١٦ی ئۆکتۆبەر، لە نێوان خیانەت و دیانەتدا… کامیار سابیر

چەمکی خیانەت( treason ) چەمکێکی ئاڵۆز و پڕ ئارێشەیە لە رووی مێژوویی، سیاسیی، فەرهەنگیی، کولتووریی و مەعریفییەوە. هەر وڵات و دەسگا و ئۆرگانێک، هەر ناوەند و حیزب و کەسایەتییەک، بە گوێرەی بەرژەوەندییەکانی خۆیان، تەشریح و تەئویلی دەکەن. لێرەدا، قسەمان لەسەر ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ەیە کە لە دوای ریفراندۆمە راسپێردراوەکەی دەسگای میتی تورکیاوە، خانەقین بۆ کەرکوک، تەسلیم بە هێزەکانی دەوڵەتی عێراق کرانەوە و پێشمەرگەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پاشەکشەیان کرد. لە کەرکوکیشەوە بۆ شەنگال و موصڵ، پارتیی پاشەکشەی کرد. لەبەرامبەریشدا، پارتیی و ئۆردووی نەتەوەیی و نەژادیی و طائیفییەکانی کورد، هاوکات، تەواوی ئەوانەی دیانەتی کوردایەتییان، وەکو عەقیدەیەکی سیاسیی و ئایدیۆلۆژیایەکی ئایینیی وەرگرتووە، لێکدا لێکدا، ١٦ی ئۆکتۆبەر بە خیانەت لە قەڵەم دەدەن. بە واتایەکی تر، هەموو ئەوانەی دیانەت و مەغزی سیاسیی و ئایدیۆلۆژییان، کوردایەتییە، چەند خۆ بە نەیاری پارتیی و یەکێتیی و دەسەڵاتی چەتەگەریی هەرێمیش بزانن، بە ئیرادیی و بە لائیرادیی، هەر دەکەونەوە، بەرەکەی ( پارتیی) و ئەجێندا پانتورکییەکانی ئەردۆغانەوە؟

کەمێک گەڕانەوە بۆ دواوە، باشتر یارمەتییمان دەدات تا لە ئەدەبییاتی بەتاڵی کوردایەتیی و تەواوی ئەو عەمالەتە ئیقلیمییانەی بە ناوی شۆڕشەوە کراون، حاڵیی ببین و لە جەوهەری ئەم بێ فیکریی و ئەم عەقیدە گەڕوگولە، بگەین. لە باری فیکریی و کولتوورییەوە کە تەخویین لە ناو کورددا بە گشتیی و کوردستانی عێراق بە تایبەتیی، برەوی هەیە، هۆکارەکەی ئەوەیە لە رووی فیکریی، مەعریفییە و ئەخلاقییەوە (لێرەدا مەبەست لە مۆڕەڵ= Moral ە)، رۆشنبییران، سیاسییە وردەکارەکان و نوخبە ئینتێڵێجێنسیاکانی کورد، جورئەتی سیاسیی و فیکرییان نەکردووە کە خۆیان لە قەرەی ئەم چەمکانە بدەن و سەروگوێلاکی بکوتنەوە. ئەم گرووپانە، بە درێژایی صەد ساڵی رابردووی حەرەکەی قەومیی کوردیی، هەمیشە لە تەخویین ترساون، یان تێرۆرایز کراون بۆ ئەوەی لەسەر ئەم ئەدەبییاتە رەشۆکییە، قسەیەکی جدیی، نەکەن.
هاوکات، لە باری مۆڕاڵییشەوە( لێرەدا مەبەست لە مۆڕاڵ= Morale ە)، دەکرێ بگوترێ لە کوردستانی عێراقدا، هیچ کەسێ بەلای ئەوەدا نەچووە کە پێچەوانەی ماشێنی ئەعلامیی تەخویین، بووەستێتەوە! جەخت لەوە بکرێتەوە کە مۆڕاڵ، بە ئای درێژ، مەبەست لە باوەڕبوون بە خۆ، دیسپلینی فیکریی، سیاسیی و مەعریفیی،حەماسی عەقڵانییبوون، نەهجی واقیعییبوون، رۆحییەتی تێگەیشتن، ثەقافەت و گەشبیینیی سیاسیی، دەگەیەنێت. لە کاتێکدا، مۆڕەڵ ( بە ئەی خڕ)، فەضیڵەتی ئەو بییروباوەڕەیە کە چاکە و خراپەی سیاسیی، کۆمەڵایەتیی…تاد، نیشان دەدات. لە کۆنتێکستی سیاسیی و فیکرییدا، لە کوردستانی عێراقدا کە پارتیی و ماڵی بارزانیی، رابەرایەتیی حەرەکەی سیاسیی “کورد” کەوتووەتە دەستیان و ئەم بیزنسەیان قۆرغ کردووە، بە دەرەجەی یەکەم ئەم فیاسکۆ مێژووییە، بۆ فەشەلی هەمزە عەبدوڵا، ئیبراهیم ئەحمەد، تاڵەبانیی، کۆمەڵە و ئارام، نەوشیروان موصطەفا، چەپەکان و ئیسلامییەکان، دەگەڕێتەوە کە بە هەموویان، بەڵێ هەموویان بەسەریەکەوە، نەیانتوانیوە، مەشروعێکی سیاسیی و فیکریی جیاوازتر لە چەتەگەریی و عەمالەتی ئیقلیمیی-کوردایەتیی، تەبەنیی بکەن، بگرە تا ئێستایش، شەڕی ئەوە دەکەن کە کوردایەتیی ئۆریجناڵ و رەسەن، تەبەنیی بکەن! هاوکات ریفراندۆمەکەیش، سەنگی مەحەکە کە ئیسلامییەکان و چەپەکان، چۆن سەروقون، لە زێرابەکانی ناسیۆنالیزمی نەوت و سەربەخۆییە قوبرصییە ئەفسوناوییەکەدا، باسکی ئایدیۆلۆژییان، لێدەدا؟

کەرکوکمان دۆڕاند و داگییرکرایەوە! ٪٥١ی خاکی کوردستانمان لە دەست دا( کە درۆیەکی گەورەی جیۆگرافیی و سیاسییە)! ئەمانە خورافاتی ئەو مێنتاڵیتییە نەخۆش و مۆڕاڵە زەلیلەیە کە زۆربەی هەرە زۆری لایەنگرانی ناسیۆنالیزمی نەژادیی کوردیی، لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا، دەرخیان کردووە و دەیڵێن و دەینووسن و هەزار بارەی دەکەنەوە. مەگەر کەرکوک و شەنگال و خانەقین، بەپێی دەستوری عێراق، بە رەزامەندیی حیزبە کوردیی و سیاسییە کوردەکان، ناوچەی جێناکۆک نیین؟ بە هۆی هەلومەرجێکی عەسکەریی و هاتنی داعشەوە، هێزی پێشمەرگەی یەکێتیی و پارتیی، کۆنترۆڵیان نەکرد، دوای داعش، دەبووایە بکشێنەوە، کە بەهۆی تیجاڕەتی نەوت و بیزنسنی گەورەوە، نەکشانەوە، بە زەبری هێز، دەبێت هێزە عێراقییەکانی دەوڵەتی فیدراڵ، بە یارمەرتیی ئەمێریکا، کۆنترۆڵی بکەنەوە، وەکو کردیان. کشانەوەی هێزەکانی یەکێتیی، خراپییەکەی لەوەدا بوو، تەنسیقێکی ژێربەژێریان لەگەڵ رایەڵەکانی حکومەتی عێراق و حەشدی شەعبیی کردبوو، جورئەتیان تێدا نەبوو بە ئاشکرا، داکۆکیی لە ئیتیفاقییەی کشانەوەکە بکەن، هاوکات، جورئەتیان تێدا نەبوو، روو بە رای گشتیی و تەنانەت روو بە هێزەکانی خۆیشیان بیکەن، کشانەوەیەک بە قونە شەڕی لێرە و لەوێ، زیاتر لە سیناریۆی تێکشان دەچوو، تا بە کشانەوە دەگات و دەیان پێشمەرگەی هەژار و بێ پارەیشان، کرد بە قوربانیی، بۆ ئەوەی سیناریۆکەیان، تەمریر بکەن.

بەدەر لەوەی قیادەی پارتیی لە ژێر فشاری عێراق و ئێران و ئەمێریکادا بوو، خۆی رەزامەندیی نیشاندابوو لە کەرکوک بکشێتەوە، خۆیشی لە شەنگال کشایەوە، کەچیی دوو طەڵقە تەنوورەی پردێیان کردووە بە داستانێکی ئەفسانەیی پڕ لە فشەی عەسکەریی، گوایە ئەوان موقاوەمەتیان کردووە و یەکێتیی لە کەرکوک قوچاندوویەتی و خیانەتیان لە ریفراندۆم و دەستکەوتەکانی گەلی کورد کورد، کردووە؟ بەدەر لەوەی ریفراندۆم، خۆی لە خۆیدا، گەورەتریین خیانەتی سیاسیی و مێژوویی بوو، بە پلانی موخابەراتی ئیقلیمیی( بە تایبەتیی تورکیا)، بەڕێوەچوو، بۆ ئەوەی ئەگەر سەری گرت، کۆنترۆڵی کەرکوک لە دەست حەلیف و رەدیفەکەکانی تورکیادا بێت( پارتیی، بەرەی تورکمانیی و داعش)، ئەگەر سەریشی نەگرت، ئەوە کۆنترۆڵی کەرکوک لە ژێر دەستی یەکێتیی دەردەهێنرێت و تەسلیمی هێزە عێراقییەکان، دەکرێتەوە و باڵانسی هێز، لە هەرێم هەر لای پارتیی دەمێنێتەوە!

جەبانیی و بێ روئییەیی قیادییە کۆن و نوێکانی یەکێتیی، لەوێوە سەرچاوە دەگرێت، تا ئەم ساتەیش دوو ( کادیر، نووسەر، رانتخۆر و سیاسیی) ئەم حیزبە، جورئەتیان نەکردووە، تەنانەت، وتارێک بنووسن، سێمینارێک بکەن و کۆڕێکی جەماوەریی و مێدیایی بکەن، بۆ رییزەکانی خۆیان و خەڵکی کوردستانی باس بکەن کە ١٦ ی ئۆکتۆبەر نەک هەر خیانەت نییە، بەڵکو کارێکی عەقڵانیی زۆر باش بوو کە شاری کەرکوکی لە وێرانبوون، پاراست. هاوکات، هەموو هێزی سیاسیی ئەم قیادییە نوێیانەش، بۆ ئەوەی لەو کونانە بێنە دەرەوە کە تەخویینەکانی کوردایەتییەکەی پارتیی، تێی پەستوون، ئەوەیە جوێن بە پارێزگاری کەرکوک دەدەن و قۆندەرەی منداڵە شەهید، بە حەماسی سەر مایکرۆفەوە، لە دەمی دەپەستن! هەموو ئەمانەیش، نیشانەی ئەوەیە، نە یەکێتیی، نە گۆڕان و نە هەموو نەتەوەییەکانی تری کورد، لە باری فیکریی، ئایدیۆلۆژیی و مۆڕاڵییەوە، نەک هەر جیاوازییان نییە، بەڵكو هەمان مۆڕەڵ و مۆڕاڵی پارتییان هەیە و هەمان مەکیینەی کوردایەتییان، لێ بەستراوە. بەڕاستییش، جیاوازیی یەکێتیی و پارتیی، تەنیا ئەوەیە کە وەکو دوو باندی مافیایی، کامیان زۆرتر دەدزن، کامیان باشتر عەمالەتی ئیقلیمیی دەکەن و کامیان زۆرتریین سەرمایەگوزاریی و بیزنس، لەسەر ئاییندە، گیرفان، قوت و تەندروستیی خەڵکی کوردستان، دەکەن؟

حکومەتی فیدراڵ و هێزە عێراقییەکان، مافێکی قانونیی و دەستوریی و سەروەرییە کە کۆنترۆڵی کەرکوک بکەنەوە، بە تایبەتییش پاش قەشمەرییاتی ریفراندۆمەکەی میتی تورکیا، بەڵام ئەوەی کە زۆر جێگەی ناسۆریی فیکریی و مەعریفییە، ئەوەیە کە زامەکانی ئەم جەهلە کولتووریی و سیاسییە، بەردەوام بە خوێواکی دیانەتی کوردایەتیی، زاخاو دەدرێتەوە. تەواوی مۆبە نەتەوەیی و نەژادییەکان، پێیانوایە ئەگەر کەرکوک لە ژێر دەستی دزەکانی پارتیی و یەکێتییدا بووایە، ئەگەر لە ژێر دەستی کۆمپانیاکانی پارتیی و یەكێتییدا بووایە و نەوتی کەرکوک بۆ ئەجێنداکانی تورکیا و مافیاکانی کوردایەتیی، بەگەڕ بخرایە، ئەوە شتێکی زۆر باش و موقەدەس بوو! چونکە بە دەست کوردەوەوە! بوو. بەدەست کوردی مورتەزیقەی سەر بە تورکیاوە بێت، قەیدی نییە، بەس نابێت بە دەست حکومەتێکی رەسمیی و دەستورییەوە بێت کە ناوی دەوڵەتی عێراقە و کورد خۆیشی تێیدا، بەشدارە. بەڕاستیی ئەم مەهزەلە عەقڵیی و فیکرییە بەس لە ناو ئیستیحـماری نوخبەکانی کوردایەتییدا، توانای خۆگەوزاندنی هەیە و لە هیچ کۆنتێکستێکی تردا بە زمانە بیانییەکان، جێگەی نابێتەوە کە بڵێی حکومەتی فیدراڵ، کۆنترۆڵی شارێکی کردووە، ئەوە خیانەتە، یان بگوترێ حکومەتی فیدراڵی عێراق، شاری کەرکوکی داگییر کردووە!

ئەوەی حکومەتەکەی پارتیی و ماڵی بارزانیی لەم چەند رۆژەی رابردوویشدا کردیان، بەوەی کە شەنگال، تەسلیمی هێزە عێراقییەکان دەکەنەوە و جەختیش لەوە کراوەتەوە کە لایەنگرانی پەکەکە دەبێ دەربکرێن، رێک ڤێرژنێکی نوێیە لە عەمالەتی ئیقلیمیی کە پارتیی بۆ تورکیای دەکات، بەڵام حەماقەتی سیاسیی یەکێتیی و گۆڕان و هێزەکانی تر لەوەدایە، ناتوانن بە یەک پارەگرافیش، چوار رستەی موفیدی سیاسیی و فیکریی، لەسەر ئەم رادەستکردنەوەیە بڵێن، چونکە هیچیان پێ نییە و خۆیشیان مەکیینەی کەراندنی کوردایەتییان، لێ بەستراوە.
زۆریینەی خەڵکی کەرکوک، بە کوردیشەوە، وێڕای ئەوەی پارێزگارێکی شۆڤینیی عەرەب( کە دۆستی پارتیی و تورکیایە) دەسەڵاتی هەیە، ئێستایان پێ باشترە لە سەردەمی تەقیینەوە، تێرۆرکردن و باندە مافیاییەکانی داعش، پارتیی و یەکێتیی کە لە کەرکوکدا بوون. ئەمە لە کاتێکدایە، ئەم دوو حیزب و دوو بنەماڵەیە، زۆربەی هەرە زۆری خاکی هەرێمی کوردستانیان بە ژێرخان و سەرخانەوە لەسەر کۆمپانیاکانی نزیک خۆیان، قۆرغکردووە و بە هەموو مێژووی دروستبوونی دەوڵەتی عێراق، ئەوەندەی دە ساڵی پارتیی و یەكێتیی، داگییرکارییان لە خاکی کوردستانی عێراقدا نەکردووە. بێ چاووڕوویی ئەمانە، بێ مۆرەڵیی و بێ مۆڕاڵیی ئەمانە، گەیشتووەتە ئاستێک، کوردستانی عێراق بە گشتیی و هەولێر و دهۆک بە تایبەتیی، بوونە بە موستەعمەرەیەکی تورکیی و لە رووی ئابووریی و عەسکەریی و ئەمنییەوە، داگییرکراون، کەچیی، هۆرەی نەتەوەییبوون، بۆ کەرکوک دەچڕن و بۆی دەکڕوزێنەوە و گاڕانێکی گەورەی ئەکادیمیی و نوخبەی هەزیلی کوردییش، لێکدا لێکدا دەڵێن ١٦ی ئۆکتۆبەر، خیانەت بوو!

سەرەنجام، ئەگەر شتێک هەبێ ناوی خیانەت بێت، ئەوە دیانەتی ئەم کوردایەتییە و تەواوی ئەو حیزبانەیە کە لەو فەلەکەدا دەسوڕێنەوە، بە درێژایی ٧٠ بۆ ٨٠ ساڵە، وێڕای ئەوەی خیانەت لە قەضییەی سیاسیی کورد دەکەن، وێڕای ئەوەی گەورەتریین بێحورمەتییان بە کەرامەتی ئینسانی کورد و قەضییەکەی کردووە، بەڵكو بیزنسی سیاسیی و ئابوورییشی پێوە دەکەن. زۆربەیان بوون بە میلیاردێر و رائیدەکانی کوردایەتییش، بە باش و خراپیانەوە، بە درێژایی چەندیین دەیەیە، عەمیل و مورتەزیقەی وڵاتە ئیقلیمییەکانن، بۆ قیادەی نوێی یەکێتییش، واقیع ئەوەیە کە خیانەت لە خەڵکیی کوردستانیش دەکەن، لە کاتێکدا خۆیان شەریکی گەورەی ئەم هەموو دزیی و تاڵانییەی حکومەتەکەی پارتیین، شەریکی فاشیلتریین و گەندەڵتریین حکومەتن لە مێژووی بەشەرییدا، وێڕای ئەوەی پارتیی بەردەوام، تەخویینیان دەکات، زۆر بە زەلیلیی و سەرکزییشەوە، نەک هەر برابچووکییان بۆ دەکەن، بەڵکو تەجسیدی بە کەڵەگاییکردن و بە سیمبۆڵکردنی ماڵی بارزانیی و پارتیی، دەکەن.




بەشى 6 گفتوگۆ لەگەڵ نووسەر و روناکبیر سمکۆ محەمەد سەبارەت بە دیاردەى کۆچ لەدونیادا …

سمکۆ محەمەد: هەژارى فکرى رۆژهەڵاتى بوو بەسەرەکیترین هۆکارى کۆچ بوو
بازاڕى ئازاد کۆچبەر و پەناهەندە، وەک کاڵایەکى زیندوو تەماشا دەکات
بەشى شەشەمى گفتوگۆ لەگەڵ نووسەر و روناکبیر سمکۆ محەمەد سەبارەت بە دیاردەى کۆچ لەدونیادا و بەتایبەتى کۆچى کوردان بۆ هەندەران، ئەو بەدەر لەتێڕوانینى باو و گوتراو سەبارەت بەم دیاردەیە، هۆکارە نەگوتراوەکانى درکاندووە و بەستایلێکى نادیارى بازاڕى ئازادى لەقەڵەمداوە.

