فەلسەفەكاری كۆنت–سپۆنڤیل لەنێوان دانایی و پزیشكی دا بەشی 17 … ئازاد حەمە

“” قوتابخانەی فەیلەسوف عیادە (كلینیك) ی پزیشكە””
ئێپیكتێتۆس Epictetus

سەرەتا: چاندنی فەلسەفە لە كۆمەڵگە هەڵكردنی ‌ڕوناكییە. دەركەوتنی ئەم ڕوناكییەش لەڕێگای نووسینی فەلسەفییەوە، كە تەقەلایەكە بۆ پایانهێنان بە گرفتەكانی مرۆڤ، پێویستی تاك و كۆمەڵگەیە. هەردەم فەلسەفە بەدوای هەلێكدا دەگەڕێت تا قسەی خۆی لەمەڕ ئەو گرفتانە بهێنێتەگۆڕێ كە ڕووبەڕووی مرۆڤ دەبنەوە. گرفتەكان بۆچوونەكانمان پەرتدەكەن، پرسی نوێ دەخوڵقێنن و مشتومڕی تازەش دروستدەكەن. هەر لەم ڕوەوە پەیبەوە دەبەین كە فەلسەفە بیركردنەوەیە، پەتای كۆرۆناش واتە هەمووان. كەواتە لە هەنووكەدا فەلسەفە کە لە پەتای ناوبراو قسەدەكات لە هەمووان بیردەكاتەوە. لێرەوە پزیشكی دەبێتە باسی هەمووان. لەبەرئەوە هەر لەم دەستپێكەوە دەپرسین: لە كوێی پزیشكیدا بەدوای دانایی (‌‌حیکمەت) Wisdomدا بگەڕێین؟ وەكیتر، پزیشكی پێویستی بە فەلسەفە هەیە؟ قەرزاریی فەلسەفیی پزیشك لە قازانجی كێیە؟ نەخۆش یان پزیشك؟ بۆ زۆرێكمان ڕوونە كە فەلسەفە و دانایی لە پێكەوەبوونیان لەتەك یەكدا مانا بەیەك دەدەن. دانایی کە ئامانجە سەرووی فەلسەفەیە. ئەگەرچی كۆڤید-19 تاقانە پەتا نییە، بەڵام زۆرێك تێڕامان و بیركردنەوەی جۆراوجۆر، لێكدانەوەی ئاوارتە و خێرای لە فۆڕمی پرسیار خستەوە. چەند بایۆلۆژیست و پزیشك قسەیانتیاكرد ئەوەندەش فەیلەسوفەكان لەو بارەوە قسەكەربوون. ئەوەی فەلسەفە قسەی تیاكرد جیابوو: پرسیار لەسەر مەرگ، لێكەوتە بووناوییەكانی كەرەنتین، جەستە، دابڕان و ..هتد كەوتنە ناواخنی قسەكانەوە.
جێگای سەرنجە لەژێرسایەی ئەم ناونیشانە “”كۆنت–سپۆنڤیل Comte-Sponville: فەلسەفەكاری لەنێوان دانایی و پزیشكی دا”” بە چەشنێكی تر ناواخن بەم بەشە نووسینەمان دەدەین كە بە هزری كۆنت–سپۆنڤیل سەبارەت بە كۆڤید-19 تایبەتە. لێرە ئەوە دەخەینە ڕوو، بەپێی بیركردنەوەی فەلسەفیی بیرمەندی فەرەنسی كۆنت–سپۆنڤیل قوربانیدان بە ئازادی لەپێناو تەندروستی هەڵەیە، كەرەنتین ناشێت كۆیلایەتی بێنێت:”لە نەخۆشی ناترسم لە كۆیلایەتی دەترسم”. مەترسیدارە بایەخدان بە پزیشكی كاتێك لەسەر حسێبی ئازادی، بەختەوەری و دادپەروەری بێت.
كەوابێت چیمان لە هەگبەی ئەم باشە داناوە؟ بۆچوونی كۆنت–سپۆنڤیل بۆ دانایی دەكەین بە بناغە لەم بەشە تا ئەوە بخەینەڕوو كە دانایی دەروازەی بەختەوەرییە. بۆ گەیشتنیش بە بەختەوەری ،لەسەر دەستی ئەم بیرمەندە، بە تونێلی داناییا تێدەپەڕین. ئەمەش فەلسەفەی كۆنی یۆنانمان بیردەخاتەوە (ئێپیكۆریەكان)، كە لەوێندەرێ دانایی پێوەری ڕاستەقینەی بەختەوەرییە. بۆ بەختەوەری؟ لەبەرئەوەی بەختەوەری شەڕی ڕاڕای و غەممان بۆدەكات. بۆچوونەكانی ئەم بیرمەندە لەو بارەیەوە واشمانلێدەكات لە هەندێك شوێن، لەڕێگای قسەكردن لەسەر دانایی، قسە لە چێژ، ئازادی، ڕەوشت، مەرگ بكەین (ئەوەیان لەبەشی 18 دێینەوەسەری). بەبۆچوونی كۆنت–سپۆنڤیل فەلسەفە مەیلی بۆ دانایی هەیە، واتە مەیل بەرەو ژیانێكی زۆرتر ڕوون، پتر ژیر، ئازاد و بەختەوەر. فەلسەفە پەیوەندی بە بیركردنەوەی باشتر و باشتركردنی ژیانەوە هەیە. بۆیە دەپرسین دانایی چییە؟ دانایی بریتییە لە ئەوپەڕی بەختەوەریی لە ئەوپەڕی ڕوونیدا. غەمێكی ڕاستەقینە باشترە لە خۆشیەكی درۆ. هیچ شتێكیش لە خۆشیەكی ڕاستەقینە خۆشتر نییە. هەر ئەوەشە ڕاستی خۆشەویستی(سپینوزا) و خۆشەویستی ڕاستەقینە. هاوکات کە دانایی ناشێت لە تەندروستی دا پووختبكرێتەوە پزیشكی دێتەگۆڕێ، موخابن گشت پزیشكیش لە تەندروستیدا چڕناكرێتەوە. لەكوێی پزیشكیدا بەدوای دانایی دا بگەڕێین؟ مەگەر ئێپیكتێتۆسEpictetus وتەنی”” قوتابخانەی فەیلەسوف عیادە (کلینیک) ی پزیشك””نییە! لە دانایی پزیشك و دانایی فەیلەسوف چی بەرهەمدێت؟ دانا پێویستی بە فەلسەفەكردن نییە، ئەمە بەپێی كۆنت-سپۆنڤیل، ئەی پزیشك ئەو پێویستییەی نییە؟

پەیكەربەندی ناو دانایی

پێش ئەوەی بێینەسەر باسی”پزیشكی پێویستی بە فەلسەفە هەیە؟” بەپێویستی دەزانین جیاوازی لەنێوان دانایی (‌حیکمەت) Wisdom و فەلسەفە دا بكەین. تێگەیشتن لە دانایی لە ڕوانگەی فەلسەفی ئاندرێ كۆنت–سپۆنڤیلەوە وامانلێدەكات لە ڕەچەڵەكی وشەی فەلسەفە بەئاگابین. دانایی كە بابەتێكی گەرمی فەلسەفییە و مشتومڕی قووڵی فەلسەفیشی لە مێژووی فەلسەفەی ڕۆژئاوا لەبارەوەكراوە لە پەرتووكی””خستنەڕووی فەلسەفە””ی ئەم بیرمەندە فەرەنسییە شیاوی بۆ پەردە هەڵماڵین لەسەر ئەو جۆرە پرسیارە هزرییانە دەدۆزرێتەوە كە فەیلەسوفە هاوسەردەمەكانی كاریان لەسەر نەكردووە. وشەی فەلسەفە philosophia لە لێكسیكۆنی یۆنانی پێكهاتەیەكی دیاریكراوی خۆی هەیە كە بەمانای خۆشەویستی بۆ دانایی دێت. ئەدی دانایی چییە؟ مەبەستلێی زانینە؟ جا بێت و بابەتەكە بەم شێوەیە بێت دانایی ئەوەیە كە لە یۆنانی بە Sophia و لە لاتین بە sapientia دێت. ئەمەش زۆربەی فەیلەسوفە مەزنەكان لە هێراكلێتسەوە بەو جۆرە ناوزەدیانكردووە. دانایی بۆ ئەفلاتون، سپینوزا ،ستۆیستەكان، دێكارت، كانت، ئێپیكۆر، هەمیشە بە هزر، ژیری و زانینەوە لكاوە. بەشێوازێكی تر، دانایی هەردەم بە جۆرێك لە زانینەوە گرێدراوبووە كە هیچ زانستێك ناتوانێت ڕاستەقینەییەكەی بسەڵمێنێت یان هیچ ئەزموونگایەك ناكارێت تێستیبكات. ئەمەش لەبەرئەوەی كە دانایی جۆرە زانینێكی پراكتیكییە نەك تێۆری، بە ژیانەوە پابەندە نەك بە زانستەوە. زۆرجاریش یۆنانیە كۆنەكان دانایی تێۆری یان تێڕامانیان Sophia لەگەڵ دانایی پراكتیكیدا phronesis هاوشانی یەكدیكردووە، لەكاتێكا كە تێڕامانی ڕاستەقینە(خودی دانایی) بریتییە لە كۆكردنەوەی هەردوو لایەنەكە.
لەو گفتووگۆیەی كۆنت–سپۆنڤیل تایبەت بە چییەتی دانایی وەگەڕیدەخات بە پاڵپشتی بۆچوونێكی ئەریستۆ پێداگیری لەو بینینە دەكات كە دانایی نە زانستە و نە تەكنیك. شتێكیشە كەمتر پشت بە ڕاستەقینەیی دەبەستێت و زۆرتر بریتییە لەو شتەی كە باشە بۆ خودی خۆ و بۆ ئەویتریش. كەوابێت دەشێت بوترێت: دانایی زانینە؟ گومانیناوێت كە دانایی، بە قسەی كۆنت–سپۆنڤیل، زانینە. ئەڵبەتە زانینی ئەوەی كە چۆن بژیین. ئەمەشە كە دانایی لە فەلسەفە جیادەكاتەوە، بەزۆریش بە مانای چۆنیەتی بیركردنەوە دێت، بەڵام فەلسەفە هیچ مانایەكی نییە تا لە دانایی نزیكنەبێتەوە. بەنزیکبوونەوەی فەلسەفە لە دانایی مانا بۆخۆی پەیدادەکات. ئەمەش پەیوەندی بەوەوەیە كە باش بیرکردنەوە باش ژیان دەگەێنێت. ئەمەش وادەكات فەلسەفەبكەین. مۆنتاین Michel de Montaigne وتەنی فەلسەفە ئەو زانینەیە كە بۆ ژیان ئامادەمان دەكات. هەر ئەمەشە كە بیرمانچۆتەوە. لەبەر ئەوەش كە دانا نیین زۆرترین پێویستیمان بە فەلسەفەكردن هەیە. بەبۆچوونی كۆنت–سپۆنڤیل دانا پێویستی بە فەلسەفەکردن نییە. دانایی ئامانجە و فەلسەفەش ئەو ڕێگایەیە كە بۆ گەیشتن بەو ئامانجە دەگیرێتەبەر. بۆئەوەی فێربین چۆن بژیین دەبێت فریای ئەو ژیان تێژیانە بكەوین. لێرەوە قسەكانی مۆنتاین زۆرتر كاریگەر دەبن و ،كۆنت–سپۆنڤیل ئەو فریاكەوتنە بەوە ڕووندەكاتەوە كە پێوستمان بە فێربوونی ژیانە پێش ئەوەی دواكەوین. فێربوونی مردنیش لە تەك فێربوونی ژیان دادەنێت. چ ژیان و چ مردن ، بەپێی مۆنتاین، پێویستی بە فێربوونە. مانادارە لێرە ئەو قسەیەی مۆنتاین بە نموونە بهێنینەوە كە دەڵێت: تۆ نامریت لەبەرئەوەی نەخۆشیت، لەبەرئەوەی كە دەژیت. بۆیە فەلسەفە لەم حاڵەتەدا پەناگایە. كۆنت–سپۆنڤیل بە پێچەوانەی مۆنتاین پێیوایە فەلسەفە بەبێ جیاوازی بۆ گشت تەمەنێك پێویستە. بەلاشیەوە سەیرە ئەوانەی دەیانەوێت فێری ماتماتیك، فیزیا، مێژوو و ئاوازی موزیكی بن یان ئەوانەی دەبنە پزیشك و ئەندازیار، لە فێربوونی فەلسەفە دووردەخرێنەوە و فەلسەفەش ناخرێتە پرۆگرامی خوێندنیانەوە. قسەكانی كۆنت–سپۆنڤیل بۆپەرەپێدانە بەو تێگەیشتنە مۆنتاینیەی كە پێویستە فەلسەفەبكەین پێش درەنگكەوتنمان. كەوابێت فەلسەفەكردن كاتی خۆی هەیە و مەرجە ئەو كاتە بدۆزینەوە و فریای فەلسەفەكردنەكەمان بكەوین. فەلسەفەكردنەكەمان مایەی بەختەوەربوونیشمانە. لێرە ئەم فەیلەسوفە فەرەنسییە فەلسەفەكردن بە ژیانژیانێكی ئازاد و بەختەوەرەوە گرێدەداتەوە. كۆنت–سپۆنڤیل لەڕێگای سپینوزا و مۆنتاین و بیریارە گەورەكانی ڕۆشنگەریشەوە هانماندەدات لە بەدەستهێنانی دانایی بوێربین، پێویستیشناكات زیادلەپێویست چاوەڕوانبین تا بە بەختەوەری بگەین. با زوو پێیبگەین. هەمیشە كات بۆ فەلسەفەكردن شیاوە (ئێپیكۆر).
لەوەی لایسەرەوە ئەوە حاڵیدەبین، گەیشتن بە دانایی ناشێت دواخەین. كۆنت–سپۆنڤیل دەپرسێت ئەوە كامە داناییە كە مەبەستە زوو پێیبگەین؟ ئایا دانایی چێژە، ئەوەی ئپێیكۆر Epicurus باسیدەكرد؟ یان دانایی ویستە ،ئەوەی ستۆیکستەكان(مەبەست فەلسەفەی Stoicismە) قسەیان تیاكردووە؟ یاخود دانایی گومانە،كە گومانخوازەكان جەختیانلێكردووە؟ یان دانایی زانین و خۆشەویستیە، ئەوەی سپینوزا باسیكردووە؟ یاخود دانایی ئەرك و هیوایە، هەروەك كانت گرنگیداوەتێ؟ ئەم لایەنانە جیاوازی بینینی فەلسەفە بۆ گەیشتن بە دانایی نیشاندەدەن. دانایی هەر چۆنێك بێت زۆربەی فەیلەسوفانی والێكردووە لەسەر ئەوە كۆكبن كە دانایی پەیوەندی بە جۆرێك لە بەختەوەری، دڵنیایی یان ئاشتیەكی ناوەكییەوە هەیە. دانایی جیایە لە غەم، دەبەنگی و ئازار كە مرۆڤ پێویستی پێیان نییە. لێرەوە دەشێت ئەوە بوترێت كە فەلسەفەكردن فریادڕەسە و هەنگاویشە بۆ دوركەوتنەوە لە غەم، دەبەنگی و ئازار، كە هەرهەموو ئەوانە هێرشنبەرن بۆسەر خۆشی و دڵنیایی مرۆڤ. ئەوەی كە لەگەڵ داناییدا یەكناگرێتەوە و خۆی وەك كۆسپێك لەبەردەم داناییا نیشاندەدات گەوجییە (دەبەنگیی). باشە ژیانی مرۆڤ چ پێویستیەكی بە داناییە كە تەمەن كورت بێت و كات زۆر بەدەستەوە نەبێت؟ شەڕی نێوان ژیری و دەبەنگی بە قازانجی كام لا لە ژیانی مرۆڤا تەواودەبێت؟ كۆنت–سپۆنڤیل فەلسەفەكردن دەكاتە هیوایەك بۆ دەربازبوون لە دژواری و نادڵنیاییەكانی ژیان، عەقڵگەرایش بێ بەهادەكات گەر نەكارێت ژیانمان ڕوناکبكات و لە دەبەنگی بەدورمانخات. عەقڵ قورسای خۆی هەیە، بێعەقڵییەكی زۆریش لە ژیانی زانایان و فەیلەسوفان بەدیدەكرێت. بۆیە بیركردنەوە باشترین چارەسەرە، بیركردنەوە لەوەی كە خراپ و لانەواز نەژیین. لەم ڕێیەوە كۆنت–سپۆنڤیل پەی بۆ ئەوە دەبات چ دانایی و چ فەلسەفە شتگەلێكی تایبەتن و پەیوەندیان بە خودی، تایبەتمەندی، كەسەكەوە هەیە. نە دانایی بە خاوێنسازی دەزانێت و نەش فەلسەفە بە ئاین و بە ڕەوشت دەزانێت. ئەوەی زێدە گرنگە ئەوەیە کە مرۆڤ دەستبەرداری ئازادی، ئاگای و بەختەوەری خۆی نەبێت.
پرسیارە گرنگەكە لێرە ئەمەیە: چۆن ئەم ژیانە بژێین؟ ئەمە ئەو پرسیارەشە كە هەمیشە ڕووبەڕووی فەلسەفە بووەتەوە. پێدەچێت وەڵامەكە دانایی بێت، بەڵام داناییەكی بەرجەستە، ژیاندۆست و پراكتیكی. دانایی داوامانلێدەكات پتر پراكتیكی بین. لێرە كۆنت–سپۆنڤیل بۆ وتنێكی كامۆ (چاترە بوترێت کامی) Albert Camus و كاڤایێس Jean Cavaillès دەگەڕێتەوە: بۆئەوەی واقیع بگۆڕین پێویستمان بەوەیە مامەڵە لەتەك ئەو واقیعە دا بكەین كە دەیكۆڕین. دانایی بەمجۆرە بێت یۆتۆپیا نییە. خەونی دانایی نزیكبوونەوەیە لە ڕاستی و پراكتیك. واتە دانایی داوامانلێدەكات وڕێناوی نەبین و زۆرتر كار بۆ گۆڕین بكەین.
كەمبایەخ نییە ئەوەش بڵێین كە كۆنت–سپۆنڤیل لە ڕێگای پرسیاری دانایی چییە؟ گرینگی ئەم بابەتە لەناو فەلسەفە بەئەندازەیەك دەخاتەڕوو، كە ناشێت بە چەمكگەلێكی وەك بەختەوەری، ژیری، ئازادی و خۆشەویستیەوە نەبەستێتەوە. دانایی دەكات بە ژیانێكی بەختەوەر لەناو ژیانێكی ڕوونا. تەنانەت فەلسەفەكردنیش كۆششێكە بۆ چاكتركردنی ئەو ژیانە بەختەوەرە. فەلسەفەكردن چەنەبازی و شەڕە زاراوە نییە، گەڕانە بەدوای خۆشی ژیانا. خودی دانایش ئامانجە، ئامانج بۆ ژیانێكی بەختەوەر. چۆنیەتی بیركردنەوە و چۆنیەتی خۆشەویستیكردن داوامانلێدەكات لە فێربوون بگەین. بۆئەوەی بەختەوەربین پێویستە فێربین بیربكەینەوە و فێربین خۆشەویستیبكەین. ئەمەشە فەلسەفەكردن كە هەنگاوە بۆ ئامانجە گەورەكە كە داناییە. لێرەوە ڕێگای تەندروستی دەگرینەبەر. تەندروستی لەخۆیەوە دروستنابێت. تەندروستی باش پێویستی بە تێژیانی باش، بەختەوەری ڕاستەقینە هەیە. نكوڵیناوێت كە پێگەی تەندروستی لە ژیانی بەختەوەریدا ونناكرێت و تامی لە ژیانا دەمێنێتەوە.

