ئەم خاکە بێخاوەن نییە … دیار حەسۆ

زنجیرە فیلمی (No Manʼs Land) یان “خاکی بێکەس و بێخاوەن” کە بەرهەمهێنەرانی بە پیتی بچکۆلە لەژێر ناوە ئینگلیزیەکەیدا نووسیویانە. یەکەم جار هاوڕێیەکم بۆی باس کردم، وتی تۆ تەماشای ئەمەت کردووە؟ فەڕەنسییەکان کارێکی تریان لەسەر کوردەکان کردووە.
هەوڵمدا حوکمی پێشینە نەدەم، بەڵام بەڕاستی تەنانەت ناوەکەی ئاسانکاری بۆ نەکردم. بۆچی بێکەس؟ بۆچی بێخاوەن؟ کەواتە ئێمە کێین؟ ئەو گەلەی شەڕی لەسەر دەکرێت، ئایا ئەم شەڕە لە دژی خاوەنی ئەم خاکە نییە؟ ئەو خاکەی شۆڕشی لەسەر بەرپا دەبێت، ئایا هاووڵاتییەکانی نین کە وا بە شۆڕش دەکەن؟
دوای هێرشی داگیرکاری ساڵی ڕابردووی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان، فەیلەسوفی بەناوبانگ سڵاڤوای ژیژەک وتارێکی نووسیبوو. لە وتارەکەیدا ڕەخنەی هێرشەکە، خیانەتی ئەمریکا، هەڵوێستی ئەوروپا و هەندێک لە چەپگەرەکان دەکات. تێیدا دەڵێت” کورد قوربانی نمونەیین”، چونکە هەموو کەس هێرشیان دەکاتە سەر. دەوڵەتی تورکیان، ڕژێمی سوریا، داعیش، ڕوسیا و ئەمریکا، چەکدارانیی سەر بە ئێران، ئیسرایل، ڕێکخستنە سیخوڕیەکان و زۆر هێزی تر لە دژی کوردەکان و تەڤگەری ئازادی ڕۆژاوای کوردستانن. هاوکات چاپەمەنی و ڕاگەیاندنەکان دژایەتی دەکەن، ئەوە ماوەیەکە هەندێک هونەرمەند و بەتایبەت فلیمسازان دەستیان بە دژایەتی کردووە.

لەم سێ ساڵەی دواییدا سێ-چوار فیلم و یەک زنجیرە فلیمیش لەسەر شەڕڤانان و شۆڕشگێڕانی کوردستان بەرهەمهێنران، بەڵام هەموویشیان لە دژی ئەوانن. چۆن لە دژی ئەوانن؟ خاڵی هاوبەشی هەموویان ئەوەیە کە هەمیشە کەسی هەرە نەزان، بێڕەحم و بێویژدان کوردەکانن. ئەگەر بەدەست شەڕڤانانی کورد بێت، سڤیلەکان دەکوژرێن، ڕێگە بە ئەشکەنجە دەدەن، دەشبن بە هۆی مردنی هاوڕێکانی خۆیان و هتد… ئەم فیلمانە هەموویان وا دەڵێن! هەمیشە کەسە بیانییەکان، یانیش هەندێک جار ئینتەرناسیۆناڵیستەکان باشتر، زاناتر، دڵ گەرم تر و شۆڕشگێڕترن. لێرەدا سەختە مرۆڤ لەوە تێ بگات: لە نیشتیمانێک هەندێک کەس شۆڕشێک بەرپادەکەن، کاریگەری ئەم شۆڕشە دەگاتە هەندێک وڵاتی تر لە جیهاندا، هەندێک کەسی تر لەبەر ئەوەی کاریگەر بوون دێنە ناو ئەم شۆڕشەوە، بەڵام لەو کەسانەی ئەم شۆڕشەیان هەڵگیرساندووە باشتر لە شۆڕش تێدەگەن!
ئەگەر چی ئێمە کوردانیش ئەوە لەبیر دەکەین: ڕۆژاڤا، لە ئاسمانەوە، لە دەمی چۆلەکەکانەوە نەکەوتە خوارەوە. لە خۆیەوە دروست نەبوو. گەلی ڕۆژاڤا، پێشەنگ و شۆڕشگێڕانی تەڤگەری ئازادی کوردستان بنیادیان نا. شۆڕشگێڕەکان شۆڕشیان کرد. هەر بۆیە ئەو فیلمانەی بەرهەمی دەهێنن یەک لە یەک خراپترن. کچانی خۆر یان (Les Filles Du Soleil) خراپ بوو، هی دوای ئەو خوشکانی تفەنگ یان (Soeurs Darmes) لەو خراپتر بوو. فیلمێکیش لە کرانەوەی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی بەرلیندا پیشان درا بە ناوی (Sisters Apart)، لە هەردووکیان خراپتر بوو، لە ئاستی زماندرێژی و بێڕێزیدا بوو لە دژی کورد و بەتایبەت لە دژی گەریلا و ژنانی شۆڕشگێڕ. فیلمێکی تر هەیە هێشتا لە قۆناغی بەرهەمهێناندایە ژنێکی کاتاڵانی بەرهەمی دەهێنێت لەو باوەڕەدام لە هەموویان خراپتر بێت.

خاڵێکی تری هاوبەش ئەوەیە کە چیرۆکەکانیان زیاتر لەسەر شەڕڤانانی ژنن و دەرهێنەرەکانیش ژنن. بە دروستبوونی تەڤگەری ئازادی ژن لە کوردستاندا ناسنامەیەکی نوێ بۆ ژنی کورد ئافرێندرا. ئەمە لەگەڵ شۆڕشی ڕۆژاڤا و یەپەژەدا زیاتر لە جیهاندا دەنگی دایەوە. ژن پێشەنگی تێکۆشان، شۆڕشی کوردستان و ڕۆژاڤایە. ئەمە تەنها گوتنێک نییە، دروشمێک نییە، شرۆڤەش نییە. ئەمە ئیدی ڕاستییەکی پێکهاتووە. ئەگەر ژنان پێشەنگایەتی شۆڕشیان نەکردایە، نە لە ناوخۆدا شۆڕش ئەوەندە دەگەیشتە سەرکەوتن نە لە جیهانیش ئەوەندە دەبووە خاوەن کاریگەریی. بەم هۆیەوە هێزە نێودەوڵەتییە دژە شۆڕشەکان بە میدیای و ئامرازەکانی بانگەشەی شەڕی تایبەتی هۆشیاری، فکری، سیاسی دەیانەوێت هێڵی ئازادی ژن بکەنە ئامانج، ڕەشیبکەن و بە هەڵە نیشانی بدەن بە بازاڕکردن و مۆدێلکردنی جلی شەڕڤانان، وێنەی “ژنە پێشمەرگەکان” کە ئاژەڵیان بە ددانەکانیان پارچە پارچە دەکرد، خستنە بەرچاوی هەندێک لە ژنە هونەرمەندەکان. ئەم فلیم و زنجیرە فلیمانەش پارچەی هەمان تابلۆ و هەڵمەتن.

ئەم کارانە بەزانایی ئەنجام دەدرێن. لە لایەکی تریشەوە من باوەڕناکەم پیاوە لیبراڵەکان، یان فێمێنیستەکانی چینی ناوین بتوانن بەشێوەیەکی هونەری هێڵێ ڕزگاری ژن و تەڤگەری ئازادی ژن لە کوردستان هەڵسەنگێنن. سنوری چیرۆکبێژە لیبراڵ- مۆدێرنەکان لە بەرامبەر قووڵایی بابەتەکان زۆر سەرانسەرە. ناتوانن چیرۆکی ژنێکی پێشەگ بهێننە سەر زمان کە لە خودبونەوە بۆ خۆی هەیە، خۆی و ژنانی تر و وڵاتێک ئازاد دەکات، خاوەن باوەڕی و فکری خۆیەتی. هەربۆیە لە چیرۆکەکانیاندا ژنان هەمیشە بۆ ئەوەی کوڕەکەی ڕزگار بکات، براکەی لەناو داعیش نەجات بدات یان باوەش بە خوشکەکەیدا بکات لەناو ئارتەشی ئەڵمانیادا و کەمێک دەمینێت لەگەڵیدا بچێت بۆ ئەڵمانیا و هتد.. واتا ژن لە چیرۆکەکانی ئەواندا تەنها بۆ بنەماڵە شەڕ دەکات. ئەو تابلۆیەی کە دەڵێت ژن لە نیشتیمانەکەی زیاتر گرنگی دەدات بە بنەماڵەکەی بەرهەمی فانتازیای پیاوە. تابلۆی ناو ئەم فیلم و زنجیرە فیلمانە وەک نموونەی پەیوەندی شەڕڤانانی ژن، کوشتنی داعشییەکان بە جۆرێک کە پێی مەست ببن، ئەشکەنجەدانی ئەندامانی داعش کاتێک کە لە زنجیرە فیلمەکەدا بە بۆکس لە “دیلێکی داعش” دەدات هەمووی لە مێشکی پیاواندا ئافرێنراون و کراونەتە فانتازی.

زنجیرە فیلمی (No Man’s Land) کارێکی هاوبەشی نێوان فەڕەنسا و ئیسرایلە. تەلەفزیۆنی ئارت (arte) ئەڵمانی-فەڕەنسی و هەموو میدیا دیجیتاڵیە ئەمریکییەکانی هولۆ (Hulu) بەرهەمهێنەری هاوبەشن. زنجیرە فیلمەکە لە دەرەوەی کوردستان دروستکراوە لە وڵاتی مەغریب و لە ناوچەیەکی نیمچە چیایی. زۆر هەڵەی جوگرافی لە زنجیرە فیلمەکەدا هەن، بەڵام کێشە نییە “دیکۆمێنتاریی” نییە. یەکێک لە سیناریۆنووسەکانی، مارییا فێڵدمن دەڵێت “سەرەتا کاتێک لە هەواڵەکاندا بینیم ئەندامانی داعش لە دەنگی هەلهەلەی ژنانی کورد و هەورییەکانیان دەترسن، من ویستم شتێک لەسەر ئەم شەڕڤانە ژنانە دروست بکەین.” بەڵام، چیرۆکەکە بێگومان لە چاوی کەسێکی بیانییەوە دەگێڕدرێتەوە. دەشڵێت “ویستمان زنجیرە فیلمەکەمان جیهانی بێت”. هەندێک کارەکتەری کوردیش هەن، بەڵام هەموویان ڕۆڵی ناسەرەکی و پڕکەرەوەن، چیرۆکی هیچ کەسێک لەوانی تێدا نییە. تەنها فەرماندارێکی یەپەژە هەیە کە لە سەرەتادا بریندار دەبێت، چەند قسەیەکی وشک و هەندێک ئاکاری ڕەق دەنوێنێت، هەر هاوار دەکات و پاشانیش خۆی فیدا دەکات. شەڕڤانێکی تری کوردیش دەبینرێت، بەڵام ئەویش فەڕەنسییە، لە منداڵییەوە لە فەڕەنسا گەورە بووە و بەناچاری گەڕاوەتەوە. ئەویش لە لایەن ئەکتەرێکی سویسری کە بە ڕەچەڵەک تونسییە نواندنی بۆ دەکرێت، چەند قسەیەکیش بە کوردی دەکات بەڵام ئەویش هیچ پەیوەندییەکی بە کوردبوون و هێڵی ئازادی ژنەوە نییە

کەم تا زۆر مرۆڤ دەتوانێت لە هەموو ئەمانە تێبگات. بەڵام ئایا نابێت کوردەکانیش باس لە خۆیان بکەن؟ لە هەموو سینەماکانی دنیا بەتایبەت لە هۆلیوود، مژاری نوێنەرایەتی و خۆ هێنانە زمان زۆر گفتوگۆی لەسەر کرا. جاران ئاکتەرە ڕەشپێستەکان نەیاندەتوانی لە فیلمەکاندا ڕۆڵبگێڕن، پاشانیش بە شێوازێکی خراپ نیشان دەدران، پاشان ڕۆڵگەلێک کە ڕاستییەکانی ئەوانی نەدەهێنایە زمان و دوای قۆناغێکیش ڕۆڵی زۆر لاوەکیان پێ دەدرا. هەمان ئاکار بەرامبەر ژنان، کەمەنەتەوەکان و باوەڕییە جیاوازەکان ڕابەر دەکرا. بەڵام بە تێکۆشانی هونەرمەندان ئەمە شکێندرا. ئیدی خۆیان ڕۆڵی خۆیان دەگێڕن و خۆیان دەینووسن. بێگومان ئێمە کوردەکان دەبێت لە کۆتاییدا خۆمان چیرۆکەکانی خۆمان بگێڕینەوە. بەڵام ئەوانەی ئەم جۆرە فیلمانە بەرهەم دەهێنن بێگوناح نین و “هەر وا بە ڕوانینی خۆیان” دەرهێنانیان بۆ ناکەن. لێرەدا ئەو پرسیار و لێپێچینەوەی کە مرۆڤ پێویستە لە خۆی بکات ئەوەیە بۆچی ئێمە دەمانتوانی ئەوەندە فیلمی هۆڵیود لەسەر ڤیەتنام، ئێران، ئەفغانستان و ئەمریکای لاتین تەماشا بکەین؟! ئەوەی جێی داخە ئەوەیە زۆرێک لە ئێمە کە تەماشای ئەم فیلمانەش دەکەین، پێمان باشن و ڕیکلامیان بۆ دەکەین. هەندێک ڕۆشنبیریش بە نووسینی دوور و درێژ پێیاندا هەڵدەدەن!
پیشاندانی کوردان و شۆڕشگێڕەکانیان بەم جۆرە بێڕێزییە. لایەنە زاناییەکانی ئەم بێڕێزیەش زۆرن. ئایا نەیاندەتوانی لەگەڵ کەسێکی پەیوەندیداری تەڤگەری ئازادی گفتوگۆ بکەن؟ بەشێکی زۆری کاری نووسین لێکۆڵینەوەیە. کاتێک مرۆڤ دەیەوێت دەربارەی مژارێک بنوسێت لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکات، دەخوێنێتەوە و پرسیار دەکات. لە زنجیرە فیلمەکەدا سێ کارەکتەری داعشی هەن، هاوڕێی منداڵی یەکترین و لە بەریتانیاوە دێنە سوریا و دەچنە ناو داعش. چیرۆکەکەیان، هۆکاری پەیوەستبوونیان بە ئیسلامەوە، هۆکاری بوونە داعشیان، ئەو لەمپەرانەی ڕوبەڕویان دەبێتەوە، لایەنە مرۆڤییەکانیان و هەموو شتێکیان زۆر بەڕوونی باس دەکەن. هەر ئەوەندەی مرۆڤ خۆی بخاتە جێی ئەوان تەواوە! لەوانەیە لەگەڵ هەندێک داعشی قسەیان کردبێت. واتا لێکۆڵینەوەیان کردووە. لایەنی ڕێکخستنی و هەواڵگیری بەشێکی گەورەی زنجیرە فیلمەکەن، لەگەڵ ئەوانیش گفتوگۆیان کردووە. نوسەر ڕوان لەشم لە ڕیپۆرتاژێکدا دەڵێت “لەگەڵ ئەفسەرانی هەواڵگیریدا کارمان کرد”. ئایا نەیدەتوانی خۆیشی بگەیەنێتە ئەندامێکی تەڤگەری ئازادی کورد؟ کەواتە نەیانویستووە.

لەم زنجیرە فیلمەدا بابەتی هەواڵگیری کە مۆسادیشی تێدا هەیە زۆر بەرفراوانە. بێگومان مۆسادیش، سی ئای ئەی، می ئای ١٦ و هەموو هێزەکانی تریش سیخوڕ دەنێرن بۆ سوریا و ڕۆژاڤا، کارەکانی خۆیان بێڕاوەستان ڕادەپەڕێنن. بەڵام لە زنجیرە فیلمەکەدا وا پیشانی دەدەن کە مۆساد هاو ئاستی هێزە کوردەکان چالاک و حاکمە لە هەرێمەکەدا. وەک ئەوەی لە دژی داعش شەڕ دەکەن، هاوکاری کوردان دەکەن و هەردوو کارەکەشیان بە باشەکاری ئەنجام دەدەن. تەنانەت لە هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوین پشگیری دیموکراسی دەکەن.
یەکێک لە کارەکتەرە سەرەکییەکان لە زنجیرە فیلمەکەدا ئانا (کە ئەویش فەڕەنسییە) ئارکیۆلۆگ و چالاکوانە. پاشان دەبێتە جاسوسی مۆساد. دەچێتە هەندێک ناوچەی وەک ئێران. بەڵام گوایە کاتێک دەبینێت لە ئەنجامی کارەکانی مۆساد هاووڵاتی سڤیل دەکوژرێن دەڵێت من ئیدی لەگەڵ ئێوە کار ناکەم. دواتر بەشداری ناو ڕیزەکانی یەپەژە دەبێت. هەموو شتێک دەربارەی ئەم ڕابردووەی خۆی بە فەرماندارەکەی دەڵێت. بەڵام بە تێپەڕبوونی کات ئەویش دەبێتە “مەکینەیەکی کوشتن” و داعشە بریندارەکانیش دەکوژێت! واتا ئەوەندە “بەهێز” و بێڕۆح دەبێت. بەڵام کاتێک لە ڕۆژاڤا و لەسەر ڕێگایەک ئەندامانی مۆساد دەبینێت مێشکی دەشڵەقێت. پاشان هاوڕێیەکیان بریندار دەبێت بەڵام فەرمانداری یەپەژە کە تەنها چەند قسەیەک دەکات، بریندارەکە پشتگوێ دەخات. واتا ئەو شەڕڤانانەی بۆ هاوڕێکانیان گیانی خۆیان فیدا دەکەن، بەڵام بۆ ئەوەی بریندارەکەیان چاکبکەنەوە و ڕزگاری بکەن هەوڵ نادەن! ئینجا ئانا بۆ ئەوەی شەڕڤانەکەی یەپەژە بە برینداری ڕزگار بکات دەگەڕێتەوە لەگەڵ مۆساد کار دەکات. واتا کوردەکان شۆڕش دەکەن، وڵات و ناوچەکانیان ڕزگار دەکەن، سیستەمی خۆیان بنیاد دەنێن، بەڵام هەمیشە پێویستیان بە هێزی دەرەکییە! یان فڕۆکەوانانی کوالیسیۆن دێن، یان ئەندامانی مۆساد، یان شەڕڤانێکی ئینتەرناسیۆنالیست و هتد…

دیسانەوە بۆچی؟ بۆچی وا دەکەن؟ بۆچی بەمجۆرە پیشانمان دەدەن؟ نەک لەبەر ئەوەی کوردەکان وەک لایەنێکی خراپ پیشان دەدەن، نا. وەک لایەنێکی باش پیشانی دەدەن. بەڵام بە جۆرێکی کەم، یان نا ڕاست. دەیانەوێت بڵێن ئێمە هاوشێوەین. شەڕڤانانی ڕۆژاڤاش وەک ئەندامانی مۆسادن، وەک سەربازانی ئەمریکان، وەک هەموو ئەوانەی ترن. شەڕڤانان خۆیان باشن، شتی باش دەکەن، بەڵام مەجبوورن ئەو شتانەیشی خراپن بیکەن. وا نییە! هەموو کەس ئەمە دەزانێت. داعشیش دەزانێت. کاتێک باخۆز ڕزگار کرا، زۆر هەواڵمان لە تیڤیەکاندا بینی. لە ڕیپۆرتاژێکی فڕانس ٢٤ دا ژنێکی ڕزگاربووی باخۆز وتی “میرەکەمان، خەلیفە بڕیاری دا کە ئێمە ڕابکەین. پیاوەکانمان وتیان خۆتان تەسلیمی کوردەکان بکەن هیچ شتێکی خراپتان لێ ناکەن. ئەگەر سەربازانی عێراق یان سوریا دەزگیری بکردینایە دەستدرێژیان دەکردە سەرمان و دەیانکوشتین.”
سەرەڕای هەموو هێرشەکانی داعش و قوربانییەکانی ئێمە، تەنها ئێمە خاوەنداریمان لەوانکرد “وەک مرۆڤ”. زۆرێکیان لێخۆشبونیان پێ بڕا و گەڕانەوە ناو ماڵ و هۆزەکانیان. هەندێک چاوەڕێی سزاکانیانن، هەندێکیان پەروەردە دەکرێن، هیچیان ڕووبەڕووی بۆکز و شەق نەبوونەوە وەک ئەوەی ئەم زنجیرە فیلمە باسی دەکات. شۆڕشگێڕانی ئازادی کوردستان وانەیەکی گەورەیان دەربارەی مرۆڤایەتی، ئازادی و دیموکراسی دایە هەموو کەس. دیارە ئەمەیە کە پێیان تاڵە. هەربۆیە ئەوەندە هەوڵی ڕەشکردنی دەدەن.
وەک ئەنجام دەمەوێت ئەوە بڵێم هەر فیلمێک کە لەسەر کورد بەرهەمدەهێنرێت، گەر بەبێ کوردەکان بەرهەم بێت ئەوە لە دژی کوردە.




مێژوی هاڕە کردنی لیرەی تورکی … لوقمان ئابڵاخی

دوای کودەتاکەی ١٥ ی تەموزی ٢٠١٦، باری ئابوری تورکیا ڕۆژ بە ڕۆژ ڕوی لە دابەزین بوە کە قەیرانێکی ئابوری زۆر قوڵی لە ناو تورکیادا دروستکردوە کە کاریگەری نەرێنی بەرچاوی لەسەر لیرەی تورکی دروستکردوە وە ئەو هەمو دابەزینە بە هەمو پێوەرێک، زاراوەی (هاڕەکردن)ی لیرەی تورکی پڕ بە پێستیەتی و تا ئێستاش هاڕەکردنی لیرەی تورکی بەرەدوامە.
شایانی باسە، هەر لە سەرەتای دروستبونی تورکیاوە، بەهۆی دواکەوتویی و ناسەقامگیری ئەو وڵاتە و حوکمی عەسکەری تیایدا، لیرەی تورکی یەکێک بوە لە دراوە بێ بەهاکان لە بازاڕەکانی جیهاندا.
پێشتر بەهای لیرەی تورکی بە پاوەندی ئیستەرلینی و فرانکی فەڕەنسی بەراوردئەکرا. بەڵام ئیتر لە ساڵی (١٩٤٦) ەوە بەراوردی بەهای تورکی بە دۆلاری ئەمریکی دەکرا و لەو کاتەدا ١ دۆلار = ٢٠٤٦ لیرەی تورکی.
لەو کاتەوە لیرەی تورکی ساڵ لە دوای ساڵ ڕوو لە دابەزین بوە کە دابەزینە بەرچاوەکانی لە دوای ساڵی (١٩٦٠) ەوە دەستی پێکرد و بەم شێوەیەی خوارەوە لیرەی تورکی ساڵانە لە دابەزیندا بو:
ساڵی ١٩٦٠ – ١ دۆلاری ئەمریکی = ٩ لیرەی تورکی
ساڵی ١٩٧٠ – ١ دۆلاری ئەمریکی = ١١،٣ لیرەی تورکی
ساڵی ١٩٧٥ – ١ دۆلاری ئەمریکی = ١٤،٤ لیرەی تورکی
ساڵی ١٩٨٠ – ١ دۆلاری ئەمریکی = ٨٠ لیرەی تورکی
ساڵی ١٩٨٥ – ١ دۆلاری ئەمریکی = ٥٠٠ لیرەی تورکی
ساڵی ١٩٩٠ – ١ دۆلاری ئەمریکی = ٢٥٠٠ لیرەی تورکی
ساڵی ١٩٩٥ – ١ دۆلاری ئەمریکی = ٤٣٠٠٠ لیرەی تورکی
ساڵی ٢٠٠٠ – ١ دۆلاری ئەمریکی = ٦٢٠٠٠٠ لیرەی تورکی
ساڵی ٢٠٠١ – ١ دۆلاری ئەمریکی = ١٢٥٠٠٠٠ لیرەی تورکی
ساڵی ٢٠٠٤ – ١ دۆلاری ئەمریکی = ١٣٥٠٠٠٠ لیرەی تورکی

لە کانونی یەکەمی ساڵی ٢٠٠٣ دا ئەو یاسایە پەسەند کرا لەلایەن پەرلەمانی تورکیەوە کە شەش سفری بەردەم لیرەکە لاببرێت. بۆ نمونە، شەش سفرەکەی ١٠٠٠٠٠٠ یەک ملیۆن لیرەکە لاببرێت و تەنها بە ١ یەک لیرەی تورکی حساب بکرێت وە هەر لیرەیەکیش یەکسان بێت بە ١٠٠ سەد قروشی تازە و ناوی ئەم لیرەیەش گۆڕدرا بە “لیرەی تازەی تورکی” و لە سەرەتای ساڵی ٢٠٠٥ دا تا کۆتایی ساڵی ٢٠٠٨ بە قۆناغی گواستنەوە لە لیرە تورکیە کۆنەکەوە بۆ لیرە تازە تورکیەکە دابنرێت.
بەڵام دوای ئەوە و لە ساڵی ٢٠٠٩ دا جارێکیتر ناوەکەیان لە لیرەی تازەی تورکیەوە گۆڕی بۆ لیرەی تورکی و قروشی تازەی تورکی بۆ قروشی تورکی.

هەڵبەتە لە تورکیادا کە یاسا تیایدا سەروەر نیە، پشێوی و نائارامی باڵی بەسەر وڵاتەکەدا کێشاوە و مافی ٢٥پتر لە ملیۆن کورد و هەمو ئەوانەی کە تورک نین پێشێل کراوە، لەو وڵاتەدا کە شۆڤینیەت و ڕەگەزپەرستی باڵادەستە، جیاوازی و دابەشبون وپەرشوبڵاوی بوە بە واقیعی ژیانی ڕۆژانەی کۆمەڵگای تورکی کە تەنانەت کێشمەکێش و دژایەتی لە ناو خودی تورکەکان خۆیشیاندا بڵاووباو و زاڵە بەسەر هارمۆنی و ئاشتی و پێکەوە ژیاندا، ئەو وڵاتە بەردەوام لە قەیرانی قوڵدا ئەبێت بەتایبەتی قەیرانی ئابوری و سیاسی کە بەردەوام بە ئاڕاستەی خراپ و خراپتردا ڕۆیشتوە.
وە لەبەرئەوەی هیچ ڕیفۆرمێکی جدی ئابوری و سیاسیش لەو بارودۆخە نائارامیەی تورکیادا پیادەنەکراوە، بۆیە لابردنی ئەو شەش سفرەیش دادی ئابوری تورکیای نەدا و نەیتوانی بەها بۆ لیرە پەیدا بکاتەوە.

ئیدی لە ساڵی (٢٠٠٥)ەوە لیرەی تورکی بەمشێوەیەی خوارەوە هەر لە دابەزیندا بو:

ساڵی ٢٠٠٥ – ١ دۆلاری ئەمریکی = ١،٣٠ لیرەی تورکی
ساڵی ٢٠٠٦ – ١ دۆلاری ئەمریکی = ١،٤٣ لیرەی تورکی
ساڵی ٢٠٠٩ – ١ دۆلاری ئەمریکی = ١٥٥ لیرەی تورکی
ساڵی ٢٠١٢ – ١ دۆلاری ئەمریکی = ١،٧٩ لیرەی تورکی
ساڵی ٢٠١٥ – ١ دۆلاری ئەمریکی = ٢،٧٢ لیرەی تورکی

بەڵام لە ساڵی ٢٠١٦ و لە دوای کودەتاکەوە، دۆخی ئابوری تورکیا زیاتر تێکچو وە ئابوری تورکیا دابەزینی زیاتری بەخۆیەوە بینی کە لە ساڵی ٢٠١٦ دا، ١ دۆلاری ئەمریکی = ٣،٠٢ لیرەی تورکی.

لە ناو پارتەکەی خۆیدا بەهۆی لاساری و تاکڕەوی و گەندەڵی ئەردۆگان و کەسە نزیکەکانی خۆیەوە، ئەندامانی حیزبەکەی خۆیشی لێی دورکەوتنەوە و لە حیزبەکەی جیابونەوە و حیزبی نوێیان دامەزراند. ئەوان ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەری ئاکەپە بون و بێهیوا بون لەوەی کە ئەردۆگان مەبەستی بێت چاکسازی جدی بکات بۆ چارەسەرکردنی ئەو قەیرانانە.

ئەردۆگان بەمەشەوە نەوەستا و دەستوری وڵاتەکەی گۆڕی بۆ ئەوەی هەمو دەسەڵاتەکانی دەوڵەت لە خۆیدا کۆبکاتەوە.
زۆرێک لە ڕاوبۆچونەکان سورن لەسەر ئەوەی ئەو ” کودەتایە” شانۆیەک بو ئەردۆگان خۆی سیناریۆکانی بۆ دانابو وە هەرخۆیشی جێبەجێی کرد چونکە “کودەتاکەی” کرد بە بیانو وە بۆ پۆزشهێنانەوە بۆ لێدان و لەناوبردنی ئۆپۆزیسیۆن و نەیارەکانی، بە تایبەتی ئەوانەی کە بە ئەندامانی (بزوتنەوەی گویلەن) تاوانباریکردبون.
ئەوانیش و سەرکردە کوردەکانی (هەدەپە)یشی بە بیانو و تاوانی یاسای تیرۆریزمەوە خستە زیندانەوە کە تاوانی بێ بنەما ودروستکراو و بێ بەڵگەبون.
بۆ ئەوەی سەرنجی دەنگی كوردەكان بەلای خۆیدا رابكێشێت و لانیكەم دەنگ بەكاندیدەكەی جەهەپە نەدەن، لە دوای هەڵبژاردنی ٣١ی ئازاری ٢٠١٩، حكومەتی توركیا گۆشەگیری لەسەر عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری پارتی كرێكارانی كوردستان، هەڵگرت و رایگەیاند، لەمەودوا پارێزەرەكانی ئۆجەلان هەر كاتێك بیانەوێت دەتوانن سەردانی ئیمبراڵی بكەن.
بەڵام کوردەکان کە یەکلاکەرەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنی شارەوانیەکان بون، بەتایبەتی لە ئەستەنبوڵدا، بەمە هەڵنەخەڵەتان و لە ئەردۆگان و کارە توندوتیژی و شۆڤینیەکانی ئەمەندە توڕە و بێزار بون، ئەمجارە دەنگیان بە حیزبەکەی ئەردۆگان نەدا کە ئەمە یەکێک بو لەهۆکارە سەرەکیەکانی شکستهێنانی ئەردۆگان و حیزبەکەی لە هەڵبژاردنی شارەوانیەکانی شارە گەورەکانی تورکیادا، بە تایبەتی دۆڕاندنی ئەستەنبوڵ کە ئاکەپە بە قەڵای خۆی دەزانی و شوێنی لەدایکبونی ئەردۆگانە.
ئەم شکستە چاوەڕوانکراوە جگە لەوەی دەسەڵاتی ئاکەپەی لە ئەستەنبوڵدا کەمکردەوە، هەمو گەندەڵی، دزێوی و شکستەکانی ئەردۆگانی لە ناو تورکیا و لە نێو کۆمەڵگای نێودەوڵەتیشدا خستە ڕوو.

ساڵی ٢٠١٩ هاڕەیەکی تری لیرەی تورکی بەخۆیەوە بینی نرخی کە لەو ساڵەدا ١ دۆلاری ئەمریکی بە بەراورد بە لیرەی تورکی زیاتر بەرزبۆوە و یەک دۆلاری ئەمریکی هاوتای بەهای ٥،٦٨ لیرەی تورکی بو.

هەڵبەتە شکستی سیاسەتە تاکڕەوی ودیکتاتۆریەکانی ئەردۆگان لە ناوخۆ و دەرەوەدا، بەتایبەتی شکستی هەمو شەڕەکانی ئەردۆگان لە دەرەوەی تورکیا، قەیرانە ئابوریەکانی تورکیای زۆر قوڵترکردۆتەوە و ئەمەندەی تر لیرەی تورکی شکاند لەگەڵیشیدا چەندین قات چارەی ئەردۆگانی ناشرین و دزێو کردوە.

بەو هیوایەی بتوانێت دەست بگرێت بەسەر سامانە سروشتیەکانی ئەو وڵاتانەدا و ئەو سامانە سروشتیانە بەکاربهێنێت بۆ بوژاندنەوەی ئابوری تورکیا و دراوەکەی، ئەردۆگان کەوتە دروستکردنی چەند گروپێکی ئیسلامی تیرۆریست بۆ بەکارهێنانیان لە شەڕ و پەلامار و داگیرکردنی وڵاتانی دراوسێ و هەرێمەکە
لە هەمان کاتیشدا ئەیویست ئەو شەڕە دەرەکیانە بەکاربهێنێت بۆ بزواندنی سۆزی شۆڤینەکان و مەشغوڵکردنی خەڵکی تورکیا بە (دوژمنەکانی دەرەوە) بەتایبەتی کورد، کە بەردەوام دژایەتیکردنی کوردی لە وتارەکانیدا بەکاردەهێنا و بە بەرگە ئیسلامیەکەیشیەوە ئەیویست بە بەیتوبالۆرەی دروستکردنەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی ختوکەی هەستی شۆڤینیەکانی حیزبە نەتەوەەییەکەی ناو تورکیا بدات، بەو هیوایەی لەو شەڕ و داگیرکاریانە سەرکەوتن بەدەست بهێنێت ولەوڕێگەیەوە لە ناوخۆدا دابەزینی شەعبیەتەکەی بوەستێنێت یان سنورداری بکات بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنی داهاتوی تورکیادا، جارێکیتریش حوکمی تورکیا بکەوێتەوە دەستی خۆی و حیزبەکەی.

لە ڕاستیدا، ئەو شەڕ و داگیرکاریانە نەک هەر ئەو ئامانجانەی نەپێکا بەڵکو ئابوری تورکیای زۆرتر شێواند و خراپتری کرد کە لە ئەنجامی ئەوەشدا لیرەی تورکی دابەزینێکی زیاتری بە خۆیەوە بینی.
تا کاتی توسینی ئەم ئارتیکڵە کە کۆتایی تشرینی دوهەمی (٢٠٢٠) ە، بەهای لیرەکە وا هاڕەی کردوە کە ١ یەک دۆلاری ئەمریکی هاوتای ٨،٢٦ لیرەی تورکیە.

بەڵام کێشەکە تەنها هەر کێشەی دابەزینی لیرەکە نیە کە وەستاندنەوەی بۆ نیە و هیچ هیوایەکیش نیە بەوەی کە جارێکیتر لیرەی تورکی بەرزبێتەوە، بەڵکولەوەدایە کە ئەردۆگان، جگە لەوەی کە سەرکردەیەکی شۆڤینی و گەندەڵە، هیچ ڕێوشوێنێکی ئابوری ڕاست و دروستی نەگرتۆتە بەر بۆ چارەسەرکردنی هاڕەی لیرەکەی کە بەهۆی ئەمەوە، زۆرینەی وەبەرهێنەرە بیانیەکان، وەبەرهێنانیان لە تورکیادا وەستاندوە وە بەهۆی پشێوی، نائارامی و ناسەقامگیریەوە، تورکیایان بەجێهێشتوە.

بە سەرنجدان لە مێژوی لیرەی تورکی لە ساڵی (١٩٤٦) ەوە هەتاکو ئێستا، یەکێک لە فاکتەرە سەرەکیەکانی قەیرانە ئابوریەکانی تورکیا و باری ئابوری خەڵکی تورکیا پەیوەندی بەو ناسەقامگیریەی ناو تورکیا و ئەو مێنتاڵیتیە شۆڤینیەی ڕژێمە یەک لەدوای یەکەکانی تورکیادایە هەبوە و هەیە کە وەکو پەندی پێشینانی کوردی ئەفەرموێت: “وەکو کەری دێز وان، حەز بە تۆپینی خۆیان و زەرەری ساحێبیان دەکەن.”
لە کاتێکدا کە (نازیەت) و (فاشیەت) لە هەمو دنیادا مەحکوم ئەکرێت، بەڵام لە تورکیادا زیاتر برەوی پێداروە و پیادەکراوە.
بە واتایەکی تر، ئەوان شۆڤینیەت، ڕەگەزپەرستی و ڕق و کینەی تورکەکان بەرامبەر بەوانەی تورک نین بە ئەندازەیەک بەرچاوی لێڵ کردون کە خۆشەویستی تورکیایان لەبیرچۆتەوە و بەرژەوەندی تورکیایان کردۆتە قوربانی تێرکردنی هەستە شۆڤینی و ڕەگەزپەرستانەکەیان و تەنها تەرکیزیان لەسەر بە کەم ڕوانین و چەوساندنەوەی ئەوانەیە کە تورک نین.
سودیان لە ئەزمونی تەبایی وپێکەوە ژیانی وڵاتانی ئەوروپا نەکردوە کە ئەیانەوێت ببن بە ئەندام لە یەکێتیەکەیدا و لە بیریان چۆتەوە کە ئەو ماڵەی ئاشتی تێدا نەبێت کەس ئیسراحەتی تێداناکات وە بۆ تێرکردنی ئیگۆ نەخۆشەکەیشیان تورکیاشیان وێرانکردوە و خۆیشیان هیچ کاتێک ئاشتی و ئارامیان بەخۆیانەوە نەبینیوە.

هەتاکو لە تورکیادا ڕێز لەمافی مرۆڤ، ئازادی دەربڕین، ڕێز لە جیاوازیەکان نەگیرێت و فێری پێکەوەژیان نەبن، ئابوری تورکیا هەر لە قەیراندا دەبێت، لیرەی تورکی هەر لە دابەزیندا دەبێت، برسێتی و بێ ئیشی سیمای ژیانی ڕۆژانەی زۆری خەڵکی تورکیا دەبێت و ئەستەمیشە یەکێتی ئەوروپا تورکیا بە ئەندام وەربگرێت کە یاسا تیایدا سەروەرنیە و مامەڵەکردنی شۆڤینیانە، ڕەگەزپەرستیانە و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ واقیعی ژیانی ڕۆژانەی خەڵکەکەیەتی.

—————————————————-

بۆ نوسینی ئەم ئارتیکڵە سود لەم سەرچاوانە وەرگیروە: ویکیپیدیا، بی بی سی، العربیة.
لوقمان ئابڵاخی: ئەندازیار، چالاکڤان و نوسەرە.

لوقمان ئابڵاخی، ئەندازیار، چالاکڤان و نوسەرە.
28/10/2020




نازانم! ئینجیل دۆستۆیڤسکی کرد بە نووسەر یان قومار … شیعر: جەلال عەبدوڵا ساڵح


فووم کرد
لەتۆزی ڕووخساری
تاوان و سزا
مناڵی خۆم بیرکەوتەوە
پیاوێک بە شڵەژاوییەوە
بەناو کۆڵانی گوندەکەماندا ڕایدەکردو
هاواری دەکرد:
خەڵکینە فریاکەون
“نادر”ە سمێڵ
دوێشەو لەناو جێگا
“ئافتاوی مینای”
بە تەور کوشت
ترسام!
خۆم شاردەوە
لەژێر کەواکەی دایکمدا
ئەو ترسە فێری دابڕانی کردم
وەک پێست و پەراسووم
نووسان بە ژیانمەوە
نازانم!
ئەم هەموو
لێکترازانی تەمەنە
چۆن؟ کۆبکەمەوە

ئەمشەو
قاچم بۆ دابڕان لە خۆم
تاقی کردەوە
گەیاندمییە
شەقامی سیبریای ژیان
جگە لە سێبەرەکەی خۆم
نە دۆستۆیفسکیم بینی
نە ڕاسکۆلینکۆڤیشا
سەیری ڕووخساری
جەلادی تەور دەکەم
لە ڕەنگی خوێنی
پیرێژنێک دەچێت
لە ماڵی مێژووی
تاوان و سزا
٢
گەڕانەوە بۆ لای مناڵیم

بە “پیچک”م ووت:
ئەو ڕۆژەی
قەمسەڵەکەی تۆم داکەندو
چوین بۆ ماڵی “ڕێواس” پێکەوە
کۆڵنجی ژیانم گرت
ئێستا لە نەخۆشخانەی تەنیایدام
هیچ دەرمانێکی ئێرە
وەک پێکەنینی تۆ
چاکم ناکاتەوە
کەی؟سەردانم دەکەیت
ئەو دوو باڵندەیەی
تۆ بانگت دەکردن
“بێوەی” و “هۆگر”
لەو ڕۆژەوە تفەنگ
ڕاویناون
بۆ من و تۆ
دەگرین
مانیان گرتووە
لە خوێندن
٣
سەما بۆ گوڵ

گوێم لە دایکم بوو
نزای دەکرد:
هیچ نەوەی ئادەمێک
هیچ زیندەوەرێک
ئازاری پێنەگات
کەچی لەناو پیاڵە چاکەیدا
لەتەنیشت سەرپۆشی
خەیاڵییەوە
مێشێکی دووگیان
باڵی مەرگی ڕادەوەشاند
بە دایکم وت:
نزا کردنت
مێشی
ڕزگار نەکرد
لە مەرگ
وەرە لەگەڵما
بڕۆین بۆ کەنار دەریا
گوێ لە باران بگرین
گۆرانی دەڵێت بۆ ژیان
سەیری سەمای
ماسی بکەین
بۆ ڕەنگی
کراسی مانگ
وەرە لەگەڵما
لەسەر سنگی
ئەم فەرشی دایک و فرزەنە
بە تەنها من و تۆ
هەڵپەڕین لەگەڵ
ئەو گوڵە ڕەنگاوڕەنگانەی
ئەم ئێوارەیە
بوون بە میوانی
پەنجەرەی
ژوورەکەمان




پاشماوەکانی جەنگ … شیعر: کاوە عوسمان عومەر

کەس قفڵی دەرگا ئاسنەکان
ناکاتەوە، ئەو کچانەی لەچاوەڕوانی
شنەبایەکی ئاسودەیی
ڕۆحیان سپی بوو،
بێ دەنگیش زمانێکە بۆ خۆی
هەر چۆن بەرد
لە ژێر بارانا
نۆتای عیشقی خۆی هەیە بۆ نمە
ئاواش کچانی دوای جەنگیش
لە بێدەنگیدا، ،،
لە سروتی چاوەڕوانی
خۆشەویستی ناکامی جەنگاوەرە دۆڕاوەکانن
دەنگی یەکەم—-
میحرابی نزرگەی خۆرمان لەدەستدا
بۆ بەیداخی خێڵەکانی لم،
دەنگی دوەم—–
خۆزگە زەمەنی بەرائەتی یەکەم
پێش لەدەستدانی باڵەکانمان ئەهاتەوە
دەنگی سێیەم—
تۆ بۆ خۆت لە نزرگەی خۆتا،،
ئاسودەبە ئازیز
منیش لە دورخەی خۆما خۆشبەختم
دەنگی چوارەم—–
بەدبەختی…
ئەوەیە هەموو ڕۆژێک،
تۆ بێیت بۆ باران
کەس چنگێک نەکاتە دەستەوە
دەنگی پێنجەم—-
ئاسودەیی….
تیاڕامانە لە ناو چەقی قەرەباڵغی شار
لە گەشانەوەی زیونی مانگێک

لەنێو دوو دەستی ئەفسوونی چیا

كچانی دوای جەنگ
کوڕانی دوای کۆچ
جگە لە گیای ئەرخەوانی نێو دڵیان
و مێرگی چاوە تەماویەکانیان
چیتریان ماوە،،
لەم قەراغ ڕوبارە لیخنەی حەسرەت
بروسکەیەکیش..
لە قەڵەمی شیعر
مەگەر بۆتکەمە پردی سیڕاتی عیشقێک
بەڵام ئەو لە شەقامەکەدا
بێ ووتەیەک وەستابوو
وەک بڵێی ڕاڕابێ
لە بێ دەنگی ئاسمان
لە و قامچیە بێ ڕەحمانەی..
مرۆڤە گورگەکان،،
لە ژنە هەژارو
منداڵە سوڵکەرو
پەکەوتەی جەنگە
بێ شومارەکانیان ئەدا
حەزی شەوێکێش..
لای ڕێبوارێ،،
بۆ هاتنی ئەو
ئارەزووی شنەبایەکیش
کە ئەبینێ،،
ئۆرکۆدیۆنی شەپۆلەکان
هەزاران ڕشتە ڕۆمانی سەفەر
لەسەر ڕۆخی پێڵوی
چاوی ئافرەتێک لە تەم،،
لە توخمی پەپوولە،،
ئەنەخشێنێ،،
بەڵام وەک دەریاوانێکی بێ کەنار
و وڵات و ماڵ و پەناگە
هیچ شتێک تۆ ناوەستێنێ..
لە ڕاوی ماسیە پەمەیەکانی خەونێ
بەڵام پردێ بەرەو فیردەوسی ڕۆح
پڕ لە نەورەسی شادومانیە
کەچی مرۆڤە باڵکراوەکان
لە ژووری مەرگگرتووی تاریکیا
دێوجامەیان بۆ مەلەکانی خەفەت هەڵداوە
لە هەموو شوێنێک ڕاوە رۆحە
توانەوەیە
لەخاچدانە
ژەهراویبوونە
چما لەم دوا ساتە تەلیسماویەی ژیان
ئیتر بە شیعر نەدوێین
گەر ئەمە دوا ساتمان بێ
من بڕیارم داوە
لەم کۆتایی هاتنی گەردوونە
بە ئازادانە بچمە ژێر
بارانێکی بێگەرد و درەوشاوە..
لە گوڵە نێرگزی شینی شیعر و
ئاورینگی لێوی ئافرەتێکی وون
بێشەرمانە بەرگی هەور لەبەرئەکەم!
هیچ شتێ ناموەستێنێ
بە پێخاوسی بچمەوە،،
بەردەم نزرگە شوشەیەکەی سادەیی یەکەم
پێش ڕزینی سێوە سپیەکانی گوناح و سزا
چاو بەسەر دنیایەکی ترا ئەکەمەوە
کەس لە بەرزاییەوە،،
قامچی لە پشتی ئەوی تری مرۆڤ نەدا
نیگام بە دەروازەی..
دنیایەکی ترا ئەکەمەوە،،
کەس لەسەر نانێ
مرۆڤێکی تر بە شەقامەکانا..
وەک ئاژەڵ نەڕەتێنێ
بەردەرگاکانیش هەر قەنارەن
ئێوارانیش چەتەکانی شار پشوو نادەن
حەز لە لێوی کچانی ڕەشپۆشی..
دوای جەنگەکان ئەدزن
ڕازە بچووکەکانیشیان خراوەتە قەفەزەوە
لە بێدەنگی ئاسمانا
هاتینە بەردەم تریفەی
مانگی زیوینی ئازادی
ویستمان جارێکی تر
ئەستێرەکان بە بەرۆکی شەوی
ئەرخەوانی خۆشبەختیدا هەڵواسین
کە چی بایەقوشەکانی دوای جەنگ
شنەباشیان دزی،
ڕێبوارێکین ئێستا
کاتێ ئێمە بوین ،،
خاوەنی ڕاستەقینەی مەمەلکەتی ئاو
کوپێ کانی ئێوارەی..
شارێکی وونم پێویستە
بەڵام نە تارمایەکان..
ئێستا بونەوەری ڕاستین،،
نە پاشماوەکانی جەنگ
ڕۆحیان تیا ماوە خەندەیکیش بکێشن..
ئێسک و پروسکی ڕوخامی وەریوی شارێکیش
لە خەو و ئەفسانە
کراوەتە مۆڵگەی کەنیزەکردنی
جەستە ی پەپولە مەست کراوەکان
دار سنەوبەرە خوێن لێتکاوەکان
ئازاریان تێکەڵە
بە گازی ژەهرینی ماشینە شیعر کوژەکان
کۆمپیوتەرەکانیش
داڵاشی سەر بێستانی مێشکن
لە باڵەخانەی چەتەکانی شار
داڵاشەکان ئەفڕن
لە نیوە شەویشا،،
سۆمای دایکە نەنوستوەکان ئەدزن
کە هیچ مۆڵگەیەک بۆ خۆحەشاردان نامێنێ
باشترە بچینەوە ئەشکەوتە سەرەتاکانی
یەکەم ڕۆژ فێری سەمای ئاگرو تیشک
عیشقی سروشت و
شەوو دەریاو ئەستێرەکان بوین
پێویستە بچینەوە،،
بۆ لای ڕم و قەڵغانەکانی خۆپارێزی
لەگەڵ درەوشانەوەی سەرلەنوێی دڵمان
دێڕ بە دێڕ
پەخشانی کۆچی هاوڕێ..
سەرنگومکراوەکان
بەسەر پەڕەی هەڵواسراوی ..
کەناری غوربەت هەڵئەواسین
گێژەنە لم بوو دوێنێ
گیانی ئێمەی فەنا کرد،،
هەزاران جاری تریش
لێرەش
لە وڵاتی پەرتبوونا
چوارمێخە کراین




پرووشەکانی ئەوین…بەشی کۆتایی.. شیعری: ستیڤان شەمزینی

هیچ رەشەبایەک نەیتوانی
رۆحم بە ئاسماندا ببا و بهێنێ
هیچ زریانێک دەسەڵاتی
راماڵینی خەندەکانی منی نەبوو
هیچ شەپۆلێک نەیتوانی
ئاڕاستەی کەشتییە وێڵەکەم بگۆڕێ
کەچی تۆ توانیت، زۆر بەخێرایی
بۆ ماچێک بمچەمێنیتەوە


یەکەمجار مرۆڤ ماچی داهێنا
زەمەن هات و زەمەن رۆیشت
کەس نەیتوانی شوێنگرەوەیەک بۆ ماچ دابهێنێ
کەواتە ئازیزم ماچ جادووە و پێم خۆشە
رۆژی سەد جار ئەو جادووەم لێ بکەیت


دەبینم هەموو رۆژێک دێیتە ناو بەیانییەکانمەوە
دەبینم هەموو شەوێک دێیتە ناو ئازارەکانمەوە
دەبینم وەک کلوە بەفر دەبارێیتە خۆزگەکانمەوە
دەبینم وەک سەدەفێک دێیتە دەریای خەمەکانمەوە
ئیدی لەه ەموو شوێنێک تۆ دەبینم
لێمگەڕی دنیا بە رەنگ و لە چاوی تۆوە ببینم


هیچ پێناسەیەکم نییە، تۆ بوویت بە پێناسەی من
هیچ ئادرەسێکم نییە، تۆ بوویت بە ئادرەسی من
هیچ نیشتمانێکم نییە، تۆ بوویت بە وڵاتی من
هیچ ئومێدێکم نییە، تۆ بوویت بە چرای هیوای من


وەک چۆن لە یەکەم نامەدا بۆم نووسیت خۆشم ئەوێی
ئێستاش لە دوا نامەدا بۆت ئەنووسم خۆشم ئەوێی
هەڵاتن و ئاوابوونی تۆ، بۆ من
تەنیا حکایەتێکی ناکام و تراژیدیی ئەشقە
بەم هۆیەوە رێم بدە ئەمێستاش وەک سەرەتا
خۆشم بوێی


ئەگەر ئێوارەیەک لەگەڵ کزەی “با”دا دیار نەمام
هیچ شوێنێک بۆ من مەگەڕێ
تەنیا چاوەڕوان بە لەگەڵ گزنگی خۆردا هەڵبێم
ئەگەر بەیانییەک لەگەڵ سپێدە غەیب بووم
هیچ شوێنێک بۆ من مەگەڕێ
چاوەڕوان بە لەگەڵ تریفەی مانگدا بێمەوە


وەرە پێکێک لەم تەنهاییەی من بخۆرەوە
وەرە گوێ لە ئاوازی پڕ گریانی دڵم بگرە
وەرە بەدیار خۆکوشتنی رۆحمەوە ئێشک بگرە
ئەوسا دەزانیت
ئەشق و تەنهایی و گریان و خۆکوشتن
هەمیشە پێکەوە کۆ ئەبنەوە


لە کۆتاییدا
لە جەنگی عەشق هەڵاتم و
وەک سەربازێکی راکردوو
چەکەکەی دەستم فڕێدا و
خۆم رادەستی قەدەری نادیار کرد
لە کۆتاییدا
لە نەبەردی عەشق هەڵاتم و
سەرەتای بەختەوەریم دەستپێکرد


رۆژئاوای زەمین
ئەو ئێوارانەی تەنهایی رۆحم دەگوشێت

تێبینی: ئەم پۆستەرە شیعرانە، لە کۆمەڵە شیعری “بەتیشکی عیشقت ئەدرەوشێمەوە” لە لاپەڕە 90-102دا چاپ و بڵاوکراوەتەوە. ئەو کتێبەش بەشێوەی چاپی کاغەز لە سەرەتای ساڵی 2017 چاپکراوە.




ساتمه‌ی زمان له‌ نێوان سه‌باح ڕه‌نجده‌ر و حه‌كیمی مه‌لا ساڵح_ دا … سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی

ئه‌زموون و شوناسی شیعری سه‌باح ڕه‌نجده‌ربه‌ گشتی ، ئه‌زموونێكی ئاڵۆز و قووڵ و پڕله‌ تێڕوانینی هزریی و زمانی، كه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ناچێته‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و زمانه‌ باوه‌ی له‌ شیعری شاعیرانی تر هه‌یه‌. ئه‌م زمانه‌ تایبه‌ته‌، فاكته‌رێكی سه‌ره‌كی مانه‌وه‌ و به‌رده‌وامی ئه‌و ئه‌زموونه‌ شیعریه‌یه‌ كه‌ ساڵانێكه‌ شیعری ئه‌م شاعیره‌ی پێ ده‌ناسرێته‌وه‌ و له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌زموونه‌كانی تره‌، له‌ ڕووی ناوه‌ڕۆك و شوناسی شیعریدا. ته‌نانه‌ت شیعره‌كانی ئه‌و له‌ ڕووی زمانه‌وه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌وجۆره‌ بینین و لێكدانه‌وانه‌یه‌ن، كه‌ به‌ گشتی بۆ شیعری كوردی ده‌كرێت. به‌ بڕوای من هه‌ر ئه‌مه‌شه‌ ئه‌وانه‌ ده‌خاته‌ هه‌ڵه‌وه‌ كه‌ ئه‌زموونی ڕه‌نجده‌ر ده‌خوێننه‌وه‌. میتۆدی خوێندنه‌وه‌ی ئه‌زموونی شیعری كوردی به‌ گشتی، بۆ خوێندنه‌وه‌ی ده‌قه‌ شیعرییه‌كانی ڕه‌نجده‌ر ناشێت.به‌ڵكو ئه‌و ئه‌زموونه‌، زۆرتر له‌ خوێندنه‌وه‌یه‌ك هه‌ڵده‌گرێت و له‌ هه‌ندێ كاتیشدا مانای شیعری لای خوێنه‌ر، وه‌ك كۆدێكی نه‌كراوه‌ ده‌مێنێته‌وه‌. ئه‌م شاعیره‌، یه‌ كێكه‌ له‌و شاعیرانه‌ی، زمانێكی هونه‌ری چڕو ئاڵۆزی شیعریی هه‌یه‌ و پاشخانیچكی زمانه‌وانی گه‌وره‌ی هه‌یه‌، كه‌ زۆر باش ده‌زانێت وشه‌ له‌ چوارچێوه‌ی مانای شیعریدا به‌رجه‌سته‌ بكات و زۆر به‌كه‌می تووشی ساتمه‌ی زمان ببێت. بۆیه‌ كاتێ وتاری زمان و بیركردنه‌وه‌ی شیعری( حه‌كیمی مه‌لا ساڵح) م خوێنده‌وه‌، كه‌ له‌ باره‌ی ئه‌زموونی شیعری چه‌ند ده‌قێكی سه‌باح ڕه‌نجده‌ره‌، به‌ پێویستم زانی وه‌ك خوێنه‌رێكی شیعره‌كانی ئه‌م شاعیره‌، هه‌ڵوه‌سته‌یه‌ك بكه‌م و چه‌ند سه‌رنجێكی كورت ، له‌ باره‌ی ڕاستكردنه‌وه‌كانی نووسه‌ر كه‌ بۆ شاعیر نووسیونی بخه‌مه‌ ڕوو. له‌ هه‌ندێ ده‌ربڕین و گوزارشتكردندا، ئه‌وه‌ی شاعیر نووسیویه‌تی ڕاسته‌ و ئه‌وه‌ی حه‌كیمی مه‌لا ساڵح ڕاستیكردۆته‌وه‌ هه‌ڵه‌یه‌. ئه‌وانیش:_

یه‌كه‌م:_ نووسه‌ر نووسیویه‌تی:_( ماسی ئاوزاده‌ دروست نییه‌، به‌ڵكو ڕۆشنایی زاده‌ دروسته‌. چونكه‌ ڕۆشنایی به‌ مانای ئاو دێت). ڕۆشنایی به‌ مانای ئاو نایه‌ت، گریمان ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستی نووسه‌ر ئاوی ساف و ڕۆن بێت كه‌ ڕۆشنایی ده‌داته‌وه‌، ئه‌وا هه‌موو ئاوێك ساف و ڕۆن نییه‌. ئه‌مه‌ له‌لایه‌ك، له‌لایه‌كی تره‌وه‌، مه‌به‌ست له‌ ماسی ئاو زاده‌، ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ ماسی له‌ ئاودا ده‌ژیت. چونكه‌ ده‌بێ شاعیرێكی هوشیاریی وه‌ك سه‌باح ڕه‌نجده‌ر نه‌زانێت ماسی له‌ ئاودا ده‌ژیت؟ بێگومان. به‌ڵكو مه‌به‌ستی ئه‌و زاده‌ و له‌ دایكبوونه‌یه‌، كه‌ له‌ماسییه‌وه‌ دروست ده‌بێت. كه‌ ڕه‌نگه‌ ماسی میتافۆر بێت بۆ شتێكی تر.

دووه‌م:_ نووسه‌ر نووسیویه‌تی:_(هه‌موومان ده‌زانین چارۆگه‌ په‌یوه‌ندی به‌ به‌له‌مه‌وه‌ نییه‌، به‌ڵكو تایبه‌ته‌ به‌ كه‌شتی ناو زه‌ریاكان). بێگومان ئه‌وه‌ی شاعیر نووسیویه‌تی ڕاسته‌ و ئه‌وه‌ی نووسه‌ری كتێبه‌كه‌ ده‌یڵێت هه‌ڵه‌یه‌. چونكه‌ به‌له‌می چارۆگه‌دار هه‌یه‌ و كه‌شتی و پاپۆڕی گه‌وره‌ چارۆگه‌یان نییه‌. ته‌نانه‌ت له‌ یارییه‌كانی ئۆلۆمپیدا، وه‌رزشێك هه‌یه‌ به‌ ناوی (پێشبڕكێی به‌له‌می چارۆگه‌دار).

سێیه‌م:_ نووسه‌ر ده‌نووسێت( باخچه‌ی پرته‌قاڵ) هه‌ڵه‌یه‌ و ده‌بوو سه‌باح ڕه‌نجده‌ر بنووسێت( باغی پرته‌قاڵ) ، چونكه‌ پرته‌قاڵ له‌ باغدا ده‌ڕوێت. وه‌ك خوێنه‌رێك له‌ كاك حه‌كیم ده‌پرسم، ئه‌ی ئه‌و پرته‌قاڵانه‌ی له‌ نێو باخچه‌ی بچووكی ماڵان پێ ده‌گه‌ن، هه‌ر پڕته‌قاڵ نین؟!. سێیه‌م:نووسه‌ر ده‌نووسێت:_(سه‌وڵ تایبه‌ته‌ به‌ به‌له‌م، كه‌له‌ك به‌ كندر ڕاده‌كێشرێت). بێگومان سه‌وڵ بۆ كه‌له‌كیش به‌كار دێت. له‌ سه‌رده‌می شاخدا، ده‌یان جار پێشمه‌رگه‌ له‌ به‌نداوی دوكاندا، به‌ كه‌له‌ك په‌ڕیونه‌ته‌وه‌. خۆ ئه‌گه‌ر ڕووبارو گۆماوێكی گه‌وره‌ هه‌بێت كه‌ له‌ مه‌ودای كندر دوورتربێت، ده‌بێ سه‌وڵ بۆ كه‌له‌ك به‌كاربێت نه‌ك كندر.

چواره‌م:_ نووسه‌رنووسیویه‌تی:_(هه‌ڵۆ باڵی هه‌یه‌ ده‌ستی نییه‌، به‌ڵكو چڕنووكی هه‌یه‌). هه‌ڵبه‌ته‌ سه‌باح ڕه‌نجده‌ریش ده‌زانێت هه‌ڵۆ ده‌ستی نییه‌. ئه‌و مه‌به‌ستی ده‌ست نییه‌ له‌ ئاستی فیزیكیدا، به‌ڵكو زۆركات هه‌ڵۆ، به‌ هه‌ردوو چڕنووكی، نێچیرێك ده‌گرێت و ده‌یخوات. وه‌ك چۆن مرۆڤ بۆ خواردن ده‌سته‌كانی به‌كار دێنێت.ئه‌م خه‌سڵه‌ته‌ سرووشتییه‌ لای زۆر له‌ زینده‌وه‌ران ده‌بینرێت.

پێنجه‌م:_ نووسه‌ر نووسیویه‌تی:(كه‌روێشك لانه‌ی هه‌یه‌، هێلانه‌ی نییه‌). ئه‌مه‌ش وه‌ك سه‌رنجێك له‌ باره‌ی شیعری سه‌باح ڕه‌نجده‌ره‌وه‌ نووسیویه‌تی، كه‌ ئه‌و به‌ ساتمه‌ی زمان وه‌سفی ده‌كات. گریمان ئه‌وه‌ی شاعیر هه‌ڵه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی نووسه‌ری كتێبه‌كه‌ش نووسیویه‌تی هه‌رهه‌ڵه‌یه‌. چونكه‌ كه‌روێشك(كونی هه‌یه‌). بۆ نموونه‌ ده‌ڵێین:( كونه‌ كه‌روێشك). به‌ گشتی شیرده‌ره‌كان كونیان هه‌یه‌، جا له‌نێو دار بێت، یان زه‌وی. باڵداره‌كانیش لانه‌ و هێلانه‌یان هه‌یه‌.

شه‌شه‌م:_ نووسه‌ر نووسیویه‌تی:( شۆڕش وشه‌یه‌كی زه‌ق و زۆپه‌) ده‌كرا له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و وشه‌یه‌، ڕووبار یان بلێسه‌ بنووسرێت. به‌رله‌وه‌ی سه‌رنج له‌وباره‌وه‌ وه‌ك خوێنه‌رێك بده‌م، دێڕه‌ شیعره‌كه‌ی سه‌باح ڕه‌نجده‌ر ده‌نووسمه‌وه‌ كه‌ ده‌ڵێت:

      به‌ خۆت نوقمی له‌ دڵی شۆڕشه‌ كورته‌كان

مه‌به‌ستی نووسه‌ر ئه‌وه‌یه‌، كه‌ له‌ جێگه‌ی وشه‌ی شۆڕش، وشه‌ی ڕووبار یان بلێسه‌ بنووسرایه‌ جوانتر بوو. به‌ڵام ئایا ئه‌م دوو وشه‌یه‌، هه‌مان واتای وشه‌ی شۆڕشیان هه‌یه‌؟ ئه‌مه‌ له‌لایه‌ك، له‌لایه‌كی تره‌وه‌، بلێسه‌ كورت و درێژی نییه‌، به‌ڵكو بلێسه‌ی گه‌وره‌ و بلێسه‌ی بچووك هه‌یه‌. له‌ هه‌ردوو ڕووه‌كه‌، ئه‌وه‌ی شاعیر گونجاوترو بابه‌تیترو ڕاستتره‌.

هه‌فته‌م:_ نووسه‌ر نووسیویه‌تی:_( خه‌سڵه‌تی كلك درێژ بۆ قه‌له‌ باچكه‌ خه‌سڵه‌تێكی داسه‌پاوه‌ و هونه‌ری نییه‌).مه‌به‌ست لێره‌دا،خودی كلك نییه‌ وه‌ك پێكهاته‌یه‌كی فیزیكی ئه‌و باڵنده‌یه‌، به‌ڵكو مه‌به‌ست كورت و درێژی ئه‌و به‌شه‌ی باڵنده‌یه‌، چونكه‌ قه‌له‌ باچكه‌كان، هه‌موویان كلكیان وه‌ك یه‌كتری نییه‌.

هه‌فته‌م:_ نووسه‌ر نووسیویه‌تی:_( گوێڕایه‌ڵ بۆ كه‌سی ژیره‌). وه‌ك خوێنه‌رێك ده‌پرسم، به‌ چ پێوه‌رێك ئه‌م وشه‌یه‌ ته‌نها بۆ كه‌سانی ژیره‌؟. مه‌گه‌ر بزۆزو سه‌ركێشه‌كان، له‌ هه‌موو كه‌س زیاتر پێویستییان به‌ گوێڕایه‌ڵی نییه‌.

هه‌شته‌م:_ نووسه‌ر نووسیویه‌تی:( قیبله‌نما داده‌نرێ و داناخرێ). سه‌ره‌تا با دێره‌ شیعره‌كه‌ی ڕه‌نجده‌ر بنووسینه‌وه‌ كه‌ ده‌ڵێت:
سه‌ر له‌ ڕێیه‌ و ڕووگه‌نما داده‌خا
به‌دیدی من وه‌ك خوێنه‌رێكی ئاسایی، ده‌كرێ به‌ دوو واتاوه‌ ئه‌م دێڕه‌ لێك بده‌ینه‌وه‌. له‌لایه‌كه‌وه‌ ئاماژه‌یه‌ بۆ كه‌سێك كه‌ ڕێ ده‌كات، به‌ڵام ئاراسته‌كه‌ی نازانێت و به‌ كوێریی و سه‌رلێشێواوی هه‌نگاو ده‌نێت، له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ كه‌سێك كه‌ نوێژ ده‌كات ڕووگه‌ نابینێت. چونكه‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا بۆ فریودانه‌ و ئاییندارییه‌كه‌ی به‌دڵ و ڕوح نییه‌.

نۆیه‌م: نووسه‌ر نووسیویه‌تی:_( سیفه‌تی ترش و مزر بۆ هه‌لوژه‌ زیاده‌یه‌، چونكه‌ هه‌لوژه‌ بۆخۆی ترش و مزره‌). به‌ڵام به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ هه‌ندێ جارهه‌ڵوژه‌ی شیرینیش هه‌یه‌.

ده‌یه‌م:_ نووسه‌ر نووسیویه‌تی:( ڕووی خۆشكرد زیاده‌یه‌، ژیان بزه‌یه‌كی نواند دروسته‌). سه‌ره‌تا بابزانین سه‌باح ڕه‌نجده‌ر له‌ شیعره‌كه‌یدا چی ده‌ڵێت:

                   ژیان ڕووی خۆشكرد و بزه‌یه‌كی نواند

له‌ ڕاستیدا، بزه‌ تایبه‌ته‌ به‌ شوێنێكی دیاریكراوی ڕووخساری مرۆڤ كه‌ ئه‌ویش لێوه‌. بۆیه‌ مه‌رج نییه‌ هه‌موو ڕووخۆشییه‌ك بزه‌ی له‌گه‌ڵ دابێت. هاوكات ده‌كرێ ده‌م و چاوی مرۆڤ له‌ حاڵه‌تی زۆر ئاساییش دابێت، به‌ڵام بزه‌ش بكات. بۆیه‌ ئه‌وه‌ی شاعیر دروستتره‌.

یانزه‌م:_ نووسه‌ر نووسیویه‌تی:(كووچه‌ و كۆلان زیاده‌یه‌). با بزانین سه‌باح ڕه‌نجده‌ر چی نووسیوه‌:
كووچه‌ و كۆڵانی شار چی به‌سه‌ر دێت.
به‌ بڕوای من، نووسه‌ری كتێبه‌كه‌ بۆچوونی وایه‌ كوچه‌ش هه‌ر كۆڵانه‌. به‌ڵام كوچه‌ باریكترو مه‌ودا ته‌سكتره‌ له‌ كۆڵان. بۆیه‌ ئه‌گه‌ر به‌ وردی دیقه‌ت بده‌ین، له‌ زمانی كوردی هه‌میشه‌ ده‌گوترێت:_(گشت كوچه‌ و كۆڵانه‌كانی شار).

دوانزه‌م:_ نووسه‌ر نووسیویه‌تی:( ناسینی دووه‌م زیاده‌یه‌). سه‌ره‌تا دێڕه‌ شیعره‌كه‌ی شاعیر ده‌نووسینه‌وه‌ كه‌ ده‌ڵێت:_
له‌ ناسینی خودا و ناسینی تۆدا
به‌ بڕوای من، نووسه‌ر ورد نه‌بووه‌ له‌ خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و دێڕه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ناسینی دووه‌م زیاد نییه‌. ئه‌گه‌ر ناسینی دووه‌م لا بده‌ین، مانای وایه‌ شاعیر له‌یه‌ك چركه‌ ساتدا خودا و ئه‌ویشی ناسیوه‌. به‌ڵام مانای دێڕه‌ شیعره‌كه‌، ناسینی خودا و ناسینی ئه‌وه‌ له‌ دوو كاتی جیادا.
به‌ گشتی ئه‌و نووسینه‌ی نووسه‌ر، كه‌ به‌ ناوی زمان و بیركردنه‌وه‌ی شیعرییه‌و له‌ باره‌ی ئه‌زموونی ڕه‌نجده‌ر نووسیویه‌تی، پێویستی به‌ هه‌ڵوه‌سته‌ كردن و شڕۆڤه‌ كردنی زیاتره‌، به‌ تایبه‌تیش له‌ ڕووی لێكدانه‌وه‌ی شیعره‌كانه‌وه‌. به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌ هه‌مووی زیاتر بۆمن جێگه‌ی سه‌رنج بوو ئه‌وه‌یه‌، كه‌ نووسه‌ر ئه‌زموونی ڕه‌نجده‌ر، ده‌به‌ستێته‌وه‌ به‌ ئه‌زموونی سوهراب. بێگومان نكۆڵی له‌وه‌ ناكرێت كه‌ سوهراب و فروخ، كاریگه‌ریه‌تییان به‌ سه‌ر سێ به‌شی شاعیرانی كورده‌وه‌ هه‌یه‌، به‌ تایبه‌تیش له‌ دوای هه‌شتاكانه‌وه‌ و دوای ڕاپه‌ڕین. به‌ڵام هه‌ر كه‌سێك بچووكترین زانیاریی له‌ باره‌ی شیعری سه‌باح ڕه‌نجده‌ره‌وه‌ هه‌بێت، ده‌زانێت ئه‌زموونی ڕه‌نجده‌ر، هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به‌ سوهرابه‌وه‌ نییه‌. ئه‌گه‌ر دنیابینی ئه‌و دوو شاعیره‌ له‌ یه‌كتری نزیك بوایه‌، ئێستا ئه‌زموونێك نه‌ده‌بوو به‌ ناوی ئه‌زموونی سه‌باح ڕه‌نجده‌ر. بۆیه‌ به‌لامه‌وه‌ سه‌یربوو، كه‌ چۆن نووسه‌رو لێكۆله‌رێكی وه‌ك حه‌كیمی مه‌لا ساڵح ئه‌وه‌ بۆچوونیه‌تی. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ته‌نها له‌ ڕووی زمانی ده‌ربڕینه‌وه‌، بڕوانینه‌ شیعره‌كانی سوهراب و سه‌باح ڕه‌نجده‌ر، ده‌بینین ئه‌و ساده‌یه‌ی له‌ شیعری سوهرابدا هه‌یه‌، به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك له‌ ئه‌زموونی ئه‌م شاعیره‌ له‌ زێوانه‌وه‌ تاكو سه‌ره‌تا وشه‌ بوو بوونی نییه‌. ده‌كرێ له‌م باره‌یه‌وه‌ خوێنه‌ران خۆشیان بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر هه‌ردوو ئه‌زموونه‌كه‌.

   ڕواندز

كۆتایی تشرینی یه‌كه‌می 2020




ماكرۆن چی گوت‌؟ … كاوه‌ هادی

له‌ سالی ٢٠٠٣ خانمێكی زۆر خۆشه‌ویست و مرۆڤدۆست به‌ نێوی ئانالیند وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی وڵاتی سوید بوو ، ئه‌م خانمه‌ رۆژێك له‌ یه‌كێك له‌ بازاڕه‌كانی نێوجه‌رگه‌ی شاری ستۆكهۆڵمدا ، له‌ لایه‌ن كه‌سێكی ده‌رون نه‌خۆش‌ به‌ر چه‌قۆدرا و بێكه‌سكوژكرا . ئه‌و رۆژه‌ سه‌رتاپای خه‌ڵكی ئه‌م وڵاته‌ ده‌تگوت خۆڵی مردویان به‌سرداكراوه‌ ، خه‌ڵك توند و توڕه‌ ، زۆركه‌س داویان ده‌كرد ئه‌م به‌ره‌ڵاییه‌ به‌سه‌ ، ئاخر چۆن وه‌زیر یان سه‌رۆك وه‌زیران به‌بێ پاسه‌وان دێن و ده‌چن ؟ ئاخر چه‌ند كه‌سی خۆشه‌ویست و گرنگی كه‌ له‌ده‌ست بده‌ین هه‌تا چاوتان ده‌كرێته‌وه‌ ، تكایه‌ ئه‌م بێ سه‌روبه‌رییه‌ ڕاگرن و چی دی سوێ به‌ دڵماندا مه‌كه‌ن . دوای چه‌ند ڕۆژی ماته‌مینی و دامركانه‌وه‌ی توڕه‌یی و ڕقوكینه‌ی خه‌ڵك ، سه‌رۆك وه‌زیرانی سوید كه‌ له‌ هه‌موو كه‌سێك غه‌مبارتر و دڵشكاوتر بوو به‌و كۆسته‌ ، ئاوا وه‌ڵامی خه‌ڵكی دایه‌وه … ئێمه‌ ده‌بێت هه‌وڵ بده‌ین ژیانی خه‌ڵكی خۆشتر بكه‌ین و چاره‌سه‌ری باشتر بۆ كه‌سه‌ نه‌خۆشه‌كان دابین بكه‌ین ، كه‌سێك كه‌ باری ده‌رونی ناته‌ندروسته‌ نابێت ئێمه‌ بگۆڕێت ، ئه‌م ئازادی ودیموكراتیه ‌كه‌ به‌سه‌دان ساڵ به‌ده‌ستهاتوه ئاوها به‌سانایی له‌ده‌ستی ناده‌ین ، ئێمه‌به‌رده‌وام ده‌بین له‌سه‌ر ئه‌م ئازادی و كرانه‌وه‌یه‌ ، چۆن ژیاوین هه‌رئاوهاش ده‌ژین ، هیچ شتێك یه‌ك هه‌نگاو نامانگه‌ڕێنێته‌وه‌ به‌ره‌و پاش‌ ….. ئه‌م گوتانه‌ی یۆران پێرشۆنی سه‌رۆك وه‌زیرانی ئه‌و ده‌مه‌ی سوید هیچ جیاوازیه‌كی نییه‌ له‌و گوتانه‌ی كه‌ سه‌رۆك ماكرۆن فه‌رموی ، له‌ پاش كوژرانی مامۆستایه‌كی فه‌ره‌نساوی له‌ لایه‌ن كه‌سێكی ده‌رون نه‌خۆشی مێشك بۆگه‌نه‌وه‌ …. ئێمه‌ به‌رده‌وام ده‌بین له‌ مۆسیقا و سه‌ما له‌ وێنه‌كێشان و كاریكاتێر ، ئێمه‌ مێژو فێری مناڵه‌كانمان ده‌كه‌ین ، كه‌سانی ده‌رون نه‌خۆش ناتوانن ئێمه‌ بگۆڕن ، ئه‌و كه‌سانه‌ی كۆچیان كردوه‌ بۆ وڵاته‌كه‌مان ده‌بێت خۆیان بگونجێنن له‌ ته‌ك ئه‌م ئازادی و سه‌ربه‌ستیه‌دا . ئه‌مانه‌و چه‌ند رسته‌ مرواری دی ، ته‌واوی گوته‌كانی ئه‌و به‌ڕێزه‌ بووه‌ . ئیدی ئۆردوغانی كوردكوژی داخ له‌ دڵ بۆ ئاوها قوشقی بووه‌ ، مالومه‌ كه‌ مه‌رامی سیاسی له‌ پشته‌وه‌یه‌ ، له‌سه‌رو هه‌مووشیانه‌وه‌ ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ جوانانه‌ی سه‌رۆك ماكرۆن و وڵاتی فه‌ره‌نسایه‌ به‌رامبه به‌ دۆزی كورد ، به‌تایبه‌تیش ئه‌و پشتگیریه‌ سه‌رسختانه‌ی فه‌ره‌نسا ده‌یكات له‌ كوردانی رۆژئاوا به‌رامبه‌ر ئه‌و زوڵموزۆره‌ی ئۆردوغانی ره‌گه‌زپه‌رست ، پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئایا ماكرۆن و مامۆستاكه‌ و چارلی هێبدۆی وێنه‌كێش هیچ كامیان سوكایه‌تیان به‌ ئیسلام و پیام هێنه‌ری كردوه؟ یان ئه‌وه‌ قورئان و گوته‌كانی موحه‌مه‌ده‌ كه‌ سوكایه‌تی به‌ خۆیان و شوێنكه‌وتوانی ئه‌م ئاینه‌ ده‌كه‌ن
ئێوه‌ دادوه‌ر بن له‌ نێوان من و ئه‌م چه‌ند روداوانه‌دا كه‌ به‌رده‌وام زانا موسڵمانه‌كان ، له‌ مینبه‌ری مزگه‌وته‌وه‌ به‌شانازیه‌وه‌ ده‌یڵێن و ده‌یڵێنه‌وه ، چۆن ده‌كرێت كه‌سێك بۆنخۆش و نازدار بێت ؟ كه‌ له‌ یه‌ك شه‌ودا سه‌رجێیی له‌گه‌ڵ نۆ خانمدا بكات ، به‌بێ ئه‌وه‌ی نه‌گرماوێك نه‌ مه‌سینه‌ ئاوێكی هه‌بێت ؟ به‌ڵگه‌شم ئه‌وه‌یه‌ ئه‌م كه‌سه‌ خۆی ده‌ڵێت … له‌ دوای گو كردنێكی تێروته‌سه‌ل بۆتهه‌یه‌ به‌ سێ به‌رد ته‌نها به‌ سێ به‌رد پاشه‌ڵت پاك بكه‌یته‌وه‌ ، داوای لێبوردن ده‌كه‌م له‌م وشه‌ بێ له‌زه‌تانه‌ به‌ڵام ئه‌م قسانه‌ له‌م ئاینه‌دا ناویان حیكمه‌ت و فه‌توا و ئه‌حكامه‌ . چۆن ده‌كرێت كه‌سێك نمونه‌ی ره‌وشت به‌رزیی بێت و مناڵێكی نۆساڵان ماره‌بكات ؟ یان ژنی كوڕه‌كه‌ی له‌ خۆی ماره‌بكات ؟ جا ئه‌و كوڕه‌كوڕی خۆی بێت یان كوڕی هه‌ڵگیراوه‌بێت چ جیاوزیه‌كیان هه‌یه‌؟
چۆن ده‌كرێت كه‌سێك به‌ دادپه‌روه‌ر و دڵپاك و به‌سۆز ناسرابێت ، به‌ڵام له‌سه‌ر چه‌ند دانه‌ هوشترێكی دزراو ، سێ چوار مروڤ پارچه‌ پارچه‌ بكات و چاویان هه‌ڵكۆڵێت ، ئه‌م دزانه‌ به‌رده‌وام هاوركه‌ن بۆ چۆڕه‌ ئاوێك ، به‌ڵام ئه‌م په‌یام هێنه‌ره‌ی خودا ، ته‌نانه‌ت چۆڕه‌ ئاوێكیان پێ نه‌دات هه‌تا مردار ده‌بنه‌وه‌ ؟ ئه‌مانه‌و سه‌ده‌ها باسوخواسی پڕ له‌ كۆمیدیا و تراژیدیا هه‌ن له‌م ئاینه‌دا كه‌ هونه‌رمه‌ندان و به‌هره‌داران ده‌توانن سودی لێ ببینن ، بۆ وانه‌ وتنه‌وه‌ بۆ هونه‌ر و شانۆ بۆ سه‌رهه‌ڵدانی نه‌وه‌یه‌كی ته‌ندروست له‌ ئاینده‌دا
ئه‌مه‌ چه‌ند دڵۆپێكه‌ له‌و ده‌ریا سه‌یر و سه‌مه‌ریه‌ كه‌ناوی لێ نراوه‌ دواهه‌مین ئاین بۆ گه‌لانی سه‌ر روی زه‌وی ، كاتێك مه‌لا و زاناموسڵمانه‌كان ئه‌م شتانه‌ باس ده‌كه‌ن ده‌بێته‌ شانازی و سه‌روه‌ری لای موسڵمانان ، به‌ڵام جگه‌ له‌ خۆیان هه‌ركه‌سێكی دی باس له‌م شتانه‌ بكات ، له‌ شه‌رمه‌زاریدا ده‌ڵێن ئه‌مه‌ سوكایه‌تی كردنه‌ به‌ ئاینی ئیسلام و په‌یام هێنه‌ره‌كه‌ی.

كاوه‌ هادی




بایکۆتی ئەقڵ … مەحمود عەبدوڵڵا

جارێکیتر دوای زیاتر لەچوارەدە سەدە ،ئەقڵێک سەردەبڕدرێت.بەهەمان هەمان زهنیەت و ئیمان .چواردە سەدەلەمەبەو بەر محمدی کوڕی عەبدوڵا سەری” کەعب”ی بڕی لەبەر ئەوەی دژایەتی خوڕافیاتەکانی محمدی دەکرد.دوای زیاتر لەچواردە سەدە یەکێ لەلایەنگرانی محمد سەری مامۆستایەک دەبڕێت لەسەر ئەوە ی کاریکاتێرێکی نیشانداوە. بەڵام دوای ئەوڕوداوە موسڵمانان وەک هەمیشە قوربانیانکرد بەجەللاد،کار گەیشتە ئەوەی موسڵمانە کوردەکان بڕیاری بایکۆتی کاڵای فەڕەنسی بکەن.بەڵام لەڕاستیدا ئەمە بایکۆتی کاڵای تورکی نییە،بایکۆتی ئەقڵی فەڕەنسیە،بایکۆتی مۆدێرنە و ڕۆشنگەریی لەژێر پەردەی بایکۆتکردنی کاڵای فەڕەنسادا.
مەلاکان هەمووکاتێک دژی ئەقڵانیەت بوون،ئەوان هەمیشە دژی پڕۆژەی مۆدێرنە و ڕۆشنگەریبوون . هەموکاتێک فویان لە چرای ئەقڵانیەت و ڕۆشنگەری ئەوروپاکردووە،تا ڕوخساری نائەقڵانیانە و خوڕافییان لە تاریکستانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەرنەکەوێت. ئەوان هەمیشە ترساون لەوەی تیشکی ڕۆشنگەری پەردەی ئەوتاریکیە بدڕێت ،لەم پێناوەدا بۆساتێکیش شل نەبووە لەبانگەشەی دژە ئەقڵانیەت و مۆدێرن. لەڕاستیدا بایکۆتکردنی کاڵای فەڕەنسی جگە لە قۆستنەوەی دەرفەتێک بۆ بایکۆتکردنی ئاشکرای ئەقڵانیەت و کلتوری ڕۆشنگەری و مۆدێرنە وشارستانیەتی ڕۆژئاواشتێکیتر نییە. ئەوا زیاد لەچواردە سەدەیە جەلادیەتیی ئیسلام وەک قوربانی خۆی نیشاندەدات.فاشیزمی ئیسلامی هەرلەسەردەمی محەمەدەوە، پاساو بۆ جەلادیەتی خۆی دێنێتەوە.لەکوشتن و سەربڕینی جولەکەکانی مەدینەوە تا سسەربڕینی مامۆستاکەی فەڕەنسا. وەک قوربانی خۆی پیشاندەدات و بۆتە پاسەوانی ئەقڵ و ناهێڵێت ڕۆشنایی ئەقڵانیەت و پڕۆژە ی مۆدێرن بگاتە ڕۆژهەڵاتی تاریک،ڕۆژهەڵاتی مرد و ،ڕۆژهەڵاتی چەق بەستوو.
زیاد لەچواردە سەدەیە شمشێری ئیسلام لەسەر ملی ئەقڵانیەکانە،هەرسەرێک ئەقڵی تێدابوبێت یان بڕیویانە یان ئاوارەیانکردووە،زیاد لەچواردە سەدەیە بایکۆتی ئەقڵ دەکەن و بەناوی خوداوە سەری ڕۆشنگەرەکان دەبڕن لەڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا.دەیان و سەدان ڕۆشنبیری عەرەب و فارس و کوردیان تیرۆرکرد و هێندەشیان ئاوارەکرد،هێشتا خۆیان بەقوربانی دەزانن،هێشتا پێیان وایە ئەوان زوڵمیان لێدەکرێت.شمشێری زوڵمی ئیسلام گەلانی ئاسیاو ئەوروپای گرتەوە.خاکی ئەوروپایان داگیرکرد،کچانیانکردن بەکۆیلەو کەنیزەک ،عوسمانیەکان سوپایەکی دڕندەیان بەناوی ئینکیشاری دروستکرد لەمناڵە ڕفێندراوە مەسیحیەکان هێشتا خۆیان بەقوربانی دەکەن.هەستێکی نەخۆشی فاشیستیانە لەناخی موسڵماناندایە کە لەڕابەرەکەیانەوە بەمیرات ماوەتەوە،ئەوکاتەی محمد کە جولەکەکانی دەرکرد ،ئەوکاتەی پیاوانی بەنوقوڕیزەی سەربڕی و ژنو مناڵەکانی کردە کۆیلە ،محمد وەک ئێستای موسڵمانان قوربانی کرد بەجەللاد و بێ یەک تۆز ژیری و سۆزی مرۆڤایەتیانە سەری بڕین.ئەوان لەپێناوخوا و بۆدلخۆشی خوداکەیان سەری مرۆڤدەبڕن!بەڕاستی لۆژیک لەوەنزمتر نابێت،ئەمە هیچ شتێک نیە و هیچ ناوێکی نییە جگە لە سایکۆس.ئیسلام بگاتە ناو هەرسەرێک توشی سایکۆسی دەکات.
ناتوانن ئەوهەستی دژە ەقڵانیەتە بشارنەوە، ئەوەتا یەکێ لەمەلاناسراوەکان دەڵێت:ڕقمە لێتان لەشارستانیەتتان،لەکلتورتان و…تاد.
ئەوکاتە ش کە ئۆجالان گیرا ناودارترین و دۆگماترین مەلاوتی:ئیدی کاتی ئەوەیە تێبگەین کە کاتی ئەوەیە دەسبەرداری بیردۆزە و میردۆزەو ڕێچکەو پێچکەکانیان بین”ئەو کات ئەومەلا دۆگماتیستە وتی :ئەوەتا ببینن لە ئەوروپا جێگای ئۆجالان نابێتەوە!بەڵام ئەو لەخۆی ناپرسێت کە چواردە سەدەزیاترە میللەتێک لەناو دۆگماتیزمی ئیسلامدا جێگای نابێتەوە،وەک نۆکەر نەبێت.ئەو لەخۆی ناپرسێت و بەخەڵک ناڵێت ئیمپراتۆرە ئیسلامیەکان کوردیان وەک سورەی بەرلەشکر بەکاردێنا بۆ داگیرکردنی ئەوروپا،بۆشەڕی ڕوس و فارس.ئەو پێمان ناڵێت دەوڵەتی عوسمانی هۆزی ئازای هەمەوەندی ڕاگواست بۆ باکوری ئەفریقا،پێمان ناڵێت دەوڵەتی عوسمانی هەموو میرنشینە کوردەکانی لەناوبرد …
بۆیە ئەم مەلایە فرمێسکی تیمساحی دەڕشت بۆ ئۆجالان،لەکاتێکدا ئۆجالان پێش هەرکەس قوربانی دۆگماتیزمی ئیسلامییە ،ئیسلامی سیاسی بەتایبەت اخوان گەورەترین لەمپەرن لەبەردەم پڕۆژەکەی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و چارەسەری کێشەی کورد.ئەوە شتێکی ئاشکرایە و جاشایەتی اخوانیەکان بۆ ئەردۆگان و پڕۆژە سوڵتانیەکەی بۆهەموکەسێک ئاشکرایە.
لەبەر ئەوە دەبێت بزانین کە موسڵمانان لەنوستالژیادا دەژین،خەون بەڕۆژانێکەوە دەبینن کە حوکمی خوایان بەسەرخەڵکدا جێ بەجێ دەکرد،جەڵدیان لەخەڵک دەدا،دەستی خەڵکیان دەبڕی ،بازاڕی کۆیلەی ژنیان هەبو لەئەستەمبوڵ،بەڵام گەیشتنەوە بەوڕۆژگارە تەنها بەدابڕان لەڕۆژئاواو ڕۆشنگەری دەبێت،پێیان وایە.هەربۆیە هەموو هەوڵێک ئەدەن بۆ ڕێگری کردن لە گەشەکردنی ئەقڵانیەت . ئەوان خەون بەڕۆژگاری خەلیفەکانی ئۆسمانییەوە دەبینن، ئەوخەلیفانەی کە جگە لەجەنگ لەگە ڵ هەموو دونیاو وێرانکردنی کوردستان و دابەشکردنی هیچیتری پێنەبو. خەون بەوەوە دەبینن سوڵتانەکانیان هەزاران ژنیان هەبێت ،و پێشی خۆیان بدات بۆجەنگ لەپێناو خوا،ئەوان خەون بە زیندوکردنەوەی خەلافەتەوە دەبینن.لێ هەموو خەونە پڕوپوچەکانیا ن لەژێر پەردەی بایکۆتی کاڵای فەرەنسیدا دەردەبڕن.بەڵام ئەمڕۆ موسڵمانان تەیرە ئەبابیلەیان نییە و کافرانیش تەیارەی ئەبابیلەیان هەیە،کە پەلاماری ئەوروپابدەن ئەوا وەک پوش و کای خوراویان لێدێت،ئەفسانەکە دەبێتە واقیع و بەچاوی سەر دەبینن.
بەڕاستی کاردانەوەی موسڵمانان لەبەرامبەر ئەوکاریکاتێرەو قسەکانی ماکڕۆندا زۆر کۆمیدی تراژیدییە،پەوان هەست دەکەن زوڵمیان لێکراوە،چونکە ناتوانن لەپێناوخوادا خەڵک بکوژن. موسڵمانە کوردەکان بەتایبەت ڕابەرانی ئیخوان زۆر خەمبارن کەناتوانن وەک نۆکەرێکی چاکی ئەردۆگان کوردستانی پێشکەش بکەن، ئاشکراترن و پیسترین خیانەت دەکەن،خیانەتی تازەو مۆدێرن تا بگەنەوە بە مەلا ئیدریس و سوڵتان لەپاداشتی ئەونۆکەرایەتیەدا پێیان بڵێت نۆکەرە خۆشەویستەکانم.بۆیە جارێکیتر ئیسلامیەکان شەڕ بۆ تورکیا دەکەن و لەپێناو پڕۆژەی سوڵتانیەکەی ئەردۆگان شێت و هاربوون .

مەحمود عەبدوڵڵا




مێژوویەک لە شەڕەنگێزیی و چەواشەکاری،ڕوونکردنەوەیەک لە هاوڕێیان و کەسوکاری شەهیدانی “ئاڵای شۆڕش”ەوە

مێژوویەک لە شەڕەنگێزیی و چەواشەکاری و ڕوونکردنەوەیەک لە هاوڕێیان و کەسوکاری شەهیدانی ئاڵای شۆڕش
لە میانەی کاردانەوەی بەرامبەر بڵاوبوونەوەی کتێبێکی مەلا بەختیار (لە بڕی بیرەوەری) لەسەر مێژووی کۆمەڵە و ئاڵای شۆڕش و ناکۆکیەکانی هەناوی ئەوسای و دەرئەنجامەکانی، بزووتنەوەی گۆڕان بەشیوەیەکی سیستماتیکی و هیستیری راست و چەپ کەوتە وێزەی لایەنێکی گەشی بزووتنەوەی چەپ لە کوردستان. بە هەمان نەفەس و عەقلیەتی ئەوسای باڵی ڕاستڕەو و زاڵی سەرکردایەتی کۆمەڵە، بێ رێزگرتن لە خوێنی ئەو هەموو شەهیدانەی ئالای شۆڕش و خەباتی هاوڕێیانی لە شاخ و لە شار و زیندانەکانی بەعس، هەمان تۆمەتی ناڕەوای ئەو کاتەی سەرکردەکانی کۆمەڵەیان خستە پاڵ ئەم ڕێکخراوە. ئەمەش هەمووی لە پای پاکانەکردن بۆ دامەزرێنەری بزوتنەوەکەیان، نەوشێروان مستەفا و پیرۆزکردنی. بۆ وەڵامدانەوەی ئەم چەواشەکاریانەی برادەرانی گۆڕان و دەرخستنی ڕاستییە مێژووییەکان و بەرگری کردن لە خەبات وخوێنی پێشمەرگە وشەهیدانی ئاڵای شۆڕش، ئێمە وەک ژمارەیەک لە ئەندامان و خانەوادەی شەهیدانی ئەم ڕێکخراوە، بە پێویستی دەزانین ڕوونکردنەوەی خۆمان لەم بارەوە لە چەند خاڵێک بخەینە ڕوو:

  1. بۆ برادەرانی گۆڕان: ئێوە لە چەندین بۆنە دووپاتتان کردۆتەوە و شانازیش بەوەوە دەکەن، گەر لەژێر زەبرو ئەشکەنجە وهەڕەشەش بێ، پاکانەتان بەسەرکردە زیندانی سیاسیەکانی ئاڵای شۆڕش ( مەلا بەختیارو مامۆستا پشکۆ و شێخ عەلی) واژۆکردووە، کە ئەوان بێبەرین لە ئاڵای شۆڕش. ئێستا لەپای چی ڕەش وسپی ودوێنێ وئەمڕۆ تێکەڵ بەیەک دەکەن و ناکۆکیتان لەگەڵ مەلا بەختیار ئاوا بەرچاوتانی تاریک کردوون. ئێمە، بەدەر لەو ناکۆکیانەی نێوانتان و لەدەرەوەی سەنگەری بەرگری لە مەلابەختیار یان دژایەتی بزوتنەوەکەتان ماف بە خۆمان دەدەین و بە ئەرکێکی ئەخلاقی خۆشمانی دەزانین، کە ئەو ڕاستیە مێژووییانەی ساڵانێکە لەلایەن دوژمنانی چەپی کوردستان چەواشەکراوە، بخەینە ڕوو و بەرگری لێبکەین.
  2. کاتێ ئێوە، وەک ئەوسای سەرکردایەتی کۆمەڵە، تۆمەتی خیانەت دەدەنە پاڵ هاوڕێیانی ئەوکاتەی ئاڵآی شۆڕش، لەبیرتان چوو، ئەوە سەرکردایەتی کۆمەڵە و یەکێتی بوون. (بەتایبەتیش تالەبانی و نەوشیروان) تەڕاتێنیان بوو لە نێوان کوردستان و بەغدا و لەسەر مێزی مفاوەزات مامەڵەی بە خوێنی شەهیدان دەکرد و ئەندامانی بەپەرۆشەوە وێنەیان لەگەڵ سەدام و سەرکردەکانی بەعس دەگرت، نەک هاوڕێیانی ئاڵای شۆڕش. ئەوە هاوڕێیانی ئاڵای شۆڕش بوون دژی گەندەڵی لەناو سەرکردایەتی و شەڕی ناوخۆ و سازش کردن بوون لەگەڵ ڕژێم و لەسەر ئەم هەڵوێستەیان بە چەنین شێواز سزا دەدران، سەیرە لای ئێوە هەڵوێستەکە پێچەوانە بۆتەوە.
  3. ئەو کاتەی ئاڵای شۆڕش باوەڕی وا بوو، کە بێ ڕووخانی ڕژێمی فاشی بەعس و بێ هاتنە کایەی دەسەڵاتێکی دیموکراسی لە عێراق ئەستەمە کورد لەسەر مێزی مفاوەزات مافی نەتەویی خۆی بەدەست بێنێ، هەرواش دەرچوو، لەپای داننان بە هەڵەکان، کەچی سەرکردایەتی کۆمەڵە تۆمەتی عێراقچێتییان دەخستنە پاڵ. ئێستاش سەیرە ئێوە ئەم قەوانە سواسە دووبارە لێدەدەنەوە.
  4. تۆمەتی وابەستەیی ئاڵای شۆڕش بە پارتی و چوونە (بەرەی جود) ەوە، دەرکەوت کە مایەپووچ دەرچوون. ئەوەی جێی گاڵتەجاڕیە ئێوە لەو پێگە سیاسیە شەرمئامێزەی ئێستاتان و لە باوەشی پارتی ئێستاش ئەو تۆمەتە دەبەخشنەوە. مەگەر بە پێودانگی ئێوە پارتی دیموکراتی کوردستان ئێستا لەوسا شۆڕشگێڕتر بووبێ!
  5. ئەوەی زیاتر لەو هەڵمەتەتان قێزەونە شانازیکردنتانە بە جەلادیی، چێژ وەرگرتنتانە لە ئەشکەنجەدان، هەڕەشەلێکردن و پاکانەپێکردن بە کەسانی تر. بۆ ئەوسەردەمەی هەشتاکان ڕەنگە ئێمە لە عەقلیەتی ئەوسای سەرکردایەتی کۆمەڵە تێگەیشتبین. بیرکردنەوەی ئێوە بەهەمان عەقلیەت وهەڵسوکەوتتان بەهەمان نەفەس جێی سەرسوڕمانە. جێی شەرمەزاریە ئێوە چەند جەلادێ دێننە سەر شاشەی تەلەفزیۆنەکەتان و باسی پاڵەوانیتی خۆیان لە ئەشکەنجەدان و بێڕێزی و پاکانەکردن بە زیندانیان بکەن. جەلاد لە هیچ کات و سەردەمێ و لەسایەی داپلۆسێنەرترین رژێمەکانیش شانازی بەکارەکەی خۆی نەکردووە، تەنها لای ئێوە نەبێ.
  6. تۆمەتی پاڵپشتیکردنی بێگانە بۆ ئاڵای شۆڕش جێی پێکەنینە، کاتێ ڕووداوەکان هەر زوو ئەمەیان پوچەڵ کردەوە و دەرکەوت ئاڵای شۆڕش هەڵقوڵاو و پێویستیی قۆناغێکی مێژوویی دیاریکراو بوو، بە پێچەوانەوە زۆربەی حیزبە باڵادەستەکانی ئەوسا و ئێستاش قاچێکیان لە کوردستان و ئەویتریان لەوبەری سنووربووە، بە ئیستاشەوە.
  7. تۆمەتی بوونی کەسانی سیخوڕ و سەر بە ڕژێم لە ڕیزەکانی ئاڵای شۆڕش نەک هەرشتێکی بێمانایە و تاکە بەڵگەیەکیش لەسەریان ساغ نەبۆوە، بەڵکو دەرکەوت کە تاکە ڕێکخراوێک بوو لە سەختترین ڕۆژانی دوای ئەنفال لە شارەکان درێژەی بە خەباتی نهێنی خۆی دا و چەندین تێکۆشەری لەم ڕێگایەدا بوونە قوربانی. ئەوە ئەو تۆمەتبەخشانەی ئەو سەردەمە بوون، کە چەندین فایلی زەبەلاحیان لەلایەن ڕژێم لە دوای ڕاپەڕین ئاشکرا بوو، نەک هاوڕێیانی ئاڵای شۆڕش.
  8. ئێمە بێگومانین، کە مێژوو ڕاستیەکان دەخاتە سەر ڕێچکەی خۆی و دەریدەخا، کە هاوڕێیانی ئاڵای شۆڕش وەک ڕێکخراوێکی چەپی کوردستانی دوای بەلاڕێدابردنی کۆمەڵە لە شاڕێبازی خۆی و بۆ ڕێگەگرتن لەو کارەسات و ماڵویرانیانەی لە سایەی هێزە باڵادەستەکانی ئەوسا و ئێستای کوردستان بەسەر گەلی کوردستاندا هاتن، هاتنە مەیدان. جێی داخە، کە پێشبینیەکانی و مەترسیەکانی ئەو ساتەیان و دواتر و ئیستاش هاتوونەتە دی. ئەوە ئاڵای شۆڕش نەبوو زەبری لە شۆڕش دا و پێشمەرگە و جەماوەری لە شۆڕش سارد کردەوە، بەڵکو سەرکردایەتی کۆمەڵە و یەکێتی، لە پێش هەموویانەوە نەوشێروان مستەفا و جەلال تاڵەبانی بوون، بە هەڵگیرساندنی شەڕی ناوخۆ و دەست تێکەڵکردن و تەسلیم بوون بە ڕژیم و تەسفیەکردنی نەیارانی گەندەڵی و مفاوەزات و لادنی سەرکردایەتی بوو ،کە پێگەی شۆڕشیان لەق کرد و ئەم هەموو کارەساتەیان بەسەر گەلی کوردستان بەدوای خۆی هێنا.
  9. ئەوەی جێی سەرنجە ڕێکخەری گشتیی بزووتنەوەکەتان نەوشێروان مستەفا خۆی لەچەندین بۆنە وبە نووسین و بە زارەکی، گەر لەڕووی مێژووییەوە درەنگ و لەڕووی سیاسیشەوە جێی متمانەش نەبێ، لێپرسراوێتی خۆی لە‌ شەرەنگێزیی و چەواشەکاریی یەکانی ڕابردوو و لەو مێژووەی پەیوەست بەوە دەربڕیووە، بێ ئەوەی بچێتە سەر ورەدەکاریەکان. کەچی ئێستا برادەرانی گۆڕان هەوڵدەدەین مێژوو بشێوێنن و هەموو ڕاستیەکان ئاوەژوو بکەنەوە. هەوڵدەدەن کەسایەتی نەوشیروان لە هەموو تاوانێک بێبەری بکەن و پیرۆز ڕایگرن، نازانن بەمانە ئەنجامەکەی پێچەوانە دەبێتەوە. ڕووداوەکان دەریانخست، کە سەرانی دەست ڕۆێشتووی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان، لە سەرووی هەمووشیانەوە (نەوشیروان مستەفا) بە هەڵوەشاندنەوەی کۆمەلە، چ غەدرێکی مێژووییان لە خەبات و تێکۆشانی ئەندامان و شەهیدانی کرد. گەر ئۆباڵی مێژووی هەڵوەشاندنەوەی ئاڵای شۆڕشیش لە ئەستۆی سەرکردایەتیە بەرژەوەندخوازەکانی لەپێش هەموویانەوە (مەلا بەختیار) بێ، ئەوا سەرانی کۆمەڵەش جارێکی تر، بە دژایەتی کردنی ئەم ئەزموونە و لەناوبردنی، شەرمەزاری مێژوو بوونەوە. لەم ساتە ناهەموارەی گەلەکەمانی پێدا دەڕوا دەبوایە برادەرانی گۆڕان وەڵامێکی دروست بەو کارەساتەی بەسەر گەلەکماندا هێناویانە بدەنەوە، نەک هەوڵدان بۆ دووبارە چەواشەکردنی مێژوو.
  10. بۆ برادەرانی گۆڕان: لایەنی کەم شهامەتی سیاسی ئەوەتان هەبێ بە خۆتان دابچنەوە. ئێمە چاوەڕوانی زۆرتان لێناکەین، کەمترین شت کە بتوانن بیکەن داوای لێبووردنە لە ‌هاوڕێیان و کەسوکاری شەهیدانی ئاڵای شۆڕش بۆ ئەو سوکایەتی پێکردنەی ئەم دواییەتان.

    هاوڕێیان و کەسوکاری شەهیدانی ئاڵای شۆڕش
    25/10/2020




ئیسلام و ئەزمە! … تاهیر عیسا

بە سەرنجدان، لە تەواوی جیهانی سەرمایەداریی ئەمڕۆ، هەر لەڕۆژئاوای گۆی زەویەوە هەتا ڕۆژهەڵات و هەر لەباکورەوە هەتا باشورەکەی، دەوڵەتە جۆراوجۆرکانیی، بەجیاوازیی لە سەرخان و پێکهاتەی سیاسییانەوە، لەسەربناغەی پارێزگاریی لە ژێرخانە ئابوویەکانیان پێکهاتوون، کە سەرچاوەیان لە حوکمڕانیی کەمایەتیەکی بۆرژوازیی بەسەر چین وتوێژە کەمدەرامەدەکانی دیکەی کۆمەڵگادایەو تەواویی هۆیەکانی بەرهەمهێنان و تەواوی پێداویستیەکانی ژیانی ڕۆژانەی هەر ئەم چین وتوێژە مەحڕومانەی کۆمەڵگاشیان بەبارمتەی کرێ و ڕەنج و زەحمەتێکی زۆری لەبەرامبەر ژیانێکی، لەهەندێک کۆمەڵگادا مەمرەو مەژیانەو لەهەندێکیشیاندا لەسەر حیسابی هەر ئەم بەشە، کەمێک باشتر، گرتووە!
هەر بەو هۆکارەوە بەرژەوەندیە سیاسیی و ئابووریەکانی دەوڵەتانی جیهانی سەرمایەداریی ئەمڕۆ، لێکهەڵپێکراوە!
لەهەر جێگایەکی ئەم گۆی زەویەدا، حەڵقەیەک لەحەڵقەکانی ئەم زنجیرەیە، دووچاریی لاوازیی و نزیکە داڕمان بووبێت و یان ئەو لاوازیی و نزیکە داڕمانە، سەریکێشابێتە سەر هاتنە مەیدانێکی ئیرادەمەندانەی چینی کرێکارو توێژە دەستەنگەکانی دیکەی کۆمەڵگا، بۆ حەڵقەکانی دیکەی سەرمایەدایی بۆتە مایەی نیگەرانیی و بەهەر جۆرێک لە جۆرەکان کەوتوونەتە هەوڵدان بۆ بەرگرتن بەو هاتنە مەیدانە.
هەر وەک لە ئەزمە ئابووریەکانی “یۆنان” دا بینیمان لەڕێگای سندوقی دراوی نێو دەوڵەتیەوە کەوتنە ڕزگارکردنی سەرمایەداریی و دەوڵەتەکەیان!
یان ئەگەر هەر نەیان توانیبێت لە هەندێک حەڵقەی تردا، بەر بەو هاتنە مەیدانەی شۆڕشی برسیەکان و پەڕاوێزخراوەکانی کۆمەڵگاکان بگرن، سڵیان لە گرتنە بەریی سیناریۆی ڕەشیی تڕاژیدیا ئامێزیی پڕ لە کارەساتباریش نەکردۆتەوە، هەر وەک نموونە قێزەونەکەیمان لە هەندێ وڵاتی تردا بینی، بەتایبەتی، لە سوریاو یەمەندا، کە خەڵکی دوای ئەو کارەساتانەی لەدوای بەهاری عەڕەبی دووچاری هاتن وئێستاش لەناو کەرەساتەکانیدا جنگڵ دەدەن، هەزار خۆزگەیان بەسەردەمی پێش هاتنە مەیدان و داواکاریەکانیان دەخواست!
دەوڵەتانی زلهێز و قودڕەتمەندیی پێشکەوتووی سەرمایەداریی، بۆ بەهێزکردنی پێگەی ئابووریانەی خۆیان و پارێزگاریی لە هێشتنەوەی هەل و مەرجێک، کە بناغەکەی لەسەر کاریی بەکرێ و کۆیلایەتی هێشتنەوەی چینی کرێکار و قازانج وکەڵەکەی سەرمایەداریی بەردەوامدایە و بۆ درێژەدان بەو هەل مەرجەش، پەیوەندییە ئابووریی و سیاسی و بازرگانیەکانیان، لەگەڵ کۆنەپەرسترین دەوڵەتانی دیکەی جیهاندا، بەتایبەتی دەوڵەتانی کۆنە پەرستی خەلیج و ناوچەکەدا، کە سەرخانە سیاسیەکانیان تاسەر ئێسقان لە دژی ئازادی سیاسیی و ئازادیی ئەندێشەو بەیان و ڕاگەیاندنی ئازاددایە، کە هەتا ئێستاش لەماڵی خودای ئیسلامدا” سعویە” شمشێر کارایە بۆ سەرپەڕاندنی، ئەوانەی لە سەوابتەکانی دینی ئیسلامیی لادەدەن.
بەڵام دنیای سەرمایەداریی ئەوروپاو ئەمریکا، بەچاو پۆشین لەو هەموو کاراساتانەی لەوڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوینی ئیسلامیدا، ڕوویانداوە و ڕوودەدەن، پەیوەندییە دیبلۆماسیی وسیاسیەکانیان درێژە پێداوە و بۆ پاساویی هەموو ئەو وەحشیگەریەی کە ڕێکخراوە تیرۆریستییە جیهادیەکانیش لە وڵاتانی جۆراوجۆردا ئەنجامیانداوەو بەردەوامیشن لەئەنجامدانی، کە سەرچاوەکانی قوڕئان و حەدیسەکانی محەمەدە، کەوتوونەتە پۆڵێنکردنی گروپە ئیسلامیەکان ودابەشکردنیان، بەسەر میانڕەو و توندەڕەوداو ئەم دابەشکاریەش، جگە لە خۆڵکردنە چاوی خەڵک کەخۆشیان باشدەیزانن بۆ درێژەدانە بە پەیوەندیە بەرژەوەندیخوازیەکانیان لەگەڵ جیهانی کۆنەپەرستیدا، سەرباریی هەموو نەهامەتیی و کوێرەوەریەک کە ئینسانەکان لەچوارچێوەی یاساو ڕێسا دۆگماکانی ئەم وڵاتانە و سەرخان وفەرهەنگە کۆنەخوازەکەیدا، دەیچێژن.
هەر وەک دەورانێک تورکیای دادو گەشەپێدانی ئیخوانی، لەپاڵ ئەم تێڕانینە جیهانیەدا پشتگیریی دەکرا، بۆ باڵابوون وفراوانبوونیی ئەم مۆدێلە لەجیهانی ئیسلامیدا، بەڵام هەر زوو ئەردۆغان وحیزبەکەی، لە جەرگەی ڕوداوە کارەساتبارەکانی سوریادا، دەورێکی یەکجار ماڵوێرانکارانەیان تێدا بینی و پشتگیریی ڕاشکاوانەشیان لەگروپە تیرۆریستیەکان لەو جەنگەدا دەکرد کە خەونی سەرلەنوێ گێڕانەوەی خەلافەتی عوسمانی لەکەللەیدابوو، كە نزیکەی دووملیۆن ئەرمەنییان لەسەروبەندی کۆتایی جەنگی جیهانی یەکەم و دواتریشدا، پاکتاوی ڕەگەزیی کرد، وە درۆخستەوە.
ئەگەر ڕووداوەکانی ئەم دواییەی فەڕەنساو هەراسانبوونی “ماکڕۆن”، سەرۆکی فەڕەنسا، لەپەیوەند بەم گروپ ودەستە و تاقمە ئیسلامیانە و دەرکەوتەکانیان لەسەر ئەم وڵاتە و وڵاتەکانی دیکەی ڕۆژئاوا، لەبەرچاوبگرین، ترسی ماکڕۆن، گەیشتۆتە جێگایەک، کە ئیتر لەسایەی ئەم مەترسیەدا سەرخانی سیاسیی و کلتووریی وفەرهەنگی ئەم وڵاتەو تەواوی سیستەمەکەیان کەوتۆتە مەترسیەوە و بۆ فەڕەنساش، ئیتر بواریی ئەوە نەماوە لەبەرامبەریاندا وەک ڕابردوو هەڵس وکەوت بکات و چاودێریی باریی هەست وسۆزو دەروونی جیهانی ئیسلامیی بکات!
ڕێژەی موسوڵمانان، لەفەڕەنسادا، بەپێی ڕاگەیاندنەکانی خۆیان، لەنێوان هەشت بۆ نۆ لەسەتدایە، کە ژمارەیان لە نزیکەی پێنج ملیۆندایە، کە لەناویاندا، ڕەوتی جۆراوجۆریی سیاسیی وەک ئیخوانیی و وەهابیی و سەلەفیی، تێدایە، کە هەر تێکڕایان لە سەرچاوەی قوڕئان وحەدیسی محەمەدەوە بەهرەبەداریی دەکەن و دەخۆنەوە!
ئەگەر چاوێک بە پێشینەی ئەم ژمارەیە لەموسوڵماناندا بەخێرایی بخشێنینەوە، دەبینین هەر یەکەیان چی وەک خێزان وچی وەک تاک، لەماوەی پەنجا بۆ شەست ساڵی ڕابردوودا، لەکۆمەڵگا موسوڵمان نشینەکانەوە، بۆ بەدەستهێنانی حەزو ئارەزووە کەسیەکانی خۆی، یان بۆ بەدەستهێنانی پێگەیەکی ئازادترو ئارامتر وە خۆشگوزەرانتر لەزێدی خۆی، کە لەوڵات وکۆمەڵگاکا موسوڵمان نشینیەکەی خۆی لێی زەوت و بێبەشکراوە، ڕووی لەو وڵاتە کردووە .
سەرخان وکلتورو فەرهەنگی سیاسی ئەم وڵاتە و ئازادییە سیاسیی وئایینی وفەرهەنگییەکان لەم وڵاتەدا، کە بەرەنجامی شۆڕشیی ڕێنیسانس وشۆڕشیی گەورەی بۆرژوازی فەڕەنسا، ۱۷٨۹-۱۷۹۹،و شۆڕشی کرێکاران و کۆمۆنەی پاریسی ۱٨٨۲ه.
بەهیچ جۆرێک لەگەڵ سەرخانی پڕ لەخەقەقان و سەرکوتی کۆمەڵگا ئیسلامیەکان و وڵاتانێک کە بناغەی دەستورەکەیان، لەسەر دەستوریی ئیسلامی بنیات نراوە و هەر چەشنە ئازادیەکی کەسیی‌، کە لەسەر بناغەی داڕشتن وتێگەیشتنی شەرعیی ئیسلامیی، یان لەژێر کاریگەریی ئەو شەرعەدا بنیاتنراوە، بەراورد ناکرێت، دەقۆزێتەوەو لەسایەی ئەم ئازادیە سیاسییە کلتوورییە هەمەڕەنگیەدا، ڕەوتە سیاسییە جۆراوجۆرەکان، خەریکن کار لەسەر پێکهێنانی دەوڵەتی ئیسلامی هاوشێوەی موسڵ وڕەققە دەکەن! کە هەر ئێستا لەناو جەرگەی زۆربەی گەڕەکەکانی ئەوروپاداو بەتایبەتیش فەڕەنسادا، کە ڕێژەی موسوڵمانانیان تێدا چڕبۆتەوە، یاساو ڕێسا ئیسلامیەکان دەسەپێنن، لەنموونەی وەک حیجابی ئیجباریی و ڕێگریکردن لەئازادیی پۆشینی جل وبەرگ و سەپاندنی هەندێ سروت ونەریتی کۆنەپەرستانەی دینی و نوێژکردنی بەکۆمەڵ لەسەر شەقامەکان، چبەبەمەبەستی هەراسانکردنی خەڵک و ڕێگریکردن لەهاتو چۆی خەڵک، چبەمەبەستی بانگەشەی سیاسیی!
ڕەوتە ئیسلامیە جیهادیەکان، لەناو جەرگەی ئەوروپادا، بەدولاری نەوتی وڵاتانی خەلیج، لەڕێگای کردنەوەی سەدان مزگەوت و تەعینکردنی سەدان مەلاو بانگخوازیی ملئەستور، خەریکی بەجێگەیاندنی پڕۆژە جەهەننەمیەکانی خۆیانن، وە لەو ڕێگایەشدا بەملیۆنان دۆلار لەپێناو داتاشینی ئیعجازیی زانستیی هەڵبەستراوی قوڕئانیی دوور لەزانستی و تەفسیرکردنی قوڕئان بەشێوەی چەواشەکاریانە خەرجدەکرێت و مناڵان ولاوانێکی موسوڵمانی هەرزە هەم لەڕێگای تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و هەم لەڕێگای مزگەوتەکانیانەوە ڕاستەوخۆ لە خشتە دەبرێن و دەخرێنە ناو بازنەی پڕۆژە گڵاوەکانی خۆیان و هاوشێوەی گەنجە چیچانیەکە لەکردەوەی تیرۆریستیدا دەکرێنە قوربانیی و مەلای ملئەستورو بانگخوازیی جیهادی قازانجپەرستیش، بۆ خۆی لەڕێگای ئەم ئایدیۆلۆجیا ناشیرینەدا لەخۆشترین نازو نیعمەتی ئەوروپاداو لە باشتریین ماڵ و خۆشتریین ژیاندا، لەوپەڕیی تەمبەڵیی وتەوەزەلیدا، دەلەوەڕێت!
ئەوەی ئەم هەل ومەرجەی لەوڵاتانی، ڕۆژهەڵاتی ناویندا وەک سەرخانی سیاسیی وئایدیۆلۆجی وکلتوریدا، هێشتۆتەوە و لەسایەیدا ڕەوتە ئیسلامییە جۆراوجۆرەکان وەک ڤایڕۆس لەم ژینگەیەدا سەرهەڵدەدەن و بەهەموو جیهاندا بڵاو دەبنەوە، لەچوارچێوەی بەرژەوەندییە چینایەتیەکانیاندایە، کە لەکۆتایی هاتن و کاڵبوونەوەیدا، ترسیان لە ئازادبوونی ئیرادەو تواناو بیرکردنەوەو حەوسەڵە ڕۆحیی و فیزیکیەکانی موسوڵماندایە، کە ئاسانتر دەتوانێت لە ئازادبوونی بیرو هزریدا، دەستی بەزانیارییە هەمەلایەکان و بیرو باوەڕە پێشکەوتوو وئازادیخوازو یەکسانیخوازیەکانی بگات!
دەنا جیهانی ئەمڕۆ، ئەگەر، چارەنووسی لەدەستی ئەم کەمایەتیە تەوەزەلە قازانجپەرستەی سەرمایەداراندا، نەبووایا، بای ئەوەندە زانست وزانیاریی و ئامڕازیی تەکنۆلۆجیای پێشکەوتوو لەبەردەستدایە، کە چۆن زانیاریی دەقیقیان لەسەر تەمەنی گەردوون و تەمەنی زەویی ومانگ و هەسارەکان لەبەردەستدایە، بەهەمان ئەندازەش، دەتوانێت پەردە لەسەر مێژووە ساختەکاندا هەڵبداتەوە و لەڕێگای خوێندن و دام ودەزگا پەروەردەییەکانەوە، دیراسەی مێژووی دینە جۆراو جۆرەکان و بەراوردکارییان و هۆکاریی دروستبوون وسەرهەڵدانیان و مێژووی ئستوڕەو ئەفسانەو سروت ونەریتەکۆنەکان ڕونبکرێتەوەو نهێنیە شاراوەکانی پشتی پەردە بۆ خەڵک ئاشکرابکرێن.
هەرئەمڕۆ سەرباری ئاستەنگیەکانی بەردەم ڕۆشنگەرانی ناو جیهانی ئیسلامی، کە لەڕێگای تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە زیاتر فۆبیای ئیسلامیان تێکشکاندنەوەو چاونەترسانە هاوشانی ڕۆژهەڵاتناسە بەتواناکان کەوتوونەتە پەردە هەڵدانەوە لەسەر مێژووە ساختەکان و تەنها لەڕێگای لێکۆڵینەوەی مێژوویی کە پشت بە زانستیی پاشماوە” Archaeology” وەک هەڵکۆڵدراوی سەربەردو دیوارو ئەو خانوو وبەرانەی مێژووی کۆنیان هەیە و هەروەها لەڕێگای زانستی نوسراوەکان” علم المخطوطات” (Codicology) کە بەهۆی کاربۆنی تیشکدەوەرەوە (الکربون المشع)” C14″ دەتواندرێت تەمەنی نزیکەیی نووسراوەکانی سەرپێستەو پەڕاوەکان بزاندرێت یانە لەڕێگای زانستی وێنەو نوسراوی سەر دراوەکان”علم المسکوکات”] (Numismatics)
یان لەڕێگای لێکۆڵینەوەی زمان و شێوازی نووسینەکانەوە، کە هەر ئێستا زۆربەی مێژووی ئیسلام و کەسایەتیەکانی، وەک محمەدو ئەبوبەکرو عومەرو عوسمان وعەلی، خراوەتە ژێر پرسیارەوە و تەنانەت لێکۆڵەرە مێژووییەکان هێندە وردبینن لەلێکۆڵینەوەکانیاندا، کە خەریکن ئەم مێژووە داتاشراوەی ئیسلام لەژێر ناوی ئەڵاو نێردراوە ساختەکەیدا، کە دنیایان لەڕێگای هەڕەشەکانیان وەک ئاینێکی تەبشیریی، وێرانکردووە، کە هەم ئەزمەیە بۆخودی موسوڵمانان خۆیان و هەم ئەزمەیە بۆ جیهانی دەوروبەریشیان، وەک پیازێکی پاکژکراو بخەنە سەرلەپی دەست.
کە لەنموونەکانیان، کەسانی عەڕەبزمانی وەک، محەمەد ئەلمسەیەح “محمدالمسیح” و ” عادل امین” و ” یوسف تیکطاك” و چەندین لێکۆڵەرو مێژووناس و ڕەخنەگریی دیکەی بەتوانا کە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ ژمارەیان لەزۆربووندایە … کە لەڕێگای گۆگلێ ویوتوبەوە دەتوانیت بابەتەکانیان لەڕێگای تۆماریی ڤیدیۆییەوە یان نوسراوەکانیانەوە، ببیستیی وبخوێنیتەوە، لەوە تێدەگەی کە باسەکانیان چەندە پشتی بەلێکۆڵینەوەی زانستییەوە بەستووە!
تەنانەت ئەگەر موسوڵمانان بەچاوو هۆشێکی بڕێک کراوەوە، دیقەت بدەنە مێژووی ئایینەکەیان و پرسیار بکەن، کە بۆچی دوای زیاتر لەسەد و پەنجا ساڵ و دووسەدساڵ لەمەرگی پێغەمبەرەکەیان، موفەسیرانی وەک تەبەریی و ئیبن‌هیشام و بوخاریی و ئیبن ئیسحاق. چەندانی تر. کە هیچکامیان خەڵکی جەزیرەی عەڕەبیی نین، وەک ئەوەی کامێڕای شارەوەیان لەسەر ژیانی سات لەدوای ساتیی محەمەدو ئەسحابەکانی دانابێت، کەوتنە نووسینەوەی سیڕەی نەبەویی و چی کردووەو چی گووتووەو چی خواردووەو چۆن هەڵس وکەوتی کردووەو چۆن خەوتووەو چۆن هەڵساوەو چۆن وەحی بۆهاتووەو هەموو ئەو ڕوداوانەیان خاڵ بەخاڵ، چۆن و بەپێی کام بەڵگەی مێژوویی نووسیوەتەوە .. !؟
لەکاتێکدا مێژوو نووسان باس لەوە دەکەن، کە شاریی مەککە، وەک شاری زێدی محەمەدو شاری ستڕاتیجی و بازرگانی و شاری کەعبە و بتەجۆراوجۆرەکان لەوسەردەمەدا، هەر بوونی نەبووە.
تەنانەت لەو شارەدا و لەناو مەتحەفەکانی سعودیەشدا هەتا ئێستاش، ئاسەوارێک لەبوون و جێپەنجەی محەمەد وەک پێغەمبەرێک کە لەو شارەدا سەری هەڵدابێت و وەک پاشماوەی مێژوویی جگە لە قالەو قیلە ی عەن فڵان وعەن فڵان، هیچی تر هەر بوونی نییە!
مێژوو نووسان باس لە مێژووی ئیسلام وەک ئاینێکی دروستکراو لە سەردەمیی عەباسیەکانەوە دەکەن!
تەنانەت لەسەر دەمی مەعاویەی یەکەمین خەلیفەی دەوڵەتی ئەمەویی و دامەزرێنەریی ئەو دەوڵەتەدا، دراوە بەجێماوەکانی وەک بەڵگەی مێژوویی لەبەردەستی مێژوو نووسان و لێکۆڵەرەوەکانیدان، ڕەمزەکانی ئەو سەردەمەو شوێنەوارەکان نیشانەی خاچی مەسیحیان بەسەرەوەیە و هیچ نیشانەیەک لەبوونی ئیسلام ومحەمەددا، بوونی نییە، تەنانەت لەسەر دراوەکانی، تەنها شیعاریی، ” لا اللە اللە وحدە لاشریک لە” بەدیدەکرێت، نەک ناوی ئیسلام محەمەد!
خۆ ئەگەر ، وەک توراسیی ئیسلامیش، چاو لەو مێژووە بکرێت، کە لەسەر دەستی موفەسیرەکانی تۆمارکراوە، پڕیەتی لەئەزمە و بکوژەو ببڕە! ماکڕۆن سەرۆکی فەڕەنسا نەک هەر بووختانی بۆ هەڵنەبەستوون، بەڵکو لەئاست ئەو مێژووە پڕ لە کوشتارو داگیرکاریەو کردەوەکانیشیان لەم وڵاتەدا، هەتا ئاستێک نەرمیشی نواندووە!
ئیسلام و مێژووەکەی بەپێی خودی سەرچاوەکانی خۆیان، ئەوەندەی لەناو خۆیاندا لەسەر دەسەڵات و ململانێی قەبیلەیی و ناوچەیی لە ئەزمەدابوون، هێندە بۆ دەورو بەریان سەرچاوەی ئەزمە نەبوون!
هەر لەدوای مەرگی محەمەد،ململانێی نێوانیان لەسەردەسەڵات هێندە بەتووندی دەستپێدەکات، کە تەنانە جەنازەی پێغەمبەرەکەیان لەناو گەرمای بەهاری سعودیەدا، بیردەچێتەوەو کۆچکردوانی(مهاجرین) هاوشانی محەمەد لەلایەک لەنێوان خۆیانداو لایەنگرانی محەمەد (انصارین) کە لەمەدینەدا لەهەردوو هۆزی ئەوس وبەنی خەزڕەج پێکهاتبوون لەگەڵ کۆچکردواندا لەلایەکی تر، کە لەپەوەند بەم باسەش ڕوداوی بەنی سەقیفە لەسەرلاپەڕەی مێژوویاندا زۆر باسیی لێوەدەکرێت.
هەر بەپێی سەرچاوەکانی توراسیی ئیسلامی، عوسمان، سێیەم خەلیفەی ڕاشیدەین، کەیەکێکە لەمژدە پێدراوەکانی بەهەشت لەتەمەنی ٨٦ ساڵیدا، لەلایەن موسوڵمانان خۆیانەوە لەڕاپەڕینێکدا، دەکوژرێت و تەنانەت سەرچاوەکانی خۆیان لەزاریی دایکیانەوە عایشە دەگێڕنەوە، کە گووتویەتی،” اقتلوا نعثلا نعل اللە نعثلا” واتە ئەو کەمتیارە “کەفتیارە” بکوژن، نەعلەتی خوا لەو کەمتیارەبێت! دواییش ناهێڵن لە قەبرەستانی خۆشیاندا بینێژن و لەقەبرەستانی یەهودیەکاندا بەناوی (حش کوکب)دا نێژراوە.
دواتر عەلی، چوارەم خەلیفەیان، کە ئەویش یەکێکی دیکەبوو لەمژدە پێدراوەکانی بەهەشت، هەر بەدەستی موسوڵمانان(خواریج) دەکوژرێت.
حوسێنی کوڕی عەلی و نەوەی محەمەد، بەدەستی موسوڵمانان سەریی دەبڕدرێت.
وەحەسەنی کوڕی عەلیش، هەر بەدەستی موسوڵمانان ژەهر خواردوو دەکرێت و دەکوژرێت.
وەهەروەها هەر یەکە لەدوو مژدەپێدراوی دیکەی بەهەشتیش، بەناوی تەلحەو زوبێر، لە شەڕی جەمەلی نێوان عایشەو عەلیدا دەکوژرێن.
وەهەروەها لەشەڕەکانی بەناوی شەڕی سەفینی نێوان عەلی ومەعاویەدا، دەوترێت حەفتا هەزار موسوڵمان کوژراوە.
لیستی ئەم جەنگ و کوشتارە ناوخۆییە، بەپێی سەرچاوەکانیان، درێژدەبێتەوە کە هەتا ئێستاش ناکۆکیەکانی نێوان شیعەو سونە بەردەوامەو کەتەنیا لەعێڕاقدا، بەهەزاران مرۆڤ تەنیا لەسەر ناوی عەلیی و عومەر تێداچوون .
هەموو ئەو مەزهەبە جۆراوجۆرانەی کە لەبەرەنجامی ئاڵۆزیی و بێسەرو بەرەیی قوڕئان و ناکۆکیە قوڵەکانی نێوان تێکستەکانی قوڕئان خۆیان و حەدیسەکانی محەمەددا، سەریان هەڵداوەو وایکردووە هەریەکەی بەجۆرێک تەئویل وتەفسیر، بۆ ئایەتەکان بکات، کە تەنها لەناو سوننەدا، مەزهبەکانی وەک حەنەفی، مالیکی، شافیعی، حەنبەلی، بوونیان هەیەو لەناو شیعەکانیشدا، جەعفەری، ئیسماعیلی، زەیدیی..بوونیان هەیە.
لەشوێنێک، بەناوی خوداوە دەوترێت، ، “لکم دینکم ولي دین” دینی خۆتان بۆ خۆتان و دینی منیش بۆ من…لە جێگایەکی تردا، هەر بەناوی ئەم خودایە دەوترێت، قاتلوا الذین لایومنون بالله ولا بالیوم الاخر ولا یحرمون ماحرم الله ورسوله …واته شەڕی ئەوانە بکەن کە بڕوا بەخوداو ڕۆژی قیامەت ناهێنن، وەئەوەی خوداو پێغەمبەرەکەی بەحەرامیان داناوە و بەحەرامی نازانن و پەیڕەوی دینی ڕاستی نابن، وەشەڕی ئەوانە بکەن کە خاوەن کتێبن واتە یەهودیی و مەسیحیەکان، هەتا ناچاردەکرێن بە ملشۆڕی وزەلیلی وڕیسوایی غەڕامەدەدەن.
یان، هەر بەناوی خوداوە دەگوترێت:-“لااکراە فی الدین” واتە گیانی ڕق و قین لە جیاوازیی بیرو باوەڕی دیندا نابێت هەبێت! هەر بەناوی هەمان خوداوە، لەجێگایەکی تردا دەوترێت:-“و من یبتغ غیر الاسلام دینا فلن یقبل منە.” واتە جگە لەدینی ئیسلام هیچ دینێکی دیکە مایەی قبوڵکردن نییە!
یان هەر بەناوی ئەم خودایەوە دەوترێت:- “انما جزاء الذین یحاربون الله ورسوله ویسعون فی الارض فسادا ان یقتلوا او یصلبوا او تقطع ایدیهم وارجلهم من خلاف…” واته سزای ئەوانەی بەرامبەر خوداو پێغەمبەرەکەی دەبنەوەو هەوڵ دەدەن لەسەر زەویدا فەساد بڵاو بکەنەوە، دەبێت بکوژرێن ولەخاچبدرێن و دەست و قاچیان لەڕاست وچەپەوە ببڕدرێتەوە.
یان هەر بەناوی ئەم خودایە دەوترێت، کە : “من خیر الماکرین” واتە لە باشترینی تەڵەکە بازانە!
ئایا هەر بەڕاستیی موسوڵمانی کورد زمانی ئازیز، ئەم تێکستانەی قوڕئان، کە لە جەوهەرو ناوەرۆکی خۆیاندا، لەهەندێک جێگادا لەگەڵ یەکتر ناکۆکن و لە هەندێک جێگادا، قسەو لێدوانێکی زۆر بازاڕین، وەک تێکستی، لەباشترینی حۆقەبازو تەڵەکەبازانە، یان کە پڕیەتی لە شێوازیی کوشتنی زۆر دڕندانە، کە بڕواناکەم ئەگەر بەبەرچاوی زۆربەتانەوە، بەشێوەی عەمەلی کەسێک هەر چەند لەڕوانگەی تۆشەوە تاوانباربێت، بتوانیت بەرگەی تەماشاکردنی بگریت، بەتایبەت لە خاچدانی کەسێک و بڕینەوەی دەست وقاچەکانیی… ئەمەو سەدان تێکستی قوڕئانیی پڕ لە توندو تیژیی و هاندان، بۆ کارێک کە لەبناغەدا، بۆخۆی بڵاو کردنەوەی فەسادو خراپەکارییە، وەک ئەوەی لە شەنگالدا بینیمان لەژێر کاریگەریی ئەم مێژووەدا داعش، چجینایەتێکی وەحشیگەریانەی لەبەرامبەریاندا ئەنجامدا!
خۆت داوەربە، ئەگەر ئەمە ئەزمە نەبێت، چی تر لەم جیهانەدا ناودەنێیت، ئەزمە!

