پەرچەكرداری فەلسەفە لە كاتی تەنگژەكانا بەپێی كۆنت–سپۆنڤیل – بەشی 18– ئازاد حەمە

“هیچگەرایش مانای هەیە”
مۆریس بلانشۆ لەمەڕ كافكا

دەستپێك: وتاری فەلسەفی ڕۆژئاوا دەرگا لە پەرچەكرداری ڕەخنەیی دەكاتەوە، كێشمەكێش لەناو پەرچەكردارییەكان دەچێنێت و بەجۆرێكیش كێشمەكێشەكان وەلاوە دەنێت كە دەرگا بە ڕووی چارەسەری گونجاو و پێویست بكاتەوە. قسەكردن لە نەخۆشی و مەرگ ،كە بەشێكن لە پەرچەكرداری فەلسەفە، كارە سەرەتاییە هەمیشەییەكەی فەلسەفەیە. ڕووبەڕووبونەوەی فەلسەفییانەی مەرگ هەوڵێكیشە بۆ سنورداركردنی ترس لە مەرگ. ترس لە مەرگ بۆ فەلسەفە دووبارە و بەردەوامە. مامەڵەی فەلسەفە لەتەك مەرگا بۆ دروستكردنی وێنەی ترە لەسەر ژیان. بیركردنەوەی لەم جۆرەش چارەسەرە بۆ ڕەتكردنەوەی ئەو ترسەی مەرگ لەسەری دەژیت. بێگومان ئاینیش هەمان شت دەكات. ئاین بەهۆی مەرگەوە بەردەوامی بە خۆی دەدات. شەڕی نێوان مەرك و ترس هەر شەر نییە پەیوەندیشە. مەرگ كە ترس دروستدەكات ترسیش لە مەرگ نزیكماندەكاتەوە. ئەم هاوكێشەیە لەگەڵ پەتای كۆرۆنا گەیشتە ترۆپك. گرفتەكە لێرەوە دەستپێدەكات كە مرۆڤەكان مەرگ وەك بەشێك لە مرۆیبوونی خۆیان نابینن. ئەمە و گەلێك دیاردەی دی (ڕەوشت، سیاسەت، ئازادی، گۆشەگیریی) لە ساتەوەختی كۆڤید-19 هاتەئاراوە و فەلسەفەش لەوبارەیەوە پەرچەكرداری خۆی نواند. سەرباری ئەوە، ئەم بەشە زەمینە دەڕەخسێنێت بۆ هێنانەگۆی بابەتی پەرچەكرداری فەلسەفە لە كاتی تەنگژەكانا، بۆنموونە تەنگژەیەكی وەك كۆڤید-19، كە تەنیا بە مەرگەوە تایبەت نییە، ڕەوشت، سیاسەت، ئازادی تادەگاتە كەرەنتین، گۆشەگیریی و تەنیاییش دەگرێتەوە. لەم ڕوانگەوە ئەم بەشە دەخەینە سەركار و گوێ بۆ دیتنە فەلسەفییەكانی كۆنت–سپۆنڤیل Comte-Sponville ڕادێرین و لە كەشێكی فەلسەفی ناهاوشێوەی ئەو بەشانە گۆشەنیگای ئەم بەشە بەرهەمدەهێنین کە پێشتر بەم بیرمەندەوە تایبەتبوون. ئەو شێوە پەرچەكردارییە فەلسەفییەی كۆنت–سپۆنڤیل سەبارەت بە كۆڤید-19 دەیجوڵێنێت وروژێنەر و خورپاوییە. وروژێنەرە چونكە لە شوێنە هەستیارەكانەوە دەستپێدەكات. خورپەهێنەریشە چونكە بە نەبیستراو و بە بیرلێنەكراو ئاشناماندەكات. وڕێنەیەكی ئەوتۆش لەئارادایە كە ئەم تەنگژەیە كۆمەڵگا دەگۆڕێت؟ ئەوانەی پێیانوایە ئەم تەنگژەیە هیچ شتێك ناگۆڕێت هەڵەن. ئەوانەش هەر هەڵەن كە پێیانوایە تەنگژەکە هەموو شتێك دەگۆڕێت. ئەم پەتایە هەموو جۆرە كێشەیەك دەخاتەڕوو حەیفیش هیچیان چارەسەرناكات. ئابووری هەر وەك پێشتر بەربەستەكانی دەهێڵێتەوە. تۆبڵێیت كرێدەستی هەندێك كار كە سودێكی كۆمەڵایەتیان هەیە بەرزببێتەوە؟ گەر ئەوە بكرێت باشە. یاریكەرەكانی تۆپیپێ هەر لەسەر بەدەستهێنانی پارەی زۆر بەردەوامدەبن بەس ئەمە كارمەندی تەندروستی ناگرێتەوە. كەواتە گۆڕانكاریەكان بەو جۆرە نیین كە پێشبینیدەكرێت. لەو وانانەش كە لەم تەنگژەیەوە فێریدەبین سێ وانەن: وانەی یەکەم هاریكارییە. واتە خۆپارێزی كە ئەویترپارێزییە و پێچەوانەكەشی ڕاستە. وانەی دووەم چێژی ئازادییە. واتە ئازادی پاش كەرەنتین. كۆتا وانەش بریتییە لە خۆشەویستی بۆ ژیان.
بێزاریمان لە ئێستامان، ساردوسڕی ژیانی هەنووكەمان وایلێكردووین هەر هەموو، بە بێ جیاوازی، پرسیارێكی زۆربارە بكەین: جارێكی دی بۆ ژیانی لەمەوبەرمان، بۆ پێش پەتای كۆرۆنا دەگەڕێیینەوە؟ زۆربەی ئاماژەكان پێماندەڵێن جارێكی دی ناگەڕێینەوە جیهانی پێش كۆرۆنا و هەرگیزیش مێژوو لە سفرەوە دەستپێناكات. مێژوو لاپەڕەیەكی سپی نییە. كۆنت–سپۆنڤیل لەم بارەوە سەرسامانە پێداگری لە تێگەیشتنێکی خۆی سەبارەت بە دیدی کۆتابوون دەكات: ئێستامان گەر بۆنی كۆتایبوونمانی لێبێت ئەوە تەنیا لەبەرئەوەیە كە كۆتایبوونمان بەشێكە لە ئێمە. موخابن، ئەم بیریارە وتەنی، ئەم لایەنە ژورنالیستەكان تێیناگەن. ئەوان تەنیا سەرقاڵی كاری ناڕوونی خۆیانن. ئەم پەتایە خستومانیەتە بەردەم نادیارییەوە، ئەمەش نادڵنیایی دروستكردوە و نادڵنیایش خەریكە دەبێتە بەشێك لە ژیانمان. ئەم فەیلەسوفە ئەوەش ڕەتدەكاتەوە ئەم پەتایە تۆڵەی سروشت بێت لە مرۆڤ، جەختیشدەكات بەرهەمی تێكچوونی هاوسەنگی نێوان مرۆڤ و دەوروبەرەكەیەتی، بەشێكیشە لە شەڕی نێوان مرۆڤ و میكرۆبەكان كە كۆتای نایەت و كۆتایشی بێت بە بەرژەوەندی میكرۆبەكان كۆتای دێت. بەمە هەموو لەسەر ئەوە كۆكین كە، ئەم پەتایە سیاسەت، تەندروستی، سیاسەتی تەندروستی، ئابووری و دەروونناسی تاكەكەكانی خستەژێرتاقیكردنەوەوە. دادوەری ڕەوشتی و بوونی مرۆیی سەرلەبەر كردەوە بە بوارێك بۆ تێڕامان و چەن و چونی فەلسەفی وورد.

پەرچەكرداری فەلسەفە لە كاتی تەنگژەی كۆڤید19

  • لەسەر ئاستی ڕەوشتی

    كۆنت–سپۆنڤیل مەرگی سوكرات دەكاتە مەحەك بۆ قسەكردن لەسەر ئازادی. سوكرات كە بە مەرگی ئازادی هەڵبژارد لە دادوەرەكانی ئازادتر بوو. لێرەشەوە فەلسەفە دەستپێدەكات، هەروەك ئەوەی كە ڕەوشت دەستپێدەكات. سەرنجڕاكێشترین بۆچوونی ئەم بیرمەندە، كۆنت–سپۆنڤیل، لەبارەی ڕەوشتەوە ئەوەیە كە گشت ڕەوشتێك پەیوەندی بە ئەویترەوە هەیە. ڕەوشت پێویستە بەرژەوەندی ئەویتر بەهەندوەربگرێت. هەر ڕەوشت ئەو شتەشە كە مرۆڤ بەسەر خۆیا دەیسەپێنێت یان ڕەتیدەكاتەوە. لەم سۆنگەیەوە، هێما بۆ ئەوە دەكەین كە كۆنت–سپۆنڤیل لە نووسینی””نامەی بچووك لەمەڕ پاكدامێنییە(پاكڕەوشتییە) گەورەكان”” دەمانگەڕێنێتەوە بۆ پرسیارە ڕەوشتییە نەریتییەكان (چی پێویستە بیكەین، كێ پێویستە بیكات، چۆن پێویستە بژێین) كە بناغەیان بۆ فەلسەفەی ڕەوشت لە فەلسەفەی ڕۆژئاوا داناوە. كەواتە پرسیاری ڕەوشتی دەكارێت وەڵامی ئەو پرسیارە بداتەوە كە بەم جۆرەیە: چی پێویستە لەسەرم كە بیكەم؟ ئەڵبەتە كۆمەڵێك ئەرك. گەر ڕەوشت پێویستیبێت دواجار لە كوێی ژیان ئەم پێویستییە خۆی نمایشدەكات؟ ئەو مانایەی ڕەوشت بۆ ئاین هەیەتی بە دیوەكەی تری ئاینیش بۆ ڕەوشت هەمان مانابەخشی خۆی هەیە. ڕەفتاری مرۆڤەكان كە لە نێوان باشە و خراپەدا دەخولێتەوە بۆ بەشێك باشەكان ئەو باشەیە نین و بۆ بەشەكەی تر خراپەكانیش ئەو خراپەیە نیین. مرۆڤایەتیش كە پێویستی بە شەڕی نێوان باشە و خراپە نییە لە دەرەوەی ئەو شەڕەش بەردەوامی بە بوونی خۆی هەر دەدات. چی كەی باشە سەبارەت بە خراپە دەبێتە چی كەی خراپە. بەدەر لەوە كۆنت–سپۆنڤیل گشت ڕەوشت یەكساندەكات بە ڕۆڵی خود لەناو پرۆسەی ڕەوشتیدا. ئەمەش لە زۆر ڕەوەوە پەیوەندی بە دەركەوتنی خودەوە هەیە وەک بابەتێکی فەلسەفی. لێرە قسەدێتە سەر فەلسەفەی خود لە دیدی دێكارت وەك بابەتێكی گرنگ لە فەلسەفەی مۆدێرنی ڕۆژئاوا. ئەمە وادەكات ویستی ڕەوشتی ئەم خودە جێگای باسی قوڵی كۆنت–سپۆنڤیل بێت و بۆ ئەو مەبەستەش لە ‘ كۆماری ئەفلاتون’ ەوە دەستپێدەكات و بە تونێلی فەلسەفی دێكارت و كانت، فەلسەفەی ڕۆشنگەری، دا تێدەپەڕێت. لێرەوە بەو تێزە دەگەین کە: ئەم خودەی، كە خۆی پێویستە چاودێری ڕەفتاری ڕەوشتی خۆی بێت، ویژدان و هۆشی خۆی مەحەكی گشت ڕەفتارە ڕەوشتییەكانیەتی نەك هێزە دەرەكیەكان(ئاین بەنموونە).

    لەسەر قسەی كۆنت–سپۆنڤیل، پێشتر هەندێك بەهای ڕەوشتی و ئاینی كۆیدەكردینەوە ئێستا ئەو بەهایانە لەسەرەمەرگدان. لەكاتێكا مرۆڤایەتی، خەڵك، پێویستی بە كۆبوونەوەیە بە دەوری هەندێك بەها و خەسڵەت وەك سەخاوەت، بەزەی و میهرەبانی. پێشیوایە ئەو دەمەی مرۆڤ لە ڕوبەڕووبونەوەی بەدیدا دەبێت پێویستیەكی زۆری بە چاكەیە. دیارە ئەم بەها و خەسڵەتانە هی سەردەمێكی دیاریكراو نیین، مرۆڤایەتی ئەوەتەی هەیە لە خەمیاندایە و هەمیشەش پێویستیپێیانبووە. لەئێستادا كە كۆڤید-19 لەئارادایە، ئەم جۆرە بەها و خەسڵەتانە (سەخاوەت، بەزەی و میهرەبانی) هەنووكەبوونەتەوە. لە وەڵامی پرسیاری لەئێستادا لە چی دەترسن؟ كۆنت-سپۆنڤیل هێما بۆ ئەوە دەكات، “دڵگرانم بەو شڵەژانەی لە سۆسیال میدیا و لەناو ڕای گشتیدا بڵاوبۆتەوە. وەك خۆشم هەست بە ترس ناكەم”. ئەم بیرمەندە ترس لە مردن بە كۆڤید-19 نابەستێتەوە، ترس لە مردن لای كۆنت –سپۆنڤیل ترسە لە مردن بە شێرپەنجە، جەڵتەی دڵ یان ئەلزهایمەر (كە باوك و دایكی ئەم بیریارەیان كوشتووە). لێرەوە ئەم فەیلەسوفە ئێمە بەرەو پرسیارگەلێكی ڕەوشتی ڕیشەی دەبات. هیچ نەبێت لەبەرئەوەی کۆڤید-19 سەرمایەداری خستەوە نێو گفتوگۆی فەلسەفی. بۆیە پرسیارە ڕەوشتییە گەورەكەی ئەم هزرەڤانە ئاڕاستەی سەرمایەداری دەكرێت. بۆ سەرمایەداری؟ لەبەرئەوەی نایەكسانی بەرهەمدەهێنێت. سەرمایەداری واتە پارە. پارە لای سەرمایەداری پارە دروستدەكات. “بۆئەوەی وەك دەوڵەمەند بمریت پێویستت بەوە دەبێت وەك دەوڵەمەند لەدایكبیت”. یەك لەو پرسیارە بنچینەییانەی ئەم بیریارە سەبارەت بە سەرمایەداری ڕووبەڕوومانیدەکاتەوە ئەمەیە: سەرمایەداری ڕەوشتی هەیە؟. باشە گەر سەرمایەداری ڕەوشتی هەبێت چ جۆرە ڕەوشتێكی هەیە؟ ئەی كە بێ ڕەوشت بوو؟ بەبۆچوونی كۆنت–سپۆنڤیل سەرمایەداری نە ڕەوشتی هەیە و نە ڕەوشت هیچ مانایەكی بۆ سەرمایەداری هەیە. سەرمایەداری پێویستە ڕەوشتیبكرێت. ئەم بەڕەوشتیكردنەش مەرجە لە دەرەوەی سەرمایەداری بكرێت نەك لە ناوەوە. ئەمەش دەمێك ساڵە، 150 ساڵێك دەبێت، ڕۆژئاوا كاریتیادەكات: ئازادی سەندیكاكان، یاسای كاركردن، خانەنشینی، بیمەی كۆمەڵایەتی و…هتد بەشێكن لە دەستكەوتەكانی ئەو كارتیاكردنە.

  • لەسەر ئاستی سیاسی

بەبۆچوونی كۆنت–سپۆنڤیل سیاسەت لەگەڵ بڵاوبوونەوەی كۆڤید-19 كەوتە پەراوێزی تەندروستییەوە. پزیشكەكان بە هاوكاری سیاسییەكان لە فەرەنسا كەرەنتینیان سەپاند بێ ئەوەی بیر لە چارەنووسی ئابووری هاوڵاتیان بكەنەوە و بەساڵاچوانیشیان بەوە ترساند گەر لەماڵەوە نەبن دەمرن. كۆنت–سپۆنڤیل لە سەرەتادا ئەوەنەی قسەی لەسەر ماوەی كەرەنتینكردن هەبووە ئەوەنە دژی كەرەنتینكردن نەبووە. لێ دواتر دژی ئەوە وەستاوەتەوە کە بۆ ئەو هەموو بایەخە بە ژیانی بەساڵاچووان دەدرێت لەسەر حسێبی ژیانی لاوان و مناڵان! لێرەوە پرسیارە ڕەوشتیەكە بۆ ئەم بیریارە مەرگ نییە، مەرگ بێ كۆرۆناش بەهۆی نەخۆشی ترەوە بوونی هەر هەبووە. كەوابێت ترس لە مەرگ كەرەنتینی دروستكرد. بۆ ئەوەی كەرەنتین پیادەبكرێت سیاسەت بڕیاربەدەستبوو. سیاسەتیش كەوتەدەست پزیشكەكانەوە. پزیشكەكانیش بەناوی تەندروستی گشتیەوە سیاسەتیان لەسەر شاشەی تەلەفزیۆنەكان پیادەكرد.
ئەوەی كە ئەم تەنگژەیە كۆمەڵگەی فەرەنسی بەرەو پتر مرۆی و هاریكارئامێزتر دەبات یان نابات بۆ كۆنت–سپۆنڤیل ئەمە پرسیارێكی گرنگی ئەم قۆناغەیە. شتێكی سروشتییە کە دواترمان وەك پێشتر نەبێت. بەس كەس ناتوانێت فەرەنسای 2021 بۆ 2019 بگەڕێنێتەوە. ئەوەی هەر لە ئێستاوە پێویستە بۆ هەمووان ڕوون بێت ئەوەیە كە فەرەنسای 2021 لە زۆر ڕوەوە جیاوازە. بەڵێ فەرەنسا دەگۆڕێت بەس نەك سەرلەبەر. بە وتنی ئەم فەیلەسوفە جگەلەوەی پێویستمان بە ئامرازەكانی ئەو گۆڕینە هەیە هاوکات ئەوەشمان پێویستە كە هەموو دەبێت كۆشش بۆهێنانەدی ئەو گۆڕینە بكەین. ئەوانەی پێیانووایە هیچ شتێك ناگۆڕێت هەڵەن. ئەوانەش هەر هەڵەن كە پێیانوایە هەموو شتێك دەگۆڕێت. گرنگە ئێمەی فەرەنسییەكان نەكەوینە ناو جۆرێك لە بەشیراككردن chiraquisationی ژیانی سیاسییەوە (ژاك شیراك مەبەستە). ئەمە بەو واتایە دێت كە سیاسییەكانی فەرەنسا خۆیان لە هەموو جۆرە ڕێفۆرمێك، هەموو شتێك لەپێناوی چاككردنی تەندروستی یان پاراستنی فەرەنسییەكان، دەدزنەوە: پلانی شیراك دژ بە شێرپەنجە، پلانی سەلامەتی ڕێگاوبان، پلان دژ بە نەخۆشی ئەلزاهایمەر، پلان دژ بە پەتا. كوان ئەم پلانانە؟
ئەم بیرمەندە ڕەخنەیەكی زۆر لە ڕۆژنامەوانە فەرەنسییەكان دەگرێت كە خۆیان بەپسپۆڕدەزانن لە هەموو بوارێک و ئامۆژگاری سیاسییە فەرەنسییەكان(سەرۆك كۆمار یان سەرۆك وەزیران) دەكەن و، كەچی سەر لە هیچیش دەرناكەن. هەر لەم هەل و مەرجانە ئەم فەیلەسوفە پێیباشە سیاسییەكان خاوەنی بڕیاری سیاسی خۆیان بن و ئامۆژگاری زانایان و پسپۆڕان نابینایانە وەرنەگرن. لە ئێستادا پسپۆڕەكان ، لە فەرەنسا، ڕۆڵی كەسی پیرۆز دەبینن. ئەمەش شتێكی شەرمهێنەرە!

  • لەسەر ئاستی ئازادی

ئازادی یەكێكە لەو چەمكانەی لە فەلسەفەی كۆنت–سپۆنڤیل دا گرنگیەگی زۆری پێدەدرێت. ئازادی واتە نەبوونی هیچ تەگەرەیەك لەبەردەم ڕەفتاری مرۆڤ، كردنی ئەوەی كە دەیەوێت بیكات. زۆربەی فەیلەسوفە گەورەكانیش(لۆك، هۆبز، رۆسۆ) جەختیان لەوە كردووە كە ئازادی بە ئازادی ڕەفتاری تاكەوە پەیوەستە. كێشەكە لەوەدایە كە ئازادی ڕەها بوونی نییە و خودی ئازادیش بێ تەگەرە نابێت. ئازادی ڕەها ڕەنگە بوونی نەبێت، هیچ نەبێت لەبەرئەوەی دەوڵەت بوونی هەیە. دەوڵەت گەورەترین تەگەرەیە لەبەردەم ئازادی دا. لە گفتوگۆی قووڵی فەلسەفی بیریاران سەبارەت بە واتای ئازادی دەبینین ئەم واتایە بڕێك ئاقارێکی تەمومژاوی وەردەگرێت بەتایبەت كە واتاكە دەلكێت بە خود، ویستی خود، جەوهەری ویستی ئازاد و… تادەگاتە كردەی هزر. بگرە دەلکێت بەوانەش كە پێیدەڵێن هزری مرۆڤ و ویستی ئەم مرۆڤە، عەقڵ و كردەی ئازادی مرۆڤ. لەبەرئەوە كۆنت-سپۆنڤیل لەسەر بناغەی بۆچوونە فەلسەفییەكانی (سپینوزا، ماركس، هێگڵ) ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە ئازادی هزر ئازادی عەقڵە و پەیوەندی بە ئازادی بژاردەوە نییە، بەڵكو پەیوەندی بە ئازادی پێویستییەوە هەیە. واتە ئازادی دەكەوێتە ژێرسایەی پێویستیەكانی تاكەوە. هەموو ئەمانەش لە سێ ئاقاردا كورتدەكاتەوە: ئازادی كردار، عەفەویەتی ویست، ئازادی پێویست بۆ عەقڵ. گەر ئازادی ڕەها نەشهاتە دی خۆ گرنگە مرۆڤ ئەوەندە ئازاد بێت كە بتوانێت بژیت. ئەمە وادەكات كۆنت-سپۆنڤیل باوەڕی بەوە بێت كە ئێمە بە ئازادی لەدایك نابین، دواتر ئەو ئازادییە بەدەستدە‌ێنین. ئازادیش نە ڕەهایە و نەش بێسنوورە. لەبەرئەوە ئازادی هەر لوغز نییە ئامانجیشە. بۆ كۆنت-سپۆنڤیل گرنگترین شتێك سەبارەت بە ئازادی شایانی قسەبێت ئەوەمەیە: چۆن فێربین ئازاد بین. ئەم جۆرە ئازادیە بە ناوی دووەمی دانایی دەزانێت. واتە ئەوە داناییە كە مرۆڤ فێری ئەوە دەكات چۆن ئازاد بێت.
بەپێی كۆنت–سپۆنڤیل ئەوەی لە ساتەوەختی كۆڤید-19 بە كردەی ئازادییەوە تایبەتە ئەوەیە كە، بایەخدانی خەڵك لە فەرەنسا بە تەندروستی پتر لە ئازادی هەڵە بوو. ئەم هەڵەیە شیاوە وردە وردە بەرەو وڵاتانی تریش بچێت. لە فەرەنسا وشەی ئازادی (libéral) بەرەو جۆرە تەوهینێك دەچێت. ئەم بیریارە ناچارانە بەم جۆرە دێتەگۆ: ئێستا نازانم لێرە بمێنمەوە یان بچمە سویسرا؟ لە لێدوانێكیش لەگەل ڕۆژنامەیەكی بەلژیكی سەرسامانە قسەدەكات: “لێمانگەڕێن با بمرین”. بەمە هێما بۆ ئەوە دەكات كە تەندروستی ناكرێت سەرووی ئازادی بێت، یان شوێنگرەوەی هەموو شتێك بێت. نابێت تەندروستی شوێنی سیاسەت بگرێتەوە، حەیف لە ساتەوەختی پەتاکە گرتیەوە و ئەوەش ئازادی سنورداركرد.