پزیشكی پێویستی بە فەلسەفە هەیە؟

لەگەڵ بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا بابەتی پزیشكی هاتە نێو گفتوگۆكان و پزیشك وەك زۆرترین قسەكەر ڕۆژانە دەركەوت. لایسەرەوە لە ڕوانگەی ئاندرێ كۆنت–سپۆنڤیلەوە ئەوە ڕاڤەكرا كە دانایی چییە و لە چ پەیوەندیەكیشدایە لەتەك فەلسەفە و دواتر لەتەك تامی ژیان و بەختەوەریدا. لێرەوە ئاقاری وتنەكانمان بە شێوازێكی دی دیزایندەكەین. گفتوگۆی بابەتی پزیشكی و فەلسەفە، پزیشك و فەیلەسوف بەجۆرێك دەجوڵێنین كە ئاسۆ لەبەردەم ئەو جۆرە پرسیارە هزریانەدا بكەنەوە كە تاكی ئێمە لە ئێستادا پێویستیەتی. گفتوگۆی ئەوەی كە پزیشكی پێویستی بە فەلسەفەیە، ئەم باسە لە كۆنت–سپۆنڤیلەوە دەستپێناكات و گفتوگۆیەكی دێرینی فەلسەفی لەو بارەوە لەئارادیە. دەستپێكە یۆنانییەكەی بۆ هیپۆكراتێس Hippocrates دەگەڕێتەوە كە بە باوكی پزیشكی دێتەناساندن. بەپێی ئەوەی لێرە قسەمان لە ئاندرێ كۆنت–سپۆنڤیلە، كە لە هەنووكەدا بەشێكە لە فۆڕمی بیركردنەوەكانی فەلسەفەی هاوچەرخی فەرەنسی یان یەكێكە لە بەرهەمهێنەرانی فۆرمی بیركردنەوە لەناو فەلسەفەی هاوچەرخی فەرەنسی، بەپێویستی دەزانین لەو بارەیەوە وتنەكانی بخەینە بەرباسی فەلسەفییەوە. ئەمە وادەكات بڵێین فەلسەفەكردن بۆ ئەم فەیلەسوفە فەرەنسیە بژاردەیە لەبەردەم ئازادی ژیان و گوزارەكردن لە بۆچوونی خۆی. لە لێدوانێك كە ژێرار ئۆستێرمانGérard Ostermann، پرۆفیسۆر لە سیكۆتێراپی (چارەسەرسازیدەروونی Psychotherapy ) ، لەتەك كۆنت–سپۆنڤیل لە “گۆڤاری سایكۆمیدیا” ئەنجامیداوە دەبینین كۆنت–سپۆنڤیل ئاماژە بەوە دەكات كە، فەیلەسوف توانای عەقڵی خۆی بۆ گەیشتن بە جۆرێك لە دانایی بەكاردەهێنێت. هەر ئەو داناییەشە كە ژیانێكی ئازاد و بەختەوەر بۆ فەیلەسوف دابیندەكات. بەمە فەیلەسوفبوون تەقەلایەكە بۆ بیركردنەوە لە ژیانی خۆت و لە بیری خۆت. ئەم بیركردنەوەیە لە ژیانی خۆت، بۆ كۆنت–سپۆنڤیل، بە مانای نقووبوون لە جیهان، لە كۆمەڵگە و لە مێژوو دێت. ئەمەش خۆشی و شادیهێنەرە. ئەم خۆشی و شادییە ئەو داناییە دەیهێنێت كە فەیلەسوف لەڕێگای بیركردنەوەوە پێیدەگات. هیچ شتێكی تر ( نە مادەیهۆشبەر نە كڕینی فیلایەك) جگەلە دانایی ناكارێت ئەم بەختەوەرییە دابینبكات.
نیچە پێماندەڵێت گشت فەیلەسوفێك شتێكی لە پزیشكی تێدایە و پێچەوانەكەشی هەر ڕاستە. فەیلەسوف پزیشکی شارستانییە (نیچە). كۆنت–سپۆنڤیل وایبۆدەچێت كە گشت یۆنانییە كۆنەكان باوەڕیان بەمە هەبووە. یەك لەو فەیلەسوفانەش كە داكۆكی لەمە كردووە ئێپیكۆری ئازیزە. بەپێی ئێپیكۆر””لاوێك هەروەك پیرێك دەتوانێت دەست بە فەلسەفە بكات. بۆهیچ یەكێكیان درەنگ نییە رۆحی خۆی تەندروستبكات””. بەواتایەكیتر، هەرگیز زوو یان درەنگ نییە بۆ فەلسەفەكردن، لەبەرئەوە هیچكات زوو یاخود درەنگ نییە بۆ خۆتیماركردن. تەمەن مانای بۆ پزیشكی نییە، ئەوەش پزیشكی مناڵان (Pediatrics) و پیرناسەكان (Gerontology) چاك دەیزانن. لەبەر هەمان هۆكار تەمەن بۆ فەلسەفەش بوونی نییە. كۆنت–سپۆنڤیل لەمڕوەوە جەخت لەوە دەكات كە تەمەن نە بۆ پزیشكی و نە بۆ فەلسەفە مانای نییە. بەڵێ ئەمە تاڕادەیەك ڕاستە كە تەمەن بۆ سوودوەرگرتن لە فەلسەفە یان پزیشكی مانای نییە، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیێنێت كە مرۆڤ هەچكات ویستی دەبێتە پزیشك. مرۆڤ دەكرێت لە هەچ تەمەنێكدا بێت نەخۆشبكەوێت و فەلسەفەش بكات. كۆنت–سپۆنڤیل وتەنی ڕاستییەك لێرە هەیە كە دەبێت بوترێت: ئەم هاوشێوەكردنەی نێوان فەلسەفە و پزیشكی هەڵەیەكی تیایە. بۆ یۆنانیە كۆنەكان فەلسەفە پزیشكیی بووە، بۆ ئێمەی سەردەم پزیشکی پتر لەوە خۆی دەردەخات. ئەڵبەتە لەبەر سێ هۆكار: هۆكاری یەکەم ئەوەیە كە ماوەیەکی زۆر، بەتایبەت لە سەدەی 19 (لە فەرەنسا لەسەر دەستی François Magendie و Claude Bernard) دواتر لە سەدەی 20 دەبینین کە پزیشكی بووەتە زانست، یان هەروەك كۆنگویلێم Canguilhem دەڵێت بووە تەكنیك، یان هونەری یەكگرتنەوەی زانستە جیاكان. پزیشكی لەبەر جەوهەرەكەی بووە زانست هەرچی فەلسەفەیە ناتوانێت ببێت بەوە. ئەمەش وادەكات ئەو ئایدیایە پەسەندنەكرێت کە فەلسەفە دەکاتە پزیشكی. تەنانەت نابێتە پزیشكی ڕۆحیش. هۆكاری دووەم كە وادەكات لە ئەمڕۆدا بیر لەوە نەكەینەوە فەلسەفە دەرمانی ڕۆحە ئەوەیە كە تەندروستی ڕۆح، لەگەڵ كاتدا، چارەسەركەر (thérapeute- therapist ) ێكی بۆخۆی دۆزیوەتەوە كە فەیلسوف نییە، بەڵكو پزیشكیدەروونی و سایكۆتێراپیۆت (چارەسەركەریدەروونی ((psycotherapist- psychothérapeute) ە. هەر لەبەرئەوەی پزیشك هەیە ناتوانین تەندروستی ڕۆحی بكەینە ئامانجی فەلسەفە. دوا هۆكار ئەوەیە کە ناتوانین ئەو ئایدیایە پەسەندبكەین كە فەلسەفە پزیشكی ڕۆحە. بەپێی تێگەیشتنی كۆنت–سپۆنڤیل ئێمە بەلانی كەمەوە لەم خاڵەدا(بەهۆی گەشەی پزیشكی، دەروونناسی و پزیشكی دەروونیەوە) لە یۆنانییە كۆنەكان ڕوونترین: ئێمە دەزانین كە دانایی ناشێت لە تەندروستی دا پووختبكرێتەوە. لێرەوە كۆنت–سپۆنڤیل دەپرسێت: دانایی چییە؟ دانایی هونەری ژیانە بە بەختەوەرییەوە یان بەختەوەری و هێمنییە لە ڕاستییدا. ئەم بەختەوەرییە لە تەندروستیدا پووختناكرێتەوە. واتە دانایی توانای ژیانە بەجۆرێكی كاریگەر لە جیهانێكی ڕاستەقینەدا. بۆ فەیلەسوف، بەبۆچوونی كۆنت–سپۆنڤیل، بیركردنەوە لە ساناكردنی ژیان و لە زیاد لەپێویست خۆشگوزەرانكردن ئامانج نییە، ئامانج بیركردنەوەیە لەوەی کە ڕاستە. لە دیدی عەقڵ و فەلسەفەوە ئەو ڕاستییەی دەمانكوژێت لە درۆیەك باشترە كە ژیان دروستدەكات. ئەو ڕاستیەی ئازار دەهێنێت چاترە لەو وڕێنەیەی باشە دەهێنێت. ڕەنگە ئێوە پێتانوابێت ئەمە بۆ پزیشك بەو جۆرە نییە (لێرە قسەكەی كۆنت–سپۆنڤیل ئاڕاستەی ژێرار ئۆستێرمان دەكرێت كە لە چارەسەرسازیدەروونی دا پرۆفیسۆرە). كۆنت–سپۆنڤیل بەم پسپۆرە دەڵێت: تۆ لە هەقیقەتی نەخۆشەكانت بەرپرسیار نیت، لە تەندروستی نەخۆشەكانت بەرپرسیاریت. گەر باوەڕیشمان بە ئازادی عەقڵ هەبێت ئەوا بیر لەوە ناكەینەوە باش چییە، بیردەكەینەوە بەپێی پێوانە بۆ ئەو ئایدیای ڕاستییەی دەدرێت (سپینوزا) یان شیاوە (مۆنتاین).
لەسەر بنەمای وتنەكانی كۆنت–سپۆنڤیل زۆربەی فەیلەسوفە هاوسەردەمەكانی خۆی باوەڕیان بەوەیە فەلسەفە دەرمان نییە، بەڵام پێشیانوایە پزیشكی دەتوانێت فەلسەفەیەكی نایاب دروستبكات. فەلسەفە شتە پێویستەكەیە کەچی ئامانجی سەرەكی فەلسەفە داناییە، واتە بەختەوەری و ئارامی. ئەوەتا نەخۆش بە دكتۆر دەڵێت: “دكتۆر من غەمبار، ماندوو و ڕاڕام: دەتوانن شتێكمبدەنێ تا پێیچاكببمەوە؟” كۆنت–سپۆنڤیل لەوە تێدەگات كە خەمۆكی جارجارە بكوژە، چونكە دایكی بەوە مردووە، وەكیتریش چارەسەری خەمۆكی لەئێستادا ڕوو لە باشییە. ئەم بیرمەندە گومانناكات كە ڕاڕایی، غەم و ماندوبوون هەن. لەوەش حاڵییە بەدبەختی، غەم، بێزاری و ڕاڕایی نەخۆشی نیین. ئاساییە جارجارە ڕاڕا و ماندوو و عەمباربین. گشت ئەمانەش بەشێكن لە مرۆییبوونمان. بەپێی ئەوەی مرۆڤایەتی ناساغی نییە ئیدی ناچێتە سایەی پزیشكییەوە. بۆ كۆنت–سپۆنڤیل كێشەكە لەوەدایە ئێمە پزیشكی دەسەپێنین بەسەر ژیانمان و بگرە بەسەر گشت كۆمەڵگەكەشمان. گازندەی شارستانی نوێش دەكات کە بایەخێکی زۆر بە تەندروستی دەدات و پزیشكیش گەورە دەکات. ئەم شارستانیە دەیەوێت بەختەوەری بكاتە دوا ئامانجی تەندروستی لەكاتێكا پێشتر بەختەوەری باڵاترین بەها بووە. هەموو ئەمانە لەژێرسایەی پان- پزیشكیگەرایی pan-médicalisme دا ڕوودەدات، كە هەموو شتێك بریتییە لە پزیشكی و تەندروستیش دوا ئامانجە. كۆنت–سپۆنڤیل پیشەی پزیشكی بە بەرپەسیار دەزانێت لە سەرهەڵدانی دیاردەی پان-پزیشكیگەرایی. لەم ڕوەوە دەگەڕێتەوە بۆ پێناسەی تەندروستی بەپێی تێگەیشتنی”ڕێكخراوی جیهانی تەندروستی”: تەندروستی نەبوونی نەخۆشی یان لاوازی نییە، تەندروستی بوونی حاڵەتێكە لە باشگوزەرانی جەستەیی، عەقڵیی و كۆمەڵایەتی. جاگەر وابێت سێ میلیۆنێك هاوڵاتی بێكار و مەحروم هەن كە پێویستیان بە دەرمانە. ئەم چەند میلیۆنە لە باشگوزەرانی جەستەیی، عەقڵیی و كۆمەڵایەتیدان، بەڵام بێكار و فەرامۆشكراون. بۆیە كۆنت–سپۆنڤیل لەم پێناسەیەی”ڕێكخراوی جیهانی تەندروستی”ناكۆكییەك بەدیدەكات. بۆیە دەبێت بپرسین پاتۆلۆژی Pathology چییە؟ ئەمە شتێكە ،كۆنت–سپۆنڤیل وتەنی، مرۆڤ واهەستدەكات حاڵی باش نییە یان ناتوانێت بە كارەكانی هەستێت. لەسەر بناغەی تێگەیشتنەکانی ژۆرژ كۆنگویلێم Georges Canguilhem نەخۆش ناكارێت ژیانی ئاسای خۆی بژیت و كارەكانیشی پەكدەكەون. جیاوازی نۆرماڵ و نانۆرماڵیش ئەوەیە كە نۆرماڵ هەستدەكات باشە و ئێشی لە هیچ شوێنێك نییە. هەرچی پاتۆلۆژییە واتە بوونی ئێش لە شوێنێك دا. كەسەكە هەست بە ناساغی و پەككەوتووی دەكات. ئەمە بەو مانایەش دێت كە پاتۆلۆژی ناوەكەی بەخۆیەوەیەتی. لە یۆنانیدا بە پاتۆس (سۆز) دێت ،بە واتای ئەوەی دەیچێژین و پیایتێدەپەڕین، جا ئەوە بەدبەختی بێت یان ناخۆشی. لێرەوە ڕەنج بەباچوون دەبێتە ئێش و بەدبەختیش خۆی وەك نەخۆشی نیشاندەدات. لە پزیشكیشا نۆرمالبوون Normality بە واتای ئاسایبوون دێت، شتێك كە لادان بەم لا و بەولا ناناسێت و ڕیشەی وشەكەش لە وشەی “نۆرم” ی لاتینیە ەوە دێت. هەرچی نانۆرماڵبوون Abnormalityە بەمانای نائاسایبوون دێت، بۆ ڕیشەی وشەی omalos ی یۆنانی دەگەڕێتەوە كە بەمانای یەكسان، یەكانگیر و نەرم دێت. كەچی (an omalos شاز، نانۆرماڵ)- مانای وشەكە بۆ ناڕێك، نایەكانگیر و زبر ( كۆنگویلێم) دەگۆڕێت. لێرە كۆنت–سپۆنڤیل بە پشتبەستن بە بۆچوونە پاتۆلۆژییەكانی كۆنگویلێم قسەلە قەڵەوی دەکات کە ماوەیەك لە ئەمەریكا ،لەناو هەژار و ڕەشپێستەكانا، شازێكی ئاماری نەبووە. لە دیدی پزیشكییەوە ئەمە نۆرماڵنەكراوە. بەپێی پێوانە ئامارییەكان بێت كاتێك هەموو تووشی قەڵەوی دەبن(ئەمڕۆ زەعیفی شازێكی ئامارییە) شتەكە ئاسای بووەتەوە لەكاتێكا قەڵەوی حاڵەتێكی ناساغییە(پاتۆلۆژییە). نۆرماڵ واتایەكی ئاماری و ئاشتیئامێز نییە، واتایەكی دینامیكی و وروژێنەرە. لەبەرئەوەی ژیان دینامیكییە ئەمە وادەكات هەموو دەرمانێك وروژێنەر(پۆلیمیك ،جەنگ، پێكدادان) بێت، ئەمە بەتایبەت كە دەرمان لەتەك نەخۆشیا دەجەنگێت. هەر ئەمەش شتێكمان لەسەر پیشەی پزیشكەكان پێدەڵێت، بە پزیشكەدەروونیەكانیشەوە، كە لەگەڵ حاڵەتە ناساغەكانا مامەڵەدەكەن نەك ئەو حاڵەتانەی دەگمەنێكی ئامارییە یان شۆكێكی كۆمەڵایەتین! لەبەرئەوە پزیشكی بۆ ئەوە هەیە کە چارەسەر بدات. كۆنگویلێم وتەنی نەخۆشی ئاستێكی ژیانە. شتێكی ئاساییە. لەبەرامبەر ئەوە تەندروستی شتێكی كاتییە. مەترسی نەخۆشیش یەكێكە لە ناواخنەكانی تەندروستی. بۆیە كۆنت–سپۆنڤیل سەبارەت بەم لایەنە بۆ گوزارە دەگمەنەکەی مۆنتاین دەگەڕێتەوە: “”تۆ نامریت لەبەرئەوەی نەخۆشیت، دەمریت لەبەرئەوەی لە ژیاندایت””.
بەبۆچوونی كۆنت–سپۆنڤیل فەلسەفە پێش هەموو شتێك دیسپلینێكی ئەكادێمی نییە، حاڵەتێكی مرۆییە. بۆیە پزیشكەكان وەك هەموو مرۆڤێك پێویستیان بە فەلسەفەكردنە. پزیشكەكان لە دیدی ڕەوشتییەوە پێویستیان بە فەلسەفەكردنە، ئەمە بەسەر هەموو پیشەیەكدا پەیڕەوناكرێت. پزیشكەكان بەپێی پسپۆرییان ڕوبەڕووی زۆرترین سەختی دەبنەوە: ناخۆشی، نەخۆشی، مەرگ، ئەمەش واتە پزیشكی پیشەیەكی تراژیدییە. سەختییەكانیش هەر ئەوانە نیین. پزیشكەكان لەگەڵ ئەویتر ڕووبەڕووی سەختی دەبنەوە. بۆ؟ لەبەرئەوەی خود بابەتی پزیشكییە، هاوکات پیشەی پزیشكی ڕەوشتییە. پزیشکەکان لەگەڵ خۆشیانا ڕووبەڕووی سەختی دەبنەوە. باشە بۆ؟ لەبەرئەوەی پزیشکەکان پیشەیەكی گۆشەگیرئامێزیان هەیە. سەرئەنجام، كۆنت–سپۆنڤیل پێیوایە لەنێوان ئەمی فەیلەسوف و ئەویتری پزیشكدا، ئەمی فەیلەسوف پێویستی بەوە نییە ببێتە پزیشك، هەرچی ئەویتری پزیشكە پێویستی بەوەیە ببێتە فەیلەسوف، هیچ نەبێت لەبەر خاتری نەخۆشەكانی. تەنانەت كۆنت-سپۆنڤیل لە لێدوانێكی تردا باوەڕی وایە پزیشكی تەنیا بریتی نییە لە تەندروستی. پزیشكی شتێكی ئاڵۆز و دژوارە. واتە لە تەندروستی گەرورەترە. هەرچی داناییە ئەوە دەكەوێتە پاش تەندروستییەوە.