تاهیر عیسا
27.10.2020




پۆستەری فیلمی “ژیان لەسەر شەقام” لە دەرهێنانی منداڵانی کۆبانێ و شنگاڵ بڵاوکرایەوە

مەنسوور جیهانی ـ پۆستەری فیلمی چوار ئێپیزۆدی “ژیان لەسەر شەقام” لە بەرهەمهێنانی “بەهمەن قوبادی” و لە دەرهێنانی منداڵانی کۆبانێ و شنگاڵ بۆ بەشداریی لە ڕووداوە سینەماییەکان بڵاوکرایەوە.

پۆستەری فیلمی چوار ئێپیزۆدی “ژیان لەسەر شەقام” Life on the Road لە بەرهەمهێنانی سینەماکاری بەزموونی کورد “بەهمەن قوبادی” و لە دەرهێنانی منداڵانی کۆبانێ و شنگاڵ، لەوانە: ئێپیزۆدی “ئێستا بۆ کوێی دەچێن؟” Where do we go now? لە دەرهێنانی “ئیخلاس حەیدەر سامۆبۆد”، ئێپیزۆدی “ئێمە دیسانەوە سازیی دەکەینەوە” We’ll make it again لە دەرهێنانی “سیدرا رێزوان”، ئێپیزۆدی “گەڕانەوە” The Return لە دەرهێنانی “سالوا سلێمان سیدۆ” و هەروەها ئێپیزۆدی “ژیان درێژەی هەیە” Life Goes On لە دەرهێنانی “عەدنان فارووق”، کە لە یەکەمین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا لە بەشی پێشبڕکێی “دەرهێنەرە نوێیەکان” لە چل و چوارەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “سائۆ پائۆلۆ” São Paulo لە وڵاتی بڕازیل نمایش دەکرێت، لە لایەن هونەرمەندی ئێرانی “بێهزاد خۆرشیدی” دیزاینی بۆ کراوە و بۆ بەشداریی لە فیستیڤاڵە جیهانییەکانی فیلم و نمایش لە وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان بڵاوکرایەوە.

ستافی ئامادەکردنی فیلمی چوار ئێپیزۆدی “ژیان لەسەر شەقام” بریتین لە:
بەرهەمهێنان و ئامادەکردن: گوڵڕیز ئیحتیاتی، مونتاژ: ئیحسان واسقی، دەنگدانەر: حوسێن قوورچیان، گرووپی بەرهەم: میلاد فەیزوڵڵا بەیگی و عاتیفە ئەسڵانی، ستافی ئێپیزۆدی “ئێستا بۆ کوێی دەچێن؟”؛ دەرهێنەر: ئیخلاس حەیدەر سامۆبۆد، ڕاوێژکار: میلاد فەیزوڵڵا بەیگی، ستافی ئێپیزۆدی “ئێمە دیسانەوە سازیی دەکەینەوە”؛ ڕاوێژکار سۆران ئیبراهیم، وێنەگر: سۆران ئیبراهیم، دەنگهەڵگر: ڕێکەوت خالید، ئەکتەرەکان: سیدرا رێزوان و چیا ئەحمەدی، ستافی ئێپیزۆدی “گەڕانەوە”؛ ڕاوێژکار و وێنەگر: محەمەد تۆریوەریان و سالوا ئلێمان سیدۆ، یاردەدەری وێنەگر: نیما محەمەدپوور، ئەکتەرەکان: هازم خوداداد، نەزیر خوداداد، سۆنیا سلێمان سیدۆ، یاس خالید، خوداداد ئەسغەر، ستافی ئێپیزۆدی “ژیان درێژەی هەیە”؛ ڕاوێژکار و وێنەگر: سۆران ئیبراهیم و عەدنان فارووق، مۆنتاژ: سۆران ئیبراهیم، ئەکتەرەکان: روناک مستەفا، عومەر ساڵح، حەموودە محەمەد، سیلوا شێخۆ، دڵوا شێخ، شیرین شێخۆ قادر و مدلین شێخۆ، بەڕێوەبەریی ڕاگەیاندنی گشتیی: مەنسوور جیهانی، بەرهەمی: ڕۆژئاوا و هەرێمی کوردستان.

چل و چوارەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “سائۆ پائۆلۆ” بە نمایش 198 فیلم لە دەرهێنەرانی 71 وڵاتی جیهان، لە بەشە جۆراوجۆرەکانی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی لەوانە: بەشی “ئاسۆی نێودەوڵەتی”، بەشی پێشبڕکێی “دەرهێنەرە نوێیەکان”، بەشی “بڕازیل”، بەشی “خەڵاتەکان”، بەشی “مافی مرۆڤ” و بەشی “کەمپەینەکان” لە ڕۆژانی 22ی ئۆکتۆبەر تا 4ی نۆڤەمبەری 2020 بە هۆی بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کوشەندەی کۆڕۆنا بۆ یەکەمین جار، بە شێوەی ئۆنلاین لە شاری سائۆ پائۆلۆ لە وڵاتی بڕازیل بەڕێوەدەچێت.

بۆ زانیاریی زیاتر:
https://44.mostra.org/jornal-da-mostra/veja-a-selecao-de-filmes-da-44-mostra

بەڕێوەبەرایا‌تی ڕاگەیاندنی گشتیی فیلمی “ژیان لەسەر شەقام”.




گرنگییەکانی چیرۆکە ئەفسانەییەکان بۆ منداڵان .. رەزا شـوان

(ئه‌لـبێرت ئەنیشـتاین) دەڵێ:” گەر دەتـەوێ منـداڵەکەت زیـرەک بێ، چـیرۆکی خەیـاڵی بۆ بخـوێنـەوە. گەر دەتـەوێ زیرەکـتر بێ، چـیرۆکی خەیـاڵی زیاتـری بۆ بخـوێنـەوە..”
زاراوەی “چیرۆکی ئەفسانەیی” و “چیرۆکی خەیاڵی” لە زمانی کوردی و لە زمانەکانی زۆربەی گـەلانی جیهـانیشدا، بە دوو زاراوەی هـاومان دادەنرێـن، بە زۆریـش لە جـێی یەکتری بەکـاردەهـێنرێن. لەم نووسینەمـدا هـەردوو وشەکەم بەکارهـێناون. هەنـدێ لە نووسەرانی بواری فۆلکـلۆر، ئەوەیان پێ باشە، کە بۆ چیرۆکە ئەفسانەییەکان، زاراوە ئەڵمانییەکە (مارچـین) یا (چـیروكه‌ سه‌یـره‌كـان) بەکاربهـێنرێ.
چـیرۆکە ئەفسانەییەکان، چـیرۆکی خەیـاڵئامێزن، بەشێکی دیاریکـراون لە چـیرۆکە میللییەکان. ئاسان نییە کە بتوانین جیاوازی لە نێوان ئەم دوو جۆرە چیرۆکەدا بکەین. هەردوو جۆرەکەش بەشێکـن لە فـۆلکـلۆر. هەر نەتەوەیەکیش لە نەتەوەکانی جیهان، خاوەنی چـیرۆکی ئەفـسانەیی تایبەت بە خۆیانن و شانـازی پێوە دەکـەن. کـۆمەڵـێک چـیرۆکی ئەفـسانەییش هـەن، بـوونە بە چـیرۆکی گـلۆباڵـیزمی، هەر نەتەوەیـەک بە چـیرۆکی خۆیـانی دەزانـن.
چیرۆکە ئەفسانەییەکان، جۆرێکن لە چیرۆکی کورت. بە زۆریش تایبەتن بە منداڵانەوە.
جیاوازی ئەم چیرۆکانە لەوەدایە، کە بە زۆری لە چوارچێوەیەیەکی جـادوویی دان و بە بە گـشتی جـادوو بنەمـای سەرەکی و بەشـێکە لـەم چـیرۆکە ئەفـسانەییانە، پاڵـەوان و کەسایەتی و کارەکتەرەکانی خەیـاڵی و ئەفـسانەیین، وەکو:”جـنۆکە، شـەوە، جادوگـەر، دیـۆ و درنـج، ئەژدیها، رمـۆزن، مەڕنەمووکە، لـۆژەنـد، ئەرژەنگ، چەتەوڵ، شۆمقار، سیمرخ، ئەسپی باڵـدار، گۆڕنەتـەڵە، مـاری حەوت سەر، پەنجەبـاڵا، چەرخ و فەلـەکی ئەفسووناوی، قەقنەس، چەندین دەعبای خەیاڵی تر” یا دەربارەی رووەک و هێزەکانی سرووشتین وەکو:”باران، بەفر، بروسکە، رەشەبا و زریان، لافاو، گەرما، گەردەلوول، داربـەڕوو، دارگوێـز، گـوڵ، سـیۆ،…هـتد” هەموو ئەم رەگەزانەش، تایبەتمەندییەکانی مرۆڤـیان هەیە، باوە کە لە چـیرۆکە ئەفـسانەییەکاندا، ئاژەڵان قسە دەکەن، دار دەڕوات، باڵنـدە بە زمانی کوردی قسەدەکـا. شاخ دەتـۆرێ، گـوڵ زیـزدەبێ، پەپوولە گلەیی دەکـا، هەتـاو پێـدەکەنێ، ئاژەڵەکـان بۆ سەرکەوتن بەسەر کێشە و کۆسپەکـان و نەیارەکـانیادا یەکدەگـرن، فریشەکان دەبن بە فریاڕەسی لێقەوماوان، سیمرخ دەبێ بە تاکسی ئاسمان، چەرخ و فەلەک دەبێت بە کەشتی ئاسمانی و لەسەر ئەستـێرە گەشەکـان دەنیشێتەوە. منـداڵانیش ئەمانەیـان پێ سەیـر نین و ناشـپرسن، کە چـۆن ئـاژەڵ دەدوێ، یا چـۆن باڵندە فـێری زمانی کوردی بووە، یا چـۆن ئەسپ باڵی هەیە و دەفـڕێت، چـۆن مانگ سەردانی زەوی دەکـا؟
بەشێکی زۆریش لە چـیرۆکە ئەفـسانەییەکان، پاڵەوان و کارەکتەرەکـانیان کەسایەتی مـرۆڤ، وەک (شا، شاژن، شازادە، میـرزادە، جـووتیار، شـوان، لاو، منـداڵ، پیـرەژن، ریش سپی، فاڵـچی، جـادووگەر،…هتـد).
ئەم چیرۆکانە پـڕن لە کاری جادوویی، سەرکێشی، جەربەزەیی، ملهوڕی، شەڕانگێزی، پێکەنین، گریـان، خۆشەویستی، تـرس، ئیرەیی، هەڵخەڵەتـاندن، کـاری لە توانابـەدەر.
زۆر جـار پاڵەوانەکـانیان، لە شەڕێـکی دژواری دەستەویەخـەدان، بـەڵام لە کۆتـاییدا، بەسەر هەمـوو مەترسیـیەکانـدا، زاڵـدەبن و نەیارەکـانیان دەبەزێـنن و سەردەکـەون و ئاهەنگی خۆشی دەگێڕن. سەرکەوتن هەردەم یاوەری ئازایانی کۆڵنەدەر و پیاوباشان و چاکەخوازان و ژیر و داناکانن. بە زۆریش کچـانی جـوانی شاکان، دەبـن بە دەزگـیرانی کوڕانی ئازا و سەرکێش و براوەی گرەو و مەرجەکانی شاکان، یا میرزادە جوانەکانی و رزگـاربووی جادوولێکـراوەکـان.
پەنابردن بۆ جادوو لەم چیرۆکانەدا ناچارییە، چونکە ئامانجەکـان بە رێگـای ئاساییەوە نایەنـەدی، دامـان و رامـان و بێ دەسـەڵاتی پاڵـەوانەکـانیش دەگـەنە لـووتـکە، لە رێی جـادووە و ئامانجەکـان دێنـەدی، بە خـۆشی و شـادی کۆتـاییان دێ.
هەنـدێ جـاریش جـادوو بۆ نیاز و مەبەستی خراپ بەکاردەهـێنرێ، بەڵام بە زۆری ئەم جـادووە خـراپانە، لە کۆتـاییدا بە کـارێکی چاکە و خـێرخوازی، بەتـاڵ دەکرێنەوە. وەکو لە چـیرۆکی (بەفـرین) و (شـازادە و بـۆق) و چەنـدین چـیرۆکی تـردا.
تەنـانەت بەشـێکی زۆر لە چـیرۆکنووسان و رۆماننوسانی ئەم سەردەمەش، پەنایان بۆ جـادوو بردوون. بۆ نموونە، خاتوو (جـوان رۆلینگ: ١٩٦٥ـ لە ژیان دایە) نووسه‌ری چـیرۆكی (هـاری پـوتـه‌ر)، کە بە شاکـاری بـەرزی جـیهـانی ئـەدەبی منـداڵان دادەنـرێ. جـوان رۆلـینگ بۆ ئەنجامـدانی کارێکی لە تـوانابەدەر و سەرکەوتن و زاڵـبوون بەسەر تەگەرەکان و نەیاری پاڵەوانی سەرەکی چـیرۆکەکەی (هـاری پوتـەر) پەنـای بـۆ جادوو بـردووە، نەیتـوانیوە لـە چـوارچـێوەی چـیرۆکی ئەفــسانەی کـلاسـیکی دەربچـیت.
لە چـیرۆکی ئەفسانەیی کوردیشدا، چیرۆکی (پیرەژن و چەرخوفەلک) کە پیرەژن لە رێی جادووەوە بە چەرخوفـەلکێک دەفـڕێت. شاعـیری گەورەی گەلەکەشمان ئەحمەدی خانی (١٦٥٠ـ١٧٠٧) لـە شاکـارە جیهـانییە نەمـرەکەیـدا (مـەم و زیـن) پـەنـای بـۆ جـادوو بـردووە. لە (ئیـنجـیل) و (قـورئـان) یشـدا، چـەنـد چـیرۆکـێکی ئەفـسانەیی هـەن.
لە دوای هەموو شتێک هەروەکو چیرۆکنووسی بەناوبانگ (هانز كریستیان ئه‌نده‌رسین) جـارێکـیان وتی:”ژیـان خـۆی نایـابتـریـن چـیرۆکـی ئەفـسانـەییـە “
مێـژووی چـیرۆکی ئەفـسانەیی:
ئەستەمە کە بتوانین بە شێوەیەکی کۆنکـریتی، رەسەنـایەتی و مێـژوو و کات و شوێنی سەرهەڵدانی چیرۆکە ئەفسانەییەکان دیاری بکەین. بە تایبەتیش ئەو چیرۆکانەی کە بە زارەکی گـێڕاویانەتەوە. بەڵگە نووسراوەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە مێـژووی چـیرۆکە ئەفـسانەییەکان بۆ هەزاران ساڵ بەر لە ئەمڕۆ دەگەڕێنەوە. ئەم چیرۆکانە بە زارەکی و بە شـێوازێکی درامی، نـەوە لە دوای نـەوە گـێڕاویانەتـەوە و گواسـتوویانەتـەوە، تا بە ئەمـڕۆ گەیشـتوون. ئـەو دەقـە چـیرۆکە ئەفـسانەییانەی کە لە ئەمـڕۆدا دەیـانبـینین، بە درێـژایی ساڵانی رابـردوو دەستکـاری کـراون و گـۆڕانکـارییان تێیانـدا کـردوون. بـۆیە سەیر نییە کە بە چەند شێوازی جیاواز، چیرۆکە ئەفسانەییەکان بەرچاومان دەکەون، یا بۆمان دەگـێڕنەوە. لەگەڵ ئەوەشـدا، بەشێک لە چـیرۆکە ئەفـسانەییەکان لە فۆلکلۆری گەلان و وڵاتانـدا لەیەکـدەچـن، گەرچی جیاوازی لە کات و شوێنیانـدا هـەن. بۆ نموونە:
چیرۆکی ئەفسانەیی (کۆڵـوانەسوور) لە ئێستا وەکو یەکـێک لە چـیرۆکەکانی نووسەری فەرەنسی (چـارلـز پیـرۆ: ١٦٢٨ـ ١٧٠٣) دەخوێنـرێتەوە. بەڵام لە راستـیدا، مێـژووی ئەم چـیرۆ بۆ زیـاتر لە هـەزار ساڵ بەر لە ئێستا دەگەڕێتـەوە.
چـیرۆکی کۆڵـوانـەسوور لە دەقـە کۆنەکەیـدا، دەربارەی کچێکی بچووکە، کە زەمبیلێک کـێکی پێـیە، کە بیـبات بـۆ داپیـرەی، رێگـاکە کەوتـۆتە نـاو دارسـتانێکەوە. گورگـێکی نەگـریس رێ لە کۆڵـوانەسوور دەگرێت، ئەوەی لێبیست کە بۆ مـاڵی داپیـرەی دەچـێت، کە لە ئەوپـەڕی دارستانەکەدایە.. لەم دەقـە کۆنـەدا، گوورگـە داپیـرەی دەخـوات.
بەڵام لە دەقەکانی دواییدا دەستکاری کراوە، داپیـرەی خۆی دەشارێتەوە، گورگةەش لە جێگـای داپیـرە راکـشاوە و چـاوەڕێی کۆڵـوانەسوور دەکـات، کە بێـت و بیخـوات. بەڵام (دارەکەرێک) لە هەندی دەقی تردا (راوكه‌رێک) دەبێت بە فـریاڕەس و کۆڵوانەسوور و داپرەی رزگـار دەکـا. چـیرۆکەکە بە مـەرگی گـورگـەکە و بە خـۆشی کـۆتـایی دێـت.
لە دەقـی ئەم چـیرۆکەدا بۆ منـداڵان، لە ئـەدەبی فـۆلکـلۆری (چـین) دا، کە مێـژووی بۆ زیاتر لە (١٢٠٠) سال پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، لە جیاتی گورگەکە، پڵنگێکی نەگریسە.

لە دەقە کۆنەکەیدا، چیرۆکی ئەفـسانەیی (بەفـرین)دا، بەفـرین وانە و پەنـد لە هەڵەکەی فـێردەبێت، بەڵـێنی ئـەوەش دەدا، کـە دووبـارە سەرپێـچی لـە ئامـۆژگـارییەکانی دایـکی نەکات. کە دەچـێت بۆ مـاڵی داپیـرەی پلانێکی پاراستـنی بۆ دانـراوە، لە گـورگ نزیـک نابێتەوە، نیـاز و رازی خـۆی بۆ گـورگ بـاس ناکـات.
لە چیرۆکی (بەفرین) دا، کە داهێنەری فیلمی کارتۆن و سینەماکاری ناسراوی ئەمریکی و جیهـانی (واڵـت دیـزنی: ١٩٠١ـ١٩٦٦) کردوویـە بـە فـیلمی کـارتـۆنی ئەنیـمەیـشن، دەستکاری دەقـەکەی کـردووە، زۆری لێ گۆڕیـوە. بۆ نموونە لە پێشەکی ئـەم فـیلمەدا، واڵت دیزنی نووسیوێتی:”جارێکیان شازادەیەکی جوان، ناوی سنۆوایت (بەفرین) بوو، قژێکی رەش وەکو شەو، لێوەکانی سووربوون وەکو گوڵ، پێستی سـپی وەکو بەفـر”.
بەڵام لە دەقـە کلاسیکییەکەیـدا، پێشـەکی ئـەم چـیرۆکە، بـەم شێوەیـەیە:” جارێکـیان لە ناوەڕاستی زستانـدا، کە بەفـر وەک پـەڕی سپی لە ئاسمانەوە دەهـاتە خـواروە، شـاژن لای پەنجەرەیەکی کۆشکەکەوە دانیشتبوو، خەریکی دروومان بوو، داری پەنجەرەکەیان لە داری ئەبەنـۆسی رەش بـوو. شـاژن لـە دیمـەنی بەفـر بـارینیەکـەی دەڕوانی، خـەیاڵ بـردییەوە. لە پڕێکـدا دەرزییەکە چوو پەنجە تووتەی دەستە چەپیدا، خوێنی لێهات، سێ تنۆک خوێنی ئاڵ کەوتنە سەر بەفـرەکە. شاژن لەبەر خۆیەوە وتی: ئایا منداڵێکم دەبێت، سپی بێت وەکو بەفر، سوورە بێت وەکو خوێن، قـژی رەش بێت وەکو داری چوارچێوەی پەنجـەرەکە؟”. دەبینین ئەم پێشەکییە دەوڵەمەنـدە بە وشـەی جـوانی زمـان، منـداڵان بە خوێندنـەوەی یا بە بیستـنی ئەم پێشەکییە، چـێژ لەو وشـە جوانـانە وەردەگـرن.

دوو تیۆر هەوڵی ئەوەیان داوە، کە رەسەنایەتی و رەگەزە هاوبەشەکانی نێوان چـیرۆکە ئەفـسانەییەکـان لێکبـدەنەوە. کە لەنـاو گـەلانی هەمـوو کێـشوەرەکانـدا بڵاوبـوونـەتەوە.
تیـۆری یەکـەم، دەڵێ: هـەر چـیرۆکێکی ئەفـسانەیی دیاریکـراو، لە رەسەنـایەتی یـەک سەرچاوەوە سەری هەڵـداوە. دوایش بە درێژایی ساڵان بڵاوبۆتەوە و لە کولتوورێکەوە بـۆ کولتـوورێـکی تر گوێـزراوەتـەوە.
تیۆری دووەم: ئاماژە بەوە دەکا، کە چیرۆکە ئەفسانەییەکان، بەری ئەزموونی هاوبەشی مـرۆڤـایەتیـن، کە لـە دوییـدا بـە شـێوازێـکی رەسەنـایەتی جیـاواز دەرکـەوتـوون.
تا ئەمڕۆش چەنـدوچـوون دەربـارەی لێکـدانەوەی ئەم دوو تیۆرە هەیە، ساغ نەبۆتەوە کە کامیـان راسـتە.. دەشێـش لە تـێکـەڵی هـەردوو تیـۆرەکە پێکهـاتـبن.
چـیرۆکەکـانی، ئەفـسانەنووسی بەناوبـانگی یۆنـانی (ئیـزۆپ : ٦٢٠-٥٦٠ : پ. ز) لە نێوان یەکەمین چیرۆکە ئەفـسانەییە نووسراوەکانە، کە لە هـەموو جـیهانـدا ناوبانگـیان دەرکـردووە. بەشێکی زۆریشیان بۆ سەر هـەموو زمانەکانی گەلانی جیهان وەرگێڕاون.
نووسەری رۆمـانی (فـویـدرۆس) لە ساڵی (٣٢٠) ی پێش زایینی، بەشێک لە چـیرۆکە ئەفـسانەییەکـانی ( ئیـزۆپ) ی وەرگـێڕانەتە سـەر لاتیـنی.
ئیـزۆپ، زیـاتـر لە (٦٠٠) چـیرۆکی ئەفـسانەیی نـووسـیوە.
چـیرۆکنووسێکی تـری یۆنـانی، بە نـاوی (هـیزیـۆدۆس) لـە پێـش ئیـزوپ، لـە سـاڵی (٨٠٠) ی پێش زاینی کۆمەڵـێک چـیرۆکی ئەفـسانەیی نووسـیوە.
چیرۆکە ئەفسانەییەکانی، فەیلەسووفی هیندی (به‌یده‌با) ‌ له‌ژێر ناوی (كلیله‌ و دیمنه‌) دا،
مێـژووی ئەم چـیرۆکە ئەفـسانەییانەش بۆ سـاڵانی پێـش زاینی دەگـەڕێنەوە.
نووسەری بە ناوبانگی فەرەنسی (جان دی لافـۆنتین : ١٦٢١-١٦٩٥) لە پەرتووکێکی دوانـزە بەرگـیدا (٢٤٣) چـیرۆکەشیعـری ئەفـسانەی نووسیون و چـاپی کـردوون.
(چارلـز پـیرۆ: ١٦٢٨ـ ١٧٠٣) نووسەرێکی فەرەنسی بە ناوبانگە و بە کەڵەنووسەری چـیرۆکە ئەفـسانەییەکانی منـداڵان دادەنـرێ، کۆمەڵـێک چـیرۆکی ئەفـسانەیی بۆ منـداڵان نووسـیووە، کە هەنـدێکـیان بە شاکـاری جیهـانی ئـەدەبی منـداڵان دانـراون. لەوانـەش: سانـدرێـلا، یا (سانـدرێلا و پێڵاوە شووشەییەکە)، کۆڵـوانەسوور، شۆخـە نووستووەکە، ریش شیـنەکە، پشـیلەی چەکمـەلـەپێ.
برایانی ئەڵمانی (یاكـوب كـارڵ گریـم : ١٧٨٥- ١٨٦٣) و (ولیـه‌م كارڵ گریـم: ١٧٨٦-١٨٩٥) لە ساڵی (١٨١٢) دا (١٥٦) چـیرۆکی ئەفـسانەییان، کۆکـردنەوە ودووبـارە نووسییاننـەوە و لەژێـر نـاوی (چـیرۆك بـۆ منـداڵان و مـاڵان) لە بەڕلـین چاپکـراوە.
هەر لە شێوازی برایانی گریمی ئەڵمانی، دوو چـیرۆکنووس و فـۆلکلۆریستی نەرویجی، ناویـان (پیـتەر کـریستین ئـاسبیورنسن: ١٨١٢ـ ١٨٨٢) و ( یـۆرگـن ئینگـبریتسن مـۆ: ١٨١٣ـ ١٨٨٥) لـە نێـوان سـاڵانـی (١٨٤١-١٨٤٤) یەکـەمیـن کۆمـەڵـە چـیرۆکی ئەفسانەیی نەرویجییان کۆکردنەوە و نووسییانەوە و لەژێـر ناوی (چـیرۆکە نەرویجـیـیە میلـلییەکـان) دا چـاپیان کـرد، کە بەشـێکی زۆریـان بۆ منـداڵان دەشــێن.
کەڵە چـیرۆکنووس و شانـۆنووسی بەناوبانگی دانیـمارکی و جیهـانی، (هـانـز كریسـتیان ئه‌نـده‌رسن: ١٨٠٥-١٨٧٥). هـانز ئەنـدەرسن بە بـاوکی چـیرۆکی منـداڵان لە جیهـانـدا دانـراوە ، هـانز لە ساڵی (١٨٣٥) دا یەکـەمین پەرتـووکی خـۆی لەژێـر ناوی (چـیرۆكه‌ ئەفـسانەییەکـان بـۆ منـداڵان) چاپکـرد و بـڵاوی کـردەوە. لەوانـەش ( پێـڵاوی سـوور، تۆمالیزا، کچە شقارتەفـرۆشەکە، کاڵای باڵای ئیمپراتـۆرە تازەکە، جـووچـکە مراوییەکی ناشیرین، شازادەی بەفـر، کچە شـوانەکە، قـازە کێوییەکان، سەربازێکی تەنەکە، پەرییە بچکۆلەی دەریـا، شازادە و دەنکە فاسۆلیا، چـیرۆکی دایکـێک، رۆژنامەنووس،… هتد) تێکـڕا هـانـز ئەنـدەرسـن (١٥٠) چـیرۆکی ئەفـسانەیی بـۆ منـداڵان نووسـیوە. ژمـارەی پەرتـووکە چاپکـراوەکـانیشی (١٦٨) پەرتـووکـن.
چـیرۆکنووسی بەناوبـانگی ئینگـلیزی (لـویس كـارۆل: ١٨٣٢- ١٨٩٨)، کە چـیرۆکی (ئەلـیس لە وڵاتی عـاجـباتییەکـان) ی نووسیوە، کە بە شاکـارێکی چـیرۆکی ئەفسانەیی منـداڵان لە جیهانـدا دادەنرێ. پاڵەوانی ئەم چـیرۆکە کچێکی بچـووکی (١٢) ساڵانە، بە ناوی (ئەلـیس) ەوە. دەکەوێتە وڵاتـێکی ژێـر زەوییـەوە، کە خەڵکـییەی لەگـەڵ مـرۆڤی سەرزەویدا زۆر جیاوازن، شتی عاجباتی وسەیرلە وڵاتەکەیاندا هـەن. لە دواییدا ئەلیس بە هـۆی جادووگـەرێکەوە، دێتـەوە سەر زەوی و دەگـەڕێتەوە بـۆ مـاڵی خـۆیـان.
جـوانی لە چـیرۆکە ئەفـسانەییەکانـدا:
زاناکـان دەڵێن چیرۆکە ئەفسانەییەکان، جەخت لەسەر جـوانی دەکەن، نموونەی جوانی مێـینە و گرنگـیدان بە بـەژنی جـوان پانتـاییەکی زۆریـان لە چـیرۆکە ئەفـسانەییەکـاندا، گرتوونەتـەوە، ئاماژە بەوە دەکـرێ کە جـوانی و ناشێرینی لە (٩٤%) چیرۆکەکانن. لە چـیرۆکی (سانـدرێـلا) دا (١١٤) جـار ئامـاژە بە جـوانی مێـینە کراوە، بەڵام (٣٥) جـار ئاماژە بە جـوانی نێـرینە کـراوە.
لە پەرتووکەکەی برایانی گریمی ئەڵمانی (جاكوب و ولیەم) کە چیرۆکەکانیان خەیاڵی و ئەفـسانەیین، کە سەرەتای لەسەدەی حەڤـدەیەمـدا بە زمـانی ئەڵمانی نووسیویانە و لە ساڵی (١٨٥١) دا وەریـان گـێڕاوە بـۆ ئینگـلیزی، بـە زۆری کەسایـەتییە شەڕخـواز و بەدکـارەکـان، کەسانی ناشـیریـن و بـەدن. کارجوانەکـانیش کەسانی بـاش جـوانـن.
زۆربەی پاڵەوانەکانی چیرۆکە ئەفسانەییەکان، لە کچە شۆخ و جوانەکانن، کە گوزارشت لە دڵپـاکی و چـاکە و کارجـوانی و خۆشی و سـۆزداری و خۆشەویستی و ژیـان دەکەن. ناشیرینەکانیش کە لە (١٧%) ی چیرۆکە ئەفـسانەییەکانن، گوزارشت لە شەڕخوازی و بەدکاری و ستەمکاری دەکەن. جوانی و ناشیرینی، وەکو توانـای هـەر کەسایەتییەک بۆ بـاشی و خـراپی بەکـاریان هـێناون. بـەڵام بەدەریـش لـەم یاسـا و بۆچـوونـەدا هـەیە بۆ نموونە: باوەژنەکـەی بەفـرین ژنێکی جـوان بوو، بەڵام نیاز و رەفـتاری بەد و ناشیرین و خراپ بوون. لە چیرۆکە ئەفـسانەییەکاندا، زەحمەتە کەسانێکی ناشیرین بـدۆزرێنەوە، کە دلـۆڤـان و دڵپـاک بـن.
کەواتە پەیـوەندییەکی گـەورە لە نێـوان جـوانی و چـاکەدا هـەیە، بە پێچـەوانەشەوە، لە نێـوان ناشةیرینی و تەمـەڵی و خـراپە و شـەڕدا هـەیە.
لە بەشـێکی زۆر لە چـیرۆک بۆ منـداڵان، کچـێکی بچـووک و ژیـر و زیـرەک و جـوان بـووە بە پاڵـەوان یا کەسایەتی سەرەکی چـیرۆک.
لە زۆر زنجیرە دراما و فیلمی سینەماییدا، رۆڵی سۆزداری و خۆشەویستی و جوانکاری و دلۆڤـانی، دراوە بە کچێکی جـوان یا کوڕێکی شـۆخ و شەنگ یا پێکەوە رۆڵیان هەیە. رۆڵی شەڕخوازی و دڵڕەقی و بەدکاری و خـراپە، بە زۆری دراوە بە کچێک یا کوڕێکی رووخسار ناشیرین. وەکو وتمـان بـەدەر لەم یاسایەشـدا هـەن.
لە زۆربـەی چـیرۆکە ئەفـسانەییەکـانـدا، کـات و شـوێـن دیـاری نەکـراون. بە زۆری، بە پەرگـرافی جارێکـیان دەست پێـدەکەن. چیرۆکە ئەفـسانییە کوردییەکان بەم دەستەواژانـە دەستپـێـدەکـەن: (هـەبـوو نـەبـوو) یاـ ( جـارێـک لە جـاران) یاـ ( سـاڵـێک لـە سـاڵان). کۆتـاییەکـانیشیان: بە: (چەپـکی گـوڵ و چەپـکی نـێرگـز.. مـەرگـتان نەبـیـنم هـەرگـیزاو هـەرگـیز) یا (منیش هـاتمەوە.. کەوشـەکەم یا ـ كـڵاشه‌كه‌م ـ دڕا.. هـيچـیشم پـێ نەبـڕا).
من پێموایە کە جوانترین سەرەتا و جوانترین کۆتایین، لە هـیچ چـیرۆکێکی ئەفـسانەیی گـەلانی تـردا، سەرەتـا و کۆتـایی جـوانی وام بەرچـاو نەکـەوتـوون.
گرنگییەکانی چـیرۆکە ئەفـسانەییەکان بۆ منـداڵان:
هـیچ لە لێکۆڵینەوەکان، لەگەڵ ئەوەدا نین، کە چیرۆکە ئەفسانەییەکان لە لیستی چیرۆک بۆ منـداڵان لابـدرێن. لیکۆڵـینەوەکان جەخت لەسەر ئەوە دەکـەنەوە، کە چیرۆکە خەیاڵی و ئەفـسانەییەکان، ســوود و گرنگـییەکی زۆریـان بۆ منـداڵان هـەیە. منـداڵانی ئەمڕۆش چـێژ و خـۆشی لەو چـیرۆکە ئەفسانەییانە وەردەگـرن. کە چەنـدین سەدە پێـش ئێستا بە زارەکی بۆ منـداڵانیان گـێڕاونەتەوە. بە کورتی ئەمانە بەشێکن لە گرنگییەکـانی چیرۆکە خەیـاڵی و ئەفـسانەییەکـان بـۆ منـداڵان:
١ـ زۆربەی چیرۆکە ئەفسانەییەکان، هـیوا بە منداڵان دەبەخـشن. ئەوەیان فێردەکەن کە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان، پێویستیان بە هەوڵ و تێکۆشان و کۆڵنەدانە، فـێری ئەوە دەبن، کە چۆن بەسەر ئەو کۆسپ و تەگەرانەدا سەربکەون کە دێنە رێیان. چۆن گرفت و کـێشەکانیان چـارەسەربکەن. چـۆن لەگـەڵ هەڵـوێستە تـرسناکەکـاندا مامەڵە و رەفتار بکەن. چـۆن رووبـەڕووی هەمـوو ئەو مەتـرسییانە ببـنەوە کە رووبـەڕوویان دەبنەوە. تێدەگەن کە جیهان تەنیا لە گەزۆ و لۆکە و گوڵ و تیشکی خۆر و پەلکەزێڕینە و بەهار دروست نەبـووە، بە گـوژاڵک بـەردی رەق و دڕک و شەوزەنگ و بروسکە و زسـتانی سەخـتیش دروست بـووە.
٢ـ چـیرۆکە ئەفـسانییەکان، رووڵـێکی گرنگـیان لە رۆشنبیریکـردنی منـداڵاندا هـەیە. لە رۆشنبیریی سەردەمەکـانی کـۆن، بەڵام راستییەکان هـێشتا پەیوەنـدییان بەم سەردەمەوە هـەیە. گـەلێ چـیرۆکی ئەفـسانەیی هـاوبەش لە نێوانی کولتووری گەلانـدا هەیە. چونکە کێشەکان هەمان کێشەن کە رووبەڕوویان بوونەتەوە و دەبن. لە هەر شوێنێکی جیهانـدا بـژین، هـەمـووان بـۆ زاڵـبوون بەسـەر هـەژاری، سـتەم، زۆرداری، چـەوسـانـەوە، کوێرەوەری و بۆ لە ناوبـردنی ئەژدیهـاکـانی (دیکتاتـۆرەکانی) ئەمـڕۆ تیـدەکـۆشـن.
٣ـ لە دیدی زانستییەوە، منداڵانی خوێنەرانی بچووکی ئەمڕۆ، رۆشنبرانی داهاتوون، بە گوێگـرتن و خوێنـدنەوەی چـیرۆکە ئەفـسانەییەکان. بە شـێوازێکی بابەتیـانە، بنەماکانی چـیرۆک فێردەبن ( ئامادەکردن، کەسایەتی، پاڵـەوان، کارەکتەر، گـرێ، بڕیـار، جـووڵەی بۆ سـەرەوە، لووتـکە، وردبیـنی و چارەسـەر، کۆتـایی) جیـاوازیش لە نێـوان چـیرۆکی خەیـاڵی و راستـیدا دەکـەن. کە منـداڵان لەو چـیرۆکـانە تێـبگـەن، دەبـنـە پاڵـپشـت بـۆ پێشبیـنیکـردن و تێگـەیشتن لە چـیرۆکەکانی تـر کە دەیـانخـوێنـنەوە.
٤ـ چیرۆکە ئەفسانەییەکان، خەیـاڵی منـداڵان فـراونتر دەکەن و زیاتر گەشەی پێدەکەن و پێشیدەخەن. خەیـاڵیش گرنگە. (ناپـلیۆن) دەڵێ:”ئەوە خەیاڵە کە جیهـان بەڕیـۆە دەبـا”
٥ـ چـیرۆکە ئەفـسانەییەکـان، ئەوەیـان سەلمـانـدووە کە خـۆشـەویستی شتـێکی بـاشە، هەمیشەش باشی و خۆشی لێدەکەوێتەوە. لە چیرۆکی (بەفـرین) دا کە لەژێر کاریگەری جـادوویی باوەژنـەکـەیـدا سڕببـوو، بە هـێزی ماچـکـردنێکی خۆشـەویستی، لە لایـەن میـرزادەیـەکی لاوەوە، جـادووەکە بەتـاڵ بـۆوە و بەفـرین هـاتـەوە هـۆش خـۆی. خۆشەویستی دڕندەیەک دەکات بە میـرزادەیکی نـەرم و نیـان و چاکەخـواز. لە سایەی خۆشەویستیدا، هەمـوو شتـێکی نەرێـنی دەگـۆڕێـن بـۆ ئەرێـنی.
٦ـ چیرۆکە ئەفـسانەییەکان ئەوەیان سەلماندووە، کە باشی باشترین خەسڵەتی مرۆڤە، بـاشی و چـاکە لەگـەڵ کەسانێک کە پێویستیان بە چـاکە هـەیە، رۆژگـار و ژیـانیان لە تەنگـانە و بێ ئومێـدی و رەشبینی و ناخۆشییەوە، دەگـۆڕێت بۆ هـیوا و بۆ گەشبینی و خۆشی و شـادی.
٧ـ چـیرۆکە ئەفـسانەییەکان، گرنگی هـاوڕێی دڵسـۆز بۆ منـداڵان دەسەلـمێنن، کە کەس بە تەنیا نـاژی، هـاوڕێی دڵسۆز لە تەنگانـەدا دەبێت بە فـریـاڕەس و یارمەتی هـاوڕێی دامـاوی دەدات و لە تەنگـانە رزگـاری دەکـات.
٨ـ چیرۆکە ئەفسانەییەکان، ئەوە فێری منداڵان دەکەن، ژیان هەمیشە لە لە گۆڕانگاری و نـوێبـوونەوە دایە، هـەردەم بە هـیوای ژیـان و داهـاتوویەکی باشتر و گەشترەوە بن.
٩ـ چـیرۆکە ئەفـسانەییەکان ئـەوە فـێری منـداڵان دەکـەن، کە وانـە لـە شکستییەکـانیان وەربگرن و کۆڵنەدەن و .. ئەوەش بزانن کە ئەستەم بـوونی نییە، لە سایەی خـەبات و خـۆڕاگـری و کۆڵـنەدانـدا، هەمـوو خـەون و خـۆزگە و هـیوایەک دێنـەدی.
١٠ـ چیرۆکە ئەفسانەییەکان، بنەمـای گـرنگ فـێری منـداڵان دەکەن، فـێریان دەکەن کە هەمیشە هـیواخـواز و گەشبـین و لێـو خـەنـدە و پێـکەنین و چاکـەخواز و لێـبووردە و دڵ پڕ لە خۆشەویستی بـن. خۆڕاگـر و متمـانە بە خـۆبن.
١١ـ گوێکـرتن یا خوێندنەوەی چـیرۆکە ئەفـسانەییەکان لایەن منـداڵانەوە، دەرفـەتێکی باشـە بۆ فـێربـوونی وشە و رسـتەی تـازەی زمـان.
١٢ـ چـیرۆکە ئەفـسانەییەکان، کـارتێکـردی درامـی باشـیان لەسـەر منـداڵان هـەیە. بە کەرەستەیەکی زۆر باش دادەنرێن، گەر بە شێوەی یـاری کردن، یا بەشـێوەی نمایشی بووکـەڵانـەی بـزوێنی دروستکـراو بۆ منـداڵان پێشکەشیان بکـرێن.
١٣ـ چیرۆکە ئەفسانەییەکان، گەشە بە سۆزداری و نیانی دەروونی منداڵان دەکەن. لە چـیرۆکە ئەفـسانەییەکاندا، کێشە راستییەکانی ژیان دەردەکەون، لە سیناریۆی خەیاڵیدا، بە زۆری پاڵەوانەکان نابـەزن و بەسەر هەمـوو کێشەکانـدا سەردەکەون. بەڵام منداڵان پێویستییان بەوە هـەیە، کە بـزانن لە ژینـگەی ئارامیشـدا، خـراپە و کارەسات دێنەرێی هەمـووان. کەس لە بەرهەڵستییەکان پارێـزبەنـدی نییە. بۆیـە پێویستیمان بـەوە هـەیە کە سۆزداری لە دەروونی منـداڵان دا بنیادبنێین، تابتوانن لە کاتە دژوار و قورسەکاندا، رووبـەڕووببـنەوە و خۆڕاگـربن. ئـەوە هـەڵـەیە کـە هـەردەم منـداڵەکـانمان بپارێـزین، خۆیان بە لاواز و بێ دەسەڵات بـزانن، بەرەگەی هـیچ گرفت و رووبەرووبوونەوەیەک نەگـرن کە پێویستیـیان بە هـێز بێت.
١٤ـ چـیرۆکە ئەفـسانەییەکان، زمـانێکی هـاوبەـشن بۆ رۆشنبیریکـردنی منـداڵان، کە پێدەڵـێن (نەهێشتنی نەزانینی رۆشنبیری). بەڵکو ئەم چـیرۆکانە سنووری رۆشنبیری دەبەزێنن، گـەلێ لە کولتوورەکـان هـاوبەشن لە چـیرۆکە ئەفسانەییەکـانـدا. منداڵان لە رۆشنبیری گـەلانی تر کەڵـک وەردەگـرن.
١٥ـ چیرۆکە ئەفسانەییەکان، هـەلی فـێربوونی، شارەزایی بیرکردنەوەی رەخـنەیی بە دایکـان و باوکـانی منـداڵان دەبـەخـشن.
١٦ـ چـیرۆکە ئەفـسانەییەکان، وانـەن بۆ منـداڵان، بۆ فـێربـوونی رەوشـت و رەفـتاری دروست و پەنـد وەرگرتن وانە فـێربـوون. بۆ نموونە: فـێری ئەو مەبەست و پەنـدانە دەبـن، کە لە چـیرۆکی ئەفسانەیی (ساندرێلا) و (کچە بچـووکەکە ـ گۆڵدیلۆکس ـ و سێ ورچ) و (به‌فـرین) و چەنـدین چـیرۆکی تـردا هـەن.
١٧ـ منـداڵان بـە خوێنـدنەوەی چـیرۆکە ئەفـسانەییەکـان لـە پەرتـووکی وێنـەداری رەنگاوڕەنگی جواندا، خۆشەویستییان بۆ پەرتووک دەبێ و دەبن بە پەرتووکدۆست.
چیرۆکە ئەفسانەییەکان، دەروازەیەکن بۆ چوونە ناو جیهانی ئەفسووناوی پەرتووک. باشتر وایە لە منداڵییەوە، مەیـلی منـداڵان بۆ گرنگـیدان بە لای پەرتووکدا رابکێشین.
١٨ـ گێڕانەوە یا بۆ خۆێندنەوەی چیرۆکە ئەفسانەییەکان بۆ منداڵان، کاتێکی پەیوەندی زۆر باش لە نێـوان دایکـان و باوکـان و منداڵانـدا دەڕەخـسـێنن. دەتـوانن لە رێی ئـەم چـیرۆکانەوە، ئیلهـامی خوێنـدنەوەی هەمیشەیی بە منداڵەکـانتان ببەخـشن. تا بـبێ بە خوویەکی جوانیان. ئەم راستییەشتان بۆ دەردەکەوێـت، کە منـداڵان چەنـد تامـەزرۆی چـیرۆکی خەیـاڵی و ئەفـسانـەیی خـۆشـن.
١٩ـ چیرۆکە ئەفـسانەییەکان، منـداڵان فـێری رەخـنە دەکەن، لە میانەی روانینیان لە هەڵوێستەکانی کەسایەتی سەرەکی بۆ هـەموو ئەو سەرکێشییانەی کە ملی پێوە دەنێ. دەتـوانن هەڵـوێستی خۆیـان دیاری بکەن، گەر ئـەوان لە شوێنی ئەو کەسایەتیـیانەی چیرۆکەکـان بن، بە شێوازێکی جیاوز چیـدەکەن؟ بۆ نموونە لە چـیرۆکی (بەفـرین) دا،
گەر ئـەوان لە شوێن بەفـرین بوونـایە، سێوەکەیـان لە (پیـرەژن) ەکە وەدەگرت؟ یا لە چیرۆکی (کۆڵوانەسوور) گەر ئەوان بوونـایە، ئامۆژگارییەکەی دایکیان لەیـاد دەکرد؟ راز و نیازی خۆیـان بۆ گـورگە دەگـێڕایەوە؟ دەیـان وت: دەچـم بـۆ لای داپیـرەم؟
٢٠ـ چیرۆکە ئەفـسانەییەکان، ئەوەش فـێری منداڵان دەکەن، بە رەواڵـەت و رووخسار لە کـەس نەڕەوانـن، پیـرەژنێک جـوان و بێتـاوانە لە رووخسـاردا، بەڵام لـە چـیرۆکی بەفـرین دا، شـەڕانی و خـراپە و بـەدکـارە، ئیـرەیی بـە جـوانی بەفـرین دەبـات.
بەڵام دەشێ گۆرێـلایەکی گەورە و ترسناک، دلۆڤـان بێت و دڵی لە زێڕ بێت، منداڵێکی ئادەمـیزاد بەخـیوبکا. وەک لە چـیرۆکی (تـەڕەزان و مەیمـوونەکـەی) دا دەبیـنین.
٢١ـ زانای دەروونناسی منداڵان (بـرۆنۆ بتیلهـایم) کە پسپۆرە لە گرنگییەکانی چیرۆکە خەیاڵییەکان لە قۆناغی منداڵیدا، پێیوایە:”دەشێ چـیرۆکە خەیاڵییەکان یارمەتی منداڵان بـدەن لە رەواندنەوەی دڵەڕاوکێدا، کە هـێشتا ناتوانن لێکدانەوەی بۆ بکەن”. بە زۆری لە چیرۆکە خەیـاڵییەکاندا، منداڵانی کارەکتەر و کەسایەتی سەرەکی چیرۆکەکان، بەسەر شەڕدا سەردەکـەون.
٢٢ـ چیرۆکە ئەفسانەییەکان یا خەیاڵییەکان، گەر سەرکێشییان تێیانـدا نەبێ، پاڵەوانەکان ئامادەیی ئەوەیان تێدا نەبێت، لە ناوچـە و چوارچـێوەی خۆیان دەرنەچـن و شتێکی تـازە تاقینەکەنەوە، ئەو چیرۆکانە چێژێکی ئەوتۆ نابەخشن. گەر منداڵەکانتان ویستیان مل بە کارێکی سەرکێشییەوە بنێن و خۆیان تاقیبکەنەوە، بۆ فـێربوونی شتێکی تـازە، رێگریان لێ مەکەن، هەمـوو داهـێنانەکـان لە ئەنجـامی تاقـیکردنـەوەدا هاتـوونـەتـەدی. بـەڵام بۆ ئەنجامدانی هەر تاقیکردنەوەیەک، پێویستە لە پێشا بە وردی بیری لێبکرێتەوە و پـلانی بۆ دابنرێـت و پێشبینی ئەگەر و گریمانەکان بکرێن. بۆ نموونە لە چیرۆکی خەیاڵی (سێ به‌رازی بچووک) دا، گرتنە بەری رێگای ئاسان، هەڵـبژاردنێکی زیـرەکانە نیـیە. بـەرازە بچکۆلەکە، پـلانی داڕشتبوو، پێشـبینی ئەگەرەکانی کردبـوو. بۆیە خـانووەکەی لە خـشت دروست کرد، کە شوێنێکی دڵنیایی بـوو. بەڵام دووانەکەی تر خانووەکانیان لە پـووش و لە زەل دروست کردن، بۆیـە گـورگـەکە بە فـووکردن هـەردوو خـانووەکەیانی رووخانـد، هەردووکیان رایان کرد و چـوونە ناو خـانووی ورچـۆلە بچـووکەکـەوە. گورگە نەیتوانی نە بە فـوو و نە بە پاڵانـان خانووکـەی بـڕووخـێنێ.
دایکـان و باوکـانی خۆشەویست، مامۆسـتا دڵسۆزەکان، سـوود و گرنگییەکانی چـیرۆکە ئەفـسانەیی و خەیـاڵییەکان لەبەرچاوتان بگـرن. پێویستە حەز و تامـەزرۆیی و متـووی منـداڵـەکـانتان بـۆ چـیرۆک بقـۆزنـەوە، بـە پـێی تـەمـەن و قـۆنـاغـەکـانی گەشـەکـردنی منـداڵەکـانتـان، ئەو چـیرۆکە ئەفـسانـەیی یا خەیـاڵییانەیان بـۆ هەڵـبژێـرن کە گونجـاون بۆیـان، بـە دەنگـێکی ناسـک و بە شـێوازێکی شـیرین و بـە چـێژەوە بۆیـان بگـێڕنەوە یا بۆیـان بخوێینـنەوە. ئەوەش بۆ یەکجاری مەخـەنە دڵی منداڵەکـانتـانەوە، کە چیرۆکە ئەفـسانەییەکـان هـەردەم ترسناکـن، هـەر لەبـەر ئـەوەی کـە هەنـدێکـیان تـرسناکـن یـا دروست نین. بەڵام لە چاپکـراوە تازەکانی ئەمـڕۆدا، دەستکاری بەشێکی ئەو چـیرۆکە ترسناکـانە کـراون. کۆتاییەکـانیان بە خـۆشی و سەرکـەوتن کۆتـایی پێ هـێناون.

———————————–
(*) بۆ نووسینی ئەم بابەتە، بێجگە لە پەرتـووکەکە چاپکـراوەکەی خـۆم، سوودیشم لە چەنـدین نـووسین، کە لە سایتـە ئینگـلیـزییەکـانـدا بڵاوکـراونەتـەوە، وەرگـرتـوون:
١ـ چـاوپـێخـشانـێک بە مێـژووی ئـەدەبی منـداڵان . رەزا شـوان . کەرکـووک. ٢٠١٥
٢ـ حیکـایەت و چـیرۆک بۆ منـداڵان . لـۆرا مایـزەر . ٢٠١٧
٣ـ مێـژووی چـیرۆک . سـۆزی مـاکـچی
٤ـ رەسەنی چـیرۆکە ئەفـسانەییەکـان . سـارا گـراسـاد و جـەمشـید تەهـرانی . ٢٠١٦
٥ـ سوودەکـانی چـیرۆکە ئەفـسانەییەکـان. نیـپـیان توتـۆرینگ.
٦ـ چـیرۆکە ئەفـسانەییەکـان، جەخـت لەسەر جـوانی دەکەن . ئـیرین هـاتـفی . ٢٠٠٦

رەزا شـوان
نەرویـج: ٢٨/ئـوکتـۆبـەر/٢٠٢٠




پرووشەکانی ئەوین… 3- شیعری: ستیڤان شەمزینی

بەشی سێهەم…

هەرچی شاڕێگاکانی رۆحمەوە
دێتەوە بەردەم ماڵی ئەوینی تۆ
هەرچی رووبارەکانی خەیاڵمە
دەڕژێنە نێو دەریای خەونی تۆ
هەرچی تنۆکە بارانەکانی هەستمە
ئەبارێنە سەر دڵی نەرمی تۆ


تاکوو تۆ دەریا بیت
بەڵێن بێ منیش شەپۆلی عەشق بم
تاکوو تۆ ئاسمان بیت
بەڵێن بێ منیش خۆری ئەوین بم
بیرت بێت کە جۆرێکی ترم لە باران
لە بری ئەوەی بڕژێمە سەر جەستەت
دڵۆپ دڵۆپ ئەبارێمە ناو دڵت


رۆژژمێری تەمەنم رووەو کۆتایی ئەڕوا
جەستەی تەزیوم بە کورەی مەرگا گوزەر ئەکا
نەغمەی زیکری ئەشقم بە گوێی مەعشوق ناگا
بەپێوە ئەمرم و شیعرەکانم لای تۆ هەر هەناسە ئەدا


پێشتر نوقمی شەوەزەنگ بووم،
ئێستا لە رووناکی ئاهورامەزدا هەڵکێشراوم،
پێشتر پارچەیەک لە تووڕەیی بووم
هەنووکە لە میهری مەسیحدا تەعمید کراوم
ئەوسا وشکەساڵی رۆحی خواردبووم
ئێستا شەستە بارانی ئەشقی تۆ سەوزم ئەکاتەوە


ئەچمە ئەشکەوتی بێ بنی فەرهەنگ
ئەڕۆمە قووڵایی ئۆقیانووسی زمان
تا بە رازاوەترین شێواز بۆت بنووسم
بۆ ئەوەی هەستی شەیدابوونم
بە گەرم و گوڕیی ئاگری دڵمەوە بگاتە لات


تۆ چەشنی موعجیزەیەک هاتیت
لاپەڕەکانی دڵمت یەک یەک خوێندەوە
لە کۆتا لاپەڕەدا بەخەتێکی درشت نووسیت:
خۆشم ئەوێی و کتێبەکەت داخست!


لە بەرەبەیانی تەمەندا قاوەیەکم بۆ خۆم گرتەوە
لە بەختی مندا پەرییەکی دەریا دەرکەوت
لەوساوە تا ئێستا هەر چاوەڕوان بووم
وەختێک تۆ دەرکەوتی،
پەری ناو قاوەکەم ناسییەوە و
بڕوام بە جادوو هێنا


رەشەبای حوزن هات، تۆ هەر نەهاتی
گەردەلولی بێهودەیی هات، تۆ هەر نەهاتی
زریانی کوێرەوەریی هات، تۆ هەر نەهاتی
چرکە بێزارەکەرەکان هەموو هاتن، تۆ نەهاتی
رۆژەکان هاتن و رۆیشتن، تۆ هەر نەهاتی
لە کۆتاییدا مەرگ هات و
تۆ چەند خولەک دواتر گەیشتیت


بۆ ئەبەد ئەڕۆم، ئیدى
لەناو کتێبەکاندا بۆم بگەڕێ
لەناو حکایەتەکاندا گوێم لێ بگرە
لە ئەفسانەکاندا بمدۆزەرەوە
چوونکە، عەشق
باڵی دوا سەفەری پێبەخشیووم و
ئەبەد ناگەڕێمەوە





شیعر: ئاگاداری پەنجەرە بچوکەکان بن … نەوزاد بەندی

لە پەنجەرەیەکی بچوکەوە ،
دنیایەک تیشک و ڕوناکی دێتەژوورەوە ..
ئاسمانێک هەوا و شەماڵ دێن لەو دیو سنوورەوە ..
بۆنی گوڵ ..
بۆنی باران ..
دەنگی بانگ ..
شێوەی یار ..
خاڵخاڵۆکە ..
بەفر و باران..
بۆنی چێشتی دراوسێکان ..
تەپ و تۆز ..
کۆکتێل و خورما خۆرەی هەڵهاتوو ..
پەپولە ، دێن لە دوورەوە ..
پۆلێ مێشولە و ..مارمێلکە دزە ئەکەن ..
قالۆنچە ..
دوپشک ..
مار ، بەشداری ئەو حەزە ئەکەن ..
سواڵکەر ..
پشیلەیەک وپێنج بێچوو ..
کۆڤید نۆزدە ..
بۆنی زێراب ..
جاسوس ..
وڕەی ئوتومبیل
فیشەک ..
نارنجۆک ..
جنێو ..
پیاو کوژ ..
دز ..
شەڕواڵ پیس ..
سیاسی ..
لە پەنجەرە بچوکەکان ئەدەن …

ئاگادار بن ..
پەنجەرە بچوکەکان گەورە نەبن ..
چونکە توشی هەرچی زوڵم و جەورە ، ئەبن ..

پەنجەرە ڕێک وەکو سەرۆک ،
یان ئەبێتە دنیایەکی
پڕ لە داد و
زانست و
جوانی و
ڕازاوە ..
یان ئەبێتە زیندانێکی
پڕ نادادی و
برسێتی و
جەنگ و
نەزانی و
دواکەوتن ..لە هەر چوار لاوە ..
وڵات ئەکا بە کەلاوە ..

ئاگادار بن ، سەرۆکەکان گەورە نەبن ..
چونکە توشی هەرچی زوڵم و جەورە ئەبن ..

نەوزاد بەندی




بیره‌وه‌ری: شیعر و دەمانچەی ئاوی … سه‌باح ڕه‌نجده‌ر

دوای وەستانی شەڕی ناوخۆ، كوردستان دابەش بوو بەسەر دوو دەڤەر و دوو دەسەڵاتدا. لەهەر بۆنەیەكیاندا ئەدیبەكانیان داوەت دەكرد و دەبوون بە كوڕی نازدار و ڕێزلێگیراوی بۆنەكان. ئەم داوەتكردنە وەك ڕێزگرتنێكی بەخششی ئەدەبی نەبوو، بەڵكو دەسەڵاتەكان وەك مەرامی تایبەتی و خۆدەرخستنێك و جۆرێك تاكتیك، ئەو مەرحەبا و خوانەیان بە ئەدیبەكان ڕەوا دەبینی. بۆ ئەدیبەكانیش جۆرێك ڕێكەوتی تاسەشكێن و ناوازە بوو، یەكتریان تێدا دەبینی و ئاگاداری بەرهەمی یەكتری دەبوون. بەرهەمی تازەی خۆشیان پێشكێش بەیەكتری دەكرد، پەیوەندییەك بەرجەستە دەبوو، پەیوەندیی ئەدەبی. ئا ئەوكات، تا ڕادەیەكی زۆر شارەكان هاتوچۆكردنیان تێدا قەدەغەبوو.
لە بۆنەی پەنجا ساڵەی دامەزراندنی: (پارتی دیموكراتی كوردستان)دا، كە لە ساڵی 1996 لە مەسیف بەڕێوەچوو، ئەدیبەكانی هەولێر و سلێمانی و كەركووك و دهۆك، زۆربەیان داوەتی ئەم بۆنەیە كرابوون. ئەوكات هەولێر لەژێر دەسەڵاتی: (یەكێتی نیشتیمانی كوردستان)دا بوو، ئێمە كۆمەڵێك ئەدیب بووین بانگهێشتی ئەم بۆنەیە كرابووین. گوتیان دەبێ بچنە دەزگای… (ناوەكەیم لەبیر نەماوە)، بەڵام لە شوێنی پارێزگای كۆنی هەولێر و قایمقامیەتی ئێستا بوو، پسووڵەی ڕێپێدانتان پێ بێت، ئینجا بازگە ڕێگاتان پێدەدا بچن، یان نا. بەو پێیەی: (محەمەد موكری) هەم هاوڕێمان بوو، هەم ئەدیبێكی سەدا سەد یەكێتی بوو، لەناو حیزبەكەیدا گوێی لێڕادەگیرا. داوامان لێی كرد كارئاسانییەكمان بۆ بكات. ئێمە: (عەبدوڵڵا سەڕاج، كەمال غەمبار، خاڵە حەمرین، بۆتان جەلال، سامان دزەیی، ئەحمەد حەیران و من). وابزانم: (جەلیل كاكەوەیس)یشمان لەگەڵدابوو، یەكمان گرت و چووین بۆ ئەو دەزگایەی بۆیان دەستنیشان كردبووین و سڵاوی محەمەد موكریشمان پێبوو، كە چووینە ژوورەوە كارەبای ژوورەكەیان بڕی، بۆ ئەوەی گەرما هەراسانمان بكات: (ئەحمەد حەیران و سامان دزەیی) لە پێش پرسگەی دەزگاكەدا دڵیان خورپەی كرد و بێ ئەوەی قسەیەك لەگەڵ ئێمەدا بكەن، كە پێكەوە هاتووین و چ ئەركێكمان بەسەر یەكترەوەیە، بە خشكە ئێمەیان جێ هێشت و گەڕانەوە، كە ئێمە بە دڵشكاوی و دەموچاوێكی تووڕەوە هاتینە دەرەوە لە نزیك دیواربەندی: (گیو موكریانی) چاودێری ئێمەیان دەكرد، ئەگەر ڕێگامان درا لەگەڵمان بێن، ئەگەر ڕێگاشمان نەدرا ئەو ساغ و سەلامەت. نە ئاو شێلوو بووە، نە بەفریش شوێن پێیەكی لەسەردا جێ ماوە. ئەنجام بەرپرسەكە، كە شانی پڕ ئەستێرەی تاریك بوو، ڕێگای پێ نەداین، (كەمال غەمبار) بوێرانە و لۆژیكانە و لەجێی خۆیدا قسەی بۆ بەرپرسەكە كرد و ئەم جۆرە كردەوانەی بە داپڵۆسین و دیكتاتۆریەت و هەڵەشەی هەرزەكارانە لە قەڵەم دا، بەرپرسەكە بەشێوەیەكی ناشایستە وەك ئەوەی هەڵسوكەوت لەگەڵ كۆمەڵێك دەستگێڕی ناو بازاڕ بكات، كە سەرپێچییەكیان كردبێت، ئێمەی بەڕێ كرد. ئەنجام ئەوانی تریش گەڕانەوە و پەرتەیان لێ كرد. كەمال غەمبارم وەك پیاوە گەورەكانی ناو مێژوو، لە خاڵی هەڵوێستدا بینی، وەك مەیدانخوازییەك ڕووی تێ كردم و گوتی: سەركێشی شاعیریەتی لێرەوە دەردەكەوێت، واتە: مەیموون لە هەڵوێستدا بوو بە مرۆڤ. منیش بێ دوودڵی بڕیارم دا بچم و گوتم: چی دەبێت با ببێت، ئەگەر باجی سەریش بێت. لەم ڕووداوەدا لە پاڵ توانای ئەدەبی، ئەوەم بۆ دەركەوت، كەمال غەمبار پیاوی هەڵوێست و ئەدیبێكی بە جەرگ و چاونەترس و واقیعییە و خاوەن قسەی خۆیەتی. ئیدی لەم چركەساتە بەدواوە بووە جێگای هەموو بڕوایەكی من و برا و پشت و پەنام، باشیش لە بیركردنەوەی خۆمان گەیشتم و دەبێت كەسایەتی ئەدەبیمان بەسەر هەموو ئاستەنگێكدا سەر بخەین و گەشەی پێبدەین.
چووینە گەراج و قەمەرەیەكی تایبەتمان گرت. لە بازگەی: (هەولێر – مەسیف)دا ڕێگایان لێگرتین و ئێمەیان گەڕاندەوە. برادەرێكی نزیكی خۆمم لە بازگەكەدا بینی، كە زۆر هۆگری شیعرەكانی من بوو، بەتایبەتی بە دوو شیعرم: (چنگەڕنێی سیپان و هەناسەی شاخ)، كە لە ژمارە (2)ی بڵاوكراوەی (ئاسۆس)، گەلاوێژی 1984دا، بڵاوكراوەتەوە. شیعری: (دابارین)، لە ژمارە (43)ی گۆڤاری (كاروان)، نیسانی 1986دا، بڵاوكراوەتەوە. لە یادی بۆردومانی دە ساڵەی قەڵادزێدا نووسیومە. ئەو برادەرەم شانۆكار و قوتابی كۆلێژی كارگێڕی و ئابووری بوو، ناوی (موحسین) بوو، شانۆ و كۆلێژی بەجێ هێشتبوو ببووە چەكدار، شەڕی ناوخۆی دەكرد. بەداخەوە هەر لە هەمان بازگەدا بە تۆپی دوورهاوێژ بووە قوربانی. بەمنی گوت: ئەگەر بە تەنیا دەچیت ڕێگات دەدەم. منیش پیاوەتییەكەم ڕەت كردەوە و پێمگوت: (ئێوە لە خەسڵەتی ڕۆشنبیری داماڵدراون). ئەم وەك بەرپرسەكەی تر هیچ قسەیەكی نابەجێی نەكرد. تەنیا گوتی: لە نیازی خۆتەوە تەماشای خەڵكی دیكە مەكە، ئەدیبەكانیش بەشێكیان سیاسەت دەكەن، منیش زۆر بە ڕاشكاوانە گوتم: من حەز لە هونەری سیاسەت ناكەم و ببڕای ببڕیش وەك پراكتیك بەلایەوە ناچم، بەڵام هەوڵدەدەم جیهانبینیی سیاسیم هەبێت، داهێنان هونەری ڕۆحە، شیعریش ڕۆحی هونەر و مرۆڤە. من حەز لە هونەری شیعر دەكەم و تا ماوم خزمەتكاریم، بەڵام بەڕووی دەسەڵاتی ڕۆشنبیریی ڕەسمی هەڵدەشاخێم و نابووتی دەكەم. خوێندەوارێكی وردی ئەدەبیات بوو، بە تایبەتی ئەدەبی بارگاویكراو بە سیاسەت و هەڵچوونی شۆڕشگێڕانە. بەمنی دەگوت: تۆ نەگەشبینی، نەڕەشبینی. منیش دەمگوت: نەگەشبینم، نەڕەشبینم. شیعری من لە پەراوێزی هەردووكیاندا بەڕێوەدەچێت، ئێستاش چەند كتێبێكم، هەردوو بەرگی: (داغستانی من)ی ڕەسووڵ هەمزەتۆڤ. وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: (عەزیز گەردی) و دوو ڕۆمانی: (حسام بەرزنجی)، 1 – زەلیل. 2 – كانگای بەڵا و ڕۆمانی: (دایك)ی مەكسیم گۆركی. وەرگێڕانی لە فارسییەوە: (كەریمی حسامی) لە كتێبخانەكەیدا مایەوە. ئەو برادەرەم لە ڕێگای شاعیر: (قادر ئیبراهیم مینە)وە ناسی، كە خاوەنی بەهرە و توانایەكی شاراوە بوو، بەداخەوە مەكینەی زاڵمی سیاسەت قادری هاڕی، ئێستا هیچ توانایەكی شیعری تێدا نەماوە، (بەداخەوە). نەچووە بچێت، جارێكی تر ناولەپی خۆی بۆن بكاتەوە و كۆمەڵێك ئەستێرەی تر هەڵداتە ئاسمان.
ئەوەی وەك بیرەوەری لام مایەوە هەر لە گەراج پارەی شوفێرەكەمان دا، كە بە مشتومڕی ئێمە و بازگەی زانی، جوامێرانە ئێمەی هەریەك هێنایەوە پێش ماڵی خۆمان و پارەكەشی بۆ گەڕاندینەوە.
لەوكاتە كورتەی لەگەڵیدا بووین، كاسێتێكی: (حەسەن گەرمیانی) خستبووە سەر موسەجیلەكەی، لەناو دەنگ و ئاواز و ئەدای گۆرانی (كەمەرە شل)دا نقووم ببووم، كە هاتمە خوارەوە سوپاسیم كرد. كاسێتەكەی وەك دیاری پێ بەخشیم، هەوڵم دا لێی وەرنەگرم. گوتی: بازگە دڵی ئێوەی شكاند، تۆش دڵی من مەشكێنە، حەسەن گەرمیانی گۆرانیبێژێكە فۆلكلۆر بە ڕەسەنایەتی فۆلكلۆر دەڵێتەوە و دەگمەنە، لەخۆوە دروست نەبووە. بێ ئەوەی دەسەڵاتێك، یان تیپێكی مۆسیقی، یان كەسێك بەرزی بكاتەوە، بۆ خۆی دەفڕێت و ئاسمانێكە بۆ ئەوەی خەڵكانی تریشی تێدا بفڕێت. لەم بۆنەیەدا بەشێك لە ئەدیبان گەیشتبوون و گۆڤاری تێڕامانیان بەسەردا دابەش كرابوو، لە دانیشتنی ناوخۆیاندا گفتوگۆیەك لەبارەی شیعرێكی من و شیعرێكی: (حەسیب قەرەداخی) لە نێوان: (قەرەداخی و حەمە كەریم عارف) دروست دەبێت، كە لە ژمارە (1)ی گۆڤاری (تێڕامان – ڕامان)، تەممووزی 1996دا، بڵاوكراونەتەوە. شیعرەكەی ئەو بە ناونیشانی: (فەجری عەشق) و شیعرەكەی منیش بە ناونیشانی: (دروودی ئاوێنە).
(حەمە كەریم عارف) لە گفتوگۆكەیدا بەراوردێك لە نێوان هەردوو شیعرەكەدا دەكات. قەرەداخیش دەماری دەگیرێ و بەراوردكردنەكەی پێ قبووڵ ناكرێت. هەڵزەقینەوەی لا دروست دەبێت. وەك: (فەیسەڵ دێهاتی) بۆی گێڕامەوە تانەیەكی ڕاست و چەپیش لە ئەزموونی من و تەواوی لاوان دەدات. لەكاتی گفتوگۆ و هەمان دانیشتندا: (محەمەد عومەر عوسمان) داوا لە: (ع. ح. ب) دەكات گفتوگۆیەكی ئەدەبی بۆ گۆڤاری ڕامان، لەگەڵدا ئەنجام بدات. قەرەداخیش بە: (ع. ح. ب) دەڵێت: (بە تەمومژ و سەرلێشێوان ئاماژە بە شیعرەكەی سەباح بدە). ئەویش لایەنگری بۆچوونەكەی دەبێت و داواكەی بەجێ دەهێنێت. چاوپێكەوتنەكە لە ژمارە (3)ی گۆڤاری ڕامان، 5ی ئەیلوولی 1996دا، بڵاوكراوەتەوە و تێیدا دەڵێت: (شیعرێك من تێینەگەم بە شیعری دانانێم. ئێستە هەر لە ژمارەیەكی ڕاماندا شیعرێكی: (سەباح ڕەنجدەر)م بەرچاوكەوت. لەوانەیە هەیە بڵێ ئەمە چاكترین شیعرە، بەڵام ئەو تەمومژە من لێی تێناگەم، بە مەرجێ ساڵەهای ساڵە شیعر دەنووسم و دەخوێنمەوە.)
یەك لە ئامادەبووان: (عەبدوڵڵا تاهیر بەرزنجی)، كە ڕەخنەگرێكی خاوەن میتۆدە، بەم هەڵسوكەوتە دڵتوند دەبێت و لە خەسڵەتی ڕۆشنبیری دایدەماڵێت، پاش ئەوەی ڕووبەڕوو سەركۆنەی ئەم داوا و بەڵێیەی هەردووكیان دەكات، پێی ڕاگەیاندم: ع. ح. ب هیچ بەرهەمی تۆی نەخوێندووەتەوە، بگرە هەر ناویشتی بەرچاو نەكەوتووە. ئەم لەخانەی ئەدەب دەرچوونەی پێی كراوە، وەك هەڵوێستی داكۆكی و هەڵزەقینەوە و كاردانەوە و دژە دیاردەیەك بوو، بەرانبەر بەراوردكردن و گفتوگۆیەكە. بۆچوونی جیاواز و جۆراوجۆر پەیوەندی بە ڕایەڵ و تانوپۆی شیعرەكە، خۆیەوە هەیە. بوار دەڕەخسێنێ بۆ لێكدانەوە و بەراوردی جیا جیا.
ماوەیەكی بەسەرچوو، لە ڕێكەوتی 16/6/1997دا، لە هەولێر لە هۆڵی میدیادا: (ع. ح. ب) میوانی بۆنەیەكی ئەدەبی بوو، (من و بۆتان جەلال و دانا عەلی سەعید) خۆمان پێی ناساند و وێنەمان لەگەڵدا گرت. ئێستا وێنەكە لە ئەلبوومی مندایە. وەك مەبەست لەگەڵی وەستام و گفتوگۆیەكی كورتمان لەبارەی ئەدەبدا كرد. وەك مەبەست و بە دیاریكراوی ئەوەم لەگەڵدا باس كرد، تەمومژ پێداویستییەكی ئێستێتیكییە و هێزێكی خوڵقێنەرە، هیچ شیعرێكی نەمریش لە تەمومژ خاڵی نییە. ئەوەی تۆ مەبەستتە لێڵییە، لێڵیش لە بایەخی لێكدانەوەی داهێنەرانە دووركەوتووەتەوە. ماكی داهێنان نییە. بابەتی چاوپێكەوتنەكەیم هێنایە پێشەوە و گوتم: مامۆستا لەو چاوپێكەوتنەی لە گۆڤاری ڕاماندا بڵاوكراوەتەوە وەك شاعیرێك ئاماژە بەمن دەدەیت، كەچی من چیرۆك دەنووسم، قەت شیعرم نەنووسیوە. ئەمیش تەزبیحێكی دەنك گەورەی بەدەستەوە بوو، بەدەم پەنجە جووڵاندنەوە ڕووی لەمن وەرگێڕا و بە قووڵایییەكی زۆرەوە گوتی: (ئەی بۆ وایان گوت).
لە ناوەرۆك و جەوهەری خۆیدا دانی پێدانا و لە ڕاستییەكە تەواو دڵنیابووم. منیش بۆچوونی خۆمم بە پاكی و ڕاشكاوانە گوت و گوتم: ئەگەر ئەدەبت باش ناسیبێت، چۆن دەتوانیت مەودایەك وەربگری و بۆچوونێكی جەڵەبی لەم شێوەیە دەرببڕیت. دڵم ئێشاند. (گیانی گیانان: داوای بووردن لەم دڵئێشانە و هەموو دڵئێشانەكان دەكەم.)
ماوەی چەند ساڵێكی بەسەرداچوو لە هەمان گۆڤاردا: (ئازاد عەبدولواحید) چاوپێكەوتنێكی دیكەی لە ژمارە (33)، 5ی ئازاری 1999 لەگەڵدا ئەنجام داوە، لەوێدا دەڵێت: (لە هەولێر (كەریم دەشتی) دەبینم شتی جوانی هەیە، (سەباح ڕەنجدەر) شتی باش دەنووسێ).
ئەی شیعر: چیایەكی چەند هەستی و چەندیش بەر گوللەی كوێر و دەمانچەی ئاوی دراوی. ڕەنگە ڕەخنەگرێك، یان خوێنەرێك وەك شاعیرێكی بە ئەزموون، كە نیو سەدەیە شیعر دەنووسێت، گوێی لێ بگرێت. ڕەنگیشە لە چاوپێكەوتنی دووەمیشیدا منی نەخوێندبێتەوە و بەرهەمی نەناسیبم. تەنیا بۆ پاساودانەوەی بۆچوونی یەكەمی، بۆچوونی دووەمی دابێت، لەبەرئەوەی من بەهەڵەبردنەكەیم زانیوە.
نەناسین و بۆچوون لەبارەی یەكتری دان، مەیدانی كوشتنی یەكترییە. لە كاتێكدا ئەم خاڵە لە ژیانی ئەدەبیی خۆم دەهێنمەوە یاد و ئەوەش دەزانم. ئەو وردە بیرەوەرییانە پەناگەی ڕۆحن و خۆتی تێدا دەبینیت، چۆن ڕۆیشتووی و چۆنیش دانیشتووی. چۆنیش خۆت لە ماوەكاندا دەناسیتەوە. هەقیقەتی ماوەكان چی بوونە بۆ گەشەی ڕۆحیت و خۆلادان لە زمانی دەستەمۆ. بە دیاریكراوی مەبەستمە ئەوە بپرسم: دەبێ هۆی چی بێت كەسێك بچێتە ژێر كاریگەری بۆچوونی كەسێكی دی و خاوەنی پێوەری خۆی نەبێت، یان پێوەر ونكردن چ بارودۆخێكی خنكێنەرە بۆ بۆچوون.
كە پێویستی ئەم نووسینە خرۆشاندمی، بۆ باش ناسینی، تەواوی دیوانەكەیم خوێندەوە، كە ساڵی 2013 بەڕێوەبەرێتی چاپ و بڵاوكردنەوەی سلێمانی لە 850 لاپەڕەی قەوارە گەورەدا چاپی كردووە.
شاعیرێكی زۆر ئاسایییە، بە زمانێكی میللی نووسیویەتی، لە ڕووی شێوازی نووسینیش سادە و خاوە. لە شاعیرانی نەوەی خۆی وەك: دیلان، كامەران موكری، هەردی، كاكەی فەلاح … تاد، لە هەموویان ناكارا و بێكاریگەرترە. قووڵایی بیركردنەوەی كەم تێدایە و تەنكە، ئەگەر لە هەندێك دێڕ و كۆپلەشدا قووڵایی بیركردنەوەشی تێدابێت، كەم لەناو بیركردنەوەكەیدا دەمێنێتەوە و نایگەیەنێتە باری تێڕامان و خۆبینییەكی داهێنەرانە، بەجێی دەهێڵێت.
سەرەتای شیعری: (شەو)ی خاڵێكی ئێستێتیكییە بۆ بەیەكگەیشتنی شیعر و مرۆڤ و دۆخی ئێستێتیكی مرۆڤ لەناو شیعردا، بەڵام لە ناوەڕاستیدا سیاسەت دەهێنێتە ناوە و هەستە ئێستێتیكییەكە لەناو دەبات و دەبێتە (مانا و گواستنەوە)، ئەمەش جۆرێكە لە ناشارەزایی ئێستێتیكای ئەدەبیدا. لە ئەدەبی ئێستێتیكیدا زمان تەنیا مانایە، گواستنەوە نییە.
فریشتەی خەم سەری سوڕماوە ئەمشەو
ئەوەندەی خەم بەم و بەو داوە ئەمشەو
لەبەر لێشاوی تیپی مەینەتیدا
سوپاسی خۆشی شكستی داوە ئەمشەو
من بەو زمانە دەنووسم، كە پێی دەگریێم، لە ڕێگای هەست و هەناسەی قووڵی زمان و (پەرتاو – شەتەحات)ی سۆفییانەوەش نەكەوتمە ژێر كاریگەریی باوخوازی بەشێك لە شیعری كوردییەوە، جیاوازم لە: (ئامانج) و (ئێستێتیكا) و (ئاراستە)دا، شیعری ئاوێتە: جیاوازە لە شیعری قوڕگ. شیعری ئاوێتە پەیوەندییەكی داهێنەرانە لە نێوان زەینی (خوێنەر) و زەینی (نووسەر) دروست دەكات، كەواتە: شێواز و بیركردنەوەم لە نموونە باوخوازەكەی شیعری كوردییەوە نییە. بۆیە پرسی تێنەگەیشتن و تێگەیشتن. ویست و داوایەكە لە شێوازی باوخوازدا. پەیوەندی بە چێژەوە نییە. چێژ، خۆشی لە بە ئاكام گەیشتن وەردەگرێت. ئەوەندەی پەیوەندی بە (پێكهاتەی نوێ) و (بوون) و (چییەتی)یەوەیە، پێكهاتەی نوێ و بوون و چییەتی، خۆیان ناوەند و تەوەرێكن و بەرەو قووڵاییت دەبەن و لە ناخەوە هەوڵدەدەن دیدی باوخواز و گوێی باوخواز بگۆڕن و ئاگایییەكی ئەندازەییت بدەنێ، كە چۆن مامەڵە لەگەڵ بارودۆخی ئەم پێكهاتە نوێیە و بوون و چیەتییەوە بكەیت، ڕوانینی بابەت و هێزی جیاوازی دەق لە ڕێگای سۆسەی ڕۆحی زمانەوە ببینیت.
پووشكین فەرموویەتی:
ئەگەر ژین درۆی لەگەڵدا كردی
خەفەت مەچێژە و دڵت نەڕەنجێ.
لەڕۆژی ڕەشا. باوەڕت وابێ،
كە هێندە نابا خەونت دێتەجێ.


دڵ بۆ دواڕۆژ لێدەدا.
ئێستای مرۆڤ خەم و ژانە.
ههرچی هەیە ڕادەبوورێ
ڕابردووش هەمیشە جوانە!
پاشكۆی عێراق: ژمارە (45)، ئهیلوول و تشرینی یەكەمی 1981 ل:16
هێزی نزا لەم شیعرە وەردەگرم و ئەم داوایە لە هێزی نادیار و هەبوونی ڕاستەقینە دەكەم، ئەوەی وەك دوژمنیش هەڵسوكەوتی لەگەڵدا كردووم من لێی دەبوورم و لەگەڵیدا دەچمە ناو سێبەر و هەتاوی سروشت و بەخششی هێزی نادیار و هەبوونی ڕاستەقینە. لەگەڵ هێزی ڕووخێنەری ئەدەبیشدا ناجەنگم، چونكە ئەو بڕوایەم هەیە داهێنەر دەكوژرێت، بەڵام ناڕووخێندرێت. جەنگی ئەوی دی سەبارەت بە داهێنەر، جەنگ نییە. قەواڵەی بەتاڵە.
هەموومان دەڕۆین، تەنیا ژیان بە زیندوویی دەمێنێتەوە، پاش مردنمان ژیان. بە وردی، زۆر بە وردی دەمانبینێت و پارسەنگمان دادەنێت. سەرەتا ئەم بۆچوونەم لە: (ع. ح. ب)دا خوێندەوە، سنوورە فراوانەكانم لا بچووك بوونەوە. هەستم بە غەدرێك كرد، وامزانی دەستم لێ بەرزكراوەتەوە بۆ لێدان، بەڵام ئێستا، بیست ساڵی بەسەردا تێپەڕیوە. نۆزدە ساڵیش بەسەر كۆچی دوایی: (حەسیب قەرەداخی)، شازدە ساڵیش بەسەر كۆچی دوایی: (ع. ح. ب)، تاسەی ئەوە دەكەم، وەك چۆن دەست و دڵت دەكەیت بە چەترێك و بەسەری دڵشكاوێكدا هەڵیدەدەیت، هەم خۆت و هەم دڵشكاوەكە دەچنە ناو سێبەر و هەتاوی سروشت و بەخششی هێزی نادیار و هەبوونی ڕاستەقینە. هەزار جار لەوە زیاتر، تاسە لە هەموو هەستەكانم پلدەدا، بەم درەنگی شەوە، ساتەوەختی ئەم نووسینە، بچم دەست بەسەر كێلەكانیان دابهێنم و بە خۆڵی گۆڕەكانیان تەیەمومێك بەجێ بهێنم و شەونوێژێك بكەم. نوێژی شیعر و ئەوپەڕی داهێنان. ئەی هێزی نادیار و هەبوونی ڕاستەقینە، بمگەیەنە ئەو بارەی داوای دەكەم.

حوزەیرانی 2016 هەولێر




ناوی كتێب: په‌پووله‌ باڵشكاوه‌كان …نووسیین: ئه‌محه‌د كامه‌ران


بابه‌ت: نۆڤلێت
چاپی یه‌كه‌م:2020
ژماره‌ی الپه‌ڕه‌:75
ژماره‌ی وشه‌:085,9
چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌:ناوه‌ندی سارا
ژماره‌ی سپاردن: ) 1937

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن …..




قورئان لە خەلیفە عوسمان کوڕی عەفانەوە بۆ ڤلادیمێر لینین ! … سەردار عەبدوڵا حەمە

ئەم ناو نیشانە جێگەی سەر سوڕمانە منیش هەوڵ ئەدەم لەم کورتە نوسینەدا ئەوە ڕوون بکەمەوە و لەو سەر سوڕمانیەتان بێنمە دەرەوە .
دووساڵ پێشتریش لە ووتارێکمدا ئاماژەم بەم مەسەلە یە کردووە وەک هەڵویستی لینین لە بارەی ئیسلامەوە بەڵام ئەم جارە هەوڵ ئەدەم تایبەت تر لەممەسەلەیە بدوێم تا زیاتر ئەوە ڕوون بێتەوە سۆشیالیزم چەندە ئازادیەکی بێ سنوری هەیە بۆ بیرواڕاکانی کۆمەڵگا چ بۆ بیرو ڕای ئایینی بێ یانائایینی . واتە ئەو ئازادیەی لەم سیستەمەدا هەیە لە هیچ سیستەمێکی تردا نیە .
هەروەک مێژووی ئیسلام باس لەوە دەکا کە قورئان لە سەردەمی خەلیفەی سێ یەمی موسڵماناندا (لە ساڵی٦٥١ زایینیدا وە ١٩ ساڵ پاش مردنیپێغەمبەری ئیسلام بووە) کۆکراوەتەوە کراوە بە کتێب واتە لە لایەن عوسمان کوڕی عەفانەوە بووە . پێنج دانە لەم کتێبە دەنوسرێت هەریەکەیاندەنێردرێ بۆ پێنج شاری ئیسلامی، دوو لەو نوسخانە دەمێنی دانەیەکیان لە قەصر قوپ قاپی تورکیا دەبێ دانەکەیشیان لە مەدینە دەبێ کە نوسخەیئەسڵی عوسمان کوڕی عەفان خۆی دەبێ. لە پاش مردنی ئەو خەلیفەیە عەلی کوری ئەبوطالیب دەبێتە خەلیفە ئەو نوسخە ئەسلیە دێنێت بۆ کوفە لەعێراق .
کاتێ تەیموری لەنگ ناوچەکە وێران دەکا ئەم نوسخەیە لە مزگەوتی بیبی خانوم لە پایتەختی سەمەر قەند دەپارێزرێ وەک ئاسەوارێکی گرنگیمێژوویی لەوێ دەمێنێتەوە تا ساڵی ١٨٦٨ زاینی .واتە تا ئەو کاتەی ئیمپراتۆریەتی ڕووسیا سەمەر قەند داگیر دەکا ئەو نوسخەی قورئانە دەبەن بۆ کتێبخانەکەی سان پترسبۆرگ( کە ئەمڕۆ بە کتێبخانەی نیشتمانی رووسی ناسراوە ).
لە پاش ئەوەی شۆڕشی سۆشیالیستی ئۆکتۆبەر لە روسیا بە سەرکردایەتی لینین و بەلشەفیەکان بە سەرکەوتن دەگات ، لینین ئازادی دەداتە تەواو ئەو خەڵکانەی روسیا کە لە نەتەوەو ئایینی جیاواز پێک هاتبوون وەزۆربەیان کۆماری سەربەخۆیی لە چواچێوەی یەکێتی سۆڤیەتدا پێک دێنن . یەکێلەوانە کۆماری باشکوردستان بووە ئەو کاتە لینین ئەو نوسخەی قورئانە لە کتێبخانەکە دەردەکات و دەیکاتە دیاری بۆ خەڵکی ئوفا ی سەر بەم کۆمارە( کۆمارێ بوو لە ناوچەی ڤۆلڤا ی روسیای ئێستا). پاشان کۆماری تورکستان زۆر داوای ئەم نوسخەیە دەکات تا دەدرێت بەوان لە شاری تەقشەند دائەنرێ و تا ئێستایش لەوێ ماوە .
زۆرن ئەو مەلاو بانگخوازانەی کۆمۆنیستەکان بەوە تاوانبار دەکەن ئەگەر دەسەڵات بەدەستەوە بگرن ئەوا ئیسلام لە ناو دەبەن و مزگەوتەکان ناهێڵن وقورئان دەسوتێنن کافرو بێ بەزەیین و شتی تریش . ئەوان لەم ڕێگایەوە دەیانەوێ خەڵک کوێرو نادیدە بکەن و مێشکی خەڵکی بەوە پڕ بکەن کەکۆمۆنیستەکان دوژمنی ئەوانن بەڵام پێچەوانەکەی ڕاستە هیچ کەس وەک کۆمۆنیستەکان دۆستی خەڵک نین و هیچ سیستەمێکی نەتەوەیی وئایینی وتۆلیتارتی و لیبرالی و دیموکراتی وەک سیستەمی سۆشیالیستی ئازادی بۆ کۆمەڵگا ناهێنێ . وە ئەوەی بە ناوی سۆشیالیستیەوە ئازادی پێشێل دەکالە بناغەدا سیستەمەکەی سەرمایەداری دەوڵەتی یە و ڕژێمە سیاسییەکەشی دیکتاتۆری بۆرژوازیە نەک دیکتاتۆری پرۆلیتاریا. سیستەمیسۆشیالیستی لە روسیا تەنها ٥ ساڵ ژیاوە بەدوای ئەودا هەرچی ناوی لە خۆی ناوە دەوڵەتی سۆشیالیستی پەیوەندی بەو سیستەمەوە نەبووە.
کۆمۆنیستەکان نایانەوێ لە ڕێگای زەبروزەنگ و توندوتیژی و ترس و تۆقاندنەوە باوەڕی ئایینی خەڵک بگۆڕن بەڵکو لە ڕێگایەکی ئازادەوە دەیانەوێململانێ ی بکەن بە شێوەیەکی زانستیانە . کۆمۆنیستەکان دژی داخستنی مزگەوت و سووتاندنی قورئانن وە بەڕێگایەکی ناکۆمۆنیستانەی دەزاننهەر لایەن و کەسێک ئەو کارانە ئەنجام بدات لەگەڵ میتۆدوبەرنامەی کۆمۆنیستەکاندا ناکۆکە .
کۆمەڵگا دەبێ لەو درۆ بۆختانانەی کە بۆ کۆمۆنیستەکان دەکرێ ڕزگاری بێ و پاک بکرێتەوە ، هەوڵەکان لەم پێناوەدا دەبێ چڕتر بکرێنەوە وە دەبێئەو ڕاستیەش بزانرێ کۆمۆنیستەکان ڕاستگۆترین و پاکترین و شەرافەمەند ترین کەسی کۆمەڵگان و پێشرەون بۆ گوڕینی ریشەیی بارەدۆخیناهەمواری چینە هەژارو کرێکارو زەحمتکێشەکان بۆ ژیانێکی شیاو بە ئینسان.

سەردار عەبدوڵا حەمە
١٨ تشرینی یەکەم ی٢٠٢٠
سەرچاوە:

Sent from Yahoo Mail for iPhone




چاودێری لەنێو قاوەخانەیەکدا (دوو کورتەشیعر) … شیعری: عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

   

چاودێری

ئەمڕۆش دیسان لە ساحەی پاس چاوەڕوانی نەفەرات بووم وەختێ دەرکەوت
وەکو جاران شل و مل و
وەکو ڕۆژان خان و مان بوو هات و سەرکەوت
زووش زووش سەیری مۆبایلەکەی دەستی ئەکرد
هێند خەمڵابوو..لە ژنێکی ڕۆمانسییانەی خەیاڵی هەڵبەستی ئەکرد
من پێمخۆش بوو تا ئێوارە لەناو پاس بێ و دانەبەزێ
دڵی سپی و بێگەردی خۆمی بیدەمێ وەک کاغەزێ
پرسی : بەچەند خوولەکی تر دەگەینە لای مەحافەزە
تازە کارم پەیدا کردووە لەژێر چاودێری مودیرم
من نامەوێ دووابکەوم، نەک کارەکەم لەدەست بدەم
چونکە سەرچاوەی بژێوی دوو منداڵ و دایک و باوکێکی زۆر پیرم.

ئەیلوولی ٢٠١٩

لەنێو قاوەخانەیەکدا

لەسووچێکی قاوەخانە بێنازەکە لەگەڵ خەیاڵ و قاوەی تاڵ دانیشتبووم
ئەویش هاتە سەرمێزەکە و دیم ڕێک لە بەرامبەرمایە
بە کتێبەکەی دەستم را زانی چۆن بیر دەکەمەوە و چ بڕوایەک لە سەرمایە
باسی شۆڕش و ژیان و کۆمەڵگەی کرد
وەڕسبوونمی هەتا ئاستێکی بەرز برد
سووکایەتی کرد بە ژیان
بێڕێزی کرد بە خەبات و مێژووی ئینسان
ئەیوت جیاوازی لەنێوان سۆشیالیزم و ئەم ژیانە بوونی نییە
کە من هەموو شتێکم بۆ فەراهەم بێ
ئیتر شۆڕش مانای چییە؟
منیش دوا فڕم لە قاوە تاڵەکەمدا و هەستامە پێ
لەم وڵاتە ناسراوەی بە سەرما و بەفر و کڕێوە و تۆف
پەنجەی ناوەڕاستی دەستم پێ نیشاندا و
پێم وت فەک ئۆف

تشرینی یەکەمی ٢٠١٩

تێبینی : ئەم دوو شیعرە لە ڕۆژنامەی ڕێچار ژمارە ٨ ی ساڵی ٢٠٢٠ بڵاو بۆتەوە.




ئه‌ستێره‌كان … فه‌روغی فه‌روخزاد … و : نه‌ژاد عزیز سورمێ

ئه‌ی ئه‌ستێره‌كان ،
كه‌ له‌ به‌رزیی ئاسماندا
به‌ نیگاتانه‌وه‌ چاوبز دانیشتوون
ئه‌ی ئه‌ستێره‌كانی پشت هه‌ور ،
كه‌ به‌ دیار دنیای ئێمه‌وه‌ دانیشتوون .
ئا ، ئه‌وه‌ منم ‌ له‌ دڵی بێ ده‌نگی شه‌ودا
نامه‌ی دڵداریی ده‌‌دڕێنم
ئه‌ستێره‌كان گه‌ر ده‌هانام بێن
له‌ خه‌می ئه‌و ، كۆشم پڕ ئه‌ستێره‌ ده‌كه‌م ..

بۆ دڵی بۆنی وه‌فای نه‌كردووه‌
جه‌ورو سته‌می بێ كۆتایی و به‌هانه‌ خۆشتره‌
عیشوه‌و نازی زیره‌كانه‌
له‌ ته‌ك ئه‌و هاوڕێ خۆپه‌سندانه‌ خۆشتره‌

ئه‌ی ئه‌ستێره‌كان چی بوو له‌ نیگای مندا
ئه‌و خوێن گه‌رمیی و گۆرانی و ئاوازه‌ مرد ؟
ئاخر چی بوو ئه‌ستێره‌كان له‌ لێوه‌كانی ئه‌ودا
ئه‌و ئاخه‌ گه‌رمانه‌ی دڵداری مرد ؟

جامی باده‌م سه‌رنگون و پێخه‌فم به‌تاڵ
سه‌رم به‌ڕووی نامه‌كانی كردووه‌
سه‌رم پی كردووه ‌، له‌ناو دێره‌كاندا
بۆ شوێنه‌واری وه‌فای ئه‌و بگه‌ڕێم ..

ئه‌ی ئه‌ستێره‌كان
مه‌گه‌ر ئێوه‌ش
له‌ دووڕوویی و جه‌فای دانیشتووانی خاك ئاگادارن ؟
به‌م چه‌شنه‌ن ‌ له‌ دڵی ئاسمانییاندا ؟
ئه‌ستێره‌كان ، ئه‌ستێره‌كانی گه‌ش و پاك ؟

من كه‌ ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ و نییه‌م دایه‌ به‌ر شه‌ق
تا كامی ئه‌و له‌ عه‌شقی خۆمدا حه‌ڵاڵ كه‌م ..
له‌عنه‌تی خوا له‌ من بێ ، ئه‌گه‌ر بێجگه‌ له‌ جه‌فا
له‌مه‌‌ زیاتر وه‌فام بۆ عاشقان هه‌بێ !

ئه‌ستێره‌كان !
ئێوه‌ دڵۆپی فرمێسك ئاسا
سه‌رتان ناوه‌ته‌ دامێنی ڕه‌شی شه‌وه‌وه‌
ئه‌ی ئه‌و ستێرانه‌ی له‌ جیهانی نه‌مریدا
كڵاوڕۆژنه‌یه‌كتان كردووه‌ته‌ ئه‌م جیهانه‌ ..

ڕۆیشت و خۆشه‌ویستیشی له‌ دڵمدا هه‌ر ناڕوا
ئه‌ستێره‌كان ، ئاخۆ چی بوو منی نه‌ویست ؟
ئه‌ی ئه‌ستێران ، ئه‌ستێره‌كان ، ئه‌ستێره‌كان
ماڵی ئاوای وێران نه‌بووی
دڵداره‌ نه‌مره‌كان له‌ كوێوه‌یه‌ ؟

  • له‌ ( برگذیده‌ اشعار فروغ فرخزاد ) چاپی سێیه‌م
    بڕوانه‌ لاپه‌ڕه‌ 21 و 36 .



پرووشەکانی ئەوین …بەشی دووەم…شیعری: ستیڤان شەمزینی

لەوەتی خۆم ناسیوە عاشقم
بەڵام هیچ عەشقێک وەک خۆشەویستی تۆ
پەڕ و باڵی نەشکاندووم
لەوەتی خۆم ناسیوە ئاشقم
بەڵام ئاگری هیچ عەشقێک وەک خۆشەویستی تۆ
دڵ و ناخی نەسووتاندووم
لەوەتی ئاسمان هەیە من لێی ئەڕوانم
بەڵام فڕینی هیچ باڵندەیەک وەک فڕینی تۆ
لە ناخ و ریشەوە نەیبزواندووم!!


زۆر جار کە سەیری ئاسمان دەکەم
ماتەم دامدەگرێ و پێم سەیرە
چۆن بەرگەی کشانی ئەو هەموو ئەستێرەی
ناو دڵی گرتووە!
لە ئاسمانی دڵی مندا
تەنیا یەک ئەستێرەی پرشنگدار هەیە
لە ترسی کشانی خەون و خەیاڵم لێ تاڵ بووە


بیرم نایەت چۆن و کەی عاشقت بووم
تەنها ئەوەندە دەزانم
بوونی من لەو ساتەوە دەستپێدەکا
لە تۆدا بۆ هەمیشە خۆم دۆزییەوە
بیرم نەماوە چۆن و کەی ئاشقت بووم
هەر ئەوەندەم لە بیرە
گڕکانێک لە دڵما تەقییەوە و
بۆ ئەبەد خۆم لە تۆدا ون کرد


من وا راهاتووم تینووێتی چاوم
بە تەماشای باڵای تۆ بشکێنم
من وا راهاتووم لە مەعبەدی دڵی تۆدا
رۆژانە نوێژی عەشق دابەستم
من وا راهاتووم بە ژێی دەنگی تۆ
ژاوەژاوی رۆحم ئارام بکەمەوە
من وا راهاتووم رۆژی سەدجار خۆم بکوژم
بۆ ئەوەی لە باوەشی تۆدا زیندوو ببمەوە


وەکوو چۆن درەخت بە ئاوازی شنەبا سەما دەکا
وەکوو چۆن کێڵگە تاوە باران لە ئامێز ئەگرێ
وەکوو چۆن زەوی بە دەوری خۆردا تەواف دەکا
وەکوو چۆن رووبار دەڕژێتە باوەشی دەریاوە
منیش بە هەناسەکانی تۆ سەما دەکەم
ئازارەکانت لە ئامێز ئەگرم و
بە دەوری باڵاتدا تەواف ئەکەم
دواتریش بە هێمنی ئەڕژێمە چارەنووستەوە


دڵم وەک دەریا
بەرەو کەناری تۆ شەپۆل دەدا
رۆحم وەک باڵندە
بەرەو ئاسمانی تۆ دەفڕێ
هەناسەم وەک خوێنی شەهید
بۆ یادی تۆ هەنسکی لێ دەتکێ
جەستەم وەک داربەڕوویەک
دەیەوێ لە باوەشی تۆدا بڕوێ
شیعرەکانیشم وەک هاوارێک
بەناو بێدەنگی تۆدا تێدەپەڕێ


تۆ لە فریشتەوە فێری جوانی بووی
لە باخچەوە دڵنەرمی و لە دەریاوە ئەوین
تۆ لە ئازارەوە فێری بێدەنگی بووی
لە شاخەوە خۆراگڕی و لە منیشەوە عەشق




عیشقێ بێ وشە … شیعر/کاوە عوسمان عومەر

( 1 )
قورسە تێبگەین
لە عیشقی پەروانەیەک بۆ گڕ
هەروەک قورسە لەوە بگەین
بۆ وەک جگەرەیەک
تا دوای وەرینی کۆتا سوتوو
دڵێک بۆ دڵێکی تر..
ئەبێتە سوتماک

( ٢ )
تاسەی رۆشتنێ،
هێشتا لە هەیوانەکا
لە زەنگێکی وەڕسکەر زیاتر
دەنگ ئەداتەوە
خۆ عیسایەکی تر
لە خاچ نەدراوەتەوە
چما ئەم هەموو زەنگە زەنگە
مێشکی شاعیرێک،،
ئەزرنگێنێتەوە

( ٣ )
بێ وشە..
ئەم جارە عیشق ئەکەین
مەرج نیە
شتیش بۆ یەک بنوسین
با نمە سارد و
و گەڵا وەریوەکان
وورتەی لێومان بن
شەپۆل پیانۆی ،،
سەر زەریای تەنیایی و
ڕەشەباش
قەڵەمی سەر نامەی رێگا
مەلێکیش
لە سۆراخی گۆمی ..
ئەرخەوانی دڵێکا
لە چاومانا بگەڕێ




لە سلێمانی یەوە بۆ پۆڵۆنیا ١٩٣٩ هەتا ٢٠٢٠ کۆچی ئەبەدی تێکۆشەری شیوعی هاوڕێ عەلی غەفور

فەهد گردەوانی

بە کۆچی دوایی سیاسەتمەدار و تێکۆشەر کاک عەلی صالح غەفور ، ئەو ژانە گەورەیە تووشی هەمووان بوو. هەریەکێک لە نزیکەوە ئەو مرۆڤە دڵگەورەیەی ناسیبێ ، خۆشی ویستووە و ڕیزی بۆ داناوە ، ئاخر خۆ کاک عەلی بۆخۆی هەمووانی خۆشدەویست .
لە سلێمانی یەوە کە لە خێزانێکی هەبوون لەدایک دەبێت ، قوتابخانەی سەرەتایی و ناوەندی و پاشان مامۆستایان تەواودەکات و ماوەیەکی کەم لە گوندەکانی لای عەربەت دەبیتە مامۆستا .
لە پاش تێکشاندنی پاشایەتی لە عێراق و شۆڕشی ١٤ تەمووز کاک عەلی تێکۆشانی لە ڕیزی حزبی شیوعی عێراق دەستپێدەکا و لەبەر زیرەکی دەبێتە سەرۆکی لقی سلێمانی یەکێتی گشتی قوتابیانی عێراقی .
ئەو تێکۆشانەی کاک عەلی لە ڕیزەکانی قوتابیان دەبێتە هۆی ئەوەی لەلایەن دەسەڵاتەوە دووچاری ئەشکەنجە و ڕاونان بێت . لە کۆبوونەوەکی فرەواندا داوا دەکا کە داوا لە رژێمی قاسم بکرێت بوردومانی کوردستان ڕابگیرێت . پەیوەندی حزبی لەگەر شاعیری پێشکەوتووخواز ونوێخواز [جەلالی میرزا کەریم] بوو . گەلێک جار باسی ئەو شاعیرە نوێخوازەی بۆ دەکردم و چۆن چالاکی یەکانی لە ریزی حزبمان حزبی شیوعی عێراقی ئەنجام دەدا ، بۆ بەختی من لە یەکەم سەفەری گەڕانەوەم پاش ڕاپەڕین شاعیر و نووسەر جەلالی میرزا کەریمی هەردەم زیندووم لە بارەگای [رۆژنامەی ڕێگای کوردستان] لەتەک مامۆستا [فەتاح تۆفیق ناسراو بە مەلاحەسن]ی هەردەم زیندوو بینییەوە ، وای لەو دیدارە خۆشە و پاش ئەوەی گەرامەوە سوێد ، کاک جەلال کۆچی کرد و شیعر ونووسین وبیرەوەری یەکانی خستە ژێر گڵ . زۆرجار لەگەر کاک عەلی باسی ئەو تێکۆشەرەمان دەکرد و باسی شیعر ونووسینەکانی .
حزب بۆ پەروەردەکردنی کادیر و تەواوکردنی خوێندن هەمووساڵ چەند قوتابی یەکی ڕەوانەی دەرەوە دەکرد بۆ تەواوکردنی خوێندن ، یەکێک لەو قوتابیانە کاک عەلی غەفور بوو. ساڵی ١٩٦٢ بۆ تەواوکردنی خوێندن گەشتی ژیانی بووە پۆڵۆنیا . هەر لەو وڵاتەش بڕوانامەی بەدەست هێنا و پاشان لەگەر کیژێکی پۆڵۆنی کە ناوی [گراژینا]یە هاوسەرگیری دەکات و تاقە کوڕێکیان هەیە بەناوی [ئاڵان] و دوو نەوەیان هەیە بەناوەکانی[ئێزابێلا و ڤیان] .
کاک عەلی غەفور لە پۆڵۆنیاش بەردەوام دبێت لە تێکۆشاندا لە ریزی حزبمان و کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد لە ئەوڕوپا . هەر بە تێکۆشانی کاک عەلی لقی کۆمەڵە لە پۆڵۆنیا دادەمەزرێنی و بۆ ماوەیەکی زۆر بەخۆی سکرتێری ئەو لقە بووە . لە ریزی حزیشدا بەردەوام بووە لە چاڵاکی و یارمەتی دانی ئەو عێراقی و کوردانەی کە دەگەیشتنە پۆڵۆنیا ، هەردەم هاریکاری دەکردن بۆ تەواو کردنی خوێندن .
کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد لە ئەوروپا کە ساڵی 1956 دامەزراوە تاقە کۆمەڵەی خوێندکاران بووە ،قوتابیانی لەخۆی کۆکردۆتەوە و تاقە باڵیوزی کورد بووە لە دەرەوە بۆ ئەوەی خەڵکی جیهان بە کورد ئاشنابکات ، کاک عەلی چاڵاکانە بەشداری کۆنگرەکان و فیستیڤاڵە جیهانی یەکانی کردووە و بەجلی کوردی شان بەشانی هاوڕێ یەکانی چاڵاکی نواندووە . یەکێک لەو هاوڕێ یانەی هونەرمەندی بەناوبانگ کاک [قادر دیلان] بووە . هەنووکەش لە گوێم دەزرنگێتەوە کە بانگی کاک قادری دەکرد وبە سلێمانییانە ناوی [قادر]ی دەدرکاند ئای پەیوەندی نێوانیان چەند پیرۆز و روحی بوو.
ئێمەی خوێندکارانی گەنج شانازیمان بە هاوڕێ یان قادر دیلان و عەلی غەفور و جوهەر شاوێس و زوهدی داودی و شێرزاد قازی دەکرد ، کە لەتەمەن لە ئێمە گەورەتربوون ، لەگەر ئێمە کۆدەبوونەوە و کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد لە ئەوڕوپا مەرکەزی پراگ کە سەر بە حزبی شیوعی عێراق بوو، بەڕێوەمان دەبرد.
پارتی مەرکەزی بەرلین و یەکێتی ئەکسا و پاسۆک سۆکسە و ئێمەش مەرکەزی پراگ مان هەبوو . لە کۆنگرەی یەکگرتنەوە لە بەرلین ساڵی ١٩٨٩ مەرکەزەکان یەکیان گرتەوە و هەر لایەنی چوار ئەندامی لە دەستەی بەرێوەبەراتی بەرکەوت .
هەتا ئەو یەکگرتنەوە یە لەگەر کاک عەلی غەفور لەدەستەی بەرێوەبەرایەتی کۆمەڵەی خوێندکارن پێکەوە کارمان دەکرد و هەر رۆژ بە رۆژ پەیوەندی مان بەهێزتر دەبوو بۆمن بووە براگەورە و بیرەوەری ویادگاری یەکانمان زێدەبوون .
کاک عەلی لە ماوەیەکی زۆر کورتدا خوێن کەوتە مێشکی و کەوتە نەخۆشخانە چاک نەبۆوە منیش هەواڵی نەخۆش بوون بێ هۆش بوونەکەم لە ٢٠ ئاب ٢٠٢٠ بڵاوکردەوە ، هەر بەو ئاواتەبووم جارەکی تر گوێم لەدەنگە خۆشەکەی بێتەوە بەڵام بەداخەوە ئیتر مەرگ ڕێگای نەدا . بەر لەو کارەساتە ، کاک عەلی سەفەری کرد بۆ شاری [کەراکۆڤ] و پیلی دڵی گۆڕی و زۆریش کەیفخۆش بوو بە سەرکەوتنی ئەو دیداری نەخۆشخانە یە و لەکاتی گەڕانەوەی دا کە ئاڵان کوڕیشی لە تەنیشتی بوو گەلێگ پێکەنین و کەیفخوشیمان دەربڕی و بەوەی کە هەتا دە ساڵیتر ئیتر پێویستی بە گۆڕانی دڵ نی یە و بە قسەخۆشەکانی گووتی زۆرە تا ئەوکاتە منیش گووتم نا چەند دەیەکی تریش دەژیت . کاتێک گەیشتەوە شارەکەی خۆی و ڕۆژانە هەواڵیم دەپرسی کەچی لە خەمی دایکی ئاڵان بوو کە چاوەڕوانی نەشتگەری دەکرد . زۆر بە چاویلکە و پیلی دڵ و گوێبیستی گویی و پلاتینەکانی قاچ وپشت پێدەکەنین وگاڵتەمان بە مردن دەکرد .
ئاخ و هەزار ئاخ چۆن ئاڵان بۆی نووسم بەداخەوە باوکم سەفەری دوایی کرد . باوەڕم نەدەکرد وحەزم دەکرد ئاڵان پێم بڵێ راست نیە وهەر لەهۆشی خۆی چووە ، بەڵام ئاخ وهەزار ئاخ مردن دیسان بووە کارەسات و مەرگی کاک عەلی لێساندین .
بیرت دەکەم کاک عەلی بیری قسەخۆشەکانت دەکەم . ئەی تێکۆشەرە کۆڵنەدەر و دڵ مەزنەکەی مرۆڤایەتی .
ساڵی ١٩٧٦ کە کۆنگرەی سێیەمی حزبی شیوعی عێراقی لە بەغدا بەسترا کاک عەلی بەشدار بوو بەناوی [ازادی ماجد] ژمارەی کارتەکەی[ ٢٠٦] بوو .
کاک عەلی وەکو کەسێکی بیانی کە خزمەتی پۆلۆنیای کردووە خەڵاتی ریزلێنانی لەسەرۆکی پۆڵۆنیا وەرگرتووە .
کاک عەلی لە ١٨/٩/٢٠٢٠ دڵە مەزنەکەی وەستا وماڵئاوایی لە دایکی ئاڵان وئاڵان وهەردوو منداڵەکەی و هاوڕێ یانی کرد .
کاک عەلی لە ٢٦/٩/٢٠٢٠ لە شاری ئوڵشتین/پۆڵۆنیا بەخاک سپێردرا.
روحت شاد و یادت زیندوو

فەهد گردەوانی 24/10/2020ستۆکهۆڵم




“دیارده‌ی مه‌صره‌فی ئابوریی له‌ هه‌رێمی كوردستان” … نووسینی: دانا حمید محمد

بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە بە پ د ف کلیکی ئێرەبکەن

پێشه‌كی

ئه‌وه‌ی له‌م وتاره‌دا كه‌ ده‌چینه‌ ناوی و باسی ده‌كه‌ین، دیارده‌ی به‌رخۆری و مه‌سره‌فه‌ وه‌ لێكه‌وته‌كانی به‌گشتی و به‌تایبه‌تی له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان وه‌ك قه‌واره‌یه‌كی سیاسی و ئابوری، كۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگی له‌سه‌ر پێ خۆگرتوو، به‌ڵام له‌ رواڵه‌تدا به‌و شێوه‌یه‌ نییه‌ به‌ڵكو له‌ ناوه‌ڕۆكدا له‌رزۆك و شێواوه‌، له‌رووی ئابورییه‌وه‌ هیچ بنه‌مایه‌كی ده‌زگا ئابوریی و سیاسییه‌كانی تێدا نییه‌ و ئه‌وه‌ی حوكمی ده‌كات دیارده‌ی به‌رخۆری و مه‌سره‌فكردنه‌ له‌ سه‌رجه‌م كایه‌كانی حكومه‌تدارێتیكردندا… واته‌ پایه‌كانی له‌سه‌ر به‌رخۆریزم راوه‌ستاوه‌ هیچ به‌رهه‌مێكی نییه‌، ئه‌مه‌ش له‌وه‌ ده‌رچووه‌ كه‌ حاڵه‌ت بێ به‌ڵكو بووه‌ به‌ دیارده‌ و پێویستی به‌ چه‌ندین توێژینه‌وه‌ی ورد و قوڵ هه‌یه‌، به‌تایبه‌ت له‌رووی ئابورییه‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی كاریگه‌رییه‌كانی مه‌سره‌فگه‌رایی له‌ هه‌رێمی كوردستان دیاری بكه‌ین و بچینه‌ ناو پێكهاته‌كانییه‌وه‌. چی وایكردوه‌ كه‌ به‌رخۆریزم بچێته‌ هه‌ناوی هه‌موو كه‌رته‌ ئابوریه‌كانه‌وه‌ و به‌تایبه‌ت له‌وه‌ ده‌رچوبێ كه‌ چاره‌سه‌ری ئابورییانه‌ی بكرێت.

