‌ ، هه‌ریه‌كه‌له‌و په‌رستگایانه‌ ده‌چنه‌ په‌رێزی نمایشه‌ شانۆییه‌كانه‌وه‌ ، له‌كاتێكدا نووسه‌ر ئاماژه‌ بۆئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ په‌رستگا فیرعه‌ونیه‌ كۆنه‌كان كۆگایان هه‌بووه‌ بۆكه‌ره‌سته‌و كه‌لوپه‌له‌ شانۆییه‌كان و به‌كارهێنانیشیان زمانێكی ڕه‌مزی هه‌بووه‌ بۆتێگه‌یشتنی كاهینه‌كان و مفره‌ده‌ شانۆییه‌كانیان ئه‌و زمانه‌ بریتی بووه‌ له‌ ” ڕه‌نگه‌كان و هێڵه‌كان ” بووه‌ ، نه‌ك ئه‌وه‌نده‌ش ، به‌ڵكو هه‌ستاون به‌ رۆڵ بینین له‌دیمه‌ندا بۆئه‌وه‌ی ئه‌و كۆدانه‌ بكه‌نه‌وه‌ كه‌ نمایش پێشكه‌شی كردوون و له‌هه‌مان كاتدا به‌ر پرس بوون له‌وكاره‌و رۆڵی (مۆنتێر- به‌زمانی هاوچه‌رخ ) یان بینیوه‌ له‌نمایشه‌ شانۆییه‌كاندا .
    هه‌روه‌ها نووسه‌ر له‌به‌شێكی تری كتێبه‌كه‌یدا باسی ئێكسسواراتی كردووه‌ به‌جۆرێك كه‌ میصریه‌كۆنه‌كان له‌نمایشه‌ شانۆییه‌كاندا به‌كاریان هێناون به‌تایه‌بتی له‌نمایشه‌ شانۆییه‌كانی “شانۆی جه‌نائزی و ئاهه‌نگسازی و جه‌ژن و بۆنه‌ دینیه‌كاندا ” ، ئه‌مه‌جگه‌له‌وه‌ی نووسه‌ر جه‌خت له‌وه‌ده‌كاته‌وه‌كه‌ ئێكسسوارات به‌ڕوونی و ئاشكرایی هه‌بوون له‌و نمایشانه‌ی شانۆی فیرعه‌ونی كۆندا . هه‌روه‌ها نووسه‌ر له‌درێژه‌ی باسه‌كه‌یدا ، ئاماژه‌ بۆ پرۆفیسۆر ” الكسندر موریه‌ ” ده‌كات كه‌ كتێبێكی هه‌یه‌ به‌ناونیشانی ” الغوامچ والاسرار المصریه‌ ” كه‌له‌وێدا ده‌رباره‌ی هه‌ندێك كاری جێبه‌جێكاری قسه‌ده‌كات كه‌ كاهنه‌ میصریه‌كان ڕۆِڵێكی گه‌وره‌یان هه‌بووه‌ له‌سروته‌ فیرعه‌ونیه‌ لاساباره‌كاندا ، نووسه‌ر ده‌ڵێت : ” ئه‌وان له‌شانۆكه‌یاندا ده‌گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ هه‌مان ئه‌و ئێكسسواراتانه‌ی كه‌ له‌ناویانداكورت و دروستكراو بوون به‌ ته‌خته‌ی “الجمیز و الاكاسیا ” له‌گه‌ڵ ئاڵتوون و زیوو وهتد پاشان ده‌یاندا له‌جه‌سته‌ی نمونه‌داپۆشراوه‌كه‌ و له‌سه‌ری و له‌ صولجانه‌كه‌ی و رۆڵی سه‌رۆكی نمایشی تراجیدیا یان وه‌زیریان هه‌بووه‌ .
    ئه‌مه‌ سه‌رباری ئه‌وه‌ی نووسه‌ر باسی ده‌مامكی شانۆیی ده‌كات و به‌یه‌كێك له‌ ئامڕازه‌كانی شانۆی فیرعه‌ونی كۆنی ده‌زانێت و ئاماژه‌ بۆئه‌وه‌ده‌كات كه‌له‌ مۆزه‌خانه‌كاندا پارێزراون و چه‌ندین جۆر ده‌مامكیان له‌نێودا هه‌ڵگیراون كه‌گه‌نجه‌كان ده‌یان پۆشین و مێژووه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌ده‌ی 12 تا شانزه‌ .
  • درامای فیرعه‌ونی :
    ئه‌وه‌ی نووسه‌ر له‌م كتێبه‌دا باسی ده‌كات ، درامای میصری هه‌زار ساڵ له‌پێش درامای گریكیه‌وه‌یه‌، له‌م باره‌یه‌وه‌ نووسه‌ رده‌ڵێت : ” گه‌ر بڕوانینه‌ شێوه‌ی به‌كارهێنانه‌ جیاوازه‌كانی ده‌مامك له‌په‌رستگا فیرعه‌ونیه‌ كۆنه‌كاندا ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ میصرییه‌كۆنه‌كان پێش گریكیه‌كان ده‌كه‌ون له‌ درامادا و مه‌عریفه‌ی شانۆییان و ئه‌دائی ده‌قی شانۆیی یان له‌پێش گریكه‌ ، به‌ڵگه‌كانی نووسه‌ر بۆئه‌م گوته‌زایانه‌ بریتین له‌ :
  1. وێنه‌ی گۆڕستانه‌ فیرعه‌ونیه‌كان و ئه‌و ده‌مامكه‌ زۆرانه‌ی كه‌ شێوه‌ی هه‌مه‌جۆریان هه‌یه‌و لێیان به‌جێماون و تاكو ئێستاش پارێزراون .
  2. ئه‌وێنه‌ هه‌مه‌جۆرانه‌ی كه‌ ده‌یسه‌لمێنن شانۆی میصری چۆن بووه‌و ڕٍووخساره‌ دیاره‌كانی له‌وانه‌ بۆنمونه‌ : یه‌كێك له‌وێنه‌كان : جادووگه‌رێك ده‌رده‌خات كه‌ ده‌مامكی پۆشیووه‌و له‌به‌رامبه‌ر جه‌ماوه‌ری بینه‌راندا یه‌ . په‌یوه‌ندی ئه‌م نمونه‌یه‌ له‌گه‌ڵ دیمه‌نه‌كه‌دا ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ده‌كات كه‌ئه‌ده‌بی میصری فرعه‌ونی كۆن سه‌رباری ئه‌وه‌ی ئه‌ده‌بێكی چیرۆكیه‌ ، رۆڵێشی هه‌بووه‌ له‌جادوو جادووگه‌ری له‌ ژیانی میصریه‌ كۆنه‌كاندا .



ژن لە نێوان دوو جەمسەری توندوتیژیدا … کرمانج فەتاح

ژن لە جەمسەی خێزانی باوك سالاری و جەمسەری کۆمەلگەی پیاو سالاریدا گوزەردەکات ، کەواتە ژن دووجار بووتە قوربانی ، جارێك بەهۆی جیاوازی چینایەتی و جارێك بەهۆی رەگەزەکەیانەوە کە لە لایەن ڕەگەزی نێرینەوە دەچەوسێنرێنەوە .
توندو تیژی پیاوان بەرامبەر بە ژنان ڕابردویەکی دووروو درێژی هەیە ، باوك دەیدات بە کوڕ کوڕیش دەیداتەوە بە کورەکەی خۆی .
بەگوێرەی بۆچوونی پسپۆڕان ، هۆكارەكانی هەڵكشانی رێژەی ئەو دیاردەیە لە كۆمەڵگە دەگەڕێتەوە بۆ گەلێك هۆكاری جیاجیا ، لەوانەش زیادبوونی گرفتە كۆمەڵایەتییەكان و كێشەی ئابووری و ئاڵۆزیی دۆخی سیاسیی وڵاتەكە و ئایین وچەندان هۆكاری تاكەكەسیش .

توندوتیژی جۆری زۆرە وەك :
توندوتیژی جەستەیی، دەروونی، توندوتیژی دژ بە تاك یان دژ بە کۆمەڵ، توندوتیژی خێزان و توندوتیژی کۆمەڵایەتی و توندوتیژی سیاسی . لة سةروى هةموو ئةمانةشةوة توندوتيژی دین و مةزهةب .

توندوتیژی دژ بە ژنان بارودۆخێکی خنکینەرو سامناکە و لە سەرتاسەری جیهان بوونی هەیە بەلام لە وولاتێکەوە بۆ وولاتێكی تر جیاوازە .
هەر کۆمەڵگەیەک ڕێژەی کێشە کۆمەڵایەتییەکان تیایدا لە هەڵ کشاندا بوو وەك : جیابوونەوەی ژن و مێرد، ، نەبونی پەروەردەیەکی تەندروستی مندال ، چەوساندنەوەی دەروونی و لاوازی سیستەمی پەروەردەیی . نەبوونی دیالۆگ لە نێوان خەڵکدا .
هەروەها لەڕووی سیاسیشەوە، نەبوونی عەدالەتی کۆمەڵایەتی و نەبوونی یەکسانی لەناو کۆمەڵدا ، پێشێل کردنی یاسا لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە . گەندەڵی و نەبوونی ئازادی و نەبوونی هەلی کار بەشیوەیەکی یەکسان ، گرانی بازاڕ و قەیرانی نیشتەجیبوون ، کاتێک ئەمانە هەموویان لە کۆمەڵگەدا هەبوون ، ئەکرێت بڵێین لەو کۆمەڵگەیەدا زەمینەخۆشە بۆ کاری توندوتیژی .

لەئێستادا توندوتیژی لەهەرێمی كوردستان، رۆژ بەرۆژ بەرەو زیادبوون دەچێت هۆكاری ئەمە چیە ؟
توندوتیژی جۆر و شێوازی زۆرە وەکو ئاماژە م پی کرد ، بیگومان بەپێی ئەوەش هۆکارەکانی جیاوازن . هۆکاری توندوتیژی کۆمەڵایەتی یان خێزانی جیاوازە لە هۆکاری توندوتیژی سیاسی. بەڵام هۆکاری هاوبەشی نێوانیان ئەگەڕێتەوە بۆ هەڵچوون و توڕەبوون و گیانی تۆڵەسەندنەوە و نەبوونی گیانی لێبووردن و پەروەردەی سەقەتی خێزان و کۆمەڵگە و سیستەمی فێرکردن. لەسەر ئاستی خێزاندا باوک، دایک ، برا گەورە ، ئەتوانێت ڕۆڵێکی گرنگ ببینێت لە پەروەردەکردن و گەشەکردنی کۆمەڵایەتی ئەندامانی بچوکی ناو خێزانەکە. ئەوانن ئەبنە پێشەنگ بۆ منداڵان و بەتایبەت لە قۆناغی هەرزەکاریدا، چونکە منداڵ لاسایی گەورە ئەکاتەوە لە هەڵوێست و هەڵسوکەوتدا و گەورەش کاریگەری بەرچاوی ئەبێت لەسەر کەسێتی منداڵ،
لەسەر ئاستی کۆمەڵگەشدا، دەسەڵاتی سیاسی بە پلەی سەرەکی و پاشان ئاین و دابونەریت و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان ، ڕۆڵی زۆریان هەیە بەسەر کۆمەڵگەوە و زەمینە خۆشکەری توندوتیژین . بۆ نموونە : ئەم شوێنانەی تاکی تێدا ئاراستە دەکرێت، بەوەی هەرتاکەو بە مانا جیاوازیەکانەوە بڵنگۆیێکیان هەیە کە تێیدا ئاراستە دەکرێن و بەو نێوەندەشیانەوە کاریگەرن چ لە ئاستی تاکبێ ئاراستە دەکرێن چ لە ئاستی گروپ و نێوەندیتر کە تێیدا لێدوان و پەیامی سەیروسەمەرە ئەدرێت وهانی خەڵک ئەدرێت بۆ کاری توندوتیژی،

ئەوانە هەر هەموو هۆکارن بۆ پەرەسەندنی دیاردەی توندوتیژی دژ بە ژنان لەناو کۆمەڵگەی کوردیدا.

کرمانج فەتاح




دوو شیعری عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ(

چاودێری


 شیعری:عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

ئەمڕۆش دیسان لە ساحەی پاس چاوەڕوانی نەفەرات بووم وەختێ دەرکەوت
وەکو جاران شل و مل و
وەکو ڕۆژان خان و مان بوو هات و سەرکەوت
زووش زووش سەیری مۆبایلەکەی دەستی ئەکرد
هێند خەمڵابوو..لە ژنێکی ڕۆمانسییانەی خەیاڵی هەڵبەستی ئەکرد
من پێمخۆش بوو تا ئێوارە لەناو پاس بێ و دانەبەزێ
دڵی سپی و بێگەردی خۆمی بیدەمێ وەک کاغەزێ
پرسی : بەچەند خوولەکی تر دەگەینە لای مەحافەزە
تازە کارم پەیدا کردووە لەژێر چاودێری مودیرم
من نامەوێ دووابکەوم، نەک کارەکەم لەدەست بدەم
چونکە سەرچاوەی بژێوی دوو منداڵ و دایک و باوکێکی زۆر پیرم.

ئەیلوولی ٢٠١٩

                                لەنێو قاوەخانەیەکدا

                                    شیعری : عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

لەسووچێکی قاوەخانە بێنازەکە لەگەڵ خەیاڵ و قاوەی تاڵ دانیشتبووم
ئەویش هاتە سەرمێزەکە و دیم ڕێک لە بەرامبەرمایە
بە کتێبەکەی دەستم را زانی چۆن بیر دەکەمەوە و چ بڕوایەک لە سەرمایە
باسی شۆڕش و ژیان و کۆمەڵگەی کرد
وەڕسبوونمی هەتا ئاستێکی بەرز برد
سووکایەتی کرد بە ژیان
بێڕێزی کرد بە خەبات و مێژووی ئینسان
ئەیوت جیاوازی لەنێوان سۆشیالیزم و ئەم ژیانە بوونی نییە
کە من هەموو شتێکم بۆ فەراهەم بێ
ئیتر شۆڕش مانای چییە؟
منیش دوا فڕم لە قاوە تاڵەکەمدا و هەستامە پێ
لەم وڵاتە ناسراوەی بە سەرما و بەفر و کڕێوە و تۆف
پەنجەی ناوەڕاستی دەستم پێ نیشاندا و
پێم وت فەک ئۆف

تشرینی یەکەمی ٢٠١٩




شیعر/ خەونی بێلانەیەک … کاوە عوسمان عومەر

بەیانی شەپۆلی دا..
هەر کەسەو زەریایەکی لە خۆیدا هەڵگرتوە،
جەستە ڕێگای ئاسنینی…
شەمەندەفەری وشەو تەنیاییە، نوسینی…
ئەو بایەی لە هەر باخچەیەک،،
گەڵایەک لە شیعری نووسی…
بە ڕۆژنامەی بێهودەیی مرۆڤەکانا،،
بڵاوی کردنەوە،،
پێت ووتم، ژورەکانیش…
نشینگەی ئارام نین،،
ئەوانیش زیندانێکن ….
بە ئاسنی مەرگ و تەنیایی ‌هەڵچنراون،،
بەڵام سەرگوزشتەی مردوەکان…
لای فلووتژەنی لم و سەرابە،،
وەک ئەوە وابوو لە شاخێ بکەویتە خوار،،
کە مرواریە درەوشاوەکانی…
ڕۆشتنی خستە دەستەکانتەوە،،
وەک شەمەندەفەر،،
بە خەوێک لەسەفەرا دەستپێدەکات،،
شارەکانیش بە دەرزی عێشق و خوری بیرەوەری ئەدورێتەوە،،
گەلەری دوای درەنگانێکیش،،
چؤڵە لە کچێک لە باران،،
لە دەوازەکە لە پڕێکدا وەک فریادڕەسی درۆ،،،
مرۆڤە گورگەکان هاتن، ،
تەماشای یەکتریان کرد،،
کەوتنە ئەتک کردن و ..
هەنجڕ هەنجڕ کردنی جەستەی پەریەکانی شار،،
ئەوانەی گوڵەکانی نیشتمانیان هەرزانفڕۆشکرد،،
بە فڕۆکە هاتن و پەڕو باڵی گرد و شاخەکانیشیان بڕی،،
هییچ کانیەک و دارستانێکیش نەما،،
پەڕو باڵی نەقرتابێ، ،
ئەوانەی شاریان…
لە مەزادخانەی ڕۆحی مردوە زیندوەکانا هەراجکرد،،
بێباک بوون لە تینویەتی سنەوبەرەکان و گیانەڵەی نێرگزەکان،،
هەر گوڵێک بە ڕوباری خەفەتا پەرش و بڵاو بوو،،
بینیمان چۆن پەڕەکانی گوڵە پەرتبوەکان..
سەر ئاو کەوتن، ،
بینیمان چۆن هەژارەکان بە زمانی تر قسەدەکەن،،،
لە جیهانی ترا خۆیان حەشار ئەدەن،،
لە کاتێکا ئەوانەی ئەسپە سپیەکانی ..
ڕۆخی کەناری ئاڵتوونی شاریان تەرە کرد،،
لە سەحەرەوە نەهاتبوون،،
بەڵکو گورگانێک بوون نامۆ،،
بە چرا شینەکانی چاوی منداڵە برسیکراوەکان،،
نامۆ بە پەڕەسێلکە خۆشبە ختەکانی ئێوارە زیوینەکانی شار،،
نامۆ بە چاوەڕوانی ئەو دایکانەی…
ڕەگی سنەوبەرەکان لە دڵی ئەوانەوە سەوز ئەبوو،،
خوێنکارەکان لە شاخی خۆرەوە،،
گەیشتنەوە ماڵە سارد و وێرانەکان،،
کرێکارێک نانێکی بە تروسکایی بەیانیەکی خەمگینەوە خوارد،،
شۆفێری پاسێکیش چاوەڕێی کرد،،
تا پۆلە کوکوختەیەک باخچەکە بەرن، ،
بێلانەیەکیش بێ دەربڕینی هییچ ناڕازیبونێک،،
شەقامێکی کردە نێو پریاسکەی ئێسک و پروسکی شاری سەربڕاو،،
لەوانەشە ئەمشەو لە ژێر ڕەهێڵەو تۆفانا،،
ئەو بێلا نە عاشق بە زوڵفی سپی شار،،،
پیاسەیەک بە منداڵی لەدەستچووا بکا ،،
پێش هاتنی…
چەتەکانی پشت سنوور.




لە نێوان پڕوپاگەندەی سیاسی و کرداری راستیدا … رەزا شوان

بڕوا ناکەم هیچ گەلێک لە جیهاندا، وەکو گەلی کوردمان، هێندە دڵپاک و خۆشباوەڕبن و وا بە ئاسانی بـڕوا و متمانە، بە زمـان لـووسی و بە بەڵـێن و بە قسەکانی زەوتکەرانی مافـەکـانیان و بـە داگـیرکەرانی نیشـتـمانە داگـیرکـراوەکانیان، بـە ئاسـانی بـڕوابکـەن و هەڵـبخەڵەتـێن و بکەونـە داوەوە. بەڵام بە داخـەوە لە کۆنەوە تا ئەمـڕۆش ئێمەی کورد چەندەهـا جار بە بەڵێن و بە قسەکانی داگیرکەرانی کوردستان بڕوامان کردووە و هەڵیان خەڵەتانـدووین. مێـژووشمان پـڕە لەم راستییە. ئەوەی کە جێی سوێ و داخـێکی زیـاترە ئەوەیە، کە ئێمەی کورد، هەرگـیز پەنـد و وانەمـان لە کـارەسات و لەو هەمـوو هـەڵە و شکستی و نەهـامەتییانەمان وەرنەگـرتـووین، مێـژوو دووبـارە و چەنـد بـارە بۆتـەوە و دەبێتەوە. خراپتر هەڵخەڵەتاوین دۆڕاویـن و تێکەوتوویـن. هەر وەکـو نە بـامان دیبـێت و نە باران. هۆی سەرکیش بۆ بەشێکی زۆری سەرکردە نابەڵەدەکانمان دەگەڕێتەوە، کە لە گەمە و لە هـونەری سیاسەت و لە شێوازی گـڤتوگـۆدا کۆڵەواربوون، نەزان بوون لە خوێندنەوەی وردی ناخی داگیرکەران و ئەو نیازە ژەهراوی و گڵاوەی کە لە ناخیان دان نەک لەسەر زمانیان.

سەرۆک وەزیـرانی پێشووی تورکیا، ئەحمەد داود ئۆغـڵۆ، سەرۆکی “پـارتی ئایـندە” لە رۆژی یەکشەمەی رابـردوو (٢٣/ ئاوگوست/٢٠٢٠) لە سەردانێکی فەرمیدا، بۆ شاری (وان) ی کوردستانی، لە باکـووری کوردستان دا، بۆ باگەشەکردن و بۆ نزیکبوونەوە و راکێشانی لایەنگیریی کورد بە لای خۆی و پارتەکەیدا. وتی”من ئەوە دەزانم، کە وانیش ئەوە رەتـدەکەنەوە کە پارتی داد و گەشەکـردنی دەسەڵاتـدار، سەرۆک شارەوانییەکـانی سەر بە پـارتی دیوکـراتی گـەلانیان لادان و بـڕواپێکراوی خـۆیان دانـانن بـۆ سەرۆکی شارەوانی، ئەو شارانەی کە پارتی دیموکراتی گەلان (هە دە پە) ی لایەنگـری کورد، لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی رابردوو، تێیاندا براوەبوون و زۆربەی دەنگەکانیان بەدەستهـێنا”
داود ئۆغڵو ئەوەشی وت:”هەمووان مافی ئەوەیان هەیە کە بە زمـانی دایکیان بدوێنن و بەکاریبهێنن” مەبەستیشی زمانی کوردی بوو. بێ ئەوەی ناوی زمانی کوردی بهـێنێت.
ئەحمـەد داود ئۆغڵو، وتیشی:”گەر بێتو تەنیـا کوردێکـیش، کـێشەی هاـوبەستەبـوونی هـەبێ، تورکیا ناتوانێت بحەسێـتەوە” بەڵام داود ئۆغـڵو لە میانەی قسەکـانی لە شاری وان دا، هـیج ئاماژەیـەکی بەوە نـەدا، کە هـەوڵی چـارەسەرکردنی کـێشەی کورد بـدەن.

داود ئۆغـڵو، جەختی لەسەر ئەوەش کرد، کە:”وڵاتەکەی بەهـێز نابێـت، گەر نەتوانێت هەمـوو کورد لە وان و دیاربـەکر و ئیستانبوڵ و تەنانەت لە سوریا و عـێراقـیشدا، لەبەرچـاو نەگـرێت” ئەم قسەیەی داود ئۆغـڵو، داناپێنانێکی راستە، بێگومـان ئەستەمە کە تـورک و فـارس و عـەرەب، لـە تورکـیا و ئێـران و عـێراق و سـوریادا، بتـوانن بـە ئاسوودەیی و بە ئاشتی بژین و پاڵی لێبدەنەوە، تا دان بە مافە رەواکانی کورد نـەنێن و کوردیـش نەبێـت بە خـاوەنی دەوڵـەتی سەربەخـۆیی خۆی، (دەوڵـەتی کوردسـتان). تا رۆژێک زووتر ئەم هـیوا و ئاواتە کورد بێتەدی. زووتـر تورک و فـارس و عـەرەب و کورد، دەتـوانن بە ئاشتی و ئاسوودەیی بژین و بحەسێـنەوە.
بەرپرسێکی باڵای پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) وتی:”دەکرێ لەسەر داواکەی داود ئۆغڵو، دەربـارەی بەکارهـێنانی زمانی کوردی جـێبەجێ بکرێ، دواتـریش راگـرتنی دانراوەکانی سەرۆک شارەوانییەکانی حکومەت لەسەر شارەوانییەکانی پارتەکەمان”
(ئەرۆڵ قاترچی ئۆغـڵو) کە مامۆستایەکی ناسراوی زانکۆیە و پەرلەمانێکی (هەدەپە) یە، لە پەرلەمانی تورکیادا، وتی:”خـوێندنەوەی ئەرێنـیمان بـۆ وتەکـانی ئـەم دواییـەی سەرۆک وەزیرانی پێشووی تورکیا، ئەوە ناگـەیەنێت کە پەیـوەندییەکی متمانـەپێکـراو ئێـمە بە ئـەوەوە دەبەسـتێ” ئـەرۆڵ ئۆغـڵو وتیشی:” بانگەوازەکـانی داود ئۆغـڵو، هەنگاوێکە، پێشوازی لێدەکەین، بەڵام لەم کاتەدا ئەوە بەس نییە، کە پەیوەندی لەگەڵ پارتەکەیدا بکەیـن، لە ئەنجـامی ئـەوەی، کـاتێک کە سـەرۆک وەزیـران بـوو، وەکـو دوژمنێکی کورد رەفتاری دەکرد، بە تایبەتیش لە کاتی هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی ساڵی (٢٠١٥) دا، کە داود ئۆغـڵو بەڵـێنی ئەوەی دا، کە ناوچـەی (شـوورە) ی مێـژوویی ناوەڕاستی شاری دیـاربەکـر دەکات بە ناوچەیەک لە شێوەی (تـۆلیـدۆی ئـیسپانی) لە کاتێکدا ئەم قسانەی کرد، کە ئەم ناوچەیە ـ ناوچەی شوورەی شاری دیاربەکر ـ لەژێر ئاگربـاران و بۆردوومانی سوپای تورکیادا بوو. خەڵکـییەکەی دەکـوژران، لەو کاتەدا ئەم قسانەی کرد ، هـەر وەکو هـیچ شتـێک لە ئارادا نەبێت. لە جیاتی ئەوەی هـەوڵێ کۆتـایی هـێنانی بەم شەڕە بـدایە” ئەرۆڵ ئۆغـڵو جەختی کردەوە وتی”ئێمە لە پارتی دیموکراتی گەلان، داواکاری تۆڵەکردنەوە نین، سەرەڕای هەموو ئەو کارەساتانەی لە رابردوودا روویان دا، دەمانەوێت لەگەڵ هەرکەسێکـدا بین، کە دیموکراسی راستیی لە وڵاتـدا دەوێـت. بۆیە لەوانەیە لە داهـاتوودا، هـاوکاری لە نێوان ئێمە و داود ئۆغـڵودا دروست ببێت، ئەوەش شتێکی باشە کە هەندێ سیاسەتمەداری کورد لە پارتەکەیدان”
پێشتریش داود ئۆغـڵۆ، بە تونـدی هـێڕشی کردە سەر ئەردۆگـان، لە لابـردنی سەرۆک شارەوانییەکـانی سـەر بە پـارتی دیموکـراتی گـەلان لایەنگـیری کـورد. کە بـە بـڕیـاری حکومەتە فاشستییەکەی ئەردۆگان، لە کۆی (٧١) سه‌روك شاره‌وانی كورد كه‌ سه‌ر به‌ پارتی دیموكراتی گەلانن، كه‌ له‌ ساڵی رابردوودا، له‌و شاره‌ كوردستانیانه‌دا براوه‌بوون و به‌ ده‌نگەکانی‌ خه‌ڵـكی سه‌ركه‌وتن. (٤٦) سـەرۆک شـارەوانی شارە کوردییەکـانیانی باکووری کوردستانیان لابـردن. زۆربەشیان بە تـوومەتی هەڵبەستراو زینـدانی کراون.

هەریـەکە لە (کەمـاڵ کلیچـدار)ی سەرۆکی پارتی گـەلی کۆمـاری تورکیا (جـەهـەپـە) و (عـەلی بابـاجـان) ی سەرۆکی پـارتی دیمـوکـراسی و پێشکـەوتـن (دەڤـا) ئەویـش ئـەو بەڵێنەی بە کورد دا، گەر بگەن بە دەسەڵات، دان بە زمانی کوردی و بە مافەکانی کورد لە تورکیادا دەنێن. زمانی کوردیش دەبێت بە زمانی خوێندن و نووسـین و بە زمـانێکی فەرمی لە تورکیا و لە باکووری کوردستان دا، کێشەی کورد چارەسەر دەکەن و ئاشتی رادەگەیـەنن. من پێمـوایە ئەم قسانەیان دروشمی بریقەدارن و قسەی رووتن، و قسەش ناچـێتە گیرفـانەوە، ئەگینا پارتی گەلی کۆماری تورکیادا چەنـد ساڵێک دەسەڵاتـداربوون، بەڵام پەیـڕەوی هەمان ئایدۆلۆژیای رەگەزپەرستی و بۆگەنی ئەتاتـورکی گۆڕبەگـۆڕیان لە دژی کورد پەیڕەوی دەکرد. کێ دەستی گرتبـوون گەر بیانویستایە کێشەی کـورد لە تورکیادا چارەسەربکەن؟ (عـەلی باباجـان) یش، کە وەزیـری دەرەوەی پێشووی تورکیا بوو ئەویش هیچ هەڵوێستێکی ئەرێنی ئەوتۆی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد گەر تەنیا بە قسەش بوایـە نەبـوو. تا شـایـەنی باسکـردن بێ؟
کورد شەڕخواز نییە و هەموو کاتێک ئامادەی گفتوگۆ و چارەسەری ئاشتیانەی کێشەی کوردە. بەڵام داگیرکەرانی کورد ئەم هەڵـوێستییەی کورد بە لاوازی تێدەگـەن، هـەردەم لەگەڵ ئەو ئەقـڵێتییە کۆنەپەرست و لە خۆباییەدان، کە بە لەشکركێشی و سەرکوتکردن و رەشەکوژی کۆتایی بە کێشەی کورد بهـێنن، نکووڵیش لەوە دەکان کە کورد و کێشەی کوردیان هـەبێت. تا ئێستاش باجـێکی زۆری ئەم نکووڵیکردن و گەمـژەیی و دڕنـدەیی و ئەقـڵییەتە رەگەزپەرستییەیان داونەتـەوە.

هـەر کەس و لایەنێک گەر راست دەکـەن، ئامـادە کێشەی کورد چـارەسەر بکـەن، ئەوە ئـەرز و ئـەوە گـەز، هـیوادارین کە قسەکانی کەمال کليچـدار و عەلی باباجـان و ئەحمەد داود ئۆغڵۆ لە دڵیانەوە بێت و راست بکەن. نەک شەکریان لە سەر دەم بێ و ژەهـریان لە ناو دڵـیاندا بێ. گەر بە راستی پیـاون و خاوەنی بەڵـێنن، کـورد وتـەنی:”پیـاو سەری بـدۆڕێـنێ بەڵـێن نادۆڕێنێت” نەک تەنیا قسە و بەڵێنەکانیان پڕۆپاگەنـدە و بانگـەشەی سیاسی بن بـۆ هەڵـبژاردنی داهـاتوو و دووربن لە کرداری و لەڤجێبەجێکردن. گوێمان لە گەڵی قسە و بەڵێنی لەم شێوانە بووە. بەڵام کە گەیشتوون بە دەسەڵات بە پێچەوانەی بەڵێنەکانیانەوە، رەفـتاریان لەگەڵ کـورد و کێشەی کورد دا کـردوون، لە جـێی دانـان بە مافەکانی کورد و ئازادی و دیموکراسی و پێکەوەژیان، بە ئاگر و ئاسن و سەرکوتکردن و رەشەکـوژی کورد و ێـرانکردنی کوردستان و زیندانیکـردنی بە هـەزاران لاوی کورد، وەڵامی مافەکـان و داخوازییەکـانی کوردیان داونەتەوە. کە تا ئەمڕۆش درێژە بە هەمان سیاسەتی رەگەزپەرستییانن دەدەن. بۆیە ئێمەی کورد، هەقـمانە کە بە وتە و بەڵێنەکانی داود ئۆغـڵو و کەمـال کلیچـدار و عـەلی باباجـان بـڕوا نەکـەین یا بە گومـان بین. لەگـەڵ ئەوەشـدا رەشـبین نین و هـەردەم گەشبینین.

رەزا شوان
٢٤/ ئاوگوست/٢٠٢٠




شیعر/ تابلۆ …. ڤان محەمەد

  1. تابلۆ
    هەتا توانیم،
    لە ووجودتدا خۆم غەرق کرد!
    هەموو ڕەش و سپێتییەکانی بوونم،
    لەناو خەیاڵەکانتدا ڕەنگ کرد
    لە ژێر سێبەری تۆدا…
    نوێبوونەوەم، بەسەر هەموو ئەندامە شکاوەکانمدا فەڕزکرد!
    هەموو پێکەنینەکانتم،
    لەنێو دەمارەکانمدا کرد بە تابلۆ!
    تەفسیری ئایەتەکانی سەر زمانتم…
    کرد بە وێردی ئێوارانی دوای ماندوو بونم!
    وەلێ جگە لەو شتانەی دەتشاردنەوە،
    جگە لە درۆکانت هیچی ترم بۆ نەماوەتەوە.
    زمانت دەمبڕێ؛
    وەکو ڕەژوو لاڵم دەکا!
    هەرچی لەناومدایە دەجوڵێ،
    وەک ئەوەی حەز بە سەما بکا،
    وەلێ پەلەقاژەمە!
    دەبوو بمزانیبا…
    ئەوەی لەناو تۆدایە،
    لەگەڵ حیکایەتی پڕ لەئومێدی مندا نایەتەوە!
    دەبوو بمزانیبا…
    ئەو نەسیمەی،
    سەمای بە تاڵەکانی قژم دەکرد،
    ڕەشەبای شێتی پێش گەردەلول بوو بۆ وێرانکردنم!
    هەست بە نائومێدی دەکەم!
    هەست دەکەم، لەتۆدا جێم نابێتەوە!
    هەست دەکەم، لەمندا ناڕوێیت!
    ئێوارانی غارغارێنی مەست بە ووشەکانت
    چیدی نامبەنەوە کۆڵانە دڵڕفێنەکانی نیگا!
    ئیتر وێنەیەک نییە،
    من و تۆ لە خۆیدا جێبکاتەوە!
    هەناسەبڕکێمە…
    وەک ئەوەی،بمەوێ خاڵی ببمەوەو نەتوانم
    وەک ئەوەی،
    سنگم پڕبێ لە هەناسە ژەنگگرتووەکانی تۆ و بمخنکێنێ!
    هەناسە بڕکێمەو
    دەمەوێ تۆ لە ناومدا نەمێنیت و
    بە تەنها،
    شەقامەکان پڕکەم لە بیرەوەری کچێنیم.

ڤان محەمەد




ئەندرێ كۆنت–سپۆنڤیل: جیهانبینی فەیلەسوفێكی بەختەوەری بۆ پەتا بەشی 16 …ئازاد حەمە

“”هەموو گوناهەكان تەقەلان بۆ پڕكردنەوەی بۆشاییەكان””
سیمۆن ڤێی Simone Weil

ئاماژە: فەلسەفە لە هیچەوە دەستپێناكات، لە جێگایەكەوە دەستپێدەكات کە منداڵدانی پێكدادانەكانی ناو بیركردنەوەی مرۆڤە. فەلسەفەش كە بەم شێوەیە دەردەكەوێت سرەوت ناناسێت. وەكیتر، فەلسەفە كە ناسرەوێت، دۆشدامانەكانیشی كۆڵەكەی ئەو پانتاییانە پێكدێنن دەبنە مەحەكی دادوەرییەكانمان. سەنگی دادوەرییە فەلسەفییەكان بیركردنەوەكانمان لە لێڵییەوە بەرەو ڕوونی دەبەن و بڕەو بە تێگەیشتنەكانمان دەدەن. وێجا قەڵەمرەویی شیكردنەوەی فەلسەفیی دێتەكایەوە و ئەوەش درز دەخاتە ناو بینینی مرۆڤەكانەوە و كێڵگەی تێڕامان بەپیتتردەكات. داخۆ قەتیسكردنی قەڵەمرەویی فەلسەفە نابێتە هۆكاری كپكردنی پرسیارەكانمان كە خودی فەلسەفە بەهۆی ئەوەوە (پرسیارەوە) هەیە؟ بێگومان هەژاری فەلسەفی بەشێك دەبێت لە لێكەوتەكانی ئەو قەتیسكردنە كە دواتر كۆششەكانمان تاریك دەكەن و ڕووبەری تێگەیشتن بە چەشنێك تەسك و بچووكدەكەنەوە كە خۆشگوزەرانی هزری نەیەتەدی. بەم جۆرە بێت بەسەرهاتی ئەم بەشەمان (بەشی دواتریشمان) هەنگاونانە بەرەو هێنانەگۆی كرۆكی سەیركردنە فەلسەفییەكانی بیرمەندی فەرەنسی ئەندرێ كۆنت–سپۆنڤیل (André Comte-Sponville ) لەبارەی كۆڤید- 19وە.
جیهانبینی فەیلەسوفێكی بەختەوەری، وەك كۆنت–سپۆنڤیل، بۆ پەتا ناونیشانی هەنگاونانەكەمان دەبێت تا بەهۆیەوە لە دوو مەودا دا، لەم بەشە و بەشی دواتر، ئیش لەسەر فەلسەفەی ئەم فەیلەسوفە بكەین. مەودایەك ئەو تێگەیشتنە فەلسەفییانە لە تێكستەكانییەوە دەردێنین كە لە پەیوەندیدان بە واتەگەلێكی وەك: نەخۆشی، تەندروستی و بەختەوەری ….هتد. مەودای دووەم كاردانەوەی تێكستەكانیەتی لە ساتەوەختی قسەكردنەكانی لەسەر كۆڤید- 19. ڕاستە جیهانبینیەكانی كۆنت–سپۆنڤیل بۆ ڕاڤەكردنی كۆڤید- 19 جیهانبینیگەلێكی فەلسەفی وروژێنەر و گفتوگۆئامێزن، بەڵام ئاڕاستەی سیاسی، ئابووری و پزیشكیشیان هەیە. ئەوەش دەڵێین كە بەشێكی زۆر لە جیهانبینیەكانی ئەم بیریارە لە میدیای فەرەنسی لێكدانەوەی هەڵەی بۆكرا وەك: بێباكبوونی ئەم فەیلەسوفە بەرامبەر بە مەرگی بەساڵاچووان، گرنگیدانی بە ئابووری لەبڕی تەندروستی، ئەوەش كە بەختەوەری تەندروستی دروستناكات و كەرەنتین ئازادی كوژە و زۆرێك بۆچوونی تریش.
سەرئەنجام لەم بەشە (بەشی دواتریش ) جەخت لەوە دەكەین كە لەگەڵ هەڵكشانی نووسین لە میدیاكانا لەسەر كۆڤید- 19 ترسێكی زۆر دروستبوو، سەرەتای ترسەكەش ئەوە بوو، تەندروستی بەهایەكی باڵای بۆخۆی گێڕاوەتەوە، ئەوەش ترسێكی دروستكرد كە هەموو شتێك لەپێناوی تەندروستیدایە. بایەخدانیش بە تەندروستی پێگەی پزیشكی بەهێزكرد. لێرەوە پزیشكی كارگێڕی ژیانمانیکرد و لە كەرەنتینكردنیشمان بڕیاربەدەستبوو. كەرەنتین بووە هۆكاری بێبەریكردنمان لە ئازادی، ئەمەش تووڕەبوونێكی تیا دروستكردین، بابەتەكە دژی كەرەنتینبوون نەبوو بەقەد ئەوەی شێوازەكانی كەرەنتین شایانی خستنەژێرپرسیار بوون. كۆنت–سپۆنڤیل وتەنی، زۆرجار پزیشكەكان كە دێنەسەر شاشەكان باس لە بەردەوامی كەرەنتیندەكەن بەمە ئێمە دووچاری خەمۆكی دەكەن، لەكاتێكا ڕێژەی مردووان بە كۆڤید- 19 كەمترە لە مردن بە شێرپەنجە یان بە ئەلزهایمەر. بۆیە لێرەوە دێینە سەر ئەندرێ كۆنت–سپۆنڤیل، سەر جیهانبینی فەلسەفەی فەیلەسوفێك كە كار لەسەر بەختەوەری دەكات بۆ لێدانی ترس لە پەتای كۆرۆنا.

بنەمای تێگەیشتنی فەلسەفیی ئەندرێ كۆنت–سپۆنڤیل

لە دووتۆیی ئەم باسە دەرفەت بۆ گفتوگۆیەكی بەرتەسكی بنەمای تێگەیشتنی فەلسەفیی ئەندرێ كۆنت–سپۆنڤیل دەدۆزینەوە. توێژینەوە فەلسەفییەكانی ئەندرێ كۆنت–سپۆنڤیل لە چوارچێوەی ئێپیكۆر (Epicurus)، سپینوزا (Spinoza) و مۆنتاین (Montaigne) دا دەخولێنەوە. هەریەك لەم فەیلەسوفانە ،كە دەنگی فەلسەفیی سەدەی خۆیان بوونە، وایان لە كۆنت–سپۆنڤیل كردوە پردێك لەنێوان فەلسەفە و ژیان دا دروستبكات، خۆشەویستی بۆ ژیان بكاتە بناغە بۆ فەلسەفەكردن، بوون بە ژیانەوە گرێداتەوە و ئەمەش ببێتە هۆكاری دروستكردنی بەختەوەری. بەختەوەری هەر لەسەر دەستی ئەم هزرەڤانە نییە کە گرنگی پێدەدرێت، بگرە دەمێك وەختە فەلسەفە بەخێویدەکات. مەرجە ئەوەش بەهەند وەربگیردرێت كە كاردانەوەی تێگەیشتنی ماتریالیستی ئێپیكۆر و عەقڵگەرایی سپینوزا دەروازەیەكی فەلسەفی جیاوازیان بۆ ئەم فەیلەسوفە فەرەنسییە دروستكردووە. مۆنتاینیش بە فەلسەفە هۆمانییەكەیەوە دووریەكی تری فەلسەفیی بە تێگەیشتنە فەلسەفییەكانی كۆنت–سپۆنڤیل بەخشیوە. ئەو سێ فەیلەسوفە (ئێپیكۆر، سپینوزا، مۆنتاین) بناغەیەكی ئەوتۆیان بۆ كۆنت–سپۆنڤیل داناوە كە لێهاتوانە هزری خۆی لەناو وتاری فەلسەفەی هاوچەرخی فەرەنسی داڕێژێت و بۆچوونە فەلسەفییەكانی لەسەر مرۆڤبوون و ڕۆحانییەكی بێ ئیمانانە(مولحید)، فەلسەفەیەكی ماتریالیستی، پەرەپێبدات. ڕوونتر بێژین كۆنت–سپۆنڤیل نوێنەری بەڕۆحانیكردنی بێئیمانی(spiritualisation of atheism) یە لە فەلسەفەی هاوچەرخی فەرەنسیدا. ئەڵبەتە لە ڕێگای ئێپیكۆر و سپینوزاوە بەو ڕۆحانیەتە دەگات کە دواتر ناوی دەنێت ڕۆحانی بێئیمانی، ڕۆحانیەك كە یەزدان تیایدا ئامادە نییە، لەوێدا مرۆڤ چەقی بوونە، پەیوەندی بە بوونیشەوە لە دەرەوەی هێزی ترانسندێنسە (باڵا). تێكەڵكردنی ئیمانیش بە زانین بە كارێكی دەبەنگانە دەزانێت. لە لێدوانێكی تەلەفزیۆنیشدا باس لەوە دەكات كە لەكاتی بزووتنەوەی ئایاری 68 لە پاریس تەمەنی 16 ساڵان بووە. سەرەتا چەپ بووە و دواتر بۆماوەی پانزە ڕۆژێك ئەنارشیست بووە و لەكۆتایشا سێ هەفتە ترۆتسكی بووە. لەو دەمەدا خولیایەكی زۆری شۆڕش بووە و پەیوەندی بە یەزدانیشەوە پچڕاندووە. ئەم فەیلەسوفە سەرچڵی بێئیمانی لە ئاست سەرچڵی ئیمانداری دادەنێت و بەمە هەردوو پێكەوە كار بۆ دروستكردنی سەرچڵی ئاینی و نا- ئاینی دەكەن. ئەمەش لەبەرئەوەی ،بەبۆچوونی ئەم بیرمەندە، مرۆڤایەتی خەریكە دەكەوێتە ناو ماتریالیستیەكی بێئیمانییەوە. ئەم لایەنەش بە بۆچوونی”ئەو” بە ڕۆحانیكردنی بێئیمانی چارەسەردەكرێت. بەمەش دەمارگیری ئاینی لاوازدەبێت. لەناو ئەو ڕۆحانیەی باسیدەكات شوێنێك بۆ پەیوەندیكردن بە نەمری، ناپایان و ڕەها بوونی هەیە.
كۆنت–سپۆنڤیل یەكێكیش بووە لەو فەیلەسوفە فەرەنسیانەی بەشداری لە نووسینی پەرتووكێك كردووە بەناوی””بۆ ئێمە نیچەخواز Nietzscheen نیین””. لە هەڤپەیڤینێكیشدا لەگەڵ گۆڤاری لۆفیگارۆ Le Figaro ئاماژە بەوە دەكات كە زۆر شت لەگەڵ نیچە كۆیدەكاتەوە: دژایەتیكردنی ئایدیالیزم، هیچگەرایی، ئاشكراكردنی وڕێنەكانی تاك و….. هەروەك نیچەش دژە (ڤاگنەر، ئەفلاتون، دێكارت و كانت) ە. كۆنت–سپۆنڤیل پێشیوایە ئەوە نیچە بوو فێریكردین لێكدانەوە قۆرخی زانین دەكات و ماناش ڕاستی دروستدەكات. بەپێی كۆنت–سپۆنڤیل، نیچە نەك هەر ئەنتی سێمیت (anti-Semite دژەجوولەكە ) بووە دژە نازیش بووە، بەڵام مۆركی نیچە بە نازیەكانەوە دیارە. لە كوێوە؟ لە زۆر شوێنەوە. بۆنموونە لە ویست بۆ هێزەوە تا ڕق لە ژن و كۆیلە و لاواز و…بەپێی تێگەیشتنی كۆنت–سپۆنڤیلیش بێت مەجبوور نییە نیچەخوازبێت، بەڵام ئەستەمیشە فەلسەفەكردن بێ ڕووبەڕووبونەوەی هزری نیچە. بە قسەی ئەم بیرمەندە پاریسییە نیچە بەرچاوترین سۆفیست Sophist ە كە سەردەمی نوێ بەخۆیەوە بینیویەتی. نیچە بەوە لەقەڵەم دەدات كە پرۆتاگۆراس Protagoras ی سەردەمی ئێستامانە. كۆنت–سپۆنڤیل لەم بارەیەوە چاكی بۆدەچێت كە دەڵێت: فەلسەفە هەموو سەردەمێك پێویستی بە سۆفیستەكان دەبێت تا تێستی خۆی بكات.

بەختەوەری لە فەلسەفەی ئەندرێ كۆنت–سپۆنڤیل

واتای بەختەوەری Bonheur / Happiness ،هەر لە كۆنەوە، لە یۆنانەوە، بەشێك بووە لە بایەخی فەیلەسوفەكان و بێداركەرەوەی پرسیارە فەلسەفییە ڕەوشتی و سیاسییەكانیش (باشە، نایەكسانی، ئازادی) بووە. نەك هەر ئەوە ئەم واتایە هەوێنی گفتوگۆی ئەو دوانەییانەش بووە لە منداڵدانی بەختەوەرییەوە هاتوونەتە دەرێ: بەختەوەری / نابەختەوەری، بەختەوەری / بێهیوای، بەختەوەری/ خەمۆكی.
لە تێكڕای فەلسەفەی ئەندرێ كۆنت–سپۆنڤیل تێناگەین گەر تێگەیشتن لەسەر جیهانبینییە فەلسەفییەكانی ئەم فەیلەسوفە تایبەت بە واتاگەلێكی وەك: بەختەوەری، مەرگ، دانایی، چێژ، ئازادی، خۆشەویستی و ڕەوشت لای خۆمان گەڵاڵەنەكەین. بۆیە لێرە، و لە دووتۆیی ئەم بەشە نووسینە، لەسەر واتای بەختەوەری بەجۆرێک دەوەستین کە بکارین وێنەیەكی كرۆكدار لەسەر تێگەیشتنی ئەم فەیلەسوفە بۆ پەتا و تەندروستی دروستبكەین. لەم سۆنگەیەوە پێویستمان بەوەیە بەختەوەری وەك دژە جەمسەری خەمۆكی بخەینەڕوو كە لە تێكستەكانیدا خۆی بەو شێوەیە دەردەخات. ئەمەش بەپێی ئەو تێگەیشتنە دەکەین کە ئەم بیریارە بۆ بەختەوەری/ خەمۆكی هەیەتی لە پەیوەندی بە ڕووبەڕوبوونەوەی ترس لە مەرگ.
وێرای ئەوە، كۆنت–سپۆنڤیل بۆ داڕشتنی تێگەیشتنێكی فەلسەفییانە بۆ بەختەوەری دانایی بە بناغە دەزانێت. دانایی بنەما بۆ بەختەوەری دادەنێت و سەنگی هزریشی بۆ دادەڕێژێت. ئەم سەنگە ئەو لایەنە عەقڵییەیە كە بەختەوەری تیابەرجەستەدەكرێت. واتە بەختەوەری لەتەك عەقڵ دا یەكدەگرێتەوە. گومانیشی ناوێت ،كۆنت–سپۆنڤیل وتەنی، ئاینەكان گفتێكی زۆرمان سەبارەت بە بەختەوەری پێدەدەن و هیچیشی لێسەوزنابێت. مۆدێرنەش، لەڕێگای تێكنەلۆژیاوە پەیمانی بەختەوەریمان دەداتێ و كەچی ناشمانگەیێنێتە دوا مەنزڵگای بەختەوەری. باشە بەختەوەری دوا مەنزڵی هەیە؟ ئایا بەختەوەری هەمیشەی دێتە دی؟ دەبینین كۆنت–سپۆنڤیل لە لێدوانێكدا باس لەوە دەكات، بەختەوەری شتێكی تاكییە نەك دەستەجەمعی (كۆلێكتیڤ). واتە بەختەوەری شتێكی خۆیییە. بەختەوەری بەختەوەری تۆیە نەك گشت كۆمەڵگا. ناشێت لە چاوەڕوانی ئەوەدا بین كۆمەڵگە هەموو پێكەوە بەختەوەربن. ئەمەو جگەلەوەی بەختەوەری كۆتای نایەت. بۆ كەسێك تەندروستی بەختەوەرییە و بۆ ئەوی تر سەرمایە یان جوانی.
سەرباری ئەوە، كۆنت–سپۆنڤیل لە توێژینەوە و هەڤپەیڤینەكانیدا پردێك لەنێوان بەختەوەری و دانایدا دروستدەكات. جەختدەكات كە بەختەوەری ئامانجی فەلسەفەیە یان بەختەوەری لەناو ئامانجی فەلسەفەدایە، بەڵام ڕاستی لە بەختەوەری گرنگترە. دیاریكراوتر، ئامانجی فەلسەفە داناییە، دواتر بەختەوەری دێت. فەلسەفە كە دەمانخاتە سەر ڕێی بەختەوەری، ئەوە ئەو شتەیە یۆنانیەكان ناویناوە دانایی. لە نەریتی یۆنانیشا بەم جۆرە هاتووە كە دانایی دان بە بەختەوەریدا دێنێت، یان جۆرێك لە بەختەوەری. داناش كە بەختەوەر دەبێت چونکە بەختەوەری دانایی تیایە. دانا ،ئەم بیریارە وتەنی، لەپێناوی باشە دەژیت لەبڕی ئەوەی لەپێناو هیوا دا بژیت. دانایی بەختەوەریەكی بێهیوایە. دانا لە ئێمە بەختەوەرتر نییە لەبەرئەوەی ژیانی خۆشتردەوێت. لەبەرئەوەیە كە ژیانی خۆشتردەوێت پتر لەوەی كە بەختەوەرە. كۆنت–سپۆنڤیل هیوای باش ژیان ڕەتدەكاتەوە، چونكە ژیان دەكات بەوەی دەبێت لەپێناوی باشە دا بێت. بەختەوەریش پێویستە بەختەوەریەكی ڕاستەقینە بێت نەك بەختەوەریەكی بێ هیوا. بەختەوەری ڕاستەقینە بەهۆی شتی سەرپێی و لاوەكیەوە نایەتەدی. ئەم فەیلەسوفە بەختەوەری لەوە بەدوور دەگرێت كە بكەوینە تەڵەی هیواوە.
لەسەر ڕەوتی بیركردنەوەی مۆنتاین فێری ئەوەشمان دەكات كە فێربین بژین و دواتر فەلسەفەبكەین نەبا درەنگ بکەوین. پێویستمان بە بەختەوەرییە، بەختەوەریش پێویستی خۆی هەیە. لێكدانەوە لە ئارەزووەوە دەستپێدەكات، سپینوزا وتەنی، كە جەوهەری مرۆڤە. بۆئەوەی بەختەوەر بیت پێویستە ئەوەی دەتەوێت هەتبێت، بەڵام نەك هەموو ئەوەی دەتەوێت. چونكە هەرگیز بەختەوەر نابیت! واتە بەدەستهێنانی هەموو، گشت، بەختەوەری ناهێنێت.

پان- پزیشكیگەرایی
تەندروستی بەختەوەری هێنەرە؟

پان- پزیشكیگەرایی Pan­médicalisme ئاڕاستەیەكی پزیشكی گشتییە، خۆی وەك ئێدیۆلۆژیایەك نیشاندەدات كە هەموو هێزێك بە پزیشكی دەبەخشێت. ئەم تێگەیشتنەی كۆنت–سپۆنڤیل لە كاتی شیكردنەوەی كۆڤید- 19 لە سۆسیال میدیای فەرەنسی كاردانەوەی زۆری بەدوای خۆی هێنا. هاوكات لەم تێگەیشتنە پێكدادانێک بەدیدەكرێت لە نێوان تەندروستی و بەختەوەری. لەو بارەیەوە دێڕێكی ڤۆلتێرمان بەنموونە بۆدێنێتەوە كە دەڵێت: بڕیارمداوە بەختەوەر بم لەبەرئەوەی باشە بۆ تەندروستی. ئەم وتنەی ڤۆلتێر، بەختەوەری بۆ تەندروستی باشە، بەوە شیدەكاتەوە كە بەختەوەری وا بۆ 25 سەدەیە مانای بۆ تەندروستیبوون هەیە. ڕەخنەش لە شارستانی ئێستا دەگرێت كە دەیەوێت تەندروستی بكاتە ئامراز بۆ بەختەوەری لەكاتێكا ئەوە بەختەوەرییە كە ئامرازی تەندروستییە. ئەڵبەتە ئازادی، خۆشەویستی و یەكسانیش ئامرازی بەختەوەریین، كەچی هەموو ئەوانە لە فەرەنسا وەلاوەنراون و تەندروستی خراوەتە جێیان. تەنانەت سیاسیەكانیش وازیان لە گشت بابەتەكان هێناوە و تەنیا باس لە تەندروستی هاوڵاتیان دەكەن. بەقەولی كۆنت –سپۆنڤیل لەگەڵ بڵاوبوونەوەی تەنگژەی پەتای كۆرۆنا زانست شاشەی تەلەفزیۆنی بۆخۆی برد و گشت زانستیش بریتیبوو لە پزیشكی. پزیشكیش تەندروستی كردە باسی بنەڕەتی خۆی و یەكسانیشیكرد بە بەختەوەری مرۆڤەكان.

ئەم بیرمەندە ئەو لایەنەی لایسەرەوە باسكرا، دیاردەی بایەخدانی زۆر بە تەندروستی، وەك كێشە دەبینێت. تەندروستی وەك دروستكەری بەختەوەریش بۆ پزیشكی دەگەڕێنێتەوە و ناویشیدەنێت پان-پزیشكیگەرایی. شارستانی ئێستای ئەوروپا، بە پێی بۆچوونی كۆنت–سپۆنڤیل، دەخوازێت لەڕێگای تەندروستیەوە یان پزیشكییەوە، بە جیهان و بە خۆمان و بە ئەویتریشەوە گرێماندات. ئەوەشمان پێدەڵێت كە وشەی پان (pan) لە زمانی یۆنانی گشت (هەموو) دەگەیێنێت. واتە چاوەڕوانی زۆری مرۆڤ لە پزیشكی. پان پزیشكی هەموو شتێكی لە پزیشكی دەوێت، نەك هەر تەنیا تەندروستیمان بگرە بەختەوەریش! تەندروستی لەم حاڵەتە خۆی بە دروستكەری بەختەوەری دەزانێت. ئەمەشە ئێدیۆلۆژیا نوێكەی پزیشكی لە ڕۆژئاوای ئێستا. سەرباری ئەوەی وترا، پێویستە ئەوەش بزانین ئایا تەندروستی ئێدیۆلۆژیایەكی نوێیە یان بەرژەوەندیەكی گشتییە؟ بەپێی كۆنت-سپۆنڤیل تەنگژەكە ئاراستەی سەرەكی چاخەكەمانی ئاشكراكرد، ئەمەش ناودەنێت پان- پزیشكیگەرایی. ئەم پان- پزیشكیگەراییە ئەو ئێدیۆلۆژیایەیە کە تەندروستی دەخاتە سەروی هەموو شتەكانی ترەوە. بەواتەیەكیتر، ئەم پان-پزیشكیگەراییە لەڕێگای پزیكشییەوە تەندروستی لە سەروی گشت بەهاكانی تر دەبینێت: بەختەوەری، ئازادی، خۆشەویستی، دادپەروەری. ئەم ئاڕاستەیە وادەكات هەموو شتێك ،نەك هەر چارەسەری نەخۆشی كە شتێكی ئاساییە تەنانەت كارگێڕی ژیانی كەسی و كۆمەڵایەتیش، بكەوێتە ژێركاریگەری پزیشكییەوە. ئەمەش شتێكی ڕاڕائامێزە. كۆنت-سپۆنڤیل دەڵێت: “نامەوێت مەجبووركرێم بۆ بایەخدان بە خۆم. ڕێزم بۆ ئەوانە هەیە لە ماڵی بەساڵاچوان كاردەكەن. پێمباشترە بە كۆڤید- 19 بمرم وەك لەوەی لە ماڵی بەساڵاچوان یان لە هەر شوێنێكی تر پێنج یان دە ساڵێك بمێنمەوە. ئەگەرچی دڵنیام خەڵكانێك حەز بەم قسانەناكەن”. تەنانەت گازندەی ئەم سێستەمە تەندروستیە تازەیەش لە فەرەنسا دەكات كە ڕێگری لەوە دەکات قسەی خۆمان بكەین. بۆیە دەبێت بە هەستیارییەوە مامەڵە لەتەك ئەم سێستەمە تەندروستییەدا بكەین.
ئەوەتا بە دكتۆر دەوترێت: دكتۆر غەمبارم، ماندووم، ڕاڕام : ناتوانن شتێكم بدەنێ تا چاكبمەوە؟ بەپێی كۆنت–سپۆنڤیل، غەمباری، ماندووی، ڕاڕای بەشێكە لە مرۆڤ، لێ مرۆیبوون بریتی نییە لە نەخۆشی. چۆن پزیشكی چارەسەرماندەكات؟ ئەمەش بۆ خۆی پرسیارە و ڕووبەڕووی پزیشكی دەبێتەوە. هەر تایبەت بەم لایەنە كۆنت-سپۆنڤیل لە لێدوانێك لەگەڵ Le Télégramme نموونەمان لەسەر ئەو وێنەیەی Sempé بۆدێنێتەوە كە ساڵانێك لەمەوبەر لە یەكێك لە گۆڤارەكانا بینیویەتی. وێنەكە كڵیسەیەكە كە لە ڕووی دەرەوەی بە شێوازێكی جوان كێشراوە و لە ناوەوەش ڕووگومەزێكی بەتاڵی هەیە تەنیا ئەوە نەبێت كە لەبەردەم میحرابەكەدا خانمێكی بچووكی میهرەبان وەستاوە و نوێژدەكات و دەڵێت:”” خواگیان، خواگیان من متمانەیەکی زۆرم پێتە تا ئەو ڕادەیەی كە دەمەوێت بە دوختۆرەكەم بانگتبكەم””.

كۆنت–سپۆنڤیل لە میانەی لێدوان و گفتوگۆكانی گومانناكات پزیشكی باشترین شتە و ڕەنگە چاكترین بەختیش بێت لەبەردەم سەردەمەكەمانا، بەڵام داوامان لە پزیشكی ئەوە نییە كە جێگای سیاسەت، ڕەوشت و ڕۆحانیەت بگرێتەوە. لەبەر ڕۆشنای بۆچوونەكانی خۆی ئەم فەیلەسوفە فەرەنسییە بۆ چارەسەركردنی نەخۆشیەكانی كۆمەڵگەی ئێستای فەرەنسی دەڵێت: پتر پشت بە سیاسەت دەبەستم تا پزیشكی. بۆ ئاڕاستەكردنی ژیانیشم زۆرتر پشت بە خۆم دەبەستم وەك لە پزیشكەكەم. تەندروستی بێ سامان باشترە لە سامانی بێ تەندروستی، ئەم قسەیە جارجار دەوترێت و زۆر لایەنی ڕاستیشی تیایە، بەڵام پزیشكی گرانە و لەگەڵ كاتیشا گرانتریش دەكەوێت. لەم بارەیەوە، تایبەت بە تەندروستی، ئابووری ناتوانێت بە تەنیا قسە بكات، چونكە پزیشكیش قسەی خۆی هەیە. ئابووری پێویستی بە بودجێتە و ئەویش پێویستی بە بژاردەیە. لەكۆتایشا كێشەكە پەیوەندی بە هەمووانەوە هەیە و پێكەوەش دەبێت چارەسەریبكەین. هەر ئەوەشە كە پێیدەڵێن دێمۆكراسیەت. بۆیە ئەم بیرمەندە فەرەنسییە لە دەمووەختی كەرەنتینەكە دژی دیكتاتۆریەتی پزیشكەكان وەستایەوە. ئەو دۆزەی كەرەنتین لە فەرەنسا دروستیكرد سێستەمی ڕەوشتی و سێستەمی تەندروستی ڕووبەڕووی یەك كردەوە. ئەمەش پاڵنەری بەشێك لە گفتوگۆكانی ئەم فەیلەسوفە بوو. دۆزێك هاتەئارا گشت شتێك بە تەندروستیەوە گرێدرا. تەندروستی و بەختەوەری یەكیانگرتەوە و پێكەوە ئەوەیان سازان كە پێش تەنگژەی كۆڤید -19 نەبوو. هاوكات لەم تەنگژەیە زانایان و تەندروستی كەوتنە بەری پێشەوەی گشت گفتوگۆكانیتر. ئەم تەندروستیە ئێستا بەهایەكی باڵای بۆدادەنرێت و ئەستەمە هێرشكردنەسەری.
ئایا تەندروستی ئەوەنە گرنگە كە ئێمە خۆمان تەسلیمی پزیشكەكان بكەین؟ نەخێر سیاسەت بڕیاردەدات. سیاسیەكان دەبایە گوێ لە پزیشكەكان دواتر ئابووریناسانیش بگرن. شتێك هەموو پێكەوە بیكەن و پێكەوە بڕیاریتیابدەن، ئەوەشە كۆمەڵگەی دێمۆكراسی. نەك وەك ئەوەی بینرا كە پزیشكەكان، کارمەندی تەندروستی، لە رادیۆ و تەلەفزیۆنەكان واقسەیان دەكرد وەك بڵێیت هەموو شتێك لە دەستی ئەواندایە و سیاسەت بڕیاریتیانادات. ئەمەش تەنیا لەبەرئەوەی پەتاكە تەندروستی خستە پێشیپێشەوە و پزیشكیشی لەبەر ڕۆشنای دانا. سۆسیال میدیای فەرەنسیش خۆی زۆر پێوەسارقاڵكرد.

لە جیهانا شتی زۆر لە كۆڤید- 19 سەرەكیتر هەیە

كۆنت-سپۆنڤیل لە لێدوانێك لەگەڵ Le Télégramme ئاماژە بەوە دەكات كە كۆڤید- 19 لە فەرەنسا 20000 كەسی كوشتوە( ئێستا گەیشتۆتە 30 هەزار و 451 كەس) و زۆربەشیان لە بەساڵاچووەكانن. ئەم ژمارەیە زۆرە و غەمبارئامێزیشە، بەڵام خراپ نییە ئەوە بزانین كە ساڵانە 600000 كەس لە فەرەنسا دەمرێت، 150000 كەسیش بە نەخۆشی شێرپەنجە دەمرێت، ئەی بۆ ئەم مردانانە باسناكرێت. بۆ ئەم بەزیهاتنەوەیە بە كۆڤید- 19 نەك 600000 مردووەكە؟ ئەمە جگەلەو چەند میلیۆن مناڵانەی لە جیهانا ساڵانە بە بەدخۆراكی دەمرن كە ژمارەیان 9 میلیۆنێك تێدەپەڕێنێت. جگەلەو هەزارانەش ساڵانە بە نەخۆشی ئەلزهایمەر دەمرن.
كۆنت-سپۆنڤیل گومانناكات، ئەم پەتایە ترسناكە و ڕەنگە ژیانی میلیۆنەهاش بخاتە مەترسیەوە بەس ئایا شتی ترمان نییە جگەلەم پەتایە بۆ باسكردن؟ كێشەی تریشمان هەیە با فەرامۆشینەكەین (كێشەی كۆچبەران، كێشەی تێكچوونی ژینگە و…). بۆیە ئەم پەتایە ترسناكە بەس كۆتای جیهان نییە. کەوابێت پێویستناكات ژورنالیستەكان هێندە گەورەیكەن. سەبارەت بە سۆزداریشمان بۆ قوربانیانی كۆڤید- 19 ناكرێت لە سۆزداریمان بۆ كێشەی كۆچبەرەكان زۆرتر بێت یان ئەوانەی دووچاری شێرپەنجە بوونە، كە لە ئێستادا ژمارەیان لە فەرەنسا و لە جیهانا لە زیادبووندایە.
كۆنت- سپۆنڤیل لە لێدوانێك لەتەك لێكۆ lecho باس لەوە دەكات كە لەكاتی خۆیدا پەتای “هۆن كۆنگ” لە ساڵی 1968 بووە هۆكاری كوشتنی میلیۆنەها كەس و ئەو هەڵایەشی بۆنەكرا وەك ئەوەی ئێستا بۆ كۆڤید- 19 دەكرێت. پێشتریش پەتای “ئاسیاوی” لە 1957-1958 بە هەمان شێوە خەڵكێكی زۆری كوشت و بیریشچوەوە. پێدەچێت، بەبۆچوونی كۆنت-سپۆنڤیل، سێ هۆكار هەبێت كە شێوەی مامەڵەی لەگەڵ كۆڤید- 19، لەچاو پەتاكانی پێشوو، گۆڕیوە. هۆی یەكەم جیهانگیرییە ،ئەڵبەتە بەدیوە میدیایەكەی. ئەم لایەنە هۆكارە كە ئێمە زوو زوو لەناو ڕووداوەكانی ئەم پەتایە بین و بەووردیش لە ڕێژەی مردنەكان لە وڵاتان بەئاگابهێنرێین. لێرە با ئەوەمان بیرنەچێت كە بۆ ئەم بیریارە جیهانگیری دروستكەری ڤایرۆسەكان نییە. تاعونی ڕەش لە سەدەی 14 نیوەی ئەوروپای كوشت و ئەو دەمە جیهانگیریش بوونی نەبوو. هەرچی هۆی دووەمە خێراییە لە بەدەستهێنانی زانیاریی. سەرئەنجام كەناركردنی مەرگ لەم ڕوەوە دوا هۆیە. ئەم پەتایە ئەم كەناركردنەی مەرگ پەسەندناكات. پەتاكە مەرگی بیرخستینەوە و هێناشیەوە نێو باسەكانمان. بەمجۆرە دەشێت بڵێین كە مەرگ پێش كۆڤید- 19 لەبیركرابوو. هەر بەگشتیش مەرگ كە باسدەكرێت یان بیریلێدەكرێتەوە دواتر وردە وردە وندەبێت و ئەو دەمەش كە نزیكدەبێتەوە ترس لە مەرگ دەستپێدەكاتەوە.

تەندروستی تاك یان ئابوورییەكەی؟

تەندروستی سەرووی ئابووری نییە. ئابووری خراپ دۆزی كۆمەڵایەتی و تەندروستی خراپ دروستدەكات. هەژاریش ترسناكە و لە كۆڤید- 19 زیانبەخشترە. لەم تەنگژەیە ئابووریناسان زۆر قسەیانكرد ،تەنانەت پتر لە پزیشكەكانیش، بەڵام قسەكان چی بوون؟ چ ئاقارێكیان وەرگرت؟ لەم بارەیەوە ئەوەی پەیوەندی بە كۆڤید-19 وە هەبێت ئەوەیە كە، بڵاوبوونەوەی پەتاكە بووە هۆكاری تێكچوونی شیرازەی ئابووری وڵاتان. كاردانەوەكەی لە وڵاتانی هەژار زۆرتربوو. پەتاكە نابێت ببێتە هۆكاری بایەخدان تەنیا بە تەندروستی. واتە ناكرێت بودجە هەمووی بە تەندروستییەوە تایبەتبكرێت، چونكە ئابووری بەرگەی ناگرێت و دادەڕمێت. بۆیە كۆنت-سپۆنڤیل لە لێدوانێك لەگەڵ ماڵپەڕی كات (Le Temps) لەسەرێكەوە گومانناكات هەموو دەمرین، لەسەرێكی ترەوە گوماندەكات هەموو بە كۆڤید- 19 بمرین. هاوكات ئەوەش دەڵێت: لەگەڵ ئەوەشدا كە ڕاڕام كەچی ناترسم بەم ڤایرۆسە بمرم. ترسی من زۆرتر لە نەخۆشی ئەلزهایمەرە. تووشی ئەم ڤایرۆسەش ببم پێموایە تێیدەپەڕێنم. جا بۆ دەبێت بترسم؟ ئەوەی ڕاڕایكردوم تەندروستیم نییە دۆزی لاوانە. بەهۆی ئەو داڕمانە ئابووریەی كەرەننتینەكە هێنای لاوان باجە زۆرەكەی دەدەن ئەوەش لەڕێگای بێكاری و كەوتنەژێرباری قەرزەوە. قوربانیدان بە لاوان لەپێناوی تەندروستی بەساڵاچووان كارێكی نابەجێیە. ئەوەی باوە ئەوەیە كە بەساڵاچووان لەپێناو مناڵەكانیان قوربانیان بە ژیانی خۆیانداوە كەچی بەهۆی كۆرۆناڤایرۆسەوە شتەكە پێچەوانەبووەوە. ئەمە وادەكات بوترێت كە سێستەمی پزیشكی پێویستی بە بودجێتە و ئەوەش كاتێك دەبێت كە ئابووری لە بوژانەوەدا بێت. ئەمەش لەو سەرەوە دەمانخاتە بەردەم قەرزێكی زۆرەوە كە دەبێت مناڵەكانمان بیدەنەوە.

بەپێی ئەوەی لایسەرەوە باسكرا، بایەخدانێكی زۆر بە تەندروستی ناكرێت لەسەر حسێبی ئابووری بێت. پێویستە تەندروستی و ئابووری پێكەوە بەهەندوەرگیرێن. هەژاری لە ڤایرۆسەكان زیاتر بكوژە. ناشێت دژایەتی پزیشكی و ئابووری بكرێت. پزیشكی تێچوونی زۆرە و لەسەر ئابووری گران دەكەوێت. بۆیە پزیشكی بۆ ئەوەی تەندروستیەكی چاك دروستبكات ئابووریەكی بوژاوەی پێویستە. ئەمە وادەكات ئەم فەیلەسوفە پێیوابێت كارێكی ناڕەوشتی نییە قسەكردن لە تەندروستی شانبەشانی قسەكردن لە پارە. تەنانەت ماڵپەڕی ناوبراو ئەوەش بە كۆنت-سپۆنڤیل دەڵێن : زۆر دوور نییە بەوە تاوانباربكرێن كە بایەخ بە ئابووری دەدەن لەبڕی بایەخدان بە ڕوحی مرۆڤەكان. ئەمە لەكاتێكدایە كە كۆنت-سپۆنڤیل پێوایە پزیشكی تێچوونێكی گرانبەهای هەیە. بۆ ئەو مەبەستە پێویستمان بە ئابووریەكی بووژاوە دەبێت. كەی كەرەنتین كۆتای دێت؟ ناشێت تەنیا بایەخ بە ئامارە پزیشكییەكان بدرێت ،پێویستمان بەوەیە كە بایەخ بە ئامارە ئابووری، كۆمەڵایەتی، سیاسی و مرۆیەكانیش بدرێت. تێچوونی پزیشكی لە زیادبوونە و ئەوەش داوای ئابووریەكی بەهێزمانلێدەكات. ئەم ئابووریەش دووچاری قەرزێكی زۆرماندەكات و ئەمەش كاردانەوەی ئابووری خراپ لەسەر لاوان دادەنێت. لەم بارەیەوە كۆنت-سپۆنڤیل درێژە بە قسەكانی دەدات و دەڵێت: پیرەكان لە فەرەنسا، هێندەی حاڵیبووبێتم، زۆرتر لەبارەی ژیانی ئابووری مناڵەكانیانەوە نیگەرانن تا مردنی خۆیان بە پەتای كۆرۆنا. هەرچی خودی پیرەكانە بۆ خۆپاراستنیان لە مەرگ، بەم پەتایە، خۆكەرەنتین و گۆشەگیرییان هەڵبژاردوە. بەس ئەم هزرەڤانە ئەوەشمان وەبیردەهێنێتەوە گەر وابڕوات كەرەنتین مەترسیە بۆسەر ئابووریمان و بۆسەر ئازادیەكانیشمان. كەواتە ئایندەی مناڵەكانمان لە فەرەنسا لەژێر هەڕەشەی ئەو تەنگژە ئابوورییە دایە كە كەرەنتین دروستیدەكات. هەر لەبەر ئەوە لەگەڵ قوربانیدان نییە بە لاوان لەپێناو بەساڵاچووان یاخود بە ئازادی لە پێناو تەندروستی. تەندروستی لەم دوو شتە جیادەكاتەوە: ئابووری و ئازادی. وێرای ئەوە، پێویستە ئاماژە بەوەش بكرێت كە تەندروستی بەها نییە، باشەیەكە لە باشەكان. بەهاكان خەڵك دەیانناسنەوە: دادپەروەری، خۆشەویستی، سەخاوەت، بوێری و ئازادی. بۆیە ئەم بیرمەندە لەم لێدوانە دانبەوەدا دەهێنێت كە ئامادە نییە قوربانی بدات بە ئازادی لەپێناو تەندروستی. كۆنت-سپۆنڤیل بۆ ئەوەی ئەم لایەنە زۆرتر ڕوونبكاتەوە لە لێدوانێك لەگەڵ فرانس ئینتێر France Inter نیگەرانی خۆی لەبارەی قۆناغی پاش پەتاكە نیشاندەدات، بەڵام دژی زێدەڕۆییە لەو قۆناغە بەناوی تەندروستییەوە. شتێك لە ئێستادا بەناوی تەنگژەی تەندروستییەوە دەبینێت بەس ئەم تەنگژەیە كۆتای جیهان نییە. ئەم تەنگژەیە ناشێت ژیانمان تێكدات و ئەو بایەخە زۆرەی بە تەندروستی بەساڵاچوانیش دەدرێت پێویستی بە پارەیە و ئەوەش وادەكات قەرزێكی زۆر لەسەر دەوڵەت كۆببێتەوە. قەرزەكەش لاوان لێیزەرەرمەندن. لێرە و بۆ كۆتایهێنان بەم بەشە دەپرسین: تەندروستی یان ئابووری؟ تەندروستی یان ئازادی؟ ئەو دوو پرسیارە كە بەهۆی لێدوانەكانی ئەم بیریارەوە دروستبوون بەرەو ئەوەشمان دەبەن كە بڵێن: لێگەڕێین پزیشكەكان سیاسەتی وڵات ببەنەڕێوە یان بەپێچەوانەوە؟ لێگەڕێین لەم جۆرە كاتانەدا ئابووریناسەكان ڕێنومای سیاسییەكان بكەن یان پزیشكەكان؟ ئەم لایەنانە لە بەشی دواتر دێیینەوەسەری.

—————————————————-

سەرنج: لە بەشی دواتر ژێردەرەكان بەسەریەكەوە بەردەستدەخەین.




چیتر بۆت ناخورێنم نیشتیمان … کۆشش محمد

من نیشتیمانێکم هەیە، ڕاستی هەر هی من نییە، هی منەو کەسێکی تر کردوویەتی بەموڵکی خۆیی و لەسەرخۆی ڕەقەم کردووە، واملێهاتووە بە تفەنگێکی کالیبیری دوو لوولەییەوە فیشەک دوای فیشەک بتەقێنم بەناو چاوی نیشتیمانەوە، دواتر ڕاکەمە سەر دەریایەک ئەوێ بکەم بە نیشتیمانم، دڵنیام کە لەوێش ناعەجمێم، نیشتیمانم کە دەبینم بەبەرچاومەوە بەفیڕۆدەچێ، خەساردەبێ، وێران دەبێ، دەریاکە جێدەهێڵم و ڕادەکەمە، زەمینێکی تر کەچی نایبینمەوە، دەریایەکی تر هەر نابینمەوە، ئەم نیشتمانە تووشەش لێم نابێتەوە، لێرە وەختێکی زۆرم لەم نیشتیمانە کەئابەیەم بەسەر و تەمەن برد، ئەبڵەق بووم، هەمووی بەفیڕۆ و وێران چوو، زۆر سەیرە ئەم نیشتیمانە تێشمان هەڵدا هەر بەهەشتییە!
هەموو مێشک و بوونمان کردووە بەدەمی ئەم نیشتیمانە، زۆر عەنتیکەیە بەکێشەی دەروونی کردووین، نیشتیمانمان بۆ چییە لەم بێتاقەتیە و قەڵسیەدا ئاوێک نەکا بەو ئاگرەی دڵمان؟
نیشتیمانی داماو، خۆت داماو مەکە، نیشتیمان کە خۆت داماو ئەکەیت حەجمی زلیەتیت زۆر بچووک ئەبێتەوە، چیتر دڵم لەسەر سینگت دانانێم، چیتر بەرەو ڕووت نایەم، چیتر دەستت لێنادەم و خۆمت پێوە نالکێنم.
ئیکتیفا بەهەموو شتێکەوە ئەکەین، نیشتیمان نەبێ، لەبێ نیشتیمانی فرمێسکمان وا قەتارەی بەست، لەم نیشتیمانە سەمەرەیە خەریکە هەناسە بەلاشەکەمان نامێنێت و توونتر هەناسە دەدەین!
نیشتیمانی من و هی من نەبوو، ئەو پەیڤانەی کە لەزارمەوە بۆت دەڕژێنم، زۆر بەلاری دەیڕژێنم، بۆیە لێرە بەبێ دوودڵی بەسەرتا دێم، ئەی نیشتیمانی بۆ خۆت نەبوو، بۆ منیش نەبوویت، کەمێک زووتر پێم ڕابگە، ئەو ڕەنگە مەیلەو سەوز جەرگییە مامزییە کە هەتبوو، ئێستا لێم گۆڕاوە بە ڕەنگێکی بۆزی چڕووچاو عەسەلی، دەستی ڕاستیشم لەباوەشت کشاندۆتەوە و بەدەستی چەپیشم چیتر بۆت ناخورێنم، کاتێک کە لێت دووردەکەومەوە هەڵبەستێک لەناومدا پەیدا دەبێ، بەرۆکی تەنیایم دادەدڕێت!
چیتر سەرنجت لێ نادەم و بەبەژن و باڵای کەلاکتا هەڵنادەم، شێوەت بەدیناکەم و ونی دەکەم، بەڤۆڵتاجی وڕێنەش نایەیتەوە یادم، لەوڕۆژەوەی دەرگات لەسەر کڵۆم کردووم، خەونەکانم بۆنی تۆزیان لێ دێت، ئاواتەکانم بۆنێکیان گرتووە کە لەڕەنگی مارمێلک دەچن. گلەییم لێ مەکە ئەی نیشتیمان چیتر ناتخورێنم، چیتر بەمانەوەم هەوای نووسینەکانم بۆت ڕۆمانسی نابنەوە، زوو زوو شێوەیەکی کەللەڕەقیان پێدەدەم تا نەچیتەوە بەگژ خۆتدا، نامەوێت بمێنمەوە بەڵام کە ڕۆشتم ئەوکات دەتڕۆمانسێنم!
بۆ لەمەودوا بەدەستی لای ڕاستم سەیرت ناکەم، بەدەستی لای چەپم کە سەیرم کردی مۆڕەت لێ ئەکەم، کە لاشم بردی تفێکت نەزری گەردەن ئەکەم.
ئەی نیشتیمانی بێ چڕووچاو، لێرە زۆر لەناو بێدەنگیەکی قووڵ و ئارامیەکی درێژدا خەسام، تا سەرم چوو هەناسەشم بەستای!
خەریکە بارمان پێ دەکەی، جێی خەو و خۆراکمان پێ لێژ و تەخت دەکەی، نازانین لە بەلەزیی خۆمانە بۆ نیشتیمان واهی دەمانگەوزێنێت، یان لە نیشتیمان بارکردن و سوارکردنی خۆمانە!
چیتر گلەیی مەکە، چیتر ناتخورێنم.




قەوارەتان پیرۆز… پشکۆ ناکام

                                                      

……. هەرێمێکی داتەپیو ، دەسەڵاتێکی چەتە مێش بە لایا بڕوا گیرفانی ئەگەڕێ شتێکی دەستکەوێ ، حکومەتێکی دابەستە بەس سەری رازی بوون رائەوەشێنێ و بەرد قسە بکا وەزیرەکانی نوتق ناکەن مەگەر لە مەتبەخەکانی ماڵەوەیان، پارلەمانێکی کارتۆنی بۆ دەستبەرزکردنەوە و معاشێکی چەور وەک چەوری سفرەکانیان ، گەر جار و بار وورتە وورتێ یان بۆڵەبۆڵێکی لێوە بێ هەر رۆژێکە و لەگەڵ معاشا گلەیی و رەخنە هەر لەبارەگای حیزبەکان ئەمێننەوە ، ئابووریەک کەس نازانێ چ سیستەمێکە ، رۆژێ سەربەخۆ ، رۆژێ وابەستە ، تاوێ فیدراڵی و دەمێکی تر هەرێمایەتی، کەرتی تەندروستی رووخاو ، خوێندن و پەروەردە لەئاستی سەفر گەر لە ژێرەوە نەبێ ، ئاست و ستانداری بژێوی خەڵک ناکرێ بەروارد بکرێ بە “سۆماڵ” ، تویژێک مەمرە مەژی و توێژێکی تر لەسەر قاسەی داهات و قووتی خەڵکی بێ دەرامەت ئەژین ، جەندرمەی تورکی لە سەیتەرە لەگەڵ برا پاراستنەکانیان داوای هەویە لە خەڵک ئەکەن ……ئەمانە و دەیان نمونەی تر دیمەنی ئەمڕۆی ئەوەیە کە پێی ئەڵێن ” قەوارەی هەرێم “!!!کە جگە لە نەگبەتی و نەهامەتی چی تری بۆ ئەو خەڵکە ئاساییە داماوە نەبوە و نابێ ، هەرێمێک بەناوی خەڵکی کوردەوە بودجەی ئەخورێ ، دزی لێ ئەکرێ ، سوپای داگیرکار ی وەک تورکیای لێ جێنشین ئەکرێ و خیانەتی نیشتمانی بە نوێژی نیوەڕۆ لێ ئەکرێ ، مووچەی خەڵک ئەخرێتە بری قەرز و دزی بنەماڵەیەک هەردەم لە هەموو سەنگەرێکا بوون تەنها سەنگەری خەڵکی کورد و بەرگری لێی نەبێ ، قەوارەیەک لە لایەن کۆمەڵێک مافیای خاوەن هەڵگری تاج و نەجمەی ئاش بەتاڵ وەک حەصانەیەک بەکار بێ بۆ برسی کردن خەڵک ، دزینی بودجەی خەڵک ، مەحروم کردنی خەڵک لە داهاتی خاک و نیشتمانی خۆی ، لووش یانی ئەو پارەیەش کە لە بەغاوە بۆ خەڵک ئەنێردرێت ، خەشنۆش کردنی هاوکاری بەغا و خێرخوازان لە بەرنگار بوونەوەی کۆرونای دووەم ، چونکە لای بەندە دەسەڵاتی هەرێم کۆرونای یەکەمە… ئیتر کاتی ئەوە هاتوە کە بپرسین : ئەم قەوارەیە شەڕ و لەعنەتی بۆ خەڵک زۆرترە یان خێر و بەرەکەت ؟ بە بێ وەستان و بەبێ گومان شەڕ و نەگبەتی و هەژار بوون و سووکایەتی نەتەوەیی و هاووڵات بوونی ئەوەنە زیاترە کە ناپێورێ وەک شاخ و چاڵ ، هەر رۆژێکی تەمەنی بوونی ئەم قەوارەیە خەڵک زیاتر ئەکەوێتە قوڵایی نەهامەتی و بێ ئومێدی لەسەر هەموو ئاست و بوارە جیاکانا و دەرباز بوون لێیان ئاسان نابێ و مەترسی ئەوەش هەیە کە بوونی ئەم قەوارەیە بەم میتودە مافیانەیەی ئێستای لەبەردەوام بوونی و درێژەیان بە تەمەنی بگەینە رێگەیەکی داخراو و مانەوەی رژێمەکەی هەولێر / بارزان ببێ بە ئەمری واقیع و هەتا مابین بڵێین ئەم نانە بەو ڕۆنە !!
بەڵام خۆشبەختانە ئێستاش نەچوە بچێ ، سەرەڕای هەموو مەشەقەت و زەحمەتێ ، سەرڕای هەموو دژایەتێکی دەسەڵات بەرامبەر بە خەڵک ،ئێمەی خەڵکی سلێمانی پێویست ناکا چیتر باجی بێ ئەقڵی ژێر چەتری قەوارە بەین ، جیتر دەستەوسان دانەنیشین چاوەرێ بین وەک خێر و سەدەقە لە لایەن ئەو بنەماڵەیەی بە ” صۆرە” ناومان ئەبەن مافی بژێوی خۆمان لە داهاتی خۆمان وەربگرین ، حیزب و پاشکۆکانی ئەو دەسەڵاتە کەیفی خۆیانە چۆن ئەڕواننە دەسەڵاتی مافیای کوردی ، خەڵکی سلێمانی لەوەتەی هەیە باچی یاخی بوون و هەڵوێستی خۆی ئەیا ،ئەمجارە بە پرۆژەی ” بە هەرێم کردنی سلێمانی ” کە مافێکی هەم دەستووری و هەم ئیداری و هەم یاسایی خۆیەتی کە شارەکە بەیەک دەنگ و دەنگمان بخەینە سەر دەنگی یەکتر بۆ ئەوەی پایتەختەکەی بابان خۆی بڕیار و مافی چارەنووسی خۆی دیاری بکا کە بە هەرێم کردنی شارەکەیە، خۆمان خاوەنی داهات ، بودجە ،بژێوی خۆمان بین ، بەمەش نە دستدرێژی ئەکەییە سەر کەس و نە مافی کەس ئەخۆین ، بە پێچەوانەوە ئەمانەوێ مافی خۆمان لە شارەکەی خۆمانا پراکتیک و جێبەجێ ئەکەین ، سەیرە بنەماڵەیەک ئەجیندا و مەرامی خۆی بسەپێنێ بەسەر هەموو هەرێما !! بەڵام ئێمە لەشارەکەی خۆمانا نەتوانین خۆمان ساحێبی خۆمان بین و قەتیس ماوی یاسا جەنگەڵیەکانی بنەماڵەیەک بین ؟ بۆ؟بنەماڵەیەک ببڕ و بکوژی هەرێم و قەوارەیەک بێ ، بەڵام ئێمە لە شارەکەی خۆمانا نەتوانین چۆنمان ئەوێ وا بژین کە ئەمەش خواست و هیوا و نهێنی دڵی نزیکەی یەک ملیۆن و پێنج سەدهەزار کەسە … ئێمە نامانەوێ چیتر لە ژێر ناوی ئەمری واقیعی قەوارە ویەک پارچەیی هەرێم باجی کەساسی و بێ دەسەڵاتی بەین و خەڵکان و کەسانێکی تریش هەر بەناوی یەک پارچەیی هەرێمەوە پاشا ئاسا بژین و فەرموون ئەوەش مێژوو بزانین کاممان بۆ بەرنگاری لە کورد و مافی تاکی کورد زۆرتر زیاترمان کردوە ،، کاممان لە سەنگەری نیشتمان پەروەریا خوێناوی ترین ؟! وەڵامەکە قورس نیە ، چەن رۆژێکی تر یادی 31/ی ئابە…………..قەوارەتان پیرۆز……….




شیری ڕەش … نوها مەحوی

شیری ڕەش شیری سنگی ژنێکی نوسەرە کەهەمیشە نەنکی ئاگاداری دەکاتەوە کەخەم نەخوات .چونکە هەرچەند خەم بخوات شیرەکەی زیاتر دەترشێت.. خانمی نوسەر هەرچی دەکات ناتوانێت لەبیری بکات کە شیرەکەی چۆن دەترشێت و ڕەش هەڵدەگەڕێ.
ئەم کتێبە چیرۆکی ململانێی ژنێکی نوسەرە لەگەڵ “خود”ە ناجێگیرەکانی ناو خۆی ,نێوان ئەو ژنەی کە دەیەوێت ئازاد بێت و لەهەر شوێنێکی زەوی ویستی بژی و هەرگیز جێگیر نەبێت. بەڵام قەدەر وادەکات هاوسەرگیری بکات لەکاتێکدا پێشتر هەرگیز نەی ویستوە هاوسەرگیری بکات و جێگیر بێت. بەهۆکاری ئەوەی هەمیشە کتێبەکانی بەهاوسەری خۆی داناوەو, پێشی وابوە هەرگیز پیاوێک ئامادە نیە بێتە هاوسەری دووەمی ژنێک.
یەکەم جار کە ئەم کتێبەم خوێندەوە 2 ساڵ پێش ئێستا بوو, ئەوکات منیش وەک نوسەر پێم وابوو, کەهەرگیز ناتوانم دەست بەرداری ئەو ئازادیە بم کە لە تەنهایدا هەیە, بەڵام رۆژێک عەشق بەردەرگای دڵ دەگرێت وداگیری دەکات, ئەوکات دەبینە داگیرکراوێک کەمەعشوق هەموو بونمان دەبات,لەگەڵ ئەمەشدا ئەوەی کەنابێت بیبات, یان ڕاستر بڵێم ئەوەی کەنابێت بهێڵین بینات(ئازادی)ە لەعەشقدا, دەبێت هەردوو عاشق و مەعشوق لەعەشقدا ئازاد بن ئەگەر وانەبێت ئەوا عەشق مانایەکی نامێنێت. ئەگەر ئازادی و عەشق بەیەکەوە بون, ئەوکات بەیەکەوە بوون لەگەڵ مەعشوق دا ئاسانتر دەبێت نوسەر لە ڕۆمانەکەدا بەم شێوەیە پێناسەی خۆی دەکات(من نوسەرم, من کۆچەریم, من جیهانیم, من عاشق سۆفیگەراییم, من ئاشتیخوازم, من ڕووەکیم )لەهەمان کاتدا ژنیشم
نوسەر لە ڕۆمانەکەدا دەکەوێتە شەن وکەوکردنی “خود”ەکانی ناو خۆی لەهەمان کاتیشدا دەکەوێتە شەڕی ئەو بەشانەی خۆی کەهەریەکەیان بەجیا ئەیانەوێت ئەو بەکاربهێنن و ببنە دەسەڵاتداری خودی گەورە..
)لەوانەشە هەموو ژنێک لەناو حەریمێکی بچووکی ناوەوەی خۆیدا بژی و هەر ئەو دژبەیەکی و ناتەبایی و نەگونجانەی نێوان خودە ناکۆکەکانی ناو خۆمان بێت, کەبەتەواوی بمانکات بە خۆمان )
هەرجارەو بەپێی سیستەمێک لەگەڵ ژنە پەنجەییەکانی ناو خۆی هەڵسوکەوت دەکات, جارێک پاشایەتی, جارێک دیکتاتۆری لەکۆتای دا دیموکراسی دێت بەڵام دیموکراسیش تەختێک نیە لە گوڵ.
لەڕۆمانەکەدا بەر ژیانی زۆربەی ژنە نوسەرەکان دەکەوین, ژیانی ژنە نوسەرەکان و پەیوەست بە هاوسەر و مناڵەکانیان دەخوێنینەوە..
پەیوەندی ئەو ژنانەی ژیانی خۆیان کردە قوربانی تا هاوسەرەکانیان بنوسن, یان ئەو ژنانەی بەلەدایک بونی مناڵێکینا ئیلهامیان بۆ هاتوەو بونە نوسەری بەناوبانگ ..وەک نوسەری زنجیرەی(هاری پۆتەر ) کە دوای لە دایک بونی مناڵی یەکەمی دەستی کرد بەنوسینیکرد
نوسەر لە ڕۆمانەکەدا بەردەوام لە دڵەڕاوکێدایە سەبارەت بە هاوسەرگیری و مناڵ خستنەوە.. باس لە سۆنیا ی هاوسەری تۆڵستۆی دەکات, سۆنیا نوسەر نەبوو بەڵام ئەوپەڕی هەوڵی خۆیدا تا هاوسەرەکەی بنوسێت ئاگای لەمناڵەکان ئەبوو, ئەیبردنە دەرەوە تا تۆڵستۆی بێزارنەکەن.. بەڵام کوا….? کوا ناوی سۆنیا کوا رێز و تەقدیر بۆ ئەوژنە,من بەش بە حاڵی خۆم بەهۆی ئەوەی تۆڵستۆی کەلە کۆتاییەکانی ژیانی دا ویستی زەوی و زارەکەی ببەخشێت بە هەژاران و سۆنیا ڕازی نەبوو وام زانیوە سۆنیا غەدری لە هاوسەرەکەی کردوە بەڵام پاش بڵاوبونەوەی یاداشتەکانی سۆنیا ئەوکات زانیم سۆنیا کێ بوو, سۆنیا چی کرد..
ئەی ئەگەر پێچەوانەوە بوایە? سۆنیا نوسەر بوایە
هاوسەرەکەی چی بۆ دەکرد تا بنوسێت..?
کەم نین ئەو ژنانەی کە بۆ ژیانی هاوسەرگیری دروست نەبوون, بەرگەی ژیانێکی لەو جۆرە ناگرن
نمونەی ئەوان سێلڤیا پلات کە سەرباقی هاوسەرگیری هەر بەردەوام بوو لە نوسین پاش ئەوەی لەگەڵ هاوسەرەکەی کێشەیان بۆ دروست بوو, هاوسەری سێلڤیا سەرباقی هەبوونی دوو مناڵ لە سێلڤیا ,لەگەڵ ژنێکی تر پەیوەندی هەبوو شەوێک سێلڤیا بانگی دەکاتەوە بۆ ماڵەوە تا دوبارە دەست پێبکەنەوە, بەڵام ئەو دەڵێت کە ئەو ژنە دووگیانە. پاش ڕۆشتنی ئەو سێلڤیا نانی بەیانی مناڵەکان ئامادە دەکا و لەژورەکەیان دای دەنێت دواتر دەرگاکان دادەخات و گازی چێشت خانەکە دەکاتەوە و ئارام ئارام هەڵیدەمژێت و کۆتای بەخۆی دێنێت.
ژنێکی نوسەر واتە چی..? ژنێک عاشق بە کتێب ژنێک کەلەگەڵ بۆنی مەرەکەب دەژی
بڵێی هاوسەرگیری ئەم ژنە نوسەرە چۆن بێت?
لەگەڵ پیاوی ناو کتێبەکان عاشقی پیاوێکی دیکەش دەبێت, لەگەڵ پاڵەوانەکەی خەیاڵی, پیاوێکی دیکەش دەکاتە پاڵەوانی خۆی..
وەک کۆچەر ئەبوبەکر دەڵێ پیاوە کاغەزیەکان, عاشقترن لە پیاوە گۆشتیەکان.
ئەگەر هاوسەری ژنێکی نوسەر بزانێت پێش ئەو ژنەکەی دڵداری تۆڵستۆی بوە,
یان جەندین شەوی لە ژورەکەی “کافکا “دا بەسەربردوە و کافکا دڵی داوەتەوە و بەیەکەوە بێداربوون و بەشەقامەکانی پراگ دا پیاسەیان کردوە.
بڵێی ئاسای بێت بۆ پیاوێک هاوسەرەکەی دڵی بە پۆستێکی تازەی فەیسبوکێکی نوسەرێک بکرێتەوە ,کەیەکێکە لە چیرۆکە کۆنەکانی و کاتی خۆی لەقۆناغی زانکۆدا خوێندویەتیەوە و ئێستا کە دوبارە دەیخوێنێتەوە شادیدەکات .
ئەی ئەگەر ژنێکی نوسەر ببێتە دایک ,ئاگای لەپیاوەکەی خەیاڵی و پیاوەکەی تەنیشتی بێت
چاودێری منداڵی یەکەمی کە(کتێب )ە و لەگەڵ منداڵەکەی باوەشی دەکات.
ئەلیف لە چاوپێکەوتنێکدا پسیاری هاوسەرگیری لێدەکرێ…
وەڵامی ئەو ئەوە دەبێت کە من هاوسەرگیری ناکەم ئەگەریش بیکەم لەوانەیە لەگەڵ پیاوێک بیکەم کە پێشتر هاوسەرگیری کردبێت و منداڵی هەبێت بۆئەوەی منداڵەکانی بەخێوبکەم..
پاش ماوەیەک کە وتارەکە بڵاو دەبێتەوە بە ناونیشانی بە تاسەی بون بە باوەژنم بڵاو دەبێتەوە.

(کایەی ئەدەب هیچ جیاوازیەکی لەگەڵ دارستانێک لە خودێکی ڕامنەکراونیە ) مندالەکان بەناوی دایکیانەوە بانگ ناکرێن, نازناوی باوکیان هەڵدەگرن, دوای هاوسەرگیریش نازناوی هاوسەرەکانیان, کچان هەمیشە دەبێت لەنێو کایەی ئەدەبدا بن.

شیری ڕەش
لەچاپکراوەکانی ناوەندی غەزەلنووس ە بۆ ساڵی 2018
ڤیەننا سەلام بەوەرگێڕانێکی ناوازە لە ئینگلیزیەوە کردویەتی بە کوردی.




بۆچی پوکانەوەو هەڵوەشانەوەی گۆڕان زەرورەتەو لێدانە لە قەڵای دزی و چەتەگەریی کوردایەتی؟ … هەڵمەت حەسەن

مانەوە یاخود دەرچوونی گۆڕان لەدەسەڵات هیچ لە دۆخەکە ناگۆڕێت، گۆڕان چیتر کەڵکی ئۆپۆزسیۆن بوونی نەماوەو ناتوانێت هیچ گۆڕانکاریەک بکات، چونکە ئەم بزوتنەوەیە هیچ ڕوئیایەکی سیاسی ڕوونی نەبووەو نیە، چیتر ناتوانێت دەستکاری سیستمی سیاسی بکات، تەنیا دەتوانێ لەناویدا بمێنێتەوە بۆ نووسینەوەی یاداشتەکانی کۆتایی تەمەنی.

ئەم قۆناغەی ئێستا تیایداین تازە نیە وەک زۆرانێک پێیان وایە، بەپێچەوانەوە قۆناغێکی چەقبەستووی مێژووییە ، کە حەفتا ساڵ تەمەنیەتی، زۆر مەحاڵە گۆڕین و باشکردنی لە دەست گۆڕان بێت !، چونکە گۆڕان خۆی سەر بە هەمان مەنزومەی سیاسییە لەڕووی کرداری و فکریەوە ! .

پوکانەوە بەتامی سەرکەوتن، ڕەنگە زۆرانێک هەبن بڵێن گۆڕان وەک ئەوان نەوتی نەدزیووە، یان خۆ گۆڕان نیە مووچەی خەڵک نادات، خۆ گۆڕان نیە بندیوار و خانەنشینی نایاسایی هەیە،کە هەموو ئەمانە دیوە ئاشکراکەی حوکمڕانی هەرێمن، بەلام ئێستا گۆڕان بەشدارە نکۆڵیش لەوە ناکات، خۆزگە پێشتر وەک ئێستا ڕوون دەبوو هەتا ئەم هەموو ووزە مرۆییە ناڕازیە کپ نەبووباو بەفیڕۆ نەچووبا. جگە لەم ڕاستیانە بە دەلیلی ئەوەی گۆڕان هەموو ئەمانە دەزانێت و هێشتا لەگەڵیان بەهەردوو دەست سەوڵ لەم بەلەمە شکاوەی دەسەلات دەدات لەبری دەستبەرداربوونی پەیمانی بەردەوامبوون دەدات، هەر بۆیە لەهەموو ئەم کردە نائەخلاقیانە بەشدارە.

بەردەوامی گۆڕان بەم جۆرە هێنانەدی هەموو ئامانجەکانی دەسەڵاتە، ڕۆچوونی زیاترە لە لیتەی بزنسی دزی کوردایەتی، سەختتربوونی بارودۆخی خەڵکە بەهۆی دەسەڵاتی چەتەگەری کوردی، گۆڕان هەر تەنیا شەقامی بێ ئومێد نەکرد لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی و فشارکردن، ئەوانەشی بێهیواکرد کە مەستانە ڕێککەوتنامەیان بەچارەسەر دەزانی و بڕوایان بەچوونە دەسەڵات هەبوو پێیان وابوو عەلی عەونیەکان چاکسازی دەکەن .

جگە لەوە گۆڕان ڕەشترین لاپەڕەو تابلۆی مێژوویی نەخشاند بۆ ڕێککەوتنامەی سیاسی بەهۆی هەلپەرستی و پۆستخوازی سەرانی دانوستانکارو بەشدار لە حکومەتی شکستخواردوو، بەدەلیلی ئەوەی ڕێککەوتننامەی گۆڕان و پارتی لە ١٨ مادە پێکهاتووە هەتا ئێستا جگە لە خاڵی حەوتەم کە وەرگرتنی هەندێ پۆستی وەزیری و مدیر عامیە، هیچ خاڵێکی تری لێ جێبەجێ نەکراوە، جگە لەوە بۆ بەڵێنی کشانەوە لەحکومەتیش دووجار کاتی تەواوبووە هەر باسیشی ناکات، ئەمەش بەمانای گەورەترین شکستی ئومێدی سیاسی خەڵک دێت، چونکە ئەو دەنگانەی گۆڕان دەنگی خەڵکی بەشمەینەت و ستەملێکراون ناڕازی بوون ،ئاخر ئەم خەڵکە لەمێژووی ناشیرینی سیاسی حیزبایەتی و کوردایەتیدا شکستی وایان نەخواردووە چ بە شەڕەناوخۆییەکان چ بە ئەنفال و کیمیاباران چ بەدزی و تالانی سەرانی کوردایەتی بەدرێژایی بوونیان لە گۆڕەپانی سیاسیی ، بۆیە پوکاندنەوەو هەڵوەشاندنەوەی گۆڕان بەر لە حیزبەکانی تر ئەرکێکی تەواو ئەخلاقی و نیشتمانیە ، پێویستە بەر بەو بزووتنەوەیە بگیرێ کە کە کۆمەڵێ کەس بەدەنگی خەڵکی بێ مووچەو بێکار بازرگانی پۆست و پلە دەکەن لەگەڵ ئەکبەر چەتەکانی کوردو کوردایەتی کە بەڕای من هێشتا ئەم چەتانە لەچاو داڕزاوی و هەلپەرستی ئەم جەماعەتە بەحەفتا ئاو شۆراونەتەوە، چونکە هیچ نەبێ ئەوان نکۆڵی لەدزی و گەندەڵیەکانیان ناکەن،یاخود بەناوی چاکسازی و گۆڕانکاری هێزو ووزەی شەقام و خەڵکی ناڕازی ناکوژن و نایکەن بە کاڵای قومارە سیاسیە قێزەونەکەیان ،ئەوان بەبێ منەتی دەنگدەری خۆیان هەیەو بەهەر جۆرێک بێت ڕامیان کردوون، هاوشێوەی گۆڕان نەیانخەڵەتاندون خەڵکیان بە نانبڕین دا بۆ نان پەیداکردنی خۆیان .
هەر بۆیە بەخوێندنەوەیەکی جەریئانە بۆ ئێستامان، دوور لە سۆزو تەحەیوز حیزبی و ئایدۆلۆژی ،تێدەگەین پوکانەوەی گۆڕان زەرورەتەو کەوتنی یەکێک لە پایەکانی قەڵای دزی و مافیاگەری کوردایەتیە.




هۆنراوه‌كانی “كاكه‌ ڕه‌ش رواندزی” بڵاوكرایه‌وه‌ ….ئاماده‌كردنی : كامه‌ران حاجی ئه‌لیاس

هۆنراوه‌كانی “كاكه‌ ڕه‌ش رواندزی” كۆمه‌ڵی هۆنراوه‌ له‌ خۆده‌گرێت له‌ نووسینی ره‌شاد محمد ساڵح سعید ناسراو به‌ “كاكه‌ره‌ش رواندزی” .
هۆنراوه‌كان گوزارشت له‌ خۆشه‌ویستی نیشتمان و خاك ده‌كه‌ن له‌ لێدوانێكی تایبه‌ت رایگه‌یاند” جگه‌ له‌ خه‌باتی پێشمه‌رگه‌یاتی وه‌ك هه‌ر شاعیرێك حه‌زم له‌وه‌ بووه‌ خۆشه‌ویستی خۆم بۆخاك و وڵاتاكه‌م له‌ رێگه‌ی هۆنراوه‌ ده‌رببڕم “
هه‌ره‌وه‌ها ووتی” به‌رهه‌می زۆرم هه‌یه‌ به‌ڵام پێوسته‌ هاوكاری بكرێن بۆ ئه‌وه‌ی به‌چاپیان بگه‌یینین”.
دیزاینی به‌رگ (محمد سۆفی ره‌حمان و موخلیس سه‌ید جه‌بار) كۆمپیته‌ر ( بژار سلێمان یونس).
نووسه‌ر وه‌ك وه‌فایه‌ك كتێبه‌كه‌ی پێشكه‌ش به‌ دایكی كۆچكردوی كردوه‌.
ره‌شاد محمد ساڵح سعید ناسراوه‌ به‌ “كاكه‌ره‌ش رواندزی” له‌ ساڵی 1961 له‌ شاری رواندز له‌ دایك بووه‌، قۆناغی بنه‌ره‌تی له‌ قوتابخانه‌ی پاشای گه‌وره‌ ته‌واو كردوه‌ ناوه‌ندی و ئاماده‌یشی هه‌ر له‌و شاره‌ ته‌واو كرده‌یله‌ ساڵی 1996 له‌ په‌روه‌رده‌ی هه‌ولێر ده‌بێته‌ مامۆستا ژیانی هاوسه‌ری پێكهێناوه‌ خاوه‌نی دوو كوڕو كچێكه‌ ئێستا له‌ شاری ڕواندز له‌ قوتابخانه‌ی ڕه‌زانی بنه‌ره‌تی مامۆستایه‌.

ڕواندز

ڕواندز به‌رز و بڵندی خۆشه‌ گه‌ری و خه‌ره‌ندی
پانك وپاركی گه‌شتیار جێی ڕاوگه‌ی دۆست و یاری
ئاوی بێخاڵ وجندیان بۆته‌ سه‌رچاوه‌ی ژیان
ڕواندزم شاری شاران پێته‌ختی میری سۆران
قوربانت بم شاره‌كه‌م ئه‌ی شاره‌ ڕازاوه‌كه‌م
هه‌وڵ و تێكۆشانه‌كه‌م بۆتۆیه‌ ئه‌ی شاره‌كه‌م
شوێنی سه‌یران و گه‌شته‌ به‌هاری وه‌ك به‌هه‌شته‌
پڕچیاو دۆڵ و ده‌شته‌ ڕواندز وه‌ك به‌هه‌شته‌

ئاماده‌كردنی : كامه‌ران حاجی ئه‌لیاس




ڕۆمانی پاشەڕۆ … کەمال عەبدوڵڵا

ڕۆمانی پاشەڕۆ، گوزەرێکە بە کۆمەڵگای کوردەواری دوای ڕاپەڕین. ١٨٠ لاپەڕە، دەزگای رؤی للطباعة و النشر چاپ و بڵاوی کردووەتەوە لە سلێمانی و کەرکوك.
کەرکووك. کتێبخانەی مامۆستا بەکر، شەقامی ئەوقاف. کتێبخانەی دیالۆگ، شەقامی جمهوری.
سلێمانێ. ناوەندی ڕۆشنبیری ڕەهەند
کتێبخانەی ڕۆمان، تەلاری سیروانی نوێ.




توانەوە لە ژێر بارانا … کاوە عوسمان عومەر

( ١ )
ڕێبوارێ بارانی بردە ژێر دارێ،،
چەتری سەری کردە بەلەم ،،
تەمیش باڵی پێگرتە ،،
نێو بێستانە تاریکەکانی چاو…
دەرچە تەنها لە نمە ووردەکانی…
ڕوخساری ئاسمانە، بە خۆی ووت..
کەمانچەژەنی نیوەشەویش،،
دودڵی هەورێکی لە مانەوە،،
بەسەر شارێک لە خەما ژەنی،،
جگە لە خۆی، چەندیین تارمایی تر،،
هاوسەفەری بوون لە شارە زۆرە کانا،،
هەر شارێک خەوێکی نوێیە،،
دوور لە دارستانە خۆڵەمێشیەکانی تەنیایی،،
پاشان کە باڵەکانی مراوی دڵێکی شکاو،،
لە ڕوخانی پەیکەری پاکێتی،،
دای لە شەقەی باڵ ،،
بە ناو ئەفسانەی نێو دورخەکانی غوربەت،،
چیتر بوارری گەڕانەوە بۆ دواوە نیە،،،
ئیتر ئەی فریشتە باڵشکاوەکانی…
کەنارە قەترانیەکانی ئەشکەنجەی سەفەر،،
بۆ شەوێکی تری فەناش بێ بمێننەوە،،
بەڵام تۆ گەرچی لە بارانا توایتەوە،،
وەک نورێکی خواوەندی زەردەشت،،
دەبریسکێیتەوە و دائەمرکێیت و دروست ئەبیتەوە،،
قاز و قوڵنگە زەردەکانی بەهەشت،،
بە لای مێرگی هێمنی تۆدا تێپەڕین،،
بە پێکەنینەوە ڕازی بوویت،،
نمە بارانەکە جەستەت بتوێنێتەوە،،
وەک ئەوەی هییچ شتێکیش ڕوی نەدابێ،،
ڕوخسارەکانی تر، گرنگی نادەن،،
تۆی تەمێک پێشتر لە شاردا بووی، …
دات لە شەقەی باڵ، ،
وەک مەلێکی خۆڵەمێشی بێهودەیی،.،
وەک ئەوەی هییچ شتێک روینەدابێ،،
هییچ شتێک نەشکابێ،،
بەڵام کێ ئەتوانێ…
ئاگری دوودڵی ڕۆح ،،
لە سەفەرا بکوژێنێتەوە؟
بەڵام لە دوای پەرتبوون،،
بە کەنارە زۆرەکانی ئەو دیو…
دورخەکانی ئارامی درۆ،،
سەدان تەرمی وەک خۆی،،
بە شارە زۆرەکانا پەڕش و بڵاون،،
وەک بڵێی لە سوتانی ڕۆح ناوەستن،،
تاوەکو شتێک دەستگیر نەکەن،،
تۆ چرپانت،،
بەسە چیتر پەرت مەبە،،،
خۆری دڵت پارچە پارچە مەکە،،
تەنها ببە بەربازی گڕینی…
نیو تونێلی ڕەشی تەنیاییم

( ٢)
سرووتی توانەوەیە ،،
کاتێک هەورەکان ڕژانە ..
قژی کاڵی ئافرەتێک،،
بە ڕەهێڵەوە شەقامەکانی کۆکردەوە،،
هەر نمەیەک ،،
لێوێک،،
هەر نمەیەک،،
شکۆفەیەک،،
هەر نمەیەک،،
دەنووکی کۆتریك،،
لە پەنجەرەی تەنیایی،،
هەر نمەیەک،،
پەنجەی گڕینی بروسکەیەک،،
ئافرەتێک هەر خۆی،،
کەمووڵەی جەستەی بردە بەردەم نمەکان،،
تا پڕ بێ لە شەرابی ئاو،،
هەر خۆی پەیکەری بەردینی ،،
بردە بەردەم شەختە باران،،
تاوەکو خۆڵ و لم و بارووت و سیانید و قەوزەی ڕەشی ساڵەکانی نەهاتی لێ ڕاماڵێ،،
ئەمڕؤ لەسەر پردێک،،
باران ئافرەتێکی ڕەشپۆشی دڵ سپی ئەتوێنێتەوە،،
ئەمرۆ باران شار ئەتوێنێتەوە،،
ئەمڕۆ،،،
لەسەر کاغەزی با،،
تنۆک تنۆک، نمە…
ڕۆمانی بارین …
بۆ ئافرەتێک ئەخوێنێتەوە

( ٣)

بۆ تێگەیشتن لە پەیامی…
زێوانی سەر سنوورە قەدەغەکراوەکان،،
نهێنی دەریا لە خۆما کۆ دەکەمەوە،،
پێش ئەوەی کەشتی…
نێو باهۆزی شەویش پێ بزانێ،،
خۆم ئەترازێنمە جەنگەڵەکانی خۆشبەختی،،
کاسێک لەئاوی نەمریش،،،
لە شیعرێکی بەدنەفرەتا ئەفڕێنم،،
ئیبلیسە خومارەکان بە شەرابی یاخیبوون،،
لە هۆنراوەی بروسکەی یاخی .
لە خواوەندە بێئاگاکان ..
لە ئازاری مرۆڤە ڕۆحکونەکان،،،.
تەرتیلەکانی بەددنەفرەتبوونیان دەستگیر بووە،،
لە پەڕە پەڕش و بڵاوەکانی ..
نێو باهۆزی بێمانایی ژیانیش،،
پەیکەری شیعرێک، دنیایەکی تر ،،
بنیاد نرا،،
جیهان چی سەمەرەیەکە،،،
لەو دیو پەنجەرەی شەمەندەفەرێک،،
بەرەو قەڵای مۆری حەقیقەتە جیاوازەکان،،
جیهان چی دڵۆپە شەونمێکە ،،
بە پەلی داری ئەرخەوانی،،
گەرعێشق لە دەرگا بوو،،
جیهان چی ماتەمێکیشە،،
گەر قەلە ڕەشەکانی تەنیایی،،،
لە خوڕەی ئاوی جودایی…
دروست بنەوە،،
هەر کە گەردەلوولی ووشەش هەڵی کرد،،
لە باڵە فڕێی پەرەساێلکەیەکا ،،
خۆم حەشار ئەدەم و…
شیعر بە پەنجەی گیاو…
حەزیش بۆ فڕین،،
بە جەستەی پرتەقاڵی گەڵایەکی..
بابردووی پایز ئەنوسمەوە،،
تۆش وەک هەورێ،،
بەلاما تێپەڕی،
بێ ئەوەی تاوێک نمە بڕژی ..
ئەوان چەند بە ترسناکی ،،
بەلاماندا دێن و ئەچن،،
ئەوانی تر، وەک ئێمە پەڕیان ئەوەرێ،،
و چاویشیان پڕە لە ئەستێرەی گڕ گرتوو،،
ئەی خانمی سەر کۆشکی ڕەنگاڵە خۆر،،
با تۆ بە گری خۆت بسوتێێ،،
گەر ئاگات لە هەڵفرینی بازی دڵ نیە،،

( ٤)
گەڕان لە شەوا،،
بینینی گوارەی تەمی مانگ،،
پەرژینی چاوی ئاسمان و…
ئەو نەهەنگانەی شەویش..
لە شێوەی هەورا ،،
هاتنە زەریای خەونمانەوە،،
زۆرن ئەو شتانەی نایانەوێ..
بە تۆڕی ووشە بگیرێن،،
زۆریشن لە چیای هەست دروستئەبن،،،
بەڵام خاچی بێدەنگی ،،
دڵە لاوازەکانی…
بە بزماری کۆچا هەڵکشان،،
بەردو زیخی وشە جێماوەکانیش…
جێپێی شنەبا ئەیانشارێتەوە،،،
هەر بایەکیش دوای کۆچ،،
ڕۆمانێک ئەنوسێتەوە،،
بەڵام من لە بەرامبەر ..
پرسیارە زۆرە بێ وەڵامەکانی…
بێستانی بێ مانایی دنیا،،،
ئاوی تیاڕامان لایداومەتە…
کەناری خودی خۆم،،
پەتای باڵاوبوونەوەی دەردی بێعیشقیش ،،
تاوە بارانێکی قەترانی ترە،،
ڕۆح کون کون دەکا،،
با بجەنگین بەرامبەر بلآوبونەوەی..
مەلە خۆڵەمێشیەکانی بێهودەیی،،
کە دەشگەینە دەڤەری نێوان شارێک لە سەراب و…
ژەهری ڕژاوی کەموڵەی ڕابردویەک ،،
شتەکان سەر لەنوێ،،
پەرت پەرت ئەکڕێن،،
بائێمە لە نمەی پاکێتی،،
قەڵا سپیەکانی خۆشبەختی دروست کەینەوە،،
پەیکەرە شکاوەکانی نێو گرانەتا جێبهێڵین،،
زەریا لە جانتاکانمان بڕژێنین ،،
من لە لای خۆمەوە،،
پارچە پەرتبوەکانی تۆ کۆدەکەمەوە،،
تۆش ئاوێنە شکاوەکانی من.

( ٥ )
وەرزی وەرینە ..
جگەرەی لێوی با،،،
غەمی دارێک،،
کە نەیتوانی باڵ بگرێ،،
غەمی چیرۆکێک،،
نەیتوانی پاڵەوانێتی هەورێک…
بۆ گوڵێک باس کا،،،
ئازاری ئەو خۆڵەی،،
تا ساڵانێکی زۆر تینووی بینینی گیا بوو،،
ئەو کۆچەرانەش،،،
هێشتا لە نیوە شەوا،،
کەموڵەی جەستەیان..
نیوە لمی ڕۆشتن بوو،
هێشتا ڕەگی ڕێگاکان…
بە ڕۆحیانەوە نووسابوو،،
هەر دارێک خۆی پرسیارێکە، ،
بە ئەندازەی تێڕامان ،،
لە پەڕە نوسراوی گەڵاکانی تر،،
چاڵی مەرگ قووڵ و تاریک،،
هاکا دڵێکی پڕ لە هیوای تێکەوت،،
بازە ئاڵتونیەکانی دوای مەرگ،،
بڵێێ چەند شیعری…
زاری مردویەک بەرن؟،،
بەندۆلی کاتژمێری باران،،
لەو دیو پەنجەرەی بێهودەیی،،
کاژێر سفری کۆچی لێدا،،،
درەنگانێکی شەویش،،
بە نێو تەمی ماڵتا تێئەپەڕم،،
ئەستێرەکان هێشتا ،،
لەسەر دارەکانی باخچەکەت ببریسکێنەوە،،،
لە فوارەی چرایەکیش،،
پەپولەکانی چاوم..
پەرشو بڵاوی هاتنت ئەکەم،،
پێش ئەوەی چیمەنەکە ش،،
ببینێ شنەبا گەیشتوە،،
خۆر لە ڕژانی شەرابی…
ئاڵتوونی تەواو ببوو،،
پایز جەندیش درەنگ گەیشت،،
شەوی بە دەریای ڕەشەوە،،
هێنابوە ناو خۆی،،
وووشەکانیش،،،
درەنگ بوونە مرواری بریسکاوی،،
دەستی بروسکەیەک،،
لە چاوەڕوانیشتدا،،
هەمان چرپەکانی دوای سەفەریان،،،
هۆنیەوە بۆ ملوانکەیەک..
لە پرووشەی بوونت ،
نهێنی نیە کە گەڵا پەمەییە وەریوەکان ،،
ووشەی لێوی کچی وونی نێو تەمی پایزن،،
چی سیحرێکە گوڵێکی سپی تەنیا،،،
لە هاتنی کچی باران،،
خۆی ڕازاندەوە،،،
دەنگی سوێسکەیەک ،،
لە پاڵ ئەو سەمەرانەی تریش،،
کە لە ژێر چنارەکەدا هەڵگیراون،،
ڕێژنە خەمێکیت،،
لەم بیابانی بێ دەنگیە، ،
درەنگ دێی…
بەڵام بیرەوەریەکان،،،
ئەخزێنمە جانتاوە،،
و پاسەکەش لە ئاورینگا…
تێپەڕ ئەبێ،،
من هەر ناتبینم،،
بارێک کتێب لە فیردەوسەوە،،
لە ژێر بارانەو،،
خوێنەری دەستی زیوی ئەمرۆش…
هەر دیار نەبوو،،،
هەژاری زمانیش..
لەوەی لە ئۆقیانووسی چاو تێبگات،،،
بە بەلەمی ژوان،،
سەفەر ناکا دڵ…
بە ژێر بارانا نەبێ…

( ٦ )
ئەمشەوی بارانە،،
ڕێم داوە دەریا ،،،
بە جەستەما تێپەڕێ،
ئەمەوێ لە نهێنی دەرکەوتنی خۆر تێ بگەم،،
کۆدی سندووقە نهێنیەکەی ئەستێرەکان بشکێنم،،
لێو بگەڕینمەوە پەرستگەی ووشە،،
لە گالیسکەی مانگێکی سەرابپۆش،،
شازادەی زەمانی زۆر زوو ،،،
بەنێو فیردەوسی شەڕانیا ڕاکێشم،،
منم بە ئۆقیانووسی بوونا دێم و ئەچم ،،،
بۆشایی ناو چاوی ئاسمان ئەشێوێنم،،
ئارامی نیە لە جیهانێک ..
نوقم لە خەوو گرانەتاو چەڕەدوکەڵی بارووتی جەنگەکان،،،
بەئاگادێم، و من خۆم نەماوم،،
چەندین پەیکەری وەک خۆم خومارن،،
هەر بۆیەکیشە بڕیارم داوە،،
لە دەرگا داخراوە مسینەکانی پەرادیس نەدەم ،،
گەمژەییە لەبەردەم خواوەندێکی دڵ ڕەقا تکاو نزا،،
چەند هەنگاوێک ئەچمە دەر،،
لە دەواری شڕی چارەنووس،،،
دڵ ئاگردانێکە، هاوڕێ،
چاوەڕوانیش بۆ ژاکانی گوڵە ئاویەکانی..
عیشقیش تۆزێك درەنگە،،
پیاسەیەکیش بە ژێێ گیتاری..
تەرزەی ڕابردوو هییچی لێ سەوز نابێ،،،
هەرچەندە لەم ژاوە ژاوی ماشینانە،،،
گوێمان لە یەک نیە،،،
دەست بخەرە دەستم ،،،
ئەی شازادەی یاخی..
بە وەرزە زڕ و بەستوەکان،،،
شوێنەکان کۆن بوون،،،
تێگەیشتنیش لە ساتەکان،،
ئەوەندەی تر پێویست نیە،،،
خەوتن و بەئاگا هاتنیش هەر وەک یەکە،،،
دەریاش لە مانەوە لە کەنارێکا بێزارە،،،
گۆڕانکاری ئەوێ،،،
شار پێویستی بە بەرگی نوێ وخوێنی نوێیە و…
چۆلەکەکانیش لە نەگۆڕانی شار بێ دەنگن،،،
دارەکانیش بێزارن لەمانەوەیان ،،
بێزارن لە چرۆکردن بە بێ بەهار،
چی چاوەڕوانێکی بێ فەڕە،،
بێ هاتنی بارانێکی پاک،،
با وەک ئاوازێکی نوێ، ،
وەک زویر بوونێکی درەنگ وەختی،
بە ژێر دار چارە پرچ سپیەکانا تێپەڕین،،
، خوێنی ڕژاوی شارێک،،،
لە ئەندێشەو خەوو سەراب،،
ئێستا نۆتای پیانۆی مەرگە،،
چەند درەنگە ئەم ڕۆح و…
جەستە ترسنۆکە،،
لە خۆمان داماڵین،،
سەرزەنشت کردنی ڕابردوو ، ،
بە تەنها ، تازە دادمان نادا،،
دەرچە لە یاخیبووندایە، هاوڕێ..
یاخی بوونە دواهەمیین دەرچە، هاوڕێ.

وێنەکە کارێکی هونەری فۆتۆگرافەری ئیتاڵی/
Marco Massimo
بە سوپاسەوە لە پەیجی فەرمی خۆی وەرگیراوە




شارێکی نوغرۆ … نەوزاد بەندی

میترۆیەک نییە ،
بڵێم لەوێ ئەبم ، وەرە ..
دەریایەک ..
تراموایەک ..شک نابم ،
بڵێم لەوێ ئەبم ، وەرە ..
ئێرە .. دوو شەقامی لێیە ،
جوانییەکانی تری مردن ،
حیزب بۆ خۆی هەڕاجی کرد ..
لێرە دوو کۆڵانی چڵکن ،
چۆلەکە و سەگ و بنیادەم ،
قەرەباڵغیی دروست ئەکەن ..
کۆمەڵێ پیاوی پیر ..
زۆر پیر
ئاڵو گۆڕی جنێو ئەکەن ..
چەند دزێکیش ،
لەسەر پشتی
جوندی و پۆلیس ،
پیاسە ئەکەن …
لێرە مناڵ ، مناڵیی خۆی هەڕاج ئەکا ،
کچێکی جوان خۆی با دەدا ،
تا کۆمپانیایەکی دەرمان
ڕاوی بکا ..

پاپۆڕێ شک نابەم ،
بڵێم ئێوارە لەوێم ، وەرە ..
ڕووبارێ شک نابەم ،
شەوێکیان بڕۆم بۆ لای
غەسلێکی چاوەکانم کا ..
تەنها پێنج شەش کەناڵی ناوخۆی لێیە
تەنها کۆمەڵێ ڕۆژنامەی لێیە ،
بەعزێک ئەیگرنە چوارچێوە و ئەیپەرستن ..
بەعزێک لە قەفەزی کەناریدا ڕایدەخەن بۆ ڕیقنە ..

فڕۆکەخانەیەکی قەرەباڵغی لێ نیە ،
لەوێ بە ڕێکەوت بتبینم ..
کافیتریایەکی خاڵی لە چاوی زەق
تیایدا دوو نیسکافە و
دوو پارچە پسکیت ،
یەک دوو سەعاتمان لێ بکڕن …
لەسەر دوو کورسی
داری ڕەق ..

هیچ شک نابەم …
هەر تەنها خەو ..
کار وا بڕوا ،
ئیتر بێ سەرین هەڵناکەین ..
بیجامەیەک ئەکەینە ئاڵای هەرێم و
پرخە پرخێکیش بە سروودی نیشتمانیی




ھەواری ھەورەکان …عەلی حەمەڕەشید بەرزنجی

بۆیە ئاسمــــان وا جوانە
لای منی بچــــکۆلانــــە
چونکە بــە تەنھا ئــەوە
ھــــەواری ھەورەکــانە
بــۆ مانگ و ئەستێرە وخۆر
بووە بــــــە ماڵ و لانە
ھـــاوڕێن بـۆ منی منداڵ
بۆیە جـار جـارێک لە ماڵ
دەچم ســــەردانیان دەکەم
بەسواری ئەسپی خـــەیاڵ
١٧/٧/٢٠٢٠




کارینا … رۆمانێکی نوێی نووسەر: نیهاد جامی

ئەم ڕۆمانە بۆ یەکمینجارە لێرەوە بڵاو دەبێتەوە…..

بۆ خوێندنەوەی ڕۆمانەکە کلیکی ئێرەبکەن …….




گفتوگۆ لەگەڵ سمکۆ محەمەد – بەشی 4- …ئاماده‌كردنی: عه‌باس جه‌میل جێماو

سمكۆ محه‌مه‌د: جیاوازی جگه‌ له‌وه‌ی ململانێی چینایه‌تییه‌، گه‌مه‌ی حاڵه‌ته‌كانیشه‌.

ئاماده‌كردنی: عه‌باس جه‌میل جێماو
به‌شی 4

سمكۆ محه‌مه‌د نووسه‌ر و روناكبیر له‌م به‌شه‌ی زنجیره‌ چاوپێكه‌وتنه‌كه‌یدا ده‌رباره‌ی چه‌مكی جیاوازی و رخنه‌ قسه‌ده‌كات و پێی وایه‌، جیاوازی پشت به‌عه‌قڵگه‌رایی ده‌به‌ستێت و بۆ قبوڵكردن و نه‌مانی فكری شمولی و كۆنكریتی بوو، بۆیه‌ هه‌ر گرووپ و ئایدیایه‌كیش به‌بێ‌ عه‌قڵ ئه‌م چه‌مكه‌ قبوڵ بكات، ته‌مه‌نی كورت ده‌بێت.
ده‌قی گفتوگۆكه‌

پرسیار: یه‌كێ له‌ گرفته‌ هه‌روه‌ گه‌وره‌كانی مرۆڤایه‌تی كه‌می گفتوگۆی فیكریه‌، له‌سه‌ر بنه‌ماكانی چه‌مكی ره‌خنه‌ و جیاوازی، زۆر كه‌س ئه‌م تێگه‌یشتن و دونیابینییه‌یان نییه‌ و به‌پێچه‌وانه‌وه‌ وه‌ك مافێكی سروشتی ده‌بینن، بۆیه‌ سه‌ره‌تا ده‌پرسم چه‌مكی جیاوازی چی ده‌گه‌یه‌نێت له‌دیدی ئێوه‌، بۆچی جیاوازی هه‌بێ‌؟

سمكۆ محه‌مه‌د: چه‌مكی جیاوازی له‌بنه‌مادا بۆ قه‌بوڵكردن و نه‌مانی فكری شمولی و كۆنكریتی سه‌ریهه‌ڵدا و تیۆریزه‌ كرا، هه‌روه‌ها شێوه‌یه‌كیش بوو له‌وڵامدانه‌وه‌ی چه‌مكی هه‌قیقه‌ت كه‌ هه‌ر ئایدیا و ئایین و فه‌لسه‌فه‌یه‌ك ئه‌و بانگه‌شه‌یه‌ی ده‌كرد، به‌ومانایه‌ی جه‌نگێك بوو له‌نێوان لۆژیك و فه‌لسه‌فه‌ی كلاسیكی، دواتر به‌فراوانبوونی دیالیكتیك كه‌ گومانی بۆ هه‌موو چه‌مكه‌كان درووستكرد و هه‌قیقه‌تی كرده‌ پاشكۆ، ئیدی ئه‌و فشاره‌ی له‌سه‌ر فه‌لسه‌فه‌ی ژیان هه‌بوو نه‌یهێشت، كه‌ به‌پێی شوێن و كات سیستم و ده‌سه‌ڵات و ده‌قه‌ ئایینیه‌كان كاریگه‌ری هه‌بوو، بۆیه‌ هه‌قیقه‌ت ته‌نها له‌تیۆره‌ فیزیایی و ماتماتیكییه‌كاندا مایه‌وه‌، ده‌نا له‌ژیانی رۆژانه‌دا ئه‌و ئایدیایانه‌ قڵپ بوونه‌وه‌، ئه‌وه‌بوو سه‌ره‌تا چه‌مكی جیاوازی كه‌ ئه‌زموون كرا، له‌ قبوڵ نه‌كردنی ئایینه‌كانه‌وه‌ هاتبوو بوو له‌گه‌ڵ یه‌كتر، ئه‌مه‌ ئه‌زموونێكی تاڵ بوو، له‌وێوه‌ جیاوازی وه‌كو كۆنتڕۆڵ بۆ هیچ ئایدیایه‌ك هه‌قیقه‌تی نه‌هێشت.
وه‌ختێك مارتن لۆسه‌ر هات و بانگه‌شه‌ی ناتوندوتیژی ئایینی و یه‌كتر قبوڵكردنی پێشكه‌ش كرد، ئه‌مه‌ بوو به‌سه‌ره‌تایه‌ك بۆ باڵانس له‌نێوان كاسۆلیك و پرۆتستانتی رۆژئاوا، به‌ڵام ده‌بێ‌ ئه‌وه‌ بزانین كه‌ جیاوازی له‌نێو فكردا هه‌میشه‌ ئاماده‌ بووه‌، دواتر له‌نێو رۆشنبیریدا بووه‌ به‌ستایلێك و له‌نێو كایه‌ی میدیایی و رۆژنامه‌گه‌ریشدا كاری پێكرا، بۆ نموونه‌ ململانێی نێوان لایه‌نه‌ دژه‌كان كه‌ نموونه‌ی ئه‌نارشیزم و ریفۆڕمخوازه‌كانه‌، پڕ بایه‌خترین جیاوازییه‌ ئه‌گه‌ر به‌پێی قسه‌ی ماری دوگڵاس بێت كه‌ له‌كتێبی (پاكیزه‌یی و مه‌ترسی) باسی ئه‌و شتانه‌ ده‌كات كه‌ له‌جێگه‌ی خۆیاندا هاودژ و ناڕێكن، نه‌ك ئه‌و شتانه‌ی كه‌ به‌بڕوای ئینسان له‌سرووشتدا نارێكن.

ئێمه‌ ده‌توانین زۆربه‌ی جیاوازییه‌كان بگه‌ڕێنینه‌وه‌ بۆ حاڵه‌ته‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، بۆ نموونه‌ جیاوازی ئه‌گه‌ر له‌نێو گرووپه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ یاخیه‌كانی وه‌كو قه‌ره‌ج و بوهیمیه‌كان وه‌ربگرین و له‌و فه‌زا كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ نه‌بێت، له‌نێو كایه‌ی فكریدا هه‌موو به‌جیاوازیه‌وه‌ بژین، هیچ به‌هایه‌كی نییه‌، چونكه‌ به‌های جیاوازی له‌ئاستی قبوڵكردنی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی و ره‌گه‌ز و نه‌ته‌وه‌ و زمان و كولتوور و ئاییندا ده‌رده‌كه‌وێت، به‌رله‌وه‌ی جیاوازی قبوڵكردن له‌دونیای ده‌ره‌وه‌ی رۆژهه‌ڵات ببێته‌ باو، گرووپه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ یاخیه‌كانی رۆژئاوا و ئامریكا، رێسا و نۆرمێكی تایبه‌تیان هه‌بوو، ئێستا چونكه‌ له‌ئاستی كۆمه‌ڵایه‌تییدا جێگه‌ی خۆیان كردووه‌ و به‌ڕاده‌یه‌ك جێكه‌وته‌ بوون، ئیدی كاریگه‌رییه‌ نه‌رێنییه‌كه‌ كه‌وته‌ گۆڕه‌پانی ده‌وڵه‌ت و سیستمه‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌وانیش وه‌كو چۆن قه‌ره‌جه‌كان له‌سه‌رتاسه‌ری دونیا به‌رێسا و یاسای خۆیان ده‌ژین، به‌هه‌مان ریتم له‌ئاستی سیستمدا گوێیان كه‌ڕ ده‌كه‌ن و بڕوایان به‌ سیستم و له‌قاڵبدانی ئینسان نییه‌، ره‌نگه‌ هه‌ر ئه‌مه‌ش بێت وابكات به‌چاوی نامۆوه‌ ببینرێن و قه‌بوڵ نه‌كرێن.
له‌راستیدا جیاوازی له‌رێگه‌ی عه‌قڵه‌وه‌ مانای هه‌یه‌ نه‌ك ئایدیایی ناكامڵ، بۆیه‌ جیاوازی پشت به‌عه‌قڵگه‌رایی ده‌به‌ستێت.
به‌هه‌رحاڵ ئه‌م چه‌مكه‌ بۆ قه‌بوڵكردن و نه‌مانی فكری شمولی و كۆنكریتی بوو، بۆیه‌ پشت به‌ عه‌قڵ ده‌به‌ستێت، بۆ نموونه‌ هه‌ر گرووپێك و هه‌ر ئایدیایه‌ك به‌بێ‌ عه‌قڵ ئه‌م چه‌مكه‌ی قبوڵ كرد، ته‌مه‌نی كورت ده‌بێت و هه‌ر كاتێك كێشه‌یه‌كی بچووك درووست بوو، ئه‌و جیاوازییه‌ هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌.

ده‌بێ‌ ئه‌وه‌ بزانین كه‌ جیاوازی نه‌سه‌ره‌تا و نه‌كۆتایی نییه‌، تیری ئیگلتن نووسه‌رێكی به‌ناوبانگی ماركسییه‌، پێیوایه‌ هه‌ندێك شت هه‌یه‌ بۆ ئه‌وی بگوازرێته‌وه‌، ده‌بێ‌ قبوڵ بكرێ‌ و جیاواز بێت، ئه‌مه‌ش بۆ سه‌لماندنی ره‌سه‌نایه‌تییه‌، ره‌سه‌نایه‌تیش هێز به‌ده‌ست ناهێنێت ئه‌گه‌ر كۆپییه‌كی تر له‌به‌رامبه‌ری نه‌بێ‌، بۆیه‌ جیاوازی رێگه‌یه‌كی دیكه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ له‌ ئاماده‌یی شتێكی تر كه‌ له‌گه‌ڵ خۆیدا جیاوازه‌ و پێشوازی له‌ وردبینی بابه‌تی ده‌كات، به‌ومانایه‌ی به‌بێ‌ وردبینی له‌شته‌كان، ره‌گوڕیشه‌ له‌عه‌قڵی كارێكته‌ره‌ جیاوازه‌كان داناكوتێت، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌یه‌ تاكو بابه‌تێكی دیكه‌ ئاسان بكات، ئه‌مه‌ سه‌ره‌تای چوونه‌ نێو دونیایه‌كه‌ كه‌ نابێت هیچ شتێك و هیچ كولتوور و نووسین و ئایدیایه‌ك، به‌بیانووی هه‌قیقه‌ته‌وه‌ له‌لایه‌ن ئایدیایه‌كی تره‌وه‌ په‌راوێز بخرێت، كه‌واته‌ جیاوازی ئه‌و واقیعیه‌ته‌یه‌ كه‌ ده‌یهه‌وێ‌ ئیعتیبار بۆ ئه‌وانی تر بگه‌ڕێنێته‌وه‌، كه‌من وای ده‌بینم جیاوازی گه‌مه‌ی حاڵه‌ته‌كانه‌.

پرسیار: ئه‌ی چۆن جیاوازی نه‌بووه‌ كه‌ره‌سته‌یه‌ك بۆ پراكتیك كردنی له‌ژیانی واقیعی، بۆچی ناونیشانی جیاوازی وه‌رگرت؟.

سمكۆ محه‌مه‌د: تائێستا هیچ چه‌مكێك نه‌بووه‌ له‌سه‌ره‌تای به‌رهه‌مهێنانیه‌وه‌ تاكو ئێستا، دووچاری كێشه‌ نه‌بووبێت، چونكه‌ فه‌لسه‌فه‌ و فكر بۆخۆیان كێشه‌ن، كێشه‌ی ئه‌م جیاوازیه‌ش وه‌كو هه‌ركام له‌چه‌مكه‌كانی تر له‌سایه‌ی بازاڕی سیاسه‌ت و سه‌رهه‌ڵدانی ره‌وتی توندڕه‌وی تیرۆریستی خراپ پراكتیتك كراوه‌، بۆیه‌ پراكتیك كردنه‌كه‌شی ریتمی جیاوازی وه‌رگرت، ئه‌و نووسه‌رانه‌ش كه‌ پشتگیری ئه‌و ره‌وته‌ بوون به‌بێ‌ ئارگومێنتی توندوتۆڵ، له‌بری ئه‌وه‌ی به‌ئه‌رێنی خۆیان به‌رهه‌مبهێننه‌وه‌ و ئه‌ویتر له‌به‌رامبه‌ر یه‌كتر قه‌بوڵ بكه‌ن، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ له‌ژێر عینوانی جیاوازی بیرو بۆچوون و بیركردنه‌وه‌ی جیاواز، گورزێكی كوشنده‌یان له‌و فه‌رهه‌نگه‌دا كه‌ كاریگه‌رییه‌كی نه‌رێنی خوڵقاند له‌نێو خه‌ڵكی به‌گشتی، نموونه‌ی ئه‌و جیاوازیه‌ی كه‌ سیستمی دیموكراسی بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كات و له‌ململانێی حیزبی و سیاسیدا كۆی كردۆته‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ هه‌م وه‌همه‌ و هه‌م گه‌مه‌ی سیاسییه‌، نموونه‌ش بێ‌ به‌هاكردنی بۆچوونی بیرمه‌ندانی رابردووه‌، ئیدی هه‌ركه‌س له‌ئه‌نجامی بێكاری و ئاره‌زوویه‌كی هه‌رزه‌كارانه‌ بۆ خوێندنه‌وه‌ و به‌كارهێنانی ئینته‌رنێت و جیاوازی له‌بیروبۆچوونی ئاینگه‌رایی و پشتگیری له‌یه‌كێك له‌به‌ره‌كانی جه‌نگی سیستم و تیرۆر، به‌ناوی جیاوازیه‌وه‌ رووبه‌ڕووی ئه‌و چه‌مكه‌ فكریانه‌ش بوونه‌وه‌ و كردیان به‌بازاڕێك بۆ ره‌واج پێدانی بیری ته‌سك و نالۆژیكی.
به‌شێك له‌سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌م كاره‌ساته‌ فه‌رهه‌نگیه‌ی زۆربه‌ی زۆنه‌كانی سه‌ر گۆی زه‌وی گرته‌وه‌، به‌تایبه‌تیش ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵات، ته‌نها بۆ ئه‌وه‌بوو كه‌ چیتر له‌رێگه‌ی فكره‌وه‌ ململانێ‌ چینایه‌تییه‌كان له‌گه‌ڵ ته‌كنۆلۆژیا نه‌كرێ‌، كه‌چی به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ململانێكانیان گه‌ڕانده‌وه‌ سه‌ره‌تاو له‌ململانێی ئایینه‌كان و زمان و نه‌ته‌وه‌وه‌ جارێكی تر خۆی به‌رهه‌مهێنایه‌وه‌، ئه‌مه‌ش تاكه‌ ئامانجێك بوو بۆ گێلكردنی ئینسان به‌گشتی و ئینسانی رۆژهه‌ڵاتی به‌تایبه‌تی، سلاڤۆی ژیژاك بیرمه‌ندێكی چیكی ئه‌م چه‌رخه‌یه‌، له‌كتێبی (سه‌ره‌تا وه‌ك تراژیدیا و كۆتایی وه‌ك كۆمیدیا) باسی وه‌رگرتنی جیاوازی ده‌كات و پێیوایه‌ له‌دوای سه‌رهه‌ڵدانی چه‌مكی جیهانگه‌راییه‌وه‌، مه‌ترسیدارترین چه‌مك، چه‌مكی ئازادی بیروبۆچوون بوو كه‌ خراپ كه‌ڵكی لێوه‌رگیرا، ئه‌وه‌بوو وه‌كو سه‌ره‌تایه‌ك هه‌ستی پێكرا كه‌ هه‌وڵێك هه‌یه‌ بۆ سوككردن و بێ‌ به‌هاكردنی و هاندانی كۆلكه‌ خوێنه‌وار بۆ نووسین، ئیدی ئه‌م هه‌وڵه‌ له‌شوێنێكی دیكه‌شدا بازاڕێكی گه‌وره‌تریشی به‌رهه‌مهێنا، ئه‌ویش به‌رهه‌مهێنانی خوێنه‌واری شه‌یدای بڕوانامه‌ی زانكۆكانی كه‌رتی تایبه‌ت و نووسه‌ری كرچ و كاڵ بۆ گه‌رمكردنی بازاڕی میدیا تاهاتنی میدیای ئه‌لیكترۆنی و گه‌شه‌كردنی تاكو ئه‌م سه‌رده‌مه‌.

پرسیار: باشه‌ تۆ له‌لایه‌ك پشتگیری له‌م چه‌مكه‌ ده‌كه‌یت و له‌لایه‌كی تر به‌گه‌مه‌ی ده‌زانی، ئایا ئه‌مه‌ باڵانسی فكری تیایه‌؟، ئه‌گه‌ر هه‌یه‌ بۆچی ناتوانین جیاوازبین، له‌كاتێكدا هه‌موو ململانێكان له‌سه‌ر سه‌لماندنی بوونه‌، سه‌لماندنی شوناسی ئایدیایی و نه‌ته‌وه‌یی و ئایینی و هتد، ئایا به‌راستی ئه‌مه‌ هه‌موو جیاوازییه‌كانه‌؟

سمكۆ محه‌مه‌د: من به‌پێی بۆچوونه‌ جیاوازه‌كان ئه‌رگۆمێنتم هێناوه‌ته‌وه‌ و به‌پێی ئایدیای فكری خۆشم كۆمێنتم هه‌بووه‌، هه‌روه‌ها به‌پێوه‌ری ره‌خنه‌یی قسه‌م كردووه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر جیاوازی نه‌بێ‌، ره‌خنه‌ش قه‌بوڵ ناكرێ‌، بۆیه‌ ده‌بێ‌ وه‌كو ره‌خنه‌یه‌ك له‌ ئه‌پستراكت كردنی ئه‌م چه‌مكه‌ باسی ره‌خنه‌ بكه‌م، یان باسی جیاوازی خۆم بكه‌م وه‌كو مافێكی فكری، چونكه‌ من ته‌واو كۆك نیم له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی له‌ژێر عینوانی جیاوازی، هه‌موو جیاوازییه‌ ریشه‌ییه‌كانیان له‌جیاوازی فكرو جیاوازی ئایین و ئایدیاییدا كۆكردۆته‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ وه‌همه‌، ئه‌و چه‌مكه‌ به‌ده‌ر له‌وه‌ی مانای جیاوازی هه‌یه‌ و له‌ بنه‌مادا به‌هۆی قبوڵ نه‌كردنه‌وه‌ تیۆریزه‌ كراوه‌، له‌لای من جیاوازی جگه‌ له‌جیاوازی چینایه‌تی شتێكی تر نییه‌ كه‌ ره‌خنه‌ له‌بنه‌مای سیستمه‌وه‌ هاتووه‌، ئه‌گه‌ر سیستم نه‌بێ‌ فكر ناتوانێ‌ ره‌خنه‌ قه‌بوڵ بكات سابا هه‌ر كایه‌یه‌ك بێت، چونكه‌ جیاوازی هه‌موو ئایینه‌كان و نه‌ته‌وه‌ و كولتوور و زمانه‌كان، له‌نێو هه‌ناوی خۆیدا هه‌ڵگری جیاوازییه‌كی دیكه‌یه‌، ئه‌ویش جیاوازی چینایه‌تییه‌ كه‌ له‌خۆشگوزه‌رانیدا ده‌رده‌كه‌وێت، به‌تایبه‌تی له‌دۆخی ناجیگیردا زیاتر هه‌ستی پێده‌كرێ‌، خۆ ئه‌گه‌ر به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ته‌ماشای بابه‌ته‌كه‌ بكه‌ین، ده‌بینین ته‌نها ده‌بێته‌ سه‌فسه‌ته‌بازی فكری و نمایشكردنی رۆشنبیریی، به‌مانایه‌كی تر ئه‌وه‌ جیاوازی نییه‌ ئه‌گه‌ر كات به‌وه‌ فیڕۆ بده‌ین، ئایا هه‌موو ئایدیا و ئایین و بیروڕا فه‌لسه‌فییه‌كان پێویستن یان نا؟، ئه‌مه‌ وه‌كو ئه‌وه‌ وایه‌ دوو كه‌س دوو قه‌تره‌ ئاو بخه‌نه‌ نێو په‌رداخێكه‌وه‌ و هه‌ركه‌س له‌وانه‌ باسی جیاوازی قه‌تره‌ ئاوه‌كه‌ی خۆی بكات، ئه‌م جۆره‌ جیاوازییه‌ ئایدیاییه‌، جیاوازییه‌كه‌ ته‌نها فۆڕمی باسه‌كه‌یه‌ نه‌ك جه‌وهه‌ر.

ئایا پێویست نییه‌ بپرسین ئه‌و هه‌موو ده‌قه‌مان پێویسته‌ له‌ئه‌ده‌ب و هونه‌ر و هتد؟، وڵامه‌كه‌ به‌ڵێیه‌، چونكه‌ جیاوازییه‌كه‌ ته‌نها له‌ فۆڕم و سیتایڵه‌ و كێبه‌ركێكه‌ش هه‌ر ئه‌و فۆڕمه‌یه‌ نه‌ك جه‌وهه‌ر، به‌ڵام ده‌بێ‌ ئه‌وه‌ بزانین كه‌ ئه‌مانه‌ چالاكی رۆژانه‌ن و بوونێكی واقیعییان هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه‌ واقیعیه‌تی پێنادرێ‌ و له‌ئینسانی ده‌شاردرێته‌وه‌، یان جه‌نگه‌كه‌ به‌لاڕێدا ده‌برێت، هه‌م ره‌خنه‌یه‌ له‌سیستم و هه‌م جه‌نگی چینایه‌تیی نێوان گرووپێكی كه‌می باڵاده‌ستی جیهانه‌، به‌سه‌ر زۆرینه‌ی خه‌ڵكی گۆی زه‌وی، ئه‌مه‌ ناعه‌داله‌تی و جیاوازییه‌ ریشه‌ییه‌كه‌یه‌ كه‌ به‌رگری لێده‌كرێت، بۆ نموونه‌ بزانه‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ی كه‌ سه‌ر به‌هیچ ئایدیایه‌ك نیین و سه‌ر به‌هیچ فه‌لسه‌فه‌یه‌كی سیاسی نیین، كه‌چی ده‌زانن ناعه‌داله‌تی و نایه‌كسانی هه‌یه‌، ده‌زانن كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌ هه‌یه‌ بۆ مانه‌وه‌ و نه‌مانه‌وه‌ له‌م ژیانه‌ درووستكراوه‌ وه‌همییه‌، ده‌زانن كه‌ به‌بارته‌قای زه‌وی و ئاسمان، ژیانی ده‌وڵه‌مه‌ند و سه‌رمایه‌داره‌كان جیاوازی هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ژاره‌كان.

پرسیار: ئێمه‌ جیاوازیه‌كی تر ده‌بینین له‌ئاستی جیهانی، ئه‌ویش له‌ ره‌گه‌ز و پێست و هتد كورتكراوه‌ته‌وه‌، ئه‌مه‌یان چۆنه‌؟.

سمكۆ محه‌مه‌د: من له‌پێشتر باسی ئه‌و جیاوازیه‌ وه‌همیه‌ خوڵقێنراوه‌م كرد كه‌ سیستمی سه‌رمایه‌داری درووستی كردووه‌ و كردویه‌تی به‌ واقیع، به‌ڵام سه‌یركه‌ ئه‌وكاته‌ی كه‌ ره‌شپێستێك له‌لایه‌ن پۆلیسێكی راسیست و سپی پێسته‌وه‌ له‌ئامریكا ده‌كوژرێت، بزانه‌ چۆن غیره‌تی ئینسانی ده‌جوڵێت و له‌ته‌واوی دونیادا كه‌یسه‌كه‌ ده‌بێته‌ جیهانی و هه‌موو خه‌ڵك به‌بێ‌ بیركردنه‌وه‌ی جیاواز دێنه‌ ده‌نگ، ئایا ئێمه‌ هه‌قمان نییه‌ بپرسین ئه‌وه‌ بۆچی كه‌یسی كورد به‌هه‌موو شێوازه‌كانیه‌وه‌ نه‌بۆته‌ جیهانی، بۆچی یه‌كده‌نگی له‌سه‌ر نه‌كراوه‌، كه‌چی ده‌بینین به‌ناوی جیاوازییه‌وه‌ ئه‌م جیاوازییه‌ چینایه‌تییه‌ پشتگوێ‌ ده‌خرێت و بابه‌تی لاوه‌كی پێشكه‌ش ده‌كرێت به‌ناوی رۆشنبیری گه‌لانه‌وه‌، خۆ ئه‌وه‌ش نهێنی نییه‌ و ئاشكرایه‌ بۆچی گروپێكی كه‌می سیاسی كه‌ خۆیان ناویان له‌خۆیان ناوه‌ سیاسی، بوونه‌ به‌ سه‌رداری كۆمه‌ڵگه‌كان و به‌سه‌ر كۆی كۆمه‌ڵگه‌وه‌ به‌ناوی دیموكراسی و بازاڕه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ ده‌كه‌ن، له‌كاتێكدا گروپێكی كه‌می یاسایی له‌نه‌ته‌وه‌كان و گرووپه‌ ئایینیه‌كان بوون به‌رامبه‌ر و زمانحاڵی هه‌موو خه‌ڵك به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی هه‌ڵبژێردراو بن، خۆ ئه‌م پرسیارانه‌ زۆر ساده‌ن به‌ڵام قوڵایی فكری هه‌یه‌، وه‌ختێكیش بۆ هێنانه‌وه‌ی ئارگۆمێنتی خۆیان، به‌بێ‌ ئاگا ده‌بن به‌ ماركسی و چه‌پ، بۆ ئه‌وه‌ی شه‌رعیه‌ت به‌ خۆ به‌خاوه‌نكردنی بابه‌تێكی رۆمانسیانه‌ی سیاسی بده‌ن، ئه‌مه‌ بنه‌مای كێشه‌ی سۆسیالیزمه‌ كه‌ ئینسان به‌بێ‌ ئاگایی داوای ده‌كات بۆ خۆشگوزه‌رانی ژیان، بۆیه‌ له‌كه‌ڤه‌رێكدا گوتاره‌كه‌یان ده‌گۆڕن و وه‌كو رابه‌ڕێكی چینایه‌تی قسه‌ ده‌كه‌ن، سه‌یره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌وه‌یان بیرچۆته‌وه‌ كه‌ خۆیان ئاڵا هه‌ڵگری دژایه‌تی ئه‌و جیاوازییه‌ ره‌سه‌نن، ئه‌مه‌ كێشه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كه‌یه‌ كه‌ خزاوه‌ته‌ نێو جیاوازیه‌وه‌، ئینسان لێره‌دا پارادۆكسی فكری بۆ ئاشكرا ده‌بێت و له‌و ته‌كتیكه‌ فكرییانه‌ تێده‌گات ئامانجه‌كه‌ چییه‌ و بۆچی ئه‌وه‌ په‌راوێز ده‌خرێت و بۆچی شتی تر به‌ناوی جیاوازییه‌وه‌ پێشنیاز ده‌كرێت، لێره‌وه‌یه‌ عه‌قڵمه‌ندی و فكر و تێگه‌یشتن له‌خودی چه‌مكه‌كه‌ ده‌رده‌كه‌وێت، راسته‌ بۆ ئایدیاكان و ئایینه‌كان و سیاسیه‌كان ئه‌و جیاوازییه‌ پێویسته‌، به‌ڵام به‌مه‌رجێك ئه‌مه‌ پشتگوێ‌ نه‌خرێت و وه‌كو كه‌ڤه‌رێك به‌كارنه‌هێنرێت.

چه‌مكی جیاوازی شرۆڤه‌یه‌كه‌ له‌رێگه‌ی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ گه‌راییه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێت، سه‌باره‌ت به‌ ئاماده‌بوونی شتێكی تر كه‌ بریتییه‌ له‌ پارادۆكس و تایبه‌تمه‌ندی له‌نێو خودی شته‌كه‌، ئه‌گه‌ر جیاوازی بۆ زمان به‌كاربهێنین، ده‌بینین جیاوازی له‌باره‌ی پارادۆكسه‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ بۆ نموونه‌ پیتی A ده‌نووسرێ‌ و ده‌خوێنرێته‌وه‌، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ژنه‌ڤتن، یان گه‌ێنه‌ر نییه‌، سیفه‌ته‌ پێكهێنه‌ره‌كانی كاریش كپ ده‌كات، به‌ڵام له‌ناو كۆنتێكستدا نییه‌، هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌مه‌ سه‌باره‌ت به‌ نووسین له‌باره‌ی دال و مه‌دلوله‌كانی، سه‌ره‌تای هاتنی بونیادگه‌راكان تاكه‌ ئامانجیان ئه‌وه‌بوو له‌ جیاوازی فكری چینایه‌تی بده‌ن و گورزیشیان وه‌شاند، به‌ڵام دواتر له‌رێگه‌ی دیالیكتیكه‌وه‌ جارێكی تر ئه‌وه‌ ره‌وییه‌وه‌ و ده‌ركه‌وت ئه‌و جیاوازییه‌ راسته‌قینه‌تره‌، بۆ نموونه‌ فرانكفۆرتییه‌كان لایه‌نگرانی ئه‌و ره‌وته‌ فكرییه‌، وای لێهات له‌نێو كۆمه‌ڵگه‌ی رۆژهه‌ڵاتیشدا ئه‌م ره‌وته‌ ره‌نگیدایه‌وه‌ و دژایه‌تی فكری ماركسیه‌تیان ده‌كرد به‌بێ‌ هیچ ئارگۆمێنتێك، سه‌ره‌تا دژایه‌تی چه‌مكی یه‌كگرتنیان كرد، یه‌كگرتن به‌هه‌موو ماناكانییه‌وه‌، دواتر لێدان له‌حیزب و بزووتنه‌وه‌ی كرێكاری و سه‌ندیكایی و رێكخراوه‌یی و هتد، كه‌ ئه‌مانه‌ به‌رهه‌می دونیای عه‌لمانییه‌ت بوون تاكه‌ رێگه‌ی رزگاری بوو له‌ خێڵ و عه‌قیده‌ی ئایینی و كولتووری زاڵ و هتد، پاشان لێدان بوو له‌به‌ها ئینسانییه‌كان، به‌ڵام ئه‌مه‌ ته‌نها چاره‌كه‌ سه‌ده‌یه‌ك بڕی كرد، پاشان دۆخه‌كه‌ له‌رێگه‌ی خوێندنه‌وه‌ بۆ ده‌قه‌ ره‌سه‌نه‌كان كاریگه‌ری ئه‌رێنی خۆی دانایه‌وه‌ و شته‌كان هاتنه‌وه‌ شوێنی خۆیان.

پرسیار: دونیایه‌كی دیكه‌ی جیاوازی هه‌یه‌ كه‌ له‌ئاستی غه‌ریزییه‌، نموونه‌ش ئه‌و حاڵه‌ته‌یه‌ كه‌ به‌ناوی ئازادی به‌كارهێنانی جه‌سته‌وه‌، دیارده‌یه‌ك هه‌یه‌ و ئاسایی بووه‌ به‌ناوی سیكسواڵێتی، ئایا ئه‌مه‌ جیاوازییه‌؟.

سمكۆ محه‌مه‌د: لایه‌نێكی دیكه‌ی درووستكردنی كه‌ڤه‌ر بۆ جیاوازی، ئه‌ویش مه‌سه‌له‌ی مۆڕاڵه‌، مۆڕاڵ به‌مانای لێدان له‌ موقه‌ده‌س ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ به‌گشتی بڕوای پێی هه‌یه‌، مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌ناوی جیاوازییه‌وه‌ سێكسواڵێتی و هۆمۆسێكسواڵێتی وه‌كو ده‌رهاویشته‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌روونی نوێ‌، كرا به‌ ماف و ستایلێك له‌ ئه‌نتۆلۆژیا، له‌كاتێكدا ئه‌نتۆلۆژیا پرۆتۆكۆڵێكه‌ ئینسان له‌گه‌ڵ خودی خۆیدا تۆماری ده‌كات و عه‌قڵ ئاراسته‌ی ده‌كات، كه‌چی زیاتر له‌ دیارده‌كه‌ خۆی شه‌رعییه‌تی پێدرا، به‌وپێیه‌ی كه‌ به‌ناوی ئازادی به‌جه‌سته‌ی خوده‌وه‌ كرا به‌ ستایلی ژیان و ئانارشیزمی كولتووری، تا ئه‌و ئاسته‌ی كه‌ هه‌م پارله‌مانی ئه‌وروپا و هه‌م كه‌نیسه‌كان دانیان پێدانا كه‌ ئه‌مه‌ له‌پشتییه‌وه‌ هێزێكی سیاسی و ئابوری هه‌بوو، من خۆم ئه‌مه‌م له‌نزیكه‌وه‌ بینیوه‌ و كارم له‌سه‌ر كردووه‌ له‌ ئه‌وروپا، له‌راستیدا ئه‌مه‌ جیاوازی نییه‌، به‌ڵكو ویستێكی تاكییه‌ له‌رووی سێكسییه‌وه‌ كه‌ ئینسان مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ جه‌سته‌ی خۆی به‌ ئاره‌زووی خۆی به‌كار بهێنێ‌، كه‌چی به‌ناوی جیاوازی یه‌وه‌ بابه‌ته‌كه‌ به‌یونیڤێرسال كرا، كورتكردنه‌وه‌ی ئه‌م حاڵه‌ته‌ له‌رووداوێكه‌وه‌ وه‌كو هه‌ر كارێكی دیكه‌ی ئاره‌زوومه‌ندانه‌ تایبه‌تمه‌ندێتی پێنه‌درا، به‌ڵكو كرا به‌ ریسكێكی كۆمه‌ڵایه‌تی، به‌ڵام ئه‌مه‌ش نه‌یتوانی سنووری نێوده‌وڵه‌تی ببڕێت و ته‌نها له‌ رۆژئاوا مایه‌وه‌، چونكه‌ كولتوور حوكمی به‌سه‌ر گوتاره‌كه‌وه‌ هه‌بوو، له‌كاتێكدا به‌تێڕوانینی سلاڤۆی ژیژاك ئه‌و جیاوازییه‌ ته‌نها له‌وێدا ده‌رده‌كه‌وێت و هه‌ستی پێده‌كرێت كه‌ دایكێكی هۆمۆسێكسواڵی ره‌شپێست، ده‌رك به‌ئازاری ته‌نها هۆمۆسێكسواڵی ره‌شپێست ده‌كات كه‌ حاڵه‌ته‌كه‌ ئاسایی نییه‌ و هی خۆیه‌تی، نه‌ك سپی پێستێك، بۆیه‌ دۆڵۆز به‌توندی ره‌خنه‌ له‌م جۆره‌ گه‌ڕاندنه‌وه‌یه‌ ده‌گرێت و پێیوایه‌ یه‌كسانی ره‌وشێكی په‌رچه‌كرداره‌، به‌وپێیه‌ی ئه‌مه‌ ئیتیكی گێڕانه‌وه‌ی چیرۆكی ئازاری ره‌گه‌زێكه‌ بۆ ره‌گه‌زه‌كه‌ی خۆی، نه‌ك ره‌گه‌زه‌كه‌ی به‌رامبه‌ری، لێره‌وه‌ تێده‌گه‌ین كه‌ ئه‌و مۆڕاڵه‌ی به‌ناوی جیاوازی یه‌وه‌ له‌هه‌موو كایه‌كاندا هه‌یه‌ و بۆته‌ مۆدێل، نه‌ك هه‌ر وانییه‌ به‌ڵكو پێچه‌وانه‌كه‌ی راسته‌، ئه‌مه‌ كاره‌ساته‌ گه‌وره‌كه‌ی پشت وه‌همی جیاوازی یه‌، من ده‌مه‌وێ‌ ئه‌وه‌ش زیادبكه‌م كه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ر ئه‌و جۆره‌ به‌ناوی ئازادی به‌كارهێنانی جه‌سته‌وه‌ زیانی له‌ سیستم بدایه‌، نه‌ك هه‌ر قه‌بوڵ نه‌ده‌كرا، به‌ڵكو خوێن ده‌ڕێژرا و یاسای توندیان بۆ ده‌رده‌كرد، هه‌روه‌كو چۆن له‌كۆنه‌وه‌ له‌مێژووی هه‌موو ئایینه‌كاندا تۆماركراوه‌، له‌مدواییه‌شدا له‌ ئه‌فغانستان و پاكستان و هه‌ندێك شوێنی تر په‌ێڕه‌وی لێكرا، كه‌واته‌ بانگه‌شه‌كه‌ خۆڕسك نییه‌ و له‌پشتیه‌وه‌ گوتارێك و پاڵنه‌رێكی سیاسی ئابوری هه‌یه‌.

به‌ بۆچوونی هانا ئارێنت كه‌ له‌ژێر كاریگه‌ری هایدگه‌ر و والته‌ر بنیامین بوو، لای وایه‌ فره‌یی و جیاوازی توانای مرۆیی و پێویستیه‌كانی ژیانی گشت دابین ده‌كات، ئیدی هه‌ر له‌ ئاشكراكردنی شوناسی ئایینی و ئایدییایه‌وه‌ بگره‌، تاكو ده‌گاته‌ شوناسی كرێكار له‌نێو فه‌زای ئازادیدا، ئه‌مه‌ هه‌رچه‌ند له‌دونیای سه‌رمایه‌داریدا به‌سیستم جێگه‌و رێگه‌ی بۆ كراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام سنوورداریشه‌، چونكه‌ ره‌نج و كار وه‌كو دوو تایبه‌تمه‌ندی ژیانی ئه‌و جیاوازییه‌ن كه‌ داپۆشراوه‌ به‌كه‌ڤه‌ری دیكه‌، هه‌روه‌ها چالاكی و كاری هاوبه‌شیش گرێدراون به‌ ئیراده‌وه‌، ئیراده‌ش له‌دایكبوونه‌وه‌ی هێزێكی نادیاره‌ له‌نێو دیاره‌كاندا، بۆیه‌ ئازادی لێره‌دا له‌جیاتی به‌كارهێنانی كاڵا بێت وه‌كو فریدریك ئه‌نگڵس ده‌ڵێت، ده‌بێته‌ ستایلێكی دیكه‌ی ده‌ركه‌وتن، چونكه‌ ئه‌و هه‌قیقه‌ته‌ی كه‌ شۆڕش بزری كردووه‌، ژیانی تایبه‌تی وه‌كو ئه‌لته‌رناتیڤ پێشنیاز كردووه‌ بۆ شۆڕشێك كه‌ له‌جیاتی گروپه‌كان، تاكه‌كان بۆ خۆیانی ده‌سته‌به‌ر ده‌كه‌ن، هه‌ڵبه‌ت ئه‌م چالاكی و ئازادییه‌، وه‌كو ره‌خنه‌ و جیاوازی ته‌ماشاكراوه‌ له‌دونیای پۆست سه‌رمایه‌داری هاوچه‌رخ، بۆیه‌ هه‌میشه‌ تیشكی خراوه‌ته‌ سه‌ر، ئه‌مه‌ دیاریكردنێكی دیكه‌ی شوناسی تاكێتییه‌.

پرسیار: قبوڵكردنی جیاوازی چونكه‌ به‌رئه‌نجامی هۆشیاری یه‌، كه‌واته‌ ئێمه‌ له‌نێو مه‌عریفه‌دا ئه‌و فه‌زایه‌مان هه‌یه‌ كه‌ رۆشنبیر و كه‌سه‌ شاره‌زاكان له‌هه‌موو كایه‌كاندا فكری یه‌كتر قبوڵ بكه‌ن، ئه‌ی بۆچی ئه‌و گفتوگۆیه‌ نابینرێت به‌تایبه‌تی له‌كایه‌ی ئه‌ده‌بدا؟.

سمكۆ محه‌مه‌د: خاڵی سه‌ره‌تایی دانپێدانان به‌ئه‌ویتر مانای جیوازی یه‌، ئه‌مه‌ ئه‌گه‌ر قبوڵكردنی جیاوازییه‌كه‌ شتێكی ئاساییی بێت یان قورستر له‌تێگه‌یشتن كه‌ هه‌ندێكجار كولتووره‌كان له‌یه‌كتریش تێنه‌گه‌یشتوون و یه‌كتریشیان قبوڵ كردووه‌، وه‌كو ئه‌وه‌ی له‌هیندستان هه‌یه‌ و له‌ رۆژئاوا ره‌نگیداوه‌ته‌وه‌ به‌ناوی كۆمه‌ڵگه‌ی فره‌ كولتووری، به‌ڵام ئه‌مه‌ به‌شێكه‌ له‌په‌یوه‌ندیی جۆراوجۆری كۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگی، بۆیه‌ گرینگ ئه‌وه‌نییه‌ بۆئه‌وه‌ی بیسه‌لمێنین جیاوازین له‌گه‌ڵ یه‌كتر، بڵێین جیاوازین یان كۆمێنتمان هه‌بێ‌ له‌سه‌ر هه‌موو شتێك، به‌ڵكو گرینگ ئه‌وه‌یه‌ ماهیه‌تی جیاوازی بزانین و گرینگی به‌و رێگه‌یه‌ بده‌ین و هه‌میشه‌ له‌په‌روه‌رده‌ و عه‌قڵی نه‌وه‌كاندا ره‌نگبداته‌وه‌، من ته‌نانه‌ت ئه‌و جیاوازیانه‌ش كه‌ به‌ناوی زمانه‌وه‌ باس ده‌كرێت به‌ فه‌یك و ساخته‌ ده‌زانم.

با له‌باره‌ی زمانه‌وه‌ وڵامی پرسیاره‌كه‌ بده‌مه‌وه‌، پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ بۆچی زمانی فه‌رانسی و ئینگلیزی و عه‌ره‌بی زمانی زیندوون و زمانی ئۆردو زیاتر له‌ ملیارێك و نیو خه‌ڵك قسه‌ی پێده‌كه‌ن جیاوازێكی زیندوو نیین؟، ئه‌م كه‌یسه‌ هیج جیاوازییه‌كی نییه‌ له‌گه‌ڵ كه‌یسی چینایه‌تی كه‌ سه‌رتاسه‌ری جیهان به‌ناچار قه‌بوڵیان كردووه‌ و له‌گه‌ڵ فه‌زا خوڵقاوه‌كه‌ی ده‌ژین و چاره‌نووسی ئینسان له‌ده‌ست گروپێك ئینسانه‌، وه‌ختێك باسی ئه‌م جیاوازییه‌ ره‌سه‌نه‌ ده‌كه‌ین، تۆمه‌تی شمولی و كۆن و دژه‌ ئینسانیمان پێده‌به‌خشن، هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه‌ بۆ داپۆشینی راستیه‌كانه‌ و نه‌ك ده‌رخستنی جیاوازی.

من لێره‌وه‌ باس له‌و فه‌زا خاڵییه‌ ده‌كه‌م كه‌ له‌نێو مه‌حفه‌لی رۆشنبیری رۆژهه‌ڵاتیی هه‌یه‌، له‌كاتێكدا ئێمه‌ ئه‌م چه‌مكه‌مان وه‌كو هه‌ر چه‌مكێكی تری فه‌لسه‌فه‌و فكر له‌دونیای رۆژئاوا وه‌رگرتووه‌، بۆیه‌ نه‌په‌روه‌رده‌كراوین به‌و ئاراسته‌ بیركردنه‌وه‌یه‌، نه‌ك ده‌شتوانین هه‌رزی بكه‌ین به‌و ته‌مه‌نه‌وه‌ كه‌ كۆمه‌ڵگه‌ پیرێتی پێوه‌ دیاره‌، له‌راستیدا چه‌مكێك هه‌رس ده‌كرێ‌ و قبوڵ ده‌كرێت و پراكتیك ده‌كرێت، ئه‌گه‌ر به‌سیستم ئینسانی بۆ ئاماده‌كرابێت و په‌روه‌رده‌ كرابێت، رۆژهه‌ڵاتی ئه‌و رۆشنبیرییه‌ نوێیه‌شی كه‌ په‌یدای كردووه‌، ته‌نها وه‌كو فۆرم كاری پێده‌كات و له‌جه‌وهه‌ردا كه‌س خاوه‌نی ئه‌و پرنسیپه‌ ئه‌خلاقییه‌ نییه‌ كه‌ له‌هه‌موو كایه‌كاندا فه‌رزكراوه‌و كاری پێبكرێ‌، مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه‌ ببێته‌ مۆڕاڵ و له‌ژیانی رۆژانه‌دا هه‌ستی پێبكه‌ین، له‌كاتێكدا كۆمه‌ڵگه‌ی رۆژهه‌ڵاتی كه‌ فره‌ییه‌ له‌ ئایین و ئایدیا و زمان و شێوه‌زار و بن زمان، كه‌چی ئه‌و فره‌ییه‌ نابینین كه‌ له‌رۆژئاوا به‌ناوی فره‌ كولتووری هه‌یه‌، ئه‌م جیاوازییه‌ نابینین، ته‌نانه‌ت له‌ گه‌یاندنیشدا، بۆ نموونه‌ كوردی (كرمانجی سه‌روو خواروو) به‌هۆی ئه‌وه‌ی له‌یه‌كتر تێناگه‌ن، به‌ناچاری به‌عه‌ره‌بی قسه‌ ده‌كه‌ن، هیچكامیان بۆ ئه‌ویتر ته‌نازول ناكه‌ن شێوه‌زاره‌كه‌ تێكه‌ڵ بكه‌ن، ئه‌مه‌ له‌دونیای عه‌ره‌بیشدا هه‌یه‌ له‌و وڵاتانه‌ی به‌شی ئه‌فریقین و ئه‌وانه‌شی ئاسیایین.

دیسان ئه‌گه‌ر كێشه‌ی زمان وه‌ربگرین كه‌ بریتییه‌ له‌ دال و مه‌دلول، هه‌موو ئه‌و شتانه‌م ده‌وێ‌ كه‌ زمان مانا به‌رهه‌مده‌هێنێ‌، هه‌ر زمانێكیش كه‌مترین مانای لێبه‌رهه‌مهات، واته‌ زمانێكی هه‌ژاره‌، له‌مباره‌یه‌وه‌ جاك لاكان و فێردیناند دی سۆسێر وه‌رده‌گرم كه‌ له‌باره‌ی زمانه‌وه‌ تیۆریان هه‌یه‌، ئه‌وان پێانوایه‌ زمان ده‌نگه‌، ئه‌گه‌ر ده‌نگیش بنووسرێته‌وه‌ و زمان شتێكه‌ وه‌كو گه‌نجینه‌، سۆسێر ده‌یگه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ كتێبی (ته‌ورات) به‌و مانایه‌ی كه‌ چیرۆكی سه‌ره‌تایی زمان له‌ داستانی ئاده‌م و حه‌واوه‌ هاتووه‌ كه‌ قسه‌یان كردووه‌ و ناویان له‌ شته‌كان ناوه‌، كه‌واته‌ ئه‌و جیاوازییه‌ له‌زماندا هه‌یه‌ ئه‌وه‌ بنه‌ماكه‌یه‌تی، جاك لاكانیش بۆ ئیدراك، له‌هه‌ردوو حاڵه‌ته‌كه‌دا رۆژهه‌ڵاتی كه‌ڵكیان له‌م باسه‌ تیۆریانه‌ وه‌رنه‌گرتووه‌.
به‌هه‌رحاڵ ئه‌و رووبه‌ره‌ی كه‌ بۆته‌ جێگه‌یه‌ك بۆ خۆنمایشكردن و به‌لارێدابردنی گوتاری مه‌عریفی، له‌بری ئه‌وه‌ی رۆشنبیره‌كان له‌په‌راوێزی چه‌مكه‌كه‌ و به‌پێی لۆژیكی چه‌مكه‌كه‌ مانای جیاوازیه‌كان به‌یان بكه‌ن، هه‌روه‌ها له‌رێگه‌ی بۆچونه‌وه‌ خۆیان له‌و ته‌رزه‌ میدیاكاره‌ جیابكه‌نه‌وه‌ كه‌ بوونه‌ به‌كاره‌كته‌ری هه‌ڵچوونه‌ سیاسیه‌ نامه‌عریفیه‌كان، به‌بێ‌ ئه‌زموون و به‌بێ‌ شاره‌زایی له‌سیاسه‌ت، زۆرجاریش به‌هۆی ئه‌و نه‌شاره‌زاییه‌وه‌ به‌كاری سیخوڕیه‌وه‌ تێوه‌گلاون، به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ رۆشنبیر بوون به‌تیۆریستینه‌ رۆژنامه‌وانیه‌كان و ئه‌وانه‌ش كه‌ ئه‌ده‌بین، به‌گشتی و به‌بێ‌ ئاگا دوور له‌ تێگه‌یشتن له‌چه‌مكی جیاوازی له‌كۆنتێكستدا، به‌ناوی جیاوازییه‌وه‌ كۆمه‌ك به‌سیاسه‌تێك ده‌كه‌ن دژی سیاسه‌تێكی تر، ئه‌م حاڵه‌ته‌ تائه‌و جێگه‌یه‌ په‌لی هاویشتووه‌ كه‌ بۆته‌ چه‌ند جۆرێك له‌بازاڕ بۆ چه‌مكه‌كه‌، جارێك گه‌رمكردنی بازاڕی سیاسی و یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی هێزه‌ سیاسیه‌ كێبه‌ركێكه‌ره‌كان، جارێكی دیكه‌ بۆته‌ بازاڕێك كه‌ سیاسه‌تێك دژ به‌ سیاسه‌تێكی دیكه‌، بۆ نموونه‌ هه‌م به‌شی زۆری رۆژنامه‌كان موڵكی سیاسیه‌كانن، هه‌م ئه‌و كه‌ره‌سته‌ رۆژنامه‌وانییه‌ی كه‌ له‌بازاڕ ده‌فرۆشرێت، دیسان موڵكی كۆمپانیاكانی كاره‌كته‌ره‌ سیاسیه‌كانن و كه‌ڵكی لێوه‌رده‌گرن.

به‌پێی تێبینی و تێگه‌یشتنی نووسه‌ری به‌ناوبانگی عه‌ره‌بی (زكی العلیو) هه‌ست به‌وه‌ ده‌كه‌ین كه‌ جیاوازی جگه‌ له‌وه‌ی له‌نێو كاره‌كانی دیكه‌ وه‌كو نووسینی كتێب به‌میتۆد، له‌هیچ شوێنێكی تر جێگه‌ی نابێته‌وه‌، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ده‌ركه‌وتنه‌كانی تر له‌رێگه‌ی میدیاوه‌ و به‌تایبه‌تی شاشه‌ی ته‌له‌فزیۆن، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌م هاندانه‌ و هه‌م هانده‌رن بۆ به‌شداریكردنی كاریگه‌ریانه‌ی خه‌ڵك و جیاوازی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی، هه‌م پشكداری كردنه‌ له‌دیاریكردنی بڕیاری چاره‌نووسی خۆی به‌شی هه‌بێت و نه‌ترسێت، هه‌ڵبه‌ت ئه‌م هۆشیاریه‌ ته‌نها به‌هاندان نابێت، به‌ڵكو به‌ئارگومێنت هێنانه‌وه‌ ده‌بێت كه‌ ره‌خنه‌ ببێته‌ نه‌ریت، چونكه‌ هه‌تا قبوڵكردنی جیاوازی به‌جه‌وهه‌ری خۆی كاریگه‌ری له‌سه‌ر گشت نه‌بێت، ره‌خنه‌ نابێته‌ نه‌ریتی كۆمه‌ڵایه‌تی، بۆیه‌ كێشه‌ ئاڵۆزه‌كانی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی بریتییه‌ له‌و جیاوازییه‌ وه‌همییه‌ی كه‌ میدیا درووستی كردووه‌.

پرسیار: باشه‌ باسی گرێیه‌یه‌كی دیكه‌ی جیاوازیت كرد كه‌ راگه‌یاندنه‌، ماوه‌ی رابردوو به‌ناوی جیاوازییه‌وه‌ میدیا وه‌كو رووبه‌ڕێك بۆ جێگه‌كردنه‌وه‌ی جیاوازییه‌ هه‌مه‌لایه‌نه‌كان به‌كارهات، به‌رهه‌مه‌كه‌شیمان بینی كه‌ له‌ئاستی تێگه‌یشتنی خه‌ڵك و ته‌نانه‌ت سیاسیه‌كانیش نییه‌، ئایا به‌هه‌ق وایه‌ ئه‌م رووبه‌ڕه‌ جێگه‌ی جیاوازه‌كانی كردۆته‌وه‌؟.

سمكۆ محه‌مه‌د: له‌راستیدا ئه‌م رووبه‌ره‌ی كه‌ بۆته‌ جێگه‌یه‌ك بۆ خۆنمایشكردن و به‌لارێدابردنی گوتاری مه‌عریفی، له‌بری ئه‌وه‌ی رۆشنبیره‌كان له‌په‌راوێزی چه‌مكه‌كه‌ و به‌پێی لۆژیكی چه‌مكه‌كه‌ مانای جیاوازیه‌كان به‌یان بكه‌ن، هه‌روه‌ها له‌رێگه‌ی بۆچونه‌وه‌ خۆیان له‌و ته‌رزه‌ میدیاكاره‌ جیابكه‌نه‌وه‌ كه‌ بوونه‌ به‌كاره‌كته‌ری هه‌ڵچوونه‌ سیاسیه‌كان، به‌بێ‌ ئه‌زموون و به‌بێ‌ شاره‌زایی سیاسه‌ت، زۆرجاریش به‌هۆی ئه‌و نه‌شاره‌زاییه‌وه‌ به‌كاری سیخوڕیه‌وه‌ تێوه‌گلاون، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ رۆشنبیر بوون به‌تیۆریستینه‌ رۆژنامه‌وانیه‌كان و ئه‌وانه‌ش كه‌ ئه‌ده‌بین، به‌گشتی و به‌بێ‌ ئاگا دوور له‌ تێگه‌یشتن له‌چه‌مكی جیاوازی له‌كۆنتێكستدا، كۆمه‌ك به‌سیاسه‌تێك ده‌كه‌ن دژی سیاسه‌تێكی تر، ئه‌م حاڵه‌ته‌ تائه‌و جێگه‌یه‌ په‌لی هاویشتووه‌ كه‌ بۆته‌ چه‌ند جۆرێك له‌بازاڕ بۆ چه‌مكه‌كه‌، جارێك گه‌رمكردنی بازاڕی سیاسی و یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی هێزه‌ سیاسیه‌ كێبه‌ركێكه‌ره‌كان، جارێكی دیكه‌ بۆته‌ بازاڕێك كه‌ سیاسه‌تێك دژ به‌ سیاسه‌تێكی دیكه‌، بۆ نموونه‌ هه‌م به‌شی زۆری رۆژنامه‌كان موڵكی سیاسیه‌كانن، هه‌م ئه‌و كه‌ره‌سته‌ رۆژنامه‌وانییه‌ی كه‌ له‌بازاڕ ده‌فرۆشرێت، دیسان موڵكی كۆمپانیاكانی كاره‌كته‌ره‌ سیاسیه‌كانن و كه‌ڵكی لێوه‌رده‌گرن.

جیاوازییه‌ك له‌میدیادا بووه‌ته‌ باو، خراپ به‌كارهێنانی ئه‌و رووبه‌ره‌یه‌ بۆ جه‌نگ ته‌رخان كراوه‌، ئه‌م رووبه‌ره‌ به‌شێكی جه‌نگی دیاره‌ كه‌ له‌گوتاره‌كاندا باشتر ده‌بینیرێت، ئه‌ویش له‌هه‌واڵ و چاوپێكه‌وتنه‌كاندا ده‌رده‌كه‌وێت، به‌شه‌كه‌ی دیكه‌ی نادیاره‌، چونكه‌ ته‌واوی جه‌نگه‌كه‌ كۆكراوه‌ته‌وه‌ له‌سیاسه‌تێكی ناته‌ندورست كه‌ له‌كۆنتێكستدا ده‌رناكه‌وێ‌، یان هێزێكی تارماییه‌ له‌دژی هێزێكی تر، له‌حاڵێكدا ئه‌و جه‌نگه‌ی كه‌ ده‌بوو رۆژنامه‌نووس بیكردایه‌ و رۆشنبیری جدی هاوپشتی بكردایه‌، نه‌ك هه‌ر په‌راوێز خراوه‌ و له‌بیری خه‌ڵك براوه‌ته‌وه‌، بگره‌ قه‌ناعه‌تێكی ته‌واویشی درووستكرد كه‌ جه‌نگی گروپه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان و جه‌نگی مه‌عریفی و جه‌نگی نێوان كۆنخواز و نوێخوزا و جه‌نگی بازاڕ و جه‌نگی چینه‌كان، بچووك بكرێته‌وه‌ له‌جه‌نگی سیاسه‌تێكی لۆكاڵی و بچوكتریش جه‌نگی ده‌روونی حیزبه‌ سیاسیه‌كان كه‌ هه‌موویان له‌ژێر عینوانی جیاوازیدا پێناسه‌ كراون.

ئه‌م جۆره‌ هاندانه‌ بۆ میدیاكار و كردنیان به‌ ئه‌ستێره‌ی وه‌همی شاشه‌، له‌رێگه‌ی خوڵقاندنی رووداوی هه‌مه‌چه‌شنی ناهه‌قیقییه‌وه‌، چه‌ند ئامانجێكی هه‌بوو، یه‌كێك له‌وانه‌ نه‌هێشتنی بڕوا به‌خۆبوون و بڕوا به‌ ژیانی ئاسایی بوو، هه‌روه‌ها سنوورداركردنی چێژی ژیان بوو له‌ بابه‌ته‌ فره‌ییه‌كان، هه‌روه‌ها له‌بیربردنه‌وه‌ی هه‌ستی مۆڕاڵی بوو له‌ئینساندا، هه‌ڵبه‌ت ئه‌مانه‌ هه‌موو ئامانجی خۆیان پێكا.




تێڕوانینی ئیبن روشد لەبارەی پەیوەندی نێوان ئایینی ئیسلام و فەلسەفە … ئەردەڵان عەبدوڵڵا

هەمیشە لە نێوان ئایین و فەلسەفەدا جۆرێک لە ناکۆکی و دژ بە یەکییەک هەبووە، لەوەتی فەلسەفەش دروستبووە، نیقاشێکی گەورە لە نێوان فەیلەسووفان و زانایانی ئایینی بەرپا بووە. ئایا هەق بەلای فەلسەفەوەیە یان بە لای ئایینەوە هەیە. مەسەلەی تێگەیشتنی راستی و هەقیقەت و کێ لەسەر هەقە، هەتاوەکو ئێستاش بەردەوامە. هەرچەندە ئەم نیقاشە لە سەرەتادا لە نێوان فەیلەسووفان و ئاینەکانی جولەکە و مەسیحی بەرپا بوو، دواتریش بە بڵاوبوونەوەی ئایینی ئیسلام، ئەم نیقاشە رۆژهەڵاتیشێ گرتەوە.
لە ماوەی پێشوودا چاوم بە کتێبی ” فەسلول مەقال” فەیلەسووفی ئیسلامی ئیبن روشد کەوت، کە لەلایەن کاک مەریوان عەبدول کراوەتە کوردی. ئەم کتێبە یەکێکە لە کتێبە باشەکانی ئیبن روشد. ئەم کتێبە باسی بۆچوونی ئیبن روشد و کۆمەڵێک فەیلەسووفی ئیسلامی تر دەکات لەبارەی ئەم مەسەلەیەوە.
لە هەمانکاتیشدا بەشێکی زۆری کتێبەکە خۆی بۆ ئەم پرسە تەرخانکردووەو وەڵامدانەوەی ئەوانەی کە دژی فەلسەفە دەوەستنەوە لە پێش هەمووشیانەوە ئیمام غەزالی. لەهەمانکاتیشدا باس لە گرنگی فەلسەفەشمان بۆ دەکات.

پەیوەندی ئایین و فەلسەفە
وەکو پێشتریش ئاماژەم پێکردوو لەگەڵ سەرهەڵدانی ئایینە ئاسمانییەکان، کێشە دەکەوێتە نێوان فەیلەسووفان و زانایانی ئایینەوە. بەڵام دواتر هەندێک فەیلەسووفی ئایینی جولەکە ومەسیحی هەوڵ دەدەن، ئەم جەنگە خاوبکەنەوە.
وەکو کاک مەریوان عەبدولیش دەڵێت: هەرکات فەلسەفە هەبووبێت و بیرکردنەوەی فەلسەفیش لەناو خەڵکیدا جێگەی بایەخ بووبێت، ئەم پرسە هاتۆتە ئاراوە،چونکە هەریەک لە لایەنگرانی فەلسەفەو ئایین پێیان وایە ئەوی تریان دژیەتی، یان هەوڵی گونجاندنیان داوە لە نێوانیاندا و پێیان وابووە کە دوو رێگان بە شێوازی جیاواز بۆ گەیشتن بە هەقیقەت ،ل17

“فیلونی ئەسکنەدەرانی ، کە لە ساڵی 50 زایینی کۆچی دواییکردووە” ئەم فەیلەسووفە جولەکەیە هەوڵیداوە شەریعەتی موسا بە شێوازێکی عەقڵی تەئویل بکات. پاش ئەمیش کۆمەڵێک فەیلەسووفی مەسیحی هەوڵیانداوە کە ئایینی مەسیحی و فەلەسەفە پێکەوە گرێ بددەن لەوانە “کلیمینتس و ئۆگستین ” کە پێشەنگی فەیلەسووفانی مەسیحی بوون، دەیانویست مەسیحیەت و فەلسەفە بە یەکەوە گرێ بددەن. لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەشدا لە رۆما، کۆمەڵێک قەشەی مەسیحی هەوڵیان دەدا پەیوەندی فەلسەفە و مەسیحی کاتۆلیکی باشبکەن و بەتەواوکەری یەکتریان دادەنا، هەرچەندە لەم هەوڵەیان سەرکەوتوو نەبوون.
هەرچەندە فەیلەسووفە ماتریالیستەکان زۆر دژی ئەوە بوون کە ئایین و فەلسەفە تەواوکەری یەکتر بن، بەڵکە بە دوژمنی یەکتریان دادەنا. لەمەدا وتە بەناوبانگەکەی مارکس کە دەڵێت” ئایین تلیاکی گەلانە”، لووتکەی دژایەتی فەلسەفە و ئایین رادەگەیەنێت.

ئایینی ئیسلام و فەلسەفە
لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ئایینی ئیسلامیش، مەسەلەی پەیوەندی نێوان ئایین و فەلسەفە هاتە ئاراوە، هەندێک زانا و بیرمەندی ئیسلامی هەڵوێستی زۆر توند و خراپیان بەرامبە بە فەلسەفە هەبووە لەوانە ” غەزالی” کە زۆر دژی فەلسەفە بووە، لە بەرامبەر ئەم بۆچوونە توندەی غەزالی کۆمەڵێک فەیلەسوفی ئیسلامی پەیدا بوون، کە پێیان وابووە ئایینی ئیسلام و فەلسفە تەواوکەری یەکترین و دوژمنی یەکتری نین لەوانە” کیندی، فارابی، سجستانی،ئیبن نوفڵ، ئیبن روشد”

بۆچوونی فەیلەسووفانی ئیسلام
یەکەمین فەیلەسووفی ئیسلامی کیندی بووە کە باسی ئەم بابەتەی کردووەو کتێبێکی بەناوی ” لە بارەی فەلسەفەی یەکەمینەوە” نووسیوەو پاشانیش ناردوویەتی بۆ خەلیقە ” موعتەسەم بالله” کیندی لەم کتێبەیدا بەڵگە دەهێنێتەوە بۆ ڕەوایەتی کاری فەلسەفاندن و بە کارێکی راست و تەباو گونجاوی دادەنێت لەگەڵ ئاییندا. لەمبارەیەوە دەڵێت: مەبەستی فەیلەسووف لە زانستەکەیدا پێکانی هەقە، لە کارکردنیشیدا کارکردنە بە “هەق”. کیندی پێشی وایە کە کە فەلسەفە لەگەڵ ئەوەی پێغەمبەران هێناویانە هیچ جیاوازییەکی نییە.
هەروەها فەیلەسووفێکی تری ئیسلامی فارابییە، کە ئەویش هەوڵیداوە گونجاندنێک لە نێوان ئیسلام و فەلسەفەدا بکات، ئەو لە کتێبی ” کتاب الملة” هەوڵیداوە کە گونجاندن و نزیکی نێوان فەلسەفە و ئایین بددات. لەمبارەیەوە دەڵێت : ئایین و فەلسەفە لەیەک دەچن و شەریعەتە چاکەکان لەلایەن فەلسەفەوە پشتگیری دەکرێن و بەڵگەیان بۆ دەهێنرێتەوە.
ئیبن نوفلیش لە کتێبی ” حی بن یقظان” کە چیرۆکێکی فەلسەفەییە، دەیەوێت ئەوەمان پێ بڵێت کە هیج لێکدژیی و جیاوازیی لە نێوان ئایینی ئیسلام و فەلسەفەدا نییە و بگرە ئەو پێی وایە کە ئایین و فەلسەفە هەردووکیان رێگەی بەرەو هەقیقەت چوونن. واتە دژی یەکتر نین.

غەزالیی و فەلسەفە
یەکێک لە زانا و بیرمەندە ناسراوەکانی ئایینی ئیسلام ئیمام ئەبو حامیدی غەزالییە ، کە زۆر دژی فەلسەفە بووە، ئەمەش لە کتێبی ” تهافت الفلاسفة” بە جوانی دەریخستووە. غەزالی پێی وابووە فەلسەفە و ئایین نەک لەگەڵ یەکتری ناگونجێن بگرە دژی یەکتریشن و فەلسەفەی بە دوژمنی ئایین داناوە. هەر لەناوی کتێبەکەشیەوە دیارە، چەندە ڕقی لە فەلسەفە بووە. جێگەی ئاماژەیە ئەم بۆچوونەی غەزالیش، هەتاوەکو ئەمڕۆ لەناو ئیسلامییە توندڕەوەکاندا زۆر باوە.
ئیبن روشد و فەلسەفە
لە ماوەی پێشوودا لە دیدارێکی تایبەتدا لەگەڵ کەناڵی ” العربیة” موراد وەهبە فەیلەسووف و بیرەمەندی ناسراوی میسری وتی : ئیبن روشد کاریگەری گەورەی بەسەر فکری ئەوروپاوە هەبووە، بەتایبەتی لە رووی فکری جیاکردنەوەی ئایین لە دەوڵەت و ئازادی تاکە کەسیەوە. ئەم قسەیەش بەلای منەوە سەیر بوو، بەڵام کاتێک سەیری بەرهەمەکانی ئەم کەڵە فەیلەسووفە دەکەین، ئەوجا لە گرنگی فکری تێدەگەیەن.
ئیبن روشد یەکێکە لە فەیلەسووفە ناودارو گرنگەکانی جیهانی ئیسلامی، لە ساڵی 520 کۆچی لە شاری قوورتوبە لە باشووری ئیسپانیا لە دایک بووەو لە ساڵی 575 کۆچیی دوایی کردووە. ئەو جگە لەوەی زانایایەکی ئایینی بووە خۆشی بە فکرو فەلسەفەی یۆنان و زانستی فەلەکناسیی و پزیشکیشەوە خەریک کردووە. هەروەها لە پاش خۆی کۆمەڵێک کتێبی گرنگی فکریی و زانستی بەجێهێشتووە گرنگترینیان : ( فصل المقال، تهافت التهافت، الکشف عن مناهج الادلة) هەروەها کتیبی ” الکلیات” لە بواری زانستی پزیشکیدا، کە یەکێکە لە کتێبە گرنگەکانی بواری پزیشیکی.
یەکێکیش لە کتێبە بەناوبانگەکانی ” فصل المقال” ، کە تێیدا پرسی پەیوەندی فەلسەفە و ئایین و وەڵامدانەوەی ئیمام غەزالییە. ئەم کتێبە لە رووی فکریی و فەلسەفییەوە گرنگی زۆری هەیە. خۆشبەختانە لەلایەن وەرگێڕای هێژامان کاک مەریوان عەبدول کراوەتە کوردیی. لەم کتێبەدا ئیبن روشد هەوڵیداوە وەڵامی ئەو پرسیارە گرنگە بداتەوە کە ئایا فەلسەفە و ئایین دژ بە یەکن یان تەواوکەرتی یەکترین؟ هەروەها وەڵامی بۆچوونەکانی ئیمام غەزالی داوەتەوە، کە دژی فەلسەفە بووە، دیارە ئەمەش بە پشتبەستن بە ئایەتەکانی قورئانی پیرۆز و وتەکانی پێغەمبەر.
هەموو پێغەمبەرێک فەیلەسووفە، بەڵام هەموو فەیلەسووفێک پێغەمبەر نییە
یەکێک لە وتە بەناوبانگەکانی ئیبن روشد ئەمەی سەرەوەیە، ئەو پێی وایە کە فەلسفە و ئایین پەیوەندییەکی ئێجگار مەتین و بەهێزیان هەیە. ئیبن روشد پێی وایە کە هەموو شەریعەتێک بە سروشە ” وحی” بەڵام عەقڵ تێکەڵی دەبێت و فەلسەفە دەبێتە یارمەتدەری ئایین، خۆ ئەگەر ئاینێک دوور لە سروش و تەنها بە فەلسەفە دابمەزرێت ئەوا کەموکورت دەبێت. ل 23

ئایا فەلسەفە دژی ئایینە؟
ئیبن روشد لە تەواوی ئەم کتێبە و کتێبەکانی تریشیدا جەخت لەوە دەکاتەوە کە هیچ کاتێک فەلسەفە دژی ئایین نییە، زۆرجار ئەو کەسانەی کە خەریکی فەلسەفەن بە کەسانی کافرو مولحید تاوانبار دەکرێن، بەڵام ئین روشد پێی وایە ئەوە فەلسەفە نییە ئەو کەسانەی لە رێگە لاداوە ، بەڵکو هۆکاری ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ خودی ئەو کەسانە خۆیان، جا بەهۆی بیرتەسکی خۆیانەوە بێت یان خراپ تێگەیشتنیان لێی بەهۆی نەبوونی مامۆستاوە.
دواتریش دەڵێت: شتێک کە لە خودی خۆیدا سوودبەخش بێت، نابێت وازی لێبهێنرێت لەبەر زیانێک کە بەهۆیەکی دەرەکی لێیکەوتووە..ل 27
پاشتر دەڵێت:
ئەو کەسەی کە رێگری دەکات لە تێڕوانین لە کتێبەکانی فەلسەفە لەو کەسانەی کە شایەنی ئەوەن، وەکو ئەو کەسەیە کە رێگری دەکات لە کەسێکی تینوو لە خواردنەوەی ئاوی ساردی سازگار تا دەمرێت لە تینوێتیدا، ئەمەش لەبەرئەوەی خەڵکانێک پێی خنکاون یان مردوون، لە راستیدا مردن بە ئاو شتێکی لاوەکییە، بەڵام مردن لە تینوێتیدا شتێکی خودیی و زەروورییە. ل 44

سێ جۆر خەڵک
ئیبن روشد پێی وایە خەڵکی لە بەرامبەر ئاییندا یەک جۆر نین و ئایینی ئیسلامیش کە ئاینێکی خوداییە ئاڕاستەی هەموو جۆرە خەڵکێک کراوەو هەریەکەیان بەپێی ئاستی تێگەیشتنی خۆی لە ئاین تێدەگات. دواتریش دەڵێت خەڵکی لە سێ ئاستدان : 1. گوتارییەکان. 2. مشتومڕییەکان. 3 بورهانییەکان.
1/گووتارییەکان ئەوانەن تەنها بە ڕیگەی گوتار و ئامۆژگاری باوەڕ دەهێنن، ئەمانەش خەڵکی گشتیی و ئاسایین.
2/ مشتومڕییەکان، ئەمانە ئاستیان بەرزترە لە خەڵکی ئاسایی و گشتیی و گوتارییەکان، ئەمانیش بە مشتومڕ باوەڕ دەهێنن.
3/ بەڵام بورهانییەکان ئەو کەسانەنە کە بە فەلسەفە و بەڵگەی عەقڵیی و تێڕوانینی حەقڵی و بورهان باوەڕ دەهێنن. ل28
ئیبن روشد بۆ ئەم بۆچوونەشی پشت بە ئایەتێکی قورئان دەبەستێت کە دەڵێت: ادع الی سبیل ربک بالحکمة و الموعظة الحسنة و جادلهم بالتي هي احسن، سورەتی النحل. ئایەتی 125 ” ئیبن روشد ئەم ئایەتە دەکاتە سەرچاوەیەکی گرنگ بۆ بۆچوونەکانیی و بەکارهێنانی فەلسەفە بەتایبەتی دوایین وتەی خودا کە دەڵێت” موجادەلەیان بکە بە باشترین شێوە، و جادلهم بالتي هي احسن”
شەریعەت و فەلسەفە
بەشێکی تری کتێبەکەی ئیبن روشد تەرخانکراوە بۆ پەیوەندی نێوان شەریعەتی ئیسلام و فەلسەفە. ئەو دەڵێت: ئەگەر ئەم شەریعەت هەق بێت و بانگخوازبێت بۆ تێڕوانین بۆ ناسینی هەق، ئەوا ئێمە گروهی موسڵمانان بە تەواوەتی ئەوە دەزانین کە فەلسەفە نابێتە هۆی سەرپێچی ئەوەی لە شەرعدا هاتووە. لە راستیدا هەق لێکدژ نییە لەگەڵ هەقدا، بەڵکو تەبایە لەگەڵیدا و شایەتی بۆ دەدات..ل 45

ئامانجی شەریعەت
ئیبن روشد وەک زانایەکی ئایینی کە لەناو زانستی ئاییندا قووڵ بۆتەوە بەتایبەتی شەریعەتی ئیسلامی، باسی ئامانجی شەریعەتمان بۆ دەکات و دەڵێت:
پێویستە بزانین مەبەستی شەریعەت بریتییە لە فێرکردنی زانستی هەق و کارکردن بە هەق ، زانستی هەقیش بریتییە لە ناسینی خودای بەرز و باڵا و سەرجەم هەبووەکان بەو شێوەیەی کە هەیە، بەتایبەتی ناسینی بەختەوەریی دوارۆژو بەدبەختی دواڕۆژ. ل 75
پەیوەندی زانست و ئایین
لە مێژوودا زۆرجار بەشێکی زۆری زانایانی ئایینی دژی زانست و پێشكەوتنی زانستی وەستاونەتەوەو هەندێکیشیان بۆچوونی توندڕەوانەیان لە دژی زانا و زانست دەربڕیوەو فەتوای کوشتنیان دەرکردووە. لێ ئەوەی جێگەی سەرنجە، ئیبن روشد دژی هەموو ئەو بۆچوونە توندڕەوانە دەوەستێتەوە کە پێیان وایە زانست و ئایین دژی یەکن بەڵکە بەپێچەوانەوە ئەو وەکو تەواوکەری یەکتری دادەنێت. لەمبارەیەوە ئیبن روشد لە کتێبەکەیدا وتارێکی بەناوی “چۆنێتی گونجاندن لە نێوان حیکمەت و شەریعەتدا” نووسیوە. لەم وتارەیدا بە ووردی باسی ئەو پەیوەندییە قووڵەی نێوان ئایین و زانست یان وەکو خۆی دەڵێت حیکمەت دەکات و دەڵێت:
حیکمەت هاورێی شەریعەت و خوشکی شیرینییەتی. هەردووکیان ” حیکمەت و ئایین” بە مرۆک هاورێی یەکترن و بە کرۆک و رەمەک ” غەریزە” یەکتریان خۆش دەوێت. ل ٩٢

قووربانی دەستی توندڕەویی ئایینی
هەمیشە کەسە رووناکبیرەکانی لە جیهاندا بوونەتە قووربانی دەستی کەسانی دەبەنگ و توندڕەو، ئەو کەسانەی کە زیرەک و بە توانان هەمیشە کۆمەڵێک دوژمنی زۆری بۆ پەیدا دەبێت، بەتایبەتی کەسانی دەبەنگ ، ئەوانە ڕقی شەخسیان لە کەسە زیرەکەکان، دەبێتە ئاگرێکی گەورە لە ناخیاندا و دەبێتە هاندەرێکی باش تاوەکو بە بیانووی پارێزگاریکردن لە ئایین یان نیشتمان، پەلاماری خەڵکی زیرەک وبەتوانا بددەن.
ئیبن روشد کە یەکێکە لە فەیلەسووفە مەزنەکانی رۆژهەڵات و تەواوی رۆژئاوا پێی سەرسامە، کەچی ئەم زانا مەزنە دەبێتە نێچیرێکی باش بۆ دەبەنگە توندڕەوەکان و هەموو کتێب و داهێنانەکانی بە لادان لە ئایین دادەنێن. کاتێک لە مەراکیش دەگەڕێتەوە بۆ قوورتوبە زێدی خۆی، بۆچوونەکانی لە بارەی فەلسەفەوە بڵاوکردەوە، ئەوەندەی پێ ناچێت بە هەرتەقە و دەستدرێژیکەر بۆ سەر ئایین دادەنرێت و فەتوای کافری و لادان لە ئایینی بۆ دەردەچێت. ئەویش ناچار دەبێت کە قوورتوبە بەجێبهێڵێت و ماوەیەک خۆی لە شاری فاس بشارێتەوە، بەڵام دواتر ئاشكرا دەکرێت و لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە دەستگیر دەکرێت و زیندانی دەکرێت. بەوەش ناوەستن، دەچن لەناو بازاڕدا خەڵکی کۆدەکەنەوەو هەرچی کتێبییەتی بەدیار خەڵکییەوە دەیسووتێنن . بەڵام خۆشبەختانە چەند پیاوچاکێک دەچن لای دەسەڵاتدارن شەفاعەتی بۆ دەکەن و بەرگری لێدەکەن و دەڵێن کابرا کافر نییە. پاشتر بە هەوڵی پیاوچاکان ئازاد دەکرێت و دەگەڕێتەوە بۆ مەراکیش . بەڵام ئازاری زیندانیکردن و پەلاماردان و لە هەمووشی خراپتر سووتاندنی کتێبەکانی، دەبێتە ئازارێکی گەورە لەدڵیدا و پاش ساڵێک لە 595 کۆچییدا کۆچی دوایی دەکات.

دوا قسە
بەداخەوە هەتاوەکو ئیستاش ئەو نیقاشە هەر بەردەوامە، بەتایبەتی لەم سەردەمەدا کە فکری توندڕەوی ئایینی لە بەهێزیدایە، دووبارە هەندێک بە ناوی پارێزگاریکردن لە ئایین، دەیانەوێت هەموو جوانییەکانی فکرو فەلسەفە لەناوبەرن، هەرچەندە ئەمەش مێژووییەکی ناشیرینی لە هەموو ئاینەکاندا هەیە.
بەدڵنییایەوە ئیبن روشد یەکێکە لە فەیلەسووف و زانا بەتواناکانی مێژوویی ئیسلامی، بەداخەوە ئەویش لەکۆتایی ژیانیدا دەبێتە قووربانی دەستی فکری توندڕەویی ئایینی. هەرچەندە بۆچوون و کتێبەکانی، کاریگەری گەورەیان بەسەر رۆژهەڵات و رۆژئاوادا هەبووە.
لەکۆتاییدا دەستخۆشی لە کاک مەریوان عەبدول دەکەم، بۆ وەرگێرانی ئەم کتێبە جوان و باشەی ئیبن روشد، هیوای کاری باشتری بۆ دەخوازم

———————————————————–

سەرچاوە:
ئیبن روشد. کتێبی فەسلول مەقال. سەبارەت بە سەلماندنی پەیوەندی نێوان فەلسەفە و شەریعەت. وەرگێڕانی: مەریوان عەبدول. پێداچوونەوەی ڕێبوار ئەحمەد و عادل عەبدوڵڵا. چاپی دووەم. ناوەندی رەهەند. سلێمانی. 2019




نەجیب مەحفوز نووسەرێک لە نێوان رۆژهەڵات و رۆژئاوادا … گوڵزار حەمە فەرەج

لەماوەی پێشوودا کتێبی «نەجیب مەحفوز نووسەرێک لە نێوان رۆژھەڵات و رۆژئاوادا» خوێندەوە، کە لە نووسینی ئەردەڵان عەبدوڵڵایە. ئەم کتێبە لە 138 لاپەڕەدا پێکدێت. نووسەر باسی ژیاننامە و فکر و شێوازی نووسین و بابەتە گرنگەکانی و ڕۆمان و کورتەچیرۆک و بەرھەمەکانی نەجیب مەحفوزدا کردووە. ئەم کتێبە دەتوانێت ببێتە پردێکی باش بۆ تێگەشتنمان لە نووسەرە بەناوبانگەکانی عەرەب و جیھانی. ھەروەھا بەرچاوروونیەکی باشیشە بۆ نووسەری کورد، تاوەکو لە نزیکەوە ئاشنا بێت بە فکرو شێوازی نووسین و بەشێک لە بەرھەمەکانی نەجیب مەحفوز، چونکە نووسەر لەکۆتایی کتێبەکەیدا، خوێندنەوەی بۆ 12 رۆمانی مەحفوز کردووە لەناویشیاندا شاکارە مەزنەکانی« اولاد حارتنا، سکریە ، بین القصرین، قصر الشوق»
نەجیب مەحفوز گەڕەگە کۆنەکانی قاھیرە کاریگەری زۆری لەسەر نوسینەکانی ھەبووەو کۆلارەی ھزری بەناو کۆڵانەکانی قاھیرەدا شلکردوەو خوێنەریش بە ناچاری بەدوای رووداو پاڵەوان و حیکایەتەکانی نوسەر کەوتوە. لە ھەمانکاتدا وەسفی ھەموو خاڵە پۆزەتیف و نێگەتیڤەکانی کۆمەڵگەکەی کردووە، ھەربۆیە دەتوانم بڵێم کە نەجیب مەحفوز بە جوانترین و باشترین وێنەکێشی کۆمەڵگەی میسری دادەنرێت ،کە وەسفێکی جوانی ساڵانی سی و چلەکانی شاری قاھیرەی بۆ کردوین.

ھەروەھا ئەو یەکەم کەس بووە کە زۆر نەترسانە باسی ژیانی ژنە لەشفرۆشەکانی کردووە. جگە لەوەش ژیانی ھەژارو کەمدەرامەتی کردۆتە بابەتی سەرەکی شاکارە مەزنەکانی. ئەو زیاتر لە پەنجەرەی قاھیرەوە جیھانی بینیوە لەبەر ئەوەی حەزی بە سەفەرو گەشت نەبوە و لە قاھیرە نەچۆتە دەرەوە، بەڵام لە چەند بەرھەمێکدا ھەوڵی داوە کەمێک باسی کێشەکانی جیھان بکات ،بۆ نموونە لە چیرۆکی «فنجان شای »کۆلارەی ھزری بۆ کێشەکانی ئەو کاتەی جیھان ھاویشتوە کە کۆمەڵێک کەسایەتی ڤێتنامی و ئەمەریکی و عەرەبی و ،ئەڵمانی ،روسی تێدا بووە لەم چیرۆکەدا باسی «جەنگی ڤێتنام و فەلەستین و جەنگی ساردی کردووە «.

نەجیب مەحفوز یەکێکە لە ڕۆمانوس و ئەدیبە مەزنەکانی میسر و جیھان،یەکەمین نووسەری ڕۆژھەڵاتیە کە بەشێوەیەکی بەرفراوان بەرھەمەکانی لە کتێبخانەکانی ڕۆژئاوا و جیھاندا بڵاوبکرێتەوە. ئەو توانی لە رێگەی ڕۆمان و چیرۆک و کورتە چیرۆکەکانیەوە کەمێک زانیاری لەبارەی ڕۆژھەڵاتەوە بە جیھان بددات و بە زمانێکی ئاسان توانی گوزارشت لە کێشە ئاڵۆزەکانی مرۆڤی ڕۆژھەڵاتی بکات ،لەھەماکاتیشدابەرگێکی ئەدەبی زۆر جوان بکاتە ئەو کێشانە و پیشانی جیھانی بددات.

نەجیب مەحفوز یەکەم نووسەری عەرەبە کە توانی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاداب بەدەست بێنێت، کە دوای ئەو ھیچ نوسەرێکی تری عەرەبی ئەو خەڵاتەی نەبردۆتەوە. هەروەک ئەردەڵان عەبدوڵڵا دەڵێت: نەجیب مەحفوز بە ڕۆح و جەستە نوسەرێکی ڕۆژھەڵاتی بوو، بەڵام لە رووی فکریی و شێوازی نوسین و کارکردنەوە، نوسەرێکی ڕۆژئاوایی بوو. نەجیب مەحفوز لە ڕێگەی نوسین و کارکردنەوە توانی ببێتە پردێکی ئەفسوناویی تاوەکو گێتی شاراوەیی ڕۆژھەڵات ، بە مرۆڤەکانی ڕۆژئاوا پیشان بددات .

ئەو کێشانەی کە مەحفوز باسی کردوون، تا ڕادەیەکی زۆر لە کۆمەڵگەی ئێمەوە نزیکن و کاتێک نوسینەکانی دەخوێنیتەوە،وادەزانی باسی کۆمەڵگەیی کوردی دەکات چونکە ئەو کەسایەتی و روداوانەی باسی کردوون لەناو کۆمەڵی کوردەواری خۆشماندا ھەیە.
نەجیب مەحفوز نوسەرێکی فڕە ڕەھەند بوو لە زۆربەی ژانرەکانی ئەدەبدا ، دەست رەنگینی نواندوە، سەرەتا بەوەرگێڕان دەستی پێ کردووە و چوەتە ناو جیھانی نوسینەوە وکتێببی « مصر القدیمە» وەرگێڕانی بۆ کردووە. ئەم کتێبە لەلایەن جیمس بیکی نوسەری ئینگلیزی نوسراوەو باسی بەشێک لەمێژویی میسری کۆن لەسەردەمی فیرعەونی دەکات،لەو کاتەدا مەحفوز لە دوایین قۆناغی کۆلێژی فەلسەفە بووە. ئەو کارەی یەکەم ودواھەمین کاری وەرگێڕانی بوەو دواتر خەریکی کاری نوسین ڕۆمان و چیرۆک و شانۆ بووە.

چیرۆک لای مەحفوز ژانرێکی خۆشەویست بووەو زیاتر ھۆگری ھەردوو نوسەری مەزنی جیھانی «چیخۆف و مۆباسان» بووە بەتایبەتی لە رووی دروستکردنی پاڵەوان و رووداو و لەھەمووی گرنگتر کۆتایی ھێنان بووە بە چیرۆک بە شێوەی کتوپڕ « مفاجا‌وە » کە ئەمەش یەکێکە لە کۆڵە سەرەکیەکانی ژانری کورتە چیرۆک. نەجیب مەحفوز لە ژیانیدا نۆزدە چیرۆکی نوسیوە،
ڕۆمانیش مەیدانێکی خۆشەویستی تری مەحفوز بووە ئەو لە ژیانیدا کۆمەڵێک ڕۆمانی و شاکاری مەزنی نوسیوە ، ڕۆمانەکانی «قصر الشوق ، السکرین و بین قصرین « بوونە بەردی بناغەی ڕۆمانی نوێی عەرەبیی ،لەرێگەی رۆمانەکانیەوە توانی مێژوویی کۆن و نوێی میسر بگێڕێتەوە و نەوەی نوێ لە رووداوەکانی پێشوو ئاگادار بکاتەوە ،کۆی ڕۆمانەکانی سی وشەش ڕۆمانن.
لە کۆتاییشدا ئەردەڵان عەبدوڵڵا وتاری نەجیب مەحفوز لە کاتی وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵ کردووە بە کوردی، کە یەکێکە لە وتارە گرنگەکانی ئەم خەڵاتە و تێیدا نەجیب مەحفوز دەڵێت:

مادام لەناو مرۆڤدا مێشکێک ھەیە بیردەکاتەوە، ویژدانێکێش ھەیە دەجوڵێتەوە مرۆڤ بە زیندووی دەھێڵتەوە لە یەکێک لە جەنگە زۆرەکانی لەگەڵ دەوڵەتی بێزەنتێنیدا کۆمەڵێک دیل بەرامبەر بە کۆمەڵێک کتێبی پزیشکی و ماتماتیک وفەلسەفی یۆنانی کۆن گۆڕانەوە، کە ئەمەش گوزارشت لە بەھای ئەو رۆحی مرۆێیە دەکات کە تموحاتی بۆگەیشتن بە زانست مەعریفە بەسەریدا زاڵە ، لە کاتێکدا داواکار باوەڕی بە ئاینێکی ئاسمانی و داواکراویش بەرھەمی شارستانیەکی پتپەرستییە ، «مەبەستی شارستانی ێۆنانی کۆنە «،قەدەر وایکرد من لەنێو ئەم دوو شارستانیەدا لەدایک ببم و بەشیری ئەوان گەورە ببم ، خۆراکی ئەدەب و ھونەری ئەو دوو شارستانیەتەش بخۆم، ھەروەھا سوودیشم لە کولتوری دەوڵەمەندی مەزنی ئێوە دیوە ، لە پەنا ھەموو ئەمانەشدا بە ھەوڵ و چالاکی خۆشم، ئەم کۆمەڵە وتانە لەدایک بوون.

لێرەدا جێگەی خۆیەتی کە دەستخۆشی لە ئەردەڵان عەبدوڵڵا بکەین بۆ ئەم کارەو هیوای کاری باشتری بۆ دەخوازم.

سەرچاوە:
ئەردەڵان عەبدوڵڵا. نەجیب مەحفوز، نووسەرێک لە نیوان رۆژهەڵات و رۆژئاوادا. چاپی یەکەم. ناوەندی سارا. سلێمانی.2020




هێڵی گشتیی سیاسەتی ڕەوتی سۆسیالیستە شۆڕشگێڕەکان – کوردستان

ئـەم بەڵگەنامەیـە )هێڵی گشـتیی سیاسـەتی ڕەوتی سۆسیالیسـتە
شۆڕشــگێڕەکان – کوردســتان( پەســەندکراوەی کۆنفرانســی
)٣١ی ئایــاری ٢٠٢٠)ی ناوەنــدی لێکۆڵینــەوەی سۆسیالیســتیی
کوردســتانە، ئــەم کۆنفرانســە بڕیاریــدا ناوەنــدی لێکۆڵینــەوەی
سۆسیالیســتی، وەک ئۆرگانێکــی ســەرەکی لــە ژێــر چەتــری
»ڕەوتـی سۆسیالیسـتە شۆڕشـگێڕەکان«دا بمێنێتـەوە و درێـژە بـە
کاری هۆشــیاریی چینایەتــی و چــاپ و باڵوکردنــەوەی ئەدەبیاتــی
سۆسیالیســتی و هەمــوو ئــەو نووســینانە بــدات کــە خزمــەت بــە
ئاگایــی تــاک و کۆمــەڵ دەکــەن و ئامانجیــان بەرەنگاربوونــەوەی
سـتەم و چەوسـاندنەوەی مرۆڤەکانـە. ……

بۆ درێژەی ئەم بابەتە کلیکی ئێرەبکەن …….




شیعرێکی ئاسەر رامبۆ …. وەرگيڕانی لە ئینگلیزیەوە: سۆران محەمەد

شیعرێکی تری سەرەڕۆ :
هەستکردن
شیعر/ ئاسەر رامبۆ
وەرگيڕانی لە ئینگلیزیەوە: سۆران محەمەد

(هەستکردن)
لە رۆژە شینەکانی هاویندا، هەموو رێگاکان تەی دەکەم،
دەرزی ئاژن بە نوکی گەنمەشامییەکان، پێ لە ئاونگەکان دەنێم:
وەك خەونبینێ دەنواڕم، فێنکایی گەمە بە بنی پێی بکا.
دەبا شنەی ئێوارێ سەر لەنوێ سەرم تەڕ بکا .

  • * *
    هیچ – ناڵێم و هزريش – لە هیچ ناکەمەوە:
    بەڵام خۆشەویستیی بێکۆتا فوو بە گیانمدا دەکا،
    دەڕۆم زۆر دوور، وەك بۆهیمییەك،
    لە ئامێزی سروشتا- شاد، هەر وەكو هاودەمی شۆخێك.
    ئازاری ١٨٧٠
    …………………………
    بایۆگرافی:
    جین نیکۆلاس ئارسەر ڕامبۆ لە (شارلڤێڵ) ی باکووری ڕۆژهەڵاتی فەرەنسا لە 20- 10- 1854 لە دایك بووە، لە هەرزەکارییدا دەستی کردووە بە نووسینی هۆنراوە. ڤیکتۆر هۆگۆ وەسفی کردووە بە (شکسپیری مێردمنداڵ)، جێپەنجەی دیارە بەسەر داهێنانی شاعیرانی پۆستمۆدێرن و نیگارکێشانی سوریالی و میوسیکژەنان.
    کۆی داهێنان و بەرهەمەکانی لە تەمەنی بیست ساڵیدا دواییان پێ هات، واتە تەنیا لە نێوان تەمەنی (١٦-٢٠)ساڵییدا هاودەمی شیعرنووسین بووە، بەڵام ئێستاشی لەگەڵدا بێت سەدای شیعرەکانی لە گوێی عاشقانی شیعردا لەسەرانسەری جیهاندا دەزرنگێنەوە.
    ڕامبۆ بە شاعیری یاخی ناوزەد دەکرێت. کە لە دوای دەستبەرداربوونی لە شیعر نووسین، لە نێوان سێ کیشوەری (ئەوروپا- ئەفریقا- ئاسیا) دا سەفەرە دوایی نەهاتووەکانی بەردەوامییان هەبوو، هەتا لە تەمەنی 37 ساڵیدا و لە 10- 11- 1891 کۆچی دوایی کرد پاش ئەوەی بە هۆی شێرپەنجەوە قاچی بڕدرایەوە.
    تێبینی سەبارەت وێنەکە:
    رەنگە لای خوێنەر جێی سەرسوڕمان و پرسیار بێت کە ئەوەی سەرەوە وێنەی ئارسەر رامبۆ بێت؟ چونکە ئێمە زیاتر هەر بە وێنەیەکی ئاشنا بووین کە هی تەمەنی مێردمنداڵییەتی، بەڵام ئەم وێنەیەی کە لەبەردەم پەیکەری شکێنراوی ناپلیۆندا گیراوە لە لایەن وێنەگری ناودار (برۆنۆ براکیهیس)ەوە لە سەروەختی کۆمەنەی پاریس لە نێوان ١٨/٣ – ٢٨/٥/١٨٧١دا چرکێندراوە، کە دژی دەسەڵاتی حوکمەتی فەرەنسای ئەو کات وەستانەوە .
    دەقەکە بە ئینگیزی:
    (Sensation)
    Through the blue summer days, I shall travel all the ways,
    Pricked by the ears of maize, trampling the dew:
    A dreamer, I will gaze, as underfoot the coolness plays.
    I’ll let the evening breeze drench my head anew.
  • * *
    I shall say – not a thing: I shall think – not a thing:
    But an infinite love will swell in my soul,
    And far off I shall go, a bohemian,
    Through Nature – as happy, as if I had a girl.
    March 1870.



نوچه‌ی موچه‌ … سه‌لام عومه‌ر

موچه‌و نوچه‌ بۆته‌ سه‌ردێڕی هه‌واڵ و راگه‌یاندنی حزبه‌كان، بۆته‌ مژده‌ی گوته‌كانی ده‌سه‌ڵات‌و به‌ده‌نگێكی به‌رز، به‌رزتر له‌ نوچه‌كانی دی باس له‌ دابه‌شكردن و ریزبه‌ندی له‌شكرێك وه‌زاره‌ت و ده‌سته‌ ده‌كرێ‌، كه‌ پێموانییه‌ له‌هیچ وڵاتێكی سه‌ر ئه‌م گۆی زه‌ویه‌ ئه‌م ریزبه‌نده‌ سه‌یرو سه‌مه‌رانه‌ هه‌بێ‌، ئه‌وكاته‌ی كه‌باس له‌ پاشه‌كه‌وت ده‌كرا پلانێكیان نه‌بوو تا له‌ئاینده‌دا به‌ڵێنه‌كانی خۆیان كه‌ له‌ باڵاترین ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمه‌وه‌ ده‌رده‌چوو جێبه‌جێ‌ بكه‌ن و كاتێكی دیاری كراویان نه‌بوو بیده‌نه‌ فه‌رمانبه‌ران و متمانه‌یان لا درووست كه‌ن، ئێستا له‌جیاتی پاشه‌كه‌وت وشه‌ی لێبڕینیان خستۆته‌ ناو دابه‌شكردنی موچه‌وه‌، ئه‌وه‌یان راستگۆیی تێدایه‌ به‌ڵام بێمنه‌تی ده‌سه‌ڵات پیشان ده‌دا به‌رامبه‌ر فه‌رمانبه‌ران و هیچ ئومێدێكیش بۆ دانه‌وه‌ی لێبڕینه‌كه‌ ناهێڵێته‌وه‌و به‌هه‌موان ده‌ڵێ‌ نه‌ئێستا پلانمان هه‌یه‌ بۆ باشتر كردن و نه‌ له‌رابردووشدا پلانمان هه‌بووه‌، ئه‌وه‌ش ده‌یسه‌لمێنێ‌ كه‌ ده‌سه‌ڵاتێكی بێ‌ به‌رنامه‌ وه‌ك ژمێریار خه‌ریكی حساباتی لاواز كردنی هاوڵاتیه‌كانیه‌تی و هه‌رگیز بیری بۆ هه‌ر ئه‌گه‌رو روداوێك ناچێ‌ كه‌ له‌ئاینده‌دا رووده‌ده‌ن و سبه‌ینه‌یه‌كی روناكی نییه‌ تا گه‌شه‌ی ئابوری هه‌رێمه‌كه‌ی له‌سه‌ر بنیات بنێ‌.

ئه‌وه‌ی كه‌ جێگه‌ی ناره‌زایی هه‌موانه‌ ئومێدی چاكسازی بوو كه‌ به‌ گه‌رموگوڕی باسی لێوه‌ ده‌كرا، لێره‌دا هاوڵاتیان بیریان ده‌كه‌وێته‌وه‌ پێشتریش ته‌واوی فه‌رمانبه‌رانیان به‌ بایۆمه‌تری و په‌نجه‌مۆرو بڕینی دوو موچه‌و بندیواره‌كان سه‌رقاڵ كردوو دوای ئاشكرابوونیش هیچیان نه‌كرد، كه‌واته‌ ئه‌و چاكسازیه‌ش كه‌ ئێستا خه‌ریكین دیزه‌ به‌ده‌رخۆنه‌ی بكه‌ن وه‌ك به‌ڵێنه‌كانی رابردوویانه‌و هاوڵاتیان به‌ سڕكردنی بارودۆخه‌كه‌ی داده‌نێن و ده‌زانن ده‌سه‌ڵات مه‌به‌ستی نیه‌، چونكه‌ هه‌موو ئه‌و حزبیانه‌ی به‌ پاره‌ راگیراون ته‌فروتونا ده‌بن و ئیدی له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا زیانێكی گه‌وره‌یان به‌ر ده‌كه‌وێ‌، بۆیه‌ ئێستا ده‌ركه‌وتووه‌ كادیرانی حزبه‌كان سه‌رچاوه‌ی فشارن بۆسه‌ر حزب و ئه‌وه‌ش ره‌نگدانه‌وه‌ی ئاشكرای له‌سه‌ر حكومه‌ت جێهێشتووه‌، جگه‌ له‌وه‌ش ته‌واوی موچه‌ باڵاكان هه‌رئه‌وانن و هه‌رگیز رێگه‌ ناده‌ن ده‌سكه‌وته‌كانیان بكه‌وێته‌ مه‌ترسیه‌وه‌، بۆیه‌ قه‌یرانه‌كان تادێ‌ شێلگیرتر ده‌بێت و ئه‌گه‌ر به‌رده‌وامی هه‌بێ‌ دوور نییه‌ ته‌پ و تۆزی روداوه‌كان به‌تیبه‌ت ناره‌زایی خه‌ڵك هێنده‌ زۆر بێت ببێته‌ گێژه‌ڵوكه‌و ده‌سه‌ڵات به‌ كادیره‌كانیانه‌وه‌ لولدا، ئه‌و كات زیانی گه‌وره‌ به‌ر هه‌موان ده‌كه‌وێت و ئه‌وه‌ی هه‌شه‌ له‌ده‌ست ده‌چێ‌، چونكه‌ ناكرێ‌ و ناشێ‌ ئه‌م بارودۆخه‌ سه‌خته‌ تاسه‌ر هه‌ندێك لێی سودمه‌ند بن و زۆرینه‌ش له‌ په‌راوێزێزدا بن.