لە خەمۆكییەوە بۆ فەلسەفە

گومانی ناوێت كۆڤید-19 بەپێی قەبارەی خۆی خەمۆكی لەتەك خۆیڕا بۆهێناین و ئەوەش كرۆك و سیمای ژیانمانی گۆڕی. فەلسەفە كار لەسەر هاتنەدەرەوە لەم خەمۆكییە دەكات. فەلسەفە، كە هەڵوێستەكردنە بەرامبەر بە خودی خۆ و جیهانی دەرەوەی ئەم خودە، سازێنەر و بێداركەرەوەی ئەو پرسیارانەشە مانا بە ژیانمان دەدەن. چی مانا بە ژیانمان دەدات؟ ئازادی؟خۆشەویستی؟بەختەوەری؟ هەموو ئەمانە باشەن و فریادڕەسیشن. لەم سۆنگەیەوە بەوە دەگەین كە هاتنەدەرەوەمان لە خەمۆكی ئیشی فەلسەفەیە. ئیشی فەلسەفە كاركردن لەسەر ڕۆحمان و دەربازبوونمان لە دۆخە چەقبەستووەكان. ئاشنابوونیش بە فەلسەفەی ئێپیكۆر Epicurus سەرەتای دابڕانمانە لە خەمۆكی. ئەمەش بەجۆرێك لە جۆرەكان كۆنت-سپۆنڤیل تامیكردووە. تامی فەلسەفەی ئێپیكۆر تایبەتمەندی خۆی هەیە. ئەم تامە شیفایە، شیفا دەرمانە. فەلسەفە دەرمانی هاتنەدەرەوەیە لە ناساغی. ئپێیكۆر بۆ زۆرێك لە بیریارانی ڕۆژئاوا پەناگای بەختەوەرییە، كانیاوی چێژ و خۆشییە. ساردی خەمۆكی فەیلەسوف لەناو گەرمایی فەلسەفەی ئپێیكۆر دەتوێتەوە. هزری ئێپیكۆر دەرمانی ڕاڕایی و پەشێوی ڕۆحە.
ئەو قسانەی لایسەرەوە لەسەر ئەو بناغەیە پەسەنددەكەین كە كۆنت-سپۆنڤیل ئەو فەیلەسوفە فەرەنسییەیە لە خەمۆكی ژیانەوە، لە خەمۆكی ناو خێزانەوە (مردنی دایكی بە خەمۆكی) بەرەو فەلسەفە هاتووە. بەمە كۆنت-سپۆنڤیل كاری بۆئەوە كردووە لەناو فەلسەفەدا هێزی بیركردنەوەی خۆی بخاتە خزمەتی لاوازییەكانیەوە، ئەو لاوازییانەی لە ژیانیا هەیبووە. لەكۆتایشا خۆشەویستی بۆ ژیانی گۆڕیوە بۆ كردەیەك لە فەلسەفەكردن كە ئەوەش لەگەڵ زەبری ژیانا ڕووبەڕوویکردۆتەوە. ئەمە وادەکات ئەم فەیلەسوفە بڵێت: لەئێستادا لە ڕۆژئاوا گەڕانەوەیەك بۆ فەلسەفە لە ئارادایە كە هۆیەكەی بۆ زۆر شت دەگەڕێتەوە لەوانە: فەلسەفەكردن واتە خوڵقاندنی وەڵام بۆ پرسیارە بێ وەڵامەكان، پاشەكشەی ئێدیۆلۆژیا و ئاینەكان، حەماسی خەڵك بۆ فەلسەفە، كە ئەوەش لەم دواییە وەك شێوازێك لە نەشونمای كەسێتی خۆی دەردەخات. باشە فەلسەفە بەچی دەکارێت ئەوە بکات؟ كۆنت-سپۆنڤیل لە وەڵامی ئەم پرسیارە، كە پێشتریش لەگەڵ پزیشكێكی دەروونی (كریستۆف ئەندرێی) باسیكردووە، پێیباشترە مرۆڤ غەمبار بێت تا بە درۆ بەختەوەر بێت. هەرچی پزیشكە دەروونیەكەیە ،كۆنت-سپۆنڤیل وتەنی، كاری ئەوەیە وا لە نەخۆشەكانی بكات باش بن تەنانەت ئەگەر توانای ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستیشیان نەبێت. ئەم لایەنە، واتە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستی ، بەپێی بۆچوونی كۆنت-سپۆنڤیل، بۆ فەیلەسوف گرنگی خۆی هەیە. فەیلەسوف ،بۆ كۆنت-سپۆنڤیل، كەسێك نییە خەریكی كاری باشە بێت، كاری دروستكردنی بیركردنەوەیە بەجۆرێكی زێدەباش. لەنێوان ڕاستی و بەختەوەرییشدا فەیلەسوفێكی وەك كۆنت-سپۆنڤیل ڕاستی هەڵدەبژێرێت، هەرچی پزیشكە دەروونیەكەیە، بە قسەی ئەم بیرمەندە، تەندروستی هەڵدەبژێرێت . لەم بارەیەوە ئەوەشمان بۆ دەگێڕێتەوە كە جارێكیان لە كۆتای ساڵی خوێندن خوێندكارێك پێیوتووە: پێش كۆرسەكەی تۆ بەختەوەرتربووم. ئەم قسەیە بۆ كۆنت-سپۆنڤیل كاریگەری خۆی هەبووە و ئەوەشی گەیاندووە كە فەلسەفە بەرچاوڕوونی بە مرۆڤەكان دەدات و ئاشناشیان دەكات بە ڕاستی بەس بەختەوەریانناكات. ئەمە دەشێت بەو مانایەش ڕاڤەبكرێت كە گەیشتن بە ڕاستی دەكرێت بۆ بەختەوەری بگۆڕدرێت. واتە ئەو ڕاستەیەی بەهۆی فەلسەفەوە پێیدەگەین بەختەوەری بەخشە.

————————————–
ژێردەر:
لە بەشی 18دا ئاماژە بە تێكڕای پەراوێز و سەرچاوەكان دەكەین.

————————————————-
بۆ خوێندنەوەی بەشەکانی تر، کلیکی ئێرەبکەن …….




ناسینی نەتەوە … شیوا میرەکى

بۆ ناسینی هەر نەتەوەیەک سێ لقی ئەدەبیاتی ئەو نەتەوە واتە ئەدەبی فولکلۆر، شێعر و مێژووی ئەدەبی ئەو میللەتە زۆر گرینگە . یەکێک لە سەرچاوە جێگەی متمانە و باوەڕپێکراوەکان بۆ ناسین و ناساندنی مێژوو ، کولتوور و ئەدەبی میللەتەکان بێ گومان مۆسیقا ، شێعر و ئەدەبی فۆلکلۆرە. فۆلکلۆر لە دوو وشەی (folk) ( میللەت ) و lore)) (چیرۆک و هونەر ) پێکهاتووە. بۆیە فۆلکلۆر بە وێنەی ئاوینەی باڵانوێنێکە کە بەشێکی بەرچاو لە یاسا و داب و نەریتەکان کە لە درێژەی زەمان وەکوو دەسکەوت بۆ میللەتەکەمان ماوەتەوە، پیشان دەدات.

ئەگەر فۆلکلۆری میللەتێک وەکوو کولتووری نەنووسراو یان “فەرهەنگی زارەکی ” پێناسە بکەین ئەم بۆچوون و بانگەشەیە زیاتر خۆی نیشان ئەدات . زیاترین بەش لە تایبەتمەندییەکانی کولتووری لە هۆنراوە و گۆرانییەکاندا دیارە و سینە بە سینە نەقڵ کراوە پیشانی داهاتووانی دەدات . بە بڕوای د. عیزەدین مستەفا ڕەسوول گۆرانی کۆنترین بەش لە ئەدەبی فولکلۆر و غنایییە کە لە ڕۆژگارێکی زۆر کۆن کە هێشتا هۆشیاری میللەتەکان زۆر لە خوار بووە، درووس بووە و زانایان دەڵێن گۆرانی شوانی کۆنترین جۆری گۆرانییە.

هەر میللەتێک، کە ئەدەبیاتی نەنووسراوی دەوڵەمەندی هەبێت، ئەوا کولتوورێکی پتەوتر و تایبەتمەندی زیاتری لە وانى دیکەی هەیە. یەکێ لەو میللەتانە کە بە درێژایی مێژوو خاوەنی کولتوور و ئەدەبیاتێکی دەوڵەمەند بووە و کێشە و جەفاکانی ڕۆژگار نەیتوانیوە ڕەسەنایەتی لێ بسێنێ کورد بووە .ئەدەبیاتێکی ” سهل وممتنع ” کە بۆ ڕۆح و مێشک و زمانی هەر تاکێکی کورد ئاشنایە و ئەتوانین بڵێین ڕەنجێکی هاوبەشە هەر لە لەیلاخ تا موکریان ،لە هەوشار تا لوڕستان و …

مرۆڤی کورد بە شێعر و گۆرانی لە دایک دەبێ ، بە شێعر و گۆرانی باڵا دەکات و بە شێعر و گۆرانی ئەمرێ کە ئەمە لە گۆرانی و بەیتە فولکلۆرەکان وەکوو لای لایە ، بەرتەونانە ، چەمەری و … خۆی نیشان داوە .

گۆرانی کوردی تووشیاری ژان و کێشەی ڕۆژگار نییە و نەبووە بەڵکوو گۆرانی کوردی خودی ئێش و ژانە . گۆرانی کوردی تەنیا کەرەستەیێک بۆ شادی‌کردن نییە بەڵکوو خۆی بەشێکە لە ئەلفوبێی ژیان . شێعر و گۆرانی کوردی ئەزموون و فەلسەفەی ژیانی میللەتی کوردە و یەکی لە باشترین سەرچاوەگەلی ناسین و ناساندنی میللەتی کوردە .هەر چەن کە ناسینی کولتووری یەک میللەت ئاسان نییە و خاڵگەلێکی زۆر لە درووسبوون ئەو ئەدەبیاتە نەخشی هەس ، بەڵام یەکێ لە ڕێگەگەلی ناسینی بنەمای کولتووری ؛ زمانی و ناسینی شتە باو دیرۆکییەکانە کە لە گۆرانیە فولکلۆرەکان خۆی شاردووتەوەو نیشاندەری شێوازی ژیان ، ڕەسم و یاساکانی ژیانی میللەتەکانە. کە بە جۆرێک وەکوو ئاوێنە ئەتوانین تێدا بڕوانین و مێژووەکەی شی بکەینەوە .

یەکێ لە ناوچە دەوڵەمەندەکانی فۆلکلۆری کوردی ناوچەی چەرداوڕی ، ئەسپەن ئاوا و لەیلاخە (قوروەو دێولان) کە تایبەتمەندیێکی بەرچاوی لە باقی ناوچەکان هەس . یەکێ لە تایبەتمەندییەکانی بەرچاوەکانی فرە کولتووربوون و فرە زاراوەییە چۆن شاری قوروە لە لایێکەوە هاوسنووری ناوچەی گەڕووس ، لە لایێکەوە هاوسای هەمەدان و ئەسەدئاوا ، لە لایێکەوە بە سونڱور ،کولیایی و کرماشان و لە لایێکی ترەوە پاڵی داوە بە لەیلاخ و سنەی ئەردەلانەوە .

لە ناوچەی لەیلاخ تێکەڵێک لە بن زاراوەکانی ئەردەڵانی و گۆرانی ، لە ئەسپەنئاوا یا قوروە تێکەڵێک لە بن زاراوەکانی ئەردەڵانی ، گۆرانی ، لەکی ( بە هۆی هاتنی کۆچبەرەکانی لەک ) کەلهوڕی ، هەورامی (قەڵای کامجورد،قەڵای ئەومەلەکی ) بوونی هەیە.

بوونی تایفەی شێخ ئیسماییلی کە بەشێکیان لەشارەزوورەو و بەشێکیان لە جوانڕۆ بۆ ئەم ناوچەیە کۆچیان کردووە لە باشووری ئەم شارە و گوندەکانی نیشتەجێ بوون کە لە ئاڵۆگۆڕی زمانی ناوچە و فرەچەشنی کولتووریی نەخشێکی گرینگ و بەرچاویان بووە.

هەرچەند کە زۆربەی گۆرانییە کۆنەکانی ناوچە ، گۆرانی کار بووە و سازیان لە گەڵدا نییە .گۆرانیە بەزمی و شادەکانیش زۆر سادە بووە و دەوڵ و زوڕنایان لێ داوە کە لە درێژەی زەمان لە دوزەلە ، زمارە (نی هفت بند) ، نەرمەنەی ، دومەک کەڵیان گرتووە .لە بەزمگەلێکی ئایینیدا سۆفی و دەروێشەکان دەفیان لێداوە و بڕێ جار لە زەماوندەکان و بەزمی بوێژگەل و دەلۊگەل کە لە کووچە و کۆڵان بەڕێ ئەچوو کەمانچە و دایرەیان بەکاربردووە . هەروەها له جەژنەکان و کۆبوونەوەی بنەماڵەیی لە “قاوەسینی” و “پووت هەژدەکیلوو” هاوکات لە گەڵ گۆرانی کەڵکیان گرتووە .

گۆرانی لەم ناوچە وەکوو باقی ناوچەکان کوردەواری تەنیا بۆ کاتی شایی و خۆشی نەبووە بەڵکوو لە هەموو کاتێکدا بۆ کشتوکاڵ ، تەون‌کردن ‌، مناڵداری‌کردن ، عاشقی کردن ، تەنیایی و دەرددی‌دڵ ، دوینەنیانن ، بۆ مەڕوماڵات و …گۆرانی و ئاوازیان خوێندووە کە زۆربەی ئەو گۆرانیگەلە سادە و ساکار و لە ناخی دڵدا جێگیر ئەبێ .

بۆ ڕاو ، نەچیر یان شەڕکردنیش گۆرانی تایبەت لەم ناوچە باو بووە

بۆ شەڕ ؛

ئەی خوا لەو ڕووژە دەور قەڵا گیریا

عەبدولباقی خان تیرباران کریا

بۆ ڕاو ؛

ئەڕا ناحوەیدەی گووشت شکارم

چەن کۊییل گەڕام ئەڕای تو بارم

بەزمی هوورە زیاتر لە نێوان کورد شێخ ئیسماعیلی (کوردپابنەوا) زیاتر بینراوە.بەزمی چەمەری لە کاتی ئازیەتباری بەتایبەت مردنی جوان بەڕێ ئەچوو . ژنان بۆ دامرکاندنی کوڵی دڵ گۆرانییان چڕیوە و مردوویان لاواندووە کە بڕێ جار هاوکات لە گەڵ هەڵپەڕکێیکی نەرم و ئارام و بە پێچەوانەی هەڵپەڕکی شاد لە چەپ بۆ ڕاس بووە کە زیاتر لە ناوچەی کولیایی باو بووە بەڵام بە گشتی لەزۆربەی ناوچەدا بەزمی چەمەری بوونی هەبووە .