  • لەسەر ئاستی كەرەنتین = گۆشەگیریی
    یان كوشتنی ئازادی تاك

كۆنت–سپۆنڤیل لە لێدوانێك لەگەڵ Le Télégramme باس لە شەكەتی خۆی و پارتنێرەكەی دەكات كە چۆن ماوەی كەرەنتینیان لە پاریس بردۆتەسەر. پێیوایە بۆ تەمەنی “ئەو” (68 ساڵە) كەرەنتین بۆ ماوەیەكی زۆر كاردانەوەی نێگەتیڤی دەبێت و پێویستیش ناكات. دەبایە ماكرۆن ،ئەو وتەنی، بیری لەم لایەنە بكردایەتەوە. پێشیوایە ترسناكترین شتێك ئەوە بوو كە هاوتەمەنەكانی ئەم كەرەنتینە درێژخایەنەیان بەخۆیانەوە نەبینیووە. ئاسایی بوو ماوەیەكی کورت ئەمە ڕووبدات نەك ماوەیەكی ئاوا زۆر (لە 11/03 تا 11/05). ئەم فەیلەسوفە خۆی بە سەرمەستی كەرەنتین نازانێت و دەستپێكردنەكەشی هەر لە سەرەتاوە پێناخۆشبووە. دانبەوەشدا دەهێنێت: ئەم جۆرە شتانە كە دەستپێدەكات لە هەژارترینەوە دەگرێتەوە و بژاردەی كەرەنتینش ستراتیژێك بوو لەبەردەم حكومەت. لە فەرەنسا كەرەنتین تووندكرابووەوە. لە ئەڵمانیا شتێك كەمتر دەردەكەوت. لە سوید لابرا بوو ،بەڵام بە ڕێنمایەكانەوە جوڵە هەبوو. كەرەنتینەكە بۆ كۆنت–سپۆنڤیل بریتی بوو لە زەوتكردنی ئازادی و ترسناكترین شتیش بوو كە نەوەی ئەم فەیلەسوفە بەخۆیەوە بینوبێتی. بەپێی تەماشاكردنی فەلسەفی كۆنت–سپۆنڤیل سەیرەكە لەوەدا بوو، ئەو ماوە زۆرەی كەرەنتین زۆرتر پزیشەكان لە شاشەكانەوە دەردەكەوتن تا ئابووریناسان و كۆمەڵناسان. ڕاشکاوانەش دەڵێت: “واملێهات لەماوەی كەرنتینەكە حەزبكەم تووشی كۆڤید-19 ببم و تەنانەت پێشیبمرم بەس ئەوەنە لە كەرەنتین نەمێنمەوە. حەزم لە ژیانە بەس زۆرتر حەزم لە ئازادیە. ناترسم لە نەخۆشی زۆرتر لە كۆیلایەتی دەترسم”.
كێ بەرامبەر بەم هەموو هەفتانەمان لە كەرەنتینبوون بەرپرسیارە؟ بێگومان هەموومان! ماكرۆن زوو وتی: دەوڵەت تێچوونەكان دەدات. مەگەر دەوڵەت ئێمە نیین! ماكرۆن لەكاتی بڵاوبونەوەی پەتاكە ئەوەشی وت كە پارەی ئەفسونایمان نییە. 100 ملیار یۆرۆ پێویستن بۆ تەمویلكردنی كارەكان. پێیوایە پێویستە ئەو ڕاستیە بزانین كە ئەم پارە زۆرە دواتر لەسەر لاوان و نەوەی ئایندەمان دەكەوێت. ئەم لایەنە بۆ ئەم بیریارە بێزاركەرە، ئەوەش هەر بێزارکەرە كە تەندروستی تەنیا بووە بەخەمی بەتەمەنەكان. ئەی ئەو زیانەی لەم هەلو و مەرجە لە لاوان دەكەوێت؟ كەس بیر لەم لایەنە ناكاتەوە. ئەو بڕە پارەیە هەر هەمووشی بەر نەخۆشخانەكان ناكەوێت. ئەم بیریارە فەرەنسییە كەرتی تەندروستی لە وڵاتی فەرەنسا بەو خراپە لەقەڵەمنادات لەچاو وڵاتانی تر. كێ ناڵێت كەرتە خراپەكە قوتابخانەكانن! ئایا مناڵانمان لە فەرەنسا باش دەنووسن و دەخوێننەوە؟ تا ئیملایان پێنەكەین نازانین چەند بێتوانان. تۆبڵێیت نەخۆشخانەكان لە فەرەنسا كەمتر بایەخیپێدرابێت لەچاو زانكۆكان، یان لەچاو: پۆلیسخانەكان، دادگاكان یان زیندانەكان؟ ئەمانە هەموو پرسیارن لەسەر دۆزی دامەزراوە گرنگەكان لە فەرەنسا. كەچی بایەخپێدانەكە تەنیا بە تەندروستی بوو. سەیرە!
كەرەنتین هەڕەشەیە لەسەر ئازادیەكان یان دیوێكە لە دیوەكانی مرۆڤایەتی؟ لای كۆنت–سپۆنڤیل ترسی منێكی 70 ساڵ لە تەندروستی خۆم نییە ترسە لە ئایندەی مناڵەكانم. كەرەنتین دوو دەرئەنجامی ترسناكی لێوەبەرهات: تەنگژەیەكی ئابووری مەترسیدار (بەبۆچوونی ئابووریناسان لە تەنگژەی 1929 ترسناكترە) و كەمكردنەوەیەكی زۆر لە ئاشتی، دێمۆكراسی و ئازادیەكانمان. ئەم بیرمەندە ترسی ئەوەشی هەیە كەرەنتین (گۆشەگیریەكەی كەرەنتین) خەڵكێكی زۆر بكوژێت لەچاو كۆڤید-19 بەتایبەت لە وڵاتە هەژارەكانا. كۆنت-سپۆنڤیل پێیباش نییە كەرەنتین بۆ ئەوانەی لە تەمەنی 70 كانن درێژەبكرێتەوە. ئەوان پتر لەوانیتر ترسناكتر نیین. بۆیە بەتوڕەبوونەوە دەڵێت: گەر گۆشەگیركردنم لەپێناوی خۆم بێت سوپاس نامەوێت. ئەم قسانەی كۆنت–سپۆنڤیل ئەوە دەگەیێنن كە بابەتی كەرەنتین تەنیا بابەتێكی تەندروستی نییە، بابەتە لەمەڕ ئازادیش. هەر تایبەت بەم لایەنە ئەوەش دەڵێت: “پزیشكەكانم خۆشدەوێت، بەڵام خۆمناخەمە ژێرزەبریانەوە. تێناگەم تاكەی پیرەكان لەناو چوار دیوار دادەنرێن. ئەم كەرەنتینەیە كەی كۆتای دێت؟ خستنەناو چواردیوارەوە بۆ سەرسەلامەتیمانە؟ پێویستە لەناو ماڵی خۆما بەندكرێم؟ پتر لە كۆیلایەتی دەترسم تا مەرگ. لەماوەی ڕابردوودا هەستم بە خەمباری دەكرد كە بۆ سویدی نەبووم. هیچ نەبێت لەبەرئەوەی ئازاد تر دەبووم لە جوڵانەوەكانم”.
بەبۆچوونی كۆنت-سپۆنڤیل زۆرجار و لەكاتی تەنگژەكانا ئازادییەكانی تاك دەكەونە ژێرفشارەوە. ئارگیومێنتی ئاسایش لە دەمووەختی پەلاماردانە تێرۆریستیەكان بووە پێشنیار، ئێستاش ئارگیومێنتی تەندروستی پێشنیاردەكرێت. سەختە هەر لەسەرەتاوە ڕێكاریەك بخرێتەگەڕ كە ژیانی زۆرینەیەك بپارێزێت. هاوكات دەشێت پرسیارێك بخەینەڕوو. زۆرێك گومان لەم كەرەنتینەیە دەكەن. هەندێكیتر پێیانوایە چەند مانگێك دەخایەنێت. دەكرێت ڕێكاریەكان توندتر بكرێنەوە، بەڵام ئایا دەشێت ئارگیومێنتی تەندروستی زەفەر بە ئازادیەكانی تاك ببات؟ بێگومان ناشێت.
كۆنت-سپۆنڤیل جەخت لەوە دەكات كە كەرەنتین پێش هەموو شتێك پارێزگاری لە بەتەمەنەكان دەكات و كاردانەوەی ئابووری خراپیش لەسەر لاوان دادەنێت. بۆیە پێماندەڵێت: وەك باوكێك بەمە قایلنییم! بەڵام مرۆڤایەتی بینینی بەجۆرێكی ترە. پێیوایە ئێمەی مرۆڤ هەموو یەكسانین لە مافەكانمان. لەبەرئەوە دەڵێت: ئەمە بۆ من بەو شێوەیە نییە. مرۆڤەكان لای كۆنت-سپۆنڤیل هەمان بەها و گەوهەریان نییە. هەموو ژیانەكان وەك یەك نیین. ژیانی فەیلەسوفێكی قارەمانی وەك كاڤایێس Cavaillès لە ژیانی قێزەوەنێكی وەك كلاوس باربی Klaus Barbie جیاوازە. تەنانەت هەموو مردنەكانیش وەك یەك نین. مردن لە تەمەنی 20 ساڵ یان 30 زۆر جیایە لە مردن لە تەمەنی 68 (كە تەمەنی فەیلەسوفە) یان 90 .
كۆنت-سپۆنڤیل لە لێدوانێك لەگەڵ Le Temps دەڵێت: بۆ ماوەیەكی كورت پێویستبكات كەرەنتین قبوڵدەكەم بەس نەك ببێتە مانەوەی زۆرەملێم لە ماڵەوە. هیوامەندە سێستەمی تەندروستی نەبێتە سێستەمی ڕەوشتی وەك ئەوەی لە سەردەمی ماكارتیزم McCarthyism داکرا (تۆمەتخستنە پاڵ كەسێك بەبێ بەڵگە).

  • لەسەر ئاستی مەرگ

كۆڤید-19 بووە كۆڵەكەی سەرەكی مەرگ. بەهۆی ئەم پەتایەوە مەرگ پتر لە هەر كاتێكی تر خۆی شیاوكرد. بەرۆكی گرتین و وتی هەم. كێشەكە ئەمە نییە كە مەرگ لێرە و لەوێ دەخولێتەوە یان بۆتە باسی هەمووان بەقەد ئەوەی کێشەکە ئەوەیە كە ئەمڕۆ مەرگ وەك شكست سەیردەكرێت نەك شتێكی سروشتی. ئەم لایەنە والە بیریارێكی وەك كۆنت-سپۆنڤیل دەكات داوامانلێكات بۆ خوێندنەوەی مۆنتاین Montaigne بگەڕێینەوە: “”مرۆڤ نامرێت لەبەرئەوەی نەخۆشە لەبەرئەوەی لە ژیاندایە””. ئەم گوزارە مۆنتاینییە بەنموونە بۆ داكۆكیكردن لەو تێگەیشتنە دەهێنێتەوە كە مەرگ بەشێكی لێدانەبڕاوە لە ژیان كە زۆرینەیەك بەهۆی كۆڤید-19وە بیریانچووەتەوە. وەكیتریش، مرۆڤەكان خەریكی ژیانی خۆیانن و چیانیشبوێت دەیكەن و مردنیان بیرنییە، ئەو دەمەش كە مەرگ لە خۆیان و خزم و كەس و هاوڕێكانیان نزیكدەبێتەوە دەست بە گازندە، گریان و هاوار دەكەن. لە ساتەوەختی ئێستادا كۆڤید-19 بڕیاردەری مەرگە، ئەمەش جۆرە پەشێویەكی دروستكردوە كە بۆتە هۆکاری دروستبوونی ڵێڵی لە تێگەیشتنمان سەبارەت بە هاتنی بەمشێوەیەی مەرگ. ئەم فەیلەسوفە گومانناكات كە هەموو دەمرین، ئەڵبەتە ئەوە بە هەواڵە ناخۆشەكە لەقەڵەمدەدات. هەواڵە خۆشەكەش لای ئەم ئەوەیە كە زۆربەمان بە نەخۆشیەكی تر جیا لە كۆڤید-19دەمرین. باشە ئەم چەرمەسەریەی بەهۆی كۆڤید-19وە دووچاریبووینە پەیوەندیمان بە مەرگەوە دەگۆڕێت؟ بەپێی كۆنت-سپۆنڤیل نەخێر نایگۆڕێت، چونكە مەرگ بەشێكە لە ژیان. ڕاستە بەهۆی نەخۆشییەوە دەمرین، بەڵام خودی مەرگ نەخۆشی نییە. مردنمان شتێكی سروشتییە و ئەمەش پێویستە وەك خۆی قبووڵبكرێت. پێویستمان بە پەسەندكردنی مەرگە ئەمەش بۆئەوەی چێژ لە ژیان وەربگرین، دواتر بۆئەوەی بتوانین باشتر بژین. كە لە مەرگ تێدەگەین باشتر دەژیین. دەژیین چونكە دەزانییین مەرگە هەقیقەتە. ئەم بینینە بەرەو ئەم تێزەمان دەبات: پێویستمان بەوەیە ڕوانینمان بۆ مەرگ چاکبکەینەوە. مەرگ ڕاستی ناو ژیانە.
كۆنت-سپۆنڤیل لە لێدوانێك لەگەڵ Le Temps داوامانلێدەكات كۆتای بە وڕێنەی بەختەوەری هەمیشەیی بێنین و خودی كۆتابوون، ناكامی و ئاستەنگ وەك بەشێك لە هەل و مەرجی مرۆی خۆمان ببینین. پێشیوایە تا لەگەڵ مەرگا كۆكنەبین هەموو پەتایەك زەفەرمانپێدەبات. بۆ كۆنت-سپۆنڤیل ئێستامان جێگای تێڕامانە كە پەتایەك بۆتە هۆكاری ئەوەی هەمووان دووچاری بێزاریەكی زۆر بكات لەكاتێكا شەڕێكی وەك شەڕی سوریا، كە وێرانی و ئاوارەیی لەگەڵ خۆی هێناوە، لەبیركرێت، ئەمەو جگەلەوەی مناڵان چیان لەناو ئاگری ئەم شەڕە بەسەرهاتووە تادەگاتە بەدخۆراكی و كاولكاریتر هەموو ئەمانە هێندەی كۆڤید-19 نەبۆتە باسی سوسیال میدیای فەرەنسی. “با لێگەڕێن بمرین”، ئەو گوزارە توڕەیەیە ئەم فەیلەسوفە دژ بەو بایەخدانە زۆرە بەكاریدەبات کە بەم پەتایە دەدرێت. پەتاكە مەرگی لەخۆیڕا بەرجەستەكرد، باشە ئەی مەرگەكانی تر؟ ئەلزهایمەر و شێرپەنجە زۆر زۆرتر دەكوژێت لەچاو كۆڤید-19 كەچی باسناكرێت. ئەمە وادەكات ئەم فەیلەسوفە ئەو ترسە گەورەیە لە پەتای ناوبراو بە هەڵە بزانێت و گازندەی ئەوەش بكات مەرگ بەهۆی كۆرۆناوە دۆزێكی هێنایەپێشێ كە جێگای سیاسەت، ئازادی و خۆشەویستیش بگرێتەوە و ئەوەشمان بیربباتەوە كە هۆكارەكانی مردن زۆرن، لێ نەخۆشی بەشێكە لەو هۆکارانە.
سەرئەنجام كۆنت–سپۆنڤیل دەڵێت: جارێكیان پاتۆلۆجێك (پسپۆر لە نەخۆشیناسی) پێیوتم شەڕی نێوان مرۆڤ و میكرۆبەكان كۆتای نایەت، تەنانەت گەر كۆتایشی هات بە بەرژەوەندی میكرۆبەكان كۆتای دێت. هەرچی مرۆڤایەتیە ڕۆژێك لە ڕۆژان هەر كۆتای دێت، جا ئەو كۆتایهاتنە بەهۆی ڤایرۆسەوە بێت یان بەكتریاوە، كەوتنەخوارەوەی پارچە نیازكێك بێت یاخود شەڕی ئەتۆمی یان بەرزبوونەوەی پلەی گەرما لە گەردوون. ئەو گفتوگۆ زۆرەش لەبارەی كۆڤید-19وە دەكرێت پێمانناڵێت ئەم پەتایە كۆتای بە مرۆڤایەتی دێنێت و بەهۆی ئەوەشەوە جیهان كۆتای دێت. شەڕی نێوان مرۆڤەكان و میكرۆبەكان زۆر دەخایەنێت. شەڕێكی بەردەوامە و ئەوان تیاشیا سەركەوتوون. كاتاسترۆفە (بەڵا) تەندروستیەكان بەردەوام هەن و كۆڤید-19 یەكێكە لەوانە. ئەم پەتایە كە زیانێكی زۆر لە مرۆڤایەتی دەدات ئەم كەرەنتین و دیستانسەشی لە سنووری خۆیدا پێویستكرد. هەر لەبەرئەوەی كە شەڕەكە بەردەوامە دەبێت خۆمان بۆ پەتای لەمە كوشندەتر ئامادەبكەین. سەرەڕای ئەمانە، شەڕی نێوان مرۆڤایەتی و میكرۆبەكان تازە نییە و ئەم نەخۆشیەش كۆتای جیهان نییە. لە ڕابردوودا ئەمە زۆر خراپتر بووە. خۆشبەختانەش لەم ماوەیەدا نەمبیستوە كەس باس لەوە بكات كۆڤید-19 سزایەكی یەزدانی بێت، كەسیش نوێژی لە كڵیسە بۆ سەركەوتن بەسەر ڤایرۆسەكە نەكردووە. ئەمەش نیشانەی پێشكەوتنە! بەڵگەیە لەسەر لەئارادابوونی باوەڕی كەمتر بە نەزانین و مەیلێكی زۆرتر بۆ عەقڵگەریی.
———————————-

ژێردەر:
http://www.gerardostermann.fr/wp-content/uploads/2017/09/ComTe-SponvillePM_N34_-18-23.pdf
https://www.challenges.fr/economie/andre-comte-sponville-face-a-la-crise-du-coronavirus-gare-au-pan-medicalisme_704287
André Comte-Sponville sur le confinement: “Sacrifier les jeunes à la santé des vieux, cest une aberration”
https://centerforpoliticsanalysis.ru/position/read/id/beregites-sanitarnogo-porjadka
https://www.letelegramme.fr/france/andre-comte-sponville-il-faut-sortir-du-confinement-a-duree-indeterminee-23-04-2020-12542774.php
https://www.lecho.be/dossiers/coronavirus/andre-comte-sponville-j-aime-mieux-attraper-le-covid-19-dans-un-pays-libre-qu-y-echapper-dans-un-etat-totalitaire/10221597.html
https://www.franceinter.fr/idees/le-coup-de-gueule-du-philosophe-andre-comte-sponville-sur-l-apres-confinement
https://www.philomag.com/lactu/dialogues/andre-comte-sponvillefrancis-wolff-preferons-nous-la-sante-a-la-liberte-43148
André Comte-Sponville. : « Laissez-nous mourir comme nous voulons ! ». Le Temps, 27 avril 2020
André Comte-Sponville, Nietzsche le briseur didoles, interview dans le Figaro Magazine du 18 août 2013, p. 76.
سەبارەت بە بابەتی دانایی، ئازادیی و ڕەوشت بڕوانە
André compte sponville,Présentations de la philosophie,éd.Albin Michel S.A,2000,pp : 15-27, 69-79, 143-152




ستراتیژی ناونیشان و پاش نەتەوەگەری لە ئەدەبیاتی سەباح ڕەنجدەردا … دیار لەتیف

دەق تەوەریی:

زمان كەرەستەی گەورەی فاشیزمە، با جیاوازی بكەین لە نێوان زمانی پیس و ڕەخنە و تەنزگەرایی. جۆرە ڕەخنەگرانێك هەن، كە زمانی سووكایەتی بە ڕەخنەسازی تێگەشتوون، لەكاتێكدا نەك بەلای شیكاری دەقدا ناچن، بەڵكوو كەسایەتی نووسەر دەكەنە ئامانج. ئەمە بۆخۆی ڕەنگێكیترە لە بەرهەمهێنانەوەی فاشییەت. دیاردەی گەندەڵی وەك شارچێتی و حیزبایەتی و پێرچییەتی لە ڕووخسارە بەرچاوەكانی كایەی ئەدەبیاتی ڕەخنەی كوردییە.
ئەوەی ئەدەبیاتمان لە دەرەوە ئاوها هەژارانە پێشوازی لێدەكرێت، هۆكەی لە خاڵێك زیاترە، بەڵام زەقترین خاڵی دەگەڕێتەوە بۆ لاوازی و كەمایەتی و نەداریی بواری ڕەخنەیی. ڕەخنە بۆ دۆزینەوە و ئاشكراكردنی هێما نادیارەكان و شیتاڵكردنە، نەك گورز وەشاندن لە كەسایەتی و كەسایەتی بە ئامانج گرتن. هاوكات ڕوونكاری هەقیقەتە ئاڵۆزەكانە و گەیەنەری پەیامێكی دژوارە. پەردە هەڵماڵینە لەسەر سەختی ئاماژە پەنهانەكانی ناو دەق، ڕەوینەوەی تەمی سەر دەقە، هەڵوەشاندنەوەی پانتاییە نادیار و ناڕۆشنەكانە. گرنگی ڕەخنە لەوەدایە بێلایەنی خۆی بپارێزێت و نەچێتە هیچ بەرەیەكەوە.
هەرە گرنگترین بنەمایەك لە بنەماكانی ڕەخنە، خۆ دوورگرتنێتی لە سۆز. هەموو دەقێك بۆ ئەوەی گەشە بكات، پێویستی بە ڕەخنەیە، بەو ڕووناكییەیە، كە تاریكی دەق دەڕەوێنێتەوە. سەباح ڕەنجدەر ئەو شاعیرەیە، كە خاوەن مۆركی خۆبوونی خۆیەتی، بە فەرامۆشكردن و پەراوێزخستنی ئەزموون و ئەدەبیاتی، كایەی ڕەخنە ڕووبەڕووی كەموكورتی زانستی دەبێتەوە. ڕەنجدەر وێستگەیەكی ڕۆشنە لەناو ئەدەبی كوردیدا. لای ئەم هۆزانڤانە، شیعر پەڕینەوەیە بۆ ناوخۆ، خوودایەتی، بۆ خانەی بێگەردی. هەندێجار هێندە دەستگرتووە، تەنانەت بازدەداتە ناو پەڕناسییەتەوە و ئەم خۆتەرخانكردنە بەرەو هەنگاونان بۆ جوانی پەتی دەبات. ڕەنجدەر شاعیری ڕێزگرتووە لە وشە و لە زمان و لە جوانی لە هونەركاریی شیعریی.

ڕاڤەخوازیی شیعر:
ئایا ئەگەر دەسەڵاتی زمان لە شیعر دابڕین، ئەوكات هێزی ئەفراندن لەناو پێگەی دەق چی بەسەردا دێت؟
زمان كەرەستەییەكی شیعرییە، بەهۆی زمانەوە دەتوانین دەق بەرەو ئاستەكانی (خراپ، باش، باڵا) ببەین. زمان لە شیعردا جگە لەوەی هۆكارە، ئامانجیشە. شاعیر هەوڵدەدات توانا و لێهاتوویی خۆی لە جوانكاری وشەكان و یاریكردن بە وشەكان و بەكارهێنانی زمانێكی تایبەت بە خۆی، هەروەها پڕ وشە و خەیاڵی فراوان و هێما و وێنەی شیعریی و ئیدیۆم نیشان بدات، كە دەبێتە ئامانجی شاعیر. بەهۆی كارامەیی و شارەزابوون بەزمانی ڕەسەنی نەتەوە و ئاگاداربوون لە ئیدیۆم و فۆلكلۆر و هەبوونی ئەندێشەیەكی بەرینی شیعریی و پاشخانێكی ئەدەبی و فیكری، دەتوانین زمان لە ئاستی بەراییەوە بۆ ئاستێكی بەرزی شیعریی ببەین. دەبێت بەئاگابین لەوەی هەندێك چەمك و وشە و زاراوەی ناو یەكەكانی زمان، ناتوانن ببنە كەرەستەی شیعریی، ئەمەش بەوپێیە نییە، كە فەرهەنگێكی سنووردار بۆ شیعر دروست بكەین.