ئێستا به‌تایبه‌ت كه‌ “ئێستایه‌كی ئابوری/ سیاسی” ییه‌، واته‌ ئه‌و هه‌لومه‌رجه‌ ئابوری و سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ چیین؟ كه‌ به‌رخۆریزم له‌ كوردستادا هه‌یه‌ و ناتوانرێ چاره‌سه‌ر بكرێ به‌و رێگاچاره‌ی خۆی كه‌ دژی ده‌گیرێتبه‌ر. بێگومان به‌ سه‌رجه‌می ئه‌و بكه‌رانه‌وه‌ كه‌ له‌ ئێستادا ئاماده‌ و ده‌ستبه‌كارن. هه‌م ئه‌و ئێستایه‌ “ئێستایه‌كی تیۆرییه‌” واته‌ بۆ دیارده‌ی به‌رخۆری و مه‌سره‌فكردن له‌ ئاسته‌ جیاوازه‌كانی كۆمه‌ڵگادا، پێویستمان به‌و تیۆره‌ ئابورییه‌ هه‌یه‌ بۆ دۆزینه‌وه‌ی رێگا و چاره‌سه‌ركردنی مه‌رهه‌مه‌ ئابورییه‌كان بۆ درم و په‌تاكانی مه‌سره‌فگه‌رایی له‌ كوردستان.
واته‌ به‌رخۆریزم وه‌ك كێشه‌یه‌كی فیكری ئابوری و سیاسی و كه‌لتوری، كۆمه‌ڵێك پرسیاری تیۆری و مه‌عریفی ئاڵۆزی له‌ ده‌وری خۆی كۆكردۆته‌وه‌ كه‌ هه‌ندێكیان پێویستی به‌ كات و میتۆدی خۆی هه‌یه‌ بۆئه‌وه‌ی به‌باشی لێیبكۆڵرێته‌وه‌. دیارده‌ی به‌رخۆریزم واته‌ مه‌سره‌فگه‌رایه‌كی له‌ئه‌ندازه‌به‌ده‌ر له‌ به‌فیڕۆدان و به‌كاربردندا، كه‌ شتێكت له‌ كاڵا و خزمه‌تگوزاری نییه‌ به‌رهه‌می بهێنی و هه‌ر مه‌سره‌ف ئه‌كه‌یت، مه‌سره‌ف بووه‌ به‌ ئاشكرا و له‌وه‌ ده‌رچووه‌ كه‌ شاراوه‌ بێت. له‌ مێژووی ئێمه‌دا به‌رخۆریزم به‌ شێوه‌یه‌ك بووه‌ به‌ ئه‌خلاقی سه‌ره‌كی به‌شێك له‌ تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگای ئێمه‌ و هه‌ر مه‌سره‌ف ده‌كه‌ن بێئه‌وه‌ی بزانن كه‌ شتێكیان نییه‌ له‌ به‌رهه‌م كه‌ شوێنی مه‌سره‌فی پێ پڕبكه‌نه‌وه‌. وه‌ به‌رخۆری له‌ كۆمه‌ڵگای كوردستان بووه‌ به‌ دیارده‌یه‌كی حه‌شامات و جه‌ماوه‌ری به‌رفراوان، له‌وه‌ كه‌وتووه‌ ئاكاری ئه‌م تاك یان ئه‌و گروپی تایبه‌تی ناو كۆمه‌ڵگا بێت به‌ ته‌نها، به‌ڵكو گشتگیر بووه‌ته‌وه‌. سه‌رجه‌م پرۆسه‌كانی گرتووه‌ته‌وه‌ و هه‌ناسه‌دانی بڕیوه‌ له‌ سێكته‌ره‌ ئابورییه‌كان. واته‌ هه‌م چینه‌كانی خواره‌وه‌ و هه‌م چینی ناوه‌ڕاست و هه‌م چینی ئه‌و نوخبه‌ ده‌سه‌ڵاتدار و ده‌وڵه‌مه‌نده‌ی به‌شێوه‌یه‌كی ئه‌فسانه‌ی له‌ ساڵانی رابردوودا ده‌وڵه‌مه‌ند بووه‌ هه‌موویان به‌شێكن له‌و شه‌پۆلی به‌رخۆرییه‌ی له‌ وڵاته‌كه‌دا دروست بووه‌، ئه‌م به‌رخۆرییه‌ له‌ هه‌موو ئاڕاسته‌كاندا بوونی هه‌یه‌ و كۆی گشتی پرۆسه‌ سیاسی و ئابورییه‌كانی گرتۆته‌وه‌.

دونیای ئێمه‌ له‌ به‌رخۆرییه‌وه‌ ئاڵاون، ئاواش به‌شه‌ خوێنه‌وار و رۆشنبیره‌كه‌ی وڵات وه‌ك چینه‌ به‌رخۆره‌كه‌ ئه‌وانیش به‌رخۆرن. هه‌موو یه‌كه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به‌رخۆرن، خێزان، خێڵ، حیزب، مزگه‌وت، ده‌سگاكانی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی و هه‌موو ده‌زگاكانی وڵات سه‌رتاپا به‌رخۆرن و له‌ مه‌سره‌فگه‌راییه‌كی رووته‌وه‌ ئاڵاون.
خاڵێكی تری گرنگ ئه‌وه‌یه‌: كه‌ به‌رخۆری وه‌ك دیارده‌یك خۆبه‌خۆ و سروشتی نییه‌، به‌ڵكو گه‌شه‌كردنێكی سروشتی و خۆڕسكی كۆمه‌ڵگای ئێمه‌ دروستی نه‌كردوه‌، به‌ڵكو به‌ر له‌ هه‌موو شتێك دیارده‌یه‌كی سیاسییه‌ و ستراتیژێكی تایبه‌تی كاركردنی ده‌سه‌ڵات و مۆدێلێكی تایبه‌تی ده‌سه‌ڵاتدرێتی دروستی كردوه‌ و ئاڕاسته‌ی ئه‌كات. له‌ ئه‌ده‌بیاتی زانستییدا ئه‌وه‌ی له‌ پشتی ئه‌م سیسته‌مه‌ به‌رخۆرییه‌وه‌ وه‌ستاوه‌ “ئابورییه‌كی ره‌یعی”یه‌ كه‌ له‌سه‌ر مه‌سره‌ف وه‌ستاوه‌ و كه‌ره‌سته‌ی خاو، له‌ كۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا له‌سه‌ر فرۆشتنی نه‌وت، له‌ بازاڕه‌كانی جیهاندا و له‌سه‌ر خه‌رجكردنی پاره‌ی ئه‌و نه‌وته‌ ئه‌ژی له‌ ڕێگه‌ی ئابوری ره‌یعییه‌وه‌ ده‌ستی ده‌كه‌وێت.

ئابوری ره‌یعی به‌و جۆره‌ له‌ ئابوری ئه‌وترێ كه‌ داهاته‌ ئابورییه‌كان له‌ڕێگه‌ی به‌رهه‌مێنانه‌وه‌ به‌ده‌ست نایه‌ت، به‌ڵكو له‌ڕێگه‌ی بازرگانیكردن به‌و كه‌ره‌سته‌ خاوانه‌وه‌ به‌ده‌ستده‌هێنرێ له‌ وڵاتدا هه‌ن. پاره‌ی ره‌یع پاره‌یه‌كی ئاسانه‌ و ئیشی زۆر و ماندوبوونێكی ئه‌وتۆی ناوێ كه‌ به‌ده‌ستبهێنرێ. زیاتر ئاكامی دیاری و پاداشتی نه‌وته‌ كه‌ وه‌ك سه‌رچاوه‌یه‌كی مه‌سره‌ف و به‌رخۆری وه‌ریده‌گرێ و هیچی نییه‌ له‌ به‌رامبه‌ردا شوێنه‌كه‌ی پێ پڕبكاته‌وه‌.

كۆمه‌ڵگای به‌رخۆر ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌ كه‌ پشت به‌ به‌كارهێنانی كاڵا و خزمه‌تگوزاری ئه‌به‌ستێ نه‌ك به‌رهه‌مهێنان، واته‌ سه‌رمایه‌گوزاری و پاشه‌كه‌وتی نییه‌ كه‌ رووكنێكی گرنگه‌ بۆ ده‌رچوون له‌ بازنه‌ی به‌رخۆریزم. وه‌ به‌رخۆری وه‌ك پێدراوێكی ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی و فه‌رهه‌نگی و… توانا و هێزی خۆی هه‌یه‌ كه‌ گروپ و ده‌سته‌جه‌معی خۆی كه‌ كه‌ڕوی مه‌سره‌ف گرتویه‌تی به‌سه‌ر گروپ و تاقمی تردا بسه‌پێنێ كه‌ هێستا نه‌كه‌وتوونه‌ته‌ ناو ماتریكسی مه‌سره‌فگه‌رایی هێزی به‌رخۆریزیمی یه‌كه‌مه‌وه‌. بۆیه‌ پێویسته‌ تارماییه‌ ترسناكه‌ ئابورییه‌كانی به‌رخۆری ده‌ستنیشان بكه‌ین و لێكه‌وته‌كانی دیاری بكه‌ین و میكانیزمی چاره‌سه‌ر بدۆزینه‌وه‌ بۆیان. وه‌ك پرۆفیسۆر (د. هۆشیار معروف) باوه‌ڕی وایه‌: له‌ دیارده‌ی به‌رخۆریزم و مه‌سره‌فگه‌راییدا، كه‌ روو ده‌كاته‌ كۆمه‌ڵگایه‌ك و سه‌رجه‌م كه‌رته‌كان ده‌گرێته‌وه‌، كاری له‌پێشینه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌ستیشانی نه‌خۆشیه‌كه‌ بكرێ و دواتر به‌ قۆناغ رێگاكانی چاره‌سه‌ر بخرێته‌روو و كار بكرێ بۆ وه‌به‌رهێنان و ئه‌و له‌شكره‌ به‌رخۆرییه‌ی دروستكراوه‌، كه‌مبكرێته‌وه‌ و هه‌لی دۆزینه‌وه‌ی كاركردن له‌ڕێگه‌ی ئابورییه‌وه‌ بۆیان بدرێت.

یه‌كێكی تر له‌ هۆكاره‌كانی دروستبوونی به‌رخۆری له‌ هه‌رێمی كوردستان زیاتر قه‌یرانی به‌ڕێوه‌بردنه‌ له‌ كاروباری ئیداری حكومڕانیدا، واته‌ ده‌زگا حكومییه‌كان كه‌ به‌رخۆری رۆڵێكی سه‌ره‌كی هه‌یه‌ له‌ دروستبوون تێیدا، واته‌ له‌ فه‌رمانگه‌یه‌كدا پێویستی به‌ (50) كارمه‌ند هه‌بێ، رێژه‌كه‌ی له‌وه‌ زیاتره‌ و بگره‌ دووقات كراوه‌ته‌وه‌ به‌تایبه‌ت له‌ سلكی سه‌ربازییدا ئه‌و كه‌لتوری به‌رخۆرییه‌ گه‌شتوه‌ته‌ ترۆپكی خۆی. كه‌ رێژه‌یه‌كی زۆر مووچه‌خۆر هه‌یه‌ به‌ڵام له‌ واقیعدا بوونیان نییه‌ و ته‌نها ناوه‌كه‌یان بۆ وه‌رگرتنی مووچه‌كه‌ هه‌یه‌. ئه‌مه‌ش ئه‌و به‌رخۆری و ئابورییه‌ ره‌یعییه‌ كه‌ سه‌رچاوه‌كه‌ی نه‌وته‌ و هۆكاری دروستبوونی به‌لێشاوی ئه‌و هه‌موو ناعه‌داله‌تییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ كه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ڕێژه‌یه‌كی به‌رچاو بوونی هه‌یه‌ و به‌ئاسانی چاره‌سه‌ر ناكرێت.

یه‌كێكی تر له‌و كێشانه‌ی كه‌ به‌رخۆری دروست ئه‌كات كه‌ (ماركۆزه‌) له‌ كتێبی (مرۆڤی تاك ره‌هه‌ند) باسی ئه‌كات و پێی وایه‌: “مه‌سره‌فگه‌رایی ئینسانی تاك ره‌هه‌ند له‌ ئاستی گشتییدا بێ پرسیار و مه‌سره‌فكه‌ر دروست ئه‌كات”. وه‌ هه‌موو شتێك له‌ مه‌سره‌فكردندا ده‌بینێته‌وه‌، واته‌ مه‌سره‌فگه‌رای ته‌ڵه‌یه‌كه‌ كه‌ بۆیاخكراوه‌ و ئاماده‌كراوه‌ بۆ كڕیاری مه‌سره‌فكه‌ر بێئه‌وه‌ی به‌خۆی بزانێت وه‌ك بۆمبێكی ته‌وقیكراو ده‌بێته‌ میوانێكی ناوه‌خت بۆ كاراكته‌ری به‌رخۆر.
خاڵێكی تری مه‌سره‌فگه‌رای په‌یوه‌ندی به‌ چێژپه‌رستییه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌واده‌كات ئینسانی به‌رخۆر ته‌نها بیر له‌ كۆمه‌ڵێك قازانج و ده‌سكه‌وتی ئابوری بكاته‌وه‌، كه‌ دواتر رۆڵی تێكده‌رانه‌ی ده‌بێ له‌سه‌ر ئاستی گشتی كۆمه‌ڵگا. واده‌كات رووبه‌ری گشتی توشی شڵه‌ژان و ناڕێكی ببێته‌وه‌ و به‌ئاسانی بۆ سه‌ر باری ئاسایی خۆی نه‌گه‌ڕێته‌وه‌.
روویه‌كی تری مه‌سره‌فگه‌رایی په‌یوه‌ندی به‌ ریكلام و دونیای نمایشه‌وه‌ هه‌یه‌، كه‌ من و تۆی كڕیار روو ده‌كه‌ینه‌ بازاڕ بۆ كڕینی كاڵایه‌ك به‌رخۆری من و تۆ واده‌كات كه‌ ئاره‌زووی تێركردنی غه‌ریزه‌ی كڕینمان ته‌واو نه‌بێ و مه‌یلی كڕینی مه‌سره‌فی زیاتر بكه‌ین. ئه‌مه‌شه‌ ده‌رئه‌نجامی رویه‌كی تری فریوده‌رانه‌ی مه‌سره‌فگه‌راییه‌ له‌ دونیای ئه‌مڕۆدا كه‌ له‌ڕێگه‌ی كاڵاوه‌ بۆ به‌رخۆر و كڕیار خۆی نمای ئه‌كات. كوردستانیش به‌ده‌ر نییه‌ له‌ په‌تایه‌ و به‌شێكه‌ له‌ ساغكردنه‌وه‌ی بازاڕی ئه‌و مه‌سره‌فگه‌رایه‌ی كه‌ رووده‌كاته‌ كوردستان.

به‌رخۆریزم پایه‌یه‌كی سه‌ره‌كی و بنه‌ڕه‌تییه‌ بۆ مانه‌وه‌ی سیسته‌می دیكتاتۆری و ده‌سه‌ڵاته‌كه‌یان. به‌مانایه‌ك هه‌تا به‌رخۆری له‌و سیسته‌مه‌ سته‌مكارییانه‌دا هه‌بێ، گه‌ره‌نتیه‌ بۆ مانه‌وه‌ و به‌رده‌وامیدانی دیكتاتۆر له‌سه‌ر سوڵته‌كه‌ی بۆ ماوه‌یه‌كی تری درێژتر له‌ حوكم و سته‌مكاری. واته‌ له‌ڕێگه‌ی ئه‌و ئابورییه‌ ره‌یعییه‌وه‌ كه‌ سه‌رچاوه‌كه‌ی نه‌وت و گازه‌ ده‌توانن ته‌مه‌نی خۆیان زیاتر درێژ بكه‌ن ئه‌ویش به‌ دامه‌زراندان و به‌رتیلدان به‌و له‌شكره‌ مه‌سره‌فكه‌ره‌ی كه‌ كۆشكه‌كه‌ی ده‌پارێزن. وه‌ به‌شێك له‌م سه‌ربازانه‌ له‌ (كایه‌ی سێبه‌ر)دا كار ده‌كه‌ن و كۆنترۆڵی ده‌نگه‌ نارازییه‌كان ده‌كه‌ن و پارێزه‌ری ئه‌و كه‌لتوری سته‌مكاریی و مه‌سره‌فگه‌راییه‌ی كۆشكی دیكتاتۆرن.

مه‌سره‌فگه‌رایی خولیا و مه‌یلێكه‌ هه‌م چێژبه‌خش و هه‌م ئازاراوی ئه‌م سه‌رده‌مه‌یه‌، له‌ لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌ سیاسی و ئابوری و… دروست ده‌كرێ بۆئه‌وه‌ی ئینسان له‌ راكردنێكی به‌رده‌وامدابێ به‌دوایی كاڵا و خزمه‌تگوزاریدا، واته‌ عه‌قڵێكی ئامێری دروست كردوه‌ بۆ ئینسان كه‌ ده‌ستبه‌رداری خۆزگه‌ و دونیای مه‌سره‌فی نه‌بێت. به‌رخۆریزم په‌نا بۆ زۆر شت ده‌بات وه‌ك وێنای خه‌یاڵكردنه‌وه‌ له‌ مه‌سره‌فگه‌رایی و ئه‌و چوارچێوه‌ پڕ له‌ مه‌سره‌فییه‌ی كه‌ سازیكردوه‌، واته‌ مه‌سره‌فگه‌رایی دونیای مۆدێرن زۆر چڕ و ئاڵۆزه‌، پێویستی به‌ گۆشه‌نیگای زۆر ورد و ده‌قیق هه‌یه‌ تاوه‌كو كه‌لێنه‌كانی مه‌سره‌ف له‌ڕووه‌ ئابورییه‌كه‌یه‌وه‌ بدۆزیته‌وه‌ و چاره‌سه‌ریان بكه‌ین به‌ به‌رهه‌مهێنان و داهێنانی پێشكه‌تووی گه‌شه‌ی ئابوری.
سۆبێكت له‌ نێوان ژیانی و ئه‌ندێشه‌ی به‌رخۆریی نێو كاڵایی دونیای ئه‌مڕۆ نقوم بووه‌، ئه‌و كاڵایه‌ ژیانی داگیر ئه‌كات و كاتی خۆی له‌ پاره‌ و شتی تری له‌كیش ئه‌بات. به‌مانایه‌كی تر كاڵا ژیان و بیركردنه‌وه‌ی داگیر ده‌كات، وه‌ك سیسته‌می كاپیتال ته‌نیا به‌ گوێره‌ی پێویستییه‌كان شته‌كان ناگۆڕێ بۆ به‌رهه‌م به‌ڵكو به‌كارهێنانی بۆ به‌رهه‌مه‌كان ده‌نێته‌وه‌ واته‌ كڕیاری بۆ كاڵاكان ئاماده‌ ئه‌كات و ئینسان خۆی ئاوێزانی”تۆڕی جاڵجاڵۆكه‌یی ئابوری مه‌سره‌ف” ده‌كات. به‌مانایه‌كی تر مه‌سره‌فگه‌رایی له‌ دونیای شاهانه‌ی كاڵاكاندا دێوه‌زمه‌یه‌كه‌ دیوه‌ مۆده‌كه‌ی ده‌بینرێ، به‌ڵام پارادۆكسه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌: “زبڵه‌كانی ناو مه‌سره‌ف و به‌رخۆری خۆی نابینرێت”.

له‌ كۆتاییدا به‌و ده‌رئه‌نجامه‌ ده‌گه‌ین كه‌ كه‌لتوری مه‌سره‌فگه‌رایی له‌ڕووی ئابوری و سیاسی، فه‌رهه‌نگی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌، دیارده‌یه‌كه‌ كه‌ ڕیشه‌ و ریشاڵه‌كانی له‌ زۆربه‌ی بواره‌كاندا ره‌گی داكوتیوه‌ و چاره‌سه‌ری ئاسان نییه‌ به‌ڵكو پێویستی به‌ توێژینه‌وه‌ و ده‌رئه‌نجام هه‌یه‌ تائه‌وه‌ی ده‌گه‌ین به‌ ئه‌ندازه‌یه‌ك له‌ چاره‌كردنی مه‌سره‌ف و كه‌مكردنه‌وه‌ی بۆ ئاستێكی دڵخۆش و قه‌ناعه‌پێكراو. مه‌سره‌فگه‌رایی له‌ ئابوری كوردستاندا ئه‌وه‌نده‌ فره‌په‌لوپۆیه‌ كه‌ ره‌گی له‌نێو هه‌موو كایه‌كاندا هه‌یه‌ ئه‌وه‌ی به‌ پله‌ی یه‌كه‌م ترسناكه‌ ئابورییه‌ كه‌ به‌رخۆری و به‌كارهێنان زاڵمانه‌ تۆی خۆی تێهاویشتووه‌. ئه‌وه‌ی به‌ پله‌ی یه‌كه‌م به‌رپرسیاره‌ له‌م دۆخه‌ به‌رخۆرییه‌ حیزب و ئه‌و له‌شكره‌ مه‌سره‌فكه‌ریه‌ له‌ ئینسان كه‌ حیزب چیان پێبڵێ: ئاماده‌ن ئه‌نجامی بده‌ن. واته‌ ئیستیبدادی حیزبی كه‌ سه‌رچاوه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ی ئه‌و ئابورییه‌ ره‌یعی كرێخۆریه‌یه‌ كه‌ خۆی له‌ نه‌وتدا ده‌بینێته‌وه‌ و تێكه‌ڵ به‌ ئه‌جێندایه‌كی ترسناكی مه‌سره‌فگه‌رایی بووه‌ته‌وه‌. به‌مانایه‌كی تر به‌ر جۆرێك له‌ “شۆكی مه‌سره‌فگه‌رایی” ده‌كه‌وین كه‌ ریشه‌ی چه‌سپیوه‌. ئه‌وه‌ی گرنگ و سه‌ره‌كییه‌ بۆئه‌وه‌ی ئابوری كوردستان له‌ژێر چنگ ئه‌و به‌رخۆرییه‌ ده‌ربهێنین و رزگاری بكه‌ین و مه‌سره‌ف بگۆڕدرێ به‌ به‌رهه‌م و سه‌رمایه‌گوزاری، پێویستی به‌ هۆشیارییه‌كی ده‌سته‌جه‌معی هه‌یه‌ له‌ هه‌موو بواره‌كاندا تاوه‌كو رێنمایی و چاره‌سه‌ری پێویست بدۆزنه‌وه‌ و بیخه‌نه‌ڕوو بۆ چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانه‌كان به‌گشتی و به‌تایبه‌ت قه‌یرانی مه‌سره‌فگه‌رایی.

مه‌صره‌ف (به‌رخۆریی) چییه‌؟

به‌رخۆریی چالاكی كڕین و به‌كارهێنانی ئه‌و شتومه‌كانه‌یه‌ كه‌ ئینسان له‌ ژیانی رۆژانه‌ییدا پێویستی پێیانه‌. شوێنی كڕینی ئه‌و شتومه‌كانه‌ش بازاڕه‌، لێره‌وه‌ به‌رخۆری و بازاڕ ده‌بنه‌ دوانه‌یه‌كی لێكدانه‌بڕاو. له‌هه‌ر شوێنێكی دونیادا كه‌ باسمان كرد له‌ به‌رخۆریی باس له‌ بازاڕ ده‌كه‌ین و كه‌ باسیشمان كرد باس له‌ به‌رخۆریی ئه‌كه‌ین. هه‌موو مرۆڤێك بۆئه‌وه‌ی بژی و بمێنێته‌وه‌ پێویستی به‌وه‌یه‌ رۆژانه‌ بڕێك به‌رخۆریی بكات. هاوكێشه‌كه‌ له‌ڕووی ئابورییه‌وه‌ زۆر ساده‌یه‌، ئه‌گه‌ر كه‌سانێك نه‌بن نان له‌ نانه‌وایه‌ك، یان میوه‌ و سه‌وزه‌ له‌ به‌قاڵێك بكڕن، یان جلوبه‌رگ له‌ كۆگایه‌ك، یان گۆڤارێك له‌ كتێبخانه‌یه‌ك بكڕن، ئه‌وكات هیچ یه‌كێك له‌و شوێنانه‌ بوونیان نابێت و شتێكیش به‌ناوی ئابورییه‌وه‌ دروست نابێت. به‌م مانایه‌ ئابوری بۆئه‌وه‌ی وه‌ك كایه‌كی تایبه‌ت له‌ كۆمه‌ڵگادا بوونی هه‌بێت به‌رخۆریی ده‌بێ هه‌بێت. ئه‌وه‌ی هه‌ڵی تێگه‌یشتن و خوێندنه‌وه‌ی مانا و ده‌رئه‌نجامه‌كانی ئاستی ئه‌م وتاره‌ ساده‌ و گشتییه‌ی به‌رخۆریی نییه‌، ئه‌و ئاسته‌ی به‌رخۆریی نییه‌ راسته‌وخۆ گرێدراوه‌ به‌ دابینكردنی پێداویستییه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی ژیانی ئینسانییه‌وه‌، واته‌ به‌و ئاسته‌وه‌ كه‌ ئینسان پێویستی پێیه‌تی بۆ مانه‌وه‌ و به‌رده‌وامبوون. ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستی ئه‌م وتاره‌یه‌كه‌ به‌ به‌رخۆرییه‌وه‌ وه‌ك ئابوری و كه‌لتور یان وه‌ك فیكریه‌كی جه‌ماوه‌ری كه‌ باس له‌ به‌رخۆریی له‌ڕووه‌ ئابورییه‌كه‌یه‌وه‌ ده‌كه‌ین زانستییانه‌ هه‌ڵسه‌نگاندی بۆ بكه‌ین لێكه‌وته‌كانی له‌سه‌ر ژیانی كۆمه‌ڵگا دیاری بكه‌ین. وه‌ له‌ڕووی كه‌لتورییه‌وه‌ ده‌توانین وه‌ك به‌شێك له‌ ئایدۆلۆژیای مه‌سره‌فگه‌رایی سه‌یری بكه‌ین. كه‌وه‌ك هێما بۆ ئاره‌زو و حه‌ز و سیاسه‌تێك هه‌یه‌ كه‌ به‌رخۆریی به‌لاوه‌ جوانه‌ و هه‌وڵی زیاتر نه‌خشان و پیرۆزكردنی ده‌دات، واده‌كات ببێت به‌ دیارده‌یه‌كی جه‌ماوه‌ری واته‌ خه‌ڵك هه‌موو مه‌سره‌ف بكه‌ن و به‌رهه‌میان نه‌بێت. ئه‌مه‌ش واده‌كات به‌رخۆریی له‌م ئاسته‌دا ئاسته‌ ساده‌كه‌ی جیاببێته‌وه‌ و وه‌ “به‌ها سه‌ره‌كی و باڵاده‌سته‌كانی كۆمه‌ڵگا له‌ چالاكی به‌رخۆرییه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ بگرن”.
له‌ سایه‌ی به‌رخۆرییدا، سێبه‌ری مه‌سره‌فگه‌رایی وه‌ك تۆڕێكی سیسته‌ماتیكی ئابوری به‌ناویه‌كداچووه‌ و لێكئاڵاون.

ته‌نیا به‌ سه‌یركردن ده‌زانی له‌ناو ئه‌و ئوردوگا به‌رخۆرییه‌دا كۆمه‌ڵگا خه‌ریكی چین و چۆن ده‌ژین؟ ئه‌مه‌ش به‌شێكی ته‌پوتۆزی ئه‌و به‌رخۆرییه‌ له‌ڕێگه‌ی شه‌پۆلی سیاسه‌ته‌وه‌ هاتووه‌ته‌ ناو كایه‌كانی ژیان رووبه‌ری گشتییه‌وه‌. واته‌ ئه‌م به‌رخۆرییه‌ رووبه‌ری گشتی بۆ خۆی داگیركردوه‌، له‌پێناو مانه‌وه‌شدا هه‌موو كارێك ده‌كات ئه‌ڵبه‌ت هێزی ئه‌م به‌رخۆرییه‌ ئه‌بێ ده‌وڵه‌ت یان حیزب یان ده‌سه‌ڵاتێكی ئابوری و سیاسی گه‌وره‌ی له‌پشته‌وه‌بێ، ئه‌گینا هیچی پێناكرێت. وه‌ مه‌سره‌ف شێوه‌یه‌كی جیوه‌ئاسایی هه‌یه‌ و خۆی شۆڕده‌كاته‌وه‌ بۆ ناو پنته‌ بچوكه‌كان و دزه‌ئه‌كاته‌ ناو پانتاییه‌كانی ژیانه‌وه‌، میكانیزمی تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌، وه‌ ئه‌م شێوازه‌ له‌ شۆڕبوونه‌وه‌ی به‌رخۆری ئه‌گه‌ر له‌ چه‌ند شێوه‌یه‌كی تردا ده‌رنه‌كه‌وێت ئاساییه‌ و بگره‌ له‌ جێگایه‌كی تردا جه‌به‌روتی خۆی ده‌رده‌خات و سیسته‌مێكی گشتگیر و سه‌رتاپاگیر مه‌سره‌فگه‌رایی دروست ده‌كات.
ئێستا به‌رخۆری وه‌ك جۆرێك له‌به‌رگرتنه‌وه‌ و زڕه‌وێنه‌ی لێهاتووه‌، هه‌ندێكجار دژی حه‌قیقه‌تی خۆی ده‌وه‌ستێته‌وه‌ و واقیعه‌ مه‌جازییه‌كه‌ی خۆی پێڕه‌وایه‌. له‌م ئاسته‌دا به‌رهه‌مهێنان وه‌ك به‌رخۆری و به‌كارهێنانی بێشوماره‌وه‌، پاشه‌كشه‌ ئه‌كات. واته‌ به‌رهه‌یش به‌هۆی ئه‌وه‌ی فه‌رامۆش ده‌كرێت به‌های ئاڵوگۆڕی ده‌گۆڕێ و به‌ره‌و به‌های نیشانه‌ی مه‌سره‌ف هه‌نگاو ده‌نێت.
(بۆدریار) وه‌ك ئه‌ستوره‌ باسی مه‌سره‌ف و به‌رخۆی ده‌كات. به‌خته‌وه‌ریش وه‌ك چه‌مكێكی مه‌سره‌فكار، ئه‌و ئوستره‌یه‌ كه‌ كۆمه‌ڵگای به‌رخۆری له‌ڕێگه‌ی پرسی پێداویستییه‌وه‌ ده‌یوروژێنێت تا مه‌سره‌فی زیاتر و زیاتر بكرێت، مه‌سره‌فێك چیدی بۆ پڕكردنه‌وه‌ نییه‌ به‌ڵكو هه‌ر كاڵایه‌ك نیشانه‌یه‌كه‌ و درزێكی ره‌مزی پڕده‌كاته‌وه‌. به‌رخۆری بووه‌ به‌ كۆپه‌یوه‌ندییه‌ك كه‌ زمانی خۆی هه‌یه‌ و فزوڵی خه‌ڵك له‌گه‌ڵ یه‌كتردا دابه‌ش ئه‌كات. به‌رخۆری بووه‌ته‌ سیسته‌مێكی نیشانه‌ی كه‌ ده‌لاله‌تی زۆرتر له‌وه‌ی لێباركراوه‌ كه‌ ته‌نیا بۆ پڕكردنه‌وه‌ی پێداویستی بێت. چیتر ئه‌وه‌ كرێكاران نین كه‌ به‌رامبه‌ر كاڵا به‌رهه‌مهێنراوه‌كان تووشی نامۆیی ده‌بن به‌ڵكو ئه‌وه‌ “پاڵه‌وانه‌كانی مه‌سره‌ف”ن و بریتیین له‌ هه‌موو خه‌ڵك كه‌ به‌هۆی مه‌سره‌فه‌وه‌ توشی نامۆیی ده‌بن. له‌م كه‌لتوره‌ مه‌سره‌فگه‌رادا، ده‌شێت بۆنه‌كانیش ببنه‌وه‌ به‌ كاڵا. ئه‌مڕۆ به‌رنامه‌یه‌كی خۆراك له‌سه‌ر ته‌له‌فزیۆن، له‌ پێناوی خواردنه‌كه‌دا نییه‌ به‌ڵكو له‌به‌ر دیوه‌ نیشانه‌ناسیه‌كه‌یه‌تی كه‌ مه‌سركردنی زه‌وق و ستایلێكی تایبه‌ته‌. دانیشتن له‌ كۆڕی به‌ندبێژیدا، مه‌سه‌ره‌فكردنی بۆنه‌یه‌ و كۆی بۆنه‌كه‌ رۆڵی كاڵا- نیشانه‌یه‌كی به‌رخۆریی ده‌گێڕێـت. له‌م كه‌لتوره‌ به‌رخۆرییه‌دا مرۆڤه‌كان شه‌كه‌تن به‌ڵام شه‌كه‌تی ماندویه‌تی دۆخێكی ناچالاك نییه‌ به‌ڕوی ئه‌نجامدانی چالاكیه‌كی زۆرردا به‌ڵكو خۆی بریتییه‌ له‌ ناره‌زایه‌تی له‌ دۆخی به‌رخۆری خۆی.
كۆمه‌ڵگای به‌رخۆری خۆی رۆڵی پێشنگایه‌كی گه‌روه‌ ده‌بینێ كه‌ ئاوێنه‌كانی تیا كۆتایی هاتووه‌: بۆدریار پێی وایه‌: ئاوێنه‌ توشی ئاوابوون هاتووه‌ و جامخانه‌ سه‌ری ده‌رهێناوه‌. “له‌ نه‌زمی مۆدێرندا، چیتر ئاوێنه‌ بوونی نییه‌ كه‌ تاك به‌ باش یان خراپ رووبه‌رووی وێنه‌كه‌ی خۆی بێته‌وه‌، ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ چیتر جامخانه‌ واته‌ ئه‌و شوێنه‌ ئه‌ندازه‌ییه‌ی مه‌سره‌فكردن كه‌ تاكه‌كه‌س چیتر بیری تیاناكاته‌وه‌ به‌ڵكو له‌ ته‌ماشاكردنی جۆری شته‌كان و نیشانه‌كان و به‌رخۆری كاڵاكاندا و نه‌زمی پێگه‌ی داله‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی و… ده‌توێته‌وه‌. ئه‌و چیتر بیرناكاته‌وه‌، تێهه‌ڵده‌كشێت و له‌ دۆخی به‌رخۆریی ئابوری و سیاسی مه‌سره‌فكردندا ده‌توێته‌وه‌.

سۆبێكتی مه‌سره‌فكار:

گرنگترین خاسیه‌ت و تایبه‌تمه‌ندی سۆبێكتی مه‌سره‌فكار له‌ كۆمه‌ڵگای مه‌صره‌فیدا، كه‌ڵه‌كه‌كردن و زۆرروزه‌وه‌ندی مه‌سره‌فكردنه‌ له‌ لایه‌ن سۆبێكت خۆیه‌وه‌ كه‌ بێگوێدانه‌ ده‌رئه‌نجامه‌كانی كه‌ زه‌ره‌ر له‌ ئابوری و گیرفانی خۆی ده‌دات بیر له‌هیچی تر ناكاته‌وه‌… بكه‌ری مه‌سره‌فی ته‌نیا بیری لای ئه‌وه‌یه‌ كه‌ مه‌سره‌ف بكات بێئه‌وه‌ی بیربكاته‌وه‌ كه‌ تۆ مه‌سره‌ف ئه‌كه‌ی ئه‌بێ له‌ به‌رامبه‌ردا له‌ شوێنێكی تره‌وه‌ به‌رهه‌م بهێنیت ده‌گینا ناتوانی تاسه‌ر له‌ به‌رخۆری مه‌سره‌فكردن به‌رده‌وام بیت. بكه‌ری به‌رخۆری داواكاری زۆره‌ و بیخه‌ره‌ ئوقیانوسێك له‌ خواستی تر تێر ناخوات و هه‌رده‌م بیری لای ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هیتری بۆ بێت. بێگوێدانه‌ به‌رپرسیارێتی ئاستی هۆشیاری خۆی كه‌ له‌ دواجاردا سه‌ری له‌ ئاوابونه‌وه‌ نقوم ئه‌بێت.
واته‌ بوونی به‌رخۆری له‌و شوێنه‌دا لای سۆبێكتی مه‌سره‌فكار به‌جه‌سته‌ ده‌بێ كه‌ به‌رخۆری تیایدا ده‌بێ به‌ سه‌رچاوه‌ی شوناس ، ده‌بێ به‌ سه‌رچاوه‌ی به‌ها باڵاده‌سته‌كان و ده‌بێ به‌ به‌شێك له‌ چاوه‌ڕوانییه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی سۆبێكتی مه‌سره‌فی و ئوبژه‌كانی خۆی له‌ به‌رخۆرییدا ده‌بینێته‌وه‌ و وایداده‌نێ كه‌ ئاوێنه‌ی تێربوونی پێداویستیه‌كانی ئه‌وه‌. ده‌كرێ چه‌ند قۆناغێك هه‌بێ كه‌ سۆبێكتی به‌رخۆر په‌نای بۆ ئه‌بات و له‌ قۆناغی به‌رخۆرییدا خۆی ده‌بینێته‌وه‌، قۆناغی یه‌كه‌م قۆناغی “هه‌ڵپه‌ی به‌رخۆریی”ه‌ لای سۆبێكت، كه‌ جۆرێك له‌ په‌تای به‌رخۆری بێ چاودێری به‌رخۆری بێقه‌یدوشه‌رت و بێسنور دروست ده‌بێ كه‌ سۆبێكت هه‌وڵ ده‌دات وه‌ك تۆڕێ: خه‌ڵكی تریش په‌لكێشی ناو ئه‌و جیهانی به‌رخۆرییه‌ی خۆی بكات. جۆرێكی تری به‌رخۆری له‌ ئاستی كۆدایه‌، كه‌ به‌شی زۆری كۆمه‌ڵگا وه‌ك سۆبێكتێكی گشتیگر به‌شدارن له‌و فه‌سادی به‌رخۆرییه‌دا، كه‌ له‌ ئه‌نجامی پڕ نه‌بوونی ته‌قه‌شوفدا دروست ئه‌بێت. تێركردنی ئه‌م گروپه‌ ترسناكتره‌ و كاتی زۆری ده‌وێ بۆئه‌وه‌ی بزانیت داواكارییان چییه‌ و چۆن قه‌ناعه‌تیان پێبهێنیت. وه‌ك ئه‌م به‌رخۆرییه‌ ئێستا كه‌ به‌هۆی ئابورییه‌كی ره‌یعیه‌وه‌ دروستبووه‌، سوژه‌یه‌كی زۆری كۆمه‌ڵگا به‌شداره‌ تێیدا و ژه‌مه‌كانی ده‌خوات.

به‌رخۆریی و پرسی نایه‌كسانی ئابوریی:

به‌رخۆریی و نایه‌كسانی ئابوری چ په‌یوه‌ندییه‌ك له‌ نێوانیاندا هه‌یه‌، ئایا به‌رخۆری ده‌بێته‌ هۆكاری نایه‌كسانی ئابوری له‌ دابه‌شكردنه‌وه‌ی سامان و عه‌داله‌تی كۆمه‌ڵایه‌تییدا. گومانی تێدانییه‌ كه‌ له‌ هه‌ر كۆمه‌ڵگایه‌كدا پرسی نایه‌كسانی هه‌بوو ئه‌وا به‌رخۆری به‌ڕاده‌یه‌كی به‌رچاو له‌ ناوچه‌یه‌دا بوونی هه‌یه‌ و پاشاگه‌ردانی ئابوری دروست كردوه‌ و نایه‌كسانی هه‌یه‌ له‌ به‌ڕێوه‌بردن و دابه‌شكردنی سامان و داهاتی ئه‌و ناوچه‌یه‌دا. وه‌ مرۆڤ به‌ قوڵی له‌یه‌ك جیاوازه‌. سێن ده‌نوسێ:” له‌ توانا و كاراكته‌ر و به‌هره‌مه‌ندیدا”. به‌ڵام كۆمه‌ڵگاكان بۆچوونی جیاوازیان هه‌یه‌ له‌ مه‌سه‌له‌ی یه‌كسانی و نایه‌كسانی و پرسی ئابوری و به‌رخۆری وه‌ك مژارێكی ئابوری گه‌رموگوڕ. زۆرێك له‌ هۆكاره‌كان به‌رخۆریی به‌ فاكته‌رێكی گرنگ و بنه‌ڕه‌تی نایه‌كسانی ئابوری و ناعه‌داله‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌زانن، به‌تایبه‌ت له‌ وڵاته‌ دیكتاتۆره‌كاندا كه‌ هه‌موو سه‌رچاوه‌كانی داهات قۆرغ ده‌كه‌ن و سیسته‌مێكی سته‌مكاریی پۆلیسی بونیاد ده‌نێن بۆ خۆیان و هه‌رچی له‌ خۆیان نه‌بێ وه‌ری ناگرن و ئه‌وه‌شی له‌گه‌ڵ بۆچونی ئه‌واندا نه‌بێ یان له‌ كونجی زیندان توند ده‌كرێ، یان مه‌رگ دوا مه‌نزلێتی. وه‌ ئه‌م سیسته‌مه‌ سته‌مكارانه‌ بودجه‌یه‌كی خه‌یاڵی له‌ ده‌سته‌ و تاقمی خۆیاندا سه‌رف ئه‌كه‌ن و به‌رخۆرییه‌كی زۆر هه‌یه‌ له‌ سه‌رجه‌م كایه‌كانی ئه‌م جۆره‌ له‌ حكومڕانی كه‌ هه‌ناسه‌دانی ژیان تیایاندا ئه‌سته‌مه‌ و هه‌موو شتێك بۆنی سته‌مكاریی و به‌رخۆریزمی حكومڕانی ئه‌وانی لێدێت.

به‌رخۆری له‌ په‌یوه‌ندیدایه‌ له‌گه‌ڵ گه‌نده‌ڵی و ناشه‌فافیه‌تی ئابوری، چون پێیخۆشه‌ كه‌ شه‌فافیه‌ت و یه‌كسانی نه‌بێ ئه‌گه‌ر وابێ ئه‌وا ئه‌و كاته‌ سیسته‌می به‌رخۆر و كاراكته‌ری مه‌سه‌ره‌فكه‌ر ناچار ئه‌بێ له‌ژێر یاسادا كۆڵ بدات و ته‌سلیمی واقیع ببێت. چی ده‌رئه‌نجامێك له‌ سزا چاوه‌رێی ده‌كات ده‌بێ بینۆشێت. ده‌شێ سه‌ره‌تا نایه‌كسانی رۆڵی هه‌بێ له‌وه‌ی به‌رخۆری گه‌نده‌ڵی به‌رهه‌م بهێنێ، پرسیارێك بكه‌ین: چۆن گه‌نده‌ڵی نایه‌كسانی به‌رهه‌م ئه‌هێنێ، هاوشانی نایه‌كسانی به‌رخۆریش دروست ئه‌كات ئه‌مه‌ش رۆڵی حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و ئابوری كه‌مده‌كاته‌وه‌ له‌ پرۆسه‌ ئابورییه‌كاندا. واته‌ گه‌نده‌ڵی و به‌رخۆریی كاریگه‌ری هه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كێ چی وه‌رئه‌گرێت؟ یان كێ چی په‌یدا ئه‌كات؟ له‌ لایه‌ك ئه‌م كاراكته‌ره‌ به‌رخۆر و گه‌نده‌ڵانه‌ له‌ هه‌مان ئاستدا ده‌ستیان ده‌گات به‌ په‌یوه‌ندییه‌ سیاسی و ئابورییه‌كان و هه‌ڵی بیرۆكراسه‌ت و فه‌ساد و گه‌نده‌ڵاندن ده‌ده‌ن و حه‌ز ناكه‌ن پرۆسه‌كه‌ به‌سه‌ركه‌وتویی ئیداره‌ی خۆی بكات.

به‌رخۆریی (مه‌سره‌ف) له‌ كوردستان:

ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ به‌ راگوزه‌ریش به‌ كوردستاندا تێبپه‌ڕێت ده‌زانێـت گه‌وره‌ترین چالاكییه‌ك ئینسانی ئێمه‌ ئه‌نجامی بدات به‌رخۆرییه‌، به‌رخۆرییه‌كی گه‌وره‌ و به‌رفراوان و هه‌مه‌جۆر، هه‌م له‌ شاره‌ گه‌وره‌كانی كوردستاندا و هه‌م له‌ شارۆچكه‌ و گونده‌كانیشدا. له‌ڕاستی دوورناكه‌ومه‌وه‌ گه‌ر بڵێم كۆمه‌ڵگای ئێمه‌ بووه‌ به‌ یه‌كێك له‌ به‌رخۆرترین كۆمه‌ڵگاكانی ناوچه‌كه‌، كۆمه‌ڵگایه‌ك ئه‌وه‌ی ده‌یخوات خۆی به‌رهه‌می ناهێنێت و ئه‌وه‌شی به‌كاریده‌هێنێت له‌ شوێنی تره‌وه‌ ده‌یهێنێت. به‌هه‌موو مانایه‌كیش ئه‌م دۆخه‌ دۆخێكی تازه‌یه‌، كۆمه‌ڵگای ئێمه‌ به‌درێژایی مێژووی خۆی له‌م دۆخی به‌رخۆرییه‌ی ئه‌مڕۆدا نه‌ژیاوه‌، به‌رخۆریی هه‌رگیز چالاكی سه‌ره‌كی ئینسان و كۆمه‌ڵگای ئێمه‌ نه‌بووه‌، به‌شێكی به‌رچاوی ئه‌وه‌شی ئه‌م كۆمه‌ڵگایه‌ به‌كاریهێناوه‌ خۆی به‌رهه‌مهێنه‌ری بووه‌. مۆدێلی به‌رخۆریی ئه‌مڕۆكه‌ شێوازی به‌رخۆرییه‌كی نوێیه‌، جۆرێكی تازه‌ی چالاكی و سه‌رقاڵییه‌ كه‌ پێشتر له‌ كۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا بوونیان نه‌بووه‌ یان گه‌ر هه‌بووبێ به‌و ڕاده‌یه‌ی ئه‌مڕۆ نییه‌ كه‌ سه‌رتاپای جه‌سته‌ی كۆمه‌ڵگای ئیفلیج و بێكار كردوه‌، واته‌ بووه‌ته‌ هۆكاری ئه‌وه‌ی كه‌ خه‌ڵكی ئێمه‌ له‌گه‌ڵ به‌رخۆرییدا ده‌ست و په‌نجه‌ نه‌رم بكات.

نووسه‌ر ” مه‌ریوان وریا قانع” باوه‌ڕی وایه‌: سێ هۆكاری سه‌ره‌كی له‌ پشتی ئه‌م ” به‌هاری به‌رخۆریی”یه‌ و پێی وایه‌ له‌ پشتی ئه‌م راستیه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌رخۆریی له‌ دونیای ئێمه‌دا وه‌ك جۆرێك له‌ ئایدۆلۆژیای لێهاتوو، به‌و مانایه‌ی له‌ به‌رخۆرییه‌كی ساده‌وه‌ گۆڕاوه‌ بۆ به‌رخۆریزم واته‌ گشتگیر بووه‌ و ئاسه‌واره‌كانی زۆری شوێنی گرتۆته‌وه‌. به‌ باوه‌ڕی ئه‌م نوسه‌ره‌، یه‌كه‌میان په‌ره‌سه‌ندنی ئابوری نه‌وته‌ له‌ كوردستاندا تا ئه‌و شوێنه‌ی ده‌رهێنان و فرۆشتنی نه‌وت بووه‌ به‌ یه‌كێك له‌ چالاكییه‌ ئابورییه‌ ده‌گمه‌نه‌كانی دونیای ئێمه‌. دووه‌میان دروستبوونی كۆمه‌ڵێك گۆڕانكاری دیمۆگرافی و كۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگی گه‌وره‌یه‌ كه‌ له‌ كوردستانی دوای راپه‌ڕیندا هاتوونه‌ته‌وه‌ و كایه‌كه‌یان داگیركردوه‌ و رووبه‌رێكی كۆمه‌ڵایه‌تی گه‌وره‌ی بۆ ویست و حه‌ز و توانای به‌رخۆریی دروستكردوه‌. واته‌ به‌رخۆری له‌ كوردستاندا ینكه‌یه‌كی مادی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوری تایبه‌تی له‌ پشته‌وه‌یه‌ كه‌ وایكردوه‌ “دیارده‌ی به‌رخۆری” گه‌شه‌ بكات و ببێت به‌ “به‌رخۆریزم”.

خاڵی سێیه‌م دروستبونی مۆدێلێكه‌ له‌ ده‌سه‌ڵات و حوكمڕانی كه‌ ده‌یه‌وێ له‌ڕێگه‌ی به‌رخۆرییه‌وه‌ ره‌وایه‌تی به‌ بوونی ئه‌و شێوازه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتدارێتی بدات كه‌ له‌ دونیای دوای راپه‌ڕیندا دروستبووه‌. ئه‌م گۆڕانانه‌ به‌یه‌ریه‌كه‌وه‌ وایكردوه‌ نه‌كرێ به‌رخۆری ته‌نها بۆ چالاكییه‌كی ئابوری، یان بۆ ره‌هه‌نده‌ سیاسییه‌كانی كورت بكرێته‌وه‌، به‌ڵكو بووه‌ به‌ ستراتیژێكی تایبه‌تی دروستكردنی جۆرێكی نوێ له‌ كه‌سایه‌تی، جۆرێكی نوێ له‌ ئینسان و كۆمه‌ڵگا كه‌ تیایدا ئابوری و گه‌شه‌ و گۆڕانی دیمۆگرافی و داواكاره‌ و مه‌یله‌كانی مۆدیلێكی تایبه‌تی ده‌سه‌ڵات به‌شێوازێكی ئاڵۆز و فره‌لایه‌ن به‌نایه‌كداچوون و له‌گه‌ڵ یه‌كتر تێكه‌ڵبوون، واته‌ به‌رخۆرییه‌كه‌ ته‌نها یه‌كی هۆكاری نه‌گرتۆته‌وه‌ ته‌نها ئابوری یا كۆمه‌ڵایه‌تی یا سیاسی و فه‌رهه‌نگی بێت، ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ له‌ كوردستاندا جۆری به‌رخۆریه‌كه‌ هه‌مه‌لایه‌ن و فره‌په‌لوپۆیه‌ و سه‌رجه‌م رووبه‌رو و پانتایی كایه‌ گشتییه‌كانی گرتۆته‌وه‌، به‌و مانایه‌ی كه‌ هه‌موویان به‌سه‌ریه‌كه‌وه‌ تۆڕێكی جاڵجاڵۆكه‌ی له‌ به‌رخۆریزم دروستبووه‌ كه‌ لێكه‌وته‌ و كاریگه‌رییه‌كانی پێویستی به‌ راڤه‌ و ته‌ئویلانی زۆر ورد هه‌یه‌ بۆئه‌وه‌ی ئاسه‌واره‌كانی دیاری بكات و چاره‌سه‌ریان بۆ بدۆزێته‌وه‌.

له‌ كۆتاییدا هه‌موو ئه‌وانه‌ی باسمان كرد وایكردوه‌ به‌رخۆری ببێت به‌ سیاسه‌تێكی “خودسازی” كه‌ به‌ پله‌ی یه‌كه‌م خودێكی به‌رخۆر به‌مانا ئه‌فلاتۆنییه‌كه‌ی به‌رهه‌م بهێنێت، به‌ڵام هاوكات له‌وه‌ش به‌ده‌رنییه‌ كه‌ له‌ ژینگه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابورییه‌ تایبه‌ته‌یه‌كه‌ی كۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا ئه‌گه‌ری دروستبوونی تاكه‌كه‌سێكی به‌رپرسیاریش به‌تایبه‌تی مه‌یسه‌ر بكات. واته‌ تاكێكی چاوكراوه‌ و هه‌ستیار و بیرتیژمان هه‌بێ كه‌ به‌رخۆریزم كاری تێنه‌كات و هه‌وڵ بدات كه‌ كۆمه‌ڵگا له‌ ئاسه‌واره‌ مه‌نفییه‌كانی ئاگادار بكاته‌وه‌ و ته‌قه‌لای زۆریش بدات ئه‌م ئامانجه‌ی زۆرترین تاك و كایه‌ی كوردستان بگرێته‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی له‌ به‌رخۆریزم رزگاریان بكات، وایان لێبكات كه‌ به‌رخۆر نه‌بن و هۆكارێكی به‌رهه‌مێنه‌ر بن بۆ خۆیان و پاشان خه‌ڵك و ده‌وروبه‌ری كۆمه‌ڵگا.

جۆره‌كانی به‌رخۆریی له‌ كوردستان:

به‌رخۆریی له‌ كوردستاندا دۆخێكی فره‌جۆر و فره‌ره‌نگه‌، ئه‌مه‌ش گرێدراوی شوێن و جێی كۆمه‌ڵایه‌تی و توانی ئابوری و هێزی ئه‌و گروپه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیانه‌ن كه‌ له‌ وڵاته‌كه‌دا ئاماده‌ن. ده‌كرێت سێ ئاستی جیاوازی به‌رخۆریی له‌ كوردستاندا له‌ یه‌كتری جیابه‌كه‌ینه‌وه‌.

1- به‌رخۆریی چینی بۆرژواز و ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان:

جۆری یه‌كه‌میان ئاستێكه‌ له‌ به‌رخۆری كه‌ بێدوودڵی ده‌كرێ به‌ ئاستی به‌رخۆریی چینه‌ بۆرجوازه‌ هه‌ره‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانی خۆرئاوا و شێخه‌كانی خه‌لیج و مافیا ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانی روسیا و ئیتالیا به‌راورد بكرێت. ئه‌مانه‌ هه‌م له‌ناو كوردستان و هه‌م له‌ ده‌ره‌وه‌ی كوردستاندا ئه‌و جۆره‌ له‌ كرده‌ی به‌رخۆری پیاده‌ ده‌كه‌ن كه‌ شوێن و جێی ئه‌وان له‌ ریزی هه‌ره‌ سه‌ره‌وه‌ی هه‌ره‌می كۆمه‌ڵایه‌تییدا نمایش ئه‌كات. به‌رخۆری ئه‌مانه‌ ته‌عبیرێكی راسته‌وخۆیه‌ له‌ بڕ و راده‌ی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تی ره‌مزی ئه‌وان. به‌شێكی زۆری ئه‌م توێژه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی وڵات و ئه‌ندامانی ئه‌و بازنه‌ بچوكه‌ن كه‌ نزیكیان له‌ ده‌سه‌ڵاتدارانه‌وه‌ كردونی به‌ ملیۆنێره‌ تازه‌كانی دونیای دوای راپه‌رین. ئه‌مانه‌ ئه‌و كاڵا ئه‌وروپیه‌ گرانبه‌هاكان به‌رخۆر ده‌كه‌ن، خانوبه‌ره‌ی زه‌به‌لاح و سه‌یرانگای گه‌وره‌ دروست ده‌كه‌ن و سه‌فه‌ری گران بۆ ده‌ره‌وه‌ی كوردستان و ئه‌نجام ده‌ده‌ن و پاره‌ی مۆڵ له‌ ئاهه‌نگه‌كانیاندا به‌كاشی سه‌رف ئه‌كه‌ن. ئه‌مانه‌ ئه‌و ئۆتۆمبیلانه‌ به‌كارده‌هێن كه‌ كارخانه‌ گرانه‌كانی دونیا دروستیان ده‌كه‌ن و باكیشان به‌وه‌نییه‌ له‌م پێناوه‌دا پاره‌یه‌كی ئه‌فسانه‌یی سه‌رف بكه‌ن. ئه‌مانه‌ هه‌م خۆیان هه‌م خێزان و كچ و كۆڕ و دۆسته‌كانیان بۆ ئه‌نجامدانی نه‌شته‌رگه‌ری جوانكردنی جه‌سته‌ به‌ كاملی ده‌چنه‌ نه‌خۆشخانه‌ پێشكه‌وتووه‌كانی دونیا و ئه‌و عه‌مه‌لیاته‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ن. هه‌ندێك كه‌سایه‌تی دیاریكراوی ئه‌م گروپه‌ تا ئه‌و شوێنه‌ رۆشتوون كه‌ فڕۆكه‌ی تایبه‌تیان بۆ هاتوچۆی خۆیان و خێزان و دۆسته‌كانیان كڕیوه‌ تائه‌وه‌ی گه‌شتی پێبكه‌ن. له‌ناو كوردستانیشدا منداڵانی ئه‌م خێزانانه‌ له‌ قوتابخانه‌ تایبه‌ته‌كاندا ده‌خوێنن و شێوه‌ ژیانێ: ئه‌ژین كه‌ جووره‌ له‌ شێوه‌ ژیانی ئاساییزۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆری منداڵانی كوردستانه‌وه‌.

2- به‌رخۆریی چینی ورده‌ بۆرژواز و ده‌وڵه‌مه‌ندی هه‌ڵتۆقیو:
جۆری دووه‌می به‌رخۆریی ئه‌و توێژه‌ی ناو كۆمه‌ڵگان كه‌ به‌ راسته‌وخۆ و یان ناراسته‌وخۆ گرێدراوی چینی یه‌كه‌من یان به‌شێك له‌ سامان و پاره‌كانی چینی یه‌كه‌م كراوه‌ به‌ناوی چینی دووه‌مه‌وه‌. یان چین و توێژی دووه‌م ئه‌و ده‌وڵه‌مه‌ند و ساماندارانه‌ن كه‌ خزم و ناسیاوی توێژی یه‌كه‌من ئه‌مه‌ش په‌یوه‌ندی متمانه‌ و باوه‌ڕبوون له‌ لایه‌ن چینی یه‌كه‌مه‌وه‌ به‌ چینی دووه‌م زیاتر ئه‌كات، كه‌ زۆربه‌ی مۆڵه‌كانیان بكه‌ن به‌ناویانه‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی بڵێن: ئێمه‌ هیچمان نییه‌ و به‌رخۆرن نیین… ئاستی به‌رخۆری ئه‌م چینه‌ پله‌یه‌ك له‌ خوار چینی یه‌كه‌مه‌وه‌یه‌، به‌تایبه‌ت كه‌ به‌رخۆرییه‌كه‌یان روی له‌ كاڵا و نه‌ هه‌رزان و نه‌ گرانه‌كانی هاورده‌ی وڵاتانی دراوسێیه‌، به‌تایبه‌ت ئه‌وه‌ی له‌ بازاڕه‌كانی توركیاوه‌ دێته‌ كوردستان. ئاستی به‌رخۆری ئه‌مانه‌ چه‌ندان پله‌ نزمتره‌ له‌ هه‌مان به‌رخۆری گروپی یه‌كه‌م. بڕێكی ئه‌م چینی ناوه‌نده‌ هه‌مان خه‌ون و خه‌یاڵی واقیعی به‌رخۆری چینی یه‌كه‌میان هه‌یه‌. به‌ڵام توانا و ئامرازی پیاده‌كردنی ئه‌و خه‌ونیه‌یان نییه‌، هاوكات ژماره‌یه‌كی گه‌وره‌ی ئه‌م چینه‌ سڵ له‌وه‌ناكه‌نه‌وه‌ هه‌موو رێگایه‌ك بۆ گه‌یشتن به‌و ئاستی به‌رخۆریه‌ی گروپی یه‌كه‌م ده‌گرنه‌به‌ر. ئه‌گه‌رچی ژماره‌ و زانیاری ورد و ده‌قیق ده‌رباره‌ی ئه‌م گروپه‌ له‌ كوردستاندا له‌به‌رده‌ستدا نییه‌، به‌ڵام به‌پێی ئاماره‌ ره‌سمیه‌كان رێژه‌ی ئه‌و خێزانانه‌ی كه‌ مانگانه‌ توانایی خه‌رجكردنی دوو ملیۆن بۆ سه‌ره‌وه‌یان هه‌یه‌، (27%)ی خێزانه‌كانی هه‌رێمی كوردستان تێناپه‌ڕێت. ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه‌ی ئه‌م هێزه‌ له‌ باشترین دۆخدا له‌ چوارچێوه‌یه‌كی دانشتوانی كوردستان تێپه‌ڕ ناكات، ئه‌گه‌ر رێژه‌كه‌ زۆر له‌وه‌ كه‌متریش نه‌بێ، چونكه‌ ئه‌و خێزانانه‌ی ده‌توانن مانگان دوو ملیۆن دینار زیاتر خه‌رج بكه‌ن، مه‌رج نییه‌ هه‌موویان هه‌مان ئاستی به‌رخۆریان هه‌بێ، ئه‌مه‌ش حه‌قیقه‌تێكه‌ ئه‌بێ دانیپێدابنێین. چونكه‌ ده‌شێ خێزانێك له‌ دوو كه‌س پێكهاتبێ به‌ڵام خێزانیككی تر له‌ هه‌شت كه‌س پێكهاتبێ، ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه‌ی توانایی به‌رخۆریی خێزانی یه‌كه‌میان زیاتر ده‌بێ له‌ خێزانی دووه‌م، چونكه‌ به‌ ژماره‌ ئه‌مان كه‌مترن ئه‌توانن به‌و پاره‌و داهاته‌ی هه‌یان له‌ خێزانی دووه‌م به‌رخۆریه‌كه‌یان باشتر و زیاتر بێ، ئه‌ڵبه‌ت ئه‌مه‌ بۆخۆیان باشه‌ ئه‌گینا له‌ڕووه‌ ئابورییه‌كه‌یه‌وه‌ مه‌سره‌فه‌ و له‌گه‌ڵ ئه‌خلاق و بنه‌ما ئابورییه‌كاندا نایه‌ته‌وه‌.

3- به‌رخۆری چینی هه‌ژار و په‌راوێزنشینه‌كان:
به‌رخۆریی ئه‌م چینه‌ به‌راده‌یه‌كی زۆر له‌ خوار دوو چینه‌كه‌ی تره‌وه‌یه‌ له‌مه‌ڕ مه‌سره‌فكردنه‌وه‌، چونكه‌ ئه‌م چینه‌ به‌شی خۆیان به‌رخۆرییان هه‌یه‌ به‌ڵام به‌هۆكاری ئه‌وه‌ی به‌شی ئه‌وه‌ پاره‌یان نیه‌ وه‌ك چنی یه‌كه‌م بكه‌ن. واته‌ ئه‌مان په‌راوێزخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگان هه‌ندێكیان ئاستی بژێویان زۆر له‌ خوار ژیانی ئاساییه‌ویه‌ بگره‌ خێزانی واهه‌یه‌ كه‌ ناتوانێ خۆراكی رۆژانه‌ی خۆی په‌یدابكات. به‌مانایه‌كی تر به‌رخۆری لێره‌دا به‌نیسبه‌ت ئه‌م گروپه‌وه‌، له‌ نزمترین ئاستیدایه‌ به‌ به‌راورد به‌ دوو چینه‌كه‌ی دیكه‌. ئه‌م ژمارانه‌ وێنه‌ی ئه‌م ئاسته‌ تایبه‌ته‌ی به‌رخۆریمان بۆ روونده‌كه‌نه‌وه‌: له‌ سه‌دا حه‌وتی خێزانه‌كانی كوردستان خه‌رجی مانگانه‌یان له‌ (500) هه‌زار دیار ناتوانێ تێپه‌ڕ بكات، واته‌(25%) ی خێزانه‌كانی تر خه‌رجی مانگانه‌یان له‌نێوان زیاد نیو ملیۆن و كه‌متر له‌ ملیۆنێكه‌. له‌دوای ئه‌مانیشه‌وه‌ (41%)ی خێزانه‌كانی هه‌رێمی كوردستان كه‌ خه‌رجی ده‌كه‌ن مانگانه‌یان له‌ ملیۆنێك دینار كه‌متره‌، به‌ڵام ناگاته‌ دوو ملیۆن. به‌ واتایه‌كی تر رێژه‌ی (73%)ی خێزانه‌كانی كوردستان ئاستی به‌رخۆرییان نزمه‌ و ئه‌مه‌ش زۆرینه‌ی كۆمه‌ڵگای ئێمه‌ ده‌ستنیشان ده‌كات.
وه‌ك ده‌بینین توانایی خه‌رجی ئه‌م چینه‌ له‌رووی به‌رخۆریه‌وه‌ نزمه‌ و ئاستی بژێویان دیاریكراوه‌، له‌ناو ئه‌و هه‌ڵئاوسان و به‌رزبوونه‌وه‌ و به‌رده‌وامانه‌ی نرخی شتومه‌ك و گرانییه‌دا كه‌ له‌ كوردستاندا هه‌یه‌، ئه‌م خێزان و تاكه‌كه‌سانه‌ ناتوانن خه‌رجی و مه‌سره‌فی زۆر بكه‌ن. به‌ڵام هاوكات ئه‌م زۆرینه‌ ده‌سكورت و كه‌مده‌رامه‌ته‌ “زۆرینه‌یه‌كی نابه‌رخۆر” نییه‌، ئه‌مانه‌ شێوازێكی تایبه‌تی به‌رخۆرییان هه‌یه‌ بڕێكی گه‌وره‌ی ئه‌و بازاڕه‌ هه‌رزانه‌ی له‌ وڵاته‌كه‌دا هه‌یه‌ كه‌ جۆر و كواڵێتیه‌كه‌یان نزمه‌ و باش نییه‌، رووی له‌ به‌رخۆری ئه‌م كاڵایانه‌ كردوه‌. ناوه‌ندی سه‌ره‌كی له‌م مه‌سره‌فه‌ تایبه‌تیه‌دا بریتییه‌ له‌و بڕه‌ له‌ كاڵا هه‌رزانه‌كانی وڵاتی چین كه‌ له‌ ڕێگای بازرگانیه‌وه‌ هێنراوه‌نه‌ته‌ كوردستانه‌وه‌. كاڵایه‌ك نه‌ مه‌رجه‌كانی ته‌ندروستی و نه‌ مه‌رجی ئابوری و نه‌مه‌رجی مانه‌وه‌، نه‌ هیچ جۆره‌ مه‌رجێكی پۆزه‌تیڤی تریان تێدانییه‌، ئه‌وه‌ی هه‌یانه‌ ته‌نها هه‌رزانییه‌ و به‌س. له‌راستییدا ئه‌م جۆره‌ كاڵا و خزمه‌تگوزاریه‌ هه‌رزانه‌ چینییانه‌ سه‌رچاوه‌ی چه‌ندان بیماری و نه‌خۆشی ترسناكن و سه‌رچاوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی پیسبوونی به‌رفراوانی ژینگه‌شن. له‌ ئێستادا جگه‌ له‌ نه‌بوونی توانای ئابوری بۆ گواستنه‌وه‌ی شێوازی به‌رخۆری ئه‌م زۆرینه‌یه‌ بۆ ئاستی یه‌كه‌م و دووه‌می به‌رخۆریی، هاوكات لانیكه‌می هۆشیاری ئابوری و ته‌ندروستی به‌ مه‌ترسییه‌كانی به‌رخۆری خراپ و به‌كارهێنانی ئه‌و كاڵا بێمه‌رجانه‌ له‌ئارادا نییه‌ كه‌ بازرگانییه‌كی ناپرسیار و چاوچنۆكانه‌ی پاره‌په‌یداكردن چینی ده‌ستڕۆیشتووی ده‌سه‌ڵاتداران.
ماوه‌ته‌وه‌ ئه‌وه‌ی بڵێین كه‌ نه‌بوونی هۆشیارییه‌كی ره‌خنه‌یی و هیچ بزوتنه‌وه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوری به‌رفراوان جا له‌سه‌ر ئاستی تا و كۆ دژ به‌ به‌رخۆرییه‌ ناپرسیارانه‌ی چینی ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌رخۆریزم، هۆكاریی سه‌ره‌كییه‌ بۆئه‌وه‌ی دیارده‌ی مه‌سرافگه‌رای ئابوری له‌ كوردستاندا به‌فراوانی ته‌شه‌نه‌ بكات و ئاسۆیه‌كی ره‌خنه‌گرانه‌ و به‌رپرسیارانه‌ ئه‌وه‌ی چاره‌سه‌ركه‌ر بێت نییه‌، بۆیه‌ به‌رخۆریزم به‌شێوه‌یه‌كی تۆكمه‌ و پته‌و، زه‌بر و شۆكی ئابوری خۆی ده‌سه‌پێنێت.

لێكه‌وته‌ ئابورییه‌كانی مه‌سره‌فگه‌رایی له‌ كوردستان
لێكه‌وته‌یی ئابوریی:

یه‌كێك له‌ هۆكاره‌كانی دروستبوونی ئه‌و مه‌سه‌رافگه‌راییه‌ ئابورییه‌ نه‌بوونی ده‌سته‌یه‌كی خه‌مخۆر و ده‌سه‌ڵاتداری شاره‌زا و لێهاتوو كه‌ بتوانێ له‌ كاتی قه‌یرانه‌ ئابورییه‌كاندا هه‌له‌كان به‌فیڕۆ نه‌دات و چاره‌سه‌ر بۆ قه‌یرانه‌ بدۆزێته‌وه‌. به‌تایبه‌ت دیارده‌ی ئه‌و مه‌سره‌فگه‌رایه‌ی كه‌ به‌رۆكی كوردستانی گرتۆته‌وه‌ ئه‌و “یه‌كسانییه‌ی ئابورییه‌ی” گۆڕیوه‌ بۆ ” شڵه‌ژانی پێوانی مه‌سره‌فگه‌رایی ئابوری” كه‌ هۆكاره‌كه‌ی به‌ پله‌ی یه‌كه‌ن پشتبه‌ستنه‌ به‌ نه‌وت وه‌ك سه‌رچاوه‌ی یه‌كه‌می دابینكردنی بودجه‌ی وڵات، ئه‌مه‌ش كێشه‌ی گه‌وره‌ی ئه‌و مه‌سره‌فگه‌رایه‌یه‌، كه‌ له‌ په‌نای نه‌وتدا وه‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی ئابوری سوپایه‌ك له‌ ئینسانی به‌رخۆری دروستكردوه‌.
شاده‌ماری به‌رخۆری له‌ كوردستاندا ئابوری نه‌وته‌ به‌ پله‌ی یه‌كه‌م، فرۆشتنی نه‌وت له‌ بازاڕه‌كانی دونیادا و خه‌رجكردنی پاره‌كه‌ی له‌ڕێگه‌ی به‌رخۆرییه‌وه‌ ئه‌و پاشخانه‌ ئابوریه‌ ساده‌یه‌یه‌ كه‌ له‌ پشتی دیارده‌ی به‌رخۆریزمه‌وه‌یه‌ له‌ كوردستان. ئه‌مڕۆ كۆمه‌ڵگای ئێمه‌ پشتی ته‌واوه‌تی به‌ پاره‌ی ئابوری نه‌وت به‌ستووه‌ و له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ شتێكی ئه‌وتۆی نییه‌ پێداویستیه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی ژیانی ئه‌و چه‌ند ملیۆن ئیسنانه‌ی له‌ كوردستاندا ئه‌ژین دابین بكات. وه‌ك ئه‌و دۆخه‌ی كه‌ ئێستا حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی تێكه‌وتووه‌ به‌هۆی ئابوری نه‌وته‌وه‌، كه‌ پاره‌ی كارمه‌ندانی پێ دابین ناكرێ، وا بۆ ماوه‌ی سێ مانگ ئه‌چێ حقوقی فه‌رمانبه‌رانی مانگی (1ی ساڵی 2020)ی نه‌داوه‌. وه‌ ئه‌و سیسته‌مه‌ سیاسییه‌ش كه‌ له‌ پاڵ ئابوری نه‌وتدا دروست و باڵاده‌ستكراوه‌ سیسته‌مێكی ره‌یعییه‌ كه‌ خۆی له‌سه‌ر ئابوری نه‌وت بونیاد نراوه‌، كه‌ ئابوری نه‌وت دابینكه‌ری ئه‌و هه‌موو كرێخۆرییه‌ كه‌ ئابوری نه‌وت دروستیكردوه‌. كه‌ حكومه‌ت ئه‌یه‌وێ له‌سه‌ر شێوازی وێنه‌ی ده‌وڵه‌ته‌كانی خه‌لیج ئه‌و گه‌شه‌ ئابورییه‌ بگوازێته‌وه‌، كه‌ ئه‌وان دروستیان كردوه‌، راسته‌ ئه‌وان خۆشگوزه‌رانی ئابوری و بژێوییان تاراده‌یه‌كی باش فه‌راهه‌م كردوه‌ بۆ خه‌ڵك به‌ڵام له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ ئه‌و ئابورییه‌ ره‌یعییه‌ كه‌به‌هۆی نه‌وته‌وه‌یه‌، سته‌مكارییه‌كی درێژخایه‌ن و خنكێنه‌ری دروستكردوه‌، كه‌ هه‌ناسه‌دانی سیاسی و جیاوازی سیاسی بنربڕ كردوه‌ كه‌ ده‌كرێ به‌ “سته‌مكاریی نه‌وت”ی ناوزه‌دی بكه‌ین. وه‌ ئه‌م سته‌مكارییه‌ نه‌وتیه‌ هۆكارێكه‌ سه‌ره‌كییه‌ بۆ مانه‌وه‌ و به‌رده‌وامیدانی ئه‌و سیسته‌مه‌ سوڵتانی شبهه‌ فاشیستییه‌ی ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌كه‌ و كوردستانیش به‌شێكه‌ له‌و سیسته‌مه‌ سته‌مكارییه‌ی كه‌ ئابوری نه‌وت سه‌رچاوه‌كه‌یه‌تی… بگره‌ ئه‌م شێوازه‌ له‌ ده‌وڵه‌تانی ئابوری نه‌وتی له‌ ناوچه‌كه‌دا هه‌ركامیان ئه‌گری سیسته‌م و ده‌سه‌ڵاتی سیاسییان به‌ هه‌ڵبژاردن یان گواستنه‌وه‌ی ئاشتیانه‌ و ئازادانه‌ بۆ به‌رامبه‌ر چۆڵنه‌كردوه‌، بگره‌ هۆكارێك كه‌ كوده‌تا یان خۆپیشاندان یان ده‌ستی ده‌ره‌كی یان شۆڕشی جه‌ماوه‌ری لایبردون. ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ سته‌مكارییه‌ نه‌وتییه‌ی وڵاتانی ناوچه‌كه‌ حه‌زیان به‌ دیموكراسی و ئازادی سیاسی و ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تی نییه‌، ئه‌و ئیستیبدادیه‌ نه‌وتییه‌ له‌ كۆتاییدا له‌ناویبردون.
ئابوری كرێخۆری: نه‌وت وه‌ك به‌شێك له‌ مه‌سره‌فگه‌رایی:
ئابوری كرێخۆری ئه‌و ئابوریه‌یه‌ كه‌ داهاتی وڵات و به‌تایبه‌ت داهاتی ئابوری كوردستان له‌ ڕێگه‌ی فرۆشتنی یه‌كێك له‌ سامانه‌ سروشتییه‌كانه‌وه‌ دابین ئه‌كات، گه‌رچی ئابوری كرێخۆری جۆره‌ ئابورییه‌ كه‌ ریشه‌كه‌ی ئه‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌رده‌مانی پێش سه‌رمایه‌داری مۆدێرن و له‌ ئاستی تاكه‌كه‌س و گروپی بچوكدا كارا بووه‌ و مۆڵكانه‌یه‌ك به‌رامبه‌ر به‌ زه‌وی و موڵكێك وه‌رگیراوه‌. كوردستانیش خاوه‌نی ئه‌م جۆره‌ ئابورییه‌ و نه‌وت به‌شێكی سه‌ره‌كی داهات فه‌راهه‌م ئه‌كات، له‌ ئابوری سیاسییدا قسه‌ زۆر كراوه‌ له‌سه‌ر ئه‌م جۆره‌ ئابورییه‌. یان له‌ ئابوری سیاسییدا جه‌خت له‌سه‌ر ماهیه‌تی دژه‌ دیموكراسیه‌كانی ئه‌م ئابوریه‌ كراوه‌، چونكه‌ ده‌سه‌ڵاتداران به‌بێ ئه‌وه‌ی به‌ پرۆسه‌ی به‌رهه‌هێنان و باج و عه‌قڵانیه‌تی پرۆسه‌ ئابورییه‌كاندا بڕوات، ده‌بنه‌ خاوه‌نی ئابوری و داراییه‌كی زل و راسته‌وخۆ، لێره‌وه‌ش له‌ خه‌ڵك بێمنه‌ت ده‌بن و سه‌رمایه‌كی زۆر كه‌ڵه‌كه‌ ئه‌كه‌ن و خه‌ڵك ده‌كڕن و پاشان چه‌ك و ته‌نانه‌ت پشتیوانی ئه‌منیش بۆ خۆیان ده‌كڕن… به‌ڵام ئه‌وه‌ی لێره‌دا بۆ ئێمه‌ گرنگه‌ و بۆ ماهیه‌تی توێژینه‌وه‌كه‌ی ئێمه‌ بایه‌خی هه‌یه‌، ئاوڕدانه‌وه‌یه‌كی كورته‌ له‌سه‌ر لێكه‌وته‌ ئابوریه‌كانی ئه‌م جۆره‌ له‌ ئابوری كرێخۆری و ئابوری نه‌وت، به‌هۆی ئه‌و پاره‌ و مۆڵ و خێرایه‌ی كه‌ دێته‌ گیرفانی حیزبه‌ سته‌مكاره‌كانی كوردستانه‌وه‌، كه‌ حیزب دروستی كردوه‌. بازنه‌ی ئه‌م كرێخۆری نه‌وته‌ كه‌ “سته‌مكاریی نه‌وت، سته‌مكاری حیزبی” دروستكردوه‌… كه‌ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵیاندا نه‌بێ به‌ دژه‌ دیموكراسی و دژه‌ به‌ وڵات ناوده‌هێنرێت.
به‌مانایه‌كی تر، ئابوری كرێخۆری نمایشی شێوازێكی تره‌ له‌ سته‌مكاری به‌رخۆرییانه‌ی ده‌سه‌ڵات به‌چه‌ندین جۆر خۆی ده‌خاته‌ڕوو، له‌ ڕوویه‌كه‌وه‌ ئه‌م ئابورییه‌ كرێخۆرییه‌ بۆ ختوكه‌دانی هه‌ستی عه‌وامپه‌سه‌ندانی زۆرینه‌ی جه‌ماوه‌ره‌ بۆئه‌وه‌ی كه‌ ده‌وڵه‌تیان بۆ دروست ئه‌كات، ئه‌م نه‌غمه‌یه‌ له‌ كوردستان ماوه‌یه‌ك بانگه‌شه‌ی گه‌رمبوو، له‌ ماوه‌یه‌دا پاره‌یه‌كی زۆر به‌ناوی بانگه‌شی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ وه‌ك كه‌مپین بۆ ئه‌م پرۆسه‌ی ده‌وڵه‌تسازییه‌ سه‌رف ده‌كرا، كه‌ هیچ ئه‌نجامێكی نه‌بوو جگه‌ له‌ كاره‌سات و ماڵوێرانی ئابوری، كه‌ مه‌سره‌فگه‌راییه‌كی نوێی ئابوری بوو بۆ بانگه‌شه‌كردن.

ئابوری نه‌وت یان ئابوریی تاڵانی/ چه‌ته‌یی:

ئه‌وه‌ی بۆ ئێمه‌ گرنگه‌ بیركردنه‌وه‌ و ئاوڕدانه‌وه‌یه‌كی رادیكاڵ و ریشه‌یانه‌ بێ له‌سه‌ر دیارده‌ی به‌تاڵانبردنی نه‌وتی كوردستان به‌ناوی ئابوریی سه‌ربه‌خۆییه‌وه‌، كه‌ ئه‌مه‌ش هیچ بنه‌مایه‌كی قانونی و پشتڕاستكردنه‌وه‌ی له‌سه‌ر نییه‌، واته‌ هیچ پشتیوانێكی ده‌ولی و ناوچه‌ی و ناوخۆیی نه‌بوو، واته‌ ئابوری نه‌وتی هه‌رێم رۆڵی پارێزه‌ر بۆ خه‌ڵكه‌كه‌ی ده‌بێنێ یان ئابورییه‌ له‌ خزمه‌ت ئه‌جێندایی ده‌ره‌كییدایه‌ به‌تایبه‌ت بۆ وڵاتی توركیا، گومانی تێدانییه‌ كه‌ وه‌ك وه‌كاله‌ت زیندوكه‌ره‌وه‌ی ئابوری توركیا بوو، نه‌وتی هه‌رێم، كه‌ ده‌كرێ به‌ “ئابوری به‌وه‌كاله‌ت بۆ توركیا” نه‌وتی هه‌رێم ناوزه‌د بكه‌ین. كه‌ گرێبه‌ستێكی په‌نجا ساڵی له‌سه‌ر وزه‌ی كوردستان به‌گشتی و به‌تایبه‌تی نه‌وت له‌گه‌ڵ توركیادا كراوه‌، نه‌وتی هه‌رێم بۆ توركیا وزه‌پێده‌ری ئابورییه‌كه‌ی به‌هێز بوو كه‌ دووباره‌ دژی كورستان خۆی به‌كاربهێنرێته‌وه‌ به‌تایبه‌ت ئه‌میان ره‌هه‌ندێكی سیاسی هه‌بوو له‌ په‌یوه‌ست دژ به‌ كوردستانی سوریا… له‌باره‌ی په‌یوه‌ندی نه‌وت به‌ تاڵانییه‌وه‌ ده‌گڕێینه‌وه‌ بۆ بۆچونه‌كانی دكتۆر (مهرداد وهابی) ئوستادی زانكۆی سۆربۆنی شیمالی، ئه‌و دكتۆره‌ باوه‌ڕی وایه‌ كه‌ ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی كه‌ له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدان و پێشكه‌وتوو نین به‌ڵام بڕێكی زۆر له‌ سه‌رچاوه‌ی وزه‌یان له‌ نه‌وت و گاز و… هه‌یه‌ ئه‌و ده‌سه‌ڵاتداریه‌تییه‌ی هه‌یه‌ ئازاد نییه‌ به‌ڵكو نه‌وت و گازه‌كه‌ بووه‌ به‌ سه‌رچاوه‌ی سته‌مكارییه‌كی تازه‌ و ده‌ركه‌وتوو كه‌ ده‌كرێ به‌ سته‌مكاری به‌تاڵانبردنی نه‌وت ناوی به‌رین. كه‌ مهرداد وه‌هابی به‌ ده‌وڵه‌تانی وێرانكار ناویان ده‌یهێنێ و نه‌وت فاكته‌رێكی به‌هێز و به‌رده‌وامیده‌ره‌ بۆ مانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سته‌مكارییان.

له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ ئه‌گه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ راكانی قوتابخانه‌ی فرانكفۆرت به‌تایبه‌ت (ئادۆرنۆ و ماركۆزه‌ و هۆركهایمه‌ر) له‌ په‌یوه‌ندی به‌ به‌رخۆریزمه‌وه‌ به‌گشتی و به‌تایبه‌تی ئێمه‌ له‌ كوردستاندا به‌رخۆریزم به‌ پله‌یه‌كی گشتگیر و سه‌ره‌كی ئابوری نه‌وته‌ كه‌ خۆی له‌ كرێخۆرییدا پێناسه‌ ئه‌كات، كه‌ ئه‌و مه‌سره‌فگه‌راییه‌ په‌ره‌بسێنێت و ببێ به‌ كه‌لتور واته‌ كه‌لتوری به‌رخۆریزم. یان ئه‌و ئابورییه‌ی كه‌ هه‌یه‌ له‌ نه‌وته‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ئه‌گرێ به‌ قه‌ولی (جۆرج لوكاچ) نه‌وت وه‌ك كاڵایه‌ك به‌هاكه‌ی كه‌ سه‌ودای پێوه‌ئه‌كرێ بۆ به‌رهه‌مهێنان نییه‌ به‌ڵكو بۆ به‌كارهێنان و مه‌سره‌فكردنه‌، به‌مانایه‌كی تر نه‌وت له‌ كوردستان به‌هایه‌كی مه‌سره‌فی چینێكی تایبه‌تی هه‌یه‌ وه‌ك له‌وه‌ی به‌های به‌كارهێنانی هه‌بێ بۆ به‌رژه‌وه‌ندی گشتی… وه‌ به‌گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ره‌خنه‌ی فرانكفۆرتییه‌كان به‌گشتی ره‌خنه‌یه‌ له‌ به‌رخۆریزم كه‌ گه‌شه‌كردنی دونیای مۆدێرن له‌وه‌ی خه‌ڵك ئازاد بكات، دیلی كردوه‌ له‌نێو قه‌فه‌سێكی ئاسنینی به‌رخۆریزمدا كه‌ وه‌ك ئایكۆنی به‌رخۆریی له‌ چه‌شنی كاڵا نمایشییان ئه‌كات. ئه‌ڵبه‌ت له‌ كوردستانیش به‌رخۆریزم چه‌نده‌ها ئایكۆنی فوتێكراوی پاره‌ی ئابوری به‌تاڵانبراوی نه‌وتی گه‌وره‌ كردوه‌، كه‌ شاهانه‌ له‌سه‌ر ئه‌و پاره‌ی نه‌وته‌ یاری ده‌كه‌ن و به‌مانایه‌كی تر مه‌سره‌فگه‌رای ئابوری نه‌وت له‌ كوردستان له‌ پله‌ی كاملی كوڵانی خۆیدایه‌ و ده‌ره‌چه‌یه‌ك یان ئاسۆیه‌كی خۆشبه‌خت به‌دیناكرێ كه‌ ئابورییه‌كه‌ی چاره‌سه‌ر بكات كه‌ ژیانی دانشتوانی هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر به‌نده‌ و ئه‌وه‌ نه‌بێ، ئه‌بێ چاوه‌ڕێی ده‌رئه‌نجامی ترسناك و وێرانكه‌ری تری ئابوری به‌تاڵانبراوی نه‌وت بۆ جه‌ماوه‌ری كوردستان بكه‌ین.

چاره‌سه‌ری قه‌یرانی مه‌سره‌فگه‌رایی:

بۆئه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری به‌رخۆری بكه‌ین وه‌ك دیارده‌یه‌كی ترسناكی ئابوریی و كۆمه‌ڵایه‌تی كه‌ به‌رۆكی كۆمه‌ڵگای كوردیی گرتووه‌، ئه‌بێ حكومه‌ت وه‌ك بكه‌ری سه‌ره‌كی سه‌رجه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ ئیدرای و سیاسی و ئابورییه‌كانی به‌ده‌سته‌وه‌یه‌، چاوبخشێنێته‌وه‌ به‌سه‌رجه‌م كه‌رته‌كاندا و بیرله‌وه‌بكاته‌وه‌ ده‌رئه‌نجامی ئه‌و قه‌یرانی به‌رخۆرییه‌ چاره‌سه‌ر بكات، یان هیچ نه‌بێ لانی كه‌م كه‌میبكاته‌وه‌. ئه‌ویش به‌هه‌ماهه‌نگیكردن له‌نێوان كه‌رتی تایبه‌ت و گشتی و كه‌سانی پسپۆڕ و شاره‌زایی و ئابوری و شاره‌زای بواره‌كانی تر، به‌وه‌ی وه‌به‌رهێنانی ناوخۆی زیاد بكات و مه‌سره‌فكردن كه‌مبكرێته‌وه‌، وه‌ چاوخشانه‌وه‌ به‌ كه‌رته‌كانی ئابوری وه‌ك نه‌وت وگاز، كشتوكاڵ، گه‌شتیاری و پیشه‌سازی، سیسته‌می بانك و وه‌به‌رهێناندا، بۆ رێكخستنه‌وه‌یان و دیاریكردنی رێره‌وی كاركردنیان و شه‌فافكردنه‌وه‌یان به‌شێوه‌یه‌كی چالاك.
سیسته‌می وه‌به‌رهێنان چاك بكرێته‌وه‌ پێویسته‌ مه‌سره‌فكردن وه‌ك په‌تایه‌كی ئابوری هه‌وڵی بنبڕكردن یان سستكردنی بدرێ، به‌مانایه‌كی تر، نه‌ك به‌و مانایه‌ی كه‌ مه‌سه‌رفكردن بنبڕ بكرێ، به‌ڵكو كارێكی ئابوری وه‌ها بكرێ، كه‌ به‌رخۆری كه‌مبكرێته‌وه‌ چونكه‌ به‌یه‌كجاری له‌ناونابرێت. له‌به‌رئه‌وه‌ی مه‌سه‌ره‌فكردن كه‌ كاڵایه‌ نمایشی خۆی نمایش ئه‌كات زیده‌ڕه‌وییه‌كی له‌ئه‌ندازه‌به‌ده‌ر بۆ به‌رخۆری كاڵاكانی ئه‌كات واده‌كات كه‌ ئینسان دیلی ناو ته‌ڵه‌ی فریوده‌رانه‌ی دارایی مه‌سره‌فكردن ببێت.
پێویسته‌ چاوێكی جدی له‌ په‌یوه‌ندی نێوان كه‌رتی گشتی و تایبه‌تییدا بخشێنرێته‌وه‌، په‌یوه‌ندییه‌ك كه‌ هاوبه‌شی له‌ كاركردن و هاوبه‌شی ئابورییدا هه‌بێ. له‌سه‌ر بنه‌مای سه‌ربه‌خۆكردنی وه‌به‌رهێنان و كه‌مكردنه‌وه‌ی مه‌سره‌فكردنی ئابوری، واته‌ سیسته‌می دارایی و ئابوری كوردستان سه‌رله‌نوێ رێكبخرێته‌وه‌. وه‌ ئابوری بۆ سه‌رجه‌م ئینسانه‌كانی كوردستان بێت، وه‌ ئاڕاسته‌كردنی وه‌به‌رهێنان به‌ره‌و پرۆژه‌ ئابورییه‌كان و بۆ پاراستن و دوركه‌وتنه‌وه‌ له‌ به‌رخۆری و زێده‌ڕه‌ویكردنی مه‌سره‌فكردن. وه‌ دورخستنه‌وه‌ی هه‌موو شێوه‌كانی قۆرغكاری مه‌سره‌فكردن چ له‌ لایه‌ن كۆ و تاكه‌وه‌ بێ كه‌ ئامانجیان به‌رخۆرییه‌، رێگه‌یان لێبگرین و به‌رژه‌وه‌ندی گشتی له‌به‌رچاو بگرین. وه‌هێنانه‌ كایه‌ی په‌یوه‌ندی گرێبه‌ستێكی هاوبه‌شی وه‌به‌رهێنانی ئابوری و ئه‌خلاقی كۆمه‌ڵایه‌تی كه‌ زه‌مینه‌ی هاوبه‌شی وه‌به‌رهێنان فه‌راهه‌م بكات، تا چاره‌سه‌ری به‌رخۆری بكه‌ین، له‌ كۆتاییدا دیارده‌ی به‌رخۆریزم له‌ كوردستاندا كه‌مبكرێته‌وه‌ و رێگری لێبكرێ، تاكه‌ چاره‌سه‌ر هه‌وڵێكی گشتیگرییانه‌یه‌ له‌پێناو هێنانه‌ كایه‌كی هاوبه‌ش ئابوری كه‌ عه‌داله‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوری بۆ گشت ئینسانه‌كان له‌به‌رچاو بگرێ و غه‌می گشتی و به‌رژه‌وه‌ندی كولی ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تی پێش هه‌ر شتێك بێ بۆ ئینسانه‌كان، ئه‌وا به‌وشێوه‌یه‌ مه‌سره‌فكردن تاڕاده‌یه‌ك بنبڕ ده‌كرێت.

ده‌رئه‌نجام:
بوونی به‌رخۆریی و مه‌سره‌فگه‌رایی گه‌یشتن به‌ قۆناغێكی بنبه‌ست و مه‌ترسیدار، واته‌ ببێ به‌ ئایدۆلۆژیایه‌كی رۆژانه‌ی ده‌سه‌ڵات و جه‌ماوه‌ر له‌وه‌ ئه‌كه‌وێ بتوانرێ چاره‌سه‌ر بكرێت. ده‌توانین بڵێین ئه‌مڕۆ شێوازێكی نوێی “خودسازی” له‌ كۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا له‌ دروستبووندایه‌، خودسازییه‌ك به‌ پله‌ی ده‌ست و په‌نجه‌كانی ده‌سه‌ڵات له‌ ڕێگای به‌رخۆره‌ییه‌وه‌ ئاڕاسته‌ی ئه‌كات، به‌ڵام بێگومان ناتوانێت هه‌موو ده‌رئه‌نجامه‌كانی كۆنترۆڵ بكات.
پرۆسه‌ی به‌رهه‌مهێنانی ئه‌م خوده‌ به‌رخۆره‌ یه‌كێكه‌ له‌ ئامرازه‌ هه‌ره‌ سه‌ره‌كییه‌كانی ئه‌و مۆدێله‌ی له‌ ده‌سه‌ڵات كه‌ ئه‌مڕۆ باڵاده‌سته‌ و زۆر ئه‌سته‌مه‌ چاره‌سه‌ر بكرێت كه‌ سه‌رچاوه‌كه‌ی مه‌سره‌فگه‌راییه‌. دروستكردنی ئه‌م خوده‌ش به‌شێكه‌ له‌ ستراتیژی به‌گژاچوونه‌وه‌ی ئه‌و قه‌یرانه‌ قوڵانه‌ی كه‌ رووبه‌رووی هاوڵاتی و كۆمه‌ڵگا بووه‌ته‌وه‌ كه‌ ده‌سه‌ڵات و حیزب سه‌رچاوه‌كه‌یه‌تی… به‌رپرسه‌ حیزبییه‌كانی شاخ و دوێنێ، ئه‌مڕۆ سه‌رمایه‌دار و ده‌وڵه‌مه‌نده‌ به‌رخۆره‌كانی ئه‌مڕۆن، ئه‌وانه‌ی له‌ دوای ساڵی (1991)ه‌وه‌ هیچ شتێكیان نه‌بوو له‌ ئابوری و مۆڵك به‌ڵام ئه‌مڕۆ ملیاردێرن و سه‌رمایه‌داری پله‌یه‌كی گه‌وره‌ن.
مه‌سه‌ره‌فگه‌رایی وه‌ك پێشتر وتمان وه‌ك دیارده‌یه‌كی ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تی كه‌ له‌ كوردستاندا په‌ره‌یسه‌ندوه‌، گروپێك له‌ هاوڵاتی له‌پڕ و بێهۆ كه‌ حیزب كردونی به‌ سه‌رمایه‌داری به‌هێز و خاوه‌ن پرۆژه‌، له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ زۆرینه‌یه‌كی بێشومار له‌ داهاتی هه‌یه‌ كه‌ ژیانیان مامناوه‌ند یان له‌خوار هه‌ژارییه‌وه‌یه‌، كه‌ په‌راوێزنشین و كراون و بگره‌ ژه‌مه‌خواردنی رۆژانه‌یان ده‌ستناكه‌وێت، كه‌ سه‌رچاوه‌كه‌ی ناعه‌داله‌تییه‌كی ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ كه‌ حیزب دروستكه‌رێتی و له‌ڕێگه‌ی پاره‌ی ئابوری نه‌وته‌وه‌، سته‌مكارییه‌كی بێئه‌ندازه‌ و ناعه‌داله‌تی دروستكردوه‌. بۆئه‌وه‌ی له‌ رووه‌ دزێو و كوشنده‌كانی به‌رخۆریی تێبگه‌ین: ئه‌بێ به‌دوایی پنته‌ شاراوه‌كانی به‌رخۆریزمدا بڕۆین و بیدۆزینه‌وه‌، وه‌ ئه‌و كۆمه‌ڵگا و تاكه‌كه‌سه‌ فوتێكراو و هه‌ڵخه‌تێنراوه‌ی به‌ناوی خۆشبه‌ختی به‌رخۆرییه‌وه‌ دروستكراوه‌ ده‌رزییه‌كی پێدابكه‌ین و بیته‌قێنین. له‌ به‌رامبه‌ردا تاك و كۆمه‌ڵگایه‌ك دروست بكه‌ین كه‌ خاوه‌نی خۆی بێ، ئه‌مه‌ش هه‌وڵ و كات و وزه‌ی ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئینسانی خه‌مخۆری ئه‌وێ بۆئه‌وی به‌هاوكاری هۆشیارییه‌كی ده‌سته‌جه‌معی ره‌خنه‌گرانه‌ به‌ر به‌ لێكه‌وته‌كانی مه‌سره‌فگه‌رایی بگرین وكۆمه‌ڵگا و تاك له‌ ئاسه‌واره‌ خراپه‌كانی ئاگادار بكه‌ینه‌وه‌ و پێیان بڵێین: كه‌ مه‌سره‌ف وه‌ك كاڵا نمایشت ئه‌كات ئه‌ی مرۆڤ ئاگاداری خۆتبه‌، ئه‌گینا مرۆڤبوونت ئه‌كه‌وێته‌ ژێر مه‌ترسی و پرسیاره‌وه‌، بۆیه‌ بیربكه‌ره‌وه‌ (سوقرات) گوته‌نی: “خۆت بناسه‌” و خاوه‌نی خۆتبه‌ بۆ بڕیاردان و بیركردنه‌وه‌ی له‌ به‌رژه‌وه‌ندی خۆت و كۆمه‌ڵگا.

————————————————

سه‌رچاوه‌كان:
1- كتێب:
1- جامعه‌ مصرفی، ژان بودریار، ت: پیروز ایزدی، تهران، 1389.
2- انسان تك ساحتی، هربرت ماركوزه‌، ت: محسن مویدی، تهران، 1350.
3- دیاله‌كتیكی رۆشنگه‌ری، تیۆدۆر ئادۆرنۆ و ماكس هۆكهایمه‌ر، ت/ هاژینی مه‌لاامین، سلێمانی،
4- مێژوو و وشیاری چینایه‌تی، جۆرج لوكاچ، و/ هادی محمدی، سلێمانی، 2006.
5- كۆمه‌ڵگا و غه‌ریبه‌كانی، مه‌ریوان وریا قانع، سلێمانی، 2018.
6- دوا خه‌نده‌ی دیكتاتۆر، به‌ختیار علی، سلێمانی،2020.
7- چۆنه‌ تا ئێستا هه‌موو شت ئاوانه‌بووه‌؟، ژان بودریار، و- وه‌لید عومه‌ر، سلێمانی، 2019.
8- توركیا و هه‌رێمی كوردستان: چ جۆره‌ په‌یوه‌ندییه‌ك؟، د. سه‌ردار عزیز، سلێمانی،2015.
9- له‌ چ ئێستایه‌كدا ده‌ژین؟، مه‌ریوان وریا قانع، سلێمانی، 2012.
10- گۆڤاری كۆنسێپت، كۆمه‌ڵێك نوسه‌ر، وتاری پرسی نایه‌كسانی ئابوری له‌ هه‌ردوو تیۆری سه‌رمایه‌ی مرۆیی و تواناداریی مرۆییدا، نیاز نجمدین، سلێمانی، 2013.
2- وتار:
1- ئابوری كرێخۆری كه‌لتوری كوردی، ن/ وه‌لید عومه‌ر، 2018.
2- ژینگه‌، مه‌سه‌رفگه‌رایی و…، ن/ كه‌ڤین هاریمه‌ن و كه‌ڤین نانس، و/ هێمن خالید، 2017.
3- كاڵا و مه‌سره‌ف، ن/ هاوار محمد، 2013.
4- له‌عنه‌تی سامانی سروشتی: نه‌وت و گاز به‌نمونه‌، ن/ دانا حمید، 2020.
5- قه‌یرانی به‌رێوه‌بردن له‌ هه‌رێمی كوردستان، گفتوگۆ له‌گه‌ڵ: پرۆفیسۆر: د. وشیار معروف، 2019.




گەشتێک بەناو چیرۆکی جیهانیدا … ئەردەڵان عەبدوڵڵا


خوێندنەوەیەک بۆ کتێبی ” خەونێک لە وڵاتی پیاوە بچکۆلەکاندا” ئازاد بەرزنجی

کورتە چیرۆک یەکێکە لە ژانرە جوان و جێژبەخشەکانی ئەدەب، زۆربەی گەلانی جیهان، خاوەنی فەرهەنگێکی ئێجگار دەوڵەمەندن لە بواری کورتەی چیرۆکدا، بگرە دەتوانم بڵێم هیچ گەلێک بەبێ کورتە چیرۆک نابێت، چونکە ئێمە رۆژانە هەر یەکەمان خاوەنی کۆمەڵێک چیرۆکین کە لە ژیانی رۆژانەماندا بەسەرماندا دێت. ئەدیبان و نووسەرانی جیهانیش، لەم بوارەدا داهێنانی ئێجگار جوان و نایابیان لە بواری شێوازی نووسینی کورتە چیرۆکدا کردووە، بەتایبەتی ئەدیبانی فەرەنسی و روسی.
هەمیشە هاوڕێی هێژام ئازاد بەرزنجی، دەستڕەنگینی دەنوێنێت و کاروبەرهەمی جوان پێشکەشی خوێنەرانی کورد دەکات،ئەمجارەیان کارێکی باشیکردووە، کە دەستی بردووە بۆ ژانرێکی گرنگی ئەدەبیات کە ئەویش ” کورتە چیرۆک”ە. کتێبی ” خەونێک لە وڵاتی پیاوە بچکۆلەکاندا”. سوپاسی دەکەم کە هەمیشە منی لە یادەو ئەمجارەشیان ئەم کتێبە جوانەی خۆی پێشكەش کردم. ئەم کتێبە پیاسەیەکی خێرایە بەناو باخ و بێستانی کورتە چیرۆکی جیهانیدا. هەروەها گوزەرێکی خێرایە بەناو نووسەرانی هەموو کیشوەرەکانی جیهاندا هەر لە ئەوروپاوە بۆ ئاسیا و پاشانیش بۆ ئەمریکای لاتین.

ئەزمونی جیهان
لەناو کتێبخانەی ئەڵمانیدا زۆرجار لەمجۆرە کتێبانەم بەرچاو کەوتووە، کە کۆمەڵێک کورتە چیرۆکی نووسەرانی جیهان لە کتێبێکدا کۆکراوەتەوە، بەڵام لەناو کتێبخانەی کوردیدا کەمتر چاوم بەمجۆرە کتێبانە کەوتووە، ئەمەی کاک ئازاد کارێکی باشە، چونکە ئێمە ئاشنا دەکات، بە ئەزموونی نووسەرانی جیهان لە بواری کورتە چیرۆکدا. ئەم کتێبە قەبارە مام ناوەندە و لە ٣٠٠ لاپەڕە پێکدێت، بەرهەمی ٢٧ نووسەری جیهانییە و هەریەکەشیان خەڵکی وڵات و کیشوەرێکە. سەرەتای چیرۆکەکان بە نووسەر بەناوبانگی فەرەنسی جیهان گیو مۆباسان دەستپێدەکات ئەویش کورتە چیرۆکی ” تەنیایی”. کۆتا چیرۆکیش ” بوکێ” هی نووسەری ناوداری روسی و جیهان ئەنتۆن چیخۆفە.

دیارە چ گیو مۆباسان ، چ چیخۆف هەردووکیان بە ئوستازی کورتە چیرۆک دادەنرێن و لەسەر دەستی ئەم دووانە کورتە چیرۆک گەشەی سەندن و لە چیرۆک و رۆمان خۆی جیاکردەوە، گەورەترین داهێنانیشیان لە تەکنیکی نووسیندا کرد، بەتایبەتی دانانی رەگەزی ” کتوپڕ” .
خاڵێکی باشی ئەم کتێبە ئەوەیە، نووسەر هەوڵیداوە کورتەیەک لە ژیانی شەخسی و ئەدەبی ئەو نووسەرانە باس بکات، کە کورتە چیرۆکەکانیان نووسیوە، ئەم کورتە ناساندنەش بۆ خوێنەر گرنگە.

کۆمەڵێک چیرۆکی سەرنج راکێش
نووسەر توانیویەتی کۆمەڵێک کورتە چیرۆکی جوان و سەرنجراکێش لەم کتێبەدا کۆبکاتەوە، بەشێکی زۆریان مایەی سەرنج و تێڕامانن. بۆ نموونە کورتە چیرۆکی تەنیایی مۆباسان.( لە ساڵی ١٨٥٠ لەدایک بووە لە ساڵی ١٨٩٣ کۆچی دوایی کردووە.) ئەو بە یەکێک لە نووسەرە مەزنەکانی سەدەی نۆزەی فەرەنسا دادەنرێت.کورتە چیرۆکی تەنیایی،هەر بەناوەکەیدا دیارە” تەنیایی” دەبێتە ناوەڕۆکی سەرەکی چیرۆکەکە.
چیرۆکێکی تر کە بەلامەوە جوان و سەرنج راکێش بوو، کورتە چیرۆکی ” سیمای غەمگینم” کە لە نووسینی نووسەری ناوداری ئەڵمانی هاینریش بۆڵە( لە ساڵی ١٩١٧ لەدایک بووەو ساڵی ١٩٨٥ کۆچی دواییکردووەو ساڵی ١٩٧٢ خەڵاتی نۆبڵی وەرگرتووە.) هەرچەندە نووسەر بەهەڵە نووسیویەتی ساڵی ١٩٥٨ کۆچی دواییکردووە، لەکاتێکدا ساڵی ١٩٧٢ خەڵاتی نۆبڵی وەرگرتووە. کورتە چیرۆکی سیمای غەمگینم، باسی کابرایەک دەکات، کاتێک سیمای پێکەنیناوییە، پۆلیس دەستگیری دەکات، دواتریش کاتێک سیمای غەمگینە، دوووبارە دەستگیر دەکرێتەوە. نووسەر لە رێگەی ئەم کورتە چیرۆکە خەیاڵییەوە، رەخنەی توند ئاڕاستەی حکومەتە فاشیسیت و دیکتاتۆرەکان دەکات، کە بە ناڕەواو بێ هیچ تاوانێک، خەڵکی دەستگیر دەکەن.
کورتە چیرۆکێکی تر کە مایەی سەرنجم بوو، کورتە چیرۆکی ” یەکەمین سواڵ” لە نووسینی نووسەری ئەمریکی ولیەم مارچ . (ئەم نووسەرە لە ساڵی ١٨٩٣ لەدایک بووەو لە ساڵی ١٩٥٤ دا کۆچی دواییکردووە.) هەرچەندە ئەم نووسەرە لەلای من تازە بوو، پێشتر هیچ بەرهەمێکیم نەخوێندۆتەوە، بەڵام ئەم کورتە چیرۆکەی زۆر جوانە، تێیدا ” کەرامەتی مرۆڤ” دەبێتە کرۆکی سەرەکی، لەهەمانکاتیشدا دژی دیاردەی سواڵکردنیش دەوەستێتەوە. نووسەر لەم کورتە چیرۆکەدا باسی پیاوێکی هەژار دەکات، بەهۆی نەبوونییەوە دەیەوێت سواڵ بکات، بەڵام پاشان کە بۆ یەکەمجار لەژیانیدا سواڵ دەکات، هەست بە شەرمەزاریی و پەشیمانی دەکات. لە کۆتایی چیرۆکەکەدا دەڵێت:
هیچ شتێکمان لە ژیاندا شک نەدەبرد، تۆزقاڵێک ئابڕو نەبێت، ئێستا ئەویشم لەد ەست چوو، هەست دەکەم، زۆر هەرزان فرۆشتم. ل ٥٠.
کورتە چیرۆکی ” خەونێک لە وڵاتی پیاوە بچکۆلەکاندا” ، کەبۆتە ناونیشانی کتێبەکەش، لە نووسینی نووسەری ژاپۆنی موشانۆکۆجی سانیتزو( لە ساڵی ١٨٨٥ لەدایک بووەو ساڵی ١٩٧٦ کۆچی دوایی کردووە.) ئەم کورتە چیرۆکە سیمایەکی خەیاڵی پێوەیە، باسی پیاوێک دەکات دەچێتە وڵاتێکەوە کە هەموو شتەکانی عەکسە، بۆ نموونە ” کە یەکێک نەخۆش دەکەوێت هەموو بەزەییان پێدا دێتەوە، بەڵام کەس پێی خۆش نییە چاک بێتەوە. هەروەها بەرزترین شاخیش لەم وڵاتەدا نزمترینیانە، چونکە خەڵكی لەبەر لووتبەرزی و خۆبەزلزانینەکەی، ڕقیان لە شاخی بەرز دەبێتەوە. لەم وڵاتەدا وا باوە هەریەکە هیچو پوچی خۆی بخاتە ڕوو، خۆ ئەگەر یەکێکیش هەوڵیدا بڕێک زیرەکی خۆی پیشان بدات، ئەوا بە بێ شەرمی و حەز بە خۆنواندن تاوانبار دەکرێ.ل ٧٤
تاڕادەیەک ئێستاش هەندێک خووڕەوشتی ئەم وڵاتەش بەمشێوەیە. ئەم چیرۆکە لەرووی نوسینیشەوە، جوانە، چونکە لە کۆتاییدا ئەو پیاوە خەون دەبینێت، واتە چیرۆکەکە خەونە. ئەمەش تەکنیکێکی جوانە کە نووسەر لەکۆتاییدا پشتی بەرەگەزی کتوپڕ بەستووە، ئەمەش جێژی زیاتری بە خوێنەر بەخشیوە.

نووسەری ناسرا و نەناسراو
خاڵێکی گرنگی تری ئەم کتێبە ئەوەیە، نووسەر هەوڵیداوە کۆمەڵێک نووسەری جیهان کۆبکاتەوە، هەندێکیان نووسەری ناسراو و ناودارن لە جیهاندا وەکو ” مۆباسان، چیخۆف، مارکیز، هاینریش بۆڵ، بۆرخیس” کۆمەڵێکی تر، لەپەنا ئەم نووسەرە ناسراوانەشدا، کۆمەڵێک نووسەری نەناسراوی تێدایە، یان دەتوانین بڵێین لای ئێمە نەناسراون. ئەمەش کارێکی باشە، چونکە نووسەر ئێمە بە کاروبەرهەمی کۆمەڵێک نووسەری نەناسراوی جیهان ئاشنا کردووە.

تەکنیکی جیاوازی نووسین
لەرووی تەکنیکیشەوە کورتە چیرۆکەکان جیاوازن، هەر نووسەرەو تەکنیکی خۆی بەکارهێناوە. لە رووی درێژی و کورتیشەوە جیاوازی هەیە. بۆ نموونە ” سیلستینا” کورترین چیرۆکی ناو کتێبەکەیە ئەم کورتیلە چیرۆکە لە نووسینی نووسەری ناسراوی مەکسیکی کارلۆس فۆنتیس” (لەساڵی ١٩٢٨ لەدایک بووەو ساڵی ٢٠١٢ کۆچی دواییکردووە.) چیرۆکەکەش تەنها یەک لاپەڕەیە، باسی شەوی بوکێنی کچێک دەکات. درێژترین چیرۆکیش هەر باسی بوکێیە، چیرۆکی ” بوکێ” نزیکەی ٣٠ لاپەڕەیە و لە ٦ چاتەر پێکهاتووە، لە نووسینی نووسەری ناوداری روسیا و جیهان ” ئەنتۆن چیخۆفە” (لە ساڵی ١٨٦٠ لەدایک بووەو ساڵی ١٩٠٤ کۆچی دوایی کردووە.)