ئێستا نوچه‌ی موچه‌ به‌ ده‌نگێكی به‌رز ده‌گوترێن به‌ڵام به‌شه‌رمه‌وه‌و به‌جۆرێك هیچ متمانه‌یه‌ك له‌نێوان هاوڵاتی و فه‌رمانبه‌رو حكومه‌تدا نه‌ماوه‌.




زیرەک .. بەرنامە یەک سعاتیە تەلەفزیۆنەکانی چیان بەسەرهات؟!… دکتۆر مەولود ئیبراهیم حەسەن

هونەرمەند حەسەن زیرەک پیاوێک بوو ،بە خۆی فەزای کارکردنی هونەری لە ئاستێکی بەرز بۆ خۆی دروست دەکرد، بە دوو هۆ. یەکەم : پیاوێکی گەڕۆک بوو بەدوای ئارازووە هونەریەکەی خۆی دادەڕۆیشت ، هه تا ئە گەر هه ڵاتبا یان بۆ نان پەیدا کردن دێ و شارو وڵاتان گەڕابێ دواجار بە قازانجی هونەرەکەی خۆی دا شکاندووتەوە، بۆ نموونە کەسەر هه ڵدەگرێ بۆ عیراق جۆرێک لە هه ڵاتنە ، کە دەچیتە بەغداو لە ئوتێل شیمال کاردەکات ، هونەرەکەی وادەردەخات کە کرێکاریەکەی بەڵادەنێ ، هه ر بۆ یە لە کاتی کارکردن و گۆرانی گوتن( مام جەلال) بەدەنگی سەرسام دەبێ و قسەی پیدەدا بیباتە ڕادیۆ . دووەم : ئاستی هونەرمەندییەکەی ئەوەندە لە سەرێ بووە ، هه ر کارێکی کردبێ و لە هه ر ئاستێکی ژیان دا بووبێ و لە هه ر شارو وڵاتێک دا ژیابێ ، هونەرەکەی لە خەڵکی دەورو بەری جیای کردووتەوەو هه ر زوو وەک دنگخۆش و هونەرمەندێکی گەورە ناسراوە .
هه ر بەو هۆیانەوە لە ڕادیۆکانی بەغداو سنەو تاران و کرماشان و تەورێزو مە هاباد لە ئیران و لە عیراق گۆرانی تۆمار کردووەو کاری کردووە ، سەرە ڕای ئەوەش هه وڵی چوونە میسری داوە بۆ ئەوەی لە رادیۆ کوردیەکەی ئەوێ کار بکات ، عێراق گرتوویەتی و خستوویەتیە بەندیخانە ! ویستوویەتی بچێتە ڕۆسیاو لە وێ لە ڕادیۆی پەیکی ئیران کار بکات ، ئەمەشی بۆڕیکنەکەوتووە !
زیرەک و بەرنامەی تەلەفزیۆنی ..
کە لە ڕادیۆی تاران بە خۆی میدیای زەندی کاردەکەن ، لە ساڵی ١٩٦٠پیاوێکی دەوڵەمەندی ئیرانی بە ناوی (حبیب اللە سابت پاسال) لە تاران تەلەفزیۆنێکی تایبەت دادەمەزرێنێ و دەنگ و ڕەنگی هه تا دەورو بەری کەرەج دەچێ ! (سابت پاسال )(١) دەوڵەمەندێکی ئیرانی بوو کە یەکەم تەلەفزیۆنی خسوسی لە ئیران لە مانگی خاکە لێوەی ساڵی ١٣٣٩-١٩٦٠ دامەزراند ،هونەرهای زیبا شوێنی کارو تەمرین و بڵاوکردنەوەی بەرنامەکان بوو، جگە لە کوردی بەرنامەی ئازەری و فارسیش بڵاو دەکراوە .سەرەڕای گۆرانی و هه ڵپەركی و بەرنامەی رابواردن ، شانۆش وەک هه موو بەرنامەکانی تر بە زیندوویی بڵاو دەکرایەوە، ساڵی ١٣٤٤ ئەم تەلەفزیۆنە بە دەوڵەتی کرا و بووە تەلەفزیۆنی ملەتی ئیران )(ل٢١.زمانی دولا)(١)
میدیای زەندی لە چاوپیکەوتنەکەی لە گەڵ مامۆستا( محەمەدی رەمەزانی ) دەڵێ 🙁 شەوی پێنجشەممانە دەڕۆیشتین لە ئیستگەی هونەرهای زیبابەرنامەمان دەدا ، بەرنامەی کوردی حەسەن بە دایرەو بە گۆرانی ئێمەش حەوت هه شت پیاوو ژن بە لیباسی کوردیەوە بە دەستووری سۆرانی خۆمان هه ڵدەپەڕێن ، خەڵک زۆریان پێ جالب بوو، دوو یان سێ قاوەخانە پڕ دەبوو لە خەڵک ، تەلەفزیۆنیش نێو تاران هه تا کەرەج کاری دەکرد زیاتر کاری نەدەکرد ! لەو قاوەخانە ئەو شەوە چای لە پەنا باتێکەوە دەچووە چوار قڕان ئەوەندە بەرنامە کوردیەکەیان پیخۆش بوو،) (ل٢١، زمانی دوولا)
هه ر لەو چاو پێکەوتنە میدیای زەندی دەڵێ:( لە تاران لە تەلە فزیۆنیش هاوکاریمان دەکرد، حەسەن گۆرانی دەگوت سەعاتێک بە نامەمان هه بوو، ئەو تەلە فزیۆنە وەختێ خسوسی بوو هی دەوڵەت نە بوو)( ل٢٤، زمانی دوولا)
هه روەها مام عەلی یاسەمەنی هاوتەمەن و خزمی زیرەک ، ئەویش کە لە تاران لە نێو ماڵی زیرەک دا کاری دەکرد .دەڵێ:( شەوانە وابوو لە ڕادیۆ یان تەلەفزیۆن درەنگ تەواو دەبوو، کە دەڕۆیشتینەوە دەیگوت نەخێر جارێ بچین سەرێک لە موسافرخانەئ حەقیقەت هه ڵبێنین بزانین برادەری کوردی لێیە؟..) (ل١١، زمانی دوولا)
هه ر مام عەلی یاسەمەنی دەڵێ:( شەوانە ئەو دەمانە ٧و٨ ئێوارەکە وەختی بەرنامەی کوردی دەهات دەچووین، کە بەرنامەی هونەرهای زیبا بوایە لە سەحات(٢) ٦و ٨ سبەینان دەچووین بۆ هونەرهای زیبا ، ئەگەر شەوێک کاک حەسەن پییکرابایە بۆخۆی دەچوو من هه ر لە ماڵەوە دەبووم .) (ل١١،زمانی دوو لا) شێکردنەوەو پرسیار.. شیکردنەوەو پرسیار.. ئەم هه واڵانە کە( میدیای زەندی) و (عەلی یاسەمەنی) باسی دەکەن ، کە هه ردوویان لە گەڵ زیرەک ژیاون و میدیا خانم خۆشی لە ئاهه نگەکان لە گەڵ ٧، ٨ ژن و پیاوی تر بە جل و بەرگی کوردی سۆرانی هه موو جارێ شاییان کردووە کە زیرەک گۆرانی گوتووەو دەفی لێداوە ! هه واڵێکی ڕاست و دروستن. ئەم ئاهه نگانە لە بەرنامەیەکی تایبەت بە گۆرانی کوردی بووەو هه ر جارەش بەرنامە کە یەک سەعاتی خایاندووە ، تەلەفزیۆن ڕاستەو خۆ بڵاوی کردووتەوە ! بەرنامەکان شاری تاران و دورو بەری ڕۆیشتووە و گەیشتووەتە کەرەج ! خەڵک زۆریان پێ خۆش بووە ، بە ڕادەیەک تەلەفیۆن لە دوو سێ چایخانەی کوردان هه بووە ، هه ر جارێکی کە شەوی پێنجشەممان لە سەعات ٧ تا ٨ بەرنامەکە بڵاو دەکرایەوە ، کوردانی دانیشتووی تاران دەڕژانە سەر ئەو دوو سێ چایخانەو جێگا نەدەماو چا لە پەنا بادێکەوە دەچووە چوار قڕان ! ئەو بەرنامەیەش یەک سەعاتی خایاندووە. ئەی ئەو دوو سەعاتەی کە بەیانیان دەچوونە بارەگای هونەری زیبا چیان دەکرد ؟ پرۆڤە بوو ..یان بەرنامەیان پێشکەش دەکرد؟ ئێستا پرسیار ئەوەیە ؟ چەند شەوو مانگ ئەو بەرنامە کوردیە بەردەوام بووە ؟ لە هه ر بەرنامەیەک زیرەک چەند گۆانی گوتووە ؟ ئەوکەسانەی لە گەڵ میدیای زەندی ژن و پیاوەکان کێ بوون شاییان دەکرد؟ ئایا هیچ جارێک گۆرانیبێژی تر لە گەڵ زیرەک هاوبەشی کردووە لەو بەرنامانەیە؟ ئایا لەم ئاهه نگە ڕاستەو خۆیانە زیرەک چەند گۆرانی دەستەو ڕستی ڕاستەو خۆی گوتووەو بۆ یەکەمجار بڵاو بوونەتەوە ؟ بۆچی لەم هه موو ئاهه نگە ، ئاهه نگێک دیار نیە ؟ ڤیدیۆ پەرتەکان.. وەک زانراوە زیرەک لە تەلەفزیۆنی ڕەزاییەش حەوت گۆرانی ڕەش و سپی تۆمارکردووە، ئەویش تا ئێستا زۆر بە ڕوونی و هه مووی دەرنەکەوتووە! لەم ساڵانەی دوایی گەنجێک بە ناوی(علی مراد پور) کە باوکێ وەختی خۆی وێنەگری تەلەفزیۆنی تاران بووە، بڵاوی کردوە کە گۆرانی (بە هار هاتەوە ) ی هونەرمەند حەسەن زیرەکی بە( ٩ دەقیقەو ٣٦ چرکە)ی لایەوە دەیەوێ بیفرۆشێ ! بەداخەوە ..ئەو گۆرانیە سەرو سەدایەکی دەرنەکەوت! ئایا ..زیرەک چەند گۆرانی لە تەلەفزیۆنی ملی ئیران تۆماکردووەو لە چەند ئاهه نگی گەورە کە تەلەفزیۆن تێیدا ئامەدەبووە ، گۆرانیەکانی تۆمارکراون ؟ کە دەڵێن لە ماڵی شای ئیران داوەتکراوەو گۆرانی تێدا گوتووەو چەند گۆرانی گوتووە؟ ئەو گۆرانیانە بۆچ دیارنین؟ ئایا دەشێ ئەو گۆرانیانە بە تەلەفزیۆنی تۆمارنەکرابن ؟! لەم ڕۆژانە( گوگوش ) گۆرانیبێژی ناوداری ئیران ڤیدیۆیەکی درکەوت لە ڕۆژی لە داکبوونی کوڕی شا و لە ئاهه نگی نێو ماڵیان و بە ئامادە بوونی شا خۆی گۆرانی دەڵێ ؟ ئەی گۆرانیەکەی زیرەک کوانێ ئەوەی بۆ هاتنەسەر دنیای کوڕی شای گوتووە؟ دڵنیام گۆرانیەکانی حەسەن زیرەک لە ماڵی شا وەک گۆرانیەکانی گوگوش بە ڤیدیۆ تۆمارکراون ! بیستوومە لە زۆر ئاهه نگی ماڵانیش جگە لەوەی گۆرانی زیرەک تۆمارکراوەو وێنەی گیراوە ، هه ندێ جار بە ڤیدیۆیش ئەو ئاهه نگانە تۆمار کراون ! لە بەختی کوردو زیرەک ئەم هه موو ئاههنگە ڤیدیۆییەی هه یە کەچی تا ئێستا بزرن ! هیوادارم هه موو ئەو بەڕێزانەی وێنەو دەنگ و ڕەنگ و بەسەرهاتی زیرەکیان لایە بڵاویان بکەنەوەو ڕوحی زیرەک شاد کەن و دڵی زیرەکدۆستان و هونەردۆستان خۆش ! (٣)
ئێستا ڕووی دەمم دەکەمە کوردانی تاران..
١ – هونەرمەند حەسەن زیرەک لە ساڵی ١٩٦٠ بەدواوە ، هه فتانە بەرنامەی یەک سعاتی لە تەلەفزیۆنی ( سابت پاسال)تۆمارکردووە.
٢ – لەو بەرنامەیەدا زیرەک گۆرانی گوتووەو دەفی لێداوە .
٣ – بە قسی میدا خانم کە خۆشی لە گەڵ بووە ٧ ت٨ ژن و پیاو شاییان کردووەو بەجلی کوردی سۆرانی .
٤ – خەلک زۆریان پێ خۆش بووەو لە چایخانەی کوردەکان لە تاران ، خەلک زۆر کۆبوونەتەوە بۆ ئەوەی لە تەلەفزیۆنی چایخانە بەرنامەی کوردی و گۆرانیبێژ حەسەن زیرەک ببێنن، هێندە خەڵک کۆبوونەتەوە ، جێگا نەماوەو چایەک لە یەک پەنابادەوە بووەتە چوار قڕان .
٥ – بەرنامە کە ڕاستەو خۆ بڵاوکراوەتەوە و تاران و دەورو بەر هه تا کەرەج بینیویانە .
٦ – ئەو تەلەفزیۆنە بەرنامەی فارسی و ئازەریشی بڵاوکردووتەوە .
٧ – جگە لە گۆرانی بەرنامەی شانۆیی و ڕابواردنیشی پێشکەشکردووە.
٨ – لە( هونەری زیبا) کە ناوێکی گشتی بووە و جێگای پرۆڤەو ڕاهێنانی گۆرانیبێژو تیپەکانی تەلەفزیۆن بووە.
٩ – ئەو تەلەفزیۆنە لە ساڵی ١٣٤٤ بووە بە تەلەفزیۆنی ملی و درواو بە دەوڵەت .
بە پشت بەستن بەم نۆ خاڵە دڵسۆزانی هونەری کوردو زیرەک دەتوانن بەدوای ئەرشیف و ئەو تەلەفزیۆن و بەرنامەکانینەوە بچن .

دکتۆر مەولود ئیبراهیم حەسەن
١٨/٨/٢٠٢٠
– هه ولێر


(١)حەسەن زیرەک زمانی دوولا، برایمی فەرشی –دوو چاوپێکەوتنی بەڕێز مامۆستا (محەمەدی ڕەمەزانی) لە گەڵ (مام عەلی یاسەمەنی) و ( میدیای زەندی) تایپ: ئە. سەدری.نووسین و ئامادەکردنی: ب.فەرشی (٢) بە هۆی پێشکەشکردنی بەرنامەی یەک سعاتی لەو تەلەفزیۆنە تایبەتە زیرەک و میدیا پارەیەکی باشیان وەردەگرت . جگە لە مووچە بەرزەکەی لە ڕادیۆی تاران و ئەوەی بە هۆی هونەرەکەیەوە لە م لاو ئەولا دەستی دەکەوت ، زیرەک لە تاران پاشایانە دەژیاو بە قسەی خۆی شەش حەوت کەس لە نێوماڵەکەی کاریان دەکرد وەک لە کاسێتی ئەبووسەباح باس دەکات، هه ر بۆیە پاشایانە یارمەتی خەڵکی پێویستی دەدا، بۆ زیاتر زانیاری لێکۆڵینەوەی (زیرەک..پاشایەک لە تاران …هونەرمەندێک لە لوتکە.) بخوێنەوە لە سایتی دەنگەکان.
(*٣) هونەرمەند حەسەن زیرەک جگە لەو تێپە ڕادیۆییانەی کاری لە گەڵ کردوون ، خۆشی تیپی مۆسیقی تایبەت بە خۆی داناوە، ئەوەی من بزانم، میدیای زەندی و ڕابە خانم باسی سێ تیپ دەکەن، میدیا خانم دەڵی: تێپەکە هه موویان فارس بوون و کەسی کوردی تێدا نەبوو، ئەم هه موو تیپ دانانەش بۆ خۆی لێکۆڵینەوە هه ڵدەگرێ .




هەرێمى کەرستان … چیرۆکى تەنزئامێز / نوسینى/ م.ڕاستى ڕەسوڵ

شارەکەمان (کەرشا) دەکەوێتە سەر سنور، بۆیە ئەم ناوەی لێنراوە، چونکە خەڵکەکەی هەر لە کۆنەوە کەریان زۆر خۆش ویستووە، کەرەکان بە دانیشتوانی ڕەسەنی ئەم شارە هەژمار دەکرێن، و ژمارەی مرۆڤە ڕاستەقینەکانی شار بەراوورد بە ژمارەی کەرەکان دەیان جار کەمترە !!، شارەکەمان بە بەخێوکردنی کەر و دروست کردنی کورتانی ڕەنگاوڕەنگ و سەرپاڵوو بە ناوبانگە، هەر ماڵێک ئەگەر سێ چوار کەری نەبێت، بەماڵ هەژمار ناکرێت !!، پیرەمێردەکانى شارەکەمان چیرۆکێکیان هەیە لەسەر دروستبوونی شارەکەمان، گوایە لە سەردەمێکی هەرە کۆندا کۆمەڵێک کەر شوێنی ئەم مەملەکەتەیان دۆزیوەتەوە، هەروەکو چۆن (کریستۆفەر کۆڵۆمبس) ئەمریکای دۆزیەوە، ئەم گوێدرێژانەش لە لەوەڕ گەڕاون، و گەیشتونەتە مێرگێک، پڕ لە گیای سەوز و لەوەڕ بووە، و ئاوێکی سازگاری لێ بووە، هەمان شوێنی ئێستای ئێمە، لێرە ماونەتەوە و لەوەڕاون، و شەوانەش لە ئەشکەوت و شاخەکانی ناوچەکە خۆیان حەشار داوە لە ترسی دڕندەکان، هەر لەو ساتەوە تا ئێستا، درێژەیان بە ژیان داوە لێرە، هەر لەبەر ئەمەشە کەرەکان لە دانیشتوانی شارەکە زیاترن، کەر لای ئێمە لە ئەسپ و ئۆتۆمبیلی گرانبەها بەنرخترە، لە دەروازەی شارەکەمان پەیکەری کەرێکی ڕەش دروستکراوە، لووشکە دەهاوێژێت، و گوێچکەکانی قووت کردونەتەوە.
لەهەمان کاتدا شارەکەمان تا بڵێی شاخاوی و سەختە لە لاى باکورى، پڕیەتی لە داربەڕوو و دارقەزوان و گێوژ و تاوک و گوێز و چوالە و قەیسی و سێو و هەڵوژە و چەندین درەختی تر، شارێکە پڕە لە جوانی و دیمەنی سەیر و سەمەرە، بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافیەکەی سەدان ساڵە دانیشتوانەکەی سەرقاڵی کاری قاچاخچێتین، بەهۆی ئەم کەرە ڕەسەنانەوە.
کەرەکانی شارەکەمان هێندە لێهاتوو و جەستە گەورە و زەبەلاحن، تا حەوت قاڕە ناوبانگیان ڕۆیشتووە، لە لایەکى تریشەوە ماکەر وەکو گیانلەبەرێکی پیرۆز سەیر دەکرێت، بە دایکی پیرۆز ناوی دەبەن !!، تەنانەت هەندێک جار پڕوپاگەندە بۆ شیرەکەی دەکەن، گوایە دەرمانە بۆ زۆر نەخۆشی، ئەوەی قاپێک شیری ماکەری هەبێت، وەکو ئەوە وایە کوپێکی پڕ لە زێڕی هەبێت، لەوەش خۆشتر ئەوەیە لە کاتی هەڵبژاردنی پەرلەمان و شارەوانیەکان حیزبەکان لە پایتەختەوە بە هەموو سەرکردایەتیەوە دێن لێرە پڕوپاگەندە دەکەن، حیزبی وا هەیە بەڵێن بە خەڵکەکە دەدات ئەگەر خەڵک دەنگی پێبدەن و دەربچن، ئەوا حیزب بۆ هەر ماڵێک لەم شارە دوو جاشکە کەر دابین دەکات، سەرەڕای ئەوەی حیزبەکە ئالیک و جۆی یەک ساڵیشیان پێدەدات، تەنانەت لە هەڵبژاردنی ئەم جارەدا حیزبی (نەزاهەت) بەڵێنی بە دەنگدەرانی دا ئەگەر ئەوان دەربچن، کەرەکانیان بۆ ناڵ دەکات!! لەوەش سەیرتر ئەوەبوو حیزبی (کەرپارێزان) لەم دوایانەدا دامەزرا، بەڵێنی بە خەڵک دا مووچەی مانگانە بە کەرەکانیان بدەن، زۆرینەی ئەندامانی سەرکردایەتی و ئەندام و لایەنگرانی هی شارەکەی ئێمە بوون، تەنانەت هەر لە شارەکەی ئێمە پێنج ئەندامیان چوونە پەرلەمان لە کۆی هەشت کورسی شارەکە، چاوڕوان دەکرێت لە هەڵبژاردنی داهاتوودا سەرۆکی حکومەت و زۆرینەی وەزیرەکان هی ئەوان بن!!.
سەرۆکی شارەوانی یەکێک لەو بەرپرسانەیە کە هەمیشە پشکی هەیە لە کڕین و فرۆشتنی کەرەکان، و ئەو قاچاخچێتی و بازرگانیەی کە بە کەرەکانەوە دەکرێت، و حیزبەکەی (حیزبی گەشەپێدان) زۆر داکۆکی لە ئەرکی کەرەکان و مافەکانیان دەکات، هەروەها بەڕێوەبەری تەندروستی و پۆلیس و هاتووچۆش لە حیزبی (خۆشگوزەران) ین، ئەوانیش نەک هەر داکۆکی لە کەرەکان دەکەن، بەڵکو پێیان وایە خۆشگوزەرانی لە سەر دەستی کەرەکان دێتە کایەوە، تەنانەت باوەڕیان بەو فەلسەفەیە هەیە کە دەڵێت :- ((خوای گەورە هەر دوای مرۆڤ کەری دروستکردووە !!))، هەرچی حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکانیشن لەگەڵ ئەوەن دەبێت کەرەکان فراکسیۆنی سەربەخۆیان هەبێت لە پەرلەمان، و دەبێت هەموو کەرێک ساڵانە چوار فەردە جۆی بۆ بکڕدرێت، ئەگینا خاوەنەکەی دەبێت سزا بدرێت، و کەرەکەی لێ بسەندرێتەوە، تەنانەت ئەمە بووە بە مادەیەکى سەرەکى لە دەستورى ووڵاتمان !!!.
هەرچی دادوەرەکانیشن هەر باسیان ناکرێت، هێندە دژی پێشێل کردنی مافی گوێدرێژەکانن، تەنانەت ئەگەر کەسێک سەرپێچی بکات، بێ سێ و دوو ڕاپێچی دادگای دەکەن، و حوکمی دەدەن، لەم ساڵانەی دوایدا کەسێکیان خستە زیندان، کە سواری کەرەکەی بوو بوو، و نەقیزەی لە کەرەکە وەشاندبوو، کەرەکە بریندار نەبوو بوو، کەچی دواتر پۆلیس دەستگیری کرد، و دادگاش سزای دا، ساڵێک و حەوت مانگ خرایە زیندانەوە بە تۆمەتى ئازاردانى کەرەکەى، و دە هەزار دیناری زێڕیشیان غەرامە کرد، و بۆ کەرەکە جۆیان پێ کڕی، بە کورتی کەر لە گەڵ فەلسەفەی ژیانی ئێمە تێکەڵ بووە، هێندە ئاوێزان بووە، بە هیچ شتێک لێک جیا ناکرێينەوە !!.

سەرۆکی شارەوانی بە هۆی ئەوەی چەندین کەر و پیاوی قاچاخچی زۆری هەیە کاری بۆ دەکەن، و سەرمایەگوزاری لە ناو کەر و مرۆڤەکاندا دەکات !! زۆر دەوڵەمەند بووە، پێگەیەکی سیاسی و دارایی و کارگێڕیشی هەیە لە شارەکە، بەهۆی کەر و مرۆڤە گەمژەکان، و تەنانەت حیزبەکان پێشبڕکێ دەکەن بۆ ئەوەی بەلای خۆیدا پەلکێشی بکەن، خوا هەڵناگرێت لە کۆتایدا ئەو بە هۆی نەخشە ستراتیژیەکانی بووە فریادڕەسی هەژاران و کەرە ماندووەکان لە سەرتاپای ووڵات، و ئابوری ووڵاتی بووژاندەوە، بەڵام هەریەک لە بەڕێوەبەری پۆلیس و پەروەردە، تەنانەت بەڕێوەبەری گومرگیش دژیەتی، چونکە ئەوان نەیانتوانیوە وەکو ئەو کەر و خەڵک بخەنە ژێر ڕکێفی خۆیان، و سەرمایەگوزاری لە کەر و مرۆڤە داماوەکان و بەرووبوومەکانیاندا بکەن، ئەگەر سەرۆکی شارەوانی بڵێ گەچ سپیە، ئەوان هەموویان بەیەکەوە بەکۆرس دەڵێن نەخێر گەچ ڕەشە !!، لەم دوایانەشدا بڕیارێکی زۆر سەیری دا، بە بڕیارێکی فەرمی حکومی پارکی شاری گۆڕی بە گۆڕەپان و پارکی گوێدرێژەکان، ناڕەزایەتیەکی زۆر درووستبوو، و شار خرۆشا، هەر ئەو ڕۆژە هەموو سەرۆک و بەڕێوەبەرانی فەرمانگەکانی تر داوایان لەسەر بەرزکردەوە بۆ پایتەخت، بەڵام دەسەڵاتدارانی پایتەختیش پشتیوانی سەرۆکی شارەوانی کرد، بەهۆی پێگە بەهێزەکەی، و ناردنی چەندین جاشولکەیەک بۆ بەرپرسانی پایتەخت وەکو بەرتیل، بەڕێوەبەری پۆلیس شکایەتی لای ئەنجومەنی باڵای دادوەری ووڵات کرد، سکاڵاکەی بەم شێوەیە نوسرابوو:-
بەناوی خوای گەورە
سڵاو بۆ ئەنجومەنی باڵای دادوەری ووڵات……
بەڕێزان وەکو دەزانن سەرۆکی شارەوانی چەندین ساڵە بڕیاری هەڵە دەردەکات، و دیزاینی شاری گۆڕیووە، و ئێستاش بڕیاری گۆڕینی پارکی شاریدا بۆ گۆڕەپانی گوێدرێژەکان، و دەتوانن شاری ئێمە بە کەرخانە ناوببەن، ئەم پیاوە مەترسی لە سەر دیمەنی سروشتی جوانی شار دروستکردووە، و ئەوەندەی گرنگی بە کەر دەدات، ئەوەندە گرنگی بە ماڵ و منداڵەکەى خۆى نادات، گوێش بە شارەکەی نادات !!، تکا دەکەین سەرۆکی شارەوانی سزا بدەن و بیگۆڕن.
دادوەرانی بەڕێز……ئێستا لە ناو ئەم پارکە لە جیاتی جریوە جریووی چۆلەکە و بولبول، زەڕە زەڕی کەرەکان گوێت کەڕ دەکات، بە بەردەوامی شەڕە کەرە، گوێدرێژەکان گیا و گوڵ و فریز و گەڵای دارەکانیان هەموو خوارد، تەنانەت کەرەکان لە ناو ئەو پارکە دەگەوزن، و تەپو تۆز بەری ئاسمانی گرتووە، دەڵێی ڕۆژی حەشرە، شارەکەمان سیمای شاری لەدەست داوە، لە هەمووی خراپتر ئەوەیە بۆنی میز و تەرسە کەر سەرت کاس دەکا، و دۆخی ئەمنی شارەکەشمان لە مەترسیدایە، چونکە هەموو دەم ئەم گوێدرێژانە بە کۆرس جووتە و لووشکە دەهاوێژن، سەر و گوێلاکی یەکتری بریندار دەکەن، و گاز لە یەکتری دەگرن، ئاژاوەیان ناوەتەوە، و منداڵەکانمان لاسایی یان دەکەنەوە، تەنانەت چەند منداڵێک لەم ڕۆژانەى ڕابردوو گازیان لە ملى یەکترى گرتبوو، و یەکتریان بریندار کردبوو لە لاسایى کەرەکان، و ئەم کەرانە مێش و مەگەزێکی زۆریان بەناو شاردا بڵاو کردۆتەوە، کە بۆ نەخۆشیە گوازراوەکان مەترسی زۆری هەیە، بۆن و بەرامەیەکی پیسیان بەناو شاردا بڵاوکردۆتەوە، و منداڵانی شارەکەشمان لەوێ کۆدەبنەوە، و تەماشای ئەم دیمەنانە دەکەن، جاری وایە منداڵەکان دەرگای پارکەکە دەکەنەوە و کەرەکان بەرەڵای ناوبازاڕ دەکەن، و بە کۆمەڵ دەچنە سەر پشتی کەرەکان، هەر شەقامێک و کۆڵانێکی دەیبینی چەندین کەری لێ دەسوڕێتەوە و دەگەوزێت، و چەند منداڵێک بە دوایانەوەیە، و زۆرێک لەم منداڵانەش وازیان لە خوێندن هێناوە، بە هۆى بڕیارى سەرۆکى شارەوانى، و لە جیاتى خوێندن بە دواى کەرەکان دەکەون، کەرەکانیش تەرس لە شار بڵاو دەکەنەوە، تەنانەت ڕێگای ئۆتۆمبیلەکان دەگیرێ، و زۆرینەی جار لەناو جادەکان شەڕەکەر ڕوودەدات، شەڕە جووتەیەکە لە ناو شەقام و کۆڵانەکان، هەر دەڵێی جەنگی جیهانیە!!!.
بەڕێزان ……سەرۆکی شارەوانی بۆ بەرژەوەندی خۆی ئەم بڕیارەی داوە، تکا دەکەم چارەسەرێکی ئەم دۆخە بکەن، با کەرەکان بۆ مەبەستی ڕاستەقینەی خۆیان بەکاربێن، و نمایشیان پێ نەکرێت وەکو بوکەڵە.
براتان/بەڕێوەبەری پۆلیس
کاتێک بەرپرسانی حکومەت و دەدوەرانی باڵا لە پایتەخت ئەو نامەیەی بەڕێوەبەری پۆلیسیان بینی زۆر پێکەنین، و خستیانە تەنەکەی خۆڵەوە !!!.
لە مانگی ڕابردوو کۆنگرەی ژینگە پارێزی لە شارەکەمان بەڕێووە چوو، بەڕێوەبەری ژینگەپارێزی شارەکەمان کە ئەویش دژی سەرۆکی شارەوانیە، ووتارێکی تەلەفزیۆنی دوور و درێژی بۆ دانیشتوانی شارەکە دا، هێرشێکی زۆری کردە سەر سەرۆکی شارەوانی و بە دواکەووتوو و تێکدەری ژینگە ناوی برد، لە ووتارەکەیدا زۆر بەتوندی پەنجەی شایەتمانی دەستی ڕاستی ڕادەوەشاند، تەنانەت گووتی:-

  • سەرۆکی شارەوانی زۆر زیانبەخشە، وەکو میکڕۆب و ڤایرۆس وایە بۆ شارەکەمان، تەنانەت تاکو ئێستا کەس بەقەد ئەو زیانی بۆ ژینگە نەبووە، ئەو پیاوێکی بازرگانە، بازرگانی بە کەر و مرۆڤەکانەوە دەکات، بۆیە پێوستە سزا بدرێت !!!.
    هەر ڕۆژی دواتر سەرۆکی شارەوانی ئەو هۆڵەی داخست کە ئەوان کۆنگرەیان تێدا ئەنجام دابوو، و ناچار گەڕانەوە بۆ پایتەخت و لەوێ کۆنگرەکەیان درێژە پێدا !!.
    لە هەمووی سەیرتر ئەوەبوو کاتێک سەرۆکی شارەوانی بڕیاری گۆڕینی پارکی شارەکەی دا بۆ گۆڕەپانی گوێدرێژەکان، بە قازانجی دانیشتوانی شارەکەمان تەواو بوو، خەڵکی لەسەرتاسەری ووڵات بۆ گەشتوگوزار ڕوویان لە شارەکەی ئێمە کرد، تەنانەت هوتێل و شوێنی حەوانەوە دەست نەدەکەوت، خەڵک دەهاتن تەماشای شەڕەکەرەکەی پارکەکەیان دەکرد، و تا ئێوارە بۆ خۆیان پێدەکەنین و دەکەوتنە سەر پشت، و ڕایاندەبوارد لەبەرامبەر دیمەنی کەرەکان، تاکو وای لێهات زۆبەیان شەو لەسەر شەقامەکان دەخەوتن بە هۆی نەمانی هوتێل، لە ناو مقەبا و کارتۆن ڕادەکشان، پارەیەکی زۆر ڕژایە شارەکەمان، داهاتی تاکەکەس (10) بۆ (١٥) ئەوەندەی پێشووتر زیادی کرد، و خەڵکی وازیان لە کاری قاچاخچێتی هێنا، و نرخی هەر کەرێک چەندین قات زیادی کرد، و ناڵبەند و کورتاندروو هەموو شاریان داپۆشی، و چەندین پارکی تر بۆ کەرە بەڕەڵاکانی تر کرانەوە، کە لە دەوروبەری شار بوون، وای لێهات گەشتیار لە ووڵاتانی ترەوە دەهاتن بۆ شارەکەی ئێمە، سەرۆکی حکومەت و وەزیر و گزیر کەوتنە زەوی کڕین لە شارەکەمان، و نرخی زەوی فڕی، ئەو زەویانەی بێکەڵک بوون، نرخیان سەد بەرابەر چووە سەر، چەندین هوتێل و شاری یاری و پارکی گوێدرێژ و سوپەر مارکێتی گەورە کرانەوە، لەسەر هەموو تابلۆکانیان وێنەی کەریان لەسەر بوو، بەجۆرێک کەرەکان هەموو بارلێنان و ماندوکردنێکیان حەرامکرا، هێندە بەنرخ بوون تەنانەت کەرەکانی شارەکەی ئێمە بوونە فریاد ڕەسی ووڵاتەکەمان، و ئابوری ووڵاتەکەمان زۆر بەهێز بوو، دینارێکی زێڕمان سەدان دۆلاری دەکرد، تا گەیشتینە ئاستێک ساڵانە چەندین ملیۆن گەشتیار لە دەرەوەی ووڵات سەردانی شارەکەی ئێمەی دەکرد، و تێر تێر پێمان پێدەکەنین، و کەیف و سەفایان دەکرد، و دڵخۆش دەبوون بە جووتە و زەڕە زەڕى کەرەکانمان، دواتریش دەگەڕانەوە ووڵاتی خۆیان و ئێمەش لە بەرامبەر شادمانیەکەیان پارەمان لێوەردەگرتن، کەرى زیاترمان پێدەکڕین !!.
    سەرۆکی شارەوانی ئێمە ناوبانگێکی زۆری دەرکرد، وەکو ڕزگارکەری نیشتیمانی و پاڵەوانی شادەماری ئابوری ووڵات لێی دەڕوانرا، هێنایانە ئاستی کەرە هەرە بەنرخەکان، چەندین دیاری پێبەخشرا لەسەر ئاستی بەرز، یەکێک لەو دیاریانە کەرێکى زێڕ بوو، تەنانەت پەرلەمان بە هۆی ئەو کارە باشانەی ئەنجامی دا بوو، بە دەنگدان بڕیاریان دا بیکەن بە پارێزگاری پایتەخت، لەسەر پێشنیاری سەرۆکی حکومەت، گوایە ئەزموونەکانی ئێرە بۆ پایتەخت بگوازێتەوە، سەرۆکی شارەوانی و پارێزگاری ئێستای پایتەخت، پایتەختیشی بەدەردی شارەکەی ئێمە برد !!، هەمووی کردە پارکی پڕ لە کەر و گوێدرێژ، تاکو وای لێهات ساڵانە بە دەیان ملیار دیناری زێڕمان وەکو داهاتی ووڵات دەستدەکەوت بە هۆی پارکی گوێدرێژەکان، یەدەگى دراومان گەیشتە سەدان هەزار دۆلار، و هەزاران تەن زێڕ، سەرۆکی حکومەت بڕیاری دا گوێدرێژ لە دەرەوە هاوردە بکات، بەهۆی کەمبوونەوەیان لە ووڵات، و بڕیاریاندا پارکی زیاتر بکەنەوە، بە پێی دواین سەرژمێری کەرەکانی ووڵاتی ئێمە سەدا هەشتای ژمارەی دانیشتوان ووڵاتەکەمان پێکدێنن !!، دوای ئەوەی سەرۆکی شارەوانی کە کرا بە پارێزگاری پایتەخت، زۆری نەبرد کرا بە وەزیری دارایش، لە هەمان کاتدا وەزارەتی پلاندانانیشی بە وەکالەت بەڕێوە دەبرد، جار جاریش پلانى بۆ وەزارەتى خوێندنى باڵا دادەنا.
    ئیتر کەر لە ووڵاتی ئێمە نەک هەر گرنگی زیاتری پێدرا، بەڵکو بەشێکی زۆری خەڵکی ووڵاتەکەشمان خانووی نوێیان بۆ کەرەکان دابین کرد، ئێستا دووای بوژانەوەی ئابووری ووڵاتەکەمان بەهۆی گوێدرێژەکان، ژیانی گوێدرێژەکان لە هی ئێمە خۆشترە، ئاخوڕ و تەویلەی ئۆتۆماتیکی، ئالیک و جۆی کوالیتی بەرز، ساردی و گەرمی مەرکەزی، و مووچەی مفت، و هێنانی مەعشوق بۆ تەویلەکەیان، و چارەسەری پزیشکی بەخۆڕایی، و گەشتی ئەوروپا لەسەر حسابی میللەت، و چەندین دەسکەوتی تر، کە ئێمەی مرۆڤ بەسەدان ساڵی تریش هەوڵی بۆ بدەین، ناتوانین ئەمانە بەدەست بێنین !!.
    سەرۆکی حکومەتیش بڕیارێکی گرنگ و مێژوویى لە کۆشکی سەرۆکایەتی حکومەت دەرکرد، بڕیارەکە بەم شێوەیە بوو:-
    لە بەرواری ٢٠/٣/١٨٢٤ بڕیار درا :-
    ١- هەر گوێدرێژێک دەبێت مانگانە بڕی ١٠٠ دیناری زێڕی بۆ خەرج بکرێت، وەزارەتی دارایی پێویستە ڕێوشوێنی پێویست بگرێتە بەر بۆ ئەم بڕیارە لە بەروارى دەرچوونى ئەم بڕیارەوە، و ئەم بڕە پارەیەش بە پێی زیادبوونی داهاتی ووڵات زیاتر دەبێت بۆ ئاگاداریتان، واتە هەر کەرێک بڕە پارەکەى زیاتر دەبێت ئەگەر بوودجەى ووڵات پارەى زیاترى هاتە سەر.
    ٢- هەر گوێدرێژێک دەبێت خاوەنی پاسپۆرتی خۆی بێت، و هەر ووڵاتێکی بیەوێت بۆ لەوەڕ دەتوانێت سەردانی بکات، و مەسروفی گەشتەکەشی لە هەردوو سەر حکومەت لە ئەستۆی دەگرێت.
    ٣- لەم بەروارەوە نابێت گوێدرێژ هیچ کارێکی تری پێ ئەنجام بدرێت، جگە لە شەڕەکەر و گەوزین و زەڕەزەڕ لە ناو پارکەکانی تایبەت بە کەرەکان، لە هەمان کاتدا دەبێت لە ڕێوڕەسمێکی جەماوەریدا کورتانی هەموو کەرەکانی ووڵات بسوتێنرێت، تاکو چیتر کاری قورسیان پێ ئەنجام نەدرێت.
    ٤- بە پێی ئەو دەسەڵاتەی پێمان دراوە، لەم بەروارەی سەرەوە ناوی ووڵاتەکەمان گۆڕی بۆ (مەملەکەت و هەرێمى کەرستان) و لە هەموو دامودەزگاکان هەمان ناو بەکاردێت.
    ٥- لە هەموو دامودەزگاکانی حکومەت پێویستە ئەم بڕیارانەی سەرەوە کاری پێبکرێت، و کارئاسانی بۆ ئەو گوێدرێژانە بکەن کە سەردانتان دەکەن، بە پێچەوانەوە خۆتان بەرپرسیار دەبن !!!.
    ئیتر بۆ پێشەوە بەرەو ئابوریەکی بەهێز و سەربەخۆ…..
    ‌ ‌
    ‌ دڵسۆزتان/ سەرۆکی حکومەت



مانگ … سەلام عومەر

گەلاوێژ بزووت، ئەستێرەکانیش دەرکەوتن
مانگ دیار نییە،
شەو نیوەبوو
مانگ نیوەبوو
ساڵ نیوە بوو
مانگ هەر نییە
٭٭٭٭٭
مانگ بزرو یەخسیر بووە
ئاخر لەنێو
زولفی یاری من گیر بووە
٭٭٭٭٭
مانگی چواردە لێتان ونە
چونکە تەنیا
لەنێو خوێن و
دڵێکی شکاوی کون کونە
بۆ هەمیشە
لەنێو چاو و
نیگای سرک و نەرمی منە.




شیعر/ ژیان دۆزەخێکی جوانە … کاوە عوسمان عومەر

ژیان دۆزەخێکی جوانە،
دەستپێکێ بە شکۆفە…
چۆڕێ ئاوی خۆشبەختی، کانی ..
عیشقێکی کەم تەمەن،،
پاشان سەما، پاشان گریان،،
پاشان وەرین،،
پاشان نەمان.

گوڵەکان ئەتوێنەوە بۆ خەم،،
وەک مۆم، جەستە ش،،
تا درەنگانێ لەقەراغ…
ڕوباری بێهودەیی، بڵێسەی دا،،،
شارێک لە غوربەت، پەڕێک ..
لەسەر باڵی نەورەسی با،،
هەموو چیاکانی وشە،،
ڵێرەدا ئەکەونە بەردەم…
هێرشی تەم، ،
گەر کاسێک …
لە حەزیش شکا،،
گەر هێشوە ترێ سپیەکانی…
مەرگیش سەرنجی ڕاکێشاین، ،
گەر لە شەوێکی بێ ئۆقرەیی سەفەریشا،،
پەلکێشی خەوێکی قووڵی…
سەر چەمی تەنیایی بووین،،
باشترە ، لە دورخەی دڵ خۆیدا دەوار هەڵدەین،،
جیهان خۆی زەریایەکی بێ سەرەتا،،
بێ کۆتا، دەچێتەوە سەر گێژەنەی..
ڕەشی کاتی بەسەرچوو، ،
هەسارەیە کی چڕو ئاڵۆزو پڕ نهێنیشە…
مرۆڤ خۆی،،
فەلەکێکی پڕ ئەستێرەی…
وون و جەستە گڕینیشە،،
ڕۆحی سرک بە کۆت و زنجیری…
زیندانی بوونەکانی تر،،
بەڵام زۆر جار کۆترە پەمەیەکانی دڵ،،
هەر خۆیان ئەبنە دیلی…
نێو قەفەزی چاوی عاشقە گومڕاکان،،
هەرچەندە گوڵە جۆکانی ..
خۆشبەختی ،،
لە تەمتومانی تەمەنا وونن،،
هەرگیز شنەبایەکی..
چەند چرکەیی لە پەرادیسەوە،،
مەرەزەی قەترانی خەمی …
تا هەتا هەتای مرۆڤەکان سەوز ناکا،،
چاوەڕوانیەکی درەنگانەشە ژیان خۆی،،
بۆ سمکۆڵانی ئەو ئەسپسوارەی …
ڕێژنە بارانی ئەندێشە بێنێ،،
لەبەر نەبوونی هییچ هانایەک،،
هیچ فریادڕەسێک،،
لەم دۆزەخە قەشەنگە،،
بە ناچاری ئەچمەوە،،
نێو ڕێژنە ئەڤینێکی ئەو،،
هەورێک ئەکەمە نیشتمان…
بەڵام لەهەر شارێک،،
لە هەر ژورێکی بیرکراو،،
ئافرەتێکی عاشق و تەنیا…
خەریکی دورینەوەی بەرگێکە لە ئەندێشە،،
بە باڵای پەیکەری شیعر،،
لە هەر ساتە وەختێک،،
لە کەمووڵە لمی کاتی ڕژاو،،
جیهان خۆی ئەگۆڕێ و نامێنێ و..
دروست ئەبێتەوە،،
بە بوون و نەبوونی ئێمەی کۆچەری ..
تا هەتا هەتا،،
پێم ووت، سەرابیش بیت،،
قەدی ناکە، هەر لەسەر کەنار بمێنە،،
پەیکەری بوونمان ،،
با شەپۆل بیهێنێ و بیبات،،
سەدان ساڵە…
ڕۆحم پەرت ئەبێ..
بەڵام بە ئاورینگی ..
سەر گەڵا سەوزەکانی دارستانی چاوت،،
دروست ئەبمەوە،،
سەر لە نوێ،،
دەست ئەکەمەوە بە گەڕان…
بە قووڵایی تونێلی ئاڵتوونی ئاسمانا،،
بەڵام مرۆڤ خۆی،،
تابلۆیەکە لە بیرەوەری،،
پاشان چی پێویستی کرد،،
بۆ لە چنگ گرتنی چەپکێ….
ڕیحانەی خۆشبەختی،،
ڕێگای باخچە قەدەغەکراوەکانی جەستە بڕین؟،،
بەرامبەر پەرستگای ئاو،،
خەونەکانمان کردوە بە نەورەس،،
تا لە قەڵای نێو سۆمای کۆچەرەکانا،،
دیار نەمێنن،،
تاوەکو چەتەکانی ئەودیو سنوور،،
داڵاشەکانی سەر قەڵای ڕەشی سوڵتانەکان،،
جەستەی ئاوریشمیان هەنجڕ هەنجڕ نەکەن،،
چەندە قەشەنگە،،
ژەهری لێوی گوڵە قەترانیەکان…
لە ژێرمانگێکی خومار،،
گۆزەی پێکەنینی پەریەکانیش،،
با لەم وێرانە زەمینە دا بڕژێ،،
باهۆزی بیرچوونەوە،،
هەموو شتێک لەگەڵ خۆی ئەبات،،
ئەو ڕێبوارانەش،،
کە عەوداڵ بوون ..
بەدوای مرواری عیشقی وونبودا،،
سەیرە، هێشتا لە دەروازەی…
تەم و خوێن و ئەندێشە،،
فرمێسکەکان بە پەرژینی..
تەنیاییەوە ماون،،
وەک دڵۆپە چاوی ئەو ،،
ئەبریسکێنەوە،،
بێ فریادڕەسیش بوون ئەو کچانەی..
لە وڵاتی تاوسە مۆرەکانی ئەفسانە،،
قژیان کردە پردی پەڕینەوەی،،،
شۆڕشگێرەکانی ڕێگای…
فیردەوسە ساختەکان،،،
ئەوان هەر زۆر زوو ،،
پەرستگای ئاگری پیرۆزیان،،
جێهێڵا ، ئێستا قەڵای خۆر..
چۆڵ و تاریکە،،
شارێک لە خەونیش،،،
کەوتە گۆمی شینی بیرچوونەوە،،
هییچ فریادڕەسێکیش ،،
لە گەردوونێکی ترسناکا،،
بە پەیامەوە هەر نەگەیشت،،
هەموو ساڵێکیش،،
کچە نامۆکانی ووڵاتێک،،
لە ووشەو خەیاڵ،،
نامە خوێناویەکانی ڕۆحیان،،
بە بوتڵە شوشە پەمەیەکان،،
ئەنێرن ، شەپۆلەکانیش..
وەک نامەکان،،
پڕن لە پرسیار و گومان،،
لەوەی گومڕاکانی فیردەوسە درۆکان مابن،،
ئەوانی بیرچوو،،
گەر پەلەش نەکەن،،
لە کۆکردنەوەی پەلو باڵە قرتاوەکا نیان،،
هاکا لە ژێر هەتاوی..
دابڕانا توانەوە،،
هەرچەندیشە مانەوە و…
ڕۆشتنیش، هەردووکیان ژەهر، ،
گەرچی بەردی مەزنی فەلسەفەی بوون،،
لەسەری نوسراوە، ،
کە هەر ساتێک بۆ خۆی گەردوونێکە،،
فوارەی ئەبەدیەتیش….
لە دڵ خۆیدا هەڵقوڵاوە،،
ژیان وەک خۆی ،،،
بە تەنها، وەک دۆزەخێکی …
بە تام و بە ئازارە،،
پڕ ئەشکەنجە و سەما،،
پڕ تینویەتی و خوماربوون ،،
هەر وەک خۆی،،
ژیان ، دیمەنێکی ڵێڵ و جوانە،،
لە چاوی پەڕەسێلکەیەکی..
بڵند فڕی نێو تەمتومانە،،
پیاسەیەکی ناچاریە..
بە نێو ڕەزی ئەو سێوانەی….
نیوەی ژەهرو
نیوەی هەنگوینە.

وێنەکە کارێکی هونەری فۆتۆگرافەری یۆنانی /
Ioannis Ioannidis
بە سوپاسەوە لە پەیجی فەرمی خۆی وەرگیراوە.




چیرۆکی دیوار، سەربووردەی پەلەقاژەی مرۆڤە لە نێوان ژیان و مردندا … ئاسۆس ساڵح

دیوار، یەکێکە لە بەرهەمە مەزنەکانی سارتەر، کە باس لە چیرۆکی چەند گیراوێک دەکات لە سەردەمی فرانکۆدا. سارتەر، ئەو فەیلەسوفە بوو دەیویست لە ڕێگەی ئەدەبەوە، بەشێوەیەکی ئاسان و چێژبەخش فەلسەفەکەی بۆ خوێنەرانی ڕوون بکاتەوە. دیوار، یەکێکە لەم کارانەی سارتەر کە فەلسەفەی بوونخوازیی ڕەنگی تێداداوەتەوە و لەوێوە بەشێوەیەکی ئەدەبیی لەسەر زاری کارێکتەرەکانی باس لە بوون و ماهیەتی بوون دەکات. هاوکات، خوێنەر بە ئاسانی بۆلای فەلسەفەی بوونخوازیی ڕادەکێشێت؛ ئەیخاتە ناو پەلەقاژەی مەرگ و ژیان، تا ئاستێک ڕایدەکێشت وا هەست دەکات لە لای کارەکتەرەکانی ناو چیرۆکەکەدایە.

لە ئەدەبی بوونخوازییدا جەخت لەوەکراوەتەوە کە نووسەر لەم سەردەمەی تێیدا دەژیت خاوەنی بەرپرسیاریەتییە، دەبێ هەڵوێستی هەبێت بەرامبەر کۆمەلگەکەی و مرۆڤایەتی بەگشتیی، هەر وشەیەکیش کاریگەری و دەنگدانەوەی خۆی هەیە. دەبێ نووسەریش ئازادانە بنووسێت و نەچێتە پاڵ دیکتاتۆر و پارتە پارێزگار و کۆنەپەرستەکان، بەڵکوو دەبێت لایەنگری زوڵم لێکراو و زەحمەتکێشان بێت. چونکە، لە ئەدەبی بوونخوازییدا داوا لە نووسەرەکان دەکرێت بە بەرهەم و نووسیەنەکانیان کاریگەری بخەنە سەر جیهان و بیگۆڕن و هەمیشە هەڵوێست وەربگرن و لە ڕێگەی ئەدەبەوە پارێزگاری لە کۆمەڵگە بکەن. نووسەری بوونخواز لە بارەی واقیعەوە دەدوێت، دەبێت ئەو واقیعەش لە بەرژەوەندی گشت مرۆڤایەتی دابێت. سارتەر فەلسەفەی ئازادیی و پابەند بوون و تێکۆشان لە پێناو گشت مرۆڤایەتی هێنایە ناو ئەدەب، ئەمەش بەهۆی بارودۆخی ئەوسای فەڕەنسا کە لەلاین نازییەکانی ئەڵمانیا داگیرکرا بوو، هەوەها دژی ئەو ڕەوتە فاشییەی لە چەند وڵاتێکی تر سەر هەڵدابوو. نوڤڵێتی دیوار کە لە ساڵی ١٩٣٩ دا بڵاوکرایەوە جگە لە لایەنە ئەدەبیی و فەلسەفییەکەی هەنووکەیی ڕووداوەکان ناو چیرۆکەکە بۆ ئەوکات گرینگییەکی زیاتری پێبەخشی و بووە جێگەی باس و تێرامان.

دیوار، باس لە بەسەرهاتی سێ بەندکراو دەکات، کە لە سەردەمی حوکمی فاشیستیی فرانکۆدا دەست بەسەرکراون و لە دوا ساتەکانی پێش لە سێدارە دانیان دەژین. دوای کۆتایی هاتنی جەنگی ناوخۆی ئسپانیا (١٩٣٦ – ١٩٣٩) کە لەنێوان پارتە کۆماریی و بەری چەپ دژی فرانکۆ و فاشیستەکانی ئیسپانیا بوو. لە ئەنجامدا فرانکۆ سەرکەوتووبوو، حوکمەتێکی فاشیستیی دامەزراند. ڕەشبگیریی دەستی پێکرد و هەرکەسێک گومانی ئازادیخوازیی و چەپبوونی لێکرابایە دەستبەسەر دەکرا و لە سێدارە دەدرا. سارتەر، دێت ئەم تراژیدایەی کە ئایدۆلۆژیای فاشیزم بەسەر مرۆڤی دایدەهێنێت، دەیکات بە چیرۆکێکی ئەدەبیی و تێکەڵکێشی دەکات لەگەڵ هزری بوونخوازیی. سارتەر، دەیەوێت پەرێشانی مرۆڤ نیشان بدات لەکاتی ڕووبەڕوو بوونەوەی مەرگ پێش وادەی لە دەستدانی ژیان. سێ کارێکتەری چیرۆکەکە بەیەکەوە دەخرێنە ژورێک ناویان: تۆم ستاینبۆک، خوان میرباڵ و پابلۆ ئیبیێتایە، بەهۆی تێوەگلان و بەژداریکردنی شەڕ دژی فرانکۆ و فاشیستەکان دەست بەسەر دەکرێن. پابلۆ ئیبیێتا، کە کارێکتەری سەرەکییە. بەهۆی بەژداریکردن و وەستانەوە دژی فرانکۆ دەست بەسەربوو. لە هەمان کاتدا هاوڕێی ڕامۆن گریس بووە. حوکمەت بەدوای ڕامۆن گریسەوە بوو کە سەرکردە و رابەری ئازادیخوازانی دژ بەفرانکۆ بوو. تۆم ستاینبۆک، سەر بەدەستەی نێودەوڵەتی بوو. بەهۆی ئەو کاغەزەی لە گیرفانیدا گیرابوو، دەیزانی لە کۆتایی نزیکە و بە دووانەکەی تری دەگووت: ”ئێمە لێبوونیەتەوە”. خوان میرباڵ، مێردمنداڵێکە بەهۆی ئەوەی براکەی چەکداربووە دژی فرانکۆ دەستبەسەرکراوە. دوای پرسیارکردن و وەرگرتنی وتەکانی ڕاپێچی دەکەن بۆ زیندان ئەوێش لەتاو مەترسی مەرگ دەڵێت: ”هیچم نەکردووە.. نامەوێ لەجیاتیی کەسێکی تر سزا بدرێم.” (سارتەر، ٢٠١٧؛ ل٨). دکتۆرێکی بەلجیکی، دەبێتە کارێکتەری چوارەمی ناو چوار دیوارەکە، لە لاین دەسهەڵاتەوە وەک دڵنەواییکەرەوەیەک بۆ سێ زیندانییەکەی تر نێردرا بوو. لەگەڵ ئەمانە چەند کارێکتەرێکی تری لاوەکی لەناو چیرۆکی دیواردا هەن. بەگشتی ڕووداوەکان لەماوەی دوو ڕۆژدا ڕوودەدەن. سارتەر لەسەر زاری کارێکتەرەکاندا چەندان پرس دەوروژێنێت وەک: ئازادیی و ژێردەستەیی، ژیان و مردن، ئازایەتیی و ترس، بەزەیی و ڕق، بەرپرسیاریەتیی و بێباکیی لەگەڵ مەبدەئ و بێمەبدەئی لە لاین مرۆڤەوە. ئەم پرسانە هەمووی دەخاتە بەردەم خوێنەر تاوەکوو لەسەریان هەڵوەستە بکات. ڕووداوەکانی ناو چیرۆکەکە چاوەڕوان نەکراوون و خوێنەر دەتاسێنن! بەتایبەت کۆتا ڕووداو، کە بەشێوەکی قەدەرئاسا شوێنی ڕامۆن گریس لەلایان پابلۆ ئیبیێتا ئاشکرا دەبێت. لە کاتێکدا پابلۆ ئامادە نەبوو شوێنەکەی ئاشکرا بکات.

مردن وەک لایەنێکی سەرەکی ژیان هەمیشە ئامادەیی هەیە، بەڵام ئامادەیییەکی فەرامۆشکرا و لەیادکراوە. لە چیرۆکی دیواردا، سارتەر کارەکتەرەکان دەخاتە دۆخێکی نزیک و ڕووبەڕوو بە مەرگ تاوەکوو ماهیەتی ژیان لەلای کارێکتەرەکانەوە بێنێتە زمان. هاوکات، پەلەقاژەی مرۆڤ دەربخات لەکاتی نزیکبوونەوەی مەرگیدا. کاتێک مرۆڤ لەلای ڕوون دەبێت سبەی لەگەڵ گزنگی بەیانی لە سێدارە دەدرێت، ئیدی دەکەوێتە دۆخێکی مردوویی، ئەوەندەی بیر لە مردن دەکاتەوە بیر لە ژیان ناکاتەوە. لێرەدا نووسەر وا لە خوێنەر دەکات بیر لەوە بکاتەوە ئەوە مردنە ژیان مانادار دەکات و وادەکات مرۆڤ بۆ ژیان بکەوێتە هەوڵ و تەقەڵا دان تا بمێنیتەوە؟! یانیش، ئەوە مردنە ژیان بێمانا و پووچ دەکات؟! ئەم ململانەیە لە نێوان ژیان و مردن لەسەر کارێکتەرەکان تا کۆتایی بەردەوام دەبێت.

لە گفتووگۆیەکی نێوان تۆم ستاینبۆک و پابلۆ ئیبیێتادا، تۆم بەم شێوەیە دەیەوێت هەستی پەرێشانیی خۆی بۆ پابلۆ دەرببڕێت و دەڵێت: ”لە کابوس دەچێت، دەتەوێت بیر لە شتێک بکەیتەوە، هەمیشە وا هەست دەکەیت لەگەڵی ڕادێت و کێشە نابیت، کەچی ئەو خەیاڵە لە ناکاو نامێنێت. خۆیت لێ دەرباز دەکات و نامێنێت. بەخۆم دەڵێم دواتر هیچ شتێک نامێنێت. بەڵام تێناگەم مانای چییە. هەندێک جار بەئەستەم دەتوانم… بەڵام دیار نامێنێت و دەست دەکەمەوە بە بیرکردنەوە لە ئازارەکە، گوللەکان، تەقینەوە. من کەسێکی ماددەخوازم، سوێندت بۆ دەخۆم؛ من شێت نەبووم بەڵام شتێک لە ئارادایە.” (سارتەر، ٢٠١٧؛ ل٢٨) ئەم پەرێشانییەی تۆم لە ئاکامی ئەو ترسەیە کە بەیانی یەخەی پێدەگرێت. مرۆڤ لە دۆخێکی ئاوادا ناتوانێت کۆنتڕۆڵی خەیال و بیرکردنەوەکانی بکات، ناتوانێت بەسەر بیرکردنەوەکانیدا زاڵ بێت، هەر وەک تۆم، کە ترسی لە ئازار و چۆنیەتیی کۆتایی پێهاتنی بەشێوەیەکی ئازار بەخش خستوویەتییە دۆخێک کە خەیاڵەکانی پێ سەرڕست ناکرێت و وڕێنە دەکات. ویستی مانەوە لە ژیان و ترس لە مەرگ کە پاش مەرگیش خۆی پرسیارێکی ناڕوونە بۆ مرۆڤ، هاوکات ئەم ناڕوونییە تۆوێکی زیاتری ترس لە ناو هزری مرۆڤدا دەچێنێت. تۆم، لە قسەکانی بەردەوام دە بێت و دەڵێت: ”لاشەکەم دەبینم؛ ئەوە شتێکی گران نییە، بەڵام ئەوەی کە دەبینێت، منم، بەچاوی خۆم. دەبێت بیربکەمەوە… بیربکەمەوە کە چیتر هیچ نابینم و ژیان بۆ کەسانی تر بەردەوام دەبێت. پابلۆ ئێمە ئێمە بۆ ئەوە دروست نەکراوین بیر لەوە بکەینەوە.” (سارتەر، ٢٠١٧؛ ل٢٩) ترس لە مەرگ وا لە تۆم بکات، بیربکاتەوە لەوەی چیتر ئەو بەشێک نییە لە ژیان، بەڵکوو بەنابەدڵیی بەرەو ئامێزی مەرگ دەڕوات. خەفەت لەوە دەخوات ئەو دەزانێ بەیانی دەمرێت، کەچی خەڵکانی تر بیر لەوە ناکەنەوە کە کەی دەمرن و وادەی مردنیان نازانن. بە شێوەک لە ژیان بەردەوامن. تۆم ئەیەوێت بە پابلۆ و ئێمەش بڵێت نابێت بزانن کەی دەمرین ئەگەر بزانین ئەوە، بە زیندووی مردووین و ناتوانین خەیاڵ بکەین لە پێناو ژیان، بەڵکوو خەیاڵ بۆ ساتی دەکەین. سارتەر، لەگەڵ ئەم باسەدا، ڕامان دەکێشێت بۆ پرسێکی تر کە ئەویش هەست و سۆزە.

بەگشتی لەم نۆڤلێتەدا پابلۆ کەسێکی بێهەست و سۆزە لەبەردەم هەردوو کارێکتەرەکەی تردا. نووسەر ئاوا لەسەر زاری پابلۆدا دەدوێت: ”لە بنەڕەتدا سۆزێکی زۆرم نەبوو بۆ تۆم و نەمدەزانی لەبەرچی بوو، لە کاتێکدا بەیەکەوە دەمردین، دەبوو هاوسۆزی بوومایە. ئەگەر کەسانێکی تر بوونایە جیاوز دەبوو، بۆ نموونە ڕامۆن گریس. بەڵام لە نێوان تۆم و خواندا هەستم بە تەنهایی دەکرد.” (سارتەر، ٢٠١٧؛ ل٢٩) هەرچەندە هەرسێکیان لەسەر زوڵم لێکراو بوون بەڵام، ئەوە وای نەکرد پابلۆ هەست و سۆزی بۆ دوو بەند کروەکەی تر بچێت. ئەشێ ئەمە هۆکاری ئەو دۆخە سایکۆلژییە بێت کە ئەوکات پابلۆی تێدا بوو، واتا لە پەلەقاژەی نێوان مەرگ و ژیاندا هاوسۆزبوون سوودێکی ئەوتۆی بۆیان نییە. هەرچەندە ئەگەر ڕامۆن گریس بووایە ڕەنگە هاوسۆزبووایە چونکە خۆشی دەویست و لە ڕووی ئایدۆلۆژییەوە لە یەکتر نیزک بوونە. بەڵام ئەو پرسیارە دێتە پێش ئایا ژیان وایکردووە پابلۆ ئاوا حەزباکت دڵڕەق و بوێرانە بە پیر مەرگەوە بچێت یان خوودی مردن وای لێکردووە؟!، لە کاتێکدا پابلۆ خەریکی ئەم بیرکردنەوانەیە، تۆم دەڵێت: ”پابلۆ، بیردەکەمەوە… بیردەکەمەوە کە ئایا ڕاستە هەموو شتێک کۆتایی دێت” (سارتەر، ٢٠١٧؛ ل٣١) تۆم، لە کاتێکدا لەم ترسە ناتوانێ نەجاتی ببێت، هاوکات دیەوێت بشی سەلمێنێت کە ناترسێت. لەکاتكێکدا میزی بەخۆداکردووە. بە توڕەیی دەڵێت: ”نازانم چییە، بەڵام من ناترسم. سوێند دەخۆم ناترسم.” (سارتەر، ٢٠١٧؛ ل٣٢)

هەرسێ زیندانییەکە چیتر وەک مرۆڤێکی زیندوو نەدەژیان، بەڵکوو وەک مردووێک بیریان دەکردەوە و لە چاوەڕوانی کۆتا ساتەکانی ئەم ژیانە مردووەیان وەستا بوون. ”هەرسێکمان تەماشای ئەومان دەکرد، چونکە ئەو دەژیا و لە ژیاندا بوو. جووڵە و ڕەفتاری هی مرۆڤێک بوو لە ژیاندا بوو، کەسێک کە خەمی دەخوارد وەک مرۆڤێکی زیندوو؛ لە ژوورەکەدا لە سەرمادا دەلەرزی وەک چۆن زیندووێک دەبوایە بلەرزیایە؛ لەشێکی گورجوگۆڵ تێری هەبوو.” (سارتەر، ٢٠١٧؛ ل٣٢) نووسەر ئەیەوێت جیاوازی ئەم دوو جۆرە بارودۆخە بکات کە مرۆڤ تێیدایە. دۆخێکی وا کە بەشێکی هەست ناکەن چیتر وەک مرۆڤێکی ئاسایی و زیندوو دەژین، ئەویتریان وەک مرۆڤێکی ئاسایی دیارە و هەڵسوکەوت دەکات. جگە لەلایەنی دەروونیی لایەنی جەستەییان جیاواز بوو، بەجۆرێک زیندانییەکان هەسیتان بە لاشەی خۆیان نەدەکرد ئەوەندە سەرمایان بوو. سەرەڕای ئەم هەموو سەختییانە، هەر ویستی مانەوەیان هەبوو لە ژیاندا، هەرچەندە پابلۆ جار جار مەرگی بە شتێکی بێمانا دەزانی و لای ئەو شتێکی پووچ بوو، بەڵام هەر کە بیری لە شتەکانی تر بکردایەتووە ئەوە ساتی لە سێدارەدان و تفەنگەکانی دەهاتنە خەیاڵ و چەندان جار لە خەیاڵی خۆیدا کوژراوە، تا جارێک حەزی بەوە کردووە کە خۆزگە گوللەبارانەکە ڕستیی بووایە و کۆتایی هاتبا. لە هەمان کاتتدا دەیگووت: ”چلوهەشت کاژێر بوو نەخەوتبووم. تەواو ئارامیم لێ بڕابوو. بەڵام نەمدەویست دوو دوو کاژێری ژیانم لە کیس بچێت.” (سارتەر، ٢٠١٧؛ ل٣٤)

دوای ئەوەی ڕۆژ هەڵدێت، ئیدی خۆری تەمەنی تۆم و خوان بەرەو ئاوا دەڕوات، موقەدەمێك و چەند سەربازێک بۆ جێبەجێکردنی فەرمانەکە دێنە ژوورەوە، هەردووکان دەبەن و کۆتایی بەچاوەڕوانیکردن بۆ مەرگیان دەهێنن و لەم پەلەقاژەیەی نێوان ژیان و مردندا دەبڕێننەوە. بەڵام پابلۆ یەک کاتژمێر دەهێڵنەوە، وایی دەیبەن بۆ لێکۆڵینەوە و چارەکێک کاتی پێدەدەن بۆ ئەوەی شوێنی ڕامۆن گریسیان بۆ ئاشکرا بکات. پابلۆ دەزانێت چاوەڕوانیی مرۆڤ هیلاک دەکات، وا لەگەڵ خەیاڵی خۆیدا دەدوا: ”دیار بوو شەوی پێشوو گەمەکەیان ئامادەکردبوو. بەخۆیان وتبوو کە دێژی کات ورەی مرۆڤ دەڕووخێنێت و ئاواتەخواز بوون بەوشێوەیە بگەن بەمن” (سارتەر، ٢٠١٧؛ ل٤٨) دەوڵەت دەیوست لە ڕێگەی چاوەڕوانییکردنەوە پابلۆ دەستەمۆ بکات و شوێنی هاوڕکەیان پێبڵیت، بەڵام پابلۆ کەسێکی مەبدەئیی بوو پێی نەشیاو بوو کارێکی ئاوا بکات، مردنی پێباشتر بوو لە کارێکی ئاوا. سارتەر لە ڕێگەی ئەم دەقەی خوارەوە باس لە ماهیەتی بوونی مرۆڤ یەکسانی مرۆڤ لە بووندا دەکاتەوە و لە ڕێگەی خەیاڵی پابلۆوە دەئاخڤێت: ”نرخی ژیانی ئەو لە ژیانی من زیاتر نەبوو؛ هیچ ژیانێك نرخی نەبوو. ئەوان پیاوەکەیان لە لای دیوارێکەوە ڕادەگرت و هەتا دەمرد تەقەیان لێ دەکرد، ئیتر من بوومایە یان گریس یان هەر کەسێکی تر، هیچ جیاوازییەکی نەبوو. دەمزانی ئەو لە من سوودی زیاترە بۆ تێکۆشانەکەی ئیسپانیا، بەڵام چی لە ئیسپانیا و ئاژاوە بکەم؛ هیچ شتێکی گرینگ نەبوو. بەلام ئەوەش دۆخەکە بوو، دەمتوانی خۆم ڕزگار بکەم و گریس بەدەستەوە بدەم و ڕەتم دەکردەوە ئەوە بکەم (سارتەر، ٢٠١٧؛ ل٤٩) پابلۆ بۆیە ناوی گریسی نەداوە هۆکارەکەی ئەوە نەبووە بۆ شۆڕش باشتر و چاکتر بووە، خۆ ئەگەر هەر کەسێکی تر بووایە پابلۆ هەر هەمان کاری دەکرد چونکە لە دیدی ئەودا مرۆڤ دەکوژرێت جیاوازیی نییە، گرینگ ئەوەیە لێرە بوون و ژیانی مرۆڤەکان ماهییەتیان نییە لە ژێر چەپۆکی هزری فاشیزمدا ئەوەی نەیار بێت ئیدی لەناو بردن و سڕینەوەی بوونی پێویستییە. خالە جەوهەرییەکە ئەوەیە هیچ مرۆڤێک شایەنی ئەوە نییە بەم شێوەیە لە ژیان و بوون بێبەشی بکەیت.

پابلۆ نەیدەویست گریس بەدەستەوە بدات، بەڵام بەبێ خواستی ئەو گریس لەسەر قسەی ئەو شوێنی ئاشکرا بوو! پابلۆ دەیزانی گریس خۆی لە ماڵی خزمەکانی حەشارداوە بەڵام چۆن کارێکی ئاوا دەکەم و شوێنی ئاشکرا بکەم. دوای ئەوەی پانزدە خولەک کاتی دەدەنێ تا قسە بکات بۆ ئەوەی شوێنی گریس ئاشکرا بکات، کە ئامادەی ئەم کارە نییە. بەڵام ئەوەی بە خەیاڵ دادێت کە ئەوان هیلاک بکات و ناو نیشانێکی هەڵەیان پێ بدات. پابلۆ گوتی: ”دەزانم لە کوێیە. لە گۆڕستانەکە خۆی حشار داوە. لە قەبرێکدایە یان لە خانووی قەبر هەڵکەنێک حەشار داوە. هەمووی درۆ بوو. ویستم بیانبینم هەستن و خۆیان ببەستنەوە و سەرقاڵ بن بە فەرمانێک.” (سارتەر، ٢٠١٧؛ ل٥٠-٥١) دوای ئەوەی سەر بازەکان بەڕێ دەکەون بۆ قەبرستان، پاش کەمێک، کاربەدەستێك دەێت پابلۆ دەبەن بۆ لای کۆمەڵێ زیندانی تر لە باخە گەورەکەدا، ئەمیش ئەوەی پێسەیر دەبێت کە دەڵێن جارێ لە سێدارە نادرێت. ئێوارە کۆمەڵێ زیندانی تر دەهێنن کە لە ناویدا کەسێکیان ئەناسێ بەناوی گارسیا دوای گفتوگۆکردن لەگەڵ یەکتر گارسیا لەبارەی گریسەوە هەواڵ دەدات کە دەستیان بە گریس گەیشتووە، پابلۆش دەکەوێتە لەرزە و هەواڵێکی ناخۆش و شۆک هێنەر دەبێت. گارسیا دەڵێت: ”ئەم بەیانییە هەمووی تێکدا. سێشەممە ماڵی خزمانی بەجێهێشت، چونکە تووشی دەمە قاڵێ بووبوون. خەڵکێکی زۆر ئامادە بوون حەشاری بدەن، بەڵام نەیدەویست قەرزباری هیچ کەسێک بێت. وتی: دەڕۆیشتم لە ماڵی ئیبیێتا خۆم حەشار دەدا، بەڵام ئەویشیان دەستگیر کردووە، لەبەر ئەوە لە گۆڕستانەکە خۆم حەشاردەدەم.” کارسیا بەردەوام دەبێت و دەڵێت: ”بەڵێ چ گێلێک بوو. بێگوومان ئەم بەیانییە ڕۆیشتبوو بۆ ئەوێ شتێکی چاوەڕوان نەکراو بوو. لە خانووی قەبرهەڵکەنەکەدا دۆزییانەوە. تەقەی لێکردن و ئەوانیش کوشتیان.” (سارتەر، ٢١٠٧؛ ل٥٤) دوای بیستنی ئەم هەواڵە شۆکهێنەرە پابلۆ ئیبیێتا دەڵێت: ”هەموو شتەکانی چوار دەورم دەخولانەوە و لە سەر ئەرزەکە دانیشتم: هێندە بە تووندی پێکەنیم، کەوتمە گریان” (سارتەر. ٢٠١٧؛ ل٥٤)

ئەمە دوا دێرەکانی ئەم چیرۆکەیە، بەڵام بە کۆتایی هاتنی دێرەکان مانای ئەوە نییە ئەو پرسانەی لە ڕووداوەکاندا گەڵاڵە بوون و وروژێندراون داخرابن و گەیشتبن بە ئەنجام. بەلکوو هەموو ئەم پرسانەی لە نێوان ژیان و مەرگ هەیە بەردەوام بە واڵایی دەمێننەوە و بەشێوەیەکی ئاڵۆزتریش بەردەوام دەبن. ئەشێ سارتەر هەر بەو مەبەستە بەم شێوە ئاڵۆز و ڵێڵە کۆتایی بە سەربووردەی ناو چیرۆکەکە بێنێت. لە کۆتاییدا ڕوون نییە ئاخۆ پابلۆ ئیبیێتا لە سێدارە دراوە یاخود ئازاد کراوە، بەمەش نووسەر کارێکتەرەکەی لەنێوان بەرداشی ژیان و مردندا دەهێڵێتەوە وەک پەیامێک بۆ ئەوەی ڕای بگەیێنێت ژیان هەمیشە جەنگێکی نەبڕاوەیە بەرامبەر مردن، چاوەڕوانییەکە کاتژمێرێک، ڕۆژێک، هەفتەیەک یان ساڵێک بێت مرۆڤ مەحکومە بەوەی بمرێت. مرۆڤ ئەو بوونەی هەیەتی دەبێت بەهاداری بکات و ماهیەتی بوونایەتیی خۆی لە ڕێگەی ئازادیی، بەرپرسیارییەتیی و هەڵبژاردن بێنێتە بوون. ئەو شتانەی کە لە پێناوی چاکەی گشتییدان ئەنجامیان بدات تا ژیان ڕەنگڕێژ و مانادار بکات، لەگەڵیشیدا، بوونێک و جەوهەرێکی باڵای هەبێت و مانا بدات بەژیانی پێشەوەی مەرگ بەناچاریی لە ژیان بێبەشی بکات.

ئاسۆس ساڵح


سەرچاوە: دیوار، ژان پۆڵ سارتەر، و/ ئاران موهەندیس، چاپی یەکەم (٢٠١٧)، بڵاوکراوەکانی ناوەندی غەزەلبووس – سلێمانی




ئه‌ركی جوانیی (ئیستاتیكی) هونه‌ری كاریكاتێر …هه‌ندرێن خۆشناو

كاریكاتێر به‌هۆی بوونی به‌ یه‌كێك له‌ هونه‌ره‌ شێوه‌كارییه‌كان، ده‌بێت ئه‌م ئه‌ركه‌ جێبه‌جێ بكات، چونكه‌ پشت به‌ ته‌كنیكه‌ شێوه‌كارییه‌كان ده‌به‌ستێت. ئه‌میش ئه‌م ئه‌ركه‌ به‌ دوو ئاڕاسته‌ جێبه‌جێ ده‌كات، ئاڕاسته‌ی ده‌ره‌كی و ئاڕاسته‌ی ناوه‌خۆ. ئاڕاسته‌ی ناوه‌خۆ كورت ده‌بێته‌وه‌ له‌ ڕۆڵی كاریكاتێر له‌ زیادكردنی كه‌ره‌سته‌ی جوانكاری به‌سه‌ر ڕووی لاپه‌ڕه‌كانی رۆژنامه‌ و گۆڤاره‌كاندا، كه‌ بونیاتی لاپه‌ڕه‌ ئه‌ندازه‌ی تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌، كه‌ له‌وانه‌یه‌ سه‌ركه‌وتوو نه‌بێت تێیدا و جوانی نه‌به‌خشێت، بونیاتی لاپه‌ڕه‌ پشت به‌ چه‌ندین ره‌گه‌ز ده‌به‌ستێت، وه‌كو ناونیشان و جۆره‌كانی ڕێنووس و چوارچێوه‌كان و دابه‌ش و بڵاوكردنه‌وه‌ی گۆشه‌ و ستوونه‌كان هه‌روه‌ها وێنه‌ و تابلۆكان، ئه‌گه‌ر ئه‌و بونیاته‌ سه‌ركه‌وتوو نه‌بێت، ئه‌وا ده‌بێته‌ هۆی ده‌ره‌نجامی نه‌رێنی، و ئه‌گه‌ر سه‌ركه‌وتووش بوو و بونیاتنرابوو له‌سه‌ر بنه‌مای ڕاست و دروست، ئه‌وا ده‌بێته‌ هۆی ده‌ره‌نجامی ئه‌رێنی، به‌بێ گومان كاریكاتێریش ڕۆڵێكی گرنگی هه‌یه‌ له‌و بونیاته‌دا، كاتێك كه‌ وێنه‌ و تابلۆ له‌ بونیاتی لاپه‌ڕه‌ی رۆژنامه‌دا، وه‌كو په‌نجه‌ره‌یه‌ك وان له‌ بونیاتی ئاساییدا، به‌بێ گومانیش ئه‌وه‌ی بچێته‌ ژوورێكه‌وه‌ كه‌ زیاتر له‌ په‌نجه‌ره‌یه‌كی تێدایه‌، هه‌ست به‌ حه‌سانه‌وه‌ ده‌كات، به‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی ده‌چێته‌ ژوورێكه‌وه‌ كه‌ هیچ په‌نجه‌ره‌ی تێدا نیه‌، یه‌كه‌میان ده‌توانێت بڕوانێته‌ چه‌ندین لاوه‌، ئه‌وه‌ی دووه‌میش وا هه‌ست ده‌كات كه‌ چۆته‌ زیندانه‌وه‌، به‌م شێوه‌یه‌ كاریكاتێر ڕۆڵێكی جوانكاری گرنگ ده‌بینێت، به‌ پشت به‌ستن به‌ په‌رچدانه‌وه‌ی بینین، كه‌ له‌ دیتنی لاپه‌ڕه‌یه‌كی رۆژنامه‌ یان گۆڤارێكه‌وه‌ دێته‌كایه‌وه‌، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر لایه‌نی بینینیش وه‌لانێین، كاریكاتێر بابه‌تێكی جیا له‌ بابه‌ته‌كانی دیكه‌ی لاپه‌ڕه‌كه‌‌ پێشكه‌ش ده‌كات له‌ ڕووی شێوازی پێشكه‌شكردنه‌وه‌ كه‌ پشت به‌ گاڵته‌جاڕییه‌وه ده‌به‌ستێت‌، بابه‌ته‌كانی دیكه‌ش پشت به‌ شێوازی دیكه‌وه‌ ده‌به‌ستن، به‌مه‌ش كاریكاتێر زامنی فره‌یی و هه‌مه‌جۆرییه‌ له‌ ناوه‌ڕۆكدا، له‌ ئاڕاسته‌ی ده‌ره‌كیشدا كورت ده‌بێته‌وه‌ له‌ گه‌شه‌كردنی هه‌ستی جوانكاریی له‌لای خوێنه‌راندا، كه‌ خوێنه‌رانی رۆژنامه‌كان به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی چه‌ند به‌شێكی فراوانی ئاڕاسته‌ جیاواز و هه‌وه‌سه‌كانن، مه‌رجیش نیه‌ له‌ چێژوه‌رگرانی هونه‌ره‌ شێوه‌كارییه‌ جیاوازه‌كان بن، ئه‌گه‌ر نه‌شڵێین كه‌وا زۆرینه‌ی خوێنه‌ران له‌ بایه‌خده‌رانی هونه‌ره‌ شێوه‌كارییه‌كان نین، هونه‌ری كاریكاتێری لێده‌رچێت، كه‌ كاریكاتێر به‌ نزیكی بابه‌ته‌كانیه‌وه‌ له‌ جه‌ماوه‌ر، ده‌توانێت بگاته‌ ئه‌و جه‌ماوه‌ره‌، به‌مه‌ش خۆی وه‌كو هونه‌رێك له‌ هونه‌ره‌كانی شێوه‌كاری به‌سه‌ر ئه‌م جه‌ماوه‌ره‌‌ ده‌سه‌پێنێت، به‌مه‌ش نزمترین ئاستی په‌یوه‌ندی به‌ هونه‌ره‌ شێوه‌كارییه‌كانه‌وه‌ له‌لایه‌ن ئه‌و جه‌ماوه‌ره‌ فراوانه‌وه‌ دێنێته‌كایه‌وه‌، له‌گه‌ڵ به‌سه‌رچوونی كاتدا، زۆرینه‌ی ئه‌و خوێنه‌رانه‌ی كه‌ بایه‌خ به‌ هونه‌ری كاریكاتێره‌وه‌ ده‌ده‌ن و چێژی لێوه‌رده‌گرن، ده‌ست به‌ چێژوه‌رگرتن له‌ جۆره‌كانی تری هونه‌ره‌ شێوه‌كارییه‌كانه‌وه‌ وه‌رده‌گرن و ده‌توانن تێیانبگه‌ن، به‌مه‌ش كاریكاتێر ئه‌ڵقه‌ی گه‌یاندنی نێوان هونه‌ره‌كانی شێوه‌كاری و جه‌ماوه‌رێكی فراوانی خوێنه‌رانه‌وه‌ پێكدێنێت، چونكه‌ كاریكاتێر به‌ پێشكه‌شكردنی ته‌كنیكه‌ جیاوازه‌كانی گرافیكه‌وه‌، بینه‌ری ڕاهێناوه‌ له‌ قبوڵكردنی ئه‌و هێڵانه‌ و هه‌ستكردن به‌ جوانیه‌كانیه‌وه‌، و وای له‌ خوێنه‌ر كردووه‌ ده‌رچوون له‌ باوه‌كانی لا قبوڵ بێت، و به‌ چاوێكی پشكنه‌ره‌وه‌ ته‌ماشای ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ بكات، كه‌ له‌ چه‌مكه‌ باوه‌ ڕه‌گداكوتاوه‌كانی مێشكی خوێنه‌ره‌وه‌‌ ده‌رده‌چن. ‌ ‌
به‌مه‌ش كاریكاتێر ئه‌ركی جوانكاریی بۆ خوێنه‌ر و بۆ بڵاوكراوه‌كه‌ش جێبه‌جێ ده‌كات، كه‌ بونیاتێكی هاوسه‌نگ و شێوه‌یه‌كی سه‌رنجڕاكێشی پێده‌به‌خشێت، و جه‌ماوه‌ری بۆ ڕاده‌كێشێت، و بۆ جه‌ماوه‌ریش به‌تایبه‌تی جه‌ماوه‌ری ساده‌، په‌یوه‌ندییه‌كی سه‌ره‌تایی له‌گه‌ڵ هونه‌ره‌ شێوه‌كارییه‌كانه‌وه‌ دابین ده‌كات.




گفتوگۆیەک لەگەڵ د.غلامحسین ابراهیمی دینانی … لە فارسییەوە:صباحی مەلاعەوڵا

پرسیار:ناوبانگی تۆ؟
دینانی:لە کوفری شەیتانیش بەناوبانگترە..(کوفری شەیتان بە ناوبانگە یان نا!)
پرسیار:ئارامی فەیلەسوف؟
دینانی:فەیلەسوف ئارامی نییە…،ئەگەر نەفەلسەفێنم مردووم.
پرسیار:خودی فەلسەفاندن؟
دینانی:فەزیلەتە.
پرسیار:دەقاودەق کاری فەلسەفی چییە؟
دینانی:دۆزینەوەی حەقیقەتەکانی بوونە.
پرسیار:کاری فەیلەسوف؟
دینانی:فەیلەسوف کاری نییە،فەیلەسوف دەفەلسەفێنێ.
پرسیار:زمانی فەلسەفە؟
دینانی:زمانی ئاوەزە.
پرسیار:دیاری فەلسەفە؟
دینانی:جیهانی بوونە..فەلسەفە دەربارەی جیهانی بوون دەدوێ.
پرسیار:تۆی فەیلەسوف تەنیا ساتەوەختی فەلسەفاندن فەیلەسوفیت؟
دینانی:کاتژمێرو کاتێکی دیاری کراوی نییە،بەشێوەی سیستەماتیک و تەنانەت لە خەویشدا دەفەلسەفێنم.
پرسیار:ئەگەر نەت فەلسەفاندبوایە؟
دینانی:هەستم بە پووچی دەکرد،ڕەنگە ئەحمەقیش بوومایە و تەنانەت هەستم بەم پووچیەش نەدەکرد.
پرسیار:ئەگەر فەلسەفاندن سەختی نەبووایە؟
دینانی:ڕوون نەبوو بەهایەکی دیکەم هەبێ.
پرسیار:چی کاتەکانی تۆ تاڵ دەکات؟
دینانی:ئەو مرۆڤانەی کە کەرن و
لاساری دەکەن.
پرسیار:هەڵبەتە کەریەتی هەندێ کە کاتی تاڵ ناهێنێ:
دینانی:کاتێ کەسەکە لە کەریەتیەکەی دا لاساری دەکا،کاتەکانم تاڵ دەبن.
پرسیار:قبووڵ کردنی نەزانینی خود واتە؟
دینانی:واتە دادپەروەری،واتە:ئاوەز،واتە:عەقڵ.
پرسیار:ئەمەی کە تۆ بە زیندووکەرەوەی حیکمەتی شەرق دەزانن؟
دینانی:ئەمە مەڵێ،قسەی زانستی بکە،من قوتابیەکم، سەرقاڵم فەلسەفە دەڵێمەوە.
پرسیار:لە خۆشییەکانی بیرکردنەوەی فەلسەفی؟
دینانی:(خەریکم دەڵێم کە)بۆ فەیلەسوف دڵخۆشی دێنێ.
پرسیار:ئەگەر بێ پرسیاربن؟
دینانی:دەمرم.
پرسیار:کەوایە هەمیشە سەرقاڵی فەلسەفاندنن؟
دینانی:هەمیشە شتێک لە من دا هەیە،تەنیا فۆرمەکەی دەگۆڕێ.
پرسیار:کاتێ کە سەرقاڵ(فەلسەفاندن)بن؟
دینانی:سەرقاڵ بوونێکی باشە،ئەم سەرقاڵ بوونە فەزیلەتە.
پرسیار:لەبارەی تۆ گومانێک نییە؟
دینانی:ئەمەیە کە خەریکی کەشفی زانینم.
پرسیار:کۆششی هەمیشە؟
دینانی:زانین پەیدابکەم و شتێک کە دەیزانم فێری ئەوانی تری بکەم.
پرسیار:باری بوون؟
دینانی:قورسە.
پرسیار:لە ڕوانگەی ئۆستاد دینانی یەوە، بێ سنورە:
دینانی:ئەبەدیەت،بێ سنورە
پرسیار:ڕۆژگاری دکتۆر دینانی؟
دینانی:هەموو ڕۆژێک بیر لە شتێکی جیاواز دەکەمەوە.
پرسیار:پێوەری گونجانتان لە بەرابەر فیکری نوێ؟
دینانی:هەڵبەتە گونجان واتە دەسەڵاتی بیستن و هەڵسەنگاندن و گونجانی من واتای ئەمەیە.
پرسیار:ئەی پێوەری قبووڵکردن لای تۆ؟
دینانی:نا بەم جۆرە نییە کە هەر شتێ قبووڵ بکەم!
پرسیار:ئەوەی هەمیشە هەیە؟
دینانی:پرسیارە.
پرسیار:پرسیار چی یە و چی نییە؟
دینانی:پرسیار پرسیارە نامومکین نییە.
پرسیار:یەکێ لە پرسیارە سەرەکییەکان؟
دینانی:من لە هەر ساتێک دا پرسیارێکم هەیە.
پرسیار:مشتومڕترینی پرسیارەکان؟
دینانی:بوون چییە..لەم پرسیارەمان مشتومڕخوڵقێن تر نییە.
پرسیار:هەستی میهرەبانی؟
دینانی:لەگەڵ زۆر کەس، زۆرم هەبوو.
پرسیار:پەیامی مرۆڤی ئاوەزمەند؟
دینانی:پرسیاری پەیام مەکە،من قسەم هەیە و دەیکەم،بەڵام ڕەسول نیم و خۆم بە ڕەسول نازانم.
پرسیار:بەختەوەری مرۆڤ؟
دینانی:لە ئاوەزمەندی و تێفکرین(بیرکردنەوە)دایە.
پرسیار:ئیستثماری مرۆڤ؟
دینانی:واتە ئەوەی ئاوەزی کەسێ بدزی و گەمژەی کەی و سوود لە کارەکەی ببینی.
پرسیار:مرۆڤی ئاوەزمەند دەچێتە کوێ؟
دینانی:دەچێتە ئەو شوێنەی کە شیاوبێ.
پرسیار:کەسێ کە فاست فودی بیردەکاتەوە؟
دینانی:کەرە ئیدی..فاست فود باشترە یان سفرەیەکی شاهانە.
پرسیار:کامڵ بوونی مرۆڤ بە چییە،و لە چی دایە؟
دینانی:لە ئاوەزمەندبوون دایە.
پرسیار:گۆڕانکاری فیکری کە نەبێ؟
دینانی:لەگەڵ مردوو جیاوازیەکی نییە،هەناسە دەدات،بەڵام مردووە.
پرسیار:بیرکردنەوەیەک کە جیهانی نییە؟
دینانی:زۆرن.
پرسیار:بە بڕوای تۆ ئەوە چییە کە لە ڕاستی دا چاکە؟
دینانی:ڕەخنەیە.
پرسیار:لە فەلسەفەدا سەرسوڕمان هەیە..؟
دینانی:وابەستە نییە بە کەسێکەوە، فەلسەفە خۆی سەرسوڕمانە.
پرسیار:مرۆڤ بە کام تایبەتمەندی دەبێتە هاووتەی خودا؟
دینانی:بە بوونە ئینسانیەکەی.
پرسیار:ڕێگای مرۆڤ بەرەو خودا لە کوێوە دەست پێ دەکا؟
دینانی:لە خۆیەوە.
پرسیار:ئەی ڕێگای خودا بەرەو مرۆڤ لە کوێوە؟
دینانی:لە خوداوە.
پرسیار:مرۆڤ؟
دینانی:مرۆڤ،ئاوێنەی جیهانە.
پرسیار:واتە؟
دینانی:جیهان لە من و تۆدا دەردەکەوێ.(هەنوکە ئەگەر مرۆڤ نەبووایە،ئەمە دەبوو؟ کەوایە مرۆڤ ئاوێنەی جیهانە).
پرسیار:زانین لە خۆشەویستیەوە دێ یان بە پێچەوانەوە، خۆشەویستی لە زانینەوە سەرچاوە دەگرێ؟
دینانی:هاوڕاهن..خۆشەویستی بەبێ زانین بێ مانایە.
پرسیار:کەوایە لە هەر شوێنێ کە بۆنی خۆشەویستی بێ؟
دینانی:زادەی جۆرێک زانینە.
پرسیار:هەنوکە جیاوازی زانست و زانین؟
دینانی:زانین چەند بەشێکی هەیە وەک زانینی فەلسەفی..بەشێکیشی زانستە.
پرسیار:قیاسی لۆژیکی؟
دینانی:لە بەهێزترین فیکرەکانە.
پرسیار:کەسێ کە بۆ ژیانی مانایەک ناناسێ؟
دینانی:ناتوانێ بژی.
پرسیار:ئامانجی ژیان؟
دینانی:گەیشتنە بە بەختەوەری.
پرسیار:پەیوەندی ژیان لەگەڵ ئاوەز؟
دینانی:ئاوەز مانا بە ژیان نابەخشێ،ئاوەز مانا لە گیرفانی دەرناهێنێ،جیهان مانادارە و ئاوەز کەشفی دەکا.
پرسیار:مرۆڤی ئاوەزمەند؟
دینانی:هەمان مانا دەردەبڕێ کە کەشفی کردووە.
پرسیار:کەوایە مرۆڤیش کاشفە؟
دینانی:مرۆڤیش مانا دروست ناکا،کەشفی دەکا(ئەمەی دەیڵێم شتێکی دەقیقە گوێی بدەرێ).
پرسیار:ئاوەزی ماناساز؟
دینانی:ئاوەز ئەگەر مانا دروست بکا،ئیعتیباری کەم دەبێتەوە.
پرسیار:پێشکەوتنی زانست؟
دینانی:کەشفی ئاوەزە،پێشکەوتنی مەعنەویەتیش کەشفی ئاوەزە.
پرسیار:کەمالی عەشق..لوتکەی عەشق؟
دینانی:واتە عەشقی کامڵ..بۆچی لوتکە..بڵێ عەشق..هەنوکە دەتەوێ چی بڵێی.
پرسیار:ئەم عەشقە کامڵە هەمان ئیرادەی ئاوەزە؟
دینانی:نا عەشق عەشقە،ئەوە ئاوەزە عەشق دەرک دەکات،(ببینە ئەگەر ئاوەز نەبووایە عاشق دەبووی..ئایا کەرو پشیلە عاشق دەبن).
پرسیار:ئەمەی کە ئاوەز عاشقی باشترینەکان دەبێ؟
دینانی: ئاوەز، باشترین هەڵدەبژێرێ.
پرسیار:حەقیقەتی عەشق؟
دینانی:زۆر سەختە دەربارەی عەشق قسە بکەین.
پرسیار:لەگەڵ بوونی ئەمەشدا..عەشق بە واتایەکی کورت؟
دینانی:دیاردەیەکی ئیلاهی یە.
پرسیار:ئەوەی لەم بارەوە لە کتێبەکانتان دا نوسیوتانە؟
دینانی:من عەشق بە بێ ئاوەز ،بە مانادار نازانم.
پرسیار:ئەوە چییە کە لە ڕوانگەی تۆوە تۆزێک بەهای نییە؟
دینانی:ئەگەر هەموو جیهان عەشق بێ،بەڵام خاڵی بێ لە ئاوەز،تۆزێک بەهای نییە.
پرسیار:هەنوکە کەسێک کە بایەخ بە فەلسەفە بدات؟
دینانی:پێویستە باش بخوێنێتەوە و مامۆستای باش ببینێ،ئەوەندە بەسە.
پرسیار:فەلسەفەی خۆرئاوا؟
دینانی:فەلسەفەی خۆرئاوا زیندووە و ڕێبازی فەلسەفی فراوانی هەیە،و هەر یەکەیان شیاوی گرینگی پێدانە.
پرسیار:چەند ناوێک لە فەیلەسوفانی خۆرئاوا؟
دینانی:دێکارت،سپینۆزا،هایدێگەر،هێگڵ..
پرسیار:لە هاوچەرخەکانیان؟
دینانی:فۆکۆ،دۆلۆز.
پرسیار:عیرفان+تۆی فەیلەسوف؟
دینانی:عیرفانی من فەلسەفەیە و دەبێ بە فەلسەفە لە عیرفان تێبگەین،من عیرفانم بێ فەلسەفە قبووڵ نییە.
پرسیار:گرینگترینیان؟
دینانی:مەرگ ئەندێشی گرینگە..مرۆڤ لە خودی خۆیدا مەرگ ئەندێشە.
پرسیار:مەگەر ئەمەی کە..؟
دینانی:بێ ئاگابێ.
پرسیار:کەل و پەلی ڕزگاریتان فەراهەم کردووە؟
دینانی:نا..هەوڵ دەدەم..،بەڵام هێشتا ڕوون نییە کە..
پرسیار:لە شتێ پەشیمانی؟
دینانی:بەڵێ!ڕەنگە لە قسەکردن لەگەڵ تۆ!

…وەرگێڕانی لە فارسییەوە:صباحی مەلاعەوڵا

*هەموو پرسیارەکان نەکراون بە کوردی.وەرگێڕ


سەرچاوە:

https://www.magiran.com/article/3934608




فرمێسکەکانم نابینرێن تەنیا خۆم گوێم لە هاژەیانە..8..خۆدواندنی: ستیڤان شەمزینی

بەشی هەشتەم..

ستیڤان: پیاوێکی سەرگەردانم و هیچ لە هونەری ژیانکردن نازانم، رقم لە ئەتەکێتی بۆرجوازیانەیە و لەسەر هیچ شتێگ ئۆقرە ناگرم.
لیزا: کاتێک ژیان هۆکارێک دەداتێ بۆ مردن، تۆ سەد هۆکار نیشانی مەرگ بدە بۆ ژیان!. لە پەنجەرەی ژیانەوە بۆ هەموو شتێک بڕوانە، بیر لە مەرگ مەکەرەوە، چوونکە ئەو هیچ پەنجەرەیەکی نییە بۆ روانین. پێویستە لە روانگەی ژیانەوە بۆ ژیان بڕوانین، چوونکە هیچ شتێک لە ژیان گرنگتر نییە بۆ تێگەیشتن لە خودی ژیان و چۆنێتی ژیانکردن.
ستیڤان: ئاخر پیاوێکی دڵشکاوم و لە دەمی ئاوابووندام. چاپلن دەڵێت بە قەد پێکەنینی خەڵک بە گرتە کۆمیدییەکانم بۆ خۆم لە ناخەوە گریاوم. ئەمە هەمان داستانی منیشە، بە قەد ناسکیی شیعرەکانم دڕک لە رۆحم چەقێنراوە، بە قەد میهرەبانیم بۆ کەسانی تر، ئازار دراوم. هێندەی پیتی شیعرەکانم غەدرم لێکراوە و دڵم شکێنراوە. ئیدی ئاوا دەبم. راستە ئاوابووم بەڵام لە ئاوابوونیشدا تابلۆیەکی جوانم.!.
لیزا: هیچ شەوێک کۆتایی ژیان نییە، لە کۆتایی هەموو شەوێکدا دیسانەوە خۆر هەڵدێت و مزگێنی بەرەبەیانێکی نوێ دەدات، ئەم پرۆسەیەش پێی دەوترێت هیوا کە هەرگیز نامرێت. هەرگیزیش بێ ئومێد بە، لە یادت بێت جوانترین بارانەکان لە رەشترین هەورەکانەوە دەبارن.
ستیڤان: کاتم کەم ماوە لە ژیاندا، کاتێک بووم بەسووتوو لەگەڵ پاشماوەی یادگارییەکانم بژی، بەڵام کە بیرت کردم و من ون ببووم لە ژیاندا مۆمێک داگیرسێنە و سووتانی منت بیر بکەوێتەوە.
لیزا: نەخێر هەموو رۆژێک لەگەڵ یەکەم تیشکی هەتاو چاوەڕێی هەڵاتنی پێکەنینتم، هەموو شەوێک لەگەڵ یەکەم تریفەی مانگ چاوەڕێی وشکبوونی ئەسرینتم. ئاخر وەک گەڵایەک دەتیبنم بە رەشەبای پایز سەما دەکەیت و لەگەڵ یەکەم گزنگی بەهاردا لە دڵی مندا دووبارە سەوز دەبیتەوە.
ستیڤان: بەم نزیکانە دەوەرێم و دەبمە بیرەوەریی. رۆژێک دێت بۆ تۆ دەبمە یادگارییەکی جوان، بەڵام پڕ فرمێسک. رۆژێک بانگم دەکەیت لە بری خۆم شیعرەکانم وەڵامت دەدەنەوە. شەوێک مۆمێک هەڵدەکەیت بە دیار یادەوەرەییەکانی ئەم رۆژانەوە!. من لێرە نابم، بەڵام هەستت پێدەکەم تەنانەت ئەگەر لە دڵی خۆشتا ناوم بهێنی، من بەشێکم لە تۆ یان لە مێژووی تۆ، هەرچەند شنەبایەکی تەمەن کورتیش بم لە وجودی تۆدا، بەڵام هەمیشە لە چاوەڕوانی هەڵکردنەوەی ئەم شنەبایەدا دەبیت. لێ داخی گرانم من لەو شنەبایانەم یەک جار هەڵدەکەم و هەمیشە وەک خەیاڵێک و خەونێکی خۆش لە چینی یادەوەریتدا دەمێنمەوە.
لیزا: تۆ مافت نییە بمریت، مانگ بۆ دڵخۆشیی ئاسمان تیشکی داوێ، منیش بۆ خۆشبەختی تۆ تیشکی تەمەنم پەخش دەکەم.
ستیڤان: ئای لە تۆ!!. دەزانیت تۆ چیت لە من کردووە؟ زۆر زۆر بە توندیی منت بە ژیانەوە بەستۆتەوە، تۆیت ناهێڵیت بمرم!. ئەگەر لە سەرەمەرگیشدا بم بانگم بکەیت بۆ ژیان بە راکردن بەرەو تۆ دێم، چوونکە ژیان واتە تۆ، واتە زەردەخەنە شەرمنەکانی تۆ، واتە ناسکی و نیانی تۆ، واتە ئامێزی میهرەبانی تۆ.
لیزا: زۆرجار وەک باخچەیەکی پۆشتەی پڕ گوڵ خۆت دەنوێنیت، زۆرجاری تریش وەک درەختێکی رووتەڵە و زڕ و بێ گەڵا!.
ستیڤان: تۆ نازانیت گەڵاکانی پێکەنینم هەموو وەریون. کەچی وەک پیرە درەختێکی بێ گەڵا بە رووتی لەسەر پێی خۆم وەستاوم، هەرچەند تەوریشیان لە دڵ و لەشم دابێ قرنجاندوومی وشکی نەکردووم. گەلێک رەشەبا و گەردەلوولم بەزاند و خۆم راگرت لە بەردەم هەڵمەتی بێ بەزەییانەیاندا، کەچی ئێوە وا دەزانن ئەم وەریوییە تاوانی خۆمە، وا تێدەگەن سوچی خۆمە گەڵایەک بە قەدمەوە نەماوە ببێتە سەیوانی رێبوارێکی عاشق.
لیزا: کێشەم ئەوەیە تۆ هەستت ناجوڵێت بۆ ئەو هەموو عەشقەی من، لە کاتێکدا ئاگرێکم و هەر گڕم لێ دەبێتەوە!! تۆ هێشتا حاڵی نیت عەشقت منی ژیاندەوە لە هەمان کاتدا کوشتوومی!!.
ستیڤان: من ئەو یوسفەم فڕێدراومەتە بیری تەنهاییەوە، زولێخاکەشم نەک وازی لە عەشقم هێنا بەڵکو یەکەم کەس بوو لە بیری کردم.
لیزا: زۆرجار وەک جێنی مارکس ئارەزووم دەکرد پەککەوتەی سەر جێگا بیت بۆ ئەوەی خزمەتت بکەم و دڵنیا بم لە مانەوەت!، بەڵام هەنووکە دەخوازم چاک ببیتەوە لەو نەخۆشییە!. پەڕی نوێ دەر بکەیتەوە تاکو باڵی فڕین پەیدا بکەیتەوە، ئیدی گرنگ نییە بۆ کوێ دەفڕیت، گرنگ ئەوەیە بتوانیت بفڕیت. بفڕە بفڕە بە ئازادیی خۆت بفڕە، باڵندە نابێت بە ناوی خۆشەویستییەوە مافی فڕینی لێ زەوت بکرێت.
ستیڤان: تاکە شتێک لە تۆم بووێت ئەوەیە بە تایبەتمەندییەکانی خۆمەوە منت خۆش بوێت، من بە نیازی عەشق لە دەرگای دڵتم داوە، ناچار نیت دەرگاکە بکەیتەوە، بەڵام هەر کردتەوە خۆت دانێ بۆ یاری قورس و ریسک و سەرچڵی!!. من بەم جۆرە دەمەوێت بێمە نێو ژیانی تۆوە و رۆژەکانت بە تیشکی ئەوین رۆشن بکەمەوە.
لیزا: دوو کێشەم هەیە، یەکەم تۆ لە مردن دەترسیت، دووەمیش نەخۆشییە جەستەییەکەت ناهێڵێت ریسک و گەمەی دژوار بکەیت، بە پێچەوانەوە زۆر جار بە لاوازیی دەتبینم لە بەرامبەر نەخۆشیدا.
ستیڤان: بۆ نەخۆشی ناچەمێمەوە، من کرمێک لە نائومێدیی هەناوی خواردووم! فرمێسکەکانم نابینرێن تەنیا خۆم دەیانبینم و گوێم لە هاژەیانە!. چیرۆکی من چیرۆکێکە لە داستانە تراژیدییەکان، نە شکسپیر دەتوانێت بیکاتە شانۆنامە، نە کازانتزاکیس بۆی دەکرێتە رۆمان، نە گارسیا مارکیز دەرەقەتی گێڕانەوەی دێت. نە هۆلیۆدیش سیناریۆی وا غەمگینی کردۆتە فیلم. من کوڕی منداڵدانی ژان و نەوەی رەسەنی دڵسووتانم. ئەوەی دەیڵێم دەزانم چییە، بەڵام کێشەکە ئەوەیە خەڵک ناتوانن بگەنە نیوەی واتاکەشی، وەک ئەوەی بە زمانێکی هەسارەیەکی تر بدوێم.
لیزا: حەزم لە ئامێزی پڕ میهری تۆیە، جەستەی تەزیوم بە ئاگردانی رۆحت گەرم دەکەمەوە، دڵی پەڕاگەندەم لە ماڵی دڵتدا دەشارمەوە، تینوێتیم لە کانیاوی چاوە بەهارییەکانتدا دەشکێنم، وەک کۆترێکی بێلانە لە نێو پیاوێتی تۆدا هێلانەیەک بۆ خۆم چێ دەکەم.
ستیڤان: دەتوانم تۆ لە شیعرێکدا بنووسمەوە، نا، نا، چی ئاوی دەریاکانە بکەمە حیبر، سینگی سپی چی ئەستێرە هەیە بکەمە لاپەڕە، هێشتا ناتوانم میهرەبانی و جوانی تۆ بنووسمەوە، ناتوانم نیوەی هەستی خۆم لەو هەموو دێڕەدا جێگە بکەمەوە، چوونکە پانتایی هەموو کەون تەنگ و تەسکە بە بەری عەشقەکەمان!!. ئاخر من لە دڵی تۆوە هەڵدەقوڵێم جۆگەلە دەبەستم بۆ ناو رۆحت، تۆش لە عەشقی منەوە دەبارێی و رێچکە دەگریت بۆ ناو هەستم.

خۆدواندنی: ستیڤان شەمزینی
——————————————————
تێبینی:
ئەم تێکستە بریتییە لە مۆنۆلۆگ نەک دیالۆگی دوو کەس، کۆی بەشەکانی ئەم مۆنۆلۆگانە لەنێوان 2010-2017 نووسراون. لە بەرگی دووەمی کتێبی “قوتووی عەتار” لەلاپەڕە 488-522 بەشێوەی کتێبی کاغەز لە ساڵی 2018 چاپ بوون




مەترسی لە پرۆژە یاسای میدیای ئەلیکترۆنی ئامادەکردنی: پارێزەر/ لوقمان مصطفی صالح

لەبەر ئەوەى چەمکى تاوانە ئەلیکترۆنیەکان چەمکێکى یاسایی و پانتای یەکی بەرفراوانی داگیرکردووە،بەهۆى ئەو پێشکەوتن و گەشە کردنە بەرچاوەى تەکنۆڵۆژیاوە واى کردووە تاوانى ئەلکترۆنى و هۆیەکانى ئەنجامدانى زیاتر بێت، کەواتە پیویستى بەیاسایەک هەیە بۆ پاراستن و پارێزگارى کردن لەدام دەزگا ئەلکترۆنیەکان و کەسانى بەکارهێنەرى، هەروەها پەرچەکردارى یاسا بەرامبەر ئەوکەسانەى ئەنجامى دەدەن، کەواتە درووستە بگووترێت کە کاری یاسا بریتیه :- لە ڕێکخستنی پەیوەندی نێوان( تاک و تاک ) وە (دەوڵەت و دەوڵەت ) وە (تاک و دەوڵەت ). بۆ پاراستن و نەشکانی یاساکان سزا داندراوە، چونکە مرۆڤ بە سرووشتی خۆی خۆپەرست و خۆ وویسته،بۆیە پێویستە سزایەک هەبێت بۆ ڕێکخستنی کاروبارەکانی ژیانی ڕۆژانەی،لەگەڵ ڕەچاوکردن و پاراستنی مافی مرۆڤ و ڕەوشی میدیایی و ئازادی رادەربڕین.

بەڵام..لە گەڵ ئەوەشدا دەبێت ئەوە لە پێش چاوبگیرێت کە ئازادی کاری میدیایی یەکێکە لە گرنگترین شێوەکانی رادەربڕین، لەبەر ئەوەی خاوەن پەیامە،چونکە پەیامی میدیا خۆی لە خۆیدا بریتیە… لە خزمەت کردنی کۆمەڵگە لە ڕێی ووشیار کردنەوەی تاکەکانی نێوکۆمەڵگە و چاودێری دەسەڵات و ڕەخنە گرتنی بنیات نەرانە و ئاشکرا کردنی فەسادی ئیداری لە داموو دەزگا حکومی و ناحکومیەکان بە ئامانجی گەشەپێدان و بەرەو پێش بردنی کۆمەڵگەیەکی یەکسان،دەبێت یاساکە بۆ ڕێکخستنی میدیابێت نەک کۆت و بەندکردنی بیرورای ئازاد، بۆیە لەسەر دەوڵەت پێویستە کە فەزایەکی ئارام و ئازادی وەهای بۆ فەراهەم بێنێت و مافەکانی بەیاسا بچەسپێنێت تا بتوانێ بێ هیچ ترس و فشارێک پەیامی خۆی بگەیەنێت.

کەواتە.. پرۆژە یاسای میدیای ئەلکترۆنی کەلە ئێستادا لە سەروبەندی پەسندکردنیەتی لە پەرلەمانی کوردستان، کە خوێندنەوەی یەکەمی بۆکراوە، ئەو پێشنیازە یاسایە دەرفەتێکی زۆر و کراوەیان لەبەردەستدا بوو دەکرا پێش وەخت بۆ ئامادەکردنی راپۆر بەشداریی میدیاكارانی خاوەن ئەزموون و پسپۆڕانی بواری میدیا و نوخبەی یاساناسانی بواری میدیا، “ۆركشۆپ”ی لە هەولێر و سلێمانی و دهۆک بۆ بۆ بکرایە، بۆ زیاتر دەوڵەمەندكردنی پێشنیازە یاسایەكە و بەهه‌ندوەرگرتنی ڕەخنە و پێشنیازەكانی پسپۆڕانی بوارەكه”. پاشان خوێندنەوەی یەکەمی بۆ بکرایە.

هەرچەندە پرۆژە یاساکە خاڵی ئەرێنی و نەرێنی خۆی تێدایە، بەڵام بە داخەوە پرۆژە یاساکە مادەکانی یاسای تیرۆری رۆژنامەگەری تێکەڵکێشکردووە،تێکەڵ و پێکەڵیەکی زۆری پێوەدیارە،بە جۆرێکە لە ئامانجەکەی خۆی لایداوە،هەڵبەتە (سەرنجی زۆربەی یاساناسانە) ئەگەر بڕوانینە کە لە مادەی ١٦ دا سەرنوسەری وێبسایت و خاوەنی ئەکاونت و لاپەڕەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان سزا دەدات بە سزای ئەو تاوانانەی کە لە خاڵەکانی (٢), (٤) ی مادەی چوارەمی یاسای ژمارە (٣) ی ساڵی ٢٠٠٦ی بەرەنگار بونەوەی تۆقاندن(تیرۆر) لە هەرێمی کوردستاندا هاتوە، لە کاتێکدا خودی یاسای ناوبراو لە هەندێک مادەیدا مەترسیەکی حاشا هەڵنەگری تێدایە بۆسەر مافەکانی مرۆڤ و ئازادی ڕادەربڕین و بنەما و پرەنسیپەکانی دیموکراسی لە هەرێمی کوردستاندا،بە تایبەتیش مادەی چوارەم کە سزای تا ١٥ ساڵ زیندانی دەسەپێنێت بە سەر میدیاکاردا، واتە تاوانەکان بە جۆری تاوانی گەورە داوەتە قەڵەم کە خۆی لە بنەمادا کەتنە واتە( جنح ) لەم حاڵەتەدا دادوەر دەتوانێ لە ٥ ساڵ تا ١٥ ساڵ زیندانی بسەپێنێ بەسەر تۆمەتباردا.پسپۆرێکی بواری میدیایی دەڵێت؛( ئەوەی جێی سەرنجە لەم یاسای بەرەنگار بونەوەی تیرۆرەدا کاری میدیا تێکەڵ بە تیرۆر کراوە کە لەڕاستیدا ئەو دوو خاڵەی پەیوەندیان بە کاری میدیاوە هەیە دەبو یاسای ڕۆژنامەگەری ژمارە ٣٥ ی ساڵی ٢٠٠٧ ی بۆ هەموار بکرایەتەوەو تاوانە ئەلکترۆنیەکانیشی لەخۆ بگرتایە نەک لە نێو چوارچێوەی یاسای تیرۆر دابنرێت، جگە لەوەش کە لەم مادەیەدا دەستەواژەی لاستیکی تێدایە کە دەشێ بە خراپ بەکار بهێنرێن لە دژی کەناڵە میدیاییەکان و میدیاکاران).

بەڵێ پرۆژە یاساکە بە ناکامڵی لە دایک بووە و پێناچێت بێتە بوون، هەرزوو ڕووبەڕووی نارەزایەتی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و سەرجەم میدیاکاران و تۆڕەکۆمەڵایەتیەکانی لێکەوتەوە،سەرجەمیان داوادەکەن ئەوپرۆژەیاسایە دەنگی لەسەر نەدرێت و ڕاکێشرێتەوە،چونکە ئەوە پێشێلکردنی ئازادیەکانی تاکە،پێیان وایە ئەوە پاشگەزبوونەوەیە لە بنەماکانی دیموکراسی وگەرانەوەیە بۆ دیکتاتۆریەت، دەبێتە هۆی بەرتەسککردنەوەی ئازادی رادەربڕین وپێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ.




لێگه‌ڕێن ئه‌م نیشتیمانه‌ دووباره‌ ببێته‌وه‌ به‌ نیشتیمان … لێنگستۆن هیوز/ وه‌رگێڕانی سه‌روه‌ر عومەر

لێنگستۆن هیوز (19021967)
وه‌رگێڕانی: سه‌روه‌ر عومه‌ر

لێگه‌ڕێن ئه‌م نیشتیمانه‌ دووباره‌ ببێته‌وه‌ به‌ نیشتیمان
لێگه‌ڕێن دووباره‌ ببێته‌وه‌ به‌و خه‌ونه‌ی كه‌ هه‌بوو
لێگه‌ڕێن ببێته‌وه‌ به‌ پێشڕه‌وی ده‌شت و
به‌شوێن مه‌نزڵگه‌یه‌كدا بگه‌ڕێت كه‌ تیایدا ئازاد بێت.

(ئه‌م نیشتیمانه‌ هه‌رگیز بۆ من نیشتیمان نه‌بوو)

لێگه‌ڕێن ئه‌م نیشتیمانه‌ ببێته‌وه‌ به‌و خه‌ونه‌ی خه‌وبینه‌كان خه‌ونیان پێوه‌ ده‌بینی
لێگه‌ڕێن ببێته‌وه‌ به‌ سه‌رزه‌وینی پڕ تین و تاوی عیشق
سه‌رزه‌وینێك كه‌ تیایدا پادشاكان پیلانگێڕی ناكه‌ن و
سته‌مگه‌ران ده‌سیسه‌ ناچنن
تا هه‌ر كه‌سێك له‌لایه‌ن سه‌رووی خۆیه‌وه‌ بچه‌وسێنرێته‌وه‌.

(ئه‌م نیشتیمانه‌ هه‌رگیز بۆ من نیشتیمان نه‌بوو)

ئاخ، لێگه‌ڕێن نیشتیمانی من ببێته‌ ئه‌و شوێنه‌ی كه‌ تیایدا،
ئازادی به‌ تاجه‌گوڵینه‌ی ساخته‌ی وڵاتپه‌رستی‌ ناڕازێننه‌وه‌
به‌ڵام ده‌رفه‌ت و هه‌لی ڕاسته‌قینه‌ بۆ هه‌موو كه‌س هه‌یه‌،
ژیان ئازاده‌ و به‌رابه‌ری له‌و هه‌وایه‌دایه‌ كه‌ هه‌ڵی ده‌مژین.

له‌م “وڵاتی ئازادیخوازانه‌دا” بۆ من هیچكات
نه‌ به‌رابه‌ری هه‌بووه‌ نه‌ ئازادی

پێم بڵێ، تۆ كێیت كه‌ له‌ تاركیدا له‌ژێر لێوه‌وه‌ ورته‌ورت ده‌كه‌یت؟
تۆ كێیت كه‌ باڵاپۆشه‌كه‌ت به‌نێو ئه‌ستێره‌كاندا ده‌خشێ؟

سپیپێستێكی بێنه‌وای فریودراوی په‌راوێزخراوم،
ڕه‌شپێستێكم كه‌ داغی كۆیلایه‌تی به‌سه‌ر جه‌سته‌مه‌وه‌یه‌،
سوورپێستێكم له‌ سه‌رزه‌وینی خۆم ده‌ركراوم،
كۆچبه‌رێكم چنگم له‌ هیوایه‌ك گیر كردووه‌ كه‌ ده‌مه‌وێت پێی بگه‌م
به‌ڵام به‌شی من بێجگه‌ له‌و پیلانه‌‌ دێرینه‌ نه‌فره‌تییه‌، هیچی تر نه‌بووه‌؛
كه‌ سه‌گ ورگی سه‌گ هه‌ڵده‌دڕێت و به‌هێز لاواز ده‌چه‌وسێنێته‌وه‌

من كوڕه‌لاوێكی پڕ له‌ ئومێد و توانام
كه‌ گیرۆده‌ی ئه‌و نیره‌ دێرینه‌ هه‌میشه‌ییه‌ بووم
نیری به‌ژه‌وه‌ندی، ده‌سه‌ڵات، قازانج،
ماشینه‌وه‌ی زه‌وی، ماشینه‌وه‌ی زێڕ،
ماشینه‌وه‌ی شێوه‌كانی دابینكردنی پێداویستی،
خستنه‌ سه‌ركاری خه‌ڵك، وه‌رگرتنی حه‌قده‌ست و
ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی هه‌موو شتێك به‌هۆی هه‌ڵپه‌ و چاوبرسیتیی مرۆڤه‌وه‌!

من جووتیارێكم –كراومه‌ته‌ به‌نده‌ی خاك-
كرێكارێكم، فرۆشراو به‌ ئامێر
ڕه‌شپێستێكم، خزمه‌تكاری هه‌مووتان
من گه‌لێكم: زه‌بوون، برسی، به‌دبه‌خت
تا به‌ئه‌مڕۆ ئاتاجی له‌تێك نانم، سه‌ره‌ڕای خه‌ونه‌كانم.
تا به‌ئه‌مڕۆ لێدراو و بێچاره‌م، ئاخ، ئه‌ی پێشه‌واكان
من ئه‌و مرۆڤه‌م كه‌ هه‌رگیز نه‌یتوانیوه‌ هه‌نگاوێك بۆ پێشه‌وه‌ بنێت،
بێنه‌واترین كرێكارێك كه‌ ساڵانێكی زۆره‌ ده‌ست به‌ده‌ست ده‌گه‌ڕێت.

له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌یشدا،
له‌ دنیایه‌كی كۆندا كه‌ هێشتا به‌ندایه‌تی بۆ پادشاكان ده‌كرێت
من ئه‌و كه‌سه‌م كه‌ خه‌و به‌ خه‌ونه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كه‌مانه‌وه‌ ده‌بینێت
ئه‌و كه‌سه‌ی زۆر به‌هێز، زۆر جوامێرانه‌ و زۆر ڕاستگۆیانه‌ خه‌و ده‌بینێت
ئه‌و كه‌سه‌ی ئازایه‌تییه‌ پڕ تین و تاوه‌كه‌ی
له‌ هه‌ر خشت و هه‌ر به‌رد و هه‌ر دێراوێكی كێڵراوی زه‌ویدا
كه‌ ئه‌م نیشتیمانه‌ی كردووه‌ به‌م وڵاته‌ی ئێستا هه‌یه‌
هێشتا ستران ده‌چڕێت‌.
ئاخ، من پیاوێكم كه‌ سه‌رتاسه‌ری یه‌كه‌مین زه‌ریاكان گه‌ڕاوم
به‌دوای ئه‌و شوێنه‌دا كه‌ ویستوومه‌ ببێت به‌ ماڵم
من ئه‌و كه‌سه‌م به‌نده‌ره‌ تاریكه‌كانی ئیرله‌ند و ده‌شته‌كانی پۆڵه‌ندا و
زه‌نوێره‌ سه‌رسه‌وزه‌كانی ئینگلستانی به‌جێهێشت،
له‌ كه‌ناراوه‌كانی ئه‌فریقای ڕه‌ش هه‌ڵكه‌ندرا و
هات بۆ ئێره‌ تا “وڵاتی ئازادیخوازان” بونیاد بنێت.

ئازادیخوازان؟

كێ بوو وتی ئازادیخوازان؟ من نه‌بووم؟
بێگومان من نه‌بووم؟ ئه‌و میلیۆنان كه‌سه‌ی له‌سه‌ر هاوكاریی ڕۆژانه‌ ده‌ژین؟
ئه‌و میلیۆنان كه‌سه‌ی ته‌قه‌یان لێ ده‌كرێت كاتێك مان ده‌گرن؟
ئه‌و میلیۆنان كه‌سه‌ی هیچ حه‌قده‌ستێكیان پێ نادرێت؟
هه‌موو ئه‌و خه‌ونانه‌ی بینیمانن
هه‌موو ئه‌و گۆرانییانه‌ی چڕیمانن
هه‌موو ئه‌و هیوایانه‌ی په‌نامان بۆ بردن
هه‌موو ئه‌و ئاڵایانه‌ی به‌رزمان كردنه‌وه‌

  • ئه‌و میلیۆنان كه‌سه‌ی هیچ حه‌قده‌ستێكیان پێ نادرێت-
    بێجگه‌ له‌و خه‌ونه‌ی ئه‌مڕۆ نزیكه‌ی مردووه‌.

ئاخ، لێگه‌ڕێن ئه‌م نیشتیمانه‌ جارێكی تر ببێته‌وه‌ به‌ نیشتیمان

  • ئه‌و وڵاته‌ی هێشتا نه‌بووه‌ به‌وه‌ی ده‌بوو ببێت و ده‌بێت ڕۆژێك ببێت!-
    وڵاتێك كه‌ تیایدا هه‌مووان ئازاد بن
    وڵاتی من
  • وڵاتی بێنه‌وایان، سوورپێسته‌كان، ڕه‌شپێسته‌كان و من‌
    ئه‌وانه‌ی ئه‌م نیشتیمانه‌یان كرد به‌ نیشتیمان،
    به‌ خوێن و عاره‌قه‌ی نێوچاوان، به‌ ئازار و باوه‌ڕ
    به‌و ده‌ستانه‌ی كانزاكان ده‌توێننه‌وه‌ و به‌و گاسنانه‌ی له‌به‌ر باراندان
    جارێكی تر ده‌بێت خه‌ونه‌ به‌هێزه‌كه‌مان بگه‌ڕێنینه‌وه‌.

به‌ڵێ، هه‌ر ناوێكی ناحه‌ز كه‌ پێتان خۆشه‌ له‌ منی بنێن-
پۆڵای ئازادی هه‌رگیز ژه‌نگ هه‌ڵناهێنێت.
ئێمه‌ ده‌بێت نیشتیمانه‌كه‌مان،
له‌و كه‌سانه‌ی زالووئاسا به‌ ژیانی خه‌ڵكه‌وه‌ نووساون
وه‌ربگرینه‌وه‌!

ئاخ، به‌ڵێ،
به‌ ڕاشكاوی ده‌یڵێم،
(ئه‌م نیشتیمانه‌ هه‌رگیز بۆ من نیشتیمان نه‌بوو)
له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌یشدا سوێند ده‌خۆم كه‌ ده‌بێته‌وه‌ به‌ نیشتیمانی من!

له‌نێو وێرانه‌ی سه‌رچاوه‌گرتوو له‌ مه‌رگی ڕێگره‌كانه‌وه‌
له‌نێو ده‌ستدرێژی و گه‌نده‌ڵی، سه‌رانه‌ و دزی و درۆكانه‌وه‌
ئێمه‌ی گه‌ل
ده‌بێت زه‌وییه‌كان، كانگه‌كان، كێڵگه‌كان، ڕووباره‌كان،
چیا و ده‌شته‌ پان و به‌رینه‌كانمان به‌ده‌ست بهێنینه‌وه‌
ته‌واوی ئه‌م شاره‌ سه‌رسه‌وز و گه‌ورانه‌ و
جارێكی تر نیشتیمان دروست بكه‌ینه‌وه‌!

ده‌قی شیعره‌كه‌ به‌ زمانی ئینگلیزی:
Let America Be America Again
Langston Hughes – 1902-1967

Let America be America again.
Let it be the dream it used to be.
Let it be the pioneer on the plain
seeking a home where he himself is free.
(America never was America to me.)
Let America be the dream the dreamers dreamed—
Let it be that great strong land of love
where never kings connive nor tyrants scheme
that any man be crushed by one above.
(It never was America to me.)
O, let my land be a land where Liberty
Is crowned with no false patriotic wreath,
But opportunity is real, and life is free,
Equality is in the air we breathe.
(There’s never been equality for me,
Nor freedom in this “homeland of the free.”)
Say, who are you that mumbles in the dark?
And who are you that draws your veil across the stars?
I am the poor white, fooled and pushed apart,
I am the Negro bearing slavery’s scars.
I am the red man driven from the land,
I am the immigrant clutching the hope I seek—
And finding only the same old stupid plan
Of dog eat dog, of mighty crush the weak.
I am the young man, full of strength and hope,
Tangled in that ancient endless chain
Of profit, power, gain, of grab the land!
Of grab the gold! Of grab the ways of satisfying need!
Of work the men! Of take the pay!
Of owning everything for one’s own greed!
I am the farmer, bondsman to the soil.
I am the worker sold to the machine.
I am the Negro, servant to you all.
I am the people, humble, hungry, mean—
Hungry yet today despite the dream.
Beaten yet today—O, Pioneers!
I am the man who never got ahead,
The poorest worker bartered through the years.
Yet I’m the one who dreamt our basic dream
In the Old World while still a serf of kings,
Who dreamt a dream so strong, so brave, so true,
That even yet its mighty daring sings
In every brick and stone, in every furrow turned
That’s made America the land it has become.
O, I’m the man who sailed those early seas
In search of what I meant to be my home—
For I’m the one who left dark Ireland’s shore,
And Poland’s plain, and England’s grassy lea,
And torn from Black Africa’s strand I came
To build a “homeland of the free.”
The free?
Who said the free? Not me?
Surely not me? The millions on relief today?
The millions shot down when we strike?
The millions who have nothing for our pay?
For all the dreams we’ve dreamed
And all the songs we’ve sung
And all the hopes we’ve held
And all the flags we’ve hung,
The millions who have nothing for our pay—
Except the dream that’s almost dead today.
O, let America be America again—
the land that never has been yet—
and yet must be—the land where every man is free.
The land that’s mine—the poor man’s, Indian’s, Negro’s, ME—
Who made America,
Whose sweat and blood, whose faith and pain,
Whose hand at the foundry, whose plow in the rain,
Must bring back our mighty dream again.
Sure, call me any ugly name you choose—
the steel of freedom does not stain.
From those who live like leeches on the people’s lives,
We must take back our land again,
America!
O, yes,
I say it plain,
America never was America to me,
and yet I swear this oath—
America will be!
Out of the rack and ruin of our gangster death,
the rape and rot of graft, and stealth, and lies,
we, the people, must redeem
the land, the mines, the plants, the rivers.
The mountains and the endless plain—
all, all the stretch of these great green states—
and make America again!




شیعر/ با دوا کەشتی بتبات … کاوە عوسمان عومەر

دواهەمیین مەلیش ماڵئاواییکرد
ئئوارەش لە زەریایەکی قورمزیدا،،
سەری خۆی هەڵگرت،،
چاوی گەڵاکان ،،
لە نێو پەلی درەختە تەڕەکانا،،
ئەبریسکێنەوە،،
ئۆتۆمبیلەکان مرۆڤە ڕوخسار ماندوەکانیان،،
بە جێ هێشت،،
پردێک تەنها ئافرەتێکی پێوە ماوە،،
وەک مەلێکی تەنیای بەجێماو، لەسەر ستونێک ،،
پیش خۆرئاوابوون،،
ڕێبوارەکان …
چەندیش ماندوون، ئەوەندەش،،
ئاسمان تینوە بۆ زەریای خەوتوو،،
ئەو پەڕەسێلکانەی…
بە بنمیچی ئاسمانەوە وەستاون،،
لە بازنەیەکا دێن و ئەچن ،،
وەک بڵێی پەیامێکی پەرادیسیان پێبێ،،
مخابن، کەس لە پەیامی پەڕەسێلکەکانی…
خۆرئاوابوون نەگەیشت، ،
کەنار چۆڵە، و تۆش تەنیا لەسەر پردێک،،
چەند ترسناکە بۆنی شنەبای ڕۆشتنت،،
تونێلێک بەرەو بێ دەنگی،،
تەنها زەنگی ئامادەکاری…
بۆ ماڵئاوایی کەشتیەکی لەنگەرگرتوو ،،
لە چۆڵەوانی کەنارێکا دەنگ ئەداتەوە،،
لێرەش نییت، بەڵام چرپەکانت…
بە گەڵا وەریوەکانەوە دێت،،
کات وەستاوە،،
لە ژوورێکا،،
لە قووڵایی خەوی ڕابردویەک،،
شەپۆل شەپۆل ئەڕژێتە…
ئاوازی دووری خۆر ئاوابوون،،
کەسیش نابینرێ،،
لە مێرگی تەنیایی شار،،
دارستانەکانیش ئەمشەو ،،
سەری خۆیان هەڵگرن،،
دڵێک لە حەسرەت ڕۆشتنی ئەو،،
وەک سەربازی هەڵهاتوو،،
مۆڵگەکانی ئارامی جێ دێڵێ، ،
پێت ووتبوو،،
گەر مایتەوە…
لەگەڵ لەنگەرگرتنی،،
هەمان کەشتی سپی نوقم لە تەم ،،
تۆش بمێنەوە،،
هەمان کەشتی شەکەت و ماندوو،،
خەفەتی شاری هەڵگرتوە ،،
تۆش بمێنەوە،،
گەر ڕۆشتیشی،،
لەگەڵ هەمان کەشتی سپی نوقم لە تەما،،،
سەفەر کە،،
و گە ر بۆشت کرا،،
بەهەمان کەشتی….
بۆ جارێکیش بێ،،
لە پایزێکی جەستە ئەرخەوانی،،
وەک گوڵە شەپۆل بردوەکانی دوای کۆچت،،،
بێیتەوە.

وێنەکە کارێکی هونەری فۆتۆگرافەری ئەڵمانی/
Willgard Krause
بە سوپاسەوە لە پەیجی فەرمی خۆی وەرگیراوە.




چیرۆکنووسی ناسراوی منداڵان کۆرنیلیا فونکە … رەزا شـوان

لەپـاڵ نووسـەرە کلاسیکییەکـانی ئەڵمانیا لە بـواری ئـەدەبی منـداڵانـدا، کە لە دەرەوەی ئەڵمانیادا لە جیهاندا ناسراون و ناوبانگێکی باشیان هەیە. چەنـد ناوێکی تازە دەرکەوتن کە رێکـۆردێکی تازەیـان تۆمارکرد، لە بـواری زۆرتـرین ژمارەی فـرۆشتنی پەرتـووکی منداڵان دا لە جیهانـدا. لە سەرووی ئەم نووسەرە تازانەوە، ناوی کۆرنیلیا فـونکە دێت.
کۆرنیلیا فـونکە لە بواری نووسین بۆ منداڵانـدا دەرکەوت، جـیاوازی لەگەڵ نووسەرانی پێشتردا هەیە. فـونکە ریچکە شکـێنە و توانی ئەدەبی منداڵان لە ناوخۆییەوە بگەیەنێتە جـیهانی و بە سـەر بەربـەستی زمـان و بیـرۆکـە باوەکـانی ئـەدەبی منـداڵانـدا زاڵـبێ، کە لەو سەردەمـەدا باوبـوون. تا گەیـشتە ئـەوەی کە خانەکـانی بڵاوکـردنەوە جیهـانییەکانی پەرتـووک، کـێبڕکـێـیان لەسـەر کـڕین و مـافـی رێپـێـدانی وەرگـێڕان و چـاپـکـردن و بڵاوکردنەوەی پەرتووکەکانی دەکرد. کە لێی بکـڕن و مۆڵەتی وەرگـێڕان و چاپکـردنیان لێی وەربگـرن.
لە ئەمڕۆدا لە ئەڵمانیا، بایەخێکی تایبەتی و زۆر بە ئەدەبی منداڵان دەدرێ. بۆ نموونە تەنیـا لە ساڵی (٢٠٠٥) دا، (١٨٠٠) پـه‌رتـووكی هەمەجـۆرەی منـداڵانیان وه‌رگـێڕایه‌ سه‌ر زمانی ئەڵمانی، بەرانبەر بە وەرگێڕانی (٥٦٩) رۆمـان بۆ سەر زمـانی ئەڵـمانی.

چـیرۆکنووسی ئەڵمانی، خاتوو (کـۆرنیلیا فـونکە) یەکێکە لە چـیرۆکنووسە ناسراو و بەناوبانگەکانی جیهانی لە بـواری چـیرۆک و رۆمان نووسین بۆ منداڵان و بۆ لاوان.
کۆرنیلیا فـونکە، جێ پەنجـەی لە ئەدەبی منداڵانـدا دیارە. پەرتووکە چاپکراوەکانی بۆ منداڵان، وەریان گێڕاون بۆ سەر (٥٠) زمانی فەرمی جیهانی. زیاتر لە (٢٠) ملیـۆن دانە، لە هەموو جیهانـدا لە پەرتـووکەکـانی فـرۆشراون.
(كـۆرنیلیا ماریـا فـونكه‌) لە رۆژی (١٠/ دێسه‌مبه‌ر/١٩٥٨) له‌ شاری (دۆرسـتین) لە باکووری راین و ستفالیا لە ئەڵمانیا لەدایکبووە. باوکی ناوی (کارل هـاینز فونکە) یە دایکی (هـیلمی فـونكه‌) یە. خوشک و برایەکـیشی هـەیە.
کـۆرنیلیا فـونکە، کە منـداڵ بوو حـەزی لە وێنەکێـشانی خەیـاڵی و فـانتـازی دەکـرد. قوتابخانەی بنەڕەتی و ئامادەیی لە شاری( دۆرستین)ی زێـدی لەدایکـبوونی تەواوکرد.
بۆ درێژەدان بە خوێنـدنی باڵا، رووی لە شاری (هـامبۆرگ) کرد. بڕوانامەی دپلۆمی لە لە پەروەردەدا وەرگرت. ماوەیەک وەکو نەخشەساز و ێنەکێش، نەخشەی دروستکردنی مێـزی دەکـێشا و وێنـەی بۆ پەرتـووکی منـداڵان دەکـێشا. دوایی بۆ مـاوەی (٣) ساڵ، لە پەیمانگای هامبۆرگ، بوو بە مامۆستای وانەبێژ و هونەری شیکاری و روونکردنەوەی وێنـەی دەوتـەوە.
لە دواییدا وەکو وێنەکێشێکی شیکاری، وێنەی پەرتووکی منداڵانی دەکـێشا. هەر لێرەوە خۆلیـای ئەوەی کـەوتە سەر و بڕیـاری دا، کە چـیرۆک بـۆ منـداڵان بنووسێـت. رووی لە جیهـانی ئەدەبیاتی منـداڵان کـرد و بە شێوازێکی تـازە، دەستی بە نووسـینی چـیرۆک بۆ منـداڵان کـرد و بـڵاوی کـردنەوە.
ماوەیەکـیش لە کۆمەڵەیەکی خـێرخوازیدا، وەکو خـۆبەخـشێک گـرنگی بە منـداڵان دەدا.
کاری دڵدانەوە و خۆشی خستنە دڵی منداڵانی پەنابەران و منداڵانی قوربانیانی شەڕ بوو.
کۆرنیلیا فونکە حەزی دەکرد کە ببێت بە (فـڕۆکەوان) بەڵام لە دواییدا پلانەکەی گۆڕی و رووی بـواری نووسین کـرد. ماوەیەکـیش وەکو وێنەگـرێکی فـۆتـۆگرافی کاری کرد.
فـونکە لە زانکۆی هامبۆرگ درێژەی بە خوێنـدن دا و لە ساڵی (١٩٧٩) دا، بڕوانامەی باکالۆریـۆسی لە بەشی زانستی شـێوازی وانـەوتنـەوە وەرگـرت.
هێشتا بە تەواوی خۆی یەکلایی نەکردەوە و بڕیاری ئەوەی نەدا، کە لە کوێ کار بکات و ببـێت بە فەرمانبەر.. بۆیە بـڕیاری دا کە بچـێت بەشداری لە کۆرسـێکی تر بکـات. وا رێکـەوت ئەم کـۆرسە بە دڵی فـونکە بوو، دەربـارەی وێنـەی شیکاری پەرتـووک بوو.
هـۆگری و خولـیای چـیرۆک نووسینی بۆ منـداڵان، زاڵـتربـوو بەسەر خولیاکـانی تـریدا.
لەپاڵ حـەزی نووسینی بۆ منـداڵان، سیناریـۆی بۆ زنجـیرە درامای تەلەفـزیۆنی (حه‌وت ئەستێرە) نووسی. دواتـریش چەنـدین سیناریـۆی تری بۆ دراماکان نـووسی.
فـونکە بە نووسیـنی چـیرۆکی (گـەورەی دزه‌كـان) كه‌ له‌ ساڵی (٢٠٠٠) دا نـووسی و چاپیکرد و لە ئەڵمانیادا بڵاوی کردەوە. لە ساڵی (٢٠٠٢) دا وەریان گێڕایە سەر زمانی ئینگـلیزی و لە ئەمریکـا و وڵاتانی ئەوروپـادا بڵاوبـۆوە. ئەم چـیرۆکە باس لە منـداڵانی سەر شەقـامەکانی شاری (ڤـینیسا) ی ئیتـاڵیا دەکات، کە سەرکردەیەیەکی رەفـتار و خوو نامـۆ سەرکردایـەتی دەکـردن. تا ئێـستا ئـەم چـیرۆکەی وەریـان گـێڕاوە بـۆ سەر (٢٣) زمـانی جیهـانی. بۆ مـاوەی زیـاتر پێـنج مانگ لە ئەمریکـادا، لە سەرووی لیـستی ئـەو پەرتـووکـانەوە بوو، کە زۆرتـرین ژمـارەی لێ فـرۆشرا. ئەمەش بـووە هـۆی ناوبـانگ دەرکردنی کۆرنیلیا فـونکە و بـووش بە هـانـدەرێکی باش بۆ ئـەوەی کە فـونکە درێـژە بە نـووسینی چـیرۆک و رۆمـان بـدا، بە تایبەتـیش چـیرۆک بـۆ منـداڵان.

لە ساڵی (٢٠٠٣) دا، چیرۆکی (دڵی مه‌ره‌كه‌ب) ی نووسی و چاپیکرد. هەر لەو ساڵەدا، وەریان گـێڕایە سەر زمـانی ئینگـلیزی و لە ئەمریکـا و ئەڵمانیا و بەریتانیا و کەنـەدا و ئوسترالـیا و چەنـد وڵاتێکی تر بڵاوکـرایەوە. هەموو چیرۆکەکانیشی وەریان گێڕاون بۆ سەر زمانی ئینگـلیزی. هـۆگر و خوێنەرێکی زۆری منـداڵان و مێـردمنـداڵانیان هـەیە.
لە ساڵی (٢٠٠٤) رۆمانی (سواره‌ی ئەژدیهـا) ی نووسی و چاپیکرد و بڵاوی کردەوە.
کۆرنیلیا فـونکە لەگەڵ (رۆڵـف فـونکە) ی هاوسەری و کچەکەی و کوڕەکەیدا، کۆچیان بۆ ئەمریکا کرد.. لە ساڵی (٢٠٠٦) دا، هاوسەرەکەی بە نەخۆشی شـێرپـەنجـە کـۆچی دوایی کرد. و کۆرنیلیا فونکە و هەردوو منداڵەکی بۆ یەکجاری لە ئەمریکـادا مانەوە. لە شاری (لـۆس ئەنجـلس) لە ویلایـەتی کالـیفـۆرنیا، لە ماڵـێکی پـڕ لە پەرتـووک دەژیـن. تەمەنی فـونکە لە ئێستادا (٦١) ساڵە.. بەردەوامە لە نـووسیـنی چـیرۆک و رۆمـان.
کۆرنیلیا فـونکە پێی وایە، کە هەرگـیز چـیرۆکەکان کۆتاییان نایات. لە لاپەڕەی یەکـەمدا دەست پێدەکرێن و لە دوا لاپـەڕەدا کۆتـاییان دێت. پەرتووکەکـانیش لە ئامێزیـان دەگرن. بـەڵام چـیرۆکەکـان درێـژەیـان هـەیە و کۆتـاییـان نایـات.
تا ئێستا کۆرنیلیا فـونکە، زیاتر لە (٤٠) پەرتووکی چیرۆک درێژی بۆ منداڵان و رۆمان و چەنـدین سینارێـۆی بۆ زنجـیرە درامـا تەلەفـزیۆنییەکان نووسـیوە. ئەمانەی خـوارەوە نـاوی هەنـدێک لە پەرتـووکەکـانێـتی:
١ـ زنجـیرەی (راوكه‌رانی تارمـایی).
٢ـ زنجـیرەی (مـریشکە کـێوی).
٣ـ سیانەی (دڵی مه‌ره‌كه‌ب ٢٠٠٠،خوێنی مه‌ره‌كه‌ب ٢٠٠٥،مردنی مه‌ره‌كه‌ب ٢٠٠٧)
ئەم چیرۆکە کـراوە بە فـیلمی سینەمایی.
٤ـ لە پشت پەنجـەرە ئەفـسووناوییەکـانەوە (١٩٨٩).
٥ـ دوو جـادووگەری دڕنـدە (١٩٩٤).
٦ـ شازادە ئێـزابیـلا (١٩٩٧).
٧ـ سوارەی ئەژدیهـا (١٩٩٧).
٨ـ هـاوڕێ قەڵەوەکـان (١٩٩٨).
٩ـ میـک و مـو لە رۆژئـاوای دڕنـدەدا (٢٠٠٠).
١٠ـ گـەورەی دزەکـان (٢٠٠٠) له‌ ساڵی (٢٠٠٦) دا، كـرایه‌ فـیلمی سینه‌مـایی.
١١ـ سوارێـکی نامـۆی بێـناو (٢٠٠١).
١٢ـ زۆرترین بـرایـانی دڕنـدە لە جـیهانـدا (٢٠٠٤).
١٣ـ میـک و مـو لە ئـاسمانی دەرەوەدا (٢٠٠٤).
١٤ـ ئـەو لە بـەردە (٢٠١٠).
١٥ـ روونـاکی مانـگ (٢٠١٢).
١٦ـ سوارەی تارمـایی (٢٠١٢).
١٧ـ چەقـاوەسووکـانی هـاویـن.
١٨ـ سەرجەم پەرتووکە چاپکراوەکانی لە چـیرۆک و رۆمانەکان لە (٤٠) پەرتووکن.
کـۆرنیلیا فـونکە، وێنەکـێـشێکی باشیس بـوو، چەنـد پێشانگـایەکی وێنەشی کـردەوە.
شایەنی باسیشە کە تا ئێـستا، کۆرنیلیا فـونکە، چەنـدین خەڵاتیـان لەسەر چـیرۆکەکانی پێـشکـەش کـردوون. لەوانـەش: خـەڵاتی بـەرزی میـدالیـای خـاچی ئەڵـمانی، خـەڵاتی مـانگـا خوێنەرەکە، خەڵاتی پەرتـووکی ئینجـیلی. خەڵاتی فانتـازی لە شاری فـیسلان ـ ئەڵمانیا. چەنـد خەڵاتێکی دیکەش، کە لە لایەن کۆمپانیـیەکانی چـاپ و بڵاوکردنەوە و سینەماوە پێـشکەشیان کـرد.
لە ساڵی (٢٠٠٥) دا گۆڤـاری (تایـم)ی ئەمریکی، کە سەد کەسایەتی ناوداری جـیهانی هەڵبژار، کە لەسەر ئاستی جیهانیدا، کاریگەریان هەبوو لەو ساڵەدا، یەکـێک لەو سەد کەسانە خاتـوو کۆرنیلیا فـونکە بـوو.

رەزا شـوان
نەرویـج: ١٨/ ئاوگوست /٢٠٢٠
(*) بۆ نووسینی ئەم بابەتە سوودم لە چەند سایتێکی ئینگلیزی و نەرویجی وەرگرتووە.




نه‌خشه‌ی ئه‌وین … ستار ئه‌حمه‌د

تارمایی چڵێك وه‌ك زوڵفی تارت
روومه‌تم ده‌كا به‌نه‌خشه‌ی ئه‌وین
پرشنگی نیگات ده‌دره‌وشێته‌وه‌
ده‌بێته‌ سه‌دا ی بزه‌و پێكه‌نین
…………………………………………………..
پرچی ره‌شمارت هه‌ورێك سیایه‌
ئاسمانی دڵم داده‌گرێت به‌قین
تووڕه‌یی ناخت له‌گوڵ داده‌بڕێ‌
له‌بیرت ده‌چێت بۆ یه‌كتر ده‌ژین
……………………………………………
له‌ره‌ی مه‌مكانت چوون گوڵی به‌هار
به‌ده‌م شه‌ماڵی تاسه‌وه‌ ده‌گرین
هه‌ناوت جۆشی به‌كوڵ هه‌ڵده‌ستێ‌
حه‌زت وه‌هایه‌ بۆ یه‌كتر بمرین
…………………………………………….
ده‌ڵێی زریانی ناوه‌ختی شه‌وی
هه‌ڵده‌كه‌ی به‌سه‌ر برینی جه‌رگما
عه‌شقت هێلانه‌ی مه‌لێك ته‌ریوه‌
گڕ ده‌گرێت له‌نێو په‌رستگای سه‌رما
…………………………………………………….
چه‌نده‌ به‌نازی و ئاوازی تاسه‌ت
خۆزگه‌ی ژیانمان ده‌گوێزێته‌وه‌
دوێنێ‌ له‌خۆڕا پشتت تێكردم
ئه‌مڕۆش خه‌ریكه‌ سوێم بۆت بێته‌وه‌
…………………………………………………..
چییه‌ گۆڕانی حه‌زو ئاره‌زووت
له‌هه‌ست و دید ت سه‌رم سوڕماوه‌
ساتێك بارانی وه‌رزێكی ئاڵی
ده‌مێك وه‌ك گڕكان گڕت هه‌ڵساوه‌

ستار ئه‌حمه‌د




پۆلیسێك بیر لە ئایندەمان دەکاتەوە! … ڕزگار عومەر

ئەو ئەندام پەرلەمانانەی واژۆیان کرد لەسەر (پڕۆژەی یاسای رێكخستنی میدیای ئەلكترۆنی لە هەرێمی كوردستان – عێراق) بەشی زۆریان وەکو فەرمانی حیزبیی واژۆیان کرد، هەندێکیشیان لە بەر بێ خەبەریی لە تێگەیشتن لە مەترسی ئەم جۆرە پڕۆژانە. ئەمانە هەموو لە ڕوون کردنەوەکانی کێشانەوەی ئیمزاکان دیارە، ئەو بەشەی کە بە فرمانی حیزبیی دەیکەن بە دڵنیایی سوور دەبن لەسەر بردنە پێشەوەی ئەم پڕۆژەیە، مەسەلەکە ” قەناعەت” نیە، مەسەلەکە “ئەرك و فەرمانە”، کە زۆربەیان بەوانەشی زۆر دەروێشانەو کەلەڕەقانە حیزبایەتی دەکەن، نازانن ڕۆژگارێك دێت خۆشیان دوور نیە ببنە قوربانی ئەو دۆخەی کە یاسای لەو بابەتە دروستی دەکات.

پەرلەمانی کوردستان، بەشی زۆری ئەندام پەرلەمانەکانی هەموو خولەکانی بەوەی ئێستاشەوە؛ هەلقوڵاوی ئەندێشەو خەمێك نین کە ناوی “ماف” یان ” ئازادی” بێت. هەموو دەزانین کۆدی ئەندام پەرلەمانی بریتیە لە یەك ووشە “بەرژەوەند”، تەنانەت هەموو هاوڵاتیان و خوێنەرانیش دەزانن ئەوەی وتم شتێکی تازە نیە، ئەندام پەرلەمانەکانیش ئەوە دەزانن ولای زۆربەشیان ئاساییەو بە ” زیرەکی” لە قەڵەم دەدن.

ئەوەی لەم بابەتە جێ ی مەترسیەو نوێیە: عەقڵی پشتەوەی نوسینی پڕۆژەکەیە. کە وا دەکا ئەو پەرلەمانەو کەسایتیەکانی ببنە ڕووی پێشەوەی پڕۆژەیەك کە لەوان گەورەترە، پەرچەکردارێکیش کە هاوڵاتیانی کوردستان نیشانی دەدەن دژ بەم یاسایە هەر بەسەروچاوی ئەندام پەرلەمانەکان دەتەقێتەوە، لەم کردارو پەرچەکردارەدا، ماستەرمایندی پڕۆژەکە، عەقڵی پشتەوەی پرۆژەکە کەمتر تیشکی دەچێتە سەر.

ئەو عەقڵەی لە پشتی ئەم پڕۆژەیە وەستاوە: مەرج نیە یەك حیزب و یەك کەسایەتی حیزبی یان حکومی بێت، بەڵکو بریتیە لە کۆکتێلێك لە نزیك بوونەوەی حیزب و کەسایەتیەکان لە ڕەهەندێکی نوێدا، ئەگەر لە دەیان ڕەهەندیتریش هاوڕا نەبن، بەڵام لەوەدا هاوڕان کە خشتێکی نوێ بخەنە ئەو ئەجێنداو تێڕوانینی سیستەمەکە لە سەر دۆخی بەهرەمەند بونی خەڵکی لە ” ئازادی ڕادەربڕین”، بە تایبەتی کە میدیای ئەلیکترۆنی (بەو کەم کوڕیانەشی کە هەیەتی) سنورەکانی ئەم ئازادییەی بە ڕادەیەك فراوان کردوە کە بۆتە فشار لەسەر سیستەم و هەردوو حیزبی سەرەکیش هاوڕان کە بەربەستەکانی ئازادی زۆرترو زۆرتر بکەن.

ماهیەتی عەقڵی پشتەوەی ئەم پڕۆژەیە؛ ئەگەر لە دەستی بێت بەیانی ئیعلانی ” ئەحکام عورفی”دەکا لە وڵات، پێویستی بەم یاسایەو ئەتەکێتی شانۆگەریەکانی پەرلەمانیشی نەدەکرد. هەمیشە بە یەك گەیشتنی مێنتاڵیتی سەربازی لە گەڵ ئایدۆلۆژیای “حوکمی ڕەها” مۆدیلێکیتر دەخاتە سەر مۆدیلە جۆراو جۆرەکانی ئەزمونەکانی تاکڕەوی! یاسای دژە تیرۆر نوێنەرایەتی دۆخی سەربازی وجەنگ دەکا، لە رووی ئایدیۆلۆژیەوە ” حەرامکردن” کردنی قسەو رەخنە ڕاستەوخۆ “موقەدەس” دەگەڕێنێتەوە نێوکایەی سیاسەت کە ئەمەش خشتی سەرەکی هەڕ ڕژێمێکی شمولیە .
لەسەردەمی بەعسدا : بە تایبەتی دوای دۆڕانی شەڕی کوێت و داڕمانی هەیبەتی دەسەڵات و حیزب، بەعس یاساکانی توندتر کردەوە. ئەو دەمی بە شێوەیەکی بەربڵاوتر خەڵکیان دەگرت لەسەر نوکتە کردن یان جوێندان لەسەر سەدام .سزا هەرە باوەکە زمان بڕین بوو کە تائێستا چەندین دۆکیۆمێنتەری لەسەر دەرکراوە. ئەم پڕۆژە یاسایە هەمان دیدگای ” زمان بڕینەوەکەی”سەردەمی سەدامە، کە هیچ مەکیاژێکی پەرلەمانیی ناتوانێ پەیوەندی ئەم دوو یاسایە بشارێتەوە لە رووی ئامانج و لە رووی عەقڵیەتی پۆلیسیی پشتەوەی هەردوو یاسا.

ئێمە لە دووڕیانێکی هەستیارداین، لە کاتێکدا کە ناسیۆنالیزم یۆتۆبیاکانی لە زەینی گشتیدا یەك لە دوای هەڵدەوەرێ و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ قەیرانەکانی ئەم جۆرە لە حوکمڕانی قوڵتر دەبێتەوە، ئەو دێت و ئەم شکستە تەرجومە دەکا بۆ “سەرکوت” و دەیخاتە ئەستۆی هاوڵاتیان و ئازادیەکانیان پەڕو باڵ دەکات.ئێمەش لەم دوڕیانەدا بژاری ئەوەمان هەیە گوێڕایەڵی ئەم بەربەریەتە بین لە پرۆژە یاساو لێگەڕێین عەقڵیەتی پۆلیسی و سەربازی دوا ڕۆژمان بۆ دروست بکا، بژاری ئەوەشمان هەیە ئەو مافە کەمانەی لە دەستمان ماوە بەرگری لێبکەین.




‌بەدیل چیە؟ … ‌شوان حەسەن

مناڵەکان!
با ئەو جۆگەیە بگۆڕین/ کە خوێنمانی پێدا دەڕوات/ بائەو زەمینەش بگۆڕین/ کە چاو کاسەسەر دەخوات /
ئەوجا کێڵگەی ڕووناکیتان نیشان دەدەم/ ئەو جا وەرزی دروێنەتان بۆ ڕست دەکەم
(پەشێو)

بێگومان زۆر ناخۆشە کاتێک رەخنە لە دەسەڵاتیک دەگری کە لە هەموو تاقیکردنەوەکاندا سەرکەوتوو نەبووە و هەموو شتێکی دۆڕاندوە.. کەسێک بێت و لە سەدەی بیست و یەک و لە ناو ئەو هەموو پێشکەوتنە گرنگانەی ڕۆژانە لە جیهان وەبەرهەم دێن لێت بپرسێ ئەرێ جێگرەوە چیە؟ یان چارەسەر چیە؟ ئەوە نیشانەی ئەوەیە ئەو کەسە دوای ئەو هەموو ماڵوێرانییەی بەسەریدا هاتوە نایەوێ خۆی لەو دەسەڵاتە جودابکاتەوە! سەرەتا دەبێ ئەوە بزانی بۆ ئەوەی بە دوای جێگرەوەدا بگەڕێی پێویستە خاوەنی کەسایەتیی خۆت بی، واتە دەبێ تاکێك بی لە واتا و گرنگیی ناسنامە بگەی چونکە کێشەی تۆ لە نەبوونی ناسنامەدایە.

خەباتی چەکداریی:

ناچمە ناو ئەو مێژووە دوور و درێژەی خەباتی چەکداریی بەڵکو بە خێرایی چاوێک بە قۆناغی هەشتایەکاندا دەخشێنین، چونکە ئەو قۆناغە کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر ئەو بارودۆخەی ئێستا هەیە، هەرچەندە وا پێویستە کە وەک قۆناغێکی بەسەرچوو خوێندنەوەی بۆ بکرێ، بەڵام بەداخەوە خەڵکانێک ئەو مێژووە بە چەندین خوێندنەوەی “ئەگەریی”ی زۆر هەڵە هەڵدەسەنگێنن کە لە خویندەوەی مێژوودا ئەو رێبازە بە تەوایی رەتکراوەتەوە، تەنها ئەو جۆرە ئەگەرە ئەندێشەییانە لە دەقە ئەدەبیەکاندا دەبیندرێن و ئاسایین ‘ئەگەر ئەوهامان بکردبا و خۆزگە ئەوهامان بکردبا و… تد’، یان بە زانیارییەکانی ئێستا هەڵسەنگاندن بۆ ئەو کات بکەین، یان بەراوردی وڵاتە داگیرکەرەکان بە وڵاتی خۆمان بکەین کە لە خانەی وڵاتە داگیرکراوەکانین، (لە کاتێکدا بەراودکردن ئیدی ناچێتە خوێندنەوەی مێژوویی) بێگومان ئەگەر مرۆڤ سەیری ئەو وڵاتە داگیرکراوانە بکا کە بەرگرییان نەکردوە ئەوجا لە گرنگیی خەبات و جیاوازییەکان دەگا، راستە خەباتی چەکداریی بە شادەماری ئەو قۆناغە هەژماردەکرێ بەڵام شێوازەکانی دیکەشمان تاقیکردنەوە، خەباتی نهێنیی، خۆپیشاندان، بەبەعسی نەبوون، لەبەرنەکردنی بەرگی جەیش شەعبی، نافرمانیی گشتیی، بایکۆت بەو سادەییەی کە دەمانزانی و.. تد، بێجگە لەو نەریتە چەکدارییەی پشتاوپشت بۆمان مابۆوە ئەدەبێکی باویشمان هەبوو هەمیشە بە نووسینە ناوخۆیی و وەرگێڕدراوەکانیەوە هانیدەداین بە زەبروزەنگ کێشەکانمان چارەسەربکەین، بە داکۆکیی وەرمەگرە لەسەر ئەو قۆناغە.. دەزانم لە نێو هێزەکانی باشوور کەموکووڕیی هەبووە تا رادەی ناپاکییش جا چ لە نێوان خۆیان چ لە بەرانبەر هێزەکانی پارچەکانی دیکە، پێش ئەوەی لێکدانەوەی بۆ بکەی دەبێ لەو راستییە تێبگەی کە ناپاکیی و یەکدی کوشتن و چاڵ هەڵکەندن بۆ یەکدی کارێکی ئاسایی بووە لە مێژووی خەباتی کوردایەتی، وەک گوتم ئەوە پەیوەندیی بە ئاستی رۆشنبیریی میللەتەکەمانەوە هەیە. پاشان ئێمە قسە لەسەر جێگرەوە دەکەین، ئایە ئێمە چ بژاردەیەکەمان لە پێش بووە، سەربازیی، چەکداریی خۆفرۆش، راکردن لە سەربازیی، پێشمەرگایەتی، کەمبوون ئەوانەی ڕێگای هەندەرانیان هەڵدەبژارد ئەویش بە هۆی ئەوەی کەمتر ئاشنایەتییمان لەگەڵ دەرەوەی سنووری خۆمان هەبوو، پێم بڵێ کامەمان هەڵبژاردبایە؟

حیزبی بەعسی دڕندە دەیویست لە ڕێی بەعەرەبکردن و بەبەعسیکردن و ڕاگواستن ناسنامەی نەتەوەییت بسڕێتەوە، ئایە چۆن شکۆی خۆت بەرانبەر ئەو دڕندەییە دەپاراست؟ ئەوانەی ئێستا رێگەچارەی دیکەیان پێیە پێویست ناکە دوێنی بە چاوی ئەمڕۆ بخوێننەوە.

لایەنگران و خەباتکارانی ئەو قۆناغیش کە باوەڕیان وایە ئەوەی ئەوان کردوویانە بێجگە لە پێناو پاراستنی شکۆمەندیی خەڵکەکەیان هیچ ئامانجێکی دیکەیان نەبووە، ئەوانیش بە چەندین ئەگەر وەڵامدەدەنەوە، یەکێک لەو ئەگەرانەی بە بڕوای خۆم زۆر لۆژیکییە ئەوەیە کە ئەگەر خەباتی چەکداریی نەبووایە ئەوە دەبووایە زۆرینەی گەنجەکانمان ببنە سوتەمەنیی شەڕی عێراق و ئێران، ئەگەر ئەو کات دەتتوانی لە سەربازیی رابکەی یان ببیە جاش یان سەربازییەکەت لە شوێنێکی گونجاو بێ.. ئەوە هۆیەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە خەباتی چەکدارییت هەبووە، کێ دەڵێ ئەگەر خەباتی چەکداریی نەبووایە بەرەیەکی جەنگ لە کوردستان نەدەکرایەوە، بۆ تێگەیشتن لەو ئەگەرە، مرۆڤ دەتوانێ چاوێک بە مێژووی ئەو گەلانەدا بخشێنێ کە بەرەنگارییان نەکرد بەرانبەر بە هێزی داگیرکەر.

لە گێڕانەوەی قۆناغی خەباتی چەکداریی مەبەستم ئەوە نییە لەسەر سێ مەرجە سەرەکییەکەی “گێڕانەوە” قسە بکەم: ١- راستگۆیی. ٢- زمانێکی ئەدەبیی. ٣- پاشخانێکی زانستیی و زانیاریی. دەبێ بڵیم بەداخەوە بە دەگمەن “گێرانەوەکان” ئەو مەرجانە پڕدەکەنەوە. ئەوەی دەمەوێ وەک دژێک قسەی لەسەر بکەم پتر خاڵی هاندان و جوانکردنی زەبروزەنگە، پێویست ناکا بەو شێوەیە وا لە نەوەی نوێ بکەین هێندە ئەشقی چەک و زەبروزەنگ ببن، ئەو هەموو بیرهێنانەوە ناپیشەیی و نەشارەزاییەیە وایکردوە کاریگەرییەکی نەرێنیی پتر هەبێ لە کاریگەرییە ئەرێنییەکە، ئەوە وایکردوە مرۆڤ پتر باوەڕی بەوە هەبێ کە زەبروزەنگ چارەسەرە، ئایە مەبەست لە گێڕانەوە چیە؟ خۆزگە ئەو گێڕانەوانە ئەزموونێکی کەسیی بان و نەوەی نوێ لە ژیانی رۆژانەیان سوودێکیان لێوەرگرتبان.

بۆیە سەرەتا بۆ خۆم داوای لێبووردن دەکەم ئەگەر کاریگەرییەکی نەرێنییم لەسەر کەسێک هەبووبێ و واملێکردبێ زەبروزەنگی پتر وەک چارەسەرێک دیتبێ یان زەبروزەنگم لە لای جوانترکردبێ، گەڕانەوە بۆ چەک گەڕانەوەیە بۆ کوشتنی مێژوو، ئێمە هیچ پێویستییەکمان بەوە نییە بیر لەو چارەسەرە بکەینەوە بەڵکو پێویستە واز لەو میراتە بهێنین و لەگەڵ سەردەم و جیهانبینیی نوێ خۆمان بگونجێنین. زۆر هەڵەیە کاتێک کە ئەو هەموو رێگەچارەیەمان لەبەردەستە بیر لەو چارەیە بکەینەوە، کە پێشوەختە دەزانین هەرچی هەمانە دەیدۆڕێنین، ئەوەش کۆششێکە بۆ خۆی و یەکلاکردنەوەی خاڵی گرنگی مژارەکەی منە، چەک تەنها ماڵوێرانییە، ئەوانەی کە دەشڵین رووخانی دەسەڵاتی کوردی تەنها بە چەک دەکرێ.. بە بڕاوی من ئەو خەڵکانە کێشەیەکی دەروونییان هەیە و هەم چێژ لە کوشتن وەردەگرن هەم لە بەکوشتدانی ئەوانیدی. جێگرەوەی ئەو دەسەڵاتە تەنها پێویستی بە هۆشیاریی تاک هەیە و ‌هێندە ئاڵۆز نییە، ئەگەر زۆرینە هاوڕابن دەبێ لە شوێنێک دەست پێبکەین، کە چیدی خوێن نەڕژێ، بۆ ئەوەی دووبارە باوەڕی خەڵک بەدەست بێنینەوە دەبێ بە وردیی کار لەسەر خاڵی جیاوازی نێوان بەرژەوەندیی دەسەڵات و بەرژەوەندییەکانی خەڵک بکەین، گرنگە خەباتکردنمان بەو ئاراستەیە بێ کە ئێمە خاوەن ئەو نیشتیمانەین نەک ئەو دز و گەندەڵانە. بۆ ئەوەی بەرژەوەندیی خەڵک نەکەین بە سووتەمەنی ئەوە دەبێ دروشمی رووخانی دەسەڵات و ئەو سیستەمە بگۆڕین بۆ گۆڕین و چارەسەرکردنی بەڵام بە مەرجێک نەچینە ناو سیستەمەکە چونکە هەرگیز ناتوانین گۆڕانکاریی و چاکسازیی تێدا بکەین بە بێ ئەوەی گۆڕانکاریی لە ناو کۆمەڵگەدا بکرێ، بە کورتییەکەی با تاوانی ئێستا نەخەینە ئەستۆی رابردوو، ئەوەی گرنگ و پرسیارە ئەوەیە کە ئایە لە دوای راپەڕینەوە تا ئێستا چیمان کردوە دژ بەو دەسەڵاتە؟

دوو بەڕێوەبەرایەتی و یەک سیستەم:

لە دوای ٣١ی ئابەوە ئەو هەرێمە بۆتە دوو ئیدارە، پاش ئەوەی هێزە دەرەکییەکان ناو ماڵی حیزبە کوردییەکانیان رێکخستەوە (کە ئەوان بۆ ئەوەی سۆزی خەڵک بورووژێنن دەڵێن ناو ماڵی کورد) دیارە زۆرینەمان ئەو راستییە دەزانین کە ئەوان مەبەستیان چیە و ئەو لێکنزیکبوونەوەیە چۆن بەکاردەهێنن، چونکە ئەگەر مرۆڤ لە کێشەی نێوانیان تێبگا کە دەسەڵات و ئابوورییە ئەوە لەوەش تێدەگا خاڵی هاوپەیمانیەتیەکە و ئاشتبوونەوەشیان هەر لەسەر ئەوەیە.
هێشتنەوەی دوو دەڤەر یان دوو بەڕێوەبەریی ئەگەر بە شێوەیەکی ڕووکەشیش بێ ئەوە بۆ ئەوان سوودێکی زۆری هەیە، دیارە لەو یارییەش پارتی لە دوای چەندین ڕێکەوتن و ململانێی پاوانکاریی گرەوەکەی لە یەکێتی بردەوە.. جا ئەوە چ بە یارمەتیی دۆست و لایەنگرانەکانی بێ لە ناو یەکێتی و گۆڕان کە بەشێکی لێیان کڕیوە و هەمیشە کار لەسەر کڕینی ئەوانیدیکەش دەکا.. چ بە هۆی ئەوەی هەر لە سەرەتاوە جەلال تاڵەبانی سەرۆکایەتیی عێراقی هەڵبژارد لە جیاتی هەرێم و گۆڕەپانەکەی بە بێ کێشە رادەستی پارتی کرد، هاوکاتیش پشتیوانە دەرەکیەکەی پارتی زۆر بەهێزترە چونکە ئەوەی هێزە دەرەکییەکان لە پارتی بەدەستیان دەکەوێ لە لایەنانی دیکە بەدەستیان ناکەوێ، ئاخر پارتی هەمیشە دۆستێکی بەئەمەک و سوودمەندتر بووە بۆ دەسەڵاتە نەیارەکانی ناوچەکە، هەر بۆ نموونە با یەکگرتووی ئیسلامییتان بەبیر بهێنمەوە؛ هەرچەندە لەگەڵ (ئەکەپە) لە ناو یەک بازنەی (ئیخوان موسلیمین) دان بەڵام هێشتا هێندەی ئەردۆگان سوود لە پارتی وەردەگرێ لە یەکگرتووی وەرناگرێ، یەکگرتوو تەنها لە رووە ئیسلامییەکەیەوە سوود بە ئەردۆگان دەگەینێ کەچی پارتی لە هەموو رووەکانی ئیسلامیی، کوردایەتی، ئابووریی و جوگرافیاییش.
سەرەڕای ئەوانەش ململانێیەکانی ناو دەڤەری سەوز تا دەهات یەکێتی لاوازتر دەکرد، گەرچی بزووتنەوەی گۆڕان لە سەرەتا وەک جێگرەوەی هەردووکیان دەرکەوت بەڵام پاشان بۆ زۆرینەی خەڵک ئاشکرابوو کە نەک هەر ئەوە نییە بەڵکو بەشێکیشە لە پڕۆسەی پاراستنی سیستەمەکە، ئیدی مەترسییە گەورەکانی زوو لە پارتی دوورکردەوە و ململانێیەکەی پتر گواستەوە ناو گۆڕەپانی دەڤەری سەوز تا بەرە بەرە مەرجەکانی خۆی بخاتە سەر هەردووکیان، بەوەش پارتی کاژێکی دیکەی فڕێدا، ناکرێ ئەوەشمان لەبیربچێ کە هەرچەندە بزووتنەوەی گۆڕان دژی هەردووکیان بوو بەڵام هەرگیز دژی سیستەمەکە نەبووە، تێنەگەیشتن لەو خاڵە گرنگە ئێمەی خستەوە ناو گەمەی ململانێی حیزبیی نەک وەستانەوە دژ بە سیستەمێک کە ئەستەم بوو گۆڕانکاریی تێدابکرێ.
مانەوەی ئەو هەموو ململانێیە لە دەڤەری سەوز بارودۆخەکەی خراپ و خراپترکرد و وای لە پارتی کرد بەهێزتر ببێ و وردە وردە بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی بازرگانەکانی دەڤەری سەوزیش بگوازێتەوە ژێر کۆنترۆڵی خۆی (بازرگانەکان و خودی سیاسییەکان لە هەردوو دەڤەر) ئەوەش دەرفەتی کاری بۆ دەڤەری زەرد پتر کرد، لە لایەکی دیکەوە کۆمەڵێک نووسەر و چالاکوانیان کردە ئۆپۆزسیۆن بۆ ئەوەی کۆی یارییەکانیان داپۆشن و لە دەڤەری سەوزەوە هێرش بکەنە سەر پارتی تا بەرپرسیارییەکە لەسەر بەڕێوەبەرانی دەڤەری سەوز دوورخەنەوە و تاوانەکە بخەنە ئەستۆی یەک لایەن و بە دانیشتوانەکەی بڵێن هۆی ماڵوێراینە پەراوێزخستنی دەڤەرەکەتان دەکەوێتە ئەستۆی پارتی، بێگومان بەشێک لە ڕاستییشی تێدایە، بەڵام ئەوە واتای ئەوە نییە ئەو کاولکارییەی لە دەڤەری سەوز هەیە تاوانی سەر ئەستۆی بنەماڵەی تاڵەبانی کەم بکاتەوە و بتوانن هێندە بە ئاسانیی لێیدەربچن.. بەداخەوە کە ئەو تاوانبارییە لە ناڕەزایەتییەکانی سەر شەقام دەرناکەوێ و ئەوەی بەشێک لە شەقامی سەوزیش ناشیرین دەکا پەیامە شارچیێتی و ناوچەگەرییەکەیانە، لە کاتێکدا ئەوەی کەمێک لە سیاسەت بزانێ درک بەوە دەکا کێشەی دانیشتوانی دەڤەری سەوز لەگەڵ بنەماڵەی تاڵەبانی چارەسەر دەبێ و هەر ئەوانیشن ماف و خزمەتگوزارییەکانیان دەدزن، بێگومان دانیشتوانی دەڤەری زەردیش كێشەکەیان لەگەڵ بنەماڵەی بارزانی چارەسەر دەبێ، تا دانیشتوانی هەر یەک لەو دوو دەڤەرە راستەوخۆ داوای مافەکانیان لە دەسەڵاتی دەڤەرەکەی خۆیان نەکەن هیچ گۆڕانکارییەک روونادا، ئەگەر هەولێر وابزانێ قەڵاچۆڵان رێگرە لە مافەکانیان و هەبوونی حکومەتێکی بێ کێشە و سلێمانیش دوای مافەکانیان لە سەری رەش بکەن ئەوە بە دڵنییایەوە نەک هەر هیچ روونادات بەڵکو هەردوو دەسەڵات زۆریشیان پێ خۆشە.. وەک دەڵێن ”ئاگرە سوورە.. لە خۆم دوورە”! بە کورتییەکەی مەبەستم ئەوەیە دواکارییەکانی خەڵكی هەردوو دەڤەر یەکێکن بەڵام ئەو دوو بەڕێوەبەرییە جیاوازە گەمە بە داواکارییەکان و چارەنووسیان دەکەن و هاوکاتیش هەولێر وەک چەقی قورسایی بەرژەوەندییەکانیان دەپارێزن و هەموو هێزەکانی نێو هەردوو دەڤەریش هاوڕا و هاوکارن لەو پاراستنە و هەر لایەنێکیش دژایەتی بکا ئەوە پووچی دەکەنەوە!

دەسەڵاتی ئەدەبی:

پێوەرەێکی ئاسان هەیە کە دەڵێ وڵاتی پێشکەوتوو و دواکەتوو بە توێژە رۆشنبیرەکەی دیاری دەکرێ، ئەگەر کۆیلەکان بێ باک و ملکەچ بوون ئەوە دەسەڵاتێکی دواکەوتووی وەک ئەوەی خۆمان بەرهەمدێنن، لە کوردستان چونکە تۆ دەسەڵات و کۆمەڵگەیەکی خێڵەکییت هەیە توانیان بە یەک راگەیاندن کۆی بارودۆخەکە بە بەرژەوەندیی خۆیان بگۆڕن، راگەیاندنێکیان بە ناوی ”لێبووردنی گشتیی” دەرکرد و کۆی ئەوانەی هەتا دوێنێ دژ بە بەرژەوەندیەکانی گەل دەجەنگان خستنیاننە ژێر کۆنترۆڵی خۆیان و نەشیاندەتوانی جێگرەوەیەک بۆ سیستەمەکەی بەعس دابنێن، بۆیە پێویستیان بەو کادیرانە هەبوو چونکە نەیاندەزانی بۆ خۆیان ئەو سیستەمە کۆنەش بەڕیوەببەن، جا ئەوانەی تا دوێنێ پێماندەگوتن ”پێنووسفرۆش و کۆنە بەعسی و راپۆرتنووس” لەگەڵ هەندێک نووسەری هەلپەرست و هەندێک نووسەری ناودار کە هیچیان لە هەگبەدا نەماوە هەروا نووسەرانێکیش کە حەز و توانای رووبەڕووبونەوەیان نییە.. هەموویان پێکەوە ئەو دەسەڵاتە ئەدەبییەیان دروستکرد!

بێگومان کاری ئەو دەسەڵاتە ئەدەبییەش تەنها پاراستنی ئەو سیستەم و کۆمەڵگەیە نییە بەڵکو هەمیشە کۆشش دەکەن بۆ کۆپیکردنی تاکەکانی ناو کۆمەڵ تا بتوانن خەڵکەکە پتر لەگەڵ سیستەمەکە رابهێنن و بگونجێنن، ئەوان زۆر لەوە زیرەکن چۆن مەعریفە بکوژن.. دەرفەت نادەن دەسەڵات و تاکێک دروستببێ لە دەسەڵاتی بەڕێوبردنی هەرێم زیرەکتر و تێگەیشتووتر بێ، جا لەو بارەدا رێژە و ئاستی ”بێ شەرمیی” پێگە و پلە و پایەکەت دیاریدەکا.. هەر چۆنێک دەتوانی خەڵک لە بازنەی ملکەچیی نزیک بکەیەوە.. ئەوە دەسەڵاتی ناوەند هەموو شتێکت بە تێروپڕیی دەخاتە بەردەست ئەگەر پڕۆژەیەکی سەرکەوتووت هەبێ بۆ لە خشتەبردن، واتە تەنها شکۆمەندیی خۆت لەدەست بدە و لە بەرەی گەل داببڕێ ئەوە دەسەڵات پارە، زەوی، فیستیڤال، ڤیزە، خەرجیی گەشت، خەڵات، کۆمەک و هەموو ئەو شتانەی نووسەرێک خەونی پێوە دەبینێ بۆت دابین دەکا!

ئەرکێکی دیکەیان شێواندنی کۆمەڵگە و سەرلێشواندنی نەیارەکانی ئەو ئەزموونەیە، ئەوەمان لەبیرنەچێ ئەوانە زۆربەیان لە سیستەمێکی ئاساییدا شیاوی ئەوە نین بەرپرسیارییان بدرێتێ؛ ئاخر هۆزانڤان، چیڕۆکنوس، لێکۆلەر و رەخنەگری ئەدەبیی، بێژەر و پێشکەشکار کەی هی ئەوەن دەزگەیەکی گرنگ بەڕێوەبەرن ئەگەر بابەتەکە سووکایەتیکردن نەبێ بە مەعریفە و رۆشنبیریی! ئەوان هەست بە باڵادەستیی خۆیان دەکەن کاتێک کە خەڵکێک دەڵێن ئێمە رۆشنبیرمان نییە.. چونکە ئەوە سەرکەوتنێکی گەورەیە بۆ ئەوان کە توانیویانە ئەو توێژە لە ناو دەسەڵات و کۆمەڵ هەڵکەنن کە خاوەن فەرهەنگێکی پوختن.. لە جیی ئەوانیش مامۆستا دینیی و هەندێک مامۆستای زانکۆ و دکتۆر و پیشەکاری دیکە کە تەنها بڕوانامەی سەر کاغەز و بێ کار و کردەوەیان هەیە دەهێننە ناو نێوەندەکە، بە کورتییەکەی ئەوان تا ئێستا پێیانگوتووین ئەدەب و هونەرەکەت هەرچیەک هەیە ئەوە ئێمەین بڕیاردەدەین نەک تۆ کە جوان و پڕ داهێنان یان نا! چەندین رێ و شێواز بەکاردەهێنن تا دەتکەنە یەکێک لە خۆیان، دەبێ بەشانوباڵیاندا هەڵبدەی و هیچ بیانووگرتنێک یان رەخنەگرتنێکیشت لێوەرناگرن، بۆ نموونە تۆ هەڵسەنگاندنێک یان رەخنەیەک لەسەر کتێبێکی راپۆرتنووسێک دەنووسی.. کە پرسیان ”بۆ لەسەر ئەو راپۆرتنووسەت نووسیوە؟” زۆر ئاساییە ئەگەر لە وەڵامدا بڵێی ”ئەمن پەیوەندییم بە کەسایەتیی ئەو نییە بەڵکو لەسەر دەقە ئەدەبیەکە دەنووسم” ئەوە بۆ ئەوان گرنگە چونکە تۆ بەو کارەت چەند گەنج و نووسەرێکی دیکە لە تۆڕەکە نزیکتر دەکەیەوە.. هەروەها بەویش دەڵێی نووسەر، شاعیر، جواننووس… جوان بیردەکەنەوە و هەستێکی ناسکیان هەیە،…

بێگومان کەسانێکی زۆر پاش ئەوەی شکۆمەندیی و هونەری جوانیی نووسینیان لەبەر دادەماڵدرێ لە پێناو بەرهەم و ناوبانگ هەڵدەخزێنە ناو ئەو زەلکاوە، قسەم لەسەر نووسین نییە وەک پڕۆسەی نووسین، مەبەستمە بڵێم زۆر گرنگە نووسینەکانت ئامانجی ئەوە بێ شکۆ و جوانییەکانت بپارێزێ نەک پێچەوانەکەی، نووسین ئەو کاتە جوانە کە چۆن بۆ خۆت دەتەوێ ئەوها بنووسی نەک چۆنیان دەوێ، هەرچەندە ئەمن زۆر جار گومان دەکەم ئەو جۆرە مرۆڤانە کار و بەرهەمەکانی خۆیان هێندە خۆشبوێ.. دەنا ڕێگایان نەدەدا کار و بەرهەمەکانیان بەر لە خۆیان بمرن.. ئێ خۆ زۆر بە ئاسانی دەتوانن لە رێی ”سۆشیال میدیا”وە بە خوێنەرانی خۆیان بگەن و شکۆی خۆشیان نەدۆڕێنن.

دوورکەوتنەوە لەو توێژە زۆر پێویستە ئەگەر لەو بارودۆخە ناڕازیی، ئەو توێژە بوونەتە گەورەترین پەرژین بۆ مانەوە و پاراستنی دەسەڵات و کارکردن بۆ کۆپیکردنی کۆمەڵگەیەک لەسەر شێوەی ئەو دەسەڵاتە، ئەوانە هەردەم پەیامی ئەوە بە گوێچکەمان رادەدێرن کە ”ئەوە خەڵکەکەیە ئەو دەسەڵاتەیان دەوێ”! بۆ ئەوەی وەک یاخییەکیش قسەبکەن هەمیشە جنێو بەو خەڵکە دەدەن و قەیرانەکانیش هەر دەخەنە ئەستۆی ئەوان نەک دەسەڵاتداران.

فریادەڕس لە بیری کوردایەتی:

هێندەی ئەمن لە مێژووی نەتەوەکەم گەیشتبم کورد خاوەنی بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی نییە، بەڵکو چەند کەسانێکی ناسیۆنالیستی هەبوون و ئەوانیش لە ناو بزووتنەوەی کوردایەتی تواونەتەوە، کوردایەتی واتە مانەوەی دەسەڵاتی خێڵەکیی بە کۆی دابونەریتە دەربەگیەکانەوە واتە ئاغا و میرزا دیوەخان و مەلا و مزگەفت لە لایەک و بەردەست و سەپان و سەرکار و رێنجبەران بە گشتیی لە لایەکەی دیکەوە، کوردایەتی مەترسیدارترین ئامراز بووە بۆ لەباربردنی بیری ناسیۆنالیزم و گەورەترین زیانی بە هۆش و ئاوەز و شێوازی بیرکردنەوەی تاکی کورد گەیاندوە، توانیویەتی ئەو تاکە بە چەند چەمک و دەستەواژەیەکی نەریتیی دەستەمۆ بکا، وایلێکردوە لە شەستەکانەوە تا ئێستا لە یەک قۆناغی مێژوویی بیهێڵتەوە و هەستێکی وەهای بۆ دروستبکا کە چارەسەرەکان لە ناو داستانە فۆلکلۆرییەکان و بەشێک لە هۆزانی هۆزانڤانەکان دایە، زۆر بە هەڵە لە جیهانی خۆماڵییکردن گەیشتوە، جا ئەوانە کۆمەڵێک نووسەری دیاریان هەیە.. بۆ نموونە هۆکاری سەرنەکەوتنی کورد لە مێژوودا بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە کە خاوەن ئاینی خۆی نەبووە، کۆششێکی زۆریان کرد کورد بگەڕێنەوە سەر ئاینی زەردەشت و توانیان بەشێک لە خوێنەری کورد وەها تێبگەیەنن کە هەر وشەیەک لە ئاڤێستا هاتبێ کەواتە کوردییە ئیدی باوەڕیان پێبهێنن کە ئاڤێستا پەرتووکی پیرۆزی کوردانە، ئەوانە دەزانن تاکی کورد گرێی دەروونی هەیە بۆیە ناوەناوە لەگەڵ دوان لە نەبوونی دەوڵەت ئەوەی بیردەخەنەوە کە مادەکان دەوڵەتی کوردییان دامەزراندوە!

هەندێكیان باوەڕیان ئەوهایە کە دەکرا ئاینی ئیسلامیش لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی خۆمان بگونجێنین.. هەر وەک چۆن تورکەکان کردیان، ئەوان هێرشەکەیان لە سەلاحەدینی ئەیوبیەوەڕا دەستپێدەکەن و ئەو بە هۆکار و تاوانباری سەرەکیی دادەنێن و دەڵێن ئەگەر ئەو بیکردایە ئێستا ئێمە خاوەنی گەورەترین دەوڵەتی ئیسلامیی کوردی دەبووین، جا هەڵگرانی ئەو تێڕوانینە بۆ ئەوەی پتر یاریی بە سۆزی خوێنەر بکەن وا دەزانن ئەگەر وشەکان بکرێن بە کوردی ئەوە کاریگەرییان باشتر دەبێ، بۆ نموونە وشەی ”فریادەڕس”یان لە ”منقذ”ی عەرەبییەوە وەرگرتوە، باوەڕیان بەوە هەبوو کەسێک دێ رزگارمان دەکا، ”جەمال نەبەز” کە بە شارەزایەکی دیاری فەرهەنگی کوردی و کوردایەتی دەناسرێ پاش ئەوەی زۆربەی تەمەنی ژیانی خۆی بە دژایەتیکردنی نەوشیروان مستەفا بەڕێکرد.. لەپڕ بایداوە و هیوای بەوە هەبوو نەوشیروان مستەفا ببێتە فریادەڕس و کورد لەو قەیرانە رزگار بکا، جا وەرە ٦٠ ساڵ پتر لە ناو ئەو هەموو پێشکەوتنەی ئەوروپا بژی و چاوت لەوە بێت وەک شیعەیەک ”مەهدی”یەک بێ و رزگارت بکا! مرۆڤ ناتوانێ لەو بابەتە هەستیارانە وشەی ”بەداخەوە” بەکاربهێنێ، بەڵکو زۆر نابەجێیە مرۆڤ لەو سەردەمە ئەوها بیربکاتەوە، لە کاتێکدا ئەوە یەکلابۆتەوە کە ئەوە دەسەڵاتە پێویستی بە تۆی هاوڵاتی هەیە ئەگەر بزانی ڕاکێشیتە سەر گۆڕەپانەکە و پێیبڵێی ئەوە منم رزگارکەری تۆ نەک پێچەوانەکەی. لەوانەیە لەگەڵ هەندێک کەس هاوڕا نەبم کە پێیانوایە ئەو لێبووردنە گشتییەی بەرەی کوردستان بۆ سەرۆکی چەکدارە خۆفرۆشەکان و بەعسیەکانی دەرکرد ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بە ناپاکییەوە هەبێ بەڵکو‌‌ پتر بۆ پاشخانە خێڵەکیەکییەی یەکێتی و پارتی دەگەڕێتەوە کە چەندان ساڵە بە ناوی کوردایەتی پێمان دەفرۆشنەوە، زۆر جاری دیکەش گوتوومە بۆ ئەوەی لەو حیزبانەی کوردستان بگەین دەبێ لە سیستەمی خێڵ و پێکهاتەکەی بگەین، دەزانم ئەوەی ئەوان کردیان لێبووردن نەبووە بەڵکو دابەشکردنی ئەو سەرۆک جاش و بەعسیانە بووە کە خۆیان هاوێشتۆتە ماڵی پارتی و یەکێتی، مەبەستم ئەوەیە ناکرێ ئێمە لەگەڵ کوردایەتی بین و ئەوانیش بە ناپاک دابنێن چونکە کوردایەتی لەسەر سیستەمی خێڵەکی دامەزراوە.. واتە سیستەمەکەی رێی پێداون ئەو کارە بکەن.

هێزی ئیسلامیی و پیاوی دینیی:

با ئەوە روون بێ کە ئەمن دژی مرۆڤی دیندار نیم ئەگەر خۆی بەسەر تاک و کۆمەڵ دانەسپێنێ.. بەڵام مێژوو سیاسی سەلماندویەتی هێزە ئیسلامییەکان و پیاوە دینییە ناودارەکان تا ئەو شوێنە لەگەڵ خەڵکن کە پێشەنگییەکە و دەسەڵات بۆ خۆیان بێ یان قورئان بکرێتە خاڵی سەرەکی بەڕێوەبردنی وڵات، ئەوانە ئامادەن هاوپەیمانیی لەگەڵ دەسەڵات ببەستن ئەگەر یەکێک لەو دوو مەرجەیان بۆ جێبەجێ بکرێ، پیاوە دینییە مەسیحییەکانیش لە چەندین قۆناغی مێژوودا ئەو کارەیان کردوە.. هەر بۆ نموونە ڤاتیکان لە پاش جەنگی جیهانیی دووەم لە ترسی شیوعییەکان یارمەتییەکی زۆری نازییەکانی دا چونکە بە بڕوای ئەو گرتنەدەستی دەسەڵات لە لایەن شیوعییەکانەوە مەترسییدارترە، لای گرنگ بووە مافی خەڵکە باوەڕدارەکەی خۆی بپارێزێ با پێشەنگییش نەدرێتە پیاوە دینییەکان. سەیر مێژووی میسر بکە دوای رووخانی ”موبارەک” چۆن ”ئیخوانیەکان” دەسەڵاتەکەیان بۆ خۆیان قۆرخکرد و چۆن هێزە پێشکەوتنخوازەکانیان پەراوێزکرد. بزووتنەوەی گۆڕان پیاوێکی دینییان بە ناوی ”مەلا کامەران” هێنایە پێش.. هەر کە رۆژئاوا چەند یاسایەکی پێشکەوتنخوازیی پێشنیارکرد یەکسەر لە سلێمانییەوە هاوار لەو مەلایە هەستا و نەیتوانی دژایەتیی خۆی بشارێتەوە، جا بە هەڵە لێم تێمەگەن و جارێکی دیکە دەیڵێمەوە؛ لەبەرئەوەی خەباتەکەمان لە پێناو دادپەروەریی و گەڕاندنەوەی شکۆیە پێویستە هەموومان بەشداربین بەڵام نابێ پیاوە دینیی و هێزە ئیسلامییەکان تێیدا پێشەنگ بن.. دەنا بەلاڕێدا دەبەن، هەمیشە پیاوە دینییە ریفۆرمیستەکان دوو ئامانجیان هەیە؛ یان دەسەڵات بگرنەدەست یان دەقە دینییەکەیان پەیڕەو بکرێ، ئیدی ئەزموونمان زۆر زۆرە و بە تێڕوانینی خۆم پێویست ناکا بە هیچ شێوەیەک پێشڕەوایەتی بدرێتە دەست ئەو کەس و لایەنە دینییانە چونکە ئەنجامەکەی دیارە و گەمژایەتییەکەی گەورەیە ئەگەر ئێمەش تاقیبکەینەوە و چارەنووسی خۆمان گەلەکەمان بە ”ئەگەر”ێکی نەزۆک بسپێرین!

تاکی بێ وەی و بێ کێشە:

لەبەرئەوەی ئەوانە زۆرینەن گەورەترین کێشەن لە بەردەم گۆڕینی کۆمەڵ، بەشێکی زۆر لە نووسەرانیش لە ناو ئەو خەڵکە خۆیان مەڵاسداوە.. هەر کە بابەتی سیاسیی لەگەڵ هەر یەکێکیان لەوانە دەکەیەوە یەکسەر دەڵێ ”تکایە راممەکێشە ناو بابەتی سیاسەت چونکە ئەوە کاری من نییە”.. یان یەکێک لە مەرجەکانی دانیشتن لەگەڵت ئەوەیە کە نابێ باسی سیاسەت بکەی! بەشێکی زۆر لە خاوەن بڕوانامەکانیش ناوەناوە بەبیرت دێننەوە کە سیاسەت کاری ئەوان نییە، ئایە ئەوانە سیاسەت بە چی تێگەیشتوون؟ لە ”فۆکۆ” دەپرسن ”بۆ سیاسەت دەکەیت؟” لە وەڵامدا دەڵێ ”لەوانە بپرسە کە بۆ سیاسەت ناکەن”، ئایە ئەوە کێشەیەکی سیاسیی نییە بۆ دکتۆرێک کە چارەسەر بۆ نەخۆشەکەی دەنووسێ و چاک نابێتەوە؟ لەبەرئەوەی سیاسییەکی بازرگان دەرمانێکی بەسەرچووی دابینکردوە، بۆ ئەندازیارێک و رێگەوبانەکەی، بۆ پارێزەرێک و ئەو بابەتانەی لە دادگەیەکی حیزبیی کاریان لەسەر دەکا، بۆ مامۆستا و چۆنیەتیی خوێندنگە و رێبازی پەروەردەیی، و… تد هەر بە هەمان شێوەن.

ئەو جۆرە مرۆڤانە خەڵکانێکن خۆ لە هیچ نادەن و هەمیشە لە دەستکەوتی بەرهەم و ماندووبوونی ئەوانیدیکە دەخۆن، هەرکێی دارا و دەسەڵاتدار بێ خۆیانی لەگەڵ دەگونجێنن، تەنها لەو سەرزمینانەی پێاندەڵێن وڵاتە پێشکەوتووەکان توانیویانە ئەو جۆرە خەڵکانە بجولێنن.. ئەویش لە رێی دروستکردن و مسۆگەرکردنی ژینگەیەکی لەبار وەک گرنگییدان بە دەنگی هەر کەسێک، ئازادیی خۆدەربڕین، پاراستنی ئاسایش، دابینکردنی لایەنی کەمی بژێوی ژیان و… تد کە دەسەڵاتداران بە پێی ”نە شیش بسوتێ نە کەباب” یاسا و رێساگەلێکیان بۆ دادەنێن، دەنا لە ڕژێمە دیکتاتۆرەکان وەک دەڵین ”کڵاوی خۆیان گرتوە با نەیبات”. بێگومان ئەو جۆرە مرۆڤانە رێژەیان زۆرە، ئەگەر بیر لە گۆڕینی دەسەڵات دەکەیتەوە دەبێ بوونی ئەوانە وەک جێکەوتەیەکی کۆمەڵایەتی بخەیە ناو نەخشەی جوولە و کارەکانت، هەر هێزێک بتوانێ بە دروستکردنی ژینگەیەکی ئارام و پڕ متمانە ئەو خەڵکانە لە ناو خەباتی شارستانیی و پێشکەوتنخوازیی هەڵبخڕێنێ ئەوە سەرکەوتنێکی گەورە مسۆگەر دەکا. وەک بەبیرهێنانەوەیەک؛ لە هەردوو ساڵی ١٩٨٢-١٩٨٣ زۆرینەی خەڵکی کوردستان رژابوونە سەر شەقام و خەریکبوو دەسەڵات لە بەعس بستێنن.. ئەگەر ناتەبایی هێزەکانی چیا و پاشان ”گفتوگۆیەکەی یەکێتی” و بێ هیواکردنی خەڵک لەو هێزانە نەبووایە دەشیا بیر لەبەرژەوەندیی خەلک بکەنەوە چەند دەستکەوتێک وەدەستبێن، بزووتنەوەی گۆڕانیش لە سەرەتادا توانیان جوولەیەک دروستبکەن بەڵام لەبەرئەوەی لەگەڵ خۆیان و لەگەڵ میللەت راستگۆ نەبوون بۆیە ئەو خەڵکە بێ وەی و خۆشگوزەران خوازە لێیان دوورکەوتنەوە، جا ئەوانە بە ئەندێشە و کاری نەکردە مەزانە بەڵکو وەک رووداوگەلێکی بابەتییانەی مێژوو سەیریان بکە و دەشێ لە قۆناغەکانی داهاتوو بە شێوازگەلێکی دیکە خۆیان دووبارە بکەنەوە و لە پێناو گەیشتن بە ئامانجەکانت بیانقۆزیەوە.

بایکۆت و داواکاریی وەک چارەسەرێکی ئاشتییانە و یەکلاکەرەوە:

خویندنەوەی من بۆ گۆڕان ئەوەیە، ئەگەر زۆرینەمان هاوڕابین لەوەی کە کار و ئامانجەکانی ئەو حیزبانە تەنها پاراستنی ئەو سیستەمەیە ، ئەو کاتە ئاسانتر خۆمان یەکلادەکەینەوە لە تێگەیشتن لەوەی دەنگ بە یەکێتی یان پارتی بدەی هەر وەک یەکە چونکە کاری ئەو دووە درێژەدانە بەو سیستەمە و خاڵی هاوبەشیشیانە، بۆیە وەک هەنگاوی یەکەم دەبێ هەڵوێستێکی یەکگرتوومان هەبێ بەرانبەر بەو حیزبانە و چیدی کات بەوە نەکوژین خۆمان و خەڵک هەڵبخەڵەتێنین کە جیاوازیی لە نێوانیاندا هەیە، گریمان جیاوازیی یەکێتی و پارتی ئەوەیە کە یەکێتی مێژووێک و بنکەیەکی جەماوەریی باشتری هەیە، جا ئەوە چیە؟ دەبێ ئەوەمان لە بیرنەچێ ئەو قسانە بۆ بەر لە ڕاپەڕین ڕاست بوون نەک هەر بۆ یەکێتی بەڵکو بۆ کۆی حیزبەکان، ئێستا هەموو حیزبەکان بەرژەوەندیی هاوبەش لەو سیستەمە کۆیاندەکاتەوە کە ئەو هەرێمە بەڕێوەدەبا، وەک گوتم گرنگە بزانین ئەو جیاوازییە هیچ گرنگییەک و سوودێکی بۆ ئێستای ئەو خەڵکە نییە بەڵکو مێژووێکە و چەند کەسێکی هەڵپەرست نان و پیازی پێدەخۆن. ئەو کەسایەتییانەی لە ناو ئەو حیزبانە و سیستەمەکەیان دان ناکرێ جارێکی دیکە باوەڕیان پێ بکەین، ماوەیەک بەر لە ئێستا بە ڕێککەوت سەیری بابەتێکی بەڵگەنامەییم کرد لەسەر مەکسیکۆ لە ساڵی ١٩٨٩، دەڵێ:

  • بارودۆخەکە زۆر خراپە چی بکەین؟
  • زۆر ئاسانە، با کەسێک لە ناو حیزبەکەمان دەربچێ و بڵێ ”لەبەر دز و دیکتاتۆر و گەندەڵەکان رێزی ئەو حیزبەم جێهێشت” گرنگ ئەوەیە هیوایەک بدەینە خەڵک، هیوا وەک ئاگر وایە کە لە پووشی بەردەدەی، تا بە بێ کێشە دەیانهێنین بۆ سەر سندوقی دەنگدان، پاشان ئاسانە بێ هیوایان بکەین.

ئەو برادەرانەی ئێمەش ئەوهان ناوەناوە گورگێک بەردەدەنە گیانمان تا دڕمان پێبدەن و خۆیان دەکەنە ئۆپۆزسیۆن، ئایە تۆی هاوڵاتی هەرگیز لە خۆت پرسیوە ئەو شتانەی ئەوان دەیڵێن زانیاریی نوێن؟ دەڵێن: ”دزن، گەندەڵن، بندیواریان هەیە، ئەو پڕۆژەیە هی ئەو بەرپرسەیە، و… تد”.. خۆ تۆ هەموو ئەو شتانە دەزانی بەڵام رەنگە وردەکارییەکانی نەزانی، ئاخر ئەوە ٢٩ ساڵە تۆ رۆژانە ئەو شتانەیان لێدەبینی، گرنگە لەوە خۆمان یەکلابکەینەوە ئەو شتانەی ئەو پاڵەوانانە دەیڵێن بەشێکە لە یاریی خۆیان.. بەشێکە لەو زانیارانەیی کە ئەوان پێیانگوتوون ئەو شتانە ڕێگەپێدراون، چەندبارەی ناکەمەوە بەڵام هەر ئەوەندە دەڵێم پێویستە باوەڕ بەو کەسانە نەکەین کە دەچنە ناو ئەو سیستەمە، ئەوانەی دەچنە ناو ئەو حیزبانە یان ئەو سیستەمە هەر لە سەرەتا بۆ دزیی و دەوڵەمەندبوون دەچن، بە کورتییەکەی ئەو حیزبانە نە لە کاتی شەڕ و نە لە کاتی ئاشتییشدا سوودیان بۆ خەڵک نەبووە، ئەو بارودۆخە زۆر لەوە مەترسییدارترە وەک هەندێک کەس سەیری دەکەن، هەموومان لە بەرانبەر مەترسییەکی گەورە داین.

دەسەڵاتێک نەتوانی پێداویستییە سادە و سەرەتاییەکانی کۆمەڵ دابین بکا.. وەک ئاو و کارەبا و رێگەوبان و… تد ئایە دەکرێ باسی بەها و شکۆمەندیی هاوڵاتیانی لەگەڵدا بکەین؟ ”زیگمۆند باومان” گوتەنی ”هەموو دەسەڵاتێک بەرپرسە لە دابینکردنی پێداویستییەکانی هاوڵاتییەکانی، ئەگەر ئەوە نەکا شایەنی ئەوە نییە وڵاتێک بەڕێوەببا”، لە راستییدا شەرمە دەسەڵاتێک بەڕێوەمان دەبا و ناشتوانێ ماف و پێداویستییە سەرەتاییەکانمان بۆ دابین بکا. بۆیە ئاماژەم بە گەڕاندنەوەی بەها و شکۆمەندیی نەکرد چونکە ئێمە پێویستمان بەوە هەیە پێکەوە دەست بە قۆناغی یەکلاکردنەوە بکەین، ئەو رێیە خوێنی تێدا ناڕژێ و تۆ بەرانبەر بە کارێكی مەحال نەوەستاویتەوە، بەرپرسیارییمان وەک مرۆڤ ئەوەیە داوای ژیانێکی شیاو بکەین، بەرپرسیارییمان وەک دایک و باوک ئەوەیە بەر لەوەی ئەم جیهانە بەجێبهێڵین دواڕۆژێکی باشتر بۆ منداڵەکانمان دابین بکەین، کلتوری داواکاریی تاکە رێگایە بۆ ئەوەی لەو بارودۆخەی ئێستا دەربچین و بناغەیەکی زۆر گرنگیشە بۆ ئەوەی هەر دەسەڵاتێک کە دوای ئەوانە دێ ئەگەر گوێی لە داواکارییەکانمان نەگرێ نەهێڵین بنەوبارگەی خۆی دابنێ، بەڵی دەسەڵات گوێمان لێڕاناگرێ بەڵام هەڵەکە لە خۆمانە چونکە نەماتوانیوە ئەو راستییەی تێبگەیەنین کە ئەوە دەسەڵاتە پێویستی بە ئێمەیە نەک ئێمە بە ئەوان، گەلێک رێگاچارەمان لە پێشە بێ ئەوەی یەک دڵۆپ خوێن لە خۆمان و منداڵەکانمان بڕژێ.. وەک ئەوانە؛ دەنگیان پێنەدەین، جیاوازیی لە نێوان حیزبەکان نەکەین، نەچینە کۆڕ و کۆبونەوەکانیان، نەچینە پرسەیان و کە ئەوانیش هاتن هێندە روویان نەدەینێ و وەک کۆیلە خۆمانیان بۆ نەچەمێنینەوە، لە هیچ شوێنێک دۆستایەتیی خۆمانیان نیشاندەین ، نەچینە ناو تەلەفزیۆنەکانیان، نووسیەنەکانمان لە راگەیاندنەکانیان بڵاونەکەینەوە، و… تد.

ئەو کاتەی کە دەڵێی ”ئەگەر ئەمنیش نەیکەم خەڵکی دیکە دەیکا” ئەوە دڵنیابە چاوت لە دژایەتییکردنی ئەو دەسەڵاتە و چارەسەر نییە، ناتەوێ گرنگیی خۆت بەو دەسەڵاتە نیشانبدەی، گرنگیی و سەنگی خۆت بدۆزەوە ئەوجا با دەسەڵات گوێت لێنەگرێ. دیسان دەیڵێمەوە خۆت چارەسەر و جێگرەوەی چارەنووسی خۆتی و لە خۆتەوە دەستپێبکە و ویژدانی خۆت ئاسوودە بکە، کات بەوە مەکوژە ئەو دەسەڵاتە بڕووخێنی بەڵکو کار لەسەر گۆڕینی ئەو سیستەمە بکە، کار لەسەر ئەوە بکە خۆت و منداڵەکانت فێری کلتوری ماف و ئەرک و داواکاریی بن، هەر لەبەرئەوەشە دەسەڵات گوێت لێناگرێ چونکە تۆ دەکڕووزێیەوە لە کاتێکدا زەمەنی کڕووزانەوە بەسەرچووە، تەنها خۆت دەتوانی خۆت رزگاربکەی، دەکرێ لایەنی دیکە زۆر هەبێ کە ئەمن ئاماژەم پێ نەکردبێ بەڵام دەبێ هەنگاوی خۆیەکلاکردنەوە بنێین، دەنا…

خاڵەکان بە کورتیی دووبارە دەکەمەوە:

١- خۆتی و خاوەنی خۆت بە.
٢- خوێندەنەوەکانمان لە دوو بەڕێوەبەرییەوە دەستپێبکەین، تاوانبارکردنی دەڤەرەکەی دیکە پاراستنی ئەو دز و گەندەڵانەیە کە لە دەڤەرەکەی خۆت دزییت لێدەکەن.
٣- پێویستە هەڵوێستی خۆمان یەکلابکەینەوە لەوەی دژ بە هەر زەبروزەنگێک بین لە هەر کات و شوێنێک.
٤- هەر مرۆڤێک بچێتە ناو ئەو دەسەڵاتە یان نێو ئەو حیزبانە بڕوای پێنەکەین.
٥- بڕوا بەوە بکەین هیچ جیاوازییەک لە نێوان حیزبەکان نییە، ئەوەی هەشبووە بۆ پێش راپەڕین دەگەڕێتەوە، خەباتمان لە دژایەتییکردنی حیزبێکەوە بگوازینەوە بۆ دژایەتییکردنی سیستەم.
٦- کۆشش بکرێ کەش و دوخێکی لەبار و گونجاو بڕەخسێنین بۆ ئەوەی زۆرینەی خەڵکە لە یەک کۆببنەوە.
٧- بایکۆتی کۆڕ و کۆبوونەوە و راگەیاندنەکانیان بە تەلەفیزیۆن و بڵاوکراوەکانیانەوە بکەین، پێیان نیشانبدەین کە گوێمان لێناگرن ئیدی ئێمەش گوێتان لێناگرین.
٨- کۆشش بکەین شکۆمەندیی خۆمان بگەڕێنینەوە، نەهێڵین نە ئەو دەسەڵاتەی ئێستا نە ئەوانەشی بە داوایاندا دێن جارێکی دیکە بەو شێوەیە رەفتارمان لەگەڵ بکەن و سامان و توانستەکانی ئەو وڵاتە بەفیڕۆ بدەن، دەبێ خۆمان فێرە چەمک و کلتوری داواکاریی بکەین.




سەباح ڕەنجدەر، شاعیری تێڕامانەکان … ئارام سدیق

مانگی پێشوو نوێترین کتێبی یەکێک لە ڕۆشنبیر و چالاکوانەکانم خوێندنەوە، کە باسی لە “جیاوازبوون و ناوازەیی خۆی دەکرد لەنێو عادییەکاندا”. لە دواتردا باسی یاخیبوون و سەرکەشییەکانی خۆی دەکرد و دەیان شتی دیکەش کە بە شان و باڵی خۆیدا هەڵی دەدا، بەڵام هیچ کام لەو شتانەی ئەو باسی دەکرد لە خۆیدا مەوجود نەبوو. من ئەو ڕۆشنبیر و چالاکوانە زیاتر لە بیست ساڵە دەناسم و لانی کەم دە کتێبیم خوێندووەتەوە. ئەوەی ئەو باسی دەکرد هیچی لەودا بەدی ناکرێت (هەڵبەت بەداخەوە). بەئەزموون ئەوە سەلماوە هەر کەسێک بەشانوباڵی خۆیدا هەڵیدا ئەوە حەتمەن کێشەیەک هەیە و خۆی دڵنیایە، کە وا نییە بۆیە مەدحی خۆی و کارەکانی دەکات. نووسەران و داهێنەران و ڕۆشنبیرانی ڕاستەقینە هەرگیز باسی جیاوازبوون و ناوازەیی و یاخیبوونەکانیان ناکەن. زۆرجار شەرم دەکەن، کە ئەم گوزارشتانەیان ڕووبەڕوو دەکرێتەوە. چونکە ئەوان کە یاخین بە بڕواوە یاخین، نەک بۆ نمایش.
نووسەرانی لە چەشنی ” فیۆدۆ دۆستۆیڤسکی، ئارسەر ڕامبۆ، چارلز بۆدلێر، ئەلبێرت کامۆ، جان پۆڵ سارتەر، مارکیز دی ساد، ئەلین گیزنبێرگ، چالز بۆکۆفسکی، ئۆرهان پامووک…” و چەندانی دیکە لە چەشنی ئەو نووسەرە داهێنەر و ناوازانەن کە هەرگیز بە شان و باڵی خۆیانیان هەڵنەداوە.

ناوازەیی هەمیشە باجی هەیە، جیاوازنووسین و خۆجیاکردنەوە لەو لێشاوەی بەناوی شیعر و نووسینەوە دەنووسرێن کارێکی ئاسان نییە، یاخیبوون لە دیدی باو، قوربانی دەوێت و ئەم قوربانییەش بە هەموو کەس نادرێ. یەکێک لەو شاعیرانەی کە بە هێمنی دوور لە بانگەشە دەیەوێت ناوازە بێت و جیاواز بنووسێت، “سەباح ڕەنجدەر”ە ئەم شاعیرە زیاتر لە 30 ساڵە بە پشوودرێژییەکی زۆرەوە دەنووسێت و هەوڵی جیاکاری و جیاوازنووسی و جیاکردنەوەی هێڵی کارکردنی خۆی لەنێو پانتایی شیعریی کوردییدا داوە. ئەو وەکو ڕۆشنبیر و چالاکوانەکەی سەرەوە بانگەشەی ناوازەیی ناکات، بەڵام کاتێک خوێنەر بەر تێکستەکانی دەکەوێت، هەست بەو ناوازەیی جیاوازنووسینە دەکات.
ئەزموونی سەباح ڕەنجدەر لەو ئەزموونە شیعریانەیە، کە تا هەنووکەش خوێنەرگەلێکی کەم هەم تێی دەگەن و هەم چێژی دەکەن. ئەمەش پەیوەندی بە تایبەتمەندی دونیاکەی ڕەنجدەرەوە هەیە. دونیایەک کە زیاتر لە 30 ساڵە ئەم شاعیرە کاری تێدا دەکات. بەڵام لە هەر کارکردنێکدا بە وشیارییەوە هەنگاوەکانی ناوە. هۆکاری تێنەگەیشتن و چێژنەکردنی دونیای ئەم شاعیرە لای بەشێک لە خوێنەران پەیوەستە بەوەی کە تێگەیشتن لە شیعری ئەم شاعیرە پێویستی بە باکگراوندێکی ڕۆشنبیریی گشتی هەیە، بەتایبەت شیعری ئەم شاعیرە خوێنەرگەلێک دەخوازێت کە نهێنیدۆز و کەشفکەر بێت. شیعرەکانی ئەم شاعیرە خوێنەری چالاکی دەوێت، نەک خوێنەرگەلێک کە خولیای شیعریی ڕۆژانەیی بن، چونکە شیعریی ئەم شاعیرە دژی ڕۆژانەییبوونە.

سەرەتا وشە بوو، نوێترین دیوانە شیعری ئەم شاعیرەیە، دیوانێک هەر لە ناونیشانەکەیەوە کۆدێک بە خوێنەر دەدات، ئەگەر لەو کۆدە تێنەگەیت ڕەنگە نەگەیتە قووڵایی تێکستەکە، یان بەر زۆرێک لە پەنهانییەکانی ئەم تێکستانەی لەم کتێبەدا نەکەویت. “سەرەتا وشە بوو” جیا لەو ڕیشە میتۆلۆژییەی ئەم گوزارەیە هەیەتى لەم کتێبەدا مانایەکی دیکە وەردەگرێت، ئەویش وشەسەنتەرییە. من لە بەشێکی زۆری ئەم دەقانەدا هەستم بە وشەسەنتەری کرد، بە جۆرێک وشە بەهایەکی زۆری هەیە و هیچ وشەیەک زیادە نییە لەنێو هیچ کام لەم تێکستانەدا، بە دیوێکی دیکەدا وشەیەک و هاوسێکانی پێکەوە وێنەیەک، یان مانایەک، فیکرەیەک دەگەیەننە خوێنەر. ئەگەرچی لە هەندێک جێگەدا وشە تەنها کۆدە، بەڵام لە زۆرجێگەی ئەم کتێبەدا وشەیەک لەگەڵ هاوسێکانیدا لە پەیوەندییەکی زۆرجار ژێرەوانکێدایە و هەندێکجاریش ئاشکرادایە.

ڕۆحی شیعریی ئەم شاعیرە، پڕە لە ناوازەیی و جیاوازبوون و یاخیگەریی، یاخیبوون لە نێو خودی ژیاندا و هەڵهاتن لە کۆت و بەندی فاریزە و نوقتە و هەموو سنوورێکی دیکەی ڕێزمانی. هەر خودی ئەم ناوازەبوونەشە بووەتە هۆی ئەوەی تا هەنووکە وەکو پێویست ئەزموونەکەی نەخوێنراوەتەوە، بەشی هەرە زۆری ئەوەشی لەسەر ئەزموونی ئەم شاعیرە نووسراوە، کەمتر کەشفکاریی و قووڵبوونەوە بووە بەنێو ئەزموونەکەدا، زۆرجار سووڕانەوە بووە بەدەوری ئەزموونەکەدا، نەک کەشفکردنی ئەو دونیایەی ڕەنجدەر بونیادی دەنێت. ڕەنگە زیادەڕەوی نەبێت، کە بە ڕەنجدەر بڵێین شاعیری وردبوونەوە و قووڵبوونەوە لە ژیان، بەڵام ئەو بەشەی ژیان کە هەموان چاوی بینینیان نییە بۆی. ڕەنجدەر بە دیوێکی دیکەدا شاعیریی تێڕامانەکانە لە چەمکەکانی جوانی، مردن، بوون، خەون و دەیان چەمکی دیکە. سنووری کار و تێڕامان و بیرکردنەوەی ئەم شاعیرە لەو جێگایانەدایە کە ئەوانی دیکە توانای بینین و هەستپێکردنیان نییە. ئەم کتێبە نوێیەش “سەرەتا وشە بوو” نموونەیەکی نوێی ئەزموونی ئەم شاعیرەیە، کە بە دیار وشەوە دەسووتێت و وەکو قەقنەس لە خۆڵەمێشی شیعرەوە جارێکی دیکە لە دایکدەبێتەوە.




خوێندنەوەیەکی نیشانەناسیی بنیادگەری بۆ شیعری: (لە کتێبخانەی تایبەتی بابا تاهیردا)ی سەباح ڕەنجدەر

(نیشانەکانی گیانلەبەران)

ڕزگار جەباری

بەشی یەکەم

پێشەکی:
ئەگەرچی بە درێژایی مێژوو زۆر قوتابخانە و زۆر تیۆریی ئەدەبی دەرکەوتوون، بەڵام هیچ یەک لەمانە ناتوانێت بانگەشەی ئەوە بکات کە دوا قسەی لەبارەی ئەدەبیات و ڕەخنەی ئەدەبییەوە کردووە. بۆیە زەمینەی تیۆریی سازی هەمیشە بە خۆشکراوی ماوەتەوە و پەیگریی بابەتیانەی جۆراوجۆر لە ڕێڕەوی تیۆریی سازی پرسێکی سروشتی تەماشاکراوە. تیۆریی و ڕێباز و قوتابخانە بەدوای یەکدا هاتوون، خوێندنەوەی جیاوازیان بۆ دەق کردووە، کە زۆربەی جار چەقی ئەم بزاوتانە ڕۆژاوا بووە.
تاوتوێکردن و توێژینەوەی بەرهەمی ئەدەبیی کوردی، لە سۆنگەی شێوازەکانی ڕەخنەی ئەدەبیی هاوچەرخی ڕۆژاواوە، دەتوانێت دەرچەیەکی نوێ بۆ تێگەیشتنی ئەم بەرهەمانە بە ڕووی خوێنەردا واڵا بکەن. (نیشانەناسی) ش لەو ڕێپێبردانەی ئەدەبیات و ڕەخنەی ئەدەبییە کە بۆ بەکارهێنانی لەم بوارەدا گەڕان لە باری شێوازی ئەفراندنی واتا لە دەقە ئەدەبییەکاندا توانایەکی شایستەی هەیە. بنەمای بیری نیشانەناسی قوتابخانەی بنیادگەرییە. هەر کارێکی ئەدەبی لە بنەمادا لە چەندین نیشانە و ئاماژە و تەنانەت بیرۆکە و زانیاری و گوزارشت پێکهاتووە، ئەو بنیادەش کە ئەم ڕەگەزانە تیایدا کۆ دەبنەوە خودانی ڕواڵەتێکی بنیادی و تایبەتمەنی جیاوازە لە تایبەتمەندی ئەو نیشانە و ئاماژانە.
هەروەها ئەم توێژینەوەیە خۆی لەخۆیدا جۆرێکی ڕاڤەیە، چونکە ((ئەگەر بەشێکی سەرەکی کاری هێرمینیۆتیک دەرخستنی ڕووە پەنهان و شاردراوەکانی ناو دەق بێت، ئەوا لە چوارچێوەی زمانەوە، دەکرێ هەموو ئەم کۆد و ڕەمزانە بدۆزێتەوە…)) (١، ٢٦٦)
((ئەم دوو چەمکە (نیشانەناسی و هێرمینیۆتیک) لەوەدا لێک نزیک دەبنەوە، کە ئەوەی پێی دەوترێت نیشانەناسی، بریتییە لە ڕاڤەکردنی واتا دەلالی و نیشانە و هێماکان….)) (١، ٢٦٩)
جۆری ئاماژە بە لاپەڕە و ناوی سەرچاوە شێوازێکی ڕووسی بەکارهاتووە، کە لە کۆتایی هەر پەڕەگرافێکدا چی ناڕاستەخۆ سوودی لێ وەرگیرابێت، یان وەکو خۆی بەکارهێنرابێت؛ لەناو کەوانەدا ژمارەی یەکەم ئاماژەیە بە سەرچاوەکە بە پێی زنجیرەیان کە لە کۆتایی توێژینەوەکەدا هاتووە و ژمارەی دووەم ئاماژەیە بە ژمارەی لاپەڕەکە.

1- پێناسەی نیشانە

سادەترین پێناسەی نیشانە بریتییە لە: کۆمەڵێک دوانەیی پێکهاتوو لە چەمکێک و شێوەیەکی دەنگیی. بەپێچەوانەی ئەوەی کە بڕێک بانگەشەی بۆ دەکەن، مەبەست لە نیشانە پەیوەندی نێوان تەنێکی مادی و ناوێک نییە، بەڵکو بوونی نیشانە دەبێت لە پەیوەندیی نێوان چەمکێک و شێوەیەکی دەنگیدا بۆی بگەڕێین. پێکهاتنی چەمک و شێوەی دەنگی کۆمەڵێکی بەناوی نیشانەوە هێناوەتە ئاراوە. شێوەی دەنگی، بە گوتە، یان (دال) ناودەنرێت و هەروەها چەمکیش، بە واتا، یان (مەدلوول) ناودەنرێت. (٢، ٢٦)                         

لە ڕوانگەی (لۆتمان)ـهوە١ جیاوازی هەیە لە نێوان ((نیشانە ڕێککەوتنەکییەکان)) (وشە؛ وەکو لایتی سوور) و ((نیشانە وێنەییەکان)) کە یەک گوزارشت بۆ دەلالەت دادەنێت و ئەویش (نەخش)ە. لە سەرتاسەری مێژووی مرۆڤدا، چەند بۆ دواوە بگەڕێینەوە، دوو نیشانەی فەرهەنگی سەربەخۆ و بەرامبەر دەبینین: وشە و نەخش. لە وشەکان هونەرە گوفتارییەکان بەرهەم دێن و لە نەخشەکانیش هونەرە شێوەکارییەکان. (٣، ٢٤٤)

٢- پێناسەی نیشانەناسی

پێناسەیەکی یەکینە و گشتی بۆ نیشانەناسی چەشنی زۆربەی تیۆرییە ئەدەبی و فەلسەفییەکان شتێکی کردەنی نییە. تاوتوێکردنی پێناسەکان و تایبەتمەندییەکانی نیشانەناسی، کە لەلایەن بیرمەندانی جیاوازەوە خراونەتەڕوو، توێژینەوەیەکی سەربەخۆ دەخوازێت. ئەوەی لەم بەشەدا دەخرێتەڕوو، پێناسەیەکی گشتییە بۆ زانستی نیشانەناسی کە مایەی پەسەندی بیرمەندانی گۆڕەپانی زمانناسییە.
لە زمانی ئینگلیزیدا هەر دوو وشەی سیمیۆلۆژی و سیمیۆتیکس بۆ ناولێنانی زانستی (نیشانەناسی) بەکاردێن.
وشەی سیمیۆلۆژی لە لایەن سوسێر٢ زمانناسی سویسڕییەوە دانراوە، کە بەکاری هێنا بۆ ناولێنانی زانستێکی تازە، کە بەشێک بوو لە دەروونناسیی کۆمەڵایەتی بۆ توێژینەوەی ((ژیانی نیشانەکان لە کۆمەڵگەدا)). بەڵام وشەی سیمیۆتیکس لە کۆتایی سەدەی نۆزدەیەمدا لە لایەن فەیلەسووفی لۆژیکزانی ئەمریکی چارلز ساندێرس پێرسەوە٣ کە دامەزرێنەری ئەم لقە توێژینەوەکارییە، دانراوە.
لێکۆڵینەوەکانی نیشانەناسی بە دوو ڕێچکەدا دەڕۆن، یەکەمیان لێکۆڵینەوەیە لە ئەرکی نیشانە لە بواری گەیاندنی زانیاریدا و سوسێر زیاتر لەو بارەوە دەدوێت. دەووەمیان لێکۆڵینەوەیە لە چییەتیی نیشانە و دیاریکردنی پێکهاتە و مەرجەکانی، کە پێرس لەو بوارەدا کاری کردووە. (٧١،٤)
١- یوری لۆتمان (١٩٢٢ – ١٩٩٣) بیرمەند و ڕەخنەگری ئەدەبی، خەڵکی سەن پترسبپرگی ڕووسیایە.
٢- مونژێن فردینان دوو سوسێر (١٨٥٧ – ١٩١٣) زمانناسێکی سویسڕییە.
٣- چارلز ساندرێس پێرس (١٨٣١ – ١٩١٤) فەیلەسووف و لۆژیکزانێکی ئەمریکی بووە.

٣- پێشینەی نیشانەناسی

زانستی نیشانەناسی بە واتا ئەمڕۆیینەکەی لەلایەن فێردینان دوو سوسێر، زمانناسی سویسڕی و چارڵز ساندێرس پێرس لۆژیکزانی ئەمریکییەوە لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەم ڕۆنراوە. ئەم دوو زانایە نزیک بە هەمان کات پێکەوە ڕوویان لەم گۆڕەپانە کردووە. بەڵام نموونەی جیاوازیان لێ خستووەتەڕوو.
٣-١ / نیشانە لە ڕوانگەی سوسێرەوە١:
سوسێر لەو باوەڕەدایە نیشانەناسی ئەوەمان فێر دەکات، کە نیشانەکان لە چی پێکهاتوونە و چی یاساگەلێک حوکمیان بەسەرەوە دەکەن. هەروەها زمانناسی بە بەشێکی ئەم زانستە گشتییە دەزانێت. پوختەی لێکۆڵینەوەی سوسێر لەبارەی زمانەوە لەم سەرنجانەی خوارەوە کۆ دەبنەوە:
١- توێژینەوەی زمان دەبێت هاوزەمەنی بێت (ئێستایی) نەک ناوزەمەنی واتە (مێژوویی).
٢- زمان سیستەمێکی یەکپارچەیە و بەشەکانی ئەرکێکی تەواوکارییان هەیە. زمان تەنیا کۆمەڵێک دەنگ و وشە نییە، بەڵکو دەزگایەکە لە پەیوەندی و لەسەر سیستەمێکی دیاریکراو کار دەکات. ئەو سیستەمە بەلای سوسێرەوە (زمان)ە و جیایە لە (قسە)ی تاکی ئاخێوەرانی.
٣- دوو جۆر پەیوەندی لە نێوان توخمەکانی ڕستەدا هەیە. یەکێکیان هاونشینی، بریتییە لە پەیوەندییە ڕێزمانییەکانی نێوان توخمەکانی ناو یەک زنجیرە گوتار کە بە تەنیشت یەکەوەن، پەیوەندی دووەم پەیوەندی جێنشینییە.(٤، ٥٣ و ٥٤)
پەیوەندیی هاونیشینی لە بنەڕەتدا پەیوەندیی نێوان ئەو یەکانەیە کە لە پێکهاتندا لەگەڵ یەکدا قەرار دەگرن و یەکەیەک لە ئاستێکی بەرزتر پێکدێنن، پەیوەندیی جێنشینی- ش لە بنەڕەتدا پەیوەندییەکی نێوان ئەو یەکانەیە لەبری یەک هەڵدەبژێردرێن و لە هەمان ئاستدا یەکەیەکی نوێ دەهێننە ئاراوە.
بە باوەڕی سوسێر زمان کۆمەڵێک ڕێککەوتنی کۆمەڵایەتییە (واتە نیشانەی زمانی و پەیوەندیی نێوانیان) کە لە شێوەی ئاخافتن دەردەکەوێت. نیشانەی زمانی تهنیا پەیوەندیی شتێک و ناوێک نییە، بەڵکو پەیوەندیی چەمکێکە لەگەڵ وێنەیەکی دەنگی. نیشانەی زمانی لە بنچینەدا واقیعەتێکی دەروونناسییە، کە خودان دوو بەشە، واتە وێنەی دەنگی (دال) و چەمکێک (مەدلوول) و پێیوایە نیشانە بەرهەمی هاوکوفبوونی ئەم دوو توخمەیە.(٥، ١٣٣)

٣- ٢/ نیشانە لە ڕوانگەی پێرس- ەوە٢:
بە پێچەوانەی سوسێرەوە کە نیشانە بە پێکهاتوو لە دوو پاژی دال و مەدلوول دەزانێت، لای پێرس پەیوەندیی نیشانە لە سێ پاژ پێکهاتووە:
١- هێما: ئەو شێوەیەیە کە نیشانە بە خۆیەوەی دەگرێت.
٢- ڕاڤە: ئەو واتایەیە کە لە نیشانەوە بە دەست دێت.
٣- بابەت: ئەو شتەیە کە نیشانە دەلالەتی لێدەکات.
بەپێودانگی ئەم پۆلێنەی پێرس، دەتوانین بڵێین تابلۆی (جگەرە کێشان قەدەغەیە) لە شوێناندا، هێمایە و ڕاڤەکەی ئەوەیە کەس جگەرە هەڵنەکات و بابەتەکەش جگەرەنەکێشانە. لە ئەنجامی بەراوردی نێوان پۆلێنەکەی پێرس و سوسێر بۆ نیشانە، ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت، کە هێمای پێرس هاوکوفە لەگەڵ دال لە مۆدێلەکەی سوسێردا و ڕاڤەکەیشی هاوشێوەیە لەگەڵ مەدلوولەکەی سوسێر. لەو نێوانەدا ئەوە تهنیا بابەتە کە سوسێر نەپەرژاوەتە سەری.
پێرس نیشانەکان بەگوێرەی پەیوەندییە جیاوازەکانی نێوان دال و مەدلوول دابەشی سێ جۆریان دەکات:
١- ئایکۆن: لە پەیوەندیی نێوان دال و مەدلوول لێکچوون هەیە. وەکو لێکچوونی نێوان وێنەی کەسێک و خودی کەسەکە، یان نەخشەی خانوویەک کە بچووککراوەی خانووەکە خۆیەتی.
٢- ئاماژە: نیشانەیەکە لەسەر بنەمای هۆ و هۆکار، وەکو دووکەڵ کە نیشانەی ئاگرە، یان ئامێری دیاریکردنی ئاراستهی با.
٣- هێما: ئەو نیشانەیەیە کە پەیوەندیی نێوان دال و مەدلوول پەیمان و ڕێککەوتنەکییە، وەکو بەکارهێنانی ئەو هێمایانەی کە دەلالەت لە پلە سەربازییەکان دەکات.
بە وردبوونەوە لەوەی بەرباس خران، دەتوانین ئەوە هەڵێنجێنین کە پانتایی کاری زمانناسی توێژێنەوەیە لە نیشانە ڕێککەوتنەکییەکان کە هیچ پەیوەندییەکی خودی، یان سروشتیان لەگەڵ مەدلوولەکانی خۆیاندا نییە و پێویستە لە ئاراستهیەک بگەڕێت بۆ ئاشکراکردنی پەیوەندییەکانی نێوان نیشانەکان. (٨٢،٢)

٤- مودێلی پەیوەندیی ڕۆمان یاکۆپسۆن١

ئەرکی نیشانە گەیاندنی پەیام و ڕۆنانی پەیوەندیی نێوان نێرەر و وەرگرە. ئەو مودێلەی ڕۆمان لەمەڕ سیستەمی پەیوەندییەکانی خستووەتەڕوو، خودان بایەخێکی تایبەتە.
١- ڕۆمان یاکۆپسۆن (١٨٩٦ – ١٩٨٢) یەکێکە لە پێشڕەوانی ئەدەبناسی، جوولەکەیەکی ڕووسی بووە.