ئامادەکردنى: عەباس جەمیل جێماو
دەقى گفتوگۆى بەشى شەشەم

پرسیار: تێرمى کۆچ وا لێکدانەوەى بۆ دەکرێت کە هەوڵێکە بۆ دەربازبوون لەو کێشەو گرفتانەى کە مرۆڤ پێوەى لەنیشتیمانى خۆى پێوەى دەناڵێ، جا ئەو کێشانە سیاسی بن یان ئابوورى یان کۆمەڵایەتى، لەکاتێکدا ئێمە کۆچى زۆرەملێ و ئارەزوومەندانە و زانستى و پیشەییشمان هەیە، بەگشتى خوێندنەوەى ئێوە چیە بۆ ئەم تێرمە؟

سمکۆ محەمەد: من دەبێ جیاواز لەتێگەیشتنە باوو گشتیەکانى رابردوو قسە بکەم کە لەسەر هۆکارەکانى کۆچکردنى زۆرەملێ و ئارەزوومەندانە کراوە، چونکە شتێک کە باس کراوە و موناقەشە کراوە لۆژیکی نییە دووبارەى بکەینەوە، پێناسە سەرەتاییەکەى ئەو تێرمە کە چەندین رەهەندى جیاوازى هەیە، ئەوەیە کە هەرکەس وڵاتى خۆى بەنائارامى بینى و هەستیکرد جێگەى نابێتەوە یان خۆشگوزەرانى نەماوە و یان ناحەسێتەوە لەسایەى ئەو دەسەڵاتەى حکومەت و کۆمەڵگەکەى، ئەوا ناچارە کۆچ بکات بۆ شوێنێکى ئارامتر، چونکە ئەو شێوە کۆچە، بڕیارێکى نائاساییە لە زەمەنێکى نائاسایى و ناجێگیردا، لەلایەکى ترەوە ئارەزوومەندانەیە لەبەر ئەوەى کەسى کۆچبەر لەنێوان دوو دونیای جیاوازى بەهەشت و جەهەننم، ناچارە یەکێکیان هەڵبژێرێ، ئەویدیکە پاڵنەرێک هەیە کەسەکە ناچار دەکات ئەو جوگرافیایە جێبهێڵێت، لەهەردوو بارەکەدا من پێموایە پەیوەندیى راستەوخۆى بە هەژارى فکرى ئەو کۆمەڵگە و دەسەڵاتەوە هەیە کە لەو جوگرافیایە دەژین، ئەگەر بەپێچەوانەوە بوایە ئەوا لەبرى کۆچ، دەبوو گەشت بکەن بۆ بینینى ئەو فەزایەى کە سیحرێکە لەخەیاڵى ئەواندا کە جیاوازە لەفەزاى رۆژهەڵاتى.
رەهەندێکى دیکەى نیگەتیڤى کۆچ، ئەوەیە کە ئینسان بەهۆى کۆچکردنییەوە، شوناسى خۆى و زمانى و خۆى و ژیانى کۆمەڵایەتى خۆى و کاریگەرییە هەمەلایەنەکانى لەئاستى سیاسى لۆکاڵى لەدەستدەدات، هەموو ئەمانە دەبنە بەشێک لە نامۆبوونى تاک لەنێو دونیایەک کە نەدەبێتە نیشتیمانى و نە ئەلتەرناتیڤیشى هەیە، هەڵبەت ئەم باسى کۆچە لەکۆنەوە هەیە و بەشێوازى ئایدیالیستى و ماتریالیستى قسەى لەسەر کراوە، بۆ نموونە کۆچى فەیلەسوفەکان لەترسى دەسەڵاتى سیاسى و ئایینى بووە، کۆچى پێغەمبەرەکان و باوەڕدارەکان لە نیشتیمانى خۆیانەوە بۆ جوگرافیایەکى تر، لەترسى توندوتیژى ئایینى و دیسپلینە یاسایی و سیاسیەکانى پێش خۆیان بووە، کۆچى گروپە نامۆکانى دونیا لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکى تر، وەکو جیپسەکان و هیندییە سوورەکان و هیپییەکان کە خۆیان بە خۆڕسک کۆچبەرن و بڕوایان بەگۆڕینى کەشوهەواو جوگرافیاوە هەیە، خوایشت و خۆڕسکە، بەڵام ئەوانەى کە بەهۆکارى زانستى کۆچ دەکەن، پرنسیپێکى فکرى و ئەخلاقى لەپشتەوەیە و بۆ مەرامێکى زانستییە، نموونەش کۆچى کۆپەرنیکۆسە کە بەهۆیەوە جیهانى ئاشکرا کرد و گوتى گۆى زەوى خڕە و پان نییە.
ئەگەر کەمێک بچینە دواوە دەبینین کۆچ رەهەندێکى دیکەى سیاسى هەبووە لەدونیاى رۆژهەڵاتیدا، مەبەستم ململانێی نێوان نەتەوەى ستەملێکراوو کۆڵۆنیالیزمە، ئەمە جەنگێکى فکرى و فەرهەنگى بەرهەمهێنا کە لەنێو وڵاتى خۆیان نەدەکرا، بەناچار لەنێو وڵاتى خودى کۆلۆنیالەکان دەکرا، بۆ نموونە کۆچى فەلەستینیەکان بۆ هەندەران، بۆ درووستکردنى لۆبییەک بوو بۆ پشتگیرى کردنى کێشەى فەلەستین، ئەوانەش کە لەمیسر و جەزائیرەوە رۆشتبوون بۆ ئەوروپا، دیسان هەمان رەهەندى هەبوو، بۆ ئەوەبوو کە گەنجەکانیان لەیەک کاتدا دوو ئەرک ببینن، یەکەمیان خۆ رزگارکردن بوو لەهەژموونى کۆنتڕۆڵکردنیان لەدەستى کۆڵۆنیالیزمى فەرانسى، رەهەندى دووەم ئەوەبوو کە هەم لۆبى و هەم سەرچاوەى ئابورییەک بن بۆ ئەوانەى لەمیسر و جەزائیر لەژێر هەژموونى کۆلۆنیالیستى فەرانسى مابوونەوە، رەهەندى سێهەم پاراستنى کولتوورى خۆیان بوو کە لەئەوروپا بەرهەمدەهاتەوە، ئافریقییەکانیش نموونەیەکى دیکەى هەمان شێوەى ژیانى سیاسیین، بەڵام ئەوانەى کە لەبولگاریاو چیک و سلۆڤاکیا و رۆمانیا کۆچیان کردووە لەرۆژئاوا گیرساونەتەوە، جیاوازییەکى بەرچاویان هەبووە، یەکەم کێشەى چوونیان بەڤیزا نەبوو، چونکە لەرووى جوگرافییەوە هاوبەش بوون، دووهەم لەرووى کولتووریشەوە مێژووى هاوبەشیان هەبوو، بۆیە کێشەکەیان تەنها ئابورى بوو کە ئەمە لەدواى روخانى بلۆکى سۆڤیتى کۆن بووە مۆدێل، چونکە ئابورى بەشێکى زۆرى لەفەزاى ئازادى ئینسان داگیر کردبوو، سێهەم قەبوڵ نەکردنى ئەو بەناو جیاوازییە وەهمییە بوو کە تەنها راسیزمى بەرهەمهێنا، ئەوەبوو دەرەنجامەکەى لەدواى هاتنە سەرتەختى دیموکراتە راسیستەکان و شکستى سۆسیال دیموکراتەکان بوو لەزۆربەى رۆژئاوا و ئەسکەندەنافیا، بەهەرحاڵ جیاوازیەکە لەشێوەى هاندانى تاکەکاندابوو، نەک تەنها سیاسى و ئابورى، بەڵام ئەوەى لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و بەتایبەتى لە سوریا و یەمەن و لیبیا و کوردستان لەدواى هاتنى هێزە کۆلۆنیالیەکانى جیهان روویدا، بەلۆژیک و بەعەقڵ و ستراتیژى سیاسى نەبوو، کۆچێکى سەپێنراو بوو، بۆیە نەیانتوانى نەلۆبى درووستبکەن، نەوەڵامێک بن بۆ گۆڕینى شێوازى سیاسەتکردنى دەسەڵاتى نوێ، تەنها شتێک بوو کە جارێکى دیکە فەزاى ژیانى سیاسى دووبەرەکى نێوان تایەفەکان ببەنە ئەوروپا، دەرکەوتنى ئەو راسیزمەى کە دواجار لەنەرویژ و سوید و ئەڵەمان بینیمان و بوون بەهەواڵ، باشترین سەلمێنەرى ئەو راستیەن کە چۆن خەڵکى ئەم ناوچەیە نەیانتوانیوە بگونجێن لەگەڵ دونیاى دەرەوە، لەوەش واوەتر ئەوەیە کە کەمترین رۆژهەڵاتى لەدونیاى دەرەوە توانیویەتى دەورى تواناى خۆى ببینێت و کە گەڕایەوە وڵاتەکەى خۆى، لەئاستى کۆمەڵایەتیدا تواناکانى رەنگبدەنەوە، بەڵام بۆ میسرى و فەلەستینى و رۆمانی و بولگارى و هەنگارى و مەنگۆلیەکان تواناى بەشەرى بوو، مەسەلەى لۆبى درووستکردن تەنها لەئیسرائیلیەکان دێت کە لەدواى پاکتاوکردنیان لەلایەن نازییەت و دەسەڵاتى ئوسترالیا و مەسیحیەت و ئیسلام هتد، وەکو تەونى جاڵجاڵۆکە تەواوى سێکتەرەکانى ئابورى و ئەدەب و سیاسەت و بازرگانى یان کۆنتڕۆڵ کرد، کەڵکیان لەتواناى بیروبۆچوونى داوود بینگوێڕین وەرگرت کە دامەزرێنەرى ماسۆنیەتى ئیسرائیل و جوولەکە بوو، کەچى بۆ کوردەکان تەنها چوون بۆ هەندەران ئامانج بوو، ئەمە بەشێکە لەجیاوازییەکانى بەهەندەران بوونى کورد و بەشێک لەعەرەب و ئیسرائیلى و وڵاتانى رۆژئاواى رۆژهەڵاتى کە تائێستاش بەرگرى لەشێوەى ژیانى خۆیان دەکەن.

پرسیار: باشە تائێرە قسەت لەسەر مانا و رەهەندەکانى کۆچ کرد، ئەى ئەو کۆچەى کە لەدواى ساڵى 1991 چ بەتاک و چ بەکۆمەڵ روویدا و مافیاى جیهانى کەڵکیان لێوەرگرت، ئەمەیان چۆ جودا بکەینەوە، ئایا دەکرێ تەنها گوناحەکە بخەینە ئەستۆى ئەوروپا؟.

سمکۆ محەمەد: وەزعیەتێک کە لەڕابردوودا خەڵکى رۆژهەڵات تیا گوزەریان کرد. بەتایبەتى لەدواى جەنگە ناوخۆییەکانەوە لەلایەن داگیرکارى ئامریکاوە فەزاکەى گۆڕى، وەزعیەتێکى درێژخایەن و دڵڕەقانە بوو، هەم لەئاستى سیاسى و حوکمرانییەتى سیاسى و هەم لەئاستى کۆمەڵایەتیش، بۆخوێندنەوەى هەردوو رەهەندەکە هەوڵدەدەم بۆچوونەکانم بەسەر دوو میحوەرى جودا لەیەکتر دابەشى بکەم.

میحوەرى یەکەم پەیوەندیى بەجێگیرنەبوونى رەوشى سیاسى و ئابورى ناوچەکەوە گرێدەدەم، ئەمەش وەها فەزایەکى ئەمنى خوڵقاندبوو کە نەک هەر گەنج، بەڵکو تەواوى خەڵکى ناوچەکە بیر لەوە بکەنەوە وڵاتى خۆیان جێبهێڵن و چارەنووسى خۆیان بدەنە دەستى قەدەرێکى نادیارەوە، قەدەرێک بەدەستى قاچاخچى و پیاوانى مافیا و پۆلیسى دەوڵەتانى دراوسێ و رۆژئاوایى و تەنانەت نەتەوە یەکگرتووەکانیش، باشتر وایە کە هەندە کورت رەهەند نەبین و لەوە تێبگەین کە بەمۆدێلکردنى کۆچ تەنها لەیەک جوگرافیا نەبوو، بەڵکو وەزعیەتێکى ناسرووشتى بوو کە تەواوى ئەو وڵاتانەشى گرتەوە کە لەڕووى سیاسیەوە هاوشێوەى عێراقن و لەرووى ئابوریشەوە دەستکورت کراون و وڵاتە داگیرکار و چڵێسەکان چاویان تێبڕی بوون. مەبەستم لەدەستکورت کردن ئەوەیە کە وڵاتانى رۆژهەڵات خاوەنى سامانێکى سرووشتى گەورەى وەکو نەوت و گاز و فۆسفات و ئاون، بەڵام هەم دەسەڵاتداران و هەم وڵاتانى زلهێز بۆ خزمەتى کۆمەڵگە و خەڵک بەکاری ناهێنن، بۆ سەلماندنى ئەم داتایەش لەپەناهەندەى وڵاتانى وەکى ئێران و ئەفغان و ئەمریکاى لاتین و میسر و لیبیا و مەغریب و جەزائیر و فەلەستین و سوماڵ و سودان هەندێ لەوڵاتانى بەناو سۆسیالیستى کۆن و هتد دەرکەوت، ئەو وڵاتانە لەخۆڕانییە لەو ژینگە سیاسى و ئابورى و کۆمەڵایەتیەدا دەژین، بەڵکو چارەنووسیان بۆ نەخشەیەکى سیاسى وەکو ئەمڕۆ هەڵگیرابوو کە دواجار یبینیمان، لەحاڵێکدا دەبوو لەگەڵ روخانى سۆڤیەتدا ئەو وڵاتانە بڕوخێن و سیستمێکى دیکەى ئینسانى لەرووى سیاسیەوە جێگەیان بگرنەوە، بەڵام کە نەروخان، سیناریۆکان بۆ رۆژێکى وەها دواخران کە رەهەندى جیاوازى هەیە و جەنگێکى درێژخایەنى سێهەمە کە ئێستا بە ڤایرۆسى کۆرۆنا خەریکن ئەنجامى دەدەن، بەڵام لەفۆڕمێکى دیکەدا کە بەناوى جەنگى بایلۆژى دەکرێ.
میحوەرى دووەمى باسەکەمان ئەوەیە کە دیسان بەلەبەر چاوگرتنى وەزعیەتێکى نالەبارى وەها کە پەیوەندیى بەجێگیر نەبوونى هەلومەرجى سیاسى ئەو وڵاتانە و بارى ئابوریان هەبوو، دۆخێکى ڕەخساند کە ئەوروپا لەوساتە وەختەوە کەڵک لەو مەتریاڵە بەشەریە وەربگرێت کە لەدەست ناعەدالەتى وڵاتەکانیان و ترس لەمردن و غیابى یاسا، دەست لەنیشتمان و تەواوى ئەو یادەوەریانە هەڵبگرن کە زەمانێک خۆشیان ویستووە، سەرەنجام بچن لەبەردەم نەتەوەیەکگرتووەکان بەکەیسى جۆراوجۆرەوە داواى پەناهەندەیى بکەن و بژین و بەهەر کارێکى ناشایستە و رەش و نایاسایى ناچارو دەسەنەخواربن، هەڵبەت هەر کەسێک کە پرسى کۆچى لەلا گرنگە دەبێ ئەو داتایانەى لەبەردەستدا بێت کە رێگە خۆشکەرن ئەوروپا بۆ پڕکردنەوەى بوارى کارکردنى دەستى کار کەبەکرێکارى یەخەرەش لەقەڵەم دەدرێت، ئەمەش ئەوروپا بەهاوکارى لەگەڵ un پەیمانێکى ئابورى نهێنى ئیمزا بکات، تاکو لەرێگەى ئەو رێکخراوە نێودەوڵەتیەوە کەڵک لەو کەسانە وەربگرێت وەکو هێزێکى کار و دەستى کار، لەبرى ئەو هێزەى پێشوتر کە هەیبوو، هەرچى کرێکارێک کە پێشتر کارى رەشى دەکرد و بەیەخە سپى و بەکرێکارى پلە یەک لەقەڵەم بدرێن، نموونەش کرێکارانى کشتوکاڵ و سەنعەت و کەشتیڕانى بوو کە دواجار بێکارکران، رەنگە قەیرانى ئابورى لەناوچەى یۆرۆ باشترین سەلمێنەرى ئەم بۆچوونەى من بێت، بۆیە ئەو کێشە ئابوریانە و هەڵایسانە ئابورى و بەرزبوونەوەى رێژەى بێکارى لە ناوچەى دۆڵار نابینرێ، بەهەر حاڵ ئەم نەخشە سیاسییە ئابوریە درێژخایەنە، تاکو ئەو جێگایە توانى بەردەوام بێت کە زەنگى گۆڕینى مۆدێلى سیاسەت لەلایەن ئامریکاوە بۆ هەموو جیهان لێدرا و بوو بەمۆدێلێک بۆگشت ئەوروپاش، لەمڕاستایەشدا ئەوروپا تێیدا سوودمەند بوو، ئەمە جگە لەبازاڕێکى تر کە لەرووى تەکنۆلۆژیەوە کۆنتڕۆڵى وەدەست هێنابوو، بۆیە لاى من مەسەلەى کۆچ چەندە مەسەلەیەکى تایبەتى ناوخۆیی و گرەوى تاکە کەسە بۆ گەڕان بەدواى خۆشگوزەرانی و سیحرى ئەوروپا، دوو ئەوەندەش زیاتر پەیوەندیى بەسیاسەتى دەرەکیەوە هەیە کە لەمێژبوو نەخشەى بۆداڕێژرابوو. ئەگەرنا خۆ دەیان کەس لەدواى رووداوەکانى ساڵى 1996 چ لە عێڕاق و چ لە ئەفغانستان، بەویستى خودى ئامریکا رەوانەى دەرەوە کران، لەئەفەریقا کە جەنگى نێوان سودانى باشور و باکور لەئارادابوون، بۆیە ئەو هاوڵاتیانە تەنها گەنج نەبوون و بەویستى خۆیان کۆچیان بکەن، بەڵکو خودى ئامریکا بوو سوودى لەو خەڵکانە دەبینى کە پێشتر لەرێکخراوە بیانیەکان کاریان دەکرد و لەدەرەوەى وڵات بەکەسى سیاسى لەقەڵەمدران، ئەمە بەشێکە لەو رەهەندە سیاسیە ئابوریەى کە پەیوەندیى ناراستەوخۆى بەکۆچەوە هەیە.

پرسیار: تۆ تەنها باسى کۆچى زۆرەملێت کرد، ئەى کۆچى گەنجان بەتەنها کە بەشێکى زۆرى بەویستى خۆیان بوو، ئەمەیان چۆنە؟.

سمکۆ محەمەد: ئەگەر لێکۆڵینەوەیەک لەسەر کەیسى ئەو پەنابەرانە بکەین لەهەر وڵاتێکدا بەپێى تایبەتمەندى خۆیان بوون، دەبینین لەقۆناغێکەوە بۆقۆناغێکی دیکە تەفاوتیان هەبووە، بۆ نموونە لەسەرەتاى نەوەدەکاندا تاکو ساڵى 1996. ئەوکات un مافى پەنابەرێتى بەو کەسانە دەدا کە ئینتیمایان بۆ فکرى کۆمۆنیستى و چەپڕەوى سیاسى بوون، لەساڵى 1996 بەدواوەش بەو مافى پەناهەندەیى بەو کەسانە دەدرا کە خەڵکى ئەو ناوچانە بوون کە جەنگیان تێدابوو، کەچى لەساڵى 2000 بەدواوە تاکو ئاڵوگۆڕى سیاسى لەناوچەکە، هاوکێشەکە دەگۆڕێت، فیزەو پەناهەندەیى بەو کەسانە دەدرێت کەیسى ئیسلامى یان لایەنگرانى سیاسەتى ئەو دەوڵەتانەیان هەبووە کە حاکم بوونە، دواتر کەیسى ئەوانە قەبوڵ دەکران کە زەرەرمەندى شەڕى ناوخۆیى نێوان سوننەکانى بەغدا و سابیئەى خوارووى عێڕاق بوو، چونکە لەترسى جەنگى نادیارى تایەفەگەرى و نێوخۆیى نێوان شیعەو سوننە و جەنگى مەزهەبگەرایى کۆچیان دەکرد، پاشان بۆ ئێزیدییەکان کە تاکە زەرەرمەندى دەستى داعش بوون، ئەم هەقیقەتانە ئەوەمان پێدەڵێن کە کۆچى خەڵک بەرەو هەندەران و وڵاتانى ئەوروپا، سیناریۆیەکى نادیارى سیاسى و ئابورى رووت بوو، نەک کۆمەڵایەتى و نەبوونى ئازادى، نەک گەڕان بەدواى ژینگەیەکى تەندرووست و بینینى رۆمانسیانە بۆ یادەوەرى و نیشتمان، یان کۆچى درووستکردنى لۆبى نەتەوەیى یان زانستى، رەنگە بەشێکى پەیوەندیى بەگەڕانەوە بێت بەدواى ئازادى و ئازادى سیاسیەوە، هەڵبەت ئەمە هەقیقەتێکى تێدایە، مرۆڤ ئەگەر کەسێکى هۆشیار و خاوەن مەعریفە و بوونگەرا نەبێت، لەوڵاتى خۆى نەبێت نامۆ دەبێت، بارى سایکۆلۆژى تەندرووست نابێت، بەڵام راستییەکەى ئەوەیە نامۆ بوون تەنها لەدەرەوەى خاک و نیشتمان نییە، بەقەد ئەوەى لەپەیوەندیەکانى بەرهەمهێنانى سەرمایەشدایە کە دواتر دەبێتە مایەى سەرسوڕمانى تاکەکەس و نامۆبوون بەکولتوورى دەرەوەى خۆى.