چەند سەرنجێک
بەدڵنییایەوە ئەم کتێبەی کاک ئازاد یەکێکە لە کتێبە جوانەکانی، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەندێک سەرنج و تێبینیم هەبوو. یەکێکیش لەو سەرنجانەم، بەشێکی زۆری ئەم چیرۆکانە خامەی نووسەرانی ئەمریکای لاتین و ئەمریکای باکوورن، بەتایبەتی مەکسیکی بەشی زۆری ئەم کتێبەیان داگیرکردووە، پاش ئەوانیش نووسەرانی ئەمریکی دێن. لە ئەوروپاشدا زیاتر نووسەرانی ئەڵمانین. لە تەواوی کیشوەری ئاسیاشدا، تەنها کۆمەڵێک نووسەری ژاپۆنی تێدایە، لەکاتێکدا لە کیشوەری ئاسیادا، قەڵەمی زۆر جوان هەیە. باشتربوو نووسەر هەوڵیدابایە، گوڵبژێک لە تەواوی نووسەرانی جیهان بێت و هەموو کیشوەرەکانی جیهان بگرێتەوە، بۆ نموونە هیچ نووسەرێکی ئەفریقی و عەرەبی و ئێرانی تێدا نییە، لەکاتێدا ئەدەبیاتی عەرەبی، کۆمەڵێک نووسەری زۆر مەزنیان لەم ژانرەدا هەیە لەپێش هەمویانەوە” نەجیب مەحفوز، یوسف ئیدریس، ئیحسان عەبدولقدوس،،هتد” لە ئێرانیش بەهەمانشێوە نووسەری زۆر باشیان لەم ژانرەدا هەیە لەپێش هەموویانە ” سادق هیدایەت” پارادۆکس لەوەدایە، بەشێکی زۆری ئەو چیرۆکانە، نووسەر لە زمانی فارسییەوە وەریگێڕاوە، کەچی لەبیری چووە نووسەرێکی ئێرانی بخاتە ناو کتێبەکەیەوە.
خاڵێکی تریش پەیوەندی بە سەرچاوەی چیرۆکەکانەوەیە، نووسەر راستە سەرچاوەی هەندێک لە چیرۆکەکانی نووسیوە، بەڵام بەشێکی تریان سەرچاوەی نەنووسیوە، باشتربوو نووسەر ناوی سەرچاوەی بۆ هەموو چیرۆکەکان بنووسیبایە.

دوا قسە
بەدڵنیاییەوە ئەم کتێبەی کاک ئازاد، پیاسەیەکی جوانە بەناو باخی ئەدەبیاتی جیهاندا، لەرێگەی کۆمەڵێک کورتە چیرۆکەکەوە، ئاشنای کولتووری گەلانی جیهان دەبین. بوونی ئەمجۆرە کتێبانە زۆر گرنگن بۆ خوێنەری کوردی، بۆئەوەی ئاشنایەتی لەگەڵ ئەزمونی گەلان لە بواری چیرۆکنووسیندا بکات، لەهەمانکاتیشدا ئاشنایەتی لەگەڵ کولتووری جیهاندا بکات.
لێرەدا جێگەی خۆیەتی، دەستخۆشی لە برای هێژامان کاک ئازاد بکەین، هیوای کاری جوانتر و باشتری بۆ دەخوازین.

ئەردەڵان عەبدوڵڵا

——————————————

سەرچاوە:
ئازاد بەرزنجی. خەونێک لە وڵاتی پیاوە بچکۆلەکاندا، هەڵبژاردە لە چیرۆکی جیهانی . چاپی سێهەم. چاپخانەی سەردەم. سلێمانی. ٢٠٢٠




دیموکراسی و واقیعى ئەمڕۆى کوردستان نمایشێکى مەیدانى … نووسینی: ستیڤان شەمزینی..

دواى کۆتایى هاتن بە جەنگى سارد و لە ئاکامدا سەرکەوتنى ئەمەریکا و کامپى کاپیتالیزمى خۆرئاوا بەسەر یەکێتى سۆڤێت و ئۆردوگاى سۆشیالیستى رۆژهەڵاتدا، هیچ چەمک و دەستەواژە و مەقولەیەکى سیاسیى نییە هێندەى دیموکراسییەت قسەى لەبارەوە کرابێ و بووبێتە جێگەى مشتومڕ و توێژینەوە و شیتەڵکاریى لەلایەن ناوەندە فیکریى و ئەکادیمییەکانەوە، ئەمەش هاوکات بوو لەگەل دەستپێکردنى دنیاى تاک جەمسەریى خۆرئاوایى “ئەمەریکیی”. بەڵام بیرمەندى ناسراوى ئەمەریکیى بە رەگەز ژاپۆنى (فرانسیس فۆکۆیاما) لە کتێبە بەناوبانگەکەیدا (کۆتایى مێژوو و دواین مرۆڤ- النهایە التاریخ و خاتم البشر) زیاد لە هەمووان پێداگریى لەسەر دیموکراتییەت کرد تا ئەو راددەیەى مژدەى ئەزەلیبوونى دیموکراسییەتى دا و واى تێبینى کرد بە رووخانى کۆمۆنیزم مێژوو پێ دەنێتە خاڵى پایان و کۆتایى خۆى و دیموکراتییەت و لیبرالیزمى خۆرئاواش تاکە سیستمى سیاسییە یاخۆ دواهەمینیانە کۆمەڵى مرۆڤایەتى پێى گەیشتووە.
دیموکراسییەت چ وەک چەمک وەک زەمینەیەکى کولتووریى و کۆمەڵایەتی هێشتا قسەى جیددى لەبارەوە دەکرێ و چەندین فەیلەسوف و بیرمەندى جیا جیا بە تێڕوانین و ئایدۆلۆژیاى جیا جیاوە کاریان لەسەر دیموکراسییەت کردووە و شیتەڵکاریى و راڤەى جیاوازیان بۆ کردووە، بەڵام هیچکامیان نەگەیشتونەتە پێناسەیەکى رەها و تەواو بۆ ئەم چەمکە چوونکە بە تێپەڕبوونى زەمەن گۆڕانى بەسەردا دێت و لە یەک چوارچێوە و قاڵبى دیاریکراو قەتیس ناکرێت. ئەمڕۆش لە کوردستان یەکێک لەو چەمکانەى تەواوى هێزە سیاسیی و پارتە کوردییەکان ئیدعاى بۆ دەکەن دیموکراسییە. زۆربەى پارت و رێکخراوە کوردییەکان دیموکراسییان کردۆتە دروشمى خۆیان لە پال دروشمەکانى ترى وەک مافى مرۆڤ و دادپەروەریى و ئازادیى کە دەکرێ هەموو ئەوانى دوایى لەنێو دیموکراسییەتدا کۆ بکرێنەوە. ئەمڕۆ دەسەڵاتدارانى کورد زیاد لە هەموو شتێک بە دیموکراسییەتدا هەڵدەدەن و ئەم ئەزموونە پڕ کەموکورتییەى باشوورى کوردستان بە ئەزموونێکى نوێى دیموکراسى نەک هەر لە عێراقدا بەڵکو لە هەموو ناوچەکە ئەژمار دەکەن! هەر ئێستاش کورد خۆى بە دۆست و تەواوکار و هاوپەیمانى وڵاتە یەکگرتووەکانى ئەمەریکا دەزانێت کە نموونەیترین جۆرى دیموکراسییەت لەلاى ئەوان گەشەى سەندووە.
بۆیە بەشێک لە چاودێرانى سیاسیى وای دەبینن کاریگەریى دیموکراسییەتى ئەمەریکا دەگاتە کوردستان و تیشک و شەبەنگى ئەم دیموکراسییەتە عێراقێکى نوێ دروست دەکات کە عێراقێکى جیاوازە لە رابردوو و دەبێتە نموونەى دیموکراسییەت لە رۆژهەڵاتى نێویندا. بەڵام هێشتا نازانرێت ئایا جەمسەرى دیموکراتى بە خاترى بەرژەوەندییەکانى خۆى لە عێراقدا دیموکراسی پشتگوێ دەخات یان نا؟، ئەوەى ئێستا هەستى پێ دەکەین ئەوەیە ئەمەریکا مساوەمە و سازش دەکات لەگەل مەرجەعە ئاینییەکان و سەرەک خێل و کۆنە بەعسییەکان، بێ شک ئەم سێ گروپە دوژمنى پاشەڕۆژى دیموکراسین لە عێراقدا. رەنگە لەم حاڵەتەدا کورد نەتوانێت سوودمەند بێ لە و پڕۆژە دیموکراسییەى ئەمەریکا بەناوییەوە هاتۆتە ناوچەکەوەـ ئەویش پڕۆژەى رۆژهەڵاتى ناوەڕاستى گەورەیە. جارێکى تر ئەمە وانەیەکمان فێرمان دەکات کە پێویستە لە نێوخۆ بەرەو دیموکراسی هەنگاو بنێین نەک چاوەڕوانى هێزێکى دەرەکى بین کە بۆ پاراستنى بەرژەوەندییە تایبەتەکانى خۆى چاو لە هەموو جۆرە دیکتاتۆریەتێک دەپۆشێت.
دیموکراسی چییە؟
لە حەقیقەتدا هەر هەوڵێک بۆ پێناسەکردنى شتێک یان چەمکێک هەوڵێکە بۆ لە قاڵبدان و لە چوارچێوەنانى ئەو چەمکە لە یەک رەهەند و سیاقى دیاریکراودا، ئەگەر پێناسەمان بۆ هەموو شتێک هەبێت ئەوا هەڵەیەکى کوشندەیە ئەگەر بمانەوێت دیموکراسییەت لە پێناسەیەکى دیاریکراودا لە قاڵب بدەین، چوونکە لە بنەماوە یەکێک لە ماناکان و کارکردەکانى دیموکراسییەت بریتییە لە تێکشکاندنى قاڵب و چوارچێوە دروستکراوەکان. بەڵام ئەگەر بمانەوێت لە چەند گۆشەنیگا و رەهەندێکەوە لە دیموکراسییەت بڕوانین و تا راددەیەکیش پێى ئاشنا بین ئەوا:
ا- لە رووى زاراوەوە دیموکراسییەت وشەیەکى لێکدراوە و لە دوو بڕگەى سەرەکى پێکهاتووە: (Demos)+ (Kratia) کە بە مانا گریکییەکەى بە دەسەڵاتى گەل هاتووە. لەم بارەیەوە (د.ئیمام عەبدولفەتاح ئیمام) دەڵێت” دیموکراسییەت لە لاى یۆنانییەکان دەستى پێکردووە و وشەکە لە رووى زمانەوە بنەچەکەى خۆى لە دەستنەداوە (Demos) واتە گەل و (Kratia) واتە فەرمانڕەواییە، وشەکە بە ماناى فەرمانڕەوایى هەموو گەل نەک فەرمانڕەوایى توێژێک یان چینێک یان کەرتێک دێت”، بەڵام ئەو جۆرە دیموکراسییەتەی لە ئەسیناى بەر لە زاین سەرىهەڵداوە بێ خەوش و کەموکورتى نەبووە و بە پێى پێوانە دیموکراسییەکانى ئەمڕۆ جێگەى رەخنە و لەسەر وەستان و هەڵوێستەکردنە، (د.ئیمام عەبدولفەتاح ئیمام) کەموکوڕییەکانى دیموکراسیەتى کۆمەڵگاى ئەسینا لەم خاڵانەدا دەستنیشان دەکات.
1-چەمکى گەل بەشێوەیەکى راست دیارینەکراوە، بەڵکو مەبەست لە گەل تەنیا ئەسیناییەکان بووە و بیانییەکان و کۆیلەکان و ژنانى لـێ هەڵاوێر کراوە، دواتر دەبینین مرۆڤایەتى پێویستى بە چەند سەدە هەبووە بۆ راستکردنەوەى ئەم هەڵە تێگەیشتنە.
2-ئازادیى کەسایەتى (ئازادیى هاتوچۆ- مافى ئاسایش) دەستەبەر نەکراوە، پێشتریش باسمان لەوە کرد چۆن هاووڵاتى دوور خراوە لەبەر ئەوەى خزمەتى باشى پێشکەش بە گەل کردووە و خەڵکیش هۆگریى خۆیان بۆ نیشان داوە تەنیا لەبەر ئەگەرى زۆرداربوونى لە کاتى گرتنە دەستى فەرمانڕەوایدا.
3-ئازادیى تاک بە ماناى وردى (ئازادیى بیروڕا- خاوەندارێتى) بوونى نەبووە، چوونکە دەوڵەت بە تەواوەتى دەسەڵاتى بەسەر تاکەکاندا سەپاندبوو، دەبوایە تاک بڕوا بە ئاینى دەوڵەت بێنێت، هەروەها دەبوایە موڵکەکان و سامانى تاک لە ژێر دەسەڵاتى دەوڵەتدا بووایە.
بۆیە دەبینین دواى تێپەڕبوونى چەند سەدە لە گەشەکردنى فەلسەفە و ژیار، کۆمەڵى مرۆڤایەتى هەنگاوى نا بەرەو راستکردنەوەى هەڵەکانى ئەو جۆرە دیموکراسیەتە و توانى بەرەو تێپەڕاندنى کەموکوڕییەکانى پێشڕەویى بکات. زۆرێک لە تۆژەران و بیرمەندان لەو بڕوایەدان ئەو شێوە کرانەوە و دیموکراسییەى لە کۆمەڵگاى یۆنانى ئەو کات هەبووە بە پێودانگە دیموکراسییەکانى ئەمڕۆ جۆرێک نەبووە لە دیموکراسییەت. لەلایەکی تریش زاراوە و چەمکی دیموکراسی رەگوڕیشاڵى بۆ مێژووییەکى زۆر کۆن دەگەڕێتەوە، بەڵام دەتوانین بڵێین دیموکراسی هەڵقوڵاو و لە دایکبووى منداڵدانى مۆدێرنێتەیە. هەروەک بیرمەندى ناسراوى عەرەبى (جۆرج تەرابیشى) دەڵێت “دیموکراسیەت وەک چەمک چەمکێکى کۆنە، بەڵام وەک فیکرە، فیکرێکى نوێیە کە مۆدێرنێتى خولقاندوویەتى و دەبێت بە رۆشنبیرێتى سیاسیى مۆدێرنێتى لە قەڵەمى بدەین”. فۆکۆیاماش لەو قەناعەتەدایە تا ساڵى 1776 دیموکراسیەت لە هیچ شوێنێکى دنیادا بوونى نەبووە.
هەروەها نابێت رۆل و کاریگەریى شۆڕشى 1789ى فەڕەنسامان لە بیر بچێت کە کاریگەریى و قورسایى ئەم شۆڕشە سنوورەکانى فەڕەنساى تێپەڕاند و بووە سەرەتایەکى نوێ بۆ توڕهەڵدانى سیستمى چەوسێنەر و ئیستبدادیى دەرەبەگایەتى و کردنەوەى دەرگا لە بەردەم دیموکراسی و هاووڵاتیبوون و مافەکانى مرۆڤدا. (د.سەعد بەشیر ئەسکەندەر) دەربارەى شۆڕشى فەڕەنسى دەڵێت “شۆڕش بۆ یەکەمین جار لە وڵاتێکى پان و بەرینى پڕ دانیشتواندا -نزیکەى 23 ملیۆن فەڕەنسى- بناغەى رژێمێکى کۆماریى دامەزراند و پرۆسەى دیموکراتیزەکردن بەخێرایى بەڕێوە چوو، بەشێکى بەرچاوى دانیشتوان بە جۆرێکى وا لە توانا و مافە سیاسییەکان بەهرەمەند بوون لە مێژوودا وێنەى نەبینرا بوو”.! هەرچەند شۆڕشى فەڕەنساش بێ خەوش و بێگەرد نەبوو، بەڵکو تژى بوو لە توندوتیژیى و تیرۆر، یاکۆبییەکان وەک گروپێکى توندوتیژ و توندڕۆ بەها جوانەکان و دەسکەوتە دیموکراسییەکانى شۆڕشەکەیان لەکەدار کرد، بە راددەیەک زۆرێک لە کوڕە چالاک و پێشەنگەکانى شۆڕش برانە بەردەم میقسەڵەکەى شۆڕش!!، لە کاتێکدا هەر بەو میقسەڵەیە سەرى لویس و مارى ئەنتوانێت پەڕێندرابوو، هەر لێرەوە تێزى شۆڕش کوڕەکانى خۆى دەخوات سەر دەردەهێنێت و دەردەکەوێت.
خودى (رۆبسپێر) یەکێک بووە لە شۆڕشگێڕەکان و سەرکردەکانى شۆڕش، لە هەمان کاتدا سەدان کەسى لە شۆڕشگێڕان بەناوى بەرگریکردن لە بەهاکانى شۆڕش خستە بەردەم میقسەڵەکەى شۆڕش کەچى هەر خۆى بە هەمان میقسەڵە سەرى لە لاشەى جوێ کرایەوە. سەربارى هەموو ئەم کەموکورتییانە کەچى شۆڕشى فەڕەنسا دەروازەیەکى گرنگى گەشەکردن و پەخشبوون و جێکەوتەبوونى دیموکراسى و هاووڵاتیبوون بوو. لێرەوە دەگەینە ئەو قەناعەتەى دیموکراسی بە تێپەڕبوونى کاتێکى زۆر و گەشەکردنى شارستانێتى و لایەنە جۆرا و جۆرەکانى مەعریفە گۆڕانى بنەڕەتى و ریشەیى بەسەردا هاتووە و رەهەندى فراوانترى وەرگرتووە لەو سیاقە بەرتەسکەدا نەماوەتەوە سەرەتا هەیبووە. “جارێکى تر بڕوانن بۆ کاروانى گەشەکردن و گۆڕانکارییەکانى دیموکراسى لە شۆڕشى فەڕەنساوە هەتاوەکو ئێستا”.
ب- دیموکراسییەت زەمینەیەکە بۆ قسەکردن و خۆ تەرحکردنى هەموو ئاڕاستە جیاوازەکان. سیستمێکە هەموو دید و بۆچوونە هاودژەکان بەشێوەیەکى ئاشتەواییانە لە کۆمەڵگەدا کاردەکەن و پڕۆژە و ئەجیندا و پلاتفۆرمى سیاسیی و فیکریی خۆیان پێشکەش دەکەن. لێرەدا هەر کەس و گروپ و ئاڕاستەیەک بەبێ ئەوەى هیچ دامەزراوە و دەزگایەک هەڕەشەیان لـێ بکات یان چاویان لـێ سوور بکاتەوە کارەکانى خۆیان ئەنجام دەدەن و لە زەمینەى دیموکراسیەتدا درێژە بە بوون و پڕۆژەکانیان دەدەن، بە مانایەکى تر کۆمەڵگەى دیموکراسى، کۆمەڵگەی جیاوازییە و لە کۆمەڵگەیەک جیاوازیى و فرە ئاڕاستەیى بوونى نەبێ ئەوا بێ سێ و دوو لێکردن کۆمەڵێکە لە ئۆقیانووسى دیکتاتۆریەتدا غەرق بووە. جیاوازبوونیش بەشێوەیەک ئازادیى هەبێت بۆ تەعبیرکردن لە خۆ و لە بۆچوونەکانى خۆ، بەو جۆرەی ڤۆڵتێرى فەیلەسوفى مەزنى فەڕەنسا دەڵێت “رەنگە من جیاواز بم بە را و بۆچوونەکەت، بەڵام ئامادەم گیانم بەخت بکەم لە پێناوى دەربڕینى راکەت”. ئەمەیە رۆحى دیموکراسیەتى راستەقینە کە لە دەرەوەى شێوە بیرکردنەوەى خۆت مەودا و پانتایى بکەیتەوە یان بە رەوای بینینى لەبەردەم هەموو ئەوانى تردا خۆیان تەرح بکەن و ئازادانە گوزارشت لە بیر و بۆچوون و راکانیان بکەن و لە هەناوى کۆمەڵگەدا کار بۆ ئامانجەکانیان بکەن.
ج- دیموکراسییەت زەمینەیەکە ئازادیى و ماف بۆ کۆى شەریحە و چینە کۆمەڵایەتییەکان دابین دەکات ئەمەش لە رێگەى رێکخراوەکانى کۆمەڵى مەدەنییەوە، لە واقیعیشدا بەبێ بوونى رێکخراوەکانى کۆمەڵى مەدەنى دیموکراتی بەتال دەبێتەوە لە مانا رەسەنەکەى خۆى و دەبێتە دیکتاتۆریەتى زۆرینە بەسەر کەمینەدا. لە کۆمەڵگەیەکدا رێکخراوە مەدەنى و دیموکراتییەکان رۆڵ و ئەرکیان نەبێ یان رێیان لێ بگیرێ کار بکەن و ببنە گروپى فشار و نەواتى کۆمەڵى مەدەنى ئەوا کۆمەڵگەیەکە لە دەریاى دیکتاتۆریەتدا مەلە دەکات و هەموو پەنجەرەکانى ئازادیى تێیدا داخراون. لە کوردستانیش هەرچەندە رێکخراوەکان بوونیان هەیە، بەڵام لە بارى رۆڵ و کاریگەرییان لە کۆمەڵگەدا هیچیان پێ نەکراوە و گرێدراوى دەستى حزبەکانن و لە قەیرانى پاشکۆبوون دەرنەچوون، ئەمەش بەڵگەیەکە بۆ وەهمیبوونى دیموکراسیەت لە کوردستاندا.
بۆچى دیموکراسی؟
پرسیارێکى گرنگ دەکرێ لێمان بکرێ ئەوەیە بۆچى دیموکراسی؟ ئایا بۆ دەبێت دیموکراسیەت بکەینە ئامانج؟ لەبەرئەوەى سەرکەوتنى بەدەستهێناوە؟ یانژی لەبەر ئەوەى سیستمێکە دەتوانین لە سایەیدا زۆرترین ماف و ئازادیى بەدەستبهێنین؟ بەڵام ئێمەى کورد بۆ دیموکراسیەت قبوڵ دەکەین یان تا چ ئەندازەیەک دەرەنجامى ئەرێنى لە ژیانى ئێمەى کورددا هەیە؟.
ا- دیموکراسی توانى سەرکەوتن بەدەستبهێنێت بەسەر هەموو مۆدێلە کۆماریى و سۆسیالیستى و ئاینیى و تۆتالیتارییەکانى تردا ئەمەش لە رێگەى ئەو ئازادییە بەربڵاوەى لەم سیستمەدا بۆ مرۆڤ دەستەبەر کراوە و بوارى لەبەر دەم دەکاتەوە ئازادانە گوزارشت لە مرۆڤبوون و ممارەسەى ئارەزوو و مافەکانى خۆى بکات. هەروەک (فۆکۆیاما) دەڵێت “بەڵام سەرکەوتنى دیموکراسیەت و بڵاوبوونەوەى بەخێرایى پێشبینى ئەوە دەکات بنەماکانى ئازادیى و یەکسانى کە لەسەرى دروست دەبێت رووداوى هەڕەمەکى یان بەرهەمى لاسەنگى و توندڕەویى نییە، بەڵکو لە واقیعدا ئاشکراکردنى سروشتى مرۆڤە وەک مرۆڤ کە تێکڕاى راستگۆیى و یەکڕوویى لەگەل خۆیدا زیاتر دەبێت بە هاووڵاتییەکى جیهانى…). دیموکراسیەت توانى زۆرترین ماف و دەستکەوت بۆ مرۆڤ دەست بخات و ئەو ئازادییە بەرچاوەى خولقاندوویەتى هۆکارێکى بنەڕەتى و گرنگى مانەوە و سەرکەوتنەکانییەتى.
عەبدولڵا ئۆجەلان لە کتێبى (مانیفێستۆى چارەسەرى دیموکراتییانە بۆ کێشەى کورد) ئاماژە بۆ ئەمە دەکات و دەنووسێت (سەرکەوتنى سیستمى دیموکراتى لەگەل کۆتایى هاتن بە سەدەى بیستەم، بە تایبەتى لەو سەردەمەى تەکنۆلۆژیا و ئامڕازەکانى بەرهەمهێنان گەیشتوونەتە ئاستێکى بەرز، ئەمەش هەر لە خۆڕا نەبوو، بەڵکو وابەستەیە بە میکانیزمى دیموکراتییەوە چوونکە هیچ سیستمێک نەبووە کۆمەڵگە و تاکە کەس بە گوێرەى سروشتیان ئاوها بخاتە گەڕ و خولقکارییان تێدا دروست بکات، ئەمەش ماناى ئەوە دەگەیەنێت سەرچاوەى دیموکراسیەت ئازادییە، ئەمە وەکو شتێکى سادە خۆى نیشانە دەدات، بەڵام بە زەحمەت پێش دەکەوێت و لەم رۆژانەدا ئەوە بە ئاشکرا دەرکەوتووە ئەم سیستمە خێراتر و بەهێزتر پێش دەکەوێت).
ب- لەبەرئەوەى کێشەى کورد لە عێراقدا و لە هەموو پارچەکانى تریش سەربارى ئەوەى کێشەیەکى مێژوویى و نەتەوەییە، لە هەمان کاتدا کێشەیەکى دیموکراسیشە، بۆ نموونە ئەگەر کورد بەسەر دەوڵەتێک یان چەند دەوڵەتێکى دیموکراسیدا دابەش بکرایە ئەوسا دەیتوانى بە سانایى و بە رێگا دیموکراتییەکان بڕیار لە چارەنووسى خۆى بدات، لە ئاوها حاڵەتێکدا نە پێویستى بە خوێنڕشتن هەبوو، نە پێویستى بە خەباتى شاخ و چەکداریى هەبوو، بەڵکو ئەمە تەنیا رژانە سەر شەقامى هاووڵاتیانى پێویست بوو، ئەویش بەشێوەیەکى هێمن و ئاشتیخوازانە، یان ئەگەر کورد لەنێو چەند دەوڵەتێکى دیموکراسیدا بژیایە نە دەچەوسایەوە و نە تووشى ئازار دەبوو نە ئەنفال و جینۆساید دەکرا. ئەمە لەلایەک و لە لایەکى تریشەوە لە هەلومەرجى ئێستا سیاسەتى نێونەتەوەیى و هاوپەیمانان لە عێراقدا ئەوەیە کوردى باشوور لە چوارچێوەى ئەو دەوڵەتەدا بمێنێتەوە، بۆیە بە دیموکراسیکردنى عێراق (بە باوەڕى من ئەگەرێکى دوورە) بۆ کورد دەبێتە سەرکەوتنێکى گەورە و بەشێکە لە خەبات و هەوڵدان بۆ دەستەبەرکردنى مافەکانمان.
بەپێچەوانەشەوە ئەگەر عێراق هەمان عێراقى دیکتاتۆریى پێشوو بێت یان ئەگەر چەند گۆڕانێکى رواڵەتى تیادا بکرێت، کێشەى کوردستان لە بازنە بۆشەکەدا دەخولێتەوە و مێژووش دووبارە دەبێتەوە، هەروەها بە واقیعى بینیمان کورد لە رێگاى کەمترین و بچووکترین ممارەسەرکردنى دیموکراسییەوە زۆرترین سوودى وەرگرتووە و بگرە بەهێزترین چەکى دەستێتى لە خەباتى ئەمڕۆى بزووتنەوەى رزگاریخوازى گەلی کوردستاندا، بۆ نموونە خەبات و هەوڵدانى دیپلۆماتى کە رەگەزێکى گرنگى دیموکراسیەتە بۆ ئەم قۆناغە زۆر بەهێزتر و کاریگەرترە لە خەباتى چەکداریى. لێرەوە وەڵامى پرسیارەکەى پێشوو بەو شێوەیەیە: ئێمە بۆیە خوازیارى دیموکراسین چوونکە سیستمێکى گونجاوە بۆ واقیعى ئەمڕۆى کۆمەڵى مرۆڤایەتى و سوودى گەورەش دەگەیەنێت بە بەرزکردنەوەى دۆزى نەتەوەیى کورد لە روو بە چارەسەربووندا.
پۆلێنى دیموکراسی
دیموکراسیەتى خۆرئاوا و خۆرهەڵات. زۆر جار گوێمان لەو جۆرە جیاکارییە دەبێت فۆرمى دیموکراسى لە خۆرئاوا جیاوازترە لە فۆرمى دیموکراسى رۆژهەڵات و بە پێى ئەم تێڕوانینە هەر کۆمەڵگایە و جۆرە دیموکراسیەتێکى تایبەت بە خۆى بەرهەم دەهێنێت، بەڵام لە راستیدا دیموکراسی بەرهەمى کولتوور و گەشەسەندنى ژیارى کۆمەڵگە خۆرئاواییەکانە، وەک (جۆرج کەنان) دەڵێت “دیموکراسی بریتییە لە شێوازێکى دەسەڵات لە سەدەى هەژدە و نۆزدەدا لە ئەوروپاى باکوور واتە سەرەتا لەناو وڵاتانى کەنارى دەریاى مانس و دەریاى باکووردا بەرجەستە بوو، دواتریش بەرەو ئەوروپاى ناوەند کشا و پاشان لەو شوێنانەى خەڵکى ئەوروپا زۆر جار لە وێنەى داگیرکەر پێکهێنەرى سەرەکى دانیشتوانى ئەو وڵاتە بوون، کۆمەڵێک نموونەى سەرتاپاگیرمان لە حکومەتى مەدەنیدا جێگیر کرد”، بەڵام:
ا-بێجگە لەوەى دیموکراسى سیستمێکى یونیڤێرساڵە، بەڵام بەپێى تایبەتمەندیى هەر کۆمەڵگایەک جیاوازە، بۆ نموونە ئەوروپا مۆدێرنە و رۆشنگەریی و رێنسانس و شۆڕشى فەڕەنساى بەخۆوە دیوە و بۆ ماوەى 25 سەدە زیاتر لە خۆ خوێندنەوەى بەردەوامدایە، هەر خودى چەمکى دیموکراسى چەندین سەدە بەر لە زایین مشتومڕ و توێژینەوەى لەمەڕ کراوە، هەروەها کۆمەڵگە خۆرئاواییەکان بە درێژایى هەزاران سال خاوەنى ژمارەیەک فەیلەسوف و بیرمەند بووە کە خوێندنەوەیان هەبووە و هەیە بۆ هەموو چەمک و لایەنە جۆراوجۆرەکانى هەبوون بە بەرجەستە و نابەرجەستەشەوە، خۆرئاوا چەندان فەیلەسوفى وەک (کانت و هیگل و رۆسۆ و لۆک و مارکس و نیتچە و فویرباخ و هایدگەر و فوکۆ و درێدا و لیوتار هتد..) لە هەناویدا سەریان دەرهێناوە و تێزەکانى خۆیان ئاڕاستە کردووە، بەڵام جێگەى خۆیەتى ئاماژە بۆ ئەوە بکەین ئەمە بەو مانایە نییە نموونەى دیموکراسى خۆرئاوا رەت بکەینەوە بە پاساوى ئەوەى نامۆ و نەگونجاوە لەگەل سروشت و پێکهاتەى کۆمەڵایەتی و کولتووریى کۆمەڵگە رۆژهەڵاتییەکان.
هەروەک (د. فالح عبدالجبار) لە وەڵامى پرسیارێکدا کە دیموکراسیەت پارادایمێکى خۆرئاواییە و بۆ خۆرهەڵات نابێت، بەم جۆرە وەڵام دەداتەوە (ئەوە گووتارێکى زۆر کۆنە، زۆر دەمێکە دیکتاتۆرەکان بانگەشە بۆ ئەوە دەکەن، راستییەکەشى ئەوەیە ئەوان بۆ دیموکراسى نابن نەک دیموکراسى بۆ خۆرهەڵات نابێت. دیموکراسی راستە لە رووى بابەتی و سەرهەڵدانەوە هەڵقوڵاوى خۆرئاوایە، بەڵام جیهانییە و چەمکێکە هەموو مرۆڤایەتى دەتوانێت سوودمەند بێت لێى). لە دەرەنجامدا دەگەینە ئەو بڕوایەى دیموکراسی چەمکێکى یونیڤێرساڵە هەر چەندە لە پراکتیزەکردنیدا لە کۆمەڵگەکاندا جیاواز دەکەوێتەوە، ئەویش پابەندە بە سروشتى کۆمەڵایەتی و گەشەسەندنى ژیاریى و ئەپستمۆلۆژیى و تەکنۆلۆژیى و پیشەسازیى، لە واقیعدا تەکنۆلۆژیا و پیشەسازیى دوو فاکتەرى گرنگى دیموکراسیبوونن، تەنانەت ئەمە وای لە (فۆکۆیاما) کردووە، بڵێ (دیموکراسیبوون بەستراوە بە پیشەسازییبوونەوە).
ب-فۆتۆکۆپیکردن و وەرگرتنى رواڵەتیی دیموکراسى لەگەلێک جێگەدا دەبێتە هۆى زیان گەیاندن بە کۆمەڵگە رۆژهەڵاتییەکان و لە زۆر شوێنیشدا بە زیانى کێشەى نەتەوەیى تەواو دەبێ یان لە قازانجى ئابووری و سیاسیى نەتەوەیەک نییە لە کاتێکدا دیموکراسی بە فۆرمە رواڵەتییەکەی نەک خۆرئاواییەکەى لە نێویدا پراکتیزە بکرێت، بۆ نموونە ئەگەر لە رێگەى پرۆسێسى دەنگدانەوە کە یەکێکە لە کۆڵەکە سەرەکییەکانى دیموکراسى هەموو عێراقییەکان بچنە بەردەم سندوقەکانى دەنگدان بۆ دیاریکردنى چارەنووسى کێشەى کورد لە عێراق یان بۆ دیاریکردنى شێوەى دەسەڵاتى فەرمانڕەوایى لە وڵاتەکەدا زۆر سلبیى دەشکێتەوە بە تایبەتى بۆ گەلی کورد، چوونکە زۆرینە بە پێچەوانەى خواستى نەتەوەى کوردەوە دەنگ دەدەن بە عێراقى یەکگرتووى ناوەندیى دیکتاتۆریی. بۆیە دەبێت دیموکراسى بەهەموو تان و پۆیەکەوە پیادە بکرێت نەک بەپێى هەلومەرج و ژینگە کۆمەڵایەتییەکان و حاڵەتە ئیستسنائییەکان گۆڕانى بەسەردا بێت.
ج-ئەو دیموکراسیەتەى لە خۆرئاوادا سەریهەڵداوە و هەیە بەشێوەیەکى هارمۆنى ئاوێتە بووە لەگەل کەسێتى و ژیانى ئابوورى و کۆمەڵایەتی سەرجەم تاکە رۆژئاواییەکان، لەم روانگەیەوە پێویستە لە خۆرهەڵاتیش جۆر و مۆدیلێک لە دیموکراسی بەرهەم بهێنرێت و گەشە بکات سەرەڕاى سوود وەرگرتن لەبنەما ستاندارەکانى دیموکراسى رەچاوى سروشتى کۆمەڵگە و تاکەکانى ناوى بکات و بەشێوەیەکى هاوگونجاو لەگەل ئەو ستایلە لە دیموکراسی بە یەکیان بگەیەنێت، ئێمە لە کوردستان بۆ ئەوەى پڕۆژەیەکى دیموکراسیمان هەبێت بۆ کۆمەڵگە پێویستە تەنیا بنەما و هێڵە گشتییەکانى دیموکراسى خۆرئاوایی وەربگرین نەک نموونە پراکتیککراوەکەى.
رەخنەگرتن و دیموکراسی
هەمیشە وا فێربووین بە دیوە نێگەتیڤەکەدا لە رەخنەگرتن بڕوانین و وا سەیرى بکەین کاتێک رەخنەگرێک راڤەیەکى رەخنەییانە بۆ تێکستێک دەکات مەبەستى تەنیا دەرخستنى کەموکورتى و رووە لاوازەکانى کارەکەیە، رەنگە ئەمەش پەیوەندییەکى سایکۆلۆژیى بەو حاڵەتە کوردییەوە هەبێت هەردەم رەخنە بەو دیوەدا کارى کردووە، بەڵام لە بیرمان چووە رەخنە چەکێکى دووسەرە و بێجگە لەوەش هەوڵێکە بۆ درێژەدان بە ئاخاوتن و جۆرێکە لە جۆرەکانى ئەپستمۆلۆژیا (مەعریفە). هەروەها من باوەڕم وایە رەخنەگرتن ژانر و عونسورێکى زۆر گرنگى دیموکراسییە و لە هەر جێگەیەک دیموکراسی هەبێت لە پاڵیدا رەخنە وەک چەکێکى راڤەکارانە بە مەبەستى بەردەوامیدان بە ئاخاوتن و پڕۆژەکان ئامادەیى هەیە، بەڵام دیارە مەبەستمان لەو جۆرە رەخنەکارییە کلاسیکیى و نازانستییانە نییە بە تایبەتى لە ناوەندى رۆشنبیریى و سیاسیى ئێستادا بوونى هەیە. بەڵام هەروەک وتمان رەخنە چەکێکى دووسەرە و بەسەر ئەم دوو جۆردا دابەشبووە:
ڕ-رەخنەى بونیادنەر و گەشەپێدەر: ئەم جۆرە لە رەخنە لەسەر بنەمایەکى لۆژیکی و بە شێوەیەکى بابەتییانە و زانستیانە فۆرمۆڵە کراوە و ئاڕاستە دەکرێت، ئەم جۆرە لە رەخنە نەک هەر زیان ناگەیەنێت بەڵکو پێویستییەکى بەردەوام و زیندووێتى کۆمەڵگا و رەوڕەوەى پێشکەوتنى پڕۆژەکانە. بنەماى ئەم رەخنەیە وەک باسمان کرد بنەمایەکى مەعریفى و عەقڵانییە و تیایدا رەچاوى سترۆکتۆرە دیموکراسییەکان کراوە.
ب- رەخنەى رووخێنەر و رووشێنەر: ئەم جۆرە لە رەخنە، رەخنەیەکى نابابەتى و نائەکادیمییە و دوورە لە عورف و بنەماکانى رەخنە و ژیربێژیى دیموکراسییەوە. ئەم شێوەیە لە رەخنەگرتن ئیفرازاتێکى خراپ بەکارهێنان و خراپ تێگەیشتنە لە چەمکى دیموکراسی و ئازادیى بیروڕا، رۆڵە نێگەتیڤەکەى کار دەکاتە سەر دیموکراسی بە ئاقارى شێواندنیدا، ئەمەش بەو مانایەى لە فەزا و زەمینەیەکى دیموکراتیکدا بیرى نامۆ و دژە سیستم سەر دەردەهێنێت کە دوور نییە ئایندەى دیموکراسى بخاتە بەردەم هەڕەشە و مەترسییەوە.
رۆشنبیران پشکى شێرى رەخنەگرانیان بەردەکەوێت یان بە مانایەکى تر داینەمۆى بەرهەمهێنانى ترادیسیۆنى رەخنەن، بەڵام ئەوانیش لە رەخنەکانیاندا بەدەر نەبوون لە کەموکورتى و بەزاندنى سنورەکانى دیموکراسییدا، بۆیە دەشێت بڵێین پێویستە رەخنەى رۆشنبیر لەسەر دوو میحوەر بێت یان بە دوو جۆر بێت کە هەر جۆرێکیان شێوازێکى جیاواز لە رەخنەیان گەرەکە :
ا-ئاستى نەتەوەیى: پێویستە رەخنەکانى رۆشنبیر بە جۆرێک نەبێت بە زیان بشکێتەوە بۆ کێشەى نەتەوەیى یاخۆ ببێتە مەترسیى لەسەر ئاسایشى نەتەوەیى، بە تایبەتى لە رۆژگارى ئەمڕۆى کوردستاندا بارودۆخەکە بە حاڵەتێکى هەستیار و ناسکدا گوزەر دەکات، نابێ رۆشنبیر یان رەخنەگر بەو ئاڕاستەدا کار بکات یان رەخنە بگرێت کاریگەریى خراپى هەبێت لەسەر بارودۆخى سیاسیى کوردستان، ئەمە بەو مانایە نییە ئەزموونە عەرەبییەکە لە کوردستاندا دووبارە بکرێتەوە چوونکە ئەوەى ناویان ناوە نیشتمانى عەرەبیی و سنوورەکەى لە کەنداوەوە بۆ ئۆقیانووس درێژ بۆتەوە و کۆى دەوڵەتەکانیشى (22) دەوڵەتە، هەر جۆرە دیموکراسی و پرۆسەیەکى دیموکراسییانەیان دواخستووە بۆ دواى رزگاربوونى قودس و راگەیاندنى دەوڵەتى فەلەستین. ئەمڕۆ نەخوێندەواریى و بێکاریى و هەژاریى و تۆڕ و گروپى توندڕەویى سەرتاپاى کۆمەڵگە عەرەبییەکانى بەرەو پاش گەڕاندۆتەوە یان لە خراپترین بارودۆخدا رایگرتووە، کاتێکیش پێیان دەوترێت بۆ هەول نادەن بۆ دیموکراتیزەى کۆمەڵگاکانتان؟ لە وەڵامدا دەڵێن با قودس رزگار بکرێت!!. بۆیە نابێت کورد بە ناوى پاراستنى ئاسایشى نەتەوەییەوە زمانى رەخنە بدورێ و بیسپێرێت بۆ دواى رزگاربوونى تەواوەتى کوردستان.
ب-ئاستى دیموکراسى: لێرەدا دەبێت رۆشنبیر هەوڵ بدات و کار بکات تاکو رەخنەکانى خۆى شەفاف و ئاشکرا بەیان بکات لە بەرامبەر هەر پێشێلکردنێکى پرنسیپەکانى دیموکراسی، ئەمە هەم بەبێ زیان گەیاندن بە ئاسایشى نەتەوەیی و هەم دوورکەوتنەوە لە هەمان ئیشکالییەت کە لە دنیاى عەرەبیدا هەیە. رۆشنبیریش وەکو ئەرکێکى ئەخلاقیى لەسەر شانییەتى داکۆکیى بکات لە کێشەکانى کۆمەڵگە و تاکەکان. بە تایبەتى دواى ئەوەى سەدەیەک و چوار ساڵ لەمەوبەر (ئەمیل زۆلا) وتارى (من تاوانبار دەکەم)ى نووسى بۆ بەرگریکردن لە ئەفسەرى جوو (درایفۆس) و ئەرکێکى قورسى ئەخلاقیى خستە ئەستۆى رۆشنبیر. ئیدى چیتر رۆشنبیر کەسێک نییە لە دنیاى یۆتۆپیا و بورجى عاجدا بژى بەڵکو رۆشنبیر کەسێکە بەرگریى دەکات لە مافى هەموو هاووڵاتیان بێ لە بەرچاوگرتنى هەر جیاوازییەک، ئەمەش بە پێچەوانەى تێڕوانینە نەریتییەکەوە کە واى دەبینێ رۆشنبیر کەسێکى نائاسایى و دابڕاوە لە کۆمەڵەکەى و لە شوێنێکى تایبەت و باڵاتردا ژیان دەباتە سەر. بە کورتى رۆشنبیر بێجگە لەوەى لە کۆمەڵگەدا مەعریفە بەرهەم دەهێنێت، بەڵام بەرپرسیاریشە لە بەردەم پێشێلکاریى و تاوان و جینایەت لە کۆمەڵدا، دەبێت بە توندترین شێوە دەنگ هەڵببڕێ و بەشداریى بکات لە پەرچەکردارەکاندا دژى ئەو تاوانانە.
دیموکراسی چۆن گەشە دەکات؟
دیموکراسی چەمک و هەبووەیەکە گەشە دەکات و بەرەو هەڵکشان و داکشان دەچێت، دەشێ لە زەمینە و جێگایەکەوە بگوازرێتەوە بۆ زەمینە و شوێنێکى تر، بەڵام کۆمەڵێک فاکتۆر هەن لە رێگەیانەوە دیموکراسی گەشە دەکات، من لێرەدا ئاماژە بۆ سیانیان دەکەم:
ا-دەسەڵاتى سیاسیى: دەسەڵاتى سیاسیى وەک ئەرکێکی سەرشانی دەبێت کۆمەڵێک بنەما دابمەزرێنێ تا لەسەر ئەو بنەمایانە دیموکراسی گەشە بکات و شۆڕبێتەوە بۆ ئاستى جەماوەریى و میللیی، ئەمەش بەو مانایە دەسەڵاتى سیاسیى خۆى پڕۆژەى عەقڵانى و پلان بۆ داڕێژراوى سەربەخۆى هەبێت بە ئاقارى دیموکراتیزەى وڵاتدا. هەرچەند دیموکراسی شتێکى فەوقى نییە و لە خوارەوە لە شانە بچوکەکان دەست پێدەکات بۆ سەرەوە تا دەگات بە سیستمى سیاسیى، بەڵام ئەمە شەرعییەت نادات بە دەسەڵات خۆى بدزێتەوە لە پڕۆژەیەکى سەربەخۆ بۆ دیموکراتیزەى کۆمەڵگە.
ب-رۆشنبیر: یەکێک لە ئەرکەکانى رۆشنبیر بەرهەمهێنانى مەعریفەیە، بەدڵنییاییەوە ئەم مەعریفەیە تەنیا لە خەیاڵدانى تیۆریسۆن و خودى رۆشنبیردا قەتیس نابێت، بەڵکو پێچەوانە دەبێتەوە بۆ ئاستى کۆمەڵایەتی، ئەمە هەروەک (ریژێ دۆبرێ) دەڵێ (رۆشنبیر ئەو کەسەیە لە ژوورەکەى خۆیدا دانیشتووە و سەرقاڵى بەرهەمهێنانى مەعریفەیە). بۆیە رۆڵ و پێگەى رۆشنبیر لە پەخشکردن و وەشانى کولتوورى دیموکراتیدا گرنگى خۆى هەیە و بەهەند وەردەگیرێت.
ج-جیهانگیریى: شۆڕشى زانیاریى و پەیوەندیی گرتن و بچووکبوونەوەى جیهان بۆ ئاستى گوندێکى بچووک رۆڵى هەیە لەسەر رێگاى بە جیهانیبوون و گەشەکردنى دیموکراسیدا. ئەمەش بەهۆى بەر یەک کەوتن و لێک نزیکبوونەوەى ژیارەکان لەگەل یەکترى، بێگومان نزیکبوونەوە و بەر یەک کەوتنى شارستانى رۆژهەڵاتی پەڕاوێز لەگەڵ شارستانى رۆژئاوایى سێنتەر دەبێتە هۆکارى گەشەکردنى دیموکراسی لە خۆرهەڵاتدا! ئەمە لە کاتێکدا ناسنامەى سیستمى سیاسیى و ئاینیى رۆژهەڵات لە توانایدا نییە کێبڕکێ لەگەل شارستانێتى خۆرئاوا بکات.
شۆڕشى چەکداریى کورد و دیموکراسی
بە درێژایى سەدەى بیستەم کورد بەردەوام بووە لە خەبات و بەرپاکردنى شۆڕشە یەک لە دواى یەکەکان کە هەر یەکێکیان دواى کۆتاى پێهێنان و لەناوبردنى بە سیاسەتى ئاگر و ئاسن و تیرۆر زەمینەیان بۆ شۆڕشێکى نوێ خۆش کردووە، لەو باوەڕەدام لە سەدەى رابردوودا هیچ نەتەوە و گروپێکى ئیتنى نەبووە هێندەى کورد خەبات و شۆڕشى کردبێت، بەڵام تاکە نەتەوەیەک ئێستاشى لەسەر بێت خاوەنى دەوڵەتى نەتەوەیى نییە دیسان ئەویش هەر کوردە. بە سروشتى خۆیشى شۆڕش بە تایبەتى شۆڕشى چەکداریى خەسڵەتێکى توندوتیژ و ئەنتی دیموکراسیانەى هەیە، هەر لەو گۆشەنیگایەوە شۆڕشەکانى کورد بەم جۆرە هەڵدەسەنگێنین:
ا –خودى خەبات و شۆڕشەکان دژى دەسەڵاتە دیکتاتۆرییەکان بووە لەو وڵاتانەى کوردیان بەسەردا دابەشکراوە، پێشتر وا بیرم دەکردەوە دەشێ و گونجاوە لە پەنا شۆڕشى نەتەوەییدا بە شۆڕشێکى دیموکراتخوازانە حیسابیان بۆ بکەین، ئەگەر نمونەى عێراق وەربگرین ئەم دەوڵەتە هەر لە سەرەتاى دامەزراندنییەوە (ساڵى 1922) تا ئێستا هیچ رژێمێکى فەرمانڕەوا، دیموکراسى نەبوون، بەڵکو لە خراپترین و توندوتیژترین و کۆنەپەرسترین دیکتاتۆرەکانى ناوچەکە بوون. لەگەڵ ئەوەشدا شۆڕشکردن دژی دیکتاتۆریی مەرج نییە بە شۆڕشی دیموکراتی حیساب بکرێت.
ب-کورد نەتەوەیەک بووە بە بەردەوامى جینۆساید و پاکتاو و قڕ کراوە و هەموو دەرگاکانى دیالۆگى لەبەردەم داخراوە، تاکە کەناڵێک دیفاعى پێکردوە لە بوونى خۆى بریتى بووە لە خەباتى چەکداریى و هەڵگیرساندنى شۆڕش، هەرچەندە توندوتیژیى لەم خەباتەدا بەرجەستە بووە و هەبووە، بەڵام دیسان ئەمیش لە ژێر بارى ناچاریدا بووە، بە پێچەوانەشەوە کورد ویستویەتى بە رێگاى ئاشتى و لێک تێگەیشتن مافەکانى خۆى بەدەست بهێنێت، هەرگیزیش خوازیارى جەنگ و کاولکاریى نەبووە. بۆ وێنە ژەنەرال بارزانى بە تەواویى لە نیەتەکانى دەوڵەتى ناوەند تێدەگەیشت و کۆتایى یارییەکانى لا ئاشکرا بوو، نەک هەرگیز رێى ئاشتى و مفاوەزاتى رەت نەکردۆتەوە بەڵکو دەستپێشخەربووە بۆ دیالۆگ و رێگاچارەى ئاشتیانە بۆ کێشەى کورد. بۆ ئەم مەبەستە بڕوانن بۆ چوار ئاگربەست و دانوستان لە کۆى چواردە ساڵى شۆڕشى ئەیلول.
ج-کورد لە گەرمە و هەناوى خەبات و شۆڕشى چەکداریدا کۆمەڵکوژیى و کوشتنى دیل و لە ناوبردنى خەڵکى سڤیلى ئەنجام نەداوە، ئەگەریش حاڵەتێکى وا روویدا بێت زۆر شاز بووە و پەیوەندیى هەبووە بە هەستى تۆڵەسەندنەوەى کەسەکانەوە نەک بە ستراتیژ و مەبدەئەکانى شۆڕشەوە، دەبینین خەباتکارانى کورد هیچ کات تیرۆر و کارى کوێرانەى کوشتنیان بە ئەنجام نەگەیاندووە، تەنانەت لە بەرامبەر گەورەترین تاوانبار و داگیرکەردا کە هیچ درێغییەکى نەکردووە لە لەناوبردنى هاووڵاتیانى کورد. هەر بۆ نموونە لە دواى پرۆسەى ئازادیى عێراقەوە کورد لە قوربانییەوە نەبوو بە جەلاد و دەستى تۆڵە و تیرۆرى درێژ نەکردووە بۆ هیچ کەسێک ئەم سیاسەتەش ئەوەندە نەرمونیانى تیایە زۆرێک لە تاوانبارانى ئەنفالچى و کوردکوژ لە دادگا دەربازیان بوو و کەوتنە بەر بارانى غوفران، رەوشى ئەمڕۆى کەرکوک نموونەیەکى ترى زیندووە کە کورد لەسەر خاکى خۆى زیاد لە هەموو ئەوانى تر پەرۆشى برایەتى گەلەکانى ناویەتى کە لە راستیدا ئەم هەڵوێستەى کورد زۆر خراپ بەکاردەهێنرێ، تەنانەت مافى کوردى پێ زەوت دەکرێت.
ئەزمونى دیموکراسی لە کوردستان
لە دواى راپەڕینى ساڵى (1991) و هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان لە مایسى (1992)دا بانگەشەکردن بۆ دیموکراسی و کۆمەڵگەى مەدەنى بۆتە وێردى سەر زمانى دەسەڵاتداران و هێزە کوردییەکان بێجگە لە چەند گروپێکى رادیکاڵی چەپ و ئیسلامى. بەڵام ئەو پرسیارە لە خۆمان دەکەین تا چەند ئەزموونى کوردستان نزیکایەتى هەیە لەگەڵ دیموکراسی و هاوتەریبە لەگەل بنەماکانى دیموکراسى؟ ئاخۆ دیموکراسی تا چەند لە دیکۆر یان بە مانایەکى تر لە دروشمەوە گواستراوەتەوە بۆ واقیع و گۆڕەپانى جێبەجێکردن؟ تا چەند توانیومانە بەشێوەیەکى تەندروست و ئەقڵانى ئەم مەفهومە وەربگرین و هەر بەو شێوە عەقڵانییە زەمینەسازیى بکەین بۆ خستنە بوارى جێبەجێکردنییەوە، بۆ رۆشنایى خستنە سەر ئەم پرسیارانە ئەم خاڵانە دەوروژێنین:
ا-شەڕى ناوخۆ: شەڕى ناوخۆ یان ئەوەى بە مانا میللى و باوەکەى کە پێى دەوترێت شەڕى براکوژیى، ریشە و باکگراواندێکى مێژوویى هەیە لە نێو کورددا، ئەوى سەدان ساڵ لەمەوبەر ئەمارەت و دەوڵەتۆچکە کوردییەکان لە یەکتر کوشتندا تۆماریان کرد ئەوا لە سەردەمى نوێدا پارتەکانى کوردایەتى رەشتر و تووندتر دووبارەیان کردەوە. بۆیە ئەم شەرە تا چەند ململانێ و ناکۆکى سیاسیى بووە بە قەد ئەوەش ریشەیەکى کولتووریى هەیە، بە تایبەتى لە ناوەڕاستى سەدەى بیست بە دواوە نەوەیەک هاتۆتە بوون و بە شێوەیەک پەروەردە بووە بوونى خۆى دەبەستێتەوە بە سڕینەوەى هەموو ئەوانیترى دەرەوەى بیرکردنەوە و روئیا و دنیابینى خۆى. نەوەیەک تەنیا لە توانایدا بوو لە رێى بەکارهێنانى توندوتیژییەوە کەناڵیزەى ململانى و جیاوازییەکانى خۆى بکات، ئەمەش راستەوخۆ دەمانباتەوە سەر ئەو هەقیقەتەى دیموکراسى و کولتوورى دیموکراسى کە تیایدا یەکتر قبوڵکردن و یەکترناسین هەیە لەلاى پارتە کوردییەکان و تاکى کوردى شتێکى نامۆ و نەناسراوە.
ب-هەڵبژاردن: یەکێک لە فینۆمینەکانى کۆمەڵگە دیموکراسییەکان هەڵبژاردنە، ئەمەش بەوەى هەر چین و توێژێک تا دەگات بە کۆى جەماوەرى گەل بەشێوەیەکى ئازادانە و دوور لە سانسۆر لە رێگەى سندوقەکانى دەنگدانەوە نوێنەرى خۆیان لە سەندیکا یان پەرلەمان هەڵدەبژێرن. ئێمە لە کوردستان چەندان نموونەى هەڵبژاردنمان هەیە لە نێوانیاندا هەڵبژاردنى پەرلەمان، بەڵام هیچکام لەو هەڵبژاردنانە دوور لە سانسۆر و چاوسوورکردنەوە نەبوون و هاوکات بە شێوەیەکى ناپاکژ و پڕ لە خوروقات و پێشێلکردن و لادان لە پرنسیپە دیموکراتییەکان بەڕێوە چوون. هەڵبژاردنى شارەوانییەکان کە چوار سال لەمەوبەر ئەنجامدرا نموونەیەکە، ئەو هەڵبژاردنە بەدەر لەوەى چەندین تەزویراتى جۆراوجۆرى تێدا کرا، جۆرێکیش لە فشارى مەعنەویى خرایە سەر هاووڵاتیان و ئەمەش بووە هۆى دروستکردنى دڵەڕاوکێ بۆ تاکەکان. هەڵبژاردنى نوێنەرایەتى قوتابیان و خوێندکاران کە لە سەرەتاى ئەمساڵدا ئەنجامدرا ئەوەى بۆ سەلماندین هێشتا تارمایى دیکتاتۆریی ئاسمانى ئێمەى بەر نەداوە و هێشتاش رگارمان نەبووە لە تەڵزگەکانى تۆتالیتاریزم.
بەڕێز (مام جلال) لە راپۆرتى گشتیى بۆ کۆنگرەى دووەمى یەکێتى نیشتمانى کوردستان دەنووسێت (بۆ دابینکردنى دیموکراسى راستەقینە کە لە ناوەڕۆکیدا ماناى حوکمى خەڵکە، پێویستە ئازادیى و سەربەستى هەڵبژاردن دابین بکەین هەر لە هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى گوندەوە بیگرە تا ئەنجوومەنى شارەوانى و ئینجا ئەنجوومەنى نیشتمانى، چوونکە ئەمانەنە بنەماى دیموکراسى راستەقینە و سەربەستى دیموکراتییەکانن کە باسمان کردن، هەم بەشێکن لەو دیموکراسییە هەم وەسیلە و هۆى بەکارهێنانى مافى دیموکراتیکن، بۆ خەڵک لە حوکمڕانى خۆیدا لە هەموو پلەکانى ژیانیدا و لە دیاریکردنى چارەنووس و ژیانى سیاسیى و ئابوورى و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگى خەڵک خۆیدا). بەڵام دەپرسین تاچەند ئەم رایانە پێچەوانە کراونەتەوە ناو واقیع و تا چەند هێزە کوردییەکان مافى هەڵبژاردنیان پێشێل نەکردووە و نایکەن؟ جا نەخاسمە گەڕانەوە بۆ راى خەڵک و بەهەند وەرگرتنى بۆچوونەکانیان لەمەڕ چارەنووسى خۆیان و وڵاتەکەیان.
ج-فرە پارتى و ئازادیى بیروڕا: دیموکراسى تەنیا بریتى نییە لە هەڵبژاردن و پرۆسەى دەستا و دەستکردنى دەسەڵاتى سیاسیى لە نێوان پارتە سیاسییەکاندا بەڵکو ئەمە تەنیا لایەنێک و روویەکى دیموکراسییە، بەڵکو دیموکراسی بەشێوە گشتییەکەى بریتییە لە زەمینە و فەزایەکى ئازاد و کراوە و دوور لە سانسۆرى سیاسیى و کۆمەڵایەتی و چوارچێوەکانى حزب و خێڵ و بنەماڵە و قوتابخانە و خێزان. لە دیموکراسیدا هەر مرۆڤێک ئازادە چۆن و بە چ شێوەیەک ممارەسەى ژیان دەکات و خاوەنى چ بیروباوەڕێکى سیاسیی و چ ئاینێکە، کەسیش مافى ئەوەى نییە رێگریى لە بەردەم بیر و باوەڕەکانى کەسانى تردا دروست بکات، هەروەک (جۆن ستیوارت میل) لە کتێبەکەى خۆیدا بە ناوى (ئازادیى) دەڵێت (تەواوى مرۆڤایەتیش مافى ئەوەى نییە دەمى کەسێکى ناڕەزامەند و نەیار ببەستێت و رێگەى دەربڕینى بیروباوەڕەکانى لێ بگرن) هەر چەندە ئەم ئازادییە بەرفراوانە فاکتۆرێکى بەهێزە بۆ سەرهەڵدانى چەندان نەریت و تێڕوانینى مەترسیدار و کوشندە، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت سنوورەکانى ئازادیى بەر تەسک بکرێتەوە و دیموکراسی لە بنەما سەرەکییەکانى خۆى ئازادیى و سەربەخۆییە دابماڵرێت.
ئەگەر کۆمەڵگەیەکى وەک سوێد بە نموونە بهێنمەوە، سوێد کۆمەڵگەیەکى دیموکراسى فرە کولتوورە و هەر کەسێک ئازادە بە شێوەى ئاسایى و بێ گیروگرفت بە پێى نەریت و کولتوورى خۆى ممارەسەى ژیان بکات کە رەنگە ئەم سیاسەتى فرە کولتوورییە رەنگدانەوەى خراپى هەبێت لە لاى پەنابەران! چوونکە لەوانەیە پەنابەرێک سەرپێچى یاسا بکات و چوارچێوە دیموکراسییەکان ببەزێنێت بە پاساوى جیاوازیى کولتوورەوە. بۆ نموونە چەندان ئافرەت لە ناو جەرگەى ئەوروپادا بە بیانووى ناموسپەرستییەوە دەکوژرێن و جیاوازیى کولتووریى و سیاسەتى هەر کەسەو بە پێی کولتوورى خۆى کراوەتە پاساو و بەهانە بۆ ئەنجامدانی ئەم تاوانانە. بەڵام هێشتا ئەمە بە ماناى ئەوە نییە ئازادیى بۆ خەڵک دەستەبەر نەکرێت، ئەگەر لە رووى دیموکراسیشەوە کوردستان بەراورد بکەین بە ئەوروپا دەبینین، نموونەیەکى خراپ بەرجەستە بووە و هەردەم مافى را دەربڕین و ئازادیى بیر و بۆچوون یاساغ کراوە و هەر کەسێک هێڵى سوورى دەسەڵاتى شکاندبێت یان سەرکوتکراوە یان ئاوارەى هەندەران بووە.
هەر ئەو نموونە فرە پارتییەى لە ئارادایە بەهۆى هەلومەرجێکى تایبەت و ئەمرى واقیع هاتبووە بوون، هەمووان لە بیرمان نەچووە لە سەرەتاى راپەڕیندا دوو پارتە سەرەکییەکە بە چ شێوازێک هەوڵیاندا پارتەکانى دیکە ئەوانەى لە رووى نفوسى جەماوەریى و تواناى سەربازیى و ماددییەوە لەوان بچووکتر بوون، قووت بدەن و شەڕەکانى یەکێتى و بزووتنەوەى ئیسلامى و پارتى و سۆسیالیست سەرەتاى ئەو ئۆپەراسیۆنانە بوون بۆ ئەو ئامانجە، بەڵام کاتێک ئەم کارە دەبێتە کارێکى قورس و زەحمەت، سیاسەتى تواندنەوە و لەناوبردن دەگۆڕن بە سیاسەتى بە پاشکۆکردن، ئەمەش لە بەر ئەوەى هەموو ژێدەرە ئابوورییەکانى کوردستان لەلاى ئەوان بوو، ئەو پارتانەیان ناچار کرد لە حاڵەتى ئۆپۆزسیۆنبوونەوە بچنە حاڵەتى پاشکۆبوون، هەروەک لە کاتى شەڕى ناوخۆدا بینیمان چۆن پارتە بچووکەکان بێجگە لە یەکگرتووى ئیسلامى بوونە پاشکۆى سیاسەتەکانى پارتى و یەکێتى.
د-مافە سەرەتایى و مەدەنییەکان: هەر مرۆڤێک لە ژیاندا ئازادە چۆن و بە چ شێوەیەک دەیەوێت، بەو شێوەیە لە ژیاندا درێژە بە بوونى خۆی بدات و هیچ کەس و دەسەڵات و دامەزراوەیەک مافى ئەوەى پێ نەدراوە دەست بهێنێتە رێى ئەو شێوە ئازادانەیەى مرۆڤێک خۆى باوەڕى پێ هێناوە لە ممارەسەکردنى ژیان و ممارەسەکردنى ئازادییە سەرەتایى و مەدەنییەکانى. هەر مرۆڤێک بەبێ لەبەرچاوگرتنى رەگەز و تەمەن و رەنگ و پلە و پایە و ئۆتۆرێتى سەربەستە لەوەى چى دەپۆشێت و چى دەخوات و چۆن ژیانى خۆى دابەش دەکات، لەو کاتەی سەرمایەداریى گەشە دەکات مرۆڤ دەرباز دەبێت لە تابۆکانى کڵێسە و کۆت و پێوەندەکانى سیستمى فیوداڵى و بەشێوەیەکى ئازادانەتر لە جاران ژیان دەباتە سەر و ئازادییەکانى خۆى بەدەست دەهێنێت و سەرمایەگوزاریى دەکات، هەر بۆیە بوونى دیموکراسى بەستراوەتەوە بە سەرمایەدارییەوە، هەر لەم رووەوەیە کۆمۆنیزم لەگەل دیکتاتۆرییدا ئاوێتە دەبێت، چوونکە کۆمۆنیزم جەخت دەکاتەوە لەسەر هەڵوەشاندنەوەى خاوەندارێتى تایبەت کە رەگەزێکى گرنگى دیموکراسییە.
دیسان لەم رووەوە لە کوردستان ئەزمونێکى تاڵمان هەیە و هێشتا تاکى کورد وابەستەى کولتوورى کۆنەپەرستانەى مەزهەب و خێڵە، دەسەڵاتى سیاسیش زیاتر قوڕەکەى خەست کردۆتەوە و نایەوێت خەڵک بە مافەکانى ئاشنا بێ و فێرى داواکردنى مافەکانى خۆى بێت! چوونکە ئەمانە لە بەرژەوەندیى دەسەڵاتى کوردیى نین کە دەسەڵاتێکى حزبییە و بەم پێیەش زیانى دەبێت بۆ ستراتیژى گەوجکردن. هەردەم دەسەڵاتداران نەیانویستووە جەماوەر فێرى نەریتى خۆپیشاندان و ناڕەزایەتى دەربڕین و کارى دەستەجەمعى سەربەخۆ بێت لە دەرەوەى بازنەى حزب تەنیا لە کاتێکدا نەبێت خۆى پێویستى پێیەتى، ئێمە کۆمەڵگا و سیستمێکى سیاسیمان هەیە بە هاوبەشى تاکەکانى ناو کۆمەڵ دەچەوسێننەوە و ئازادییەکانى سەرکوت دەکەن و غەریزەکانى دەچەپێنن. زیادەڕۆیش نییە ئەگەر بڵێین کۆمەڵگەى کوردیى کۆمەڵگەیەکى پاشکەوتووى چەپێنراوە و تیایدا مرۆڤ تەجرید کراوە لە هەموو مافە سەرەتایى و مەدەنییەکانى خۆى، بۆ بەدبەختیش تاکەکانى هەستیان بە چەوساندنەوە و سەرکوتى خۆى نەکردووە و ئاشنا نین بە مافەکانى خۆیان چ وەک مرۆڤ چ وەک هاووڵاتییەک لە وڵاتدا.
بەو پێیەی مرۆڤى کورد هەڵهێنجراوى کولتوورە چەپێنەرەکەى بووە و چەوساندنەوەى ژنان و منداڵان باشترین نموونەى ئەم سەرکوتکردنەیە بە تایبەتى کە کۆمەڵى کوردیى بەردەوامە لە تیرۆر و هەتکردنى ژنان و بە کۆیلەکردنیان لە چوار دیوارى ماڵدا، لەم کاتەدا ئەوەم بەبیر دێتەوە لەم ماوەیەى رابردوودا رۆژنامەى (سلێمانى نوێ) چاوپێکەوتنێکى لەگەڵ مامۆستایەکى بەریتانیدا بە ناوى (ستیڤ هارڤى) کە مامۆستاى زمانە لە شارى سلێمانى سازداوە و پرسیارى دەربارەى ئافرەتى کورد لێکراوە ئەو لە وەڵامدا دەڵێ “ژنى کورد پابەندى نەریتى کوردەوارییە، بۆ نموونە ئەگەر دواى کاتژمێر هەشتى شەو کۆڕێک بۆ شیعر خوێندنەوە ساز بدەم بە دەگمەن ژنان تیایدا ئامادە دەبن” ئەمە چەپاندن و سوکایەتیکردن بە لاوان و کپکردنى هیوا و خواستەکانیان لەو لاوە وەستابێ، کە من رێگە بە خۆم دەدەم بێژم مرۆڤى کورد مرۆڤێکى داڕنراوە لە هەموو جۆرە مافێکى سەرەتایى و مرۆڤانەى خۆى.
ه-نموونەى کوردستان: زۆرجار ئەوەمان بەر گوێ دەکەوێت ئەزمونى سیانزە ساڵى رابردووى باشوورى کوردستان نموونەیەکى سەرکەوتووى دەسەڵاتى دیموکراتییانە بووە و تەنانەت زۆرێک لە ناوەندە سیاسییەکان پێشنیارى گواستنەوەى ئەم نموونەیە دەکەن بۆ هەرێمى عەرەبستانى عیراق، دەسەڵاتدارانى کوردستانیش شانازیى بەمەوە دەکەن و بەردەوام لەبەردەم زومى کامێراى تیڤییەکانەوە شانى پێوە با دەدەن و پێیانوایە لە کوردستان وەرچەرخان روویداوە بەرەو دیموکراتی و نموونەکەیان تاقانەترین نموونەى دیموکراسییە لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و ناوچەکەدا. بۆ سەلماندنى ئەمەش دنیاى عەرەبى بە نموونە دەهێننەوە و دەڵێن جیاوازیگەلێکى زۆر هەیە لەنێوان کوردستان و دەوڵەتە عەرەبییەکان، لەوى َچەوساندنەوەى کەمایەتییەکانى وەک ئەمازیخى و بەربەر و قیبتى و دارفورییەکان هەیە، شێوەى دەسەڵات پشتاوپشت و شاهنشاهى دیکتاتۆرییە و لە کۆى 250 ملیۆن عەرەب 70 ملیۆن نەخوێندەوار هەیە و دەیان تۆڕى ئیسلامى ئسوڵى سەریان دەرهێناوە و ئوسامە و زەرقاوى و زەواهیرى بەرهەمى کولتوورى عەرەبین، بەڵام ئەگەر لە دنیاى عەرەبیدا نەتەوە و ئیتنیکە غەیرە عەرەبییەکانی چەشنى ئەمازیغى و کوردەکان بچەوسێنەوە ئەوا لە ژێر سایەى دەسەڵاتى کوردیدا، خودى هاووڵاتى کورد دەچەوسێتەوە و مافەکانى زەوت دەکرێ و تەنانەت ژیانیشى دەکەوێتە بەردەم هەڕەشەى مەرگەوە.
لەلایەکى تریشەوە دەسەڵات لەلاى ئێمە بەهەمان شێوەى نموونە عەرەبییەکەیە، جۆرێکە لە دیکتاتۆرییەتى رەها و سکرتێرى حزبەکانى لاى خۆمان لەوەتەى بوونەتە سکرتێر و سەرۆکى حزب ئەو پۆستەیان بەرنەداوە و هەر یەکێکیشیان شازادەیەکى بچووکى بۆ سبەینێ ئامادە کردووە تا دەسەڵاتى حزب بەو بسپێرێ، یان بۆ تەنیا جارێک پەرلەمان هەڵبژێردرا و دەنگ درا بە لیستى کەسک و زەرد، کەچى پارتى و یەکێتى بەشێوەیەکى ناشەرعى دەسەڵاتى خۆیان درێژ کردۆتەوە بۆ ماوەى زیاتر لە دوانزە ساڵ. هاوکاتیش لێرە نەخوێندەواریى هەیە و ژمارەیەکى بەرچاو لە خەڵکى نەخوێندەوارن و لەنێو کوردیشدا ئەنساروئیسلام و تۆڕى هاوچەشن سەریان دەرهێنا و لە هێلکەکانیان تروکان، مەلا کرێکار و چەندان مەلاى ترى هاوشێوەى ئەو لە گوند و شارەکانى کوردستانەوە و بە کورتەک و شەرواڵى کوردییە ئامادەییان هەیە. من نامەوێ پاکانە بۆ عەرەب بکەم، بەڵام ناشکرێ خۆمان لەو راستییە لابدەین ئەگەر وەزعى دیموکراسى لە کوردستان خراپتر نەبێت لە وەزعى دیموکراسى لە دنیای عەرەبیدا بێ شک هیچ باشتر نییە.
ئەگەر ئێمە بمانەوێت سەنگ و قورسایى دیموکراتی لاى خۆمان بکێشین، پێویستە دیموکراتی بە بارۆمەترى خودى دیموکراتیەت بپوێین، چوونکە دیموکراتی لەگەڵ دیموکراتیەت بەراوورد دەکرێت و عەرەب وتەنى پێچەوانەکەشى هەر راستە (والعکس الصحيح). ئەگەر دەمانەوێت ئەزموونى کوردستان بە دیموکراسى پێناسە بکەین بەڵام، دەسکەوتەکانى بەراوورد بکەین بە دیکتاتۆرییەتى سەدام لە راستیدا دەکەوینە هەڵەیەکى کوشندە و خنکێنەرەوە. ئەوەش راستە کۆمەڵگە دیموکراتییە رۆژئاواییەکان خاوەنى خەلفیەت و مێژوویەکى درێژن لە تێپەڕبوون بە چەندین جۆر و ئەزموونى لێک جیاوازى دیموکراسیدا، بەڵام ناشێ بە بیانووى کەم ئەزموونى و نەبوونى ئەو مێژووە لە تێپەڕین بە ناو دیموکراسیدا هەموو مافە دیموکراتییەکان پێشێل بکەین، هەروەک چۆن ناشێ بە جەستە لە چاخى بیست و یەک و سەردەمى ئینتەرنێت و تەکنۆلۆژیای نوێدا بین و بە رۆح لە زەمەنى فیوداڵیى و چاخەکانى ناوەڕاستدا. بە کورتى و بە کوردیى ئێمە پێویستمان بە پرۆسەیەکى مێژوویى هەیە تا دیموکراسى لە کۆمەڵگەدا جێکەوت دەبێت بەبێ ئەوەى تا دەگەینە ئەو ساتە مێژووى خۆمان پڕ بکەین لە تاوان و پێشێل و زەوتکردنى مافەکانى تاک.

دواسەرنج
لە زەمەنێکدا هەموو هەبووەکانى دەوروبەرمان بەشێوەیەکى دینامیکى و تیژپەڕ لە گۆڕاندان هێشتا کۆمەڵگەى کوردیى کۆمەڵێکى چەقبەستوو و وەستاوە، لە زەمەنێکدا (سۆزان سۆنتاگ) لە بەرامبەر وێنەیەک دەوەستێت و دەڵێت هەموو ئەوانەى لە نێو ئەو وێنەیەدان مردوون، ئەمە لە کاتێکدا خۆى یەکێکیانە!! چوونکە ئەو بڕواى وایە لەو لەحزەیەى ئەوان وەستاون بۆ گرتنى وێنەکە زەمەن لە دەرەوەى ئەوان لە جووڵە و بەرەو پێشڤەچوونى خۆیدا بووە. لە سەردەمێکدا لە خۆرئاوا و کۆمەڵگە مودێرنەکاندا هەموو شتە کۆنەکان بەرەو خاڵى پایانى خۆیان دەچن و لە جێگایاندا چەمک و شتگەلێکى تر جێیان دەگرنەوە، لە سەردەمێکدا گۆڕانکارییەکان لە هەموو بوارە جیاجیاکاندا بە شێوەیەکى تیژپەڕ بەڕێوە دەچن، لە ئاوها ساتێکدا کۆمەڵى کوردەواریى بە جێماوە لە هەموو ئەو گۆڕان و شتانەى ئەم جیهانە گۆڕاوە، یەکێک لەو شتانەشى هێشتا پێى نەگەیشتووە و هەنگاوى جیددیشى بۆ نەهاویشتووە دیموکراسییە.

نووسینی: ستیڤان شەمزینی..
سوێد – ستۆکهۆڵم

24-8-2004
19-9-2004
هەولێر- عەینکاوە
سوێد – ستۆکهۆڵم

*پوختەی ئەم وتارە بە دوو بەش لە ژمارەکانی (33-34)ی رۆژنامەی (نێوەند) لە مانگی نۆڤەمبەری ساڵی 2006 بڵاوکراوەتەوە.




سیاسەت ئەو کاولسازیەیە ئیتر ..! … جوتیار

بۆچونێک هەیە کە پێی وایە ئەوەی دەستەڵات بخوازێت، دەبێت درۆزنێکی لێزان بێت، چونکە دەستەڵات دوا قۆناغی گەیشتنە بە ئامانجی سیاسی، ئەگەر تۆ درۆسازێکی باش بیت لە ناو جیهانی سیاسەتدا و توانای گەمژاندنی دەوروبەرت هەبێت، ئەوا دەتوانیت خێراتر نیشانەکەت بپێکی و زووتر دەستت بگات بە مەرام و خەونەکانت .
سیاسەت لە ناو ئەو قۆناغە قەیراناویەی (ئابوری سەرمایەداری)دا ئەوەندە ئاڵۆزە، کە پڕ بووه لە ئەنگیزە و تەوژمی دژبەیەک، پڕبووه لە پاڕادۆکسیزمی فیکر و ئیدۆلۆژیا، تێکەڵەیەکە لەو تەوژمانەی کە توانای زیهنیی مرۆڤ ناتوانێت بە ئاسانی لێکیان جیابکاتەوە.
هەندێ جار مرۆڤ ناچار دەبێت لە ناو هەندێ پێشهاتەو شەرایتی جاوەڕواننەکراودا درۆ بکات، بەڵام کەسی سیاسی و بازرگان دەبێ بەردەوام درۆ بەرهەم بێنن تا شەرایتی ئامانج و مانەوەی خۆیان مسۆگەر بکەن، لای کەسی سیاسی هەندێ جار ئیدۆلۆژیا، فیکر یان فەلسفە بونیادی ئەو بەرهەمهێنانەی چەمکی درۆن، لای کارەکتەری بازرگانیش ، بە بازاڕکردن و کاڵاو و سەرمایە دەبن بە بنەمای بەرهەمهێنانی ئەو چەمکە، کەسی بازرگان ئامانجی پارەو دەسکەوتی زیاترە، کەسی سیاسیش دەستەڵات و پارە، ئەو دوو کاراکتەرە هەمیشەو بە بەردەوامی خەریکی درۆن، چونکە بوونی ئەوان وابەستەیە بە دەرکەوتنی حەقیقەت، ئەگەر ئەوان ڕۆژێک قسەیان لەسەر حەقیقەت کرد ، ئیتر مرۆڤ دەبێت بڕوا بەوە بکات کە حەقیقەتیش درۆیەکی مەزنە.
چەمکی درۆ ئەگەر وەک (فەرمانێکی خودی) زاتی ببیندرێت کەواتە ئەوکەسەی کە بەرهەمی دێنێت دەتوانێت وەکوو (حەقیقەتێکی بابەتی) مەوزوعی کە لە (لاشعوری) خۆیدا بڕوای پێیەتی پێچەوانەی بکاتەوە بۆ ناو زیهنیەت و تێڕوانینی کۆمەڵگا، ئەو کاتیش کە ئەوە بوو بە ئەقلیەتێکی سەرتاپاگەر و کۆمەڵگا کەوتە ژێر کاریگەریەکانی ئەو چەمکە، ئیتر ئومێدێک نامێنێتەوە بۆ دەرکەوتنی ئەو (حەقیقەت)ڕاستیەی کە مرۆڤ تێیدا تاکە ئامانجە.
لە ناو دنیابینی ئەو دوو بونەوەرەدا (سیاسی و بازرگان) هیچ روئیایەکی تر ئامادەیی نییە، جگە لە گەمژاندنی ئەقلی و کاولسازی دەرونی کۆمەڵگا، تۆ سەیربکە کاتێک بازرگانێک بە ماڵی گشتی و بە هەڵخەڵەتاندنی یاساو کۆمەڵگاو هەموو پیاوماقوڵانی دەوڵەت، نانی خەڵک دەبات و دەشیەوێت بڕوامان پێ بهێنێت کە ئەو (موسا)یەو لە بەرامبەر دەستەڵاتدا دێت و بە عەسا سیحریەکەی دەریای سورمان بۆ دەکات بە وشکایی و خەڵکی لەدەست جینۆسایدی فیرعەون ڕزگار دەکات!!، چ مەهزەلەیەکە ئەو دنیای سیاسەتە بە دەست ئەم فیگورە سەیروسەمەرانەوە، ئاخر کەسێک بە درۆ بوبێت بە بازرگان چۆن دەتوانێت لە ناو ئەو هەموو ناڕاستیە حەشاردراوەی سیاسەتدا بڕوای پێبکرێت؟!، (بێرناردشۆ) پێیوایە بۆ کەسی سیاسی زۆر کارێکی سامناکە ڕاستی بڵێت، جونکە ترسی هەیە کە خەڵکی ڕەغبەتی ئەوەیان لا دروست ببێت بە گوێگرتن لەگەڵ حەقیقەتدا ڕابێن، ڕەهەندو واتا قوڵەکانی ئەو قسەیە ئەوەمان پێدەڵێت کە چەندە کۆمەڵگاش بەو بێدەنگیەی لەبەرامبەر گەمژاندنن و ئەوکاولسازیە ئەقلی و دەرونیەی خۆیدا تاوانبارە.
کە نوسەر و سیمینارستێکی ئەڵمانییە لە یەکێک لە وتارەکانیدا باس لە گفتوگۆی نێوان Robert bertz
باوک و کوڕە بچوکەکەی دەکات کە لە پرسیارێکەوە دەست پێدەکات, کە منداڵەکە ئاراستەی باوکی دەکات(ئەرێ بەڕاست باوکە سیاسەت چییه؟) ئەویش بەو جۆرە بۆ کوڕە بچوکەکەی ڕووندەکاتەوە، کوڕی خۆم ئەم بابەتە زۆر ئاسانە، تەماشابکە من پارە ئەهێنمەوە بۆ ماڵەوە، کەواتە من (سەرمایەداریم)، دایکت پارەکە بەکارئەبات، کەواتە ئەو (دەوڵەتە)، باپیرت سەرقاڵی ئەوەیە کە هەموو شتێک لە جێگای خۆی بێت و ڕێکخراو بێت، کەواتە ئەو (سەندیکایە)، ئەو کارگوزارە کچەی کە لەماڵمان ئیش دەکات (چینی کرێکارە)، ئێمە هەموومان یەک شت سەرقاڵی کردوین ئەویش خۆشگوزەرانی تۆیە، کە واتە تۆ (کۆمەڵگای)، برا بچکۆلەکەت کە هێشتا لە ناو حەفازەدا دەخەوێت ئەو (ئایندەیە).. ئایا هیچ تێگەیشتیت کوڕم؟، کوڕەکە بە تەماشاکردنێکی قوڵەوە داوا لە باوکی دەکات کەمێک کاتی پێدات و بیر بکاتەوە..کوڕەکە لە نیوە شەودا لە گەرمەی خەودا بەئاگادێت؛ چونکە برا بچوکەکەی پیسایی کردوە بەخۆیداو حەفازەکەی پڕکردووه و یەک بە دەنگی دەگرێت و هاوار دەکات.. لەبەر ئەوەی ئەو نازانێت چۆن لەگەڵ ئەو ڕوداوە بەرخورد بکات؛ ڕوودەکاتە ژوری خەوی دایک و باوکی، بەڵام کاتێک دەبینێت بەتەنها دایکی لەسەر جێگاکە راکشاوەو و هەستدەکات کە لە خەوێکی زۆر قوڵدایە و هیوای بەخەبەرهاتنی نییە، ڕوودەکاتە ژوری خزمەتگوزارە کچەکەو دەبینێت کە باوکی لەگەڵ ئەودا خەریکی رابواردن و کاتبەسەربردنە، دەڕوات و ئەوانیش جێدێڵێت، دەچێت بۆ ژورەکەی باپیری ، تەماشا دەکات باپیریشی زۆر بە تێڕامانەوە دیقەت لە نێوانی پەنجەرەی ژورەکەی دەدات و کپ و مات دانیشتوە.. کوڕەکەش بیردەکاتەوە کە دەبینێت هەمویان ئاوا سەرگەرمن بە شتێکەوە؛ دەگەرێتەوە ژوری نوستنەکەی و خۆی دەخاتەوە سەر جێگاکەی و بڕیار دەدات دووبارە بخەوێتەوە.. بۆ ڕۆژی دوواتر کە هەموویان لە خەو هەڵساون، باوکەکە لە کوڕەکەی پرسیار دەکاتەوە کە ئایا دەتوانێت ئێستا بە چەند ووشەیەک پێم بڵێی سیاسەت چییە؟، کوڕەکەش دەڵێت بەڵێ باوکە زۆر ئاسانە،
( سەرمایەداری) بەدکرداری بەرامبەر ( چینی کرێکار ) دەکات ، (سەندیکاش) تەماشا دەکات لەو کاتەدا کە (دەوڵەت) خەوی لێکەوتووه، (کۆمەڵگاش) پشتگوێخراوەو هەروەها (ئایندەش) لە ناو گودا کەوتووە.. ئا ئەوە سیاسەتە باوکە گیان.

جوتیار




پردێک بەرەو زەریا … شیعر/ کاوە عوسمان عومەر

ڕێت دا گریانی ئاسمان
وشە ماوەکانی سەر لێوە ساردەکانت بشواتەوە
ئەبێ چەند ساڵی تری بوێ
تا برینی قەدی دارێ تیمار ئەبێ
دوو عاشق پیش پەرتبوونی کاژیرەکان
ناوی خۆیان لەسەر هەڵکۆڵی
ئەی ئەو سەکسیفۆنژەنەی
لە گرمەی هەورەکانا،
ژانی خۆکوشتنی نمەکانی
بۆ چاوانی کز سوتاوی تۆ کردە سۆناتا
ژەهری چاوی ئەستێرە بێدارەکان
ئەکەمە مرەکەبی پێنووسی ڕۆح
تا نامەیەک لە بارانە عێشقت بگاتێ
شەویش نیە مانگێکی سەرخۆش
لە تەم و مژی جازی بێهودەیی ژیانا
نەبێتە هاوڕیم
ئەبێ بۆ قەڵای کریستاڵی شارێک
لە بیرکردنێ بۆ تۆ
چەند قومێ شەرابی شیرینی دۆزەخی بوێ؟!
———————-

هەر مەرگەو ..
گوڵێک ئەبا،
هەر گوڵێک و..
مەرگێ ئەهێنێ
بەڵام گەر مەرگ هەر ئەگات
بۆ ئەوەندە چاوەڕیمان کرد؟
بۆ ئەوەندە چاوەڕێ کەین؟
دڵێ یاخی لە تاریکی
و خوێنی قەترانی دروستبوە،
نیازیەتی لە نیو هەورە بوهەیمیەکانا
خۆی حەشاردا
گەر بوار بوو خانمی لێو لەیلەک
لە هەمان دارستانی سەرابیی ئەوسا،،
یەکتر ئەبینینەوە
هەر لە ژێر هەمان دار چرۆی خۆر
هەمان تاشە بەردی ئاو
هەمان ساتە وەختی ئێوارەیەکی قورمزی
ژوانی مەرگێکی ئاسودە
بەیەکەوە ساز ئەکەین
جەستەمان با سەمفۆنیای..
گڕی پیرۆزی یاخیبوون بێ
لە خواوەندە بەردەکان
پێت ووتم، هەرچی بکەی..
جارێکی تر دەگەڕێیتەوە
بۆ دێڕی یەکەم پرسیار
بۆ هاتین، بۆ لێرە بوین؟
هەرچی نیگایەک بکەی
لە ئاسمانێک..
زەرنیخ و مس و پۆڵا
ڕێت ئەگاتەوە،،
هەمان شاری ئەندێشە
بەڵام من سەکسیفۆنژەنی پازیزم دی
فرمێسکەکانی بەگەڵا ئەرخەوانیەکانی
یادەوەری هەردوکمان سڕی
جەستەی تەڕی ڕۆژەکانم دی
بەسەر هەورە کۆچەرەکانا هەڵواسران
کە شەویش دوای زەمەنێ بەسەر چوو،،
گالیسکەی سەفەری..
تا هەتا هەتای هێنا
من مەست ئەبم
لە تەقینەوە ئەرخوانیەکانی گوڵی دڵی تۆ
تۆ مەست بە
بە ڕۆشتنی کەشتی شینی..
سەرهەڵگرتووی من
بەرەو کۆتا زەریا.

——————————————————————–

وێنەکە کارێکی هونەری فۆتۆگرافەری ئەڵمانی
( Alexander Fradellafra)
بە سوپاسەوە لە پەیجی فەرمی خۆی وەرگیراوە




ئیزدی کۆمەڵگەیەکی تایبەتی ئێتنین و پێویستە هەرێمی تایبەت بە خۆیان هەبێت

شاخەوان شۆڕش
٢٠/١٠/٢٠٢٠

ڕێککەوتنی نێوان حکومەتی ناوەند و هەرێم لە ١ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٠ دا، وەکو ڕاگەیەندراوە مەبەستی گەراندنەوەی ئارامی و ئاسایشە بۆ شاری شەنگال و ناوچەکە، هەروەها نیازی وایە لەژێر کاریگەری پارتی دیموکراتی کوردستان (پ.د.ک) و حکومەتی ناوەنددا قایمقام و هێزێکی ٢٥٠٠ کەسیی لە ئێزدیان دابمەزرێنیت. واپێدەچی قایمقام ئەندامێکی پارتی دەبێت و ئەو هێزەی دادەمەزرێت بەو کەسانە پڕدەکرێتەوە کە لەلایەن بە پارتی و حکومەتەوە دیاردەکرێن. پارتی لەژێر ناوی حکومەتی هەرێمەوە بەرژەوەندیەکانی خۆی دەپارێزێت. جگەلەوە خاڵێکی دیاری ڕێکەوتنەکە دەرکردنی هێزە چەکدارەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) یە لە شارەکە و ناوچەکەدا. بەپێی ڕێکەوتنەکە (خاڵی ٢، ب) ئەو ڕێکخراوانەی سەر بە پەکەکەن ئەگەر ئێزدیش بن هیچ ڕۆڵیان نابێ و بۆیان نییە لە جێبەجێکردنی خاڵەکانی ڕێکەوتنەکە بەشدار بن و کاریگەری بنوێنن. بەڕوونی دیارە ڕێکەوتنەکە ڕەچاوی بەرژەوەندیەکانی تورکیا و پارتی بەباشی دەکات.
لە ٣-٨-٢٠١٤ دا کاتێ لەشکری ئیسلامی داعش هێرشی کردە سەر شەنگال و ناوچەکە، هێزەکانی پارتی بێشەڕ هەڵاتن و هێزەکانی حکومەتیش بەهەمان شیوە پشتیان لە کۆمەڵگەی ئێزدیان کرد. تورکیا لەلایەن خۆیەوە پشتگیری ڕێکخراوی دەولەی ئیسلامی داعشی دەکرد و پاسیڤانە سەیری کوشتار و لەناوبردنی ئێزدیانی کرد. ئەوەش بووەهۆی ئەوەی کۆمەڵگەی ئێزدی بەرەوڕووی تاوانی گەلکوژی بەدڕندانەترین شێوە ببنەوە، بەهەزارانیان کوژران و بەهەزاران ژن و منداڵیان بەدیل بردران و کرانە سەبایە و کۆیلە. واتە هێزەکانی حکومەت و پارتی نەیانتوانی کۆمەڵگەی ئێزدی لە کۆمەڵکوژی و تاوانی گەلکوژی بپارێزن. بەگشتی هەردوولا لەئەگەری دووبارەنەبوونەوەی تاوانی گەلکوژی فەشەلیان هێنا، دیارە ئەوە بابەتێکی فرەلایەنەیە و نامەوێ لێرەدا لەسەری بڕۆم. ئێستا هەمان ئەو دوو دەسەڵاتە هاتوون ڕێکەوتنێک بەپێی تێگەیشتنی خۆیان بەسەر خەڵکەکەدا دەسەپێنن، وەکو بڵێی وەڵامی ناپاکیەکەیان لە کۆمەڵگەی ئێزدی بەمجۆرە دەدەنەوە. دیارە وەکو دەسەڵاتی فەرمی هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتی دەوڵەتی ئێراق ئەوان دەسەلاتن، بۆیە نەتەوەیەکگرتووەکان و وڵاتانی دیکە مامەڵە لەگەڵ ئەوان دەکەن. بەڵام ئەم لایەنە ئەوە ناگەیەنێ کە ئەوان بۆیان هەبێت دوای ئەوەی هۆکاری گەلکوژی ٢٠١٤ بوون، بێن بێ بەشداریی ئێزدیان خۆیان ڕێکەوتنێک بەسەر ئەو کۆمەڵگەیەدا بسەپێنن. وەکو لەهیچ شوێنێکی ڕێکەوتنەکەدا نەهاتووە کەوا ڕێکخراوێکی ئێزدی یا دەسەڵاتێکی کۆمەڵگەی ئێزدی ڕۆڵی پێدرابێت. پارتی و حکومەتی ناوەند و حەشدی شەعبی ڕۆڵیان هەیە. ئەوان کەمێ لە کۆمەڵگەی ئێزدی هاتوونەتەپێش ئەویش دامەزراندنی قایمقام و هێزێکی ٢٥٠٠ کەسییە لەئێزدیان. جگەلەوەی ئەم هاتنەپێشە جێگەی پرسیار و گومانە، ئەوان کۆمەڵی مافی گرنگی ئێزدیان پشتگوێ دەخەن. دیارە لەبەرئەوەی ئەوان دەسەڵاتی فەرمین و ڕێکەوتنەکەیان کردووە نوێنەری ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان UN پشتگیری ڕێکەوتنەکە خۆشباوەڕانە دەکات وەکو هەنگاوێکی دروست ناوزەدی دەکات. کێشەی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان ئەوەیە لەنزیکەوە ئاگاداری قووڵایی دەرئەنجامەکانی ئەم ڕیکەوتنە نین. جێگەی پرسیارە کەوا پشتگیری ڕێککەوتنێک بکرێت، بێئەوەی بەشداری ڕاستەوخۆی ئێزدیان لە ڕێکەوتنەکدا ببیندرێت.
پارتی و حکومەتی ناوەند زۆریان لاگرنگە ڕێکخراوی پەکەکە لە دەڤەری شەنگال نەهێڵدرێت. لە کاتی تاوانی گەلکوژی ٢٠١٤دا ئەوان خۆیان لەشکری هەڵاتووان بوون و پەکەکەش لەشکری ڕزگارکەر بوو! لەراستیدا ئەوانە نایانەوێ ڕووبەڕووی راستیەکان بووەستنەوە و بیر لەوە بکەنەوە چۆن دەتوانن دیموکراسیانە و شارستانیانە کۆمەڵگەی ئێزدی دوای تاوانی گەلکوژی دروستکەنەوە و بیگەیەننە هەوارێکی دروست و ئارام بەهاوکاری ئەو هێزەی دەیان هەزاری لەکوشتن و کۆیلایەتی ڕزگارکردن. ئێستا لەخەڵکی ئێزدی ڕێکخراوی هاوسۆزی پەکەکە دروستکراوە و هەن و لەسەر ڕەوتی ئۆجەلان سیاسەت دەکەن. هیچ تاوانێک لەوەدا نییە. ئەوانە خەڵکی دەڤەرەکەن و دەتوانن هاوکاری کارا لەهەر هەنگاوێکی بنیاتنانەوە بکەن. بەڵام بۆ دژیان دەوەستنەوە و پەڕاوێزیان دەکەن؟ ئایا پەیڕەوکردنی ئایدۆلۆژیایەکی دیموکراسیانە تاوانە؟ ئەگەر ئایدۆلۆژیا مافەکانی مرۆڤی لاگرنگ بێت و دان بە پرەنسیپە دیموکراسیەکان بنێت لەژێر هەرناوێکدا بێت گرنگ نییە، گرنگ ناوەرۆک و ئامانجی ئایدۆلۆژیاکەیە. دەتواندرا بە دانیشتن و ڕێکەوتن ئەو کیشەیە چارەسەر بکرێت و ڕێکخراوەکانی ئێزدیان بەشداری گرنگ بکەن و مافەکانی ئێزدیان لەڕێکەوتنەکەدا بچەسپێنن. بەڵام بێگومان چارەسەر هەرگیز نایەتەدی لە کاتیکدا ڕەتی هەر دایەلۆگ و دانوستانێک لەگەڵ ڕێکخراوەکانی وابەستەی بیروباوەڕی ئۆجەلان و پەکەکە بکرێتەوە. بەپێی ڕێکەوتنەکە پارتی و حکومەتی ناوەند ڕێک وەکو تورکیا هەلسوکەوت لەگەڵ ئاراستەی پەکەکە دەکەن.
پارتی دژی بوونی پەکەکەیە و بیر لە مانەوەی هەژموونی خۆی لەدەڤەرەکەدا دەکاتەوە، ئەوەش مەبەستی سەرەکی ئەوە لە ڕێکەوتنەکەدا. بەڵام بەرژەوەندیەکانی کۆمەڵگەی ئێزدیان لێرەدا چین!؟ کێشەی کوشندەی ڕێکەوتنەکە ئەوەیە کۆمەڵگەی ئێزدیان وەکو دانیشتوانی شارێکی تێکدراو سەیردەکا و بەدامەزارندنی قایمقامێک و هێزێکی ئێزدیان پێیوایە چارەسەری دۆزیوەتەوە. جگەلەو کەسە ئێزدیانەی سەر بە پارتین، ئەوانیتر ڕقیان لە بنەماڵەی بارزانی و پارتییە و ئارەزووی بوونیان لە دەڤەرەکەدا ناکەن. ئەگەر قایمقام پارتی بێت و هێزەکەش لە ئێزدیەکانی سەر بە پارتی دروست بکرێن، ئەوا بێگومان ناکۆکی لەنێوان ئێزدیەکان دروست دەکات. بێمتمانەیی بەم دەسەڵات و هێزە دروست دەبێت و لەلایەن خەڵکەوە پشتگیری نابێت و دژایەتیشی دەکرێت.
دیارە کێشەی کۆمەڵگەی ئێزدی زۆر لەوە بەرفراوانترە کە ئەم ڕێکەوتنە سەیری دەکات. پرسیارەکان زۆرن لێرەدا بیانکەین: ئایا ئەوە ئێزدیەکان نین کەدەبێ گوتنیان لەسەر ئاسایش و چارەنووسیان هەبێت؟ ئایا ئێزدیەکان وەکو کەمینەیەکی ئێتنی مافی خۆیان نییە بەرگری لەخۆیان و مافەکانیان بکەن؟ ئایا ئەوان مافی ئازادی سیاسی و کەلتووریان نییە؟ لەبەرچی دەبێ خەڵکی غەیرەئێزدی بڕیار لەسەر ئاسایش و چارەنووسی ئەوان بدەن؟ ئایا ڕەوایە پارتی و حکومەتی ناوەند کە هۆکاری ڕوودانی تاوانی گەلکوژی ٢٠١٤ بوون، ئێستا بڕیار لەسەر ئاسایش و چارەنوسی ئێزدیان بدەن؟ دەبووایە ئەوانەی لەژێرناوی خەبات بۆ مافەکانی گەلی کورد کاردەکەن و خۆیان بەپێشڕەو دەزانن، دەرک بەو ڕاستیە بکەن، ئەگەرنا دەبێ خەباتی ئەوان بۆ ئازادی مافی گەلان بنەمای لەسەر درۆ و ساختە دروست بووبێت.
ئێزدی بەدرێژایی مێژوو چەوسێندراونەتەوە، بەرەوڕووی جوداکاری بوونەتەوە و بە نزم سەیریان کراوە. وەکو خۆیان دەیڵێن لەسەدەی حەوتەمەوە تاکو ئێستا تووشی ٧٣ کۆمەڵکوژی بووین، کە دواترینیان تاوانی گەلکوژی ٢٠١٤ یە. خراپ تێگەیشتن و نزم سەیرکردنی ئێزدیان تا ئێستا لەکۆمەڵگەی موسوڵماناندا بەردەوامە، پشووتەنگی سیستەماتیکیانە و پەڕاوێزخستنی ئێزدیان لەگەڵ باڵابوونی بیروهزری خەڵک گەورەبووە، تێگەیشتن و بڕوایێکە لە بنەماکانی ئیسلام کە ئایینی زاڵ و سەرەکییە بوونی هەیە، چون ئیسلام وەکو کافر سەیری ئەوان دەکات. ئێستاش خەڵک زۆرن پێیانوایە ئێزدی کافرن و پیسن، لەبواری کاردا وەکو کرێکار کاریان پێ ناکەن، یا شتیان لێ ناکڕن، یا تێکەڵیان نابن و حەزناکەن ئێزدی بێنە ناویان هتد. ئەوەی ڕوودەدات جوداکاری و ڕەگەزپەرستی و ڕاسیسزمە.
کاتی ئەوە هاتووە کۆمەڵگەی ئێزدی وەکو کەمینەیەکی خاوەن ماف دانیان پێدابندرێت، پێویستە دان بەوەدا بندرێت کەوا ئێزدی مافی ئازادی سیاسی و کەلتووریان هەیە. وەکو هەر گەلێکیتر ئێزدی مافی خۆیانە کۆمەڵگەی خۆیان بەڕێوەببەن بەم شێوەیەی کە خۆیان ئارەزوویانە. پێویستە ئێزدیەکان هەرێمی ئۆتۆنۆمی یا فیدرالی تایبەت بەخۆیان هەبێت بەپێی ئەو ناوچانەی بەدرێژایی مێژوو لێی ژیاون و زێدی بابوباپیریانە. مافی خۆیانە بەڕێوەبەریی خۆیان هەبێت، ئەنجومەنی بەڕێوەبردن و یاسادانانیان هەبێت، سوپای بەرگری خۆیان هەبێت، هێزی تایبەتی پۆلیس و ئاسایشیان هەبێت. لەسەر حکومەتی ناوەند و هەرێمە پشتگیری لە کۆمەڵگەی ئێزدی بکەن. لەم کۆمەڵگەیەدا و لەژێر بەرێوەبەریەکی دیموکراسیانەدا، پێویستە هەموو کەمینەکان بەپێی ژمارە و قەوارەیان نوێنەریان لە ئەنجومەنی یاساداناندا هەبێت و بەشداری ئەنجومەنی بەڕێوەبردن بکەن. هەموو بیروباوەڕە دیموکراسیەکان کە گرنگی بە مافەکانی مرۆڤ دەدەن، مافی خۆیانە بێجیاوازی لە کۆمەڵگەدا بوونیان هەبێت. وەکو لە دیموکراسیدا بیروڕا جیاوازەکان دەتوانن لەگەڵ یەکدا بژین و کێبڕکێی دەسەڵات ئاشتیانە بکەن. دەسەڵاتی دامەزراوەیی دیموکراسی و شارستانیانە دانووی لەگەڵ هێزی چەکداری سەر بە ئەم پارت و ئەو پارت ناکوڵیت. بۆیە هێزی میلیشیا لەم ژینگەیەدا ڕەتدەکرێتەوە. لەم دیدەوە پێویستە هێزە میلیشیاکانی وەکو پارتی و حەشدی شەعبی و پەکەکە لە دەڤەرەکەدا نەمێنن و ئارامی و ئاسایشی ناوچەکە بدرێتەدەست ئێزدیەکان خۆیان، لەچوارچێوەی ماف و یاساکانی سیستەمی فیدرالیدا. پەکەکە یا پارتی و یەکێتی یا هەر پارت و ڕێکخراوێکیتر دەتوانن لەڕێگەی پارت و ڕێکخراوی بێچەکی دیموکراسیخوازانەوە لەکۆمەڵگەی ئێزدیاندا ڕۆڵیان هەبێت و پۆزەتیڤانە هەوڵی پێشخستن و گەشەپێدانی کۆمەڵگەی ئێزدیان بدەن.
پێویستە چارەسەری کێشەی ئێزدیان درێژخایەنانە بێت، پێویستە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی لەژێر چاودێری UN دا سەرپەرشتی ئاوەدانکردنەوە و مسۆگەرکردنی ژینگەیەکی ئارام و ئاشتەوا بۆ ئەم کۆمەڵگەیە بکات کە لە تاوانی گەلکوژی ڕزگاربوون و بەردەوام لە تراومای تاوانی گەلکوژیدا دەژین. پێوستە بەشێکی گرنگی خەرجی ئاوەدانکردنەوە بخرێتەسەر دەسەڵاتی هەرێم و ناوەند، بەڵام هەڵەیەکی گەوەرەیە ئاوەدانکردنەوە بەوان بسپێردرێت. چونکە هەردوو دەسەڵات لەژێر گەندەڵیدا دەناڵێنن.
هەردوو حکومەتی ناوەند و هەرێم لەسەریانە داوای لێبووردن لە کۆمەڵگەی ئێزدی بکەن، کار بۆ ئەوە بکەن ئەو متمانەیە بەدەستبهێننەوە کە بەتایبەتی لە ساڵی ٢٠١٤ دا دۆڕاندیان. قەرەبووی کەسوکاری قوربانیان بکەنەوە. هەردوولا لەسەریانە هاوکاری دارایی ببەخشن بۆ ئاوەدانکردنەوە و بنیاتنی سیکتەری تەندروستی و بوارەکانی دیکە، کار بۆ نەهێشتنی جوداکاری و ڕەگەزپەرستی دژ بە ئێزدیان لە کۆمەڵگە موسوڵمانەکانیاندا بکەن. پرۆسەی ئاشتبوونەوە و بەیەکەوەژیان هەنگاوی بەکردەوە لە هەردوو دەسەڵاتی ناوەند و هەرێم دەخوازێ و پێویستە لەهەموو لایەنەکانەوە کاری گرنگی لەسەر بکەن.
تەنها دوای چارەسەری تاووتوێکراوی درێژخایەن و داننان بە مافەکانی کۆمەڵگەی ئێزدی و هەروەها بنیاتنانی بنەمایەکی ئاشتیخواز و یەکسانخواز و دادوەرانە، کۆمەڵگەی ئێزدی دەتوانن بەئارامی بژین و مسۆگەری ژیانێکی بەختەوەر و ئاسوودە بۆ ئێستا و دواڕۆژ بکەن.

شاخەوان شۆڕش
٢٠/١٠/٢٠٢٠




سیحری وشە لە ڕۆمانی بە ڕێگاوە … دابین کامران کریم شارەزا

ڕانانێک بۆ ڕۆمانی (بەڕێگاوە) ی (دڵشاد کاوانی)

کە من ئەو ڕۆمانانەی کە دەتوانن بە چیرۆکێکی درێژ و تا ڕادەیەکیش ئاڵۆزەوە کاریگەریی گەورە لەسەر خوێنەرەکانیان دروست بکەن، هەندێک ڕۆمان هەیە بە هۆی درێژیی ناپێویستی چیرۆک یان سادەیی لە گێڕانەوە یان گرێوگۆڵی ناپێویستەوە، هەر زوو هێزی ڕازیکردنی خوێنەرەکانیان لەدەست دەدەن، هەشن بە پێچەوانەوە بە سادەیی و گرێی ئاڵۆز و تەکنیکی جۆراوجۆری گێڕانەوە توانیویانە بە خێرایی بەسەر ناخی خوێنەرەکانیاندا زاڵ ببن، هەڵبەت جیا لەم دوو جۆرە لە نووسینی ڕۆمان جۆر و شێوازی تریش هەیە کە سەرەڕای هەبوونی چەند تێبینی لەسەر شێوازی گێڕانەوە و درێژدادڕیی لە چیرۆک و هەروەها هەندێک ئاڵۆزی لە گرێچنی ڕووداوەکاندا، کەچی ئەو سیحرە لەدەست نادەن کە لە خوێنەرەکانی دەکەن بۆ بەردەوامی و لەگەڵی ڕۆشتن بەوپەڕی شەوقی خوێندنەوەوە.
بەڕێگاوە لەو ڕۆمانانەیە کە لەو شێوازەی دواییانە و سەرەڕای بوونی چیرۆکێکی دوورودرێژ و هەبوونی چەندین کارەکتەر لە ناویدا، هەروەها گرێدراویی زۆرێک لەو ڕوداوەکان بە یەکەوە، کەچی هێشتا بە ئاسانی سیحر لە خوێنەرەکانی دەکات و بە ئاسانییش پەلکێشیان دەکاتە ناو ڕووداوەکانیەوە و شانبەشانی کارەکتەرەکانی سەفەری دوور و گەڕانی سەیر بە ناو کات و شوێنی ڕووداوەکانیدا بە خوێنەرەکانی دەکات، بۆیە زەحمەتە کە خوێنەری بەڕێگاوە بیت و بێبەش بیت لە گەڕان و چێژوەرگرتن لە سروشت و کات و جوانیی مرۆڤ. هاوکات چێژێکی ئیستاتیکییانە لەگەڵ سروشتدا لە هەندێک کات و شوێندا لەم ڕۆمانەدا دەگاتە لوتکە. ئەمە سەرەڕای دەستبردن بۆ کۆمەڵێک گرێکوێرەی دەروونی مرۆڤ لە کاتە سەخت و ئاڵۆزکاوەکانیدا. هاوکات پەیوەندیی نێوان مرۆڤەکان بەگشتی و هەروەها شۆڕبوونەوە بۆ ناو ناخی مرۆڤە دەروونئاڵۆزەکان. شەڕی مرۆڤ لەگەڵ خووە خراپەکانی و لەگەڵ مرۆڤەکانی دیکە و پاشان شەڕی بەرژەوەندییەکانی و شەڕی کۆڵنەدان و بەردەوامیی ژیان. ئاخر زەحمەتە خوێنەری بەڕێگاوە بیت و پێبەپێ و شانبەشانی ڕوداوەکان لەگەڵ نارسیسی پاڵەوان نەڕۆیت و سەفەری گوندی بەرازان نەکەی و لەشاری فومەن نەمێنیتەوە و سەر بۆ کۆشکی سپی لار نەکەیت. کێ هەیە خوێنەری بێت و هەست و ئیحساسێکی تارماوی نەپڕژێ بە ڕووخساریدا و لەقاوشە شینەکە یەخەیاڵیش بمێنێتەوە؟ گەرمی و ساردیی ڕۆژگارەکانی ناو ئەو قاوشە و بێ نرخبوونی ئازادی و ووشە ؟ کێ هەیە خوێنەری بێت و هەست بە ئازار و تراژیدیای لەناوچوونی بێزۆ و جیقۆ فشە و عەدە گرینۆکو کوژرانی باوکی و هتد….. نەکات و لەگەڵ خەمەکان ڕێنەکات؟
نارسیس ئەو مرۆڤە دەروون ئاڵۆزەی کە هەڵپەی ڕابواردن و خۆشییەکانی ژیان و گرێ دەروونیەکانی و عاشقبوونی خۆی دەیانکاتە مرۆڤێک، کە دواجار بە قووڵایی ناخی خۆیدا ناخودئاگا ڕۆ دەچێت، هەتا دەگاتە بارودۆخێک کە هەوڵی خۆکوشتن و لەناوبردنی خۆی دەدات .
هەڵبەت كۆی کەسایەتی و پاڵەوان و کات و شوێنەکانی ئەم ڕۆمانە هەریەکە و بە جۆرێک خوێنەر پەیوەست دەکەن بە دونیای خۆیانەوە، کە ئەمەش هەم پێوەری چێژ لای خوێنەر زیاتر سەر دەخەن و هەمیش دەوڵەمەندی دەکەن بە ڕووداوگەلێک کە لە هەر کات و ساتێکدا ڕووبەڕوویان دەبیتەوە، هەستی بەردەوامیت لە لا درێژتر دەکەنەوە.
ڕۆمانی بەڕێگاوە خاوەن بەرگێکی سادە و ناوەڕۆکێکی پتەوە جیا لەزمانە سادەییەکەی کە تێیدا بەکارهاتووە مەبەست و ژینگەی ڕێگا دەخاتەڕوو کە کەسانی چاک و خراپی تێدایە. زمان پیس و ئاکار جوان و لات و بەڕێز و جنێو فرۆش و بگرە بەسەدان بیر و ئایدیای تێدایە کەئەمەش مەبەست لێی خوودی ڕێگایەکەیە
ڕۆل و ئەرکی حەنچە لەو ڕۆمانەدا هیچی کەمتر نیە لەکارەکتەرەکان و ماوەتەوە بڵێم سادیست بوونی چێژێکی تری بەخشیوە بە ناوەڕۆکی ڕۆمانەکە هەربژیت و هەر هەبیت کاک دڵشاد کاوانی، خەرمان بەرەکەت.

دابین کامران کریم شارەزا
٨ ی ئوکتوبەری ٢٠٢٠




سوتاندنی باره‌گا و ئاڵا مایه‌ی ڕقێكی قوڵه‌ … ڕه‌سوڵ بۆسكێنی

كورد وه‌ك نه‌ته‌وه‌یه‌كی خاوه‌ن ماف له‌ عیراق له‌ ده‌ستووردا دان به‌زۆرێك له‌ مافه‌كانیدا نراوه‌، زۆر جار له‌لا‌یه‌ن كورد خۆی ئه‌و مافه‌ گه‌وره‌یه‌ له‌بیر ده‌كرێت و كێشه‌ له‌گه‌ڵ ناوه‌ند و لایه‌نه‌ عیراقیه‌كان له‌سه‌ر پله‌ و پۆست و دانانی وه‌زیرێك دروست ده‌كرێت، به‌مه‌ش مافی ڕه‌وای گه‌لی كورد له‌ كێشه‌یه‌كی نه‌ته‌وایه‌تی ڕه‌واوه‌ ده‌گوازرێته‌وه‌ بۆ كێشه‌یه‌كی لاوه‌كی و كه‌م بایه‌خ، له‌مه‌وه‌ ده‌بێت ئه‌وه‌ له‌به‌رچاو بگرین توندڕه‌وه‌كانی عیراق شه‌رم له‌ شكۆی شه‌هید و ئالا و سوبنوڵه‌ پیرۆزییه‌كانمان ناكه‌ن و زۆر به‌ئاسانی سنوور ده‌به‌زێنن، چونكه‌ سه‌رباری ئه‌وه‌ی كورد نه‌ته‌وه‌یه‌كی خاوه‌ن ماف و به‌شداره‌ له‌ هه‌موو كایه‌كانی عیراق، له‌لایه‌ن حكومه‌تی عیراقه‌وه‌ كێشه‌ی زۆری بۆ دروست ده‌كرێت و غه‌دری گه‌وره‌ی لێ ده‌كرێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هێز و لایه‌نه‌ عیراقیه‌كان سه‌ركه‌وتوبوون له‌وه‌ی باوه‌ڕ به‌ لایه‌نگرانی خۆیان و شه‌قامی عیراقی بێنن، كه‌ كورد بۆ عیراق بارگرانیه‌كی گه‌وره‌یه‌ و ته‌نیا مشه‌خۆرێكه‌ به‌سه‌ر شانی حكومه‌تی عێراقه‌وه‌، له‌و هه‌موو ڤیدیۆو وتارانه‌ی بۆ هاندانی شه‌قام ڕۆژانه‌ بڵاوی ده‌كه‌نه‌وه‌: كه‌ كورد له‌ خزمه‌تی سیاسه‌تی دژه‌ عیراقی دایه‌ و هاوكاری نه‌یارانی عیراقه‌ و هه‌میشه‌ له‌ بیری جیابوونه‌وه‌ و لێكترازانی عیراق دایه‌، به‌م په‌یڤ و په‌یامه‌ توندانه‌ شه‌قامی عیراق له‌ كورد توڕه‌ ده‌كه‌ن، بێ له‌به‌ر چاو گرتنی نه‌هامه‌تیه‌كانی نه‌ته‌وه‌ی كورد، له‌ ئه‌نفال و كیمیاباران و سه‌دان گۆڕی به‌كۆمه‌ڵ كه‌ له‌ژێر لمی بیاباندا تائێستاش چاره‌نووسیان نادیاره‌، تا دواترین نه‌هامه‌تیش كه‌ كاره‌ساتی نه‌گریسی شه‌نگال بوو، سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌وانه‌ش كورد هه‌میشه‌ هه‌وڵی مانه‌وه‌ی له‌ناو چوارچێوه‌ی عیراقێكی دیموكراتدا نه‌شاردۆته‌وه‌.
هاندانی خه‌ڵك له‌لایه‌ن هێزه‌ عیراقیه‌كانه‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌ك شه‌قامی عیراقی توڕه‌ كردووه‌، سه‌ری كێشا بۆ سوتاندنی باره‌گای پارتی له‌به‌غدا، پێویسته‌ ئه‌مه‌ ببێته‌ هۆكارێك بۆ تێگه‌یشتنی لایه‌نه‌ كوردستانیه‌كان و هوشیار بوونه‌وه‌یان‌، به‌ر له‌هه‌موویان پارتی دیموكراتی كوردستان، ده‌بێ ئه‌وه‌ له‌به‌رچاوبگرێت له‌گه‌ڵ سوتاندنی باره‌گاكه‌ی هه‌ر حزب و لایه‌نه‌ هاوخوێنه‌كانی خۆی بوون، به‌ نیگه‌رانی و ناڕه‌زایی ده‌ربڕین و پشتگیری كردنی، وای له‌ لایه‌نه‌ عیراقیه‌كان و به‌تایبه‌ت حه‌شدی شه‌عبی كرد داوای لێبوردن بكات و ئه‌و كاره‌ به‌تاوان له‌قه‌ڵه‌م بدات، بۆیه‌ پێویسته‌ پارتی هه‌ڵوه‌سته‌ له‌سه‌ر ئه‌م كاره‌ بكات و پێداچوونه‌وه‌ی له‌ هه‌ڵوێست و سیاسه‌تی ڕابردووی بكات، به‌تایبه‌ت له‌گه‌ڵ حزبه‌ هاوشانه‌كه‌ی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان بكات.
سوتاندنی ئاڵا و یاری كردن به‌ سومبول و پیرۆزییه‌كانی هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك كارێكی نادروست و ڕه‌فتارێكی شۆڤینیانه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ ئاماژه‌یه‌كه‌ بۆ وریا بوونه‌وه‌ی كورد، كه‌ پێویستی به‌گوتارێكی یه‌كگرتوو ئاراسته‌ كراوه‌ بۆ شه‌قامی عیراقی و لایه‌نه‌سیاسیه‌كان، بۆ ناساندنی قوربانیه‌كانی له‌سه‌ر ده‌ستی ڕژێمه‌ یه‌ك له‌ دوای یه‌كه‌كانی عیراق، له‌سه‌رده‌می تازه‌شدا پشتگیری و هاوكاری شه‌ڕی داعش و قوربانیدانی هه‌زاران پێشمه‌رگه‌ی قاره‌مان له‌و پێناوه‌دا، خزمه‌تی هه‌زاران ئاواره‌ی شه‌ڕی داعش له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، كه‌چی ئه‌وان له‌پاداشتی ئه‌وه‌دا په‌لاماری كوردستانیاندا و چه‌ندین ڕۆڵه‌ی ئه‌م گه‌له‌یان شه‌هید كرد و ئێستاش بێ بیركردنه‌وه‌ سوتاندنی باره‌گای پارتی له‌به‌غدا ئه‌نجامدرا.
پارتی له‌ ڕاگه‌یاندنه‌كانی خۆشیه‌وه‌ وای بڵاوكرده‌وه،‌ كه‌ بابه‌ته‌كه‌ ئه‌وه‌نیه‌ هوشیار زێباری لێدوانی به‌ پێچه‌وانه‌ی تێگه‌یشتنی ئه‌وان داوه‌، ئه‌گینا ده‌كرا له‌نزیكه‌وه‌ قسه‌ له‌گه‌ڵ زێباری بكرایه‌ و ڕای ئه‌و وه‌ربگیرایه‌، یاخود ده‌كرا وه‌ك ناوبراو به‌وتار یا به‌نووسین وه‌ڵام بدرایه‌ته‌وه‌، نه‌ك به‌ سوتاندنی باره‌گا،
له‌مه‌وه‌ كورد ده‌بێ تێبگا، ڕیزه‌كانی خۆی ڕێكبخاته‌وه‌، سه‌روه‌ری بگێڕێته‌وه‌ بۆ په‌رله‌مان و ‌یه‌كڕیزی و هاوهه‌ڵوێستی بوونی خۆی به‌ لایه‌نه‌ عیراقیه‌كان پیشان بدات، هه‌ڵبه‌ت له‌پێش هه‌موویان ده‌بێت پارتی دیموكراتی كوردستان ئاماده‌یی بۆ یه‌كڕیزی و هاوهه‌ڵوێستی له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ كوردستانیه‌كان پیشان بدات، ئه‌مه‌ش تێگه‌یشتنی نوێ و له‌خۆبوردوویی ده‌وێ.