وێنە بڕبڕەی پشتی شیعرە، واتە بۆ ئەوەی ڕێكردن و سەركەوتنێكی تەندرووستانە لە شیعردا هەنگاو بنێین، دەبێت بایەخێكی فرە بەوێنەی شیعریی بدەین. لەبەر گرنگی وێنە جاحز لە كتێبی (الحیوان)دا دەربارەی ئەم ڕەگەزە دەنووسێت: (شیعر داڕشتنێكی تایبەتییە و جۆرێكە لە وێنەكێشان.) بەهۆی گەڕان و بینینی شوێن و ئاخێزگەی جیاواز و كولتوور و شارستانی جودا و فیلم و تابلۆوە ئەمە بە دیدێت. شیعر داگیرساندنەوەی ڕۆشنایی پرسیار و جوانییە، بە گەڕان و وردبوونەوە، خەیاڵاندن، خوێندنەوە، لایەنە ژیربێژی و ڕەوانبێژییەكان گەشە دەكات. شیعر كاركردنێكی ڕاستەقینەیە لەناو بوون، گەمە و ژیانكردنە لەگەڵ زمان. ئەگەر بێت و شیعر بناسێنین، ئەوە دەكرێت بنووسین: زیندووكردنەوەی بەهای مرۆڤانەیە.
شیعر ناتوانێت هەموو بابەتێك باس بكات، چونكە زمانی شیعر مەجازە، مەجازیش وادەكات شیعر نەتوانێت بە ئازادانە قسەی خۆی بۆ هەموو شتێك هەبێت. مەبەستم نییە موڵكی مەجاز لە شیعر وەربگرمەوە، ئەگەر كارێكی وامانكرد ئەوا كۆڵكەیەكی بڕبڕەییمان لە شیعر هێناوەتە خوارەوە. بەڵكوو دەمەوێت ڕایببگەیەنم، كە مەجاز نەبرێتە سەرەوەی هونەرەكانی تری شیعر و هاوسەنگییەك لە نێوانیاندا چێبكرێت.
شیعر بە بەراورد بە ڕۆمان و چیرۆك، مەودایەكی ئازادانە و بەرینتری بۆ وتن پێ نییە.
هەرچۆن بێت شیعر ناتوانێت پەنا بباتە بەر گێڕانەوەیەكی پەخشانیی نا شیعرییەت، ئەمە بۆ چیرۆك و ڕۆمان دەست دەدات، بەڵام بۆ شیعر ناشێت و هاوكێشەكە لە شیعردا پێچەوانە دەبێتەوە. ئەمەش هۆكارەكەی لەوەدایە شیعر زادەی كورت و چڕییە، چ لەڕووی وشە و چ لە ڕووی ڕستە و چ لە درێژەی داڕشتندا. دەقی شیعریی هەر چەندە هزر بەرهەمهێنەر بێت، هێشتا ناتوانێت پێبخاتە سنووری پەتییبوونەوە. شیعرییەتی ڕستە وادەكات شیعر بهزرێت، پاش شیعرییەتی ڕستە ئەوەی دێت فۆرمە، كەوا دەكات دەقی شیعریی هەناسە بدات، لەگەڵ ئەوەشدا هەموو فۆرمێك ڕیتمێكی تێدایە، ئەوەش وشە دەیئافرێنێت.

شیعر پێش هەر شتێك لە بنەڕەتدا دەستبردنە بۆ حەرامەكان و گۆڕین و سڕینەوەی بنەمای حەرامكراو و حەڵاڵكراوە. شكاندنی سنووری پیرۆزییەكان و پیرۆزكراوەكانە، شۆڕشە بەسەر خود و كۆمەڵگەدا، گەڕانە بەدووی پرسیار و بەبێ بایەخدان بە وەڵامە ئامادەكان، سەرچڵییە بەناو زمان و زەماندا، هێڵنجدانە بەرامبەر بە شتەكان و مەلەكردنە بە ئاڕاستەی شوناسدا. شیعر نەپێشكەوتنە و نە دواكەوتووی، لەهەمانكاتدا هیچیان نییە.
شیعری باش ئەو دەقەیە، كە لە بەردەم خۆیدا ڕاماندەگرێت، دڵەكرمێمان دەكات و تووشی گێژاوی تێهزرین و ڕاوەستانمان لەژێر دووشی چێژدا دەكات. هەموو شیعرێك چنراوێكی زمانەوانییە و خزمەت بە ڕستەسازی زمان دەگەیەنێت. بەرانبەركێی شیعری تازە ئەوەیە لە خودی خۆیەوە دەست پێدەكات، نەك دەوروبەر. هەر دەقێك خاوەنی بیركردنەوە و ڕێڕەوی شێوازی خۆی نەبوو، ئەوە دەقێكی نەخۆشە. شیعر پێش هەر شتێك نیگارێكی هونەریی دەنگدارە و دەستلەملانی ڕەنگە، وەكچۆن وشەش. شیعر لەیەككاتدا هەم مانابەخشینە بە ژیان و هەمیش بێماناكردنی ژیانی باوە. شیعر چی شیعری كۆن یان تازە، خاوەنی دووجۆر فۆرمە، فۆرمی ناوەكی و فۆرمی دەرەكی.
فۆرمی ناوەكی لەو جۆرەیە، تاوەكوو لێنزی نەخرێتەسەر بە ئاسانی نابینرێت، ئەمجۆرە فۆرمە لە قوڵایی بونیادی دەقەكەدایە. كەرەستەی دروستبوونی ئەم فۆرمە، لە لادانی زمانەوانی و یاریكردن بە وشە و وازیكردن بە ڕستە لەناو پێكهاتەی ڕستەسازی شیعریدا و هەروەها هاوئاهەنگی ناو دێڕەكان و شیعرییەت و وێنە و چنین، لە خاسییەتەكانی چێبوونی فۆرمی ناوەكین. فۆرمی ناوەكی شاخوێنبەری دەماری دڵی دەقە، هەم دەق و هەمیش فۆرمی دەرەكی لە بەخشندەیی فۆرمی ناوەكییەوە سەرهەڵدەدەن. ئەمجۆرە لە فۆرم ڕۆحی دەقە و ڕۆڵی لە بوژاندنەوەی زمانی شیعریشدا هەیە.

ئەوەی وادەكات شێوازێك لە شێوازێكی تر دڵخوازترمان بێت، دواجار سیستمی داڕشتنەوەی زمانە لە دەقدا، هەر ئەوەیە شێوازێك دڵگیر دەكات و شێوازێكی تر نەخوازراو. فۆرمی ناوخۆیی دەقی شیعریی، خەسڵەتێكی ناباوی زمانە لە ئاماژە ڕەوانبێژیی و زمانەوانییەكانەوە وزە وەردەگرێت و زمان لەقاڵبی باوی ڕۆژانە لادەدات و فۆرمێكی تر و قۆناغێكی تر لە زمان دەستپێدەكات، كە بە زمانی دەق ناوزەند دەكرێت.
پاراستنی پێكهاتەی شیعر لە بارووتی وشەی زیادە بەكارهاتوو و ڕستەی ناپێویست و ئامڕازە ڕێزمانییەكان دەق پاراوتر دەكات، ئەو ئامڕازانەی ئەگەر خواستی دەقیان تێدانەبێت، ئەوا جگە لە قەیران و پەڵە و كەمكردنەوەی بەهای جوانی و ڕێكی و پۆشتەیی دەق، هیچیتر بەرهەم ناهێنێت. ئەوەی ڕێگە نوێنە بۆ ئەوەی شێوازی شاعیرێك لە شاعیرێكی دیكە جودا بكەینەوە، هەر فۆرمی ناوەكییە. گرانی و سركی فۆرمی دەق، دەگەڕێتەوە بۆچۆنییەتی بەكارهێنانی ئامڕازە شیعرییەكان، هەمیشە ئەو فۆرمانە دڵخوازن لە ناوەندان و زمان و وێنەو چێژ ئەبستراكت ناكەن.

ڕوونی زمانی شیعر هیچكات نیشانەی لاوازبوون ناگەیەنێت، ڕوونی زمانی دەق ئەوەیە گرێ و ئاڵۆزكاندنی تێدانەبێت، هەرئەمەیە دەق جوان دەكات و بێزاركەر نەبێت.
بەشێك لە قەیرانی شیعری كوردی لەدوای هەفتاكانەوە، بۆ خۆ دووبارەكردنەوەی ناوەڕۆكی زمان دەگەڕێتەوە. زمانی شیعریی قۆناغی پێش هاتنی شاعیرانی هەفتاكان، لە دەربڕیندا زمانێكی كۆنكرێتی بووە. نەوەی دەیەی حەفتاكانیش بەهەمان شێوە زمانێكی هونەری تا ئاستێك ڕوونیان بەكارهێناوە. وردتر بڕوانین شیعری كوردی لە قۆناغی دەیەی هەشتاكان –نەوەدەكان، بە دیاریكراوی نەوەدەكان، تا مەودایەكی بەرچاو توشی زمانێكی ئەبستراكت و شەتەحاتیانە لە دەربڕیندا دەبێتەوە، زمانی شیعریی بازنەیەكی خولاوەی هەندێكجار بێزاركەر وێنەدەكات. شیعری قۆناغی دەیەی هەشتاكان و دوای ڕاپەڕین، فۆرمی زمان تازە دەكەنەوە، ئەوەی مافی خۆی پێنادرێت ناوەڕۆكی زمانە، كەمتازۆر بەشێكی دیاری شیعری ئەو نەوه‌يه‌ وەكو دیاردەیەك لەڕووی ناوەڕۆكی زمانەوە لێكدەچن. جیاوازی زۆر لەنێوان فۆرمی زمان و ناوەڕۆكی زماندا هەیە، ناوەڕۆكی زمان لە كەرەستەی بەكارهاتووی بەرەو باوچوون و هەناسەی میتافیزیكانە و باسكردن و دەستبردن بۆ بابەتە واتایی و ناواتاییە بەرهەستەكان و وێنەسازی دەرەهەست پێكدێت.
گرفتی بەشێك لەشیعری كوردی بۆ دوولایەن دەگەڕێتەوە، هەم لەگەڵ كەرەستە بە شیعریكراوەكان ناژی و هەمیش زمان لەدەقدا یان لێڵە و مەیلی بولێڵی هەیە، یان پوخت و خاو نەكراوەتەوە.

لە نێوان چەمكی شیعری نەتەوەیی و نێونەتەوەییدا:

شیعری كوردی كەمتەرخەم نەبووە لە خزمەت بە بەها نەتەوەیەكەی. ڕۆژگارێكی زۆر، لەڕیزی پێشەوەی بەرگری بووە، تەنانەت ئەمجۆرە لە بەرگری، زیانی خۆی بۆ سەر شیعرییەت و بەها مرۆیەكە هەبووە، بەڵام دۆخەكە ئەوەی ویستووە. شكستە سیاسی و سەربازییەكان پاڵنەری شیعر بوونە بۆ دانانی سەنگەر و بەرگری نەتەوەیانە. دوو دەیە بە دیاریكراوی (شەستەكان و هەفتاكان)ی سەدەی بیستی ئەدەبی كوردی، كارگەی بەرهەمهێنانەوەی قۆناغی شیعری ناسیۆنالیستی بوون. زمانی ئەدەبیات لەو دوو دەیەیە، قەڵغانی ڕووبەڕووبوونەوە بووە. شاعیر لە شاخەوە وەك پێشمەرگەیەكی ئەدیب، پاسەوانی وشە سوورەكانی بەرگری بوونە. پاشان دەیەی هەشتاكان دەبێتە سەرەتایەكی تازە بۆ گۆڕانكاری شێوە و ناوەڕۆكی شیعر و ئەدەیباتی كوردی. چیدی ئەدیب كۆتەكان ڕەچاو ناكات و پابەندێتی دەشكێنێت و ئاسۆی وێژەی پابەندگەرا ڕوو لە كزی دەكات. شیعر بۆ هاوكێشەی خوودی و بوونخوازی دەگەڕێتەوە، لەبری بەرگری، بەرەو جوانكاری و زمان و هونەركاری هەنگاو دەنێت. بە قوربانیكردنی ئەم ژانرەی ناوی شیعرە لە پێناو بەها ناسیۆنالیستەكە نامێنێت. هەشتاكان بەتەواوی دەبێتە وەچەرخان، هاوكات ئاڵەنگاری سەپاندنی قۆناغەكەش. ئەمە بێ‌ گرفت ناچێتە سەر، تووشی توانجی بێشومار دەبنەوە لە لایەن ناسیۆنالیست و ئەدیبانی كۆنەخوازەوە. بوژانەوەی قۆناغی ئەدەبی هەشتاكان، خەتكوژێنەرەوەی دوو دەیەی پێشووی خۆی بوو. شیعری ناسیۆنالیست بەرگریكردنە لە شوناس، لەگەڵ ئەوەشدا گرنگە پێڕەوی ڕەهەندەكانی جوانیناسی تێدا بكرێت.

لە دەیەی هەشتاكان گرووپی پێشڕەو دێتە سەرهەڵدان، لە دیارترینی شاعیرەكانی (سەباح ڕەنجدەر)ە. ڕەنجدەر جوایەز لە دەیەی پێش خۆی، قاچی شیعری كوردی لە نەتەوەییبوونەوە بەرەو نێونەتەوەیی وەردەسوڕێنێت. كەشوهەوای ئەدەبیاتی ئەو هاوچوون نابێت و نییە لەگەڵ هاوسەردەمەكەی. دەستكاریی ڕووخسار و ناوەڕۆكی شیعر دەكات، چەشەیەكی دیكە لە شیعر بەرهەم دەهێنێت. بەڕێگای شاعیرانی پێشوودا ناچێت، دەبێتە خاوەن دەنگ و ڕەنگ و مۆركی خۆبوون تۆماردەكات. زمان پاكێتی و نا بارگاویبوونی خۆی لە ئایدۆلۆژیا ڕادەگەیەنێت، پەنا دەباتە بەر بێگەردێتی و پاقژی لەپێناو شیعر ویستی. شیعری ڕەنجدەر جەماوەریی نییە، بە هۆكاری ئەوەی لە سادەیی و سادەگۆیی و هەرزە بیریدا ناژی، بەڵكو ڕایەڵە بەقووڵ ڕوانین و دوور مەودا نووسین و گرنگیدان بە ئەدەبێتی شیعر.
یەكێك لە گرفتەكان لە شیعری ڕەنجدەردا ئەوەیە، بێ‌ پێڕەوی خاڵبەندییە و هەندێكجار پۆلێن و بوونیادی ڕێكخستنی دێڕ و كۆپڵە لەبۆتەی خۆیدا نییە، كە ئەمە دەبێتە تێكدانی ڕەوڕەوەی خوێندنەوەی خوێنەر و بە جۆرێك لە جۆرەكان، ئەركی بەستنەوە و جۆشكاری و گرێدانەوەی نێوان دێڕەكان زەحمەتییەك درووست دەكات.
شیعری ڕەنجدەر نەك بە تەنیا خاوەن زمان، بەڵكو تێگەشتنێكی ئەبستراكتانەیە، پێرفۆرمانس نییە و درامی و ئیپیكییە. شیعری شاعیر لە نزمییەوە بۆ بەرزی دەفڕێت، نەك لە بڵندییەوە بۆ زەوین، هەرچەندە گرنگە شیعر پێی لە قوڕ و لیتەی زەوی دانەبڕێت و پەیام ئاڵۆز نەبێت. بوونیادی شیعری ڕەنجدەر لەژێر هەژموونی فیكر و ڕیتم و جوانكاری و عیرفانێكی دەرە ئاینیدایە، مكوڕە لەسەر گەڕانەوەی شكۆ بۆ شیعر و كاریگەرە بەخەونی خوڵقاندن لە شیعردا.

ڕەگەزی ناونیشان:

ناونیشان و دەق دوانەیەكی لێكدانەبڕاون، هەردوولا یەكتر تەواودەكەن. دەق بە بێ ناونیشان تەواوكۆ نابێت، هەروەها چەپەوانەكەشی. ناونیشان پوختكردنەوەی دەقە بۆ وشە یان گرێ‌ یان ڕستەیەك، كەواتە ناونیشان دەقێكیترە و لكاو بە ناولێنراوەوە.
ناونیشان لە پایە گرنگەكانی ژیانە، بازاڕ و دامودەزگاكان سوودمەندی سەرەكین لە تابلۆ ناونیشانییەكان. ئەو تابلۆ ناونیشانانە، ڕۆڵی ناساندن دەگێڕن و تەنانەت ناونیشانە ئاماژەییەكانی بواری هاتوچۆش. تابلۆ ئاماژەیەكانی هاتوچۆ زمانی نیشانە و ناساندن و بەرچاو ڕۆشنییە. ئەمە دەبێتە كارئاسانی بۆ لێخوڕەر و گەشتیاران، بۆ ڕاپەڕاندنی كارەكانیان. بیربكەوە لەوەی ناونیشانەكان نەبن، شار دەكەوێتە چی تەنگەژە و دژوارییەكەوە. چاوی شارەكان، تابلۆ ناونیشانەكانن بە هەموو جۆرەكانییەوە.
ناونیشان ڕەگەز و پاژێكی پێویستی ئەدەبی و زانستییە، وەك جومگەیەك لەگەڵ دەق جمك دەبێتەوە. خەسڵەتمەندی خۆی هەیە و بایەخدارترینی بۆ جیاكردنەوەی دەقە لە ونبوون و تێكەڵ نەبوون. دواتریان سودێكە بۆ برەوپێدان و هەوڵێكی بالگاشانەیە(ڕیكلام) بۆ دەق. ناونیشان یانی لە تاریكییەوە بۆ ڕۆشنایی، ئەمە گرنگترین ئەركێتی لە دەقدا.
ناونیشان لە شیعردا ڕۆڵێكی گرنگی هەیە، ڕەگەزێكی بنچینەییە و بە فەرامۆشكردنی ناتەواوی دەخاتە پێكهاتەی بۆتەی دەقەكەوە. بایەخی ناونیشان لای گۆڵدمان، وەكو چراخانی دەقە و پاشان ناونیشان چڕكراوی واتای دەقە، ئەوەی دەق هەندێجار ماناكانی خۆیمان لێ دەشارێتەوە، دەكرێت لە ناونیشاندا بەدوایدا بگەڕێین. وەك وتمان ڕێكدەكەوێت ناونیشان ئاماژە شاراوەكانی پشتەوەی دەقمان بۆ ڕۆشنبكاتەوە و كۆدەكانی بیشكێنێت.

ناونیشان پێشباسی دەقە، یەكەمین دەروازەیە بۆ چوونەژوورەوە بەرەو دەق. جۆرە ناونیشانێك هەن ڕستەیین و ماناگەیەنەرنین، ئەمە پتر لە شیعری هاوچەرخی ڕۆژهەڵاتی كوردستان دەبینرێت. ئەم جۆرە لە ناونیشان، لاوازییەكەی لە دەستنەگرۆیی ئابووری وشە و ئەویتریش نەك لە تێكشكاندنی باوێتی زمان، بەڵكو لە پێنەدانی تەزووی واتایە بە وەرگر. ئەم شێوە ناونیشانە بارگرانیی دەقن، نەبوونیان شتێكی وا زیان لە دەق نادەن. نابێت ناونیشان پارسەنگیی جوانیسازی و زمانەوانی و ڕستەسازییەكەی نا هاوتابێت. ناونیشانی كرداریی كەمتر لە یادگەدا دەمێنێتەوە و مەزغزا ئاشكراكەرە. هاتنی فه‌رمان واتا( ناونیشانی فه‌رمانیی و داخوازى) بۆ ناو ناونیشان، دووركەوتنەوەیە لە چڕی و سفتی زمانەوانی، زمان كە خوڵقێنەری جوانیسازی و ژیربێژی و ڕەوانبێژییە.
شلوخاوێتی كردەی زمان، ڕەتاندنی خوێنەرە لە دەق، ناونیشانیش بەشێكە لە پێكهاتەی سازاندنی دەق. ناونیشانە ڕستەیەكان لەكاتێكدا سەركەوتوو دەبن، كە مۆسیقیبن و تەبایی و هاوماناییەك لە نێوان وشەكاندا هەبێت. ئەو جیاوازییەی دەكەوێتە نێوان ناوی كرداریی و ناوی تاك وشەیی، دەگەڕێتەوە بۆ خاڵگەلێك لەوانە چێژ و مانا و جوانسازی و سەرنجبەریی. خوێنەر زێدەتر بەلای ناونیشانە كردارییە پرسخوازەكاندا دەچێت وەك لە تاك وشەیی. سەركەوتوویی ناونیشانی تاك وشەیی لەكاتێكدایە كە بیژۆكانە بێت، ئەوەش بەو واتایەی دەگمەن و دانسقە و پشتەكییەكی چیرۆكئامێزانەی هەبێت. ناونیشانی تاك وشەیی ئەو كاتە ناگاتە یادگە و هەست و زەوقی خوێنەر، كە وشەی ناونیشانەكە سواو و باو بووبێت. گەر بڕوانین دەبینین قورئان بەشی زۆرینەی ناونیشانەكانی تاك وشەیین، بەڵام لەبیرمانبێت زۆربەی ناونیشانەكان، ئاماژەیە بۆ پاژێكی چیرۆكی ناو دەقەكە. ناونیشان لە قورئاندا پشت بە گێڕانەوە دەبەستێت، گێڕانەوە دەكاتە خاڵی دەستپێك.