من پێموایە بینینى ئەم پرسە رەهەندى دوورترى هەیە لەوەى تەنها بەکێشە ناوخۆییەکانەوە گرێبدرێت. یاخود بەسەرکێشى و یاخى بوونى گەنجەوە گرێبدرێت. بازاڕى ئازاد تەنها مامەڵە لەگەڵ کاڵاو شمەکدا ناکات، بەڵکو ئینسانیش وەک کاڵایەکى زیندوو تەماشا دەکات و کەڵکى لێوەردەگرێت، ئەمە رووى راستى ئەو سیستمە نوێیەیە کە لەنێو کایەى سیاسەتدا سیماى بازاڕى ئازاد ئارایش دەکات و هەوڵدەدات شەرعیەتى یاسایى نێودەوڵەتى پێبدات، بۆیە دەرەنجامەکەى ئەوەیە کە هەندێک لەو کۆچبەرانەى ئێستا ناویان رەوەندى کوردى و عەرەبیە دەگەڕێنەوە وڵاتەکانى خۆیان، بەهۆى ئەوەى دەریان دەکەن کە قەیرانى دارایى تەواوى ئەوروپاى گرۆتەوە و بەشێکیشى بەهۆى ئەوەى ناتوانن بگونجێن لەگەڵ ئەو سیستم و کولتوورەدا، هەندێکیان لەنوێ دەچنەوە، ئەمەیان پەیوەندیى بەخۆشگوزەرانییەوە هەیە کە ئینسان بەوەهم توشى بووە و پێیوایە ئیدى سەرتاپاى ژیان لەهەموو دونیا گۆڕاوە کە ئەمەش وەهمێکى ترە.

پرسیار: دەمەوێ پەنجە لەسەر بابەتێک دابنێم کە پێی دەوترێت کۆچى بەکۆمەڵ، تاچەند کاریگەرى هەبووە لەسەر دروستکردنى راى گشتى جیهانى لەسەردەمى ئێستاى سەرمایەدارى کە باڵی بەسەر تەواوى جیهاندا راکشاوە، بەمەبەستى خولقاندنى کەشێکى ئارام، روونتر بڵێم تاچەند هۆکارە بۆ گۆڕینی سیستمى سیاسی ناجێگیر، بۆ ئەو پنتە جوگرافییەى کە خەڵکەکەى پەڕاگەندە بوونە، تاچەند بەهاى بۆ کۆمەڵگە ستەملێکراوەکان هێشتەوە؟

سمکۆ محەمەد: وەکو لەوەڵامى پرسیارەکەى پێشووتر بەیانم کرد، تەفاوت و جیاوازى بەڕۆشنى تێدا دەبینرێت لەکۆچى رۆژهەڵاتییەک بۆ ئەوروپاییەک، یان کۆچى عەقڵگەرایى لەگەڵ کۆچى پەرچەکردار، ئەوکاتەى کۆچ کردن بەشێک بوو لەو سیاسەتەى کە بۆ چۆڵکردنى کۆمەڵگەکە لەهەڵسوڕاوانى سیاسى و رۆشنبیرى هاتە ئاراوە و بوو بەمۆدێل، لێرەوە لەکۆچى تاکەوە دەچینە کۆچى بەکۆمەڵ، بوونى تاکێک لە لەهەندەران، بوونى ئابووریەکى سەربەخۆیە بۆ خودى خۆى، بەڵام بوونى گرووپێک لەهەندەرەان کە بەستراتیژیەتى سیاسى دەوڵەتى بێت یان بە ستراتیژییەتى کۆمەڵایەتی بێت، هەوڵێکى جیاوازە و لانیکەم بۆ گرووپێکى ترە و ئامانجەکەیان جیاوازە، تاکێک خۆى گەرەکیەتى ستایڵى ژیانى بگۆڕێت و دوور بێت لەهەر سانسۆرێکى فەرهەنگى و کۆمەڵایەتی و ئایینى، بەدابڕان لەقەڵەم نادرێت، چونکە کاریگەرى نابێت، بەڵام گرووپێک کە دەچنە هەندەران ئەوا مانەوەیان یان گەڕانەوەیان، لەهەردوو بارەکەدا بەگۆڕینى ئەو کولتوور و فەرهەنگە کاریگەریان لەسەر بەجێماوەکانى وڵات دەبێت، جاران خێزانێک ئەگەر قەرزیشیان بکردایە هەوڵیاندەدا کەسێکیان رەوانەى دەرەوە بکەن، بۆ ئەوەى کۆمەکى مادیان بکات، مەرجى ژیان بوو لەکوردستان کە لەگەڵ عێراقدا هەر بەراورد ناکرێت، لایەنێکى دیکەى ئەوەبوو کە بەکۆمەڵ کۆچ بکەن، تاکو روحیەتى ناڕەزایەتى و پێکهێنانى هێزێکى جەماوەرى بۆ درووستکردنى راى گشتى و هەژاندنى شەقام لەبەرامبەر سیاسەتى حیزبە دەسەڵاتدارەکان نەمێنێت،
سەبارەت بەوەى چۆن بەراوردێک لەنێوان کۆچى رابردوو و کۆچى ئێستادا بکەین، وەکو گوتم جیاوازى و تەفاوتیان هەیە، هەمومان شاهیدى ئەوەین کە سەردەمێک هەڵمەتى دژە کۆچ کردن بەوە دەستى پێکرد، ئەگەر کەسێک لەدەرەوە بوایە بەکەسێکى بێڕەوشت لەقەڵەم دەدرا، دەیانوت بۆ ئەوە چۆتە دەرەوە کارى بەدڕەوشتى بکات، ئەمە بەشێکى بۆ هێزى سیاسى بەناو عیلمانى لەپشتەوە بوو، بەڵام بەشێکى زۆرى بۆ هێزە فەندەمینتالیلیستەکان دەگەڕێتەوە، چونکە ئەوان کارێکتەرى سیاسى هێزە گەورەکانى دەرەوەى کوردستان بوون، دواتر هەر ئەو هێرشانە خاوبوونەوە و کۆچ بوو بەمۆدێل و هەر ماڵ و خێزانێک کوڕێکى هەندەرانى ئەگەر داواى کچێکى بکردایە بۆ هاوسەرگیرى، ماڵى کچەکە مەمنونیش دەبوون، هەندێجار مەرجیان ئەوەبوو کە کوڕەکەیان، کچەکەیان بباتە هەندەران، ئەوکات بەهاى هەر 100$ ێک بەبارتەقاى مووچەى دەیان فەرانبەر دەبوو و دواتر ئەو فەزا ئابوریە بوو بەهەڵم و ئاسەوارى نەما کە ئەمە مەسەلەیەکى ئابوورى سیاسى بەحتە، تۆ بڕوانە وەزعى ئابورى چۆن گۆڕان بەسەر هاوکێشە کۆمەڵاتیەکانیش دێنێت، ئەمەیە جیاوازى نێوان کۆچى تاک و کۆچى بەکۆمەڵ، ماڵێک کچەکەیان بچێتە دەرەوە واتە سەرەتاى چوونى گروپەکەیە.

پرسیار: وەک باستکرد……… ( )، چۆن بتوانرێت پەنجە بخرێتەسەر رێکارەکانى کەمکردنەوەى ئەو پڕۆسەیە لەو فەزایانەى کە تێیدا بانگەشەی بە دامەزراوەیى کردنى ناوەندەکانى بڕیار و بەڕێوەبردنى دەکرێت، ئەمە ئەرکى کێیە، لەکاتێکدا دەیان ناوەندى ئەکادیمى هەمەچەشنى بوارەکانى زانستە مرۆیی و پیشەیى و سیاسی..هتد بوونى هەیە؟

سمکۆ محەمەد: بڕواناکەم هیچ کەسێک هەبێت شوێنى باب و باپیرى خۆى خۆشنەوێت و یادەوەرییەکانى بێ بەها تەماشا بکات، لەبەرامبەر ئەمەشدا هیچ کەسێک نییە لەبەر ئەوەى نیشتمانەکەى شوێنى باب و باپیریەتى و یادەوەرى تێدا هەیە، هەموو ناعەدالەتییەک و هەموو ناڕەحەتیەکى سیاسى و ئەمنى و ژیانى نائاسایى قەبوڵ بکات، کە وابوو لێرە بەدواوە وەهمى خۆشەویستى نیشتمان لەرۆمانسیەت دەچێتە دەرەوە، ئیتر ئەو نیشتمانەى کە تائەوکاتەى خاڵى دەبێتەوە لەبەختەوەرى و ژیانى ئاسایى و یەکسان بۆ هەموو هاوڵاتیەک، مانایەکى نامێنێتەوە، لەبەرئەوەى بەهاى ئینسانى نامێنێت، تموحى ژیانێکى یاسایى نامێنێت، پەیوەندیەکان لەسرووشتى خۆیان دەردەچنە دەرەوە، کەسێک نییە ئارەزووى ئەوە بکات، لەتەنهایدا ژیان بکات و کەسوکارى نەبینێت، کەسێک نییە ئارەزوى ئەوە بکات خزمەتى شوێنێک بکات کە چاک دەزانێت پەیوەندیەکانى بەردەوام نامێنێتەوە، کەسێک نییە ئەوە قەبوڵ بکات کە تەنها لەسەر ئەوەى رۆژهەڵاتیەو سەر ڕەشە، توانجى لێبدرێت و کارى بۆ مەیسەر نەکرێت، تەنانەت لەسوپەرمارکێتەکانیش شمەک و کاڵاى پێنەفرۆشرێت، تائەو رادەیەى کەسێک نییە بەماناى ئیدیۆلۆژیست ناوى کۆچبەرى بەناو بکرێت، هەر کارێک کە بەناچار دەیکات سەرەنجام بەرهەمەکەى بۆخۆى نییە، چونکە داهاتى رۆژانەى سنووردارە، بۆیە کاتەکانیشى سنووردار کراوە، ئەمانە هەموویان ماناى ئەوەمان دەدەنێ کە ئینسان ئەوکاتە نیشتمانێک بەموڵکى خۆى دەزانێ کە بەبێ لەبەرچاوگرتنى پلەبەندى هاوڵاتى بوون ژیان دەکات، ئەوەش کە لەدەرەوە بەختەوەرتر ژیان بەسەر دەبات، ئەمەیان بەبەراورد لەگەڵ ژیانى نائاسایى وڵاتەکەى خۆیەتى، من تەنها ناڕوانمە بابەتى کۆچ و بڕواشم بە چارەسەرى ریشەیى نییە، چونکە ئەم بابەتە جیهانییە زۆرەملێ بێت یان سەپێنراو.

پرسیار: باشە لەهەموو دونیا ئەم بابەتە بەردەوامە، لەلایەن میدیاوە کە بەحیساب دەسەڵاتى چوارەمە گرینگى پێدەدرێت، کەچى کێشەکە چارەسەر وەرناگرێت، ئایا پێتان وایە میدیا لەخەمى بابەتەکە بووە یان تەنها وەکو کاڵا مامەڵەى لەتەک کردووە؟.

سمکۆ محەمەد: جارێ با باسى ئەوە بکەم کە هەرگیز من میدیام وەکو دەسەڵاتى چوارەم نەبینیوە، ئەسڵەن لەچاوپێکەوتنێکى دیکەدا گوتوومە بەشێکە لەدەسەڵاتى سیاسى، نەک دەسەڵاتێکى سەربەخۆ بۆ چاودێریکردنى حکومەت، بەهەرحاڵ میدیا کۆچى وەکو کاڵایەک کەمتر تەماشا کردووە و هەندێکجاریش بۆئەوەى لەپەناى هەواڵ و ریپۆرتاژێکدا سوودى لێوەربگرێت، باسى کۆى وەکو دیاردەى رۆمانسیانە باس کردووە، زۆرجار خودى رۆژنامەنووسەکان کە بەنیازبون کۆچ بکەن، کارەکەیان دەخستە مەترسییەوە بۆ ئەوەى بیکەن بەکەیسێکى زیندوو کە ئەوروپا زۆر گرینگى بە نووسەر و رۆژنامەنووس دەدەن، رەنگە زۆرجار میدیاکار چیرۆکى وەهمیان هەڵبەستاوە بۆ ئەوەى بیسەلمێنن وڵاتەکە زۆر بۆگەنە، بۆیە خەڵک دەیانەوێ کۆچ بکەن لەترس و لەبێکارى و توندڕەوى و هتد، کەیسى خنکاندى ئایلان کە منداڵێکى سوورى بوو، واقیعیەتى کەسەکە بەپێچەوانەوە بوو سیناریۆ بوو، باشترین سەلمێنەریش ئەوەبوو کە یەکەم بەدەیان و سەدان منداڵى تر خنکان و بوون بە خۆراکى ماسییە قرشەکان، کەچى تەنها باسى ئایلان کرا، دووهەم رۆژنامەنووسەکان لەوێ ئامادەبوون وێنەیان دەگرت وەکو ئەوەى پێشتر ئامادەکرابن، سێهەم باوکى منداڵەکە دواتر ئیمتیازى وەرگرت و گەڕایەوە سوریا و پاشان ئاشکرا بوو کە کەیسەکە بەپێچەوانەوە بوو، میدیاکارەکان لەوێدا دەرکەوتن ئاراستە کراون و بۆ دەزگا تر کار دەکەن، ساڵى 1998 بینیمان پۆلیسى بولگاریا سەگیان بەردایە گیانى پەنابەرە رەش پێستەکان، میدیاکارەکان ئەو لایەنەیان شاردەوە، پاشان ئاشکرا کرا، بۆیە من هەمیشە بەگومانەوە تەماشاى ئەو کارەم کردووە کە خۆم ساڵێک خاوەنى ئەو شوناسەى کارکردنە بووم.