بابەت (سیاق)
پەیام

ئاخێوەر (نێرەر) …………………………………………..بەردەنگ (وەرگر)
پەیوەندیی (ناوەندی پەیوەندیکردن)
کۆد (دەستەواژە)
بەپێی ئەم مۆدێلە، پەیوەندی داگری پەیامێکە کە ئاخێوەر دەریدەکات و بەردەنگ وەریدەگرێت. بۆ ئەوەی پەیامەکە لە نێرەرەوە بە وەرگر بگات، پێویستە بە ناوەند (رایەڵێک)دا کە دەکرێت گوفتاری، یان وێنەیی بێت تێپەڕ ببێت. ئەم ڕایەڵە دەبێت لە چوارچێوەی کۆدی هاوبەش، گوفتار، ژمارەکان، نووسراو ….. تاد، وێنابکرێت، بەجۆرێک کە گوفتارەکە شیاوی خوێندنەوە بێت. لەکۆتاییدا پەیامەکە دەبێت بۆ بابەتێک بگەڕێتەوە کە هەم بۆ ئاخێوەر و هەم بۆ بەردەنگ ڕوون بێت، تاکو بتوانرێت تێگەیشتنێک بۆ پەیام لەبەرچاو بگیڕێت. (٢٥،٦)
یاکۆپسۆن ئەم شەش بەشە بە دیارخەری ڕۆڵی زمان دادەنێت، لە ڕۆنانی پەیوەندیدا:
١- ڕۆڵی سۆزداری: ئەگەر پەیوەندی گوفتاری جەخت لەسەر نێرەری پەیام بکاتەوە و هەست و باوەڕ، یان سۆزی نێرەر بگەیەنێت ئەوا ڕۆڵی سۆزداری زاڵە. (٦، ٢٠٣)
٢- ڕۆڵی تەرغیبی: هەموو جۆرە پرۆسەیەکی ڕۆنانی پەیوەندی، کە ئامانج چێکردنی کاردانەوە بێت لە وەرگری پەیام.
٣- ڕۆڵی گەڕانەوەیی (ئیرجاعی): ئەم ڕۆڵە پەیوەندی نێوان پەیام و ئەو بابەتەی پەیامەکە ئاماژەی بۆ دەکات، دەخاتەڕوو. لەم ڕۆڵەدا کاری زمان وەک کاری عەینی و زانین پێناس دهکرێت.(٦، ٢٠١)
٤- ڕۆڵی سەرووزمانی: هەرکاتێ پەیام بەلای کۆد بشکێتەوە، ئەوا ڕۆڵی سەرووزمانی لێ دەبێتەوە.(٦، ٢٠٤)
٥- ڕۆڵی هاودڵی: سەرنجی پەیامەکە بەلای ڕایەڵی ڕۆنانی پەیوەندیدا دەشکێتەوە و بە یارمەتی ئەم ڕۆڵە ڕۆنان و درێژەدان بە پەیوەندی دەستەبەر دەبێت. (٦، ٢٠٥)
٦- ڕۆڵی ئەدەبی: سەرنجی پەیامەکە بەلای خودی پەیامەکەدا دەشکێتەوە. (٦، ٢٠٣)

٥- نیشانەناسی و بنیادگەری

وەک ئاماژەمان پێدا زانستی نیشانەناسی لەلایەن سوسێرەوە ڕۆنرا و بوو بە بنەمای ڕێبازگەلی ڕەخنەی ئەدەبی وەکو بنیادگەری. لە ڕابردوودا گریمانە لەسەر ئەوە بوو، کە هونەر لاسایی واقیعییەتە دەرەکییهكانە.
بە پێچەوانەی ڕەخنەی نوێوە کە لە دەیەکانی پەنجا و شەستی سەدەی ڕابردوو لە پێناسەی هونەردا وەک (لاسایی)، واتە پیشاندانی واقیع ڕووی وەرچەرخاند و جەخت لەسەر نیشانە دەکاتەوە، ئەو پرۆسهیەی هەوڵ دەدات تێگەیشتنی قووڵ لەناو دەقدا بدۆزێتەوە. بەم پێیە نیشانەناسی و بنیادگەری لە دوای هەڵماڵینی جەوهەری واقیعەوە نین، بەڵکو دەخوازن ئەوە نیشان بدەن، کە ئەم واقیعە چلۆن هاتووەتە بوون.
بنیادگەری ڕوانگەیەکە بۆ لێکدانەوەی ئەدەبی لە ڕێگای بەکارهێنای تەکنیک و شێوازناسی و وشەکانی زمانناسییەوە ئەو تێڕوانینە زانستییە پێشنیاز دەکات کە ئێمە چۆن چۆنی نەک هەر لە بەرهەمی ئەدەبی، بەڵکو لە هەرچەشنە پەیوەندی و ئاکارێکی کۆمەڵایەتی واتا هەڵێنجێنین. (١٢٤،٧)
بنیادگەری لە ڕەخنەی ئەدەبیدا لە ڕاستییە سەلمێنراوانەوە دەست پی دەکات، كه دەڵێت بنیاد سەربەخۆیە و تێگەیشتن لێی پێویستی بەوە نییە پەنا ببرێتە بەر ڕەگەزی نامۆ بە بنیادەکە، یان بە سروشتی بنیادەکە. بۆ نموونە شیعر بنیادێکە لە چەند ڕەگەزێک پێکهاتووە، ئەم ڕەگەزانەش ملکەچی چەند یاسایەکی پێکهێنەر دەبن، کە ڕۆڵەکەی تێدەپەڕێنن لەو ڕووەوەی چەند بەستەرێکی کەڵەکەن و بەشەکانی قەوارە ئەدەبییەکە بەیەکەوە دەبەستن، بۆیە چەند تایبەتمەندییەک بە گشتەکە دەبەخشن، کە جیاوازە لە تایبەتمەندیی ئەو ڕەگەزانەی دەقەکەیان پێکهێناوە. (١٣٨،٨)
بە ڕای ڕۆمان لەو ڕاستییەدا بگەڕێین کە وشە و بنیادی واتاکانی، شێوازی ناوەوە و دەرەوەی کێش و بەهایەکی لە خودی هونەریی خۆیدا هەیە. ئەوە پەیوەندی و ئەرکەکانییەتی لە بنیادی وشەدا، وەک شیکردنەوەیەکی مۆرفۆلۆژی و بنیادگەری دەبێت بخرێتەڕوو (١٤٢،٨)
کالێر١ لە (بوتیقای بنیادگەری )دا بە پێداگیرییەوە دەڵێ دەبێ سێ ڕەگەز لە هەر چەشنە خوێندنەوەیەکدا، بۆ نموونە شیعرێک لەبەرچاو بگیرێ:
١- ئەوەی کە شیعر دەشێ خاوەن یەکێتی بێ.
٢- له بارەی ناوەرۆکەوە دەبێ بابەتێکی گرینگی بەدەستەوە بێ،
٣- ئەم گرینگییە فۆرمی ڕەنگدانەوی شیعرەکەش بگرێتەوە. (١٣٦،٧)
هەروەها پیاژە٢ دەڵێت: (بنیادی سیستەمی گۆڕینی شێوەیە.) و ئەوە ڕادەگەیەنێت کە ((چەمکی بنیاد لە سێ هزری کلیلی پێکهاتووە: هزری هەمەکی، هزری گۆڕینی شێوە و هزری خۆڕێکخستنەکی.)) (٢٧٨،٩)
بە گوزارشتێکی تر ئەو تیۆرییانەی ئاماژەمان پێدان لەسەر ئەوەن ئەوە پیشان بدەن کە چۆن تێگەیشتنمان لە واقیعەتەکانی جیهانی بوون، لەژێر کارتێکردنی ئەو زمانەیە کە پێی دەدوێین. هەموو زمانێک دەرچەیەکە کە بەهۆیەوە کەسێک واقیعی پێ درک دەکات.
لە کۆتاییدا ئەمڕۆ تێکەڵێک لە تیۆرییەکانی سوسێر و پێرس، وێڕای بۆچوونەکانی بیرمەندانی وەک یاکۆپسۆن، بارت، ئیکۆ و.. … زانستی نیشانەناسیان پێکهێناوە.
١- جاناتان کالێر (١٩٤٤ -) ڕەخنەگر و بیریاری بواریی تیۆریی ئەدەبی، خەڵکی ئەمریکایە.
٢- ژان پیاژە، بیرمەندێکی فەڕەنسییە.

٦- نیشانەناسیی شیعر

پێش ئەوەی بچینە سەر باسی نیشانەناسیی شیعر، پێویستە بەکورتی ئاماژە بە پێناسە و زمانی تایبەتیی شیعر بکەین. پێناسەیەکی زۆر و زەبەند لە دیدگای جیاوازەوە لەمەڕ شیعر خراونەتەڕوو.
شیعر وەک زمانی تایبەت لە ڕووی نیشانەناسییەوە لە دۆخی تێپەڕاندنی ئەو پەیمان و ڕێککەوتنەدایە، بۆیە گوێگر بە ئاسایی ناگاتە مەبەستی شاعیر. ڕەخنەی نیشانەناسیش لەو بارەدا بەپاڵپشتی زمانناسی و شێوازگەری و ئەو لادان و تێپەڕاندنانە دەستنیشان دەکات و یەکە واتاییەکان پۆلێن دەکات و بنیادە واتاییە تازەکان ڕوون دەکاتەوە. ئەو کاتەش مەبەستی شیعرەکە بەپێی وردی هەوڵە ڕەخنەییەکان ڕوون دەبێتەوە. (٧٥،٤)
بە هۆی ئەوەی کە زمانی ئاخافتن و زمانی شیعر لێک جیان، هەر یەکەیان سیستەمێکی سەربەخۆی نیشانەناسی تایبەتی خۆی هەیە. ئەوە دەزانین کە نیشانە زمانییەکان، نیشانەی دڵخوازی و ڕێککەوتنەکین، کە بۆ گەیاندنی پەیام بەکار دێن. بەڵام دەتوانین بڵێین نیشانە شیعرییەکان لە ڕووی دەربڕینی واتاییەوە لەگەڵ نیشانە سوسێرییەکان جیاوان. چونکە مەدلوولێکی چەسپاویان نییە، کە بە شێوەیەکی دیار پەیوەندیدار بن بە دالەکانەوە. بەڵکو کۆمەڵە دالێکن دەتوانن مەدلوولێکی زۆریان هەبێت. بە گوزارشتێکی تر لە زمانی شیعردا هەموو وشەیەک وێڕای واتا ڕووکەشەکەی، تێگەیشتنی تریش کە هەمان واتا ناواخنییەکانن، دەخەنە زەینەوە.
بەهای نیشانە لە شرۆڤەی بنیادگەرییدا بەستراوەتەوە بە دەق و تهنیا لە دەقدا هێزی واتادان و دەلالەتخوازی وەردەگرێت و بەدەر لە تاوتوێکردنی توخمەکانی چواردەوری خۆی، شیانی لێکدانەوە و ڕاڤە نییە.

٧- هێما لە شیعردا

لەبەر ئەوەی هێما جۆرێکی بەرفراوان و دیاری نیشانەیە و بەگشتی لە شیعردا بەچڕی کاری لەسەر کراوە. کورت و پوخت بەسەری دەکەینەوە:
هێما بریتییە لە نیشانەیەک ئاماژە بۆ شتێک دەکات، بوونێکی سەربەخۆی هەیە، ئەو شتە دەنوێنێ و شوێنی دەگرێتەوە و ئەم چوار تایبەتمەندییەی هەیە:
١- هەموو هێمایەک لە بری شتێکی ترە.
٢- هەموو هێمایەک ئاماژەی دوانەیی هەیە.
٣- هەموو هێمایەک ڕەگەزی واقیع و خەیاڵی تێدایە.
٤- هەموو هێمایەک خودان هێزێکە، یان خودان ئەرکێکی دوانەیی. (١٠، ١٠ و ٧)
هێما ناوی بزاوتێکی ئەدەبیشی بەخۆی داوە، لە دەقە جیاوازەکان و بۆ مەبەستی تەواو جیاواز بەکار دێت. ئەم زاراوەیە لە لۆژیکی بیرکاری، واتاناسی، مەعریفەناسی، هەروەها نیشانەناسی (کە جێباسی گشتیی ئێمەیە) بەکاردەبرێت و لە پانتایی ئیلاهیاتدا (هێما هاوواتای دروشم – یشە)، هونەرە جوانەکان و شیعر (کە جێباسی تایبەتی ئێمەیە) مێژوویەکی دوورودرێژی هەیە. توخمی هاوبەشی نێوان هەموو ئەم بەکارهێنانە باوانە، ڕەنگە چەمکی نواندنی شتێکی تر، یان دەلالەت کردن لە شتێکی تر بێت. (٢١٠،١١)
ئەم بابەتە هەروەها سەرنجدانی دەروونناسی بە چۆنێتی کاریگەری بەشێکی هێما و وێنەکان لە ئێمەدا پەیوەندی دروست دەکات. (٢٥٩،١٢)
هێما لە ئەدەبیاتدا، ئەگەرچی بەرلەوە هەبووە، لە ڕۆژاوادا تهنیا لە بەکارهێنانە فەرەنسییەکەیدا برەوی سەند، واتای ئەم وشەیە تەنانەت ئەمڕۆ فرە لێڵ و گۆڕاوە، لە دەستەواژەکانی وەکو (لۆژیکی هێمایی)، (هێمای بیرکاری) بە واتای دژبەر بە (هێمای شیعری) بەکار دەبرێت. بەکارهێنانی لەئەدەبیاتدا پتر لە چەمکی نیشانە، یان نواندنی پەتی دوور کەوتووەتە و بووەتە جۆرێکی چەمکی کە وێنەی شیعری و خوازە دەگرێتەوە. (٢٥٨،١٣)
(لەبەر ئەوەی) هێما لە سەرێکی ترەوە لادانی دەلالی دەهێنێتە ئاراوە. هێما لەبەرزکردنەوەی ئاستی شیعرییەتی دەق ڕۆڵێکی گرینگ و لەبەرچاو دەبینێت، لەڕێی بەخشینی واتا و دەلالەتی نوێ بەشتەکان. (٣٢٨،١٤)
لەڕووی ئەرکیشەوە، لای هێماگەراکان شیعر پیشاندان و گواستنەوەی واقیع و ڕاستی نییە، بەڵکو بارێکی دەروونییە کە بە کۆتایی هێما، یان گواستنەوەی واقیع خۆی دەردەخات، بەم پێیە ئەرکی شیعر دەبێتە پێکهێنانی پردێکی ویژدانی لە نێوان داهێنەر و خوێنەردا. (٢٣،١٥)

بەشی دووەم

١- پیادەکردنی بنەماکانی نیشانەناسیی بنیادگەری لە شیعری (لە کتێبخانەی تایبەتی بابا تاهیردا)

 سەباح ڕەنجدەر (١٨/١١/١٩٦٥ – هەولێر) یەکێکە لەو شاعیرانەی تاکو ئێستا کەم و زۆر لە هەوڵی خۆی بەردەوامە و ئەزموونێکی سەرنجڕاکێشی ناوەندە شیعرییەکە و هەڵوەستەی خوێندنەوە بۆ خۆی دەستەبەر دەکات. ئەم هەوڵە لە قۆناغە سەرەتاییەکانی ئەزموونەکەیەوە دوالیزمێک بە کەشی شیعرەکانییەوە بەرچاو دەکەون. یەکێکیان ڕوون و ئەوی تریشیان لێڵ، کە لەوەوە سەرچاوەی گرتووە بە مەعریفەیەکی کەمی تیۆرییانەی زمانەوانییەوە، هەوڵی داوە  خۆی لە فەرهەنگی واژەنامەی ناوەندەکە دەرباز بکات و هەوڵی بەزاندنی سنووری زمانیشی داوە. (١٦٥،١٦ و ١٦٦)                                                            
ئەم دەقە یەکێکە لە دهقه درەوشاوە و نموونەییەکانی شاعیر و شیعری هاوچەرخی کوردی، کە ئەزموونی ڕوحی و زەینیی (شکۆی نەفس)ی ژیانی خۆیەتی و پێشکێشی خوێنەری دەکات. شاعیر قووڵ چووەتە ناو پنتە شارەوەکانی ژیانی خۆی و جۆرێکی جیهانبینیی لا دروست کردووە. (ئەحمەد ڕەزا) لەبارەی ئەو یەکێک لەو تایبەتمەندێتییانەی کە شاعیر پێویستە لەبەرچاوی بگرێت بریتییە لە ژیانی ڕۆژانەی شاعیر خۆی و بۆ ئەمەش نموونەی مانیفێستی شیعریی (سەباح ڕەنجدەر) دەهێنێتەوە و دەڵێت ئەم تێبینیانەی یاریدەدەرێکی باشن بۆ داڕشتنی وێنەکان و هەروەک بۆ بارگاویی کردنی وێنەکان بە تێڕامانی قووڵ بەسوودە، کە ئەم بارە وا دەکات شاعیر وردتر بێتەوە لە پێکهاتە شیعرییەکان (سەرنجدانی هیچ شتێک بۆ بەهرەمەند لە سوود وەرگرتن بێبەش نییە. هەر شاعیرێکیش لە ژیانی ڕۆژانەیدا زۆربڵێ بوو، زوو سەرنجەکانی دەربڕی، نەیهێشت بارەکانی بگەن بە باری تێڕامان و ناخ ڕوونبوونەوە و جیهانبینی و بەهرە خەمڵاندن و درکاندنی، بێگومان کارەکەی وەک نوسراوی ئاسایی پڕە، بەڵام وەک نوسراوی داهێنراو بەتاڵە، چونکە نوسراوی داهێنراو تەنیا بە تێڕامان و ناخ ڕوونبوونەوە و جیهانبینی و بەهرە خەمڵاندن مەزنایەتی وەردەگرێت.) (١٧، ١٢٨)                                                          

شاعیر دەستوپەنجەی لەگەڵ ئەزموونێکی ڕوحی و زەینی نەرمکردووە (شکۆی نەفس)ە و بە ئەفراندنی وێنەگەلێکی نەمرانە وێنەیەکی جیهانبینی خۆی بۆ ژیانێکی پڕ مەینەت و دژوار کە چواندوویەتی بە ژیانی (بابا تاهیر)، کێشاوە. ڕەنگە هەستێکی فەلسەفی بە شیعرەکەی بەخشیبێت، بەڵام نەک لەوە زیاتر وەک ئەوەی هەستێکی زانستیی سروشتی و تاقیکاری بەسەر شیعرەکەدا بار بکات. لەم شیعرەدا هەموو شت لە خزمەتی هەستی ڕوحی و واتا و جوانی و وێنەی داهێنانەیە. ئەم وێنانە لە ڕێگای دالی ئاساییەوە ئەفرێندراون. بەڵام وەک (ئەدیب نادر) دەڵێت: شاعیر، وەک پیتێنەر تەماشای شیعر دەکات و بە مانای نادژەباو دەیانپیتێنێت و بە مەدلوولی دیکە دەیەوێ فرچکیان ببڕێت. (١٦٧،١٦)
شاعیر بایەخێکی زۆری داوە بە کرۆک ئەمەش لە ڕێگای سروشتی دالەکانەوە، هەروەها بایەخێکی ئەوتۆی بۆ جوانیناسی و ڕیتمی دەرەکی نەداوە. جوانی و ڕیتم لەناو واتادا شەپۆل دەدەن. لایەنێکی تری بایەخپێدانی شاعیر، هەوڵی پاراستنی یەکێتیی دەقە. ئەو یەکێتییەش لە ڕێگای بنیادی دەقەوە دەستەبەر کردووە. بەجوانی بنیادی دەقەکەی ناسیوە و کاری تێدا کردووە. ئەگەرچی هەموو بەشە بچووکەکانی دەقەکە بنیادی سەربەخۆیان هەیە، بەڵام لە ناو بنیادی گشتیی دەقەکەدا کۆی کردوونەتەوە و سیستەمی گشتیی دەقی پێکهێناوە.
لەبەر ئەوەی شاعیر خاوەنی شێوازێکی دەنگیی شیعری تایبەت بەخۆیەتی، دەتوانین لە سۆنگەی زمانەوە هەمان سیما لەم دەقەشدا ببینین، کە (محەمەد عەبدولکەریم ئیبراهیم) لە خوێندنەوەی دەقی: (مەرگی ئاوێنە)دا خستوویەتییەڕوو:
ئاڵۆزی زمانی دەقەکە فۆرمێکی تێکشکاوی بە شیعرەکە بەخشیوە بەجۆرێک بینینی تۆپۆگرافیای نووسینەکە کۆمەڵێک ئاماژە و ئیحا لەلای خوێنەر دروست دەکەن. لە لایەکی دیکەوە دەقەکە ئەفسوونێکی تێدایە، کە خوێنەر بەرەو واتایەک دەبات کە بەڕووکەش واتایەکی نزیکە و هەموو بارێکی بۆ ڕەخساوە، بەڵام ڕاستییەکەی ئەو واتایە مەبەست نییە و هەر لە سیاقەکەدا ئاماژەی تر هەن کە واتای قووڵتر و شاراوەتر دەخەنەڕوو. (٤، ١٩٥)
شاعیر لێهاتووانە کاری لەسەر هەردوو بابەتی ئاستی ئاسۆیی (هاونیشینی) و ستوونی (جێنیشینی) کردووە. جۆری تایبەتی کاری شاعیر وای کردووە خودان شێوازی تایبەت بەخۆی بێت. (یاکۆپسۆن ڕێژەی بەکارهێنانی هەردوو ئاست بە پێوەرێکی سەرەکیی دەستنیشانکردنی شێواز دەزانێ) (١٥٧،١٨)
لەو سۆنگەیەی شاعیر توانای بۆ ئەزموونکاری لە هەردوو ئاستەکە بە ڕێژەیەکی تایبەت بەخۆی خستووەتەگەڕ لەپێناو گەیشتن بە شێوازی خۆی. ئەگەرچی ئاستی ئاسۆیی پشتگوێ نەخستووە، بەڵام پتر سەرنجی خۆی لەسەر ئاستە ستوونییەکە چڕ کردووەتەوە، چونکە بەدوای گونجاندنی خەیاڵ و سۆزەوەیە و هەوڵی داهێنانی هێمای نوێ دەدا.
لەم شیعرەدا وێنە و خوازە و هێما زمانێکی نائاسایی بە دەقەکەی داوە. چەند وێنەیەک هەن هێما بەدەستەوە نادەن، وەکو (کرم) لەم دێرەدا:

دەزانێت پاش چەند ڕۆژ کرم لە جەستەمان پەیدا دەبێ (٢١٣،١٩)

بەڵام زۆربەی هەرە زۆری دالەکان لێبڕاوانە وەکو هێما هەژمار دەکرێن، بۆ نموونە (هوما). ئەم هێمایانە بەشێکیان لە بەرهەمەکانی پێشتری، یان شیعرە بەراییەکانی وەک وێنە دەرکەوتوون، بەڵام لە بەرهەمەکانی دواتری وەکو ئەم شیعرە بوونەتە هێما. هەر وێنەیەک دەشێ یەک جار لە شێوەی خوازەدا بە زەین بگات. بەڵام ئەگەر هەم لە ڕووی دەرەکی و هەم لە ڕووی بەهای پێوەری هەمیشە دووپات بوویەوە، ئەوا دەگۆڕدرێت بۆ هێما و دەشێ ببێت بە بەشێک لە سیستەمی هێمایی، (ئەفسانەیی) (٢١١،١١)
لەسەرێکی ترەوە جۆرێکی تر هێماگەری هەیە (سروشتی)ی گشتییە، کە دۆزینەوەی ژێدەرەکەی دژوارە، بۆ نموونە (سمۆرە). بەڵام وەک (ئەدیب نادر) دەڵێت: ئەزموونێکی شاعیر کارکردنە لە زمان، زمان وەکو جەستەیەکی خاڵی، بۆیە شکڵێک بەرهەم دەهێنێت و هەر دەشبێت وەکو شەکڵێک سەودای لەگەڵ بکرێت و پەیجۆری هیچی لێنەکرێت، جگە لە نامۆکردن و سەرسامکردنی خوێنەر بە شکڵی دووبارە دەبێتەوە. (١٧١،١٦)
لە هەرکوێ باس لە هێماگەریی شاعیرانە کرابێت، ڕەنگە جیاکارییەک لە نێوان هێماگەریی تایبەتی شاعیری هاوچەرخ و هێماگەریی شاعیرانی ڕابردوو لە لایەن خەڵکانێکەوە شیاوی تێگەیشتنن، دانرابێت.
شاعیر هێما بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی شان لەشانی بیرە پەتییەکان بدات، بیرە پەتییەکان ئەو بیرانەن، یان ئەو حەز و ئاواتانەن کە ئاشکرا نابن و بە بەرجەستەیی ناکەونە بەرچاوان. بۆ لەناونەچوونی ئەو پیرۆزییە لە تەجریدبوونی بیرۆکەکاندا هەیە بەجۆرێک، کە ئەگەر بەرجەستە ببن ئیتر پیرۆزی و چێژی ئەدەبیان نامێنێت و زۆربەی جاریش لە ئاستی دەلالەتی ڕستەدا لە جێباسی پڕاگماتیکە واتاکەی دەردەكهوێ.
(٤، ١٢٨ و ١٢٩)

دەستەواژەی هێماگەریی تایبەت، لەسەرەتادا تاڕادەیەک سەرزەنیشت ئامێز بووە، بەڵام سۆز و تێڕوانینمان بۆ هێماگەری شاعیرانە بەردەوام بەچڕی ڕووبەڕووی دڕدۆنگیی بووەتەوە. هێماگەریی تایبەت دەلالەت لە سیستەم دەکات و توێژەری وردەکار دەتوانێت هێماگەری تایبەت وەک خوێندنەوەی هێما کە پەیامێکی نامۆ دەدۆزێتەوە ڕاڤە بکات (١١، ٢١٢)
لەو سۆنگەوە شاعیر هەوڵی ئەفراندنی هێمای نوێ دەدات و ئەمەش لێڵی لە زمانی شیعری دەکەوێتەوە.
لەم شیعرەدا کاریگەری ئایدۆلۆژیای شاعیر دەردەکەوێ، ئایدۆلۆژیا بەواتای (کۆمەڵێ بیروباوەڕ و بەهاگەلێکی کەسێک، کۆمەڵگە، یان ڕێبازێک؛ بۆ نموونە قوتابخانەی مارکسیست) نا، بەڵکو زیاتر مەبەست لە جیهانبینیی شاعیرە. ((ئەم کاریگەرییە لە دووتوێی وشەکاندا بەهۆی تاوتوێ کردنی پەیوەندی دەق لەگەڵ چنینی دەرەکییەوە دەناسرێتەوە. هێماکان تایبەتمەندی زمانی نیشانداریی وشەکان لەو توخمانەن کە دەق دەبەستنەوە بە بن دەقی کۆمەڵایەتی و كلتوورییەوە، پەیوەندیی واتاداری وشەکان بە ئایدیۆلۆژیا و هێزەوە دەتوانرێت بە تاوتوێکردنی فرهپاتبوونەوەی هێما کۆمەڵایەتی، کلتووری و ڕامیاری و بنیادە کۆمەڵایەتییەکانی تر پیشان بدرێت. هەروەها ئەو تایبەتمەندانەی کە نووسەر بۆ کەسەکان و دامەزراوەکان بەکاری دێنێت و فرەپاتبوونەوەی وشە نیشاندارەکان لە پەیڤی ئەودا نیشاندەری بەستنەوەی دەقە بە ئایدیۆلۆژیاوە.)) (٢٠، ٢٦٠)
شاعیر لە دانانی ناونیشانی شیعرەکەیشیدا بیری لە دانان و ئاخنینی کۆمەڵێ واتا و مەغزا کردووەتەوە.
لە بواری نیشانەناسی ناونیشاندا، زۆر پەیوەندیی شاراوە لە بنیادی واتایی دەقەکەدا هەیە. ناونیشانی دەق هەمیشە ئاماژەیەکی قووڵ لەخۆدەگرێت و ڕایەڵە واتاییەکانی دەق ڕێک دەخات. ناونیشانی شیعر وەک سەری جەستەیەک وایە کە پێکەوە گونجانی گشتیی دەقەکە ڕێکدەخات و هەندێک لە لوغزەکان دەکاتەوە. (٤، ٧٧)

٢- کرۆکی دەقەکە

شاعیر هەر لەسەرەتای شیعرەکەوە لەڕێگای دەلالەتی (ملدرێژکردن ١- بۆ خوارەوە: سەرشۆڕی ٢- بۆ سەرەوە: سەربەرزی) ئاماژە بە بوون و نەبوونی (شکۆی نەفس) دەکات. بۆ گەیشتن بەم شکۆیە، دەبێت بەسەر جادووی جادووبازاندا زاڵ بیت، ئەوانەی دەورووبەر لە خودی خۆیان نامۆ دەکەن و وایان لێدەکەن گوێڕایەڵ بن و وەکو باڵندەیەکی کەویبوو نانی سەردەست بخۆن (بەرەنگاربوونەوەی هێزی هەڵخەڵەتێنەر). بۆ زاڵبوون بەسەر جادووبازانیش دەبێت خۆر بناسین، ئەو هێزەی بۆ هەموان یەکسانە (گەیشتن بە ڕۆشنایی ڕاستەقینە). ڕۆشنایی ڕاستەقینە لە شێوەی خودا لە ناخدا جیلوە دەکات (بەدەنگهێنانی خودا)، ئەمەش بێداربوونەوەی نەفسی لێ دەبێتەوە. کە نەفس بێداربوویەوە ئامادە دەبێ بۆ هەموو جۆرە ئەزموونێک. لەو ئەزموونانەوە بەرەو حاڵیبوون لەوی تر و دڵنیابوون لەدڵ. بەو دڵنیاییەوە گوزارشت لە ڕەسەنایەتی خۆی دەکات، کە چۆن بە مەترسییەکانی لەدەستدانی خود تێپەڕێوە لە میانی ئەو تێپەڕینە سەرسوڕمانی خۆی دەردەبڕێت لە ئاکارە دزێوەکان. لەبەر ئەوەی شارەزایی ڕێگایە دەتوانێ هێزی ملکەچی بسڕێتەوە و هاوسەنگییەک لەنێوان (دڵ) و (گیان) دروست بکات.
شاعیر هەر یەک لەم ئەزموونانە لە کتێبێکەوە فێر بووە کە لە کتێبخانەی تایبەتی باباتاهیردایە، دەلالەت لەوە دەکات وەکو باباتاهیر خەریکی ئەزموونێکی (ڕوحی) و (زەینی)یە کە ژیانێکی سۆفیانەیە و ئەم ژیانەش بریتییە لە تێپەڕبوون بەناو کۆمەڵێ قۆناغی سەخت و دژواردا کە شکۆی نەفسی دەوێت تاکو بە سەرفرازی لێی دەرباز بیت. لێکچواندنی ژیانی شاعیر بە ژیانی باباتاهیر لە وشەی (تایبەتی)ی ناونیشانی شیعرەکەوە هەڵمانگۆزیوە، چونکە ناونیشانی شیعرەکە بەبێ (تایبەتی) دەرگای لەسەر ئەزموونی شیعری بابا تاهیری دەکردەوە نەک ژیانی. کۆتایی شیعرەکەیشی وەکو قوفڵێک دەبەستێتەوە بە ناونیشانی دەقەکەوە کە نائومێدبوونە لە زەوی و بەردەوامی دان و دووبارەی بوونەوەی هەمان ئهو ڕووداوانەیە.

٣- نیشانەکانی گیانلەبەران

ئەم شیعرە کە خودان بنیادێکی گشتییە. بەڵام وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا کۆمەڵێ بنیادی بچووک لەخۆیدا دەگرێ و ئەم بنیادانەش وێنەی شیعرین. بەشێک لە وێنە شیعرییەکان لە ڕێگای ئەو نیشانە و میتافۆڕانە دروست کراون کە وێنەی دیتراوی گیانلەبەرانن. لەم شیعرەدا ئاماژە بە هەژدە گیانلەبەر کراوە. سیانیان ناوی گشتین وەکو (مەل: ١ جار، باڵندە: ٦ جار و گیانلەبەر: ١ جار) کە (مەل و باڵندە) هاوواتان و شەشیان ناوی تایبەتی باڵندەن (کەڵەباب:١ جار، تووتی:٣ جار، حاجی لەقلەق: ١ جار، قومری: ١ جار، پەپوولە: ١ جار و هوما: ٢ جار). پەپوولە لە جۆری مێرووی باڵدارە و هوماش باڵندەیەکی ئەفسانەییە. نۆشیان لە ئاژەڵ و گیانلەبەرانی ترن کە بریتین لە (گامێش: ١ جار، ورچ: یەک جار، کیسەڵ: ١ جار، ئەسپ: ٤ جار، گورگ: ١ جار، بەراز: ١ جار، سمۆرە: ١ جار و گوێچکەماسی: ١ جار). ئەوە جگە لە وشەکانی (مرۆڤ، خودا و فریشتە) کە لە شیعرەکەدا هاتوون و ئێمە لێیان نەدواوین.
بەشیکی زۆریان وەک هێما دەردەکەون و چەند دانەیەکیشیان وەک خوازە و وێنە دەردەکەون. ئاسایی وێنە بە واتای ئەو شتەیە کە هەیە؛ خوازە واتایەکە بۆ شتێک لەبری ئەو شتەی کە هەیە و هێما (کە جۆرێکی نیشانەیە) واتای ئەو شتەیە کە هەیە و وێڕای واتایەک بۆ شتێکی تر. (٢١، ٥٤)
ئەو نیشانە و وێنانەی لە ڕێگای ئاماژە بە گیانلەبەرانەوە ئەفرێندراون، شان بەشانی وێنەکانی تر بەشداری لە بنیادی دەق دەکەن هەموو تێکڕا واتای ناواخنیی دەق بەدەستەوە دەدەن.

١- گامێش و کەڵەباب:

گامێش بۆ گیای ناو زەلکاو ملی درێژ دەکات
کەڵەبابیش لە کاتی بانگدان (١٩، ٢١١)

نێرەر: ئاخوێوە (دەنگی شعیر)
وەرگر: بەردەنگ (خوێنەر)
پەیام: شکۆی نەفس
کۆد: زەلکاو، کاتی بانگدان
ڕۆڵی زمان: سۆزداری، شاعیر گوزارشت لە باوەڕی خۆی دەکات.
گامێش و کەڵەباب لەڕێگای جووڵەیەکیانەوە کە (ملدرێژکردن)ە، کراون بە هێما. ملدرێژکردن لەخودی خۆیدا وشەیەکی بێ نیشانە، بەڵام لە سیاقی ڕستەکەدا نیشانە وەردەگرن کە بۆ یەکەمیان لە سەرەوە بۆ خوارەوەیە واتە (سەرشۆڕکردن). بۆ دووەمیان لە خوارەوە بۆ سەرەوەیە واتە (سەربەرزکردن). یەکەمیان پەیوەستە بە شوێنەوە (زەلکاو) کە دەلالەت لە ژیانێکی گەند و ورگپەروەری دەکات و دەەمیان پەیوەستە بە کاتەوە (بانگدان) کە دەلالەت لە ژیانێکی مەعنەوی و ڕوحپەروەری دەکات. لەم دوو دێرەدا کە بە جۆرێک بەراوردی نێوان دوو جووڵەی یەک ئەندامی لەشە، تێکرا هەڵگری دوو دەلالەتە لە هەمان کاتدا. یەکەمیان ئەم دوو گیانلەبەرە وێنەی دوالیزمی (خراپە و چاکە)ی نەفسە لە ناخی هەمان تاک (مرۆڤ)دا، کە لە ململانێدان بۆ بەرزەفت کردنی مرۆڤەکە. دووەم ئەوەیە هەر یەک لەم گیانلەبەرە دەلالەت لە مرۆڤێک دەکەن، یەک (خراپ: نەفسپەروەر) و (باش: ڕوحپەروەر).
گامێش بووەتە هێمای گەلحۆبوون و دەستەمۆیی و ملدان بۆ ژیانێکی نزم و ژێردەستی لەناو زەلکاودا، کەڵەبابیش هێمایە بۆ نەفس بەرزی و ژیانێکی ڕوحانی لە شوێنێکی بەرز (بانگدانی کەڵباب لە شوێنی بەرزدا). ئەڵبەتە کەڵەباب لە نەریتی فەرهەنگی ناوچەکەدا هەمیشە خودان نیشانەی پیرۆزێتی بووە. لای یارسان پەلەوەرێکی پیرۆزە. لە میتۆلۆژیای ئیسلامیدا هاتووە، کە کەڵەبابێکی پەنامەکی هەیە قاچی لە ناخی زهویدایە و سەری لە ژێر عەرشی خودا. کەواتە کەڵەباب ئاماژەیە بۆ بەرزبوونەوە لە ڕێگای ئەزموونێکی ڕوحی وەکو بەرزڕاگرتنی نەفس (بە واتای شکۆی نەفس) و بەرزهەڵکشان بۆ پلە باڵاکانی یەزدانی.
کەواتە پەیامەکە ئەوەیە، شکۆی نەفس دەتوانێت لە بەندی شوێن (زەلکاو) ڕزگارت بکات و بتبەستێتەوە کات – ی (بێ کۆتا) (کاتی بانگدان).
سروشتی پەیوەندیی نێوان دال و مەدلوول، پەیوەندییەکی دڵخوازانە و ڕێککەوتنەکییە، بۆیە پەیوەندی نێوان دال و مەدلوول نائەنگێزەیین. ئەگەر ورد بینەوە ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە وشەکانی (گامێش و کەڵەباب) خودان مۆتیڤێکی شاراوەن و لە هەمانکاتدا، بەڵام هەست پێکراو بەبۆنەی ئەو هێما نەریتییانەوە کە لە پشتەوەی وشەکانن.

٢- تووتی:

تووتی بێ چاووڕوو دەم دەکاتەوە (١٩، ٢١١)
…….
پوولی لە بن باڵی دەدەن
گوێڕایەڵە و دان لەسەر دەستی نانی نانی دەخوات
بۆ کام لا هەڵیدەن
سەر لە ڕێیە و ڕووگەنمای دادەخات (١٩، ٢١٢)

نێرەر: ئاخێوەر (دەنگی شیعر)
وەرگر: بەردەنگ (خوێنەر)
پەیام: لەدەستدانی خود و توانەوە لەناو لاساییکردنەوە.
کۆد: ((بێ چاووڕوو))، ((نهخشی ناوچەوانی بەردی بۆ دروست نابێ))، ((پوولی پۆستەی لە بن باڵی دەدەن))، ((گوێڕایەڵە و دان لەسەر دەستی نانی نانی دەخوات))، ((سەری لە ڕێیە و ڕووگەنمای دادەخات)).
ڕۆڵی زمان: تەرغیبییە.
تووتی بەهۆی ئاستی ژیری لە فێربوونی هەندێ وشە و ڕستەی زمانی مرۆڤ بەجۆرێک بووەتە هێمای زیرەکی کە ئاماژەیەکی ئەرێنییانەیە، تا ئاستێک بووەتە هێمایەکی کلتووری. بەڵام خەیاڵی داهێنەرانەی شاعیر هێمایەکی تایبەتی ئەفراندووە کە لە وردبوونەوە لە ئالیەتی ئەو هێزە دەرەکییەی ئەم ژیرییە وەگەڕ دەخات، ئەویش (لاسایی کردنەوە)یە. کەواتە دەلالەت لە (خۆبزرکردن) دەکات کە ئاماژەیەکی نەرێنیانەی هەیە. ئەمەش دەلالەت لەو بەشە بزر بووەی نەفس دەکات، کە چیدی خۆی نییە و تهنیا ئەو شتانە دەردەبڕێت کە فێرکراوە. ئەوانی تر (خاوەنەکانیان) چی پێ بڵێن ئەرکی ئەمیش تهنیا وتنەوەیە. لە وێنە گشتییەکەدا تووتی هێمایە بۆ ئەو مرۆڤانەی بوونەتە دەستگەمەی هێزی دەرەکی. پەیوەندی نێوان دال و مەدلوول پەیوەندییەکی دڵخوازانەیە کە شاعیر دایهێناوە.

تووتی کە حەزی لە خواردنی پەپوولەی وشکبووەوەیە
چاوی لە هەنگاوەکانە ئاخۆ ڕێگا دەکەین یان نا(١٩، ٢١٥)

پەیام: فریونەخواردنی هێزە دەرەکییه‌كان و زاڵبوون بەدەریاندا
((خۆی دەخواتەوە و دەروونی قوڵپ دەدات))، ((پەڕی لە کلکی دەردەکێشێ و هێلکەی دەشکێنێت))

کۆد: تووتی هێزێکی ئاراستهکراو و داردەستەی جادووبازان
ڕۆڵی زمان: ئیرجاعی (گەڕانەوەیی)، ((تێی ناڕوانین و فەرامۆشی دەکەین))

٣- کیسەڵ:

دەمە بۆڵەی جادووبازان لە قاوغی کیسەڵێکدا دەمێننەوە (١٩، ٢١٢)

نێرەر: ئاخێوەر (دەنگی شیعری)
وەرگر: بەردەنگ (خوێنەر)
پەیام: پووچەڵکردنەوەی جادووی جادووبازان (هێزی دەرەکی)
ڕۆڵی زمان: سەرووزمانی
کیسەڵ لە نەریتدا هێمای خاووخلسکییە، لەسەرخۆیی و تەمبەڵییە و ئاماژەی نەرێنی دەگرێتە خۆی. بەڵام لە فەرهەنگی ڕۆژهەڵاتی دووردا وەک لە فیلمی ئەنیمەیشنی (کۆنگفۆ پاندا)دا دەردەکەوێ، کیسەڵ هێمای ئارامییەکی قووڵی دەروونییە. لەم شیعرەدا کیسەڵ بەهەمان شێوە هێمای ئارامی و خۆڕاگرییەکی قووڵە کە دەتوانی جاوودی جادووبازانی پێ پووچەڵ بکەیتەوە. دەلالەت لە بەشێکی بەرزی خۆڕاگری نەفس دەکات، کە دەتوانێت (هێز)ی جادووگەران قووت بدات و کپی بکاتەوە. شاعیر دەیەوێ بڵێ نەفسی بەرز ڕادەستی هێزی جادووگەران نابێت.

٤- مەلی خۆشخەبەر:

لە ئاوێنەی نووسیندا دەستێک دەبینین
جێگوڕکێ بە دەنگ و بێدەنگی دەکات
لەم جێگۆڕکێکردنەدا
هەموو ئاوازێک دەچێتەوە ناو دەنووکی درەوشاوەی مەلی خۆشخەبەر (١٩، ٢١٢)

نێرەر: ئاخێوەر (دەنگی شیعری)
وەرگر: بەردەنگ (ئێمە: مرۆڤ)
پەیام: چاوکراوەیی
کۆد: ((لە ئاوێنەی نووسیندا دەستێک دەبینین))
ڕۆڵی زمان: ئەدەبی
مەلی خۆشخەبەر (پەپووسلێمانە) هێمای متمانەبەخۆبوون و بەختەوەرییە، بەهۆی ئەوەی شاعیر وشەی نیشانداری (خۆشخەبەر)ی داوە پاڵ و لە چیرۆکی سلێمانی پێغەمبەر وەرگیراوە کە هێمای هێنانی هەواڵی خۆشە، ئەمەش پێچەوانەی مەلی شوومە کە لە فەرههنگی نەریتیدا (بایەقوش)ە و خوێندنی بەسەر هەر ناوچەیەکی ئاوەدانیدا هەوڵ و پەیامی وێرانبوونە. مەلی خۆشخەبەر هێمای ئەو بەشەی نەفسە کە چاوکراوەیی و متمانە بەخۆبوون دروست دەکات و هەمیشە ئومێدبەخشە و هەواڵی خۆش دەگەیەنێت.

فەرمووم لە باڵندەی ئاوی کرد
بۆ وشکایی کە ڕەگی بەهات و بیرەوەری تەڕ و پاراوە
فەرمووی باڵندەی وشکاویشم کرد
بۆ قەراغ گۆلاوی سەربەشەختە (١٩، ٢١٣)

باڵندەی ئاوی و باڵندەی وشکایی هەمان نیشانەن کە دەلالەت لە دوالیزمی نەفس دەکەن. پەیامەکە ئەوەیە کە شاعیر مەشقی بە نەفسی خۆی کردووە بۆ ڕاهاتن لەگەڵ دۆخە سەختەکان.
باڵندەی وشکاوی گۆلاو
باڵندەی ئاوی __
وشکاویی

٥- ئەسپ:

ئای خەڵوەتی دڵ
…..
پووشی قەراغی ڕێگا خەواڵوون
ئەسپ بە ماتی بە تەکیاندا دەڕوات
……
تەمەنی جوانوویی لەناو دڕکی دەم تیژ و
نزیک گورگ گوزەراندووە (١٩، ٢١٤)

نێرەر: ئاخێوەر (دەنگی شیعری)
وەرگر: دڵ (نەفسی خودی شاعیر)
پەیام: تێپەڕاندنی قۆناغی مەترسی و دژواری ژیان
کۆد: دڕکی دەم تیژ، گورگ
ڕۆڵی زمان: سۆزداری (دوان لە خود)
ئەسپ بە درێژایی مێژوو هێمای ڕەسەنایەتی بووە و ڕووبەرێکی زۆری لە پانتایی هونەرەکاندا داگیرکردووە. دەلالەت لە نەجیبی و سەرکەشی دەکات و گورگ هێمای دڕندەیییە. شاعیر گوزارشت لە قۆناغێکی ئەزموونی (ڕوحی) و (زەینی) دەکات، کە توانیویەتی ڕەسەنایەتی خۆی بپاڕێزێت نەفسی خۆی بپاڕێزێت لەو هەڕەشانەی هێزی دەرەکی ئاراستەیان کردووە.

ئەسپی ڕاویشم بە ملوانکەی کیژی کافرۆش بەستایەوە (١٩، ٢١٥)

پەیام: گەیشتن بە ئەوین
ڕۆڵی زمان: (ئیرجاعی) گەڕانەوەیی

٦- حاجی لەقلەق:

بەس نەبوو
حاجی لەقلەق دوا شەهیدی هەولێر بوو (١٩، ٢١٤)

نێرەر: ئاخێوەر (دەنگی شیعری)
وەرگر: بەردەنگ (نوێنەرانی هێزی دەرەکیی خراپەکار)
پەیام: سەرسووڕمان(!)
کۆد: شەهیدبوونی حاجی لەقلەقی هەولێر
ڕۆڵی زمان: سۆزداری (بەس نەبوو!)
حاجی لەقلەق لێرەدا وەک نوێنەری گشتی باڵندە لە شاردا دەردەکەوێت، باڵندەیەکی وەکو حاجی لەقلەق لە شاردا کە هێلانەی هەیە و خەریکی ژیانە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئارامی و سەقامگیری شار، کە جەنگ ئەو ئارامییەی شێواند، باڵندەکان، یان شەهید دەبن، یان ڕەو دەکەن. کەواتە لێرە دەلالەتە لە ئارامی، هەر چۆن کۆتر هێمای ئاشتییە و هێمایەکی جیهانییە و لای هەموو گەلانی جیهان هەمان دەلالەتی هەیە و حاجی لەقلەقیش هێمایەکی لۆکاڵیی شاری هەولێر بوو، بەڵام دواتر زیاتر وەک قوربانی جەنگی براکوژی بووەتە هێمای هونەری. هەر ئەمە وای کردووە نووسەر (حەکیم مەلا ساڵح) لە ڕاڤەی شیعرەکەدا بەناوی (شێوازی زمان و ئاڕاستهی زمان لە شیعری هاوچهرخی کوردیدا) بەو ئاراستهیەدا بڕوات کە کرۆکی شیعرەکە ببەستێتەوە بە جەنگی براکوژی. نووسەر دەڵێت: ((چەمک و تێمای سەرەکی قەسیدەکە کێشەی شەڕی ناوخۆیە…)). (٢٢)
هەندێ شوێنی ئەم دەقە بەرەوڕووی جەمسەرێکی ترمان دەکاتەوە. هەر وەکو میشێل ئۆتان لە ((سیمیۆلۆژیای خوێندنەوە))دا باسی لێوە دەکات، دوو جەمسەر لە دەقدا دیاری دەکات:
شوێنەکانی یەقین
شوێنەکانی گومان
ئەم دێرە شیعرە لە شوێنە گومانەکانی دەقە. شوێنەکانی گومانی دەق، پنتە تاریکەکانە، تەمومژەکانە، هێما نادیارەکانە، ئاڵۆزییەکانە. لوغزە هەڵنەهێنراوەکانە و ئەو جێگایانەشە کە ناتوانین لەناو دەقدا پێکیانەوە ببەستین و پەیوەندییان لە نێواندا دروست بکەین. ئەمەندە ئەستەم دەردەکەون وا لە خوێنەر دەکات ناچاری ئەوە دەبێت کە پێشنیازی هەندێ گریمانە بکات بۆ لێکدانەوەی ناواخنی جۆراوجۆری دەقەکە و هەندێ جاریش دەرخستنی چەند ڕاڤەیەکی جیاواز بۆ تێگەیشتن ( ١٧٢،١٦ و 173)

بۆیە (حەکیم مەلا ساڵح) یان هەر نووسەرێکی تر ئاساییە لە لێکدانەوەدا بە ئاراستهیەکی دیکەدا ببەن.
بەلام لای شاعیرێکی هێماگەر کە خودان گیانێکی گەردوونی بێت، لە بابەتی سیاسی و کۆمەڵایەتی دوور دەکەوێتەوە، ڕەنگە لە هەندێ دەقی شیعردا باسی هەندێ ڕووداو، یان هەندێ شوێن بکات، بەڵام کات و شوێنی ئەم ڕووداوانە وەک (حاجی لەقلەقی هەولێر) بێ پێناسە دەیخاتە بەردەست و جێگاکانیش بێ دیاریکردن باسکراون بەو واتایەی کە ئەو ڕووداو و شوێنانە واقیعیانە سەودا ناکات. بۆیە ئەم هێمایە گەردوونی تر بەکار هاتووە و دەلالەتی تر هەڵدەگرێت: هەر زوو زەین دەبات بۆ (دڵشکان) و (تۆران) لە زێد، نموونە وەک (مەولانا خالیدی نەقشبەندی). لێرەدا (هەولێر) تهنیا هەولێر نییە، دەشێت هەر شوێنێک بێت (وڵات، شار، گەڕەک، ماڵ، شوێنی کار و سەرچاوەی بژێو) و شەهیدبوون، یان ڕۆیشتنی حاجی لەقلەق دڵشکان و تۆرانە.
بەهەمان شێوە:
بەس نەبوو
قومری دوا شاعیری ترپە و هەست و تاسە بوو (١٩، ٢١٤)

٧- بەراز:

بەس نەبوو
هێزی ئاگرکوژێنەوە دزی پەتاتەی بەراز بوون (١٩، ٢١٥)

نێرەر: ئاخێوەر (دەنگی شیعری)
وەرگر: بەردەنگ (نوێنەری هێزی دەرەکیی خراپەکار)

وەک (درێدا) باسی لێوە کردووە کە واتای هەر نیشانەیەک بەستراوەتەوە بە واتای نیشانەکانی ترەوە. لەم دێڕەدا ئەوەمان بە جوانی بۆ ڕوون دەبێتەوە کە شاعیر چلۆن توانیویەتی چەند دالێکی لێک جیاواز و لە ڕووی ڕوخسارییەوە لێک دوور کۆبکاتەوە و لە ڕووی واتاییەوە پەیوەندییەکی ناواخنی لە نێوانیاندا چێبکات. (بەراز) لە فەرهەنگی ناوچەکەدا ئاژەڵێکی بێزراو و حەرامە و بووەتە هێمای خراپی وەک خراپی مرۆڤە ئاکارناشیرینەکان و تا ئاستێک خودا نەفرهتی لێ کردبن. ئاگرکوژێنەوە هێمای ڕزگارکردنە، شاعیر دەڵێت ئەو هێزە دەرەکییەکی بەناوی ڕزگارکردنەوە هاتووە تەنانەت دەستی دەچێتە دزینی قووتی بەراز. ئەم قووتە بریتییە لە پەتاتە، ئەوەش دەلالەت لە خۆراکی هەژار دەکات. لێرەدا ئایرونییەکت زۆر بەهێز بەکارهاتووە کە شاعیر دەیەوێ بڵێت، هەژار لە دیدی ئەو هێزە بەناو ڕزگارکەرە نەفرەتلێکراون وەکو بەراز. ئەمەش هێمایەکی داهێنانەیە.

٨- هوما:

برادەرانم بابا تاهیر و هوما
لە ئاسمان مەیەنە خوارەوە
چاوی کوشتن و بڕین هێشتا نەنوستووە
دڵتان نەیەتە سەرلێوانتان
زەوی دەموچاوی گەش و گەرمە و ئەسپ بەو ناوەدا تێدەپەڕن (١٩، ٢١٧)
…….
بابا تاهیر مووروویەک لە نێوانماندا بزر بوو
مووروویەکیش لە مشتووی خەنجەری هوما کەوت (١٩، ٢١٨)

نێرەر: ئاخێوەر (دەنگی شیعری)
وەرگر: بەردەنگ (بابا تاهیر و هوما)
پەیام: نائومێدبوون لە زەوی ((چاوی کوشتن و بڕین هێشتا نەنوستووە))، ((زەوی دەمودووی گەش و گەرم و ئەسپ بەو ناوەدا تێدەپەڕن))، ((خۆریش بە ئاڵۆزی لەدایک نابێ))
ڕۆڵی: زمان سۆزدارییە.

هوما وەک هێمایەک لە ئەزموونی تری شاعیر بەرچاو دەکەوێت. بۆ نموونە لە شیعری (مەرگی ئاوێنە)دا. لە ئەفسانەی کوردی و گەلانی تریش وەکو فارس ئەو باڵندەیەیە کە لەسەر شانی هەر کەسێک بنیشێتەوە ئەو کەسە دەبێتە پاشا. بەتایبەتی لە ئەدەبیاتی فارسیدا هەمیشە وەک هێمای فەڕ و شکۆ و بەخت ئامادەیی هەیە. حافیزی شیرازی دەڵێت:
همای اوج سعادت بە دام ما افتد
اگر تو ڕا گذری بر مقام ما افتد (٢٣، ١٠١)

لە دەقی (مەرگی ئاوێنە)دا وەک (محەمەد عەبدولکەریم ئیبراهیم) خوێندنەوەی بۆ کردووە، هوما ئەو هێزانەن کە مرۆڤ خەریکی گەڕان دەکەن بە دوای گەورەیی بێ ناوەرۆک و شکۆی ڕووکەش. بەپێی ئەم خوێندنەوەیە لەو دەقەدا هوما دەلالەتە کلتوورییەکە دەگەیەنێت. بەڵام لەم دەقەدا (هوما) هاوشان لەگەڵ (بابا تاهیر) بەپێچەوانەی دەقی: (مەرگی ئاوێنە) هێمان بۆ شکۆیەکی ڕەسەن و دەلالەت لە نەفسێکی بەرز دەکەن و بەرز بوونەتەوە بۆ ئاسمان

ئەنجام:
لە شیعری (لە کتێبخانەی تایبەتی بابا تاهیردا)ی سەباح ڕەنجدەردا، وشەکان زۆر بە وردی و هەستیارێتییەوە هەڵبژێردراون، بەتایبەتی ئەو وشانەی ئاماژەن بۆ (گیانلەبەران) تاکو لە ناو یەک کۆمەڵە هەستدا پێشکێشی خوێنەر بکرێت. زۆربەیان وەکو نیشانە (هێما) بەکار براون و خودان بنیادێکی سیستەماتیکن. ئەم شیعرە بنیادێکی گشتی هەیە، بە دەربڕێکی تر کۆی بیرۆکە و وێنەکان بەرەو یەکێتی بابەت دەجووڵێن. پەیوەندییە هاونشینییەکان واتا پەیوەندییەکانی توخمە شیعرییەکان پێکەوە بە پێکهاتنێکی تایبەت واتا و دەلالەت دەگەیەنن. لەسەر ئاستی پەیوەندی جێنشینی هەوڵی ڕژد دراوە بۆ داهێنانی هێمای تایبەتی و لادان لە زمانی باوی ناوەندە شیعرییەکەی ئەمڕۆ و جۆرێک لە مانەوە و پابەندبوون بە شێوازێکی تایبەت بەخۆی. بنیادی دەرەکی شیعرەکە واتا ناواخنییەکە نییە. شاعیر بە وێنە و هێماگەلی داهێنەرانە پوختەی ئەزموونی ژیانی ڕۆژانە و جیهانبینی و دۆخی درەوونی و زەینی خۆی وێنە کێشاوە. کە ژیانێکی مەعنەوی سۆفیانەیە و گۆشەگیری بە شکۆی نەفس و دوورەپەرێزی لە جەنجاڵی و پەتای مادەگەرایی وەک نائومێدییەک لە زەوی.
دەتوانین بنیادی ئەم دەقە بە پێی مۆدیلەکەی ڕۆمان بەم شێوەیە چڕ بکەینەوە:
١- شرۆڤەی شکۆی ناخ (پەیام)
٢- شرۆڤەی دۆخەکانی ئاخێوەری شیعر (نێرەری پەیام)
٣- شرۆڤەی بابا تاهیر و هوما (وەرگری پەیام)

————————————–

سەرچاوەکان:

١- هێمن عومەر خۆشناو، هێرمینۆتیکای شیعری سۆفییانەی مەحوی، (٢٠١٦) هەولێر، ناوەندی ئاوێر – ژمارە ٣١٩
٢- آنە ماری دینەسن، درآمدی بر نشانەشناسی، ترجمان مظفر قهرمان (١٣٨٩ هجری شمسی) آبادان، نشر پرسش.
٣- ژان ایو تادیە، نقد ادبی در قرن بیستم، ترجمە مهشید نونهالی (١٣٩٠ هجری شمسی) جاپ دوم، تهران انتشارات نیلوفر.
٤- محەمەد عەبدولکەریم ئیبراهیم، پێکهاتەی زمانی شیعری لە ڕوانگەی ڕەخنەی ئەدەبیی نوێوە (٢٠١٢) هەولێر، ئەکادیمیای کوردی ژمارە – ١٥١.
٥- بابەک ئەحمەدی، پێکهاتە و ڕاڤەی دەق، و: مەسعود بابایی (٢٠٠٤) هەولێر.
٦- فاطمە عظيمي فرد، فرهنگ توصیفی نشانەشانسی (١٣٩٢ هجری شمسی) تهران، نشر علمی.
٧- چارلز برێسلێر، ڕەخنەی ئەدەبی و قوتابخانەکانی، پێشەکییەک و تیۆری، وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: عەبدولخالق یەعقووبی، (٢٠٠٧) هەولێر، بڵاوکراوەی ئاراس ژمارە – ٥٧٥.
٨- پیتەر هاڵبێرگ و ئەوانی تر، تیۆریی ئەدەبی و شێوازناسی ئامادەکردن و وەرگێڕانی ئەنوەر قادر محەمەد (٢٠١٨) چاپی سێیەم، بڵاوکردنەوەی ناوەندی ئەندێشە – سلێمانی.
٩- ویلفرد گرین (و ….)، مبانی نقد ادبی، ترجمە فرزانە طاهری (١٣٨٥ هجری شمسی) چاپ چهارم.
١٠- د. پەخشان سابیر حەمەد، ڕەمز لە شیعری هاوچەرخی کوردی، کرمانجیی خوارووی کوردستان ١٩٧٠ – ١٩٩١ (٢٠١٢) هەولێر، ئەکادیمیای کوردی ژمارە – ١٥٥.
١١- ڕنە ولک – اوستین وارن، نظریە ادبیات، ترجمە ضیاء موحد – پرویز مهاجر (١٣٨٢ هجری شمسی) چاپ سوم، تهران، انتشارات نیلوفر.
١٢- دیوید دیچز، شیوەهای نقد ادبی، ترجمە: محمد تقی صدقیانی – دکتر غلامحسین ویوسفی (١٣٨٨ هجری شمسی) چاپ ششم، تهران، انتشارات علمی.
١٣- ڕنە ولک، تاریخ نقد جدید (جلد چهارم – بخش دوم) ترجمە سعید ارباب شیرانی (١٣٨٩ هجری شمسی) چاپ دوم، انتشارات نیلوفر.
١٤- ناز ئەحمەد سەعید، لادان لە شیعری لەتیف هەڵمەت دا (٢٠١٣) سلێمانی، بەڕێوەبەرێتیی چاپ و بڵاوکردنەوەی سلێمانی.
١٥- نەسرین ڕەئووف ئیسماعیل، ئەرکی شیعر لە ئەدەبی کوردی دا ساڵانی (١٩٢٠ – ١٩٥٨) (٢٠١٠) هەولێر دەزگای توێژینەوە و بڵاوکردنەوەی موکریانی.
١٦- ئەدیب نادر، گەڕانەوە بۆ ماڵی یەکەم (٢٠١٤) هەولێر بڵاوکردنەوەی ئەکادیمیای کوردی ژمارە – ٢٩٧.
١٧- ئەحمەد ڕەزا، هونەری شیعر نووسین، بەرگی یەکەم دەروازەیەک بۆ ناسینی شیعر (٢٠٠٧) لەسەر ئەرکی مەکتەبی ڕاگەیاندنی (ی. ن. ک) چاپکراوە.
١٨- شەعبان چالی، شێوازی جزیری (٢٠٠٨) دهۆک، سپیرێز.
١٩- سەباح ڕەنجدەر، دیوانی سەباح ڕەنجدەر بەرگی دووەم (٢٠١٨) تاران، چاپی یەکەم.
٢٠- دکتر محمود فتوحی، سبک شناسی، نظریەها، ڕویکردها و ڕوش ها (١٣٩٠ هجری شمسی) تهران، انتشارات سخن.
٢١- لارنس پرین، دربارە شعر. تجمە فاطمە ڕاکعی (١٣٨٣ هجری شمسی)، تهران انتشارات اطلاعات.
٢٢- حەکیم مەلا ساڵح، زمان و بیركردنهوهی شیعری (2016) ههولێر، بهڕێوهبهرایهتی ڕاگهیاندن و چاپ و بڵاوكردنهوهی ههولێر.
٢٣- کامران کوهستانی، دیوان حافظ (١٣٩٢ هجری شمسی)، چاپ اول انتشارات شبوستان.




سكانداڵێكی زانستی له‌ ساڵی 1994 به‌رده‌وامه‌ … موحه‌ممه‌د گه‌ڵاڵه‌یی

له‌ ساڵی 1994 پرسیاره‌كانی تاقیكردنه‌وه‌ی كۆتایی شه‌شه‌می ئاماده‌یی جاران(دوانزه‌ی ئاماده‌یی ئێستا) كڕین و فرۆشتنی پێوه‌ ده‌كرێت، ئه‌گه‌ر هه‌ڵه‌ نه‌بم تاقیكردنه‌وه‌كانی كۆتایی شه‌شه‌می ئاماده‌یی له‌ ساڵی خوێندنی 1993-1994 له‌ مانگی ئابی 1994 بۆ جارێكی تر دوباره‌ كرانه‌وه‌..!
ئه‌م پرسیار دزینه‌ بۆته‌ بازرگانییه‌ك كه به‌‌ قات و بۆینباخێكی ئوتویكراوه‌وه‌ ده‌كرێت، كه‌ سكانداڵێكی گه‌وره‌ی زانستیه‌ كه‌ تا ئێستا به‌شێوازی جۆراوجۆر به‌رده‌وامی هه‌یه‌‌، ئه‌مه‌ش له‌ ئه‌نجامی ئه‌م سێ خاڵه‌دا: یه‌كه‌میان: ئه‌و مامۆستایانه‌ی وانه‌ی تایبه‌ت ده‌ڵێنه‌وه‌، له‌هه‌مانكاتیشدا ئه‌ندامی لیژنه‌ی پرسیاردانانی وه‌زارین، لێره‌دا به‌ باوكی خوێندكاره‌كه‌ ده‌ڵێت: بایی 100 نمره‌م به‌ كوڕه‌كه‌تان/كچه‌كه‌تان گوتوه‌، ئه‌گه‌ر پرسیاری دزه‌ پێنه‌كردبێت له‌ ژێر سه‌ردێری ئه‌م ڕسته‌یه‌دا كه‌ به‌ خوێندكاره‌كه‌ ده‌ڵێت:(ئه‌مانه‌؛ بخوێنه‌ و سه‌دی سه‌د له‌ تاقیكردنه‌وه‌ی كۆتایی ساڵ پرسیاریان لێدێته‌وه‌)، دووه‌م: ئه‌و مامۆستایانه‌ی پرسیاری وه‌زاری داده‌نێن و تۆڕێكیان له‌ په‌یوه‌ندی گرتن به‌ یه‌كتریه‌وه‌ گرێداوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی پرسیاری كۆتایی ساڵ ئاڵوگۆڕ بكه‌ن به‌تایبه‌تی له‌گه‌ڵ ئه‌و مامۆستایانه‌ی كه‌ وانه‌ی تایبه‌ت ده‌ڵێنه‌وه‌، جا باوكی خوێندكاره‌كه‌ كه‌ كه‌سێكی ده‌وڵه‌مه‌ندێكی هه‌ڵتۆقیو یان مه‌سؤلێك بێت، پادداشته‌كه‌ی زیاتر ده‌كات‌، ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ی به‌ناڕاسته‌وخۆ پرسیاره‌كان به‌ كوڕ/كچه‌كانیان ده‌گوترێت، سێیه‌میان: دانانی مه‌لزه‌مه‌؛ كه‌ عه‌یبه‌ و شوره‌یه‌كی زۆر گه‌وره‌یه‌ بۆ وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده،‌ كه‌ تا ئێستا نه‌یتوانیوه‌ قه‌ده‌غه‌ی بكات، له‌م مه‌لزه‌مانه‌شدا پرسیاری وه‌زاری له‌ژێر سه‌ردێری:(ئه‌م بابه‌تانه‌ له‌ ساڵانی ڕابردوو ئه‌وه‌نده‌ نمره‌یان لێهاتۆته‌وه‌)، له‌م بارودۆخه‌ی ساڵانی ڕابردوودا كوڕ و كچی هه‌ژار مه‌لزه‌مه‌شی پێناكڕێت و یان پێی نه‌كڕاوه‌، به‌تایبه‌تی له‌ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی شاره‌ گه‌وره‌كان وه‌ك: هه‌ولێر، سلێمانی و دهۆك، هه‌تا له‌ناو ئه‌م شارانه‌شدا زۆرێك له‌ خوێندكاران توانستی داراییان نییه‌ كه‌ بۆ حه‌وت ماده‌ی زانستی مه‌لزه‌مه‌ی گرانبه‌ها بكڕن..!
ئه‌م سێ هۆكاره‌ی له‌سه‌ره‌وه‌ باسمكرد، بۆته‌ هۆكاری هه‌ڵاوسانی نمره‌ له‌ پۆلی دوانزه‌ی ئاماده‌یی، كه‌ ساڵانی ڕابردوو‌ ڕیزبه‌ندی یه‌كه‌م بونیش تووشی هه‌ڵاوسان نه‌ده‌بو, وه‌ك ئه‌مساڵ كه‌ لیستى یه‌كه‌مه‌كان به‌ناوی زیاتر له‌ 86 خوێندكار بو، كاتی خۆی له‌لایه‌ن به‌ڕێز وه‌زیری په‌روه‌رده‌ یان به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ئه‌زمونه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، ناوی هه‌ر 10 یه‌كه‌مه‌كانی كوردستان ده‌یخوێندرایه‌وه‌ و به‌چه‌ند خوله‌كێك خوێندنه‌وه‌ی ناوی یه‌كه‌مه‌كان كۆتایی ده‌هات، به‌ڵام ئه‌مساڵ به‌ پارله‌مان و حكومه‌ت سڕه‌ گیرابو بۆ خوێندنه‌وه‌ی ناوی یه‌كه‌مه‌كان، كه‌ جێگه‌ی تێڕامان و هه‌ڵوه‌سته‌‌ له‌سه‌ر كردنه‌, كه‌ گرنگه‌ لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی ورد له‌سه‌ر ئه‌م هه‌ڵاوسانه‌ی نمره‌ی یه‌كه‌مه‌كان بكرێت..!؟
ئه‌م سكانداڵه زانستیه‌‌ و به‌رده‌وامبونی كه‌ بۆماوه‌ی 26 ساڵه‌ له‌سه‌ر حسابی كوڕ و كچی خه‌ڵكی هه‌ژار، لێقه‌وماو، خوێندكاری زیره‌ك و ناوچه‌ دووره‌ ده‌سته‌كانه‌، كه‌ له‌ناوه‌ندی شاره‌ گه‌وره‌ و گه‌شه‌كردوه‌كان زۆر دوورن و ڕێژه‌یه‌كی باش له‌ ڕێژه‌ی گشتی خوێندكاران له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمی كوردستان پێكده‌هێنن، ده‌ستیان به‌ مامۆستای لێهاتوو و خاوه‌ن خزمه‌تی په‌روه‌رده‌یی و ئه‌زموندیده‌ ناگات بۆ ئه‌وه‌ی سودیان لێوه‌ربگرن، له‌هه‌مانكاتیشدا خوێندكاری ئه‌م ناوچانه‌ زۆرترین باج ده‌ده‌ن، له‌ئه‌نجامدا ته‌نها كوڕی مه‌سؤل و ده‌وڵه‌مه‌نده‌ هه‌ڵتۆقیوه‌كان قازانج ده‌كه‌ن، نمره‌یه‌كی زۆر باش به‌ده‌ستده‌هێنن, به‌م ئاسته‌ لاوازه‌ی هه‌یانه‌، تا به‌ده‌ستهێنانی بڕوانامه‌ی ماسته‌ر و دكتۆرا ناوه‌ستن، كه‌ ئێستا به‌شێكیان پێگه‌ی گرنگیان له‌ناو دامه‌زراوه‌كانی خوێندنی باڵا و زانكۆكان گرتوه‌ و به‌ره‌و وێرانه‌یان بردوه‌.
پرسیاره‌كه‌ ئه‌مه‌یه‌: تاكه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ به‌وردی كار له‌سه‌ر پرۆسه‌یه‌كی ئاوا چاره‌نووسساز ناكات..؟ پێداچوونه‌وه‌یه‌كی ورد بۆ ئه‌نجامدانی پرۆسه‌ی تاقیكردنه‌وه‌كانی كۆتایی دوانزه‌ی ئاماده‌یی ناكات، بۆ ئه‌وه‌ی كه‌مترین هه‌ڵه‌ی تێیدا ڕووبدات..!




خوێندنه‌وه‌یه‌ك بۆ ڕۆمانی ڕۆژێک لەو ساڵانە هەڵدەگرم … دلشاد کاوانی

“ڕۆمانی ڕۆژێک لەو ساڵانە هەڵدەگرم. جوانتر لەوەی کە هەیە دەنووسرێتەوە:
دلشاد کاوانی چیڕۆكنووس

دوا ئەوه‌ی دەستم دایە خوێندنەوەی ڕۆمانی ڕۆژێک لەو ساڵانە هەڵدەگرم، نه‌متوانی وەک چەندەها کتێبی تر تەنیا بە خوێندنەوە و چێژێکی خودی بە سەریدا تێپەڕم، چونکە ئەو ڕۆمانە بۆ من جێگای سەرنج و چێژێکی تایبەتی تر بوو، ڕوونتر بڵێم وەک یەکێک لە کتێبە جوان و سەرنج ڕاکێشەکان دێتە هەژمار، کە خوێنەر ناچار دەکات دوای خوێندنەوەی هەست بکات شتێکی تازە و وانەیەکی نوێ لە ژیان فێر بووبێت و بە تایبەتی لە بواری کتێب سازیدا، پێوستە بگوترێ ئارام محمد تا بڵێی جواننووس و ورد، بە دیقەت و بە سەلیقە ده‌نووسێ، وەک چۆن تەنانەت بەشێک لە نووسەرە گەورە و دیارەکانی کوردی کێشەی ڕێنوسی کوردییان هەیە بەڵام دەتوانم بڵێم ئارام چۆن جواننووسە ئاواش باڵایە لە پاکنووس و ڕێنووسێکی بێ غەل وغەش و کوردی زانێکی باشە.
بۆیەشە نووسەر هەر لە تایتڵ و ناوونیشانی ڕۆمانەکەیدا دێت و شتێکی جیاوازمان پێدەڵێ ڕۆژێک لەو ساڵانە هەڵدەگرم، کە لە واقع هیچ کەس ناتوانێ ڕۆژێک لە ساڵەکانی تەمه‌نی لابەرێت و قەدەری ژیان بگۆڕێت. بەڵام نووسەر زۆر جوان و لێزانانە هەر لە دەستپێکی ڕۆمانەکەدا لە خوێنەر دەگەیێنێت، کە ئه‌و گەرەکیەتی قەدەرە ناخۆشەکان و ڕووداوە نەخوزراوەکان و ئازار و چەرمسەرییەکان، جارێکیتر لە ڕێگای نووسینەوە چیڕۆکی ژیان دەگۆڕێت و هەموو ناخۆشییەکانی ژیان دەخاتە ڕوو تا تاکی کورد لە قەدەری شووم و ناخۆش دوورخاتەوە، ئەویش لە باس کردنی ئازارەکانی خانه‌وادەیەک دەست پێدەکات و بوونی خێزانێکی هەم تەبا و هەم نا تەبا، تەبا بە خۆشەوستی و خەون بینین بە جوانیەکانی ژیان و نا تەبا بە هۆی ئاڵۆزی و ئازارە قوڕسه‌کانی ژیان و نه‌گبه‌تی و ترس و نه‌داری و بەرگە نەگرتنی سەختییەکان و کێشانی مەینەتییەکان.
ئەم ڕۆمانە پڕە لە گڕێی دەروونی و دەرخستەی ئازارە شاراوەکانی مرۆڤ و هێندە جوان لە ڕێگای نوستالیژیای کارەکتەری ڕۆمانەکە دەمان گەڕێنێتەوە بۆ کۆڵانەکانی منداڵی، و سەرکەوتنی ڕۆمانەکە لەوه‌دایە کە نووسه‌ر وا لە خوێنەر دەکات کە خۆی بخاتە جێگای کارەکتەری سەرەکی ڕۆمانەکە، یاخود بە ڕووێکی تڕ لێزانانە ئازاری زۆرینەی شکستی پەروردەی منداڵی تاکی کورد باس دەکات و دەڵێ: ڕۆژێک مامۆستایەک لێم تووڕەبوو، ئەویش گوتی: سەر خڕ تۆ بە قژت زۆر شتت شاردۆتەوە، بۆ گوێ ناگریت! ئەمە کاردانەوەیەکی دەروونی زۆر خراپی بۆ درووست کردم. دوای ئەو ڕووداوە لەگەڵ پێنج قوتابی بە شەڕ هاتم. پێیان ڕادەبواردم و جنێویان پێم دەدا… دواتر نووسەر ئەمەشی بۆ زیاد دەکات و دەڵێ: دەگوترێت قسەیەک دەتوانێت ئاڕاستەی ژیانت بگۆڕێت. لیرە نووسەر زۆر ورد دەڕوانێ، تەنیا بە وشەی ((دەگوترێت )) کە بۆ ئەم پەڕەگرافە زیاد دەکات و ئەمەش زیتەڵی نووسەرە و بە وریایی مامەڵەکردنییەتی لەگەڵ بابەتەکە، واتە نووسه‌ر نایەوەێ بێت و تەنیا وشە رێز بکات، بەڵکو گه‌ركیه‌تی باوەڕ بە خوێنەر بهێنێت کە خۆی بە تەواوی ڕادەستی لۆمەو سەرزەنشتی کۆمەڵگه‌ نه‌كات، هەر چەند ئەمە بێ کاریگەریش نابێ.
ڕه‌نگە قسەکردن و نووسین لە سەر بابەتە ئەدەبییەکان بە تایبەت ڕۆمان هێندە ئاسان نەبێت، یاخود بە ڕووێکی تر هەڵسەنگاندن بۆ ئەو دەق و نووسینانەی کە وەک شاکارێکی جوان دەنووسرێنەوە پڕ بێت لە وەسواسی و دوودڵی. بۆیە بۆ منیش ئاسان نیە پەنجە بخەمە سەر کەلێن و ئەوەی ناوی دەنێن کەم و کەسری یاخود بە دیوە باوەکەی کە دەڵێن ڕخنەی پۆزەتڤ و نێگەتیڤ هەر چەند بە دیدگای من ڕەخنە وکو خۆی ڕەخنەیە، بینینە بە چاوێکی جیاواز تر، بۆیە ئەوەی منیش دەربارەی ڕۆمانی ڕۆژێک لەو ساڵانە هەڵدەگرم دەنووسم ڕه‌نگە تەنیا بۆچونێکی جیاواز بێت لە دونیابینی من بۆ دەقەکە لەگەل دونیابینی نووسەر یا خود هەر لە بنەچەدا ئەوی ئەو ڕاستر بێ، بەڵام من هەر وا ڕاهاتووم ئەوە دەنووسم کە خۆم باوڕم پێیەتی.
ئەوەی بۆمن جێگای هەڵوێستە کردن بوو، نووسەر لە بەشی (١٣) لاپەڕە (٢٧) دەڵێ: زیاتر لە خوای ئاسمانەکان توورە دەبووین. لێرە نووسەر یەکسەر ئەم دەقەی لە (رب السماوات) ی قورئان وەرگرتووە. چونە لە کوردیدا تەنیا خوا بە کار دێت یان گەر باسی خوا بکەین دەڵێن خوا لە ئاسمانە نەوەک لە ئاسمانەکانە، بەم جۆرەش لە دەقە قورئانیەکەش هەڵەی تێدەکەوێت چونکە لە قورئان لەپاڵ (رب السماوات) ڕاستەوخۆ له‌ زۆربه‌ی شوێنه‌كان (رب السماوات و الارض) یاخود (رب السماوات و رب العرش العظيم) واتا خوای زەویی و ئاسمانەکان نەوەک بە تەنیا خوا خوای ئاسمان بێت بەڵکو هی زەویشە بۆیە بە دیدگای من نووسەر بیگوتبایە (زیاتر لە خوای ئاسمان تووڕە دەبووین) جوانتر دەبوو.
ئیجا لە لە بەشی (١٨) لاپەڕە (٣٣) نووسەر لە بڕی ئارەقە ئارەق بە کاردێنێت، هەرچەندە وشەکەی لە ڕووی وشەو ئیدیۆمه‌وه‌ زۆر تەواوە بەڵام لەبەر ئەوەی ئێمە وشەی عارەق مان هەیە، واتە مەی و خواردنەوەی ئەلکهول، لە زۆربەی شوێنیش لە بەر نەبوونی پیتی ع لە کوردی بە هەمان عارەق دەڵێن ئارەق، بۆیە بەڕای من جوانتر دەبوو کە بڵێ ئارەقە ئەمە تەنیا بۆ ئەم ڕۆمانە نییە بەڵکو بۆ زۆربەی نووسەرانە کە جێ گۆڕکێ بکرێت لە نێوان ئەم دوو وشەیە.
هەروەها لە بەشی (٢٠) لاپەڕە (٣٧) دەڵێ: دکتۆر چەند ئەشیعەیەکی هێناو گوتی…..) لێرە نووسەر نەیتوانیوە یان نەیووستووە خۆی لە وشە عەرەبیەکە رزگار بکات، چونکە مادام ناوی دکتۆری هێناوە زۆر ئاسان بوو بینووسیبایە: دکتۆر چەند، وێنەیەکی تیشکی هێناو گوتی…..) بەمەش هەم دەبوو بە کوردی و هەم خوێنەریش دەیزانی مەبەستی وێنەی تیشکی پزیشکییە. هەروەها لە هەمان لاپەڕە نووسەر بە دیدگای من زیاد لە پێوست دەچێتە نێو وەسفە زانستییەکان ئەمەش بۆ خوێنەر تۆزێک پڕووکێنەرە، نووسەر خۆشی هەست بەمە دەکات، بۆیە لە بەشی (٢١) لە ڕێگای کارەکتەری سەرەکی دەڵێ: باوکم گوتی:…… ئەگەرنا تاقەتی گوێگرتنم لە حەکایەت نەماوە، تکادەکەم. هەرچەندە ئەمە بەسەر نووسەردا تێنەپەڕیووە بەڵام بە بۆچوونی من نەبوونی باشتر بوو. بۆ بنەما زانستییەکان سەبارەت بە نەخۆشییە بایلۆژییەکانی مرۆڤ ئەمە کاری من نیە لێشی نازانم ئایە ئەمە تاچەند بنەمایێکی زانستی هەیە کە دەڵێ: پێکەنین بۆ ماوەی دە تا پانزە خوولەک، دەبێتە هۆی سووتاندنی ڕێژەیەکی زۆری کالۆری، وزەی ژەمە خواردنێک بە سێ کاتژمێر دەبێتە سفر. لێرە پێوستە نووسەر بە تەواوی پشتی بە بنەمای زانستی پزیشکی بەستبێت، گەر نا بە ڕای من گەر تەنیا وەک خەیاڵ و فانتازیایێکی ئەدەبی ڕووت، دوور لە بنەما و پێچەوانەی زانستی پزیشکی بایلۆژی بەکاری بردبێت ئەمە هەڵەیەکی زەقە.
‌‌دواتر نووسه‌ر زۆر به‌ جوانی دێت و داهێنان له‌ هونه‌ری گۆڕینه‌وه‌ی نامه‌دا ده‌كات كه‌ پێشووتر من ئه‌م ڕێچكه‌یه‌م له‌ هیچ نووسه‌رێكی تر نه‌بیننوه،‌ هه‌ر چه‌نده‌ له‌ لای زۆرێك له‌ چیرۆك نووس و ڕۆمان نووسان سه‌رجه‌م ڕێگا شاز و تایبه‌ت و جیا جیا كانیان به‌ كار بردووه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئارام محمد له‌ هه‌موویان جیا ده‌كاته‌وه‌ ڕێگایه‌كی په‌نهان و ساده‌ كه‌ ڕۆژانه‌ نامه‌كان له‌گه‌ڵ سه‌رنشینه‌كان ده‌ڕووات بێ ئه‌وه‌ی كه‌سیش ده‌رك به‌م شوێنه‌ به‌رێت ئه‌ویش ژێر كوشنی ئۆتۆمبێلی ده‌ست نیشان كردووه‌. به‌تایبه‌تی كاتێ سه‌لیم باوكی سه‌فین نامه‌یه‌ك له‌ ژێر كوشنی ئه‌و ئۆتۆمبێله‌ ده‌دۆزێته‌وه،‌ كه‌ خۆی كێشاوه‌ به‌ گه‌لابه‌یك و خاوه‌نی نامه‌كه‌ مردووه ‌و به‌ دۆزینه‌وه‌ی ئه‌م نامه‌یه‌ سه‌ر له‌به‌ری ژیانی كه‌سێكی ئاسایی كاسبكار ده‌گۆڕێت بۆ كه‌سێكی خه‌باتگێڕ و كورد په‌روه‌ر. به ‌ڕاستی نووسه‌ر لێره‌ خوێنه‌ر تووشی شۆك ده‌كات و ده‌یخاته‌ به‌رده‌م پرسێكی گه‌وره‌وه‌ ئه‌مه‌ش نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌م ڕۆمانه‌ پڕه‌ له‌ ئه‌فراندن و ده‌قێكی زیندووه‌.
هه‌رچه‌ند نووسه‌ر له‌ به‌شی پێشووتر زۆر به‌ جوانی باس له‌ شاردنه‌وه‌ی نامه‌ ده‌كات، له‌ ژێر كوشنی ئۆتۆمبێل كه‌ وه‌ك كارێكی ڕێكخستنی نهێنی نێو شار به‌كار ده‌هات، به‌ڵام له‌ به‌شی (39) و لاپه‌ڕه‌ (61) ئاسایی نییه‌ كاتێ نووسه‌ر ده‌ڵێ: پێشتریش ده‌یان نامه‌ و به‌ڵگه‌نامه‌ی له‌ ناو كوشنیی سه‌یاره‌ دۆزیبووه‌وه‌. نهێنی سه‌یر له‌ به‌شێكی نامه‌كاندا هه‌بوون. لێره‌ نووسه‌ر باس له‌ دۆزینه‌وه‌ی ده‌یان نامه و به‌ڵگه‌نامه‌‌ ده‌كات، به‌ڵام دواتر به‌ ته‌واوی ته‌ركیز ده‌خاته‌ سه‌ر نامه‌كان، كه‌ ڕێی تێده‌چێ نامه‌‌كان تا سه‌ت نامه‌ بچێت، به‌ڵام ئایه‌ ئه‌مه ڕێی تێده‌چێت كه‌ ئه‌م هه‌موو نامه‌یه‌ به‌ ڕێكه‌وت بخه‌نه‌ ناو كوشنی ئۆتۆمبێل‌ و دواتر له‌ بیریان بچێت یان لێیان بكه‌وێت، چونكه‌ نووسه‌ر خۆی ده‌ڵێت:ئۆتۆمبیل هه‌بووه‌ چوار ده‌ستی كردووه‌، به‌ڵام هێشتا نامه‌كان به‌ سه‌لامه‌تی گه‌یشتونه‌ته‌ ده‌ستی باوكم. كه‌وته‌ ئه‌مه‌ ڕێكه‌وتێكی ڕووته‌ و په‌یوه‌ندی به‌ رێكخستن و شانه‌ی نهێنییه‌وه‌ نییه،‌ بۆ گواستنه‌وه‌ی نامه‌كان و گه‌یشتن به‌ ده‌ستی سه‌لیم، بۆیه‌ ژماره‌ی نامه‌كان زیاد له‌ پێوستن و ده‌كرێ نووسه‌ر بڵێ: پێشتریش ده‌یان به‌ڵگه‌نامه و چه‌ند نامه‌یه‌كی له‌ ناو كوشنیی سه‌یاره‌ دۆزیبووه‌وه‌. نهێنی سه‌یر له‌ به‌شێكی نامه‌كاندا هه‌بوون. به‌مه‌ش زۆر جوانتر ده‌بوو.
دواتر نووسه‌ر دێت و له‌ لاپه‌ڕه‌ (55) به‌شی (33) باسی بازرگانانی شار ده‌كات و له‌ وێ به‌ ئه‌نقه‌ست یاخود به‌بێ ویستوو و ئاگایی بازرگانانی شار به‌ ترسنۆك ده‌ناسێنێ و ده‌ڵێ: ئه‌گه‌ر چی زۆربه‌ی بازرگانه‌‌كان ترسنۆكن، به‌ڵام ئه‌و نه‌ده‌ترسا. به‌پێ ئه‌وه‌ی كه‌ نووسه‌ر باسی ڕووداوێكی شۆڕشگێری گه‌لێك ده‌كات و به‌ تایبه‌تی ڕووداوه‌كان له‌ شاری هه‌ولێر ڕوو ده‌ده‌ن، بۆیه‌ به‌ ترسنۆك ناساندنی زۆربه‌ی چینێكی كۆمه‌ڵگه‌ گه‌ر كه‌مێنه‌یه‌كش بازرگان بن، من به‌ڕه‌وای نابینم و وه‌ك تۆمه‌ت به‌خشینه‌وه‌یه‌ك دێته‌ به‌رچاو زۆر ئاسایی بوو كه‌ بڵێ: زۆبه‌ی بازرگانه‌كان بێ ویدژانن. چونكه‌ ڕاسته‌وخۆ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ قووتی خه‌ڵك ده‌كه‌ن به‌ڵام ترس و نه‌ترسان شتێكی خودییه‌ ره‌نگه‌ زۆر بازرگانیش هه‌بووبێ خاوه‌ن هه‌ڵوێست بوون و پیتاك و پاره‌ و كه‌ل و په‌لیان بۆ شۆڕش ده‌نارد و به‌ هه‌ر ئاشكرا بوونێك ملیان ده‌چووه‌ به‌ر په‌تی سێداره‌.
پاشان نووسه‌ر له‌ لاپه‌ڕه‌ (129) ی به‌شی (82) ده‌ڵێ: نازانم له‌گه‌ڵ ئه‌و دۆخه‌دا ئێمه‌ بێئیش بووین، كه‌س جگه‌ره‌ی نه‌ده‌كڕی، بازار شێوابوو. منیش نازانم نووسه‌ر ئه‌و ((نازانم))ی بۆ له‌و شوێنه‌دانه‌وه‌ چونكه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م ده‌قه‌ ناگونجێ به‌ڵكو پرسیاریش لای خوێنه‌ر دروستده‌كات ئایه‌ گه‌ر خودی كاره‌كته‌ره‌كه‌ خۆی نه‌زانێ ئایه‌ بێ كار بووه‌ یان نا ئه‌كێ ده‌زانێ؟ بۆیه‌ ڕه‌نگه‌ ئه‌مه‌ی به‌ مه‌به‌ستێكی تر به‌كار هێنابێ و‌ هه‌ڵه‌ی خاڵبه‌ندیش بووبێ، چونكه‌ ته‌نیا یه‌ك فاریزه‌ له ‌وانه‌یه‌ گرفته‌كه‌ی چاره‌سه‌ر بكردبووایه‌.
نووسه‌ر له‌ شوێنێكدا زۆر به‌ جوانی په‌یامێكی له ‌ڕێگای گێڕانه‌وه‌ی سه‌فین سه‌باره‌ت به‌نامه‌كانی باوكی كه‌ چۆن له‌ دوانامه‌كانیدا باوكی ووشه‌ی پاڵه‌وان له‌ بیره‌وه‌ری نامه‌كانیدا به‌هۆی ترس له‌ ڕێژم ده‌سڕێته‌وه‌، ‌كه‌چی كوڕه‌كه‌ی له‌ خه‌می به‌ پاڵه‌وان ناساندنی باوكییه‌تی و له‌ هه‌ومی شۆڕش بووندا گیری خوارده‌وه،‌ به‌ڵام باوكی هه‌ر له‌ سه‌ره‌تادا له‌وه‌تێگشتووه‌ شۆڕش بۆ پاڵه‌وانه‌كان ماڵ نییه، به‌ڵكو ترسنۆك و بێده‌سه‌ڵاته‌كان لێی ده‌خۆن.‌ بۆیه‌ نووسه‌ر له‌ نێوان دوو نه‌وه‌و دوو به‌ره‌ی جیاوازدا ده‌ره‌نجامه‌كان مێژوویانه‌ ده‌خاته‌ ڕوو ده‌توانم بڵێم پێویسته‌ ((ڕۆمانی ڕۆژێک لەو ساڵانە هەڵدەگرم)) به‌تایبه‌تی وه‌ك به‌شێكی مێژوویی دوای ڕاپه‌ڕین بخرێته‌ ئه‌رشیفی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه‌. چونكه‌ ئارام محمد زۆر به‌ دیقه‌ت و به‌ به‌رپرسیارییه‌وه‌ هه‌ڵساوه‌ مێژووی شۆڕش له‌ ساڵانی 1989 تاكو ساڵی 1992 زۆر به‌ جوانی و وه‌ك خۆی ئه‌و لایه‌نانه‌‌ی مێژوونووسان و ڕۆژنامه‌نووس و لێكۆڵه‌ران لایان لێنه‌كردۆته‌وه‌ ئارام محمد توانیووه‌یه‌تی له ڕۆمانی ڕۆژێک لەو ساڵانە هەڵدەگرم بۆ مێژوو وه‌ك خۆی بخاته‌ ڕوو.
جگه‌ له‌مه‌ش ره‌نگه‌ من نه‌متوانیبێ هه‌قی ته‌واوم به‌ لایه‌نه‌ جوانه‌كانی ڕۆمانه‌ كه‌‌ دابێت و ‌ هه‌ڵبه‌ته‌ له‌ ژیاندا هیچ بوونێك بێ كه‌مو كوڕی نییه‌، به‌ڵام به‌ڕاستی ته‌كنینك و گێڕانه‌وه‌ و گه‌ڕانه‌وه‌ی كۆتایی بۆ سه‌رتا له‌و ڕۆماندا هونه‌رێكی جوانی چیڕۆكنووسی و نووسینێكی بێ هاوتایه ‌و ده‌كرێ بڵێن ئارام محمد له‌ ((ڕۆمانی ڕۆژێک لەو ساڵانە هەڵدەگرم)) ڕێچكه‌ی خۆی وه‌رگرتووه.‌




ڕۆمان و تەکنەلۆژیا – بەشی هەشتەم … گۆران سەباح

ڕاستیی ئەوڕۆ خەیاڵی نەوەی پێشووە. لە سەرەتای هەشتاکاندا، کاتێ نیکۆلاس نیگرۆپۆنتێ بە دنیای ڕاگەیاند ڕۆژێک دێت کتێب لەسەر تابلێت دەخوێنینەوە، سکرین گچکە دەبێتەوە و بە دەنگ و ڕەنگ لە دوورەوە بەشداری کۆنفڕانس دەکەین، دنیا فشەی پێ کرد. زۆر کەس فشەی بە ڕۆمانی خەیاڵی (خەز) دێ، دەڵێن هەمووی درۆیە، بەس ئەوەی ئەوڕۆ بە فشەی دەزانن سبەی ڕاستییە.
گرینگە خەزنووس بزانێت چۆن تەکنەلۆژیا بەکار دەبات کاتێ خەزێکی تەکنەلۆژی دەنووسێت. بواری تەکنەلۆژیا فراوانترە لەوەی ئێمە بە مۆبایل و سکرین و کۆمپیوتەر سنوورداری دەکەین. ئەم باسە ئەو تەکنیکانە دەخاتە ڕوو پێویستن بۆ نووسینی خەز. بێو ئەم تەکنیکانە نێنە بەکاربرن، خوێنەر لە وردەکاری تەکنیکیی ڕۆمانەکە ناگات. خەزنووس، جولی هیزی، دەڵێت هێندە باسی وردەکاری مەکە خوێنەر سەری پێ بێشێت، تەنێ کاریگەریی تەکنەلۆژیا لەسەر کارەکتەر بدرکێنە (٢٠١٨). خەزنووس، سوزان کۆڵنس، لە ڕۆمانی (Hunger Games) ناچێتە ناو وردەکاری میکانیکیی شوێنی یارییەکە، باسی تەکنیکی تەکنەلۆژی ئامێر و چۆنێتیی کارکردنیان ناکات. نەک هەر پێویستی پێی نییە، خوێنەر، بگرە لێشی تێک دەچێت و تامی لێ ناکات.
خۆ گەلێ شاکارە خەز تژین لە تەکنەلۆژی و زمانی تەکنیکی. ئەدی ئەوە چییە؟ کاتێ سەیری فیلمێکی خەز دەکەیت، واقت وڕدەمێنێت لە وردەکارییەکان و دەپرسی، “خەزنووس چۆن ئەمەی نووسیوە؟” بێو ئەم خەزانە بخوێنییەوە (Hunger Games, Fransktein, Ender’s Game, Station Eleven, The Maze Runner, Fahrenheit 451) وەڵامەکەت دەست دەکەوێت. خەزنووسی ئەم ڕۆمانانە و هی تریش ئەم تەکنیکانەی خوارەوەیان بەکار بردووە، بۆیە سانایە بۆ تێگەیین.
تەکنەلۆژیای نوێ بچوێنە بە شتێکی ئاشنا (هیزی، ٢٠١٨). ڕۆمانی (Virtual Sabotage)ی جولی هیزی ئەم تەکنیکەی بەکار بردووە. باسی هەندێ ئامێری سەیر دەکات و دەیچوێنێت بەو ئامێرانەی ئێستە هەن. من لە ڕۆمانی نوێمدا (ساڵی نوێ دێتە چاپکرن و نامەوێ ئێستە ناوەکەی ئاشکرا بکەم) باسی جۆرە تەلەفۆنێک دەکەم و دەیچوێنم بە ئایفۆنی ئێستە تا خوێنەر لێم حاڵی بێت.
زێتر باشتر نییە. درێژدادڕی هەردەم سەرئێشە دروست دەکات. لە باسەکانی پێشوودا باسی درێژدادڕیم کردووە. ئەی ئەگەر وردەکارییەکە تەکنیکی و تەکنەلۆژی بێت؟ ئەوە هەر مەپرسە، بە یەکجاری مێشکت تێک دەدات و ڕۆمانەکەت لەبەرچاو دەکەوێت.
کاتی خۆی لە ناوەندیی کۆماری کوڕان، مامۆستای مێژوومان بە بست وەڵامەکانمانی دەپێوا، چەند زۆر بووایە، هێندە نمرەت وەردەگرت. خۆ کەس نەیدیبوو وا بکات، بەڵام ئەوەی زۆری نووسیبا زۆری وەردەگرت، با ڕاستیش نەبایە. سەیری زۆربەی نووسەرانی کورد بکە، بەتایبەتی پیرەکان، حەزیان لە درێژدادڕییە. بەڵگەت دەوێت، بڕۆ ڕۆمانەکانی بەختیار عەلی بخوێنەوە. هەر ڕۆمانێکی بەختیار ڕێک نیوەی زیادەیە. من ئەم حوکمە دەدەم چونکە دەتوانم و دەزانم باسی چی دەکەم. دەتوانم شاری مۆسیقارە سپییەکان بە ٢٠٠ لاپەڕ دابڕێژمەوە. لە ڕۆمانی (دواهەمین هەناری دونیا)دا، چوار لاپەڕی یەکەم خوێنەر بێزار دەبێت لە بیست و یەک ساڵ دیلێتیی کارەکتەرەکە، هێندە دووبارە دەبێتەوە، هێندە دەیهێنێت و دەیبات تامەکەی دەسوێت. بێو من تەحریری ئەو چوار لاپەڕەیە بکەم، دەیکەم بە نیو لاپەڕ و ئەو هەموو سێ سفرییەش لا دەبەم (. . . )، نازانم نووسەری کورد بۆ هێندە حەزی لەو سێ سفرەیە و ناشزانێت ئەرکی چییە. شێرزاد حەسەن و بەختیار عەلی ئەو نەوەیان فێری ئەو کوردییە سەقەتە کردووە. لە دەرفەتێکدا دێمە سەر ئەو جۆرە ڕۆمانانەش کە چەشەی ئەدەبیی خوێنەریان خەساندووە، نووسەری نوێی سەقەتیش بەرهەم دێنن. نموونەی بەختیار و شێرزاد دەهێنمەوە، چونکە خەزمان نییە. ڕەخنەش لێیان ڕەتکردنەوەیان نییە. نابێ پاساو بۆ ڕەخنە بهێنمەوە، بەڵام خەڵک هەیە تێ ناگات.
لە ڕۆمانی (Flowers for Algernon)دا، دکتۆر چارلی گۆردن نەشتەرگەریێک دەکات، بەڵام نووسەر وردەکاری تەکنەلۆژیی ئامێرەکان باس ناکات، زێتر گرینگی بە ئەنجامەکەی دەدات. خەزنووس دەبێت ئاگای لە ئاستی ڕۆشنبیری و مەعریفی خوێنەر بێت، بۆیە ئەم دوو تەکنیکەی سەرەوە یارمەتی خەزنووس دەدەن یارمەتی خوێنەر بدات لە ڕۆمانەکەی تێبگات. لە ڕۆمانی نوێمدا هێندە باسی وردەکاری تەکنەلۆژی و زانستی ناکەم. بەس ئەوە مانای ئەوە نییە هەر هیچ زانیاری نەدەیت. نا. زانیاری بدە بەس هێندە داوی مەدێ.
ناو لە شتەکانت بنێ. لە ڕۆمانی نوێمدا کۆمەڵێک ئامێری زانستیم داهێناوە و ناویشم لێ ناون، وەک: ماگنۆسکین، ئاڕگ، پۆهمان و تاد. ناو بێ سیفەت و ئەرک نییە. سیفەت و ئەرکیان ئاشکرا بکە. پێویستن. بێو شتەکان ناویان نەبێت، خوێنەر ون دەبێت و نازانێت چ باسە. ڕۆمانی (Star Trek) بخوێنەوە، هەر شتە و ناوی خۆی هەیە. ئەمەش کاری نووسەر و خوێنەر ساناتر دەکات.
پابەندی ئەو یاسایانە بە بۆ جیهانی خەزەکەت داتناون. لە باسەکانی پێشوودا، بە تێری باسی بنیاتنانی جیهان و یاساکانم کردووە. نووسەر نابێ یاساکانی بشکێنێت. ئەی کارەکتەر؟ ڕێی تێدەچێت. سەرپێچیکردنی یاساکان دەبێ لە پێناو شتێکدا بێت، یان هۆی خۆی هەبێت. پاڵەوانی ڕۆمانە نوێیەکەم یاساکان دەشکێنێت، بەڵام هۆی خۆی هەیە و بەشێکە لە چیڕۆکەکە. بەس بێو نووسەر لە بەشی یەکەم یاسایێک دابنێت، بەشی چوارەم یاسایێکی ڕێک پێچەوانەی ئەوی هەبێت و بەشی دەیەمیش یاسایێکی تر، ئەوە پابەندبوون نییە بە یاسا. ئەمە سەر لە خوێنەر دەشوێنێت.
دوا تەکنیک ئەوەیە، دەبێ تەکنەلۆژیا خزمەتی کارەکتەر بکات، نەک بە پێچەوانەوە. تەکنەلۆژیا بۆ خزمەتی مرۆڤایەتییە. كارەکتەر گرینگترە لە تەکنەلۆژیا. کاریگەریی تەکنەلۆژیا پێشان بدە لەسەر کارەکتەر، نەک بە پێچەوانەوە. لە ڕۆمانی (دووی سوور)دا، تەکنەلۆژیا کار دەکاتە سەر خەڵک و پێشانم داوە چۆن خەڵک دەگەوجێنێت. لە ڕۆمانی (Fahrenheit 451)دا، ئاخۆ گای مۆنتاگ دەگۆڕێت بێو کلاریس نەبووایە؟ نا. کەواتە خوێنەر دڵی زێتر بۆ کارەکتەر و لایەنە مرۆییەکە لێ دەدات تا لایەنە تەکنەلۆژییەکە. ڕاستە داهێنانەکە خەیاڵ و بلیمەتیی نووسەر پێشان دەدات، بەس نابێ لەسەر حسێبی کارەکتەر بێت.

سوودم لەم سەرچاوە دیتووە

Julie Hyzy (November 3, 2018). Writing about fictional technology. Retrieved on August 13, 2020 at https://www.writersdigest.com/publishing-insights




پێشێلکاری دیموکراسی” لە پڕۆژەکەی پارتی و یەکێتی دایە” … فەرەیدون_کونجرینی

هاوڵاتیانی و گەلی باشور ” ئەوەی پارتی و یەکێتی بیەوێ و لە هەموو وڵاتە دیموکراسیەکان بونی نەبێت و ڕەفتاری دیکتاتۆرەکانە ئەمان کاری پێدەکەن و نادیموکراسی و نادادپەروەری خۆیانی پێوە لکاندوە” بڕوانن بەناوی گــەلــەوە ڕێگیری دەکەن لە بیروڕای ئازاد، ” پڕۆژەیەك لە هەوڵی خستنە یاسایەکی نادیموکراسی” ڕێگیر لە بیروڕای ئازاد کەبەربەستە لەکاری ڕۆژنامەگەری سەربەخۆو سایتە سیاسی و گشتیەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان” پێشنیارکراوە” دەیان پەرلەمانتار واژویانکردوە، لەماوەی داهاتودا دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە، یاساکان لە ٢٢ تەوەرپێك هاتوە، لە %٥٠ ی کۆسپە لەبەردەم ئازادی ڕادەربڕیین.
لێرەدا لای خوارەوە تەواوی پڕۆژە جێبەجێنەکراوەکەی” کەبەنیازن لە چەند ڕۆژی داهاتوی کۆبونەوەکانی پەرلەمانی هەرێمی باشوری کوردستان بخرێتە جێبەجێکردنەوە ” هەڵبەت ئەم پڕۆژەیە دەخرێتە دەنگدانەوەو بەزۆرینەی دەنگی پارتی و یەکێتی دەخرێتە جێبەجێکردنەوە.

پڕۆژەکە “
*پێشنیازە یاسای رێکخستنی میدیای ئەلکترۆنی لە هەرێمی کوردستان – عێراق
بەناوی خودای بەخشەندە و میهرەبان
بەناوی گەلەوە
پەرلەمانی کوردستانی – عێراق

پشت بە حوکمی بڕگەی (١) لە مادەی (56)ی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە (١)ی ساڵی ١٩٩٢ی هەموار کراو و لە سەر پێشنیاری ژمارەی یاسایی ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان – عێراق لە دانیشتنی ژمارە (…) رۆژی …. بڕیاری دەرچواندنی ئەم یاسایەی دا:
یاسای رێکخستنی میدیای ئەلکترۆنی لە هەرێمی کوردستان – عێراق
مادەی (1):
مەبەستی ئەو دەستەواژە و زاراوانەی لەم یاسایەدا هاتووە ماناکانی لە بەرامبەریان نووسراوە:
حکومەت: حکومەتی هەرێمی کوردستان-عێراق
هەرێم: هەرێمی کوردستان-عێراق
سەندیکا: سەندیکای سەندیکای رۆژنامەنوسانی کوردستان
میدیای ئەلکترۆنی: هەرچالاکییەکی راگەیاندن کە تێدا بابەت و خزمەتگوزاری میدیایی پەخش یان بڵاوبکرێتەوە کە ناوەرۆکێکى ئەلکترۆنى هەیە، بەرهەم دەهێنرێ یا گەشەى پێدەدرى یا نوێدەکرێتەوە دەستاودەستى پێدەکرێ و لەرێی تۆڕی زانیارى نێودەولەتى “ئینتەرنێت” یا هەر تۆڕێکی ترى پەیوەندییکردن پەخش و بلاودەکرێتەوە.
بڵاوکردنەوەی ئەلکترۆنی: گواستنەوە یان پەخش یان ناردن و یاخود وەرگرتنی چالاکی مێدیایی ئەلکترۆنی و ئەو بابەتانەی کە لە رێگەی لاپەڕە و ئەکاونتەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و گروپەکانی ناو ئامرازەکانی پەیوەندیکردن یان هەر تۆڕێکی دیکەی پەیوەندیکردن بەهۆی بەکارهێنانى ئامێر و جێبەجێکارى (ئاپ (APPی ئەلکترۆنی سروشتەکەى هەر جۆرێک بێت یان هەر ئامرازێکی دیکەی تەکنیکی مۆدێرن بەو ئامانجەى لەلایەن خەڵکەوە دەستاودەستى پێ بکرێت.
دۆمینی ئەلکترۆنی: ئەو دۆمینە تۆمارکراوەیە لە تۆڕی ئینتەرنێت یان هەر تۆڕێکی دیکەی پەیوەندییکردن کە لە رێگەیەوە داخلی پێگەکە دەبیت.
پێگەى میدیای ئەلکترۆنی: لاپەڕە یان بەستەر یان پێگە یان ئەپلیکەیشنی ئەلکترۆنی دەگرێتەوە کە ناوێکی دیاریکراوى هەیە وبەناونیشان (دۆمێنێک)ێکی دیاریکراو دادەمەزرێ و لە رێگەی تۆڕی ئینتەرنێتەوە یان هەر تۆڕێکی دیکەوە بەکاردێ.
بابەتی ئەلکترۆنی: هەر بابەتێکی نوسراو یان بیستراو یان بینراوی وەستاو یان جولاو یان تێکەڵەیەک لەوانەی باسکران و لە رێگەی ئامرازی ئەلکترۆنیەوە بەرهەم دەهێنرێت و لە تۆڕەکانی ئینتەرنێت یان تۆڕەکانی دیکەوە بڵاوبکرێتەوە.
رۆژنامەی ئەلکترۆنی (صحیفة الکترونیة): وێبسایت یان ئامرازیەکی ئەلکترۆنییە کە لە رێگەیەوە ناوەڕۆکێکی ئەلکترۆنی بڵاودەکرێتەوە و خۆی لە هەواڵ و بابەت و وتارو ژانرە رۆژنامەنووسیەکانی دیکەدا دەبینێتەوە جا لەکاتێکی دیاریکراودا بێت یان دیارینەکراو.
خزمەتگوازارییەکان یان ریکلامی بازرگانی بەشێوەی ئەلکترۆنی: هەر ناوەڕۆکێک کە بانگەشە بۆ کار و خزمەتگوزاری یان بەرهەم یان کەسانێک بکا لە رێگەی تۆڕی ئینتەرنێت یان هەر تۆڕێکی دیکەی ئەلکترۆنیەوە.
خاوەنی (وێبسایت) یان پێگەى ئەلکترۆنی: کەسی سروشتی یان مەعنەوەی یە کە وێبسایتەکە یان ئامرازە ئەلکترۆنیەکە بە ناویەوە تۆمارکراوە.
سەرنووسەرى پێگەى ئەلکترۆنى : کەسێکی سروشتییە کە خاوەنی وێبسایتەکە دیاری دەکات و لەبەرامبەر دامودەزگا کارگێڕى و دادوەرییەکاندا لە ناوەڕۆکی وێبسایتەکەدا بەرپرسە.

مادەی (2):
میدیای ئەلکترۆنی بە یەکێک لە پێکهێنەرەکانی سیستمی میدیایی هەرێم دادەنرێت، بەپێی بڕگەکانی ئەم یاسایە هەموو کەسێک ئازاد لە بەکارهێنانی، هیچ سانسۆرێکی پێش وەختە دانارێت بۆ ئەو بابەتانەی لە رێگەی میدیای ئەلکترۆنیەوە یان هەر تۆڕێکی دیکەی ئەلکترۆنیەوە پەخش و بڵاودەکرێتەوە.

مادەی (3):
بۆ دروستکردن یا دامەزراندنى پێگەى ئەلیکترۆنى، پیویستە خاوەنى ئیمتیاز یا دامەزرێنەرى وێبسایتەکە راگەیەندراوێک بڵاوبکاتەوە تیایدا ئاماژە بەئامنجى دامەزراندنى وێبسایتەکە و ناو و نازناو و رەگەزنامە و شوێنى نیشتەجێبوونى خۆى و سەرنووسەرەکەى و ناو وزمانى نووسینى پێگە ئەلکترۆنییەکە بکات، راگەیەندراوەکە لەسەندیکاى رۆژنامەنووسان تۆماردەکرێ و بەبەیانى دامەزراندنى پێگە ئەلکترۆنییەکە دادەنرێت.

مادەی (4):
ئەم یاسایە بەسەر ئەم وێبسایت ومیدیا ئەلکترۆنیانەی خوارەوەدا جێبەجێ دەکرێت:

  • خانەکانی بڵاوکردنەوەى ئەلکترۆنی.
  • خزمەتگوازرییەکانی بڵاوکردنەوەی هەواڵ و ئاژانسەکانی دەنگوباسی ئەلکترۆنی.
  • رۆژنامە ئەلکترۆنییەکان.
  • وێبسایتەکانی رۆژنامە وەرەقی و کەناڵە بینراو و بیستراوەکان و پیگە ئەلکترۆنییەکانى ریکلامی بازرگانی.
  • پێگەى ئەلیکترۆنى رێکخراو وکۆمپانیا بازرگانییەکان.
  • مالپەرى ئەلکترۆنى دامەزراوە حکومى و فەرمییەکان.
  • وێبسایتە کەسییەکان و لاپەڕە و ئەکاونتەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و گروپەکانی ناو ئامرازەکانی پەیوەندیکردن.

مادەی (5):
دامودەزگاکانی حکومەت و دەستە گشتییەکان و هەر لایەنێکی دیکەی حکومی و رێکخراوەکان و سەندیکا و یەکێتیەکان و کۆمپانیاکان دەتوانن لە ماوەی شەست (60) رۆژدا بەپێی ئەم یاسا سەندیکا لە کردنەوەی وێبسایتەکەیان یان دەزگا میدیا ئەلکترۆنیەکەیان ئاگادار بکەنەوە و سەرنووسەرەکەی بناسێنن.

مادەی (6):
خاوەنى ئیمتیاز یا دامەزرێنەرى مالپەرى ئەلیکترۆنى پێویستە ئەم مەرجانەی تێدا بێ:

  • دەبێ هەڵگری ناسنامەی عێراقی بێت.
  • دەبێ سەرچاوەی داراییەکەی دیار بێت.
  • تەمەنی لە ٢١ ساڵ کەمتر نەبێ و لەرووی یاساییەوە ئەهلیەتی تەواوی تێدابێ.
  • نابێ پێشتر لەبەر تاوان و کاری ئابڕوبەر و نەپاراستنی ئەمانەت حوکم درابێ.
  • دەبێ ناوی وێبسایتەکە یان ئامرازە میدیاییە ئەلکترۆنیەکەی دیاری بکات و نابێ ناوەکەی هاوشێوەی وێبسایتەکانی دیکە بێت یان لەگەڵ داب و نەریتی گشتیدا نەگونجێ.

مادەی (7):
دەبێ سەرنووسەرى مالپەر ئەم مەرجانەی تێدابێ:

  • دەبێ ناسنامەی عیراقی هەبێ.
  • تەمەنی لە ٢١ ساڵ کەمتر نەبێ و ئەهلیەتی تەواوی هەبێ بۆ کاری رۆژنامەوانی.
  • لانی کەم دەبێ بڕوانامەی ئامادەیی یان هەر بڕوانامەیەکی دیکەی هاوتەریبی (معادل) ئەوەی هەبێ.
  • نابێ پێشتر لەبەر تاوان و کاری ئابڕوبەر و نەپاراستنی ئەمانەت حوکم درابێ.
  • نابێ لە یەک کاتدا سەرنووسەری وێبسایتێکی ئەلکترۆنی دیکەی بێ.
  • گەر داواکاری مۆڵەت کەسێکی سروشتی بوو یان کۆمپانیای تایبەتی کەسێک بوو، دەتوانێ خۆی وەک سەرنووسەری وێبسایتە ئەلکترۆنیەکە دەستنیشان بکات.

مادەی (8):
لەکاتی بەتاڵ بوونی پۆستی سەرنووسەر یان لەدەستدانی یەکێک لەو مەرجانەی کە لە مادەی (8)دا هاتووە، دەبێ خاوەنی ماڵپەڕەکە لە ماوەی شەش مانگدا کەسێکی دیکە وەک سەرنووسەری وێبسایتەکە لە جێگەی دابنێ کە هەمان مەرجەکانى سەرنووسەرى تێدا بێت، لەو ماوەیەشدا خۆی بەرپرسە لە وێبسایتەکە.

مادەی (9):
خاوەنی وێبسایت بۆی هەیە وێبسایتەکە بفرۆشێ یان دەست بەردارى ببێ بۆ کەسێکی دیکە بەبێ وەرگرتنی رەزامەندی سەندیکا، بەومەرجەى ئەوکەسە هەمان ئەو مەرجانەی تێدا بێ کە لەم یاسایەدا هاتووە.

مادەی (10):
هەر گۆڕانکارییەک لە دۆمین یان سەرنووسەری وێبسایتەکەدا هات، دەبێ خاوەنی وێبسایت لە ماوەی مانگێکدا سەندیکا لە گۆڕانکارییەکان ئاگادار بکاتەوە.

مادەی (11):
سەرنووسەری وێبسایت یان خاوەنی ئەکاونت و لاپەڕەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەرپرسە لە ناوەڕۆکی ئەو بابەتانەی بڵاویدەکەنەوە. دەبێ بێبەرامبەر راستکردنەوە و وەڵام و بەدرۆخستنەوەکان لای خۆیان بڵاوبکەنەوە کە لە لایەن ئەو کەسایەتیە راستەقینە و مەعنەویی و دامودەزگا حکومی و ئەهلیانەی ناویان هاتبێ یان یان ناڕاستەوخۆ تۆمەتبارکرابن. وەڵامەکان دەبێ لەو کاتەدا بڵاوبکرێتەوە کە خاوەن سکاڵا داوای دەکات و دەبێ راستکردنەوە و وەڵام و بەدرۆ خستنەوەکە لە هەمان شوێن و بە هەمان زمان و هەمان قەبارە بڵاوبکرێتەوە کە بابەتە سکاڵا لێکراوەکەی تێدا بڵاوکراوەتەوە.

مادەی (12):
هەموو ئەو وێبسایت و ئامرازە میدیاییە ئەلکترۆنیانەی کە ئەم یاسایە دەیانگرێتەوە نابێ بە هیچ شێوەیەک ئەو بابەتانە بڵاوبکەنەوە کە بەپێی بڕگەکانی (2) و (4) مادەی چوارەمی یاسای ژمارە (3)ی ساڵی 2006 تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی تۆقاندن (تیرۆر)دا بە تاوانی تۆقاندن هاتوون.

مادەی (13):
جگە لەو سزایەی کە لە مادەی (13) هاتووە، دادگاکان بەپێی بڕگەی (دووەم)ی مادەی شەشەمی یاسای ژمارە (35)ی 2007 یاسای رۆژنامەگەری کوردستان سزای سەرپێچیکەران دەدات.

مادەی (14):
دادوەر بە ئامادەبوونی نوێنەری سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان مافی لێکۆڵینەوەی لەسەر ئەو تاوانانە هەیە کە لەم یاسایەدا هاتووە.

مادەی (15) مافەكان:
میدیاكارانی میدیای ئەلكترۆنيی، سەرەڕای ئەوەی هەمان ئەو مافانەی رۆژنامەنوسانیان هەیە كە بەپێی یاسا بەركارەكانی هەرێم بۆیان فەراهەمبوە، ئەم مافانەی خوارەوەیشیان بۆ دەستەبەرە:

  1. مافی ئاشكرانەكردنی پاسۆردی تایبەت بە وێبسایتەكانیان
  2. مافی پاراستنی ئامێرەكانیان لە رادێر (التنصت) و هاككردن.

مادەی (16): سزاكان
هەركەسێك پەلاماری میدیاكاری ئەلكترۆنیی بدات، یان دەستدرێژیی جەستەیی بكاتە سەر، یاخود سوكایەتیی پێبكات، وەك ئەوە وایە سوكایەتیی و دەستدرێژیی كردبێتە سەر فەرمانبەرێكی میریی.

خاوەنی وێبسایت سزا دەدرێت بە غەرامەكردنێك كە لە 300 سێسەد هەزار دینار كەمتر نەبێت و لە 500000 پێنجسەد هەزار دینار زیاتر نەبێت، گەر سەرپێچی مادەی (11)ی ئەم یاسایەی كرد. گەر هەر بەردەوامیش بوو، مۆڵەتە تۆماركراوەكەی هەڵدەوەشێتەوە.

خاوەنی وێبسایت سزا دەدرێت بە غەرامەكردنێك كە لە 500 پێنجسەد هەزار دینار كەمتر نەبێت و لە 1000000 ملیۆنێك دینار زیاتر نەبێت، ئەگەر:
یەك: سەرپێچیی مادەی (10)ی ئەم یاسایەی كرد.
دوو: پێش تەواوكردنی لێكۆڵینەوە (تحقیق)ی دادگا، وردەكاریی لێۆڵینەوەكەی بڵاوكردەوە.

سێ‌: سەرپێچيی مادەی (9)ی ئەم یاسایەی كرد. سەرەڕای ئەوەی ئەگەر هەر بەردەوام بوو لەسەر سەرپێچییەكردنی ئەم مادەیە، مۆڵەتە تۆماركراوەكەی هەڵدەوەشێتەوە و ناتوانێت تاكو ماوەی (3) سێ‌ ساڵ، خاوەندارێتیی “وێبسایت” بكات.

سەرنووسەری “وێبسایت”، یان خاوەنی ئەكاونت و لاپەڕە فەرمییەكانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، سزا دەدرێن بە غەرامەكردنێك كە لە 1000000 ملیۆنێك دینار كەمتر نەبێت و 5000000 پێنج ملیۆن دینار زیاتر نەبێت، ئەگەر ناوی كەسێكیان زڕاند، یان سوكایەتییان پێكرد، یاخود هەڕەشەیان لێكرد، یان پێشێلی یەكێك لە مەرجەكانی نێو مادەی (12)ی ئەم یاسایەیان كرد. ئەگەر هەر بەردەوام بوون، تۆماركردنەكەیان هەڵدەوەشێتەوە و ئەكاونت و لاپەڕە فەرمییەكەیشیان دادەخرێت.
لە كاتی بڵاوكردنەوەی مادەیەكی میدیایی دا، كە بەپێی خاڵەكانی (2) و (4)ی “مادەی چوارەم”ی “یاسای ژمارە (3)ی ساڵی 2006 یاسای بەرەنگاربوونەوەی تۆقاندن (تیرۆر) لە هەرێمی كوردستان- عیراق” بە تاوانی تۆقاندن هاتوون و قەدەغەكراون، سەرنووسەری “وێبسایت” و خاوەنی ئەكاونت و لاپەڕەكانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، سزاكانی هەمان ئەو یاسایە دەیانگرێتەوە.

مادەی (17):
هەر تاوانێک کە لەم یاساییەدا هاتووە گەر لە ماوەی سێ مانگ لە بڵاوکردنەوەیدا لە لایەن داوکاری گشتی یان کەسی زیان لێکەتووەوە سکاڵای لەسەر بەرز نەکرایەوە بەکۆتایی هاتوو دادەنرێ.

مادەی (18):
هەموو ئەو وێبسایت و ئامرازی میدیا ئەلکترۆنیانەی کە لە مادەی (5)ی ئەم یاسایەدا هاتووە، دەبێ لە ماوەی ساڵێک (سێ مانگ) دوای کارابوونی ئەم یاسایە لە سەندیکا خۆیان تۆمار بکەن.

مادەی (19):
حکومەت بەرپرسە لە فەراهەمکردنى پشتیوانی بۆ میدیا ئەلکترۆنیەکان و ئەو کەسانەی کاریان تێدا دەکەن و رەچاوی بڕگەکانی ئەم یاسایە دەکەن، دەبێ کارئاسانیان بۆ بکات بۆ ئەوەى دەستیان بە نوێترین تەکنەلۆژیا و ئامێرەکان و تۆڕە پێشکەوتووەکانی ئینتەرنێت رابگات.

مادەی (20):
کار بە هیچ یاسایەک ناکرێ کە لە گەڵ حوکمەکانی ئەم یاسایەدا ناکۆک بێ.
مادەی (21): لەسەر ئەنجومەنی وەزیران و لایەنە پەیوەندیدارەکان حوکمەکانی ئەم یاسایە جێبەجێ دەکەن.

مادەی (22):
ئەم یاسیا لە رۆژی بڵابونەوەی لە رۆژنامەی فەرمی (وەقایعی کوردستان) کاری پێ دەکرێت.

هۆیەکانى دەرچواندنی ئەم یاسایە:
رۆژ بەرۆژ میدیای ئەلکترۆنی لە کۆمەڵگەى کوردستان و نێودەولەتیدا رۆڵ و کاریگەریەکانى زیاتر دەبیت و ئامرازێکى گرنگ و سەکۆیەکى فراونى پەیرەوکردنى ئازادى وخستنەرووى بیرورا جیاوازەکان و گواستنەوەى هەواڵ زانیارییە، پێشکەوتنى بەردەوامى تەکنەلۆژیاى پەیوەندییکردن و زانیارى دەرفەتێکى لەبارى بۆ هەموو کەسێک رەخساندووە، بەئاسانى دەستیان بە تۆرەکانى ئەنتەرنێـت و پێگە ئەلکترۆنییەکان و سۆشیال میدیا رابگات، میدیاى ئەلکترۆنى لەیەک کاتدا دەتوانرێ وەک کەناڵێکی (بینراو و بیستراو ونووسراو) بەکاربهێنرێ، بۆیە لەبەر گرنگی و کاریگەرییەکانی ئەم جۆرە میدیایە بەسەر کۆمەڵگا و لەپێناو رێکخستنى بوارى میدیاى ئەلکترۆنى دروست، ئەم یاسایە دانرا.

  • ئەم پرۆژە یاسایە لەلایەن راوێژکارانی لیژنەی رۆشنبیری و وەرزش و لاوان و کۆمەڵی مەدەنی ( مەجید ساڵح و تارق جەوهەرسارمەمى) بەسوود وەرگرتن لە ئەزموونى چەندین ولاتى عەرەبی وناوچەیی ونیودەولەتى ئامادەکراوە.



چاو پێ کەوتن لەگەڵ شیرین عبدوڵڵا

– ژمارە ٥ی ڕۆژنامەی ڕەوت مێز گردێکی لە گەڵ هەندێک لە شارەزایان دەربارەی پەتای کۆرۆنا و ئاکامە جۆراوجۆرەکانی ساز دا. شیرین عبدوڵڵا تیشکی خستە سەر سیاسەتی تەندروستی و سیستەمی تەندروستی ووڵاتەکان:

بەستەری تەندروستی وتەکنەلۆژیا وسیاسەتی تەندروستی

پرسیار: دۆناڵد ترامپ، دەوڵەتی چینی تاوانبار کرد بە بڵاوکردنەوەی فایرۆسی کۆرۆنا/ سارسی ٢، بڵاوبونەوەی پەتای کۆڤیدی ١٩. چین تۆمەتی گوستنەوەی فایرۆسەکەی گەڕاندەوە بۆ تیمە سەربازییەکانی ئەمەریکا کە سەردانی شاری وەهانیان کردوەو لەوێ ماونەتەوە.. بەپێی لیکۆڵینەوە زانستیەکان ودکتۆرەکان بێت، ڤایرۆسەکە لە بازاڕیکی شەعبی یەوە کە گۆشتی شەمشەمە کوێرەی تیا فرۆشراوە لە ناوەڕاستی مانگی ١٢ ەوە، تا ئەوە بوو بەجهیاندا بڵاوبوەوە؟ لە ڕاستیدا ساڵی پار تیمە پزیشکەکانی جین هەر لەهەمان شار لەمانگی ٣ دا ڕاپۆرتێکی زانستیان لە مەترسی بڵاوبونەوەی فایرۆسێکی لەو بابەتەو توشوبنی ئینسانیەتی لەو نەخۆشیە بڵاوکردبوەوە. ئێستاش هەیە لە ئەرشیفدا ماوە. بەشێکی تر لە دکتۆرەکان لەکۆبونەوەکانی ڕێکخراوەی تەندروستی جهیانی سەر بەنەتەوەیەکگرتوەکان هۆشدارییان دابوو بە (پەتای ئیکس /ناویان بردبوو) کە بەئەگەری زۆر بڵاودەبێتەوە ئەگەر ڕێوشوێنە پێویستیە تەندروستیەکان نەگیررێتە بەر، تۆ ئەم سیناریۆیانە چۆن لێدەدەیتەوە؟

ش ع : ئەم سیناریۆیانەی ئەمریکا و چین کە هەر یەکەیان تۆمەت دەخاتە پال ئەوی تر لە راستیدا ڕاکردنە لە واقیعەتەی کەبۆیان دروست کردوین وەڵام دانەوە بەو پرسیارو نیگەرانیانەی خەڵک بەرامبەر دەسەڵاتەکانیان لە ڕوبە ڕوبونەوەی ئەم پەتایەدا وبەشێکن لەو مآساتانەی کە 7.3 ملیار بەشەر بە دەستیانەوە ئەنالێنێت. ئایا ڤایرۆسەکە دروست کراوی چینە یان امریکا ئەوە بۆ ئێمە هیچ لە وە ناگۆڕێت کە وەکو سەربازی بێ چەک کتوپر خراوینەتە ڕیزی پێشەوەی ڕوبە ڕووبونەوە لەگەل نەخۆشیەکی کوشندە دا کە زانیاری زۆرمان نیە لەسەری وەڕێنماییەکانی پێمان دەدرێن ناڕۆشنو سەر لێ شێوێنەرن وە خستونیەتە بەردەم مەترسی داهاتویەکی ئابوری تاریک وترسناک. هەر وەک ئێوە ئیشارەتتان پێ دا لایەنە پزیشکیەکان بروایان وایە ڤایرۆسەکە لە پرۆسەیەکی سروشتیدا دروست بوەوژمارەیەکی زۆر لەپزیشکان وزانایانی تەندروستی گشتی لە ڕۆژی 19.2.2020 لە گۆڤاری لانسیتی بریطانی کە یەکێکە لە گۆڤارە بەناوبانگە پزیشکیەکان نامەیەکی پشتیوانیان بڵاوکردەوە بۆ پزیشکان وزانایانی چین کە تآکید لە سەرچاوەی سروشتی ڤایرۆسەکە دەکەنەوە ونیگەرانیان دەربڕی کە ئەم جۆرە پروپاگەندانە بێجگە لە دروست کرنی ترس وبێ متمانەیی دەبنە ڕێگرێک لە بەرامبەر هەوڵە جیهانیەکانمان بۆ کۆنترۆڵ کردنی پەتاکە. ڕاپۆرت وبەڵگە زانستیەکانیش کە ئەمە دەسەلمێنێت هەیە وبە ئاسانی دەست دەکەوێت. بەلام هۆکارەکانی سەر هەڵدانی ئەم ڤایرۆسە وچەندین کارەساتی سروشتی ترچیە ئەمە شوێنی پرسیارە وئێستا ئەوە ئاشکرایە کە تێکدانی بێ سنوری ژینگە وسروشت بۆڕاوو بازرگانی بە مەبەستی قازانج لە سستەمی سەرمایەداری نیولیبرالیدا بەشەریەتی خستۆتە ژێر مەترسی توش بون بە ڤایرۆسە ئاژەلیەکان کە ئەمە دەلیلی بێ بایەخی تەواوی ئەم سستەمەیە نەک هەر بە ژیانوباش بژێوی دانیشتوانی سەر زەوی بەڵکو بە ژینگە وسروشتیش ودرک پێ نەکردنیەتی وبەلکو بێ باکیشیەتی بە زیانەکانی ئەم جۆرە پراتیکانە.
https://www.thelancet.com/journals/lancet/article/PIIS0140-6736(20)30418-9/fulltext

پرسیار: ئایا سیاسەتی تەندروستی جهانی کەمترخەمە؟

ش.ع: لە ٣١ دیسەمبر ٢٠١٩ چین هەوالی “چەند کەیسێکی التهابی قورسی سنگ لە ووهان” ی بە رێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕاگەیاند کە دواتر ناسرا بە ڤایرۆسی کۆرۆنای تازە. لە ١١.٣.٢٠٢٠ دا حالەتی پاندەمیک- پەتای جیهانی- راگەیاندرا..هەتاکو ئیستا کەزیاتر لە 4 مانگە زیاد لە 260.000 کەسی کوشتوە و 3.8 ملیون توش بوە.
ئەمە دەکرا وا نەبێت.
بێ گۆمان سیاسەتی تەندروستی وولاتەکان کەم تەرخەمن و دەنگی نارەزایەتی بەرامبەریان لە جیهاندا بەرز بۆتەوە.
پێش ئەوەی بێمە سەرچۆنێتی مامەڵە کردنی ووڵاتەکان لە گەڵ کۆرۆنا ئەمەوێت ڕوونی کەمەوە کە زۆربەی ولاتانی جیهان لە بناغەدا ئامادە نەبون بۆ ئەمە ویەکێک لە هۆ سەرەکیەکانی ئەوەیە کە سیستەمی تەندروستی وخزمەتگوزاری کۆمەڵایەتی گشتیان یەکجار لاواز وبایەخ پێ نەدراوە. لەگەڵ ئەوەدا کە سەرۆکی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی تيدروس غيبريسوس لە کۆنگرەی آستانادا 2018 رای گەیاند کە نیوەی ئەو 7.3 ملیارەی دانیشتوانی زەوی دەستی ڕاناگات بە خزمەت گوزاری تەندروستی بناغەیی لەوانە نەخۆشی گوازراوە ونەگوازراوەکان وتەندروستی مناڵان ودایکایەتی ومناڵ بون وتەندروستی جنسی ودەروونی وهتد…نەک هەر ئەمە بەلکو لەم سالانەی ڕابوردودا دەبینین لە زۆر وولاتی دنیادا کە تا رادەیەک ئەم خزمەت گوزاریانەی تیایە بە شێوەیەکی سیستەماتیک وبەردەوام هێرشی کراوەتە سەر ولاواز کراوە بە بەهێز کردنی کەرتی تایبەت وهێنانە ناوەوەی بازاروقازانج وکەم کردنەوەی ڕۆڵ وبەرپرسیەتی دەوڵەت لە دابین کردنی ئەم پێداویستیە سەرەکیانەی کۆمەلگا. ئەمە وای کردوە کە سیستەمە گشتییەکان زیاتر وزیاتر لاواز بن وتوانای بەرگەگرتنی هیچ جۆرە شۆکێکی لەم بابەتەیان نەبێت. زاناو شارەزا تەندروستیەکان زەنگی ئەم مەترسیەیان لێ داوە و هاوارەکانیان پشت گوێ خراوە.
بۆ نمونە لە 2014 دا دوو دکتۆری شارەزا لە تەندروستی کۆمەڵدا لە بریطانیا ئیشارەتیان بەوە دا کە پاندەمیکی داهاتو رووی دا (نەک ئەگەر) کە لەوانەیە ئنفلوەنزای تەیر بێت یان شتێکی کە تەنها چەند هەفتەیەکمان بە دەستەوە دەبێت ئەمە مانای وایە پاندەمیک لە لیستی سەرەوەی مەترسیەکاندا بوە لە ولاتەکەدا وە ئەم دکتۆرانە تیشکیان خستە سەر ئەوەی کە چاکسازیەکانی دەولەتی 2012 ی سیستەمی تەندروستی گشتی بریطانیا ئەم مەترسیەی زۆر زیاتر کردوە. سیستەمی تەندروستی بریطانیا بە یەکێک لە سەرکەوتوترین سیستەمەکانی ووڵاتە پێشکەوتوەکاندا ناسراوە کە بە خۆڕاییە بۆ هەمو دانیشتوانی وڵاتەکە. لە ماوەی٣٠ ساڵی رابوردودا حکومەتە جۆراوجۆرەکانی بریطانیا هێرشێکی توندو بەردەوامیان کردۆتە سەر ئەم سیستەمە بە مەبەستی بەبازار کردنی ودەرهێنانی وردە وردەی لەدەست کەرتی گشتی بۆ کەرتی تایبەت وچنینەوەی قازانج. ئەوە بو چەندین خزمەت گوزاری تەندروستی داخران وە یان کەم کرانەوە وژمارەیەکی زۆر لە کرێکارو کار بە دەستەکانی دەرکراون وئەم هێرشە نەک تەنها کەرتی تەندروستی بەلکو هەمو خزمەت گوزاریە گشتیەکانی وەکو خوێندن وهاتو چۆ خزمەت گوزاریە کۆمەلایەتیەکان و سیستەمی بەنەفیت وخانو بەرە و…هتد گرتۆتەوە بە ڕادەیەک کە ڕێژەی هەژاری لە وڵاتەکەدا یەک جار زیادی کردوە وبۆتە کێشەیەک بۆ ڕێکخراوە خێەرخوازیەکان کە خۆشیان بە هەمان شێوە ئەم ‌پرۆسەیە گرتونیەتەوە. ئەم واقیعەتانە زۆر بە جوانی لە فلیمی (ئای دانیەل بلەیک) ی دەرهێنەری سۆشیالیست کێن ڵۆخ دا ئاشکرا کراوە.
هاتنی کۆرۆنا:
کەواتە کەم تەرخەمیەکان لە ئێستادا دەستی پێ نەکردوە ودرێژ خایەنە وئەم سیستەمە خۆی بەشێکە لە کارەساتەکە. لە گەل سەر هەڵدانی کۆرۆنادا ئەم کەم تەرخەمیانە یەک جار زەق بونەوە نەک هەر لە بریطانیا بەڵکو لە زۆر لە ووڵاتانی بە ناو پێش کەوتو.
هەر وەک دەزانن رێکخراوی تەندروستی جیهانی لە 30.1.2020 حالەتی تەندروستی گشتی بە پەلەی راگەیاند لە سەر تا سەری جیهاندا وپێشتر لە 10.1.2020 دا پاکەجێکی رێنمایی بۆ هەمو وولاتەکان راگەیاند بە پێی ئەو زانیاریانەی لەو کاتەدا هەبون لە سەر نەخۆشیەکە. ئەو ڕەخنانەی بە گشتی لە ووڵاتەکان هەیە ئەمانەن:

  • دەبینین لەباتی کارکردی هاوئاهەنگ لەگەڵ یەکا بۆ لەناو بردنی نەخۆشیەکە وڵاتانی جیهان بەفردی وتێروانینێکی ناسیۆنالیستانەی بەر تەسک مامەڵە دەکەن
  • پلانەکانیان خاووخلیچکی و بێبایەخی پێوە دیارە بە پشت گوێ خستنی پرۆسەی تێست وبە دوادا چونی کەیسەکان وپەیوەندیەکانیان وڕانەگرتنی خێرای کۆبونەوە گشتیەکان وەک مراسیمی ئاینی ووەرزشی وئاهەنگ و کۆڕ وکۆبونەوە گەورە کۆمەلایەتیەکان ودانە خستنی سنورەکان وکارەنتینە نەکردنی هاتوانی وڵاتەکان وکار نەکردنی خێرا بۆ دابین کردنی پێداویستی خۆپاراستن لە ماسک ودەست کێش و ئامێرە تەندروستیەکان (کە دەکرا زۆربەی وڵاتان لە ناو خۆدا دروستی بکەن ویان ئەو زەخیرە ئامێرانەی لە مەخزەنەکاندا تەرخان کراوە بۆ سوپا بەکار بهاتایە!). مانگەکانی ٢ و٣ فرسەتێکی یەکجار گرنگ بو کە دەبوا ووڵاتەکان بەکاریان بهێنایە بۆ خۆ ئامادە کردن بۆ ئەو پەتایەی کە ڕۆژ بە ڕۆژتەشەنەی دەکرد بە بەرچاوماندا.
  • بییر نەکردنەوە لە چینە پشت گوێ خراوەکانی کۆمەلگە وەک پەناهەندە و زیندانی وبێ خانە ولانەکان ودانیشتوانی کەمپەکان وماڵەکانی پەک کەوتەکان…
  • ژنان وقوربانیانی توندو تیژی خانەوادەیی لە پلانەکاندا نەبون ئەوەبو دەنگی نارەزایەتی ڕێکخراوەکانی ژنان لەزۆربەی وڵاتانەوە بەرز بوەوە بە هۆی زیاد بونی توندوتیژی ئەوانەی کە لە کەرەنتینەن لەگەڵ هاوسەرە کانیاندا ودەست رانەگەیشتنیان بە خزمەت گۆزاریەکان وقورسی پەیوەندیەکان
  • زۆربەی وڵاتان سیاسەتی بەرگری قطیع (هۆردو) یان پیادەکرد کە رەخنەیەکی زۆری هاتە سەر لە لایەن شارەزایانی تەندروستی و کۆمەڵایەتیەوە کە سیاسەتێکی شیاونیە. هەندێک وڵات لەمە پاشەکشەیان کرد بەڵام هێشتا سیاسەتەکانیان لە باشترین حالەتدا ناڕۆشن وسەرلێشێوانی دروست کرد لای خەڵک.
  • کرێکارانی کارە بناغەییەکان وەک: کارمەندانی تەندروستی وگواستنەوە ورێگەوبان وپۆست وکرێکارانی شارەوانی وئەوانەی لە سوپەرمارکیتەکان ولە ئامادەکرن وپاکێجکردنی خواردن کار دەکەن.. ورینماییەکانی لەمالەوە مانەوە نایانگرێتەوە. لەبەر ئەوە ئەمانە زیاترین ڕێژەی ئەگەری توشبونیان بە نەخۆشیەکە هەیە. لەگەل ئەمەش دا دەبینین وڵاتەکان کەم تەرخەمیەکی یەک جار زۆریان بەرامبەر ئەم گروپانە کردووە بە تایبەتی لە دابین نەکردنی پێداویستیەکانی خۆ پاراستن لە توش بون بە کۆرۆنا وناڕۆشنی ئامۆژگاریەکان ئەوەتا دەبینین ژمارەیەکی بەرچاو لە ستافی تەندروستی ورێگەوبان وکرێکاری تری ئەم کارە بناغەییانە گینایان لە دەست داوە وگیان لە دەست ئەدەن. ئەمە لە کاتێک دایە کە لە سەر تاسەری جیهاندا کەمییەکی یەکجار زۆر هەیە لە ستافی خزمەت گۆزاری بە تایبەتی کەرتی تەندروستی بە پێی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی.
  • پاکێجی یارمەتیە ئابوریەکان ژمارەیەکی زۆر لە کرێکاران ناگرێتەوە وئەمانە هیچ زەمانەتێکی ئابوریان نیە لە بەر ئەوە لەکاتی توشبونی خۆیان یان ئەندامانی خانەوادەیان بە نەخۆشیەکە بە ئاسانی ناتوانن دەست لە کار هەڵگرن ولە ماڵەوە دانیشن. ئەمە بۆتە رێگرێک لەبەردەم کۆنترۆل کردنی بلاو بونەوەی ڤایرۆسەکە. ئەمە جگە لەوەی کە ووڵاتانێک وەکو عیراق هیچ یارمەتیەکی ئابوریشی دانەناوە.

    پرسیار: تێبینییەکی گرنگت هەیە لەسەر ئەو ڕێوشوێنانەی دەوڵەتان گرتویانەتە بەر بۆ بەرتەسککردنەوەی پەتاکە؟ ئایا مۆدیلی چینیت پێ سەرکەتوو بوو یان سویدی؟ کۆریات لەگەڵ ئەمەریکا پێ چۆن بوو؟ ئایا بۆچی ئیتالیا سیستەمی تەندروستیەکەکەی لەتەواوی ئەوروپا پەککەوتەتر بوو؟

    ش ع: بەراورد کردنی راستەوخۆی ولاتەکان و تآسیری پەتاکە لەسەریان کارێکی راستەوخۆ ومستقیم نیە وە هەر وڵاتەو سیستەمێکی جیاوازی هەیە بۆ تۆمار کردنی کەیسەکان. بەلام چەند نمونەیەکی سەرکەوتو هەیە لە جیهانداکە ئومێد بەخشە ونیشان دەدەن کە کارکردنی بە پەلە وهاوئاهەنگ دەتوانێت تارادەیەکی زۆر بەر بە ڤایرۆسەکە بگرێت وە لانی کەم لە خراپترین نتیجە بمانپارێزێت بۆ نمونە کۆریای باشوور کە زۆر بە چڕی تێست وبە دواداچونی کرد ویان المانیا کە بە پەلە ڕێژەی تێستیان زیاد کرد و نیوزیلەندە بە هەمان شێوە ستراتیژی لە ناو بردنی پیادە کرد. بە پێچەوانەی ئەمانەوە دەبینین وولاتانی امریکاوبریطانیا وبرازیل بۆ نمونە بە جولانەوەی خاوەخاو وناڕۆشنی وسەر لێشێواوی ئامۆژگاریەکانیان وڕاکێشانی پەنجەی تۆمەت بۆ ئەم وئەو وبیرکردنەوەی تەسک لە سنوری جۆغرافیای وڵاتەکاندا بۆ مەبەستی ناوخۆیی لەباتی هاوئاهەنگی لەسەر ئاستی جیهان بوە هۆی ڕێژەیەکی یەکجار زۆر لە تووش بوان ومردنیش. ئەم جۆرە بێ بایەخی وکەم تەرخەمیەی وولاتەکان بۆتە شوێنی نارەزایەتیەکی بەرفراوانی خەلک وڕۆڵی دەولەتەکانی جیهان لە پاراستنی بەرژەوەندی هاوولاتیانیانی خستۆتە ژێر پرسیارەوە.

پرسیار: بەدڵنییاییەوە، هەرکەس ولایەن وگروپ وحزبێکی سیاسی جددی پاش کۆرۆنا دەبێت پرۆژەیەکی گرنگی سیاسەتی تەندروستی گشتی لە بەرنامەکەیدا بگونجێنێت؟ ئاڵوگۆڕێکی گرنگ بەسەرسەرجەم جومگەکانی سیستەمی تەندروستی وڵاتدا بێت؟ لە ڕوانگەی تۆ چ بەرنامە وپرۆژەو ستاندەردیکی زانستی پیویستە بۆ کۆمەڵگای ئەمڕۆ؟

بە رای من ئەم پەتایە دوو کێشەی ئەمڕۆی خستە ڕوو کە مرۆڤایەتی گەیشتۆتە شوێنێک کە چارەسەرکردنیان بۆتە پێداویستیەک قابیلی دواکەوتن نیە. یەکەمیان نایەکسانیە ودووەم نەبونی خزمەت گوزاری تەندروستی گشتی بۆ هەموان وە بە خۆڕایی.
کۆرۆنا کێشەی ئەو بەشانەی کۆمەڵی زەق کردەوە کە دەسەڵاتداران نایانبیستن ونایابینن ولە پلانە ئابوری وکۆمەلایەتی وسیاسیەکانیاندا حیسابیان بۆ ناکەن. کۆرۆنا هەمو جیهانی بە ئاگاهێنایەوە کە نایەکسانیەکی خەیاڵی دەورو بەری داوین. کۆڤید-١٩ چالەنجێکی بایۆلۆجیە کە جگە لە باری فیزیکی ودەرونی ئاکامەکانی کۆمەلایەتی وئابوری ودرێژ خایەنن. دەتوانم بڵێم کە بە لێکۆڵینەوە لە بایۆگرافی توشبوەکاندا وئەو گروپانەی کەزیاترین زیانیان پێ گەیشتوە ڕێگای چارەسەروبەرگرتن بە پەتا وکارەساتی تری لەم جۆرە مان بۆ دەردەکەوێت.
ماڵپەری بی بی سی نیوز رۆژی ٨/٥/٢٠٢٠ دەڵێت کە دانیشتوانی ناوچە هەژارەکان دووقات ئەگەری مردنیان بە کۆرۆنا هەیە (٥٥/١٠٠٠٠٠)وەک لە ناوچە دەولەمەندەکان (٢٥/١٠٠٠٠٠).
هەچ پرۆژەیەکی تەندروستی گشتی کاتێک دەتوانێت خزمەت بە کۆمەلگا بکات کە هەمو توێژەکانی کۆمەڵ بە خۆڕایی وبە بێ هیچ جیاوازیەک دەستیان پیا ڕابگات.
ئەوەی کە پێویستە هە هەمو وڵاتەکاندا سیستەمێکی تەندروستی وچاو دێری کۆمەڵایەتی (صحە ورعایە اجتماعیە) گشتی یە بە ستانداردێکی بەرز لە فێرکرکردن وراهێنان وئامرازودەزگای کواڵیتی بەرز وبە هەل ومەرجی کارکردن وموچەیەکی باش بژێوی شایستە بۆ هەمو کارمەندان کە بتوانێت خزمەتگوزاریەکان پێشکەش بە کۆمەل بکات بە یەکسانی وبە بێ جیاوازی وپارێزراو بێت لە دەست تێوەردانی کەرتی تایبەت وبازاڕ وسیاسەتە ئابوریە نیولیبرالیەکان.

شیرین عبدالله
9.5.2020




بە پیرەوە نەچوونی خەڵکی کوردستان بە بانگەوازەکەی شاسوارو نەوەی نوێ، تەنانەت لەزۆنی سەوزیش چیدەگەیێنێت؟ … تاهیر عیسا

سەرباری لەباریی، زەمینەی بابەتی بۆ ڕاپەڕین و هاتنە مەیدانی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی کوردستان، بۆ باشترکردنی ژیان و گوزەران و مووچەو مەزایاکانیان، بەڵام هەوڵەکانی شاسوار و جووڵانەوەکەی، هەمدیسان لەناو ئەم هەل ومەرجە بابەتیەدا، چرووک و مایەپووچ دەبێت.
خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێشیی کوردستان، ئەگەر بەشیی ئەوەش ئامادەکاریی سیاسیی و چینایەتیانەیان نەبێت، بۆ خۆڕێکخستن و هاتنەمەیدانیان، لەدژیی دەسەڵاتیی مافیایی لەکوردستان، بەڵام بای ئەوەندە بەپێی مێژووی زیاتر لە دوو دەیەی ڕابردوویان لەئیعتڕازات وناڕەزایەتیاندا، تەجرووبەی ئەوەیان پەیاکردووە، کە بەدوای دەنگی هەموو دۆڵ وزوڕنایەک نەکەون ئەمجارە!
بای ئەوەندە وشیارییان هەیە، بتوانن لەمە تێبگەن، کە شاسواریش وەک گەنەیەک “پندێک” و زەروویەک لەناو جەستەی کۆمەڵگای کوردستان و لەناو زۆنگاویی گەندەڵکاری لەکوردستاندا، وەک بازرگانێکی تەڵەکەباز و تەماحکار، هەڵتۆقیوەو دەیەوێت، بەهەر نرخێک بێت سواریی شەپولی ناڕەزایەتیەکانیان بێت و بەرەو ئامانج و تمووحاتە سەرمایەداریەکانی هەنگاو هەڵگرێت.
دەتوانن لەمە تێبگەن، کە شاسوار لەباشترین حاڵەتیی بانگەشەو بانگەوازەکانیدا بۆ خۆپیشاندان وهێنانە سەرشەقامی خەڵک، نموونەیەکی باشتر لەگۆڕان و ڕەوتە ئیخوانیی و ئیسلامیەکانی تر نابێت و نموونەیەکی باشتریش لەحەڤدەی شوبات، کە لە پێکدادانی کاسەی خوێنی ڕژاوی دەیان خۆپیشاندەری هەژارو نەداردا، کرایە دەستمایەی کۆبوونەوە نهێنیەکانی مەسیف وسەری ڕەش و لە ئیتافاقیەی ژێر بەژێریی دوور لەچاوی خەڵک ومیدیادا، نۆشکراو کۆمەڵێک دەستکەوتی مادییان بۆ خۆیان لێچنیەوە، پێشکەش ناکات.
ناتوانێت لەباشترین حاڵەتیی خۆیدا، لەباوکی هەژاران، کە ئەمڕۆ کوڕەکانی میراتگریی زەویی و گردو تەپۆلکەوسەرمایەو کۆمپانیاکاننی، باشتربێت.
توانیویانە فەهمی ئەوە بکەن کە شاسوارو نەوەی نوێش، بەدوای هەمان ئامانجێکەوەن کە گۆڕان بەدوایەوە بوو، کە ئەمڕۆ لەگەڵ خانە سەڕەتانیەکانی حووکمڕانی ئەم کۆمەگایەدا، حکوومەتی هاوبەشیان هەیەو هاوسۆزو هاوپەیمانی یەکترن و خەڵکی هەژارو نەداریش دەبێت هەر لەئەژنۆی خۆیان بدەن.

شاسوار، وەک نوێنەری ڕەوتێکی لیبڕاڵی سەرمایەداری، کە وەک لە بەرنامەو کارنامەیاندا دیارە، کە بەدوای ئامانجی چینایەتیانەی خۆیانەوەن، کە لەباشترین حاڵەتیاندا، ناتوانێت تەمسیلی ڕەوتی لیبڕاڵی جیهانی وڵاتانی ئەمریکاو ئەوروپاش بکات، کە لەسێبەریاندا، خەڵک تەنانەت نەیان توانی لە تەمەنی دوورو درێژی حووکمڕانیاندا، لەدام و دەزگایەکی تەندروستیانەی تێرو تەسەلدا بەهرەمەند بێت و بە هەزاران کەسیان لە بێ ئۆکسجینی و ٮێدەرمانیی و بێدکتۆری وبێقەڕەوڵەییدا، گیانی لەوپەڕیی ئازاریی گیانسپاردندا، سپارد.
ئەم ڕەوتە لیبڕاڵیەی لەئاستی دنیادا، لەوەڵامدانەوە بە خواست وداواکاری کرێکاران و زەحمەتکێشان، نەک هەر بێدەربەستە، بەڵکو هەر ڕۆژە لەهەوڵی لێسەندنەوەی ئەو ماف و ئازادیانەشی دایە، کە لە مێژووی خەبات وتێکۆشانی چینایەتیانەی خۆیدا، بەدەستی هێناون و نموونە هەرە پێشکەوتووەکەشیی، لە خنکاندنی “جۆرج فلۆیدی” ڕەش پێستدا، بینیمان کە تا ئێستاش ڕق وقینی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش وئازادیخوازیی ئەمریکاو جیهانیش لەبەرامبەریاندا نەنیشتۆتەوە.
شاسوارو جووڵانەوەکەی، کە ئیدیعایەکی لەمجۆرەی هەیەو لە حەملە ئیعلامیەکانی دەورانی هەڵبژاردنی پێشووش، نموونە قێزەونەکەی لەوەدا دەردەکەوت، کە ململانێ چینایەتیەکانی کۆمەڵگای کوردستانی لەناو تەپو تۆزیی نەوەی نوێدا وندەکردو نموونەی خۆی وەک بازرگانێکی دزیی سەرکەوتوو، بۆ تەواوی گەنجانی کوردستان تەعمیم دەکرد، ئەمەش بۆخۆی چاوداخستن و حاشایی کردنێکی ڕاشکاوانەی قانوونە کوێرەکانی سیستەمی سەرمایەداریی و مڵکدارێتی تایبەتیی و کاری بەکرێ وزیدەباییە، کە سەرچاوەی هەموو زوڵم و زۆر و چەوساندنەوەیەکی ئینسان لەلایەن ئینسانیی تەواوی کۆمەڵگاو سیستەمەکانی دنیای ئەمڕۆیە.
شاسوار و جووڵانەوەکەی، ماهیەتی سیاسیی تەڵەکەبازانەی خۆیان، زیاتر لەوەدا نیشاندا، کە خوازیاری هەڵبژاردنی پێشوەختە و هەڵوەشاندنەوەی حکوومەت و درێژەدان بەهەمان سیستەم وگاڵنەجاڕی هەڵبژاردن و نوێنەرایەتیی پەڕلەمانن، لەکاتێکدا باش دەزانن، کە ئەوەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن، لەکوردستاندا یەکلادەکاتەوە، بانگەشەو تەبلیغات و خستنەڕووی پڕۆژەو بەرنامەو بەرنامەسازیی حیزب وڕێکخراوەکان نییە، بەڵکو جگە لەسەرمایەی زەبەلاح و میدیای زەبەلاح، لەناو پڕۆسەی هەڵبژاردن لەکوردستاندا، ئەوە میلیشیاو هێزی چەکداری زەبەلاحە، سەرکەوتوو و براوەکان دەستیشان دەکات.
شاسوار، بەشیعاریی هەڵبژاردنی پێشوەختە، بیانەوێت ونەیانەوێت، جارێکی دیکە بەم شیعارەیان، دەیانەوێت، دەسەڵات و سیستەمی سیاسیی گەندەڵکاریی هەرێم، لە هاتنە مەیدانێکی وشیارانەی چین وتوێژەکانی خوارەوە، بپارێزن.
کۆمەڵگای کوردستان، وەک باقیی کۆمەڵگاکانی تر لەجیهاندا، کۆمەڵگایەکی چینایەتییە، کە کێشەو گیرو گرفتە قووڵەکانیی لە حاکمیەتیی کەمایەتیەکی قازانجپەرست و دزو مشەخۆردا، سەرچاوەی گرتووە و دەبێت بۆ کۆتایی هێنانیشیی، خەباتێکی چینایەتیانەی هەمە لایەنەی کارساز بگیرێتە بەرو چین وتوێژە مەحڕوومەکانی کۆمەڵگا خۆیان ڕێکخراوبکەن و دەسەڵاتێکی جەماوەریی لە شوێنی کارو ژیان و گەڕەکەکان و شارو شارۆچکەکاندا دابمەزرێنن، کەلە جەماوەریی بوونەوەی ئەم دەسەڵاتە جەماوەریەدا، دەتوانێت کۆتایی بە دەوریی ئەحزابیی بۆرژوازیی و دەسەڵاتی میلیشیاییان بهێنێت و کەنارگیریان بخات.
هەڵبژاردن لە هەل ومەرجێکی لەمجۆرەدا کە زەمینە زاتیەکانیشی بەرجەستەیە، دەتوانێت مانا پەیدا بکات و دەسەڵاتێکی سۆڤیەتاتی”شوڕایی” کە خوارەوە نوێنەرایەتی سەرەوە دەکات، لەڕێگای هەڵبژاردنی نوێنەر لە کارگاو دەوائیرو شوێنی ژیان وگەڕەک و شارو شارۆچکەکان، کە لەکۆتاییدا شوڕای سەراسەری وڵات دادەمەزرێنێت و هەموو ئان وساتێکیش ئەم ئەنجوومەنی نوێنەرایەتییە، کەلە ڕێگای دەسەڵاتی خوارەوەی کۆمەڵگا دامەزراوە و لەژێر سانسۆریی لێپرسینەوەو لێپێچینەوەی بەردەوامدایە، پێچەوانەی سیستەمی پەڕلەمانی کە بۆ چوار ساڵ جارێک لەڕێگای پەنجەمۆریی خەڵکەوە شەرعیەتی دەسەڵاتدارێتی چوارساڵ مسۆگەردەکەن و بۆچوارساڵیش خەڵک ڕەوانەی ماڵەوە دەکاتەوە و لەهەر جۆرە ئیرادەو سانسۆرو دەخالەتێکی ڕاستەوخۆش بێبەشیان دەکات.

تاهیر عیسا /15.08.2020




داهێنان …لە نێو دۆزەخدا…زیرەک وەک نموونە ! … دکتۆر مەولود ئیبراهیم حەسەن

هه ولێر – ٦/٢٠٢٠
بەشی یەکەم :-

داهێنان.. بە تایبەت داهێنانی( هونەر) ی و بەتایبەت تریش هونەری ( گۆرانی) .. لە کورترین پێناسەو پێدا هه ڵگوتن دا ..ئەو بەرهه مەیە کە جەماوەرو پسپۆرەکان پێشوازی لیدەکەن و هه ریەکە بە گوێرەی تێگەیشتن و زەوقی خۆیانەوە پەسنی دەکەن ، ئاستی بەرزی داهێنانەکە لە هه موو ئەو داهێنانەی پێشە خۆی و سەردەمی خۆی باڵاتر دەبێت و بەردەوام بڵاو دەبیتەوەو زۆرترین ئارازوومەند چاوی لێ دەکەن و دەیڵێنەوەو زۆرترین هه واداریش بەردەوام گوێی لێ دەگرن ! لە گەڵ بە سەر چوونی ڕۆژگاریش پتر بڵاو دەبێتەوەو سنوورەکان دەبەزێنێ ، دەچێتە نێو دڵی هه موو چین و ئاست و تەمەن و ڕەگەزێکەوە، سنووری وڵات و نەتەوە کەی خۆی دەبڕێ و تێکەڵ بە هونەری دەورو بەرو جیهان دەبێت .
زیرەک لەو ڕۆژەی بۆ یەکەم جار لە ڕادیۆی بە غدا بە گۆرانی ( ئەسمەر یارم جوانە )(١) دەنگی هه ڵیناو تادەگاتە دوا گۆرانی و هاواری کە ( وا من نەخۆشم دەردم گرانە!! )(٢) یەو پێش کۆچی دوایی و بە نەخۆشی و لە سەر نوێنی مەرگ و لەبەردەم تەسجیلێکی ئاسایی دا تۆماری کردووە! .. تا ئێستاش کە نزیک بە پەنجا ساڵ بە سەر شەهیدبوونی دا تێدەپەڕێ ! تا ئێستا هیچ هونەرمەندێک لە ئاستی بەرزی داهێنان و لە زۆری و هه مە جۆری داهێنان دا.. لە لوتکە داهێنانەکانی زیرەک نزیک نە بووەتەوە ! ئەوە نزیکەی حەفتا ساڵە زیرەک ڕیزی پێشەوەی داهێنانی گۆرانی نەداوە بەکەس ، نەک هه ر لە نێو کورد ..ئەگەر لێکۆڵینەوەی زانستی وردی بۆ بکرێ لە نێو هونەرمەندانی دەورەو بەرو جیهانیش دا لە زۆر ڕووەوە هه ر یەکەمە .
لە بارەی بە هرەو لێهاتووی وداهێنانی زیرەک سێ کەسی زۆر نزیک لە زیرەک و تێکەڵ بە ژیان و هونەری ئەو باسی دەکەن ، یەکێکیان (دکتۆر محمد صدیق مفتی زادە) یە کە لەرادیۆی تاران لە گەڵ زیرەک بووە دەنووسێ :(هونەر..بەشێکی خودا دادە، زۆرتر بە هه وڵ و تێ کۆشان نی یە، هونەر، بارەییەکەیە بە هه موو کەس نادرێ؛ هونەر بە خوێندەواری نی یە،هونەر، تیشکێکی بە تینە کەلە جیهانی پەنامە کی یەوە، پرشنگی خۆی بەر ئەداتەوە، لە ناکاوئەکەویتە سەر دڵێک، ئەو دڵە رووناک ئەکاتەوە،بە بێ ئەوەی خاوەن دڵ ئاگای لە خۆی ببێ،یەکێ لەو کەسانە کە بە بارەی هونەری پەنامەکی ڕازاوەتەوە، (کاک حەسەن زیرک)ە ، کە بە بێ ئەوەی بخوێنی ، هونەرێکی تەڕ دەس وبەستە زانێکی چالاک ونوکتە وێژیکی قوڕس و قووڵە، ئەو هونەرمەندە، هه روەها کە شێوەو چارە نووسێ زۆر بەی هونەرمەندان ئەبێ وابێ، لە ژیانی خۆی دا ناکامی و چەوسانەوەی زۆری دیوە، تاڵی و سوێری ڕۆژگاری گەلێ چێشتووە ، لە گەڵ ئەو هه موو سەختی وتەنگ وچەلەمەش کە بەسەریا هاتووە ،هونەرە بە نرخەکەی خۆی لە هه رکات و ڕۆژگارێک دا، کە هەلی بۆ هه ڵکەوتبێ ، بۆ خزمەت بە گەل و نیشمانی بەکارهێناوە ودەرخستنی هونەرەکەی بۆ بە تین کردنەوەی پایەو بناغەی مۆسیقای کوردی ، بە ئەرکێکی گەورەی سەرشانی خۆی زانیوە .)(جریکەی کوردستان.ل١،چ ٢)
دووەم کەس کە باسی بەهرەو لێهاتووی زیرەکی کردووە خاتوو( میدیای زەندی) خیزانیەتی ، ئەوێش لە پێشەکی چاپی دووەمی( چریکەی کوردستان ) دەنووسێ :(حەسەن ، بە خوو خدەیەکی خوداداوی خەڵات کرابوو،چوونکە باوەکوو سەوادی نە بوو، بەڵام زۆربەی هۆنراوەکانی بۆ خۆی دەیهۆنی یەوە ،(…)حەسەن زیرەک پێاوێکی زۆر قسە خۆش و زۆر بە زەوق وشەوق بوو، هونەرمەندێکی تەواو، پڕ پێست لەگەڵ واژەی هونەردا بوو،(…)باوکوو ئێستاش بەڕاستی وێنەی نی یەو تەنیا کەسێک بوو کە هه م ئاوازو هه م هۆنراەو تەسنیفی زۆربەی ئاواز و گۆرانی یەکانی بۆ خۆی دایناوە )(چریکەی کوردستان ل١١،١٢) هه روەها( میرزا کەریم خۆشناو ) کە چوار ساڵ لە نزیکەوە لە گەڵ زیرەک ژیاوە، ئاوا باسی شوێن و کات و هۆی داهێنانی زیرەک دەکات :(حەسەن زیرەک ئەگەر تۆزی دڵی خۆش بوایە، زۆر شتی بۆ ئەهاتو شتی تازەی دائەهێناو هی وای ئەوت کە هیچ کەس نەیبیستبێ..بۆ یەکەم جار ئەیخستە بەر گوێچکەی ئەم خەڵکە.ئێمە بە ئاواتەوە بووینکە هه میشە دڵی خۆش بێت ، چونکە بە دڵخۆشی خۆی دڵی خەڵکی تریشی شادمان وکامەران ئەکرد.)(بەسەرهات، ب٢ل٥٩) جگە لە دڵخۆشی ، زیرەک بە خەم و دڵتەنگیش داهێنانی بۆ دەهات و دڵ و دەرونی دەکرایەوە ، هه ر میرزا کەریم لە سەر زاری زیرەک دەگێڕیتەوەو دەنووسێ:(زیرەک گوتی: کاکە وابزانم تۆ بۆمن زۆر بە پەرۆشی! بەڵام ، من هه ر تۆزی دڵگیر بم دەرگای هونەرم بۆ ئەکرێتەوەو شیعری ڕێک و پێکم بۆدێت وئاوازی خۆش و تازەشم دیتە سەرزارو دەری دەبرم وبەم گۆرانی گوتنە بری غەم لەسەر خۆم لا ئەبەم ولە هه مان کاتیشاخەڵکی دەورو بەریشم شادو دڵ خۆش دەکەم! میرزا دەڵی جا چی لە مە چاتر هه یە ؟زیرەک ؛ دەڵی ،باوەڕ دەکەی کە دەردەسەری ونا ڕحەتی و بەسەرهاتەکانم بوونەتە مایەی سەرکەوتنم لە ژیانی هونەریمدا، هه رکاتێ دڵم لە شتێ شکابێ و کاری تێ کردبم ئەوسا داری غەم لە نێو دڵما بەری شیعرو ئاوازی گرتووە و تا ئارەزووم کردبێت چاکترین شیعرو جوانترین ئاوازم بە خۆشترین دەنگ و سەدام وتووەو تا وتبێشم هه ر بۆم هاتووە .)(بەسەرهات. ب١،ل٧٢) ئەوەش تایبەتمەندییەکی زیرەکە ، کە بەدڵخۆشی و بە دڵتەنگی لە هه ردوو باردا داهێنانی کردووە. هه ر بە هۆی ئەم لێهاتووییەوە یە زۆر لە شارەزایانی مۆسیقاو دەنگ و هونەر زیرەک بە (نابیغە وعەبقەری و ئەفسانە) ناو دەبەن. – ئەگەرچی ئەو بە هرەو لێهاتووییەی خودا پێداوی و سروشتیەی زیرەک ، لەگەڵ بوونیا هه بوو ، وەک هه رسێ بەڕێزان باس دەکەن، بەڵام؛ زیرەک خۆی هه ستی بەم تواناو بە هرەیەی خۆی کردووەو خۆشی ویستووە و پەروەردەی کردوباج وقوربانی زۆری بۆدا و پاراستتوویەتی، وەک گەوهه ری گرانبەها دێ و دێ و شارەو شارو وڵاتەو وڵات و بەندیخانەو بەندیخانە، بە ئاوارەیی و هه ڵاتوویی و دەربەدەری و بێ جێ و بێ ماڵی بەرگری لێکردوو پەرەی پێداوە!
سەرە ڕای ئەمانە هه مووی نهێنیەکی گرنگی سەرکەوتنەکانی زیرەک عاشق بوونیەتی! زیرەک بە هه موو بوونی دەروونی و روحی و جەستەیی و ئەقڵی و باوەڕی خۆیەوە عاشق بوو..عاشق بە ژن بەجوانی.. بە جوانیە کانی ژن بە جوانیەکانی سروشت بە گیاو گوڵ و باڵندەو دارو دەرخت و سەوزاییەوە . بە شاخ و ئاوو کانی و دۆڵەوە ،عاشق بە کوردو کوردستان بە زمان و هونەرو کلتورەکەیەوە ،عاشق بە هونەر بە دەنگی خۆی عاشق بە مۆسیقاو هه موو جۆرەئامیرەکانی، عاشق بە مرۆڤ بە مرۆڤایەت. ئەم عەشقی زیرەک ئەگەر شادو بەختیار بووبێ یان دڵتەنگ و بێزار.. لە هه ردوو باردا گرێی بە هرەی کراوەتەوەو هه تا گوتبێتی وەک خۆی دەڵێ ..گوتوویەتی و جوان و چاکی گووتووە، هه تا گوتبێتیشی هه ر بۆی هاتووە !
داهێنان، بۆ کەسی داهێنەر .. جگە لە تواناو لێهاتوویی و بەهرە کەسییەکە. لە باری ئاسایی داپێویستی بە تەندورستیەکی باش و دەروونێکی ئاسودەو ناو ماڵێکی ئاوەدان و دەوروو بەرێکی هێمن ولەبار هه یە ! بە ڵام؛ ئەگەر سەرنجی ژیانی هونەرمەند ( حەسەن زیرەک ) بدەین ، ئەوا دەبیبین نەک هه ر ئاوا نە بووە ! بەلکو تەواو پێچەوانەی ئەم جۆرە ژیانە ژیاوە.. ژیانێک زیرەک گوتەنی : ئەگەر بێن و سەیر بکەن تەعەجوب دەمێنن!! دیارە هه ر داهێنەرێکیش شێوازی تایبەت بە خۆی هه یە لە کاری داهێنان دا، زیرەکیش خاوەنی تایبەتمەندی خۆی بووە ! هه ر چەندە وەک دەڵێن :(بۆ داهێنان هیچ یاساو ڕێسایەکی پێشوەختە نیە!چونکە داهێنان بۆ خۆی لەدەرەوەی هه موو یاسایێکی پێشوەختەو ئامادەکراوە !) زیرەکیش داهێنەرێکی دەستەو ڕست بووە، هه ندێ جار لە یەک کاتدا زیاتر لە گۆرانی یەک و دا‌هێنانێکی بۆ هاتووەو تێماوە نەیزانیوە کامیان زووتر تۆمار بکەن.
ژیانی زیرەک پڕ بووە لە هه ژاری و بێکەسی و دەربەدەری و ئاوارەیی وهه ڵاتن و بەندیخانەو غەدرلێکردن و لێدان و ژن هێنان و گۆرانی گوتن ! خۆی دەڵێ: خودا ئاگادارە زۆر جار لێانداوم ؛ خۆشم نازانم لە سەر چی بووە !؟ زیرەک زۆر جار کە فرسەتی بۆ هه ڵکەوتووە باسی ئەوەی کردووە کە لییانداوە!! هه ر لە بەرگی دووەمی کتێبەکەی (میرزاکەریم خۆشناو ) چەندین چیرۆکی لێدان هه یەو چەندان جار زیرەک خۆی باسی ئەو لیدانە دەکات ! جگە لەوەی هه موو جارێ بە خۆڕایی و بەبێ گوناه لییانداوە ، ئەگەر بەوردی سەرنج بدەین زۆربەی جارەکانیس هه ردەستی دەوڵەتی تێدابووە. جارێکیان میرزاکەریم هۆی شەڕو لیدانەکان لە زیرەک دەپرسێ ، زیرەک لەوەڵام دا دەڵێ:(پێم نەگووتی وەزعی من (مەعمولی) نیەوناوێرم دەردی دڵی خۆم لای هه مووکەس باس بکەم بەڵام ڕۆژێک دادێت پڕ بەدەم هاواربکەم وخەڵکیش حاڵی بکەمکەوە بۆچی ناێلن لە هیچ شوێنێک- جێگیر ببم و- هه روەختێکیش ئارەزوویان لێ بێت ئەوە بەهانەیەکم بۆ دەدۆزنەووەو تێروپڕتێم هه ڵدەدەن و دەڕۆنەوە!!)(بەسەرهات. ب٢،ل٩٦،٩٧)
ئەگەر سەرنج بدەین ، ئەم وەڵامەی زیرەک هه موو حەقیقەتەکە دەخاتە ڕوو..ئەوەی کە زیرەک ناوێرێ دەردی دڵی خۆی بکات ! لە هێزێک دەترسێ ، ئەو هێزەش .. دەوڵەت و لە دوڵەتیش دەزگا بەدناوەکەی (ساواک) زیاتر کێیە؟؟ ئەوە ساواکە بەدوای زیرەکەوەیەو لێناگەڕێ لە هیج جێگایەک جێگرببێ وکاسبیەک بکات و هه رناوەناوەش هه نجەتێکی پێ دەگرن و تیروپڕی تێ هه ڵدەدەن و دەڕۆنەوە!! هه ر بۆیە زیرەک بە هیوایە کە ڕۆژی بێت و بتوانێ بەدەنگی بەرز هاوار بکات ڕاستیەکان بۆ خەڵک باس بکات ، کە ئەوە چ لایەنێکە بە بەرنامە لەزیرەک دەدەن و بۆچی لێشی دەدەن ! دوا جار زیرەک ئەمە بۆ (حسێن)ی برای باس دەکات و دەڵێ:(تەماشایەکی ئەولاو ئەم لای خۆی کردوبەدەنگی نزم گووتی : حوسێن(زدی اطلاعات) ئەزیەتم دەدات وئەڵی ئەبی بچیتە ئەودیو ئیشمان بۆ بکەی! جەن دەڵێم باوکم ئەمن هی ئەو شتانە نیم و(سەوادیشم) نیەئێوە چۆن ئیستیفادە لە من دەکەن ؟ ئەڵێن ئەتۆ بە ماڵەوە بچۆ عیراق ئێمە پارەیەکی زۆرت دەخەینە ئیختیاروخۆشمان خەڵکت بۆدەنێرین تۆش هه رچی مەعلومات هه یەپێیان بڵێ وئەوانیش بۆ ئێمەی دەهێننەوە! هه ڵبەت خۆشت ئەزانی ئەم جۆرە شتانە بە من ناکرێت وئەگەر پێشم بکرێ نایکەم با ساڵی دوو سێ جارتێم هه ڵدەن و بە فەقیریش ئەژیم وبەڵام( ئەو کانی یەی ئاوم لێ ی خواردووتەوە هیچ کاتێک بەردی تێ ناخەم وخیانەت بە خاکەکەی عێراقیش ناکەم) لە ناو خەڵکیش سەربەرز ئەژیم، لە دوایی دابە شۆخیەوە پێکەنی وگووتی بەتەنیا بەر بەرەکانی دەوڵەتێش ئەکەم)(بەسەرهات. ب٢،ل٩٢،٩٣) ئێستا بە ڕوونی دەرکەوت ئەوە دەوڵەتەو لە نێو دەوڵەتیش ساواکی بەدناوە لەزیرەک دەدات و بە دوایەوەیە ناهێڵێ لە هیج جێگایەک کوچاگری ڕەش بێت و نانێک پەیدا بکات! ئەوە زیرەکیشە ئامادە نیە( ساواک ) ی بکات و ئامادە یە ساڵی دوو سێ جاریشی لێ بدەن !!
زیرەک هونەرمەندێکی رەسەن و داهێنەری کورد بوو ، زیرەک هونەرمەندێکی سەرکردەی هونەری کوردایەتی بوو، کوردایەتی پاک ، هونەری زیرەک هونەرێکی داهێنان و بەرگری بوو،بەرگری لە ژیان و لە کوردبوون ، دەوڵەت دەیویست ئەم هونەرمەندە مەزنەو ئەم هونەرە بەرزە بخاتە خزمەت خۆی ! بەڵام، زیرەک پیاوی ئەوکارە نەبوو، ئەو لەوانە نەبوو شانازی بە ساواک بوونەوە بکات!!

سەرەتایەکی دۆزەخی..

زیرەک هه رکە لەدایک دەبێت لە بۆکان و لەوماڵەی کە بەم دواییە (حوسەین) ی برای لە ڤیدیۆیەکی تۆمارکراودا بە لەقە لەق وگریانەوە دەڵێ:( لە بۆکان و لەو کۆڵان ولەوماڵە کاکم زیرەک لەدایک بووە.)( بەرنامەی ک ٢٤ ) لەدایک بوونی زیرەک دەکەوێتە سەروبەندی کۆتایی هاتنی شەڕی یەکەمی جیهانی ،کە لێکەوتەکانی چوارساڵی شەڕ تەواوی ناوچەکەی داچۆڕاند بوو! زیرەک لە دایک و باوکێکی کوردو لە نێو خانوادەیەکی هه ژاری ئەوێ ڕۆژێی کوردستان چاو بە سەر جیهانێک دادەکاتەوە کەدەستە گەرمەکانی شەڕو ناهامەتیەکان وێرانیان کردبوو ..بەڵام؛ هیچ دەستێک دیارنە بوو ڕێکی بخاتەوە !
زیرەک هه ر زوو و بە منداڵیەوە بەر شەقی(قەدەرو زەمانە) دەکەوێ و ئەو شەقی قەدەرو زەمانەیە بەدوایەوە دەبێت و ژیانی لێ دەکات بەدۆزەخ ، تا بە ژەهر کوژتنەوە دەیخەنە گۆڕ!! ئیتر زیرەک چاو دەکاتەوەو ناکاتەوە و هه ست بە ژیان دەکات و نایکات .. شۆکی دەروون هه ژێن یەک بە دوای یەکەوە ژیانی زیرەک پڕ دەکەن لە ئازاری دۆزەخی ! هه ر زوو باوکی دەمرێ..زیرەک لە ژیاننامەکەی خۆی کە بە شیعر لە (چریکە،١٩٦٦) دا بڵاوی کردووتەوە ئاوای باسی ژیانی خۆی دەکات :
دەستی قودرەت بوو ، بابم کۆچی کرد
دایکم مێردیکرد ، زوو بەدەست وبرد(٣) بەو جۆرە ماڵی ئێمەی بە قوڕ گرت بزنی دەفرۆشت، دەیگوت مانگا مرد خوشک و برامی وادەر بەدەرکرد خەڵکی بۆکانی لێمان خەبەرکرد بناغەی ماڵی لە بن دەرهێنا سەبارەت بە میرد، گشتمانی دەرکرد هه شت نۆ ساڵە بووم، بووم بە عەمەلە لەکارکردنا زۆر ئەم کرد پەلە ئیتر..زیرەک لە بێ باوکی و بێ دایکی و بێ ماڵی و بێ سەر پەرشتی وهه ژاری دا بەو تەمەنی منداڵیەوە دەکەوێتە کارکردن و .. تا یازدە ساڵە ئاوا کارم کرد مانگێ شەش تمەن، من بێگارم کرد لە نێو ئەم ژیانە پڕ زەحمەتەش دا برا گەورەکەی ژنێک هه ڵدەگرێ .. برام گەورە بوو، کچێکی ڕفاند ئەمنیشی تارکرد، هه ردێ و شارم کرد ئیتر لیرەوە زیرەک سەرە ڕای هه ژاری وکرێکاری و بێ ماڵی.. پێی هه ڵاتنیشی دەکرێتەوە و دێیەو دێ و شارەو شار وڵاتەو وڵات دەکات و نا حەسێتەوەو ناگیرسێتەوەو شەقی زەمانەو قەدەر هه ر بەدوایەوە دەبێت . لە دوازدە ساڵێ دا دەبێتە قاوچی و لە سێزدە ساڵی دا ، وەک خۆی دەنووسێ : لە ١٣ ساڵە پەیام کردبوو نێو نەم دەویست کەسێ من بکا بە خێو وەک باس دەکەن زیرەک هه ر زوو بەهرەی دەنگخۆشیەکەی دەردەکەوێ و لە کۆڕو کۆبوونەوەو شایی دا گۆرانی دەڵێ و سەرنجی خەلک بۆ خۆی ڕادو کێشی وئەمەش دەبێتە هۆی ناو پەیداکردن و هه ست بە خۆکردن ! هه ربۆیە زیرەک بە خۆ دێتەوەو بیر لە کەسایەتی خۆی دەکاتەوە کە تا ئێستا چۆن ژیاوە !! ئیتر بڕیاردەدات خۆی خاوەنی خۆی بێت و کەس ئەو بە خێو نەکات. ڕاستە هه ر زوو بەمنداڵی کاری زۆر وگرانی کردووە ؛ بەڵام ، کارکردنەکان تا ئێستا شاگردی و گاوانی و ناو ماڵی ئەم و ئەو بووە ، کە ئەم جۆرە کارکردنە بۆ ئەو ڕۆژگارە جۆرێک بووە لە خوڵامی و بەندایەتی ! ئێستا کە ناوبانگی پەیدا کردووە ، بەوە ڕازی نابێ خاوەنی هه بێت و بە خێوی بکات ! لە چواردە ساڵی داسەرلیو بۆردەکات ودەکەوێتە سەرکێشی و ئاوارەیی زۆرترو دەربەدەری بەردەوام وهه ر ڕۆژەی لە دێیەک و لە شارێک و جەمێک تیرو دوو جەم برسی .. لە ١٥ ساڵە فکرم هاتە سەر خۆم ڕازاندەوە ، جلم کردە بەر بەم جل لە بەرکردن و فکر هاتنەوە سەرە زیرەک دەکەوێت بیری خوشک وبراو کەس و کاری لە بۆکان و دڵ پڕ هیوا دەگەڕێتەوە ! هه مووم دیتنەوە ، یەک یەک و دوو دوو بە خراپیان زانیم ، لێم یان نەگرت خوو کە کەس و کاری ڕووی نادەنێ جارێکی تر بەدڵی شکاوە ئاوارەیی و دەربەدەری و بێکەسی باوەشی بۆ دەکاتەوە.. کێ بێ بێ گەورە، کە بەرەڵڵابێ وەک منی لێ دێ ، زەحمەتە چابێ بەڵێ گێژەنی ژیانی نێو کۆمەڵگای بێ سەرو بەر زیرەک دەگەیێنێتە ئەو حیکمەتەو هۆی ئەم کارانەی خۆی ڕوون دەکاتەوە .. لە شازدە ساڵە، چەند دەرکەم تەقاند چەندەکارم کرد ، چەند سەرم شکاند لە چەند کەسم دا، چەندم زامدارکرد چەند باڵم بڕی ، گوێ سوانەم ڕووخاند برسیەتی سەری پێ هه ڵدەگرێ ولە مەرا غە دەبێتە توتنچی و دەچێتە تەورێزو دەس بە قاچاغچیەتی دەکات و دەگێرێ.. شەوێک کە گیرام، مردن لای وی چێ تاڕۆژ لی یاندام، بەدارو قامچی ئەو گیرانە کە گیراوە بەریان نەداوە تا تەمەنی بووە بە بیست ساڵ، کە بەردەبێ دیسان ژیانی هه ژاری و کرێکاری ودەربەدەری ڕووی تێدەکاتەوە ، لەو ماویەدا هەرچی ناخۆشی هه یە جارێکی تر دەیچێژێتەوە ! چەندە پەندم دێ ،بووم بە بیست وچوار باش بێ عەقڵ بووم ،بێ شەرم و بێ عار بەم حاڵ و بەم بێ کەسی و بێ کاریە ڕوودەکاتە تاران وخوزستان ومەسجید سولیمان و خوڕەمشەهرو شاری ئابادان..بەداخەوە.. هه رچەند گەڕام، کارم دەست نەکەوت نە لە کارخانەو نە لە شیرکەی نەوت بەناچاری ڕوو دەکاتە بەسرا لە عیراق و لەوێش بێ سەرو بەریەکی زۆر دەبێت وکاری دەس ناکەوێ وبە برسیەتی و لە ترسان ڕوو لە مەجیدخان دەکات و بەو هیوایەی ئەمجارە براو براژن و برازا ڕووێکی خۆشی بدەنێ ! لەودەمەدا براکانی حاڵیان باش بووە ، هه رچۆنی بێت .. بوومە نۆکەریان، بوو بوومە کاردار بەشەو ئێشکچی ، بەڕۆژ باروکار سەرە ڕای کاری زۆرو مانوو بوونی بەردەوام لچ ولیوی لێ هه ڵدەقرچینن و حەقەکەی نادەنێ ، بەشەڕو ناخۆشی پاش گیران و بەندیخانە بە هۆی (وێنس خان ) ئاغای دێ بەردەبێ و حەقەکەی دەدرێتێ، دەڕواو لە سەقز دەبێتە شاگردی حاجییەکی تەماحکار وشەوو ڕۆژکاردەکەن وبەلۆری حاجی دار دێنن بۆ شار ، شەش حەوت مانگی پێ دەچێ ، لۆری خراپ و باری گران زیرەکی نەشارەزا لە هاژووتنی لۆری ..لۆری بۆ ناگەڕێتەوەو دەیکێشی بە دیوارێک و وەردەگەڕێ و ئاگردەگرێ ، کوڕێکی گەنج بە ناوی ( مستەفا) و دەزگیراندار گیان لەدەست دەدات ،زیرەک دەنووسێ .. مستەفا چ گەنج،چە شیرین لاوە گیرۆدەی گەردوون خستیە ئەم داوە زیرەک خۆی بە هۆکاری مردنی مستەفانازانی وڕووداوەکە وەک ڕێککەوت باس دەکات و دەڵێ: خەتام تیا نەبوو، بە کەلام و ڵڵا خودالێ ی خۆش بێ، یەزدان ئیشاڵڵا زیرەک کە ئەو گەنجە دەمرێ (لەساڵی ١٣٢٠ی هه تاوی ڕێکەوتی١٩٤١)(بەسەرهات،ب٢ل٢٢) لەترسی ئەوەی بە و گەرمیە کەس و کاری کوڕە دەستی لێ بوە شێنن خۆی دەکات بەمردوو ، خەڵک دەوریان دەدەن و چاندارم دێن و سایەق و زیرەک و نەفەرەکان دەگرن ! زیرەک لە جاندارمری فرسەتی دەس دەکەوێ و هه ڵدێ ، هه رچەندە جاندار بەدوای دادەگەڕێن و ڕێگای لێ دەگرن ؛ چۆن شارەزای ناوچەکە دەبێ و بە زەحمەتی زۆر خۆی دەرباز دەکات، چەند کەندو جۆم دەبڕێ و لە دوورەوە کەپرێک دەبینێ و دەچێتە لایان ، پێرێک و کەنجێک دەبن ..سەرەتا دەیانەێ زیرەک دەسگێر بکەن ! بەڵام، زیرەک هه رزووهه ست پێ دەکات و چەقۆ دەردێنێ و گەنجە بەرزەفت دەکا..پیرە دەکەوێتە پاڕانەوە گەنجەش تکای لێ دەکات و هه ردووکیان دەلێن: کە کوڕەم واگرت ،پیر کەوتە هاورار وتی ئینساف کە، ئەی برای ڕێبوار جەهێڵ پاڕاوە و داوێنی بادام سەری دانەواند جوان خۆی لێ لادام وتی بە خێر بێی ئەی کاکی میوان مە بێ عەقڵ بووین ، ببوورە ئامان ! لە جەواب دا ووتم براو بابە کەم منیش دەر حەقتان جارێ چادەکەم بەرە بەیانی زوو پێرە بانگی دەکاو نانی دەداتێ و دەڵێ: زوو خۆت دەربازکە ، هه رچۆنێ بێ دگاتە تەورێزو لەوێ دەبیسێ کە بە دوایەوەن ، ناچار ڕوودەکاتە تاران ..لە تاران خەریکی کاسبی دەبێ لە نیوان قوم و تاران دێ و دەچێ ،پاش دوو ساڵ ژیان بەم شێوەیە ، جارێکی تر غەریبی کەس وکاری دەکات و دەگەڕێتەوە تەورێزو لە وێشەو دەچێتەوە مەهابادو دەچێتە دادگاو ڕووداوەکە چۆنە ئاوا دەگێڕیتەوە .. نە پاڕامەوە کە بمدا نەجات واش تێ نەکۆشام بمداتێ خەڵات نۆ مانگم کێشا زیندان ، بە خەتا دەوڵەت بەخشێنی پێ کردم عەتا ئەم کەین و بەینە ، ساڵێک بوو تەواو جا چۆن پیر نەبم، چۆن بمێنێم لاو!؟ بیست و حەوت ساڵەم ئاوا هاتە بان جا خۆت کۆمەک بە ،خودای لامەکان زانیم ئە ئاوا لێم وشک دەبێ خوێن پێتاوم پێچا بۆشاری پێنجوێن بەشی دووەم:- دامەزران لە ڕادیۆی بەغدا.. لە نێوان پێنجوێ و سلێمانی و کەرکوکو هه ولیر دا دێ و دەچێ ، هه رچی دەکات هه ر پێی دەڵێن ؛ تۆ ئێرانی ! بە هه نجەتی زیارەتی غەوسی گەیڵانی ڕوو دەکاتە بەغدا.. بەغدا پاک گەڕام شارع ، چاخانە بووم بە شاگردی موسافیرخانە باش کارم ئەکرد ، ڕۆژو شەوانە لە ئوتێل شیمال ، کە جێی کوردانە مسافیرێکمان بوو کە مام جەلال بوو یەکجار گەنجێکی بە بێ غەلال بوو(٤)
ڕەحمەتی (مام جەلال) ئەوێش دەگێڕیتەوە کە گوێی لە دەنگی زیرەک بووە، لە کاتی کارکردن دا گۆرانی گوتووە ، زۆری پێخوش بووە ، هه ر بۆیە پێی دەڵێ دەتبەم بۆ ڕادیۆ ! کە زیرەک ئەمە دەبیسێ لە خۆشیان پێی عەردناگرێ ! بەڵام دەڵێ من جنسیەم نیە ! لە بارەی جنسیەوە زۆر بەڕێز ئەوە باس دەکەن کە یارمەتی زیرەکیان داەو نفوسی عێراقیان بۆ دەرهێناوە . هه رچؤنێ بێت دەگاتە ڕادیۆە ئەو کاتە بەڕێز
(عادل عیرفان) بەڕێوە بەری ڕادیۆی کوردی دەبێ ! داوا لە زیرەک دەکەن بەندێکیان بۆ بڵێ ..
کە بەندێکم گوت ، بە دڵی پڕ گریان
لە خوداوە جەرگیان بۆم بوو بە بریان
گوتیان بە ڕاستی لە هجەی شیرینە
بەڵام ، داخەکەم کە بێ تەمرینە
پاش ئەوەی بە تیپی مۆسیقای دەناسێن ، زیرەک دەڵێ :
ئۆرکیست کە هاتن ،هه موو کویرو شەل
لە خۆشیان گشتیان کەوتنە پەلەپەل
لیرە زیرەک زۆر بەوردی باسی کەسەکان و ئامیرە مۆسیقیەکان دەکات ، دوا جار دەڵێ :
مە خلەس دامەزرام لە بەشی کوردی
لە رادیۆی بە غدا هێجگار بە مەردی
زولمیان لێ کردم، مانگێ شەش دینار
مانگ لەگەڵ مانگ زیادیان کرد ناچار
بەم شێوەیە چەند ساڵ لە بەغدا بە غەریبی و بێ کەسی دەگوزەرێنێ ، بەڵام، دەڵێ .. ئەو چەند ساڵە دۆستی باشم پەیداکردوو ناوو نابانگیشم بڵاو بووەوە.
لە گەڵ شۆڕشی( عەبدوڵکەریم قاسم ) کە شەقام پڕ دەبێت لە بمری و بژی ! وەک هونەرمەند باکووری باس دەکات ، لە ترسی ئەوەی ئازاری بدەن ؛ چۆن گۆرانیەکی بە( مەلیک فەیسەل)(*٥) دا هه ڵگوتووە ، زیرەک بە ناچاری ڕوودەکاتەوە ئێران ..
مەخلەس (٥٨) ماڵم بە جێ هێشت
هیچم نە هێنا بە عەزمی خوێ چێشت
گەڕانەوە بۆ ئیران ..
ئێمە لە ناونیشانی ئەم بابەتە نووسیومانە(داهێنان ..لە نێو ئاگر دا) لەوەش دا مەبەستمان ئەو شۆک و ڕووداوو پێشهات و بەسەرهاتە دەروون هه ژێنانەیە کە یەکجار زۆرن لە نێو ژیانی زیرەک دا ، ئێستا لەو بەشەی ژیانی زیرەک بە پێی ئەو زانییاریەی ئێمە هه مانەو زیرەک خۆی باسی کردووە ، بە ژمارە شۆکەکان بەسەر دەکەینەوە :
١ – زۆر بە منداڵی باوکی دەمرێ ، باوک مردنیش بۆ ئەو تەمەنەی زیرەک سەدمەیەکی گەورەبووە.
٢ – دایکی شودەکاتەوە ، شوکردنەوەی دایکی شۆک و هه ژاندنێکی تر بۆ زیرەک و جارێکی تریش شۆکی مردنی باوکی بیردەخاتەوەو دووجار هه تیوی دەکات.
٣ – بەهۆی باوک مردن و دایک شوکردنەوە زیرەک بێ ماڵ و سەر پەرشت دەبێت وهه ر ڕۆژەی کارێک دەکات و هه رشەوەی لە جێگایەک دەخەوێ .
٤ – براگەورەکەی ژنێک هه ڵدەگرێ و ژیانی زیرەک ناخۆشتر دەکات و ناچار دەبێت ئەویش ڕابکات .
٥ – لە بێکاری دا دەبێتە قاچاغچی و دەگیرێ و زۆری لێ دەدەن – لیدانێک مردن لای وی چی- وماوەیەک بەند دەکرێ .

٦ – پاش دەر بەدەری و ئاوارەیەکی زۆر غەریبی کەس و کاری دەکات و دەگەڕێتەوە ، بە داخەوە نەک هه ر ڕووی نادەنێ تاوانباریشی دەکەن ! دیسان ڕوو لە ئاوارەیی و دەر بەدەری دەکاتەوە .
٧ – ئەمجارە دەبێتە شاگردی سایەق لۆری حاجیەکی تەماحکارو لە ڕووداوێک دا لۆری لەدەست وەر دەگەڕێ و گەنجێک بە باوی ( مستەفا) دەبێتە قوربانی و زیرەک لەترسان ڕادەکاو جارێکی تر دەبێتەوە ئاوارە .
٨ – پاش ماوەیەک دەگەڕێتەوەو خۆ تەسلیم دەکاتەوە ووەک میدیای زەندی لە پێشەکی چاپی دووەمی چریکەی کوردستان دا نووسێویەتی : بەهۆی ئاگرگرتنی ماشینەکەی لە سەقزداو کوژرانی لاوێکی ١٨ ساڵە بە بەندی ئەبەد مەحکوم بووە .
٩ – ئەو کە لە بەندیخانە بەردەبێ دەبینێ ( دایکی خیزانی ئەوی – کە ناوی مەحبووبە بوو- لە حوسەینی برای مارە کردووەو هه ر ئەوشەوەش بووە کە زیرەک لە بەندیخانە دێتەدەرەوە!! وا پێ دەچێ ئەمە یەکەم ژنی زیرەک بێت؛ ئەمکارە ئازاری ڕوحی زیرەک دەدات خۆی بۆ ناگیرێ وسەر هه ڵدەگرێ !
١٠ – دواجار دێتە عێراق و دەگاتە ڕادیۆو شەش حەوت ساڵێک لە بەغدا دەبێ ، کە عەبدوڵکەریم قاسم ڕژێمی پاشایەتی دەڕووخێنێ و دەیکات بە کۆماری ، زیرک ناچار دەبێت هه ڵبێ و ڕوو بکاتەوە ئێران ، لەو ڕوو لە ئێران کردنەویەدا بەدەستی بەتاڵ بە بێ هیچ سەر مایەیەک ، وەک خۆی دەنووسێ: ئەوەندەی خوێی خۆی پێ نەبووە بیکاتە ناو چیشت !!
١١ – کە دەگەڕێتەوە ئێران بە ناچاری( گەوهه رخانم ) بە چی دێڵێ ! ئەو گەوهه ر خانمە ی گۆرانی ( گەوهه رێ ) ی بۆ دەڵێ ، دوا جار دەرکەوتووە کە گەوهه رخانم ( جەمیل ) لە سک دابووە ، ئەو جەمیلەی باوکی خۆی نەدی و ئەو باوکەی ئاگاداری ئەوە نە بوو کە کوڕێکی هه یە بە ناوی جەمیل ؟!!
١٢ – لە هه مووان ناخۆشتر کارەکەی لەدەس دا.. کە وەک هونەرمەند کارمەندی ڕادیۆی ئێستگەی بەشی کوردی بەغدابوو، کە ئەو یەکەمین جارو دواجار بوو ئاوا ماویەکی درێژ لە یەک شوێن و یەک کار بکات و کارەکە بەدڵی خۆی بێت .
١٣ – بەنەمانی کارەکەی ئەو فرسەتەشی لەدەس چوو کە هه فتانە چەند گۆرانیەکی تازە لە گەڵ تیپی مۆسیقا تۆماربکات و بە هۆی ئێستگەوە هه رزوو بە نێو وڵات دا بڵاو ببێتەوە .
١٤ – ئەو کار جێهێشتن و هه ڵاتن و گەڕانەوەیە بۆ ئێران، لە گەورەترین پایتەختی ناوچەکە دوور دەکەوێتەوە کە ماوەیەکە تێیدا دەژێ و دۆست وئاشنای زۆری تێدا پەیداکردووەو وەک هونەرمەندێکی گەورە ناسراوەو هه تا ڕادەیەک لە نێو کۆمەڵگا جێگای خۆی کردووتەوە !
١٥ – کە هه ڵدێ و دەگەڕێتەوە ئێران ..وەک کەسێک .. نازانێ چارە نووسی چی دەبێت! بەدەستی بە تاڵ و بە بەرکی بەتاڵ و بە ناوبانگێکی زۆرەوەو بە ترس و دڵە دڵیەکی زۆرەوەو بە ناچاری جارێکی تر سنوور دەبەزێنێ و دەگەڕێتەوە ئیران .
١٦ – بە هۆی ئەوەی کە زیرەک ئێرانی بوو ، ئەو نفووسەی پێی دامەزرابوو ،ساختە بوو! زیرەک تا لە عیراق بوو ئەو ترسەی لە دڵ دا هه بوو ، ڕۆژێ ئاشکرابێت و بگێرێ و بکەوێتە بە ندیخانە و کێشەی بۆ دروست بێت، بەردەوام لە دڵەوە ئەم ترس و نیگەرانیەی هه بووە ، هه ر بۆ یە لە چەند گۆرانیەک ئەو ترس و نیگەرانییەی خۆی دەربڕیوە و دەڵێ:( سەت ساڵ لە عێراق بم هه ر پێم دەڵێن خەلکی عەجەمە! لە گۆرانیەکی تریش دەڵێ: ناوێرم ئەوکچەی ماچ کەم پێم دەڵێ خەلکی عەجەمە!) هه تا لە عیراق بوو ئەم ترس و نیگەرانییەی- ئێرانی و عەجەم بوون – ەی بەردەوام لە دڵ دابوو!
١٧ – بە هۆی ئەوەی کە زیرەک لە ڕەنگ و ڕوودا زۆر بەرچاو نە بووە و ڕووی ئاوەڵەی هه بوو ، زۆر کەس کە دەنگی ئەوی لاخۆش بووە ، کە زیرەکی دێوە یەکسەر ئەمەیان دەربڕیوەو ڕوو بە ڕوو پێیان گوتووە .. دەنگ و ڕەنگی وەک یەک نیە ! ئەمە بەردەوام دوو بارە بووەتەوە ، هه تا ئەو ژنە جوان و خاتوونە تەورێزییەش کە زۆر جار نامەی ئاگراوی بۆ زیرەک دەنووسێ و داوای لێ دەکات سەری بدات. دواجار کە زیرەک دەچێتە تەورێزو دەچتە ماڵەکەی ، ژنە کە چاوی بە زیرەک دەکەوێ تەواو بە پێچەوانەی نامەکان ..بەشێوەیەک بە ساردی و بێ مەیلی پێشوازی لە زیرەک دەکات ، کە کۆشکی خەیالی خۆی زیرەک هه ردووکیان پێکەوە دەڕووخێنێ و دەڵێ : خۆزگە هه ردەنگم بیستباو ڕەنگم نەدیبای و ئەو نامانەشم بۆ نە نووسیبا!! هه ر بۆیە زیرەک ئەم گرێ دەروونیە بە گۆرانی دەربڕیوە ، لە یەکی لە گۆرانیەکان دەڵی: بۆچ من لە جوملەی جوانی عەبدی خودانێم !!
١٨- پاش مردنی باوکی زیرەک دایکی شودەکاتەوە ، ئەو شوکردنەویە زیرەک خۆی باسی کردووە . لە ژیاننامەکەی لە چریکەی کوردستان دەڵێ :
دەستی قودرەت بوو،بابم کۆچی کرد
دایکم میردی کرد، زوو بە دەست و برد
بەو جۆرە ماڵی ئێمەی بە قوڕگرت
بزنی دەفرۆشت، دەیگوت مانگا مرد
خوشک و برامی وا دەر بەدەرکرد
خەڵکی بۆکانی لێمان خەبەرکرد
جا زۆر جار خەڵک ئەم شوکردنەوی دایکیان بە چاوی داداتەوەو گوتوویانە..کوڕی( ئامینەکەیفەیە) و دایکی شوی کردووتەوە! ئەمەش هه تا لە ژیان بوو زۆر جار زیرەکی پێ عەیبدارکراوە ! بە ڵام؛ خۆزگە هه موو ئەوانەی کە دایکیان شوی کردووتەوە وەک( حەسەن زیرەک ) هونەرێکیان پێشکەش بە میللەت دەکردو! جا با ئەوسا دایک شوکردنەوە خراپ با!؟
داهێنان لە نێو شۆک دا..
ئێمڕۆ بەوەندە ئاگاداریەی کە هه مانە لە بارەی ژیانی زیرەک لە ڕۆژی لە دایکبوونیەوە تا ساڵی ١٩٥٨ ، ئەم ١٨ شۆکە دەروونهه ژێنەمان بۆ تۆمار کرا! دڵنیاشم کە هێشتا زۆر ڕووداو پێشهاتی ناخۆش و گران هه یە ، لە ژیانی زیرەک لەو ماوەیە دا ئێمە نەمانزانیوە ،لە گەڵ ئەم هه موو ئازارو شۆکە گەورەیە ش دا، بەرهه می داهێنراوی زیرەک لەو ماوەیەی کە لە عیراق بوو، چ لە ڕادیۆی بەغداو چ لە ئاهه نگە گشتی و تایبەتیەکانی ماڵان .. کە تائیستا کەس ژمارەی گۆرانیەکانی بەتەواوی نازانێ چەندە ؟ چ ئەوانەی ڕادیۆو چ ئەوانەی لەدەرەوەی ڕایۆ لە عێراق گوتوویەتی ! ئەمانەش بەرهه می یەکەمین قۆناغی تۆمارکراوی گۆرانیەکانی هونەرمەند(حەسەن زیرەک) ن،کە هه ر گۆرانیەک لەم گۆرانیانە بۆ خۆی لوتکەیەکە لە لوتکە زۆرەکانی داهێنانی ئەم هونەرمەندە گەورەیەی کورد . ئێستا دەتوانین بە دڵنیاییە وە بڵێن: هونەرمەن حەسەن زیرەک ..ژیانێکی دۆزەخی هه بوو ، دەنگێکی بە هه شتی !

بەشی سێیەم :-

لیدانی زیرەک لە ڕیی گەڕانەوەی بۆ ئیران..
زیرەک زۆر جار لێیدراوە..ئەگەر دواجار هه موو لێدانەکان دەستی حکومەت و ساواکی تێدایە ئەوا
ئەمجارە کە لەزیرەک دەدرێ ! لیدانێک سەربەماڵی مردن دادەکات..بەڵام ؛ لیدانێکی بەهه ڵەیەو بە هۆی بوکێکی ترکی کوردی نەزانەوەیە ،تکایە خۆت کارەساتەکە بخوێنەوە، وەک ئەوەی زیرەک خۆی بۆ میزاکەریمی گێڕاوەتەوە کاتێ لە پاش شۆڕشی عەبدولکەریم قاسم بەناچاری ڕوودەکاتەوە ئێران و لە ڕێگای گەڕانەوەئاوای بەسەردێ !
بۆ مشكێك (زیرەك)ی بە لێدان دا؟!
میرزا کەریم خۆشناو دەگێڕیتەوە کە زیرەکدەڵێ:(
دوای (شۆڕشی) چواردەی گەلاوێژی ١٩٥٨ ی زاینی(٦) لە عێراقدا من گەڕامەوە ئەمدیو لە ڕێگا زۆر ماندوو بووم وەك بڵێی گەندە تایەكیشم لێ بوو. منیش لە دێیەكەو نێزیك ڕێگاكەم برادەرێكی زۆر خۆشەویستم هەبوو كە زۆر جار لەماڵی ئەو نانم ئەخواردو ئەخەوتم، ناوی كوێخا عەزیز بوو بیرم كردەوەو لە دڵی خۆمە گووتم ئێستا من نەخۆشم ناتوانم بەڕێگەدا بڕۆم با سەرێكی ماڵی دۆستەكەم بدەم و شەویش لایان ئەخەووم تا تۆزێك لەشیشم سوك ئەبێ تایەكەش بەرم ئەدات و دیداریش تازە دەكەینەوە. ئەو كاتەی من هاتوچۆی كوێخا عەزیزم ئەكرد، چوار كوڕی هەبوو كە هیچیان ژنیان نەهێنابوو كوێخا ژنیش زۆر میهمان نەوازو گران و پتەو بوو ڕوم كردە دێیەكەو سەیرم كرد جێگە ماڵی خانە خۆیكەم خانویەكی گەورەو حەوشەو حەساری چاك بە بەردو سیمان دروست كرابوو گەشتمە پێش ماڵەكە ژنێكی زۆر جوان و جاحێل لەبەر دەرگا وێستابوو منیش لێی چومە پێش و گووتم: ئەرێ ئێرە ماڵی كوێخا عەزیزە خوشكێ؟ ژنەكە زەردەخەنەیەكی كردو گووتی: ئاری وەڵڵا ئێرەیە ماڵی حاجی كوێخا ئەتو چیت دەوێ؟ ووتم: من میوانم حاجی لە ماڵە؟ لە دەنگی ئێمە كوڕە لاوێكی چوارشانە هاتە دەرەوەو گوتی: فەرموو كاكە وەرە ژورەوە وا دیارە ماندوشی؟ گووتم: نەك تەنها ماندوو ئەمن تاشم لێیەت ئەگەر دەكرێت جێگایەكم بۆ داخەن. سەیرم كرد ناو داڵانەكە هێشتا سیمان نەكرابوو پڕبوو لە كونە مشك جێگایان لەسەر ئەو كونە مشكانە ڕاخستم، چاوم گێڕا حاجی و كوێخا ژنم نەدی سێ ژنی زۆر جوان و جاحێل لە ماڵەكە هاتووچۆیان دەكرد، ئەو ژنەی قسەی لەگەڵ من كرد كوردی و توركی تێكەڵاو دەكرد وەك بڵێی خەڵكی لای نەغەدە بوو، دەم بە پێكەنین و ڕوو خۆشبوو ڕووم لەو كردوو خەریك بوو هەواڵێكی كوێخا عەزیزو ژنەكەی بپرسم بەڵام زۆر نەخۆشبووم چومە سەر جێگەكەم و لێم پاڵدایەوە پەتویەكی تەنكیان پێ دادام ئەوەندەی پێنەچوو هۆشم بە خۆمەوە نەماو نەم ئەزانی نە شەوەو ڕۆژە. كە چاوم كردەوە دیم پێش نیوەڕۆی ڕۆژی دوایە كە شەو ڕۆژێك كەوتوم ئێستاش دەمێكە پیاوەكانی ماڵ چونەتە دەرەوە بۆ سەرشینایی لەخوار ئاوایی. چاوم گێڕا ژنەكان لە ماڵەوە بوون و كوێخا ژنیش راوەستابوو نان و پێخۆریان بۆ پیاوەكان ئامادە دەكرد. منیش زۆرم تێنوو بوو ووتم: ئەرێ هەندێك ئاوم بەنێ زەحمەت نەبێ، كوێخا ژن سەیرێكی منی كردو ڕووی خۆی دەولای كردەوەو زانیم نەیناسیمەوە منیش ئەوەندە نەخۆش بووم وەڕەز بووبووم تاقەتی قسەكردنم نەبوو. كوێخا ژن ڕووی لە ژنە جوانە ئاشناكەی من كردو گوتی: (خەرمان) تۆزێك ئاو بدە میوانی نەخۆش، خەرمان ڕووی لەمن كردوو گوتی: ئای كاكە چاكتر بویەوە هە؟ بەدەم تاو ناڵە ناڵ گوتم نەخێر هێشتا زۆر نەخۆشم. غاری كردوو (جامێك ئاوی بۆ هێنام خەریك بوو دەست درێژ بكات ئاوەكەم بداتێ لەپڕ پشتاو پشت گەڕایەوە بە دەنگێكی بەرز گووتی (ئای ئای كاكە مهمان مشك نیشانم دەدات) پاشان هاتەوە پێش و گوتی ئەمن لە مشك ناترسم و ئاوەكەی دایە دەستم منیش زۆرم تا هەبوو، ئاوەكەم خواردەوە گوێملێبوو كوێخا ژن دەستی كردبوو بە قسەی ناشرین و بۆڵە بۆڵ و وتی: ڕاوێستە با نان بۆ ئەو (گە…..) جنێوێكی دایە كوڕەكانی و مەبەستی شكات لە من و لە بوكەكەی بكات منیش بێخەبەر لە هەموو شتێك، كوێخا ژن بە پۆڵە و پرتە پرت وەدەركەوت و منیش كەوتمە حاڵی خۆم و لە هۆش خۆم چوبوم كە لە پڕ لەزمەیەك بەخەبەر هاتم وامزانی خانوەكە بەسەرمدا دەڕوخا خەریك بوو ڕاپەڕم بەڵام پێڕانەگەشتم كە لیسێكیان لەناو قەدم دا سەیرم كرد كوڕە جاحێلە چوار شانەكە بوو وای بە توند لێدام ویستم شتێك بڵێم ئەرێ بۆ لێم ئەدەن چیم كردووە بەڵام دەموو دەست ڕمیەكێكی تر لەسەر دڵم هەستاو هۆشم بە خۆمەوە نەما !! وەنەمزانی چیم بەسەردا هاتووە.! كاتێك چاوم كردەوە دیم(خارەمان) لەبەرامبەرم دانیشتووە ئەگری بە توركی ئەیلاواندمەوەو ئەیگوت:( مهمان ئهڵڵاهن سیوگولی دی نیە ووردوس بلاسن) (قیمەرەم گیشیمە هیچ بیر سۆز دیمەم ئەما ئیمام عەباس ئۆ بیرلارن كەمارنە وڕسن) واتە میوان خۆشەویستی خودایە بۆچی لێتاندا؟ دڵم نایەت هیچ دوعایەك لە مێردەكەم بكەم بەڵام ئیمام عەباس لە تەنكێشی ئەوانی تر بدات). كە سەیرم كرد مشكێكی تۆپیویشی لەتەنیشت خۆ دانابوو كە بە تەواوی بە هۆشی خۆم هاتمەوە هەموو لاشەم ژانی ئەكرد بەخۆم نەوێستام و دەستم كرد بە ناڵین (خارەمان) كو چاوی بە من كەوت هەڵاتە دەرەوەو هاواری كرد مهمان چاوی كردەوەو ئەم قسەی كردو تەپەتەپ پەیدا بوو لە ژورەوە غاریان ئەدایە لامن لە دڵی خۆمەوە گووتم وەڵڵاهی ڕۆژێ پێی بچم ئەو ڕۆژەیە خودایە چی بكەم توشی چ ڕۆژێكی ڕەش هاتوم ناچار لە ترسی ڕۆحی خۆم تەكانێكم دایە خۆم كە هەڵستمە پێوەو هەڵبێم یان لانی كەم لە جێگای خۆم هەڵبستم وەك سیپاڵم لێهاتبوو تومەز هەرچی لەشم بوو كوترا بوو سەریەك ئەوەندەی بەبێ ڕەحمی بەلیس پێلەقە لێم بدەن!!! ناچار بە نا ئومێدی سەرم جوڵاندەوەو لە دڵی خۆمە گوتم: خودایە خۆت ئەزانی ئەگەر هەموو جارێكیش خەتام بوبێت ئەم جارە هیچ گوناحێكم نییە فریام بكەوە یا رەب و العالەمین زۆریش دڵم بە خۆم سوتاو بەدەست خۆم نەبوو فرمێسكم هاتنە خوارەوە ڕوم كردە دیوارو خۆم تەسلیمی قەدەری خوا كردو مایئوس بوم لە ژیان! بەڵام لە پڕ دەنگێكی ئاشنا هاتە گوێم گوتی كاكی مێوان…. كاكی مێوان…. من لەترسا جەوابم بۆ نەدرایەوەو هەموو لەشم وەك بی ناو ئاو ئەلەرزی. دەنگەكە چووە لای ژورەوەو وتی: وەڵڵاهی سێ بەسێ تەڵاقی ئەو دایكەی ئێوەم بكەوێ ئەو مێوانە شتێكی لێبێت ئەتان كوژم یان ئەگەر خۆشم دڵم نەیەت بتان كوژم تەسلیم بە (ژاندارمەری)تان ئەكەم هەی(…..) چۆن ئێوە خۆتان لە میوانی خۆتان ئەدەن !! بێ ئەوەی بزانن شتەكە چۆنە؟ ئەو بەسەزمانەتان لەسەر كونی مشك نواندووەو ماڵی ئێمەش وەك ئەشكەوت مشك جلیتانیێ تێدا دەكات مشكێك لە كونەكەی ژێر میوانەكە سەری لە كون دەرهێناوەو خارەمانیش كوردیەكەی بە تەواوی نازانێت!!! لێرەدا وا دیار بوو ڕووی قسەی لە كوێخا ژن بوو گووتی نابوایە بە خۆت بزانی مەسئەلە چییە جا بچیت كوڕەكانت حاڵی بكەیت هەی (…..) لێرەدا خارەمان گووتی: (ئاوەڵڵا مامە سیچان دیتم و گوتم مشك دیتم خەسوشم ئیشتباهی كرد بە شتێكی خەراپ)! ! من كە ئەو قسانەم بیست گوێم لێبوو هۆشێكم هاتەوە بەر كە زانیم كوێخا لای منەو شتەكە ئیشتباهی ڕوی داوە بەڵام من قوربانی ئیشتباهەكە بووم ڕوم كردەوە لای ئەوان و كوێخا سەیری منی كردو گووتی كاكە تۆ ناوت چییەو خەڵكی كام جێگەی؟ بەڵام لە قسەكانی دیار بوو زۆر موتەئەسیر بوو بۆم هەڵبەت من ڕەنگم گۆڕابوو ڕەش داگەڕابووم تەواو تێكچوبوم حەقی هەبوو نەمناسێتەوە گوتم: كوێخا عەزیز حەقت هەیە نەمناسیەوە چونكە ئەوەندەیان بە كیس و پێلەقە لێدام ڕەش داگەڕاوم و ڕەنگی مردوم پەڕیوەتێ!! كە قسەم كرد كوێخا خۆی بەسەردا دام و ئامێزی تیوەینام لە بابە ڕوێ داو دەستی كرد بە گریان و گووتی: هەی ماڵ وێران خۆم ئەم ڕوو سیاه خۆم ئەی شەرمەزار خۆم خۆ ئەوە (حەسەن زیرەك)ی ڕەفیقی كۆنمە چەند ساڵە چاوەڕێی سەرلێدانیم ئەی ڕۆبابە ڕوو ڕوولە كیندەر بكەم!! كە كوێخا ناوی هێنام هەرچی لە ماڵەكە بوون سەریان سوڕما بوو سەیری یەكترییان ئەكرد تێكڕا وتیان چی….(حەسەن زیرەك)؟ ئیتر ڕوویان نەبوو سەیرم بكەن لە شەرمان بەڵام زۆر پەشیمان بوبونەوە بەڵام كەنگێ پەشیمانی بە دەردی خواردووە؟ داری پەشیمانی بەرەكەی خەفەت خواردنە كوێخا هەستایە پێ و چاوی خۆی سڕیەوەو نەڕاندیە سەر ژن ومنداڵەكانی و گووتی: نازانم چیتان پێ بڵێم جارێ بڕۆن دكتۆرێك بێنن با دەرمانی بكات، دەی زووكەن. كوڕە چوار شانەكە ئەوەی تر كە زۆر لێیدابووم ڕۆیشتن دكتۆر بێنن دوو كوڕەكەی تریش لەگەڵ ژنەكان جێگەكەیان گواستەوە دیوەخان و ڕایەخ و پێخەفی پاك و خاوێنیان بۆ داخستبووم و كوێخا هاتە بن هەنگڵم و ژورەوە لەسەر جێگاكە داینام و هەندێك سەرینی خستە پاڵ پشتم و گوتی: دوو فروج سەر ببڕن هەر ئێستا شۆربا برنجێكی بە ئاو فروجی بۆ لێنێن. ماوەیەك لە ماڵی كوێخا عەزیز مامەوە بە هەموویان خزمەتیان ئەكردم تا چاك چاك بومەوە. دامەزران لە ڕادیۆی تاران.. گە ڕایەوە ئێران زیرەک..بێ پارەو بێ ماڵ وبێ ژن و منداڵ ،ئەو هه موو ساڵەی ئاوارەیی جگە لە ناوبانگ و چەند ساڵ کارکردن لە ڕادیۆی بە غداوتاقیکردنەوەیەکی باش و شارەزاییەکی زۆر لە کاری ئێستگەیی دا هیچی تری پێ نە بوو، بەڵام ؛ چۆن بە هۆی ئەو گۆڕانکاریەی کە لە عیراق ڕووی دابوو..بە هۆی نەمانی رژێمی پاشایەتی لە عیراق و داننانی یاسایی لە لایەن ( عەبدوڵکەریم قاسم ) ی کە سەرکۆمارە وە بەدەستوور کە..(کوردو عەرەب هاو بەشن لەم نیشتمانە) ئەمە شای ئیرانی تەنگاو کردبوو کە کارێک بکات کوردەکانی ئێران کێشەی بۆ دروست نەکەن! هه ر بۆیە ( ڕادیۆی تارانی بەشی کوردی) دامەزراند( ڕۆژنامەی کوردستان) ی بڵاوکردەوە، بەو هۆیەوەش پێویستی زۆری بە نووسەرو کادیری میدیایی کوردی هه بوو، هونەرمەند (حەسەن زیرەک) لە م رووەو کادرێکی ناوداروهونەرمەندێکی پێگەیشتوو و ئامادە بوو ، هه ر زوو وەک هونەرمەند لە ڕۆژی(١٢ تیر١٣٣٧ە ش-١٩٥٨ ) بە( ١٢ هه زار ریال) بە هۆی بەڕێز(محەمەد کەیهان)() دەس بەکاربوو. هه ر زیرەکیش بووە هۆی ئەوەی کە خاتوو ( میدیای زەندی) یش ببێ بە گۆیندەی ڕادیۆ و لە ڕۆژی ( ٣٠ ڕەزبەری ١٣٣٧ کۆچی) وەک یەکەمین ژنی کورد دامەزرا. هه ر لەو ساڵە زیرەک میدیای زەندی دەخوازێ میدیا خانم دەڵێ:(٢٦ڕەزبەری١٣٣٧هه تاوی منیان لەحەسەن مارەکرد)(چریکە،ل٦،چ٢) ئیتر لیرەوە زیرەک بە فەرمی کارمەند- هونەرمەند- ی ڕادیۆیەو مووچەیەکی شیاوی هه یەو دەبێتە خاوەن ژن و ماڵ ومنداڵ! زیرەک لە کاسێتی (ئەبووسەباح) باسی ئەم سەردەمە دەکات و دەڵی ( ژن و مێردێکی بەختەوەر بووین) هه ر بۆیە لە گۆرانیەک دا دەڵێ: (چەندم پێخۆشەناوماڵ) و لە گەڵ لەدایک بوونی( مەهتاب- ساکار) کچی یەکەمی گۆرانی ( بولبول ئەمساڵ من زۆر بەختیارم ..ساحێبی مەهتاب گوڵی بەهارم ) و(خونچەی دڵەکەم ئارازوو..بۆم ببە بەگوڵ زوو بو زوو) بۆ (ساکار- مەهناز) دەخوێنێ، لەم بارەوە میدیا خانم دەنووسێ 🙁 حەسەن جوانترین گۆرانی خۆی بە نێوی(لای لایە ئارەزوو) ی چل ساڵ لە مەو بەر بۆ ئارەزووچڕی و ( کیژۆلەی نازدار ونازدارێ بابی) ی بۆ ساکار خوێند) (جریکە ل،٦،٧ چ٢) هه ر بە هۆی ئەم ژیانە تازەیە بوو کە ژیانێکی ئاسایی و ئاسودەیی بوو بۆ زیرەک ، وایکرد کە گۆرانی (باران بارانە) بخوێنێ کە دەتوانین وەک تۆبە کردنێکی زیرەک ناوی ببەین ! کە میدیاخانم دەنووسێ 🙁 حەسەن بەگشتی تەرکی هه موو شتێکی کرد بوو)(چریکە، ل٧،ج٢) دەتوانین ئەم سەردەمە بەسەردەمی زێڕینی ژیانی زیرەک ناو ببەین ! بەداخەوە هه رلە ڕۆژانی یەکەمی هاتنەوەی زیرەک (ساواک) زۆر بەوردی چاودیری زیرەک دەکات و کە لە گەڵ میدیا خانمیش دەبنە ژن و میردو پێکەوە لە رادیۆ کاردەکەن، هه ردووکیان زۆر بە توندی چاودێری دەکرێن و ئەنجامی ئەم چاودێری کردنەش دەبێتە هۆی نووسێنی چەندان ڕاپۆرت لە سەر زیرەک و میدیا خانم ، کە هه ندێک لەو ڕاپۆرتانە لە کتێبی(چپ در ایران بە روایت اسناد ساواک) دا بڵاوکراوەنەتەوە ، ناوەرۆکی ئەم راپۆرتانە ئەوە دەردەخەن کە زیرەک و میدیا بە چ جۆرێکی وردو توند چاودیری کراون و چۆن وچ تاوانێکیان داونەتە پاڵ و هه ر ئەمەش هۆی ئەوە بوو کە ساواک بە دوای زیرەکەوە بێ تا دواجار بە شەهیدی لەسەر گردی ناڵە شکێنە بۆ هه میشە گیرسایەوە ! !
دامەزران لە رادیۆی کرماشان..