ڕه‌سوڵ بۆسكێنی




ئاڵا شکۆی نەتەوەیەک یان شکۆی چەند مافیاو دزو تاڵانکارێک؟ … تایر عیسا

ئاڵا، نەتەوە و خاک و نیشتمان و خەباتی جەماوەریی و ڕزگاری نیشتمانیی کوردستان و هتد.. ئەو چەمک و وشە وڕستە، ڕۆتینیانەی زیاتر لەنیو قەڕنی ڕابردووی سەرزاری سەرۆک وکادیرو میدیای، چەند پارت وبنەماڵەیەکی خێڵەکی و عەشیرەتیی ناو جووڵانەوەی میللی خەڵکی کوردستان بوون، بۆ بەناو ڕزگارکردنی خەڵکی کوردستان، لەزوڵم و زۆر و چەوساندنەوەیەک، کە لەلایەن گەلانی سەردەستەو ڕژێمە یەک لەدوای یەکەکانیی، لێی دەکراو لێی کراوە.
ئاڵا، وەک پەڕۆیەک، لەلایەن پارتە ناسیۆنالیستەکانی کوردستان، لەمێژووی زیاتر لەپەنجا ساڵی ڕابردوویاندا، هەردەم وەک سومبوڵێکی نەتەوەیی، بەپیرۆزکراوە و لەپێناو پاراستنی ئەم سومبوڵەشدا، کە هەمیشە بانگەشەی سەروەری نەوتەوە و تاکەکانی لەژێر سەرەوەریی و شەکانەوەی ئاڵاکەیان لەدوا قۆناغەکانی ڕزگاری نیشتمانیدا،کە گوایا خۆشبەختی وئاسوودەییان بۆ دەهێنێت، بەگوێی خەڵکی مەزڵوومی کوردستاندا، دەدرا.
بەهەزاران کەسیان، لەو پێناوەدا، ڕاپێچی مەیدانەکانی جەنگی درۆزنانەی ڕزگاری نیشتمانی دەکردوو، هەر لەم پێناوەشدا، خەڵکی کوردستان، دەریایەک خوێنی لەپێناو خۆشبەختی و ژیانێکی شەڕافەتمەندانەی تێرو تەسەلی بێزوڵم و زۆری قەومیدا ڕژت و کێوێکیش لەئێسک و پروسکی ئازیزانی خۆی پشت سەری خۆی ناوە و ئاسەوارەکانی هێشتاش لەسەر هۆش و دەروونی زۆربەی هەرەزۆری خەڵکیدا، چی وەک ئاسەواریی ئەنفالەکان و چی وەک ئاسەواریی کیمیا بارانەکان و چی وەک ئاسەواریی کوشتن وبڕین و زیندان و ئیعدامی خەڵکیی، لەلایەن دام ودەزگا سەرکوتگەرە ڕژێمە فاشیستیەکانی، هەرماوە.
بەڵام ئەوەی تۆزقاڵێک، بەویژدانەوە، لەمێژووی دوای کۆتایی دەورانی بەناو شۆڕشگێڕییان لەشاخ و گەڕانەوەیان بۆشارەکان، لەدوای ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان، کە لە هەل ومەرجی جەنگی کەنداودا، توانی دەرفەت وەرگرێت و کۆتایی بەدەسەڵاتی سەرکوتکگەری ڕژێمی بەعس لەکوردستاندا بهێنێت و دەورانی دەسەڵاتدارێتی بەناو خۆماڵی دەستپێدەکات، بڕوانێت، دەتوانێت لەوە ێبگات، کە ئەمانە هەر لەسەرەتاوە پارچەی چجۆرە مەعدەنێکی ناقۆڵابوون!
ئەوان کە لەشارەکانی ئێراندا پەرتەوازەبووبوون و هەتا تەواویش لەوە دڵنیا نەبوون کە ڕژێم توانای پەرچەکرداری لەبەرامبەر ڕاپەڕینی خەڵکدا نەماوە، لەسەرسنورەکانەوە ئاودیوی کوردستان نەبوون .
ئیتر لەوێ ڕۆژێ وە، لەناو دام و دەزگاو پێداویستییە خزمەنگوزارییە بەجێماوەکانی ڕژێمی پێشوودا، شۆڕشگێڕانی شاخ، هەڵپە هەڵپەی بەسەریەکەوە نانی سروەت و سامان و خۆ دەوڵەمەندکردنیان بوو، هێندە داخلەدڵیی ئەو ڕۆژە بوون، هەتا هەرچی زووە تۆڵەی ئەو هەموو ساڵانەی لە خەباتی درۆزنانەی شاخیاندا بەهەدەریانداوە لە خەڵکی کوردستانی بکەنەوە.
شۆڕشگێڕانێکی مووزەیەف، کە هەمیشە بانگەوازیان بۆ خەڵکی هەژار و نەداری کوردستان ئەوە بوو، کەشۆڕشگێڕانی ڕاستەقینەی خەباتی ڕزگاری نیشتمانی، لەپێناو هیچ ئیمتیازو دەستکەوتێکدا، خەبات ناکەن و بەرژەوەندیەکانیان خستۆتە ژێری ژێرەوەی بەرژەوەندیی گشتییەوە، هەرزوو، کەوتنە دزی و تاڵانی مومتەلەکاتی بەجێماوی دەوڵەتی پێشوو و هەر شتێک کە بەکەڵکی داڕژتنەوەی سەرلەنوێی ژێربینای کوردستان و دام و دەزگا تەندروستی و خزمەتگوزاریەکانی دیکە دەهات و دەیتوانی ئاڵ وگۆڕێکی کەم تازۆر لەو سەردەمەدا بەسەرژیانی خەڵکدا بهێنێت، ئەوان ئاودیوی سنوورەکانی ئێرانیان دەکرد.
بەمجۆرە کەش وهەوایەکی پڕ لەدزیی و فزیی و گەندەڵکاریی، هەرکەس بۆخۆمیان، کرد بەکلتوور لەئاستی بەرفراوانی کۆمەڵگاشدا، کە ئەمڕۆ ئاسەوارە وێرانکەرەکەی دەبینین، کەهۆکارەکەی هەر ئەو شۆڕشگێڕە قینلەمێشکانەی، دوێنێی شاخ بوون.
تەنانەت ئاڵاو خاک و نیشتمانێک، کە ئەم دزو تاڵانچیانەی فەرمانڕەوای ئەمڕۆ، هەرلە جامانە سوورەکانی خێڵ و کاسەلێسەکانی دەوروبەریانەوە، هەتا بوینباغلەبەریی شێخەکانەوە، وەک گەورەترین پڕۆژەی ئابووریی وبازرگانییان بەخوێن وجەستەی هەزاران قوربانیی خەڵکی کوردستان، دەسەڵاتدارێتی فیرعەونئاسایی ئەمڕۆیان لێچنیوەتەوە، لەبەرامبەریشدا بینیمان چۆن داوکاری خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشیان لەحەڤدەی شوبات و ڕۆژەکانی دواتردا، بۆ باشترکردنی ژیانیان، خەڵتانی خوێن کرد.
لەژێر ئەم پەرچەمیی پەڕۆیەدا، بەسەدان ڕۆژنامەنووس و چالاکی سیاسیی و مەدەنیی، لیبڕاڵ و چەپ و کۆمۆنیست، تەنیا لەسەر نووسینێک یان ڕەخنەیەک یان خیلافیی سیاسییان، لەگەڵ ئەحزابیی دەسەڵاتدا تیرۆرو بێسەرو شوێنکران!
لەژێر پەرچەمی بێشکۆی ئەم پەڕۆیەدا، بەهەزاران ژنیی بێتاوان، تەنیا بەتاوانیی سەرەتاییتریین مافێک، کە مافی ئازادانەی هەڵبژاردنی هاوسەرو خۆشەویستیی و پەیوەندیی سێکسییە لەگەڵ کەسێکدا کە خۆشیی دەوێت، ڕەشەکوژیی کران، یان لەحەمامەکانیاندا، گڕتێبەردران، یان ناچار بەخۆکوژیی کران وزۆربەی بکوژانیشیان لەپاڵ ئەحزابی حاکمدا، مێشکیشیان لێ میوان نییە!
بینیمان، چۆن، ئاڵای بەناو شکۆی نەتەوەیەک، لەپێناو پاراستنی شکۆی بنەماڵەدا و لە سیی ویەکی ئابدا، کەوتە ژێر پۆستاڵی بەعسیەکان!
بینیمان و هەر ڕۆژەش دەیبینین، چۆن، دەریای ئیجەو سنوورەکانی تورکیاو یۆنانیش، بووە بەگۆڕستانی لاوانێک، کە لەنیشتمانی دزەکاندا، هەڵپەی ڕاکردنیانە!
هەر ڕۆژەش، دەیبینین، چۆن خاک و نیشتمانی درۆزنەکان، بووە بەمەیدانی تەڕاتێنی، میتی تورکی و جەندرمەو پاسداران!
هەر ڕۆژەش، پەلامارە وەحشیگەریەکانی ڕژێمەکانی، تورکیا و ئێران ، بۆ سەر هاووڵاتیانی زەحمەتکێشی ناوچە سنووریەکانی کوردستان و وێرانکردنی پێگەی ژیانیان و کوشتن و ئاوارەو سەرگەردانکردنیان، لەنیشتمانی دزو گەندەڵکاراندا، باش دەبینین!
ئاڵا، ئەو پەڕۆیەی، لەم چەند ڕۆژانەی ڕابردوودا، لەلایەن حەشدی شەعبیدا، هاوشانی بارەگاکەی پارتی، سوتێندرا، پارتی و دەستە خوشکە ناسیۆنالیستە بێشەرمەکانی، هەرزوو، وەک ئەوەی هەنگوینیان لەکلۆرایی داربەڕوودا دۆزیبێتەوە، کەوتنەوە بانگەشەی پڕوو پووچانەی، وەک، ئاڵای کوردستان، شکۆ و سەروەریی نەوتەوەیەکە و هەزاران قوربانی لەژێردا دراوە، جگە لەدرۆیەکی زلی بێتام کە ئەم حیزبانە پێی ڕاهاتوون، بۆخەڵکی کوردستانی وەک تووتی بڵێنەوە، بۆ دەمەزەردکردنەوەی خەنجەریی کوولبووی ژەنگاویی ناسیۆنالیستانەیان و فریودانەوە و هەڵخڕاندنیی هەست و نەستی ساویلکانەی زەحمەتکێشانێکی کوردزمانە، کە هێشتا لەنێوان واقیعی حاڵیان و فکرو وەهمی ناسیۆنالیستیدا، سەرەگێژەیانە و دوو دڵ وڕاڕان، چیترنییە جگە لە ئیدامەدان بە هەمان سیناریۆ و گەمەی گەوجاندنی پێشوویان.

21.10.2020 Taher Esa




پێنج کورتە شیعر … کاوە عوسمان عومەر

(سەرە مەرگی عیشقێ )
( 1 )

بە سۆزێکی خامۆشەوە،،
بەلای یەکدا تێپەڕ ئەبن،
نیگا ساردەکانیان،،
لە چاوی یەکترا ئەکوژێننەوە
وەک دوو عاشقی ماندوو
چرپەیەکیش نیە..
بە یەکتری بڵێن
گەڵا بابردوەکان
لە جیاتی وشەی وشکی..
لێوی شەقار شەقار ..
هەموو شتێکیان،،
بە ناو تەپ و تۆزی…
بیرچووی شەقامێکا درکاند

————-

(هەموان زیندان)
( ٢ )
ئەو لە دڵی خۆیدا زیندان
ئەویش لە حەزی ئەما زیندان
هەردوکیشان
لە تەمەنیکا زیندان،
شەقامێکیش
لە بیرەوەری تێپەڕبوونی ڕێبوارێ
زیندان
ماڵێک لە خەیاڵی
هاتنەوەی تارمایی ئافرەتێ
زیندان
چیایەکیش
لە ویستی نیشتنەوەی مەلێکی وێڵ
زیندان
شارێکیش
لە گەڕانەوەی ئازادی
بۆ منداڵێکی هەژار
زیندان
—————————–

(ورڤیۆلینێک لە هە)
( ٣ )

بێ دەنگی لە چرای چاوەکانیەوە
ڕەنگی دایەوە،
پەنجەرەیەک تارمایەکی
بردە ناو هەڵم،
کچێک لە نێو کتێبەکانا
بە دوای خۆشبەختیدا گەڕا،
چرپەی گوڵە هاوینەکانیش
نەگەیشتە هەنگێک
سەرخۆش لە ژێر تیشکی..
ئاڵتونی خۆرێک،،
خۆی مەست

———

(پرسیارێک لە بارەی مەرگ)
( ٤ )

هەندێک جار ،
فرمێسکت ئەدوا،،
هەندێک جاریش،،
خەندەیەکت ئەبوونە گوڵی سپی
تۆ پرسیت،
بۆ هەر مەرگێ
ئەوەنە زۆر ئەخایەنێ،
ئەی چاوی ئەو ئەستێرانەش
بە نیگای شیعرەکان دامانگیرسان
بۆ وا زوو کوژانەوە؟

—————

( ئاوێنەی یەکترین )
( ٥ )

تەنها ڕوخسارەکان جیاوازن
بونمان ئاوێنەی یەکترە
لە درەوشانەوەی..
ساتەکانا، ڕەنگئەدەینەوە
من ئاوێنەی تۆ،
تۆ ئاوێنەی من
هەموان لە شنەبایەک
لە خۆشبەختیەوە هاتین،
بەسەر پشتی باهۆزێک
لە کاتی بەسەر چوو
تێپەڕ ئەبین،
بیرمان ئەچێ
لە یەک چۆڕە ئاو
دڵمان دروستبوو
لە یەک بیرچونیشا،
بوینە خەم
لە دابڕانێکیشا
یەکترمان ناشت




ئێوارەیەكی شین … دڵی_ڕۆژھەڵات

ئێوارەیەكی شەممە
من و تۆ
دەچینەوە ناو داڵانێك لە خەیاڵ و
ناو وەھمێك لە یادەوەریمان
ئێوارەیەكی شەممە
سپی سپی دەچینەوە ناو ناو سلێمانیی و
ئەزمەڕ دەبێتە پارچەیەك سەوزایی
ئەوە من و منین
دەبینەوە بەشێك لە نایادەوەری و
تۆش دەبیتەوە جوزئێك لە یاد
یادكردن
لە فەرھەنگی شیندا
لە نەخشەی سووردا
لە خەیاڵی سەوزدا
سپی دەچێتەوە ناو شوێن و
شوێن دەبێتە ڕوئیای زەمەنمان.
سپیبوون كوشتنی سڵاوكردنە لە سەر شەقامەكانی تەمەن و
لە یادچوونەوەی ھەموو شتێكە و
ونكردنی ڕاكردنە
شیعر
گەڕانەوەیە بۆ سەرەتای ھەموو خەیاڵكردنێك و
لە بەینبردنی زەمەن.

سلێمانیی
دڵی_ڕۆژھەڵات




پرووشەکانی ئەوین -1- پۆستەرە شیعری: ستیڤان شەمزینی

بەشی یەکەم…

جگە لە خۆشویستنی تۆ
کارێکی ترم نییە
جگە لە ئامێزی میهرەبانی تۆ
هیچ پەناگەیەکی ترم نییە
جگە لە قووڵایی دڵی تۆ
هیچ نیشتمانێکی ترم نییە


ئەگەر مردم
لە پەڕەی گوڵاڵە سوورەی بەهاردا بۆنم بکە
لە پێکێک شەرابی زۆر کۆندا تامم بکە
لە ژوانگەی دڵداراندا یادم بکەرەوە
لە بەهەشتی ئاشقان،
کۆڵانی دێوانەکان چاوەڕێم بکە


ئازیزم.. کۆترە دوورە دەستەکەم
هەرکات بیرت کردم
لە قووڵایی شیعرەکانمدا یادم بکەرەوە
منیش هەر کات بیرم کردیت
لە وێنەکانتا قەسیدەیەکی تر ئەنووسمەوە


هەندێک هەست هەیە ناوترێ
هەندێک نیگا ناتوانی بیبینی
بەڵام هەندێک بێدەنگی هەیە
دەتوانیت لێی تێ بگەیت!!
ئەوەی ناتوانم بە زمان بیڵێم
بە نیگا پێت دەڵێم
ئەوەی ناتوانم بینووسم
بە فرمێسک دەیدرکێنم


لە قاوەی بەختما، تۆ دەرکەوتیت
هەموو تاریکییەکانت برد و
لە پرشنگی دڵی خۆت هەڵکێشام
لە قاوەی بەختما، تۆ دەرکەوتیت
گشت تاڵییەکانت لێ سەندم و
شەکراوی رۆحی خۆت پێ بەخشیم
ئەوینەکەم ئێستا تۆ دەرکەوتوویت
منیش بەم چارەنووسەم زۆر مەستم
زۆر مەست


تۆ جوانترین شیعری منی
تۆ قەسیدەیەکی هەموو رۆژێ ئەتنووسمەوە
تۆ خەونێکی هەموو شەوێک دەتبینم
تۆ کەنارێکی هەمیشە ئەمەوێ پێت بگەم
تۆ جادوویەکی نامەوێ هەرگیز بەتاڵ بیتەوە
تۆ نێرگزێکی مەست ئەبم بە بۆنت
تۆ خەیاڵێکمی هیچکات دووبارە نابیتەوە
تۆ شەونمێکی لە جەستەی شەکەتم نابیتەوە
تۆ هەر خودی خۆمی و لەدڵمدا دەتوێنمەوە


وتم هەرگیز لە تۆ دوور ناکەومەوە
ئەی نابینیت لە دڵتا هەناسەی ژیانم دەدەم؟
ئەی نابینیت هەموو رۆژێک لە خەونەکانتام؟
ئەی نابینی وەک پەروانە بەدەوری شەمعی باڵاتەوەم؟
ئەی نابینی لە هەنگاوەکانتا هێزم
لە باخچەکەتدا رەونەقدارترین گووڵم
لە خەیاڵەکانتا ئاسۆیەکی روون روونم
لە خەمەکانتا دڵۆپێک فرمێسک و
لە شادییەکانتا رەنگینترین خەندەم؟


ئەگەر هاتیت بە دڵۆپە شەونمەکانی سەر دڵتا دەتناسمەوە
ئەگەر هاتیت بە بۆنی نێرگزی رۆحتا دەتناسمەوە
ئەگەر هاتم بە خەونە رەنگاڵییەکانما بمناسەوە
ئەگەر هاتم بە ئامێزی گەرمما بمناسەوە
لە ئێستاوە تا ژوانێکی کەناری دەریا
لە بیرت بێت لە دڵی هەموو شەپۆلەکاندام
لە هەنووکەوە تا پیاسەیەکی رۆخی رووبار
لە بیرمە لە باوەشی گزنگی بەیاندایت


پۆستەرە شیعری: ستیڤان شەمزینی




‎ئەمشەو … ھاوار تەیب

‎میوانێک دەبم لە جنسی پەشمەک و
‎لە سیحری باران
‎میوانێک لەگەڵ خۆیدا
‎هەموو دالێک بسپێرێ بە لێوێک کە مەدلوولترە لە حەزە
‎ئاشیفتەترە لە وجوود.

‎میوانێک
‎بە تامی ماچ و ئاڵوودە لە ترس
‎خەیاڵتر لە یەقینی ئەو مەودایانەی
‎دووری پەی پێی نەبردوون،
‎میوانێ سەراپای بۆ پێکەنینێک و
‎بۆ وجوودی سڵاوێک
‎گریان پڕە لە ئاونگی سەر پەڕەی دڵی
‎تۆش خەیاڵتر لە دانیشتن و
‎بڤەکردنی هەموو شت تا سووتانی میوان لە پەیڤی یاردا.

‎میوانێک
‎تا ڕژانی خەیاڵ و
‎کۆکردنەوەی وجوود بەدیار تێکشکاندنی شەرمەوە
‎میوانێ لە یادەوری تۆدا
‎ماچێکی شیرین و
‎تۆ لە یادەوەری میواندا
‎یەقینێکی پەمەیی.

ڕانیە
ھاوار تەیب




ناوی کتێب : ئەدەب و ئایدیۆلۆژیا … نووسەر : ناڵە حەسەن

بابەت : لێكۆڵینەوەی فیكری
نووسەر : ناڵە حەسەن
پیتچنین و هەڵەچنی : نووسەر
نەخشەسازی ناوەرۆك : شیالن حەمید مەجید
بەرگ : شاخەوان جەعفەر
تیراژ : 500 دانە
چاپ : چاپی یەکەم – چاپخانەی ڕۆشنبیری- هەولێر/ 2020

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن ….




هەرێمی سلێمانیی، پرۆژەیەک بۆ ئینقاذی شار و ناوچەکە … کامیار سابیر

کۆمەڵی گەنج، پرۆژەیەکیان تەبەنیی کردووە و دەستەیەکیان پێکهێناوە، بە ناوی ( پارێزگاکانی سلێمانیی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕیین)، ئەوان پێش ئەوەی پرۆژەکەیان بکەوێتە سەرپێ، کارتی تەخویین بەرەو روویان بەرزکراوەتەوە، وێڕای ئەوەی هەجوویان پێ دەکەن و بە پیاوی ئەم و ئەویان لە قەڵەم دەدەن، بەڵام زۆربەی هەرە زۆری ئەو سەرنج و رەخنانەی لەسەریان هەیە، لە جوغزی ئەو کوردایەتییە چەتەگەرییەی هەرێمەوە سەرچاوە دەگرێت کە رائیدەکانی ریفراندۆم ( لە پارتیی، لە یەکێتیی، لە گۆڕان و یەکگرتوو) تەهلیلەیان بۆ دەکرد. هەروەها کەوتوونەتە بەر پرتەو بۆڵەی ئەو نوخبە نەژادیی و طائیفییەی پێیانوایە کە دەبێ سلێمانیی، سەرە رمی ئەو جیابوونەوەیە بێت کە لە عێراقی ( عەرەبیی و شیعیی)،دووربکەوینەوە.
هاوزەمان، کۆمەڵێ خەڵکی تر رەخنەی ئەوەیان لێ دەگرن، گوایە هەندێ حیزب و سیاسیی لە پشت ئەم پرۆژانەوەن( خۆیشم ئەم رایەم هەیە!)، بۆ ئەوەی دەستکەوتی شەخصیی و حیزبیی خۆیان، لە پارتیی داوا بکەن. ئەم خاڵەیان، بێ ئومێدییەکی زۆری رۆناوە، چونکە سیاسییە کاربەدەستەکانی سلێمانیی ( یەکێتیی و گۆڕان)، داوای شەراکەت و بەشی زیاتر لە دزیی و تاڵانییەکانی سامانی نیشتمانیی لە پارتیی، دەکەن. لە هەموو حاڵەتەکاندا، بەدەر لە هەندێ رەخنەی عەقڵانیی، بەشێکی بەرچاو لە مۆتیڤی ئەو کەسانەی رەخنە لە بەهەرێمبوونی سلێمانیی دەگرن، یان گێزەر و بەرژەوەندییە، یاخود عەصا سیحریی و ئافیونەکەی ناسیۆنالیزمی کوردایەییەتییە، وێڕای ئەوەی بێئومێدیی و نەمانی متمانەیش لای خەڵک، دڕدۆنگیی سیاسیی دروست کردووە. ئەهلی گێزەر، ئەوانەن کە مەصڵەحەتیان هەیە، لە دزیی و گەندەڵییەکانی هەرێم، موستەفیدن و ئەهلی جادووی ئەفیونەکەیش، ئەو نەتەوەیی و نەژادییانەن کە حەماس و شیعاراتی جەوفای ناسیۆنالیستییانە، دەیان رەتێنێت.

سلێمانیی، ئەگەر لە مێژووی نزیک بە صەد ساڵی دەوڵەتی عێراقدا، سەیری بکەین، بەراورد بە هەموو شار و شارۆچکەکانی کوردستانی عێراق، زۆرتریین باجی سەرکێشیی، راپەڕیین و یاخییبوونەکانی داوە، بەڵام نەک هەر هیچی نەچنیوەتەوە، بەڵکو لە هەر لە بیستەکانەوە تا ئێستا و بە تایبەتییش لەسەردەمی ئاوەدانیی کۆمارییەکاندا ( لە ١٩٥٨ ەوە بۆ ناوەڕاستی هەشتاکان)، پەراوێزخراوتریین شاری کوردستانی عێراق، بووە. واقیع ئەوەیە، ئەو قوربانییانەی سلێمانیی داویەتی، لە ناعەقڵانییبوون، لە حەماسی نەتەوەیی و لە غوبنی نەژادییەوە، دراون! ئەم شارە و ناوچەکەیشی، هەمیشە بوونە بە گۆشتی بەر لوولە تۆپەکانی ئەو پرۆکسییە ئیقلیمییەی ناوی بە دڵسۆزیی! بۆ کورد، یان بۆ کوردایەتیی، لە ئەدەبی کوردییدا، رۆیشتووە. سەردەمانێک بە تایبەت لە ١٩١٨ و ١٩١٩ دا، سلێمانیی دوای تیجاڕەت و پرۆکسییبوونەکانی شێخ مەحمود کەوتبوو کە حەلیف و رەدیفی پاشماوەی عوثمانییەکان و دواتر کەمالیستەکان بوو. گەنجانی سلێمانیی و دەوروبەری دەبرد بۆ ئێران، دژی رووسەکان بجەنگێ، یان بۆ شوعەیبییە لە خوارووی عێراق، بۆ ئەوەی شەڕی ئینگلیز بکەن، هەردوو عەمالەتەکەیش بۆ تورکیای پاشماوەی عوثمانییەکان و سەرەتای ناسیۆنالیستە تورکەکانی ئیتیحاد و تەرەقیی تورکیا، بوو. بە واتایەکی تر، سلێمانیی سەردەمی شێخ، شەڕی کوفری دەکرد و نوێنەرایەتیی پاشماوەی عوثمانییەکانی دەکرد.
بە دەربڕیینێکی تر، هەموو ئەو وێرانیی و کاولبوونەی بەسەر سلێمانییدا هاتووە لە کۆتایی دەیەکان، هەروەها بیستەکان و سییەکانی صەدەی رابردوودا، باجی دەستتێکەڵکردنەکانی شێخ لەگەڵ تورکیای عوثمانیی و نوێدا، بوو. باجەکەیش، راستەوخۆ، جیۆگرافیای سلێمانیی و خەڵکی سلێمانیی، داویانە. با ورد بین، دەڵێم خەڵکی سلێمانیی، نەک هەموو کوردستانی عێراق، چونکە تەمەڕودەکەی شێخ، زۆر لۆکاڵیی و ناوچەیی بوو. بە داخەوە، تا ئەم ساتەیش هەندێ لە قەومچییەکانی کورد و ئەوانەی زۆر شانازیی بە غروری نەتەوەیی سلێمانییەوە دەکەن، ئەمەیان بە موقاوەمەتی ئینگلیزەکان و دەوڵەتی تازە دروستبووی عێراق، دەزانی. هاوکات، شانازیی بەو تەمەڕود و وێرانکارییانەوە دەکەن کە سلێمانیی، تەسلیم نەبووە! واقیع و عەقڵانییەت ئەوە بوو، تەسلیمی ئەمری واقیعی موعادەلە جیهانییەکانی دوای شەڕی جیهانیی یەکەم بووایە، زۆر زۆر شەریفانەتر بوو، لەوەی کە سلێمانیی لە لایەن تورکیای( عوثمانیی و کەمالییەوە)، بۆ ئەجێندا و هەژموونی عوثمانییەکان و کەمالیستەکانەکان، وەکو پرۆکسی، لە ئێران و لە بەصرە، دژی رووسەکان و ئینگلیزەکان، بەکاربهێنرێت.

لە چلەکان و پەنجاکانیشدا، دووبارە سلێمانیی، لە کوردستانی عێراقدا، قیبلەی نەتەوەییەکانی کورد، بوو. زۆرتریین مەغز نەژادیی و راسیستەکانی کورد بە تایبەتیی کاژیکەکان، ناووکی ئەو تەمەڕودە کوردییانە بوونە کە بۆ وڵاتانی ئیقلیمیی کراون، زۆربەی ئەم تەمەڕود، تەقوتۆق و یاخییبوونانە، کادیرەکان و نوخبەکانیان، لە سلێمانییەوە، سەرچاوەیان گرتووە. حیزبی دێمۆکراتی کوردیان( دواتر پارتی دێمۆکراتی کوردستانی-عێراق) لەناو نوخبەکانی سلێمانییەوە، دروست کرد و لەسەر صینییەکی زێڕیین، دایان بە دەستی بنەماڵەیەکی تفەنگچیی، ئاغاوات و شێخنشیینی وەکو بنەماڵەی بارزانیی کە بە قەولی نەوشیروان، هەڵاتبوو بۆ روسیا و لەوێ قەصابیی دەکرد و وازی لە کورد، هێنابوو، بەڵام نەتەوەپەرستەکانی سلێمانیی و تاڵەبانیی، چوون دەستوپێیان ماچ کرد و هێنایانەوە.
ئەم دۆخە لە شەستەکان، حەفتاکان و هەشتاکانیشدا، بە تایبەتیی نەواتی سەرەکیی کۆمەڵەی رەنجدەران لە سلێمانییەوە، سەرچاوەی گرتووە، عاقیبەتیش ئەوەی لێ دەرچووە کە پاشماوەی ئەو رێکخراو و حیزب و تەمەڕودانە، چ لە بەغداد و چ لە هەرێمی حەوشی پشتەوەی تورکیا، یەکێتیی ئێستا و( بە ئیتیفاقییەی ستراتیژیی و شەراکەتی بیزنسەوە) گۆڕانێکی گەندەڵ و موطیعی پارتیی و سەرلەقێن بۆ قائیدی ضەرورەی کوردایەتیی( م.بارزانیی) لێ کەوتووەتەوە. بەشێکی زۆری ئەم یەکێتیی و گۆڕانە، هەر ئەم نوخبە نەژادیی و ئەکادیمیستە نەتەوەییانەی سلێمانیین کە بە هەزار و یەک شێوە، پرۆژەی بەهەرێمکردنی سلێمانیی، تەخویین دەکەن، بە ئەهریمەنی دەکەن و بە خورافاتە نەتەوەییە ئایدیالییەکانی خۆیان، بە خائین و خۆفرۆش و سلێمانییفرۆش، لە قەڵەمیان دەدەن.

یەکێک لە گرفتە سەرەکییەکانی ئەم جەهلی نەتەوەییبوونەی کورد ئەوەیە کە ئەدەبییاتە سیاسییەکەی، رەنگدەرەوەی ئەو واقیعە فیکریی و سیاسییەیە کە زۆر کۆڵەوارە. بۆ نموونە بەردەوام، چەمکە نیشتمانیی و نەتەوەییەکان، تێکەڵ دەکەن. ئەمە بۆ هەموو وڵاتان و گەلانی تر ببێت، بۆ کورد، نابێت. نەتەوەیی، بوعدێکی نەژادیی هەیە و کوردی هەموو پارچەکانی کوردستان دەگرێتەوە و مامەڵە لەگەڵ، چوار وڵاتی جودادا دەکەیت کە پانکوردیی دەکات. نیشتمانییبوون، دەبێ لەچوارچێوەی ئەو وڵاتەدا بێت کە پارچەی کوردستانە جیاوازەکانی تێدایە. بۆ نموونە، خورافات و جەهلی قیادییە سیاسییەکانی کۆمەڵە و ئاشیش، ئەوەبوو دەیانگوت( قۆناغ، قۆناغی رزگاریی نیشتمانییە!). رزگار دەبیت لە کێ؟ واقیع ئەوەیە کە ئەو رزگارییە نیشتمانییە، رێک بە مانای جودابوونەوە و سەربەخۆیی دەهات و دێت. لە کاتێکدا، لە پێش و پاش ئاشبەتاڵەوە، نە کۆمەڵە، نە یەکێتیی و نە هیچ حیزبێکی سیاسیی کورد( بە پارتییشەوە)، جگە لە تەوەهومات و خەونەکانی پاسۆک و کاژیک و هەندێ ئەکادیمیستی شاخشکاوی نەتەوەیی نەبێت، هیچ حیزب و کەسێک ئەوەندە ناعەقڵانیی نەبووە، نیشتمانی ئەو بەشەی پێیدەگوترێ کوردستانی جنوبیی( ویلایەتی موصڵ) بە خەونیش لە عێراق،جودا بکاتەوە و سەربەخۆیی بۆ دەستەبەر بکات( مەگەر ریفراندۆمە موخابەراتییە پڕ لە هەیەجانە قوبرصییەکەی ناو مەغزی سەرۆکی پارتیی-بارزانیی، ناعەقڵانییەتی وای بۆ ئەجێنداکانی تورکیا، کردبێت) .

کەواتە، دروست ئەوەیە، پرۆژەی بەهەرێمکردنی سلێمانیی، پرۆژەیەکی نیشتمانیی، بێت. لێرەدا دەبێت بە کامیل لۆژیک و عەقڵانییەتەوە، مامەڵە لەگەڵ نیشتمانییبوون، بکەین. نیشتمانییبوون دەبێ لەچوارچێوەی دەستور و جیۆگرافیای دەوڵەتی ئێستای عێراقدا بێت. صەد ساڵ، غوبن و نامۆیی سلێمانیی بە عێراق، صەد صاڵ موقامەوتی بێ ثەمەر، صەد ساڵ شاخ کرۆشتن و شەڕەقۆچی نەتەوەیی و دەغدەغەی نەژادیی، صەد ساڵ تەسلیمنەبوونی!!! سلێمانیی و فشەفشی نەتەوەیی، ئەم چەتەگەرییە ئابوورییەی رائیدەکانی کوردایەتیی لێ بەرهەم هاتووە و ساڵ بە ساڵیش، سلێمانیی پەراوێزتر و بێنازتر و بێ خزمەتتر دەبێت. بەم پێودانگانە، ئەوانەی لە پشت ئەم پرۆژەیەوەن، دەبێ خورافەی نەتەوەیی، شیعاراتی بەڕاقی نەژادیی و حیقدی طائیفیی( ناسیۆنالیزمی سوننیی- بابانیی- موکریانیی) کوردایەتیی، تێپەڕێنن. لەم خاڵەی دوایی و بەشێک لە مێنتاڵیتیی سیاسیی رێکخەرانی ئەم پرۆژەیە، زۆر بە گومانم.

کۆمیدیاکە لەوەدایە، هەندێ لەوانەی لەناو ئەم پرۆژەیەدان، تا دوای ریفراندۆمە موخابەراتییەکەی بارزانییش، لە کادیرەکانی پارتیی، باشتر شیروتیریان لە کێلانە (نەتەوەیی و نەژادیی و طائیفییەکان) دەردەهێنا و بە رووی عێراقی عەرەبیی و شیعییدا( بە قەولی خۆیان) رایان دەوەشاند! بێ ئەوەی دان بەو هەڵە سیاسییە ستراتیژیی و ئەو غەڵەتە ناعەقڵانیی و نالۆژیکییەدا، بنێن و داوای لێبووردن لە خەڵک بکەن، کەچیی خۆیان ترینجاندووەتە ناو ئەم پرۆژەیەوە؟ دەی بەهەمان مێنتاڵیتییەوە، دەیانەوێ چیی بۆ سلێمانیی و گەڕاندنەوەی شکۆ بۆ سلێمانیی، بۆ ناعەدالییەتییە ئابووریی، سیاسییی و کۆمەڵایەتییەکانی سلێمانیی و دەڤەرەکە بکەن؟ تەنانەت، تا ئەو کاتەی داوای لێبووردن لە بەشدارییکردن و پێداهەڵدان بە ریفراندۆمی پرۆکسییدا، نەکەن، نەک هەر جێگەی گومانن، بەڵکو زیاتر دەڕۆم و دەڵێم، ئەمانە بۆ ئەوە نێردراون کە پرۆژەی بەهەرێمکردنی سلێمانیی، وەکو ریفراندۆم و سەربەخۆیی، سووک و ریسوا، بکەن.
خاڵێکی تر کە لە باری فیکریی، کولتووریی( مەبەست لە ثەقافییە) و عەقڵانییەوە، زۆر بە خراپیی لە بییرکردنەوەی هەندێ لەوانەی لەناو ئەم پرۆژەیەدان، جێکەوت بووە. لە ریکڵامەکانیاندا، بە ئاشکرا دەڵێن، پرۆژەی بەهەرێمکردنی سلێمانیی، هەوڵێکە بۆ بونیاتنانی دەوڵەتی کوردیی، ئەم بۆچوونە لە باوبژە طائیفیی و نەژادییەکەی ریفراندۆم زۆر مەترسییدارترە. هاوکات، رێکخەرانی ئەم کەمپەینە کە دێنە سەر وەصفی سلێمانیی و سیاسییەکانی سلێمانیی، بە ” کوردپەروەر” لە قەڵەمیان دەدەن! ئەها، سەیری ئەم نەفەثە سیاسییە و ئەم نەفەخە ناعەقڵانییە نەتەوەییە بکە کە بییرکردنەوەی سییەکانی صەدەی رابردووە، گوایە سلێمانیی کورد بە خێو دەکات، کورد پەروەردە دەکات! ئایا بەڕاستیی ئەم تەعبیرە لاواز و شاعیرانەیە، بە مانای ئەوە نایەت کە شارەکانی تری کوردستان، جووجەڵە، قەل و کۆتر پەروەردە دەکەن و تەنیا سلێمانیی، کوردی بە ویقار دروست دەکات! یان لە باری سیاسییەوە، مەگەر شارەکانی تری کوردستان، تێرۆریست و ئایدیۆلۆژیست و خائین بەرهەم دەهێنن؟لە کاتێکدا، سلێمانیی، کوردی نەتەوەیی خاڵیص دروست دەکات کە لە حەلەزۆنی کوردایەتییدا، بە کامی دڵی هەموو سیاسییەک، دەخولێنرێنەوە.

سەرەنجام، خەڵکی کوردستان بە گشتیی و سلێمانیی بە تایبەتیی، ئەوەندە لە سیاسییە گەندەڵەکانی شاخ و دزەکانی کوردایەتیی، پڕن، خوازیارن سەر بە شەیطان بن، نەک سەر بە هەرێمی موخابەراتی تورکیا بن. تەوەقوعی خەڵک پێش تەوەقوعی نوخبە سیاسیی و رۆشنبییرییەکان کەوتووە و هەر ئێستا، لە بێ دەرەتانیی و بێ ئاسۆییدا، بۆ گەڕانەوەی کەرامەتی ئینسانی کورد، کاظمییان لە سیاسییەکان و حیزبەکانی سەر بە بارزانیی، تاڵەبانیی و نەوشیروان، پێ باشترە. بەهەرێمکردنی سلێمانیی، جورئەت دەدات بە کەرکوک و هەولێر و دهۆکیش لە ئاییندەی نزیک و دووردا، بییر لە بە هەرێمکردنی شارەکانیان بکەنەوە و تەنانەت من تا رادەی هەڵوەشاندنەوەی حکومەتی دڵخوازی موخابەراتی ئێرانیی و تورکیا( حکومەتی هەرێم) دەڕۆم و فیدراڵیی لەسەر ئەساسی پارێزگاکانی عێراق، دابڕێژرێتەوە. هەر وەهمێکی نەتەوەیی و نەژادییش لە پشت ئەم پرۆژەیەوە بێت ئەوە فەشەلێکی ئەوەندە قورس دووچاری دەبێتەوە کە باجە سیاسیی و ئابوورییەکەی، خەڵکی سلێمانیی، بۆ دەیان ساڵی تریش دەبێت بیدەنەوە. بە پێچەوانەوە، دەبێ ئەم پرۆژەیە، زۆر بە جەرائەت و بەرچاوڕۆشنییەوە، روئییەی سیاسیی کورت مەودا و دوور مەودای بۆ ئینقاذی شاری سلێمانیی لە دەست دوژمنە سەرەکییەکانی کە دز و مافیا و شۆڕشگێڕەکانی کوردایەتیین، هەبێت.

کامیار سابیر




“شوێن و جۆرەكانی شوێن لە ڕۆمانی) بەرێگاوە( دڵشاد كاوانی” … لێکۆڵینەوەی: ژاڵە كمال

پێشەكی

ڕۆمان وەك ژانرێكی نوێ جیهانی نوسین بۆگێڕانەوە و تۆماركردنی سەربردە درك پێنەكراوەكانی مرۆڤە، قورسایی و بارستایەكی فراوان و پانتایی ئەدەبیاتی جیهانی داگیركردوە، ئەو ژانرە كۆمەڵێك رەگەزە، شویێنیش بە بەردەوامی لە گۆڕاندایە بەپی جووڵەی مرۆڤ تیایدا ئەو جووڵەیەیی، كە كات سازی دەكا و دەیخاتە سەر شوێن جیهانی ڕۆمان دنیای گشت ئەو گۆڕانەیە، ئەو هەموو گۆڕان و ململانێیەیە پێویستی بە رێكخستن هەیە، بەشێوەیەك كە چێژ و جوانییەك ببەخشێ.
شێوێنیش وەكوو خەسلەت و رەگەزی سەرەكی پێكهاتەی ڕۆمان سەیر دەكرێ بەمەش چیرۆك و ڕووداو و گێڕانەوەكانی ناخی نووسەر لە جوغیزدا دەسوڕێنەوە هەر چەندە نووسینی ڕۆمان لە زمانی كوردییدا درەنگ وەخۆكەوت. بەڵام لەگەل هاتنی تەوژمی ئەدەبیاتی ڕۆژئاوا ڕۆمانیش بنەچەی خۆی لەنێو وێژەی كوردی داكوتاوە بووە بەشێك لە پێكهاتەی ئەدەب و نووسین
ئەوەی مەبەستە .
دیاری كردنی شوێن و گرنگی لە نوسینەوە لە نێو ڕۆمانەکانی كوردییدا، بەرێگاوە بە نمونە وەك خۆشەویستی بۆ خاك و نیشتیمان و دەرخستەی ناسۆرییەكانە لەسەر زێدو جوگرافیای ژیان كردنە لە ڕۆمانی كوردییدا. بەتایبەتی دەست نیشان كردنی شوێن لەناو ڕۆمانی (بەرێگاوە) ی دڵشاد كاوانی وەك نوێترین ڕۆمانی كوردی زۆر بە ڕوونی دەردەكەوێت كە ڕۆماننووس توانیویەتی خاڵەكانی ناكۆكی و سنوورە دەستكردەكانی مرۆڤ و ژان و ئازارەكانی نەتەوەیەك لە ڕێگای دیاری كردنی شوێنەكانی ناو ڕۆمانەكان بخاتە ڕوو .

ئامانج

بریتیە لە بەرجەستەكردنی شوێن و جۆرەكانی شوێن و دەستنیشانكردنی شوێنەكانی ناوڕۆمانەكە كە نووسەر بەكاری هێناون بە هەموو جۆرەكانی.

پێكهاتە

پێك دێت لە پێشەكی و دوو بەش و ئەنجام و لیستی سەرچاوە لە بەشی یەكەمدا (شوێن و جۆرەكانی)، كە بەشە پراكتیكیەكەیە بەشی دووەم كە پێك دێت لە دەستنیشانكردنی شوێنەكانی ناو ڕۆمانی (بەرێگاوە) بەشە تیۆریەكەیە بەشێكیتریش پێك دێت لە كورتەی ڕۆمانەكە.

شوێن:

شوێن، وەك قەوارە و چوارچێوە، لە ژیانی مرۆڤ دا بەهایەكی گەورە و خاسیەتی خۆی هەیە، شوێنەكانیش هەمە جۆرن. سەیرش نیە، كە شوێن ڕۆڵێكی وا گەورە و بەرچاو لە ژیانی مرۆڤ دەبینێ، چونكە هەر لەو كاتەوە ژیانی، تا ئەو كاتەوەی كە ((منداڵدانی دایكی دەبێتەشوێنێك بۆپێكهێنانی بایۆلۆجی و ژیانی، تا ئەو كاتەی لەگەل ژان ئەو كۆرپەلەیە دێتە ناو جیهانی بوونی دەرەكی. ئەو كاتەش بێشكە دەبێتە ئەوشوێنەی، كە هەست و هۆشی تێدا دەكرێتەوە لەهەر پێنج هەستەكەدا، لە دوای قۆناغی بێشكەش لایەنی شوێن بە شێویەكی ڕوونتر بەدیار دەكەوێت لەماڵ و كۆڵان و قوتابخانە و سینەما و گازینۆ وشەقام، چ لە شاربێ یان گوند یان بیبان تەنانەت لە دەریا و ئاسمانیش)) مرۆڤ لەهەرشوێنك لە دایك بێت و تێیدا گەورە بێت خۆشەویستییەكی بەهێز بەم شوێنەی دەبەستێتەوە، شوێن ((ئەوزەمینەیە، كە ئەم بنیاتەی لەسەر بەرزدەكرێتەوە)) كە ناتوانێ دەستبەرداریی لێبكرێ. هەروەها شوێنیش بە مرۆڤەوە لكاوە مرۆڤ بەبێ شوێن ناناسرێتەوە و شوێنیش شانۆی نواندنەكانی مرۆڤە هەر لە سەرەتای بونیەوە تاكومردنی، شوێن ئەوجیهانە دەركیەیە، لە سەرەتای بونیەوە تاكو مردنی. شوێن ئەوجیهانە دەرەكییە، كە هەستكردن بە شتەكان تیایدا قەوارە دەگرێ و چۆنیەتی هەڵسوكەوتكردن و گونجان و نەگونجان لەگەل یەكتری دەبینرێ، چەمكی شوێن و ڕۆڵە گرنگەكەی لە ژیانی مرۆڤ بە گەشەكردنی پەرە دەسێنێ، هەر كاراكتەرێك لەناو ڕۆماندا شوێنێكی تابەت بەخۆی هەیە، لێیەوە دەست پێدەكات و پەرەدەسێنێ و كاریگەری شوێنەكەی لەسەر دەبێ و لەوانەیە هەر لەم شوێنەش كۆتای دیت، ((شوێن، مەڵبەندی ڕووداوە و ناسنامە بە كارەكتەر دەبەخشێ و هەستكردنیشە بەئامانجی ژیان)) شوێن توخمێكی سەرەكییە لە بنیاتی كاری گێرانەوە، شوێن لە ڕۆماندا بەكاردێت كە وەك شانۆیەك وایە كەتێدا هەموو ڕووداوەكانی پیشانی خوێنەر دەدات. شوێنەكانیش ڕاستەوخۆ یان بەشێوەی ناڕاسەوخۆ تێكەڵ بە (مەغزا) ی ڕۆمان دەبێت. بۆیە فەزایەك وایە كە هەموو ڕەگەزەكانی ڕۆمان دەگرێتەخۆ. لە نێوانیاندا ڕووداوەكان و كەسایەتی و ئەو پەیوەندییەی لەنێوانیاندا ئەو كەش و هەوایەیان پێ‌ دەبەخشێت كەتیا ڕوودەدات. كە ئەو فەزایەی كە لە ڕۆماندا شوێن دروستی دەكات دەبێت بە تابڵۆیەك واتا تابلۆكە دروست دەكات. شوێن لە ڕۆماندا ((ڕەگەزێكی زیاد نیە.
شوێن گەلێ شێوە وەردەگرێت گەلێ واتا دەگرێتەخۆ. بەڵكو لەهەندێ كاتدا لەوانەیە ببێتە ئامانج لە نەبوونی كارەكەدا بە گشتی)) ئەگەرسەیری بكەین كە پەیوەندی شوێن، بەتەكنیكی وەسفی كاتەوە، دەتوانین بڵێین كە شوێن بە توخمێكی تەواوكەری كات لەو ڕۆمانەدا دەبینرێت كە هەردوكیان بەیەكەوە. ئەو جێگانە دروست دەكەن كە كارەكتەر و ڕووداو تیایدا سەر هەڵدەدەن پەرەدەسێنێ،‌ كەواتە شوێن لەگەڵ كات دا پەیوەندییان بە یەكەوە هەیە شوێن تەنیا ئەوە نییە لە خولگەماندا و بەس، بەڵكو لە ژوورەوەشمان دا (جێ‌) هەیە. كە لەگەڵ سەرگوزەشتە و گرفت و ئاستەنگەكاندا جێگیر دەبێت. كەواتە شوێن تەنها ئەو شوێنە نییە كە تەنیا نشتەجێ دەبێ بەڵكو هەندێ جار نیشتیمانێك دەگرێتە یاخودژورێك دەگرێتەوە وەكوو لە ڕۆمان دا ڕوو دەدات پەردەسێنێت. هەرچەندە گێڕانەوە زیاتر پەیوەستە بە كاتەوە لە ناو ڕۆماندا بەڵام ((شوێنی ڕۆمانیش گرنگییەتی مەزنی هەیە هیچ كەمتر نییە لە بەهای كات)) هەرچەندە ڕۆمان بە پلەی یەكەم هونەرێكی زەمەنییە بەڵام وەك ئاماژەمان پێكرد لە هونەرەكان شێوەكاریش دەچێت لە ڕووی پێكهاتەی شوێنییەوە ((لەبەر پەیوەست بوونی شوێن بە تەكنیكی وەسفی كاتی. ئەوە دەتوانرێت شوێن وەك ڕەگەزێكی پاشكۆیین كاتی ڕۆمان بهێنریت. بە مەرجێك ئەوە لە بەهاكەی كەم نەكاتەوە)) بەتین بوونی ئەم پەیوەندییەی نێوان كات و شوێن زۆر جار وای لێدیت كە ((بەكارهێنانی شوێن بەبێ ئەوەی زەمەن بگرێتەوە یاخود كات بەكاردێت لە توێژینەوەی كارێكی گیڕانەوەی بەبێ ئەوەی چەمكی شوێن تیا سەرهەڵبدات شتێكی مەحاڵە) یەكێك لە توخمە گرنگەكانی ڕۆمان شوێنە كە ناكرێت بەبێ هەبوونی شوێن باسی كارەكتەر و ڕووداو بكەین چونكە شوێن لە خۆگری كارەكتەر و ڕووداوەكانە هەر لەبەر ئەوشە لە تیۆری ڕەخنەیی ڕۆماندا بایەخێكی زۆر بە شوێن دراوە لە ڕۆمانی كلاسیكیدا شوێن تەنیا شانۆی ڕووداوە جووڵەی كەسەكانی تێدادەبینین. بەڵام لەڕۆمانی نوێدا شوێن تەواوكەری ڕووداوە زۆرجاریش رۆڵی كارەكتەری سەرەكی لە ڕۆماندا بگرێت. كاتێك كە باس لەنێوان شوێن دەكرێت یاخود لەفەزای ڕۆمان دەكرێت مەبەستی لەو هەموو شوێنانەیە كە ڕووداوەكانی تیا ڕوودەدات ((وەسف كردنی شوێن و پێكهاتەكانی و ئەوشتانەی كە دەیانگرێتەخۆ. هەر لەوكاتەدا وە سفی خودی كەسایەتیەكە دادەندرێت چونكە شتەكان مێژوەكەیان پەیوەستە بە مێژوی كەسایەتیەكانەوە. چونكە ئادەمیزاد بە تەنیا یەك یەك دروست ناكات. كەس و كەسایەتی ڕۆمان ئێمە خودی خۆمان تەنیا تاكێك دروست ناكات. تەنیا جەستەیەك. بەڵكو جەستەیەك بە جل داپۆشراوە. چەكدار ئامادە…… ئادەمیزادی ڕاستەقینە پێكدێت لە جەستە و ئەو شتانەی كە تایبەت بە ڕگەزی مرۆڤەوە هەروەك چۆن هێلانەی تایبەتە بەم جۆرە مەلانە)) شوێن دەبێتە زەمینەی سەرهەلدانی ڕووداو، ڕووداوەكان لە شوێنێك ڕوودەدات ئەو شوێنە تایبەتمەندی دەدات بە ڕووداوەكە، چونكە شوێن شانۆی ڕووداوە نووسەر پێویستە لە زەینی خۆیدا زانیارییەكی تەواو دەربارەی ئەو شوێنە بزانێت كە دەبێتە زەمینەی ڕووداوەكە. شوێن هەندێ‌ جار ناوەڕۆكی بابەتەكە ئاشكرا دەكات، چونكە شوێن ڕووداوە بێ‌ بوونی یەكتری مەحالە.

جۆرەكانی شوێن:

بنیاتی شوێن لە كورتە چیرۆكدا بە هەمەرەنگی جیادەكریتەوە، چونكە تەنیا شوێنك تیدا باسناكرێن، ئەگەر ناوی دێیەك بهێنرێت با دێكە بچووكیش بێت، لە چوارچێوەی دێدا چەندین شوێنی دیكە دێنە بەرچاو لەوانە: خانوەكان و كۆڵان و باخچە و سەر بیری ئاو و شوێنی جووت و كادین و پەرێز و ئاقاری دێ و زۆر جاریش وادە بێ لە یەكێك لەم شوێنانە خەیالی نوسەر دەچێتە شوێنێكی دیكە درێژە بە ڕووداو و بەسەرهاتەكان دەدات. بەدەر لە شوێن هیچ شتێكی بینراو، زیند و نازیندو ڕۆح لەبەربێ، یان مادە بوونی نییە، چونكە ڕوانینی مرۆڤ بۆ هەر شتێك بێت، شتەكە و شوێنی شتەكە دەبینێ، كەواتە هیچ چیرۆكێك لە جیهاندا نییە شوێنی تێدا نەبێت، چونكە گەر شوێن نەبێت ڕووداو و دیالۆگ لە كوێ و چۆن ڕووبدەن؟ تەنانەت چیرۆكە كە باسی ئاسمان و فەزاش بكات ئەمانەش هەر شوێنن، گەر چیرۆكنووس ناوی هیچ شوێنێكی نەهێنابێ، بەڵام لە گێڕانەوەكان و جموجۆڵەكاندا شوێنی هەر تێ دەردەكەوێن شوێنیش چەند جۆرێكە لەوانە:
شوێنی ئاشناو نائاشنا-1
2- شوێنی كراوە و داخراو
3- شوێنی واقیع وخەیالی

شوێنی ئاشنا (هۆگر): مرۆڤ هەر لەو رۆژەوە كە هەست بە ژیان دەكات، جۆرە ئاشنایەتییەك لەگەل ئەو شوێنەی كەلێی دەژی پەیدادەكات، ئەو شوێنەش شا ربێت یان لادێ، ئەشكەوت یان شەقام هەستێك بەرامبەرئەو شوێنانە لە لا دروست دەبێت، ئیدی خۆشیدەوێت یان ڕقی لێیان دەبێتەوە ئەگەر خۆشی لە شوێنیك دیتبێ ئەواهەستی خۆشەویستی بەرامبەر ئەو شوێنە زیاد دەكات ئەگینا بە پێچەوانە دەبێت. هەموو ئەو شوێنانە دەگرێتەوە كە تێدا ژیاوین هەستمان بە ئارامی كردووە، بە شوێنی پشوودانی دادەنێت ئارامی و ئاشنای تێدا بەدی دەكرێ ((ئەگەر لەچەمكی هۆگری بگەین، هەموو شوێنێك ماڵە، چەمكی هۆگری هەموو شوێنكی كارا دەگرێتەوە)) مرۆڤ لە هەموو شوێنەك زیاتر ئاشنا و هۆگری ئەو ماڵەیە كە بەمنداڵی تێیدا ژیاوە تاكو مردن خەونەكانی هەر لەو شوێنەیە ((ماڵ كەتیایدا لە دایك بوین زیاترە لەوەی كە تەنیا بەرجەستەكردنی پەناگەیەك بێت، بەڵكو بەرجەستەكردنی خەونەكانیشە)) بەمەش مال دەبێتە بەهێزترین شوێنی ئاشنا، ماڵ لە هەموو شوێنیك ڕونترە لە دەربڕینی خاوەنەكانە هەرچەندە پەیوەندی ماڵ جۆرا و جۆرە لە نێوان ڕق و خۆشەویستیەكاندا هۆگری دەبین لەكاتی ناخۆشیش ڕقمان لێیەتی، شوێنكی ئاشنابوو بە شوێنی خەڵوەت و تەنیای و بیركردنەوە و خەو بینین دادندا، جگە لەوە شوێنی پێكەوە خربونەوەی ئەندامانی خێزانەكان بوو لەیەك شوێن.
شوێنی نائاشنا (ناهۆگر): ئەو شوێنانە دەگرێتەوە، كە مرۆڤ تیایدا ((هەست بە ئاشنایەتی و خۆشی ناكات، بەڵكو هەست بە دژایەتی و ڕق لێبونەوەی دەكات و جۆرە كێشەیەك لەنێوان شوێن و كارەكتەر دروست دەبێت)) كارەكتەر هەموو هەوڵ و توانای خۆی دەخاتە گەڕ بۆ ئەوەی ئەو شوێنە بە جێبهێلێ‌، چونكە بە زۆر تێیدا نیشتەجێكراوە .ئەو شوێنانە یان ئەوەتە مرۆڤ بە ناچاری تیایدا دەژی، وەك بەندینخانە و مەنفا و بیبان. بێگومان مرۆڤ ئاشنایەتی لەگەڵ شوێن و دەور و بەر دروست دەكات، بەڵام هەموو شوێنەكانی وەك یەك خۆشناوێت، زۆر جار كەسێك لە شوێنیك توشی كارەسات و ناخۆش یەك دێت ئەم شوێنەی لەبەرچاو دەكەوێت، چونكە یادگارە تاڵەكان پەیوەستن بەم شوێنەوە، یان شوێنێكە ڕوودانی سروشتی تیایدا ڕوویدابێ‌، ئەمەش لە كێشەیەكەوە بۆ كێشەیەكی دیكە دەگۆڕێت.
شوێنی كراوە: شوێنی كراوە تایبەتە بە هەموو كەس و ئەو شوێنانە كە لە شوێنە دەرەكییەكان پێك دێت، ئەم جۆرە شوێنانەش تایبەت بە كەسێك یان چەند كەسێكی دیاریكراو نیە وهەموو كەسێك توانای بەكارهێنانیانی هەیە و ((لەبەردەم كەسەكاندا كراوەیە، دەتوانن ب ەئارەزوی خۆیان تێیدا بێن و بچن، وەك شەقام و كۆڵان و ڕێگاو بازار، چایەخانە، نەخۆشخانە)) ئەو شوێنانە كە هەردەم لەبەردەم كەسایەتییەكانی ڕۆماندا كراوەیە و هەڵسوكەوتی تیا دەكەن ڕووداوەكانی لە ناو پەرە دەسێنن و گەشەدەكەن ئەم جۆرە شوێنەگشتیە خاوەنی تا یبەتی نییە بەڵكو بە مولكی گشتی ناسراوە كە كۆمەل خاوەنیەتی .
شوێنی داخراو: ئەوشوێنە تابەتییە كە دەستەڵاتی خودی تێدا بە گەڕ دەخرێت بەڕووی خەڵكیدا داخراون لە ژێر ركێفی تاك دایە. بەو شوێنانە دەوترێ كە لەبەر دەم هەموو كەس كراوە نییە، داخراوە ڕووبەرێكی جوگرافی دیاریكراوی هەیە، هەڵسوكەوتكردن تێیدا بۆ كەسەكانی سنوردارە هەندێجاریش ئەم جۆرە شوێنە لە گۆشەنیگای ڕۆمان نووسەوە دروست دەبێت وەك: ((مال. ژوور-كێلگە-زیندان- دوكان…..دەگرێتەوە)) . ئەم جۆرە شوێنە پێویستی كارەكتەر و ڕداوەكانی خواڵقاندویانە كە هاوشێوەی ژیانی واقیعی مرۆڤە. بە مولكی تایبەتی دادەندرێت.
شوێنی واقیعی: شوێنی واقعی ئەو شوێنەیەكە وەرگر هەست بەبونی واقیعیك دەكات. كە وێنەكانی ئەو شوێنە لە واقیع نزیكە بەهەر جۆرێك بێت رۆلان بارت پی وایە كە ((ناكرێ واقیعیەت بكەینە شێوازێك بۆشتەكان، بەڵكو ئەو مەعریفەتی زمانە بۆیە ئەو كاریگەرەی وێنەی واقیعی پێ دەكێشرێ‌ واقیعی لێ دەرناچێ بەڵكو ئەوەی لە ناوەڕۆك بەرهەمی دەهێنێ‌ جیاوازە لە هەموو پێكهاتەكانی تر. ئەمەش لەخۆیدا ناواقیعی زمانەكەشیان دەدات.)) كەواتە واقیعیەت شتێكە كە مرۆڤ لە ڕێگای كاریان زمانەوە.
شوێنی خەیاڵی: ئەو شوێنەیە كە بوونێكی ڕاستەقینە نییە بەڵكو ئەندێشەی نووسەر یان ڕۆماننووسەوە دروست دەبێت بەو واتایەی ((ئەوشوێنانەیە كە مێشك دركیان پێدەكات، بەڵام لەنێوانیان ژیان بەسەر نابەن، دەزانین لە كات و شوێنیكدا هەبوون، بەڵام كات و شوێنی ئیمە نیە)) مەرجیش نییە لە یەكەم جۆری شوێن دا ئەو وێنەیەی كە ڕۆماننوس دروستی دەكات هاوشێوەی لە ژیان دا هەبێت بەهەرحال شوێن لەڕۆماندا لەسەر خەیاڵی وەرگر وەستاوە نەوەك لە جیهانی دەرەكی. ئەو شوێنەی لە مێشكی ڕۆماننوسەوە سەرچاوەی دەگرێت بەڵام هیچ مانایەكی ڕاستەقینەی نییە بە پێویستی حیكایەتەكە و ڕۆماننوسە وا دەكات هەر بۆیە بریتە لە ((شوێنی زارەكی وخەیال ئامێز واتا ئەو شوێنەی كە زمان دروستی كردووە. مەبەستی ڕەخساندنی كەشی ناو ڕۆمانەكەوە پێداویستەكانی ڕۆمان)) ئەو شوێنەیە لەسەر زەوی بوونی نییە بەرجەستە و واقیعی نییە، ((تەنیاهەست بەبونی دەكرێت، نابینرێ و ناشكرێ بوونەكەی جێگیر بكرێت، بەڵكو وێنەیەكی گریمانە كراوە، كە سەرچاوەكەی خەیاڵە))
شوێنەكانی ناوڕۆمانی (بەرێگاوە(
هەورازان←كراوە شینكە چیا←ئاشنا
لێوار←كراوە كەپكی سپی←خەیالی
شاخ←ئاشنا لوتكەی تیژ←ئاشنا
كێو←كراوە بنەشاخان←ئاشنا
چیا←ئاشنا كوێستان←ئاشنا
گۆمە ئاوان←كراوە لادێ←ئاشنا
گۆز←ئاشنا شاران←كراوە
هەرێم←كراوە چۆمان←واقع
دۆل←ئاشنا دەریا←ئاشنا
پێدەشتان←ئاشنا كوخ←داخراوە
ئەشكەوت←ئاشنا كەپر←داخراوە
قەلا←ئاشنا رەشمال←داخراو
جۆگە←ئاشنا قەرەوێلە←داخراو
زۆنگاوان←ئاشنا نەخۆشخانە←كراوە
كۆشك←ئاشنا زانكۆ←كراوە
تەلار←ئاشنا ژوور←داخراو
دیوار←ئاشنا مال←داخراو
زیندان←نائاشنا شەقامی دەلالان←كراوە
تەكیە←ئاشنا ولات←ئاشنا
خانەقا←ئاشنا ئسپانیا←واقیعی
مەیخانە←كراوە كونی دیوار←داخراو
شەقام←كراوە سەلاڤیە←ئاشنا
كۆلان←كراوە قاوشی فریاكەوتن←كراوە
باخوبیستان←كراوە تەختی خەواندن←داخراو
دەشت←كراوە باوەش←ئاشنا
لێوار←كراوە ژووری نەشتەرگەری←داخراو
چۆمان←واقیعی ساردخانەی تەرم←نائاشنا
زەوی←واقیعی هەسارە←واقیعی
دورگە←ئاشنا گەرەك←داخراو
تایتانیك←ئاشنا ئاشنا←ئاشنا
باخچەی ئاژەلان←داخراوە شاری باهۆز←واقیعی
تەیراوەی هەولێر←واقیعی كۆشكی سپی←واقیعی
باكوری رۆژهەلات←واقیعی بەرزایەكان←كراوە
بن كێوان←ئاشنا قەسابخانە←كراوە
زارگەلی←واقیعی شاری یاری ←كراوە
كارگە←ئاشنا مەیخانە←كراوە
مۆزەخانە←كراوە تەلار←ئاشنا
گیرفان←داخراوە هۆتێل←كراوە
مزگەوت←كراوە زێراب←نائاشنا
داینگە←ئاشنا تونێل←داخراوە
جۆگە←نائاشنا دوكان←كراوە
ئاودەست←كراوە شەقام←كراوە
بیر←داخراو شاخ←ئاشنا
چیا←ئاشنا چۆم←ئاشنا
گۆم←نائاشنا شارۆچكەی سەقاوێ←واقیعی
هەرێمی نێرگزان←خەیاڵی تاڤگە←كراوە
کورتە باسێک…
((رۆمانى بە ڕێگاوە))
ئەم ڕۆمانە بەشێوەو تەکنیکێکى تایبەت نووسراوە، پێشەکى و کۆتایی ڕۆمانەکە بە یەک دیمەن و دەست پێ دەکات و بە هەمان دیمەن کۆتایى دێ ، ئەویش بە هەوڵى خۆکوژى و پاشگەز بوونەوەى نووسەرى رۆمانەکە و کارەکتەر و پاڵەوانى سەرەکى گێڕەوەى ڕۆمانە کەیە. لەگەڵ پێشەکی دووەم هاوبەشە لە سەرجەم بەشەکانى تر، ڕۆمانەکە لە دوو بەشى سەرەکى لە ژێر ناوى پەتاى دەنگ و چێژى خوێن و (١٨) بەشى بچووکی تر کە بە ژمارە و هەم بە سەردێڕى ڕووداوە گرنگەکان دەست پێدەکەن و خۆی لە (٦٩،٣٩٠) وشە دەبینێتەوە.
ڕۆمانى بەڕێگاوە باسى ماڵباتى میرێک دەکات دواى لە دەستدانى دەسەڵات میر، نەوەکانى بە دواى گەڕانەوەى دەسەڵاتى میرایەتیەوەن، هەروەها لە ناو ڕووداوى ڕۆمانەکە باس لە بڵاو بوونەوەى پەتاییەک دەکات بەناوى پەتاى قسەکردن و دواتر ئەم پەتایە دەبێتە هەوێنى سەرهەڵدانى شۆڕشێکى فکرى و چینایەتی و کۆمەڵایەتی و داروخانی دوسەڵاتی ستامکاریە .
ناوى ڕۆمانى بەڕێگاوە بەمەست لە ئۆتۆمبیلەکى کۆنى شل و شۆقە کە بە ردەوام لە ڕۆیشتن دایەو هەرجارەو چەندین کارەکتەرى نێو رۆمانەکەى هەڵدەگرێ، بە ڕێگا سەختەکان و ڕێچکۆکە تەسک و حاسێکاندا دەڕوات. ئەمەش مەبەست لە میژووى کوردە بە دریژایى میژوو بە شل و شۆقى لە رۆیشتن بەردەوامە و گەلەکەى بە هەر سەختى و چەرمەسەرییەک بێ دواجار دەگەیێنێتە دواین شوێنى مەبەست.
لە رێگاى ئەو ڕۆمانە نووسەر باس لە نەخۆشییە دەرونییەکان و دیدگاى فەلسەفی و ڕوانینە فکرییەکان بۆ ژیان دەکات، لە ئایدیاکان و تێگەیشتنە فەلسەفییەکان پشت بە فەلسەفەى فۆرمى ئەرستۆ و شەڕی دەسەڵاتی ماکیافیلی و شیکارییە دەروونییەکانى ئۆدیب و ئەلیکترا و نەرجسیەتى سیگمۆند فرۆید و نکرۆفیلیا و نکرۆفلوجیاى سادیستى ئەریک فرۆم بەستراوە. کە بەشێکیان بوونەتە ناوى کارەکەترى سەرەکی نێو ڕۆماکەش، هەروەها باس لە عیرفان و تەصەووفى ئیسلامى و کاریگەریەکانى دەکات و پێکدانانى ئاینەکان و شارستانییەتە زۆرە ملێکان و تێکەڵ بوونى دەسەڵات و ئاین و مل ملانێى نێوان ئاینەکان دەکات، لە ڕێگاى نەوەکانى میر کە پاڵەوانى ڕۆمانەکەن ئەویش میخۆى جوولەکە و شێمرازى موسڵمان و قۆیتاسى کریستیان و ئەلیکتراى زەردەشتی دەخاتە ڕوو. رۆمانەکە بە زمانێکى سادەو کوردییەکى پاڕاوە نووسراوە، جگە لە ناوە زانستى و فکرییەکان کە (٢٢) هامشى بۆ کراوە، لە کۆتایى ڕۆمانەکە فەرهەنگۆگێک بە مەبەستى زانین و ئاسان تێگەیشتن لە وشە و زاراوە ئیدیۆمەکان و زمان و شێوە زارەکان لە فەر هەنگۆگە کە (٣٨٣٠) سێ هەزار و سەت وچل و شەش وشەو تێدایە و ئەوەى بە گرنگ زانراەوە واتا و لێکدانەوى بۆ کراوە.
دەتوانین بڵێن ئەم ڕۆمانە بە یەکەم ڕۆمانى سادیستى کوردى خۆماڵى دێ کە راستەوخۆ خوێن و کوشتن بەشێکى سەرەکى ڕۆمانەکە پێک دێنێ، دەتوانرێ بەشى یەکەم بە پەتا و نەخۆشى دیارى بکرێ، لەم بەشەدا کیشەکانى ناو ڕووداوەکانى رۆمانەکە بەرەو ئاڵۆز بوون دەچن. لە بەشى دووەمیشى بە گرێ دەروونیەکان و خوو ئۆلفەت گرتن بە خوێن و تووش بون بە نە خۆشییە دەروونییەکانى وەک نکرۆفیلیا مەرگ دۆستى، نکرۆفلوجیا، درەندە بوون و سادیستى عاشق بوون و خوو گرتن بە ئازارو خوێن ڕشتن. لە کۆتایى ڕۆمانە کە ئاکامی پێکدادانەکان هەر هەموویان هەرەس دێنن پەشیمانى و گەڕانەوە بۆ ڕەچەڵکى مرۆڤ بوون کۆتایى ڕووداوەکەیە. ڕۆمانەکە باس لە چەند هەرێمێکی جیاواز دەکات و کە پێچەوانەی یەکترن و بە خەیاڵ و فانتازیا ڕازێدراوەتەوە، کە بەشێکی زۆری ڕۆمانکە پێک دەهێنێت جگە لەمە هەژاری و چەرمەسەری کێشە کۆمەڵایەتییەکان بەتەواوی لە ناو ڕۆمانکە ڕەنگی داوەتەوە.

مەبەستى نووسەر…
مەبەستى نووسەر لە و ڕۆمانە بە هۆى زیاد بوونى دیاردەى کوشتن و تاوانکارى لە نێوان مرۆڤایەتى بە تایبەتى ئەو زینجیرە کوشتنانەى کە لە ساڵانى دوایى ڕووى لە کۆمەڵگاى کوردى کردووە، نووسەر پێى وایە ئەمە تاوانى ئاسایى نیە بەڵکو جۆرێکە لە لاسیاى کردنەوە و دووبارە بوونەوەى ئەو ڕێچکە و کوشتنانەى کە وەک هاتنى شەپۆڵى سۆشیال میدایى ئازاد و سەیر کردن و بیننیى سەرجەم دیمەنەکانى کوشتن و بڕینى سەرجەم دونیا و بە بێ چاودێرى، مانەوى پاشخانى توندو تیژییەکانى داعش و رێکخراوە تووندڕەوەکانى تر کاریگەرى نەرێنى کردۆتە سەر گەنجان و نەو جەوانانى کورد، بەمەش هەندێ تاوانى نائاسی لە دادگاکانى هەرێم تۆمار کراوون نا کرێ بە کوشتنى ئاسایى سەیر بکرێ وەک کوشتنى دایک و باوک برا و خێزان و خۆشەویستانى کەسى تاوانکار بە دەستى خۆیى و شێواندن و لێکردنەوى پارچەى جسەتە و کوشتنى خێزانى سێ چوار کەسى بە کۆمەڵ، کە هەر گیز لە پێشوودا لە نێو کۆمەڵگاى کوردیدا ڕووینەداوە. لەم ڕۆمانە بە ووردى لە سەر ئەم دەستە و گروپانە وەستاوە و بێ پەردە تاوانەکان و لێکەوتەکانى خراوەت ڕوو بە مەبەستى دۆزینەوەى چارەسەرى شیاو جووڵاندنى هەستى خوێنەر بە دوورکەوتنەوە لە تاوان و تاوان کارانى خوێن.

دەرئەنجام
گەیشتمە ئەو ئەنجامەی كە شوێن وەك قەوارە و چوارچێوەیە لە ژیانی مرۆڤ بەهایەكی گەورە و خاسیەتی خۆی هەیە، هەروەها شوێن بە مرۆڤەوە لكاوە، شوێن لە ڕۆماندا بەكاردێت كە وەك شانۆیەك وایە كە تێدا هەموو ڕووداوەكانی پیشانی خوێنەر دەدات و شوێنەكانیش ڕاستەوخۆ یان بەشێوەی ناڕاسەوخۆ تێكەڵ بە (مەغزا) ی ڕۆمان دەبێت. مرۆڤ بەبێ شوێن نا ناسرێتەوە شوێنەكانیش هەمەجۆرن شوێن هەیە مرۆڤ كە لە دایك دەبێ ئاشنایەتی لەگەڵ ئەوشوێنە پەیدا دەكات، شوێنیش هەیە مرۆڤ هەرلە سەرەتاوە ڕقی لێ‌ دەبێتەوە، شوێنیش هەیە مرۆڤ هەست بە واقیع دەكات، شوێنیش هەیە خەیالیە، شوێن هەیە كراوەیە بۆ هەموو كەسێك دەبێ، شوێنیش هەیە تایبەتە بەكەسێك…………..هتد لەنێو ڕۆمانەكەش گەیشتمە ئەو ئەنجامەی زیادبونی دیاردەی كوشتن و تاوانكاری لەنیوان مرۆڤایەتی بەتایبەتی ئەو زنجیرە كوشتنانەی كە لە ساڵانی دوای ڕووی لە كۆمەلگای كوردی كردوە، ئەمە تاوانی ئاسایی نییە جۆرێكە لە لاسایكردنەوە و دووبارە كردنەوەی ئەو رێچكە كوشتنانەی كەوەك هاتنی شەپۆڵی سۆشیال میدیای ئازاد و سەیر كردن و بینینی توندڕەوەكانی تر كاریگەریان كردۆتە سەر گەنجان و نەوجەوانانی كورد.

لیستی سەرچاوە
1- جمالیات المكان جمعاتە من الباحثین ، دار قرتبە – عیون ط 2 ، 1988 ص 5.
2- اشكالیە المكان فی النص الادبی ، یاسین نصیر ، دار الشۆون الپقافیە العامە ،بغداد،1986 ، ص 151
3- السرد عند الجاحڤ، مرواناحمد النوسە،ص114
4 -بنیە اشكل الروانی، حسن بحراوی، المركز الپقافی العربی بیروت، دار البیڤا‌و،1990،ص33
-تقنیات السرد،ص24-5
ن.م-6 ن.م ص25-7
البنا‌و الفنی فی الروایە العربیە فی العراق(2)د.شجاع مسلم العالی دار الشوق اثقافەالعامە.بغداد2000،ص21 -8
الشكالیە المكان فی النصیر، مطابع دارالنشر نالثقافیە العامە،1986ص404-9
–جمالیات المكان،غاستون باشلارت: غالب هلسا، الموسسە الجامعیە للدراسات والنشر، بیروت،گ،1984،ص52 10
عالم الروایە، رولان برنوف وریال اوئیلە،ص113-114-11
1-چەمك وئێستاتیكای شوێن لە ئەدەبدا،سەباح ئیسماعیل،بلاوكراوەی ئاراس،2009،ل472
بینایشوێن لە دورنمونە ڕۆمانی كوردی. ل115-13
مقالات نقدیە، رولان بارت،1964،ص164-14
گێرانەوە لە چیرۆكەكانی ئەحمەدمحمد ئیسماعیل. د. پەری سالح موفتی. هەولێر،2012،لا126،128،129،132،133،134،138،148،152،160 15
تەكنیك لە ڕۆمانەكانی (عەبدوڵڵاسەراج)دا. ئارەزوو محمدعەلی . نامەی ماستەر زانكۆی سەلاحەدین.2009 ،لا16،99،103،105،112،114.-
البیئە فی القصە، ولید ابوبكر،الاقلام، تموز،1989 ،ص61-62-316
ڕۆمانی بەرێگاوە. دڵشاد كاوانی.2020-17




پیاوێکی سەد ساڵە* … نووسینی : ئێمیل زۆلا وەرگێرانی : ئەردەڵان عەبدوڵڵا

هەموو ئێوارەیەک پیاوێکی تەمەن سەد ساڵەی باڵا بەرزم دەبینی، لەسەر یەکێک لە کورسییەکانی باخچەی لۆکسۆمبورگ دادەنیشت. لە هاویناندا لەژێر سێبەری داری کەستانەکاندا دادەنیشت، لە زستانیشدا خۆی دەخستە بەردەم هەتاو لەسەر کورسییەکی ناو باخچەکە دادەنیشت و دەستی دەخستە سەر گۆچانەکەیی و خەیاڵاتی دەڕۆیشت و بیری دەکردەوە.
ئەو پیاوە پیرە سەد ساڵەیە، تەماشای منداڵەکانی دەکرد کە لە باخچەکەدا یارییان دەکرد و زەردەخەنەیەکی پاک و بێگەردی بۆ دەکردن، کە گوزارشتی لە ژیاندۆستی و سۆزی پیاوە پیرەکە دەکرد بۆ ژیان. بە دڵنییایەوە ئەو ئێستا بیر لە ساتەکانی کۆتایی ژیانی دەکاتەوە. هێمنی و دەموچاوە بەشووشەکەی گوزارشتی لە کۆمەڵێک ئەزمونی ژیان دەکرد. ئەم پیاوە زۆر سەرنجی رادەکێشام، زۆر حەزم بە قسەکانی بوو، بەتایبەتی کاتێک باسی ئەزمونی ژیانی خۆی دەکرد، ساتە خۆش و ناخۆشەکانی باس دەکرد.
لە یەکێک لە رۆژەکانی مانگی مارسدا، کاتێک ئاسمان بە هەورێکی گەورەی رەش تاریک بوو، لەناو تەموهەڵمی ئەو رۆژەدا، کۆشکی لۆکسۆمبورگ بە ڕەنگ زەردییەوە دەردەکەوت، پیاوە پیرەکە بە گۆچانەکەی یاری بە قوڕەکەی بەرپێی دەکرد و بە دەنگێکی غەمناک و سۆزدارییەوە پێی وتم:

  • دەزانی کوڕی خۆم، من لەو رۆژەی لەدایک بووم هەتاوەکو ئێستا، زۆر ئاسمانی باراناویی و تەڕم بینیووە،چاوەکانیشم فرمێسکی زۆریان ڕشتووە، ئازار و غەمی زۆریشم کێشاوە، کاتێک منداڵێکم گیانی لە دەستدا بێت، منداڵ و نەوەکانم مردوون و منیش ئێستا بە تەنها ماومەتەوە. من ئێستا لە سەدەیەکدا دەژیم، کە هیچ سەدەی من نییە.

دواتر درێژەی بە قسەکانی داو وتی:

  • هیچ کاتێک ئاوات مەخوازە کە رۆژێک لە رۆژان میانجینی تەمەنی مرۆڤ تێپەڕێنیت. مەرگ ئیسراحەتێکی پێویستە بۆ مرۆڤەکان، ئەو سنگی پیرەکان وەکو ماچی عاشقەکان دەبەستێت. من کۆمەڵێک غەم وناخۆشیم دی، هەموو رۆژەکانی ژیانیشم، ئازارو مەینەتی زۆرم جەشتووە. حوکمی پێنچ پادشا و دوو ئیمپراتۆر و سێ کۆمارم بینی. هەموو ئەو هەڵانەم بینی کە دەکرێت گەلێک لە ماوەی سەدەیەکدا بیانکات. بیر لە مێژوومان بکەرەوە، چەندە فرمێسک ڕژاوە، چەند خوێن بە ناڕەوا ڕژاوە.
  • ئەمڕۆ لەژێر سایەی ئەم مانگی مارسەدا، کاتێک بیر لە رۆژانی پێشووم دەکەمەوە، ئێرەیی بەوانە دەبەم کە منیان بەجێهێشتووەو مردوون. ئێرەییان پێدەم چونکە ئەوان ئاگایان لەو هەموو شەرمەزارییە نییە کە بەسەرماندا هات، ئەو هەموو فرمێسکانەیان نەڕشت، کە ئێمە ناچاربووین بیرێژین. بەزەییم بە خۆمدا دێتەوە چونکە هێشتا نەمردووم و دەژیم، بەزەییشم بەم ژیانەدا دێتەوە، ئەو ژیانە کە من دەبوایە زۆر زووتر بەجێمبهێشتایە.
    لەکۆتاییدا وتی:
  • بەدڵنیاییەوە ئەوانەی کە زوو دەمرن، شانیسان هەیە و بەر رەحمەتی خودای گەورە دەکەون.
    ٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠
    مانگی ئایار هات، پیاوە پیرەکەم بینییەوە لەسەر هەمان کورسی دانیشتووە، بەڵام ئەمجارە کۆشکی لۆکسۆمبۆرگ بەهۆی خۆرە زەردە ئاڵتوونیەکەوە، جوانتر دەردەکەوت، نەسیمی بایەکی فێنکیش بەسەر گژوگیاکەدا دەڕۆیشت و رەنگێکی جوانی وەنەوشەیی دابووە گوڵ و گژوگیاکە.
    پیاوە پیرەکە بە زەردەخەنەیەکەوە، سڵاوی لێکردم و دەستیکرد بە قسەکرد و وتی:
  • کوڕەکەم، ئەمڕۆ رۆژێکی جوانی تر دێتە ژیانمەوە، هەموو وەرزەکانی بەهارم لە یادە، ئەو بەهارانەی کە تێیدا ژیاوم، هەموو خۆشییەکانی ژیانم بیر دەخاتەوە.
    پاشان درێژەی پێدا و وتی:
  • ئای چەندە ژیان خۆشە، چەندە حەز دەکەم لە ژێر سایەی هەوایەکی پاکدا بژیم! سەد بەهارم بینیوە، بەڵام هێشتا لە جێژ وەرگرتن لە هەتاو تێر نەبووم. گەر سەد بەهاری تریش ببینیم، بەڵام هێشتا حەسرەت بۆ یەکەم گەڵا و خونچە و تیشکی خۆر دەکەم. مرۆڤ لەگەڵ هەموو دەستپێکی ساڵێکی نوێدا، ژیانی تازە دەبێتەوە، من ئەمڕۆ هەست دەکەم تەمەنم بیست ساڵانە.
  • من سوپاسگوزاری ژیانم، کە ئەو هەموو خۆشییەی پێ بەخشیووم. لەپەنا ئاگردانەکەمدا، منداڵەکانم و نەوەکانیان تەنانەت نەوەی چوارەمیشیانم بینی. زۆریش دڵخۆشبووم کە بوومەتە باوکی خێڵێکی گەورە. ئێستاش لەناو ئەم تەنهاییەدا، هێشتا دڵم بە ژیان خۆشە، چونکە ژیان مانای بیرەوەرییەکانە، منیش دڵخۆشیی و خۆشحاڵی خۆم لە ساتە خۆشەکانی پێشوومدا دەبینمەوە.
  • ئەوە مایەی خۆشحاڵییەکی گەورەیە بۆ من، کە شاهیدی کۆمەڵێک رووداوی مەزن بووم، ئەو سەدەیەی کە من تێدا ژیاوم، سەدەیەکی مەزن بوو. تێیدا مرۆڤ توانی زانست و ئازادی دەستبکەوێت. من دەڕۆم و تەعزییە باری بەجێهێشتنی ئەم جیهانەم، من لەو باوەڕەدام کە ئێمە بەرەو رووناکییەک هەنگاو دەنێین، کە ووردە روودە رۆشنایییەکەی کز دەبێت بەڵام لە شوێنی خۆیدا راگیراوە. کاتێک بیر لە رۆحی هەقیقەت و عەدالەت دەکەمەوە، هەموو ناخۆشییەکانم لەبیر دەچێتەوە.

لە دواجاردا وتی:

  • داوا لە بەهار دەکەم کە چەند ساڵێکی نوێی ترم بدداتێ و زیاتر بژیم.
    ٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠
    بە بڕوای منیش ئەمە کرۆکی ژیانە کە لە دوو دەنگی جیاواز پێکدێت، دەنگێکی بێزاریی و مەرگدۆستی، دەنگێکی باوەڕبەخۆبوون و ژیاندۆستی.
    لەم چەند رۆژە ناخۆش و تاریکانەی ئێستاماندا، من وا فەرەنسا دەبینم، کە لە تەنیشت کورسییەکەی ئەو پیاوە سەد ساڵیەدا دانیشتووە. بۆ ئەو منداڵانەی دەگری کە لە دەستی داون و ئەمیش هیواخوازی مەرگە، بەڵام ئەمڕۆ دەیبینم کە تینووی کۆمەڵێک هیوا و ئاواتە، بۆ رۆژانی پێشووی پێدەکەنێت و باوەڕی تەواویشی بە داهاتووی هەیە، باوەڕی بە خۆشی ژیان هەیە، حەز دەکات کە ژیانێکی زۆرتر بژی. ژیانێکی ئەبەدی کە بەرەو ئازادیی و رووناکی دەبات.

سەرچاوە:
امیل زولا. الفیضان و منتجات قصصیة اخری. ترجمتها عن الفرنسیة. دانیال صالح. مراجعة کاظم جهاد. هیئة ابو ظبي للسیاحة و الثقافة. مشروع الکلمة. الطبعة الاولی. سنة 2014 ، ابوظبي. الامرات العربیة المتحدة.
پەراوێز:
*جێگەی ئاماژەیە یەکەمجار ئێمیل زۆلا ئەم کورتە چیرۆکەی لە رۆژنامەی “L’Evénement illustré “ لە 13 ی تەموزی 1868 بڵاوکردۆتەوە.




جەنگێکی فکری ڕۆژهەڵاتییانەمان لە پێشە …دڵشاد کاوانی

بۆ مێژوو دەنووسم نووسەری جددی دەبێ شەڕێکی فکری بە هێز بۆ داماڵینی فکری ڕۆژئاوا لە زهنیەتی تاکی ڕۆژهەڵاتی دا بکات. ئەوەی تا ئێستا نەکراوە یان کەسی نووسەر خۆی لە قەرەی نەداوە ئەو جەنگە فکرییەیە کە ڕۆژئاوا بە درێژایی مێژوو لە دژی شارستانییەتی ڕۆژەهەڵاتی سەرەتا لە ڕێگای زاڵکردنی گریک بەسەر شارستانییەتی مەزنی سومەر و بابل و هیتیت و میت کودەتاییەکی مێژوویان کردوە. لە بەرمبەر دا بیریارانی ڕۆژهەڵاتی دەستە و وەستان وەستاوون. بۆ میژوو و بێ هەستیاری سیاسی ئەمە دەڵێم جگە لە عبداللە ئاپۆی کورد کەسەیتر ئەم شەڕەی رانەگەیاندووە، هەر بۆیەشە ڕۆژئاوا بە گشتی کەوتنە هەڵپێچان و ڕاگرتنی ئەم پڕۆژە فکرییە و بۆ بچووک کردنەوەی بەرەی جەنگە هزرییەکەی و خستیانە نێو ژوورە تاتەکەسییەکانی ئیمریالی.

بەڵام ئەوەی ئەو بە دیدگای فکری سیاسی تەواوی نەکرد ئیمە لە ڕێگای ئەدەبییاتەوە دەیکەین و گرنگی بە باجەکەشی نادەین، کۆیلایەتی فکری ڕۆژئاوا بە پڕۆژەی نووسینی ڕۆمان ڕەتی دەکەینەوە. هەر وەک ئۆجەلان لە کتێبی بەرگری لەگەلێک دا بە ڕوونی دەنووسێ” بیرمەندی مەزن ئەرستۆ لە (٣٨٥-٣٢٠) پ.ز بەردەوام ئەم باوەڕ و زانیاریەیی لەسەر قوتابییەکەی خۆی ئەسکەندەری مەزن موتربە دەکات کە کوڕی فلیپی پاشای مەکدۆنییە. شیمانەیەکی لە پێشە کە بۆچوونی بە ئاژەڵ بینینی مرۆڤی ڕۆژهەڵات و پلیشاندنەوەی وەکو مێر و لەلایەن ئەرستۆ وە لەسەر ئەسکندەری مەکدۆنی تەلقین کراوە” بەمەش ئەسکەندەری مەکدۆنی پێدەگات و گەشتێکی خێرا بەناوی “سەفەری برووسک” بە جەنگ بۆ ڕۆژهەڵات دەست پێدەکات تا ڕووباری گانژی هیندستان و قوولایی گاڤگەمەلای نزیک ئەڕبائیلۆ ی هەولێری ئێستا پێشڕەوەی دەکات بەمەش بەرهەمی فتوحاتی ڕۆژئاوا جگە لە وێرانکاری بۆ دەهەزار جەنگاوەری بەلکان دەهەزار کچی کورد لەگەڵ خۆیان دەبەن و مرۆڤی وەک مێروو لەبەر پێیان دەپڵیشیاوە. ئیتر کاتی ئەوە هاتووە یەخەی ئیسلام و بوزییەت وەک ئاین و نیلینزم وەک فکر و کۆنفۆشیۆسیزم وەک فەلسەفە و بەربدەین، چیتر خەریکی جووینەوەی هزری متوربە کراوی بەری ڕۆئاوا لە داری ڕۆژهەڵاتی نەبین. دەبێ واز لەوە بێین بەبەغە ئاسا ئەوشتانە ئەزبەر بکەین و کەڕوڵال ئاسا هەمان شت بڵێینەوە کە ڕۆژئاوا بکەینە تاکە سەرچاوەی داهێنان.
پەسیوی کۆڕۆنا پێی گوتین ئەوانیش هەر ئەو مرۆڤانەن کە ڕەچەڵەکی ئێمە لەسەری بوونیاد نراوە. ئیتر لێرە بەدواوە ئەمە پڕۆژەی منە و کاری لەسەر دەکەم بێ ئەوەی کەسانی چاو کزی کورتبین و گوێ بە تۆزی کەڕ بووی کەم بیست ساردم بکەنەوە.




جوگرافیای مێگەلە پەرتەکان … ئازاد سوبحی

لە ڕۆژی یەکەم: خوێن سنووری بۆ جووڵەی لەشەکان کێشا
لە ڕۆژی شەشەم: خێڵە بەردینەکان کڕنووشیان بۆ پێکەنینی چەکەکان برد و بە نھێنیی یەکەمین کوشتن ڕوومەتی گوڵەگەنم ڕەش بوو.
لە یەک چرکەدا…
نان و ھەنگاوەکان لەودیوی بازنەی چەقۆکاندا قەتیس مابوون
لەمدیوەوە مێگەلێکی گریاو شیوەنی فرمێسکە خەسارەکانیان دەکرد
لەناو جەماوەری مێروولە ماندووەکانەوە ھاوارێک:
(ئەم بنمیچە ئاسمان نییە و ئەستێرەیەکی نەزیفە.)
بڕواننە…
ئەو مەرگانەی لە چرکەیەکدا ھەزاران درۆ بەرھەم دێنن.
(مردن ڕەسەنە، یان درۆ؟)
بڕواننە…
ئەو بۆشاییە گۆپاڵی نەمریی بە دەمامکەکان بەخشیوە
ئەمە سەرەتای کۆمیدیایە.
(وەرن.. ئامادەبن.. ئێرە زەمەنی بوونێکی ڕەھایە، با مێژووی ناوگەڵی خۆی بە جەستەتان بشوا و خاوێن ببنەوە، دووربین و بێشکەکانتان بە ژەنگ داپۆشن، فرمێسکەکانتان فڕێدەنە ئاودەستەکانەوە و بەسەر باڵی پەپوولە و مانگا ئاوسەکاندا بازدەن، لاواندنەوە و دەریاکان بڕژێننە کونی قفڵەکانەوە.
ئەوە منم
من بۆشایی
پەیامبەری مەرگ و ڕزینەکانتانم
با توانەوە ماناداربێ
شکۆمەندین و بە باڵای دڵەکوتێ و ڕیخۆڵە و خەونەکانتانداھەڵزنێن تا دەگەن بە…)
ھیچ
بە داماوی لە پەراوێزی پەنجەرە ڕۆژھەڵاتییەکاندا ژەنگمان دەخوارد
ڕووخانی واتاکان و ژیانەوەی دیوارەکانمان بینی.
لە ترسی ئاوێنەکانمان خزاینە ناو ئەو پەنجەرانەی بوونە ھێڵی سووری نێوان گۆرانی و ھەنگاوەکانمان.
ئەوە ئێمە بووین
نەمانتوانی گۆرانی بڵێین و سێبەرەکانمان لەژێر سەنگی قەوارە نامۆکاندا جێھێشت.
قەتیس ماوین
ماندوو بووین و ئەم سەرەتا بێھوودەیەش نابڕێتەوە
لەژێر ساپیتەی خوێنبردووی بارانە زەردەکاندا، چۆن بۆ ئەو زەوییە بگەڕێینەوە
کە پێی نەگەیشتین؟
ئازاری نێوان ڕەگ و دووربین ڕووبەرێکی کەڵەگەتە
گۆڕستانە بزرەکان بە باڵایدا دەشەکێنەوە.
(نەخشەکانی خۆڵەمێش ڕوخساری ئاو جێناھێڵن.)
لەم وەرزەی ڕاوەستانەی نێوان قوڕ و ئاسۆدا
پردەکان بوونە بەندیخانە و پەڕینەوە.
سەرابێکی قەشەنگە لەپشت کەلاکی (ئاو)ەوە بۆمان دەگری. لە کون و قڵیشی دەرپێ دڕاوەکەی مێژووەوە
ئاسنگەرەکان، تابووت و شکۆمەندی دەبارێننە سەر قەرەوێڵەکانمان.
(ئەو قەرەوێڵانەی تەمەنیان لەناو قوڕی سەربازگە و چڵمی گەراجەکاندا بەسەر برد.)
لە کەلێنەکانی حەشری خێڵە بەربەرییەکانەوە، پەپوولە درۆزنەکان داس و عاتیفە و چەکووش و کلیلەکانیان لێ دزین و بە ئاماژە سواوەکان نەمریی گریانیان ڕاڤە کرد.
پەیام وەھمە
منداڵیی خەون
وێنەیەکی ڕۆمانسی:
خەونێک: (گالیسکەیەکی شکاو). لە توانەوەیدا فرمێسک و گوێزان دەئاخنێتە کونی دەنگەکانەوە و لەودیو ڕەنگەکانی حەرباوە وڵاتێکی مەییو…
لە ژماردنی کەللەسەر و لاشەکان ماندوو نابێ
لە کرۆژتنی چاوەکانی خۆی تێر نابێ.
لەنێوان کلکی ڕێوی و ھەرەسی گەدەکاندا، دەنگە/ھەنگە برسییەکان دەقیژێنن
(ئەم بوونە خەونە، یان مەرگە؟)
ئەو مێژووەی نەیتوانی قیژەی بوونەوەرە پەرتەکانی بشارێتەوە،
گرمۆڵەیە و بۆ ئەو ھۆزە جەنگاوەرانە ناگری، کە فرمێسکەکانیان ڕاونا شمشێرەکان، بەناو منداڵیی شتەکاندا سەفەریان کرد
خەندە و دووربینەکانیان لەودیو سنووری خوێنەکانەوە، بە کوژراوی جێھێشت.
قەڵغانەکان
ئاسمانەکان
نەیانتوانی پیرێتیی بوون داماڵن، ھەڵدێرەکانی تەوێڵی ئاسۆ بسڕنەوە..
کێ فرمێسک و پلیکانە ونبووەکان ئەدۆزێتەوە.

تێبینی:
خودا لە (٢٠١٤/١٠/٢٦) ھەموو ھێزە مرۆییەکەی لە ئازاد سوبحی وەرگرتەوە. خودی ڕۆشنی گەیشت بە نەزاندراو و ئەزموونی بە قووڵایی پابەند بوو، وێنەی چڕ و ڕوونی لەناو شیعری کوردییدا نەخشاند. (ناوەندی ڕۆشنبیریی ئەندێشە) ساڵی (٢٠١٥) بەھایان بۆ ئاست و توانای دانا و شیعرەکانیان وەک کۆشیعرێک لە ٢٥٥ لاپەڕەدا چاپ کرد.
سەرەتای نەوەدەکان من و ئازاد لە ڕۆژنامەی: (ئاڵای ئازادی) بەیەکەوە کارمەند بووین. ئەو سەرپەرشتی لاپەڕەی فیکری دەکرد و من سەرپەرشتی لاپەڕەی ئەدەب. ڕۆژانە شەش کاتژمێر بەیەکەوە بووین و ڕۆژانێکی پڕ یادگاری ئەدەبیین. شیعر فۆرمی ھەموو ھەستەکانمان بوو. پێویستیی نووسین تێکەڵ پێویستیی ژیان دەبوو، دۆخی ھاوشێوەیان وەردەگرت. ھەموو شیعرەکانی خۆی بۆ دەخوێندمەوە، بەڵام ھەرچی بۆچوونت بەرانبەری ھەبووایە، یەک پیتیشی نەدەگۆڕی و وەک خۆی دەیھێشتەوە. دوای خوێندنەوەی ھەموو دەقێکی بە شێوەی بڕوابوونێکی پڕاوپڕ، دەستی ڕەزامەندی دەجووڵاند و دەیگوت: (دەقی ڕەسەن).
کە کۆشیعرەکەی چاپ کرا شیعری: (جوگرافیای مێگەلە پەرتەکان)ی، کە لە ڕێکەوتی: (١٩٩٢/١٠/١٤)، ژمارە: (٢١٥)ی ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ بڵاو کردبووەوە، تێیدا نەبوو.
بە یادی شەش ساڵ سووڕانەوە بەسەر دوا کۆچی، دووبارە بڵاوی دەکەمەوە، بەو نیازەی ئەگەر کۆشیعرەکەی جارێکی تر چاپ کرایەوە، بەڵکو ئەم شیعرەشی بێتەوە ناو شیعرەکانی. ھەروەھا شیعری: (بوونەوەرێک بەقەد لەزەتی گومان)، کە لە کۆشیعری: (باخچەکانی باوکم) بڵاو کراوەتەوە، لە کۆشیعری: (ئاگرەکەم مەسڕنەوە) سێ چارەگی لادراوە و چارەگێکی بڵاو کراوەتەوە. نازانم ئەو کەمتەرخەمی و شێواندنە بۆ؟! بەھیوام لە چاپێکی تردا ئەم شیعرەش دۆخی ھەقیقەتی خۆی وەربگرێتەوە.
ھەستە سادەکانی تێکەڵ بە یاد بوو، چووە دۆخێکی بەھێزتر و ڕەھەندی چڕی پێویستەوە. ھێزی شیعری داھێنەرێکی بەھێزی وەرگرت. (ھێزی یادی شیعری بێگەرد).

سه‌باح ڕه‌نجده‌ر
٢٠٢٠/١٠/٢٦ ھەولێر




خوێندنەوەى خۆم بۆ رۆمانى..” بە رێگاوە”ى دلشاد کاوانى … مەجید عەبدولرەحمان خۆشناو

رۆمانى بە رێگاوە یەکەم بەرهەمى نووسەری لاو (دلشاد کاوانى) یە. ٤١٣لاپەڕەیە ولە بەرگێکى جوان وقەشەنگ لە ولاتى ئێران بە سەرپەرشتى خانەى ئاشتى چاپکراوە..رۆمانێکى دەروونى، فەلسەفى، مێژوییە. لەناو ئەورۆمانەدا هەست دەکەى مرۆڤى کەچى مرۆڤ نى، هەموومان باشین کەچى باش نین،هەرلە سەرەتاى لە دایک بوونمان تا پەروەردەو گەورە بوونمان هەمووى نا تەندروستە . رۆمانى بە رێگاوە رۆمانێکى تەقلیدى نییە،پابەند نییە بە (سەرەتاو گرێچن و کۆتایی )کە پێی دەلێن (گرێی موپاسانى،یان چیخۆفى)، وەک رۆمانێکى سەردەمیانە توانیویەتى خۆى لە و(گرێیە)رزگار بکات .بە ئاسانى ماناو مەغزاى خۆى نادات بە دەستەوە وخوێنەر ماندوو دەکات تا لێی تێبگات. (ناتالى ساروت ١٩٠٠..١٩٩٩) دەڵێ :رۆماننووس مەخلوقێکە چەند هێزێکى نادیار دەیبزوێنێ و بە وەحییەکى شاراوە دەنووسێ، ئەو خولقێنەرى چەند جیهانێکى جیاوازەو پەیامبەرێکە موعجیزە دەنوێنێ. لە سەرەتای ڕۆمانەکە نارسیس بگێڕەرەوەیە (راوى ) ییە بە سەرهاتەکان دەگثێڕێتەوەو دەڵێ : من نارسیسم، بۆ ناسینى نارسیس کە پاڵەوانەکەیە دەبێ بگەڕێینەوە بۆ بنەچەى بنەماڵەکەى.

  • میر ئەمبێز کوڕى میر جۆداسى مەزنە،کە باوکى پیر بوو دەسەلاتى دایە میر ئەمبێز، میر ئەمبێز چوار ژنى هێنا :
    ١.ژنى یەکەمى میر ناوى (رەوشەن ) بوو موسلمان بوو، کچى یەکێک لە میرەکانى دەڤەرەکە بوو.
    ٢.ژنى دووەمى میر (لویزە)ی کچى شەماشە (زەیا) ی فەلەیە.
    ٣. ژنى سێیەمى میر (نازاو) ی کچى (سیمۆن )ى جولەکەیە.
    ٤. ژنى چوارەمى میر (ئاورنگ) ی کچى( کریکۆر) ى زەردەشتییە
    مندالەکانى میر ئەمبێز :
    ١. (خدر ) لە رەوشەنى موسلمانە . ٢. (قریاقۆس) لە (لویزا) ی فەلەیە ٣. (ماخە) لە نازاوى کچى (سیمۆن) ى ئەرمەنییە.
    ٤. (ئەلکترا) کچى (ئاورەنگ) ى کچى (سیمۆن) ى زەردەشتییە.
    نەوەکانى لەو چوار ژنە :
    ١. (شێمراز) کوڕی مەلا خدر) ی موسڵمانە. ٢. (قۆیتاس ) کوڕى ( قریاقۆس) ى فەلەیە ٣. (میخۆ ) کوڕی (ماخە) ى ئەرمەنییە.

٤.(ئۆدیب) کورى (ئەلکترا) ی زەردەشتییە.
کە دەڵێ : من نارسیسم، نارسیس کوڕى راستەقینەى ئۆدیبە، ئۆدیب مامى راستەقینەى شێمرازی خدری ومیخۆ ماخەی و عەفلەقە، کە قۆیتاسى کوڕى قریاقۆسى فەلەیە.
ئۆدیب کوڕى نا شەرعى میر ئەمبێزی باوە گەورەمانە ..دایکى ئۆدیب کە ئەلکترای نەنکمە پورى هەر سێکیانە.
تۆماس عەفلەق،قۆیتاسی کوڕى قریاقۆسە. لەگەل میخۆ وشێمراز هەر سێکیان ئامۆزاى یەکن . ئەبرێزەى دایکم وگەردەوان
منداڵى (رەمۆى حەمامچى) بوون، خوشکە زاى میخۆ بوون و لە باوکیشیان خوشکە زاى شێمراز بوون.
مێناز کچێکى دوو ڕووی بەدکار بوو لە هەموو گەمە ناشیرینەکانى میخۆ هاوسازو هاوئاواز و بەشدار بوو
میخۆ حەزى دەسەڵاتى هێندە بە هوروژم بوو وایکرد خیانەت لە شێمراز بکات و نامەکانى باوکى بدزێت و هەموو کۆدە نهێنییەکانى دەسەڵاتى باب وباپیرانیان سەرەنگوم بکات وشەڕ و ئاشوب لە نێوان ئامۆزاو نەوەکان دروست بکات.
نارسیس دەڵێ : من بیژووى کورى بیژووى لە نەوەى بیژوویەکى ترم. لێرەدا دەپرسین چۆن ؟
دەڵێن میر ئەمبێز( شەوە رەشە)ى هەبووە، شەوێک لە شەوان هەموو چراکان دەکوژێننەوە دەبێتە تاریکستان، ژن وپیاو لە هۆلێک تێکەڵ دەبن هەر کەس دەرپێی کام ژنى کەوتە دەست ئەوە لاقەى دەکات،میر ئەمبێز دەرپێی ئەلکترای کچى خۆى دەکەوێتە دەست نازانى کێیە لاقەى دەکات کە چرا هەڵدەکرێنەوە دەبینى کچى خۆیەتى لەشەرمى خەڵک ولە ترسى ئەو یاسایەى کەبە خۆى دایناوە بڕیار دەدات ئەلکترا بکوژن،بە سێ کوڕەکانى دەلێ : برۆن خوشکەکەتان لە بەرزایی (شەیتانکێو ) فڕێ بدەنە خوارەوە با پارچە پارچە ببێ. پیاوێکى میریشیان لەگەڵ دەچێ بە ناوى (ئانۆبانى نى). لە چیا برایەکان دەڵێن ئێمە نایکوژین تۆش دەیکوژى یان لەگەڵی دەڕۆى کەیفى خۆتە،ئەویش نایکوژى ولەگەلى دەڕوا .برایەکان دەگەرێنەوە لە ترسى تۆڵەى باوکیان بڕیار دەدەن باوکیان بکوژن..لەو وڵاتە ئاسایش و بێ کێشەیە یەکەم کوشتن میر ئەمبێز دەبێ بە دەستى کوڕەکانى. ئەلکترا کە رزگار کرا کوڕێکى دەبێ بە ناوى ئۆدیب، کە گەورە دەبى هەرچى خراپەکاری هەیە لە دزی وجەردەیی وحیزى وقۆڵبڕین دەیکات..ژنە دۆمێک لە شەقامەکان دەرۆزە دەکات وفاڵ دەگرێتەوە و بەختى خەڵک دەخوێنێتەوە،ئۆدیب لاقەى ئەو ژنە دۆمە دەکات و من نارسیس لەو ژنە دۆمە لە سەر شەقام لەبەر سەرما لەدایک دەبم،دایکم بێهۆش دەبێ لەو کاتە دێلە سەگێک من دەڕفێنێ و دەمخاتە بەر گوانى خۆى تا تێر دەبم شیرى سەگ دەخۆم، باوکى بەخێوکەرم کە لە گاردى کۆمارى پاسەوانە لە دەستى ئەو سەگە رزگارم دەکات ودەمباتەوە ماڵى خۆى , بزانە چۆن من بیژووى کوڕى بیژوو نەوەى بیژوویەکى ترم..
فامە شێت :کە لە ناو رۆمانەکەدایە ئەو ئەلکترایەى کچى میر ئەمبیزە.
سەرتاپاى رۆمانەکە (سادیستییە) واتە چێژ لە خوێن رشتن، هەموو ئەکتەرەکانى چێژ لە خوێن رشتن وەردەگرن، ئەکتەرە سەرەکییەکانى هەمووى خوێن رێژو خوێنخۆرو مرۆڤکوژن.
لەو رۆمانە نووسەر کۆمارێکى وەک کۆمارەکەى ئەفلاتونی بەخەیاڵ دروست کردووە، کاراکتەرەکان هەموویان راستەقینەن و کەسایەتى مێژوویین لە دەڤەرى خۆشناوەتى وشەقڵاوە، بەڵام نووسەر زۆر تەکنیکارانە لەناو رۆمانەکە تەوزیفى کردوون و یارى پێکردوون و ئەرکى خەیاڵى پێداون.

  • کات لە ڕۆمانى بە ڕێگاوە :.
    نووسەر دەڵێ : ٢٧٢٠ ساڵە کورد لە ناو خوێن ڕشتن و کوشتن و خوێندایە، بەڵام کاتەکە لە دەسەڵاتى میر ئەمبێزەوە دەست پێدەکات تا نەوەکانى دەسەڵات وەردەگرنەوە، سێ پشتە واتە ٦٠ تا ٧٠ ساڵێک دەبێ
  • شوێن: (غالب هەلسا ) دەڵێ: شوێن لە رۆماندا ئەو بڕبرە پشتەیە کە هەموو بەشەکانى رۆمان پێکەوە دەبەستێتەوە .( سابیر رەشید، رۆمانى کوردى ).
    .شوێن و رووداوەکان زۆربەیان لە دەورو بەرى شەقڵاوەن. هەندێکیش لە شارى فومەن واتە هەولێرە.
    گۆڕى نێرگزان: لەدەرەوەى شەقلاوەیە بەینى گوندی ئەسپیندارەو ئاقووبان.
    شاری قەچوچان: ئێستاش گەڕەکێک لە شەقڵاوە هەیە لەناو برا مەسیحیەکان بە ناوى گەڕەکى قەچوچان،واتە فەرخە پشیلە.
    کلیساى مریەمەى عەزرا: واتە کەنیسەى گردى دێرە کە گردێکى بەرزە بە سەر بازاڕى کۆنى شەقلاوە دەڕوانى.
    سەقاو: کانییەکى کۆن بوو نزیک مزگەوتى گەورەى شەقڵاوە.
    ئەشکەوتى بویا: ڕەبەن بویا، مەرقەدێکە لە سەرووى بازارى شەقڵاوەى کۆن، شوێنێکى هاوبەشە لە بەینى موسڵمان ومەسیحییەکان، لەلاى موسڵمانان (شێخ وسو رەحمانە). لە لاى مەسیحییەکان (رەبەن بویا) یە.
    زەندۆڵ: دۆڵێکى درێژە کەتوتە ناوەڕاستى شەقلاوە، هەتا چیاى سۆرک درێژ بووەتەوە.