لەگەڵ ئەوەشدا قورئان داهێنەری ناونیشانی پیتییە. ئەركی ناونیشان لە قورئاندا ئەوەیە هەڵتداتە ناو پانتایی دەقەوە، پەلكێشی خوێدنەوەت بكات، بەجۆرێك وەك تەلیسم لە وەرگر. ناونیشانی تاك وشەیی لە سادەترین پێناسەیدا دەتوانین بڵێین: دالێكی ناپەسنیی مەدلوول گشتێنراوی كۆخوازە، وەك ئەوەی لە ناونیشانی گرێیدا ئامادەیی هەیە.
لە قورئاندا (114) ناونیشان هاتوون، هەر ناونیشانێك لەگەڵ دابەزینی ئایەت و تەواوبوونی سورەتەكە، فەرمانی دانان و دەستنیشانكردنی ناونیشانەكەی دەركراوە. لەو سەد و چواردە ناونیشانە سەربەخۆیانە، سەد و سیازدەیان تاك وشەیین، تەنیا ناونیشانێك بە گرێ هاتووە، ئەویش ناونیشانی (ال عمران)ە، كە دەكاتە (خانەوادەی عیمران). لە قورئاندا ناونیشانەكان بەپێی ناوەڕۆك دیاریكراوە و هەڵبژێردراوە.
ناوەڕۆك باسی لەهەر ڕووداو یان چیرۆك یان شوێن یان كەسایەتییەك كردبێت، ئەوا ناونیشانەكەش ڕەنگدانەوەی كڕۆكی باس لێكراوبووە. نموونەمان بۆ ئەم سەرنجە ئەم ناونیشانانەیە( الانفال، النمل، نوح، الكهف، العنكبوت، النحل، الشعرا ْ).
جگە لەمانە ناونیشانەكانی( طه، ق، ص، یس)، جۆرەكانیان بە ناونیشانی پیتی ناوزەند دەكرێت. ئەمجۆرە ناونیشانانە ئاڵۆزن، ئاماژە بە هیچ ڕووداو یان چیرۆكێك نادەن. ناڕوونن و خزمەتێكی جوانكاری بە ناوەڕۆكی سورەتەكە نابەخشن، ئاسانكاری بۆ خوێنەر ناكەن و شیكاری ناوەڕۆك ناخەنە بەرباس، تەنیا ئەوەیە بەرەو ڕامان و پرس و وردبوونەوەت دەبەن. وەك ئەوەی كۆدەنگییەك هەیە لەسەر ئەوەی ئەم پیتانە بۆ بەرانبەركێ و بەزاندنی لاسایكەرانە، ئەمەش وەك ئایەت، ئایەتێكی سەربەخۆ، نەك ناونیشان. هاتنی ئەم پیتانە وەك سەردێڕ و مانشێتی سورەتەكان، ئەوەمان بیر دەهێنێتەوە، كە هەموو وشەیەك لە پیت درووستبووە، پیتەكان دایكی وشەن، وشە كاتی گەردانكردنی دەچێتەوە سەر بنچینەكەی، كە پیتە. بۆیە دەكرێت پەندی هاتنی ئەم پیتانە و هەڵبژاردنی وەك ناونیشان، ئاماژەبێت بۆئەوەی هیچ شتێك نییە بەدەر بێت لە بنەڕەت.
ناونیشانە تاك وشەییەكانی قورئان، دوورن لە كەمایەتی، ئەمەش بە هۆكاری ئەوەی ڕاتدەكێشن و دەتجوڵێنن بەرەو دەق، ناباون، چیرۆكین، سەرنجبەر و ڕامانخوازن. ئەم هۆكارنەن وادەكەن بە ناونیشانی سەركەوتوو ناوزەندی بكەین.
لێرەوە دەگەڕێینەوە سەر ناونیشان لای سەباح ڕەنجدەر و سەرجەم ناونیشانی كتێب و دەقەكان دەخەینە بەرباسی شیكار و ڕاڤە، لە دوو بەرگ، كە دەكاتە دە كتێبی شیعری و لێی دەكۆڵینەوە.
(زێوان)، ناونیشانی كتێبە شیعرییەكەیە، دەقەكان بە ژمارە هاتوون، كۆمەڵە شیعرییەكەی ناو (زێوان)، چامەیەكی دابەشكراوە بەسەر ژمارەدا. (زێوان) ناونیشانێكی تاك وشەییە و لە جۆری گڕە دەنگەكانە و وشەیەكی كەم بەكارهاتووە. زێوان بەمانای پاسەوانی گۆڕستان دێت و ئەم ناونیشانە كیمیای وشەسازی كرابا، هونەریتر دەبوو، وەك لەوەی تاك وشەیی بێت. لەڕووی سازان لەگەڵ ناوەڕۆك، پڕاوپڕ تەبا و خۆگونجێنە، لەناو چامەكەدا ڕاستەوخۆ خۆی بەیان ناكات، ئەم ناونیشانە دەكرێت بە هۆكاری نامۆبوونی وشەكە و هاوڕایەڵی لەگەڵ ناواخنی دەق، كەمتر خاڵی لاوازی خۆیمان پێ پێشان بدات، بەڵام هونەری نییە و ئارەزووبەر نییە.
(ڕووەكەكانی خواوەند)، ئەمە ناونیشانی كتێبەكەیە و یەك لەو ناونیشانە نوێگەر و مەیلخوازانەیە، بە زوویی بەردەنگ ڕادەكێشێت و ڕامان چڕدەكاتەوە بۆ چوونە ژووری دەق. ناونیشانێكی ورد و قووڵ و فانتازییە، جگە لە ڕەهەندە ئەفسانەگەرییەكەی، هاوئاستیش پڕە لە وزەی هونەری. ڕاڤەی ناونیشانەكە بە ئاماژەیەك لە ئاماژەكان، دەمانباتەوە سەر ڕووەكە خوڵقێنراوەكانی پێش هەبوون، هەبوونی مرۆڤ لە دەرە كات.

گەڕانەوەیە بۆ ڕووەكێك، كە سرووشت لەگەڵ زادەی مرۆڤ چاندی و بووە هۆكاری بەردەوامی ژیان. ناونیشانی دەقەكان واهاتووە (سزای هەمیشەیی، جەنگی پرسیار، مەرگی ئاوێنە، ڕێزمانی كۆڵانەكان، خەونی خودایی). هەریەك لەو ناونیشانانە گرێین و پابەندی پێوەرە دڵخوازەكانی ڕەگەزی ناونیشانن. جگەلەوەی هەردوو ناونیشانی (ڕێزمانی كۆڵانەكان، خەونی خودایی)، تەكنیكێكی بەرزی تێدا بەكارهێنراوە. ناونیشانی (ڕێزمانی كۆڵانەكان)، كە ناونیشانی سەرەكیی دەقەكەیە، لە ژێر سێ‌ ناونیشانی دیكەدا لەگەڵ دەقەكان هاتوون وەك (كۆڵانەكانی زەوی، كۆڵانەكانی ئاسمان، كۆڵانەكانی ئاو). ناونیشانی (خەونی خودایی)یش، بەهەمانشێوە خاوەن سێ‌ ناونیشانە، نموونەی (خەونی سرووشت، خەونی زیندووان، خەونی مردووان). ئەمە تازەگەری و ئافراندنە، جیاوازكارییە، جوانی بەخشە و هاوكات لەزەتبەخشن. هەریەك لەو ناونیشانانە دەچنەوە تەوەری ناونیشانە سەرەكییەكە و مۆسیقیشن.
(خەون وا خۆی گێڕایەوە)، كە دەكاتە ناونیشانی ڕووبەرگ، كاری ڕابردووە، پەیوەندی خەونە لەگەڵ خۆ بەیانكردن. ناونیشانی دەقەكان (سرووش، بلیمەت، پێغەمبەر)، تەنیا دەقی(سرووش) تاك وشەییە، ئەوانیتر وەك (بلیمەت، پێغەمبەر)، هەریەكە و بە چەند ناونیشانێك دەقەكەیان تەواوكردووە، نموونەی ئەوەش ناونیشانی (بلیمەت) خاوەن دوو ناونیشانی دیكەیە بەناوەكانی ( ئاوێنەی یەكەمی سرووش، ئاوێنەی دووەمی سرووش)، هاوكات هەریەكەیان دووجار دووپات بووەتەوە. بۆ ناونیشانی (پێغەمبەر)، تازەگەری نا، بەڵكو نا باوییەكەی لەوەدایە، لە جۆری پیت هاتووە، ئەمە وایكردووە جیاواز خۆ بنوێنێت، بەڵام ڕیشەی بۆ كلاسیك دەگەڕێتەوە و بەشێوەیەك لە دەستكاری و داڕشتنەوە، بە هاتنی ناونیشانی سەرەكی و شا ناونیشان، ڕەنگێكیتر بێت له شێوەی ناونیشان.
(شەڕی چل ساڵە)، ئەمە ناونیشانی كتێبەكەیە، بەجۆرێك لە جۆرەكان پەنهانییەكی تێدایە، بە هۆكاری ژمارە هاتووەكە. ڕەنگە ئەو شەڕە جەنگێكی كەتواریی بێت، هەمانكات خەیاڵییش. دەكرێت ئەو شەڕە بەشێوەیەكی دەروونی و جەنگی سارد بێت، یان ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی. بەڵام دەشكرێت ئەزموونی چل ساڵ كاركردنی شاعیریش مەبەست هاتبێت. ناونیشانی دەقەكانی كتێبی (شەڕی چل ساڵە)، لەڕووی شێوەناسییەوە تازەخوازە، بەڵام مەرج نییە ئاستە وێژەییەكەی بڵندبێت، هاوسات هەندێجار زیانە بۆ پەیام و مانا!
ناونیشانی دەقەكان( ئەلف و بێ، مانگەكان، كەلووەكان، ئاسمانییەكان، هەفتە، قۆناغەكان، …)، ناونیشانی دیكە هاوشانی دەقەكان هاتوون. لە ناونیشانی ( ئەلف و بێ‌)، بایەخی زۆرتر بەشێواز دراوە، لەگەڵ ئەوەی لاواز دەردەكەون. لە ناونیشانی (مانگەكان)، هەم هونەرییە و هەمیش نادیارییەك لە خۆدا حەشاردەدات، وەك (شوبات لەگەڵ نەزانین) بەمشێوەیە هاتووە و ناونیشانەكانی دیكەشی بەمجۆرەیە. بە هەمانشێوە بۆ ناونیشانەكانی (كەلووەكان) هاوشێوەی (مانگەكان)، پەیڕەوی لە تازەگەری و شێواز و هونەریبوون كردووە و سەركەوتووانەیە. ناونیشانی (ئاسمانییەكان)یش، هەمان تەكنیكە و ناونیشانی (هەفتە)ش، سەرجەم ڕۆژەكان تێیدا تۆماركراوە و دڵخوازانەیە. سەرجەم ناونیشانەكانی دیكەش ئاوها هاتوون، ئەمكارە لە ناو ئەدەبی كوردیدا نەكراوە و ڕەنجدەر بە داهێنەری ئەم ستایڵە دەناسێنین.
(مردوویەك ئاگای لە هەمووانە)، ناسنامەی كتێبە شیعرییەكەیە، ئەم ناونیشانە دوو ئاماژەی مانایی لە خۆ دەگرێت. یەكەم ئاماژەی واتایی (مردوویەك)، كە لێرەدا دەستنیشانی تاكە كەسێكە و ناساندوویەتی، دەكرێت مەبەست لە مردووی مرۆڤێك هاتبێت.

ئەوەی لە كەلەپووری ئیسلامیدا باوە و هەیە، كە مرۆڤ مرد ڕۆح بەرزدەبێتە سەرەوە و جەستە دەپوكێتەوە، دواتر ڕێوڕەسمی ناشتنی تەرم و بەڕێكردنییەتی بەرەو گۆڕستان.
بەڵام ڕوانگە زیندەوەرزانییەكە پێماندەڵێت: پاش لە دەستدانی ئاگایی و ڕۆح، لەش دەچێتە سوڕی لەناوچوون و خانەكانی لەش دەفەوتێن و وزە كارەباییەكەی لەش دەوەستێت و شتێك نامێنێت بەناوی ئاگامەندی مێشك و جوڵە. ئەم ناونیشانە هاوكات سوودمەندبووە لە چیرۆكە ئاینییەكە و لە ڕووی ئەدەبییەوە جوانی و سەرنجبەری و ئەدایەكی مۆسیقی تێدایە. شاعیر توانیویەتی چیرۆكەكە بەشێوەیەكی ئەرێیانە دابڕێژێتەوە. دووەم ئاماژەی واتایی (مردوویەك)، مەبەست لە چاخی تازە و شارستانییەتی نوێ و پۆست مۆدێرنەی ژیانی گۆڕاو بە ئامێر بێت. ئەگەر هەیە ئەم ناونیشانە سوودی لەو دەستەواژەی نیتشە وەرگرتبێت، كە دەلێت:(خودا مرد)!
خودا چوێنراوبێ‌ بە مردوو، بەڵام هێشتا لە زەوی و ئاسمانەكان و گەردوون و ئەوەشی، كە لەنێویدایە هەبێت، كەچی دەسەڵاتی لێ وەرگیرابێتەوە یانژی دوور لە بەكارهێنانی هەر دەسەڵاتێكی بڕیاردان. تازەگەری بانگەشەی دەركردنی دەسەڵاتی ئایینە لە دەر‌فەتەكانی ژیان. ئەم دوو ئاماژە، ڕاڤەیەكی نزیكراون لە مەبەستی شاعیرەوە. ناونیشانی دەقەكان وەك (تاج سەر گران دەكات- زمان و دڵی مانگ- ڕێوڕەسمی كردنەوەی پەیكەرێك- ڕژانی مورووی بەخت- كووپە لە مێوانداریی ماسیدا- سوڕی پاراوبوونی بۆن- ئاهەنگی ناولێنانی درەختێك).
هەریەك لەم ناونیشانانە،‌ هەست بە پۆلێنكاری و وردەكاری و كارسازی تێدا دەكرێت، وەك ئەوەی بە بەرنامەیەكی تۆكمەوە ئیشی لەسەر كرابێت، هەموو ناونیشانەكان سێ وشەیین. ئاوازدارن و چێژبەخش، كار دەكاتە سەر وەرگر بۆ خوێندنەوەی و دەبێتە دەروازەی پێشوازیكردن لە دەقەكان، جگە لەوەی پاراون و هونەرین، دەتوانین بە ئاسانی ڕایەڵەكانی داهێنان لە ڕەگەزی ناولێنانی دەق ببینین. ناونیشانەكان گوزارشتكەر و پردی پەڕینەوەن.
(سەد و یەكشەوە) ناونیشانی كتێبەكەیە و لە سەد و یەك ناونیشان و دەق پێكهاتووە. چوار ناونیشانی تاك وشەیی نین و ئەوانیتر هەموو تاك وشەیین.
(گوڵی فریو- قەتماغە ناگرتن- پاك كردنەوە- كێڵگەی بەهرە)، دوو لە چوار ناونیشانە( گوڵی فریو- كێڵگەی بەهرە) ناونیشانی گرێین، دووانەكەی دیكەیان (قەتماغە نەگرتن- پاك كردنەوە) ناونیشانی كرداریین و بكەریان نادیارە. ناونیشانی (سەد و یەكشەوە)، لەسەرەتاوە بەڕوونی دەردەكەوێت لەژێر كاریگەری ناونیشانی حیكایەتی (هەزار و یەكشەوە)دایە و لەو ئاراستەوە ئەم ناونیشانە درووستبووە.
دەكرێت بڵێین (سەد و یەكشەوە)، ناونیشانێكە خوێنەر دەباتەوە لای بیركردنەوە لە ناونیشانی (هەزار و یەكشەوە)، ئەم پاتەكردنەوە لە چێژ و داهێنان دەهێنێتەخوار.
سەرجەم ناونیشانی دەقەكان جگە‌ لەو چوار ناونیشانە، تاك وشەیین. لەهەمانكاتدا ناونیشان لەناو دەقەكەدا ئاماژەی پێدراوە. ئەمە لەو ڕووەوه گرفتسازە، ئەم پەیڕەوە لە قورئاندا بەو شێوە هاتووە و سورەتەكان ئاماژە پێدەری ناونیشانەكەن لەساتی گێڕانەوەدا. بۆ سەردەمی قورئان جۆرێك لە داهێنان دەكەوێتەوە، بەڵام بۆ بابەتی ناونیشانی زۆرینەی دەقەكانی (سەد و یەكشەوە)، كە ئاماژە پێدانی ناونیشان لە ناوەڕۆكدا، دەبێتە لاسایكردنەوەی هێڵی ناونیشان لە قورئاندا و هاوكات خۆ دووبارەكردنەوەش.

سەرجەم ناونیشانەكان جگە لە ناونیشانەكانی( گریان- ژماردن- مەلەوانی- گەردوون- خۆكوشتن- قەقنەس- بەرزبوونەوە- واقوڕمان- حەسانەوە- مۆتەكە- ویست)، خۆیان لە ناوەڕۆكی دەقدا دووبارە نەكردووەتەوە و نەهاتوون، ئەگینا تەواوی ناونیشانەكانیتری كتێبی (سەد و یەكشەوە)، لە ناو دەقەكەدا هاتوون و ئاماژەیان پێدراون. ئەمەش بووەتە خاڵی لاوازی ناونیشانەكان و سەركەوتووش نین لە ڕووەكانی وشەناسی و ئاوازداری و هێماسازی و خەیاڵ و وێنەكارییەوە، لەگەڵ ئەوەی كپن و خوێنەر ڕاناكێشن.
(ساڵی سفر)، ناونیشانی كتێبەكەیە و جۆرەكەی گرێییه و سەرتاپای دەقەكان لەبری ناونیشان بەژمارە هاتوون. ئەم دانان و هەڵبژاردنی ژمارە بۆ دەق، هەبووە، تەنانەت ڕەگەكەی بۆ ناو شیعری كلاسیك دەگەڕێتەوە، لە شیعری كلاسیكدا لەبری ژمارە، پیتی ئەبجەدی بەكارهاتووە لە نموونەی ( ئەلف، با، دال ..).
ناونیشانی كتێبەكە(ساڵی سفر)، بونیاد و ڕستەسازییەكەی وەرگیراوە لەو قسە باوەی سەرزاری خەڵك، كە دەوترێ:( دەقەی سفر – سەعاتی سفر).
باشی ئەمجۆرە لە وەرگرتن و كاریگەرییە لەوەدایە، كە ناونیشانەكە بە نوسراو نییە و نەبووەتە ناونیشانی كتێبێكی دیاریكراو، بەڵكو بەشێوەی زارەكی و میللی لەناو خەڵكدا بەكاردەهێنرێت. (ساڵی سفر)، ناونیشانێكی جوانپەروەرە و تەرزێك لە پەنهانی لە هەناویدایە. هەم وێكدێتەوە لەگەڵ ناواخن، هەمتریش لە یادگەی خوێنەر هەرس دەبێت و دەمێنێتەوە.

(سروودی زەوی)، ناونیشانی ڕووبەرگی كتێبەكە و یەكێكە لە ئەدەبیترین و جوانكار و پڕ ماناترین ناونیشانەكان. بەهێزی و وزەیەكی سەرسامكەرانەی كۆكردووەتەوە.
ناونیشانی دەقەكانی كتێبی (سروودی زەوی) ئەمانەن (لە كتێبخانەی تایبەتی بابا تاهیری هەمەدانیدا – هەڵاتن لە گۆرانی – دیداری خوداوەندە ناكامەكان – كەوانەیەك بۆ ناوی لەبیركراوەكان – ژیانی دووبارەی ئادەم – بەئارەزووی زەوی ناو لە درەختەكان نرا).
بەشێك لە درێژبڕی ناونیشانەكان، هیچكات نەبووەتە زیان بۆ سەر جوانی و چێژ، ئەوانیتریش تا ئاستێكی زۆر خاوەن چێژ و سەرنجەری و پەلكێشكردنن.
(حەزدەكەم ئەوەندە بژیم)، ناونیشانی ڕووبەرگە و جۆرێك لە نادیاری لە خۆدا هەڵگرتووە، توانای جوڵاندنی خوێنەری هەیە و پڕ وزەیە. داوا خواستنە بۆ دیاریكردنی تەمەن، جوانكارانەیە و هونەركارییەكی سەركەوتووانەی تێدا كراوە. بۆ ناونیشانی دەقەكانیش، ڕادەیەكی بەرزی ئەدەبییانەیە و دڵبزوێنن. لەم كتێبەدا ناونیشانی تاك وشەیی نەهاتووە و ئەو ناونیشانانەن، كە دڵخوازی مەرجی نایابی ڕەگەزی ناونیشانە، لە هەمانكاتدا كەمترین ناونیشانی ڕستەیی و درێژبڕی تێدایە. هەم ناونیشانی سەرەكی كتێبەكە لە ئاستێكی سەركەوتوودایە و هەمتر ناونیشانی دەقەكان. لە هەندێكی كەمدا، دووبارەبوونەوەیەكی ناونیشانەكان لەناو دەقەكاندا هەیە و بە زیان شكاوەتەوە و لەنگییەكە بۆ جوانیناسی ناونیشان، بەڵام نكۆڵی لە ئاست بەرزیان ناكرێت. نموونە(بانگەواز بۆ گۆڕ هەڵكەن – دڵی خڕۆشاوی پیاڵە – ئاوێنەی دەستی گورگ – فەرموو وەرە ناو ژیانەوە – درەختی دەنگخۆش – ڕووناكی گەنجبوونەوە – ئادەم لەسێ ئاوێنەدا).

گرنگە ئەوەش بەرباسبدەم، كە شاعیر لەچەند ناونیشانێكی دیاریكراودا، ئاوڕی لە وێنەسازی و مەجازیبوونی ناونیشان نەداوەتەوە و تەنیا وێنە واقیعییەكەی گواستووەتەوە.
ئەمەش نموونەیەتی (دووبارەبوونەوەی پیت – ناسینی هێز – هەواڵپرسین – باوك و دایكم – گەرمایی ناوچەوان – ئاوڕشێنی دەموچاو – شەڕی ناوەخۆ).
لە دەرەنجامدا ئەوەی لە ئەزموونی شیعریی سەباح ڕەنجدەر بۆمان یەكانگیر دەبێتەوە، ئەوەیە بایەخێكی باشی بە ڕەگەزی ناونیشان داوە و مامەڵەی بازاڕگەری لەگەڵ ناونیشاندا نەكردووە. ناونیشان لای ئەم شاعیرە بەپێی قەبارەی دەقە و زیادەڕەوی و فریودان نابینرێت. ناونیشانە فریودەرەكان دەبنە هۆكاری پەرتی لە نێوان خوێنەر و نوسەردا و متمانە كەم دەكاتەوە. زۆرینەی ناونیشان و دەقەكانی شاعیر، خوێنەر كەمەندكێش دەكەن بۆ كێوماڵكردن و بەدواداچوون. چەواشەكەرنین و هەڵقوڵاوی پاژ یان پوختەی ناوەڕۆكن.
ڕەنجدەری شاعیر، هەرێمی ناونیشان و دەق خاوەن مۆركی خۆیەتی و كارسازی تێداكراوە و ڕژدانە ڕووبەڕووی ناونیشان هەڵبژاردنی دەق بووەتەوە و چووەتە بنكۆڵ، لە هەمانكاتیشدا بێبەری نەبووە لە خاڵی لاواز و ناونیشانی نا هونەری.

——————————–

‌سەرچاوە:
1-القرأن, الكریم، دار طیبە، الطبعە الاولی 1986.
2-سەباح ڕەنجدەر، دیوانی سەباح ڕەنجدەر بەرگی یەك و بەرگی دووەم، چاپخانەی تاران، ساڵی 2018.




عیشق لە شیعرەكانی: خالید باشبڵاخیدا… نووسینی: ستار جەباری

شەهید شێخ مارف بەرزنجی دەڵێ‌:(لە ئەلفەوە تا یێ، هەموو شتێكی لێ پێكدێ‌) وەلێ‌ لەلای شاعیری عیشق و جوانی ، خالید باشبڵاخی ، ” لە ئەلفەوە تایێ تەنها عیشقی لێ پێكدێ‌”و لەو باوەڕەدام خالید بۆ عیشق و جوانی خوڵقاوە، چوون هەموو شیعرەكانی كۆن و نوێ‌ و كورت و درێژی تەنها لە قوتابخانەی عیشقەوە دەرچووە، مەولانای ڕۆمی ئاوها پێناسەی عیشق دەكات و دەڵێت“ عیشق پێناسە ناكرێت بەڵكو تاقیكردنەوەیە ” لێرەدا مەولانا هێندە بە جوانی ئاماژەی پێكردوە تەواو ئامانجەكەی پێكاوە تا ڕادەیەكی زۆریش ڕەنگە جوانترین وەسف بێت دەربارەی عیشق كە تا ئێستا لە ئەدەبیاتی جیهاندا بۆ عیشق نوسرابێت ، كە مەولانا باس لەوە دەكات عیشق پێناسە ناكرێت مەبەستی ئەوە نی یە كە عیشق شتێكی هیچ و بێ مانایە بەڵكو دەلێت عیشق هێندە جوان و پیرۆزە هەرچەندە پێناسەی بۆ بكرێت هێشتا پێناسەكان كەم و كوڕیان هەیە ،عیشق كلێكە چاوی دڵ دەڕێژێت. لە كن سۆفی، عیشق نهێنیی بوونە، ئاخر ئەوە عیشقە جیاوازیی لە نێوان ئەم و ئەودا دەسڕێتەوە و دوان بە یەك دەكات.
شاعیر خالید باشبڵاخی دەڵێ‌:
گوڵم،خۆ من لەجێی عەقڵیش
عیشقی تۆ وا لەسەرمدا..
خۆ دەڵێن: ئەوین شێتییە،
حەزناكەم شێتی بەرمدا..!!