کە ڕادیۆی کوردی لە تاران دادەخرێ و ڕادیۆی کرماشان لە (٢٨مورداد١٣٤١) دەکرێتەوە ، هونەرمەندو کارمەندانی ڕادیۆی تاران دەگوێزرینەوە ڕادیۆی کرماشان ، میدیاخانم زیرەکیش لە نیو گوێزراوەکان دادەبن وەک کارمەندی فەرمی دەوڵەت لە ڕادیۆی کرماشان بەگەرمی کار دەکەن.
لە چاو پێکەوتنیکدا بەڕێز(مەحمود میرئانی) کە دوازدە ساڵ سەرۆکی ئۆرکسترای ڕادیۆە تەلەفزیۆنی کرماشان بووە، لە وەڵامی پرسیارێک دا دەڵێ:(من ساڵی١٣٣٩ی کۆچی هه تاوی- ١٩٦٠- ١٩٦١) هاتمە ڕادیۆیکرماشان)(سایتی هاژە-١١/٦/٢٠٢٠) لە بارەی هاتنی حەسەن زیرەک بۆ رادیۆی کرماشان دەڵێ:(خوداڕوحی حەسەن زیرەک شاد بکات،کاتیک ئێمە لە بیسیمدا بووین، یەک کیلۆواتی بوو، ئەوکات حەسەن زیرەکمان هه رنەبینی، من خۆم نەمدەبینی ونەمدەناسی گوایە لە بەغدابوو لەوێ کاری دەکرد)(سایتی هاژە- ١١/٦/٢٠٢٠) زیرەک لە ساڵی ١٩٦٠،١٩٦١ لەسلێمانی بووە نەک بەغدا و هاو بەشی لە چەندین شانۆ گەریش کردووە.
دەرکردنئ حەسەن زیرەک لە ڕادیۆ.. میدیا خانم دەنووسێ:( کاتێ لە کرماشان دابووین، لە ساڵەکانی ١٣٤١تا١٣٤٣ی هه تاوی حەسەن زیرەک کۆڕێکی مۆسیقای بۆ خۆی پێکهێنابوو کە بەڕاستی پەنجەیان شیرین بوو، لەوکاتانەداحەسەن ژیانی ئیداری کەوتبووەسەرەولێژی، چونکە دەوڵەت پارەکەی نەئەدا)(جریکە، ج ٢)(٧). لەبەر ئەوەی سەرۆکی بەرنامەی کوردی شوکروڵلای بابان گوتبووی: ئێمە نزیکەی ١٥٠٠ گۆرانیمان بەدەنگی حەسەن زیرەک هه یەو ئیتر ئەومان ناوێ . لەم کاتانەدامامۆستا عەلی مەردان وحەسەن جەزراوی و محەمەد عارف جەزراوی ، لە عیراقەوە هاتن بۆ ئێران و لە من حەسەن داوایان کرد بڕۆینە ڕادیۆی بەغدا،لەم کاتانە دا دەوڵەت دەس بەجێ دڵخۆشی حەسەنی دایەوەو پارەی مانگانەو هه موو قەرزەکانیان دایەوە، کاتێ کە میوانەکان چوونەوە، ئینجا ئیتربە ئێکجاری حەسەنیان لە ئیدارە دەرکردو کاتێ لە تارانیش دا، حەسەن هاتەوە ڕادیۆ دوکتۆر سەراجوەدینی(٨) ڕێ ی پێ نەدا وئەمانە هه مووی ، بوو بەداخ و دەرد لە دڵی ناسکی ئەوداو ئەوی تووشی ژیانێکی زۆرناخۆشترکرد.)(چریکە،ج٢،ل٧،٨) میدیاخانم واباس دەکات کە زیرەک لە ساڵی ١٩٦١تا١٩٦٤ لەکرماشان بووە،هه ر لەکاتە حەسەن زیرەک لە ئیدارە کاری کەوتبووە لیژی و مانگانەیان نەدەدایێ! سەرە رای ئەوهه موو سوکایەتی پێکردن و غەدرو دەرکردنەی زیرەک لە رادیۆ ، سەیرکەن میدا خانم چۆن باسی ڕۆڵ و کاریکەری زیرەک دەکات لە گەرم کردن و پێشڤە بردنی ڕادیۆی تاران و کرماشان ،دەنووسێ:(چونکە حەسەن زیرەک نزیکەی ١٠٠٠ گۆرانی لە تاران و کرماشان دا تۆمار کردبوو لە بەر خاتری بڵاو بوونەوەی ئەم گۆرانی یانەبوو کە ڕۆژانە نزیکەی دوو هه زارنامە بۆ بەرنامەکان دەهات و تەنانەت پوولیشیان ئەخستەناو پاکەتەکەوە(*٩) ، تا زووتر گۆرانی داواکراوی ئەوان بە دەنگی – حەسەن زیرەک – بڵاو بکرێتەوەوبە تێکڕای تەواوی بەرنامەی کوردی لەسەر دەنگی خۆشی ئەو دەسوڕا، لەو کاتانە ڕۆژانە دوو کەڕەت بەرنامەی – ئێمەو گوێگرەکان- بڵاو ئەبووەوەو حەسەنێ کە بە دەنگە خۆشەکەی بووە هۆی درەوشانەوەوگەشانەوی بەرنامەکانی کوردی تاران و کرماشان وسێڵاوی نامەی لایانگرانی گۆرانیەکانی ، بەرەو ئێزگەکانی ڕادیۆ دەهات و زۆر بە نامەکانیش تایبەتی داواکرانی گۆرانیەکانی حەسەن بوو، بەڵام؛ لە دوای ئەمانە ئیتر قەت حەسەنیان ڕی نەدا بە ئیدارەو لە بیریان چووەوە، لە حالێکدائێزگەی رادیۆی کرماشان لە ٢٨ ی گەڵاویژی ١٣٤١دا بووە بەسەد کیلۆ وات و دەنگی بەرەو هه مووشارە کورد نشینەکان دەڕۆیی!)(چریکە،ج٢،ل٩،١٠) میدیا خانم خێزانی زیرەک و کارمەندی ڕادیۆی تاران و کرماشان و ئاگادار لە هه ڵس و کەوتی ئیدارەی رادیۆو دەوڵەت بەرامبەر هونەرمەند بە حەسەن زیرەک لە بەردەوامی زوڵم و غەدرەکان دەنووسێ:( رەفتاری دەوڵەتی ئەوکاتە. لە گەڵ حەسەن دا- کە لە کوردەواری و تەواوی دنیا ، بە تایبەت لە عیراق و ئێران ناوبانگی داخستبوو، ئەوەی تووشی کەندو کۆسپێکی زۆری کرد، بە تایبەت لە کاتێکدا کە دکتۆر عابدی سەراجوددینی، سەرۆکی بەرنامەی ڕادیۆی تاران بوو، کاتێ حەسەن هاتبووە ڕادیۆ(لە مەیدانی ئاراک دا) شێخ عابدی سەراجوددینی، بە دەرگاوانی دەستوور دابوو تا حەسەن ڕی نەدەنە ژوورێ ، کە ئەمکارە لەسەر دڵی ناسکی زیرەک هێندەشوێنێکی خراپی داناکە هیچ کات نە گەڕایەوە بۆ ڕادیۆی تاران و بەدڵ شکاوی ، پێ و پیڵاوی پیچایەوە بەرەو بەغدا، بەڵام؛ کاتێ گەیشیە بەغدا ، لەوێ دا گرتیان وخستیانە بەندەوەو لە پەنکەی میجی هه ڵیان واسی وزۆر ئەشکەنجەیاندا،ناچار لە پاش ڕزگار بوون گەڕایەوە بۆ تاران و لە ئیرانیش داساواکی ئەوکاتە گرتی و زۆری ئەشکەنجە دا، کە بە دەنگی خۆی باسی ئەوکاتانەی تۆمارکردووە،، ئەمانە پیشان دەری ئەوەن کە حەسەن نە لەم دیوو نە لەو دیودا، ڕووی ئازادی و خۆشی نەدیت،)(چریکە،چ٢، ل٧)
جگە لەوەی کە میدیا خانم باس دەکات لە هۆیەکانی دەرکردنی زیرەک لە ڕادیۆی تاران و کرماشان ، کە ناوی بەڕێزان دکتۆر عابید سەراجەددین و مامۆستا شوکروڵلای بابان دێنێ، ئەو لەم دواییە ناوی هونەرمەندی گەورەی کورد مامۆستا (مەزهه ری خالقی) یش دێت! ئەوێش دوو کارمەندی ڕادیۆی کرماشان ، مامۆستا(حسامەددین ئەمین) ی نووسەر و (عارف ئیبراهیم پوور) ی مۆسیقاژەن، هه ردووکیان زۆر بە توندی ئەوە دوو پات دەکەنەوە .سەرەتا عارف ئیبراهیم پوور لە ڕادیۆی دەنگی ئەلمانیاو بەشی فارسی دەڵێ:( من بەردەوام نەفرەت لە ئاغای مەزهه ری خالقی دەکەم، چۆن ئەوان گۆرانیبێژی فەرمی ڕادیۆیکرماشان بوون، بە هه نجەتی بێ بنەماحەسەن زیرەکی لە ڕادیۆ دەرکرد.)(پایگاە خبر زریان- موکریان) پاش ئەویش مامۆستا حسامەددین لە سایتی( کوردانە) و لە چاوپێکەوتنێک دا دەڵێ:( بێ دوو دڵێ دەڵێم خالقی پەیوەندییەکی باشی لە گەڵ زیرەک نەبوو، تا ئەوەی یەکێ بوولەوانەی بوونە هۆی دەربەدەری زیرەک)(سایتی کوردانە) لە پێچەوانەی ئەم ڕایانە چەند بەڕێزیک بەرگریان لە مامۆستا مەزهه ری خالقی کردوو ئەوەیان ڕەتکردەوە کە خالقی لە دەرکردنی زیرەک لە ڕادیۆ دەستی هه بووبێ، هه تا هه ندێک دەیانگوت ئەو کاتە مامۆستا مەزهه ر لە ڕادیۆ نە بووە ،بەڵام، بەڕێز( کاوە پێشداد) هونەرمەندی بۆکانی لە سایتی (پایگاە خبری زریان- موکریان)
دا وێنەیەک بڵاودەکاتەوە ، لەو وێنەیە مامۆستا حەسەن زیرەک و مامۆستا مەزهه ری خالقی لەگەڵ زۆر لە کارمەندانی ڕادیۆی کرماشان دردەکەون ! بەوش هونەرمەند کاوە پێشدادی دەیەوێ بڵێ ..ئەو دوو هونەرمەند پێکەوە لە ڕادیۆ بوون . بەڵام ، لە ڤیدیۆی چاو پیکەوتنێکی بەڕێز مامۆستا محەمەدی کەمانگەر ، هه مان وێنە داندراوەو لەسەر ئەو وێنەیەی کە هونەرمەند کاوە پێشدادی وەک مامۆستا مەزهه ری ناساندوویەتیی ،لە سەر وێنەکە نووسراوە – بەهمەنی پولەکی- بەمەش دەیانەوێ بڵێن : ئەم وێنەیە مامۆستا مەزهه ر نیە! بەوەش دەیانەوێ بڵێن ؛ ئەم وێنەیە مامۆستا مەزهه ر نیەو ئەوکاتەش لە کرماشان نەبووە و دەستیشی لە دەرکردنی زیرەک دا نیە! هه روەها مامۆستا( مەحمود میرئانی) لە وەڵامی پرسیاریک کە هونەرمەند عارف ئیبراهیم پوور دەڵی مامۆستا خالقی بووەتە هۆی ئەوەی حەسەن زیرەک لە رادیۆی کرماشان دەربکەن ؟ لەوەڵامدا دەڵی 🙁 هه رگیز شتی وانیە..بەڕێز عارف ئیبراهیم پوور دەناسم، ئەویش هاوکاری مەحمود بلووری بوو لە هونەرستانی ڕودەکی، بەڕێز ئیبراهیم پوور ئۆکۆردۆن و پیانۆی لێدەداو کەمانیشی باش دەژەنی، بەڵام ، ئەو مەسەلەیە پەیوەندی بە بەڕیز خالقییەوە نیە، ئەو لەکوێ ئەوە دەزانێ؟ هه موو ماوەی کارکردنی مامۆستا خالقی من لە خزمەتیابووم، ئەوکات حەسەن زیرەک لەوێ نەبوو تادەریبکەن.)(پایگاە هاژە-١١/٦/٢٠٢٠) کەچی لە جام کورد دا هاتووە؛( لە گەڵاوێژی ١٣٤١ی هه تاوی بەرنامەکانی رادیۆ دەنگی کوردی تاران داخران، حەسەن زیرەک لە گەڵ هاوسەرەکەی و هاوکارەکانی تر بۆ کرماسان گواسترانەوە درێژەیان بە جالاکییە هونەریەکانیان دا)( جام کورد، ١١/٦/٢٠٢٩) هه روەها دەنووسێ : (حەسەن زیرەک ٣ ساڵ لە کرماسان نیشتە جی بوو.) کەواتە حەسەن زیرەک هه تا ساڵی ١٣٤٤ لە رادیۆی کرماشان بووە ، هه روەها لە بیۆگرافیای مامۆستا مەزهه ری خاڵقی دا هاتووە :(مەزهه ری خالقی لە سالی ١٣٤٢تا ساڵی ١٣٤٧لە ڕادیۆی کرماشان کاری دەکرد)(بیۆگرافیای استاد مەزهه ری خالقی) وا پیدەچی ساڵیک دوای گواستنەوەی کارمەندان لە تارانەوە بۆ کرماشان مامۆستا مەزهه ری خالقی چووبێتە کرماشان! ئەو ساڵەش مامۆستا حەسەن زیرەک لەوی بووە ، تا ساڵی ١٣٤٤ کە زیرەک دەردەکردێ ، ئەوەتا میدیا خانم دەنووسێ :(لە ساڵەکانی ٤١ تا ٤٣ی هه تاوی ، حەسەن زیرەک کۆڕێکی مۆسیقای بۆ خۆی پێکهێنابوو،کە بەڕاستی پەنجەیان شیرین بوو،لەو کاتانەدا حەسەن ژیانی ئیداری کەوتبووەسەرەو لیژی چونکە دەوڵەت پارەکەی نەئەدا لە بەرئەوەی سەرۆکی بەرنامەکانی کوردی شوکروڵلای بابان گوتبووی ئێمە نزیکەی ١٥٠٠ گۆرانیمان بەدەنگی حەسەن زیرەک هه یە و ئیتر ئەومان ناوێ !)(چریکە،چ٢،ل٧،٨) مامۆستا حسامەددین باسی ئەوە دەکات کە مامۆستا مەزهه ر بەرپرسیاریەتی ئیداری وەرگرت و بووە سەرکی بەشی کوردی ، مامۆستا مەزهه ر خۆشی لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا ، باسی ئەوە دەکات :- کە مەرحومی حەسەن زیرەک و موجتەبای میرزادە هه ردەم پێکەوە بوون و سوحبەت و زارگەمەیان لە نێوان دا هه بوو ! ئەمانەش ئەمە دەردەخەن کە لە کاتیکدا مامۆستا مەزهه ر بەرپرسی بەشی کوردی کرماشان بووە ، هونەرمەند حەسەن زیرەکێش بە قسەی عارف ئیبراهیم پوور کارمەندی فەرمی رادیۆ بووە ! ئەگەر سەرنجیش بدەین میدیا خانم لەو بابەتە ناوی هونەرمەند مامۆستا مەزهه ری خالقی ناهێنێ! بەڵام؛ لە چاوپیکەوتنیکی مامۆستای نووسەرو وەرگێڕی ناسراوی کورد( محەمەدی رەمەزانی) لە گەڵ میدا خانم ، میدیاخانم لەوەلامئ ئەم پرسیارەی محەمەدی رەمەزانی دا دەڵی :(میدیا خانم زەمانێ کە مامۆستا لە ڕودیۆبووە، لە ڕەوابیتی ئیداری دا، لاپەڕەی ناخۆش هه یە، با تەوەجوە بەوەی کە دەڵینکوردان خۆخۆرن !حەسەدەت و ناپیاوی هه یە لە گۆڕیدا، ئەگەر شتیک دەزانی لەمبارەوە پێمخۆشە پەردەی لێ لادەی ؟لەوەڵام دا میدیاخانم دەڵی؛ ئەوکاتەی کە حەسەن هاتە تاران ئاغای سوکروڵلای بابان بەرنامەکانی ئیجرادەکرد،لەواقیعدا دەبووە ڕەئیسی بەرنامەی کوردی ،وە سەید ئیبراهیمی ستودە و ئاغای شێخ سراجەدینی لە هه مووان پتر ئاغای شیخ سراجەدینی کەم موحیبەتی لە گەڵ کرد، وە ئاغا بابانیش هه روەها! حەسەن زۆر حەساس بوو، نەوەک ئەوەی بەخیل بێ ، ئاغا بابان هه رجێگیایەک بەرنامە هه بوایە زۆرتر هه ر خالقی وەپێش دەخست، خالقی ئەوکاتی نەوجەوان بوو، قیافەیەکی جوانیشی هه بوو،سەوادی هه بوو،ئەوانە دەبووە هۆی ئەوە کەم لوتفی لەگەڵ حەسەن بکەن !بەتایبەت ئەوکاتەی لە رادیۆی کرماشان بوون.)(سایتی ڕۆژهه ڵات- بۆکان) ئەو قسانەی میدیا خانم ئەوە دەسەلمێنی کە زیرەک و خالقی هه ردووکیان پیکەوەبوون ، چ لە ڕادیۆی تاران چ لە کرماشان ، هه روەها مامۆستا ( محەمەدی کەمانگەر) بەرگری لە مامۆستا مەزهه ردەکات وئەو بە هۆی دەرکردنی زیرەک نازانێ ، بەڵکو هۆی نەمانی زیرەک بۆ ئەوە دەگێڕیتەوە کە زیرەک بە مووچەکەی ڕازی نە بووەو بە کەمی زانیوە ، دەڵێ:( حەسەن زیرەک ساڵی ١٣٤٤ لێبڕا دەست هه ڵبگرێ لە کاری ڕادیۆ ئەویش بەو بیانووە دەیگوت حقوقم کەمە، با ئەوەش بڵێم زیرەک خۆی و میدیاخانمی خێزانی یانی ئەم دوو نەفەرە پێکەوە نزیکەی ١٨٠٠ تومەن حقوقیان هه بوو)(ڤیدیۆیەکی بەردەست) بەڵام، وەک میدیا خانم باس دەکات هه رزوو مانگانەی زیرەک رادەگرن و نایدەنێ لە کاتێکدا ڕۆژانە دەوام دەکات ، تا هونەرمەندان (عەلی مەردان و محەمەد عارف جەزراوی ) دەچنە ئێران و ئەوکاتە داوادەکەن زیرەک و میدیا لە گەل ئەوان بێنە عێراق ، کاربەدەستان کە ئەمە دەزانن مووچەکان و قەردەکانی زیرەک دەدەنەوە ، پاش گەڕانەوی هونەرمەندان بۆ عیراق جارێکی ترو بۆ هه میشە لە ڕادیۆ دەری دەکەن ، دیارە ئەمە لە رادیۆی تاران بووە ، کە لە کرماشانیس دەری دەکەن و دەچیتەوە ڕادیۆی تاران ، هه ر لە دەرگاوە ناهێڵن بچیتە نێو دایرەی ڕادیۆ!! وەک میدیاخانم دەنووسێ ئیتر زیرەک بە دڵشکاوی و بۆ هه میشە پشت لە رادیۆ دەکات و دەکەوێتە دەر بەدەری وبێ خانەوبێ ماڵێ !!
دەرکردنی زیرەک لە ڕادیۆ هه رچەندە باسی زۆر هۆ دەکەن و ناوی زۆر کەس دێنن ..کە ڕۆلیان هه بووە لەم دەرکردنە ! بەڵام؛ من بە دڵنیایەوە دەیڵێم : ئەمە لە بنە ڕەتدا خواستی ساواک بووە ؛ بەڵام؛ ئەم خواستە بە هۆی بەرپرسانی ڕادیۆو کارمەندانەوە جێ بەجێکراوە ، ئەگەر سەرنج بدەین هه ر لەسەرەتای گەڕانەوەی زیرەک لێی بەگومان بوون و بە دوایەوە بوون ، کە دەچێتە ماڵی کێ و سەردانی چ کەسێک دەکات ! بەرهه می ئەم چاودێری کردنە ڕاپۆرت نووسێنێکی زۆرە لەسەر زیرەک و میدیا خانمی خێزانی ،کە ژمارەیەک لەم ڕاپۆرتە نووسراوانە دواجار بڵاوکرانەوە . بۆ نموونە ئەم ڕاپۆرتە بخوێنەوە کە لەتاران و بەدژی حەسەن زیرەک نووسراوە:(حەسەن زیرەک، لە ماڵی موزەفەر حەبیبی پرسیارگەلێکی لەبارەی خۆشەویستی ئالیا حەزرەت هه مایۆنی و دەسەڵاتی پارتی دێموکراتی کردستانی ئیران و باوڕی خەڵک خستووەتە ڕوو لە تێکەل بوون بە ئەو پێویستە ئاگادارو بە پارێزبن، تێکڕا کارەکانی ئەو لە تاران پێویستە بخرێتە ژێر چاودێری چونکە لەوانەیە هاتوو چۆی ماڵی دکتۆر شیرازی بکات .)(چپ در ایران .ل؟)
ئەمەش ڕاپۆترتێکی تر کە ڕاپۆتنووسە ساواکیەکان ، زۆر دوژمنانە بە دژی زیرەک و میدیاخانم نووسیویانە و لە خاڵی دووەم دا هاتووە 🙁 ٢- لەم دواییە فاطمە زەندی کە ناوە ڕاستیەکەی (هاجەر) ە یەکێکە لە ئەندامانی حزبی هه ڵوەشاوەی تودەیە لە کوردستان لە ڕیگای ترکیا هاتووەتەوە ئێران ناوبراو برایەکی هه یە لە وەزارتی دارایی ناوی حەمید زەندیەولەوازارەتی دارایی کاردەکات هه روەها خوشکەکەی بەناوی مەهدیە – میدیە- زەندی کە وێژەری ڕادیۆیە لە بەرنامەکانی بەشی کوردی ئیران کاردەکات مێردەکەی مەهدیە ناوی حەسەن زیرەکە و گۆرانیبێژی بەرنامەکانی ڕادیۆی کوردی ئیرانە ئەو کەسە ماڵی لە شەقامی ئاریاناو چوارڕیانی گلی یە کەسانی گومان لێکراو لە ماڵی ئەو دەبیندرێن حەمید زەندی باوکی هه ر ئێستا لە تاران بەکاری نمایندەیی دادگاوە خەریکە.)(چپ در ایران ،ل٦٧)
لە ڕاپۆرتیکی تری ساواک ولە خاڵی هه شتەم دا ڕاپۆرتنووس دەنووسێ 🙁 بەرنامەی کوردی ڕادیۆی تاران ئامرازی پەیوەندی کردنە بە کوردانی عێراق هه ربۆیە ڕۆژی چوار شەممەی ڕابردوولە ژێر ناوی ئێمەو گوێگرکان پەیامی حەسەن زیرەک بە هۆی خێزانەکەی مەهدی زیرەک زەندی بۆ کەسێکی عێراقی دانیشتووی شاری کەرکوک ڕەوانە کراوە حەسەن زیرەک خۆی لەم دواییە لە ناوچەی کوردستان و وبۆکان و مهاباد گەڕاوەتەوە لەو سەفەرە چاوی بە کەسانی گومان لێکراوی عێراقی کەوتووە ناو براو هه رچەندە کارمەندی ڕادیۆی کوردی تارانە چونکە پێش کودەتای عێراق لە پەخشی ڕادیۆی بەغداد مووچەی هه بووە ئێستاش هه مان مووچە وەردەگرێ خوشکی ئەو خێزانی کەسێکە کە لە هاوکارانی نمرە یەکی قازی محەمەد بووە ئێستا لە شورەوی دەژین لە سەرەتای ساڵی ١٣٤٠ بە هۆی سەفارەتی شورەوی هاتووەتە ترکیا هه روەها مەهدیە زەندی زیرەک وێژەری ڕادیۆی ناوبراو زۆربەی شەوان بەناوی خزم وکەسەکانی پەیام بۆ کوردستان دەنێر) (چپ در ایران ،ل٦٤)
سەرنج بدە برای خوێندەوار.. بزانە ساواک و ڕاپۆرتنووسەکانی چ بە وردی و بەردەوامی چاویان بەسەر زیرەکەوە بووە و لە هه موو هه ڵسو کەوتێکی بە گومان بوونە ، بزانە چ تاوانێکی گەورەو ترسناک و زۆریان داوەتە پاڵ زیرەک و میدیا خانم ، کە ئەم تاوانانە ئەوێ ڕۆژێ لە ئێران تاوانێک بوون بە نرخی سەر ، لێرە ئەوە بەدەر دەکەوێ ئەوەی بەدوای زیرەکەوەیەو ژیانی لێ تاڵ کردووەو دژایەتی دەکات ، خودی دەوڵەت و دەزگای ناوبەدی ساواکە ! بەڵام؛ هه رجارەی کاسانێک بە کاردێنێ و تاوانێکی بۆ دروست دەکات.
دەنگت بەکەلکی ڕادیۆ نایێ ..
کە ساڵی شە ست و شەش چریکەی کوردستان چاپ دەکات ، ساواک فەرمانی گرتنی دەردەکات و زیرەک دێتە عیراق و دواجار دەچێتە بە غداو بەو هیوایەی جارێکی تر لە ڕادیۆی بە غداوەک هونەرمەندەکەی جاران وەک کەو بخوێنێ ! بە ڵام ؛ جارێکی تر دەنگی تاقی دەکەنەوەو لە ئەنجام دەڵێن .. دەنگت بە کەلکی رادیۆ نایێ !! پاش ئەوەش دەیگرن و شەش مانگ لە بەندی دەزگای ئەمنی عیراق لە ژێر ئەشکەنجە دا دەبێت و ئازاری زۆری دەدەن، وەک خۆی باس دەکات دەیانەوێ بتڵی پێ هه ڵبگرن !؟!؟ پاش ئەوەی ئاودیوی ئیرانی دەکەنەوە لەوێش ساوک دەیگرێ و بە پانکەوە هه ڵیدەواسن وئازارێکی زۆری دەدەن!!
وەک میدیا خانم باس دەکات هه ردوو ڕادیۆی تاران و کرماشان لە سەر دەنگی زیرەک دەسوڕا، ڕۆژانە نزیکەی دوو هه زار نامە بۆ ڕادیۆ دەهات و هه ندێک پارەیان دەخستە ناو نامەکانیان و داوایان دەکرد بە زوویی گۆرانیە داوکراوەکانی زیرەکیان بوبڵاو بکەنەوە ، هه روەها وک و باس دەکەن زیرەک هاو بەشی زۆر لە بەرنامەکانی دەکردو خۆشتری دەکردن ، وەک و بەرنامەی – ئێمە و گوێکرەکان – کە میدیا خان پێشکەشی دەکرد..جگە لە گۆرانیەکانی زیرەک خۆشی هاوکاری بەرنامەکەی دەکرد ، هه روەها لە بەرنامەی – چیرۆکی شەو – و بەرنامە شیعرو مۆسیقا.. بە کورتی زیرەک ئامادەییەکی بەردەوامی هه بوو لە زۆربەی بەر نامەکانی هه ردوو ڕادیۆ و میدیا خانم گوتەنی ..هه ردوو ڕادیۆ لەسەر دەنگی ئەو دەسوڕا ! سەرە ڕای هه موو ئەمانەش سەیرکەن بە چ بێ ڕێزی و سوکایەتی پێکردنێکەوە دەری دەکە نە دەرەوەو دەرگای ڕادیۆی بە ڕوودادادەخەن و مانگانەکانی نادەنێ !؟
ئەم مووچە بڕین و دەرگا بە ڕووداخستن و دەرکردنە هه مووی بە خواستی – ساواک – بوو! هه ر بۆیە ساوک وازی لێناهێنێ وبەدوایەوە دەبێت و هه مووکارێکی لێ تێکدەدەن و لێناگەڕێن کاسبی بکات وبحەسێتەوە و جەمە نانێک بە ئاسودەیی بخوات ، لە پایتەختەوە سەرەو خواری دەکەنەوە تا لە نیوان دوو کێوی (کانی مەلا ئەحمەد) و سەر سنوور چایخانەیەکی عەجایب دادانێ و دەیەوێ کاسبی تێدا بکات ، بەڵام، هه رناوە ناوە سێ چوار چەقۆکێش و شەقاوەی بۆ دەنێرن و تێرو پڕی لێ دەدەن و سەروچاوی لە خویندا سوور دەکەن ؛ ڕۆژێک لە ژاندارمری پاش ئەوەی شکات دەکات .. لە جیاتی پاراستن و حەق وەرگرتن بۆ زیرەک ، ڕوو بە روو پێی دەڵێن : لەو شووینە بڕۆ ڕۆژێک دەشتکوژن !؟!؟ لە ڕؤژێکی ئاوا دەبیت زیرەک زۆر بە بێزاری و خەمباریەوە سەر هه ڵدەبڕێ و ڕوو لە ئاسمان دەکات و دەڵێ..خودایە ئەم جارە بۆ کوێ هه لبێم ؟! وەک لە کاسیتەکەی ئەبووسەباح دا دەڵی : جێم نە بووەوەو لە ئیران ولە عیراق جێم نە بووەوە !!
شۆک و پێشهاتە ناخ هه ژێنەکان ..
ئەم قۆناخە کە لە پاش گەڕانەوی بۆ ئێران لە ساڵی ١٩٥٨ دەست پێدەکات و تا دوجار دەرکردنی ل ڕادیۆی کرماشان لە ساڵی(١٣٤٣ هه تاوی) لەم ماوەیەس دا سەرە ڕای ئازارو شۆکی زۆر بۆ زۆری گۆرانی و داهێنانی زۆرتر دەتوانین ئەم سەردەمە لە تۆمارکردنی هونەریانەی گۆرانیەکانی ، سەردەمی زێرینیەتی ، کە لە گەڵ چەندان مۆسیقاری مەزن کاری کردووەو گۆرانیەکانی تۆمار کردووە.

جارێکی تر گەڕانەوە بۆ ئێران..

لە عیراق بەبەتاوانی ڕۆیشتن بۆ میسرو جاسوسی بۆئێران دەیگرێ و ئازاری دەدەن وپاش ماویەکی زۆربە بەندکراوی لە (مەرزی خەسرەوی و لە ڕۆژی ٤/٧/١٣٤٦)(چپ در ایران،ل٢٢) دەیداتەوە ئێران و ئێرانیش بە تاوانی جاسوسی بۆ عیراق دەیخاتەوە بە ندیخانەو ئازاری زۆری دەدات ، مامۆستامحەمەدی کەمانگەر دەڵی:( کەزانیمان زیرەک لە کرماشان لە بەندیخانەیە چووین سەرماندا، زیرەک زۆر بێ تاقەت و لاواز بوو دەلەرزی، دیاربوو زۆریان ئازار دابوو ) دواتر بە هۆی بەڕێزێک زیرەک بە کەفالەت بەردەبێ ! بەردەبێ و بێکار دەسوڕێتەوە . میرزا کەریم دەڵێ:( زیرەک لەسەقز مسافرخانەیەکی سێ ئەستیرەی هه بوو) لەوێ یەکەمین جار ساڵی ١٩٦٦ زیرەکم بینی ! ئێمە لە باسی ئەم مسافرخانەیە بەداخەوە زۆر نازانین، هه رچەندە وەک میرزاکەریم خۆشناو باس دەکات مسافرخانەکە ڕەواجی هه بوە ، کە زیرەک جار جار ئاهه نگی تێدا گێراوە ، بەڵام دیار نیە چۆن ئەوێی بە جێهێشتووە! هه رچەندە بەڕێز (خالید قادری)کە خەڵکی شاری سەقزەو گوتی: لەو وەختەی زیرەک میوانخانەی سێ ئەستێرەی هه بوو لە سقز ، باوکم دکانی جگەرە فرۆشی هه بوو، تتنیش دەفرۆشت ،زیرەک یەكی بووە لەوانەی جگەرەی لەباوکم کڕیوە ، من لە باوکم بیستووە ئەو وەختەش زۆرجار ساواکی وشەقاوە شەڕیان پی فرۆشتووەو لێیان داوە .)(١٠) من وەک و خۆم بۆ ئەوە دەچم هه ر هۆی ئەم بەردەوام لێدان و شەڕ پێفرۆشتن و کار لیتیکدانە ئەوێشی بە جێهێشتبێ! لە پاش بە جێ هێشتنی مسافرخانەی سێ ئەستیرەی سەقز لە (ڕەشە قەڵات) لەگەڵ کەسیکی دی چایخانەیەک دادەنێن، وەک دیارە لەوێش زۆر نامێنتەوە ، دواجار بەهۆی میرزا کەریم خۆشناو (کانی مەلا ئەحمەد) ی دەس دەکەوێ و لەوێ دەس بە کاسبی کردن دەکا ! شۆکەکانی ئەم قۆناخە بە ژمارە.. ١ – لە ڕێی گەرانەوە بۆ ئێران بە نەخۆشی روو لەماڵی دۆستێکی کۆنی دەکات بە هێوای حەسانەوەو نوێ کردنەوەی دیدار..کەچی بە هه ڵە لێدانێک لێی دەدرێ شەوو ڕۆژێک لە خۆدەچێ و بە خۆنایەتەوە. ٢– ماوەیەک مانگانەکەی دەبڕن و نایدەنێ تا هاتنی هونەرمەندان عەلی مەردان و هاوڕێکانی داوای لێ دەکەن لە گەڵیان بچیتە عیراق ، دەوڵەت ئەمە دەزانێ مانگانەکەی بۆ سەرف دەکەن و قەردەکەشی دەدەنەوە، هه ر هونەرمەندان دەگەڕێنەوە عێراق ئەم جارە بۆ یەکجاری لە رادیۆی تاران دەری دەکەن! ٣- کەمانگانەکەی نادەنێ بە هۆی ئەودەبیت کە شوکروڵلای بابان دەڵێ: ١٥٠٠ گۆرانی زیرەکمان هه یەو چیتر پێویستیمان بە زیرەک نیە! ٤– کەدەیەوێ بچیتە ڕادیۆی تاران – کە ماویەکی زۆر کارمەندو هونەرمەندی گەورەی ئەوێ بووە – کەچی پۆلیسەکان لەسەر قسەی دکتۆر عابید بەرپرسی ڕادیۆ پۆلیسی دەرگا لێناگەڕێن بچێتە ژوورە! ٥– وەک بەڕێزان هه ردوو کارمەندانی ڕادیۆی کرماشان عارف ئیبراهیم پووری مۆسیقارو حسامەددین ئەمینی نووسەر دەڵێن ..مامۆستای هونەرمەند مەزهه ری خالقی کە بەرپرسی ڕادیۆ بووە ، هۆیەک بووە لە دەرکردنی زیرەک لە ڕادیۆ لەکاتێک دا زیرەک کارمەندی فەرمی دەوڵەت بووە ! ٦– کە لە رادیۆ دەری دەکەن لەگەل میدیای زەندیش لێک جیادەبنەوەولە منداڵە کان دور دەکەوێتەوەو ماڵێ لێتێک دەچێ ! ٧– کە چریکەی کوردستان چاپ دەکات ، ساواک فەرمانی گرتنی بۆ دردەکات وزیرەک ڕوو لە عیراق دەکات. ٨– لە عێراق دەچێتەوە ڕادیۆو بە نیازی جارێکی تر لەوێ دابمەزرێتەوە! کەچی دەنگی تاقی دەکەنەوەو پێی دەڵێن ..دەنگت بە کەلکی رادیۆ ناێی! ٩– کە لە ڕادیۆ وەری ناگرنەوە لە عیراق بەتاوانی سنوور بەزاندن بۆ چوونە میسرو جاسوسی بۆ ئیران هه ژدەمانگ دەیخەنە بەندیخانە! ١٠– لە بەندیخانە سەرە ڕای تاوانکردنی بێ بنەما شەش مانگ لە ئەمنی عیراق ئازارێکی زۆری دەدەن ودەگاتە ئەوەی هه وڵی ئەوە دەدەن بتڵی پێ هه ڵبگرن !؟!؟ ١١– کە بەبەندکراوی لە عێراق تەسلیمی ئێرانی دەکەنەوە ، ئێران بەتاوانی جاسوسی بۆ عیراق دەیخەنە بەندیخانەو ساواک ئازارێکی زۆری دەدات وبە پانکەوە هه ڵیدەواسن ! ١٢– کە بەردەبێ لە کاردەرکراوەوبێ ماڵ و دوور لە منداڵە کانیەتی وبێ سەر مایە و بێ کار دەسوڕێتەوە ! پاش ئەوەی یەکانە هونەرمەندی کوردی عیراق و ئێران بوو، لە پایتەختەکانی عێراق و ئێران کەچی ئەوەتە جارێکی تر هاتووتەوە سەر سفر!! ١٣– ئێستا ئەو هونەرمەندەی پاش ساڵانێکی زۆری ئاوارەیی ودەربەدەری گەڕایەوە ئێران و لە ئیستگە دامەزراو بووە خاوەن ژن و منداڵ گەیشتە ئەوی بڵێ : چەندم پێخۆشە ناوماڵ ! ئەو ماڵەیان لێ تێک دا کە پێی خۆش بوو! کە گووتی .. بولبول ئەمساڵ من زۆر بەختیارم ! لێنەگەڕان ئەو بە ختیاریە بەردەوام بێت ! کە چاوە ڕێ بوو ساکار کچەکەی پێی بڵێ بابە ! لێنەگەڕان وشەی – بابە – لە کچەکەی ببێسێ ! کە چاوەڕێ بوو ، کچە خونچەکەی بۆی ببێ بەگوڵ ! لێنەگەڕان ئەمە بە چاوی خۆی بێنێ! کە گووتی ژن و مێردێکی بە ختئاربووین ، ئەو بەختیاریەیان وا لێ تێک دا کە هه تا مابوو نە یبینیەوە. بەشی چواتەم :- بەرەو کانی مەلا ئەحمەد.. دەتوانین ژیانی زیرەک لە سەرەتاوە تاکۆتایی بکەین بە جوار قۆناخ بەگشتی: قوناخی یەکەم : لە دایکبوونەوە تا ڕادیۆی بە غدا- ١٩٢١ تا ١٩٥٣ قۆناخی دووەم : لە دامەزرانەوە لە ڕادیۆی بە غداتاگەڕانەوە بۆ ئێران – ١٩٥٣ تا ١٩٥٨ . قۆناخی سێیەم: دامەزران لە ڕادیۆی تاران تا دەرکردنی لە ڕادیۆی کرماشان – ١٩٥٨ تا ١٩٦٦ قۆناخی چوارەم : لە دەرکردنەوە لە ڕادیۆی کرماشان تا ڕۆژی مەرگی ١٩٦٦ تا ١٩٧٢. دۆزەخی گەرم.. ئەمە قۆناخی چوارەمەو دوا قۆناخی ژیانی زیرەکە ، دۆزەخی ترین قۆناخیەتی لە هه موو ژیانی دا. پاش ئەوەی لە عێراق بە تاوانی جاسوسی بۆ ئێران بەندی دەکەن و ئازاری زۆری دەدن ، دواجار بە گێراوی لە سنووری خەسرەوی تەسلیمی ئێرانی دەکەنەوە ! لە ئێران بە تاوانی جاسوسی بۆ عیراق دەیخەنەوە بەندیخانەو ئەوانیش زۆری ئازار دەدەن ، کە بەردەبێت ..هه موو شتێکی لەدەست داوەو جارێکی تر کەوتووەتەوە سەر دەستێکی خاڵی ، ماوەیەک لە سەقز میوانخانەیەکی سێ ئەستێرەی دەبێت و وای بۆ دەچم هه ر لەو کاتە( ڕابیعەخانم) ی خواستبێ ، میرزا کەریم خۆشناو کە باسی ئەو میوانخانەیەی زیرەک دەکات بە خاوێن و بە هه ڕمێنی باس دەکات ، گوایە هه ندێ جار زیرەک هه رلەو میوانخانەیە ئاهه نگی گێڕاوە . بەڵام ، دیار نیە ماوەی چەند لەو میوانخانە ماوەتەوەو کاری کردووەو هۆی چی بووە بەجێیهێشتووە ؟ لەم ڕۆژانە برای بە ڕێز (خالید قادری) لە دایک بووی سەقزو کە سێکە هه واداری زیرەکە گوتی:( لەو کاتەی زیرەک لە زسەقز میوانخانەی سێ ئەستێرەی هه بووە ، باوکم دکانی جگەرە فرۆشتن و توتن فرۆشی هه بووە ، زیرەک جگەرەو پاکەتی لە باوکم کڕیوە.. باوکم زۆر جار دەیگوت : پیاوانی ساواک و جەقوکێش و شەقاوە زۆر جار شەڕیان بە زیرەک دەفرۆشت و لێیان دەدا)(خالید قادری٨/٦/٢٠٢٠)(١١) ٠ دیسان ئەوە دەردەکەوێ کە هۆی بە جێهێشتن و ڕۆیشتنی لێرەش هه ر ساواک وشەقاوەکانی بوون.
پاش ئەو لە گەڵ کەسێک گازینۆیەک لە ( قەڵاتە ڕەش ) دادەنێن ، زۆر ناخایەنێ ئەوێش بەجێ دێڵێ ؛ زیرەک هه ربەمنداڵی چاوی لەناوکارو کاسبی کردووتەوە ، وەک باس دەکرێ لە کاسبی کردن دا سەرکەوتوو بووە ،هه روەها بە هۆی کەسایەتی خۆی و دەنگ خۆش ڕووخۆش و هونەرمەندییەکەی کە زۆر جار گۆرانیشی گوتووە ، خەڵک زۆر ڕویان کردووتە میوانخانەکەی . بەڵام ؛ ساواک بە دوایەوە بووە و هه موو کارێکی لێتیکداوە ! ..چۆن لە کانی مەڵا ئەحمەد ساواک بە دوایەوە بوو ، تا لەوێش دەری کردوو بێکارو کاسبی کرد ، ئەوانیش هه رساواک لێی تێکدابێت! چونکە هه ر ساواکیش بوو هۆی سەرەکی دەرکردنی لە ڕادیۆی تاران و کرماشان و جیا بوونەوەی لە میدیای زەندیو لە منداڵەکانی دوور کەوێتەوە! .
خوێندەواری خۆشەویست ..زیرەک هونەرمەندێکی دنیاگەڕاوو گەورەو خۆشەویست و ناسراوبوو، هه ر بەو هۆیەوە خەڵێکی زۆری دەناسی لە ئێران و عیراق ، زۆر کەس سەردانی دەکردوو هاتوو چۆی دەکردو ئەویش سەردانی دۆستانی دەکرد ، ئەم پەیوەندیە گەرم و زۆرو بەردەوامەی زیرەک بووەتە هۆی ئەوەی کە زیرەک بچێتە هه ر ماڵێک ، ساواک ئەو ماڵە بە گومانلیکراو ناو ببات و هه رکەسێک زیرەک ببێنێ و بچیتە ماڵی ئەوا ئەوانیش گومانلێکراوبن ! هه ر بۆیە ساوک خۆی لە ڕاپۆرتەکانی داوادەکات بەوردی و پارێزەوە بەردوام چاودێری بکرێ ! ئەگەر ڕاپۆرتەکان هی سەردەمی ڕادیۆی تاران و کرماشانن، ئەی پاش ئەوەی لە( کانی مەلائەحمەد) لە درەوەی شارو لە سەر سنوور دەبێتە مەڵبەندی کۆبوونەوی هونەرمەندو ڕۆشنبیرو دۆست و هه وادارانی زیرەک و لە هه موو ئێران و عیراقەوە کوردو فارس و ترک ..لە هه موو چین و دین و ئایدۆلۆژیاو ئاستێکەوە ڕووی تێدەکەن ! ساواکیەکان چ ڕاپۆرتیکیان لەسەر نووسیبێ و ج تاوانێکیان دابێتە پاڵ ؟! بەداخەو ئەو ڕاپۆرتانە هێشتا لە بەردەست نین ، بەڵا، کاریگەری ئەو بەردوامی و بەدگومانی و ڕاپۆرتانە لە ئەنجام دا بەدەر دەکەوێ ؛ ئەویش ئەم هه موو لێدان و شەڕپێ فرۆشتن وکێشە بۆ دروستکردن و دواجار لەو ژەهر پێدانە دەردەکەوێ ! بە کورتی دەنگی زیرەک دەنگێکی ڕەسەن و خۆش و پر داهێنانی نیو کلتوری کوردەواری بوو، دەنگیک بوو بە هونەر خاڵی کۆکردنەوەی کوردوگەڕانەوەی بوو بۆ هونەری ڕەسەنی کورد، دەنگێک بوو سەرکردایەتی کۆمەڵگای کوردەواری دەکرد..سەرکردەی هونەری ، چۆن هونەی زیرەک شیلەی جوانیەکانی کلتورو سروشت وهیواو ئاواتی میللەت بوو، هه ر بۆیە ڕۆژ بە رۆژ زیرەک زۆرترو فراوانترو چاکتر دەچووە نیو خەلک ، ئەمە جیگای مەترسی دەوڵەتی شاهه نشاهی بوو، هه وڵیاندا لە ڕیگای ساواکەوە بە ترس و تەماع کەمۆی بکەن ، بۆیان نەکرا ! ئیتر بڕیاری نامرۆڤانەی خۆیان دا ..ئەوێش( کوشتن!!) یەتی قۆناغ بە قۆناغ ، هه ر بۆیە ئەو دەرکردنەی زیرەک لە رادیۆی تاران و کرماشان دەرکرا ..بەردانەوەی زیرەک بوو لە لوتکەی کێوەکەوە بۆ بنی دۆڵ ..بەو بەردانەوەو پاڵ پێوە نانە زیرەک نەیتوانی جارێکی تر خۆی بگرێتەوە تابنی دۆڵ و لە وێوە بۆ سەر ناڵە شکێنە !
ئەوەی کە زانیاریەکی زۆرمان پیدەدات لەم قۆناخە یەکێ لە سەرچاوەکان..دوو بەرگی کتێبە کەی (میرزاکەریم خۆشناو) ە کە بەناوی (حەسەن زیرەک و هه ندێک لە بەسەرهاتەکانی ) یەتی. میرزا کەریم نزیک بە چوار ساڵ لە گەڵ زیرەک ماڵ بە ماڵ بووە و زۆر یارمەتی زیرەکی داوە ، زیرەک لە کاسێتی ئەبوو سەباح دەڵێ : لێرە ژیانئ من لە سایەی میرزاکەریمە ! خۆزگە زیرەک لە هه موو قۆناخەکانی ژیانی دا کەسێکی دڵسۆزو نووسەرێکی وەک میرزاکەریم خۆشناوی لەگەڵ دادەبوو، ئەوتە بەرهه می ئەو هاوڕێ دڵسۆزەی دوو کتێب و چەندین کاسێتە ! ئەو تێکەڵی و بروا پێککردن و پێکەوەییەی میرزاکەریم و زیرەک ، وای کردووە نووسینەکانی جێگای بڕوا بن و یەکێک لەسەرچاوە ڕاست ودروستەکان بن بۆ زانینی بەسەرهاتەکانی زیرەک پاش( چریکەی کوردستان) کە زیرەک خۆی نووسیویەتی ! هه روەها هه ردوو خێزانی زیرەک( میدیای زەندی و ڕابیعەخانم)(*١٢) ..کە لە چاو پیکەوتنەکانیان بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن زۆر ڕاستی ژیانی زیرەک ئاشکرا دەکەن.

لەم قۆناخەی ژیانی زیرەک ، وەک بەدەردەکەوێ ساواک پێ بە پێ بە دواوەیەتی و لێناگەڕێ لەهیچ کارێک سەر بکەوێ و لە هیچ جێگایەک بسێتەوە ، ئەوە تە لەسەقز میوانخانەی سێ ئەستێرەی لەدەست دەچێ و ڕوو دەکاتە قەڵاتە ڕەش و لە وێ لەگەڵ کەسێکی تر پێکەوە گازینۆیەک دادەنێن، هه رچەندە جێگای گازینۆکە زۆر خۆش دەبێت خەڵک زۆر رووی تیدەکەن ، بەڵام ؛ ئەویش زۆر ناخایەنی و لەدەستی دەدات ! بە هاوکاری میرزا کەریم خۆشناو لە (کانی مەلا ئەحمەد) چایخانەیەک دەکاتەوەو لە سەر سنوورو دەرەوەی شار و بە هیوایەی کاسبی تێدا بکات ، زیرک بۆخۆی وەک هونەرمەندێک خاڵی کۆکردنەوەی خەلک بووە ، بەتایبەت کە زۆر جار لەو چایخانەیە گۆرانی گوتووە و هونەرمەندانی کوردو ئێرانی سەریان داوە وکۆبوونەتەوە ، ئەو شوێنە وا ناوبانگی پەیدا کردووە ، خەڵک لە عێراق و ئێران بەتایبەت چوونەتە ئەوێ ، ساواک چۆن بە بەردەوامی چاودێری کردووەو هه موو چرکەیەکی ژیانی خستووەتە ژێر گومان ! ئەو کۆبوونەوە زۆرو هه مە جۆرو هه مە خەڵکەی پێ هه زم نەکراوە ،کەوتووە تە کێشە دروستکردن بۆی !
بەشێکی زۆر لە چیڕۆک و بەسەرهاتەکانی زیرەک لە بەشی دووەمی بەسەرهاتەکان کە میرزاکەریم دەیانگێڕێتەوە، بەناونیشانی – بۆ لە حەسەن زیرەکیان دا ؟!- (ب،ب٢ل٦٧) میرزا کەریم یەک یەک دەیانگێڕیتەوەو دەنووسێ :(ڕۆژێک لە گەڵ گەزەنگی بەیانی دا لە دەرگەی ماڵی ئێمەیان داودەنگە زەنگ و تەقە تەقی دەرگەی حەوشەی ماڵەوەمان لە خەو رای پەڕاندم کە هه ڵساین هێشتا هه ر تاریک بوولە دڵی خۆم دا ووتم:- لەوانەیە دراوسێیەک نەخۆشی هه بێ یان ئیشی بە ماشینەکەی من هه بێ بەدەم بیرکردنەوە دەرگەم کردەوە کە بینیم زیرەک و ڕابیعەخانم و شاگردێکیان خۆیان کرد بە ژوورەوەو سڵاویان کردو ڕابیعەخانم ووتی:- کاکە ببەخشە ئا لەم وەختە موزاحیمت بووین!
ووتم:- ئەتۆ لەم قسانە بگەڕێ بڵێ بزانم چیتان بەسەر هاتووە و لە کوێوە دێن و چی ڕووی داوە؟؟
(رابیعەخانم) ووتی :- ئەمشەو شەڕیان لەگەل کردووین هه ندێکیشیان لە زیرەک دا هه ڵبەت ئەویش دەستی کردەوە و خوا هه ڵناگرێ شەڕیکی چاکی کرد، بەڵام ، تا لایان کردەوە کوڕە کوڕەی (بانە)ی ی لییان وەدەست هاتن و سەروگویلاکی هه موویان بە خوێن داهێنا هه ی رەبی خوا بمکات بەقوربانی دەستەکانیان هه زار جار.
ڕابیعەخانم دەڵی ئەو کوڕە بانەییانە ئێمەیان بردە ژاندارمری و شکاتیان پێکردین وشایەتیان بۆ داین، ژاندرمریش بەقسەی خۆش دڵیان داینەوەو ئێمەیان بەڕێ کرد!
میرزا کەریم بە توڕەیی دەپرسێ:- باشە ئەمانە کێن کە شەڕیان لەگەڵ کردوون؟ ووتی : وەڵلا جا بڵیم چی کاکە هه ندیکیان جلی خاکیان لە بەر بوو هه ندێکیشیان (کۆت وشەڕوال) و بە فارسی قسەیان دەکردبەڵام بە خوا وابزانم یان (ئیتلاعات= ئیستیخبارات ) ی یان (زدی ئیتلاعات= مخابرات)بوون ! شێوەیان زۆر لە( جینایەتکار= مجرم) ئەچوو..
پاش نانخواردن لە گەڵ زیرەک دەچنە کانی مەلائەحمەد، لە ڕیگا میرزا بە دڵی پڕ ژان و پێکەنینەوە لە زیرەک دەپرسێ :- زۆریان لێ داوی یان نە؟
زیرەک پیکەنی ووتی:- وەڵڵا زوو فریام کەوتن بەڵام منیش چاک لێیان وە دەست هاتم، کاکە تەورە زینێکم هه یەدەستم دابوویە بەدەوری خۆما ئەمسوڕاندکە ئەمماڵی بە ناوشانی هه ر یەکێکیان وەک گا ئەیبۆڕاند ئەمما وەختێ دەوریان لی دام وتەورزێنەکەیان لەدەست گرتم پەکم کەوت وشاگردەکەم هاواری کردووتی :- کوڕینەوەرن( زیرەک)یان کوشت؟!
هه ندێک دەردە دڵمان کردوو من ڕۆیشتم، عەسر هاتمەوە لای زیرەک دەستمان بەقسان کردو زیرەک دەردە دڵی خۆی دەکردو بەسەرهاتێکی تری گێرایەوەو ووتی:- جارێکیان لە- تەورێز- زیندانی) بووم هه ڵبەت زۆربەی زۆری زیندانیەکان تورک بوون منیش تورکی چاک ئەزانم و قسەی پێ ئەکەم.
ژاندارمەیەکی بێ رەحمی پیسەکەی(عەجەم) بوو دەستی پێم فێر بوبوو شەو بێری لی نەدەکردم هه مووشەو بە هانەیەکی پێ دەگرتم و تێری لی ئەدام. کاتی ئەوە هاتبوو بۆ سەر ئاومان بەرن و لە حەوشە هه وایەک بگۆڕین، ڕیزیان کردین یەک بە دوای یەک هاتینەدەرەوەو من لە ڕیگا کۆکیم کابرای ژاندارم ئاوڕی دایەوەو غاری دامێ بە تورکی لی گووتم: (ولان ئەی…)ئەی من پێم نە گوتی بە کوردی قسە نەکەی ؟!!
زندانیەکان ئاوڕیان لە من دایەوە ،منیش زانیم بە هانەیەو ئەیەوێ لێم بدات، لە دڵی خۆم دا گووتم : با بە دڵی ئەوان قسە بکەم بەڵکو چیدی لێم نەدەن وهه ندێک دڵیان پێم بسوتێ و منیش بیدەمە لای بێعاری و ووتم: کوامن قسەم کردووە ؟

ووتی: ئەی بۆ بەکوردی ئەکۆکی؟
منیش دەنگم هه ڵ هێناوڕووم کردە (زندانیان)و زندانیەکان و بە زەردەخەنەوە ووتم: کوا من کەی بەکوردی کۆ کیوم؟!! ئەگەر بە کوردی کۆکیبام ئێستا تۆ حاڵی نەدەبووی !!!
کەوام گووت هه موویان دەستیان کرد بە قاقای پێکەنین بە تایبەت زندانیان پاشان ڕوویان دە کابرای کردو پێیان گووت؛ ( ئاغای شێرئالی) سەنە ڵڵا دهاورمە بلاسنەکە کە( هه سەن) یاخچی ئۆغلاندێ.واتە کاک( شێر عەلی) تو خوا چی دیکە لێی مەدە(حسەن)کوڕی چاکە . جا کاکە ئەگەر بڵێم بێ گوناح لێ یان داوم و نێوەی عومریشم هه ر بە تێ هه ڵدان بردووتە سەر لەوانەیە باوەڕ نەکە؟!!
بەڵام باوەڕ بکە لەبەختی من هه زار ئەوەندەی تێ ڕاببینە.
زیرک زۆر نهێنی هه بوو کە نەیدەوێرا بیدرکێنێ.
پیاوانی (زدی ئیتلاعات)ی لەو ساکەوە ڕاویان نابوو وەک خۆی ئەڵی لە هیچ جیگایەک نەیان دەهێشت جێگای ببێتەوەو بە ئاسودەیی لێ بژێێ! ئازاریان ئەدا ڕۆژێک هه ندێک گۆرانی بۆ گووتم و منیس تۆمارم کرد.لە دوای گۆرانیەکەی هه ستم پی کردکە زیرەک زۆر بێ ئومید بووە خەریکە ئەگری لەدەست چەرخی زەمانەو وەک پاڕانەوەیەک گۆرانیەکەی ئەگووت؛ وەک بڵێی لە جیهانێکی ترەوە کەوتووەتە بەردەستی دوژمنە بێ بەزەییەکانی و لە هه مان کاتیش دا بۆمی بەدیارئەخست کە هیچ گوناهێکی نیە تەنانەت ئەوە نەبێت کە کوردێکی بێ غەڵ وغەشە وەک خۆی ئەڵی سەنگی مەحەکم بۆ چیە ڕەقیب لێم گەڕێ بە ویژدان کوردی بێ بێ غەڵ و غەشم .گۆشەیی تەنهاییە کەم هه ر ئەژنۆکەمە بۆیە وا مەحکەم خستوومەتە(کریم)نێو باوەشم ، ئیرانێم و شاه پەرستم (کوردم) بۆچی دایمە کونجی زیندانە بەشم، نایەڵی ڕەقیب پەی بەرێ ئەی یار ئەی یار بەڕەنگە زەردەکەم تامردن مەممنوونی فرمێسکی گەشم . لە شێوەی گۆرانیەکەی وا دەر ئەکەوت کە زۆر کاری لێ کراوە زۆر بێ زاربووە )(ب ،ب٢ل٩٨تا٩١)
میرزاکەریم وەک برایەکی دڵسۆز بەدواویە تا بەتەواوی بزانێ ئەوانە کێن لە هونەرمەند حەسەن زیرەک دەدەن و بەدوا دادەچێ و دەپرسێ ؟!
ئەی کێ یە لە (حەسەن زیرک) ی دا؟
لیدانی ( حەسەن زیرەک) لە دڵمدا بوو بە گرێ زۆر پێوە ناڕحەت بووم تا دوای مردنی چاوم بە کاک (حوسێن زیرەک) کەوت پاش هه ندێک دوان دەربارەی زیرەک و لە دوایی دا لێم پرسی و گووتم:- ئەرێ کاکە خۆ (حسەن زیرەک) ی خوا لێ خۆش بوو خەراپەی کەسی نەبوو حەزیشی لە شەڕو گێچەڵ نەبوو بۆچی تا لە بانە بوودوو سێ جار شەڕی کرد؟
گووتی:- ئێمە چەند جار پێمان گووت کاکە ئەتۆ تەنها خۆت و براژنە( ڕابیعە) ی ژنتە وئارەزوو وساکاریش لای دایکیانن ئێمە زۆر چاک دەتوانین بەخێوتان بکەین، یان وەرە لێرە کاسبی بکە و ئێمەس یارمەتیت ئەدەین و چاویشمان لێت ئەبێ و کەسێش ناتوانێ بێ خود شەڕت پێ بفرۆشێت..
پێکەنی و گووتی: – باوکم خۆ منیش ئەوەی تۆ دەیڵێی ئەیزانم و زۆریشم بەڵاوە چاکە بەڵام ئێوە شتێک ئەزانن و منیش زۆر شت .
من بەڵاتان لێ وە دوور دەخەمەوە !
منیش گووتم :- بەڵای چی کاکە ئەو هه موو مودەتە ئێمە ئاگامان لە مردن و ژینی یەکتر نیە ! ئەو بەلای بۆ تۆ دێتە خوارەوە با ئێمەش شەریکی غەم هه ڵگرتنت بین و غەمێکت بخۆین!
تەمەشایەکی ئەو لاو ئەم لای لای خۆی کردووبە دەنگێکی نزم گووتی :- حوسێن (زدی ئیتلاعات) ئەزیەتم دەدات و ئەڵی ئەبێ بچیتە ئەو دیو ئیشمان بۆ بکەی ! چەندی دەڵێم باوکم ئەمن هی ئەو جۆرە شتانە نیم و( سەوادیشم) نیە ئێوە چۆن ئیستیفادە لەمن ئەکەن؟
ئەڵێن ئەتۆ بە ماڵەوە بڕۆ بۆعێراق ئێمە پارەیەکی زۆرت دەخەینە ئیختیارو خۆشمان خەڵکت بۆ دەنێرین تۆش هه رچی مەعلوماتت هه یە پێان بڵی و ئەوانیش بۆ ئێمەی دەهێننەوە! هه ڵبەت خۆشت دەزانی ئەم جۆرە شتانە بەمن ناکرێت و ئەگەر پێشم بکرێت نایکەم با ساڵی دوو سێ جارتێم هه ڵبدەن وبە فەقیریش ئەژیم وبەڵام ( ئەو کانی یەی ئاوم لێ ی خواردووتەوە هیچ کاتێک بەردی تێناخەم و خیانەت بە خاکەکەی عێراقیش ناکەم ) لە ناو خەڵکیش سەر بەرز ئەژیم.
لە دواییدا بە شۆخی و پێکەنی و گووتی: بەتەنیا بەربەرەکانی دەوڵەتیش دەکەم …!
زۆر سوپاسی کاک ( حوسێن) مکردکە ئەم قسەیەی بۆ گێرامەوەهه ڵبەت شتە کە ئاشکرایە بۆ هه موومان ، بۆ ؟..کێ ؟ لە ( حەسەن زیرک )ی خاوەن دڵی مەردانەی دەدا؟
خۆزیا زۆر کەس سەرنجیکی وردیان ئەدایە کردەوەی ئەو پیاوە بە جەرگە چۆن بۆ ئەو هه موو پارەو تەماعە سەری خۆی شۆڕ نەکردو بێ وەفایی لەگەڵ ویژدانی خۆی نەکرد)(ب،ب٢ل٩١،٩٢)
لیرە بە تەواوی ئەوە بەدەر دەکەوێ کە دەوڵەتی شاهه نشاهی و دەزگای ساواک بۆچی هێندە بەبەردەوامی و بە نا مرۆڤانە بەدوای زیرەکەوەن و لیناگەڕێن ئەم هونەرمەندە گەورەیە بە ئاسودەیی بژیت !
هۆی ڕۆیشتنی زیرەك لە بانە..
ماوەیەك بەسەر لێدانی (حەسەن زیرەك) تێپەڕبوو بوو ئازار و ناڕەحەتیەكانی لەبیرچووبۆوە دەستی كردبوو بە كاسبی و ئێمەیش هاتوچۆمان ئەكرد هەر وەك جاران.
ڕۆژێك بەیانی ڕابیعە خانم هات بۆ ماڵی ئێمە و گوتی: كاكە ئێمە لێرە نامێنین لەگەڵ قسە كردنیشی دەستی كرد بە گریان!!
منیش زۆرم پێ سەیر بوو گوتم: بۆ لێرە نامێنن چی ڕوویداوە رابیعە خانم؟ فرمێسكەكانی سڕیەوە و گوتی: كاكە وابزانم ئەگەر چیتر لێرە بمێنینەوە لەوانەیە شەوێك هەر بشمان كوژن!!
گوتم: ئاخر چی بووە و چی ڕوویداوە با منیش بزانم؟
رابیعە خانم گوتی: ئەم شەو ئەوەندەیان بە لولە تفەنگ لە (زیرەك) داوە و هەرچی پوڵی ، هەشمان بوو هەموویان لێ ستاندووە و هیچمان نەماوە ! منیش زۆرم پێ سەیربوو دیسان بۆ لە زیرەكیان داوە ئەبێ هۆی چی بێت هەڵسام بە پەلە جلم گۆڕی و سواری ماشێنەكەم بووم و چووم بۆ كانی (مەلا ئەحمەد) دیم (زیرەك) لەسەر كورسی دانیشتووە كە چاوی پێم كەوت زانی زۆر ناڕەحەتم و بە پەرۆشم بۆی هەڵسایەوە زەردەخەنەیەكی كرد و گوتی: ئەمە بە هاوارمەوە هاتووی؟
گوتم: ئەمە چیت بەسەرهاتووە؟
دەستی بۆ كراسەكەی برد و هەڵیدایەوە و گوتی سەیركە، كاكە بزانە چیان بەسەر هێناوم! كە سەیری سینە و پشتیم كرد بەڕاستی موچڕكە بە بەری پێمدا هات و لە تۆقی سەرم هاتە دەرەوە، جێگای هەر لولە تفەنگی لێیان دابوو وەك بڵێ ی بە بۆیەی شین ژمارە پێنج لەسەر سنگ و پشتی نوسرابێ وابوو جێگای قۆنداغی تفەنگ بە پانی و درێژی قۆنداغەكە پشتی زیرەكی شین و مۆر كردبوو.
گوتم: زیرەك ئەتو ئەوانەت ناسی؟
گوتی: نە بەخوا نەمناسین بەڵام كوڕە جحێڵێكی باڵابەرزیان تیابوو زۆر لایەنگری لێوە كردم بەڕاستی ئەگەر ئەو نەبوایە شپرزەیان ئەكردم. زۆر تریش هەتیوێكی خركەڵە چوار شانەی شڕووڕی تێدابوو زۆر… بەبێ وجدانی لێیدام ئەو هەتیوە پیسە هەر هاتوو غاریدایە ژوورەوە و شوشەیەكی ویسكی كوپەیی هەڵبچڕی و نای بەسەریەوە لاسایی عەسابەكانی سینەمای ئەكردەوە خۆی بە من تاقی دەكردەوە دەم نادەم فڕێكی لە ویسكیەكەی ئەدا و پشتی لێوی خۆی دەستڕیەوە ئەهات لولە تفەنگێكی سینگی من دەكوتی و شوشە ویسكیەكەی دەلەقاند و فڕێكی تری لێ ئەدایەوە سەیرێكی منیشی دەكرد و قسەیەكی زۆر ناخۆشی پێ دەگوتم!! منیش زۆرم پێ ناخۆشبوو ئەو هەموو لێدانی ئەوانی تر و پوڵ بردن و قسەی ناشیرن بەلاێك دیمەنی ئەو (ناپیاوە) بە هەمووی هەبوو حرس گرتبوومی و خۆم بۆ ڕانەگیراو گوتم: ئاخر هەی (ناپیاوی نا ئینسان) ئەتۆ دزی یان ویسكی خۆری؟ ئەگەر مەشروب خۆری بۆ لێم ئەدەی وەرە دانیشە با خۆراكیشت بۆ بێنم و زۆریشت خزمەت بكەم زۆریش بخۆرەوە وەك پیاو. كاكە هەر ئەوەندەم گوت و شوشەكەی داناو گوتی (هەی پیرە دایكێت….) ئەوە دیارە ئەمنت بە پیاو دانەناوە!! ئەوجارە بەهەردوو دەست تێم بەربوو ئەگەر ئەو كوڕە باڵابەرزە نەبوایە بەخوا شڕی ئەكردم گوتم: هاتونەتە سەرت هەموو لەشیان شكاندووی و سەرەڕای ئەو هەموو لێدانەشت مەتحێیان ئەكەی!!
گوتی: ڕاستە ئەو نەوعە كەسانە هی مەتح كردنێ نین بەڵام دەگوترێ ئەوەیان لە ئەوەی تر چاكترە بەڵام چاكیان تێدا نیە گوتم: شكاتت نەكردووە؟
گوتی: لە پێش تۆ (ژاندارم) ە كان لێرەبوون و (بازجویان) لێ ئەكردم بەڵام خۆ ناشوێرم بڵێم وەك مەسەلەكەیە كابراش دەكوژن و لەگەڵ جەنازەكەشی ئەڕون!! گوتم: (زیرەك) ئەتۆ ئەزانی بۆچی لێت ئەدەن بۆچی بە من ناڵێیت؟ بە دڵێكی پڕ باوەڕ سەیری منی كرد و گوتی: ناوێرم دەردی خۆم بە كەس بڵێم! بەڵام؛ هەڵبەت شت لە تۆ ناشارمەوە ئەگەر تۆزێك سەبر بگری و عەجەلەم لێ نەكەی تا وەختی خۆی دێت!!
گوتم: یەعنی چی كاكە گیان قسە كردنیش سەبری ئەوێ؟
گوتی: پێم نەگوتی وەزعی من وەزعێكی (معمولی) نیە و ناوێرم دەردی دڵی خۆم لای هەموو كەس بكەم بەڵام ڕۆژێك دادێت پڕ بە دەم هاوار بكەم و خەڵكیش حاڵی بكەم كە بۆچی ناێڵن لە هیچ شوێنێك جێگیر ببمو و هەر وەختێكیش ئارەزوویان لێ بێت ئەوە بەهانەیەكم بۆ دەدۆزنەوە و تێڕ و پڕم تێم هەڵدەدەن و دەڕۆنەوە!!
سەرم لە وەزعی (زیرەك) سوڕمابوو هیچی لێ حاڵی نەبوم و ناچار هیچی تر لێم نەكۆڵیەوە.
دوو سێ ڕۆژ هاتوچۆیان پێ كردە ژاندارمەری كە گوایە تۆڵە بۆ تاوانكارەكان وەردەگرنەوە!!
پاشی ئەو هەموو بازجویە و هاتوچۆیی كردنە پێیان گوت: كاكە ئەتۆ چ دەكەی لەو چۆڵ و دوورەی شارە؟ بە قسەی ئێمە دەكەی بڕۆ بۆ جێگایەكی تر بۆ خۆت كاسبی بكە باشترە.. هەتاكو شەوێك نەشیان كوشتووی!!!
ئەگەر سەرنج بدەین ئەوا لەم قۆناخە ژیانی زیرەک لە نیوان لێدانی بە خۆرایی وبە کردەوە و گەفی کوشتن و شەڕی دەروونی بەردەوام دا کارلێتێکدان و ڕاونان دەسوڕیتەوە !!
لێدانی زیرەک بە هۆی گۆرانیەکەوە..
میرزا کەریم دەنووسێ ..من بە هۆی تێکچوونی ماشینەکەم چوومە شاریکی ترو درەنگ گەڕامەوە برایەک گوتی: (حەسەن زیرەك) ڕۆیشت و هەرچی هەشیبوو فرۆشتوویەتی.
گوتم: كاكە نەیگوت بۆ كوێ دەچن لەگەڵ رابیعە خانم؟
گوتی: جا من چ كارم هەیە بپرسم ئەگەر بشم پرسیبایە پێی نەدەگوتم. وادیاربوو زۆر ناڕەحەت بوو ئەو (حەسەن زیرەك) ەی جاران كە خەڵك حەزی ئەكرد قسەی لەگەڵ بكات هەمیشە دەم بە پێكەنین و ڕووخۆش و شۆخی باز بوو بەڵام ئەم ماوەیە هەروەك بڵێ ی (حەسەن زیرەك)ی جارانیش نەبوو نازانم بۆ وابوو؟!!
زیرەک لە بانە ڕۆیشتبوو دواجار چووبووە سابلاغ ، منیش بەدوای دادەگەڕام ،لەوێ مالێکیان نیشاندام و چووم و
لە دەرگای ماڵەكەمان داو گوتمان ئێرەیە ماڵی كاك سمایل؟ گوتی! بەڵێ ئێوە كێن؟ ئەم برادەرەی لەگەڵمدا بوو منی بە كاك سمایل ناساند گوتی بە ئیجازەتان ئەمن كارم هەیە ناتوانم لەگەڵتان دانیشم خودا حافیز ئەو ڕۆیشت و كاكی خاوەن ماڵێ بە فەرموو بردمیە ژوورەوە زۆری ڕێز لێ گرتم كە چاویشم ئەگێڕا نە (ڕابە) و نە (زیرەك) دیار نەبون منیش گوتم ئەرێ برا كوا كاك (زیرەك) و قسەكەی بڕیم و گوتی: برا ئەتۆ جارێ وەرە ژوورەوە تۆزێك دانیشە تاكو بەسەرهاتی (زیرەك)ت بۆ دەگێڕمەوە.
گوتم: چی؟ بەسەرهاتی چی (زیرەك) چی لێ قەوماوە بڵێ تو خوا زوكە بزانم لەو كاتەدا ژنەی هاتە ژوورەوە و پاش بەخێرهاتن کردنم گوتی: ئەم برا كێیە؟ مێردەكەی پێی گوت: ئەوە دۆستی زیرەكە ناوی (میرزا كەریم)ە گوتی: یادت بەخێر ئاغای زیرەك پێش ڕۆیشتنی لێرە زۆر باسی تۆی ئەكرد گوتم: بۆ لێرە ڕۆیشتوون؟ ڕووی لە مێردەكەی كرد و گوتی: بۆ پێت نەگوتووە سمایل؟
گوتی: ئاخر بۆ تۆ هێشتت قسەم تەواوی بكەم، پاشان ڕووی كردە من و گوتی: كە هاتنە ئێرە من لە ماڵی خۆم ئەو دیوەم بۆ بەتاڵ كردن لەم كاتەدا دەستی بۆ دیوەكەی بەرامبەر درێژ ئەكرد، خۆی و ڕابیعەی ژنی و هێندێ كەلوپەلی پێویستی نێوماڵ.
ئێوارەیەك لەگەڵ هەندێك برادەر چونە دەرەوە بۆ (ڕێستۆران) ی (ئیپڕیم) برادەران داوای گۆرانی لێ دەكەن پاش تۆزێك سەرگەرم بوون ئەویش خان باجی بۆ ئەگوتن بۆ ئەوە دڵی برادەرانی نەشكێت كۆڕەكەشیان تۆزێك گەرم و خۆش بكات، هەر دانیشتوان گوێیان لە دەنگی (حەسەن زیرەك) بوو دەستیان كرد بە چەپڵە و فیكە لێدان و هاتو هاوار و سەماكردن و قون بادان بە جۆرێك دەنگیان ئەگەیشتە سەر (خیابان) و لەناو خیابانیش پۆل پۆل ئەهاتنە بەر دەرگای ڕستۆرانەكەو دەستیان ئەكرد بە چەپڵە لێدان (سابڵاغ)یش هەمیشە لەژێر چاوەدێری دابوو لە (ئیختێناق)دا ئەژیان لەلایەن دەوڵەتی ئێرانەوە ئەم شتەش هەمیشە گی بوو نەیان دەهێڵا خەڵكی زۆر پێكەوە كۆببنەوە.
ئەفسەرێكی (شهربانی) هەمیشە لە گەڕان دابوو لەگەڵ چەند پاسەبانێكی چەكدار كە ئەگەنە نێزیك ڕستورانی ئیپریم ئەم هەموو (شلوقیە) ئەبینن یەك سەر ڕوویان كردە ئەوێ و پاسەبانەكان لە ماشێن دابەزین غاریان دایە سەر خەڵكەكە و
دەستیان كرد بە دەركردن و بڵاوكردن و پاڵدانی خەڵك بەڵام خەڵك ڕاهاتبوون، لەولا پاڵ ئەدران لەو سەر خۆیان پێدا ئەكردەوە….
ناچار ئەفسەرەكە چووە ژوورەوە كە دی جێگای دانیشتن نەبوو زۆری بە پێوە ڕاوەستواوە و چەپڵە لێ ئەدات و گۆرانیەكە ئەگێڕنەوە…..
ئەفسەرەكە ڕووی كردە زیرەك و هاواری كرد لەسەرخۆبن ئەمە چیە ئەم جێگایەتان شلوق كردووە؟ كەس گوێی نەدایە ئەفسەرەكە و زیرەكیش گوێی نەدایە تاكو گۆرانیەكەی تەواو كرد و گوتی: جەناب (سەروان) گۆرانی گوتن قەدەغە نیە ئەتۆ بۆچی هاتووی زەوقی ئێمە دەشكێنی؟
ئەفسەرەكە گوتی: ئەم شلوقیە قەدەغەیە ئەم شێوە گۆرانیانە كە بێتە هۆی كۆبوونەوەی خەڵك ئەمە قەدەغەیە زیرەك گوتی: كاكە بۆچی لای ئێوە گۆرانی ئەڵێن ڕەقسیشی بەدەمەوە ئەكەن لەسەر ڕۆخی خیابان یان لەناو (پاركێك) زۆر لێرە شلۆقترە بۆچی بۆ ئەوان قەدەغە نی یە بۆ ئێمە كە لەناو چوار دیواری ئەم (ڕیستۆران)ە تەنها یەك دەرگای هەیە بێ پەنجەرە بە گۆرانی دەردی دڵی خۆم بەبا بدەم بۆ دەبێ مانعتان هەبێ؟
قسەیەك لە ئەفسەرەكە و قسەیەك لە (زیرەك) ئەفسەرەكە یەك زللەی لە بن گوێ زیرەك دا!! زیرەكیش نەیكردە نامەردی هەستا پێوە تا تینی تیابوو زللەیەكی لەبن گوێی ئەفسەرەكە دایەوە و پشتاوپشت بەری دایەوە خەڵكی دەورو پشتی دایان پەرۆسینە سەریەك بو بە شەڕێك لە هەموو ئێرانت نەیان توانیە ئاوا لە ئەفسەر و پاسەبان بدەن وایان لێ كردبوون خۆیان بەسەر پێوە ڕاگیر نەدەكرا یەكێك لە پاسەبانەكان هەڵاتبوو ئاگاداری (شەهرەبانی) كردبوو كە لە ڕیستورانی ئیپرم خەریكی لێدانی ئەفسەرێك و پاسەبانەكانن فورا بگەنە فریامان.
ئەوەندەی پێ نەچوو دوو ماشێن پڕ لە پاسەبانی چەكدار لەبەردەمی ڕیستۆرانە خۆیان فڕێدایە خوارەوە غاریان دایە ژوورەوە و دەستیان كرد بە لێدانی ئەو خەڵكە ئەو جارە بوە بای پاسەبانەكان و تۆڵەی ئەوانی تریان لێ كردنەوە و هەموویانیان خستنە ناو ماشین بە پاڵەسوو تێهەڵدان بەتایبەت ئەفسەرەكە زۆری لە زیرەك دا و دەستی لە دواوە بەست و لەبەر چاوی خەڵك دایە بەر شەق و سوار ماشێنی كرد بەڵام هەرچی لەشی ئەفسەرەكە بوو خوێنی پیا ئەهاتە خوارەوە و شەڕەكە كۆتایی پێ هات و هەموویان بردن بۆ (شەهرەبانی) خەڵك زۆر هەوڵیان دا بۆ بەردانی (زیرەك) بەڵام ئەفسەرەكە خەڵكی تری هەموو بەردا و تەنها (زیرەك)ی هێشتەوە ئەویش هەردووك دەستی لە پشتەوە بەستبوو خستبویە ناو حەوزی حەوشەی (شەهرەبانی) دەم نادەمیش لێی هەڵدەستاو تێی بەردەبوو بە شەق و زللە تا ماندوو ئەبوو ئا بەم شێوەیە (زیرەك) ئەو شەوەی بە شكنجە و ئازار بردە سەر تا وەختی بەیانی لەسەر خوێ چوو خەریك بوو بمرێ ڕەوانەی بیمارستانیان كرد ئاغا (محیەدین ی دۆستالی) بوو بە كەفیلی لە شارەبانی و زۆریشی هەڕەشەی لە ئەفسەرەكە كرد كە چۆنت وا لە خانندەیەكی كورد كردوە بۆ لێتداوە بۆ نەتداوە بە دادگاە، بە چ حەقێك شەو تا بەیانی لێی ئەدەی؟ خۆ بەخوا ئەگەر شتێكی لێبێت تا (پایتەخت) ڕاناوەستم و هەموو كاربەدەستانی دەوڵەت تێ بگەینم كە چ زوڵم و زۆرێك لێرە سەر ئەچێت بێ ئەوەی كەس بتوانێ قسەیەك بكات!
(زیرەك) لەگەڵ خۆی بردە ماڵەوە لە ڕێگا زۆریشی نەسیحەت كرد (زیرەك) زۆری سوپاس كرد و لە ماڵەوە كەوت لەناو جێگایدا ڕۆژێك گوتی كاكە من ئەمەوێ لێرە بڕۆم منیش پێم گوت: ئاخر برام بۆ دەڕۆی و تاكەی دەبێ ماڵی تۆ هەر بەسەر پشتی وڵاغەوە بێت با لەناو ئێمەدا تۆزێك ئوقرە بگری و بحەسێیتەوە سەیری منی كرد و گوتی: ئەمن تازە ڕووم نیە لێرە بمێنمەوە پێنج و دوو ڕۆژێكم ماوە ئەچم بۆ شارێكی گچكە و نانێكیش هەر ئەبێ من و ڕابە سكمانی پێ تێر بكەین: لە قسەكانی دیاربوو كە زۆر دڵشكاو بوو.
لە وەڵامێکی میرزا کەریم خۆشناو زیرەک جارێکیان دەڵێ:
جا برام ئەمن زۆرم تێهەڵدان دیوە بێ ئەوەی بزانم بۆچی لێم ئەدەن لەم دنیایە خۆشیم نەدی ئومێدەوارم لە جیهانەكەی تردا خودا تۆڵەیم بۆ بكاتەوە لای كەم لەوێش هەر تێهەڵدان نەبێ بەشم باشە، بەڕاستی من كەوتبومە جیهانێكی تر هەستم لە قسەكانی زیرەك ڕاگرتبوو هەموو ئەو دیمەنانە ئەهاتە بەر چاو كە چەندیان بەبێ بەزەیی لێداوە زۆر بە پەرۆش بووم لە پڕ (حەسەن زیرەك) دەسماڵی لە گیرفان دەرهێنا و چاوی منی پێسڕییەوەو وتی: گوێ بگرە كاكە گوێ بگرە. دەستی دایە دەفەكەی زۆر بە غەریبی ئەم گۆرانییەی گوت:
قەت لە دونیادا نەبو بێجگە لە ناخۆشی بەشم
ئەی خودا چەند بێ كەس و بەدبەخت و چەند چارە ڕەشم
مودەتێك ئاوارە بووم و سەردەمێکیش دەربەدەر
قەت نەمدی ڕووی ئاسودەگی هەر تووشی گێرەو قەڕقەشم
حەریف شەش دەری ئومێدی لێ گرتوم
هــەر مورە هـەڵداوێم و بێ هـودە بـەتــەمـای دووشـەشــم
زۆر سوپاسم كرد بۆ گۆرانییەكەی و گووتی: كاكە عادزی پێ ناوێ بە خودا تا سەر ما بێ لەش تێ هەڵدانی هەر ئەبێ!….. هەردوكمان دەستمان كرد بە پێكەنین.
حەسەن زیرەك و گۆرانی بێژێكی لوڕستانی
هەرچی خاوەن دڵێكی زیندوبو و كۆڕی ئاوازو گۆرانی پێ خۆش بوایە ڕوی ئەكردە گازینۆی (حەسەن زیرەك) زۆرجار گۆرانی بێژی كوردو تورك و فارس سەردانی (زیرەك) یان ئەكردو كۆڕی ئاواز و گۆرانیان ئەبەست و لەگەڵ یەكتر گۆرانیان ئەوت و بۆ یەكتریشیان ئەگێڕایەوە، (١٣) هەڵبەت هەركەس بە زمانی خۆی گۆرانی ئەگوت گۆرانی بێژە كوردەكان بەتایبەت زیرەك بە فارسی و توركی و كوردی گۆرانی ئەگوت و هەر كەس بە زمانی خۆشی بۆی ئەگێڕایەوە. توركەكان بە توركی و فارسیش گۆرانیان ئەگوت. بەڵام فارسەكان تەنها بە فارسی ئەیانتوانی گۆرانی بڵێن و بەس. هەندێك جاریش (حەسەن زیرەك) گۆرانی نەدەگوت تەنها (پەزێرایی) لێ ئەكردن. جا هەركاتێك خەڵكی (بانە) هەستیان بكردایە كە گۆرانی بێژێكی لایدە هاتۆتە لای زیرەك ئەوە ئەیانزانی كۆڕی بەزم و ئاوازو گۆرانی خۆش ئەبێ و ڕویان ئەكردە كانی (مەلا ئەحمەد) و خۆیان لە (زیرەك) و مێوانەكانی نزیك ئەكردەوەو لە دەوریان دائەنیشتن تا لە نزیكەوە گوێ بگرنە گەڕەلاوژەی گۆرانی بێژەكان بە تایبەت كە نۆرەی (زیرەك) ئەهات هەر وەك نێرەكەو ئەیقاچپاند بەسەریاندا، ئەوەندەش بەسۆز و لە ناخی دەرونیەوە دەستی بە گۆرانی گوتن ئەكرد كە مرۆڤ موی هەموو لەشی زیك وەك نیشتەر ئەوێستا.(١٤)
ڕۆژێك گۆرانی بێژێكی (لوڕی) هاتە سەردانی زیرەك لەگەڵ مۆسیقا ژەنێك، خەڵكی بانەش زۆربەی ڕویان كردە لای زیرەك بۆ بەشدار بون لەو ئاهەنگە خۆشەی كوردی سۆرانی و كوردی لوڕستانی.
هەروەك جاران لە دەوری (حەسەن) و گۆرانی بێژی لوڕی دانیشتین مۆسیقا ژەن دەستی لە (ڤیلیۆن) ەكەی بزاندو ئاوازێكی لوڕی خۆشی بڵاوكردەوە وەك پێشەكیەك لە دوایدا گۆرانی بێژ دەستی كرد بە گۆرانی وتن بەڵام لە ڕاستیدا دەنگی زۆر خۆشبوو هەندێك گۆرانی تازەو مودی ڕۆژی پێشكەشكردو (حەسەن) یش هەر سەری خۆی بۆ ئەلەقاندو گوێی لە گۆرانیەكان گرتبوو.
كاتێ كە گۆرانیبێژی لوڕی دەستی بە گۆرانی گووتن كرد، دایە دایە وەختی چەنگە قیتاركێ باڵا سەرم پریش فشنگە، چەند جەوانێكی بانەیی گۆرانییەكەیان بۆ ئەگێڕایەوە بەڵام لە دڵدا زۆر ناڕەحەت بوون كە (زیرەك) بۆچی گۆرانی ناڵێت و وەڵامی ئەم گۆرانی بێژە ناداتەوە؟
خەڵكی لە لێكدانەوەی هۆی بێ دەنگییەكەی بوون كە لە پڕ دەستی پێكردو گووتی:
لایە لایەت بۆ دەكەم بەڵكو خەو بتباتەوە
دەست خەمە نێو مەمكۆڵانت شەو تا ڕۆژ بەلاتەوە
ئای خڕخاڵبم بە پاتەوە
بەهەمان ئاوازو كێشەكەی (دایە دایە).
ئەم گۆرانییەش بۆ یەكەم جار لەم كۆڕەدا گوتی جا لە دوایدا لە جێگای تر گووتیەوە ئەوەندەش بە خۆشی و ڕێكوپێكی گووت كە دانیشتوانی كۆڕەكە مات و مەبهوت سەیری دەمی (زیرەك) یان ئەكردو لە كەیفان وەك سەرخۆشیان لێهاتبوو كردیان بە چەپڵە لێدان و هاتوو هاوارێك و هەندێكیان هەڵسابونەوە پێوەو سەمایەكی زۆر جوانیان دەكرد لەگەڵ ئاوازی مۆسیقاو گۆرانیەكە ڕێك و جوان ئەگونجا هەڵبەت ئێستا ئەو شریتەی باسی ئەكەین من هەمە و وا لە ماڵەوەیە.
كردیانە نۆرە هەر گۆرانییەك گۆرانی بێژی لوڕی ئەیگوت گۆرانییەكیش (زیرەك) لەسەر هەمان كێش و ئاواز لەدوای پێ هاتنی ئەم كۆڕە دڵ چەسپە بە حەسەن وترا ئا ئەو گۆرانییە وەڵامی گۆرانییە لوڕیەكە نەبوو وایە (زیرەك)؟
گووتی: بەڵێ وایە گۆرانییەكەی ئەو هەڵقوڵاوی جەنگەكەی (قەدەم خێری بیرانەوەند) ە خۆشم ئەزانم جەوابی بدەمەوە بەڵام ناوێرم چونكە ئەوەنەیان لێداوم هەرجارەی بە بەهانەیەك ئەی بۆ ناڵێن دەمێكە كاكی مێوان گۆرانی ئەڵێت و منیش گوێم بۆ شل كردووە ئەزانی جوابەكەشم حازر كردبوو ئێمەش گوتمان توخوا زیرەك با بزانین چیت حازر كردبوو گووتی دەمگووت:
لای لایەت بۆ دەكەم با غیرەت بتباتەوە
دەست كەیتە تفەنگی بڕنو شەو تا ڕۆژ بە یاڵەوە
جا كەوش ئەبم بە پاتەوە
بەڵام بە ڕاستی گەر شتێكم بگووتیایە چ لە شەو زووتر نەبوو سەد جووت شەقیان تێم هەڵ ئەدا بەهانەیەكی چاكیشیان بۆ ئەدۆزیمەوە،

چاوپێكەوتن لەگەڵ موحەمەد (ماملێ)
میرزا کەریم خۆشناودەڵێ: ماوەیەك دوای مردنی خوالێخۆشبوو (حەسەن زیرەك) قاو بڵاوبۆوە كە گوایە (موحەمەدی ماملی) وردە ئاسنی بۆ خستوەتە ناو برنج و پێی نەخۆش كەوتوە و بوەیتە هۆی مردنی!! ئەو هونەرمەندە ئەویش (حەسەن زیرەك) ە دۆستێكم لە شارەكەی (موحەمەدی مامڵی) هەبو بەناوی (ئیسماعیل پرسیاری) چوم بۆ سەردانی و بەهۆی ئەو توانیم كاك (موحەممەدی مامڵی و مەلا حوسێن عەبدوڵا زادە) ببینم لە چایخانەی ناو بازاڕی سەوزە فرۆشان كە بەناوبانگ بو بە چایی چاكی عێراق و نێرگەلە كە لەوێ پێی ئەڵێن (قلیان).
هەڵبەت هاوڕێكەم منی بە ئەوان ناساند و ئەوانیشی بە من ناساند لەبەر هەڵسان و زۆر ڕێزیشیان لێ گرتم كە ناوی منیان بیست و ئەیانزانی دۆستێكی خوالێخۆشبوو (حەسەن زیرەك)م.
پاش هەندێك گفتوگۆكردن ڕووم لە (موحەمەدی مامڵی) كرد و گوتم: ئاغای مامڵی ئەزانی هەندێ كەس وا ئەزانن كە تۆ دەستت هەیە لە مردنی خوالێخۆشبوو (حەسەن زیرەك) یان ڕاستر بڵێم ئەڵێن گوایە جەنابت وردە ئاسنت بۆی خستوەتە ناو چێشتی برنج و بوەیە هۆی نەخۆشی و مردنی؟! هەڵبەت كە ئەو پرسیارەم عەرزكرد و گوتی: كاكە زۆر سوپاست ئەكەم كە ئەتۆ بە شێوەیەك ئەو پرسیارەت لێ كردم كە هەستم بریندار نەبێت بەڵام هەندێك كەس بێ پارێز و پێشەكی و بێ ئەوە ریعایەتی دڵی من بكەن ئەڵێن ئەرێ (موحەمەدی مامڵی) ئەتۆ بۆچی حەسەن زیرەكت كوشت؟! ڕووی كردە من و گوتی: ئەگەر تۆ لە باتی من بیت چ جوابی ئەو جۆرە كەسانە ئەدەیتەوە؟
كاكە هەندێك كەس ئا ئەوها لەخوا نەترسن هەر لە هیچی نەبوی شت بۆ خەڵك دروست ئەكەن و توشی هەزاران دەردە سەری و كۆسپیش بكەن بەلایانەوە هیچ نیە! دەنا ئەمن (زیرەك) ی خوالێخۆشبووم خۆش ئەویست جگە لەمەش لە چ زەمانێك بیستوتە هونەرمەندێك ئەویتر بكوژێ لەسەر بەربەرەكانی هونەری؟!
جا ئەمن لایەنگری خۆم زۆرن كە گۆرانیەكانی منیان پێ خۆشە و هەروەها (حەسەن زیرەك)یش لایەنگری زۆرە و هەشە هەردووكمانی ئەوێ و گۆرانی ئەو گۆرانی منیشی پێ خۆشە هەر كەس بەپێی زەوق و سەلیقەی خۆی كەواتە ئێمە هیچ مونافەسەیەكمان لە بەینا نیە بەڵام هەندێك كەس پێیان خۆشە تفەنگ بە تاریكی یەوە بنێن! خۆشت ئەزانی هونەرمەندی ڕاستەقینە دڵی لە پەڕەی گوڵ خاوێنتر و بێگەردترە لە دڵی نایەت مێروولەیەك ئازار بدات چۆن ئەتوانێ ئینسانێك بكوژێ!؟
لێرەدا (مەلا حوسێن ی عەبدوڵا زادە) گوتی: كاكە ئێمە (حەسەن زیرەكی) خوا لێخۆشبوومان بە مامۆستای خۆمان دانابوو بۆ نمونە لە شنۆ پێكەوە ئیشمان دەكرد وابزانم كەس نیە لەو جیهانەدا (حەسەن زیرەك) بناسێ و خۆشی نەویستبێت.
ئەودەنگ گۆیە کە میرزاکەریم لەدیوی ئێرانی و ئەوێ ڕۆژێ بیستوویەتی ، هه مان دەنگگۆ گەیشتە دیوێ عێراقیش! کە گوایە وەک میزا کەریمیش پرسیاری لە هونەرمەندی گەورەی کوردمامۆستا(محەمەدی ماملێ) کردووە ، کە گوایە هۆی مردنی حەسەن زیرەک ئەوەیەکە وردە ئاسن کراوەتە خواردنەکەی و بووەتە هۆی مردنی !
من وەک ئەوەی کە لێکۆڵینەوەم لەوەدا کردووە ، کە هۆی مردنی حەسەن زیرەک بدۆزمەوە ، گەیشتوومەتە ئەو بڕوایە کە ..ساواک کەتنی خۆی دەکات ؛ دەیەوێ بە بەردێک چەند چۆلەکەیەک بکوژێ! چۆن ئەگەر سەرنج بدەین ئەو هه موو ڕاپۆرت نووسینەی ساواکیان و ئەو هه موو تاوان بۆ هه ڵبەستنە وبەردەوامی بەدوا بوونەوە ..لەدەرکردنی لەڕادیۆوە و ڕاونانی وەک میرزاکەریم باس دەکات و دەڵێ : ئەودەمە ساواک ڕاوی حەسەن زیرەکی نابوو نە یدەهێشت لە هیچ جێگایەک کاسبی بکاو بگیرسێتەوە ! ئەی ئەو هه موو زدی ئیتلاعات و چەقۆکێش و شەقاوە چی بوون هه ر ناوە ناوە شەڕیان پێ فرۆشتووەو لێیانداوە ! ئەی ئەوە کێ بوو داوای لە زیرەک کرد بچیتە عیراق و کاریان بۆ بکات؟ ئەی چی بوو کە زیرەک پاش ئەوەی پیاوانی ساواک تێروپڕیان لی ئەدا ! کەچی لە ژاندارمری لە جیاتی پاراستن و حەق وەرگرتنەوەی پێیان دەگوت: کاکە تۆ چی دەکەی لەم دەشت وسەر سنوورە بچۆرە جێگایەکی تر کاسبی بکە با ڕۆژێ نەشت کوژن!؟ ئەو(کوژتن) ە زیرەک خۆی و ڕابێعە خانمی خێزانیشی هه ستیان پێکردووە . سەیرکە ڕابە خان پەنا بۆ میرزا کەریم دەبات و بە گریانەوە دەڵێ ؛ ئەگەر لێرە بمێنینەوە ڕۆژێ دەشمان کوژن! هه روا زیرەک لەوەڵامی میرزا کەریم دا دەڵێ : وەک ئەوە وایە دەشێ کوژن و لە دوای جەنازەکەشی دەڕۆن ! کە زیرەک لە شاییەک دا لە خۆدەچێ و دەیبەنە نەخۆشخانە، پاش ئەوەی لە نانخواردنی نێوە ڕۆدا ژنێک خواردن بۆ زیرەک دێنێ و دەڵێ : من ئەو شۆرباو قەنداخەم بۆ ئاغای زیرەک هێناوە ! زیرەک پاش ئەوەی بە خۆ دێتەوەو لە ماڵەوە بۆ ڕابیعەخانمی خێزانی دەگێڕێتەوە دەڵێ : لە شۆرباکە دوو کەوچکم خواردو قەنداخەکەم خواردەوە ، کە چووینەوە ناوشاییێ سەرم سوڕاو کە وتم ! کە ڕابە خانم دەچێتە نەخۆشخانە ژنێکی کارمەند ڕابیعەخانم دەباتە ژێرزەمین و پێی دەڵێ : زیرەک هونەرمەندێکی گەورەیە، بۆ ئەوەی خوێنەکەی بزر نەبێت ، دکتۆرەکان ڕاستیتان پێ ناڵێن ! زیرەک ژەهر خواردوو کراوە !(١٥) پاش ئەم قسەیە ڕابێعەخانم شکات لە هونەرمەندو مۆسیقارەکان دەکات و هه موویان دەگیرێن ! بەڵام ، کە زیرەک بە خۆ دێتەوەو ئەمە دەزانێ ..سۆندە لە جەستەی خۆی دەکاتەوەو بە نەخۆشی دەچێتە ژاندارمری و هه موویان ئازاد دەکات و دەڵێ : کەس دوژمنی من نیە ! ئەم کارەی زیرەک ئەوە دەردەخات..کە زیرەک خۆی زانیویەتی و تەواو گەیشتووەتە قەناعەت کە ئەوە ساواکە دوژمنی ئەو نەک کەسێکی تر ! بڵاو بوونوەی ئەو پرۆپاگەندەو دەنگگۆیە دژی هونەرمەندی گەورەی کورد مامۆستا محەمەدی ماملێ ، دروستکردنی فینتنەی کۆمەڵایەتی یەو پێکانی دوو چۆڵەکەیە بەبەردێک . چۆن مامۆستا ماملێش بەو ناوو دەنگ و کاریگەریەی کە هه یبووە لەسەر کۆمەڵانی خەڵک ، لای دەوڵەت خۆشەویست نەبووە ، ژیانی ماملێ خۆی و خانوادە بەڕێزەکەشی ئەمە پشت ڕاست دەکاتەوە . ئەگەربە وردی لە ژیانی زیرەک وردبینەوە پاش دەرکردنی لە تارانی پایتەخت و ڕادیۆولە کرماشان ..ئەوادەردەکەوێ بەردەوام لە ژێر چاودیری توندی ساواک بووە و بە دوایەوە بون و هه موو کارێکیان لێ تێک دەداو بەردەوامیش لێیان داوە وڕاویان ناوە تادواجار ژەهرخواردوویان کردووە ! ئەوەش بە هۆی ئەوە بووە کە زیرەک نەچووەتە ژێربارو ئامادە بووە ئازار بچێژێ و هه تا وەک خۆی گوتوویەت ..با ساڵێ دوو جاریشم لێبدەن ! بەڵام ؛ ساواک هه ر بەوە وازی نە هێناوە کە ساڵی دوو جارێ لێیبدات ! بەڵکو کارەکەی گەیاندووتە ئەنجام و ژەهرخواردووی کردووە ! هه ر ئەو ژەهردەرخوارد دانەش بوو کە بووەتە هۆی (شێرپەنجەی جگەر!؟) چوونکە ڕابیعەخانم لە وەڵامی پرسیارێکی ئێمەدا ..کە پرسیمان زیرەک پێش ئەوەی بچیتە شاییەکە هیج نەخۆشیەکی هه بوو؟ لەوەڵام دا گوتی:زیرەک هیج نە خۆشیەکی نەبوو،لەگەڵ ئەوکارەساتەوە زیرک کەوت و هه ڵنەستایەوەوهه رچی عەمەلی بۆ کرا، هه رچی شاران هه یە بردمان جاک نەبوویەوە ،لە ناوکییەوە تا سەرسنگی و هه ردوو لا کەلەکەی هه ڵدڕابوو، دکتۆرەکان شاردیانەوە ، گوتیان سەرەتانی ڕیئەیەتی ،وانەبوو، ڕاستیەکەیان نەدەگوت .)(ساواک بۆچی..،ل١٢٤) هه واڵەکانی سەردەمی نەخۆشی زیرەک و خەوتن و نەشتەرگەری کردنەکەی ، ئەوە دەردەخات کە ساواک پاش ژەهر پێدانەکەی دەورەی زیرەکی داوەو ڕێگری لە چارەسەریەکانی کردووە ، لەسەرەتا پێی دەڵێن : تەختی بەتاڵ نیە بۆ خەوتنی زیرەک ! لە کاتێک دا دوای دەرکەوت تەخت هه بووە ! دکتۆر بۆ چاوبەستە نەشتەرگەریەکی بۆ دەکات و بەقەددنکە نۆکێک جەرگی ڕەشی زیرەک بە کەس و کارەکەی پیشان دەداو دەڵێ زیرەک لای ئێوە میوانە! جگە لەمانە میدیا خانم کە دەچێ و زیرەک دەبینێ دەیەوێ بیباتە تاران بۆ چارەسەری ،دەنووسێ:کاتێ چاوم بە حەسەن کەوت، بۆم دەرکەوت زۆر نەخۆشە، زۆرم لە کاربەدەستانی ئەوکاتە تکاکردکە کارێک بکەن،بە ڵام هیج کامیان تەنانەت ئەمبوولانسێکیان نەدا بە من تا حەسەن ببەم بۆ دکتۆر،تا ئەوەی لەساڵی ١٣٥١ی هه تاوی ، حەسەن ڕۆژ لەگەڵ رۆژحاڵی خراپترئەبوو، کەس گوێی بە قسەی من نەئەدا،بەڵکو یارمەتی چکۆلە بە من بدەن ولای کەمی ئەمبولانسێ بدەن تاکو حەسەن بهێنم بۆ تاران )(چریکە، ج٢، ل٨،٩) زیرەک هونەرمەندێکی گەورەبوو، هی ئەوە نەبوو لە شارێکی چکۆڵەی سەر سنوور نەشتەرگەری بەدرەنگەوە بۆ بکرێ و بەم جۆرە چارە سەر بکرێ ؟ بەڵام ، ساواک بە دەوریەوە بۆ ، نە یدەهێشت بۆ چارەسەری بۆ هیچ جیگایەک ببرێ نەوەک ژەهر پێدانە کە لە پشکنین دا دەربکەوێ ! ئەو ڕاستیەش کوردانی ڕۆژهه ڵات دەیزانن، هه ر بۆیە وەک ناڕەزاییەک هه ر لە ڕۆژی ناشتنی زیرەک ڕێگەیان نە دا دەزگای ڕادیۆ لە ناشتن دا بەشدار بێت و زوو ناشتیان. جا ناوهێنانی کەسانی تر لەسەرو بەندی مەرگی زیرەک پلانی ساواکە بۆ تێبزرکردنی خۆیان بەلاڕێ بردنی خەڵک وبزرکردنی سەرەداوەکە و ناوهێنانی ساواک ! هه روەها دروستکردنی کێشەی کۆمەڵایەتی وپێکانی زیاتر لە چۆلەکەیەک بە یەک بەرد ..وەک کوردەکەی خۆمان دەڵێ !! دوور نیە زیرەک زۆر جار هه وڵدرابێ ژەهرخواردوو بکرێ ..ئەوەتە نووسەری بەرێز (ئارارات ئەحمەد ئەحمەد)(قەڵادزێ و سندۆان کووجەیەکی تاریک لە ژیانی حەسەن زیرەک ) ڕووداوێکی ساڵانی پەنجاکان دەگێڕیتەوە کە زیرەک لە قەڵادزێ توشی هاتووەئەو بەڕێزە دەنووسێ ؛(گومانی تێدا نیە کە کەسێکی گەورەی وەک حەسەن زیرەک ، خەلک زۆر هه بوون کە حەزیان کردووە تێکەڵی ببن و ئاشنایەتی لەگەڵ دابکەن. جا لەم نیوەندە کەسانی نەیارو ناحەزیش ویستویانە لێی نزیک ببنەوەو نیەتی خراپی خۆیانی بەسەردا قلپ بکەنەوە ، یەکێک لە ماڵەکانی قەڵادزێ ، ماڵێکی کوردستانی ئیران بوون، ڕۆژێک بۆ نانی ئێوارە حەسەن زیرەکیان داوەت کردووە ، ئەویش دەچێ ، وەختی نووستنان هه ڵدەستێ ، دەچیتەوە ماڵێ حەسەن جەلالی ، دەڵێ : حەسەن زۆرم برسییە! حەسەن جەلالیش دەڵێ : بۆ حەسەن ئەدی ئەو ماڵە نانیان نەداویەیێ؟! ئەویش دەڵێ : با نانیان هێنا ، بەڵام ڕاستی نەوێرام بیخۆم، هه ستمکردژەهریان دەخواردنەکەی من کردووە و دەیانویست بمکوژن !) ئەگەر ئەم ڕووداوە شیبکەینەوە دەگەینە یەوەی کە ئەمەش هه وڵێک بووە بۆ کوشتنی زیرەک ، دیارە قەڵادزێ سەر سنوورەو هه میشە سەر سنوور دەکرێ کەسانی سەر بە هه ردوو دەسەڵاتی ئەودیوو ئەم دیووی تێدا هه بێت ، بە تایبەت ئەو ماڵە – ماڵێکی کوردستانی ئیران بوون – کە گومانی زۆر هه یە ئەو ماڵە بەکاری جاسوسی کردن بۆ ئیران هاتبنە ئەودیو، کە زیرەکیش لەدەرەوەی دەسەڵاتی ئیران و بە قاچاغی هاتووەتە ناو چەکەو ناوو ناو بانگی پەیداکردووەو هونەرمەندی ڕادیۆی بەغدایە و لە نێو خەلک ناسراوو خۆشەویستە، دوور نیە دەوڵەت ئەو ماڵەیان ڕاسپاردبێ کە زیرەک ژەهرخواردوو بکات ! بەڵام ؛ زیرەک پیاوێکی هوشیارو بە هه ست بووە ، هه رزوو هه ستی کردووە کە ئەم خواردنە ژەهری تێکراوەو نەیخواوردووە و شەو درەنگ چووەتەوە ماڵێ حەسەن جەلال. زیرەک زۆر جارلە ژیانی خۆی پێشبینی زۆر شتی کردووەو دواجار ڕاست دەرچووە . سەیرکەن زیرەک داوەت کراوە بۆ نانخواردن ! کەچی نانەکەی نە خواردووە ..بەڵام ؛ خاوەن ماڵ هه ستی بەوە کردووە کە زیرەک زانیویەتی ژەهریان بۆ تێکردووەبۆیە نانەکە ناخوا ، هه ربۆیە نەیان پرسیوە زیرەک بۆ نان ناخۆی ؟! نەشیانگوتووە ؛ ئەگەر ئەم خواردنەت بەدڵ نیە با خواردنێکی ترت بۆ ئامادە بکەین ! خۆیان بێ دەنگ کردووەو زیرەکیش ئەوەی بۆ کراوە نانەکە نەخواو شەو درەنگ بچێتەوە ماڵێ ئەو دۆستەی کە بڕوای پێدەکات و داوابکات بەم شەوە درەنگە خواردنی بۆ ئامەدەبکەن . پەیوەندی نێوان هونەرمەندان.. لە ژیانی هونەرمەندو نووسەرو میدیاکارو فەیلەسوفان هه میشە جۆرێک لە ململانێ و ناکۆکی هه بووە ، ئەمە لە میژووەو لە نیو هه موو میڵلەتان چیرۆکی خۆی هه یە ، کوردیش لەم چیرۆکانەی هه یە، لە پەیوەندی زیرەک و هه ندێک لە هونەرمەندان ، بەتایبەت مامۆستایانی هونەرمەند.. هونەرمەندی گەورە بەڕێزان مەزهه ری خالقی و محەمەدی ماملێ! من بۆ خۆم لەم باسەدا جێ دەست و دەمی ساواک دەبینم ! چ دژ بە بەڕێز بەڕێز محەمەدی ماملێ ،چ مامۆستا مەزهه ری خالقی هه ر یەکێکیان بە شیوەیەک . بەرنامەو ئامانجی ساواک بۆ زیرەک ! پێشتر باسی ئەوەمان کرد کە ساواک هه ر لە سەرەتاوە ، زۆر بە وردی و گومانەوە چاودێری زیرەکیان کردووە ، بەڵگەئ ئەوەش ئەو ڕاپۆرتانەن کە ساواکیەکان لسەر زیرکیان نووسیوەو کەوتوونەتە بەردەست .(١٦) کە مەترسیەکی زۆریان لێی هه بووەو بەرە بەرە تاوانی جیا جیایان بۆ هه ڵبەستووە ، وەک ئەوەی هێشتا مانگانەکەی لە بە غداوە بۆ دێت وجاسوسی عێراقە ! یان دەچێتە مالی کۆنە دیموکراتیەکان و یان ئەوەتە سەر بە چەپەکانە ، ئەویش بە هۆی ئەو پەیوەندیە فراوانەوە بووە کە زیرەک لە نێو خەڵکدا هه یبووە .. لە نێو خەلک دا کەسانی سادەو کاسب و سەرشەقامی دۆست بووە تادەگاتە پیاوی ئایینی و سەرۆک هۆزو گەورە ڕؤشنبیرو هونەرمەندانی هه ردوو دیوی ئیران و عیراق ، ئەگەر چی ئەوە بە هۆی گەڕانی زۆرو دەربەدەری و ئاوارەیی و دەنگخۆشی و دۆستچاکی زیرەکەوە بووە ، بەڵام ؛ ساواک ئەمەی بە جۆرێکی تر خوێندووتەوە و مانای سیاسی و موخابەراتی داوەتێ ! دیارە – کورد بوون – ی زیرەک و هه ستە پڕ لە کوردپەرستی و بێ غەشێ کوردبوونەکەی خۆشی .. یارمەتی دەری گومانە کانی ساواک بووە تا ڕؤژ بە ڕۆژ پتر و وردتر بەدوای زیرەکەوە بن ! سەیرکە یەکێ لەو بە ڕێزانەی کە لەتاران لە نێوماڵی زیرەک بووەوخزم دۆستی کۆنی زیرەکە و ناوی (مام عەلی یاسەمەنی) دەگێڕێتەوە کە زیرەک لەتاران چۆن یارمەتی خەڵکی داوە ، دەڵێ 🙁 شەوانە کار لە رادیۆیان تەلەفزیۆن درەنگ تەاو دەبوو،کە دەڕۆیشتینەوە، دەیگوت نەخێر جارێ بابچین سەریک لە موسافیرخانەی حەقیقەت هه ڵبینین و بزانین برادەری کوردی لێیە ! کوردەی ناسیاو نە ناسیاوی لیبایە غەیرمومکین بوو حەسابەکەی دەبەستو دەیبردەوە ماڵێ، ئاغای مودیرەکەی دیگوت ئاغا پوڵی داوە کرێی مەنزلی داوە ، دەیگوت هه رچیەکە بە عۆدەی خۆم، ئەمن دەیبەمەوە، ئەوە میوانی من! …جگە لە یارمەتی دان نوخۆش و گیراو وکەسانی پێویست..)(چاوپێکەوتن لە گەڵ مام عەلی یاسەمەنی- سایتی ڕۆژهه ڵات/بۆکان) ئەگەر بەوردی ئەمە لێکبدەینەوە ئەوی کە زیرەک لە تاران کردوویەتی جێگای کاری حکومەتی کوردی و دەسەڵاتی کوردی و نێوەندی خێر خوازی کوردی گرتووتەوە ! جگە لەوەی کە بەم جۆرە یارمەتی خەڵکی داوە ماڵەکەشی شوێنی کۆبوونەوەی خەڵکی کوردو دۆستانی زیرەک بووە لە تاران . ئەم بە نێوەند بوونەی زیرەک لە تاران و سەردەمی شاو ئەم خۆشەویستی و ناوو ناوبانگەی کە لە ڕادیۆو گوێگرەکانیەوە بەدرەدەکەوت هێندەی تر ساواکی لە زیرەک بەدگومان دەکرد ، ئەم ناوو ناوبانگ و خۆشەویستیەو ئەو پەیوەندیە گەرمەی زیرەک بە خەڵکەوە و ئەم هه موو کاریگەریە بەدڵی ساواک و دەوڵەتی شاهه نشاهی نە بوو، جگە لەوەش – حەسادەتی هونەرمەندان و ململانێی نێوان نووسەرو هونەرمەندان – بە تایبەت ئەوانەی باڵایان نەدەگەیشتە باڵای زیرەک و هه ستیان دەکرد کە زیرەک لەوە تێپەڕێوە بتوانن بە هونەرو ئەدەب ڕکابەری بکەن لێی ببەنەوە ! بۆیە هه بوون لەو نێوەندە بە ڕاستەو خۆو ناڕاستەو خۆ دژایەتی کردنیان بۆ زیرەک دەچووە نێو دژایەتیە ساواکیەکە ؛ ئیتر داواجار ساواک کەوتە پلان دانان و بەرنامە دانان دژی زیرەک و دەستی بە جێ بە جێ کردنی کرد.
میدیاخانم دەنووسێ 🙁 زیرەک گەڕابووەو وازی لە هه موو شتێک هینابوو هه ر ئەو ڕۆژانە گۆرانی تۆبەی خوێند) بەڵام ، ئەمە لە کاتێک بوو کە ساواک خەریک بوو پلانە ساواکیەکەی لەسەر جێ بەجی دەکرا ژێر بەژێر ..
١ – سەرە تا مووچەکەیان بڕێ و مانگانە کەیان پێنەدەدا ، وەک میدا خانم دەنووسێ 🙁 لەوکاتانەدا حەسەن ژیانی ئیداری کەوتبووە سەرو لێژی چونکە دەوڵەت پارەکەی نەئەدالە بەر ئەوەی سەرۆکی بەرنامەی کوردی شوکروڵڵای بابان گوتبووی ئێمە نزیکەی ١٥٠٠گۆرانیمان بەدەنگی زیرەک هه یە و ئیتر ئەومان ناوێ !)(چریکە،چ٢،ل٧،٨)
٢ – لە ڕووی هونەری و گرنگی پێنەدانەوە زیرەک بەرە بەرە بە لانرا هه رمیدیاخانم دەگێڕیتەوە :(ئەو حقوقیان قەتع کرد، حەسەن زۆر بە پەرۆش بوو،ئەم لاو ئەولا چووین،بۆمان دەرکەوت ئاغای بابان چووە گوتوویە ، ئێمە ئیتر نیازمان بە حەسەن زیرەک نیە !…)(چاوپێکەوتن لەگەڵ میدیای زەندی/سایتی ڕۆژ هه ڵات /بۆکان)
٣ – هه وڵیاندا ژیانی خێزانی لێتێک بدەن ، ئەو ژیانەی کە زیرەک لە کاسێتی ئەبووسەباح دا دەڵێ:( ژنو مێردێکی بەختەوەر بووین و ژیانێکی خۆشمان هه بوو، لەئەو گۆرانیەی بۆ مەهتابی کچی گوتووە زیرک دەڵێ: بولبول ئەم ساڵ من زۆر بەختیارم ..)ئەم ماڵ و بە ختیاریەیان لێ تێک داو دواجار لە میدیاخانمی خێزانی و لە منداڵەکانیان دوور خستەوە.
٤ – لەوەزیفە دەریان کرد..لە کاتێک دا گەورەترین و ناودارترین هونەرمەندی هه موو ئیران و کوردستان بوو، لە ڕادیۆی تارانی پایتەخت ولە ڕادیۆی کرماشانی کارو هونەر وەدەریان نا!
٥ – بێ کارو بێ ماڵ و بێ پارەیان کردوکەوتنە دوای بۆ ئەوەی لە هیچ جێگایەک نەتوانێ بە ئاسودەیی بژێ ، میرزا کەریم دەنوسێ 🙁 لەو ڕۆژانە ساواک ڕاوی زیرەکی نابوو نەیدەهێشت لە هیچ جێگایەک بحەسێتەوەو ئازاریان دەدا)
٦ – لە نێو ئەم ژیانە سەرەو لێژەدا ساواک جگە لەوەی هه موو کارێکی لێ تێک دەداو هه ر ناوەناوەش چەند کەسێکی چەقۆکێشی ساواکی دەناردوو تێروپڕیان لێدەدا . ئەمەش هۆیەک بوو لەو سەرکە دۆستە دڵسۆزەکانی زیرەکیش بەرە بەرە لە ترسی دەوڵەت خۆ لە زیرەک دوور بخەنەوە ، ئێستا زیرەک دەرکراو لە ڕادیۆو بێ کارو بێ پارەو بێ جێگاو ڕێگایە! هه ر بۆیە دیسان لە گۆرانیەکانی هاوار دەکات (جێم نیە تێدا بسرەوم خاکم بەسەر بێ لانە خۆم!) هه روا دەڵێ : (سەردەمێ ئاوارە بووم و مودەتێکیش دەربەدەر!) یان هارادەکات (شەش دەرم گیراوە بەدەستی نەردەوە !) دیان دەچریکێنی و دەڵێ:( گۆشەیی تەنیایی هه ر ئەژنۆ کە مە بۆیە وا گرتوومەتە نێو باوەشم!) بەردەوام دەبێت و دەڵێ:( ڕەقیب لێمگەڕێ بە بیڵڵا کوردی بێ غەل و غەشم!) هه موو ئەم ئازار چشتنەی زیرەک بە هۆی ئەوە بوو کە زیرەک دیویست وەک هونەرمەندێکی کورد بەئازادی بژی و برەو بە هونەرە کوردیەکەی بدات . بەڵام ، ژیانی ژێردەسەڵاتی داگیرکارو نێو کۆمەڵگای دوا کەوتوو ڕؤژ بە ڕؤژ نەک هه ر ڕێگای هونەرمەندیی لە زیرەک دەگرت ؛ بەلکو دەرگای ژیانیشی بە ڕوودا دادەخست !
٧ – لەو سەردەمەو ڕۆژانەدا ساواک کەوتە ناشیرینکردنی وێنەی زیرەک لە نێو کۆمەڵانی خەلک و پڕۆپاگەندەی زۆریان بۆ هه ڵدەبەست و بەرە بەرە زیرەکیان بەرەو ئەو گۆشەیە دەبرد کە خۆیان بۆیا دروست کردبوو( جێم نە نەبووەوە لە ئیران و لە عیراق ) جێگایەکیان بۆ نە هێشت تێدا کاسبی بکات (چۆن کوردم و بەکوردی قسەدەکەم) هونەر لە نیوکورد دا نرخی نەماو بۆ ئەو بەهرەیەکی نەداو کارێکی نەکردبەدوایدابچێ !
٨ – پلانی ساواک زۆر دوژمنکارانەو وێرانکارانە بوو دژی زیرەک…شەڕی دەروونی و جەستەیی و خانوادەیی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و هونەری وڕوحییان لەگەڵ دەکرد، ئەوش زیرەکی گەیاندبووە سەر ساجی عەلی ، نەکاری مابوو، نە پارەی هه بوو ، نە خانوو ناوماڵی هه بوو، ژەهریان دابووێ و دەکۆشان بە زووترین کات ژەهرەکە کاری خۆی بکات و بگاتە ئەو شوێنەی کە زیرەک ئومێدی چاکبوونەوەی نەمینێ ، ئەوبوو دواجار ژەهری ژەهرو ژرهری ژیان دەستی لە زیرەک ساندوو لێی کرد بە( شێر پەنجە ی جگەر)و ئیتر دکتۆرو نەخۆشخانەو چارەسەری بەکەلکی ئەو نەدەهات !هه ر بۆیە لەم ڕۆژانەدایەکە زیرەک خۆی لە گۆرانیەکانی بە هێما باسی دەکات و دەڵێ 🙁 کەمردم حەلوا بە خشینەوەی سێ ڕۆژەو شین و ڕۆڕۆم بۆچیە ؟!) هه ر لە کاسێتی ئەبووسەباح وەسیەتنامەو پەیامی مەرگی خۆی ڕادەگەیێنێ !دەڵێ( هێندەم نماوە بمرم و بچمە ژێرگڵەوەو بەشەری کورد نەبینم !) ساوک بە بەرنامەو دەسڵات ئەمەی دەکردو زیرەکیش بە چاکی دەیزانی بۆیە زیرەک زۆر جار هاواری دەکرد( شەش دەرم گیراوە بەدەستی نەردەوە !) ئەگەر کەسانێ توشی کێشەیەک دەبن و پێشیان لێ دەگێرێ یان پێش و پشتان یان چواردەوەیان ..ئەوا زیرەک شەش دەوری لێگیراو هه رچوار ڵاو ژێرو ژوورو زەمین و ئاسمانیش ! لەو فەزا پڕ خەفەقانە ڕاگەیاندنی ژێر بەژێری ساواک دیمەنێکی زۆر ناشێرین وناڕێکی لە زیرەک دروستکردبوو کە تا ئێستاش ئەو دیمەنە ڕەش نەبووەتەوە خەڵکانێک وەک خاڵێ خراپ و ناشیرین دژی زیرەک بەکاری دێنن . دواجار ساواک بە ئەنجامی خۆی گەیشت وزیرەکی خستە ژێرگڵەوە ! هه رئەوش بوو کە مەرگی زیرەک لە ڕاگەیاندن و میدیای ئەو سەردەمەو بەتایبەت لە ڕادیۆی تاران و کرماشان ئەو گرنگیەی پێنەدرا کە دەبوایە پێی بدرێ ، لە بەرامبەر ئەمەشدا خەڵک هێندیك ئەوەیان دەزانێ کە ساواکە زیرەکی بەم ڕۆژەگەیاند بۆیە لێنەگەڕان دەزگاکانی دەوڵەت بگات و هه رەزوو ناشتیان .
جا برای بەڕێزم ، ئێستا ئێمە لە خوێندنەوەی ئەم سەفەرە بووینەوە کە بە نێو دۆزەخی ژیانی زیرەک دا کردمان !! لێت ناشارمەوە لە گەڵ هه موو دارێکی بەر پشتی زیرەک دەکەوت، هه موو لولە تفەنگێکی لە سینەی دەدرا ، ئەو شەوی لە نێو حەوزی ئاوکە تا بە یانی لێی درا ، تا دەگا تە ئەو ژەهرەی پێیدرا !! منیش هه مان ئازاری زیرەکم چیژت !! بەڵام ؛ سەرم لەوە سوڕماوە ؛ لە نیو ئەم هه موو شۆک و ئازارە دەروونهەژێنە دا زیرەک چۆن ؟! ئەو ئاوازە جوان و ئەم دەنگە خۆش و ئەم گوتنە پر داهێنان وئەم هه موو وشە شیعری و دیمەنە گرنگ و دەربڕینە ناسک و هه ستە گەرمەی لە کوێ هێناوە ؟! ئەم هه موو داهێنانەی کە هێشتا کەس نازانێ چۆنەو چەندە!!؟ چۆن داهێناوە ؟ بەڵی ئەوەیە کە زیرەک لە داهێنەرانی تر جیادەکاتەوە ، داهێنانی زیرەک دەباتە سەرەوەی هه موو داهێنانە کان ! داهێنەرێک لە نێو دۆزەخ دا!!


سەرنج و تێبینی:
(١) یەکەمین گۆرانی زیرەک لە ڕادیۆی بەغدا، لە ڕایەک زیاتری لەبارەوە هه یە،هه ندێ بەڕێز پێیان وایە( ئەی وەی زارا) یەکەم گۆرانی تۆمارکراوە! (٢) بۆ دوا گۆرانی زیرەک دیسان ڕای جیاواز هه یە ، بەڵام حاجی حوسینی برا بچووکی زیرەک دەڵێ: (وامن نەخۆشم) دواگۆرانی زیرەکە.
(٣) حەسەن زیرەک زۆر تایبەتمەندیی هه یە ، یەک لەوانە – دانپێدانان- کە زۆر جار باسی زۆر تایبەتمەندی هه ستیاری خۆی دەکات،کە ئەمەش جۆرێک ئازایەتیە کە لەدەست هه موو کەس نایێ! (٤) لیرە زیرەک خۆی باسی ئەوە دەکات کە یەکەمجار(مام جەلال) زیرەکی بردووتە ڕادیۆی بە غدا، هه رچەندە ناوی زۆر بەڕێزی تریش دێت ، دیارە کاری زیرەک بە جارێک تەواو نەبووە و پێویستی بە یارمەتی کەسانی تر هه بووەو هه ریەکە بە جۆرێک یارمەتیان داوە !
(٥) هونەرمەند باکووری دەڵێ : بە هۆی ئەوەی کە زیرەک یەکسەر گۆرانی دەگوت و تۆماردەکرا ، لە کاتی تاج لە سەرنانی مەلیک فەیسەلیش زیرەک ڕستەو خۆ ئەم گۆرانیەی گوتووە. (٦) گەڕانەوەی زیرەک بۆ ئیران وەک زۆر بابەتی تر ڕای جیاواز هه یە ، بەڵام، ئەوەتە زیرەک خۆی باسی گاڕانەوەی خۆی دەکات پاش شۆڕشی ١٩٥٨، کەچی هه ندێ کەس باسی ئەودەکەن کە زیرەک دوومانگ پێش شۆڕشەکە گەڕاوەتەوە ئیران و دواتر نەگەڕاوەتەوە.
(٧) میدیا خانم باسی بڕینی مووچەی زیرەک دەکات بە هۆی شوکروڵلای بابان ، کە گوتبوی ئیتر پێویستیمان بە زیرەک نیە! کەچی مامۆستا محەمەدی کەمانگەر دەڵێ: زیرەک داوای مووچەی زیاتری کردووەو گۆتوویەتی ئەگەر بۆم زیاد نەکەن دەچمە عیراق و خۆی لە ڕادیۆ ڕۆێشتووە!؟ (٨) دکتۆر عابید سیراجەددین نەقشەبەندی ، مامۆستای زمان و ئەدەبی فارسی بوو ، شاعیر بوو بە کوردی فارسی شیعری دەنووسی ، لە ١٩٨٢ ساڵێک لە بەشی فارسی کۆلیژی ئاداب زانکۆی بەغدامامۆستای ئێمە بوو، دکتۆرێکی زۆر شارەزابوو لە زمان و ئەدەبی کوردی فارسی ، ئەوساڵە سودی زۆرمان لێبینی .
(٩) ئەم پارە خستنە نێو زەرفی نامە بۆ داوا کردنی گۆرانی زیرەک ، دیاردەیەکە یەکجار دەگمەنە، ئەمەش گەورەیی زیرەک و خۆشەویستی خەڵک بۆ زیرەک دەردەخات. (١٠) لەساڵی ١٩٦٧و١٩٦٨زیرەک ئەم میوانخانەییەی داناوە، بەداخەوە ساوک هێندەی کێشە بۆ دروستکردووە، ناچار بووە ، جێی بهێڵێ !
(١١) مامۆستا خالید قادری پێشمەرگەیەکی ڕۆژ هه ڵاتەو لە دایک بووی شاری سەقزەو ئێستا لە باشوور دەژی . (١٢) لە چاوپێکەوتنەکەم لە گەڵ بەرێز ڕابیعەخانم دوا خێزانی زیرەک گوتی؛ من خۆم کتێبێک لە سەر ژیانی زیرەک دەنووسم. لەو ڕؤژانە بیستم کە دەگەڕێ چاپی بکات ، هه روەها میدیای زەندیش لە چاپی دووەمی چریکەی کوردستان موژدەی ئەوەمان پێدەدات کە چەند بەرهه مێکی هه یە چاپیان دەکات و یەکیکیان لە بارەی ژیانی زیرەکە! خۆزگە بەڕێزێک بەدوادادەچوو و چاپی دەکرد.
(١٣) بەمە دەردەکەوێ زیرەک زۆر ئاهه نگی لە گەڵ هونەرمەندانی میوان گێراوە کە کوردو فارس و ترک بوون، بەداخەوە ئەم ئاهه نگانە زۆر دەر نەکەوتوون و بزرن ! (١٤) کە هونەرمەندان دەچوونە کانی مەلا ئەحمەد گەنجانی مەریوان و بۆکان زۆر جار ئامادەی ئاهه نگێڕانەکەدەبوو، خۆزگە ئەم بەڕێزانە ئێستا بەرهه م و یادەوری خۆیان دەگێرایەوە و ئەگەر گۆرانی ئەم ئاهه نگانەیان لایە ،کە زیرەک لە گەڵ هونەرمەندی کوردو فارس و ئازەریەکان گوتوویوتی، بڵاویان دەکردوە !
(١٥) چاوپێکەوتین خۆم لە گەڵ خاتوو ڕابێعەخانم ، کە ئێستا بەدەنگ و ڕەنگ لای خۆمە . (١٦) بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتە ساواکیاکان لەسەر زیرەک و میدیاخان، هی سەردەمی ژیانی زیرەکە لەتاران ، ئەی ئەو ڕاپۆرتانەی پاش دەرکردنی زیرەک لە ڕادیۆ دەبێ چەند بن و کەی بەردەست بکەون !؟

سەرچاوە بە کار هاتووەکان: –
:- چریکەی کوردستان چاپی دووەم.

  • هه ندێک لە بەسەرهاتەکانی زیرەک، بەرگی دووەم.
  • هه ندێک لە بەسەرهاتەکانی زیرەک ، بەرگی دووەم .
  • ک٢٤ بەرنامەتەکی تایبەت بە زیرەک .
  • سایتی هاژە..
  • سایتی ڕۆژ هه ڵات .
  • پایگاە خبرزریان- موکریان.
  • سایتی کوردان.
  • جام کورد.
  • ڤیدیۆی چاوپێکەوتینی مامۆستا محەمەدی کەمانگەر.
  • چپ در ایران بە ڕوایت اسناد ساواک.



میوانخانەخوێ… حسن حسێن

  • ناچم و لە دوی ناگەڕێم. هەموو دونیا قسەم بۆ بکات، خۆم دەزانم دایکم رەدووی میوانەکە نەکەوتووە. بە بێ ئەوەی سەرم لەسەر شەتڵەکان هەڵبڕم، ئاوا وەڵامی مامم دەدەمەوە .
  • ئاخر خاوەنی ئەم عەقڵ و بیرکردنەوەیە بوویت، بۆیە حاڵی ئەم ماڵە بەم رۆژە گەییشت. ئەگەر هێندە سەرت بەسەر کتێباندا شۆڕ نەکردبایەوە و تۆڵەی کاکمت لەو میوانانە کردبایەوە، ئەوا هیچ کام لە میوانەکان چاویان نەدەبڕییە دایکت و …. مامم وا دەڵێت. من دەست لە چاندنی شەتڵەکان هەڵ دەگرم و بە تووڕەییەوە قسەکەی پێ دەبڕم.
  • بەسە مامە! لەمە زیاتر ناوی دایکم مەزڕێنە. دایکم هەتک کرا. هەر لە قەهری ئەوەیش خۆی ون کرد، کە میوانەکان دڵپاکییەکەیان قۆستەوە. ئەو میوانانەی بە چاوساغی تۆ روویان لە ماڵی ئێمە کرد.
    مامم بە تووڕەییەوە ژوورەکەی دایکم بە جێ دەهێڵێت. هەفتەیەکە ژاوەژاوی دیارنەمانی دایکم نەبڕاوەتەوە. خێزان هەموو عەوداڵی دایکمن. چ جێیەک نەماوە نەیچنێ، نەخۆشخانە، پۆلیسخانە، مەیتخانە، ئوتێل، گەڕاج، پارکەکان تەنانەت بندیوار وکەلاوەکانیشی لە دو گەڕاون. یەک دەڵێ: رەدووی یەکێک لە میوانەکان کەوتووە. ئەوی دی دەڵێ: سەری خۆی هەڵگرتووە. دەڵێن کوژراوە. دەڵێن فڕێنراوە. دەڵێن و دەڵێن و دەڵێن. تەنیا من نەبێت کە خەریکم ژوورەکەی دایکم بە باخچەیەکی چکۆلە دەکەم و پەیین و شەتڵ و ئینجانەی بۆ دەبەم. هەندێك پێیانوایە ئەمە لووتکەی خەمساردیمە. هەندێکیتریش ئەمە بە سەرەتای لە دەستدانی ئاوەزم لێک دەدەنەوە.
    کاتێک دایکم لە لایەن کابرای میوانەوە دەستدرێژی کرایە سەر و هەتک کرا؛ هەمووان دەیانویست بیکوژن. تەنیا من بووم رێگریم لێ کردن و بۆ یەکەمینجار هەڕەشەی خوێنڕشتنم کرد. ئەوان دەیانووت. ئەگەر خۆی گفت و سۆزی پێی نەدا بێت، ئەوا میوانەکە ناتوانێت، دەستپێشخەری بکات. هەمووان لە ترسی بەرەورووبوونەوەی کابرای میوان، خۆیان لەوە گێل دەکرد کە ئەم میوانە ئەتوارحیزانە سڵ لە لاقەکردنی دایک و خوشکی خۆشیان ناکەنەوە.
    لە چاندنی شەتڵەکان و رێکخستنی ئینجانەکان دەبمەوە. سەرنجێکی ڕەفەکە دەدەم. پاشان پەردەی سەرتاقەکە هەڵ ئەدەمەوە و تەماشای کەلوپەلەکانی ناوی دەکەم. وەک ئەوەی ترسم لە ئاشکرابوونی نهێنییەک هەبێت، بە خێرایی پەردەکە دادەدەمەوە و ئاوڕێک بۆ دواوە دەدەمەوە.
    دایکم دەیگێڕاوە:” هێشتا تۆ لە دایک نەبوویت، لە شەوێکی ئەنگوستەچاودا ئەو میوانانە لە دەرگەیان دا. بە قسەی خۆش و شیرین دەرگەکەیان بە باوکت کردەوە. ئیدی هەر ئەو دەرگەکرانەوەیە بوو.”
    وا نیوسەدە زیاترە دەرگەی ماڵ هەر وا بە کراوەیی ماوەتەوە و دانەخراوەتەوە. میوان لەم ماڵەدا خۆیان داکوتاوە و هەر لێرەیش ژنیان هێناوە و مناڵیان خستۆتەوە. میوان ئارامی و ئۆقرەیان لەم ماڵە بڕیووە. من لە بیرم نایەت، دایکم بۆمی دەگێڕاوە، کە باوکم هەر فریای ئەوە کەوتووە نان پەیدا بکات و بە قوڕگی ئێمە و میوانەکانیدا بکات. کەچی ئەوان هێندە چاوبرسی و بێچاووڕوو بوون کەوتوونەتە دزینی مریشک، قەل و قازی ماڵە دراوسێکانیش.
    کاتێکێش میوانەکان زیادیان کرد و بەسەر دراوسێکاندا دابەش بوون؛ کۆڵانەکان و پاشان گەڕەکشاریشیان پڕ کرد. ئیدی دزییش بە شتێکی ئاسایی بوو. سەرەتا منداڵەکانیان فێرە دزین کرد. بەڵام هێشتایش هەر خواردن و خواردنەوە بەرگەی نەدەگرت. تا وای لێ هات هەموومان لەبەر خاتری میوانەکان بە ئاشکرا دزیمان لە یەکتر دەکرد. کاتێکیش سکیان تێر دەبوو، ئینجا دەکەوتنە وێزەی ژن و کچی کۆڵان و گەڕەک و چەندین منداڵی زۆڵیان پێ خستنەوە. ئێستاکە ئیدی کەس نازانێ کێ میوانە و کێش خانەخوێیە؟ کێ دزە و کێش ساحێبماڵ؟
    دەنگی قاقای میوانەکان لە هەیوانەکە دەژنەووم. ئاخۆ دەبێ بە چی پێ بکەنن؟ من لە بیرم نایەت دوایینجار کەی بوو پێکەنیم. ئاخر ژیانی من بە هۆی ئەو میوانانەوە بە تەواوی لە جدییەتدا نوقم بووە. من هەمیشە بیرم لای ئەوە بووە چۆن ئەم ماڵە لە میوان پاک بکەمەوە. دەست و دامێنی براو خوشکەکانم بووم؛ بەڵام سوودی نەبوو. هانام بۆ هاوڕێ و دراوسێکان برد تا لە کۆڵانەکە وەدەریان نێین. هەندێکیان گاڵتەیان بە قسەکانم دەهات. هەندێکیشیان رووبەڕووم دەیانووت باشە؛ تەگبیریان لەگەڵ دەکردم و پلانیان لەگەڵ دادەنام. کەچی شەوانە سفرە و خوانیان بۆ میوانەکان دەڕازاندەوە، دەبوونە ساقییان و قەحبەیان بۆ لە ژوور دەکردن.
    دەنگەدەنگ و قاقای میوانەکان لە هەیوان و حەوشە و ژوورەکانی تر نابڕێنەوە. من هێشتا لە ناوەڕاستی ژوورەکەی دایکما راوەستاوم. ژیان خۆی بە ژوورا ئەکات.
  • هەر ئێستا بچۆ جانتای خۆمان و مناڵەکان بپێچەوە.
  • بەم شەوە؟
  • ئا، ئەی بە رۆژی رووناك؟
  • خەڵک چیمان پێ ئەڵێت؟ تۆ وەکو سۆراخێکی دایکت نەکرد، ئەی چاوەڕی ناکەیت تا شوێنەوارێکی دەرکەوێت؟
    لەم قسانەداین هەست بە نەرمبوونی زەوییەکەی ژێر پێی چەپم دەکەم. شوێنپێکەم وردەوردە چاڵ دەبێت. قاچم دەجووڵێنم. بەڵام قاچم زیاتر رۆ دەچێت. هەست دەکەم توانام بەسەر قاچما نامێنێت. گڵی زەوییەکە بە تەواوی قاچم دادەپۆشێت. هەوڵێک و دووان و سییان، بەڵام سوودی نییە. وا لاقیشم لە دوی خۆی دەبات. ژیان دیمەنەکە دەبینێت، دەتۆقێت. دەیەوێت هاوکاریم بکات لە دەرهێنانی قاچ و لاقی چەپم، بەڵام بێهوودەیە. لەم کاتەیا زەلامێک، کە نازانم ئەویش یەکێکە لە میوانەکان یان خاوەنماڵە تازەکەیە، بە دەم دەنگەدەنگەکەی من و ژیانەوە خۆی بە ژوورا دەکات. ئەویش هەوڵمان لەگەڵ ئەدات. بەڵام لاقم زیاتر رۆ دەچێت و خەریکە دەگاتە ئەژنۆم. ئەو بە خێرایی تەورێک لە بەرپشتێنەکەی دەردەهێنێت و وەک ئەوەی تەوروەشاندن پیشەی بێت، بە یەک لێدان ئەژنۆم لە لاقم جیا ئەکاتەوە. بەرچاوم تاریک ئەبێت، یا تاریکی باڵ بەسەر ژوورەکەدا دەکێشێت، نازانم.
    هەفتەی رابردووە، هەر لەم ژوورەدا و لەگەڵ دایکما دانیشتووم و چا دەخۆینەوە. پێی دەڵێم حارس نیزامەدین لە پیلانێکی میوانەکان ئاگاداری کردوومەتەوە، کە بە نیازن منیش وەکو باوکم شوێنبزر کەن و (ژیان)ی هاوسەریشم وەکو تۆ هەتک بکەن.
    حارس نیزامەدین هاوڕێی دێرینی تەلەبایەتیمە. لە قۆناغی ئامادەیی، دووساڵ لەسەر یەک تەختە دادەنیشتین. هەر لەسەر ئەو تەختانە لە وانەی فیزیادا وێنەی خەونەکانمان دەکێشا. لە وانەی کیمیادا وێنەی ئازادیمان دەکێشا. لە وانەی زیندەوەرزانیدا وێنەی سنگی رووتی ژنان. لە وانەی زماندا گۆرانییە حەزینەکانمان دەنووسییەوە. بەم جۆرە بۆ هەر وانەیەک تێمایەکمان دیاری کردبوو تا وێنەکەی بکێشین یا خەیاڵەکەی بنووسینەوە. لە دوای شەشی ئامادەیی ئەو چووە کۆلیژی پۆلیس و ئێستا سەرهەنگی پۆلیسە. منیش هەموو شتێک بووم و هیچیش نەبووم. هەموو کارێکم کرد و هیچیشم نەکرد. سەرەڕای ئەو ساڵانە بەڵام لەگەڵ حارسدا پەیوەندیمان وەکو خۆی ماوەتەوە. هەر هەفتەی رابردوو بوو ئەو پێی گووتم:
  • ئاگاداربە میوانەکان لە بنکەی پۆلیس دۆسیەیان بۆ دروست کردوویت و بەڵگەی زۆریان لەسەرت داتاشیووە. ئەوان کاربەدەستانی وڵاتیان لە تۆ پڕ کردووە. دەڵێن تۆ هەر بەوەوە نەوەستاویت کە رێزی میوانەکان ناگریت و بەردەوام دەمەقاڵێتانە. هەروەها خەڵکی فێر دەکەیت کە ناوی ئەم شارە بۆ گەڕەکشار بگۆڕن. ئەمەیش لای ئەوان خیانەتێکی گەورەیە. چون بچووککردنەوەی شارەکانی وڵات بۆ ئاستی گەڕەکشار، سووکایەتییە بە پیرۆزییەکان. بۆیە ئاگات لە خۆت بێت.
  • بەڵام ئەم شارانە هەر سیمای گەڕەکیان هەیە هەتا شار. شارنشینی و ژیانی شار لە سایەی ئەو میوانە شەلاتی و شەقاوانەدا تا ئەندازەی ژیانی ناو گەڕەکێک تەسک بۆتەوە. خەڵکی لە ترسی گێچەڵی میوانەکان ناوێرن لە نێوان ناو ئەم گەڕەکشارانەدا هاتوچۆ بکەن.
  • هەتیو! من خەمی تۆمە. تۆ ئێستایش وەکو سەردەمی ئامادەیی لێی دەخوڕیت.
    دواقوم لە چایەکە دەدەم و سەرنجی دایکم دەدەم. هەرگیز ئەوم بەو ماتییە نەبینووە. منیش خەمیکی قووڵ دامدەگرێ. هەردووکمان وا تەماشای یەکتر دەکەین، وەک ئەوەی دوادیدار و دووایین نیگاگۆڕینەوەمان بێت.
  • ڕۆڵە گیان! من شوێنبزربوونی سەرداری ماڵەکەمم بینی و هیچم پێ نەکرا. من هەتککرانی خۆمم بینی و هیچم لە دەست نەهات. تکات لێ دەکەم با جەرگسووتانیش نەبینم. با هەتککردنی ژیانی بووکیشم نەبینم. لێرە مەمێنە و بڕۆ. دایکم بە دەم هەڵڕشتنی فرمێسکەوە وا دەڵێت.
  • بۆ کوێ بڕۆم؟ چۆن تۆ بە جێ دەهێڵم؟ من بە خەمەوە وا دەڵێم.
  • منیش نامەوێ دوای تۆ لەم ماڵەدا بە بێکەسی بژیم . خۆ تۆ لێرە بیت یان نا، تازە من هەتک کراوم. دڵنیام دوای تۆ بەردەوام من و ژیان هەتک دەکەنەوە. بۆیە باشترین شت ئەوەیە بەرلە رۆیشتنت لەم ژوورەی خۆما بە زیندووێتی بمنێژیت. ئەگەر بەر لە مردنم زیندەبەچاڵم کەیت، دڵنیابە کە نامرم.
    هەفتەی رابردوو بوو هەر لەم ژوورەیا بێئەوەی کەس بزانێت دایکم زیندە بەچاڵ کرد. کارەکەم زۆر بە خێرایی ئەنجام دا. تەنانەت ماچی یەکتریشمان نەکرد، نەکا سۆزمان بجووڵێت و پلانەکەمان هەڵوەشێتەوە.
    لە شەوێکی ئەنگوستەچاودا لەگەڵ ژیان و هەردوو مناڵەکەماندا، هەر بەو دەرگەیەدا کە نیوسەدە زیاترە دانەخراوەتەوە دەچینە دەرێ. کۆڵان تاریک، گەڕەکشار کش و مات. لاقی چەپم خوێنی لێ دەچۆڕێت. بەڵام دەڕۆین، دەڕۆین و خۆشمان نازانین بۆ کوێ. مناڵەکان خەمی ئەوەیانە، میوانەکان بە دڵۆپە خوێنەکانی لاقما، شوێنپێکانمان بدۆزنەوە. بەرلین ٢٥. ٧. ٢٠٢٠



چوار چرپە شیعر … کاوە عوسمان عومەر

( ١ )
بیرەوەری
ساڵەکان مرواری…
ڕژاو، دەنک لە دوای دەنکی..
خەم ، ئەیانهۆنێتەوە،
تەنها ووشەیەکیش نیە،،
لەو کاتەی فرمێسکەکان ..
بە ژێی گیتاری ،،
بروسکەکانا دێنە خوار..
مانگ فلووتژەنێکی کارامەیە،،،
باکی بە ئاوێنەی….
درزبردووی عیشقیش نیە،،
ڕوخساری پیاوێک لە لم و،،
ژنێ لەسەرابی..
تیا قەتیس نەمابێ.

( ٢ )
وانەی پەرەسێلکەیەک
بە چاوی مەل،،
لە بەرزترین ئاسۆوە..
زەمین ببینی،،
بە دانایی پەپولەیەک،،
هەڵبەزە کەی،،
بەسەر گرفتی دڕکەکانا ،،
بە هێمنی سنەوبەریش…
شەوی سەفەر،،
لە ژێر پرچی سپی..
ئاوریشمی مانگا،،
بەڕێ بکەی،،
لە شەپۆلی زەریاشەوە،،
چێژ لە خۆشی سرکبوون ببینی،،
دەبێ وانەش،،
لە بێدەنگی پێنووس وەرگری،،
لە بەرامبەر شەڕانگێزی ووشە و،،
ئاشووبی ژاوەژاو،،
وەک قەلە ڕەشەکەش،،،
دانابی،،
لە تەنیایی باخێکی ..
ووشکو زڕیشا بێ،،
بە دەنگی زوڵاڵی خۆی بقیڕێنێ،،
ئەبێت وەک گەڵا ش…
میهرەبان بی،،
گەر جەستەی ئەرخەوانیشی،،
لە چنگی تەزیوی پایزا،،
ووردو خاش بێ،،
وەک بارانیش …
خۆبەخش بی،،
بۆ هەر دڵۆپێک…
لە جەستەی وەریوی خۆی…
شکۆفەیەک ،،
سەردەردێنێ.

( ٣ )
شار
چاوەکان
هەر بە کاتژمێرەکەوە ماون، فرمێسکێ،،
لە تۆز و خۆڵا مرد،،
کۆچەرێک تەنها بوە جانتا،،
شاریش…
لەفڕۆکەیەکا بارکرایە،،
وڵاتێ لە شەختەو تەم.

( ٤ )
بەزەیی بارین
باران
بیری ناچی،،
لە هەنسکی پەنجەرەیەک،،
گوێدڕادێرێ،،
تا سپێدە،،
هاوڕێیەتی ئە کا،.
بە جۆلانەی باو نمە ،،
ئەیلاوێنێ.

وێنەکە کارێکی هونەری فۆتۆگرافەر /
Johannes Plenio ( Jplenio)
بە سوپاسەوە لە پەیجی فەرمی خۆی وەرگیراوە.




ئەرسەلان چەلەبی سیانەی شین بڵاو دەکاتەوە


بەكورتی لەبارەی هەر یەك لە بەرهەمەكانییەوە:

١. شین (نۆڤلێت):
ئەو نۆڤلێتە لە نۆزدە بەش پێک هاتووە و ژمارەبەندییەکان پێشنیاری نووسەری کتێبەکەیە و خوێنەر لە هەر جێگایەک حەزی کرد دەتوانێ دەست بکات بە خوێندنەوەی، چ لە کۆتاییەوە بێ بۆ سەرەتا، یا لە ناوەندەوە دەست بکا بە خوێندنەوەی، هیچ فەرقێکی نییە.
ئەم نۆڤڵێتە شێوازێكی جیاوازی گرتۆتە بەر بۆ هونەری گێڕانەوەكەی، كە دەشێت لادان بێت لە فۆڕم و گێڕانەوەی ڕۆمان و چیڕۆكی كوردی. زیاتر خۆی هونەری گێڕانەوەیەك دەدات كە لە هونەری گێڕانەوەی چیڕۆك و ڕۆمانی كوردیدا نامۆیە.

٢. شینەپەڕ (شیعری نوێ) یەک شیعری درێژ

٣. شین‌هەڵات

سیانەی شین سێ کتێبی سەربەخۆ و لە هەمان کاتدا تەواوکەری یەکن و لە پەیوەندی لەگەڵ یەکدی دان. واتە سەر بە فەزا و دەلالەتی شیعرییەتی یەكترین و یەكدی تەواو دەكەن.
شین هەڵات بە فۆڕمی”نۆڤلێتە-شیعر” وەک درێژەی نۆڤلێتی شین لە ساڵی ٢٠٢١ دا چاپ و بڵاو دەبێتەوە.
ئەوەی وەك سەرنج دەمێنێتەوە، ئەرسەلان چەلەبی ماوەی چەند ساڵێكە لە وڵاتی دانیمارك نیشتەجێیە و هەر لەو ماوەیەی ڕابردووشدا چەند شیعرێكی بە زمانی ئینگلیزی وفەڕەنسی بڵاوبۆتەوە. ئەوە جگە لەوەی فایلێکی تایبەتی لە یەکێک لە بڵاوکراوەکانی دانیمارکی، بە زمانی دانیماركی بڵاوكردۆتەوە. بەمزووانەیش كۆمەڵە شیعرێكی بە زمانی فارسیی لە باشترین دەزگەكان بڵاودەبێتەوە.
….
ئەم بەرهەمانە لە چاپ و بڵاوكراوەكانی (كولتوور)ن و بەمنزیكانە بلاودەبنەوە.




دیوانی شیعری یووسف مەنتک بە کرمانجی ڕێنووسی لاتینی لە کوردستانی باکورو تورکیا چاپ وبڵاوکرایەوە

دیوانە شیعرییەکە کۆمەلێک شیعر لە خۆ دەگرێت، لەنێوان ساڵەکانی ٢٠١٤ تا ٢٠٢٠ نووسراون، بابەتی شیعرەکان: دڵداری، غوربەتی نیشتمان وژیانی کۆچبەران وپەنابەران، سیاسی، ساتیر.
کۆی کتێبەکە: کۆمەلێک شعر، پێشەکی لەلایەن د. سەباح کەریم نووسراوە، لەکۆتایی دیوانەکەدا فەرهەنگی زاراوەکان و کورتەیەک لەژیاننامەی شاعیر لە خۆدەگرێت.
دیوانەکە (74 ) لاپەڕەیە، بە قەبارەی ( 13,5 X 21 cm) , 2020
ISBN-978-605-7920-87-4.
دەزگای چاپ وبڵاوکردنەوەی سیتاڤ – وان- تورکیا
سەرپەرشتیار قەهار باتەیی
ئەم کۆمەڵە شیعرە لە لایەن نووسەرو وەرگێڕی بەتوانای باکوری کوردستان بەڕێز موحسین ئۆزدەمیر لە شێوەزاری سۆرانی کراوە بە کرمانجی، بەڕێککەوتنی وەرگێڕو خاوەنی دەزگەی سیتاڤ، بە ئاگاداری نووسەر دیوانەکە چاپکراوە.
موحسین ئۆزدەمیر کاری وەرگێرانی بۆ بەرهەمی چەندین نووسەری دیارو ناسراو کردووە، وەک: سادقی هیدایەت، فروغی فروغ زاد، شێرکۆ بێکەس، نەوشێروان مستەفا ئەمین، سوهراپ سوپهەری، هەژار موکریانی، عەلی محمد ئەفغانی، جەمال نەبەز، هەروەها زۆر نووسەری ترو چەندین وتارو لێکۆلینەوەی وەرگێراوە.
دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی سیتاڤ لە ساڵی ٢٠١٣ دامەزراوە، خاوەن و بەڕێوەبەری بەڕێز: قەهار باتەیی، پەرتووکی کوردی چاپ دەکەن وەک بابەتەکانی: فۆڵکلۆری کوردی، پەروەردەیی، لێکۆلینەوە لەسەر کوردو ئەدەبیاتی کوردی، تا ئێستا بەسەدان کتێبیان چاپکردووە،هەروەها چەندین کتێبیان بە سۆرانی چاپکردووە، لەم ساڵەدا نزیکەی ٣٠ کتێبیان بە زمانی تورکی چاپ وبڵاوکردۆتەوە.
دیوانی ئێوارانی ڕاین و چاپکراوەکانی لەم شوێنانە و هەروەها لە دەیان ماڵپەڕەکانی کتێب فرۆشی ئەنتەر نێت بە ئۆنلاین دەست دەکەوێت:

1) Emek Dağıtım (Emek Kitap) Tirkîyeyê)
2) Pirtûka Kurdî
1) Kitap Yurdu
2) Kitega
3) İdefixs
4) D&R
5) BKM Kitap
6) N11.com
7) Bijarefîx
8) Pirtuk Kitap
بۆ بەدەستخستنی دیوان لە ئەنتەر نێت ناوی دیوان:
Evaren Rayine Sitav
بنووسن لەم ماڵپەڕانەو چەندین ماڵپەری تری کتێب فرۆشی تر :
(kitapkola, kidega, kitabsihirbazi, ucuzkitapal,kitabinabak,)

د. سەباح کەریم پێشەکی بۆ نووسیوە بەم جۆرە باس لە شیعرەکانی مەنتک دەکات:
یەکێک لە ئەرکە جوانەکانی شیعر ئەوەیە هەڵگری خەمی ئینسانەکانە، شیعر دەتوانێت گوزارشت لە بوون و ژیانی مرۆڤ بکات، بەڵام ژانرێکە مامەڵەکردن لەگەڵیدا قورسە. نووسینی شیعر بە بڕوای من پێویستی بە ئەزموونە، ئەزموونێک وەکوو شاعیربوون. وەستایی لە شیعردا پێویستییە، بۆیە کاتێک دەمانەوێ شیعر بخوێنینەوە، دەبێت شیعرەکە خۆی داوامان لێ بکات، تەنانەت شیعر توانای هەیە وا لە خوێنەر بکات نەتوانێت دەستی لێ هەڵگرێت.
زمانی نووسینی ئەم شیعرانە، زمانێکە سادە و بێ گرێوگۆڵ، خوێنەر هیلاک ناکەن، ئەمەش مانای ئەوە نییە زمانی شیعرەکە سادەیە، بەڵکوو مانای ئەوەیە مامەڵە لەگەڵ شتە سادەکانی ناو ژیان کراوە. ئەوەندەی ئاگاداری ڕەوتی شیعر بین، مامەڵەکردن لەگەڵ زمانی شیعر لە دەیەی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو، مامەڵەکردنێک بووە بۆ قورسکردنی زمان. بۆ بە سیمبولکردنی زمانی شیعر، بەمەش شاعیر زمانی تێکدەشکاند. بەڵام ئەم شیعرانە زمان سادە دەکەنەوە. مرۆڤ کە ئەم شیعرانە دەخوێنێتەوە هەست بۆ جۆرێک لە هێوری دەکات. خوێنەر ئارام دەکەنەوە و ماندووی ناکەن بۆ ئەوەی بیرکردنەوەی بگوشێت بۆ لێکدانەوەی ڕەمزەکانی ناو زمان.
لەناو شیعرەکان چیرۆکی دەیان شت دەخوێنیتەوە، شیعر وەهایە داستانی شکستی خۆشەویستی، داستانی تێکشکانی نشتیمان، وێرانبوونی تاکی کورد. هەموو ئەمانە بە وردی کاری لەبارەوە کراوە. ئەوەی زۆری جێگەی دڵخۆشییە شیعرەکان لە ڕێگەی باسکردنی چیرۆکەکانی تاکی کوردەوە بۆ چیرۆکی مرۆڤایەتی دەچن. واتە شیعر بووەتە شیعری هەموو مرۆڤایەتی. ئەم شیعرانە خوێنەر ئاشنا دەکەن، بە خەمی پەنابەرێک، بە خەمی تاکێکی ئاوارە بوو. بۆیە کاتێک ئەم شیعرانە دەخوێنینەوە دەزانین شاعیر پێشینەیەکی مەعریفی هەیە، دەزانین شاعیر چرکە بە چرکە ئاگاداری مێژوو و خەمەکانی میللەتەکەیەتی. وشەکانی هێندە ڕەوانن توانیویەتی مێژووی مرۆڤایەتی لەو رستەیەدا کۆ بکاتەوە:
کە مرۆڤ لە ئەشکەوت
چاوی بە تیشکی خۆر کەوت
بە دوایدا هاتەخوارەوە
ئازادیى بینی.
کەواتە خەمی مرۆڤ گەڕانە بە دوای ئازادی، نەک بە دوای دەستکەوت و ماڵ. بە شیوەیەک گوزارشتی لە ئازادی کردووە، مرۆڤ ئازادی خۆش دەوێت. تەنانەت خەمی شاعیر خەمێکە گەڕانە بە دوای تیشکەکانی ئازادی. بۆیە کاتێک شیعرێک بۆ کلاودیا ڕۆت دەنووسێت، دەگەڕێتەوە بۆ ناو مێژوو بۆ ئەوەی گەرانێک بکات، ئاخۆ نموونەی ژنێکی وەهامان هەیە، یان نا:
کلاودیا ماندوو نابێ
ناترسێ
کلاودیا تکایە
ئەو هەموو
مرۆڤبوونەت لە کوێ هێناوە!
ئەوەی جەوهەری مرۆڤ پێکدەهێنێت بریتییە لە مرۆڤبوون، ئەگەر نا چی وا لە کەسێکی وەکوو کلاودیا دەکات خەمی پەنابەر و کوردانی هەبێت؟ زمانی پەیڤینی شاعیر زمانێک نییە وەکوو گوتم بە ڕەمز قسە بکات، بەڵکوو زمانێکە تێیدا ڕەگەزی گێڕانەوەی تێدایە. ئەمەش سەلمێنەری ئەو ڕاستیەیە، کە شاعیر سنووری نێوان ژانرەکانی کاڵکردۆتەوە. بۆ ئەوەی جیهانیبی و فۆرمێکی تایبەت بە شیعرەکانی دروست بکات، هاتووە پەنا بۆ هێنانەوەی چەندین چیرۆک لەناو مێژووی مرۆڤایەتی و مێژووی کورد دەهێنێت بۆ ئەوەی خەمەکانی ئیستای پێ دەرببڕێت. تێکەڵکردنی زەمەنەکانی ڕابردوو و ئێستا، گەمەکردنێکە بۆ ئەوەی ئێستا قووڵتر و خەماویتر نیشان بدات. بە خوێندنەوەی ئەم دیوانە تێدەگەین نووسینی شیعرەکان و ژیان لەگەڵ شیعرەکان خۆی دەبێتە پرۆسەیەکی شیعری، وامان لێ دەکات بکەوینە ناو فەزایەکی شیعرییەوە، تەنانەت داوامان لی دەکات شیعریانە بژین. بەڵام لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە ئازارێک لەناو ئەم شیعرانەدا هەیە، خوێنەر بە خوێندنەوەی شیعرەکان هەستی پی دەکات. بە شێوەیەک ئازارەکان مەزرێندراون، خوێنەر تێیدا بژی نەک لەگەڵیدا بژی. لە هەموو شیعرەکان هەست بە کەشفکردنی شتێک دەکەین. واتە هیچ دەقێک لەو دەقانە نییە، کە ئازارێکمان تێدا نەچێنن. بۆیە شیعر دەبێت گەردوونی و مرۆڤی بێت، شیعر لە دەرەوەی مرۆڤ مانای نییە.




ڕاگەیاندنی تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی

ئێمە وەک کۆمەڵێک لە پزیشک و کارمەندی تەندروستی و تەندروستکار وچالاکەوان لەسەر گوێ نەدانی حکومەتی هەرێم بە دۆخی مەترسی تەندروستی لە کوردستان و تاڵانکردنی کەرتی حکومی تەندروستی لەلایەن کۆمپانیا حزبی و سەرمایەدارەکانەوە ئەم تۆڕەمان پێک هێناوە. لەبەرئەوەی پێمان وایە کە تەنیا ڕێگاچارەی بۆ فریاکەوتنی تەندروستی گشتی هاوڵاتیانی کوردستان یەکگرتوبوونی کارمەندانی تەندروستی خۆیانن بە پشتیوانی خەڵکی هەژار و کەم دەرامەتی کوردستان.
ئێمە کارنامەی خۆمان بەم شێوەیە ڕادەگەیەنین؛

  1. تەندروستی گشتی مافی هەموو هاوڵاتیانە کە بە خۆڕایی و لە بودجەی گشتی کوردستان دەبێ دابین بکرێ.
  2. دژی فرۆشتن و بە تاڵانکردنی کەرتی تەندروستی حکومی دەبینەوە بە کۆمپانیا حزبی و سەرمایەدارەکان و خوازیاری مانەوەیان و دابینکردنی پێداویستی موچەی کارمەندان و خۆبەخشەکان وکەرەستەی پزیشکی نەخۆشخانە گشتیەکانین..چیترڕێگا نەدرێت کەرتی تایبەت لەسەر حسابی کەرتی گشتی بازرگانی بە تەندروستیمان بکات.
  3. داواکارین بودجەی کەرتی تەندروستی لە ئێستادا ١٥٪ دا کەمتر نەبێت، بە تایبەت لەم کاتی پەتای کۆرۆنا ڤایرۆسەدا(کۆڤی١٩)، تاکو پێویستیەکانی پاراستنی تەندروستی و موچەی تەواوی کارمەندان دابین بکرێ.
  4. پێویستە ئیدارەی نوێ بۆ ئەم نەخۆشخانە گشتیانە دابنرێ کە بریتی بێت لە بۆردی کارمەندانی تەندروستی و هەموو پۆستەکانی بەڕیوەبەر و بەڕیوەبەری گشتی و وەزارەتی تەندروستی بە هەڵبژاردن بێت.
  5. ئێمە بانگەوازی هەموو پزیشک و کارمەندی تەندروستی دەکەین کە ئەم بۆردانە پێک بێنن لە ناوەندەکانیاندا تا پێکەوە گفتوگۆ و ڕاوێژ و کاری هاوبەش ئەنجام بدەین. هەموو بۆردەکان لە تۆڕێکی سەرتاسەری کوردستاندا یەکگرتوو بن و سوود لە تۆڕە کۆمەڵایتیەکان وەرگرن بۆ ئەم مەبەستە.
  6. مانگرتن مافی هەموو تەندروستکارانە دژی نەبونی موچە و لە پێناو مافەکانیاندا و هەوڵ بدرێ لەناو ناوەندەکانی تەندروستی خۆی بکرێت و داوا لە هاوڵاووتیان بکرێت لەو کاتانە دا پشیوان و پشتگیری ئەم جۆرە ناڕەزایانەبن.
  7. لە ناوەندەکانی تەندروستیدا دەست دەبەین بۆ کاری هەرەوەزی و پشتیوانی کردنی کارمەندانی تەندروستی لەیەکتر، بۆنمونە سندوقی هەرەوەزی یا دابینکردنی پشکنینی بە خۆڕایی و هەر شێوازێکی تری گونجاو بۆ کۆمەکی تەندروستی گشتی هاوڵاتیان.
  8. بانگەوازی خەڵکی کوردستان دەکەین بۆ ڕوبەڕوبونەوەی مەترسی دۆخی تەندروستی و سیاسەتی تاڵانکردنی کەرتی گشتی فشار بخەنە سەر حکومەتی هەرێم بۆ دابینکردنی پێویستیەکانی تەندروستی خەڵک. هاوکات بانگەوازی نێوندە نێو دەوڵەتیەکان و ڕیکخراوی جیهانی تەندروستی دەکەین بۆ هاوکاریکردنمان و فشار خستنە سەر حکومەتی هەرێم بۆ وەڵامدانەوەی دەست بەجێ بەم خواستانەمان.

    تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی ١٥ ئابی ٢٠٢٠




سوڵتان لە نێوان قولەی قەڵا و کامێرادا… خوێندنەوەیەک بۆ کتێبی زۆربای ئێرانی … عەلی مستەفا

دەریچە:
زۆربای ئێرانی کتێبێکی ترە لە وەڕگێڕانی شەفیقی حاجی خدر، ئەو دەمێکە دەنووسێت و وەردەگێڕێت، لە نێو وەرگێڕانەکانیشیدا هەندێک جار دەست بۆ کتێبەکانی قادر عەبدوڵڵا دەبا و وەریاندەگێڕێت. قادر عەبدوڵڵا بە هۆڵەندی دەنووسێت و بە ڕەگەز فارسە. لە نێو نووسینەکانی ئەم ڕۆماننووسەدا هەموو کات سەرنجت دەکەوێتە سەر کەللتور و فەرهەنگە جوداکانی ئێران، تەنانەت جوگرافیا و داب و نەریتی کۆنی ئێرانیشت بەرچاو دەکەوێت. ئیتر ئەوە شانازییە هەر ئەدیب و نووسەرێک بتوانێت بار و تەواوی دیمەنەکانی نیشتمان و میللەتەکەی بگوازێتەوە نێو کەللتور و نەریتە جوداکانی دونیا و لە ڕێگەی کتێبەکانییەوە ئاشنایەتی بخاتە نێو گەلی خۆی و گەلانی تر.
وەرگێڕ زمان پاراوانە ئاشنایەتی لە نێوان خوێندەواری کورد و ڕۆمانەکان دروست دەکات، گومان هەڵناگرێت کورد و فارس سەر بەیەک کۆمەڵە زمانی ڕۆژهەڵاتی ناوینن، بەڵام خۆ دوو زمان و دوو نەژادی جیاوازن، خاوەنی داب و فەرهەنگی سەربەخۆشن، لە نێو ئەم کۆ جیاوازییانەشدا زۆر شت هەیە گەلانی ئەم ناوچەیە هاوبەش دەکات، ئەمەش ڕووێکی ئاساییە چونکە زۆر ئاهەنگ و هەماهەنگی هەیە، کە دەبێتە هۆی درووست بوونی ئەم هاوبەشییانە. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا زۆر شت هەن کە نایان زانین، لەوانەیە پێویست نەبێت کە بیزانین، بەڵام ڕووداویش هەیە لە ڕێگەی سەربووردەکان و گێڕانەوەکانەوە دەبێتە داکەوتەیەکی ئەم زەمینەیەی کە ئێمەی ڕۆژهەڵاتی لێیدەژین و تیایدا چەرمەسەری دەکێشین. ڕووداو و گێڕانەوەکانی نێو ئەم ڕۆمانە ئەگەر بۆ گەلانی ڕۆژئاوا وەک ئاشنایەتییەک گرنگ بێت، بۆ ئێمەی گەلانی ڕۆژهەڵاتی تەنانەت خودی نەتەوەی فارس پتر لە ئاشنایەتی گرنگە، چونکە ئەم ڕۆمانە لا کردنەوەی کۆمەڵێک باسی گرنگە لە مێژووی ژیانی گەلانی ئێران، ئەم ڕۆمانە لە پێنج کتێبناو کۆ کراوەتەوە و هەر کتێبە و باس لە سەردەمێکی دیاری کراو دەکات، هەموو ئەم گێڕانەوانە لە ژیان و سەردەمی چالاکییەکانی گەنجێک بەرجەستە کراون، واتە لە ڕێگەی ئەم کارەکتەرەوە تەواوی هەژموون و باسەکان گۆ دەکرێن. ئەوەی من گەرەکمە لەم رۆمانە لێیبدوێم، ئەو گۆشە هەستیارەیە کە سوڵتانی کوڕەمامی ئەکرەم جون، یان کوڕی ئەو ژنەی کە ئامۆزای هۆشەنگی یەک باسکە، کە دواجار بە هۆشەنگی باسک ئاسن لە ئەمریکا دەرکەوتەوە، لە ڕێگەی ئەو کوڕیژگەیەی لە قولەی قەڵای ماڵباتەکەیەوە، لە ڕێگەی دووربینەکەیەوە تەماشای دنیای دەرەوەی دەکرد، باسی کۆ نیگاکانی ئەم ڕۆمانە بکەم، دەمەوێ هەستەوەری ئەم ڕۆمانە لە نیگای چاوەکانی سوڵتانەوە ببینم و قۆناغەکانی بە کەنگەشەی شیکارییەوە سواخ بدەم.
ئەم وەرگێڕانە بە زمان و وشەی کوردی دەوڵەمەندە و بەشێکی گرنگە لە پاراستنی فەرهەنگی کوردی، چونکە وەرگێڕ لەگەڵ کاری وەرگێڕانەکەیدا، پەراوێزی خستۆتە نێو کارەکەیەوە، بۆ هەر وشەیەکی کوردی ڕوونکردنەوەی داوە. لە پاڵ ئەمەشدا ئەم کتێبە دەبوایە کاری وردتری لە بارەی خاڵبەندی و هەڵەچنییەوە بۆ بکرایە، چونکە لە کاتی خوێندنەوەدا بەسەر کاری لەنگدا دەهاتی و پیچەک لە خوێندنەوەدا هەست بە لەنگی دەکەیت، بەڵام نەبۆتە هۆی لە دەستدانی پەیامی ڕاستەقینە.

کتێبی یەکەم
سوڵتان و قولەی قەڵا:

ئەم قۆناغە؛ لە کتێبەکەدا بە سەردەمی ئەفسانە ناوی هاتووە، بەڵام خۆ دەکرێت سەردەم و ئاهەنگێکی زێرێنیش بووبێت لە ژیان و ئەزموونی سوڵتاندا. ئەم دیاردەیە لە نێو گەلانی دونیا بە تایبەتی گەلانی ڕۆژهەڵات تا درەنگانێک باوبوو، دەبوایە بەچکە خانەدانەکان هەر لە ستونی پیرۆزی خۆیان بمێننەوە و لە ڕێسا و نەزمی ماڵە گەورە دەرنەچن، ئیتر ئەوە پیرۆزییەک بووە بەر ماڵە گەورە و شکۆدارەکان بڕاوە. ئەم دیاردەیە لە ڕۆژئاوا هەر لە سەدەکانی ناوەڕاست و سەرهەڵدانی شۆڕشی ڕێنیسانسەوە، دوای لا کردنەوەی دەسەڵاتی کەنیسە و گەل پۆتی شکا و ئیتر بەملاوە کەس بەسەر کەسەوە خاوەن شکۆ نەبوو، هەموو لایەک دەبوایە هەوڵ بدات و تێبکۆشێت. بەڵام گەلانی ڕۆژهەڵات بەشێوەیەکی بەرچاو لە کۆتایی نیوەی یەکەم یاخود تێپەر بوونی سێ چارەگی سەدەی بیستەم بەسەر ئەم داکەوتەیەدا تێپەڕین و پۆتەڵاکی ئەم کەلتوورە بریندار کرا.
بۆ مرۆڤ زۆر گرنگە، لە هەر سەردەم و قۆناغێکی ژیان بتوانێت سوود لە سەردەمەکە و مێژووی سەردەمەکە ببینێت، تەنانەت ئەزموونکردنی دیاردەکانی ژیان لە هەر تافێک دابێت پێویستییەکی ڕاددە نەویستە، چونکە مرۆڤ لەم کەنگەشانەوە سەر دەردەکات و ئاشنایەتی بە چواردەوری خۆیدا درووست دەکات. سوڵتان کوڕی پیاوێکی بێدەنگ و بێزمانە و سەر بە ماڵباتی قەڵایە، دایکیشی ژنێکی شەلەیە، کچی وەرزێرێکی گوندەکانی بنارە، دایکی لەگەڵ ئەوەی شەلە بوو بەڵام جوان و شیک بووە و زمانی باشی لە دەم دابووە، واتە قسە زان و لێنەبڕای بووە، هەر ئەو سەرپەرشتی سوڵتان و کارەکانی کردووە. ماڵبات هیچ کات نەیانویستووە سوڵتان تێکەڵی منداڵانی گەرەک بێت و ئاشنایەتی لەگەڵ دەورووبەر درووستبکات، ئەمەش کاریگەری ناخۆش و نامۆ بەسەر هەست و نەوای سوڵتانی منداڵ دروست دەکات، سوڵتان بۆ ئەوەی ئەم بۆشاییە دەروونییە پڕ بکاتەوە، ڕۆژانە بەسەر قولەی قەڵا هەڵدەگەڕێت و دەیەوێت لە ڕێگەی دووربینەکەیەوە تەماشای سرووست بکات و بزانێت لەم جیهانەدا چی هەیە و چی دەگوزەرێت، بەردەوام سەیری کێڵگەی زافەرانی ماڵباتی کۆشک دەکات، کە باوکی رۆژانە سەرپەرشتی دەکرد و دواجار دایکی سوڵتانیشی هەر لەو کێڵگانە کردە هاوژینی خۆی. ئەم دووربینە دەبێتە خووپێوەگرتنێکی ڕۆژانە و بەردەوام لە ڕێگەی دووربینی قولەکەوە جیهانی دوور و نزیک، ئەوەندی بڕی دەکرد دەپشکنی. ئەمەش بارێکی ئاسایی نابێت هەر دەبێت بە شێوەیەک لە شێوەکان کاریگەری بخاتە سەر هەست و بیرکردنەوەکانی سوڵتانی منداڵ، چونکە ئەم دیمەن و جەنجاڵییەی جیهان لەگەڵ هەڵکشانی تەمەنی سوڵتان گەورەتر و فراژووتر دەبن، دواجار
کۆنترۆل کردنی ئاسان نابێت، ئەمەش یاسای ژیانی هەر تاکێکە کاتێک ئازادی و خواستی لێزەوت بکرێت.

(چیڕۆکەکە دەگێڕمەوە، چیڕۆکەکەی سوڵتان، فیلم دەرهێنەرێکی ئێرانی. چڕۆکەکەش لە قەڵایەک دەستپێدەکا، قەڵایەک، کە لەتافی منداڵی تێیدا ژیاوە) ل٢٦ ئیتر سوڵتان لە هەژموونی کۆن و سانسۆرکردن دەربازی دەبێت و دواجار دەبێتە ناوێکی پڕشنگدار بە ئاسمانی سینەما و فیلمەوە، هەڵبەتە دووربینی قەلا دەبێتە ڕێخۆشکەرێکی جوان و دنیا بینییەکی تەواو بۆ ئەوەی ئەم جیهانەی تێیدا دەژیت، کە قەڵای ماڵبات و گەورەکانی رۆحانییە جێبهێڵێت.
قەڵا تەنها جن و پاراستنی داب و نەریتی وەک ئامۆژگاری پێشکەش بە سوڵتان و دەورووبەر دەکرد، ژیانی قەڵا پەیوەست بوون بوو بەو ڕێکارانەی لە گەورەکانیان بۆیان دەردەچوو، هەمووشیان پیاوانی ئاینی و پەیوەست بوون بە کارە ڕۆحانییەکانیان. دەبایە هەر تاکێکی ئەم ماڵباتە خاوەنی جنێکی تایبەت بەخۆی بایە، بۆ ئەوەی شوونی ماڵبات وێران و بزر نەبێت. بەڵام تا ژیان وەگەڕتر و ئاشنایەتی زیاتر بێتە ناوەوە، دەستە و نەوەی نوێ چیتر بەم ئاوەزەوە بەردەوام بەدەوری قەڵا و جنۆکە و پیاوانی ئاینی ناخولێنەوە، بەڵکو ژیان لە ئاهەنگێکەوە بۆ ئاهەنگێکی تر و لە بارێکەوە بۆ بارێکی تر وەرچەرخان بەخۆیەوە دەبینێت، تەمەنی سوڵتان هەڵدەکشێت، ئیتر جینەکانی ناویشی هەستی گەرمی دەدەنێ، ئاخر تا ئێرە سوڵتان ئاشنایەتی لەگەڵ جەستەی خۆشیدا نییە، ئەمەش پووکاندنەوەی هەستە خۆشەکانی مرۆڤە لە گەیشتندا.
ئەوکاتەی سوڵتان جەستەی دەخشێت لە لەش و مەمکی کچێکی ناسیاوی ئامۆزاکەی هەست بە جیهانێکی تر دەکات، ئەمەش بۆ سوڵتان کەشف بوونی دۆخێکی ترە، یاخود هەستکردنە بەوەی ڕۆژێک دەبێت لەم قەڵایە بەدەر کەوێت. دوای ئەوەی کاغەزی بنێشتەکان کۆ دەکاتەوە و دەکەوێتە سەر خەیاڵی ئەوەی کامێراکە لە کۆمپانایای بنێشت فرۆشتن بباتەوە، پێنج هەزار کاغەزەکە مسۆگەر دەکات و کامێراکە وەردەگرێت، ئیتر چی لەم کامێرایە بکات، خۆ نابێت هەر لە نێو قەڵا بمێنێتەوە و وێنەی جیهانی نائاشنای نەگرێت، دەبێت لەم قەپەنگە گەورەی قەڵا بەدەرکەوێت، یەکەم وێنە و چەندیتریش بۆ تاقیکردنەوەی کامێراکە وێنەی باپیرەی بوو لە کاتی نانخواردندا، کاتێک تەواو دەبێت ئەویتر دەداتە جنۆکەی خۆی کە لەبەرامبەری دانیشتووە.
سەرچڵی و ئینگلیزی زانییەکەی ئەکرەم جون هاوکارێکی تری سوڵتان بوون بۆ ئەوەی ئەم سەدەفە کۆنە پەرپووت بکەن و ئەفسانەی قەڵا تێکبشکێنن. خۆ گەر وانەبا نە ئەکرەم جون دەگەیشتە ئەمریکا و نە سوڵتانیش دەبووە فیلمسازێکی گەورەی ئێران و سی. ئێن. ئێن و بی. بی. سی نەیاندەناسی، دەبوایە ئەو لە قاوغی ئەفسانەدا چارشێو لەسەر بایە و ئەویش شازادەیەکی چکۆڵ دەبوو بۆ کاری قەڵا، بەڵام جنۆکەی دووربین لە قولەی قەڵا ئەم کۆتانەی تێکشکاندن. (ئەو کرێکارانە لەگەڵ گەردەی بەیانی، زوو لەخەو هەڵدەستان و لە ماڵەکانی خۆیان بۆ سەر ئیشوکاریان دەچوون، منداڵەکانیشیان تەواوی ڕۆژەکە هەر لە کوچە و کۆڵانەکان بوون، ئەمە و لە کاتێکدا ژنەکانیش لە خانووە بە قوڕەکان بە کاروباری ماڵەوەیان خەریک بوون. دیوارە بەرزەکانی قەڵاکە کتومت، سنورێک بوو لە نێوان ئەو منداڵانە و مندا، هیچ پەیوەندییەک لە نێوانی یەکدیدا لە ئارادا نەبوو، من هەر تەنیا لەسەر قولەکە و بە دووربین ئەوانم دەبینی، لەویوە سەیری جیهانی دەرەوەی قەڵاکەم دەکرد) لا٣٠ ئەم هەستە لای سوڵتان شەڕێکی نهێنییە لەگەڵ ویست و مەبەست، چونکە ناکرێت زەوق و جوانی منداڵ و تافەکانی تری تەمەنیش بخرێنە ژێر فشاری داب و نەریتەوە، چونکە دواجار ئەم کردەیە ئاکام و دەرەنجامی لێدەکەوێتەوە، ئەوەیە سوڵتان دەبێتە سینەماکار و نەک هەر قەڵا بەڵکو نیشتمانی زێد و ئازیزانیشی جێدەهێڵێت.

کتێبی دووەم
سوڵتان و ستۆدیۆ:

لە بەراییدا باسی دووربینی قولەی قەڵامان کرد، ئەو دووربینەی سوڵتانی گەیاندە تێگەیشتن و بینینێکیتر، سوڵتانی لە تیلاوەتی جنۆکە و پاشخانە کۆنەکان دەرباز کرد و گەیاندییە قولەی کۆشک و تەلاری شابانوو و دواجاریش مەلا جامانە ڕەشەکان. جیهانی ستۆدیۆی سوڵتان لە کامێراکەیەوە کەوتە گەشە، ئەو کاتانەی قەپەنگی قەڵا لە بار دەکات و لەسەر گازەرای پشت جێدەهێڵێت، ئەو کاتانەی ڕوو دەکاتە کۆڵان و شەقامەکانی شار ئاشنایەتی دروست دەکات لەگەڵ هەموو ئەو ئارەزووانەی بە نهێنی و بە خەفە کراوی مابوونەوە، باڵای کچ و بینینی ژنی ڕووت لەدەم سەرشۆرک و حەوزی ئاوەوە، هەستی دەکەوێتە سەر ئەوەی کە ئەگەر کامێراکەی پێبایە ئەم شتە نامۆیەی دەخستە نێو کامێراکەیەوە. تەنانەت وێنە گرتنی ژنی هۆشەنگ لە ژێر چارشێوێکی ڕەش و ژورێکی تاریکدا، تەنانەت هەستکردن بە کۆمەڵێک دیمەن، ئاهەنگی حەز و ئارەزووی دەگایاندە ئاستێکی نێرانە. دواتر کردنەوەی سینەما لەلایەن کابرای ئەرمەنی و چوونی سوڵتان بۆ ئەوێ، خولیای گەورە و ئاسمانی فراوانتری دەبینی، زۆری حەز دەکرد وێنەی لەیلا، ژنی مەلای مزگەوتێ بچرکێنێ و بیخاتە ئەزموونی کارەکانییەوە، ئاخر ئەو لەیلای خۆشویست بوو و دوا جاریش جووتێک قاپقاپەی زەردی بە دەستەکانی خۆی بۆ دروست کردن و لەبەر پێیەکانی دانان.
ناتاشای کریستیان و هاوڕێی ئەکرەم جون کاریگەری زۆری خستە سەر هۆش و دەروونی سوڵتان، چونکە ناتاشا بەسەرنجەوە دەردەکەوت و ژۆپەکەی تا پشت جۆکانی دەهات، ڕانە سپی و تەڕەکانی دەردەخستن، دواجار کە ناتاشا دەبێتە ئەکتەری سینەمایی و مەمکەکانی جوان دەردەکەوتن و لە کۆشکی شاهانەش لای شا و شابانوو بانگهێشت کرا، بووە هۆکارێکی تەواو تا سوڵتان لەم شارە تەسکە و لەم قاوغە تاریکە دەرکەوێت و، بکەوێتە دوای خولیا جوان و گەشەکانی، هەرنا بتوانێت ناتاشا لەوێ لە کۆڕی سینەمایی ببینێتەوە و هیچنا هەر تەنها جارێک باوەشی پێدا بکات و ماچی بکات. سوڵتان بۆ گەیشتن بەمانە، قۆناغەکانی خوێندن تێدەپەڕێنێت و لە زنکۆ وەردەگیرێت، لە بەشی سینەما، ئەمە سەرتای دەربازبوونیەتی لە خێوی تاریکی و گەیشتنە بەو ئامانجەی لە مناڵییەوە هەر لە ڕێگەی دووربینی قولەی قەڵا و کامێراکەیەوە خەونی پێوە دەبینی.
زانکۆ بۆ سوڵتان کردنەوەی دەرگایەک بوو بۆ زۆر شت، تەنانەت بۆ کێشەکانیش، سوڵتان لە ڕێگەی کاری سینەمایی و کامێرامانییەوە ڕووبەڕووی کێشەی گەورە و لە پێگەی گەورە بووەوە، ئەمەش سوڵتانی گەیاندە جیهانێکی تری تەماشا، چونکە لە دوای سینەماکاری گەورەی ئێران، یاخود فیلم سازی گەورەی ئێران (ئیبراهیم بووستان) سوڵتان دەبێتە دیارترین فیلمساز و ناوێکی درەوشاوە، چونکە ئەو چەند کارێکی جوانی فیلمی ساز کردبوو، دواتر لە کۆشک و تەواوی نیشتمان بینرا و دەنگی دایەوە، ئەمە سەرتای کێشمەکێش و ڕووبەڕووبوونەوەی چڕی جیهانی سینەمایە، چونکە تا خواست زۆرتر بێت ئاهەنگی کارکردن و بواردنی دیمەنەکان وەزوحمەتتر دەکەون، تەنانەت تەنیاییش تەنگی پێهەڵچنیبوو، چونکە جیهانی ژن دەبێتە ژوانێکی ئارام بۆ پیاو کاتێک ئارەزوو دەگاتە لووتکەی بیرکردنەوە لە ژن، دوای ئەم بیرکردنەوەیە بۆ باس و شتێکی تر بار وەردەگرێت. (هەینێ زۆر هەستم بە تەنیایی کرد، ئاخر بە تەنیا لە هۆدەکەم دەژیام و هێشتا هیچ ژنێکیش نەهاتبووە نێو ژیانم. هەرچەندە لە ستۆدیۆکەی ئەو هەمیشە دەورووبەرم پڕی کیژۆڵە بوون، بەڵام خۆ هەر تەنیا لە چاوی کامێراوە سەیرم دەکردن و پێیانەوە سەرسام بووم) لا٢٤٧ هێشتان سوڵتان لە نێو ترسی تافی تەمەنەکانی پێشوو و بینینە جوان و سەرنج ڕاکێشەکانی ئێستای دایە، ناتوانێت تەنانەت بۆ ئارەزووش لەم کابووسە دەربازی بێت. سوڵتان لە ستۆدیۆی ئیبراهیم بووستان ژوورێکی هەبوو، بەردەوام بە دوای هونەری جوان و کاری مەزن دەگەڕا، هەموو ئەم گٶڕانکارییە خێرایانە سوڵتانیان گەیاندە دۆخێک، کە ببێتە پێشەنگ لە سەر سینەمای ئێران. ئەمەش بارێکە مەرج نییە خۆشگوزەرانت بکات، بەڵکو زۆر جار هەنگاو هەڵێنانێکە بەرەو نادیاری، یان لێتەوە دیارە و ناچاری بچیتە نێو گرفتارییەکان. بۆیە ماندوو بوون و ئەزموونی قەڵا و تەنیایی باری ژیانییان قورس کردبوو، تەنانەت باری ئارەزووی بۆ ژن دەشاردەوە و شەرمی دەکرد بگاتە لوتکەی حەز و باوەشی ژن.
سوڵتان بەردەوام لە نێو خەیاڵ و بیرکردنەوەی داهێنەرانە و زەینی نوێ دابوو، هەمیشە بیری لەوە دەکردەوە هەموو گۆشە هەستیارەکانی تافی تەمەن لە کتێبی یەکەمیدا، بکاتە مەشهەدی نێو فیلمەکانی، وای بیر دەکردەوە ئەگەر لەم قۆناغانەی ژیانیش نەیتوانیبێت بگاتە مەبەست، خۆ دەتوانێت لە ڕێگەی هونەرەکەیەوە بگاتە جوانترین گێڕانەوەی مێژووی ڕووداو و گۆشە نهێنییەکانی ژیان. (لە فیلمەکەدا لێگەڕام کچە ئەکتەرەکە و کوڕەکە لە کۆڵانێکی تاریکی تەنگەبەری پشت مزگەوتێ ڕابکەن. کوڕە ئەکتەرەکە قاپقاپە زەردەکانی کردنە پێی کیژەکە و کچەکەش خێرا بە نێو کۆڵانەکان غاری دەدا، ئەمەش لەو کاتەی مەلای مێردی لە نێو مزگەوتێ، بۆ نوێژکەران خەریکی پێشنوێژ بوو دابەستن بوو) لا٢٥٣ ئەم گرتە فیلمە، ون نەکردنی ئەو یادەوەرییە جوانەیە، کە سوڵتان لە مزگەوت کاتێک باپیرەی دەگەینێتە مزگەوت و لایلای شۆخ و شەنگی کچی مجێوری مزگەوت دەبینێت و لە یەکەم نیگایدا عاشقی دەبێت، بەڵام مەلای مزگەوت هەر زوو داخوازی دەکات و دەیکاتە ژنی خۆی، بەڵام لەیلا تا درەنگانیش چاوی هەر لە دوای دوڵبەرەکەیە و خۆشی دەوێت، ئیتر ئەمە تا نەبووە فیلم هەر لە خەیاڵ و گۆشەی بیرەوەرییەکانی سوڵتان مایەوە. ئیتر ئەم کارە جوان و هونەرییانە بوونە ئامرازی گەیشتن بە ماڵی شا، گەیشتن بەوەی سوڵتان وەک فیلمسازێکی گەورەی ئێران، دوای مردنی مامۆستاکەی ئیبراهیم بووستان، نان لەگەڵ شابانوو ژنی شای ئێران بخوات. دەبێتە خاوەنی بنیاتی فیلمی دیکۆمێنتاری لەسەر شای ئێران، لەو کاتەی بە ئامادەیی زۆرینەی سەرۆکانی دوونیا تاجی زێڕینی سەرۆکایەتی لە ئاهەنگێکی شکۆداردا دەنێتە سەر.

کتێبی سێیەم
شۆڕش یان سەردمی عەمامە ڕەشەکان:

دوای ئەوەی تەختی شاهەنشای ئێران، تەختی پەهلەوی دەروخێت و مەلاکان، عەمامە ڕەشەکان دێن و دەسەلات وەردەگرن، هەمدیس فیلمساز بۆ کۆماری مەلا ڕیشدارەکە (ئایەتوڵڵا خومەینی) بانگ دەکرێتەوە، بۆ ئەوەی ئەوەندە تەمەنەی ماویەتی بکرێتە فیلمێکی دیکۆمێنتاری و وەک ئەرشیفی پیاوێکی شکۆدار بمێنێتەوە. فیلمساز ئەم سەردەمەشی دیت و تەنانەت تەواوی جەنگی عێراق و ئێرانی لە نێو کاسێتە ڤیدیۆکاندا کۆ کردەوە و بۆ تەلەڤزیۆنی ڕدێنانی دەناردنەوە. ئیتر فیلمساز بریندار دەبێت و دەکەوێتە ژیان و ئەرکی ناخۆش، دوای ئەوەی تەقە لە شەقامی ماڵی ئایەتوڵڵا دەکرێت و ئەویش بەدەرەوەیە بەسەیارەکەی پیاسە دەکات، بۆ ئەوەی سوڵتان درێژە بە کاری فیلمە دیکۆمێنتارییەکە بدات. دوای ئەوەی سوڵتان سەردەمی شا جێدەهێڵێت و دوای دە ساڵ بەندیخانە بە هۆی شۆڕشەوە ئازاد دەبێت و هەست بە سەربەستییەکەیتر دەکات، بەبێ ئەوەی چاوەڕێی بڕیار و فرمانی نوێی حکومەتی نوێی تاران بکات. کاتێک دەگاتەوە ستۆدیۆەکەی و دەیەوێت چالاکییەکانی دەستپێبکاتەوە، دوای ئەوەی لە بەرەکانی جەنگ بریندار دەبێت و لە خەستەخانە دەخەوێنرێت، دوای ماوەیەک لە ڕێگەی نوێنەری نووسینگەی ئایەتوڵڵاوە داوای لێدەکرێت کاری دیکۆمێنتاری بۆ ڕابەری شۆڕسی ئیسلامی ئێران بکات، سوڵتان ڕازی دەبێت.
سوڵتان لە گەرمەی بیرکردنەوە و سەر گەرمکردنی بە سینەما و بەرهەمی نوێ هەمیشە تەنیا و تەنیا دەمایەوە، دواجار بیری لە فیلمێک کردەوە لەسەر گەریلاکانی نیشتمان، ئەگەر هەڵە نەبم حیزبی کۆمۆنیستی ئێرانی بوون، کە هەم دژی دیموکراتەکان بوون کاتێک پەهلەوی هاتە سەر تەخت و هەمیش دژی مەلاکان بوون، بەڵام تا ئیستاش ئەم گەریلایانە نەیانتوانی ڕیفۆڕم بکەن و بگەنە دەسەڵات، (کاتێک چوومەوە نێو ستۆدیۆکەم و دەرکەم لەسەر خۆم داخست، تا تیشکۆی هزر بیرم بخەمە سەر فیلمە نوێیەکەم، چەند ئەکتەرێکی گوڵبژێرم لێگرتن تا زیاتر باسی کارەکەیان بۆ بکەم. دوای ئەوەش چووینە دارستانی پارێزگاکەی باکوور تا ئەو شوێنەی فیلمەکەی لێدەگرین، بپشکنین و لێیبکۆڵینەوە، من هێشتان هەر لە ناو دارستانەکەدا بووم، کاتێ ئایەتوڵڵا خومەینی فەتوایەکی دا، سینەما حەڕامە، سینەماکان شوێنی گوناحن) لا٣٤٣ ئەم قۆناغەی فیلمساز زۆر سەخت دەبێت کاتێک تۆ نەتوانیت بە ئارەزووی خۆت فیلم بەرهەم بهێنیت و خەم و دیمەن و ڕەهەندە جوداکان بخەیتە باری فیلمێکی دیکۆمێنتاری و ئەرشیفییەوە، بۆیە ئاسان نابێت، ئەگەر بتەوێت لە نێو سیستەم و دەسەڵاتی ئاینی توند و تاریکبینەوە بە باڵای هونەر و سینەمادا هەڵبگەڕێیت. ئیتر دەبێت بیر لە داهاتوو و ڕێگایەکیتر هەم بۆ هونەر هەم بۆ ژیان بکەیتەوە، چونکە دوای پەنجە ڕاداشتن بۆ ڕابەری سەربەعەمامە ڕەش، هەم زەمینەی هونەری هەم ئاسایشی گیانی دەکەوێتە بارێکی ترسناک و ناچار دەبێت نیشتمان لە دوای خۆی بەجێبهێڵیت.

کتێبی چوارەم
کێڵگەی غەریبی و نیشتمانێک لەدەرەوەی هەست:

(دوای پێنج خولەک لە تەکسییەکە دابەزیم، خێرا خێرا بە دەوری گۆشەکەدا سووڕامەوە، تەکسییەکی دیکەم گرت و پێمگۆت: هەر ڕێک بڕۆ! ڕێک بڕۆ، ئەو ڕێگایەی دوای ئاوارەبوونێکی زۆر و لە ڕێگای پاکستانەوە منی گەیاندە ئەمستەردام) لا٤٠٦ دوای ئەوەی سوڵتان وەک فیلمسازێکی گەورەی ئێرانی ژیان و ئەزموونی سینمایی دەکەوێتە مەترسییەوە و ناچارە ڕابکات. دوای ئەوەی گەریلاکانی سەر بە ڕەوتی کۆمۆنیستی ئێرانی تەقە لە خیابانی ئایەتوڵڵا دەکەن، بەمەبەستی کوشتنی ڕابەری ئیسلامی ئێران، گومان دەکەوێتە سەر سوڵتان، کە دەستی لە هاوکاری کردنی گەریلاکاندا هەبێت، چونکە بە ڕێنمایی سوڵتان ئایەتوڵڵا دەجوڵایەوە بۆ ئەوەی کاری فیلمی دیکۆمێنتاری ڕابەر تەواو بکرێت، ئانی تەقەکردنەکەش، فیلمساز ئاراستەی کردبوون کە ڕابەر بە سەیارەکەی بە خیابەنەکەدا بجوڵێتەوە.
دوای ئەوەی لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە دەکەوێتە ژێر پرسیار و گومانی دەکەوێتە سەر، ناچار ڕوو دەکاتە ئەوروپا و دواجار لە کێڵگەیەکی ئەوروپا دەست بە ژیان دەکاتەوە، ئەم کێڵگەیە، نە نیشتمانە و نە ئاسوودەیی دەبەخشێت، بەڵام ئیتر ئەوە ژیانی پەناهەندەیی و ناچارییە، ئەگەر نا هیچ شوێنێک نابێتە نیشتمان و کاری هونەرییت بۆ نادات. ئەم قۆناغە دەبێتە سەردەمێکی بێ ئەنوا، چونکە هەمیشە لە نێو بیرکردنەوەکانیدایە و هیچ کارێکی بۆ ناڕەخسێت، نازانێت چۆن دەست بکاتەوە بە کاری هونەری و بۆ جارێکیتریش بۆ هونەر تێهەڵچێتەوە، ئیتر سوڵتان لە ناو تەمەندایە و ئاسان نابێت ئەگەر بیەوێت وەک تافی زوو سەرچڵی بکاتەوە و دەسەڵات لە ڕێگەی هونەرەکەیەوە بلەرزێنێت، یان بەلای خۆیانەوە ڕابکێشێت. لەم قۆناغەدا لە بری مەرجان و لەیلا و هۆشەنگ و ئەکرەم جون و باپیری و مام و دواجار دایک و باوکی و…… لەگەڵ کەسانیتر و ئاوەزێکیتر ئاهەنگی ژیان دەگوزەرێنێت، ماینەما و ئاورێلیا و گورگ و خێش و زەردەواڵەکان…. هەموو ئەمانە بوونە هاوڕەوتی نوێی ژیان، کە تا سنوورێک پارێزبەندی کۆمەڵایەتی پێوە دەبیندرا، ئەمەش لە ژیانی سوڵتاندا کارێکی نامۆیە، چونکە ئەو لەسەر زەمینی کۆمەڵایەتییەوە ڕایکردبوو و گەیشتبووە هۆڵەندا، ئەمەش کاریگەری دەبێت لەسەر ژیان و بیرکردنەوەکانی. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا لە نیشتمانێکی غەریب، کە هەتا مردن بۆنی پەناهەندەییت لێنابڕێت، خۆی دیتەوە، ئەها نیشتمانی زێد و نیشتمانی غەریبی، یاخود نیشتمانی ناچاری چەندە لەیەکتر دوورن، هیچ کات نیشتمان لە ئاوارەییدا نابێتە ماڵ، نابێتە پەناگە و ڕەشماڵی نیشتمان، تامردن بۆنی غەریبی بەرتنادات و هەمیشە بە تاسەوە چاوت لە گۆشەی ڕۆژهەڵاتنە.
فیلمساز لەم سەردەمەیدا لە گۆشەی دەرفەتیتر خۆی دیتەوە، ئەویش ئەو کۆڕو سیمنارانە بوون کە لە ئەمریکا بۆی بەستران، ئەمەش تەنها ناساندنێکیتر بوو و وە باسکردن لەسەر فیلمەکانی گۆشەیەک بوو بۆ باسێک لەسەر نیشتمانی زێد و نیشتمانی غەریبی. هەر لەم سەفەرشدا غەریبی، ئەکرەم جون و هۆشەنگی پێئاشنا کردنەوە، ئەمەش دوای سەردەمێکی دوورو درێژ لە ژیان و هەڵکشانی تەمەندا.

کتێبی پێنجەم
کۆتایی هاتنی توانا سینەماییەکان و چەشتنی ناسۆری:

دەستپێکی ئەم قۆناغە، ڕەوتێکی نوێیە لە ژیانی سوڵتان و هێلانی ئاهەنگی ڕابردووە لە نێو شەنگی ئەو هێزانەی جێمان. (منیش هیلاک و کەنفت ببوم، نەمدەتوانی لەوە زیاتر لە ژووری مۆنتاژەکەمدا دابنیشم و کاربکەم. لە ماوەی ئەو ساڵانەی تێپەڕین، زۆر شت گۆڕان، کە ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە ژیانی ڕابردووەوە هەبوو. هەردووکیان محمەد ڕەزا پەهلەوی و ئایەتوڵڵا خومەینی بوونە بەشێک لە مێژوو. ڕۆژگارە شکۆمەندییەکەی گەریلاکانیش لەسەرتاسەری دنیادا بەسەرچوو. مامم، باوک و دایکیشم کۆچی دواییان کرد و قەڵاکەشمان لە لایەن سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامییەوە دەستی بەسەرداگیرا. ئەوێێان کردە بنکەیەکی سربازی) لا٤٧٨ دوای ئەوەی لە سەفەرەکانی ئەمریکا و پاریس بۆ گرتنی ڤیدیۆیی شابانوو گەرایەوە هۆڵەندا، هەست بە نەزمێکیتری تەمەن دەکات، ئیتر ئازار شەنگی لێبڕی و شایی ژیانی کردە ناسۆری، فیلمساز لە باری دەروونی ئاڵۆزدا دەکەوێتە دوڕیانی غەریبی، ئیتر کاتێک سەرنشینانی قەڵا دەمرن و بۆ دواجار ماڵئاوایی لە ژیان دەکەن، هیچ حەسرەتێک نامێنێتەوە بۆی دابنیشێت، وە چۆن پەهلەوی و خومەینی بوونە مێژوو، ئەویش لە تای ئەواندا بووە مێژوو و هیچ کرتەیەک نییە بۆ پچڕاندنی ئەم ڕایەڵە، چونکە فیلمە بەڵگەییەکانی فیلمساز بوون بە بەشێک لە ئەرشیفی ناوەندە ڕاگەیاندکارەکانی جیهانی.
فیلمساز دوای ئەم هەموو ماندووبوونە ئیتر حەوسەڵەی نێو ستۆدیۆی نامێنێت، ئەمجارەیان بەسەر نووسینەکانیدا دەکەوێت و کەد کەد هێڵەکانی ژیان یاداشت دەکات و دەنووسێتەوە. ئەم قۆناغە هەستیارە، چونکە بە گەڕ خستنی دوا قەتاری تەمەنە، یاداشتکردنی ئەزموونەکانە لە کەناری پیریدا، چڕینی دەنگی غەریبییە بۆ نیشتمان، بۆ زێد و یاران.
لێهەڵێنجێکی زۆر کورت:
لە نێو ئەم ڕۆمانە ڕایەڵێک دەبینرێت، ئەم ڕایەڵە گەیاندنی جەمسەرەکانە بە یەکتری، بەستنەوەی هێزی سینەما و کاری هونەرییە لە نێو کایە سیاسییە جوداکانی ئیران. تۆخکردنەوەی عەقلیەتی پاوانخوازییە لە نێو دەسەڵاتە بەدوای یەکەکانی وڵات و قۆرخ کردنی ئاهەنگی ئازادی تاکە لە کەینوبەینی فەرمانڕەواییدا، دروستکردنی هێزی جادووبازە لە نێو کۆمەڵگە و نەخۆشخستنی جوانییە لە نێو کایەی مرۆڤایەتیدا.
ئەم ڕۆمانە کاری لەسەر زۆر بار و واری وڵات و میللەت کردووە، تەنانەت لە ژیان و پەیوەندییەکانی نێوان شار و گوند، کاری وەرزێری و شارستانیدا خۆی نەبواردووە. ئەمەش لە ڕێگەی کارەکتەرێکەوەیە کە لە گوندەوە دەبێتە شارستانی و دواجار دەبێتە مێژووی فیلم و سینەما لە ئێران. ئەم ڕۆمانە ئاشنایەتییەکی فراوانت دەداتێ لە بە ئاگابوون بە کەلتوور و باری گەلانی ناوچەکە، ئیتر وەرگێڕانەکە پیویستییەکی سەردەمی و گرنگە، بۆیە پێم وایە دەکرێت لە ڕووی جیاوازتر و لە ژێر تیۆریەی جیاوازەوە کاری توێژینەوە و هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت.




ڕۆمانی تاجه‌ گوڵینه‌ و چه‌ندسه‌رنجێك … سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی

یه‌كێك له‌وهۆكارانه‌ی له‌ پشت به‌دیارده‌بوونی نووسینه‌وه‌یه‌،له‌ ئه‌مڕۆی دنیای نووسین و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئێمه‌دا، به‌ تایبه‌تیش ڕۆمان نووسین،نه‌بوونی ڕه‌خنه‌ و هه‌ڵسه‌نگاندنی ده‌قه‌كانه‌. بێگومان ئه‌گه‌ردیدگایه‌كی ڕه‌خنه‌یی نه‌بێت كه‌ ده‌قی داهێنه‌رانه‌ و جوان له‌ ده‌قی كرچ و كاڵ و ناهونه‌ری جیابكاته‌وه‌، ئه‌وا ده‌رفه‌ت له‌ به‌رده‌م لێشاوێك له‌ بنووسان دروست ده‌بێت كه‌ به‌ ئاره‌زووی خۆیان بنووسن و دواجاریش هه‌رشوناسێك مه‌به‌ستییان بێت بیده‌نه‌ پاڵ نووسینه‌كانیان.ئه‌گه‌ر ڕه‌خنه‌یه‌ك نه‌بێت ئه‌و تێكستانه‌ ڕه‌تنه‌كاته‌وه‌، ئه‌وا نووسین ده‌بێته‌ دیارده‌. هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌مه‌ به‌و مانایه‌ نییه‌ كه‌ ڕه‌خنه‌ و دیدی ڕه‌خنه‌ییانه‌ی بابه‌تی نه‌بێت، به‌ڵام كاتێ ئه‌و هه‌موو نووسینه‌ به‌راورد ده‌كه‌ین به‌ هه‌بوونی ڕه‌خنه‌، ئه‌وا بێگومان ناتوانرێت هه‌موویان به‌سه‌ر بكرێنه‌وه‌. له‌وسۆنگه‌یه‌شه‌وه‌ خه‌ریكه‌ ڕۆمان نووسین وده‌ست بردن بۆ نووسینی ڕۆمان، ده‌بێته‌ دیارده‌.بێ ئاگا له‌وه‌ی جیاواز له‌ هه‌موو ژانره‌كانی تر، ڕۆمان پاشخانێكی هزری گه‌وره‌ و ڕۆشنبیرییه‌كی فراوانی ده‌وێت. خوێنه‌ر كه‌ ڕۆمان ده‌خوێنێته‌وه‌، هه‌ر ته‌نها بۆ چێژ و جوانی نییه‌ بگره‌ بۆ ئه‌وه‌شیه‌تی له‌ په‌راوێزی ئه‌و ڕۆمانه‌وه‌، به‌ ژیانی سیاسی و كولتووری كۆمه‌ڵگاكانیش ئاشنابێت . ڕۆمان ڕۆشنبیرییه‌، زانینی زمانه‌، به‌رجه‌سته‌كردنی هونه‌رێكی باڵایه‌ له‌ گێڕانه‌وه‌ و گوزارشتكردن.به‌ڵام كاتێ سه‌رنج له‌ به‌شێكی زۆری به‌ ناو ڕۆمانی ئێستا ده‌ده‌ین، ده‌بینین ئه‌و ئستاتیكا و هونه‌ركارییه‌ نییه‌ كه‌ ده‌بێ ڕۆمان هه‌ڵگریبێت. زۆرجار كه‌ ڕۆمانێك ده‌خوێنینه‌وه‌، وا هه‌ست ده‌كه‌ین وتارێك ده‌خوێنینه‌وه‌.به‌شێكی زۆری ئه‌م ناهونه‌ریی بوونه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ نه‌بوونی ئه‌زموونی ڕۆمانه‌وه‌. واته‌ نووسه‌رله‌ بنه‌ڕه‌تدا شاعیره‌، به‌ڵام ڕۆمان ده‌نووسێت. ده‌روونناسه‌ به‌ڵام ڕۆمان ده‌نووسێت.
شانۆكارو ده‌رهێنه‌ری شانۆییه‌، به‌ڵام ڕۆمان ده‌نووسێت.چاودێری سیاسییه‌ به‌ڵام ڕۆمان ده‌نووسێت. ئه‌مانه‌ و زۆر بواری دیكه‌ش. كاتێ نووسه‌رێكیش ڕۆمان شوناسی سه‌ره‌كی و نووسه‌ر بوونی نه‌بوو، یاخود هه‌ر بۆخۆده‌رخستن ڕۆمانی نووسی، ئه‌وا ئه‌وه‌ی ده‌ینووسێت به‌ ناو ڕۆمانه‌. ڕۆمانی( تاجه‌ گوڵینه‌ تاجی دڕك) یه‌كێكه‌ له‌وجۆره‌ ڕۆمانانه‌.ئه‌و ڕۆمانه‌ كه‌ ماوه‌یه‌كی كه‌مه‌ بڵاو بۆته‌وه‌، ده‌نگدانه‌وه‌یه‌كی زۆری هه‌بوو، هاوشێوه‌ی ڕۆمانه‌كانی تر، به‌ ئاراسته‌ی ستاییشكردن،لای خوێنه‌ره‌ هه‌مووه‌كی و بێ پاشخانه‌كانی شاره‌زا له‌ ده‌قی ڕۆمان.كه‌چی خوێنه‌ر كاتێ ئه‌و ڕۆمانه‌ ده‌خوێنێته‌وه‌، وا هه‌ست ده‌كات وتارێك،یان گێڕانه‌وه‌ی چیرۆكێكی میللی ده‌خوێنێته‌وه‌، كه‌ ته‌نها بۆ گێڕانه‌وه‌ ده‌گێردرێنه‌وه‌ نه‌ك ته‌نها بۆچێژو مانا و جوانی.نووسه‌ر هه‌رچی به‌ خه‌یاڵی داهاتبێتت ئاخنیویه‌ته‌ نێو كتێبه‌كه‌ی و ناویشی ناوه‌ ڕۆمان.ئه‌و له‌وكتێبه‌دا، باسی(سۆسیالیزم ودونیای دووجه‌مسه‌ری ، هیتله‌رو نازی و گه‌لی جووله‌كه‌، دیواری به‌رلین و و ئه‌لمانیای ڕۆژهه‌ڵات، تره‌مپ و جه‌نگی سوریا، خه‌باتی شاخ و زیندان،یاساكانی به‌هه‌شت كۆرۆنا، ئاوارایی و ژیانی په‌ناهه‌نده‌یی، زیندان و گرتن، كه‌ره‌نتینه‌ و ته‌كنه‌لۆژیا،حه‌وا و ئاده‌م، عیسا و مه‌ریه‌م،مه‌حه‌مه‌د ودابه‌زینی سرووش بۆی،كلێسای نۆتردام، به‌ هه‌شت و دۆزه‌خ، كریستیان و ئیسلام و بوودییه‌كان،خۆشه‌ویستی و عه‌شقبازیی، ، میدیای ڕۆژئاوا،هه‌ژاریی و خه‌باتی چینایه‌تی،)وده‌یان شتی دیكه‌ ده‌كات. وه‌ك ئه‌وه‌ی ڕۆمان، جیكایه‌ت بێت، هه‌رشتێك نووسه‌ر مه‌به‌ستی بوو، به‌ دوای یه‌كدیدا ڕێزیان بكات. كه‌ ڕه‌نگه‌ هیچ په‌یوه‌ندیان به‌ یه‌كتریشه‌وه‌ نه‌بێت.ئه‌مه‌ هه‌رته‌نها بۆ ڕه‌شكردنه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌كانه‌و هیچی تر. زمان له‌و ڕۆمانه‌دا، هه‌مان ئه‌و زمانه‌ گشتی و جه‌ماوه‌ریه‌یه‌ كه‌ تاكه‌كان پێی ده‌دوێن. ئه‌گه‌ر زمانی نووسینی ده‌قێكیش هه‌مان زمانی خه‌ڵكه‌ ئاساییه‌كه‌ی نێو كۆمه‌ڵگه‌ بوو، نازانم ڕۆمان نووسین هونه‌ره‌كه‌ی له‌ كوێدایه‌؟.

زمانی ئه‌و ڕۆمانه‌ زمانێكی ڕووت، واقیعی، ساده‌ و سواو له‌ گێڕانه‌وه‌، نائستاتیكییه‌. زمان له‌و ڕۆمانه‌دا، هیچ هونه‌ركارییه‌كی تێدانییه‌ له‌ وه‌سفی جوان، له‌ شیعرییه‌ت، له‌چێژ، له‌ ده‌ربرین و گوزارشتكردن. بگره‌ هه‌مان ئه‌و زمانه‌یه‌ كه‌ ڕۆژانه‌ له‌ بازاڕوشوێنه‌ گشتییه‌كان به‌ریده‌كه‌وین. به‌رله‌وه‌ی گۆشه‌ نیگایه‌ك له‌و زمانه‌وه‌ ده‌ربخه‌ین، ده‌مانه‌وێت ناساندنێكی كورتی ڕووداوی ڕۆمانه‌كه‌ بكه‌ین. ئه‌م ڕۆمانه‌، كه‌ به‌شێوه‌ی به‌ش به‌ش و له‌ڕێگه‌ی مۆنتاژه‌وه‌ دیمه‌نكانی ده‌بردرێن و به‌ یه‌كه‌وه‌ ده‌به‌سترێنه‌وه‌.هه‌ر دیمه‌نه‌ و باسی ڕووداوێك ده‌كات، كه‌ هیچ په‌یوه‌ندییان به‌ یه‌كترییه‌وه‌ نییه‌.به‌ڵام به‌شی زۆری ڕووداوه‌كه‌ی له‌ په‌یوه‌ندی نێوان له‌یلاو ئه‌و كاره‌كته‌ره‌ په‌ككه‌وته‌یه‌ ده‌دوێت كه‌ له‌یلای خۆشده‌وێت. ڕۆمانه‌كه‌ كه‌ له‌ سه‌رده‌می كۆڕۆناو پێ ده‌چێت ئه‌م چه‌ند مانگه‌ی دوایی نووسرابێت، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و دۆخه‌ ده‌روونی كۆمه‌ڵایه‌تی وجه‌ماوه‌ریه‌یه‌، كه‌ به‌ هۆی كۆرۆناوه‌ جیهانی گرته‌وه‌ و لێكه‌وته‌ی له‌ سه‌ر هه‌موو ئاسته‌كانی ژیان دروست كرد.ئه‌گه‌رچی ئه‌و ڕۆمانه‌، باس له‌و واقیعه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ ده‌كات، كه‌ ئه‌و ڤایرۆسه‌ هێنایه‌ ئاراوه‌، وه‌لێ نووسه‌ری ڕۆمان به‌ بێ ئه‌وه‌ی هه‌ستی پێ بكات، ئاماژه‌ی به‌ هه‌ندێك ڕووداو داوه‌، كه‌ هیچ په‌یوه‌ندییان به‌و دۆخه‌وه‌ نییه‌. ئه‌مه‌ له‌لایه‌ك له‌لایه‌كی دیكه‌ نه‌ له‌ ئاستی بینای هونه‌ری، نه‌ له‌ ئاستی گێڕانه‌وه‌ و گرێچندا، ڕووداوه‌كانی ئه‌م ڕۆمانه‌ په‌یوه‌ندییان به‌ یه‌كترییه‌وه‌ نییه‌، به‌ڵكو پتر له‌ چیڕۆكی ڕۆژنامه‌وانی ڕۆژانه‌ و ئاسایی ده‌چن، نه‌ك گێڕانه‌وه‌ له‌ ڕۆماندا، كه‌ هونه‌ركارییه‌كی زۆری ده‌وێت. بێگومان ئه‌مه‌ ڕه‌نگه‌ په‌یوه‌ندی به‌ نه‌بوونی ئه‌زموونی نووسینی ڕۆمانه‌وه‌ هه‌بێت لای نووسه‌ر.چونكه‌ كاتێ سه‌رنج له‌ زمانی گێڕانه‌وه‌ی ڕۆمانه‌كه‌ ده‌ده‌ین، ئه‌مه‌مان باشتر بۆ ده‌رده‌كه‌وێت لێره‌دا، له‌ سه‌ر هه‌ندێك لایه‌نی هونه‌ری ئه‌و ڕۆمانه‌ ده‌وه‌ستین.

زمان و گێڕانه‌وه‌:
گێڕانه‌وه‌ یه‌كێكه‌ له‌ كرداره‌ سه‌ره‌كییه‌كانی زمان. به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئه‌و كرداره‌ له‌ ڕۆماندا جیا ده‌كاته‌وه‌، ئه‌و ڕه‌هه‌نده‌ ئستاتیكی و هونه‌ریه‌یه‌ كه‌ به‌شێكه‌ له‌ هونه‌ری گێڕانه‌وه‌. واتا ڕۆماننووس چه‌ند ده‌توانێت له‌ ڕێی گێڕانه‌وه‌ خوێنه‌ر بباته‌ نێو قووڵایی ڕۆمانه‌كه‌. له‌ تاجه‌ گوڵینه‌دا، زمانی گێڕانه‌وه‌، زمانێكی ساده‌ و دووباره‌یه‌ و نووسه‌ری ڕۆمانه‌كه‌ نه‌یتوانیوه‌ وێنه‌یه‌كی هونه‌ری جوان له‌ ڕێی زمانه‌وه‌ به‌رجه‌سته‌ بكات. بۆنموونه‌:_
*له‌ لا (9) تاكو لا(23)، واتا به‌ درێژایی نزیكه‌ی سیانزه‌ لاپه‌ڕه‌، نووسه‌ری ڕۆمانه‌كه‌ ته‌نها ئه‌وه‌ دووباره‌ ده‌كاته‌وه‌((چی ڕوویداوه‌، دنیا بۆ چۆڵ بوو، خودایه‌ قیامه‌ت هه‌ستاوه‌، به‌یه‌ك شه‌و قیامه‌ت هه‌لده‌ستێت،چی ڕوویداوه‌؟.تد)).
*لا(48)نووسیویه‌تی:((هیچ گومانم له‌وه‌ نییه‌ كه‌ ئه‌و چركه‌ساته‌ی ده‌گاته‌وه‌ به‌ سنگی دایكی،ئیدی ناسینی بۆنی سنگی دایكی،تامی یه‌كه‌م مژینی مه‌مكی دایكی،یه‌كه‌م به‌ركه‌وته‌ی ڕوخساری له‌گه‌ڵ سنگی دایكی،په‌نجه‌ هیچ نه‌زان و تۆقیوه‌كانی له‌گه‌ڵ پێستی مه‌مكی دایكی،یه‌كه‌م به‌ركه‌وتنی له‌گه‌ڵ ترپه‌كانی دڵی دایكی،ئه‌وكاته‌ی گوێی ناوه‌ به‌سنگی دایكی)). ته‌نها به‌ سه‌رنجدانمان بۆ ئه‌و چه‌ند په‌ڕه‌گرافه‌، ده‌زانین نووسه‌ری ڕۆمان تا چه‌ند شاره‌زایی له‌ زمانی نووسینی ڕۆمانی هه‌یه‌. دووباره‌ كردنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌موو وشه‌ سواوانه‌، نیشانه‌ی هه‌ژاری و نه‌بوونی زمانێكی تۆكمه‌ و به‌ برشتی نووسینی ڕۆمانه‌ كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ ڕه‌گه‌زه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی نووسینی ڕۆمان. نازانم ئه‌وانه‌ی له‌ به‌رگی دواوه‌ی ئه‌و ڕۆمانه‌، په‌سنی نووسه‌رو ڕۆمانه‌كه‌یان داوه‌، ئه‌و چه‌ند دێڕه‌یان خوێندۆته‌وه‌؟!.
*لا (54)نووسیویه‌تی:((ده‌ستم دایه‌ لاپتۆپه‌كه‌ كه‌لای سه‌رمه‌وه‌ دانرابوو،فایلێكی وۆردم كرده‌وه‌ و كه‌وتمه‌ نووسین)). ئه‌م شێوازه‌ له‌ زمانی ده‌ربڕین، له‌ زمانی ڕۆژنامه‌نووس و چاودێری سیاسی ده‌چێت نه‌ك ڕۆماننووس.
*لا(61)نووسیویه‌تی:((ئه‌وه‌ دڕنده‌ترین جه‌لادی دوژمنیش ئه‌و داوایه‌م لێ ده‌كات، بێ ئه‌وه‌ی به‌ خۆی بزانێت، له‌ جیاتی ته‌سلیمبوونم به‌ داواكه‌ی، خستمیه‌ به‌رده‌م ته‌ حه‌دایه‌كی هێنده‌ گه‌وره‌، كه‌ ته‌نها یه‌ك ڕێگه‌ی ده‌ربازبوونی هه‌بوو)).ئه‌م گێڕانه‌وه‌یه‌ له‌ زمانی ڕۆژانه‌ ده‌چێت نه‌ك ڕۆمان.
*لا(74)نووسیویه‌تی:(( جه‌نابی كاك ئاده‌م له‌ سه‌ر قبولكردنی موساره‌حه‌ی له‌لایه‌ن حه‌واوه‌ له‌ به‌هه‌شت ده‌ركرا)). با له‌وه‌ گه‌ڕێین كه‌ نووسه‌ر چۆن تێگه‌یشتووه‌ كه‌ حه‌واو ئاده‌م بۆ له‌ به‌هه‌شت ده‌ركران، له‌ كاتێكدا خودا له‌ قورئانی پیرۆز ڕوونیكردۆته‌وه‌ كه‌ ئه‌وان بۆچی ده‌ركران.ته‌نها ده‌پرسین كه‌سێك ئه‌مه‌ زمانی ده‌ربڕینی بێت، نازانم چۆن بوێری ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ ڕۆمان بنووسێت!.كه‌س تا ئێستا به‌ حه‌زره‌تی ئاده‌می گوتووه‌:( جه‌نابی كاك ئاده‌م)!!.
*لا (77)نووسیویه‌تی:(( به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌و ئاسته‌ ترسناكه‌ی ته‌نیاییه‌ش نه‌بێت،مومكین نییه‌ به‌و شێوازه‌ ده‌گمه‌ن وداهێنه‌رانه‌یه‌ بهێنرێته‌ بوون).
ئه‌مانه‌ چه‌ند نموونه‌یه‌كن، له‌ زمانی نووسین و گێڕانه‌وه‌ی ڕۆمانه‌كه‌، كه‌ بێگومان نموونی دیكه‌ش هه‌ن، ئه‌گه‌ر باسییان بكه‌ین.گێڕانه‌وه‌كان پتر له‌ زمانی ڕۆژ ده‌چن،نه‌ك زمانی هونه‌ری ڕۆمان.

هه‌ڵه‌ له‌ گوزارشتكردن و ده‌ربڕین:
له‌ ڕۆمانه‌كه‌ دا نووسه‌ر له‌ زۆر شوێن كه‌وتۆته‌ هه‌ڵه‌وه‌، كه‌ ئاماژه‌ به‌ هه‌ندێكییان ده‌ده‌ین:_
*لا(12)نوسیویه‌تی:((جیهانی دوێنێ ئێواره‌ له‌ جێی خۆی دابوو،هیچی تازه‌ ڕووینه‌دابوو، نه‌ جه‌نگی سووریا،نه‌ خۆپیشاندانه‌كانی عێراق و لوبنان،نه‌ تویته‌كانی تره‌مپ)).سه‌رنج بده‌ن،چۆن نووسه‌ری ڕۆمانه‌كه‌ جه‌نگی سوریا كه‌ ده‌ ساڵ له‌مه‌و به‌ر هه‌ڵگیرسا، له‌گه‌ڵ خۆپیشاندانه‌كانی عێراق و لوبنان ، كه‌ له‌ چه‌ند مانگی ڕابردوو ڕوویاندا،تێكه‌ڵ ده‌كات. ئه‌مه‌ ده‌ریده‌خات كه‌ نووسه‌ر بێ ئاگایه‌ له‌ مێژووی ڕووداوه‌كان. *لا(16)نووسیویه‌تی:(تا هه‌زار ساڵی دیكه‌ توند له‌ باوه‌شی ده‌كه‌م).ئه‌مه‌ زێده‌گۆیه‌ له‌ گوتن و وه‌سفێك كه‌ نه‌بابه‌تییه‌، نه‌لۆژیكی!
*لا(39)نووسیویه‌تی:(مامۆستا ئایدن باوكی شیرین و مامۆستای یوسفی هاوپۆلی شیرین، كاری كرێكاری بۆ یوسف دۆزییه‌وه‌). سه‌رنج له‌و نه‌گونجاندن و بێ ئاگایه‌ بده‌ن. مامۆستا چۆن هانی قوتابییه‌كی بچووك ده‌دات كار بكات، مه‌گه‌ر مامۆستا كاری په‌روه‌رده‌كردنه‌، یان به‌ڵێنده‌رایه‌تی؟!.
*لاپه‌ڕه‌(38)نووسیویه‌تی:((یوسف هه‌موو ڕۆژانی هه‌ینی له‌گه‌ڵ وه‌ستا خورشید ده‌چووه‌ كاری كرێكاریی)). نووسه‌ری ڕۆمان لێره‌دا، شاره‌زایی له‌ پاشخانی ئایینی و میللی كۆمه‌ڵگه‌كه‌ی نییه‌. چونكه‌ ده‌بوو ئه‌وه‌ بزانێت، ڕۆژانی هه‌ینی، ڕۆژی پشووی موسڵمانانه‌ و هیچ كه‌سێك ناچێت بۆ سه‌ر كار. كه‌سانی وه‌ك یوسفی كاره‌كته‌ری به‌ ناو ئه‌و ڕۆمانه‌،به‌ ڕۆژ كار ده‌كه‌ن و به‌شه‌و ده‌خوێنن. *لا (40)نووسیویه‌تی:((دایكم به‌ توندی په‌تای سیلی گرت و له‌ ژێر چاودێری ته‌ندروستی دابوو، به‌ڵام هه‌ر ئه‌و ڕۆژه‌ به‌ یه‌كه‌وه‌ سه‌فه‌رمان كرد)). نازانم كه‌سێك له‌ ژێر چاودێری ورد دابێت و نه‌خۆشی سیلیشی به‌ توندی گرتبێت، كه‌ نه‌خۆشییه‌كی گوازراوه‌یه‌ و بڵاوده‌بێته‌وه‌، ئیدی چۆن سووك و ئاسان ده‌چێته‌ گه‌شت و سه‌فه‌ر؟. ئه‌مه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ وایه‌ بڵێین((له‌ چله‌ی تممووز به‌فرێكی ئه‌ستوور باری بوو)).
*لا (77)نووسیویه‌تی:((دیمه‌نێكی ده‌گمه‌ن و دێرین)).نازانم كه‌ ده‌گمه‌نه‌ چۆن دێرینه‌، یاخود كه‌ دێرینه‌ چۆن ده‌گمه‌نه‌؟! *ڵا (86)نووسیویه‌تی:((من ده‌زانم به‌ پێی یاساكانی به‌هه‌شت،هه‌موو مه‌لاو قه‌شه‌ و حاخام و مۆنگه‌كانی ئایینی بوودیش سێوه‌كه‌یان لێ حه‌ڕام كردووم). نووسه‌ری ڕۆمانه‌كه‌، وا ده‌زانێت بوودییه‌كانیش وه‌ك موسڵمانه‌كان باوه‌ڕیان به‌ به‌هه‌شت و زیندووبوونه‌وه‌ هه‌یه‌، له‌كاتێكدا لای ئه‌وان، مرۆڤ كه‌ مرد ڕوحی به‌ پێی كرده‌وه‌كانی ده‌چێته‌ جه‌سته‌ی كه‌سێكی دیكه‌. واتا لای ئه‌وان(دۆنا دۆن)هه‌یه‌.
*لا (87)نووسیویه‌تی:(( ئاسمان شینی شه‌فافی پۆشیوه‌)).شینی شه‌فاف هیچ جوانییه‌كی تێدایه‌؟! *ڵا (87)نووسیویه‌تی:(( ئاگره‌كه‌ له‌ گیانه‌لادایه‌)) وه‌ك ئه‌وه‌ی ئاگر مرۆڤ بێت، ئاوزینگ بدات. ئایا ئه‌مه‌ واتاییه‌؟.
*لا(116)نووسه‌ر بیری چۆته‌وه‌ كه‌ ئه‌وه‌ ئیتاڵیا و ئیسپانیا بوون به‌شێوه‌یه‌كی مه‌ترسیدار كۆرۆنایان تێدابڵاوبۆوه‌،نه‌ك فه‌ره‌نسا، كه‌چی ئه‌و له‌و په‌ڕه‌یه‌دا واده‌زانێت ئه‌وه‌ فه‌ره‌نسا بوو كۆرۆنا سه‌دان هه‌زاری كوشت.
*لا(117)نووسیویه‌تی:((سه‌یركه‌ كه‌نیسه‌ سووتاوه‌كه‌ی نۆتردام چی لێهاتووه‌،ئه‌و شاكاره‌ گه‌وره‌یه‌ چۆن سووتا،ئاخر هه‌ر ئه‌و كاته‌ی سووتا ده‌بوو ئاماژه‌كانی ئه‌م ڤایرۆسی كۆرۆنایه‌ ببینین)).لێره‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ نووسه‌ری ئه‌و كتێبه‌، بێ ئاگایه‌ له‌ زه‌مه‌نی ڕووداوه‌كان. چونكه‌ كلێسه‌ی نۆتردام له‌ پاریس، له‌ 15/4/2019 سووتا، به‌ڵام كۆرۆنا له‌ مانگی 12/2019 سه‌ریهه‌ڵدا.ئیدی نازانم چۆن نووسه‌ری ڕۆمانه‌كه‌،هه‌شت مانگ پێشووتر زانیویه‌تی كۆرۆنا سه‌ر هه‌ڵده‌دات؟!. *لا(112)نووسیویه‌تی:(مۆبایله‌كه‌شم شه‌وی پیاسه‌كه‌م له‌گه‌ڵ خوداو باران و شه‌یتان پڕ ئاو ببوو)).به‌ستنه‌وه‌ی(خودا)و(شه‌یتان)و (مۆبایل) و (باران)له‌ڕسته‌یه‌كدا به‌یه‌كه‌وه‌، ئاماژه‌یه‌ بۆ هه‌ژاریی زمان. چونكه‌ ئه‌م وشانه‌، نه‌په‌یوه‌ندیی واتایی، نه‌په‌یوه‌نیی بابه‌تی و زمانه‌وانی و فه‌رهه‌نگییان به‌ یه‌كترییه‌وه‌ نییه‌، ته‌نها بۆ درێژ دادڕییه‌..
*لا(130)نووسیویه‌تی:_((له‌م لاپه‌ڕه‌یه‌دا، نووسه‌ر باسی منداڵێكی بچووك ده‌كات. ته‌مه‌نی ئه‌ومنداڵه‌ هێنده‌ بچووكه‌ كه‌ له‌ نێو عه‌ره‌بانه‌ی ده‌ست ده‌یگێڕن، كه‌چی سه‌یر له‌وه‌ دایه‌ ئه‌و منداڵه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی قوتابی فرۆید بێت به‌وشێوه‌یه‌ بیر ده‌كاته‌وه‌!. ئه‌ومنداڵه‌ له‌لایه‌كه‌وه‌ بۆشیری دایكی ده‌گریت، له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، باسی سێكسی نێوان دایك و باوكی ده‌كات. له‌لایه‌كه‌وه‌ باسی گریانه‌كانی ده‌كات، له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ باسی ڕامووسانی نێوان دایك و باوكی ده‌كات. واتا ئه‌و منداڵه‌ ته‌مه‌ن و تێگه‌یشتنی نه‌ك هه‌ر یه‌ك ناگریته‌وه‌، بگره‌ نیشانه‌ن بۆ دوو كه‌سی جیا). نووسه‌ری ڕۆمانه‌كه‌ كاره‌كته‌رێكی منداڵ دێنێت، به‌ڵام وه‌ك فه‌یله‌سوفێك وازی پێ ئه‌كات. له‌وه‌ سه‌یرتریش له‌م به‌شه‌دا گوایا به‌ زمانی منداڵه‌كه‌ ڕووداوه‌كان ده‌گێڕێته‌وه‌، به‌ڵام زمانێكی بێ ماناو دوور له‌ جیهانی منداڵه‌، ئه‌گه‌رچی له‌و ته‌مه‌نه‌دا منداڵ هه‌ر قسه‌ش نازانێت، چ جای ئه‌و قسه‌ فه‌لسه‌فییانه‌ش بكات!ئه‌م نه‌شاره‌زایی و نه‌زانینه‌ له‌ پێدانی ڕۆڵ به‌ كاره‌كته‌ره‌كان، سیمای دیاری ئه‌و نووسه‌رانه‌یه‌ كه‌ هیچ شاره‌زاییان له‌ هونه‌ری نووسینی ڕۆمان نییه‌ و به‌ داخه‌وه‌ ڕۆمانیش ده‌نووسن. له‌وه‌ كاره‌ساتریش، چه‌ند قه‌ڵم به‌ ده‌ستێك كه‌ نازانن بنه‌ماكانی ڕۆمان چین، ده‌كه‌ونه‌ په‌سنی نووسه‌رو به‌ ناو ڕۆمانه‌كه‌شی.ئه‌گه‌رچی ئه‌مه‌ به‌شێكی كورت بوو له‌ سه‌رنجه‌كانی ئێمه‌ له‌ باره‌ی ئه‌و ڕۆمانه‌وه‌، كه‌چی سه‌یر له‌وه‌ دایه‌ نووسه‌ر به‌ شانازیی و خۆگه‌وره‌یه‌وه‌ له‌لاپه‌ڕه‌(170)ی كتێبه‌كه‌ی ده‌نووسێت:(له‌و ڕۆمانه‌دا باسی مێژووی مرۆڤایه‌تی ده‌كه‌م).سه‌یره‌ نووسه‌رێك له‌ به‌ ناو ڕۆمانێكی سه‌دوو هه‌فتا لاپه‌ڕه‌ییدا، لافی ئه‌وه‌ لێ بدات كه‌ مێژووی مرۆڤایه‌تی باس كردووه‌، كه‌ به‌ ده‌یان نووسه‌رو به‌سه‌دان به‌رگ له‌ كتێبیش باس ناكرێت؟!دوا جار وه‌ك خوێنه‌رێك هیوادارم نووسه‌ری ڕۆمانه‌كه‌، سه‌رقاڵی دنیای تایبه‌تی خۆی بێت كه‌ سیاسه‌ته‌، چونكه‌ ڕۆمان و سیاسه‌ت دوودنیای لێك جیاوازن،ئاخۆ هیچ سیاسییه‌كی دنیا هێنده‌ی ماركیز ناو ناوبانگی هه‌یه‌؟!.
——————————————————————————–

په‌راوێز:_
*تاجه‌ گوڵینه‌ تاجی دڕك، ڕۆمان، نووسینی:سه‌ردار عه‌بدوڵا، ساڵی چاپ 2020،بڵاوكراوه‌ی ده‌زگای جه‌مال عیرفان.
*ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ ئه‌ده‌ب و هونه‌ری كوردستانی نوێ ژماره‌(1137)ی ڕۆژی 22/7/2020بڵاوكراوه‌ته‌وه‌…




ئایا مستەفا کازمی جێگای ئومێدە؟ … زاهیر باهیر

هەڵسەنگاندنی ئێستای کەسایەتی کازمیی و هەڵپە و قسە و وتار و کردەوەکانی بێ ڕەچاوکردنی هاتنی هەڵبژاردنی نوێ و پاشخانی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و پێگەی ئەو لە حکومەت و ئاڵانی لە بارودۆخێکەوە کە لە هەقەتدا یەکجار ئاڵۆز و زەحمەتە، کارێکە کە یەکلایەنانە حوکم بەسەر ئەودا دەدین .
حوکمکردنی عێڕاق لە سەردەمێکی ئاوادا کە کۆمەڵی عێڕاقی و ئیدارەکەیی و بوونی حیزب و ڕێکخراوێکی زۆر و دەستتێوەردانی لە لایەن ئێران وئەمەریکا و هەژموونی وڵاتانی دیکەش لە سەری، هەر ئاوا کارێکی ئاسان نیە . لە کاتێکدا کازمی نە پێگەیەکی کۆمەڵایەتی، نە تائیفی، نە دینیی بەهێز، نە حیزبیی ئاوای نییە و هاوکاتیش خاوەنی هیزێکی چەکداریی گەورەش نییە. نەبوونی ئەمانەش ئەوەندەی دیکە ئەرك و گەیشتنی پەیامەکانی کازمی یا بەدەستهێنانی ئامانجەکانی کازمی سەختتر دەکات.
گەر تەنها کارایی حکومەتی ئاخوندەکانی ئێران و دەستتێوەردانیان لەسەر عێراق بوایە، بۆ کازمی ئاسان بوو کە جۆرێك لە ڕێککەوتن لە سەر بناخەی پرۆتۆکۆڵی نێوانی دوو وڵاتی دراوسێ، دوو دەوڵەتی جیاواز یا خود هاوشێوە و هاوبەرژەوەند، جۆرێك لە ڕێکەوتن زامن بکات. بەڵام گرفتەکە زۆر لەمە گەورەترە. هەژموونی ئێران و داخوازییەکانی ئێران لەسەر حکومەتی عیراق لە ڕێگای ڕاستەوخۆ و پەیوەندی نێوانی سەرانی دوو حکومەتەوە یاخود دوو حیزبەوە نییە بەڵکو لە لایەن کۆمەڵێك حیزبەوەیە کە هەر یەکەیان بە جیا لەویتریان داخوازی و مەرجی خۆی لەسەر حکومەت هەیە.
ئا لەم بارو دۆخەدا کازمی ناتوانێت لەتەك صەدرییەکان، مالیکییەکان، خزعلییەکان، عامرییەکان، کەتائیبی حیزبوڵا و … تد هەر هەموویان بگاتە سەرەنجامێك. هۆکاری ئەمەش ئاشکرایە چونکە ئەو لایەنانەش نە لەناو خۆیانا ڕێکن و نە بەرژەوەندی میللەتیشیان دەوێت .
کەواتە پرسەکە پرسی هەڵبژاردنی کەسەکان نییە و سەرەنجامیشش بە گوێرەی نێتباشی و چالاکیی و پەیام و ویستەکانی ئەو کەسە نایەتەدی. ڕەنگە کازمی لە زۆر ڕووەوە لە مالیکی و حەیدەری و عەبدولمەهدی باشتر بیت، بەڵام ئەم باشییەی ئەم تەنها دەچێتە قاڵبی حوکمڕانێکی خراپ کە چەند جیاوازییەکی لە تەك حوکمڕانێکی خراپتر، هەیە و دەبێت. گەر بە ڕونتر قسە بکەم خەڵکی عێراق بە کوردیشەوە لە نێوانی دوو هەڵبژاردەدان کە ئەویش خراپ یا خراپتر.
لەو کاتەوەی کە عێراق وەکو دەوڵەت دامەزراوە، باوەڕ ناکەم هەرگیز بە بارودۆخێکی ئاوا ئاڵۆز و شیواو و ” بێ خاوەن” دا، تێپەڕیبێت. عێراقی سەردەمی صەدام حوسەین خراپ بوو، لە هەندێك ڕووەوە زۆریش خراپ بوو ، بەڵام بەم ڕادەیەی ئێستا نەبوو کە هەموو لایەك و هەموو دەوڵەتێك و هەموو دەسگەیەکی سیخوڕی ئا بەو ئازادییە تەراتێنی خۆیانی تیادابکەن. لە سەردەمی صەدام-دا هێزێکی چەکدار جگە لە هێزی کوردی کە ئەویش بەو لاوازییە، لە ئارادا نەبوو، ئیدارەیەکی دیکتاتۆر ، سەرکوتکەر، بەڵام پارێزەری خاك و ” نیشتمان” بوو، ئاسایشی ناسیاسی هەبوو ، موچە و کار و یاخود بژێوی، ئاو کارەبا و غاز، تا ڕادەیەك هەبوو ، عیزەتی نەفس و دانەڕمانی کەسایەتیی تاکەکانی کۆمەڵ و خودی کۆمەڵ، هەبوو ، پەیوەندی کۆمەڵایەتیی، شتێك لە ویژدان مابوو… گەلێك شت مابوون ، ئەوەی کە نەبوو مافی سیاسیی و ئازادیی و نەبوونی دەربڕینی ڕا و بۆچون و دروستکردنی ڕێکخراو و پارتی دژ بە بەعس و هەندێکی دیکە بوون ، کە نەبوون.
لە ئێستادا ئەوانەی کە لە سەردەمی صەدام حوسەین، هەبوون، هیچیان نەماون، بەڵکو سەربارێکی گەورەشی هاتۆتە سەر کە ئەوەندەی دیکە عێراقی خراپ کردووە. وەڵامی پرسیارەکەی سەرەوەم : ئایا کازمی وێڕای باشی و نێتباشی خۆی، دەتوانێت بەشێکی زۆر لەو کەموکوڕییانەش بنەبڕ بکات، چەند ڕیفۆرمێکی سەرەکی بکات؟ بەڕای من زۆر زۆر زەحمەتە. پرسیارێکی تر: ئایا دەبێت دەنگی بۆ بدەین؟ من وەکو خۆم باوەڕم بە هیچ جۆرە گۆڕانکارییەکی بناخەیی لەسەر دەستی کەسانی کارێزما و حیزبەکان و کوردەتای سەربازیی و کودەتای حیزبی و سیستەمی هەڵبژاردن نییە. هاوکاتیش ناتوانم ئامۆژگاری دانیشتوانی عێراق بە کورد و عەرەب و تورکمانەوە بە دەنگدان یا نەدانی دەنگ بکەم. بەڵام ڕاستییەك هەیە کە گەلی عێراق ئەزموونێکی دوورو درێژی حیزبایەتی و حوکمڕانی هەیە، هەر ئاواش ئەزموونی هاتنی کەسان و لایەنی جیاواز لە ساڵی 2005 وە. ئەمانەش تا ڕادەیەك ئەوەی سەلماندووە کە گۆڕانکارییەکان لە ڕێگای دەستا و دەستکردنی دەسەڵاتەوە نایەنە دی. ڕەنگە باشترین ڕێگا بۆیان بڕوا کردنە سەر خۆیان و سەندنەوەی هەموو متمانەیەك لە سیاسییەکان و حیزبەکان دەسەڵاتخوازان و وڵاتانی دەرودراوسێ و ئەمریکا و دەوڵەتانی ڕؤژئاوایە. گەر بکرێت خۆیان هەوڵی خۆڕێکخستنی خۆیان بدەن و هەموو کاروبارەکانی خۆیان دەستەجەمعیانە، بە هاوڕا و هاریکاری یەکدی بەڕیوەبەرن. ئەمە تاکە بژاردەیە و تاکە حەلە.