کایسا و سەرى ڕوارى: دوو کەپکە شاخى زۆر بەرز ن لە سەرى چیاى سەفین، هەزاران پێشمەرگەى لێ شەهید بووە بە تایبەتى لەشەڕەکانى سەفین دا.
روسارک : رووبارێکى زۆر گەورە بووە کەوتۆتە خوار گوندى دەربەند، ئێستا وشک وبێ ئاوە.
لەو رۆمانە نووسەر دەڵێ: مێژوویەکمان هەیە ( ٢٧٢٠ ) ساڵە لە دەوڵەتى مادەوە هەر یەکتر کوشتن وخیانەت وخوێنڕێژى بووە هەتا ئیمڕۆ، شانازیشى پێوە دەکەین. (هیبل ) کە نووسەرێکى ئەلمانییە دەڵێ: (زۆر راستە ئێمەی ئەلمانى پەیوەنیمان بە مێژووى گەلى خۆمان نییە، ئایا هۆى چییە ؟ لەبەر ئەوەى ئەو مێژووە بێئەنجام بووە،بۆیە ئێمە ناتوانین وا لەو مێژووە بڕوانین کە ئێمە دەرەنجام ورووداوەکانى ئەو مێژووە رەشەین، وەک ئینگلیز، یان فەرەنسییەکان. ئەوەى ئەرکە لەسەرمان وپێویستمانە دەبێ بیڵێن مێژوومان مێژووى ژیانى ئێمە نییە بەڵکو نەخۆشیمانە کە پاش نوشوستییەکان بۆمان ماوەتەوە (الروایە التاریخیە.جۆرج لۆکاش).
نارسیس بەدواى مێژووو بە سەر هات و کەسایەتییەکانى بنەماڵەکەى دەگەڕێ و دەلێ: بەدوایاندا دەگەڕێم کە دۆزینمەوە مەراییان بۆ دەکەم، دەستیان ماچدەکەم، لەناکاو بەرەو سادیستییەت دەچێ و دەڵێ: ئەگەر پێویستى کرد دەیانکوژم کەللە سەریان پاندەکەمەوە، مێشکیان دەتەقێنم.
دوو تەوەرى سەرەکى لە ناو رۆمانەکەدا هەیە : ١.پەتاى دەنگ ،٢. چێژى خوێن
زانست لە وڵاتى نێرگزان لەترۆپکدایە، فەلسەفە، پزیشکى، ئەندازیارى،لەو پەڕی پێشکەوتنە، چارەسەرى پیرى دەکەن، مردوو چاکدەکەنەوە . ئەو میللەتە هەمووی پەتاى دەنگى هەیە، بێدەنگى هەموو وڵاتى داگرتووە . نارسیس لێرە پاڵەوانەکەیە دەڵێ : بە شانازییەوە یەکەم هاوار من کردم، نەڕاندم، هاوارم لە هەموو وڵات دەنگى دایەوە،من مانگرتنەکەم شکاند، من شۆرشەکەم بەر پا کرد، تا بەرە بەرە خەڵک زمانى کرایەوە و قسەى کرد..
نارسیس کە بێدەنگى شکاند کەوتە ناو کێشەو زیندان ودەستبە سەرى، لەو کاتەى دەچێتە نەخۆشخانە گوایە پیاوێکى لێیە نامەیەکى پێیە بۆ نارسیس لەوێ دەکەوێتە دەست گاردى کۆمارى ودەست وزمانى دەگرن ونایەڵن تا حەوت ساڵان نقەى لێوە بێت، وڵاتەکەش هەمووی بێدەنگە،بە درێژى ئەو ئێش وئازارەى ناو زیندان دەگێڕێتەوە کە زۆربەى تاکى کورد چەشتوویەتى،پاش حەوت ساڵ دەمیان دەکرێتەوە، پێیەکانى دەکرێنەوە بیر لە ڕاکردن دەکاتەوە، پیاوێک پارچە کاغەزێکى بۆ داوێتە بن قەرەوێلەکەى لێی نووسراوە (نارسیس تۆ کورى باوکى خۆت نى).
لە گوندى بەرازان سێ برادەر( شێمراز،قۆیتاس، میخۆ) لەرووبارەکەى خوار گوندى کوڕێکى گوندى بەرانان دەخنکێنن، دوایی کەشف دەبن، خەڵک خڕ دەبێتەوە دەڵێن دەبێت ئەو سێ منالەمان رادەست بکەن، مەلاى بە خورتى لەگەڵیان رێک دەکەوى کە یەکیان رادەست بکەن و دووەکەى تر بنێرنە شار. لەوێ دەچنە سەر مالى میخۆی باوکى دەکوژن و دایکى زۆر گێ دەکەن. مەلا خدرى بە خورتى دێو رزگاریان دەکات، ژنەکەو میخۆو شێمرازى کوڕی دەخاتە پشتى حەنچەکەو بەرەو شار دەڕۆن، لە رێگا میخۆ لە سنوورى هەرێمى نێرگزان فڕێدەدەن. لەوێ پاش ساڵانێک مێگاو میخۆ دەبینێ و پێی دەڵێ: پێش دە ساڵ من یەکەم کەس بووم تۆم لەم دۆڵە هەڵگرتەوە، لێرەدا میخۆ دەکەوێتە وەسواسییەکى قورس، وەک جاران ئاسایی نابێ شێمرازو قۆیتاسى بیر دێتەوە، خنکانى کوریژگەى بەرانانى بیردێتەوە، غەمگین وخەفەتبار دەبێ، بۆ یەکەم جار خەم وخەفەت روو لە هەرێمى نێرگزان دەکات،خەمبار دەبن، کار ناکەن، سەما ناکەن،شەڕو فەرتەنە دەکەوێتە هەرێمى نێرگزان، دەبنە چەند بەرەیەک دەکەونە گیانى یەکتر، شەڕو ئاشوب دروست دەبێ، ئەوەش ئەو هەرێمە نەفرەت لێکراوەى ئێمەیە کە هەردەم لەسەر هیچ شتێک رێک نەکەوتوون، شەو مێگاو دەچتە کوخەکەی میخۆى پێی دەڵێ: هەرێم شلەژاوە، ئەوە یاسایە بە کوشتنى ئێمە هەرێمەکە پاک دەبێتەوە. شەڕو ئاشوب دروست دەبێ،
میخۆو مێگاویش نۆشدارێک دەربازیان دەکات و دەگەنە سەرچیایەک لەوێ نۆشدار بە جێیان دێڵی،ئەوان دەڕۆن تا دەگەنە تروسکاییەک حەنچەکە لە وێ یە تەنها شوفێرەکە ماوە،دەبن بە سێ کەس حەنچەکە بە ڕێدەکەوێ.
کاتى مەلا خدرى بە خورتى میخۆى لە سنوورى نێرگزان فڕێدا بە سوارى حەنچەکە چوونە شارى (فومەن) لەوێ ڕوو لە خانەقاى مزگەوتى قەرەنى دەکەن مالى شێخ نوورى. لەوێ بەدواى رەمۆى حەمامچى دەگەرێن و شێمرازى لاى رەمۆى دادەنێن،شێخ دەڵێ : هەر کاتى کارت نەبوو وەرە تەکیە لاى من بخوێنە. مەلا خدریش لە سەر دەستى شێخى زینێ لە خۆى مارە دەکات و بە پەستى تۆماسى لەگەڵ مەلا ژنە زینێ دەگەرێنەوە بۆ هەرێمى قەچوچان. شێمراز لە حەمامێ دەبێتە پشت شۆر،بەهۆى ئەو تاتۆیەى سەر پشتى کە( دوو بازنەیەو ئەستێرەیەکى لە ناوە ) میخۆى کوڕی ماخەى دەبینێتەوە.
شێمراز، میخۆ، قۆیتاس، هەرسێکیان هەمان تاتۆیان لەسەر پشتە کە نیشانەى شەیتان پەرستییە.
میخۆ لە دەلالخانە کاری سەرپێی دەکات، کە کاریشى نەبى لە حەمام کار دەکات. پاشان کە دەزانێ دایکى شووی بە مەلا خدر کردووە کە باوکى شێمرازە زۆر تووڕە دەبی. کە مەلا خدر یەکەم نامە بۆ شێمرازى کوڕی لە حەمام دەنێرێ، میخۆ لەوێ دەبێ، بە قاسید دەڵێ : من شێمرازم. نامەکەی لێ وەر دەگرێ نووسراوە: خەمى ئێمەت نەبێ ئێستا لەگەڵ زینێ بە خۆشى دەژین، خوشک وبرایەکیشت زیاد بووە، حەز بە بینینى تۆ دەکەن. چەند نامەى تریش دێن میخۆ هەموویان لە شێمراز دەشارێتەوە و وەڵامى نامەکانیش دەداتەوە. شێمراز دەبێتە زاواى شێخى گەورەو منداڵی هەیە. شێمراز دەبێتە مەلا لە گوندێک و بار دەکات بۆ ئەو گوندە. میخۆ بە هۆى ئەو نامانەوە هۆزو نەتەوەو ژیانى ماڵباتى خۆى دۆزییەوە. زڕ براکەشى رۆژێک بە سەرخۆشى زینی دایکى دەکوژێ. پاشان خوشک وبراکەى لە مەلاخدر دێنە لاى میخۆ کتێبێکى تۆزاوى لاى خوشکەکەیە کە بە هەردوو قەڵەمى مەلا خدرو میر ئەمبێزى باوکى مەلا خدر نووسراوە: ئەمە سەربوردەى بنەماڵەکەمانە. میخۆ خوشکەکەى دەداتە (ڕەمۆ ڕووتە) ى حەمامێ کوڕێک و کچێکیان دەبێ بەناوی (ئەبرێزە و گەردەوان ). میخۆ لە مەیدانى شار تێکەڵ بە کرێکاران دەبێ رۆژێک لە سەر باج ئەفسەرێکى پۆلیس دەکوژێ و ڕا دەکات بۆ لاى شێمراز. ئەو ناتوانێ جولەکەیەکى بکوژو هەڵاتوو لە دەستى دادگا ڕابگرێت، بۆیە جل وبەرگى سوختەیەکى وەک (تابع العلم) ى دەکاتە بەرو بە پەستى تۆماسی دەینێرێتە گوندى سەقاوێ. لەوێ دەچێتە هەرێمى قەچوچان بۆ زێدی خۆیان بە دواى سەرەداوەکانى میرایەتى و پێگە لە دەست چووەکەیان و بەڵگە نامەو شوێنەوار دەگەڕێ.
پاشان باسى لە دایک بوونى ئۆدیب دەکات.. بە دروستى کەس نازانێ کێیە و کوڕی کێیە و دایک و باوکى راستەقینەى ئەو کێن، تەنها لە منداڵییەوە لەگەڵ پیاوێک دەژیێ کە هەرچى خراپەو خراپەکارى و دزی وجەردەیی،حیزى،قۆڵبڕین هەیە کردوویەتى. ئەو هەمیشە لە جوولە دایە لە هەندێک شوێن ئەولیاو پیاو چاکە تا ڕادەى پێغەمبەرایەتى، لە هەندێ شوێن شەیتانەو ڕوو رەش وئەهریمەنە. لە شوێنێک کچێک لە کوشتن رزگار دەکات کە برایەکانى دەیانەوێ بیکوژن، لێرەدا نووسەر ئەو پیاوە وەک ئەفسانەى (فایتۆن و زیۆسى یۆنانى) لێدەکات. یان دەیکاتە (هەبوو نەبووى ناوحیکایەتەکان)، یان دەیکاتە خواوەندى (توڕ) چەکوشێکى لە دەستەو لە شاژنى (فەخاى) خواوەندى بە پیت وبەرەکەت دەچێ. چەند جار وەفاتنامەى دەرچووە، چەند وەفاتنامەى بە ناوە. نارسیس دەڵێ: بۆ دوا جار من بووم ئەو پیاوەم بینى بورابووەوە لە سەرشەقام کەوتبوو، هەڵم گرتەوەو بردمە نەخۆشخانە پارچە کاغەزێکم لە گیرفانى دۆزییەوە لێی نووسرابوو (نارسیس تۆ کوڕی ڕاستەقینەى دایک وباوکى خۆت نى). ئەو پیاوە مەلۆتکەیەکى پێیە هەر جارەو لە شوێنێک دایدەنێ، رۆژێک لە خانەقا، رۆژێکى تر لە حەمام، جارێک دەیباتە باخى گشتى، جارێک لە مزگەوت، تا منداڵەکە قاچ دەگرێ و دەیخاتە دەستى ژنە دۆمێک کە زۆرترین ماوە لاى ئەو دەبێ. ئەو ژنە لە کوچە و کۆلانان، لە شەقامان، لە ناوچەى پیشەسازى سواڵ بەو منداڵە دەکات کە (ئۆدیبە)، پاشان فێرى دزی دەکات، زۆر کارامە و لێزان دەبێ لە هەموو کارێک. تا گەورە دەبى، رۆژێک لاقەى کچە دۆمە سواڵکەرێک دەکات من دەکەومە رەحمى ئەو ژنە دۆمە سواڵکەرە. جگە لە ئۆدیب کەسی تر نەیدەزانى من کوڕی ئۆدیبم، من نیوەم قەرەجە و نیوەم میرە، رەگێکم زەردەشتییە و رەگێکم موسلمانە، نیوەم کوردە و نیوەم تورانى. نارسیس دەڵێ: کە لە دایک دەبم رۆژێکى زستانە بەفرێکى زۆر بارییوە، دایکم لە هۆش خۆى دەچێ کە دەقیژێنم دێڵە سەگێک بە دەمى خۆى هەڵمدەگرێ و دەمخاتە بەر مەمکى خۆى و لە مردن رزگارم دەکات، باوکم لە گاردى کۆمارى پاسەوان بوو لە گەڕانەوەى چاوى بە من دەکەوێ لە چنگى سەگ دەرم دێنێ دەمباتەوە ماڵەوە بەم جۆرە من ( نارسیس لە باوەشى قەرەجێک بۆ باوەشى سەگێک تا پاسەوانى گاردى کۆمارى و باوەشى ئەو دایکەى کە بە خێوى کردم، واتە دایکى دووەمم. ئۆدیب لە مانگێک سێ حەفتە لە زیندان دەبێ لە زیندان (خاوەکێش) دەناسێ و دەبێتە هاوڕێیەکى نزیکى. لە کاتى دەرچوونى ئۆدیب لە زیندان خاوەکێش ناوونیشانێک دەداتە ئۆدیب وپێی دەڵێ : بڕۆ بۆ ئەو ناو و نیشانە و خەمى هیچت نەبێ. ئۆدیب لەگەڵ شوفێرى تاکسییەک بە ناوى (گەردەوان) دەچێتە سۆراخى ناوونیشانەکەى خاوەکێش کە ناوچەى (سورەش) ە، ئەو ناوچەیە هەمووى ڕەشە تەنها دروشم ودیوارەکانى بە خوێنى سوور نووسراون،کە دەگاتە دوا بەربەست ناوونیشانەکە دەردێنێ دەبینى تەنها هێمایەکە ( دووبازنەو ئەستێرەیەک ) لە ناوى کێشراوە، بەربەستەکە دەبڕێ لەو دیو وڵاتێکى هێمن و بێدەنگ دەبینى لەکۆڵانێک قورساییەک بە سەرى دەکەوێ بەر دەبێتەوە، کەچاوى دەکاتەوە لە ژورێکى تەنیا بەستراوەتەوە دووپیاو دێنە ژوورەوە و دەست بە ئازاردانى دەکەن لە ناکاو دەنگى دوو تەقە دێت هەردوو پیاوەکە بەردەبنەوە لە بەردەمى، کەسێک لەدواوە دەستى دەکاتەوە دەڵێ من (تۆماس عەفلەق) م دانیشتووی ئێرەم ئەوانەى کوشتنم (گرووپى خاچى خوارن) کاریان فڕاندن وکوشتنى خەڵکە. عەفلەق فێرى بەکارهێنانى چەک ونیشان شکێنى دەکات. ئۆدیب لەگەڵ عەفلەق دەکەونە ناو دونیا خوێن ڕشتن ومرۆڤ بوونى خۆى لە د ەست دەدات. شەڕێک لەگەڵ گرووپى بازنەیی دەکەن ئۆدیب بریندار دەبێ، عەفلەق وا دەزانێ ئۆدیب بۆ کوشتنى ئەو نێردراوە پێی دەڵێ : من دەبێ تۆ بکوژم تۆ سەر بە گرووپى خاوەکێشى، ئەوانە دوژمنى منن، لەو کاتە دووچەکدار دەگەنێ عەفلەق رادەکات و ئۆدیب لە کوشتن رزگارى دەبێ . ئەوانەش دەیبەن ئازارى دەدەن لەوێ نامەکەى خاوەکێشى بیر دێتەوە کە دەبینى پێی نەماوە، هەرچەند دەڵێ من تەتەرم سوودى نابێ پشتى رووت دەکەنەوە بۆ داغکردن دەبینن مانگ وئەستێرەیەکى لە سەرپشتە کاتى خۆى لە زیندان خاوەکێش هەمان هێماى نامەکەى لە سەر پشتى تاتۆ کردبوو، دەست بە جێ پاسەوانەکان هەواڵ بە سەرۆک دەدەن، کە سەرۆک دێ هەمان کچە قژ رەش و ترسناکەکەی ماڵی گەردەوانە،سەیرى تاتۆکەى ئۆدیبى کردو رۆیی، پاشان سەرکردەى گروپەکە هات و کردیانەوەو دەستیان بە چارەسەرکردنى کرد. شەو مەراسیم رێکخرا بۆ رادەست کردنى سەرۆکایەتى،کچە ڕەشپۆشەکە چەقۆیەکى دایە دەستى ئۆدیب کەسێک لە سەر کورسییەک بەسترابووەوە گوتیان لە کردنەوەى ئەم مەراسیمە دەبێ ئەو کەسە سەربڕی، کەچەقۆکەى لە ملى نا کچەکە تەشتێکى لە بەر خوێنەکەى گرتەوە تا دوا دڵۆپ ئینجا خوێنەکەى فڕ کرد پاشان دایانە هەموو جەماعەت،پاشان دایانە ئۆدیب،پاشان ئۆدیب پەڕۆکەى لەسەرى لادا دیتى ئەوە گەردەوانى هاوڕێیەتى، دەستى بەلاوانەوەى کرد، پێیان گوت جەنەرال گەردەوان کەسێکى خاین بوو، ئەو کرێگرتەى عەفلەق بوو دوو سەرە کارى دەکرد. ئۆدیب دەبێتە دڕندەترین سەرۆکى ئەستێرەى بازنەیی، هەمیشە تینووی خوێن وکوشتن وبڕین وپارچە پارچەکردنى قوربانییەکانە. دەسەڵاتى ئۆدیب زۆر فراوان بوو تەنها بەربەست لە بەردەمى عەفلەق بوو زۆر چەکدارو لایەنگریان لە یە ک کوشت تا دوا جار عەفلەق براوە دەبى ودەبێتە ئیمپراتۆرى ناوچەکە و جەماعەتى (جەنەڕالى خوێن ) واتە ئۆدیب تووشى نسکۆیەکى گەورە دەبن و هەڵدێن بۆ چۆلگەو چیایان، عەفلەقیش دەچێتە ئاوەدانى وناو شارو گوندان.
کە منداڵەکەى گوندى بەرازانیان خنکاند لەوێ قۆیتاسى لە گۆمێ داوێن ئەو مەلەوانە دەچێتە ئەو دیوى شاخەکەو مەلاش دەربازى دەکات. میخۆواتە( قۆیتاس ) دەڵێ: لەوێ رۆیشتم شەو چوومە ئەشکەوتێک چەند چەکدارێک پەیدا بوون، ئاویان دامێ، گۆشتى بزنە کێوییان دامێ، سەکردەکەیان گوتى من ناوم ( تۆماسی فەلەیە) بە عەفلەق ناسراوم، بوومە هاورێی ئەوان، فێرى شەڕو چەک بووم، فێرى کوشتن ورێگری بووم، شەوێک عەفلەق لە شەڕێکدا کوژرا منیش دواى ئەو وازم لەو دەستەیە هێنا و چوومە ناوچەى سورەش لەوێ مێژوویەکى ترى خوێن ڕشتنم بۆ خۆم تۆمار کرد.
لە کتێبخانە هەردەم بە دواى زانیارییەکان و سەرە داوێک دەگەڕام رۆژێک مێناز لە کتێبخانە هاتەوە پیرە پیاوێک پێی گوتبوو ئەگەر دەتەوێ هەر زانیارییەکت دەربارەى ئەلکترا دەستکەوێ دەبێ شێمراز بدۆزییەوە. کەوتمە سۆراغى تەکیەو خانەقاکان و تەریقەتى سۆفیگەرى و عیرفان تا مریدێک پێی گوتم کە شێمراز رابەرێکى روحى بە هێزى سەردەستەى تەریقەتەکەیانە و لە دەرەوەى شار لە سەر گردێکى گەورە تەکیەو خانەقایەکى بێ هاوتاى هەیە، گەیشتن بەو زۆر سەختە ئەگەر لە ڕێی ڕە مۆ ڕووتەلەى حەمامچى پێی بگەى. لەگەل مێناز سەرمان بەسەر هەموو حەمامەکانى شاردا گرت تا لە کۆتایی حەمامێکى کۆن وداڕماومان دۆزییەوە حەمامچییەکە دەفتەرى ناوى حەمامچییەکانى دامێ نامەیەکى لە ناو بوو لێی نووسرا بوو (میخۆى خیانەتکارى مەزن ) بۆم دەرکەوت هەموو نامەکانى مەلا خدرى باوکم بە دەستى تۆ گەیشتوون، زۆر نهێنى ناو بنەمالەکەمانى بۆ نووسی بووم، باسى ئەلکتراو ئانۆ بانى نیشى تێدابوو. هەر لەو نامەیە ستایشى شێخ نوورى کردبوو. نامەکەم بردە ماڵی شێخ نوورى ئەو مردبوو مناڵەکانى رێنماییان کردم بەرەو شێمراز. نارسیس دەڕوات گردو چیاو دۆڵ ودەشتان دەبڕی پاش شەوو رۆژێک مزگەوت و منارەیەک دەبینێ کە نزیک دەبێتەوە دەنگى بە کۆمەڵ دێت، دواى چەندین ساڵ لە وڵاتى بێدەنگى یەکەم جارە گوێی لەو دەنگە دەبێ، حەلقەى زیکرە دەکەوێتە ناویان، وەک ئەوان دەست پێدەکا، لەهۆش خۆى دەچێ، کەبەهۆش دێتەوە پیاوێکى نوورانى ریش سپی لێى دەپرسێ لە کوێوە هاتووى ؟ زمانى نییە بە دەست ئاماژە بۆ پشت چیاکان دەکات، پاشان بۆى دەنووسێ کە لە شارى فومەنەوە هاتووە دەلێ: نهێنییەکم لایە دەبێ شێمراز ببینم،لەژوورێکى تەنهایان دانا،شێخ هات گوتى نارسیس دڵخۆشم بە سەلامەتى گەیشتى،دەفتەرى ناو حەمامەکەى رەمۆ ڕووتەڵەى دەداتە دەستى، دەست وخەتى خۆی دەناسێتەوە، دەڵێ دەبێ سەرەتا چارەى دەنگت بکەین ئینجا دەتوانى بە دواى حەقیقەتى بنە ماڵەوهۆزى قەچوچان و رەگ وریشەى ئەمبێز بەگ و نەوەکانى بگەڕێی، دەبێ بچیە ئەو دیوى چیاکان ئەوەى تۆ دەتەوێ لاى ( میخۆ جووە). لەگەل مریدێک بە سوارى ولاخ دەڕۆن لە چیا نارسیس بەردەبێتەوە دەکەوێتە ناو گوڵە نێرگزان بە بێهۆشى کچێک هەلی دەگرێتەوە، دواتر نۆژدارووی سەرۆکى هەرێمى نێرگزان بەبە مەبەستى چارەسەر دەیخاتە ناو کورەى ژیلەمۆى نێرگزان. چەند سالێک پێش ئێستا مێگاو میخۆى رزگار کرد بە هەمان شێوە ئەو جارە مێناز بوو نارسیسی رزگار کرد. چۆن مێگاو بووە هەوێنى تێکچوونى هەرێمەکە ئەو جارە مێناز بووە هۆى تێکچوونى ئەو هەرێمە خۆش و پێشکەوتووە. دیسان لەو هەرێمە ئارامە دەستەو گرووپ و سوپاى جیا جیا دروست دەبن و هەموویان دەکەونە گیانى یەکتر و سەرۆکەکان بڕیارى لە سێدارەدانى نارسیس ومێناز دەدەن.نۆشدار دەربازیان دەکات و پێیان دەڵێ: من میخۆى کوڕی ماخەى کوڕی میر ئەمبێزی میرى قەچوچانم , دەزانم تۆ نارسیسی کوڕی گەردەوانى، کتێبێکى رەشى دەداتە دەستى دەڵێ: ئەمە مێژووى بنەماڵەکەتانە، ئەو کچەى لەگەڵتدایە کچى منە، کچى مێگاوى کچى نۆژدارى مەزنى هاوژینى کۆچکردوومە. ئەوان دەڕۆن نۆژدار هاوا ر دەکات نارسیس لە بیرت نەچێ تۆش وەک من لە ماڵباتى میرانى. لەگەڵ مێناز دەڕۆن سنوورى بیست وپێنج گوند دەڕن، پشوو دەدەن نارسیس خەوى لێدەکەوى کە چاو هەلدێنى لەکۆشکى عەفلەقە، پێی دەڵێ : ئێرە نیشتمانى منە تۆ تاوانبارى، تۆ بەرپرسى لە زریان وتۆفان و لافاو لە نیشتمانى من، بەلام من تۆ دەبوورم بە ئازادى قسە بکە تۆم بە قسە کردن بەخشییەوە، هەرچییەک دەکەى بیکە، تۆش کارێک بۆ من بکە، کورێکى لاڵم هەیە دەمەوێ بۆم چاکبکەیەوە، تۆ یەکێک بووى لە پەکخراوانى دەنگ وخەسێندراوى قوڕگ لە نەخۆشخانەى کۆمارى حەفت سال ونیو بەردەوام ژەهرى گەروو فایرۆسى دەنگت لە سەر تاقی کراوەتەوە، هەڵمان بۆ رەخساندى تا ڕا بکەى، ئەوانى تریش ڕایان کرد تەنها تۆ گەیشتییە هەرێمى نێرگزان، تەنها تۆ لەو تێستە دەرچووى، تۆ دەبێ بچیەوە هەرێمى نێردزان تاقیگەکە بدزى و دەرمانەکان بۆ کوڕی من بێنى.
پەیمانیان بەست ئەو کوڕی عەفلەق چاک بکاتەوە ئەویش گەردەوانى باوکى بۆ بدۆزنەوە. سووپایەکى گەورە یان رێکخست بەرەو چیاکان کەوتنە جوولە، دەشتاییەکانى دەوروبەرى چیاکان دەگرن، پاشان هێرش دەکەنە سەر ( زەندۆل)، لەوێ دەبێتە شەڕی حەربەو نیزەو چەقۆ کەس نایزانى کێ دەکوژى. من وفەرماندە گەیشتینە ناوەندى زەندۆل لەهەموو لایەک چەتەکان لێیان داین، هەموو بە سەر یەکدا کەوتین، سیخوڕى گەورە منى لە مردن رزگار کرد، نزیکەى دە چەتەى کوشتن، دواجار هەموو سەربازەکانمان کوژران من وسەرکردەش بە دیل گیراین.سەرکردە بە هێواشی بە منى وت :تۆ دەبێ بچیتە ناو رێزى ئەو گروپەو ببیە هاوڕێی ئۆدیبى سەرکردەى ئەو گرووپەو بە دواى سۆراخى باوکتەوە بچى، نامەیەکى لە گیرفانى دەرهێناو گوتى : ئەو نامەیە تەنها یەک کەس دەرباز دەکات دەبێ تۆ زیندى بی و بژى، سەرکردەیان بردو کوشتیان، ویستیان منیش ببەن بۆ کوشتن زوو هاوارم کرد بوەستن من لە خۆتانم، سیخوڕی ئێوەم مەمکوژن، نامەکەم دایە دەستیان سەرچەتە خوێندیەوەو سەرى چەماندەوە، هاتە پێش وگوتى : بمانبەخشە سەرۆک ئێمە خەجالەتین. دەیبەنە لاى ئۆدیب لە ئەشکەوت، لەناو ئەشکەوت شارێکى ئاخر مۆدیل و ئەتەکێت دروست کراوە، دەگاتە لاى سەرۆک پێشوازى لێدەکات وپەرداخێک خوێنى پێشکەش دەکات، ئەویش داواى لێدەکات بگەڕێتەوە هەرێمى نێرگزان و زانست وپێشکەوتن وشارستانییەتى ئەوانى بۆ بگوازێتەوە هەموو دۆسیێ نهێنیەکانى ئەشکەوتیان خستە بەر دەست، چووە کتێبخانە دیسان مێناز لە وێ بوو، نارسیس دەڵێ : لە منداڵی ونم کرد، بە گەورەیی لە شارى فومەن لە ناو کتێبخانە دۆزیمەوە، ئەوم لە هەرێمى نێرگزان جێهێشت، ئەو بە مردوویی منى دۆزیەوە، جارێکیتر من ئەوم لە ناو گەردەلوول وقوڕو لیتەدا ونکرد، ئێستا بە هەمان جل وبەرگ لە ناو شارى مافیاکان و چەتەکان ئەوم لە ناو کتێبخانە دۆزییەوە. لەناو کتێبخانە مێناز دۆسێیەک دەدۆزێتەوە کە راپۆرتێکى تێدایە سەبارەت بە زیندانى بوونى سەرۆک لەگەڵ خاوەکێش ومانەوەى لە ماڵی گەردەوان وئەبرێزەى خوشکى و خیانەتکردنى باوکم بۆ بەرژەوەندى عەفلەق، لە ناوچەى سورەش ئۆدیب گەردەوان سەردەبرێ و ئەبرێزەى خوشکى خوێنى بەسەر ئامادەبووان دابەش دەکا , لەوێ نارسیس کە دەزانێ باوکى بە دەستى ئۆدیب کوژراوە چەقۆیەک هەڵدەگرێ ومێناز بە دواى دەکەوێ، کە دەچێتە ژوورى ئۆدیب دەبینى لەسەر کورسییەکەى خەوی لێکەوتووە لە پشتەوە دەمى دەگرێ وبە چەقۆ ملى دەبڕێت لەگەل مێناز دەڕۆن لە دۆڵێک دەکەونە دەست پێنج چەتە بێزەوالى سیاناو خۆر دەردەکەوێ و چەتەکان دەکوژێ و بریارى گەڕانەوە بۆ شارى خۆیان دەدەن. سێ کەس دووپیاوو ژنێک بە سوارى حەنچە
دەگەڕێنەوە شارى فومەن دەچنە ماڵی فامە شێت دەبینن فام شێت کوژراوە نامەیەکى لە دەستە لێی نووسراوە : یەکەم کارتان ئەوەیە خەڵک لە بێدەنگى رزگار، تەوقی قسەکردن بشکێنن، شۆڕشێک بەرپا بکەن پڕوشکەکەى ئێوە بن و گڕەکەى تا ناو کۆشک نەوەستێ (نەنکتان ئەلیکترا). تازە زانیمان کە فامە شێت ئەو ئەلکترایە بوو کە زۆربەى نهێنییەکانى ژیانى ئێمەى لا بوو کە چى ئێمە هەزاران کیلۆمەترمان رێگاى سەخت وهەوراز بڕی کە چى کۆدە نهێنییەکانى ژیانمان هەر لە شارەکەى خۆمان ولە کۆلان وگەرەکەکەى خۆمان بوو.
کوشتنى فامە شێت دەبێتە پاڵنەرى شکانى بێدەنگى وبەرپابوونى شۆرش دەست دەکەن بە نووسین لە سەر دیوارەکان وقەڵاو شوورەو کارخانەکان، کاتى شکانى بێدەنگییە، پەتاى گوتن قسەو درۆیەکى گەورەیە، بەیاننامەمان بە ناوى شکاندنى بێدەنگى بڵاو کردەوە، لە مزگەوتەکان بانگدرا، لە کلیساکان زەنگ لێدرا، لە چایخانەو مەیخانەکان ئاهەنگ گێڕان بوو، بارەگاو باڵەخانەکانى دەوڵەت سوتێندران، هێز شکا،سوپا پەرتەوازە بوو، چەکدارو چەتەى دەستە دەستە دروست بوون.
شێمرازى روحانى خۆى و هێزێکى گەورەى تەریقەت بەرەو کۆشک وتەلاران چوون، ئەویش بە دواى کچە تاقانەکەى دەگەڕا، لە هەرێمى چیاکان، لە کایسا وئەشکەوتى بویا، لە تونێل وسەردابەکانى ترس وتۆقاندن. چەتەکانى ئۆدیبیش بۆ کوشتن وخوێن رشتن چەپ وراست خەڵکیان دەکوشت بە دواى خوێنى ئۆدیبەوە بوون. ئێمەش سێ کەس بە سوارى حەنچە بەرەو قەڵا و کۆشکى سەرۆکایەتى چووین بۆ دۆزینەوەى دۆسیەکان. گەیشتینە دەرگاى کۆشک لە ناو کۆشک تۆماس عەفلەق وسیخوڕی باڵاو ئانۆ بانى نى بەرگرییەکى دژواریان دەکرد،ئێمە تا ناوەراستى کۆشک نەوەستاین کەئانۆ بانى نى چاوى بە بێزەواڵ کەوت لە خۆشیان نەڕاندى کوڕە تاقانەکەى خۆم وریا بە، لە دەرەوە گولەیەک بێزۆی پێکا، ئانۆ دوا ماچى لە بێزۆى کردو خۆى لە پەنجەرە فڕێدایە دەرەوە ناو لێڕەوارو جەنگەڵ بزر بوو. سیخوڕی گەورەش بە دەمانچەکەى خۆى کوشت، ماسکەکەم لە سەرى لابرد میخۆ جوو بوو. کتێبە رەشەکەى لەلا بوو لێم سەند، دوایی بۆم دەرکەوت هەمان خاوەکێشى گەورە مافیاى بەندیخانەو ناوچەى سورەش بوو. گەمەکە کۆتایی هات لە بەرژەوەندى شێمرازى کە توانى لە جەنگى کۆشک بە سەر چەتەکانى ئەستێرەى بازنەییدا زاڵببى و عەفلەق وکورە لالەکەى بکوژى، شێمرازى روحانى خەلافەتى تەریقەتى لە ناو کۆشک راگەیاند. لێرەدا نووسەر ئەو وڵاتە ئاسایش وپاک وخاوێنەى تەسلیمى سەلەفى وڕیشدارو ئەهلى تەریقەت دەکات.
لە سەرەتای رۆمانەکە نارسیس پاڵەوانى رۆمانەکەیە لە کۆتایی شێمراز دەبێتە پاڵەوان و دەسەڵات وەردەگرێ.
لە دۆسێکەدا دەرکەوت من نارسیس کوڕی گەردەوان نەبووم بەڵکو کوڕی راستەقینەى ئۆدیب بووم، کە بە دەستى خۆم سەرم بڕی. گەردەوان خاڵم بوو براى ئەبرێزە، ئەبرێزەش دایکم بوو لە شەڕی نێوان عەفلەق وباوکم کوژرا.
ئەبرێزەى دایکم و گەردەوان منداڵی ڕەمۆی حەمامچى بوون لە دایکیانەوە خوشکەزاى میخۆ بوون و لە باوکیشیان خوشکەزاى شێمراز بوون. دواى سووتانى رەمۆ لە حەمام میخۆ دەیانڕفێنێ. ئۆدیبى باوکم مامى هەرە بچوکى میخۆو شێمرازو عەفلەق بوو. هەموو راستییەکانى چیرۆکەکەى دەزانى. ژنە دۆمەکەش ئەبرێزەى دایکم بوو لەگەڵ ئۆدیبى باوکم پەیوەندى سێکسى نا شەرعى دەبەستێ من پەیدا دەبم. مێناز کچێکى دوو ڕووى بەد کار بوو، لە هەموو
گەمە نا شیرینەکانى میخۆ هاوسازو هاو ئاوازو بەشدار بوو. سیخوڕی مەزن کە میخۆ بوو شەڕی نێوان چوار ئایینەکە، شەڕی نەوەکانى میرو شەڕی شارستانییەتى هەرێمەکان و پێکدادانى نێوان شارو گوندەکان و هۆزو تیرەکانى گەرم دەکرد. نارسیسیش بە هۆى عەشقەکەیەوە لە مێناز خۆشدەبێ و هەرسێکیان بڕیارى گەڕانەوە دەدەن بۆ شارى فومەن، تەرمى بێزەواڵمان لەگەڵ خۆمان برد. چۆن لە سەرەتاوە هاتین ئەوهاش لە کۆتاییدا گەڕاینەوە ( حەنچەیەک بەرێوەیە وەک لە سەرەتاوە دوو پیاوو کچێک و تەرمێکى هەڵگرتووە ).
*. چیڕۆکەکانى ناو رۆمانەکە :
١. گیرانى نارسیس ومانەوەى حەوت ساڵ ونیو لە سەر قەرەوێڵە و زیندان.
٢. گیر خواردنى بێزەواڵی سیاناو خۆر لە ناو زێراب.
٣. خنکانى کوریژکەى گوندى بەرانان.
٤. میخۆ لە هەرێمى نێرگزان.
٥. چوار هاوسەرەکەى ئەمبێز.
٦. شێمراز دەچێتە شارى فومەن ( هەولێر).
٧.میخۆ لە بەلاشخانە یان دەلالخانەى شارى فومەن.
٨. لە دایک بوونى ئۆدیبى مەزن.
٩. خاوەکێش وئۆدیب لە بەندیخانە.
١٠. ئۆدیب لە ناوچەى سورەش.
١١. قۆیتاسیان دە گۆمێ هاویشت.
١٢. رزگار بوونى نارسیس لە بەندیخانە.
١٣.گەیشتنى نارسیس بۆ کۆشکى عەفلەق.
١٤. نارسیس دەگەڕێتەوە هەرێمى نێرگزان.
١٥. نارسیس لە کۆشکى سپى عەفلەق.
١٦. هێرشى سوپا بۆ هەرێمى ئەشکەوت و چیایان.
١٧. کرانەوەى کۆدە نهێنییەکان.
*. هێماکانى ناو رۆمانەکە :.
١. میر ئەمبێز..بابە گەورەى میرانى خۆشناوە. لە گوندى هەرمک لە دۆڵى بالیسان دانیشتووە.
٢. کریکۆر: پیاوێکى ئەرمەنى بوو لە دواى قەتل وعامەکەى ئەرمەنییان لە لایەن تورکیاو سوارەى حەمیدى هاتۆتە عیراق پاشان لە شەقلاوە نیشتەجێ بووە، دوکانێکى هەبوو لەو گەرەکەى کە ئێستا ناوى کریکۆرە.
٣. سیمۆن: وەک کریکۆر ئەویش ئەرمەنى بوو وا بزانم ئامۆزا بوون، لەسەروى کریکۆر چێشتخانەیەکى دانابوو، گەرەکەکەش هەر بە ناوى سیمۆنە .
٤. عەفلەق: کە میخۆى کوڕی ماخەیە، ئاماژەیە بۆ (میشیل عەفلەق) ى دامەزرێنەرى حیزبى بەعس.
٥. نارسیس: واتە (نەرجسییەت ) ئەو کەسەى عەشقى جوانى خۆى دەبى.
٦. ئەلیکترا: واتە حەزى کچ بۆ دایک.
٧. سادیستى: واتە چێژ وەرگرتن لە خوێن وخوێنڕێژى.
٨. پەستى تۆماسى: پەستێکى کۆن بوو خاوەنەکەى ناوى تۆماس بوو لە بەینى شەقلاوەو هەولێر کارى دەکرد.
لەم رۆمانە نووسەر سنوورێکى هونەرى لە نێوان خۆی وخوێنەران دروست دەکات و ئەفراندن دێنێتە وجود، واتە کارە جەماوەرییەکەى زۆر لا گرنگ نییە، وەک رۆمانە تەقلیدییەکان کە چاکى و خراپى رۆمانەکە لە گێڕانەوەى هەقایەتەکەى دابێ و بەرگە هونەرییەکەى لێ دابماڵێ، بەڵکو خوێنەر زۆر ماندوو دەکات تا لە بیرۆکە و ناوەرۆکى رۆمانەکە تێدەگات.

.




کتێبی نهێنییەک لەنێوەڕاستی ڕووبارێکدا هاتەناو کتێبخانەی کوردییەوە

” نهێنییەک لەنێوەڕاستی ڕووبارێکدا” کتێبێکی ٥٢٠ لاپەڕەیی ڕۆماننووس و نووسەر یوسف عزەدین- ەو بەتیراژی ٧٠٠ دانە لەلایەن چاپخانەی کارۆ-وە چاپکراوەو ئەم کتێبە بریتییە لەکۆبەرجەستەکردنێکی ئەزموونی گێڕانەوەکانی نووسەر و لەڕێی چوار ڕۆمان و شانزە تێکستەگێڕانەوەی ناو ئەم کتێبەوە تاڕادەیەکی زۆر دەتوانین لەمێژووی گێڕانەوەی کوردی پاش نەوەدەکان تێبگەین؛ ئەم جۆرە گێڕانەوەیە لەڕووی مێژووییەوەو بەشێوە تەکنیکییەکەی لەجەمیل سائیب-وە دەست پێدەکات و تا ئەم ساتەوەختەش لەهەڵکشان و داکشانێکی کریتیک و گرنگیدایە. وەک لەهەردوو کتێبی “وەهم و شوناس” و “هەمیشە جەللادو هەردەم قوربانی” نووسەردا دەردەکەوێت و لەڕێی شێوازی دیالۆگ و وتار نووسینەوە، کۆمەڵێک لەکێشە فیکری و فەلسەفی و مێژوویی و دەروونی و کۆمەڵایەتییەکان دەخاتە ژێر پرسیارەوە!
نووسەری ناسراوی ئێرانی “عەلی ئەشرەف دەروێشیان” یەکێک لەدەقەکانی کردۆتە فارسی و هاوکات نووسەرو وەرگێڕ “موکەڕەم تاڵەبانی”یش هەمان تێکستی کردۆتە عەرەبی و لەسەروو هەمووشیانەوە وەرگێڕانی کتێبییەکیەتی بۆ زمانی ئەمازیغی لەلایەن لێکۆڵەر و وەرگێڕی مەغریبی “سەعید بلغربی” و لەساڵی ٢٠١٥دا لەمەغریب دەزگای بڵاوکردنەوەی “دارئەلکەبەدانی” چاپیکردووە؛ لەنێوەندی خوێنەری مەغریبیدا ناسێنراوەو بۆتە یەکەمین کتێبی وەرگێڕدراوی کوردی بۆ زمانی ئەمازیغی و ئەمەش وا دەکات جگە لەماهییەتی دەقەکان و گرنگییان لەڕووی ئەدەبییەوە، لەڕووی مێژوویی و فەرهەنگیشەوە گرنگی خۆیان هەبێت… نووسەری “نهێنییەک لەنێوەڕاستی ڕووبارێکدا” شارەزایی لەزمانی تورکی و عەرەبیدا هەیەو کۆمەڵێک بابەتیشی لەو دوو زمانەوە کردۆتە کوردی و یەکێکیش بووە لەو نووسەرانەی لەسایتی دروب-ی مەغریبیدا بابەتی ئەدەبی و وتاری بەزمانی عەرەبی بڵاوکردۆتەوە. هەروەها یەکێک بووە لەو زیندانە سیاسییانەی کەلەڕاپەڕینی ١٩٩١ دا لەلایەن جەماوەری ڕاپەڕیوەوە لەئەمنەسوورەکە ئازادکراوەو هەر پاش ئەوەش شیعرێکی تایبەتی بەموعاناتی زیندان نووسیوەو لە١٩٩٢دا لە”ڕۆژنامەی مەڵبەندی ڕۆشنبیری کورد” لەلەندەن بڵاوبۆتەوەو وەک زووربەی ئەدیبانی کوردیش سەرەتا بەشیعر دەستی پێکردووەو لەوێشەوە هاتۆتە نێو دنیای ڕۆماننووسین و گێڕانەوەو خاوەن کۆمەڵێک چامەی شیعری بڵاونەکراوەشە، لەگەڵ ڕۆمان و کتێبێکی لێکۆڵینەوەی فیکری کەتائێستا بڵاونەکراونەتەوەو وەک لەلێدوانەکانیشیدا هەردەم دوپاتی کردۆتەوە؛ زیاتر حەزی لەخوێندنەوەی تێکستە ناوازەو کتێبە دەگمەنەکانە لەوەی کەمومارەسەی کردەی نووسین بکات، لەگەڵ ئەوەشدا تا ئێستا خاوەنی نۆ کتێبی بڵاوکراوەیەوەو ئەمەی خوارەوەش پەرەگرافێکی ناو کتێبی”نهێنییەک لەنێوەڕاستی ڕووبارێکدا”یە:
{هەر لەخۆمەوە گومانم لەقسەى ئەو پیرەژنە هەبوو، بەڵام چەندم لەخۆمکرد، زاتى ئەوەمنەکرد لەدەرکەکە بدەم یان وەک جاران لەسەر دیوارەکەوە خۆم هەڵدەمە ئەودیوەو بچمە ژوورەوە. لەوکاتەدا نمەى باران تێکەڵ بەفرمێسکە ساردەکانم دەبوو کەدەمێک ساڵبوو هەستم بەبوونیان نەکردبوو. هاوکات بایەکى سارد گەمەى بەگەڵا زەردەکانى درەختەکانى نێو حەوشەى ماڵانى کۆڵانەکە دەکرد کە دەمێکبوو نەمڕوانیبووە وەرینیان. لەو ڕۆژەدا پێشئەوەى ئەوێ جێبهێڵم، قۆچێکى شکاوى کەللەسەرەکە جودا لەجارەکانى تر سەرنجى ڕاکێشام! کووچە و کۆڵانەکان وەک جاران نەیاندەناسیمەوە و لەپێچ و پەناکانیدا هەستم بەنیگەرانى دەکرد، دڵنیابووم پێشتر هەموو ئەوەى کەئێستا دەمبینى شتێکى تربوون، شتێکى چێژبەخش بوون، بەڵام لەئێستادا هەموو ئەوەى کەدەمبینى بێتامبوو، تەنها شتێک کەوەکجارانى لێدەکردمەوە و بەواتایەک لەواتاکان زیندووى دەکردمەوە بینینەوەى ئەودیو دەرکە کۆنینەکە بوو}




قوتابیان بوون بەسوتماک و قوربانی بەرژەوەندیەکانی مامۆستایان … ئاراس سەعید

لەگەڵ دەسپێکردنەوەی ساڵی نوێ خوێندنی 2020-2021 دەرگای خوێندگاکان بەڕووی قوتابیانی زۆرنی زەرد و بەشێک لەخوێندگاکانی زۆنی سەوزکرانەوە. بەشێکی زۆریش لە مامۆستایانی زۆنی سەوز لەبەر دابین نەکردنی بەرژەوەندیە ئابوری و سیاسیەکانی خۆیان دەرگایی قوتابخانەکانیان داخستووە و دەیانەوێ پڕۆسەی خوێندن لەکەرتی گشتیدا ئیفلیج بکەن. حوکومەتی هەرێمی کوردستان بەهۆی شکستی حوکومڕانی ناشەفافی نایەکسانی داهاتەوە ڕوبەڕووی و قەیرانی ئابوری بۆتەوەو توانای جێبەجێ کردنی داواکانی مامۆستایانی نیە. لەم چوارچیوەی ململانێیەشدا حوکومەت و مامۆستایان قوتابیان دەکەنە قوربانی و سوتماکی ناکۆکی و سیاسەتی خۆیان. وەزارەتی پەروەردە بەم بڕیاڕەی ئەمڕۆ لەسەر پڕۆسەی خوێندنی ئەمساڵ بڵاوی کردەوە. نەک لەبەرژەوەندی قوتابیاندا نیە، بەڵکو ئیفلیجکردن و خنکاندنی تواناکەنی قوتابیانە، چونکە لەبەشێک لە خوێندگاکان خوێندن دەستی پێکردووە و تەواوی بەرنامەکانی خوێندن بۆ تاقیکردنەوەکان لەکاتی خۆیدا جێبەجێ دەکرێت. ئەو قوتابیانەشی بەهۆی مانگرتنی مامۆستایانەوە لەخوێندن بێ بەش بوون دەبێ لەکاتی خۆیدا ئامادەیی تاقیکردنەوەکان بن و زیانێکی گەورە دەکەن و لەم سیاقەشدا، دەبنەقوربانیەکی گەورەیی چاوچنۆکی و بەرژەوەندیەکانی مامۆستایانی مانگرتوو.
مامۆستایان ئەوچینەن کە مارکس بەم شێوەیە باسیان دەکات و دەڵێت؛ “ئەمانە دژی بۆرژوازی خەبات دەکەن بۆ ئەوەی بوونی خۆیان وەکو چینی ناوەڕاست، لەلەناوچوون ڕزگاربکەن، کەواتە ئەوانە شۆڕشگێڕ نین، بەڵکو موحافزکارن، لەوەش خراپتر و بەدتر ئەمان کۆنەپارێزن و چونکە دەیانەوێت چەرخ و ڕەوتی مێژوو بۆ دواوە بگەڕێننەوە”.
مانگرتنی مامۆستایان وەکو؛ چینێک داواکاری خۆیان لەپێدانی مووچە و کۆمەڵێک مافی تایبەتی خۆیان کورت دەکەنەوە. لەکاتێکدا هەموو توێژ و چینە ژێردەستەکانی خوارەوە لەم ماف و ئازادیانە بێ بەشن. کەواتە مامۆستایان تەنها ماف و موچە و ئازادیان بۆخۆیان دەوێ وەکو چینێک نەوەکو ئەوانی تر.
مانگرتنی مامۆستایان، لەئێستا خزمەت بە نیولیبڕاڵیزم و سیستم دەکات، قوتابیان و منداڵی هەژارانیش سوتماکی ئەم مانگرتنەن ڕونتر، مامۆستایان لەدژی چینی خوارەوە کاردەکەن ئەوەش بەشێوەیەکی ئاشکرا لەئێستا دەبینرێت، ئامانجی مامۆستایان پەکخستنی پڕۆسەی خوێندنە لە کەرتی گشتیدا، مانگرتووان دەرگایی خوێندگایان داخستوەو، کەچی لە پەیمانگاو کۆرسە تایبەتەکاندا، بەپارە قوتابیان فێردەکەن و تەواوی پڕۆگرامی خوێندن تەواو دەکەن. بەتایبەتکردن و وانە وتنەوەی تایبەت تەنها زیان بە قوتابیانی کەمدەرامەت و هەژاران دەگەیەنێت و توانایی دابینکردنی پارەی خوێندنیان نیە و دەبنەقوربانی مەرامە گڵاوەکانی ئەم چینە موحافزکارە. بۆیە قوتابیان پێویستە لەچوارچێوەی ڕێخراودا خۆیان ڕێکبخەن و بڕژێنە سەرشەقامەکان و فشار دروستبکەن لەسەرحوکومەت دژی ئەم باردۆخەی مامۆستایان ڕوبەڕویانی کردۆتەوە. یان کردنەوەی دەرگای خوێندگاکان، یان قەدەغەکردنی وانەی تایبەت.




پێوانەی چاکسازی باش بوونی گوزەرانی خەڵکە نەک پروپاگەندە! … سەردار عەبدوڵا حەمە

ئەم ووتارە لە سەر بەشێکی قسەکانی مەسرور بارزانیە لە پەرلەمانی کوردستان لە ٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠
سەرەنجام سەرۆکی بە ناو حکومەتی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی ئامادەی پەرلەمان بوو بەویستی خۆی نەک لە سەر بانگێهێشت کردنیژمارەیەک پەرلەمانتار.
مەسرور بارزانی لە سەرجەم قسەکانیدا هەوڵی ئەدا شکستی کابینەکەی بخاتە ئەستۆی کابینەکانی پێش خۆی و حکومەتی عێراق و نەبوونی دەوریسەرەکی کەرتی تایبەت .

کابینەکانی پێشوو هۆی سەرەکی ئەم باردۆخەی ئێستان لە قسەکانی مەسرور بارزانیدا لە کاتێکا ئەوانیش هەمیشە ووتوویانە چاکسازی دەکەن !!
هیچ یەک لە کابینەکانی پێشوو نەیانووتوە چاک سازی ناکەن چ لە کاتی پروپاگەندەی هەڵبژاردنەکاندا بوو بێت یا دواتر هەمیشە درۆی باشتر کردنیبژێوی خەڵک و ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵیان کردووە وەک ئەم کابینەی ئێستا . بە پێی قسەکانی مەسروربارزانی بێت کابینەکانی پێشوو درۆیانکردووەو چاکسازیان نەکردووەو خراپسازیان کردووە و کێشە و گرفتێکی کەڵەکە بووی زۆریان بۆ ئەم جێهێشتووە بۆیە بارودۆخەکە بە ئەو کۆنتڕۆلناکرێ یا قورسایی زۆر لە سەر ئەو دا ئەنێ . هەر بەم بۆنەوە داوای چاوەروانی زیاتر دەکا لە خەڵکی کوردستان پێ یان دەڵێ بە یەک ساڵیکابینەکەی ئەو مەحاڵە سەرکەوتن بە سەر ئەو گرفتە کەڵەکە بووانەدئا بێتە دی و دەبێ کاتی زیاتری بۆ دابنێن . دیارە هێشتنەوەی خەڵک لە چاوەروانیداتەنها قسەی مەسرور بارزانی نیە سەرجەم کابینەکانی پێشوو تر ئەم کارەیان کردووە هەموو بیرمانە لە نەوەدەکاندا لە بەرانبەر ناڕەزایەتیەکاندادەیانووت حکومەتەکەمان ساوایە و دواتریش بیانووی داعش و ئاوارەکان کرایە کەرەستەی هێشتنەوەی خەڵک لە چاوەروانیدا ، ئەمە تەنها پیشەیکابینەکانی پێشووش نەبووە بەڵکو هەمیشە حکومەتە بۆرژواکان شتێکیان کردووە بە کەرەستە بۆ هێشتنەوەی خەڵک لە چاوەروانیدا وەک کاتی خۆیحکومەتی بەعس دەیووت جارێ لە شەڕداین لە گەڵ ئێران و جارێکی تر دەیووت لە شەڕداین لە گەڵ ئەمەریکا و ووڵاتانی رۆژ ئاوا. نیشتمان لەمەترسیدایە با دوای ئەمانە ئاڵوگۆڕ دەکەین .
خەلکی کوردستان هەقیەتی بپرسێ کابینەکانی پێشووش هەرخۆتان بوون هەرپارتی و یەکێتی بوون خۆ حیزبی تر نەبوون بۆچی هێشتتان ئەو هەمووگرفتانە کەڵەکە بێ ؟ بۆچی زوو نەتان گۆڕین؟ یا ئەگەر ئەوەندە گرفتیان کەڵەکە کردووە وەک ئەوە مووچەیان لە کاتی خۆیدا نەداوەو قەرزێکی زۆریانکردووە و هتد دەبوو لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکردنایە ، باشە ئەگەر وایە ئەوەندە کابینەکانی پيێشوو بێ توانا و شکست خواردوو بوون چۆنە دواتر هەرلە ناو حیزبەکانی خۆتانەوە هەڵتانبژاردن بۆ پلەی باڵاتر ، نيچیروان بارزانی کە سەرۆکی زۆربەی کابینەکان بوو کردتانە سەرۆکی هەرێمیکوردستان و بەرهەم صالحتان کردە سەرۆک کۆماری عێراق.
. دەبێ لەوە ڕیاکارانە تر چی بێت کە کابینەکانی پێشوو بکەیتە هۆی بەرەو پێشنەچوونی بە ناو چاکسازیتان یا بە مانایەکی تر شکستان .

حکومەتی عێراق یەکێ تر لە هۆکارەکانی ئەم بارودۆخەی کوردستان بوو لە قسەکانی مەسرور بارزانیدا چونکە مووچەی نە ناردووە و بودجەی پێنەداون ، باشە ئەگەر ئەوە هۆکار بووە بۆچی واز لەو حکومەتە ناهێنن ؟ بۆچی لە بەغدا ناکشێنەوە و بۆچی کار بە ئەنجامی ریفراندۆم ناکەن ؟ بۆچیپلە و پۆستان وەرگرت ؟ سەرۆکی کۆمار و چەندین وەزیر و ئەندام پەرلەمانی حیزبەکانتان لە بەغدا بۆچیە ئەگەر خێرێکیان نیە بۆ خەڵکی کوردستان؟ئەم جۆرە قسانە مایەپووچ دەبنەوە کاتێ ئێوە بە کردەوە بەغدا بە دۆست دەزانن و بە قسەش بە دوژمنی دەزانن. مەسرور بارزانی لەلایەک دەیووتبارودۆخی خەلکی کوردستان باشترە لە دەوروبەرەکانی خۆی مەبەستی ئەو خەلکی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی عێراقە کەچی چاوەروانی مووچەوبووجەی ئەو حکومەتەش دەکا ئەمە ئەوە ناگەیەنێ ئەو حکومەتە باشترە لە ڕووی داراییەوە ئەمە لە لایەک لە لایەکی ترەوە ئەو حکومەتە هیچ نەبێهەموو مانگێ مووچەی خەڵک دەدات بەڵام جەنابی مەسرور ئێوە ئەوەش ناکەن بەچی خەلکی کوردستان باشتر ئەژی هەردوو لاتان دوو دەسەڵاتیدزو مافیان نەخەڵکی عێراق و نە خەڵکی کوردستان ژیانێکی شایەستە بە مرۆڤیان نیە لە سایەی ئێوەوە .
نەبوونی دەوری کەرتی تایبەت لە قسەکانی مەسرور بارزانیدا هۆکارێکی تر بوو بۆ شکستەکەیان بۆ یە پێ ی وایە کەرتی تایبەت ئابوری کوردستانپێش دەخات !! ئەمڕۆ لە سەرتاسەری جیهابدا نیولیبرالیزم ئەم پروپاگەندەیە دەکا کە گواایە دەبێ گرنگی بەکەرتی تایبەت بدرێ . باشە ئێوە جیهانیسەرمایەداری نابینن کە لە ژێر سایەی نیۆلیبرالیزمدا لە چ قەیرانێکدا یە ؟ چونکە کەرتی تایبەت بەدوای قازانجی شێتانەوەیە بۆ ئەمەش نرخ و بەهایکاڵاکانی بەرز دەکاتەوە ئەوە لە لایەک لە لایەکی تر بۆ ئامانجی قازانجی زیاتر کرێکار لە سەر کار دەردەکا و کرێ ی کەم دەداو سەعاتی کار زیاتردەکا تاوای لێ دێت هێزی کڕينی کاڵاکان کە زۆربەی خەلکە نامێنێ ، کەم دەبێتەوە بۆیە قەیران لە دوای قەیران ڕوو دەدات ، سیاسەتی کەرتی تایبەتلە جیهاندا ڕوو لە شکستە . مەسرور بارزانی هەر لە میانەی قسەکانیدا لەم بارەوە ووتی( خۆ ئێمە سیستەمی سۆشیالیستی و کۆمۆنیستی بنیاتنانێین )، ئەو پێ ی وایە ئەو سیستەمە باش نیە بۆ گەشەی ئابوری . هەر بۆ بیرهێنانەوە پێویستە نموونەی شوڕشی سۆشیالیستی ئۆکتۆبەری روسیابێنینەوە پاش سەرکەوتنی ئەم شۆڕشە لە ڕووی ئابوریەوە چەند هەنگاوێکی کەم نرا وەک نەهێشتن یا کەمکردنەوەی کەرتی تایبەت ئەو کاتە ووڵاتیروسیای لە دواکەووتوترین ووڵاتی ئەوروپاوە کردە پێشکەوتووترین ووڵات لە ڕووی گەشەی ئابوریەوە بە جۆرێکی لێ هات بووە هاوشانی ئەمریکائەوەی کە ئەنجامەکەی چی بوو هۆکارەکەی ستالین و ئەوانەی دواتر هاتن نەیانتوانی کارەکانی شۆڕش تەواو بکەن ئەوە باسێکی ترە ، یەکەم کارێکشۆڕش لە روسیا کردی کارەبای گەیاندە دوورترین گوندی روسیا کەچی ئێوە کارەبای کوردستانتان بڕی و تا ئێستایش کورستان وەک ٣٠ ساڵپێشتری لێ نەهاتوەتەوە کە حکومەتکانی پێشووی عێراق لە ڕێ ی کەرتی گشتیەوە دابینیان کردبوو .
ئەگەر ئێوە پێتان وایە ئەو ووڵاتانەی کە سیستەمەکەیان سەرمایەداری دەوڵەتیە بە ناوی کۆمۆنیست و سۆشیالیستەوە بیانسێنن ئەوە هەڵەیەکی گەورەدەکەن. هەرچەندە کۆمۆنیستی و سۆشیالیتیش نین بەڵام کەرتی گشتیی بنەمای ئابوریانە کەچی گەشەیان کردووە لە ڕووی ئابوریەوە چین بۆنموونە ئەمڕۆ کەوتوەتە پێش هەموو سیستەمی ئەوروپا ورۆژئاواوە بە ئەمریکاشەوە . هەر بۆیە من پێم وایە کەرتی تایبەت دەوری نیە لە گەشەیئابوریدا چاو لە تورکیا بکەن بزانن کەرتی تایبەت چی لە ئابوری ئەو ووڵاتە کردووە . دەبێ ئەوەش لە بەرچاو بگرین هەر گەشەپێدانی ئابوری گرنگنیە گرنگ دابەش کردنی سامانە بە شێوەیەکی یەکسان گرنگ ئەوەیە بزانین کام سیستەم لە قازانجی چینی کرێکارو زەحمەتکێش و چینە کەمدەرامەتەکانە تا کەرتی گشتی باڵادەست بێت ئەم چینە خۆش گوزرەانتر دەبێت دەبێ سیستەمێ هەڵبژێرین کە سامانی کۆمەڵگا بۆ هەموو کۆمەڵگابێت نەک بۆ چەند کەسێک.

بیانووی کورۆنا یەکێ تر لە هۆیەکانی بەرەو پێشەوە نەچوونی چاکسازیەکان بووە لە قسەکانی مەسرور بارزانیدا، وەک پێشتر ووتم دەسەڵاتەبۆرژواکان هەمیشە بیانوویەکیان هەیە بۆ خراپی بارودۆخی خەڵک. پرسیار ئەوەیە لێرەدا ئایا کورۆنا کاریگەری هەبووە لە سەر ژیان و بارودۆخیخودی مەسرور و باوکی و برازاکانی و سەرجەم بەرپرسان؟ نەخێر ئەی کەوایە نابێ هۆکاریش بێت بۆ خراپ بوونی بارودۆخی خەلکی کوردستانیش، لە کاتێکا سیستەمێکی حوکمڕانی ئینسانی و عادیلانە هەبێ بۆیە گرفتەکە کۆرۆنا نیە بەڵکو سیستەمی ناعادیلانیە، دابەش نەبوونی سامانی ووڵاتە بەعادیلانە . دەبوو کورۆنا ببوایەتە هۆی چاکسازی زیاتر نەک بیکەنە گرفت بۆ خەڵک دەبوو لەم کاتەدا سەروەت و سامی دزراو دابەش بکرێ بە سەرخەڵکیدا بۆ ئەوەی خەلکی پارێزراو بێ لەو ڤایرۆسە و پێویستیان بە کار کردن و چوونەوە دەرەوە نەبێ وەک لە کۆمەڵگا پێشکەوەتووەکاندا هەر ئەوکارە کرا ، بە پێچەوانەوە کۆرۆنا بوو بەخێر بۆ دەسەڵاتداران بازرگانی و بەقاچاخ بردنی نەوت و هێنانی دەرمانی ئیکسپایەر و بووە هۆیدەسکەوتی زیاتر بۆ خۆیان بەڵام چینەکانی خوارەوە ژیان و گوزەرانیان خراپتر بوو بەهۆی ئەم پەتاوە.

دوا قسە ئەوەیە ئەگەر چاکسازیەک بارودۆخ و ژیانی خەڵک باشتر نەکا ئەوە چاکسازی نیە و پرۆسەی چاکسازی فریوکاریەو درۆیەکی گەورەیە ئەمکابینەش هەر لە هەوڵی ئەوەدایە خەڵک خۆشخەیاڵ بکا بەوەی کاتی زیاتری بدەنێ تا چاکسازیەکانی بکات و خەڵک لە چاوەڕاونیدا بهێڵێتەوە تاکاتێکی نادیار لە ماڵەوە بن و نەیەنە شەقام بۆ داواکانیان ، خەڵکیش لە برسیەتی و لە هەژاریدا ڕاگرن و خۆشیان لە تێری و دەوڵەمەندیدا بهێڵنەوە . ئەم کابینەش وەک ئەوانی پێش خۆی نە ئەتوانێ چاکسازی بکا و نە ئەتوانێ دەسەڵاتێکی دادپەروەرانە دابین بکات بۆ خەڵکی کوردستان بۆیەچارسەر ڕاماڵینی یەتی .

سەردار عەبدوڵا حەمە
٦/١٠/٢٠٢٠




خیانەت … سەلام عومەر

نامەیەکم دایە دەست با

هەور هات و لێی تەڕ کردم

رازێکێشم بە مەی سپارد

ئەویش هات و لێی سڕ کردم

٭ ٭ ٭

نامەیەکم دایە دەست با

تا بۆ نیشتمانی ببا

پێم وانییە نەنامەی من

نە ئازادیش بەكەس بگا

***

نامەیەكم دایە دەست با

رەشەبا لە ئاسمان دڕاندی

پەڕەكانی مێژوو كەوتن و

خیانەت بەئاشكرا فڕاندی




مانیفێستی عەشق… بەشی کۆتایی…تێکست: ستیڤان شەمزینی

تۆ ژێیەکی خەمباری، منیش لە میتاڵی خەم دروستکراوم
تۆ ئاوازێکی تەنیای، منیش مایسترۆیەکی بێدەنگ
وەرە ئازیزم، پێکەوە سیمفۆنییەکی غەمبار
لە ئەشق دروست بکەین


من دزم، دەمێکە دڵی تۆم دزیوە
تۆش دزی، لە مێژە هەستەکانت دزیوم
ئێمە هەردووکمان دزین، تۆ رووناکی رۆح و
منیش ئاگری بەتینی ئەوینم دزیوە


ئەو بۆسۆیە قرچەی دڵی منە
چوونکە چیتر بەرگەی ئەم دۆزەخی دابڕانە ناگرێت
ئەو گریانە خەمگینە نۆتەی قورگی منە
چوونکە تەنیا بەم ئاوازە شیوەنی فیراق دەکات


تۆ خەونت بینی و گووتت خۆشم ئەوێی
منیش خەونم بینی و گووتم خۆشم ئەوێی
لەناکاو لە خەونی قووڵ راچڵەکین و
سەرەتای دابڕانێکی جاویدانی دەستیپێکرد


ئەشق سەرەتای دەستپێکردنی دابڕانە
دابڕان سەرەتای دەستپێکردنی ئەشقە
دابڕان سەرەتایە و کۆتایشە


ئەشق گەردەلوولێک بوو
ئێستا و ئایندەی هەڵگرتم بەرەو دوورگەی ئازار
ئەشق شەپۆلێکی تووڕەبوو
ئاڕاستەی کەشتی خەونەکانمی گۆڕی بەرەو نادیار


کاتێک من ئاشق بووم هەموویان پێدەکەنین
کاتێک من دابڕام هەموویان پێدەکەنین
ئیدی هەر پێکەنین….


لە فەرهەنگی ئەشقدا، دوو وشە هەن
مانای رەنجی ئاشقانەی من شی بکاتەوە:‌
گریان و دابڕان


حەزئەکەم چی جوانی دنیایە بیخەمە شیعرێکەوە بۆ تۆ
حەزئەکەم چی گووڵە بیکەمە چەپکێک ئەویش هەر بۆ تۆ


چەند دەتەوێ بڕۆ، چەند دەتەوێ دوور بکەوەرەوە
چوون لە جوگرافیای دڵم دەرناچی
ئاخر تۆ نازانی ئەشق مەملەکەتێکە لەناو دڵی من


من و تۆ لە پێدەشتی بێئاگایدا بووین
سێوە حەرامکراوەکانمان لێکردەوە و
هەموویانمان خوارد
بەمە بە ئاگا هاتینەوە و
لە ناو دۆزەخی عەشقدا خۆمان دۆزییەوە


عەشق راکێشانی بەردەکەی سیزیفە
عەشق خلۆربوونەوەی بەردەکەی سیزیفە
عەشق رەنجکێشانی بێ ئەنجامی سیزیفە
عەشق دیوێکی تری بە سیزیفبوونە


سێپتەمبەری 2015
دیسامبەری 2016

ئەڵمانیا- بیلەفێڵد

تێبینی: هەموو بەشەکانی ئەم پۆستەرانە لە کتێبی شیعریی “بەتیشکی عیشقت ئەدرەوشێمەوە” لەلاپەڕە 21-74 چاپ و بڵاوکراونەتەوە. کە ئەو کتێبەش بە چاپی کاغەز لە سەرەتای ساڵی 2017 لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات بڵاوبووەتەوە.




ساتپژانی مۆمێک … شیعر/کاوە عوسمان عومەر

(١ )
فریشتەیەک لە ئازار، ڕۆشتنێک..
خێراتر لە ترپەی دڵی کات،
وشەیەک پڕ ئێستا،
وەرزێک پڕ گوڵی ژەهر
چنگێ بێدەنگی،،،
هێشتا لێوی ئەو ..
گوڵچنینی زەردەپەڕ بوو

(٢ )
هەر لە وەرزی خۆڵەمێشی جەنگا بوو،،
من تۆم ناسی،
تۆ منی شەختەت لە ئامێز گرت،
کەسمان ئێستا نە بە زمانی..
پەپولە ئاویەکان قسە ئەکەین،
نە باڵەکانمان…
وەک ئەوسا بەلەمی پڕ چرای،
ناو دەریاچەی یاخیبونە

(٣ )
کە لە ئامێزی شەختەبوتدا..
بوە پەیکەرێک لە خۆڵی ڕژاوی کات…
لەگەڵ دوا زەدەخەنە یدا،
شەپۆلێک سیمرخیش..
لە باڵیاندا.

(٤ )
گەر پشکۆکانی سەرپەنجەکانت
لە دوریما بتەزن، ئیتر بزانە،،
سرکیی وشەم تەلبەندی کات ئەبرێ،
ئەوەتا لە بەردەم چرای کز سوتاوت..
چیرۆکی تیشک پژانی مۆمێکە،
گەرئاوێنە شینەکانی کۆچیشت،،
وررد ..و خاش..بێ..
یادەوەریەکانت، ،،
ئەبنەوە بە مرواری…
نێو ڕستە چنراوەکانی چاپتەرێکی تر..
لە سروتی ئەفسونم

(٥ )
کیوێک لە خەونم بری تا گەیشتمە..
کۆشکت لە فرمیسک و،،
پۆلە هەورێک،،
لە خوێنی قەترانی ڕژاو

(٦ )
لە کەناری لمینا ،
دوا نوسینی ناوشوشەی ڕۆحی خۆی..
بە شەپۆلە زیوەیەکان سپارد،
سەرگوزشتەی سەرکەشی کەشتیەکی مەستە،
بە سەمەرە قەشەنگەکانی بوون..و..
چارۆکە کەی هەوری گڕینەو..
ساماڵیشی ، ،،
ئەشکەنجە ڕێژنەی ونبوون

(٧ )
پایزێکی بێڕەنگە
وەک تۆی پەل و گەڵا ی وەریو،
پایزێکی تینووی بێنمەیە..
وەک تۆی پەڕیو لە ژێر تەمتومانی..
دوای جەنگە ڕەش و سور و بێڕەنگەکان،
چی شاکارێکی لە نامۆیی،،
چی تروسکە یە کیت..
وێڵ وئاوێزان،،
بە تێکستی پەرتوکی مەرگنوس

(٨ )
گەر نازانیت،،،،
برینێک لەسەردڵتە،
ڕەش، و قەترانی ،،
تا بێ گەورەترو ترسناکتر..
لە لێوی شەقارشەقاری،
گەردونێک لە تەنیایی …
و بێدەنگی ڕەها.

(٩ )
ئێوارەێیەک زەردتر،،
لە ئآلتونی چاوی خۆر..
وشەیەک، وەک گەڵایەکی بێگیان،
لە زارت وەری،،
تێکستی دوێنێیەک،،
بە ئەندازەی خوێپژانی کاژێرێک، دڵنیاییدا..
لەوەی هەرگیز ناگەڕێتەوە ئێرە،،
منیش هەر ئەوەندەم پێت وت،،
پارادیسم، دوو فەرسەخ لە تەنیایتەوە دورە
گەر تۆزێک لەشە قەی باڵدەی،
وەک ئەوسای نەورەسییت…
هەر ئەگەیتە دەروازەی پارادیسم.

(١٠ )
ئەبارێمەوە…کە تۆ نامێنی..
باوەرم بە نێرگزی ساتەکانتە..
چەپکێ زەردەخەنە بێنێتەوە ،
بەردەم دەرگای سپی چاوەڕوانیم،
بەڵام نە کاتی ئەوەم ماوە..
بە تەرزەکانت چرۆ کەمەوە،
تۆش وەک ئەوسا
وشەکانت،،
نابنەوە بە چەپکە زەدەخەنە.

(١١ )
کە باهۆزی جەنگێکی تر
گوڵە خۆڵەمێشیەکانتی..
ژاکانە بەر پەنجەرەم ،
لەسەر کورسیەکەم ،
دوا پێکی ڕامان..
بە یادی وەرینی ..
ساڵە گوڵزومردیەکانی ..
خۆم و خۆت ئەخۆمەوە

(١٢ )
کە بومە وە دەریاوان،
هەمو شەکەتیەکانی…
پشت دەریاو،
شەختەبووونی خوێن،و…
خۆکوشتنی شەپۆلە خۆشبەختەکان..
و..بەردبونی دڵت بۆ باس ئەکەم

(١٣ )
تاسە ی شەپۆلەکان..
چیتر بە من تیمار ناکرێ،
ئەی نەسیمە تەنیاکەی..
بەدەر لە کات و شوێن،
شینم کەرەوە بە رەنگی زەریا،
چیتر ڕاناگەم دڵنەوایی…
ئەستێرەیە باڵ وەریوەکان بەمەوە.
پەنجەکان بونەتە تەڵاشە بەرد…
دڵیش چنگێ سوتماکی چاوەڕوانیە..
پێڕاناگەم…
لە تیمارکردنی لێوی تینوی…
ئەم هەمو گوڵە ئۆفیلیا..
شەکەت و ماندوو وەریوەی….،
چنگە ژەهراویەکانی سوڵتانی جەنگ.

(١٤ )
کە دوا کەشتیش نەگاتە کەنار..
دەریاش لە وەرزی جەنگا،،
ببێتە بیابان….
تا ئەتوانیت بنوسە،
لەو نامانەی هەرگیز نامگەنێ..
یان بە خامەی سەارابیت..
دەستێک بکێشە،
خنکاو لە ژێر ئاهی بارانێ…
بێ رەنگ و تەزیو،
وەک روخساری نامۆیی تۆ




دوو ئەستێرەی گەش گەش … عەلی حەمەڕەشید بەرزنجی

چەند خۆشە کە مرۆڤ لە ژیاندا و دوای مردنیشی تایبەتمەندیی و جوانیی و کار و کردەوەکانی ببنە پێناسە بۆی و جێگەی شانازیش بن لە نێو کۆمەڵگەکە یاندا.ئەمە ئەگەر لە دنیا ڕەنگین و ڕازاوەکەی ئەدەبیاتدا بێت ڕوونتر دەردەکەوێت و تیشک و پرشنگی گەشی ھەموو لایەک دەگرێتەوە.کە دەڵێین ئەدەبیات ئەوە زۆر بواری نوسین دەگرێتەوە و لەخۆ دەگرێت،ھەر یەکەشیان کەسانی تایبەتمەند و پسپۆڕ و شارەزا کاری تێدا دەکەن و لەوێوەکار و بەرھەم و بابەتەکانیان بەخەڵک دەناسێنن کە زۆر جار ھەندێکیان وەکو پوورەی ھەنگ خەڵک لێیان کۆدەبێتەوە و چێژی لێوەردەگرن.ھەندێک کەسیش ھەیە زیاتر لە بوارێکی ئەدەبییدا کار دەکات و سەرکەوتوویی خۆی بەبەرھەمەکانییەوە سەلماندووە.لە ئاسمانی ئەدەبیات و مێژووی کوردیدا وەک ئەستێرەی گەش دەردەکەون و دەبنە مایەی سەرنج.لێرەدا دوو ئەستێرەی گەش گەش،دوو مرۆڤی بەتوانا و بەھرەمەند،دوو کەس کە لەلای گشت خەڵکی کوردستان ناسراون و دیارن باس دەکەین،کە ھەردووکیشیان تەنھا پێنج ڕۆژیان بەین بوو کە وەک ئەستێرە کشان و گەیشتنە دوا مەنزڵی ئەبەدیی خۆیان،ئەوانیش مامۆستا (ع.ع شەونم) کە ١٠/١٠/٢٠٢٠ و مامۆستا(عوسمان محەمەد ھەورامی) یە کە ١٥/١٠/٢٠٢٠ کۆچی دواییان کرد و زیانێگی گەورەش لە ئەدەبیاتی کوردی کەوت .

کەمن ئەو مرۆڤانەی کە وەکو ئەمان کۆمەڵێک تایبەتمەندی جوان کۆیان بکاتەوە و تێیدا سەرکەوتوو بن،دوو شاعیر،دوو نوسەر و زمانزان و شارەزا و بەسەلیقە و ورد و بوێر،ھەردووکیان کۆمەڵێک کتێبی بەنرخ و گرنگ و بەسودیان لە چەند بوارێکی جیا جیا دا پێشکەش بە کتێبخانەی کوردی کردووە و تا ھەتایە ناو و ناوبانگیان بە زیندوویی دەمێنێتەوە.ئەوەی یاتر وایلێکردم کە ئەم بابەتە بنوسم ئەوەیەکە ھەردووکیان سوارچاکێکی شارەزا و لێزانی بواری ئەدەبیاتی منداڵان بوون،خاوەنی چەندین شیعر و ئۆپەرێتی پەروەردەیین،دوو مامۆستا و پەروەردەکاری بەتوانا و خەمخۆر و دڵسۆزی منداڵانی کورد بوون،ھەرچەندە ئەوان بەتەمەن لە من گەورەتر بوون بەڵام وەکو ھاوڕێ وا بووین و زۆر جار پێکەوە گفتوگۆمان دەربارەی ئەدەبیاتی منداڵانی کورد کردووە ، ئەوان دەریایەک بوون لەزانیاری،ئاسمانێک بوون لە ئەستێرەی وشە و نیشتمانێک بوون لە جوانی و وەفا و خۆشەویستی.ئەوان دوو دەنگی زوڵاڵ و دوو گەنجینەی بەبەھا و سەنگینی وشەی کوردی بوون.من بە تەلەفون و دانیشتنیش لەگەڵ ھەردوو ماۆستای ئازیز(ع.ع شەونم )و مامۆستا (عوسمان محەمەد ھەورامی) دا پەیوەندیمان ھەبووە و،کە ئەدەبیاتی منداڵان بە جوانیی و ناسکیی خۆی ئەو شانازییەی پێبەخشیم کە ئەو پەیوەندییەم لەگەڵ ئەو دوو شاعیرەدا دروست بکەم.تا کۆتایی ژیانیشیان ئەو پەیوەندییەمان ھەر بەردەوام بوو.ئەو ماوەیەی پێشوو خەریکی نوسین و ئامادەکردنی بابەتێک بووم بەناونیشانی(دایک لە شیعری منداڵاندا) مامۆستا عوسمان لەڕێی (ماسنجەرەوە) چەند شیعرێکی خۆی بۆ ناردم کە بۆ (دایک و خۆشەویستی دایک) نوسیبووی و زۆر بابەتەکەشمی بەلاوە باشبوو.زۆر گەڕام نێو گۆڤارە تایبەتەکانی منداڵان و ئەو کتێب و نامیلکانەی کە دڵسۆزانی ئەو بوارە بۆ منداڵانی کوردیان نوسیبوو،بۆیە کۆمەڵێکی زۆر شێعرم کۆکردەوە کە بۆ دایک نوسربوون.بەڵام شیعرێکم لەبەر بوو کە نەمدەزانی خاوەنەکەی کێیە،بۆیە منیش پەرۆشی ئەوە بووم کە خاوەنەکەی بدۆزمەوە ،دوای گەڕانی بەناو ھەندێک لەو دیوانانەی کە خاوەنەکانیان شیعریان بۆ منداڵان نوسیوە وەک (زێوەر،بەختیار زێوەر،بێکەس،کاکەی فەلاح،لەتیف ھەڵمەت،ع.ع شەونم…..)بۆم نەدۆزرایەوە بۆیە وام بەباش زانی کە پرسیار بکەم ئەوەبوو تەلەفونم بۆ مامۆستا ع.ع شەونم کرد و دواتریش بۆ مامۆستا عوسمان محەمەد ھەورامی کە ھەردووکیان زیاتر بۆ بێکەس دەچوون بەڵام لە دیوانەکەیدا نەبوو،تا وەڵامەکانیشیان لەیەکەوە نزیک بوون،بەڵام کەسیان دڵنیا نەبوون ،ئەوەبوو دوای ئەوانیش لە زۆر کەسی ترم پرسی کە کەسانی شارەزا و ناسراو بوون لە بواری ئەدەب دا.ھەندێکیان دەیانوت شیعری (ڕەشیدی مەلا عەلی ) یە و بەڵام ھەر ئەوانیش دڵنیا نەبوون . ئەمەش تەواوی شیعرەکەیە و دڵنیاشم کە زۆرتان بیستوتانە دوور نییە لەبەریشتان نە بێت چونکە ساڵانی پێشوو لە پڕۆگرامی خوێندن دا ھەبوو ناوی خاوەنەکەشی ھەر لەسەر نەبووە.بۆیە ئەوەشم باسکردو تەواوی شیعرەکەش دەنوسم، بەڵکو بەبەڵگەوە کەسێک ناوی خاوەنەکەیمان پێ بڵێت.


دایکی شیرینم چـەند خۆشەویستی
بۆ ژیـانی من چـــەندە پێویستی
لەبـەر من بەشــەو ئازار ئەکێشی
نەکوو دەرکــــەوم تاکو دامپۆشێ
بەلایلایەی خــۆش ،ئاوازی شیرین
من ئەکەیتە خـەو دەم بە پێکەنین
لــــە نەخۆشیما ئەگەیتە فریام
چـارەسازمی کـــە وەختێ گریام
بەسەرمـای زستان پارێزگــارمی
بۆ ھــــاوین ئـاوی سازگــارمی
ئەوەندەی کــە تۆ منت خۆشدەوێ
من سـەد ئەوەندە خۆشی تۆم دەوێ

دانیشتن و گفتوگۆ لەگەڵ ئەو دوو مامۆستا ئازیزەدا ھێندە شیرین و خۆش بوو حەزت دەکرد تەواو نەبێت و گوێیان بۆ بگریت و تینوێتی خۆت بە بارانی وشەکانیان بشکێنیت،کە ئەدووان بە تامەزرۆوە گوێکانم شل دەکرد و پەرۆشی ئەوە بووم کە زیاتر و زۆرتر قسە بکەن،چیت بپرسیایە بەنمونەوە دەھاتنە وەڵام.مامۆستا عوسمان تا ئەم دواییەش دەیتوانی کە بێتە بازاڕ بەڵام بە کەمی ،نەشتەر گەرییەکیان بۆ ئەنجام دابوو ئێمەش کۆمەڵێک لە نوسەر و شاعیران سەردانمان کرد ،زۆری پێخۆشبوو ھەروەھا زۆر قسە و بەسەرھاتی خۆشیشی بۆ گێڕاینەوە من و کاک ئەمین محەمەد و کاک سەردار قادر و مامۆستا ئەحمەد حسێن و مامۆستا عوسمانی ناری زادە و کاک شێخ ڕەوفی شێخ جەمیل بووین.بەڵام دڵمان نەھات داوای لێبکەین کە وێنەیەکی لەگەڵدا بگرین چونکە ئەو لەناو جێدا کەوتبوو.چەند جارێکیش لەگەڵ کاک ئەمین محەمەد و مامۆستا ئەحمەد حسێن و زانیار سەردار قڕگەیی سەردانی مامۆستا ع.ع شەونم) مان کرد.جارێکیش من و کاک ئەمین لەگەڵ مامۆستا حەمەساڵح فەرھادی و جارێکی تریش لەگەڵ کاک ئازا یوسف سەرنوسەری گۆڤاری جۆلانێ و کاک سەرھەنگ غەریب کە لە ھەولێرەوە ھاتبوون سەردانی مامۆستا ع.ع شەونممان کرد. زۆر جاریش ھەرخۆم لەگەڵ کاک بارانی کوڕم دەچووین زۆری پێخۆشبوو باران زۆر بچوک بوو بەڵام شیعری لەبەر بوو بۆی دەوت کە شیعری ئەویشی لەبەر بوو،شیرینی دەدایە..باران وێنەشی دەگرتین..من بەرھەمی خۆم بۆ برد و گۆڤاری(ئاری) یشم بۆ دەبرد کە خۆم سەرپەرشتی دەرکردنیم دەکرد،زۆری پێخۆش بوو،ئەویش کتێبی چاپکراوی خۆی دەکردینە دیاری.ئەو دوو مامۆستا ئازیزە لەو تەمەنەشدا ھەر چالاک و لەکاردا بوون،بەردەوام بوون لە نوسین،ھەردووکیشیان خەتێکی جوانیان پێوە بوو.مایەی خۆشحاڵیمە کە کاتێک ھاوڕێی شاعیرم کاک ئەمین محەمەد خەریکی کۆکردنەوەی دیوانەکەی مامۆستا ع.ع شەونم بوو من زۆر لە شیعرەکانم تایپ کرد ،ھەروەھا جارێکیش کە چووم بۆ سەردانی داوای لێکردم کە چەند شیعرێکی ھەبوو بۆی تایپ بکەم،یەکێک لە شیعرەکانی بۆ سلێمانی بوو کە تازە نوسیبوی.بۆم تایپ کردوو لەسەر سیدییەک بۆم بردەوە،بەڵام بیرم چوو بوو ھەر لەو سیدییەدا چەند شیعرێکی خۆیشمی تیابوو کە ڕایکێشابوو تەلەفونی بۆ کردم و دایەوە دەستم .جێی خۆیەتی لێرەدا باسی ئەوەش بکەن کە ستافی گۆڤاری (گوڵەکان) کە گۆڤارێکی تایبەت بوو بۆ منداڵان ساڵانە گەشتێکیان بۆ نوسەران و شاعیران و ھونەرمەندانی بواری منداڵان ساز دەکرد بەتایبەتی ئەوانەی کە لە گۆڤارەکەدا بەرھەمەکانیان بڵاودەکردەوە بەڵام ئەمساڵ نەمانتوانی ئەو گەشتە بکەین،لەو گەشتانەشدا مامۆستا عوسمان محەمەد ھەورامی لەگەڵ سەرجەم بەشداربوواندا بەگفتوگۆ و بەخشینی زانیارییەکانی سودی پێدەگەیاندین و ھەمیشە بێ ماندوو بوون بە چالاکی لەدەوری خۆی کۆی دەکردینەوە. نوسین دەربارەی ئەم دوو ئەستێرە گەشە درەوشاوەیە تەواو نابێت ،بەڵام گَێڕانەوەی ئەم بیرەوەرییانە خۆشەویستی ئەوان زیاتر دەردەخات و تا ھەتایە لەیادمانا بەنەمری دەمێننەوە.ڕۆحیان شاد و گۆڕیان پڕ نور بێت.

١٦/١٠/٢٠٢٠




وەرزەکـانـی سـاڵ … محەمەد بەرزی

سـاڵـێ چـوار وەرزی تـیـایـە
ئـاو و هـەوایـان جـیـایـە

زسـتـانـی بـەفـری زۆرە
ئـاو دەبـێ بـە چـلـوورە

بـەهـارەکـەی گـوڵ پـۆشـە
سـەیـران و گـەشـتـی خـۆشـە

هـاویـن گـڕەی گـەرمـایـە
بـۆ مـەلـە بـێ هـاوتـایـە

پـایـز گـەڵا ڕێـزانـە
لای مـن وەرزێـکـی جـوانـە

وڵاتـەکـەم ڕەنـگـیـنـە
دار و بـەردی شـیـریـنـە

٢٦ / ٧ / ٢٠٢٠




رەزا شـوان: چیرۆک بۆ منداڵان.. بەردێکی گەورە لە ناوەڕاستی رێگادا

لە سەردەمێکی رابردوودا، شایەکی زۆر زیرەک و دانا و زانا هەبوو، هەردەم دەیویست لە رێی تاقیکردنەوە و کاری کردارییەوە، گەلەکەی فـێری کۆشش و کاری جـوان و وانە و پەنـدی بەسوود بکات.
شەوێکـیان، لەو کاتەی کە هەمـوو خەڵکی نووستـبوون. شا لە نـزیکی کۆشکـەکەیـدا، لەسەر چـەقی ناوەڕاستی ئەو رێگا سەرەکییەی کە بە بەردەم کۆشکەکەیدا تێدەپـەڕی. بەردێـکی گـەورەی دانـا. بەیـانی ئـەو شـەوە، شـا خـۆی لە پشـتی شـوورەی بـاخچـەی کۆشکەکەیـدا مـات دا و لە بەردەکـەی دەڕوانی، تـا بـزانێـت چـی روودەدات و کێ ئـەو بـەردە گـەورەیە لادەدات.
یەکەمیـن جـار جووتیـارێک هـات، گـالـێسکەیـەکی پـڕ لـە گەنـمی پێـبوو، دەیبـرد لـە ئاشـدا”ئاسـیاودا” بیهـاڕێـت و بیکـات بـە ئـارد.
جووتیارەکە:”باشە! ئەو خەڵکییەی کە بە ئێرەدا رۆیشتوون و ئەم بەردەیـان بینیوون، بۆ لایان نەداوە؟ دەک تەمەندرێـژ نەبن، ئەمە تەمـەڵی و گوێ پێـنەدانە” گالـێسکەکەی بە لای راستی بەردەکەدا سووڕانـدەوە، رێی گرتەبەر و رۆیشت و دوورکەوتەوە، هەر دەیبۆڵان و سکاڵای دەکرد و لۆمەی خەڵکی دەکرد. تومەتباری دەکردن کە هیچـیان تیا بەسەر نیـیە. بێ ئـەوەی کە خـۆشی دەسـت بە بەردەکـەوە بـدا و هـەوڵبـدا کـە لەسـەر رێگـاکەدا لایبەرێـت.
دوای کەمێکی تر، سەربازێکی لاو هات، کە بە درێـژایی رێگاکەدا گۆرانی دەوت. سروە بایـەکی فـێنک پەڕەکانی سەر کڵاوەکەی دەلەرانـدەوە، شمشێرێکی بریقـەداریش بە لای چەپیـەوە بوو. بیری لەوە دەکردەوە، کە لە جەنگـدا، چی ئـازایەتی و دلـێرییەکی بێوێنە دەنوێنـێت. سەربـازەکە بەردەکـەی نەبیـنی، پـێی لـێی هەڵـکەوت، بـە لایـەکی رێگـاکەدا کەوت. هەستایەوە و خـۆڵی سەر جلەکانی تەکانـد و شمشێرەکەی هەڵگرتەوە. زۆر لەو خەڵکـییە تـووڕەبـوو، کە ئەم بـەردە گەورەیـەیان لەسەر ئەم رێگـایـەدا بینیوە و لایـان نەبـرووە. بـە تەمـەڵ و تـەوەزەل نـاوی بـردن. سەربـازەکە رۆیشـت و دوورکـەوتـەوە، بێ ئەوەی کە بیـر لەوە بکاتـەوە، کە پـاڵ بە بەردەکـەوە بنێ و هەوڵبـدات لای بەرێـت.
بە درێژایی ئەو رۆژە زۆر کەس بەو رێگایەدا، بە لای بەردەکەدا رۆیشتن، سکاڵایان لە شا و لە خەڵکی دەکرد کە دەبینن ئەم بەردە گەورەیە لە ناوەڕاستی ئەم رێگایە دایە، بۆ ئەو خەڵکە تەمەڵە لایان نەبردووە. بێ ئەوەی خۆشیان هیچ هەوڵێک بۆ لابرنی بـدەن.
لە دواییدا، لە دوای رۆژ ئاوابـوون، ئێوارە تاریک بوو. “جـوان” ی کچی مام شاسوار، کە کچێکی ئازا و ژیربوو، لە بەیانییەوە تا ئێوارە لە کارگەیەکدا کاری دەکرد. ئێوارە لە گەڕانەویـدا بۆ ماڵەوە. بـەردە گـەورەکەی بیـنی، گـەرچی زۆریـش مانـدوو بـوو. لەبـەر خۆیەوە وتی:”وا تاریکی داهـات، لەوانەیە کەسێک بەم رێگـایەدا بـڕوات و ئەم بـەردە نەبینێت و پێی لێهـەڵبکەوێت و ئازارێکی زۆری پێبگات. پاڵی پێـوە دەنێم و لە رێگاکەدا دووری دەخـەمـەوە” زۆر زەحمـەت بـوو کـە بتـوانێـت بەردەکـە بجـووڵێنـێت. جـوان بە هەموو هـێزو و تیـن و توانـایەکییەوە، بەردەکـەی جولانـد و پاڵی پێوەنـا.. چەنـد تلـێکی پێـیدا، وازی لـێـنەهـێنا تـا بە تـەواوی لەسـەر رێگـاکە لایبـرد و دووری خســتـەوە.
جـوان واقـی وڕمـا، کە بیـنی لە چاڵـێکی شوێـنی ژێـر بەردەکـەدا، سەنـووقـێک هـەبوو. سەنووقـەکەی هەڵگـرت.. قـورسبـوو چونـکە پـڕبـوو لە شـتـێک. لەسەر سەنـووقـەکە نووسرابوو:”ئەم سەنووقـە بۆ ئەو کەسەیە، کە ئەم بەردە گەورەیەی لەسەر رێگاکەدا لابـرد” جـوان سەنووقـەکەی کـردەوە، بینی پـڕە لە زێـڕ. زۆر بە دڵخـۆشی و شادییەوە گەڕایـەوە بـۆ ماڵـەوە.
کە ئەم هەواڵە بە شاردا بڵاوبـۆوە، جووتیـارەکە و سەربـازەکە و هەموو ئەوانی تـریش کە بەلای بەردەکەدا رۆێشتبوون. لەسەر چاڵی بن بەردە گەورەکەی ناوەڕاست رێگاکەدا کۆبـوونـەوە، بـە پێـیەکـانیـان خۆڵـەکەیـان لادەبـرد، بـەو هـیوایەی کـە پـارچـە زێـڕێـک بـدۆزنـەوە.
لەم کاتەدا شا گەیشتە شوێنی بەردەکـە، وتی:”هـاوڕێکانـم، گەلێ جـار کـۆسپ و کـێشە دێنە رێمان، بە دەنگێکی بەرز سکاڵا دەکەین و دەبـۆڵێنین. گەر بمانەوێت خۆمان لێیان لادەدەین، یان دەتوانین لایان بەرین و بزانین چین. بێ هیوایی”بووە بە نرخی تەمەڵی”
شا جڵـەوی ئەسپەکەی گـرت و سواربـوو، وتی:”ئێـوارەتـان بـاش” و بەجـێیهـێشتـن.
(*) ئەمە چـیرۆکێکی فـۆلکـلۆرییە، بە کەمێک دەستکارییەوە، لە زمانی ئینگـلیزییەوە وەرمگـێراوە بۆ کـوردی. چـیرۆکـێکی مەبەسـتـدارە و چەنـد پەنـدێکی لە پشـتەوەیـە.
رەزا شـوان
نەرویـج: ٢٠٢٠




شانۆی زیندوو شانۆی مردوو … حه‌یده‌ر عه‌بدولڕه‌حمان

ئه‌گه‌ر بته‌وێت شانۆكارێكی سه‌ركه‌وتوو بیت، ده‌بێت هه‌موو ژیانت بۆ شانۆ ته‌رخان بكه‌یت و به‌ به‌رده‌وامی له‌گه‌ڵیا بژیت و هه‌رگیز لێی جودا نه‌بیته‌وه‌.
یه‌كه‌م هه‌نگاویشت له‌وه‌وه‌ ده‌ست پئ ده‌كات، كه‌ له‌سه‌ره‌تای ده‌ست پێكی ژیان به‌خولیا بوون و هۆگر بوونه‌وه‌ پردێك له‌ئاره‌زوو مه‌ندی و خۆشه‌ویستی له‌گه‌ڵ شانۆدا دروست بكه‌یت، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و به‌هره‌یه‌ی هه‌ته‌ به‌په‌روه‌رده‌یه‌كی ته‌ندروست و لۆژیكی بونیات بنێ ی كه‌ بناغه‌كه‌ی مكۆم بێت و له‌سه‌ر ئه‌و بونیاته‌ هه‌نگاو بۆ ئاینده‌یه‌كی گه‌وره‌ بهاوێژی.
كاتی خۆی كه‌ چیخه‌ف مناڵ بوو، به‌نهێنی جله‌كانی خۆی ده‌گۆڕی و خۆی ده‌كرد به‌هۆڵه‌كانی شانۆ، بۆ ئه‌وه‌ی تاسه‌ی خۆی له‌بینینی شانۆ بشكێنێ و چێژ له‌و دنیا سیحراویه‌ی شانۆ وه‌رگرێ.

باكۆ، له‌و كاراكته‌رانه‌یه‌ كه‌ ئامانجی بۆچوونه‌كه‌ی منه‌، كه‌سێكه‌ هه‌میشه‌ به‌ته‌نگ دروست كردنی پرۆژه‌ی نوێیه‌، خۆیو هاوڕێكانی له‌وانه‌ن كه‌ شانۆو ژیانیان به‌یه‌كه‌وه‌ به‌ستۆته‌وه‌، هه‌میشه‌ له‌پرۆڤه‌و كاركردن و خۆ دروست كردنن، بۆ ئه‌وه‌ی شانۆ لای ئه‌وان نه‌وه‌ستێ، چونكه‌ وه‌ستانی شانۆ، وه‌ستانی ژیانه‌ لای ئه‌وان.

تۆ ئه‌گه‌ر بته‌وێ له‌شانۆدا زیندوو بمێنیته‌وه‌، ده‌بێت به‌دوای شانۆدا بگه‌ڕێ ی، خۆ شانۆ به‌دوای تۆدا ناگه‌ڕێ ،
هه‌رگیز پاساوێك نیه‌ ببێته‌ هۆكار بۆ وه‌ستان له‌كاری شانۆییدا، بگره‌ ئه‌وه‌ شانۆكاره‌كانن خۆیان فریو خواردوو ده‌كه‌ن و پاساو بۆ قۆناغه‌كانی به‌ره‌و مردن ده‌دۆزنه‌وه‌،
بۆیه‌ من ئه‌و گوڕو تینه‌ی باكۆو هاوه‌ڵه‌كانی بۆ شانۆ، به‌نموونه‌یه‌كی زیندوو ده‌بینم، بۆشوناسی ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌وانه‌ی ده‌چنه‌ نێو چوارچیوه‌ی ئه‌وه‌ی ناوی شانۆو شانۆكاره‌ به‌مانا زانستی و لۆژیكیه‌كه‌ی خۆیه‌وه‌.

ئێمه‌ له‌كوردستان ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت شانۆ هه‌بێت، ده‌بێت پشت به‌تیپه‌شانۆێیه‌كانه‌وه‌ ببه‌ستین، ئه‌وانه‌ی به‌توانای خۆیانه‌وه‌ ده‌سه‌ڵاتی به‌رهه‌م هێنانیان هه‌یه‌، ناچن به‌ناوی شانۆوه‌ سواڵ بكه‌ن، بۆ دۆزینه‌وه‌ی ده‌رفه‌تی گه‌نده‌ڵی له‌په‌نای شانۆوه‌، ئه‌وانه‌ كۆمه‌ڵێ مشه‌خۆری بووده‌ڵه‌ن، بازرگانی به‌شانۆیه‌كی مردوو ده‌كه‌ن،
خۆ ئه‌گه‌ر خۆیان دووره‌ په‌رێز له‌شانۆ ڕابگرن، خزمه‌تی گه‌وره‌تر پێشكه‌ش به‌شانۆو گه‌له‌كه‌یان ده‌كه‌ن .




فەرهاد فەرەج کۆمۆنیستێکی شۆڕشگێڕ و نووسەرێکی تیرۆرکراو … نووسینی: ستیڤان شەمزینی

ئیسلامییەکان و یەکێتی هاوپەیمان بوون لە تیرۆرکردنیدا

زەبری تیرۆر لە پاش راپەڕینەوە بە پلەی یەکەم بەر چەپ و کۆمۆنیستەکانی کوردستان کەوتووە تا بە ئێستاش دەگات ئەم رەوتە هەر بەردەوامیی هەیە. ساڵی 1999 و 2000 دوو ساڵی زۆر تاریک و رەش بوو بۆ ئازادیخوازان و چەپ و کۆمۆنیستەکان، ئەوەش بە داخستنی گۆڤاری فیکریی “نڤار” دەستی پێکرد و گەیشتە تیرۆری فەرهاد فەرەج و بریندارکردنی هاوژین مەلا ئەمین و چەندان هەڵسوڕاوی چەپ تا لە تیرۆری کۆمۆنیستەکانی سلێمانی لە هاوینی 2000دا ئەم شەپۆلە سەرکوت و تیرۆرە گەیشتە دوا پلەی خۆی.
لە رۆژی 17-10-1999 هەڵسوڕاوی جەماوەریی و کرێکاریی و نووسەری کۆمۆنیست “فەرهاد فەرەج” لە ماڵەکەی خۆیدا لەگەڕەکی تووی مەلیکی شاری سلێمانی لەلایەن دوو تیرۆریستی سەر بە باڵی ئیسلاحی مەلا کرێکارەوە بە دەمانچەی بێدەنگ تیرۆر کرا. ئەمەش پاش ئەوە بوو دوو جار پێشتر هەڕەشەی تیرۆرکردنی لێکرابوو، دووەمیان نزیکەی دە رۆژ پێش تیرۆرکردنی بوو. ئێمە گروپێک گەنجی چەپ و کۆمۆنیست بووین، هەموو ئێواران لە بەردەرکی سەرا، بەرامبەر کتێبفرۆشەکان رادەوەستاین و کۆدەبووینەوە، هەمیشە گفتوگۆمان هەبوو لەسەر بابەتە سیاسیی و فیکرییەکان، هاوڕێ فەرهاد هەمیشە لەوێ ئامادە بوو، ئەو رۆژانەشی رۆژنامەکەی دەردەچوو، هەموو رۆژنامەکەیمان دەکڕی و دەخوێندەوە و گفتوگۆمان لەسەر دەکرد، لەو رۆژەوەی دووەم جار هەڕەشەی لێکرابوو، هەموو رۆژێک لەگەڵیدا دەرۆشتینەوە تاکو دەگەیشتەوە ماڵەوە، من دوو رۆژ پێش تیرۆرکردنی لەلایەن گروپێکی ئیسلامییەوە هەڕەشەی کوشتنم لێکرابوو، ناچاربووم کەمتر خۆم دەربخەم، بەڵام لە کۆتاییدا لە گەڕەکی شێخ محێدین هەوڵی تیرۆرکردنم درا و بەچەقۆ هێرشیان کردە سەرم. بۆیە دوو رۆژی کۆتایی ئاگام لە هاوڕی فەرهاد نەما، ئەوەبوو لە رۆژی 17ی ئۆکتۆبەر تیرۆرکرا و بۆ هەمیشە ئەو مرۆڤە ئازادیخواز و ماندوونەناسم نەبینییەوە.

بۆچی فەرهاد فەرەج؟

فەرهاد فەرەج ئەمین لە ساڵی 1966 لە سلێمانی لە دایکبووە، لە ناوەڕاستی هەشتاکانەوە تێکەڵی بزاوت و رێکخراوە چەپ و کۆمۆنیستییەکانی ئەو رۆژگارە دەبێت. هەر لە رێگەی ئەو گروپە چەپانەوە خەباتی دژی رژێمی بەعس پەرەپێدەدات بەتایبەت لە دوای دامەزراندنی گروپی “یەکێتی کرێکارانی کۆمۆنیست”. لە راپەڕینی بەهاری 1991دا ئەندامی کۆمیتەکانی راپەڕین بووە و لە بزووتنەوەی شوراییدا رۆڵێکی بەرچاو و ئەکتیڤی گێڕاوە، لە ساڵی 1992 لەگەڵ دروستبوونی “یەکێتی بێکاران” یەکێک بووە لە هەڵسوڕاوە دیارەکانی ئەو یەکێتییە و تا دواجار دەبێتە بەرپرسی سلێمانی ئەو رێکخراوە جەماوەرییە زۆر کارایەی لە سەرەتای نەوەدەکانەوە رۆڵێکی بەرچاوی گێڕا لە داهێنانی نەریتی خۆپیشاندان و ناڕەزایی جەماوەریی و خەباتی راستەوخۆی چینەکانی خوارەوەی کۆمەڵگە. هاوکات لەگەڵ ئەمەدا لە بواری نووسیندا وەک رۆژنامەنووس و نووسەرێکی کۆمۆنیست جێگەیەکی دیاری هەبوو بەدرێژایی ساڵانی نەوەدەکان، لە کۆتایی نەوەدەکانەوە یەکێک بوو لە دامەزرێنەران و رابەرانی رێکخراوێکی چەپی شۆڕشگێڕ بەناوی “کۆمەڵەی شۆڕشگێڕانی کۆمۆنیست” هاوکات سەرنووسەری رۆژنامەی “پەیرەوی نوێ”ی زمانحالی رێکخراوەکە بوو. کە ئەو رۆژنامەیە ببووە سەرچاوەیەکی رۆشنبیریی چەپ و کۆمۆنیستی بۆ گەنجانی وەک ئێمەومانان ئەگەرچی ئێمە لە حزبێکی تری کۆمۆنیستیدا هەڵسوڕانمان دەکرد.
فەرهاد لە کۆتایی نەوەدەکاندا بە خوێندنەوە نوێیەکانی بۆ چەپ و مارکسیزم، بە بەشداریی نووسین لە زۆرێک لە رۆژنامە و گۆڤارەکانی ئەوێ رۆژێدا، ببووە ناوێکی درەوشاوە و نووسەرێکی ناسراوی چەپباوەڕ. لەگەڵ ئەوەشدا بە چەندان ناوی خواستراو لەسەر چەندان پرسی جیاواز بەتایبەت لە بارەی ئاین و ئیسلامییەکانەوە دەینووسی. کۆمەڵەکەشی نزیکایەتی زۆری هەبوو لەگەڵ “کۆمەڵە”ی ئێران کە ئەوسا دابەش نەببوو، سەید برایم عەلیزادە سکرتێری بوو. کارکردن و هزر رۆشنی فەرهاد هەر سێ لایەنی یەکێتی و ئێران و ئیسلامییەکانی تووشی ترس و سڵەمینەوە کردبوو، هەربۆیە بە پلانی هەر سێ لا لە ئێوارەیەکی پایزییدا دەستی تاوانیان چووە ژیانی فەرهاد.
هۆکارەکەشی وەک وتم بۆ ئەوە دەگەڕایەوە ستایلێکی نوێی نووسینی کۆمۆنیستی و کاری رێکخراوەیی داهێنابوو بە هەموو شێوەیەک دوژمنانی ئازادیی و ژیانی لە کوردستان هێنابووە لەرز. ئەوەی بیرم دێتەوە یەکێک لەو لێکۆڵینەوانەی بوو لە گۆڤاری “هزر” لە بارەی مارکسیزمی هاوچەرخ نوسیبووی، کە من تا ئەو دەمە لێکۆڵینەوەی وا تێروتەسەل و نوێگەرم بەرچاو نەکەوتبوو. ئەمەش وای کرد نەک یەکێتی و ئیسلامییەکان، لەلایەن ئێرانیشەوە بخرێتە ژێر چاودێڕیی و لەلایەن ئیتلاعات و بزووتنەوەی یەکبوونی ئیسلامی پیلانی تیرۆرکردنی دابڕێژرێت، هەڵبەتە بە چاوپۆشیی یەکێتی لەو کردەوە تیرۆریستییە، هەروەک چۆن پارتی چاوپۆشیی کرد لە تیرۆری هەردوو رابەری کۆمۆنیست “شاپور و قابیل” کە ساڵێک پێشتر لە هەولێر تیرۆر کرابوون، هەرچەند ئەم تیرۆرە کەسانێک ئەنجامیان دا ئێستا لەناو کۆمەڵی ئیسلامی عەلی باپیردان، بەڵام لەسەر فەتوای ئەو مەلا بەشیرە تیرۆریستە بوو ئێستاکە پارتی وەک نوێنەری خۆی کردوویەتی بە جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق.

فۆرمی تیرۆرکردنی فەرهاد فەرەج

بە گوێرەی زانیارییەکانم باڵی “ئیسلاح”ی بزووتنەوەی یەکبوونی ئیسلامی، کە باڵی مەلا کرێکار بوو لەناو ئەو بزووتنەوەیەدا، لەسەر داخوازیی کۆماری ئیسلامی ئێران، دوو تیرۆریستی مەشقێکراوی خۆیان لە هەورامانەوە رادەسپێرن بۆ ئەنجامدانی کردەی تیرۆری فەرهاد فەرەج. کە یەکێک لەو تیرۆریستانە ناوی فەرهەنگ ئەحمەد ناسراو بە “نامۆ” بوو. نامۆ جاسوسێکی دووسەرە بوو، پێشتر مفەوەزی ئاسایشی یەکێتی بووە و دواتر چووەتە ناو بزووتنەوەی ئیسلامی، دواتر بووەتە ئەندامی باڵی ئیسلاحی مەلا کرێکار و پاشتریش جوندولئیسلام و ئەنسارولئیسلام، لە ساڵی 2003 لە دوای رووداوی تیرۆرکردنی “حەمەحسێن” جێگری بەرێوەبەری ئاسایشی سلێمانی لەو کاتەدا، لەبەردەم ماڵی نامۆدا، دەستگیر دەکرێت و تائێستا چارەنووسی نەزانراوە.
بە پێی زانیارییەکانم، ئەو دوو تیرۆریستە لەناو سلێمانی لەلایەن چەند کەسێکی سەر بە مەلا کرێکارەوە رێنمایی کراون، بەتایبەت دوای ئەوەی دەمێک بوو کەوتبوونە چاودێریی هاوڕێی گیانبەختکردوو فەرهاد فەرەج. ئێوارەی رۆژی 17ی ئۆکتۆبەری 1999 ئەو دوو تیرۆریستە دەچنە بەردەم ماڵی هاوڕێ فەرهاد، لە دەرگاکەیان دەدەن، منداڵێکی خاوەن ماڵەکەیان کە هاوڕێ فەرهاد کرێچیان بووە دەرگا دەکاتەوە و وا رادەگەیەنن کە دوو هاوڕێی کۆمۆنیستی ئەون، بۆیە کە هاوڕێ فەرهاد دەچێتە دەرەوە دەیانبیێت خێرا تێدەگات، هەوڵ دەدات دەمانچەکەیان لێ بسەنێت بەتایبەت ئەوان دەیانەوێت فیشەک بنێن بەسەریەوە، بەڵام تیرۆریستی دووەم دوو فیشەکی پێوە دەنێت، یەکەمیان بەر بن باڵی دەکەوێت و ئەویتریان لە لا کەلەکەی کە گورچیلەشی دەگرێت. هەردوو تیرۆریستەکە بە ئاسانی بۆی هەڵدێن و بە بەرچاوی دەزگا ئەمنییەکانەوە دەگەڕێنەوە گوندی گوڵپ لە هەورامان.
ئەمە خۆی یەکێکە لەو بەڵگانەی یەکێتی ئاگادار بووە لە پیلانەکە ئەگەرنا چۆن ئەو دوو تیرۆریستە توانیان بەناو ئەو هەموو زاڵگە و بازگەیەی ئاسایشدا هەمان شەو بگەنەوە گوڵپ؟ یەکێکی تر لە بەڵگەکان ئەوەی یەکێتی بەشداربووە لەو کردەیەدا، کاتێک هاوڕێ فەرهاد بە برینداریی دەگەیەننە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی سلێمانی، هیچ دکتۆرێک لەوێ نەبووە و تەنانەت هیچ پشکنینێکی بۆ ناکەن، دوای نزیکەی دوو سەعات هاوڕێ فەرهاد گیان لە دەست دەدات، ئەوەش روون بوو کە بە فەرمانێک نەخۆشخانەکە لە پزیشک و کارمەندانی تەندروستی چۆڵ کرابوو. بەڵگەیەکی تری بەشداریی یەکێتی لەو کردەیەدا، نامۆی تیرۆریست لە دوای روخانی سەدام و هەڵتەکاندنی ئەنسار لە هەورامان، لەناو سلێمانی بە دەمانچەوە هاتوچۆی دەکرد و بەردەوام هاتوچۆی ئاسایشی کردووە بەناوی ئیمزای هەفتانەوە، بەڵام ئایا کەسێک ئیمزای ئامادەبوونی هەبێت دەتوانێت دەمانچەی پێ بێت؟ تا ئەوەی لە پرسگەی ئاسایش دەمانچە دانراوەکەی بەدەستی کارمەندێکەوە فیشەکێکی لێ دەربچێت چوونکە هەمیشە لەسەر پێ بووە!! ئایا دوای ئەو رووداوە چۆن نامۆ لێپرسینەوەی لەگەڵ نەکرا. بەڵام دواتر ئاسایش دەچنە سەری لە ماڵی باوکیدا، نامۆ تەقە لە ئاسایش دەکات و لە رووداوێکی تەمومژاویی “حەمەحسێن” دەکوژرێت و نامۆ دەستگیر دەکرێت و شوێن بزر دەکرێت. بەڵگەیەکی تریش لەسەر تێوەگلانی یەکێتی لەو کارە ئەوەیە هەموو کەیسی تیرۆری فەرهاد فەرەج لە پۆلیسی سلێمانی غەرق دەکرێت و بێ هیچ ئەنجامێک دادەخرێت.

بیرەوەریی ئەو رۆژانە لە دەفتەری یادداشتەکانی مندا

لە رۆژی 24-10-1999 دوای هەفتەیەک لە تیرۆری هاوڕێ فەرهاد فەرەج، لەسەر دەفتەری یاداشتی رۆژانەی خۆم ئەم دێڕانەم نووسیوە کە دواتر لە کتێبی “فلاشباک” لە لاپەڕە 67-71 بڵاوکراوەتەوە:
ئێستا کاتژمێر چواری عەسرە، دوێنێ لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی سلێمانی دەرچووم، پاش ئەوەی سێ رۆژ لەوێ مابوومەوە، بەهۆی ئەوەی لەلایەن گروپێک لە ئیسلامییەکانەوە بە سەرپەرشتی “فەرهەنگ نامۆ” لە نزیک گۆڕستانی شێخ محێدین “پشت مۆزەخانەی سلێمانی” بە چەقۆ هێرشم کرایە سەر، لە دوو لاوە برینداریان کردم، ئەمە زنجیرەیەک رووداوی بەرنامە بۆ داڕێژراوە دژی کۆمۆنیستەکان. سێ رۆژ بەر لەو رووداوەی من، هاوڕێی کۆمۆنیستمان “فەرهاد فەرەج”ی نووسەر و سەرنووسەری رۆژنامەی “پەیڕەو” لە شەوی 17-10 ماڵەکەی خۆیدا بە دەمانچەی بێدەنگ تیرۆر کرا. تیرۆری کۆمۆنیستەکان لەهەشت ساڵی دوای راپەڕینەوە بۆتە دیاردەیە. چوونکە هەردوو لایەنی ئیسلامی و ناسیۆنالیزم، ئەجیندای چەپ بە هەڕەشە لەسەر ئایندەی سیاسیی خۆیان ئەبینن.
پێشتریش لەلایەن “فەرهەنگ نامۆ”ەوە هەڕەشەی کوشتنم لێکرابوو، کە چەندان گەنجم لە گەڕەکەکەی ئەو و ناو مزگەوتەکانەوە هێنایە دەرەوە و بە بیری چەپ و کۆمۆنیزم هزرم رۆشن کردنەوە. زیاتر لە پەنجا گەنجم تەنیا لە گەڕەکی سەهۆڵەکە و شێخمحێدین لە دەوری حەلقەکەی خۆمان کۆکردۆتەوە کە هەندێکیان زۆر چالاکن لە نموونەی هاوڕێیان “سۆزدار، خالید ئەژی، دۆستی کەمال، بەهادینە سوور، نەوشیروان، نەوزاد مام حەسەن”. ئەمانە بەشێکیان پێشتر هاتۆچۆی مزگەوتیان ئەکرد، بەڵام ئێستا لە چالاکترین کۆمۆنیستەکانن، چالاکترین خوێنەرەکانن، ئەوان سەرەتا بەهۆی منەوە بوون بە کۆمۆنیست، بەڵام هەنووکە لە خۆم چالاکتر فەعالیەتی سیاسیی و رۆشنگەریی ئەکەن. ئەوەش بووە هۆی تەقینەوەی تووڕەیی ئیسلامییەکان لە بەرامبەرم.
هۆکارێکی تریش ئەوەیە، سەرەتای ئەمساڵ کاتێ ئەندامێکی سەرکردایەتی بزووتنەوەی یەکبوونی ئیسلامی کە وا بزانم جێگری وەزیری ئەوقافیشە لە بڵندگۆی مزگەوتی “عوسمانی کوڕی عەفان” لە گەڕەکی شێخمحێدین، وتاری ئاگرینی ئەخوێندەوە بۆ سەدان هەرزەکار و تێیدا فەتوای کوشتنی کۆمۆنیستەکانی ئەدا، سەدان گەنجی بەنجکراو بە تریاکی ئاین حەماس گرتبوونی،. تیمەکەی ئێمەش بڕیارماندا بچینە ناو مزگەوتەکە و دەمکوتی بکەین، تیمەکەش پێکهاتبووین لە”عەباس، خالید ئەژی، هەڵکەوت کۆنفۆ، سۆزدار، خۆم”. بەهۆی ئەوەی کارەبا نەبوو بە پاتری ئۆتۆمبیلیش بڵندگۆکەیان خستبووە کار، دوو لۆکز هۆڵی مزگەوتەکەی رووناک ئەکردەوە، عەباس چووە ژێر دانەیەکیان، سۆزداریش چووە ژێر ئەویتر. خالید و هەڵکەوت کۆنفۆ و من چووینە نزیکی مەلاکە، کە دە دوانزە چەکداریش پاسەوانیان ئەکرد. کۆدی ئێمە ئەوەبوو کە کەوتنە هاوار هاواری تەکبیر، سۆزدار و عەباس لۆکزەکان بکوژێننەوە و ئێمەش پەلاماری مەلا بدەین.
هەر بەو جۆرە بوو کاتی مەلا وتی “ئەبێ رەگی ئەو کۆمۆنیستە مەلعونانە لە ریشەوە دەربکەین، بۆ ئەوەی بزانن ئوممەتی ئیسلام و کوردی موسڵمان قبوڵیان ناکا”. عەباس و سۆزدار خێرا پڕیان دایە لۆکزەکان و کوژاندیانەوە ئێمەش بە مشتەکۆڵە و شەق کەوتینە سەر دەموچاوی مەلا، لە هەر چوار لاوە بووە بە تێکڕژان و میلی چەک راکێشان، بەڵام بە خێرایی کارەکەمان ئەنجامدا و بەرەو دەرگای سەرەکی مزگەوتەکە هەڵاتین. کە هاتینە دەرەوە “سمکۆی تەهای سەید عەلی” کە هاوڕێمان بوو بەڵام کۆمۆنیست نەبوو، ئێمەی بینی و بەهۆی ئەوەی باوکی ئەفسەرێکی باڵا بوو، هەمیشە چەکی پێبوو، کڵاشینکۆفێکی مزەلی پێبوو کە مەخزەنی هەفتا و پێنجی لەسەر بوو، میلی راکێشا رووەو مزگەوتەکە تا ئێمە دوور کەوتینەوە، ئیتر بەو جۆرە دەرباز بووین، دواتر هەواڵمان بۆ هات کە مەلاکەمان باش وێران کردووە.
لە تۆڵەی ئەمەدا ویستیان بە چەقۆ لەناوم ببەن، “فەرهەنگ نامۆ” کە ناسیاویشمان هەیە، باشترین تیرۆریست بوو ئەو کارەیان پێ سپاردبوو، چوونکە بیرمە پێش چەند ساڵ چەندین پەیکەر و کاری تەشکیلی “شیلان”ی خوشکی شکاندبوو بە بیانووی ئەوەی حەرامە، ئەو سڵ لە هیچ توندوتیژییەک ناکاتەوە. لای کەسێکیش وتبووی گوایە من زانیاریی لە دژی ئیسلامییەکان لە رۆژنامەی “رۆژنامەنووس” لەسەر شێوەی چالاکی و شانە و رێکخستنە ئیسلامییە چەکدار و بێ چەکەکان بڵاو ئەکەمەوە. بەڵام راستییەکەی ئەوەیە دوور و نزیک پەیوەندییم بەو رۆژنامەوە نییە، تەنیا ئەوە نەبێ سەرنووسەری ئەو رۆژنامەیە هاوڕێیەکی ئاساییمە. سەیرە خانەوادەی ئێمە ئەزموونێکی تاڵمان هەیە لەگەڵ ماڵی “نامۆ”! چوونکە پێش چەند ساڵیش “حەمەسوور”ی برای کە مفەوەزی ئاسایشی یەکێتییە هاتە سەر ماڵمان لەگەڵ ئەو تیمەی ماڵەکەیان پشکنین کە نیازیان وابوو خانووەکەمان لێ داگیر بکەن.!.بیرم لە شتی ناخۆش ناکەمەوە، دڵنیام رۆژێک ئێمە سەرئەکەوین، ئەوانیش وەک تیرۆریست ناویان ئەچێتە ناو چیرۆکەکانی مێژووەوە. دڵنیام کە خۆری ئێمە هەڵهات، ئەوان شەمشەکوێرەئاسا ئەچنەوە ناو تاریکایی.

