ئەم خاکە بێخاوەن نییە … دیار حەسۆ

زنجیرە فیلمی (No Manʼs Land) یان “خاکی بێکەس و بێخاوەن” کە بەرهەمهێنەرانی بە پیتی بچکۆلە لەژێر ناوە ئینگلیزیەکەیدا نووسیویانە. یەکەم جار هاوڕێیەکم بۆی باس کردم، وتی تۆ تەماشای ئەمەت کردووە؟ فەڕەنسییەکان کارێکی تریان لەسەر کوردەکان کردووە.
هەوڵمدا حوکمی پێشینە نەدەم، بەڵام بەڕاستی تەنانەت ناوەکەی ئاسانکاری بۆ نەکردم. بۆچی بێکەس؟ بۆچی بێخاوەن؟ کەواتە ئێمە کێین؟ ئەو گەلەی شەڕی لەسەر دەکرێت، ئایا ئەم شەڕە لە دژی خاوەنی ئەم خاکە نییە؟ ئەو خاکەی شۆڕشی لەسەر بەرپا دەبێت، ئایا هاووڵاتییەکانی نین کە وا بە شۆڕش دەکەن؟
دوای هێرشی داگیرکاری ساڵی ڕابردووی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان، فەیلەسوفی بەناوبانگ سڵاڤوای ژیژەک وتارێکی نووسیبوو. لە وتارەکەیدا ڕەخنەی هێرشەکە، خیانەتی ئەمریکا، هەڵوێستی ئەوروپا و هەندێک لە چەپگەرەکان دەکات. تێیدا دەڵێت” کورد قوربانی نمونەیین”، چونکە هەموو کەس هێرشیان دەکاتە سەر. دەوڵەتی تورکیان، ڕژێمی سوریا، داعیش، ڕوسیا و ئەمریکا، چەکدارانیی سەر بە ئێران، ئیسرایل، ڕێکخستنە سیخوڕیەکان و زۆر هێزی تر لە دژی کوردەکان و تەڤگەری ئازادی ڕۆژاوای کوردستانن. هاوکات چاپەمەنی و ڕاگەیاندنەکان دژایەتی دەکەن، ئەوە ماوەیەکە هەندێک هونەرمەند و بەتایبەت فلیمسازان دەستیان بە دژایەتی کردووە.

لەم سێ ساڵەی دواییدا سێ-چوار فیلم و یەک زنجیرە فلیمیش لەسەر شەڕڤانان و شۆڕشگێڕانی کوردستان بەرهەمهێنران، بەڵام هەموویشیان لە دژی ئەوانن. چۆن لە دژی ئەوانن؟ خاڵی هاوبەشی هەموویان ئەوەیە کە هەمیشە کەسی هەرە نەزان، بێڕەحم و بێویژدان کوردەکانن. ئەگەر بەدەست شەڕڤانانی کورد بێت، سڤیلەکان دەکوژرێن، ڕێگە بە ئەشکەنجە دەدەن، دەشبن بە هۆی مردنی هاوڕێکانی خۆیان و هتد… ئەم فیلمانە هەموویان وا دەڵێن! هەمیشە کەسە بیانییەکان، یانیش هەندێک جار ئینتەرناسیۆناڵیستەکان باشتر، زاناتر، دڵ گەرم تر و شۆڕشگێڕترن. لێرەدا سەختە مرۆڤ لەوە تێ بگات: لە نیشتیمانێک هەندێک کەس شۆڕشێک بەرپادەکەن، کاریگەری ئەم شۆڕشە دەگاتە هەندێک وڵاتی تر لە جیهاندا، هەندێک کەسی تر لەبەر ئەوەی کاریگەر بوون دێنە ناو ئەم شۆڕشەوە، بەڵام لەو کەسانەی ئەم شۆڕشەیان هەڵگیرساندووە باشتر لە شۆڕش تێدەگەن!
ئەگەر چی ئێمە کوردانیش ئەوە لەبیر دەکەین: ڕۆژاڤا، لە ئاسمانەوە، لە دەمی چۆلەکەکانەوە نەکەوتە خوارەوە. لە خۆیەوە دروست نەبوو. گەلی ڕۆژاڤا، پێشەنگ و شۆڕشگێڕانی تەڤگەری ئازادی کوردستان بنیادیان نا. شۆڕشگێڕەکان شۆڕشیان کرد. هەر بۆیە ئەو فیلمانەی بەرهەمی دەهێنن یەک لە یەک خراپترن. کچانی خۆر یان (Les Filles Du Soleil) خراپ بوو، هی دوای ئەو خوشکانی تفەنگ یان (Soeurs Darmes) لەو خراپتر بوو. فیلمێکیش لە کرانەوەی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی بەرلیندا پیشان درا بە ناوی (Sisters Apart)، لە هەردووکیان خراپتر بوو، لە ئاستی زماندرێژی و بێڕێزیدا بوو لە دژی کورد و بەتایبەت لە دژی گەریلا و ژنانی شۆڕشگێڕ. فیلمێکی تر هەیە هێشتا لە قۆناغی بەرهەمهێناندایە ژنێکی کاتاڵانی بەرهەمی دەهێنێت لەو باوەڕەدام لە هەموویان خراپتر بێت.

خاڵێکی تری هاوبەش ئەوەیە کە چیرۆکەکانیان زیاتر لەسەر شەڕڤانانی ژنن و دەرهێنەرەکانیش ژنن. بە دروستبوونی تەڤگەری ئازادی ژن لە کوردستاندا ناسنامەیەکی نوێ بۆ ژنی کورد ئافرێندرا. ئەمە لەگەڵ شۆڕشی ڕۆژاڤا و یەپەژەدا زیاتر لە جیهاندا دەنگی دایەوە. ژن پێشەنگی تێکۆشان، شۆڕشی کوردستان و ڕۆژاڤایە. ئەمە تەنها گوتنێک نییە، دروشمێک نییە، شرۆڤەش نییە. ئەمە ئیدی ڕاستییەکی پێکهاتووە. ئەگەر ژنان پێشەنگایەتی شۆڕشیان نەکردایە، نە لە ناوخۆدا شۆڕش ئەوەندە دەگەیشتە سەرکەوتن نە لە جیهانیش ئەوەندە دەبووە خاوەن کاریگەریی. بەم هۆیەوە هێزە نێودەوڵەتییە دژە شۆڕشەکان بە میدیای و ئامرازەکانی بانگەشەی شەڕی تایبەتی هۆشیاری، فکری، سیاسی دەیانەوێت هێڵی ئازادی ژن بکەنە ئامانج، ڕەشیبکەن و بە هەڵە نیشانی بدەن بە بازاڕکردن و مۆدێلکردنی جلی شەڕڤانان، وێنەی “ژنە پێشمەرگەکان” کە ئاژەڵیان بە ددانەکانیان پارچە پارچە دەکرد، خستنە بەرچاوی هەندێک لە ژنە هونەرمەندەکان. ئەم فلیم و زنجیرە فلیمانەش پارچەی هەمان تابلۆ و هەڵمەتن.