ناسینی كتێب: بيره‌وه‌ری له‌گه‌ڵ كتێب … سه‌باح ڕه‌نجده‌ر

هەر ڕووداوێك، كە ماوەیەكی بەسەردا دەچێت. دەبێتە یادگاری، یادگاریش مرۆڤ بە ڕوونی دەبینێت. لە ماڵەكەماندا پەنجەرەیەكی گەورەی داری بە هێڵەك داپۆشراو هەبوو، بە تەنیشتییەوە دەلاقەیەكی لاكێشەیی نیمچە گەورەی تێدا بوو، بە پەردەیەكی سپی داپۆشرابوو، پەردەكەش بە دەزووی ڕەنگاوڕەنگ وێنەی مانگ و چیا و مامز و كەوی لێ نەخشابوو. ئەم دەلاقەیە تایبەت بوو بە كاكم خالید. تەواو قووڵایی منیشە، بەداخەوە ئەو برایەم لە 25/8/1988دا جەیشی شەعبی، لە هەولێر شەهیدیان كرد.
شەهیدبوونی ئەم برایەم گورزێكی كوشندەبوو بەر ڕۆحی من كەوت و ئازاری هێناكایەوە. لەخۆ ئامادەكردندا بووم، ئەم ڕووداوە لەناو پێكهاتەیەكی كاریگەردا بەكاربهێنم، تا ئێستاش بۆم نەكراوە. لەبەر ئەوەی من لە سەرەتای شیعردا بەدوای ئاكامێكی نەزاندراودا دەڕۆم و لە درێژبوونەوەیدا دەیدۆزمەوە. لە بینینی دۆزراوەكەدا بەئاگادێمەوە، نایابترین دۆزینەوەش ئەوەیە لە ئاكامدا دەربكەوێت.
لە سەرەتادا ئاكامی ئەو ڕووداوەم دەزانی و لە كۆتاییشدا نەمتوانی بیدۆزمەوە، واتە: لە ڕووداوێك دەدوێم هێشتا ڕووی نەداوە. لەوانەیە ڕووبدات. هەوڵ دەدەم ئەو (لەوانەیە) بدۆزمەوە و لە دۆزینەوەیدا بەئاگابێمەوە، دۆزینەوە ڕوونكردنەوەی بیركردنەوەیە.
سەرەتای ڕێگا و بەركەوتنم لەگەڵ كتێبدا، یان ئەو پەیوەندییەی لە نێوان خوێنەر و كتێبدا دروست دەبێت و دەمێنێتەوە. لەم دەلاقەیەوە خاڵی بوون و سەرچاوەی درەوشاوەی وەرگرت و بوو بە ئەفسوونێكی بەهێز و نەشكاو و قەڵای پشت پێدان. كۆمەڵێك كتێب و دوو شووشە مەرەكەبی چینی، یەكێكیان ڕەش و ئەوی دی شین و قەڵەم پاركەرێكی بیست و یەكی ڕەنگ جەرگی تێدابوو، كتێبەكان زۆربەیان عەرەبی بوون. ئێستا نازانم ئەدەبی بوون، یان فەلسەفی، كۆمەڵناسی، سیاسی، مێژوویی، پەروەردەیی، ئایینی … تاد، لەناو كتێبەكاندا دیوانی: (حاجی قادری كۆیی) بە بەرگ تێگیراوی هەبوو، هەمیشە كەڵەگیای بۆنخۆشی لەناو دادەنا، كە گیایەكە وشك دەبوو، دەیگۆڕی و دووبارە دایدەنایەوە. ئەم كتێبە هی ئامۆزایەكی باوكم بوو، مامۆستای قوتابخانەی گوندەكەمان بوو. لە دامێن و ئەم لا و ئەولا سپییەكانی بۆنە و ڕێكەوتەكانی بنەماڵەكەمانی هەمووی تێیدا تۆماركردبوو، وەك: ڕێكەوتی مردن و لەدایكبوون و ژنهێنان و چوون بۆ حەج و گەڕانەوە و ناونووسكردنمان لە قوتابخانە … تاد.
ساڵی 1973 جگە لە كتێبەكانی قوتابخانە، یەكەمین كتێب بەر هەست و نەرمایی پەنجەكانم كەوت ئەم دیوانە بوو. كاكم بە دەنگ و ڕۆحێكی ئاهەنگسازییەوە دەیخوێندەوە. بە وریایی و ئارامی گوێم سووك و ڕوون ڕادەگرت. بێ ئەوەی هیچ شتێكی واش لە شیعرەكان حاڵی ببم، بەڵام لەناو چێژ و دەنگ و مۆسیقایەكەیدا ون دەبووم و بڕوام بە هەستێكی نادیار دەهێنا، بە دوای گەنجینەی شاراوەی زەینی خۆمدا وێڵ دەبووم، وێڵبوونێك مەگەر ڕێكەوت دەستم بگرێت و بمهێنێتەوە سەرەخۆ، دوایین مانای ژیانم پێبدات، كە مەرگە. مەرگیش یارمەتی تەواوی ئازارەكان دەدات. ئێستا بە گەشە و خۆشحاڵی و چێژی ئەوكاتم لە كتێبخانەكەمدا لە ڕیزی دیوانی شاعیرانی كلاسیكی كوردیدا، دیوانی حاجی قادری كۆییم یەكەمین دیوان ڕیزبەند كردووە و ئەوانی دی بە دوایدا.
لە سەرەتای منداڵیمدا حەزێكی بێ پێوانە و ئەفسووناویم بۆ گۆرانی تێدا ڕسكابوو، ڕادیۆیەكی نیمچە گەورەمان هەبوو، سندووقەكەی فایبەر بوو، بە پێستێكی قاوەیی داپۆشرا بوو، ئەمیش وەك دەلاقەكە لە قوماش بەرگێكی سپی بۆ كرابوو، بە دەزووی ڕەنگاوڕەنگ وێنەی مانگ و چیا و مامز و كەوی لەسەر نەخش كرابوو، هەمیشەش گوێم لێی ڕادەگرت و لە كەناری مۆسیقاوە دەجووڵام، لە شەڕەبەرد و ئاژاوە و ڕاوە كێشكە و نیشانەشكاندن بە دارلاستیك و هەڵەپاسی دووری دەكردمەوە، وەك ئەوەی ئەو ئاواز و نەوایەی گوێم نەرمە بارانێك بێت بەسەر خاك و خۆڵی دەوروبەرمدا بڕژێت و هەناوی فێنك و دەموچاویشی نەرم بكاتەوە. زۆر جاران بێ ئاگاداریی خوشك و برایەكانم بە شانی خۆمەوەم وەدەكرد و دەڕۆیشتم، بەم كردەیەم لێم تووڕە نەدەبوون و سەرزەنشتیان نەدەكردم، گردێك لە پشت ماڵمان هەبوو، بەناوی باپیرمەوە ناودێربوو، گردی: (حەسەنە لەك. حەسەن سلێمان وەلی) بەدڵ گردێكی دڵبەربوو، بەهاران گوڵە دەرزیلە و حاجیلە دایاندەپۆشت. دەچووم لە تەختایی ئەم گردەدا دادەنیشتم و تەماشای ئەم لا و ئەولا و شینایی دەمەوعەسران و زەردەی ئێوارانم دەكرد و گوێم لە بەرنامەی گۆرانی داواكراو ڕادەگرت، هەموو ڕۆژێك دەمەوعەسران دووبارە دەبووەوە و لەگەڵیدا نەرمەبایەكی ڕەحمەت بەسەرمدا هەڵیدەكرد. جیهانێكی بۆ دروست دەكردم، هەستی خۆمم لەناو دادەمەزراند. بڕواشم بە جیاوازیی دەنگەكان دەهێنا، لەم ڕێگایەشدا دەگەڕام، كە پێیدا هاتبووم، واتە: ناخی خۆم. سەگێكی بەوەفاشمان هەبوو، ناوی:(دەبان) بوو، كە لە ماڵ دەردەچووم لەگەڵم دەهات و پاسەوانی دەكردم. بە هیچ ئا و نایەكیش دوو هەنگاو لێم دوورنەدەكەوتەوە. وەك ئەوەی گەورەیەكم بێت و پێی گوترابێ چاودێریم بكات. نازانم ئەم ئەفسوونە چی بوو، كەوتبوومە ژێر ئەفسوونی دەنگی: (سەڵاح داودە)وە، بە تایبەتی گۆرانی: (كوێستانان خاڵخاڵ)، كە لە بەرنامەی گۆرانی داواكراودا زۆر داوا دەكرا. هەركاتێك ئەو گۆرانی بگوتبووایە ڕادیۆكەم دادەنا و دوومەترێك لێی دەكشامەوە و تەماشای شكۆیم دەكرد. وەك ئەوەی تەلیسمێك بێت ئەم حاڵ و جەزبە و حاڵەتە پڕ لە خۆشی و شادی و ژیانە و داكشانەوە بەرەو ناخەم، تەنیا لەگەڵ لەرەی دەنگی گەرمی ئەم گۆرانیبێژەدا بۆ پەیدا ببوو، پاشان لەناو شەپۆلەكانی بادا بۆی دەگەڕام و لە هەستمدا سۆزی سووتێنەر و پڕ ئومێدم دەدۆزییەوە، ئەو دۆزینەوە و پشووی ناخە ئەوپەڕی تایبەتمەندی بوو. هەر بەهۆی ئەوەی زۆر گوێم لە گۆرانی دەگرت. شارەزایییەكی سەرەتاییم لەسەر چینەكانی دەنگیش پەیدا كردبوو، دەمتوانی لەسەر شێوازی بەشێك لە گۆرانیبێژان گۆرانی بڵێمەوە. هەر شتێك، كە تاسە و خواست و ئارەزووت بۆی هەبوو، تواناشت بۆی پەیدا دەبێت. بەهیچ جۆرێكیش حەزم لە گۆرانی زرم و كوت نەبوو، هەمیشە حەزم لەو گۆرانییانە دەكرد، كە وەك هێڵێك خەیاڵ درێژ دەكەنەوە. ئەم ئەشقی گۆرانییە لەگەڵمدا مایەوە و گەشەی كرد و پێكهاتە و بنچینەی خۆی دامەزراند، ئێستاش گۆرانی هاوسەنگیم دەپارێزێت و لەگەڵ خۆم بەخشندە و شكۆمەند و ئاسوودە و خۆشحاڵ و قووڵم دەكاتەوە، وەك مۆسیقایەكی نەرم بژیم.
ساڵی 1978 لە پۆلی یەكەمی ناوەندیدا مامۆستای وانەی كوردیمان، كە ئەمڕۆ بە سوپاسەوە ناوی دەبەم: (شێركۆ ئەحمەد حەوێز) بوو، لە ڕۆژێكی زستانی باراناوی و سارددا لە پۆل داوای لێكردین داڕشتنێك لەبارەی (سروشتی لادێ) بنووسین. بەو پێودانگەی، كە من كوڕەلادێیی بووم لەوانی دی كەمێك زیاتر شارەزای ئەم سروشتەم. بۆ هەفتەی داهاتوو داڕشتنەكەی هێنایەوە و بۆ هەموو قوتابییەكان نمرەی شیاوی خۆی دانابوو، تەنیا ئەوەی منی نمرە لەسەر دانەنابوو، وەك ئەوەی هەستی بە كارخراپییەكی من كردبێت، بە تووڕەیییەوە گوتی: (سەباح سابیر حەسەن) كێیە و بێتەدەرێ، بێ ئەوەی هیچ قسەیەك بكات لە تەنیشت تەختەڕەشەكەدا ڕایگرتم. ئەم مامۆستایە، مامۆستایەكی بەجەرگ و دەگمەن و ملاومل پەروەردەكار و خۆش سروشت بوو، تا ئەو پەڕیش دڵبەدەرەوە بوو، لەگەڵ وانەی كوردی و دنەدانی قوتابی بۆ خوێندنەوەی ئەدەب و دامەزراندنی گۆڕانكارییەكی ئەدەبی. بەو بیانووەی وانەی كوردی زمانی خۆمانە و پێویستە لەناویدا بكوڵێین و بە دۆخەكانی ساردبوونەوە ڕەتببین، لەم نێوانەدا بگەین بە دۆخی دۆزینەوە و باش لە پێكهاتە و بنچینەكانی شارەزابین. زمانیش هەستێكی گەرماوگەرم و خۆڕسك و دەگمەن و پشوودرێژ لە مرۆڤدا دروست بكات. هەر قوتابییەك لە شەست كەمتری وەربگرتبوایە لێی دەدا و لێپێچینەوەی لەگەڵدا دەكرد. دوای ئەوەی ئافەرینی بەشێكی كرد و لە بەشێكیشی دا. ڕووی لە من كرد و گوتی: كێ بۆی نووسیوی. منیش لەو هەستە تۆقێنەرەی چەند چركەیەك پێشتر تێیدا خولم دەخوارد و بیرۆكەی پەرت و بڵاو گەمارۆی دابووم. زۆر بە ئارامییەوە گوتم: ئەدی مامۆستا لە پۆلدا نەماننووسی. نەختێك چووەوە ناو زەینی خۆی و تووڕەیییەكەی خاو بووەوە و خوێنێكی خۆشیی لە دەموچاوی خۆش سروشتیدا گەڕا. ئینجا نمرەی لەسەر داڕشتنەكەی منیش دانا و گوتی: ئافەرین (سەد). ئای چۆن سەركەوتنێكی بچووك لە دنیای ژێری دەتباتە دنیای سەروو. ڕۆژی دوایی هاتەوە كۆشیعری: (تاریك و ڕوون)ی هێمنی بۆ هێنابووم. منیش هێندە شەیدا و دڵبردە و دڵەدووی ئەو ئافەرینە بووم، نیو هێندە شەیدای شیری ناو گوڵەگەنمی كێڵگەی گوندەكەمان نەبووم. مەگەر ئەو دەمەوعەسران و زەردەی ئێوارانەی لەسەر گردی پشت ماڵمان، یان گردی ئاشناییم گوێم لە بەرنامەی گۆرانی داواكراو ڕادەگرت و دەچوومەوە ناو زەینی خۆم و لە خودام دەخواست ناولەپ و ناوچەوانم ڕێگاوبان بوونایە، گۆرانیبێژەكان بەناویدا هاتوچوویان بكردبووایە.
سەرەتای ڕێگا و بەركەوتن و یەكەمین پەیوەندیم لەگەڵ خانمی كتێبدا لەم ڕووداو و خۆشبەختییەوە دەستی پێكرد و بووە هێڵ و هێمای بوونم. ئەو هەفتەیە بە هەموو بوونێكمەوە لەناو كۆشیعرەكەدا ژیام، ژیانێك مەگەر بەس متەسەووفەكان لە مانەوەیان لەسەر دووگورد و شەونوێژ و چاوداخستن و وێرد بەرزكردنەوەدا، هێندە چێژیان وەرگرتبێت و لە بوونی خودا و لە خۆیان نزیك بووبێتنەوە و گەیشتبن بە ناخی خۆیان، واتە: یەكبوون لەگەڵ خودا و هێزی ئەدەب. بۆ هەفتەی داهاتوو كۆشیعرەكەم بۆ گەڕاندەوە. گوتی: بۆ ئاوا زوو هێناتەوە. بەدڵت نەبوو، یان لە خوێندنەوەیدا پەلەت كرد. منیش بە بێباكی و نەختێك بە هەوابەرزی و بە خۆهەڵخستنەوە گوتم: مامۆستا زۆرینەم لەبەرە. وەك ئەوەی بڕوام پێنەكات و لە قسەكەم بە گومان و دوودڵ بێت گوتی: دەفەرموو ئەگەر دەمت سپییە وەرە بەر تەختەڕەش و ئەوەی لەبەرتە بیڵێ. منیش گوتم كامە شیعر. دیسان هەڵوەستەیەكی تری كرد و چووەوە ناو زەینی خۆیەوە. وەك ئەوەی بیەوێت بمخاتە بەر ڕووناكییەكی هێمنەوە و لە بڕوا بەخۆبوون و خۆهەڵخستنەكەم دڵنیابێت. لاپەڕەی هەڵدایەوە و ناونیشانێكی دەگوت. تەواوی وانەكە، چل چركە بوو. من شیعرم تێیدا خوێندەوە. لە گۆكردن كەمێك هەڵەم دەكرد، بۆی ڕاست دەكردمەوە، لە كۆتایی وانەكەدا پێمی گوت: بەهرەیەكی دەگمەن و كەم وێنەی، ئەو وزەیەی هەتە باش مشتوماڵی بكە، چالاك نیشانت دەدات. هەر هەمان ڕۆژ منی بە كتێبخانەی (تەئمیم) و خاوەنەكانی: (جومعە و ئەحمەد)، كە دوو مرۆڤی هێمن و لەسەرەخۆ و ڕووخۆش بوون، ئاشناكرد و ناوی ڕۆژنامە و گۆڤارە كوردییەكان و كاتی دەرچوونیانی بۆ نووسیم. یەكەمین كتێبیش، كە كڕیم كتێبی: (كاروانی شیعری نوێی كوردی) كاكەی فەلاح بوو، دوابەدوای ئەمیش كۆشیعری: (خونچەی سەهۆڵ)ی ئازاد دڵزار بوو، ئێستاش ناوەناوە كتێبی یەكەم و دووەم بۆ تەماشاكردنەوە و خوێندنەوە هەڵدەبژێرمەوە.
لەو ڕۆژەوە ئەو بیرۆكەیەم لەسەر گەڕا، لەفە و بەدەمچە و كەوكەو و شەڵغەم و لەوزینەگەزۆ و شەكرلەمە و فەریكەنۆك … تاد، خواردن نەما. ڕۆژانەكەم بووە خەرجی ڕۆژنامە و گۆڤار و كتێب، یارمەتی ئەوەی دام توانا لە خۆمدا بدۆزمەوە و ئاراستەی كردم و جیهانی نادیارم كەوتە گەڕ.
دوای ئەوەی چوومە ناو خوێندنەوە و بە ڕۆژنامە و گۆڤارەكانی حەفتایەكان داهاتمەوە و ئاشنای ناوی نووسەران بووم. بۆم دەركەوت ئەم مامۆستایەم لە ماوەیەكی كورتدا نووسەرێكی كارا و چالاك بووە، دیارترین نووسینی ئەم لێكۆڵینەوەیە لە ڕۆژنامەی هاوكاری، ژمارە (تایبەت) لە 1/1/1972 بە ناونیشانی: (حاجی قادری كۆیی: شاعیری سەردەمی ڕاپەڕینی نەتەوەی كورد) بڵاوی كردووەتەوە.
ئەو بایەخدانەی بەمن ئەوە بوو، ئەو بۆشایییەی كەوتبووە نێوان (ئەم) و (نووسین) منی بۆ پڕكردنەوەی هەڵبژارد، وەك بڵێی بەهرە و توانای خامۆشبووی خۆی لەم هەڵبژاردنەیدا دۆزییەوە و بەردەوامبوونی خۆی لە مندا پەرەپێدا.
لە ناوەڕاستی هەشتایەكاندا: (مەحموود زامدار) نووسینێكی ڕۆژنامەوانی لە ڕۆژنامەی: (هاوكاری)دا لەبارەی نوێبەخشی شیعری كوردی و شانەی: (پێشڕەو)دا نووسی. لەو نووسینەیدا دەستەواژەی: (كرمی كتێب)ی بۆ من بەكارهێنابوو، ئەو ڕوونكردنەوەشی دابوو: خەونی ئەم لاوە خەونێكی درێژە. ئەگەر پێی لەسەر زەمینەی خوێندنەوەدا لانەدا. حاڵەتێك بە شیعری هاوچەرخی كوردی دەبەخشێت.
شیعرەكانی: (هێمن) چێژی زمانی ئەو گوندەی دەدا، كە خۆی تێیدا لەدایك بووە. بە سادەییش وێنەی ژیانی ئەو خەڵكەی كێشاوە، كە هەستان و دانیشتنی لەگەڵیاندا هەبووە، واتە: دەرەنجامی ژیان و گوزەرانی خۆیەتی. زمان و زمانڕەوانی شیعرەكان كەمێك لادێیی بوون. چاو و زەین و ئەقڵییەتی ئەوسای منی بە پڕی ڕادەگرت، تا ئەوپەڕی چێژ، بردمیە وەرگرتنی دۆخی چێژی خودایی. چێژی كتێب لە توانایدایە بیابان بكاتە بەهەشت. ڕەنگە هەر ئەو سادەیی و بریقە و زمان پاراوییە بووبێت زمانی لا كردمە ئەو بەهەشتەی: (شاری خۆر) پەرستن و شەونوێژی بۆ دەكەم، بچمە ناوی و بیكەم بە ڕوانگە و گوتاری ناخم و هەوڵی دۆزینەوەی وشەی گونجاوی تێدا بدەم. وەرچەرخانێكی تەواوی ئاراستەكانی ژیان بوو، هەروەها تاڕادەیەك ئەو ئاراستەیەی دامێ، بزانم هێز و بێ هێزی زمان لە كوێی دەقدا دەردەكەوێت و بە ئەدەبیبوونی دەقیش لە چ بەكارهێنانێكدا ئاستەكانی دەردەكەوێت، واتە: ئەوەی بابەتێك دەكاتە بابەتی ئەدەبی، زانیاری و هێزی زمانە، یان هێزی زمان و كاریگەریی بابەت.
شیعر بە تەنیا لە تێڕوانینی زمانەوە ئاستداری دەستنیشان ناكرێت. لە تێڕوانینی بابەتی هەستی و بەكارهێنانی ئەدەبییانەی زمانەوە، گەشانەوەی هەستی و زمانیی لای خوێنەر گەڵاڵە و بەرجەستە دەبێت. بە شیعربوونی هەر ڕستەیەك مانای ئەوەیە زمان لە بەكارهێنانی زمانی ڕۆژانەدا دەرهاتووە و هێندراوەتە ناو زمانی ئەدەبەوە، هەروەها كارلێكردنی وشە لە دەقی ئەدەبیدا، چۆن هێزی وشە وشەیەكی دیكە ڕادەكێشێت و دروستی دەكات و تۆڕی زمان دەچنێت.
ئەگەرچی (هێمن: 1921 – 17/4/1986) وەك تەمەن حەڤدە ساڵ دوای (گۆران: 1904 – 18/11/1962) لەدایك بووە. حەفت ساڵیش لەم زیاتر ژیاوە، بەڵام نوێبوونەوەی شیعری كوردی چاوگەكەی لە گۆرانەوە دەست پێدەكات. هێمن لە چەمكی شیعری ئاسایی دەرنەچووە، بەو ئاست و ئاراستەیەش دەینووسی، واتە: وەك شێواز كۆنەخواز بوو، بەڵام وەك بیروڕا و دەربڕین نوێخواز بوو، دیوانەكەی لە لام ئامادەیە و سێبەرەكانی بە تەواوی لەناو زەینمدا دەجووڵێن، هیچ خاڵێكی گۆڕانكاری فۆرم و نوێبەخشی و توخمی نوێی شێوازی پێشكێش بە دیوانی شیعری كوردی نەكردووە. لە دەقی: (بەهاری كوردستان)، بە شیعر لەبارەی سروشتی نووسیوە، هەموو خەسڵەتەكانی هۆنینەوەی شیعری تێدایە، بەڵام شیعرییەت و خەیاڵی پڕی تێدا نییە. لەم دەقەیدا بە شاعیر داناندرێت، بەڵكو بە ڕووەك ناس و شارەزایەك لەبارەی ژیانی لادێ دادەندرێت. بەڵام بەشێك لە شیعرەكانی كۆشیعری: (ناڵەی جودایی) شیعری مەیدان كورت نین و لە شیعرە هەرە دەگمەنەكانی ئەدەبی كوردین. بەتایبەتیش شیعری: (ئێوارەی پایز)، شیعرێكه‌ تێیدا گه‌یشتووه‌ته‌ به‌ پاكی و بێگه‌ردییه‌كی ڕۆمانتیكیانه‌ و تەواو هەستییە، لە زەمینەی شیعری پڕ و شیعرییەتی پڕ خوڵقاوە.
ئەو ئاوە ڕوون و ڕەوانەی ڕشتوویەتی بۆ ئەبەد ڕۆحی تەڕ كردووم و لە ناخی دڵەوە لەگەڵم دەدوێ و ناخی كردووم بە مێزگرد و مێزی گفتوگۆ و ئاهەنگی ژیان، بەڵام هەستی شیعریی من لەسەر هەستی شیعری ئەو دانەمەزرا، هەروەها بەهیچ ڕێبازێكی سیاسی و ئایدیۆلۆژیش كاریگەر نەبوویمە و نەبوونەتە ڕێ ڕوونیم، بێجگە لە شیعر خۆی نەبێت، شیعری بێگەرد. دوای ئەوەندە ساڵە و بڕینی هەزار و یەك ڕێگای دوور و نزیك، نازانم چۆن دەربڕین لە پایە و بەهای تۆ بكەم و پاداشتت بدەمەوە. بە كامی دڵ لە باوەشت دەگرم و دەستت ماچ دەكەم و ڕێز لە سیما و چاوی پڕ لە ڕازت دەگرم، هەروەها هەر لەم بۆنەیدا هەل و بوارێك وەردەگرم تا گوناهێك لەسەر شان و ڕۆحم هەڵگرم و باری گران و بە ئازاری شان و ڕۆحم سووك بكەم. گوناهێك، دواتر بۆ نووسەرەكەی بە خێر گەڕایەوە. لە تەمەنم یەك جار كتێبم لە كتێبخانە لە غەفڵەتی خاوەنەكەیدا بردووە، ئەویش لە 14/10/1985، كۆچیرۆكی: (پێكەنینی گەدا)ی حەسەن قزڵجی بوو، نەمدەزانی بە شەقامدا دەڕۆم، یان بەناو گەرووی مار و تونێلێك ئاگر، یان لە ڕەوەزە شاخێكی عاسێدا گیربوویمە و هەڵدێران هەڕەشەم لێ دەكات، ها ئێستا نا، دوو هەنگاوی تر دەكەومە ناو چاڵێكی بێئامانەوە. لە نیوەی ڕێگای گەڕانەوەم بۆ ماڵەوە، یەكڕاست بە ڕەنگی زەرد و هەڵبزڕكاو و دەروونی ماندوو و نیوەڕۆح بوومەوە گەڕامەوە لای: (جومعە و ئەحمەد)، دانم پێدانا ئەم كارە خراپەم كردووە. ئەمانیش دەستیان لەسەر شانم دانا و دڵیان دامەوە و گوتیان: بۆیە دڵمان بە كتێب و ژیان خۆشە، هێشتان مرۆڤی باوەڕ بەپاكیی خۆی وەك تۆی تێداماوە، بە بچووكترین هەستپێكردن لە ناخەوە ئازاری پێبگات. لێیان بووریم و كتێبەكەیان لێ وەرنەگرتمەوە و دیوانی: (مەحوی)شیان بە دیاری وەك ڕەفتار و كردەوەیەك پێدام. لەم بارەی لێبووردنەدا هەر ئەوەتا لە خۆشیدا گەشكە نەیدەبردمەوە، لە قووڵایی بوونمەوە پاك بوومەوە و بەرەو ئارامیی دەروونی ڕۆیشتم. كتێبەكەم هەر لەلا مایەوە و هەمیشەش لێی دەسڵەمیمەوە. تا ساڵی 2010، پێشنیازم بۆ دەزگای چاپ و بڵاوكراوەی ئاراس: (بەدران ئەحمەد حەبیب) كرد، كە چاپی سێیەمی ئەم كۆچیرۆكە بكەنەوە. هەردوو دەستی لەسەر چاوی ڕەزامەندی دانا و گوتی: شەیدای زمانی ئەو چیرۆكنووسەم و سوودیشم لە پێكهاتە و بنچینەی زمانە ئێجگار زیندووەكەی وەرگرتووە، توانایەكی سەرسوڕهێنەری هەیە لە بەكاربردنی وشەی پەیوەست بە ژیانی كۆمەڵگای كوردییەوە و زمان تائەوپەڕی دەناسێت و باش لە ناوكی وشەش تێدەگات، فەرهەنگی وەك خاكی سوارچاكان پاگژە و دەزانێت چۆن بنووسێت. ئەمانیش دوای هەوڵ و كۆشش و پەیوەندیكردن، شەش چیرۆكی تری چیرۆكنووسیان خستە پاڵ چیرۆكەكانی: چاپی یەكەم: 1967 – بەغدا، چاپی دووەم: 1985 – بەغدا، ساڵی 2010 چاپی سێیەمیان خستە كتێبخانەوە.
هەر بە ڕێ ڕوونی كتێبەوە لەگەڵ خەمی هەستپێكراو و دنیای زەینی زۆرێك لە شاعیر و نووسەران ئاشنا و پێیانەوە پەیوەست بوویمە، كەم و زۆر توانای ئەوان لە خۆڕاچڵەكاندن و گەشە و پەروەردەكردنی ئەقڵ و خەیاڵ و داڕشتنی بینا و بینایی من، گەنجینە و هێزی ڕۆح و پێوانەی شیاو و سەرچاوەی درەوشاوە و سۆزی شاراوە بوونە. هەمیشەش لە ئەزموونی خۆمدا ویستی یەكەم و بێ پێوانەم ئەوە بووە، (ئەدەبێكی فرەنیگا)ی خۆكردی حەڵاڵزادەی خۆم بەرهەم بهێنم. چیشم زانیوە، ئەوەم نووسیوە. جەوهەری پێكهاتەی مرۆڤیش ئەوەیە چی دەزانێ ئەوە بنووسێت. دەنا چاكتر وایە دەفتەری نووسینت داخەی، چونكە نووسین یەكجار (نەمر) دەبێت، واتە: ئەو نووسینە نەمرە، كە تۆ هەست و زانینی دوای خوێندنەوەی ئەوت نووسیوە، ئەو، واتە: سەرچاوەی یەكەم. نووسینی هەست و زانینی دوای خوێندنەوە، نووسینێكی بێهێز و بێدەسەڵاتە و شكۆمەند نییە. ناتوانی خۆتت تێدا بێتە بەرچاو، هەروەها زۆر زەحمەتە لە وڵاتێكی شڵەژاوی وەك كوردستان، شاعیر بیت و نەكەویتە ناو گێژەنی سیاسەتەوە، كە سیاسەت لە هەر چوار لاتەوە بۆ ساتمە و خلیسكان گەمارۆی داویت، ئەگەر بیشكێنیت نانی ئەو مەودا كورتەی نێوان دەست و دەمت ڕادەپچڕكێنن. من خۆم لادا لەو خۆشگوزەرانییە. لەخەباتێكی ڕاستگۆیانە لەپێناو بەدیهێنانی (شیعری بێگەرد) مامەوە و ژیام. بێباكیش بووم لە ئاست تەڵە و داو و بۆسە و بوختانی نامەردان. وەك نوختەیەكی نادیار لە ئاسۆ و دووری شیعردا دەركەوتم.