مەقام ئایینی و سۆز ئایینی لە لەیلاخ وئەسپەن ئاوا بە گشتی و لە بەشگەلێک ناوچەی چەرداوڕی لە شەوی مێعراج مەولوودی خوێندن بەڕێ چووە بەڵام تەکیە و خانەقاگەل ناوچە هەمیشە بەزمی دەف‌لێدانیان بووە .

ئاڱر چۊسە لیم بەو خامووشم کە

ئەڵقەی خوڵامید فەخر گووشم کە

لەناوچەی چەرداوڕی بەزمی ئازیەتباری عاشوورا بووە کە ئەڵبەتە زۆربەی هەڵبەستەکانی بە زمانی فارسییە و وا دیارە دیاردەی ساڵانی نزیکە و مێژوویێکی لە پشتەوە نییە . ئایینی یارسان لە قوروەی کۆن بوونی هەبووە و یەکێ لە هێماکان ئایین یارسان تەموور بووە کە زیاتر یارسانەکان لە کەڵاژێران بوونە بەڵام لە تەواوی ناوچە بوونیان بووە. لە کاتی نووڕ و نزاکردندا دەیانگوت ؛ با کوسوارت بۆ نەچڕم (کوسوار جێ‌نشین و دەلیل سوڵتان سەهاک پێغەمەر یارسانە ) کە نیشاندەری یارسان بوونی ناوچەس .

لە گوندەکانی پیر باوە قەڵا ، پیرسلیمان ، خەنان ئاوا،باوە شووراو قەسڵان.باوە شیداڵە،باوە قشلاقی تووغان،باوه گوڕ گوڕ ، شەیای نازار ، پیر مکە یان پیر مکاییل میناوا ، پیر یوونس علیاوا ، باوە سورخاو مەلک ئاوا ، باوەسارۆ نەجەفاوا نیشتەجێ بوونە .

لە شەوی چلەی زستانیش وەکوو دیکەی ناوچەکان بەزمی کووسە کووسە بەڕێ ئەچوا,

بۆ مەشکەژەندن و تەون کردن هەروەها گۆرانی تایبەت ژنان بوو

دار مەشکەگەم هەنارە ، مەشکەژەنەگەم بیمارە

دار مەشکەگەم هەنجیرە ،مەشکەژەنەگەم چە پیرە

بۆ تەون ؛

قەزات لە ماڵم گورد و پشت گوردی

مرخەک ڕەنڱامە هیلمڱەل وردی

قەتار مەزهەبی لە زۆربەی ناوچەکەدا بوونی بووە ؛

حەفت لە خوار و حەفت لە ژۊر

پڕ تەوەقی پڕ لە نۊر

هەر چێ جبرەییل بیکا هونەر

سەڵوات بوو ڕۆح پەیغەمەر

مەقام گۆرانیێکی بەسۆز و خەمین بووە کە نیشاندەری هەستی خەمین و عاتیفی لە ڕووداوێک یا بیرەوەریێکی شیرین بووە و لەو کاتە مەقامیان خوێندووە کە هاوتای “تصنیف” فارسییە وەکوو گۆرانی خاڵووڕێوار ، گەڕیان گەڕیان ، سەوزە سەوزە و هەوری لار .

یەکێ لە ناوازەترین مەقامەکان مێرزام سەراوێ‌یە کە نیشاندەری حاڵ و بیرەوەری کەسانێکە کە مەقامیان خوێندووە

مێرزام سەراوێ ، مێرزام سەراوێ

ڕووژێ ڕاگەم کەفت وە سەر سەراوێ

دیم دانیشتیە ، باوان خراوێ

کونەی پڕ ئەکرد یەی مەسە چاوێ

زیاتر لە ناوچەی چەرداوڕی مەقامی مناڵان باو بووە کە لە کات کی کایەکردن گۆرانی کورت و یەک بەدوای یەکیان خوێندووە بەڵام قەتار مناڵانە و لایەلایە کە دایک بۆ کۆرپەی ئەخوێند لە تەواوی ناوچە بوونی بووە .

کوورپەم خەفتیە خەو خەیری وێ

دەس فریشتەگان لە ژێر سەری وێ

گوروانە شەو ، گوروانە شەو

لە ماڵ ئیمە دۊر وانە شەو

گۆرانیگەلێکە کە بەدوورە مناڵێکی کورد ئەو گۆرانیانەی نەبیستوێ و بەو دەنگه خەوی لێ نەکەوتووێ .

بالوورە کە گۆرانی خوێندن کچ و کوڕ لە جواوی یەکتر بووە و لەکاتی لەدەس داین ئازیزانیش کەڵکیان لێ بردووە

قەتار شوانی و دەورەگەردی زیاتر لەناوچەی کرماشان بەڕێ چووە کە بەیت شاکە و مەنسوورخانیان خوێندووە و لە نێو خەڵکی “دەلۊ “ناوبانگی بووە خەڵکیان لە کووچە و کۆڵان کۆ کردووە و گۆرانییان خوێندووە کە بڕێ جار بەباڵای کەسانێک ئەیانخوێند و پووڵیان ئەسەند ، بڕێ جاریش بووکەڵەیان لەگەڵ بوو و گۆرانی ؛

مینا بوو خوەی مینایە

خاڵێ لە سەر گوونایە یان ئەخوێند .

گۆرانیبێژە بەناوبانگەکان ناوچە ؛ شاڕۆخ مەیهەمی ، ڕەمەزا کولیایی ، مەولوو کەرەمی ، ئەحمەد قادرمەرزی ، حەمە حسێن وەیسی ، ڕەمەزان خوسرەوی ، سەی حەمە حسێنی ، فەتحوڵا میرزایی ، لفتە سەحرایی ، عەبدوڵا قوربانی ناسراو بە عەبدوڵا ماچکەیی ، نەبی زەڕین ، حەبیبەڵا موفاخێری ناسراو بە حەبیب ملەیی و ..

وەکوو یوونگ دەڵێ ؛ وێژە دەربڕینی هەست و نەستی گەلە .بۆیە دەبێ بۆ ناسینی فەرهەنگی نەتەوەکان پەنابەین بۆ وێژەی ئەو نەتەوە کە بەرهەمی هەرمان و زیندووی پێشنیانیانی ئەو گەلە نیشان ئەدات .بێ شک ئەم بەیت و باو و گۆرانیگەلە تایبەت بە یەک ناوچە نییە و زمانی هاوبەشی میللەتی کوردە.

قووروە

شیوا میرەكی




دوایین خۆکوژی لەسەر زەوی … ژیار ئەسوەد

سێ مانگ پێش کریسمس

ئای لەتۆ زەوی داماو! پیرە زەوی، دواجار هەموو جێت دەهێڵن! ئەوەتا ئەو زانا پیرە قژ درێژە هەموو ڕۆژێک خۆی دەکات بە شاشەی تەلەڤزیۆنی ماڵەکاندا. وەک ئەوەی قسەی دیکە نەزانێ، بێ بڕانەوە دەڵێ: “زەوی لە مەترسیدایە، پێویستە چۆڵی بکەین.” خۆ بەردەوام باس لە ئینتیما دەکرێ، ئەی کوا؟ نا، بۆم دەرکەوت نیشتیمان بووکەڵەیەکە و هەموومان یاری پێدەکەین؛ هەرکات دەستێکی، قاچی، هەر پارچەیەکی لێبێتەوە فڕێی دەدەین و پێویستمان بە دانەیەکی دیکە دەبێ.
هەموو شتێکیان ئامادەکردووە. دەیان ئامێر و کەشتی ئاسمانیی زەبەلاح کە تا ئەم ساتە نەبینرابوون، لە ئامادەباشیدان بۆ هەڵگرتنی مرۆڤ و بردنی بۆ هەسارەیەکی تر. تا ئێستا پێشیان ڕانەگەیەنراوە کامە هەسارەیە؟ بەڵام گوایە تازە دۆزراوەتەوە و هەموو پێداویستییە سەرەتایی و سروشتییەکانی گوزەرانی ژیانی لێیە… من باوەڕم بە هیچ نەماوە، دوێنێ یادی لەدایکبوونم بوو، نازانم بوومە حەفتا یان حەفتا و یەک ساڵ؟ لەوانەیە زیاتریش بێت؛ دڵنیانیم! وەک هەمیشە لە ماڵە پۆخڵەکەمدا مامەوە و کاتەکانم بە شتی پڕوپووچ بەسەربرد. ئەوەی جیاوازییەکی بچووکی هەبوو لەگەڵ ڕۆژانی تر، تەنها بوتڵێک مەی نوێ بوو، کە بەهۆی گرانی نرخەکەی بۆ جارێکیش هەڵمنەقوڕاندبۆوە. پارچە کاغەزێکی بچووکی لەگەڵ بوو، لەسەری نووسرابوو (ڕۆژی بوونت پیرۆز). نەمزانی لەلایەن کێوە هاتووە؟ خۆ من چەندین ساڵە هاتوومەتە ئەم شارە تا ژیانێکی ئازاد و تەنیا بژیم و دووربم لە چاوی هەموو کەس. ئاخر مرۆڤ هیچ سوودێکی نییە بۆ سروشت؛ بە پێچەوانەوە، بەڵکو هەموو چرکەیەک شێواندنێک دروست دەکات. وەک چۆن لە هەڵەیەکی بچووکی ماتماتیکیدا هەموو شیکارەکە تێکدەچێ، مرۆڤیش هەمان هاوکێشەیە بۆ سروشت.
گەڕ بوومە و نامرم، ژیانمم وێران کردووە بە ئەلکهول و ماددەی هۆشبەر کەچی هیچم بەسەر نایەت. پێستم جیاوازییەکی ئەوتۆی نییە لەگەڵ هیی پیرە تیمساحێک، بگرە لەوەش قێزەوەنتربووە. ماوەیەکە کە سەیری ئاوێنە دەکەم، لەناکاو کۆمەڵە جانەوەرێکی ڕەش و پیس خۆیان بە سەروگوێلاکمدا هەڵدەگژێنن. شەپازللە لەخۆم دەدەم و پڕ بە گەروو هاوار دەکەم. لەخۆمەوە حەزدەکەم هێزێکم هەبووایە زەویم بدڕیبا…! بە هێوری لە سوچێکی ژووری نوستنەکەمدا دانیشتووم و پێک هەڵدەدەم. لەهەمان کاتدا ئاگایەکم لەو حەشاماتەی دەرەوە هەیە، هەموو بە شپرزەییەوە کەلوپەلی پێویست دەپێچنەوە بۆ ڕۆیشتن؛ تەنها من نەبێ کە هەموو سەرقاڵییەکم بە کتێبخانەکەمەوەیە. ناوێرم تەلەڤزیۆن هەڵکەم، دەزانم دووبارە ئەو زانایە قسەی بێ بنەما دەکاتەوە. لەو ڕۆژنامەیەی ئەم بەیانییە هەڵدرایە ماڵەوە، بەگەورەیی لە لاپەڕەی یەکەمی نوسرابوو (پڕۆفیسۆر: ناگاتە دە ڕۆژی دیکە، تەنێکی گەورە خۆی بە زەویدا دەکێشێ، لەبەرئەوە ئامادەبن، دوو بەیانی دەردەچین. ئەوەی بمێنێتەوە تێ دەچێ). بەم هەواڵە دڵخۆش دەبم و بەناو هۆڵەکەدا هاتوچۆ دەکەم. بزە لەسەر لێوم نابڕێتەوە، هەر هۆشم لای ئەوەیە: خۆ لەکۆتاییدا کەس لە دەوروبەرم نامێنێ و من پێش کۆتایی زەوی – هەرچەندە ناچێتە عەقڵم – بەتەنیایی ژیان بەسەردەبەم ئەگەر بۆ چەند ڕۆژێکی کەمیش بێ.
شەو درەنگی کردووە، هیچ گڵۆپێک نابینرێ. جیاواز لە ساڵانی ڕابردوو، بەم پاییزە بارانێک نابارێ. هەست بە بێ تاقەتیی زەوی دەکەم. ئاسمان گەرووی گیراوە، لەهەر ساتێکدا بێ فرمێسکی دادەبارێنێتە سەر ڕۆحی شەکەتم… مێشوولە وردەکان بەدەوری لایتەکەدا یەکتر لەباوەش دەگرن. بێدەنگییەکی سەیرە! دەڵێی ئەم شارە کەسی تێدا نەماوە…! هێواش هێواش هەتاو هەڵدێ و ڕووناکییەکی کز لە چاوە تەڵخەکانم دەدا. لەدەرەوە کەرنەڤاڵـئاسا ژاوەژاو دەبیسترێ، من تەنها بەشێکی پەردەکە لادەبەم و سەیری ئەو خەڵکە دەکەم. گوێبیستی چەند گەنجێکی گەڕەک دەبم، بەدەم جگەرەکێشانەوە، بە سیمایەکی خەمبار و شپرزەوە دەڵێن: “پڕۆفیسۆر ون بووە، لە دوێنێ شەوەوە نەبینراوە، ئاخۆ چی بەسەرهاتبێ…؟!” پەردەکە دادەدەمەوە و بیر لەو هەموو خەڵکە دەکەمەوە. گوێزانێک وا لەدەستمدا، دەمەوێ ڕیشم بتاشم، هێزم نییە. لەسەر چرپاکە ڕادەکشێمەوە و چاوەڕوانی چەند کاتژمێرێکی تر دەکەم؛ خەڵکیش بێحەوسەڵە لەچاوەڕوانیی کەشتییە ئاسمانییە گەورەکان… قیڕەی باڵندەکان وای کردووە چاوەکان سەراسیمە و پێکڕا ڕووەو ئاسمان بەرز بکرێنەوە. لەدوورەوە، لەنێوان زنجیرەچیاکاندا ڕووناکییەکی ڕەنگ سوور شەوق دەداتەوە. هۆشم لای خۆم نەماوە و لەگەڵ گڵۆپی ژوورەکەمدا بۆم جیا ناکرێتەوە. بەرەو کەوەنتەرەکە دەڕۆم، دەرگاکەی دەکەمەوە و فینجانێک دەردەهێنم، لەناو کترییەکەش قاوە قوڵپ دەدات. جارێ قاپە پیسەکانی دیکە کەڵەکە بوونە لەسەر یەکتری و دەستشۆرەکە هێشتایش چاوەڕێی هەڵلووشینی فنجانەکەی دەستم دەکا. وای لەم دەنگە سامناکانە! ئەوە کەشتییە ئاسمانییەکان گەیشتن! وای لە دڵخۆشیی ئەو خەڵکە! تەنها پڕۆفیسۆر نابینرێ کە دەبوو ئێستا لەپێش هەموویان بووایە و ڕێنمایی ئەو حەشاماتەی کردبا. ئەم کێبڕکێ نەفرەتییە چییە؟ ئەم هەموو هەوڵە چییە بۆ ڕزگارکردنی ڕۆحە نەفرەتییەکانتان؟ خۆ ئەوە بە چەند خولەکێک کەس نەما! وا هەڵدەفڕن بەرەو بۆشایی. قاوەکەم هەڵدەچێت، تا دەگەمە لای هەموو ئەوناوەی پیس کردووە. ئۆف، پێرێ بوو ژنە دراوسێیەکم ئەو چاکەیەی کرد و هات ماڵەکەی خاوێن کردمەوە…
گرنگی پێ نادەم، کاتێک پەردەکە هەڵدەدەمەوە، هیچ نەماوە. جگە لە خانووە چۆڵکراوەکان هیچی تر بەدی ناکەم. لە ماڵەکەی بەرامبەرم گڵۆپێک پرتە پرت دەکات و خەریکە دەسووتێ. لەناکاو چاوم بەرەو شوێنێکی دیکە دەڕوا، وا دەنوێنێ پڕۆفیسۆر لەناو باخچە گشتییەکە ڕاوەستابێ! جگەرەیەک بە لالێوییەوە و سێبەر دروست دەکا بۆ هەڵکردنی چەرخەکە. دڵنیانیم ئەوبێ، چاوەکانم کزبوونە و سەرم مەستە؛ بەڵام بەژن و باڵای و پۆشاکی وادەردەکەوێ ئەوبێت. سەرم لێ شێواوە! ئەم بۆچی لێرە ماوەتەوە؟ ئا ئەوە مۆبایلە بەگوێیەوە؛ بەپەلە دەڕوات… ئاخۆ بەنیازە چی بکات؟ تۆ بڵێی بزانێ من هێشتا لێرە ماوم؟ هاهاها ئەوە باسی چی دەکەم، کێ گرنگی بە قەحپەیەکی وەک من دەدات…؟!
دەچم لەسەر چرپاکە ڕادەکشێم و گوێ بۆ پیانۆ نیانەکەی (فریدریک شۆپان) هەڵدەخەم… دوای ئەوەی لەخەو وەئاگا دێمەوە، دەبینم خۆر بە تیشکی کزەوە پێشبڕکێ لەگەڵ هەوری چڕ و ڕەشی ئێوارەیەکی درەنگ دەکات و وا خەریکە لە جێی خۆیەوە دۆش دادەمێنێ. بەمەش بۆم دەردەکەوێ لەمێژە نوستووم.