زاهیر باهیر
13/08/2020
Zaherbaher.com




مانچستەر … ئەدیب نادر

لە حیکایەتێکی هەزارو یەك شەوە دێمە دەرێ و تاڵەمووە سپییەکانم هەڵدەوەرن
دەنگێك جاڵجاڵۆکەیەکی جادووییە، تەونی دنیاکانی شیعر ڕایەڵ دەکات
دنیاکانیش بێشومارن
ڕۆژەکان فەرووی خۆڵەمێشییان پۆشیوە
گیانی گەندەموویی دنیا شەونماوییە
پێیەکان وەکو دوو سەگی بێ ئۆقرە پەلکێشی سەر شۆستەکانم دەکەن
گەڕان تراویلکەیەکی سرکە
مەوداکان دەکشێن و سەگەکانیش دوای تینوێتیی هەمیشەیی خۆیان دەکەون
مانچستەر
لە نیگای گورگەکانی جەمسەر ڕەنگوڕووی ئەم وەرزەی دزیوە
هاوڕێ نادیارەکان جێپێی سێبەرە بزرەکانم هەڵدەگرن
هەرجارەو لەناو دەنگمدا تۆوی ناوێك چرۆ دەکات،
لە شایی یادوەرییەکاندا مشتێ پێکەنین دەفڕێت
ئیتر بە قەفەزێکی لێوانلێو لە ترپەی ڕاکردووەوە دەکەومە دوای سەگەکان
دارەکان پۆشتە نین هێشتا، خشە خشیان لێ نایە
فیشکە فیشك دەدەنە بەرگوێی بایەکی تێپەڕیو
لە ( چاینا تاون) هاوڕێکەم دەڵێ بوەستە ، ئێرە ئەفسانەییە
دوو مەلی ڕەش لە ڕوخسارمەوە دەردەچن
لەناو پۆلە خەندەیەکی چەقاوەسوودا ون دەبن
نیگاکان مەست دەبن و ڕێی هاتنەوە نادۆزنەوە
خێلییەك لەناو هێلوونی چاوەکان جێ دەمێنێ
یادم دەبێتە مۆزەخانەی دیمەنەکە
بە نیازم سەرێك لە پەیکەری (ئاڵن تیوورینگ)بدەم، ئێستا چۆلەکەیەکیش لەسەر سێوەکەی ناو لەپی
نانیشێتەوە
ئاڵن تیوورینگ لەناو پارکی (ساکڤیڵ)دا برۆنزێکی سەوز هەڵگەڕاوو چڵکنە
درەختە ڕووتەکانیش بێدەنگن
دەستی هۆمۆسێکسواڵەکان باوەشیان بە پەرداخی زل زلی بیرەدا کردووەو
نیگاکانیان دەڵێ ئێوەش پەلکەزێڕینەن
ڕوخسارمان کێڵگەیە، داهۆڵ زەردەخەنەکەی هەڵفڕاندووە
وێنەیەكی لەگەڵ دەگرم و پێی دەڵێم: ئەی هاودەمی تیرۆژە کزەکان و درەختە ناپۆشتەکان و چۆلەکە
هەڵنەنیشتووەکان، دەبێ بڕۆم بەدوای جیهانەکەی خۆمدا بگەڕێم
بە ئاماژەکانی پەنجە کەڵەیەکی نینۆك درێژی وەك باڵندەیەکی ڕۆخی ئاو
بە شەوارە بکەوم و عەترێك وشەکانم لە گۆ بخات
زارێك بڵێ واز لە کتیبخانە وێڵگە ئاسا بۆرخێسییەکەت بهێنە
هەتا دەگەیتە (سەینت ئانس سکوێر)
هەتا دەگەیتە …
دەبێ بڕۆم، بیر لە شیعرێك دەکەمەوە
بەڵام جارێ بۆم نانووسرێ، چونکە هۆشم ئالن گینزبێرگ گەمارۆی داوە
ئەو دنیایەشم ڕاو نەکردووە کە هەناوی شیعر دەیکات بە مرواری
ئای چەند دنیای تر بە ملی هەناسەکانمانەوە قەتیسن
چەند وێنەیەکی تر دەگرم، دەڵێی سێوێکم کراومەتە دوو لەتەوە لەگەڵ
نووسەری ڕۆمانی “کوژرانی کتێب فرۆشەکە”
دوای هەزارەها هەنگاو لە قەراغی ئەو قەڵبەزانەدا دەوەستم
کە بە بێشەڵان دەچن
لە نابەینی قەدە کەفچەڕەکاندا منداڵان ڕاکە ڕاکیانە
دەنگیان تەڕ تەڕ، پێی شادییان پەتی پەتی
هەتاو زەردەیەکی شەرمنانە هەڵدەڕژێت
چاوێکی لێ دەقرپێنم، هامانا ئێستا کەی وەختی سەرەتاتکێیە
پێکەنین کاری سەرلەبەیانیانە
ئەفسوونێکی ئەمازۆنیی دەمتاسێنێ ، درەنگ وەختەو سەرمایش
دزە رێگایەکی بۆ ناو پاڵتۆکەم دۆزیوەتەوە
دەزانم سەگەکان لە گەڕان هەراسان نابن، بەڵام ساڵەکان بێبەزەیی بوونە لەگەڵیان
لەسەرخۆ بەرەو وێستگەی پاسەکانی (ڕۆچدەیل) دوای خۆیانم دەخەن
بوتڵە مارتینییەکان بە تامێکی سەیر ئەندێشەم ئاوڕشێن دەکەن
شووشە هاینیکنەکانیش ڕووناکیی بە ئەشکەوتێکی بێ شەمشەمەکوێرە دەبەخشن
یانی ئەم گۆیە لەناو مەستییەکی کریستاڵیی سەقام دەگرێ
هەتا خۆم بۆ ڕاو کردنی خەونە نەبینراوەکانم ئامادە بکەم
وەك هەتاوێکی کزۆڵە – زەردەخەنە هەڵبڕێژم
ناوی ڕۆماننووسەکە لە دەنگمدا دەبێتە سەدایەکی شەقڵگرتوو
منیش سێبەرێکی ناو سێبەرەکانم
ئەو ساتانە خۆیان بە یەخەمەوە هەڵدەواسن
نازانم چی، وا لە ناوێك دەکات وەكو لیکی ناو زار وابێت
بەڵام سبەی کە هەواڵی مردنێك دەبیستم
دەتاسێم، دەڵێی من ئەوم تووشی دڵەکوتە هێناوە
ئیتر کەڵکەڵەم پڕ دەبێ لە ئایدیای بینینی و
وەك پەنجەرەیەکی ڕوو لە ئاسۆ کتێبەکەی دەکەمەوە

مانچستەر – نیسانی 2018




لەنێوان کوردبوون وکوردایەتی … هەڵمەت حەسەن

کوردبوون قەدەرێکە لەدەرەوەی ئیرادەی خۆمان هیچ پێویست ناکات ڕقمان لێی بێت، پێویستە وەک حەقیقەتێکی بوون و ژیان وەریبگرین کوێی ناشیرینە خۆمان دەستکاری بکەین،کوردبوون ناسیۆنالیست بوون و فەخرکردن نیە بەمێژووی سیاسی یاخیبوون و بزووتنەوە نەژادیەکان، کوردبوون زۆر جیاوازە لە کوردایەتی هیوادارم کەس نەبێت ئەم دووانە لەیەک جیا نەکاتەوە.
کوردایەتی فکرێکی هێندە داڕزاوە بەشوبهاندنیش دێڕێکی ناچێتەوە سەر ئەدەبیاتی خەبات لەپێناو ئازادی و پێکەوەژیان و هێشتنەوەی زمان و کلتووری ڕەسەنی نەتەوەیەك، کوردایەتی زۆر لەوە بچووکترە بتوانێ باری خۆڕاگری و بەرگەگرتنی چەوسانەوەی سەدان و هەزاران ساڵەی میللەتی کورد هەڵگرێ و بیکاتە تابلۆیەکی مێژوویی ڕاقی .
کوردایەتی جوڵانەوەیەکە لەپێناو بەرژەوەندی و پاراستنی بەرژەوەندی چەند کەس و بنەماڵەیەک دروستبووە بۆ هێشتنەوەیان لەدەسەڵات بۆ برەودانی زیاتر بە بازاڕی بازرگانی و چەتەگەریەکەیان جا بەهەر نرخێک کەوتبێ لەسەر میللەت باکیان نەبووە ، لەپێناو ئەم وسیتەدا هەموو سنورەکانی بەدئەخلاقی سیاسی و عەسکەریان بڕیوە. سەرانی کوردایەتی بەناو و دروشمی جۆراوجۆر ئیدیعای موزایەدەی جیاوازبووون دەکەن لەیەکتری بەڵام بە نەتیجە هەموویان سەریان لەیەک ئاخوڕ دایە، ئەوان لەڕاستیانەوە بۆ چەپیان سەد هێندەی قوڵی گیرفانیان قوڵبوونەوەتەوە لە جاشایەتی و خیانەت و عەمالەت بۆ دوژمنانی زمان و فەرهەنگی نەتەوەی کورد، ئەوەی ڕژێمە داگیرکارەکان نەیانکرد ئەوان تەواویان کرد لە شکاندن و ڕەزیلکردنی کەسێتی مرۆڤی کورد، لە فڕێدانی گەنجان و تاکی کورد بۆ پەراوێزی مێژووی ڕۆشنگەری و پێشکەوتنی جیهان لەهەموو بوارەکاندا، ئێستاش بازاڕیان کەوتۆتە سەر دروستکردنی دوژمنی وەهمی بەختووکەدانی هەستی ناسیۆنالیستی خەڵک یاخود هونەری کوشتنی کات بە بەیاننامە و کۆبوونەوەی سەرکردایەتی و بنکردایەتی حیزبەکان و چوون و هاتنی وەفدو دانوستاندن کردن .




له‌ سێبه‌ری كتێبدا چاپ و بڵاو ده‌كرێته‌وه‌

                    

له‌ سێبه‌ری كتێبدا، ناونیشانی كتێبێكی دیكه‌ی(سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی)یه‌و وا بڕیاره‌ له‌ چه‌ند ڕۆژی داهاتوودا،چاپ و بڵاو بكرێته‌وه‌.ناوه‌ڕۆكی كتێبه‌كه‌، خوێندنه‌وه‌ و ڕانانه‌ بۆ بیست و دووكتێبی جۆراوجۆری ئه‌ده‌بی و سیاسی و مێژوویی و فیكری.




شیعر/ گەردوون لە ئۆقیانووسی ڕۆحدایە … کاوە عوسمان عومەر

بێ دوودڵی،،،
ئەبمەوە بە تنۆکێ ئاو….
گەر زەریاش لێم زویر بێ،،
بێ دودڵی،،
لەسەحەرا، دەگەڕێمەوە،،
کوچە ئاڵتونیەکی منداڵی،،
بە پێوە بەرسیلە،،
شینەکانی خۆشەویستی..
لە دارمێوەکانی بێدەنگی ئەچنمەوە،،
گەر بوار بوو، ،،
بە شکۆوە هەمان ڕوبار ئەگرمە بەر،،
ساڵانی پێشووتر،،
بە ترسەوە پیای تێپەڕیم،،
ئێستا چاوم دوو ئەستێرەی بوهەیمیە،،
دەرگا ڕەنگاڵەکانی ئاسمان خۆم ئەیکەمەوە،،
بۆ گەردە بڵاوبوەکانی جەستەم،،
بۆ پەڕو باڵی قرتاوی..
قازە ڕەشە هەڵهاتوەکانی…
جەنگە ئەفسونایەکان،،
لە نێوان..
زەمینێک لە پۆڵاو،،
بۆشاییەک لە پەڕی پەخشانی خەو،،
ئۆقیانووسی شادومانیەکی بەدنەفرەتیش،،
هەر ووشە دروستی ئەکات،،
و هەر ووشەش ڕوناکی ئەکاتەوە،،
هەر ووشەش شەوی ئەکاتە بەر،،
چارەنووسی گوڵە لەیلەکەکانیش….
بە من سپێردراوە،،
چارەنووسی ئەو مانگەش..
لە چەتەکانی دەریا هەڵهات،،
هەر لەهەمان دێڕی..
پەرتوکی خەو ئەینوسمەوە،،
گەر ئەویش بڕیاری..
کۆچ نەدات،،
گەر ئەو لە ژێر چەتری بارانا، ،،
وەک ئەوسا،،،
پەیکەرێک لە زەریام بێ،،
گەر ئەو وونبێت،و،،
پاشان لە باخچەی بەیانیا،،
بە تارایەک لە هەوری بیرەوەری..
پێش جەنگەکان بێتەوە،،،
بەڵام تەلیسمی عیشق،،
بەرشەوارەی خستین،،
تێشناگەین،،،
چۆن لە ئەشکەوتە…
سپیەکانی بوونا،،،
گیرمان خوارد،،
من هییچ هۆکارێک نابینم..
لە هەڵکردنی گەردەلولی…
خەفەتی مرۆڤەکان،،،
تێشناگەم بۆ لافاوی خۆڵاوی خەم،،،
پۆلە پەرەسێلکە مۆرەکانی منداڵیی..
تووڕی تاریکی با دا،،
ئەوەی تێگەیشتووم،،
ماتماتیکی عیشقی بەردە،،،
بۆ خەمی دارچنارێک…
تا بەیانی فرمێسکی…
بۆ بێ وەڵامی کازیوەیەکی…
سەرهەڵگرتوو ڕشت،،
ئەی نانی دەستی جوتیارێکی ماندوو..
بە نۆشینی شەرابی…
خۆشبەختی کێڵگەکانی نوور،،
ئەی هەنگوینی شەوێک…
بە باڵی…
شین و مۆر و پرتەقاڵی،،
مەلە دڕندەکانی پەرادیسەوە هاتن،،
گزنگ چۆڕێ زیوە لە دەستمایە…
گزنگ لە چاوی ئەو ئافرەتەیە،،
پریاسکەکەی ،،
شار و گوندە کاولکراوەکانی…
وڵاتی جەنگی تیا هەڵگیراوە،،.،
پەنجەی بروسکەیەکی سەرشێت و یاخیم،،
لە سەر تابلۆی ئاڵتوونی…
پایزێکی هەناو خوێنی شیعرو..
و گەڵای قاوەیی چاوەڕوانی،،
هەر تەرتیلەکانی عیشقیشە،،
ڕێی داوە….
لەسەر بیابانی دڵ بنوسرێ،،
پیانۆی دەستی گیایە،،
هەموو وێنە سەرابیەکانت،،
لە ژێر تەرزەی کۆچا دەنوسرێتەوە،،
مێزی خوانێک،،،
لە نێوەڕۆی زەردە حەزێک،،
دامان بە بادەی تەمەنێکا..
لە زەردبوونی جەستەی بێستانەکانیش،،
دڵ فوارەیەکی پڕ فرمێسکە،،
لە پرتەقاڵبوونی چەمەکانیش،،
جەنگی گوڵ و شەونمە،،،
کە بەرەو مانگی …
خەزانی ڕۆحیش ئەڕۆین،،
گوڵە سپیەکانی چاوەڕوانی دوور،،
لە سەر ڕێگەت ئەڕوێنم،،
لە کێشمە کێشی جوڵەی ماشینەکانا،،
مێزی هەتاو،،
واڵا بۆ مێشێکی سەرخۆش..
لە شیر و هەنگوینی بەجێ ماو،،
مێزی جەستە،،
بەرامبەر تابلۆی پرتەقالی ئێوارە،،
هەر خۆرە فێرمان ئەکات ،،
زانستی لە خۆگرتنی ئاسمان،،
بۆ هەموو پەلەوەرە خۆڵەمێشیەکانی…
تێپەڕبووی سەر قامیشەڵانی مەرگ،،
ئەوەندەی من بەڕێگاوە ئەیزانم،،
مەرگ چۆڕاوگە شەرابێکی ڕەشی بە تامە،،
کاتێک ڕۆح پڕ دەبێت،،
لە هەموو نهێنییەکانی گەردوون،،
بەڵام گەردوون ،،
لەئۆقیانووسی ڕۆح خۆیدایە،،
گەردوون ،،،
لە چرپەی ئافرەتێکەوە،،
دەست پێدەکات،،،
بۆ هاژەی گەردەلوولی بەفرو..
فڕەی باڵی کولەیەکی سەوز،،و،،
سترانی بێستانی ڕابردووش، پێش..
ڕژانی گۆزەی سەوزی ژیان،،
لە کانی جوڵەی ئەو ماشینەی..
چرکەکانی کات دروست ئەکات،،
بەتاڵبوونەوەی خەم،،
لە شوشەی شنە با دا،،
فەلسەفەیەکی تری گەردوونە،،
تنۆکە لمی ژێر پێی…
کۆچەریشە،،
ژیان،،،
بەڵام زۆر جار شمشالێکە،،
ئەرخەوانی،،
لە سەر لێوی پەیکەری..
ڕەشی بێهودەیی،،
نەخشاندنی سەر بەردی بەدبەختیش…
دوای لەدەستدانی ماڵێک،،،
لە نێوان تریفەی مانگ..و..
کازیوەی ڕۆژانێ،،
پڕ بەشەرابی بێستانی …
منداڵیی لەدەستچوو،،
ئارەزووی گەڕانەوەش،،
بۆ نێو چوار دیوار..
لە ژورێک لە خەو،،،
پاشان،،
داتاشینی پەیکەری خۆرێک…
بۆ ئافرەتێک بواری نیە،،
پەیامەکانی باران،،
یەک بە یەک بگەیەنێتە ،،
گەڵا بابردوەکانی مێژوو،،
ئەبێت ئاسمانە گرکانیەکان،،
چیان بۆ من پێ بێ،،،
ئەی هاوڕێی داهاتوو،،
لە سەدان ساڵی تر،،،
گەرچی یەکتر ناناسین،،
یەکتریشمان،،،
لە هییچ فۆتۆیەکی شادومانی و،،
بەدبەختیا نەبینیوە،،
بەڵام تۆش،،،
وەک من، هییچت پێ ناکرێ،،
لە ڕژانی گۆزەی شەو،،،
شکانی پەرداخی لم و…
وونبوونی پارچەکانی تابلۆی ڕۆح،،
ناشگەمە ئەو شوێنەی تۆی لێی،،،
هاوڕێی بێڕوخسار و شار،،
تا قسەیەک دەربارەی…
زەریای داهاتوو کەین،،
با ئەستێرەکان بێنە خوار،،
حەز ئەکەم یەک لە دوای یەک،،
قازە مۆرەکانی خۆشبەختی ئەوساش،،
بهێنمە خوار،،
پاشان گەردەلولەکان…
لە کوێ چرۆ ئەکەن؟
پاشان کچەکانی..
وڵاتێک لە سوتماک،،
لە کوێ دڵی قەترانیان ئەچێنن؟
و پایزی داهاتووش لەکوێ،،
خونچەی فرمێسکە سوورەکانیان ئەچنەوە؟
پاشان بەلەمی بەهەشت،،
بە من چی…
کاتێک من لە ژێر چیای مەرگام؟
پاشان ‌‌‌‌هێڵە ئاسنینی دڵ،،
کوا بەرەو ویستگەی نەمریا،،
تێپەڕي ئەبێ؟
ئەفسووس،،
فارگۆنی وەرزە جەنگەڵیەکانیش..
پڕن لە مرۆڤە پەکەوتەکان،،
هەرژارە بێ لانەکان،،،
ژنە تەنیا تێکشکاوەکان،،،
کرێکارە دڵ تاریکەکان،،،
عاشقە ڕۆح شەختەکان،،
ویستگەکانی پەهەشت پڕن…
لە فریشتەی بێ باڵ،،
فارگۆنەکانی…
دۆزەخیش پڕن …
لە و شاعیرە بەدنەفرەتیانەی…
لە دەرگاکانی بەدبەختیەوە دزەیان کردە..
گێژەنەی دووری گڕگانی ڕۆح.
…………………………
شیعر لە تارمایی ڤینۆسا هاتە لام،،
بەلەمی پێ بوو،،،
لەگەڵ ڤیۆلینێکی سپی،،
و چۆڕی ئاوی جەنەت و…
لەتێ نانی گەنمی خۆشبەختی و..
هەندێکی کەم لە هەنگوینی منداڵی،،
وتی بنوسە،،
لەسەر لەپی ئۆقیانووسی…
خواوەندی بەردبووی گەردوون،،،
دەربارەی میراتی بوون،،،
دەربارەی تێکپژانی ئاسۆی نەمری و…
خۆڵی سپی بێهودەیی،،
بەڵام من هەڵهاتووم…
لە بێستانی زەڕو بەدفەڕی تەنیایی،،
بە دیار هاتنی پۆلە تاوسی شین و پرتەقاڵی و مۆر و زەرد و سەوزی ڕۆژەکانا
لە ژێر دار بیەکی خپۆشبەختی پیرا،،
لێی ڕاکشاوم،،
ئاگادار نیم،،
چەند فریشتە،،
لە ئاسمانەوە فڕێ ئەدرێتە خوار،،
ئاگادار نیم،،
کام چۆلەکە،،
لە یەکەم هێلانەی خۆشبەختی…
لە خەو هەڵدەستێ و..
لە بەرچنەی خۆرا،،
یەکەم گوڵە جۆ ئەدزێتە..
سروتی شیعری ڕۆژیک،،
نآشزانم بۆ گوێ نادەمە سەنتووری…
دەستی پیاوی سەرابستانی کات،،
وا بزانم چاوەکانیشم وا دروست نەکراون،،
لە قوولایی تونێلەکانی فەلەکا،،
هییچ لە مێرگە ئەرخەوانیەکانی ..
دروست بوون ببینێ،،
چاویلکەی خۆڵەمێشی مرۆڤ،،
ناهێلێ…
کەمووڵە شکاوەکانی…
ناو ناخی سروشت ببینین،،،
ئێمەین دڕندە ئاسا،،
بە گەمژەیی ئەیان شکێنین،،
با بەچۆکا بکەوین،،
بۆ کانیەک،،
دانبنێین،،
بە تاوانی سووتماکبوونی،،
سیمرخی پڕ ڕەنگی سروشت،،
با دانبنێین…
بە تاوانی دروستکردنی،،
دووکەڵی پایپی دێوەزمەی کارگەکان،،،
بۆیە ئێستا ،،،
لە ژیر تەرزەی ڕەشی مەرگا،،
وەک تۆپەڵە بەفری فشەڵ،،
ئەتوێینەوە،،
با دانبنێین…
بە تاوانی…
شکانی باڵە ڕەنگینەکانی..
ڕەنگاڵەی سروشت،،
تکایە خانمە گەڵاپۆشەکەی…
پایزی مرۆڤایەتی،،،،
کە وەک گۆرانیەکی خەمگین دێی،،
گۆزەی پەرتبوونی جەستەی گیاکان،،
لەبەردەما مەڕێژە،،
سرووتی نزام،،
بۆ شیعری یاخی وەک زەریایە،،
ئازاد و سەربەست،،
لە فۆڕم و چوارچێوەکان،،
هەربۆیەکیشە،،،
بە من نامۆن،،
قەڵای کەنیسە ڕوخامیەکان،،
منارە ئاڵتونیەکان،،
بە من سەمەرەن،،
ئاینی من،،
سروتی جوانی ساتەوەختێکی شیعرە،،
نوێژیشم لەسەر بەرماڵی ئاوێکی سازگار،،
لە ژێر دارە کریستاڵیەکانی ..
بێستانی ئەبەدیەت داخستوە..
هەربۆیەکیشە،،
لە ئازاری ساتپژانی مانەوە…
لە بیابانی ئێرەدا خۆڕاگرم،،
دانی پیا ئەنێم،،
کە گەردوون لە مندایەو…
شینایی ئاسمان ،،
دڵ دروستی ئەکات،،
گۆرانیبێژی نادیاری ژێر ..
چنارەکانی پایزە،،
قژی دارە کۆنەکان ،،،
زەرد ئەکاتەوە،،
نازانم پایز بۆ ئەوەندە،،
حەزی لە ڕەنگی ئاڵتونی زەردە،،
بۆیە منیش ڕۆڵی خۆم بینی،،
لەسەر شانۆی جیهان،،
بە پرسیارکردن دەربارەی..
پەرتووکی فەلسەفەی تنۆکی ئاو،،
بە ڕژانی کەمۆڵەی زەریا،،
بە جوگرافیای دیلنەکراوی کەنارەکان،،
هییتچ شتێك ناخرێتە،،
ناو چوار چێوەوە،،
لە گەردوونا،،
ئەوە فێر بووم،،
پاش چەندین مردنی ئارەزوومەندانەو…
لەدایکبوونەوەی بە ئازار!
درەنگیش تێگەیشتم،،
هییچ شتێک ناخڕیتە،،
تابلۆی لۆژیک،،
نازانم کێ بوو ماتماتیکی داهێنا،،
بۆخونچە یاخیەکانی خۆشەویستی،،
کێ جیۆمێتری کردە لاهۆتی فڕین،،
کێ بوو لە کەنارەکان..
جەستەی کێشایەوە،
بۆ ناو ژوورە سارد و..
پەنجەرە شەختەکان،،
ئەوەی فێربووم…
نیشانەی بوونە دەروێشی سەر دەریا،،
پرشنگدانەوەی دڵە،،
پاشان کام کتێبی ئاینی ..
باسی تەقینەوەی لێو..و،،
ئەشکەنجەی ڕۆحی تەنیا..و،،
ژەهری دابڕان…و..
زامی جودایی.. و..
کسپەی جێهێشتن ئەکات؟
درەنگیش تێگەیشتم
گەردەلوولە ناخی مرۆڤەکان،،
پارچە بوونی حەز و ئارەزوەکانە،،
پۆ هەزاران ئەستێەرەی…
سرک و نەناسراو،،
لە فەلەکێکی تاریک و قووڵ و سامناک و مەترسیدار،،
هەر بۆیەکیشە،،
پێش هەڵچنینی قەڵای هیوایەک،،
لە تێگەیشتن،،
لە گوڵی خۆڵەمێشی ساتەکان، ،،
باشترە گوێ لە سروشتی..
ناو دڵ خۆی گرین،،
گەردوون لە ناو ڕۆح خۆیدایە،،
هەموو تارماییەکانیش…
لە پارچە شوشەی یەکتر،،
بوونیان هەڵئەچنرێ،،
پاشان دوای چەندین ساڵ گریان،،،
لەعیشقی کەمتەمەنی ..
بەسەر چووی زەمینێک،،
وەک سازێکی دڵ تەڕی..
پڕ بە باران،
لەسەر شانۆی بوونا نامێنن.

وێنەکە کارێکی هونەری فۆتۆگرافەری هۆڵەندی/
Susan Mielke
بە سوپاسەوە لە پەیجی فەرمی خۆی وەرگیراوە.




دەنووسم، باش نیم … سەلیم عوسمان

وەک هەمیشە زۆر دەنوسم
بەڵام هێشتاش ئەو درێژەکێشانە گوزارشت ناکا ، لەوهەستەی نـــاخم

دەنـوسم بـــاش نیــم
بەڵام بەهیــوام تۆ باش بیت
دووبـارە وەک پیشەی هەموودەمێکم بیرت دەکەم ..،
دەشزانم ئەو هەموو بیرکردنە و فرمێسکانە ،
تەزوویەکی گەرم بەدڵی چەقبەستووی تۆدا ناهێنێ ،

شێتییە چاوەڕوانی لە هاتنی تۆدا،
کە وەک ڕۆژ لێمەوە دیارە نایەییت ،
دوای تـۆ ئەو بۆشاییەی لەمندا
دروست بوو ،
بە هیچ ئادەمیەک پڕ نابێتەوە!

بیرت دەکەم و لێرە نیت
تاببینی چەندە پەرێشانم بێ تــــۆ..
قووڵ و گەرم خۆشم دەوێیت ،

لێرە نیت تا ببینیت نە بونت سەراپامی کردۆتە باخێکی وەریوو و تەزیــوو…..
لێرە نیت تا ببینیت لەدەستدان و
نەبوونی تۆ سەختترە لە مردن بۆم،

خۆت دەزانیت من هەرگیز لە مردن نەترساوم،
بەڵام ئێستا کە هەست دەکەم و دەبینم تۆ لێرە نییت ترس دەملەرزێنێ ..،

لە فەراغی تۆدا
پەنجە بەسەر بەرگی ئەو کتێبانە دەخشینم ،
لەو جێژوانەی وەک گوڵ
لە قوڵایی چاوم دەدرەوژایتەوە
بەدیاری بۆت هێنابووم ،
لەچکەکەت وەک پەڕۆیەکی موقەدەس
هەمیشە لە گەردنم ئاڵاوە…..

ئێستا لە هەمووکات زیاتر
بیری بۆنی عەترەکەت دەکەم،
بیری گوڵەکانی سەر ژێر کراسەکەت دەکەم ،
کە بە گیانتا خۆیان هەڵدەواسی،
بیری قژە ڕەش و درێژەکەت دەکەم ،
کە لەسەر سەرینەکەت بڵاو ببوونەوە
دەموویست پەنجەکانم بەناو
تاڵ بەتاڵیدا پیاسە بکات ،

دەزانم هۆنینەوەی ئەم ووشانە
هەرگیز نا ئاڵێ لەگەردەنت
بەڵام مـن بێچاو ڕوانە درێژەی پێدەدەم ،

دەزانی نەك تەنیا لە دڵمدا،
بەڵکو لە دەمار بەدەماری جەستەمدا هەست بە ئازاری لێکدابڕان و
لێك ترازان دەکەم،

ئێستا نە لە شەوە تاریک و
درێژەکانم دایت و نە لە ڕۆژە بێزارکەر و ماندوویەتیەکانم دایت ،

تێگەشتم ژیان تەنیا ئەو ڕۆژانە بوون،
کە بەدەم ڕێگاوە پیاسەمان دەکرد و بەدزیەوە بەتیلەی چاو سەیرمدەکردی ،

دەمهەوێت دڵــم خاڵی بکەمەوە ،
دووریت لێــم هەپڕون هەپروونم دەکات ،
بەرگەی ئەم بێ تۆیە ناگرم ،
وەک کتێبکی پەراوێز خراو خۆم دەبینم ،

ئەرێ بەڕاست ..؟!
چەند ملیۆنان ساڵی دەوێت
تا خەتی لالێوت لەبیر بکەم؟
چەند سەدەی دەوێت تا گەرمیی
باوەشت لەزەین دەربێنم؟
ئەی لەیادکردنی کاڵی چاوت چی؟
باوەڕکردن بە جوداییمان چەند جار مردنە ؟
کەمێک ویژدانت هەبێ چپەیەکی خۆت بەشەماڵێکدا بنێرە بــۆم ،

وەرس نەبووی لەو بێدەنگیە ؟!
لێرەنیت گەلێگ شت لەوجودم دا گۆڕاوە
نائومێدی بەرپەنجەرەی ژوورەکەمی گرتوە ،
غەمگینی وەک هەرزەیەکی باب مردە
یەخەی گرتوم لێم نابێتەوە
ئێستا بمبینە شـــاکارێک لەتەنهایی
ڕووبارێک لەغەمگینی ڕژاوەتە ناو منەوە ،

گەر ووجوود هەبا لێرە چی دەبــوو ؟
ئاوا ڕۆنەدەچومە ناو ئەو یادەوەریانەی،
پێکەوە درووستمان کردن
کە ئێستا بە رووحی شکاوەوە
بەتەنیا یادیان دەکەم ،

گریانێک قوڕگی گـرتــووم،
گرژکردوم وەک بڵێی دەمخنکێنێ ،

بەڵام من هێشتا بەردەوامم
لە هۆنینەوەی ووشەکانم.
لەودەمەی نیت خوی مەجنونم گرتــوە ،
دەمێک قاقا بۆ یادەکانت دەچڕم
دەمێکیش شین بۆ دووریت ،

توڕە دەبم دێنم لەچکەکەت
بە ئاوێکی گەرم دەشۆم و
بەتەنافەکەدا هەڵیدەواسم
تابۆنەکەتی لێبچێ ،
کەچی ئیرەیی بەو(بـا)یەش دەبەم
کە سەما بە لەچکەکەت دەکات ،

خۆگریت لێم بێ سوودە ،
دەتوانم لە هەر کوێ بیت هەست
بە نزیکیت بکەم،
چونکە بۆنی تۆ بە هەزاران جار
شۆردنی لەچکەکەت،
هێشتا لەبەر لوتم دەمێنیتەوە ،

بۆنایەی لە کەلێنێکەوە ببینی
کە من چەندە بێ قەرارم بێ تــۆ،
جانم بۆ نایەی ببینی، بێ تۆ
ڕۆژەکانم چۆن وەک پەڕۆیێکی دڕاو بەتەنافی بەدبەختیدا شۆڕبۆنەتەوە ..،

.سەلیم عوسمان

پێنج شەمە /14/ئایار
کاژێر ٦:١٣ ی بەیانی




دیرۆك … ستار ئه‌حمه‌د

به‌شنه‌ گوڵ بوویت و
له‌گه‌ڵ با ده‌جه‌نگای
كاتێك بارێزه‌ هه‌ژانتی
بوویته‌ ئێسكی چڵێكی رووته‌ڵه‌
نه‌قومێك شه‌ونمی به‌یانیان
وه‌ك نه‌وبووك گه‌ردنی جوانكردی
نه‌بایه‌ك به‌سه‌ما…
بۆرۆخی رووباری حه‌سره‌تی بردی
ئه‌مێستا دارێكی..
تینوو بۆباخی ره‌نگاوڕه‌نگ
شه‌وانه‌ ده‌هه‌ژێی …
له‌ده‌نگی راوكه‌رو
دیرۆكی زه‌برو زه‌نگ
رووخانی چه‌ند هه‌وار
چاوانتی داڕووشان
كام كۆچبار…؟
له‌ناختا ره‌نگیدایه‌وه‌
ئه‌وه‌تا وه‌ك كوانووی بێمیوان
پشكۆیه‌ك تینێكت ناداتێ‌
به‌هارێك له‌عومرت ناپرسێ‌
وه‌ڕسبووی له‌ده‌ستی جوودایی
خه‌می نیشتمان به‌زانتی
بۆیه‌ كزو مات
ده‌گری به‌سه‌ر ره‌گ و چیمه‌نا
نه‌خاك ده‌توانێ‌…
چرایه‌ك بۆ قه‌دی سووتاوت هه‌ڵكا
نه‌بارانێك به‌ئامان
بۆ زامی هه‌ناوت دائه‌كا
ئه‌م كسپه‌ی مردنه‌
هه‌تاكه‌ی به‌باڵای چیادا ده‌كێشێ‌
تۆش عه‌وداڵ
له‌به‌ژنی ره‌زو گوڵاڵه‌ ده‌ڕوانی
كێو نه‌بێ‌ ببێته‌ سێبه‌ری كه‌مه‌رت
چڵ نه‌بێ‌ گوڵێ‌ ئاڵ هه‌ڵگرێ‌
به‌هاران بیكاته‌ هاوڕازی سه‌رت
ناتوانی به‌م شێوه‌ ..
لاپه‌ڕه‌ی ئه‌دگارو
به‌رواری پیرۆزان هه‌ڵگری
به‌ده‌م خه‌زانی خۆزگه‌وه‌
بۆنیگای دڵۆپێك باران و
مشتێ‌ خۆڵی ته‌ڕ ده‌مری

ستار ئه‌حمه‌د




کوردبوون و یەکڕییزیی نەژادیی-2- کامیار سابیر

لە ئەدەبییاتی سیاسیی و ئەکادیمییدا، لە ئاستی جیهانیی بە گشتیی و تێکستی وڵاتانی رۆژئاوادا، بەتایبەتیی، ناسیۆنالیزم، گرنگییەکی زۆری پێدراوە. ئەمە لە ناو ئەدەبییاتی عەرەبیی، تورکیی و فارسییشدا، قورسایی خۆی هەیە و ئەو سێ نەتەوە هاوسێیەی کورد، بە دەیان هەزار توێژەر، نوخبە و ئەکادیمیستی تایبەت بە بواری ناسیۆنالیزم، دەوڵەتی نەتەوەیی و فیکری (سیاسیی و ئایدیۆلۆژیی) ناسیۆنالیزم، گرنگییان پێداوە و بە خەرمان تێکستیان هەیە. لە ناو کورددا، ناسیۆنالیزم بە گشتیی و کوردایەتیی وەکو ڤێرژنە باوەکەی، کەمتریین توێژیینەوە و تێکستی فیکریی لەسەر کراوە و نووسراوە. نە چەپەکانی کورد، نە ئیسلامییەکانی کورد کە هەردووکیان رەقیبی ئایدیۆلۆژیی نەتەوەیین( بە حیساب)، بە مێژووی هەموو ئەدەبییتاکەیاندا بچیتەوە، چوار وتاری فیکریی و سیاسییت لەسەر ناسیۆنالیزم، دەست ناکەوێت. نوخبەی کوردیی، لەوان، وێرانتر. لە لایەکی ترەوە، هیچ نەتەوەیەک وەکو کورد، بە تایبەتیی کوردە عێراقیی و ئێرانییەکان( بەوانەی بە تاراوگە”دایاسپۆرا”نشیینیش ناسراون)، ناسیۆنالیزم، ئەوەندە نەبووەتە وێردی سەر زوبانیان، بەڵام بێ مەعریفەییەکی قووڵ، جەهلێکی سیاسیی و فیکریی غەڵیظ، ئەدەبییاتی کوردیی تەنییوە و شیعر و چامەی شیعری نەتەوەیی، پەخشانە شیعری کوردیی و نووزانەوەی نەتەوەیی، خۆخواردنەوە و بەندبێژیی نەژادیی، جوێندان بە عەرەب و ئیسلام، بە تورک و فارس، بە شیعە و بە تورکمان، سەرتاپای ئەدەبییاتی کوردیی( کرمانجیی ناوەڕاست)، داگییر، کردووە.

قسە لەسەر ئەوە نییە کە گەلی کورد، نەتەوەیە یان نا؟ بەڵکو قسە لەسەر ئەوەیە کە ئەو ناسیۆنالیزمەی هەیە، بە درێژایی ٧٥ بۆ ٨٠ ساڵە هەیە، لە هەندێک دۆخدا لە شێخ مەحمودەوە کە بە ناسیۆنالیزمی پریمیتیڤ دەستی پێکردووە، بەڵام بە باکگراوندە دیینیی-مەذهەبیی و طەریقەتییەکەی ئەو سەردەم کە ئێستا بە زمانی مۆدێرن، پێیدەگوترێ ناسیۆنالیزمی دیینیی، ئەم مێژووە دوور و درێژە پڕ لە فەشەل و فیاسکۆیە( فەشەلی سەرتاپاگییر)ی ناسیۆنالیزمی کوردیی، چیی بۆ کورد، کردووە؟ ئەدەبییاتەکەی؟ تێکستەکەی؟ ئینتێڵەجێنسیاکەی ( موثەقەفەکانی) و سیاسییەکانی؟، کوا ئەمانە لە کوێی مێژووی حەرەکەی سیاسیی کورددا وەستاون و رۆڵیان چیی بووە؟ بۆچی بەرهەمی ئەو هەموو مێژووە پڕ لە فانتەسییەی ناسیۆنالیزمی کوردیی، بەم چەتەگەرییە ئاغاواتییە-بنەماڵەییە-شێخنشیینییە—طەریقەتییە-ئیمارەتییەی بنەماڵەی بارزانیی، بنەماڵەی تاڵەبانیی و حیزبەکەی نەوشیروان موصطەفا( گۆڕان) کۆتایی هات کە هەموویان، بەردەوام لەسەر کەلاکی تۆپییوی کوردایەتیی، شیین و شەپۆڕ دەکەن.

کوردایەتیی لە فۆرمی کوردبووندا و لە عەقڵی نەژادیی هەندێ سیاسیی و نوخبەدا، بۆ ئیدامەدان بە ژیانی سیاسیی و ئایدیۆلۆژیی خۆی، رق و قیین و بوغز بەرامبەر نەتەوە و نەژاد و ئایین و مەذهەبەکانی تر، هەڵدەڕێژێت. ئەمانە، بەردەوام، خۆیان دەڕننەوە و موناجات دەکەن و دەڵێن دوژمنی دەرەکیی، دەمانخۆن. ئاخر ئەوە هەر مەسعود بارزانیی نییە کە بۆ درێژەدان بە تیجاڕەتە دەیان میلیارد دۆلارییەکەی لەساڵیکدا، چەندیین دوژمنی دەرەکیی، رەسم دەکات، بەڵکو ئەکادیمستە فاشییەکانی ئێمە لە ئەوروپاوە، بەغداد و عەرەب، شیعە و تورکمان، بە قەصدی ئایدیۆلۆژیی، بە عوقدەی نەژادییەوە، بە دژە کورد ئەژمارد دەکەن و تەخویینی ئێمەمانیش دەکەن کە بە گەمژەیی سیاسیی خۆمان، وەکو جاشی بەغداد!، رۆڵ دەگێڕین. ئەوە وێڕای ئەوەی بەشێکی زۆر لە مێژووی ئەم کوردایەتییە، یەکترتەخویینکردن بووە و هەر جارەی بەرەیەکیان، بوونە بە عەمیلی موخابەراتیی ئەم دەوڵەت و ئەو دەوڵەت و شەڕی یەکتریان کردووە.

ئێستا کۆمەڵێ ئەکادیمیستی جوێنفرۆشی موحەقەق گەمژەی سیاسییش پەیدابوونە، بە کاڵیی و کوڵاویی، بێ ئەوەی هیچ مەترسییەک لەسەر قەوارەی دزەکانی هەرێم هەبێت، وەکو بەڵتەجییەکانی کوردایەتیی، کەوتوونەتە بەرق تەقاندن دژی بەغداد و دەڵێن، بە هەر نرخێک بووە، لەبەر خاتری نەژادی کورد و شەکرلەمەی کوردبوون!، دەبێ دەست بە قەوارەی هەرێمەوە بگیرێت. بە واتایەکی تر، گرفت نییە پارتیی و یەکێتیی، گۆڕان، یەکگرتوو …تاد، چیی دەدزن و چیی دەبەن؟ چۆن تەواوی شیرازەی کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگەی کوردییان، هەلا هەلا کردووە، بەڵام چونکە خوێنەکەیان و بەنەخوێنەکانیان، چونکە نامووسەکەیان و دەرپێکەیان، کورد و کوردییە، ئەوە لە عەرەبی نەفرەتیی و لە شیعەی رافیضە( بە قەولی فاشیزمە سوننییەکە)، باشترن. پێمان دەڵێن، ئەمان دزیش بن، قەیدی نییە، چونکە کوردن و لە خۆمانن، بەڵام بۆچی شیعەیەکی کافر ( بە کوردایەتیی تەکفیریان دەکەن، هەروەکو چۆن سەلەفیی و ئیخوانییەکان، طائیفییانە تەخویینیان دەکەن و بە موسڵمانیان لە قەڵەم نادەن) نەوتەکە و گومرکەکانی ئێمە کۆنترۆڵ، بکات.

تەنانەت داواکانی خەڵکی کوردستان، بە تایبەتیی گەنجان کە داوای ئەوە دەکەن مەلەفی نەوت و غاز لە دزەکانی کوردایەتیی بسەنرێتەوە، گومرگ و بازگە سنوورییەکان و مەطارەکانیان، لێ بسەنرێتەوە، مووچە راستەوخۆ لە بەغدادەوە بدرێ بە خەڵک و راستەوخۆ حکومەتی فیدراڵ، کۆنترۆڵی ئەم مەلەفانە بکات، ئەم داوا رەوایانە، بە گەمژەیی سیاسیی دەزانن. هەندێکیان، فرە ئەحمەقانە، دەوڵەتی عێراق، بە کۆڵۆنیالیست( داگییرکار) لە قەڵەم دەدەن، کۆڵۆنیالیزمی فڕانسیی بۆ لوبنان و دەسەڵاتی دەوڵەتی عێراق بەسەر شیمالی عێراقدا( کوردستان)، وەکو یەک بە کۆڵۆنیالیزم، دەشیعرێنن! ئەم خورافە نەتەوەیی و نەقصە نەژادییە، تەنیا بۆ خەڵکانێک دەیخوات کە ئاگایی سیاسیی و فیکرییان، صفرە، ئەگینا بۆ گەنجانی ئەم سەردەمەی کوردستان بە تایبەتیی بۆ نەوەی دوای راپەڕیین، فشەیان بەم عەقڵییەتە نەتەوەپەرستیی و نەژادپەرستییە، دێت.

ئەم نووسیینە، جەخت لە فەشەلی کوردایەتیی دەکاتەوە و بەدییلەکەیشی بە ناسیۆنالیزمێکی تر، جا مەدەنیی بێت یان خورافەی سیاسیی هەندێ ئەکادیمیستی تاراوگە، نازانێت، یاخود فەنتازیای حیزبێکی وەکو پارتییش نییە کە نزیکەی سیی ساڵە بە دەستوری موخابەراتی تورکیی( میت) و جەنتای ( نوخبەی عەسکەریی) تورکیی، مامەڵە نەک هەر لەگەڵ کوردستانی عێراقدا دەکات، بەڵکو بە دەستوری ئەوان، مامەڵە لەگەڵ کوردستانی سوریا و تورکیاشدا دەکات. بە پێچەوانەوە، جەخت لە گوتارێکی نیشتمانیی( دوور لە خورافەی نەتەوەپەرستیی و نەژادپەرستیی کورد) دەکاتەوە لە چوارچێوەی ئەو دەوڵەتانەی کە گەلی کوردی تێدا دەژیەن( قسە لەسەر کوردستانی عێراقە)، هەرچی کوردستانی سوریا و تورکیایە، کوردایەتیی ئەو رۆڵەی نییە و ئەوەی هەیشە( ئەنەکەسە)، جۆرێکە لە جاشییەتیی و عەمالەت کە راستەوخۆ، وەکو مورتەزیقەی تورکیا، هەڵسوکەوتی سیاسیی و عەسکەریی دەکەن. کوردستانی ئێرانیش، حیزبەکانی کوردایەتیی بە چەند کۆمەڵە و چەند دێمۆکرات و حەسحەسەکانی ترەوە، هەموویان رۆڵی مورتەزیقەیی بە دەستی سێ و چوار بۆ کوردایەتییە مورتەزیقەکەی کوردستانی عێراق، دەبیینن؟ بە واتایەکی تر، کێشە سیاسیی، ئابووریی و کۆمەڵایەتییەکانی خەڵکی کوردستان، دەبێ بە تێكڕای خەڵکی عێراق و بەغدادەوە ببەسترێنەوە و هیچ ئاڵتەرناتیڤێکی تر بوونی نییە، ئەوەی هەیە هەمووی خورافەی ئایدیۆلۆژیین( شیوعیی و چەپەکان، ئیسلامییە جۆراوجۆرەکان، لەگەڵ نەتەوەیی و نەژادییەکاندا)، ئەم گرووپانەی ناو کەوانەکە، هەموویان وەکو داهۆڵی سیاسیی، لە ناو مەرەزەی ریفراندۆمە موخابەراتییە ئیقلیمییەکە، چەقێنران و پێویستە گوێ لە هیچ بەدییلێکی ئایدیۆلۆژیی ئەمانە نەگییرێت.

بە تێڕوانیینی گریینفێڵد Greenfeld کە باسی نەتەوە دەکات و پێیوایە نەتەوە لە بریتانیاوە وەکو چەمک و سیاسەت فۆرمۆلە بووە، باوەڕی وایە کە وێڕای جیاوازییە سیاسیی، چینایەتیی، کولتووریی، کۆمەڵایەتیی و ئایدیۆلۆژییەکان، ئەوەی کە توخمی سەرەکییە لە دروستبوونی نەتەوەدا، ئەو گلووە( گێنوو)یە کە دەکرێ پێیبگوترێ هاوکاریی دەستەجەمعیی( Collective Solidarity) لێرەشەوە، ئینتێڵەجێنسیا، دەخالەت دەکەن و لە رووی ئایدیۆلۆژییەوە، چوارچێوەکانی ئەندێشەی ناسیۆنالیزم، رەنگڕێژ دەکەن، بەتایبەتیی بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو غوبن و خۆخواردنەوانەی خۆیان کە لە دەوروبەرەکەیانەوە یان رژێمە دێریینەکان( ancient regime)، یاخود شارستاییەکانی دەوروبەرەوە، وەریانگرتووە Greenfeld 1992)).

لە واقیعدا، ئەم بۆچوونەی گریینفێڵد ئەگەر بەسەر ناسیۆنالیزمی کوردییدا، بە تایبەتیی بەسەر ڤێرژنی کوردایەتییدا، تەطبیق بکەیت، کتومت، کوردایەتیی، نەک نەیتوانییوە ئەو دەستەجەمعییە دروست بکات، بەڵکو بەشێکی زۆر لە مونەوەرانی کورد، بەتایبەتیی شاعیرەکانی کورد، دەیان و صەدان چامەی کڕووزانەوەیان هەیە کە کورد، قەطعەن نابن بەهیچ، چونکە خۆخۆر و دووڕوون و نۆکەرایەتییان بۆ سەردارەکانیان پێ لە هەموو شت گرنگترە. ئەمە واقیعێكی تاڵ و حەقیقەتێکی مێژووییە کە هاوکاریی دەستەجەمعیی لەنێوان گرووپ و تاکەکانی کۆمەڵگەی کوردییدا، زۆر زۆر کەم بووە، یان هەر نەبووە، بەڵام زۆر بە کەمیی دەبیینیت کەسانێک لە کورد هەبن، باسی خودنەفرەتیی و خۆبەکەمزانیی بکەن، وەکو ئەوەی هەندێ نووسەری نەژادپەرستی ئەوروپانشیین، ثیۆرایزی ئەم خورافاتە نەژادییانەی خۆیان دەکەن و داوای یەکڕییزیی کوردبوون، لەسەر بناغەی نەژادییبوون( ئێثنیسیتیی کوردبوون) دەکەن.

بۆ ئەوەی نیشتمانیی لە ئاستی دەوڵەتی عێراقدا، بییر بکەینەوە، پێویستە واز لە هەیەجانی نەتەوەیی قەدبڕ، وڵاتبڕ و ئیقلیمگییر بهێنین، واز لەو پانکوردیستییە بهێنین کە باشوور و باکوور، رۆژهەڵات و رۆژئاوای بە پرگالی کوردایەتیی، لە عەقڵییەتی خۆیدا، رەنگڕێژ کردووە، بەڵکو دەبێ واز لەوە پانکوردیزمە بهێنرێت کە کورد، وەکو نەتەوەیەکی هۆمۆجینیەس( چوونیەک- موتەجانیس) کە شوناسێکی گشتگییری نەتەوەیی-نەژادیی- کولتووریی و زمانیی هەیە، تەفسیر و تەئویل دەکات. کوردی کوردستانەکانی عێراق و ئێران و تورکیا و سوریا هەن، بە واتایەکی تر، عەقڵانییەتی سیاسیی دەبێ بدرێ بەسەر عەقڵییەتی شیعریی و خورافەی شیینوشەپۆڕکردندا، کوردی باشوور و باکوور، بۆ ناو شیعرەکانی پەشێو و بەندبێژییە سیاسییەکانی سەنگاویی و چەڵتووک تەقاندنەکانی کەوڵۆسیی …تاد، بەکەڵک دێن، بۆ بازاڕی ئەوانە بەكەڵک دێت لە ئاستی لۆکاڵییدا کە خۆیان بە پەکەکە دەزانن و هێشتا، کوردایەتیی، دەکەن.

لەمێژووی صەد ساڵی رابردووە، بۆ رێگەگرتن لەوەی کوردی عێراق، تێکەڵی دەوڵەتی عێراق ببێت، هەمیشە درۆی ئەوە کراوە کە کورد هەموو رێگەیەکی لێ گییراوە، بۆیە پەنای بۆ چەک بردووە؟! راستییەکەی ئەوەیە لە سەردەمی شێخ مەحمودەوە کە مورتەزیقەی عوثمانییەکان، دواتر ئیتیحاد و تەرەقیی و کەمالیزم بوو، تا عەمالەتە ئیقلیمییەکەی ئەیلول و شۆڕشی گوڵان و شۆڕشی نوێ، سەرجەم قیادەی ئەم حەرەکە کوردییە( بارزانیی باوک و کوڕ و کوڕەزا، تاڵەبانیی و نەوشیروان موصطەفا…تاد)، مورتەزیقەی ئیقلیمیی بوونە و کاریان، لە کوردستانی عێراقدا، تەخریب بووە و هانی دڕندەییەکانی صەدام حوسێنیشیان داوە کە قەتڵوعامی خەڵکی مەدەنیی، باشتر بکات، بۆ ئەوەی ئەمان دەستکەوتی باشتریان هەبێت( ئاخ بۆ هەڵەبجەیەکی تر، یەکێکە لەو هیوایەتانەی کوردایەتیی). ئێستا، بۆ ئەوەی دەستەجەمعیی نەژادیی و نەتەوەیی وەکو سەردەمی تەمەڕودەکانی شێخ مەحمود شۆڕشی ئەیلول و دروستبوونی یەکێتیی نیشتمانیی، مۆبەڵایز بکرێ دژی دەوڵەتی عێراقی ئێستا، لە لایەن نوخبەیەکی نەژادیی و نەتەوەیی ئەوروپانشیینەوە، پەنا بۆ گوتاری یەکڕییزیی و دەستەجەمعیی کوردیی، لەژێر ناوی کوردبووندا، دەبرێت.

دیارە ئەم کوردبوون و هاوکارییە دەستەجەمعییە، لەم ساڵانەی دواییدا لەناو یۆتۆپیاکانی کوردایەتییدا، بۆ حەماقەتێکی سیاسیی تر گۆڕاوە کە ناوی “یەکڕییزیی”ان لێ ناوە. لە واقیعشدا یەکڕییزیی نۆبڵەکانی ( ئەشرافزادە) کورد، بە تایبەتییش ئەو سیاسییانەی لە پاڵ کوردایەتییدا، بوونە بە میلیاردێر، نەک هاوکاریی دەستەجەمعیی لێ دروست نابێت، بەڵكو زەمەن، زۆر درەنگ کەوتووە لەم دونیا جەنجاڵەدا کە مرۆڤی کورد، وزەی سیاسیی، فیکریی و کولتووریی خۆی لە خورافاتی دەستەجەمعیی و یەکڕییزییدا خەرج بکات. وێڕای ئەوەی کوردایەتیی، هەر لە ئێستای کوردستانی عێراقدا، نەک دوو ئیدارەیی و دوو طەریقەتییە، بەڵکو ئەوانەی سووکانی ئەم ناسیۆنالیزمە تیجاڕییە پڕ قازانجەیان بە دەستەوەیە لە هەولێر، لەگەڵ شەریکە دزەکانیان لە یەکێتیی( سلێمانیی)، تا دێت سلێمانیی، گەرمیان و ناوچەکانی کەرکوک و راپەڕیین، زەلیلتر دەکەن. بە واتایەکی تر، دوو طەریقەتە( نەقشیی و قادرییەکە) خۆیان دەستەجەمعییان بەس لە دزیی و راوڕووتدا هەیە، بەڵام ئینسانی کوردیان زەلیل، کردووە. کۆمەڵێ نووسەری مەغز فاشیی کوردیش، دێن ئەم عوقدە نەژادییە بەوە پاساو دەدەنەوە کە ئینسانی کورد، دەبێ کوبرەیائو عیزەتی نەفسی هەبێ لەبەرامبەر عەرەب و شیعەی عێراقدا و بەهەر نرخێ بووە دەبێ دەست بە قەوارەی دزەکانی هەرێم و دەروازە سنوورییەکان و مەلەفی نەوتەوە بگرین و تەسلیمی حکومەتی فیدراڵیان نەکەین و کاظمیی بەر نەفرەتی کوردبوون، بدەین و دەستەجەمعیی خۆمان، بپارێزین؟

Liah Greenfeld. Cambridge: Harvard University Press, 1992

ئەمەی سەرەوە، بەشی دووەمە لە زنجییرە وتاری “کوردبوون و کوردایەتیی، چێشتی مجێوری نوخبە نەژادییەکان”

لە بەشی سێیەمدا، باسی پێكهاتە کۆمەڵایەتییەکانی کوردبوون و ئێثنۆسێنتریزمی کوردیی، دەکرێت.




زمان له‌ پێگه‌یاندنەوە هه‌تا تێگه‌یاندن! … برایم فه‌ڕشی

گه‌ر مرۆڤ، خاوه‌نی زمان نه‌بوایه‌، له‌ دارستان و ئه‌شکه‌وته‌کان ده‌رباز نه‌ده‌بوو! پێشکه‌وتنی مرۆڤ و جیهان، بوونی فه‌رهه‌نگ و کۆمه‌ڵگا، گرێدراوی بوونی زمانه‌. مرۆڤ به‌ بێ زمان، بێدەستەڵاتە و دەستەڵاتی لە مێشک و زماندا کۆ بووتەوە! کۆمەڵگای ئێنسانی بە بێ زمان، کۆمە کۆمەی زیندەوەرانە و هیچی تر!
هه‌موو زینده‌وه‌رانی سه‌ر گۆی زه‌وی جه‌سته‌ و مێشک و چه‌شنێک زمان بۆ پێوه‌ندیگرتن له‌ گه‌ڵ یه‌کتریان هه‌بووه‌ و هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌وان خاوه‌نی ئه‌و چه‌شنه‌ له‌ زمان و مێشک نه‌بوون، که بتوانن خۆیان‌ بپارێزن و ژیانیان به‌ره‌و گۆران بەرن. وه‌ک دایناسۆره‌کان که‌ مه‌زنترین زینده‌وه‌ری سه‌ر وشکانی بوون. ئه‌وان و بێژمار باڵنده‌ و په‌له‌وه‌ر و ئاژه‌ڵ و زینده‌وه‌ر له‌ ناوچوون، له‌ به‌ر نه‌بوونی ئیمکانی بیرکردنه‌وه‌، تاقیکردنه‌وه‌ و ده‌ربڕین له‌ ڕێگای زمان! مرۆڤ گه‌ر ئه‌و ئیمکانه‌ی نه‌بایه‌، به‌ جه‌سته‌ی بچکۆلانه‌یه‌وه،‌ به‌ر له‌ دایناسۆره‌کان له‌ ناو ده‌چوو.
له‌ناوبردنی زمانی هه‌ر زینده‌وه‌رێک، کاره‌ساتێکی به‌رده‌وامه‌ له‌ ژیانی زینده‌وه‌ره‌که‌‌. مرۆڤ که‌ نه‌توانێ به‌ زمانی دایکی خۆی‌، بیرو هزر و هه‌ست و تێگه‌یشتنی خۆی بهێنێته‌ سه‌ر زمان، ئه‌و مرۆڤه له‌ زاتی سرووشتی خۆی داده‌بڕێ‌ و‌ تا کۆتایی ژیان‌ له‌ گه‌ڵ که‌سایه‌تی سرووشتی خۆی جووت نابێت. زمان پێناسه‌ی که‌سایه‌تی و هۆی سه‌رهه‌ڵدانی که‌سایه‌تییه‌. بوون به‌ مانای ئینسانی بیرکه‌ره‌وه‌، گرێدراوی بوونی زمانه‌!
مرۆڤی کورد له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان، زیاد له‌ سه‌د ساڵه‌، به‌ هۆی سیسته‌می فێرکردن و بارهێنان، مێدیایی زاڵ، سیسته‌می سیاسی- حکوومه‌تی- ئیداریی و داسه‌پاندنی زمانێکی تر، دوور له‌ سرووشتی که‌سایه‌تی خۆی، دوور له‌ زمان و فه‌رهه‌نگ و مێژووی خۆی، بۆ مه‌به‌ستی دوور له‌ ویست و به‌رژه‌وه‌ندی خۆی و نیشتمانه‌که‌ی، بارهێندراوه‌ و بۆ مه‌به‌ستی دڵخوازی نه‌ته‌وه‌یه‌کی تر ئادابته‌ کراوه‌، گۆڕدراوه‌ و تێکدراوه‌.
مرۆڤی کورد له‌ ڕێگای زمانێکی تر، که‌ ڕه‌نگدانه‌وه‌ی که‌سایه‌تی و فه‌رهه‌نگ و مێژوو و خوو ڕه‌فتاری کۆمه‌ڵه‌ که‌سێکی تره‌، له‌ گه‌ڵ خۆی و زمانەکەی بێگانه‌ کراوه‌. کەم نیین ئەو کوردانەی لە ژیانی ڕۆژانە و لە هەموو ژیانیاندا، ئەو پێویستییە نابینن بە زمانی خۆیان بنووسن، بخوێننەوە و بیروهزر و تێگەیشتنیان لە ڕێگای زمانی خۆیانەوە دەرببڕن. گەلێکی زۆر لە کارمەندان لە سەر هەتا خوار، دەرسوێژی فێرگە و زانستگا، هونەرمەند، پسپۆڕی بوارەکان، خوێندن و نووسینی زمانی خۆیان نازانن و هەست بەوە ناکەن، کەمایەسییەکی زمانی و کەسایەتیان هەیە. زۆرن ئەو کەسانەی کە “زمان” تەنیا لە وشە و ڕستەدا دەبینن و گەر گۆڕدرا و زمانێکی تر لە جێگای داندرا بۆ یان ئاساییە.
کەم نیین ئەو کەسانەی کە پێیانوایە زمانی دایکی ئەوان، زمانی هونەر و زانست و سیاسەت و پسپۆڕی نییە، هەر بۆیە زمانی دووهەم و سێهەم بە قەرز وەردەگرن و جێی زمانی خۆیانی پێ پڕ دەکەنەوە. ئەم پرۆسەیە قووڵایی ئاسیمیلاسیۆن بە دەستی کورد خۆی دەردەخات. ئەو موهەندیس و دوکتور و پرۆفیسۆر و شارەزا و هونەرمەندەی بێگانە لە خۆی، بێگانە لە هەست و سرووشتی خۆی دەبێتە پەیژەی زمان و فەرهەنگ و زانست و شارستانیەت و شانازی ئەو میللەت و کیانەی، کە ئەوی توواندۆتەوە و کەسایەتی لێ زەوت کردووە، دەبێ لە تەنیایی خۆیدا چ وڵامێک بداتەوە کە ناتوانێ هەست و بیر وهزری خۆی لە زمانی خۆیدا هەڵڕێژێ؟!
نووسه‌ری ئه‌م دێڕانه‌ وەک شانۆپێداگۆگ و داڕێژەری سیستەمی فێربوون و فێرکار، زیاتر له‌ سی ساڵه‌ ئه‌م دیارده‌یه‌ له‌ ناو منداڵ و لاوان و بنه‌ماڵه‌کانیان سه‌یر ده‌کات و لایه‌نه‌کانی زیانمه‌ندی دیارده‌که‌ له‌ پرۆسه‌ی فێربوون تاوتۆ ده‌کات و لایه‌نه‌کانی زانستی له‌ پراکتیکدا له‌ ناو میلله‌تانی هه‌مه‌ڕه‌نگی چوارقوڕنه‌ی جیهان، که‌ له‌ ئاڵمان ده‌ژیین هه‌ڵده‌سه‌نگێنێ‌. به‌ ئه‌رخایه‌نی ده‌سه‌لمێندرێ، ئه‌و منداڵانه‌ی به‌ هه‌ر هۆیه‌ک له‌ فێربوونی زمانی دایک، له‌ خوێندن و نووسین به‌ زمانی دایک، بێ به‌ری ده‌کرێن، تووشی کێشه‌ له‌ پرۆسه‌ی فێربوونی زمان، تووشی کیشه‌ له‌ خۆ ده‌رخستن له‌ ڕێگای زمان، تووشی کێشه‌ له‌ پێوه‌ندی کۆمه‌ڵایه‌تی، تووشی کێشه‌ له‌ گه‌ڵ ‌خۆیان و هەست و بیروتێگەیشتنیان ده‌بن. زمانی دووهه‌م و سێهه‌م و چه‌نده‌م هیچکات جێگای هه‌مه‌لایه‌نی زمانی دایک ناگرنه‌وه‌، نه‌ له‌ ڕووی ده‌ره‌وه‌، نه‌ له‌ ڕووی ناو و دەروونەوە!
له‌ حاڵه‌تی دابڕان له‌ پرۆسه‌ی زمانی دایک، ئه‌و لایه‌نه‌ ده‌روونییه‌، مرۆڤ تووشی زیانی جیددی ده‌کات، به‌ بێ ئه‌وه‌ی مرۆڤه‌که‌ هه‌ست به‌و نوقسانه‌ ده‌روونیه‌ بکات. ئه‌و دایک و باب و بنه‌ماڵانه‌ی خۆیان ده‌بنه‌ هۆی ئه‌وه‌ی مندال فێری زمانی فارسی ببن له‌ جیاتی زمانی دایک، زیان به‌ منداڵه‌که‌یان ده‌گه‌ینن. حکوومه‌تی ڕه‌زاشا و که‌سانی وه‌ک محه‌ممه‌د عه‌لی فرووغی و سیسته‌می شاهه‌نشاهی و سیسته‌می حکوومه‌تی ئیسلامی و موسته‌شاره‌کانی کوردی بواره‌کانی فه‌رهه‌نگ، هونه‌ر، زانست، فێرکاریی له‌ ده‌رێژه‌ی 100 ساڵی ڕابووردو، زیانی ده‌روونیان به‌ که‌سایه‌تی، فه‌رهه‌نگی و ئینسانی مرۆڤی کورد گه‌یاندووه‌‌، که‌ ئێستاش به‌رده‌وامە.
ئه‌وه‌ی زمان یاساخ بکرێ، گوتن، نووسین، خوێندنەوە بەم زمان و ئەو زمان، لێرە و لەوێ بەربەست بکرێ، کەس و کەسان تاوانبار بکرێن لە بەر ئەوەی زمانی دایکی خۆیان فێربوون، یان فێر دەکەن، لە مێشکی مرۆڤی تەندرووستدا ناگونجێ، لە مێشکی مرۆڤی ئاسایی، پایبەند بە مافی ئینسان و لە پلاتفۆرم و قانوونی هیچ وڵاتێکی ئەمڕۆی سەر گۆی زەمین کە پایبەند بە ئەخلاق و پڕێنسیپی ئینسانی بن، ناگونجێ!
زمان یاساخ کردن، ته‌نگ وچه‌ڵه‌مه‌ سازکردن له‌ سه‌ر ڕێگای گه‌شه‌ی زمان، تێگه‌یشتنی ئه‌وڕۆیی نییه‌! ئه‌وانه‌ی زمان و بوونی که‌سان و نه‌ته‌وه‌ی جگه‌ له‌ خۆیان، ناڕه‌سمی، که‌م نڕخ، بێبایه‌خ سه‌یر ده‌که‌ن و سه‌ره‌ڕۆیانه‌ زمانی میلله‌تانی تر به‌ زاراوه‌ و بن زاراوه‌ی زمانی خۆیان، له‌ رێگای درۆ و چه‌واشه‌کاری له‌ قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن و به‌رگی درۆیینی زانستی به‌ به‌ردا ده‌که‌ن، به‌ پێی یاسا و ڕێسای باوه‌ڕپێکراو، له‌ ڕیزی تاوانباران، ده‌ژمێردرێن!
ئه‌مڕۆ به‌ ده‌گمه‌ن وڵات له‌ جیهان هه‌یه‌، پشت ئه‌ستوور به‌ قانوون و رێسای ڕه‌سمی وڵاته‌که‌ی، فه‌رمانی زیندانیکردنی مرۆڤ، به‌ تاوانی فێرکردنی زمانی دایک ده‌ربکات، جگه‌ له‌ یەک وڵات. لەم وڵاتە به‌ ناوی خودا و ئیسلام ده‌ست ده‌بڕن، ژن به‌ زیندوویی له‌ چاڵ ده‌نێنن، خه‌ڵک له‌ سه‌ر شه‌قام هه‌ڵده‌واسن، ئینسان له‌ چیا و شاخه‌کان بار له‌ کۆڵ ڕاو ده‌که‌ن. ئه‌م وڵاته،‌ هه‌مان وڵاته‌ که‌ شاره‌کانی یۆنانی ئاگرده‌دا، هه‌مان وڵاته‌ که‌ چاوی ئینسانی ده‌ردێنا و مرۆڤی بە زیندووی که‌وڵ ده‌کرد و قورقوشمی داخی لە گەرووی نەیارانی خۆی دەکرد. ئەوان لە کەتیبە کۆنەکانیان، باسیان لە ڕەوشت و ئاکاری خۆیان دژ بەوانی تر کردووە و ئەم ڕابووردوەی خۆیان به‌ شارستانیه‌تی‌ چه‌ند هه‌زار ساڵه‌ بە خەڵکی جیهان فرۆشتووه‌!
ئه‌وان‌ پڕ به‌ مێژوویان ئاکاری نامرۆڤانه‌یان‌ دژ به‌ مرۆڤی کورد و وڵاته‌که‌ی ئه‌نجام داوه‌. ویستوویانە و دەیانەوێ ئەو نەتەوەیە لە ناوخۆیاندا بتاوێننەوە، یان لە ناوی بەرن. ئه‌وان توانیان کورد به‌ره‌و ئێرانی بوون بکێشن، که‌ خۆ دیتنه‌وه‌یە له‌ ناو زمان و فه‌رهه‌نگ و مێژوو و کیانی فارس. کورد هه‌یه‌ خۆی مێژووی خۆی چه‌واشه‌کارانه‌ نووسیوه‌ته‌وه‌، خۆی بە ئێرانی ڕەسەن بەوان فرۆشتووە، خۆی منداڵه‌که‌ی خۆی ئاسیمیله‌ کردووە!
لەم وڵاتە حکوومه‌ت و ئۆپۆزسیۆن و ئاڵترناتیڤه‌کان، به یه‌ک‌ زمان، به‌ یه‌ک فه‌رهه‌نگ و بە پێی یەک ئیدئۆلۆژی دەدوێن، ئیدئۆلۆژی یەک ڕەچەڵەک، یەک خودا، یەک ئایین، یەک وڵات، یەک نەتەوە. چ ئه‌و که‌سه‌ی په‌ت ده‌خاته‌ ملی حه‌بسکراو، چ ئه‌و که‌سه‌ی حکووم بۆ زیندان و ئیعدام ده‌رده‌کات، چ ئه‌وه‌ی به‌ ناوی زانست هاواری نه‌مانی ئه‌وانی تر ده‌کا و چ ئه‌وانه‌ی به‌ ناوی هونه‌ر و فه‌رهه‌نگ خۆیان بادەدەن. هەموو بە یەک زمان دەدوێن، زمانی توواندنه‌وه‌ی ئه‌وانی تر! ئه‌وان له‌ هه‌مووشتێکی نوێ و کۆنی جیهان که‌ڵک وه‌رده‌گرن، بۆ ئه‌وه‌ی نه‌گۆڕ و ناشارستانی و نادێموکرات بمێنن. ئه‌وان لە هەر بەرگ و جامەیەکدا، بە ڕێگای باپیرانیاندا دەڕۆن!
وه‌رگرتنی زمان له‌ ئینسان به‌ هه‌ر شێوه‌یه‌ک و به‌ ناوی هه‌ر ئایین و ئیدئۆلۆژی و له‌ژێر هه‌ر تێگه‌یشتن و بڕوبیانویه‌ک، جنایه‌ته‌ و به‌ پێی یاسا و ڕێسای سه‌رده‌م له‌ ژێرپێنانی مافی بنه‌ڕه‌تی مرۆڤه‌. حکوومه‌تی ئیسلامی که‌ زیاتر له‌ چل ساڵه‌ به‌ ناوی خودا و ئایین موژده‌ی ڕزگاری ئینسان و موژده‌ی یه‌کسانی و به‌رابه‌ری نێوان موسڵمانان جاڕ ده‌دات، بۆی ئاسایی و قانوونییه‌، زمانی ئینسانه‌کانی تر یاساخ بکات، بۆی ئاساییه‌ ڕێگریی له‌ زمان بکات. بۆی ئاساییه‌ خه‌ڵک له‌ مافەکانی بێ به‌ری بکات و له‌ زیندان تووندیان ‌کات و به‌ره‌و په‌تی سێداره‌یان به‌رێت؟
حکوومه‌تی ئیسلامی زمانی نه‌ته‌وه‌کانی تر به‌ زمان نازانێ و زمانی فارسی به‌ سه‌ر خه‌ڵکانی نە فارسدا سه‌پاندووه‌ و فێربوونی زمانی خه‌ڵکانی تری یاساخ کردووه‌. دەزگای قەزا و داد و عەداڵەت، کە کراوەتە لقێک لە دەزگاکانی ئەمنیەتی و مافیا( سیاسی-نیزامی- ئابووری- ئیدئۆلۆژیک)، بە پێی فەرمانی شاراوە، بڕیار له‌ سه‌ر خه‌ڵک ده‌رده‌که‌ن.
قازییەکانی حکوومەتی ئیسلامی، فێرکردنی زمانی کوردی، وەک دژایەتی” ئەمنیەتی نەتەوەیی” خۆیان دەبینن و حووکمی دە ساڵ زیندان دەردەکەن، هەر وەک چۆن دە ساڵ زندانیان بە تاوانی پارێزگاریی لە “مافی مرۆڤ” بە سەر سەدیق کەبوودوەندا داسەپاند، هەر وەک چۆن حکوومی سێدارەیان بە سەر فەرزادی دەرسوێژدا داسەپاند، هەروەک چۆن لە درێژەی حکوومەتیان هەزاران هەزار کەسیان بێ سووچ، بە بیانووی “تهدید ملی، مفسد سەر ئەرز” لە ژیان بێ بەش کرد.
ئەم تێگەیشتنە فێربوونی زمانی کوردی و کوردبوون بە “تهدید” دژ بە کیانی خۆی دەزانێ. گەر منداڵی کورد داوای مافی خۆی بکات، خۆشەویستی بۆ دار و شاخ و بەردی وڵاتەکەی بنوێنێ، حکوومەت و دەزگاکانی ئەمنیەتی و سیخوری و داد، بە “تهدید” دژ بە خۆیان وەری دەگرن و لە کاتالۆگی ئەواندا منداڵی کورد ئەو کاتە ئازیز دەبێت، کەخۆشەویستی و داوا لە خۆیدا بکوژێ و خۆی لەوان و زمان و مێژوو و کیانیاندا ببینێتەوە!
سیاسەتی حکوومەتی ئیسلامی لە سەرەتا هەتا بەمڕۆ، توواندنەوەی فیزیکی و گۆڕینی ناسنامە و پەروەردەکردن و بە ئێرانیکردنی کورد لە کوردستان بووە. بە بۆمباران، وێرانکردن، ڕاونان، چۆڵکردنی گوندەکان، کووشتن، مەحروومکردن دەستیان پێکرد و لە هەمان کات بەشێکی بەرچاو لە خەڵکی کوردیان بۆ لای خۆیان ڕاکێشا و لە ژێر سایەی خۆیاندا پەروەردە و پەروار کران. ئەو که‌سانه‌ و منداڵ و نەوەکانیان، لە درێژەدا بوون بە دەست و چاو و گوێ و تەنانەت سەری حکوومەت لە کوردستان و ناو سیستەم. بەشێکی زۆر لەو کەسانە دەور و ڕۆڵی خۆیان لە هەموو ئاست و لە هەر بوارێکدا دەگێڕن و لە ناو و دەرەوەی حکوومەت کورسی و شوێنی خۆیان هەیە. هێندێک لەوانە وەک سەردەمی ڕەزاشا دەوری تئۆریسین دەگێڕن و لە هەمان کات بە شارەزایی تەواو کاری ڕێکخستن ئەنجام دەدەن، ئەم کەسانە لە ناو کورد لە دێرزەمانەوە لە بەرگی جیاوازدا هەبوون، جار ناسراون و جار نەناسراو ماونه‌ته‌وه‌!
لە تئۆری، تێگەیشتن، سیاسەت و بەرنامەی حکوومەتی ئیسلامی-دا، ئاوەدانکردنەوەی کوردستان، گەشەساندن و گەشپێدان، پێشکەوتنی خەڵک و وکۆمەڵگا و هەر وەها بە ڕەسمی ناسینی نەتەوەیەک بە ناوی کورد، جێگای نەبۆته‌وه‌ و بە پێی هەموو بەڵگەکان، بەرنامەڕێژی، ئامار و کردەوەیان، کۆلێکتیوێک بە ناوی کوردستان کە چەند”ئوستان” لە خۆ دەگرێ، بە عەمد و بە پێی پلان ڕەسمیەتی نەبووە. دەیان نموونە هەیە کە بودجە، پرۆژە بە ناوی ئوستانەکانی کوردنشین وەرگیراوە و لە دەرەوەی کوردستان جێبەجێ کراوە. بوودجەی ساڵانە و پێنجساڵانەی هەموو ئوستانەکانی کوردنشین لە هیچ بوارێکی سەنعەتی، کۆمەڵایەتی، ئامووزشی، فەرهەنگی، هونەریی، عومرانی، بنیاتنان، ئابووریی، لە گەڵ ئوستانگه‌لی وەک ئیسفەهان، فارس، خوراسان، تاران، ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات به‌راوه‌رد ناکرێ. گەلێک لەو پرۆژانەی کە لە بواری فەرهەنگ، زمان، هونەر لە لایەن موستەشارەکانی هەمەڕەنگی حکوومەت لە کوردستان بە ناوی نوێنەر، ئوستاندار و فەرماندار و شاردار و شوڕا و رییسی فڵان شوێن و فڵانە ناوەند و شیرکەت و دامودەزگا و تاکە کەس لە ماوەی چل و یەکساڵ پروپاگەندەیان بۆ کراوە، یان هیچکات تەواو نەبوون، یان هەر لە سەرەتاوە پرۆژەکە لە سەر کاغەز بووە، وێنەی لەو چەشنە لە نێوان زانستگای کوردستان و ئوستانداری کوردستان لە ساڵانی پێشوو هەبووە، هەروەها زانستگاکانی شارەکانی کوردنشینی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کرماشان و ئیلام تێکه‌ڵ مامه‌ڵاتی له‌و چه‌شنه‌ بوون.
حکوومەتی ئیسلامی سەرجەم دەزگای تەبلیغاتی، مێدیا، سیستەمی”ئاموزش و پەرورش”، ئیرشاد و سەرجام دامودەزگای نیزامی و ئەمنیەتی خۆی بۆ کۆنترۆڵی مێشک و زمان و بەلاڕێدابردن و چەواشەکاری مرۆڤی کورد بەکارهێناوه‌. شانۆ، سینەما، مێدیا، کتێب، ڕۆژنامە، گۆڤار، ڕادیۆ، تەلەویزیۆن و هەرچی هەیە لە ژێر کۆنترۆڵ دایە و هونەرمەند، نووسەر، فەرهەنگساز، پسپۆڕی ئەم بوار و ئەو بوار خۆیان ڕاهێناوە، کە چۆن بنووسن، چۆن قسە بکەن، چۆن بەرهەمی هونەریان بە پێی نۆڕمەکانی دەزگاکانی کۆنترۆڵ و سانسۆر و ناوەندەکانی ئەمنیەتی جێبەجێ بکەن! لە جیاتی گۆڕینی بارودۆخ، بەرهەم و کەسەکان گۆڕدراون!
لە وڵاتێکدا کە بەرهەمی فیلم، شانۆ، کتێبی هاوەردە لە دەرەوە، دوور لە هەر پڕێنسیپک تێک دەدرێ، دەبێ چۆن مامەڵە لە گەڵ زمانی نەتەوەیەکی وەک کورد بکرێ، کە سەرجەم حکوومەت و دەزگاکانی لە خۆیانی نازانن و بەردەوام دژ بە هەموو پێکاتەکانی بوون و پلان و بەرنامەیان له‌ دژی دارشتووه‌.
زمان کە سەرەکیترین سیمای کەسایەتی کەسەکانە، لە دێرزەمانەوە ڕووبەڕووی تەنگ و چەڵەمە بووە و بە حکوومەتی ئیسلامی دەستی پێنەکراوە، بەڵام لە حکوومەتی ئەواندا سەرەڕای ئیزنی چاپی کتێب و گۆڤار و ڕۆژنامە، بەردەوام ناوچەیی مامەڵەی لە گەڵ کراوە، ئەوەش هەمان سیاستە کە لە حکوومەتی پەهلەویی بۆ حکوومەتی ئیسلامی بەجێ ماوە. زمانی کوردی تەنیا له‌ بازنه‌ی جوغرافیای ژێر دەستەڵاتی حکوومەتی ئیسلامی گردوکۆ ناکرێ و به‌ چه‌ند که‌س له‌ ژێر چاوه‌دێریی دەزگای ئه‌منیه‌تی حکوومه‌تی ئیسلامی “چاکه‌” به‌ خۆیه‌وه‌ نابینێ. زمانی ٥٠ میلیۆن کورد له‌ کۆڕێکی چه‌ند که‌سیدا جامه‌ی ستاندارد ناکرێته‌ به‌ری. ئەوەی حکوومەتی ئیسلامی و حکوومه‌ته‌کانی به‌ر له‌وان بە سەر زمانی کوردیان هێنا، ئیسلام و عەڕەب بە سەر زمانی فارسیان هێنا و ٢٠٠ ساڵ نەیانهێشت زمان و پێنووسیان بە فارسی بگەڕێ، ئەوان دەبوو دەرس لەو مێژووە و مێژووی خۆیان وه‌رگرن. کارەساتێ کە ئیسلام و عەڕەب بەسەر ئەوانی هێنا، ئەوان بە سەر کورد و ئەوانی تریان هێنا!
ئه‌و ترس وه‌حشه‌ته‌ی بۆ خه‌ڵکیان ساز کردووه‌، ترس و وه‌حشه‌تی ناوخۆیانه‌ که‌ ده‌ریده‌خه‌ن و هێدی هێدی لێیان ده‌بێت به‌ کابووس. سه‌ڵاله‌ی به‌ر له‌ ئەوانیش تووشی ئه‌و کابووسه‌ هاتن، ئه‌وان ڕۆیشتوون و مناڵی کورد به‌رده‌وام زۆرتر له‌ جاری جاران به‌ زمانی کوردی ده‌نووسن و ده‌خوێنن. ئه‌مجاره‌ ڕۆڵه‌ی کورد به‌ پێنووسه‌کانیان لە گەڵیان ڕووبەڕوو دەبن. ئه‌وانه‌ش که‌ له‌ ئێوه‌ ده‌ترسن و ده‌نگ هه‌ڵنابڕن و داوای مافی خۆیان ناکه‌ن و خۆیان کلا ڕاده‌گرن، هه‌ر وه‌ک ئێوه‌ن، ته‌وفیریان نییه‌.
مناڵانی کورد، پێویسیتیان به‌و مامۆستایانه‌ نییه‌، که‌ داموده‌زگاکانی ئێوه‌، بڕوانامه‌یان پێده‌به‌خشن. دەرسوێژانی زمانی کوردی بڕوانامه‌ له‌ ده‌زگاکانی ئەمنیەتی، نیزامی، ئیدئۆلۆژیک، سیخوڕیی وه‌رناگرن! دەزگاکانی ئەمنیەتی، سیاسی، ئیدئۆلۆژیک سەڵاحیەتی زانستییان نییە، ستاندارد بۆ زمانی کوردی دیاریی بکەن. مەشرووعیەت لە لای دەزگاکانی حکوومەتی ئیسلامی نییە! هەر کات زانستگای سەربەخۆ، پشت ئەستوور بە زانست، دوور لە ئیدئۆلۆژی- دەزگاکانی ئەمنیەتی- نیزامی- سیخوڕیی، سیاسی دامەزرا، دەرسوێژ، بە مەیلەوە پشت بە زانستی زانستگاکان ئەبەستن.
ناوه‌نده‌کانی فه‌رهه‌نگی و ده‌رسوێژه‌کانی زمانی کوردی تاوانبار نیین، ئێوه‌ تاوانبارن که‌ قانوونی ده‌ستنووسی خۆتان ژێرپێ ناوە و ئه‌رکی ئێوه‌ که‌وتۆته‌ ئه‌ستۆی ئه‌و که‌س و ناوه‌ندانه‌ که‌ کاری نه‌که‌رده‌ی ئێوه‌ ده‌که‌ن. زانستگا و وه‌زارتخانه‌کانی ئێوه‌ تاوانبارن که‌ به‌ ئه‌رکی خۆیان هه‌ڵناستن و به‌رد ده‌خه‌نه‌ سه‌ر ڕێگای ئه‌و که‌س و ناوه‌ندانه‌ که‌ کاری نه‌کرده‌ی ئێوه‌ ده‌که‌ن. داموده‌زگاکانی ئه‌منیه‌تی و نیزامی و سیخوڕیی و ئیدئۆلۆژیک و ئایینی ئێوه‌ تاوانبارن که‌ هه‌ر جولەیەکی مرۆڤی کورد له‌ کۆڵبه‌ره‌وه‌ هه‌تا ده‌رسوێژی زمان، گۆرانیبێژ، نووسه‌ر،شاعیر، پەیکەرساز، کارمه‌ند بە چاوی ئه‌منیه‌تی سه‌یر ده‌که‌ن و کوردستانتان کردۆته‌ پادگان و مۆڵگەی شەڕخوازی خۆتان. ئێوه‌ تاوانبارن که‌ هه‌ر که‌س جگه‌ له‌ خۆتان به‌ تاوانبار ده‌زانن. ئێوه‌ن که‌ فه‌زای ئه‌و وڵاته‌تان کردۆته‌ ئه‌منیه‌تی و له‌ هه‌ر سووچێک ده‌سته‌ی گشتاپۆتان به‌ڕێوه‌یه‌.
به‌شکم له‌ زمانی ئه‌م نووسینه‌، که‌ زمانی کوردییه،‌ تێبگه‌ن!

برایم فه‌ڕشی
ئاگۆستی 2020




خۆزگەی زیخ شیعر … جەلال عەبدوڵا ساڵح

زۆر جار ویستوومە شیعر نەنووسم بەڵام کاتێک شەو گازی لێگرتووم پەنام بردۆتەوە
بۆ لای ئەمە دەلالەتی ڕاستگۆی شاعیرە لە گەڵ وشە و دنیایی نوسین، نهێنیەکە لەوەدایە
من بە پێی مامەڵەم و ناسیاوێم لە گەڵ دەقی شیعریدا بۆ ماوەی ٤٠ساڵ کەچی هێشتا
نایناسم هەر جارەی بە جۆرێک خۆیم پیشان ئەدات، جوانی شیعر لەودایە سنووری
نیشتمان و جیهان تێدەپەڕێنێت.

شیعر دەکرێت مەرگی کۆرپەیەک بێت پێش لەدایک وونی یان شۆڕشێک بێت دژی شتە
ناشیرینییەکانی ژیان، دەکرێت تەماشاکردنی تەرمی غوربەت بێت لەسەر تەختەشۆری
مەنفا، یان خۆزگەیەک بێت بە دەنکێک “زیخ” کاتێک مرۆڤ هۆشمەندانە هەست دەکات
بووەتە کاڵا.


خۆزگەی زیخ
شیعر {جەلال عەبدوڵا ساڵح}
تۆرۆنتۆ_ کەنەدا
١
ئەگەر
لە “ماڵ”ی ئاوەدانی
دەنکێک “زیخ ” دەبووم
‘پیاو’ێک
وەک سێبەری ‘برا’کەم
بە “تفەنگ’ی تۆڵەوە
دووام نەدەکەوت
جانتاکەم پڕنەدەبوو
لە ‘قالۆنچە’ی ‘غەریب’ی
ڕۆژی دەجار
لەبەردەم
‘گوڵ’ی ‘ژن’ێکدا
نەدەنووشتامەوە
بۆ تۆزێک پێکەنین
بۆ مشتێک دڵنەوایی
٢
ئەگەر “چەو”ێکی
ڕەنگ خۆڵەمێشی دەبووم
هەموو ڕۆژێک
خەمی باخچەم نەدەبوو
نەمدەوت:
ڕێحانە
بۆ بۆنی ناخۆشە؟
بە شەو بۆ تریفە”
میوانی دێبەرە؟
بۆ دەبێت
بە پەیژەی “مەنفا”دا
سەرکەوم
تا قەپێک
لە سێوی
“ئادەم”ی
شەڕ بگرم
٣
ئەگەر” زیخ”ی
ناو باوەشی
چەمێک دەبووم
نەمدەناسی
“تفەنگ”ی مەرگی کۆترەکان
نەدەبوومە هاوبەشی
“جەنگ”ی
“مرۆڤ”ە گۆشتخۆرەکان
کۆڵان بە کۆڵان
‘سەگ’ی حیزب
دوام نەدەکەوت
بۆنی نەدەکردم
لە بەردم کەلاوەی ژیان دا
“ڕێو”ی
مەزهەب
٤
ئەگەر
لە کەناری چەمێک
دەنکێک زیخ دەبووم
“ئاین”ی
بۆ دیاری نەدەکردم
“باوک”م
نووشتە”ی ” فێ”ی
هەڵنەدەواسی
بە شانی تەمەنم دا
“دایک”م
نەیدەیخستمە گۆڕەوە
“دەست”ی جەلادی باڵندە
نەدەگریام
بەلای باخی سووتاوی
گوندەکەم و
درەختی مێژووی
‘شەهید’ەوە
هەڵمنەدەمژی
ژەهری “شار”ی باپیرم
لەبەرچاوم دا
سەریان نەدەبڕی
بە شمشێری ئایەت
تاوسی
” زەردەشت”م
٥
ئەگەر دەنکێک “زیخ”ی
ئەسمەر بوومایە
لەسەر پشتی گەڵایەک
قاقا پێدەکەنیم
بە پشتی کووڕی
“با”ی ڕێکەوت
مژدەی ژیانەوەی ئاوی
بۆ دەهێنام
باران
کراسی ئاسوودەیم
لەبەر دەکرد
لەگەڵ گۆرانی هەتاو
دەچووم بۆ شایی
چەو و لم
٦
ئەگەر “زیخ”ی
ناو “تاق”ی
کەنارێک دەبووم
نە هێزی کارم دەناسی
نە حەپەحەپی
خاوەن گارگە
نە هۆشمەندیم
دەبەخشی بە پارە
نە دەبوومە هاوڕێی
“سەگ”ی مەنفا
چارەنووسم نەدەبووە
کەفی دەمی سەگێ
کاتێک
لە خاوەنەکەی دەوەڕێ
٧
ئاخ ئەگەر “زیخ”ی
ناو ‘حەوز’ی باخ دەبووم
نە چاوی
پڕ لە فرمێسک و
نە برینی پشتی
‘دەڵ’ێکم دەبینی
نە گوێم لە ‘مڵچەمڵچ’ی
‘دەم’ی تووتەڵەکانی دەبوو
نە پێیان دەوتم:
باخەوان
بارووت دەخاتە
ناو میوەوە
دەرخواردی
‘ورچ ‘ی
دووگیانی ئەدات
٨
ئەگەر “زیخ” ی
ناو “دڵ”ی
دەریا دەبووم
ئەوکاتە
دایکم
کتێبی گەڵای
بەرزنەدەکردەوە لێم
لەزەت لە میووەی
باخ نەبینم
براکانم
نەیاندەخستمە
سەر پشتی ‘با’ی ڕۆژگار
لە تەنەکەی “درۆ” یان نەئەدا
لە ناو شاری گەمژەیی دا
مناڵەکانی عەشیرەتم
نیشتمانیان ‘نەدەفرۆشت’
بە پێکەنینێکی
” گەمژانە”ی
ئاخوون
“هاوڕێ”کانم
لە گەڕەکی بیرەوەری دا
نەدەگریان
بەدوای تەرمی غەریبیم دا
٩
ئەگەر “زیخ”ی
ناو دڵی ئۆقیانووس دەبووم
ئەوکاتانەی بێتاقەتی
گەوجی دەکردم
دەستم دەکردە ملی
“لم”ی هاوڕێم
ئێواران کاتێک شنەبا
ماچی باڵندەکانی دەکرد
سەردانی
‘کچ’ی ‘چەو’م دەکرد
هەواڵی
باڵی شکاوی
شەپۆلم
ڵێدەپرسی
دەچووم بۆ گەڕەکی قەوزە
گۆێم دەگرت
لە گۆرانی بۆق
یاریم بە “سمێل”ی
مێشوولە دەکرد
خۆم هەڵئەدایە
سەر پشتی کیسەڵی پیر
لەم کەنارەوە دەیبردم
بۆ ئەوبەری قەراغ چەم
لەسەر برۆی قرژاڵ
دادەنیشم
تا بمگەیەنێتە
بنی ئۆقیانووس
بۆئەوەی تەماشای
شایی
“کیسەڵ” ی پیر بکەم
دەچووم بۆ ئاهەنگی ماسی
هەڵدەپەڕیم
لەگەڵ قرژاڵی حەوت سەر
بە “حووت”م دەوت:
بمهاڕە
قووتم بدە
تۆ لە مرۆڤ جوانتریت
“چەک” ت نییە بمکوژیت!




ژمارە ٦ی رۆژنامەی ڕەوت

بۆ خوێندنەوەی ژمارە ٦ی رۆژنامەی ڕەوت …. کلیکی ئێرەبکەن …




لوبنان دوای تەقینەوە گەورەکەی بەیرووت … محمد باپیر

دوای تەقینەوە گەورەکە، تۆمەتبارکردنی وەڵاتان و حیزبەکانی لێکەوتەوە، بەتایبەت تۆمەتبارکردنی حیزبوڵڵا لە لایەن بەشێکی زۆری هاووەڵاتیاتی بەیرووت، کە فرە ئاینن، هاوکات شەش وەڵاتی عەرەبی داوایانکرد کە گەمارۆی چەک لەسەر ئیران توندتر بکرێت.
دواجار خەڵکی لوبنان خۆپیشاندیان ئەنجمدا و سەرۆک وەزیران دەستی لە کار کێشایەوە.
قسە گەورەکە ئەوەیە، ئایا فەڕەنسا هەڵوەست و خەمخۆریەکەی بۆ لوبنان و هاووەڵاتیانی لوبنان چی دەبێت، کە لە هەمان ڕۆژ نیگەرانی خۆی ڕاگەیاند، لوبنان کە پێشتر لەژێر دەستی فەڕەنسابوو، لەدوای خۆی کاریگەری و کەلتورێکی لەدوایخۆی بەجێ هێشتبوو، کە بەیروت پایتەختی پێکەوە ژیان و نەش و نمای پێشکەوتنی گەشتیاری و پەروەردە و خوێندنبێت، هاوکات گەلی عەرەبی هاوسۆزی و دڵخۆشی زۆریان بۆ بەیروت هەیە، ئەو بەیروتەی ڕەگ و ڕیشەی لەناو نوسەر و ئەدیب و فیکرزانەکان و هونەرمەندانی عەرەبی و جیهانیدا داکوتاوە.بۆیە بەیرووت گرینگە و قوربانیەکان و وێرانکاریەکانیشی بەهەمان شێوە گرنگن، بەڵام بەهۆکاری جوگرافی ونزیکی لەگەڵ ئیسرائیل و سوریا و ئیران کاریگەریێکی نەرێنی خراپی لەسەرە، لە دەربارەی دەست تێوەردانی وەڵاتان گواستنەوەی چەک و پلانگێڕی، هەربۆیە دورخستنەوەی دەستی ئێران و وەڵاتان لە مەسەلەی لوبنان گەورەترین هاوکارییە بۆ گەلی لوبنان کە بەبێ مەترسی بژیتن، چارەسەری سیاسی بریتیە فڕێدانی چەکە لەلایان حیزبوئەڵڵا و گروپە توندڕەوەکان، هاوکات باشترکردنی گوزەرانی خەڵکی لوبنانە کە ماوەیێکی زۆرە خۆپیشاندانی بەردەوامیان هەیە.
گەلی لوبنان و پایتەخت کە بەیروتە، وشیاریێکی زۆر باشیان هەیە لە هەموو ڕویێکەوە ئەوەش پەیوەندی بە گەشتیاری و تێکەڵاوەتی ئاینەکان و کەلتورەکانە، ئەوەش خاڵێکی گرنگە کە دوبارە لوبنان خۆی ڕزگاربکات لەدەست کۆمەڵێک فاکتەری نەرێنی کە ژیانی هاوڵاتیان لەمەترسیدابێت، ئەو وەشیارە لە بچوکترین شتبوو کە شاریان پیس ببوو لەبەر پاشماوەکان خۆپیشاندانیانکرد، یاخود کاتێک لە پڕۆگرامی خوێندن گۆرانیبێژ (فەیرۆز) لە پڕۆگرامی خوێندن هیندرایە دەرەوە، ئەوا خۆنیشاندان و ناڕەزایی هەبوو، ئێستاشی لەگەڵبێت بەیرووت تێکۆشانی بۆ ئازادی و تاک سەروەری و ڕەتکردنەوەی دەستبەسەری بەردەوامە.
دەکرێت بە هاوکاری فەڕەنسا و وەشیاری خەڵکی بەیرووت و کۆمەڵێک خەمخۆری وەڵاتانی عەرەبی، لوبنان لەناو کۆمەڵێک قەیرانی ترس و تەقینەوە و دەستبەسەرداگرتنی لەلایان هەندێک گرووپی لاساری بەکرێگیراو ڕزگار بکرێت و لوبنان بگەڕێتەوە بۆ ڕێڕەوێک، بەڵام ئەو پارچانەی لوبنان کە دابەش بوونە بەسەر کۆمەڵێک لایەن و کەس دووبارە پاکبکرێنەوە، کە ئەوەش پێویستی بە بەژداریکردنی نەتەوەیە کگرتوەکان و خەڵکی ڕەسەن و ڕۆشەنبیری لوبنان دەکرێت.

محمد باپیر چاودێری سیاسی




پرسیارکردن و ماهییەتی پرسیار لە کورتە چیرۆکی ” نەنکم (کەتان)” ی جەلال قادردا…عەبدوڵا سلێمان (مەشخەڵ)

دەق و لێکۆڵینەوە

دەقی چیرۆکەکە

نەنکم (کەتان)

لەسەرەتای ساڵانی حەفتەکان منداڵێکی بچکۆلانە بووم، لەگەڵ براو خوشکەکانم لە خانوویەکی بە خشت دروستکراو لە گەڕەکێکی هەژارنشینی پڕ لە قوڕوچلپاو دەژیاین . نەنکم ( کەتان )ش کارەکەری ماڵە دەومەڵەکانی دەکرد، بە تەنەکە و خشت وکەرتە بلۆک ژوورێکی لە گۆشەیەکی خانوەکەمان دروست کردبوو.
لە سەردەمی منداڵیم بە پرسیارکردن هەموو کەسێکم بێزار دەکرد ، لەبیرمە نەنکم لە گیرفانی سەڵتەکەی شیرینیەکی دەردەکرد و پێیدەدام ، دەیگوت : دەمت داخە چیتر پرسیار مەکە.
وەک لەبیرم بێت پرسیارەکانم دەربارەی ماڵە دەوڵەمەندەکان بوو . دەمگوت : دەبێ ڕەنگیان چۆن بێت و منداڵەکانیان بەچی یاری کەن ؟ هەمیشەش خەیاڵم لای ئەوە بوو ڕۆژێک لە ڕۆژان نەنکم لەگەڵ خۆی بمبات ، بۆ ئەوەی لە نزیکەوە بۆنی چێشتی ناو مەنجەڵ کەم.
هەموو بەیانیانێک بەدوای نەنکم (کەتان) ڕامدەکرد و دەگریام ، دەمگوت بمبە لەگەڵ خۆت. تا ڕۆژێکیان دڵی نەرمبوو پێکەوە سواری (تێمسەکانی ) شار بووین، چووین بۆ گەڕەکی ( عەرەفە ) کە کەوتۆتە قەراخ بیرە نەوتەکانی شارەکەم .
نەنکم ژنێکی قەڵە و بەخۆ بوو کاتێ ڕێی دەکرد ئەژنۆکانی ئازاریدەدا ، من لەبەردەمی هەڵبەزهەڵبەز ڕامدەکرد و دەمڕوانییە ئەو لقە دارانەی کە سێو و پرتەقاڵەکانیان بەسەر دیواری دەرەوەی ماڵەکان شۆڕ ببوونەوە.
وتم : نەنە ئێرە بەهەشتە ؟

  • ئەی پێنەگەی …پێمنەگوتی چیتر پرسیار مەکە!
  • نەنە دایکم پێیگوتم بەهەشت پڕ لە سێو و پرتەقاڵە!
    نەنکم وەڵامی نەدامەوە ..بەس من و براکانم ئەو خواردنانەی نەنکم بۆ مانی دەهێنایەوە ناومان نابوو (خواردنەکانی بەهەشت) ..چونکە لەماڵی ئێمە بە مانگیش بۆنی گۆشتمان نە دەکرد، بە ساڵیش جل و بەرگی جوانمان نەدەپۆشی. جەژن بەجەژن باوکم لە توانای بوو پارە کۆ بکاتەوە و کراسێکی نوێ بۆ برا و خوشکەکانم بکڕێ. من نەگبەت بووم هەرچی کراسی برا گەورەکەم هەبوو بۆیان هەڵدەگرتم و دەبوایە لەبەری بکەم. خوا خێری نەنکم ( کەتان ) بنووسێ جار جار کراسی ڕەنگینی بۆ دەهێنام .
    لەبەردەم دەرگایەکی مەزن ڕاوەستاین نەنکم شارەزا بوو دەستی بە دوگمەیەکەوە نا دەرگا کرایەوە. یەکەم جارمبوو چاوم بە حەوشە و باخچەیەکی وا فراوان بۆن خۆش بکەوێت. چوار ئەوەندەی ماڵی ئێمە دەبوو وتم : نەنە بۆ دەرگاکەیان ئەوەندە گەورەیە ؟ وتی : کوڕم ئەوە ئۆتۆمبیلی پێ دێتە ژوورێ !
    لە باخچەکەیان جۆلانەیەک دانرابوو بەپەلە ڕامکرد تا سواری جۆلانەکە بم کەچی پێم لە فریزی باخچەکە خزا و بەسەردەم کەوتم . خەریک بوو بگریم، کاتێ نەنکم بینی پەشیمان بوومەوە گوتم گەر بێزاری کەم جارێکیتر نامهێنێتەوە بۆ ئەم بەهەشتە !
    نەنکم وتی : کوڕم پەڵە مەکە ئێمە تا ئێوارە لێرەین .
    ئێمە تەنیا ڕۆژانی جەژن دەچووین بۆ سەیران و سواری جۆلانە دارینەکان دەبووین، کەچی لەم ماڵە هەموو ڕۆژێک سەیرانە. بۆیە گوتم ئەگەر بگەڕێمەوە ماڵ بەدایکم دەڵێم با فێرە نوێژم بکات بەڵکو خوا ئێمەش بنێرێ بۆ بەهەشت. بەو خەیاڵەش نەوەستام دەمگوت منداڵانی گەڕەکیش فێرە نوێژ دەکەم تا ئەوانش کۆشکێکیان هەبێت و تێربن لە خواردن و میوە خۆشەکانی بەهەشت !.
    نەنکم بینی دەستی کرد بە گیرفانی سەڵتەکەی و کلیلێکی بچکۆلانەی زەردی دەرهێنا و دەرگای ژووری ماڵەکەی کردەوە و چووە ژوور ..منیش جۆلانەکەم بەجێهێشت و بەدوای نەنکم خۆم کرد بە ژوورا .
    ناو ماڵەکە هۆلێکی فراوانی لێبوو، لەناوەڕاستیدا مێزێکی دار ساجی درێژ و پان، شەش کورسی بەدەور دانرابوو. بە نەنکم وت : نەنە ئەم ماڵە لێرە دادەنیشن و نان دەخۆن و دەنوون؟
    وتی : نا کوڕم ، لێرە نان دەخۆن ، ژووری نوستنیان جیایە!.
    لە ژێر پەنجەرەی چێشتخانەکە مەخسەلەیەکم بینی چەند پەرداخێکی شووشەیی گوڵداری لەسەر بوو . نەنکم دەستیکرد بە شۆرینی پەرداخەکان ، منیش لە پەنجەرەکەوە دەمتوانی کەپرێک ببینم بە بۆڵە ترێ داپۆشرابوو ، مێزوکورسی قەفەز داری لە ژێرا بوو .
    لە بیرمە دایکم دەچوو بۆ ناو زەڵکاو قامیشەڵەکانی دەم خاسە هەرچی لقە قامیش و حەیزەران هەیە کۆی دەکردەوە. پاشان بە پەنجەکانی پێی دەیچنی و حەسیری لێ دروستدەکرد و لەسەری دادەنشتینن، سەبەتەیەکشی دروستدەکرد بۆ نانە ڕەق .
    نەنکم دەرگای دۆلابێکی کردەوە پڕ بوو لە میوە و شەربەت. ئنجا دۆلکەیەک ئاوی ساردی دەرهێنا و پەرداخێ ئاوی ساردی خواردەوە ..نیوەی پەرداخەکەی پڕ لە ئاو کرد و دایە دەستم .
    منیش ئاوەکەم خواردەوە بەڵام پەرداخەکە بۆنێکی سەیری لێوە دەهات .
    ئێمە لە ماڵی خۆمان بە جامی فافۆن ئاومان دەخواردەوە. لە جیاتی دۆلکە شەربەیەکمان هەبوو!.
    بە نەنکم وت : نەنە ئەم دۆلابە سپییە چییە ؟
  • : کوڕم ئەمە سەلاجەیە ، شت بە ساردی ڕادەگرێ!
    ئێمەش لە ماڵەوە لە ژێر نەردەوانەکەمان کوپەیەکمان هەبوو ئاوی بە فێنکی ڕادەگرت!.
    ئنجا نەنکم هەڕەشەی لێکردم وتی : نابێت دەست لە هیچ شتێ بدەیت ..چیت ویست داوا لە من دەکەی. ئەگەر عاقڵبیت دوو چوکلێتت دەدەمێ .
    دڵی خۆشکردم ..بەچوکلێتێک دەممی شیرین کرد .
    ژوور بە ژوور منی لەگەڵ خۆی گردا ..ژووری خەوی منداڵەکان پڕ لە بوکەلانە و جۆرەها یاری بوو.
  • : نەنە من تا ئێوارە لەم ژوورە یاری دەکەم و نایەمە دەرێ .
  • : نا کوڕم نابێت تۆ دەست لەو یارییانە بدەیت. ئەمانە هەمووی یاری کوڕە گەورەکەیانە ، دایکی بۆ یادگاری بۆی هەڵگرتوون .
    بە دیواری ژوورەکە وێنەی منداڵێکم بینی وتم : ئەوە نییە نەنە منداڵیان هەیە .
    نەنکم وتی : نا کوڕم ئەوە وێنەی منداڵییەتی ..ئێستا ئەم کوڕەیان گەورە بووە .
  • : ئەی نەنە بۆ ئێمە هیچ وێنەیەکمان نییە لە ماڵەوە.
  • : نەمگوت چیتر پرسیار مەکە!
    لە بیرمچوو بەڵێنم دابوو لەم گەشتەم دەمم داخەم. ئاخر چۆن دەکرێت ئەم شتە سەیروسەمەرانە ببینم و پرسیارنەکەم !.
    وێنەکە وەک لەزگە بە قەد دارێکەوە نووسا بوو، کوڕەکە فانیلەیەکی شینی خەت سپی لەبەردابوو . هاتە یادم هەمان کراس بوو براکەم لەبەری کردبوو بۆ ڕۆژی جەژن . پێکەنیم .. بۆم ئاشکرا بوو کە براکەشم کۆنە کراسی ماڵە دەوڵەمەندەکان لەبەر دەکات .
    لە ژوورەکانیتر کۆمەڵێ وێنەی ئەندامانی خێزانەکە هەڵواسرابوو ..یەک وێنە سەرنجی زۆر ڕاکێشام پیاوێک بە دەرپێ قوندەیەکەوە دەستی بەرز کردبووەوە ،لاموابێ خاوەن ماڵەکە بوو. لە نەنکم پرسی : توخوا نەنە بێزار مەبە ..پێمبڵێ ئەم پیاوە لە خوا دە پاڕێتەوە .
    نەنکم وتی : نا کوڕم ..ئەوە مەلەوانی دەکات ..نابینی دەیەوێ زەرگ بهاوێتە ناو حەوزی ئاوەکەوە !.
    بۆم ڕوونبووەوە هەموو لێکدانەوەکانم هەڵەن ، چونکە من لەو ڕۆژەوەی چاوم کردووەتەوە باوکم بینیوە دەست بەرز دەکاتەوە و لە خوا دەپاڕێتەوە !.
    چوومە نهۆمی خوارەوە لە ژووری دانیشتن تەلەفزیۆنێکی شاشە گەورە دانرابوو . ئێمە نەک لە ماڵ بەڵکو لە گەڕەکش کەس تەلەفزیۆنی نەبوو ، دەچووین بۆ چایخانەکان سەیری تەلەفزیۆنمان دەکرد .
    لە پشتی تەلەفزیۆنەکە پەنجەرەیکی شەش چاوەی لێبوو . ڕووانیمە دەرەوە حەوشە و باخچەیەکیترم بینی کەوتبووە پشتی ماڵەکەوە ، ڕامکردە لای نەنکم وتم : نەنە بچمە باخچەکەی پشتەوە ؟
    نەنکم وتی : دەرگای پشتەوەم لەترسی تۆ داخستووە نابێت بچیتە ئەو پشتە !
  • : بۆ ؟
    وتی : لەبەرئەوەی حەوزی مەلاوانەکە لەوێیە، تۆش مەلەوانی نیت و دەخنکێی!
    ڕامکردە ژوورەکانی سەرەوە لە پەنجەرەیەکەوە سەیری حەوشەی پشتەوە م کرد، حەوزی مەلەوانەکە بە درەخت داپۆشرابوو ئاوەکەی نەرمە شەپۆڵێکی دەدا چەند گەڵا و شەکرە سێوو پرتەقاڵێكش وەک بەلەم بە قەراخ ئاوەکەوە لەنگەریان گرتبوو و دەلەریینەوە .
    تا قەدەرێ بە دیار پەنجەرەکەوە وەستام، خەونم بە مەلە کردنی ناو حەوزەکەوە دەبینی .
    لە ناکاو بۆنی خواردنێکی خۆش بەر لوتم کەوت ، خێرا دەرپەڕیم بەرەو چێشتخانەکە، بە تەقلە لێدان لەسەر نەردمانەکە کەوتمە خوارەوە. دەست وپێم ژان گرتی لە ترسی نەنکم فزەم نەکرد. وەک پشیلە بە ئاسپایی لە بۆنەکە نزیک بوومەوە .
    نەنکم دیار نەبوو، منیش بۆم نەبوو دەست لە هیچ بدەم ..لە هۆڵی دانیشتنەکە نەنکم بینی ڕووی لە قیبلە کردووە لەسەر هەمان بەرماڵ نوێژی دایکم، نوێژ دەکات ..دانیشتم تا لە نوێژ کردن بووەوە ..هەر کە ئاوڕی دایەوە وتم : نەنە ئەی ئەم ماڵە بەرماڵ نوێژیان نییە ؟
    وتی : نا کوڕم کەس لەم ماڵە نوێژ ناکات !
    لە دڵی خۆمدا وتم : کەواتە لە سەر ئەم زەوییەش خوا بەهەشتێکی داناوە بەس ئێمە تا ئێستا نەماندۆزییوەتەوە ..ئەگەر بگەڕێمەوە گەڕەک بە هاوڕێکانم دەلێم وەرن با بگوازییەنەوە بۆ گەڕەکەکانی بەهەشت ، چیمان داوە لەم گەڕەکە پڕ لە قوڕوچلپاوە .
    چوومە چێشتخانەکە لەسەر کورسییەک دانیشتم ..نەنکم وتی : چاو برسی ..(قاپێک پڕ لە برنج و قەیسی بۆ دانام ). دەبخۆ!
    نانەکەم لەسەرخۆ دەخوارد بێ ترس لە براو خوشکەکانم ، چونکە هەمووجارێک نەنکم چێشتی بهێنایەوە براکانم خەدریان لێمدەکرد بەشێکی کەمیان بۆ دادەنام ..ئێستا بە ئارەزووی خۆم وەک کوڕی پاشا دانیشتووم و نان دەخۆم .
    نەنکم وتی : خێراکە کوڕم ئێستا خاوەن ماڵ دەگەڕێتەوە .
    نانەکەم تەواو کرد نەنکم دەستی خستە ناو قووتییەکەوە چوکلاتێکی دامێ، وتی : بگرە ئەم شیرینیەش لەبەرئەوەی عاقڵ بوویت ..ئەگەر ئەوانش هاتنەوە هێمن بەو لە شوێن خۆت نەجوولێ و تا پرسیارت لێنەکەن ، دەنگ دەرنەکەیت!.
    گوتم : بەسەر چاو نەنە گیان .
    دەنگی گڕەی ئۆتۆمبیلەکە هات، دەرگای حەوشە کرایەوە ئۆتۆمبیلێکی ڕەشی زەبەلاح هاتە ژوور ڕوخساری ژن و مێردێک بە دیار کەوت .
    سەرەتا زۆر ترسام ..سڵاویان کرد و ژنەکە نزیکم بوەوە لە باوەشی کردم و وتی : تۆ گۆرانی یا سۆرانی؟
    منیش لەشەرما وەڵامیم نەدایەوە .
    نەنکم وتی : ئەمەیان گۆرانە ..سۆران لەم گەورەترە و دەچێتە خوێندن .
    ژنەکە دەستی کردە ناو قووتوە چوکلاتەکە ویستی چوکلێتیکم بداتێ نەنکم وتی : شیرینی مەدەرێ ..لە بەیانییەوە دووجار داومەتێ .
    ژنەکە وتی : لێگەڕی با بخوا .
    مێردی ژنەکە شەبقەکەی سەری لابرد و خستییە بان سەرمەوە و وتی : سەرت بۆ ئەوەندە بچووکە لەناو شەبقەکەم ونبووە…پاشان پێکەنی و گوتی : نا ئەوە سەری منە زۆر زلە .
    منیش پێکەنیم ، ترس و شەرمم لەگەڵیان ڕەوایەوە .. وتم : چەند ماڵێکی باشن .
    ئنجا کابراکە وتی : میم کەتان نانت داوەتە گۆران ..
    نەنکم وەڵامی دایەوە : خەمت نەبێت ئەم منداڵە وەک تۆ نەوسنە و بەشی خۆی خواردووە .
    هەستم کرد نەنکم لەگەڵ خاوەن ماڵەکە وەک دۆست و ئاشنا ڕەفتار دەکات
    لە دیار تەلەفزیۆنەکە دانیشتم و گوێم لە گۆرانییەکان دەگرت، لەزمانی گۆرانی بێژەکە تێنەگەیشتم. دام لە پڕمەی گریان ..گوتیان بۆ دەگری؟ گوتم من لەم گۆرانییە تێناگەم ئەوان بە پێکەنینەوە وتیان : قەینا کوڕم ئەوە بە زمانی تۆ گۆرانی نالێت ! .
    بەو منداڵییەم بیرم دەکردەوە دەمگوت : چیدەبوو ئەگەر هەموو مرۆڤەکانی دونیا یەک زمان ئاخاوتنیان بکردایە.
    کاتێ نان دانرا کوڕە هەرزەکار و کچە کەیان هاتنە ژوور، جانتای مەکتەبیان هەلدایە سەر کورسیەکان و دەستیان شۆری و دانیشتن ، لەگەل دایک و باوکیان بە ئارامی نانیان خوارد .
    لە بیرمە جارێکیان دایکم نیسکەوای لێنابوو، منیش خەزریم و گوتم من ئیلا نیسکەکەی دەستی نەنکم دەخۆم. بە دزی منەوە قاپێک نیسکیان بردە ژووری نەنکم وهێنانەوە .. گوتیان : دە بخۆئەمەش نیسکی نەنە..ئەوەندە جوان خواردم تا ئێستاش خوشک وبراکانم گاڵتەم پێدەکەن .
    پێش ئەوەی ماڵەکە جێبهێلین بینیم نەنکم هەرچی بەرماوەی خواردن هەبوو بە جوانی خستیە ناو قاپە پلاستیکەکەی ئنجا لە ناو بوخچەکەی پێچایەوە .
    لەم کاتە کوڕە هەرزەکارەکەی ماڵەکە تۆپێکی (تۆپی پێی) بە دیاری داپێم ..کە لە ولاتانی دەرەوە باوکی بۆی هێنابوو ..منیش لە خۆشیا تۆپەکەم توند لە باەوش گرت.. دایکی کوڕەکە هات و دووبارە لەباوەشی کردم و چەند دلۆپە فرمێسکێک بە چاوەکانی ڕژانە خوارێ .
    لە ڕێگا لە خۆشیا نەمدەزانی چبکە م ئەوەندە پەلەم بوو بگەمە هاوڕێکانی گەڕەک تا ئەم تۆپە جوانەیان پیشان دەم ..کەمێک دەترسام دەمگوت : زۆر جوانە تۆ بلێی بتەقێ..ئاخر ئێمە بە تۆپی لاستیک یاریمان دەکرد. تەنانەت تیپی گەڕەکش تۆپێکی ئاوا جوانیان نەبوو تا یاری پێبکەن.
    لە نەنکم پرسی : نەنە بۆچی ژنەکە گریا ..
    وتی : لەبەرئەوەی کوڕێکی هاوتەمەنی تۆی هەبوو ( دووربێت خوایە ) لە حەوزی مەلەوانەکە خنکا !.
  • : بەس ئەو ژنە بۆنی دەکردم. ماچی دەکردم خۆ من کوڕی ئەو نیم ؟!
    نەنکم وتی : لەبەرئەوەی ئەو کراسەی بەرت هی کوڕە مردووەکەی بوو!
  • : کەواتە خەڵکی دەوڵەمەندش دڵتەنگ دەبن؟
    نەنکم تووڕە و ماندوو دیار بوو ..وتم : نەنە گیان بەخوا چیتر پرسیار ناکەم …بەس پێم بلێ ئەوە پیاوەی ئەو ماڵە پیشەی چییە ؟
    وتی : کوڕم ئەو هەموو تانکیە مەزن و بۆڕییە نەوتانە دەبینی ..ئەو کابرایە بەڕێوەبەریەتی !
    من بیستبووم لە برا گەورەکەم کە قوتابخانە بەڕێوبەری هەیە، نەمدەزانی ئەو ئاگرە نەوتەی شەوانە شارەکەمی ڕوناک دەکرد… بە ڕۆژیش پیسی دەکرد بەڕێوبەری هەبێت .. بەڵێنمدا بە باوکم بلێم تا ئەویش لە کۆمپانییەی نەوتەکە ئیش بکات، بەڵکو ئێمەش ببینە خاوەن کۆشک و ئۆتۆمبیلێکی سووری جوان !
    کاتێک نزیک ماڵ و گەڕەک بوومەوە تۆپەکەم لەژێر فانیلەکەم شاردەوە. خوا خوام بوو کەس نەیبینێ !
    بە دزییەوە لەگەڵ نەنکم چووینە ماڵەوە. برا و خوشکەکانم بەدوام کەوتن وتیان : دەزانین ئەوە تۆپە لە ژێر فانیلەکەت، دەریخە تا بە زۆر لێمان نەسەندوی .
    منیش بە گریانەوە لێیان دوور کەوتمەوە. لەم کاتە نەنکم بوخچەکەی کردەوە بۆنی چێشتەکە ماڵەوەی پڕ کرد .
    برا و خوشکەکانم لە من دوور کەوتنەوە و وتیان : ئەرەوەڵڵا نەنە خواردنی بەهەشتی لەگەڵ خۆی هێناوە!..
    ئەمجارەیان نەچووم بەلای خواردنەکە چونکە هەموو شتێکم بۆ ئاشکرا بوو ..چێشتەکە بەرماوەی ماڵە دەوڵەمەندەکان وکراسەکانشمان کۆنە جلی مردووەکان بوو!
    تۆپەکەم تووند لە باوەش کرد و چوومە گەڕەک تا لەگەڵ هاوڕێکانم یاری بکەم !. پرسیارکردن و ماهییەتی پرسیار لە کورتە چیرۆکی ” نەنکم (کەتان)” ی جەلال قادردا

چیرۆکی نەنکم (کەتان) حەوتەمین کورتەچیرۆکی نوێترین کۆچیرۆکی چیرۆکنووس جەلال قادرە (١). چیرۆکنووس هەوڵی داوە لە زمانی کارەکتەرێکی منداڵەوە (گۆران) بەسەر پانتایی نۆستالیژیا سەفەرێکی کورت، بەڵام پڕ مانامان پێ بکات بەرەو دوورگەکانی حەقیقەت. بەرەو تێگەیشتن و فێربوون، بەرەو ئەودیو دیوارە پەنهانەکان کە چاوی بینینی ئاسایی نایبینێت. گێڕەرەوە کە کەسی یەکەمی تاکە لە عەوداڵییەتێکی بەرفراواندا دەژێت. کارەکتەری گێڕەرەوە کە تەواو لەلایەن نەنکە(کەتانە)ەوە سەپۆرت دەکرێت، بە پرسیار ئابڵۆقە دراوە. پرسیارەکانی کارەکتەرەکە پرسیارگەلی تایبەتی نین کە بەربەستی بایۆلۆژی و ژینگەیی ڕێگر بن لە گەیشتن بە وەڵامەکانی، بەڵکو پرسیارەکان گشتین، کۆمەڵایەتین، هەمان خەون و خولیای برا و دایک و باوک و کەسوکار و خەڵکی گەڕەک و شار و وڵاتە. بەڵام چیرۆکنووس هاتووە لەزمانی منداڵێکەوە پرسیارەکان دەوروژێنێت کە بایەخی ستاتیکی دەقەکە دەباتە ئاستێکی بەرز کە خوێنەر دەگیری چێژلێوەرگرتن دەکات. هەڵبژاردنی منداڵێکی هەشت نۆ ساڵیی بۆ پرسیارکردن ڕەنگە چەند هۆکارێکی لە پشتەوە بێت .
یەک : لەڕووی بایۆلۆژییەوە (گۆران)ی حیکایەتخوانی چیرۆکەکە نەگەیشتۆتە ئاستی بالقبوون و توانای درککردنی لەئاستی پێویستدا نییە. ئەو هێشتا لە جیهانی منداڵی خۆیدا دەژێت، بۆیە ئازادە چی دەپرسێ و چۆن دەپرسێ، بێئەوەی سانسۆرێکی کۆمەڵایەتی لەسەر بێت. ئەمەش مانای وایە هیچ بەرپرسیارییەتێک لە پرسیارکردنەکانیدا نییە.
دوو : نۆستالیژیای کردۆتە پردێک بۆ خۆ داتەکاندن لە هەر ئینتمایەکی ئایدیۆلۆژیی کە سبەینێ وەک ئایدێندتی دەقەکان و نووسەری پێ بناسرێتەوە. کەچی لەگەڵ ئەوەشدا سێبەری ئایدیۆلۆژیا بەسەر دەقەکەوە دەبینرێت. واتە دەقەکە بێ ئایدیۆلۆژیا نییە. پرسیارە ئاشکرا و شاراوەکانی کارەکتەرە منداڵەکە گەلێ ئاماژەیان تێدایە کە دەتوانین بە ئاماژەی چینایەتی ناوزەدیان بکەین.
سێ : منداڵ هەڵبژاردەیەکی گونجاوە تا ترس و شەرم لە پرسیارەکانی بئاڵێنێت. ڕێگری لێبکرێت و هەندێجاریش لەسەر پرسیارکردن سزا بدرێت کە ئەمە لەگەڵ مرۆڤی پێگەیشتو(بالق)دا ناکرێت.
لەم گۆشەنیگایەوە هەوڵدەدەم شڕۆڤەیەکی ڕەخنەیی بۆ پرسیارەکانی حیکایەتخوان بکەم و مانای پرسیارەکان لە کۆدی ململانێی کۆمەڵایەتی ناو چینەکانی کۆمەڵگەوە بخوێنمەوە.
” لەسەردەمی منداڵیم بە پرسیارکردن هەموو کەسێکم بێزار دەکرد.” (٢) ئەمە ئەو ڕستەیە کە ئەرکی دەروازەی گرتۆتە ئەستۆ. ئەمە هەر خۆناساندنێک نییە، یان ئاشنا کردنی خوێنەر نییە بە ڕابردووی حیکایەتخوان، بەڵکو کێشکردنی هۆشی خوێنەرە بۆ ئامانجە کۆمەڵایەتییەی کە چیرۆکەکەی لەپێناودا خوڵقاوە. کارەکتەری نەنکە(کەتان)یش هەڵبژاردنێکی گونجاوە بۆ ئەو کارە وەک سەپۆرتێکی تەکنیکی لەپێناو گەیشتن بە ناوەڕۆکی مەبەست.
یەکێک لە هونەرەکانی ڕازاندنەوەی ستراکتۆری چیرۆک بریتییە لە هەڵبژاردنی کارەکتەر و ماتریاڵی گونجاو بۆ شوێن و مەبەستی گونجاو. جەلال قادر لەڕێی هەڵبژاردنی تەکنیکی گونجاو باڵادەستی خۆی لە داڕشتنی ساختمانی چیرۆکەکە دەنەخشێنێ. ئەو هەر بەوەشەوە ناوەستێ، بەڵکو دێت کارەکتەرەکەی لە پرسیارکردن هەڵدەکێشێ.

وەک لە بیرم بێت پرسیارەکانم دەربارەی ماڵە دەوڵەمەندەکان بوو. دەمگوت : دەبێ ڕەنگیان چۆن بێت و منداڵەکانیان بە چی یاری کەن؟(٣) ماناکانی پرسیارکردن لە چیرۆکی نەنکم کەتان هەڵگری چەند ئاماژەیەکن، لەوانە مەغزای چینایەتی و ئامانجی کۆمەڵایەتی. ئەم ئاماژە چینایەتییە کۆمەڵایەتییانە زیاد لە جێگایەک و زیاد لە بۆنەیەک لە چیرۆکەکە نیشان دراون. چونکە لە کۆمەڵگەکانی ڕۆژهەڵات بە گشتی و کۆمەڵگەی کوردستان بە تایبەتی پرسیارەکانی منداڵ لەژێر چەپۆکی ” وسبە، بێدەنگ بە، قسە مەکە، پرسیار مەکە، بیبڕەوە، مێشکت بردم” دایە. ئینسانەکانی ڕۆژهەڵات کاتیان بۆ منداڵەکانیان و پەروەردەی تەندروست و وەڵامدانەوەی پرسیارەکانیان نییە.
وتم : نەنە ئێرە بەهەشتە؟
ئەی پێنەگەی..پێمنەگوتی چیتر پرسیار مەکە.(٤)
یان
ئەی نەنە بۆ ئێمە هیچ وێنەیەکمان نییە لە ماڵەوە؟

  • نەمگوت چیتر پرسیار مەکە!(٥)
    سەرکوتکردنی کارەکتەری پرسیارکەر، گەرچی نائومێدییەکی بەرفراوان بۆ منداڵەکە دێنێتە ئاراوە، لەهەمان کاتیشدا لەڕووی دەروون شیکارییەوە منداڵەکە دووچاری توند و تیژی و بێڕێزی و دواییش کائینێکی شەرمن و ترسنۆک و کە گەورەش دەبێ یان مرۆڤێکی بێدەسەڵات یان جەللادی لێدەردەچێ.
    لە چیرۆکی نەنکم (کەتان)دا، ستایڵ یان میتۆدی پرسیارکردن یارمەتیدەرێکی باشە بۆ خۆدزینەوە لە خستنەڕووی زانیاری و چوونە ناو وردکاری هەندێ بابەت و پرسەوە کە چیرۆکنووس دووچاری بەرپرسیارییەتێکی بەرفراوان بکات. نازانرێت چیرۆکنووس چەند ئاگایانە ئەم ستایڵەی بەدەستەوە گرتووە، بەڵام هەرچۆنێک بێت دەست بۆبردنێکی باشە بۆ چنینی ڕووداوەکانی نێو دەقەکە. شانبەشانی پرسیارەکانیش کە سیانزە پرسیاری ئاشکرا و چەند پرسیارێکی نهێنین، هەندێ لە پرسیارە نهێنییەکان بەشێوەی مەزەندە یان (Wonder) خراونەتە ڕوو. سروشتی پرسیارەکان و ماهیەت و ماناکانیان دەکرێ لە چەند خاڵێکدا ڕوون ببێتەوە.
    یەک : ماهیەتی پرسیارەکان ماهیەتێکی کوڕانە یان نێرانەیە. پرسیارەکان کچانە یان مێینە نین. چونکە چارەنووسی ئینسانەکان لە ڕۆژهەڵات بە هەندێ فاکت و کلتوور و ئایین و دابونەریت بەستراوەتەوە. ئەو هەلەی لەژیان بۆ کوڕێك هەڵدەکەوێ لە هەڵسوکەوت، بۆ کچێک نایەتە دی. بۆیە کە (گۆران) دەبێتە کارەکتەر و گێڕەڕەوەی چیرۆکەکە بەم حوکمی واقیعە سیاسی و کۆمەڵایەتییە بووە نەک بە ئارەزووی نووسەر. ئەگەر لە بری گۆران خوشکێکی گۆران بوایە دیارە ڕێڕەوی پرسیارەکان بە جۆرێکی تر دەبوو و ماهیەتی پرسیارەکانیش ڕەنگە پڕ بوونایە لە بەزەیی و فرمێسک و ئاکتی مێینانە.
    دوو : پرسیارەکان ئاگایانەن و لە نەستەوە هەڵدەقووڵێن. سروشتی پرسیارەکان خٶڕسکیی نین، ئەوەندەی پلان و نەخشەی داڕێژراوی لەپشتەوەیە. ئەمە خاڵی بەهێزی دەقەکەیە کە نووسەر باڵا دەستی خۆی تیا بە خەرج داوە. باکگراوندی نووسەر و بنەماڵەکەیان و جێگاوڕێگای چینایەتی نووسەر لە کۆمەڵگە ئەو دەرفەتەی بۆ نووسەر خوڵقاندووە کە بکەوێتە سۆراغی هەقیقەتە تاڵەکانی ژیان. بۆ ئەم مەبەستەش ئەدەب ئەو مەیدانەیە تا ئەم ئەزموونەی تیا تاقی بکرێتەوە.
    سێ : پرسیارەکان بە دیوارێک لە ترس دەورە دروان. کارەکتەر بە هۆی کەم تەمەنی لەلایەک و تامەزرۆیی لەلایەکی تر ڕووبەڕووی تاقیکردنەوەیەکی قوورس بۆتەوە تا ئەو بەڵێنە بهێنێتە دی کە بە نەنکی داوە. ئەویش پرسیارنەکردن و ئاقڵ بوون و بێعاری نەکردن و بزێو نەبوونە. ئەم بەڵێنە بۆ ئەوەی لە تامی چوونە (بەهەشت)ی نەکا، جۆرە ترسێک و وریابوونێک لە پرسیار کردن و تەنانەت قسەکردنی (گۆران)یش لە ئارادایە کە بۆتە چوارچێوەیەک بۆ ئازادی ئەو کارەکتەرە. ئەم ترسە ترسێکی جوانە چونکە گواستنەوەی واقیعی تاڵی ژیانی منداڵێکە کە خەون بە خۆشی و جوانییەوە دەبینێت.
    چوار : هۆکارێک بۆ زانینی زانین و فێربونی شتە نەزانراوەکان، هۆکارێکی سەرەکییە بۆ ئەوەی کارەکتەرە سەرەکییەکەی چیرۆکی ( نەنکم کەتان) لەنێو دەریای پرسیارکردندا سەوڵ لێبدات. (گۆران) لەم سەفەرەیدا لەگەڵ نەنکی کەتان تووشی شۆک دەبێت و بە نیمچە ڕاستەوخۆیی ئەو شۆک بوونە نیشان دراوە. سەرسوڕمان و ئەبڵەقبوونی کارەکتەر بەهۆی بینینی شتە غەریب و سەیر و نامەئلوفەکانەوە، بەڵگەی ئەوپەڕی بێئاگایی کارەکتەرە لە جیهانێک کە ئاساییە بۆ چینی بورژوازی و لەلای کارەکتەرە کەمان و هاوچینانیشی بەهەشتە بە هەموو مانای خولیا و ئارەزووەکان.
    بەم پێیە دەبینین پرسیارەکان بە ڕێڕەوێکدا گوزەر دەکەن کە پێویستیان بە هەندێ ئاسانکاریی هەیە تا بگەنە شوێنی مەبەست. بۆ ئەم مەبەستەش نووسەر هاتووە تەواوی تەکنیکی خستۆتە خزمەت ئەو ئامانجەوە. شێوازی حیکایەتخوان و گێڕانەوەی چیرۆکەکە تا بڵێی سادە و ڕاستەوخۆیە. ئەم جۆرە ڕاستەوخۆییە گەرچی لەلای نوخبەی ڕەخنەگران و نووسەرانی بورژوازییەوە بە ئاریش ناو زەد دەکرێ، بەڵام بەپێچەوانەوە لای من هۆکارێکی دواندن و گفتوگۆی نووسەرە لەگەڵ خەڵکانێک کە تا ئێستاش نامۆی بە ناوەڕۆکی کۆمەڵایەتی بەرهەمەکانی نوخبە. ئەم خاڵە نەک خاڵی لاوازی نییە، بەڵکو خاڵی بە هێزی لێوە هەستانی نووسەرە بەرەو تێکشکاندنی ئاستەنگەکانی نوخبەی بورژوازی و گەڕانەوە بۆ لای هاوچینەکانی. ئەم ستایڵە لە گێڕانەوە ستایڵی ڕیالیزمە. دامەزرێنەرانی ئەم مۆدێلە گرەوی سەرکەوتنیان گەڕانەوە بووە بۆ ئینسان. من سەرنجم داوە ستایڵی چیرۆکنووس جەلال قادر بە بێ گەڕانەوە بۆ ڕەگەز و توخمە تەکنیکییەکانی تری ئەدەبی گێڕانەوە، هەر بەوەندە قایل بووە کە ئامانجەکەی بهێنێتە دی، ئەویش گەیاندنی ناوەڕۆکی کۆمەڵایەتی دەقەکەیەتی بە خوێنەر.
    زمانی چیرۆکەکە سادەیە، بێ پێچ و پەنا و بێ گەمەیە. تا ئەندازەیەک لە زمانی سادەی ڕۆژانەی خەڵکەوە نزیکە. ئەمەش یانی نووسەر لە زمانی ئاسایی نووسین لە هەندێ پەرەگرافدا دوور دەکەوێتەوە و پەنا دەباتە بەر شێوازی ئاخافتنی ڕۆژانە و سەرجادە. ئەم جۆرە شیفت گۆڕینەی زمان هەندێجار پێویستن و زۆرجاریش ئاریشەن. چیرۆکنووس ئەگەر هەوڵ نەدات زمانی نووسینی بباتە ئاستێکی بەرز، ئەوا لە ڕێی دەقەکانییەوە ناتوانێ ئەو چێژەی هەیانە ببەخشێت بە خوێنەر. من ئەوەم لا ڕوونە کە زمانی کارەکتەرەکان هەمان زمانی جێوشوێنی کۆمەڵایەتی و ئابوورییانە. بەڵام ئەوەی من باسی دەکەم خەوشێکە بە نووسینی چیرۆکنووسەوە و پێویستە کاژی لاوازی زمان فڕێ بدات و توانای زمانی نووسینی بەرێتە سەر.
    مەغزای چیرۆکەکە هەر بەراوردکردنێکی سادە نییە لە نێوان دوو دونیای جیاوازدا، لە نێوان ئازارستان و بەهەشت، بەڵکو پەنجەخستنە سەر لایەنە شاراوە و جوانییە پەنهانەکانی جیهانێکە کە بۆ حیکایەتخوان وەکو خەوێک وایە و زوو دەبڕێتەوە. ” لە دڵی خۆمدا وتم : کەواتە لەسەر ئەم زەوییەش خوا بەهەشتێکی داناوە بەس ئێمە تا ئێستا نەماندۆزیوەتەوە.”(٦) حیکایەتخوان (گۆران)ی منداڵ کە هەر چیرۆکنووسیشە دەسەڵاتی هەبێ لەو بەهەشتە نایەتە دەرەوە. بەڵام هەم ناچاری و هەم پێویستی دەری دەکەنە دەرەوە و فڕێی دەدەنەوە جیهانە پڕ لە قوڕ چڵپاوەکەی خۆی کە تاموچێژێکی تایبەتی بۆ منداڵ تێدایە. ئەو تاموچێژەی کە بەشێکە لە کۆی جوانی و یادەوەری گێڕەرەوە.

سەبارەت بە کورتەچیرۆکی ” نەنکم (کەتان)” دەتوانم بە کورتی خوێندنەوەی خۆم بە چەند خاڵ نیشان بدەم “
یەک : ستراکتۆری ئەم چیرۆکە لەسەر پرسیارکردن وەستاوە. پرسیار بۆتە پردی گەیشتن بە مەبەست. لەڕێی پرسیارکردنەوە پرۆسەی گەڕان بەدوای زانین و زانیاری و تەقەللای بەدەستهێنانی نهێنییەکانی ژیان دەست پێدەکات. ئەم چیرۆکە هەوڵدانێکە بۆ نیشاندانی جیاوازی چینایەتی کۆمەڵگەی چینایەتی کوردستان و پەنجە خستنە سەر خەون و خولیای مرۆڤە بۆ ژیانێکی باشتر و جوانتر.
دوو ” زمانی چیرۆکەکە سادە و ڕەوان و بێ پێچ و گەمەیە. جگە لەو ئاخاوتنە ڕۆژانەییەی (گۆران)ی منداڵ کە دواتر دەبێتە چیرۆکنووس و نەتوانینی تێپەڕاندنی ئەو شێوە ئاخاوتنە لە نووسینی دەقدا. نووسەر وابەستەیە بە نووسینی ستاندارد، بەڵام لەزۆر جێگادا لە زمانی کارەکتەرەکانەوە ئەو وابەستەیە فەرامۆش دەکات و پەنا دەباتەوە بۆ شێوە ئاخاوتنی ڕۆژانەیی یان بازاڕی کە هەندێجار پێویستن و هەندێجاری تریش پێویست نین و دەبنە بار و خاڵی لاواز بەسەر زمانی نووسین.

سێ ” بەدەستەوە گرتنی ستایڵی گێڕانەوەی ڕاستەوخۆ پەلکێشکردنی خوێنەر بۆ جیهانی چێژ، گرەنتی دەستڕەنگینی نووسەر نیشان دەدات لە گەیاندنی ناوەڕۆکی کۆمەڵایەتی دەق. ئەمە جگە لە هەڵبژاردنی گونجاو و دەستبردن بۆ مەتریاڵاکانی ڕازاندنەوەی چنینی دەق و بە ڕوون نیشاندانی مەبەستی کۆمەڵایەتی دەق.

چوار : ئینتمای دەق ناکەوێتە دەرەوەی ئینتمای ئایدیۆلۆژیا و هەرچەندە نووسەر ناچار نییە و نەبووە خۆی بە ئایدیۆلۆژییەک ببەستێتەوە. بەڵام تا ئەو جێگەیەی کە خزمەت بە ئینسان دەکات، لەڕێگەی ئاماژەوە دەیتوانی هەندێ ڕۆشنایی بخستایە سەر پەیوەندی ڕێڕەوی بەرەوپێشچوونی ڕووداوەکان. بەڵام کۆتایی هاتنی چیرۆکەکە خۆی وەڵامی یەکێک لە پرسیارە میژوویییە گرنگەکانە.

پێنج : ئامڕازەکانی ڕەخنە و ڕەتکردنەوە لەم چیرۆکەدا بوونیان نییە. بەمەش زیاتر وەکو فۆتۆگرافەرێک کاری کردووە نەک زمانی ئاماژە بکاتە ئەلتەرناتیڤ. مۆتیڤی جووڵەی ڕێڕەوی ڕووداوەکان لەم چیرۆکەدا بە جۆرێکە نووسەر سەربەستی داوەتە کارەکتەرەکان و نەیویستووە کێشیان بکاتە نێو بەرپرسیارێتییەوە. بە بۆچوونی من ئەمە هێڵی جیاکەرەوەی دەق و نووسەرە لە دونیای واقیع. یان بە وشەیەکی تر ئەمە شوێنی ونبوونی ئایدێندتی دەق و نووسەرە.
شەش : ماهییەتی پرسیارەکان کە چنینی ڕووداوەکانی لەسەر بەندە ڕەگەزی نێرینەییان هەیە و بە ترس و شەرم دەورە دراون و لە نەستەوە هەڵدەقووڵێن و ئامانجیش دەستڕاگەیشتنە بە زانین و نهێنییە نەزانراوەکان. ئەمەش دەرخەری باری کۆمەڵایەتی و سایکۆلۆژی و هەروەها چینایەتی کارەکتەرە.

دواجار چیرۆکی (نەنکم کەتان) ی جەلال قادر دەکرێ لەچەند لایەن لێی بکۆڵدرێتەوە و لە چەند گۆشەنیگای جیاوازەوە تەماشا بکرێت. دەشێ ڕەخنەگرێک تەنها ناوەڕۆک بخوێنێتەوە و کەسێکی تر تەکنیک هەڵسەنگینێ یان زمانی چیرۆکەکە بداتە بەر باس و لێکۆڵینەوە. من تەنها پرسیارم هەڵبژرادووە و لایەنەکانی پرسیارکردن و ماهییەتی پرسیارەکانم خوێندۆتەوە. نووسەر لەڕێگەی ئەم چیرۆکەوە ئەوەمان پێدەڵێ کە کۆمەڵگە دوو چینە و شێوازی ژیانی ئەم دوو چینە جیاوازن. کەمینەیەک لە خۆشگوزەرانی دەژێت و زۆرینەی خەڵکیش لە ژیانێکی فەلاکەتبار و مەینەتباردا دەژین. حەز و خولیای خەڵک ئەوەیە ئەو خۆشگوزەرانییەیان بۆ دەستەبەر بکرێ بەڵام نە ئاماژەی پێ دەکا و نە پێمان دەڵێ چۆن؟

حوزەیرانی ٢٠١٧

سەرچاوە و پەراوێزەکان :
١-پشیلەکەی بریژێت جەلال قادر کۆچیرۆک چاپی یەکەم چاپخانەی کارۆ ٢٠١٧ لاپەڕە ٥٦ تا ٦٩.
٢- پشیلەکەی بریژێت جەلال قادر کۆچیرۆک چاپی یەکەم چاپخانەی کارۆ ٢٠١٧ لاپەڕە ٥٦ تا ٦٩.
٣ -هەمان سەرچاوەی پێشوو لاپەڕە
٤-هەمان سەرچاوەی پێشوو لاپەڕە
٥-هەمان سەرچاوەی پێشوو لاپەڕە
٦-هەمان سەرچاوەی پێشوو لاپەڕە

تێبینی : ئەم بابەتە لە گۆڤاری هانا ژمارە ٤ی ساڵی ٢٠١٩ بڵاو بۆتەوە.




چەند دێڕێک سەبارەت بە (ڕۆمانی بەفر)ی ئورهان پاموک… راستی بەهادین

ناوی كتێب: به‌فر
نووسه‌ر: ئورهان پاموک
خه‌ڵاتی نۆبێل, ساڵی 2006

“به‌فر” ڕۆمانێكی سیاسییه، په‌نجه‌ره‌یه‌كه ئورهان پاموک نووسه‌ری كتێبه‌كه به‌ڕووی ئێمه‌ی خوێنه‌ر ده‌یكاته‌وه و هه‌ڵده‌دا توركیه‌ی ئه‌مڕۆمان نیشان بدات. ڕۆمانه‌كه باسی گه‌ڕانه‌وه‌ی كا، شاعیرێكی نیشته‌جێی هه‌نده‌رانه كه دوای دوانزده ساڵ دووری سه‌ردانی وڵات ده‌كات. كا، دوای مردنی دایكی و بۆ دیتنه‌وه‌ی شاری سه‌رده‌می منداڵیی سه‌فه‌رده‌كات كه‌چی به پێشنیاری هاوڕێیه‌كی ڕۆژنامه‌وانی و بۆ نووسین له سه‌ر هۆی خۆكوشتنی كچه گه‌نجه‌كان له شارۆچكه‌یه‌كی سه‌رسنوور سه‌فه‌رێكی تری تووش ده‌بێت كه سێ چوار ڕۆژ ده‌خایێنێت و ناوه‌ڕۆكی ڕۆمانه‌كه‌‌شه.

ئورهان پاموک له “به‌فر”دا هه‌نگاو به هه‌نگاو ده‌چێته پێش و بێ ئه‌وه‌ی پشتگری له لایانێک بكات ڕه‌خنه له تورک و كورد و موسلمان و مه‌سیحی و كۆمۆنیست و سوسیالیسته‌كان ده‌گرێت و زۆر به وردی لایانه ناله‌باره‌كانی هه‌موو دینه‌كان و سیاسه‌تی هه‌موو حیزب و گروپه سیاسییه‌كان زه‌ق ده‌كاته‌وه. پاموک وێنه‌یه‌ک له “بێ سه‌روبه‌ری سیاسی” ده‌دا به خوێنه‌ر و كه‌مێک دره‌نگ به‌‌ڵام به ڕوونی ده‌رده‌كه‌وێت كه باس ته‌نیا له سه‌ر “باوه‌ڕ و بێ باوه‌ڕی” به خوا نییه كه مه‌به‌ستی نووسه‌ره‌. لێره توركیه‌ی موسلمان و توركیه مۆدرێن ڕووبه‌روو ده‌بنه‌وه. شه‌ڕ بۆ پاراستنی داب و نه‌ریته‌ كۆنه‌كان له لایه‌ک و داسه‌پاندنی “مۆدرنیێتت” به خوێندنه‌وه‌ و تێگه‌یشتنی ده‌سه‌ڵاتداره‌كانه‌وه له لایه‌ک. ئورهان پاموک هه‌وڵ نادا وڵامی هیچ پرسیارێک بداته‌وه به‌ڵام زۆر پرسیار ده‌خاته‌(وه) ڕوو له وان: مافی ژن له وڵاتێكی سێكولار، مافی ژن له حكومه‌تێكی ئیسلامیدا، یان بوونی مافی هه‌ڵبژاردنی جۆری جل و به‌رگ و شێوه‌ی ژیان بۆ ژن له هه‌ركام له‌م سیستمه حكومه‌تییانه‌دا. نووسه‌ر لێره و له‌وێ باسی هۆمۆسێكسوالیێت، جێنوسایدی ئه‌‌رمه‌نییه‌كان، بێ سه‌روشوێن چوون و پێشێڵ كردنی مافی كوردان و … ده‌کات. به كورتی “به‌فر” وێنه‌یه‌كی بچووکی توركیه‌یه و گێرانه‌وه‌یه‌ک له شه‌ڕی ده‌سه‌ڵاته له نێوان هێزه چه‌كداره‌كانی وڵات ده‌گه‌ڵ كورده ناسیونالیسته‌كان، توركه سێكولاره‌كان و ئیسلامیسته‌كان و وێنه‌یه‌كی به هێزه له‌وه‌ی ئه‌و شه‌ڕه چۆن داوێنی خه‌ڵكی ئاسایی به گشتی و ژنان به تایبه‌تی ده‌گرێته‌وه.




پیاوێک لە تاریکییەوە بۆ تاریکیی… نەوزاد بەندی

غەریبیەک لە ناخمدا
ئەهات و ئەچوو ..
بە بێ کەس ..
وەک شارێکی بێ ناونیشان
یان کەشتیەکی
بێ ئەدرەس ..

ئەهاتم ..ئەچووم ..
ئەمپرسی :
لە کوێیە شاری ڕوناکیی ؟
هیچ وەڵامێکم
دەس نەکەوت ،
مامەوە
بە تەنیا و تاکیی ..

ئەمویست
لەلای هەموو کەسێ
باسی ئەو پیرەژنە بکەم ،
به منداڵیی ،
ڕوناکی چاوەکانمی
کوژاندەوە ..
ئەو تاوانبارەی نایناسم ،
کە بەناوی دەرمانەوە ،
دانوستانی
من و بینینی
بۆ ئەبەد
دابڕی و هەڵوەشانەوە

شەقام بۆ هیچ کوێی
نەبردم ..
لە نادیارەوە
بۆ نادیار ..
هەرچەند بوو بووم
بە هاودەمی
دەستی بچووکی کچەکەم و
شەقامە ماتەکانی
شار ..

دواجار چاویلکەیەکی
ڕەش ،
بێ کەس و تەنیا مایەوە ..
دوا جار دەستێکی
کچەکەم ،
ئازاد بوو ..
کە هەموو عەسرێ
لە سلێمانی
لەگەڵما ئەخولایەوە ..

ئەگەڕام ..
بۆ شیعرێکی نوێ ..
بۆ ئاوازێ ..
بۆ دەنگێ لە ناخما بڕوێ ..
کەس
نەبوو
چاوەڕوانی بم ..

(من غەرییییییبم
من غەرییییریبم
من غەرییییییبم
من غەریب ..
عاشق و
دڵ بریندار و
بێ تەبیب )

٭ دێڕەکانی ناو دوو کەوانەکە ، گۆرانییەکی هونەرمەندی کۆچکردوو : سابیر کوردستانیە




شیعر/ گڕگانی هەورە یاخیەکان … کاوە عوسمان عومەر

نەتتوانی…
باڵە گڕینەکانی هەور..
لە ئامێز گری،،
بۆیە وازت لە نوسینی..
شیعرە یاخیەکان،،
لە جوانی ئاوێنەی…
ڕۆحی ئەو هێنا،،،
کوا باڵەکانی تۆ..
وا دروست کراون،،
لە کورەی گڕپرژەی…
ئاسمانا نەسوتێن ؟،،
…………
کاتێک ویستت بڕۆیت،،،
ویستم لە ژیر بارانی،،
وەرزێکی وەیشووما،،
مۆمەکانت بۆ داگیرسێنم،،
گرفتی من،،،
تەنها دەریایە،،
لە زمانی ڕۆشتنی تۆ تێدەگا،،
دەشزانم هەموو مرۆڤەکان،،
مەلی باڵکراون،،،
دەست و قاچیان،،
بە ماشینەکانەوە بەستراون،،،
تونێلێکە ،،
بێ تروسکەی دەرجوون،،،
سەفەر بەرەو مەنفا،،
گەر وازیشت لە خوێندنەوەی…
شیعری سەر باڵی..
نەورەسەکانم هێنا،،
باش بزانە،،
ڕوخساری قەشەنگیشت،،
پەڕە نەنوسراوەکانی شیعری منە،،،
برینی ئەو گوڵانەش،،
لێویان خوێن و گریان و وشەی نەوتراوە،،
بانگم دەکات بۆ گەڕانەوە،،
بۆ شارێک لە خەوو خەیاڵی…
ئێمەی کۆچەرا،،
قەتیس ماوە،،،
بەڵام هەرگیزا و هەرگیز،،
لە گەشتێک،،،
بەرەو دۆزەخێکی خۆش،،
پشت دەریا زومردەکانی…
تەنیایی پەشیمان نیم،،،
هەرگیز لە چاوەڕوانی..
سۆناتای بوونی تۆش بێزار نیم،،،
ئای لە گڕکانی ئاسمانی سەر کەنار ،،،
چەند حەز ئەکەم خۆمی تیا بشۆم،،،
ئەی هەورە گڕینەکان،،،
هاوڕۆحم بە،،،
لەم تەقینەوەی دڵە بێ ئۆقرەیە،،
تەنها گرفتم ،،،
هەڵگرتنی دارستان و ڕوبار و چەم …
و بێستان و مێرگ و کێو و دەشت و چیایە ،،،
لە پریسکەی سەفەرما،،،
گەر نەشگەیشتینە…
شارە سیحریەکانی عێشقیش،،،
چاوە کزەکانی ئەستێرەت…
بۆ دائەگیرسێنم ،،،
بەڵام ئەسپە سپیەکانی کات ،،،
بەلامانا تێپەڕین و..
ئێمەش هەر لە کاروانێکی وونا،،
ڕێمان گرتوە،،،
هەر تێناگەم بۆچی دەبێت،،،
تۆ لە فرمێسکی منا بییت،،
منیش لە فرمێێسکی تۆدا.

………………………………………………………………………………………………………

وێنەکە کارێکی هونەری فۆتۆگرافەر >
)Johannes Plenio (
بە سوپاسەوە لە پەیجی فەرمی خۆی وەرگیراوە.




بـووکە سەمـاکەرە (داوه‌ڵ) .. رەزا شـوان

لە کۆنەوە تا ئەمڕۆ پەیوەندی نێوان مرۆڤ باڵندەکان، لە نێوان شەڕ و ئاشتیدا جیاوازی هەیە، مرۆڤ حەزدەکا خۆی لە باڵندە دەنگخۆش و رووخـسار جـوان و پەڕ رەنگینەکان نزیک بکاتەوە، گوێ لە دەنگی خۆشیان بگـرێ و بە بینینیان دڵخۆش و چاومەست ببێ. وەکو: کەو، بولبول، کەناری، چۆلەکە، تووتی، تاوس، کەڵەشێر، قەتی، قوڵنگ،… هتد. هۆنراوەنووسان و چیرۆکنووسان بە سەدان هۆنراوەیان بەسەر جوانی و دەنگخۆشی و پەڕ رەنگینی و فڕینی ئەو باڵندانەدا هەڵداون، یا کردوویانن بە پاڵەوانی سەدان چیرۆکی خەیـاڵی بـۆ منـداڵان.. یا بەسەر ئازایـەتی و بـەرزی فـڕینیان، هـۆنـراوەیان هـەڵـداوە و کردوویانن بە پاڵەوانی چـیرۆکی خۆش بۆ منـداڵان، لەوانەش: هەڵـۆ و بـاز و شەهـێن. هەشیانە مـرۆڤ لە کاتی تۆوکـردن و بەرگـرتنی بـاخ و بێـستانـدا، خۆشیی پێـیان نایات، لەوانەش: قەلـەڕەش و کونـدەپـەپوو، کـۆلارە، ریشـۆڵە، داڵ.
مرۆڤ گەلێ باڵندەش بەخـێو دەکات لە پێناوی گۆشتەکەی و هـێلکەکەی و پەڕەکەشی، لەوانەش: مـریشـک، کەڵەشـێر، عـەلەشیش، قـاز، مـراوی، وشـترمل.
هەشیانە لە کاتی تـۆوکردنی دانەوێـڵە و بەروبووم و پێگەیشتنی بەری باخ و بێستان و رەزدا، زیـان بە جووتیـارەکان دەگەیەنن تـۆو و بەروبـوومی کشتوکـاڵەکانیان دەخـۆن، لەوانەش: قەلەڕەش و ریشـۆڵە و چۆلەکە.. بێجگە لە باڵندەش کوللـە زیانێکی زۆر بە دانـەوێڵـە و بەروبـوومی بـاخ و بێـستان دەگەیـەنێـت.
جووتیارانی بەرچاوتـێر و باڵندەدۆست، باڵندەکـان بە هاوباشیان دەزانـن، کە مافـیان بە زەوییەوە هەیە. لە کوردستان دا، جووتیارانمان بەرچـاوتەنگ و قـرچۆک نین، لە کاتی تۆوکـردنی دانەوێـڵەدا، بـڕێکی زیـادەش دەڕژێـنە سەر زەوی و دەڵـێن: ئەمەش بەشی باڵندەکـانە.. کە گـوزارشتە لە خۆشەویستییان بۆ باڵنـدەکان.
لە هـۆنراوەیەکی زۆر کۆنـدا، کە دەگەڕێتەوە بۆ چـاخی باوباپیرانمان، جووتیارەکان لە کاتی تۆوکردنی گەنـم و جـۆدا، بە گـۆرانی و بە زەردەخـەنە و رووخۆشییەوە، دەڵـێن:
چنگـێک بۆ کرمەکـان.. چـنگێ بۆ قەلەڕەشەکـان.. چـنگێ بۆ ریشۆڵە چۆلەکەکان، سێ چـنگـیش بـۆ شـین بـوون.
چـەکی مرۆڤـیش لە شەڕی دژ بە باڵـندەکان، چەکـێکی کوشندە نییە و هیچ ئەزێتێک بە باڵندەکان ناگەیەنێ، تەنیا بۆ ترسانـدن و دوورخستنەوەیانە، لە بـاخ و بێستان و رەز و مەرەزەی برنـج و گێڵگەکانیانە، واتا شەڕێکی بە قەستییە. ئەو چەکـەی کە مرۆڤ لە دژی باڵندەکان بەکـاری دەهـێنێت، بە کوردی پێی دەڵـێن (بـووکە سەمـاکەرە).
لە زمـانی کوردیـدا، ئەم وشانە هـاومانن (بـووكه‌ سه‌مـاكه‌ره‌، داوەڵ، داهـۆڵ، بـووکە تـرسێـنەر) لە زمانی ئینگـلیزی پێی دەڵێن (سـكـارۆ) لە زمانی عەرەبیش (الفـزاعـة).
بـووکە سەمـاکەرە چیـیە و لە چی دروست دەکـرێ؟
شێوە کلاسیکییەکەی بووکە سەماکەرە، کە تا ئەمڕۆش بەکاردەهێنرێ، بە تایبەتیش لە لادێیەکانی کوردستان دا بریتییە لە بووکەڵەیەکی باڵابەرز لە شێوەی بەژنی مرۆڤ دایە، کە لە دار، یا لە قامیش، یا چـیلکە و پـووش ق قەسەڵ، قەوارەکەی دروست دەکـرێت و لە شێوەی دەموچاوی مرۆڤیش دەموچاوی دەنەخشێنن. بە زۆری لە دوو دار لە شێوەی (خـاچ) بە یەکەوە دەبەسترێن، سەرێکی دارە درێـژەکە لە زەوی دەچەقـێنرێ، دارەکەی تر، کە لە شـێوەی باڵ کـراوەی مـرۆڤ دایـە. کراسـێکی کـۆنی رەنگـاوڕەنـگی کچـانەی لەبەردەکەن و بە پـەڕۆ و پـاڵ دەیـڕازێننەوە. دەسـماڵـێکی تەنکـیشی لەکـۆڵ دەکـەن، لە نـاوەڕاستی بـاخ و بێـستان و رەز و مـەرزە و کێـڵگـەدا دایـدەنـێن، لـە دوورەوە وەکـو شـێوەی کچـێکی باڵابـەرز دیـارە. کە بـا لـێی دەدا، دەکـەوێتە جـووڵە و دەسـماڵـەکەی و جلەکـانی دەشەکێنێتەوە، بە شێوەیەکیش دایـدەنێن کە بە هـەموو لایەکـدا بسـووڕێتەوە. کە باڵندەکـان دەیبـینن وا هـەست دەکـەن کە مـرۆڤـێکی راستیـیە، بـۆیـە لـێی دەتـرسن و دووردەکـەونەوە. بـەڵام قـەلـەڕەش و چـۆلەکـەکان زیـرەک و وریـان، زۆری پێـناچـێت، تێدەگەن کە بـووکە سەماکەرە، بووکێکی راستی نییە و قەستینەیە، ترسیان لێی دەشکێ و لەسەر سەری و باڵەکانی بووکە سەماکەرەکەدا دەنیشنەوە. مەرجێکی قورخکراویش نییە، کە بـووکە سەمـاکەرە، هـەر لە شـێوەی مێـینەدا بێت، دەشـێش لە شـێوەی کـوڕدا دروست بکـرێت و بە جلوبـەرگی کوردی کـوڕانە بـڕازێنرێتەوە.. شایەنی باسیشە هـەر نەتـەوەیـەک شـێوەی جـیاوازی بـووکە سەمـاکەرەی تایبـەت بـە خۆیـان هەیـە، کە بە جلوبـەرگی نەتەوایـەتی تایبەتی خۆیـان، بـووکە سەمـاکەرەکانیـان دەڕازێنـنەوە.
لە ئەمڕۆدا، بـووکە سەمـاکەرە، بووە بە هـێمایەکی گـرنگی کولتووری گەلێ لە گـەلان. لە بەشێکی زۆری وڵاتـان دا، ساڵانە لەژێـر ناوی (بـووکە سەماکەرە) دا، جـوانتریـن و خۆشترین کەڕنەڤـاڵی خـۆشی و شادی سازدەکەن و چەنـدین جـۆری جـوان و رازاوەی بـووکە سەماکەرە پێشاندەدەن. بووە بە بەشێک لە کولتوور و داب و نەریتیان. ئەوەش بە بیردێنـنەوە، کە مـرۆڤ ئازاری باڵندەکان نادات، بەڵکو تەنیا بۆ دوورخستنەوەیان لە بەرهـەمە کشتوکاڵیـیەکانیان بـووکە سەمـاکەرە بەکـاردەهـێنن.
مـێژووی دروستکـردنی بـووکە سەمـاکەرە:
دەڵـێن، بۆ یەکەمـین جار لە مێـژوودا، فەرعەونییەکان “میسرییە کۆنەکـان” چەند سەد ساڵێک لە پێش زاینیدا، بووکە سەماکەرەیان داهێنا. بەڵام من پێموایە کە گەلئ کوردمان یەکەمین گەلە لە جیهـانـدا کە بۆ یەکەمین جار، بـووکە سەماکەرەیان داهـێناوە. چونکە یەکەمین دێی کشتوکاڵی لە جیهانـدا کـورد دروستی کرد کە دێی (چه‌رمو)ە، کە دەکەوێتە باکـووری شاری (چەمچـەماڵ ) لە باشـووری کوردستان، کە تا ئەمـڕۆش شـوێنەواری ئەم دێیـە کوێـرەوە نەبـووە. مێـژووەکەشی بـۆ نـزیکەی دە هـەزار سـاڵ بـەر لە ئەمڕۆ دەگەڕێتەوە. دوور نییە کە بـۆ پاسکـردنی گەنـم و جۆیەکـانیان لە مەل و باڵنـدە، بووکە سەماکەریان داهـێناوە و بەکـاریان هـێناون. کە لە دار و قامیش و گەڵای دار دروستیان کردووبێ و پێـستی ئاژەڵـیان لەبـەر کـردووبێ.
گریکەکـانيش”یـۆنانیـیە کۆنـەکـان” لە داری ئەسـتوور، لـە شـێوەی پەیـکەری مـرۆڤی ئەفـسانەیی (پـریـاپـۆس) یان دروست کـردووە، کە بە شـێوەیەکی ناشیرین و بە رەنـگی سـوور بۆیـەیان دەکـرد، تێڵایـەکی داریشـیان بە دەستیـیەوە دەگـرت، تا زیاتـر باڵـندەکان لـێی بتـرس و لە کێڵگە و باخ و بێستانەکان دووربکـەونەوە.
ژاپۆنییەکانیش، بـووکە سەماکەریان بـۆ پاسکردنی مەرەزەکانی برنـج دروست کـرد، کە بـریتیـبوو لە راژەیـەکی دار یا لە قـامیشێکی درێـژ، کە لە نـاوەڕاستی مەرەزەی بـرنجـدا دەیانجەقـانـدن، بـە قـەدی راژەکـان و قـامیشەکانـدا، لاشـەی ئـاژەڵی تـۆپیـوی بـۆگـەن یا ماسی بـۆگەنکـردوویان هەڵـدەواسی، کە بـۆن بـۆگەنییەکی زۆریان لـێوە دەهـات، لەبەر بۆنی ناخۆشی بۆگەنی ئەو لاشانە، باڵندەکان لە مەرزەکان دوور دەکەوتنەوە. بە بـووکە سەماکەرەشیان دەوت ” کـاکـاشی” کە واتـاکەی بە ژاپـۆنی “بـۆن بۆگـەن” دەگـەیەنێت. بەڵام لە دوای سەردەمـانێک، لە شێوەی مـرۆڤ، لە دار و پـووش بـووکە سەماکەرەیان دروستکـرد و شەپـقـەیان لەسـەری دەکـرد، هـەر هەمـان نـاوی پێـشوویـان پێی دەوت، بـەڵام بـۆنی بـۆگەنیـیان لێـوە نەدەهـات.
جووتیارانی ئەوروپـاش، لە سەردەمەکانی ناوەڕاست دا، کە هێشتا فـێری دروستکردنی بـووکە سەماکەرە نەببوون. بۆ پاسکـردنی بـاخ و بێستان و کێڵگەکانیان، لە باڵـندەکان، منـداڵانیان بە کرێ دەگرتن، هەر منداڵێک تـوورەکەیەک بەردی لە مـل دەکرد، بە نـاو و بە قەراغی کێڵگەکاندا دەسووڕانەوە، هاواریان دەکرد و کشەیان دەکرد، هەر باڵندەیەک نزیک بوایەتەوە، بۆ دەرکردن و دوورخستنەوەی، بەردیان تێی دەگرت و دەیان ترساند.
بەو منـداڵە پاسکەرانەیـان دەوت” تـرسێـنەرانی باڵـندە”
لە ساڵی (١٣٤٨) دا، کە پەتـای رشانەوە لە ئەوروپـادا بڵاوبـۆوە، ژمارەیـەکی زۆر لە منـداڵان بەو پەتایە مردن. ژمارەیەکی زۆر کەم لە “ترسێنەرانی باڵندە” رزگاریان بوو.
بۆیە جووتیارانی ئەوروپا، بیریان لە ئەڵتەرناتیڤێکی تر کردەوە بۆ پاسکـردنی کێڵگە و باخ و بێستانەکانیان. بووکە سەماکەریان دروستکرد، کە بریتی بوو لە جەواڵێک پڕیان لە پووش و قەسەڵ دەکـرد، و سەر و دەموچاوێکـیشیان لە شێوەی دەموچـاوی مرۆڤ پێوە قایمدەکرد و دەیان نەخـشانـد، لە ناوەڕاستی کێڵگەکانیان قـایمیان دەکرد، تا تـرس بخـەنە دەروونی باڵنـدەکـانەوە.
دانیشتوانی رەسەنی باکووری ئەمریکا، ئەوانیش فێری دروستکردنی بووکە سەماکەرە نەببـوون، بۆ پاسکردنی کێڵگە کشتوکاڵییەکانیان، پیاوێکی بە تەمەنیان بە کرێ دەگرت و لەسەر سەکـۆیـەکی بـەرزی ناوەڕاست کـێڵگەکەدا دەوەسـتا، دارێـکی درێـژیشی بە دەستەوە دەگرت، کە لە شێوەی ئاڵادا، پەڕۆی رەنگاوڕەنگی پێوە بەستبوو. هەر مەل و باڵندەیەکی بدیبایە کە لە کێڵگەکە نزیک بۆتەوە، هاواری دەکرد و دەیقـیژان و دارەکەی رادەوەشانـد و باڵـندەکەی دەتـرسانـد و دووری دەخـستەوە.
ئـەو ئەوروپاییـانەش، کە کـۆچـیان بۆ ئەمریکای باکـوور کرد و لـێی نیشـتەجێ بـوون، ئەوانیش هەر وەکو خەڵکی رەسەنی ئەمـریکا، نەیانـدەزانی بـووکە سەماکەرە دروست بکەن. ئەوانیش بە خـێزانی و بە نـۆرە، پاسی بـاخ و بێـستان و کـێڵگە تۆوکـراوەکانیان دەکرد. بەڵام هەندێ لەو ئەوروپاییانەی لە دواییدا کۆچیان بۆ ئەمریکا کرد، بە تایبەتیش ئەڵمانییەکـان، بیـرۆکەی دروستکـردنی بـووکە سەمـاکەریان لە ئەمـریکـای باکـووردا بڵاوکردەوە. کە بە دوو دار لە شـێوەی خاچـدا، کراسی کـۆن و پەڕۆیـان لەبەردەکـرد و ملپێچێکی تەنکی درێژیان لە مل دەکرد، دوو فەقـیانە یا هەموچکی تەنکی درێژیشیان لە قـۆڵ دەکردن، کە با لێیانی دەدا دەشەکانەوە. بۆ ترسانـدن و دوورخستنەوەی باڵنداکـان. بەم بـووکە سەمـاکەرەیـان دەوت (بـۆتسامـون) یا (بـۆگـیمان) زۆر جـاریش لە شـێوەی خـێزانێک درووستیان دەکـرد، ژن و پیـاوێک و منـداڵـێک لە نێوانیانـدا.. زۆربـەی ئەم داهـێنانـەش هـەر بـۆ پاسکـردن و ترسانـدنی باڵـندەکـان نەبـوون، بەڵکو بـۆ جـوانی و بۆ خۆشی دروستـیان دەکـردن و دایــان دەنـان.
چـینییەکان لە ساڵی (١٩٥٨) دا لە سەردەمی شۆڕشی رۆشنبیری (ماوی) دا، شەڕێکی سەرتاسەریان لە دژی باڵندەی چـۆلەکە راگەیاند. وا لێکیان دایەوە کە هەر چۆلەکەیەک لە ماوەی ساڵێکدا، چوار کیلۆ گەنم و برج دەخوا، لە هەمان کاتدا، ژمارەی دانیشتووانی چـین لە زیادبوونـدا بوون. کە پێویستییەکی زیاتـریان بە خواردنی دانەوێڵە هەبـوو. ئەو دروشمەیان راگەیاند “نا بۆ بەشداریکردنی چۆلەکە و جرج و مشک لە خواردنەکانیان”
لەم شەڕەشدا، کریکاران و جووتیاران و قوتابیان بەشداریان کرد، هەریەکەش رۆڵێکی تایبەتییان پێ سپاردبـوون. هەموویان رژانـە سەر شەقـامەکـان و لە مەنجـەڵ و قـاپ و تەنەکەیـان دەدا و ئـاڵای سووریان بەرزدەکـردەوە و دەیـان شەکانـدەوە، بۆ ترسانـدن و دەرپەڕاندنی چۆلەکەکان لە هێلانەکانیان. لە ئەنجامی ئەم شەڕەدا زیاتر لە (١٠) ملیۆن چۆلەکە لە چـین تاران. بەڵام ئەم جەنـگە زوو کۆتایی هات.. کاتێک کە زاناکـانی چـین، لـە دوای هـەڵـدڕیـن و پشکـنیـنی سـکی چەنـد چـۆلـەکە و باڵـندەیـەک و چەنـد جـرج و مشکێک بۆیـان دەرکـەوت، (دوو لە سـێی) ئەو شتانەی وەکو خـۆراک لەنـاو سکـیانـدا بـوون، بریتیبوون لە مـێروو و کرم و گیانەوەری زیانگەیەنەر بە گەنم و جـۆ و برنج و بەرهەمە کشتوکـاڵییەکان، تەنیا (یەک لە سێی ) ئەو خواردنانەی لەناو سکـیانـدا بوون، بریتیـبوون لـەو خـواردنـانەی کە مـرۆڤ دەیخـواردن.
چـینییەکان باجـێکی زۆری ئەم هەڵەیەیـان دایـەوە، ناچاربوون بۆ لە ناوبردنی مـێروو و کرم و جانەوەری زیانبەخش لە ناو باخ و کێڵگەکانیاندا، بە دوای ئەڵتەرناتیڤێکی دیکەدا بگەڕێـن، بـۆ پاراستنی کـێڵگەکانیان، ئەوەبـوو لەنـاوبەری کـیمیاوییان بـۆ لەنـاوبـردنی ئەو کرم و مـێرووە زیانبەخشانە بەکارهـێنا. كە چەندین مليۆن دۆلار لەسەریـان کەوت.
سەرەڕای داهێنانی بووکە سەماکەرەی ئەلیکترۆنی تازە و بەکارهێنانی ماددەی کیمیاوی لەنـاوبەر. بەڵام تا ئەمـڕۆش بـووکە سەمـاکەرەی کلاسیکی بەکاردەهـێنرێ و خانەنشین نەکراوە.. بـووکە سەماکەرە بـووە بە هـێمای کەلەپووری یا گواستنەوەی داب و نەریتی جـووتیاران و باخـەوانان و رەزەوانان کە وەکو کۆتـەڵـێکی جـوان لە ناو کـێڵـگە و بـاخ و بێـستان و باخچەکـانـدا، دایـان دەنێـن. ـ
ئامانج هەرچـییەک بێت لە دروستکردن و دانانی بووکە سەماکەرە، لە راستیدا مەبەست تەنیا دوورخستنەوەی قەلـەڕەش و باڵندەکان نیـیە، بەڵکو بووکە سەماکەرەکان جـوان و رەنگاوڕەنگـن، خۆشی و شادی بە مرۆڤ دەبەخـشن، چونکە هەر زوو قەلەڕەشەکان و چۆلەکەکان بۆیان دەردەکەوێت، کە بووکە سەماکەرە، مرۆڤی راستی نییە و پەیکەرێکی دروستکراوە، ترسیان لێی نامێنێ و دەچـن لەسەر سەری و شان و باڵەکانیدا دەنیشنەوە و دەنـووکی لـێدەدەن و گاڵتەیـان پێی دێ.
ئەمریکییەکان بە هۆی بووکە سەماکەرەوە ژمارەیەکی زۆری قەلەڕەشەکانیان پاراست. چـونکە لـە نـاوەڕاستی نیـوەی سـەدەی نـۆزدەیەمیـندا، جـووتیارەکـان بـە تـاران و بـە کەمبـوونەوەی قەلەڕەشەکـان، سزای خۆیـان وەرگرت. بەروبـوومە کشتووکاڵییەکـانیان. کەوتنە ژێـر هەڕەشەی خـواردن لە لایـەن کـرم و مێـرووە زیانبەخـشەکـانەوە، زیاتـر لە هەڕەشەی باڵندەکـان. بۆیە وازیـان لە دوورخستنەوەی باڵندەکان هـێنا. بۆ ئەوەی کرم و مێـرووەکان بخـۆن. تەنیا لە ماوەیـەی پێگەییـنی بەروبـوومەکـانیان پـاسی کێڵگەکـانیـان دەکەن. لە راستیشدا قـەلەرەشەکـان زیـانـێکی ئەوتۆیـان نییە. چۆلەکەکانیش لە کۆنەوە تا ئەمڕۆ نزیکترین باڵدەن لە مرۆڤەوە. مرۆڤ لە هەرکوێ بێ چۆلەکەش لەوێ هەیە.
بووکە سەماکەرەی ئەلیکـترۆنی:
بـووکە سەماکەرەی ئەلیکترۆنی، لە شـێوەی دەزگایەکی قـەوارە گەورە دایە. لە شێوەی رادار دەچێت. بۆ دوورخستنەوەی باڵندەکان، لە سەر زەوی لە ناوەراست باخ و بێستان و رەز و کـێڵگە و باخچـە و شوێنە گەشتیارەکـاندا دادەنـرێت، نزیکەی مەتـر و نیـوێکی دووجا شـوێن دەگرێت.. ئەم دەزگایە پشت بە (لێـزەری تیشک سەوز) دەبەستێت، کە لە رەنگی گیا و گەڵا سەوزەکان دەچێت، باڵندەکان بە روونی لێکی ناکەنەوە. هەرکە مەل و باڵندە و چەقەڵ و رێـوی و بەراز و گیانلـەبەرێکی تر، گەر لە کێڵگەکـان نزیک ببـنەوە، تیـشکە سەوزەکە دوایـان دەکەوێ و بێـزار و ناچـاریان دەکات و لە کـێڵگەکە دووریان دەخاتەوە.. ئەمانـەش جـیاوازییەکانی بـووکە سەمـاکەرەی ئەلـیکـترۆنـی یە:
١ـ هـیچ زیانێک بە باڵنـدەکان ناگەیەنێـت، تەنیا ئاگـاداریان دەکـاتەوە و بە هـێواشی لە کێڵگـەکە دووریـان دەخـاتەوە.
٢ـ پێویستی بە وزەی کـارەبا و هـیچ مادەیـەکی دیکە نییە، بە وزەی رۆژ کـاردەکات.
٣ـ دەزگای لێزەرەکە تەنیا مەتر و نیوێکی چوار گۆشە جێ دەگرێ، بەڵام پاسی هەموو لایەنەکانی کێڵگەکە دەکا، تا ماوەیـەک دوای باڵندەکـان دەکەوێ و دووریان دەخـاتەوە.
٤ـ هـیچ کارتێکـردن و زیـانێکی بـۆ ژینـگە نیـیە.
٥ـ دەکرێت لەنـاو باخـچە و لەنـاو کـێڵگە و لە زۆر شـوێنی تـردا دابنـرێت.
چەندین جۆری جیاوازی تری بووکە سەماکەرەی ئەلیکترۆنی هەیە، بۆ نموونە، بووکە سەماکەرە هەیە، لە شێوەی (کونـدەپـەپـووی ئەلیکـترۆنی) قەوارە گەورە دایە، کە زۆر دەگـمـێنـێت و هـەمیشەش باڵەکـانی دەلـەرێنـێـتەوە.. باڵـندەکـان لـێی دەتـرسن.
لە هـەنـدێ لە سەربانەکـانی کارگەکان و فەرمانگاکـانی شار و شارۆچکەکـانی ئەوروپـا، بـووکە سەمـاکەرەی لـە شــێوەی قـەلـەڕەش، کـە لـە کـاغـەزی نایـلۆنی رەشـی تـەنـک دروستکراوە، تا باران تـەڕی نەکات، بە پـەتێکی درێـژ و بە دارێکـەوە دەیـبەسـتن، کە با لێی دەدات بـەرز و نـزم دەبێـتەوە.. کە بۆ جـوانی و بۆ خـۆشی دایـدەنـێن. لە هەمـان کاتیـشدا باڵندەکـان لێی دوور دەکـەونـەوە.
رەزا شـوان
نەرویـج: ١١/ ئاوگوست/ ٢٠٢٠




دەخوێنمەوە … ڕۆستەم خامۆش

دەخــوێــنـــمــەوە ، دەخـوێـنـمـــەوە
پــەرتــووکــی بـاش دەخـوێـنـمــەوە

مـــنــی زارۆی ژیـــــــر و بــچــــووک
هەردەم هـاوڕێم لەگەڵ پـەرتــــووک

هـــەتــــا بـــیــــــــرم فــــروان بـــــێ
ڕێـگـەی ژیـنـم ڕێــک و جـوان بـــــێ

دەخوێـنـمــەوە هـەر بـۆی شــەیـدام
لـەگـەڵ پەرتـووک مـن هـەر ئاشـنـام

         ڕۆستەم خامۆش



دیموکراسی یان کلێپتۆکرەسی؟ … ئەحمەد ساڵەح

ئەکرێت ووشەی دیموکراسی وەك چەمك یان دەستەواژە، نامۆ نەبێت لەلایەن زۆرینەی کۆمەڵگاوە، چونکە زۆریان بەگوێدا دراوە. بەڵام تێگەیشتن لەنۆرمی دیموکراسی، وەك دیاردەیەکی کەلتوری، فکری، هزری، مەعریفی و مرۆیی، لە ناو چڤات و کۆمەڵگای کوردیدا، تاهەنوکە، وەك ئاخاوتەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی غایبە. کاتێك، ستەمکارێك، سەرۆك خێزانێک، خوێنمژێكی خاوەن هێزی چەکداری ڕامکراو، بە توندترین ئاستی داپڵۆسین، لەڕێگەی هێزی مەزنی بێ هەست و بەکارهێنانی زەبرو زەنگ، بونی خۆی و شەرعیەتی خۆی بەسەر چڤاکدا دەسەپێنێت، وای وێنادەکات پاڵپشتی گەلی بەدەسهێناوە، لەژێر ناوو بەکارهێنانی ووشەو چەمکی دیموکراسی.
مەعریفەی دیموکراسی (دیموکراسی نۆڵیج)، وەك چەمك و بیر، وەك کەلتورو هۆشی عەقڵی پێگەیشتوی ئەزمونکراو، داهات و بەرهەمی، ئاخاوتن و گفتوگۆو وتووێژی چڤاکییە. جڤات و کۆمەڵگایەك کەمەراقی پێشختنی فرەڕەنگی و جوانییەکانی جڤاتە، وەك ئامانجی هاوبەش و هەستی گشتگیر، کار دەکات بۆ پێشخستنی ئەم جۆرە لە چالاکی چڤاکی و، گیان بەبەراکردنی خەمی هاوبەش لای زۆرینەی کۆمەڵگا، وە سەرپێ خستنی چڤاکی کۆمەڵگای مەدەنی و چالاکی ژیاری بەرەو ئاسۆی باشتر بۆکۆی گۆمەڵگا. پێچەوانەی ئەم بۆچونە، لەکۆمەڵگایەکدا کە زۆرینە خۆپەرست بێت و بڕوای بە پێشخستن و پتەوکردنی گیانی گشتی نەبێت و، زۆرینەیان، ئاوێتەی بیری یەکتا پەرستی بن و، خەمی لەپێشینەیان تەنیا خۆیان بن و لەهیچ دۆخێکدا ئازاری هاونیشتیمانی و هاوچڤاکییەکەی بە ئازاری خۆی نەزانێت، ڕۆژگارو ئایندەی هەمیشەو بەردەوام، ئاسۆی بەرەو هەڵدێر لەنگەر دەگرێت. چڤاکێك زۆرینەی قبوڵی بێت، ئەوانەی نوێنەرایەتیان دەکەن، خاوەنی هیچ بنەمایەکی مۆراڵی و ئێسیکی نەبن، ئایندەو داهاتووی هەمیشە بەرەو تاریکتر بون دەچێت. چڤاتێك، زۆرینەی پاڵپشت و بەرگریکار بێت لە کەسانێك، کە خاوەنی هێزی بکوژو داپڵۆسینی ڕامکراون، ئەبێت هەمیشە لە ناسۆری و نەهامەتیدا بژین.
چڤاتی مەدەنی کۆنکریتی بەهێز (سترۆنگ سیڤڵ سەسایەتی) مەرجێکی گرنگی سەرپێخستنی بونیادی کۆمەڵگای دیموکراسییە. خەمی گرنگی پرۆژەی دیموکراسی، پێویستە هێزێکی پتەوی کۆمەڵگای مەدەنی بێت. میتۆدی سیاسی و بەهێزکردنی چڤاکی مەدەنی بۆ گرنگە بۆ دیموکراسی؟ جۆن کین پرۆفیسۆر و دامەزرێنەری ناوەندی دراسات بۆ دیموکراسی لە زانکۆی وێستمنستەری لەندەن بڕوای وایە ” کردەو ئەرکی سەرەکی هاونیشتیمانی، لە مۆدێلی دیموکراسی پلوراڵدا، دامەزراند و دەستپێشخەریکردنی فۆرمی جیاوازی کۆمەڵگای مەدەنییە، تاکو بتوانن لەڕێگەیەوە وەك پلاتفۆرم، تێکڕای کارەکانیان یەکخەن و فشاری گەورەو کاریگەر دروستبکەن، لەسەر هەربڕیارو پەیڕەو ڕیساو یاسایەك دێتەبون”
جورگن هابێرماس، فەیلەسوفی ئەڵمانی، پێیوایە، ” کرۆك و ناوکی پێکهاتەو دامەزراوەی گۆمەڵگای مەدەنی کەسانی خۆبەخش و ئەو تاکانەی ناو کۆمەڵگان، کە ئامانجیان خزمەتی گشتییە، شوێنی گفتوگۆو، کۆبونەوەو دانیشتنی ئەم دامەزراوانە، دەبێت لەدەرەوەی سودو دۆخی دارای حوکمەت بن، وەك کۆمەڵەو چڤاتی ئازادو سەربەخۆ بۆ تاوتوێکردن (دبەیت)، کۆمەڵی کەلتورو فەرهەنگی بۆ فشار دروستکردن، کاری پێکەوەیی، گروپ و دەستەی نیوتراڵ و ڕاستەقینە، خاوەنی بیرۆکەو هەڵوێستی چاکەی گشتی، کۆمەڵ و دەستەو پۆلی مۆراڵی خاوەن خەمی گشتگیر، ڕێکخستن و دەزگای هاونیشتیمانی و ڕیشەیی لەهەموو پێکهاتەکانی ناو کۆمەڵگا، بەبێ ڕەچاوکردنی ڕەگەز، ئاین، ڕامیاری، ڕەنگ و باگراوندی خێزانی تاکەکان.
زۆرینەی بیرمەندان و هۆشیارانی ئەم کێڵگە، هاوفکردن لەسەر گرنگی ئەم بوارەو بەم شێوەی خوارەوە پێناسەی دەزگاکانی کۆمەڵگای مەدەنی و دیموکراسی دەکەن.

دیموکراسی. پێشینەیەکی کورت لەمەڕ دیموکراسی.

دیموکراسی، پێکهاتەی دو ووشەی (یۆنانی)ە دیمۆس بەواتای (خەڵك یان گەل) و کراتۆس بەواتای (فەرمان ڕەوایی یان هێز) واتا هێزی گەل یان فەرمان ڕەوایی گەل. بەشێوەیەکی بنچینەیی، لە فەرمانڕەواییدا، گرنگترین و بەرزترین هێز، بۆگەل چەسپاوە، بەپێی یاسا. لەهەندێک فۆرم و شێوازی دیموکراسیدا، دەکرێت ڕاستەوخۆ لەلایەن گەلەوە بەکاربهێنرێت، بەڵام لەکۆمەڵگایی فراواندا گەل لەڕێگەی هەڵبژاردنەوە نوێنەرایەتی خۆی دیاری دەکات.
بیرمەند ئەبراهام لینکۆڵن پێی وایە ”دیمواکراسی واتا حوکمی گەل، لەلایەن گەلەوە بۆ گەل”. مێژوونوس و بیرمەندی سیاسی (بێرناد لویس) پێی وایە ” دیموکراسی واتا پەیڕەوکردنی دەستورو حکومەتی نوێنەرایەتیکردن، ئەمەش مانای وایە ئەوانەی دەسەڵاتیان لەدەستە، بەبێ بەکارهینانی زەبروزەنگ و توندوتیژی دەبێت قایل بن، بە قبوڵکردنی سیستەمی دەستاودەستکردنی دەسەڵات، بەپێی یاساو ڕێسای دیمواکراسی، کەزانراوقبوڵکراون”. بیرمەندی سیاسی سامیۆڵ هەنتینگتۆن جەختدەکاتەوە لەوەی ” بۆئەوەی پرۆسەکە وەك سیستەمێکی دیموکراسی چەسپیو هەژماربکرێت، ئەم پرۆسەی دەستاودەستکردنی دەسەڵاتە، دەبێت لانی کەم دوجار ڕوویدابێت”. ئازادی و دیمۆکراسی(فریدەم و دیموکراسی) زۆرجار لەبری یەکتر بەکارهێنراون، بەبێ ئەوەی هەستی پێبکرێت یاخود ڕەچاوبکرێت، بەڵام ئەم دو ووشەیە هاو واتا نین. بێگومان دیموکراسی، بەمانای بنیاندانی کۆمەڵگەلێك، ئایدیاو سەرچاوەو بناغەی ئازادی دێت، لەگەڵ ئەوەشدا، دیموکراسی پێکهاتەیەکی پراکتیزەکراو و ڕێبازێکی مۆدێرنەو گەڵاڵەکراوی هەیە، لەدیرۆکدا ڕێگەیی پێچاوپێچوو ناڕێکی زۆری بەخۆوە بینیوە. دەکرێت بڵیین دیموکراسی کۆمەڵێک دامەزراوەیە بەئامانجی دەستەبەرکردنی ئازادی. دیموکراسی، فۆرمێکە لە نۆرمەتیڤ پاوەر (هێزی لەیەکگەیشتن و گتوگۆکردن واتا هێزی نەرم) بەمانایەکیتر نۆرمەتیڤ پاوەر، وەک پرۆفیسۆر ئیان مانارس دەڵێت ”ئەم نۆرمە واتا گرنگیدان بە ئاشتی، ئازادی، مافی مرۆیی، سەروەربونی یاساو، لەسەرووی هەموشیانەوە گود گەڤەرنەنس واتا فەرمانڕەوایکردنی باش”

تایبەتمەندی دیموکراسی چیە؟

دیموکراسی، زۆر زیاترە، لەتەنیا کۆمەڵێك دامەزراوەی حوکمی نا دیموکراسی، دیموکراسی پشت ئەستورە بەکۆمەڵگەلێك تێگەیشتن وەك مەعریفەی ژیریی، نرخاندن، ڕێزگرتنی تاك، و گرنگیدان بەگروپە جیاوازەکانی کۆمەڵگا، ڕەفتار و پراکتیزەکردن و بەکارهێنانیان. دیموکراسی واتا پێشێل نەکردنی مافی خەڵك و ڕەخساندنی هەلی هاوبەش و چون یەك، لەهەموو کایەکانی ژیاندا هەر لە مافی جودا بیری فکری، سیاسی، ئاینی، فەلسەفی، پەروەردەیی، عەقڵانی، ژینگەیی و مافی کارو سەدان مافی تری، مرۆیی و ژینگەیی. هەمووئەمانە فۆرمی جیاواز وەردەگرن، بۆ دەرخستن و بەرجەستەکردن لەڕێگەی کەلتورو کۆمەڵگاوە. دیموکراسی فەرمانڕەواییکردنێکە، کە تواناو ووزەی بەرپرسیارێتی شارستانی بەکاردەهێنرێت، لەلایەن کۆی هاووڵاتییانی پێگەیشتوەوە، ڕاستەوخۆ، یاخود لەڕێگەی هەڵبژاردنێکی ئازادیی نوێنەرایەتیکردنەوە. دیمۆکراسی بۆخۆی، جۆرێکە لەبەرگریکردن دژبە حکومەتی سێنتراڵی بەهێز(ناوەندی بەهێز)، دیسێنترەڵایز (شۆڕکردنەوەی دەسەڵات لەناوەندەوە بۆ ئاستی هەرێمی و ناوچەیی.
سیستەمی دیموکراسی پێوویستی بەتێگەیشتن هەیە، بەجۆرێك، بۆ ئاستی هەرێمی و ناوچەیی شۆڕبێتەوە، بۆئەوەی دەستی هەموو هاووڵاتییەکی بگاتێ، وەڵامدەرەوەی ڕاستەقینەی داخوازییەکانی کۆمەڵگابێت، بەشێوەیەکی بەرفراوان و گشتی. یەکێك لە فاکتەرە گرنگەکانی دیموکراسی، دەکرێت وەک بڕبڕەی پشتی دیموکراسی قسەی لەسەربکرێت، بەرگریکردنە لەمافەکانی مرۆڤ، وك؛ ئازادی ڕادەربڕین، مافی یەکسانی بۆ هەموان بەپێی قانون، بواری یەکسان فەراهەمبکرێت بۆ هەموان بۆ بەشداریکردن لەڕووی سیاسی و ئابوری و کەلتوری لەکۆمەڵگادا. گەشەو بەرەوپێشچونی مافەکانی مرۆڤ، تەنیا کاتێک هەستی پێدەکرێت، کە دیموکراسی بونی هەبێت، وەك ئیان مانارس ئاماژەی پێکردوە لەڕوانگەی هێزی نەرمی دیموکراسیەوە.

گومان هەڵناگرێت، بۆ شیکارکردنی هەر بابەتگەلێك، تایبەت، بابەتێکی ئێجگار گرنگی وەك دیموکراسی، ناکرێت کۆمەڵگەلێك تێڕوانین و ئاخاوتنی سیاسی و تێبینی بیرمەندانی ئەم بوارە وەرنەگیرێ و نەخرێتە شرۆڤەی ڕۆژەڤەوە. فەیلەسوف و سایکۆلۆجیستی ئەمریکی سەدەی پێشوو جۆن دیوی پێیوایە” ئامانجی هەرەگرنگی بەرهەمهێنان، نابێت بەرههەمهێنانی شتومەك بێت، بەڵکو دەبێت بەرهەمهێنانی مرۆڤی ئازاد بێت، لەڕوانگەی یەکترقبوڵکردن و یەکسانی”. ڕۆڵ و گرنگی پەروەردەش ناکرێت نادیدە بگرین، چونکە (جۆن دیوی)ش مەبەستی سەرەکی لەبەرهەمهێنان، پەروەردەیە نەک شتگەلێکیتر. پەروەردەی تەندروست، ڕۆڵێکی چالاك و کاریگەردەبینێت، لەپێگەیاندنی تاکەکانی کۆمەڵگا، ئەگەر بەشێوەیەکی باش و سیستەماتیك بەکاربهێنرێت، بۆ بزواندن و تێرکردنی بیری تاک، بەڕۆشنگەری، فکرو هزری بنچینەی بۆبونیادنانی ئیندیڤیجواڵێکی دیمۆکراتیك. وەك چۆن فەیلەسوفی بەریتانی بێرتاند ڕووسێڵ دەڵێت ” پێوویستە، ئاوات و ئامانجی پەروردە، گرنگی و بایەخدان بێت بەشتەکان، نەك کۆنترۆڵکردنیان، بۆئەوەی هاونیشتیمانییەکی، ژیرو ئازاد بهێتەبوون لە کۆمەڵگایەکی ئازاددا، وە هاندان و پاڵپشتیکردنی هاوڵاتی، بە بیری سەربەستی، ئازادی و ئیندیڤیجواڵێکی داهێنەر، واتا ئێمەی مرۆ، دەبێت ڕەفتارمان بۆپەروەردەکردنی تاك وەك ئەو باخەوانە بێت کەچەند گرنگی بەنەمامێکی تازەپێگەیشتوو لەناو باخەکەیدا دەدات، بەخزمەتکردن و چاودێریکردنی”. ئەمەش دەکرێت والێکبدرێتەوە کەنابێت، ئێمەی مرۆڤ پەروەردە بەشتێکی بێ بەها ببینین، یاخود تەنیا وەك پڕکردنەوەیەك بیبینین، بۆ نمونە وەك پڕکردنی گوڵدانێك لەئاو، بەڵکو دەبێت یارمەتیدەربین بۆ ئەوەی گوڵی ناو گوڵدانەکە بەسروشتی و ڕێگەی تەندروست گەشەبکات. بە شرۆڤەکردنێکی دروست و گونجاوی شکۆمەندانەو مۆراڵی باش، دوورلەفیکری یەکتاپەرستی، بۆ تێگەیشتن و ئەزمکردنی، دید و تێڕوانینی، ئەم بیرمەندانەی، بواری دیموکراسی، لەسەرەوە ئاماژەیانپێکراوە، یان ڕوونتربڵێم بەدیسکۆرسی فیکری هەموو بیرمەندانی بواری دیمۆکراسی بەتایبەت بێرناد لویس، سامیۆڵ هەنتینگتۆن، جۆن دیوی، ئەبراهام لینکۆڵن و سەدانیتر، دەتوانین خوێندنەوەیکی ژیرانە بۆ سیستەمی دیمۆکراسی بکەین و تێبگەین، کە ئایا سیستەمی هەرێمی کوردستان سیستەمێکی(دیموکراسی)ە یاخود، بەپێچەوانە سیستەمێکی(کلێپتۆکرەسی)ە.

کلێپتۆکرەسی چییە؟

کلێپتۆکرەسی ووشەیەکی (یونانی)ە لەدوو ووشە پێک دێت: کلێپتەس واتا (دز) کراتۆس بەمانای ( پاوەر یان ڕوڵ) پاوەر واتا هێزیان دەسەڵات، ڕوڵ واتا فەرمانڕەوایی، یاساو ڕێسا. بەمانایەکی تر واتا (دەسەڵات و هێزی دز یان فەرمانڕەوایی دز). بیرمەندی سیاسەتی ئابوری هێرسچیل گرۆسمان پێیوایە” ئەم جۆرە دەوڵەتە واتا دەوڵەتی کلێپتۆکراتیك، لەڕێگەی یارمەتییە بەرفراوانەکانی درێژە بەمانەوەی خۆی دەدات بۆ فەرمانڕەواکانی و ئەوانەی ڕەوایی پێدەدەن”. بانکی نێودەوڵەتی کە ناسراوە بە (ئینتێرنەشناڵ مۆنیتەری فەند) پێیوایە کەڕەپشن و شێوازەکانی کەڕەپشن پێکهاتەی سترەکچەری سیاسین، واتا کەڕەپشن بەرهەمی سیستەمی سیاسیە و پلان بۆدانراوە نەک ڕێکەوت، بۆیە کەڕەپشن تەواوی دامودەزگاکانی هەڵدەوەشێنێت. لەسیستەمێکی ئابوریدا کە یاسای بەرکار بونی نەبوو، وە مافی خاوەندارێتی بونی نەبوو، دەوڵەت و حکومەتی کلێپتۆکراتیك وەکو تاڵانچی لەسەرەوە بۆ خوارەوە شۆڕدەبێتەوەو پاشاگەردانی تەواو دێتەبون”. بەگوێرەی هەڵسەنگاندنێکی ساڵی (٢٠١١)ی فریدەم هاوسی ئەمریکا زیاد لەسەدا ٥٥ی ڕێژەی دانیشتوانی دنیا، لەژێرفەرمانڕەوایی ڕژێمی نادیمۆکراسیدا دەژین. بیرمەندو ئابوریناس، وانەبێژی ئابوری (خوزهێنگ چێن) لە زانکۆی وارویکی لەندەن دەڵێت”کلێپتۆکرەسی یەکێکە لەهەرە بەدناوترین ڕژێمەکانی نادیمۆکراسی”. زیاتر لەوبارەوەدەدوێت و پێی وایە ئەم جۆرە ڕژێمانە، زۆرجار بۆماوەیەکی دوروو درێژ لەسەر حوکم ماونەتەوە، سەرەڕایی هەبونی کەڕەپشنی بێ ئەندازە، بەدناوی، دابین نەکردنی خزمەتگوزاری، مامەڵەکردنێکی زۆر نابەرپرسانەو چەوت بەکارهێنانی ئابوری ووڵات، پێشێلکردنی مافی کۆمەڵایەتی و سیاسی کۆمەڵگاو تەواوی هاونیشتیمانیان. بەڵگەو ئارگومێنت و باسی خوزهێنگ ئەوەیە کە فەرمانڕەواو فەرماندەری سیستەمی ڕژێمی نادیمۆکراساسی کە ئەو بە سیستەمی کلێپتۆکرەسی ناوی دەبات واتا (فەرمانڕەوایی دز یان دەسەڵات وهێزی دز) بەناوی قانون و یاسا تەواوی دامودەزگاکانی دەوڵەت و سەرچاوەکانی، بۆخۆیان بەشێوەیەکی مۆنۆپۆلکراو دەستی بەسەردادەگرن، و بەکاری دەهێنن بەمەبەستی زیاتر فراوانکردنی ئابوری تاکەکەسی خۆیان، خێزانیان، ملکەچانیان، و بەرژەوەندی سیاسی خۆیان، ئەمەش سەردەکێشێت بۆ توندوتیژی و دەسترێژیکردنە سەر مافەکانی مرۆڤ و زیاتر دواکەتنی گەشەی کۆمەڵگا.
لەدنیای مۆدێرندا بۆئەوەی تێگەیشتن و خوێندنەوەیەکی دروست لەمەڕ دەوڵەتی نەتەوە بەمانای (نەیشن ستەیت) و حکومەتی دیمۆکراتیك، کۆمەڵە ڕەهەندێکی ئێجگار گرنگ هەن، تاکوو بتوانرێت هەڵسەنگاندنێکی دروست بۆ لێجیتیمەسی (ڕەوایی)، ئەکاونتەبڵیتی (بەرپرسیاری و لێپرسینەوە)، ترانسپارەنسی کە زۆرجار بەکرانەوەش ناوزەندەکرێت واتا (ڕوون و ڕۆشنی لەئەرکەکانیدا- شەفافیەت)، هەروەها ڕوڵ ئۆف لۆ واتا (سەروەربونی یاسا) بکرێت.
بۆ بەرجەستەکردنی ئەم ڕەهەندانەی سەرەوە، دەکرێت ئاماژە بە تێڕوانینی پرۆفیسۆر( ڕۆبێرت ئیروین ڕۆتبێرگ) سەرۆکی پێشووی ڕێکخراوی ئاشتی جیهانی بدەین، کە پێی وایە دەوڵەتی نەتەوەو حکومەتی دیمۆکراتیك، ئەرکێتی ئازادی سیاسی و کۆمەڵایەتی فەراهەم بکات، ژینگەێکی وابێنێتەبوون ببیتەهۆی گەشەی ئابوری تاک و کۆمەڵگا، قانون لە فەرمانڕەواییدا سەروەربێت، دادوەران سەربەخۆبن، شەقامەکان و خزمەتکردنیان لەباشترین ئاستدابن، وە ئەرکێتی بەرزترین ئاسایشی سیاسی بۆ هاونیشتیمانیانی بەرجەستەبکات، دەستەبەرکردن و برەوپێدان بە خوێندنگاو، زانکۆ بۆ پێگەیاندنی تاکێکی تێگەیشتوو سەرکەوتوو. نەخۆشخانەکان و تەواوی کلینکی پزیشکی لەباشترین حاڵەتدان بۆ خزمەتکردن و بایەخ پێدانی تەندروستی هاونیشتیمانیان. لەسەرووی هەموشیانەوە ژینگەێکی وا دەسەبەردەکات، دەبێتەهۆی ئاشتی کۆمەڵایەتی و زۆرجار وەک مۆدێرنێک و پارادایمێکی نوێ خۆی نمایش دەکات.
بۆزیاتر دوپاتکردنەوەی تێڕوانینی خوزهێنگ چێن، پرۆفیسۆر ڕۆتبێرگ پێی وایە دەوڵەتی نادیمۆکراتیک بەمانایەکیتر کلێپتۆکرەسی (دەسەڵات و فەرمانڕەوایی دز)، شکست دەهێنێت لەپراکتیزەکردن و فەراهەمکردنی ڕەهەندەکانی دیمۆکراسی چونکە لەبنەڕەتتدا ئامانجی دابینکردنی پرنسیبی دیموکراسی نییە. لەژێر دەسەڵات و فەرمانڕەوایی دزدا، ڕۆتبێرگ پێی وایە داهاتی ساڵانەی تاکەکەسی، بەشێوەیەکی دراماتیکی دێتەخوارەوە بۆ ئاستێکی زۆر مەترسیدار، دزی بەشێوازێکی ئێجگار مەترسیدار و شەرمهێنەر لەسەرەوە بۆخوارەوە بەشێوەی هایەراکی جێگیردەبێت و دەبێتەهۆی ڕەوایی لەدەستدان، نەبونی یاسا و ڕێسای سەربەخۆ، نەبونی سیستەمی دادوەری چالاك و خاوەن شکۆی مرۆیی و ملکەچکار، واتا بە قانون کردنی ڕۆڵی دز. ئەم جۆرە لە حوکمڕانی، تەواوی کۆمەڵگای مەدەنی و چڤاکی هەراسان دەکەن و لێ ناگەڕێن هیچ کارێک بکەن. پرۆفیسۆر ڕۆتبێرگ جەختدەکاتەوە لەوەی، دەڵێت ئەم جۆرە حوکمڕانیە واتا (دەسەڵات و فەرمانڕەوایی دز)لەڕێگەی هێزەوە ڕەوایی دەدەن بەخۆیان، وەك دێسپۆت و زۆردار، سواری ملی کۆمەڵگا دەبن و بەزەبری هێزمامەڵە دەکەن، هەڵبژێرابن یان نا.
بۆئەوەی سیستەمی هەرێمی کوردستان وەك سیستەمی کلێپتۆکرەسی(دەسەڵات و فەرمانڕەوایی دز) ناو زەند بکەین، بێشك دەکرێت خۆمان بەدور بگرین لە فڕێدانی کۆمەڵێك ووشە و زاراوەی عەفەوی، بەڵکو دەبێت بەشێوەیەکی سەربەخۆیانە و پیشەگەرانە ئەم پرۆسەیە بۆ خوێنەرانی ئازیز شرۆڤەبکەین، نەك تەنیا لەڕوانگەی هزری بەندە وەکو(نوسەری ئەم بابەتە) بەڵکو پشت بەستن بە کۆمەڵێک نوسەری تایبەتی بیانی ئەمبوارە، کە دورو نزیك هەڵسەنگاندنی بابەتەکانیان لەمەڕبەرژەوەندی شەخسی یان بەرژەوەندی تایبەتی نەهاتوەتە بون، بەڵکو وەك نوسەری ئازاد و خاوەن ئێسیك و مۆراڵ(ڕاستگۆیی و ڕەوشت) لەمەڕ گرفت و کێشەکانی هەرێمی کوردستان دەڕوانن. نوسەری ئازاد و پرۆفیشیناڵ ئەو کەسەیە کە ناهێڵێت فکرو هزری شەخسی کاریگەری نێگەتیڤ (نەرێین) یان پۆسەتیڤ (ئەرێێن) بخاتەسەر بابەتەکەی یان ئەو ڕاپۆرتەی دەی نوسێت، واتا، توێژەری پیشەیی پێوویستە ، ڕۆڵی نیوتراڵی (سروشتی و بێلایەنانە) ببینێت. توێژەر دەبێت ڕاستگۆیی و مۆراڵ، بکاتە پێوەری هەڵسەنگاندن و نوسینەکانی، وەك دکتۆر( ڕەشۆرس کیدێر) دامەزرێنەری دەزگای ڕەوشتی جیهانی پێی وایە ”ڕۆژنامەڤان دەبێت لە چاویلکەی ڕاستگۆیی و ڕەوشتەوە ڕاپۆرتەکانی بنوسێت) وەك خۆی چۆن ڕوودەدات لەناو کۆمەڵگادا نەك وەك ئەوەی ئەو دەیەوێت”.
تێد گاڵن کارپێنتەر، لێکۆڵەرەوەی بەشی بەرگری و سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە کاتۆ ئینستیچویت پێی وایە ”هەرێمی کوردستان لەبری ئەوەی وەك دورگەیەکی پێشکەوتوی جوانی دیموکراسی سەرنجی هەموان بۆلای خۆی ڕاکێشێت لەناوچەکەدا، بەپێچەوانەوە وەك پاشکۆو مەعمیلێکی تری شکستخواردوی وویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا سەری هەڵدا، بگرە زۆردارترین و دزترین دەسەڵاتی جیهانی سێ یەمە”. تێد گاڵن کارپێنتەردەڵێت ”لەڕاستیدا کوردستان لەهەموو ڕویەکەوە ووڵاتێکی سەربەخۆبوو، جگە لەناوەکەی، کە وەک هەرێمێکی ئۆتۆنۆمی ناوزەند دەکرا لە ئێراقێکی یەکگرتودا. خاوەنی هێزی چەکداری خۆی بوو (پێشمەرگە)، ئاڵا، زۆرجار وەك هاوپەیمانی دووەمی ئەمریکا باس دەکرا دوای ئیسرائیل، لە ڕۆژ هەڵاتی ناوین، هەروەها پێشڕەوییەکانی پێشمەرگە دژی داعش، تاڕادەیەکی باش بوە جێی سەرنجی ئەمریکا، بەڵام گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییە، گومانی ڕاستەقینەی دروستکرد لەسەرئەوەی، گوایە کوردستان، هەرێمێکی سەرکەوتو پێشکەوتوی دیموکراسییە. کارپێنتەر پێی وایە، هۆکاری قەیرانی ئابوری و نەدانی حەقی کارمەند و پیشەوەران و بونیاد نەنانی هیچ خزمەتگوزارییەک، تەنیا دابەزینی نرخی نەوت نییە، بەڵکو هۆکاری ئاشکراو ڕاستەقینە کەڕەپشن و(کلێپتۆکرەسی) دەسەڵاتی دزییە. هەروەها پێی وایە هەرێمی کوردستان ئیتر ئەو هەرێمە بەناوبانگەی دیموکراسی نییە کە بانگەشەیان بۆ دەکرد، بەتایبەت دوای ئەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان، کە مەسعود بارزانی سەرۆکایەتی دەکات، تاك لایەنە ڕێگری کرد لە گەڕانەوەی سەرۆکی پەرلەمانی کورستان بۆ هەولێر و دەرکردنی چوار وەزیری حکومەت کە سەربە گۆڕان بوون. ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە مەسعود بارزانی لە ساڵی(٢٠٠٥)ەوە سەرۆکی هەرێمی کوردستانە، بەڵام دوای تەواو بونی ماوەی یاسایی خۆیی، هێشتا لەسەر کورسی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان مابوەوە. جێگری چاودێری مافەکانی مرۆڤی رۆژهەڵاتی ناوین، جەو سترەوك پێی وایە پارتی دیموکراتی کوردستان مێژوویەکی نێگەتیڤی هەیە لە بێ دەنگکردنی خەڵکی ناڕازی و ئەوانەی ڕەخنەی لێ دەگرن.
ناشکرێت بۆ باسکردن، و شرۆڤەی لەمەڕکلێپتۆکرەسی، دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان و گەندەڵی، وەك بەڵگەو دۆکیمێنتی گەواهیدەر تەنیا پشت بە ڕەخنەگرو بیرمەندانی بیانی ببەستین، بۆ وێنە برایم جەلال لە پەرتوکی ‘چەپکێک لەمێژووی کۆمەڵە’ دەڵێت ” ساڵی (1972) ئەو سندوق ئەمنی چاودێرییەتی خانەنیشینی سلێمانی بوو، ئەو دائیرەیە سەربە خەزێنەی سلێمانی بوو، وەک سدوقی ئەمینی دەبوو بەپێی یاسا، هەموو خانە نشینەکان خۆیان و ناسنامەی خانەنیشینیا ئامادەبن، بۆ وەرگرتنی مووچەکانیان، ئەوانەش کەبەهۆی نەخۆشی، یان کەم ئەندامی ئەوتۆ، کە توانای ئامادەبونیان نەبوایە، دەبوو سندق ئەمینی سەردانی ماڵی کەم ئەندامانی بکردایە بۆ وەرگرتنی ناسنامەو پەنجەمۆریان و پاشان مووچەکانیان دەدرا بەکەسێکی نزیکیان، بەڵام هەرلە یەکەم مانگدا بەڕێوەبەری خەزێنەو چاودێری خەزێنە لیستی (٢٠٠ ) ناویان خستوەتە بەردەمی، کە تەنیا (٢٥) لەو ناوانە بونیان هەبووە، واتا (١٧٥) یان وەهمی بوونە”. بەمانەیەکیتر دەتوانین بڵێن سیستەمی کلێپتۆکرەسی لەهەرێمی کوردستاند، مێژوویەکی لە پێشینەی هەیە واتا، ئەم سیستەمی کلێپتۆکرەسییە دەگەڕێتەوە بۆساڵی١٩٧٢ لەسەردەمی حوکمی زاتی، وەک برایم جەلال دەڵێت ”ئەم (٢٠٠) ناوە کە تەنیا وەک وەهم بونیان هەبوو بە پیلانی پارتی دیموکراتی کوردستان لەڕێگەی شێخ جەمال بەڕیوەبەری خەزێنەو عەلی لاوە کە جاودێری خەزێنەبوە وەرگیراوە، هەربۆیە پاش ئەوەی کە ڕیگری کردوە لەپێدانی ئەو مووچە وەهمیانە، وە بەدوادا چونی کردوە لە ڕاستی و دروستی ناوەکان، بەدانپێدانانی عومەر ڕەزا”هەموو ناوەکان دروستکراو پەنجەمۆرکراون، لەڕێگەی خۆی و هاوپیشەکەی”. سەرەنجام ڕێگریکردن لەم ناعەدالەتییە، بوەتە هۆی دەرکردن و گوێزانەوەی ( برایم جەلال)لەشاری سلێمانییەوە بۆ شاری کەرکوک، دەرەوەی ناوچەی حوکمی زاتی، بۆئەوەی کەس نەبێت ڕێگری لەو جۆرە گەندەڵی و پاشاگەردانییە بکات.
باسکردن و گەنگەشەکردن لەمەڕ دیموکراسی بونی هەرێمی کوردستان، دەکرێت زۆری لەبارەوە بوترێت. بۆ جەختکردنەوەلەمەڕ کێشەی دیموکراسی و هەبونی بنەماکانی دیموکراسی لەهەرێمی کوردستاندا، دەکرێت بگەڕێینەوە بۆ پێناسەکەی ئەبراهام لینکۆڵن، کەلەسەرەتاوە ئەماژەمان پێیکردوە دەڵێت”دیموکراسی واتا حوکمی گەل، لەلایەن گەلەوە بۆ گەل”. بەپێی پێوەری هەمان تێۆری بیرمەندو ئەکادیمی ڕامیاری (بێرناد لویس) کەدەڵێت: ”دیموکراسی واتا پەیڕەوکردنی دەستورو حکومەتی نوێنەرایەتیکردن، ئەمەش مانای وایە ئەوانەی دەسەڵاتیان لەدەستە، بەبێ بەکارهینانی زەبروزەنگ و توندوتیژی دەبێت قایل بن، بە قبوڵکردنی سیستەمی دەستاودەستکردنی دەسەڵات، بەپێی یاساو ڕێسای دیمواکراسی، کەزانراوقبوڵکراون.”
ئەوەی زۆر گرنگ و جێگەی بایەخە، شرۆڤەی لەسەربکرێت ئەوەیە، بیرمەندی سیاسی سامێۆڵ هەنتیگۆن، جەختدەکاتەوە لەوەی کە پرۆسەی دەستاودەستکردنی دەسەڵات، پێوویستە لایەنی کەم دووجار ڕوویدابێت، بۆئەوەی بتوانیت، پرۆسەکە وەک پرۆسەیەکی دیموکراسی هەڵسەنگێنیت. بەخوێندنەوەو هەڵسەنگاندنی فیکری شارەزایانی بواری دیموکراسی و تێگەیستن لە هزری ئەکادیمیەکانی ئەم بوارە، ئەوەی زۆر ڕوونە، ئەوەیە لەهەرێمی کوردستاندا شتێک نییە پێی بوترێت دیموکراسی یا خود ناوی لێ بنێی هەنگاونان بەرەو دیموکراسییەت، بەڵکو تەنیا چەند فەردو هێزێکن بەناوی مەکتەب سیاسی حزب و سەرۆکی حزبەوە بڕیار دەدەن، و چیان پێ باش بێت بۆ خۆیان و بەرژەوەندییەکانیان بڕیاری لەسەردەدەن. هەرلەم ڕوانگەشەوەیە کە بیرمەندان و شارەزایانی بواری دەوڵەت و دنیای ئەکادیمی سیستەمی هەرێمی کوردستان بە سیستەمێکی کلێپتۆکرەسی(دەسەڵات و فەرمانڕەوایی دز) هەژمار دەکەن. چونکە، ئاشکرایە لەباشوری کوردستان، تەواوی زانکۆ ئەهلییەکان، نەخۆشخانە تایبەتییەکان، کۆمپانیاکانی بواری دەواو دەرمانی پزیشکی، تەواوی مۆڵ و مارکێت و بازاڕەکان، هۆتێلە پێنج ئەستێرەکان، و کۆمپانیاکانی بواری نەوت،و تێلی کەم یونیکەیشن (هێڵەکانی تێلیفۆن و ئینتەرنێت) و تەواوی کۆمپانیاکانیتری بازرگانی، هی بەناو بەرپرس و لێپرسراوانن، لەکاتێکدا ئەم بەناو بەرپرس و لێپرسراوانە، بۆ رۆژێک بازرگان نەبونە، یا خود سەرقاڵی کاری بازرگانی نەبونە، بەڵام بەناوی پێشمەرگایەتی، و سەرکردایەتی حزب و ناردنی کۆمەڵێک ئەڵقەلەگوێی خۆیان بۆ شوێنێك بەناوی پەرلەمان، بۆبەناو بەقانونی کردنی هەموو ئەو نەهامەتی و پاشاگەردانی و وێرانکارییەی بەسەر کۆمەڵگای کوردیدا دەیهینن. بەپێچەوانەوە، لەکۆمەڵگای مۆدێرن و زیندودا، پەرلەمان تاکە دامەزراوەو تاکە دەزگایە، کەبتوانێت ببێتە شوێنی مشتومرو و ئارگومێنت بۆ گفتوگۆکردن و خزمەتکردنی خەڵك و مناقەشەکردن لەمەڕکۆی گرفتەکانی کۆمەڵگا، بەئامانج و هەنگاونان بۆچارەسەرکردنی کێشەو قەیرانگەلێك کەڕوودەدەن. بەڵام، پێچەوانەی تەواوی سیستەمە جوانەکانی دنیای مۆدێرن و پێشکەوتو، کە بەرهەمی عەقڵ و تێفکرینە، لە باشوری کوردستان کە پێکهاتەکەی تەنیا سێ شاریشە (سلێمانی، هەولێر دهۆك) نەك خزمەتگوزاری و پێشڤەچون بونی نییە، بەڵکو حەق و مافی هاونیشتیمانی کە سادەترین ئەرکە ئەویش حەقی کرێی دەوامکردنیانە نادرێت. ئەم سیستەمە کلێپتۆکراسییەی دنیای باشوری کوردستان لە ماوەی سێ دەیەدا گومان لەسەر توانای باشوری کوردستان دروست ناکات؟ ئایا نابێتە بەڵگەی ئەوەی کە باشوری کوردستان توانای حوکمڕانی نییە؟ ئەگەرنا، بۆ ئەم کلێپتۆکراسییەی حوکم بەردەوامی پێدەدرێ و بەهیچ فشارێك بەئاگا نایەن؟

———————————————————

سەرچاوەکان:
تێد گالێن کارپێنتەر: زۆر هیواخواز مەبن، کوردستانی ئێراق، باشترنییە لە دراوسێکانی.
ڕۆبێرت ڕۆتبێرگ: کەوتن و هۆکارەکانی شکستی دەوڵەتی لاواز، بێ هێزو شکستخواردوو.
نەیۆم چۆمسکی: پەروەردەو دیموکراسی.
جۆشوا جاراپ، کریستیان هارم و مایکڵ نۆواک: ئینتەرنەشناڵ مۆنیتەری فەند (بانکی نێودەوڵەتی).
بێرناد لویس: فۆرمی ڕۆژەڵاتی ناوین، ڤۆلێم یەك، ژمارە یەك.
ساموێڵ هەنتیگۆن: دیمۆکراسی لەکۆتاییەکانی سەدەی بیستەم.
سایمەن فان: کلێپتۆکرەسی و کەڕەپشن.
برایم جەلال: چەپکێك لەمێژووی کۆمەڵە.