تشرینی یەكەمی 2015 هەولێر




شیعر زمانی مرۆڤ و گەردوونە … ناڵە حەسەن

خوێندنەوەیەک بۆ دەقی ( وەرە بەیەکەوە بژین ) ی کەژاڵ ئەحمەد

                                                              

ماوەیەک لەمەوبەر لە نامەیەکدا ، خوێندنەوەیەکمان بۆ چەند دەستەواژەیەکی دەقێکی شیعری (سەباح ڕەنجدەر ) ی شاعیر کرد هاوکاتیش ، باسم لە مانیفێستێکی خۆم کردبوو ، کە پێکهاتووە لە سێبەش ، لەوێدا دووبەشی مانیفێستەکەمان باسکردبوو ئەوانیش لەژێر ناوی ( شیعر فۆرمێکی بێدەنگ نییە..! ) و ( شیعر عەشقێکی گەورەیە ..! ) ، هەروەها ڕەهەندەکانی پشت ئەو گوتنانە و لەچوارچێوەی خوێندنەوە بۆ هەندێک لە چەمک و هێما و کۆدەکانی نێو دەقەکە باسکردبوو . وا لێرەشدا بەشی سێیەمی مانیفێستەکە لەژێرناوی ( شیعر زمانی مرۆڤ و گەردوونە ) باسدەکەین و ( بەریەککەوتن و هاوتەریببوونی ) ناوەڕۆک و ئامانجەکانی ئەوبەشەش لە سیاقی خوێندنەوەمان بۆ ئەو دەقە بەدەردەخەین ، هەروەها دەیکەین بە ( میتۆدێک ) بۆ خوێندنەوەی دەقی ( وەرە بەیەکەوە بژین ) ، کە یەکێک لە شیعرەکانی( کەژاڵ ئەحمەد ) ی شاعیرە ، هەوڵدەدەین هێندەی بۆمان بکرێت لە دەرگای چەند بابەتێکی پێویست و گرنگ بدەین . لە سەرەتاوە شیعرەکە چ لە ڕووی ناوەڕۆکەوە یان لە ڕووی زمانەوانی و فۆرمەوە ، تا ئاستێکی بەرز جوانی بەرجەستەکردووە ، بە زمانێکی شیرین و پڕ هەست و سۆز ، دەقەکە نووسراوە ، وشە و میلۆدییەکانی ئەم دەقە ، گەمە لەگەڵ دەمارە عاتیفەییەکانی خوێنەر دەکەن و چێژێکی بێوێنەی پێ دەبەخشن ، هەروەها لەم دەقەدا بە توانایەک و هەست و خەیاڵی شاعیرانەوە عەشقێکی گەورە نمایشکراوە ، یان باشترە بڵێم / چیڕۆکی عەشقێکی گەورە دەگێڕێتەوە ، وەک ئەو چیڕۆکانەی لەنێو کتێبی ئەفسانەکانەوە باسدەکرێن . لە پشتی ئەو خەیاڵە ڕۆمانسییانەوە لە دەرگای کۆمەڵێک بابەت و مەسائیلی گرینگ دەدات کە / پەیوەندییان بە ژیان و چارەنووسی مرۆڤەکان و هاوکات پەیوەندییان بە شیعر و مەعریفەی شیعرییەوە هەیە ، لە سەرەتاوە شیعرەکە بەمشێوەیە دەست پێدەکات .
سبەینێ واز
له‌ماڵه‌باجێنه‌ى ته‌نیایى ئه‌هێنم
تۆش واز له‌ دارلاستیکى سه‌رکێشى بهێنه‌
لەم کۆپلەیە / هەست بە سەرەتای نەخشە و پلانێک دەکرێ ، وەک خۆئامادەکردنێک یان وەک سەرەتایەک بۆ چوونە نێو ئەو دنیایەکی جیاوازەوە / ئەویش دنیای عەشقێکی نوێیە ، لەسەرەتاوە بە بڕیارێک دەست پێدەکات ، شاعیر لەنێو شیعرەکەیدا / دەگاتە ئەو باوەڕەی کە هەر لە سبەینێوە واز لە ( ماڵەباجێنەی تەنیایی ) بهێنێ و دەخوازێ دڵدارەکەشی واز لە ( دارلاستیکی سەرکێشی ) بهێنێ . وادیارە ( ئەو ) واتە دڵدارەکەی هێشتا نەگەیشتۆتە ئەو بڕیارە و بەتەواوی یەکلانەبۆتەوە ، بۆیە لە سەرکێشییەکانی بەردەوامە ، بەڵام ئەگەر ، لەڕووی زمانەوە سەیری ئەم دەستەواژە و ڕستە شیعرییانە بکەین ، دەبینی پەیوەندییەکی بەهێز و ناوازەی لەنێوان وشەکانی ( دارلاستیک و سەرکێشی ) یان ( ماڵەباجێنە و تەنیایی ) دروستکردووە ، هونەرکارییەکی شاعیرانەی تیاکردووە ، هەردوو وشەکەی لەمانا بنەڕەتییەکە داماڵیوە بەتایبەت ( دارلاستیک و سەرکێشی ) ، لە پەیوەندییەکی نوێدا مانایتری پێبەخشیون ، وشەی ( دارلاستیک ) ، پەیوەندی بە تەمەنی منداڵییەوە هەیە ، زێتر منداڵ دارلاستیک بەکار دەهێنن بەتایبەت کوڕان وەکچۆن ( ماڵەباجێنەش ) یاری کچانەیە ، سەرەمانێک دیارە مەبەستمان لایەنی کەم بیست ساڵێک لەمەوبەرە ، کە ئەوکات / ئەتاری و پلەیستەیشن و کۆمپیتەر و ئەنتەرنێت نەبوون ، منداڵ دوای قوتابخانە زۆربەی کاتەکانی لە کۆڵان و لەگەڵ منداڵانیتر بەسەردەبرد ، دارلاستێک بۆ شەڕی نێوان کۆڵانەکان و گەڕەکەکان بەکاردەهات و یان بەردگرتنە چۆڵەکە و باڵندەکان ، واتە دارلاستیک لایەنێکی ( نیگەتیڤ )یشی هەبوو ، هاوکات سەرکێشیش دیوێکی نێگەتیڤی هەیە ، بەڵام / لێرەدا دارلاستیک هێمایە بۆ منداڵی ، واتە وشەیەکە بەرائەتێکی جوانی پێبەخشیوە ، سەرکێشیش دیوە نێگەتیڤەکەی لێ داماڵیوە ، چونکە ئەم دوو وشەیە لەپەیوەندییە نوێیەکەیان دەتوانین وا خوێندنەوەی بۆ بکەین ( سەرکێشییەکی منداڵانە ) ، واتە دەخوازێ / دڵدارەکەی واز لە کێشییە منداڵانەییەکەی بهێنێ ، هەروەکچۆن خۆی واز لە ماڵەباجێنەی تەنیایی دەهێنێت …! پێشتریش لەسەر ئەم بابەتە قسەمان کردووە و گتومانە / لە نێو زمانی شیعری داماڵینی وشە و چەمک و هێماکان لە مانا پێشوەختەکان و مانا فەرهەنگییەکان ، ئەوە پڕۆسەیەکی داهێنەرانەیە ، هەروەها د. محەمەد کەمال لە کتێبی ( فەلسەفەی بوون ) ، لە ڕووی بوونگەراییەوە باس لەم پڕۆسەیە دەکات و ئەو بە ( هەڵوەشاندنەوە و دامەزراندن ) ناوی دەبات و دەڵێت (پەیوەندی نێوان ئەم دوو خەسڵەتە گرنگە و ناتوانین لە یەکدییان جیا بکەینەوە ، ( هەڵوەشاندنەوە ) بەبێ مەبەستی دامەزراندن و لە پێناو هەڵوەشاندنەوە دەبێتە ( وێرانکردن ) بەڵام ، بۆ ئێمە هەڵوەشاندنەوە لە وێرانکردنەوە جیاوازە ، چونکە دەمانەوێت لە ڕێگەی هەڵوەشاندنەوە بیرۆکەی نوێ دابمەزرێنین و بە ئاکامێکی دیکە بگەین …! ) ، هەروەها هەر لە پەیوەند بەم بابەتە ئەوەش دەڵێت کە / ئەگەر هەڵوەشاندنەوە دامەزراندنی بەدوادابێت ، ئەوا هەڵوەشاندنەوەکە دەبێتە ( پڕۆژە ) ، واتە پڕۆژەیەک ڕوو لە داهاتوو …! هەروەکو ئەوەی لەو پەیوەندییەی نێوان وشەکانی ( دارلاستیک و سەرکێشی ) ، هەڵوەشاندنەوەمان بینی ، وشەکان لە مانا پێشوەختی و مانا فەرهەنگییەکانییان داماڵرابوون ، لە پەیوەدییەکی نوێ بنیادنرابوونەوە ، واتە دامەزرابوونەوە ، ئەم هونەرکارییە لە زمان تا ئاستێکی باش قووڵی و جوانکاری بە دەستەواژە و ناوەڕۆکەکە بەخشیوە . کەژاڵ ئەحمەد لە بەشێکیتری شیعرەکەیدا دەڵێت /
من رێگه‌ى هه‌موو رۆژێک و
ئه‌درێسى ژیانم ئه‌گۆڕم
به‌کۆدێکى زۆر نهێنى
که‌ دڵته‌
تا هیچ که‌سێ نه‌توانێ بمدۆزێته‌وه‌
کلیلى دڵم ئه‌شکێنم.
شاعیر لەپێناو بەدیهاتنی خەونێکی گەورە و گەیشتن بەدواڕۆژێکی پڕ لەخۆشەویستی لەگەڵ کەسیک کە ، سوارچاکی نێو خەون و خەیاڵەکانییەتی ، ئامادەی هەموو بڕیارێک و هەموو گۆڕانێکە لە ژیان و لە خۆیدا بۆیە ، لە سەرەتاوە بڕیاردەدا واز لەماڵەباجێنەی تەنیایی بهێنێت ، ئەمیش واز لە دارلاستیکی سەرکێشیی بهێنێت ، ئێستا / بڕیاریتر دەدات کە ، ڕێگاکانی هەموو ڕۆژە و ئەدرێسی ژیانی بگۆڕێت ، خۆی ون بکات و لەچاوی ئاوەدانی خۆی بشارێتەوە ، تەنها بە کۆدێک بدۆزرێتەوە ئەویش دڵی دڵدارەکەیەتی ، واتە وەک ئەشقیایەکی شەیدا ، لەو زێتر کەسێکیتر ناتوانێ بیدۆزێتەوە . لە دیمەنێکیتری شیعرەکەیدا دەڵێت ،
وه‌ره‌ به‌یه‌که‌وه‌ بژین…
له‌ناو ئینجانه‌یه‌کى زۆر بچکۆڵه‌دا
که‌ عاشقێکى خوێنشیرین
له‌ حه‌وشه‌ى خوێندنگه‌یه‌کى تێکه‌ڵاوا
دایبنێت و
مامۆستایه‌ک به‌تاسه‌وه‌ بۆنى بکا.
بەپێی ئەم دیمەنە شیعرییە ، عەشقەکەیان گەیشتۆتە ئاستێک ، کە مانەوەیان لەدووری یەک و لە نێو کونجەکانی تەنیاییدا ، سووتان و ئازارێکی گەورەیە ، ئازارەکەی هێندە کاریگەر و بەسۆیە کە بەرگەگرتنی کارێکی سانا نییە ، بۆیە دڵبەر بە دڵدارەکەی دەڵێت / وەرە بەیەکەوە بژین ، بەڵام شاعیر ئەم داوایە لە نێو وێنەیەکی شیعری زۆر نایاب و ناسکۆڵە دەردەدبڕی و دەڵێت ، وەرە بەیەکەوە بژین / لەناو ئینجانەیەکی زۆر بچکۆڵانەدا ، ئەم دوو عاشقە هێندە تامەزرۆی یەکتری و گەیشتن بەیەکن ، هەرشوێنێک بێت ، تەنانەت / نێو ئینجانەیەکی بچکۆڵانەش بێت قەبوڵیانە ، دەبن بە دوو گوڵی بۆنخۆش و دەچنە نێویەوە ، دەخوازن عاشقێکی خوێنشیرین لە حەوشەی ( خوێندنگەیەکی تێکەڵاوا ) دایانبنێت و لەوێدا مامۆستایەک یان قوتابییەک بەتاسەوە بۆنییان بکات . دیمەنێکی تابڵێی ڕۆمانسی و پڕ لە هەستی شاعیرانەو بە زمانێکی شیرینی شیعری ، بەکارهێنانی ( خوێندنگەیەکی تێکەڵاو ) زۆر لەشوێنخۆیەتی و مەودای بیرکردنەوە و ناوەڕۆکی وێنە شیعرییەکەی قووڵتر کردووە ، کە لە بەشەکانیتری ئەم دەقە هەڵوێستەی زێتری لەسەر دەکەین . شاعیر بە هەمان وزە و خەیاڵە دۆزەخییەکانی لەنێو دەقەکەی بەردەوام دەبێ و دەڵێت
من و تۆ به‌یه‌که‌وه‌ بین
هێڵى ته‌له‌فۆنه‌کانى شار
بیست و چوار سه‌عات سه‌رقاڵى گوێگرتن له‌ ئه‌وین نابن
من و تۆ به‌یه‌که‌وه‌بین
ئیتر کاره‌با نابڕێت و
هه‌موو رۆژێ ئاو دێته‌وه‌
‏Googleیش رزگارى ئه‌بێ له‌گه‌ڕانمان به‌دواى یه‌کدا و
کچان بۆ تۆ و
کوڕان بۆ من ناتوێنه‌وه‌
خۆی لە بنەڕەتدا شاعیر باسی عەشقێکی گەورەمان بۆ دەکات ، ئەو عەشقەی دەتوانن مەوداکان ببڕن و لەنێو زەمەندا بمێننەوە ، ئەو عەشقەی نەک هەر شایستە بەوەیە شێوەی ژیان و یان خووە هەمیشەییەکانی بۆی بگۆڕی بەڵکو ، شایستە بە هەموو قوربانیدانێکیشە . لەنیو کورەی خەیاڵەکانی دوور دوور دەڕوات ، تەنانەت بۆ ئەودیو سنوورەکانی خەیاڵ ، وایدەبینێ / بەیەکگەیشتنی ئەوان و بەیەکەوە ژیانی ئەوان وەک ( موعجیزەیەکی گەورە ) ، یان دەبێتە کلیلێکی سیحری گرێکوێرەی هەموو کێشەکان دەکاتەوە و چارەسەریان دەکات …! ژیان دەگاتە ئەوپەڕی کەناری ئارامی ..! بڕۆننێ لەنێو رووبەری خەیاڵ چ فەنتازیایەکی خوڵقاندووە ..! یان دەڵێت ( من و تۆ بەیەکەوە بین / هێڵی تەلەفۆنەکانی شار ، بیست و چوار سەعات سەرقاڵی گوێگرتن لە ئەوین نابن ..! ) بەمانای هەموو هێڵی تەلەفۆنەکانی شار و هەموو خەڵکی ئەم شارە بەعەشقی ئەوانەوە سەرقاڵن ..! تەنها باسی ئەوانە و هیچیتر ، گەر ئەوان بەیەکبگەن و بەیەکەوە بژین / ئیتر چیتر تەلەفۆنەکان سەرقاڵ نابن بە گوێگرتن لە چیڕۆکی ئەم دوو ئەویندارەوە . یان دەڵێت / ( من و تۆ بەیەکەوە بین ، ئیتر کارەبا نابڕێت و هەموو ڕۆژێ ئاو دێتەوە …! ) ، بەیەک دێرە شیعر باسی ( دوو ) گەورەترین کێشەی خەڵکی کردووە ( کێشەی ئاو و کارەبا ..! ) بەدیوێک ( گەورەیی و ئەفسونی عەشقەکەمان پێشان دەدات ، کە بەیەکەوەبوونی ئەوان ئیتر کارەبا نابڕێت و ئاویش دێتەوە ..! ) ، بە دیوێکیتر پێمان دەڵێت ( کە ئێمە لە نیشتیمانێک دا دەژین خەڵکەکەی ( کێشەی ئاو و کارەبایان هەیە ..! ) بەیەکەوەبوونی ئەوان ئەم کێشانە چارەسەر دەبن ..! بەبڕوای من ناوەڕۆکی ئەم جۆرە دەقانە بە ئەندازەی ئەو عەشقە ئەفسوناوییەی باسمانکردووە گەورەن ، یان دەڵێ ( گوگلیش ڕزگاری دەبێ لە گەڕانمان بەدوای یەکدا و کچان بۆتۆ و کوڕان بۆ من ناتوێنەوە ..! ) ، لێرەش شاعیرانە ئەو تامەزرۆیی و چەپاندنە کوشندەیەی ( کوڕان و کچانی ) کۆمەڵگەکەمان باسدەکات ، کەژاڵ لێرەدا توانا شیعری خۆی لە ئاستێکی بڵند دەرخستووە ، لە دوو وێنەی جوانی ( هونەری و شیعری ) باسی لە چەندین کێشەی گەورە و بابەتی زۆر گرنگ کردووە وەک ،( قوتابخانەی تێکەڵاو ، هێڵی تەلەفۆن ، کێشەی ئاو و کارەبا ، سایتی گوگل ، باری دەروونی کوڕان و کچان..! ) بە زمانێکی شیعری پڕ چێژ و سەرنجڕاکێش ..! شاعیر بەهەمان کڵپە ڕۆمانسییەکانی نێو دەمارەکانی عاتیفە و خەیاڵە تامەزرۆ و ئیرۆسییەکانی دەڵێت ،
هه‌ر ئێستا وه‌ره‌ ماره‌مکه‌
به‌پێشه‌کى خه‌نده‌یه‌ک و
به‌پاشه‌کى نیگایه‌کت قایل ئه‌بم
تۆ (بمهێنه‌) بۆ ناو قسه‌یه‌کى خۆش و
منیش بۆ ناو شیعرێکى کچانه‌ ( ئه‌تهێنم !)
هه‌ر ئه‌مڕۆ ماره‌مکه‌
به‌پێشه‌کى چه‌پکێ گوڵ و
به‌پاشه‌کى ماچێکى دۆستانه‌
یان به‌سێ جار وتنى وشه‌ى ( گیانه‌که‌م )
ته‌ڵاقمده‌ و ته‌ڵاقته‌ده‌م !