ئەم کارانە بەزانایی ئەنجام دەدرێن. لە لایەکی تریشەوە من باوەڕناکەم پیاوە لیبراڵەکان، یان فێمێنیستەکانی چینی ناوین بتوانن بەشێوەیەکی هونەری هێڵێ ڕزگاری ژن و تەڤگەری ئازادی ژن لە کوردستان هەڵسەنگێنن. سنوری چیرۆکبێژە لیبراڵ- مۆدێرنەکان لە بەرامبەر قووڵایی بابەتەکان زۆر سەرانسەرە. ناتوانن چیرۆکی ژنێکی پێشەگ بهێننە سەر زمان کە لە خودبونەوە بۆ خۆی هەیە، خۆی و ژنانی تر و وڵاتێک ئازاد دەکات، خاوەن باوەڕی و فکری خۆیەتی. هەربۆیە لە چیرۆکەکانیاندا ژنان هەمیشە بۆ ئەوەی کوڕەکەی ڕزگار بکات، براکەی لەناو داعیش نەجات بدات یان باوەش بە خوشکەکەیدا بکات لەناو ئارتەشی ئەڵمانیادا و کەمێک دەمینێت لەگەڵیدا بچێت بۆ ئەڵمانیا و هتد.. واتا ژن لە چیرۆکەکانی ئەواندا تەنها بۆ بنەماڵە شەڕ دەکات. ئەو تابلۆیەی کە دەڵێت ژن لە نیشتیمانەکەی زیاتر گرنگی دەدات بە بنەماڵەکەی بەرهەمی فانتازیای پیاوە. تابلۆی ناو ئەم فیلم و زنجیرە فیلمانە وەک نموونەی پەیوەندی شەڕڤانانی ژن، کوشتنی داعشییەکان بە جۆرێک کە پێی مەست ببن، ئەشکەنجەدانی ئەندامانی داعش کاتێک کە لە زنجیرە فیلمەکەدا بە بۆکس لە “دیلێکی داعش” دەدات هەمووی لە مێشکی پیاواندا ئافرێنراون و کراونەتە فانتازی.

زنجیرە فیلمی (No Man’s Land) کارێکی هاوبەشی نێوان فەڕەنسا و ئیسرایلە. تەلەفزیۆنی ئارت (arte) ئەڵمانی-فەڕەنسی و هەموو میدیا دیجیتاڵیە ئەمریکییەکانی هولۆ (Hulu) بەرهەمهێنەری هاوبەشن. زنجیرە فیلمەکە لە دەرەوەی کوردستان دروستکراوە لە وڵاتی مەغریب و لە ناوچەیەکی نیمچە چیایی. زۆر هەڵەی جوگرافی لە زنجیرە فیلمەکەدا هەن، بەڵام کێشە نییە “دیکۆمێنتاریی” نییە. یەکێک لە سیناریۆنووسەکانی، مارییا فێڵدمن دەڵێت “سەرەتا کاتێک لە هەواڵەکاندا بینیم ئەندامانی داعش لە دەنگی هەلهەلەی ژنانی کورد و هەورییەکانیان دەترسن، من ویستم شتێک لەسەر ئەم شەڕڤانە ژنانە دروست بکەین.” بەڵام، چیرۆکەکە بێگومان لە چاوی کەسێکی بیانییەوە دەگێڕدرێتەوە. دەشڵێت “ویستمان زنجیرە فیلمەکەمان جیهانی بێت”. هەندێک کارەکتەری کوردیش هەن، بەڵام هەموویان ڕۆڵی ناسەرەکی و پڕکەرەوەن، چیرۆکی هیچ کەسێک لەوانی تێدا نییە. تەنها فەرماندارێکی یەپەژە هەیە کە لە سەرەتادا بریندار دەبێت، چەند قسەیەکی وشک و هەندێک ئاکاری ڕەق دەنوێنێت، هەر هاوار دەکات و پاشانیش خۆی فیدا دەکات. شەڕڤانێکی تری کوردیش دەبینرێت، بەڵام ئەویش فەڕەنسییە، لە منداڵییەوە لە فەڕەنسا گەورە بووە و بەناچاری گەڕاوەتەوە. ئەویش لە لایەن ئەکتەرێکی سویسری کە بە ڕەچەڵەک تونسییە نواندنی بۆ دەکرێت، چەند قسەیەکیش بە کوردی دەکات بەڵام ئەویش هیچ پەیوەندییەکی بە کوردبوون و هێڵی ئازادی ژنەوە نییە