خەز و ژانرەکانی ڕۆمان – بەشی حەفتەم گۆران سەباح –

لە شەش بەشی پێشوودا باسی پێشڤەچوونی ڕۆمانم کرد، بەتایبەتی ڕۆمانی سەردەمی مێتامۆدێرن، لەویش ڕۆمانی خەیاڵی زانستی (خەز).
ژمارەی ژانرەکانی ڕۆمان چەندن؟ پێناسەی هەر ژانرێک چییە؟ ئەدی خەز سەر بە چ لکە ژانرێکە؟ لە فەزای ئەدەبی کوردستان یەک وشەمان هەیە بۆ ڕۆمان، ئەویش “ڕۆمان”ە و بەس. ناڵێم هەڵەیە، دەتوانی وشەی “ڕۆمان” بۆ هەر ژانرێکی ڕۆمان بەکار ببەی. ئاساییە سەرت بە وردەکاریی ناوی هەر ژانرێک نەهێشێنی، بەس بۆ ڕۆماننووس گرینگە بزانی ڕۆمان چەندان لکی لێ زاوە، هەر لکەی چەندان ژانری هەیە، هەر ژانرێکی سەرەکیش چەندان وردە ژانری لێ دەزێت. کام ژانر باشە و کامیان نا؟ کامەیان ئێستە باوە؟ کێهانیان دەکرێ بە فیلم؟ کێهانیان فرۆشی زۆرە؟ خوێنەر کێهانی زێتر گەرەکە؟
ژانر (genre) شێواز یان پۆلێنی کارێکی هونەری یان ئەدەبییە. لە ئەدەبدا، ژانر نووسەر کۆنتڕۆل دەکات و وای لێ دەکات چی بنووسێت و چی نەنووسێت. چ جۆرە ستایلێک بەکار ببات. ژانر جۆری چیڕۆک دیاری دەکات. ژانر بە درێژی، جۆری کارەکتەر، کات و شوێن، تێما، گۆشەنیگا، زمان و ستایل دێتە ناسینەوە.
بۆچی ژانر؟ ژانری ڕۆمان خوێنەر تێر دەکات. خوێنەر خۆی دەبەستێتەوە بە یەک جۆرە چیڕۆک کە تامی لێ دەکات. هەیە دەڵێ تەنێ خەز دەخوێنێتەوە، هەیە دەڵێ قەت ڕۆمانی مێژوویی ناخوێنێتەوە. لینک و گروپ دروست دەبن لەسەر بنچینەی ژانری ڕۆمان. ئێستە گروپی خوێنەرانی ڕۆمانی خەز، فەنتازیا، پۆلیسی و تاد هەن. نووسەر دەتوانێ سوود لەمە وەربگرێت چونکە ئیتر سنووری خۆی دەزانێت و لە ژانرێک دەبێتە پسپۆڕ.
ژانری ڕۆمان ڕەوتی خوێندنەوە و چەشەی ئەدەبیی کۆمەڵگە دیاری دەکات. گرینگترین لایەنی ژانر ئەوەیە پێداویستی مرۆیی خوێنەر پڕ دەکاتەوە. خوێنەر ئەوەی دەیەوێت و ڕەنگدانەوەی ژیانیەتی ئەوە دەخوێنێتەوە. هەندێ جار خوێنەر پێویستی بە چیڕۆکێکە لەگەڵ واقیعی ژیانی، خەون و خەیاڵی بێتەوە.
ڕۆمان چوار لکی سەرەکی لێ دەبێتەوە. ڕۆمانی ئەدەبی (literary fiction)، ڕۆمانی بازرگانی (commercial fiction)، ڕۆمانی گشتی (general/mainstream fiction) و ڕۆمانی گرانبەها (Upmarket).
ڕۆمانی ئەدەبی بەم سیفەتانە دێتە ناسینەوە: ئاڵۆز، هێواش، وشەی ئەدەبی قورس، زمانی شیعری و وەسفی درێژدادڕ، رستەی درێژ و ئاڵۆز، تەرکیز لەسەر کارەکتەرە نەک پڵۆت، تێمای ئاڵۆز و ستایلێکی تێکئاڵاو.
کورت و سادە، ڕۆمانی ئەدەبی وشک و ئاڵۆزە. زۆربەی ڕۆمانە کلاسیکییەکان دەچنە ژێر ئەم لکە. نووسەر هێندە خەریکی زمان و ستایل و یاریکردنە بە وشە، هێندە خەریکی پڵۆت و چێژی گێڕانەوە نییە. ئەم جۆرە ڕۆمانە ئێستە باوی نییە، خوێنەریشی زۆر کەمە. نوخبەیەک دەینووسێ و نوخبەیەکی کەمیش دەیخوێنێتەوە. ‌
لە ڕۆمانی ئەدەبی، هەم خوێنەر هەم نووسەر ئازارێکی زۆر دەچێژن. ئاساییە. هەیە تام لەو ئازارەی نووسین و خوێندنەوە دەکات. ڕۆمانی ئەدەبی زێتر بۆ خزمەت و لە پێناو ئەدەبە و کەرستەی تۆژینەوەن. مانای ئەوە نییە باشترین یان خراپترین جۆری ڕۆمانە. مەبەست ئەوە نییە کە ئازار لە نووسینی ڕۆمانی تردا نییە. خوێنەری کەمە مانای ئەوە نییە خراپ بێت. نا. ئەو ڕۆمانەی من پێم خراپە، رەنگە تۆ زۆرت لا جوان بێت. ڕۆمان داهێنانێکی کەسییە (subjective). بێو سەت کەس ڕۆمانێک بخوێننەوە، هەریەکە بە شێوەیەک تێیدەگات. دەتوانم بڵێم ڕۆمانی خراپ بوونی نییە. کاتێ ڕۆمانێکیش ڕەخنەی لێ دەگیرێ، مانای خراپی ڕۆمانەکە نییە، مانای دەوڵەمەندکردنی تەکنیک و روونکردنەوەیەتی بۆ خوێنەر و تۆژەران بۆ ئەوەی باشتر تێی بگەن.
ڕەنگە لە ڕۆمانێکی ئەدەبی ڕستەیەک چوار پێنج جار بخوێنییەوە تا باش لێی حاڵی دەبی. یان وشە هەبێت تێی نەگەیت. خوێنەری ئەم سەردەمە تاقەتی ئەوەی نییە.
هەندێ نموونە لە ڕۆمانی ئەدەبی: تاوان و سزای دۆستۆویسکی، سەد ساڵ تەنیایی مارکیز، گاتسبی مەزنی فیتزگێڕاڵد، ترێی تووڕەیی ستێینبێک، سەربوردەی دوو شاری دیکنس، ئانا کارێنینای تۆلستۆی، دۆن کیشۆتی ساڤێدرا، قەسابخانەی پێنجەمی ڤانەگت، بانەکانی وێزەرینگی بڕۆنتێ و گۆڕەشاری سەید قادر هیدایەتی.
ڕۆمانی بازرگانی. بازرگانی بە مانا سووک و لایەنە مادییەکەی نا. لە کولتوری ئێمە کە گوتت شتێک تیجاریە، واتە عادیە و بە کەڵکی هیچ نایەت. تکایە ڕۆمانی بازرگانی مەخەنە ئەو ڕەهەندەوە. ڕۆمانی بازرگانی واتە ئەو ڕۆمانەی زۆرترین ڕەواجی هەیە لە بازاڕ. واتە خوێنەر تامی لێ دەکات. ڕاستە نووسەر و چاپخانە قازانجی لێ دەکەن، ڕەنگە پێی ببنە ملیۆننێریش، بەڵام مانای ئەوە نییە بەها و چەشەی ئەدەبی لەدەست داوە. سەت جار نا. بە لای من، ڕۆمانی (٩/١١)ی کۆلین هووڤە، ڕۆمانێکی بازرگانییە و ژانری ڕۆمانسە، هەزار جار لە رووی تەکنیک و ستایلەوە لە برایانی کارامازۆڤی دیستۆویسکی باشتر و خۆشترە.
ڕۆمانی بازرگانی بۆ هەموو جۆرە خوێنەرێکە، بۆیە بە دەیان ژانری لێ زاوە. تەرکیز زێتر لەسەر پڵۆت و گێڕانەوەیە. تەواو پێچەوانەی ڕۆمانی ئەدەبییە، بەڵام لە خاڵی ئەدەبیدا یەک دەگرنەوە. خێرایە، گێڕانەوەکەی بەتامە، ڕستەی کورت و وشەی ڕوون و ستایلی سادەیە. سادە و خێرا و کورت مانای ئەوە نییە هیچ نین. نا. بۆ نموونە، هاری پۆتەر زنجیرە ڕۆمانێکی بازرگانییە. ڕۆمانەکانی دان بڕاون بازرگانین، بەڵام هەموو کەس تامیان لێ دەکات. بە کورتی، ڕۆمانی بازرگانی ئاسانترە بۆ خوێندنەوە و خوێنەر خێراتر ئاشنا و تێکەڵی دەبێت.
باشە دەکرێ لە بەینی هۆردووکیان بێت؟ نە بازرگانی و نە ئەدەبی؟ یان هۆردووکیان بێت، هەم بازرگانی و هەم ئەدەبی؟ بەڵێ. بەم جۆرە ڕۆمانە دەگوترێت ڕۆمانی گرانبەها (upmarket)، واتە تێکەڵەیەکی سیفەتەیلی ڕۆمانی بازرگانی و ڕۆمانی ئەدەبییە. بۆ نموونە، ڕۆمانی (ژیانی پای)ی یان مارتێل، (کچی ونبوو)ی گیلن فلین، (کچی ناو شەمەندەفەر)ی پاولا هۆکینس، (کۆلارەفڕێن)ی خالد حوسێنی، (ئەلف یا)ی ڕەزا عەلیپوور، (دووی سوور)ی گۆران سەباح، (ڕۆژێک لەو ساڵانە هەڵدەگرم)ی ئارام محمد و (کچانی دووکەڵ و ئاگر)ی ئاڤە هوما.
ڕۆمانی گشتی. ڕۆمان هەیە زێتر لە ژانرێکە. ‌هەیە لە یەک کاتدا مێژووییە، ئاکشنە، ڕۆمانسە و نهێنییە. بەمە دەگوترێ ڕۆمانی گشتی.
لە فەزای ڕۆمانی پڕۆفێشناڵدا (وەک رۆئاوا، ئاسیای دوور)، دەیان ژانری ڕۆمان پەیدا بووە. مخابن فەزای ڕۆمانی کوردی لێی بێ ئاگان. ‌هەرچی چاپخانەیە خووی داوەتە وەرگێڕانی ڕۆمانەیلی کلاسیکی و پارەیەکی زۆریش خەرج دەکەن. لە خوارەوە ژانرە سەرەکییەکان دەناسێنم.
ڕۆمانس: چیڕۆکی خۆشەویستی و ڕۆمانسییە لە نێوان دوو کەس. هەست و ئارەزوو و سۆز چیڕۆکەکە بەتام دەکەن. لکی لێ دەبێتەوە وەک: مێژوویی، هاوچەرخ، فەنتازیا، کاتیگۆری، ترس، نهێنی.
کرداری سەرکەشی (action adventure): لەم جۆرە ڕۆمانەدا، پڕۆتاگۆنیست دەکەوێتە مەترسییەوە، ئازایەتی و ترس و هاندانی تاقی دەکرێتەوە. خێرایە، تژییە لە کرژی و هەڵچوون. لووتکە (climax) خوێنەر هێور دەکاتەوە.
خەیاڵی زانستی (خەز): تکایە باسەکانی پێشوو بخوێنەوە. لکەکانی ئەمانەن: ڕەق، نەرم، فەنتازیا، ستیمپەنک، ڕۆئاوای سەیر، بوونەوەری سەیر، ئەنترۆپۆلۆجی، ئپۆکالیپتیک، بایۆپەنک، ڕەش، کۆمیدی، سایبەرپەنک، دیکۆپەنک، دیزلپەنک، مردنی زەوی، ئیکۆ، فێمینیست، ترس، ببیرکاری، سەربازی و کەشوهەوا.
فەنتازیا: تکایە سەیری باسەکانی پێشوو بکە.
سەرنجڕاکێش (suspense): کارەکتەر لە مەترسییە. دەیان شتی هەڵواسراوی هەیە، شەڕ، هەڵاتن، دەکرێ جەستەیی یا دروونی بێت.
وروژێنەر (thriller): ئەم جۆرە ڕۆمانە بەمانە دەناسرێتەوە: ئاکشن، خێرا، سەرپڕایز، ترس، نهێنی. كاتێ دەیخوێنییەوە، بەردەوام دڵت لەناو دەستتە، نازانی چی لێ دێتەوە، هەستەکانت دێنە وروژاندن.
ئەم جۆرە ژانرانە تەنێ ناویان دەبەم چونکە لە ناوەکەیانڕا دەزانی چۆنن. ڕۆمانی ترس، تارمایی، نهێنی، پۆلیسی، مێژوویی، ئافرەتان، سیخوڕی، تاوان، ئەفسانەیی، گەشت، گێی و لێزبیەن، سیحری، خێزانی، رۆئاوایی، پزیشکی، سیاسی، سەربازی، یاسایی و گەپ.
بێ لەو ژانر و لکانەی سەرەوە، ڕۆمان بە پێی تەمەنی خوێنەریش ناوی خۆی هەیە. ڕۆمانی منداڵان، بۆ تەمەنی ٦-١١ ساڵانە. ڕۆمانی هەرزەکاران (young adult)، بۆ تەمەنی ١٢-١٨ ساڵییە. ڕۆمانی هەرزەی هەراش (new adult) بۆ تەمەنی ١٩-٢٥ ساڵییە. ڕۆمانی گەوران (adult) بۆ تەمەنی سەرووی ٢٥ ساڵییە.

————————————————

سەرچاوەکان
French, Christy Tillery. “Literary Fiction vs Genre Fiction”. AuthorsDen. Retrieved 2 August, 2020.
Mark Malatesta ( (February 7, 2018). Book genre dictionary. Retrieved 4 August, 2020.
Merritt, Stephanie (14 February 2010). “Forget ‘serious’ novels, I’ve turned to a life of crime”. The Guardian. London. Retrieved 5 August 2020.
Schneider-Mayerson, Matthew (2010). Popular Fiction Studies: The Advantages of a New Field.” Studies in Popular Culture, vol. 33, no 1 (2010): 21-35




حیزبی کوردی لەنێوان دوێنێ و ئەمڕۆدا … محمد‌ باپیر

ئەم 10 خاڵەی، کە لە خوارەوە دەیخوێنیتەوە، بە باشی و بێ گرێ و گۆڵ، ئەوەت بۆ ڕۆندەبێتەوە کە پارتە کوردیەکانیش بەتایبەت لە باشورو ڕۆژهەڵات، بەدەردی پارتە عەرەبیەکان چوونە… ئێستا هیچ تروسکایەک هیواو ئومێدیان لێ بەدیناکرێت، چونکە حیزبی کوردی لە ئێستادا بە چەپو ڕاستیان، بە ئیسلامی و عەلمانی بوونەتە ناوێکی بێ ناوەڕۆک. هەموو حزبە کوردیەکان سیاسەت و ستراتیژی خزمەتکردنیان نیە، ئەوان زێدەتر ئێستا خزمەتی خۆیان و دەوروبەرو دارو دەستەکانیان دەکەن.. زێدەتر لە سەر بنەمای بەرژەوەندی کەسی کار دەکەن… بەخوێندنەوەی ئەو خاڵانەی خوارەوە، هەقیقەتی حزبە کوردیەکان باشتر خۆی تەرجەمە دەکات.
یەکەم: دەسەڵاتداران و بڕیار بەدەستانی نێو حیزبە کوردیەکان زۆر دەوڵەمەندو پارەدارن. خەڵکیش هەژارو بێ پارەو بێ کارە. ئەمما دەست ڕۆیشتوانی حیزب، جورئەتی ئەوەیان نیە پارەو داهاتی خۆیان بخەنە خزمەت گەلی کوردستان.
دووەم: دڵسۆزی میللەت نینە، یان هەر لەبنەڕەتەوە، بۆدەوڵەتداری و خزمەتکردنی تاکی کورد دروست نەبونە. بەڵکو چەند هۆکارێکی خودی و بابەتی تێکەڵی حیزبایەتی بوونە.
سێیەم: لە ڕابردوودا زێدەتر خەریکی شەڕی ناوخۆ و یەکتر کوشتنبونە، ئەوەندە شەڕی دوژمنیان نەکردیە. هەزاران کەڵە پیاو، سەدان ژن و منداڵ بەهۆی شەڕە ناوخۆییەکانیان،بێ مێردو بێ باب بوونە.
چوارەم: حیزبەکان مەبدا و دیسپلینی حیزبییان نەماوەو بوونەتە هەلپەرستو بەرژەوەندیخواز. زێدەتر ئەهلی پارەو ڕابواردن و کەیفو سەفاو سەڵتەنەتی خۆیانن.
پێنجەم: ئێستا لەبڕی کێشەی کورد و خزمەتکردن، هەر خەریکی کۆمپانیاو خۆ دەوڵەمەندکردنن. پرسی ڕەوای کورد کە گوایە بنەمای دروستبونی حیزبە کوردیەکان بووە، ئەویشیان لەدەستداوەو وەک کێشەی فەلەستین بازرگانی خۆشو چەور بەو پرسەوە دەکەن
. شەشەم: حیزبە کوردیەکان بەدرێژای مێژوو کۆکو تەبا نەبوونە. پشتیان بەخۆیان نەبەستوە. زیاتر داردەستی وڵاتان بوونە. ئەو وڵاتانەش بەئارەزوی خۆیان هەڵیان سوڕاندونە.
حەوتەم: لەهەمووی سەیرترو تراژیدیتر ئەوەیە کە زۆربەی داستان و شەهیدو خەبات و قارەمانەتیەتی ڕابردو، هەمووی لەبیرکراو کردیانە بڵقی سەر ئاو. هەشتەم: تاکی کوردیان توشی بێ هیوای کرد. وایان لێکرد کە گاڵتەیان بە بە قەزیەی کوردو نەتەوایەتی و پرسی کورد بێت.
نۆیەم: نزیکەی هەموو حیزبە کوردییەکان بەدرێژای مێژوو هەر خەریکی انشقاقات و باڵ باڵێن و یەکتر قڕکردن بوونە. ئەمە زیانی زۆری لە جوڵانەوەی ڕزگاری کورد داوە. هەر یەکەشیان خۆی بێ بەری و بێ تاوان نیشانداوە.
دەیەم: بوونی گەندەڵی زۆر لەهەموو جومگەکانی ووڵات، هەروەها نەبوونی چارەسەرو‌ ئەنجامدانی چاکسازی کردەی و ڕاستەقینە لەدامو دەزگاکان. ئەو دۆخەی کە ئێستاش ڕوودەدات، دۆخێکی ناخۆش و مەترسیدارە پێویستی بە چارەسەرو هەڵوەستەی جدی هەیە. پێویستە بەوە کە بۆ هەر ئاریشەو کێشەیەکی ئەو وڵاتە، ئەلتەرناتیڤ بدۆزرێتەوە. خەڵک بێ کارو بێ موچەو بژێویە. بەردەوامبونی ئەم دۆخە، ڕەنگە کارەساتی گەورە بەدوای خۆیدا بێنێت.. تێبیی/هەڵبەتەخاڵی تریش زۆرن ‌بەڵام بۆ داهاتوو لەدەرفەتێک باسی لێوەدەکەین.




شەوانی باکۆ و بەزاندنی هێڵی سوور… دڵشاد کاوانی

‘شەوانی باکۆ لە ڕووکەشدا ڕەچەشکێنە لە ناوەڕۆکدا و ڕووتکردنەوەی وشەکانە’
“شەوانی باکۆ شکستی دەقە لە ناوەڕۆکدا”

شەوانی باکۆ یەکێکە لە بەرهەمە خۆماڵییەکان کە لە لایەن ڕۆماننووس کەمال سەعدی نووسراوە. بە پیێ ئەزموون و هەژموونی نووسەر، زمانێکی پاراو و گێڕانەوەیەکی بێ گرێ و گاڵی بۆ کراوە، هەر چەندە نووسەر هەوڵی داوە ڕەچە شکێنی لە نێو ڕۆمانی کوردییدا بکات و بەو پێیەی کە هەموو نووسەرێک ئازادە لەوەی چی دەنووسێ و چۆن دەنووسێت. وەلێ دەبێ ئەو ڕاستییە بگوترێ کە کمال سەعدی، تاکە نووسەرە تا ئێستا بوێری ئەوەی کردبێ کە دەست بۆ ڕەهەندێک بەرێت، کە بەر لەو هیچ کەس ئەو بوێرییەی نەبووە کە ڕۆمان یان هەر دەقێکی تر ڕاستەوخۆ پەیوەست بە پۆڕنی کوردی بنووسێ، چون پۆڕن لە کۆمەڵگەی کوردییدا تا ئەو ئانوساتە وەک بڤە و یاوەیشەیەک دەبیندرێ، بەڵام پرسێک لەبەردەم نووسەر خۆی زیت دەکاتەوە کە دەبێ وەڵامی شیاوی بۆ خوێنەرانی هەبێ ئەویش ئایە لە جوغزی ئەم دەقەدا چ پەیامێک خۆی شاردۆتەوە کە نووسەر گەرەکییەتی بیورژێنێت.
دوای ئەوەی سەرلەبەری شەوانی باکۆم بە ووردی خوێندەوە، گەیشتمە ئەو دیدگایەی کە ڕۆماننووس لە شەوانی باکۆ لە ڕووکەش ڕێچکە شکێنە و لە ناوەڕۆکدا تەنیا ڕووتکردنەوەی وشەکانە، چونکە ئەوەی کە لەو ڕۆمانەدا بەرجەستە کراوە، لە ڕۆمانی شاری حسێن عارف دا سێکسوالی نێوان دەروێش و مریەم زۆر بەجوانی خراوەتە ڕوو و فەرهەد پیرباڵ لە ڕۆمانی منداڵباز، شێخ سدیق لە ڕۆمانی پورخورشید و شێرزاد حەسەن لە تەنیایی و گەڕەکی داهۆڵەکان دا پۆڕنیان ئاوێتەی نووسین کردووە.
ولۆ نووسین لەمەڕ پەیوەندیی سێکسی، وێردکردنی شەهوەت و وێناکردنی کردەی سێکسییە، یا ئەوەتە بە وشە کردنی جەستەی ڕووت و هەر جۆرە دەربڕینێکی باشتری (سێکسوالی) کە کردە دەرهەقی نایەت، بە دەربڕینێکی تر وشە دەگاتە بنبەست بەو ستراکتورییەی کە لە ناپەیوەندیی سێکسیدا ئامادەیی هەیە، کە ئەویش پەیوەندیی خۆشەویستی و ئەشقی لێ بەرهەم دێت. ڕەنگە لێرە دا بە ڕەهەندە نەرێنییەکەی بەر هەڵوەشاندنەوە بکەوێ، کە ئەگەری بونیاتنانەوەی نەبێ. لێرە سێکس شتێک هەڵدوەشێنێتەوە، بەڵام شتێکی تر بونیاتدەنێتەوە ئەویش حەز و ویستە.
هەرچەندە کەمال سەعدی ئەزموونێکی دوور و درێژی لە نووسین هەیە چاوەڕوانی کاری گەورەتری لێ دەکرێ لەوەی کە هەیە، چونکە شەوانی باکۆ سەرباری ئەوەی پڕە لە هەڵەی زەقی چاپ لە ناوەرۆکیشدا نووسەر کەوتۆتە نێو هەڵەی گەلێ مەزن، دیار ئەمەش بۆ دوو هۆکار دەگەڕێتەوە؛ یەکەم سەعدی بە هۆی بابەتییە هەستیارەکەی نەیتوانیوە کە هیچ پەیامێک بە خوێنەر بگەیەنێ و خۆی یەکلا بکاتەوە لە نێوان پێویستی و دەرخستن، چونکە کاتێ نووسەر پەیامێکی لاواز و داهێنانی نەبوو، ئەم کاتە جگە لە ڕەش کردنەوەی کاغەزی سپی هیچیتر نییە. لە کاتێکدا کە شەپۆڵی گەمژەیی و بەمێگەل کردنی کۆمەڵگە لە ڕێگای شۆسیال میدیا ڕووی ناشیرنی دەردەخات بەم مانایە، بەرهەمی ڕەهەندە جیهانگیرییەکەیە و زاڵبوونی گڵۆباڵە بەسەر دەقدا، بەمەش ئەرک و پێوستی دەق قوڕستر دەبێ بەوەی تێکست ئەرکییەتی رۆڵی ڕاستکردنەوە و بە جوان کردن ببینێت، نەوەک داماڵین لە بەها ئەخڵاقییەکانی کۆمەڵگا بەمەش دەتوانین بڵێین کە شەوانی باکۆ شکستی دەقە لە نێو ناوەڕۆکدا.
سەرەڕای ئەوەی کە ڕۆمانەکە لە تەکنیک و شێوازدا لە ئاست دەقدا نییە، بەڵكو خاڵییە لە بنەماکانی ڕۆمان و گێڕانەوە و زەمەن و گەڕانەوە بۆ ڕابردوو نەوەک بڵێین هەر بەدی ناکڕێ، تەنانەت بەهۆی گێرانەوەیەکی سادە و ساکار لە هونەری ئەدەبی وای لەم ڕۆمانە کردووە، زۆرتر لە بیرەوەرییەکی ئاسایی جوان بچێ نەوەک ڕۆمان. هەر چەندە لەو ڕۆمانەدا جگە لە رابواردن و ئاید و لیبدۆکانی سێکس کردنی چەند کەسێکەوە هیچ ئیگۆ و پەیامێکیتر لە پشتی ئەم دەقەدا نییە. بەمەش پەلەیەکی زۆر بە شەوانی باکۆوە دیارە، یەکێکیان بە هۆی هەستیاری بەباتی و دووەم نووسەر ویستوویەتی یەکەم کەس بێ کە لە دوا بەشی ڕۆمانەکەی باسی ڤایرۆسی کۆڕۆنا بکات، وەک بابەتێکی هەنووکەی وەلێ بێ ئاگا لەوی لە پەلە پروسکێی نووسەر گورزێکی گەورەی لە ڕۆمانەکەی داوە.
شەوانی باکۆ بێ بوونی هیچ ڕووادوێکی گرنگی سێکسوالی بە گەشت کردنی چەند هاوڕێیەک لە هەولێرەوە بۆ باکۆی پایتەختی ئازارباینجان دەست پیدەکات، کە تێیدا هاتووە ئازا و کاروان و بەیەکەوە و لەگەڵ ئاکۆ بە جیا، دوو گەشتی جیاوز بە مەبەستی کات بەسەر بردن سەردانی باکۆ دەکەن. هەموو ڕووداوەکانی گەشتەکە لەسەر زاری کارەکتەری سەرەکی بە شێوەی ڕابردووی بکەر دەگێڕدرێتەوە، نووسەر بێ ئەوەی هیچ خۆماندبوونێک بە ئیدیۆم و جێگرەوەی وشە بیانییەکان کە لەو باوەڕەدام گەر یەک کەم خۆی بە لایەنی وشەسازییەوە سەرقاڵ کردبووایە، دەیتوانی جێگرەوەی وشە بیانییەکان بە ناو و فەرمانی کوردی پڕ بکردایەوە، هەروەک وشکانی بۆتۆکس، فیلەر، مانتۆ، تیشێرت، تاتۆ، ڤی ئای پی، ڤیزە، کافێ، تکیت، فەسبووک، تەنانەت وەک بەکار بردنی وشەی شوقە، مەسعەد و ئەلحەقە و سەماعەی خاریجی، کە بە وشەکانی کوتان، بژاردە و ڕێپێدانی گەشت و تۆڕی کۆمەڵایەتی و یانە، بلیت، باڵاخانە، یان کۆشک و خانوو، ئەسانسێر، هەڵبەتە، بلندگۆ، بیستنی دەرەکی، بەلانی کەم شوێنی ئەم وشە غەوارانەی دەگرتەوە.
کەمال سەعدی تەنانەت لە ناو ڕۆمانەکەدا لە ڕیزکردنی ڕووداوەکان تووشی لە بیر چوونەوە دەبێ، بۆ نمونە لە بەشی مەلەوانگە لە لا ٦٥ بۆ ٦٦ سەبارەت بە تورکی نەزانی خۆی کە ناتوانێ بە دڵی خۆی قسە لەگەڵ سارا ئازەری ڕێبەری گەشتیارییەکەیان بکات دەڵێ: زۆرشت هەبوو پێی بڵێم، بەڵام ئەفسوس زمانی تورکی نازانم. لە وڵامدا ئەحمدی یاوەری سارا پێی دەڵێ: بۆچی بە زمانی عەرەبی قسەت لەگەڵ نەکرد؟ ئەویش لای سەیر دەبێ کە سارا عەرەبی دەزانێ، بۆیە ئەو پرسیار دەکا و ئەحمەدیش پێی دەڵێ: سارا عەرەبییەکی باش دەزانێت، ئەو پەیمانگەی گەشتیاری تەواو کردووە و لەوێ فێری زمانی عەرەبی بووە. بەوە زۆر دڵخۆش دەبێ، بۆیە لە دەقەی دواتر دا هاتووە: کەوای وت، زۆر کەیفم هات، چوومە لای سارا و تەوقەیەکم گەرمم لەگەڵ کرد و بەزمانی عەرەبی قسەم لەگەڵ کرد.
کەچی لە بەشی گەڕانەوە لە لا ٩٠ بۆ ٩١ لە کاتی تەواو بوونی گەشتەکەیان نووسەر ئەسەف دەخوا کە زمانی تورکی نازانێ بۆ ماڵئاوایی کردن دیسان دەڵێ: وتم: ئەگەر زمانی تورکیم بزانیبا، دەمزانی چیم پێ دەووت. ئەحمەد هەمدیسان پێی دەڵێ: بەزمانی عەرەبی قسەی لەگەڵ بکە ئەو عەرەبی دەزانێت؟. نووسەر لێرە خراپ تێدەکەێ لە بیری کردووە کە پێشتر بە عەرەبی لەگەڵ سارا ئازەری قسەی کردووە، بۆیە دەڵێ: چی دەڵێی بۆ چی تۆ زووتر پێت نەوتم کە ئەو عەرەبی دەزانێ. هەروەها دەنووسێ: ئەمەم وت و چوومە لای سارا ئازەری و بەزمانی عەرەبی سڵاوم لێکرد، سڵاوی لێ وەرگرتمەوە، وتی چما تۆ زمانی عەرەبی دەزانیت؟. سەیر لەوەدایە کەچی لە رابردوو هەردووکیان بە زمانی عەربی لەگەڵ یەکتر دوواون، ئەمە ئابڕووچوونێکی نووسینە کە کەمال سەعدی لە شەوانی باکۆ تێی کەوتووە.
لەبەشی لە هەولێرەوە بۆ باکۆ زاهید و ئیبراهیم دەبنە هاوسەفەری کارەکتەری سەرەکی و ئاکۆ، کەچی لە بەشی قەسر و جەمع لە لا ٥٥ دوو جار و لە ٥٧ دووجاری تر ناوی کارەکتەری زاهید بۆتە جیهاد، پاشان لێی بۆوەتە جاهید لە چەند شوێنێکی دیکە کارکتەری کاروان دەکات بە کاوان، ئەمەیان دەشێ وەک هەڵەی چاپ هەژمار بکرێت، بەڵام دواتر دەیکات بە کامەران، ئەمەش دەبێتە نا مەعقوڵییەت و گەندەیی لە نووسین.
لەلا یەکی ترەوە لە بەشی بەرماڵ و قیبلەنامە، نووسەر وەک ناشارەزایەک لە زمان دا و وەک ئەوەی هیچ سەرو کاری لە گەڵ نووسیندا نەبێ، لە لا ٨٣ دەنووسێ: ئاکۆ چووە گەرماوەکە دۆشێکی وەرگرت. لە لا ١٤٣ هەمان هەڵە دەکاتەوە چونکە لای هەموومان ڕوون و ئاشکرایە کە دۆش دەکرێت وەرناگیرێ، واتە کورد دەڵێ سەرم شووشت، گەرماوم کرد، نەوەک حەمامێکم وەرگرت.
سەبارەت بە وسف پێداهەڵگوتن و ناساندن لە زۆر شوێن کەمال سەعدی هەڵەی کوشندە دەکات، هەروەک لە لا ٨٢ و لە بەشی گوندی کەچەڵ دەربارەی وەسفی دوو کچە سۆزانی دەڵێ: یەکێک لە کچەکان زۆر سپی و تەنک بوو، دەتووت ڕێواسە، ئەوەی تریش ئەسمەرێکی خوێن شیرین بوون دەووت گەنمی قەندەهارە. لێرە خوێنەر تووشی مەهزەلەیەکی نووسین دەبێتەوە، ئەم ڕستەیە لە ڕووی داڕشتنەوە، هەڵەیە چونکە لە بەشی دێڕی دووەم باسی یەک کچ دەکات کەچی شیرن بوون بەکار دێنێ و لە کاتێکدا ئەم شیرن بوونە تەنیا بۆ یەک کەسیانە کە گەنم ڕەنگەکەیە، واتە تاک دەکات بە کۆ. دواتر نە ڕێواس سپییە و نەگەنمیش شیرینە، هەر بۆیە ڕۆماننوس وردبین و بە دیقەت نەبووە لەم وەسفەیدا.
پاشان بۆ سارا ئازەری لە لا ٢٣ لە بەشی هەولێرەوە بۆ باکۆ وادەخاتە ڕوو: خەیاڵم لای مەمکەکانی بوو، دەتوت سیوی لا سوورن بە دارەوە، بەهەمان شێوە لە بەشی مەلەوانگە لا ٦٥ دەڵێ: مەمکەکانی وەکو سێوی لاسوورە لە دورەوە دیار بوون. کەچی لە بەشی گەڕانەوە لا ٨٩ ئێژێ: مەمکەکانی دەتووت شەمامەی ناو بێستانن.
هەروەها لە وەسفی مەمکەکانی کچە گوڵ فرۆشەکە لە نێوان دووجار چوونیان بۆ ئەو یانەیەیی کە ئەو کاری تێدەکات، لە لایەک دەڵێ: تازە بنی مەمکی دانابوو. لە جاری دووەم لە لا ١٢٩ دەنووسێ: سوخمەی کرابووەوە مەمکی وک پرتەقاڵ بوو، لە کاتێکدا بەپێی گێڕانەوەکان ماوەی نێوان گەشتی یەکەم و دووەمیان لە ماوەی یەک مانگ تێپەڕی نەکردووە کە چی لە بنی مەمکەوە بۆوەتە بە پرتەقاڵ.
لە بەشی ژنەکانی میترۆ کافێ لە یەک ڕستەدا سەعدی دەکەوێتە دوو وەسفی دژ بەیەک لە لا ١٥٨ کە لە باسی جوانی وەسفی مەهێی سۆزانی دەڵێ: جووتە شەمامەکانی لە ناو قەمیسەکەی بە قەد لیمۆ بوون. لە لا ١٥٤ بۆ ١٥٥ هەمان هەڵە دەکاتەوە، دەبێ مەمکی مەهێ یەکیان بێ واتە یان بەقەد شەمامە یان لیمۆ، چونکە هەموو کەس دەزانی کە قەبارەی شمامە و لیمۆ جیاوازە لیمۆ گەورەترە لە شەمامە، بەم جۆرە، نووسەر لەو وەسفیشدا شکست خواردوو دەبێ.
بێ ئاگا لە لۆژک و نەژادناسی و لە بەشی ژنە سەماکەرەکە لە لا ١٢٣ کاروان هەڵدەستی بە مارەکردنی مەهێی ژنێکی سەماکەر، دواتر سەفەنجێ مارەدەکات، ئازایش بەهەمان شێوە بانۆ ژنێکی سەماکەر مارە دەکات، کەچی ئەوان تەنیا بۆ ڕابواردن و تێرکردنی غەریزەکانیان چوونەتە باکۆ، دواتر هەموویان بە مەشهەد و دیمەنی جیاواز ژنی یەکتر ماچ دەکەن و لە باوەش دەگرن. ئەمە جگە لە کرێتی، هیچیتر نییە، چونکە پێوست بوو یان هەر وەک سۆزانی چووبانە لایان یاخود وەک خیزان قودسیەتییان هەبووایە.
لە کۆتای بەشی لە گەشتەوە بۆ کڕۆنا لە لا ٢٠٠ بۆ ٢٠٢ کاروان زۆر نیگەران دەبێت لەوەی کە تازە ڤایرۆسی کۆڕۆنا ڕووی لە ئێران کردوە، کەچی ئەوان لە گەڕانەوەیاندا چوونەتە شاری ئەنزەلی ئیران بۆ ڕابواردن، بەمەش لە گەڕانەویاندا لە شاری سۆران کەرەنتینە دەکرێن. کاروان کەرەنتینەکردنیان بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە چوونەتە ئەنزەلی، بۆیە خۆزگەیەکی زۆر دەخوا تەنیا گەشتی ئازربینجانیان کردبوایە نەوەک سەردانی ئەنزەلی، کەچی نووسەر ئەوەی لەبیر کردووە کە هەر خۆی گەشتەکەیان بە تێپەڕین بووە لە سنووری ئەستارەی وڵاتی ئیران ئەوان تەنیا فیزایی ئێرانیان بڕیوە بەناو خاکی ئێران تێپەڕیون نەوەک وڵاتێکی تر.
ماوەتەوە بڵێم جێگای داخە کە نووسەرێکی وەک کەمال سەعی دوای ١٠ بەرهەم و تەمەنێک لە نووسین هەڵدەستێ بە نووسینی ڕۆمانێکی لەم شێوەیە پڕ لە کەموکوڕی، وەک کەسێک کە هیچ سەروکاری لەگەڵ نووسیندا نەبووبێت. بەمەش گەر نووسەر بە پرۆسەی نووسینی خۆیدا نەچێتەوە، ئەوە شەوانی باکۆ لای کەمال سەعدی گەڕانەوەیە بۆ خاڵی دەستپێک.




پرسیاری بچووک لە دیاردەی گەورە کۆتایی داعش یان سەرەتایەکی تر؟ … نووسینی: ستیڤان شەمزینی

رۆشنبیرانی ئێمە نەک دیاردە بچووکەکان نابینن، بەڵکو باز دەدەن بەسەر دەرکەوتە گەورەکانیشدا. داعش دیاردەیەکی نوێ بوو بۆ ناوەڕۆکێکی دێرین. لە هەمان کاتدا فینۆمینێکی پۆلەتیک- ئاینیی گەورە بوو. “من یەکەم نووسەری کورد بووم کتێبێکم لەسەر داعش نووسی و چاپکرد لە بەهاری 2015دا”. بەڵام لەناکاو و بە خێراییەکی سەرسوڕهێنەری هاوشێوەی فراوانبوونی قەڵەمڕەوەکەی، داعش بوو بە داشێکی سووتاو!!، بەو قەبارە مەترسیدار و تۆقێنەرەی هەیبوو لەبەرچاو ونبوو. بۆ رۆشنبیرانی ئێمە گەشەکردنی بەپەلە و پووکانەوەی تیژتێپەڕی ئەو دەوڵەتە تیرۆریستییە وەک رێکخراوێکی مونسەجیم جێی گوومان و پرسیار نەبوو!. چوونکە رۆشنبیری کورد نەک توانای پرسیاری مەزن و شرۆڤە پێشهاتە گەورەکانی نەماوە، بەڵکو دەست و پێ سیپترە لەوەی پرسیاری بچووک لە دیاردەی گەورە بکا و خوێندنەوەی لاوەکیشی بۆ ئەگەرەکان هەبێت. هەموو پێکڕا قاچ لەو ئاوە لێڵە دەخشێنن میدیا و سیاسییەکان لەسەرەوە دەیڕژن. لە باشترین حاڵەتدا بوونەوەرێکن مێشکیان خاڵییە لە پرسیار و هەگبەیان بەتاڵە لە وەڵام. هەموو پێکڕا بوونەتە شرۆڤەکاری هەواڵ و رووداو، نەک پێش رووداوەکان بکەون و سەرنج و دیدگاکانیان بۆ پێشهاتی ئایندەی نزیک یان دوور بخەنەڕوو.
دیارنەمانی داعش لەسەر شانۆی سیاسیی و کوشتنی ئەبوبەکر بەغدادی خەلیفەی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام، زۆر رەهەندی جۆراوجۆری هەیە، ئەگەر بوعدێکی بریتی بێت لە تەواوبوونی رۆڵی ئەو رێکخراوە لە دراما سیاسییەکەدا، ئەوا بەشێکی تری سیناریۆکە بریتییە لە رۆڵدان بە رێکخراوێکی تری هاوشێوە لە داهاتوودا. لێ داعش ئێستاکە رۆڵێکی کۆمبارسانە لەسەر شانۆکە ئەدا دەکات، بەڵام بەم پەلەقاژانە ناتوانێت بگاتە داهاتوو، بەڵکو حەتمییەتی واقیعەکە ئەوە دەردەخات، داعش کۆتایی هات، هەروەک چۆن پێشتر ئەلقاعیدە کۆتایی هات، سەرباری ئەوەی لێرەو لەوێ توانای چالاکی بچووکی تیرۆریستی بۆ چەند ساڵێکیش مابوو. بەڵام ئایا تیرۆریزمی ئیسلامی کۆتایی هاتووە، یان کۆتایی داعش سەرەتایەک نییە بۆ دەرکەوتنی رێکخراوێکی تری تیرۆریستی یونڤرساڵ؟.
وەڵامدانەوە بەو پرسیارە، زەحمەتێکی زۆری پێویست نییە، لە روانگەی ئەوەی هێشتا ئەو زەمینە کولتووریی و ئابووری و سیاسییەی مامانی تیرۆریزمی ئیسلامییە وەک خۆی ماوە و تاکو بەئەمڕۆ دەگات هەمان تێڕوانینی نەقڵی نەک عەقڵی سایەی بەسەر موسڵماناندا کردووە، هەروەک توێژەری فەڕەنسی “گی میلییەر” لە کتێبەکەیدا “کێشەکانی فیکری ئیسلامی” پێداگریی لێدەکات “هێشتاش جیهانی عەرەبی و ئیسلامی مەحکومە بە پێوەرەکانی سەدەکانی ناوەڕاست”. ئەگەرچی تاریکیی سەدەکانی ناوەڕاست تایبەتە بە کۆمەڵگە رۆژئاواییەکان، بەڵام ئەو بەراووردە جۆرێکە لە میتافۆر. ئەمە لەلایەک و لەلایەکی تر، ئەگەر توندڕەویی ئیبن تەیمییە لەژێر کاریگەریی رووخانی ئیمپراتۆریای ئیسلامیدا بووبێت ئەوە هەمان دیمەنی داڕووخانی کۆمەڵگە عەرەبیی و ئیسلامییەکان فاکتۆرێکی بەهێزن لە پەرەپێدانی هزری توندڕەویی ئیسلامی، بە جیاواز لەو تەمویلە ماددییەی لەلایەن سعودیە و وڵاتانی کەنداوەوە بۆ ئەکتیڤکردنەوەی بیروبۆچوونی وەهابی و سەلەفیزم تەخشان و پەخشان دەکرێت. ئەگەر دیقەت بدەین بە وتەی “کۆرتین وینزەر” تەنیا لە دوو دەیەی نەوەدەکان و دوو هەزارەکاندا، وڵاتێکی وەک سعودیە 87 بلیۆن دۆلاری بۆ تەشەنەپێکردنی هزری وەهابیزم خەرج کردووە، کە ئەم بڕە دوانزە هێندەی خەرجی یەکێتی سۆڤێتی پێشووە لە ماوەی هەفتا و چوار ساڵدا بەمەبەستی بڵاوکردنەوەی ئایدۆلۆژیای سۆسیالیستی و یارمەتی بزووتنەوە کۆمۆنیستییەکان لەهەر چوار قوڕنەی دنیادا.
جیا لەوانەش وەک دەبینین رۆشنبیریی سەلەفی ئیخوانی و وەهابیستی رۆشنبیریی باڵادەستن لەتەواوی ئەو جیهانەی پێی دەوترێت جیهانی عەرەبی یان ئیسلامی، ئەوەتا لەم چەند مانگەی پێشوودا مردنی بیریاری ریفۆرمیستی ئیسلامی بە رەگەز سووریایی “محەمەد شەحرور” بە بێدەنگی بەناو جیهانی ئیسلامی و عەرەبیدا تێپەڕی، ئەمەش وەک بەڵگەیەک بۆ هەرەسی رەوتی ریفۆرمخوازی ئاینیی کە دەکرێت بڵێین مەرگی شەحرور مەرگی دوا ریفۆرمخوازی ئیسلامی بوو لە دوای مردنی نەسر حامد ئەبوزەید و محەمەد ئەرگۆنەوە. لە کاتێکدا تەنیا کتێبی “الکتاب و القران”ەکەی شەحرور بوومەلەرزەیەکی هێندە بەهێزبوو لە کاتی خۆیدا، لە وەڵامدا پانزە کتێبی تری لێکەوتەوە. لە بەرامبەردا زۆرترین داواکاریی لەسەر ئەو کتێبانە بە دیدێکی سەلەفی و رادیکاڵی ئیسلامیانە نووسراون “وەک لە پێشانگای نێودەوڵەتی کتێب لە هەولێر زۆرترین فوکۆس لەسەر کتێبە ئیسلامییەکان بوو”.
بۆ رەهەندێکی تری بەرسڤ بەو پرسیارەی لای سەرەوە، ناچار دەبین بگەڕێینەوە بۆ لای کتێبی “ادارە التوحش”. ئەگەرچی ئەو کتێبە بە ناوێکی خواستراوەوە چاپ بووە، ئەمە هیچ لە گرنگییەکەی بۆ سەلەفییە جیهادییەکان کەم ناکاتەوە، بەڵکو لای زۆرێک بە ئینجیلی رێکخراوە جیهادیی و تەکفیرییەکانی لە قەڵەم دەدرێت، بەو پێیەی مانیفیستۆیەکی نوێباوی تیرۆریستییە بۆ چالاککردنەوە و رێکخستنەوەی پاشماوەی رێکخراوە تیرۆریستییەکان لە بۆتەی رێکخراوێکی نوێتردا. ئیدارە تەوەحوش ئەو کتێبە بوو توانی فۆرمۆڵەی داعش بکاتەوە لەسەر داروپەردووی ئەلقاعیدە و رێکخراوی تەوحید و جیهادی زەرقاوی. هێزی ئەوەی هەبوو داعش بهێنێتە سەر شانۆی سیاسیی و سەربازیی، لێ لەم بوارەدا هاشا لە رۆڵی دەزگا هەواڵگریی چەندان وڵاتی هەرێمی و جیهانی ناکرێت، سا ئەوەش فاکتێکی حاشاهەڵنەگرە بێ ئەو کتێبە مومکین نەبوو ئەو هەموو گەنجە بەو بڕوایەوە لە هەموو لایەکی دنیاوە خۆیان بگەیننە ریزەکانی داعش.
ئەگەرچی کتێبی “ادارە التوحش” تاکە کتێبی عەقیدەیی و بنەمایی نییە لە راستای فیکری گروپە رادیکاڵە جیهادیی و تەکفیرییەکان، بەڵام کتێبەکە ئاستێکی باڵای هەیە و هاوچەرخانە ئەنالیزی دیاردەی توندوتیژیی دەکات و کۆمەڵێک ئارگۆمێنتی تێدایە کە بۆ هەر موسڵمانێک قابیلی نکۆڵیکردن نییە و بۆی هەیە بڕوای پێ بهێنێت. لێ ناوەڕۆکی کتێبەکە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کوشتن و توندوتیژیی دیاردەیەکی سروشتکرد و خۆڕسکە، وەک هەمووان ئیسلامییەکانیش مافی بەکارهێنانی ئەو توندوتیژییەیان هەیە. لە هەمان کاتدا کتێبەکە وەک تەواوکاری کتێبەکانی “سەید قوتب” بە تایبەت کتێبی “معالم فی الگریق” خۆی دەنوێنێت، روونیشە سەید قوتب نوێنەری ئەو دیدگا ئاینییە ئیسلامییە بوو ئیبن تەیمییە لە حەنبەلیزمەوە پەرەی پێدا و ئەوانیش لە سەرچاوە رەسەنەکانی ئاینی ئیسلامەوە هەڵیانهێنجابوو. ئەگەر “د.شاکر ئەلنابلوسی” پێش دە دوانزە ساڵێک ئەمەی وتبێت “سەید قوتب مەمکی تەڕوبڕی فێندەمینتالیزمی ئیسلامی هاوچەرخە”. ئەوە ئیدارەی تەوەحوش ژیاندنەوەی ئەو مەمکە بوو، بۆ چەندین دەیە و قۆناغی تریش لە مەترسی وشکبوون رزگاری کرد.
بە کورتی ئەم کتێبە تا ئەم ساتەوەختەش قورئانی ئەو بزاوت و کەسایەتییە رادیکاڵ و سەلەفیانەن بڕوایان بە حوکمی “جیهاد” تاکو “رۆژی قیامەت” هەیە. لە سیمای ئەم رۆژانەی ناوچەکەدا ئەوە دەبینرێت، هەموو لایەک بە خۆشحاڵییەوە سەرقاڵی بردنی تابووتی مەرگی داعشن بۆ گۆڕستان، کەچی تارمایی لە دایکبوونەوەی رێکخراوە هاوشێوەکان نابینن!. لەم نێوەندەشدا نوخبەی کورد سەرگەرمی شەڕێکی گەرمی نێوخۆییە تا کاتێک دەزانێت لە بەشی دووەمی دراماکەدا، داعش بە بەرگ و ناوێکی تازەوە وەک رێکخراوێکی مەترسیدار لەبەردەمیدا قووت دەبێتەوە. من لە ئێستاوە بۆنی بارووتی تیرۆریزمی ئیسلامی و خوێنی رژاوی خەڵک کاسی کردووم. پرسیار ئەوەیە سیاسەتمەدار و رۆشنبیری کورد تۆ لە کوێیت و سەرقاڵی چیت؟.

نووسینی: ستیڤان شەمزینی
سوێد – ستۆکهۆڵم




ئایا سۆفیا نیشانەی جەنگێک بۆ لەناوبردنی ئاین … محمد کریم

پەرەسەندنی زانست و زۆربوونی تەکنەلۆژیا و بە گشتی سەردەمی مۆدێرنەتە نایەوێت هەڵبکات لەگەڵ ئایین، چونکە ئاین هەمیشە ویستوویەتی لە ڕێگەی ڕێسا و ئامۆژگاریەکانیەوە سنورێک دابنێت بۆ گشت شتێک و کەسێک لە هەر بارودۆخێکدا بۆ ئەوەی دەست درێژیەکانی سەر سروشت نەهێڵێت و بە حەڕام نیشانی بدات…….

مۆدێرنەتە دابڕانێکی گەورەی دروست کرد و کەلێنێکی گەورەی خستۆتە ڕووحیانیەت و ڕێبەرانی بەرەی مۆدێرن هەر خەریکی ماددەن و لە هەوڵی چڕدان بۆ خاپورکردنی ئاین و نەهێشتنی ڕیشەی مەعنەویت لە نێو ناخی هەر تاکێک و لە هەوڵی بێ وەچاندان بۆ سەرخستنی ماددە بەسەر مەعنەویەت و گواستنەوەی پەیوەندیەکان لە لۆکاڵی بۆ گلوبالی و بە جیهانی کردن ئەمەشیان ناهێتەوە لەگەل ئەخلاق و ئاینیش ڕێسا لەسەر اساسی ئەخلاق دادەنێت بۆیە ئەمە هەمووی بۆتە بەربەست بۆ بەرژەوەند خوازان و مادەپەرستان کە نەتوانن لەگەڵ ئاین دا بە باشی بازرگانی بکەن بە مرۆڤ وەک کاڵا و دواتر لە قودسیەت خستی جوانیەکان بە گشتی و بە کەیفی خۆیان کار بکەن…..

ئەوی هەیە و ڕوو دەدات لە جیهان دا دوور نیە لەمە و لەهەوڵی لەناو بردنی برا دان بە برا و لەسەر حیسابی براکاندا خۆیان و دیسان بازرگانیێکی تر دەکەن و لە هەوڵی توند دان بۆ خاپور کردنی ئاین لە هەر شوێن و جێگایەک دا بۆ هەمیشە چونکە بۆ سیکۆلاریزم ئاین شتێکی تا بڵێی نا پەسەندە چونکە باوەڕیان بە جیهانی دووەم نیە کە عیلاقەیەکی ڤێرتیکاڵی قوڵی نێوان خودا و مرۆڤە ئەوان تەنێ لە هەوڵی بچوککردنەوەی جیهان دان بۆ گوندێک و لە هەوڵی ئەوە دان جیهان بە ئاسانی کۆنتڕۆڵ بکەن و بخرێتە دەستی مرۆڤ و بانگەشەی (عەقڵێکی موتڵەق) دەکەن بە هۆی ماددە و تەکنەلۆژیا کە تێیدا لە ئەخلاقیان داماڵیووە و تەنها ڕووە فیزیکیەکەی ماوەتەوە و مانا لەناویا نیە کە ماددە سەنتەرە و مەعنەویەت لە پەراوێزە …..

گەر ڕوونتر بڵێم کێشەی ئایا سۆفیا دوور نابینم دیسان شەڕێکی ڕەش نەبێت لە نێوان ئاینەکان کە سیکۆڵاریست و دونیا ویستەکان بیانهەوێت بەرپای بکەن لە نێوان ئاینەکاندا کە تێیدا هەردوو ئاینی اسلام و مەسیحی لە یەکەمەکانی جیهانن لە ڕووی ژمارەی زۆر کە ئاینی اسلام نزیکەی (1.9) ملیار موسڵمانی هەیە کە ٪۲٤٫۱ی ژمارەی گۆی زەوییە و ئاینی مەسیحی ژمارەی نزیکەی(2.3) ملیار مەسیحی هەیە بە گشتی کە دەکاتە ٪۲۹ی ژمارەی دانیشتوانی زەوی ئەمەش ڕێژەیەکی زۆرە کە تا ئێستا لەسەر ئەم دوو ئاینە ماون بۆ مۆدێرنیستەکان بۆیە توشتی ئەم دەمارگیریە قوڵەبوون و دەیانەوێت تەقەی یەکەم لە ئایا سۆفیا دەست پێبکەن.. ….

بەڵام ئەوەی جێی داخە ئاینیەکان لە ژێر کاریگەری دان و هەست ناکەن بەکار دەهێنرێن وەک چەکێک بۆ لەناوبردنی خۆیان بە دەستی خۆیان…

وە ئەمەش بە هەوڵێکی بێ مانای دەبینم کە سەرەنجام لەناوچوونی دنیای تێدا مسوگەر دەبێت و دیسان هەر دونیادۆستەکان و ماددەویستەکان زەرەرمەندی یەکەمن….

وە لە ئێستا دا گرینگە هەموو ئایینیەکان بیر لە خاڵی هاوبەشی ئایینی بکەنەوە و باسی تێگەیشتنە قوڵە ئاینییەکان بخەنە بەرباس زۆر باشترە و لەوی باشی جیکاری و لایەنگری بکەن چونکە یەکێتیێکی ناوەکی ئاینی هەیە کە هەر کەسێک لێی قوڵبێتەوە دەگاتە
یەک حەقیقەت…..

محمد کریم




شیعر/ مەلە ڕەشەکانی نیوە شەو … کاوە عوسمان عومەر

هەنگاوەکان،،
پێش خۆرئاوابوون کەوتن،،،
تنۆکە بەفری ڕەشە،،
تەنیایی…
وەک پەلی مێو،،
بە دیواری نیوەشەوا…
هەڵکشا، زەڕەبینی شوێنیش،،
بەدەست کاژێرە سپیپۆشەکانەوە،،
لە سۆراخی شەونخوونی ڕێبوارێکە…
بەدیار گیاندەرچوونی شیعرێک،،
تا سپێدە بێدار بوو،،
داری زیوینی مانگیش،،
خۆی ئەڕازێنێتەوە،،
بە تەم و تیشک،،
فوارەکەش زۆر دەمێکە ووشک بوە…
لە خەونی ماسیە ئەفسوناویەکان،،
بە لێوی ڕژاوی ئاو،،
چیتر چرپە نانێرێتە…
باخێکی بەدنەفرەتکراو..
………..
بیابانی ڕەشی نیوەشەویش..
شەپۆل ئەدات،،
وەک نیگای قەشەنگی…
سۆمای چاوی ئەو،،
پەناگەیەک…
ڕێگری ئەکات ،،
لە کانی کات،،
لێوان لێو بێ،،
بە حەزی کۆچەرێک…
بۆ گەڕانەوە،،
بەڵام لە چوون و نەچوونا،،
هێڵی ناوەڕاست بوونی نیە،،
یانیش عیشق یاخود نا،،
خۆزگە مۆمەکانی خۆشبەختیش،،،
هەر بە داگیرساوی ئەمانەوە،،
هەرگیزاو هەرگیز،،
لە نێو ڕۆحی تەنیایەک،،
نە ئەکوژانەوە،،،
خۆزگە مانگیش،،
لەسەر دەستم ڕائەوەستا،،
تا لەگەڵ ڕوخسارت،،
بەراوردی کەم،،،
خۆزگە ژوورەکەش،،،
زەریا ئەبوو،،
تاوەکو ماسیە سپیەکانی خەفەت،،
لە دیوارەکانەوە،،،
دەربازیان بێ،،
شەویش تەنهاو تەنها،،
کلیلی دارگای داخراوی ڕۆحمە،،
چەقۆکەش،،
بێ ئەوەی دەماری تیشکێکی بڕی بێ،،
لە خوێنی بێدەنگیدا گەوزاوە،،
حەز کردن،،
لەوەی پەرداخێک…
لە ئاوی ژیان،،،
پڕ بێتەوە،،
بەڵام هەموو شتێک …
تەواو ئەبێ، هەتاویش..
سوتەمەنی پێنامێنێ،،
چرکەی نێو دڵیش،،
هاکا لە لێدان کەوت،،
مەلە ڕەشەکانی نیوەشەویش،،
بای وەیشوومیان هێنا،،
فڕێنی باڵە ئەفسوناویە…
قەترانیەکەیان،،
مەرگ دێنێ،،
و ڕۆح ئەبا،،
مەلە ڕەشەکان،،
لەوانەیە نهێنی زۆر بزانن،،
بەڵام ئەفسووس..
هییچ ناڵێن ،،
تەنها شەقەی باڵە وەیشوومەکەیانە،،،
گەر نهێنی نەبوایە،،،
هەر کەسەو لە بیرەوەری خۆیدا،،
دیل نەئەبوو،،
لەسەمەرەی شەقەی باڵی….
مەلە ڕەشە وەیشوومەکانی…
ئەم شەوە ئەنگوستەچاوە،،،
وویستم بە مەشخەڵێکی پەمەییەوە،،،
بێمە تونێلە تاریکەکانی بوون،،،
بەڵام سێوە سپیەکانی،،،
لەزەت و گوناح،،
ناهێڵن،،
هەنگاوێک بەرەو دواوە بنێێن،،،
بۆ ئەو شوێنەی…
لە بەردەکان خەوو خەیاڵ دروستکران،،
چاو کلیلی دەرگای جەستەیە..
بە تەنهاو…
هییچی تر.




ئۆپۆزسیۆنی پۆپۆلیست و ڕزگارکەری دیماگۆگ … ئاراس سەعید

کوردستان تادێت لەنێو داڕزانێکی گەورەیی فیکری و مۆڕاڵیدا چەق دەبەستێت، بەدرێژایی حوکمڕانی حیزبەکوردیەکان بۆ ڕزگاربوون لە توڕەیی و هەلومەرجێکی حەتمی کۆمەڵایەتی، حزبە کوردیەکان خۆیان بەرهەمدەهێنەوە، ئەویش بۆ زیاتر سەپاندنی ئەو بازنە فکری و کلتوریەی هەموو بیکردنەوە و گۆڕانکاریەک ڕادەکێشتەوە بۆنێو خودی خۆی. بەواتایەکی تر حزبی دەسەڵات مۆنۆپۆڵی بازنەیەکی فیکری و کۆمەڵایەتی کردووە و بەشێوەیەکی سەپێنەر فیکر و هزری نوێ پوچەڵ دەکاتەوە. ئەویش لەڕێگەی مۆنۆپۆڵکردنی سێکتەرەکانی ڕۆشنبیری و خانەکلتوری، نەڕەخساندنی بازنەیەکی فیکری بۆ کۆبونەوەو ئاڵۆگۆڕیی ئایدیایی نوێ.

شکستی حیزبی کوردی و لەدایکبونی ئۆپۆزسیۆن و باڵی نوێ لەهەناوی کلتور و نەریتە سەپاوەکاندا، هیچ گۆڕانکاریەک دروست ناکات، جگە لەبەرهەمهێناوەوەیی نەریتەکان لەفۆڕمێکی تردا. کاتێک حیزبی دەسەڵات درک بەتەقینەوەیی کۆمەڵایەتی و جۆرێک لە دەرکەوتنی هزر و تیۆری نوێ دەکات، کە سمبولێکی نوێیە، بۆ یاخی بوون و لادانی سیاسی و دووبارە خوێندنەوەو خولقاندنی کردە، لەگۆشەنیگایەکی جیاواز و لەدەرەوەیی بازنەیی سەپاودا، حیزب خۆی بەرهەم دەهێنێتەوە، نمونەش بەرهەمهێنانەوەیی یەکێتی لەفۆڕمی گۆڕاندا، کە گەورەترین هەڵچونی کۆمەڵایەتی سەدەیی بیستەمی سەرکوت کرد بەو شێوازە پۆپۆلیستەیی سەرجەم پڕەنسیپەکانی هاوتایی داواکاریەکانی خەڵک لەپلاتفۆڕمێکدا ئاشکرا کرد. بەمەش بەئاسانترین ڕێگا توانی دووبارە، دەنگی ناڕازی و بزاوتە فیکریەکە بۆنێو بازنە کلتوریەکە ڕابکێشیتەوە، بەبەشداری کردنی لەدەسەڵات و قۆستنەوەیی دۆگمایی هاوڵاتیان دوبارە دەسەڵاتی بەرهەم هێنایەوە.

ئێستاش هەلومەرجی ئابوری و کۆمەڵایەتی کوردستان، دووبارە هەلومەرجێکی فیکری خولقاندۆتەوە بۆ ڕزگارکردنی کۆت و بەندەکانی بیرکردنەوە، کەچی ئۆپۆزسیۆنێکی پۆپۆلیست و بەسەرکردەیەکی دیماگۆگ و فریودەرەوە، لەهەوڵی دووبارە بەرهەمهێنانەوەیی نەریت و سیاسەتی شکست خواردووی دەسەڵاتە لەفۆڕمێکی نوێدا، دووبارە ئەو بزاوتە نوێیە پەلکێشی نێو بازنە فیکریە سەپاوەکە دەکات، بۆیە هاوڵاتیان دەبێ بەهۆشیاریەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم هەلومەرجە دژوارەیی کۆمەڵگابکەن، فریوی سەکردەی دروستکراو دیمامۆگی وەکو شاسوار و گروپەکانی هاوشیوەیی نەخۆن، تادووبارە نەبنەوە قوربانی ئۆپۆزسیۆنێکی ساختە، کەلەڕابردوودا فریوی دان و لەسەر ئێسک و پروسکی ئێوە گەیشت بەهەرەمی ویستو ئارەزووەکانی.

ئاراس سەعید




شیعر/ غوربەتی خاک … شوان عەباس بەدری

وەرە هاوڕێ با ئیتر خەمی نیشتمان نەخۆین
ئاسمانی ئێرە جێ بێڵین بەرەو سنووری خۆر بڕۆین
لێرە هەوایەکی پاک نییە بۆ دووبارە گەشانەوە
وەک سێبەرێ ڕۆچووینەتە نێو قووڵایی بنبەستەوە
خۆری سبەی لەم ووڵاتە دەمێ ساڵە کە تۆراوە
ئەم ووڵاتە تابووتێکەو بە کفنی ڕەش داپۆشراوە
ژیان لێرە هەموو ساتێ فەنابوون و مردنە
هەڵهاتن هاوماڵمانە و هەردەم وەرزی کۆچ کردنە
لە سەر بانی هەموو ماڵێ مەلێکی شووم ئەناڵێنێ
شەو بە دەستە تارەکانی هەنسک و بێزاری ئەروێنێ
لە ناو ئاوێنەیەکی ژەنگاوی بە دوای خۆمان سەرگەردانین
لەسەر گۆڕی خەونەکانمان چاوەڕێی مەرگی خۆمانین

شوان عەباس بەدری / 2003




گوڵی ئاگر .. خه‌ونی هه‌میشه‌یی …. نه‌ژاد عزیز سورمێ

دره‌خت ڕاده‌كه‌ن
ئاسمانیان لێ وێك هاتووه‌ته‌وه‌ ئه‌ستێره‌
تۆ هه‌ڵدێی ،
ڕێگه‌ت پێ نادا نیشتمان بمێنییه‌وه‌ ..
دیموكراسییه‌تی جه‌سته‌
قووڵایی دۆزه‌خ
له‌ دووكه‌ڵی جه‌هل
له‌ ناو كاكۆڵی ئیره‌ییستانی
ئاده‌مزاده‌وه‌ هه‌ناسه‌ ده‌دا ..

دڵ نه‌ له‌ مه‌رگ ، نه‌ له‌ عه‌شق
ئاگادارت ناكاته‌وه‌ . .
بژارده‌ی سه‌رده‌می به‌دنیهادی ،
خه‌یاڵی تێدا ڕه‌ش ده‌بێته‌وه‌
ژه‌هر له‌ ڕه‌نگی شه‌هد ده‌رده‌كه‌وێ
دارستان ده‌قی كراوه‌ن له‌ دونیایه‌كی داخراودا
وتارێكی دره‌نگ له‌به‌ر ڕووناییه‌كی له‌رزۆكدا
بۆ بێدار كردنه‌وه‌ی یاده‌وه‌ریه‌كان ،
بۆ سه‌ره‌تای كۆتاییه‌كی دی ده‌درێ ..

هاوڕێگای هه‌میشه‌یی ، پڕشنگی خوێناوی ،
داڕسان دوای داڕسان ،
سه‌ربرده‌ی برینان ده‌گێڕێته‌وه
له‌ كلتووری زیندوومان ،
له‌ شه‌ڕ ده‌دوێ
كه‌ هه‌ر ده‌م
به‌ ساوی ئاوریشم
له‌ ده‌روازه‌ ئاسنینه ئه‌ڵقه‌ڕێز ئاڵتونییه‌كان ده‌دا و
به‌ ساوی پۆڵا به‌سه‌ر‌ دڵماندا تێده‌په‌ڕێ ..

خۆر
مه‌زن ، گه‌ش ، دیار‌
شه‌ڕ ، هه‌ورێكی چڕ
له‌به‌ر نیگای هه‌ڵایساو و تووڕه‌یدا
كز ده‌نوێنێ‌ ، بچووك ، لێڵ
له‌ تیشكی خۆیدا ده‌گه‌وزێ ..
تاخچه‌ ڕه‌نگاوڕه‌نگه‌كان
مێژووی ده‌قه‌ نه‌شكاوه‌كانیان هه‌ڵگرتووه‌ ..
لێوه‌ به‌ باره‌كان
به‌ كورتی ده‌دوێن
له‌ ناو هه‌موو خه‌مێكدا
زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌كی شاراوه ..

شه‌وه‌ درێژه‌كانی ته‌مه‌نم
له‌ چاوه‌ڕوانی تۆدا توانه‌وه‌
یادگار ، هه‌مان یادگاره‌
ئه‌سرین ، هه‌مان ئه‌سرین
ده‌خنكێنن ده‌نگ ..

خه‌رابات
چوونه‌ته‌وه‌ پاڵ په‌رژینی باخچه‌ نامۆكان
ئه‌وانه‌ی له‌ خه‌ونی زڕه‌وه‌ به‌دیهاتوون
ڕۆژانه‌
(كوا من)ی تیا له‌ خاچ ده‌درێ
له‌ ژێی هه‌ستمان ده‌ده‌ن ..
كاردانه‌وه‌ نییه‌
مردوو كاردانه‌وه‌ی كوا ؟

گوێم لێته‌
به‌ ده‌م لاوكه‌ هه‌رده‌م له‌بیركراوه‌كان
وێنه‌ی ئه‌و ئه‌ستێرانه‌ی نیوه‌شه‌وان
به‌سه‌ر مێرگاندا ده‌كشێن و باڵداران له‌ خه‌و ده‌كه‌ن
چه‌هره‌ی ڕۆژگاری كه‌ساس ده‌نێژی
گه‌واڵه‌ی ڕێكه‌وتی هه‌نسكه‌ خه‌مباره‌كانی دارستانان
كه‌ به‌سه‌ر دوا چركه‌دا ده‌بارێ
پێشهاته‌ سه‌خیفه‌كان ده‌رده‌خه‌ی !
ئه‌سه‌ف
به‌ ده‌نگی ئه‌و ژنانه‌یان ناسپێری
سنگیان داوه‌ته‌ به‌ر قه‌ڵای شار
ئه‌و ژنانه‌
ئه‌وانه‌ نین
له‌ كلینیكه‌كانی جوانكاری و
ئارایشگه‌كان ده‌یانبینی
ئه‌و ژنانه‌
ئه‌وانه‌ن چیایان له‌ كۆڵه‌
سپێده‌یان له‌ چاو
له‌ ئاوێنه‌دا خاك ده‌بینن
له‌ گۆڕدا گه‌نجینه‌ی فریشتان
له‌ یه‌كه‌مین بارانا ، سه‌مای ژیان
وێنه‌ی برووسك
خۆیان به‌ نادیاردا ئه‌ده‌ن ..

كلیل نه‌ما
قفڵه‌ ژه‌نگاویه‌كانی پێ تاقی نه‌كه‌ینه‌وه ..
بێباكی له‌ هه‌ڵه‌ كوشنده‌كانی
‌بازاڕی ڤایرۆس لێدراو
مێژووییه‌كی هه‌یه
ساته‌ بێهووده‌كان
له‌ بۆشایی ژیان و مه‌رگ دا
له‌و تیش و زنارانه‌دا ده‌گیرسێنه‌وه‌‌
بكوژی لێ په‌روه‌رده‌ ده‌كرێن ..
‌‌‌
نازانم له‌ چ په‌نجه‌ره‌یه‌ك بوه‌ستم
تۆم لێ دیار بێ
كه‌ هه‌موو ئاواز و تابلۆ و نۆته‌ بێكه‌سه‌كان له‌وێ بن ..
ئێمه‌ بۆچی چاو له‌سه‌ر ئه‌م جه‌نازانه‌ هه‌ڵناگرین
به‌ بناران شۆڕ ده‌كرێنه‌وه‌
ئاوابوونێكی چه‌ند بێده‌نگ و زایه‌ڵه‌یه‌
ئاوابوونی مرۆڤ ..
گوڵێكه‌ له‌ شه‌راب
وێنه‌ی له‌ به‌هه‌شتیش نییه‌
ڕوناهی هه‌ڵده‌فڕێنێ
تاریكایی چڕتر ده‌كاته‌وه‌
( كوا من ) چه‌ند ونه‌
بزرتر ده‌بێ ..

كۆڕۆنا هات ، به‌ جل و به‌رگێكی ڕه‌شداگه‌ڕاو
پێده‌شته‌ سووتاوه‌كان ئاسا
سواری كه‌ژاوه‌ی خۆی كردین
كۆڕۆنا هات فێرمان بكا
دونیا ببینین
بیری لێ نه‌كه‌ینه‌وه‌ ..
فێری كردین هه‌وری چڕ
نیشانه‌ نییه‌ بۆ باران
كۆڕۆنا
سیاماڵ .. شه‌و ڕاشكان
ڕوونایی ڕۆحی به‌بیر هێناینه‌وه‌
به‌ڵام ئه‌ویش
به‌ هه‌موو ترس و تاوییه‌وه‌‌
شه‌ڕی له ‌بیر نه‌بردینه‌وه‌ ..

حیكایه‌ته‌ سواوه‌كان
مۆری به‌ختمان ، نینۆك هاتوو
له‌ زیندانه‌كانی جیهان ئاخنراون
بیر له‌‌ جۆللانه‌ پساوه‌كان ده‌كه‌نه‌وه
ئایینده‌ی پیر
له‌ ژێر چیله‌مێوێكی ڕووتدا
پێڵوی لێك ناون
ئه‌و ژنه‌ شۆخانه‌ نابینێ
له‌ ناخی دڵه‌ قه‌ره‌جییه‌كانیاندا
به‌ پێشیدا دێن و ده‌چن ..
له‌وێ
كه‌ زه‌رده‌خه‌نه‌ی تێدا له‌ كڕین نایێ
له‌ وێ
له‌ دووره‌وه‌
له‌ وێ
كه‌ نۆستالیژیای لێ بێدار ده‌بێته‌وه‌
له‌ وێ ( كوا من )
به‌ سیمای هه‌ڵقرچاوه‌وه‌‌
له‌ ناو تابلۆیه‌كی چاخه‌ كپكراوه‌كانی ناوه‌ڕاست
سینه‌یه‌كی ژاڵه‌ گرتوو
له‌ به‌رابه‌ر چه‌ند چڕنۆكێكی برسیدا ..

(نینئه‌نا) ، كچی ئاسمان !
كه‌ شادی و له‌ززه‌ت بۆ خوداوه‌ند و ئاده‌مزاد دێنی
ئه‌و هه‌ساره‌یه‌ هه‌ساره‌یه‌ك بوو
شیری ده‌دایه‌ خۆر
شادی به‌سه‌ر ماڵاندا ده‌به‌شییه‌وه‌
هاتین
به‌ چه‌ند پارچه‌ كاغه‌زێكی چاپكراو
هه‌ناسه‌مان لێ بڕی ..

چیا
له‌ سه‌مای ئه‌و جه‌ستانه‌ ڕاماون
مه‌مكیان
سه‌ره‌تا و كۆتایی بژێوی
له‌ كۆتی مێینایه‌تیی ئه‌م چاخه‌ داكه‌لاندوه‌ ..
مۆسیقا ئیتر
له‌ قاچه‌‌ شووشه‌كانی ئه‌ودا نه‌ماوه‌
مۆسیقا
له‌ ترپه‌ی ئه‌و دڵه‌ تۆراوانه‌یه‌
گه‌مه‌ی ڕۆژگار
به‌ ڕاست و چه‌پی داداون ..

به‌ چاوی شانس
سه‌یری پردی ڕوخاومان ده‌كه‌ین
خه‌یاڵێكی به‌دینه‌هاتوو
به‌ هه‌نگاوه‌كانمانه‌وه‌یه ،
له‌ تێكه‌ڵه‌ی بۆیه‌ی هونه‌رمه‌ندێك
له‌ بانیژه‌یه‌كی داڕماو ده‌چێ
شه‌وت له‌ نیوه‌ڕۆدا پێشان ده‌دا
هێشتا له‌ نیوه‌ی ڕێگا دای
(ئه‌نكیدۆ)ت له‌ ده‌ست داوه‌
هێزی جارانت ،
جارانی شه‌قامه‌كانی( ئوور) و
مه‌یخانه‌ ئاوه‌دانه‌كانیت نه‌ماوه‌
ئاینده‌ی پیرت دێننه‌وه‌ به‌ر چاو
ته‌نیا
بۆت هه‌یه‌ بێده‌نگ بی ..

سنوورێكی یه‌كسانمان
له‌ ناسینی خوداوه‌ند هه‌یه‌
بیر ده‌كه‌ینه‌وه‌
له‌ كرده‌وه‌ به‌ده‌كانمان
له‌ گومانه‌ هه‌رواییه‌ نامه‌نتیقیه‌كانمان ڕازی نییه‌ ..
وامان ده‌زانی جۆگه‌ و ڕووبار
پێش ئێمه‌ له‌ خه‌و ڕاده‌بن
ئه‌وان هه‌میشه‌ بێدارن .. نانوون
جۆگه‌ و ڕووبار بوونه‌وه‌ری ڕووتن
ئێمه‌ین دارستانیان له‌به‌ردا ده‌بینین
ئێمه‌ین گیای كه‌نارانیان به‌ سنگه‌وه‌ ده‌كه‌ین
كه‌ ده‌نگی دڵه‌كوته‌یان
ئاسمانان ته‌ی ده‌كا ..

سه‌یر نییه‌ له‌ ئێواره‌یه‌كی ئه‌رخه‌وانیدا
شاعیرێك
له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی وتوویه‌تی
مه‌مكی بێوه‌ژنان له‌ هی كچان
مێینه‌تیی زیاتره‌
چاوی بێوه‌ژنان خومارتره‌
شه‌ڕیكی بۆ به‌رپا بكرێ !

پاڵ به‌ قولله‌ی ڕۆحمانه‌وه‌ ده‌ده‌ین
چاومان له‌ ژیانه‌
له‌ سه‌رخه‌وشكاندنێكیشدا بێ
بیبینین
بۆمبای شه‌ڕان نه‌گاته‌ زه‌وی
له‌ نیوه‌ی ڕێ
ببن به‌ گوڵ ، به‌ باران ..
حیكایه‌ته‌ ڕه‌شه‌كانمان
له‌ بیر
بباته‌وه‌
ئه‌وه‌ی له‌ قوتابخانه‌دا منداڵییان تێدا مراند ..

ئای وڵاتی دڵگیرم
وڵاتی ته‌مبه‌ڵ
دوا جار چۆنم له‌خه‌و دیبووی وا ده‌رچوو
به‌ته‌نیا له‌گه‌ڵ خۆمدا مامه‌وه‌
تازه‌ ڕۆی ، تیر له‌ كه‌وانێ ده‌رچوو
هاوارمان له‌بیر چووه‌وه‌
تازه‌ ڕۆی
له‌ زنجیره‌ی شه‌ڕانمان زیاتر به‌ بیر نه‌ماوه‌
كه‌ دێن و ده‌ڕۆن و دێنه‌وه‌ ..
ڕوومه‌تی شه‌و
هه‌مووی له‌بیر بردینه‌وه‌ ..
دڵی ساده‌مان ،
گۆرانیی خه‌مڕه‌وێن‌
پێشبینی شه‌ڕه‌كانی دادێ
هه‌مووی له‌بیر بردینه‌وه .‌‌

به‌ردی كه‌ڕ هه‌ڵدێ ، ئێمه‌ هه‌ڵدێین
ئاوی گێژ ڕا ده‌كا ، ئێمه‌ ڕا ده‌كه‌ین
پێكمان گه‌یانده‌وه‌ ناو كارتۆن
هه‌تاوی كوێر بانگم ده‌كا ، بگه‌ڕێوه‌
به‌ سه‌مای گه‌ڵا و كه‌روێشكه‌ی گیا ڕا ده‌زانم
به‌و شنه‌یه‌ی
سپیداره‌ تازه‌هه‌ڵچووه‌كان ڕاده‌وه‌شێنێ
بگه‌ڕێوه‌ ..
گه‌ر بشمرین
با له‌ مه‌رگێكی شه‌ڵاڵ
له‌ ئامێز و پێكه‌وه‌نووسان و توانه‌وه‌دا بمرین .

حوزه‌یرانی 2020




ئایا مردن بە کۆرۆنا، لاوازی جەستەییە یاجیاوازی کۆمەڵایەتیە! … عبدالرحمن محمد(مەلا رەحمان ئاوارەکان)

لەو ووڵاتانەی کە دەزگاکانی ئامار و پلان دانان تیایاندا زانستی و بڕواپێکراوە، کە ئەنجامگیریەکانیان لە سەر بناغەی داتا و ژمارەیە، ڕۆژانە بە ووردی بە دوایی هۆکار و ئەنجامەکانی ئەم پەتای کۆڤید١٩ وەن، بزانن لە چ توێژو و چینێک، لە کام گەڕەک و ناوچەیەک، لە لەشی چ جۆرە مرۆڤێکدا ، زیاتر ئەم پەتایە بڵاو دەبێتەوە و زیاتر تاکەکانی توووش دەبن و ڕووبەڕووی مەرگ دەبنەووە، بۆیە پێویستە ئێمەش تێگەیشتنمان هەبێت لە سەر ئەم پەتا تازەیە.
بۆیە، زۆربەی هێزە ڕاستڕەوەکانی جیهان و تا مەزهەبیە باوەکانی کۆمەڵگای ڕۆژهەلاتیش، ئەم پەتایە و کارکردەکانی دەبەستنەوە بە بایۆلۆجی یا پێکهاتەیی جەستەیی مرۆڤەکانەوە، لە دەرئەنجامدا مرۆڤە تووشبووەکان تاوانبار دەکەن کە نەیانتوانیووە تەندروستی خۆیان ڕاگرن و سیستەمی بەرگریان لاوازە! یا جیاوازی پێکهاتەی نەژادی نێوان ئاسیایەکان و ئەفریقیە ڕەش پێستەکان و ئەمەریکای باشوور! کە ئەمە درێژ کراوەی ئایدۆلۆژیایی ڕەگەزپەرستیە کە دەیان کۆمپانیای زەبەلاح لە پشتیەوەتی و دەیەوێت، بیر و هۆشی ئینسانەکان لە هۆکارە بنەڕەتیەکان دوور بخاتەوە و چەواشەی بکات.
بۆیە ئەم کارە خورافی و بێ بنەمایانە دەبێت بخرێنە ژێر باس و لێکۆڵینەوە و خەڵکی لێ ئاگادار بکرێتەووە و شەرمەزار بکرێن بۆ ئەم بۆچونە نازانستیانە.
نموونەکان زۆرن، با لە کەرکووکەوە دەست پێ بکەین، چونکە ئاماری تووشبوان زۆر زۆرە و بزووتنەوە ئیسلامیەکان بە تایبەتی سەلەفیەکان چووەتە نێو زۆربەی خێزانەکانی ئەو شارەوە(بە تایبەتی خێزانە کرێکار و زەحمەتکێشەکان) وشێوەیەک لە فەزایی تاڵیبانەکانی ئەفغانستانی بە سەر ئەو شارەدا زاڵ کردووە! ئیتر جۆرێک لە بڕوانەبوون بە ڤایرۆس و مەرگێکی دیاریکراوو کە کەس ناتوانێت یەک چرکە یا کاتژمێر پاشی بخا یا پێشی بخات لە نێو خەڵکیدا بڵاووە ، گوێ لە ڕینمایی و ئامۆژگاریەکان کەمترە، کەسێک دەڵێت:
ئەمڕۆ لە گەڕەکی پیشەسازی کەرکوک(حی الصناعة)، تەماشام کرد تەنکیەکی ئاو دانراووە، پەرداخێکی بە سەرەوەیە، دوازدە ١٢ کەس ئاوی بەو پەرداخە خواردەووە!؟ دەڵیت بە کابرایەکم گووت ئەوە نابێت، ناتەندروستە و تووشی کۆرۆنا دەبن، نابێت بە یەک پەرداخ ئاو بخۆنەوە، دەڵێت کابرا گووتی، مەترسە ، تەنها بڕوات بە خوا و نێردراوەکانی و خزمەتکارانی مالی خودا هەبێت، تووشی کۆرۆنا نابیت!؟ دەڵێت منیش پێیم گوت: عەنتەرەی کوڕی شەداد(یەکێک بوو لە شاعیرو فەرماندەکانی ئیسلام) ، ڕۆژێک گایەک بە دواوەوەی بوو ڕای دەکرد لە ترسا، پێیان گوت تۆ عەنتەری چۆن دەترسیت لەو گایە؟ دەڵێت عەنتەرە گوتی: کێشەکە ئەوەیە، ئەو گایە نازانێت عەنتەرەی کوڕی شەداد کێیە! ئەمەش یەکێک لەو خاڵانەی کە زۆرێک لەو خەڵکانەی کۆمەڵگای ئیسلامی، خۆی ناشارێتەوە و خۆی و هەزارانی تر توش دەکات، دوایی دەڵێن، کەسەکە خۆی فشاری خوێن و شەکرە و جگەرو پەنکریاسی تەوا و نەبوو!؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟
بە پیی ئامارەکانی ئەوروپا و ئەمەریکا، زۆرێک لە ڕەش پێست و کەمایەتیە نەتەوەکانی تر توووشی ئەم پەتایە بوون، کە زیاترن لە دانیشتوانە ئەسڵیەکان یا سپی پێستەکان. بە پێی ئامارەکان، خەڵکی ڕەش پێست و کەمە نەتەوایەتیەکان، کارە سەرەکیەکان دەکەن، ئەم کارانە ئەوانەن لە هەندێک کارگەی بنەڕەتین و نابێت بوەستن، یا کاری جێگەی پیرو پەکەوتەکان و شۆفێری پاس و سیستەری نەخۆشخانەکانن، کە ناتوانن وەک کارەکانی بەڕێوەبردن لە ماڵەوە لە سەر کۆمپیوتەر و بە ئۆنلاین کارەکانیان ڕاپەڕێنن و تێکاڵاوییان زۆرە و زیاتر دوچاری تووسبوون دەبن بەم پەتایە.
خاڵێکی تری، ئەم خەڵکە کرێکار و زەحمەتکێشانە، زیاتر بە هۆکارەکانی گواستنەوەی گشتی هاتووچۆ دەکەن و لە جێگا داخراوەکاندا زیاتر ئەم ڤایرۆسە بڵاووە. یا بە گشتی گەڕەکە هەژارنشینەکان، زیاتر قەرەباڵەغ و تێکەڵاووە. بە پیی ئامارەکان لە بیست ٢٠ ڕەش پێست و کەمە نەتوایەتیەکانی ئەوروپا، کەسێک توش دەبێت بەرامبەر تەنها یەک لە سەد کەس لە سپی پیستێک یا هاووڵاتیە ئەسڵیەکان، هەروەها ئامارەکان تووشبوان لە نێوو کۆمۆنیتی بەنگلادیشی و پاکستانیدا بە ڕادەیەک لە نێو کۆمینیتیەکانی تردا کەمترە، ڕادەی ژنانی بەنگللادیشی لە نێو کرێکارە سەرەکیاکاندا، کە دەبیت و حەتمیە بڕۆنە سەر کار لە هەر مەترسیەکیشدا بێت ٪٤٣ یە!
بۆیە ، ئەو قڵیشتە یا جیاوازیە کۆمەڵایەتیەی کۆمەڵگای بەشەریەت، کە ئینسانەکانی بە سەر چین و توێژەکاندا دابەش کردووە، سەرچاوەی نەهامەتیەکانی هەموو کۆمەڵگایە، بە تایبەتی چینی کرێکارو زەحمەتکێشی کۆمەڵگا، کە لە هێزی دەست و بازووی زیاتر هیچی تری نیە تا بە گەڕی بخات بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانی!، ئامارەکانی کوردستانی لای خۆمان ڕۆژانە شاهیدی چەندین کردەوەی خۆکوژین و جیابوونەوەی هاوسەرەکانن و هەڵهاتنی لاوانن!
بۆیە، توشبوانی کۆرۆنا، یا کۆڤید١٩، ئەو خەڵکانەن، وەک دەڵێن( ئەگەر ئاگریش ببارێت، دەبێت هەر بچنە دەرەووە بۆ پەیداکردنی پارویەک، لوقمەیەک، بۆ منداڵەکانیان، زارۆکەکانیان، بێچووەکانیان).
ئەگەر لەش و لارمان لاواز بێت و توشی بەدخۆراکی هاتبێتین و کۆمەڵێک نەخۆشیمان تیادا بێت، گەڕەکەکانمان زۆر قەرەباڵەغ بێت و ئەگەر چەند سەر خێزان لە یەک خانوودا بژێین و ئەگەر نەتوانیی دووری یەک بین چونکە ئێمەی زەحمەتکێش، هەموو کاتێک پێویستمان بە یەکە، ئەگەر بۆ قەرزکردنی مشتێک پارەش بێت، دەبێت ڕۆژانە یەکتر ببینین.
azzady22@gmail.com 9/8/2020




زیرەک.. پاشایەک لە تاران…هونەرمەندێک لە لوتکە! ………دکتۆر: مەولود ئیبراهیم حەسەن

١/٨/٢٠٢٠هه ولێر

ئەم جارە لەم نووسێنەدا باسی گەورەیی و ئاستی هونەرمەندییەتی زیرەک ناکەین لە گۆرانی گوتن و داهێنانی بێ وێنەدا ، هه رچەندە ناونێشانەکەش بە نازاناوی (هونەرمەند) دەست پێدەکات ، چونکە بڕاوەتەوەو سەڵمێندراوە کە زیرەک لەو ڕۆژەی دەنگی هه ڵێناوە یەکسەرە وەک داهێنەرێک و دەنگێکی تایبەت خۆی وەک (مامۆستا) ماۆستاو هونەرمەندی هونەرمەندان ناساندوە و تا ئێستاش.. پاش تێپەڕ بوونی نزیک بە پەنجا ساڵ بەسەر لە دنیا دەرچوونی.. هێشتا بێ هاوشان هه رلە لوتکە دایە .
ئەمڕۆ باسی ڕەوشتێکی مرۆڤانەو بەرزی کۆمەڵایەتی هه تا ڕادەیەک ڕەوشتێکی ئەفسانەیی هونەرمەند(حەسەن زیرەک) دەکەین ، هه رچەندە جار جارەو لێرەوە لەوێ نموونەی بۆ هێنراوەتەوە، ئەوێش( چاوتێری و دەسبڵاوی و سەخاوەتی) بێ وێنەو بێ هاوشانە ! بێ هاوشان..چۆن هه موو کەس دەزانێ هونەرمەند حەسەن زیرەک چۆن ژیانی لە ژێر سفرەوە دەستی پێکرد و لە ژێری ژێرەوەوی سفریشەوە کۆتایی هات !! ئەم ژیانەش سەتا نۆهه ت و نۆی تەمەنی نزیک بە پەنجا ساڵەی ئەو مرۆڤە هونەرمەندەی گرتووتەوە . بەڵام، لە هه ر کات و لە هه ر شوێنێک و لە بەرامبەر بە هه ر کەسێک ..زیرەک هه ستی کردبێ بەرامبەر پێویستی بە یارمەتیە ، باخۆشی لەو تێرو هه بووەو خاون ماڵ و خانوو و پارەیە نەبووبێ ..کە بەرچاو بێت و جێگیر ! ئەو چی هە بووە بەو پەڕێ دڵکراوەیی و پێخۆشیەوە هاوکاری ئەو کەسەی کردووە بێ ئەوەی هیچ مننەت بەسەرەوەکردن و چاو لە قەرد دانەوەکەی بێت ..(من ماڵم نیە ماڵێ خەڵکە ..ماڵێ عالەمە!) (١) ئەمە فەرمایشە مەزنەکەیەتی کە ڕؤژانێ لە (کانی مەلا ئەحمەد) خۆی گوتەنی چایخانەیەکی پەڕپوتی هه بوو! وەک مامۆستا( ئە نوەری سولتانی)(٢)یش لە دیدار دووەم دا باسی دەکات کە بەدوای دا دەگەڕێ و دەڵێن چۆتە فلانە ناوچە، (چووینە ئەوێ درەنگانێک بە تاریکی گەییشتینێ، دەشتاییەکی تەخت وچرایەکی کەم شەوق، سێ چوار مێزی شکاو کورسی لە مێز شکاوتر، ئاگرێکی خەلوزو حەسەن زیرەک خۆی !) زیرەک لە بارەی ئەو شووینەوە دەڵێ :(نا..پێمخۆشە کاسی تێدا دەکەم !! هونەر لە نێو کوردا قەدری نەما، هونەر بۆمن کارێکی نەکرد بەدوایا بچم !)(٣) لەم ڕۆژگارەداو لەم دوورە شارەوداو لە ( نێوان دوو سێ کێودا چایخانەیەکم هه یە ئەگەر بێن ببێنن تەعەجوب دەکەن !؟) بەڵێ ..لەم ڕۆژگارەش لە سەخاوەت و دەسبڵاوی و دڵکراوەیی خۆی ناکەوێ وئەو پیاوە گەوەرییە هاوار دەکا ودەڵێ: من ماڵم نیە ماڵی خەڵکە، ماڵی عالەمە .!! ئەو ڕەوشتە مەزن و جوانەی زیرەک ڕەوشتێکی کاتی نەبووەو ڕەوشتێکی دەم دەمی و تەکتیکی ! نا..ڕەوشتێکی – مادرزاد بود !- ە(٤) هه ربۆیە هه رکەسێک جارێک و کەمێک زیرەکی دیبێ هه ستی بەو دەسبڵاوی و دڵکراوەیی زیرەک کردووە ، زۆرن ئەوانەش کەم و زۆر باسی ئەم ڕەوشتەی زیرەکیان کردووە . زیرەک پێاوێکی زۆر ڕەهه ندە ..هه ر ڕەهه ندەی لوتکەیەکە لە جوامیری و پیاوەتی و لێهاتوویی و هه ڵکەوتەیی، کە پێویست دەکا لە زۆر ڕووەوەو بە زۆر تیۆر لێیان بکۆڵریتەوە ، ئەوسا ئـێمە زیرەک دەناسین کە چ کەسایەتیەکی دەگمەنی مێژوویی جیهانی بووە !
دەسبڵاوێکی ئەفسانەیی..
ئێمە هه موو لایەک بیستوومانەو خوێندوومانەتەوە کە لە نێو ئەفسانە کوردیەکان ..پاشای دادپەروەرو میللەت دۆستی واهه بووە زۆر جار بەشەوو ڕۆژ بەرگی خۆی گۆڕیوەو بە نێو خەڵکدا سوڕاوەتەوە بۆ ئەوەی بە چاوی خۆی حاڵی ڕاستە قینەی خەڵک ببێنێ ! زۆر جار لەم گەڕوسوڕانە پاشا فریشتە ئاسا بە هانای کەسانی لێقەوماوو پێویستەوەو چووەو ژیانی گۆڕیون . ئەم ڕەوشتی خۆ گۆڕین و گەڕانی نێو خەڵکە گەیشتووەتە هه ندێک حاکم و خەلیفەکانی ئیسلامیش. لە سەردەمی زۆر کۆن دا هه ندێک پاشا و حاکم بە تایبەت پاشا ساسانییە کوردەکان لە شوێنێکی تایبەت بەردێکیان دادەناو پێیان دەگوت 🙁 بەردی مرازێ !)(٥) کەسێک پێویستیەکی هه بووایە یان غەدرێکی لێکرابوا دەچوو لەسەر ئەو بەردە ڕوودەنیشت و هه ڵنەدستا ..تا پآشا دادی نە پرسێباو مرازی ئادا نە کردبا ! پاشای وا هه بووە (زەنگوڵ) ێکی لە نێو ماڵی خۆی بەنئارمووشی تێخستووەو بەنە کە تا دەرەوەی کۆشکی پاشا ڕۆیشتووە ، بۆ ئەوەی هاوڵاتی پێویست و غەدرلێکراو دەستیان بگاتە بەنئارمووش و ڕایهه ژێنن و دەنگیان بگاتە پاشاو ..پاشا بە دەنگیانەوە بێت !!(٦)
بۆ پاشایەکی واقیعی و ئەفسانەیی کارێکی ئاسانە یارمەتی هاوڵاتیەکی وڵاتەکەی خۆی بدا بە پارە لەو خەزینە زۆرەی کە لەبەردەستیەتی و بەو دەسەڵاتەی کە هه یەتی ،دادی بپرسێ !! بەڵام هونەرمەندێکی ڕووتەی بێ دایک و باب گەورەبووی بێ جێ و بێ کەس و بێ دەری نێو سوقاقان ودربەدەری نێو وڵاتان.. !! ئەو پارەو ئەو هێزە لە کوێ بێنێ تا یارمەتی خەڵک بدات و دادیان بپرسێ ؟!! سەبرت هه بێ و پەلە مەکە برای کوردم !! باسی ئەم یارمەتی دان و دادپرسینەی ئەو( پاشا بێ تاج) و( بێ ڕەعیەت)ەت بۆ دەکەم ..ئەو پاشایە هونەرمەند( حەسەن زیرەک)(٧) خۆیەتی ، ئەو ئەو پاشایەیەو لە تارانی پایتەختی ئیرانیش پاشادیە !؟ هه ندێک نموونەی سەخاوەت و پارە بە هه ند هه ڵنەگرتنی زیرەک:- خوێندەواری خۆشەویست ..جارێ با هه ندێ نموونەی ئەوەت بۆ بهێنمەوە کە زیرەک چۆن سەیری (پارە) ی کردووەو لە چ ڕۆژو ڕۆژگارێکیش ..( ڕابیعەخانم )(٨) دوا خێزانی زیرەک ولە ڕؤژانی دوایی و بێ کارو بێ پارەیی زیرەک دەگێڕیتەوەو دەڵی : بەو دواییە کە زیرەک دەچوو بۆ شایی و ئاهه نگان ..خەڵک زۆر پارەی دادەنا ، پارەیەکی زۆر کۆدەبووەوە ، زیرەک هه ر بە ڵەپ پارەکەی بەسەر مۆسیزێنەکان دابەش دەکردو پولێکی بۆ خۆی هه ڵنەدەگرتەوە ! دەمگوت : زیرک ئاوانابێ ئاخر ئێمەش پێویستیمان بە پارە هه یە ؟! لەوەڵام دا زیرەک دەیگوت : ڕابە . . ئەوانە خاون منداڵن و پێویستیان پێیەتی ، من و تۆ دوو کەسین نانێک هه ردەبێ بیخوێن !؟ ئەرێ ئەم سەخاوەتە ..سەخاوەتێکی شێتانەو ئەفسانەیی نیە ؟؟ بەڵی.. تەواو شێتانەو ئەفسانەییە ! ئەو سەخاوەتە پڕ لە شێتێ و ئەفسانەییەش هه ر لە پاشایەکی شێت و ئەفسانەیی وەک زیرەک دەوەشێتەوە !
میدیاخانم لەباسی :(زەماوەندی سەید عەزیزکوڕی شێخ عەبدولای ئەفەندی.)(٩) ..دەگێڕیتەوەو دەڵێ 🙁 حاجی سەید عەبدولای ئەفەندی ژنی بۆ سەید عەزیزی کوڕی هێنا لە تەوەرگەڕ و مەرگەوەڕی لای ڕەزاییە، لە لایەن ئەرتەشەوە پردیان دانابوو لەسەر چۆمەکە کە خەڵک بە پێیا بڕۆن بۆ سەر زەماوەند، زەماوەندێکی یەکجار گەورەبوو، خەڵک لە ئیران و عیراق وتورکیاو ڕوسیا بەشداریان تێدا کردبوو،ئێمەش لەوێ بووین، لە هونەرمەندانی تر ماملێ و مەلا حوسێنی عەبدولا زادە لەوێ بوون . من تەنیا خانمێک بووم کە لە مالی شێخ ئەو ئیزنەو شانازیەم پێدرابووکە واریدی دیوەخانی پیاوان ببم، لە دیوەخانێ هه موو ئاغاواتی پووڵدار دانیشتبوون و گۆرانیبێژان گۆرانیان دەگوت و بە گوێرەی داب و ڕەسمی کوردەواری شاباشیان وەردەگرت. حەسەن کەواو پانتۆلێکی زەردی لە بەردابوو، ئەوکات تەنیا ئارەزوومان بوو کە چوارمانگان بوو.هه رلە کام ئاغاواتەکان بە چاوڵێکەری ئەوانی تر و ڕقەبەرایەتی ، شاباشی زیاتری دەدا ، حەسەن ئەوەندەیان شاباش دابوویە کە دانیشتبوو لە نێو ئەسکەناسدا وون ببوو، سەرم بردە پێشەوە و گوتم حەسەن تکات لێدەکەم ئەو پووڵانە هه ڵمەگرە ، گوتی بەقسەت دەکەم ! گوتم ئەوە پوولێکی زۆرە وەلێ تۆ موتریب نیت ! تۆ دەنگی کوردت لە گەروو دێتە دەرێ ، تۆ گیانی ئارەزوو دەست لەوانە مەدە ، ، حەسەن هه ستا سەرپێ و پانتۆڵەکەی داتەکاند کە تەنانەت ئەسکەناسێکی پێوە نەبێ ، تەواو ئەو ئاغاواتەی لەوێ بوون ، ڕەنگیان زەرد هه ڵگەڕا ، حەسەن لە گەڵم هاتە دەرێ ، من بەو سین و ساڵە کەمەوە حەسەنێکی ئاوام هێنابووە بار ، من دەمگوت تۆ هونەرمەندێکی دەنگی کورد بەو لا و لا دەگەینی .) سەیرکەن برا خوێندەوارەکانم ، زیرەک لە لە نێو ئەو هه موو پارە زۆرە هه ڵدەستێتەوە خۆی دادەتەکێنی و تەنیا ئەسکەناسێکیش بۆ خۆی هه ڵناگرێ . ئەمە کارێکە هه ر لە زیرەک دەوەشێتەوە . سەرنجێک : وەک خوێندمانەو خاتوو میدیا دەڵی؛ من بە حەسەنم گوت ئەو پووڵ و پارەیە هه ڵمەگرە تۆ موتریب نیت و تۆ دەنگی کوردی ، هه روەها دەڵێ من بەو سین ساڵەوە حەسەنێکی ئاوام بار هێنابوو !! دەست و دەمی میدیا خانم خۆش بێت کارێکی چاکی کردووە و میدیا کاریگەری لەسەر زیرەک هه بوەو خزمەتی جوانی زیرەکی کردووە ، هه ر بۆیە زیرەک دەڵی: ژن و مێردێک بووین ژیانێکی خۆشمان هه بوو. بەڵام سەخاوەتی زیرەک مادەر زادبووە(١٠) ، زۆر پێش ناسین و خواستنی میدیاخانم زیرەک سەخاوەتی خۆی نواندووەو دەسبڵاوی کردووە، ئەگەر لە وەڵامی میدیا خانم گوتوویەتی باشە و بە قسەت دەکەم ، ئەوە دڵی میدیاخانمی ڕاگرتووەو خۆشەویستی خۆی بۆ دربڕێوە ، دەنا زیرەک بۆ خۆی لەو پارە بە هه ندهه لنەگرتنە مێژووێکی درێژی هه یە کە لە گەڵ مێژووی ژیانیەتی . ئەوەتە میدیا خانم هه ر خۆی لە وەڵامی پرسیاریکی تر دەڵی:(حەسەن زۆر قسە خۆش بوو! زۆر نوکتە سەنج و بێ نیهایەت دەست و دڵباز بوو. قەت لە بیری ئەودا نە بوو قڕانێکی بێ بیکا بە دوو قڕان ! ئەگەر دۆست و برادەری بهاتایەتە ئیران ، دەیگوت ئەگەر دۆستی من تەواوی ماڵەکەم بکا بە هێلکەیەک و بیدا بە دیواردا ، ئەو کاتە لە هه موو کاتێک خۆسحاڵترم ، هێندە دەست و دڵباز بوو، ئەو حاڵە تە بە منیش سەرایەتی کردبووە، ) ئەوەتە میدیا خانم دەڵی ..سەوخاوەتی زیرەک هێندە گەورە بوو کاری لەمنیش کردبوو ، واتە منیش لەو فیری سەخاوەت ببووم !
میرازاکەرێم خۆشناو(١١) دەنووسێ کە ئەبووسەباح و مام جەلال لە هه وڵێرەوە هاتبوون ومیوانی من بوون ، زیرەک لە تاران جەماعەتێک هاتبوون کە پێیان دەگوتن( بازرگانی ئاواز)(١٢) ئەوانە دەگەڕان و هونەرمەندو دەنگخۆشیان دەبردەتاران و گۆ رانیان بۆ تۆمار دەکردن و پارەی باشیشیان پێ دەدان . ئەو دەم بە دوای زیرەکەوە
هاتبوون . و پێشنیاری پارەکی زۆریان بۆ زیرەک کردبوو، زیرەک لە گەڵیان نە چوو بوو! بازرگانانی ئاواز لە زیرەک توڕە ببوون ! میرزا کەریم دەڵی : من گوتم براکەم باشتر بوو چووبای ڕاستە ئەوانە میوانی خۆشەویستن بەڵام ، بەرژەوەندی تۆش گرنگە ،زیرەک دەڵێ 🙁 ..ئا ئێستا چەند کەسانیک لە (تەهران) ەوە بۆ لام هاتبوون ، سوودی زۆریشی بۆم تیایەو زۆریش چەورن،بەڵام ، من دیداری ئێوەم لە پارەو پووڵی ئەوان زۆر پێ چاکترە، بە تایبەت کە خزمەکانی تۆش بۆ سەردانت هاتوون وا ئەزانم بۆ لای من و تۆ هاتوون چونکە جیاوازی من و تۆ نی یە!) زیرەک بەردەوام دەبێ و دەڵێ:( بەڵام ، ئەمن بەڕاستی ئەیڵێم وخۆشت و هه رکەسێکی ئەمن بناسێ ئەزانێ هیج کاتێک دۆستایەتی و پیاوەتیم بە پارە نە گۆڕیوەتەوە ..پارە ئەمڕۆ بوەتە وەسیلەی ژیان ناچارین هه ندێک هه وڵی بۆ بدەین تا ئیحتیاجی بەردەستی خەڵک نەبین ، من ئەمەندەم بەسەو دەوڵەمەندیم ناوێت چونکە من بەم جۆرە لە بەر چاوی خەڵک جوانم ، خۆشم ئاوام پێ چاکەو لە وێژدانی خۆم ڕازیم .) بەڵێ ؛ ئەم پارە بە هه ند هه ڵنەگرتن و ڕێز بۆ دۆست و برادەران و پیاوەتی کردنە هه ر لە زیرەک جوانە .
زیرک ئەگەر بەدوای پارەدا گەڕابوواو هه وڵی دەوڵەمەندی و خۆ گونجاندنی دابوایە ..هێندە بەس بوو بە زمانی فارسی و گۆرانی بۆ دەسەڵاتی ئێرانی گوتبا، گوتبای چاکیشی دەگوت !!..ئەوە دەبوو بە یەکێ لە دەوڵەمەندترین و هونەرمەند و ناودارترین گۆرانیبێژی ئیرانی ! بەڵام ، زیرەک کوردەو بە کوردی قسە دەکاو گۆرانی بۆ کورد دەڵێ .. ئەمە زۆر بەدڵسۆزی و هوشیاریەوە دەکات و ئەرکی هونەرمەندیی و سەرکردایەتی و پێشرەوایەتی و پاشایەتی خۆی و پڕ لە هه ژاری و خۆ راگریەوە بەردەوام دەکات و دوا جار لە هه ژارترین ڕۆژانی هه ژاری خۆی و بێ جێ و بێ ماڵ و بێ کە س و بێ مەیی و مەیخانەیی دا( پیرۆزی هونەرو کورد بوونی خۆی)(١٣) دەباتە سەر ناڵە شکێنێ و بۆ هه تا هه تایێ بە شەهیدی و بەسەر بەرزی دەمێنتەوە ، بۆ هه تا هه تاێی بولبول ئاسا و زیرەکانە دەجریکێنێ ! سەردەمی پاشایەتی زیرەک..(١٤)
لە چاو پێکەوتنێکی زۆرگرنگ و لە گەڵ کەسایەتیەکی زۆر گرنگ ، مامۆستای نووسەرو وەرگێڕی ناوداری کورد (محەمەدی ڕەمەزانی )(١٥) کە لە گەڵ بەڕێز(مام عەلی یاسەمەنی )(١٦) داکردووە زۆر بابەتی گرنگ لە ژیانی زیرک باس دەکات ، جۆن خۆی خزمی زیرەکەو لە گەڵی ژیاوە، ئەوەی دەیگێڕیتەوە خۆی تیدابووەو بە چاوی خۆی بینیویەتی و لە تاران لە نێو ماڵی زیرەک دا ژیاوە و کاری کردووە .
کارکردنی مام عەلی لە ماڵی زیرەک.. مام عەلی بۆ مامۆستا محەمەدی ڕەمەزانی دەگێڕیتەوەو دەڵێ:( زیرەک..خەبەری منی زانی . کاغەزی نووسی لە کاکە مینە(١٧) ، عەلی هه رچی هه یەتی بیفرۆشی و بێنە ئێرە من و میدیا لێرە جێگامان زۆر خۆشە و مواجییبیشمان(١٨) زۆرە ، بەرنامەمان لە تەلە فزیۆن و لە ڕادیۆ هه یە(١٩)، منیش لە گەڵ خێزانم هه ستام سواری قەتار بووم و چووم بۆ تاران زۆر پێ خۆشحاڵ بوون کاک حەسەن گوتی : برالە ئەمن هه میشە پێم ناکرێ لە گەڵ میدیا بچم بۆ ئێستگە ، میدیا دەبێ هه موو شەوێک بچێ ، ڕۆژ وایە من مهمانم دەبێ ، ڕۆژوایە کارێکی ئیداریم هه یە ، ناکرێ و نابێ میدیاش بە تەنیا بچێ . براکانیشی بۆیان ناکرێ لەگەڵی بن ، دەبێ لەگەڵ میدیا بچی بۆ ئیدارە و خێزانیشت نان و چاییمان بۆ ساز کا، هه رچوارمان مودەتێک لەوێ زۆر بە خۆشی گوزەرەانمان.) پاشایەتی دەستی پێکرد.. لە موسافیرخانەی حەقیقەت (٢٠)..
عەلی بەردوام دەبێ مامۆستا محەمەدی ڕەمەزانی تۆماری دەکاو مامۆستا ( برایمی فەرشی)(٢١) یش دەینووسێتەوەو بڵاوی دەکاتەوە:( مام عەلئ یاسەمەنی دەڵێ..شەوانە وابو کار لە ڕادیۆ یان تەڵەفزیۆن درەنگ تەواو دەبوو، کە دەڕؤیشتینەوە ، دەیگوت نەخێر جارێ بابچین سەرێک لە مەسافیرخانەی حەقیقەت هه ڵێنین بزانین برادەری کوردی لێیە . کوردی ناسیاو نە ناسیاوی لێبایە غەیری مومکن بوو حیسابەکەی دەبەست و دەیبردەوە ماڵی ،ئاغای مودیرەکە دەیگوت ئاغا پوڵی داوە ، کرێی مەنزلی داوە ،دەیگوت هه رچیەکە بە عۆدەی خۆم .ئەمن دەیبەمەوە ئەوە میوانی منە . هیچ شەوێک وانە بوو بەبێ میوان بچینەوە، لە کوردستانەوە، چ لە شیمال و چ لە نێو تورکان، چ لە مەنگور، لە گەروک لە دیبوکری لە فەیزولا بەگی بە واسیتەی زەمبیلەوە کەمن لەوێ فەراش بووم و نەهارێک شامێک میوانی حەسەن زیرەک دەبوون ، میوانی بێحەد زۆر بوو.) هاوکاری پاشا زیرەک بۆ زیندانی و نەخۆشان.. مام عەلی بەردەوامەو دەگێڕیتەوە 🙁 دادەنیشتین یەک ناگا نەفەرێک دەهات ، دەیگوت لە زیندان مەرەخەس بوویم پوڵم نیە، فەورەن بۆ خۆی سەد ١٠٠ تمەنی دادەنا سەر کەشەفێک(٢٢) ، ئەو وەختی سەد تمەن بە ٥٠٠٠،٦٠٠٠ی ئێستابوو،دەگەڕا پوڵی بۆ کۆ دەکردەوەهه رکەس بە ئەندازەی خۆی ٢٠،٣٠،١٠تمان کابرای بەڕێ دەکرد، خەبەریان دەدا نەفەرێک لە زیندانە ، حەسەن زیرەکی دەخوازێ ، دەیگوت عەلی بابڕۆین ، دەچووین بۆ زیندان جا یا بەزەبری پۆڵ یا بە زەبری کاغەز و ئیدارە(٢٣) ، نەجاتی دەدا. دڵ ئاوا بوو! چەند دۆست و ژنبراکانی و برادەری وەک ئێوە نەسیحەتی ئەو کابرایەیان دەکرد، کا حەسەن تو داهاتت زۆرەو مواجیبت زۆرە مواجبی یەکتان پەسمەند(٢٤) بکەن ، بەعدەن ئەولادتان دەبێ ، با بتانبێت با ماشینت ببێ ، دەیگوت کوڕە لێم گەڕێن خوا ئەمنی لەو حاڵە گەیاندووتە ئەم حاڵە. ئە ئەوە کەخزمی خۆمە ، برای هاوشیریمە لە گەڵم بووە شاگرد قاوەچی بووم ، جاری وابووە باوک و براکانم دەریان دەکردم ، ، ئەچووم لە پشت دەرگا دەپاڕامەوە ، عەلی دەرگاکەم لێ بکەوە جێگا نیە لێی بخەوم ، دەریان دەکردم ڕێگام نادا ، کاکم درم دەکات ، ئەمن ئاوابووم ، ئەلان بەو مەرامە گەیشتووم دەعیەو تەکەبورم لێ پەیدابێ ؟ ماشێنم بۆ چیە ؟ هه رچی ماڵی منە هی خەڵکە و هی خەڵکیس هی منە، هیچی پەزمەندی نەبوو، دەیانگوت حەسەن گیان ئەوە نەخۆشە لە نەخۆشخانەیە ، دەڕؤیی ئەو نە خۆشەی مەعلوم(٢٥) دەکرد ، کێیە خەڵکی کوێیە، هه ر بە نێوبانگ حەسەن زیرەکیان بۆ هه ڵداوە ، نەیدەناسین ، بە پوڵی خۆی بۆی چی بەجی دەکردن ، پوڵی دکتۆری بۆ دەداو بەڕێی دەکرد، پیاوێکی ئاوا سەخی بوو.) ئێستا خوێندەواری خۆشەویست بۆت ڕوون بووەوە کە زیرەک پاشایەکی سەخی و دەست و دڵ بڵاوە ! جا کەی پاشاکان ئاوا سەخی بوونە ؟ ئەوان وڵات و خەزینەی وڵات و ئابووری و داهات و لە شکریان لەبەردەست بووە ؟! زیرەک ئەوەی بە هونەرەکەی پەیدای دەکرد ..بەو سەخاوەتەوە دەیدا بە خەڵکە کە ، زۆر جیایە لەگەڵ ماڵی پاشاو داهاتەکەی ! ئەرێ زیرەک لەو ماوەیەی پاشایەتیەکەی دا چەند کەس یارمەتیان لێی وەرگرتووە ؟ ئەو بە ڕێزانە هه ریەکەی چەندیان پوڵ لێ وەرگرتووەو چ یارمەتیەکی داون ؟ ئەوە بۆچی ئەو بەڕێزانە ..خۆیان ئەگەرنەماون کەس و کاریان بۆچی باسی ئەو یارمەتیە ناکەن کە زیرەک یارمەتی داون و شانازی پێوە بکەن ! چ شانازییەکە بۆ کەسێک و خانوادەی کە زیرەک هاوکاری کردوون ! (٢٦) دەزانن ئەو یارمەتیە ج یارمەتیەکی پاک و پیرۆزە ؟ یارمەتی چ پاشایەکی هه ژارو شێت و ئەفسانەیی و مرۆڤدۆستە؟!
بەدوا داچوون ..(٢٧) زۆر جار پاشاو سەرۆک وەزیران و وەزیر بەدوای هه واڵێکەوە دادەچن کە پەیوەندی بە ئەوانە وە هه بێت کەسێک داوای یارمەتی لێکردبن و لە میدیاکان بڵاوکرابێتەوەو لەو کاتانە دەسەڵاتی خۆیان بۆ یارمەتی هاو ولاتیەک بە کار دێنن و بە ماڵی دەوڵەت یارمەتی دەدەن ! ئەوە ئەگەر وەڵام بدەنەوە! بەڵام ، سەیرکە.. پاشای ئێمە چۆن بە دوای هه واڵێکی ڕۆژنامە دادەچێ ؟! مام عەلی دەگێڕیتەوە و دەڵێ 🙁 شەوێکیان میدیاخانم دوای نان و چا خواردن ڕۆژنامەیەکی هێناو گرتی بەدەستەوە گوتی حەسەن ئەم ڕۆژنامەیەت بۆ بخوێنمەوە؟ گوتی ئەرێ وەڵلا؛ گوتی، چ فایدە پیی دڵتەنگ دەبی ، گوتی نا وەلا بۆم بخوێنەوە بزانم چیە ؟ کە خوێندیەوە نەفەرێک لە مە هاباد نووسێبوی ..ئەمن مودەتێکە زۆر زەلیلم عومریشم ٢٢ ساڵە ئەلان سەروەت و سامانی بابم خەلاس بووە خێزان و منداڵێکیشم هه یە، دەمەوێ تەلاقی بدەم و ڕزگاری بکەم هیچم پێ پەیدا نابێ ، ئایش(٢٨) بۆ موسلمانیک کە وەسیلەیەک بۆ من فەراهه م بکا بچمە خیابان نەفەقەی خۆمی پێ پەیداکەم و بیهێنمەوە ماڵی بۆ ئەو منداڵەم ، حەسەن بەوە زۆر مەلول بوو، زۆر دڵی تەنگ بوو گوتی میدیا دووبارە بۆم بخوێنەوە ! حەسەن ئەو شەوە ئە وقاتی تاڵ بوو ! سبەێنێ هه ستا ڕۆیی بۆ ئێستگای ڕادیۆ نامەیەکی وەرگرت بۆ شێرو خورشید ئەو شتانەی لەوێ هه بوو لەو چەرخانە دانەیەکی کڕێ و ئیجازەی خواست و لەگەڵ میدیا خانم چوو بۆ مەهاباد سی ڕؤژ لە وێ ماوە نێونیشانی ئەو کوڕەی دییەوە . کوڕەی فێری ئەو چەرخە کرد زۆر خۆشحاڵ گەڕایەوە!) ئێستا براکەم تۆ بڵێ زیرەک پآشا نە بوو ! هیچ پاشاو سەخی و دەسبڵاوێکی ئاوات دێوە و هیجی ئاوات خوێندوتەوە؟ ئەوە زیرەکەو پاشایەتی بە هه ژاری خۆیەوە دەکات .
شیکردنەوەو خاڵبەندکردنی پاشایەتیەکەی زیرەک..
ئێمە کردەوە پاشاییەکانی زیرەکمان خوێندووتەوەوبیستووە ، ئێستا هێندەی لە بەردەستەو بە تایبەت ئەوەی مام عەلی سەمەنی هاوڕێ و هاوتەمەن و خزمی زیرەک گێراویەتیەوەو تایبەتە بە سەردەمی ژیانی لە تاران، چۆن دڵنیام ؛ زیرەک ئەو کردەوەو پاشاییانەی لە هه مووقۆناخەکانی ژیانی دا کردووە ، بە شێوازی جیا جیای پاشایەتی!
١ – شەوانە وابوو کار لە ڕادیۆ یان تەلەفزیۆن درەنگ تەواو دەبوو، کە دەڕۆیشتینەوە ، دەیگوت نەخێر جارێ بابچین سەرێک لە موسافرخانەی حەقیقەت هه ڵبێنین بزانین برادەری کوردی لێیە.- ئەوە هه مان ڕەوشی پاشایانی ئەفسانەییە، کە شەوان بەدوای کەسانی مەبەست دا دەگەڕان، تایارمەتیان بدەن، زیرەکیش هه ر ئاوای کردووە !
٢ – کوردی ناسیاو نە ناسیاوی لێبایە غەیرە مومکین بوو، حیسابەکەی دەبەست و دەیبردەوە ماڵێ، ئاغای مودیرەکە دەیگوت ئاغا پوڵی داوە ، کرێی مەنزلی داوە ، دەیگوت هه رچیەکە بە عۆدەی خۆم ، ئەمن دەیبەمەوە ، ئەوە میوانی منە .- هه رگیز پاشاکان یارمەتی کەسێکیان نەدەداکە پێویست نە بوایە ! بەڵام، زیرەک پارەی ئەو کەسانە دەدات لە ئوتێل کە پێشتر پارەی خۆیان داوە، بەڵام؛ زیرەک ئەو کوردانەی خۆمان لە تاران بە میوانی خۆی دەزانێ، لای ئەو ئەوە بەس نیە کە دەیانباتە ماڵەوەو دەڵێ میوانی منن ! پارەی ئوتێلەکەشیان بۆ دەدات ، کە کوردی خۆمان پێشتر پارەی خۆی داوە !
٣ – هیچ شەوێک وانە بوو بەبێ میوان بچینەوە، لە کوردستانەوە، چ لە شیمال وچ لە نێو تورکان ،چ لە مەنگوڕ، لە گەروک لە دیبوکری لە فەیزولا بەگی بە واسیتەی زەمبیلەوە کە من لەوێ فەڕاش بووم وئەوانەم دەناسیەوە ، ئاغاو ڕەعیەت ، شارستانی و فەلا هه مووی دەهاتن، هه رچی دەهاتە تاران نەهارێک ، شامێک میوانی حەسەن زیرەک دەبوون ، میوانی بێ حەدی زۆر بوو.- ئەگەر پاشا ئەفسانەییەکان ساڵێ چەند شەوێک ئاوا بە ناو شاردادەگەران ، بەڵام؛ وەک مام عەڵی دەڵێ : زیرەک هیج شەوێک بە بێ میوان نەدەبوو ! میوانە کانیش هه مە جۆرو هه مە ڕەنگ و هه مە چین و هه مە نەتەوە بوون ! میوانیشی بێ حەد زۆربوو.
٤ – دادەنیشتین یەک ناگا نەفەرێک دەهات ، دەیگوت لە زیندانێ مەرەخەس بووم پوڵم نیە، فەورەن بۆ خۆی سەد ١٠٠ تمەنی دادەنا سەرکەشەفێک، ئەو وەختی سەد تمەن بە ٥٠٠، ٦٠٠ئێستا بوو! – زیرەک ناو بانگی دەسبڵاوی دەڕواو خەڵکی نەناس و دوور دێن و داوای یارمەتی لێ دەکەن و ئەویش هه ردەم ئامادەیەو بە خۆی پارەیەکی باش دادەنێ و بۆشی کۆدەکاتەوە ، لەوش دا دیسان ناوو کەسایەتی خۆی بەکاردێنێ ، واتە هه م بە پارەو هه م بە مەعنەوی یارمەتیان دەدات!

٥ – دەگەڕا پوڵی بۆ کۆدەکردەوە ، هه رکەس بە ئەندازەی خۆی ٢٠،٣٠،١٠، تمان کابرای بەڕی دەکرد.- زیرەک نەک خۆی خەڵکێشی هاندەدا کە سەخی و دەسبڵاوبن و یامەرت کەسانی موحتاج بدەن .
٦ – خەبەریان دەدا نەفەرێک لە زیندانە، حەسەن زیرەک دەخوازێ ، دەیگوت عەلی بابڕۆین، دەچووین بۆ زیندان جا یا بە زەبری پوڵ یا بە زەبری زمان یا بەزەبری کاغەز و ئیدارە ، نە جاتی دەدا .- پاشاکان ئەگەر کەسێک لە زیندانەوە داوای یارمەتی لێکردبان ، ئەوا ئەگەر یارمەتیشیان دابا..هیچ کات خۆیان نەدەچوونە بەندیخانەو کارەکەیان بۆ نەدەکرد! بەڵام، زیرەک بۆ خۆی دەچیتە بەندیخانەو هه رچی بۆ بکرێ بە پارەو بە هه ر شێوەیەک بۆی بکرێ دەیکات !
٧ – دڵئاوا بوو! چەند دۆست و ژنبراکانی و برادەرانی وەک ئێوە نە سیحەتی ئەو کابرایەیان دەکرد، کا حەسەن تۆ داهاتت زۆرەمواجیبت زۆرە موجیبی یەکتان پەزمەندە بکەن، بەعدەن ئەولادتان دەبیت ، با بتان بێت با ماشێنتان ببێ، دەیگوت کوڕە لێم گەڕێن ،خوا ئەمنی لەو حاڵەوە گەیاندۆتە ئەو حالە، ئە ئەوە کە خزمی خۆمە ، برای هاوشیرمە لەگەڵم بووە ،شاگردی قاوەچی بووم، جاری وابووە باوکم وبراکانم دەریان دەکەدم ، ، ئەچووم لە پشت دەرگاوە دەپاڕامەوەعەلی دەرگاکەم لی بکەوەو جێگا نیە لێی بخەوم ! باوکم ڕێگام نادا ، کاکم دەرم دەکات، ئەمن ئاوابووم ، ئەلان بەو مەرامە گەیشتووم دەعیەو تەکەبورم لێ پەیدابێ ؟ ماشێنم بۆ چیە ؟ سەروەتم بۆ چییە؟ هه رچی ماڵی منە هی خەڵکە و هی خەڵکیش هی منە، هیچی پەزمەند نەبوو.- پاشای ئێمە زیرەک زۆر دڵکراوە بوو ، لەخەمی ئەودا نەبوو شتێک بۆ دوا ڕۆژ هه ڵبگرێ ! ئەوەتا خزم و برادەر داوای لێ دەکەن و نموونەی بۆ دێننەوە ، بەڵام ، زیرەک ڕابردووی خۆی لە بیر نە کردووە و بیر لە تەکەبور ناکاتەوە ، دەڵێ لێم گەڕێن کە خودا لە و حاڵە هه ژاری و بێ پارەییەوە منی گەیاندووتە ئەمڕۆ پێمخۆشە و دەمەوێ یارمەتی خەڵک بدەم ، ئەوەی من هه مە هی خەڵکە و هی خەڵکیش ماڵی منە ! بەڵام، تەکەبورو لوتبەرزی پاشا مێژوویی و ئەفسانەییەکان زۆر جیایە لە گەڵ سادەیی وفرۆتەنی پاشایی زیرەک !
٨ – دەیانگوت حەسەن گیان ئەوە نە خۆشە، لە نە خۆسخانەیە، دەڕؤیی ئەو نە خۆشەی مەعلوم دەکرد، کێیەخەلکی کوێیە، هه ر بە نیوبانگ حەسەن زیرەکیان بۆ هه ڵداوە، نەیدەناسین بە پوڵی خۆی بۆی جێ بەجێ دەکرد، پوڵی دکتۆری بۆ دەداو بەڕێی دەکرد ، پیاوێکی ئاوا سەخی بوو.- زیرەک کە بیستبای کەسێک نە خۆشە بۆ خۆی دەچوو دەیدۆزییەوەو دەیبردە لای دکتۆرو پارەی دەداو خزمەتی دەکرد!
بەڵێ ئەو پاشایەی ئێمە ئاوا سە خییە، شەوانە لە تارانی پایتەخت وەک پاشا ئەفسانەییەکان بەدوای کوردی خۆمان دەگەڕاو لە میوانخانەی حەقیقەت کە جیگای دابەزینی کوردەکان بوو، ناسیاوو نەناس دەیدۆزینەوەو پارەی میوانخانەکەی دەداودەیگوت میوانی منە، برا کوردەکەی دەبردەوە ماڵەوەو خزمەتی دەکرد ، کەم شەو هه بوو میوانی نەبێت ، میوانی بێ حەد زۆر بوو، میوان لە کوردستان و لە شیمال و لە نیوتورکان و لە مەنگوڕو گەورک و لە دیبوکری فەیزولابەگی وزەمبیلەوە ئاغاو ڕەعیەت وشارستانی و فەلاح هه مووی دەهاتن ، هه رچی دەهاتە تاران نێوە ڕۆیەک و ئێوارەیەک دەبوونە میوانی زیرەک ،ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی ناوو دەنگی زیرەک جگە لە هونەرمەندی ، وەک پیاوچاک و خێرۆمەندێک بناسرێ ، بە سەخاوەتەوە یارمەتی خەلکیش دەداو خەڵکان لە دوورەوە نەشیان دەناسی بەڵام ، ڕوویان لەماڵی زیرەک دەکردووکەسیان نائومێد نەدەگەڕانەوە ! لە زیندان بەربووی بێ پاڕە ، زیندانیەکی بەغەدرگیراو، نەخۆشیکی بێ پاڕە ، بهاتبانە لای زیرەک یان زیرەک بیستبای کە سێک لە نەخۆشخانە لە بەندیخانە پێویستی بە یارمەتیە، زیرەک بە زوویی و بەگەرمی بەدەنگیانەوە دەچوو، ئەوەی بە پارەی خۆی بۆی بکرابووایە، دەیکرد ، ئەوەی بە هۆی کەسایەتی خۆی ڕووی لە کەسانی تر دەنا، ئەوەی بە هۆی لێهاتووی خۆی و دەم وزمانی شیرینەوە بۆی دەکرا..دەیکرد ! ئەو پاشایە هه موو توانایەکی خۆی لە خزمەتی براکانی بەکار دەهێنا، نەیدەپرسی چە حزبێکن ، چ نەتەوتەکن ، چ بنەماڵەو عەشیرەتێکن، چ ئاینێکن ، یاسای ئەو پاشایە لە یارمەتی دانی ئەو خەڵکە ..یاسایەکی دادپەروەرو یەکسان بوو! ئاغاو فەلاح، شارستانی و لادێی ، ناسیارو نەناس ، وەک یەک هاوکاری دەکران و ڕێزیان لێ دەگیرا ! ئەرێ ئەو کارو کردەوانە بە ڕاستی کارو کردەوەی پاشایانە نین ؟ پاشای خێرو بەرەکەت ؟
ئەو سەخاوەتەی زیرەک پاشا پارەکەی لە کوێوە دەهات؟
وەک دەڵێن ..بە هۆی گەورەیی هونەرمەندیەکەی زیرەک خۆی ، مانگانەیەکی زۆر باشی هه بووە ، میدیای زەندی خێزانیشی مووچەیەکی باشی هه بووە ، جیا لەوە زیرەک و میدیاو تێپەکەی زیرەک هه فتانە ئاهه نگی تەلە فزیۆنیان لە ئێستگای تەلەفزیۆنی خسوسی گێڕاوە کە خاوەنەکەی (سابت پاسال)(٢٩) دەوڵەمەندێکی ئیرانی بوو، لە بەرنامەی ( هنرهای زیبا) حەفتانە زیرەک و تیپەکەی ژن و پیاو بوون و شاییان دەکردوو کۆڕسیش بوون و گۆرانیان دەگێڕایەوە و بەرنامەی زیندووی تەلەفزیۆنیان پێشکەش دەکرد، لە وێش پارەیەکی باشیان دەسکەوتووە، بەو پارەیە زیرەک ئەو پاشایەتیەی دەکرد. زیرەک لە تاران ڕۆلی(تەکیەی شێخێکی خواناس)و(سەرۆک هۆزیکی خانەدانی کورد)و ( ڕێکخراوێکی خێرخوازی مرۆی کورد) و( وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی) و( بارەگای حزبێکی نەتەویی) و( نوێنەرایەتی حکومەتی کوردی) دەگێڕا ئەگەر هاتوو ئەوانیش وەک زیرەک خۆیان بەدوای خەڵکەوە چووبان و چاکە کاربووان ! زیرەک.. پاشایەکی داپەروەری کورد بوو لە تاران ! داد پەروەر بۆ هه مووان . ئەو پاشایەتیەی زیرەک چەندی خایاندووە ؟ چەند کەس لەو سەخاوەتی و پیاوچاکی و خێرۆمەندییەی زیرەک سود مەند بووە؟ جۆری پاشایەتی زیرەک .. زیرەک یەکەمین پاشایە ، جیا لە پاشا ئەفسانەیی و پاشا میژووییەکان،جیا لە پاشای هه موو وڵات و میللەتان دەبێت بە پاشاو پاشایەتیەکەی بە هۆی بە کردوەو پاشایەتیەکانیەتی ! ئەو پاشایەتی لە باوانەوە بۆ بە میرات نەماوەتەوە ، بە پاڵەوانی و سەر لەشکری و شەڕو داگیرکردن و کوشتن نەبووە بە پاشا! لە کۆبوونەوەیەکی پاشا هه ڵبژاردن دا بازی بەختی بەسەر نە نیشتووەتەوە ! مەرجی کچە پاشای بە جێ نەهێناوەو نە بووە بە زاوای پاشاو پاش مەرگی پاشای بێ کوڕ جێی بگرێتەوەو.ببێت بە پاشا! ئەو پاشایەکی مرۆڤبوونە، مرۆڤی دەرچووی کورەی ژیانێکی دۆزەخی ، ئەو مرۆڤێکی دڵ و دەروون پڕ لە عەشق و خۆشەویستی بوو، عەشق و خۆشەویستی ژیان و مرۆڤ و جوانیەکانی هونەر هونەری کوردو ناوچەکە و جیهان ! ئەو بەرهه می کاردانەوەی ئەو ژیانە دۆزەخی و ئەو هه موو غەدرە بوو کە لێی کرابوو ، ئەو بەرهه مەی کە بە خێر شکایەوەو هونەرمەندێکی داهێنەرو لوتکەی هونەرمەندانی لێ دروست بوو ، ئەو مرۆڤێکی دڵ و دەروون پاشایی لێ دروست بوو پاشایێکی داد پەروەرو دەسبڵاو ! ئەو کردەوەکانی پاشایانە بوو ، پاشا جیا لە پاشا مێژوویی و ئەفسانە ییەکان ! ئەو زیرەک پاشا بوو، ئەو پاشایەی ، کە بە ڕێو ڕەسم و ئاهه نگی پاشایەتی نەبوو بە پاشا، ئەو هیچ کەس و پاشایەک تاجی پاشایەتی لەسەر نەنابوو! ئەو ڕؤژێک بە دەسەڵاتی پاشایەتی پاشا یانە نە ژیاو لەسەر کورسی پاشایەتی دانەنیشت! ئەو کۆشک وتەلاری پاشایەتی نەبوو، ئەو وەزیری دەستە ڕاست و دەستە چەپی پاشایەتی نەبوو! ئەو لەشکرو جبەخانەو پاڵەوانی لەشکرشکێنی نەبوو! ئەو هه تا لە ژیان دا بوو کەسێک ؛ یەک جار پێی نەگوت ؛ پاشام !! ئەو ئاوها پاشایەتی دەکرد..ئەو بەکردەوە پاشابوو! ئەو پاشایە هونەرمەند(حەسەن زیرەک) بوو! ئەو هونەرمەندە لەو کاتەدا کە لە تاران لە لوتکەی هونەرو داهێنان بوو، لە ڕادیۆی کوردی تاران وەک هونەرمەند دامەزرابوو، میدیای زەندی خێزانیشی وەک خۆی لە ڕادیۆ کاری دەکرد، هه ردوکیشیان هه فتانە بەرنامەو ئاهه نگیان هه بوو لە بەرنامەی هونەری زیبای تەلە فزیۆنی تایبەت، کە دەوڵەمەندێکی ئیرانی دایمەزراندبوو، زیرەک بە خۆی و میدیای خێزانی بەو هه موو چالاکیە هونەری و کۆمەڵایەتیەی کە هه یان بوو ، گەرمیەکی جوان و بێ پێشینەیان خستبووە هه موو کوردستان و شاری تاران ، زیرەک بە هونەرە بەرزو ڕەسنە کوردیەکەی هه موو کۆمەڵگای کوردی لەدەوری بزووتنەوەیەکی هونەری بەرزی نەتەوەیی کۆکردبووەوە، هه روەها یەکەمین هونەرمەند بوو لە ئیران و ناوچەکە بە هونەرەکەی میللەتانی کوردو فارس و ترک و ئازەرو ئەرمەنی و هه موو ئیرانیەکانی کردبوو بە هه وا داری خۆی ، یەکەمین جار بوو گەورەترین هونەرمەندی کوردو ئیران و ڕؤژهه ڵات رۆلێکی ئاوا پیرۆز بگێڕی کە تا ئیستا هیج هونەرمەندێک نە یگێراوە، ئاخر زیرەک لە نێو هونەرەکەیدا بەزمان و زاری هه مووان گۆرانی دەگوت و هونەری دەخوڵقاند و دەنواند! ئەو هه موو هه وادارو گوێگرەی ڕادیۆو ئەم هه موو چاڵاکیە کۆمەڵایەتیەی زیرەک وەک پادشایەک! وای کردبوو دەزگای (ساواک) بە وردی چاودێری زیرەک و میدیاخانمی خێزانی بکات، ئەنجامی ئەو چاودێریە توندە لە ڕادیۆو لە نێو خەڵک نووسێنی ڕاپۆرتی زۆر بوو لەسەر زیرەک و میدیا خانم ، لە کتێبی (چپ در ایران بە روایت اسناد ساوک) دا شەش لەو ڕاپۆرتانە بڵاوکراونەتەوە و کەوتوونەتە دەست ، ئەگەر بەوردی ئەم ڕاپۆرتانە بخوێنینەوە دەردەکەوێ کە ساواک چ بەوردی و بەردەوامی بەدوای زیرەک و میدیاخانمەوە بوون ! چ دوژمنکارانە هه ڵس و کەوت و کاری ڕادیۆیی ئەم دوانەیان بەدگومانانە لێکداوەتەوە، لە یەکێ لە ڕاپۆرتەکانی ساواکیەکان ئاوا باسی هونەرمەند حەسەن زیرەک دەکات :(حەسەن زیرەک لە ماڵی موزەفەر حەبیبی چەند پرسیارێکی لە بارەی خۆشەویستی ئالیا حەزرەت هومایۆنی و توانای پارتی دێموکراتی لە کوردستانی ئیران(و) کردوەو باوەڕی خەڵکی پرسیوە لە هه ڵس و کەوت لە گەل ئەو پێویستە ریعایەتی خۆپارێزی بکرێ وتەواوی کارو چالاکئ ئەو پیویستە بخرێتە ژێر چاودیری و لەوانەیە هاتوو چۆی ماڵی دکتۆر شیرازی بکات )(ل١٩کتێبی چنبس چپ در ایران بە اسناد ساواک) ئەو ڕاپۆرتە دەری دەخات کە ساواک بە چ شک و گومانێکەوە چاودێری زیرەک دەکات و چۆن ڕاپۆرتنووس داوای ئەوە دەکات کە بە توندی و پارێزەوە چاودیری زیرەک بکرێ! لە ڕاپۆرتێکی تری ساواکیەکان کە باسی میدیای زەندی دەکات دەنووسێ :(رۆژی سێشەممەی ڕابردوو لە بەرنامەی( ئێمەو گوێگرەکان) ی ڕادیۆی تاران کە بە زمانی کوردی بڵاو دەکریتەوە پەیامی دکتۆر کەمال نە قشەبەندی فەرمانبەری – راه اهنی تهران – کە لە زەمانی قازی محەمەد یاریدەدەری وەزیری بەهداری بووە ، بۆ ئیمام جومعەی سلێمانی کە مهرماهی سالی ١٣٣٨ چووەتە شورەوی لە ڕادیۆی مۆسکو پرۆپاگەندەی بە سودی سەربەخۆیی کوردستان کردووە و نامەی بۆ ئەو ناردووە .) راپۆرتنووس لە دریژەی نووسینەکەی دا دەنووسێ بەرنامە ئێمە و گوێگرەکان بووە بە ئامرازی پەیوەندی کوردەکانی تاران و عیراق.. ئەم چاودێری کردن و تاوان بۆ دروستردنە بۆ زیرەک و میدیا خانم بەردەوام دەبیت ، هه ربۆیە دەکەونە کێشە دروستکردن بۆ زیرەک کە هێشتا هه ر لە ڕادیۆی تاران کار دەکات ، زیرەک ..هونەرمەندێکی ئاسایی نە بوو ، جگە لەوەش لە ڕۆژگارێکی ئاسایش دا نەهاتبووە نێوەندەکە! زیرەک بەو هونەرە ڕەسەن و پر لە داهێنانەی گەرم و گوڕیەکی زۆری خستبووە نێوەندی کۆمەڵگەی کوردەواری کپی دوای ڕوخانی کۆماری مەهاباد ، گۆرانیەکانی زیرەک هێندە ڕەسەن و جەماوەری بوون ، گۆرانیە دڵداریەکانیشی کاریگەری سروودیان هه بوو، هه ر بۆیە هونەری زیرەک ڕۆڵێکی سەرەکی هه بوو ..بۆ هیوا خستنە نێو دڵێ نەوەی نوێ و بەم بۆ نە یەوەش خەڵکێکی زۆر لە دەوری ڕادیۆی تاران و کرماشان بەگشتی کۆ ببوونەوە، بە تایبەتیش لە دوری هونەری زیرەک . میدیا خانمیش وەک ژنێکی سەرکەوتوو لە ڕادیۆ پارسەنگێکی باش بوو بۆ زیرەک ، ساواک ئەو سەرکەوتن و جەماوەری بوونەی زیرەک و میدیای بەدڵ نەبوو، هه ر بۆیە ناورۆکی ڕاپۆرتە ساواکیەکان زۆر بە روونی ئەو نیگەرانی و بە دگومانییەی بەرامبەر بەو خانوادەیە دەردەخات ! وەکو دەزانین دواجار ئەو سەرکەوتن و بەختیاریەی لەو خانوادەیە تێکدەدەن ! زیرەکیان لە ڕادیۆ دەرکرد و لە گەڵ میدیای زەندیش لێکیان جیا کردنەوە . ساواک چۆن تەماشای حەسەن زیرەکی دەکرد ؟ حەسەن زیرەک گەورە ترین هونەرمەندی کوردستان و ئێران و ناو چەکە بوو، هونەرمەندێک بوو بە هه موو زارەکوردیەکان گۆرانی دەگوت ، گۆرانی بۆ هه موو چین و تەمەن و ڕەگەزو ئاستە جیاجیاکان دەگوت، گۆرانی ئاشقانە و نەتەوەیی و چینایەتی شۆڕشگەری ئایینی ، زیرەک بە هه موو زمانەکانی ئێران و ناوچەکە گۆرانی دەگوت..کوردی فارسی ترکی ئازەری ئەرمەنی و هه تا ڕادەیەک عەرەبیش ! بەمەش هه موو کۆمەڵگای کوردی خۆشیان دەویست و ڕێزیان لێ دەگرت! هه موومیللەتانی ئیران و ناوچە کە گوێیان لێ دەگرت و خۆشیان دەویست، هه ر بۆیە ڕۆلێکی گرنگی هه بوو لە دروستکردنی پردی هونەری لە نیوان ئەم میللەتانە، بۆ نموونە : گۆرانی( خان باجی ) (٣٠) یەکێ لەو گۆرانیانەیە کە بە تێکەڵەیەکی چوار زمان ئەرمەنی و ترکی ئازەری و کوردی و فارسی و بە ئاوازێکی داهێنەرانەو دەنگێکی بە هه شتی دەگوترێ ! زیرەک بەوەش کە وەک پادشایەکی داد پەروەر هه ڵس و کەوتی دەکردوو چووبووە نێو کۆمەڵگا ..جارێکی تر هه موو ڵایەک خۆشیان دەویست . ئەم خۆشەویستی و گوێ لیگرتنە زیرەکی کردبووە سەرکردەیەکی هونەری جەماوەری ! ئەم هه موو داهێنان و ناوو ناوبانگ و خۆشەویستیەی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران ساواکی هێنابووە مەیدان و خستبوویە دژایەتی کردنی زیرەک ، دژایەتی کردنێک لە تارانەوە تا سەر ناڵە شکێنە ! ئەو دژایەتی کردنە دوای مەرگیشی و هه تا ئێستا ش هه ربەردەوامە !! ئەگەرچی ساواک بە شەڕی دەروونی و هونەری و ئابووری و کۆمەڵایەتی و خانوادەیی و میدیایی هه وڵی دەدا کەسایەتی زیرەک لە بەرچاوی خەڵک ڕەش بکات و ئەو خۆشەویستیە بێ سنوورەی خەڵکی لێ بستێنێتەوە ! بەداخەوە هه تا ڕەددەیەک لە مەدا سەرکەوت و ئاسەواری ئەم دژایەتی کردنە تا ئێستاش بە تەواوی ڕەش نە بووەتەوە !! بەڵام ، ساواک لە دەروونەوە شەڕی کەسایەتیەکی خاوەن باوەڕو باوەڕ نەگۆڕو گەورەترین هونەرمەندو کوردترین کوردو سەرکردەترین سەرکردەی دەکرد ؟! بەڵام ، زیرەک زۆر بە هوشیاری و خۆ ڕاگری و بەرپرسیاریەتیەوە ،- بە تەنیا شەڕی دەوڵەتی کردوو- ئازایانە بەرەو مەرگ چوو!! ( ئەوا لە ئاخیری عومرو پیریما خەرێکم دوو سێ گۆرانی ئەڵێم !! هێندەم نەماوە بمرم و بچمە ژێر گڵ !؟)(٣١) خوێندەواری بەڕێز ..ئەو هونەرمەندەی لە پایتەختی ئیران بە شایانە دەژیا و شایانە یارمەتی خەڵکی دەدا؛ ساواک ئەمەی بەدڵ نەبوو، چۆن زیرەک لە پاڵ هه موو ئەمانەدا هۆیەکی گرنگی سەرهه ڵدانەوەو گەشە کردنی هه ستی کوردایەتی بوو لە ئیران ! بە تایبەت ئیران ..هه ر زیرەک بە هونەرەکەی گەشەی بە بواری ئەدەبیش دابوو، چۆن دەنگی زیرەک و بزاوتی وشەی بە دوای خۆی داهێنا، چاپکردنی کتێبی ( چریکەی کوردستان ) ئەو کاریگەریە ئەدەبیە بوو لە نێوەندی ئەدەبی کوردی دا کە زیرەک دروستی کرد، ڕاستە بە بەرچاو چریکەی کوردستان ژیاننامەی هونەرمەندێکی هه ژارو بێکەسەو ژیانە کەی پڕە لە هه ژاری و برسییەتی و دەربەدەری! بەڵام، بە زمانی کوردی بوو ..چاپکراو بڵاو کرایەوە ، کە ئەوەی من بیزانم و وک میدیا خانم دەنووسێ ..یەکەمین کتێبی کوردی بوو چاپکراو بڵاوکرایەوە لە ئیران بەشیوەیەکی ئاشکرا ، کە وەک باسەدەکەن خوێندوارو شاعیرو ڕۆشنبیران زۆر بە تینوێیەتیەوە بە دوای دادەگەڕان ، دواجار ساواک بڵاوکردنەوەکەی ڕاگرت ! خەڵک دەستاو دەست لێکیان وەردەگرت و وەک کتێبێکی خۆشەویست و قاچاغ و پڕ مەترسی دەیانخوێندەوە ، جگە لە مانە هه مووی ، زیرەک ناوێکی بۆ کتێبە کە هه ڵبژاردبوو..هه رتەنیا ناو لێنانەکەی بۆ خۆی ( ئاڵا هه ڵکردنی شۆڕشێک بوو !!) چریکەی کوردستان ..لە چریکەدا مەبەستی دەنگی بولبولئاسای خۆی بوو بولبولی کوردستان ، دەنگی ئارەزوو خواستی میللەتی کوردبوو! ! کە دەچریکێنێ و – دەخوێنێ لە ئێسگەی ڕادیۆی تاران – لە کوردستانیش مە بەستی هه موو کوردستان بوو ..نەک – استان کردستان – کە مەبەست لێی شاری – سنە – سەنەنندژ – ی خۆشەویستە ، کە حکومەتی ئێران دەیویست لە زیهنیەتی خەڵکی کورد ئاوای تۆمار بکات ، ئێستا کتێبی چریکەی کوردستان وەک یەکەمین کتێبی کوردی و کتێبێکی ئەدەبی و هونەری لە ئیران چاپ دەکرێ و بڵاو دەبێتەوە ، خاونەکەی هونەرمەندی گەورەی کوردستان و ئیران و ناوچەکەو شاعیری شیعری گۆرانی و نووسینەوەی ژیانی خۆی بە شیعر ! حەسەن زیرەکە ! ئەو حەسەن زیرەکەی ئیران دەیویست بۆ بەرژەوەندی خۆی بە کاری بێبێ ؛ کەچی ئەو ئیرانی بۆ مەبەستی خۆی بەکار هێنا ، وەک ئەوەی میدیا خانم دەڵێ : پاش ئەوەی چریکەی کوردستان چاپکراو بڵاو بووەوە، ساوک بە زیرەکی دەڵێ : ئێوە فێلتان لە ئێمە کرد !! دوای ئەوە کتێبەکە قەدەغە کرا . ئێستا ساواک ئاوا زیرەک دەبینێ ..هونەرمەندێکە لە لوتکەی داهێنان و هونەری هه موو ئیران ! پاشایەکە لە تاران پاشایەتیەکی گەرم دەکات ! نووسەرو شاعیرێکە کتێبێک بە ناوی ( چریکەی کوردستان ) چاپ دەکات و بڵاو دەکاتەوە..لە ئیران ئیرانێکی کپ و بێ دەنگ لە ڕووی بزاوتی کوردایەتیەوە ! زیرەک ئەمانە هه مووی بە ئاشکراو بە دەنگی بەرزو بە بەرچاوی دنیاوە دەکات (٣٢) و هه رساواکیش کاردانەوەکانی لە نیو کۆمەڵی کوردەواری دا دەبینێ و دەزانێ زیرەک فوو لە چ ئاگرێک دەکات ! هه ر بۆیە زۆر بە پەلەو بە ناشیرینیەوە زیرەک لە و لوتکە بەرزی هونەرەوە . لە تارانی پایتەخت دەگە یێنیتە کانی مەلا ئەحمەدی سەر سنوورو دوورە دەست و وازی لێناهێنێ تا بێ دەنگی دەکات و دەیباتە سەر ناڵەشکێنی سەر بەرز، چۆن زۆر جار لە کانی مەڵا ئەحمەدیش هونەرمەندان و ڕۆشنبیرانی ئیرانی دژە دەوڵەت لە چایخانە کورسی و مێزشکاوەکەی زیرەک کۆدەبوونەوەو پەرەیان بە هونەری دژە دەوڵەت دەدا !؟
ئیتر زیرەک چرایەکی گەش بوو بەردەمی کۆمەڵگای کوردەواری و ئیرانی ڕووناک دەکردەوە ؛ ساواک ئارامی نەمابوو ! زیرەک هه ر کارێکی دەکرد ..لێیان تێک دەدا ! پاش دەرکردن لە ڕادیۆی کرماشان ، زیرەک لە سەقز میوانخانەی سێ ئەستێرەی دانا و جار جار گۆرانیشی تێدا دەگوت ، دەریانکرد لەوێ ! چووە قەڵاتە ڕەش و چایخانەیەکی دانا لە گەڵ بەڕێزێک ! لەوێشیان دەرکرد ! چووە کانی مەڵا ئەحمەد ، هێندەیان کێشە بۆ دروست کردوو هێندەیان لێدەدا .. تا کار گەیشتە ئەوەی لە ژاندارمری بە ئاشکرا پێیان گوت : چی دەکەی لەم چۆڵەوانیە ڕۆژێ دەشتکوژن !!؟ ئەوێشیان لێ تێکدا ، ئە شوێنەی زیرەک دەیویست کاسبی تێدا بکات ! دواجار هیچ هونەرو کارو کاسبی و پوڵێکیان بەدەستەوە نە هێشت !! ئەو ڕۆژانە بوو لە و زەمانی پیریە لە نێو گۆرانیەکانی دا هاواری دەکرد : جێم نیە تێدا بسرەوم خاکم بە سەر بێ لانە خۆم !؟ بێ یارو هاودەم بێ مەیی و مەیخانە خۆم !؟ دوای ئەو دەڵێ: شەرابی دەستی دوڵبەر بێ ، ژەهری ئەژدیهای حەوسەر بێ ،دەیخۆمە وە قەستەسەر بێ !؟ بەڵێ دوا جار ئەو بێ جێ و بێ ماڵە ئەو ژەهرەیان پێدا کە قەستە سەر بوو !! کە زیرەک بەو ژەهرە نە خۆش دەکەوێ ، ساواک لەسەر زاری د کتۆرەکان وای بڵاو دەکاتەوە کە زیرەک (سەرتانی جگەر یەتی!!)(٣٣*) دکتۆرەکان ڕاستیەکەی بە کەس و کاری ناڵێن ! ئەوە قسەی ئەو ژنە یە کە لە نەخۆشخانە ، ڕابە خانم دەباتە ژێرزەمینەکەو پێی دەڵێ ؟ زیرەک هونەرمەندێکی گەورەیە و بێ کەسە ، ژەهری دراوەتێ ! دکتۆرەکان ڕاستیەکەتان پێ ناڵێن ! با خوێنەکەی بزر نەبێ !!
بەڵێ..بەم شێوەیە دوا پەردەی گەورەترین هونەرمەندی کورد ، کە ڕۆژگارێک پاشایانە دەژیاو پاشایانە چاکەی لە گەڵ خەڵک و براکوردەکانی خۆمان دەکرد لە تاران! پەنجەرەی ژیانی پەردەکەی دادرایەوە !!


سەرنج و تێبینی و سەرچاوەکان:_

(١) ئەم وتە بەنرخەی زیرەک لە کاسیتی ناسراو بە کاسێتی ئەبوو سەباح دا هاتووە. (٢) سەیری سایتی ڕۆژ هه ڵات – بۆکان بکە .
(٣) زیرەک لە پاشایەتی تارانەوە دواجار دەبێت بە چایچی لە کانی مەلا ئەحمەد. (٤) مادر زاد- باباتاهیر لە چوارینەیەک دا دەفەرمووێ –ئەو عەشقی منە لە لە دایکبوونمەوە هه مە.
(٥) بەردی مراز – لە میژوودا باسکراوە کە پاشادادپەروەرەکان ، لە شوێنێکی دیاری کراو نزیک کۆشکی پاشا دیاری دەکردوو هاوڵاتی غەدرلێکراوو خاوەن داخوازی دەچوو لە سەر ئەم بەردە دادەنیشت و هه تا داخوازیەکەی جێ بەچێ دەکرا. (٦) ئەم ڕؤژنامە خوێندنەوەی ڕۆژانەی میدیا خانم نیشانەی هوشیاری و بەدوا داچوونی هه واڵێ ڕۆشنبیریی و هونەرو کۆمەڵایەتیە ، لە ماڵێ زیرەک دا.
(٧) زیرەک لە ناخەوە خۆی لەوە هه ڵبواردبوو کە تەنیا دەنگخۆشێک و گۆرانیبێژێک بێت، ئەو مرۆڤێكی خاوەن پەیام بوو هه ستی بە بەرپرسیاریەتی دەکرد بەرامبەر بە میللەتەکەی هه ربۆیە لە ناخەوە پاشایانە هه ڵس و کەوتی دەکردو هونەرمەندانە خزمەتی میللەتی دەکرد. (٨) چاوپێکەوتنێکی ڤیدیۆیی لە لە گەڵ رابیعەخانمی دوا خێزانی زیرەک لە ٢٠/٧/٢٠١٠ دا.
(٩) چاو پێکەوتنی مامۆستا محەمەد ڕەمەزانی لەگەڵ میدیاخنم خێزانی زیرەک ، سەیری سایتی ڕۆژ هه ڵات – بۆکان بکە، مامۆستا برایمی فەرشی . (١٠) زیرەک هه رلە منداڵیەوە بەو هه موو هه ژاری و دەردی سەریەوە ، هێشتا خاوەن کەسایەتیەک بووە ، هه موو شتێکی بۆ پارە نەکردووە.
(١١) میرزاکەریم خۆشناو بەرگی دووەم – هه ندێک لە بەسەرهاتەکانی زیرەک ١٩٨٦ (١٢) بازرگانی ئاواز – کەسانێک بوون لە وڵات دەگەڕان و دەنگخۆشەکانیان دەبروو گۆرانیان بۆ تۆماردەکردن و پارەیەکی باشیان دەدانێ و گۆرانیەکانیشیان بڵاو دەکردەوە.
(١٣) دواجار زیرەک لە مەرامی دەوڵەت گەیشتبوو ، بۆیە ئازارو هه ژاری هه ڵبژاردوو نە چووە ژێر بار و هۆشیارانە بەرەو مەرگ چوو، گۆرانیەکانی ساڵانی دوایی پڕن لە دەردەدڵی زیرەک ( شەش دەرم گێراوە بەدەستی نەردەوە )ەو زۆری تر.. (١٤) زیرەک لەساڵی ١٩٥٨ تا ١٩٦٢ لەتاران بووە ، بۆیە پاشایەتیەکەی دەکەوێتە ئەو ساڵانە.
(١٥) مامۆستا محەمەدی ڕەمەزانی نووسەرو وەرگێڕی گەورەی ڕۆژهه ڵاتی کوردستان چەند چاوپێکەوتنێکی گرنگی لە گەڵ کەسانی نزیک لە زیرەک کردووە ، زۆر نهێنی ژیانی زیرەکی بەدەست هێناوە. (١٦) مام عەلی یاسەمەنی خزمێکی نزیکی زیرەکەو لە چاوپێکەوتنەکەی مامۆستا محەمەدی ڕەمەزانی زۆر نهێنی ژیانی زیرەکی ئاشکرا کردووە.
(١٧) کاکە مینە – براگەورەی زیرەکە . (١٨) مواجییب – مووچە ، مانگانە.
(١٩) لەساڵی ١٩٦٠ سابت پاسال کە دەوڵەمەندێکی ئێرانی بوو تەڵەفزێنێکی خسوسی دامەزران و بەرنامەیەکی هه بوو بە ناوی – هنرهای زیبا- زیرەک خۆی تیپەکەی هه فتانە ئاهه نگی تێدا دەگێراو بە تۆمارکراوی بڵاو دکرایەوەو ڕەواجێکی زۆری هه بوو، لەو بەرنامەیە زیرەک دەیان گۆرانی و ئاهه نگی تۆمارکراوی تەلەفزۆنی هه یە ، بەداخەوە تائێستاهەواڵێک لەو کاسیتانەوە نیە !! (٢٠) موسافیرخانەی حەقیقەت لە تاران وەک ئوتێل شیمال الکبیری بەغدایەو کۆردەکان لەوێ دادەبەزین .
(٢١) برایمی فەرشی مامۆستایەکی نووسەرو شانۆکارەو یەکیکە لەو بەڕێزانەی وەک دەڵێن ئەرشیفێکی دەوڵەمەندی زیرەکی هه یەو کاری زۆری بۆ هونەری زیرەک کردووە. (٢٢) سەرکەشف – شوێنی کۆکردنەوەی یارمەتی بۆ کەسانی لێقەوماو.
(٢٣) کاغەزی ئیدارە – زیرەک بە هۆی هونەرمەندی و کەسایەتی خۆیەوە دۆست و ناسیاری زۆر بوو لە دائیرەکانی دەوڵەت کاتی پیویستی ڕووی لێدەنان و بۆ کەسانی پێویست نامەو نامەکاری بەکار دەهێنا. (٢٤) پەسمەند- پەزمەند – پاشەکەوت .
(٢٥) مەعلوم دەکرد- واتە زیرەک ئەو کەسەی دەبینی و دەیزانی پێویستیەتی ئەوسا یارمەتی دەدا، ئەوە بۆ ئەوەمان دەبات کە کەسانێک دڵسافی زیرەکیان بەکار‌هێنابی و بەفێل داوای یارمەتیان کردبێ، ئیتر زیرەک پێویست بە ناسین و بینینی کەسی موحتاج بووە . (٢٦) ئەوکەسەی ناوی لە ڕۆژنامە بڵاوکراوەتەوە کە پێویستی بەیارمەتی هه یە، برای بەڕێز مامۆستا عەزیزی شاڕۆخی یەو وابزانم جارێک مامۆستا خۆشی باسی کردووە کە زیرەک یارمەتی براکەی داوە .
(٢٧) بەدوا داچوون- ڕەوشێکی دەوڵەت و بەرپرسەکانە کاتێ لە رۆژنامە بابەتێکی پەیوەست بە دەسەڵاتی ئەوان بڵاو دەکرێتەوە بەدوای هه وڵە کەدا دەچن و جارەسەری دەکەن. (٢٨) ئایش – خۆزگە ، وەی دەنا .
(٢٩) سابت پاسال خاونی ته له وزيونی کوردی شه وی پينجشه ممانه ده رۆيشتين له ئيستگه ی هونرهای زيبا به رنامه مان ده دا, به رنامه ی کوردی حه سه ن به دايره و به گۆرانی ئێمه ش حه وت هه شت پياو وژن به ليباسی کورديه وه به ده ستوری سۆرانی خۆمان هه ڵده په رين، خه ڵك زۆريان پی جالب بوو زۆريان پێخۆش بوو! ئه و قاوه خانه ی له تاراندا ته له وزيونی بوو , دوو يان سی قاوه خانه پڕ ده بوو له خه ڵك, ته له وزيونيش لە نێو تاران هه تا که رج کاری ده کرد زياتر کاری نه د کرد! له و قاوه خانانه ئه وشه وه چای له په ناباتێکه وه ده چووه چوار قران ئه ونده به رنامه کوردیە کەیان پێ خۆش بوو. ) دەبێ چەند شەو ئاهه نگیان گێڕابێ و ئێستا چەند ئاهه نگی تەولەفزیۆنی زیرەک و تێپەکەی بەتۆمارکراوی لە لای خەلک بێت ؟؟! (٣٠) زۆر بەی گۆرانیەکانی زیرەک ڕەهه ندێکی کۆمەڵایەتی و پێکەوە ژیانی میللەتە جیا جیاکانی ئیرانی هه یە ، چۆن جگە لە بەرزی هونەرەکە لەنێو هونەرمەندانی سەردەم ، بۆ نموونە : گۆرانی خان باجی حەسەن زیرەک ..لەسەردەمی کڕۆنا . نووسینی مەولود ئیبراهیم حەسەن لە سایتی – دەنگە کان – بخوێنەوە .
(٣١) لە کاسێتی ئەبوو سەباح هونەرمەند حەسەن زیرەک کە قسە دەکات ئەگەر بەوردی گوێی لێبگری و لێکی بدەیتەوە ، چاک بۆت دەردەکەوێ کە حەسەن زیرەک وەسیەت دەکات و خودا حافیزی لە خەلک و هونەرو ژیان دەکات!! ..خودا حافیز خەڵکی هه وڵێر خودا حافیز !! (٣٢) ڕاستە چەند حزب و ڕێکخراوی نهێنی لە ئیران هه بوون ، ئەو سەردەمە بەڵام ، هیچیان کاریگەری زیرەک و هونەری زیرەکیان نەبوو ، ئەوان بە نهێنی کاریان دەکرد و زۆر بە پارێزیش، بەڵام؛ زیرەک بە ئاشکراو لە ڕادیۆو تەڵەفزیۆنەوە هونەری خۆی بڵاودەکردەوە هونەرێک ..میللەت پەسند .
(٣٣*) سەرەتانی جگەر : پاش ئەوەی کە زیرەک ژەهرخواردوو دەکرێ ، ساواک هه ر بەدووایەوە دەبێت ، تا ژەهرەکە کاری لێدەکات و پێویستی بە نەخۆسخانەو نەشتەرگەری دەبێت ، بەڵام ، دەستی دەستی پیدەکەن و بە بیانۆی نەبوونی تەختی خەوتن ماوەیەک ڕای دەگرن و دواجار کە کار لە کاردەترازێ ، نەشتەرگەری چاوبەستەی بۆ دەکەن و دنیای لێ پر دەکەن کە سەرەتانی جگەریەتی و ئەوەش هی ئەوەیە زیرەک زۆری عەرەق دەخواردەوە !! ئەوەش بۆ ئەوەی تاوانەکەی خۆیان بشارنەوە، ئەگەر کەم کەمەش باسی ژەهردەهات! ئەوا ساواک دیسان ناوی کەسانێکی دەهێناو دەیویست فتنەی کۆمەڵایەتی دروست بکات و دوو چۆڵەکە بەبەردێک بکوژێ ، هه ربۆیە تا ئێستاش ئەم بەڵا ڕێ دابردنە هه ر کاری گەری ماوە .




کورد و عێراق … نووسینی: عەتا قەرەداخی

پێگەی کورد چیە لە عێراقدا؟ ئایا لە راستیدا کورد پێگەی هەیە لە عێراقدا؟ ئەگەر کورد پێگەی هەیە لە عێراقدا کامەیە؟ چ کاتێک کورد پێگەی دەبێت لە عێراقداو شوێن و پێگەی کورد لە عێراقدا بە چ پێوەرێک دەپێورێت؟ ئایا بوونی هەندێ پێگەی کارتۆنی یان تەشریفاتی بەسە بۆ ئەوەی بڵێین کورد شوین و پێگەی هەیە لە عێراقدا؟ ئایا بوونی چەند وەزیرو ئەندم پەرلەمانێک کە لەسەر حیسابی کورد ئەو پۆست و شوێنانەیان وەرگرتووە، بەسە بۆ ئەوەی بگوترێت کورد خاوەنی شوێن وپێگەیە لە عێراقی دوای سەدامدا؟ یان پێوانەی تر هەن بۆ سەلماندنی بوونی شوێن و پێگەی کورد لە بەغدا؟ کە ئەوەش لە ئاستی یەکەمدا بریتیە لە دەوری بەکردەوەی کورد لە بڕیاری عێراقیدا، لە ئاستی دووەمدا بوونی کوردی تاک شوناسە لەو پێگانەدا کە مەبەستمان لە کوردی تاک شوناس یان شوناس کوردی ئەو کوردەیە کە شوناسی یەکەمی شوناسی کوردیە نەک شوناسی عێراقی. یان بە مانایەکی ترشوناسی عێراقی نەبێتە شوناسی یەکەمی و شوناسی کوردی ببێتە شوناسی دووەمی، وەکو زۆرێنەی هەرە زۆری ئەو کوردانەی لە هەر چوار پارچەی کوردستان لە ناوەندی دەوڵەتی داگیرکەر یان ناوەندی لەسەر حیسابی دەستبەرداربوونی شوناسی یەکەمیان کە شوناسی کوردیە بۆ شوناسی دووەمیان کە شوناسی دەوڵەتی ناوەندی یان داگیرکەرە، پۆست و پلەو پایەیان وەرگرتووە.
رەنگە یەکێک لە کێشە هەرە سەرەکیەکانی کورد لە مامەڵەکردنیدا لەگەڵ بەغدا ئەوە بێت، ئەو کەسانەی کە لەساڵی ٢٠٠٥ بەدواوە ناردوونی بۆ بەغدا هەر لە کەسی یەکەمەوە کە پۆستی سەرۆک کۆمار بووە تا پێگەکانی تری وەکو جێگری سەرۆک وەزیران و جێگری سەرۆکی پەرلەمان و وەزیرو ئەندام پەرلەمانەکانیش مەگەر تاکو تەرایان تیابووبێت شوناسی کوردبوونی خستبێتە پێش شوناسی عێراقیبوونەوە. ئەم بۆچوونە لە وڵاتێکدا کە ناسیونالیزمی نەتەوەی زۆرینە یان سەردەست ئەگەر بووبیتە ناسیونالیزمی مەدەنی یان ناسیونالیزمی لیبریالی و قۆناغی ناسیونالیزمی ئیتنیکی بەجێهێشتبێت، ئاساییە ناسیونالیزمی نەتەوەی کەمینە یان بندەستیش بەهەمان پێوانە کاربکات، بەڵام کێشەی کورد لە عێراقدا بەهۆی نەبوونی پرۆژەی نەتەوەیی کوردیەوە هەرگیز نەیتوانیووە بەو شێوەیە بیربکاتەوەو بەڵکو پیادەی بۆچوونێکی هەڵەی کردووە کە بە حیسابی خۆی ئەو کەسانەی ناردووەتە بەغدا کە گوایە نەرمونیانترن بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ عەرەب، کە ئەو نەرمونیانیە لە بنەڕەتدا واتای خۆبەدەستەوەدان و کارکردن بۆ رازیکردنی ئەوی عەرەبە، بە چەمکی کۆمەڵناسیی سیاسیس مانای بەیەکەمبوونی شوناسی عێراقی و بە دووەمبوونی شوناسی کوردیە. ئەمەش وایکردووە جیاوازییەکی ئەوتۆنەبێت لە نێوان ئەو کەسانەی کورددا لە سەردەمی پاشایەتی و دیکتاتۆریەتدا لەسەر بنەمای بڕوابوونی خۆیان و دیاریکردنیان لە لایەن حکومەتەکانی عێراقەوە بۆ پۆست و پێگەی دیار لە دەوڵەتی عیراقیدا هەڵبژێردراون، لەگەڵ ئەو کەسانەی کە کورد خۆی لە دوای روخانی رژێمی سەدامەوە ناردوونێتیە بەغدا. هەموویان لەوەدا یەکدەگرنەوە کە لە رووی پیادەکردن و کارکردنیانەوە لە سیستێمی بەڕێوەبردنی عێراقیدا لە پلەی یەکەمدا عێراقین، لە پلەی دووەمدا کوردن، کە دیارە تیاشیاندایە رەنگە هەر بڕوای بە کوردبوونی خۆی نەبێت و کوردبوون نەک شوناسی یەکەمی نەبێت بەڵکو بە شوناسی دووەمی خۆیشی دانەنیت.
کێشەی کورد لەگەڵ بەغدا کێشەیەکە یەک چارەسەری هەیە کە ئەویش جیابوونەوەیە، بێجگە لە جیابوونەوەش هەر هەوڵێکی تر بدرێت هەوڵی پینەوپەڕۆیەو هیچ بەرهەمناهێنێت، رەنگە تەنیا سودەکەی ئەوە بێت کە بەو پینەوپەڕۆیانە چاوەڕوانی هاتنی کاتی گونجاو بۆ جیابوونەوەیەکی لەوجۆرە بکرێت، چونکە هیچ ئەگەرێک لە ئارادا نیە بۆ ئەوەی کوردو عەرەب بتوانن لەوەی ئێستا باشتر پێکەوە بژین، هۆکارەکەشی ئەوەیە دوو ناسیونالیزمی ئیتنیکی ئەستەمە بتوانن پێکەوە لە یەک سیستێمی سیاسی خاوەن سەروەریدا بژین، چونکە هەریەکەیان دەیەوێت پارێزگاری لە شوناسی خۆی لە ئاستی ئەویتریاندا بکات، واتە نەتەوەی کەمینە دەیەوێت لە هەموو روویەکەوە هاوشانی نەتەوەی زۆرینە بێت، ئەوەش هەرگیز روونادات تەنیا لە بوونی ناسیونالزمی مەدەنی یان لیبراڵدا نەبێت کە پەیوەستبوون بۆ یەک نیشتیمان دەبێت و یاسا بەتەواوی ئەوە رێکدەخات و دەستوور دەیپارێزێت و کەلتووری فرەێتی بەڕاستی باڵەدەست دەبێت و چەمکی هاووڵاتیبوون کاری پێدەکرێت و باڵادەست دەبێت بەسەر چەمکی ئیتنیکدا.
لە بارێکی ئاوەهاشدا ئیتنیکی زۆرینە هەوڵنادات شوناسی خۆی وەکو شوناسی یەکەم نمایش بکات و پەیوەستبوونی خۆی بە نیشتیمانەوە لە پلەی یەکەمدا دابنێت و شوناسی ئیتنیکی کەمینە وەکو شوناسی دووەم یان پاشکۆ سەیر بکات و ئیتنیکی دووەم وەکو میوان یان زیادە سەیر بکات و لە هەلی دەرکردن و سەرکوتکردنیدا بێت.
ئێستا پرسیار ئەوەیە ئایا ئەگەری ئەوە هەیە لەم عێراقەدا ناسیونالیزمی ئیتنیکی عەرەبی بگوازرێتەوە بۆ ناسیونالیزمی مەدەنی یان لیبراڵی و هاوکات رووبەری سەربەخۆبوون و خۆبەڕێوەبردنی کورد فراوانتر ببێت و شتێک نەمێنێت بەناوی کێشەی خاک و لەسەر بنەمای راپرسی چارەنووسی جوگرافیا دیاری بکرێت. هەڵبەت لە بارێکی وەهاشدا ئەگەر ناسیونالیزمی ئیتنیکی عەرەبی کە بە کردەوە ناسیونالیزمێکی تووندو تیژە تا لوتکەی شۆڤێنیزم، بگوازرێتەوە بۆ ناسیونالیزمی مەدەنی، نەهەوڵی بە زۆر کۆچپێکردنی کورد و بەعيرەبکردن دەدات، نە ماڵ و مڵک و جوگرافیای کورد داگیر دەکات، نە رووی دەبابە دەکاتە کوردستان و نە هەوڵدەدات بە سیاسەتی دوژمنکارانە کورد برسی بکات و یەکێتی نەتەوەیی تێکبدات. بێگومان ئەگەر ناسیونالیزمی ئیتنیکی عەرەبی ئەم قۆناغەی ئێستای بەجێهشت و بوو بە ناسیونالیزمێکی مەدەنی و دەستبەرداری ئەوەبوو کە وەکو دوژمنی کورد رەفتاربکات و کوردی وەکو هاووڵاتی هەمان وڵات و بەهەمان ئاستی ماف و ئەرکەوە قبوڵ کرد و یەکسانی بەکردەوە لە نێوان هەموواندا درووست بوو، هەمووان لە ماف و ئەرکدا یەکسان بوون، ئەوا ئومێدێک دەبێت بۆ ئەوەی کورد لەگەڵ عەرەبدا بێ کێشە بژی، یان کێشەکانی چارەسەر بکات. ئەگەر ئەمەش روونەدات ئەوا هیچ چارەسەرێكی تر بۆ کێشەی کورد لەگەڵ عەرەبی عێراقدا نیە تەنیا جیابوونەوە نەبیت.
بێگومان گواستنەوەی ناسیونالیزمی ئیتنیکی هەرە تووندو تیژی عەرەبی عێراقی بۆ ناسیونالیزمی مەدەنی شتێکە نەک لەسەر زەمینەی واقیع بەڵکو لە خەیاڵیشدا، تەنانەت لە قوڵایی یۆتۆپیاشدا جێگای نابێتەوە. بۆچی؟
بەڵام پێش ئەوەی وەڵامی پرسیاری بۆچی بدەینەوە، دەپرسین سیستێمی سیاسی عێراق چیەو چۆنەو پایەکانی چین و چ عەقڵێک بەڕێوەی دەبات؟ ئایا هیچ هیوایەک هەیە بۆ دروستبوونی سیستێمێکی سیاسی ئیداری لە عێراقدا کە چەقی کارکردنی چەسپاندنی چەمکی هاووڵاتیبوون و دیموکراسی بێت؟ عێراق وەکو دەوڵەت لە مێژووی نوێدا کە مەبەست مێژووی دوای جەنگی یەکەم و هەڵوەشاندنەوەی دەوڵەتی عوسمانیە، بە ناسروشتی دروستبووەو ئەو دەوڵەتەی دروستکرا تەنیا بڕیاری سیاسی دروستیکرد لە غیابی کۆمەڵگەیەکدا کە لە ئاستی بەرهەمهێنانی دەوڵەتدا بێت، دەوڵەت بە چەمکی نوێ، یان بە چەمکی کلاسیک. واتە کۆمەڵگای عێراقی لەو کاتەدا نە ئەوەندە پەرەسەندوو بوو کە دەوڵەتی هاوچەرخ، یان دەوڵەتی نەتەوەیی لەسەر بنەمای بوونی ناسیونالیزم بەرهەمبهێنێت، نە دەوڵەتی فیودیالی خێڵایەتی یان ئایینی دروست بکات، بەڵکو ئینگلیز لە پێناوی بەرژەوەندییەکانی خۆیاندا چوارچێوەی دەوڵەتێکیان بۆ كیشاو ناویان نا دەوڵەتی عێراق، کە لە زۆرینەی شیعەو کەمینەی سونە پێکهات و بۆ هاوسەنگی دروستکردن لە نێوان ئەو دوو مەزهەبەشدا کە هەمان ئیتنیک بوون، بەشێک لە ئیتنیکێکی جیاوازیان خستە سەر ئەو دەوڵەتە کە کورد بوو، واتە لە روانگەی ئەوکاتەی ئینگلیزەوە جیاوازی مەزهەبی گرنگتربوو لە جیاوازی ئیتنیکی.
هەربۆیە سونەی کوردو سونەی عەرەبیان لە بەرامبەر شیعەی عەرەب دانا. واتە پایەی یەکەمی دروستبوونی ئەو دەوڵەتە مەزهەب بوو. بەڵام سەرباری زۆرینەی شیعە بەریتانیا فەرمانڕەوایی ئەو دەوڵەتەیان نەدایە دەستی شیعە. جێگای خۆیەتی بپرسین بۆچی ئینگلیز سەرباری ئەوەی شیعەی عەرەب زیاتر لە ٦٠٪ی ئەو عێراقەیان پێکدەهێنا کە ئەوان دایانتاشی، کەچی فەرمانڕەوایی درایە دەستی سونەو مەلیکێکی خواستراو کە ئەو مەلیکەش لە حیجازەوە هێنرا، واتە مەبەست ئەوە بوو کە سەرۆکی ئەو دەولەتە نوێیە خاوەن ئەسڵێکی پەسەندو خوێنی عەرەبی و دەماری عەربی بێت و پێدەچێت ئەو کاتەش ئینگلیزەکان بە گومانەوە سەیری ئەسڵی شیعەیان کردبێت، هەم بە خاوەنی دەمارو خوێنی خاوێنی عەرەبییان نەزانیبن، هەم لە رووی پەرەسەندنی کۆمەڵەیەتیەوە نەک بۆ ئەو کاتە بەڵکو بۆ دواترێش و تاکو ئێستاش شیعە رووی بەدووی عەرەبی دەنوێنن و لە رووی پەیوەستبوون بە ئەسڵی ئیسلامەوە لەچاو سونەدا ئیلتیزاماتیان شل ترە کەچی لە رووی پەیوەستبوون بە ئیمامەکانیانەوە زۆر تووندن و پەیوەستبوونیان هاوشیوەی پەیوەستبوونی دەروێشە بە تەریقەت و بە شێخەوە، کە ئەم جۆرە پەیوەستبوونەش بۆ بەڕێوەبردن و کاری سیاسی و دەوڵەتداری بێجگە لە داخستن بە رووی دەرەوەدا و بێجگە لە شێوەیەک لە کۆیلایەتی هیچیتر بەرهەم ناهێنێت.
رەنگە ئینگلیز لەسەرەتای دروستکردنی دەوڵەتی عێراقیدا باش لەوە تێگەیشتبن کە سایکۆلۆجیای کەسێتی کۆمەڵایەتی شیعە چیەو چۆنە، بۆیە رێگایان نەدا شێعە لە دروستکردن و بەڕێوەبردنی دەوڵەتی عێراقیدا دەورێکی ئەوتۆیان هەبێت و ئەوەش وایکرد کە شێعە نەبنە خاوەنی عەقڵی بەڕێوەبردن و دەوڵەتداری، تەنانەت تاکو ئێستاش ناتوانن دەوڵەتداری بکەن. خۆئەگەر بشبن بە فەرمانڕەوا، ئەوە دەوڵەت و ئیدارەی ئەوان هەرگیز نابێتە دەسەڵاتی یەکەم مادەم ئیمام و مەرجەع هەن و بڕیار لای ئەوانە. دەسەڵاتی پازدە ساڵی رابردووی شیعە لە عێراق و چڵ ساڵی فەرمانڕەوایی لە ئێران دەریخستووە کە دەوڵەت و دامەزراوەی دەوڵەت پاسەوان و پارێزەری دەسەڵاتی ئیمام و مەرجەعن کە ئەوانیش نوێنەری ئیمامی عەلی و زمانحاڵی سەندنەوەی تۆڵەی خوێنی بە ناحەق رژاوی حسێنن و لە سەر زەوی. واتە پێکهاتەی هەرەمی دەسەڵاتی شیعە هەر هەمان هەرەمی دەسەڵاتی ئایینیەو لە هەرەمی دەسەڵاتی ئایینیشدا کە تاکە کەسی نوێنەری خۆدا لە لوتکەدایە هەرگیز نە دیموکراسی دروست دەبێت و نە فرەکەلتووری جێگای دەبێتەوە، هەر بەوپێیەش بەهیچ شێوەیەک قبوڵکردنی ئەویتر نە دەبێتە کەلتور و نە بواری پێدەدرێت و نە زەمینەیەک بۆ بوونی هەیە. کەواتە بێجگە لەوی شێعە کەسی تر قبوڵ ناکرێت. ئەمە روویەکی ئەو عێراقەی ئێستایە کە هەندێ بە هیوان ئەو عەقڵیەتە کورد قبوڵ بکات و پێکەوە بژین. بێگومان لەپاڵ ئەم بنەمایەی شیعەگەریدا، عێراق تاکو ئێستاش لە رووی پێکهاتەی کۆمەڵایەتیەوە پێکهاتەیەکی خێڵایەتیە کە رایەڵەی بەهێز تیایدا رایەڵەی دەمارو خوێنە، ئەمەش بۆ شیعەو سونەش راستەو هەردووکیان سەرباری جیاوازی مەزهەبی بەڵام هەمان پێکهاتەی کۆمەڵایەتییان هەیەو لەسەر بنەمای خوێن و دەمار بنیادنراوە.
ناسیونالیزمی عەرەبیش نەک هەر لە عێراق بەڵکو لە هەموو جیهانی عەرەبیدا لەسەر پایەکانی خێڵایەتی- خوێن و دەمار- و ئیسلام –سونەو شیعە- پێکهاتووە. ئایا دەشێت ئەم ناسیونالیزمە کە ئێستا لە پارتە شیعەو سونەکاندا خۆی دەنوێنێت و ناسیونالیزمێکی ئیتنیکی رەگوریشە خێڵایەتی ئایینیە بگوازرێتەوە بۆ ناسیونالیزمی مەدەنی؟ ئایا ئەگەری ئەوە هەیە دامەزراوەی خێڵایەتی ریشە دەمارو خوێن و پانتایی کۆنەست و رۆحیی داگیرکراو بە مەزهەبیەتی داخراو و کورتبین و تووندڕەو و مۆتوربەکراو بە تووندترین رەگەزەکانی فاندەمێنتاڵیزمی ئیسلامی سونەو شیعەو لە زەمینەو پاشخانێکی کۆمەڵایەتی هێجگار دواکەوتووی وەکو ئەوەی عێراقدا هەلومەرجی بنیادنانی سیستێمێکی دیموکراتی بڕەخسێت کە تیایدا ئینتیما بۆ نیشتیمان و ئینتیما بۆ عێراق و برایەتی لە نێوان هاووڵاتیانی ئەو نیشتیمانەدا و یەکسانی و دادپەروەری لە نێوانیاندا نەک هەر ببێتە کەلتوری باڵادەست، بەڵکو لەسەر زەمینەی واقیعیش رەنگبداتەوەو کاری پێبکرێت و عێراق ببێتە زەمینەی فرە کەلتوری و یەکتر قبوڵکردنی خۆویستانەو روانین و مامەڵەکردن لەگەڵ هەمووان بەیەک چاو و لە روانگەی هاووڵاتیبوون و هاوئینتیماییەوە، ئەمەش جێگا بە جیاکاری ئیتنیکی و جوگرافی و کەلتوری و ئایینی و مەزهەبی چۆڵ بکات و خۆی جێگای بگرێتەوە، ئەوا لە بارێکی وەهادا پێویستە لەسەر کورد لە هەموو ئاستێکدا وەکو عێراقی رەفتار بکات و بەئەندازەی مافەکانی لە عێراقدا دەبێ ئەرکی سەرشانی جێبەجێ بکات. بەڵام ئەی ئەگەر ئەمانە هیچی بوونی نەبوو، ئەوی زۆرینەی عەرەب کە بریتین لە ئیتنیکی نەتەوەی سەردەست و ناسیونالیزمی عەرەبی نەک تەنیا لە عێراقدا بەڵکو لە هەموو ئەو وڵاتانەی تریشدا کە بێجگە لە عەرەب ئیتنیکەکانی تریشیان تێدایە، هەموو هەوڵێک دەدات و کۆشش دەکات بۆ بەهێزکردنی ئیتنیکی عەرەبی لەسەر حیسابی لاوازکەردن و لەناوبردنی ئیتنیکەکانی تر، چونکە ئەو ناسیونالیزمە هەمان شێوەی هەموو ناسیونالیزمێکی ئیتنیکی بە کاریگەری سەرچاوەکانی سەرهەڵدان و دەرکەوتنی و بەکاریگەری سروشتی پێکهاتنی ناسیونالیزمێکی تووندڕەوو داخراوەو وایدەبینێت هەر نەشونوماکردن و گەشەکردنێک لە ئیتنیک و نەتەوەو گەلانی تردا رووبدات، لێدانە لە بوونی ئەم، بەتایبەتیش وەکو نەیارو جێگرەوەی خۆی سەیری ئەو ئیتنیکانەی تری وەکو کورد دەکات کە ناچارکراون لەگەڵ ئەودا بژێن و ئەویش تەنیا وەکو پاشکۆی خۆی سەیریان دەکات.
بێگومان دەوڵەتی عێراقی بەرزترین ئاستی گەشەکردنی کە ئەو ناسیونالیزمە خێڵایەتیە مەزهەبیە فاندەمێنتاڵە داخراوەیە پێیگەیشتووە، بۆیە چاوەڕوانی ئەوەی لێناکرێت نە بەرەو دیموکراتی هەنگاو بنێت، نە مافی مرۆڤ و نە سادەترین ئاستی یەکسانی و دادپەروەری و نە لاوازترین چەمکی هاووڵاتیبوون تیایدا بێتە ئاراوە، بۆیە هەر باسکردنێکی یەکێتی عێراق و گێڕانەوەی کورد بۆ ژێر سایەی ئەو سیستێمە مەزهەبیە- خێڵەکیە نەتەوەییە لەناوخۆدا ناکۆک و وابەستەیەی مەرجەعی شیعەو ئیخوانی سونە، بێچگە لە تێنەگەیشتن لەوەی لە واقیعدا هەیە هیچی تر نیە. هەر لێرەشەوەیە هەموو کوردە ئیخوانیەکان و هەموو کوردە پرۆشیعەکان باسی گەڕانەوە بۆ ژێر سایەی عێراق و هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان دەکەن. ئەمەش ئەوە نیشان دەدات کە بۆ کوردە ئیخوانیەکان و پرۆشیعەکان و زۆرینەی ئەوانەشی بەدوای بەرژەوەندیە تایبەیبەتیەکانی خۆیانەوەن لە بەغدا، شوناسی عێراقی بە تەواوی بووەتە شوناسی یەکەمیان و سوناسی کوردبوون بووەتە پاشکۆ کە ئەوەش زیاتر دەرئەنجامی لاوزی کەسێتی خۆبەبچووک زان و کورد بە بجووکزانینە لەبەردەم کەسێتی عەرەبی و ئیتنیکی عەرەبیدا. هەر لەم روانگەیەوە، ئەو کوردانەی شوناسی عێراقی شوناسی یەکەمیانە، بۆ کورد بوون و نەبوونیان لە بەغدا هاوشێوەیە لە هەر پێگەیەکدا بن، واتە لە هەر سێ سەرۆک کۆمارە کوردەکەی عێراقەوە تە دوا بەرپرسی کورد لە عێراق با بۆمان بژمێرن چ سودێکیان بۆ کورد هەبووە. بەڵام ئاشکرایە زیانەکانی هەموویان بۆ مەسەلەی نەتەوایەتی کورد چی بووە. بۆ نموونە بە حیساب سەرک کۆمار پارێزەری دەستوورە، بەڵام ئەوەتی دەستووری عێراق دانراوە هەموو رۆژێک پێێ لێدەنرێت، ئەی کوا رۆڵی ئەو پارێزەرانەی دەستوور؟ کەواتە ئاشکرایە کورد لە بەغدا مادەم بەشدار نیە لە بڕیارداندا کەواتە بوون و نەبوونی لەوێ وەکو یەکە. لە راستیدا ئەگەر کورد ئاسۆی بینینی هەبووایە هیچ کەسی نەدەناردە بەغداو بەجۆرێک رێکەوتنی لەگەڵ بەغدا دەکرد لە رووی داراییەوە هاوکارییەکی جێگیری بکردایەو هەموو ئەو پۆستە کارتۆنیانەی دەدایەوە بە عەرەب و دەشیا ئەوەش بەجۆرێک دەوری هەبووایە لە خاوکردنەوەی تووندوتیژی و ناکۆکیەکانی نێوان کوردو بەغدادا، چونکە ئاشکرایە بەردەوامبوون بەم شێوەی پانزە ساڵی رابردووی پەیوەندی نێوان کوردو عێراق هیچ دەرئەنجامێکی باش بەدەست نایەت، عێراقیش نابێت بەو عێراقەی کە کورد بچێتە ژێرباڵی و پارێزراو بێت، بۆیە پێویستە تا ئەو کاتەی هەلی جیابوونەوە دەڕەخسێت و بکەرێکی کوردی درووست دەبێت بەکردەوە نەک بە قسە ئەوە بکات بە واقیع، پێویستە کورد لە دوای شێوەیەکی تر لە پەیوەندی لەگەڵ عێراقدا بگەڕێت و خۆی بەوەوە خەریک نەکات عێراق چۆن سیاسەت دەکات و چۆن هەڵبژاردن دەکات و کێ سەرۆک وەزیرانەو کێ بڕیاردەدات.
هەرکەس سەرۆک وەزیران بێت و هەرکەس دەسەڵاتی بەدەستەوە بێت لە بەعدا بە گوێرەی کورد هەمان شتە چونکە ئەوەی لە بەعدا فەرمانڕەوایە نوێنەرایەتی ناسیونالیزمی ئیتنیکی خێلایەتی مەزهەبی عەرەبی دەکات و دەبێ بەپێی بەرنامەو عەقڵیەت و ستراتیژی ئەو ناسیونالیزمە کاربکات و جیاوازی کەسەکان لە خراپترینیانەوە کە سەدام حسەین بوو بۆ باشترینیان کە دیارە نەک باشترین نیە ئەویش هەر خراپ بوو کە عادل عەبدولمەهدی بوو زۆر کەمە چونکە هەموویان جێبەجێکەری هەمان بەرنامەن و هەرکەسی تریش بێت هاوشێوەی ئەوانە. باشترین نموونە کە دواین نموونەیە، عەقڵی بێگەوهەرو ساویلکەی سیاسی کوردی گۆرانی بە باڵای کازمیدا دەگوت، هەرچۆن ئێستا بەشێکی دیار لە راگەیاندنی ساویلکە یان رەنگە لە هەندێ باردا کڕراوی کوردیش بەشان و باڵایدا هەڵدەدەن، لەکاتێکدا قورسایی کازمی وەکو کەسێتی و وەکو پاشخانی کۆمەڵایەتی و وەکو پاڵپشتی حیزبیش لە وەزنی باپوشکەیە و وەکو زۆرێک لە عەرەبەکان دەڵێن پیاوی فەیسبووک و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانە نەک پیاوی کار. بەهەرحاڵ مەبەستم ئەوە نیە بڵێم، شێوەی سیاسەتی خراپی عێراق بەرامبەر بە کورد پەیوەندی بە کەسەکانەوە هەیە، نەخێر شێوازی سیاسەت و مامەڵەی عێراق لەگەڵ کورد بەرهەمی کەلتوری ناسیونالیزمی ئیتنیکی خێلایەتی مەزهەبی عێراقیە و بۆ مەودای دووریش ئەگەری گۆڕانکاری ئەوتۆی تێدانیەو هەروەهاش دەمێنێتەوە، بەڵام ئەوە ساویلکەیی عەقڵی سیاسی کوردی و نانەتەوەییبوونی حیزبی کوردی و نەزانینی کارکردنی نوخبەی سیاسی کوردی و تێنەگەیشتنی بەشێکی و عیراقیبوونی بەشێکی ترێتی، واتە بەیەکەم کردنی شوناسی عێراقی و بە دووەمکردنی شوناسی کوردی لە لایەن نوخبەیەکی سیاسی و حیزبیشەوە بە تایبەتی کوردە ئیخوانیەکان کە کلکی سونەن و پرۆشیعەکانیش کە پەیوەستن بە پانتایی شیعەوەو تێنەگەیشتنی ئەوانی ترو لەبری کارکردن لە پێناوی کوردو بەرژەوەندیە نەتەوەییەکانیدا حیزب و نوخبەی سیاسی کوردی سەرقاڵن بەبەرژەوەندیە تایبەتیەکانی خۆیانەوەو کارکردن لەگەڵ بەغدای ئەوانەی لەگەڵ بەغدا رێکن و ناکۆکی لەگەڵ بەغدای ئەوانەی لەگەڵ بەغدا ناکۆکن بەگشتی پەیوەندیان بە بەرژەوەندیە تایبەتیەکانیانەوە هەیە نەک بەرژەوەندی کورد، هۆکەیشی نەبوونی پرۆژەی نەتەوەیی کوردیە لە لای حیزب و نوخبەی سیاسی کوردی، بۆیە چاوەڕوانی ئەوە ناکرێت کورد لە سەردەستی کۆی ئەم حیزبانەی ئێستاو ئەم نوخبە سیاسیەی ئێستادا ببێتە خاوەنی شتێکی لەوەی ئێستا زیاتر.




کێ دەتوانێ بەر بەم تاڵانی کردنە بگرێ؟ … ئاسۆ کەمال

دوای ١٥ ساڵ لە دزینی پارەی نەوت و داهاتی کوردستانەوە لەلایەن دەسەڵاتی مافیایی یەکێتی و پارتی و بنەماڵەکانیانەوە ئێستا سەرمایەیەکی گەورەی سەدان ملیارد دۆلاریان کەڵەکە کردوە. بەڵام ئەم دەسەڵاتە لە ٢٠٠٣ ەوە چیتر چەتە مافیاکانی پێشوو نین و لەژێر دەستی گەورە سەرمایەدارانی بازاڕی نەوت و نیولیبرالیزم و ئامۆژگاریەکانی بانکی جیهانیدا فێری چۆنیەتی پاراستن و کەڵەکە کردنی سامانەکانیان بوون. هەربۆیە ئەو پارانەی لەم ٣٠ ساڵەی دەسەڵاتیاندا لە ژێر زەمینەکان کۆیان کردبۆوە ئێستا خستویانەتە بازاڕی وەبەرهێنانی سەرمایەوە. بەتایبەت نەوەی نوێی مافیاکان فێربوون کە چۆن حکومەتی هەرێم بکەنە کۆمپانیا و کارتێلی وەبەرهێنانی سەرمایەکانیان. ئەمانە دەزانن کە سەرمایە لە ڕاوەستانیدا دەمرێ و هەربۆیە جگە لە هەناردەکردنی سەرمایەکانیان بۆ بانکە جیهانی و بازاڕی دەرەوە ئێستا خەریکن بنەمای ئابووری دەسەڵاتە مافیاییەکەیان بە فەرمی و بەناوی کەرتی تایبەتەوە دادەمەزرێنن و هەرچی کەرتی حکومیە لە تەندروستی و ئاو و کارەبا وە تا هەموو بەشەکانی تر لەسەر تەختەی نەشتەرگەری ئۆرگانەکانی بەبێ بەنج لە هەناوی کۆمەڵگە دەردێنن. ئەمە دۆخێکە کە ئەم مافیایانە لە کاتی قەیرانی کۆرۆنا و فەوزای ئابوری ئێستادا فرسەت لە جێبەجێ کردنی دێنن.
بە تایبەت لەم دۆخەدا کە تەندروستی کۆمەڵگە لە بەردەم هەڕەشەی کۆرۆنادایە ڕۆژانە هەواڵی لەکارخستنی خەستەخانەیەکی گشتی دەبیستین، وەک نەخۆشخانەی مناڵانی سلێمانی، نەدانی موچەی کارمەندانی نەخۆشخانەی هیوا، نەخۆشخانەی Sante Life hospital لە هەولێر و چەندین کێشەی تری نەبونی موچە و دەرمان و ئامێر و هتد.. بە کورتی ئەم وێران کردنەی کەرتی حکومی تەندروستی پیلانێکی حکومەتی هەرێم و حزبە مافیاکانێتی بۆ ڕوتاندنەوەی زیاتری خەڵکی کرێکار و فەرمانبەر و کەم دەرامەتی کوردستان لە ڕێگەی نەهێشتنی خزمەتگوزاری تەندروستی خۆڕایی و گشتیەوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە ڕیژەی نەخۆشی شیرپەنجە و تەشەنەی کۆرۆنا و چەندین نەخۆشی درێژخایەن و پڕ مەترسی تر لە کوردستاندا لە هەڵکشاندایە.
چۆن و کێ دەتوانرێ بەر بەم تاڵانی کردنە بگرین؟
بڵاوکردنەوەی هەواڵی ئەم تاڵانکاریانەی بنەماڵيکانی یەکێتی و پارتی و حکومەتە مافیاییەکەیان کارێکی باشە بۆ ئاگادارببونی خەڵکی کوردستان لە مەترسی پیلان و نەخشەکانی ئەم تاوانکاریانە، وە ئەمە مافی هەموو خەڵکی کوردستانە کە لە دۆخی ئەم خزمەت گوزاریانەی سەرچاوەی ژیانن ئاگاداربن،بەڵام ئەمە بە تەنیا بەس نیە. چونکە هێزێک پیویستە بەر بەم تاوانکاریانە بهێنێ ئەگەر نا هیچ لە دۆخی نالەباری خەڵک ناگۆڕێ.
هەوڵدان بۆ ئاراستەکردنی نامە و ناڕەزایەتی تاکەکەسی و تەنانەت بە گروپیش بۆ وەزارەت و پەرلەمانی کوردستان و عێراق بەردەوامە و پێویستە فشار لەسەر ئەم دەسەڵاتانە دابنرێ، بەڵام ئەمانە دەبێ بکرێنە فشارێکی جدی کە بتوانێ شتێک بگۆڕێ لەو شوێنانەدا کە ئەم تاڵانکاریانە پیادە دەکرێ.چونکە هەر کام لەم لایەن و حزبانەی حکومەتی ئێستای هەرێم و حزبە ئیسلامیە کۆنە سەر بەدەسەڵاتەکانی پێشووش بەشێک لەم سیستمی تاڵانکاری و کەڵەکەکردنی سەرمایەداریەن و هەموویان بەشداری دزی و دەوڵەمەندبوونەکەن. لە لایەکی تریشەوە پەنا بردن بۆ پەرلەمان و حکومەتی عێراق کە بوەتە ئامڕازی هەندێ حزبە نیوە ئۆپۆزسیۆن و نیوە بەشداری گەندەڵی ودەسەڵاتداری وەک گۆڕان و نەوەی نوێ دیسان خستنەوە خزمەتی ئەم ناڕەزایەتیانەی خەڵکی کوردستانە بۆ پچڕینی سەهمێکی زیاتر لەو تاڵانی و گەندەڵیە سیاسی و ئابوریەی کە ئەم لایەنانە بەشدارن تیایدا.پاڕانەوە لە پەرلەمان و حکومەتی عێراق کە بە نەوەی نوێی مافیاکانی کوردستان دادەنرێن و خەڵکی حێراق خۆی لە دژیان ڕادەپەڕێ هیچ خزمەتێک بە بە ئەنجام گەیاندنی داخوازی ڕەوای خەڵکی کوردستان ناکا و توشی شکست و نائومێدی زیاتری دەکا.
هەربۆیە تەنیا یەک ڕێگا چارە هەیە، ئەویش دروستکردنی دەستە و بۆردی کارمەند و کرێکار و دکتۆر و ئەندازیار و هەموو ئەو کەسانەیە کە لەم کەرتە حکومیانەدا کاردەکەن وەک بەرەیەک وبەدیلی ئەو بەڕیوەبەرانەی ئێستای ئەم دامودەزگا و فەرمانگە و نەخۆشخانانەی کە حکومەت دەیەوێ لەناویان بەرێ و هەڵیان بوەشێنێتەوە و پەکیان بخات و دواتر خەڵک و ئەم کارمەندانەش ناچار بکا کە پەنا بەرنە بەر کەرتی تایبەتی کۆمپانیا و کارتێلە حزبیەکان و بنەماڵەکانیان.
ئەم بۆرد و دەستانە لە هەنگاوی یەکەمدا لەو چالاکانە دروست دەبێ کە هەر ئێستا دەنگیان بەرامبەر بە بەڕیوەبەر و وەزیر و حکومەتی هەرێم بەرز کردۆتەوە. بەڵام پیویستە هەموو کارمەندانی ئەو ناوەندانە بگرێتە خۆ و ئەمەش هێز لەو ناوەندانەدا دروست دەکا کە دەتوانێ فشار لەسەر بەڕیوەبەر و حکومەت دابنێ. ئەم بۆردانە پێویستە ببنە ئەو نوێنەرانەی کە ڕوو بە بەڕیوەبەر و بەڕیوەبەرایەتی گشتی و وەزارەت و حکومەت و پەرلەمان و دەزگا نێودەوڵەتیەکان و خەڵکی کوردستان دەنگ بەرزکەنەوە و خەڵکی کوردستان بانگەواز بکەن بۆ پشتیوانی کردن لەو کارانەی کە ئەم بۆردانە لە پێناو پاراستنی تەندروستی و خزەمتگوزاری گشتیدا دەیکەن. ئەم بۆردانە پیویستە بە شێوەی هەرەوەزی بەڕیوەببرێن و پەیوەندی نێوان کارمەند و کرێکار و دکتۆر و ئەندازیاران پتەو بکا و گیانی هاوپشتتیان تیادا دروست بکا کە کۆڵەکەی سەرکەوتنی ئەم زۆربەیەیە بەرامبەر بە کەمایەتیەک کە ئێستا کۆنترۆڵی ئەم دەزگایانەی کردوە.
سیاسەتی تایبەتی کردنی خزمەتگوزاریەکان تاڵانکاریەکی ئاشکرای مافەکانی خەڵکی کرێکار و کارمەند و هەموو دانیشتوانی کوردستانە و پشتیوانی کردنی ئەو دەستە و ناڕەزایەتیانەی ئەم ناوەندانە پاراستنی ژیان و گوزەرانی هەموو خەڵکی کوردستانە هەربۆیە ئەرکی هەمووانە. بۆنمونە پاراستنی گیانی کەسانێك کە بە شێرپەنجە توش بوون تاکو بە خۆڕایی بتوانن دەستیان بە چارەسەر ڕابگات پێویستی بە پشتیوانی ئەو کارمەندانەی نە خۆشخانەکانی هیوای سلێمانی و ڕزگاری هەولێر و ئازادی دهۆکە تاکو ئەم نەخۆشخانانە دانەخرێن و توشبوانی شێر پەنجە تەسلیم بە بازاڕی بێ ڕەحمی پارە و کەرتی تایبەت نەکرێن. ئەمە ئەو خەباتە کۆمەڵایەتیەیە کە وەک خەڵکی کرێکار و فەرمانبەر و کەم دەرامەتی کوردستان هەموو پیویستمان بە یەکتر و هاوپشتیەکی بەرفراوانی جەماوەری یەکتر هەیە. ئەمە تەنیا ڕێگا چارەی ئێمەیە. تۆڕێکی کۆمەڵایەتی لە بۆردی پاراستنی خزمەتگوزاریە گشتیەکان دەتوانێ بەر بەم تاڵانی کردنە بگرێ کە مافیاکانی دەسەڵات دەتیان داوەتێ.




شیعر/ کسپەی وونبوونت … کاوە عوسمان عومەر

لەگەڵ ئاوابوونی خۆرا،،،
تۆش ئەبارێیی،،
لەگەڵ رێگرتنی مەلە خۆشبەختەکانی،،
سەروو چیایەکیش لە تەم،
ڕێت لێئەگرم،،
بە خۆرێک ، بە هەورێک ، مێرگێک..
ڕەنگە بوونتی..
تیا ئاوێزانی نەهاتنەکانت بو بێ،،
………
هەر کە ڕەهێڵەیەک ،،
لە وەرزی نامۆییمدا هەڵی کرد،،
ببینە چی دارستانێکم لە حەزی سەما،،
بۆ خواوەندی هەتاو،،
بۆ پەرستگای ئاو،،
بۆ پەیکەرێک لە عیشقی ئەزەلی ڕەهات..
هەتا ئێستاش…
دەستەکانم بۆنی قژی باراناوی دوێشەوە،،،
هەر بە ڕێگاوە ،
ڕەوە ئەستێرەیەکی سەرخۆشم لە دەستا گرتبوو..
تا بۆت بپرژێنمە ناو چاوە ژاکاوەکانت،،
گەر جارێکی تریش،
لە گەڵ پیرۆزەی ڕووی ساماڵیک…
بتبینمەوە،،
وەک هارمۆنی زەردەی گوڵێک..
لە دیداری نەغمەیەکی تری کانیەکا،،،
بە ئاگات دێنم…
………..
بۆ دەرکەوتنت سەر لە نوێ..
پۆشاکم لە تەرزە بۆت پۆشی..
تابلۆی فڕینێک لە کەنارا،،،
کەشتیەک لە ئاڵتوونی گزنگ،،،
ونبوو، لە نیگای تۆ..
لە سەر پەرتوکێ لە پەڕی هەور،،
بۆت نوسی ،،،
تا هییچ نەبێ گوڵە ئەرخەوانیەکانی…
شەوێکی لەخوڕت دەرکەوێت…
چرپەیەک بەم گێژەنە جەنگەڵستانەدا بنێرە
……….
تا بڵیی نەهاتنت قەشەنگە،
تا بڵێی بیروەریت،،
ئازارێکی بەجۆش،،
تا بڵییی میهرەبانە زەمین،،،
بە هاتنی گیای ڕۆحت،،
پڕ چاون ئەو نەسیمانەی ڕووم ،،
بۆ نەهاتنی ئەسپە سپیە سرکەکانت،،
لە ڕۆخی زەریایەک
بۆ من سەرابەو،،
بۆتۆش دورخەیەک …
بەدەر لە نەخشە سەمەرەکانی گەردوون.
…………..
خشڵی ڕژاوی ئەو گەڵایانەش،،
بیبانی دڵ ئە کاتەوە مێرگێ شەرابیی،،
شەپۆلەکان …
وەک ڕووت،،
بەخشندەن بەشەختەی تەنیایی،،،
هەر شەپۆلەو….
نامەیەکی پڕنهێنی پێیە،،
وەک بڵێێ ،،
دێڕە ئاویەکانی شنەکانی ڕۆحمن.
…………….
هێدی هێدی مەلەکانی ئێوارەی پایز..
ئەگەنەوە…
بە نووری شەکاوەی مانگێک..
لە هەناوی ئەندێشەیدا..
ئەستێرەگڕینەکان…
پۆل پۆل باڵیان گرتوە،،
ئەوان ئێستا بە سروتی تەلیسمی بوونت،،،
بونەتە ئاگربارانێکی جوان،،،
دانامرکێ ئاگری ئەستێرەباران ..
نە بەتەرزەی درەنگە ئێوارەیەک..
نە بە خۆسوتانی خەلوزی گەشاوەی وشە،،
جێپێت لە گوڵە گڕینەکانا هەڵئەگرم،،
تا لە پڕێکا…
رووت ون نەبێ…
وەک خۆسوتانی دڵی سووری خۆر،،،
بۆ ئاگری دیدەی چاوت،،
…………
پێم ووت،،
بۆیە شیعرم وا بە خوڕە،،
کۆچی دوا ئێوارەی ئیرەمە،،،
هەربۆیەکیشە شەپۆل ئەبێتەوە دڵ،،،
جەستەش بەلەمێکە،،،
سەوڵی،،،
شەو ئەیباو ئەیهێنێ،،
………..
ئێشکم بۆهاتنی سوێسکە تەرەکانی…
دارستانی پارادیست گرتوە،،،
هەربۆیەکیشە تا سەحەر بەئاگام،،
پۆشاکم شەپۆلە و،،
زیوی بەردی کەنار،،،
لەسەر پەنجەکانم ئەدرەوشێتەوە..
خۆم ڕێم وون کردوە،،،
بە دەشتیک مەست،،،
بە زەردەی بەجێماوت ،،،
خۆم هەموو کلیلەکانی..
دەرگاکانی بەئاگاییم وونکردوە،،
تا لە خەوێکی ترا،،
پێت بڵێم مەڕۆ، ،،
گەر واشت کرد،،
وەک هەڵهاتنی خۆر بێیتەوە…
………..
گەر بشڵێی،،،
بۆ جەستەم هەمووی بارانە،،،
چاوم پڕ ئاسمانە،،
ڕووم وەک حەقیقت پڕ تەمە..
چونکە دوا فڕینی مەلی ڕۆحمە،،
بەرەو زەریای ڕەها،،،
هەڵکشانی هەستمە بەرەو فەلەکێک..
بە باڵای نووری خاکێک،،
پڕگوڵاوی تازە بەهاری گرتوە،،،
……………..
هەمیشە دوا فڕینی…
مەلیکی سەر کەنار،،
گریانێکی بەکسپە،،
بە نشینگەیەک دێنێ،،،
ئێوارەیەکە وەنەوشەیی …
نوورتە نەخشێنێ .




زاری گڕ تریفه‌ی خۆره‌ … ستار ئه‌حمه‌د

با ماچی گڕ ده‌كاو
خۆر نیگای له‌ ئاوا شوشته‌وه‌
هه‌ور یه‌خه‌ی ترازان ئه‌شكی روون ئاره‌قه‌ی كوڵمێتی
مانگ شێوه‌ی په‌ڕیوه‌و ئه‌ستێره‌ خه‌زانی عومرێتی
شه‌و دره‌نگ له‌ چپه‌ی كیژێكی ئاوله‌مه‌ ترسام‌و
خوڕه‌ی كانیه‌ك ده‌روونمی هه‌ڵایسان
كه‌ ئاگر مه‌چه‌كی پۆڵا بێ
كووره‌ی جه‌رگ نابێته‌ مه‌شخه‌ڵی رامووسان
خه‌مێكم له‌ ئاوا گه‌وره‌ بووم.. له‌ لانكی چۆڵیا پێده‌گرم
له‌ ژانا سره‌وتم.. له‌ كۆشی برینی هه‌ناوا ده‌مرم
من له‌ تیشك سڵ ده‌كه‌م.. له‌ نسێش ده‌ژاكێم
كه‌ ده‌ستیش له‌ پرچی لوتكه‌یه‌ك گیرده‌كه‌م
چیایه‌كی ترسناك به‌ سه‌رما داده‌خزێ
بۆ نه‌رمه‌ بارانێك تینووم‌و
رووبارێك له‌ ناخما هاژه‌ی دێ
رێگایه‌كم له‌ به‌ره‌.. هه‌نگاوم نساری دار به‌ڕووی
ژاكاوه‌
سه‌ره‌نجام بۆ گوندێك په‌یامی جوانڕۆیان
بۆ باڵای شه‌وچرای خانه‌قا ده‌به‌م
نه‌ ئه‌و له‌ ماچی گڕ ده‌گاو
نه‌من له‌ زاری تریفه‌ی خۆرو
خه‌ڵوه‌تگای عاشق‌و ده‌روێشی سۆز ده‌گه‌م

ستار ئه‌حمه‌د




کوردبوون و کوردایەتیی، چێشتی مجێوری نوخبە نەژادییەکان-1- … کامیار سابیر

لەو سەردەمەی ئەدەبییاتی پەکەکە و شەخصی ئۆجەلان، چەمکی کوردبوونیان لە ئەدەبییاتی سیاسییدا، تەوظیف کردووە، هەندێ نووسەر، رۆشنبییر، ئەکادیمیست و بە گشتییش ئەوەی پێیدەگوترێ ژۆرناڵیزمی کوردیی، بە کاڵیی و کوڵاویی، ئەم چەمکە دەجەڕێنن، بێ ئەوەی لە کۆنتێکستە سیاسیی، ئێثنیسیتیی، ئەخلاقیی، بایۆلۆژیی، ئەنثرپۆلۆژیی، ئینسانیی، کۆمەڵایەتیی و کولتوورییەکانی بکۆڵنەوە. ئەوەی زۆر جێگەی داخی مەعریفیی و ثەقافییە، کۆمەڵێ نووسەری نەتەوەیی کە ناتوانن لە تخوبەکانی کوردایەتیی دوورکەونەوە، ناتوانن تەجاوزی ئەم ئایدیۆلۆژیایە بکەن، تەنانەت جورئەتیش ناکەن، راستەوخۆ داکۆکیی لە ناسیۆنالیزمی نەژادیی کوردیی بکەن، دێن لە سەنگەری “کوردبوون”ەوە کە خۆ بەخۆ بەشێکە لە ئێثنیسیتی( العرقیة)، راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، داکۆکیی لەم سیستەمە سیاسیی، ئایدیۆلۆژیی و ئابوورییەی چەتەکانی کوردایەتیی دەکەن. وێڕای ئەوەی بەردەوامیش پرتەوبۆڵەیانە بەسەر ئەم دەسەڵاتەدا، بە سوڵطانیی! لە قەڵەمی دەدەن و بەردەوام گلەیی و گازەندە دەنووسن، نوشتەی خێر بۆ رائیدەکانی کوردایەتیی دەنووسن، لە چەشنی ئەوەی مەلەفی نەوتی دەست ئەم دزانەی کوردایەتیی، دەبێ شەفاف بێت! هێزی میلیشیایی پێشمەرگە بکرێ بە نیشتمانیی! و نەدەبووایە حەماقەتی ریفراندۆم لەو تەوقیتەدا بکرایە… ئەم زنجییرانە لە موناجات، درێژ دەبنەوە، بەڵام هەرگیز رەخنەی جدیی، ریشەیی و فیکرییان لە خودی ئۆکتەپۆسی ئایدیۆلۆژیایەکە( کوردایەتیی)، لە جەوهەری ناسیۆنالیزمی نەژادیی و طائیفیی کوردیی، نە بووە و نە هەیە.

کە دەگوترێ، ناسیۆنالیزمی نەژادیی و طائیفیی، هەر حەماس و تووڕەبوون نییە، هەر غوبن و پەستبوون نییە، هەر قسەی قۆڕی خودنەفرەتیی و جوێنی خۆبەکەمزانیی و قسەی بازاڕیی( گەمژەیی سیاسیی) نییە کە لەم ناسیۆنالیزمە چەتەگەرییەی کوردایەتیی، هەیە، بەڵکو حەقیقەتێکی سیاسیی، ئایدیۆلۆژیی، مەذهەبیی و طائیفیی، تێکەڵ بە ماکێکی نەژادیی بووە و بە درێژایی مێژووی دروستبوونی ئەم کوردایەتییە، هەبووە. لەسەردەمی فۆرمەلەبوونی کوردایەتییەوە، پێشتر کوردییەت=الکردیة=الحرکة القومیة الکردیة= کۆپی و پەیست، دواتر کورداندنی ناسیۆنالیزمی عەرەبیی( العربیة) و نەهجە شۆڤینییەکەی عوروبە، بووە، هاوکات ئەم ناسیۆنالیزمە( بە تایبەت ڤێرژنە کوردایەتییەکەی)، توخم، جەوهەر، مەغزە سیاسیی و کولتوورییەکەی، طائیفیی بووە. چۆن طائیفیی بووە؟ چەندیین سێکتی گەورەی کۆمەڵایەتیی، دیینیی و کولتووریی کۆمەڵگەی کوردیی لە خۆ نەگرتووە، بە تایبەتیی کوردە شیعە و کوردە عەلەوییەکان، هەروەها کوردە ئێزیدیی، کاکەیی و…تاد، هەڵاوێر کراون. لە هەموو مێژووی کوردایەتییدا، هەرگیز ئەم ناسیۆنالیزمە نەژادییە طائیفییە، نەیتوانیوە، بچێتە ناو کوردە شیعە و کوردە عەلەوییی و ئێزیدییەکانەوە و سنووری سێکت و کەڵتە کۆمەڵایەتیی، کولتووریی و دیینییەکانی تری کۆمەڵگەی بەریینی کوردیی، ببەزێنێت. ئەمسەر تا ئەوسەر، لە ناسیۆنالیزمی موکریانیی، بابانیی و بنەماڵەی بارزانیی و حیزبە پرۆکسییەکانیاندا، حەوجێ بووە.

ئۆجەلان، هەروەکو چۆن یەکەم سیاسیی کوردە کە تەوظیفی کوردبوونی کردووە لە کۆنتێکستی سیاسییدا؟ هاوکات یەکەمیین سیاسیی کوردیشە، بەو پانوپۆڕییە لەسەر دەمامکی نەقشبەندیی کوردایەتیی وسوننییبوونی کوردایەتیی و ناسیۆنالیزمی طەریقەتیی-کوردیی، رەخنەی هەمەجۆری هەبووە. ئەو، هەر جارەی بەشێوەیەک وەصفی کوردایەتیی دەکات، جارێک بە دەمامک لەسەری نەقشبەندیی( لا ٤٠٨، بەرگرییکردن لە گەلێک، ئۆجەلان)، جارێک بە حەلیفی سیاسەتە ئیخوانییە- پانتورکییە تانسۆچیلەرییە- ئەردۆغانییەکە وەصفی دەکات کە بارزانیی و تاڵەبانییشی تێدا تەوظیف کردووە بۆ لێدان لە پەکەکە( لا ٤٠٩)، جارێکی تریش بە کوردایەتیی سوننیی فاشیل کە بە خیانەتکاریی لە دایک بووە، وەصف دەکات( لای ٢٣٤) کە ویستوویانە بە حیسابی خۆیان، لە رێگەی کوردایەتییەوە، بەرخۆدان لە “مانەوەی هۆزی کورد” ( لا ١٥٣) بکەن. ئەمەی دواتر تەعبیرە لە چەمکی کوردبوون( وەرگێڕانی کتێبەکە، بەرگرییکردن لەگەلێک، هەڵەی میثۆدیی، سیاسیی، زمانیی و فیکریی، زۆری تێدایە، بە واتایەکی تر، زۆرجار کوردایەتیی و کوردبوون تێکەڵ کراون، بەهۆی هەڵەی وەرگێڕانەوە).

هاوکات، باسی ئەوە زۆر دەکات کە ناسیۆنالیزمی طەریقەتیی-نەقشبەندیی-سوننیی کە سەرجەمیان ئیستیدلالی طائیفییبوونی کوردایەتییە، چۆن هاوکاریی عوثمانییەکانیان کردووە لە قەتڵوعامی ئەرمەنەکان، ئێزیدییەکان، عەلەوییەکان و تەنانەت کوردەکانیش( ئەو کوردانەی سوننە مەذهەب، نەبوونە)؟ بەدەرلەوەی چەمکی ناسیۆنالیزم لە ناو کورددا، چەمکێکی مۆدێرنە و لە لە کۆتایی نییوەی یەکەمی قەڕنی رابردووەوە بە کەموکورتییەوە فۆرمەڵە بووە، بەڵام لەسەرەتای دروستبوونی کوردایەتییەوە، تیکەڵەیەکە لە ناسیۆنالیزمێکی مەذهەبیی-طەریقەتیی و بەتایبەتییش نەقشبەندیی، ئەمانەیش لە کۆنتێکستە سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و ئەنثرۆپۆڵۆژییەکەیدا، هاوکات لە ستاندەردە ئەکادیمیی و مەعریفە سیاسییەکەی ناسیۆنالیزمدا، جگە لە ناسیۆنالیزمێکی طائیفیی، شتێکی تر نییە.

بۆ بەراوردکاریی ئەوانەی کوردبوون و کوردایەتیی، تێکەڵ دەکەن، پێویستە رای ئۆجەلان ئاماژەی پێ بدرێ لەسەر کوردایەتیی، چونکە ئەو یەکەمیین سیاسیی کوردە کە کوردبوونی وەکو چەمکێکی سیاسیی، فۆرمەلە کردووە. ئەو لەسەر کوردایەتیی دەڵێ “ئەو خیانەت و بێ شەرەفیی و رەزالەتەی کە بە ناوی کوردایەتییەوە ئەنجام دراون، مرۆڤ ناتوانێت لە هیچ جوڵانەوەیەکی نیشتمانیی گەلاندا بیبیینێ.” عەبدوڵا ئۆجەلان، هەڵبژاردە: ل٢٣، گومانی تێدا نییە ئەوەندەی کوردایەتیی و ناسیۆنالیزمە نەژادیی و طائیفییەکەی کورد، خەریکی عەمالەتی ئیقلیمیی( پێشمەرگایەتیی) بووە، بە هەمان ئەندازەش، وەعی سیاسیی کادیرەکانی خۆیشی، لە جەهلێکی قووڵدا، پەنا داوە. ئەوانەی لە دەرەوەی رییزەکانی کوردایەتییش، خیانەتیان کردبێت، ئێستا دەیانەوێت، لە ناو موئەسەسەی خیانەتی کوردایەتییدا، بەرائەتی خۆیان، بەیان بکەن. نموونەیەک لەسەر ئەرضی واقیع بهێنرێتەوە، باشتر مەسەلەکە روونتر دەبێتەوە. ئێمەی کورد، لە کوردستانی عێراقدا، زۆر کەسمان هەیە دەستیان لەگەڵ دامودەسگاکانی حکومەتی بەعثدا تێکەڵ کردبوو، بۆ ئەوەی ئەو لەکەیەیان لێ ببێتەوە، دێن فاشییانە داکۆکیی لە کوردایەتیی دەکەن، دژی عەرەب و شیعە و حکومەتەکانی دوای کەوتنی صەدام حوسێن، دەوەستنەوە. هەندێکی ترمان هەیە، مەلەفی دەست تێکەڵکردنەکانیان ئەوەندە قورس بووە، خۆیان بە پەکەکەدا هەڵواسییوە و لە سەنگەری پەکەکەوە، فاشیزمی نەتەوەیی، هەڵدەهێننەوە، بە خەیاڵی خۆیان لە حەمامەکەی کوردایەتیی پەکەکەدا، غوسڵی سیاسیی خۆیان، باشتر دەردەکەن.

ئەم بەعثییە دێریینانە، بۆ ئەوەی مەلەفی شەرمەزاریی خۆیان( لە رووی نەتەوەیی و نەژادییەوە) قەرەبوو بکەنەوە، دێن داکۆکیی لە نەهجە فاشییەکەی کوردایەتیی دەکەن. بۆ نموونە، پێیانوایە ئێمەی کورد دەبووایە لە حەویجە، ماڵ و منداڵی عەرەبمان لەگەڵ زەوییدا تەخت بکردایە. هاوکات ،بۆ ئەوەی میثۆدێکی پانکوردییش بدەن بە داکۆکییکردنەکانیان لە کوردەکانی سوریا، لە هەمبەر داگییرکارییەکانی تورکیادا( دەرهەق بە عەفرین)، داوای ئەوە دەکەن ژن و زارۆکی تورکەکان، وەکو کارە کۆرپە سەرببڕین! چۆن تورکیا و عەرەبە شۆڤینییەکان، ژان دەخەنە دڵی دایکان و باوکانی ئێمەی کوردەوە، ئێمەی کوردیش هەمان نەهجی فاشییانەی ئەو دوو جۆرە ناسیۆنالیزمە( عەرەبیی و تورکیی) بگرینە بەر؟ لە بەرامبەریشدا، ئەکادیمیستمان هەیە دەیان نەوطی شەجاعەی قائیدەکانی کوردایەتیی ( بە تایبەتییش باوکی هەژاران) لە رابردوودا هەبووە، ماوەیەکی زۆریشە بە سوڵطانیی و چەتەگەریی، ئەژماردیان دەکات، بە زمانی ئەکادیمیستی جوولەکە- هانا ئارێنتەوە، پێیوایە، چۆن ئەردۆغانی نەهج فاشیی، هێرشمان دەکاتە سەر، بەس لەبەرئەوەی کوردین! ئێمەش دەبێت بەهەمان نەهجی کوردبوون! داکۆکیی لە خۆمان بکەین؟

کوردبوون، لێرەدا، مەغزا سیاسیی و ئایدیۆلۆژییەکەی، ئێثنیستییە( نەژادییە)، دەی ئەمە ئەگەر فاشیزمی کوردایەتیی نەبێت لەبەرامبەر فاشیزمی تورکیی و ناسیۆنالیزمە دیینییە( طەریقەتییە-ئیخوانییە) کەی ئەردۆغاندا، چیی تر دەگەیەنێت؟ ئەردۆغان و تورکیا، کاتێ هێزە عەسکەریی و موخابەراتییەکانیان، هێرش دەکەنە سەر کوردستانی عێراق، بە ناسیۆنالیزمی تورکیی-دیینیی قاندراون، ئەم ناسیۆنالیزمە رقی لە هەموو نەژاد و نەتەوە و دیین و مەذهەبێکی ترە( جگە لە مەذهەبی سوننیی-ئیخوانیی)، پەکەکە خۆی کە یەکەمیین قوربانیی ئەم هێرشانەیە و وەکو یەکەمیین بەربەست لەبەرامبەر ئەم ناسیۆنالیزمە تورکیی و دیینییەی سوپاکەی ئەردۆغاندا، راوەستاوە، ناچێ پەنا بۆ فاشیزمی کوردیی بەرێت، ناچێت بانگەوازی ئەوە بکات ئەوان وەکو کورد، هێرشمان دەکەنە سەر و ئێمەش دەبێ وەکو کورد، دیفاع لە خۆمان بکەین! چونکە پەکەکە عەقڵی سیاسیی زۆر لەم ئەکادیمیستە پانکوردیی و نەتەوەیی و نەژادییانەی کورد بەریینترە، ئەو دەزانێ هەزاران تورک، عەرەب، نەتەوە و نەژادی تر لە رییزەکانی ئەودا( بە تایبەتیی لە ناو کوردەکانی سوریادا) لەگەڵ کوردەکاندا لە یەک سەنگەردان، دژی فاشیزمە ئەردۆغانییەکەن؟ دەزانێ چەند لەباری سیاسییەوە لەسەری دەکەوێ ئەگەر شەڕێ پەکەکە و تورکیا، بکات بە شەڕی کورد و تورک؟ کەچیی ئەکادیمیستە عوقەلاکانی ئێمە لە هەندەرانەوە، رێک پێمان دەڵێن، ئەوان( تێرۆری دەوڵەتیی- تورکیا) چۆن لەسەر کوردبوون! دەمانکوژن و قڕمان دەکەن، ئێمەیش بە هەمان شێوە، لە رێگەی ثێۆرییەکانی ئارێنتەوە، دەبێ قڕیان بکەین، دەست لە تورکبوونی هیچ کەسێک نەپارێزین و ناسیۆنالیزم، بە ناسیۆنالیزم، وەڵام بدەینەوە.

بە باوەڕی من، بەعثییە دێریینەکان و موهەڕیجەکانی کوردایەتیی، زۆر صادیقانەترن لەگەڵ نەهجە کوردایەتییەکەی خۆیاندا، تا بە ئەکادیمیستە خوێندەوارەکانی ئێمە، دەگات. ئەوان راست و رەوان، تەواوی گەندوگووی کوردایەتیی دەهێننە دەرەوە و دەڵێن حەقیقەتی فاشیزمی کوردایەتیی ئەمەیە و بۆ وەستاندنی فاشیزمی عوروبیی و فاشیزمی تورکیی، پێویستە فاشیزمی کوردایەتیی بەگەڕ، بخەین. لە بەرامبەردا، نووسەرانی ئەکادیمیستی! ئێمە( ئەوەندە نەرجسیین، بست بست باڵا دەکەن کە پێیان دەگوترێ ئەکادیمسیت!)، پێیان شەرمە ناوی کوردایەتیی بهێنن، خۆیان دەبوێرن لە ناوهێنانی، پێیان عارە داکۆکیی راستەخۆ لە ناسیۆنالیزمی چەتەگەریی ئابووریی بکەن، پێیان خەجاڵەتییە ببن بە حامیی ناسیۆنالیزمی نەژادیی-کوردیی-طائیفیی، بەڵام دێن لە بن بنچکی کوردبوونەوە، لە پەنای ئێثنیسیتیی کورد و کوردبوونەوە، لە راستییدا هەر هەڵەژی نەژادییە، یان لە فەنتازیای سیاسیی خۆیاندا لە ژێر ناوێکی جوانترەوە( کوردبوون)، هەمان داکۆکیی لە ناسیۆنالیزمی کوردیی و لە ڤێرژنی کوردایەتیی- نەژادیی و نەهجە فاشییانەکەی دەکەن کە موهەڕیجە رەیعخۆرەکانی کوردایەتیی، بە ئاشکرا، دەیکەن. هەر ئەمەشە کە رەخنەگرە موحتەرەمەکانی ئەم دەسەڵاتە لەگەڵ رەیعخۆر و پیاوەکانی ماڵی بارزانییدا، دەتوانرێ، ناوەکانیان لە ئەلفەوە بۆ یای، رییز بکرێن، چونکە ناوەڕۆکی بۆچوونەکانی هەردوولایان، داکۆکییکردنە لە قەوارەی دزەکانی کوردایەتیی و عەمالەتە ئیقلیمییەکانی ئەم ناسیۆنالیزمە نەژادییە طائیفییەی کوردایەتیی.

پێشتر گوتومە بە مانا ئێنتیلێکچوواڵییەکەی، ئێمەی کورد، رۆشنبییرمان نییە، بەڵام لەبەر ئەوەی بە خۆیان دەڵێن، رۆشنبییر و ئەکادیمسیت، ئەوە هەر بەو شێوەیە، مامەڵەیان لەگەڵ دەکەین. ئەم جۆرە ئەکادیمیست، نووسەر و رۆشنبییرانە، دەزانن لە ماوەی دەیە و نییوی رابردوودا، حەشرێک بە کوردایەتیی کراوە لە لایەن دەیان و صەدان گەنجی کوردستانەوە کە ئیتر نەک هەر رووی مەجلیسی نەماوە، بەڵكو عارێکی فیکریی و سیاسیی گەورەشە، مرۆڤ باس لە فیکر بکات، بێت کوردایەتیی بخاتە جوملەوە بۆ دەربڕیینی ئیحساساتە نەتەوەیی، نەژادیی و طائیفییەکانی، بۆ ئەوەی خۆیان لە کوردایەتیی، بدزنەوە، دێن چەمکی” کوردبوون” لەگەڵ کوردایەتییدا ئاڵوگۆڕ دەکەن و لە رێگەی ئەم چەمکەوە، غەریزە ئایدیۆلۆژییەکانیان، خاڵیی دەکەنەوە. راستە ئۆجەلانیش، لە کتێبی بەرگرییکردن لەگەلێک، نەیتوانیوە ئەم دوو چەمکە تێکەڵ نەکات، بەڵام لەو باوەڕەدام، هەڵەکان لە وەرگێڕەکانەوەیە، چونکە ئەوانەی تورکیی دەزانن، یان ئەو نووسیینانەی بۆ عەرەبیی و ئینگلیزیی، وەرگێڕدراون، لەگەڵ دەقە کوردییەکاندا( کرمانجیی ناوەڕاست)، زۆر جیاوازییان، هەیە.