دێڕە شیعرێکم هەیە ئێستا:
خۆر وەک خەنجەرێکی زێڕ جەرگی تاریکی هەڵدەڕێ
ئاسمان دوای هەورە رەشەکان روون روون ئەبێتەوە
زەوی دوای لافاو دڵی وەک خامێکی سپی پاک ئەبێتەوە
مرۆڤیش پێویستی بە خەنجەری تیژی بیرێکی رووناک و
راماڵینی هەوری رەشی کینە و لافاوی شۆڕشێکە

نووسینی: ستیڤان شەمزینی

24-10-1999




!کورد و گێژاوی خۆدیتنه‌وه … برایم فه‌ڕشی

فردیناند هێنربیشلری ئۆتریشی بە سەرچاوە هێنانەوە لە نووسراوەکانی “سۆمێر”، وشەی “کورد و کوردا”ی وه‌ک ناوێکی گشتی بۆ خه‌ڵک و “خه‌ڵکانی” زاگرۆس و مێزۆپۆتامیا (ناوچۆمان، دیجله‌ و فورات) لە کتێبەکانیدا بەکار هێناوە. به‌ پێی زانیارییه‌کانی ئەو و به‌ڵگه‌کانی کۆنینەناسی، مرۆڤناسی، فه‌رهه‌نگناسی، زمانناسی و هه‌ر وه‌ها توێژینه‌وه‌کانی ژنێتیکی، کۆنترین مرۆڤی نیشته‌جێی مێزۆپۆتامیا و ناوچه‌کانی زنجیره‌چیای زاگرۆس، ئه‌و خه‌ڵکانه‌ بوون که‌ به‌” کورد و کوردا ” ناسراون.
پێشینەی نیشته‌جێبوونی بنه‌چه‌کی “کورد/کوردا” بە پێی ئەو سەرچاوانەی لە خوارەوە ناویان هاتووە، بۆ بیست هەتا په‌نجاهه‌زار ساڵ به‌ر له‌ ئێستا ده‌گه‌رێتەوە، خه‌ڵکانی تر له‌ هه‌زاره‌کانی زۆر دواتر، ڕوویان کردۆته‌ ئه‌م ده‌وه‌ره‌ و هه‌روه‌ها له‌م ده‌وه‌ره‌وه‌ بۆ شوێنی تر بۆ وێنه‌ ئووروپا چوون. بەڵگەکان که‌ زۆرتر له‌ ده‌یه‌کانی هه‌شتای سه‌ده‌ی بیست بە هۆی بوونی ئیمکانی تۆژینەوە، لێکۆلینەوە و پشکنین هه‌تا ئێستا لە ڕێگای کتێب و فیلمی بەڵگەیی بڵاوکراونەتەوە، ئەوە دەسەلمێنن، کە شارستانیه‌ت لەم مەڵبەندەوە سەری هەڵداوە و به‌ره‌و شوێنی تر په‌ره‌ی ساندووه‌ و بڵاو بۆته‌وه!
کشت و کاڵ، ماڵداریی، گوند و شارسازکردن هه‌روه‌ها یه‌که‌مین بازاڕه‌کان و ئالوێریی و کڕین و فرۆشتن، فه‌رهه‌نگ و هونه‌ر و نووسین، لیره‌وه‌ ده‌ستی پێکردووه‌. یه‌که‌مین نیشانه‌کانی نووسین که‌ له‌ سه‌ر خشت نه‌خش کراون و مێژووی دوازدە هەزار ساڵ بەر لە ئێستا دەگێڕنەوە و لە موزەخانەی کامپیۆتێر لە شاری پادابۆڕن لە ئاڵمان لە لەوحێکدا بە بەڵگە هێندراوەتەوە، لەو شوێنە دۆزراوەتەوە کە دەکەوێتە ڕۆژئاوایی کوردستانی ئەمڕۆ!
نووسەری چێک تۆماس سێدلاچک لە گەڕان بە شوێن یەکەمین بنەماکانی تیجارەت و ئابووری هەمیسان ئەم ناوچەیە بە سەرەتا دەزانێت و بیری تیجاریی لە تەوڕاتی جوولەکەکاندا دەبینێتەوە، کە لە لایەنی بنەچەک و ڕەچەڵەک و شوێنی ژیان و مێژوو لە گەڵ کورد وئەرمەن یەک دەگرنەوە.
یه‌ک له‌و شوێنانه‌ جگه‌ له‌ دۆسلدۆرفی ئاڵمان، کە مرۆڤی نئاندرتاڵی لێدۆزراوه‌ته‌وه‌، ئه‌شکه‌وتی شانه‌ده‌ره‌، یەک لەو شارانەش کە بە کۆنترین شار و ناوەندی شارستانیەتی کۆن ناوی دەهێندرێ ئەربیل/هەولێری باشووری کوردستانە. باشووری کوردستان که‌ له‌ سه‌ده‌ی شازده‌ به‌ولاوه‌ وه‌ک باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان، له‌ لایه‌ن عوسمانلییه‌کانه‌وه‌ داگیر کرا، تا ئه‌مساڵانه‌ی دوایه،‌ به‌ ده‌گمه‌ن دۆزینه‌وه‌ی لێکراوه‌ و له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دوایه‌ی‌ سه‌ده‌ی بیست و یه‌ک، له‌ لایه‌ن چه‌ند وڵاته‌وه‌ بە پێی ئەم بەڵگەفیلمە کە لینکەکەی لە خوارەوە هاتووە، کۆنینه‌ناسان ده‌رفه‌تی هه‌ڵکۆڵین و پشکنینیان بۆ ڕه‌خساوه‌ و به‌ڵگه‌ی نوێیان خستۆته‌ ڕوو بۆ سەلماندنی ژیان و شارستانیەتی کۆن لەو ناوچەیەی کوردستان، که‌ کاره‌کانیان ئێستاش به‌رده‌وامه‌. ئاکامی پشکنینه‌کان گه‌لێک تێز و تئۆری سه‌ده‌کانی پێشوو باتڵ ده‌که‌نه‌وه و باس له‌ نووسینه‌وه‌ی نوێی مێژووی ئه‌م ناوچه‌یه‌ی جیهان ده‌کرێ، که‌ ده‌وری سه‌ره‌کی له‌ پێشکه‌وتن و شارستانیه‌تی مرۆڤدا هه‌بووه.
بە پێی ئەو زانیاری و توێژینەوە و لێکۆڵینەوە و پشکنینانەی تازە بە تازە دەردەکەون و دەرکەوتوون، شک و گوومان دەکەوێتە سەر ئەو باوەڕ و تێز و تئۆری و مێژوویەی سەبارەت بە کورد نووسراون و بڵاو کراونەتەوە. گەر کورد کۆچەری سەردەمانی نزیکی مێژوو نەبووبێ و زیاتر لە دوازدە هەزار ساڵ شارستانیەتی بە ناوییەوە کرابێ و بیست هەتا پەنجا هەزار ساڵ لە نیشتەجێبوونی تێپەڕبووبێ، تێز و تئۆری لکاندنی کورد بە فارس و ئاریایی و هاتنیان لە دەوەری وڵگاوە بەرەو مێزۆپۆتامیا و زاگرۆس پووچەڵ دەبنەوە!
تاقیکردنه‌وه‌کانی ژنێتیکی که‌ له‌ لایه‌ن ناوه‌نده‌کانی زانستی ئیسپانیا، ئیتالیا، ئاڵمان(ماکس- پلانک ئینستیتۆ)، بریتانیا، ئامریکا، ئیسرائیل، ئه‌رمه‌نستان له‌ چل و چه‌ند ساڵی ڕابوردوو هه‌تا ئه‌م ساڵانه‌ی دوایه‌ کراون، ئه‌وه‌ ده‌سه‌لمێنن سێ نه‌ته‌وه‌ی ئه‌رمه‌ن و کورد و جوو(مووسایی) یه‌ک بنه‌چه‌ک و ڕه‌چه‌ڵه‌کیان هه‌یه‌ و „ژن“ی هاوبەشیان لە ڕادەی سەرێ، ئەوان لە یەک گرێ دەدا.
ئەم هاوبەشی ژەنەتیکی یە لە نێوان کورد بە هەموو لایەنەکانیەوە و فارسەکان نەدوازراوەتەوە و نزیکی زمانی کورد و فارس لە هەزار ساڵی ڕابووردو ڕووی داوە. به‌ سەرنجدان به‌ مێژوو و چاره‌نووس و شێوه‌ی ژیان و هه‌ڵسوکه‌وت و فه‌رهه‌نگی کورد و ئەرمەن و جوو، ده‌رده‌که‌وێ، وێکچووییان له‌ جیاوازییەکانیان زۆرترە، که‌ ئه‌ڵبه‌ت له‌ میانه‌ی تێپه‌ڕینی هه‌زاران ساڵ، جیاوازی ئایینی، فه‌رهه‌نگی، زمانی نێوانیان قووڵتر بۆتەوە، که‌ ئه‌وه‌ سیمای ئه‌مڕۆی کورده‌کان لە گەڵ یەکتریش ده‌گرێته‌وه،‌ کە جیاوازی نێوانیان لە لایەنی ئایینی، زمانی و باوەڕی کۆمەڵایەتی زۆرتر بووە و سنووری سیاسی ئەم جیاوازییانەی قووڵتر کردۆتەوە..
پارسا و پارسوا، بۆ یەکەم جار لە ساڵی ٨٤٣ ی بەر لە زایین ناویان لە نووسراوەکانی ئاشووری هاتووە و شوێنی ئیلامییەکانیان گرتۆتەوە و ساڵی ٥٥٠ ی بەر لە زایین بە سەر مادەکاندا زاڵ بوون. پێشتر ئەوان ناویان لە مێزۆپۆتامیا و زاگرۆس نه‌بووه.
به‌ پێی به‌ڵگه‌کانی کتێبی “کوردستان و ئووروپا” لە مێژوونووسی سویسی هانس- لوکاس کیزەر، مێژوویی به‌ “پارسی و ئێرانیکردنی کورد له‌ لایه‌نی زمانییەوە له‌ هه‌زار ساڵ به‌ر له‌ ئێستا ده‌ستی پێکردووه‌. کورد له‌ لایه‌نی زمانەوە پاڵی به‌ فارسه‌کانه‌وه‌ داوه‌ و له‌ لایه‌نی ئایینی زۆرینه‌ پاڵیان به‌ ئایینی عه‌ڕه‌ب و ده‌سته‌ڵاتی عوسمانلی یەوە داوه‌، که‌ ئه‌وانیش ئایینی ئیسلامیان بۆ سەقامگیرکردنی ده‌سته‌ڵات و کیانی خۆیان بەکار هێناوە و کوردیان له‌ ڕێگای ئایینەوە بۆ سه‌قامگیری کیانی خۆیان، دژ به‌ خه‌ڵکانی تر به‌کار هێناوە.
به‌م هۆیه‌ و هۆگه‌لی تر، کورد به ‌پێچه‌وانه‌ی یۆنانی، بوڵغار، سرب و کرواتی و نه‌ته‌وه‌کانی باڵکان و ئه‌رمه‌ن له‌ سه‌ده‌ی نۆزده‌ نه‌یتوانی خۆی له‌ چنگ عوسمانلی ڕزگار بکات. نه‌ته‌وه‌کانی تر که‌ هه‌موویان زمان و ئایینی جیاواز له‌ تورکیان هه‌بوو، به‌ پاڵپشتی ئایین و زمانه‌که‌یان، نه‌ته‌وه‌ییبوونیان به‌ خۆیان به‌خشی و سه‌ربه‌خۆبوونیان له‌ ئیمپراتوری عوسمانی، به‌ پشتیوانی ئووروپییه‌کان مسۆگه‌ر کرد.
کورد سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی یه‌که‌م ڕێکخستنه‌کانی سیاسی و نه‌ته‌وه‌یی خۆی له‌ سه‌ده‌ی نۆزده‌ لە ئەستانبول ساز کرد، به‌ڵام به‌ زۆر هۆ که‌ باسکردنیان له‌م کورته‌ بابه‌ته‌دا ناگونجێ، بێ کیان و بێبه‌ش و عه‌وداڵی ئازادی مایه‌وه‌، که‌ ئه‌م مێژووه‌ ئێستاش درێژه‌ی هه‌یه.
به‌م پێیه‌ توواندنه‌وه‌ی کورده‌کان له‌ ژێر ده‌سته‌ڵاتی عوسمانلی و فارس و عه‌ڕه‌ب له‌ سه‌رده‌می مودێڕن و سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیست و کۆتایی سه‌ده‌ی نۆزده‌، ده‌ستی پێنه‌کردووه‌ و کۆنتر و کۆنتره.
هه‌ر به‌ پێی ئه‌م کورته‌ باسه‌ که‌ له‌ داهاتودا هه‌رواتر ده‌کرێته‌وه‌ و بەڵگەکانی دەخرێتە ڕوو، کورد و فارس نه‌ ته‌نیا یه‌ک ڕه‌چه‌ڵه‌ک نین، به‌ڵکو زمان و فه‌رهه‌نگ و مۆسیقا و هونه‌ریان یه‌ک ناگرێته‌وه‌ و ئه‌و تێز و تئۆریانه‌ی له‌ سه‌رده‌می نوێ به‌ بێ بنه‌ما هه‌ڵبه‌ستراون، هیچ به‌ڵگه‌یه‌ک نیین بۆ لکاندنی کورد و پێکاته‌کانی فەرهەنگی، هونەری، مێژوویی و ئیتنیکی به‌ فارسه‌وه.
به‌شداری مرۆڤی کورد له‌ گه‌مه‌ی خۆتوواندنه‌وه‌، یان خۆ هه‌ڵواسین به‌ کیان و زمان و فه‌رهه‌نگ و هونەر و ئایین و سیاسه‌تی پارس و ئەوانی تر، درێژه‌پێدانە به‌ له‌ ژێرپێنانی ماف و که‌سایه‌تی و کیانی خۆ و درێژەپێدانە به‌ کۆیله‌تی هه‌مه‌لایه‌ن، کە بۆ زۆرێک لە مرۆڤی کورد بۆتە پرۆسەیەکی ئاسایی. ڕەنگە تاکی کورد هەست بەو پرۆسەیە بکات، بەڵام ئەو هەستە بەرەو بیرلێکردنەوەی قووڵی هەمەلایەن و تێگەیشتنی یەکلاکەرەوە ناکێشرێ و تاکەکان لە پرۆسەیەکی عادەتی و خۆگونجاندن لە پرۆسەیەکدا کە ئاسایی دەنوێندرێ، بەرەو توواندنەوە دەکێشرێن. ئەم دیاردەیە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەت لە ناو توێژی خوێندەوار لە هەموو ئاستێکدا بەرچاوە.
کورد ته‌نیا نه‌ته‌وه‌یه‌ که‌ پڕ له‌ ترس و خۆف سه‌یری سنووری که‌سایه‌تی، نه‌ته‌وه‌یی، زمانی، فەرهەنگی، هونەریی و کیانی خۆی ده‌کات و کەمترین حەول بۆ دیاریکردنی سنوورەکانی دەدات و ئەوەش دەوری لە کەسایەتی و بیروبۆچوون و پڕێنسیپەکانیدا هەیە. کورد هه‌تا سنووره‌کانی خۆی له‌ پێناو مانه‌وه‌ی بوونی خۆیدا، دیاری نه‌کات، کۆیله‌ی هه‌موو بواره‌کان ده‌مێنێ. جیهانی ڕێئالی ئه‌مڕۆ له‌ سنووره‌کان و ژیان و هاوکاری خاوه‌ن سنووره‌کان پێکهاتووه‌. کورد له‌م به‌ستێنه‌دا هێشتا ئۆتۆپیایی ده‌جولێته‌وه‌ و ئۆتۆپیایی “بیر” ده‌کاته‌وه‌، ئه‌وه‌ش به‌ پێچه‌وانه‌ی هه‌موو نه‌ته‌وه‌کانی ده‌وروبه‌ریه‌تی!

برایم فه‌ڕشی – ئۆکتۆبری 2020

———————————————————-
** له‌م نووسینه‌دا له‌ وشه‌ی “کورد” که‌ڵک وه‌رگیراوه‌ که‌ هه‌م ئاماژه‌یه‌ به‌ ئاپۆره‌ی خه‌ڵک و هه‌م ئاماژه‌یه‌ به‌ هه‌موو ئه‌و کوردانه‌ی له‌ بواره‌کانی زانستی، سیاسی، فه‌رهه‌نگی، هونه‌ری، کۆمه‌ڵایه‌تی، مێدیا و هتد … کار ده‌که‌ن
سەرچاوەکان:
Die Herkunft der Kurden, F. Hennerbichler ISBN 978-3-631-59327-1
Die für die Freiheit sterben, ISBN 978-3-95798-558-3
Geiselbefreiung in Kurdistan ISBN 978-3704600554
Kurdistan und Europa IBSN 978-3905312324
Der Völkermord an den Armenien und die Shoha ISBN 978-3905312409
Im Lande des Blutes und der Tränen ISBN 978-3905313062
https://www.arte.tv/de/videos/062897-000-A/kurdistan-schatzkammer-mesopotamiens/?teaser=true
Die Ökonomie von Gut und Böse Tomas Sedlacek ISBN-13 : 978-3446428232




قەنناسی لێزەر … شیعر: مەولود ئیبراهیم حەسەن

ئێمە هاونێشتمانی وڵاتێکین
پێی دەڵێن : بەهه شت
ئێستا بە سواری کەشتی مینڕێژەوە
دەرکراو لەم بە هه شتە
بە نیو دەریای ژەهر
بەرەو چارە نووسی بێ چارەنووس
لە بەردەم لولەی قەنناسی لیزەر
لە زەمەنی ڕووتبوونەوەی زەمەن
لە هه موو یاسا و بەهاکان
لە ئان و ساتی تەقینەوەین
ئاشی ئەم جیهانە
سەت دەست دەیگێڕێ
دەستی ڕۆبۆت
ئەو ئاشە ئاشی هاڕێنی مرۆڤە
ئەو مرۆڤانەی
شایستەن و شایستە نین
هه موو هه ناسەیەک
لە چاوە ڕوانی
جێ بە جێکردنی فەرمانی
لیزەر بارانکردنی خۆمانین
چاومان لە دو ژیان نیە
تاقەتی بینینی
مەرگی ئازیزانمان نەماوە
خەفەت ئەوەیە
نەبووین بە نانێک
برسیێ بمانخوا
نە بووین بە جلێک
ڕووتێک بمانپۆشێ
نەبووین بە هێزێک
ترساوێک لە پەنامان بحەوێتەوە
ژیان بووە
بە سەنگەری خۆ بەدەستەوەدان
گەرەکە
چەک و رەختی مرۆڤبوون دابنێین
مەرگ یەک ئەنجامەو
زۆر شێوەی هه یە
ئێستا پاڵەوان ئەوە نیە
قەڵا داگیر دەکاو بەرامبەر دەشکێنێ
پاڵەون ئەوەیە
وەک مرۆڤ بمێنتەوە
سروشت جوانترکا
ئاسمان سافتر
دەریا ڕوونتر
باڵند ئازاد تر
گۆرانی زۆر تر
بەهار تەمەن درێژتر
چیتر مێژوو لە گەڵ خۆمان هه ڵناگرین
باری زۆر گران کردووین
داهاتوو دەگرینە باوەش
ئیتر برینی خۆمان
نادەینە دەس کەس
ڕۆژی ئەوەیە
جارێکی تر ژیان کۆمان کاتەوە
ئێمە دەبێ لە هه نگ فێربین
ژیان کارو بەرهه مە
بەرهه م هه نگوێنە
چیمان دەسکەوت
لە سەرکەوتنی شەڕ
بێ تاقەت بووم لە خەباتی ڕەوا
ماندوو بووم
لە قوربانی پیرۆز
ماڵی ژیانمان پیشاندەن
ماڵێک
پڕ بێت لە مرۆڤ
چیتر شیعری درکە مان بۆ مەنووسن
ڕاستەو ڕاست
پێمان بڵێن خۆشمان دەوێن
ئێمە
فەڵسەفەمان بە ڕووتی دەوێت
ئیمانمان بە ڕووتی دەویت
زانستمان بە ڕووتی دەوێت
ئەوینمان بە ئاشکرا دەوێت
دەمانەوێ ڕاستەوە ڕاست بژین
ئەو هه موو دەمامکە
چی بوو لە خۆمان کۆکردەوە
شۆڕشی ئێمە
ئازاد بوونە لەدەست ڕۆبۆتەکان
ئێمە دەمانەوێ
لە ژێر ساباتی خۆشەویستی
لە نێو ڕەزی داهێنان
لێرە بەدواوە
نانی بەیانیانی دۆستایەتی
بە یەکەوە بخۆین
چیتر
ئاوی ژیانمان پڕمەکەن لە ژەهر
ڕەنگی مرۆڤبوونمان لەدەست داوە
زەوی چێتر ئێمەی
بە دەمامکەوە ناوێت
ئەستیرەکان
تێنووی بینینی ئێمەن
ئێمەی وەکو خۆمان
زەوی بێزارە
لەو خۆکردن بە ڕۆبۆتە
چاوەڕێیە
خۆمان خۆمان بین
بە هه شتمان دۆراند
خۆمان دۆڕاند
ژیانمان دۆڕاند
پێویستە
لەو ( غەرێف ) ە بێینە دەرەوە
زەمەنی زۆر مان دۆڕاند
فرسەتی زۆرمان دۆڕاند
جوگرافیای زۆرمان دۆڕاند
وەرزی زۆرمان دۆڕاند
ئاوا بڕوا
بە خۆمان ناکەوینەوە
دەتانبێنم
لەژێر جوبەی سوڵتانەوە
ئێسک ڕزیو
سەر سفرەمان ئاوەدان
بە برنجی مەحمود
بە ڕۆنی ئالتون سای
بە چای دووغەزال
ئەو هه موو فرمێسکەمان ڕشت
گوڵێک نە پشکوت
بۆنی بەهاری لێ بێت
ئەو هه موو خوێنەمان بەخشی
گۆرانیەکمان نە بیست
تامی ئازادی بدات
ئەو هه موو شەهیدەمان ناشت
دیوارێکمان هه ڵنەنا
ڕۆژانی تەنگانە
خۆی بدەینە پەنا
درەنگە با خۆمان ..خۆمان بین
درەنگە با دەست بەژیان بکەین
ئەم وێنەیە برای بەڕێز سەرکەوت بالیسانی نەخشاندوویەتی ……..

هه ولێر _
١٧/٧/٢٠٢٠




ژینگە دۆست … عەلی حەمەڕەشید بەرزنجی

لە سەیران و لە گەشتا
لە گرد و دۆڵ و دەشتا
بابە و دایە و خزمانم
لەگەڵ گشت ھاوڕێکانم
وەک (ژینگە دۆست) دەمناسن
ڕێزی زۆرم لێدەگرن
چونکە لەوە دڵنیام
لای ئەوان وەک پێشەنگ وام
دوای تەواو بوون لە سەیران
ئەوانیش لەگەڵ مندان
بە یەکەوە وەک یاری
بە گیانی پڕ ھاوکاری
چی پاشماوەیەک ھەبوو
کۆی دەکەینەوە ھەموو
چەند کیسێکمان ھێناوە
بۆ خاشاک و پاشماوە
تا ئەو شوێنە خاوێن بێ
بۆ ئەوەی دوای ئێمە دێ
……
٢٢/١/٢٠٢٠




١٦ی ئۆکتۆبەر، لە نێوان خیانەت و دیانەتدا… کامیار سابیر

چەمکی خیانەت( treason ) چەمکێکی ئاڵۆز و پڕ ئارێشەیە لە رووی مێژوویی، سیاسیی، فەرهەنگیی، کولتووریی و مەعریفییەوە. هەر وڵات و دەسگا و ئۆرگانێک، هەر ناوەند و حیزب و کەسایەتییەک، بە گوێرەی بەرژەوەندییەکانی خۆیان، تەشریح و تەئویلی دەکەن. لێرەدا، قسەمان لەسەر ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ەیە کە لە دوای ریفراندۆمە راسپێردراوەکەی دەسگای میتی تورکیاوە، خانەقین بۆ کەرکوک، تەسلیم بە هێزەکانی دەوڵەتی عێراق کرانەوە و پێشمەرگەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پاشەکشەیان کرد. لە کەرکوکیشەوە بۆ شەنگال و موصڵ، پارتیی پاشەکشەی کرد. لەبەرامبەریشدا، پارتیی و ئۆردووی نەتەوەیی و نەژادیی و طائیفییەکانی کورد، هاوکات، تەواوی ئەوانەی دیانەتی کوردایەتییان، وەکو عەقیدەیەکی سیاسیی و ئایدیۆلۆژیایەکی ئایینیی وەرگرتووە، لێکدا لێکدا، ١٦ی ئۆکتۆبەر بە خیانەت لە قەڵەم دەدەن. بە واتایەکی تر، هەموو ئەوانەی دیانەت و مەغزی سیاسیی و ئایدیۆلۆژییان، کوردایەتییە، چەند خۆ بە نەیاری پارتیی و یەکێتیی و دەسەڵاتی چەتەگەریی هەرێمیش بزانن، بە ئیرادیی و بە لائیرادیی، هەر دەکەونەوە، بەرەکەی ( پارتیی) و ئەجێندا پانتورکییەکانی ئەردۆغانەوە؟

کەمێک گەڕانەوە بۆ دواوە، باشتر یارمەتییمان دەدات تا لە ئەدەبییاتی بەتاڵی کوردایەتیی و تەواوی ئەو عەمالەتە ئیقلیمییانەی بە ناوی شۆڕشەوە کراون، حاڵیی ببین و لە جەوهەری ئەم بێ فیکریی و ئەم عەقیدە گەڕوگولە، بگەین. لە باری فیکریی و کولتوورییەوە کە تەخویین لە ناو کورددا بە گشتیی و کوردستانی عێراق بە تایبەتیی، برەوی هەیە، هۆکارەکەی ئەوەیە لە رووی فیکریی، مەعریفییە و ئەخلاقییەوە (لێرەدا مەبەست لە مۆڕەڵ= Moral ە)، رۆشنبییران، سیاسییە وردەکارەکان و نوخبە ئینتێڵێجێنسیاکانی کورد، جورئەتی سیاسیی و فیکرییان نەکردووە کە خۆیان لە قەرەی ئەم چەمکانە بدەن و سەروگوێلاکی بکوتنەوە. ئەم گرووپانە، بە درێژایی صەد ساڵی رابردووی حەرەکەی قەومیی کوردیی، هەمیشە لە تەخویین ترساون، یان تێرۆرایز کراون بۆ ئەوەی لەسەر ئەم ئەدەبییاتە رەشۆکییە، قسەیەکی جدیی، نەکەن.
هاوکات، لە باری مۆڕاڵییشەوە( لێرەدا مەبەست لە مۆڕاڵ= Morale ە)، دەکرێ بگوترێ لە کوردستانی عێراقدا، هیچ کەسێ بەلای ئەوەدا نەچووە کە پێچەوانەی ماشێنی ئەعلامیی تەخویین، بووەستێتەوە! جەخت لەوە بکرێتەوە کە مۆڕاڵ، بە ئای درێژ، مەبەست لە باوەڕبوون بە خۆ، دیسپلینی فیکریی، سیاسیی و مەعریفیی،حەماسی عەقڵانییبوون، نەهجی واقیعییبوون، رۆحییەتی تێگەیشتن، ثەقافەت و گەشبیینیی سیاسیی، دەگەیەنێت. لە کاتێکدا، مۆڕەڵ ( بە ئەی خڕ)، فەضیڵەتی ئەو بییروباوەڕەیە کە چاکە و خراپەی سیاسیی، کۆمەڵایەتیی…تاد، نیشان دەدات. لە کۆنتێکستی سیاسیی و فیکرییدا، لە کوردستانی عێراقدا کە پارتیی و ماڵی بارزانیی، رابەرایەتیی حەرەکەی سیاسیی “کورد” کەوتووەتە دەستیان و ئەم بیزنسەیان قۆرغ کردووە، بە دەرەجەی یەکەم ئەم فیاسکۆ مێژووییە، بۆ فەشەلی هەمزە عەبدوڵا، ئیبراهیم ئەحمەد، تاڵەبانیی، کۆمەڵە و ئارام، نەوشیروان موصطەفا، چەپەکان و ئیسلامییەکان، دەگەڕێتەوە کە بە هەموویان، بەڵێ هەموویان بەسەریەکەوە، نەیانتوانیوە، مەشروعێکی سیاسیی و فیکریی جیاوازتر لە چەتەگەریی و عەمالەتی ئیقلیمیی-کوردایەتیی، تەبەنیی بکەن، بگرە تا ئێستایش، شەڕی ئەوە دەکەن کە کوردایەتیی ئۆریجناڵ و رەسەن، تەبەنیی بکەن! هاوکات ریفراندۆمەکەیش، سەنگی مەحەکە کە ئیسلامییەکان و چەپەکان، چۆن سەروقون، لە زێرابەکانی ناسیۆنالیزمی نەوت و سەربەخۆییە قوبرصییە ئەفسوناوییەکەدا، باسکی ئایدیۆلۆژییان، لێدەدا؟

کەرکوکمان دۆڕاند و داگییرکرایەوە! ٪٥١ی خاکی کوردستانمان لە دەست دا( کە درۆیەکی گەورەی جیۆگرافیی و سیاسییە)! ئەمانە خورافاتی ئەو مێنتاڵیتییە نەخۆش و مۆڕاڵە زەلیلەیە کە زۆربەی هەرە زۆری لایەنگرانی ناسیۆنالیزمی نەژادیی کوردیی، لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا، دەرخیان کردووە و دەیڵێن و دەینووسن و هەزار بارەی دەکەنەوە. مەگەر کەرکوک و شەنگال و خانەقین، بەپێی دەستوری عێراق، بە رەزامەندیی حیزبە کوردیی و سیاسییە کوردەکان، ناوچەی جێناکۆک نیین؟ بە هۆی هەلومەرجێکی عەسکەریی و هاتنی داعشەوە، هێزی پێشمەرگەی یەکێتیی و پارتیی، کۆنترۆڵیان نەکرد، دوای داعش، دەبووایە بکشێنەوە، کە بەهۆی تیجاڕەتی نەوت و بیزنسنی گەورەوە، نەکشانەوە، بە زەبری هێز، دەبێت هێزە عێراقییەکانی دەوڵەتی فیدراڵ، بە یارمەرتیی ئەمێریکا، کۆنترۆڵی بکەنەوە، وەکو کردیان. کشانەوەی هێزەکانی یەکێتیی، خراپییەکەی لەوەدا بوو، تەنسیقێکی ژێربەژێریان لەگەڵ رایەڵەکانی حکومەتی عێراق و حەشدی شەعبیی کردبوو، جورئەتیان تێدا نەبوو بە ئاشکرا، داکۆکیی لە ئیتیفاقییەی کشانەوەکە بکەن، هاوکات، جورئەتیان تێدا نەبوو، روو بە رای گشتیی و تەنانەت روو بە هێزەکانی خۆیشیان بیکەن، کشانەوەیەک بە قونە شەڕی لێرە و لەوێ، زیاتر لە سیناریۆی تێکشان دەچوو، تا بە کشانەوە دەگات و دەیان پێشمەرگەی هەژار و بێ پارەیشان، کرد بە قوربانیی، بۆ ئەوەی سیناریۆکەیان، تەمریر بکەن.

بەدەر لەوەی قیادەی پارتیی لە ژێر فشاری عێراق و ئێران و ئەمێریکادا بوو، خۆی رەزامەندیی نیشاندابوو لە کەرکوک بکشێتەوە، خۆیشی لە شەنگال کشایەوە، کەچیی دوو طەڵقە تەنوورەی پردێیان کردووە بە داستانێکی ئەفسانەیی پڕ لە فشەی عەسکەریی، گوایە ئەوان موقاوەمەتیان کردووە و یەکێتیی لە کەرکوک قوچاندوویەتی و خیانەتیان لە ریفراندۆم و دەستکەوتەکانی گەلی کورد کورد، کردووە؟ بەدەر لەوەی ریفراندۆم، خۆی لە خۆیدا، گەورەتریین خیانەتی سیاسیی و مێژوویی بوو، بە پلانی موخابەراتی ئیقلیمیی( بە تایبەتیی تورکیا)، بەڕێوەچوو، بۆ ئەوەی ئەگەر سەری گرت، کۆنترۆڵی کەرکوک لە دەست حەلیف و رەدیفەکەکانی تورکیادا بێت( پارتیی، بەرەی تورکمانیی و داعش)، ئەگەر سەریشی نەگرت، ئەوە کۆنترۆڵی کەرکوک لە ژێر دەستی یەکێتیی دەردەهێنرێت و تەسلیمی هێزە عێراقییەکان، دەکرێتەوە و باڵانسی هێز، لە هەرێم هەر لای پارتیی دەمێنێتەوە!

جەبانیی و بێ روئییەیی قیادییە کۆن و نوێکانی یەکێتیی، لەوێوە سەرچاوە دەگرێت، تا ئەم ساتەیش دوو ( کادیر، نووسەر، رانتخۆر و سیاسیی) ئەم حیزبە، جورئەتیان نەکردووە، تەنانەت، وتارێک بنووسن، سێمینارێک بکەن و کۆڕێکی جەماوەریی و مێدیایی بکەن، بۆ رییزەکانی خۆیان و خەڵکی کوردستانی باس بکەن کە ١٦ ی ئۆکتۆبەر نەک هەر خیانەت نییە، بەڵکو کارێکی عەقڵانیی زۆر باش بوو کە شاری کەرکوکی لە وێرانبوون، پاراست. هاوکات، هەموو هێزی سیاسیی ئەم قیادییە نوێیانەش، بۆ ئەوەی لەو کونانە بێنە دەرەوە کە تەخویینەکانی کوردایەتییەکەی پارتیی، تێی پەستوون، ئەوەیە جوێن بە پارێزگاری کەرکوک دەدەن و قۆندەرەی منداڵە شەهید، بە حەماسی سەر مایکرۆفەوە، لە دەمی دەپەستن! هەموو ئەمانەیش، نیشانەی ئەوەیە، نە یەکێتیی، نە گۆڕان و نە هەموو نەتەوەییەکانی تری کورد، لە باری فیکریی، ئایدیۆلۆژیی و مۆڕاڵییەوە، نەک هەر جیاوازییان نییە، بەڵكو هەمان مۆڕەڵ و مۆڕاڵی پارتییان هەیە و هەمان مەکیینەی کوردایەتییان، لێ بەستراوە. بەڕاستییش، جیاوازیی یەکێتیی و پارتیی، تەنیا ئەوەیە کە وەکو دوو باندی مافیایی، کامیان زۆرتر دەدزن، کامیان باشتر عەمالەتی ئیقلیمیی دەکەن و کامیان زۆرتریین سەرمایەگوزاریی و بیزنس، لەسەر ئاییندە، گیرفان، قوت و تەندروستیی خەڵکی کوردستان، دەکەن؟

حکومەتی فیدراڵ و هێزە عێراقییەکان، مافێکی قانونیی و دەستوریی و سەروەرییە کە کۆنترۆڵی کەرکوک بکەنەوە، بە تایبەتییش پاش قەشمەرییاتی ریفراندۆمەکەی میتی تورکیا، بەڵام ئەوەی کە زۆر جێگەی ناسۆریی فیکریی و مەعریفییە، ئەوەیە کە زامەکانی ئەم جەهلە کولتووریی و سیاسییە، بەردەوام بە خوێواکی دیانەتی کوردایەتیی، زاخاو دەدرێتەوە. تەواوی مۆبە نەتەوەیی و نەژادییەکان، پێیانوایە ئەگەر کەرکوک لە ژێر دەستی دزەکانی پارتیی و یەکێتییدا بووایە، ئەگەر لە ژێر دەستی کۆمپانیاکانی پارتیی و یەكێتییدا بووایە و نەوتی کەرکوک بۆ ئەجێنداکانی تورکیا و مافیاکانی کوردایەتیی، بەگەڕ بخرایە، ئەوە شتێکی زۆر باش و موقەدەس بوو! چونکە بە دەست کوردەوەوە! بوو. بەدەست کوردی مورتەزیقەی سەر بە تورکیاوە بێت، قەیدی نییە، بەس نابێت بە دەست حکومەتێکی رەسمیی و دەستورییەوە بێت کە ناوی دەوڵەتی عێراقە و کورد خۆیشی تێیدا، بەشدارە. بەڕاستیی ئەم مەهزەلە عەقڵیی و فیکرییە بەس لە ناو ئیستیحـماری نوخبەکانی کوردایەتییدا، توانای خۆگەوزاندنی هەیە و لە هیچ کۆنتێکستێکی تردا بە زمانە بیانییەکان، جێگەی نابێتەوە کە بڵێی حکومەتی فیدراڵ، کۆنترۆڵی شارێکی کردووە، ئەوە خیانەتە، یان بگوترێ حکومەتی فیدراڵی عێراق، شاری کەرکوکی داگییر کردووە!

ئەوەی حکومەتەکەی پارتیی و ماڵی بارزانیی لەم چەند رۆژەی رابردوویشدا کردیان، بەوەی کە شەنگال، تەسلیمی هێزە عێراقییەکان دەکەنەوە و جەختیش لەوە کراوەتەوە کە لایەنگرانی پەکەکە دەبێ دەربکرێن، رێک ڤێرژنێکی نوێیە لە عەمالەتی ئیقلیمیی کە پارتیی بۆ تورکیای دەکات، بەڵام حەماقەتی سیاسیی یەکێتیی و گۆڕان و هێزەکانی تر لەوەدایە، ناتوانن بە یەک پارەگرافیش، چوار رستەی موفیدی سیاسیی و فیکریی، لەسەر ئەم رادەستکردنەوەیە بڵێن، چونکە هیچیان پێ نییە و خۆیشیان مەکیینەی کەراندنی کوردایەتییان، لێ بەستراوە.
زۆریینەی خەڵکی کەرکوک، بە کوردیشەوە، وێڕای ئەوەی پارێزگارێکی شۆڤینیی عەرەب( کە دۆستی پارتیی و تورکیایە) دەسەڵاتی هەیە، ئێستایان پێ باشترە لە سەردەمی تەقیینەوە، تێرۆرکردن و باندە مافیاییەکانی داعش، پارتیی و یەکێتیی کە لە کەرکوکدا بوون. ئەمە لە کاتێکدایە، ئەم دوو حیزب و دوو بنەماڵەیە، زۆربەی هەرە زۆری خاکی هەرێمی کوردستانیان بە ژێرخان و سەرخانەوە لەسەر کۆمپانیاکانی نزیک خۆیان، قۆرغکردووە و بە هەموو مێژووی دروستبوونی دەوڵەتی عێراق، ئەوەندەی دە ساڵی پارتیی و یەكێتیی، داگییرکارییان لە خاکی کوردستانی عێراقدا نەکردووە. بێ چاووڕوویی ئەمانە، بێ مۆرەڵیی و بێ مۆڕاڵیی ئەمانە، گەیشتووەتە ئاستێک، کوردستانی عێراق بە گشتیی و هەولێر و دهۆک بە تایبەتیی، بوونە بە موستەعمەرەیەکی تورکیی و لە رووی ئابووریی و عەسکەریی و ئەمنییەوە، داگییرکراون، کەچیی، هۆرەی نەتەوەییبوون، بۆ کەرکوک دەچڕن و بۆی دەکڕوزێنەوە و گاڕانێکی گەورەی ئەکادیمیی و نوخبەی هەزیلی کوردییش، لێکدا لێکدا دەڵێن ١٦ی ئۆکتۆبەر، خیانەت بوو!

سەرەنجام، ئەگەر شتێک هەبێ ناوی خیانەت بێت، ئەوە دیانەتی ئەم کوردایەتییە و تەواوی ئەو حیزبانەیە کە لەو فەلەکەدا دەسوڕێنەوە، بە درێژایی ٧٠ بۆ ٨٠ ساڵە، وێڕای ئەوەی خیانەت لە قەضییەی سیاسیی کورد دەکەن، وێڕای ئەوەی گەورەتریین بێحورمەتییان بە کەرامەتی ئینسانی کورد و قەضییەکەی کردووە، بەڵكو بیزنسی سیاسیی و ئابوورییشی پێوە دەکەن. زۆربەیان بوون بە میلیاردێر و رائیدەکانی کوردایەتییش، بە باش و خراپیانەوە، بە درێژایی چەندیین دەیەیە، عەمیل و مورتەزیقەی وڵاتە ئیقلیمییەکانن، بۆ قیادەی نوێی یەکێتییش، واقیع ئەوەیە کە خیانەت لە خەڵکیی کوردستانیش دەکەن، لە کاتێکدا خۆیان شەریکی گەورەی ئەم هەموو دزیی و تاڵانییەی حکومەتەکەی پارتیین، شەریکی فاشیلتریین و گەندەڵتریین حکومەتن لە مێژووی بەشەرییدا، وێڕای ئەوەی پارتیی بەردەوام، تەخویینیان دەکات، زۆر بە زەلیلیی و سەرکزییشەوە، نەک هەر برابچووکییان بۆ دەکەن، بەڵکو تەجسیدی بە کەڵەگاییکردن و بە سیمبۆڵکردنی ماڵی بارزانیی و پارتیی، دەکەن.




بەشى 6 گفتوگۆ لەگەڵ نووسەر و روناکبیر سمکۆ محەمەد سەبارەت بە دیاردەى کۆچ لەدونیادا …

سمکۆ محەمەد: هەژارى فکرى رۆژهەڵاتى بوو بەسەرەکیترین هۆکارى کۆچ بوو
بازاڕى ئازاد کۆچبەر و پەناهەندە، وەک کاڵایەکى زیندوو تەماشا دەکات
بەشى شەشەمى گفتوگۆ لەگەڵ نووسەر و روناکبیر سمکۆ محەمەد سەبارەت بە دیاردەى کۆچ لەدونیادا و بەتایبەتى کۆچى کوردان بۆ هەندەران، ئەو بەدەر لەتێڕوانینى باو و گوتراو سەبارەت بەم دیاردەیە، هۆکارە نەگوتراوەکانى درکاندووە و بەستایلێکى نادیارى بازاڕى ئازادى لەقەڵەمداوە.

ئامادەکردنى: عەباس جەمیل جێماو
دەقى گفتوگۆى بەشى شەشەم

پرسیار: تێرمى کۆچ وا لێکدانەوەى بۆ دەکرێت کە هەوڵێکە بۆ دەربازبوون لەو کێشەو گرفتانەى کە مرۆڤ پێوەى لەنیشتیمانى خۆى پێوەى دەناڵێ، جا ئەو کێشانە سیاسی بن یان ئابوورى یان کۆمەڵایەتى، لەکاتێکدا ئێمە کۆچى زۆرەملێ و ئارەزوومەندانە و زانستى و پیشەییشمان هەیە، بەگشتى خوێندنەوەى ئێوە چیە بۆ ئەم تێرمە؟

سمکۆ محەمەد: من دەبێ جیاواز لەتێگەیشتنە باوو گشتیەکانى رابردوو قسە بکەم کە لەسەر هۆکارەکانى کۆچکردنى زۆرەملێ و ئارەزوومەندانە کراوە، چونکە شتێک کە باس کراوە و موناقەشە کراوە لۆژیکی نییە دووبارەى بکەینەوە، پێناسە سەرەتاییەکەى ئەو تێرمە کە چەندین رەهەندى جیاوازى هەیە، ئەوەیە کە هەرکەس وڵاتى خۆى بەنائارامى بینى و هەستیکرد جێگەى نابێتەوە یان خۆشگوزەرانى نەماوە و یان ناحەسێتەوە لەسایەى ئەو دەسەڵاتەى حکومەت و کۆمەڵگەکەى، ئەوا ناچارە کۆچ بکات بۆ شوێنێکى ئارامتر، چونکە ئەو شێوە کۆچە، بڕیارێکى نائاساییە لە زەمەنێکى نائاسایى و ناجێگیردا، لەلایەکى ترەوە ئارەزوومەندانەیە لەبەر ئەوەى کەسى کۆچبەر لەنێوان دوو دونیای جیاوازى بەهەشت و جەهەننم، ناچارە یەکێکیان هەڵبژێرێ، ئەویدیکە پاڵنەرێک هەیە کەسەکە ناچار دەکات ئەو جوگرافیایە جێبهێڵێت، لەهەردوو بارەکەدا من پێموایە پەیوەندیى راستەوخۆى بە هەژارى فکرى ئەو کۆمەڵگە و دەسەڵاتەوە هەیە کە لەو جوگرافیایە دەژین، ئەگەر بەپێچەوانەوە بوایە ئەوا لەبرى کۆچ، دەبوو گەشت بکەن بۆ بینینى ئەو فەزایەى کە سیحرێکە لەخەیاڵى ئەواندا کە جیاوازە لەفەزاى رۆژهەڵاتى.
رەهەندێکى دیکەى نیگەتیڤى کۆچ، ئەوەیە کە ئینسان بەهۆى کۆچکردنییەوە، شوناسى خۆى و زمانى و خۆى و ژیانى کۆمەڵایەتى خۆى و کاریگەرییە هەمەلایەنەکانى لەئاستى سیاسى لۆکاڵى لەدەستدەدات، هەموو ئەمانە دەبنە بەشێک لە نامۆبوونى تاک لەنێو دونیایەک کە نەدەبێتە نیشتیمانى و نە ئەلتەرناتیڤیشى هەیە، هەڵبەت ئەم باسى کۆچە لەکۆنەوە هەیە و بەشێوازى ئایدیالیستى و ماتریالیستى قسەى لەسەر کراوە، بۆ نموونە کۆچى فەیلەسوفەکان لەترسى دەسەڵاتى سیاسى و ئایینى بووە، کۆچى پێغەمبەرەکان و باوەڕدارەکان لە نیشتیمانى خۆیانەوە بۆ جوگرافیایەکى تر، لەترسى توندوتیژى ئایینى و دیسپلینە یاسایی و سیاسیەکانى پێش خۆیان بووە، کۆچى گروپە نامۆکانى دونیا لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکى تر، وەکو جیپسەکان و هیندییە سوورەکان و هیپییەکان کە خۆیان بە خۆڕسک کۆچبەرن و بڕوایان بەگۆڕینى کەشوهەواو جوگرافیاوە هەیە، خوایشت و خۆڕسکە، بەڵام ئەوانەى کە بەهۆکارى زانستى کۆچ دەکەن، پرنسیپێکى فکرى و ئەخلاقى لەپشتەوەیە و بۆ مەرامێکى زانستییە، نموونەش کۆچى کۆپەرنیکۆسە کە بەهۆیەوە جیهانى ئاشکرا کرد و گوتى گۆى زەوى خڕە و پان نییە.
ئەگەر کەمێک بچینە دواوە دەبینین کۆچ رەهەندێکى دیکەى سیاسى هەبووە لەدونیاى رۆژهەڵاتیدا، مەبەستم ململانێی نێوان نەتەوەى ستەملێکراوو کۆڵۆنیالیزمە، ئەمە جەنگێکى فکرى و فەرهەنگى بەرهەمهێنا کە لەنێو وڵاتى خۆیان نەدەکرا، بەناچار لەنێو وڵاتى خودى کۆلۆنیالەکان دەکرا، بۆ نموونە کۆچى فەلەستینیەکان بۆ هەندەران، بۆ درووستکردنى لۆبییەک بوو بۆ پشتگیرى کردنى کێشەى فەلەستین، ئەوانەش کە لەمیسر و جەزائیرەوە رۆشتبوون بۆ ئەوروپا، دیسان هەمان رەهەندى هەبوو، بۆ ئەوەبوو کە گەنجەکانیان لەیەک کاتدا دوو ئەرک ببینن، یەکەمیان خۆ رزگارکردن بوو لەهەژموونى کۆنتڕۆڵکردنیان لەدەستى کۆڵۆنیالیزمى فەرانسى، رەهەندى دووەم ئەوەبوو کە هەم لۆبى و هەم سەرچاوەى ئابورییەک بن بۆ ئەوانەى لەمیسر و جەزائیر لەژێر هەژموونى کۆلۆنیالیستى فەرانسى مابوونەوە، رەهەندى سێهەم پاراستنى کولتوورى خۆیان بوو کە لەئەوروپا بەرهەمدەهاتەوە، ئافریقییەکانیش نموونەیەکى دیکەى هەمان شێوەى ژیانى سیاسیین، بەڵام ئەوانەى کە لەبولگاریاو چیک و سلۆڤاکیا و رۆمانیا کۆچیان کردووە لەرۆژئاوا گیرساونەتەوە، جیاوازییەکى بەرچاویان هەبووە، یەکەم کێشەى چوونیان بەڤیزا نەبوو، چونکە لەرووى جوگرافییەوە هاوبەش بوون، دووهەم لەرووى کولتووریشەوە مێژووى هاوبەشیان هەبوو، بۆیە کێشەکەیان تەنها ئابورى بوو کە ئەمە لەدواى روخانى بلۆکى سۆڤیتى کۆن بووە مۆدێل، چونکە ئابورى بەشێکى زۆرى لەفەزاى ئازادى ئینسان داگیر کردبوو، سێهەم قەبوڵ نەکردنى ئەو بەناو جیاوازییە وەهمییە بوو کە تەنها راسیزمى بەرهەمهێنا، ئەوەبوو دەرەنجامەکەى لەدواى هاتنە سەرتەختى دیموکراتە راسیستەکان و شکستى سۆسیال دیموکراتەکان بوو لەزۆربەى رۆژئاوا و ئەسکەندەنافیا، بەهەرحاڵ جیاوازیەکە لەشێوەى هاندانى تاکەکاندابوو، نەک تەنها سیاسى و ئابورى، بەڵام ئەوەى لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و بەتایبەتى لە سوریا و یەمەن و لیبیا و کوردستان لەدواى هاتنى هێزە کۆلۆنیالیەکانى جیهان روویدا، بەلۆژیک و بەعەقڵ و ستراتیژى سیاسى نەبوو، کۆچێکى سەپێنراو بوو، بۆیە نەیانتوانى نەلۆبى درووستبکەن، نەوەڵامێک بن بۆ گۆڕینى شێوازى سیاسەتکردنى دەسەڵاتى نوێ، تەنها شتێک بوو کە جارێکى دیکە فەزاى ژیانى سیاسى دووبەرەکى نێوان تایەفەکان ببەنە ئەوروپا، دەرکەوتنى ئەو راسیزمەى کە دواجار لەنەرویژ و سوید و ئەڵەمان بینیمان و بوون بەهەواڵ، باشترین سەلمێنەرى ئەو راستیەن کە چۆن خەڵکى ئەم ناوچەیە نەیانتوانیوە بگونجێن لەگەڵ دونیاى دەرەوە، لەوەش واوەتر ئەوەیە کە کەمترین رۆژهەڵاتى لەدونیاى دەرەوە توانیویەتى دەورى تواناى خۆى ببینێت و کە گەڕایەوە وڵاتەکەى خۆى، لەئاستى کۆمەڵایەتیدا تواناکانى رەنگبدەنەوە، بەڵام بۆ میسرى و فەلەستینى و رۆمانی و بولگارى و هەنگارى و مەنگۆلیەکان تواناى بەشەرى بوو، مەسەلەى لۆبى درووستکردن تەنها لەئیسرائیلیەکان دێت کە لەدواى پاکتاوکردنیان لەلایەن نازییەت و دەسەڵاتى ئوسترالیا و مەسیحیەت و ئیسلام هتد، وەکو تەونى جاڵجاڵۆکە تەواوى سێکتەرەکانى ئابورى و ئەدەب و سیاسەت و بازرگانى یان کۆنتڕۆڵ کرد، کەڵکیان لەتواناى بیروبۆچوونى داوود بینگوێڕین وەرگرت کە دامەزرێنەرى ماسۆنیەتى ئیسرائیل و جوولەکە بوو، کەچى بۆ کوردەکان تەنها چوون بۆ هەندەران ئامانج بوو، ئەمە بەشێکە لەجیاوازییەکانى بەهەندەران بوونى کورد و بەشێک لەعەرەب و ئیسرائیلى و وڵاتانى رۆژئاواى رۆژهەڵاتى کە تائێستاش بەرگرى لەشێوەى ژیانى خۆیان دەکەن.

پرسیار: باشە تائێرە قسەت لەسەر مانا و رەهەندەکانى کۆچ کرد، ئەى ئەو کۆچەى کە لەدواى ساڵى 1991 چ بەتاک و چ بەکۆمەڵ روویدا و مافیاى جیهانى کەڵکیان لێوەرگرت، ئەمەیان چۆ جودا بکەینەوە، ئایا دەکرێ تەنها گوناحەکە بخەینە ئەستۆى ئەوروپا؟.

سمکۆ محەمەد: وەزعیەتێک کە لەڕابردوودا خەڵکى رۆژهەڵات تیا گوزەریان کرد. بەتایبەتى لەدواى جەنگە ناوخۆییەکانەوە لەلایەن داگیرکارى ئامریکاوە فەزاکەى گۆڕى، وەزعیەتێکى درێژخایەن و دڵڕەقانە بوو، هەم لەئاستى سیاسى و حوکمرانییەتى سیاسى و هەم لەئاستى کۆمەڵایەتیش، بۆخوێندنەوەى هەردوو رەهەندەکە هەوڵدەدەم بۆچوونەکانم بەسەر دوو میحوەرى جودا لەیەکتر دابەشى بکەم.

میحوەرى یەکەم پەیوەندیى بەجێگیرنەبوونى رەوشى سیاسى و ئابورى ناوچەکەوە گرێدەدەم، ئەمەش وەها فەزایەکى ئەمنى خوڵقاندبوو کە نەک هەر گەنج، بەڵکو تەواوى خەڵکى ناوچەکە بیر لەوە بکەنەوە وڵاتى خۆیان جێبهێڵن و چارەنووسى خۆیان بدەنە دەستى قەدەرێکى نادیارەوە، قەدەرێک بەدەستى قاچاخچى و پیاوانى مافیا و پۆلیسى دەوڵەتانى دراوسێ و رۆژئاوایى و تەنانەت نەتەوە یەکگرتووەکانیش، باشتر وایە کە هەندە کورت رەهەند نەبین و لەوە تێبگەین کە بەمۆدێلکردنى کۆچ تەنها لەیەک جوگرافیا نەبوو، بەڵکو وەزعیەتێکى ناسرووشتى بوو کە تەواوى ئەو وڵاتانەشى گرتەوە کە لەڕووى سیاسیەوە هاوشێوەى عێراقن و لەرووى ئابوریشەوە دەستکورت کراون و وڵاتە داگیرکار و چڵێسەکان چاویان تێبڕی بوون. مەبەستم لەدەستکورت کردن ئەوەیە کە وڵاتانى رۆژهەڵات خاوەنى سامانێکى سرووشتى گەورەى وەکو نەوت و گاز و فۆسفات و ئاون، بەڵام هەم دەسەڵاتداران و هەم وڵاتانى زلهێز بۆ خزمەتى کۆمەڵگە و خەڵک بەکاری ناهێنن، بۆ سەلماندنى ئەم داتایەش لەپەناهەندەى وڵاتانى وەکى ئێران و ئەفغان و ئەمریکاى لاتین و میسر و لیبیا و مەغریب و جەزائیر و فەلەستین و سوماڵ و سودان هەندێ لەوڵاتانى بەناو سۆسیالیستى کۆن و هتد دەرکەوت، ئەو وڵاتانە لەخۆڕانییە لەو ژینگە سیاسى و ئابورى و کۆمەڵایەتیەدا دەژین، بەڵکو چارەنووسیان بۆ نەخشەیەکى سیاسى وەکو ئەمڕۆ هەڵگیرابوو کە دواجار یبینیمان، لەحاڵێکدا دەبوو لەگەڵ روخانى سۆڤیەتدا ئەو وڵاتانە بڕوخێن و سیستمێکى دیکەى ئینسانى لەرووى سیاسیەوە جێگەیان بگرنەوە، بەڵام کە نەروخان، سیناریۆکان بۆ رۆژێکى وەها دواخران کە رەهەندى جیاوازى هەیە و جەنگێکى درێژخایەنى سێهەمە کە ئێستا بە ڤایرۆسى کۆرۆنا خەریکن ئەنجامى دەدەن، بەڵام لەفۆڕمێکى دیکەدا کە بەناوى جەنگى بایلۆژى دەکرێ.
میحوەرى دووەمى باسەکەمان ئەوەیە کە دیسان بەلەبەر چاوگرتنى وەزعیەتێکى نالەبارى وەها کە پەیوەندیى بەجێگیر نەبوونى هەلومەرجى سیاسى ئەو وڵاتانە و بارى ئابوریان هەبوو، دۆخێکى ڕەخساند کە ئەوروپا لەوساتە وەختەوە کەڵک لەو مەتریاڵە بەشەریە وەربگرێت کە لەدەست ناعەدالەتى وڵاتەکانیان و ترس لەمردن و غیابى یاسا، دەست لەنیشتمان و تەواوى ئەو یادەوەریانە هەڵبگرن کە زەمانێک خۆشیان ویستووە، سەرەنجام بچن لەبەردەم نەتەوەیەکگرتووەکان بەکەیسى جۆراوجۆرەوە داواى پەناهەندەیى بکەن و بژین و بەهەر کارێکى ناشایستە و رەش و نایاسایى ناچارو دەسەنەخواربن، هەڵبەت هەر کەسێک کە پرسى کۆچى لەلا گرنگە دەبێ ئەو داتایانەى لەبەردەستدا بێت کە رێگە خۆشکەرن ئەوروپا بۆ پڕکردنەوەى بوارى کارکردنى دەستى کار کەبەکرێکارى یەخەرەش لەقەڵەم دەدرێت، ئەمەش ئەوروپا بەهاوکارى لەگەڵ un پەیمانێکى ئابورى نهێنى ئیمزا بکات، تاکو لەرێگەى ئەو رێکخراوە نێودەوڵەتیەوە کەڵک لەو کەسانە وەربگرێت وەکو هێزێکى کار و دەستى کار، لەبرى ئەو هێزەى پێشوتر کە هەیبوو، هەرچى کرێکارێک کە پێشتر کارى رەشى دەکرد و بەیەخە سپى و بەکرێکارى پلە یەک لەقەڵەم بدرێن، نموونەش کرێکارانى کشتوکاڵ و سەنعەت و کەشتیڕانى بوو کە دواجار بێکارکران، رەنگە قەیرانى ئابورى لەناوچەى یۆرۆ باشترین سەلمێنەرى ئەم بۆچوونەى من بێت، بۆیە ئەو کێشە ئابوریانە و هەڵایسانە ئابورى و بەرزبوونەوەى رێژەى بێکارى لە ناوچەى دۆڵار نابینرێ، بەهەر حاڵ ئەم نەخشە سیاسییە ئابوریە درێژخایەنە، تاکو ئەو جێگایە توانى بەردەوام بێت کە زەنگى گۆڕینى مۆدێلى سیاسەت لەلایەن ئامریکاوە بۆ هەموو جیهان لێدرا و بوو بەمۆدێلێک بۆگشت ئەوروپاش، لەمڕاستایەشدا ئەوروپا تێیدا سوودمەند بوو، ئەمە جگە لەبازاڕێکى تر کە لەرووى تەکنۆلۆژیەوە کۆنتڕۆڵى وەدەست هێنابوو، بۆیە لاى من مەسەلەى کۆچ چەندە مەسەلەیەکى تایبەتى ناوخۆیی و گرەوى تاکە کەسە بۆ گەڕان بەدواى خۆشگوزەرانی و سیحرى ئەوروپا، دوو ئەوەندەش زیاتر پەیوەندیى بەسیاسەتى دەرەکیەوە هەیە کە لەمێژبوو نەخشەى بۆداڕێژرابوو. ئەگەرنا خۆ دەیان کەس لەدواى رووداوەکانى ساڵى 1996 چ لە عێڕاق و چ لە ئەفغانستان، بەویستى خودى ئامریکا رەوانەى دەرەوە کران، لەئەفەریقا کە جەنگى نێوان سودانى باشور و باکور لەئارادابوون، بۆیە ئەو هاوڵاتیانە تەنها گەنج نەبوون و بەویستى خۆیان کۆچیان بکەن، بەڵکو خودى ئامریکا بوو سوودى لەو خەڵکانە دەبینى کە پێشتر لەرێکخراوە بیانیەکان کاریان دەکرد و لەدەرەوەى وڵات بەکەسى سیاسى لەقەڵەمدران، ئەمە بەشێکە لەو رەهەندە سیاسیە ئابوریەى کە پەیوەندیى ناراستەوخۆى بەکۆچەوە هەیە.

پرسیار: تۆ تەنها باسى کۆچى زۆرەملێت کرد، ئەى کۆچى گەنجان بەتەنها کە بەشێکى زۆرى بەویستى خۆیان بوو، ئەمەیان چۆنە؟.

سمکۆ محەمەد: ئەگەر لێکۆڵینەوەیەک لەسەر کەیسى ئەو پەنابەرانە بکەین لەهەر وڵاتێکدا بەپێى تایبەتمەندى خۆیان بوون، دەبینین لەقۆناغێکەوە بۆقۆناغێکی دیکە تەفاوتیان هەبووە، بۆ نموونە لەسەرەتاى نەوەدەکاندا تاکو ساڵى 1996. ئەوکات un مافى پەنابەرێتى بەو کەسانە دەدا کە ئینتیمایان بۆ فکرى کۆمۆنیستى و چەپڕەوى سیاسى بوون، لەساڵى 1996 بەدواوەش بەو مافى پەناهەندەیى بەو کەسانە دەدرا کە خەڵکى ئەو ناوچانە بوون کە جەنگیان تێدابوو، کەچى لەساڵى 2000 بەدواوە تاکو ئاڵوگۆڕى سیاسى لەناوچەکە، هاوکێشەکە دەگۆڕێت، فیزەو پەناهەندەیى بەو کەسانە دەدرێت کەیسى ئیسلامى یان لایەنگرانى سیاسەتى ئەو دەوڵەتانەیان هەبووە کە حاکم بوونە، دواتر کەیسى ئەوانە قەبوڵ دەکران کە زەرەرمەندى شەڕى ناوخۆیى نێوان سوننەکانى بەغدا و سابیئەى خوارووى عێڕاق بوو، چونکە لەترسى جەنگى نادیارى تایەفەگەرى و نێوخۆیى نێوان شیعەو سوننە و جەنگى مەزهەبگەرایى کۆچیان دەکرد، پاشان بۆ ئێزیدییەکان کە تاکە زەرەرمەندى دەستى داعش بوون، ئەم هەقیقەتانە ئەوەمان پێدەڵێن کە کۆچى خەڵک بەرەو هەندەران و وڵاتانى ئەوروپا، سیناریۆیەکى نادیارى سیاسى و ئابورى رووت بوو، نەک کۆمەڵایەتى و نەبوونى ئازادى، نەک گەڕان بەدواى ژینگەیەکى تەندرووست و بینینى رۆمانسیانە بۆ یادەوەرى و نیشتمان، یان کۆچى درووستکردنى لۆبى نەتەوەیى یان زانستى، رەنگە بەشێکى پەیوەندیى بەگەڕانەوە بێت بەدواى ئازادى و ئازادى سیاسیەوە، هەڵبەت ئەمە هەقیقەتێکى تێدایە، مرۆڤ ئەگەر کەسێکى هۆشیار و خاوەن مەعریفە و بوونگەرا نەبێت، لەوڵاتى خۆى نەبێت نامۆ دەبێت، بارى سایکۆلۆژى تەندرووست نابێت، بەڵام راستییەکەى ئەوەیە نامۆ بوون تەنها لەدەرەوەى خاک و نیشتمان نییە، بەقەد ئەوەى لەپەیوەندیەکانى بەرهەمهێنانى سەرمایەشدایە کە دواتر دەبێتە مایەى سەرسوڕمانى تاکەکەس و نامۆبوون بەکولتوورى دەرەوەى خۆى.

من پێموایە بینینى ئەم پرسە رەهەندى دوورترى هەیە لەوەى تەنها بەکێشە ناوخۆییەکانەوە گرێبدرێت. یاخود بەسەرکێشى و یاخى بوونى گەنجەوە گرێبدرێت. بازاڕى ئازاد تەنها مامەڵە لەگەڵ کاڵاو شمەکدا ناکات، بەڵکو ئینسانیش وەک کاڵایەکى زیندوو تەماشا دەکات و کەڵکى لێوەردەگرێت، ئەمە رووى راستى ئەو سیستمە نوێیەیە کە لەنێو کایەى سیاسەتدا سیماى بازاڕى ئازاد ئارایش دەکات و هەوڵدەدات شەرعیەتى یاسایى نێودەوڵەتى پێبدات، بۆیە دەرەنجامەکەى ئەوەیە کە هەندێک لەو کۆچبەرانەى ئێستا ناویان رەوەندى کوردى و عەرەبیە دەگەڕێنەوە وڵاتەکانى خۆیان، بەهۆى ئەوەى دەریان دەکەن کە قەیرانى دارایى تەواوى ئەوروپاى گرۆتەوە و بەشێکیشى بەهۆى ئەوەى ناتوانن بگونجێن لەگەڵ ئەو سیستم و کولتوورەدا، هەندێکیان لەنوێ دەچنەوە، ئەمەیان پەیوەندیى بەخۆشگوزەرانییەوە هەیە کە ئینسان بەوەهم توشى بووە و پێیوایە ئیدى سەرتاپاى ژیان لەهەموو دونیا گۆڕاوە کە ئەمەش وەهمێکى ترە.

پرسیار: دەمەوێ پەنجە لەسەر بابەتێک دابنێم کە پێی دەوترێت کۆچى بەکۆمەڵ، تاچەند کاریگەرى هەبووە لەسەر دروستکردنى راى گشتى جیهانى لەسەردەمى ئێستاى سەرمایەدارى کە باڵی بەسەر تەواوى جیهاندا راکشاوە، بەمەبەستى خولقاندنى کەشێکى ئارام، روونتر بڵێم تاچەند هۆکارە بۆ گۆڕینی سیستمى سیاسی ناجێگیر، بۆ ئەو پنتە جوگرافییەى کە خەڵکەکەى پەڕاگەندە بوونە، تاچەند بەهاى بۆ کۆمەڵگە ستەملێکراوەکان هێشتەوە؟

سمکۆ محەمەد: وەکو لەوەڵامى پرسیارەکەى پێشووتر بەیانم کرد، تەفاوت و جیاوازى بەڕۆشنى تێدا دەبینرێت لەکۆچى رۆژهەڵاتییەک بۆ ئەوروپاییەک، یان کۆچى عەقڵگەرایى لەگەڵ کۆچى پەرچەکردار، ئەوکاتەى کۆچ کردن بەشێک بوو لەو سیاسەتەى کە بۆ چۆڵکردنى کۆمەڵگەکە لەهەڵسوڕاوانى سیاسى و رۆشنبیرى هاتە ئاراوە و بوو بەمۆدێل، لێرەوە لەکۆچى تاکەوە دەچینە کۆچى بەکۆمەڵ، بوونى تاکێک لە لەهەندەران، بوونى ئابووریەکى سەربەخۆیە بۆ خودى خۆى، بەڵام بوونى گرووپێک لەهەندەرەان کە بەستراتیژیەتى سیاسى دەوڵەتى بێت یان بە ستراتیژییەتى کۆمەڵایەتی بێت، هەوڵێکى جیاوازە و لانیکەم بۆ گرووپێکى ترە و ئامانجەکەیان جیاوازە، تاکێک خۆى گەرەکیەتى ستایڵى ژیانى بگۆڕێت و دوور بێت لەهەر سانسۆرێکى فەرهەنگى و کۆمەڵایەتی و ئایینى، بەدابڕان لەقەڵەم نادرێت، چونکە کاریگەرى نابێت، بەڵام گرووپێک کە دەچنە هەندەران ئەوا مانەوەیان یان گەڕانەوەیان، لەهەردوو بارەکەدا بەگۆڕینى ئەو کولتوور و فەرهەنگە کاریگەریان لەسەر بەجێماوەکانى وڵات دەبێت، جاران خێزانێک ئەگەر قەرزیشیان بکردایە هەوڵیاندەدا کەسێکیان رەوانەى دەرەوە بکەن، بۆ ئەوەى کۆمەکى مادیان بکات، مەرجى ژیان بوو لەکوردستان کە لەگەڵ عێراقدا هەر بەراورد ناکرێت، لایەنێکى دیکەى ئەوەبوو کە بەکۆمەڵ کۆچ بکەن، تاکو روحیەتى ناڕەزایەتى و پێکهێنانى هێزێکى جەماوەرى بۆ درووستکردنى راى گشتى و هەژاندنى شەقام لەبەرامبەر سیاسەتى حیزبە دەسەڵاتدارەکان نەمێنێت،
سەبارەت بەوەى چۆن بەراوردێک لەنێوان کۆچى رابردوو و کۆچى ئێستادا بکەین، وەکو گوتم جیاوازى و تەفاوتیان هەیە، هەمومان شاهیدى ئەوەین کە سەردەمێک هەڵمەتى دژە کۆچ کردن بەوە دەستى پێکرد، ئەگەر کەسێک لەدەرەوە بوایە بەکەسێکى بێڕەوشت لەقەڵەم دەدرا، دەیانوت بۆ ئەوە چۆتە دەرەوە کارى بەدڕەوشتى بکات، ئەمە بەشێکى بۆ هێزى سیاسى بەناو عیلمانى لەپشتەوە بوو، بەڵام بەشێکى زۆرى بۆ هێزە فەندەمینتالیلیستەکان دەگەڕێتەوە، چونکە ئەوان کارێکتەرى سیاسى هێزە گەورەکانى دەرەوەى کوردستان بوون، دواتر هەر ئەو هێرشانە خاوبوونەوە و کۆچ بوو بەمۆدێل و هەر ماڵ و خێزانێک کوڕێکى هەندەرانى ئەگەر داواى کچێکى بکردایە بۆ هاوسەرگیرى، ماڵى کچەکە مەمنونیش دەبوون، هەندێجار مەرجیان ئەوەبوو کە کوڕەکەیان، کچەکەیان بباتە هەندەران، ئەوکات بەهاى هەر 100$ ێک بەبارتەقاى مووچەى دەیان فەرانبەر دەبوو و دواتر ئەو فەزا ئابوریە بوو بەهەڵم و ئاسەوارى نەما کە ئەمە مەسەلەیەکى ئابوورى سیاسى بەحتە، تۆ بڕوانە وەزعى ئابورى چۆن گۆڕان بەسەر هاوکێشە کۆمەڵاتیەکانیش دێنێت، ئەمەیە جیاوازى نێوان کۆچى تاک و کۆچى بەکۆمەڵ، ماڵێک کچەکەیان بچێتە دەرەوە واتە سەرەتاى چوونى گروپەکەیە.

پرسیار: وەک باستکرد……… ( )، چۆن بتوانرێت پەنجە بخرێتەسەر رێکارەکانى کەمکردنەوەى ئەو پڕۆسەیە لەو فەزایانەى کە تێیدا بانگەشەی بە دامەزراوەیى کردنى ناوەندەکانى بڕیار و بەڕێوەبردنى دەکرێت، ئەمە ئەرکى کێیە، لەکاتێکدا دەیان ناوەندى ئەکادیمى هەمەچەشنى بوارەکانى زانستە مرۆیی و پیشەیى و سیاسی..هتد بوونى هەیە؟

سمکۆ محەمەد: بڕواناکەم هیچ کەسێک هەبێت شوێنى باب و باپیرى خۆى خۆشنەوێت و یادەوەرییەکانى بێ بەها تەماشا بکات، لەبەرامبەر ئەمەشدا هیچ کەسێک نییە لەبەر ئەوەى نیشتمانەکەى شوێنى باب و باپیریەتى و یادەوەرى تێدا هەیە، هەموو ناعەدالەتییەک و هەموو ناڕەحەتیەکى سیاسى و ئەمنى و ژیانى نائاسایى قەبوڵ بکات، کە وابوو لێرە بەدواوە وەهمى خۆشەویستى نیشتمان لەرۆمانسیەت دەچێتە دەرەوە، ئیتر ئەو نیشتمانەى کە تائەوکاتەى خاڵى دەبێتەوە لەبەختەوەرى و ژیانى ئاسایى و یەکسان بۆ هەموو هاوڵاتیەک، مانایەکى نامێنێتەوە، لەبەرئەوەى بەهاى ئینسانى نامێنێت، تموحى ژیانێکى یاسایى نامێنێت، پەیوەندیەکان لەسرووشتى خۆیان دەردەچنە دەرەوە، کەسێک نییە ئارەزووى ئەوە بکات، لەتەنهایدا ژیان بکات و کەسوکارى نەبینێت، کەسێک نییە ئارەزوى ئەوە بکات خزمەتى شوێنێک بکات کە چاک دەزانێت پەیوەندیەکانى بەردەوام نامێنێتەوە، کەسێک نییە ئەوە قەبوڵ بکات کە تەنها لەسەر ئەوەى رۆژهەڵاتیەو سەر ڕەشە، توانجى لێبدرێت و کارى بۆ مەیسەر نەکرێت، تەنانەت لەسوپەرمارکێتەکانیش شمەک و کاڵاى پێنەفرۆشرێت، تائەو رادەیەى کەسێک نییە بەماناى ئیدیۆلۆژیست ناوى کۆچبەرى بەناو بکرێت، هەر کارێک کە بەناچار دەیکات سەرەنجام بەرهەمەکەى بۆخۆى نییە، چونکە داهاتى رۆژانەى سنووردارە، بۆیە کاتەکانیشى سنووردار کراوە، ئەمانە هەموویان ماناى ئەوەمان دەدەنێ کە ئینسان ئەوکاتە نیشتمانێک بەموڵکى خۆى دەزانێ کە بەبێ لەبەرچاوگرتنى پلەبەندى هاوڵاتى بوون ژیان دەکات، ئەوەش کە لەدەرەوە بەختەوەرتر ژیان بەسەر دەبات، ئەمەیان بەبەراورد لەگەڵ ژیانى نائاسایى وڵاتەکەى خۆیەتى، من تەنها ناڕوانمە بابەتى کۆچ و بڕواشم بە چارەسەرى ریشەیى نییە، چونکە ئەم بابەتە جیهانییە زۆرەملێ بێت یان سەپێنراو.

پرسیار: باشە لەهەموو دونیا ئەم بابەتە بەردەوامە، لەلایەن میدیاوە کە بەحیساب دەسەڵاتى چوارەمە گرینگى پێدەدرێت، کەچى کێشەکە چارەسەر وەرناگرێت، ئایا پێتان وایە میدیا لەخەمى بابەتەکە بووە یان تەنها وەکو کاڵا مامەڵەى لەتەک کردووە؟.

سمکۆ محەمەد: جارێ با باسى ئەوە بکەم کە هەرگیز من میدیام وەکو دەسەڵاتى چوارەم نەبینیوە، ئەسڵەن لەچاوپێکەوتنێکى دیکەدا گوتوومە بەشێکە لەدەسەڵاتى سیاسى، نەک دەسەڵاتێکى سەربەخۆ بۆ چاودێریکردنى حکومەت، بەهەرحاڵ میدیا کۆچى وەکو کاڵایەک کەمتر تەماشا کردووە و هەندێکجاریش بۆئەوەى لەپەناى هەواڵ و ریپۆرتاژێکدا سوودى لێوەربگرێت، باسى کۆى وەکو دیاردەى رۆمانسیانە باس کردووە، زۆرجار خودى رۆژنامەنووسەکان کە بەنیازبون کۆچ بکەن، کارەکەیان دەخستە مەترسییەوە بۆ ئەوەى بیکەن بەکەیسێکى زیندوو کە ئەوروپا زۆر گرینگى بە نووسەر و رۆژنامەنووس دەدەن، رەنگە زۆرجار میدیاکار چیرۆکى وەهمیان هەڵبەستاوە بۆ ئەوەى بیسەلمێنن وڵاتەکە زۆر بۆگەنە، بۆیە خەڵک دەیانەوێ کۆچ بکەن لەترس و لەبێکارى و توندڕەوى و هتد، کەیسى خنکاندى ئایلان کە منداڵێکى سوورى بوو، واقیعیەتى کەسەکە بەپێچەوانەوە بوو سیناریۆ بوو، باشترین سەلمێنەریش ئەوەبوو کە یەکەم بەدەیان و سەدان منداڵى تر خنکان و بوون بە خۆراکى ماسییە قرشەکان، کەچى تەنها باسى ئایلان کرا، دووهەم رۆژنامەنووسەکان لەوێ ئامادەبوون وێنەیان دەگرت وەکو ئەوەى پێشتر ئامادەکرابن، سێهەم باوکى منداڵەکە دواتر ئیمتیازى وەرگرت و گەڕایەوە سوریا و پاشان ئاشکرا بوو کە کەیسەکە بەپێچەوانەوە بوو، میدیاکارەکان لەوێدا دەرکەوتن ئاراستە کراون و بۆ دەزگا تر کار دەکەن، ساڵى 1998 بینیمان پۆلیسى بولگاریا سەگیان بەردایە گیانى پەنابەرە رەش پێستەکان، میدیاکارەکان ئەو لایەنەیان شاردەوە، پاشان ئاشکرا کرا، بۆیە من هەمیشە بەگومانەوە تەماشاى ئەو کارەم کردووە کە خۆم ساڵێک خاوەنى ئەو شوناسەى کارکردنە بووم.




ناسینی كتێب: بيره‌وه‌ری له‌گه‌ڵ كتێب … سه‌باح ڕه‌نجده‌ر

هەر ڕووداوێك، كە ماوەیەكی بەسەردا دەچێت. دەبێتە یادگاری، یادگاریش مرۆڤ بە ڕوونی دەبینێت. لە ماڵەكەماندا پەنجەرەیەكی گەورەی داری بە هێڵەك داپۆشراو هەبوو، بە تەنیشتییەوە دەلاقەیەكی لاكێشەیی نیمچە گەورەی تێدا بوو، بە پەردەیەكی سپی داپۆشرابوو، پەردەكەش بە دەزووی ڕەنگاوڕەنگ وێنەی مانگ و چیا و مامز و كەوی لێ نەخشابوو. ئەم دەلاقەیە تایبەت بوو بە كاكم خالید. تەواو قووڵایی منیشە، بەداخەوە ئەو برایەم لە 25/8/1988دا جەیشی شەعبی، لە هەولێر شەهیدیان كرد.
شەهیدبوونی ئەم برایەم گورزێكی كوشندەبوو بەر ڕۆحی من كەوت و ئازاری هێناكایەوە. لەخۆ ئامادەكردندا بووم، ئەم ڕووداوە لەناو پێكهاتەیەكی كاریگەردا بەكاربهێنم، تا ئێستاش بۆم نەكراوە. لەبەر ئەوەی من لە سەرەتای شیعردا بەدوای ئاكامێكی نەزاندراودا دەڕۆم و لە درێژبوونەوەیدا دەیدۆزمەوە. لە بینینی دۆزراوەكەدا بەئاگادێمەوە، نایابترین دۆزینەوەش ئەوەیە لە ئاكامدا دەربكەوێت.
لە سەرەتادا ئاكامی ئەو ڕووداوەم دەزانی و لە كۆتاییشدا نەمتوانی بیدۆزمەوە، واتە: لە ڕووداوێك دەدوێم هێشتا ڕووی نەداوە. لەوانەیە ڕووبدات. هەوڵ دەدەم ئەو (لەوانەیە) بدۆزمەوە و لە دۆزینەوەیدا بەئاگابێمەوە، دۆزینەوە ڕوونكردنەوەی بیركردنەوەیە.
سەرەتای ڕێگا و بەركەوتنم لەگەڵ كتێبدا، یان ئەو پەیوەندییەی لە نێوان خوێنەر و كتێبدا دروست دەبێت و دەمێنێتەوە. لەم دەلاقەیەوە خاڵی بوون و سەرچاوەی درەوشاوەی وەرگرت و بوو بە ئەفسوونێكی بەهێز و نەشكاو و قەڵای پشت پێدان. كۆمەڵێك كتێب و دوو شووشە مەرەكەبی چینی، یەكێكیان ڕەش و ئەوی دی شین و قەڵەم پاركەرێكی بیست و یەكی ڕەنگ جەرگی تێدابوو، كتێبەكان زۆربەیان عەرەبی بوون. ئێستا نازانم ئەدەبی بوون، یان فەلسەفی، كۆمەڵناسی، سیاسی، مێژوویی، پەروەردەیی، ئایینی … تاد، لەناو كتێبەكاندا دیوانی: (حاجی قادری كۆیی) بە بەرگ تێگیراوی هەبوو، هەمیشە كەڵەگیای بۆنخۆشی لەناو دادەنا، كە گیایەكە وشك دەبوو، دەیگۆڕی و دووبارە دایدەنایەوە. ئەم كتێبە هی ئامۆزایەكی باوكم بوو، مامۆستای قوتابخانەی گوندەكەمان بوو. لە دامێن و ئەم لا و ئەولا سپییەكانی بۆنە و ڕێكەوتەكانی بنەماڵەكەمانی هەمووی تێیدا تۆماركردبوو، وەك: ڕێكەوتی مردن و لەدایكبوون و ژنهێنان و چوون بۆ حەج و گەڕانەوە و ناونووسكردنمان لە قوتابخانە … تاد.
ساڵی 1973 جگە لە كتێبەكانی قوتابخانە، یەكەمین كتێب بەر هەست و نەرمایی پەنجەكانم كەوت ئەم دیوانە بوو. كاكم بە دەنگ و ڕۆحێكی ئاهەنگسازییەوە دەیخوێندەوە. بە وریایی و ئارامی گوێم سووك و ڕوون ڕادەگرت. بێ ئەوەی هیچ شتێكی واش لە شیعرەكان حاڵی ببم، بەڵام لەناو چێژ و دەنگ و مۆسیقایەكەیدا ون دەبووم و بڕوام بە هەستێكی نادیار دەهێنا، بە دوای گەنجینەی شاراوەی زەینی خۆمدا وێڵ دەبووم، وێڵبوونێك مەگەر ڕێكەوت دەستم بگرێت و بمهێنێتەوە سەرەخۆ، دوایین مانای ژیانم پێبدات، كە مەرگە. مەرگیش یارمەتی تەواوی ئازارەكان دەدات. ئێستا بە گەشە و خۆشحاڵی و چێژی ئەوكاتم لە كتێبخانەكەمدا لە ڕیزی دیوانی شاعیرانی كلاسیكی كوردیدا، دیوانی حاجی قادری كۆییم یەكەمین دیوان ڕیزبەند كردووە و ئەوانی دی بە دوایدا.
لە سەرەتای منداڵیمدا حەزێكی بێ پێوانە و ئەفسووناویم بۆ گۆرانی تێدا ڕسكابوو، ڕادیۆیەكی نیمچە گەورەمان هەبوو، سندووقەكەی فایبەر بوو، بە پێستێكی قاوەیی داپۆشرا بوو، ئەمیش وەك دەلاقەكە لە قوماش بەرگێكی سپی بۆ كرابوو، بە دەزووی ڕەنگاوڕەنگ وێنەی مانگ و چیا و مامز و كەوی لەسەر نەخش كرابوو، هەمیشەش گوێم لێی ڕادەگرت و لە كەناری مۆسیقاوە دەجووڵام، لە شەڕەبەرد و ئاژاوە و ڕاوە كێشكە و نیشانەشكاندن بە دارلاستیك و هەڵەپاسی دووری دەكردمەوە، وەك ئەوەی ئەو ئاواز و نەوایەی گوێم نەرمە بارانێك بێت بەسەر خاك و خۆڵی دەوروبەرمدا بڕژێت و هەناوی فێنك و دەموچاویشی نەرم بكاتەوە. زۆر جاران بێ ئاگاداریی خوشك و برایەكانم بە شانی خۆمەوەم وەدەكرد و دەڕۆیشتم، بەم كردەیەم لێم تووڕە نەدەبوون و سەرزەنشتیان نەدەكردم، گردێك لە پشت ماڵمان هەبوو، بەناوی باپیرمەوە ناودێربوو، گردی: (حەسەنە لەك. حەسەن سلێمان وەلی) بەدڵ گردێكی دڵبەربوو، بەهاران گوڵە دەرزیلە و حاجیلە دایاندەپۆشت. دەچووم لە تەختایی ئەم گردەدا دادەنیشتم و تەماشای ئەم لا و ئەولا و شینایی دەمەوعەسران و زەردەی ئێوارانم دەكرد و گوێم لە بەرنامەی گۆرانی داواكراو ڕادەگرت، هەموو ڕۆژێك دەمەوعەسران دووبارە دەبووەوە و لەگەڵیدا نەرمەبایەكی ڕەحمەت بەسەرمدا هەڵیدەكرد. جیهانێكی بۆ دروست دەكردم، هەستی خۆمم لەناو دادەمەزراند. بڕواشم بە جیاوازیی دەنگەكان دەهێنا، لەم ڕێگایەشدا دەگەڕام، كە پێیدا هاتبووم، واتە: ناخی خۆم. سەگێكی بەوەفاشمان هەبوو، ناوی:(دەبان) بوو، كە لە ماڵ دەردەچووم لەگەڵم دەهات و پاسەوانی دەكردم. بە هیچ ئا و نایەكیش دوو هەنگاو لێم دوورنەدەكەوتەوە. وەك ئەوەی گەورەیەكم بێت و پێی گوترابێ چاودێریم بكات. نازانم ئەم ئەفسوونە چی بوو، كەوتبوومە ژێر ئەفسوونی دەنگی: (سەڵاح داودە)وە، بە تایبەتی گۆرانی: (كوێستانان خاڵخاڵ)، كە لە بەرنامەی گۆرانی داواكراودا زۆر داوا دەكرا. هەركاتێك ئەو گۆرانی بگوتبووایە ڕادیۆكەم دادەنا و دوومەترێك لێی دەكشامەوە و تەماشای شكۆیم دەكرد. وەك ئەوەی تەلیسمێك بێت ئەم حاڵ و جەزبە و حاڵەتە پڕ لە خۆشی و شادی و ژیانە و داكشانەوە بەرەو ناخەم، تەنیا لەگەڵ لەرەی دەنگی گەرمی ئەم گۆرانیبێژەدا بۆ پەیدا ببوو، پاشان لەناو شەپۆلەكانی بادا بۆی دەگەڕام و لە هەستمدا سۆزی سووتێنەر و پڕ ئومێدم دەدۆزییەوە، ئەو دۆزینەوە و پشووی ناخە ئەوپەڕی تایبەتمەندی بوو. هەر بەهۆی ئەوەی زۆر گوێم لە گۆرانی دەگرت. شارەزایییەكی سەرەتاییم لەسەر چینەكانی دەنگیش پەیدا كردبوو، دەمتوانی لەسەر شێوازی بەشێك لە گۆرانیبێژان گۆرانی بڵێمەوە. هەر شتێك، كە تاسە و خواست و ئارەزووت بۆی هەبوو، تواناشت بۆی پەیدا دەبێت. بەهیچ جۆرێكیش حەزم لە گۆرانی زرم و كوت نەبوو، هەمیشە حەزم لەو گۆرانییانە دەكرد، كە وەك هێڵێك خەیاڵ درێژ دەكەنەوە. ئەم ئەشقی گۆرانییە لەگەڵمدا مایەوە و گەشەی كرد و پێكهاتە و بنچینەی خۆی دامەزراند، ئێستاش گۆرانی هاوسەنگیم دەپارێزێت و لەگەڵ خۆم بەخشندە و شكۆمەند و ئاسوودە و خۆشحاڵ و قووڵم دەكاتەوە، وەك مۆسیقایەكی نەرم بژیم.
ساڵی 1978 لە پۆلی یەكەمی ناوەندیدا مامۆستای وانەی كوردیمان، كە ئەمڕۆ بە سوپاسەوە ناوی دەبەم: (شێركۆ ئەحمەد حەوێز) بوو، لە ڕۆژێكی زستانی باراناوی و سارددا لە پۆل داوای لێكردین داڕشتنێك لەبارەی (سروشتی لادێ) بنووسین. بەو پێودانگەی، كە من كوڕەلادێیی بووم لەوانی دی كەمێك زیاتر شارەزای ئەم سروشتەم. بۆ هەفتەی داهاتوو داڕشتنەكەی هێنایەوە و بۆ هەموو قوتابییەكان نمرەی شیاوی خۆی دانابوو، تەنیا ئەوەی منی نمرە لەسەر دانەنابوو، وەك ئەوەی هەستی بە كارخراپییەكی من كردبێت، بە تووڕەیییەوە گوتی: (سەباح سابیر حەسەن) كێیە و بێتەدەرێ، بێ ئەوەی هیچ قسەیەك بكات لە تەنیشت تەختەڕەشەكەدا ڕایگرتم. ئەم مامۆستایە، مامۆستایەكی بەجەرگ و دەگمەن و ملاومل پەروەردەكار و خۆش سروشت بوو، تا ئەو پەڕیش دڵبەدەرەوە بوو، لەگەڵ وانەی كوردی و دنەدانی قوتابی بۆ خوێندنەوەی ئەدەب و دامەزراندنی گۆڕانكارییەكی ئەدەبی. بەو بیانووەی وانەی كوردی زمانی خۆمانە و پێویستە لەناویدا بكوڵێین و بە دۆخەكانی ساردبوونەوە ڕەتببین، لەم نێوانەدا بگەین بە دۆخی دۆزینەوە و باش لە پێكهاتە و بنچینەكانی شارەزابین. زمانیش هەستێكی گەرماوگەرم و خۆڕسك و دەگمەن و پشوودرێژ لە مرۆڤدا دروست بكات. هەر قوتابییەك لە شەست كەمتری وەربگرتبوایە لێی دەدا و لێپێچینەوەی لەگەڵدا دەكرد. دوای ئەوەی ئافەرینی بەشێكی كرد و لە بەشێكیشی دا. ڕووی لە من كرد و گوتی: كێ بۆی نووسیوی. منیش لەو هەستە تۆقێنەرەی چەند چركەیەك پێشتر تێیدا خولم دەخوارد و بیرۆكەی پەرت و بڵاو گەمارۆی دابووم. زۆر بە ئارامییەوە گوتم: ئەدی مامۆستا لە پۆلدا نەماننووسی. نەختێك چووەوە ناو زەینی خۆی و تووڕەیییەكەی خاو بووەوە و خوێنێكی خۆشیی لە دەموچاوی خۆش سروشتیدا گەڕا. ئینجا نمرەی لەسەر داڕشتنەكەی منیش دانا و گوتی: ئافەرین (سەد). ئای چۆن سەركەوتنێكی بچووك لە دنیای ژێری دەتباتە دنیای سەروو. ڕۆژی دوایی هاتەوە كۆشیعری: (تاریك و ڕوون)ی هێمنی بۆ هێنابووم. منیش هێندە شەیدا و دڵبردە و دڵەدووی ئەو ئافەرینە بووم، نیو هێندە شەیدای شیری ناو گوڵەگەنمی كێڵگەی گوندەكەمان نەبووم. مەگەر ئەو دەمەوعەسران و زەردەی ئێوارانەی لەسەر گردی پشت ماڵمان، یان گردی ئاشناییم گوێم لە بەرنامەی گۆرانی داواكراو ڕادەگرت و دەچوومەوە ناو زەینی خۆم و لە خودام دەخواست ناولەپ و ناوچەوانم ڕێگاوبان بوونایە، گۆرانیبێژەكان بەناویدا هاتوچوویان بكردبووایە.
سەرەتای ڕێگا و بەركەوتن و یەكەمین پەیوەندیم لەگەڵ خانمی كتێبدا لەم ڕووداو و خۆشبەختییەوە دەستی پێكرد و بووە هێڵ و هێمای بوونم. ئەو هەفتەیە بە هەموو بوونێكمەوە لەناو كۆشیعرەكەدا ژیام، ژیانێك مەگەر بەس متەسەووفەكان لە مانەوەیان لەسەر دووگورد و شەونوێژ و چاوداخستن و وێرد بەرزكردنەوەدا، هێندە چێژیان وەرگرتبێت و لە بوونی خودا و لە خۆیان نزیك بووبێتنەوە و گەیشتبن بە ناخی خۆیان، واتە: یەكبوون لەگەڵ خودا و هێزی ئەدەب. بۆ هەفتەی داهاتوو كۆشیعرەكەم بۆ گەڕاندەوە. گوتی: بۆ ئاوا زوو هێناتەوە. بەدڵت نەبوو، یان لە خوێندنەوەیدا پەلەت كرد. منیش بە بێباكی و نەختێك بە هەوابەرزی و بە خۆهەڵخستنەوە گوتم: مامۆستا زۆرینەم لەبەرە. وەك ئەوەی بڕوام پێنەكات و لە قسەكەم بە گومان و دوودڵ بێت گوتی: دەفەرموو ئەگەر دەمت سپییە وەرە بەر تەختەڕەش و ئەوەی لەبەرتە بیڵێ. منیش گوتم كامە شیعر. دیسان هەڵوەستەیەكی تری كرد و چووەوە ناو زەینی خۆیەوە. وەك ئەوەی بیەوێت بمخاتە بەر ڕووناكییەكی هێمنەوە و لە بڕوا بەخۆبوون و خۆهەڵخستنەكەم دڵنیابێت. لاپەڕەی هەڵدایەوە و ناونیشانێكی دەگوت. تەواوی وانەكە، چل چركە بوو. من شیعرم تێیدا خوێندەوە. لە گۆكردن كەمێك هەڵەم دەكرد، بۆی ڕاست دەكردمەوە، لە كۆتایی وانەكەدا پێمی گوت: بەهرەیەكی دەگمەن و كەم وێنەی، ئەو وزەیەی هەتە باش مشتوماڵی بكە، چالاك نیشانت دەدات. هەر هەمان ڕۆژ منی بە كتێبخانەی (تەئمیم) و خاوەنەكانی: (جومعە و ئەحمەد)، كە دوو مرۆڤی هێمن و لەسەرەخۆ و ڕووخۆش بوون، ئاشناكرد و ناوی ڕۆژنامە و گۆڤارە كوردییەكان و كاتی دەرچوونیانی بۆ نووسیم. یەكەمین كتێبیش، كە كڕیم كتێبی: (كاروانی شیعری نوێی كوردی) كاكەی فەلاح بوو، دوابەدوای ئەمیش كۆشیعری: (خونچەی سەهۆڵ)ی ئازاد دڵزار بوو، ئێستاش ناوەناوە كتێبی یەكەم و دووەم بۆ تەماشاكردنەوە و خوێندنەوە هەڵدەبژێرمەوە.
لەو ڕۆژەوە ئەو بیرۆكەیەم لەسەر گەڕا، لەفە و بەدەمچە و كەوكەو و شەڵغەم و لەوزینەگەزۆ و شەكرلەمە و فەریكەنۆك … تاد، خواردن نەما. ڕۆژانەكەم بووە خەرجی ڕۆژنامە و گۆڤار و كتێب، یارمەتی ئەوەی دام توانا لە خۆمدا بدۆزمەوە و ئاراستەی كردم و جیهانی نادیارم كەوتە گەڕ.
دوای ئەوەی چوومە ناو خوێندنەوە و بە ڕۆژنامە و گۆڤارەكانی حەفتایەكان داهاتمەوە و ئاشنای ناوی نووسەران بووم. بۆم دەركەوت ئەم مامۆستایەم لە ماوەیەكی كورتدا نووسەرێكی كارا و چالاك بووە، دیارترین نووسینی ئەم لێكۆڵینەوەیە لە ڕۆژنامەی هاوكاری، ژمارە (تایبەت) لە 1/1/1972 بە ناونیشانی: (حاجی قادری كۆیی: شاعیری سەردەمی ڕاپەڕینی نەتەوەی كورد) بڵاوی كردووەتەوە.
ئەو بایەخدانەی بەمن ئەوە بوو، ئەو بۆشایییەی كەوتبووە نێوان (ئەم) و (نووسین) منی بۆ پڕكردنەوەی هەڵبژارد، وەك بڵێی بەهرە و توانای خامۆشبووی خۆی لەم هەڵبژاردنەیدا دۆزییەوە و بەردەوامبوونی خۆی لە مندا پەرەپێدا.
لە ناوەڕاستی هەشتایەكاندا: (مەحموود زامدار) نووسینێكی ڕۆژنامەوانی لە ڕۆژنامەی: (هاوكاری)دا لەبارەی نوێبەخشی شیعری كوردی و شانەی: (پێشڕەو)دا نووسی. لەو نووسینەیدا دەستەواژەی: (كرمی كتێب)ی بۆ من بەكارهێنابوو، ئەو ڕوونكردنەوەشی دابوو: خەونی ئەم لاوە خەونێكی درێژە. ئەگەر پێی لەسەر زەمینەی خوێندنەوەدا لانەدا. حاڵەتێك بە شیعری هاوچەرخی كوردی دەبەخشێت.
شیعرەكانی: (هێمن) چێژی زمانی ئەو گوندەی دەدا، كە خۆی تێیدا لەدایك بووە. بە سادەییش وێنەی ژیانی ئەو خەڵكەی كێشاوە، كە هەستان و دانیشتنی لەگەڵیاندا هەبووە، واتە: دەرەنجامی ژیان و گوزەرانی خۆیەتی. زمان و زمانڕەوانی شیعرەكان كەمێك لادێیی بوون. چاو و زەین و ئەقڵییەتی ئەوسای منی بە پڕی ڕادەگرت، تا ئەوپەڕی چێژ، بردمیە وەرگرتنی دۆخی چێژی خودایی. چێژی كتێب لە توانایدایە بیابان بكاتە بەهەشت. ڕەنگە هەر ئەو سادەیی و بریقە و زمان پاراوییە بووبێت زمانی لا كردمە ئەو بەهەشتەی: (شاری خۆر) پەرستن و شەونوێژی بۆ دەكەم، بچمە ناوی و بیكەم بە ڕوانگە و گوتاری ناخم و هەوڵی دۆزینەوەی وشەی گونجاوی تێدا بدەم. وەرچەرخانێكی تەواوی ئاراستەكانی ژیان بوو، هەروەها تاڕادەیەك ئەو ئاراستەیەی دامێ، بزانم هێز و بێ هێزی زمان لە كوێی دەقدا دەردەكەوێت و بە ئەدەبیبوونی دەقیش لە چ بەكارهێنانێكدا ئاستەكانی دەردەكەوێت، واتە: ئەوەی بابەتێك دەكاتە بابەتی ئەدەبی، زانیاری و هێزی زمانە، یان هێزی زمان و كاریگەریی بابەت.
شیعر بە تەنیا لە تێڕوانینی زمانەوە ئاستداری دەستنیشان ناكرێت. لە تێڕوانینی بابەتی هەستی و بەكارهێنانی ئەدەبییانەی زمانەوە، گەشانەوەی هەستی و زمانیی لای خوێنەر گەڵاڵە و بەرجەستە دەبێت. بە شیعربوونی هەر ڕستەیەك مانای ئەوەیە زمان لە بەكارهێنانی زمانی ڕۆژانەدا دەرهاتووە و هێندراوەتە ناو زمانی ئەدەبەوە، هەروەها كارلێكردنی وشە لە دەقی ئەدەبیدا، چۆن هێزی وشە وشەیەكی دیكە ڕادەكێشێت و دروستی دەكات و تۆڕی زمان دەچنێت.
ئەگەرچی (هێمن: 1921 – 17/4/1986) وەك تەمەن حەڤدە ساڵ دوای (گۆران: 1904 – 18/11/1962) لەدایك بووە. حەفت ساڵیش لەم زیاتر ژیاوە، بەڵام نوێبوونەوەی شیعری كوردی چاوگەكەی لە گۆرانەوە دەست پێدەكات. هێمن لە چەمكی شیعری ئاسایی دەرنەچووە، بەو ئاست و ئاراستەیەش دەینووسی، واتە: وەك شێواز كۆنەخواز بوو، بەڵام وەك بیروڕا و دەربڕین نوێخواز بوو، دیوانەكەی لە لام ئامادەیە و سێبەرەكانی بە تەواوی لەناو زەینمدا دەجووڵێن، هیچ خاڵێكی گۆڕانكاری فۆرم و نوێبەخشی و توخمی نوێی شێوازی پێشكێش بە دیوانی شیعری كوردی نەكردووە. لە دەقی: (بەهاری كوردستان)، بە شیعر لەبارەی سروشتی نووسیوە، هەموو خەسڵەتەكانی هۆنینەوەی شیعری تێدایە، بەڵام شیعرییەت و خەیاڵی پڕی تێدا نییە. لەم دەقەیدا بە شاعیر داناندرێت، بەڵكو بە ڕووەك ناس و شارەزایەك لەبارەی ژیانی لادێ دادەندرێت. بەڵام بەشێك لە شیعرەكانی كۆشیعری: (ناڵەی جودایی) شیعری مەیدان كورت نین و لە شیعرە هەرە دەگمەنەكانی ئەدەبی كوردین. بەتایبەتیش شیعری: (ئێوارەی پایز)، شیعرێكه‌ تێیدا گه‌یشتووه‌ته‌ به‌ پاكی و بێگه‌ردییه‌كی ڕۆمانتیكیانه‌ و تەواو هەستییە، لە زەمینەی شیعری پڕ و شیعرییەتی پڕ خوڵقاوە.
ئەو ئاوە ڕوون و ڕەوانەی ڕشتوویەتی بۆ ئەبەد ڕۆحی تەڕ كردووم و لە ناخی دڵەوە لەگەڵم دەدوێ و ناخی كردووم بە مێزگرد و مێزی گفتوگۆ و ئاهەنگی ژیان، بەڵام هەستی شیعریی من لەسەر هەستی شیعری ئەو دانەمەزرا، هەروەها بەهیچ ڕێبازێكی سیاسی و ئایدیۆلۆژیش كاریگەر نەبوویمە و نەبوونەتە ڕێ ڕوونیم، بێجگە لە شیعر خۆی نەبێت، شیعری بێگەرد. دوای ئەوەندە ساڵە و بڕینی هەزار و یەك ڕێگای دوور و نزیك، نازانم چۆن دەربڕین لە پایە و بەهای تۆ بكەم و پاداشتت بدەمەوە. بە كامی دڵ لە باوەشت دەگرم و دەستت ماچ دەكەم و ڕێز لە سیما و چاوی پڕ لە ڕازت دەگرم، هەروەها هەر لەم بۆنەیدا هەل و بوارێك وەردەگرم تا گوناهێك لەسەر شان و ڕۆحم هەڵگرم و باری گران و بە ئازاری شان و ڕۆحم سووك بكەم. گوناهێك، دواتر بۆ نووسەرەكەی بە خێر گەڕایەوە. لە تەمەنم یەك جار كتێبم لە كتێبخانە لە غەفڵەتی خاوەنەكەیدا بردووە، ئەویش لە 14/10/1985، كۆچیرۆكی: (پێكەنینی گەدا)ی حەسەن قزڵجی بوو، نەمدەزانی بە شەقامدا دەڕۆم، یان بەناو گەرووی مار و تونێلێك ئاگر، یان لە ڕەوەزە شاخێكی عاسێدا گیربوویمە و هەڵدێران هەڕەشەم لێ دەكات، ها ئێستا نا، دوو هەنگاوی تر دەكەومە ناو چاڵێكی بێئامانەوە. لە نیوەی ڕێگای گەڕانەوەم بۆ ماڵەوە، یەكڕاست بە ڕەنگی زەرد و هەڵبزڕكاو و دەروونی ماندوو و نیوەڕۆح بوومەوە گەڕامەوە لای: (جومعە و ئەحمەد)، دانم پێدانا ئەم كارە خراپەم كردووە. ئەمانیش دەستیان لەسەر شانم دانا و دڵیان دامەوە و گوتیان: بۆیە دڵمان بە كتێب و ژیان خۆشە، هێشتان مرۆڤی باوەڕ بەپاكیی خۆی وەك تۆی تێداماوە، بە بچووكترین هەستپێكردن لە ناخەوە ئازاری پێبگات. لێیان بووریم و كتێبەكەیان لێ وەرنەگرتمەوە و دیوانی: (مەحوی)شیان بە دیاری وەك ڕەفتار و كردەوەیەك پێدام. لەم بارەی لێبووردنەدا هەر ئەوەتا لە خۆشیدا گەشكە نەیدەبردمەوە، لە قووڵایی بوونمەوە پاك بوومەوە و بەرەو ئارامیی دەروونی ڕۆیشتم. كتێبەكەم هەر لەلا مایەوە و هەمیشەش لێی دەسڵەمیمەوە. تا ساڵی 2010، پێشنیازم بۆ دەزگای چاپ و بڵاوكراوەی ئاراس: (بەدران ئەحمەد حەبیب) كرد، كە چاپی سێیەمی ئەم كۆچیرۆكە بكەنەوە. هەردوو دەستی لەسەر چاوی ڕەزامەندی دانا و گوتی: شەیدای زمانی ئەو چیرۆكنووسەم و سوودیشم لە پێكهاتە و بنچینەی زمانە ئێجگار زیندووەكەی وەرگرتووە، توانایەكی سەرسوڕهێنەری هەیە لە بەكاربردنی وشەی پەیوەست بە ژیانی كۆمەڵگای كوردییەوە و زمان تائەوپەڕی دەناسێت و باش لە ناوكی وشەش تێدەگات، فەرهەنگی وەك خاكی سوارچاكان پاگژە و دەزانێت چۆن بنووسێت. ئەمانیش دوای هەوڵ و كۆشش و پەیوەندیكردن، شەش چیرۆكی تری چیرۆكنووسیان خستە پاڵ چیرۆكەكانی: چاپی یەكەم: 1967 – بەغدا، چاپی دووەم: 1985 – بەغدا، ساڵی 2010 چاپی سێیەمیان خستە كتێبخانەوە.
هەر بە ڕێ ڕوونی كتێبەوە لەگەڵ خەمی هەستپێكراو و دنیای زەینی زۆرێك لە شاعیر و نووسەران ئاشنا و پێیانەوە پەیوەست بوویمە، كەم و زۆر توانای ئەوان لە خۆڕاچڵەكاندن و گەشە و پەروەردەكردنی ئەقڵ و خەیاڵ و داڕشتنی بینا و بینایی من، گەنجینە و هێزی ڕۆح و پێوانەی شیاو و سەرچاوەی درەوشاوە و سۆزی شاراوە بوونە. هەمیشەش لە ئەزموونی خۆمدا ویستی یەكەم و بێ پێوانەم ئەوە بووە، (ئەدەبێكی فرەنیگا)ی خۆكردی حەڵاڵزادەی خۆم بەرهەم بهێنم. چیشم زانیوە، ئەوەم نووسیوە. جەوهەری پێكهاتەی مرۆڤیش ئەوەیە چی دەزانێ ئەوە بنووسێت. دەنا چاكتر وایە دەفتەری نووسینت داخەی، چونكە نووسین یەكجار (نەمر) دەبێت، واتە: ئەو نووسینە نەمرە، كە تۆ هەست و زانینی دوای خوێندنەوەی ئەوت نووسیوە، ئەو، واتە: سەرچاوەی یەكەم. نووسینی هەست و زانینی دوای خوێندنەوە، نووسینێكی بێهێز و بێدەسەڵاتە و شكۆمەند نییە. ناتوانی خۆتت تێدا بێتە بەرچاو، هەروەها زۆر زەحمەتە لە وڵاتێكی شڵەژاوی وەك كوردستان، شاعیر بیت و نەكەویتە ناو گێژەنی سیاسەتەوە، كە سیاسەت لە هەر چوار لاتەوە بۆ ساتمە و خلیسكان گەمارۆی داویت، ئەگەر بیشكێنیت نانی ئەو مەودا كورتەی نێوان دەست و دەمت ڕادەپچڕكێنن. من خۆم لادا لەو خۆشگوزەرانییە. لەخەباتێكی ڕاستگۆیانە لەپێناو بەدیهێنانی (شیعری بێگەرد) مامەوە و ژیام. بێباكیش بووم لە ئاست تەڵە و داو و بۆسە و بوختانی نامەردان. وەك نوختەیەكی نادیار لە ئاسۆ و دووری شیعردا دەركەوتم.

تشرینی یەكەمی 2015 هەولێر




شیعر زمانی مرۆڤ و گەردوونە … ناڵە حەسەن

خوێندنەوەیەک بۆ دەقی ( وەرە بەیەکەوە بژین ) ی کەژاڵ ئەحمەد

                                                              