شەوی کریسمس

وای لە چۆڵیی جادەوبانەکان! کوا ڕازاندنەوەی درەختە پشت چەماوەکان بە گڵۆپی بچکۆلانەی سوور و زەرد و سەوز و.. چەشنی شەبەنگی بەهار کوتلەیەک لە جوانیی؟ بۆنی عەتری نەرم و سەرگێژکەری ئەو خانمانەی بەتەنیشتت ڕادەبوورن؟ بۆنی گۆشتی برژاوی خوانەکانی ئێوارە؟ شەڕە بەفری منداڵ؟ حەیف؛ ئەمانە هەمووی گوڵی گەشاوەبوون لە ڕۆژگاری خەونە زێڕینەکان و لەمێژە هەڵوەریون… بەڵام ئێستا هەست بە ئارامیی سروشت و ئاژەڵان دەکەم. وا ئێستا لەبری مرۆڤ، ئاژەڵ بە ماڵەکەی خۆی -کە لەکاتی هاتنی ئینسانەوە دەربەدەربووە- دووبارە شادبۆوە. کەشی پاکی درەخت و دەریا، ئاسودەیی بەفری قوڕس و داتەپیوی سەر ئەرز، گوێم لە هەناسەی گەرمی خاکە کە لەبەرخۆیەوە دەڵێ: “لە من بەختیارتر نییە، چەند دەمێکە گوێم کەڕنەبووە بە دەنگی پێڵاو، بە دەنگی جەنگ، مقۆمقۆ و ناڵەی ئازارە ڕۆحییەکان…” هەنووکە کارگە زەبەلاحەکانی پیشەسازی بوون بە تەویلەی ئەسپ. هەر درەختێک بە هێلانەی باڵندەیەک و سووچی کۆڵانیش بە شوێنی هەڵکورمان و حەوانەوەی سەگی گەڕۆک… هەر لەو کاتەشەوە کە دواجار پڕۆفیسۆرم بینی، ئیتر هەرچی ئامێری کارەبایی و ئەلیکترۆنیی هەبوون، لەکارکەوتن. ئەمن، وەک هەمووجار، لەم شەوە مەستەی ئەم شارە خامۆشە, شەرابی کۆن، گەرووم دەهێنێتە جۆشوخڕۆش؛ گەدەم دەخاتە سەما… لەم چوار دیوارە تەنگە، وەک ئەوەی لە گرتووخانەیەکی تاکە کەسیی دانرابم، بێزارم. ئاخر دیوارەکان هیچ کات مایەی ئاسوودەیی نین، هەرچەندە تێکەڵبوون بە دونیای دەرەوە ئاڵۆز و کوشندەیە، لەگەڵ ئەوەشدا خۆشترە لە باڕێکدا بخۆیتەوە وەک لەناو زیندانێک.