ئەمەی سەرەوە، بەشی یەکەمە و درێژەی هەیە…




بە بێ دەق دڵی شانۆ لێ نادات … عەبدولڕەحمان عەزیزی

یەکەمین فستیڤاڵی شانۆنامەنووسیی کوردی

شانۆی کوردی یەکێکە لە ھەرە گرینگ‌ترین ھونەرەکانی کورد و کوردستان و ئەمڕۆکە لە شارەکانی کوردستاندا چەندین شانۆ به شێوازی جۆراوجۆر دەچیته سەر شانۆ و نمایش دەکرێت، و روژ لە دوای روژی گرینگییەکی زیاتر بەم بوارە دەدریت.
هەڵبەت شانۆی کوردی به تایبەت له کوردستانی ئیران، بۆ گەیشتن بەم قۆناغە رێگەیەکی سەخت و دژواری بریوه.
ساڵانی ڕابردوو و به تایبەت له سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئیران و به پێی بڕیاری فەرمی و دۆخی ناوچەکه کۆمەڵێک شانۆ به زمانی فارسی نمایشکران، کە زیاتر بۆ فێستیڤاڵەکان یا خۆ ڕێوڕەسمی تایبەت به دامودەزگاکانی حکوومەت بوون و زۆرتر لە شانۆگەلی کلاسیکی وەرگیراو له ئەدەبی فارسی یا خۆ دەقی وەرگێڕدراو لە زمانەکانی دیکە پێک دەهاتن.
هیچ تێبینی و گوتار و ڕەخنە و خوێندنەوەیان لە سەر نەدەکرا و له لایەن بەرپرسان و چاپەمەنییەکانی حکوومیش یان بەها و گرینگیان پێ نەدەدرا یان بە شێوەیەکی ناعەقڵانی بە بەژن و باڵایاندا هەڵدەوترا.
ئەو شانۆیانه لە سەرەتادا هەتا دەیەی حەفتای هەتاوی بینەرێکی زۆریان ھەبوو، بەڵام کەم تین و بێ گیان بوون و زۆركه‌م خاوه‌ن بنه‌مایه‌كی فیكری و هه‌ڵگری پرسیار و تێڕامان بوون و نەیان‌دەتوانی ورووژێنەری گفتوگۆیه‌كی جدی و کۆمەڵایەتی بن یان لە پاش خۆیان ڕەوتێکی هونەری و شانۆیی بخولقینن.
هەر بەو هۆیەش شانۆ لەو دەمەدا نەیتوانی خۆی بگەیێنێته ئاستی ژانرەکانی مۆسیقایی و ئه‌ده‌بیی وەک شیعر و چیرۆک‌ و په‌خشان کوردی و له ئەدەب و هونەری کوردی دابرا و بەرەوڕووی کەمایەسیی بینەر و بەردەنگ بوو؛ بەردەنگ بە زمانی بێ زمانی هاواریان دەکرد شانۆیەکان دەویت کە دەروەستی به ژیانی خویانەوه بێت.
پاش ئەوە بوو کە شانۆی فارسی و کوردی لە ناوچه کوردەواری بۆ چەند ساڵێک قەتیس‌ما.
به ‌دەرچوونی خوێندکارانی شانۆ له‌ قوتابخانه‌ و زانکۆكان و پێگەیشتنی بەرەی گەنج و جیلی نوێ و تێگەیشتنی خوێندکاران و نووسەر و شاعێرانی هاوچەرخ لە زەروورەتەکانی سەردەم و گۆڕانکاری له پێڕەونامەگەلی فەرمی و حکوومی له دەیەی هەشتاکانی هەتاوی، ڕەوتێکی نوێ لە بواری شانۆییدا دەستی‌پێکرد.
کۆڕی و گرووپ و ده‌سته‌وتاقمی شانۆیی سه‌ربه‌خۆ به شێوازێکی نوێ و ئورگانیستی له سەر بنەما و ململانێی هزریی نوێ و بە ئاوڕدانەوە له سروشت و ڕەوتی ژيان سیاسی و کۆمەڵایەتی جیهان و به تایبەت ژیانی کوردەواری و بە پشت‌بەستن بە دەقی خۆماڵی سەریان هەڵدا.
ئەگەرچی هەوڵەکانی ئەمان تا ڕادەیەکی زۆر نەریتی و ته‌قلیدی، کەم و لاواز بوو، بەڵام لە گەڵ خۆی مزگێنی‌دەری ڕەوتێکی تازە بوو کە هەوڵی دەدا بە شێوازێکی زانستی و تێگەیشتنی دروست مامەڵە لە گەڵ شانۆ بکات.
ئەم ڕەوتە وەک وتم هاوکات بوو لە گەڵ دەرچوونی خوێندکارانی کورد و هەڵگیرسانی ڕەوتێکی نوێ لە بواری شانۆییدا.
وەرگێڕانی دەقی شانۆیی کلاسیک و بەرهەمه گەورە و ناسراوەکانی جیهانی شانۆ و هەروەها نووسینی دەقی شانۆیی لە دوای سەرهەڵدانی ئەو بەرە نوێیە، کرانەوەی دەروازەیەکی نوی و تازه بوو بەڕووی شانۆی کوردییەوە و سەرەڕای تەواو کەم و کۆڕییەکان، چرای شانۆی کوردی لەوساوە هەڵگیرسا و ڕووناکایی خسته سەر پەردەی شانۆ.
دەقی وەرگیراو لە ئەدەبی کلاسیک و وەرگێڕان بۆ سەر زمانی کوردی لەم قۆناغەدا دەرفەتێک بوو بۆ ئاشتبوونەوەی بەردەنگ لە گەڵ شانۆ و شانۆی کوردی و فەرهەنگی رۆشنبیرانە و تێكستی فیكری کوردی وەک پالپشتێک بۆ شانۆی کوردی ئاوری لێ‌درایەوە.
بەڵام لەو قۆناغەشدا شایەدی نووسینی شانۆنامه و لێکۆلینەوەی جیدیی خۆماڵی نین و شانۆنامەی کوردیی بەپێز ئامادەبوونێکی بەرچاوی نییە، ئەگەرچی یەکەم هەنگاوەکانی ئەو پروسەیە دەستی پێکردبوو؛ پڕۆسەیەک کە پێدەچوو رێگەیەکی سەخڵەت و چەتوونی لەبەرە.
چونکە تێوەگلانی کورد لە کارەساتگەلی گەورە و دڵتەزێن لەو سەردەمەدا دەستی باڵای بوو لە نامومکین نواندنی رێگەی گەیشتن بە ئامانجەکانی شانۆی کوردی و پەرەستاندنی.
هەڵبەت شانۆی کوردی لەو کاتەدا زۆر ئازایانە هەمان ڕەنج و نەهامەتی و کارەساتی خەڵکی کوردی قۆزتەوە و گرێی داوە بە هیوا و ئازار و ئەوینی مرۆڤایەتی بە گشتی.
بەڵام سەرەڕای هەموو ئەو هەنگاوانەی لە بواری شانۆی کوردیدا هەڵگیراوە، ئەوی هێشتا وەک کەمایەسییەک بە ناوچاوی ئەم هونەرەوە هەست پێ‌دەکردێت جێگەی بۆشی دەقی شانۆیی و شانۆنامەیە.
شانۆنامەکان لە بری ئەوەی بەهرە لە چیرۆک و ئەدەبی کۆن و زارەکیی کوردی وەرگرن، هێشتا سەرقاڵی دەقە مۆدێرن و نوێیەکان بوون، بە بێ ئەوەی بیر لە توونیەتی و تامەزروویی بینەری کورد بۆ بیستن و دیتنی سەرچەشنە کوردییەکان بکەنەوە.
شانۆی مەم و زین، خەج و سیامەند، سیدەوان، سپی مەند، گەنجو خەلیل، زەنبیل فرۆش و زۆر دەقی دیکەی وەک ئەوان توانیویانە سەرنجی بینەر و خوێنەری کوردی بۆ لای خۆیان ڕاکێشن و میژوویەکی زێڕین له ماوەی ئەم بیست و چەند ساڵەی ڕەوت و بزووتنەوەی شانۆی کوردیدا بنەخشێنن.
کەواته گرفتی سەرەکی چ نییە جیا لە هەمان دەقی شانۆی کوردی و هەڵبژاردن و چونییەتی نمایشکردنی.
هەڵبەت ئەوە بەو مانایە نییه که دەبێت تەنیا و تەنیا بۆ شانۆی کوردی بەهرە لە دەقی کلاسیک و کوون یان چیرۆک و بەسەرهاتی دێرینی کوردی وەرگرین، بەڵکوو مەبەست ناسینی ئایدیا، فۆرم، شێواز و ستایلی نووسین بە پێوەری ڕوانینی ئەمڕۆیی و بەکارهێنانی ئەو دەقانە لە قەوارەیەکی نوێ و ستانداردە کە هاوکاتی ئەوەی دەروەستی بە فەرهەنگ کۆن و کۆمەڵگای ئەمڕۆی کوردەوە هەیە، خۆدەبوێرێت لە بێزارکردن و تۆراندنی بینەران.
لەمناوە ڕەوتی شانۆنامەنووسیی کوردی زۆر به ئەسپایی و خاو هەنگاو دەنێت و زوریش کەم و کۆڕی تێدایە، بەڵام شانۆ گەشه دەکات و ئەزموونێکی چر و دەوڵەمەند لە خۆی بە جێ دێڵێت.
شانۆنامەنووسی له ئەدەبی کوردیدا زور نامۆیه و تا ئێستا نەیتوانیوه وەک ژانرێکی سەربەخۆ دەرکەوێت و پێویستە لەوبارەوە هەوڵی زور جیدی بدەین هەتا جێگە و پێگەی شیاوی خوی بدۆزێتەوە و دەبێ نووسەرانیش کاتێکی زیاتر بۆ ئەم ژانره تەرخان بدەن و هەروەها شانۆکارانیش هاوڕێ و یاریدەدەری نووسەران بن.
ئەگینا شانۆنامەنووس به تەنیا ناتوانیت دەقی سەرکەوتوو بنووسێت و بەرهەمێکی زیندوو و مۆدێرن بخولقێنێت.
ڕۆڵی شانۆکار بۆ یارمەتیدانی شانۆنامەنووس ئەوەیه که لە پێناو باشترکردن و بەپێزترکردنی بەرهەمەکەی، پێشنیار و ڕەخنەی هونەریی شیکارانە و شانۆگەرانە له سەر نووسراوەکه ئاراستە بکات.
شانۆنامەنووس و شانۆکار دوو چینی پێکەوە گرێ‌دراوەن، كاتێک شانۆنامەنووس نەیتوانی بەرهەمەکەی بباتە سەر شانۆ و بە تەواوەتی خۆی لەو جیهانییە داببڕێت، ئیتر شانۆی ئەو گەلە ڕوو لە داڕمان و لە ناوچوون دەنێت و لە گەڵ پەرەسەندنی بێ متمانەیی، کەلێنێک دەکەوێتە نیوان هونەری شانۆ و كۆمەڵگە.
بە بێ دەق دڵی شانۆ لێ نادات و بەرەو تەنگژەی مەرگ دەچێت و به سەختی چارەسەریشی بۆ دەستەبەر دەکرێت.
بۆیه دەبێت هەموو هەوڵی خۆمان بدەین کە له بناغەوە بە هزر و جەستەی نووسینی شانۆنامەدا بچینەوە.




مێشكی عەرەب … هەندرێن شێخ راغب

عەرەب كێشەیەكی هەیە، لەسەرەتاوە تێ ناگات، هەتا كۆتایی، ئەوكاتیش زۆر درەنگە، لەكۆتاییدا لەشتەكان تێدەگات، سەرەتا بەهەموو هێزی خۆتەوە لە بناگوێی هاوار بكە تێ ناگات.
ئەوكاتەی توركیا پەلاماری عەفرینیدا، پەیج‌و لاپەڕەی ئەنتەرنێتی دەوڵەتە عەرەبیەكان پڕبون لە ستایش‌و حەماسەتی پشتگیری ئەردۆغان‌و سوپاكەی، جەژنیان گرتبوو بەهۆی لەناوبردنی كورد. چەندە هاواریان كرد ئەمە نەخشەیەكی ناسیۆنالیستی‌و رەگەزپەرستی توركە لەبەرگی ئیخواندا، خزمەت نیە بە ئیسلام‌و ئاشتی ناوچەكە، تكایە عەرەب گوێ بگرە. ئەوان زیاتر حەماسەتیان دەگرت. بەس پڕۆژەی (گاپ) بەسە بۆ ئەوەی هەرچی عەرەبە دژی توركیا بێت، چونكە ئەم پڕۆژەیە روباری دیجلەو فورات دەگرێتەوەو عەرەب لەبێ ئاویدا دەخنكێت..لێرەدا بە ژمارەو داتا رونی دەكەینەوە:
رۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌و تایبەت دەوڵەتە عەرەبیەكان، وشكترین‌و بێ ئاوترین ناوچەی جیهانن، گەشەی دانیشتوانی ئەم ناوچەیە لەهەموو جیهان زیاترە كە 3% ساڵانە،”ڕووباری فوڕات بەگشت لقەكانیەوە حەوزێكی گەورەی دروست كردووە كە 000،444 كیلۆمەتری چوارگۆشە داگیردەكات. لەم ڕووبەرە گەورەیەدا بەنزیكەیی نیوەی دەكەوێتە خاكی عێراقەوە كە دەكاتە ٤٦٪ و ڕێژەی ٣٣٪ لەناو خاكی توركیایە وئەوەش كە دەمێنێتەوە كە دەكاتە 19٪ دەكەوێتە خاكی سوریا. بەهەمان شێوەش ڕووباری دیجلە لەگەڵ هەموو لقەكانیەوە ڕووبەری ٣٨٧،٦٠٠ كیلۆمەتری چوارگۆشەی ئاودار كردووە، بەجۆرێك كە سێیەكی حەوزی ڕووبارەكە واتا 75٪ دەكەوێتە خاكی عێراقەوە و ڕێژەی ١٥٪ دەكەوێتە توركیا، و ڕێژەی ٠،٣ دەكەوێتە سوریا.لەم ژمارانەوە ئەوەمان بۆ دەردەكەوێت كە بەشی هەرە زۆری ئاوی هەردوو ڕووبارەكە و حەوزی نێوان دوو ڕووبارەكە دەكەوێتە خاكی عێراقەوە. نزیكەی نیوەی ڕووبەری ئاوی ڕووباری دیجلە و سێیەكی ڕووبەری ئاوی ڕووباری فوڕات لە ناو خاكی عێراقدایە”. توركیا ئەم ئاوە لە عەرەب دەگرێتەوەو پێنج پارێزگای ناوەڕاست‌و باشوری عێراق كە دەكاتە شەش ملیۆن كەس بەتەواوی بێ ئاو دەبن‌و دەبێت چۆڵ بكرێن، بەپێی زانیاریەكانی نەتەوەیەكگرتوەكان بەهۆی سیاسەتەكانی توركیاوە شەش ملیۆن هاوڵاتی عەرەبی عێراق دەبێت ئاوارە بن‌و كۆچ بكەن. زۆنگاو‌و هۆرەكان وشك دەبن‌و شارو كشتوكاڵ‌و ئاوەدانی لەپێنج پارێزگای عێراق نامێنێت، كەچی عەرەب دژی كوردەو هەلهەلە بۆ هاتنی سوپای توركیا لێ دەدات.
پرۆژەی گاپ ناوێكی توركیە، بیرۆكەی پرۆژەكە بۆ هەفتاكانی سەدەی پێشوو دەگەرێتەوە كە رووبەری پرۆژەكە نزیكەی لە (10%) رووبەری گشتی توركیا پێك دەهێنێت ، تێچوونی پرۆژەكە لە نێوان (6% بۆ 9%) بوودجەی گشتی توركیایە. پرۆژەی گاپ جگە لەوەی گەورەترین پرۆژەی ئاوی توركیایە و یەكێكشە لەپرۆژە گەورەكانی جیهان( بە چوارەم گەورەترین بەنداوی جیهان ئەژماردەكرێت) ، پڕۆژەی (GAP) پێكدێت لە ٢٢ بەنداوی گەورە و ١٩ وێستگەی هایدرۆلیكی و ٢ تونێلی ئاودێری. 13 پرۆژەی سەرەكیی كە حەوتیان لەسەر رووباری (فورات) و شەشیان لە رووباری (دیجلەوە)، پرۆژەی گاپ هەردوو رووبارەكە دەكاتە یەك و بە كۆكەرەوەی ئاوی فورات و دیجلە دادەنرێت، بەشێوەیەك لە (80%) پشت بە ئاووی رووباری فورات و لە (20%) پشت بە ئاوی رووباری دیجلە دەبەستێت. پرۆژەكە دەبێتە هۆی سرینەوەی (340 ) شار و شاروچكە و گوندشین وە دەست بەسەراگرتنی (200) شوێنەواری مێژووی كوردی.
توركیا شەڕێكی ستراتیژی گەورە بەئاو دەكات، سەرەتای نەودەكانی سەدەی رابردوو، نەجمەدین ئەربەكان گوتی: ئێمە وا دەكەین لە داهاتوودا یەك بەرمیل ئاو بە یەك بەرمیل نەوت بە دەوڵەتانی عەرەب بفرۆشین. بەڵام بڕوا ناكەم هێشتا مێشكی عەرەب ئەم قسەیەیان بیستبێت؟.
ئێستا توركیا لە سوریا، عێراق، لیبیا، سۆمال، سودان، یەمەن، قەتەر، چەندین ناوچەی دیكە لەبەرنامەی دان، بنكەی سەربازی‌و هێزی خۆی بەربڵاوكردۆتەوە، كە لەداهاتودا عەرەب دەكاتە پاشكۆی خۆی. بۆیە گرنگە بپرسین ئایا عەرەب مێشكی كەی تێدەگات پڕۆژەكە زۆر مەترسیدارە بۆ كیانی عەرەبی؟
كە چارەسەری زۆر باش هەیە، ئەگەر عەرەب بتوانێت كاریان لەسەریان بكات:
یەك: پێویستە لە عێراق عەرەب كێشەی كەركوك‌و دارایی‌و بودجەو نەوت و وزە لەگەڵ كورد چارەسەر بكات.كوردیش هەرێمی كوردستان رێك بخاتەوەو شەفافیەت‌و نەزاهەتی داهات و خەرجیەكان وەك خۆی جێبەحێ بكات. ئەوە بزانێت نەمانی موچەو جوڵەی بازاڕو بژێوی خەڵك خەونی سیاسی كورد لەبار دەبات.
وە پێكەوە بلۆك بەندی توند دروست بكەن.. هەرچەندە ئەم قسەیەی خۆم پێچەوانەی زۆربەی نوسینەكانی دیكەمە لەسەر عێراق، بەڵام بەشكم عەرەب هەستی كردبێت‌و كوردیش ئەوە بزانێت هەرێمی كوردستان بەم جۆرە ئیدامە نادرێت؟.
دوو: پێویستە دەوڵەتانی عەرەب، توركیا لەسوریا دەربكەن، بەتایبەت لە عەفرین‌و ئیدلەب، قۆناغەكە وا دەخوازێت، مەبەست خزمەت كردنی بەشار ئەسەد‌و كورد نیە، قۆناغی ئەمنی قەومی وا دەخوازێت.
سێ: گرنگە لە لیبیا هەیمەنە‌و بونی توركا كۆتایی پێ بهێنن، ئەمەش پڕۆژەی گەمارۆدانی عەرەب لەلایەن توركیاوە كۆتایی پێ دێنێت.
چوار: پشتیوانی ئۆپۆزسیۆنی توركی‌و كوردی ناوخۆی توركیا بكەن لەهەڵبژاردنی داهاتوو، لەروی ماددی‌و مەعنەوی.
پێنج: لە ئەنجومەنی ئاسایش‌و نەتەوەیەكگرتوەكان، بیست‌و دوو نوێنەریان هەیە، دنیایەك دەوڵەتیان هەیە، دەتوانن دبلۆماسیانە كاری جدی بكەن.
شەش: پشتیوانی كورد بكەن لە سوریا‌و عێراق‌و شان بەشانی بوەستن. چونكە كورد دەتوانێت لەسنورەكانەوە گەمارۆی ستراتیژی توركیا رابگرێت، ئەمەش دەرفەتێكی باشە بۆ ئەمنی قەومی عەرەبی.
بۆ داتاو ئامارەكان سودم لەم سەرچاوانە وەرگرتوە:
سەرچاوە:1- ئاسایشی ئاو لە عێراق و هەرێمی كوردستان و لێكەوتەكانی، قارەمان موحەمەد حەسەن
2-ئاسایشی ئاو لە هەرێمی كوردستان و كاریگەری وڵاتانی دراوسێ ( پڕۆژەی گاپ بەنمونە، د.یونس عەلی
ناوەندی كوردستان بۆ توێژینەوە لەململانێ و قەیرانەكان




کتێبی ئامۆژگاریە کورتەکانی ژیان …وەرگێڕانی لە ئینگلیزیەوە/ م.ڕاستى ڕه‌سول

(Life’s Little Instruction Book) یەکێک بوو لە کتێبە پڕفرۆشەکانی ئەمریکا، ئەم کتێبە سەرەتا – جاکسۆن براون – بۆ کوڕەکەی نوسی پێش ئەوەی بچێت بۆ زانکۆ، کە چەند ئامۆژگاریەکی سادە بوو و مەبەستیشی نەبوو بیکات بە کتێب، براون خۆی بەڕێوەبەری دەزگایەکی ڕاگەیاندن بوو، بەڵام دواتر کە چاپی کرد بۆ زیاتر لە – ٣٥ – زمان وەرگێڕدرا، وبەملیۆنان دانەی لێفرۆشرا، بەشێک لەو ئامۆژگاریانە ڕەنگە نامۆ و پێکەنیناوى بن، و لە هەندێک کۆمەڵگا بە عەیبە دابنرێن.

ھەندێک لە ئامۆژگاریەکان :-
١/ نھێنی پارێز بە.
٢/ زۆر بڵێ بێزەحمەت و تکایە.
٣/ ووشەی سوپاس زۆر بەکاربێنە.
٤/ ھەموو بەھارێک گوڵ بڕوێنە.
٥/ تۆ یەکەم کەس بە کە بە کەسى بەرامبەرت بڵێى سڵاو.
٦/ باشترین زیوو و خشڵ بەکاربێنە.
٧/ پێڵاوی پۆلیش و بۆیاخکراو بپۆشە.
٨/ خۆت فێری ئامێرێکی مۆسیقی بکە.
٩/ سەگت با ھەبێت.
١٠/ لە ڕۆژی لەدایک بوونت درەخت بڕوێنە.
١١/ سیستەمی دەنگی و بڵندگۆی باشت با ھەبێت.
١٢/ ھاوڕێی تازە پەیدا بکە بەڵام کۆنەکانیش لەبیر مەکە.
١٣/ ھەموو ئەو شتانە بگێڕەوە کە بە ئەمانەت وەریاندەگریت لە خەڵکی.
١٤/ پاسکیل لێبخوڕە.
١٥/ بەشداری کۆرسی فۆتۆگرافی بکە.
١٦/ فێری کاری دەستی و جوانکاری بە.
١٧ / لە سەدا دەی ٪‏١٠ ئەو شتانەی دەستت دەکەوێت لە سامان و شتی تر پاشەکەوتی بکە.
١٨/ سەرزەنشتی ئەوانی تر مەکە و بەرپرسیارێتی سەراپای ژیانت لە ئەستۆ بگرە.
١٩/ لە پێش ھەموو ژەمەخۆراکێک سوپاسگوزار بە.
٢٠/ ھەڵەکانت دووبارە مەکەوەرەوە.
٢١/ سەرسوڕمانی خۆت دەربڕە بۆ کەسێک ئەگەر دیاری ھەرزانیشی پێشکەش کردی.
٢٢/ پیرۆزبایی ڕۆژی لەدایک بوون لە ھاوڕێ و ناسیاوەکانت بکە.
٢٣/ تەماشای چاوی خەڵک بکە لە گفتوگۆ کردن.
٢٤/ کتێبی گرانبەھا زۆر بکڕە ئەگەر نەشیانخوێنیتەوە.
٢٥/ هەرچۆنێک دەتەوێت ھەڵسوکەوت لەگەڵ کەسانى دەروبەرت بکە.
٢٦/ ئەگەر تووشی شەڕی نەخوازراو بوویت یەکەمجار بەتوندى دەست بوەشێنە.
٢٧/ ھەموو ڕۆژێک ستایشی سێ کەس بکە.
٢٨/ لە حەمام گۆرانی بڵێ.
٢٩/ لە تۆقەکردن گەرموگوڕ بە.
٣٠/ چۆنت ئارەزووکرد ئاوا بژى یە.
٣١/ لێبوردە بە بەرامبەر خودی خۆت و کەسانى دەوروبەرت.
٣٢/ ددانەکانت بەدەزوو و داو پاک بکەرەوە.
٣٣/ ھەرگیز باسی جۆری ئەو خواردنە مەکە کە خواردووتە.
٣٤/ ئۆتۆمبیلی گران بەھا لێبخوڕە و باشترین ماڵ و خانوشت با ھەبێت.
٣٥/ داوای زیاتر بکە ئەگەر مافی خۆت بێت.
٣٦/ خوێندکاری قۆناغێکی دیاری کراو بە.
٣٧/ ھەرگیز خانوویەک مەکڕە ئاگردان و گەرمکەرەوەی تێدا نەبێت.
٣٨/ یەکجار لەژیاندا دەرفەتت دێتە پێش و لەدەستی مەدە.
٣٩/ فێری پارچەیەک لە مۆسیقای بتھۆڤن و موزارت و چۆپین بە.
٤٠/ ھەموو ساڵێک دوو بتڵ خوێن ببخشە.
٤١/ گرتەی ڤدیۆیی تایبەت بەخۆت زۆر تۆمار بکە.
٤٢/ منداڵەکانت لەگەڵ خۆت ببە بۆ باخچەی ئاژەڵان.
٤٣/ شادیەکانت دوا مەخە.
٤٤/ ھەرگیز ئیرادەی خۆت ڕادەستی ھیچ کەسێک مەکە چونکە ھەموو ڕۆژێک پەرچوو و موعجیزە ڕوودەدەن.
٤٥/ ڕێز بۆ مامۆستاکانت بنوێنە.
٤٦/ ڕێز لە ئەفسەری پۆلیس و ئاگرکوژێنەوە بگرە.
٤٧/ یارمەتی پێشکەشی ھەر کەسێک بکە کە پێویستی پێتە.
٤٨/ ووشەی کێشە لە لاى خۆت بگۆڕە بە ھەل.
٤٩/ سنور مەبەزێنە بەرامبەر ئەوانەی بیروڕایان لە تۆ جیاوازە.
٥٠/ دووربکەوە لە ووشەی دۆڕان و ھەوڵبدە ئامانجەکانت بێنیتەدی.
٥١/ خەڵک بە کێشەی تایبەتی خۆتەوە سەرقاڵ مەکە.
٥٢/ بێدەنگ بە لەو کاتانەی پێویست بە قسەکردن ناکات.
٥٣/ پارە و سامان مەبەستەوە بەدڵخۆشیت.
٥٤/ گوێ لەھەموو لایەک بگرە پێش ئەوەی بڕیار بدەی.
٥٥/ دان بەھەڵەکانتدا بنێ و پشتگوێیان مەخە.
٥٦/ منداڵ لەباوەش بگرە دوای سزادانی.
٥٧/ پەیوەندی لەگەڵ کەسانی بەرامبەر لەسەر بنچینەی متمانە بنیاد بنێ.
٥٨/ ڕەخنەی سلبی وەڵام مەدەوە و ئەوجۆرە ڕەخنەگرانەش پشتگوێ بخە.
٥٩/ ھیچ بڕیارێک مەدە لە کاتی توڕەبوونتدا.
٦٠/ بنچینەی پیشە فێر بە لەجیاتی فێڵی پیشە.
٦١/ چێژ لەشتە سادەکان وەرگرە، و لەگەڵ ھەوڵدان بۆ ئامانجە مەزنەکان.
٦٢/ خۆت بپارێزە لە ڕاستەوخۆ بەرکەوتنی خۆر.
٦٣/ لەھەموو لایەنێکی ژیانی خۆت بەرپرسیارێتی لەئەستۆ بگرە، و کەسانی تر سەرزەنشت مەکە.
٦٤/ ڕووداوە ھەرە خراپەکان لەبەرژەوەندی خۆت بەکاربێنە.
٦٥/ بە ھێواشی دانس بکە.
٦٦/ ڕۆژنامە و بوتڵ و قووتووەکان بنێرە بۆ ڕیسایکلین.
٦٧/ جگەرە مەکێشە.
٦٨/ کاتژمێرەکەت (5) خولەک پێشبخە.
٦٩/ فێربە چۆن نوسین چاپ دەکەی.
٧٠/ هەرگیز لە مادە بێھۆشکەرەکان نزیک مەبەرەوە، و ھاوکاری ئەوانەش مەکە کە بەکاری دەھێنن.
٧١/ لە لێدوانی گاڵتەجاڕی خۆت بەدوور بگرە.
٧٢/ لە کاروبار یان لە پەیوەندی خێزانی بنەما گرنگەکانی متمانەت لە بیر بێت.
٧٣/ ڕێگا مەدە ھیچ کەس بەسەرخۆشی بتبینێت.
٧٤/ ھیچ کەسێ ھان مەدە ببێت بە پارێزەر.
٧٥/ ھەرگیز ئۆتۆمبیلی بێجی مەکڕە.
٧٦/ ھەرکەسێک دەستی ھاوڕێیەتی بۆ درێژ کردی ڕەزامەند بە.
٧٧/ چاکە بکە لە کۆمەڵگاکەی خۆت بە کات و پارەکەت بەخشندەیی بنوێنە.
٧٨/ فێڵ و جادوو مەکە.
٧٩/ بچۆ بۆ ئاھەنگەکانی بەیەکتر شادبوونەوە.
٨٠/ تەندروستی باش بۆ بەخشین نیە.
٨١/ دراوسێکانت لە بیرمەکە.
٨٢/ بزانە چۆن ڕاپۆرتی دارایی دەخوێنیتەوە.
٨٣/ هەموو کات دەفرەچوارگۆشە بچوکەکانی ناو بەفرگر پڕبکەوە لە ئاو.
٨٤/ بیر لە بیرۆکە گەورەکان بکەرەوە، بەڵام چێژ لە خۆشیە بچوکەکانیش وەرگرە.
٨٥/ بە منداڵەکانت بڵێ کە چۆن مەزن دەردەکەون، و چۆن لای تۆ متمانە پەیدا دەکەن.
٨٦/ کارتی پارەدان تەنھا لەکاتی گونجاودا بەکاربھێنە، و بۆ چاکەکردن بەکاری مەھێنە.
٨٧/ ھەموو ڕۆژێک (30) خولەک بەخێرایی پیاسە بکە.
٨٨/ زەردەخەنە بخە سەر لێوت چونکە ھیچی تێناچێت و بەخۆڕاییە.
٨٩/ لەیادی لەدایک بووندا بەشێلان و مەساژ چارەسەری خۆت بکە.
٩٠/ ھەگیز دەمارگیر مەبە.
٩١/ بزانە چۆن ئۆتۆمبیلی گێڕ عادی لێدەخوڕی.
٩٢/ گوڵ و باڵندە و درەختەکانی ناوچەکەت بناسە.
٩٣/ ئامێری ئاگرکوژێنەوەت لە چێشتخانە و لە ناو ئۆتۆمبیليش با ھەبێت.
٩٤/ ھەموو ساڵێک ئینجیل لەبەرگەوە بۆ بەرگ بخوێنەوە.
٩٥/ شەڕاب و جانتا و کاتژمێری گرانبەھا مەکڕە.
٩٦/ ھەناسەدانی دەستکرد و فریاگوزاری سەرەتایی فێر بە.
٩٧/ دودڵ مەبە لە کڕینی بەلەمی بچوک.
٩٨/ بوەستە و نیشانەی سەر ڕێگا مێژوویەکان بخوێنەوە.
٩٩/ فێربە چۆن تایەى ئۆتۆمبیلەکەت بگۆڕی.
١٠٠/ فێری بەستنی بۆینباخ بە.
١٠١/ ڕێز لە تایبەتمەندی منداڵەکانت بگرە، و پێش ئەوەی بچیتە ژوورەکانیان لە دەرگایان بدە.
١٠٢/ ناوی خەڵکت با لە یاد نەچێتەوە.
١٠٣/ کەلوپەل و ئامێری گرانبەھا بکڕە.
١٠٤/ پارەی لیستەکانی قەرز لەکاتی خۆیدا بدە.
١٠٥/ خۆت لە کەسانی خراپ و نێگەتیڤ بپارێزە.

———————————————

سەرچاوە / کتێبى Life’s Little Instruction Book

وەرگێڕانی لە ئینگلیزیەوە/ م.ڕاستى ڕه‌سول / ڕانیه‌




پرۆتۆكۆڵی كۆچ … عیسا بۆتانی

چ بستێك له‌ جه‌سه‌دی خۆر نه‌كوژێته‌وه‌
كه‌ خۆڵه‌مێشه‌ ساردبووه‌كان له‌به‌ر ده‌رگا
ستایشی فرمێسك بكه‌ن و
هۆن هۆن بۆ عه‌وره‌تی خۆیان بگرین…
دۆستایه‌تی تاریكی
له‌ تخووبی كام خۆردا بوه‌ستێ‌
كه‌ رێژنه‌ی ئاگر به‌ده‌م سه‌مای تریفه‌وه‌
ببریسكێ و
پاوانێك له‌ پوش و په‌لاش
بخاته‌ به‌ر روحمی سووتان…
من به‌ده‌ستی زه‌بانیه‌ سپی پۆشه‌كانی به‌فره‌وه‌ ده‌سووتێم و
له‌ زریانه‌ بێ ئامانه‌كانی زه‌مهه‌ریردا
نزانم ده‌بنه‌ سه‌هۆڵ،
بۆ له‌مه‌ودوا جیا له‌ ئاگر هیچ وه‌رزێكی دیكه‌ نه‌ما
ده‌سته‌ وشه‌كانم نه‌تافێنێت و
ته‌ویڵم راكێشێته‌وه‌ به‌ر تینی ژیان…
به‌سسه‌ با چیدی به‌دیار حه‌زه‌ خه‌فه‌كراوه‌كانی خلووده‌وه‌
نه‌مرین،
به‌سسه‌ با چیدی له‌هه‌رێمه‌ غه‌مناكه‌كانی بووندا
نه‌ژین…
ئێستا كاتی دۆڕاوی دوای مه‌رگه‌,
پاش كه‌مێكی دیكه‌
كاتی نمایشكردنی دوا فیلمی فه‌نابوونی دیناسۆر و
هه‌تككردنی كوڵمه‌ خامۆشبوه‌كانی گوڵه‌،
له‌وانه‌یه‌ به‌یانی
به‌ شایه‌تی زووری چاڵه‌ بێبه‌خته‌كانی رێگا
قاچی رێبوارن ببڕدرێنه‌وه‌…
له‌وانه‌یه‌ داستانی ته‌رزه‌
له‌ زاری به‌ساڵاچووانه‌وه‌ ده‌ستپێكا و
گۆناكانیان بۆ گه‌ڵای وه‌ریووی هه‌نجیر ببێته‌وه‌ چه‌رم،
گیرفانیان له‌ پووله‌كه‌ی پشتی ماسی و
پارچه‌ی شكاوی ئه‌ستێره‌ پڕ بكه‌ن…
یان خانوویه‌ك له‌ سه‌وڵی ئه‌و به‌له‌مانه‌ دروستكه‌ن
كه‌ له‌ چنگی شه‌پۆڵه‌كاندا شكستیان هێنا,
له‌سه‌ر ئه‌و رایه‌خه‌ پاڵده‌كه‌ون
كه‌ له‌ دوگورد ده‌چێت،
له‌ چاڵه‌ قووڵ و بێ بنه‌كانی ئه‌و گه‌رمه‌سێره‌ ده‌چێت
كه‌ له‌ باوه‌شیدا دیناسۆره‌كان ون بوون,
له‌ پێلووی ئه‌و مرۆڤه‌ شه‌كه‌ت و تۆزاویانه‌ ده‌چێت
كه‌ قاچیان خستۆته‌ سه‌ر رێگه‌ی بیابان و
به‌ تیله‌چاوێك له‌ به‌رزخ ده‌ڕوانن…
ئه‌و مرۆڤه‌ شه‌كه‌تانه‌ وازیان له‌ هه‌ڵهاتنی خۆر هێناوه‌،
چیتر خاك بۆ ژیان ناشێ‌
خه‌ونێك نه‌ماوه‌ بۆ فڕین،
سه‌رتاپای ئاسمان نوته‌كه‌
چی ماوه‌ تاكو بۆی بگرین…
له‌ بری ئه‌و باڵانه‌ی به‌نیازی فڕینه‌وه‌ هه‌ڵپاچران
تا ئه‌ژنۆ له‌ زۆنگادا چه‌قین…
ئه‌وسا زانیمان عاشق بۆ خه‌ڵوه‌ت ده‌كێشێ‌
له‌ كونه‌ شاخێكدا ئاگر ده‌كاته‌وه‌،
هه‌رچی هه‌یه‌ جێی ده‌هێڵێ
گره‌وی عه‌شق ده‌باته‌وه‌,
ئه‌وسا زانیمان ئێمه‌ ئه‌و كه‌سه‌ین
كێبڕكێ‌ به‌ رۆحی هه‌سپه‌وه‌ ده‌كه‌ین و
سواره‌كان له‌وه‌ راده‌هێنین
شمشێره‌كانیان له‌ چرۆی دار هه‌نار بوه‌شێنن و
تاژییه‌كانیان له‌ تارمایی ئه‌و رازه‌ به‌رده‌ن
له‌نێوانی دڵ و زاردا قه‌تیس بووه‌…
كیڵی ئه‌و گۆڕه‌ بڕووخێنن
كه‌ به‌ پاكیزه‌یی مردووه‌…
مرۆڤه‌ تۆزاوییه‌كان ده‌ست به‌و گوناهانه‌وه‌ ده‌گرن
كه‌ رۆشناییان له‌دوا به‌جێما،
به‌ پێخاوسیه‌وه‌ رووه‌و ئه‌و چرایه‌ ده‌چن
كه‌ ژێر قاچیان رووناك ناكا،
وه‌كو شه‌یپوور رێگاكان به‌خه‌به‌ر دێنن و
به‌ بێ‌ تونێڵ به‌ژێر چیاكاندا گوزه‌ر ده‌كه‌ن,
له‌ گه‌ڵ ورده‌ لمه‌ سۆربووه‌كاندا
پرۆتۆكۆڵی كۆچ ئیمزا ده‌كه‌ن…
په‌ساپۆرته‌كان ده‌هاوێژنه‌ نێو كوانوو
رێگا له‌به‌رد ده‌خنكێنن
تاكو نه‌بێته‌ بیانوو..
فوو له‌و چرایه‌ ده‌كه‌ن
كه‌ ژێر قاچی رووناك ناكا،
له‌و بیابانه‌ بێ بنه‌دا
ون ده‌بن و
جگه‌ له‌ حۆرییه‌كانی به‌فر و
كه‌نیزه‌ لاسوتاوه‌كان
كه‌سێك پێشوازیان ناكا ….




قۆناغی پاش چواری ئاب ی بەیروت … بێریڤان محەمەد

تەقینەوەکەی بەیروتی پایتەختی لوبنان کە هەندێک وەک هێرۆشیما ناوی دەبەن، تەقینەوەی ماددەی کیمیاوی پەیوەندیدار بە کەشتیەکی ژاپۆن، یان کۆگای حزبوڵا و و پەیوەندی بە تیرۆر و دادگایی تایبەت بە دۆسیەی ڕەفیق حەریریەوە هەبێت یا هەرچی تر، ڕاچڵەکانێکی دیکە بوو بۆ رۆژهەڵاتی ناوەراست و جیهان، راستی ئەو بارودۆخەمان بەبیردێنێتەوە کە لوبنان و رۆژهەڵاتی ناوەراستی تێدایە.
بەیروتی بوکی ڕۆژهەڵاتی ناوین و پایتەختی جیهانی کتێب، ئێستا بەرپرسەکانی لە پاش تەقینەوەکە بە شاری وێرانە و کارەسات ناوی دەبەن، پێشتر سروشت و هونەر و ڕۆشنبیری و هتد… کردبویە جێی سەرنجی ناوچەکە و جیهان.
بەیروت لە لایەکی سوریا و لە لایەکی تریشی فەلەستین و ئیسرائیل رویەکیشی دەریای ناوەراست دەورەیان داوە، ١٥ ساڵ لەناو شەڕی چەکداری ناوخۆیی پێکهاتە ڕەسەنەکانیدا ژیاوە، ببووە مەیدانی شەڕی هەژمونخوازانەی وڵاتانی ناوچەکە و جیهان بەتایبەت ئێران وئیسرائیل، لەو ڕێیەوە پێکەوە ژیانی ئیسلام لەگەڵ مەسیحی و شیعە لەگەڵ سونە و ئەوان لەگەڵ دروزی زەحمەت کرابوو.
بەیروت لەڕووی جوغرافیەوە بەسەر چەند دەسەڵاتێکی هەرێمیدا دابەشکراوە، هەر دەسەڵاتێکیشیان گرێدراون بە دەوڵەتێکەوە، بازگەی نێوان گەرەکە، شیعەنشین، سونەنشین، مەسیحینشین و دروزی نشین و دیمەنی هێزەچەکدارەکان ئەو مانایە دەدەن کە هەرچەندە شەڕی چەکداری راگیراوە و حکومەتی هاوبەشی نێوان پێکهاتەکان هاوشێوەی عێراق ئاواکراوە و هەر پێکهاتە و نیمچە هەرێمێکی لەژێردەستە، بەڵام تیرۆر و دەستێوەردانی دەوڵەتان و ململانێ نادیموکراتیەکان رێگای لە پێکەوە ژیان و ئارامی گرتوە.
جیاواز لە تەقینەوەکەی چواری ئاب ی بەیروت، لوبنان لە قەیرانێکی سەختی ئابوریدا دەژی کەلەبەر ئیفلاس بووندایە، هەرچەندە ئەو وڵاتە خاوەن دەیان سەرچاوەی مەزنی داهاتە، بەڵام کۆمەڵگا لە دۆخێکی سەختی ئابوریدا دەژین، خۆپیشاندان و نارەزایەتیەکانی ئەم دواییە لە دژی گەندەڵی و نادادی و سەختی ژیان و نائارامی گەیشتبووە لوتکە.
وڵات بەشێوەیەک لە گەندەڵیدا نوقوم بووە کە بووەتە بەهەشتی مافیا و گروپە چەکدارەکان و ناوەندی پارەی ڕەش و ترانزێتی نایاسایی، بەو شەش ملیار دۆلارەی پارەی دزراوی نەوتی هەرێمی کوردستان و پڕۆژە زەبەلاحەکانی بەرپرسانی هەرێم و عێراقیش لەو وڵاتەدا.
تەقینەوەی بەیروت پێمان دەڵێت لەسایەی زهنیەتی شەڕخوازانەی دەوڵەت نەتەوە قەوارە پارێزەکانی ناوچەکە و دەستوەردانی دەوڵەتانی مۆدێرینتەی کەپیتاڵیسی نمونەی نیولیبراڵیزمی ئەمەریکی و کۆڵۆنیالی ئەوروپا تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەراست کەوتووەتە مەترسی شەڕ و ماڵوێرانی، هەر جێیەک بۆنی باروت و چەک و خوێنی لێدێت، مرۆڤایەتی کەوتووەتە بەر هەڕەشە، شەڕ و کێشەکانی لوبنان دابڕاو نیە لە شەڕەکانی، فەڵەستین – ئیسرائیل، سوریا، لیبیا، یەمەن، ئێران، عێراق و تورکیا و ئەو مملانێیانەیی بەرۆکی وڵاتانی دیکەی ناوچەکەی گرتوەتەوە بە کوردستانەوە.
هەرەشەی داگیرکاری و تیرۆر و پێکدادانی تایفی و برسێتی ئەو ژیانە هاوبەشەیە کە سەرجەم کۆمەڵگە و گەلانی ناوچەکەی روبەروو کراوەتەوە، تەقینەوەی ٤ی ئاب ی ئەمساڵ و هەزاران قوربانیەکەی، ئەنجامی زهنیەتی ئاماژە بۆکراوە کە هەر رۆژ لە مەترسی دوبارە بونەوەدایە.
دورستبوونی دەوڵەت نەتەوەکانی ناوچەکە لەسەدەی بیستەمدا شەڕ و ماڵوێرانی و کۆمەڵکوژی و برسێتی گەلانی لەگەڵ خۆیدا هێنا، لەم سەدەیەشدا گەر تێکۆشانێکی مەزنی دیموکراتی و ئازادی وەک ئەوەی ئێستا لە رۆژئاوای کوردستان بناغەی داناوە پێش نەخرێت، نەکریتە ئەڵتەرناتیڤی گەلانی ناوچەکە بەرامبەر پڕۆژەی شەڕ و خوێنی هێزە هەژمونخواز و دەسەڵاتدارەکان، ژیان لەچوارچێوەی تێکۆشانی دیموکراتی و پێکەوژیانی ئازادانە و خۆبەرێوەبردنی دیموکراتیانە رێکنەخرێت واتە بناغەی ئاشتیەکی هەمیشەیی لەنێو کۆمەڵگەدا دانەنرێت ئاستەمە نە گەلانی ناوچەکە و نە مرۆڤایەتی و گەردونیش توانای بەرگەگردنی ئەم هەموو چەک و ماڵوێرانیە بگرێت.
تاکە رێگای ڕزگاری کۆمەڵگای لوبنان و گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەراست بە گەلی کوردەوە، پێشخستنی هێڵی تێکۆشانی ئازادی و دیموکراتی گەلان و یەکترقبوڵکردنە، دەنا قۆناغی پێش و پاش چواری ئاب ی بەیروت جیاوازە، هەر وڵاتێکی ناوچەکە بە کوردستانیشەوە لەمەترسی کارەساتی هاوشێوەی چواری ئاب ی بەیروت بەدوورنیە.

بێریڤان محەمەد




مه‌رگی شێرکۆ بێکه‌س و پرسیاره‌ وه‌ڵامنه‌دراوه‌کان … کاوه‌ جه‌لال

                                                                                

پێشگۆتن ….

ئەم گۆتارە ڕەخنەییەم دوای مەرگی شێرکۆ بێکەس نووسی و 12.08.2013 لە “کوردستانپۆست”دا بڵاوکرایەوە. ئەمڕۆ سەرلەنوێ دایدەگرمەوە و دەمەوێت هاوکات لەم پێشگۆتنەشدا جەخت لەوە بکەم کە ئێمە تا هەنووکە نازانین کە داخۆ شێرکۆ بێکەس “شاعیری گەورەێ گەلەکەمان” بێت، وەک چۆن زۆر کەس ڕەوانبێژانە جەختی لێ دەکەن. تا ئەمڕۆ ڕەخنەی ئەدەبی و ئەدەبناسی ئەو بڕیارەیان نەداوە، کە ئیدی پاشان “گەل” پێویست بێت قبووڵی بکات، ئەویش تەنیا لەبەر ئەوەی بڕیاری ئەوانە. خوێنەرانی شێرکۆ بێکەس (کە نازناوە هەڵبەستڤانییەکەی “بێکەس”ی لە باوکی خۆی فڕاند لەبریی ئەوەی ئەویش بوێرانە نازناوێک بۆ خۆی ڕابگەیەنێت) دەتوانن بۆ خۆیان چێژ لە هەڵبەستەکانی ببینن، لێ تا ڕەخنەی ئەدەبی و ئەدەبناسی بڕیاری خۆیان نەدەن، دەبێت لە نرخاندنی ئەودا قڕوقەپی لێ بکەن.

ک.ج.

04.08.2020

* * *

شێرکۆ بێکه‌س مرد، لێ واتای ئه‌و وه‌ک هەڵبەستڤان، پێگه‌ی ئه‌و له‌ مێژووی هەڵبەستی نوێی کوردیدا له‌ شه‌سته‌کانه‌وه‌ تا ئه‌مڕۆ، ده‌رفه‌ت ده‌ڕه‌خسێنن پرسیار له‌ ئه‌و و ئیشه‌کانی، له‌ خودی هەڵبەستی کوردی له‌ ئێراق بکه‌ین. ته‌نانه‌ت ژیانی لێنه‌توێژراوه‌ی شێرکۆ بێکه‌س، قۆناغه‌کانی پێگه‌یشتنی ئه‌و، پرسیار ده‌خه‌نه‌وه‌. چه‌ند نه‌وه‌یه‌ک له‌ته‌ک ئه‌م ناوه‌دا پێگه‌یشتوون، یان پیر بوون. ڕه‌نگه‌ ته‌نیا سه‌دای ناوه‌که‌ی به‌س بێت بۆ ئه‌وه‌ که‌ ئێمه‌ ڕه‌خنه‌ییانە له‌ ئه‌و بهزرێین. که‌واته‌ نه‌ک به‌ شێوه‌یه‌کی رۆمانسیانه‌، به‌ ستایش و پیاهه‌ڵدان، به‌ڵکو به‌ نرخاندن. ئاخر ئه‌و مرۆڤ بوو، هه‌روه‌ها کولتوور و گه‌ل و زمانێکی تایبه‌تی‌ شه‌قڵیان به‌ که‌سێتیی ئه‌ویش دا. لێ ئه‌و رێگه‌ی خۆی گرته‌ به‌ر، به‌ هێز و لاوازیه‌کانیه‌وه‌، به‌ هۆنراوه‌ی جوان و کییچن و پیاهه‌ڵدان و “هتد” (به‌ڵێ “هتد!”، ئاخر ئه‌میش گرنگه‌، لێ ئێره‌ جێی باسکردنی نییه‌). ئێمه‌ ده‌بێت ئه‌م ڕێگه‌یه‌ی لێ قبوڵ بکه‌ین، چونکه‌ مارکس واته‌نی “هەڵبەستڤانان بیچمی سه‌یرن و پێویسته‌ ڕێیان پێبدرێت ڕێگه‌ی خۆیان بگرنه‌ به‌ر”. هیچ گومانی تێدا نییه‌‌ پرسیاره‌که‌ ئاڕاسته‌ی بوێری و توانستی مه‌ئریفه‌ی ئێمه‌ ده‌بێته‌وه‌ که‌ “چۆن” له‌ ئه‌و، به‌گشتی له‌ نووسه‌ران و هونه‌رمه‌ندان، بتوێژینه‌وه‌.

شێرکۆ بێکه‌س له‌ هه‌ڤپه‌یڤینێکدا خه‌ونی خۆی (که‌ ناوی ده‌نێت‌ “وه‌سێته‌ تایبه‌تیه‌که‌ی”) بۆ کاته‌کانی پاش مردنی ئاشکرا ده‌کات، لێ به‌ زمانێکی وێنه‌یی.

“من نامەوێت لە هیچ كام لە گرد و گردۆڵەكەكاندا بنێژرێم كە دیارن و ناویان ئەبرێ، یەكەم لەبەرئەوەی پڕبونەتەوە و دوەم لەبەرئەوەی من حەز بە قەرەباڵغی زۆر ناكەم، من ئەمەوێ ئەگەر سەرۆكی شارەوانی و ئەنجومەنی شارەوانی شارەكەم رێگەم پێبدا و ئەوەم پێ رەوا ببینن كە لە پاركی ئازادیدا و بە تەنیشت مۆنۆمێنتەكەی شەهیدانی (1963)ی سلێمانیەوە بمنێژن، ئەوێ خۆشترە و تەنگەنەفەس نابم، من حەز ئەكەم بە مردویش نزیكی ئەو خەڵكە ‌و ژن ‌و پیاو‌ی شارەكەم‌ و دەنگی مۆسیقا ‌و گۆرانی ‌و هەڵپەڕكێ‌ و یانە جوانەكانی ئەو پاركە بم. با كتێبخانەكەم ‌و دیوانەكانم و وێنەكانم ببرێن بۆ شوێن مەزارەكەم، با كافتریایەك‌ و باخچەیەكی بچكۆلانە لەو شوێنەدا هەبێت بۆ ئەوەی شاعیران‌ و نو‌سەران‌ و كچ ‌و كوڕی دڵدار ببنە میوانم، من ئەمەوێ لە ئێستەوە بەچاوی خەیاڵ تەماشای ئەو پاركە بكەم‌ و دوای مردنی خۆم ببینم، ئەمەوێ بەدەم چریكەی دیلان ‌و ئەڵڵا وەیسیەكەی مەردان ‌و سرودی (خوایە وەتەن ئاواكەی)ـەوە ئاڵای كوردستانم تێوە پێچرابێ ‌و بنێژرێم، من ئەمەوێ لە پرسەكەمدا مۆسیقا لێبدرێت، لەناو مەزارەكەمدا تابلۆی جوانی هونەرمەندانی شارەكەم هەڵبواسن، من ئەمەوێ دوای خۆم‌ و بەناوی (بێكەس)ەوە خەڵاتێكی ساڵانە تەرخان بكرێ ‌و بدرێت بە جوانترین دیوانە شیعری هەڵبژێردراوی ئەو ساڵە ‌و خەرجی ئەم خەڵاتەیش لەو میراتە بدرێ كە جێیدەهێڵم”. (وه‌رگیراوه‌ له‌ کوردستانپۆست)

ئه‌م ده‌ربڕینه‌ وێنه‌ییه‌ پڕه‌ له‌ دژبێژی. ئه‌و حه‌ز ناکات له‌ گرد و گردۆڵکه‌کاندا بنێژرێت. بۆچی؟ یه‌که‌م له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پڕبوونه‌ته‌وه‌ (که‌واته‌ گه‌ر گردی پڕنه‌بۆوه‌ له‌ سلێمانی هه‌بووایه‌، ئه‌وا لاری نه‌بوو “به‌ته‌نیا” له‌ یه‌کێکیاندا بنێژرێت)، دووه‌م له‌به‌ر ئه‌وه‌ی حه‌ز به‌ قه‌ره‌باڵغی زۆر ناکات، که‌واته نایه‌وێت گۆڕی دی له‌ نزیکیه‌وه‌ بن، چونکه‌ ئه‌و فه‌زایه‌ ده‌شێوێنن که‌ ئه‌و به‌ مردوویی تێیدا پێشبینیی خۆی ده‌کات.‌ ئه‌و خۆزگه‌ی شوێنێکی تایبه‌تیی هه‌یه‌ و خه‌ونی پێوه‌ ده‌بینێت، ئه‌و قه‌ره‌باڵغییه‌کی دی بۆ خۆی پێشبینی ده‌کات که‌ ته‌نگه‌نه‌فه‌سی ناکات، چونکه‌ ته‌نیا به‌ ده‌وری ئه‌ودا چێبووه‌ و زۆر تایبه‌ته‌: ژن ‌و پیاو‌ی سلێمانی (نه‌ک هه‌ولێر و دهۆک، سنه‌ و مه‌هابات، ئامه‌د و قامیشلۆ …)،‌ دەنگی مۆسیقا ‌و گۆرانی،  هەڵپەڕكێ‌ و یانە جوانەكانی پاركی ئازادی. لێ ئه‌مه‌ هێشتا به‌س نییه‌، “ده‌یه‌وێت” له‌ شوێن مه‌زاره‌که‌ی کافیته‌ریایه‌ک و باخچه‌یه‌ک دروست بکرێن و ببن به‌ شوێنێکی له‌بار که‌ میوانه‌کانی له‌ خۆ بگرێت، واتا شاعیران‌ و نو‌سەران‌، كچ ‌و كوڕی دڵدار. لێ هەڵبەستڤان کات ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ ساته‌کانی ناشتنی و ده‌بێژێت که‌ “ده‌یه‌وێت”: بەدەم چریكەی دیلان ‌و ئەڵڵا وەیسیەكەی مەردان ‌و سرودی (خوایە وەتەن ئاواكەی)ـەوە بنێژرێت، “ده‌یه‌وێت” ئاڵای كوردستانی تێوە پێچرابێت، ئه‌وجا دوای ئه‌وه‌ که‌ ناشتیان و پرسه‌ی بۆ دانرا، له‌ پرسه‌که‌یدا موزیک لێبدرێت، لەنێو مەزارەكەیدا تابلۆی جوانی هونەرمەندانی شارەكەی هەڵبواسرێن. شێرکۆ بێکه‌سی هەڵبەستڤان به‌مانه‌وه‌ ناوه‌ستێت، وێناکانی ده‌ڕژێنێته‌ نێو داواکاریه‌که‌وه‌ و ئێستاش “لێره‌”دا ده‌گه‌ین به‌ وه‌سێتێک: ئه‌وی هەڵبەستڤان به‌ ناوی خۆی و بێکه‌سه‌وه‌ داوای ته‌رخانکردنی خه‌ڵاتی ساڵانه‌ ده‌کات که‌ بدرێت‌ بە جوانترین دیوانە شیعری هەڵبژێردراوی هه‌ر ساڵێک ‌و گه‌ره‌که‌ خەرجی خەڵاتەکه‌ لەو میراتە بدرێت كە جێیدەهێڵێت.

 به‌ڕوونی دیاره‌‌ شێرکۆ بێکه‌س له‌و خه‌ونه‌یدا که‌ به‌ زمانی هەڵبەست دایده‌ڕێژێت، “ناز به‌سه‌رماندا دەکات”، به‌ئاشکرا پێمان ده‌بێژێت: “نازم بده‌نێ”. ئه‌م خۆتێگه‌یشتنه‌ی شێرکۆ بێکه‌س پاڵهێزه‌ بۆ ئه‌وه‌ که‌ ئه‌و مه‌زارێکی تایبه‌ت له‌ شوێنێکی گرنگی پارکی ئازادیدا به‌ خۆی ره‌وا ببینێت، هه‌روه‌ها خه‌ونی خۆی به‌ ساتی ناشتن و پرسه‌ و مه‌زاره‌که‌یه‌وه‌ ده‌خاته‌ فۆرمی هەڵبەستەوه‌ و پێمان ده‌بێژێت: “با پرسه‌که‌م به‌م چه‌شنه‌ بێت”.

ئێمه‌ ناتوانین ئه‌م پێشبینیه‌ وێنه‌ییه‌ی شێرکۆ بێکه‌س وه‌ک “وه‌سێت” وه‌ربگرین، چونکه‌ ئه‌و لێره‌شدا “هەڵبەست ده‌بێژێت”. ئه‌و نایه‌وێت له‌م دیمانه‌یه‌شدا یه‌ک هه‌نگاو له‌ هه‌قیقه‌تی خۆی وه‌ک هەڵبەستڤان دووربکه‌وێته‌وه‌ _ ئه‌و که‌ مرۆڤه‌ و به‌مه‌ش بمره‌، ئه‌و که ناسراوه و ده‌بوو هیچ گومانی لەوە نەبووایه‌ که‌ پرسه‌یه‌کی فراوان و هه‌مه‌لایه‌نیی بۆ داده‌نرێت، ئه‌وجا له‌ هه‌ر کوێ بنێژرایه‌، ڕه‌نگه‌ ڕۆژانه‌ کوڕان و کچان، کوردی کوردستانه‌کانی دی، بچوونایه‌ته‌ سه‌ر گۆڕه‌که‌ی و فۆتۆیان بگرتایه‌‌. له‌ بنه‌ڕه‌تدا ‌ده‌بوو شاره‌زایانی هەڵبەستەکانی، دۆستانی هەڵبەستڤان و نووسه‌ری، هه‌ندێک سیاسه‌تکار و سیاسه‌تمه‌دار که‌ ئه‌و له‌ نزیکه‌وه‌ ده‌ناسن، لێبهزرینایه‌ سه‌باره‌ت به‌ شوێنێکی ناشتن که‌ شایسته‌ی‌ مه‌زنێتیه‌که‌ی ئه‌و بووایه‌ نه‌ک ئه‌و خۆی له‌ ده‌ردئه‌ندێشه‌ی مه‌زنییه‌وه‌ داوای مه‌زارێک بکات.

ئێمه‌ لێره‌دا گه‌یشتووین به‌ کێشه‌یه‌کی کرۆکیی شێرکۆ بێکه‌س. ئاخر به‌ڕێزێکی ئه‌وه‌نده‌ ناسراو و مه‌زنی پێدراو چه‌ پێویستییه‌کی به‌و گۆتانه‌ هه‌یه‌؟ لێره‌وه‌ چه‌ند پرسیارێک سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن. ئایا ئه‌و، ئه‌وی شاره‌زای خه‌ڵک و کولتوره‌که‌ی، “خه‌مێک” یان “ترسێک”ی هه‌یه‌ که‌ زوو له‌یادبچێته‌وه‌؟ یان ئه‌و هه‌قه‌ی پێنه‌درێت که‌ به‌ هی خۆی ده‌زانێت؟ خه‌مه‌که‌ی ڕه‌نگه‌ له‌وێوه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتبێت که‌ ئه‌و به‌ئاگایه‌ له‌ زاکیره‌ی کورتی گه‌له‌که‌ی، ئه‌وجا له‌ ده‌رفه‌تێکدا ئەو خه‌مه‌‌‌ی به‌ زمانێکی وێنه‌یی ده‌رده‌بڕێت. ئێمه‌ ده‌توانین له‌مه‌ گه‌ڤێک یان‌ ته‌حه‌دایه‌ک‌ تێبگه‌ین‌ نه‌ک وه‌سێت. ئاخر ئه‌و به‌م پیریییه‌ش،‌ به‌ پێچه‌وانه‌ی زۆرینه‌ی خه‌ڵکی شاره‌که‌یه‌وه، ‌تا ئه‌مڕۆ شه‌هیدانی “1963”ی سلێمانیی له‌یادنه‌چۆته‌وه‌، که‌واته‌ ئه‌و ئاگایی مێژوویی هه‌یه‌، که‌واته‌ له‌ خۆی و ژیانی خۆیشی به‌ئاگایه‌‌: ئه‌و “شێرکۆ بێکه‌س”ه، لێ “تۆ بڵێیت مه‌زنێتیه‌که‌م ته‌واو ده‌رک نه‌کرابێت و زوو له‌یاد بچمه‌وه‌؟”‌.

لێ خه‌ونه‌که‌ی شێرکۆ بێکه‌س له‌وه‌ش زۆرترمان پێده‌بێژێت. گه‌ر ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی به‌گشتی هه‌بووایه‌ و به‌مه‌ش “سه‌رجه‌م شێرکۆ بێکه‌س” به‌ مێتۆدی جیاواز ساغکراوه‌ بووایه‌، هەڵبەسته‌ مه‌زنه‌کانی به‌ئاشکرا له‌ ده‌ربڕینه‌ رواڵه‌تیه‌کانی (واتا لە میعرەکانی) جیاکراوه‌ بوونایه‌، ئه‌وسا بۆ ئه‌و زۆر زوو سه‌رجه‌م لاوازی و لایه‌نه‌ مه‌زنه‌کانی ئاشکرا ده‌بوون، به‌مه‌ش ده‌شیا خۆی له‌ زۆر ده‌ربڕینی ناشایسته‌ و رواڵه‌تی‌، به‌ڵێ به‌ تایبه‌تی له‌ هەڵبەستی “پیاهه‌ڵدان” ببواردایه‌.

له‌م جێیه‌دا پێویسته‌ پرسیارێکی دی بوروژێنین: پرسیاری “کییچ”. ئێمه‌ ته‌نانه‌ت له‌نێو هەڵبەسته‌ جوانه‌کانی ئه‌ودا گوزارشتی “کییچن” ده‌بینین، به‌ڵێ ناونیشانێکی وه‌ک “من تینوێتیم به‌ گڕ ده‌شکێ” کییچه‌. گومانی تێدا نییه‌ که‌ کییچ به‌گشتی لای کورده‌کان جوانه‌ و له‌ ناخه‌وه‌ حه‌زیان لێیه‌تی. ئێمه‌ لێره‌دا ده‌گه‌ین به‌و پرسیاره‌ که‌ تا چه‌ند هونه‌رمه‌ند ئاڕاسته‌یه‌کی دژبه‌ری ئه‌و چێژه‌ وه‌رده‌گرێت و رۆڵێک‌ بۆ‌ گۆڕینی چێژی وه‌رگر (جمهور) ده‌گێڕێت، یان تا چه‌ند ئه‌و چێژه‌ ده‌لاوێنێته‌وه‌ که‌ وه‌رگر له‌ ترادیسیۆنه‌وه‌ هه‌یه‌تی. که‌واته‌ ئایا تا چه‌ند شێرکۆ بێکه‌س کارا بووه‌ له پتر‌ کییچاندنی چیژی وه‌رگردا؟

به‌م شێوه‌یه‌ هەڵبەستڤانێکی وه‌ک شێرکۆ بێکه‌سیش به‌ ساغنه‌کراوه‌یی ماڵئاوایی کرد، ره‌نگه‌ هه‌موو نووسه‌ران و هونه‌رمه‌ندان به‌م شێوه‌یه‌ به‌جێمان بهێڵن، لێ ئه‌وانیش شوێنی ناشتن بخوازن، چونکه‌ ره‌نگه‌ به‌ خۆیان ببێژن: “من چیم له‌و که‌متره‌؟”. ئه‌وان چیرۆک یان رۆمان یان هەڵبەست ده‌نووسن و نانرخێنرێن، گۆرانی ده‌چڕن و نانرخێنرێن، تیاته‌ر یان ته‌مسیلیه‌ نمایش ده‌که‌ن و نانرخێنرێن، رسم ده‌که‌ن و نانرخێنرێن، هه‌وڵی سینه‌مایی ده‌ده‌ن و نانرخێنرێن. به‌ڵێ خۆیان زۆر جار له‌سه‌ر ئیشه‌کانیان “قسه‌” ده‌که‌ن، “ڕوونکردنه‌وه‌” ده‌ده‌ن! ئه‌وان ناچارن، ئه‌وپه‌ڕی ناچارن، فیز پێشان بده‌ن و به‌فیزه‌وه‌ هه‌ڵوێست ڕووه‌و ده‌ره‌وه‌ی خۆیان وه‌ربگرن. ئیدی هه‌ندێکیان له‌نێو ده‌ردئه‌ندێشه‌ی مه‌زنیدا هه‌ڵده‌ئاوسێن (به‌ ده‌نگی گڕی هه‌رگیز گوێلێنه‌گیراو ده‌بۆڵێنن: “کاکه‌ من دیالۆگ ناکه‌م!”). کێشه‌ کرۆکیه‌که‌ی زۆرینه‌ی هه‌ره‌ زۆری نوسه‌ران و هونه‌رمه‌ندان ئه‌وه‌یه‌ که‌ بوێری یاخیبوونیان نییه‌، شه‌ڕی نێویه‌کیانه‌ی حه‌فتاکانیان چۆن بوو، ئه‌مڕۆش ئه‌وهایه‌. هه‌فتاکان چۆن خۆیان په‌راوێز ده‌خست، ئه‌مڕۆش ئه‌وها وه‌ک تۆراو خۆیان په‌راوێز ده‌خه‌ن. گه‌ر ته‌نانه‌ت که‌سان هه‌بن شرۆڤه‌ی ره‌خنه‌یی ئیشه‌کانیان بکه‌ن، هێشتا هه‌ر نایکه‌ن، ئاخر ئه‌وان له‌ مێنتالێتیانه‌وه‌ چاوه‌ڕوانی ستایش و پیاهه‌ڵدان ده‌که‌ن، ئیشکه‌ری جدیش تاقه‌تی نییه‌ خۆی بخزێنێته‌ نێو ناکۆکیی رواڵه‌تییه‌وه‌‌.




ئايا کام حزب بەرپرسە لە کێشەی ناوچە دابڕاوەکان؟ … لوقمان بەرزنجی

ئاوا ئەو ووڵاتەيان بەو ڕۆژە گەياند ، ئايا کام حزب بەرپرسە لە کێشەی ناوچە دابڕاوەکان؟؟؟

لە ناوەڕاستی ساڵی 2016 وەزارەتی خوێندنی باڵا عيراق بەبڕيارێکی نەزانانە و خيانەتکارانەی نيشتـمانی ياسای خوێندنی بە خۆڕای لە قۆناغەکانی خوێندن لەسەرتاسەری عيراق بە کوردستانيشەوە هەڵوەشاندەوە .بە بيانۆی ئەوەی گوايە ئەو بڕيارە لەسەردەمی ڕێژمی بەعس دەرچووە دەبێت هەڵوەشێتەوە ، بەو کارەشيان گەورەترين گورزيان لە بواری پەروەدەو خوێندنی باڵا و زانين و زانست وەشاند . کارێکی وايان کرد ئاستی نەخوێندەواری بە شێوەيەکی بەرچاو ڕولە هەڵکشان کات. ڕۆژ لەدوای ڕۆژ لە داڕمان بێت و تا بەم ڕۆژە گەيشت کە ئەی بينين چی کارەساتێک لەو ووڵاتە دەگوزەرێت . ووڵاتێک نە زانکۆ نە کوليژ نە هيچی بەسەر هيجەوەما . وولاتێک تەنيا پارە بدە کام شەهادەی بەرز هەيە وەريگرە ، وەک بە هەڵوەشاندنەوەی خوێندنی بەخۆڕايش نەوەستان ئەمجارەيان دەستيان دايە هەڵوەشاندنەوەی ياساکانی خۆماڵی کردنی نەوت و خوێندنی بەزۆری و قەڵاچوکردنی نەخوێندەواری و ياسای کشت و کاڵی و ياسای فرۆشتنی بەرهەمە کشت و کاڵيەکان و چەمەنتۆی عيراق بۆ دەرەوە و هەڵوەشاندنەوەی ياسای کاروباری کۆمەڵايەتی و ياسای چاودێدرێکردنی خێزان و ياسای تەجنيدی ئيجباری و ياسای خانەنشينی وياسای موخەدەرات ياساو ياساو هتد..لە جێگەی ئەوياسايانە کەوتنە بە موقەدەس کردن و عيبادەت و پەرستنی تاک و خەڵک بە کۆيلەکردن و گێلاندن بەو کارە قێزەونەشيان حزبيان کردە کەڵەگا بەسەر خەڵک و ميللەتەوە . ڕێگەيان خۆشکرد بۆ دامەزراندنی هێزی چەکداری تايفەگەری و حزبی ئەمەشيان . وەک ئەلتەرنەتيفی سوپای عيراق .بەشێوەيەک ئەو هێزە چەکدارانەيان دامەزراند ئەوچەکانەی بەدەست ئەو هێزانەوە بوو زۆرپێشکەوتربێت لە چەک و تفاقی هێزەکانی سوپای سەر بە وەزارەتی بەرگری عيراق ، بيرە نەوتەکان بۆ حزب و تاکە کەس و مەرجەعە باڵاکان حەڵاڵ کرا لە موڵکی گشتی بووبە موڵکی بنەماڵە و مەرجعيەت هەموو ئەوانەش بۆ بەهێزکردنی پێگەی حزب تۆقاندنی خەڵک کاری بۆ کرا ، خوێندن و بڕوانەمەش بووبە بە پارەو نەخوێندەواريش بوو بە ئافاتێک ئەوە هەر باسی ناکرێ و خوێندنگە و قوتابخانەی بەپارە بووبە دياردەو قوتابخانە حکوميەکانی کە ئيستا هێندێکيان ماون کوڕی هەژار و ڕەنجدەری ئەو ووڵاتە تێدا ئەلفا بێ دەبێت بوون بە جێگەی سوکايەتی پێکردن.. لەلای دەسەڵات و نەمانی ياسايەکی بەهێز بۆ قەڵاچوکردنی مادە هۆشبەرەکان وايکرد کە موخەدەرات بو بە دياردەيەک خەريکە گەنجانی عيراق و کوردستان ماڵ ويران دەکات دواکەووتنی مووچەو بڕينی قوتی خەڵک بوونە دياردەيەک بەهيچ شێوەيەک دەسەڵات خۆی لەو خەڵکە ناکاتە خاوەن و نەمانی دامەزراندن و دەرچوونی فەيلەقێک لە دەرچوانی زانکۆ ، ئەمانە وزۆر تاوانی ديکە ئەوانە بەرهەمی دوای داڕمانی دەسەلاتی بەعس و ڕاپەڕين و هەڵوەشاندنەوەی دەوڵەتی عيراقە، دەمەوێ بەس بزانم حکوومەتی عيراق و حکوومەتی هەرێم لاف و گەزاف بەچی ياسايەکی خۆیان لێ دەدەن ئەگەر ڕۆژ لەدوای ڕۆژ ئەو ووڵاتە ويرانتر و کاول تر بێت لەرووی هەژاری و بێ کاری و مەعريفيەوە و دەسەڵاتدارانيش نەکەس دەيانبينێ و نە حەزيش دەکەن چەهرەی کەس ببينن . باس لەو هەموو خەڵکە ناکەم کە ڕۆژانە سەری خۆی هەڵدەگرێ و بەرەو چارەنووسی ناديار بەرەو هەنداران و لەوێش مال کاولی و قوڕبەسەريەکی ديکە چاوەڕوانيان دەکات ، بەو شێويە کە لە ئامارو خشتەی نەتەوە يەکگرتوەکاندا هاتوە کە ئاماژەی بۆکراوە عيراق بکەوێتە يەکێک لە ژمارە هەرە دواکەووتوەکانی دونيا لە هەژاری و نەوخوێندەواری ، ئەرێ دڵسۆزێکی حزبێکی کوردستانی هەيە وەڵامێکی لۆژيکم بداتەوە بۆ ئەو ماڵوێرانيە . چيتان بۆخەڵکی کورد ستان کرد ؟ يا ڕاستر چيتان بە کوردستان کرد ؟ باشە ئەگەر هەڵوەشاندنەوەی ئەو هەموو ياسايانەی سەردەمی بەعس دژ بە خواستی گەلانی عيراق بوو .باشە ئەگەر وايە خێرە ئەو بڕيارانەی سەبارەت بە تەعريب و سەنداتی زەويە کشت و کاڵيەکانی و ياساکانی کشت و كال هەڵنەوەشايەوە؟؟؟ کە ئيستا هاتون جارێکی ديکە برا عەرەبە چاوڕەشەکانمان ئەوانەی لەتکريت و سامەڕاو فەلوجە لەترسی مەزهەبی شيعە و داعش هاتونە لەکوردستان دانيشتون و ئيستا داوای ئەوزەويانە دەکەنەوە کە بەعس بە سەنەد پێی بەخشيون لەبنەڕەتدا زەوی کوردان بوو بەعس تەرحيلی کوردن ئيستا ئەو عەرەبانە هاتون باس لەو ياساو ڕێسايانە دەکەن کە بوونە مايەی دەربەردەرکردنی هەزاران خێزانی کورد لە ناوچەدابڕاوەکان؟ ئەرێ حزبی کوردی لە بەغدا قەت ئەو مەسەلەیان لەگەل برا عەرەبە چاوڕەشەکان باس کردوە ئەرێ سەرۆک کۆماری ئەرێ وەزيرو دەرجەدارانی کورد ، قەت لەگەل دادگای فيدڕالی باستان لەوە کردوە کە هۆکارو حيکمەت چيە لە هەڵنەوشاندنەوەی سەنەداتی 49 گوندی کوردانی ئێزدی کە هەموو لەساڵی 1972 تەعريب کراوە و يا تەعريبی کەرکوک خانەقين خێرە هەڵنەوەشاوەتەوە بەڵام هەرچی ياسا هەبووە لەخزمەتی خەڵک دابوە هەڵيان نەوەشاندەوە ؟؟ يا ئەوەتا نەتان ويستوە ئەم بابەتە لەگەل بەغدا بوروژێنن نەبادا بەغداش داوای بيرە نەوتەکان و پارە گومرگەکانتان لێ بکەنەوە کە ساڵانێکە لوشی دەکەن من خۆم يەقينم کە ئێوە پێتان وايە کێشەی هەموو ناوچە دابڕاوەکان کێشە حزبی کوردی نيە بەڵکو کێشەی خەڵکی ناوچەدابڕاوەکانە خۆيان لە پێش هەموشيان کێشەی کەرکوک ئەوەتا وەک دەڵێن ( عيني عينک) وا تەعريب دەکرێ نوقەيان لێوە نايەت ، من تێناگەم خەڵکی ناوچە دابڕاوەکان چيان داوە لە حزبايەتی کردن و تاکەی خاک و کوڕی خۆيان دەکەنە قوربانی ئەم شاروئەوشار و هێندە پێداگر دەبن لەسەر حزبايەتيکردن شەڕ لە پێناو چی و لەسەر چی دەکەن ؟

لوقمان بەرزنجی .. ئەڵمانيا




ئه‌و هێزه‌ی له‌ هه‌ڵه‌مووتدا ره‌وه‌ز ده‌نه‌خشێنێت …عیماد عه‌لی

له‌دوندی شاخه‌كه‌دا به‌ دووربینێكه‌وه‌ چاودێری رێگاكه‌ی ده‌كرد، په‌ڵكه‌ ره‌شه‌ جوانه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ زه‌رده‌په‌ڕی نێوان لاپاڵ و زه‌نوێر و لاته‌نیشتی ئه‌و شاخه‌ و له‌و بێشه‌ شێره‌دا تاپلۆیه‌كی سوریالانه‌ی ده‌نه‌خشاند. جێگه‌ی سه‌رنجی هه‌موان بوو، ئومێدی به‌ بێ ئومێدان ده‌به‌خشی و هاڵاوی هه‌ناسه‌دانی وه‌كو هه‌ڵماوی پاكژی كانیاوێكی هه‌ندرێن تێكه‌ڵی لاچمكی هه‌وره‌كه‌ ده‌بوو. له‌ولاشه‌وه‌ په‌یتوكه‌ی بنمیچی ئه‌شكه‌وتێكی مێژوویی جوانونه‌خشێنراو به‌لاسه‌ریدا دیجریواند و ئه‌ویش به‌ توندو تۆڵی و بێ ترس به‌ هه‌ستو نه‌ستیه‌وه‌ ئاوێزانی هۆره‌ی هه‌ڤاڵ عه‌گید ده‌بوو. ئازیزخنجیلانه‌ی شاخ وره‌ی لێ ده‌باری، عشقی نیشتمانی لێ ده‌تكا، ئا له‌م كاته‌دا كه‌ باشوور چاوه‌ڕێی نسكۆیه‌كی دیكه‌یه‌ ئه‌و ته‌پڵی سه‌ركه‌وتنی لێده‌دا.
ده‌نگی فرۆكه‌ی تۆران وه‌كو گیزه‌گیزی زه‌رده‌واڵه‌یه‌كی ره‌نگ زه‌رد ده‌بیست و چاوه‌ ئاسك ئاسا مه‌سته‌كانی وه‌كو دووربین به‌دوای ده‌ژمندا ده‌گه‌ڕا. به‌ڵێ ئه‌مه‌ تاكه‌ هێزێكه‌ مابێته‌وه‌ كه‌ خه‌ڵكی كوردستان دڵیان پێ خۆش بێت و به‌ بیستنی ده‌نگی زوڵاڵیان و بینینی نێوچاوانی نورانیان بێ هیواییان پێ ده‌ڕه‌وێننه‌وه‌. گڕی بڵێسه‌ی هه‌ڵمه‌تیان زه‌وی ده‌له‌رزێنێت و ئارانی كۆچبه‌رانی كوردستانی گه‌وره‌ رووناك ده‌كاته‌وه‌، به‌ ڕێ رۆیشتنیان به‌ تیزماڵكێكی زۆر باریكی توله‌رێگایه‌كی ئه‌و كێوه‌ سه‌خته‌ له‌گه‌ڵ كه‌ڵه‌ شاخێكدا هاورێ بوون رێگه‌ی هاتونه‌هاتیان ده‌گرنه‌ به‌ر و چكه‌چكه‌ی دڵۆپه‌بارانی پاییز خۆشحاڵیان ده‌كات.
دوای بیست و نۆساڵ له‌ حوكمڕانی بنه‌ماڵه‌یی باشووری كوردستان، ئه‌وه‌ی ده‌بینرێت نسكۆیه‌كی له‌سه‌رخۆی خه‌ته‌رناكی مێژووییه‌ و ئه‌مجاره‌ بێهیوایی و بی متمانه‌یی گه‌یشتۆته‌ لوتكه‌ و تا راده‌یه‌ك خه‌ڵكه‌كه‌ به‌ه‌گشتی باوه‌ڕیان به‌ نه‌ته‌وه‌ و نیشتمانیش نه‌ماوه‌.
ئه‌وه‌ی روونه‌ تروسكاییه‌ك له‌ دووری تونێله‌كه‌دا ده‌بینرێت كه‌ بتوانێت باری لاری كورد به‌گشتی راست بكاته‌وه‌ و، ئه‌گه‌ر ئه‌و رێكخراوه‌ به‌ دیسپلینیه‌ راستگۆیه‌ تا ئه‌مڕۆ پارێزگاری له‌ بنه‌ما سه‌ره‌كیه‌ پێویسته‌كانی شۆڕشی راسته‌قینه‌ و دڵسۆزی میله‌ت و هه‌وڵی زامنكردنی دوارۆژی كردووه‌ به‌ڵام ئه‌ویش له‌ژێر ره‌حمه‌تی هاوكێشه‌كانی به‌رژه‌وه‌ندیی جیهانیدا ده‌ناڵێنێت. جارێك به‌ تیرۆریست وجارێك به‌ توندڕه‌و و جارێكیش به‌ منداڵ رفێن تۆمه‌تباری ده‌كه‌ن، كه‌چی به‌رگه‌ی ئه‌و هه‌موو هێڕشه‌ زۆرلایه‌نه‌ به‌ ئازایه‌تی ئه‌و گه‌نجه‌ خاوه‌ن په‌روه‌رده‌ جوانه‌ی گرتووه‌ و ئه‌وه‌تا رۆژانه‌ ته‌نانه‌ت وانه‌ به‌ شۆڕشگیڕانی دێرینی كوردستانی باشوور ده‌ده‌ن و راستی و دڵسۆزی و خاك په‌رستی خۆیان بۆ هه‌موو لایه‌ك سه‌لماند و دوا رۆژ بۆ راستگۆ و له‌خۆبردوو و پاكو خه‌باتگێڕی راسته‌قینه‌ ده‌بێت.
سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌مو فشار و هێڕشه‌ زه‌به‌لاحانه‌ی له‌ لایه‌ن دۆستانی توركیا ئه‌ندامی ناتۆ و هاوڕێیانی ئه‌ردۆگانی خودپه‌رست له‌ دژی ده‌كرێت به‌ڵام پارتی كریێكاران و سه‌رجه‌م خه‌ڵكی كوردستان تا ئه‌مڕۆ سه‌ركه‌وتنی خۆی له‌ هه‌موو بواره‌كاندا سه‌لماندووه‌ و له‌ ستراتیج و ته‌كتیكدا له‌گه‌ڵ باره‌ پێویستو زه‌روره‌كه‌ خۆی گونجاندووه‌. ئه‌وه‌ی شایانی باسه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌م فشاره‌ هه‌مه‌چه‌شنه‌ له‌سه‌ر لایه‌نه‌كانی كوردستانی باشوور له‌ كاتی شۆڕش و ئێستاش هه‌بوایه‌ هه‌ر له‌ زووه‌وه‌ زه‌نگی ئاشبه‌تاڵێان لێدابوو.
خاڵێكی زۆر گرنگی ئه‌م رێكخراوه‌ مۆێرن و تایبه‌ته‌ی كوردستان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ جه‌رگه‌ی باری كۆمه‌ڵایه‌تی كوردستان هه‌ڵقوڵاوه‌ به‌ڵام خاڵه‌ سه‌لبیه‌كانی ئه‌م كۆمه‌ڵگایه‌ی دوور خستۆته‌وه‌ و گه‌وره‌ترین خاڵێ لاوازی باشوور كه‌ تا دێت حوكمی بنه‌ماڵه‌یی زاڵ ده‌بێت له‌م رێكخراوه‌دا به‌دیناكرێت و رێكخستنێكی پته‌وی به‌ سه‌ركردایه‌تیه‌كی مۆدێرن به‌ڕێوه‌ده‌چێت و هه‌نگاوه‌كانی شۆرش و سه‌ركردایه‌تی ئه‌گه‌ر جارناجارێك هه‌ڵه‌ی بچوك ده‌كرێت به‌ڵام تا ئه‌مڕۆ جێگه‌ی خۆشحاڵی و ده‌ستگوشینن.
بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر كه‌م چاودێری ره‌فتار و بۆچون و مامه‌ڵه‌ی گه‌ریلایه‌كی ته‌مه‌ن بچوك بكه‌یت زۆر باش له‌وه‌ یه‌كلایی ده‌بیته‌وه‌ كه‌ به‌ په‌روه‌رده‌یه‌كی جوان و عه‌قڵیه‌تێكی پێشكه‌وتو مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ پرسه‌كه‌دا ده‌كات و هه‌ر یه‌كه‌یان پرۆژه‌ی سه‌ركرده‌یه‌كی گه‌وره‌ی دوارۆژه‌ و له‌ ماوه‌یه‌كی كورتدا جیاوازیان له‌گه‌ڵ ئه‌وانیتر ده‌رده‌كه‌وێت و له‌وه‌ یه‌كلایی ده‌بیته‌وه‌ كه‌ هیوا و ئاواتی گه‌لی كورد به‌م شێرانه‌ به‌دینه‌یه‌ت به‌ هیچ حزب و لایه‌ن و رێكخراوێك له‌ چوارپارچه‌ی كوردستان به‌دینایه‌ت.
بۆیه‌ كه‌ سه‌ربه‌زانه‌ و پڵنگ ئاسا له‌و هه‌ڵه‌مووته‌ی نێو ئه‌و كیوانه‌ سه‌رده‌كه‌ون و بۆ ماوه‌یه‌كی كورتیش بێت جێی خۆیان ئه‌گه‌ر به‌ ره‌وه‌زی پیویست بۆ ژیانی كاتی و بۆبه‌رده‌وامی شۆرش بنیتاده‌نێن و ده‌نه‌خشێنن و جێ ده‌ستیان وه‌كو هه‌زار كۆشكی سوڵتانی دێته‌به‌رچاو. هه‌ر سه‌ربه‌رز و سه‌رفراز و سه‌ركه‌وتو بن هه‌قاڵانی خۆشه‌ویست وئاوات و هیوا به‌دیهێنه‌ری كورد و كوردستان.




ئەو ڕۆژەی دەمـردم … سروە ساڵەیی

وەك زەڕنەقوتەیەكی بێ لانە
بەربەیان …بەرلەگزنگ چاوەکانم
هەڵدێن…
مژوڵەکانم دانە..دانە وەك خۆشیەکانی
ژیانم لەچاوتروکانێ دەوەرێن …
پەنجەکانم لەنێوقەدی هیوا مەحاڵەکان دەخلیسکێن..
ئەوبەیانیە،
تۆنەکانی دەنگم ژەنگ دەگرن..
بینایم لێـڵ
بەئاستەمێك هەنگاوەکانم ڕێدەگرن ..
باڵەکانم قورس چیدی
لەچەقی ئاسۆ بۆ ئاوازی مەشخەڵان هەراش نابن و نافڕن…
ولە باوەشی ئومێدە زیویەکان
لەنگـەر بگرن…
لەنێوان دێرەکان مەلەناکەم و
دەنکە مرواری ،
وشە هەڵبژێرم و چیڕۆکی ئەفسوناوی
لە کەناری دەریا ڕق ئەستورەکان
بخوێنمەوە و
شەپۆڵەکان لەنێوان پەنجەکانی
پێم
قەتیس بن ودەم داچەقێنن
ببمە ئاو
ببمە گڵ ە زیخنەکەی هەرتاوێك وشکە و
دەیەها جار
نوقمی هەژدە چینی سوێراو،
ئەو ڕۆژە
پرچی هەتاو داناهێـنم ،
لەگەڵ ئەوەی سەتەها تیشکی سەرمەستم
بۆ دەنێرێ ،
ختوکەی ناولەپ ودەستگەمەی ڕۆژەکەم و
کەزیەکانم دادەهێنـێ…
بێ مەیـل سەرم لە تارمایەکی سپی هەڵدەسوم
شەپقەیەکی ئینگلـزانە ،
چاوێلکەیەکی تاریك
پەیتا … پەیتا
سست ..ڕێدەکەم ..
ئەو ڕۆژە هەرخۆم وخۆم
بەشەقام وشۆستەکانی دڵێکی تەنگ وورەیەکی
لات …گوزەردەکەم
ڕوودەچم ،
چیدی بۆ قاوەخانەکەی ڕێگای کارەکەم
پێچ ناکەمەوە..
چەپکە گوڵێك لە گوڵفرۆشە ڕووبەخەندەکە
ناخوازم بۆم بچنێ …نەکا بە ڕوومدا
خەندەیەك بکا و
بە پێکەنینم بهێنێ…
لە گلێنەکانی چاوم ،بەزەیی ببینێ…
سەرم بەئاسپایی دادەگرم و
بێ تەقەی پێڵاوەکانم وەك بارانێکی پایزی
تێدەپەڕم
لەباخەڵی تەنیایم دادەبارم ..
ئەو ڕۆژە ڕاستگۆترین
تابلۆ لەژیانم دەنەخشێ
دەمامك لە دوای دەمامك
دادەبەزێ
هەموویان گفتولفتەکانیا وەك
ڕۆمانێکی تاقەتچوو دەخوێنەوە ،
مقۆمقۆی ونکردنم دەکەن،
گوێم …لە هەموویانە کەلە لێڵاوا مەلە دەکەن
هەموو مەملەکەتەکەم بە پێیە گڵاوەکانیان
دەپێون،
لەژوورەکەم ،لەپەنای دۆڵابەکەم
وشەکانم لە قوژبنی گیرفانە چاوبرسیەکانیان
دەخنن،
پێیان وایە بە فەنا بوونم…هەمووی من لەبەین چووم
نازانن… گەڕامەوە سکی ئەو دایکەی
کە بە درێژایی ژیانم..
لەحەژمەتی دیدارێکی نەدەسرەوتم..
ئەو ڕۆژە
تێر دەنووم…بۆشایی پەنجەکانم
لە پەنجەکانی خاك هەڵدەسوم ..
بۆ هەتا هەموو بەیانیەك
بەدڵۆپە شەونمەکانی کەپری سەرگڵکۆکەم بەئاگادێم
کە پاساریە عەیارەکان تۆنەکانی دەنگیان …بەرز ونزم دەکەونەوە
مەراقی هیچ وشەیەکی تـاڵ
ژەهراویم ناکەن …. لە ناخە بوغزاویەکانی
بونیادەم دوور…دوور ..پشوویەك بۆ هەتا
ڕاپێچم دەکا ….
ئارام لەژێر باڵەکانــی
دەمـلاوێـنـتـەوە….لە پەنجەرەی ماڵە نوێیەکەم
بۆ دەڤەری بونیادەمە … بەهاشوهوشە
بوغزاویەکان ..ناڕوانم چیدی
.
.
نامرۆڤایەتی قۆڵبەستم ناکا…
خەون بە ئازادی نابینم…
لە فڕوفێڵی مرۆڤە ئاشناکان
ناترسم ..
لە خاك دەڤەرێ.. پڕ لە

ئازادی ومرۆڤایەتی ویەك ویستی دەئەفرێنم …
هەرکەسێك هات
دەستی دەگرم ،خۆم نا
خۆشەویستی نیشتمانی .. پێ دەناسێنم …

سروە ساڵەیی




م. ئۆنفرێ: سەرمایەداری ئەوەندە بەڕێز نییە پاش پەتاكە بەخۆیا بچێتەوە -15- … ئازاد حەمە

بەشی پانزەهەم

“”ئەوەی ئارگیومێنتەکەی بە ژاوەژاو و فەرماندان دەخاتەڕوو ئەقڵی لاوازە””
میشێل دی مۆنتاین Michel de Montaigne

سەرەتا: نەشئەئامێزی فەلسەفە دەمانخاتە ناو دیمەن و لوغزی فەلسەفییەوە، وادەكات بەڕووی نیگا تازە و سیما جیاكانی بیركردنەوەی مرۆڤا هەڵشاخێن و كاریش لەسەر ڕەواندنەوەی نیگەرانیی و گۆشەگیری ساتەوەختەكانی خۆمان و دەوروبەرمان بكەین. نكوڵیناوێت، تێهزرینی هزرەڤانان هەمیشە لە دەرگای پرسیارە هزری و ڕەوشتییە هەنووكەییەكان دەدات و تەنگژەكانیش كە بەشێكن لەو چەشنە پرسیارانە ئەوەش بە گوێمانا دەچرپێنن كە مێژووی پەتا لەناو مێژووی هزر بەشێك بووە لە هەڵكۆڵینە هزرییەكان. لێرەوە ئەوە دەچڕین كە ئەو تەنگژەیەی پەتای كۆرۆنا دروستیكرد لەتەك تەنگژە ڕەوشتیەكانی سەرمایەداری جیهانی یەكیگرتەوە. چاوچنۆكی نیولیبرالیزم و ئەو تەنگژە ڕەوشتی و تەندروستییانەی پەتاكە دروستیكردن هۆكاربوون بۆ گەڕانەوەی دەمارگیری ئاینی (پەتا ئیشی خوایە) و ڕاستڕەوی (ڕق لە چینیبوون) لە هەندێك لە كۆمەڵگاكان. زۆرێك وایبۆدەچن پەتاكە مرۆڤایەتی خستە بەردەم گریمانەی سەرلەنوێ دامەزراندنەوەی جیهان، هەر لەو نێوەندەشدا بەشێكی تر بەوەوە سەرقاڵن كە داڕشتنی بیركردنەوەكان سەبارەت بە پەتاكە مرۆیبوونمانی بە ئاڕاستەیەكی نێگەتیڤانە گۆڕی. هۆكاری سەرەكی ئەمەش داڕمانی بەهاكان بوو لەتەك هاتنی شەپۆلی كۆرۆنا. ئاشكرایە، سەنگی پەتاكە لەگەڵ كاتا لە گەورەبووندابوو تا ئەو ئەندازەیەی كە بووە پەتایەكی گەردووناوی و ئەمەش ساتەوەختێكی خەماوی لەتەك خۆی بۆ مرۆڤایەتی هێنا. ئابووری سەرمایەداری جیهانیش كە مامەڵەی لە ئاستی پێویست نەبوو كەوتە ژێرپرسیاری فرەدووراییەوە. ئەمەش بەزۆری لەبەرئەوەی خەمی بنەمایی سێستەمی ئابووری جیهانی لە ساتەوەختی پەتاكە پتر ئابووری بوو تا مرۆیی یان تەندروستی و ژینگەی.
ڕامانی ئەم بەشەمان لەمەڕ نووسین و لێدوانەكانی میشێل ئۆنفرێ (Michel Onfray ) یە تایبەت بە پەتای كۆرۆنا و ئەو تەنگژە ئابوورییەی پەتاكە بۆ فەرەنسا و یەكیەتی ئەوروپا هێنای. بەم جۆرە ئەوەی لەم بەشە دەینووسین پەیوەندیەكی توندوتۆڵی لەتەك هزری سیاسیی ئۆنفرێدا هەیە. پەتاكە خۆی وانیشاندا کە بەشێكی كاریگەرە لە هاوكێشە جیهانییەكان، ئەمەش ئۆنفرێی خستە ناو جەنجاڵییەكی هزریی سیاسییەوە و دواتر ڕوانگە سیاسییەكانیشی بەسەر بۆچوونە فەلسەفییەكانیا زاڵكرد و تا کار گەیشتە ئەوەی لە لێدوانە تەلەفزیۆنی و ڕۆژنامەوانیەكانیدا، لە مانگی دووی ئەم ساڵەوە (2020) تا ئێستا، كۆشش بۆ ئەوە بكات ئەو پارادۆكسە ئێتیكیانە نیشاندات لیبرالیزمی ڕۆژئاوا لە خوڵقانی بەرپرسیارە. سەرباری ئەوە، گازندەی سۆسیال میدیای فەرەنسیش دەكات كە بەردەوام دەتخاتە بەردەم ئاماری نوێی مردنەوە، کە ئەمە لە كۆتایدا دەتخاتە بەردەم دیلێمایەكی بووناوییەوە. ئەم فەیلەسوفە فەرەنسییە كێشەكە تەنیا لەوەدا نابینێتەوە بابەتەكە ڕووبەڕووبوونەوەی مردنە، لەوەشا دەیبینێتەوە كە ئەو كەموكوڕیەی لە كەرتی تەندروستیدا بەدیكرا دەوڵەت ناكارێت چارەسەریبكات.
لەم بەشە ئەوە لە زاری ئۆنفرێوە گفتوگۆدەكەین كە شارستانی ئەوروپای لەلایەك لەبەردەم هەڕەشەی پەتای كۆرۆنا خۆی چاك ڕانەگرت، لەلایەكی دی پەتاكە توانستی زانستی و تێكنۆلۆژی وڵاتە هاوچەرخەكانی خستەژێر پرسیارەوە. بەپێی ئەوەی پەتاكە پرسیارێكی زۆری سیاسی و ئابووری لەتەك خۆی هێنا توانای گۆڕینی وتاری سیاسیشی لەخۆیدا بەرجەستەكرد. هەر لەم بارەیەوە ئۆنفرێ گریمانی ئەوەش دەكات، پەتاكە دەكارێت جیۆسیاسی ئێستامان بگۆڕێت. سەیرەكە لەوەدایە لەكاتی پەتاكە سیاسەت بەردەوام بوو و فەرەنساش لەژێرسایەی ئێمانوێل ماكرۆن (Emmanuel Macron) سیاسەتی خۆی دەكرد. بۆیە ئەم هزرەڤانە فەرەنسییە لە وتنەكانی تایبەت بە پەتاكە ،هەمیشە و بەردەوام، زەمینەیەك بۆ هێرشكردنە سەر ماكرۆنی سەرۆك كۆماری فەرەنسا دەڕەخسێنێت و وەك نوێنەری نیولیبرالیزم و شارستانی ئەوروپای ناساغ تەماشایدەكات. بەمەش بەرەو ئەو گومانەمان دەبات، ئەم جۆرە سەركردانە ،كە نوێنەرایەتی سەرمایەداری جیهانی دەكەن، شكستخواردوون لە ڕووبەڕووبوونەوەی “تسۆنامی ئابووری و تەندروستی” (ژاك ئاتای) پەتای كۆرۆنا و ناشكارن سیاسەتێكی میهرەبانانە پیادەبكەن. ئۆنفرێ پێیوایە كەسێكی ڕەشبین نییە، لێ تراژیدییە ئەمەش وادەكات بۆچوونەكانی لەهەر بەرگێكدا بن، فەلسەفی یاخود سیاسی، پێگەی شیكاری خۆیانیان هەبێت.

ئۆنفرێ و ماكرۆن:
پەتای كۆرۆنا فەرەنسای كردە پڵنگێك لە كارتۆن

پەتاكە بێ لایەن نییە و پێویستیشی بە شرۆڤەكردنێكی سیاسیانە هەیە. ئەمە وادەكات ئۆنفرێ سەبارەت بە فەرەنسا و كۆرۆناڤایرۆس دونیایەك پرسیاری بڤە و قەبە بجووڵێنێت و فەرەنساش بكاتە چەقی مشتومڕ و بابەتی هەنووكەی وتنەكانی. پەتاكە ،ئۆنفرێ وتەنی، واینەكرد سیاسەت بوەستێت، دوورناڕۆین ئێمانوێل ماكرۆنی سەرۆك كۆماری فەرەنسا لەناو جەرگەی پەتاكە خەریكی سیاسەتكردن بوو. ماكرۆن كە نوێنەری لیبرالیزمە سیاسەتی هەنووكەی فەرەنسی بەپێی ئەو ئیزم (ism) ە پیادەدەكات و ئۆنفرێش وایدەبینێت كە مەكینەی پاڵپێوەنانی لیبرالیزم لە فەرەنسا لە پۆمپیدۆ (Pompidou) وە دەستیپێكردووە بە ژیسكار دێستان (Giscard d’Estaing ) و دواتر میتێران (Mitterrand) تێپەڕیووە تا گەیشتووەتە ماكرۆن. هەر هەمووش بە چەپ و ڕاستەوە هەمان ئێدیۆلۆژیایان بەخێوكردووە. بەم جۆرە پەتاكە بژاردە ئابووری و سیاسییەكانی سەرجەم سەرۆكە فەرەنسیەكانی لە ژیسكار دێستانەوە، لە ساڵی 1974، تا دەگاتە ماكرۆن خستەڕوو.
ئۆنفرێ سەرۆكی فەرەنسا بە پیاوێكی سیاسی بێ دید و نەگەیوو، بێ هەست و نابینا لەقەڵەم دەدات. ئەم پیاوە لیبرالە كارگێڕێكی بازاڕە و بە داڕمانی بازاڕەكە خۆشی دادەڕمێت. سێستەمی خانەنشینی و پەروەردەی تێكشكاندووە و هیچكاتیش دان بە هەڵەكانیدا ناهێنێت. شتێكی بۆ خانەوادەی مردووان بە كۆرۆنا نەكرد كە شایانی باسكردن بێت. ئەم سەرۆكە، بە بۆچوونی ئۆنفرێ، فەرەنسا و فەرەنسیەكانی خۆشناوێت، تەنیا خۆی خۆشدەوێت و خۆشی كەسێكی بێ توانا و درۆزنە و لە كارگێڕی كێشەش لێهاتوو نییە و لە بڕیاردانیشا لاوازە. مامەڵەی لاوازی فەرەنسا لەگەڵ تەنگژەی پەتای كۆرۆنا سەلماندی سەرۆك حوكمەت (سەرۆك حوكمەتی پێشوو، ئێدوارد فیلیپ، كە مانگێک لەمەوبەر دەستیلەكاركێشایەوە) و سەرۆك كۆمارەكەی لێنەزانن و لە لێدوانەكانیشیانا ناراستگۆن. ئەڵبەتە پێش كۆرۆنا دۆزی كەرتی تەندروستی لە فەرەنسا، لەبەرئەوەی بازاڕ یاریدەكرد بە چارەنووسیەوە، وێران بوو. تەندروستی لە فەرەنسا دەمێكە بووە بە بیزنس و ئەمەش بۆ ساڵی 1983 ،بۆ كاتی سەرۆك میتێران، دەگەڕێتەوە و دوای ئەویش ئەمە هەر بەردەوامبووە. ئەمەش هەمووی شەقی نیولیبرالیزمە. نیولیبرالیزم وادەكات بازاڕ حوكمی بەدەستەوە بێت. هەڵەیە، بەبۆچوونی ئۆنفرێ، بازاڕ یاسا ئابوورییەكانی بەسەر نەخۆشخانە، قوتابخانە، سوپا، پۆلیس، دادگا و كولتوورا بسەپێنێت. بەم چەشنە، كاتێک بازاڕ حوكمی تەندروستی دەكات ئەوە ڕوودەدات كە ئێستا لە فەرەنسا ڕوو دەدات. پیرەكان لەبەر نەبوونی جێگا لە نەخۆشخانەكان وەرناگیرێن و دەنێردرێنە ماڵەوە، نەبونی پێویستییە پزیشكییەكان وادەكەن پەككەوتە و بەساڵاچووان لە نەخۆشخانەكان و ماڵی بە ساڵاچووان فەرامۆشبكرێن تا بمرن.
ئۆنفرێ ڕەخنەی ماكرۆن دەكات كە پێیوایە فەرەنسا لە حاڵەتی جەنگدایە كەچی ئەم سەرۆكە ناتوانێت ئامرازە تەندروستییە گرنگەكان بۆ تاقمی نەخۆشخانەكان دابینبكات. ئۆنفرێ وتەنی نیشانەكانی پەكەوتوویی ئەو فەرەنسا لیبرالەی بانگەشەی بۆمبی ئەتۆمی دەكات ئەوەیە كە ماسك و پێداویستی تەندروستی نییە، لەكاتێكدا ئەوانە بەشێكی سەرەكی لە سیاسەتی خۆپارێزی پێكدێنن. لەم بارەیەوە ئۆنفرێ ڕاستەوخۆ گازندەی ماكرۆن دەكات كە سەرەتا دژ بە پەتاكە نەجوڵایەوە كەچی دواتر هەنگاوەكانی زۆر گورجكردەوە. نەك هەر ماكرۆن زۆربەی سەرۆكەكانی ئەوروپا سەرەتا پێیانوابوو ئەوەی بڵاوبوەتەوە ئەنفلاوەنزەیەكی نۆرماڵە و تێدەپەڕێت و گاڵتەشیان بە پەتاكە دەكرد تا وایلێهات ئەوروپا بووە قوربانی. وێرای ئەوە، تێگەیشتنی یەكیەتی ئەوروپا بۆ بازارێكی گەردووناوی وایكرد باوەڕیان بە سنور و نەتەوە نەبێت كەچی لەكاتی كەرەنتینەكە فەرەنسا بە سەرۆكایەتی ماكرۆن كارێكی قێزەوەنی ئەنجامدا كاتێك بڕیاریدا فرۆكەیەكی زۆر بۆ هێنانەوەی فەرەنسیەكان لە چین بەكرێبگرێت و جێنشینیشیکردن لە باكووری فەرەنسا بێ ئەوەی هیچ ڕێكاریەكی تەندروستییان بۆبكرێت، ئەمە جگەلەوەی سەرۆك شارەوانیەكانی ئەو دەڤەرە پێش وەخت ئاگادارنەكرابوونەوە.
سەرباری ئەوە، ئۆنفرێ نموونەشمان بۆدێنێتەوە لەسەر ناكۆكی لە وتارەكانی سەرۆك ماكرۆن لە ساتەوەختی پەتاكە. ماكرۆن پێماندەڵێت ڤایرۆسەكە پاسپۆرتی نییە، كەچی سنورەكانیش داناخات. ئەمەش بۆ ئۆنفرێ دووڕووی دەگەیێنێت لە سیاسەتی فەرەنسا. هەر ئەم سەرۆكە باس لەوەش دەكات كە لە ماڵەوە بوون گرنگە هاوكات داوامانیشلێدەكات بچین بۆ دەنگدانی شارەوانییەكان. نەك هەر ئەمە بگرە ئەوەش كە چۆن ئەوروپا نیو سەدەیە لافی زلهێزی ئابووری لێدەدات، کە نەیتوانی ماسك بۆ كارمەندانی تەندروستی دابینبكات، پێشوازی لە وەرگرتنی میلیۆنێك ماسك لە دەسەڵاتێكی سیاسی زلهێزی ماركسی لینینی وەك چین دەكات كە هەموو ئەوروپا لە خەونی ئەوەدا بوون ئەم دەسەڵاتە ،پاش نەمای سۆڤیەتی جاران، هەڵبوەشێتەوە.
هەركە باس هاتەپێشێ لەسەر دروستكردنی ڤاكسین فەرەنسا بووە بابەت. لە سەرەتای مانگی نیسان ماكرۆن سەردانی شاری مەرسێلیای كرد، كە دەكەوێتە باشووری فەرەنسا، تا چاوی بە دیدییە راوول (Didier Raoul) بكەوێت، ئەو پرۆفیسۆرە فەرەنسییەی خەریكی دروستكردنی دەرمانی كلۆرۆكینە دژ بە مەلاریا. ئۆنفرێ پێیوایە كاركردنی راوول لەسەر ئەو دەرمانە لە دەرەوەی پاریس، لە شارێكی تر، كێشەیەكی ترمان بیردەخاتەوە كە كێشەی پەیوەندی پاریسی پایتەختە بە دەوروبەرەوە. دانپیانەهێنانی پاریس بە شار و گوندەكانی دەرەوەی خۆی بەشێكە لە كێشەیەكی دێرینی پاریسی پایتەخت. ئۆنفرێ ئەم زانا فەرەنسییە بە جەمسەرێكی جیهانی دەزانێت لەو بوارەی كاری تیادەكات، ئەمەش نەك ئێستا بگرە پێش پەتاكەش. كێشەكە لە راوول نییە كێشەكە لە بێ توانای سیاسییەكانە كە لە مەترسییەكانی پەتاكە تێناگەن.
بە قسەی ئۆنفرێ، یەكەم وانە كە ئێمەی فەرەنسییەكان لەم درمە بەدەستمان هێنا ئەوە بوو كە سەرۆكی حكومەت فاشیلە. ئەو وڵاتانەی ماستریخت (Maastricht) وێرانی كردووە، وەك فەرەنسا، ناكارێت بەپێی پێویست ڕووبەڕووی پەتاكە ببێتەوە. دواتر سەرۆك كۆمار بڕیاریدا لەبەرئەوەی ڤایرۆسێكی كوشندە لە چین بڵاوبووەتەوە پێویستمان بە كەرەنتینە. ئەم بڕیارە لەكاتی خۆیدا نەدرا. حكومەتی فەرەنسی دەبایە ئەوە بە هەند وەربگرێت كە ئێستا، بەهۆی جیهانگیری دەوڵەمەندەكانەوە، وەك جاران ئاسان نییە پیادەكردنی سیاسەتی خۆپارێزی و كۆنترۆڵكردنی سنورەكان. لەم سۆنگەیەوە ئۆنفرێ لەگەڵ ئەوەدایە فەرەنسا سەروەری نیشتیمانی خۆی بپارێزێت و كۆیلەی ئێدیۆلۆژی وڵاتانی ئەوروپا نەبێت. لەكاتی قەیرانە تەندروستیەكەش دەركەوت كە ئەوروپا چەند پشتیان لەیەكتركرد، لێگەڕان چین بەتەنیا ڕووبەڕووی پەتاكە ببێتەوە، هاریكاری ئیتالیاشیان نەكرد. ئەوەیە ڕاستەقینەی ئەوروپا. ئەوروپای ماستەریخت بەو جۆرە مامەڵە لەتەك تەنگژەكانا دەكات. پێش تەنگژەكە پێیانوتبووین ئەوروپا دێوەزمەیەكی ئابوورییە و سەروی چین، هیندوستان، روسیا و ئەمەریكایە. نەخێر دەركەوت وانییە. دەركەوت توانای دابینكردنی ماسك و دەستكێشی تەندروستی بەپێی پێویست نییە. ئۆنفرێ یەكیەتی ئەوروپاش بە یەكیەتی سۆڤیەتی جاران دەشوبهێنێت هەركە سنورەكانی كردەوە دەركەوت چەند وێرانە.
دوا وتن لەم بارەیەوە، كە ئۆنفرێش جەختیلێدەكاتەوە، ئەوەیە، گومانناكرێت سێستەمی لێبرالی ڕۆژئاوایی دروستكەری ماكرۆن و ماكرۆنەكانە. لە سەرێكی ترەوە ئێدیۆلۆژیای ئەوروپا بەجۆرێك خۆی وێنا دەكات كە لە داڕمانەوە نزیكە. هۆكاری سەرەكیش بۆ ئەم داڕمانە ئەو سیاسەتە لێبرالەیە ئەوروپا پیادەی دەكات. دەرهاویشتەكانی پەتای كۆرۆنا لەسەر ئاستی سیاسی، كۆمەڵایەتی چی دەبێت؟ سیناریۆكانی داهاتوومان چی دەبن؟ لە ئێستادا زۆر شت ڕوون نییە بەس ئەوە ڕوونە كە پەتای كۆرۆنا فەشەلی ئەوروپای ئاشكراكرد. هەر وڵاتە و بەتەنیا چارەسەری ئەو كێشانە دەكات كە پەتاكە بۆیهێناوە. كۆماری چیك بەرامبەر بە یارمەتیەكانی چین بۆ ئیتالیا ناڕەزای نیشاندا. ئەوروپایەكان لێگەڕان ئیتالیا بەتەنیا ڕووبەڕووی تەنگژە تەندروستیەكە ببێتەوە. هەمان شت بەسەر فەرەنساش هات. گەر ئۆنفرێیانە بێینەگۆ ئێژین: ئەمە ئەو ئەورپایەیە كە لێمانیان كردبووە زەبەلاحێكی ئابووری و كەچی دەركەوت وڵاتانی یەكیەتی ئەوروپا پڵنگن لە كاغەز، نا بگرە مانگان لە كارتۆن.

ئەوروپا جیهانی سێیەكی نوێیە

ئەوروپا جیهانی سێیەكی نوێیە، ئەمە ئەو گوزارەیەیە كە ئۆنفرێ لە ماوەی كەرەنتین و لە لوتكەبوونی پەتای كۆرۆنا گۆیكرد. بەخۆی ئەم گوزارەیە لە ئێستادا لە ڕووی سیاسی و ئابوورییەوە نەختێك بەسەرچووە. گوزارەی جیهانی سێ بۆ سەردەمی جەنگی سارد دەگەڕێتەوە. لەسەر ئەو بناغەیەی جیهانی یەك وڵاتانی سەر بە پەیمانی ناتۆ (ئەمەریكا و وڵاتانی ئەوروپای رۆژئاوا یان بلۆكی سەرمایەداری) بوو، جیهانی دووش وڵاتانی سەر بە پەیمانی وارشۆ (سۆڤیەتی جاران و وڵاتانی ئەوروپای ڕۆژهەڵات یان بلۆكی سۆسیالیست) بوو و هەرچی وڵاتانی جیهانی سێیە بریتی بوو لە وڵاتانی ئاسیا، ئەفەریقا و لاتین ئەمەریكا، كە بە زمانێكی ئابووری دەشێت بە وڵاتانی دواكەوتوو بێتەناسین. ئێستا و دوای داڕمانی بلۆكی سۆسیالیزم و هەڵوەشانەوەی سۆڤیەتی جاران ئەم دابەشكردنە بەم جۆرە نەماوە و لە نووسینی ئابووری و سیاسیدا زۆرتر گوزارەی وڵاتانی پێشكەوتوو و وڵاتانی كەمتر پێشكەوتوو بەكاردەبرێت. لێرە پێشكەوتوو بە واتای ئابووری بەكاردەبرێت كە نەشونما دەگەیێنێت. كەواتە ئۆنفرێ گوزارەی ئەوروپا جیهانی سێیەكی نوێیە بۆ گازندەكردنی ئاستی ئابووری ئەوروپا بەكاردەبات. فەرەنسا كە بەشێكە لەو ئەوروپایە وەك یەكێك لە وڵاتانی جیهانی سێیەكەی جاران، وڵاتە دواكەوتووەكان، وێنادەكات كە نەیتوانی پێویستیە تەندروستییەكان بۆ هاوڵاتیان دابینبكات. ئەوەتا لە ئیتالیای 60 میلیۆنیدا ژمارەی تووشبوان بە كۆرۆنا زۆر زۆرترە لە وڵاتێكی فرەدانیشتوانی وەك چین.
ئۆنفرێ لە یەكێك لە لێدوانەكانی باس لەوە دەكات كە پەتا شتێكی تازە نییە و هەمیشە هەبووە و ژیانی میلیۆنەهاشی لەناوداوە. لە لێدوانێكی تریش دەڵێت: پەتای وا پێشتر بوونی نەبووە. ئەم پەتایەی ئێستا بەرۆكی مرۆڤایەتی گرتووە لە جەنگ وێرانكەرترە. وەكیتر جەنگیشە لەتەك دوژمنێكی نادیار. ئەم پەتایە، یان ئەم جەنگە، وادەكات مرۆڤەكان لە ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات باجی خۆیانبدەن، بەڵام هەژارەكان باجە گەورەكە دەدەن. خودی جیهانگیریش وا دەبینێت كە دەوڵەمەندەكان پتر دەوڵەمەند دەكات و هەژارەكانیش پتر هەژار. تەنانەت گومان لە توانای جیهانگیریش دەكات لە شەڕكردن لەتەك پەتای كۆرۆنا. سەرنجمان بۆ ئەوەش ڕادەكێشێت كە ئەم پەتایە زۆرێك شت لەتەك خۆیا دێنێت كە جارێ ماوە بیبینین. لێرە قسە لەو گۆڕانكاریانەیە دەكات كە لەژێرسایەی تەنگژە تەندروستییە جیهانیەكە دێنە سەر هاوكێشە ئابوورییەكان. پەتاكە كارا بوو لە دەرخستنی ڕوخساری ڕاستەقینەی ئەوروپا. دوورنەڕۆێین پەتاكە لە شوێنێکی وەك فەرەنسا ململانێی چیانەیەتی قووڵتركردەوە ،باری هەژارانی قوورستركرد. بۆبۆ (Bobo ) كانی(١) پاریس هەركە پەتاكە بڵاوبووەوە شاریان جێهێشت. دەوڵەمەندەكان ،لەڕێگای كار بە دیستانس، دەوڵەمەندتر بوون. لەگەڵ هەموو ئەوانەش ئۆنفرێ جەخت لەوە دەكات كە پەتاكە خواستی سەرمایەداری نەبوو، لێ سەرمایەداری هەوڵدەدات بەشێوازی خۆی چارەسەریبكات. لەم سۆنگەیەوە بەوە دەگەین كە شەڕی ئابووری و شەڕی پەتاكە لە وڵاتانی یەكیەتی ئەوروپا بە ئاشكرا هەستیپێكرا و قوربانی نوێشی دروستكرد.
لە لێدوانێك لەگەڵ (marianne.net ) ئەو پێشبینیە دەكات كە كۆرۆناڤایرۆس هێشتا سەرەتایەتی. زۆر شت لە ژیانمان دەگۆڕێت. بۆ یەكەم جاریشە كە ئەوروپای ماستریخت بۆی دەردەكەوێت بێ توانایە. پاش داڕمانی دیواری بەرلین و ونبوونی یەكیەتی سۆڤیەتی جاران و هاتنەسازانی پەیمانی ماستریخت بۆیەكەم جارە ئەوروپا هەست بە بوونی بەرامبەرێك دەكات. ئەم دەوڵەتەی پەیمانی ناوبراو دەیپارێزێت پڵنگە لە كاغەز. دێوەزمەیەكی ئابووری درۆیە كە توانای دابینكردنی دەمامكی پێویستی نییە. بەم جۆرە، ئۆنفرێ وامانلێدەكات بەو تەماشاكردنە بگەین كە پەتاكە بەرامبەرە تازەكەی ئەوروپایە. دوای داڕمانی كۆمۆنیزم ئەوروپا خۆی لەبەردەم دژێك دا بینییەوە كە نادیارە.

چین هەر ئەوە نییە كە ئەوروپا باسیدەكرد

ئۆنفرێ ئاماژە بەوە دەكات كە ساڵانێك لە سۆسیال میدیا واباسدەكرا چین ئۆرگانی ئەو بەندكراوانەی سزای لەسێدارەدانیان بەسەرا سەپێنراوە لە بازاڕی ڕەش دەفرۆشێت، كەچی ئەم وڵاتەی وایپێدەوترا توانی كۆنترۆلی ئەو مەترسیە بكات لە ماڵەكەیدا ڕوویدا، شاری وەهان كە پانزە میلیۆنێكی تیا دەژیت لە مەترسی كۆرۆنا دوورخرایەوە. ئەمە كارێكی ئاسان نییە. فەرەنسا و ئیتالیا، وڵاتانی ماستریخت، و ئەمەریكا ئەوەیان پێنەكرا كە وەهان بەتەنیا كردی. داخستنی شارێكی گەورەی وەك وەهان لە لایەن چینەوە لە خۆڕا نەبوو. ئەوە بەو جۆرە نەكرایە وەهان دەبووە كارگەی بەرهەمهێنانی ڤایرۆس. نەك هەر ئەوە بگرە حكومەتی چین یارمەتی وڵاتانی ماستریختیشیدا (وڵاتانی یەكیەتی ئەوروپا). ئەوەبوو چین یەك میلیۆن ماسكی لە ناوەندی مانگی ئادار بۆ فەرەنسا نارد، یارمەتیەكی پزیشكی بەرچاوی ئیتالیەكانیشی دا. لەگەڵ ئەوەش كە ئۆنفرێ ڕەخنەی زۆر لە سێستەمی سیاسی چینی دەگرێت ئەوەش دەبینێت كە مۆدێلی چین سەركەوتوانە لەم تەنگژەی پەتایە دەردەچێت. بۆ؟ چونكە چین خۆی دەبێت شتێكمان لەسەر خۆی پێبڵێت. بەدڵنیایشەوە ئەم چینە شتێكمان لەسەر خۆی پێناڵێت كە زیان لە ناوبانگی بدات، تەنیا ئەوەمان پێدەڵێت كە وێنەیەكی پۆزەتیڤانە لەسەر خۆی دروستبكات. ئەوەشمان بیرە كە درۆی لەگەڵ كردین سەبارەت بە مێژووی دەستپێكی پەتاكە و ئاماری مردووان.
ئۆنفرێ چین بە وڵاتێكی ماری دوو سەر ناودەنێت. سەرێكی سەرمایەداری لیبرالییە لە بەرهەمهێنان و سەرەكەی تری دێكتاتۆری ماركسی لینینیە لە كۆمەڵگە. ئەدی دۆزی ئەوروپای یەكگرتوو لەگەڵ ئەم دوو سەریەی چین؟ لیبرالیزمی یەكیەتی ئەوروپا كە بەرهەمی پەیمانی ماستەریختە بە پاساوی بەدەستهێنانی قازانج بووە هۆكاری چوونە دەرەوەی كۆمپانیەكان بۆ دەرەوەی ئەوروپا. چین یەكێكە لەو شوێنانەی كە دەستی كار تیایا زۆر هەرزانە و كرێكارە چینیەكانیش لەچاو كرێكاری ئەوروپایی تا ئەوپەڕی دەچەوسێنرێنەوە. كەواتە، جیهانگیری لیبرالیزمی ئەوروپای وایكرد كۆمپانیایەكی زۆری ئەوروپای ڕوو لە چین بكەن. ئەم لیبرالیزمە ئابووریەی ئەوروپا واشیكرد چینیەكان پێویستیەكانی ئەوروپایەكان بەرهەمبهێنن و ببنە بازاڕێكی جیهانییش بۆ بەرهەمهێنانی گشت جۆرە شمەكێك. چینیەكان، بە قسەی ئۆنفرێ، لەڕێگای زۆر بەرهەمهێنانەوە ،تا خواستی جیهانی پڕبكەنەوە، سەرقاڵی بەهێزكردنی ئابووریشیانن.

داڕمانی شارستانی ئەوروپای لەبەردەم تەنگژەی تەندروستیدا

ئۆنفرێ لە پەرتووكی “”داڕمان”” (Decadence ) شرۆڤەكردنی جیهانی هاوچەرخ، نەشونما و پیربوونی شارستانی جولەكە-مەسیحی كردووەتە ئامانج. بەهۆی پەتای كۆرۆناشەوە جارێكی تر دەكەوێتەوە وێزەی تەلاری شارستانی جولەكە-مەسیحی ئەوروپایی و پێوایە ئەم پەتایە شارستانی ناوبراو دادەڕمێنێت. شارستانی نوێ ،كە بۆ ئۆنفرێ ستاتۆسێكی مەسیحای- جوولەكەی هەیە خاوەنی سیاسەتێكی لیبرالە، لەبەردەم پەتای كۆرۆناشا لاوازانە ڕەفتاریكرد. بەپێی تێگەیشتنی سیاسییانەی ئۆنفرێ بێت تەنگژەی تەندروستی پەتای كۆرۆنا زۆر شتی بۆ ئەوروپایەكان واڵاكرد. تەنگژەكە پەنهانەكانی دەستكاریكرد و ئەوەشی پێوتین كە شارستانی ئێمەی ئەوروپایی لەسەروبەندی پایانهاتندایە. داڕمانی شارستانی ئێستاش بۆ ئەوە دەباتەوە كە ئەم شارستانیەی ئەوروپا شانازی پێوەدەكرد بەرگەی پەتایەكی نەگرت. خۆی بە زلهێزی ئابووری دەزانی و لەناكاو بووە پڵنگی كاغەزیین. ئەمە چ شارستانیەكی زەبەلاحە كە ماسكی بەپێی پێویست بۆ كەرتی پزیشكی بۆدابینناكرێت! تەنانەت پێیوانییە شتێك لەم دۆخە مابێتەوە بەناوی ئەوروپاوە. ئەم قسەیەی ئۆنفرێ وەكیتر ڕەخنەشە لە جیهانگیری (La mondialisation -La globalisation ) كە نەماوە. ئەوەی ئێستا هەیە جیهانیگیری نییە، بەڵكو دەسەڵاتی دەستەبژێری دەوڵەمەندەكانە. ئەم دەوڵەمەندانە لەكاتی كەرەنتینەكە لە چاو خەڵكی عەوام ژیانێكی فرە جیاواز ژیان. بەپێی بینینی ئۆنفرێ ئێستا گافا (GAFA) ئەوروپا و جیهان دەباتەڕێوە. گافا لە زمانی فەرەنسی كورتكراوەی چوار كۆمپانیا (گوگل، ئاپڵ، فەیسبووك، ئامازۆن) زەبەلاحەكەیە كە دونیایان داگیركردووە.
ئۆنفرێ ئەم قۆناغەی ئێستای ئەوروپا، بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا، بە هەنگاوێك دەزانێت بەرەو داڕمانی شارستانی ئەوروپای كە لەلایەن خۆشیوە ناویدەنێت ڕۆژئاوای ئەوروپایی. ئاوابوونی شارستانی ئەوروپاپی بە شتێكی حەتمی دەزانێت و بۆ ئەو مەبەستەش جەخت لەو ئێدیۆلۆژیایە دەكات شارستانیەكە هەیەتی. شارستانی ئێستای ئەوروپای كە شارستانی پارەیە ئامادە نییە بەدەم تەنگژەكانی كەرتی تەندروستییەوە بچێت. ئاماژەكانی داڕمانەكە لەو دۆخە دەبینێتەوە كە شارستانی ئەوروپای بە ئێدیۆلۆژیا لێبرالیەكەیەوە ناتوانێت ماسك و دەستكێش بۆ كەرتی تەندروستی دابینبكات یان لێدەگەڕێت بەتەمەنەكان لە ماڵی بەساڵاچووان بێ خزمەت بن. شارستانی ئەوروپای بێباكە بەرامبەر تەنگژە بووناوییەكان. مەرگەكانی ساتەوەختی كۆرۆنا ئەوەی سەلماند کە ئەوروپای لیبرالی ئامادە نییە پارە لە تەندروستی دا خەرجبكات. ئەمە چ شارستانیەكە پەتایەكی وا زەفەری پێبەرێت!
جیهانگیری ئابووری ئێستای ئەوروپایە، بەڵام ئەم ئابوورییە مەزنەی ئەوروپا توانای وەستانی بە ڕووی پەتای كۆرۆنایەكی نادیار و نەبینراو نەبوو. ئەمە چ شارستانیەكە تایبەتمەندییەكانی پارە و قازانجە، كە ناتوانێت بەگژ پەتایەكا بچێتەوە! ئەوروپایەك كە توانای ڕووبەڕووبوونەوەی تەنگژەی كۆرۆنای نەبێت باشترە بە ئەوروپایەكی جیهانی سێهەمی نوێ ناوبنرێت. كەوابێت كۆررۆنا هەڕەشەیە بۆ سەر شارستانی ئەوروپایی و ئاماژەشە لەسەر تەنگژەی تەندروستی جیهانی، بەڵام ئەم ڕوناكبیرە فەرەنسییە تەنگژەكە تەنیا بە تەنگژەیەكی تەندروستی نابینێت. تەنگژەكە پێش هەموو شتێك ئابوورییە و بە ئابووری جیهانگیرییەوە گرێدراوە. بۆیە وایدەبینێت تەنگژەكە بەهۆی پەتاكەوە بووە تەنگژەیەكی ئابووری یان پەتاكە هۆكاری دەرخستنی تەنگژە ئابوورییەكەی ئەوروپایە. ئەمەش بەجۆرێكی تر وادەكات ئابووری لیبرال بە ئابووریەك بناسێنێت كە ئامانجی سەرەكی بەدەستهێنانی قازانجە.
پەتای كۆرۆنا پەلە لە تێكشكانی شارستانی ئەوروپایی دەكات؟ ئۆنفرێ گومانناكات كە پەتای كۆرۆنا تەنگژەی ئابووری بۆ ئەوروپا دروستكردووە و واشیبۆدەچێت یەك هۆكار بەس نییە بۆ هەڵوەشاندنەوەی شارستانیەك، چونکە چەند هۆكارێك ڕۆڵیان لە داڕمانی شارستانییە دێرینەكان (ئاشووری، سۆمەری، بابلی، یۆنانی، ڕۆمانی) دادیوە. بۆنموونە كێشەی كشتوكاڵی، كێشەی ژینگەیی، بڵاوبوونەوەی درم و برسیەتی تادەگاتە تاعونێكی وەك ئەنتۆنی كە بووە هۆی كوشتنی زۆرێك كە دواتر شارستانی رۆمانی لەبەریەك هەڵوەشاندەوە. لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی كە پاش تێپەڕبوونی ئەم تەنگژەیە پێشبینی ئەوە دەكرێت دەوڵەتی ناسیۆنال یان هەندێك ڕژێمی شێوە جیهانی دەركەوێت هەروەك چۆن پاش جەنگی جیهانی دوو ڕوویدا؟ پێیوایە یەكیەتی ئەوروپا خەریكی دروستكردنی دەوڵەتێكی گەردووناوییە کە بوونی نییە، بوونیشی هەبێت مۆدێلێك دەبێت لە بێ سنوری و پێشێلكردنی نەتەوەكان و دەسەڵاتخستنە دەست كۆمپانیا گەورەكانی وەك ئاپڵ، گوگل، ئامازۆن و فەیسبووك.

بزووتنەوەی هێلەك زەردەكان

فەرەنسا لە 11/03/2020 چووە ناو خۆكەرەنتینكردن و لە 09/03/2020 لەبەر ڕۆشنای بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا فەرمانی یاساغكردنی گشت جۆرە خۆپیشاندان و چالاكیەكی سیاسی و كوولتوری دەركرد. بزووتنەوەی هێلەك زەردەكان (Mouvement des Gilets jaunes) ، كە لە 17 ی نۆڤەمبەری 2018 دەستیان بە چالاكییەكانیان كرد (خەبات لەپێناوی كەمكردنەوەی باج لەسەر سوتەمەنی و داوای بەرزكردنەوەی كرێی دەستی كار و تا كار گەیشتە داوای دەستلەكاركێشانەوەی ماكرۆن) ،لەگەڵ بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا لە چالاكی سەرشەقام كەوتن، بەڵام لەماوەی كەرەنتین لە سۆسیال میدیا پەرەیان بە چالاكیەكانیان دا. ئۆنفرێ بەوە ناسراوە كە هەر لە سەرەتاوە داكۆكی لە هێلەك زەردەكان كردووە لەچاو بەشێك لە ڕوناكبیرانی فەرەنسی و نووسەرە ماكرۆنیە نیولیبرالەكان كە بەچاوێكی بەرزەوە تەماشای خەباتی سەرشەقامی هێلەك زەردەكانیان نەكردووە. ئەمەش وادەكات ئۆنفرێ لە دوا كارەكانی دا كە سەرەتای ئەم ساڵ بەناوی””مەزنی گەلی بچووك: كاتەكان و بەدبەختییەكانی هێلەك زەردەكان”” بەچاپیگەیاندوە ئاوڕێكی سەرنجڕاكێشانە لە هێلەك زەردەكان بداتەوە و سروشت و هۆكاری بزووتنەوە یاخییانەکەیان ڕاڤەبكات.
ئەم فەیلەسوفە فەرەنسییە هێلەك زەردەكان وەك قوربانی دەوڵەتی ماستریخت، وڵاتانی یەكیەتی ئەوروپا، تەماشادەكات و خەباتەكەشیان وەك خەباتی “گەلی بچووك””، گەلێك كە لەژێرەوەیە، وێنادەكات. دەوڵەتی ناوبراو كە خاوەنی ئێدیۆلۆژیایەكی لیبرالییە تێكدەری شیرازەی كۆمەڵایەتی و ئابووری كۆمەڵگەی ئەوروپایە كە كۆمەڵگەی فەرەنسی یەكێكە لەو كۆمەڵگانە. ئایا هێلەك زەردەكان، بە گوزارەیەكی ئۆنفرێیانە “گەلی بچووك””، توانای گۆڕینی فەرەنسایان هەیە؟ بەلایەوە گرنگە هێلەك زەردەكان نەكەونە ناو یارییە سیاسییەكانی ماكرۆن و سەندیكا و حیزبە سیاسییە نیولیبرالەكانەوە. ئۆنفرێ تابڵێیت بێ متمانەیە بە سەرمایەداری كە دروستکەری نیولیبرالیزمە و بۆیە لە وەڵامێكی ئەندرێ كۆنت- سپۆنڤیل (André Comte-Sponville) سەرمایەداری بەوە لەقەڵەم دەدات كە ئەوەنە بەڕێز نییە پاش پەتاكە بەخۆیا بچێتەوە و پێشنیاری شێوازێكی تازەش لە بیركردنەوە بۆ جیهانی سبەیمان بکات. هاوکات ڕەخنەی تووندی سلۆرتێردیك (Sloterdijk) و بێرنار هێنری لیڤی (BHL ) ش دەكات كە ستایشی ماكرۆن دەكەن.

ئازاد حەمە

—————————————–

ژێردەر: هەمان سەرچاوەكانی بەشی 14 لێرەش بەكاربراون.
(1). بۆبۆ (Bobo ) كانی پاریس هەركە پەتاكە بڵاوبووەوە شاریان جێهێشت. ئەمە ڕەخنەی ئۆنفرێیە لە بۆبۆكان. بۆبۆكان (Les bobos) كێن؟ بۆهیم (Boheme) یە بۆرژوازەكانی شارە گەورەكانی ئەوروپا و ئەمەریكان. شێوە ژیانێكی سادە و سەیروسەمەرانە دەژین. خاوەنی خوێندن و كاری باشن، چێژخواز و نەختێك خۆویستیشن. لە ناوچە هەژارنشینەكانی شارا نیشتەجێن، خواردنی بایۆلۆجی دەخۆن، حەزیان بەناو سروشت و پەرتووك خوێندنەوە و هونەرە. ئەگەرچی ستایلی ژیانی ڕاقیانە هەڵدەبژێرن كەچی گوێ لە كێشەی هەژاران دەگرن و لەكاتی هەڵبژاردنەكانیشا دەنگ بە چەپ و ژینگەپارێزەكان دەدەن. دەكرێت بڵێین جۆرێكن لە هیپیە(Hipster) هاوچەرخەكان. بەپێی پەرتووكەكەی داڤید برۆك David Brooks (بۆبۆكان لە بەهەشت) بێت بۆبۆكان دوو جیهانیین: قاچێكیان لەناو جیهانی بۆهیمی داهێنەرانەیە، قاچەكەی تریان لەناو جیهانێكی بۆرژوازیانەیە كە بە خەونە خۆویستی و دونیاییەكانیانەوە بەستراوەتەوە. لە شارەكانیشا ناوچە و جێگەی نیشتەجێی خۆیان هەیە. لە پاریس لە دەوروبەری گەڕەكی لاتینی و زۆنی ( 9، 10،11،17، 18، 19 و 20) دەژین، لە لەندەن لە ناوچەی سۆهۆ (Soho) دەژین، كە كۆلن ولسن لەسەری نووسیوە. لە كوردستان بۆهیمی یان بۆبۆمان هەیە؟ ڕەنگە بۆبۆكانی ئێمە نیولیبرالەكانمان بن: مەسرور، نێچیرڤان، بەرهەم و هاوەڵەكانیان!!!! (بۆبۆكان، بۆهیمیەكان، هیپیەكان ) ئەمانە كەسانێکی یاخین. ئەو نیولیبرالە كوردانە زەندەقیان لە یاخیەكان دەچێت. لەگەڵ یاخیبوون دا ، ئەلبێر كامۆ وتەنی، هۆشیاری لەدایكدەبێت. نیولیبرالە كوردەکان لە هۆشیاری دەترسن.

https://dengekan.info/archives/author/azadhama
بۆ خوێندنەوەی بەشەکانی تر کلیکی ئێرەبکەن ….




پێرفۆڕمانس و شانۆ … نیهاد جامی

ده‌ركه‌وتنی پێرفۆڕمانس له‌ كاری هونه‌ریدا، په‌یوه‌ست نه‌بوو به تێگه‌یشتنی ‌ڕواڵه‌تیانه‌ی هونه‌ری، به‌ڵكو‌ زاده‌ی دوو قۆناغی فه‌لسه‌فیه‌، به‌واتایه‌كیتر به‌دوای ئه‌و ململانێ فه‌لسه‌فیه‌ی نێوان تازه‌گه‌ری و پاش تازه‌گه‌ری، پێرفۆڕمانس ده‌ركه‌وتووه‌، ئه‌وه‌ش وه‌ك ده‌ركه‌وته‌یه‌كی پاش تازه‌گه‌ریه‌ كه‌ سه‌ره‌تا په‌یوه‌ست بوو به‌ هونه‌ری ته‌لارسازی و هیچ په‌یوه‌ندیه‌كی به‌ هونه‌ری شانۆییه‌وه‌ نه‌بووه‌، دواتر خێرا ده‌په‌ڕێته‌وه‌ ناو هونه‌ری شێوه‌كاری، له‌وێوه‌ بوونی خۆی وه‌ك كاری هونه‌ری نیشان ده‌دات، ئه‌وه‌ وا ده‌كات ده‌رگا بۆ هه‌ردوو هونه‌ری سه‌ما و شانۆش بكاته‌وه‌ كه‌ پێیه‌وه‌ ئاشنا ببن.
دوو فه‌یله‌سووف كاریگه‌ری ڕاسته‌وخۆیان له‌سه‌ر ئه‌و هونه‌ره‌ هه‌یه‌، ئه‌وانیش لیوتار و گیانی ڤاتیمۆ، ئه‌وه‌ی یه‌كه‌میان كاتێك له‌كۆتایی هه‌فتاكان كتێبێك ده‌نووسێت به‌ناوی “هه‌ڵومه‌رجی پاش تازه‌گه‌ری” له‌و كتێبه‌دا باس له‌وه‌ ده‌كات تازه‌گه‌ری فه‌لسه‌فی پڕؤژه‌یه‌ك بوو كۆتایی هات، لێره‌دا یه‌كێك له‌ موریده‌كانی فه‌لسه‌فه‌ی تازه‌گه‌ری فه‌یله‌سووفی ئه‌ڵمانی هابرماس بوو كه‌ له‌ڕێگه‌ی وتارێكدا له‌ژێر ناوی “تازه‌گه‌ری پڕۆژه‌یه‌كی ناته‌واوه‌” وه‌ڵام به‌و هه‌ڵومه‌رجه‌ ده‌داته‌وه‌ كه‌ كۆی ڕوانینه‌كانی هابرماس قسه‌كردنه‌ له‌وه‌ی كه‌ تازه‌گه‌ری كۆتایی نه‌هاتووه‌و ئه‌وه‌ی ده‌ووترێت ده‌كرێت ڕه‌خنه‌گرتن بێت له‌ تازه‌گه‌ری نه‌وه‌كو كۆتایی هاتنی تازه‌گه‌ری، له‌وه‌شدا هابرماس ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ ڕوانینه‌كانی فه‌یله‌سوفی تازه‌گه‌ری هیگڵ.
گرفتی هابرماس له‌و ڕوانین و ئینتیما ئایدیۆلۆژییه‌ كه‌وا ئه‌و ناتوانێ ده‌ستبه‌رداری ناو تێكسته‌كانی هیگڵ و كانت ببێت به‌وه‌ی ناشتوانێ بڕوا به‌وه‌ بێنێت كه‌ تازه‌گه‌ری كۆتایی هاتووه‌، له‌دیدگای ئه‌ودا ده‌كرێت ئه‌و ڕوانینه‌ درێژكراوه‌ی ناو تازه‌گه‌ری خۆی بێت، له‌وه‌شدا ڕێك له‌ فه‌لسه‌فه‌ی نیتچه‌دا سه‌یری ده‌كات، لێره‌وه‌ ململانێی ئه‌و دوو تێگه‌یشتنه‌ فه‌لسه‌فیه‌ كه‌وتنه‌ ناو ڕووبه‌رێكی ڕه‌خنه‌ییه‌وه‌ كه‌ ڕه‌نگه‌ ئه‌وه‌یان په‌یوه‌ست نه‌بێت به‌ باسه‌كه‌ی ئێمه‌وه‌، به‌تایبه‌ت ئه‌وه‌ی په‌یوه‌سته‌ به‌ بیركردنه‌وه‌ی مرۆڤی تازه‌گه‌ری كه‌ مرۆڤێكی عه‌قڵانیه‌ ڕه‌نگه‌ ئه‌و باسه‌ هێنده‌ی باسێكی فه‌لسه‌فه‌ی تازه‌گه‌ری خۆی بێت په‌یوه‌ست نه‌بێت به‌ پێرفۆڕمانسه‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌وه‌یان واز لێ دێنین و دێینه‌ سه‌ر فه‌یله‌سووفێكیتر كه‌ گرنگی ته‌واوی به‌سه‌ر كاری پێرفۆڕمانسه‌وه‌ هه‌یه‌ و پێرفۆڕمێره‌كان به‌بێ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ئه‌و فه‌یله‌سووفه‌ ناتوانن باس له‌و هونه‌ره‌ بكه‌ن ئه‌ویش ڤاتیمۆ یه‌.
ڤاتیمۆ له‌ كتێبه‌ گرنگه‌كه‌یدا به‌ناوی “كۆتایی تازه‌گه‌ری” باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ تازه‌گه‌ری ئاراسته‌یه‌كه‌ ده‌بێت پێشنیاری دوای ئه‌و بكه‌ین، كه‌ ئه‌وه‌ی دوای تازه‌گه‌ری دێت چیه‌؟ چونكه‌ ناكرێت تازه‌گه‌ریه‌ك كه‌ له‌شوێنی خۆی ده‌وه‌ستێت ئیتر هه‌روا به‌جێی بێلین، ئه‌و گه‌شه‌سه‌ندنه‌ مێژوویه‌ وای كرد تازه‌گه‌ری بگاته‌ ئه‌و شوێنه‌ بۆیه‌ پێویستیتش ده‌كات ڕاڤه‌ كۆنه‌كان به‌جێ بێلین و به‌ره‌و دوای ئه‌و هه‌نگاو بنێین.
به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌وه‌ ڕێك ده‌مانگه‌یه‌نێته‌ سه‌ر بۆچوونێكی گرۆتۆفسكی بۆ پێرفۆڕمانس كه‌ دواتر ده‌گه‌ڕێینه‌وه‌ سه‌ری، ڤاتیمۆ مه‌به‌سته‌كه‌ی هێنده‌ ڕوونه‌ پێم وایه‌ پێویستی به‌ لیكدانه‌وه‌ی زۆر نه‌بێت، كه‌ ده‌یه‌وێت ووریامان بكاته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی دۆخی تازه‌گه‌ری تێبپه‌ڕێنین و له‌شوێنی خۆیدا نه‌یهێلینه‌وه‌، له‌و سۆنگه‌یه‌وه‌ ده‌كرێت باس له‌ چه‌ندین ڕه‌خنه‌گری شێوه‌كاری بكرێت كه‌ ویستیان له‌پێناو ده‌رچوون له‌و دۆخه‌ی تازه‌گه‌ری به‌دوای هونه‌رێكی باڵادا بگه‌ڕێن كه‌ به‌بڕوای ئێمه‌ “مایكل فرید” گرنگترینیان بێت، كه‌ تائه‌مڕۆش باسی لێوه‌ بكرێت.
ئه‌وه‌ش ئه‌و هونه‌ره‌یه‌ كه‌ به‌ پێرفۆڕمانس خۆی ناساند، كه‌ بریتی بوو له‌ هونه‌رێكی زیندووی ساته‌وه‌ختی له‌ زه‌مه‌نی كاركردندا له‌ شوێن و كاتی جیاواز ده‌خرایه‌ ڕوو، دواتر خێرا وه‌ك سه‌مای پێرفۆڕمانسیش خۆی خسته‌ ڕوو، كه‌ وه‌ك سه‌مایه‌ك له‌ناو هونه‌رێكی پاش تازه‌گه‌ری ده‌ركه‌وت، ئه‌و ده‌ركه‌وتنه‌ وای له‌چه‌ندین ڕه‌خنه‌گری ئه‌و بواره‌ كرد باس له‌ پێرفۆرمانس له‌هونه‌ری سه‌مادا بكه‌ن، كه‌ یه‌كێك له‌و ڕه‌خنه‌گرانه‌ سۆزان لانجه‌ر بوو.
هه‌ڵبه‌ت كه‌ پێرفۆڕمانس له‌شانۆدا ده‌ركه‌وت، له‌ فۆڕم و نۆرمێكدا خۆی نه‌خسته‌ ڕوو، به‌درێژایی ده‌ركه‌وتنی ئه‌و هونه‌ره‌ له‌شانۆدا هه‌میشه‌ له‌گۆڕانكاریدا بووه‌، كه‌ دواتر ووردتر له‌سه‌ر ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ شانۆییه‌ی ده‌وه‌ستین سه‌ره‌تا ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستمانه‌ بیخه‌ینه‌ ڕوو ته‌نیا ڕوانینێكی گشتیه‌ بۆ چۆنیه‌تی سه‌رهه‌ڵدان و ماناكانی دواتر ده‌گه‌ڕێینه‌وه‌ سه‌ر گرنگی و به‌های له‌ شانۆ و گۆڕانكاری و چۆنیه‌تی كاركردن تیایدا.‌‌
ئه‌و ده‌مه‌ی پێرفۆڕمانس ڕێساكانی تازه‌گه‌ری تێك ده‌شكێنێت، چیتر تازه‌گه‌ری خاوه‌نی ڕێسایه‌كی نه‌گۆڕ نیه‌، وه‌ك چۆن له‌ته‌لارسازیدا ئه‌و ڕێسایه‌ به‌دوای ئه‌و پیشانگایه‌ی سه‌ره‌تای هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی بیسته‌م له‌ ڤینسیا كرایه‌وه‌ كه‌ سی ئه‌ندازیار دیزاینه‌ره‌ ته‌لارسازیه‌كانی خۆیان خسته‌ ڕوو، كه‌ به‌ بڕوای ڕه‌خنه‌گری ئیتاڵی پاولۆ پۆرتۆگیزی ئه‌وه‌ سه‌ره‌تای كوده‌تا ڕاسته‌قینه‌كه‌ بوو كه‌ له‌ تازه‌گه‌ری كرا، چونكه‌ ئه‌وان له‌ڕووی ته‌لارسازیه‌وه‌ توانیان هاوسه‌نگیه‌كی جیاواز بدۆزنه‌وه‌ له‌نێوان حه‌قیقه‌تی ته‌لار و به‌های جوانكاریدا، ئه‌وه‌ش وه‌ك ئه‌و ده‌یخاته‌ ڕوو وه‌زیفه‌ی كاره‌كه‌ شێوه‌ هونه‌ریه‌كه‌ی ده‌سه‌پێنێت.
رێسا عه‌قلانیه‌كان و ئه‌فسانه‌كانی تازه‌گه‌ری لێره‌وه‌ ده‌كه‌ونه‌ ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی كۆتاییه‌ك كه‌ نه‌ك به‌ته‌نیا له‌ ته‌لارسازیدا، به‌ڵكو خێرا په‌ڕیه‌وه‌ ناو ده‌یالۆگی فه‌لسه‌فی و دواتریش هونه‌ری شێوه‌كاری به‌هه‌موو لقه‌كانیه‌وه‌ هه‌وڵیدا له‌ناو ئه‌فسانه‌كانی تازه‌گه‌ری بێته‌ ده‌ره‌وه‌، چونكه‌ ڕێسا عه‌قلانیه‌كانیان تێكشكاند.
لێره‌دا نابێت ئه‌و كۆمه‌كه‌ گرنگه‌ له‌یاد بكه‌ین كه‌ فه‌یله‌سووفی فه‌ره‌نسی ژاك درێدا قسه‌كردنه‌كانی له‌باره‌ی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ناوه‌ندگه‌رێتی عه‌قڵ بوو، به‌وه‌ی چۆن ئه‌و ناوه‌نده‌ هه‌ڵده‌وه‌شێنینه‌وه‌و سه‌ر له‌نوێ له‌ڕێگه‌ی بونیاده‌وه‌ ڕێكی ده‌خه‌ینه‌وه‌، به‌ بڕوای دریدا گرنگی بونیاد له‌وه‌دایه‌ ئه‌و ناوه‌ند “سێنته‌ر” ی نیه، به‌ڵكو به‌دوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ناوه‌ند بونیاده‌كان خۆیان ده‌نووسنه‌وه‌.
ئه‌وه‌ش بۆ هونه‌ری پێرفۆڕمانس به‌واتای چیتر ڕێساكان و تێگه‌یشتنه‌ عه‌قڵیه‌كان پێوه‌ری داهێنان نین له‌كاری هونه‌ری، كاری هونه‌ری ده‌بێته‌ زاده‌ی ئه‌و دۆخ و ساته‌وه‌خته‌ی كه‌ كاره‌كه‌ی تیا ئه‌نجام ده‌ده‌ین، ئه‌نجامدانه‌كه‌شی بۆ ساده‌كردنه‌وه‌ نیه‌، هێنده‌ی له‌پێناو خولقاندنی گه‌ڕانێكیتره‌ كه‌ ئه‌وه‌ پێو‌‌یستی كاره‌كه‌یه‌ شێوه‌ هونه‌ریه‌كه‌ش ده‌خوڵقێنێت.‌
ئێمه‌ لێره‌دا كاتێك ده‌بینین پێرفۆڕمانس به‌ته‌نیا له‌هونه‌ری شێوه‌كاری نامێنێته‌وه‌، به‌هۆی ئه‌و ڕه‌هه‌نده‌ جوانكاریی و فه‌لسه‌فییه‌ی خێرا ده‌په‌ڕێته‌وه‌ نێو هونه‌ری شانۆ، به‌تایبه‌ت كه‌ شانۆی ئه‌زموونگه‌ری بۆ خۆی له‌ گه‌ڕانێكی به‌رده‌وامدا بوو له‌پێناو ده‌ربازبوون له‌ڕێسا عه‌قڵانیه‌كانی شانۆ، كه‌ ئه‌وه‌ وای كرد وه‌ك میكانیزمێكیتری گه‌ڕان بۆ شانۆی ئه‌لته‌رناتیڤ سه‌یر بكرێت، به‌تایبه‌ت له‌لای شانۆكارانی پۆڵه‌ندی، به‌هۆی ئه‌وه‌ی زۆربه‌ی ئه‌زموونكارانی شانۆی پۆڵه‌ندی پێشتر له‌ هونه‌ری شێوه‌كاری كاریان كردبوو.
كاتێك پێرفۆڕمانس له‌ ئه‌زموونی شانۆكارانی پۆڵه‌ندی ده‌رده‌كه‌وێت جارێكیتر ڕووبه‌رێكی فه‌لسه‌فیانه‌ی جیاوازی پێ ده‌به‌خشرێت، به‌هۆی ئه‌وه‌ی پرسیاری ئه‌و مرۆڤه‌ به‌ته‌نیا له‌ڕێسای كاری هونه‌ری ناهێلێته‌وه‌، لێره‌دا پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌: بۆچی و به‌ر له‌وان پێرفۆڕمانس له‌ شانۆدا چۆن ده‌ركه‌وتبوو؟
ره‌نگه‌ له‌ساتی وه‌ڵام به‌و پرسیاره‌ زۆر نهێنی و ناكۆكیمان بۆ بكه‌وێته‌ ڕوو، چونكه‌ پێرفۆڕمانس بریتی نیه‌ له‌ شێوازێكی شانۆیی، به‌ڵكو گه‌ڕانێكی به‌رده‌وامه‌ به‌ پێی پێداویستی دۆخه‌ هونه‌ریه‌كه‌، هیچ ساتێك ڕێسایه‌ك نابێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ كاره‌كه‌ بچێته‌ نێو چوارچێوه‌یه‌كه‌وه‌، هێنده‌ی ئه‌وه‌ی بنیاتی ده‌نێت ئه‌و ئاگاییه‌ شانۆییه‌ و چۆنیه‌تی داڕشتنه‌وه‌ی ئه‌و دۆخه‌یه‌ له‌ناو شانۆدا، بۆ ئه‌وه‌ی بابه‌ت وه‌ك كێشه‌یه‌كی خودێتی نه‌خرێته‌ ڕوو، هێنده‌ی ئه‌و خوده‌ چۆن له‌ناو بابه‌ته‌كه‌دا یه‌كه‌یه‌كی هونه‌ری به‌رجه‌سته‌ ده‌كات، ئه‌وه‌ به‌ته‌واوی جیاوازه‌ له‌و وێنه‌یه‌ی شانۆی شه‌قام یاخود هه‌ندێك له‌ئه‌زموونه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی برۆدوای پێشكه‌شیان ده‌كرد، شانۆی نان و بووكه‌ شووشه‌ی پیته‌ر شۆمان به‌هیچ جۆرێك ئه‌زموونێكی پێرفۆڕمانس نیه‌، چونكه‌ شانۆیه‌كه‌ له‌ناو پێداویستیه‌كی ئایدیای تایبه‌ت و چوارچێوه‌یه‌كی ده‌ست نیشان كراو كار ده‌كات، هه‌ندێك له‌ ئه‌زموونه‌كانی ژۆلیان بیك و ژۆدیت مالینا كاری پێرفۆڕمانسین، به‌تایبه‌ت له‌چۆنیه‌تی كاركردنه‌وه‌یاندا له‌ ئه‌زموونی “ئه‌نتیگۆنا” دا.
به‌ڵام ده‌بێت ئه‌وه‌مان بیر نه‌چێت ئه‌و پێرفۆڕمانسه‌ كه‌ ئیشكردنه‌وه‌یه‌ له‌ته‌ك تێكست وه‌رگرتنه‌وه‌ی ته‌واوی تێكست نیه‌، هێنده‌ی چۆنیه‌تی وه‌رگرتنه‌وه‌ی تێكست و داڕشتنه‌وه‌یه‌تی به‌ پێی ئه‌و پێداویستیه‌ هونه‌ریه‌ی كه‌ ئه‌و خوازیاریه‌تی، ئه‌وه‌ش پێرفۆڕمانسی سه‌ره‌تای كاری شانۆییه‌، چونكه‌ ئێمه‌ له‌پاڵ هه‌موو هه‌وڵ و گه‌ڕانه‌ پێرفۆڕمانسیه‌كان، دوو شێوه‌ی سه‌ره‌كیمان هه‌یه‌ له‌ناو كاری پێرفۆڕمانسیدا، كه‌ یه‌كێكیان پشت به‌ستنه‌ به‌ گێڕانه‌وه‌.. ئه‌ویتریشیان ئیشكردنه‌وه‌ی ڕاسته‌وخۆیه‌ له‌ته‌ك جه‌سته‌، بۆ ئه‌وه‌ی له‌و دوو شێوه‌‌ سه‌ره‌كیه‌ بدوێین ڕاستر وایه‌ له‌سه‌ر هه‌ندێك بنه‌ماكانی ئه‌و دووانه‌ بوه‌ستین، چونكه‌ ئه‌و دوو شێوه‌ پێرفۆڕمانسه‌، كاریگه‌ری له‌سه‌ر ته‌واوی كاره‌كان داناوه‌و دواتریش وه‌ك پڕۆژه‌ی ئه‌لته‌رناتیڤ وجیاواز له‌شانۆدا ده‌ركه‌وتووه‌، تا ئه‌و ئاسته‌ی له‌ ئێستادا هه‌ڕه‌شه له‌ شانۆی سونه‌تی ده‌كات و له‌داهاتووشدا توانای ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ شوێنی شانۆ بگرێته‌وه‌، شوێنگرتنه‌وه‌ به‌و مانایه‌ی كه‌ هونه‌رێكه‌ له‌ناو ئاقاری بیركردنه‌وه‌دا پرسیاره‌ هه‌نووكه‌ییه‌كان ده‌باته‌وه‌ ناو مێژوو له‌وێوه‌ ئاماده‌بوونی خۆی وه‌ك ئه‌و زه‌مه‌نه‌ی ئێستایه‌ ئاوا ده‌ڕواته‌ ناو مێژوو، به‌هه‌مان شێوه‌ مێژوو دێنێته‌وه‌ ناو ئه‌و هه‌نووكه‌‌ شانۆییه‌ كه‌ له‌ زه‌مه‌نی یاده‌وه‌ریی بیگۆڕێت به‌ زه‌مه‌نی شانۆیی كه‌ زه‌مه‌نی فه‌لسه‌فی پێڕفۆڕمانسه‌. ‌
گێڕانه‌وه‌ چه‌مكێكی ئه‌ڕستۆیی نیه‌، به‌ڵكو گێڕانه‌وه‌ به‌شداریكردنێكی زه‌مه‌نی تێكسته‌ له‌ناو ئێستای مندا كه‌ بریتیه له‌ خۆنمایشكردنم له‌و ساته‌ی به‌ نمایشه‌كه‌ هه‌ڵده‌ستم، پێرفۆرمێر بۆ چه‌مكی گێرانه‌وه‌ پشت به‌ ته‌كنیكی تایبه‌ت به‌ پێرفۆڕمانسه‌كه‌ی ده‌به‌خشێت، به‌واتای ئه‌وه‌ ته‌كنیكه‌ ئاماده‌كانی گێڕانه‌وه‌ و تیۆره‌كانی گێڕانه‌وه‌ نین، به‌ڵكو ئاماده‌بوونی فیگوری من له‌و پێرفۆڕمانسه‌دا توانای خوڵقاندنی ته‌كنیكی گێڕانه‌وه‌ی هه‌یه‌.
سه‌ره‌تای هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی بیسته‌م كاره‌ پێرفۆرمانسیه‌كانی پینگ چۆنگ گێڕانه‌وه‌ی تیایدا بردۆته‌وه‌ ناو مانای ئاڵۆزه‌وه‌ كه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ كاره‌كانی له‌و ساته‌وه‌خته‌ی نمایشی ده‌كات، به‌ بڕوای توێژه‌رێكی بواری پێرفۆرمانسی وه‌كو ژۆناتان كالب گێڕانه‌وه‌ له‌كاره‌ پێرفۆرمانسیه‌كانی چۆنگ متمانه‌ ده‌كاته‌ سه‌ر ڕه‌گه‌زی چیرۆك ، به‌ڵام به‌ پله‌ی سه‌ره‌كی ئامانجی ئه‌وه‌ نیه‌ چیرۆكێكمان بۆ بگێڕێته‌وه‌.
هه‌رچی ڕه‌خنه‌گر نۆیل كاڕۆله‌ له‌باره‌ی كاره‌كانی چۆنگ بۆچوونی وایه‌ میكانیزمه‌كانی كاركردنی ئه‌و له‌پێناو تێپه‌ڕینه‌ به‌ناو ئه‌و بابه‌تانه‌ی كه‌ مه‌به‌ستیه‌تی به‌بێ ئه‌وه‌ی تێكه‌ڵیان بكات، له‌هه‌ر ده‌ربڕینێكی ئه‌و كاره‌ی ئه‌نجامی ده‌دات مه‌به‌ستێكی سه‌ربه‌خۆی هه‌یه‌ كه‌ تێكه‌ڵی ناكاته‌وه‌ به‌ مه‌به‌ستێكیتر.
ئه‌و شێوه‌ پێرفۆرمانسه‌ سیماكانی له‌ كاری هونه‌ر‌مه‌ندێكه‌وه‌ جێگیر نه‌بووه، چونكه‌ ئه‌گه‌ر ته‌ماشای كاره‌كانی ئیلیزابێس لی كۆمپێت بكه‌ین، كه‌ له‌كۆتایی هه‌فتاكانه‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات و بۆ سه‌ره‌تای هه‌شتاكانیش به‌رده‌وام ده‌بێت، تێبینی ئه‌وه‌ ده‌كرێت ئه‌و له‌كاره‌كانیدا هه‌وڵی ڕه‌گه‌زه‌ بینراو و بیستراوه‌كان ده‌دات، به‌واتای پێرفۆرمانس له‌لای ئه‌ودا وێنه‌ی بینراوه‌ له‌پاڵ وێنه‌ی بیستراو.
له‌و ڕوانگه‌یه‌وه‌ هه‌وڵیداوه‌ كار له‌سه‌ر چه‌ندین تێكست بكات، له‌وانه‌ شانۆگه‌ریه‌كی ئیلیۆت هه‌ڵده‌بژێرێت، ناوی ده‌بات به‌ “هه‌ڵبژاردنه‌كان” كه‌ له‌ شه‌ش هه‌ڵبژاردن به‌رجه‌سته‌ی ده‌كات، یاخود كاره‌كانی گروپی وۆسته‌ر به‌تایبه‌ت له‌شانۆگه‌ری “گه‌شتی ڕۆژێكی درێژ بۆ قوڵایی شه‌و” ی یۆژین ئۆنێل كه‌ له‌ماوه‌ی 13 ده‌قیقه‌دا نمایشكراوه‌، كه‌ پێرفۆرمێره‌كان ته‌نیا دیارترین ده‌یالۆگه‌كانی ناو شانۆنامه‌كه‌یان هه‌ڵبژاردووه‌ بۆ كاركردن.
هه‌ر هونه‌رمه‌ندێك به‌پێی تێگه‌یشتنی بۆ كاره‌كه‌ی خۆی هه‌وڵیداوه‌ ئاگایی كولتوریی و جوانیناسیانه‌ی ببێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی چۆن سه‌ر له‌نوێ فۆڕم به‌و نمایشه‌ ده‌به‌خشێت، له‌و كاته‌دا ئه‌وه‌ی نایكاته‌ ڕێسایه‌ك په‌یوه‌سته‌ به‌و ڕۆحه‌ ئه‌زموونكاریه‌ته‌ی هه‌میشه‌ له‌ناو گه‌ڕاندایه‌ كه‌ شوێنێكی نیه‌ بۆ وه‌ستان و به‌خشینی وه‌ك ستایلێك، به‌ڵام هه‌میشه‌ تێگه‌یشتنێكی فیكری قووڵ له‌پشت كاره‌كانه‌وه‌یه‌، به‌واتای به‌ته‌نیا هه‌ستی ڕووكه‌ش بۆ دیارده‌یه‌ك یان گرفتێك ناكه‌نه‌ هۆكار بۆ خولقاندنی كاره‌ هونه‌ریه‌كه‌، هێنده‌ی ده‌یانه‌وێت له‌پاڵ ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ هونه‌ریه‌ قوڵاییه‌كی فیكریی و بیركردنه‌وه‌ی فه‌لسه‌فی پێ ببه‌خشن، ئه‌وه‌ی بۆ ‌ئه‌وان گرنگ نه‌بێت ژماره‌ی پێرفۆرمێره‌، به‌ڵام گرنگه‌ كه‌ ئه‌وه‌ له‌ نمایشی سونه‌تی شانۆ كاریگه‌ری زیاتر بخوڵقێنێت، گه‌ر وانه‌بێت ڕوو ده‌كرێته‌ نمایشت كردنه‌وه‌ی تێكسته‌كان له‌سه‌ر شانۆ، به‌ڵام چونكه‌ مه‌ودا و ڕووبه‌رێكیتر ده‌خوڵقێنن بۆیه‌ به‌و شێوه‌یه‌ ده‌یخه‌نه‌ ڕوو، هیچ كاتێكیش له‌ نمایشی شانۆیی وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ به‌ كه‌متر سه‌یری ناكه‌ن، وه‌ك چۆن ژنه‌ پێرفۆرمێر كارین فینلی له‌ڕێگه‌ی نمایشی مۆنۆدرامیه‌وه‌ ده‌یویست كامێرا و وێنه‌ی فۆتۆگرافی به‌شداری له‌ گێڕانه‌وه‌ی تاوانه‌كان بكات، ئه‌و گێڕانه‌وه‌یه‌ بۆ خوڵقاندنی مه‌ودایه‌كی فیكریی بوو به‌ تاوان، به‌واتای ڕووداوه‌كانی ڕۆژ بۆ ووروژاندن نیه‌ له‌سه‌ر شه‌قام و ئه‌و شوێنانه‌ی كه‌ پێرفۆرمانسه‌كه‌ی‌ تیا ئه‌نجام ده‌درێت، به‌ڵكو له‌پێناو چۆنیه‌تی داڕشتنه‌وه‌یه‌ له‌ناو یه‌كه‌یه‌كی جوانكاریی و فیكریدا.
ره‌نگه‌ له‌و شێوه‌ پێرفۆرمانسه‌دا نمونه‌ی پێرفۆرمێری زۆر له‌به‌رده‌ستدا بێت، به‌ڵام ده‌شێت له‌ نوسینی كورته‌ وتارێكدا گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ته‌واوی هه‌وڵه‌كان ئه‌و گرنگیه‌ی نه‌بێت به‌قه‌د ئه‌وه‌ی تیشك خستنه‌ سه‌ر شێوه‌ی پێرفۆرمانسه‌كه‌ بۆ خۆی گرنگی تایبه‌تی هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی ئاگایی و مه‌عریفه‌یه‌كمان له‌باره‌یه‌وه‌ هه‌بێت، ئێمه‌ به‌ر له‌كۆتایی هاتنی به‌و وتاره‌ هه‌وڵده‌ده‌ین له‌سه‌ر شێوه‌یه‌كیتری پێرفۆرمانس بێینه‌ قسه‌كردن، كه‌ پێم وایه‌ گرنگی تایبه‌تی خۆی له‌ئێستادا هه‌بێت و به‌رده‌وامی و گه‌شه‌سه‌ندنی هه‌میشه‌یی به‌خۆیه‌وه‌ بینیبێت، ئه‌ویش پێرفۆرمانسی جه‌سته‌ییه‌، كه‌ ده‌توانین بیگه‌رێنینه‌وه‌ بۆ هه‌وڵه‌ به‌رده‌وامه‌كانی ‌شانۆكارانی پۆڵه‌ندی به‌تایبه‌تی له‌كاره‌كانی گرتۆفسكی و كانتور و گیگیۆفسكی و ئه‌وانیتردا.
پێرفۆڕمانس سه‌رباری ده‌ركه‌وتنی له‌ناو هونه‌ره‌كانی شێوه‌كاری و شانۆ و سه‌ما، به‌ڵام بوونی ئه‌و هونه‌ره له‌لایان شانۆكارانی پۆڵه‌ندیه‌وه‌ له‌ڕاستیدا ڕووبه‌رو پانتاییه‌كیتریان پێ به‌خشی، هۆكاری سه‌ره‌كیش ئه‌وه‌ بوو زۆربه‌ی شانۆكارانی پۆڵه‌ندی كه‌ به‌ ئه‌زموونكاره‌ نوێیه‌كان ناویان ده‌ركردبوو، پێشتر له‌هونه‌ری شێوه‌كاری وه‌ك شێوه‌كار ناسرابوون و دواتر ڕوویان كردبووه‌ شانۆ، بۆ ئه‌وه‌ش توانیان له‌ كاری پێرفۆرمانسیدا په‌یوه‌ندیه‌ك بخوڵقێنن له‌نێوان هونه‌ری شێوه‌كاری و شانۆدا.
دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌ خاڵی نه‌بوو له‌و قه‌یرانه‌‌ كولتوریه‌ی مرۆڤی پۆڵه‌ندی خۆی كه‌ به‌هۆی نازیه‌ته‌وه‌ ڕووبه‌رووی ببۆوه‌، كه‌ جه‌سته‌ له‌ فڕنه‌كانی نازیزم ده‌سووتێنرا، ئه‌و بێبه‌ها به‌خشینه‌ به‌ جه‌سته‌ی مرۆڤی پۆڵه‌ندی، بۆ خۆی توانی ئه‌و پرسیاره‌ ڕووبه‌رووی ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌ بكاته‌وه‌: جه‌سته‌ی من بوونی چیه‌؟
گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ناو گفتوگۆكانی شانۆكارێكی وه‌كو یۆزیف شاینا كه‌ چۆبن ڕۆژێك به‌ر له‌وه‌ی بخرێته‌ فڕنه‌وه‌و بسووتێنرێت چۆن به‌ په‌رجوویه‌ك ڕزگاری بووه‌، بۆ خۆی پرسیاری جه‌سته‌ له‌لای شانۆكاری پۆڵه‌ندی ده‌كاته‌ پرسیاری كولتوریی ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌، هه‌ر بۆیه‌ جه‌سته‌ چه‌نده‌ په‌یوه‌سته‌ به‌و ئاگاییه‌ شێوه‌كاریه‌ی شێوه‌كاران كه‌ دواتر په‌ڕینه‌وه‌ ناو شانۆ، له‌هه‌مان كاتیشدا په‌یوه‌سته‌ به‌و ئاگاییه‌ كولتوریه‌ی مرۆڤه‌كانی ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌.
ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌ له‌به‌رده‌م هه‌وڵه‌ شانۆییه‌كانیشدا گه‌یشتبووه‌ خاڵێك كه‌ په‌ڕینه‌وه‌ و ڕووه‌ و شانۆیه‌كیتر بوو، چونكه‌ شانۆ وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌بوو ئیتر پێویستی به‌وه‌ بوو له‌ڕووبه‌رێكیتردا وه‌ڵام به‌ پرسیاره‌كانی ئه‌وان بداته‌وه‌، به‌تایبه‌ت ئه‌و ده‌مه‌ی گرۆتۆفسكی ووتی “ئێمه‌ له‌سه‌رده‌می ئه‌ودیوی شانۆداین”
ئه‌و ووته‌یه‌ زاده‌ی گه‌ڕان بوو به‌دوای هونه‌رێك كه‌ چیتر له‌ڕێگه‌ی كه‌ره‌سته‌ شانۆییه‌كانی سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆ گوزارشت له‌خۆیان نه‌كه‌ن، ئه‌وه‌ بۆخۆی بانگه‌شه‌ كردنێكی پێرفۆرمانسیانه‌ بوو كه‌ له‌ڕێگه‌ی جه‌سته‌وه‌ بنیاتی ده‌نا، ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ی گرۆتۆفسكی بۆ ئه‌ودیوی شانۆ، هه‌مان تێگه‌یشتنی ڤاتیمۆ یه‌ بۆ فه‌لسه‌فه‌ كه‌ به‌دوای تازه‌گه‌ری فه‌لسه‌فه‌ پێویستی به‌ پاش تازه‌گه‌ریه‌، چونكه‌ تازه‌گه‌ری كۆتایی دێت، ڕه‌نگه‌ پێرفۆرمانس بۆ خۆی له‌به‌رده‌م په‌ڕینه‌وه‌ بێت بۆ دۆخێكیتر، كه‌ دۆخی پێرفۆڕمانس بێت، هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه‌ بۆ گرۆتۆفسكی به‌ته‌نیا كاركردن نه‌بوو بۆ شێوه‌ ئه‌زموونێكیتر هێنده‌ی ڕووبه‌رێكی فه‌لسه‌فیانه‌ی شانۆ بوو، ئه‌گه‌ر ووردبینانه‌تر قسه‌ بكه‌ین ده‌بێت شێتی ئاڕتۆ بگه‌رێنینه‌وه‌ بۆ درك نه‌كردنی كۆمه‌ڵكای خۆرئاوایی بۆ هونه‌رێكی پێرفۆڕمانسی، به‌ڵام سه‌ره‌نجام ئارتۆ به‌و فه‌یله‌سووفه‌ شانۆییه‌ ده‌مێنێته‌وه‌ كه‌ زه‌مینه‌ی گوتاری ئه‌لته‌رناتیڤی له‌شانۆدا بنیاتنا.
ئه‌و زه‌مینه‌ی ئاڕتۆییه‌ گرۆتۆفسكی به‌ته‌نیا نایهێنێته‌ دی، به‌ڵكو ئه‌و دیده‌ فه‌لسه‌فییه‌ش تیایدا ده‌خاته‌ ڕوو، بۆیه‌ پێرفۆڕمانس مانای نه‌دۆزراوه‌ بۆ ئه‌و هه‌وڵه‌ ده‌دۆزێته‌وه‌.
لێره‌دا نمایشی شانۆیی ده‌گۆڕێت بۆ پێرفۆڕمانس و ئه‌كته‌ریش ناو ده‌بات به‌ پێرفۆڕمێر، له‌و باره‌یه‌وه‌ گرۆتۆفسكی ده‌ڵێت “پێرفۆڕمێر پیاوی كرداره‌.. نه‌وه‌ك ئه‌وه‌ی ڕۆڵی پیاوێكیتر ده‌بینێت, ئه‌و سه‌مازانه‌, جه‌نگاوه‌ره‌, له‌ده‌ره‌وه‌ی هه‌موو چوارچێوه‌و ڕه‌گه‌زه‌ هونه‌ریه‌كانه‌وه‌, سرووتیش پێرفۆڕمانسه‌, یا كرده‌یه‌كی ته‌واوكه‌رو كرده‌یه‌كی ته‌واوه‌, نمایشیش تێكشكانی سرووته‌, لێره‌دا له‌و رێگه‌یه‌وه‌ نامه‌وێت, شتێكی نوێ‌ بدۆزمه‌وه‌, به‌ڵكو كه‌شفی شتێكی له‌یادكراو بكه‌م”
كه‌واته‌ پێرفۆڕمێر بوونی ئاماده‌بوونی خۆیه‌تی نه‌ك نوێنه‌رایه‌تی كردنی كاره‌كته‌ر, ئه‌و نوێنه‌رایه‌تی كه‌س ناكات, ئه‌وه‌ سرووتێكی شانۆییه‌ تیایدا پێرفۆڕمێر ئاماده‌بوونی وه‌ك مرۆڤ له‌ته‌ك ئاماده‌بوونی مرۆییانه‌ی وه‌رگر یه‌كه‌یه‌كی ڕیتواڵی پێكدێنن, كه‌ مۆتیڤێكی چه‌مكه‌ له‌ڕووبه‌ری پێرفۆڕمانسدا.
جه‌سته‌ بۆ گرۆتۆفسكی ڕووبه‌رێك نیه‌ كه‌ تێكست له‌سه‌ر شانۆ ملكه‌چی پێبكات به‌ڵكو وه‌ك ده‌ڵێت “جه‌سته‌ یاده‌وه‌ری نییه‌, به‌ڵكو خۆی یاده‌وه‌ریه‌, ئه‌وه‌ی ده‌بێت پێی هه‌ڵبستێت لابردنی به‌ربه‌سته‌كانی جه‌سته‌یه‌” ئه‌وه‌ش ئه‌و كرداره‌یه‌ كه‌ پێرفۆرمانسه‌كه‌ی تیا ئه‌نجام ده‌درێت، ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌ی جه‌سته‌ و باه‌تگه‌رێتی ده‌یخوڵقێنێت، چونكه‌ جه‌سته‌ وه‌ك جۆرێك له‌ یاده‌وه‌ری ده‌بینێت، ئه‌و یاده‌وه‌ریه‌ له‌ته‌ك ئه‌و زه‌مه‌نه‌ هه‌نوكه‌ییه‌ی پێرفۆرمێر گوتاری ئێستای من بنیات ده‌نێت، ئه‌و منه‌ كێشه‌یه‌كی فه‌لسه‌فی ڕووبه‌رووی ده‌كاته‌وه‌ به‌وه‌ی (منی جه‌سته‌) و(جه‌سته‌ی من) دوو تێگه‌یشتنی پێرفۆرمانسیانه‌یه‌ بۆ جه‌سته‌، ئه‌گه‌ر له‌و كاره‌ پێرفۆرمانسیانه‌ی ناو تێكسته‌كان كه‌ سه‌ره‌تا وه‌ك گێڕانه‌وه‌ی پێرفۆرمانسی ئاماژه‌مان بۆ كرد من تیایدا ببێت به‌ منی جه‌سته‌، ئه‌وا من له‌ڕێگه‌ی چه‌ند ده‌یالۆگێكه‌وه‌ دێت بۆ خۆنمایشكردن جه‌سته‌شی ده‌خاته‌ خزمه‌تی ئه‌و نمایشه‌وه‌، ئه‌وه‌ش ته‌نانه‌ت له‌لای شانۆی زیندووی جۆدیت مالینا وژۆلیانا بیكیش هه‌ستی پی ده‌كه‌ین.
به‌ڵام ئه‌و ده‌مه‌ی جه‌سته‌ی من ئاماده‌بوونی هه‌بوو، مانای وایه‌ جه‌سته‌ نه‌خراوه‌ته‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی فه‌زای تێكسته‌وه‌، به‌ڵكو جه‌سته‌ بۆخۆی ئازادبوونی گوتاره‌، كه‌ توانای بنیاتنانی ئێستای هه‌بێت له‌ ساته‌وه‌ختی پێرفۆرمانسه‌كه‌دا.
لێره‌دا ده‌توانین شێوه‌یه‌كی جیاواز له‌ كاری پێرفۆرمانسی به‌دی بكه‌ین، كه‌ ئه‌و ڕوانینه‌ی گرۆتۆفسكی ئه‌مڕۆ كاریگه‌ری له‌سه‌ر زۆر ئه‌زموون و كاری پێرفۆرمێره‌كان به‌جێ هێشتووه‌ و ده‌شێت له‌داهاتووشدا ده‌رگا بۆ زۆر كاری تر بكاته‌وه‌، ئه‌وه‌ به‌و مانایه‌ نیه‌ كه‌ لاسایی بكرێت، به‌ڵكو به‌و واتایه‌ی كه‌ كاری پێرفۆرمانسی له‌و دیده‌ تیۆریه‌وه‌ هه‌وڵی خوڵقاندنی مانا و شێوه‌ی تر بدات بۆ چۆنیه‌تی ئاماده‌بوونی جه‌سته‌ی پێرفۆرمێر له‌ناو پێرفۆرمانسدا.‌

   ‌ ‌   نیهاد جامی/ پۆڵەندا



ژن و منداڵه‌ ئێزیدیه‌كانی قوربانی داعش … ڕه‌سوڵ بۆسكێنی

ئه‌گه‌رمێژووی كورد پڕبێت له‌ داگیركاری و تاڵان و چه‌وسانه‌وه‌ و له‌ناوبردن، بێگومان ئه‌وه‌‌ بۆ ئێزیدییه‌كان سه‌خت و دوارتر بووه‌، چونكه‌ به‌درێژایی مێژوو تائێستاش له‌سه‌ر ده‌ستی ده‌سه‌ڵاته‌ جیاوازه‌كانه‌وه‌ زوڵم چه‌وسانه‌وه‌یان به‌رامبه‌ركراوه‌، چه‌وساندنه‌وه‌ی ئه‌وان دووسه‌ره‌ بووه‌، هه‌م وه‌كو ئایین و هه‌م وه‌كو كوردبوون چه‌وساونه‌ته‌وه‌، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی تووشی ئازار و ئه‌شكه‌نجه‌ و نه‌هامه‌تی و كۆمه‌ڵكوژی بونه‌ته‌وه‌، ده‌یان فتوای كوێرانه‌ بۆ كوشتوبڕ و قڕكردنیان ده‌ركراوه‌.
به‌هۆی نه‌زانی و بیری ته‌سكی دوژمنه‌كان ئێزیدیه‌كان به ‌لاده‌ر و كافر له‌قه‌ڵه‌م دراون، ئه‌مه‌ش خوێنی حه‌ڵاڵ كردوون و چه‌ندان فه‌رمانی كۆمه‌ڵكوژی و له‌ناوبردنیان بۆ دراوه‌، له‌ئه‌نجامی ئه‌و فه‌رمان و هێرشانه‌دا هه‌زاران كوڕ و كیژ و ژن و منداڵیان كوژراون و به‌دیل براون و خراپترین مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ كراوه‌، له‌هه‌موو ئه‌و فه‌رمان و شاڵاوه‌ نه‌گریسانه‌ی كراوه‌ته‌ سه‌ریان، ژنانی ئێزدی قوربانی یه‌كه‌م بوون و زۆرترین زوڵم و چه‌وسانه‌وه‌یان ده‌رهه‌ق كراوه‌.
وه‌ك خۆیان ده‌ڵێن و مێژوو گه‌واهی ده‌دات 74 جار فه‌رمانی قڕكردنیان بۆ دراوه‌ و دواترینیان ئه‌وه‌ بوو، له‌ئه‌نجامی خیانه‌تی ده‌سه‌ڵاتی كوردی و له‌ 3- 8- 2014 له‌شه‌نگال ڕوویدا، كه‌ مێشك وشك و ده‌روون نه‌خۆشه‌كانی داعش ‌هێرشان كرده‌ سه‌ر ئێزدییه‌كان و له‌ژێر سایه‌ی كه‌مته‌رخه‌می و خه‌مساردی هێزی پارێزه‌ریان، به‌هه‌زاران ژن و منداڵ بوونه‌ قوربانی ئه‌قڵیه‌تی داگیركه‌ری ده‌روون نه‌خۆشی داعش، كه‌سیش نه‌بوو به‌رگری بكا له‌ نه‌هامه‌تی و به‌دیل گرتنیان، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌وانه‌ی بانگه‌شه‌ی پاراستنی كۆمه‌ڵگا و ئێزدییه‌كانیان ده‌كرد، له‌كاتێكدا ئێزدییه‌كان پێویستیان به‌پاراستن هه‌بوو، ئه‌وان هه‌ڵاتن و له‌گه‌مه‌یه‌كی سیاسیدا پشتیان كرده‌ ئێزدییه‌كان و له‌ دووره‌وه‌ بوونه‌ بینه‌ری ڕووداوه‌ دڵته‌زێنه‌كان.
‌له‌و په‌لامار و هێرشانه‌ی داعش بۆ سه‌ر شه‌نگال هه‌زاران ژن و منداڵی ئێزدی بوونه‌ قوربانی ئه‌و جه‌نگه‌ ئایینیه‌ و كه‌وتنه‌ ژێر ده‌ستی داڵاشه‌كانی داعش، ژن و كچه‌ پاكیزه‌كانی ئێزدی دووچاری ناخۆشترین و دڕندانه‌ترین شێوه‌كانی ده‌ستدرێژی و به‌كۆیله‌كردنی سیكسی بوونه‌وه‌ و بازرگانی و كڕین و فرۆشتنیان پێوه‌ كرا.
دیمه‌نه‌كانی ئه‌و داگیركارییه‌ هێنده‌ ترسناك و ناخهه‌ژێن بوون، مرۆڤ به‌زه‌‌حمه‌ت ده‌توانێت ئه‌و ڕووداوانه‌ فه‌رامۆش بكات، كه‌ له‌كاتی ده‌ستگیركردنی ئێزدییه‌كان به‌ده‌ستی داعش تووشی چ نه‌هامه‌تی ده‌رده‌سه‌ریه‌ك بوون، له‌یه‌كه‌م هه‌نگاودا هه‌موویان له‌یه‌كتر دابڕین، دایك له‌منداڵه‌كانی جیا كرایه‌وه‌ و ئاگایان له‌یه‌كتر نه‌ما، ئافره‌تی گه‌نج و به‌ته‌مه‌ن، جوان و منداڵكار، بێ منداڵ و منداڵدار، سه‌ڵت و خێزاندار، له‌یه‌كتر جیاكرانه‌وه‌، دایك له‌منداڵ، كچ له‌دایكیان دابڕین و كوڕه‌كانیشیان له‌وان جیا كرده‌وه‌، ئه‌وانه‌ی جیاده‌كرانه‌وه‌ ده‌یانبردن و به‌ڕاكێشان به‌دوای خۆیاندا ڕیانده‌كێشان، منداڵ هه‌بوو دامێنی دایكی ده‌گرت و نه‌یده‌ویست لێی جیاببێته‌وه‌، قیژه‌ی ژن و گریانی منداڵ دنیای پڕكردبوو، ئه‌و دیمه‌نه‌ سامناكه‌ به‌ر‌دی ده‌هێنایه‌ ده‌نگ، ده‌توت ڕۆژی حه‌شره‌، به‌جۆرێك كاریگه‌ری له‌سه‌ر ئه‌وان داناوه‌ ئێستا ژنه‌ ڕزگاربووه‌كانی ده‌ستی داعش ده‌ڵێن كاتێك ده‌كه‌ویه‌ به‌رده‌ستی داعش ڕۆژی سه‌دجار مه‌رگ به‌ئاوات ده‌خوازی، به‌ڕاستی مه‌رگ له‌ ژیانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی داعش ئاسووده‌تره‌، له‌و سۆنگه‌یه‌وه‌ له‌كاتی ده‌ستگیركردنی ئێزدییه‌كان وابڵاوكرایه‌وه‌ یه‌كێك له‌ ژنه‌ ئێزدییه‌كان به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ك بووه‌ له‌شوێنی ده‌ستبه‌سه‌ركردنیه‌وه‌ په‌یوه‌ندی به‌مێرده‌كه‌‌یه‌وه‌ كردووه، به‌ڵام بۆ ڕزگار بوون نا، به‌ڵكو بۆ ئه‌وه‌‌ی داوا له‌هێزه‌كانی ئه‌مریكا بكه‌ن، ئه‌و شوێنه‌ی ئه‌وانی تێداده‌ستبه‌سه‌ر كراون به‌فڕۆكه‌ بۆردومانی بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی بمرن و له‌ده‌ست داعش ڕزگاریان ببێت، ئه‌وه‌ باشتره‌ له‌ دنیای پڕ شه‌رمه‌زاری دوای ڕزگاربوون له‌ ده‌ستی داعش، ئایا ئه‌مه‌ چ نه‌هامه‌تیه‌كی ژیانه‌، مه‌رگ به‌ئاوات بخوازیت.
ئه‌و هه‌واڵ و چیرۆكانه‌ی دوای ده‌ستبه‌سه‌ركردنی ژن و منداڵه‌ ئێزدییه‌كان بڵاوده‌بوونه‌وه‌، به‌شێوه‌یه‌ك ترسناك بوون، ته‌نانه‌ت مێژووش شه‌رمه‌زاره‌ له‌ دووباره‌ كردنه‌وه‌یان‌، كه‌ داعشه‌ ده‌رون نه‌خۆش و دڵڕه‌شه‌كان به‌وپه‌ڕی دڕندایه‌تیه‌وه‌ مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ژن و منداڵه‌ ئێزدییه‌كان ده‌كرد، دوای ده‌ستبه‌سه‌ركردن و جیاكرنه‌وه‌یان به‌شێك له‌ومنداڵانه‌ ناچاركراون چه‌ك هه‌ڵبگرن و به‌بێ ویستی خۆیان به‌شداری جه‌نگ و كرده‌وه‌ تیرۆرستیه‌كان بكه‌ن، ‌بێگومان ئه‌گه‌ر سه‌ركێشیان بكردایه‌ بێ بیركردنه‌وه‌ ده‌كوژران، هه‌ربۆیه‌ له‌پێناوی مانه‌وه‌ له‌ژیان ناچاربوون، قبوڵی بكه‌ن، ببنه‌ چه‌كداری داعش و به‌شداری جه‌نگ بكه‌ن، به‌شێكی تر له‌و منداڵ و كچه‌ هه‌رزه‌كارانه‌ی له‌و ماوه‌ی لای داعش ده‌ستبه‌سه‌ر بوون، ئه‌گه‌رچی زۆر منداڵ بوون و هیچ هه‌ستێك ڕێگابه‌وه‌ نادا، به‌ڵام ئه‌وان ده‌ستدرێژی سیكسیان كراوه‌ته‌وه‌ سه‌ر و ناچاركراون شووبه‌ داعشه‌كان بكه‌ن، دواتریش چه‌ندین جار بازرگانی و كڕین و فرۆشتنیان پێوه‌ كراوه‌، به‌ڕاستی ئه‌سته‌مه‌ ئه‌و ڕۆژگاره‌ تاڵه‌ وا به‌ئاسانی له‌بیر خۆیان به‌رنه‌وه‌.
ئه‌و منداڵه‌ ئێزدیانه‌ی پێشتر له‌لای ئه‌و گروپه‌ تیرۆرستیه‌ی داعش ده‌ستبه‌سه‌ر بوون، كوڕه‌كان به‌شداری شه‌ڕ بوون و كچه‌كانیشیان ده‌ستدرێژی كراوه‌ته‌سه‌ریان، له‌ڕووی ده‌روونیه‌وه‌ له‌وپه‌ڕی ماندووبوون و شه‌كه‌تیدابوون، كه‌له‌ده‌ستی ئه‌و گروپه‌ تیرۆریستیه‌ ڕزگاریان بووه‌ و گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ ناو خێزانه‌كانیان، به‌ڵام سه‌دان كێشه‌ و گرفتی ده‌روونیان هه‌یه‌، نه‌یانتوانیوه‌ وه‌كو منداڵێكی ته‌ندروست بگه‌ڕێنه‌وه‌ ناو كۆمه‌ڵگا و خێزانه‌كانیان، شوێنه‌واری ئه‌شكه‌نجه‌ و ده‌ستدرێژی و ناچاركردنی به‌شداری شه‌ڕ و كرده‌وه‌ تیرۆریسستیه‌كانیان به‌سه‌ر جه‌سته‌ و ده‌روونیانه‌وه‌ دیاره‌، پێویستیان به‌ چاره‌سه‌ری دروونی و جه‌سته‌یی هه‌یه‌، بێگومان خێزان و كه‌سوكاری ئه‌و منداڵانه‌ ناتوانن وه‌ك پێویست چاره‌سه‌ری ده‌روونی و جه‌سته‌ییان بۆ بكه‌ن، له‌وانه‌یه‌ به‌هۆی نه‌شاره‌زاییه‌وه‌ هه‌ندێك جار له‌جیاتی چاره‌سه‌ر زیاتر ده‌روونیان ئاڵۆز بكه‌ن، بۆیه‌ پێویسته‌ به‌رپرسانی حكومه‌ت و ڕێكخراوه‌ مرۆیی و نێوده‌وڵه‌تیه‌كان خه‌مخۆرانه‌ به‌ ده‌نگیانه‌وه‌ بێن و خه‌میان بخۆن.
ژنانی ڕفێندراوی ئێزدی یه‌كێكی ترن له‌و قوربانیانه‌ی ده‌ستی تیرۆرستانی داعش، به‌تایبه‌ت ئه‌و ژنانه‌ی له‌ئه‌نجامی ده‌ستدرێژی سیكسی تیرۆریستانی داعش دووگیان بوون و بێ خواستی خۆیان منداڵیان بووه‌، ئه‌و ژنانه‌ دووجار قوربانین، له‌لایه‌ك ده‌ستدرێژی سێكسیان كراوه‌ته‌سه‌ر و له‌لایه‌كی تریش بوونه‌ته‌ دایكی منداڵێك، كه‌له‌ناو خێزان و هۆزه‌كه‌یدا قبوڵكراونیه‌ و به‌پێی دابونه‌ریتی ئێزدی ئه‌و منداڵانه‌ی دایكیان ئێزدی و باوكیان داعشن، قبوڵكراو نین، له‌به‌رئه‌وه‌ ئه‌و ژنانه‌ ناچاربوون ده‌ست له‌ منداڵه‌كانیان هه‌ڵگرن، ئه‌مه‌ش جورێك سته‌می به‌رامبه‌ر به‌و منداڵانه‌ تێدایه‌، كه‌ دایكیان سته‌می لێكراوه‌ و ده‌ستدرێژی كراوه‌ته‌سه‌ر، به‌ڵام ئه‌م منداڵانه‌ تاوانیان نیه‌، ڕاسته‌ ئایینی ئێزدی هاوسه‌رگیری له‌نێوان ئێزدیه‌ك و یه‌كێكی تر قبوڵ نیه‌، به‌ڵام دیاره‌ ئه‌و ژن و كچه‌ ئێزدیانه‌ به‌ویستی خۆیان شوویان به‌داعشه‌كان نه‌كردووه‌ و به‌بێ خواستی خۆیان منداڵیان هێناوه‌ته‌ دنیاوه‌، بێگومان نه‌دایكیان و نه‌منداڵه‌كان گوناهێكیان نییه‌، هه‌روه‌ك یه‌كێك له‌ ژنه‌ ڕزگابووه‌كانی ده‌ستی داعش داوای له‌ خێزانه‌كه‌ی و هۆزه‌كه‌ی و جیهان ده‌كات، له‌وه‌ زیاتر ئه‌شكه‌نجه‌یان نه‌ده‌ن، چونكه‌ ئه‌وان به‌ویستی خۆیان نه‌بوونه‌ته‌ دایك و ده‌ستدرێژیان كراوه‌ته‌سه‌ر، داوا ده‌كات ئه‌و منداڵانه‌ به‌هۆی دابونه‌ریته‌وه‌ له‌ باوه‌شی دایكیان دوورنه‌خرێنه‌وه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ پێویست بوو بیر له‌ ڕێگاچاره‌یه‌كی نه‌رم و هێمنتر بكرایه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ ئافره‌تانی ڕزگاربووی ده‌ستی داعش پێویستیان به‌ چاودێری ورد هه‌یه‌، كه‌ پسپۆڕی ده‌رونی به‌رده‌وام ڕێنمایی ده‌روونیان پێ بدات.
به‌داخه‌وه‌ ئه‌و بارودۆخه‌ی ژن و منداڵانی ڕفێندراوی ئێزدی هه‌م له‌لایه‌ن ڕاگه‌یاندنه‌كان و هه‌م لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان جاری واهه‌یه‌ به‌هۆی پیشاندانی نادروست و مامه‌ڵه‌ی نه‌شیاو و به‌زه‌یی هاتنه‌وه‌ پێیاندا هێنده‌ ده‌روونیان ئازار ده‌ده‌رێت، نه‌بوونی باشتره‌، وه‌ك ژنێكی ڕزگاربووی ژێر ده‌سه‌ڵاتی داعش داوای ده‌كرد له‌وه‌ زیاتر ئازار و ئه‌شكه‌نجه‌ نه‌درێن، بۆیه‌ پێویسته‌ ڕێزیان بگیرێت و هاوكاری بكرێن و به‌هانایانه‌وه‌ بێین، تا له‌ڕووی كێشه‌ی جه‌سته‌یی و ده‌روونی ئه‌گه‌ر بتوانن له‌ماوه‌یه‌كی دووریشدا بێت، بگه‌ڕێنه‌وه‌ دۆخی ژیانی ئاسایی خۆیان.




بیرەوەرییەک لەگەڵ مامۆستا شێرکۆ بێکەس … نووسینی: ستیڤان شەمزینی

وا بزانم یەکەم جار مامۆستا “شێرکۆ بێکەس”م ناسی، ناوەڕاستی ساڵانی نەوەدەکان بوو. هەرچەندە مامۆستا لە گەنجییەوە ئاشنای باوکم بوو، هەر بەیەکیشەوە نەفی خوارووی عێراق کران، بەڵام ناسینی خۆم لەگەڵیدا وەک وتم لە ناوەڕاستی نەوەدەکان بوو. جیا لەوەی مینا گەنجێک زۆر سەرسام بووم بە توانا شیعرییە لە راددە بەدەرەکەی، هەمیشە هەڵوێستەکانی ئەم پیاوە مەزنە سەرنجی راکێشاوم. بە تایبەت کاتێک دەستی لە وەزارەت هەڵگرت و بە دەنگێکی دلێر وتی “چۆن دەتوانم وەزیری رۆشنبیریی بم و سنگی وشە و رۆژنامە بە قەمە هەڵدڕن”.
هەر لە نەوەدەکاندا کە بەرەو رووبوونەوەی هێزەکان بە تایبەت لایەنگرانی کولتووری باو و کونسەرڤاتیزمەکان و هێزە نوێباوەکان ببووە رووبەڕووبوونەوەیەکی جیددی، شێرکۆ بێکەس هەمیشە لە سەنگەری هەڵوێستدا بوو لە بەرانبەر ئەو رەوتانەی پارێزگارییان لە سەنگەری دواکەوتوویی دەکرد. لەسەر مەسەلەی ژن و عەلمانیەت و ئازادیی بیروڕا و مەدەنیەت و دیموکراسی هەڵوێستی روونی هەبوو، داکۆکی ئەو لەو بەهایانە قابیلی هیچ جۆرە سازشێک نەبوو. ئەمە هەقیقەتێک نییە تەنیا من هەستم پێ کردبێت، بەڵکو راستییەکە وەک ئەڵماس دەدرەوشێتەوە.
بیرم دێتەوە ساڵی 2000 لەو ساتەوەختەی یەکێتی بە سەرپەرشتی نەوشیروان مستەفا پەلاماری حزبی کۆمۆنیستی دا، من و هاوڕێیەکی ترم کە پەیامنێری رادیۆی حزبی کۆمۆنیست بوو، چووین بۆ لای مامۆستا بۆ دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم. ویستمان هەڵوێستی بزانین لە بارەی ئەو رووداوە، ئەوەی ئێمە بینیمان مامۆستا لە ئێمە تووڕەتر بوو، لە ئێمە نیگەرانتر بوو، بۆیە رۆڵی سەرەکی بینی لەو پرۆتستۆیەی کە لەلایەن 40 نووسەر و رۆشنبیری شاری سلێمانییەوە دژ بە ئەو پەلامارە دەرچوو، کە دواتر مام جەلال ئەو 40 رۆشنبیرەی بینی و لەوێش مامۆستا بە توندیی رەخنەی لەو هەڵوێستەی یەکێتی گرت. بەڵام مام جەلال بێئاگایی خۆی لە شێوازی ئەو پەلامارە نیشاندا، بێگوومان دوای ئەو سەردانە لەسەر بڕیاری مام جەلال کوشتاری کۆمۆنیستەکان کۆتایی هات.
من ئەم شاهیدییە بۆ مێژوو دەدەم، هەر ئەو کاتەی یەکێتی بڵاوکراوە و ئەدەبیاتی حزبی کۆمۆنیستی قەدەغە کردبوو، من و هاوڕێکەم بەردەوام سەدان رۆژنامەی بۆپێشەوە و بڵاوکراوە و بەیاننامەی حزبمان دەبردە ناو دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم و بڵاومان دەکردەوە. جگە لەوەش خودی مامۆستا سپانسۆری رۆژنامە و بڵاوکراوەکانی دەکرد. هەموو مانگێک مامۆستا شێرکۆ بڕی 100 دیناری سویسری “کە بۆ ئەو رۆژگارە کەم نەبوو”، دەدایە دەستی ئێمە بە مەبەستی سپانسۆریکردن بۆ رۆژنامەکانی حزبی کۆمۆنیست، هەر لەناو دەزگای سەردەم هەریەک لە بەڕێزان “کاک ئازاد بەرزنجی، کاک رێبین هەردی، مامۆستا رەئوف بێگەرد، ئاسۆ جەبار” ئەوانیش بە بڕێک پارە سپۆنسەریی رۆژنامەکانیان دەکرد، بەڵام ئەوەش هەمووی بۆ ئازایەتی و چاولێکردنی شێرکۆ بێکەس دەگەڕایەوە.
ئێوارەیەکی پایزی ساڵی 2000 هێشتا سەفەرم نەکردبوو بۆ تورکیا، لە کوردستان بووم، زیاتر لە 100 رۆژنامە و 200 بەیاننامەی حزبی کۆمۆنیستم پێ بوو، هەستم دەکرد لە نزیک گەڕەکی خۆمان چاودێریی دەکرێم، بە خێرایی خۆم فڕێدایە ناو پاسێکی گەڕەکی بەختیاری کە بەرەو بازاڕ دەڕۆیشت، دوو لە ئاسایشەکان بە خێرایی خۆیان هەڵدایە ناو پاسەکەوە، بەڵام چاوەڕوانیان دەکرد، لەگەڵ دابەزینم دەستگیرم بکەن. هەر ئەوەندە گەیشتمە ئاستی فولکەی یەکگرتن، ئافرەتێک لەو مەوقیفە دابەزی و منیش لە جامی کۆستەرەکەوە خۆم هەڵدایە خوارەوە و بەرەو دەزگای سەردەم هەڵهاتم کە 200 مەترێک لێمەوە دوور بوو، بە شەڕەشەق خۆم گەیاندە ناو دەزگای سەردەم و یەکسەر بەرەو ژووری مامۆستا رامکرد، خوا بەوە روحمی کرد خۆی لەوێ بوو، دوو ئاسایشەکەش لە بەردەم دەرگای سەردەم وەستابوون، حاڵ و وەزعەکەم لە مامۆستا گەیاند و ئەویش هاتە دەرەوە و ئاسایشەکانی ئیحراج کرد، یەکێک لە ئاسایشەکان وتی: مامۆستا لەبەر خاتری تۆ پیاویشی کوشتبێت وازی لێ دەهێنین. ئیتر ئەو ئێوارە دەعوەتی مامۆستا بووم و شەوەکەشی پێکەوە خواردمانەوە.
شتێکی تر کە لە بیرم ماوە ئەوەیە، مامۆستا هەمیشە دەیووت ئەم ستیڤانە و هاوڕێ رۆژنامەنووسەکەی وەک سیکۆتین وان پێتەوە دەلکێن تا چاوپێکەوتنت لەگەڵ نەکەن وازت لێناهێنن. چیرۆکی ئەمەش دوای ئەوەبوو ویستمان چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ ئەنجام بدەین، بەڵام لەسەر سەفەر بوو، وا بزانم بۆ سوێد، ئێمەش وتمان دەی قەینا دوای سەفەرەکە، دوای دوو مانگێک چووینەوە بۆ لای، وتی ئەی هاوار چۆنتان بیر ماوە، ئەم جارە هەرچی چۆنێک بوو خۆی لە چاوپێکەوتنەکە دزییەوە، رۆژێکی دی چووین میوانێکی زۆری هەبوو، پێموابێت میوانەکان عەرەبی غەیرە عێراقی بوون، هەرچی چۆنێک بوو هەلێکمان قۆستەوە و دیمانەکەمان لەگەڵیدا ئەنجامدا. دوای ئەوەی دیمانەکەش تەواو بوو رووی کردە کاک ئازاد بەرزنجی و بە دەم پێکەنین و نەفەسێک قووڵی جگەرەکەیەوە وتی: کەس نییە لە دەستی ئەم دووانە رزگاری بێت، ئەمانە سیکۆتینن کە پێتەوە لکان هەر دەبێت دیمانەکەیان بۆ بکەیت. دوای ئەوەش دایە قاقای پێکەنین و وتی ئێوەم خۆشدەوێ زۆر دەمێکە دەزانم سەرقاڵن و کۆڵ نادەن.

تێبینی: ئەم وتارە رۆژی 8-8-2013 نووسراوە و پاشتر لە بەرگی دووەمی کتێبی “قوتووی عەتار” لەلاپەڕە 224-226 چاپ و بڵاوکراوەتەوە




کوشتارگای بەنی قوڕەیزەو ئەزداییەکان دوو وەحشیگەریی هاوشێوەن، بەڵام لەدوو سەردەمی جیاوازدا ….تاهیر عیسا

ئەگەر زیاتر لەچواردە سەدە لەمەوبەر، هۆزی بەنی قوڕەیزەی شاریی مەدینە (یەثریب)ی نیمچە دورگەی عەڕەبیی، بەبیانووی پەیمانشکێنیان لەجەنگی خەندەق و دوای ئابڵووقەیەکی بیست وپێنج ڕۆژی ناچار کرابن، خۆیان ڕادەست وتەسلیم بە سوپاکەی ئیسلام بکەن ودواتریش لەسەر دەستی محەمەدو بەداوەریی و قەزاوەتیی “سەعدی کوڕی مەعازی” بریندارکەوتووی جەنگی خەندەق(ئەحزاب)، بڕیاریی قەسابیی کردنیان بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان لەنێوان شەشسەد بۆ نۆسەدکەس دەرکردبێت و محەمەدیش بەبڕیارە خوێناویەکەی سەعد بڵێت:- اللەش هەر ئەم داوەریەی دەویست، دوای بڕیارەکەش عەلی و زوبێری کوڕی عەوامی دوو لەدە مژدەپێدراوەکەی بەهەشت، یەک بەدوای یەک لەسەر چاڵێکدا سەریان وەک مەڕیی قوربانی لەلاشە جیا دەکەنەوەو تەنانەت ئەم کەسایەتیەی ئە مڕۆ لەناو بانگەشەکارانیدا پێی دەوترێت ئەڕحەمولڕاحیمین، مناڵانی نێرینەی تازە باڵغ بووش لەژێر چەقۆی بێ بەزەیانەیاندا دەربازیان نەبووە و پێوەریشیان بۆ باڵغ بوون تووکی بەریان بووە، چەند تاڵەموویەک لە بەریی ناوگەڵیاندا بۆ دادگای محەمەدی بەس بووە بۆ بڕیاردان لەسەر قەسابیکردنیان، هەرچی کچ وژنەکانیشیان بووە وەک ئێسترو مەڕو ماڵات ومڵک وماڵ لەنێوان خۆیاندا دابەش کراوەو تەنانە محەمەد لەوێدا بەپێی ئایەتی ئیلاهی، یاسای خومسیی بۆ خۆی لەناو شەریعەتەکەیدا جێگیرکردووە، واتە لە پێنج بەشی تاڵانیدا بەشێکی بۆ خۆی بردووە.
ژنەکانیشیان وەک وسەبایا (کەنیزەک، کۆیلە)ی جەنگی مامەڵەیان لەگەڵدا کردوون و تەنانەت محەمەد، یەکێ لەجوانترینی ژنەکانی هۆزەکەی کەناوی ڕەیحانە بووە، دوای سەربڕینی مێردیی و تەواوی کەس وکارەکەی دەکاتە ژنی خۆی و بەپێی سەرچاوەکان هەر ئەو شەوە لەناو بۆنی خوێنی قەسابیکراوەکانیدا سەرجێیی لەگەڵدا دەکات، سەرچاوەکان دەڵێن ڕەیحانە لەیادداشتەکانیدا گێڕاوەتیەوە کە قێزەونترین کەسێک لەژیانیدا بینیبێتی ئەم پێغەمبەرەی ئیسلام بووە چونکە گووتوویەتی دوای قەتل عامی هۆزەکەی بە کەسە ئازیزەکانی خۆشیەوە ناچاردەبێت وەک کۆیلەیەک مامەڵەیەکی تائەوپەڕیی غەریزەحەیوانی قبووڵ بکات، هاوشێوەی کچانی شەنگالی ئەمڕۆ.
کوشتارگای بەنی قوڕەیزە، دادوەریی محەمەدو اللەکەی بەتەواویی دەخاتە ژێر پرسیاریی هەر مرۆڤێکی خاوەن عەقڵ ویژدانی ئەمڕۆوەو داعش و کردەوە وەحشیگەریەکانیشیی لەڕوانگای گشتی موسوڵماناندا وەک هێزێکی مەشروعیی ئیلاهی لەپێناوی ڕاگرتنی پەیداخەکەیدا، ئاسایی دەکاتەوە.
هەر کەسێک ئەگەر بۆ چەند چرکەیەک چاویلکە دینیەکەی دابنێت و بە چاویی مرۆڤێکی بێدینەوە لەڕوداوەکە و دادوەریی پێغەمبەرەکەی بڕوانێت، کە بەسەدان کەسی بێتاوانی تێدا دەکرێتە قەسابیی تەنیا بەبیانووی پەیمانشکێنی سەرۆکی هۆزەکەیان، کە هەر کەسێک دەتوانێت لەوەتێبگات و ئەوە بزانێت، کە بڕیاردانیی ناوهۆزەکان لەدەستی سەرۆکی هۆزدایە، نەک حەشاماتی خوارەوە کە لەناو هۆزەکاندا هیچکارەن لەبڕیارو قەرارو مەداردا، چجای بگات بەوەی مناڵانێکیش تەنیا بەپێوەری چەند تاڵەموویەکی بەریان، وەک مەڕو بزن قەسابی بکرێن! حەقانیەت و ڕەواییەتدان بەم دادگایەش لەژێر ناوی اللەوە شانخاڵیکردنێکی ڕوون وئاشکرای محەمەدە لەو تاوانانەی ئەنجامیداون، بێگوومان دەستبردن بۆ ئەم قەسابیکردنەو پاڵنەریی سەرەکیش لەلای محەمەد، بەباوەڕی من ئەمانەی خوارەوەبووە:
یەکەم:- مڵک وماڵ وسامانی بێئەندازەی هۆزی بەنی قوڕەیزە لەمەدینەدا، کە دەبوایا بۆ بەدەستهێنانیان تەنیا بیانوویەکی لەمجۆرەی هەبێت و کەسیان لێ نەهێڵێت.
دووەم:- بەکۆیلەو سەبایاکردنی کچ وژن و مناڵەکانیان و فرۆشتنیان لەبازاڕەکانی شام وحیجازدا.
سێیەم:- پیشاندانیی قودڕەت ودەسەڵاتیی بێڕەحمانەی خۆی لەژێر ناوی اللەداو پاکتاوکردنیی نەیارەکانی خۆی.
چوارەم:-دامەزراندنیی دەوڵەتەکەی کە لەم پێناوشدا پێویستیی بە پتەوکردنی بنکە ئابووریی وسەربازیەکانی بوو، کە دواتریش هەر یەکە لە هۆزەکانی دیکەی وەک بەنی نەزیڕو بەنی قینقاعیشی دوای گەمارۆدان وهەڕەشە بەمەرجی جێهێشتنی تەواوی مڵک وماڵ وسامانیان، لەشارەکە دەرکرد.

هەڵبەتە داعش و هاوشێوەکانیان ئەمڕۆ لەناو هەمان زۆنگاوێکدا کە مێژوو بۆی گرتوونەتەوە مەلەدەکەن و دووبارەو چەند بارەی ڕوداوگەلی وەک شەنگالیش لەناو ململانێ سیاسیی وئابووریی وسەربازیەکانی ناوچەکەو جیهانیشدا، لەبەردەوامی ئەم عەقڵیەتە دۆگما دینیەدا، زۆر چاوەڕوانکراوە.

بەڵام کوشتارگای ئەزداییەکان(ئێزیدی) لەمڕۆدا، کە ئابدەیت و نوێکردنەوەی هەمان مێژووی سەردەمی محەمەدو بەنی قوڕەیزە بوو لەسەردەستی داعش و خەلیفەکانیان، ئەبوبەکری بەغدادیی و ئەردۆغان و میری قەتەڕبن حەمەد، بەڵام لەم ڕوداوەدا لە جێگای داوەریی” سەعدی کوڕی مەعاز” لەپەیمان وکەین وبەینێکی ژێر بەژێردا “مەسعودی کوڕی مەلا” قەزاوەت دەکات و دەیانکاتە قوربانی پیلانە ژێر بەژێرەکانیان، کە دواتر ڕادەستکردنی شەنگال و ئەو هەموو کوشتارو ئاوارەیی و نەهامەتیە بوو کە بەسەریاندا هێنان و ژن وکچەکانیشیان بەسەبایا کران و لەبازاڕەکانی موسڵ وڕەقەدا کڕین وفرۆشتنیان پێوەدەکراو غەریزەی حەیوانیان تێدا خاڵی دەکردنەوە.
داعش لەڕوداوی شەنگالدا نموونەی ڕوداوێکی قێزەونیی مێژوویی سەردەمی بەنی قوڕەیزەی ناو لاپەڕەکانی، بەشێوەیەکی زیندوو لەدنیای واقیعدا پیشانی جیهانداو گووتیی ئا ئەمەیە نموونەی ئیسلامیی ڕەسەن وڕاستەقینە!
دواجار من پێم وایە، بۆ کۆتایی هێنان بەم ڕوداوانەو بۆ بەرگرتن، بەڕودان و دووبارەبوونەوەیان، جگە لە تێگەیشتنێکی زانستیانە بۆ ڕوداوەکانی مێژوو و جگە لەهەڵسەنگاندنێکی زانستیانەی ململانێکانی مێژوو و جگە لە تێگەیشتنێکی زانستیانەی مێژوو ودیاردە ئایینی و کلتووریی وکۆمەڵایەتیەکانیی و مێژووی سەرهەڵدانیان و هۆکارەکانی سەرهەڵدانیان، کە ئەمڕۆ خوداکان و ئاینەکانیان و بەتایبەتیش ئیسلام و مەزهەبەکانی، کە وەک هەر ئاینێکی دیکەو کلتوورێکی دیکە لە ڕوداوی مێژووکردانەی خودی مرۆڤەکان خۆیان بەدەر نییەو کراوەتە وەسیلەو ئەداتیی ئەفیونخواردووکرانی ئینسانەکان و لەململانێ سیاسیەکانی ئەم دەورەیەشدا هەم چینی دەسەڵاتدار و سەرمایەداران وەک سەرخانی سیاسیی بۆ درێژەدان بەتەمەنی چەوسێنەرانەی خۆی کەڵکی لێوەردەگرن و هەم دەوڵەتانی زلهێزیی ناوچەکەو جیهانیش لەناوچەکەدا بۆ بەدەستهێنانی ئامانجە سیاسیی وئابووریەکان کەڵکیان لێوەرگرتووە و هێزو ئیرادەی ئینسانەکانی لە چوار چێوەی تێگەیشتنی کۆنەپەرەستانەی دینی و مەزهەبیدا وردو خاشکردووەو ڕێگای هەر چەشنە هاو دەنگی و هاوڕەنگیێکی مرۆڤەکانی بۆ بەدیهێنانی دنیایەکی باشتریی ئازادو یەکسان وخۆشگوزەران، تاریک و لێڵ وناڕۆشن کردووە، کە بەدەستەبەردار بوونیان لەم تێگەیشتنە خوڕافیە نازانستیانەیەو تووڕدانیان، دەست ئاواڵاترو چاوڕۆشنترو ئاسۆدارتر دەبن بۆ دۆزینەوەی ڕێگا چارەی یەکجاریی لەدەست بەڵاو شەڕیی تەواوی گروپ ودەستەو تاقمە دینی و مەزهەبیەکان وتەواوی سەرمایەداران و دەوڵەت و ئامانجە قازانجپەرستەکانیان، کە تەنیا کەڵەکەی زیاترو زیاتری

سەرمایەکانیانەو لەپێناویدا دەست بۆ هەر کارێکی وەحشیگەرانەی لەچەشنی بەنی قوڕەیزەو شەنگال و تەواوی جەنگە کاولکاریەکانی دیکەی هاوشێوەلە ناوچەکەو جیهان دەبەن.

سەرچاوەکان:-
محمدبن جریر طبری، تاریخ الرسل و الملوک، اول، ص۱۴۹۷
صحیح بخاری جلد 5 کتاب 59 شماره 443
صحیح بخاری جلد 4 کتاب 52 شماره 280
صحیح بخاری جلد 4 کتاب 52 شماره 176
دابەزینی ئایەتەکانی ٥٦ هەتا ٥٨ لەسوڕەتی ئەنفال و هەروەها ۲٦و ۲۷ لەسوڕەتی ئەحزاب لەپەیوەست بە ڕوداوی بەنی قوڕەیزە دابەزیون.

  • تاهیر عیسا/ ٤.٥.۲۰۲۰



میوانداری سەردەمی کۆرۆنا یا کۆڤید١٩! … عبدالرحمن محمد(مەلا رەحمان ئاوارەکان)

دایکم، ئەم جەژنە، کە تەلەفۆنم بۆی کرد، پەڵمە گریانی بوو!؟ پرسیارم کرد ئەوە چیە؟ چی ڕوویداوە؟ لە وەڵامدا گوتی: یەک منداڵ سەری لێم نەداوە و منیان خۆش ناوێت و منیان لە ماڵەکەدا بە تەنیا فڕێداوە!
دایکم، ئەوەندە سادە و ساکارە، ئەگەر ڤایرۆسەکەش بکەی بە میوانی باوەشی پیادا دەکات و خزمەتیکی باشی دەکات و بەڕێی دەکات، بۆ ئەوەی دوایی گلەیی نەکات!
کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی بە گشتی و خەڵکە کرێکار و زەحمەتکێشەکە، بە سروشت خەڵکانێکی سادە و ساکارو بە خزمەتن، هەموو کار و کردوەکانیان تەنها کۆمەک و یارمەتی و دەستگرتنی بەرامبەرەکانیانە، پاروەکانی دەمی خۆیان لە گەڵ دراوسێ و هاوڕیکانیاندا بەش دەکەن!
ڕۆژانە هەر ئەم هەژارانەن، ئەم چینی زەحمەتکێش و کرێکارانەن، بە سەر و ماڵ و منداڵەکانیان، لە بەرەکانی جەنگدا دەبەخشن لە پیناو سەروەریەکاندا، لە پێناو ڕزگاری کۆمەڵگادا لە دەست هەموو شێوازەکانی چەوساندنەووە، میللی بێت، چینایەتی بیت، ڕەگەزی بێت. بێ ئەوەی خۆیان هەڵکێشن و لە بەرامبەدردا، داوای ئیمتیاز و پارە وپولێک بکەن، کە بە شایستەی خۆیانی نەزانن!
بۆیە، ڕۆژانە، دەیان و سەدان هەواڵی دڵتەزێن دەبیستین، لەم خێزانانەوە، کە خۆشەویستێکیان لە دەست داوە یا چەند خۆشەویستیک، کە لە کۆمەڵایەتی بوونەوە و تێکەڵاوی و سادەیی و ساکاریان، کە پەیڕەوی یاساکانی خۆپاراستن ناکەن
منیش دەڵێمـ دایە گیان(مەبەستم هەموو دایکان و خۆشەویستانە):
میوان لەم ڕۆژەدا، لە پێش چاوی خانەخوێدا یا خاوەن ماڵدا، لە ڤایرۆسی کۆرۆنا دەچێت!
کام ماڵ، دوایی ڕۆشتنی میوانەکە:
ناو ماڵەکەی بە سپرای دژە ڤایرۆس، سپرای ڕێژ ناکات!؟
شوێن دانیشتنی میوانەکە، بە فاس و پاککەرەوەکانی تر، ناسڕێتەووە!؟
قاپ و کەوچک و پەرداخی میوانەکە، بۆ سێ ڕۆژ ناخاتە بەر خۆر، تا ڤایرۆسەکانی لێ بڕوات!؟
ئاودەست و حەمامەکەی لی دەبێت بە لوغم ، لەوەیە پێیدا بتەقێتەووە!؟
لە زستاندا، هەموو پەنجەرەکانی نەخستۆتە سەر پشت، تا هەوای ناو ژورەکە ئاڵوگۆڕ بکات!؟
ئینجا، بۆ ماوەی دوو هەفتە، دوایی ڕۆشتنی میوانەکە، هەر
پژمەیەک!
کۆکەیەک!
هەناسەسواریەک!
تایەک!
سک چوونێک!
سەر ئێشەیەک!
خاوەن ماڵەکە، لە سەر ئاوازی، ئەرێ ناردبووم بە دواتدا، کە ئەم بەڵایەت بۆمان هێنا! کۆمەڵێک ڕەحمەت و گازندە بۆ میوانەکە دەنێرێت و لە گەڵ هەر کۆکە و پژمەیەکدا،بەڵێنی قوربانیەکیش دەدات، ئەم جەژنە شایەتی ئەو قورابانیدانە بوون، کە گۆشت وەک گرد لە شارو شارۆچکەکان و لادیکان هەڵدرابونەووە.کۆرۆنا هێرش دەکاتە سەر مرۆڤ و لە بەرامبەریشدا، مڕۆڤ بۆ سەر ئاژەڵەکان!

٠٣/٠٨/٢٠٢٠ azzady22@gmail.com




خۆشه‌ویستی دوو زه‌مه‌نی جیاواز … شیعری: شارا موستەفا

خۆشمویستیت..ئه‌شزانم……ئه‌م ئه‌وینه‌
له‌ ئه‌زه‌له‌وه‌ جیاوازه‌..
دوو وشه‌ی دوو دیوانی جیاوازو…..
دوو پلنگی دوو جه‌نگه‌لستانی جیاواز

‏‎زۆر لەیەک دوورین بەڵام
خەیاڵم پڕن لە تارمایی تۆ
هەناسەم پڕن لە بۆنی تۆ
نیگام پڕن لە وێنەی تۆ

‏‎رەفتارە شێتانەکانیشم خۆشەویستی تۆیان لێ دەڕژێ
کە بە نێو چیاکاندا گەشت دەکەم و مەست دەبم
‏‎خۆشمه‌وێیت
کە گوڵی نێو باخچەکەم ئاو دەدەم و پێکەوە دەگەشێینەوه‌
خۆشمەوێیت
کە بەدیار قاوە تاڵەکەمەوە خەیاڵ دەمباتەوە
دیسان بزانه‌ كه‌لای تۆم له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌ خۆشمه‌وێی
کە گوێ لە گۆرانیە درێژەکانی عبدالحلیم دەگرم بیر له‌ تۆ ئه‌كه‌مه‌وه
هەندێ کات خۆشەویستیت ئەنوسمەوە
هەندێ کاتی دی خۆشەویستیت ئەخوێنمەوە

‏‎له‌گه‌ل خۆشەویستیت پێ ئه‌كه‌نم
‏‎لەگەڵ خۆشەویستیت ئەگریەم
‏‎
‏‎ئیتر ئاوا کلاسیکیانە خۆشمه‌وێیت.




كازمی و به‌رهه‌م صاڵح خه‌ریكی چین؟ … عیماد عه‌لی

ئه‌و هه‌واڵه‌ وردانه‌ی به‌ خشكه‌یی له‌ به‌غداو جیهانه‌وه‌ ده‌رباره‌ی جموجوڵه‌كانی ده‌سه‌ڵاتداران وشێوه‌ی عیراقی داهاتوو ده‌رده‌كه‌ون و به‌ هێواشی روون ده‌بنه‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌مریكا و ئێران له‌ زۆر شت هاوڕان له‌ عیراقدا، سه‌ره‌ڕای ئه‌و ناكۆكیه‌ ئاشكرایه‌ی له‌ نێوانیاندا هه‌یه‌، ئه‌گه‌ر به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانیان یه‌كبگرنه‌وه‌، له‌و نێوه‌نده‌شدا به‌شێوه‌یه‌كی ئاسایی و وه‌كو عاده‌تی هه‌میشه‌یی خۆی؛ به‌ریتانیا و ئه‌مریكا، سه‌رجه‌م به‌رژه‌وه‌نده‌یه‌كانی خۆیان له‌ نێو ئه‌و هاوكێشانه‌دا ده‌پارێزن و هه‌نگاوی ستراتیجی باش له‌و بارودۆخه‌ شڵه‌ژاو و فه‌وزایه‌دا ده‌هاوێژن و، نیازی سه‌ره‌كی ئه‌م چه‌ند لایه‌نه‌ نێوخۆیی و ده‌ره‌كیه‌ش ئه‌وه‌یه‌ عیراقێكی یه‌كگرتووی ملكه‌چی ئه‌م وڵاتانه‌ له‌ دواجاردا بێننه‌ ئاراوه‌ و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش كاره‌كته‌ری ملشۆر و خاوه‌ن خاڵی سه‌لبی و لاوازی نێوخۆیی به‌كار دێنن.
ئه‌وه‌تا له‌ مه‌ڕ هه‌ر جوڵه‌یه‌كی كازمی ئه‌گه‌ر ده‌ستوریش نه‌بێت كه‌سێك نابینیت به‌ره‌نگاری بكاته‌وه‌ جگه‌ له‌ زۆر كه‌م له‌ جه‌مسه‌ری لاواز كه‌ ئه‌وانیش ده‌زانن له‌ دواجاردا په‌راوێز ده‌خرێن، هه‌موو جموجوڵێكی كازمی به‌ سازان له‌گه‌ڵ به‌رهه‌م صاڵه‌ح ده‌كرێت، دوا بڕیاریش واته‌ دیاریكردنی رۆژی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ كه‌ ئه‌ركی سه‌رۆك كۆماره‌ له‌دوای هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی په‌رله‌مان و پێش شه‌ست رۆژ له‌ هه‌ڵبژاردن كه‌ ده‌بێت رۆژه‌كه‌ دیاری بكات، كه‌چی كازمی له‌ ئه‌مرۆوه‌ وه‌ك پێشێلكردنی ده‌ستوریش رۆژه‌كه‌ی دیاریكردووه‌ و هیچ حسابێكی بۆ یاسا و ده‌ستور نه‌كردووه‌ و سه‌رۆك كۆماریش كه‌ لاف و گه‌زافی ئه‌وه‌ ده‌دات پارێزه‌ری ده‌ستوره‌ له‌م فاوڵه‌ نقه‌ی لێوه‌ نه‌هات، به‌ڵكو به‌خۆی پێشوه‌خته‌ سازانی له‌گه‌ڵ كازمی كردووه‌ له‌سه‌ر ئه‌م پێشێلكاریه‌.
ئامانجه‌كانی ئه‌م كۆمه‌ڵه‌ كاره‌كته‌ره‌ ده‌ره‌كی و ناوه‌كیه‌ی سیاسه‌تمه‌دار و وڵاتانی خاوه‌ن به‌رژه‌وه‌ندی له‌ عیراق به‌م شێوه‌یه‌یه‌ و، كازمی و به‌رهه‌م صاڵه‌ح پێشوه‌خته‌ هه‌موو به‌رژه‌وه‌ندیه‌ شه‌شخسیه‌كانی خۆیان به‌وانه‌وه‌ به‌ستۆته‌وه‌ و دوارۆژی سیاسی خۆیان له‌م گره‌وكردنه‌دا ده‌بیننه‌وه‌:

  • هه‌ردوكیان هه‌وڵی ته‌واویان بۆ یه‌كێتی خاكی عیراق و له‌و نێوه‌ه‌ده‌شدا لاوازبون یان به‌یه‌كجاری نه‌مانی قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان و مانه‌وه‌ی خۆیان به‌سه‌ر لیستی ده‌سه‌ڵاتداری له‌ عیراقێكی یه‌كگرتووی ته‌نانه‌ت تۆتالیتاری ده‌بیننه‌وه‌.
  • جێبه‌جێكردنی فه‌رمانه‌كانی وڵاتانی خاوه‌ن هه‌ژمون و به‌رژه‌وه‌ندیخواز له‌ عیراق له‌ پێناو خۆبه‌هێزكردنیانه‌ له‌و عیراقه‌ی مه‌به‌ستیانه‌ بۆ مانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتیان له‌سه‌ر حیسابی هه‌موو قوربانیه‌ك به‌ تایبه‌تی له‌ لایه‌نه‌ كورده‌وه‌ درابێت.
  • ئه‌م سازانه‌ سیاسیه‌ی هه‌ردوو سه‌ر ده‌سه‌ڵات رێگه‌ خۆشكه‌ر ده‌بێت كه‌ لیستێكی یه‌كگرتووی خۆیان پێكبێنن( ماوه‌یه‌كه‌ و ئێستاش به‌ نهێنی كاری بۆ كردووه‌ و بۆی ده‌كه‌ن) و به‌و هیوایه‌ی براوه‌ی یه‌كه‌م بن له‌ هه‌ڵبژاردنی داهاتوودا، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌جێنداكه‌یان به‌ ئاسانی جێبه‌جێبكه‌ن و ئه‌و وڵاتانه‌ش له‌ خۆیان رازیبكه‌ن( به‌ڵكو ئه‌م كاره‌یان به‌ فه‌رمانی ئه‌و وڵاتانه‌یه‌). ئه‌مه‌ش له‌سه‌ر حیسابی به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی هه‌موو خه‌ڵكی عیراق به‌ كوردیشه‌وه‌.
  • له‌م هه‌اهه‌نگیه‌ی كازمی و به‌رهه‌م جگه‌ له‌ رووكردنه‌ تونێڵی لێڵی عیراق له‌ لایه‌ن كورده‌وه‌ هیچ ده‌رچه‌یه‌ك بۆ پرسی كوردی تیدا نابینڕێت و ته‌نانه‌ت مه‌ترسی گه‌وره‌ له‌سه‌ر قه‌واره‌ی هه‌رێم و به‌نده‌ ده‌ستوریه‌كانی عیراقه‌ كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی كورد تێپه‌رێنراوه‌.
  • ئه‌گه‌ر ئه‌م پیلانه‌ سه‌ربگرێت ئه‌وا شتیك نامێنێت ناوی ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان بێت و به‌رتیانیا و ئه‌مریكا و ئێران ده‌بن به‌خاوه‌نی هه‌موو فه‌رمانێك تایبه‌ت به‌و ناوچانه‌ و له‌و باره‌وه‌ نه‌وته‌كه‌ی ده‌كه‌وێته‌ ژێر ره‌حمه‌تی كۆمپانیا زه‌به‌لاحه‌كانیان.
  • له‌ كاتی سه‌ركه‌وتنیان له‌ گه‌یشتن به‌و ئامانجه‌، هه‌وڵی گۆڕینی ده‌ستور بۆ قازانجی ئه‌جێنداكه‌ی خۆیان له‌ عیراقێكی یه‌كگرتووی تۆتالیتاری ده‌ده‌ن و ئه‌گه‌ر له‌ هه‌ڵبژاردن سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست بێنن ئه‌و ئامانجه‌ش به‌ده‌ست دێنن.
  • به‌م شێوه‌یه‌ عیراقێكی نوێ به‌ شێوه‌ و روكه‌ش و به‌هه‌مان جه‌هه‌ر و پلان و رێگه‌ی سه‌ره‌تای دروستبونی عیراقی 1921 به‌ كاره‌كته‌ری جیاواز و به‌ناو كۆماری دروست ده‌كه‌ن و بۆ ده‌یان ده‌یه‌ی تر ژێرده‌سته‌ی به‌ریتانیا و ئه‌مریكا و وڵاتانی ده‌وربه‌ری خاوه‌ن هه‌ژمون ده‌بێت .
    ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رسوڕمانه‌ كه‌ كورد لای خۆیه‌وه‌ بێ ئه‌وه‌ی حاڵه‌ته‌كه‌ لێكبداته‌وه‌ و پلانه‌كان بخوێنێته‌وه‌ و ئامانجی كازمی بزانێت و بیر له‌ هۆكاری ئه‌و كۆده‌نگیه‌ی له‌سه‌ر بوو بكاته‌وه‌ كه‌وته‌ هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌تر له‌ جاران و به‌ غه‌شیمی خۆی یه‌كه‌م لایه‌ن بوو كه‌ پشتگیری له‌ كازمی كرد و، ئه‌گه‌ر ئه‌م دووانه‌ و ئه‌وانه‌ی له‌پشتیانن سه‌ربكه‌ون ئه‌وا ده‌ستی كورد به‌ ته‌واوی به‌ به‌تاڵی له‌ بنی هه‌مبانه‌كه‌وه‌ ده‌رده‌چێت.