کەم تا زۆر مرۆڤ دەتوانێت لە هەموو ئەمانە تێبگات. بەڵام ئایا نابێت کوردەکانیش باس لە خۆیان بکەن؟ لە هەموو سینەماکانی دنیا بەتایبەت لە هۆلیوود، مژاری نوێنەرایەتی و خۆ هێنانە زمان زۆر گفتوگۆی لەسەر کرا. جاران ئاکتەرە ڕەشپێستەکان نەیاندەتوانی لە فیلمەکاندا ڕۆڵبگێڕن، پاشانیش بە شێوازێکی خراپ نیشان دەدران، پاشان ڕۆڵگەلێک کە ڕاستییەکانی ئەوانی نەدەهێنایە زمان و دوای قۆناغێکیش ڕۆڵی زۆر لاوەکیان پێ دەدرا. هەمان ئاکار بەرامبەر ژنان، کەمەنەتەوەکان و باوەڕییە جیاوازەکان ڕابەر دەکرا. بەڵام بە تێکۆشانی هونەرمەندان ئەمە شکێندرا. ئیدی خۆیان ڕۆڵی خۆیان دەگێڕن و خۆیان دەینووسن. بێگومان ئێمە کوردەکان دەبێت لە کۆتاییدا خۆمان چیرۆکەکانی خۆمان بگێڕینەوە. بەڵام ئەوانەی ئەم جۆرە فیلمانە بەرهەم دەهێنن بێگوناح نین و “هەر وا بە ڕوانینی خۆیان” دەرهێنانیان بۆ ناکەن. لێرەدا ئەو پرسیار و لێپێچینەوەی کە مرۆڤ پێویستە لە خۆی بکات ئەوەیە بۆچی ئێمە دەمانتوانی ئەوەندە فیلمی هۆڵیود لەسەر ڤیەتنام، ئێران، ئەفغانستان و ئەمریکای لاتین تەماشا بکەین؟! ئەوەی جێی داخە ئەوەیە زۆرێک لە ئێمە کە تەماشای ئەم فیلمانەش دەکەین، پێمان باشن و ڕیکلامیان بۆ دەکەین. هەندێک ڕۆشنبیریش بە نووسینی دوور و درێژ پێیاندا هەڵدەدەن!
پیشاندانی کوردان و شۆڕشگێڕەکانیان بەم جۆرە بێڕێزییە. لایەنە زاناییەکانی ئەم بێڕێزیەش زۆرن. ئایا نەیاندەتوانی لەگەڵ کەسێکی پەیوەندیداری تەڤگەری ئازادی گفتوگۆ بکەن؟ بەشێکی زۆری کاری نووسین لێکۆڵینەوەیە. کاتێک مرۆڤ دەیەوێت دەربارەی مژارێک بنوسێت لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکات، دەخوێنێتەوە و پرسیار دەکات. لە زنجیرە فیلمەکەدا سێ کارەکتەری داعشی هەن، هاوڕێی منداڵی یەکترین و لە بەریتانیاوە دێنە سوریا و دەچنە ناو داعش. چیرۆکەکەیان، هۆکاری پەیوەستبوونیان بە ئیسلامەوە، هۆکاری بوونە داعشیان، ئەو لەمپەرانەی ڕوبەڕویان دەبێتەوە، لایەنە مرۆڤییەکانیان و هەموو شتێکیان زۆر بەڕوونی باس دەکەن. هەر ئەوەندەی مرۆڤ خۆی بخاتە جێی ئەوان تەواوە! لەوانەیە لەگەڵ هەندێک داعشی قسەیان کردبێت. واتا لێکۆڵینەوەیان کردووە. لایەنی ڕێکخستنی و هەواڵگیری بەشێکی گەورەی زنجیرە فیلمەکەن، لەگەڵ ئەوانیش گفتوگۆیان کردووە. نوسەر ڕوان لەشم لە ڕیپۆرتاژێکدا دەڵێت “لەگەڵ ئەفسەرانی هەواڵگیریدا کارمان کرد”. ئایا نەیدەتوانی خۆیشی بگەیەنێتە ئەندامێکی تەڤگەری ئازادی کورد؟ کەواتە نەیانویستووە.

لەم زنجیرە فیلمەدا بابەتی هەواڵگیری کە مۆسادیشی تێدا هەیە زۆر بەرفراوانە. بێگومان مۆسادیش، سی ئای ئەی، می ئای ١٦ و هەموو هێزەکانی تریش سیخوڕ دەنێرن بۆ سوریا و ڕۆژاڤا، کارەکانی خۆیان بێڕاوەستان ڕادەپەڕێنن. بەڵام لە زنجیرە فیلمەکەدا وا پیشانی دەدەن کە مۆساد هاو ئاستی هێزە کوردەکان چالاک و حاکمە لە هەرێمەکەدا. وەک ئەوەی لە دژی داعش شەڕ دەکەن، هاوکاری کوردان دەکەن و هەردوو کارەکەشیان بە باشەکاری ئەنجام دەدەن. تەنانەت لە هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوین پشگیری دیموکراسی دەکەن.
یەکێک لە کارەکتەرە سەرەکییەکان لە زنجیرە فیلمەکەدا ئانا (کە ئەویش فەڕەنسییە) ئارکیۆلۆگ و چالاکوانە. پاشان دەبێتە جاسوسی مۆساد. دەچێتە هەندێک ناوچەی وەک ئێران. بەڵام گوایە کاتێک دەبینێت لە ئەنجامی کارەکانی مۆساد هاووڵاتی سڤیل دەکوژرێن دەڵێت من ئیدی لەگەڵ ئێوە کار ناکەم. دواتر بەشداری ناو ڕیزەکانی یەپەژە دەبێت. هەموو شتێک دەربارەی ئەم ڕابردووەی خۆی بە فەرماندارەکەی دەڵێت. بەڵام بە تێپەڕبوونی کات ئەویش دەبێتە “مەکینەیەکی کوشتن” و داعشە بریندارەکانیش دەکوژێت! واتا ئەوەندە “بەهێز” و بێڕۆح دەبێت. بەڵام کاتێک لە ڕۆژاڤا و لەسەر ڕێگایەک ئەندامانی مۆساد دەبینێت مێشکی دەشڵەقێت. پاشان هاوڕێیەکیان بریندار دەبێت بەڵام فەرمانداری یەپەژە کە تەنها چەند قسەیەک دەکات، بریندارەکە پشتگوێ دەخات. واتا ئەو شەڕڤانانەی بۆ هاوڕێکانیان گیانی خۆیان فیدا دەکەن، بەڵام بۆ ئەوەی بریندارەکەیان چاکبکەنەوە و ڕزگاری بکەن هەوڵ نادەن! ئینجا ئانا بۆ ئەوەی شەڕڤانەکەی یەپەژە بە برینداری ڕزگار بکات دەگەڕێتەوە لەگەڵ مۆساد کار دەکات. واتا کوردەکان شۆڕش دەکەن، وڵات و ناوچەکانیان ڕزگار دەکەن، سیستەمی خۆیان بنیاد دەنێن، بەڵام هەمیشە پێویستیان بە هێزی دەرەکییە! یان فڕۆکەوانانی کوالیسیۆن دێن، یان ئەندامانی مۆساد، یان شەڕڤانێکی ئینتەرناسیۆنالیست و هتد…

دیسانەوە بۆچی؟ بۆچی وا دەکەن؟ بۆچی بەمجۆرە پیشانمان دەدەن؟ نەک لەبەر ئەوەی کوردەکان وەک لایەنێکی خراپ پیشان دەدەن، نا. وەک لایەنێکی باش پیشانی دەدەن. بەڵام بە جۆرێکی کەم، یان نا ڕاست. دەیانەوێت بڵێن ئێمە هاوشێوەین. شەڕڤانانی ڕۆژاڤاش وەک ئەندامانی مۆسادن، وەک سەربازانی ئەمریکان، وەک هەموو ئەوانەی ترن. شەڕڤانان خۆیان باشن، شتی باش دەکەن، بەڵام مەجبوورن ئەو شتانەیشی خراپن بیکەن. وا نییە! هەموو کەس ئەمە دەزانێت. داعشیش دەزانێت. کاتێک باخۆز ڕزگار کرا، زۆر هەواڵمان لە تیڤیەکاندا بینی. لە ڕیپۆرتاژێکی فڕانس ٢٤ دا ژنێکی ڕزگاربووی باخۆز وتی “میرەکەمان، خەلیفە بڕیاری دا کە ئێمە ڕابکەین. پیاوەکانمان وتیان خۆتان تەسلیمی کوردەکان بکەن هیچ شتێکی خراپتان لێ ناکەن. ئەگەر سەربازانی عێراق یان سوریا دەزگیری بکردینایە دەستدرێژیان دەکردە سەرمان و دەیانکوشتین.”
سەرەڕای هەموو هێرشەکانی داعش و قوربانییەکانی ئێمە، تەنها ئێمە خاوەنداریمان لەوانکرد “وەک مرۆڤ”. زۆرێکیان لێخۆشبونیان پێ بڕا و گەڕانەوە ناو ماڵ و هۆزەکانیان. هەندێک چاوەڕێی سزاکانیانن، هەندێکیان پەروەردە دەکرێن، هیچیان ڕووبەڕووی بۆکز و شەق نەبوونەوە وەک ئەوەی ئەم زنجیرە فیلمە باسی دەکات. شۆڕشگێڕانی ئازادی کوردستان وانەیەکی گەورەیان دەربارەی مرۆڤایەتی، ئازادی و دیموکراسی دایە هەموو کەس. دیارە ئەمەیە کە پێیان تاڵە. هەربۆیە ئەوەندە هەوڵی ڕەشکردنی دەدەن.
وەک ئەنجام دەمەوێت ئەوە بڵێم هەر فیلمێک کە لەسەر کورد بەرهەمدەهێنرێت، گەر بەبێ کوردەکان بەرهەم بێت ئەوە لە دژی کوردە.