سێ مانگ دوای کریسمس

ڕۆژەکان بێهوودە بەهەدەر دەچن، چیتر خواردنەوە و سیگار و ماددەی هۆشبەریشم نەما، ئۆخژنێک نییە ئەم ڕۆحە موعتادە هێور بکاتەوە. دوێنێ بوو؟ پێرێ؟ نانا! نەفرەت، خەریکە عەقڵیشم لەدەست دەدەم! وا بۆ مانگێک دێت. وەهەرحاڵ، سپێدەیەک لەگەڵ چوونە دەرەوەمدا بە بینینی سندووقێکی گەورە سڵەمیمەوە، پاش نەختێک تێڕامان لێی، ڕووخسارم دوای ئەو هەموو ماوەیە گەشایەوە و بە دەنگێکی یەگجار بەرز هاوارم کرد: “شەراب، شەرااااب.!” پەلامارم دا و ڕاپێچی ماڵەوەم کرد. کاتێک کردمەوە زەرفێکی زەردی گەورەی تێدابوو، بە دەستوخەتێکی جوان نووسرابوو: (نامەکانی کریسمس). پاش ئەوەی بە چەقۆ کوڵەکە هەڵمدڕی، نامەگەلێکی ڕازاوە بە نەخشونیگار پەرشبوونەوە سەر فەرشەکە. واقم وڕما و وردە وردە دەستم کرد بە خوێندنەوەیان؛ یەکەم شتیش کە سەرنجمدا ئەوەبوو لەسەر هیچیان ناو نەنوسرابوو. یەکەم نامە بەم شێوەیە بوو: (لێرە ژیانمان کەمێک ئاڵۆزە، بەڵام هەرنەبێ مەترسی لەناوچوونمان لەسەر نییە. بە کورتییەکەی سەرمان سووکە؛ تۆ هەڵەیەکی گەورەت کرد نەهاتی، ئاخر چی هەیە لە ژیان خۆشتر؟) لەگەڵ خوێندنەوەی ئەم دێڕە تێر پێکەنیم و پاشان دووبارە گەڕامەوە سەر دەقی نامەکە: (زیانێکی زۆر گەورەت لەخۆت دا، با بزانین مەی و مادەی هۆشبەر چیت پێ دەبەخشن؟ دواجار خوازیاری مردنێکی ئاسانم بۆت هاهاهاها…) خۆم بۆ ڕانەگیرا و دیسانەوە کەوتمە قاقا لێدان.. دواتر نامەیەکی دیکەم هەڵدایەوە، تێیدا نووسرابوو: (ژیانی ئێمە زۆر ئاسوودە و خۆشە، شوێنەکانمان بە باشی دابەش کردووە و هەر ماڵێک ڕووبەرێکی باشی وەبەرکەوتووە، لەبەرچاومە حاڵی تۆ بەبێ ئێمە چەندە پەرێشانە!) ئێستێکم کرد و ویستم ئەمجارەش پێبکەنم، بەڵام بێزاربووم لە پێکەنین بە عەقڵ و داماویی ئەو مێگەلە! بەردەوامبوو: (هەرچەندە تازە تۆ کەڵکی هیچت نەماوە و لێرەش دەبوویە بارگرانی بەسەرمانەوە، چونکە شوێنت بەرنەدەکەوت و دەبووایە لەسەر جادەکان هەر ژەمێک لەخێری خۆمان پارچە ئێسقان و بەرماوەی خۆمانمان بۆت فڕێدایە… پێم خۆشە گەر ئێستا باشبی.) میزڵدانم خەریکبوو دەتەقی، دڵم نەدەهات نامەکان جێبهێڵم، نەک لەبەرئەوەی هەست و سۆزم بجووڵێنێ یاخود خەم بخۆم، بەڵکو دەمویست میزەکەم ببێتە جۆگەیەک تا دوای خوێندنەوەیان هەموو نامەکانی تێدا نوقم بکەم… سێیەم نامە و دوا نامەشم لەهەمان کاتدا، بەبێ ڕاوەستان خوێندەوە: (دوای سڵاوێکی گەرم، دەمەوێ ڕاستەوخۆ بچمە ناو باسەکە. لێرە ژیان بەوشێوەیە نەبوو کە چاوەڕوانمان دەکرد. لێرە برسێتی هەیە، ئاژاوە و ناکۆکی بەردەوام هەیە. دکارم بڵێم باشترین کار کە کردت ئەوەبوو لەگەڵ ئەم مەخلووقە پیسانە نەهاتییە ئێرە؛ ئێرەشیان وەکو خۆیان گڵاوکرد. لە کریسمسدا زەبوونانە و بێ دەسەڵات دانیشتبووم، منداڵەکانم دەکڕووزانەوە بۆ لەتە گۆشتێک. بۆن و بەرامە نێو خانووەکەی تەنیبوو، بەهۆی کەمی خۆراکەوە هەموو شت گرانییەکی لەڕادەبەدەرە و منیش ناتوانم خۆراکێکی باش دەرخواردی ئەو ژن و منداڵە داماوانەم بدەم؛ ئەمە جگە لەو سەرما کوشندەیەی تاقە ئامرازێکی خۆ گەرم کردنەوەمان نەبوو… هیچ کەس یارمەتی یەکتری نادەن و بەدەم یەکەوە ناچن. ئەوی ڕۆژێ منداڵەکانی بەشێکمان نەکرانە بەر خوێندن بەهۆی نەدانی پارەی پێشەکی. ئێستا کە ئەمە دەنووسم دەستم ڕەش داگەڕاو و قڵیشاوە. بەهۆی بارکردنی بلۆک، ئازاری پشت کوشتوومی. کێ گوێم لێ دەگرێ؟ کە برادەران وتیان نامە بۆ جەنابتان دەنێرن، شاگەشکەبووم؛ هەر هیچ نەبێ دەردە دڵێکت بۆ بکەم باشترە لەوەی ئەو حەسرەتە لەسەر دڵم قەتیس بمێنێ. نازانم چارەسەر چییە؟ تازە بەسەرچوو، خۆزگە هەروەک تۆ لەسەر زەوی دەمامەوە و چاوەڕێی لەناوچوونم دەکرد. هەزار قات لەم حاڵەی ئێستا باشترە. بەرلەوەی لەبیرم بچێتەوە، هیوادارم چێژت لەو شووشە مەیە وەرگرتبێ کە لە ڕۆژی لەدایکبوونتدا کردمە دیارییەکی بچکۆلانە. مەبەستمە ئەو پەیامەت پێ بگەیەنم کە ناڕازیی مەبە لەو ژیانەی خۆت. خۆزگە… با لەوە پتر درێژدادڕیی نەکەم، هیوام بەختەوەریتە.) پاش خوێندنەوەی ئەو نامەیە ئاهێکی قووڵی پڕ قەهرم بۆی هەڵکێشا، تا ئەم دەمەش پەژارەیەک هەموو گیانی داگرتووم و سەراسیمە بیر لە فرەڕوویی ئەوانە دەکەمەوە. ئەوەندە بێزارم، ژیانم چەشنی ژیانی جورجێکە لەناو زێرابێکی تاریکدا، کە هیچ ترووسکاییەک هیوام پێ نابەخشێ بۆ دەرچوون…!
هەمدیس بچم بنووم… باوێشکێکی درێژ دەدەم و وابزانم بۆ یەکەمین جار لە ژیانم پێخەفەکە ڕێکدەخەم. هێشتا هەموو شتێك خەواڵوو، نە ئاژەڵ و نە درەخت و نە چیا و تەنانەت خۆریش بەتەواوی چاویان هەڵنەهێناوە. دەنگی دەرگا وشیارم دەکاتەوەو بەلەز ڕادەکەم بۆ کردنەوەی. کاتێک لەسەر پشت واڵای دەکەم، پیاوێکی قیت و قۆز لەبەردەممدا بە شەپقەیەکی ڕەشی گەورە سەرتاپای قژی داپۆشیوە؛ بە ملپێچێکی ڕەنگ خۆڵەمێشیی دەم و لووتی پێچاوەتەوەو خۆی لە پاڵتۆیەکی خوری ئەستوور لوول داوە. پاش کەمێک بێدەنگیی و ڕاوەستان بەرامبەر یەکتری، سەری شۆڕدەکاتەوە و شەپقەکەی هێدی هێدی دەهێنێتە خوار. قژێکی بژ و ئاڵۆزکاوی وەک لۆکە بەدی دەکەم. دڵە خورپەیەک دامدەگرێت. پاش ئەوەی کە سەری بەرزدەکاتەوە، بە چاوە شینە ئاسمانییەکەی دەیناسمەوە کە ئەمە پڕۆفیسۆرە…! لەبەرخۆمەوە ورتە ورتێک دەکەم: “پڕۆفیسۆر؟ شتیوا نابێ!” چاوە غەمگین و تەڕەکانی نیگای تیژم بۆ دەکات و منیش بەوپەڕی بێ هێزییەوە هەر تەماشای دەکەم. بە دەنگێکی کەرخ دێتە گۆ:
“سڵاو؛ دەتوانم بێمە ژوور قسە بکەین؟”
“فە.. فەرموو.”
هەنگاوی کورت هەڵدێنێ، شەکەت و داهێزراو سەیرێکی بنمیچی تەنراو بە تۆڕی جاڵجاڵۆکەی ناندینەکە دەکات و پشتگوێی دەخات. لەسەر یەکێک لە قەنەفە تۆز و خۆڵاوییەکانی هۆڵەکە دادەنیشێ. پەرداخە ئاوەکەی دەخواتەوە و لەسەرخۆ پێیەکانی لەیەکدی دەئاڵێنێ.
“وەرە لەتەنیشتم دانیشە، چەند قسەیەک هەیە دەیکەم و دەڕۆم.”
بەبێ ئەوەی وشەیەک لە زاری من بێتە دەرەوە، لە تەنیشتی دادەنیشم و هەمدیس خۆی قسە دەکات: “هیچ ناپرسی؟ ناڵێی بارودۆخی ئەوێ چۆنە؟”