نەك بەتەنها خالید باشبڵاخی بەڵكو هەموو شاعیرانی‌ كلاسیكی‌ كوردی‌ جەخت لەوە دەكەنەوە كە یەكەم هەنگاوی‌ عاشق بوون ئەوەیە مرۆڤ بەتەواوی‌ دەستبەرداری‌ دونیا بێت ، ئەوەتا لەم هۆنراوەیەدا باشبلاخی بووەتە موریدی نالی و دەڵێ‌ :
وەك چۆن “حەبیبە” وا لەنێو
ئــاوێنـەی عیشقـی “نالی”دا..
جگە لە”تۆ”یش كەس نییە ،
لە خـانـەی خـەیـاڵـی خـالیـدا….
…………………..
لێرەیشدا خۆی خستۆتە پلەی باڵای عیشق و خۆی بە وەلی دێوانەیەكی تر لەقەڵەم دەدات و دەڵێ‌:
” دڵێك ، لێوانلێو لەبرین! “
………………
دڵێك ، جاران..بەڕێڕەوییش،
ڕێی نەدەكەوتە..شاری خەم!
دڵێك،لە هی “وەلی”دەچوو،
عەوداڵ بوو،بۆ دیداری”شەم”!!
……………….
دڵێك،لە توولی تەمەنیا،
پەرستگای،هەر چاوی ئەو بوو
دڵێك،بەئاستەم لێی دەدا،
ترپەی پێی هەنگاوی ئەو بوو..!!
…………………….
دڵێك،پەنجەكانی دەستی
بەپشكۆی داخا جزاوە..!
دڵێك،بەندی داوی عیشقەو،
خزاوەتە نێو سزاوە..!!
…………………….
دڵێك،لێوڕێژ بوو لەئەوین،
ئێستا شەڵاڵی برینە..!
لەنەورەسێك دەچێ و،ملی
لەژێر چەقۆی سەربڕینە..!!!؟؟

عیشق لە سەرچاوەی دڵ پەیدا دەبیت نەك مێشك و هزر هەر بۆیە عیشق لەسەر سۆز و عاتیفە وەستاوە ئەوانیش دوو فرمانن لە دڵەوە دەردەچن و زۆرجار وا لە مرۆڤ دەكەن یان گەشبین بێت كاتێك بە ئامانجەكەی دەگات یان ڕەشبین بێت كاتێك لە عیشقدا شكست دەخوات . هەروەك لەم چەند دێڕەی باشبڵاخی دەردەكەوێت و دەڵێ‌:
ئەوشۆ ، دەڵێی پیری خەراباتم ئەز
مەستی بادەی چاوی مەیئاساتم ئەز
بۆناپرسیت، لەحاڵی عاشقی ڕووت؟
تا بزانیت،چەند پڕخەم و ماتم ئەز
شەهیدی ڕێی ئەوینم ، ئاڵە…كفنم،
كوژراوی ، تیری تیپی نیگاتم ئەز
لە خەرمەنی حوسن و جەماڵی تۆدا،
گەدایێكم ، بەتەمای زەكاتم ئەز
ماچی دەمی تۆم هەبێ،كەی وەك خدر
تینووی سەرچەشمەی ئاوی حەیاتم،ئەز
چركەساتێك،خاڵیی نییم،لە خەیاڵت،
دوورم ، وەلێ ، بەدڵ..هەر لەلاتم ئەز
كلی كۆی تۆڕی ناوێ چاوی “خالید”
حەسرەتناكی خاكەكەی ژێرپاتم ئەز..!!!
بەلام ئەگەر بێت و لە مێشك و هزر سەرچاوەی وەربگرتایە ئەوا هەرگیز مرۆڤ عاشق نەدەبوو . لەگەڵ ئەوەشدا عیشق تەنیا بەمانای ئەوە نایەت ئیتر مرۆڤ عاشقی رەگەزی بەرامبەری بێت! زۆر جاران مرۆڤ عیشق نیشتیمان و خودا لە دڵی چەكەرە دەكات و ئیتر ئەمانەش هەر عیشقن . هەروەها عیشق هەمە جۆرە پەیوەست نییە تەنها بە پەیوەندی‌ نێوان مرۆڤ و مرۆڤەوە بە ڵكو زۆرجار عیشق لەنێوان مرۆڤ و نیشتماندا یان مرۆڤ و خودا یان مرۆڤ و بونەوەرێكی‌ تر بوونی‌ هەیە شاعیرانی كلاسیكی كوردی چەندین بابەتی شیعری جوانیان لە سەر نیشتیمان و خاك نووسیوە.
ئەمانە عیشقی نیشتیمانن یان چەندان مەلا و شێخ و سۆفی شیعریان لە سەر ئاین هۆنیوەتەوە ئەمانەش عیشقی خودان . لە عیشقدا هەمیشە دەردەسەری‌ و دابڕان و ناخۆشی‌ و جودایی هەیە، عاشق قەت ناگاتە بە مەقسەدی‌ ئەگەر سەیری‌ هەموو چیرۆكە عاشقانەكان بكەیت ئەوە زۆر بەڕوونی‌ بەدیار دەكەوێت تاكو كۆتایی بەدوای‌ یەكەوەن و بەیەك ناگەن دەبینین دواتر بە رووداوێكی‌ تراژیدی‌ یان مەرگ كۆتایی پێ دێت ، هەروەك لەم هۆنراوەیەی باشبڵاخی دەردەكەوێت:
سەركردەی عاشقان منم لە گێتی دا،
نەك مەجنوونێك،
نێوی دەركرد لە شێتی دا.
………………….
ئەوینی تۆ،
بووە بە مۆخ لە ئێسكم دا.
گوڵم وریابە نەخنكێی،
لە نێو زەریای فرمێسكم دا.
ئەگەر سەیری‌ چیرۆك و داستانە كوردیەكانیش بكەین بەهەمان شێوەیە وەكو داستانەكانی خەج و سیامەند و شیرین و فەرهاد و مەم و زین و …هتد .وەكو ئاماژەم پێكرد لە عیشق دەبێت خۆت لە ئەقل بەدور بگریت بەجۆرێك هەر كاتێك ئەقل بیری كردەوە دەبیت تۆ سۆز و عاتیفە زاڵ بكەیت بەسەری تاكو عیشقكەت لەدەست نەدەیت ئەگەر عەقل پێوەر بوایە بۆ عیشق ئەوا هەرگیز فەرهاد پەنای بۆ كونكردنی كێوی بێستون نەدەبرد و كاتێك خوسرەوشا، مەرجی كونكردنی كێوی بێستونی بۆ فەرهاد دانا ، چونكە فەرهاد دەیزانی كێوی بێستون بەسەدان ساڵیش بە دەست و بازو یاخود بە قوڵینگ ناتاشرێت، بەڵام سۆز و عاتیفەی عیشقی شیرین زاڵ بوو بە سەر مێشكی فەرهاد بۆیە ئەم بریارە قورسەی قبوڵ كرد.
باشبڵاخی بەجۆرێكی باس لە فەرهادێكی تر دەكات، كە خۆی پاڵەوانی داستانەكەیە و دەڵێ‌:
پەنجەی شنەبایێك دەدات
لەپەنجەرەی ڕۆحی تەنیام!
پێدەچێت،بۆنی پرچی تۆی
هێنابێت..بۆ دڵی شەیدام..!!
………………………..
ئەگەر ژیان هاوكێشە بێت،
ئەوا..تۆ..سین و، من..صادم!
لە كێوی بێستوونێدا ،
ئەز،تەواوكاری “فەرهاد”م..!!
……………………
هوزاری نێو گوڵزاری تۆم،
گوێ بۆ ناڵینم..ڕادێرە..!
ئازاری عیشقت كوشتمی،
بەس بەتەنیاییم بسپێرە..!!
………………….
كانیی باخی”بلكیان” بووم،
گۆزەی دڵت ، پڕنەكرد لێم!
حەزمدەكرد..بمخۆیتەوە،
پرچەكەیشت،تەڕنەكرد لێم..!!
……………
ملوانكەی مرواریی ملی
خولیاو،خەون و،خەیاڵم بوویت!
تریفەی مانگی شەوگاری
تەنیایی و تفت و تاڵم بوویت..!!
…………………………
ئەوشۆ،بێتۆیی..دەمكوژێ و،
كەسیش نییە بەدیارمەوە..
تەرمی ئەم عیشقە سەرشێتە
لەكام گۆڕا..بشارمەوە…؟!!!!!
لە شیعری كلاسیكی كوردی سەدان شیعر لە سەر عیشق نوسراون چونكە ئەوكات وەكو ئیستا نەبوو بەهۆی ئامێری دەنگ بە ئاسانی پەیامەكەت بگەیەنیت بە گوێی یار دەبوایە بەشێوەی شیعر هەستی خۆشەویستی خۆت بۆ بەرامبەرەكەت دەرببڕیبایە ئەوەتا وەڵی دێوانە كە عاشقی شەم دەبێت و دواتر بەیەك دەگەن بەلام بەهۆی كێشەیەكی كۆمەلایەتی لەیەكتر جیا دەبنەوە هێند عاشقی شەمە تەنانەت وەسیەت دەكات كەوا كێلی قەبرەكەی بەقەد باڵای شەم بێت . باشبڵاخی ئاوها وەسفی شیتبوونی خۆی و قوڵبوونەوەی لە عیشق دەكات و دەڵێ‌:
ئەو دەمەی دێتە ژووانم، دڵ لەخەم خاڵیی دەكا
ڕۆحی‌ تینووم،مەستی‌ بۆنی عەتری‌ بن‌باڵی دەكا
هەركەسێ،ئاوری ئەوینێ،كەوتە خەرمانی سەری
هەروەكو مەجنوونی لەیلا،شێت و عەوداڵی دەكا
باخـەوانێكـم لـەباخـی حـوسن و جوانیـی دڵبـەرا
هەردەپەنجەم خزمەتی جووتێ بەهێی كاڵی دەكا
دڵ،هەمیشە،بولبولی خۆشخوانی باخی فیرقەتە،
مەیلی ماچی گەردەنی و،خاڵی چەنەی چاڵی دەكا
پێمدەڵێ:صەبرت هەبێ”خالید”دەگەیتە مەقصەدت،
{صەبر ئەگەر بیخەیتە ناو هەنگوینەوە،تاڵی دەكا}*
*دوانیوەدێڕی هی شاعیر”صابری”ە.
……………………………………..
ئازیزان ئەوەی سەرەوە مشتێكی بوو، لە نموونەی عیشق لە شیعرەكانی باشبڵاخیدا، دەنا دەریای عیشق نە ئەو سەری هەیە و نە شیعرە عاشقانەكانی كۆتایی دێ‌، و دەس بۆ هەر شیعرێكی بەرین لەوانتر عاشق ترە، لەكۆتاییدا پێمخۆشە ئەم شیعرەی خالید بكەمە دیاری و بەم شیعرە عاشقانە، كۆتایی بەم گەشتە شیعرییە بهێنم..
دە ساڵە،دڵم..لایەتی “
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
دە ساڵە ، دڵم لایەتی
ڕۆحم ، پاوانەی پایەتی
خاكی بەردەركەی،نادەمە
تەخت و تاجی پاشایەتی
سەرگەردان‌ و سەوداسەرم
سەرم..پڕ لە سەودایەتی
بولبولی خۆشخوانی دڵم
عیشقی گوڵی گۆنایەتی
مەجنوونی سەحرای جنوونم
بێباكم..لە شێتایەتی
دەردی ئەوینم سەختترە
لەوكەسەی ئیبۆلایەتی
ئەو شاهی خووبانی منە
كوا ئاگای لە گەدایەتی..؟!
خوێنی”خالید”ی،خواردەوە
وەكو شەراب ، “تۆ”..شایەتی..!!!

ــــــــ ــــــــــــــ ـــــــــــــ

ستار جەباری




كتێبی كوردی … نه‌ژاد عزیز سورمێ

ئاستی ڕۆشنبیریی ، ته‌كنیكی چاپ ، بازاڕی بڵاوكردنه‌وه‌ ،
جوگرافیای خوێندنه‌وه‌ و پێویستی ڕۆژگار

(1)

(( ئینجا كێ زه‌وقی هه‌یه‌ كتێب بخوێنێته‌وه‌ ‌)) ئه‌مه‌ قسه‌ی گه‌نجێكی چاخی ئه‌نته‌رنێت و كه‌ناڵه‌ ئاسمانییه‌كان و ئه‌وه‌ی ناوی لێنراوه‌ (ماسمیدیا) یه‌ ..،
هه‌رچه‌نده‌ ناتوانین ئه‌م حاڵه‌ته‌ وێنه‌یه‌كی گشتی بده‌ینێ ، به‌ڵام خاڵیش نییه‌ له‌ ڕاستی ..
زۆر به‌ ساده‌یی وه‌چه‌ی ئێستا ئه‌وه‌نده‌ی بایه‌خ به‌شته‌ لاوه‌كیه‌كان ده‌دا ، ئه‌وه‌نده‌ له‌ڕاست شته‌ جه‌وهه‌رییه‌كان كه‌ مانایه‌ك به‌ژیان ده‌ده‌ن گه‌رم نییه‌ .
( كتێب) ئه‌و قه‌واره‌یه‌ی كه‌ له‌ سه‌ره‌تادا قوڕ بووه‌ و ده‌سنووس ، پاشان (ئینجا به‌ هه‌ر هۆیه‌ك بووبێ ) ورده‌ ورده‌ له‌ پێستی ئاژه‌ڵ و داری خۆشكراو نووسراوه‌ته‌وه‌ تا به‌و حاڵه‌ی ئێستای گه‌یشتووه‌ كه‌ به‌هۆی ته‌كنیكی سه‌رده‌م چاپ ده‌كرێ ، بریتییه‌ له‌چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه‌كی پێكه‌وه‌ نووساو به‌ قه‌باره‌ و زمان و ڕووپێوێكی دیاریكراو بابه‌تێك یان چه‌ند بابه‌تێكی تێدا ده‌خرێته‌ ڕوو به‌ مه‌به‌ستێكی ئه‌بستمی بۆ وه‌چه‌ی ئێستا و هێشتنه‌وه‌ی له‌ زاكیره‌ی مێژوودا بۆ وه‌چه‌كانی ئاینده‌ و پێكهێنانی بزاڤی زانیاری له‌ پرۆسه‌ی گواستنه‌وه‌یدا له‌ به‌ره‌یه‌كه‌وه‌ بۆ به‌ره‌یه‌كی ترو كه‌ڵه‌كه‌ پێكردنی مه‌عریفه‌ت …
كتێب: ئاوده‌نگێكی دڵسۆزی زه‌مانی ته‌نیایی ، زه‌مانه‌ ئه‌نگوست له‌ چاوه‌كان و ڕۆژگاره‌ غه‌در لێكراوه‌كان .. كتێب هاوڕێ و هاوده‌می ئازادی له‌ سه‌رده‌می كۆیلایه‌تیدا له‌ كه‌ش وهه‌وای نیگه‌رانی له‌ناخی دڵه‌ڕاوكێ و ڕه‌شبینیدا ئومێد و دڵنیاییمان ده‌داتێ ..
تۆ بڵێی دوای ئه‌و په‌ره‌سه‌ندنه‌ ته‌كنۆلۆژییه‌ی هۆیه‌كانی پێكگه‌یشتن ، ئه‌ویش سایلی ڕۆژنامه‌گه‌ریی نووسراو كه‌وتبێته‌ به‌ر هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسی..
بڵێی ئه‌و چرایه‌ گه‌شه‌ی شارستانیه‌ت له‌ ناو ژاوه‌ژاوی بێسه‌روبه‌ری سه‌رده‌مدا به‌ره‌و كزبوون و كوژانه‌وه‌ بچێ ؟
ئه‌ی بۆ ئێمه‌ هێشتا كتێبخانه‌یه‌كی له‌و چه‌شنه‌مان نییه‌ پشتی لێ بكه‌ینه‌وه‌ و ئاسووده‌ لێی پاڵ كه‌وین.. داخۆ ته‌كلیفمان چی ده‌بێ و چۆن ده‌بێ ، ئه‌گه‌ر له‌و ئاستانه‌ی هیواوه‌ نزیك ببینه‌وه‌ و ( به‌ هه‌ر ئه‌گه‌رێك هه‌یه‌ ) خۆری چه‌ندین ساڵه‌ی ئاوا بوومان سه‌رله‌نوێ هه‌ڵبێته‌وه‌؟
ئه‌م پرسیارانه‌ و زۆری دیش پێشه‌كی له‌ ده‌سه‌ڵاتی خۆماڵی ده‌كرێ له‌وه‌ی ده‌چێته‌وه‌ ناو بازنه‌ی په‌روه‌رده‌ و كلتوورییه‌وه ‌ .

(2)
دیاره‌ ئامارێكی باوڕپێكراوی كتێبی كوردیمان له‌به‌ر ده‌ستدا نییه‌ بتوانین چاكی له‌ئاسایی و به‌ره‌ژێرتر جیا بكه‌ینه‌وه‌ و ئاستی ڕۆشنبیری و مه‌عریفی و گرینگ وگرنگتر و گرینگترینیان دیاری بكه‌ین ، له‌وه‌ی زیاتر كه‌ كاتی خۆی خوالێخۆشبوو مامۆستا مسته‌فا نه‌ریمان چاپی كردووه‌ هه‌روه‌ها ڕه‌نگڕێژێكی ئه‌و كتێبانه‌ی دوای ڕاپه‌ڕین چاپكراون .
ئه‌م سه‌ر قه‌ڵه‌مه‌ له‌و ئاقارانه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێ :
پێش ڕاپه‌ڕین كه‌ ده‌وڵه‌تی عیراق ته‌واوی ڕۆشنبیری و كو‌لتووری كوردی خستبووه‌ ژێر ڕكێفی گه‌مارۆی سانسۆره‌وه‌ ‌ به‌ڵام دیسان لێره‌و له‌وێ ، به‌هه‌ر هۆیه‌ك بوو ، به‌تایبه‌تیش به‌ هه‌وڵ و كۆششی نووسه‌رانی كورد و هه‌ندێ له‌و به‌رپرسه‌ كورده‌ حكوومه‌تییانه‌ی كه‌ ویژدانێكیان تێدا مابوو… كتێب بڵاوده‌كرانه‌وه‌… له‌و سه‌ریشه‌وه‌ خوێنه‌ری كورد هه‌بوو ، جگه‌ له‌وه‌ی ئه‌نگیزه‌ی نه‌ته‌وایه‌تیش له‌و سه‌رده‌مه‌ دا ، ڕاده‌ی خوێنه‌ری له‌ ئاستێكی به‌رزدا نیشان ده‌دا كه‌كتێبی كوردی هه‌ڕمێن و بازاڕێكی گه‌رمی هه‌بوو .
ئه‌و كتێبانه‌ی له‌ حه‌فتا و هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی ڕابردوودا چاپ كراون ئه‌گه‌ر ڕێژه‌به‌ندی بۆ بكه‌ین ره‌نگه‌ 60% ی كتێبی شایان و له‌ جێی خۆیدا بووبن به‌تایبه‌تیش ئه‌وانه‌ی به‌گشتی له‌باره‌ی ئه‌ده‌ب و كو‌لتوور بوون ، چونكه‌ بێگومان ئه‌وه‌ی‌ په‌یوه‌ندار به‌بیروبۆچوون و فیكر و فه‌لسه‌فه‌ و هوشیاركردنه‌وه‌وه‌ به‌ كوردی ، له‌ لایه‌ك به‌ هۆی مه‌قه‌ستی سانسۆر له‌ له‌ لایه‌كی دی به‌ هۆی بێ ئیمكانییه‌تی ماددی نووسه‌ری كورد و له‌ هه‌مان كاتدا به‌هه‌ند نه‌گرتنی یا هه‌ندێ جار پێ نه‌وه‌ستانی به‌م جۆره‌ بوارانه‌ ئه‌وسا مومكین نه‌بوو .

(3)
‌پێش ڕاپه‌ڕین كتێبی كوردی به‌و ڕه‌نگه‌ بوو… پاش ڕاپه‌ڕین و سه‌رده‌می ئازادی كه‌ به‌هه‌موو پێوانه‌یه‌ك به‌سه‌رده‌می زێڕین داده‌نرێ له‌ ڕووی( بڵاوكردنه‌وه‌) ، به‌ڵام دیسان به‌داخه‌وه‌ كاڵا له‌ قه‌د باڵا نه‌بووه‌ و ئه‌وه‌ نه‌بووه‌ پێویستی ڕۆژگار ده‌یسه‌پێنێ ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی چه‌ند ده‌زگایه‌كی تایبه‌ت به‌ چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی كتێبیش دامه‌زرێنران له‌ بڵاوكراوه‌كانیاندا ده‌رده‌كه‌وێ پێ ناچێ به‌رنامه‌یه‌كی ئه‌وتۆیان هه‌بێت یا هه‌بووبێت كه‌ له‌پێویستی ڕۆژگار و كتێبخانه‌ی هه‌ژاری كوردییه‌وه‌ به‌هره‌گر بووبن.. به‌ڵكۆ زیاتر بێ به‌رنامه‌یی و نزیك و دووری له‌فڵانه‌ نووسه‌ر و فڵانه‌ ده‌زگای پێوه‌ دیاربووه‌ ‌، جگه‌ له‌قه‌ڵه‌مڕه‌وی سیاسه‌ت… هه‌ر چه‌نده‌ ڕۆڵی هه‌ندێ له‌و ده‌زگایانه‌ نادیده‌ش نه‌بن .
ئه‌وه‌ی بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ش له‌ ده‌زگا حزبی و حكوومیه‌كان بووه‌ ‌، لێره‌شدا كه‌رتی تایبه‌تی ئه‌و كاریگه‌رییه‌ی پێوه‌ دیار نه‌بووه‌ ‌، (مه‌گه‌ر له‌مه‌ودوا ).

ئه‌و كتێبانه‌ی دوای ڕاپه‌ڕین چاپكراون به‌گوێره‌ی ساڵانی حوكمڕانی به‌غدا له‌ڕووی چه‌ندایه‌تیه‌وه‌ كه‌م نین ، به‌ڵام له‌ ڕووی ئه‌وه‌ی كتێبخانه‌ی كوردی چی پێویسته‌ بۆی بكرێ ناتوانین بڵێین شتێكمان كردووه‌ له‌ كه‌ش و هه‌وای ڕاپه‌ڕین و سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی نیشتمانی بوه‌شێته‌وه ‌، به‌تایبه‌تی ئه‌و لایه‌نانه‌ی كه‌ تا ئێستاش كه‌لێنن له‌ كتێبخانه‌ی كوردی دا ، به‌نموونه‌:
كلاسیكیایه‌تی جیهان له‌وێنه‌ی فیكر و فه‌لسه‌فه‌ و ئه‌ده‌بیات و مێژوو و ئاركیۆلۆژیا و كۆمه‌ڵناسی و سایكۆلۆژیا و زانسته‌ په‌تیه‌كانی دیكه‌ی له‌ وێنه‌ی فیزیا و كیمیاو زینده‌وه‌رزانی و ئه‌ندازه‌و ماتماتیك و تاد ..
ئه‌گه‌ر بێینه‌ سه‌ر بازاڕیش كتێبی كوردی ئه‌و بازاڕه‌ به‌هه‌ڕمێنه‌ی نه‌بووه‌ و نه‌ماوه‌ ، ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێ ، ته‌نانه‌ت له‌چاو ئه‌وان ڕۆژانه‌شدا ، سه‌رده‌می حوكمی ئه‌وسای به‌غدا ، كه‌ كتێب ڕه‌نگه‌ به‌ ئه‌نگیزه‌ی نه‌ته‌وه‌یییه‌وه‌ بازاڕی په‌یدا كردبوو… دیاره‌ بازاڕیش كه‌م و زۆر په‌یوه‌ندی به‌ جوغرافیای بڵاو كردنه‌وه‌ هه‌یه‌… له‌وه‌شدا جوغرافیای بڵاوبوونه‌وه‌ی كتێبی كوردی هێشتا له‌چاو خۆی سنوردار و پابه‌ندی چه‌ندین ئه‌گه‌ری سیاسیشه‌ له‌ هه‌مان كاتدا نه‌گه‌یشتووه‌ به‌و ئاسته‌ی قازانجێكی بێ سه‌ر ئێشه‌ی به‌دواوه‌ بێت تا وه‌ك چه‌ندین كاڵای تر به‌ قاچاخی ئه‌و سنوور ئه‌م سنوور ببه‌زێنێ و ڕووبه‌ری بازاڕی فراوانتر بكا (كه‌ ئه‌وه‌ له‌ هه‌شتایه‌كانی سه‌ده‌ی ڕابردووكه‌م و زۆر
هه‌بووه‌ ) ئه‌مه‌ش له‌ گرفته‌ له‌پێشینه‌كانی بڵاوبوونه‌وه‌ی كتێب و ڕۆژنامه‌ی كوردییه‌ كه‌ ئێستاش هه‌ر ماوه‌ .