مێژوی هاڕە کردنی لیرەی تورکی … لوقمان ئابڵاخی

دوای کودەتاکەی ١٥ ی تەموزی ٢٠١٦، باری ئابوری تورکیا ڕۆژ بە ڕۆژ ڕوی لە دابەزین بوە کە قەیرانێکی ئابوری زۆر قوڵی لە ناو تورکیادا دروستکردوە کە کاریگەری نەرێنی بەرچاوی لەسەر لیرەی تورکی دروستکردوە وە ئەو هەمو دابەزینە بە هەمو پێوەرێک، زاراوەی (هاڕەکردن)ی لیرەی تورکی پڕ بە پێستیەتی و تا ئێستاش هاڕەکردنی لیرەی تورکی بەرەدوامە.
شایانی باسە، هەر لە سەرەتای دروستبونی تورکیاوە، بەهۆی دواکەوتویی و ناسەقامگیری ئەو وڵاتە و حوکمی عەسکەری تیایدا، لیرەی تورکی یەکێک بوە لە دراوە بێ بەهاکان لە بازاڕەکانی جیهاندا.
پێشتر بەهای لیرەی تورکی بە پاوەندی ئیستەرلینی و فرانکی فەڕەنسی بەراوردئەکرا. بەڵام ئیتر لە ساڵی (١٩٤٦) ەوە بەراوردی بەهای تورکی بە دۆلاری ئەمریکی دەکرا و لەو کاتەدا ١ دۆلار = ٢٠٤٦ لیرەی تورکی.
لەو کاتەوە لیرەی تورکی ساڵ لە دوای ساڵ ڕوو لە دابەزین بوە کە دابەزینە بەرچاوەکانی لە دوای ساڵی (١٩٦٠) ەوە دەستی پێکرد و بەم شێوەیەی خوارەوە لیرەی تورکی ساڵانە لە دابەزیندا بو:
ساڵی ١٩٦٠ – ١ دۆلاری ئەمریکی = ٩ لیرەی تورکی
ساڵی ١٩٧٠ – ١ دۆلاری ئەمریکی = ١١،٣ لیرەی تورکی
ساڵی ١٩٧٥ – ١ دۆلاری ئەمریکی = ١٤،٤ لیرەی تورکی
ساڵی ١٩٨٠ – ١ دۆلاری ئەمریکی = ٨٠ لیرەی تورکی
ساڵی ١٩٨٥ – ١ دۆلاری ئەمریکی = ٥٠٠ لیرەی تورکی
ساڵی ١٩٩٠ – ١ دۆلاری ئەمریکی = ٢٥٠٠ لیرەی تورکی
ساڵی ١٩٩٥ – ١ دۆلاری ئەمریکی = ٤٣٠٠٠ لیرەی تورکی
ساڵی ٢٠٠٠ – ١ دۆلاری ئەمریکی = ٦٢٠٠٠٠ لیرەی تورکی
ساڵی ٢٠٠١ – ١ دۆلاری ئەمریکی = ١٢٥٠٠٠٠ لیرەی تورکی
ساڵی ٢٠٠٤ – ١ دۆلاری ئەمریکی = ١٣٥٠٠٠٠ لیرەی تورکی

لە کانونی یەکەمی ساڵی ٢٠٠٣ دا ئەو یاسایە پەسەند کرا لەلایەن پەرلەمانی تورکیەوە کە شەش سفری بەردەم لیرەکە لاببرێت. بۆ نمونە، شەش سفرەکەی ١٠٠٠٠٠٠ یەک ملیۆن لیرەکە لاببرێت و تەنها بە ١ یەک لیرەی تورکی حساب بکرێت وە هەر لیرەیەکیش یەکسان بێت بە ١٠٠ سەد قروشی تازە و ناوی ئەم لیرەیەش گۆڕدرا بە “لیرەی تازەی تورکی” و لە سەرەتای ساڵی ٢٠٠٥ دا تا کۆتایی ساڵی ٢٠٠٨ بە قۆناغی گواستنەوە لە لیرە تورکیە کۆنەکەوە بۆ لیرە تازە تورکیەکە دابنرێت.
بەڵام دوای ئەوە و لە ساڵی ٢٠٠٩ دا جارێکیتر ناوەکەیان لە لیرەی تازەی تورکیەوە گۆڕی بۆ لیرەی تورکی و قروشی تازەی تورکی بۆ قروشی تورکی.

هەڵبەتە لە تورکیادا کە یاسا تیایدا سەروەر نیە، پشێوی و نائارامی باڵی بەسەر وڵاتەکەدا کێشاوە و مافی ٢٥پتر لە ملیۆن کورد و هەمو ئەوانەی کە تورک نین پێشێل کراوە، لەو وڵاتەدا کە شۆڤینیەت و ڕەگەزپەرستی باڵادەستە، جیاوازی و دابەشبون وپەرشوبڵاوی بوە بە واقیعی ژیانی ڕۆژانەی کۆمەڵگای تورکی کە تەنانەت کێشمەکێش و دژایەتی لە ناو خودی تورکەکان خۆیشیاندا بڵاووباو و زاڵە بەسەر هارمۆنی و ئاشتی و پێکەوە ژیاندا، ئەو وڵاتە بەردەوام لە قەیرانی قوڵدا ئەبێت بەتایبەتی قەیرانی ئابوری و سیاسی کە بەردەوام بە ئاڕاستەی خراپ و خراپتردا ڕۆیشتوە.
وە لەبەرئەوەی هیچ ڕیفۆرمێکی جدی ئابوری و سیاسیش لەو بارودۆخە نائارامیەی تورکیادا پیادەنەکراوە، بۆیە لابردنی ئەو شەش سفرەیش دادی ئابوری تورکیای نەدا و نەیتوانی بەها بۆ لیرە پەیدا بکاتەوە.