“نازانم، ئەرزشی نییە، چاوەڕێی جەنابتم شتێک بڵێێ.”
“سوپاس بۆ ئاوەکە.”
پاش کەمێک بێدەنگیی: “شایەنی نییە، ناچیتە نێو باسەکە؟”
“پەلەمەکە، هەموو شتێکت بۆ باس دەکەم.”
“پێش ئەو شتانە، پێم ناڵێی کارت لێرە چییە؟ مەگەر تۆ شەش مانگ لەمەوبەر نەتگوت زەوی لە کۆتاییەکانی تەمەنیدایە و با جێی بهێڵین؟ ئەو خەڵکەشت بەدوای خۆت خست، ئێستا لێرە چی دەکەی؟”
“مافی خۆتە ئەو پرسیارە بکەی، ڕاستە هەر من بووم ئەو خەڵکەم ناردە ئەوێ و خۆشم تا چەند ڕۆژێک دوای ئەوە نەچووم.”
“تۆم بینی، لە باخچەکەی بەرامبەرمان تەلەفۆنت دەکرد، دواتر بەیەکجاریی ون بووی.”
“لەو کارەم پەشیمانم و هەر ئەوەندە.”
“کامە؟”
“نازان.!”
“نازانی؟”
“نازانم چی بڵێم!”
“کەواتە بۆ هاتووی؟”
“بۆئەوەی ئەم وێنانەت پیشاندەم.”
دەست بۆ گیرفانی دیوی ناوەوەی پاڵتۆکەی درێژدەکا و کۆمەڵە وێنەیەک دەردەهێنێ. تەماشای دەکەم: ئەمانە چین؟ چی دەبینم؟! پیرەمێردێک قاچی پەڕیوە و هاواردەکا! ساوایەک لە سەرما ڕەق بۆتەوە! دایکێکی پەککەوتوو پرچی خۆی دەڕنێتەوە لەسەر تەرمی کوڕە کوژراوەکەی! دایکێكی دی لەودیو کووخێکی گڕگرتوو دەقیژێنێ بۆ منداڵەکەی، کە لەناو پوش و پەڵاش خەریکە دەبێتە خۆڵەمێش! کچێکی پارچەڵەی نازەنین گێچەڵی سێکسیی پێدەکرێ لەژێر دەستی سێ چەکداری کەڵەگەت…! کچێکی تر لە تینووێتیدا قوڕاو و چڵپاوی پاش باران دەخواتەوە؛ وشک هەڵگەڕاوە… بۆ ساتێک ئەم وێنانە هۆشم دەبا، برووسکەی خێرا لە دڵم دەدا و ڕۆندک لەو چاوانەی پڕبوونە لە بینینی کارەسات، قەتیس دەمێنێ. بەرچاوم تاریک و لێڵ، دەپرسم: “چی ڕوویداوە؟”
“جەنگ؛ دووبارە جەنگ هەموو شتێكی وێرانکرد.”
” جەنگ؟”
“بەڵێ، لەوێ جەنگە.”
پەلاماری قوڕگی دەدەم: “هەمووی خەتای تۆ بوو، تۆ ئەوانت بردە ئەوێ و ئێستاش هەر خۆت هۆکاری هەموو ئەمانەی، کەچی هاتوویتەوە بۆ سەر زەوی و ئاسوودانە پیاسە دەکەی.”
قوڕگی بەردەدەم. کۆخەی، گشت ماڵەکە دەلەرێنێتەوە. دەموچاوی سوور هەڵدەگەڕێ و بە هەناسەبڕكێوە دەڵێ: “دەزانم تاوانبارم، تاوانبارم بەوەی متمانەم بە مرۆڤ بەخشی؛ پێم وابوو ئینسان پێویستی بەوەیە سەرلەنوێ زەمینێکی تری هەبێ، سەرلەنوێ پەروەردە و خەیاڵ و بیرۆکەیەکی تری هەبێت، بەڵام نەمدەزانی، ئینسان هەر خاوەنی ئەو ڕۆحە دڕندە ئەزەلییەی ناوەوەیەتی. ئیتر نە جێگا و نە ژیانێكی تازەش ناتوانێ بیگۆڕێ.”
“هەموو ئەمانە لە پای چی ڕوویاندا؟”
“ئەو پرسیارە ئاراستەی ئەوان بکە. هەر لە سەرەتاوە لەوێ دەیان کێشە و گرفت دروست بوو…”
بەربەستێک دەخەمە بەردەم وشەکانی و دەڵێم: “ئاگام لە هەمی شتێکە، نامەکانی کریسمسم پێ گەیشت.”
“بەڵێ دروستە… لە نیوەشەوێکی نووتەک، یەکەم تەقەی ڕاپەڕین دژ بە نادادپەروەریی و خراپەکاریی لەلایەن چینی خواروو و زوڵم لێکراو بیسترا.”
“ئەو شۆڕشە چۆن بەرپا کرا؟”
“پێشتر پلانی بۆ داڕێژرابوو. ئەو کەسەی ڕابەرایەتی دەکرد و هاوکات یەکەم کەسیش بوو خوێنی ڕژا، لەلایەن کوڕە خانەدانێکەوە کچەکەی ڕفێندرابوو و دەستدرێژیی کرابووە سەری، پاشانیش بە کوژراویی دۆزرابۆوە. لە ڕۆژی دادگایی، کوڕە بە بێتاوان دەرچوو و ئازادکرا. دوای ئەوە باوكی کچە خەریکبوو شێت ببێ، ئۆقرەی لێ بڕابوو، لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی نزیکی کە ئەوانیش لەوەوبەر چەندین جار چەوسێندرابوونەوە، بڕیاڕی ئازادییان دا و لەو شەوەدا پلانەکەیان جێبەجێ کرد. بەڵام زۆری پێنەچوو شکستیان هێنا، بەمەش زۆردار و دیکتاتۆران پتر دەسەڵاتی توند و نابەجێیان سەپاندە سەریان و وەک لە وێنەکان دیارە، ئاوایان لەو خەڵکە زەبوون و بەستەزمانە دەکرد.” کە ئەمانە دەگێڕێتەوە هۆن هۆن دەگری.
“تا ئەم ساتەی من گەڕامەوە سەر زەوی، ئەمانەی بینیت بەردەوامن.” لە سەری خۆی دەدا: “من تاوانبارم؛ من تاوانبارم.”
هەموو ئەمانە بە خەونێكی ناخۆش دەچن، چیتر توانای بەرگەگرتنم نەما. هێشتا بە چاوی پڕ ئەسرینەوە، پڕۆفیسۆر هەڵدەستێتە سەرپێ و ئەمجارە حاڵی خراپتر، بە بێهۆشییەوە هەنگاوی کورتتر هەڵدێنێ بۆ چوونە دەرەوە. من لەسەر قەنەفەکە دادەنیشم و کاریگەری بینینی ئەو دیمەنە فرە تراژیدییانە، تاساندوومی. زۆری پێ ناچێ، دەنگی فیشەکێك پەردەی گوێم دەزرینگێنێتەوە. پەردەی هۆدەکە هەڵدەدەمەوە و لە پەنجەرە تەڵخەکەوە دەڕوانم: لەبەر دەرگا جۆگەیەک خوێن ڕژاوە و لاشەی پڕۆفیسۆر، لەسەر ئەرزە شەختەگرتووەکە کەوتووە. تووشی حەپەسان نابم، خۆشم نازانم بۆچی مرۆڤ وەختێک چاوی بە بینینی خوێن و کوشتن ڕاهات، ئیدی هەمووشتێک ئاسایی دەبێت بەلایەوە… دووبارە، بەزۆر لەشی تەپیوم تا لای قەنەفەکە ڕادەکێشم و دەکەومە خەوێکی بێهوودە…

ئەم چیرۆکە لە مانگی تەمموزی ٢٠١٨، لە ژمارە ٢٥٤ی گۆڤاری ڕامان بڵاوبۆتەوە.




ئێستاش هه‌ر له‌ خۆم ده‌گه‌ڕێم … سۆران محه‌مه‌د

وەفای خامە

لە دوای تۆ یه‌ڵدا
پرچی سپی بوو،
هێنده‌ قیژاندی
به‌ گوێی گه‌ڵای سیس
به‌س بێ وه‌ڵام بوو:
.
” ئای چ مه‌رگێکه‌ بۆ وا زوو ده‌مری
خۆ تۆ گه‌ڵا نیت
خۆ تۆ په‌پوله‌ی
ناو ماڵه‌کانی ره‌حیماوا نیت”(١)
.
گوێت نه‌دایه‌ شالوره‌کان
ده‌ستله‌ملانی ئه‌ستێره‌یه‌کی دوور نووستی
ئاسمان کاسکێته‌ هه‌ورینه‌که‌ی خۆی
خسته‌ سه‌ر ده‌ستی،
مشتێ ئه‌سرینتان
ڕژا به‌سه‌ردا
نه‌تتوانی هه‌ستی
.
له‌گه‌ڵ په‌پوله‌ پاییزییه‌کانا
پێکه‌وه‌ گوتتان
” دەمەوێ بنوم،
هەندێ، خولەکێ، سەدەیە؛
بەڵام پێویستە هەمووان بزانن
که‌ من نەمردووم”(٢)
.
ئێستاش تابلۆکان
له‌ دوت ده‌گه‌ڕێن
که‌ خۆشیان ونن:
” ئه‌ی به‌رگی ره‌شی هه‌موومان
له‌ هه‌رکوێ هه‌ی
دووری یا نزیکی لێمان
ئه‌مشه‌و هاتووین گڕمان پێیه-‌
بۆ ده‌روونی ئاگردانت..
لاسمان پێیه-‌
بۆ خه‌زاڵی شیعره‌کانت..”(٣)
.
به‌ڵام تۆفانی فه‌سڵی نه‌هاتی
که‌ ته‌وره‌کانی له‌گه‌ڵ خۆی هانی
شیعرت درکانی:
” بۆ ئه‌بێ نه‌مرم
که‌ دڵنیاشم ئه‌م مه‌رگه‌ زه‌رده‌
زه‌رد وه‌ك دڵی پیر،
زه‌رده‌ وه‌ك چاوی سه‌گه‌کانی میر” (٤)
……………………………..