چـیرۆک بۆ منداڵان.. گوڵێکی سووری لەخۆبـایی … و: رەزا شـوان

لە دارستانێکـدا، لە رۆژێکی خۆشی بەهـاردا، گوڵەباخێکی سووری جـوان پشکـووت. گـوڵە سوورەکە لە دەوروبـەری خـۆی روانی، لە تەنیشتـییەوە دار چـنارێکی بیـنی.
دار چـنارەکە وتی: چەنـد گوڵـێکی جـوانە! خـۆزگە منیـش وەکو ئـەو جـوان دەبـووم.
دار بەڕوویـەک بە دار چـنارەکەی وت: خەمبار مەبە تـۆش جـوانی، ناکـرێ کە ئێـمە هەمـوو شتێکـمان هـەبێـت.
گوڵە سوورەکە وتی: لەو بـڕوایـەدام کـە مـن جـوانـترین گـوڵـم لـەم دارسـتانـەدا.
گـوڵە لاولاوێـک، سەری هەڵـبڕی و وتی: بـۆ وا دەڵـێی؟ لـەم دارسـتانەدا، گـەلێ گـوڵی جـوان هـەیە. تـۆ تەنیـا یەکـێکی لەو گـوڵە جوانـانە.
گوڵە سوورەکە وتی: مـن دەبیـنم هەمـووان سەرسامی منـن و سەیـری مـن دەکـەن.
گـوڵە سوورەکە سەیـری رووەکی کوێچکەفـیلی (رووه‌كـێكی دڕكـاوییه‌) کـرد و وتـی: ئـای لەو رووەکـە ناشـیرینە، ئـازای گیـانی دڕەکـە!
دار چـنارەکە، قسەکەی گـوڵە سوورەکەی پێ ناخۆشبوو، وتی: گـوڵە سوور، ئەم قسەیە چـیـبوو کـردت؟ کێ دەزانێـت بـڵێ کە جـوانی چـیـیە؟ تـۆش دڕکـت هـەیە.
گـوڵە سوورەکە بە تـووڕەییـەوە سەیـری دار چـنارەکەی کـرد و وتی: هـیوادارم کە چـێژێکی باشت هەبێت. تـۆ هـیچ لە جـوانی نازانی. ناتوانێ دڕکەکانی من بە دڕکەکانی گـوێچکەفـیل بەراورد بکـەی.
دار چـنارەکە: تـۆ لەنـاو ئـەم دارسـتانـەدا، گوڵـێکی لەخـۆبـایی.
گوڵە سوورەکە هەوڵـیدا کە رەگەکانی لە گوێچکەفـیل دوور بخاتەوە، بەڵام نەیتـوانی لە شوێنی خـۆیـدا بجـووڵێ. گوڵە سوورەکە بە درێـژایی رۆژگـار، هەر لە گوێچکەفـیلەکەی دەڕوانی، تانـەی لـێدەدا و قـسەی ناشـیرینی پێ دەوت، وتی: رووەکی لـەم جـۆرە هـیچ سـوودێـکی نیـیە. بە داخـەوە کە مـن بـوومە بە هـاوسێی ئـەم دڕکـاوییـە نـاشـیرینـە.
گوێچکەفـیلەکە، گـوێی بە توانـج و بە قـسە ناشیرینەکانی گـوڵە سوورەکە نـەدا. بەڵکـو هەوڵـیدا کە ئامـۆژگـاری و رێنـمایی بکات، وتی: خـودا هـیچ شـێوەیەک لە شـێوەکـانی ژیـانی بـەبێ مەبـەسـت دروسـت نـەکـردووە.
بەهـار کۆتـایی هـات، بـاران نـابـاری، کەشـوهـەوا گەرمبـوون، ژیـان لە دارسـتانـەکەدا سەخـت بـوو. گـوڵە سـوورەکە لە تـوینێـتـیدا بـەرەو سیسبـوونـەوە دەچـوو.
رۆژێکـیان گوڵە سوورەکە، چۆلەکەکـانی بیـنی، کە لەسەر گوێچکەفـیلەکە دەنیشتـنەوە. دەنووکەکانیان دەچەقانـدنە گەڵا سـەوز و ئەسـتوورەکانی گوێچکەفـیلەکە و تـێر ئاویان لـێیان دەخـواردەوە، دوایش بە گـەشی و خـۆشییەوە هەڵـدەفـڕین و دووردەکـەوتنەوە.
ئەم کـارەی چۆلەکەکـان، بە لای گـوڵە سـوورەکـەوە جـێی سەرسـوڕمان بـوو.
گـوڵە سـوورەکە لە دار چـنارەکەی پـرسی: ئـەو باڵـندانـە چـیـیان دەکـرد؟
دار چـنارەکە بـۆی روونکـردەوە، کە باڵنـدەکـان، ئاویـان لە گەڵاکـانی گـوێچکەفـیلەکە دەمـژی.
گـوڵە سـوورەکە: ئایـا ئەزێـتی پێ نـاگـات، کە گەڵاکـانی کـون کـون دەکـەن؟
دار چـنارەکە: بـەڵی، بـەڵام گوێچکەفـیلەکە، حـەز بە یارمەتیـدان و بەخـشـین دەکـات، حەزناکـات کە باڵنـدەکـان لە تـوینێـتیدا پەریـشان ببـن، زۆری پێی خـۆشە کە ئـاوی ناو گەڵاکـانی بخـۆنـەوە.
گوڵە سوورەکە بە سەرسۆڕمانێکەوە، چاوی کردەوە و هـاواری کرد: گـوێچکەفـیلەکە ئـاوی هـەیە؟
دار چـنارەکە: بەڵێ ئـاوی هەیە، تـۆش ئەگـەر داوای یارمەتی لە گـوێچکەفـیلەکە بکەی، دەتوانیـت ئـاوی لێ بخـۆیتەوە. چـۆلەکەکـان دەتـوانـن یارمـەتیت بـدەن.
گوڵە سوورەکە هەستی بە شەرمەزارییەکی زۆر کـرد، کە داوای ئاو لە گوێچکەفـیلەکە بکـا، لە دوای ئـەو هەمـوو قـسە نـاشـیرینانەی کـە پێی وت. بـەڵام زۆری تـوینـی بـوو. لە دواییـدا داوای ئـاوی لـێکـرد.
گوێچکەفـیلەکە زۆر بە نەرمی و رووخـۆشییەوە رازی بوو کە ئاوی بداتێ. چۆلەکەکان هـاتن و دەنووکەکـانیان لە گەڵاکـانی گـوێچکەفـیلەکە، پـڕ لە ئـاو دەکـردن و دەیـانکـردە سەر رەگەکانی گوڵە سوورەکە و پاراویـان کـردن.. گوڵە سوورەکە یەکسەر گەشایەوە.
گـوڵە سوورەکە، زۆر سوپاسی گـوێچکەفـیلەکەی کـرد و داوای لـێبووردنیشی لێکـرد. زۆریـش سوپـاسی چۆلەکەکـانی کـرد. وانەیـەکـی باشیـش فـێربـوو، کە جـارێـکی تـر لەخـۆی بـایی نەبێـت.. کەسیـش بە رووخـسار و بە دیمـەنی هـەڵـنەسەنگـێنـێت.
() بە دەستکارییەوە ئەم چیرۆکەم لە زمانی ئینگلیزییەوە وەرگێڕاوە. ناوی نووسەری لەسەر نییە. نـاوی رووەکی (گـوێـچکەفـیل) یا (گـوێـچکەی فـیل) لە هـاوڕیی دڵسـۆزم، نووسـەر و شاعـیر کاک (محەمـەد بـەرزی) یەوە وەرگـرت. کە بەرانبەر بە وشەی (کاکـتۆس) ئینگـلیزی و (الصـبار) ی عـەرەبییە.. نازانـم بە کـوردی ناوێـکی تـری هـەیە یا نیـیە؟ () منـداڵە ژیـر و ژیکەڵەکـانی کوردسـتان، ئێـوەی خوێنـەری ئەم چـیرۆکە.. بیـربکەنەوە.. کە چـی سـوود و وانەیـەک لـەم چـیـرۆکـەوە فـێـردەبـن؟
رەزا شـوان




ھەسارەی زەوی ساڵی سێ ھەزار(٣٠٠٠)… ھۆزان اسماعیل کەریم

زەوی بە شەکەتی ھات
سلاوێکی نەرمی کردو
چاییەکم لە پێشی دانا
دەتگووت کوری شەھید بووە
ھەموو گیانی دوکەڵ بوو
بێدەنگ ھەر سەیری دەکرم
چایی دووەمی خواردو رۆیشت
تێگەیشتم کۆتاییمان زۆر نزیکە

بیرێکی قوولم لێداو
ھەتا توانام ھەبوو درەختم چاند
کارگەکانم کوژاندەوە
ئۆتۆمبێل و فرۆکەم راگرت
بە فایلێک خستمە پۆستەو بۆ زەوییم نارد
تا لە سالی سێ ھەزار (٣٠٠٠)
زەوی وەلامی دامەوە
بەقەد مێژووی کەون
بیرم لە ئێەوە کردۆتەوە
بەڵام تا ئێستا تێنەگەیشتم
بۆ توشم بوو بە توشی ئێوە
ئەی ھاوار ئێوە چ مشەخۆرێکی بێ سوودن

ھۆزان اسماعیل کەریم




مەلا عوزێر: سەرۆکجاشی بکوژ و قوربانیەکانی لەوێنەیەکی بڵاوکراوەی کوڕی تاوانباردا

شاخەوان شۆرش…..

لەم ڕۆژانە وێنەیەکم کەوتەبەرچاو کە لەلایەن کوڕێکی مەلا عوزێرەوە بڵاوکراوەتەوە، لەم وێنەیەدا کە لەساڵی ١٩٨٠دا گیراوە، مەلا عوزێر بەرلەوەی ببێتە جاش و کۆمەڵێ پیشمەرگەی دەشتی هەولێری حزبی سۆسیالیستی کوردستان هەن، لەوانە ئیبراهیم شورتە و ڕەمەزان عەبدولڕەحمان کە هەردووکیان بەدەستی مەلا عوزێر خۆی کوژراون. واپێدەچی وێنەکە بەمەبەستی پیشاندانی لایەنی شۆڕشگێڕیی مەلا عوزێرەوە بڵاوکراوەتەوە، بەڵام سەیرەکە لەوەدایە دوو لە پێشمەرگەکانی ناو وێنەکە بەدەستی مەلا عوزێر خۆی کوژراون.
عەزیز حەمەد مەولود شێخانی ناسراو بە مەلا عوزێر یەکێ لەو سەرۆکجاشانەیە کە کۆمەڵێ تاوانیان دژی پێشمەرگە و هاوڵاتیان ئەنجامداوە و لە تاوانی گەلکوژی ئەنفالدا بەشداریکردووە. بەپێی لیستێکی دادگای باڵای تاوانەکای ئێراقی کە ناوی تۆمەنبارانی تاوانی گەلکوژی ئەنفال و تاوانەکانی دیکەی گرتبووەخۆی، ژمارەی تۆمەتباران ٤٢٣ کەس بوون لە لیستەکەدا و لە ژمارە ٢٢٩ دا ناوی مەلا عوزێر هاتووە. لە دادگای باڵای تاوانەکانی ئێراقدا ١٠ سکاڵای لەسەردا تۆمارکراوە. لەلایەن دادگاوە فەرمانی گرتنی بۆ دەرکراوە.
دادگای باڵای تاوانەکانی ئێراقی لە دادگاییکردنی تۆمەتبارانی تاوانی گەلکوژی ئەنفالدا کە لە ساڵی ٢٠٠٨ دا دەستیپێکرد، تەنها چەند تاوانبارێکی دادگاییکرد، ئەوانیش سەدام حوسێن، عەلی حەسەن مەجید، سوڵتان هاشم، سابر عەبدولعەزیز و فەرحان موتەلگ بوون. سەدام حوسێن لەسەر کەیسی دوجەیل سزای کوشتنی بۆبڕایەوە و زوو کوشتیان، بەمجۆرە لەسەر تاوانی ئەنفال سزای بۆ نەبڕایەوە. هەروەها عەلی حەسەن مەجید کە لەدوای سەدام حوسێندا تاوانباری هەرە گەورە بوو ئەویش لەسەر تاوانی شەعبانیە سزای مردنی لەساڵی ٢٠١٠ دا بەسەردا سەپێندرا. سوڵتان هاشم کە چوار سزای مردنی لە سەر تاوانی گەلکوژی ئەنفال بۆ دەرکرابوو، بەهۆێ نکۆلی ئەنجومەنی سەرۆکایەتی بەسەرپەرشتی مام جەلال لە واژوکردنی سزاکە، سزاکەی مردنی لەسەر جێبەجێ نەکرا و لە زیندانێکی ناسریەدا لە ساڵی ٢٠٢٠ دا بە مردنی خۆی مرد. سەرۆکجاشەکان و زۆر لە تۆمەتبارەکان هەرگیز ڕاپێچی دادگا نەکران، ئەو تۆمەتبارانە لەلایەن دەسەڵاتی ناوەند و کوردیەوە پەنادران. دەسەڵاتی کوردی بەشبەحاڵی خۆی دژی دادگایی سەرۆکجاشەکان وەستایەوە لەگەڵ ئەوەی بەفەرمی لە ساڵی ٢٠١١ دا لە دادگای باڵای تاوانەکانەوە داوای ئەو تۆمەتبارانە کرا. هەروەها لەگەڵ ئەوەی کەسوکاری قوربانیان دەیان سکاڵایان لەسەر ئەو سەرۆکجاشانە تۆمارکردبوو، بۆنمونە ٤٧ کەیس لە دژی سەرۆکجاش عەباسی بالو ئاغا تۆمارکرابوو بەڵام لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە پارێزگاری لێکرا و ڕادەستی دادگا نەکرا. پارتی و یەکێتی لێبووردنەکەی ساڵی ١٩٩١یان کردۆتە بەڵگەی یا بیانووی ڕەتکردنەوەی دادگاییکردنی سەرۆکجاشەکان. بەبێ گوێدانە مافە یاسایەکان یا گەورەیی تاوان لە ئاستی تاوانی گەلکوژیدا.
جێگەی بیرخستنەوەیە سەرۆکجاش مەلا عوزێر لەساڵی ١٩٨٠ دا دەچێتەوە ناو ڕژێم و دەبێتە جاش، هەندێ دەڵێن مەلا عوزێر پیاوی ڕژێم بووە و بۆ سیخوڕی ڕەوانەی ناو پێشمەرگە کراوە و دواتر گەڕاوەتەوە ناو ڕژێم. مەلا عوزێر سەرەتا سەرۆکی مەفرەزەخاسە و دواتر سەرۆکی فەوجی ١٣٠ بووە، لەو ساتەوەی کە گەڕاوەتەوە ناو ڕژێم دەست دەکات بە ڕاوە پێشمەرگە بەتایبەتی ڕاوی پیشمەرگەکانی حزبی سۆسیالیستی کوردستان. مەلا عوزێر بارەگای لە قوشەتەپە هەبووە، هەروەها لەگەڕەکی مەنتکاوەی شاری هەولێر بارەگای جاشایەتی هەبوو، دەیان تاوان لە مێژووی جاشەیەتیدا ئەنجام دەدات و بێگومان یەکێ لە سەرۆک مەفرەزەخاسە هەرە دڕندەکانی شاری هەولێر بووە. تاوانەکانی زۆرن و نازاندرێ ژمارەی تاوانەکانی چەندن، زۆر لە کەسوکاری قوربانیان یا لەڕێگەی سولحی عەشایەری بێدەنگکراون یا بەبەرتیل ڕازیکراون، یا لەبەر مەترسی لەسەر ژیانیان ناوێرن دەنگ بکەن، یانیش لەناو یەکێتی و پارتی بەرژەوەندیان هەیە و بێدەنگیان هەڵبژاردووە. دەگوترێت دەوروبەری نزیکەی ٧٠ پێشمەرگە و ئەندامی حزبی سۆسیالیست لەیەن مەلا عوزێرەوە یا بەهۆی ئەوەوە لەناوچووین، ئەوجا یا ئەو گرتوونی و ڕادەستی کردوون و دواتر لەسێدارە دراون یا ڕاستەوخۆ لە بۆسەکانی ئەودا کە بەتایبەتی هەندێجار لەگەڵ معاون ئەحمەدی ئەمنی قوشتەپەدا لە دەشتی هەولێر دایدەنان کوژراون. ئەوە جگە لە قوربانیەکانی دیکەی دەستی ئەو.
لە ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ دا بەرەی کوردستانی لێبووردن بۆ جاشەکان دەردەکات، لەژێر ئەو بانگاشەیەی کە وابکات بەڵکو بەشداری یا هاوکاری خەڵک لە ڕاپەڕین لە دژی ڕژێمی بەعسدا بکەن. بەڵام لەراستیدا پارتە گەوەرەکان بەرژەوەندی خۆیان لەم هەنگاوەدا هەبوو. لە ڕاپەڕیندا هەندێ سەرۆکجاش هاوکاریان کرد بەڵام زۆریان نەیان کرد. لەڕاستیدا کە خەڵک ڕاپەڕین ئەو لێبووردنە نەشبایە هیچی لە بارەکە نەدەگۆڕی، چونکە زۆربەی چەکدارەکانی سەرۆک جاشەکان ڕاکردووی سەربازی بوون یا لە ناچاری چەکی جاشایەتیان هەڵگرتبوو، ئەوانە خۆیان سروشتی دژایەتی خەڵکیان نەدەکرد ئەگەر نەشهاتبانە ڕیزی گەل، هەندێ لەو چەکدارانە کۆنە پێشمەرگە بوون و لە دەرفەتێک دەگەڕان دژی ڕژێم بوەستنەوە. سەرکردەکانی بەرەی کوردستانی لە واقیعی بارەکە نەشارەزا بوون و ماوەیەک بوو لە شارەکانی ئێران کەوتبوون و دووربوون لە رووداوەکان. بۆنموونە لە خوارووی ئێراق خەڵک ڕاپەڕی و توانیان دامودەزگاکانی ڕژێم ڕاماڵن، هیچ سەرۆکجاشیش نەبوو “هاوکاریان” بکات. لەلایەکیتر دەکرێ ئەو لێبووردنەی بەرەی کوردستانی بە زیانبەخش لێکدرێتەوە، وەکو لانیکەم بووەهۆی پاراستنی سەرۆکجاشەکان لە سزای گەل (دەکرێ لەسەر ئەو بابەتە زیاتر بنوسرێت).
لە دوای ڕاپەڕین پارتەکانی کوردستان بەتایبەتی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکیتی نیشتیمانی کوردستان پیشبڕکێیان بوو لەسەر وەرگرتنی سەرۆکجاشەکان و پەنادانیان لە ڕق و تۆلەی کەسوکاری قوربانیان. حزبی سۆسیالیستی کوردستان ئەویش هەندێ لەو سەرۆک جاشانەی گرتەخۆی. پێشبڕکێی پارتی و یەکێتی لەسەر سەرۆکجاشەکان لەبەر بەرژەوەندی خەڵک و کوردستان نەبوو بەڵکو لەبەر بەرژەوەندی تایبەتی حزبەکانیان بوو، وەکو دواتر دەرکەوت بۆ چی بوو. لەوساوە هەرجارێ گوتن لەدادگایی سەرۆکجاشەکان دەکرێت هەردوو پارتی دەسەڵاتدار لێبووردنەکەی ساڵی ١٩٩١ دەهێننەوە بەرگوتن. ئاشکرایە بەرەی کوردستانی دامەزراوێکی یاسایی نەبوو بەڵکو بەرەی چەند پارتێکی بەرهەڵستکاربوو، ئەگەر ئەو دامەزراوە ناهەڵبژێردراوە لێبووردنیش دەرکات، لێبووردنەکە تەنها دەکرێ مافی گشتی ئەو پارتانە بگرێتەوە کە ئەوان لەڕێگەی ئەم لێبووردنەوە لێخۆشبوونی خۆیان ڕاگەیاندووە. بەڵام ئەوان ناتوانن لێبووردن لەجیاتی کەسوکاری قوربانیان دەرکەن، چونکە مافی کەسیی کەسوکاری قوربانیان مافێکە تەنها ئەوان خۆیان لێی بەرپرسیارن، لەلایەکیتر لێبوردن ناتوانی لە بوونی تاوانی دژبەمرۆڤایەتی یا گەلکوژیدا وابکات گەلی قوربانی لە تاوانباران خۆش بێت. هیچ دامەزراوێکی سیاسی توانای ئەوەی نییە لێبوردن بۆ تاوانبارانی گەلکوژی دەرکات. تەنانەت پەرلەمان ئەگەر ڕەواش بێت ئەو توانایەی نییە ئەو جۆرە لێبووردنە دەرکات، چونکە ئەو بابەتە چارەنوسسازە و پەیوەندی بە هەموو گەلەوە هەیە. بۆیە ڕەتکردنەی بەدادگاگەیاندنی سەرۆکجاشەکان سیاسیە و نایاساییە.
لەدوای ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ دا یەکێتی نیشتیمانی کوردستان مەلا عوزێر وەکو زۆر سەرۆکجاشیتر پەنا دەدا و دەگرێتەخۆی، یەکێتی موچەی باڵای بۆ دەبڕنەوە، دواتر بۆ وڵاتی هۆڵاند دەربازی دەکەن. مەلا عوزێر لە هۆڵاند دادەنیشێ و جار جارە دەگەڕێتەوە کوردستان و لەلایەن یەکێتیەوە دەپارێزرێت و پێشوازی گەرمی دەکرێت. دەگوترێت زەوی وەرگرتووە و خانووی گەورەی لەسایەی یەکێتیدا هەیە.
هەندێ لە تاوانەکانی مەلا عوزێر:
ئیبراهیم بەکر سۆفی محەمەد ناسراو بە ئیبراهیم شورتە لە ساڵی ١٩٧٧ ببووە پێشمەرگە کە ٣ کلاشینکۆفی ڕژێمی بەعسی لەگەڵ خۆیدا هێنابوو کە بووە پیشمەرگە، ئەوسا چەک زۆر کەم بوو و نرخی بۆ پێشمەرگە زۆر بوو، ئیبراهیم شورتە لە ڕێککەوتی ٢١/٤/١٩٨١ دا لە گوندی مورتکەی قوشتەپە بەدەستی مەلا عوزێر سەرۆکی مەفرەزە خاسە دەکوژرێت.
لە بۆسەیەکدا لە گوندی قۆپە قوڕان لە ساڵی ١٩٨٢ دا، سێ پێشمەرگەی حزبی سۆسیالیستی کوردستان دەکوژێت. (پێویستی بە پشتڕاستکردنەوە هەیە)
لە بۆسەیەکدا کە لە شەوی ١٥/١/١٩٨٣ لە دەشتی هەولێر کە لەگەڵ ئەمنی قوشتەپە بۆ پێشمەرگەکانی دەشتی هەولێری حزبی سۆسیالیست دایانابوو ١١ پیشمەرگە دەکوژن. ناوەکان: ڕەمەزان عەبدولڕەحمان، ڕەشاد بەردێنە، شێرزاد هەینی، ئەکرەم مەولود، موزەفەر عوسمان، نوری خورمەلە، ڕەمەزان ئەحمەد، ڕەحمان ئیسماعیل، سالم عومەر، ئیسماعیل نوەردین و ڕەحمان سەعید. تەرمەکانی پێشمەرگە هەمووی دەکەونە دەستی جاش و ئەمنەکان و دەیانبەن بۆ قوشتەپە. دەگوترێت ئەکرەم مەولود بەبرینداری گەیشتۆتە قوشتەپە، مەلا عوزێر لەوێ گولەبارانی دەکات.
لە ڕێکەوتی ٣١/٧/١٩٨٢دا بۆسەیەک بۆ کۆمەڵێ ئەندامی ڕێکخستنەکانی حزبی سۆسیالیست دادەنێ و ٩ کەسیان دەستگیر دەکات، لە نێویاندا ئەبوبەکر عومەر ڕەشید ناسراو بە دیار هەروەها نەجمەدین … کە دواتر لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە لە ڕێکەوتی ١٤/٤/١٩٨٥دا لەسێدارە دەدرێن. دیار بەرپرسێکی بەتوانا و باڵای ڕێکخستنەکانی سۆسیالیست بوو لە شاری هەولێر و دەوروبەریدا.
لە بۆسەیەکدا لە گوندی سابلاغی سەربە شارۆچکەی قوشتەپە لە ٢١/١٠/١٩٨٢ پێنج پێشمەرگەی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بەناوەکانی نادر سمایل (نالە قەشقەیی)، محەمەد غەفور ئەحمەد، عوسمان عەلی محەمەمەد، محەمەد مەحمود قادر و حەمید سەعید حەمەدئەمین دەکوژێت. نالە قەشقەیی فەرماندەیەکی ئازا و ناودار بوو. مەلا عوزێر بە شۆفرلێتەکەی تەرمئ کوژراوەکان بەبەرچاوی خەڵکی گوندی سۆربەش و مورتکەدا دەبات و ڕادەستی ڕژێمیان دەکات.
خالید عەزیز و حەمەدئەمین عەزیز کە دوو کوڕی عەزیز قەمبەر بوون و ڕاکردووی سەربازی بوون، لەلایەک کەسێکی سەربە مەلا عوزێرەوە ڕادەستی مەلا عوزێر دەکرێن، کە ئەویش وەکو دەستکەوتێک یەکسەر ڕادەستی دائیرەی ئەمنیان دەکات و دواتر لە سێدارە دەدرێن. (پێویستی بە پشتڕاستکردنەوە هەیە)
عەریف ئەکرەم پێشمەرگەی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە بۆسەیەکی هاوبەشی جاشەکانی مەلا عوزێر و هەندێ مەفرەزە و فەوجی دیکەدا لە نزیک گوندی کەردز لە ٢٨/٢/١٩٨٢ دا دەکوژرێت. (پێویستی بە پشتڕاستکردنەوە هەیە)
لە گوندی نێرگین ١٤ کەسی گرتووە و رادەستی ڕژێمی کردووە (پێویستی بە پشتڕاستکردنەوە هەیە).
بەگوتنی یەکێک لە کەسوکاری قوربانیان کەناوی خۆی ئاشکرانەکردووە، برایەک و دوو مامی ئەو کەسە کە خەڵکی گوندی نێرەگینن لە دوای ئەنفالدا لەلایەن مەلا عوزێرەوە ڕادەستی ڕژێم کراون و دواتر گولەبارانکراون.
مەلا عوزێر وەکو هەر سەرۆک جاشێکی دیکە بەشداری تاوانی گەلکوژی ئەنفالی کردووە، چەند جار و لە کوێ و کوێ زانیاری تەواوم نییە، بەڵام بەپێی زانیاریەکان لەگەڵ جاشەکانی مامەند قەشقە (یەکێ لەو سەرۆکجاشانەی کە پارتی گرتیەخۆی و پەنایدا) لە ئەنفالی گوندەکانی بەستی شەرغەی دەشتی هەولێر وەکو سێگرتکان و نێرگین یا دەشتی کۆیە بەشداری کردووە، خەڵکیان کوشتووە یا گرتووە و ڕادەستکردووە.
لە ٧/٥/١٩٨٨ دا لەهەڵەمەتێکدا لە شارۆچکەی قوشتەپەدا مەلا عوزێر و جاشەکانی ٥٤ کەس دەستگیر دەکەن، هەندێکیان ڕاکردووی سەربازی دەبن. مەلا عوزێر خۆی هەندێ لەوانە ڕادەست دەکات. لە گیراوەکان ١٢ ئازاد دەکرێن، ١٢ دەنێرنەوە بۆ سەربازگەکانیان، ئەوانیتر فەرمانی کوشتنیان بەسەردا دەسەپێندرێت و گولەباران دەکرێن.
ئەوانەی ئاماژەمان بۆ کردن بەشێکن لە تاوانەکانی مەلا عوزێر، بێگومان تاوانی دیکەش هەن کە ئێمە زانیاریمان لەسەریان نیە. بۆیە گومان لەوەدا نییە کە ئەو تاوانبارە و دەبێ بدرێتە دادگا.
مەلا عوزێر لە کوردستان نییە تاکو دەسەلاتی کوردی بتوانن بیپارێزن، ئەو لە وڵاتی هۆڵاند دەژی، کەیسی لەسەر هەیە و پۆلیسی هۆڵاندی دەزانن ئەو تۆمەتباری تاوانی گەلکوژیە، بەڵام پۆلیس پێویستی بە شایەدحاڵ و دەکومێنتی کۆنکریتی هەیە تاکو بتوانێ کەیسی لەسەر دروستکەن. کەسوکاری قوربانیان دەتوانن چاڵاکانە سکاڵاکانیان پێشکەش بە پۆلیسی هۆڵاندی بکەن، یا شایەدەکان دەتوانن شایەدی لەسەر تاوانەکانی بدەن.
لەنێو هەموو گەلێکدا تاوانباران دەدرێنە دادگا، ئەو تاوانبارانەی کە لەڕیزی ڕژێمدا بوون و تاوانی دیار و گەورەیان ئەنجامداوە بەپێی یاسای تاوان دژ بە مرۆڤایەتی و گەلکوژی دەگیرێن و ڕادەستی دادگا دەکرێن، بەپێی یاسا دادگاییدەکرێن و سزای خۆیان وەردەگرن. تاوانی واگەورە کۆن نابێت و هەمووکات دەکرێ تاوانبار ڕاپێچی دادگا بکرێت. بۆنمونە لەسەر تاوانی گەلکوژی هۆلۆکۆست کە لە کاتی جەنگی جیهانی دووەمدا لەلایەن نازیەکانەوە دژ بە جووەکان ئەنجامدرا، لە هاوینی ٢٠١٥ دا دادگایەکی ئەلمانی لە شاری لونەبۆرگ کۆنە نازیستێکی ئەڵمانی بەناوی ئۆسکار گرۆنینگ تەمەن ٩٤ ساڵەی بە چوار ساڵ سزادا، ئەو کەسی نەکوشتبوو، تاوانی ئەو ئەوەبوو شمەکی وەکو پارە، سەعات، چاویلکە و شتیتری زیندانیەکانی کۆدەکردەوە. دوای نزیکەی ٧٣ ساڵ لەدوای تاوانکە سزای دادوەرانەی بەسەردا سەپێندرا. ئەم ساڵ تاوانبارێکی دیکە دۆزرایەوە بەناوی برونۆ دێی کە لەکاتی تاوانەکەدا پاسەوانی زیندان بووە و ئەوسا تەمەنی ١٧ ساڵ بووە، دوای ٧٥ ساڵ درایە دادگا و دادگای هامبۆرگ سزای دوو ساڵ زیندانی بۆ بڕیەوە.
لە باشوری کوردستاندا لەسایەی دەسەڵاتی یەکێتی و پارتیدا بەپێچەوانەی هەموو گەلانی جیهان، سەرۆکجاشە تاوانبارەکان پەنادران، قەڵە و بەهێزکران، پێگە و دەسەڵاتیان زۆر لەوە بەرزتر و زیاترە کە لەسەردەمی ڕژێمی بەعسدا هەیانبوو. خەڵکی باشوری کوردستان دەبێ لەچاوەڕوانیدابن تاکو ئەو ڕۆژەی خەڵکی باشوریش وەکو گەلانیتر دەبنە خاوەنی دەسەڵاتی نیشتیمانی ڕەوا و تاوانباران ڕاپێچی دادگا دەکەن. ئەوە ئەمڕۆ خەونە بەڵام دەکرێ بێتەدی.

تێبینی: هەندێ لە زانیاریەکان سەبارەت بە تاوانەکانی مەلا عوزێر بەپێی سەرچاوەی بڵاوکراوە کە لە خوارەوە داندراون نوسراون. دەکرێ زانیاریەکان تەواو نەبن. ئەگەر زانیاری گونجاوتان لەسەر ڕووداوەکان هەیە ئاگادارم بکەنەوە، سوپاستان دەکەم.

————————————————–

سەرچاوەکان:

وێکپیدیا: ئیبراهیم ئەحمەد سۆفی ناسراو بە ئیبراهیم شورتە
https://www.kurdipedia.org/default.aspx?q=20141005101458116586&lng=12;

ئەحمەد عەبدولعەزیز عەبدولکەریم زەمان، کوردۆپێدیا
https://www.kurdipedia.org/default.aspx?q=20150609203011121533&lng=14

یەکێتی ئەگەر دەیەوێ دڵسۆزی خۆی بۆ خەلکی کوردستان بسەڵمێنی با مەلا عوزێر بداتە دادگا
https://www.kurdistanpost.nu/?mod=news&id=48443

تاوانبار بە ژینۆساید، بەڵام سەربەست لە هولەند
http://www.derbendixan.net/kurdish/item_detail.php?id=391#.XyXDzCgzbIU

پیاوێکی کۆمەڵکوژ لە هۆڵەندا سەربەست کرا
https://www.kurdistanpost.nu/?mod=news&id=77393&skeyword=%D9%85%DB%95%D9%84%D8%A7+%D8%B9%D9%88%D8%B2%DB%8E%D8%B1

مام ئۆمەر پیشمەرگەیەکی دێرین، “دەستخۆش بۆ دەسەلاتی کوردی کە دەیان تاوانباری وەک مەلا عوزێر و قاسم ئاغا لەژێر دەسەڵاتی خۆیدا ئەحەوێنێتەوە”
https://www.kurdistanpost.nu/?mod=news&id=63983&skeyword=%D9%85%DB%95%D9%84%D8%A7+%D8%B9%D9%88%D8%B2%DB%8E%D8%B1

Former Nazi Guard Is Convicted in One of Germany’s Last Holocaust Trials
https://www.nytimes.com/2020/07/23/world/europe/holocaust-trial-nazi-guard-germany.html

Oskar Groening, ‘Bookkeeper of Auschwitz,’ convicted of war crimes, dies at 96
https://www.washingtonpost.com/local/obituaries/oskar-groening-bookkeeper-of-auschwitz-convicted-of-war-crimes-dies-at-96/2018/03/13/49517c5a-26ce-11e8-b79d-f3d931db7f68_story.html

شاخەوان شۆرش
٢/٨/٢٠٢٠




کتێبی شیعرەکانی پاول سیلان … و: رزگار شێخانی

پـێـشـەکی
دوو ساڵی ڕێک لەدوای کۆتاییهاتنی جەنگی یەکەمی جیهانیدا، پاول سیلان، Paul Celan بە پاشناوی Anczel لە ٢٣/١١ -١٩٢٠ لە شاری شێرنیڤتسی، کە ئەودەم شارێکی ڕۆمانیایی بوو و ئێستا شارێکی ئوکراینایە، لە دایکوباوکێکی جووی ئەڵمانیزمان لە دایک بوو. لەدوای شەڕی نێوان ڕووس و تورکدا لە کۆتایی سەتەی هەژدە، نەمسا شارەکەی داگیر کرد. لەدوای جەنگی یەکەمی جیهانیش شارەکە بوو بە بەشێک لە ڕۆمانیا. لە دوای شەڕی دووەمی جیهانیشەوە بوو بە بەشێک لە یەکێتیی سوڤیێت و هەتا ساڵی ١٩٩١ ئوکراینا سەربەخۆیی ڕاگەیاند و بوو بە بەشێک لەو. لەگەڵ هەر داگیرکردنێکیشدا ناوی شارەکە گۆڕاوە. هەر لە کۆنەوە شێرنیڤتسی شارێکی فرەنەتەوە و فرەکولتوورە. هەتا پێش جەنگی دووەمی جیهانی، هەموویان بێ هیچ کێشەیەکی ئایینی و کولتووریی، بە یەکەوە دەژیان. کە شەڕ هەڵگیرسا هەموو شتێک تێک چوو.
ساڵی ١٩٤١، دوای ئەوەی سوپای ئەڵمانیای نازی و ڕۆمانی شاری شێرنیڤتسی‌ـیان داگیر کرد، گێتۆیەکیان لە شارەکە دروست کرد و تێیدا جووەکانیان کۆ کردەوە. لە حوزەیرانی ١٩٤٢ هەڵمەتێکی زۆر گەورەی گواستنەوەی جووەکان بۆ ئۆردوگای زیندانیی بە کۆمەڵ دەستی پێ کرد. ئەوانەی کە گواسترانەوە، دایکوباوکی پاول سیلان‌ـیشیان تێدا بوو. سیلان توانی خۆی بشارێتەوە، دواتر دەگیرێت و دەیبەنە ئۆردوگایەکی سوغرەکردن. لەوێ بە خواردنی کەم و کاری گرانەوە، ١٩ مانگ سوغرەی پێ دەکەن. لەوێ بوو هەواڵی مەرگی دایکوباوکی پێ گەیشت. دایکیان کوشتبوو و باوکیشی بە نەخۆشی مردبوو. سیلان لە ئوردوگاکە ڕادەکات و دەچێتە ناو سوپای سووری سۆڤیێتی و لەناویدا وەک خزمەتگوزاری تەندروستی کاری کرد. کە ساڵی ١٩٤٤ سوپای سوور شارەکەی ئازاد کرد، سیلان توانی بگەڕێتەوە شارەکەی خۆی و دەست بە خوێندنی بکاتەوە. هاوڕێکانی باسی گۆڕانێکی گەورە و بنەڕەتییان لای سیلان دەکرد؛ پەند و چیرۆکی بە زمانی جیدیش دەگێڕایەوە و باسی جوانیی زمانی عیبری دەکرد، ئەو زمانەی جاران بە لایەوە گرنگ نەبوو. هەر لەو سەردەمیشەوە دەستی بە خوێندنەوەی ئایینی جوو و چاسیدیزم کرد.
کە ساڵی ١٩٤٥ جەنگ کۆتایی هات، سیلان چووە بوخارست، لەوێ لە دەزگەیەکی چاپ و بڵاوکردنەوە، وەک هەڵسەنگێنەری کتێب و وەرگێڕ خۆی دەژیاند. یەکەم شیعری لە ساڵی ١٩٤٧ لە گۆڤاری (ئەگورە)دا بڵاو کردەوە. لەم یەکەم بڵاوکردنەوەیەدا، پاشناوی خۆی گۆڕی، دوو حەرفی سەرەتای Anczelـی هەڵگرت و لە کۆتایی ناوەکەی دانا، کردی بە Celan و بەمەیش ناوێکی شاعیری بۆ خۆی مسۆگەر کرد. لە ئایاری هەمان ساڵدا، گۆڤارێکی ڕۆمانی، بە تەرجەمەی ڕۆمانی، شیعری (تانگۆی مەرگ)ی بڵاو کردەوە، دواتر ناوی شیعرەکەی گۆڕی بۆ (فوگەی مەرگ)، کە بە بەناوبانگترین شیعری سیلان دادەنرێ. ئەورووپای دوای جەنگ، ئەورووپایەکی وێرانە بوو. ڕاونراوەکان و ئەوانەی لە قڕکردنی بە کۆمەڵ ڕزگاریان بووبوو، بێماڵ و سەرگەردان دەسووڕانەوە. هەر ئەو کاتە بوو، سیلان لە وڵاتی خۆیدا هەستی بە دڵنیایی نەدەکرد و بڕیاری دا پەڕاگەندەی وڵاتان ببێ.
لەنێوان ساڵی ١٩٤٧- ١٩٤٨دا ماوەیەکی کەم لە ڤییەنا بوو. ئەودەم لەوێ یەکەم دیوانی: (لمی گۆزەڵەکان Der Sand aus den Urnen) بڵاو کردەوە. کە چەند هێڵکارییەکی سووریالیشی تێدا بوو. لەوێ یەکەمجار شیعری (فوگەی مەرگ)ی لە پیشانگەیەکی سووریالییەکاندا خوێندەوە. هەر ئەودەمیش پێوەندیی خۆشەویستی لەگەڵ ئینگێبێرگ باخمان‌ــدا بەست، باخمان لە نەمسا لە دایک بووبوو. باوکی ئەندامێکی چالاکی نازییەکان بوو، سیلان‌ـیش پەناهەندەیەکی جووی ڕوومانیا بوو. باخمان دوای ئەوەی لە چەند زانکۆیەک دەروونناسی و قانوونی خوێندبوو، لە ڤییەنا دەژیا، لەوێ بەشی فەلسەفەی دەخوێند و خەریکی نووسینی دکتۆرانامەکەی بوو لەسەر هایدگەر و هەر لە ڕێگەی ئەویشەوە سیلان ئاشنای فیکری هایدگەر دەبێت، دەست بە خوێندنەوەی بەرهەمانی دەکات و ئاشنای فیکری دەبێ. پاشان سیلان چووە پاریس و لەوێ ژیا، بەڵام بە نامە پێوەندیی لەگەڵ ئینگێبێرگ باخمان هەر هەبوو. هاوکات لەگەڵ کارکردن لە گارگە و وەرگێڕاندا، زمانی ئەڵمانی و زانستی ئەدەبی دەخوێند. پاشان وەک مامۆستای ئەدەب کاری دەکرد. ساڵی ١٩٥٢ لەگەڵ ژنە هونەرمەندی فەرەنسی، گیسێل لێسترانژ بوون بە ژنومێرد و دوو کوڕیان بوو. لە کۆتاییەکانی ساڵانی شەستدا، لەیەکدی جودابوونەوە.
سیلان لە ئابی ١٩٤٨، تازە هاتبووە پاریس. شیعر دەتوانێ چی لەبارەی ئەم دۆخەی زەمەنەوە بڵێ؟ یان چۆن سیلان، وەک ڕزگاربوویەک بتوانێ ئەم ئەزموونە بە هۆی زمانەوە بنووسێتەوە؟ ئەو توانی لە هەشت دیواندا ئەمە بکا. ساڵانی پەنجاکان خۆی لە پاریس و دیوانەکانیشی لە ئەڵمانیا بڵاو دەکرێنەوە. ناوەندە ئەدەبییەکانی ئەڵمانیا وەک شاعیرێکی زۆر گەورە پێشوازی لێ دەکەن و خەڵاتی دەکەن. پێوەندیی دۆستایەتی لەگەڵ هایدگەر دروست دەبێ و لە ماوەی نزیکەی بیست ساڵدا بە نامە پێوەندییەکی گەرمیان لەگەڵ یەکدی دەبێ.
کتێبیان بۆ یەکدی دەنارد و لەبارەی شیعر و فەلسەفەوە گفتوگۆیان دەکرد. وردەوردە ئەم پێوەندییەی سیلان و هایدگەر ساردیی تێکەوت. سیلان بە بەرهەمەکانی ئەو سەرسام بوو، بەڵام پڕ ڕق بوو لە لایەنگریی ئەم بیرمەندە گەورەیەی ئەڵمانی لە نازییەکان. هایدگەر قەت لای سیلان ڕەخنەی لە ڕابووردووی خۆی نەگرت، یان پەشیمانیی خۆی پیشان بدا.
لە ٢٤ تەمووزی ١٩٦٧ لە شاری فریبێرگ گەورەترین بیرمەندی سەردەم پێشوازی لە گەورەترین شاعیری سەردەم دەکات. فەیلەسوفەکە ناوی هایدگەر بوو، شاعیرەکەیش پاول سیلان بوو. هایدگەر ڕابووردوویەکی نازیی هەبوو، مامۆستایەکی نازیی زانکۆ بوو، ١٢ ساڵ ئەندامی حیزبی نازی بوو. سیلان‌ـیش جوویەکی ڕزگاربووی بەردەستی نازییەکان بوو. دایکوباوکی بە دەستی ئەوان کوژرابوون. ئەوان دوو کەسی ڕابووردوو تەواو پێچەوانەی یەکدی بوون، بەڵام تێگەیشتن لە فەلسەفە و شیعر بە یەکەوەی دەبەستنەوە.
سیلان داوەتکراوە لە پاریسەوە بێت و لە هۆلێ زانکۆی فریبێرگ، هەمان زانکۆی تییدا هایدگەر کاری دەکرد، شیعر بخوێنێتەوە. ئەودەم چەند ساڵێک بوو، سیلان باری دەروونی تەواو نەبوو. ئەو کاتیش سیلان لە نەخۆشخانەیەکی دەروونی لە پاریس بوو و بە مۆڵەت هاتبووە دەرەوە. زێتر لە هەزار کەس هاتوون و هایدگەریش لە ڕیزی پێشەوە دانیشتووە. لەم کۆڕەدابوو دۆخەکە گرژی تێکەوت. سیلان بە شێوەیەکی ڕەق گوتی نامەوێ وێنە لەگەڵ هایدگەر بگرم.
دوای خوێندنەوەی شیعرەکان، هایدگەر ڕووی لە سیلان کرد و گوتی کە حەز دەکات داوەتی خانووی هاوینەی خۆی لە توتناوبێرگ بکا و لەوێ پیاسە بکەن و گفتوگۆ بکەن. سیلان بە داواکەی ڕازی بوو. ڕۆژی دوایی، ٢٥ـی تەمووز بە ئوتومبیل دەچنە ئەوێ. ئەم سەفەرەی ئەوان زۆر گفتوگۆی لەبارەوە کراوە، زۆر کەس پێیوایە، دوای ئەم سەفەرە سیلان لە هایدگەر هەناسەسارد و بێهوا بووە. ئەوان دەگەنە خانووی هاوینەی هایدگەر لە توتناوبێرگ، کە بیرێکی ئەستێرەیی تێدابوو، ئاوی بیرەکە دەخۆنەوە و دەچنە ژوورەوە. سیلان لە دەفتەری میواناندا دەنووسێ – ”بۆ ناو دەفتەری میوانان بە نیگا لەسەر ئەستێرەی بیرەکە، بە هیوای هاتنی وشەیەک لەناو دڵەوە. ٢٥ـی تەمووزی ١٩٦٧. پاول سیلان.”
ئەوان لەم دەشتودەرە بەدەم پیاسەکردنەوە لەبارەی زۆر شتەوە دەدوێن. سیلان چاوەڕوانی ڕوونکردنەوە بوو لە هایدگەر، کە بۆ لایەنگری سەرسەختی نازییەکان بوو، بەڵام هایدگەر هیچی نەگوت و لەم بارەیەوە نوتقی لێوە نەهات. سیلان زۆر لێی بێهیوا بوو. لە گەڕانەوەیاندا بەرەو فریبێرگ، لەناو ئوتومبیل سیلان ڕوونتر لەگەڵ هایدگەر دەدوێ. لەمبارەیەوە لە نامەیەکدا بۆ گێسل‌ـی ژنی نووسیویەتی – هایدگەر نەیدەتوانی قەڵەم بەدەستەوە بگریت و هۆشیاری لەبارەی نازیزمەوە بدا؟
سیلان لە فریبێرگ‌ــەوە دەگەڕێتەوە نەخۆشخانەی دەروونی لە پاریس. شیعرێکی زۆر کورت بە ناوی (توتناوبێرگ)ـەوە دەنووسێ. ئایا ئەمە بێهیوایی ئەو بوو لە هایدگەر؟ لە شێعرەکەدا ئەو وشانەی کە لە دەفتەری میواناندا نووسی، هەیە: – ”وشەی لە دڵەوە هاتووی بیرمەندێک”.
ئەمە دوا یەکدیبینینیان نەبوو. هاوینی ساڵی دواتر، سیلان دەگەڕێتەوە فریبێرگ و لەگەڵ هایدگەر بەناو دەشت و چیاکاندا بە پێ دەگەڕێن. بەڵام لەبارەی ئەم سەفەرەوە هیچ زانیارییەک نییە. ئەوان دووجاری تریش یەکتریان بینی. کە سەرەتای ساڵی ١٩٧٠ بۆ دواجار یەکتریان بینی، سیلان باری دەروونی تەوا تێک چووبوو، زۆر لە هایدگەر تووڕە بوو و بەسەریدا هاواری کرد. هایدگەر گوتی: ”نەخۆشە – بێچارەیە”.
شیعرەکانی سیلان، پێوەستیی ژیان و ئەو ئەزموونانەی خۆیەتی لە سەردەمی شەڕدا– زیان، ڕاکردن، پەناهەندەیی و تاسەی ئەو کەس و شتانەی نەیبینینەوە، بەڵام باسی عەشقیش دەکەن. ئەندامی ئەکادیمیای سوێدی پرۆفیسۆر ئەندێرس ئولسۆن، کە هەم شیعرەکانی تەرجەمەی سوێدی کردووە، هەم بەردەوامیش لێکوڵینەوەی زانستی لەبارەیانەوە دەنووسێ. ئەو کاتەی بە ئەندامی ئەکادیمیای سوێدی هەڵبژێردرا، لە وەڵامی پرسیارێکی ڕۆژنامەوانێکدا گوتی: ”بۆ نموونە زۆر پێم گوناهە خەڵاتی نوبێل نەبەخشرا بە توماس بێرنرهارد. یان پاول سیلان”. ئەو لە پێشەکیی تەرجەمەی (شیعرە ڕۆمانییەکان)دا بۆ سوێدی، نووسیویەتی: ”بێگومان سیلان نەک تەنیا میراتی تازەگەریی بە زماننوێکردنەوەی بوێر گواستووەتەوە، ئەو بە شێوازێکی بێهاوتا شیعری کردووە بە ساختومانێکی شاهێدیی لەبارەی ئەزمووی توندوتیژیی، عەشق و پەناهەندەییەوە لە مێژووی سەتەی بیستی ئەورووپادا”.
سیلان بەهرەی فێربوونی زمانی هەبوو، ئەڵمانی، عیبری، ڕۆمانی، فەرەنسی و ئینگلیزی دەزانی. ئەڵمانی زمانی دایک بوو، هەر زوو لە دایکوباوکییەوە فێر بوو. ئەو هەر بە ئەڵمانیش دەینووسی و دژی جووتزمانی بوو – »تەنیا بە زمانی دایک مرۆڤ دەتوانێت ڕاستیی خۆی دەرببڕێت، بە زمانێکی بێگانە شاعیر درۆ دەکات.« ئەگەرچی ئەڵمانی زمانی جەللاد بوو، بەڵام سیلان باوەڕی وا بوو، کە دەبێ تەنیا بە ئەڵمانی بنووسێ. بەڵام لە بەرهەمەکانیدا ماوەیەک حاڵەتی شاز هەیە. ئەو کاتەی چووە بوخارست و لەوێ ژیا، نزیکەی چل پەخشان و شیعری نووسی، هەندێکیان بە شێوازی سووریالی، شازدە لەم تێکستانەیش بە ڕۆمانی نووسراون و بە شیعرە ڕۆمانییەکانی ئەو ناسراون. پاشان گەڕایەوە سەر زمانی ئەڵمانی. لەوێ لە بوخارست بوو، ناودارترین شیعری ”فوگەی مەرگ” بە ئەڵمانی نووسی، تەرجەمەی ڕۆمانی کرا و لە ئایاری ساڵی ١٩٤٧ لە گۆڤارێک کە لە بوخارست دەردەچوو بە ڕۆمانی، بڵاو کرایەوە.
سیلان هونەرمەندیێکی زمانەوانی بوو و بەوە ناسرابوو، وشەی نوێی دادەهێنا، کە لە زمانی ئاخافتندا نەبوون. ئەو بە ئەڵمانی دەینووسی، ئەگەرچی زمانی نازییە تاوانکارەکانیش بوو. بۆ ئەوەی بتوانێ بە ئەڵمانی شیعر بنووسێ، هەستی کرد پێویستی بە دۆزینەوەی زمانێکی تایبەت بە خۆی لەناو زمانی ئەڵمانیدا هەیە، – زمان لەناو زماندا. بۆ ئەوەی پێیەوە بتوانێ باسی قڕکردنی جووەکان و ئەو هەموو تاوانانەی نازییەکان لە سەردەمی شەڕدا کردیان، بکا.
”فوگەی مەرگ” Todesfuge/Dödsfuga شیعرێکی زۆر ناوداری ”پاول سیلان”ـە. لەنێوان ساڵی ١٩٤٤/١٩٤٥ نووسراوە. یەکەمجار ساڵی ١٩٤٧ تەرجەمەی ڕۆمانی کرا و بە ناوی ”تانگۆی مەرگ” بڵاو کرایەوە. ساڵی دواتر لە یەکەم دیوانیدا، بە ئەڵمانی بڵاو کرایەوە. خاسییەت و پێکهاتەی شیعرەکە وەک سەدا و تەبەقەی جودای مۆسیقا، فرەدەنگییە. فوگە Fuga وشەیەکی لاتینییە و واژەیەکی تیۆری مۆسیقایە، ئاماژەیە بۆ ئەو هەموو دەنگ و سەدا جودایانەی ژێ و ئامێری مۆسیقا، کە دووبارە دەبنەوە. شیعرەکە باسی ڕووداوی واقیعیی قڕکردنی جووەکان دەکات لە سەردەمی شەڕی دووەمی جیهانیدا. ئەوسا نازییەکان لە زۆر ئۆردوگا، لە کاتی کوشتن و سووتاندنی جووەکاندا ناچاریان دەکردن گۆڕ بۆ خۆیان هەڵبکەنن و هاوکات بەشێکیشیان ناچار دەکران مۆسیقا بژەنن. بەم جۆرە مۆسیقایەیش دەگوترا ”تانگۆی مەرگ”.
لە شیعرەکەیشدا دەنگ و سەدا و بابەت دەگوڕێ. ”ئێمە”ی زیندانی هەیە، کە بەشیکیان مۆسیقا دەژەنن و هاوکاتیش بەشێکیان گۆڕی خۆیان هەڵدەکەن. ”جەللاد”یش هەیە، کە نامە بۆ ”مارگەریتا”ی خۆشەویستی دەنووسێت و فەرمان بە بەندکراوەکان دەکات گۆڕی خۆیان هەڵبکەنن. ”سولامیت”ــیش، ئەو کچەیە کە حەزرەتی سولەیمان ئاشقی بوو و لە ”غەزەلی غەزەلان/ گۆرانیی گۆرانیان”؛دا، بە شیعر عەشقی خۆی بۆ دەربڕیوە. لەوێ لە شیعری ژمارە ٦، کۆپڵەی ١٢ ناوی هاتووە. وەک دەبینین، شیعره‌کانی پاول سیلان له‌ تراژیدیایەکه‌وه‌ هه‌ڵقوڵاون، که‌ ئاسه‌واری به‌سه‌ر ئه‌ده‌بی ئه‌ورووپایی دوای شه‌ڕه‌وه‌ هه‌یه‌.
تیۆدۆر ئەدۆرنۆی فەیلەسوف (١٩٠٣ – ١٩٦٩) پێیوابوو – بەربەرییە لەدوای ئاوشویتس شیعر بنووسرێ. ئەمە تێگەیشتنێکی ڕاستە، چونکە سەختە بە هۆی نووسینەوە، یان تەنانەت گێڕانەوەیش، تەواو لە نەهامەتییەکانی شەڕ نزیک ببینەوە. بەڵام ئەم تێگەیشتنەیش ڕاستە کاتێ وەرگری خەڵاتی نوبێل، ئێمرێ کەرتێز (١٩٢٩ – ٢٠١٦) ئەم گوتەیەی ئەوی هەڵگەڕاندەوە و گوتی: – ”لەدوای ئاوشویتس مرۆڤ دەتوانێ شیعر تەنیا لەبارەی ئاوشویتسەوە بنووسێ”.
لێرەدا کە ناوی ”ئاوشویتس” دەهێنێ، مەبەست کات و شوێنێکی دیاریکراو نییە، مەبەست هەموو ئەورووپا و سەردەمی شەڕە، کە تێیدا بە شێوەیەکی سیستێماتیک جووەکانیان قڕ دەکرد. ئایا زمان توانای هەیە وێنەی ڕووداوەکان بکێشێ، وەسفی هەستی کوژراوەکان و بکوژەکان بکا؟ ئەگەر وەڵام نەخێر بێ، ئەدی چۆن بتوانین لە نەهامەتییەکانی ئەو سەردەم تێبگەین؟
بۆ ئەم مەبەستە، سیلان شێوازی تایبەت بە خۆی دۆزییەوە. هەر بەڕاستی وەک دەگوترێ زمانی ئەڵمانی تێکشکاند و زمانێکی تایبەت بە خۆی داهێنا، کە پڕە لە کۆد و وشەی نهێنی، تەنانەت حەرف و خاڵبەندەکانیش ئەرکیان هەیە. ئەم شێوازە زۆر سەختەی سیلانە، وا دەکات تێگەیشتن و تەرجەمەکردنی زۆر سەخت بێ. هەم لێکۆڵەر و هەم وەرگێڕ تووشی شیکردنەوەی هەڵە و وەرگێڕانی هەڵە ببن. باشە هەر لە ئێستاوە ئەوە بڵێم، کە- ئەم وەرگێڕانەی من، هەوڵێکە بۆ نزیکبوونەوە لە جیهانی سیلان، نەک چوونەناو جیهانەکەوە.
ئەوجا بۆ ئەوەی لە مێتودی نووسین و جیهانی سیلان نزیک ببینەوە، هەڵە نییە ئەگەر بە ڕێگەیەکی تردا بڕۆین، بچین مێتودێکی تەواو پێچەوانەی ئەو بدۆزینەوە. مێتودێک کە جیاوازییەکەی وەک جیاوازیی نێوان شەو و ڕۆژ و ڕەش و سپی بێ. ئەم مێتودە جودایەیش، شاعیری ئەمریکایی چارلس ڕیزنیکۆف (١٨٩٤ – ١٩٧٦) لە کۆتایی ژیانیدا دۆزییەوە، کە تەواو پێچەوانەی مێتودی نووسینی سیلانە و ئەو خۆی بە (مێتودی دەستکاریکردن) ناوی دەبا. مێتودێکە دەتوانرێ پێیەوە بە زمانێکی ئاسان، باسی بابەتی ئاڵۆز و سەخت بکرێ و زۆر لێیان نزیک ببێتەوە. ئەو هات بۆ شیعرنووسین و زۆر نزیکبوونەوە لە ڕووداوەکانی قڕکردن، سوودی لە بەڵگەنامە و پرۆتۆکۆلی گوتەی شاهێدەکانی دادگەی نورنبێرگ وەرگرت. هێڵی بەژێر ئەو دێڕ و وشانەدا دەکێشا، کە بۆ شیعر دەگونجێن و هاوکاتیش وێنەیەکی واقیعیی نەهامەتییەکانیان دەکێشا. ئەو هات و ئەم ماتریالانەی کردووە بە شیعر و ساڵی ١٩٧٥ لە دیوانێکدا بە ناوی (قڕکردن/ Holocaust) بڵاوی کردەوە.
مێتودەکەی ئەو خۆی لەم پێنج خاڵەدا چڕ کردووەتەوە:

  1. هەموو ئەو دێڕانەی جوان دیارن بنووسەوە.
  2. ورد سەرنج لە هەموو وشەکان بدە و وشە لاتینییەکان و هی ناپێویست دەربهێنە.
  3. ورد سەرنج لە مانای هەموو ڕستەکان لە ڕیزبەندی دیاریاندا بدە.
  4. ورد سەرنج لە ڕیتمی هەموو دێڕەکان بدە.
  5. پاشان بەوردی دەستکاریی بکە.
    چارلس ڕیزنیکۆف پێیوایە، شاهێدەکانی دادگە ڕووداوەکان وەک خۆیان دەگێڕنەوە و ئەمەیش ماتریالەکە زۆر گونجاو دەکات، چونکە بەم شێوەیە خوێنەر هەتا دەکرێ لە ڕەوتی ڕووداوەکان نزیک دەبێتەوە. ئەم دوو کۆپلە شیعرە، نموونەن لە شیعرەکانی.

”لەناکاو سێیان هەڵبژارد
سێ جووی ڕیشن
کە پیاوی سێیەمیان هەڵبژارد
کوڕەکەی گوتی: لە باوکم گەڕێن
من دێمە شوێنی ئەو
من ببەن!
ئەو س س‌ـەی باوکی ئەوی هەڵبژاردبوو گوتی:
”تۆیش وەرە!”
گوللە بە پشتەملی هەر چواریانەوە نرا:
گوللەکان لە نێواچەوانیانەوە دەرچوون.”

”ئەڵمانییەکەی کە خوشکی ئەوی کوشتبوو
ڕووی لەو کرد و
پرسی: ”لەپێشان کامتان بکوژم؟”
ئەو دەستەکانی کچە بچووکەکەی گرتبوو و وەڵامی نەدایەوە؛
ئەو بینی چۆن ئەڵمانییەکە منداڵەکەی لێ سەند
منداڵەکە قیژاندی و کوژرا.”

لە بەرسێبەری قڕکردنی جووەکاندا، سیلان زمانێکی بۆ ئەو شتانە دۆزییەوە، کە ناوهێنانیان سەختە. میکایل ڤان ڕێیس لە لێکۆڵینەوەکەیدا- دوا شاعیر. گوتارێک لەبارەی خۆڵەمێشی پاول سیلان‌ـەوە، کە بە سوێدی نووسراوە، باسی ئەوە دەکات چۆن سیلان لە شیعرەکانیدا بە وشە و حەرف، وشەی نهێنی بۆ ڕووداوە مێژووییەکان دۆزیوەتەوە. ئەو لە سەرەتای کتێبەکەیدا دەپرسێ ”شیعر چییە؟” و لە کۆتایی کتێبەکەیدا وەڵام دەداتەوە و دەڵێ: -”شیعر، بە دڵنیاییەوە زیاتر ئەوەیە تۆ ناتوانی پێشبینی بکەیت. /…/ شیعر لە دەرەوەی زانینەوە دەپەیڤێ، بەڵام هێندە بەهێز دەدوێ تۆ پەلهاویشتنی ئەوەتە کە هەمیشە بتەوەێ بزانیت”.
پاول سیلان لە شیعرێکدا دەڵێ:
(خۆڵەمێش.
خۆڵەمێش، خۆڵەمێش.
شەو.
شەو-و – شەو. – بڕۆ
لای چاوەکە، لای شێدارەکە.)
خۆڵەمێش، ئەم وشە بۆرە دڵتەنگکەرەیە، (بە ئەڵمانی Asche) کە جار لەدوای جار لێرە و لە زۆر شیعری تردا دووبارە دەبێتەوە، ئاماژەیەکی دیارە بۆ قڕکردنی جووەکان. ئەمە ئەم تاوانە گەورەیەیە، کە زمان توانای دەربڕینی نییە و ناتوانرێ وەسفی بکات.
وشەی خۆڵەمێش بە ئەڵمانی ”Asche” و پاشناوی سیلان‌ــیش Antschel بەر لە جێگۆڕینی هەردوو حەرفی An، لەنێوانیاندا لە ڕووی فۆنێتیکەوە – (ئەشێ – ئەنشێڵ) لەیەکچوونێکی سەیر هەیە. ڕەنگە ئەمە هۆیەک بێ لە جێگۆڕکێی دوو حەرفی پاشناوی.
ئەدی چاسیزم چۆن لە شیعرەکانی ئەم شاعیرەدا دیارە؟ شیکەرەوەی وا هەیە پێیوایە کە سیلان لە هەمان بناغەی چیرۆکی چاسیزمەوە شیعری نووسیوە. هی وایش هەیە جەخت لەوە دەکاتەوە کە هێمای نەریتی جووی تێدایە. سیلان خۆی لەم بارەیەوە هۆشیاریی لە بەستنەوەی شیعرەکانی بە ئایینی جوو، یان قەدەری جووەکانەوە داوە، هاوکات لەبارەی پێویستیی هەبوونی زانیاریی وردی پێشوەختە لای خوێنەر بۆ تێگەیشتن لە شیعرەکانی، زۆرجار گوتویەتی – زانیاری لەبارەی ئایینی جوو، یان چاسیزم لای خوێنەر گرنگن.
ئەو ناخۆشی و دەمەقاڵییەی لەسەر شیعری (فوگەی مەرگ) لەنێوان پاول سیلان و ئیمانوێل وایسگلاس (١٩٢٠ – ١٩٧٩) دروست بوو و ڕۆژنامەکانیش ڕۆڵی خراپیان لە تەشەنەکردنیدا هەبوو، پاول سیلان‌ــی زۆر دڵتەنگ و خەمبار کرد. ئیمانوێل وایسگلاس، ئەویش وەک سیلان، شاعیرێکی جووی ئەڵمانیزمانی ڕۆمانیا بوو. هاوڕێی قوتابخانە بوون. ئیمانوێل وایسگلاس شیعری (ئەو ER)ی نووسیبوو، بابەت و چەند دێڕێکی شیعری (فوگەی مەرگ)ی سیلان‌ــیش وەک ئەو بوو. دوای ئەوەی کە ئاشکرا بوو، شیعرەکەی ئیمانوێل پێش (فوگەی مەرگ)ی سیلان نووسراوە، زۆر کەس سیلان‌ــیان بەوە تاوانبار کرد، کە لەوی وەرگرتووە. بەڵام ئیمانوێل هەرگیز سیلان‌ــی هاوڕێی دێرینی بەوە تاوانبار نەکرد، بەپێچەوانەوە، ئەو زۆر سەرسام بوو بە توانای سیلان. ڕاستییش ئەوەیە، کە سیلان هەرگیز لەوی وەرنەگرتبوو. هەندێ کەسیش پێیان وایە، خۆکوشتنەکەی سیلان تا ڕادەیەک پێوەندی بەم مەسەلەیەوە هەیە.
سیلان بە شیعرەکانی ئەو بۆچوونەی فەیلەسوفی ئەڵمانی، تیۆدۆر ئادۆرنۆی بەتاڵ کردەوە، کە گوتبووی: – ”بەربەرییە لەدوای ئاوشویتس شیعر بنووسرێ”. ئاوشویتس گەورەترین ئۆردوگای زیندانی و لەناوبردنی جووەکان بوو. ئەو پێیوابوو، تەنانەت شیعریش ئەو توانایەی نییە، باسی مێژووی خوێناویی سەردەمی جەنگ و قڕکردنی جووەکان بکات. پاول سیلان ئەم تێگەیشتنەی پێ هەڵە بوو، ئەو پێیوابوو – لەدوای ئاوشویتس، چۆن شیعر بنووسرێ؟
لەدوای شه‌ڕی دووەمی جیهانیدا، کۆمه‌ڵێک نووسه‌ری جوو، ئه‌و کاره‌ساته‌ی به‌سه‌ریاندا هات، نه‌یانده‌توانی فه‌رامۆشی بکه‌ن. زینده‌خه‌ونێک بوو، له‌ کاتی به‌ئاگاییاندا. ئەوان به‌رگه‌ی ئه‌م ئازاره‌ ده‌روونییه‌یان نه‌گرت و خۆیان کوشت. پاول سیلان‌ــیش وا بوو، نه‌یده‌توانی ڕابوردووی خۆی فه‌رامۆش بکات. تا وای لێ هات باری ده‌روونی شێوا. چەند ساڵێک بەر لە مردنی، بە تەنیا و بێ خێزان و هـاوڕێ دەژیا. باری دەروونی باش نـەبوو، کـەوتبووە ناو حوزن و خـەمۆکییەکی گەورەوە. دوا شیعرەکانیشی لە دۆخێکی وادا نووسیون. لە کۆتاییدا حوزن و خەمۆکی بەسەریدا زاڵ دەبن و ژیانی لێ دەستێننەوە.
شـەوی ٢٠ـی نیسانی ١٩٧٠، لە مـاڵەکەی، لەسـەر شـەقـامی ٦، ئێمیل زۆڵا لە پاریس، دەچێتە دەرەوە. چەند ڕۆژێک پێشتر، دەبوو لەگەڵ ئێریک‌ــی کـوڕە مێرمنداڵەکەی، چـووبان نمایشی شـانۆنـامەی– لە چاوەڕانیی گۆدۆدا-ـی بێکت ببینن، بەڵام نەچووبوون. کاتێک ژنی پێشووی، گیسێـل دەچێتە ماڵەکەی، ئەڵقە و سەعاتی دەستی پاول سیلان لەسەر مێزی ژووری نووستن دەبینێ. ئەمە نیشانەیەکی ڕوونی ماڵئاوایی بوو، کە پێشتر بە ئەوی گوتبوو. سیلان ئەو شەوە خۆی هەڵدابووە ناو ڕووباری سێن و خنکابوو. دوای هەفتەیەک تەرمەکەیان دۆزییەوە.
ئەمڕۆ پاول سیلان بە شاعیرێکی زۆر گرنگی ئەڵمانیزمانی دوای شەڕی دووەمی جیهانی سەرنجی لێ دەدرێ و ئه‌ده‌بناسه‌کان به‌ یه‌کێک له‌ شاعیره‌ گه‌وره‌کانی ئه‌ڵمانیزمانی دوای شه‌ڕی دووه‌می جیهانی داده‌نێن.

ڕزگار شێخانی
ستۆکهۆلم، تەمووزی ٢٠٢٠




دە هەزار شوێنپێ بەشێک لە شیعرەکانی (کو ئون) … بەکر ئەحمەد

بەر لەخوێندنەوەی ئەم شیعرانە، ئەم پێشەکییە کورتە پێویستە.
(کو ئون) بە یەکێك لە دەنگە گەورەکانی شیعری جیهانی و کۆریای باشوور لەقەلەمدەدرێت و هەموو ساڵێک لە لیستی ئەو ناوانەدایە کە بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ئەدەبی نۆبڵ دەپاڵێورێت.

سالانی دەسەلاتدارێتی سەربازی (چونگ دوو هوانس) (١٩٧٩ تا ١٩٨٨) لە کۆریای باشوور، ئەو زەمەنەیە کە دەبێتە خاڵی وەرچەرخان لە نووسینی (کو ئون)دا. لەم ساڵانەدا بوو کە ئەو لە زینداندا بەلێنە گرنگەکەی خۆی رادەگەێنێ:”گەر ئازاد بم، مەرج بێت شیعر بۆ هەموو ئەو کەسانە بنووسم کە بینیوومن یان دەیانبینم). لە ساڵی ١٩٨٢دا کون بەر لێبووردنی گشتی دەکەوێت و ئەم پەیمانە دەکەوێتە فازی جێبەجێکردنەوە. دەرئەنجامەکەی ٣٠ کتێبی گەورەی شیعرییە لە ژیر ناونیشنای(مانینبو)، یان ١٠ هەزار شوێنپێ.
هێڵێکی بینراو کە بە ناو شیعرەکانی (١٠ هەزار شوێنپێ)دا هەستی پێدەکرێت، تۆمارکردنی ئەو تاقیکردنەوە بێدەنگانەیەیە کە تراجید کۆمێکی لێدەتکێ، گێرانەوەی ئەو حەکایەتە بچکووکانەیە کە زۆر جار خۆی دەپێچێتەوە لە چیرۆکە گەورەکانی ئینسانەوە.
سەرنجراکێش نییە کە ئەم شاکارە گەورەیە بە شیعری داپیرە (سام مان) دەستپێدەکات کە داپیرە گەورەی دێیە و هوونەری گێرانەوە زیندوو رادەگرێت.

وەختێک مرد، وا دەزانرا ئەو لە گێرانەوە بەردەوامە
ئاخر ئەو بە مردوویش دەمێ هێشتا کراوە بوو
چەند هەوڵیاندا دەمی داخەن، دیسان دەمی دەکرایەوە.

کو ئون لە شوێنێکدا دەنووسی:” لە زەمەنی کۆلۆنیالیزمدا، ئێمە تەنها لە شەودا دەمانتوانی بە زمانی خۆمان بپەیڤین. ئێمە لە رێگای بە چپەدوانەوە بە کۆریایی گوێبیستی ئاخاوتنی دایک و باوکمان دەبووین.”
چەند ساڵێکی ژیان وەک راهیبێکی بوزی و لە دەستدانی زمانی دایک بەو شێوەیەی کە کوئون لە منداڵیدا دووچاری دەبێت، شیعری کون وا لێدەکات کە بە کەمترین وشە و بە دیقەتێکی وردەوە زۆرترین مانا بدرکێنێ.
شیعری کو ئون بە شیعری بەرهەڵستکاریی بێدەنگ وشیعری لەپەراوێزدا بووندا دەناسرێتەوە. ئەم بیست شیعرەی کە لێرەدا دەیخوێننەوە، بەشێکی کەمی شیعرەکانی (١٠ هەزار شوێنپێ)یە.
ئەم شیعرانە لە لایەن (کارۆلین هێرمێلین) و ( ئینگا هیرزێگ هان)ەوە وەرگێردراوەتە سەر زمانی سویدی.
Ko Un Maninbo Tiotusen Fotspår Atlantis 2018

سا هاێنگ

لە کەناری چەمی (میجیی)
ماسیگرێک راوەستابوو
ئەو، (ساهاینگ)ی لۆق درێژ بوو کە خەریکی تۆڕهەڵدان بوو
لەوبەرەوە، (چیل سۆنگ)ی کور، بەهەڵەداوان گەیشتە جێ
“باوە، باوە!
دایکم مرد، ئەو بە چاوی کراوەوە گیانی دەرچوو”
ئەو هێند دوور بوو، دەنگی نەگەیشتە ئەمبەر.

لەبەینیاندا، شەپۆلەکان ئارام ئارام
بەڵام خۆیان، بۆ هەمیشە لە یەک جودا.

باوک

بۆ یەک تۆزیش گرنگ نەبوو چەند هیلاک بوو
کاتێک بە رێگەدا دەرۆی، لە رووباردا دەپەرییەوە
بەسەر هەموو (نائیپۆ)دا رێی تەیدەکرد
لە بازاڕی (تایچۆن)ەوە تا دەگەییە بازارەکانی (ئیسان) ، (سۆسان)
ئەو چەندەها خەونی هەبوو
وەختێ کە باران دەباری
دەستەکانی بۆ دڵۆپەکان بەرز رادەگرت
بە تاسەوە دەیووت: ئایجو*، ئایجو
پێخۆشحالم بە بینینیت.

  • ئایجو لە زمانی کۆریدا بۆ دەربڕینێکی پڕ هەست و سۆزی ناخەکی بەکاردەبرێ.

(دۆ سۆنگ)ی مارگر

(دۆنگ سۆنگ) لە گوندی (پانگ جونک) بوو
ئەو مارگربوو
ئەو هەمیشە ماری دەگرت، کەوڵی دەکرد، سوێری دەکرد
دواتریش بە کەیفەوە دەیخوارد
ئێمە ئەومان پێ سامناک بوو، بۆیە زوو لێیهەلدەهاتین
ئەو بۆهەر شوێنێ بڕۆشتایە
بە بینینی،
زەردە مار و گەزەمار و هەموو جۆرە مارێکی دی، لە شوێنی خۆیان وشک دەبوون
بەرلەوەی دارعەسا تیژ و نووکدارەکەی لێیان بگرێ
مارەکان گشتیان گیرابوون.
ئێمە گشتمان لە ڕیگای ئەو لاماندەدا
دەترساین نەک بێتە خەومان
کەچی سەرباری هەر هەمووی، چ دڵپاک بوو
ئەگەر کەسێک لە ماڵێکدا بمردایە، چی کاری قورسی ناو ماڵ بوو
(دۆ سۆنگ) دەیکرد
ئەو دەیناڵاند و دەگریا
لەو رۆژەیشی، قوربانی بۆ مردوو دەکرا
لە سێ رۆژەی دوای ناشتندا، لەوێش ئەو عەزای خۆی دەگرت
ئەو مارگر بوو، بەلام چ دڵێکی هەبوو

(چۆڵگۆنگ)ی دەربەندی (ئۆکجۆنگ)

کە (چۆلگۆنگ) لە دەربەندی (ئۆکۆجۆنگ)دا
یان لەوبەر چیای (یۆنگ تۆل ری)دا
یان لە دەربەندەکەی خۆرئاوا، بە بێ ترپە و بە ئەسپایی
دەهات ، دەچوو
خەڵک بە گاڵتەوە دەیانووت: ئەها شێتە کەوتۆتە رێ!
بەڵام (چۆڵکۆنگ) خەمی نەبوو، وەک هەمیشە پێدەکەنی
لەو شەوە تاریکانەیشی گووڵە سپییەکانی کالیباس
تاریکی سپی دەکردەوە، (چۆلکۆنگ) بۆ خۆی پێدەکەنی
بەس ئەو ڕۆژەی کە پۆلیسە ژاپۆنییەکە
بە قەمچی بەربووەگیانی باوکی (کیل موو) و تا لێواری مردن بردی
ئەوە تەنها ئەو رۆژە بوو، (چۆلکۆنگ) تیایدا پێنەکەنی.

پەنجەی (جای هاک)
(جای هاک) هاوڕێی نزیکی باوک بوو
باوک، (جای هاک) و (کیۆنگ سۆپ)ی ئامۆزا
سوێندیان بۆ یەکدی خواردبوو کە وەک برای شیری وابن.

دەساڵ دواتر، (کیۆنگ سۆپ) مرد و
باوکیشی گەلێک نەخۆش بوو
(جای هاک) پەنجەی خۆی بۆ بڕیی وخوێنی خۆیشی وەکو دەرمان
دایە باوکی
کە (جای هاک) دەهات بۆ سەردان
لە دوورەوە، بە رلەوەی نزیک بێتەوە،
نەک یەک کەرەت، چەندین جار هاواری دەکرد: برای گەورە!
ئەوساکە باوک کە خەریکی قوڕشێلان بوو
بە قاچی قوڕاویەوە و دەمووچاوی پڕلە خەندە
رایدەکردە پیشوازی و دەیوت: برالە ، ئەمە تۆی!
توانای (جای هاک) لە دروستکردنی عارەقدا
لە ناوچەکانی (کونسان) و (ئوکوگو)دا لەسەر زاربوو.
کارگەکانی عەرەقخانە بە پەرۆشبوون ئەویان هەبێ
بەلام ئەو زۆر وەفاداربوو
قەت نەیدەویست ، ژوورەکانی پشتەوەی عەرەقخانەی (مێیجی) بە جێبهێڵێ
(جای هاک) دەیووت: گەر من بڕۆم، برایەتیمان زەربە دەخوا
ئەو کاتێک بە شیوازی خۆی، بە دەستی چوار پەنجەیەوە
کەوچکی لە تێکەلەکە دەدا،
تامی شەرابی برنج و عەرەقەکەیش، لەسەر زار قەت لانەدەچوو
کاتێک باری سێ چوار کارتۆن شەرابی برنج بۆ کێڵگەیەکی دی دەنێردرا
ڕادەوەستا و سەیری دەکرد
وەک ئەوەی بەشیک لە جەرگی خۆی لێکەنەوە
ئێوارەیەک کاتێک لێزمەی باران دایکرد
وەک وەی دونیا سەرەوژوور بێت
(جای هاک) بە هەلەداوان هات و
هاواری کرد: برا گەورە، برا گەورە!
لە مەودوا من مەشروبی بەهێز دروستناکەم
ئەوانەی شەرابەکەی منیان خواردبووەوە
ببوە شەریان
(هۆنگ سۆنگ دۆک)ی دێی (ۆندان ری)
بە چەقۆی (پاک کوانا سو) کوژرا
ئەوان هەر هێندەی مەست بووببون ، بەچەقۆ لەیەک بەرببوون

(پۆنگ تای)

من و تۆ کێبڕکێمان بوو، کێمان باشترین قوتابی پۆل بێ
تۆ لە ماڵی خانەدانێکەوە هاتبووی
هەمیشە جلکی جوانت بوو
پێنج قۆپچەکان، چەندە پاکبوون
هەموو رۆژێ، هێلکەیەکی سپی کوڵاو
لە زەمبیلەی خواردنەکەتدا کە تێکەڵێ لە جۆ و برنجی تێدا بوو
تۆ هچ فیزت نەدەزانی
ئێمە مەرەزەیەکمان هەبوو بە تەنیشت ئەوی ئیوەوە
رۆژیک وتت: با هاوڕێ بین!
ئەوەت وت و نانبرنجی وشکت دامێ
بەڵام (پۆنگ تای)!
یەکەمجار باوکت مرد
کاتێک سوورەکان بەرەو دوا و بەرە و باکوور کشانەوە
خەڵکی هاتن و تۆیان لە کۆلاندا کێشکرد
لە ئەشکەوتێ، لە چیای (هاڵمی)، لەوێ مردی
بەدەست سەربازێکی ڕەشپێستی یوئێن کوژرای
شەوێکی مانگەشەو بوو
لە ئەشکەوتێکی تاریکدا
ئای (پۆنگ تای)!
من نەمتوانی ڕزگارت کەم
تۆ ئەوسا حەڤدە ساڵان بووی
منیش هەروا.

گڵخۆرکە

ئەو تەمەنی شەش ساڵێکە و ئەستێرەکانیش دەژمێرێ
ئێوارەکان زۆر دڵگیرن
رۆژەکانیش گەلەک گران
باپیرە چووە بۆ کێڵگە
باوک لەسەر مەرەزەیە
مەرەزەی کەسانی دیکەش
بە رۆژ، لە دوای تاوێ باران
لە ژێر داری گوێسوانەدا، لەگەڵ کرمی گڵخۆرکەدا وازی دەکا
ئاوا منداڵێکی شەش ساڵ، (دۆ سووپی) ئوقرەنەگرتوو
ئیواران چاوەڕواندەکا

(پائێک)ی بێوەژنی خەلکی (هادمۆک ری)

(کیم کی هو)، بەلەموانێکی (هادمووک) بوولە دوورگەی (چیجوو)
بە بەلەمێکی ماسییەوە
لەگەڵ مامە (جۆنگ هۆنگی)دا چووە دەریا
رووبەڕووی زریان بوونەوە، بەلەم بەملاو لادا دەچوو
بەڵام قەت نەگەرانەوە
(پائیک)ی ژنی (کیم کی هو)، ژنە مەلەوانەکانی هاوڕیی کۆکردەوە
بەشوێن تەرمی پیاوەکاندا کەوتنە گەران
ماوەی هەشت رۆژ، لەو دەریا فراوانەدا ، شوێنێ نەما نەیپشکنن
بە بێ هوودە
راهیبێکیان بانگ کرد نوێژ بۆ پاشای ئەژدیها بکات
بە بێ هوودە
(پائێک) کە ببووە بێوەژن هێشتا بیست و پێنج سالان بوو
خۆی تەواو خاوێن کردەوە و خۆی بۆ نێو قووڵایی دەریا هەڵدا
لە نێوانی دوو گابەردا ، لاشەی مێردەکەی دۆزیەوە
یان وەک دەڵێن ئەوەی کە لە لاشە دەچوو
ماسی بە گازشیواندبووی
ئەو هاتە دەر، تەرمەکە لە باوەشیدا و
دواتر، بێ ئەوەی کات بدا بە پرسە گرتن
ئەوی مابوو کفنی کرد و خستیە تابووتێ سنەوبەر
لە شوێنێکی موڵکەکەیدا و لە جێێ بەرز، تەنها ناشتی
هەموو سەرلەبەیانییەک
لەبەردەم گۆردا دەوەستا
ئەمە و ئەوەی بۆ باسدەکرد کە دەبوایە بە ڕۆژ بکرێ
ئێوارانیش دەچووە سەر گۆڕ تا بەووردی ئەوە باس کا
چی فریا کەوتبوو بیکا
دواتریش دەگەرایەوە ماڵ تا چاوی لە کوڕەکەی بێت
(پایک) لە ژیانی رازی بوو
لە جیاتی مێرد، ئەو ژیانی دا بە کوڕەکەی.
ئێوارانیش کاتێ ئاوی دەریا دەکشایەوە
سەیری شکانی شەپۆلی دەریای دەکرد
کاتێ دەگەیشتنە کەنار
لە شەپۆلەکان و دەنگیاندا، گوێی لە دەنگی مێردەکەی بوو

گۆریک لە کەرەستەی کارکردن

نزیک رووباری (مانکیۆنگ)،
دەریا سەری کردو گردە خوێکانی ڕاماڵی
پیرە (سو گیل)ی دەهۆلکوت
چوو بوو بۆ خوێ هێنانەوە
رووبار لەو شوێنەی خولدەخوا، لوولی کردوو و
جیا لە تەنها تاکێ پێڵاو، لاشەکەشیان نەدۆزیەوە.
برا گەورە و خوشکانی شووکردووی (سوگیل)
باسییان کردو بڕیاریان دا یادەکێلێکی بۆ بکەن
تەشوێ و تەورداس وشەنەکەی (سوگیل)ی پیری تێبخەن
لە گۆڕستانەکەی باپیران، (سوگیل)ە پیریان ئاوها ناشت
قەبرێ بۆ سندوقی شتەکان
لەبەر هەر هۆکارێک بووبێ، هیچ منداڵێکی گووندەکە
خۆی لە قەرەی گۆڕ نەدەدا
سەبەب چی بێ ، ئەم قەبرە درۆینەیە، تۆقێنەر بوو.
کێ دەکرێ بە خەیاڵیا بێ
سێ ساڵ دواتر، (سو گیل)ی پیر گەڕایەوە
براکانی هەموو تۆقین، دەیانزانی جندۆکەیە
کاتێک سوگیل بۆ چەند جارێک هاواری کرد:
منم خۆمم، جنۆکە نیم.
ئەوسا ئیتر، هەموو لە ئامێزیان گرت و تێر تێر گریان
ئەمە خەونە، سوپاس دەژی! وایان دەووت.
ئەو ڕووبار تا قولایی دەریا رایماڵی بوو
دەستی گەیبووە تەختەیەک
ئەوەش رزگاری کردبوو
شەپۆلەکان تا کەنارەکانی (چیلسان)، تا ناو دەریایان بردوو
لەوێ کەشتییەک بینی بووی
دەریاوانەکان دەیانووت: چوون ئێمە رزگارمان کردی،
دەبێ پاداشتمان بەیتەوە و کارمان بۆ بکەی
ئەو سێ ساڵە، ئەو چیشتلێنەری کەشتی بوو
لە نزیکی (پۆپسانگ پۆ)دا، رۆژێک توانی بوو هەڵبێت و
زرپ و زیندوو هاتبووەوە ماڵ
(سوگیل)ی پیر گۆرەکەی هەلدابوویەوە و
سندووقەکەی دەرهێنابوو.
دەسکی تازەی بۆ کەرەستەکان کردبوو
کاتێ یەکێکیانی لە زەوی تووند کرد
ئەو وتبووی: ئێوە زیندوو و منیش زیندوو
وەک هەمیشە، گەلێک کار ماوە تا بکرێ.

شەش پەنجە

لە تەمەنی سی ساڵیدا، شەش پەنجە هێشتا بێ ژنە
پەنجەیەکی زیادی هەیە، تا بتوانێ زیاترکار کا
دەستی ڕاستی، هەمیشە بەخشندەترە
ئەو هەروا لەدایک بووە و ئەم پەنجەیە، دەستەوستانی نەکردووە
شەش پەنجە بەو دەستەیەوە، جانتای شان و
زەمبیلە زۆر وەستایەنە دەچنێتەوە
دوای نۆشینی پەرداخێ شەرابی برنج، کەمێک مەزە
بە بێدەنگی دادەنیشێ
هەردوو قاچی درێژکردەکا
دنیا لەسەر سەر وەستا بێ یان لەسەر قاچ
وەختێ شەقاوەیەک دێت وبە بێ چرپە
خۆی لێ نزیک دەکاتەوە و بە دەنگێ زل
خوازیاری تۆقاندنییەتی
ئارام ئارام، شەش پەنجە بۆ خۆی هەر دەچنێ
دواتر دەڵێ: بە هیچ جۆرێک نامتۆقێنی
وەرە بخۆ!
ئەو بە نیگای داوەتی پەتاتەی دەکا،
پەتاتەی سارد، هینی دوێنێ
باوکی (شای بۆنگ)، بە ڕێزەوە:
کونجی دڵی بوودای گەرەک چۆنە،
شەش پەنجە بۆ ئێمە وایە.
ئەو وا دەڵێ
بەلام دەکرێ باوکی (شای بۆنگ)
یەکێ لەو دوو کچەکەی خۆی باتێ؟
بێگوومان نا.
ئەو بۆ وا بکات؟
خەرمانی زۆر وبووداکان، بەس هەر وشەن.

جۆگەلە بچکۆلەکە

وەرە و سەیری ئەم جۆگەلە بچووکە بکە
ئاوەکەی چەندە ئاشنایە وەکو نەنە و وەکو پوورێ
کە سەختی ژیانیان دیوە
بەڵام ئا ئەمە درۆیە!
کارەکەرە وردیلەکەی ناوچەی (چاینامس)
کاتێک بە ئیشی (گاسێمی)
گەیشتبووە لای جۆگەکە
ئەو کەوتبووە ناوی و خنکابوو
منداڵێکی بێ ناو
منداڵێکی بێ دایک باوک
ئەو هەمیشە ، خاوەنماڵ چاوی لەسەربوو
بۆیەش شوێنێکی دی نەبوو تا ڕووی تێ بکاو تێر تێر بگری
ئەم مندالە، قەت بە دڵی خۆی نەگریابوو
سەیری ئەم جۆگەلەیە بکە!
ئەویش لەم منداڵە دەچێ
ئاوی جۆگەش کە مندالەکەی تیا خنکا
ئەویش لەم منداڵە دەچێ.

سەرچاوە بچکۆلەکە

گەر (یونگ تون) بێ چاوگی خۆی بێ؟
نەدەکرا ببێ بە دێ
بەفر بێ وچان دەبارێ
دەبارێتە ناو قوڵایی ئاوی ڕەشی ئەم چاوەیە
لەوێش بێدەنگ دەتوێتەوە.
ئەم ئارامییە چەندە قوڵە.
کاتێ هاوسەرەکەی (یانگ سو) دێتە دەر تا بچێ ئاو بێنێ
ئەو لە ناو بەفردا داپۆشراو
گۆزەی ئاوەکەی دادەنێ
یەک سەتڵ ئاو هەڵدەکێشێ و بیری دەچێ بیکاتە ناو گۆزەکەوە
پرووشەبەفرەکان دەبینێ چۆن لە سەتلەکەدا دەمرن.
ئارامییەک قوڵ

نزرگەی رۆحە پیرۆزەکان

گەر بخوازی، کەسێ سەفەرێکی خۆش کا
دەبێ بەردێ بگریتە نزرگەی رۆحە پیرۆزەکان
ئەمە شتێک نەبوو کەس لە باوکەوە فێری بێ
وەک مندالێکی سێ ساڵە، تۆ واتدەکرد
وەختێ بەردێ دەگیرایە شوێنی رۆحە پیرۆزەکان
دوعایەک لەو کەسە دەکرێ تۆ چارەت لە چارەی نایە
بەو نیازەی ، کارێکی باش نەیەتە رێی
بەلام ئینسان دوعا ناکا کەسێ بمرێ، ئەمە ئیتر سنوورێکە ونابەزێنرێ
تووڕەیی جوتیارەکان، ناکرێ لەوە زیاتر بڕوا.
بەلام کاتی داگیرکردنی ژاپۆنییەکان، لە دوارۆژەکانی شەردا
وەختێ سکەکان برسی بوون،
خەلک جگە بێئومێدی چی دی نەبوو
ئیتر زۆر جار لەو کاتەدا کە بەرد دەگیرایە شوێنی رۆحە پیرۆزەکان
ئینسان بێ ترس دوعای دەکرد: مناڵی کەسێکی دەوڵەمەند بمرێ!
یان باوکی کەسێ دەوڵەمەند، بەیانییەکی خۆشی نەبێ!
بۆیەش بەردی کەلەکەبووی نزرگەی رۆحە پیرۆزەکان
بەرز و بەرزتر دەبوویەوە
هاوسەرەکەی( پاک تان کون)یش دەچووە ماڵی دەولەمەندان
دەچووە ئەوێ و حەکایەتی ئەو نوێژانەی دەگێراوە.
(سونگ دۆ)ی هەژار کە نوێژێک ودوعایەکی وای خوێند بوو
بانگکرابوەوە باخچەی ماڵی (کانیۆکاس)ی زۆر دەوڵەمەند
کارەکەرو و(تارۆ)ی کورە گەورەکەی کانیۆکاس
بە گۆپاڵ تێرلیان دابوو.
زۆری نەبرد
لە جیاتی بەرد بگرێتە نزرگەی رۆحە پیرۆزەکان
(سو دونگ) لە شەوێکی دێردا، بەردی گرتە ماڵەکەی( کانیۆکاس )
ئەو لەجیاتی بەرد هەلبات و دوعا بکات
وەک جنۆکە بەردی گرتە گەلا برنجی سەر دەرگای
ژووری نووستنی کابراوە.
بەلام دەستبەجێ گرتیان و خرایە زیندان
بۆ مانگێک لە زینداندا بوو
کە هاتە دەر، ئەو بۆ هەمیشە دەگریا.
سەگەکانیش دەوەرین

وانگ ساناک

کاتێ قامکی لەسەر تاڵی کۆمۆنگۆنسەکە نەرم دانا
قوڵنگێکی رەش سەماکەر، هات و فڕی
کۆگۆریۆ میللەتێکی جەنگاوەر بوون
هەر لەوێش بوو، کۆمۆنگۆسژەنێ بێ بە وەزیر
وەزیری ژێردەسەلاتی مەلیک کوانگکاێت
ئەو بە تۆنی کومۆنگۆکەی، ببووە پاشای ئەم مەملەکەتە گەورە یە
سەدان ئاوازی دانابوو
کاتێ مەملەکەت گەشەی کرد، مۆسیقای کومۆنگۆش هەروا
بێگوومان ئەم مۆسیقایە پەریەوە بۆ چین، بۆ ولاتی جین،
بۆ پائێکجێ لە باشوور
بەسەر دەریادا بۆ ژاپۆن
دەڵێن قوڵنگ بەسەماوە بە دوای تۆنی کۆمۆنگۆکەدا فڕیوە
لە باکووردا ، وانگ ساناک
لە باشووردا، ووروک
گوومان نییە، ئەم موزیکە لە خولقاندنی دەنگی زیندوو و
تەنانەت دەنگی مردووشدا، لەسەر زەوی دەووری هەبووە.

داوەڵ

لە پایزدا، داوەڵەکە لە میوان دەچێ
لە زستاندا لە سواڵکەرێک
نا
وەختێ سەرژمێری گووندەکان دەکەی،
دەبێ داوەڵەکانیش بژمێری!

جنۆکە

تا تەمەنی دەسالیشم، لە بەینی مەرگ و ژیاندا هاتووچۆم بوو
لەو ماوەدا، من زەعیف و پیریش بووبووم.
وەختێ چاوانم دەچووە خەو، نیوەشەوان، جنۆکەیەک دەهاتە لام
بەدەم ئارەقکردنەوە دەمقیژان
باوکم هەلدەسا، بە ڕووتی و بە پەلە دەچووە دەر
داسی سەردیوارەکەی دادەگرت: گەر بێتەوە، من بەم داسە بۆت دەکووژم.
ئەو شەوانەی جنۆکەکە
بەملاو ئەولادا دەگەرا چەند درێژ بوون
تا تەمەنی دەساڵیشم ، من جنۆکە ڕاویدەنام
گزنگی بەیانییەکی دیکە، گژو گیاو دارو سەوزایی و
گردە رووناکەکانی شوینە دوورەکانی ئەوبەریش
ترسیان نەدەرەواندمەوە
ئەوەی جنۆکەکەی لێدەرهێنام
تەنها ئەوە بوو کە وایکرد ئیتر چیدی برسی نەبم
کاتێک توانیم لە رۆژێکدا سێ ژەم بخۆم
بۆ منێک کە بە هۆی کرمەوە نەخۆش بووم
ئەو کرمانەی لە سکمدا خۆیان لوولدابوو
بەڵام ئاخر جنۆکە چییە؟
من دەزانم، برسێتییە
من دەزانم

ئۆکایای خانمی کۆشک
لە ژێر دەسەلاتی بنەماڵەی (ئی)دا
ژنەکانی کۆشک دەبوایە دەستداخراو وبەرزکراوە بۆ لای چاویان
لە حاڵەتی ملکەچکردندا بخەوتنایە
وەک ئەوەی چەمابنەوە
ئاخر ئەگەر پاشا هەموو عومری بۆ یەک جاریش
بێتە دەر و خۆی پیشانبات
دەبوایە ژنانی کۆشکیش
بەرزە پێ هەڵبسنە سەرپێ و هەردوو دەست تووندداخراو تا لای برۆ
چ ڕێسایەکە، پێم ناڵێن.
لە ژێر دەسەلاتی بنەماڵەی (کۆرۆی)دا
هەمان بارودۆخیان هەبوو
گەر پاشا کوڕی نەبوایە
پیاوانێکی زرپ و کەتەیان هەڵدەبژارد
تا لە ژنانی کۆشکیان جووتکەن و سکیان پڕبێ
بەلام لەو هەموو منداڵە، دانەیەکیان لێهەڵدەبژارد
دایکان، باوکان، هەموو مندالەکانی دی، گشت دەکوژران
بەلام (ئوکیا)ی خانمی کۆشک
لە هەلومەرجێکی واهیدا، کچێکی بوو وتوانیشی کە رزگاری بێ
وەک هاولاتییەک، خۆیی و کچەکەی، دوور لە چاوەکانی کۆشک
سادە ژیا.
ماوەی نێوان دەسەلاتی بنەماڵەی (کۆریۆ) و(ئی) دا
بەخت و ناوچاومان وای دێنا
یەک لە هەزار
یەک لە سەد ملیۆنێکدا

باپیرە
(چووی هۆنگ کوانگ)ی باوکی دایکم
هیند درێژ بوو، شەپقە گەورە و درێژەکەی دەگەییە بنمیچی ماڵ و
دەیدا لە هێلانەی چۆلەکەکان
ئەو هەمیشە پێدەکەنی
ئەگەر نەنکم شتێکی بدایە بە کەسێ تا کو بیخوا
باپیرە بوو لە هەمووان زیاتر پێی دڵشاد بێ
ئەگەر نەنکم، ڕەقتر لەگەڵیا بدوایە
ئەو بۆ خۆی هەر پێدەکەنی و گوێی نە دەدا توورەبوونی
بیرم دێ کاتێ منداڵ بووم
باپیرەم وتی: گوێم لێگرە!
ئەگەر باخچەکە خاوێن کەی، باخچەش بۆتۆ پێدەکەنێ
ئەو پێکەنێ
پەرژینی دەوری باخچەکەیش پێدەکەنێ
تەنانەت تیشکی خۆری درەوشاوەی سەر پەرژینیش
ئەویش دێت و پێدەکەنێ

(بون ری) نابینا

کچەکەی (مون چونگ ئان)ی خەلکی (چایتۆنگ جی)
لە تەمەنی دوو ساڵیدا، چاوەکانی خۆی لە دەستدا
تەمەنیشی بیست و شەش بوو، هێشتا کەس نەدەچووە داوای
ئەو قالدرمەکانی گسک دەدا، نەک هەر جارێک لە رۆژێکدا
یان دەبوو ئاگای لە ماڵ بێ
کاتێک دایک و باوک هەردووکیان لەمەزراکە لەسەر کارن
ئەو دەبوو ئاگای لە ماڵ بێ
کاتێک ماڵ هیچی تیا نییە ئاگات لێی بێ
منداڵی هار دێنە ژوور و قرژاڵێکیان بەدەستەوە
دەپرسن: چۆرەک دەخۆی، دەمکەرەوە!
قرژاڵ دەخەنە نا ودەمی ولەوێ هەڵدێن
پیاوانی بەتەمەن دێن و بەدزەوە دەست دەبەن
بۆ (بون ری) کوێر و بە چپە دەڵێن: چەندە جوانی!
دەست دەخەنە سەر مەمکانی و ژێر کراسەکەی
(بون ری) دەیەوێ رایانگرێ، سەیرە ئەو هیچ ناقیژێنێ
بە بێدەنگی زەجری ئەم هەمووە و شتی دی دەکیشێت و
وەختێک ئا ئەم بەرازانە، هۆشیان دیتەوە بەر خۆیان و ماڵ جێدێڵن
وەختێک ئەو تەنها خۆیەتی، لە پرمەی گریانی دەدا
ئاخر ئەو چاوانەیشی کە نابینن، فرمێسکی خۆیانیان هەیە
ئەو هەر دەگری
جاڵجاڵۆکەیەک بە کۆتایی داوەکەیدا
بێ جوولە خۆیهەڵواسیوە

قەبری مندالەکەی (گالموێ)

عومری قەت نەگەییە ساڵێک
منداڵێکی بێ ناو

لە دایک بوو، چەند هەناسەیەکی هەلمژی
دوای ئەوە مرد
پێش ئەوەی فریا بکەون لە نفووسدا قەیدی بکەن

دایک فرمێسکی پێ نەبوو
گلەیی لە بەختی خۆی نەکرد
دەزانی؟
ئەو رۆژگارە برسێتی بوو
سەگێک هات و بە دەوری قەبری منداڵدا لمۆزی لە زەوی دەخشاند
بە چنگ گۆرەکەی هەڵکەند و
چی لە گۆردا مابوو خواردی و هار بوو

سەگی هار بوو دوو کەسی گەست

ئەم منداڵە
کە هیشتا ناویشی نەبوو
هاتە دنیا و
توانیشی سەگێک هار بکات
دەڵێن پیاوێکی ناوچەی (میجیی) بوو
توانی سەگەکە دەستگیرکا

(شیم)ەی نابینا

لە کۆلانێکی پشتەوەی شاری (سۆنگ بانگ)
پیاوێکی نابینا دەژیا
بە (شیم)ە کویر بانگیاندەکرد
لە راستیدا ناوی باپیرەیشی (کیم ) بوو
بەڵام خەلکی بە هۆی چیرۆکێکی مەشهوورەوە،
بە (شیم)ە کوێر بانگیاندەکرد
بە کۆمەکی گۆچانەکەی، هەموو ئێوارانێک دەچووە
ویستگای شەمەندەفەر و بە تەنیا لەوێ دەوەستا
گۆچان لە دەستی راستیدا
کەمێکی دی دەیگۆاستەوە بۆ دەستی چەپ
ساڵێک دەبێ، کچە چواردە ساڵانەکەی، لەگەڵ ژنێکی دراوسێ
خەریکی فرۆشتنی رۆبیانی لە قووتووکراودان
بەوەی ڕۆبیان لە (چانگ هانگ) زۆرهەرزانترە،
لەوێ دەیکرن
سەبەتە بەسەر سەرەوە، ، لەو ناوچانەدا دەیفرۆشن
بەرلەوەی تاریکی دابێ، دەگەڕیتەوە بۆ (چانگ هانگ)
جارێکی دی، سەبەتەپڕدەکاتەوە و
سواری دوا قیتار دەبێت و بەرەوە ماڵ دەگەرێتەوە
کاتیك قیتار لە ویستگاکە رادەوەستێ
یەکێک لەو موسافیرانەی دادەبەزێ، کیژۆلەکەی (شیم)ە کوێرە
ئەو بانگ دەکا: باوە، باوە
دەنگی دەڵێ بەردە سەوزەکەی (یادێ)یە *
تاریکی ناو چاوەکانی (شیم)ەی کوێریش،
لەبەر شەپۆلی رووناکی دەنگی کچدا بەچۆکدا دێ.

بەردی یادێ. بەردێکی گرانبەهایە لە چەشنی دەسکێک کە بەردێکی سەوزی لووس بەسەرێکیەوەیەتی بۆ مەساژی دەمووچاو بەکاردەهێنرێ.




باوک و دایکانی چالاک لە پەروەردەی منداڵەکانیاندا … وەرگێڕان و ئامادەکردنی: مەحمود حەمە چاوەش

دامەزراوەی پێستالۆتسی (Pestalozzi Stiftung) بۆ یارمەتی لاوان و منداڵان و کەمئەندامان لە هەرێمی نیدەرزاکسن ی ئەڵمانیا کۆرسێکی ڕاهێنانی پەروەردەیی ئامادە کردبوو، کە تێیدا دایکان و باوکان مەشقیان لەسەر پەروەردەیەکی ڕاستەقینە و سەلمێندراو پێ دەکرا. خاڵەکانی ئەو بەرنامەیە بۆ ڕاهێنانپێکردنی دایکان و باوکان لەسەر ئەو جۆرە پەروەردەیە کە پسپۆڕانی تایبەتی لەو کۆرسەدا ئەنجامی دەدەن، بریتین لە:
0. ئەرکی دایک و باوکان وەک مەشقکەرێک
1. چۆن دایک و باوکان دەوری مەشقکەرێک دەبینن
2. پلان و هەڵسوڕانی سیستەمی خێزان و بەڕێوەبردنی، ستراتێجی بۆ پلانی ئەرکەکانی ڕۆژانەی خێزان
3. تواناکانی منداڵان و پشتیوانی کردنیان لە ئەرکەکانی ناو ماڵدا. ئایا منداڵەکەم ئەتوانێت چ کارێک بە باشی بە ئەنجام بگەیەنێت؟
4. دروستکردنی هێمای پیوەندییەکان لە ڕێگای چاوەوە، واتە پەیوەندی بە شێوازی نیگاکردن،. گوێلەیەکتر گرتن و لەیەکتر دواندن
5. باو و نەریتە کۆمەڵایەتییەکان، چەند پێویستن و چەند پێویستمان پێیانە؟
6. سنووردانان لە نێوان جەختکردن و سزادانی منداڵدا، چۆن مامەڵە لەگەڵ لادان لە یاساو و بەندەکانی خێزاندا ئەکەین
7. ماندووبوون و کۆنتڕۆڵی سترێس “فشار” و بەلاوەنانی ئەو ماندوبوونە
8. ئەرکەکانی قوتابخانە دەبێتە هۆکاری پلەی یەکەمی ماندوبوونی ناو خێزان
9. دایک و باوکان دەبێ چی بکەن، ئەگەر ….
10. هەندێک سەرچاوە لەسەر ئەم بابەتانە

پێشەکی

“ئەو کەسانە کە پێیان وایە پەروەردەیەکی بێ هەڵەو بێ گیروگرفت بوونی هەیە، لە خەیاڵێکی قوڵدا دەژین”.
ئامانجی سەرەکی ئەم بابەتە ڕوونکردنەوەی سیستەمێکی پەروەردەییە، کە تێیدا دایک و باوک لە قۆناغی جیاوازی ژیانی خێزانیدا توشی ئەرک و ماندوبوونێکی کەمتر لەگەڵ منداڵەکانیاندا دەبن. هەڵبەتە دەکرێت ئەم سیستەمە پەروەردەییە لە ڕێگەی گفتوگۆ و گۆڕینەوەی بیر و ڕاکانەوە ڕوونتر بکەینەوە، کە چۆن دایک و باوک لە ڕێگەی پەروەردەیەکی ڕاستەقینەوە هێز و توانای خۆیان و منداڵەکانیشیان پتەو بکەن و ڕێگەکانی لەیەکترتێگەیشتن ئاسانتر بەکەن.

ئامانجەکانی ئەم جۆرە پەروەردەیە بەم شێوەیە ڕووندەکرێنەوە:

  • بەهێزکردنی ڕێگەکانی لەیەکترتێگەیشتن لە نێوان دایک و باوک و منداڵەکانیاندا
  • توانای پەروەردەیی دایک و باوک زیاد بکرێت و پشتگیریی لێبکرێت.
  • جۆری بەلاوەنان و چارەسەرکردنی گیروگرفتەکان لە نێوان ئەم دوو نەوەیەدا
  • کەمکردنەوەی سترێس، واتە ماندوبوون و هیلاکیی دایک و باوک لەگەڵ منداڵەکانیاندا

چۆن دایک و باوک دەتوانن بە پەروەردەیەکی ڕاستەقینە و مێتۆدی تایبەتی منداڵەکانیان زانستیانە پەروەردە بکەن و بەهۆیەوە ئەرکی ڕۆژانەیان ئاسانتر بکەن.

چۆن دایک و باوک ڕۆڵی خۆیان وەک مەشقکەرێک لە پەروەردەی منداڵەکانیاندا دەبینن؟

دەبێت سەرەتا ئەوە بڵێین، کە هیچ پەروەردەیەک بەبێ ئەرک و زەحمەتکێشان نایەتە ئەنجام و باوەڕکردن بەوە کە گەورەکردنی منداڵان کارێکی ئاسانە، تەنیا خەون و خەیاڵێکی گەورەیە. لێرەدا مەبەستمان لە پەروەردەی توندوتیژی، ئۆتۆرێتی، نەرمونیان و دژە ئۆتۆرێتییە. دایک و باوک زۆر جار دەکەونە ژێر فشاری دەروونییەوە، ئەویش بەهۆی کاریگەری میدیاکان لەسەر بیروڕایان. ئەمە وا دەکات، کە ئەوان بەهەڵەی گەورەدا بچن و خاوەنی بیروڕاکانی خۆیان نەبن. هۆکارەکەشی ئەوەیە، کە ئەم دایک و باوکانە لەو بڕوایەدان، بە پڕاکتیزەکردن و گەیاندنی زانیاریی میدیاکان بە منداڵەکانیان کارێکی باش لەگەڵ منداڵەکانیاندا بەئەنجام دەگەیەنن و ڕێگای ڕاستەقینەیان پێشان دەدەن. هەندێک جار ئەوان دەکەونە هەڵەی گەورەتر و لەژێر ئەم کاریگەرییەدا خۆیان بە هاوڕێی منداڵەکانیان لەقەڵەم دەدەن. ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە مێتۆدێکی پەروەردەیی هەڵەیە، چونکە دایک و باوک ناتوانن ببنە هاوڕێی منداڵەکانیان، بەڵکو دەتوانن هەوڵ بدەن ببنە ڕێنیشاندەر و نموونەیی بۆیان. ئاخر ئێمە نە لە تەمەنی منداڵەکانمانداین و نە دەتوانین وەک هاوڕێیەک لەگەڵ منداڵەکانماندا ڕەفتار بنوێنین و مامەڵە بکەین، چونکە بەم جۆرە ڕەفتارە سەریان لێ دەشێوێنین و ڕێگەی ڕاستەقینەی خۆیان لە ژیانیاندا سەختتر دەکەین، کە دەشێت زۆر جار توشی هەڵەی گەورە لە کۆمەڵگەدا ببن.
کەواتە دایک و باوک دەبێت هەمیشە نموونە و ڕێگەنیشاندەربن. بە پێچەوانەی ئەم هاوکێشەیە ئەوان ڕۆڵی خۆیان وەک پەروەردکار بزر دەکەن و منداڵەکانیشیان ڕێگەی ڕاستەقینەی خۆیان لەدەستدەدەن. بۆ نموونە هەندێک دایک و باوک لە لایەن منداڵەکانیانەوە بە ناوی خۆیانەوە بانگ دەکرێن، ئەمە کارێکی ڕاست نییە. منداڵ دەبێت هەست بەوە بکات، کە لە خێزانەکەیدا دایک و باوک خاوەنی بڕیاردانن، نەک منداڵ، ئەگەر نا، ئەوسا ئەو منداڵە سەری لێ دەشێوێت. بێگومان ئەم تێڕوانینە دژی ئەو بیروڕایە ناوەستێتەوە، کە منداڵ حەز و ئارەزووەکانی خۆی دەرنەبڕێت، بەڵکو گرنگ ئەوەیە، کە دایک و باوک ڕۆڵی خۆیان وەکو مەشقکەرێکی (Coach) دووگۆڵی (تۆپێن) ببینن.
مەشقکەری تۆپێنێ دەبێت بە مەشق یاریزانەکانی ڕابهێنێت و ڕێگەکانی یاریزانییان پێشان بدات، هەروەها بۆیان ڕوونبکاتەوە، کە چۆن ئەوان لە مەیدانی تۆپێنێدا سەرکەوتوو بن. کەواتە دایک و باوک دەبێت چە لە بواری پسپۆری (پرۆفیشیۆنالێتی) و چە لە بواری سۆزداری (عاتیفی)دا ڕێنیشاندەر و یارمەتیدەر بن، ئاخر ئەوان دەبێت پلانی خێزانی دابنێن و کاروباری پەروەردەی منداڵەکانیان لەئەستۆ بگرن، هەروەها بەرپرسیارێتی خێزان وەک ئەرکێکی سەرشانیان ببینن. ئەمە وادەکات، کە پەیوەندییەکی توندوتۆڵ لە نێوان دایک و باوک و منداڵەکانیاندا دروست ببێت.

پەیوەندییەکە لەسەر بناغەی ئەم چوار خاڵە پتەوتر و بەهێزتر دەبێت:

  • هەموو ئەندامێکی خێزان دەبێت بە ڕێزەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، ڕێزی یەکتریگرتن پەیوەندییەکان بەهێز دەکات،
  • کاتی خۆش لەگەڵ منداڵدا ببرێتە سەر، بەتایبەتی لە کاتی پشودا کاتی خۆش بردنەسەر لای منداڵ بڕوابەیەکتریکردن بەهێز دەکات،
  • ئەمەش توانای بڕوابەخۆبوون لە منداڵدا بەهێز دەکات، هاندانی منداڵ بۆ زیاتر بڕوابەخۆبوون لە تەمەنی منداڵیەوە دەست پێ دەکات
  • هەموو منداڵێک کە هەست بە خۆشەویستی لەلایەن دایک و باوکییەوە دەکات، ئارامی دەروونی و جۆرێک لە پشتیوانی دەچێژێت.
    خۆشەویستی دەبێت بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ پێشانی منداڵ بدرێت.

پێنج ستراتیژی زۆر گرنگ لە پەروەردەدا:

1- پەیوەندی توندوتۆڵ لەگەڵ منداڵدا دروست بکرێت، بەڵام ئەو پەیوەندییە لە یەک ئاستدا ناوەستێت، واتە هاوسەنگ نیە. دایک و باوک هەڵگری بەرپرسیارین و منداڵانیش دەبێت هەست بە ماف و ئەرکەکانی ناو خێزان بکەن.
-2 کات پێکەوەبەسەربردن، بە تایبەتی لەگەڵ منداڵی بچووکدا.
-3 لەگەڵ منداڵ بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و بێ “پێچوپەنا” گفتوگۆ بکرێت، “درۆ باش نییە لەگەڵ منداڵ”. منداڵ پێویستی بە سیستەمێکی پەروەردەیی ئەوتۆ هەیە، کە بە پلان بەڕێوە ببرێت و ڕێگەی پێشان بدات.
-4 ئەرکەکانی منداڵ لەناو خێزاندا بەڕوونی دیاری بکرێن، کە چۆن بتوانن ئەرکەکانی ڕۆژانەی خێزان ئەنجام بدەن. نابێت ئەوەشمان لەیاد بچێت، کە دەستخۆشی و ستایشکردن تواناکانی منداڵ بەهێز دەکەن.
-5 بە شێوەیەکی کۆنکرێتی لەگەڵ منداڵدا هەڵسوکەوت بکرێت. ئەگەر ئێمە بەڵێنێکمان پێیان دا، دەبێت بەجێی بهێنین و لێی پەشیمان نەبینەوە.
دایک و باوکیش مافی ئەوەیان هەیە کاتێکی دیاریکراو بۆ ئارەزووەکانیان تەرخان بکەن. دایک و باوک پێویستیان بە پشوی خۆیان و کاتی خۆشی خۆیان هەیە و نابێت هەموو ژیانیان بۆ منداڵەکانیان تەرخان بکەن.
پلان و ڕێکخستنی سیستەمی خێزان و بەڕێوەبردنی
دابەشکردنی ئەرک و ڕێکخستنی کاتەکانی ناو خێزان
“بڕۆ … دەی … تۆزێک خێراکە، دەی … خێراکە، کاتمان بەدەستەوە نەماوە”. ئەم ڕستەیە ڕۆژانە لە لایەن چەندین دایک و باوکەوە دەبیسترێت، نزیکەی هەموو کەسێک ئەم ڕستەیەی بەرگوێ کەوتووە. لە ڕاستیدا کارەکانی ڕۆژانەی خێزان بە شێوەیەکی زۆر خێرا بەئەنجام دەگەیەنرێن و ماوەی بیرکردنەوەش بۆیان کەمە. ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی، کە پەستانێکی زۆر بخەینە سەر منداڵەکانمان. ئەم پەستانەش دروستکراوی دەستی گەورەکانە، چە لە ژیانی ڕۆژانەیاندا و چە لەکاتی ئیشکردنیاندا. ئەم دیاردەیەش لە زۆر خێزاندا دووبارە دەبێتەوە. کار و سەقاڵی خێزانەکان هێندە زۆرن، کە تەنانەت 24 کاتژمێرەکەی ڕۆژ بەشیان ناکات. سەرەڕای ئەوە زۆربەی خێزانەکان لە نێوان کاری بەدەستهێنانی خەرجی ڕۆژانە و خێزانەکانیاندا دەکەونە ژێر پەستانێکی دەروونی ئاڵۆز و گرژیی ئەوتۆوە، کە تەنانەت کاتەکانی حەوانە و خۆشبردنەسەری خێزانیش دەبنە سترێس.
بۆیە لەم بارودۆخەدا دابەشکردن و ڕێکخستنی کارەکانی رۆژانەی خێزان دەبنە ئەرکێکی گرنگ و وامان لێدەکات، بیر لە پلان و سیستەمێکی تر بۆ خێزانەکەمان بکەینەوە. مەبەستیش لێرەدا ئەوەیە، کە خێزان کاتی زۆرتر بۆ بەئەنجامگەیاندنی کارە گرنگەکانی خێزان تەرخان بکات و بە شێوەیەکی هوشیارانەتر پلانی بۆ دابنێت. بەڵام ئەم واژەیە کەمێک سەرسامیمان لا پەیدا دەکات، چونکە کات شتێکی دۆزراوە و دەستکردی مرۆڤ خۆیەتی و ناتوانێت کاتەکان بە ویستی خۆی ڕێکبخات و دابەش بکات، بەڵکو مرۆڤ کاتی وەک پێوەرێک دروستکردووە بۆ ئەوەی کارەکانی پێ ڕێکبخات و جێبەجێیان بکات. بە واتایەکی تر ئێمە خۆمان کاتەکانمان درووستکردووە، نەک کاتەکان ئێمە. لەم باروودۆخەدا خێزان ئەبێت چاوەدێری ئەوە بکات و بیر لەوە بکاتەوە، کە ئەم دیاردەیە لە لایەن خودی مرۆڤەوە بەئەنجام گەیەندراوە و بە کاتژمێری ناوەوەی خۆیان دەیپێون.

چۆن منداڵ دەتوانێت لە کاتەکانی ڕۆژانەی خۆی بڕوانێت و هەستیان پێبکات

بۆ منداڵ زۆر سەختە، سیستەمی کاری ڕۆژانەی بە پێوەری دابەشکردنی کاتەکانی هەڵسەنگێنێت و مامەڵەیان لەگەڵدا بکات. هۆی ئەمە لەوەدایە، کە لە تەمەنی منداڵیدا هەست بە دابەشکردنی کاتەکان ناکەین و بە سەربردنیان بەلامانەوە گرنگ نییە.

  • تا منداڵ نەگاتە قۆناغی چوونە قوتابخانە، هەست بەوە ناکات کە ڕووداوەکان بە شێوەیەکی سەربەخۆ لە ئەوان ڕوودەدەن. بۆ نموونە پاسی قوتابخانە چاوەڕوانی منداڵان ناکات، ئەگەر هاتوو ئەوان لەکاتی خۆیاندا نەگەنە وێستگەی پاسەکە. واتە جارێ لەم تەمەنەدا ئاگایی منداڵ بۆ دابەشکردنی کاتەکان کامڵ نەبووە، کە ئیتر لەوە بائاگا بێت ئەو پێویستە لەکاتی گونجاودا لە جێگەی گونجاودا بووەستێت و چاوەڕێ بکات .
  • بە شێوەیەکی زانستی سەلمێندراوە، کە منداڵ لە سەرو تەمەنی 10 ساڵییەوە دەتوانێت پێوانەی خێرایی هەڵسەنگێنێت، بۆیە دەبێت زۆر بەوریاییەوە منداڵەکانمان ئاگاداری سیستەمی هاتووچۆی خۆیان بکەین و ڕەچاوی ئەوەش بکەین، کە توشی هەڵە نەبن.

پلانی ڕۆژانە وەکو ئاسانکارییەک و یارمەیدەرێکی خێزان

ئەگەر دایک و باوک نەوەکانیان، واتە لاوان و منداڵان، لە ڕێکخستنی کات و پلانی ڕۆژانەی خێزاندا ڕەچاو بکەن و جەختیان لێ بکەن، ئەوە دەبێت بە یارمەتیدانێکی باش بۆ خێزانەکە. ڕاستە کە پلان و سیستەمی بەڕێوەبردنی کارەکان هەموو پێداویستییەکانی خێزان بەئەنجام ناگەیەنن، بەڵام ئاسانکارییان تێدا دەکەن. بۆ نموونە:

-1 ئاسانکاری لە کاری ڕۆژانە و دووبارەبووەکانی خێزاندا، بەتایبەتی پاککردنەوە، شوشتن و پاککردنەوەی ناو ماڵ، کڕینی بژێوی ژیان، ئامادەکردنی خواردن و ئەو کارانە کە ڕۆژانە لە خێزاندا بەئەنجام دەگەیەنرێت.

-2 ئەو کارە جیاوازانە، کە لە خێزاندا بەئەنجام دەگەیەنرێن، بەیەکەوە بییانبەستینەوە، واتە بەپێی توانای ئەندامەکانی خێزان کارەکان دابەش بکەین. لێرەدا گرنگە، کە کارەکان بەگوێرەی تەمەنی ئەندامانی خێزانەکە دابەش بکەین.

-3 کاتی پشودانی خێزان و بەسەربردنی کاتە خۆشەکان ڕێکبخەین، وەک سەیران و چوونەدەرەوە لەگەڵ هاوڕێکاندا، ئاهەنگەکانی وەک جەژنی لەدایکبوون و زەماوەند و زۆر ئاهەنگی تریش.

کاری ڕۆژانە:
بۆ منداڵی بچوك (کەم تەمەن)

  • لەخەوهەڵسان
  • خواردنی بەیانیان، کە زۆر دایک و باوک کەمتەرخەمن لە دانی خواردنی بەیانیان بە منداڵەکانیان، ئەمەش بۆیان دەبێتە هۆی گیروگفتی زۆر لە فێرگە و قوتابخانەدا
  • قوتابخانە
  • خواردنی نیوەڕۆ و جێبەجێکردنی ئەرکەکانی قوتابخانە، پاشان کاتی پشوو و حەوانەوە.
  • یاریکردن و کاتی پشوو
  • خواردنی ئێوارە
  • بردنی منداڵ بۆ جێگای خەوتن
    هەموو خێزانێک بۆ ئەوەی تووشی ناڕەحەتی و ستڕێس نەبێت، پێویستی بە پلانێکی ڕۆژانە هەیە، بۆ ئەم مەبەستەش هەندێک ئامێر و سیستەمی تایبەتی هەن، کە یارمەتی خێزان دەدەن بۆ ئەوەی نەکەونە ئەو بارە ناڕەحەتییەوە، وەک:
  • ڕۆژمێر بۆ ئاسانکاری پلانی ڕۆژانە
  • خشتەیەک بۆ تۆمارکردنی تێبینیەکانی ڕۆژانە “Pin board”
  • دابەشکردنی کارەکانی ڕۆژانە بەسەر ئەندامانی خێزاندا
  • ئێوارەی پێشتر پلانی کارەکانی ڕۆژی داهاتوو دادەنرێت

ئایا لە چەند ساڵییەوە منداڵ دەتوانێت ئەرک و کاروبارەکانی ناو ماڵ و خێزان بگرێتە ئەستۆ؟

1 منداڵی باخچەی ساوایان و کەم تەمەن

  • خاڵیکردنەوەی سەتڵی کاغەزی کۆن
  • یارییەکانی خۆی لە پاش بەکارهێنانیان لە ژوورەکانیاندا کۆبکاتەوە
  • یارمەتی بۆ کۆکردنەوەی هەندێک شتی وردی ناو ماڵ

٢ منداڵی قوتابخانەی سەرەتایی

  • شتن و پاککردنەوەی قاپ و ئامێرەکانی خواردن
  • ژوورەکەی خۆی کۆبکاتەوە
  • جێگای خەوتنی ڕێکبخات
  • یارمەتی کۆکردنەوەی قاپەکان لە دوای نانخواردن بدات
  • بە گسکی کارەبا تەپ و تۆزی ناو ماڵ لابەرێت
  • یارمەتی کۆکردنەوەی حاجەتەکان لە چێشتخانە بدات

٣ لاوان و گەنجان

  • خواردنی سوک و ئاسان ئامادە بکەن، یان دروستکردن و ئامادەکردنی کێک
  • کەل و پەلی خواردەمەنی بکڕن
  • پۆشاکی خۆیان بشۆن و ئوتوی بکەن
  • کۆکردنەوەی کەل و پەلی چێشتخانە
    ئێمە دەبێت بۆ منداڵەکانمان ڕوونبکەینەوە، کە بۆچی یارمەتیدانی دایک و باوک لە کارەکانی ڕۆژانەی خێزاندا کارێکی گرنگ و پێداویستیەکی بەنرخە.

یارمەتی و کارکردن دەبێت لەگەڵ تەمەنی منداڵ و لاواندا بگونجێن و ئێمەش بیریان بخەینەوە، کە کارەکانیان ئەنجام بدەن. نابێت ستایش و دەستخۆشیمان لەبیربچێت. بەم پڕۆژەیە دەگوترێت “بوون بە مرۆڤێکی کۆمەڵایەتی” یان “بەکۆمەڵایەتیبوونی مرۆڤ”

پێداویستییە سەرەتایی و بنەڕەتییەکانی منداڵان و لاوان

بۆ ئەوەی منداڵەکانمان بە شێوەیەکی باش و بە سیستەمێکی پەروەردەیی ڕاست پێبگەیەنین، دەبێت ئێمەی دایک و باوک هەندێک پێداویستی سەرەتایی بۆ منداڵەکانمان دابین بکەین. لەپاڵ خۆشەویستی و پاراستن و ڕاگرتنی باری تەندروستییاندا، دەبێت دایک و باوک لەم بوارەدا ڕەچاوی ئەم خاڵانەی تریش بکەن:

  • هەست بە خۆشەویستیکردن و پاراستنیان لە ئەگەری مەترسییەکانی دەوروبەریان
  • دان بە کارە چاکەکانیاندا بنێن و ستایشیان بکەین
  • یارییان بۆ ئامادە بکەن و ئەزموونی یاریان لەگەڵدا بکەن
  • بڕوابەخۆکردن و هەستی بەرپرسیاری بخەنە سەر شانی خۆیان (Verantwortung übernehmen)
  • بواری ئەوەیان بدەنێ، خۆیان سەربەخۆ کار بکەن و چالاکییەکانی خۆیان بەئەنجام بگەیەنن
  • پەیوەندیە کۆمەڵایەتییەکان بۆ منداڵان توندوتۆڵ بکەن و ئاسانکاریان لەم بوارەدا بۆ بکەن.
  • کاتی تایبەتی بۆ سەرقاڵی و کاتبردنەسەر هەڵبژێرن تاکو ئەوان چالاکی خۆیانی تێدا بکەن

سنوور لە نێوان جەختکردن و سزادانی منداڵدا

جەختکردن لەسەر بڕیارەکانت، بەڵام چۆن؟

منداڵ پێویستی بە ڕێگەپیشاندان و ئامۆژگاری هەیە، بۆیە ئەرکی دایک و باوکە، کە بەرپرسیاری بەرامبەر بەم شێوازە لە پەروەردەی منداڵەکانیان لەئەستۆ بگرن. بۆ نموونە کاتێک منداڵێک داوای شتێک دەکات، چۆن هەڵوێستە بەرامبەر ئەم پێداویستییە دەکەین؟ بۆ نموونە
منداڵەکە پرسیار لە تۆ دەکات و دەڵێت: “من دەمەوێت ئەمڕۆ بچم سەردانی هاوڕێکەم بکەم و تاکو کاتژمێری هەشتی ئێوارە لەوێ دەمێنمەوە”
ئایا دەبێت هەڵوێستی دایک و باوک لەم بارەیەوە چی بێت ئەگەر ئەم پێشنیارەیان پێ باش نەبێت؟

جۆری یەکەم سزادانی منداڵەکەتە

“تۆ ناتوانیت یان بۆت نییە سەردانی هاوڕێکەت بکەیت”. ئەمەش مانای ئەوە دەگەیەنێت، کە ئێمە هیچ ئەلتەڕناتیڤێک بۆ منداڵەکەمان ناڕەخسێنین و مەودای گفتوگۆ و دیالۆگ پشتگوێ دەخەین.

ئەگەر و پێشنیار

  • بە داوای لێبوردنەوە خۆمان میوانمان دێت و پێویستمان بە تۆیە
  • لەبەر ئەوەی خۆمان دەچینە دەرەوەی شار

یان: دەتوانیت بڕۆیت، بەڵام تکایە کاتژمێری چوار لە ماڵەوە ئامادە بە، لەبەر ئەوەی زستانە و دنیا ساردە.

بەم شێوەیە دەتوانین منداڵان و لاوان لەسەر سیستەمێکی پەروەردەیی ڕاست و تەندروست ڕابهێنین و ئامادەیان بکەین، کە سەربەخۆیی و بڕیاردانی ئەوانیشی تێدایە و یارمەتییان دەدات، زیاتر باوەڕ بە خۆیان بکەن.

لەکاتی گفتوگۆشدا باش دەبێت ڕەچاوی ئەم خاڵانە بکرێت:

-1 بەهێواشی لەگەڵ منداڵدا گفتوگۆ بکرێت
-2 گوێ لە بیروڕاکانی ئەوانیش بگیرێت، چونکە گفتوگۆ نیوەی تێگەیشتنە لە لایەن هەردوو لاوە.
-3 پێش ئەوەی دایک و باوک بڕیار بدەن و جەخت لە بڕیارەکەیان بکەن، باش دەبێت لەسەرخۆ بیر لە کێشەکە بکەنەوە، ئەوجا بڕیار بدەن، چونکە پەشیمانبوونەوە منداڵەکانیان دەخاتە گومانەوە و ڕێگە ڕاستەکانیان لێ دەشێوێنێت. بەم شێوەیەش منداڵەکان ڕێنمایی پەروەردەی ڕاستەقینە گوم دەکەن.

“منداڵ پێویستی بە سنوورپێشاندان هەیە، بەڵام بە شێوەیەکی دادپەروەرانە”
هەندێک دایک و باوک سنوورێکی تایبەتی بۆ نەوەکانیان (چە منداڵ و چە لاو) دیاری ناکەن و پەیڕەوی ئەم جۆرە پەروەردەیە ناکەن، بۆیە کاتێک نەوەکانیان گەورە ئەبن، ڕێزی کەسانی تر ناگرن و سەرکەش و لاسار دەردەچن. ئەم جۆرە لە پەروەردەی منداڵ بە تێڕوانینێکی پەروەردەیی ڕاست نییە و ڕێنمای منداڵەکەنمان گوم دەکەن.

ئەگەر منداڵ لە وشەی “مەکە و نەء” تێنەگات، ئەوسا لە وشەی “ئەرێ و بکە” تێناگات.

لەم ڕەوشەدا دایک و باوک دەبنە کۆیلەی منداڵەکانیان. نابێت ئەوەش لە یاد بکەین، کە دایک و باوکیش دەبێت بە شێوەیەکی نەرم و نیان و پڕ بەرپرسیارێتی لەگەڵ منداڵەکانیاندا هەڵسوکەوت بکەن، چونکە شێوازی ڕەق کارەکتەری منداڵەکە بریندار ئەکات و فێری ترس و بێباوەڕیی دەکات.

دایک و باوک دەتوانن چی بکەن، ئەگەر:

لە پەروەردەی منداڵەکانیاندا کەمتر سەرکەوتن بەدەست بهێنن؟ لە خوارەوە چەند ڕێگایەکی پەروەردەیی یان سیستەمی پەروەردەیی پێشان دەدەین، کە ئاسانکاری بۆ دایک و باوک لە پەروەردەی منداڵەکانیاندا دەکەن:

-1 کاری پێکەوەیی یان هەرەوەزی لە نێوان ئەو کەسانەی کە لە منداڵەکانەوە نزیکن و بەرپرسیارن لە پەروەردەکردنیان، بۆ نموونە دایک و باوک، مامۆستایان، پەروەردەکاران، باپیر و داپیرە و کەسانی تری خێزان. ئەم کەسانە دەبێت پێکڕا کار بکەن بۆ ئەوەی بیروڕاکانیان لەبارەی پەروەردەی منداڵەکان بگۆڕنەوە و زیاتر بە هەرەوەزی کار لەم بوارەدا بکەن.

-2 ئەگەر دایک و باوک پێویستیان بە دەوروبەریان هەبوو، با شەرم نەکەن و یارمەتی لەو کەسانە وەربگرن کە جێگەی متمانەیانن، بەتایبەتی لە بواری پەروەردەدا. لێرەدا گۆڕینەوەی بیروڕاکان زۆر پێویستە و کاریگەریی پۆزەتیڤ لەسەر منداڵەکان دەنوێنێت.

-3 دایک و باوک پێویستیان بە کاتی تایبەتی خۆیان هەیە، کە دوور لە منداڵەکانیان بەسەری بەرن و تێیدا بحەوێنەوە، وەکو چوونە دەرەوە پێکەوە، ئەوە بە مەرجێک منداڵەکان لەژێر چاوەدێری کەسێکی جێ متمانەدا جێبهێڵن. لێرەدا گرنگ ئەوە نییە کە ئێمە چەند کات لەگەڵ منداڵەکانماندا بەسەر دەبەین، بەڵکو ئەوە گرنگە، ئێمە چەند چڕوپڕ (Intensiv) و چەند بەخۆشی کات لەگەڵیاندا بەسەر دەبەین.

-4 گیروگرفتی خێزان و بەگژیەکداچوون لە بەردەمی منداڵدا باش نییە، با دایک و باوک بە تەنیا و لە کاتی تایبەتیدا باسی ئەو گرفتانە بکەن

-5 وازهێنان لە شتی ئایدیا و کامیلێتی (پێرفێکسیۆنیزم)
دایک و باوکیش توشی هەڵەی پەروەردەیی دەبن و دەبێت بەو قۆناغەدا بڕۆن، چونکە کەس بێ کەم و کوڕی نییە.

-6 دایک و باوک هەوڵ بدەن پەیوەندییەکی باش و توند لەگەڵ منداڵاکانیاندا دروست بکەن، ئەمەش کارێکی ئاسان نییە. ئەگەر گیروگرفتی خێزانی دروستبوو، دەبێت بەڕێگەی دیالۆگ (گفتوگۆ) و بڕواهێنان بە یەکتر چارەسەر بکرێت.

دایک و باوکان چی بکەن، ئەگەر گیروگرفتەکان لە دەستیان دەرچوون؟

لە هەموو خێزانێکدا، تەنانەت لە باشترین خێزانیشدا، گیروگرفت و گرژیی ڕوو دەدەن، بەڵام گرنگ ئەوەیە ئێمە چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم بارەدا بکەین. ئایا گیروگرفتەکان بە جۆرێکی ئەوتۆ تەشەنە دەکەن، کە مەیدانەکە ببێتە جێگەی زۆرانبازی و کێبڕکێی ئەوە کە داخۆ “کێ بەهێزترە”، یان بیروڕا جیاوازەکان لە چوارچێوەی دیالۆگ و بە هێمنی مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت. لێرەدا گرنگ ئەوەیە بیروڕای بەرامبەرەکەمان، ئەگەر منداڵیش بێت، قبوڵبکەین و ڕێگەیان پێبدەین. بۆ ئەم مەبەستەش پێویستمان بە لێبووردن، دانبەخۆداگرتنی زۆر هەیە. لێرەشدا مەبەست ئەوەیە، کە لە کۆتایی ئەم بارە دژوارەدا هەموو لایەنەکان بەپێی توانا مافەکانی یەکتر بپارێزن و چارەسەرێکی ڕاست بۆ ئەم قەیرانە بدۆزنەوە.

ئەم خاڵانەی خوارەوەش بۆ ئەم بوارە زۆر گرنگن و دەبێت ڕەچاویان بکەین:

  • بەباشی گوێ لەیەکتر بگرین. لێرەدا مەبەست ئەوەیە، کە بزانین بەرامبەرەکەمان دەیەوێت چی بڵێت و بیروڕاکانی چین. (گوێگرتن نیوەی تێگەیشتنە)
  • بارودۆخی کەسایەتی خۆت و بیروڕاکانت بەباشی دەرببڕە و دەستنیشانیان بکە.
  • نابێت گەر شتێک لە ڕابردوودا ڕووی دابێت، جارێکی تر باسی بکەینەوە و ببێتە مایەی دژواری. هەوەکو دەڵێن: “گۆڕی کۆن هەڵمەدەرەوە”. هەوڵ بدرێت لەسەر گیروگرفتی هەنووکەیی تۆێژینەوە بکرێت.
  • هەموو لایانەکان بە شێوەیەکی کەسیی (خۆیی / individuell) باسی گیروگرفت و بیروڕاکانیان بکەن، بەبێ ئەوەی بەهەڵە یان بەڕاست بنرخێندرێن.
  • سەرزەنشتکردنی یەکتر باش نییە و بارودۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات. نابێت بەرامبەرەکەت بریندار بکەیت، تەنیا لەبەر ئەوەی بیروڕایەکی تری هەیە. با لەبریی ئەوە چارەسەرێکی باش بدۆزرێتەوە.
  • بە شێوەیەکی لەسەرخۆ و نەرم هەڵسوکەوت بکرێت
  • هەموو لایەنەکان بەرپرسیاری بۆ ئەو کارە لەئەستۆ بگرن کە کردوویانە. دەبێت چە دایک و باوک و چە منداڵەکان تەنیا باس لە گیروگرفتەکان بکەن.
    تەمەنی منداڵەکە لەم بارودۆخەدا دەبێت بە شێوەیەکی دیار ڕەچاو بکرێت. ئەگەر منداڵەکە سنووری خۆی زانی و ئەوە جێبەجێ بکات کە بڕیاری لەسەر دراوە، دەبێت دەستخۆشی لێبکرێت و پاداشتیش بدرێتەوە.

منداڵ و لاوان و بوارەکانی میدیا

لەم بەشەدا باس لەوە دەکەین، کە چۆن منداڵەکانمان لە کاریگەریە نێگەتیڤەکانی میدیای وەک تەلەڤیزیۆن، ئینتەرنێت، یاری کۆمپیوتەری و بوارەکانی تری میدیا بپارێزین.

نابێت تەلەڤیزیۆن و کۆمپیوتەر لە ژووری منداڵدا بەکاربهێنرێن، بۆ نموونە قوتابی سەرەتایی پێویستی بە تەلەڤیزیۆنی خۆی نییە و نابێت لە ژوورەکەیدا بەکار بهێنرێت، چونکە چەندین گیروگرفتی جیاواز بۆ منداڵان لەم تەمەنەدا دروست دەکات. هەروەها کۆمپیوتەریش. هۆی ئەمە لەوەدایە، کە ڕەنگە منداڵان و لاوان فیلمی نەگونجاو بە تەمەنی خۆیان ببینن، و تووشی باری دەروونی و کۆمەڵایەتی نێگەتیڤیان بکەن. هەروەها لاوانیش بەتایبەتی توشی جۆرێک لە خووگرتن بە یاریەکانی کۆمپیوتەرەوە دەبن، کە ئەمەش دەبێتە هۆی چەندین جۆر گیروگرفتی کۆمەڵایەتی و دەروونی. پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە، بە چ ڕێگایەکی تەندروست دەتوانین منداڵان و لاوانمان لەم گیروگرفتە بپارێزین؟ ئێمە دەتوانین ئەم ڕێگانەی خوارەوە بگرینە بەر:

  • کاتی تایبەتی بۆ سەیرکردنی تەلەڤیزیۆن و بەکارهێنانی کۆمپیوتەر بۆ منداڵەکانمان دیاری بکەین. بۆ نموونە منداڵی پۆلەکانی 3 و 4 ی سەرەتایی کەمتر لە کاتژمێرێک.
  • منداڵانی پۆلەکانی سەرەتایی نابێت لە نیو کاتژمێر زیاتر یاری کۆمپیوتەر بکەن، چونکە ئەو یاریانە لە مێشکیاندا دەمێننەوە و زیانیان لە بواری خوێندن و قوتابخانەدا پێدەگەیەنن. ئەمە جگە لەوەی، کە بەکارهێنانی تەلەڤیزیۆن و کۆمپیوتەر تەرکیزی لاوان و منداڵان لاواز دەکەن.
  • دایک و باوک پلان بۆ سەیرکردنی بەرنامەکانی تەلەڤیزیۆن بۆ منداڵان دابنێن، تەنانەت ئەو فلیمانە کە سەیر دەکرێن، پێشوەخت زانیارییان لەسەر وەربگیرێت
  • تەمەنی منداڵەکە بۆ بەکارهێنانی تەلەڤیزیۆن و یاری کۆمپیوتەر فاکتەرێکی زۆر گرنگە و بۆیە پێویستە بەتایبەتی ڕەجاو بکرێت.

کاریگەرییەکانی یارییەکانی کۆمپیوتەر لەسەر مێشکی منداڵان و لاوان

چ دایک و باوک و چ پسپۆڕەکانی بواری پەروەردە و چ زاناکانی ئەم بوارەش خۆیان بە کاریگەرییەکانی یاری کۆمپیوتەر لەسەر مێشکی منداڵان و لاوان سەرقاڵ کردووە. زانایانی ئەم بوارە بە شێوەیەکی چڕ کاریگەرییەکانی یاریی کۆمپیوتەریان لەسەر مێشکی منداڵان و لاوان شیکار کردووە، ئەو کاریگەریانەش دەتوانرێت لەم چەند خاڵانەدا ڕوونبکرێنەوە:

-1 بەرزبونەوەی ئاستی شەڕانگێزی (Aggression)

-2 بەرزبونەوەی ئاستی سترێس (Stress) و هەستکردن بە هیلاکی و ماندوبوون

-3 ڕژاندنی هۆڕمۆنی دۆپامین (Dopamin) کە مێشک بە ڕێژەیەکی زۆر دەیڕێژێنێتە ناو خوێنەوە. لە بارودۆخی ئەوتۆدا دکتۆر دەرمانی وەک (Giludop) یان (Generikum) بۆ نەخۆش دەنووسێت، بۆ ئەوەی هۆڕمۆنی کامەرانی و خۆشحاڵی، واتە (Adrenalin) بڕژێنێتە خوێنەوە.

[تێبینی وەرگێڕ “ئەم دیاردەیە ئێستا لە ووڵاتە ئەوروپیەکاندا بۆتە جێگای گیروگرفتی زۆر و چەندەها مرۆڤ لە ژێر ئەم بارە دەرونیەدا ئەناڵێنێت]

-4 ئەوەش کارێکی نێگەتیڤ دەکاتە سەر فێربوونی منداڵ و لاوان لە بواری قوتابخانەدا. لەکاتی یاریی کۆمپیوتەردا زۆرینەی خانەکانی مێشک بەم یارییەوە بەند دەبن و زۆرینەی خانەکانی یادەوەری (Gedächtnis) پڕ دەکەنەوە.
[ئەم پرۆسەیە بەپێی زانیارییە دەروونیەکان زۆر ئاڵۆزە و ڕوونکردنەوەی وردتری لەم بابەتەدا جێگەی نابێتەوە]

بەجێهێنانی ئەرکەکانی قوتابخانە لە ماڵەوە (هۆکاری سەرەکی و یەکەمی فشار لەسەر دایک و باوک)

منداڵان و لاوان زۆر گرنگی بە ئەرکەکانی قوتابخانە لە ماڵەوە نادەن و دایک و باوکیش بەو هۆیەوە توشی باری دەروونیی ناهەموار و سترێس دەبن. هەموو و دایک و باوکێک تووشی ئەم بارو دۆخە بووە و گیروگرفتی لەم بارەیەوە هەبووە. هۆکەشی ئەوەیە، کە منداڵان و لاوان ئارەزووی بەجێهێنانی ئەرکەکانی قوتانخانە لە ماڵەوە ناکەن و زیاتر حەزیان لە یاریکردنە. لێرەدا چە دایک و باوک چە منداڵەکانیشیان توشی دەنگدەنگ و شەڕ و ئاژاوە دەبن.
هەمووشمان ئەزانین، ئەگەر منداڵان و لاوان ئەرکەکانی قوتابخانە لە ماڵەوە جێبەجی نەکەن، هەردوولایان توشی گیروگرفتی گەورەتر دەبن. لەبەر ئەوە کۆنترۆڵکردن و یارمەتیدانی منداڵ لە هەمان کاتدا زۆر گرنگن و دەبێت پیادە بکرێن، ئەم ئەرکانەش بە ئاسانی بەئەنجام ناگەیەندرێن. کاتێک منداڵ هەستی بەجێبەجێکردنی ئەرکەکانی ناوماڵ کرد، خۆی وردە وردە بەرەو ئەو بارە دەچێت، کە ئەم ئەرکانە بەجێبهێنێت. بۆیە لێرەدا دەبێت ڕەچاوی هەندێک شت بکەین، بۆ ئەوەی ئەم ئەرکانە لای منداڵ ببنە کارێکی ڕۆژانە و ڕۆتینی و ئەرکەکان بەباشی ڕێکبخەین (ئۆرگانیزە بکەین) و ڕابپەڕێنین.

جێگەی خوێندنی منداڵ لەماڵەوە دەبێت چۆن بێت، بۆ نموونە سەر مێزی فێربوون

-1 کەرەسەکانی نووسین وەکو پێنووس، لاستیک، ڕاستە، قەڵەمدایەن و زۆر ماتریاڵی تر پێویستە لەسەر مێزی فێربوون ئامادەبن.

-2 نابێت کەرەسەی یاریکردن لەسەر مێزی فێربوون دابنرێت

-3 ئەو کەرەسانەی منداڵ بۆ فێربوون پێویستی پێیانە، دەبێت پێش جێبەجێکردنی ئەرکەکانی قوتابخانە لەسەر مێزی فێربوون ئامادە کرابن و پاشان کۆیان بکاتەوە و بیانخاتەوە جێگەی تایبەتیی خۆیان.

-4 پلانی هەفتانەی قوتابخانە لە نزیک مێزی فێربوون ئامادەبێت، بۆ ئەوەی منداڵەکان بزانن ئەرکی هەفتانەیان چییە.

-5 بەکارهێنانی ڕەنگی تایبەتی بۆ ئەو وانانە، کە منداڵەکان لە قوتابخانە دەیخوێنن، هەر وانەیەک و ڕەنگی تایبەتی خۆی بدرێتێ، بۆ نموونە وانەی ماتماتیک ڕەنگی سوور، فیزیک شین، بایەلۆجی سەوز، مێژوو زەرد …

-6 جێگەی فێربوونی منداڵ بەردەوام پاک و خاوێن ڕابگیرێت، چونکە زۆربەی منداڵان بایەخ بەو دیاردەیە نادەن و دەبێت دایک و باوکان یارمەتیان بدەن.

-7 منداڵان پێویستیان بە هەفتەنامە، واتە “دەفتەرێکی تێبینی” هەیە، بۆ ئەوەی ئەرکەکانی ڕۆژانەی قوتانخانەیان تێدا بنووسنەوە و لەیادیان نەچێت. مەبەستیش لێرەدا ئەوەیە، کە منداڵان ئەرکەکانی هەفتانە و ڕۆژانەی قوتابخانە بەردەوام جێبەجێ بکەن.

لە کۆتایدا دەمەوێت بڵێم، کە ڕستەیەکی مامۆستای کۆرسەکە زۆر بەلامەوە جێگەی سەرنج بوو و چەند جارێک دووبارەی دەکردەوە کە بریتی بوو لە: “ئەگەر پێتوایە منداڵەکەت لە دوای 10 ساڵییەوە پەروەردەیەکی ڕاست و گونجاوی پێویستە، دیارە زۆر درەنگ بیرت لە پەروەردەیەکی لەو جۆرە کردۆتەوە.”

وەرگێڕان و ئامادەکردنی: مەحمود حەمە چاوەش




“با ئەو ژیانە بژیت، ناوەوەت بانگی دەکات” کاوە جەلال

“با ئەو ژیانە بژیت، ناوەوەت بانگی دەکات” هەڵبەستێکی ڕامیار مەحمودە لە دیوانەکەیدا بە ناونیشانی “لەشی ئێمە، کاتژمێری زەمەنە” – داواکارییەک کە بەڕێوە و پشتکردووە داوالێکراو دەربڕراوە.
ئەوە یاخیبوونی ڕامیار مەحمودە لە پێوارە چەقبەستووەکان، کە مەبەستمەندانە بۆ هەمووان پێناسەکراون و بێپشوو لەنێو چەنەبازیی ڕۆژانە و سەرقاڵییە بێهۆشەکاندا، وەک چواندووی نەشیاوی خۆلێلادان، جەختیان لێدەکرێت. سەرەڕای ئەوە لەنێو جیهانێکی ئەوها بێچەندوچوون پێناسەکراودا کەس ئاگای لە کەس نییە، بەڵکو پەرتەوازەیی جێی پەیوەندیی گرتۆتەوە، ئەوجا گەرچی ئەستەمە کەس بتوانێت بانگی کەسی دی بکات، کەچی کەس ناوێرێت دیدی داخواز-ی خۆی لە ئەوانیدی وەربگێڕێت، نەخێر، تەنانەت هانایان بۆ دەبات بەبێ ئەوەی دەنگی هانابردووی ببیسترێت. لێ ئایا کێشەی ئەم مرۆڤە چییە؟ کێشەکەی ئەوەیە کە ئەو ناوێرێت دەستێکی ڕێزمەند بەسەری خۆیدا بهێنێت، ئەو لە خۆی دەترسێت، ئەوجا هەر ئەوەندەی بۆ خۆی دیار بدات، بۆ خودی خۆی ببێت بە کێشە، ئیدی یەکسەر لە خۆی دەتۆقێت و هاوار دەکات: “تو خوا دەورم چۆڵ مەکەن!”. مرۆڤسەنتەرییانە بڕوانین، ئەو دا-ما-وە ناتوانێت و ناوێرێت ببینێت کە هەرچییەکی نێو ژینگەکەی بێت و بڕوات، چێببێت و نەمێنێت، لە ئەوێک جیانابێتەوە کە مرۆڤە – مرۆڤ وەک لەوێبوویەکی موئاناتاوی، هەر ئەویشە کە لە جیهاندا بە ئیدیۆلۆژییەکان، بە ئاینەکان یان بە “شیعری ئاگرین ی خۆبەختکردن” فریودەدرێت، فریوخواردووش هەر ئەو خۆیەتی “وەک مرۆڤ” – لێ ئەو خۆی ناناسێت.

هەڵبەستڤان ئێستا لەم دۆخەدا بەرۆکی دا-ما-وانی نێو جەجاڵی فریودان-فریوخوارن دەگرێت:

با ئەو ژیانە بژیت،
ناوەوەت بانگی ئەکات
ئەگەرنا،
هەموو ئەڵتەرناتیڤەکان
خراپترن لەوەی تۆ ئەتەوێت.

کەواتە گەر مرۆڤ لەگەڵ خۆی ڕاستگۆ بێت، دەکەوێتە بەردەم پرسیاری بوێری بۆ بیستن و بەهەندوەرگرتنی خواستە ناخەکییەکانی. ئاخر ئەو هەروەها ژیانێکی دیکەی خوازراویشی هەیە، کە دەبێت ڕووی تێبکات گەر بییەوێت لەتەک خۆیدا ئاشتبێتەوە. لێ هەڵبەستڤان پتر لەمەش دەڕوات و گەڤ دەکات: کێ گوێ لە خواستە ناخەکییەکانی نەگرێت، ئەوا دەست بۆ هەر چارەسەرێک بەرێت، ئەو بەناو چارەسەرە بەدتر دەکەوێتەوە لەوەی کە ئەو دەیخوازێت، چونکە بەترسەوە هانای بۆ بردووە، چونکە وا دەزانێت چڵەدارێکە کە ڕەنگە لەنێو جیهانی پێوارەیی ڕاپێچکەردا فریای بکەوێت و لەنێو ڕۆچوونەوە بیهێنێت بۆ کەنارێک، کە ئیدی لەوێ بۆ دوا جار پشوویەک بدات – بێگومان بە پێش چاوی ئەوانیدییەوە کە سەری ڕەزامەندیی بۆ دەلەقێنن!!

ڕامیار مەحمود بێداردەکاتەوە – بۆ بەرپرسیاری، لێ ئەم بێدارکردنەوەیە خۆتەرخانکردن نییە بۆ ئەنگاژمۆ (ئیلتیزام)، چونکە هەوڵی بەم چەشنە سەرلەنوێ بەشداریکردنە لە جیهانی مرۆڤ ڕاپێچکەردا – جیهانی درۆ گەورەکان. ئاخر گەر کەس ئاگای لە کەس نەمابێت، ئیدی ئایا داواکاریی بۆ هەڵوێستی نێویەکی چە واتایەک دەگەیەنێت؟ نەخێر، باشترین چارەسەر “پشتتێکردن”ە، کەواتە: “بەردان” کرۆکی یاخیبوونەکەی ئەوی هەڵبەستڤانە، داواکارییەکەشی لەو کاتەدا ڕادەگەیەنێت کە ئەو پشتی لە هەمووان کردووە:

بڕیارمداوە،
لە چۆڵەوانییەکدا جێتانبهێڵم و
ناچارتان بکەم بیر بکەنەوە.

لە چۆڵەوانیدا هیچ ئاڕاستەیەک دیار نییە. بەتەنیاجێهێڵراو خۆی ئێستا پنتێکی نێوەندییە و ناچارە بهزرێت. ئاخر ئەو ئێستا تەنیایە، تازە چیدی ئاڕاستەی جیهانبینیانەی پێشین بەهانەیەوە نایەت. لێ ئەوە فەیلەسوف نییە کە لە بزربووندا دەستی ئەوی تەنیای نێو جیهان دەگرێت. نەخێر، نەک هزر، بەڵکو هونەر وەک ئەفراندن بەهای کرۆکیانەی ژیان-بەخشی خۆی لەو چۆڵەوانییەدا پێشان دەدات:

ئێمە لە سەردەمێکدا ئەژین، ناتوانین بیر بکەینەوە،
ئەگەر شاعیر نەبین؛

کەواتە هونەر لای ڕامیار مەحمود دەچێتە سەرووی فەلسەفەوە، بەڵێ ئەوە هونەرە کە هۆش ناسکدەکاتەوە و بەوەش توانستی بۆ فێربوونی هزرین پێدەدات. بێگومان هەڵبەستڤانی / مرۆڤی ڕاچەنیوی نێو جیهان لە دوێنێوە هاتووە، بۆیە بەناچاری گەلێک شت هەن کە لەتەک کامڵبوونی تەمەندا سەریانهەڵداوە و لەنێو ناخدا بەبێ شیمانەی دەربڕین دەمێننەوە – هەر لەبەر ئەم هۆیەشە کە هونەر دەبێت بە پێداویستییە سەرەکییەکە، چونکە تەنیا لێرە هۆشی بزواو بەڕوونی و ناسکی بەئاگادێت لە شیمانە و ناشیمانەی هەر گوزارشتێک– باشتر وەک لە فەلسەفەدا.

لێ ئایا نەبوونی شیمانەی دەربڕین مایەی غەمگینییە؟ ئایا گەرەکە ئەوها بێت؟ نەخێر. غەمگینی هیچ پێویست نییە، بە پێچەوانەوە، لەبریی ئەوە:

هەندێک جار باوەشێنێکی شاد پێویستە،

هەروەک ببێژین: “مەساکێ! هێوربەرەوە و باوەشێنێکی خۆت بکە!”. باوەشێنکردنێکی شاد، کە بەبێ گومان پڕجۆش نییە، پێدەچێت دوای ماڵئاوایی سەرجەم شادیی پڕ جۆش و خرۆش ئەمیان وەک دڵ-نەوایی بمێنێتەوە، بە پێچەوانەی خۆویستیی ملداوەبەری نێو جیهانی پێناسەکراو. ئەوجا گەر مرۆڤ بتوانێت باوەشێنی خۆی بکات، هیندەش لەوە بەئاگایە کە بکەوێتە ڕێ، هاوشێوەی هەڵبەستڤان کە بۆ خۆی بەڕێوەیە و لەتەک ئەوان / خوێنەر-“ەوان”ی دەدوێت، بەبێ ئەوەی داوای گۆڕینی جیهان بکات. نەخێر. لە بێکاریدا خۆسەرقاڵکردن خۆشترین ڕەوشە، دانەنیشتن دژبەری تەمەڵییە، لێ گرنگ ئەوەیە کە مرۆڤ لەم سەرقاڵییەشدا بەڕێوە بێت. بەڕێوەبوون بۆ ڕامیار مەحمود بریتییە لە شۆڕش کە تاکەکەس دەتوانێت لەنێو جیهانێکی داخراودا بیگێڕێت.

بەڵێ، چیدی پرسیارەکە بێدارکردنەوەی کەسان بۆ خەبات نییە، چیدی هەڵبەستڤان ئەرکی خۆی لەوەدا نابینێت ئیلتیزام بکات تاکو “ئەوان” بۆ خەبات جۆش بدات و خۆیان پڕ هەست و سۆز لە پێناوی هەر مەسەلەیەکی بەناو پڕبەهادا بەخت بکەن. ئاخر کێشەکە لێرەدا ئەوەیە کە بەڕێوەبوو ئێستا خۆی کەوتۆتە بەردەم ناچاریی گەڕان بەدووی هاوشێوەکانیدا: بێدارکەرەوان خۆیشیان پێویستیان بە بێدارکەرەوانە. لێ ئەم جۆرە مرۆڤانە بەڕێوەن، بە پێ، بە زمان (ی هونەر). وەکو دی ئاخافتن بێسوودە، چونکە لەنێو جیهانێکی بێهودەدایە کە شیرازەکانی لەبەریەک هەڵوەشاونەتەوە و تێیدا کەس گوێ لە کەس ناگرێت. ڕەنگە ئێستا لاڵبوون مانای هەبێت و بەڕێوەبوو ئاشکرای بکات. سەرەڕای ئەوە باشترە کە لاڵبوون دوا سنووری ئاخافتن نەبێت، بەڵکو وێستگەیەک بێت بەرەو بێدەنگی -متبوون لەنێو خامۆشیی نەبڕاوەدا. ئەمە دوا هەڵوێستی یاخییە کە ڕامیار مەحمود پۆلێمیکئاسا بەرەنگاری ئاخافتنی دروشمیانەی ڕۆژانەی دەکاتەوە و ناوی دەنێت

“… زەڕەزەڕی شۆڕش …” و “وەڕەوەڕی ڕاپەرین”.

لێ ئایا چی ڕوویداوە؟ بە روالەت شتێکی ئەوتۆ لەگۆڕێ نییە، لێ لە کرۆکدا شتێک قەوماوە: هەڵبەستڤان تووشی ناکامی هاتووە، چونکە “دڵ”ی شکاوە، لە ڕاستیشدا هیچ شتێک هێندەی دڵ-شکان ئەوها خێرا و پڕ لە ژان کۆتایی بە سەرجەم کاتەکانی هیوا و هەر گەشبینییەکی هۆریزۆنت ناهێنێت – کاتەکانی “دڵ-پڕ”ی، “دڵ-گەرم”ی. بەڵێ، ئێستا ساتەکانی سەقامگیری، “ئیستیقرار”ی شانازانە جەختلێکراو، لە دوێنێدا ڕۆنیشتوون. هەنووکە بەڕێوەبوون گونجاوترین وەڵامە بۆ فریودان و لاوانەوەی دەروون، بەڕێوەبووش دڵ-شکاو-ێکە کە گومانی تێدا نییە دڵی شکاوی لێ دەدات، “دەگوزەرێت”، وەلێ چیدی گەرمی بە لەش نادات، ئاخر دڵی شکاو سڕە، بەڵێ ڕەنگە بتوانین ببێژین: پەمپێکی پینەکراوە و کەسی / هەڵبەستڤانی بەڕێکەوتوو لە ژیاندا دەهێڵێتەوە.

لێ گەرەکە لە پرسێک بەئاگابین: ئەو هێشتا هەر دەستبەرداری خۆی نابێت. ڕەنگە بۆ یەکەم جار ئەوها گەش بۆ خۆی دیاریدابێت. ئاخر هەردەم “باوەشێنێک”ی لەگەڵ خۆی هەڵگرتووە.




لە دەنگی تۆدا – خۆمدۆزییەوە … هاڤی مستۆ

لەوکاتەوەی تۆ ناتوانی بدوێی
من لە جیاتی تۆ دەدوێم
لەو کاتەوەی کە نابینی
دەبێت لە جیاتی تۆ ببینم
لەو کاتەوەی ئیتر لێرە نابی
پێویستمە ببم بە تۆ

ئێستا دەبینم نمایش دەکرێیت
وەک بوکەڵەیەک لەسەر شانۆ
شکۆی مەرگت شەرمنانە
بچووک دەکرێتەوە لە سۆشیاڵ میدیا
خەڵکانێک، هەرگیز نەیان ناسیوی
کەچی داڵ ئاسا پڕ بە یادەوەرییەکتدا دەکەن
بە ئومێدی ڕاکێشانی هاوخەمییەکی ڕووکەشانە
لەکاتی پۆستە شەرمهاوەرەکانی
مەراسیمی ناشتندا یان وێنە سێڵفێکانیاندا.

تۆ قەڵەمێکی سەربەخۆ بوویت
لەهیچ پارتێکدا خۆت بەند نەکرد
بڕوات بە هیچ خودایەک نەبوو
وەک چۆلەکە عاشقی فڕین بوی

خەڵکت دەناسی
خەڵک دەیانناسیت
هەمیشە باشیت لە خەڵک دەبینی
تا ئەو کاتەی ناشیرینی ڕووی خۆیان
بۆ دەردەخستی.

هەمیشە دەنگی باوەڕت بەرزبوو
بێ ترس لە گفتووگۆ
باوەشت بە جیاوازێکاندا دەکرد
بە ئومێدی گەورەبون و بەرزفڕین

تۆ هەمیشە لە جووڵە بووی
بۆ بەدەست هێنانی ئەزمونێکی نوێ
تینوێتیەکی قوڵت هەبوو بۆ زانین
بەڕاستی هەرگیز تێر نەبووی

سەرسەختانە و تاکۆتایی
جەنگای بۆ دادپەروەری کورد
هەرگیز لە باوەڕی خۆت نەهاتییە خوارێ
یان پەشیمان نەبوویتەوە لەوەی کە کردت

تۆخۆت بوی وەک ئەوەی خۆت بووی
بۆیە و بۆ هەمیشە جێی شانازیم دەبێت
من، منم کوڕە تاقانەکەت

لەزۆر لاوە ئەوەی خەیاڵ پەی پێ بردبێت
لەهەموو ژیانمدا هەوڵمداوە بتخوێنمەوە
کەچی ئێستاش باڵی مەلەی من
نەیتوانی بگاتە ئەوبەری کەناری دەریای ژیانی تۆ
چونکە تۆ وەک ئەوی تر نەبووی
تۆ خەرمانێک بووی لە نهێنی

سێبەری زۆرێک لە پیاوەکانم بینی
لەگەڵ دەربڕینی خۆشەویستیان
هەموو ئەو سادەییانە
نقوم ببون لە ناو ڕۆتینیاتدا

ئێستا دەبینم نمایش دەکرێیت
وەک بوکەڵەیەک لەسەر شانۆ
شکۆی مەرگت شەرمنانە
بچووک دەکرێتەوە لە سۆشیاڵ میدیا

بابە
ئەم شیعرە
بۆ مەرگی ناوەختت بە جێدێڵم
لەشاعیرێکەوە بۆ ئەوی تر
ژیانێکت پێ بەخشیم شایانی ژیانە
نیوەی دونیا گەڕای
بۆ بەخشینی ژیانێکی باشتر بەمن
من بۆ هەمیشە منەتبارم
وانە بێکۆتاییەکانی ژیانت پێ بەخشیم
بەمەبەست یان لەڕێی هەڵەکانی خودەوە
من هیچیان بە دژی تۆ هەڵناگرم
هەموو لە ئێمە شایانی هەڵەین
یادەورێکانمان بە جوانی و ناشرینێکانیەوە
بە خۆشی و ناخۆشێکانیەوە
دەژین لە ناو دڵمانا، لەبیرمانا، لە ڕۆحمانا
هەموو برینەکانی هەرای ژیانمان
ئازارەکان، ڕۆشتنەکانمان، شانازێکانمان
ڕۆژێک دێت دەبن بە خەیاڵ
وەک هەموو شتێکی تر
بۆ باشتر یان خراپتر
ئێستای تۆ، گۆڕیمی
هەموو لاوازێکانت
بوون بەهێز بۆمن
هەرچی ڕاستیت ئەنجامدا
هاتە ژماردن
شتێک هەیە
لێی دڵنیام
من پیاوێکی باشترم
چوونکە تۆم ناسی.

هاڤی مستۆ
لە ئنگلیزییەوە: گۆران




“سەد و یەک ڕۆژ تەنیایی”و تەمەنێک توانەوە لە نێو نیشتماندا … هۆمەر نۆریاوی

خوێندنەوەی کتێب نەخاسما کتێبێک سەربردە و ڕۆژە حەزینەکانی کەسایەتییەکی سەرتاپا نەتەوەییت بۆ بگێڕێتەوە،بە دڵنیاییەوە بایەخ و گرینگایەتییەکی فرەی دەبێت و خوێنەری تامەزرۆ،هەرگیز لە هەڵدانەوەی لاپەڕەکانی پەڕتووکێکی ئەوتۆ،هەست بە شەکەتبوون و ماندووێتی ناکات. کتێبێک بە ناخی ئەو ڕووداوانەدا ڕۆ دەچێت کە دەست لە بەرۆکی شاعیرێکی مرۆدۆست و ژیاندۆست بەرنادەن و جەخار جەخار خوێنەر هەر ساتە و زێتر هەست بە وەرینی گەڵایەک لە دارە کەسکەکەی دەکات. گێڕانەوەی ئەم بویەر و ڕووداوە ڕەزاگرانانە،ئەویش لە زار کەسێکەوە بۆ خۆی نغرۆی نێو ڕووداوەکانە و ڕاستییەکان وەک خۆ دەگوێزێتەوە،بۆ خوێنەر،سەد هێندە چێژبەخشتر دەبێت.ڕووی ئەم پەیڤ و کورتە نووسینە لە کتێبی “سەد و یەک ڕۆژ تەنیایی”،بەرهەمی”هەڵۆ شێرکۆ بێکەس”ە.
“سەد و یەک ڕۆژ تەنیایی”،هەڵدانەوەی لاپەڕە حەزینەکانی دوایین ساتەوەختەکانی فرمێسکاویی شاعیرێکی نەتەوەیی و تا سەر ئێسقان گەلپەروەرە کە بەدەم غوربەتێکی ناخهەژێنەوە،هەر ساتە و تەڵێک ڕەشەڕێحانەی تەمەنە کەسک کەسکەکەی،زەرد زەرد هەڵدەوەرێت. سەد و یەک ڕۆژ تەنیایی،بە قەد مێژوویەکی کەونی خەمبار،بۆ کورد ئازاراویی و تاڵە. سەد و یەک ڕۆژ تەنیایی،ئەو ڕۆژە پاییزاییانەی تەمەنی شاعیرێک دەگێڕێتەوە کە بە درێژایی تەمەنێک،هەردەم بەرگێکی ڕەنگاڵەیی دەکردە بەر داری ئەدەبی نەتەوەیەکی بندەست و ناوی ئەم گەلە بێ کیانەی دەخستەوە سەرزاران و نەیدەهێشت بێناز بکەوێت و بە بۆتەی فەرامۆشی بسپێردرێت. هەر بۆیە نیشتمان،ڕۆژانە لە زنەی چاوانی هەمیشە شیعرباری ئەم هەیکەلە مەزنە ئەدەبییەی دەخواردەوە کەچی لەو لایشەوە فرمێسکێک بە ڕوخساریدا دەتکایە خوار.
سەد و یەک ڕۆژ تەنیایی،سەربردەی ڕۆژە سەرتاپا خەمینەکانی ئەو شاعیرە دەگێڕێتەوە کە تەمەن و ژینی هەر لە پێناو بەرزکردنەوەی ناوی بڵندی نیشتمانەکەیدا تێپەڕاند و لە کوێ خەمێک نیشتبایە سەر گۆنا هەمیشە سوورەئاڵەکەی،بە چڵە شیعرێک،سوکنای بۆ دەگوێزتەوە. سەد و یەک ڕۆژ تەنیایی،خودی سەرگورشتەی ڕاستینەی ڕۆژانی کپ کپی شاعیرێک دەگێڕێتەوە کە بۆ خۆی لە ڕێی زمانەوە،هەر جارە و گۆمێکی دەشڵەقاند و ڕووبارە پەیڤێکی تازەی دەخستە نێو قامووسی ئەم زمانە دێرین و دەوڵەمەندەوە. سەد و یەک ڕۆژ تەنیایی،ئەودیو وەفا و ئەمەگناسی یانژی بە پێچەوانەوە،بێوەفایی خەڵکانێک لە هەمبەر ئەم شاعیرە مەزنەمان بۆ دەردەخات. باس لە هاوڕێی دێرین و خەمخۆری شاخ و خەمساردی ئێستای نێو شارمان بۆ دەکات. گەورەیی شاعیرمان لە زمان کەسایەتی کورد و ناکوردەوە بۆ دەگێڕێتەوە. چیرۆکی ڕاستینەی دەستەڵاتێکی نوقمی نێو گەندەڵیت بۆ دەگێڕێتەوە. دیوی ڕاستینەی سەربردەی پیاوانی قسەی ڕووتمان بۆ دەخاتە ڕوو.
سەد و یەک ڕۆژ تەنیایی،سات بە سات لەگەڵ هەناسەکانی شێرکۆ بێکەس دەمانگەڕێنێت و دواساتیش هەر بۆ خۆی خەبەر لە دواهەناسەی دەدات کەچی شێرکۆ بە شیعر ئەوەندە هەناسەی لە هەر هەموو نیشتماندا بڵاو بووتەوە کە مرۆ هەمیشە هەست بە ترپەی دڵ و ناخە سیخناخە شیعرییەکەی دەکات و سات نییە بەدەم خوێندنەوەی بەرهەمێک و شیعرێکی شێرکۆوە،هەست بە لێدانی دڵە هەر هەمیشە شەیدای زمانەکەیەوە نەکات. ئیدی هەناسەیەکی لەو چەشنە کەنگێ کپ دەبێت و دڵێکی ئەوتۆ کوا لە ترپە دەکەوێت!
ئەم کتێبە،گۆشەیەک لە بێمروەتی،بێ بەڵێنی و خەمساردیی هاوڕێیانی دوێنێ و کورسینشینانی ئەمڕۆ لە لایەک و خۆشەویستبوونی شێرکۆ لای گەلەکەی و وەفا و ئەمەگناسیی کۆمەڵێک هەڤاڵ و داژداری لە هەمبەر ئەم مرۆ نازەنینە و هەروەها ڕوانین و دیدگای نەتەوەییانەی شێرکۆمان بۆ باس دەکات.
شێرکۆ بێکەس کە هەموو ژیانی لە پێناو زمانی نەتەوەیەکی بندەستدا وەپشت سەر دەنێت،کاتێک ئەم نەتەوەیە لە پارێکی نیشتمانە لەت لەتکراوەکەیدا دەبێتە خودان دەستەڵات،هەر کە شاعیر وەک هەمیشە دەبێتە دەنگی دلێری نەتەوەکەی و تەنێ خۆی بە مڵکی لایەن و پارتێک دانانێت،سەد مخابن ڕۆژانی بێ میهری لە ڕێوە دەگەن. شێرکۆی شاعیر هەتا دوا دەمی ژین هەر مەراقی ئەو ڕۆژانەی لە دڵ دەرناچێت کە ناهێڵن بەرهەمی “ئێستا،کچێک نیشتمانمە”،بە سیحری دەنگەکەی بخوێنێتەوە.
هەڵۆی کوڕی ئیشارەت دەداتە ئەم پرسە و دەنووسێت:”بە درێژایی ئەم ساڵانەی ژیانی کۆتایی باوکم،یەکێک لەو شتە کەمانەی تا مردنیش لە دڵی دەرنەچوو،ئەو ڕێگرییە بوو کە لە مێژوودا بوو بە پەڵەیەکی ڕەش و عار بە نێوچەوانی دەسەتەڵاتداران و لیژنەی ئەمنیی ئەوسای سلێمانییەوە”. (سەد و یەک ڕۆژ تەنیایی،ل 72)
هەڵۆ لە زۆر شوێنی ئەم کتێبەدا لە هەمبەر هاوڕێیانی نێو جەرگەی شۆڕش و خەمساردییان بەرانبەر شێرکۆی باوک،زمانی بە گلە دەپژێت و دەنووسێت:”گلەیی من،لە ڕوانگەی ئەو نزیکییەی باوکم لە کۆمەڵێ لەو هاوڕێیانەوە بوو،کە ڕۆژانێک لە ناو شۆڕشی نوێدا لە شاخ پێکەوە بوون. خۆ ئەگەر ئەوە شانازیی بێت بۆ ئەوان،ئەوا بەشێکی ئەو شانازییەش بەر باوکم دەکەوێت،کە لە جۆشدانی پێشمەرگە و شیعری بەرگریی و داگیرساندنی ئەو(مەشخەڵە)ی ڕێگای چەندین شەهیدی قارەمان بوون”.(هەمان سەرچاوە،ل134)
هەڵۆ،مرۆی نێو شاخ و دەستەڵات بە دوو جۆرە مرۆی جیاواز دادەنێت و دەنووسێت:”مەلا بەختیار کە خۆی بە دەروێشی شیعرەکانی شێرکۆ دەزانێ،ڕەخنەی لێ گرتم لە ڕێگەی(کاک عەبدولڕەزاق فەیلی)یەوە هەواڵی باوکمیان پرسیوە،وەک ئەوەی خۆیان دەستی تەلەفۆنیان بەخەنەوە بووبێت!”.(سەرچاوەی پێشوو،ل 137)
وەک هەڵۆ ئیشارەتی پێداوە،”فارۆق مەلا مستەفا”کە سەرمایەدارێکی گەورەی کورد و لایەنگری ئەدەبی کوردییشە،هاوڕێیەکی دێرین و لە مێژینەی شێرکۆ دەبێت و بە “ڕەفیقی عومری”دادەنێت. هەڵۆ،هەروەها ئاماژە بەم خاڵەیش دەدات کە پاش گەڕانەوەی تەرمەکەی باوکی بۆ کوردستان،فارۆق مەلا مستەفا لە سەردانێکی بۆ هۆتێل و لای نزیکانی شێرکۆ،بیرەوەرییەک دەگێڕێتەوە کە جارێک شێرکۆی باوکی بەم سەرمایەدارە کوردەی وتووە:”فارۆق تۆ ئەو هەموو کار و پرۆژەیە ئەنجام ئەدەیت،حەق بوو پەیکەرێکیش بۆ “گۆران”ی شاعیر دروست بکەی،لە منارەکەی مزگەوتی گەورە،بەرزتر بێت”. هەڵۆ دەڵێت،کاک فارۆق لەو دانیشتنەدا وتی:”بۆیە منیش بڕیارم داوە ئاواتەکەی بهێنمە دی و پەیکەرێک بۆ گۆران و پەیکەرێکیش بۆ شێرکۆ بەرانبەر یەک دروست بکەم،لە منارەکەی مزگەوتی گەورە،بەرزتر بێت”. (هەمان سەرچاوە،ل 293 و 294)
هەڵۆ گلە لەم سەرمایەدارە کوردە دەکات کە هێشتاکە بەڵێنەکەی جێبەجێ نەکردووە و دەنووسێت:”دروستکردنی مێژوو هەر بەڵێن نییە،کردار و نەخشاندنی شەرتە!”.(هەمان سەرچاوە،ل 294)
هەڵۆ،هەر بۆ مێژوو،وەفای”مەریوان هەڵەبجەیی”نووسەرمان لە هەمبەر شێرکۆدا بۆ دەگێڕێتەوە کە کاتێک لە نزیکەوە پەی بەوە دەبات کە شێرکۆ،ژێی قوڕگی لەکار کەوتووە،ئامادەیی خۆی دەردەبڕێت کە ژێی قوڕگی خۆی پێشکەش بکات.هەروەها زۆر بەڕێزەوە دەنووشتێتەوە و کڕنووش بۆ گەورەیی مێژووی شێرکۆ و ماڵباتەکەی و هەر هەموو بەرهەمە شیعرییەکانی دەبات.
هەڵۆ شێرکۆ بێکەس،لە کتێبی “سەد و یەک ڕۆژ تەنیایی”دا باس لە سۆراخ گرتنی دوو سیاسەتمەداری کورد،بەڕێزان دوکتۆر “فوئاد مەعسووم” و دوکتۆر “مەحموود عوسمان”دەکات کە شێرکۆیان بە سەروەتێکی نیشتمانی لە قەڵەم داوە.(ل 138)
هەڵۆ،ئیشارەت بەم خاڵەیش دەدات کە شێرکۆی باوکی ویستوویەتی ماڵەکەی بکرێتە مۆزەخانە کەچی هەڵۆ گوتەنی:”ماڵەکە وەختە مۆرانە بیخوات،هەموو شتەکانی شێرکۆ بێناز لەوێدا،لە ژێر ڕەحمی شێدا کەوتوون و گیان دەدەن،بەڵام بێباکی و ڕاستگۆیی شێرکۆ سەری بەرزە و زیندووە”.(هەمان سەرچاوە،ل 173)؛ هەروەها دەنووسێت:”ئێستایش دوای پتر لە 40 ساڵ مارشی ئەو حیزبە(مەبەست یەکێتییە)هەر شیعری باوکمە،بەڵێ ئەوەیش وەفای سەرکردایەتیی یەکێتیی بەرانبەر ئەو شاعیرە! ئاخر ئێوە هێندەی کۆماری ئیسلامییشتان پێ نەکرا،کە ماڵی (هێمن موکریانی)کردە مۆزەخانە!”.(هەمان سەرچاوە،هەمان لاپەڕە)
“توانا ئەمین”،نووسەرێکی هزرڕوونی نهای کوردە کە سەبارەت بە شێرکۆ بێکەس دەنووسێت:” شێرکۆ بێکەس تەنها باوکی قۆناغێک لە شیعری کوردی و نوێکەرەوەی زمانی کوردی نییە،شێرکۆ بێکەس ڕیزپەڕێكی ئاوارتەیە،ئەگەرچی خەڵکی سلێمانییە،بەڵام شیعری ئەو،بۆ مەهاباد و قامیشلی و بۆ دیاربەکر و بۆ هەولێر و بۆ دهۆک و بەشی شێریشی وەک هەمیشە بۆ کەرکووکی خوێناویی و بریندارە… شێرکۆ بێکەس زیاترە لە ناوێک،شێرکۆ بێکەس سەروەتێکی ڕۆحیی و نیشتمانییە بۆ هەر کوردێک لە هەر شوێنێکی ئەم سەرزەوییە بێت”.(سەرچاوەی پێشوو،ل246 و 247)
هەڵۆ بە ویژدانەوە ڕووداوەکان دەگێڕێتەوە و لە کوێ وەفای بینیبێت ،وەک خۆی باسی لێوە دەکات و لە شوێنێکدا هەڵوێستی دوکتۆر بەرهەم ساڵح و مەلا بەختیار بۆ هاتنەدی وەسێتەکەی شێرکۆ بێکەس(ناشتنی لە پارکی ئازادیدا) بەرز دەنرخێنیت کەچی ئیسلامییەکان دژ بەمە دەوەستنەوە؛ تەنانەت کۆمەڵی ئیسلامی بایکۆتی پرسەکەی شێرکۆ دەکات.
نیشتمانێکی نغرۆی نێو گەندەڵی و باڵادەستبوونی لایەنێک و نەبوونی ئیرادەیەکی بڵند بۆ دروستکردنی هەرێمێک بۆ هەمووان،یەک لەو پرسە جەوهەرییانە دەبێت کە شێرکۆ هەمیشە لە هەمبەریدا دەم بە هاوار دەبێت.
شێرکۆ لە نامەیەکی بۆ مام جەلال زۆر ڕەخنە لە شێوازی دەستەڵاتدارێتی و حوکمڕانیی نێو هەرێم و تێکەڵکرانی حیزب و حوکوومەت و گەندەڵیی هەمەلایەنە دەگرێت.
کێ هەیە و حاشا لە خۆشەویستی شێرکۆ بێکەس لە ناخ و گیانی هەر هەموو کورداندا بکات! هەر لە ڕۆژە پاییزییەکانی شاعیردا،ڕۆژێک دەبووایە بچێت بۆ تاقیگە و نموونەی خوێنی لێ وەربگیردرێت. لە بەختی وی،تاقیگەکە جمەی دێت لە خەڵک و شێرکۆ بێتاقەت دەبێت کەچی لە هەمان ساتدا کوردێکی گەلپەروەر هەتا مامۆستا دەبینێت،لێی دەچێتە پێش و دەڵێت: “مامۆستا گیان،من ژمارە یەکم،ئەمە بۆ تۆ و ژمارەکەی خۆتم بەرێ؛من ناهێڵم تۆ لەم سەرەیەدا بوەستی”.(هەمان سەرچاوە،ل 53)
کوردستان بە هەموو پارچەکانیەوە لای شێرکۆ بە یەک دید سەیر دەکرا و ئەوەی ئاشنا بە شیعری ئەم شاعیرە بێت،دەزانێت ورکە و پەرۆشە سەرەکییەکەی شێرکۆ،تەنێ کوردستانەکەی بوو و بەس. هەموو پارت و ئالییەکی کوردستانی لا خۆشەویست بوو. هەڵۆ سەبارەت بەم پرسە دەنووسێت:”هەرگیز هەستم بەوە نەکردووە فەزڵی لایەک بدا بەسەر لاکەی تردا،بە پێچەوانەی ئەوانەی هەمیشە باوکمیان لەسەر لایەنێک حیساب دەکرد!”.(سەرچاوەی پێشوو،ل 86)
ئەم کتێبە ڕاستە خەمنامەی شێرکۆ بێکەسە،لێ دید و بۆچوون و ڕوانگەی شاعیرێکی خودان ئەزموون بەرانبەر گەلێک پرسان دەخاتە بەر دیدەی خوێنەر. وریایی هەڵۆ لێرەوە دەردەکەوێت کە ناهێڵێت کتێبەکە هەر چاو بە گریان بێت و لە هەر لاپەڕەیەکدا دەپەرژێتە سەر گۆشەنیگایەکی شێرکۆی باوک و بە دیویەکی دی،خوێنەر بە هزرڕوونیی ئەم مرۆ مەزنە ئاشنا دەکات.
گۆرانی،یەک لەو هاوڕێ هەرە نزیکانەی شێرکۆ بێکەس دەبێت کە تا دوادەمی ژین ئەم حەزە دەروونییە لە لای ئامادە دەبێت. سەبارەت بە تێکستی گۆرانی دەڵێت: “تێکستی گۆرانی(نەک شیعر)ئەبێ ئاسان بێ،زوو لەبەر بکرێت و لە هزری خەڵکدا بمێنێتەوە”.(هەمان سەرچاوە،ل 100)
سەبارەت بە توانا هونەرییەکەی هونەرمەند “پەیوەند جاف”یش دەڵێت:”تۆ دەنگێکی بەهەشتیت پێوەیە!من لە هیچ دیدار و چاوپێکەوتنێکدا ئەمە باس ناکەم با نەڵێن مەتحی زاواکەی خۆی دەکات،بەڵام ئامۆژگاریی من بۆ تۆ ئەوەیە بجووڵێیت و تۆزێ گورجوگۆڵتر و چالاکتر بەرهەمەکانت بڵاو بکەیتەوە”.(سەرچاوەی پێشوو،ل 101)
شێرکۆ،شەیدای دەنگ و گۆرانییەکانی هونەرمەندانی وەک محەممەد ماملێ،حەسەن زیرەک و مەزهەر خالقی دەبێت.
هەڵۆ،پێوەندی نێوان شێرکۆ و خالقی،بە پێوەندییەکی دۆستانە و ڕۆحی دادەنێت و دەڵێت،کە هەواڵی مەرگی شێرکۆ بڵاو دەبێتەوە،خالقی یەکەم کەس دەبێت بە دڵشکاوی و چاوی پڕ ئەسرینەوە سەردانی دەزگای سەردەم دەکات. هەڵۆ هەروەها دەلێت:”باوکم هەمیشە شەیدا و خۆشەویستی شیعرەکانی بۆ دەنگی خالقی دەربڕیوە”.(سەرچاوەی پێشوو،ل278)
یەک لە خاڵە سەرنجڕاکێشەکانی نێو ئەم کتێبە ئەوەیە کە لەم لقەوە بۆ ئەو چڵ باز دەدات و تەنێ لەسەر چڵێک ناوەستێت. لە ئەدەبەوە ڕوو لە هونەر دەکات و لەوێشەوە بۆ نێو دنیای سیاسەت باز دەدات و دیوی ڕاستینەی ڕووداوەکانی نێو نیشتمانمان بۆ دەردەخات. نەوشیروان مستەفا لە لای شێرکۆ بێکەس خاوەنی سەنگێکی تایبەت بووە؛شێرکۆ لە کتێبی “نووسین بە ئاوی خۆڵەمێش”دا بە وردی لەسەر کەسایەتی نەوشیروان مستەفا باسی کردووە. لە کتێبی “سەد و یەک تەنیایی”شدا دیسانەوە ئاوڕی لەم کەسایەتییە داوەتەوە. هەڵۆ دەنووسێت:”کاک نەوشیروان جێگەیەکی تایبەتی لە دڵی باوکمدا هەیە”.(سەرچاوەی پێشوو،ل141)
هەروەها دەنووسێت:”کاک نەوشیروان بە باوکمی وت: تۆ شاعیرێکی گەورەی بۆ شۆڕش و پێشمەرگە،بڕوا بکە نیوەی ورەبەرزیی پێشمەرگە بە هۆی شیعرەکانی تۆوەیە”.(هەمان سەرچاوە،ل 142)
کێ بێت و وردە خوێندنەوەیەکی بۆ شیعری شێرکۆ بێکەس هەبێت و بتوانێت نکۆڵی لە زمانە زەنگینەکەی بکات! شاعیری نەتەوەیی”عەبدوڵڵا پەشێو”سەبارەت بە مەزنیی شێرکۆ دەڵێت:”زمانی کوردی بە دەست شێرکۆوە زەلیل بوو!”.(سەرچاوەی پێشوو،ل 63)
شێرکۆ بە زمانە ئاورینەکەی دەناسرێتەوە کەچی کاتێک بەو ئازارەوە گیرۆدە دەبێت،ئیتر ناتوانێت بپەیڤێت و بۆ خۆی وەرامی خزم و هاوڕێیان بداتەوە،بۆیە بە نیگا، دەزانیت ئاورێک لە ناخی وەر بووە . ئەمە قسەی هەڵۆیە سەبارەت بە شێرکۆی مەزن ئەو دەمانەی زمانە پاکژ و زوڵاڵەکەی دەشێوێت:”کاتێ قەڵای من ڕووخا،کە باوکم زمانی قسەی شێوا!”.(سەرچاوەی پێشوو،ل159)
هەڵۆ،هاوڕێ هەرە نزیکەکەی دوا ساتەوەختەکانی تەنیایی شێرکۆ بێکەس،لەم پەڕتووکەدا پەردە لەسەر گەلێک نهێنی سەبارەت بە دوا بەرهەمەکەی شێرکۆ(یادەوەریی پاسکلیلێکی کەرکووکی)هەڵدەداتەوە کە ئەم شاعیر مەزنە ویستوویەتی لە ڕێی ئەم بەرهەمەوە مێژووی شاری کەرکووک و کوردستانیبوونیشی بگێڕێتەوە و یەک لە بەرهەمە هەرە مەزنەکانیشی بێت. خەمی شێرکۆ لەم بەرهەمەدا هەر خەمی گشت کەمە نەتەوایەتییەکان و زمانی جیاواز و بەها ئینسانییەکان و گرینگتر لە هەمووانیش،سەلماندنی کوردستانیبوونی کەرکووک دەبێت. هەڵۆ ئیشارەت بەم خاڵەیش دەدات کە هەرگیز بە خەیاڵیشیدا نەهاتووە پاش باوکی، بەرهەمەکە تەواو بکات بەڵام ئاگاداربوون لە هەست و نەستە شیعرییەکەی باوک و پرسیارکردنی ورد لەسەر ئەم بەرهەمە و هێنانەدی ئاواتەکەی باوک و ساڕێژکردنی برینی سەر ڕۆحی خۆ،بە هۆکاری تەواوکردنی ئەم بەرهەمە دادەنێت. هەروەها دەڵێت کە دەقەکەی پێش بڵاوبوونەوە،نیشانی ڕەئووف بێگەرد،فەرهاد شاکەلی،دوکتۆر ڕێبوار سیوەیلی،توانا ئەمین،سارا عومەر و دوکتۆر شیروان میرزا داوە و داوای لە هەر کامەیان کردووە، سەرنجی خۆ بخەنە ڕوو. ئەرچی هەڵۆ هەر لەسەر ئەم کارە،بەرەوڕووی کۆمەڵێک ڕەخنەی توند و تیر و توانج بووەوە.
هەڵۆ لە کتێبەکەیدا خاکەڕایی شیرکۆی مەزنمان جارێکی دی وەبیر دێنێتەوە. دەنووسێت:”لێم پرسی:بابە بۆ لە نووسینێکتدا وتووتە:من لای خۆم ئەو شاعیرە گەورەیە نیم،کە خەڵکی باسی ئەکەن،لە وەڵامدا وتی: نووسەر و شاعیر نابێ وەکوو تاووسی لەخۆبایی لە لای خەڵکەکەی دەرکەوێت،ئەبێت سادە و ساکار وەکوو کوکوختییەکی ڕەنگ خۆڵینی ئەو دەشت و دەرە وابێ”.(هەمان سەرچاوە،ل 181)
شێرکۆ،شاعیر وەک سنعەتکار دەبینێت و شیعرنووسین بە سنعەت دەزانێت. هەڵۆ هەر جارە و نهێنییەک لە ناخە شیعرییەکەی شێرکۆمان بۆ ئاشکرا دەکات. دەڵێت:”لێم پرسی:تۆ زوو زوو هونەری شیعرنووسین دەگۆڕیت،کورتەشیعر بۆ قەسیدەی درێژ،بۆ ڕۆمانەشیعر و بۆ دەقی واڵا؟ لە وەڵامدا وتی: من نامەوێ لە کۆڵانی هەورێکدا قەتیس بم،من ئەمەوێ ئاسۆی فڕینم فراوان بێت،ئەگەر هەموو ساڵێ(کاژێکی شیعریی)فڕێ نەدەم،ئەمرم!”.(سەرچاوەی پێشوو،ل 182)
شێرکۆ وەک چلۆن شیعرەکانی بۆ هەمیشە بۆ ئەدەبی کوردی دەوری ڕۆژ دەبینن،هەمیشەیش بۆ نووسین،ڕۆژی لە لا میوان دەبێت. ئەوەتانێ سەبارەت بەم پرسە دەڵێت:”کە دنیا تاریک ئەبێ،ناتوانم بنووسم! من هەموو نووسینەکانم لە بەیانیان و لە ڕۆژدا ئەنووسم و بە کەمی و زۆر بە دەگمەن،بە شەو نووسیومە”.(سەرچاوەی پێشوو،ل 101)
سەد و یەک ڕۆژ تەنیایی،چیرۆکی تلانەوەی ماڵباتێکی نغرۆی نێو شیعرە بە ئازارێکی جەرگبڕەوە کە چلۆن بە بەرچاویانەوە،ڕۆژانە شەمی گیانی ئەم ڕۆحە مەزنە دەتوێتەوە.
“شەفیقە سەعید”،ئەو شاخانمەی لە شیعری شێرکۆ بێکەس دا بە هەسارەیەکی هەمیشە گەش دادەندرێت،لە لای ئەم شاعیرە مەزنەیش بە خودی چیای میهر و خۆڕاگری وەسف دەکرێت. شێرکۆ لە بیرەوەرییەکانیدا سەبارەت بەم خانمە نازەنینە دەنووسێت:”ئاواتمە مەرگم پێش مەرگی دایکم کەوێ و مەرگی نەبینم”. (هەمان سەرچاوە،ل 266)
بەڵام لای دایک(شەفیقە سەعید)،پێشمەرگەکانی کوردستان بە کوڕی وی دادەنرێن. کەچی ئەوەندە ئاشقی شێرکۆی کوڕ دەبێت کە هەموو مەینەتییەکانی ژیان لە چاو مەرگی شێرکۆ بە هیچ دادەنێت. وەسیەت دەکات کاتێک دەیشۆن،دواجار بە لای ڕاستدا دابنرێت بۆ ئەوەی هەرچی تاڵی و زووخاوی مەرگی شێرکۆیە لە گەروویەوە بچێتە دەر و نەیباتە ژێر گڵ.
هەڵۆ شێرکۆ بێکەس کە لە نزیکەوە چاو لە توانەوەی ئەو چیای میهرە دەکات،ئاورێک لە گیانی بەر دەبێت و دەنووسێت:”بە سەرنج و سەیرکردنی ئەودا تێگەییشتم،چاوی خۆرنشین و چاوی ئەم کۆچەی باوکم،یەک چاون؛بۆنی شێداری قسەکانی و سەفەری ئەسرین و بۆنی شیعری غەریبی و بۆنی ماڵئاوایی هەر یەک بۆنن”.(هەمان سەرچاوە،ل 106)
زمانی نووسینی ئەم کتێبە،زمانێکی سادە و ساکار و بێ گرێ و گۆڵی کوردییە کە زۆر زوو پێوەندی لەگەڵ خوێنەردا دروست دەکات و ئەوەندە وشە و پەیڤی نازەنینی تێدایە،مرۆ کە دەست بە خوێندنەوەی دەکات،پێی خۆشە هەتا دواپەڕە دەستبەرداری نەبێت. دیارە لە نەوەی بێکەسی گەورە و شێرکۆی مەزنیش هەر چاوەڕوانی ئەوە دەکرێت. هەڵۆ بۆ نووسینەوەی ئەم یادەوەرییە خەمینانە دەمانباتەوە بۆ دوێنێ و پێرێی تەمەنە بەرهەمدارەکەی باوک و لەوێوە چەپک چەپک گوڵاڵەسوورەی نیشتمانمان بۆ دێنێتەوە. هەڵۆ بە دەم گێڕانەوەی ئەم ڕۆژە تاڵانەوە،شارایەک مۆچیاری لە باوکەوە وەردەگرێت و ئەم هەگبە ڕەنگاڵەییە لەگەڵ خۆ بە جیهاندا دەگێڕێت. هەڵۆ لە ڕێی گێڕانەوەی ئەم بویەرە دڵهەژێنانەوە،توانای خۆی لە نووسینەوەی ڕووداوەکانمان بۆ دەردەخات. من بۆ خۆم پێشتر یەک لەو کەسانە بووم کە بە توندی دژ بە کارەکەی هەڵۆ بووم(درێژەدان بە تەواوکردنی بەرهەمە شیعرییەکەی شێرکۆ)بەڵام پاش خوێندنەوەی ئەم کتێبە و ئاشنابوون بە هەست و نەستەکەی هەڵۆ و زمانی پاکژ و سادە و ساکاری و هەروەها ئەوەی تا چەندە لە بەرانبەر باوکدا بە ئەمانەت و ئەوپەڕی ڕاستبێژییەوە هەموو شتەکان وەک خۆی دەگوێزێتەوە،ئەو مافەی پێ ڕەوا دەبینم. ئەرچی هێشتا لەسەر ئەو باوەڕەم هەر کەسە و لە ژیاندا خاوەنی دنیابینی و ئەندێشەی جیاوازە نەخاسما ئەگەر ئەو کەسەیش گەورە شاعیرێکی وەک شێرکۆ بێکەس بووبێت. جوانیی کارەکەی هەڵۆ لەوەدا دەبێت کە پێش بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکە،پیشانی چەندان نووسەر و شاعیری ناسراوی دەدات و بە وردیش ئاگاداری سنووری نێوان شێرکۆی باوک و خۆیەتی.
خوێندنەوەی ئەم کتێبە و هەروەها کتێبی”نووسین بە ئاوی خۆڵەمێش”،بیرەوەرییەکانی خودی خۆمم وەبیر دێنێتەوە کە سەردەمێک بە ئەزموونێکی فرەوان و ناخێکی گڕگرتوو و شەیدای ڕاژە و خزمەت بە بواری میدیا و ڕۆژنامەگەریی کوردییەوە ڕووم لە باشووری کوردستان نا کەچی خەمینتر لە چارەنووسی میللەتەکەم،گەڕامەوە بن سێبەرەکەی دەستەڵاتێکی سەردەستی دی و ڕۆژانە لێرە بە بەرچاوی خۆمەوە،غوربەتێکی هەژێنەر خەریکە دەنک دەنک لە ناخم دەخواتەوە.
جێی ئاماژەپێدانە کتێبی “سەد و یەک ڕۆژ تەنیایی”،نووسینی هەڵۆ شێرکۆ بێکەس،ساڵی 2018،لە لایەن کتێبخانەی یادگار بۆ چاپ و بڵاوکردنەوەوە،لە چاپ دەدرێت. کتێبەکە،هەڵگری کۆمەڵە وانەیەکی گرانباییە و بێگومان خوێندنەوەی بۆ هەمووان بە تایبەت ئەوانەی دوێنێ و ئەمڕۆ و سبەیش،لەگەڵ هەناسە شیعرییەکانی شێرکۆ بێکەس دا ژیاون و دەژین،بایەخ و تام و چێژی خۆی دەبێت.
مەرگ و مردنیش،قۆناخێکە لە خودی ژیان و ئەزموونی مرۆ بۆ پەیبردن بەودیو ڕاستییەکان فرەوانتر دەکات. بۆیە دەڵێم مردن،قۆناخێکە لە ژیان،چونکە ئەوەی بەرهەمێک بە ژیان دەبەخشێت،حوکمی نەمریی خۆی واژۆ دەکات بە تایبەت گەر ئەم مرۆیەیش شاعیرێکی کاریزماتیکی وەک شێرکۆ بێکەس بێت کە سات بە ساتی ژیان و بەرهەمەکانی،ئاوێتەی خەم و ئازار و ساتەوەختە خۆش و ناخۆشەکانی نەتەوەکەین.
ژێدەر: سەد و یەک ڕۆژ تەنیایی،هەڵۆ شێرکۆ بێکەس،چاپی یەکەم(2018)،کتێبخانەی یادگار بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە




فەرهەنگی شەیتان … ن: دادیار ئازاد

فەرهەنگی ڕاڤەی ڕاڕایی و چاوبەستییەکانی مرۆڤ.

کتێبی “فەرهەنگی شەیتان”، شرۆڤەی چەند چەمک و وشەیێکە بە شێوەی تەنز، یانی نووسەر شێوازێکی هەڵبژاردووە، کە وات لێ دەکات بە خۆت پێبکەنیت. ئەو وشانەی دەنێویدا وەک بنـواژە ‘Lemma’ هاتوون، بە جۆرێکی دیکە لە خەیاڵی ئەفرێنەری نووسەردا واتایان پێ بەخشراوە، کە هەر ئەم بنـوشە “لێما”ـیانە لە ئاستی کۆمەڵـایەتی و کەلتوری و ئاینی و سیاسیدا، بە جۆرێکی دیکەی جیاواز لە شرۆڤەی نێو فەرهەنگی شەیتاندا، دەقیان گرتووە و نەقشی واتایان لە مێشک و خەیاڵی ئێمەدا جێگیربووە.
ئەمە ڕوانینێکی دیکەیە بۆ وشە، بەدەر لە واتای سەپێنراوی پێشووتریاندا. یان با بڵێین ئەو واتا سەپێنراو و بە ڕتووشەی کە تاک و کۆمەڵگا و میدیا و سیاسی و ئاین و نەریت داویانەتە پاڵ وشە، لێرەدا هەڵگێڕدراونەتەوە و دژ و پێچەوانەی تێگەیشتنی باو، لەسەر تەختی فەرهەنگەکەدا خۆیان دەنوێنن.
نووسەر ئەو دۆخە چەپەکەی وشەی نیشانداوین، کە تێیدا زمان قەت ناتوانێت بێلـایەن بێت.
زمان وەک پەیکەری ناوەوەی مرۆڤ، واتایێک بەرجەستە دەکات؛ جیایە لەوەی بە مێشک ناسێنراوە و تێی پەستێنراوە، ئەویش واتایێکی سێبەرە، کە بەردەوام لە هەموو کات و شوێنێکدا نوێنەرایەتیی پەیکەرەی ناوەوەمان دەکات و کەوشەنی بەرژەوەندی و حەزەکانی دادەنێت و دەپارێزێت و تەواو قاڵبێکی ئەهریمەنی وەردەگرێت.
لەم کتێبەدا، سەرپۆش و ڕووبەندی وشەکان لـادراوە و، تا گوێ بۆ وشە شەیتانییەکان ڕانەگرین.
لەوانەیە مەبەستی بنووسەکەی ئەوەش بووبێت کە: بۆچی مێشک و دەرونی ئێمە، ببێتە مەکۆی ئەو جۆرە وشانە!
زمان گەر شمشێرێکی دووسەرە بێت، ئەوا لە فەرهەنگەکەدا، هەر ورشەی لـا شەیتانییەکەی دەبینرێت.
لەگەڵ خوێندنەوەی شرۆڤەی هەر دانە وشەیێکی فەرهەنگەکە بزەت کرد، ئەوا مانای وایە بەسەر خۆشباوەڕی و فریوی خۆتدا هەڵبوویت.

ئەم فەرهەنگە لە ساڵی (۱۸۸۱) لە گۆڤارێکی هەفتانەوە بە شێوەی ستوون دەستی پێکرد و، تا ساڵی (۱۹۰٦) بە پچڕپچڕی دەوامدەکات.
دواتر دەکرێتە کتێب.
کتێبەکە، بەرهەمی تەنزنووس و ڕۆژنامەنووسی ئەمریکایی؛ “ئێمبرۆس بێرس”ە.
لە چاپی یەکەمیدا، لەبەر تکا و دوودڵیی سەرپەرشتانی چاپکردنەکە لە ناونیشانی کتێبەکە، ئەوا بە ناوی “وشەدانی مرۆڤی ڕەشبین” چاپکراوە، بەبێ ئەوەی بە دەست و دڵی خاوەنەکەی بێت!
ئەمانەش نموونەی لێکدانەوەی چەند پەیڤێکی دوڕ فەرهەنگەکەن:
بێدین:
لە نیویۆرک بەو کەسە دەڵێن؛ کە باوەڕی بە ئاینی مەسیحی نییە! لە ئەستەنبۆلیش بەو کەسە؛ کە مەسیحییە!
لەدایکبوون:
یەکەمین و ترسناکترین بەڵـا.
گۆڕستان:
دواهەمین و پێکەنیناویترین کەریێتیی پارەداران.
شەیتان:
سەرچاوەی هەموو ناخۆشی و بەدبەختییەکانمان،
خـــاوەنـی هەموو خۆشی و چێژە دونیاییەکانیشمان! پەروەرێنی باڵـادەست ئەوی ئەفراندووە.
ژنێکیش بە دنەدانی ئەو؛ بووە باعیسی شەقـتێهەڵدانمان بۆ سەر پشتی زەوی.
حەوا دەستەونەزەر چووە بەردەم دادگا، داوای لێخۆشبوون و چاوپۆشیی کرد.
گومڕا:
کەسێکە، کە دانوماشی باوەڕی ئەو، لەگەڵ هیی ئێمەدا ناکوڵێت.
حزبایەتی:
لەبەر خاتری چاکە و بەرژەوەندیی حزب، پۆست و پلە بدەین بە نەنکی خۆمان.
هەڵە:
کارکردنە بە ڕێگە و شێوازی جیا لە هیی من.
تێگەیشتن:
درەنگ پەیبردنە بە گێلیەتیی خۆت.
دزیی دەریایی:
سیاسەتمەداری دەریاکان.
پیرۆزبایی:
حەسوودییێکی ڕێزدارانە.
مێرد:
کەسێکە بە تاوانی خواردنی ژەمەکەوە؛ بە شووشتنی قاپوقاچاغ سزادەدرێت.
ئایندە:
ئەو ڕۆژگارە دوورەدەستەیە، کە لەوێ کار و کەسابەتی ئێمە؛ بە پیت و بڕشتە. دۆستەکانمان لەوێ یەکـدڵ و یەکـڕوون، گوایە خۆشبەختیشمان هەمیشەییە.
توندڕەو:
کەسێکە، کە بە توندی و شەوقەوە بە باوەڕێکەوە پەیوەستە، کە تۆ باوەڕت پێی نییە.
دیکتاتۆر:
سەرۆکی کۆمەڵگەیێکە، کە کۆلێرای زۆرداریی، پێ لە تاعونی پاشاگەردانی باشترە.
ئومێد:
“چاوەڕوانی” و “ئارەزووی” نێو یەک بوخچەی سەربەمۆرن.
دەستکورت:
کەسێکە؛ کە باوەڕی بە هاوکاریی هاوڕێیانی کردووە.
هاوپەیمانی:
یەکێتیی نێوان دوو، یان چەند حزبێکە؛ لەپێناو خێراتر دەستگەیشتن، بە مەرامێکی دیاریکراو، وە تەواو ئەهریمەنی.
دۆزەخ:
جێگەی داسەکنانی بنووسی “فەرهەنگی شەیتان”.

ن: دادیار ئازاد
dadyar85@gmail.com
Fb: dadyar azad




دەستگێڕ …. جەلال عەبدوڵا ساڵح

لە شەقامی کوێرەوەری
چاو دەگێڕم بۆ پینەچی!
دەڵیم ئاخۆ کەسێک هەبێ
هێندەی ئەو پێڵاو بناسێ

بەرگدروو چۆن دەتوانێ؟
بە تەقەڵ دەرزی بدوێنێ
میووە فرۆش چۆن دەزانێ؟
ترێ هەناری خۆشدەوێ
بۆ سەعات چی پێدەکەنێ
کاتێ قورمیش ماندەگرێ

شەقامی خەیاڵ جێدێڵم
دەگەمە لای
دەرگای پیری نادی شەوان
یەکێ جگەرەی
مەراق و ژان دەکێشێت
یەکێکی کە
هۆشی ونی میوانە لای
تۆزێک مەزە و
ڕۆحی پێکێکی ئێوارە
هەتا کەمێ
ژەهری ژیانی لابەرێت
منیش هەروا
بیر لە تەمەنی مناڵیم
دەکەمەوە
کاتێک لە دەستی شەیتانی
شار و باوکم هەڵهاتم و
له‌به‌رده‌م ده‌رگای باڕه‌کان
لەژێر بەفر و گەرما، باران
ڕادەوە‌ستام
دانە دانە
پاکەتی جگەرەم دەفرۆشت
بە پیاوە مەسته‌کانی شار
تا نیوە‌شەو
تا برسییه‌تی دەیگریاندم
پێڵاوی گە‌ڕی قومارچیم
بۆیاخ دەکرد
بۆ دوو
سێ
مشت
نووقڵی ژیان

جگەرەی ناو پاکەتەکان
هه‌موو سووتان
بوون به‌ دووکه‌ڵ
لەسەر شانی “با” دانیشتن
پێڵاوی ڕێ
ورگییان ته‌قی
بۆگه‌نییان کرد
پیاوه‌کانیش
هەندێ حوتی جەنگ
قووتیدان
هەندێکی کە
وەک چۆلەکە
بەرگەی ڕقی بەفری نەگرت
ڕەق بووەوە
هەندێکیشیان
بوون بە دەڵاڵی سەرمایە
که‌چی ته‌نها من مامەوە
بومه‌ بۆقی حەوزی ژیان



جەلال عەبدوڵا ساڵح – تۆرۆنتۆ




مەیخانە یان وێرانە؟ … پشتیوان ئەنوەر

پێشووتر لە نووسین چکۆڵە ڕەخنەیەکمان گرت لە بەختیار عەلی لەسەر بەکارهێنانی وشەی “خەرابات”
وەلێ دوای ئەوە زانیم کە حەمەسەعیدیش هەمان ڕەخنەی هەیە، لە کتێبی (لەسەر باڵی هەورەوە. لاپەڕە ٣٩) ڕەخنەیەکی لەم چەشنەی هەیە لە بەختیار عەلی.
⦅حەمەسەعید لەسەر ئەم دێڕە( لەناو کەلاوە و خەراباتەکانی
گوندە ڕووخاوەکاندا، لێفە و پێخەفممان کۆ کردەوە)*
دەبێژێت، لەوەیان گەڕێ کە لێفەیش جۆرێکە لە پێخەف، کارەسات ئەوەیە، لە بەختیار عەلی وایە (خەرابات) بە مانای وێرانە و کەلاوە دێت!
شوکر هۆشیارە مەحوی، تێدەگا دنیا خەراباتە
کە بەدمەستی بکا ئەهلی، خراپەی بۆچی لێدەگرم.
بەپێی ئەم دەقی مەحوی خەرابات، بەمانای “مەیخانە” دێت
هەروەها حەمەسەعید ئاماژەشی بەوەکردوە، پێدەچێت نووسەر(بەختیار عەلی) پێی وابێت، خەرابات، کۆی (خەرابە)یە! ئاخر بەعەڕەبی میللی عێڕاقی بەکاولە دەڵێن: خەرابە! نووسەرێک ڕێز لە ئاوەزی خوێنەر بگرێت و بکەوێتە گۆمی هەڵەی وا کوشندە، ئەگەری ئەوە هەیە، دەستبەجێ دەست لە نووسین هەڵبگرێت⦆

هەروەها لای (مەحوی و، لای نالی و، وەفایی، احمد موختار جاف ، مەولانا و، بابە تاهیری هەمەندانی و، مەلا مەسعود) هەر بە مەیخانەیە بەکارهاتووە*
نموونە، عاصی دەبێژێت: ساقیم کەدی لە ڕەقسا دڵم شتابی هێنا
بەیادی جامی چاوی مەیلم شەرابی هێنا
ئەی عاشقی خەرابات هەنگامی کەیف و بەزمە
سەرحەڵقەیی مەینۆشان پیاڵەیی شەرابی هێنا.

وشەی(خەرابات) بەشێوەیەک دەچێتەوە سەر وشەی (خۆراوا) چەمکی /اوا “ئاوا”/ لە فارسی بەشێوەی “آباد” بەکار دێت، لێکچوونی پیتی “ئـ” لەگەڵ “آـ ا” فارسی بەشێوەی (ئاوا ـ ئاباد) دەرهاتووە، لێکچوونی فۆنی (ب) بۆ (و)ش لێکچوونێکی باوە، لە وشەی وەکوو: (ئاوـ ئاب / باران ـ واران…) بەمشێوەیە (آباد) بەشێوەی نووسینی (ئاوا) لەنێو زمانی کوردی و فارسی دەردەکەوێت. وشەکە بەئەگەری زۆر بگەڕێتەوە سەر (خۆراوا) واتە شوێنێک کە (خۆر) لەی بەرز دەبێتەوە، هێشتاش وشەی (خۆراوا) لەنێو زمانی کوردی باوە. وشەی (خرابات) بەگریمانەی میتالۆژی و تیۆلۆژیەکەی وێدەچێت لە مەبەستی پیرۆزی (خۆر)ەوە هاتبێت، چونکە هاوڵکاری و ناوی دیاریخەری شوێنێکە کە تێکەڵ بە سەرخۆشی و پیرۆزی و پەرەستن و حەز و سەرمەستیە، وەکوو (مەیخانە)، تێکەڵی دوو بابەتی (مەی) و (ئاین) ڕەنگە لێڵی سیمەنتیکی و دیاردەی ئاینی و بیری لێبکەوێتەوە کە چۆن (مەی) و (حەز و شۆر و خۆشەویستی ئاین)ـــــی تێکەڵ دەکرێن، بەڵام لە زۆر ڕوانگە و ڕێبازگەی ئاینی (مەی) بەشێکی پیرۆزی ئاینە، پێکهاتە و یەکێک لە ڕێورەسمەکانی ئاینیە، چ گومان نیە، بەهەمان مەبەستی (خۆراوا وشەی /خرابات) ساز کرابێت.
هەروەتر لە بنجی سەرەکی وشەی (خراب)و دیسان پاشگری (اباد)ەوە بەشێوەی (خراب + اباد) و قڕتاندنی (اب) زۆرکراو و بەشێوەی (خراب + اد) و شێوەی لێکچوونی باوی فۆنی /ت/ بۆ /د/ و لە شێوەی (اباد) بەشێوەی (ابات)ەوە دەرهاتبێت، هەیە کە شێوەی لێکچوونی وشەی (مەهاباد) بەشێوەی لێکچوونی (مەهابات) بێژە دەکات، یان (سەد ـ سەت )، بەم شێوەی لێکچوونی فۆنەتیکیە دەکرێت وشەکە لە (خراب + اباد) بەشێوەی (خراباد ـ خرابات) بەواتای شوێنێکی (کاول و وێرانە خرابە) بەڵام (ئاوەدان)ەوە هاتبێت، چونکە (مەیخۆر و سەرمەست) و (شێت/ و /واوەیلان) هەردەم لە شوێنێکی وێران و کاول کە چۆل بێت و تەنیایە دادەنیشێت و کۆ دەبێتەوە، بەئەگەری هەرە زۆر لە وشەی (خراب) بەهەمان مەبەستی سەرەووە هاتبێت.
هەروەتر لەنێو گرێکی ـ یۆنانی چەمێکی بەشێوەی(koryabas)
لە فەڕەنسەییەوە بەشێوەی (Corybantisme)وە
لە ئینگلیزی بەشێوەی (Korybantism) کە لە چەمکی گرێکی بەواتای دەستە و تاقمێکی (شەڕ و شەڕخوازی ئاینی) بەکار هاتووە، چەمکەکە لەبری (خرابات) بەهەمان واتای مەبەستەوە هاتووە، ئەمەی کە بۆ دەستە و تاقمێکی شەڕەنگێز و شەڕخواز دەرکەوتووە، وێدەچێت هۆکاری سەرخۆشی و هۆش لەسەرەخۆنەبونیان بێت کە لە شوێن و ناوچەیەکی چۆل و کاول دەردەکەوت و گرێکیان ئەم ناوەیان بۆ هەڵبژاردون.

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــ

  • لە کتێبی شاری مۆسیقارە سپیەکان لاپەڕە ٤٧ دەڵێت: موسیقا ناتوانێت لەم دوکەڵ و خەرابستانە دەرمانبێنێت

*سەرم مەستی خەرابات و هەوایە… مەلا مەسعود(بێبەش)

  • زاهید وەرە ناو بەزمی حەریفانی خەرابات
    لادە لە ڕیا و سەرزەنشتی قۆڕ و خەڕافات
    یەک جوڕعە بنۆشە لە مەیی بێ غەشە و گوڵڕەجگە (احمد موختار جاف)
  • کە تۆ نەتخوێندووە عیلمی سەماوات
    کە تۆ نابەیتە دەر ڕێ لە خەرابات
    کە تۆ سوود و زیانی خۆن نەزانی
    بە یاران کەێ دەگەی، هەیهاتە، هەیهان.(بابا تاهیری هەمەندانی)



مانیفێستی عەشق.. بەشی دوانزە… تێکست: ستیڤان شەمزینی

دەستت بخەرە ناو دەستم، سەرت بخە سەر سینگم
شوێنی من و تۆ سەر زەوی نییە، با بفڕین بۆ ئاسمان


زۆر حەز ئەکەم بۆ ئەبەد لە دڵی تۆدا بمنێژن
چوون لەو سەربازانە ئەچم سەنگەر ئەبێتە گۆڕیان


بە هەورێکا نامەیەکی تازە و حەزینم بۆ ناردووی
ببینە سبەی لای تۆ، چۆن ئەبێتە بۆران و زریان؟


ئەزانی بەر لە تۆ، من پێکەنینێکی کوژراو بووم؟
تۆ مشتێ هەنگوینی ژیانت کردەوە ناو زارم


ئەستێرەیەکی سەرخۆشی ئاسمانی ئەوینتم
تۆش مانگێکی گەشی چوار دەوری باڵام


عەشق واتە چرکەی توانەوەی من لە تۆدا
ئەوین واتە گڕ و بڵێسەی رۆحی تۆ لە مندا


بۆ ئەوەی نەمر بم، رێم بدە تێر هەناسەت هەڵمژم
بۆ ئەوەی خۆم بدۆزمەوە، پێویستە لە تۆدا ون بم


کاتێ دەدوێی بەدەست من بێ جیهان خامۆش بکەم
مەملەکەت لە موزیکی پڕ خرۆشی دەنگت هەڵکێشم


کڵۆیەک شەکری لێوت بە قاوەی تاڵی ژیانەوە دەکرۆژم
ئیدی سەبەتەی گیانم تەژی دەبێت لە گەزۆی ماچەکانت


هەناوم چەشنی پەڕە سیغارێ وردە وردە دەسووتێ
کە دەبمە سوتووش دەخوازم “با” بۆ لای تۆم بێنێ


من و تۆ، هەر دەبوو لە راڕەوی عەشق بەیەک بگەین
بەڵام بیرت نەچێ، من یەکەمجار ئاگرەکەم کردەوە


ئێوارەیەکی شەختە و زریان بوو کە وتت خۆشم ئەوێی
چی گەڵای وەرزی خەزان بوو سەرلەنوێ چرۆیان کردەوە!


لە رستە شیعرێکدا بە فڵچەی عەشق وێنەت ئەکێشم
لە وێنەیەکی تۆدا خوێنی شیعرم فیچقە ئەکات


تووڕەییەکانت بە ماچی لێوە وشکەکانم دابمرکێنە
لە تەنهاییەکانتا رۆبچۆرە ناو چاوە سەوزەکانمەوە


لە هەڵچوونەکانتا بە گەرمی ماچ بەرپەچت ئەدەمەوە
لە خەندەکانتا مینا ژیلەمۆ جارێکی تر ئەگەشێمەوە


وەک راوچییەک دڵی منت خستە تۆڕی عەشقی خۆتەوە
لە رووباری لیخن دەرتهێنام بۆ قووڵایی دەریای ئەوینت





شیعر: چرای سەر زەریاتم … کاوە عوسمان عومەر

هەر چرکەیەک،،
لەوانەیە تۆ خۆت بە بیرتا نەیەت ،،،
چەند جار باریت…
بە سەر ڕوخساری..
تەمی منا،،،
بەڵام من هەمیشە چرای …
سەر زەریاتم،،
هێشتا پەنجەرەکەش،،،
لە ئەندێشەی چۆلەکەیەکی ئاوارە تاساوە،،،
دوکەڵی هەڵکشاوی جگەرەیەک،،،
ڕوخساری ئەوی کردە…
تابلۆی هەورێک،،
دڵڕەق بە شیعر و..
مۆسیقای چاوەڕوانی،،
جێ پێی بەفرە،،،
وشەکانی دابڕان،،،
خاکی روخساری پۆشی…
باخچەکەش زۆر دەمێکە،،
بەرگی زەردی پایزی لەخۆی فڕێداوە ..
بایەکی بێدەنگ و سیما ،،
بە نابەدڵی کۆیکردنەوە ،،،
هەمووگەڵا پەمەییە تێکشکاوەکان…
هەر بە دەستێکی میهرەبانیش،،
لە سووچێکی هەیوانەکەدا ناشتنی،،
دەنگی منداڵەکانی شارێکی دزراو ،،،
لە نێو کلۆ بەفرەکاندا،
جیاواز لە زەنگی هاتنی تۆن،،،
زەنگی نەهاتنت….
لە هەموو شوێنێک ئەزرنگێتەوە،،
زەنگی مەزنی…
بێدەنگی نەهاتنت،،
زەنگی بێزاری منە ،،
نەهاتنت، ،،
زۆر دەمێکە ،،
لە ماڵیکا زرنگەی دێ،،
لە نیوەشەوە سپیەکانیشا …
زرنگەی…
لێئەداتەوە،،
جگە لە خەوێکی دووریش بە زەریاوە،،
چیتر هەیە بۆشاییەک پڕکاتەوە،،
لە بیابانی بێ ڕوخساریی تۆ،،،
گەر پریاسکەشت،،
لە نێرگزە سپیەکانی سەفەر پڕ کرد،،،
بزانە جگە لە من،،،
مێرگی ئاسمانێکت…
هەیە ماسیەکانی لە قەوزەی چاوە …
سەوزەکانتە،،،
درزی نێوان دیواری پۆڵایینی…
چوون و هاتنیش،،
هێندەی تاڵە قژێکی ئێستا باریکە،،
تیغی…
شمشێری دابڕان،،،
لە کەلی دیواری…
حەقیقەتی بوونا چەقیوە،،
کە گزنگیش تۆزێک …
لە پلیکانە کەیستاڵیەکانی..
ئێوارەدا قەتیس ما،،،
دارستانەکەش ڕازی نەبوو…
کوکوختیەکی کۆچەری تری پیا تێپەڕبێ،،
چما منی هەمیشە ڕێبوار،،
بە کێوی بەرزی بوونی تۆوە ڕاماوام…
کاتیش نەما،،،
بە بێستانی نیگاتا بگەڕێمەوە،،
گەرچی تۆ بێ شوێن و بێشاری،،،
هەر بوار نەبوو کەشتیەک،،
لە حەزە پرۆشەکانتم،،،
بۆپۆست کردیتایە،،
هونەرێکی قورس و خۆشیشە،،،
لە نشینگەی خۆتا ،،
تۆ خۆت دوورە پەڕێزکردوە،،
منیش هەوڵئەدەم،،
فێری هونەری بییرچوونەوەتبم،،،
لە ژێر تەرزەی کوشندەی ئەوانی تر،،
هەوڵئەدەم فێر بم..
فێری هونەری بییرکردنت بم،،،
وەک لە بییرچوونی منداڵێک،،،
بۆ بەرائەتی یەکەم خەندە،،،
لەبیر خۆمت ئەبەمەوە،،
بە مەرجێک گەڵاکان…
واز بهێنن ناوت نەنوسن،،
لەسەر پەنجەرەی تەزیوی …
پڕ نمەت،،
کە بەیانیان لە خەوی تۆدا..
بە ئاگا دێم،،
هەوڵ ئەدەم،،
فێری هونەری فەرامۆشکردنت بم،،
کاتێک مەلە شینەکانی کۆچ…
شەوە سیحریەکانی سەر زەریام ،،،
بە باڵیانەوە نەلکێنن ،،،
ئەیبەنە دورخەیەکی تر لە غوربەت،،
لە هونەری بیرچوونی منیشدا،،
با تۆش شنەبایەک…
لە جیاتی پەنجەکانی شیعرم،،
یاری بە ڕوخساری…
پڕ خۆرت کات،،
زۆر دەمێکە زانیومە،،
خۆر لە ڕوخساری تۆوە هەڵدێ،،
لەم تۆفانی تەنیایی سەر زەریایە،،،
تۆ لە سەر چیایەک ..
لە ڕازی دوور وەستاوی،،،
هییچ باکت نیە …
چەند ترپەی دڵی نمە،،،
لە مشتی هەورا ..
گیانیان دەرچوو،،
چەند برینی ئەو ڕێگایانەش..
بە تیمارنەکراوی جێمان هێشت،،
ئەو نیگایانەش ، لە شەختە نەبوون، بەڵام..
لە شەوێکا بوونە تابلۆی بییرکراو،،،
چەند قازی ڕەشی مەرگ ..
لە شاری نغرۆبوودا،،،
بە دواماندا هات،،،
فێربوین، لە چنگیان هەڵدێێن،،،
و گەر بشمرین ، ،،
هەر بە چاو کراوی،،،
عەشق ئەکەینەوە،،
هەر بە چاو کراویش..
ڕەنگە دوا دیرۆکی بیرچونمان ،،،
لە دەواری مێژووی زەمینێکی بێ ئاگا…
بە سوتماکی ڕۆحمان،،
بنوسرێتەوە،،،
و چەند پەپولە چرپەش،،
لە ژوورە تاریکەکانی ڕابردوو جێما،،
تۆ وەک خۆت بە،،،
هەر وەک خۆت بێئاگا…
لە نەمان و بییرکردنەوە ،،
لە ڕوباری کات ،،،
کە شەپۆلەکانی….
هەموو خونچەکانی جوانی تۆش،،،
لەوانیە درەنگ یان زوو،،
ڕاماڵێ،،،
بێ خەم بە،،،
من هەردەم چرای…
سەرزەریاتم،،
تۆش بە پۆشاکی…
شینی ئاسمانیتەوە،،
با هەر تروسکەی چاوت بێ،،
لەسەر باخچە سەرابیەکەی هاتنەوەم.




دوو دەنک شیعر — نەوزاد بەندی

  • دەنکی یەکەم –
    بە دووری مەزانە
    جارێکی تر
    دوو ئەکتەری
    یەک شانۆ بین ..
    مەحاڵ نیە
    دووبارە
    لە بارانێکا
    لە ژێر چەترێ ،
    من و تۆ بین ..!

بە دووری مەزانە
دیسان
چاکەتی نیلی و
کراسی
بەفر ئاسا
بمانپۆشێ و
دوو تەلەبەی
یەک زانکۆ بین …!

  • دەنکی دووەم –

چەند
شیعر
باری ،
تۆ هەر شین نەبووی !
چەند
جار
بووم
بە مەم
تۆ هەر زین نەبووی !

خۆم
هەڵخەڵەتاند
تۆی ڕەش و سپی ،
قەت
ڕەنگین
نەبووی !