ئیدی لە ساڵی (٢٠٠٥)ەوە لیرەی تورکی بەمشێوەیەی خوارەوە هەر لە دابەزیندا بو:

ساڵی ٢٠٠٥ – ١ دۆلاری ئەمریکی = ١،٣٠ لیرەی تورکی
ساڵی ٢٠٠٦ – ١ دۆلاری ئەمریکی = ١،٤٣ لیرەی تورکی
ساڵی ٢٠٠٩ – ١ دۆلاری ئەمریکی = ١٥٥ لیرەی تورکی
ساڵی ٢٠١٢ – ١ دۆلاری ئەمریکی = ١،٧٩ لیرەی تورکی
ساڵی ٢٠١٥ – ١ دۆلاری ئەمریکی = ٢،٧٢ لیرەی تورکی

بەڵام لە ساڵی ٢٠١٦ و لە دوای کودەتاکەوە، دۆخی ئابوری تورکیا زیاتر تێکچو وە ئابوری تورکیا دابەزینی زیاتری بەخۆیەوە بینی کە لە ساڵی ٢٠١٦ دا، ١ دۆلاری ئەمریکی = ٣،٠٢ لیرەی تورکی.

لە ناو پارتەکەی خۆیدا بەهۆی لاساری و تاکڕەوی و گەندەڵی ئەردۆگان و کەسە نزیکەکانی خۆیەوە، ئەندامانی حیزبەکەی خۆیشی لێی دورکەوتنەوە و لە حیزبەکەی جیابونەوە و حیزبی نوێیان دامەزراند. ئەوان ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەری ئاکەپە بون و بێهیوا بون لەوەی کە ئەردۆگان مەبەستی بێت چاکسازی جدی بکات بۆ چارەسەرکردنی ئەو قەیرانانە.

ئەردۆگان بەمەشەوە نەوەستا و دەستوری وڵاتەکەی گۆڕی بۆ ئەوەی هەمو دەسەڵاتەکانی دەوڵەت لە خۆیدا کۆبکاتەوە.
زۆرێک لە ڕاوبۆچونەکان سورن لەسەر ئەوەی ئەو ” کودەتایە” شانۆیەک بو ئەردۆگان خۆی سیناریۆکانی بۆ دانابو وە هەرخۆیشی جێبەجێی کرد چونکە “کودەتاکەی” کرد بە بیانو وە بۆ پۆزشهێنانەوە بۆ لێدان و لەناوبردنی ئۆپۆزیسیۆن و نەیارەکانی، بە تایبەتی ئەوانەی کە بە ئەندامانی (بزوتنەوەی گویلەن) تاوانباریکردبون.
ئەوانیش و سەرکردە کوردەکانی (هەدەپە)یشی بە بیانو و تاوانی یاسای تیرۆریزمەوە خستە زیندانەوە کە تاوانی بێ بنەما ودروستکراو و بێ بەڵگەبون.
بۆ ئەوەی سەرنجی دەنگی كوردەكان بەلای خۆیدا رابكێشێت و لانیكەم دەنگ بەكاندیدەكەی جەهەپە نەدەن، لە دوای هەڵبژاردنی ٣١ی ئازاری ٢٠١٩، حكومەتی توركیا گۆشەگیری لەسەر عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری پارتی كرێكارانی كوردستان، هەڵگرت و رایگەیاند، لەمەودوا پارێزەرەكانی ئۆجەلان هەر كاتێك بیانەوێت دەتوانن سەردانی ئیمبراڵی بكەن.
بەڵام کوردەکان کە یەکلاکەرەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنی شارەوانیەکان بون، بەتایبەتی لە ئەستەنبوڵدا، بەمە هەڵنەخەڵەتان و لە ئەردۆگان و کارە توندوتیژی و شۆڤینیەکانی ئەمەندە توڕە و بێزار بون، ئەمجارە دەنگیان بە حیزبەکەی ئەردۆگان نەدا کە ئەمە یەکێک بو لەهۆکارە سەرەکیەکانی شکستهێنانی ئەردۆگان و حیزبەکەی لە هەڵبژاردنی شارەوانیەکانی شارە گەورەکانی تورکیادا، بە تایبەتی دۆڕاندنی ئەستەنبوڵ کە ئاکەپە بە قەڵای خۆی دەزانی و شوێنی لەدایکبونی ئەردۆگانە.
ئەم شکستە چاوەڕوانکراوە جگە لەوەی دەسەڵاتی ئاکەپەی لە ئەستەنبوڵدا کەمکردەوە، هەمو گەندەڵی، دزێوی و شکستەکانی ئەردۆگانی لە ناو تورکیا و لە نێو کۆمەڵگای نێودەوڵەتیشدا خستە ڕوو.

ساڵی ٢٠١٩ هاڕەیەکی تری لیرەی تورکی بەخۆیەوە بینی نرخی کە لەو ساڵەدا ١ دۆلاری ئەمریکی بە بەراورد بە لیرەی تورکی زیاتر بەرزبۆوە و یەک دۆلاری ئەمریکی هاوتای بەهای ٥،٦٨ لیرەی تورکی بو.

هەڵبەتە شکستی سیاسەتە تاکڕەوی ودیکتاتۆریەکانی ئەردۆگان لە ناوخۆ و دەرەوەدا، بەتایبەتی شکستی هەمو شەڕەکانی ئەردۆگان لە دەرەوەی تورکیا، قەیرانە ئابوریەکانی تورکیای زۆر قوڵترکردۆتەوە و ئەمەندەی تر لیرەی تورکی شکاند لەگەڵیشیدا چەندین قات چارەی ئەردۆگانی ناشرین و دزێو کردوە.

بەو هیوایەی بتوانێت دەست بگرێت بەسەر سامانە سروشتیەکانی ئەو وڵاتانەدا و ئەو سامانە سروشتیانە بەکاربهێنێت بۆ بوژاندنەوەی ئابوری تورکیا و دراوەکەی، ئەردۆگان کەوتە دروستکردنی چەند گروپێکی ئیسلامی تیرۆریست بۆ بەکارهێنانیان لە شەڕ و پەلامار و داگیرکردنی وڵاتانی دراوسێ و هەرێمەکە
لە هەمان کاتیشدا ئەیویست ئەو شەڕە دەرەکیانە بەکاربهێنێت بۆ بزواندنی سۆزی شۆڤینەکان و مەشغوڵکردنی خەڵکی تورکیا بە (دوژمنەکانی دەرەوە) بەتایبەتی کورد، کە بەردەوام دژایەتیکردنی کوردی لە وتارەکانیدا بەکاردەهێنا و بە بەرگە ئیسلامیەکەیشیەوە ئەیویست بە بەیتوبالۆرەی دروستکردنەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی ختوکەی هەستی شۆڤینیەکانی حیزبە نەتەوەەییەکەی ناو تورکیا بدات، بەو هیوایەی لەو شەڕ و داگیرکاریانە سەرکەوتن بەدەست بهێنێت ولەوڕێگەیەوە لە ناوخۆدا دابەزینی شەعبیەتەکەی بوەستێنێت یان سنورداری بکات بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنی داهاتوی تورکیادا، جارێکیتریش حوکمی تورکیا بکەوێتەوە دەستی خۆی و حیزبەکەی.