شاعیر دەیەوێت کۆڵنەدات / عەشقەکەی بەئاکام بگات و دەستبەرداری ئەو خەونە گەورەیە نەبێت ، دەیەوێت ئاکامێکی هەبێت ، بۆیە لەسەرەتا داوا دەکات و بانگی دەکات ، یان پێی دەڵێت ( وەرە بەیەکەوە بژین ) ، بەڵام ، هێندە نیگەران و دڵبەسۆیە دەیەوێت ڕەسمیەتێک بەو بەیەکەوەبوونە بدات و بەپێچەوانەی زۆرێک لە کچانی نیشتیمانەکەی هەمیشە خۆی دەستپێشخەر دەبێ ، بۆیە بڕیار دەدەت و دەڵێت ( هەر ئێستا وەرە مارەمکە ..! ) ، بە ( دیوێکدا ..! ) بەشێوەیەکی زۆرجوان و بە بیرکردنەوەیەکی هاوچەرخانە ئەو داوایەی خۆی بۆ مارەکردنەکە دەخاتەڕوو و دەڵێت ( بە پێشکی خەندەیەک و بە پاشەکی نیگایەکت قایل دەبم ..! ) ، یان دیسان گەرمتر و بەتاسەتر پێدادەگرێ و دەڵێت ( هەر ئەمڕۆ مارەمکە / بە پێشەکی چەپکێ گوڵ و بە پاشەکی ماچێکی دۆستانە ..! ) ، بۆ ( جیابوونەوەش وشەی ( گیانەکەم ) بەسەو زێتر هیچیترنا ..! ) ، وەک شاعیرێکی هەستناسک ، بەزمانێکی شیرین و بەسۆز ، باس لەم بابەتە کۆمەڵایەتییە گرنگانە دەکات / بابەتەکانی وەک ( هاوسەرگیری و مارەیی و جیابوونەوە ) لێرەدا ئەوەش دەبینین کە عەشق چ بەهایەکی گەورەی هەیە ، ماڵی دنیا و ( هیچ شتێک ) لەسەرووی بەهاکانی عەشقەوە نابینێت ، بۆیە ( بۆ بەیەکەوەبوون و مارەیی / تەنها چەپکێ گوڵ و ماچێکی دۆستانە و دەخوازێت ..! ) ، بەودیوە داهێنانێکی گەورەی کردووە ، چ لەڕووی زمانی شیعری و چ لەڕووی بیرکردنەوە و ناوەڕۆک و بیرکردنەوە هاوچەرخەکانی ، بەڵام بە دیوێکی تر / بۆ بەکەوەژیان ( فۆرمی مارەیی و ئیمزاکردنی پارچە کاغەزێک لەبەردەم دادوەر ) تاقە فۆرم و تاقە ڕێگە نییە ، کەژاڵ ئەحمەد فۆرمی دووەمی بۆ ( بەیەکەوەبوون ) ( نادیدە ) گرتووە ، فۆرمی دووەمیش / بریتییە لە بەیەکەوەبوون و بەیەکەوەژیان بەبێ ئیمزاکردنی هیچ پارچەکاغەزێک و ئەگریمەنت و بەڵگەنامەیەک یان بەبێ چوونە دادگا و هیچ شوێنێک ، تەنها بوونی عەشق و خۆشەویستییەک و ڕەزامەندی هەردووکیان ، ئەوەندە بەسە بۆ بەیەکەوەبوونیان ئییتر هیچ شتێکیترنا ..! لە وڵاتە پێشکەوتووەکان ئەم فۆرمە بۆ بەیەکەوەژیان وەک فۆرمەکەیتر لە ئاستێکی بەرین پیادەدەکرێت ، وەک خێزانێک چاویان لێدەکرێت و منداڵیش دروست دەکەن و لەڕووی یاساییەوە هەموو مافێکی خێزانی و یاساییان هەیە ، بەمانای تەنها ( کچبرادەر و کوڕبرادەر )ن واتە ( گێرل فرێند و بۆیفرێند ) ، هەرکاتێکیش بەیەکەوە نەگونجێن جیادەبنەوە ، دیارە لە هەردوو باردا ، ئەو پارچە کاغەزە ئیمزا بکرێت یان نا ، کاتێک خۆشەویستی نەما ئیتر تەواو ، ئەو پەیوەندییە کۆتایی دێت ، جا بەیەکەوە بمێنن یان جیاببنەوە ..! کەژاڵ وەک شاعیرێکی ( دژەباو ) ، کە سەردەمانێک بەو ئاراستە کاریکردووە ، دەبوا فۆرمی دووەمی نادیدە نەگرتبا ، یان ئەوەتا هەرباسی مارەیی نەکردبا ، بۆ نموونە ( هەر پێی لەسەر ئەوە داگرتبا ( وەرە با بەیەکەوە بژین ..! ) ، یان دەیتوانی بەشێوەیەک باسی کردبا کە بوارێک بۆ فۆرمی دووەم بهێڵیتەوە ، یان لایەنیکەم ناڕاستەخۆ دەریبڕیبا بۆ نموونە بیگوتبا ( وەرە بەیەکەوە بژین ( گەر مارەم بکەی یان نا ) ، من خۆم و دەسکە گوڵێک هەر لە چاوەڕوانیت دا دەبم ..! ) ، لێرەدا باس لە هەردوو فۆرمەکە دەکرێت ، وەک کەسێکی هاوچەرخ و دژەباو هەردوو فۆرمەکەی قەبوڵ دەکرد ، چونکە لای ئەو عەشق و بەیەکەوەبوونەکەیان لەسەرووی هەموو شتێکەوەیە ، چونکە کەژاڵ ئەحمەد لە سەرەتاوە ، بە دوای کتێبەکانی ( بەندەری بەرمۆدا و وتەکانی وتن )ەوە ، بە ئاراستەی دژەباوی کاریکردووە ، بە دەرەجاتێک لەم کتێبانەش بەڵام بەتایبەتتر لە کتێبەکانی ( قاوەیەک لەگەڵ ئەودا ) یان ( ئاوێنەم شکاند ) ، لەوێدا ( کەژاڵێکی جیاواز ) دەبینین بەتایبەتیش / لە کتێبی چوارەمی ( ئاوێنەم شکاند ) ئەم دژەباوییە و هاوچەرخییە بە ڕۆشنی ڕەنگدەداتەوە ، خۆشی لە زۆرێک لە شیعرەکانی بەم دیدەوە نووسیویەتی بۆ نموونە ، شیعرەکانی ( ئاوێنەم شکاند ، کەژاڵێکی جودا ، سەدساڵ غەریبیت دەکەم ، نازانم بەبێ تۆ بژیم ، بە تەنوورەیەکی کورتی سوورەوە و زۆرێک لە شیعرەکانی ئەو سەردەمانەی ..! ) ، چونکە بەبڕوای من / مرۆڤ دەبێ ڕاستگۆ بێت لەگەڵ ناخ و بیروباوەڕەکانی خۆیدا ، ئەوەتا / ( ئەلبێر کامۆ ، لە ( ئەفسانەی سیزیف ) ، ڕەخنە لە ( گالیلۆ ) دەگرێ و دەڵێت (بە ئاسانی دەستبەرداری ئەو ڕاستییە زانستییە بووە وەختێ بووە مایەی هەڕەشە لەسەر ژیانی ، .. گەرچی یەکێک بوو لە گرنگترین ڕاستییە زانستییەکان ..! ) ، یان هەر لەوکتێبەدا لەبارەی ( شوبنهاوەر )ەوە دەڵێت ( وەک بابەتێکی پێکەنین باسی شوبنهاوەر دەکرێ کە چۆن خۆی لەسەر سفرەیەکی ڕازاوە دانیشتووە و کەچی ستایشی خۆکوشتن دەکات …! ) ، بۆ ڕەخنەگرتن لەم بیرمەندانەش پشتی بە وتەیەکی ( نێچە ) بەستووە کە دەڵێت ، ( فەیلەسووف بۆ ئەوەی شایانی ڕێزگرتن بێت پێویستە خۆی نموونەی ئەو شتانە بێت کە دەیانڵێت ..! ) ئەو قسەیەی ( نێچە ) بۆ هەرکەسێک و شاعیرێک و نووسەرێکیش هەر ڕاستە ، بۆیە ئەو چاوەڕوانییەمان لەو شاعیرە ئازیزەمان ئەوەیە کە ، بەو ئاراستە دژەباوییەی خۆی سەرلەنوێ دەستپێبکاتەوە و ( ڕۆحی فڕوغ و ڕوئیاکانی کەژاڵێکی جودا ) لەنێو بیرکردنەوەکانی ئێستای زیندوو و چاڵاک بکاتەوە…!
شاعیر لەنێو دەقەکەی / بەهەمان هەست و سۆز و زمانێکی شیعری پڕ لە خرۆشان و چێژ بەردەوام دەبێت و دەڵێت ،
سبه‌ینێ واز
له‌خووى خراپى زۆر نووستن ئه‌هێنم
مۆڵه‌ت له‌ شیعر و خه‌ڵک و خوا وه‌رئه‌گرم و
له‌ناو کلۆره‌ دارێکى پووره‌ى هه‌نگا
مانگى هه‌نگوینى له‌گه‌ڵ تۆ به‌سه‌رئه‌به‌م
فێرى وتنى شیرین و
خستنه‌وه‌ى وه‌چه‌ى شیرین و
ئاشتییه‌کى شیرین ئه‌بم
کەژاڵ ئەحمەد لەو دەقەیدا ، وەک ئەوە وایە چیڕۆکی عەشقێکمان بۆ بگێڕێتەوە ، لەسەرەتا عەشق دواتر ( بەیەکەوە ژیان ) ، دواتر مارەیی و هاوسەرگیری ..! ) ، لەم کۆپلە شیعرەی سەرەوەش ، لە سەرەتا باس لەگۆڕینی هەندێک خووی خراپ دەکات ، بەمانایەک خۆی ئامادە دەکات بۆ ئاهەنگی گواستنەوە و ڕۆیشتن بۆ مانگی هەنگوینی ، بەڵام بۆ مانگی هەنگوێنییەکە ( شوێنێکی جودا لە وێنەیەکی بێئەندازەی جوانی شیعریدا ) باسدەکات و دەڵێ ( مۆڵەت لە شیعر و خەڵک و خوا وەرئەگرم و / لەناو کلۆرەدارێکی پوورەی هەنگا / مانگی هەنگوینی لەگەڵ تۆ بەسەر ئەبەم …! ) دیارە شاعیر بەم دیدەوە دەڕوانێ کە ( ژیان و عەشق و مرۆڤ ) بەهای گەورە و پیرۆزییان هەیە ، بۆیە دەبینین لە مارەیەکەش داواکەی تەنها ( چەپکێ گوڵ و ماچێکی دۆستانە ) بوو ، بۆ مانگی هەنگوینییەکەش ، داوای هوتێلێکی گەورەی ( پاریس و نیۆرک ) ناکات ، هەرکوێیەک بێت تەنانەت ( ناو کلۆرەدارێکی پوورەی هەنگیش بێت …! ، بەڕاستی خەیاڵێکی ناسک و جوان و شاعیرانەیە ، جوانکارییەکی بێوێنەی بەو کلۆرەدارەی پوورەی هەنگ بەخشیوە ، لەو وێنە شیعرییە جوانی وەقسە هاتووە ، لێرەدا چێژێکی گەورە بە خوێنەر دەبەخشێ ، لەسەر چیڕۆکەکەی بەردوام دەبێت و دوای مانگی هەنگوینیش ( باسی وەچەنانەوە و بەیەکەوە ژیانێکی ئارام دەکات ..! ) ، ئیتر هەوڵدەدا لەم کونجی ئاراماییە لەگەڵ ئەودا تابۆی بکرێت بۆ درێژماوە بمێنێتەوە ، بۆیە هەوڵدەدات زێتر کار لەسەر خۆی بکات و ئەوشتانەی یان ، ( واز لە خووە خراپەکانی بهێنێت ) و وەک دەڵێت (هه‌ر ئه‌مڕۆ واز / له‌م تووتڕکى تووڕه‌بوونانه‌م ئه‌هێنم / که‌ له‌دڕکى په‌ستبوونى تۆ ئه‌چێ بۆ له‌مه‌ودوا / گوڵ ئه‌گریت و گوڵ ئه‌گرم…! ) ئیتر لێرەوە بەرەو کۆتایی چیڕۆکەکە دەڕوات و بەڵام دواجار وێنەی گومانێکی گەورەمان بۆ دەکیشی و دەڵێت ،
ئه‌گه‌ر دڵت هێنده‌ى دڵم گه‌وره‌نییه‌
بڕۆ وازم لێبهێنه‌ با هه‌روه‌کو جاران بژیم
بەمانایەک / لەوە دڵنیا نییە کە دڵی ( ئەویش ) جێگای ئەو عەشقە گەورەیەی تیادەبێتەوە ، یان دەتوانێ قەبوڵی ئەو کرانەوە و هاوچەرخییەی بیرکردنەوەکانی ئەو بکات ..! لەڕاستیدا لەوە دڵنیا نییە و نازانێ ، بۆیە بە ( ئەگەرەوە ) قسە دەکات …! ، مرۆڤی هاوچەرخ و مۆدێرن هەرگیز بە باوەڕی موتلەقی ڕەها لە شتەکان و بابەتەکان ناڕوانن ، ئەگەر بە ئاستێکی کەمیش بێت بوارێک بۆ گومانەکان دەهێڵنەوە ، لێرەدا کەژاڵ ئەحمەدیش هەروای کردووە .
لەم دەقەدا / زمانی شیعری لەسەرەتاوە تا کۆتایی شەونمی چیژ دەردەکات و تەڕو پاراوە ، فۆرم و ناوەڕۆکیش / لەنێو رووبەی جوانیدا تەریبن بەیەکەوە .. لێرەدا بە پێویستی دەزانم هەندێک قسە لەسەر چەمکی جوانی بکەین ، ئەو ( چەمکانە )ش کە پەیوەندییان بە جوانییەوە هەیە و ماناکانی جوانی تۆختر دەکەنەوە و مەوداکانی جوانیش بەرینتر دەکەن ، هەندێک نموونە و لایەنی جوانکاری ئەم دەقەش بخەینەڕوو . هەروەک لە کتێبی ( ئیستاتیکا ، Aestheticism ) ، کە لە نووسینی ( ئار ڤی جۆنسن ) ە ، لە بەشی ( شیعر و جوانی ) دا هاتووە و ، دەڵێت ( کرۆکی جوانی لەنیو ئەدەبدا / لە شیعردا بە ڕۆشنی دەردەکەویت ..! ) ، بە مانای شیعر / لە هەموو ژانرەکانیتر زێتر ئیش لەسەر جوانی دەکات ، هەر لەو بەشەدا باس لە شاعیر و نووسەر ( ئەدگار ئالان پۆ ) دەکات ، بەتایبەت لە مامەڵەکردن و روئیاکانی ئەو لەگەڵ هەستی ڕاستی و چەمکی ڕاستی لەنیو دەق و نووسینەکانیدا ، بە بڕوای ئێمەش / چەمکی جوانی پەیوەندییەکی نزیک و بەهێزی هەیە لەگەڵ چەمکی ڕاستی یان ڕاستی گوتن ، لەنێو گوتارە شیعری و ئەدەبییەکاندا ڕاستی گوتن ، ڕەنگەکانی جوانی تۆخ دەکات و ڕووبەری جوانیش بەرینتر پێشان دەدات ، نەک هەر ئەوەندە بەڵکو ڕەوایەتیش بە داهێنان دەدات ، چونکە ڕاستی گوتن هەر ئەوە نییە ، پەیوەندی بە جوانییەوە هەبێت بەڵکو / پەیوەندی بە ئازادبوونی نووسەرەکەش هەیە ، واتە کاتێک شاعیرێک یان نووسەرێک / لەنیو دەقەکانییان بە زمانی شیعری ڕاستی بەرجەستە دەکەن ، ئەوا ئەو کەسە لەنیو رووبەری دەقەکەی کەسێکی ئازادە و لەژێر کاریگەری هیچ هێزێکی دەرەکیدا نییە ، چونکە هەروەک چەند جاریتریش گتومانە / ئەوکەسانەی لەژێر کاریگەری هێزە دەرەکییەکانن کەسی ئازاد نین واتە ( کەسی نامۆ )ن ، کەسانی نامۆش ناتوانن داهێنان بکەن ، چونکە ئاراستەی جووڵەکانی لەژێر کاریگەری هێزە دەرەکییەکان دایە ، جا ئەگەر لەم دید و ڕوانگەوە قسە لەسەر ئەم دەقە شیعرییەی کەژاڵ بکەین دەبینین / زۆر ڕاشکاوانە و ڕاسگۆیانە خەیاڵ و بیرکردنەوەکانی خۆی دەربڕیوە ، لەژێر کاریگەری هیچ هێزێکی دەرەکیدا نییە ، ئەوەی ئاراستەی جووڵەکانی دیاری دەکات ، ئەوە ( تەنها ) هەست و حەز و خۆزگە و خەونەکانی خۆیەتی ، بێگومان بە توانا و هێزێکی شیعرییەوە ، بۆیە کەسێکی ئازادە لەنیو رووبەری دەقەکەی بەمانایەکیتر / تەعبیری لە بیرکردنەوەکانی خۆی ( کەژاڵ ئەحمەد ) کردووە ، بۆیە لە ئاستێکی بەرز داهێنانی کردووە ، جوانییەکی مەودا فراوانی بەرهەمهێناوە ، بۆ نموونە دەڵێت / (من و تۆ به‌یه‌که‌وه‌بین ، ئیتر کاره‌با نابڕێت و هه‌موو رۆژێ ئاو دێته‌وه‌ …! ) چەند راستگۆیانە و شاعیرانە و بە زمانی شیعری ، کێشەی ئاو و کارەبا دەخاتە ڕوو . ئایا ئەم راستگۆییە پانتاییەکی قووڵتر و بەریناییەکی زێتری بە رووبەری جوانی نەبەخشێوە ..؟ ئەی ئەگەر بیگوتبا ( من و تۆ بەیەکەوە بین ، کارەبا ” هەمیشە ” درەوشاوەکانی سەرشەقام و نێو ماڵەکان زێتر دەدرەوشێنەوە و ئاویش وەک ” هەمیشە ” . لە گۆرانی گوتن بەردەوام دەبێ ..! ) ، ئەوەی منیش نووسیومە بە دەربڕینێکی شیعری و بە زمانێکی شیعرییە بەڵام / هیچ جوانکارییەکی تیا نابینین ، چونکە ڕاستیم تیا نەگوتووە ، چونکە لە نیشتیمانی ئێمە ( ئاو و کارەبا ) وەک زۆرێک لە پێداویستییە سەرەتاییەکانیتر خەڵک بەردەوام و ( هەمیشە ) لێیانەوە بەهرەمەند نین ..! کەژاڵ ئەحمەد گەر دەربڕینەکانی خۆی بەمشێوەیەی من گوتبا / هیچ ئازادییەک و ڕاستگۆییەک و هاوکات ئەو رووبەرە بەرینەی جوانیشمان لەنیو دەقەکەیدا نەدەبینی ..! جا لێرەدا هەوڵدەدەین / بەرەو کۆتایی ئەم نووسینەمان بڕۆین و بنەڕەتی مەبەستەکانمان بە چڕی بخەینەروو ، هەروەک پێشتر گتومانە کە زمانی شیعری دەتوانێ یان هێزی ئەوەی هەیە کە / قسە لەسەر هەموو بابەتێک بکات و مرۆڤ گەر توانای شیعری هەبێت دەتوانێ تەعبیر لە هەست و خەونەکانی خۆی بکات ، یان زمانی شیعری دەتوانێ سوود لە هەر ( وشەیەک و چەمکێک ) ببینێ و شاعیرانە لە پەیوەندییەکی نوێ بەکارییان بهێنێ / بوونی ئەم هێزە ڕشت و گەورەیەی زمانی شیعری ، ئەوە ( دیوێکی گەردوونییەتی ) شیعرمان پێشان دەدات ، کەژاڵ ئەحمەدیش لە چوارچێوەی دەقە شیعرییەکەی ئەم هێزە گەورەیەی زمانی شیعری پێشانمان داوە و بەرجەستەی کردووە ، کە بە زمانی شیعری و لە چوارچێوەی وێنەی شیعری جوان بابەتی زۆر گرنگ و گەورەی باسکردووە ، لە سەرەوە باسمان لە زۆربەیان کردووە ، وەک ( کێشەی ئاو و کارەبا ، هێڵی تەلەفۆنەکان و سایتی گوگل و قوتابخانەی تێکەڵاو و مارەیی و هاوسەرگیری و تەڵاق و باری دەروونی کوران و کچان و … زۆرانیتر ) ، باسکردن لەم هەموو بابەتە جودا و گرنگ و هەمەجۆرانە لەچوارچێوەی دەقێکی شیعری ، ئەوە ئەو هێزە گەورەیەی زمانی شیعریمان پێشان دەدات لە هەمانکات / ڕەوایەتی بە ئیمەش دەدات کە بڵێین / بوونی ئەو هێزە گەورەیەی زمانی شیعری و بوونی مەودا فراواناکانی ڕووبەری شیعر ، ( ئەوە دیوێکی گەردوونیەتی شیعرە … ! ) ، هەروەها ( دیوەکەی تری ) گەردوونییەتی شیعر لەوەدایە کە / شیعر ( خۆی ) لەنێو گەردووندا بوون و ئامادەییەکی بەردەوامی ( هەبووە و هەیە ) ، بۆ نموونە / خەونەکانی مرۆڤ پڕیەتی لە شیعر بەمانایەک کاتێک / مرۆڤ هەستەکانی ناوەوە و خەونە جوانەکانی خۆی باسدەکات لەوێدا ، شیعرییەت دەبینین یان ، لەنێو هاژەی تاڤگەکان شیعرییەت هەستپێدەکەین ، لەنێو گڤەگڤی ( با ) شیعرییەت هەست پێدەکەین ، لەنیو میلۆدییەکانی بولبول و چیکەچیکی چۆڵەکە و باڵندەکان شیعرییەت هەست پێدەکەین ، لەنێو ورشە ورشی درەخت و دەنگی رووبارەکان شیعرییەت هەست پێدەکەین ، تەنانەت ئەگەر بە هەستەوە ( گوێ لە بێدەنگی بەردیش ) بگرین شیعرییەت هەست پێدەکەین ، بەهۆی ئەم بیرکردنەوەمان و خستنەڕووی ئەم هەموو فاکتانە دەتوانین بە خەتێکی درشت و گەورە بنووسین ( بەڵێ / شیعر زمانی مرۆڤ و گەردوونە ..! ) ، هەروەها دەخوازم ماڵە چراخانییەکەی شیعری ( کەژاڵ ئەحمەد )یش هەرئاوەدان و درەوشاوە بێت ، سڵاو لە داهێنان .