ئێمه‌ له‌ باسی ئاستی ڕۆشتبیری كتێبی كوردیدا كه‌ پێداویستی سه‌رده‌م سه‌پاندوویه‌تی ، گوتمان كتێبخانه‌ی كوردی له‌ زۆر لایه‌نی گرنگی كو‌لتووری و شارستانیه‌تی دنیادا هه‌ژاره‌ .. لێره‌دا دامه‌زراندنی ده‌زگایه‌ك بگره‌ چه‌ند ده‌زگایه‌كی تایبه‌ت به‌ وه‌رگێڕان پێویستیه‌كی سه‌رده‌مه‌، به‌وه‌ی هێشتا بزاڤی وه‌رگێڕان له‌ كو‌لتووری كوردیدا له‌ كۆششی تاكه‌كه‌س تێنه‌په‌ڕیوه‌ كه‌ پێویسته‌ به‌ پێی چه‌ند دامه‌زراوه‌ێكی ڕێكخراو و به‌رنامه‌ بۆ داڕێژراو بێت… به‌تایبه‌تی له‌ ڕۆژگارێكی وه‌ك ئه‌مڕۆ كه‌ ته‌كنه‌لۆژیای سه‌رده‌م هه‌موو بواره‌كانی گرتووه‌ته‌وه‌…
وه‌رگێڕانیش وه‌ك له‌ تاقیكردنه‌وه‌ی میلله‌تاندا ده‌ركه‌وتووه‌ پردێكی به‌ هێزو گرنگه‌ له‌ پێك به‌ستنه‌وه‌ و ئاڵوگۆڕی كولتووری مرۆڤایه‌تی و هۆیه‌كی له‌ پێشیشه‌ له‌ په‌ره‌پێدان و نوێكردنه‌وه‌و ده‌وڵه‌مه‌ند كردنی خودی زمانه‌كه‌مان .
ئێمه‌ پێویستمان به‌ وه‌رگێڕی وا هه‌یه‌ وه‌رگێڕان بكاته‌ پیشه‌ی سه‌ره‌كی خۆی ، پێویستمان به‌ ره‌نگڕشتنی به‌رنامه‌یه‌كی تێروته‌سه‌لی وه‌رگێڕان هه‌یه‌ به‌ ناونیشانێكی له‌وێنه‌ی ( هه‌زار كتێبی وه‌رگێڕدراو) سه‌ره‌تای ده‌سپێك بێت و بایه‌خی تایبه‌تی له‌ڕووی مادی و مه‌عنه‌ویه‌وه‌ به‌ ‌وه‌رگێڕ بدرێ ، ئه‌م ڕه‌وته‌ش ڕێی خۆی وه‌رناگرێ ئه‌گه‌ر كه‌رتی تایبه‌تی به‌شدارییه‌كی جیدی تێدا نه‌كا .

به‌ڵام كه‌رتی تایبه‌تیش له‌ كوردستان به‌داخه‌وه‌ هێشتا نه‌گه‌یشتووه‌ به‌و ئاسته‌ فه‌رهه‌نگییه‌ی مه‌سه‌له‌ی ئینتیمای نیشتمانیی پاڵی پێوه‌بنێ به‌شداری له‌ پڕۆسه‌یه‌كی فه‌رهه‌نگی له‌و چه‌شنه‌ بكا… كه‌واته‌ دیسان ناچارین بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ كه‌رتی گشتی كه‌ ‌له‌ حكوومه‌تی هه‌رێمدا خۆی ده‌نوێنێ ، له‌و ڕوانگه‌یه‌وه‌ هه‌قه‌ حكوومه‌ت ڕێگاچاره‌یه‌ك دابنێ ، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ كه‌ به‌شێكی گرنگ و مێژوویی له‌ هه‌ستانه‌وه‌ و په‌ره‌پێدانی كولتووری نه‌ته‌وایه‌تیمان پێك دێنێ… دامه‌زراندنی ده‌زگای تایبه‌ت به‌ وه‌رگێڕان بۆ كوردی ، ده‌زگایه‌كی فراوانی باوه‌ڕپێكراو كه‌ ده‌وڵه‌ت پشتیوانییه‌كی جیددی بكا و به‌ مه‌سه‌له‌یه‌كی به‌ بایه‌خ و ستراتیژییه‌وه‌ لێی بڕوانێ .
ده‌زگای له‌م جۆره‌ ‌ ڕێگه‌ چاره‌یه‌كیش ده‌بێ بۆ پڕكردنه‌وه‌ی كه‌لێنه‌كانی كتێبخانه‌ی كوردی ئه‌گه‌رێكی كارایشه‌ له‌ فه‌راهه‌م كردنی سه‌رچاوه‌ و ژێده‌ری پێویست بۆ قوتابی و خوێندكاران و كارێكی بێ وێنه‌ش له‌ په‌ره‌سه‌ندن و گه‌شه‌ی زمانه‌كه‌مان ده‌كا ..
گومانی تێدا نیه‌ ئه‌وه‌ی ده‌زگای له‌و چه‌شنه‌ دابمه‌زرێنێ حكوومه‌ت بێ یان كه‌رتی تایبه‌ت له‌ دواڕۆژدا گره‌و ده‌باته‌وه‌ ‌، به‌وه‌ی پێشكه‌وتن و له‌گه‌ڵهاتنه‌وه‌ی شارستانیه‌ت به‌بێ پرۆژه‌یه‌كی به‌ربڵاو و هه‌مه‌لایه‌نی وه‌رگێڕان شتێكه‌ نزیك له‌ مه‌حاڵ .
له‌ ڕووی هونه‌ری ده‌رهێنانیشه‌وه‌ ، ئه‌گه‌ر سه‌رنجی كتێبخانه‌ی كوردی بده‌ین ته‌ماشا ده‌كه‌ین، هونه‌ری ده‌رهێنان و ته‌كنیكی چاپ به‌هه‌مان ئه‌و هه‌وراز و نشێوانه‌دا تێپه‌ڕیوه‌ ‌، بواره‌كانی دیكه‌ی كولتووری پێداچووه‌…
جارێ پێشه‌كی چاپخانه‌ سه‌باره‌ت به‌ زۆر ئه‌گه‌ره‌وه‌ ‌، له‌ پێشه‌وه‌شیان دواكه‌وتوویی وڵات به‌دره‌نگه‌وه‌ هاتۆته‌ عێراق
وه‌ك (د. خلیل سابات) یش له‌ كتێبه‌كه‌یدا مێژووی چاپ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی عه‌ره‌ب ئاماژه‌ی پێده‌دا بایه‌خ نه‌دانی داگیركا‌ری تورك له‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به‌كوولتووره‌وه‌ هه‌یه‌ و ڕێگاگرتنی له‌هاتنی هه‌موو هه‌وایه‌كی شارستانیه‌تی نوێ …
به‌م پێیه‌ كوردستانیش كه‌ له‌دواییدا به‌شێكی گرنگی به‌ عێراقه‌وه‌ لكێنرا له‌و گه‌مارۆیه‌ كولتووریه‌ بێبه‌ش نه‌بووه‌ ، درێژه‌یشی كێشا تا به‌رپابوونی بزاڤه‌ یه‌ك به‌دوای یه‌كه‌كانی كوردستان ، له‌ پێشه‌وه‌شیان شۆڕشی ئه‌یلوول… له‌م هاتووچوویه‌ و كه‌ین و به‌ینه‌شدا ئه‌وه‌نده‌ی ناوه‌رۆك مه‌به‌ست بووه‌ ئه‌وه‌نده‌ شێوه‌ و ته‌كنیكی چاپ له‌كتێبی كوردیدا مه‌به‌ست نه‌بووه‌ ‌، مه‌گه‌ر هه‌ندێ له‌و كتێبانه‌ نه‌بێ كه‌له‌ هه‌نده‌ران له‌ چاپدراون ..

(4)
سه‌ره‌تای شه‌سته‌كان بۆ كتێبی كوردی ده‌توانین له‌ زۆر لایه‌نه‌وه‌ به‌ ده‌سپێكێك بژمێرین به‌ تایبه‌تیش له‌ ڕووی
چاپ و هونه‌ری چاپكردنه‌وه‌… چونكه‌ توانای چاپخانه‌كان هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ بوو… كه‌ سه‌ره‌تا پیتڕیزكردن به‌ده‌ست بوو ، چاپیش به‌هۆی ڕێگای پرێس كه‌ هه‌م له‌ چاپدا له‌سه‌رخۆ بوو هه‌م زۆر جار ده‌بووه‌ هۆی دڕاندنی كاغه‌زه‌كه‌… جگه‌ له‌وه‌ی خێرایی هه‌ڵمشتنی مه‌ره‌كه‌بیشی به‌و ڕاده‌یه‌ نه‌بوو بتوانرێ ده‌ستبه‌جێ بخوێنرێته‌وه‌ ‌، یاخود له‌ سه‌ریه‌ك كه‌ڵه‌كه‌ بكرێ و لاپه‌ره‌كان یه‌كتر پیس نه‌كه‌ن…
له‌ ڕووی ده‌رهێنانیشه‌وه‌ كتێبی كوردی ئه‌گه‌رچی هه‌ندێ وێنه‌ و تایپۆگرافیای به‌شێوه‌ی كۆڵینی تێدا به‌كارهاتووه‌ ‌، به‌ڵام ده‌رهێنانی هونه‌ری تێدا خاكه‌ڕاو هه‌روایی بووه‌…
به‌رگیش به‌هه‌مان شێوه‌ ‌، ساده‌ و له‌ ‌ڕووی هونه‌رییه‌وه‌ هه‌ژار بوو ‌، ئه‌م حاڵه‌ واده‌ڕوا تاوه‌كو سه‌ره‌تای حه‌فتاكان و ڕاگه‌یاندنی ڕێككه‌وتننامه‌ی ئاداری 1970 .. ئه‌گه‌رچی تاك و ته‌را له‌م لاو له‌ولا له‌دوادواكانی ساڵانی شه‌ستیش هه‌ندێ كتێب ده‌رچووبن له‌ ‌ڕووی ته‌كنیكی چاپ و هونه‌ری ده‌رهێنان و به‌رگه‌وه‌ ڕووی ئه‌وه‌یان هه‌بێت بێنه‌ ناو كتێبان ، به‌ڵام له‌ 1970ـه‌‌وه‌و پاش بڵاوبوونه‌وه‌ی ئامێری چنینی لاینۆ و ئه‌نته‌رتایپ و پاشانیش په‌یدابوونی چاپی ئۆفسێت، ئیتر كتێبی كوردی له‌ ڕ‌ووی ته‌كنیكی چاپه‌وه‌ هاته‌ قۆناخێكی تر .
به‌م جۆره‌ له‌گه‌ڵ پێشكه‌وتنی ڕێگاكانی چاپ كتێبی كوردیش له‌ ‌ڕووی هونه‌ری ده‌رهێنان و ته‌كنیكی چاپ پێشكه‌وتنی زیاتری به‌خۆوه‌ دی به‌تایبه‌تیش ئه‌و كتێبانه‌ی له‌ چاپخانه‌كانی به‌غدا له‌ چاپ ده‌دران .
ڕاپه‌ڕینیش وه‌ك وه‌چه‌رخانێك بوو بۆ كتێبی كوردی به‌ تایبه‌تیش له‌ ڕووی هونه‌ری چاپكردنه‌وه‌…
ئێستا ئه‌و كتێبانه‌ی له‌ كوردستان له‌چاپ ده‌درێن هیچیان كه‌متر نیه‌ چ وه‌ك ده‌رهێنان یاخود چاپ له‌گه‌ڵ ئه‌و كتێبانه‌ی له‌ ده‌زگاكانی هه‌نده‌ران به‌نوێترین ڕیگای كۆمپیوته‌ری چاپ ده‌بن ،
ته‌نانه‌ت ئێستا به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ده‌توانین بڵیین هونه‌ری ده‌رهێنان و چاپی ڕۆژنامه‌ و گۆڤار و كتێبی كوردی له‌ كوردستان له‌ پێشتره‌ له‌ ناوه‌ڕاست و باشووری عێراق .. ئه‌مه‌ش بێگومان به‌ڵگه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی مرۆڤی كورد هه‌ر وه‌ختێ بواری بۆ بڕه‌خسێ ده‌سته‌وه‌ستان نییه‌ ‌و ده‌توانێ له‌ هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه‌ جیهانبینی خۆی هه‌بێ و لاسه‌نگیه‌كان ببێنێ و هه‌وڵی ڕاستكردنه‌وه‌یان بدا ‌و له‌ پارسه‌نگی هاوكێشه‌كان بگات .

(5)
ئه‌مڕۆ كتێبی كوردی به‌هۆی زۆر ئه‌گه‌ران له‌ پێشه‌وه‌شیان به‌هه‌ند نه‌گرتنی لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان كه‌ له‌ ده‌زگاو دامه‌زراوه‌ به‌رپرسه‌كانی تایبه‌ت به‌ پرۆسه‌یه‌كی ئاوه‌هاوه‌ و كه‌ به‌ ئاشكرا ماكینه‌ی میدیایه‌كی قه‌تیس له‌ بازنه‌ی گه‌مه‌كانی سیاسه‌تدای له‌پێشتر گرتووه‌ هه‌روه‌ها كاڵ بوونه‌وه‌ی ده‌وری جارانی نووسه‌رانی كورد له‌و ڕاسته‌دا ( به‌ گه‌لێك هۆوه‌ كه‌ له‌ مووقه‌ڵێشان ون نین ) و ئاماده‌یی به‌رفراوان و به‌ر به‌ڕه‌ڵای ( ئه‌فیونی ماسمیدیا ) له‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی دواكه‌وتووی به‌رهه‌منه‌هێن و به‌كاربه‌ری وه‌ك هی ئێمه‌ و كورتهێنانی پرۆسه‌ی په‌روه‌رده‌ و خوێندن تا ڕاده‌یه‌كی نكۆلیلێنه‌كراو و بێسه‌روبه‌ری به‌رنامه‌ و نه‌خشه‌كانی ، كتێبی كوردی داوه‌ته‌ پاشه‌وه‌ و له‌ قاوخێكی تاك ڕه‌هه‌‌‌ندیدا گیری كردووه‌ به‌وه‌ی ئه‌وه‌ی جێی قسه‌ و باسانه‌ یا ژانرێكی دیاریكراوه‌ یاخود ئه‌و كتێبانه‌ن كه‌ ڕووكه‌شن و‌ لانی كه‌می مه‌عریفه‌ و پێویستی سه‌رده‌میان تێدا نییه‌ .. جوگرافیای بڵاوكردنه‌وه‌ش له‌و لاوه‌ بوه‌ستێ ، كه‌ وای لێ هاتووه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی زۆربه‌ی نووسه‌ران كتێب به‌ تیراژێكی زۆر كه‌م ( كه‌ ئه‌ویش گرفتێكی دیكه‌یه‌ ) له‌ حسابی خۆیان له‌ چاپ بده‌ن ، بڵاوكردنه‌وه‌یشیان له‌سه‌ر خۆیانه‌ و تا ئێستا ده‌زگایه‌كی دابه‌ش كردنی گشتیی ( بۆ هه‌مووان نییه‌) ، كتێبخانه‌كانیش كه‌ هه‌میشه‌ ته‌نیا مه‌سه‌له‌ی قازانج و زه‌ره‌ریان له‌ پێش هه‌موو ئیعتوبارێكی دی داناوه‌ ( كه‌ هه‌قی خۆیانه‌ ) ، به‌ڵام سه‌یرایه‌تییه‌كه‌ له‌وه‌ دایه‌ ئه‌گه‌ر كتێبیشت لێ وه‌ر بگرێ ،فلسی ئه‌حمه‌ڕت ناداته‌وه‌ و هه‌ر جاره‌ی به‌ بیانوویه‌ك به‌ عاله‌می ئاشكرا حه‌قت ده‌خوا ( نۆشی گیانیان بێ ) ، هه‌ر بۆیه‌شه‌ كه‌ ئێستا بووه‌ به‌ باو نووسه‌ران كتێبه‌كانیان به‌ خۆڕایی له‌ كۆبوونه‌وه‌ و ئاهه‌نگان دابه‌ش ده‌كه‌ن ، ئه‌وانیش هه‌قی خۆیانه‌ ئه‌دی چی بكه‌ن و چۆنی بگه‌یێننه‌ خوێنده‌واران ، هه‌ر چه‌نده‌ من وه‌كو خۆم لایه‌نگیری ئه‌م به‌ خۆڕایی دابه‌شكردنه‌ نیم .ئا ئه‌مه‌یه‌ حاڵی ئێستای كتێبی كوردی .. تۆ بڵێی هه‌بن بیرێكی لێ بكه‌نه‌وه‌ و
به‌ هه‌ندی بگرن و خه‌مێكی لێ بخۆن ؟؟
———————————————————-

ئاماژه‌

  • دیاره‌ ئه‌وه‌ی لێره‌دا مه‌به‌سته‌ كوردستانی به‌ عیراقه‌وه‌ لكێنراوه‌‌ ،
    چونكه‌ بێگومان هه‌ر پارچه‌یه‌ك تایبه‌تایه‌تی و مێژوو و گرفتی خۆی له‌م ڕووه‌وه‌ هه‌یه‌ .
  • ئه‌م سه‌ره‌قه‌ڵامانه‌ ‌ ساڵی 2005 له‌ ڕۆژنامه‌دا بڵاوكراونه‌ته‌‌وه ‌ .



بیرەوەری جەلاد و ڕاوێژکار … ئاسۆکمال

مەلا بەختیار لە کتێبی “لەبری بیرەوەری”دا دوکارەکتەری یەکێتی زەق کردۆتەوە کە یەکێکیان نەوشیروان مستەفایە وەک جەلادی کۆمۆنیست و نەیارەکانی خۆی ، وە دووەمیان شەخسی مەلا بەختیارە وەک چەپێک وئازادیخوازێکی ناو یەکێتی. بێگومان لە ناساندنی کارەکتەری یەکەمیاندا سەرکەوتوو بوە چونکە نەوشیروان وتە و کردارەکانی لە کاتی ژیانیدا هیچ نەشاردۆتەوە و خۆی شانازی بەو دەوری جەلادیەوە کردوە لە ژێر ناوی شۆڕشدا. بەڵام مەلا بەختیار لە ناساندنی کارەکتەری خۆیدا مێژووی کۆمەڵەی مارکسی-لینینی و کۆمەڵەی ڕەنجدەران و ئاڵای شۆڕشی بەکارهێناوە بۆ داپۆشینی دەورێکی ڕاستەقینە کە لە ٣٠ ساڵی ڕابردووی دەسەڵاتداری یەکێتیدا ئەو وەک ڕاوێژکارێکی جەلادەکان دەوری گێڕاوە.
ئێمە، خەسرەو سایە و من، لە نامیلکەیەکدا لە ساڵی ١٩٩٢ کاتێک مەلا بەختیار بانگەوازی گەڕانەوەی چەپەکانی دەکرد تا لەگەڵیدا بچنە ناو یەکێتی نیشتمانیەوە، پێمان وت کە تۆ جگە لە بونە ڕاویژکارێکی تاڵەبانی و حزبە سەرکوتگەرەکەی هیچی تر ناکەیت.
کارەکتەرەکان و کارەکانیان هەرچەند گرنگ بن لە ناساندنی مێژوودا بەڵام ئەوە خەباتی چینەکان و ململانێ سیاسیەکانیانە کە پێناسی دەور و جێگەی تاکەکان دەکا. دەوری ئەم کارەکتەرانەی یەکێتی دەبێ لە جەرگەی ئەو خەباتە چینایەتیەی کوردستان و دەوری یەکێتی نیشتمانی لەوێدا دیاری بکرێ.
کۆمۆنیزم لە کوردستان وەک بەشێک لە سیستمی سەرمایەداری جیهانی، وە وەک باقی شوێنەکانی تری جیهان، لە ژێرکاریگەری سۆڤیەت و چیندا گروپە سیاسی و ڕۆشنبیریەکانی شیوعی و ماوی تیایدا دەرکەوتن. کۆمەڵەی مارکسی – لینینی کوردستانیش وەک بەشێک لەم واقعیەتە پێکهات لە هێزی ڕادیکال و کۆمۆنیستی ڕۆشنبیران و خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش دژی حکومەتی بەعس و ناکۆک بە دەسەڵاتی عەشیرەتی و بنەماڵەیەیی بارزانی و دژی ڕێبازی ٦٦ی جەلالی و هاوکات ڕەخنەگر لە دۆستایەتی و بەرەی حزبی شیوعی لەگەڵ بەعس و پاشکۆیەتی بۆ سۆڤیەت بوون.
بەڵگەکانی ئەم نوسەرە باسی چۆنیەتی زاڵبوونی باڵی جەلالی و نەوشیروان دەکا بەسەر کۆمەڵەی ڕەنجدەراندا و سوود وەرگرتنی ئەم سەرکردە ناسیونالیستی و بورژوایانەی لەم هێزە ڕادیکاڵەی کۆمەڵەی مارکسی – لینینی دەکا. بێگومان بەرنامەی بەرەی ناسیونالسیتی و پۆپۆلیستی کۆمەڵە بوە زەمینەی ئەوەی بورژوازی کورد بتوانێ کە ئەم هێزە نوێی یە شۆڕشگێڕە بخاتە ناو چوارچیوەی حزبێکی بورژوازی ناسیونالیستی خۆیەوە لە ڕێگەی پاکتاوکردن و زیندانی کردن و سەرکوتکردنەکانەوە.
لە کاتێکدا شۆڕشی ئێران و حزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵەی سازمانی کوردستانی ئەو حزبە لەسەرەتای هەشتاکانەوە کاریگەریان لەسەر چەپ و کۆمۆنیزم لە کوردستانی عێراق دانا جیابونەوەی زۆربەی کۆمۆنیستەکان لە کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان ڕویدا و گروپە کۆمۆنیستیە جۆراوجۆرەکان دروست بوون. ئەم واقعیەتە کاریگەری لەسەر کەسانی کۆمۆنیست و ڕادیکاڵی شاخ و پێشمەرگایەتی ناو یەکێتیدا دانا و “ئاڵای شۆڕش”یش لە ژێر کاریگەری ئەم دۆخەدا دروست بوو . خۆپیشاندانەکانی خوێندکارانی شارەکانی سلێمانی و کەرکوک و هەولێردا کۆمۆنیستەکان وەک کەسانی چالاک دەرکەوتن لە ساڵی ١٩٨٣-١٩٨٤دا، پەردە لەسەر ڕووی سیاسەتی سەرکردایەتی بورژوازی کورد زیاتر هەڵماڵرا بەتایبەت لە کاتێکدا یەکێتی نیشتمانی خەریکی گفتوگۆبوو لەگەڵ بەعس. یەکێتی نیشتمانی لەو کاتەوە دژ بەم کۆمۆنیزمە تاقم و تفەنگی بەست بوو و هەرچیەک بۆنی ئەم کۆمۆنیزمە و ئۆپۆزسیۆن بوونی دەسەڵاتەکەی لێ بهاتایە بێ ئەملا و ئەولا و بێ سڵەمینەوە سەرکوتی دەکرد. ئەوەی لە شاخ بە “ئاڵای شۆڕش” ی کرد لە شاریش بە شوراکان و حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کرد.
بەڵام مەلا بەختیار، کە جگە لەم خەمخۆریە بۆ پۆست لە دەسەڵاتێکی سەرکوتگەری کوردیدا هیچ ئامانجێکی تری نیە، ئەو لە دوای ڕاپەڕینی ١٩٩١ ەوە کەوتە هەڵپە بۆ وەرگرتنی پۆستێک وەک ڕاویژکارێکی تاڵەبانی. ئەو ئەمڕۆش کە گلەیی و ڕەخنەکانی دەبیستین جگە لە نیگەرانی لە پۆستە خانەنشینیەی “ئەنجومەنی باڵای سیاسی” هیچی تری مەبەست نیە. ئەوسا و ئێستاش ڕەخنە و کێشەکانی هیچ پەیوەندی بە بەرژەوەندی وماف و ئازادیەکانی خەڵکی کوردستان ، وە یاخود بەو مێژووەوە نیە کە چەپ و کۆمۆنیزم لە کۆمەڵەی مارکسی – لینینی یەوە تا ئێستا هەیبوە.
لەم ٣٠ ساڵەدا ئەم کارەکتەرە کە بوەتەوە بە ڕاوێژکاری تاڵەبانی و کارگێڕی یەکێتی بوە بوەتە بەشێک لەو دەسەڵاتەی خەڵکی کرێکار و فەرمانبەر و کەم دەرامەتی کوردستان دەڕوتێنێتەوە و دەچەوسێنێتەوە و ئیتر هیچ ئیدعایەکی کۆنی ئەم کەسە تاوانی ئەم ٣٠ ساڵەی سەرکوت و شەڕ و کۆنەپەرستیە داناپۆشێ.
کاردانەوەکانی بزوتنەوەی گۆڕانیش بەرامبەر بە مێژووی تاوانەکانی سەرکردەکەیان جێگای سەرسوڕمان نیە چونکە میراتگری کەلتووری پیرۆزکردنی تاوانکاریە بەرامبەر بە ئازادی سیاسی ڕوو بە نەیارەکانی و هەر ئەمەش کردویەتیە دەستە خوشکی دەسەڵاتی یەکێتی و پارتی.
ڕاستیەکانی مێژووی خەباتی خەڵکی زەحمەتکێش وئازادیخوازی کوردستان لە پێناو ئازادی و یەکسانیدا پێویستە لە بیرەوەری ئەو کەسانەدا بەدوایدا بگەڕێین کە دوورن لەوەی دەوری جەلاد و ڕاویژکارەکانی دەسەڵاتی کوردایەتیان بینیبێت. ئەم مێژوو و بیرەوەریە شۆڕشگێڕانانە پێویستە لە لایەن شۆڕشگێڕانی خەباتی چینایەتی دژی دەسەڵاتی حزبە سەرمایەدارەکانی کوردستانەوە بنوسرێتەوە تاببێتە هوشیاریەکی زیندووی هەڵسوڕاوان و خەباتکارانی ئازادی و یەکسانی لە کوردستاندا.