لە ڕاستیدا، ئەو شەڕ و داگیرکاریانە نەک هەر ئەو ئامانجانەی نەپێکا بەڵکو ئابوری تورکیای زۆرتر شێواند و خراپتری کرد کە لە ئەنجامی ئەوەشدا لیرەی تورکی دابەزینێکی زیاتری بە خۆیەوە بینی.
تا کاتی توسینی ئەم ئارتیکڵە کە کۆتایی تشرینی دوهەمی (٢٠٢٠) ە، بەهای لیرەکە وا هاڕەی کردوە کە ١ یەک دۆلاری ئەمریکی هاوتای ٨،٢٦ لیرەی تورکیە.

بەڵام کێشەکە تەنها هەر کێشەی دابەزینی لیرەکە نیە کە وەستاندنەوەی بۆ نیە و هیچ هیوایەکیش نیە بەوەی کە جارێکیتر لیرەی تورکی بەرزبێتەوە، بەڵکولەوەدایە کە ئەردۆگان، جگە لەوەی کە سەرکردەیەکی شۆڤینی و گەندەڵە، هیچ ڕێوشوێنێکی ئابوری ڕاست و دروستی نەگرتۆتە بەر بۆ چارەسەرکردنی هاڕەی لیرەکەی کە بەهۆی ئەمەوە، زۆرینەی وەبەرهێنەرە بیانیەکان، وەبەرهێنانیان لە تورکیادا وەستاندوە وە بەهۆی پشێوی، نائارامی و ناسەقامگیریەوە، تورکیایان بەجێهێشتوە.

بە سەرنجدان لە مێژوی لیرەی تورکی لە ساڵی (١٩٤٦) ەوە هەتاکو ئێستا، یەکێک لە فاکتەرە سەرەکیەکانی قەیرانە ئابوریەکانی تورکیا و باری ئابوری خەڵکی تورکیا پەیوەندی بەو ناسەقامگیریەی ناو تورکیا و ئەو مێنتاڵیتیە شۆڤینیەی ڕژێمە یەک لەدوای یەکەکانی تورکیادایە هەبوە و هەیە کە وەکو پەندی پێشینانی کوردی ئەفەرموێت: “وەکو کەری دێز وان، حەز بە تۆپینی خۆیان و زەرەری ساحێبیان دەکەن.”
لە کاتێکدا کە (نازیەت) و (فاشیەت) لە هەمو دنیادا مەحکوم ئەکرێت، بەڵام لە تورکیادا زیاتر برەوی پێداروە و پیادەکراوە.
بە واتایەکی تر، ئەوان شۆڤینیەت، ڕەگەزپەرستی و ڕق و کینەی تورکەکان بەرامبەر بەوانەی تورک نین بە ئەندازەیەک بەرچاوی لێڵ کردون کە خۆشەویستی تورکیایان لەبیرچۆتەوە و بەرژەوەندی تورکیایان کردۆتە قوربانی تێرکردنی هەستە شۆڤینی و ڕەگەزپەرستانەکەیان و تەنها تەرکیزیان لەسەر بە کەم ڕوانین و چەوساندنەوەی ئەوانەیە کە تورک نین.
سودیان لە ئەزمونی تەبایی وپێکەوە ژیانی وڵاتانی ئەوروپا نەکردوە کە ئەیانەوێت ببن بە ئەندام لە یەکێتیەکەیدا و لە بیریان چۆتەوە کە ئەو ماڵەی ئاشتی تێدا نەبێت کەس ئیسراحەتی تێداناکات وە بۆ تێرکردنی ئیگۆ نەخۆشەکەیشیان تورکیاشیان وێرانکردوە و خۆیشیان هیچ کاتێک ئاشتی و ئارامیان بەخۆیانەوە نەبینیوە.

هەتاکو لە تورکیادا ڕێز لەمافی مرۆڤ، ئازادی دەربڕین، ڕێز لە جیاوازیەکان نەگیرێت و فێری پێکەوەژیان نەبن، ئابوری تورکیا هەر لە قەیراندا دەبێت، لیرەی تورکی هەر لە دابەزیندا دەبێت، برسێتی و بێ ئیشی سیمای ژیانی ڕۆژانەی زۆری خەڵکی تورکیا دەبێت و ئەستەمیشە یەکێتی ئەوروپا تورکیا بە ئەندام وەربگرێت کە یاسا تیایدا سەروەرنیە و مامەڵەکردنی شۆڤینیانە، ڕەگەزپەرستیانە و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ واقیعی ژیانی ڕۆژانەی خەڵکەکەیەتی.

—————————————————-

بۆ نوسینی ئەم ئارتیکڵە سود لەم سەرچاوانە وەرگیروە: ویکیپیدیا، بی بی سی، العربیة.
لوقمان ئابڵاخی: ئەندازیار، چالاکڤان و نوسەرە.

لوقمان ئابڵاخی، ئەندازیار، چالاکڤان و نوسەرە.
28/10/2020




نازانم! ئینجیل دۆستۆیڤسکی کرد بە نووسەر یان قومار … شیعر: جەلال عەبدوڵا ساڵح


فووم کرد
لەتۆزی ڕووخساری
تاوان و سزا
مناڵی خۆم بیرکەوتەوە
پیاوێک بە شڵەژاوییەوە
بەناو کۆڵانی گوندەکەماندا ڕایدەکردو
هاواری دەکرد:
خەڵکینە فریاکەون
“نادر”ە سمێڵ
دوێشەو لەناو جێگا
“ئافتاوی مینای”
بە تەور کوشت
ترسام!
خۆم شاردەوە
لەژێر کەواکەی دایکمدا
ئەو ترسە فێری دابڕانی کردم
وەک پێست و پەراسووم
نووسان بە ژیانمەوە
نازانم!
ئەم هەموو
لێکترازانی تەمەنە
چۆن؟ کۆبکەمەوە