                                                           ئۆکتۆبەری ٢٠٢٠

سەرچاوەکان :

  • کتێبی ( من دەبێ خۆم بسمیل بکەم ) کەژاڵ ئەحمەد
  • کتێبی ( فەلسەفەی بوون ) محەمەد کەمال
  • کتێبی ( ئەفسانەی سیزیف ) ئەلبێر کامۆ .. و/ ئازاد بەرزنجی
  • کتێبی ( Aestheticism ) R.V.Johnson



ئەم جارەیان نۆرەی شۆرتی کارەبایە! … کامل احمد

من لە دوو ووتاری تردا سەبارەت بە “چاکسازیەکانی” ئەحزابی دەسەڵاتداری کوردستان کە لە ژێر خێمەی “حکومەتی هەرێم” دا دەیانەوێت بیبەنە پێشەوە سەرنج و پێشنیارەکانی خۆم خستۆتە ڕوو. لە کۆتایی ئەم ووتارەدا، لینکی هەر دوو ووتارەکە دادەنێمەوە تا خوێنەر بتوانێت بە شێوازێکی ڕۆشنتر و لە گۆشەنیگایەکی چینایەتیەوە پەی بەو ڕاستیە بەرێت کە چۆن ئەم “چاکسازیانەی” بورژوازی دەسەڵاتداری کورد نەک هیچ پەیوەندیەکی بە باشبوونی بار و گوزەرانی ئەوانەوە نیە، بەڵکو بۆ برسیکردن و هەژارکردن و ڕاگرتنیانە لەبەرامبەر برسێتیەکی سک هەڵگوشینەردا و پێشبڕکێیەکە بۆ ئەوەی لە دەستە خوشکەکانیان دانەبڕێن لە ئاستی جیهانیدا و بتوانن وەڵامگۆی بورژوازی جیهانی بن کە ناوچەیەکی ڕادەستی ئەوانکردووە بۆ بەڕێوەبردن و بردنەپێشەوەی سیاسەتەکانیان.
بەپێی هەواڵێک کە لە تۆڕی میدیایی ڕووداو دا بڵاوکراوەتەوە، وا بڕیارە کە “حکومەتی هەرێم” لە مانگی ١٢ ی ساڵی ٢٠٢٠ دا پڕۆژەی دابەشکردنی کارەبا بداتە کەرتی تایبەت. بە پێی گووتەی ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا، کە بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی ڕاگەیاندووە، “کۆمپانیاکان لە ناوە و دەرەوە هەن. کۆمپانیای ئەوروپی هەیە و کۆمپانیای ناوخۆش. هەڵبەتە ئەو کۆمپانیایانە دەبێت تێگەیشتنی باشیان بۆ داواکاریی وەزارەتی کارەبا هەبێت و بەشێوەی مونافسە” دەبێت و کێ توانیی زۆرترین مەرجەکانی ئێمە قبووڵ بکات، بەو سیقەیە کە باسم کرد، بەو دەدرێت.
هاوکات لە ڕاگەیاندنەکەدا هاتووە کە ئامانجەکانی وەزارەت بریتین لە: گراننەکردنی نرخی كارەبا، كۆنترۆڵكردنی سیستەمی بەڕێوەبردنی كارەبا، كەمكردنەوە و نەهێشتنی سەرپێچیەكان، رێگری لە بەفیڕۆدانی کارەبا و کەمکردنەوەی پاڵەپەستۆی سەر تۆڕەکان.
بەر لەوەی سەرنجەکانم لەسەر ئەم خاڵانە و ناوەرۆکی سیاسی ئەم هەنگاوە بدەم، پێم باشە کەمێک بگەڕێینەوە دواوە بۆ ئەو کاتەی کە نێچیرەوان بارزانی سەرۆکی “حکومەتی هەرێم” ی ئێستاو “سەرۆک وەزیرانی ئەو کات لە داوایەکی دا بۆ دکتۆر جیم کیم یۆنغ سەرۆکی کۆمەڵەی بانکی نێودەوڵەتی لە مانگی شوباتی ٢٠١٦ دا، داوای هاوکاری لەم دەزگایە دەکات لە پێناو گەشەو بەرەوپێشچوون و وەستانەوە بەرامبەر ئاستەنگیە ئابوری و گەشەپێدراوەکاندا. ئەوانیش لەبەرامبەر ئەم داوایەدا ڕاپۆرتێک ئامادە دەکەن و پێشنیارەکانی خۆیان دەخەنەڕوو کە کورتکراوەکەی لە ٢٧ خاڵ پێکهاتووە و بەشێکی زۆر لە گرتنەبەری ئەم پڕۆسانەی کە ئێستا لە هەرێمی کوردستاندا بەڕێوەدەچێت و لە لایەن ئەحزابی دەسەڵاتدارەوە دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە لەوێدا هاتووە. ڕاپۆرتەکە، هەروەک ئەوەی دەسەڵاتدارانی کوردستان دەیکەن، وا خراوەتە ڕوو کە ئەمە کۆمەکێکە بە چین وتوێژە مەحرومەکانی کۆمەڵگا و بە مەبەستی پاراستنیانە لە کاریگەریە کۆمەڵایەتی و ئابوریەکانی ئەم قەیرانەی کە “حکومەتی” تێدایە. هەر لە هەمان ڕاپۆرتدا هاتووە کە وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی هەرێم دەیەوێت تا ساڵی ٢٠٢٠ ئەم چاکسازیانە بکات. ئەم ڕاپۆرتەش وەک هەنگاوی یەکەمی ئەو یارمەتیانە نووسراوە کە بانکی نێودەوڵەتی دەتوانێت پێشەکەشی بکات بۆ بردنەبەرەوەی ئەو چاکسازیانەی کە ماوەیەکی زۆرە چاوەڕواندەکرێت. لە هەنگاوی دووەمیشدا لە باری تەکنیکیەوە یارمەتی حکومەتی هەرێم دەدەن کە چۆن جێبەجێیان بکات.
هەموو ئەوهێرشانەی کە “حکومەتی هەرێم” دەیکاتە سەر سفرەی خاڵی پڕۆلیتاریای کوردستان و هەموو توێژە وەتەنگهاتووەکانی تری کۆمەڵگا، لە کورتەی ئەم ڕاپۆرتەدا خراونەتە بەردەست ئەحزابی دەسەڵاتداری کوردستان بە مەبەستی جێبەجێکردنیان و داماڵینی شانی خۆیان لە بچووکترین بەرپرسیاریەت لە ئاست کۆمەڵگادا. ئەمانە ئەو سیاسەت و چاکسازیانەن کە دەسەڵاتداران، هەنگاو بە هەنگاو و یەک لە دوای یەک دەیبەنە پێشەوە بۆ ئەوەی مەرامەکانی بانکی نێودەوڵەتی و جێبەجێبکەن و لە ماراسۆنەکە دوانەکەون. هەنگاو بە هەنگاو ئەم بە تایبەتیکردنە (پرایڤەتایزەیشن)ە هەموو ئەو کەرت و سێکتەرانەی تریش دەگرێتەوە کە تا ئێستا بە ناو لە ژێر سایە و دەسەڵاتی کەرتی گشتیدان، وا ئەم جارەیان نۆرەی کارەبایە.
خەڵکی کوردستان ٣٠ ساڵە بە دەست نەبوونی کارەباوە دەناڵێنن. پرسیارێکی گرنگ کە پێویستە لە خۆمانی بکەین ئەوەیە کە ئایا ئەم ٣٠ ساڵە کارەبا بۆ دواکەوت؟! ئەم کارەبایە بۆ پیشتر نەهات؟! بۆچی ئێستا دێت و دەیانەوێت کوردستان ڕووناک بکەنەوە و بیکەن بە چراخان؟! ئاشکرایە کە مەسەلەی سەرەکییان ئەم بە پرایڤەتکردنەبووە و وا ئێستا کاتی هاتووە و “کوڵاوە”. ئەوان ژیان و قازانجیان بۆ خۆیان و چینەکەی خۆیان دەوێت وبە بێ سوودی خۆیان و کۆمپانیاکانیان ئامادەنین ڕوناکی بدەن بە خەڵکی کوردستان. هەموو کۆمپانیاکان یان هی خۆیانە و یان شەریکن و بەشیان هەیە تیایدا. بۆیە ئەم هەنگاوەیان دەبێتە هۆی دەوڵەمەندبوونی زیاتریان و قۆرخکردنی سەرمایە لە دەستی کۆمپانیاکانی خۆیاندا.
بە تایبەتکردنی هەر یەکێک لەم کەرتانە، بە مانای خستنەڕوویانە لە بازاڕدا بۆ فڕۆشتن. واتە کارەباش وەک هەر کاڵایەکی تر دەخرێتە بازاڕاوە بۆ ئەوەی بکڕدرێت. بە مانایەکی تر ئەوەی توانای کڕینی هەبێت دەتوانێت لە کارەبا بەهرەمەند بێت و ئەوەشی توانای کڕینی ئەم خزمەتگوزاریەی نیە و ناتوانێت بە دانی پارەی کارەبادا ڕابگات، دەبێت لێی بەهرەمەند نەبێت. کەسێک کە نانی شێوی نەبوو بیخوات ئەو کات ناشتوانێت کارەبا بکڕێت. بۆیە بانگەشەکانی یەکسان بەهرەمەندبوون لە کارەبا وەک بەهرەمەندبوون لە هەر پێداویستیەکی تری ژیان و کۆمەڵگا درۆیەکی ئاشکرایە. ئەگەر ئێستا هاووڵاتیان لەبەر نەبوونی مووچە و بێدەربەستی “حکومەت” دا، دەتوانن گوێی خۆیان لە دانی پارەی کارەبا بخەوێنن و ئەوانیش ناتوانن فشاریان بۆ بێنن، ئەوا ئیتر دەستی کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت ئاواڵەدەبێت بۆ ئەم کارە و دەسەڵاتدارانیش شانیان خاڵیە و وەڵامیان دەبێت بەوەی کە کارەبا لای ئەوان نیە.
هەر بۆیە وەک پێشتریش ووتم هەموو ئەمانە چاکسازی بورژوازین و “حکومەتی هەرێم” یش بەرنامەڕێزی بۆ کردووە بە هاوکاری بانکی نێودەوڵەتی و هەر جارەی چەپکێکیان پێشکەشدەکات. وا ئەم جارەیان نۆرەی کارەبا بوو. حەتمەن وێڕای ئەوەی نەخۆشخانە و قوتابخانەکان نیواونیو بەڕێوەدەبرێن، بەڵام ئەمانیش دوور نیە لە ئایندەیەکی نزیکدا بە تەواوەتی ڕادەستی کەرتی تایبەت نەکرێن. هەر ئێستا پاکوخاوێنی و فڕێدانی زبڵ و خاشاکی شارەکانیش لەدەست کۆمپانیا تایبەتەکاندایە و ئەگەر چینی پڕۆلیتاریای کوردستان نەتوانێت پارەکەی بدات ئەوا شارەکان زبڵ و پیسی دەیانخوات.
خاڵێک کە پێویستە زۆر ڕۆشنبێت ئەوەیە کە مەسەلەی پڕۆلیتاریا، حکومەت و پرایڤەتکردن نیە، کەرتی تایبەت و دەوڵەتی یان گشتی نیە. پڕۆلیتاریا وەک چینێک پێویستە لە بەرانبەر چینی بورژوازی و سەرمایەداری دا ڕابوەستێت و بە هیچ کەرتێکیان خۆشخەیاڵ نەبێت. هەر بۆیە چاکسازی ڕیشەیی لە کۆمەڵگادا تەنها بە خاوەنانی ئەسڵی کۆمەڵگا دەکرێت کە ئەویش پڕۆلیتاریایە. پڕۆلیتاریە دەبێت بەهێزی ڕێکخراوی خۆی و بە هەموو شێوازێکی لەبەردەستدای ڕێکخراوبوون خۆی ڕێکخراوبکات تا بتوانێت ئەم چاسکازیانەی بورژوازی بە کەرتی تایبەت و گشتی یەوە توڕهەڵدا و لە جێیان چاکسازی و دەسەڵاتی خۆی پیادەبکات کە هەم هەنگاوێک بێت بۆ باشتربوونی ژیانی و هەم ببێتە خشتە سەرەکیەکانی گۆڕێنی کۆمەڵگا و دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی سۆشیالیستی کە هەموان تیایدا بە پێی توانای خۆیان کاربکەن و بەپێی پێویستی خۆیان لە سامان و بەرووبوومی کۆمەڵگا بەهرەمەندبن. هەنگاوی سەرەکیش لەم ڕاستایەدا و لە ئێستادا ئەوەیە کە پڕۆلیتاریا هۆشیارانە لە مەیداندابێت بۆ بەدەستهێنانی موچەی تەواو و مانگانە لە کاتی خۆیدا و هاوکات خەبات بکات بۆ زیادکردنی مووچە و بەدستهێنانی بژێویەکی باشتر. بۆیە خواستی کارەبای ٢٤ سەعاتە بە ئەمپێری تەواوەوە و بە نرخی گونجاوەوە، کە نرخەکەی ئەگەر لە هی ئێستا هەرزانتر نەبێت ئەوا نابێت بە هیچ شێوەیەک گرانتربێت، بە شێوەیەک کە هاوڵاتیان توانای کڕینیان هەبێت، خواستێکی هەر ئێستا و دەستبەجێیە لە پاڵ خواستی دانی مووچەی تەواودا لە کاتی خۆیدا و بێ دواکەوتن.

کامل احمد

13.10.2020
kamil.ahmed.f@gmail.com




هونه‌ری قوتابی بوون … نووسینی: حه‌مه‌ هیوا

بابه‌ت/په‌روه‌رده‌یی

له‌ كۆمه‌ڵگای ئێمه‌ په‌روه‌رده‌ وه‌ك هه‌ر پێویستیه‌كی گرنگی ژیان فه‌رامۆشكراوه‌ و به‌ په‌راوێزی ماوه‌ته‌وه‌. چ له‌لایه‌ن دایكان و باوكان، چ له‌ لایه‌ن چینی مامۆستایان و فێركه‌ران. له‌ ساڵانی ڕابردوه‌وه‌ هه‌تا هه‌نووكه‌، كێشه‌ یه‌ك له‌ دوای یه‌كه‌كانی باشوری كوردستان وای كردوه تاكی ئێمه‌ هیچ كات و ساتێكی بۆ هه‌نگاوه‌ پێویستیه‌كانی ژیانی خۆی نه‌بێت. ئه‌م قه‌یرانه‌ش له‌ بچوكترین كه‌س له‌ كۆمه‌ڵگا، هه‌تاوه‌كو ده‌گاته‌ گه‌وره‌ترین كه‌سی گرتۆته‌وه‌.هاوكات ئه‌و جیله‌ نوێیه‌ش كه‌وا هاتوه‌ و دێت، له‌سه‌ر هه‌مان بنه‌مای ناجێگیر گوزه‌ر ده‌كات. ده‌سه‌ڵاتی سیاسی سێ ده‌یه‌ی رابردوو گه‌وره‌ترین داهێنانی ئه‌وه‌بوو، وای كرد گه‌وره‌ترین ده‌ستكه‌وت لای تاكی كورد، ئه‌و موچه‌یه‌ بێت كه‌ مافی خۆیه‌تی و بۆی نیه‌ داوای بكات. نامه‌وێت زۆر قووڵ بمه‌وه‌ له‌م هه‌موو قه‌یرانه‌ بێ شوماره‌ی له‌ كۆمه‌ڵگا ده‌گوزه‌رێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی زۆر لای من جێی نیگه‌رانیه‌، خه‌مساردی چینی مامۆستای كورده‌ به‌ نمره‌ی یه‌كه‌م.
مامۆستای كورد به‌ رێژه‌ی زۆرینه‌ كار بۆ دروستكردنی تاكێكی زانست دۆست و مرۆڤ دۆست ناكات، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ و به‌ داخه‌وه‌ كار بۆ خودئه‌ڤینی (نه‌رسیسیه‌ت) و پشاندانی ڕۆڵی پاڵه‌وانێتی ده‌كات. فه‌یله‌سووفی به‌ریتانی (بێرتراند ڕاسێڵ)1872_1970
له‌ یه‌كێك له‌ كتێبه‌كانی، كه‌ تایبه‌تی كردوه‌ به‌ په‌روه‌رده‌ ده‌ڵێت:ئه‌ركه‌ له‌سه‌ر مامۆستاكانی قوتابخانه‌ هه‌تا كۆتایی ده‌ستی فێرخوازان بگرن، نه‌ك له‌ شوێنێك ده‌ستیان به‌رده‌ن و هوتافی لوتبه‌رزیی به‌سه‌ریان لێ بده‌ن. ده‌بێت بڵێم به‌داخه‌وه‌ تاوه‌كو ئێستاش مرۆڤی كورد و مامۆستای كورد وا تێگه‌یشتوه‌، پرۆسه‌ی قوتابی بوون پرۆسه‌یه‌كی كاتیه‌ و ده‌شێت له‌ جێگه‌یه‌ك پرۆسه‌ی زانین بوه‌ستێ. بێ ئاگا له‌وه‌ی پرۆسه‌ی قوتابی بوون پرۆسه‌یه‌كی هه‌میشه‌ییه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پرۆسه‌یه‌كی بایه‌خدار و پێویسته‌.جارێكیان له‌گه‌ڵ یه‌كێك له‌ مامۆستاكانی خۆم كه‌ خاتوونێكی جوانكیله‌ بوو، كه‌وتمه‌ ده‌مه‌ته‌قێوه‌ و پێم گوت مامۆستا ده‌مه‌وێ ببین به‌ هاورێ و له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئێره‌ په‌یوه‌ندیه‌كی دۆستانه‌ بونیاد بنێین، به‌م شێوه‌یه‌ به‌رپه‌چی دامه‌وه‌: ببوره‌ من هاوسه‌رگیریم كروه‌، له‌به‌ر ماڵه‌وه‌ و هاوسه‌ره‌كه‌م ناتوانم.ئه‌م قسه‌یه‌ بوه‌ مایه‌ی نیگه‌رانیه‌كی ئێجگار زۆر، بۆیه‌ به‌ داخه‌وه‌ ده‌بێت بڵێم: چینی مامۆستایانی كورد زۆر كه‌مته‌رخه‌م و نا پیشه‌یین به‌ ڕێژه‌ی زۆرینه‌، هه‌ر ئه‌مه‌شه‌ وای كردوه‌ تاكی ئێمه‌و مانان تاكێكی نا هۆشیار و ئه‌نتی مه‌عریفه‌ بێت. له‌ فیلمی نووسه‌ره‌ ئازاده‌كان، كه‌ ڕیچارد لاجیرافینیز كاری ده‌رهێنانی بۆ كردوه‌، مامۆستایه‌ك ده‌بینین، كه‌ ده‌یه‌وێت ئه‌و ململانێ پڕ له‌ كینه‌یه‌ی له‌ نێوان قوتابیه‌ ڕه‌ش پێست و سپی پێسته‌كانی بمرێنێت، له‌ ڕێی زانین و ته‌بایی شادیان بكات. ئه‌فسووسی گه‌وره‌ ئه‌وه‌یه‌ مامۆستایانی ئێره‌ هیچ كاتێك كه‌مته‌رخه‌می خۆیان نابینن له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و قوتابیه‌ گوێگره‌ی، كه‌ به‌ هه‌ستێكی زانین ویستانه‌وه‌ له‌ مامۆستا ڕاده‌مێنن.