ئاسۆکمال




خوێندنەوەیەك بۆ رۆمانی “بەڕێگاوە” ی دڵشاد كاوانی … نووسینی: د. مستەفا ساڵح*

منیش (نارسیسم)، رۆمانی بەڕێگاوەم خوێندەوە، نووسەر (ئەوی نارسیس) لە رێگەی تواناكانییەوە كەمەندكێشی كردمە ناو جیهانێكی تایبەت، جیهانێك نزیك لەوەی (جێمس جۆیس) لە رۆمانی (وێنەی هونەرمەند لەتافی لاویدا)، جیهانی خەیاڵ و فەنتازیا و گەمەكانی رۆح، گەمەی خود لەگەڵ جەستە، خۆشەویستی و رقبوونەوە، خودپەسەندی و دژەخودی، مەرگ و زیندەگی و بێداری و شەونخوونی… هەڵكشان و داكشانی ئەمانە و چەندان لایەنی تری پەیوەست بە هەست و خولیا و ئازار و چێژەكانی مرۆڤەوەوە. لەمانەش گرنگتر گەمەی زمان و تەكنیك و شێوەی نووسین، كە مایەی تێڕامان و شایەنی هەڵوەستە لەسەركردنن. بۆیە هەوڵمدا هەندێ‌ وردە سەرنجی كورت لەم بارەیەوە بخەمە روو، چونكە بە دیاركردن و كردنەوەی كۆدەكانی نووسین و گێڕانەوە، خوێنەر ئاسانتر لە خوێندنەوەی دەقەكە دەگات و هەرسەرنج و تێبینییەكیش لەم رووەوە یارمەتیدەرێكی باش دەبێت بۆ نووسەر.
ئەوەی ئێمە لێرەدا دەمانەوێت باسی بكەین ، هەندێ هۆكار و ئامراز و تەكنیكی بواری گێڕانەوەن، نووسەر كەم تا زۆر لە گێڕانەوەی رووداوەكاندا سوودی لێوەرگرتوون، گێڕانەوەكەی خۆی پێ تۆكمە و بەهێزكردووە.
 لەرووی گێڕانەوەوە رۆمانەكە بەسەر چەند پاژێك دابەشكراوە، گێڕەرەوەی هەمانشتزانی بەشدار لە رووداوەكان، پاژەكانی (1 – 4 ) مان بۆ دەگێڕتەوە، هەر لە پاژی یەكەم و لە وشەی یەكەمەوە خۆیمان بۆ ئاشكرا دەكات و دەڵێت: ” من نارسیسم… من دوای تەواو كردنی ئەم رۆمانە دەستبەجێ‌، ….” رۆماننووس لە رێگەی درووستكردنی گێرەرەوەی هەمانشتزان، (بارت) گووتەنی:”لەكاغەز درووستكراو”ەوە سەرجەم رووداوەكانی ئەو پاژانەمان ، سەركەوتووانە بە نەفەسێكی درێژی گێڕانەوە، بۆ دەگێڕێتەوە، پاژەكانی (5 – 8) لە رێگەی گێڕەرەوەی هەمووشتزانی چاودێر بەسەر رووداوەكان، دەگێڕێتەوە،(فلۆبیر) لەبارەی ئەو جۆرەی گێڕەرەوە پێی وایە كۆنترین دەقەكانی گێڕانەوەی پێ گێڕدراونەتەوە و خاوەن دەستەڵاتێكی رەهایە و زانیاریی لەسەر ورد و درشتی رووداوەكان هەیە، نووسەر زۆر هەستیارانە و دووربینانە توانیویەتی لەسەرجەم رۆمانەكەدا بەگوێرەی پێویستی رۆڵەكە بەسەر هەردوو جۆری گێڕەرەوەكە دابەش بكات، لە هیچ جێگایەكی گێڕانەوەكەیدا دركمان بەوە نەكردووە، لە بێتوانایی و تەنگەنەفەسی دەرگای گێڕانەوەكەی داخستبێت، زۆربەی جاران داشی گێڕانەوەكەی بەسواری جێهێشتووە، ئەگەرچی لە هەندی شوێندا، بەتایبەتی كە گێڕەرەوەی هەمووشتزان رووداوەكانمان بۆ دەگێڕێتەوە، تارمایی نووسەر لە پەنا هەندێك لە بیروڕاكانەوە دیارە، بەتایبەتی كاتێك دەیەوێت هەندێك باسی فەلسەفی و فیكری لەسەر زاری كەسایەتییەك دەرببڕێت ، كە لە ئاستی بیركردنەوەی ئەو كەسایەتییە نین، وەك ئەوەی لە لاپەڕە (120) لەسەر زاری (شێمراز) ی كاركەرو پشتشۆری حەمامەوە ، كردوویەتی، چونكە تا ئێرە (شێمراز) ئەو دەرفەتەی بۆ نەرەخساوە كە بخوێنێت و ببێتە عاریفێكی گەورە، وەك دواتر پێی دەگات.
هەر سەبارەت بە گێڕانەوەوە نووسەر لە زۆر شوێندا، بە گوێرەی پێویستی سوودی لە تەكنیكەكانی كات (پێشخستن و پاشخستن) وەرگرتووە.
 (خۆدواندن) رێگایەكی ترە لەرێگا پەیڕەوكراوەكانی گێڕەرەوە، بەو پێودانگەی كە زۆربەی رووداوەكانی رۆمانەكە بەلای سایكۆلۆژیاوە دەچن، بۆیە بە بڕوای ئێمە پەیڕەوكردنی ئەو رێگایە زۆر پێویست بووە، رەنگە لە نەبوونیدا كێماسیێك لە شێوازی گێڕانەوەكەدا درووستببا ، بە دیوێكی دیدا دەتوانین بڵێین نووسەر لەبەر ئەو هۆیەی باسمانكرد، بەناچاری پەنای بۆ ئەم هۆكارە بردووە، ئەویش بریتییە لە قسەكردنی كەسایەتییەك لەگەڵ خودی خۆیدا، بەمەش هەر مەبەستێك بیەوێت، گێڕەرەوە دەتوانێت بەم هۆكار و رێگایە دەری ببرَێت، بۆ ئەم مەبەستەش سوودی لە چەندان وشەی وەك (وامزانی ، رەنگە ، دەشێ ، لەوانەیە ….) وەرگرتووە.
 قسەی ئەوانیدی (كلام الغیر) ، ئەمەشیان هۆكارێكی تری بەردەستی گێڕەرەوەیە بۆ دەولەمەندكردنی گێڕانەوەكەی بەكاری دەهێنێت، كە تێیدا گێڕەرەوە قسەی كەسایەتییەكانی تر وەردەگرێت و بە گوێرەی پێویستی خۆی دایاندەڕێژێتەوە، لەم رۆمانەدا هەردوو جۆری وەرگرتنەكە بەكار هێنراون، جۆری یەكەمییان قسەی كەسایەتییەكە وەك خۆی وەرگیراوە و لەنێوان جووت كەوانە دانراوە و وشەی (گووتی) و جووت خاڵی لەپێش دانراوە، جۆری دووەمیشییان قسە وەرگیراوەكەی لە سیاقی وتەكانی خۆی داڕشتۆتەوە. بەمەش توانای نووسەر بەسەر زمانی گێڕانەوە بە ئاشكرا دیارە.
 بۆگێڕدراو: ئاشكرایە كە هەر بابەتێكی گێڕدراوە بۆ كەسێك، یان چەند كەسێكە، جا ئەو كەسەی دەقەكەی بۆ دەگێڕدرێتەوە پێی دەگوترێت بۆگێڕدراو، ئەمیش لەلای خۆیەوە دوو جۆرە، جۆرێكیان بۆگێڕدراوی گشتییە، واتە ئەو كەسەیە كە نووسەر بەشێوەیەكی گشتی دەقەكەی بۆ دەگێڕێتەوە، لە دەقە نووسراوەكانیشدا خوێنەری دەق رۆڵی بۆگێڕدراو دەبینێت، كە ئەمەیان پێویستییەكی دەقی گێڕدراوەیە و یەكێكە لە سێ كۆڵەكە سەرەكییەكەی گێڕانەوە ( گێڕەرەوە ، گێڕدراوە ، بۆگێڕدراو) بوونی لەناو دەقدا شتێكی نۆڕمالە، بەڵام جۆری دووەمی بۆگێڕدراو، ئەوەیە كە نووسەری دەقەكە لەناو دەقەكە درووستی دەكات و گەلێك جاران رووی دەمی گێڕانەوەكەی تێدەكات، واتە جۆری دووەمی بۆگێڕدراو، بۆگێڕدراوێكی مەزەندەكراوە، وەك گێڕەرەوە لە كاغەز درووستكراوە، لە رۆمانی (بەڕێگاوە) لەچەند شوێنێك نووسەر بۆ جوانكاری گێڕانەوە هانای بۆ بۆگێڕدراوی مەزەندەكراو بردووە و رووی گێڕانەوەكەی تێكردووە، ” جیقن بزانم زیرەكی هەڵیبێنی، دەزانی ئەوجارە میوانەكانم كێبوون؟”ل 37. لەم پرسیارەدا گێڕەرەوە رۆڵی بۆگێڕدراو دەداتە بۆگێڕدراوی مەزەندەكراو، چونكە پێشتر لە تەواوی ئەو پاژەی گێڕانەوەكەدا، رووی دەمی لە بۆگێڕدراوی ئاساییە، بەڵام لێرەدا كەسێك یان بڵێن خوێنەر لەرێگەی وشەی (جیقن) بانگ دەكات و دەیكاتە بۆگێڕدراوێكی ناسراو لای خۆی. لە لاپەڕە (220)یشدا دیسان ئەم كردارە دووبارە دەكاتەوە، شایانی باسكردنیشە، لەهەر شوێنێك گێڕەرەوە پەنای بۆ ئەو جۆرەی بۆگێڕدراو بردبێت، ئەوا لەشێوەی پرسیارێكی كوورت بووە، واتە رۆڵەكە بۆ مەسافەیەكی كورت و كەم بووە.
 زمان: لە بەكارهێنانی زماندا نووسەر هەتا راددیەكی باش سەركەوتوو بووە، سەرەڕای پابەندبوونی بە زمانی نووسینی پەیڕەوكراو، هەتا بۆی لوابێ، تێكەڵەیەكی لە زار و بنزارەكانی ناوچە جیاجیاكانی كوردستان بەكارهێناوە، دەیان وشەی كەم بەكارهێنراوی خستۆتە ناو دەقەكەوە و خوێنەری پێ ئاشنا كردووە، وەك وشەكانی (قەلاقوپ ، زلحۆرت ، حینگ ، زێچەن ، حالۆری ، لەهیكەوە ، زۆرگێ‌ …..) بە مەبەستی ئاسانكاریش فەرهەنگۆكێكی بۆ وشەكان لە كۆتایی رۆمانەكە نووسیوەتەوە.
 وەسف: وەسف لە رۆماندا پانتاییەكی فراوانی بەردەكەوێت، زمان و گێڕانەوە لە وەسفدا بەرجەستە دەبن، هەركاتێ‌ پشوودرێژی لە وەسفدا هەبوو ئەوا نیشانەی دەوڵەمەندی هزر و فەرهەنگە، لەم رۆمانەدا وەسف هەتا راددەیەكی باش گرنگی پێدراوە، نووسەر دركی بە گرنگییەكەی وەسف كردووە، بۆیە لە هەر كەلێنێك بۆی گونجابێت لە وەسفی كەس و شوێن و رووداوەكان درێغی نەكردووە.
 ئاشكرایە كە هیچ دەقێك بە بێ كەم و كوڕی نابێت، رەنگە هەر كەسێك لە خوێندنەوەی هەر دەقێكدا بتوانێت لە چەند لایەنێكەوە سەرنجی ورد و تێبینی تایبەتی هەبێت، ئەوەی جێگای سەرنجی ئێمە بوو، بەكارهێنانی چەند وشە و دەستەواژەیەك بوو، بە بڕوای ئێمە شێوەی بەكار هێنان یان شوێنی بەكارهێنانییان نەگونجاوە، ئەمەش شتێكی ئاساییە و لە رۆمانێكی قەبارە گەورەی وەهادا، بۆ ئاسانكاری خوێنەر و نووسەر چەند وشە و دەستەواژەیەك بە نموونە دەهێنینەوە:
(قەڵەپراو = قەرەپڵاو)ل49
(لاكە = كەلاك) ل52
(بارگین = بارگیر) ل113
(دەست دەنێت بە روویانەوە)ل116، ئەم دەستەواژەیە بۆ رەتكردنەوەیە نەك بۆ میوانداری، وەك لە دەقەكەدا هاتووە.
(وەحشییەتناك = ؟) ل200
(قەدبڕ) لە زۆر شوێندا لە شوێنی وشەی (یەكسەر و راستەوخۆ) بەكارهێنراوە.
(یەك ئەلفاز = یەك لەفز) چونكە ئەلفاز كۆیە ناكری لەدوای یەكەوە بێت.
(قریشاندم = هاوارمكرد)ل51
(قرماند = خوارد)ل52
… ئەمانە و گەلێك وشە و دەستەواژەی دی.

 لە كۆتاییدا دەكرێ بڵێین رۆمانی بەڕیِگاوە سەرەڕای ناوەرۆكە دەوڵەمەندەكەی بە گێڕانەوەی كۆمەڵێك رووداو ، بە پشت بەستن بە چەند لایەن و پاژێكی تیۆرە سایكۆلۆژییەكانەوە، لەرووی تەكنیكی گێڕانەوەش رۆمانێكی تۆكمە و بەهێزە، شایانی خوێندنەوە و دەكرێ لەچەند لایەنێكەوە خوێندنەوەی بۆ بكرێت.

*دکتۆرا لە بەشی ئەدبیاتی زمانی کوردی زانکۆی سۆران.




ڕێ پێگرتن … نەوزاد بەندی

ناشیرینترین و دڕندەنترین و ساویلکەترین دیاردە ،دیاردەی ڕێ پێگرتنە .. مێروولەیەک حەقی بە تۆوە نیە وبە ڕێی خۆیدا ئەڕوا ، بۆچی ڕێی پێئەگریت و ئەیکوژیت یان برینداری ئەکەیت وپێی ڕائەوێریت ؟ ..هەنگێک بە هێمنی ئەفڕێت و بە دوای شیلەی گوڵدا ئەگەڕێ ، بۆچی چەپۆکێکی پیا ئەکێشیت و ..لە زەویدا ئەیگەوزێنی و ئەیتلێنیتەوە ؟ ..گوێدرێژێک ..سەگێک ..پشیلەیەک ..بەزاقە ڕووتەیەک ..چۆلەکەیەک ، لە خەیاڵ و لە ژیانی خۆیدا ئەژی و بە تەنیشتتا تێدەپەڕێت ، بۆچی ئازاری ئەدەیت ؟ بۆچی ئەیکوژیت یان کەمئەندامی ئەکەیت ؟ بۆچی ڕاوی ئەنێیت و ..چوار چاوی ئەکەیت و ئەیتۆقێنیت ؟..
بۆچی ڕێ بە ژیانی مرۆڤەکانی ووڵاتەکەت ئەگریت ؟ جارێ ڕێ بە سووتەمەنیەکەیان ئەگریت و ..وا دەکەیت هاووڵاتیان ٢٤ سەعات چاوەڕێی پڕکردنی تانکی ئوتومبیلەکانیان بکەن ..وا دەکەیت زستانەکانیان لە سەرماندا هەڵلەرزن و ئاگردانیان سارد و سڕ بێ ..وا دەکەیت دامەزراندن ببێ بە مافی خواپێداو و دەستڕۆیشتوان و سەدان هەزار لاو لە ماڵەوە بە دڵشکاویی دانیشن ..وا دەکەیت هەزاران لاو سەری خۆیان هەڵگرن و لە دەریاکاندا بخنکێن ..وا دەکەیت لاوانی نیشتمانەکەت لە دژی یەکتریی چەک بکەنە شانیان و یەکتر قەتڵ و عام بکەن ..وا دەکەیت خەڵک لە تاریکی و بێ ئاویو بێ ئومێدیدا ، تووشی هەزارو یەک دەردی دەروونی و جەستەیی بن ..وا دەکەیت مناڵان نەتوانن جلی جەژن بکڕن ..
بۆچی ڕێ لە موچە و قوتی هاووڵاتیان ئەگریت ؟ جارێ لە قۆڵی موچەوە و ..جارێ لە قۆڵی گەنم و دانەوێڵەوە و ..جارێ لە قۆڵی تەنگژەی سیاسی و هەرێمیەوە ..ئاخر لە هەموو سەردەمەکاندا کە سەگ و گورگ فەرمانڕەوایی ئەم خەڵکەیان کردووە ، کەسیان ڕوویان نەهاتووە و شەرمیان کردووە لەوەی ڕێ بە موچەی مامۆستا و فەرمانبەران بگرن ..خراپترین فەرمانڕەوا لە مێژووی مرۆڤایەتیدا پێی نەنگیی بووە ڕێ بە کاروانی موچەی فەرمانبەرەکانی بگرێت و بیبا بۆخۆی و ..مانگیان لێ بکا بە شەست و حەفتا ڕۆژ ..
عەیبە ..عەیب ..فەرمانبەران و کاسبکارانت لە ڕاسته شەقامی ژیاندا ڕاگرتووە و ..بە چاوی لە مۆلەق ڕاوەستاوەوە تەماشای قوتی ڕێپێگیراویان ئەکەن ..نازانن بە چ هاوارێ داوای مافی دزراویان بکەن ..نازانن بە چ قیژەیەک بچن بە گژتاندا ..نازانن چ جۆرە تفێک هەڵبدەن ..نازانن ئەمە ڕاستیە یان خەون ..نازانن چۆن بە گژ ئەم ڕێگرانەدا بچنەوە چونکە لە مێژوودا ڕێگریی لەو جۆرە ڕووی نەداوە هەتا پەند و بەرنامەی لێ وەربگرن ..
هەر بۆیە ئەم ڕێلێگرتنانە ئەیسەلمێنن، ئێوە نەک هەرکورد نین ، بگرە سەربە تیرەی مرۆڤ نین و ..دڕندەیەکی دروستکراوی وەک ڤایرۆسی کۆرۆنان ..ئێوە دروستکراون ، فوو دراون ..میوتەیشن و لێکدراوی کڕۆمۆسۆمەکانی کەمتیار و شەیتانن ..ئێوە مێژووی مرۆڤایەتیتان توشی شۆک کردووە و نازانێ بەچ زاراوەیەک ڕیکۆردتان بکا ..ئێوە ڕووی دڕندە و دژە مرۆڤ و دژە ژیانەکانی مێژووی مرۆڤایەتیتان سپی کرد ..
ئێوە ڕێگرن ..ڕێگر ..