ئەمشەو
قاچم بۆ دابڕان لە خۆم
تاقی کردەوە
گەیاندمییە
شەقامی سیبریای ژیان
جگە لە سێبەرەکەی خۆم
نە دۆستۆیفسکیم بینی
نە ڕاسکۆلینکۆڤیشا
سەیری ڕووخساری
جەلادی تەور دەکەم
لە ڕەنگی خوێنی
پیرێژنێک دەچێت
لە ماڵی مێژووی
تاوان و سزا
٢
گەڕانەوە بۆ لای مناڵیم

بە “پیچک”م ووت:
ئەو ڕۆژەی
قەمسەڵەکەی تۆم داکەندو
چوین بۆ ماڵی “ڕێواس” پێکەوە
کۆڵنجی ژیانم گرت
ئێستا لە نەخۆشخانەی تەنیایدام
هیچ دەرمانێکی ئێرە
وەک پێکەنینی تۆ
چاکم ناکاتەوە
کەی؟سەردانم دەکەیت
ئەو دوو باڵندەیەی
تۆ بانگت دەکردن
“بێوەی” و “هۆگر”
لەو ڕۆژەوە تفەنگ
ڕاویناون
بۆ من و تۆ
دەگرین
مانیان گرتووە
لە خوێندن
٣
سەما بۆ گوڵ

گوێم لە دایکم بوو
نزای دەکرد:
هیچ نەوەی ئادەمێک
هیچ زیندەوەرێک
ئازاری پێنەگات
کەچی لەناو پیاڵە چاکەیدا
لەتەنیشت سەرپۆشی
خەیاڵییەوە
مێشێکی دووگیان
باڵی مەرگی ڕادەوەشاند
بە دایکم وت:
نزا کردنت
مێشی
ڕزگار نەکرد
لە مەرگ
وەرە لەگەڵما
بڕۆین بۆ کەنار دەریا
گوێ لە باران بگرین
گۆرانی دەڵێت بۆ ژیان
سەیری سەمای
ماسی بکەین
بۆ ڕەنگی
کراسی مانگ
وەرە لەگەڵما
لەسەر سنگی
ئەم فەرشی دایک و فرزەنە
بە تەنها من و تۆ
هەڵپەڕین لەگەڵ
ئەو گوڵە ڕەنگاوڕەنگانەی
ئەم ئێوارەیە
بوون بە میوانی
پەنجەرەی
ژوورەکەمان




پاشماوەکانی جەنگ … شیعر: کاوە عوسمان عومەر

کەس قفڵی دەرگا ئاسنەکان
ناکاتەوە، ئەو کچانەی لەچاوەڕوانی
شنەبایەکی ئاسودەیی
ڕۆحیان سپی بوو،
بێ دەنگیش زمانێکە بۆ خۆی
هەر چۆن بەرد
لە ژێر بارانا
نۆتای عیشقی خۆی هەیە بۆ نمە
ئاواش کچانی دوای جەنگیش
لە بێدەنگیدا، ،،
لە سروتی چاوەڕوانی
خۆشەویستی ناکامی جەنگاوەرە دۆڕاوەکانن
دەنگی یەکەم—-
میحرابی نزرگەی خۆرمان لەدەستدا
بۆ بەیداخی خێڵەکانی لم،
دەنگی دوەم—–
خۆزگە زەمەنی بەرائەتی یەکەم
پێش لەدەستدانی باڵەکانمان ئەهاتەوە
دەنگی سێیەم—
تۆ بۆ خۆت لە نزرگەی خۆتا،،
ئاسودەبە ئازیز
منیش لە دورخەی خۆما خۆشبەختم
دەنگی چوارەم—–
بەدبەختی…
ئەوەیە هەموو ڕۆژێک،
تۆ بێیت بۆ باران
کەس چنگێک نەکاتە دەستەوە
دەنگی پێنجەم—-
ئاسودەیی….
تیاڕامانە لە ناو چەقی قەرەباڵغی شار
لە گەشانەوەی زیونی مانگێک

لەنێو دوو دەستی ئەفسوونی چیا

كچانی دوای جەنگ
کوڕانی دوای کۆچ
جگە لە گیای ئەرخەوانی نێو دڵیان
و مێرگی چاوە تەماویەکانیان
چیتریان ماوە،،
لەم قەراغ ڕوبارە لیخنەی حەسرەت
بروسکەیەکیش..
لە قەڵەمی شیعر
مەگەر بۆتکەمە پردی سیڕاتی عیشقێک
بەڵام ئەو لە شەقامەکەدا
بێ ووتەیەک وەستابوو
وەک بڵێی ڕاڕابێ
لە بێ دەنگی ئاسمان
لە و قامچیە بێ ڕەحمانەی..
مرۆڤە گورگەکان،،
لە ژنە هەژارو
منداڵە سوڵکەرو
پەکەوتەی جەنگە
بێ شومارەکانیان ئەدا
حەزی شەوێکێش..
لای ڕێبوارێ،،
بۆ هاتنی ئەو
ئارەزووی شنەبایەکیش
کە ئەبینێ،،
ئۆرکۆدیۆنی شەپۆلەکان
هەزاران ڕشتە ڕۆمانی سەفەر
لەسەر ڕۆخی پێڵوی
چاوی ئافرەتێک لە تەم،،
لە توخمی پەپوولە،،
ئەنەخشێنێ،،
بەڵام وەک دەریاوانێکی بێ کەنار
و وڵات و ماڵ و پەناگە
هیچ شتێک تۆ ناوەستێنێ..
لە ڕاوی ماسیە پەمەیەکانی خەونێ
بەڵام پردێ بەرەو فیردەوسی ڕۆح
پڕ لە نەورەسی شادومانیە
کەچی مرۆڤە باڵکراوەکان
لە ژووری مەرگگرتووی تاریکیا
دێوجامەیان بۆ مەلەکانی خەفەت هەڵداوە
لە هەموو شوێنێک ڕاوە رۆحە
توانەوەیە
لەخاچدانە
ژەهراویبوونە
چما لەم دوا ساتە تەلیسماویەی ژیان
ئیتر بە شیعر نەدوێین
گەر ئەمە دوا ساتمان بێ
من بڕیارم داوە
لەم کۆتایی هاتنی گەردوونە
بە ئازادانە بچمە ژێر
بارانێکی بێگەرد و درەوشاوە..
لە گوڵە نێرگزی شینی شیعر و
ئاورینگی لێوی ئافرەتێکی وون
بێشەرمانە بەرگی هەور لەبەرئەکەم!
هیچ شتێ ناموەستێنێ
بە پێخاوسی بچمەوە،،
بەردەم نزرگە شوشەیەکەی سادەیی یەکەم
پێش ڕزینی سێوە سپیەکانی گوناح و سزا
چاو بەسەر دنیایەکی ترا ئەکەمەوە
کەس لە بەرزاییەوە،،
قامچی لە پشتی ئەوی تری مرۆڤ نەدا
نیگام بە دەروازەی..
دنیایەکی ترا ئەکەمەوە،،
کەس لەسەر نانێ
مرۆڤێکی تر بە شەقامەکانا..
وەک ئاژەڵ نەڕەتێنێ
بەردەرگاکانیش هەر قەنارەن
ئێوارانیش چەتەکانی شار پشوو نادەن
حەز لە لێوی کچانی ڕەشپۆشی..
دوای جەنگەکان ئەدزن
ڕازە بچووکەکانیشیان خراوەتە قەفەزەوە
لە بێدەنگی ئاسمانا
هاتینە بەردەم تریفەی
مانگی زیوینی ئازادی
ویستمان جارێکی تر
ئەستێرەکان بە بەرۆکی شەوی
ئەرخەوانی خۆشبەختیدا هەڵواسین
کە چی بایەقوشەکانی دوای جەنگ
شنەباشیان دزی،
ڕێبوارێکین ئێستا
کاتێ ئێمە بوین ،،
خاوەنی ڕاستەقینەی مەمەلکەتی ئاو
کوپێ کانی ئێوارەی..
شارێکی وونم پێویستە
بەڵام نە تارمایەکان..
ئێستا بونەوەری ڕاستین،،
نە پاشماوەکانی جەنگ
ڕۆحیان تیا ماوە خەندەیکیش بکێشن..
ئێسک و پروسکی ڕوخامی وەریوی شارێکیش
لە خەو و ئەفسانە
کراوەتە مۆڵگەی کەنیزەکردنی
جەستە ی پەپولە مەست کراوەکان
دار سنەوبەرە خوێن لێتکاوەکان
ئازاریان تێکەڵە
بە گازی ژەهرینی ماشینە شیعر کوژەکان
کۆمپیوتەرەکانیش
داڵاشی سەر بێستانی مێشکن
لە باڵەخانەی چەتەکانی شار
داڵاشەکان ئەفڕن
لە نیوە شەویشا،،
سۆمای دایکە نەنوستوەکان ئەدزن
کە هیچ مۆڵگەیەک بۆ خۆحەشاردان نامێنێ
باشترە بچینەوە ئەشکەوتە سەرەتاکانی
یەکەم ڕۆژ فێری سەمای ئاگرو تیشک
عیشقی سروشت و
شەوو دەریاو ئەستێرەکان بوین
پێویستە بچینەوە،،
بۆ لای ڕم و قەڵغانەکانی خۆپارێزی
لەگەڵ درەوشانەوەی سەرلەنوێی دڵمان
دێڕ بە دێڕ
پەخشانی کۆچی هاوڕێ..
سەرنگومکراوەکان
بەسەر پەڕەی هەڵواسراوی ..
کەناری غوربەت هەڵئەواسین
گێژەنە لم بوو دوێنێ
گیانی ئێمەی فەنا کرد،،
هەزاران جاری تریش
لێرەش
لە وڵاتی پەرتبوونا
چوارمێخە کراین