مانیفێستی عەشق…بەشی بیستەم…تێکست: ستیڤان شەمزینی

چاوە سەوزەکانی من کە وەک بەهار خۆیان ئەنوێنن
قەرزاری ئەو تاوە بارانەی عەشقی تۆن
لە ئاسمانی گلێنەکانمەوە بە شەستە دائەبارن


هەناسەکەم تۆ تاڤگەی روونی دڵمیت
هێواش هێواش ئەڕژێیتە خۆزگەکانمەوە
تۆ تاڤگەی ئەشقیت و
ئەڕژێیتە ماڵی بێکەسیمەوە


زمانێک شک نابەم لەم دونیایەدا بۆ تێگەیاندنی تۆ!!
بێچارە خۆم کە ئاسنی ساردی عەشقت ئەکوتم


زۆر چاوەڕوانت بووم.. زۆر بۆت گەڕام
زۆر بۆت گریام.. زۆر یادم کردیتەوە
تۆ هێشتا وەهمی نێو خەیاڵەکانی منیت
ئایا بە راست من شتێکم لێ ون بووە؟


شاکارێکم بۆ نوسیووی
“دانتی” بۆ “بیاتریس”ی نەنووسیوە
هەرچەند دڵنیام بە زەردەخەنەوە دەڵێی:
سەر لەم هەستە ترسناکەت دەرناکەم


ئەگەر مەجنون من ببینێت، شەرم سەرتاپای دادەگرێ
ئەگەر لەیلا تۆ ببینێ، تاجی شاژنی عەشق دادەنێ
ئەوسا هەردووکیان وەک دەروێش ئەکەونە دوامان


ئەمڕۆ وتت خۆشمدەوێی شێتە گیان
من بێدەنگبووم.. تۆ واتزانی تووڕەیی دایگرتم
بەڵام بیرم لەوە دەکردەوە چ ئاشقێک هەیە شێت نەبێ؟


تاقانەکەی دڵم
ئەزانی مردن لەپێناوی ئەشقدا ژیانە
ژیانیش بێ ئەشق خۆی لە خۆیدا مردنێکی هەمیشەییە؟


ئازیزم ئەبێ بزانی هەموو ئاشقێک رۆحی بریندارە
ئەوە کێیە خوێ دەخاتە سەر برینەکانی؟


لە پشت هەر ئاشقێکی مەزنەوە
مەعشووقێکی دڵڕەق هەیە
لە پشت هەر ئەفسانەیەکی ئەشقەوە
دۆڕانێکی جاویدانی هەیە
لە پشت هەر بەیەک گەیشتنێکەوە
درۆیەکی گەورە هەیە


پڕ پڕم لە نامۆیی، ئاخر بەم فتیلە لەرزۆکە
چۆن مەملەکەتی هیوا بدۆزمەوە؟
پڕ پڕم لە ئەشق، ئاخر بەم هەنگاوە کورتە
چۆن لە دۆزەخی مەعشوق رزگارم بێ؟


لە خەونمدا شمشێری فیراقیان لەسەر سنگم دا
کەوتمە سەر زەوی و بێدار بوومەوە،
بە هەقیقەت خوێن لە جەستەم دەچۆِرا!
ئەوسا زانیم ئەشق تەنیا خەونێکە


کاتێک ئاشق بووم یەکەم شت فێری فڕین بووم
کاتێک دابڕام یەکەم شت فێری گریان بووم
ئەشق فێری فڕین و گریانی کردم


شەو نییە بۆ رۆژە خۆشەکانم لەگەڵ تۆ نەگریابم
شەو نییە بۆ بینینی رۆژێکی نوێ لەگەڵ تۆ حەسرەتم نەکێشابێ
شەو نییە بۆ بەردەوامیدانی رۆژەکانم لەگەڵ تۆ هەنسکم نەدابێ





لە یادی٥٣ ساڵەی ئیعدامی (چیگڤارا)دا … سەردار عەبدوڵا حەمە

دەوڵەتی کۆنەپەرستی بۆلیڤیا لە بەرواری ٩ ی تشرینی یەکەمی ١٩٦٧ چیگڤارای بە دیل کراوی ئیعدام کرد . ئەم تاوانە تا هەتایە وەک پەڵەیەکیڕەش دەمێنێتەوە لە مێژووی ئەم دەوڵەتە سەرمایەداریە دا.
چیگڤارا یا وەک لای خۆمان پێی دەووترێ جیڤارا لە ڕووی کۆمەڵایەتی وسیاسییەوە سەر بە کام دەزگای فیکری بوو؟ چەپ بوو یا کۆمۆنیست بوو ؟بۆوەڵامی ئەم پرسیارە باشترە سەرەتا شتێک لە سەر ئەم دووشەیە بڵێین . جیاوازیەکە تەنها لە دەربڕینی دوو ووشەی چەپ و کۆمۆنیست دا نیە دابەڵکو جیاوازیەکە لە ناوەرۆکدایە دەکرێ تۆ چەپ بیت بەڵام کۆمۆنیست نەبیت ، دەکرێ کۆمۆنیست بیت و چەپیش بیت (چەپی کرێکاری ) . بۆرژوازی و ووردە بورژوازی دەتوانن چەپ بن و لە مەوقعیەتی چینەکەی خۆشیادا بمێننەوە بەڵام ئەگەر بوونە کۆمۆنیست ناتوانن هەر لەوێدا بمێننەوەبەڵکو دائەخزێن بۆ ناو پرۆلیتاریا. ئەم جۆرە چەپەی بۆرژوا یا ووردە بۆرژوازیە لە مێژوودا هەر لە سەرەتای سیستەمی سەرمایەداریدا بوونیان هەبووە و بەشێوەی جیاواز دەرکەووتون دژایەتی کۆمۆنیزمیشیان کردووە لە واقیعدا کاریان بۆ مانەوەی سەرمایەداری کردووە .
ئامانجی ئەم چەپە لە پراکتیکدا سۆشیالیزم نیە لە باشترین حالەتدا سەرمایەداری دەوڵەتیە، یا جۆرێک لە سۆشیالیزم کە لە واقعدا بەدی نایەت و هەرلە وەهمدا دەمێنێتەوە بەکارهێنانی پرولیتاریا و چینە هەژارەکان لە لایەن ئەم چەپەوە هەر بۆ ئەم ئامانجە بووە .
چەپێک لە جیهانی بە ناو سێهەم هەبوو تائێستاش پاشماوەکانی ماوە ، خەڵک گەرایە یا پۆپۆلیستە و ئەنتی ئەمپریالیستە، باس لە سۆشیالیزم دەکائەو پشت بەستووە بە ڕۆشنبیروجوتیار ، جەنگی چەکدارانە و پارتی زانی بە خەباتی سەرەکی خۆی دەزانێ و ئامانجیشی سۆشیالیزمێکی نازانستیەبۆیە سۆشیالیزمەکەی یا خەیاڵی دەبێت و بەدی نایەت یا سەرمایەداری دەوڵەتی لە ڕێگای کەرتی گشتیەوە بەدی دێنێت ، وەک چین و کوباو ڤیەتناموکوریای باکور، .هێزی سەرەکی ئەم بەشە لە چەپ پرۆلیتاریا نیە یابڵێم چینی کرێکار نیە ، نایەوێ ئەم چینە وەک داینامۆی شۆڕشیسۆشیالیستی هەلخڕێنێ ور ناتوانێ سەر بەم مەیلەی ناو چینی کرێکار بێت.
جیڤارا سەر بەم جۆرە لە چەپ بوو هەربۆیە لەهیچکام لەو ووڵاتانەی ئەو تێدا جەنگی سۆشیالیزم دانەمەزرا وە بنەمای کاری و بڕبڕە پشتی ئەوجوتیار بوو نەک چینی کرێکار ، چینی کرێکار لە ڕێگای شەڕی پارتی زانی و تیرۆر کردنی پیاوانی دەوڵەت و ئەفسەر و سەربازی دەوڵەتەوە بەسۆشیالیزم ناگا ، چینی کرێکار لە ڕێگای شۆڕشی کۆمەڵایەتیەوە بە مانگرتن و ڕاگرتنی چەرخی ئابوری سەرمایەو خۆپیشاندانی بە کۆمەڵ وسەرتاسەری و رێکخراو و بەکاری هەرەوەزی ودەست بەسەرا گرتنی هۆیەکانی بەرهەم هێنان و لە کاتی پێویستیشدا بە پەلاماری چەکدارانە دەتوانێکۆتایی بە دەسەڵاتی سەرمایە بێنێت ودەسەڵاتی سیاسی و ئابوری خۆی دامەزرێنێت و سۆشیالیزم دامەزرێنێ و پەل بهاوێ بۆ جیهانیش .
بەڵام جیڤارا بۆ ئەمە خەباتی نەکرد ، هەربۆیە نە لە کوبا و نە لە هیچ یەکێ لەو دەوڵەتانەی ئەو تێدا تێکۆشاو ژیانی خۆشی لە سەردانا ئەم ئامانجەنەهاتە دی.
لەگەڵ ئەمانەشدا جیڤارا چەپ و ئینسان دۆست بوو هەر ئەمەش بوو بووە هۆی ئەوەی ژیانی خۆی لە پێناو ئینسان دۆستیدا بەخت بکا . ئینساندۆستی و ئازادیخوازی ڕێگا نین بۆ گەیشتن بە سۆشیالیزم و کۆمۆنیزم . دەکرێ ئینسان دۆست و ئازادیخواز بیت بەڵام ئامانجت سۆشیالیزم وکۆمۆنیزم نەبێت تەنانەت ڕێگریش بیت لە بەردەم گەیشتن پێ یان . کاتێ ژنێکی کاثۆلیک یا مەسیحی دەچێتە ئەفەریقا خواردن و دەرمان بۆ مناڵانیبرسی و هەژار دەبا ئەو مناڵانە لە باوەش دەگرێ و ماچیان ئەکا ئەمە کارێکی ئینسانی دەکا بەڵام ئەگەر پێ ی بڵێ ی ڕێگای ڕزگاری ئەم مناڵەبرسیانە رووخاندنی سەرمایەداریە و بە دیهێنانی سۆشیالیزمە ڕەنگە بکەوێتە سەنگەری دژایەتیتەوە وە پێت بڵی نەخێر هەر سەرمایەداری باشە بەڵامدەبێ بە بەزەیی بێت بەشی هەژارانیش بدات ، زۆر کەس و ڕەوت هەن بەم جۆرە بیر دەکەنەوە سۆشیالیزمەکەی ئەم کەس وڕەوتانە لەمە زیاتر نیەواتە دەسەڵاتێکی سەرمایەداری بە بەزەیی و دۆستی هەژارانی دەوێ .
چیڤارایزم ڕەوتێکی پۆپۆلیستی چریکی و فیدائیە و خەڵک گەراو ئەنتی ئەمپریالیستیە نەک ئەوەی ڕەوتێکی کۆمۆنیستی و کرێکاری بێ ، ڕەوتێکیچەپی یە و کۆمۆنیستی نیە بە هەموو پێوانەکانی کۆمۆنیست بوون کە لە مانیفیستەکەی مارکس و ئەنگلس و یا بەلشەفیزمەکەی لینیندا پێناسە کراوە .
چیڤارا زیم ناتوانێ کۆمەڵگا لە چنگی سەرمایەداری دەربێنێ و سۆشیالیزم دامەزرێنێ وە ئەم جۆرە چەپە دەمێکە لای خۆمان خۆری ئاوابووە و بە بنبەست گەیشتووە و نەیتوانێ درێژە بە خەبات و تێکۆشانی خۆی بدات .
ناوی چیڤارا و ئەوانەی وەک ئەو گیانیان بەخت کرد لە پێناو ئینسان دۆستیدا هەر دەمێنێتەوە و لە بیر ناکرێن .

سەردار عەبدوڵا حەمە

٢٠٢٠/١٠/١١




ده‌رد و ماڵئاوایى … فه‌روغی فه‌روخزاد … و: نه‌ژاد عزیز سورمێ

ڕۆیشتم ، بمبه‌خشه ‌، مه‌ڵێ ئه‌و بێ وه‌فابوو
بێجگه‌ له‌ ماڵئاوایی ، ڕێگای دیم بۆ نه‌مابوو
ئه‌و عیشقه‌ ئاگرینه‌ی پڕ ده‌ردی بێ ئومێدیی
له‌ كه‌نده‌ڵانی گوناه و شێتییه‌تیمدا كشابوو

ڕۆیشتم ‌ داغی ماچی پڕ حه‌سره‌تی تۆ
به‌ فرمێسكی دیده‌ له‌ لێوه‌كانم بشۆرم
ڕۆیشتم له‌و سرووده‌دا به ناته‌واوی بمێنمه‌وه‌
ڕۆیشتم له‌ خۆڕا ئابڕو به‌خۆم بده‌م
ڕۆیشتم ، مه‌ڵێ مه‌ڵێ بۆ ڕۆیی ، نه‌نگی بوو
عیشقی من و نیازی تۆ و
سازو سۆزی هه‌ردووكمان
ڕازه‌كانمان ..
له‌ په‌رده‌ی تارو خامۆشا
وه‌كو گه‌ردی به‌یانییان وه‌ده‌ركه‌وتن .

ڕۆیشتم وه‌ك دڵۆپه‌ فرمێسكێكی گه‌رم
له‌ دامێنی گۆشه‌یه‌كی شه‌وه‌زه‌نگی ژیان ون بم
ڕۆیشتم ، له‌ ڕه‌شایی گۆڕێكی بێ ناوونیشاندا
له‌ كۆڵ شه‌ڕو ترسی ژیان ببمه‌وه ‌..

من له‌ به‌رگریان و دوو چاوی گه‌ش هه‌ڵاتم
له‌به‌ر لافاوی به‌تینی پێكه‌نین ، هه‌ڵاتم
له‌سه‌ر پێخه‌فی ژوان ،
به‌ ئامێزی ساردی جودایی
بریندار به‌ لۆمه‌ی ویژدان ، هه‌ڵاتم

ئه‌ی سینه !
له‌ گه‌رمایی كڵپه‌ی خۆتدا بسووتێ و
چیتر سۆراخی گڕی ئاگر له‌ من مه‌كه‌..
ده‌مویست ببم به‌ مه‌شخه‌ڵ و یاخی ببم
بووم به‌ مه‌لی گۆشه‌ی قه‌فه‌س
باڵ به‌سته‌و دیل ..

گیانی هه‌شتاویم له‌شه‌وی خۆیدا بێ ئاگایه‌
به‌تاڵییه‌وه‌ له‌ دامێنی بێ ده‌نگیدا گریام ..
له‌ده‌ست كرده‌وه‌كانم ده‌ناڵم و
په‌شیمانم له‌ قسه‌كانم ..
بینیم كه ‌لایه‌قی تۆ و عه‌شقی تۆ نیم ..

  • له‌ ( برگذیده‌ اشعار فروغ فرخزاد ) چاپی سێیه‌م
    بڕوانه‌ لاپه‌ڕه‌ 21 .



مەرگی مەهاباد قەرەداغی ‎… ئاسۆعوسمان

مەھاباد قەرەداغی، لەڕۆژگارە تاریکەکانی سەردەمی بەعس ،وەک ژنێکی ئازا،ھەمیشە لەبەرەی بەرگری خەڵک ومیلەتەکەی خۆی بووە،یەکێک بووە لەئەندامە چالاکەکانی کۆمەڵە و لەزیندانەکانی حزبی بەعس توشی دراندانەترین ئەشکەنجەو ئازاربۆتەوە، لەبیرەوەرییەکانیدا دەیگێرێتەوە:” کە جەلادەکانی بەعس، بۆشکاندنی ئیرادەی، جگەرەیان لەسەرسنگ و مەمکی کوژاندۆتەوە”.ھاوسەرەکەشی یەکێکە
‎لەشەھیدەکانی دەستی تیرۆریستان.
ئەم خانمە، تائەو چرکەساتەشی ماڵئاوای لەژیانکرد، خزمەتێکی زۆری بەمافەکانی ژنان ، شیعر و ئەدەب و رۆژنامەگەری کوردی کردووە…..
‎ئیتر خۆشحاڵی دەربڕین بەمەرگی لە ناکاوی ئەم خانمە بۆ….؟

  • بۆچونی جیاوازی لەتۆھەیە و کادری پارتییە
  • باوەری بەخەباتی ناسوینالیستی نەتەوەکەی ھەیە
  • باوەری بەمافەکانی ژنان ھەیە
  • دژی چەند مەلاو گروپی ئیسلامی بووە.
  1. ‎ ‎ئەو بەھانەو پاساوانە، دژی ھەموو بەھا پیرۆزە ئاینی و ئینسانی و کوردەوارییەکەش بوو
    ‎لەمێژە گووتویانە”مرۆڤ کەمرد شەیتان دەستی لێ ھەڵدەگرێت”.
    ‎بەداخەوە ئەوانەی خۆیان مووچەی بندیواری و پارەی ژێربەژێر لەحزبەکان وەرردەگرن،یان ئەو مەلاو گرووپانەی شەورۆژ بەشان وباڵی ئەردۆغانی فاشیست ھەڵئەدەن،دەست
    لەمردوەکانیش ناپارێزن…..
    ‎ئەوانەی دینیان ھەیە و مووچەی بندیواری وەردەگرن ،ئەم ئەم ژنە نوسەرەیان بەبەرگریکاری گەندەڵی تاوانبارکرد….! ئەوانەشی پارەو سامانی چاکیان هەیەو دینیان نییە …!بە ناوی ئیماندارو موسڵمانی ڕاستە قینەوە ،هێرشێکی بەرفراوانیان لەدوای مەرگی مهاباد قەرەداخیەوە بەگەرمی بەرێخستووە.
    ‎باشە بابپرسین ئەو ھەموو غەدرووناحەقیانەی تورک وفارس و عەرەب ، لە کوردى دەكەن ، ئەم هەموو سحابەو ئیماندارو جەنگاوەرانەی ئیسلام ،لەکوێن بۆ بێدەنگن….
    ‎ئاخر براینە دڵنیابن نان و دینی خۆتان و نەتەوەکەتان بە پەلاماردانی دوای مەرگی ئەم خاتونە ناپارێزرێت
    بەداخەوە مەرگی مهاباد قەرەداغی، پێشانیداین باشوری کوردستان توشی چ کارەساتولیکترازانێک کراوە.