سوتانێ لە جوانی کازیوەدا … شیعر/ کاوە عوسمان عومەر

بێ هارمۆنیکای عیشقی لەدەستچووت،
سەفەر ناکەم،،
جیهان با لە خەونی قەترانی خۆیدا، شەپۆلبدا..
کەشتی سەرخۆشی من..
لە ئۆقیانوسی ترا تاودراوە،،
هەر ساتێکم تەم و مژو بارانێکە،،
تؤش ڕێگە بە،،،
با ڕەوە پەپولەی ..
ئەرخەوانی کازیوەیەکا،،
بە دەربەندی تەنیاییمدا..
تێپەڕکا،،،
هەر پروشە بەفری تۆیە،،
لەسەر لێوم،،
بریسکەی دێ،،
کە ئەگەمە هەرشوێنێ ،
دارستانێ وەک چاوی تۆ،،
پڕ تەمتومان،،
هاوسەفەرمە،،،
کە ویستگە لە دوای ویستگە،،
بە نێو کەژو گژو گیای جوانیتا ،،
ئەگۆڕم، مەستر ئەبم،،
لەگەڵ زەنگی هەر ڕۆشتنێکت،،
پریاسکەم لە خەووشیعرو..
مانگە شینە بوهەیمیەکان پڕ ئەکەمەوە،،
کە ڕشتەکانی بیرەوەریش ، بە باڵای..
بریسکاوی ئەستێرەکانا هەڵئەواسم،،
ڕەزی فرمێسکی تۆیە،،
تێشووی سەفەری دوور، قەراغ ..
زەریای چاوەڕوانیتە، شەوانی مۆری…
سەرهەڵگرتنم، چەند قەشەنگ بوو،،
وەک پەنجەرەیەک،،
لە پەلکە زێڕینە،،
نیگای ئەفسونت..
بەسەر کازیوەدا ئە کرایەوە،،
کڵپەی ئاگری سپی تەمەن،،
لە کەناری دیدەنیت دائەنێم،
فانوسی دەرنەکەوتنت،،،
لە هەموو بەندەرێک..
هەڵئەگیرسێنم،،،
هەر کە کۆچێکت..
بوە یاداشتی کەلێک..
لە ئاسۆی سەفەرا،،
لە خەوی بەسەرچوو،،
پۆلە فریشتەیەک،،،
لە وشە سرک تر،ئاوی تر
بەڵکو لە چاوانتەوە، بگاتە جێ
سپیتریش، لە گوڵی نێرگز،،،
ئەو خونچانەی..
لە مەنزڵگەی چاوەڕوانی، زیاتر..
پەلەی لە ئامێزگرتنی بەهاری بوو،
تا ئەبەد ناگا،،
کڵپەی مراویەکانی حەزیش، ،،
لە نەگەیشتن بە شنەبای هەناسەت..
ڕۆحیان دەرچوو،،
کە مەرگیش ، بە پێچەوانەی..
میلۆدیای کۆچی سەر کەناری من…
تاوی ئەسپەڕەشەکانی..
قەراغ زەریای ناهۆشیاری..
مرۆڤە خەیاڵاویەکان ئەدا،،،
من لە هەورە گرمەی تۆقینەری..
ڕۆحی یاخی ئەتلامەوە،،،
بەڵام مەرگ..
شکۆی لە زۆری قوربانیەکانیدایە،،
شەختە دڵی تەنیاییش،،
هەر کاتێک،،،
تیرە ئاڵتونیەکانی عیشق،،
کەوانی ئاوازی عەشقی..
لەدەستچوو جێ دێڵن،،،
لە بەندەری چاوەڕوانیدا با بتوێتەوە،،
تەنانەت تیرێکی…
نێو تاریکی جێهێشتنت…
ئاسکێکی ناو چاوی شەوەزەنگ ناپێکێ،،
بەڵام بڕیار ئەدەم،،
گەر ئەمجارە فڕیمەوە،
بە باڵی شیعری سرک و بزێو،،
وەک هەڵۆیەکی یاخی..
لە نسکۆی شکستی زەمین،،،
باڵەکانم ناکەمەوە،،،
لە بەرزترین ئاسۆدا،،
کەوتنە خوارەوە بەهای هەیە،،،
مەرگ بە شکۆی تەنیایی و جێ هێشتن..
و ڕژانی فرمێسک و ژاکان و ئەشکەنجەوە خۆشە،،،
بە فریشتە لاسارە ..
باڵ سوتاوەکانی پەرادیس ئەڵێم،
بۆ لێرە بوین، بۆ تەنیا بوین، بۆ چاوەڕێ بوین ؟؟؟
لە ژینێک، وەک بیابان،
نە سەرەتا..
نە کۆتا،،
پەیمان بێ، ،،
کە بە زنجیری ڕەشی دۆزەخیشا..
جەستەی کڵپەو تۆفانیان هەڵکێشام،،،
هەر قاقام بە یاریە بێ هودەییەکانی خواوەندە..
دڵ مسەکان بێ،
بەڵام من بە بریسکانەوەی..
خوێنی سەر خاچی شیعری خۆمەوە جوانم،،،
هییچ ناسڵەمێمەوە،،،
واز لە خوێنی ڕژاوی..
یەک دڵۆپە شیعری یاخی و..
بەدنەفرەتی دۆزەخیشم ناهێنم،،،
من بە گڕ و کڵپەو پشکۆی جەهەنەمی خۆمەوە قەشەنگم،،
لە سوتانی سوتماکی زومردی..
رۆح و جەستە ،،
هەزاران جار،،،
وەک سیمرخی ئاگر،
ئەگەمەوە قەڵای بڵندی خۆرسوتان،،،
بەڵام لۆژیکێک هەیە،،،
مرۆڤ هەرگیز ..
نابێتە هەڵۆ، مەرگیش..
ناهێڵی شکۆی کەوتنەخوارەوەی…
فڕینێکی مەزنی شایستە بێ،،،
بۆیە ڕۆحسوتان لە کازیوەیەک..
تاکە فریادڕەسە،،
ئای چی سیحرێکە،،
چی ئەبەدیەتیەکە،
لە دەربەندی ئاڵتونی پایزێکا،..
خۆسوتانێک…
لە جوانی کازیوەیەک،،
لە ئەفسوونی…
قەراغ زەریایەکا.

وێنەکە کارێکی هونەری فۆتۆگرافەر
(Mabel Amber)
بە سوپاسەوە لە پەیجی فەرمی خۆی وەرگیراوە.




مانیفێستی عەشق- بەشی پانزە- تێکست: ستیڤان شەمزینی

نیگام بکە لە رۆحی ئەفسانەکانەوە هاتووم
ئەمەوێ بتخەمە ناو حکایەتەکانی ئەشقەوە


بڕیارمدا زۆر دوور بڕۆم، زۆر دوور دوور رۆیشتم
کەچی هێشتا لە سنووری دڵی تۆ دەرنەچووم


تۆ چ موعجیزەیەکت؟ ساتێک لێوت خستە سەر لێوم
دەمم پڕبوو لە شیلەی ئەشق و
رۆحیشم تەژى بوو لە هەنگوینی شیعر


یادکردنەوەی ئامێزی گەرمت، تەنیا فرمێسک دەخوازێ
هەروەک چۆن زەوی بێروون شەستە بارانی پێویستە


بزانە من چۆنم؟
هەر کاتێک دەرگای خەونەکانم لێ دائەخەیت
لە پەنجەرەی خەیاڵەکانەوە دێمە ژوورەوە


بیرت ئەکەم
چیترم لە دەست نایەت جگە لەوەی لە شیعرێکدا بتنووسمەوە
چیترم لە دەست نایەت جگە لەوەی لە خەونێکدا بتبینمەوە


تووڕە مەبە لە سەرشێتییەکانم
ئاخر ئەوینت ئاگرێکی لە ناخمدا کردۆتەوە ئەبەد ناکوژێتەوە


کە تۆم ون کرد لە هیچ شوێنێک بۆت ناگەڕێم
چوونکە لەناو دڵی خۆمدا ئەتدۆزمەوە


تۆ ئاسمانێکی ئەوەندە فراوان و بەرینی
هەرچەند دوور بفڕم هێشتا لە تۆ نزیکتر ئەبمەوە


بڕیارێکی گرنگم بەدەستەوەیە
بڕیاری ماڵئاوایی لەهەموو شتێک، تەنیا ئەوینی تۆ نەبێت


مەرگ هیچ کات دەرەقەتم نایەت
چوونکە شەرابی نەمریی ئەوینی تۆم نۆشیوە


مردن لەبەر من هەڵدێ
چوون پەیمانی ژوانێکم لەگەڵ تۆ بەستووە


دووری تۆ، گوزارشتێکی جوگرافی نییە
دووری تۆ، گوزارشتێکی رۆحییە


زۆر سەیرە کە نابینیت
لە دڵی تۆدا وەک مەسیح لە خاچ دراوم!!


ئەی “شەم”ی من
تۆ دۆزەخی هەزاران “وەلی” وەک منیت


ئەی “جولێت”ی من
تۆ ئاسمانی هەزاران “رۆمیۆ”ی برینداری وەک منیت


لە کۆتاییدا هەموو شتێک لەناو دەچێت
تەنیا ئەشق دەمێنێتەوە، ئەشق!!!





تارمایی … ستار ئه‌حمه‌د

شه‌و به‌دیار بێداری مه‌رگه‌وه‌ نووچ ئه‌ده‌ی
به‌یانی تابلۆیه‌ك بۆ سبه‌ی ده‌كێشی
من له‌به‌ر ئاوێنه‌ی ته‌ڵخه‌وه‌
ده‌له‌رزم بۆ چاوی داهاتوو
تۆش هه‌نیه‌ی ئه‌ستێره‌ ده‌تاشی و
ده‌بیته‌ شنه‌ی ردێنی داری توو
شه‌قامێك له‌تاریكی
ده‌مپێچێته‌وه‌ به‌ره‌و ئه‌و دیوی گوزارشت
تاوێك له‌وشه‌م ده‌ئاڵێی
نه‌له‌پاڵ مردنا گوزه‌رێ‌ تێمده‌گات
نه‌گه‌رمی هه‌ناسه‌ت
ده‌مخاته‌ سه‌مای حه‌ق
ئه‌زموونی باڵدارانم فێركه‌
ده‌مه‌وێ‌ بفڕم و
له‌لانه‌ی ته‌رزه‌دا
ماڵێكم هه‌بێت بۆ مه‌ودای سره‌وتن
نیگات له‌سروه‌ی شه‌ماڵدا
ده‌روازه‌ی ژیانی بێنه‌وام داده‌خا
دێمه‌وه‌ بۆ كه‌نار ئه‌و رۆحه‌ی
له‌تیشكی تابلۆدا
له‌ره‌نگی تاریكی بێزاره‌و
به‌ده‌نگی شه‌قژنت ئاشنایه‌
سه‌رابی كڕێوه‌ت
ژووره‌كه‌م ده‌كاته‌ ژوانگه‌ی مه‌رگه‌زێ‌
ناوێك نابینم بۆ پێناسه‌ت
رێگایه‌ك نامباته‌ هه‌ودای ره‌هابوون
له‌پاڵ شیعرێكی رزاوا
له‌نێو پاییزه‌ په‌یڤ و
رسته‌ی بێحه‌رفا
سپێده‌یه‌ك نابێته‌ هاوخه‌مم
ئه‌م دێڕی ئه‌لبوومی ئه‌وینه‌
له‌نێو هه‌ژانی یادگارما دیاره‌
زاراوه‌ی ته‌نیایی و
ئه‌دگاری وه‌رین و هه‌ڵبوونه‌
وێنه‌یه‌ك دیوارێ‌ رامووسێ‌
ته‌مومژ چوارچێوه‌ت ره‌نگده‌كا
ده‌بیته‌ تێكه‌ڵه‌ی به‌فرو خوێن
من پێكی ژه‌هری خۆر
به‌رۆحم ده‌پێوم
تۆش ئاڵای تاریكی هه‌ڵده‌گری
نه‌با نه‌خشه‌ی سینه‌ت ده‌سڕێته‌وه‌
نه‌له‌گه‌ڵ هوزانی به‌رداشا
بۆ خه‌می لوتكه‌یه‌ك
له‌كاڵای تارمایی چیایه‌كا ده‌مری..!

ستار ئه‌حمه‌د




دوو نەخۆش دەیانەوێ چارەسەری نەخۆشی سێیەم بکەن..نووسینی:خـیرالـلە خـیرالـلە – و: رەزا شوان

مینێکی ئێرانی بە تەنگەی عـێراقەوەیە، کە ناوی حەشدی شەعـبی یە.

نازانرێت ئایا شتێک لە لوبنان دا دەمێنێتەوە، دوای ئەوەی کە ئێران وێـرانی کرد.

تورکیا هەناسە بـڕکێیەتی بە دوای خەیـاڵپڵاوی سەرۆکەکەیدا، کە پێی وایە داهاتووی ناوچەکە لە بیری ئیخوانەکـان دایە.
ئێران پێویستی بەوە هەیە، کە بگەڕێتەوە بۆ دەوڵەتێکی ئاسایی. ئەوەی لەسەر ئێران جـێبەجێ بکرێ.. پێویستە لەسەر تورکیاش جـبەجێ بکرێ.

دوو نەخۆش ناتوانن چارەسەری نەخۆشی سێیەم بکەن. لەوە زیاتریان پێ ناکرێت کە نەخۆشییەکانیان بۆی بگوازنەوە. ئێران نەخۆشە، بەر لە هەموو شتێک رەتی دەکاتەوە کە ببێت بە وڵاتێکی ئاسایی و دان بە نەخۆشییە هەمەجۆرەکانیدا بنێ کە تووشی بوونە.
دەشێ دانانێکی لەم شێوەیە، ببێت، بە هەنگاوێکی باشی یەکەم لە رێی چارەسەرکردنی راستەوخۆدا، کە تا ئێستا کۆماری ئیسلامی بە ملهـوڕی و کەلەڕەقی رەتی دەکاتەوە.
تورکیاش رێی ئێرانی گرتـۆتە بەر، لە میانەی راکردنی بە دوای خەیـاڵی پووچـدا، کە ئەقـڵي کەسێکی وەک رەجەب تەیب ئەردۆگان دروستی دەکـا، بە داخاوە کە پێی وایە ئایندەی ناوچەکە لە بیری دواکەوتوو و کۆنەپەرستیی (اخوان المسلمین) دایە.
ئەردۆگان لەو بڕوایە دایە، ئایدۆلۆژیای (اخوان المسلمین) رێخۆشکەرە بۆ گەڕانەوەی شکۆداری دەوڵەتی عوسمانی. نازانی کە ئەم بیرۆکەیە، کورتـرین رێگایە بۆ گۆڕینی تورکیا بۆ دەوڵەتێکی دواکەوتـووی داخـراو. لە جیاتی ئەوەی کە ببێت بە دەوڵەتێکی نموونەیی و هەموو ناوچـەکە چـاوی لێـبکەن.
ئەم دوو نەخۆشە، ئێران و تورکیا، ناتوانن هیچ چارەسەرێک پێشکەش بە نەخۆشی سێیەم بکەن، ئەویش لوبنان و سوریا و عـێراقـن، تەنیا ئوردن نەبێت، کە سەرەڕای ئەو هەموو کێشە ئابوورییانەی کە هەیەتی، لە دەرەوەی بازنەی نەخۆشی دایە. دوای ئەوەی کە لە ساڵی (١٩٨٨) دا، لە رۆژانێکی هـاوشێوەی ئەمڕۆدا، ژیـرانە لەگەڵ راستییە تازەکانی ناوچەکەدا مامەڵەی کرد. زوو شای ئوردن خۆی دوورخستەوە، شا حوسین بڕیارێکی دەرکرد، کە هیچ پەیوەندییەکی بە بەرەی رۆژئاوا (الضفة الغربیە) ی فەلەستین، نامێنێ و لە ئوردن جیای کردەوە. کە ئیسرائیل لە ساڵی (١٩٦٧) دا داگیری کرد. نەیـویست ببێت بە دیلێکی راستەوخۆی ملمانێی نێوان فەلەستین و ئیسرائیـل، کە زانییان ئەم کێشەیە، بەم نـزیکانە چـارەسەر ناکـرێ.
ئێرانی نەخۆش چی لە عـێراق و سوریا و لوبنان کرد. کە هەموویان دەوڵەتی نەخۆشن؟ هەموو ئەوەی کە کردی و هـێشتاش لەعـێراقـدا هەر دەیکا. لەو کاتـەوە کە ئەمریکییەکان، لە سەردەمی جـۆرج بۆشی کوڕدا، لە ساڵی (٢٠٠٣) دا، لەسەر سینییەکی زیـوینـدا دایـان بە دەست ئێرانەوە. کە بریتییە لە ورووژانـدنی رەمـەکی مەزهەبی. لەو بڕوایەدا بوو، کە رەمەکی مەزهەبی پێگەیەکی ئاینی هەمیشەیی بۆ دابین دەکات لەم وڵاتـە سەرەکییەی ناوچەکەدا، وەک قـووڵییەکی گرنگ بۆ دەوڵەتاـنی کەنـداو دەمێنـێتەوە.
ئێـران گـرەوەی لەسەر ئەوە کرد، کە عـێراق بکات بە پاشکـۆی خـۆی، لە رێی میلیشیاکانەوە، کە لە (الحشد الشعـبي) ی پێکهاتووە، لە هـاوشێوەی (الحرس الثـوري: پاسدارانی شۆڕش) لێی دەڕوانن. کە لە ئێراندا بە راستی کۆنترۆڵی دەسەڵاتیان کردووە.
حەشدی شەعـبی، کۆمەڵێک میلیشیای ئاینین، کە سەرکردەکانیان فەرمان لە ئێرانـەوە وەردەگرن و بەرژەوەنـدی و داخوازییەکانی جـێبەجێ دەکەن و دەپارێـزن. ئێران لەو قەناعەتەش دایە، کە ئەمە بەس نییە بۆ دەستگـرتن بەسەر عـێراق و شیعەی عەرەبی عـێراقـدا، کە لە دژی راپەڕین و خۆپێشاندانی ناڕەزایی سازدەکەن، لە دژی پرۆژەکەشی کە هیچ ئاسۆیەکی دیاریکراوی نییە. بەڵەگەش (مستەفـا کازمی) کە لە پێگەی سەرۆک وەزیرانی عـێراق دایە. ئەگەرچی ئەم پیاوە بەربەرەکانی ئێران ناکا و بە هەنـدێ رێگا و کەناڵەوە، پەیوەنـدی لە گەڵیانـدا هـەیە. بە دڵنیاییەوە کە کارەکان بۆ پەرپرسانی ئێران بگەڕێنەوە و پێیان بکـرایە، مستەفـا کـازمی لەو پێگەیەی ئێستای نەدەبـوو.
عێـراقی نەخۆش دەیەوێ نەخۆشییەکەی چارەسەر بکا. بەر لە هەموو شتێک دەزانێ کە نەخۆشە، دەشزانێ کە یەکەمین هەنگاو، هەنگاو و بە هەنگاو گەڕانەوەی بوونی و دامەزراوە عێراقـییەکانە. بێ ئەوەی پەنا بۆ توندوتیژی بەرێت لەگەڵ حەشدی شەعبی، کە لەوە زیـاتر نییە، کە میـنێکی ئـێرانییە بە تەنگـەی عـێراقـەوە.
عـێراق هەنـدێ ئومیدی هـەیە.. بابـزانین ئایـا لەسەر زەوی راستـیدا دێتەدی، ئەویش ئەرێنییەکانی دوای هەڵـبژاردنە دەستوورییەکانە، کە بڕیـار وایە لە مانگی (یـۆنیـۆ) ی (٢٠٢١) دا بکریت. ئایا ئەو کـاتە دەکـرێ عـێراق بگەڕێتەوە و لەو نەخـۆشیـیانە رزگـاری ببێت، کە لە ئێرانـەوە بـۆی گوازراوەتەوە. کە هەریەکە لە بەڕێـوەبەڕێتی جۆرج بۆشی کوڕ و بـاراک ئۆبـاما بەشدارییان لە بڵاوکردنەوەیـدا کرد.
لە عـێراقـدا، بیرۆکەی رزگاربوون لە چەکدارنی میلیشیایی و مەزهەبی، لە بەرژەوەندی چەکـداری دەوڵەتی دا، لە پەرە سەنـدن دایـە.
سـوریا و لوبنـان نوقـمی نەخۆشییەکانیان بـوونە، کە لە لایـەن ئێرانـەوە تێر خـۆراک دەکـرێن، لە میانـەی سیاسەتێک بـۆ لەنـاوبـردنی یەکجـاری ئەم دوو دەوڵـەتە. ئێران پشتگیری لە مانەوەی رژێـمی کەمایەتی مایەپـووچی سوریا دەکا. کە بە هیچ کلۆجێک داهـاتووی نییە، تەنها ئەوە نەبێت کە بە یەکجاری هەڵـبوەشێنرێتـەوە.
لە لوبنان دا، دەوڵەتێک نییە کە لە ژیانـدا بوونی هەبێ. ئێران سوورە لەسەر ئەوەی، وەکو وەرقەیەک بۆ رووبەڕووبوونەوەی دەسەڵاتی ئێستای ئەمریکا بەکاری بهێنێت.
بارودۆخی لوبناـن لە ئاستێکی خـراپ دایـە. تا ئەو رادەیـەی کە لە سەرۆک کۆمـاری لوبنـان (میشال عـۆن) یان پرسی، وڵات بەرەو کوێ دەچـێت؟ وتی:”بێگومـان بەرەو دۆزەخ دەچـین” لە راستـیدا دامەزراوەکانی دەوڵـەتی لوبنان لاواز و بێ دەسەڵاتـن.
نازانرێت ئایا لە لوبناندا شتێک دەمێنێت. دوای ئەوەی کە ئێران وێرانه کرد. ئێران لەو بڕوایە دایە بە دەستهـێنانی سەرکەوتن بەسەر لوبنانـدا، بەسەر ئەم وڵاتـە بچووکـەدا، دەیخاتە دۆخ و هەڵـوێستێکی باشترەوە، لە هەر گـفتوگـۆیەک لەگـەڵ ئەمریکـا دا.
ئەی دەربـارەی نەخـۆشی ئێستای تورکیا؟ ئەم نەخـۆشە لەو بـڕوایە دایـە، کە رۆڵی داهـاتووی لە ناوچەکەدا دەبێت، دەـتوانێت سوود لە نەخۆشییەکانی دەوڵەتـانی تر وەربگرێ. کێشەی ئەم نەخۆشە، کە بوونی لە سوریادا بە لاوە بنێین، نەیتوانیوە کە پەیوەندییەکی ئاسایی لەگەڵ هیچ لایەنێکی ناوچەیی دا بنیات بنێ. نازانێ کە دەبێت لە چی سنوورێکـدا دەبێ لێی بوەستێ. لەوانەیە کێشەی سەرەکی ئەوەبێ، نـازانێ کە ئەزموونێکئ سەرکەوتووی نییە، تا پێشکەشی دەوڵەتانی تری بکا. ئەردۆگان چوو بۆ لیبیا، دەتـوانێ چی پێشکەش بکا..؟ تورکیا چی رۆڵـێکی لە لیبیادا هـەیە..؟ لەو رۆڵە زیاتر کە لیبییەکان و ناوچەکانی لیبیای لە یەکتری دابڕین و یارمەتی رێکخراوە چەکدارە تونـدڕەوە بەکرێگـیراوکان بـدا؟
تورکیا لە جیاتی ئەوەی کە ببێ بە هاوسێیەکی باشی یۆنـان و قوبـرس، کەچی گێچەڵ بەم دوو دەوڵتە بێوەی و ئارامە دەکا، کە بەرپرسەکانیان لە پێناوی داهاتوویەکی باشتر بۆ گەلەکانیان، لە چوارچێوەی یەکـێتی ئەوروپاـدا هەوڵـدەدەن.
یەکێتی ئەوروپا، یارمەتی یۆنان و تورکیای دا، بۆ ئەوەی کە کێشەی قووڵی ئابووریان تێپەڕێنن. بەڵام تورکیا بێ ئەمەک دەچوو، رەتی دەکاتەوە کە بە دروستی رەفـتار بکا. لە جیاتی ئەوەی کە لە زۆر بواری جیاوازدا، سوودیان لێ وەربگرێ. کەچی پەنای بۆ گێچەڵکردن و ئـاژاوە نانەوە ورووژانـدن و سازش نەـکردن بـردووە.
دەکـرێ (ئایـا سۆفـیا) بکرێتە مزگەوتێکی تری ئیستانبوڵ. کە (ئایـا سۆفـیا) کاتـەدرائی بوو دوایش کرا بە مۆزەخانە.. بەڵام لە دوای ئەمە چی تر؟ لە ورووژاندنی ئەم هەستە چی سوودێکی ئاینی وەردەگرێ لە لای هەندێ خەڵکی سادەی تورکیا نەبێ ؟ لە هەموو ئەمانە گرنگـتر.. تاکـەی ئەمە درێـژەی دەبێـت؟
ئایا رەجەب تەیب ئەردۆگان لەو بـڕوایە دایە، کە ئەو هـەل و کاتـانە بۆ گەڕانەوەی متمانە بە پارەی تورکی (لیرە) دەقـۆزێتەوە. کە رۆژ لە دوای رۆژ لە دابەزین دایە.
دوو نەخـۆش ناتـوانن نەخـۆشی سێـیەم چارەسەر بکـەن. دەبێ هەر نەخـۆشێ یەکەم جار چارەسەری نەخـۆشییەکانی خۆی بکـا.
ئێران پێویستی بەوە هەیە، کە بگەڕێتەوە بۆ دەوڵەتێکی ئاسایی. ئەوەی لەسەر ئێران پێویستە، هەر ئەوەش لەسەر تورکیا پێـویستە.
نەخـۆش نەخـۆشی پێ چارەسەر ناکـرێت. ئەوپـەری کە بتوانێـت بیکات، ئەوەیـە کە نەخۆشییەکان بگوازێتەوە. ئەمە ئەوەیە کە ئێران دەیکا.. ئەمە ئەوەیە کە تورکیا لە ناوچەکەدا دەیکا.

(*) ئەم بابـەتە لە نووسینی، نووسـەر (خـیرالـلە خـیرالـلە) یە. کە رۆژی چـوارشەممە، رێکەوتی (٢٣/سێپتەمبەر/٢٠٢٠) لە سایتی (میدل ایست اونلاین) دا بڵاوی کردۆتەوە. لە زمانی عـەرەبییەوە وەرمگـێڕاوە بۆ کوردی.

رەزا شـوان
٢٤/ سێپتەمبەر/٢٠٢٠