پرووشەکانی ئەوین…بەشی کۆتایی.. شیعری: ستیڤان شەمزینی

هیچ رەشەبایەک نەیتوانی
رۆحم بە ئاسماندا ببا و بهێنێ
هیچ زریانێک دەسەڵاتی
راماڵینی خەندەکانی منی نەبوو
هیچ شەپۆلێک نەیتوانی
ئاڕاستەی کەشتییە وێڵەکەم بگۆڕێ
کەچی تۆ توانیت، زۆر بەخێرایی
بۆ ماچێک بمچەمێنیتەوە


یەکەمجار مرۆڤ ماچی داهێنا
زەمەن هات و زەمەن رۆیشت
کەس نەیتوانی شوێنگرەوەیەک بۆ ماچ دابهێنێ
کەواتە ئازیزم ماچ جادووە و پێم خۆشە
رۆژی سەد جار ئەو جادووەم لێ بکەیت


دەبینم هەموو رۆژێک دێیتە ناو بەیانییەکانمەوە
دەبینم هەموو شەوێک دێیتە ناو ئازارەکانمەوە
دەبینم وەک کلوە بەفر دەبارێیتە خۆزگەکانمەوە
دەبینم وەک سەدەفێک دێیتە دەریای خەمەکانمەوە
ئیدی لەه ەموو شوێنێک تۆ دەبینم
لێمگەڕی دنیا بە رەنگ و لە چاوی تۆوە ببینم


هیچ پێناسەیەکم نییە، تۆ بوویت بە پێناسەی من
هیچ ئادرەسێکم نییە، تۆ بوویت بە ئادرەسی من
هیچ نیشتمانێکم نییە، تۆ بوویت بە وڵاتی من
هیچ ئومێدێکم نییە، تۆ بوویت بە چرای هیوای من


وەک چۆن لە یەکەم نامەدا بۆم نووسیت خۆشم ئەوێی
ئێستاش لە دوا نامەدا بۆت ئەنووسم خۆشم ئەوێی
هەڵاتن و ئاوابوونی تۆ، بۆ من
تەنیا حکایەتێکی ناکام و تراژیدیی ئەشقە
بەم هۆیەوە رێم بدە ئەمێستاش وەک سەرەتا
خۆشم بوێی


ئەگەر ئێوارەیەک لەگەڵ کزەی “با”دا دیار نەمام
هیچ شوێنێک بۆ من مەگەڕێ
تەنیا چاوەڕوان بە لەگەڵ گزنگی خۆردا هەڵبێم
ئەگەر بەیانییەک لەگەڵ سپێدە غەیب بووم
هیچ شوێنێک بۆ من مەگەڕێ
چاوەڕوان بە لەگەڵ تریفەی مانگدا بێمەوە


وەرە پێکێک لەم تەنهاییەی من بخۆرەوە
وەرە گوێ لە ئاوازی پڕ گریانی دڵم بگرە
وەرە بەدیار خۆکوشتنی رۆحمەوە ئێشک بگرە
ئەوسا دەزانیت
ئەشق و تەنهایی و گریان و خۆکوشتن
هەمیشە پێکەوە کۆ ئەبنەوە


لە کۆتاییدا
لە جەنگی عەشق هەڵاتم و
وەک سەربازێکی راکردوو
چەکەکەی دەستم فڕێدا و
خۆم رادەستی قەدەری نادیار کرد
لە کۆتاییدا
لە نەبەردی عەشق هەڵاتم و
سەرەتای بەختەوەریم دەستپێکرد


رۆژئاوای زەمین
ئەو ئێوارانەی تەنهایی رۆحم دەگوشێت

تێبینی: ئەم پۆستەرە شیعرانە، لە کۆمەڵە شیعری “بەتیشکی عیشقت ئەدرەوشێمەوە” لە لاپەڕە 90-102دا چاپ و بڵاوکراوەتەوە. ئەو کتێبەش بەشێوەی چاپی کاغەز لە سەرەتای ساڵی 2017 چاپکراوە.