  • ئه‌م شیعرە وێڕای ئەوەی نەفرینە لە جەللادەکانی قەڵەم، لەهەمان کاتیشدا هه‌وڵدراوه‌ شێوازی کۆلاژی تێدا به‌کاربهێنرێت- وه‌ك جۆرە داهێنانێکی تایبەت و له‌و ڕێیه‌وه‌ بتوانرێت دیوه‌ شاردراوه‌کانی مانا به‌رجه‌سته‌ بکات؛ هه‌رچه‌نده‌ زمانی شیعره‌که‌ش کاری له‌سه‌ر حاڵه‌ته‌ گیانی و ویژدانیه‌کان کردبێت، به‌ڵام له‌ هه‌مان کاتیشدا ره‌نگه‌ وه‌ك ده‌قێکی فره‌ ڕه‌هه‌ندیش‌ به‌ چه‌ند ئاراسته‌یه‌كدا بابه‌ت بە ژێربارخستنی زمان هه‌ستابێت بۆ هێنانه‌دی چه‌ند ئامانجێك:-
    1/ بوژاندنه‌وه‌ی ستایڵی کۆلاژ له‌ جیهانی ده‌قی شیعردا.
    2/ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی شیعریی دره‌نگوه‌خت بۆ شاعیری جوانەمەرگ بەکر عەلی‌؛ به‌ هه‌ندێك که‌ره‌سه‌و ده‌سته‌واژه‌ی شاعیران ‌و به‌کارهێنانه‌وه‌یان به‌ شێوازی جیاواز.
    3/ فۆکس خستنه‌ سه‌ر هه‌ندێك له‌ ئیستاتیکه‌ شیعریه‌کانی شاعیرانی وه‌ك فیدریکۆ گارسیا لۆرکاو محه‌مه‌د عومه‌ر عوسمان و به‌کر عه‌لی.
    4/ ده‌کرێت هیچ کام له‌مانه‌ نه‌بێت و خوێنه‌ر وه‌ك تانوپۆی شیعرێکی سه‌ربه‌خۆ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بکات، بێ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ هیچ ئاماژه‌یه‌کی ده‌ره‌کی له‌ ده‌ره‌وه‌ی شیعره‌که‌دا، به‌ مانایه‌کی تر فه‌رامۆشکردنی هه‌موو که‌وانه‌ی کۆپله‌ وه‌رگیراوه‌کان و خوێندنه‌وه‌ی وه‌ك یه‌که‌یه‌کی شیعریی یه‌کپارچه‌.‌
    …………….
    تێبینی/ کۆپلەی نێو کەوانەکان هی شاعیران بەکر عەلی و گارسیا لۆرکایە، ئەوانەی بەکر عەلی لە دیوانی (ئەوشەوانەی لە پرچت رەشتر بوون) وەرگیراوە کە بۆ محەمەد عومەر عوسمان و سۆرانی نووسیون، ئەوەی لۆرکاش لە قەسیدەی (مەرگی تاری کارمامز)ەوە وەرگیراوە.



تۆ بووی بە قەدەری من … ناڵە حەسەن

لەو ڕۆژەوەی وێنەی تۆم
لەسەر دیواری دڵم هەڵکۆڵیوە
چاوەکانم پڕبوون لە ڕووناکی و
هەناسە و هەستەکانیشم پڕ لە ئارامی
لەسەر سێبەری خۆشم
بە پێنووسێکی پرتەقاڵی
وردە شیعرێکی وام بۆ نووسیوی
هەموو بەیانییان کە خۆر هەڵدێ
وشەکانی گەش گەش دەبریسکێنەوە
ڕێبوارە ڕەوەندییەکان و
کچۆڵە کۆچەرییەکان و
هەوێردە هێمنەکان و
درەختە دڵخۆشەوکان و
سنەوبەرە سەرمەدییەکان و
باڵندە بێلانەکان و
ئەستێرە ئاوییەکانیش
هەموو هەموو / دەیخوێننەوە
هەرخۆم نا
ئێستا / شیعرەکانم و بوونەوەرەکان و
هەموو سروشت تۆیان خۆشدەوێ
تۆ بووی بە کتێبێکی ئاسمانی
نێو ئەفسانەکانی عەشق
پڕاوپڕی لە ئایەتەکانی ئیرۆسی
هەموو بەتۆ ئاشنان و بۆت دەچەمێنەوە
بۆیە لە جیاتی من
هاوینان / با
زستانان / هەور
پاییزان / گەڵا
بەهاران / باخچە
شەوانانیش / مانگ قسەت لەگەڵدا دەکا
تۆش وەک تەونێک
خانە خانە و
دەمار بە دەماری عاتیفەمت داپۆشیوە
وەک لاولاوەیەکی ڕەنگ لێمۆییش
لە سەرتاپای جەستەم ئاڵاوی
ئیدی / تازە تۆ بووی بە قەدەری من
بووی /
بە خاڵخاڵۆکەیەکی خرپنی نێو خەیاڵ و خەونەکانم
بۆ هەرکوێیەک دەڕۆی بڕۆ
لە هەر بنارێک
بارگە و ڕەشماڵی خۆت هەڵدەدەی
تا ئەوپەڕی سنوورەکانی ئازادی / ئازاد بە
من ئەوەی دەمویست پێی گەیشتم
نەک لە مەوداکانی دووری
تەنانەت / لە مەرگ و مردنی خۆشم ناترسم …!

                                             سیپتەمبەری / ٢٠٢٠



چرپەیەکت زریانێکە … کاوە عوسمان عومەر

لەم بەندەری دۆزەخیە
بێدەنگی تۆ
دارستانێکە
هەموو ڕۆژێ بە شیعرەوە
پیای تێئەپەڕم
لەسەر هەر گەڵایەک
خەندەیەکتە
لە سەر هەر چرۆیەک
بریسکەی هەڵکشانی
ئەستێرەیەکتە
تۆ پێنازانی
لەم وەرزە تاڵی بێتۆییە
چی ڕوبارێکی بێمەنزڵگەم
لە چاوەکانما هەڵگرتوە
لە پریاسکەی شیعرە گومڕاکان
چی شارێکی
جەستە شەقار سەقار
دوا هەناسەی بەرائەتی
دەرچووە
لە بێ تۆییدا
هەموو ڕۆژێ
لە ویستگەیەکدا
لە کەنارێکا، لە ژێر بارانێکا
لە خەوێکا
لە وێنەی
کتوپڕی بروسکەیەکدا
،کە دەرئەکەوی
من گوڵ ئەگرم
کە وون ئەبی، نامێنی
من وەک دڕکم
زەرد و ووشکم
لەم دورخە قەشەنگە دۆزەخیە
سەمفۆنیای خەیاڵی بونێکتە
سارێژی زامی
ئەشکەنجەی سەفەرێکە
گەر نمەیەکت
لە سەر ئەم کەناری غوربەتە
گۆمی یادێک بشڵەقێنێ
ئەبێ چرپەیەکت
پریشکەی چی زریانێ
لە ئۆقیانوسی سەرکێشی دڵ
.هەڵگیرسێنێ

—————————-

وێنەکە کارێکی هونەری فۆتۆگرافەری ئەڵمانی
( Kordula Vahle)
بە سوپاسەوە لە پەیجی فەرمی خۆی وەرگیراوە.




گاڵتە … ژیار ئەسوەد

ئەوانەم ھەموو بۆت باس کرد…
گوتم بۆ ھێنانی گەوھەرێک، چوومە کۆشکی پاشا، لەوێ کەلەپچە کرام و شووشە شەرابێکی گرانبەھایان تێ ڕاکردم.
گوتم بۆ ھێنانی تووتییەکی شین بۆت، بەناو دارستانە سەوزەکان، بەناو گەرووی ئەشکەوتاندا گوزەرم کرد، زەرد زەرد دەچوومەوە و بەسەر ڕەشماری چیلکەیی بازم دا، دووپشکم قوت دا و لەگەڵ ھۆزی وەحشیی ڕۆژم کردەوە.
گوتم بۆئەوەی دڵێکی بوێرم ھەبێ بۆ خۆشویستنت، ڕمم دەست دایێ و چوومە شەڕی سپاڕتان، خوێنی ھەزار سەربازی کوژراوم خواردەوە.
گوتم تا زووتر بگەمە لات، بەسەر تاوەرە بڵندەکاندا سەرکەوتم و کاتژمێرم بە ویستی خۆم خولاندەوە.
گوتم مینم لەژێر پێی ترس دانا، لەپێناو ئەوەی نیوەشەو لەناو جەرگەی تاریکی بە کابووس بەئاگا نەیەیتەوە و بتۆقی؛ مۆمیشم لەسەر زمانم داگیرساند.
بۆئەوەی بای گەڕۆک ڕاو بنێم، چەشنی داھۆڵ لای سەرتەوە وەستام.
گوتم خۆم کردە ئەسپ، بەسەر پشتمەوە خەونەکانتم شارەوشار دەگێڕا؛ بوومە دۆلفین، بە دەریادا دەمسووڕاندی.
گوتم ڕۆژێکیان ماڵەوە چۆڵ بوو، لەپاڵ خێوەکان بە گشت ژوورەکاندا ڕامان کرد و بە دەنگی بەرز، عاشقانە، شیعرێکی کێش و سەروا سلاکم خوێندەوە.
گوتم لەناو حەفتاودوو حۆری بەھەشت، پەڕۆم لە چاوم بەست، بیرم کردی و یەگجار بێباک خۆم ھەڵدایە دۆزەخ.
گوتم عەینەن کارەکتەری خەیاڵیی حیکایەتێ، دەبمە سوارچاک، دێم لە دەستی باوکت دەرتدێنم.
ھەر پیتێک کە دەرمدەبڕی حەسرەتی لێ دەڕژا
ئەوانەش تەواوی ویست و ئارەزووی من بوون بۆت
کەچی سەدای پێکەنینەکەت زستانێکی سەختی ھەڵکرد و شەختەباران…




ژاكانی تابلۆی هه‌ور … ستار ئه‌حمه‌د

گڵ له‌زامه‌كانم وه‌رده‌ده‌م
له‌كه‌ناری ئه‌ستێره‌یه‌كا
ده‌چمه‌ تابلۆی تاریكیه‌وه‌
شه‌وه‌زه‌نگ سیاچاره‌ییم له‌گۆڕده‌نێ‌
به‌ره‌و خۆزگه‌ی ئه‌و ماڵانه‌ی
رامووسان له‌چرپه‌ی خۆرده‌چنن
كانیه‌ك ماچده‌كه‌ن
لێویان له‌ده‌روونی ته‌رم ده‌كه‌وێ‌
ئه‌م هه‌واره‌ ره‌جم كراوه‌
هه‌وری سپی ….
كفنی بابرده‌و
ئه‌گریجه‌ی شۆڕه‌ژنی گه‌رمیانه‌
گه‌رمیان… ئه‌سپه‌شێی حه‌سره‌ت و
چاوگی ئه‌نفال و ژه‌هروخوێن
بویه‌ گه‌واله‌یه‌ك به‌سه‌رما بگرمێنێ‌
ده‌روونم بریسكه‌ ده‌دات
گۆشه‌نیگام ….
گوله‌ ئه‌ستێره‌ی باڵوه‌ریوه‌
به‌ته‌نیایی….
له‌بێده‌نگی ئاسمان
ژاكانی خاك
به‌ربوونه‌وه‌ی رۆحی ئه‌ستێره‌كان
زریان ده‌كه‌مه‌ كه‌پر
باڕه‌شێك ناسنامه‌م لوول ده‌دات
سه‌رابێك…
په‌نجه‌كانم ده‌كا به‌گژی ده‌ستما
سه‌به‌ته‌یه‌ك له‌هێشووه‌ وشه‌
له‌سینه‌مدا ده‌ته‌قنه‌وه‌
شنه‌بای ئارام و
خواوه‌ندی جوودایی
له‌نێو سه‌مفۆنیای بێده‌نگیا
به‌پاكی ئاشنام بكه‌
گڤه‌ی ئه‌م ده‌نگه‌ له‌هه‌ناوما شیكه‌ره‌وه‌
چیتر مه‌مده‌ره‌ ده‌ستی قه‌ده‌ری ئاوه‌وه‌
له‌ژوانگه‌ی خنكانێكا به‌مردن بسمیلمكه‌
من له‌گوناه‌ هه‌ڵكێشراوم
له‌به‌رائه‌ت ده‌سرازه‌یان بۆ چنیوم
تازه‌ له‌سه‌دا تێناگه‌م
ماڵه‌كه‌مه‌م له‌گۆڕی غه‌ریبان كپتره‌
له‌كوێ‌ له‌م سه‌فه‌ری عه‌شقه‌
به‌گرمه‌ی كه‌وتنه‌خواره‌وه‌ی هه‌ور
ته‌قینه‌وه‌ی ئه‌ستێره‌یه‌ك رادێم
به‌حه‌وت ئاسمانه‌وه‌…
له‌شیله‌ی حه‌زێكا دانامركێم
چۆن له‌خه‌نده‌ی چڵێكا
چڵوپۆ ده‌رده‌كه‌م
بۆ به‌م سووتانه‌م…
له‌خۆرم نزیك ده‌كه‌یته‌وه‌
له‌به‌رامه‌ی گڵ‌و باران دامده‌بڕێنی
ئه‌م عومره‌م له‌ خه‌ڵوه‌تی ده‌روێشان درێژتره‌
ئیتر بۆ ده‌فی دڵم ده‌ده‌یت به‌شانی رووباردا
به‌رامبه‌ر زریان‌و ره‌هێڵه‌ یه‌قینم پێده‌دۆڕینی
من دڵنیام ئه‌م هه‌وره‌ پاڵتۆی گژوگیایه‌
چیاش برسێتی به‌ كوڵمی ئاونگێك ده‌سپێرێ
عومری ئێمه‌ی نووسیوه‌ته‌وه‌
له‌ باده‌ی شه‌ودا
ده‌نگه‌كان به‌ گوێمانا ده‌دات
بۆیه‌ له‌ خۆم بێزاربم
ترس ده‌بێته‌ زایه‌ڵه‌‌و
كۆڕه‌وی ته‌نیایی به‌ ده‌روونمدا ده‌گوزه‌رێنێ
په‌لگه‌زێڕینه‌ روومه‌تم ده‌كاته‌ په‌راوێزی تابلۆكان
پاشماوه‌ی ده‌نگه‌كان ئاوێته‌ی رۆحم ده‌بن.

ستار ئه‌حمه‌د