ماوەیەک لەمەوبەر لە نامەیەکدا ، خوێندنەوەیەکمان بۆ چەند دەستەواژەیەکی دەقێکی شیعری (سەباح ڕەنجدەر ) ی شاعیر کرد هاوکاتیش ، باسم لە مانیفێستێکی خۆم کردبوو ، کە پێکهاتووە لە سێبەش ، لەوێدا دووبەشی مانیفێستەکەمان باسکردبوو ئەوانیش لەژێر ناوی ( شیعر فۆرمێکی بێدەنگ نییە..! ) و ( شیعر عەشقێکی گەورەیە ..! ) ، هەروەها ڕەهەندەکانی پشت ئەو گوتنانە و لەچوارچێوەی خوێندنەوە بۆ هەندێک لە چەمک و هێما و کۆدەکانی نێو دەقەکە باسکردبوو . وا لێرەشدا بەشی سێیەمی مانیفێستەکە لەژێرناوی ( شیعر زمانی مرۆڤ و گەردوونە ) باسدەکەین و ( بەریەککەوتن و هاوتەریببوونی ) ناوەڕۆک و ئامانجەکانی ئەوبەشەش لە سیاقی خوێندنەوەمان بۆ ئەو دەقە بەدەردەخەین ، هەروەها دەیکەین بە ( میتۆدێک ) بۆ خوێندنەوەی دەقی ( وەرە بەیەکەوە بژین ) ، کە یەکێک لە شیعرەکانی( کەژاڵ ئەحمەد ) ی شاعیرە ، هەوڵدەدەین هێندەی بۆمان بکرێت لە دەرگای چەند بابەتێکی پێویست و گرنگ بدەین . لە سەرەتاوە شیعرەکە چ لە ڕووی ناوەڕۆکەوە یان لە ڕووی زمانەوانی و فۆرمەوە ، تا ئاستێکی بەرز جوانی بەرجەستەکردووە ، بە زمانێکی شیرین و پڕ هەست و سۆز ، دەقەکە نووسراوە ، وشە و میلۆدییەکانی ئەم دەقە ، گەمە لەگەڵ دەمارە عاتیفەییەکانی خوێنەر دەکەن و چێژێکی بێوێنەی پێ دەبەخشن ، هەروەها لەم دەقەدا بە توانایەک و هەست و خەیاڵی شاعیرانەوە عەشقێکی گەورە نمایشکراوە ، یان باشترە بڵێم / چیڕۆکی عەشقێکی گەورە دەگێڕێتەوە ، وەک ئەو چیڕۆکانەی لەنێو کتێبی ئەفسانەکانەوە باسدەکرێن . لە پشتی ئەو خەیاڵە ڕۆمانسییانەوە لە دەرگای کۆمەڵێک بابەت و مەسائیلی گرینگ دەدات کە / پەیوەندییان بە ژیان و چارەنووسی مرۆڤەکان و هاوکات پەیوەندییان بە شیعر و مەعریفەی شیعرییەوە هەیە ، لە سەرەتاوە شیعرەکە بەمشێوەیە دەست پێدەکات .
سبەینێ واز
له‌ماڵه‌باجێنه‌ى ته‌نیایى ئه‌هێنم
تۆش واز له‌ دارلاستیکى سه‌رکێشى بهێنه‌
لەم کۆپلەیە / هەست بە سەرەتای نەخشە و پلانێک دەکرێ ، وەک خۆئامادەکردنێک یان وەک سەرەتایەک بۆ چوونە نێو ئەو دنیایەکی جیاوازەوە / ئەویش دنیای عەشقێکی نوێیە ، لەسەرەتاوە بە بڕیارێک دەست پێدەکات ، شاعیر لەنێو شیعرەکەیدا / دەگاتە ئەو باوەڕەی کە هەر لە سبەینێوە واز لە ( ماڵەباجێنەی تەنیایی ) بهێنێ و دەخوازێ دڵدارەکەشی واز لە ( دارلاستیکی سەرکێشی ) بهێنێ . وادیارە ( ئەو ) واتە دڵدارەکەی هێشتا نەگەیشتۆتە ئەو بڕیارە و بەتەواوی یەکلانەبۆتەوە ، بۆیە لە سەرکێشییەکانی بەردەوامە ، بەڵام ئەگەر ، لەڕووی زمانەوە سەیری ئەم دەستەواژە و ڕستە شیعرییانە بکەین ، دەبینی پەیوەندییەکی بەهێز و ناوازەی لەنێوان وشەکانی ( دارلاستیک و سەرکێشی ) یان ( ماڵەباجێنە و تەنیایی ) دروستکردووە ، هونەرکارییەکی شاعیرانەی تیاکردووە ، هەردوو وشەکەی لەمانا بنەڕەتییەکە داماڵیوە بەتایبەت ( دارلاستیک و سەرکێشی ) ، لە پەیوەندییەکی نوێدا مانایتری پێبەخشیون ، وشەی ( دارلاستیک ) ، پەیوەندی بە تەمەنی منداڵییەوە هەیە ، زێتر منداڵ دارلاستیک بەکار دەهێنن بەتایبەت کوڕان وەکچۆن ( ماڵەباجێنەش ) یاری کچانەیە ، سەرەمانێک دیارە مەبەستمان لایەنی کەم بیست ساڵێک لەمەوبەرە ، کە ئەوکات / ئەتاری و پلەیستەیشن و کۆمپیتەر و ئەنتەرنێت نەبوون ، منداڵ دوای قوتابخانە زۆربەی کاتەکانی لە کۆڵان و لەگەڵ منداڵانیتر بەسەردەبرد ، دارلاستێک بۆ شەڕی نێوان کۆڵانەکان و گەڕەکەکان بەکاردەهات و یان بەردگرتنە چۆڵەکە و باڵندەکان ، واتە دارلاستیک لایەنێکی ( نیگەتیڤ )یشی هەبوو ، هاوکات سەرکێشیش دیوێکی نێگەتیڤی هەیە ، بەڵام / لێرەدا دارلاستیک هێمایە بۆ منداڵی ، واتە وشەیەکە بەرائەتێکی جوانی پێبەخشیوە ، سەرکێشیش دیوە نێگەتیڤەکەی لێ داماڵیوە ، چونکە ئەم دوو وشەیە لەپەیوەندییە نوێیەکەیان دەتوانین وا خوێندنەوەی بۆ بکەین ( سەرکێشییەکی منداڵانە ) ، واتە دەخوازێ / دڵدارەکەی واز لە کێشییە منداڵانەییەکەی بهێنێ ، هەروەکچۆن خۆی واز لە ماڵەباجێنەی تەنیایی دەهێنێت …! پێشتریش لەسەر ئەم بابەتە قسەمان کردووە و گتومانە / لە نێو زمانی شیعری داماڵینی وشە و چەمک و هێماکان لە مانا پێشوەختەکان و مانا فەرهەنگییەکان ، ئەوە پڕۆسەیەکی داهێنەرانەیە ، هەروەها د. محەمەد کەمال لە کتێبی ( فەلسەفەی بوون ) ، لە ڕووی بوونگەراییەوە باس لەم پڕۆسەیە دەکات و ئەو بە ( هەڵوەشاندنەوە و دامەزراندن ) ناوی دەبات و دەڵێت (پەیوەندی نێوان ئەم دوو خەسڵەتە گرنگە و ناتوانین لە یەکدییان جیا بکەینەوە ، ( هەڵوەشاندنەوە ) بەبێ مەبەستی دامەزراندن و لە پێناو هەڵوەشاندنەوە دەبێتە ( وێرانکردن ) بەڵام ، بۆ ئێمە هەڵوەشاندنەوە لە وێرانکردنەوە جیاوازە ، چونکە دەمانەوێت لە ڕێگەی هەڵوەشاندنەوە بیرۆکەی نوێ دابمەزرێنین و بە ئاکامێکی دیکە بگەین …! ) ، هەروەها هەر لە پەیوەند بەم بابەتە ئەوەش دەڵێت کە / ئەگەر هەڵوەشاندنەوە دامەزراندنی بەدوادابێت ، ئەوا هەڵوەشاندنەوەکە دەبێتە ( پڕۆژە ) ، واتە پڕۆژەیەک ڕوو لە داهاتوو …! هەروەکو ئەوەی لەو پەیوەندییەی نێوان وشەکانی ( دارلاستیک و سەرکێشی ) ، هەڵوەشاندنەوەمان بینی ، وشەکان لە مانا پێشوەختی و مانا فەرهەنگییەکانییان داماڵرابوون ، لە پەیوەدییەکی نوێ بنیادنرابوونەوە ، واتە دامەزرابوونەوە ، ئەم هونەرکارییە لە زمان تا ئاستێکی باش قووڵی و جوانکاری بە دەستەواژە و ناوەڕۆکەکە بەخشیوە . کەژاڵ ئەحمەد لە بەشێکیتری شیعرەکەیدا دەڵێت /
من رێگه‌ى هه‌موو رۆژێک و
ئه‌درێسى ژیانم ئه‌گۆڕم
به‌کۆدێکى زۆر نهێنى
که‌ دڵته‌
تا هیچ که‌سێ نه‌توانێ بمدۆزێته‌وه‌
کلیلى دڵم ئه‌شکێنم.
شاعیر لەپێناو بەدیهاتنی خەونێکی گەورە و گەیشتن بەدواڕۆژێکی پڕ لەخۆشەویستی لەگەڵ کەسیک کە ، سوارچاکی نێو خەون و خەیاڵەکانییەتی ، ئامادەی هەموو بڕیارێک و هەموو گۆڕانێکە لە ژیان و لە خۆیدا بۆیە ، لە سەرەتاوە بڕیاردەدا واز لەماڵەباجێنەی تەنیایی بهێنێت ، ئەمیش واز لە دارلاستیکی سەرکێشیی بهێنێت ، ئێستا / بڕیاریتر دەدات کە ، ڕێگاکانی هەموو ڕۆژە و ئەدرێسی ژیانی بگۆڕێت ، خۆی ون بکات و لەچاوی ئاوەدانی خۆی بشارێتەوە ، تەنها بە کۆدێک بدۆزرێتەوە ئەویش دڵی دڵدارەکەیەتی ، واتە وەک ئەشقیایەکی شەیدا ، لەو زێتر کەسێکیتر ناتوانێ بیدۆزێتەوە . لە دیمەنێکیتری شیعرەکەیدا دەڵێت ،
وه‌ره‌ به‌یه‌که‌وه‌ بژین…
له‌ناو ئینجانه‌یه‌کى زۆر بچکۆڵه‌دا
که‌ عاشقێکى خوێنشیرین
له‌ حه‌وشه‌ى خوێندنگه‌یه‌کى تێکه‌ڵاوا
دایبنێت و
مامۆستایه‌ک به‌تاسه‌وه‌ بۆنى بکا.
بەپێی ئەم دیمەنە شیعرییە ، عەشقەکەیان گەیشتۆتە ئاستێک ، کە مانەوەیان لەدووری یەک و لە نێو کونجەکانی تەنیاییدا ، سووتان و ئازارێکی گەورەیە ، ئازارەکەی هێندە کاریگەر و بەسۆیە کە بەرگەگرتنی کارێکی سانا نییە ، بۆیە دڵبەر بە دڵدارەکەی دەڵێت / وەرە بەیەکەوە بژین ، بەڵام شاعیر ئەم داوایە لە نێو وێنەیەکی شیعری زۆر نایاب و ناسکۆڵە دەردەدبڕی و دەڵێت ، وەرە بەیەکەوە بژین / لەناو ئینجانەیەکی زۆر بچکۆڵانەدا ، ئەم دوو عاشقە هێندە تامەزرۆی یەکتری و گەیشتن بەیەکن ، هەرشوێنێک بێت ، تەنانەت / نێو ئینجانەیەکی بچکۆڵانەش بێت قەبوڵیانە ، دەبن بە دوو گوڵی بۆنخۆش و دەچنە نێویەوە ، دەخوازن عاشقێکی خوێنشیرین لە حەوشەی ( خوێندنگەیەکی تێکەڵاوا ) دایانبنێت و لەوێدا مامۆستایەک یان قوتابییەک بەتاسەوە بۆنییان بکات . دیمەنێکی تابڵێی ڕۆمانسی و پڕ لە هەستی شاعیرانەو بە زمانێکی شیرینی شیعری ، بەکارهێنانی ( خوێندنگەیەکی تێکەڵاو ) زۆر لەشوێنخۆیەتی و مەودای بیرکردنەوە و ناوەڕۆکی وێنە شیعرییەکەی قووڵتر کردووە ، کە لە بەشەکانیتری ئەم دەقە هەڵوێستەی زێتری لەسەر دەکەین . شاعیر بە هەمان وزە و خەیاڵە دۆزەخییەکانی لەنێو دەقەکەی بەردەوام دەبێ و دەڵێت
من و تۆ به‌یه‌که‌وه‌ بین
هێڵى ته‌له‌فۆنه‌کانى شار
بیست و چوار سه‌عات سه‌رقاڵى گوێگرتن له‌ ئه‌وین نابن
من و تۆ به‌یه‌که‌وه‌بین
ئیتر کاره‌با نابڕێت و
هه‌موو رۆژێ ئاو دێته‌وه‌
‏Googleیش رزگارى ئه‌بێ له‌گه‌ڕانمان به‌دواى یه‌کدا و
کچان بۆ تۆ و
کوڕان بۆ من ناتوێنه‌وه‌
خۆی لە بنەڕەتدا شاعیر باسی عەشقێکی گەورەمان بۆ دەکات ، ئەو عەشقەی دەتوانن مەوداکان ببڕن و لەنێو زەمەندا بمێننەوە ، ئەو عەشقەی نەک هەر شایستە بەوەیە شێوەی ژیان و یان خووە هەمیشەییەکانی بۆی بگۆڕی بەڵکو ، شایستە بە هەموو قوربانیدانێکیشە . لەنیو کورەی خەیاڵەکانی دوور دوور دەڕوات ، تەنانەت بۆ ئەودیو سنوورەکانی خەیاڵ ، وایدەبینێ / بەیەکگەیشتنی ئەوان و بەیەکەوە ژیانی ئەوان وەک ( موعجیزەیەکی گەورە ) ، یان دەبێتە کلیلێکی سیحری گرێکوێرەی هەموو کێشەکان دەکاتەوە و چارەسەریان دەکات …! ژیان دەگاتە ئەوپەڕی کەناری ئارامی ..! بڕۆننێ لەنێو رووبەری خەیاڵ چ فەنتازیایەکی خوڵقاندووە ..! یان دەڵێت ( من و تۆ بەیەکەوە بین / هێڵی تەلەفۆنەکانی شار ، بیست و چوار سەعات سەرقاڵی گوێگرتن لە ئەوین نابن ..! ) بەمانای هەموو هێڵی تەلەفۆنەکانی شار و هەموو خەڵکی ئەم شارە بەعەشقی ئەوانەوە سەرقاڵن ..! تەنها باسی ئەوانە و هیچیتر ، گەر ئەوان بەیەکبگەن و بەیەکەوە بژین / ئیتر چیتر تەلەفۆنەکان سەرقاڵ نابن بە گوێگرتن لە چیڕۆکی ئەم دوو ئەویندارەوە . یان دەڵێت / ( من و تۆ بەیەکەوە بین ، ئیتر کارەبا نابڕێت و هەموو ڕۆژێ ئاو دێتەوە …! ) ، بەیەک دێرە شیعر باسی ( دوو ) گەورەترین کێشەی خەڵکی کردووە ( کێشەی ئاو و کارەبا ..! ) بەدیوێک ( گەورەیی و ئەفسونی عەشقەکەمان پێشان دەدات ، کە بەیەکەوەبوونی ئەوان ئیتر کارەبا نابڕێت و ئاویش دێتەوە ..! ) ، بە دیوێکیتر پێمان دەڵێت ( کە ئێمە لە نیشتیمانێک دا دەژین خەڵکەکەی ( کێشەی ئاو و کارەبایان هەیە ..! ) بەیەکەوەبوونی ئەوان ئەم کێشانە چارەسەر دەبن ..! بەبڕوای من ناوەڕۆکی ئەم جۆرە دەقانە بە ئەندازەی ئەو عەشقە ئەفسوناوییەی باسمانکردووە گەورەن ، یان دەڵێ ( گوگلیش ڕزگاری دەبێ لە گەڕانمان بەدوای یەکدا و کچان بۆتۆ و کوڕان بۆ من ناتوێنەوە ..! ) ، لێرەش شاعیرانە ئەو تامەزرۆیی و چەپاندنە کوشندەیەی ( کوڕان و کچانی ) کۆمەڵگەکەمان باسدەکات ، کەژاڵ لێرەدا توانا شیعری خۆی لە ئاستێکی بڵند دەرخستووە ، لە دوو وێنەی جوانی ( هونەری و شیعری ) باسی لە چەندین کێشەی گەورە و بابەتی زۆر گرنگ کردووە وەک ،( قوتابخانەی تێکەڵاو ، هێڵی تەلەفۆن ، کێشەی ئاو و کارەبا ، سایتی گوگل ، باری دەروونی کوڕان و کچان..! ) بە زمانێکی شیعری پڕ چێژ و سەرنجڕاکێش ..! شاعیر بەهەمان کڵپە ڕۆمانسییەکانی نێو دەمارەکانی عاتیفە و خەیاڵە تامەزرۆ و ئیرۆسییەکانی دەڵێت ،
هه‌ر ئێستا وه‌ره‌ ماره‌مکه‌
به‌پێشه‌کى خه‌نده‌یه‌ک و
به‌پاشه‌کى نیگایه‌کت قایل ئه‌بم
تۆ (بمهێنه‌) بۆ ناو قسه‌یه‌کى خۆش و
منیش بۆ ناو شیعرێکى کچانه‌ ( ئه‌تهێنم !)
هه‌ر ئه‌مڕۆ ماره‌مکه‌
به‌پێشه‌کى چه‌پکێ گوڵ و
به‌پاشه‌کى ماچێکى دۆستانه‌
یان به‌سێ جار وتنى وشه‌ى ( گیانه‌که‌م )
ته‌ڵاقمده‌ و ته‌ڵاقته‌ده‌م !
شاعیر دەیەوێت کۆڵنەدات / عەشقەکەی بەئاکام بگات و دەستبەرداری ئەو خەونە گەورەیە نەبێت ، دەیەوێت ئاکامێکی هەبێت ، بۆیە لەسەرەتا داوا دەکات و بانگی دەکات ، یان پێی دەڵێت ( وەرە بەیەکەوە بژین ) ، بەڵام ، هێندە نیگەران و دڵبەسۆیە دەیەوێت ڕەسمیەتێک بەو بەیەکەوەبوونە بدات و بەپێچەوانەی زۆرێک لە کچانی نیشتیمانەکەی هەمیشە خۆی دەستپێشخەر دەبێ ، بۆیە بڕیار دەدەت و دەڵێت ( هەر ئێستا وەرە مارەمکە ..! ) ، بە ( دیوێکدا ..! ) بەشێوەیەکی زۆرجوان و بە بیرکردنەوەیەکی هاوچەرخانە ئەو داوایەی خۆی بۆ مارەکردنەکە دەخاتەڕوو و دەڵێت ( بە پێشکی خەندەیەک و بە پاشەکی نیگایەکت قایل دەبم ..! ) ، یان دیسان گەرمتر و بەتاسەتر پێدادەگرێ و دەڵێت ( هەر ئەمڕۆ مارەمکە / بە پێشەکی چەپکێ گوڵ و بە پاشەکی ماچێکی دۆستانە ..! ) ، بۆ ( جیابوونەوەش وشەی ( گیانەکەم ) بەسەو زێتر هیچیترنا ..! ) ، وەک شاعیرێکی هەستناسک ، بەزمانێکی شیرین و بەسۆز ، باس لەم بابەتە کۆمەڵایەتییە گرنگانە دەکات / بابەتەکانی وەک ( هاوسەرگیری و مارەیی و جیابوونەوە ) لێرەدا ئەوەش دەبینین کە عەشق چ بەهایەکی گەورەی هەیە ، ماڵی دنیا و ( هیچ شتێک ) لەسەرووی بەهاکانی عەشقەوە نابینێت ، بۆیە ( بۆ بەیەکەوەبوون و مارەیی / تەنها چەپکێ گوڵ و ماچێکی دۆستانە و دەخوازێت ..! ) ، بەودیوە داهێنانێکی گەورەی کردووە ، چ لەڕووی زمانی شیعری و چ لەڕووی بیرکردنەوە و ناوەڕۆک و بیرکردنەوە هاوچەرخەکانی ، بەڵام بە دیوێکی تر / بۆ بەکەوەژیان ( فۆرمی مارەیی و ئیمزاکردنی پارچە کاغەزێک لەبەردەم دادوەر ) تاقە فۆرم و تاقە ڕێگە نییە ، کەژاڵ ئەحمەد فۆرمی دووەمی بۆ ( بەیەکەوەبوون ) ( نادیدە ) گرتووە ، فۆرمی دووەمیش / بریتییە لە بەیەکەوەبوون و بەیەکەوەژیان بەبێ ئیمزاکردنی هیچ پارچەکاغەزێک و ئەگریمەنت و بەڵگەنامەیەک یان بەبێ چوونە دادگا و هیچ شوێنێک ، تەنها بوونی عەشق و خۆشەویستییەک و ڕەزامەندی هەردووکیان ، ئەوەندە بەسە بۆ بەیەکەوەبوونیان ئییتر هیچ شتێکیترنا ..! لە وڵاتە پێشکەوتووەکان ئەم فۆرمە بۆ بەیەکەوەژیان وەک فۆرمەکەیتر لە ئاستێکی بەرین پیادەدەکرێت ، وەک خێزانێک چاویان لێدەکرێت و منداڵیش دروست دەکەن و لەڕووی یاساییەوە هەموو مافێکی خێزانی و یاساییان هەیە ، بەمانای تەنها ( کچبرادەر و کوڕبرادەر )ن واتە ( گێرل فرێند و بۆیفرێند ) ، هەرکاتێکیش بەیەکەوە نەگونجێن جیادەبنەوە ، دیارە لە هەردوو باردا ، ئەو پارچە کاغەزە ئیمزا بکرێت یان نا ، کاتێک خۆشەویستی نەما ئیتر تەواو ، ئەو پەیوەندییە کۆتایی دێت ، جا بەیەکەوە بمێنن یان جیاببنەوە ..! کەژاڵ وەک شاعیرێکی ( دژەباو ) ، کە سەردەمانێک بەو ئاراستە کاریکردووە ، دەبوا فۆرمی دووەمی نادیدە نەگرتبا ، یان ئەوەتا هەرباسی مارەیی نەکردبا ، بۆ نموونە ( هەر پێی لەسەر ئەوە داگرتبا ( وەرە با بەیەکەوە بژین ..! ) ، یان دەیتوانی بەشێوەیەک باسی کردبا کە بوارێک بۆ فۆرمی دووەم بهێڵیتەوە ، یان لایەنیکەم ناڕاستەخۆ دەریبڕیبا بۆ نموونە بیگوتبا ( وەرە بەیەکەوە بژین ( گەر مارەم بکەی یان نا ) ، من خۆم و دەسکە گوڵێک هەر لە چاوەڕوانیت دا دەبم ..! ) ، لێرەدا باس لە هەردوو فۆرمەکە دەکرێت ، وەک کەسێکی هاوچەرخ و دژەباو هەردوو فۆرمەکەی قەبوڵ دەکرد ، چونکە لای ئەو عەشق و بەیەکەوەبوونەکەیان لەسەرووی هەموو شتێکەوەیە ، چونکە کەژاڵ ئەحمەد لە سەرەتاوە ، بە دوای کتێبەکانی ( بەندەری بەرمۆدا و وتەکانی وتن )ەوە ، بە ئاراستەی دژەباوی کاریکردووە ، بە دەرەجاتێک لەم کتێبانەش بەڵام بەتایبەتتر لە کتێبەکانی ( قاوەیەک لەگەڵ ئەودا ) یان ( ئاوێنەم شکاند ) ، لەوێدا ( کەژاڵێکی جیاواز ) دەبینین بەتایبەتیش / لە کتێبی چوارەمی ( ئاوێنەم شکاند ) ئەم دژەباوییە و هاوچەرخییە بە ڕۆشنی ڕەنگدەداتەوە ، خۆشی لە زۆرێک لە شیعرەکانی بەم دیدەوە نووسیویەتی بۆ نموونە ، شیعرەکانی ( ئاوێنەم شکاند ، کەژاڵێکی جودا ، سەدساڵ غەریبیت دەکەم ، نازانم بەبێ تۆ بژیم ، بە تەنوورەیەکی کورتی سوورەوە و زۆرێک لە شیعرەکانی ئەو سەردەمانەی ..! ) ، چونکە بەبڕوای من / مرۆڤ دەبێ ڕاستگۆ بێت لەگەڵ ناخ و بیروباوەڕەکانی خۆیدا ، ئەوەتا / ( ئەلبێر کامۆ ، لە ( ئەفسانەی سیزیف ) ، ڕەخنە لە ( گالیلۆ ) دەگرێ و دەڵێت (بە ئاسانی دەستبەرداری ئەو ڕاستییە زانستییە بووە وەختێ بووە مایەی هەڕەشە لەسەر ژیانی ، .. گەرچی یەکێک بوو لە گرنگترین ڕاستییە زانستییەکان ..! ) ، یان هەر لەوکتێبەدا لەبارەی ( شوبنهاوەر )ەوە دەڵێت ( وەک بابەتێکی پێکەنین باسی شوبنهاوەر دەکرێ کە چۆن خۆی لەسەر سفرەیەکی ڕازاوە دانیشتووە و کەچی ستایشی خۆکوشتن دەکات …! ) ، بۆ ڕەخنەگرتن لەم بیرمەندانەش پشتی بە وتەیەکی ( نێچە ) بەستووە کە دەڵێت ، ( فەیلەسووف بۆ ئەوەی شایانی ڕێزگرتن بێت پێویستە خۆی نموونەی ئەو شتانە بێت کە دەیانڵێت ..! ) ئەو قسەیەی ( نێچە ) بۆ هەرکەسێک و شاعیرێک و نووسەرێکیش هەر ڕاستە ، بۆیە ئەو چاوەڕوانییەمان لەو شاعیرە ئازیزەمان ئەوەیە کە ، بەو ئاراستە دژەباوییەی خۆی سەرلەنوێ دەستپێبکاتەوە و ( ڕۆحی فڕوغ و ڕوئیاکانی کەژاڵێکی جودا ) لەنێو بیرکردنەوەکانی ئێستای زیندوو و چاڵاک بکاتەوە…!
شاعیر لەنێو دەقەکەی / بەهەمان هەست و سۆز و زمانێکی شیعری پڕ لە خرۆشان و چێژ بەردەوام دەبێت و دەڵێت ،
سبه‌ینێ واز
له‌خووى خراپى زۆر نووستن ئه‌هێنم
مۆڵه‌ت له‌ شیعر و خه‌ڵک و خوا وه‌رئه‌گرم و
له‌ناو کلۆره‌ دارێکى پووره‌ى هه‌نگا
مانگى هه‌نگوینى له‌گه‌ڵ تۆ به‌سه‌رئه‌به‌م
فێرى وتنى شیرین و
خستنه‌وه‌ى وه‌چه‌ى شیرین و
ئاشتییه‌کى شیرین ئه‌بم
کەژاڵ ئەحمەد لەو دەقەیدا ، وەک ئەوە وایە چیڕۆکی عەشقێکمان بۆ بگێڕێتەوە ، لەسەرەتا عەشق دواتر ( بەیەکەوە ژیان ) ، دواتر مارەیی و هاوسەرگیری ..! ) ، لەم کۆپلە شیعرەی سەرەوەش ، لە سەرەتا باس لەگۆڕینی هەندێک خووی خراپ دەکات ، بەمانایەک خۆی ئامادە دەکات بۆ ئاهەنگی گواستنەوە و ڕۆیشتن بۆ مانگی هەنگوینی ، بەڵام بۆ مانگی هەنگوێنییەکە ( شوێنێکی جودا لە وێنەیەکی بێئەندازەی جوانی شیعریدا ) باسدەکات و دەڵێ ( مۆڵەت لە شیعر و خەڵک و خوا وەرئەگرم و / لەناو کلۆرەدارێکی پوورەی هەنگا / مانگی هەنگوینی لەگەڵ تۆ بەسەر ئەبەم …! ) دیارە شاعیر بەم دیدەوە دەڕوانێ کە ( ژیان و عەشق و مرۆڤ ) بەهای گەورە و پیرۆزییان هەیە ، بۆیە دەبینین لە مارەیەکەش داواکەی تەنها ( چەپکێ گوڵ و ماچێکی دۆستانە ) بوو ، بۆ مانگی هەنگوینییەکەش ، داوای هوتێلێکی گەورەی ( پاریس و نیۆرک ) ناکات ، هەرکوێیەک بێت تەنانەت ( ناو کلۆرەدارێکی پوورەی هەنگیش بێت …! ، بەڕاستی خەیاڵێکی ناسک و جوان و شاعیرانەیە ، جوانکارییەکی بێوێنەی بەو کلۆرەدارەی پوورەی هەنگ بەخشیوە ، لەو وێنە شیعرییە جوانی وەقسە هاتووە ، لێرەدا چێژێکی گەورە بە خوێنەر دەبەخشێ ، لەسەر چیڕۆکەکەی بەردوام دەبێت و دوای مانگی هەنگوینیش ( باسی وەچەنانەوە و بەیەکەوە ژیانێکی ئارام دەکات ..! ) ، ئیتر هەوڵدەدا لەم کونجی ئاراماییە لەگەڵ ئەودا تابۆی بکرێت بۆ درێژماوە بمێنێتەوە ، بۆیە هەوڵدەدات زێتر کار لەسەر خۆی بکات و ئەوشتانەی یان ، ( واز لە خووە خراپەکانی بهێنێت ) و وەک دەڵێت (هه‌ر ئه‌مڕۆ واز / له‌م تووتڕکى تووڕه‌بوونانه‌م ئه‌هێنم / که‌ له‌دڕکى په‌ستبوونى تۆ ئه‌چێ بۆ له‌مه‌ودوا / گوڵ ئه‌گریت و گوڵ ئه‌گرم…! ) ئیتر لێرەوە بەرەو کۆتایی چیڕۆکەکە دەڕوات و بەڵام دواجار وێنەی گومانێکی گەورەمان بۆ دەکیشی و دەڵێت ،
ئه‌گه‌ر دڵت هێنده‌ى دڵم گه‌وره‌نییه‌
بڕۆ وازم لێبهێنه‌ با هه‌روه‌کو جاران بژیم
بەمانایەک / لەوە دڵنیا نییە کە دڵی ( ئەویش ) جێگای ئەو عەشقە گەورەیەی تیادەبێتەوە ، یان دەتوانێ قەبوڵی ئەو کرانەوە و هاوچەرخییەی بیرکردنەوەکانی ئەو بکات ..! لەڕاستیدا لەوە دڵنیا نییە و نازانێ ، بۆیە بە ( ئەگەرەوە ) قسە دەکات …! ، مرۆڤی هاوچەرخ و مۆدێرن هەرگیز بە باوەڕی موتلەقی ڕەها لە شتەکان و بابەتەکان ناڕوانن ، ئەگەر بە ئاستێکی کەمیش بێت بوارێک بۆ گومانەکان دەهێڵنەوە ، لێرەدا کەژاڵ ئەحمەدیش هەروای کردووە .
لەم دەقەدا / زمانی شیعری لەسەرەتاوە تا کۆتایی شەونمی چیژ دەردەکات و تەڕو پاراوە ، فۆرم و ناوەڕۆکیش / لەنێو رووبەی جوانیدا تەریبن بەیەکەوە .. لێرەدا بە پێویستی دەزانم هەندێک قسە لەسەر چەمکی جوانی بکەین ، ئەو ( چەمکانە )ش کە پەیوەندییان بە جوانییەوە هەیە و ماناکانی جوانی تۆختر دەکەنەوە و مەوداکانی جوانیش بەرینتر دەکەن ، هەندێک نموونە و لایەنی جوانکاری ئەم دەقەش بخەینەڕوو . هەروەک لە کتێبی ( ئیستاتیکا ، Aestheticism ) ، کە لە نووسینی ( ئار ڤی جۆنسن ) ە ، لە بەشی ( شیعر و جوانی ) دا هاتووە و ، دەڵێت ( کرۆکی جوانی لەنیو ئەدەبدا / لە شیعردا بە ڕۆشنی دەردەکەویت ..! ) ، بە مانای شیعر / لە هەموو ژانرەکانیتر زێتر ئیش لەسەر جوانی دەکات ، هەر لەو بەشەدا باس لە شاعیر و نووسەر ( ئەدگار ئالان پۆ ) دەکات ، بەتایبەت لە مامەڵەکردن و روئیاکانی ئەو لەگەڵ هەستی ڕاستی و چەمکی ڕاستی لەنیو دەق و نووسینەکانیدا ، بە بڕوای ئێمەش / چەمکی جوانی پەیوەندییەکی نزیک و بەهێزی هەیە لەگەڵ چەمکی ڕاستی یان ڕاستی گوتن ، لەنێو گوتارە شیعری و ئەدەبییەکاندا ڕاستی گوتن ، ڕەنگەکانی جوانی تۆخ دەکات و ڕووبەری جوانیش بەرینتر پێشان دەدات ، نەک هەر ئەوەندە بەڵکو ڕەوایەتیش بە داهێنان دەدات ، چونکە ڕاستی گوتن هەر ئەوە نییە ، پەیوەندی بە جوانییەوە هەبێت بەڵکو / پەیوەندی بە ئازادبوونی نووسەرەکەش هەیە ، واتە کاتێک شاعیرێک یان نووسەرێک / لەنیو دەقەکانییان بە زمانی شیعری ڕاستی بەرجەستە دەکەن ، ئەوا ئەو کەسە لەنیو رووبەری دەقەکەی کەسێکی ئازادە و لەژێر کاریگەری هیچ هێزێکی دەرەکیدا نییە ، چونکە هەروەک چەند جاریتریش گتومانە / ئەوکەسانەی لەژێر کاریگەری هێزە دەرەکییەکانن کەسی ئازاد نین واتە ( کەسی نامۆ )ن ، کەسانی نامۆش ناتوانن داهێنان بکەن ، چونکە ئاراستەی جووڵەکانی لەژێر کاریگەری هێزە دەرەکییەکان دایە ، جا ئەگەر لەم دید و ڕوانگەوە قسە لەسەر ئەم دەقە شیعرییەی کەژاڵ بکەین دەبینین / زۆر ڕاشکاوانە و ڕاسگۆیانە خەیاڵ و بیرکردنەوەکانی خۆی دەربڕیوە ، لەژێر کاریگەری هیچ هێزێکی دەرەکیدا نییە ، ئەوەی ئاراستەی جووڵەکانی دیاری دەکات ، ئەوە ( تەنها ) هەست و حەز و خۆزگە و خەونەکانی خۆیەتی ، بێگومان بە توانا و هێزێکی شیعرییەوە ، بۆیە کەسێکی ئازادە لەنیو رووبەری دەقەکەی بەمانایەکیتر / تەعبیری لە بیرکردنەوەکانی خۆی ( کەژاڵ ئەحمەد ) کردووە ، بۆیە لە ئاستێکی بەرز داهێنانی کردووە ، جوانییەکی مەودا فراوانی بەرهەمهێناوە ، بۆ نموونە دەڵێت / (من و تۆ به‌یه‌که‌وه‌بین ، ئیتر کاره‌با نابڕێت و هه‌موو رۆژێ ئاو دێته‌وه‌ …! ) چەند راستگۆیانە و شاعیرانە و بە زمانی شیعری ، کێشەی ئاو و کارەبا دەخاتە ڕوو . ئایا ئەم راستگۆییە پانتاییەکی قووڵتر و بەریناییەکی زێتری بە رووبەری جوانی نەبەخشێوە ..؟ ئەی ئەگەر بیگوتبا ( من و تۆ بەیەکەوە بین ، کارەبا ” هەمیشە ” درەوشاوەکانی سەرشەقام و نێو ماڵەکان زێتر دەدرەوشێنەوە و ئاویش وەک ” هەمیشە ” . لە گۆرانی گوتن بەردەوام دەبێ ..! ) ، ئەوەی منیش نووسیومە بە دەربڕینێکی شیعری و بە زمانێکی شیعرییە بەڵام / هیچ جوانکارییەکی تیا نابینین ، چونکە ڕاستیم تیا نەگوتووە ، چونکە لە نیشتیمانی ئێمە ( ئاو و کارەبا ) وەک زۆرێک لە پێداویستییە سەرەتاییەکانیتر خەڵک بەردەوام و ( هەمیشە ) لێیانەوە بەهرەمەند نین ..! کەژاڵ ئەحمەد گەر دەربڕینەکانی خۆی بەمشێوەیەی من گوتبا / هیچ ئازادییەک و ڕاستگۆییەک و هاوکات ئەو رووبەرە بەرینەی جوانیشمان لەنیو دەقەکەیدا نەدەبینی ..! جا لێرەدا هەوڵدەدەین / بەرەو کۆتایی ئەم نووسینەمان بڕۆین و بنەڕەتی مەبەستەکانمان بە چڕی بخەینەروو ، هەروەک پێشتر گتومانە کە زمانی شیعری دەتوانێ یان هێزی ئەوەی هەیە کە / قسە لەسەر هەموو بابەتێک بکات و مرۆڤ گەر توانای شیعری هەبێت دەتوانێ تەعبیر لە هەست و خەونەکانی خۆی بکات ، یان زمانی شیعری دەتوانێ سوود لە هەر ( وشەیەک و چەمکێک ) ببینێ و شاعیرانە لە پەیوەندییەکی نوێ بەکارییان بهێنێ / بوونی ئەم هێزە ڕشت و گەورەیەی زمانی شیعری ، ئەوە ( دیوێکی گەردوونییەتی ) شیعرمان پێشان دەدات ، کەژاڵ ئەحمەدیش لە چوارچێوەی دەقە شیعرییەکەی ئەم هێزە گەورەیەی زمانی شیعری پێشانمان داوە و بەرجەستەی کردووە ، کە بە زمانی شیعری و لە چوارچێوەی وێنەی شیعری جوان بابەتی زۆر گرنگ و گەورەی باسکردووە ، لە سەرەوە باسمان لە زۆربەیان کردووە ، وەک ( کێشەی ئاو و کارەبا ، هێڵی تەلەفۆنەکان و سایتی گوگل و قوتابخانەی تێکەڵاو و مارەیی و هاوسەرگیری و تەڵاق و باری دەروونی کوران و کچان و … زۆرانیتر ) ، باسکردن لەم هەموو بابەتە جودا و گرنگ و هەمەجۆرانە لەچوارچێوەی دەقێکی شیعری ، ئەوە ئەو هێزە گەورەیەی زمانی شیعریمان پێشان دەدات لە هەمانکات / ڕەوایەتی بە ئیمەش دەدات کە بڵێین / بوونی ئەو هێزە گەورەیەی زمانی شیعری و بوونی مەودا فراواناکانی ڕووبەری شیعر ، ( ئەوە دیوێکی گەردوونیەتی شیعرە … ! ) ، هەروەها ( دیوەکەی تری ) گەردوونییەتی شیعر لەوەدایە کە / شیعر ( خۆی ) لەنێو گەردووندا بوون و ئامادەییەکی بەردەوامی ( هەبووە و هەیە ) ، بۆ نموونە / خەونەکانی مرۆڤ پڕیەتی لە شیعر بەمانایەک کاتێک / مرۆڤ هەستەکانی ناوەوە و خەونە جوانەکانی خۆی باسدەکات لەوێدا ، شیعرییەت دەبینین یان ، لەنێو هاژەی تاڤگەکان شیعرییەت هەستپێدەکەین ، لەنێو گڤەگڤی ( با ) شیعرییەت هەست پێدەکەین ، لەنیو میلۆدییەکانی بولبول و چیکەچیکی چۆڵەکە و باڵندەکان شیعرییەت هەست پێدەکەین ، لەنێو ورشە ورشی درەخت و دەنگی رووبارەکان شیعرییەت هەست پێدەکەین ، تەنانەت ئەگەر بە هەستەوە ( گوێ لە بێدەنگی بەردیش ) بگرین شیعرییەت هەست پێدەکەین ، بەهۆی ئەم بیرکردنەوەمان و خستنەڕووی ئەم هەموو فاکتانە دەتوانین بە خەتێکی درشت و گەورە بنووسین ( بەڵێ / شیعر زمانی مرۆڤ و گەردوونە ..! ) ، هەروەها دەخوازم ماڵە چراخانییەکەی شیعری ( کەژاڵ ئەحمەد )یش هەرئاوەدان و درەوشاوە بێت ، سڵاو لە داهێنان .

                                                           ئۆکتۆبەری ٢٠٢٠

سەرچاوەکان :

  • کتێبی ( من دەبێ خۆم بسمیل بکەم ) کەژاڵ ئەحمەد
  • کتێبی ( فەلسەفەی بوون ) محەمەد کەمال
  • کتێبی ( ئەفسانەی سیزیف ) ئەلبێر کامۆ .. و/ ئازاد بەرزنجی
  • کتێبی ( Aestheticism ) R.V.Johnson



ئەم جارەیان نۆرەی شۆرتی کارەبایە! … کامل احمد

من لە دوو ووتاری تردا سەبارەت بە “چاکسازیەکانی” ئەحزابی دەسەڵاتداری کوردستان کە لە ژێر خێمەی “حکومەتی هەرێم” دا دەیانەوێت بیبەنە پێشەوە سەرنج و پێشنیارەکانی خۆم خستۆتە ڕوو. لە کۆتایی ئەم ووتارەدا، لینکی هەر دوو ووتارەکە دادەنێمەوە تا خوێنەر بتوانێت بە شێوازێکی ڕۆشنتر و لە گۆشەنیگایەکی چینایەتیەوە پەی بەو ڕاستیە بەرێت کە چۆن ئەم “چاکسازیانەی” بورژوازی دەسەڵاتداری کورد نەک هیچ پەیوەندیەکی بە باشبوونی بار و گوزەرانی ئەوانەوە نیە، بەڵکو بۆ برسیکردن و هەژارکردن و ڕاگرتنیانە لەبەرامبەر برسێتیەکی سک هەڵگوشینەردا و پێشبڕکێیەکە بۆ ئەوەی لە دەستە خوشکەکانیان دانەبڕێن لە ئاستی جیهانیدا و بتوانن وەڵامگۆی بورژوازی جیهانی بن کە ناوچەیەکی ڕادەستی ئەوانکردووە بۆ بەڕێوەبردن و بردنەپێشەوەی سیاسەتەکانیان.
بەپێی هەواڵێک کە لە تۆڕی میدیایی ڕووداو دا بڵاوکراوەتەوە، وا بڕیارە کە “حکومەتی هەرێم” لە مانگی ١٢ ی ساڵی ٢٠٢٠ دا پڕۆژەی دابەشکردنی کارەبا بداتە کەرتی تایبەت. بە پێی گووتەی ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا، کە بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی ڕاگەیاندووە، “کۆمپانیاکان لە ناوە و دەرەوە هەن. کۆمپانیای ئەوروپی هەیە و کۆمپانیای ناوخۆش. هەڵبەتە ئەو کۆمپانیایانە دەبێت تێگەیشتنی باشیان بۆ داواکاریی وەزارەتی کارەبا هەبێت و بەشێوەی مونافسە” دەبێت و کێ توانیی زۆرترین مەرجەکانی ئێمە قبووڵ بکات، بەو سیقەیە کە باسم کرد، بەو دەدرێت.
هاوکات لە ڕاگەیاندنەکەدا هاتووە کە ئامانجەکانی وەزارەت بریتین لە: گراننەکردنی نرخی كارەبا، كۆنترۆڵكردنی سیستەمی بەڕێوەبردنی كارەبا، كەمكردنەوە و نەهێشتنی سەرپێچیەكان، رێگری لە بەفیڕۆدانی کارەبا و کەمکردنەوەی پاڵەپەستۆی سەر تۆڕەکان.
بەر لەوەی سەرنجەکانم لەسەر ئەم خاڵانە و ناوەرۆکی سیاسی ئەم هەنگاوە بدەم، پێم باشە کەمێک بگەڕێینەوە دواوە بۆ ئەو کاتەی کە نێچیرەوان بارزانی سەرۆکی “حکومەتی هەرێم” ی ئێستاو “سەرۆک وەزیرانی ئەو کات لە داوایەکی دا بۆ دکتۆر جیم کیم یۆنغ سەرۆکی کۆمەڵەی بانکی نێودەوڵەتی لە مانگی شوباتی ٢٠١٦ دا، داوای هاوکاری لەم دەزگایە دەکات لە پێناو گەشەو بەرەوپێشچوون و وەستانەوە بەرامبەر ئاستەنگیە ئابوری و گەشەپێدراوەکاندا. ئەوانیش لەبەرامبەر ئەم داوایەدا ڕاپۆرتێک ئامادە دەکەن و پێشنیارەکانی خۆیان دەخەنەڕوو کە کورتکراوەکەی لە ٢٧ خاڵ پێکهاتووە و بەشێکی زۆر لە گرتنەبەری ئەم پڕۆسانەی کە ئێستا لە هەرێمی کوردستاندا بەڕێوەدەچێت و لە لایەن ئەحزابی دەسەڵاتدارەوە دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە لەوێدا هاتووە. ڕاپۆرتەکە، هەروەک ئەوەی دەسەڵاتدارانی کوردستان دەیکەن، وا خراوەتە ڕوو کە ئەمە کۆمەکێکە بە چین وتوێژە مەحرومەکانی کۆمەڵگا و بە مەبەستی پاراستنیانە لە کاریگەریە کۆمەڵایەتی و ئابوریەکانی ئەم قەیرانەی کە “حکومەتی” تێدایە. هەر لە هەمان ڕاپۆرتدا هاتووە کە وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی هەرێم دەیەوێت تا ساڵی ٢٠٢٠ ئەم چاکسازیانە بکات. ئەم ڕاپۆرتەش وەک هەنگاوی یەکەمی ئەو یارمەتیانە نووسراوە کە بانکی نێودەوڵەتی دەتوانێت پێشەکەشی بکات بۆ بردنەبەرەوەی ئەو چاکسازیانەی کە ماوەیەکی زۆرە چاوەڕواندەکرێت. لە هەنگاوی دووەمیشدا لە باری تەکنیکیەوە یارمەتی حکومەتی هەرێم دەدەن کە چۆن جێبەجێیان بکات.
هەموو ئەوهێرشانەی کە “حکومەتی هەرێم” دەیکاتە سەر سفرەی خاڵی پڕۆلیتاریای کوردستان و هەموو توێژە وەتەنگهاتووەکانی تری کۆمەڵگا، لە کورتەی ئەم ڕاپۆرتەدا خراونەتە بەردەست ئەحزابی دەسەڵاتداری کوردستان بە مەبەستی جێبەجێکردنیان و داماڵینی شانی خۆیان لە بچووکترین بەرپرسیاریەت لە ئاست کۆمەڵگادا. ئەمانە ئەو سیاسەت و چاکسازیانەن کە دەسەڵاتداران، هەنگاو بە هەنگاو و یەک لە دوای یەک دەیبەنە پێشەوە بۆ ئەوەی مەرامەکانی بانکی نێودەوڵەتی و جێبەجێبکەن و لە ماراسۆنەکە دوانەکەون. هەنگاو بە هەنگاو ئەم بە تایبەتیکردنە (پرایڤەتایزەیشن)ە هەموو ئەو کەرت و سێکتەرانەی تریش دەگرێتەوە کە تا ئێستا بە ناو لە ژێر سایە و دەسەڵاتی کەرتی گشتیدان، وا ئەم جارەیان نۆرەی کارەبایە.
خەڵکی کوردستان ٣٠ ساڵە بە دەست نەبوونی کارەباوە دەناڵێنن. پرسیارێکی گرنگ کە پێویستە لە خۆمانی بکەین ئەوەیە کە ئایا ئەم ٣٠ ساڵە کارەبا بۆ دواکەوت؟! ئەم کارەبایە بۆ پیشتر نەهات؟! بۆچی ئێستا دێت و دەیانەوێت کوردستان ڕووناک بکەنەوە و بیکەن بە چراخان؟! ئاشکرایە کە مەسەلەی سەرەکییان ئەم بە پرایڤەتکردنەبووە و وا ئێستا کاتی هاتووە و “کوڵاوە”. ئەوان ژیان و قازانجیان بۆ خۆیان و چینەکەی خۆیان دەوێت وبە بێ سوودی خۆیان و کۆمپانیاکانیان ئامادەنین ڕوناکی بدەن بە خەڵکی کوردستان. هەموو کۆمپانیاکان یان هی خۆیانە و یان شەریکن و بەشیان هەیە تیایدا. بۆیە ئەم هەنگاوەیان دەبێتە هۆی دەوڵەمەندبوونی زیاتریان و قۆرخکردنی سەرمایە لە دەستی کۆمپانیاکانی خۆیاندا.
بە تایبەتکردنی هەر یەکێک لەم کەرتانە، بە مانای خستنەڕوویانە لە بازاڕدا بۆ فڕۆشتن. واتە کارەباش وەک هەر کاڵایەکی تر دەخرێتە بازاڕاوە بۆ ئەوەی بکڕدرێت. بە مانایەکی تر ئەوەی توانای کڕینی هەبێت دەتوانێت لە کارەبا بەهرەمەند بێت و ئەوەشی توانای کڕینی ئەم خزمەتگوزاریەی نیە و ناتوانێت بە دانی پارەی کارەبادا ڕابگات، دەبێت لێی بەهرەمەند نەبێت. کەسێک کە نانی شێوی نەبوو بیخوات ئەو کات ناشتوانێت کارەبا بکڕێت. بۆیە بانگەشەکانی یەکسان بەهرەمەندبوون لە کارەبا وەک بەهرەمەندبوون لە هەر پێداویستیەکی تری ژیان و کۆمەڵگا درۆیەکی ئاشکرایە. ئەگەر ئێستا هاووڵاتیان لەبەر نەبوونی مووچە و بێدەربەستی “حکومەت” دا، دەتوانن گوێی خۆیان لە دانی پارەی کارەبا بخەوێنن و ئەوانیش ناتوانن فشاریان بۆ بێنن، ئەوا ئیتر دەستی کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت ئاواڵەدەبێت بۆ ئەم کارە و دەسەڵاتدارانیش شانیان خاڵیە و وەڵامیان دەبێت بەوەی کە کارەبا لای ئەوان نیە.
هەر بۆیە وەک پێشتریش ووتم هەموو ئەمانە چاکسازی بورژوازین و “حکومەتی هەرێم” یش بەرنامەڕێزی بۆ کردووە بە هاوکاری بانکی نێودەوڵەتی و هەر جارەی چەپکێکیان پێشکەشدەکات. وا ئەم جارەیان نۆرەی کارەبا بوو. حەتمەن وێڕای ئەوەی نەخۆشخانە و قوتابخانەکان نیواونیو بەڕێوەدەبرێن، بەڵام ئەمانیش دوور نیە لە ئایندەیەکی نزیکدا بە تەواوەتی ڕادەستی کەرتی تایبەت نەکرێن. هەر ئێستا پاکوخاوێنی و فڕێدانی زبڵ و خاشاکی شارەکانیش لەدەست کۆمپانیا تایبەتەکاندایە و ئەگەر چینی پڕۆلیتاریای کوردستان نەتوانێت پارەکەی بدات ئەوا شارەکان زبڵ و پیسی دەیانخوات.
خاڵێک کە پێویستە زۆر ڕۆشنبێت ئەوەیە کە مەسەلەی پڕۆلیتاریا، حکومەت و پرایڤەتکردن نیە، کەرتی تایبەت و دەوڵەتی یان گشتی نیە. پڕۆلیتاریا وەک چینێک پێویستە لە بەرانبەر چینی بورژوازی و سەرمایەداری دا ڕابوەستێت و بە هیچ کەرتێکیان خۆشخەیاڵ نەبێت. هەر بۆیە چاکسازی ڕیشەیی لە کۆمەڵگادا تەنها بە خاوەنانی ئەسڵی کۆمەڵگا دەکرێت کە ئەویش پڕۆلیتاریایە. پڕۆلیتاریە دەبێت بەهێزی ڕێکخراوی خۆی و بە هەموو شێوازێکی لەبەردەستدای ڕێکخراوبوون خۆی ڕێکخراوبکات تا بتوانێت ئەم چاسکازیانەی بورژوازی بە کەرتی تایبەت و گشتی یەوە توڕهەڵدا و لە جێیان چاکسازی و دەسەڵاتی خۆی پیادەبکات کە هەم هەنگاوێک بێت بۆ باشتربوونی ژیانی و هەم ببێتە خشتە سەرەکیەکانی گۆڕێنی کۆمەڵگا و دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی سۆشیالیستی کە هەموان تیایدا بە پێی توانای خۆیان کاربکەن و بەپێی پێویستی خۆیان لە سامان و بەرووبوومی کۆمەڵگا بەهرەمەندبن. هەنگاوی سەرەکیش لەم ڕاستایەدا و لە ئێستادا ئەوەیە کە پڕۆلیتاریا هۆشیارانە لە مەیداندابێت بۆ بەدەستهێنانی موچەی تەواو و مانگانە لە کاتی خۆیدا و هاوکات خەبات بکات بۆ زیادکردنی مووچە و بەدستهێنانی بژێویەکی باشتر. بۆیە خواستی کارەبای ٢٤ سەعاتە بە ئەمپێری تەواوەوە و بە نرخی گونجاوەوە، کە نرخەکەی ئەگەر لە هی ئێستا هەرزانتر نەبێت ئەوا نابێت بە هیچ شێوەیەک گرانتربێت، بە شێوەیەک کە هاوڵاتیان توانای کڕینیان هەبێت، خواستێکی هەر ئێستا و دەستبەجێیە لە پاڵ خواستی دانی مووچەی تەواودا لە کاتی خۆیدا و بێ دواکەوتن.

کامل احمد

13.10.2020
kamil.ahmed.f@gmail.com




هونه‌ری قوتابی بوون … نووسینی: حه‌مه‌ هیوا

بابه‌ت/په‌روه‌رده‌یی

له‌ كۆمه‌ڵگای ئێمه‌ په‌روه‌رده‌ وه‌ك هه‌ر پێویستیه‌كی گرنگی ژیان فه‌رامۆشكراوه‌ و به‌ په‌راوێزی ماوه‌ته‌وه‌. چ له‌لایه‌ن دایكان و باوكان، چ له‌ لایه‌ن چینی مامۆستایان و فێركه‌ران. له‌ ساڵانی ڕابردوه‌وه‌ هه‌تا هه‌نووكه‌، كێشه‌ یه‌ك له‌ دوای یه‌كه‌كانی باشوری كوردستان وای كردوه تاكی ئێمه‌ هیچ كات و ساتێكی بۆ هه‌نگاوه‌ پێویستیه‌كانی ژیانی خۆی نه‌بێت. ئه‌م قه‌یرانه‌ش له‌ بچوكترین كه‌س له‌ كۆمه‌ڵگا، هه‌تاوه‌كو ده‌گاته‌ گه‌وره‌ترین كه‌سی گرتۆته‌وه‌.هاوكات ئه‌و جیله‌ نوێیه‌ش كه‌وا هاتوه‌ و دێت، له‌سه‌ر هه‌مان بنه‌مای ناجێگیر گوزه‌ر ده‌كات. ده‌سه‌ڵاتی سیاسی سێ ده‌یه‌ی رابردوو گه‌وره‌ترین داهێنانی ئه‌وه‌بوو، وای كرد گه‌وره‌ترین ده‌ستكه‌وت لای تاكی كورد، ئه‌و موچه‌یه‌ بێت كه‌ مافی خۆیه‌تی و بۆی نیه‌ داوای بكات. نامه‌وێت زۆر قووڵ بمه‌وه‌ له‌م هه‌موو قه‌یرانه‌ بێ شوماره‌ی له‌ كۆمه‌ڵگا ده‌گوزه‌رێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی زۆر لای من جێی نیگه‌رانیه‌، خه‌مساردی چینی مامۆستای كورده‌ به‌ نمره‌ی یه‌كه‌م.
مامۆستای كورد به‌ رێژه‌ی زۆرینه‌ كار بۆ دروستكردنی تاكێكی زانست دۆست و مرۆڤ دۆست ناكات، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ و به‌ داخه‌وه‌ كار بۆ خودئه‌ڤینی (نه‌رسیسیه‌ت) و پشاندانی ڕۆڵی پاڵه‌وانێتی ده‌كات. فه‌یله‌سووفی به‌ریتانی (بێرتراند ڕاسێڵ)1872_1970
له‌ یه‌كێك له‌ كتێبه‌كانی، كه‌ تایبه‌تی كردوه‌ به‌ په‌روه‌رده‌ ده‌ڵێت:ئه‌ركه‌ له‌سه‌ر مامۆستاكانی قوتابخانه‌ هه‌تا كۆتایی ده‌ستی فێرخوازان بگرن، نه‌ك له‌ شوێنێك ده‌ستیان به‌رده‌ن و هوتافی لوتبه‌رزیی به‌سه‌ریان لێ بده‌ن. ده‌بێت بڵێم به‌داخه‌وه‌ تاوه‌كو ئێستاش مرۆڤی كورد و مامۆستای كورد وا تێگه‌یشتوه‌، پرۆسه‌ی قوتابی بوون پرۆسه‌یه‌كی كاتیه‌ و ده‌شێت له‌ جێگه‌یه‌ك پرۆسه‌ی زانین بوه‌ستێ. بێ ئاگا له‌وه‌ی پرۆسه‌ی قوتابی بوون پرۆسه‌یه‌كی هه‌میشه‌ییه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پرۆسه‌یه‌كی بایه‌خدار و پێویسته‌.جارێكیان له‌گه‌ڵ یه‌كێك له‌ مامۆستاكانی خۆم كه‌ خاتوونێكی جوانكیله‌ بوو، كه‌وتمه‌ ده‌مه‌ته‌قێوه‌ و پێم گوت مامۆستا ده‌مه‌وێ ببین به‌ هاورێ و له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئێره‌ په‌یوه‌ندیه‌كی دۆستانه‌ بونیاد بنێین، به‌م شێوه‌یه‌ به‌رپه‌چی دامه‌وه‌: ببوره‌ من هاوسه‌رگیریم كروه‌، له‌به‌ر ماڵه‌وه‌ و هاوسه‌ره‌كه‌م ناتوانم.ئه‌م قسه‌یه‌ بوه‌ مایه‌ی نیگه‌رانیه‌كی ئێجگار زۆر، بۆیه‌ به‌ داخه‌وه‌ ده‌بێت بڵێم: چینی مامۆستایانی كورد زۆر كه‌مته‌رخه‌م و نا پیشه‌یین به‌ ڕێژه‌ی زۆرینه‌، هه‌ر ئه‌مه‌شه‌ وای كردوه‌ تاكی ئێمه‌و مانان تاكێكی نا هۆشیار و ئه‌نتی مه‌عریفه‌ بێت. له‌ فیلمی نووسه‌ره‌ ئازاده‌كان، كه‌ ڕیچارد لاجیرافینیز كاری ده‌رهێنانی بۆ كردوه‌، مامۆستایه‌ك ده‌بینین، كه‌ ده‌یه‌وێت ئه‌و ململانێ پڕ له‌ كینه‌یه‌ی له‌ نێوان قوتابیه‌ ڕه‌ش پێست و سپی پێسته‌كانی بمرێنێت، له‌ ڕێی زانین و ته‌بایی شادیان بكات. ئه‌فسووسی گه‌وره‌ ئه‌وه‌یه‌ مامۆستایانی ئێره‌ هیچ كاتێك كه‌مته‌رخه‌می خۆیان نابینن له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و قوتابیه‌ گوێگره‌ی، كه‌ به‌ هه‌ستێكی زانین ویستانه‌وه‌ له‌ مامۆستا ڕاده‌مێنن.




مانیفێستی عەشق…بەشی بیستەم…تێکست: ستیڤان شەمزینی

چاوە سەوزەکانی من کە وەک بەهار خۆیان ئەنوێنن
قەرزاری ئەو تاوە بارانەی عەشقی تۆن
لە ئاسمانی گلێنەکانمەوە بە شەستە دائەبارن


هەناسەکەم تۆ تاڤگەی روونی دڵمیت
هێواش هێواش ئەڕژێیتە خۆزگەکانمەوە
تۆ تاڤگەی ئەشقیت و
ئەڕژێیتە ماڵی بێکەسیمەوە


زمانێک شک نابەم لەم دونیایەدا بۆ تێگەیاندنی تۆ!!
بێچارە خۆم کە ئاسنی ساردی عەشقت ئەکوتم


زۆر چاوەڕوانت بووم.. زۆر بۆت گەڕام
زۆر بۆت گریام.. زۆر یادم کردیتەوە
تۆ هێشتا وەهمی نێو خەیاڵەکانی منیت
ئایا بە راست من شتێکم لێ ون بووە؟


شاکارێکم بۆ نوسیووی
“دانتی” بۆ “بیاتریس”ی نەنووسیوە
هەرچەند دڵنیام بە زەردەخەنەوە دەڵێی:
سەر لەم هەستە ترسناکەت دەرناکەم


ئەگەر مەجنون من ببینێت، شەرم سەرتاپای دادەگرێ
ئەگەر لەیلا تۆ ببینێ، تاجی شاژنی عەشق دادەنێ
ئەوسا هەردووکیان وەک دەروێش ئەکەونە دوامان


ئەمڕۆ وتت خۆشمدەوێی شێتە گیان
من بێدەنگبووم.. تۆ واتزانی تووڕەیی دایگرتم
بەڵام بیرم لەوە دەکردەوە چ ئاشقێک هەیە شێت نەبێ؟


تاقانەکەی دڵم
ئەزانی مردن لەپێناوی ئەشقدا ژیانە
ژیانیش بێ ئەشق خۆی لە خۆیدا مردنێکی هەمیشەییە؟


ئازیزم ئەبێ بزانی هەموو ئاشقێک رۆحی بریندارە
ئەوە کێیە خوێ دەخاتە سەر برینەکانی؟


لە پشت هەر ئاشقێکی مەزنەوە
مەعشووقێکی دڵڕەق هەیە
لە پشت هەر ئەفسانەیەکی ئەشقەوە
دۆڕانێکی جاویدانی هەیە
لە پشت هەر بەیەک گەیشتنێکەوە
درۆیەکی گەورە هەیە


پڕ پڕم لە نامۆیی، ئاخر بەم فتیلە لەرزۆکە
چۆن مەملەکەتی هیوا بدۆزمەوە؟
پڕ پڕم لە ئەشق، ئاخر بەم هەنگاوە کورتە
چۆن لە دۆزەخی مەعشوق رزگارم بێ؟


لە خەونمدا شمشێری فیراقیان لەسەر سنگم دا
کەوتمە سەر زەوی و بێدار بوومەوە،
بە هەقیقەت خوێن لە جەستەم دەچۆِرا!
ئەوسا زانیم ئەشق تەنیا خەونێکە


کاتێک ئاشق بووم یەکەم شت فێری فڕین بووم
کاتێک دابڕام یەکەم شت فێری گریان بووم
ئەشق فێری فڕین و گریانی کردم


شەو نییە بۆ رۆژە خۆشەکانم لەگەڵ تۆ نەگریابم
شەو نییە بۆ بینینی رۆژێکی نوێ لەگەڵ تۆ حەسرەتم نەکێشابێ
شەو نییە بۆ بەردەوامیدانی رۆژەکانم لەگەڵ تۆ هەنسکم نەدابێ





لە یادی٥٣ ساڵەی ئیعدامی (چیگڤارا)دا … سەردار عەبدوڵا حەمە

دەوڵەتی کۆنەپەرستی بۆلیڤیا لە بەرواری ٩ ی تشرینی یەکەمی ١٩٦٧ چیگڤارای بە دیل کراوی ئیعدام کرد . ئەم تاوانە تا هەتایە وەک پەڵەیەکیڕەش دەمێنێتەوە لە مێژووی ئەم دەوڵەتە سەرمایەداریە دا.
چیگڤارا یا وەک لای خۆمان پێی دەووترێ جیڤارا لە ڕووی کۆمەڵایەتی وسیاسییەوە سەر بە کام دەزگای فیکری بوو؟ چەپ بوو یا کۆمۆنیست بوو ؟بۆوەڵامی ئەم پرسیارە باشترە سەرەتا شتێک لە سەر ئەم دووشەیە بڵێین . جیاوازیەکە تەنها لە دەربڕینی دوو ووشەی چەپ و کۆمۆنیست دا نیە دابەڵکو جیاوازیەکە لە ناوەرۆکدایە دەکرێ تۆ چەپ بیت بەڵام کۆمۆنیست نەبیت ، دەکرێ کۆمۆنیست بیت و چەپیش بیت (چەپی کرێکاری ) . بۆرژوازی و ووردە بورژوازی دەتوانن چەپ بن و لە مەوقعیەتی چینەکەی خۆشیادا بمێننەوە بەڵام ئەگەر بوونە کۆمۆنیست ناتوانن هەر لەوێدا بمێننەوەبەڵکو دائەخزێن بۆ ناو پرۆلیتاریا. ئەم جۆرە چەپەی بۆرژوا یا ووردە بۆرژوازیە لە مێژوودا هەر لە سەرەتای سیستەمی سەرمایەداریدا بوونیان هەبووە و بەشێوەی جیاواز دەرکەووتون دژایەتی کۆمۆنیزمیشیان کردووە لە واقیعدا کاریان بۆ مانەوەی سەرمایەداری کردووە .
ئامانجی ئەم چەپە لە پراکتیکدا سۆشیالیزم نیە لە باشترین حالەتدا سەرمایەداری دەوڵەتیە، یا جۆرێک لە سۆشیالیزم کە لە واقعدا بەدی نایەت و هەرلە وەهمدا دەمێنێتەوە بەکارهێنانی پرولیتاریا و چینە هەژارەکان لە لایەن ئەم چەپەوە هەر بۆ ئەم ئامانجە بووە .
چەپێک لە جیهانی بە ناو سێهەم هەبوو تائێستاش پاشماوەکانی ماوە ، خەڵک گەرایە یا پۆپۆلیستە و ئەنتی ئەمپریالیستە، باس لە سۆشیالیزم دەکائەو پشت بەستووە بە ڕۆشنبیروجوتیار ، جەنگی چەکدارانە و پارتی زانی بە خەباتی سەرەکی خۆی دەزانێ و ئامانجیشی سۆشیالیزمێکی نازانستیەبۆیە سۆشیالیزمەکەی یا خەیاڵی دەبێت و بەدی نایەت یا سەرمایەداری دەوڵەتی لە ڕێگای کەرتی گشتیەوە بەدی دێنێت ، وەک چین و کوباو ڤیەتناموکوریای باکور، .هێزی سەرەکی ئەم بەشە لە چەپ پرۆلیتاریا نیە یابڵێم چینی کرێکار نیە ، نایەوێ ئەم چینە وەک داینامۆی شۆڕشیسۆشیالیستی هەلخڕێنێ ور ناتوانێ سەر بەم مەیلەی ناو چینی کرێکار بێت.
جیڤارا سەر بەم جۆرە لە چەپ بوو هەربۆیە لەهیچکام لەو ووڵاتانەی ئەو تێدا جەنگی سۆشیالیزم دانەمەزرا وە بنەمای کاری و بڕبڕە پشتی ئەوجوتیار بوو نەک چینی کرێکار ، چینی کرێکار لە ڕێگای شەڕی پارتی زانی و تیرۆر کردنی پیاوانی دەوڵەت و ئەفسەر و سەربازی دەوڵەتەوە بەسۆشیالیزم ناگا ، چینی کرێکار لە ڕێگای شۆڕشی کۆمەڵایەتیەوە بە مانگرتن و ڕاگرتنی چەرخی ئابوری سەرمایەو خۆپیشاندانی بە کۆمەڵ وسەرتاسەری و رێکخراو و بەکاری هەرەوەزی ودەست بەسەرا گرتنی هۆیەکانی بەرهەم هێنان و لە کاتی پێویستیشدا بە پەلاماری چەکدارانە دەتوانێکۆتایی بە دەسەڵاتی سەرمایە بێنێت ودەسەڵاتی سیاسی و ئابوری خۆی دامەزرێنێت و سۆشیالیزم دامەزرێنێ و پەل بهاوێ بۆ جیهانیش .
بەڵام جیڤارا بۆ ئەمە خەباتی نەکرد ، هەربۆیە نە لە کوبا و نە لە هیچ یەکێ لەو دەوڵەتانەی ئەو تێدا تێکۆشاو ژیانی خۆشی لە سەردانا ئەم ئامانجەنەهاتە دی.
لەگەڵ ئەمانەشدا جیڤارا چەپ و ئینسان دۆست بوو هەر ئەمەش بوو بووە هۆی ئەوەی ژیانی خۆی لە پێناو ئینسان دۆستیدا بەخت بکا . ئینساندۆستی و ئازادیخوازی ڕێگا نین بۆ گەیشتن بە سۆشیالیزم و کۆمۆنیزم . دەکرێ ئینسان دۆست و ئازادیخواز بیت بەڵام ئامانجت سۆشیالیزم وکۆمۆنیزم نەبێت تەنانەت ڕێگریش بیت لە بەردەم گەیشتن پێ یان . کاتێ ژنێکی کاثۆلیک یا مەسیحی دەچێتە ئەفەریقا خواردن و دەرمان بۆ مناڵانیبرسی و هەژار دەبا ئەو مناڵانە لە باوەش دەگرێ و ماچیان ئەکا ئەمە کارێکی ئینسانی دەکا بەڵام ئەگەر پێ ی بڵێ ی ڕێگای ڕزگاری ئەم مناڵەبرسیانە رووخاندنی سەرمایەداریە و بە دیهێنانی سۆشیالیزمە ڕەنگە بکەوێتە سەنگەری دژایەتیتەوە وە پێت بڵی نەخێر هەر سەرمایەداری باشە بەڵامدەبێ بە بەزەیی بێت بەشی هەژارانیش بدات ، زۆر کەس و ڕەوت هەن بەم جۆرە بیر دەکەنەوە سۆشیالیزمەکەی ئەم کەس وڕەوتانە لەمە زیاتر نیەواتە دەسەڵاتێکی سەرمایەداری بە بەزەیی و دۆستی هەژارانی دەوێ .
چیڤارایزم ڕەوتێکی پۆپۆلیستی چریکی و فیدائیە و خەڵک گەراو ئەنتی ئەمپریالیستیە نەک ئەوەی ڕەوتێکی کۆمۆنیستی و کرێکاری بێ ، ڕەوتێکیچەپی یە و کۆمۆنیستی نیە بە هەموو پێوانەکانی کۆمۆنیست بوون کە لە مانیفیستەکەی مارکس و ئەنگلس و یا بەلشەفیزمەکەی لینیندا پێناسە کراوە .
چیڤارا زیم ناتوانێ کۆمەڵگا لە چنگی سەرمایەداری دەربێنێ و سۆشیالیزم دامەزرێنێ وە ئەم جۆرە چەپە دەمێکە لای خۆمان خۆری ئاوابووە و بە بنبەست گەیشتووە و نەیتوانێ درێژە بە خەبات و تێکۆشانی خۆی بدات .
ناوی چیڤارا و ئەوانەی وەک ئەو گیانیان بەخت کرد لە پێناو ئینسان دۆستیدا هەر دەمێنێتەوە و لە بیر ناکرێن .

سەردار عەبدوڵا حەمە

٢٠٢٠/١٠/١١




ده‌رد و ماڵئاوایى … فه‌روغی فه‌روخزاد … و: نه‌ژاد عزیز سورمێ

ڕۆیشتم ، بمبه‌خشه ‌، مه‌ڵێ ئه‌و بێ وه‌فابوو
بێجگه‌ له‌ ماڵئاوایی ، ڕێگای دیم بۆ نه‌مابوو
ئه‌و عیشقه‌ ئاگرینه‌ی پڕ ده‌ردی بێ ئومێدیی
له‌ كه‌نده‌ڵانی گوناه و شێتییه‌تیمدا كشابوو

ڕۆیشتم ‌ داغی ماچی پڕ حه‌سره‌تی تۆ
به‌ فرمێسكی دیده‌ له‌ لێوه‌كانم بشۆرم
ڕۆیشتم له‌و سرووده‌دا به ناته‌واوی بمێنمه‌وه‌
ڕۆیشتم له‌ خۆڕا ئابڕو به‌خۆم بده‌م
ڕۆیشتم ، مه‌ڵێ مه‌ڵێ بۆ ڕۆیی ، نه‌نگی بوو
عیشقی من و نیازی تۆ و
سازو سۆزی هه‌ردووكمان
ڕازه‌كانمان ..
له‌ په‌رده‌ی تارو خامۆشا
وه‌كو گه‌ردی به‌یانییان وه‌ده‌ركه‌وتن .

ڕۆیشتم وه‌ك دڵۆپه‌ فرمێسكێكی گه‌رم
له‌ دامێنی گۆشه‌یه‌كی شه‌وه‌زه‌نگی ژیان ون بم
ڕۆیشتم ، له‌ ڕه‌شایی گۆڕێكی بێ ناوونیشاندا
له‌ كۆڵ شه‌ڕو ترسی ژیان ببمه‌وه ‌..

من له‌ به‌رگریان و دوو چاوی گه‌ش هه‌ڵاتم
له‌به‌ر لافاوی به‌تینی پێكه‌نین ، هه‌ڵاتم
له‌سه‌ر پێخه‌فی ژوان ،
به‌ ئامێزی ساردی جودایی
بریندار به‌ لۆمه‌ی ویژدان ، هه‌ڵاتم

ئه‌ی سینه !
له‌ گه‌رمایی كڵپه‌ی خۆتدا بسووتێ و
چیتر سۆراخی گڕی ئاگر له‌ من مه‌كه‌..
ده‌مویست ببم به‌ مه‌شخه‌ڵ و یاخی ببم
بووم به‌ مه‌لی گۆشه‌ی قه‌فه‌س
باڵ به‌سته‌و دیل ..

گیانی هه‌شتاویم له‌شه‌وی خۆیدا بێ ئاگایه‌
به‌تاڵییه‌وه‌ له‌ دامێنی بێ ده‌نگیدا گریام ..
له‌ده‌ست كرده‌وه‌كانم ده‌ناڵم و
په‌شیمانم له‌ قسه‌كانم ..
بینیم كه ‌لایه‌قی تۆ و عه‌شقی تۆ نیم ..

  • له‌ ( برگذیده‌ اشعار فروغ فرخزاد ) چاپی سێیه‌م
    بڕوانه‌ لاپه‌ڕه‌ 21 .



مەرگی مەهاباد قەرەداغی ‎… ئاسۆعوسمان

مەھاباد قەرەداغی، لەڕۆژگارە تاریکەکانی سەردەمی بەعس ،وەک ژنێکی ئازا،ھەمیشە لەبەرەی بەرگری خەڵک ومیلەتەکەی خۆی بووە،یەکێک بووە لەئەندامە چالاکەکانی کۆمەڵە و لەزیندانەکانی حزبی بەعس توشی دراندانەترین ئەشکەنجەو ئازاربۆتەوە، لەبیرەوەرییەکانیدا دەیگێرێتەوە:” کە جەلادەکانی بەعس، بۆشکاندنی ئیرادەی، جگەرەیان لەسەرسنگ و مەمکی کوژاندۆتەوە”.ھاوسەرەکەشی یەکێکە
‎لەشەھیدەکانی دەستی تیرۆریستان.
ئەم خانمە، تائەو چرکەساتەشی ماڵئاوای لەژیانکرد، خزمەتێکی زۆری بەمافەکانی ژنان ، شیعر و ئەدەب و رۆژنامەگەری کوردی کردووە…..
‎ئیتر خۆشحاڵی دەربڕین بەمەرگی لە ناکاوی ئەم خانمە بۆ….؟

  • بۆچونی جیاوازی لەتۆھەیە و کادری پارتییە
  • باوەری بەخەباتی ناسوینالیستی نەتەوەکەی ھەیە
  • باوەری بەمافەکانی ژنان ھەیە
  • دژی چەند مەلاو گروپی ئیسلامی بووە.
  1. ‎ ‎ئەو بەھانەو پاساوانە، دژی ھەموو بەھا پیرۆزە ئاینی و ئینسانی و کوردەوارییەکەش بوو
    ‎لەمێژە گووتویانە”مرۆڤ کەمرد شەیتان دەستی لێ ھەڵدەگرێت”.
    ‎بەداخەوە ئەوانەی خۆیان مووچەی بندیواری و پارەی ژێربەژێر لەحزبەکان وەرردەگرن،یان ئەو مەلاو گرووپانەی شەورۆژ بەشان وباڵی ئەردۆغانی فاشیست ھەڵئەدەن،دەست
    لەمردوەکانیش ناپارێزن…..
    ‎ئەوانەی دینیان ھەیە و مووچەی بندیواری وەردەگرن ،ئەم ئەم ژنە نوسەرەیان بەبەرگریکاری گەندەڵی تاوانبارکرد….! ئەوانەشی پارەو سامانی چاکیان هەیەو دینیان نییە …!بە ناوی ئیماندارو موسڵمانی ڕاستە قینەوە ،هێرشێکی بەرفراوانیان لەدوای مەرگی مهاباد قەرەداخیەوە بەگەرمی بەرێخستووە.
    ‎باشە بابپرسین ئەو ھەموو غەدرووناحەقیانەی تورک وفارس و عەرەب ، لە کوردى دەكەن ، ئەم هەموو سحابەو ئیماندارو جەنگاوەرانەی ئیسلام ،لەکوێن بۆ بێدەنگن….
    ‎ئاخر براینە دڵنیابن نان و دینی خۆتان و نەتەوەکەتان بە پەلاماردانی دوای مەرگی ئەم خاتونە ناپارێزرێت
    بەداخەوە مەرگی مهاباد قەرەداغی، پێشانیداین باشوری کوردستان توشی چ کارەساتولیکترازانێک کراوە.



یاخی بوونی ژن لە نەریت لە رۆمانی گرەوی بەختی ھەلالە … زەیتون ڕزگار

ژن وەک مێ نییە یان تەنها مێ نییە، بەڵکو ژن بوونێکی مێژووی هەیە.
بە درێژای مێژوو پیاو هەوڵی داوە تا بکرێت تەنها بوونێکی سروشتی بداتە ژن، بەڵام ژن لەناو مێژوو دایە وەک پیاو کە زمانی هەیە چالاکە و سیاسەت دەکات و کۆمەڵگە بەڕێوە دەبات. بەهەمان شێوەش ژن هەمان ئەو مافەی هەیە کە بە ژدار بێت لەسەرجەم کایە و بوارەکانی ژیان. ئەگەر سەیری ڕۆمانی گرەوی بەختی هەڵالە بکەین بە نموونەیەک و لەسەری بدوێم ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە کە (هەڵاڵە) ئەوەی سەلماند هیچ جیاوازیەک لەنێوان نێر و مێ نییە هاوشانی پیاو جەنگی و خەباتی کرد بۆ بەدیهێانی مافەکانی خۆی بوونی خۆی سەلماند، کە مێینە و مافی مێینەی هەیە ،لە کەلتورێک کە پیاوسالاری تێیدا باڵا دەستترینە و ژن مافی ژن بوونی هەیە، چونکە ئەوەی دەیبینین لەکۆمەلگەی کوردی وبەرێوەبردنی كۆمەڵگە لەلایەن کۆمەلێک عەشیرەت و پیاوانی بەناو ئاغاو دەرەبەگ، بەشێوەیەکی زەق پێوەی دیارە مافی مێینە زەوتكراوە. ئەگەر بێتو لە ناوەرۆکی رۆمانەکەوردبینەوە دەبینین
کە(ھەلالە)کچێکی ئازا و چاونەترس بوو. کچی ئاغایەک بوو کە کاری لەگەل کۆمەلێک شۆرشگێر دەکرد لەشاخ .

ھەلالە دوای ئەوەی بینی باوکی زیاتر گرنگی بە نێرینە ئەدات و ژنی پێ لاوازە، بۆیە ھەلالە ئەمەی قەبولنەکرد و دەستی دایە (چەک)لەگەل باوکی بەرەو شاخ بەرێکەوت، ئەنجامی ئەمەش پالپشتی کردنیەوەبوو لەلایەن باوکیەوە، بوەھاندانێک بۆ ھەلالە بۆئەوەی زیاتر داکۆکی لە مافی خۆی بکاو لە ژێرئەوستەم وزولمە رزگاری بێت. ‎ بە کورتی دوای ئەوەی هەڵاڵە خۆی لە شێوەی پیاو دەرخست باوکی نەیتوانی کۆنتڕۆڵی هەڵاڵە بکات، چونکە لەژێر ئەو نەریتە سەقەتە ڕزگاری بوو، هۆکاری ئەو بەهێزیەی هەڵاڵە دەگەڕێتەوە بۆئەو خوێندنەوە و بەژداری کردنی وەک بێژەری ڕادیۆ دواتر بوونی بە مامۆستا، وای کرد ترس بخاتە دڵی باوکی بڕیاری دورخسنەوەی بدات بۆ دەرەوەی وڵات، ئەمەش وای لە هەڵاڵە کرد زیاتر چاوی بە دونیای دیکەی خۆی بکەوێت، پەرە بە ژن بوونی خۆی بدات جیاوازی دوو کەلتوری و دوو چینی وایلێکرد هەڵاڵە بەتەواوی دەست بەرداری نەریتە کۆنەکەی بێت، لەوڵاتی سوید هەڵاڵە بەژداری چەندین کۆڕوکۆبونەوە دەبێت، وەک چالاکوانێکی مافی ژنان کار لە داکۆکی لە مافی ژنان دەکات درێژە بەخوێندنی خۆی دەدات لە وڵاتی سوید بەڵام ،لەکۆتاییەکانی ئەم ئازادیە ئەم فەراهەمکردنی باوکی ئەو مافەی لێ زەوت ئەکات و پیاوێک لە کوردستان هەمان ئەولیەت وکەلتوور و خێڵی لە باوەشە، دەیکات بە هاوسەری کچەکەی مەبەستی باوکی هەڵاڵە بڕیار لە چارەنووسی کچەکەی بدات و ئەوەی بۆ سەلماند کە هیچ ئازادیەک بۆتۆ بوونی نییە.
سەرەنجام کۆتای بە ژیانی هەڵاڵە دەهێنرێت لە لایەن هاوسەرەکەی، ئەوەمان بۆ بەدیار ئەکەوێ کە ژن بوونی نییە لەلایەن پیاوان وەک ژن، بەڵکو وەکو نۆکەریەک سەیری ئەکرێت و سەرەنجامی ئازادبوونی هەر ژنێک کوشتنیەتی لەلایەن کەلتوور و خێڵ، چونکە ھەلگری ئەو کەلتورە کۆنەیە و باوەنایەوێ دەست بەرداری بێت ئەمەش کۆتای هێنانی مێینەیە، لەلایەن پیاوانی خێڵ لە ئێستای کوردستانیش بەتایبەت، لە گوندەکان ئەگەر سەیری بکەین، ژن و کچانی ئەو کۆمەڵگایە قوربانی دەستی خێڵە بن چارەنوسیان هەمان چارەنووسی هەڵاڵەیە، لەکۆتای ئەمەدا ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە کە ڕۆمانێک گوزارشت لە ناخی كۆمەڵگای کوردی ئەکات ئەوەمان پێ دەڵێ چارەنووسی ژن بەم شێوەیە، ئەنجام دەبێت ژن لەرێگەی خوێندن وزانست وزانیاری خۆی تێر بکا،تاوەکولەژێردەستی ئەو کۆمەلگایە ،بەتایبەتی کەلتووری خێل تێیدا بالا دەست ترینە.
حوکم دەکا لەسەر مافی ژن وکچ ،بۆیەژنان دەبێ لەرێگەی خوێندنەوە پەرە بەخۆیان بدەن ، بەتایبەتی کچ وژنانی گوندە دورەدەستەکانی کوردستان ،ھەروەھادەبێ ژنانی ئازادیخواز گوشار بخەنە سەر حوکمەت بۆدانانی قانونێک وبریارێکی کردەی، کەمافی ژنان فەراھەم بکا . لەلایەنی دەستدرێژیکردنەسەری، مافی ئازاد بوونی،جیاوازی نکرێ لەنێوان نێرینەو مێینە ،ھتد… ژن وکچانی کوردستان بەتایبەتی ئەوانەی لەم دۆخە نەخوازراوە دەژین ،پەنابەرنە بەر خوێندنەوەی رۆمانەکان کەگوزارشت لەناخی ئەم کۆمەلگایە دەکا ،لەرێگەیخوێندەوەی ئەم جۆرانەوە دەتوانن بەرچاو رونیتان ھەبێ وداوای مافی خۆتان بکەین . چونکە ھاوشێوەی ھەریەکە لەم رۆمانانە چارەنووسی ھەریەکە لەژنان و کچانی دەستی خێلەکی مان نیشان دەدات .
بۆئەمەش دەبێ حوکمەت پاپشتان بکا ،ئاورێک بەتایبەتی لەگوندەکان بداتەوە ،کەتاکو ئێستا حوکمی عەشیرەت عەشایری تیایاندا بالادەستە . لەرێگەی پالپشی حوکمەت ودەرکردنی بریارێکی کردەی وفەراھەمکردنی مافی ژنان ،دلنیام ئەنجامی ئەرێنی دەبێت.

زەیتون ڕزگار
قوتابی قۆناغی سێیەم
زانکۆی سۆران
بەش ئاداب کوردی




كتێبی گه‌یشتن به‌ ڕووبه‌ری شیعر وچه‌ند سه‌رنجێك … سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی

         

ئایا شیعر ڕووبه‌ڕێكی دیاریكراوی هه‌یه‌؟مه‌به‌ست له‌ ڕووبه‌ری شیعر چییه‌؟ تۆپۆگرافییا و پانتایی ده‌قی شیعرییه‌، یان فه‌زاسازیی؟ئه‌گه‌ر شیعر گه‌یشته‌ ڕووبه‌رێكی دیاریكراو، ئایا مانا و گوتاری شیعری ده‌گه‌نه‌ خاڵی كۆتا؟. شیعر سنووری هه‌یه‌؟ ئه‌مه‌ ئه‌و پرسیارانه‌ن، كه‌ ده‌شێ له‌ په‌یوه‌ندی به‌ شیعره‌وه‌، زۆر به‌ وردی شڕۆڤه‌ بكرێن. چونكه‌ ڕووبه‌ری شیعر هیچ په‌یوه‌ندی به‌ داهێنانی شیعرییه‌وه‌ نییه‌. ڕووبه‌ری شیعر، به‌شێكی بچووكه‌ له‌ ستراكتۆرێكی گه‌وره‌تر كه‌ چه‌ندین ڕه‌گه‌زی هونه‌ری تێدایه‌ و هه‌مووشیان دواجار بینای هونه‌ری ده‌قی شیعری پێكدێنن. ئه‌گه‌ر گه‌یشتن به‌ ڕووبه‌ری شیعر، وه‌ك داهێنان ته‌ماشا بكه‌ین، ئه‌وا گه‌یشتن به‌و ڕووبه‌ره‌، وه‌ك خاڵی كۆتایی گوتارو مانای شیعرییه‌. داهێنان و نوێكردنه‌وه‌ی شیعر، هه‌ر ته‌نها له‌ ڕووبه‌ری ده‌قه‌وه‌ نییه‌،به‌ڵكو فۆڕم و ناوه‌ڕۆك و تۆپۆگرافیای شیعریشه‌. گۆران كاتێ ناوبڕێك له‌ نێوان خۆی و شیعری كلاسیك دروست ده‌كات، هه‌ر ته‌نها نه‌هێشتنی كێش و برگه‌ نییه‌، به‌ڵكو نوێكارییه‌ له‌ تۆپۆگرافیای ده‌قی شیعری، كه‌ ده‌بێته‌ شیعری ئازاد و نوێكردنه‌وه‌یه‌ له‌ زمان و گوتارو فۆڕمیشدا.
شیعری كلاسیكی، تۆپۆگرافیایه‌كی ئاسۆیی جێگیری هه‌یه‌، به‌ڵام له‌ شیعری گۆراندا، ئه‌و تۆپۆگرافیایه‌ ده‌بێته‌ ستوونی و به‌ پێی بونیادی ده‌قه‌كه‌ ده‌گۆڕدرێت له‌ وشه‌ و كۆپڵه‌ و ده‌ربڕینی شیعریدا. بۆیه‌ به‌بڕوای من، هه‌ر كاتێك شیعری شاعیرێك گه‌یشته‌ ڕووبه‌رێكی دیاریكراو، ئیدی سنوور له‌ به‌رده‌م ئه‌م ده‌قه‌دا، بۆ خوێندنه‌وه‌ی جیاوازو دیدگای جیاواز كۆتایی دێت. چونكه‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا له‌گه‌ڵ گه‌یشتن به‌و ڕووبه‌ره‌، به‌ مانای شیعریش ده‌گه‌ین و هه‌ر كاتێكیش مانا له‌ شیعردا ته‌واو بوو، بونیادی شیعره‌كه‌ش له‌ ئاستی خوێندنه‌وه‌ و بینی جیاوازدا كۆتایی دێت.(كتێبی گه‌یشتن به‌ ڕووبه‌ری شیعر)، كتێبێكه‌ له‌ باره‌ی ئه‌زموونی شیعری(فه‌ریدزامدار).ئه‌م كتێبه‌، له‌ چه‌ند وتارێك پێكهاتووه‌، له‌ باره‌ی ئه‌زموونی شیعری كوردی و شیعری ئه‌م شاعیره‌ش به‌ تایبه‌تی.به‌شێك له‌ بۆچوونه‌كانی نووسه‌ر له‌ باره‌ی شیعره‌وه‌،بۆچوونی ساده‌ و ڕاگوزه‌رن ، نه‌ك دید و تێڕوانینی بابه‌تی و مێژوویی و مه‌عریفی بۆ شیعر.له‌ دوو توێی ئه‌و بۆچوونانه‌دا، نووسه‌ر ئه‌زموونی چه‌ند شاعیرێك، ده‌خاته‌ نێو یه‌ك بزاوتی شیعرییه‌وه‌، كه‌ نه‌ك له‌ ڕووی ئه‌زموونی شیعرییه‌وه‌ دوورن له‌ یه‌كتری،به‌ڵكو هیچ په‌یوه‌ندییه‌كیشیان به‌ یه‌كترییه‌وه‌ نییه‌ وه‌ك(شێركۆ بێكه‌س، كه‌ریم ده‌شتی، سه‌باح ڕه‌نجده‌ر).
ئه‌مه‌ له‌لایه‌ك له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، چه‌ند بۆچوونێك ده‌رده‌بڕێت،كه‌ بوارێك بۆ بیروڕاو لێكدانه‌وه‌ی جیاواز ناهێڵنه‌وه‌. واتا ئه‌وه‌نده‌ به‌ ڕه‌های لێكدانه‌وه‌ی بۆ كردوون.بۆنموونه‌ ده‌نووسێت:(شێركۆ بێكه‌س هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ ،له‌ تریفه‌ی هه‌ڵبه‌سته‌وه‌، به‌ هێزێكی شیعری پته‌و ده‌ستی پێكردووه‌ و له‌وێنده‌رێش له‌ داهێنانه‌ شیعرییه‌كانی به‌رده‌وام بووه‌). له‌ ڕاستیدا، هیچ ئه‌زموونێكی شیعری نییه‌ به‌ داهێنانه‌وه‌ ده‌ست پێ بكات، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ جیاواز كه‌وتنه‌وه‌یه‌.كه‌ ئه‌مه‌ش ده‌شێ له‌ ئه‌زموونی سه‌ره‌تای هه‌موو شاعیرێك ڕوونه‌دات. ئه‌گه‌ر به‌ وردی شیعره‌كانی تریفه‌ی هه‌ڵبه‌ست، به‌راورد بكه‌ین له‌ گه‌ڵ شیعری ساڵانی دواتری ئه‌م شاعیره‌ و دوایین شیعری كه‌ كورسیییه‌، هه‌ست به‌ گۆڕانكارییه‌كی گه‌وره‌ و به‌رده‌وامی شیعری له‌ ڕووی فۆڕم و ناوه‌ڕۆك و گوتارو دنیابینی ئه‌م شاعیره‌ ده‌كه‌ین. له‌ تریفه‌ی هه‌ڵبه‌ستدا، شێركۆ هه‌مان ئه‌و شاعیره‌ نییه‌، كه‌ دواجار ده‌بێته‌ شوناسێكی دیار له‌ دنیای شیعری ئێمه‌دا. شیعره‌كانی سه‌ره‌تای له‌ ڕووی زمان و وێنه‌ و بابه‌ته‌وه‌، شیعری ساده‌ و هاوشێوه‌ی ئه‌زموونی شاعیرانی هاوسه‌رده‌می خۆیه‌تی.
هیچ داهێنانێك به‌و شیعرانه‌ نابینرێت. به‌ڵام كێشه‌ی نووسه‌ر له‌وه‌دایه‌ چونكه‌ پێی وایه‌ داهێنانی شیعریی پرۆسه‌یه‌كی گشتییه‌، ئیدی هه‌موو شاعیرێك داهێنه‌ره‌. شیعره‌كانی جه‌مال شارباژێریی و جه‌لالی میرزا كه‌ریم له‌ په‌نجاكانی سه‌ده‌ی ڕابردوودا، له‌ ڕووی ئه‌زموونی شیعرییه‌وه‌،له‌ تریفه‌ی هه‌ڵبه‌ست و شیعره‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی شێركر بێكه‌س هونه‌ریترن. ئه‌مه‌ش نه‌نگییه‌ك نییه‌. چونكه‌ دواجار شێركۆ ده‌بێته‌ ناوێكی نه‌مرو گه‌وره‌، به‌ڵام ئه‌و نه‌مرییه‌، له‌ تریفه‌ی هه‌ڵبه‌سته‌وه‌ ده‌ست پێ ناكات، به‌ڵكو له‌ داستانی هه‌ڵۆی سوورو دوو سروودی كێویی و كۆچ و ده‌ربه‌ندی په‌پووله‌ و خاچ و مارو ئه‌زموونی دواتری ده‌ست پێ ده‌كات. بۆیه‌ ناساندنی شێركۆ بێكه‌س، وه‌ك داهێنه‌رو نوێخوازێك له‌ تریفه‌ی هه‌ڵبه‌ستدا، به‌ بڕوای من بێ ئاگایه‌ له‌ مێژووی شیعری كوردی.ئه‌و به‌رده‌وامییه‌ له‌ شیعردا، واده‌كات ئه‌م شاعیره‌مان تریفه‌ی هه‌ڵبه‌ست و شیعره‌ سیاسی و شۆڕشگێڕییه‌كانی خۆی تێپه‌ڕێنێت.له‌ خێراكه‌ مردن خه‌ریكه‌ بگا و ئێستا كچێك نیشتمانه‌ و كورسی، به‌ ته‌واوه‌تی دنیابینی ئه‌م شاعیره‌ بۆ بوون و ژیان و سیاسه‌ت و ئایدۆلۆژییا و هه‌موو شتێك ده‌گۆڕدرێت.چونكه‌ ئه‌زموونی شیعری له‌ گۆڕاندایه‌. بۆیه‌ شیعره‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی شێركۆ بێكه‌س، هاوشێوه‌ی دوایین شیعره‌كانی نییه‌. ئه‌مه‌ له‌لایه‌ك، له‌لایه‌كی تره‌وه‌ هه‌رئه‌زموونێكی سه‌ره‌تایی ژیان له‌ هه‌ر ڕووێكه‌وه‌ بێت، به‌ داهێنان ده‌ستی پێكرد، كه‌واتا مرۆڤایه‌تی ده‌گاته‌ خاڵی كۆتایی. چونكه‌ داهێنان ده‌ره‌نجامی ڕه‌تكردنه‌وه‌ی ئه‌و كۆنیه‌یه‌ كه‌ هه‌یه‌.
جیاواز كه‌وتنه‌وه‌ و جێهێشتنی میرات و كه‌له‌ پووری پێشووه‌. ئه‌گه‌ر شاعیران به‌ داهێنان ده‌ست پێ بكه‌ن و هه‌موو كه‌سێك داهێنه‌ر بێت، ئێستا یه‌ك داهێنان له‌ یه‌ك ڕووی ژیانه‌وه‌ بوونی نه‌ده‌بوو.به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ داهێنان پرۆسه‌یه‌كی به‌رده‌وامه‌، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و واقیعه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی و ژیاریی و فه‌رهه‌نگیه‌یه‌ كه‌ هه‌یه‌ به‌ ئاراسته‌یه‌كی نوێتر. ئه‌گه‌ر سه‌رنج له‌ ئه‌زموونی داهێنانه‌ زانستی و ئه‌ده‌بی ومرۆڤایه‌تییه‌كان بده‌ین، هیچ داهێنانێك نابینینه‌وه‌، له‌ ده‌ره‌وه‌ی بیركردنه‌وه‌ی كه‌سی بێت. چونكه‌ داهێنان كرده‌یه‌كی كه‌سییه‌، نه‌ك گشتی وه‌ك ئه‌وه‌ی ناڵه‌ حه‌سه‌ن هه‌موو شاعیرانی كوردی له‌و كتێبه‌دا كردۆته‌ داهێنه‌رو نوێخوازو یاخی، كه‌ هه‌ندێكییان په‌نجا ساڵه‌ شیعر ده‌نووسن، به‌ڵام نه‌بوونه‌ته‌ داهێنه‌ر.بۆیه‌ داهێنان كرده‌یه‌كی گشتی و هه‌مووه‌كی نییه‌، تا هه‌ر شاعیرێك مه‌به‌ستی بوو دایبهێنێت. له‌ ئه‌زموونی شیعری كوردیدا، چه‌ند(گۆران) هه‌ن؟. چه‌ند( شێخ ڕه‌زا)هه‌ن شیعری هه‌جوو بنووسن؟چه‌ند ئه‌حمه‌دی خانی هه‌ن، باسی سه‌ره‌تاكانی هزری ناسیۆنالیزم بكه‌ن؟بۆیه‌ باسكردن له‌وه‌ی كه‌ زۆرینه‌ی شاعیرانی كورد(وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌و ناوی هێناون)داهێنه‌ر و یاخی و نوێخوازبوونه‌،تێزێكی نالۆژیكی و بێ بنه‌مایه‌.بێگومان به‌ درێژایی نووسینه‌كانی ئه‌و كتێبه‌، نووسه‌ر هه‌میشه‌ ئه‌و دووپات ده‌كاته‌وه‌، كه‌ فه‌رید زامدار شاعیرێكی(داهێنه‌ر، نوێخواز, یاخی ، هوشیار، زمانزان، جیاواز له‌ شاعیره‌ هاوسه‌رده‌مه‌كانی و نوێخوازێكی به‌رده‌وامی و شیعربووه‌ و شاعیرانی پێش و دوای خۆی جێهێشتووه‌) و چه‌ندین شوناسی تریشی ده‌داته‌ پاڵ.
به‌ بڕوای من وه‌ك خوێنه‌رێكی ئاسایی شیعر، ئه‌م بۆچوونانه‌ ستاییشكردنێكی كه‌سی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ریاییكردنێكی هاوڕێیانه‌یه‌، كه‌ نووسه‌ری كتێبه‌كه‌، خۆشی له‌ پێشه‌كی كتێبه‌كه‌یدا ده‌ڵێت: (خۆزگه‌ له‌ ژیان بمابایه‌ و ئه‌و كتێبه‌ی ئه‌وی ده‌دیت)نه‌ك بۆچوونێك بن له‌ سه‌ر بنه‌مای هه‌ڵسه‌نگاندن و خوێندنه‌وه‌ و لۆژیكی شیعر ناسی بونیاد نرابن. چونكه‌ كه‌ شیعره‌كانی ئه‌و شاعیره‌ ده‌خوێنینه‌وه‌،هه‌ست به‌و هه‌موو داهێنانه‌ ناكه‌ین كه‌ ناڵه‌ حه‌سه‌ن باسی ده‌كات. به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ له‌م ساڵانه‌ی دواییدا، ئه‌م شاعیره‌، په‌راوێزترین و له‌ بیركراوترین شاعیری كورد بووه‌، له‌ ئاستی نێوه‌ندی ئه‌ده‌بی و شیعریدا. ئیدی نازانم ئه‌م شاعیره‌، چۆن تا دوا چركه‌ساتی ژیانی به‌رده‌وام بووه‌ له‌ داهێنانی شیعری؟. ئه‌گه‌ر داهێنانی شیعریی و نوێخوازی به‌رده‌وامی ئه‌م شاعیره‌، تا كۆتایی ژیانی وه‌ك ئه‌وه‌ی نووسه‌ری كتێبه‌كه‌ ده‌یڵێت، به‌راورد بكه‌ین له‌ گه‌ڵ ئه‌و خاسییه‌ته‌ شیعرییانه‌ی نووسه‌ر وه‌ك پێوه‌رێك بۆ داهێنان دیاری ده‌كات، ئه‌وا خۆی بۆچوونه‌كانی خۆی به‌تاڵ ده‌كاته‌وه‌.بۆنموونه‌ ده‌نووسێت:_ (شیعره‌كانی فه‌رید پڕن له‌ وێنه‌ و ده‌ربڕینی ڕۆمانسییانه‌ی جوان، كه‌ زمانێكی ڕۆمانسییانه‌یان هه‌یه‌). هه‌روه‌ها به‌رده‌وام ده‌بێت و ده‌نووسێت:(ئه‌و هه‌میشه‌ شاعیرێكی یاخی و سه‌ركه‌ش بووه‌).
ئه‌گه‌ر ڕه‌گه‌زی ڕۆمانسییه‌ت، وه‌ك داهێنانێكی شیعری بناسێنین، ئه‌وا ده‌بێ بڵێین ئه‌م شاعیره‌ داهێنه‌ر نه‌بووه‌.چونكه‌ ڕۆمانسییه‌ت جگه‌ له‌وه‌ی ڕێبازێكی ئه‌ده‌بی كۆنه‌، هاوكات شیعری كوردی له‌ بیسته‌كان و په‌نجاكان و شه‌سته‌كانیش، پڕن له‌ وێنه‌ی ڕۆمانسییانه‌.له‌ ڕۆمانسییه‌تدا، خه‌یاڵ وسرووشت بنه‌مای سه‌ره‌كین. له‌ ڕۆمانسییه‌تدا، سۆز بزوێنه‌ری شیعره‌و له‌ ڕێگه‌ی وێنه‌ و ده‌ربڕینی هونه‌رییه‌وه‌، چێژی شیعری بونیاد ده‌نێت. بۆیه‌ وه‌ك خوێنه‌رێك ده‌كرێ بپرسین داهێنان به‌ره‌نجامی هزره‌، یان سۆزو ڕۆمانسییه‌ت؟. ئه‌گه‌ر زمان و وێنه‌ی ڕۆمانسی به‌ داهێنانی شیعری بزانین، ئه‌وا گۆران له‌ هه‌موو شاعیرانی مێژووی كورد داهێنه‌رتره‌،چونكه‌ شیعره‌كانی پڕن له‌ وێنه‌ی جوانی ڕۆمانسییانه‌. به‌ڵام گۆران بۆیه‌ داهێنه‌ر نییه‌ چونكه‌ شیعری ڕۆمانسی نووسیوه‌، به‌ڵكو بۆیه‌ داهێنه‌ره‌ چونكه‌ كێش و بڕگه‌ ناهێلێت و تۆپۆگرافیای ده‌قی شیعری ده‌گۆڕێت و فۆڕمی ئازاد داده‌هێنێت. داهێنانی شیعریی، په‌یوه‌ست نییه‌ به‌ ڕه‌گه‌زێكی هونه‌ری دیاریكراوه‌وه‌، به‌ڵكو گۆڕانكارییه‌ له‌ فۆڕم و زمان و دنیابینی و ناوه‌ڕۆك و په‌یامی شیعریشه‌وه‌.داهێنه‌ره‌كان، هه‌موو سات و سه‌رده‌مێك ده‌رناكه‌ون، به‌ پێی واقیعی ئه‌ده‌بی و ژیاریی كۆمه‌ڵگه‌ ده‌رده‌كه‌ون. هاوكات ئایا یاخیبوون له‌ شیعردا داهێنان و نوێخوازییه‌؟.
هه‌ر كه‌سێك ئه‌م ژیانه‌ی ڕه‌ت كرده‌وه‌، یاخی و داهێنه‌ره‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی نووسه‌ری كتێبه‌كه‌ ده‌یڵێت؟. مه‌گه‌ر مرۆڤ به‌ سرووشتی كۆمه‌ڵایه‌تی و كه‌سی خۆیه‌وه‌،هه‌ستَێكی یاخییانه‌ی نییه‌؟دواجار به‌ ته‌نها گوتنی(نا)چی ده‌گۆڕێت، ئه‌گه‌ر ئه‌و یاخییبوونه‌ له‌ دروشمه‌وه‌ نه‌كه‌ینه‌ كردار؟یاخیبوون له‌ مێژووی شیعری كوردیدا، ڕه‌گه‌زێكی نوێ و داهێنه‌رانه‌ی فه‌رید زامدار نییه‌، به‌ڵكو زۆربه‌ی شاعیرانی كورد، له‌ شیعره‌كانییاندا جۆرێك له‌ بیرو ڕوانینی یاخییگه‌ریانه‌یان هه‌یه‌، ئه‌گه‌ر به‌ شێوه‌یه‌كی سۆسیۆلۆژی و هاوسه‌رده‌مانه‌ش نه‌بێت. كاتێ نالی شاره‌زوو له‌ سۆنگه‌ی ململانێی میرنشینه‌كانه‌وه‌ جێدێڵێت، مه‌گه‌ر ئه‌مه‌ جۆرێك له‌ ڕه‌تكردنه‌وه‌ و یاخییبوون نییه‌ له‌ هه‌مبه‌ر ژیان و بووندا؟. كاتێ شێخ ڕه‌زا، هه‌جووی پیاوانی ئایینی ده‌كات و بێكه‌س دژی ئه‌قڵی خورافی ده‌وه‌ستێته‌وه‌، ئه‌مه‌ مانای یاخییبوون و ڕه‌تكردنه‌وه‌ نییه‌؟. شیعره‌كانی جه‌لالی میرزا كه‌ریم، كه‌ پێش ئه‌و شاعیره‌ش شیعری نووسیوه‌، پڕن له‌ یاخیبوونی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و كه‌سی. ئیدی نازانم چۆن نووسه‌ر بوێری ئه‌وه‌ ده‌كات، به‌ زامدار بڵێت داهێنه‌ره‌ چونكه‌ یاخی بووه‌. یاخییبوون نه‌ داهێنانه‌، نه‌ نوێخوزای، نه‌ جیاواز كه‌وتنه‌وه‌. به‌ڵكو ده‌شێ هه‌موو مرۆڤێك یاخی بێت.وه‌ك ئه‌وه‌ی كامۆ باسی مرۆڤی یاخی ده‌كات، نه‌ك شاعیری یاخی.شیعری كوردی نیوه‌ی دووه‌می هه‌فتاكان، پڕه‌ له‌ یاخیبوون و كه‌سیش ئه‌و شاعیرانه‌ به‌ داهێنه‌ر نازانێت،ته‌نها له‌به‌ر یاخییبوونه‌كه‌یان. نووسه‌ر له‌ درێژه‌ی نووسینه‌كه‌یدا، وێرای ئه‌وه‌ی چه‌ند بابه‌تێكی نووسیوه‌، كه‌ هیچ په‌یوه‌ندییان به‌ ئه‌زموونی شیعریی زامداره‌وه‌ نییه‌(بۆنموونه‌ وه‌ك قوتابخانه‌ و ڕێبازه‌ ئه‌ده‌بییه‌كان)به‌رده‌وامیش ده‌بێت له‌ پێدا هه‌ڵگوتن و ستاییشنامه‌ی بێ بنه‌مای ئه‌م شاعیره‌وه‌ ئه‌مجاره‌یان ده‌نووسێت:(باوه‌ڕ ناكه‌م هیچ شاعیرو بیرمه‌ندێكی كورد،به‌م شێوه‌یه‌ی فه‌رید زامدار باسی قه‌ڵه‌م بكات).
دیاره‌ مه‌به‌ستی ئه‌و شیعره‌ ساده‌ و ساكاره‌یه‌، كه‌ تیایدا باسی قه‌ڵه‌م ده‌كات. نازانم نووسه‌ر چۆن ده‌توانێت له‌ ئاست شیعرێكی ئه‌وها ساده‌دا، بیرمه‌ندانی كورد و شاعیرانی كورد، له‌ ئاست زامداردا بچووك بكاته‌وه‌؟. ئایا ته‌نها ئه‌و باسی قه‌ڵه‌م ده‌كات؟ ئایا نووسه‌ری كتێبه‌كه‌، شیعره‌كانی قانع و شێركۆ بێكه‌س و په‌شێوی خوێندۆته‌وه‌، كه‌ چۆن باسی شیعرو وشه‌ و قه‌ڵه‌م ده‌كه‌ن؟.ئایا شیعره‌كانی ئه‌حمه‌د موختار جاف و حاجی قادری خوێندۆته‌وه‌، كه‌ چۆن باسی خوێنده‌واریی و زانست و فێربوون ده‌كه‌ن؟ئایا شیعره‌كانی زێوه‌ری بینیوه‌، كه‌ پێشه‌نگی هزری خوێنده‌وارییه‌ له‌شیعردا؟. باسكردنی قه‌ڵه‌م له‌ وێنه‌یه‌كی شیعریدا، هیچ شاعیرێك ناكاته‌ داهێنه‌ر، وه‌ك چۆن نووسینی ده‌یان كتێبی ستاییشنامه‌ش، كه‌س ناكاته‌ داهێنه‌ر. له‌ بنه‌ڕه‌تدا، شاعیری جیاوازنووس و داهێنه‌ر، پێویستی به‌ په‌سن نییه‌،چونكه‌ داهێنانی شیعری خۆی له‌ ئه‌زموونه‌ هاوسه‌رده‌م و سواوه‌كانی دیكه‌ی جیا ده‌كاته‌وه‌. ئه‌گه‌ر شاعیرێك توانی داهێنان له‌ ڕووی فۆڕم و ناوه‌ڕۆك و دنیابینی و زمانی شیعری بكات، ئه‌وا پێویستی به‌ ستاییشنامه‌ی هیچ كه‌سێك نییه‌. ئه‌زموونی فه‌رید زامدار ، ئه‌زموونێكه‌ له‌ ڕووی مێژوویی و قۆناغ به‌ندی شیعرییه‌وه‌، هاوشێوه‌ی ئه‌زموونی هه‌ر شاعیرێكی دیكه‌ی سه‌رده‌می خۆیه‌تی. جیاوازیه‌كی بچووك كه‌ هه‌بووبێت ئه‌وه‌یه‌، كه‌ زامدار گرنگی به‌ وێنه‌ وهێلكاریی و سكێچی شیعر داوه‌.
دیاره‌ ئه‌مه‌ش په‌یوه‌ندی به‌وه‌ و هه‌یه‌، كه‌ خۆی هونه‌رمه‌ندێكی شێوه‌كاربوو، بۆیه‌ سوودی له‌هێڵ و وێنه‌ و فیگه‌ری هونه‌ری بینیوه‌. ئه‌مه‌ش ئه‌زموونێكه‌ له‌ به‌شێكی زۆری شیعری فه‌رهاد پیرباڵ بوونی هه‌یه‌.هاوكات وێنه‌ داهێنان نییه‌ له‌ شیعر، بگره‌ مرۆڤ سه‌ره‌تا كه‌ هیچ زمانێكی نه‌زانیوه‌، وێنه‌ی جۆراوجۆری، له‌ سرووشت هه‌ڵكۆڵیوه‌. واتا وێنه‌ و هێلكاری به‌رله‌ زمان و ده‌ربڕین بوونییان هه‌بووه‌. ئیدی نازانم ئه‌گه‌ر شاعیرێك هێلكاریی و شیعرو وێنه‌ی تێكه‌ڵاو كرد، داهێنانه‌كه‌ی له‌ كوێدایه‌؟. نووسه‌ر هه‌رله‌ درێژه‌ی كتێبه‌كه‌یدا، خاسیه‌تێكی دیكه‌ ده‌داته‌ پاڵ داهێنه‌ریه‌تی فه‌رید زامدار به‌ تێگه‌یشتنی خۆی، ئه‌ویش پارادۆكسی ناونیشانه‌ له‌ شیعره‌كانیدا. به‌ڵام شیعره‌كانی سه‌باح ڕه‌نجده‌ر، پڕن له‌ وێنه‌ی پارادۆكسی ناونیشان و كه‌ به‌و په‌ڕی ئاگاییه‌وه‌، بۆ شیعره‌كانی دایناون. كه‌ ته‌نانه‌ت زۆر له‌ ناونیشانی شیعره‌كانی فه‌رید زامداریش، هونه‌ریترو پڕ ماناترن.بۆیه‌ پارادۆكسی ناونیشانیش، داهێنه‌رایه‌تی نییه‌. به‌گشتی ئه‌و تابیتمه‌ندییانه‌ی نووسه‌ری كتێبه‌كه‌، ده‌یكاته‌ پێوه‌رێك و تیایدا ده‌یه‌وێت زامدار وه‌ك پێشه‌نگی شیعری كوردی بناسێنێت، پێوه‌ری نالۆژیكی و نابابه‌تی و هیچ بنه‌مایه‌كی شیعر ناسیان تێدا نییه‌.چونكه‌ ئه‌م خاسییه‌تانه‌ له‌ شیعری هه‌موو شاعیره‌كانی دیكه‌ی هاوته‌مه‌ن و هاو قۆناغی زامدار بوونییان هه‌یه‌. كه‌ واتا ده‌بێ ئه‌وانیش هه‌موویان نوێخوازو یاخی و داهێنه‌ر بن، كه‌ له‌ڕاستیدا وا نییه‌. دواجار ده‌ڵێم، ناوه‌ڕۆكی ئه‌م كتێبه‌، پتر له‌ لاوانه‌وه‌ و شینامه‌یه‌ك ده‌چێت، نه‌ك لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی ئه‌ده‌بی و بابه‌تی، كه‌ به‌ ئه‌رگۆمێنت و له‌ په‌راوێزی شڕۆڤه‌كردنی شیعره‌كانییه‌وه‌، داهێنانی ئه‌و شاعیره‌ ده‌ربخات. هیوادارم واز له‌ ستاییش و مه‌رایی یه‌كتری بێنین وشیعرو ئه‌زموونی شیعری شاعیران چۆن هه‌یه‌، به‌و شێوه‌یه‌ بخوێنینه‌وه‌. چونكه‌ كه‌س به‌ پێدا هه‌ڵگوتن و نووسینی ستاییشنامه‌ نابێته‌ شاعیری داهێنه‌ر.

—————————————-

په‌راوێز:_ گه‌یشتن به‌ ڕووبه‌ری شیعر، نووسینی: ناڵه‌ حه‌سه‌ن، ساڵی چاپ_2020.

*ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ ڕۆژنامه‌ی(كوردستانی نوێ) ژماره‌ی ڕۆژی 12/10/2020بڵاوكراوه‌ته‌وه‌…




فه‌رهه‌نگی “صادق ” … كامه‌ران حاجی ئه‌لیاس

بوونی فه‌رهه‌نگ ، قاموس بۆ هه‌ر كۆمه‌ڵگایه‌ك زۆر گرنگ و پێویسته‌ به‌مه‌به‌ستی ئاشنا بوون و شاره‌زا بوون له‌ ماناومدلولی وشه‌ی زمانێكی تر.. قاموس به‌كارده‌هێنرێت وه‌كو فاكته‌رێك بۆ فێربوونی زمانێكی تر ، كه‌ له‌وانه‌یه‌ زۆربه‌ی تاكی ناو كۆمه‌ڵگا،له‌ ژیانی رۆژنه‌ به‌گشتی به‌تایبه‌تی له‌ كاتی گه‌شتكردن زۆر پێویستی پێبێت.
قامووس وه‌كو سه‌رچاوه‌ به‌كار دێت بۆ وه‌رگێرانی مانای وشه‌ له‌ زمانێك بۆ زمانێكی تر جگه‌ له‌ ئه‌ركی سه‌ره‌كی كه‌ بریتتیه‌ له‌ پێناسه‌ی وشه‌ له‌رووی زانستی و ده‌ربڕین و له‌رووی رێزمانییه‌كه‌ی هه‌ر له‌به‌ر ئه‌م هۆیانه‌ كاركردن ئاماده‌كردنی هه‌رقاموسێكی زمان كارێكی ئاسایی و ئاسان نییه‌ ،پێوستی به‌ ماندووبوونێكی زۆر ده‌بێت ده‌بێ ئه‌و كه‌سه‌ی ئه‌م كاره‌ ده‌كات شاره‌زایه‌كی باشی زمان هه‌بێت ،له‌ هه‌مان كاتدا به‌رپرسیاره‌تیش له‌ ئه‌ستۆ بگرێت.
كاتێ چاو خشانێكم به‌ نێو قامووسی (صادق)دا كرد ، كه‌ له‌ عه‌ره‌بی – بۆكوردییه‌ هه‌ستم كرد كاره‌كه‌ زۆر به‌ ووردی كراوه‌ په‌له‌شی لێنه‌كراوه‌ چ له‌ رووی زمانه‌وه‌ یان له‌ رووی ده‌ربڕینه‌وه‌ ،به‌جۆرێك وشه‌یه‌ك چه‌ندین مانای له‌ خۆگرتووه‌ن، هه‌مووی ئاماژه‌ی پێكراوه‌، هه‌موو كه‌سێك ده‌توانێ وه‌رگێری هه‌ر وشه‌یه‌كی عه‌ربی بۆ زمانی كوردی ده‌ستكه‌وێت ، كه‌ به‌ پێی پیتی ئه‌لف و بێی عه‌ره‌بی ریز به‌ندی بۆ كراوه‌،وشه‌كان به‌هه‌ردو شێوازی سۆرانی و كرمانجی وه‌رگێردراوه‌ ،ئه‌مه‌ش سه‌لیقه‌و زانیاریه‌كی زۆر و ماندووبوونێكی زۆری ده‌وێت ،هه‌ر له‌و قامووسه‌دا ، ره‌چاو كردنی هه‌ندێ وشه‌ له‌رووی كۆ و تاك كراوه‌ ، به‌جۆرێك مانای وشه‌كان داڕێژراون كه‌ زۆر به‌ی تاكه‌كان له‌ رژیانی رۆژانه‌ به‌كار ده‌هێنن وه‌ به‌تایبه‌تیش له‌ رووی ئه‌ده‌بی و میدیایی، له‌دایك بوونی قامووسێكی ئاوا ئاسان نه‌بوو، شه‌ونخونی 30 ساڵه‌ی نووسه‌ر بووه‌ كه‌لێكنی باشی كتێبخانه‌ی كوردی پڕكردۆته‌وه‌.
له‌م قامووسه‌دا مامۆستایه‌كی شاره‌زا رۆڵێكی گرنگی هه‌بووه‌ له‌ ده‌وڵمه‌ندكردنی بابه‌ته‌كه‌ئه‌ویش به‌رێز مامۆستای زمانه‌وانی (جه‌لال زه‌نگابادی)یه‌، كه‌هاوكاری و گرنگی زۆری به‌ قامووسه‌كه‌ به‌خشیوه‌ به‌هۆی توانست و لێهاتووی، مامۆستای ناوبرا له‌ روو زمانه‌وانی ، ماییه‌ی ده‌ست خۆشییه‌.
سادق رواندزی ناوی سادق حاجی جه‌وهه‌ره‌ له‌ ساڵی 1964 له‌ شاری رواندز له‌ دایك بووه‌ خوێندنی بنه‌ڕه‌تی و ئاماده‌یی له‌و شاره‌ ته‌واو كردوه‌ .
ده‌رچووی كۆلێژی ئادابه‌ له‌ زانكۆی به‌غدا ساڵی 1990 .

  • بڕوانامه‌ی ماسته‌ری له‌ كارگێری و به‌رێوه‌به‌ردن له‌ زانكۆی لوبنانی – فه‌رنسی ساڵی 2014.
    -بڕوانامه‌ی ماسته‌ری له‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی مه‌یدانی تایبه‌تی به‌ زیندانه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ، چۆنیه‌تی به‌رێوه‌بردن له‌ ژێر ناوی(هكژا تكلّم سجن المحگّه‌)) به‌ زمانی عه‌ره‌بی وه‌رگرتووه‌ ساڵی 2015.
    -كۆمه‌ڵه‌ شعیرێكی به‌ ناوی (دڵ و خاك) ساڵی چاپ كردوه‌ 2012
    كۆمه‌ڵه‌ شعیرێكی به‌ زمانی عه‌ره‌بی ئاماده‌ بۆچاپ.
    -له‌ ساڵی 28/2/1983 وه‌كو پێشمه‌رگه‌یه‌كی ناوخۆ به‌شداری له‌ خه‌باتی كوردایه‌تی كردوه‌ له‌ ساڵی 28/3/1983 سه‌ركردایه‌تی خۆپیشاندانی قوتابیان ئاماده‌یی رواندزی كردوه‌ دژی به‌عسییه‌ شۆفێنییه‌كان سێ جاریش له‌لایه‌ن ده‌زگا داپۆلسێنه‌كانی به‌عس گیراوه‌ به‌ توندترین شێوه‌ ئه‌شكه‌نجه‌ دراوه‌.
    ده‌ست خۆشی له‌ برای به‌رێزم كاك سادق ده‌كه‌م هیوای سه‌ركه‌وتنی بۆ ده‌خوازم.



مەرگی خاتوو(مهاباد) و دوو قسەی تریش! … جوتیار

مەرگ لە وێنا و بیرکردنەوەی ئێمەی مرۆڤدا بەشێکە لە نەهامەتی و خەمباری، مەرگ هەمیشە وەکوو ڕووداوێکی فیزیکی بەشێکە لە بوون و دوا دەلالاتەکانی چەمکی ژیان، بەشێکە لە دوا ئاکتیڤیتێتی جەستەیی و بزاوتە ئۆرگانیەکانی مرۆڤ، مەرگ ڕوداوێکە کە هەمیشە مرۆڤ دەخاتە ناو ڕامانێکی دیالێکتیکی و تاکوو ئێستاش هیچ شتێک ناتوانێت مادییانە ئەو ڕووداوە ببەستێتەوە بە مێژووی ململانێکانی نێوان سروشت و ئینسانەوە وەکوو شتێكی هەستپێکراو، کە دەڵێم مادییانە، بەو واتایەی کە تاکوو ئێستا هیچ زانست و تیۆرێک ناتوانێت پێمان بڵێت کە ئایا مەرگ واقیعەن کۆتایی بوونە، یاخود ئەوەش هەر بەشێکە لە ووجوود و وەکوو دواهەمین تراژیدیا دەچێتە ناو پێناس و بوونی کۆمەڵایەتی مرۆڤەوە.
( سیگمۆند فرۆید ) زانای دەرونناسی مەزن دەڵێت ، هیچ مرۆڤێک ناتوانێت وێنای مەرگی خۆی بکات ، چونکە ئێمە هەموومان لە ناووشیاری(لاوعی) خۆماندا بروامان بە ژیانی ئەبەدی(خلود) هەیە.
مەرگ لە ڕوانگەی زانستی فیسیولۆجی، کۆتاییهاتنی ئەو ئەنێرژیەیە کە جەستەی مرۆڤ هەڵدەسوڕێنێت و لە دەرەنجامدا دەبێتە هۆکاری وەستان و لەکارکەوتنی هەموو ئەو داینامیکەی کە جوڵەی بایۆلۆژی مرۆڤی لەسەر بونیاد دەندرێت.
هەر یەکێک لە ئێمە ئەگەر مەرگ ئازیزێکمان لێبسێنێت، دەکرێت ببێتە هۆکار بۆ خەمۆکیەکی درێژخایەن، جا ئەگەر ئەو کەسە تەنها گیانلەبەرێک بێت و مرۆڤیش نەبێت، دەکرێت باڵندەیەک بێت، گوێدرێژێک یان پشیلەیەک، یان سەگێک، چونکە دەربڕینی هەست و خۆشەویستی لە ناو پەیوەندیەکانماندا بە تەنها پێویستی بە زمانێکی بوێژ (ناطق) نییە، بەڵکو پێویستی بەو هەستە هەیە کە لە رێگایەوە ڕایەڵەی ئەو ئاوێزانبوونە ئینسانیەی لێ بەرهەم دێت.
لە وتارەکەی پێشوترمدا باسم لە گەمەکردنی حیزبی کوردی کردبوو لە پەیوەند بە دروستکردنی جۆرێک لە ئەقڵگەرایی لە ناو زیهنی تاکی کوردیدا کە بۆتە هۆکاری دەرکەوتنی (بەدبینی کولتوری) و ڕۆحی شەڕانگێزی و نابووتکردنی كۆمەڵگا لە ڕێگای ڕوئیاو ئیدۆلۆژیە سیاسیە ناباوەکانیانەوە، بەڵام مەرگی خاتوو (مهاباد قەراداغی) بە داخێکی زۆرەوەکە زۆر ناوادەبوو، رێکاوڕێک جەختکردنەوە بوو لەو بۆچونەی من لە پەیوەست بە چاندن و ڕەگداکوتانی ئەو کولتورە دزێوە لە هەناوی داقرچاوی کۆمەڵگای کوردیدا، لە بیرکردنەوەو تێڕوانینیاندا، لە هەڵسوکەوتوو نمایشە کۆمەڵایەتیەکانیاندا، لە ناو کارو چالاکیەکانی ڕۆژانەیاندا، لە ماڵەکانیاندا ، لە جۆڕناڵ و سۆشیالمیدیایاندا، ئەو کولتوری تێکشکاندنەی مرۆڤ و شکاندنی ماهیەت و بەهاکانی، کە بەشێکە لە ستراتیژیەتی حیزبی سیاسی کوردی بە هەموو گرروپ و تایفەکانیەوە، بەڕاستی دیاردەیەکی ترسناک و ناسیڤیل و دەرکەوتنی تراژیدیایەکی ترە کە دەمانخاتە بەردەم بیرکردنەوەو گومانێکی قوڵی ئینسانی.
مرۆڤی پێگەیشتوو و وشیار ناتوانێت بە هیچ مەرگێک خۆشحاڵ بێت تا ئەو ئاستەی کە پەیوەستە بە مەرگی خۆشیەوە، مرۆڤی کارلێکراو بە تێڕوانینە ئینسانیەکان ناتوانێت بە مەرگی کەسێکیتر وێنای بەختەوەریەکانی خۆی دروستبکات، ناتوانێت هەستەکانی تەسلیم بە دوا ساتەکانی هیچ گیانسپاردنێک بکات، من هێشتاش بیرمە ئەو ساتانەی کە (سەدام) لە سێدارە درا، نەمتوانی بەسەر هەستەکانمدا زاڵبم لە بەرامبەر گیانسپاردنی ئەودا، دڵم پڕ بوو لە بەرامبەر ئەو بێدەستەڵاتەیەدا کە مەرگ بەسەریدا سەپاندبوو لەو جرکەیەدا ، خۆ هەموومان دەزانین کە ئەو وێنەی نەبوو لە دڕەندەیی، ئەو هیچ کاتێک مەرگی مرۆڤی وەکوو تراژیدیا نەدەبینی، بەڵکوو لای ئەو مەرگی ملیۆنان مرۆڤ لە ڕۆژێکدا تەنها بەشێک بوو لە (Statistik)سەرژمێری *.
ئەوەی کە من ناتوانم تێی بگەم لە پەیوەست بە مەرگی خاتوو (مهاباد) ئەو هەموو باهۆزە شەڕانگێزە میدیایەیە کە پڕیەتی لە ناشیرینکردنی وێنەی کەسێتی ئەو خاتوونە، جا هەریەکە و بە جۆرێک، خاتوو (مهاباد) چ قسەیەک یاخود چ تاوانێکی کردووە تا ڕوداوی مەرگی ئەو خاتوونە بەو جۆرە لە لایەن کۆمەڵێک مێشک پووتی خورافگەراوە و هەندێک لە نوسەری بوکەڵە بکرێت بە مەنەلۆجی ناو سۆشیالمیدیاو میدیای ئاستنزمی حیزبی کوردی، خاتوو (مهاباد) وەکوو زۆربەی نوسەرو رۆشنبیرە بوێروو ئازادیخوازەکانی ئەو کۆمەڵگایە پراوپڕ بوو لە ئیرادەی ژنێتی و تا دوا هەناسەشی لە جەنگاندابوو بۆ هاوتاکردنی مافی ژنان وەکوو فیمینستێکی چالاک لە ناو کۆمەڵگادا لە بەرامبەر کۆنەبەرستی و خورافاتدا.
مێژووی ئەو بەرخوردکردنە بە ئەنقەستەی بەشێک لە نوسەران و میدیای کوردی لە بەرامبەر ئەو جۆرە مرۆڤانەدا تازە نییە و بەشێکە لەو ململانێیە پڕ بۆگەناوەی کە حیزبی سیاسی کوردی لە ناو کۆمەڵگادا خوڵقاندویەتی و خەریکە دەبێتە کولتورێکی میراتیی و درێژماوە، ئەوەی کە ئێستا بەسەر خاتوو (مهاباد) دا دێت ، بەشێکە لە درێژکردنەوەی ئەو مێژووەی کەنوسەرو رۆشنبیرانی وەکوو (عبدلخالق معروف ) و (هەژار موکریانی ) و ( فەلەکەدین کاکەیی) و(شێرکۆ بێکەس) تیایدا بوونە قوربانی بێ ئەوەی خۆیان هەستی پێبکەن.
ئەو کولتورە کە هەڵگری بونیادێکە پڕاو پڕ لە حیقدی سیاسی و ئیدۆلۆژی، خەریکە بە شێوەیەکی گشتگیر باڵدەکێشێت بە سەر دنیابینی تاک و خێزان و کۆمەڵگادا، مرۆڤ وایلێهاتوە بە هۆی ئەو فەزایەوە کە ئەو کولتورەی بەرهەمهێناوە گومان بکات سبەی کە دەمرێت، دایک وباوک و براو خوشکەکانی ، هاورێ و دۆست و خزمانی نەک لە پرسەکەیدا بەشدار نەبن ، بەڵکوو بە مەسجێکیش خەمباری خۆیان نیشان نەدەن.

لە وتەیەکی (ستالین) وەرگیراوە*

جوتیار




مانیفێستی عەشق … بەشی نۆزدە…تێکست: ستیڤان شەمزینی

عەشق بە نیگایەک دەستپێدەکا، بە دێوانەبوون کۆتایی دێ
عەشق شیرینترین تاڵییە، عەشق تاڵترین شیرینییە


کاتێک تۆم ناسی، لەسەر مێزی قوماری ئەشقت
هەموو خەندەکانم دۆڕان و گشت فرمێسکەکانیشم بردەوە


گلگامێش، بە دوای میوەی نەمریدا گەڕا
منیش، وەدووی عەشقی تۆ کەوتم
ئەزانی هەردووکمان شەڕمان لەگەڵ مەحاڵ کرد؟


هێندە ئاڵۆز لێم مەڕوانە، لە ئاو روونترم
شیکردنەوەی من کارێکی ئاسانە،
تەنیا یەک دڵۆپ فرمێسکم


کاتێک عاشقت بووم
خۆم لە دۆزەخ بە تامی بەهەشت بینییەوە
ساتێک لێت دابڕام
کەوتمە ناو بەهەشتێک بە تامی دۆزەخ


تۆ گەورەترین جادووگەریت
بە چرای عەشقت ئاسمانی تاریکی دڵی منت رووناک کردەوە
تۆ گەورەترین جادووگەریت
بە فتیلەی ئەشقت سەهۆڵبەندانی رۆحی منت تواندەوە


من زیندانم لە ناو دڵ و خەونەکانی تۆدا
من زیندانم لە قەفەزی ئەشقی تۆدا
کەچی هەست بە سەربەستییەکی سەیر دەکەم!


ئەی یار وەک مەسیح،
بە بزماری ئەشقی تۆ لە خاچدراوم
ئەی یار وەک مەسیح،
تەنیا بۆ تۆیە نرکە و خوێنی رژاوم


کاتێک ئاشقی تۆ بووم
زمانم لە گۆ کەوت و کانی شیعرم تەقی
بەستەڵەکی دڵم توایەوە و بەهارێکی سەوزی هێنا


هەمیشە دەرگاکە بە کراوەیی جێدەهێڵم
چوونکە چاوەڕوانی گەڕانەوەی تۆم
بەڵام تۆ ناگەڕێیتەوە و منیش هەرگیز دەرگاکە داناخەم


لە دووریی هەزاران کیلۆمەترەوە
هەست بە گەرمی هەناسەت دەکەم
لە دووریی هەزارەها میلەوە
بۆنی گوڵاوی رۆحت دەکەم
ئیدی دووریی چ واتایەکی هەیە؟


تۆ ئەشق بە لانەی پێکەنین دەزانی
منیش بە سەرچاوەی گریان
ئەدی گریان و پێکەنین لە کوێدا بە یەک ئەگەن؟


کاتێک لە ئامێزت ئەگرم
دەمم لە شەکرە سێوی دەمتدا دەتوێتەوە
چۆلەکە پاسارییەکان دەفڕن و
هەواڵی ئەم ئەشقە بە شاردا بڵاوئەبێتەوە





لە مشتەکۆڵەوە بۆ تێڵا ، کەی زەماوەند بکەین ؟ … نەوزاد بەندی

عاجز مەبن
کە شیعرم کەم کردۆتەوە ..
داگیرکەر لەم هەرێمەدا
ئاگرێکی کردۆتەوە ..
بە شیعر ناکوژێتەوە ..
کۆلارەیەک کە پچڕاوە
بە شیعر ناگیرێتەوە ..
عاجز مەبن
لە شەقامەکە دەرمەچن ..
لە ئێستاوە ..
بۆ شارەکەمان ئەگەڕێم ،
لە بەر باخەڵی کێدایه ؟
ئاخر دەمێکە دزراوە ..
مافیا ،
بە شیعر ناپێکرێ ..
وەرن با هەڵمەتێ ببەین ،
لەگەڵ گەل هیچی پێناکرێ ..
عاجز مەبن ..
شیعرم ناردۆتە ماڵەوە ..
کەی ئازادی دێ بە شنەی شەماڵەوە ؟

  • نەوزاد بەندی



ماسیەکان لەسەرەوە بۆگەن بوون پێویستە فڕێبدرێن … گۆران هەڵەبجەیی

[من ناتوانم وەک دایک بەشیری مەمکەکانم نەوەی وڵاتەکەم بە خێو بکەم ،بەڵام دەتوانم وەک باوکێک دزی لەو داهاتە نەکەم کەهی نەوەی وڵاتەکەمە.]

{خۆسێ مۆخیکا  کۆنە سەرۆکی ئۆرۆگوای}

[کوردستان وەک بانکێکی پڕەپارە وایە کە کۆمەڵێک دزو جەردە دەستیان بەسەردا گرتووە، ئەم کۆمەڵە دزە ، نە لە سیاسەت دەزانن و نە شارەزاییان لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا هەیە.]

{محەمەد حەسەنین هەیکەل ڕوناکبیرو نووسەری کۆچکردوی میسری }

نزیکەی  [30]  ساڵە جووت حیزب{پارتی و یەکێتی}  کۆنترۆڵی  تەواوی هەرێمی کوردستانیان کردوە. لەگەڵ ئەوەی  لەوماودا دەرفەتێکی باش و گونجاو لەبەردەستدا بوو بۆ چاککردنی گوزەرانی خەڵکی بەشمەینەت و ستەم دیدەی کوردستان، کە عەمامێک بوو   لەژێر دەسەڵاتی ڕژێمی بەعسدا ژیانێکی پڕ لە نەهامەتی و  چەوساندنەوەیان بەڕێ دەکرد، بەڵام ئەم دوو حیزبە نەک هەر ئەو دەرفەتەیان بۆ بوونیاد نانی وڵات و بوژاندنەوەی ژێرخانی ئابوری بەکار نەهێنا ،بەڵکو  شکستیان هێنا لە پێشکەشکردنی  فۆرمێک لە دەسەڵاتی تەنانەت [چارەکە سەرکەوتووش].بەمەش هەرچی خەون وخولیاو ئومێدی مێژینەی کوردە بۆ هەمیشه لە گۆڕنا.

یەکێتی و پارتی ناشیرینترین ،قێزەوەنترین ، خراپترین ،فاشلترین نمونەی حکومڕانیان نیشانی خەڵکی کوردستان و جیهاندا ، کە لەو بڕوایەدام لە سەر ئەم هەسارەیە کەم وینەیە یا هەر وێنەی نیە.

دەسەڵاتێک گەر  لەماوەی نزیکەی [30] ساڵدا نەتوانێت تەنانەت لە سەکتەرێکدا سەرکەوت تۆمار بکات و  لە هەموو بوارو کایەو سەکتەرەکاندا تەواو شکستی بهێنێت، کەواتە   شەرعیەتی مانەوەی لە مێژە لەدەست داوە و  لە کارەسات بەولاو شتیکی نیە پێشکەشی  خەڵکی بکات.

سەرانی ئەم دوو حیزبە لە  مێژە دڵنیان لەوەی  کە متمانەیان لەدەستداوە  و خەڵک بێزار و تووڕەیە لێیان  .  ئەوەش دەزانن و لایان ڕوونە کە  لەماوەی ڕابردوودا  توانای  چارەسەرکردنی  گچکەترین کێشەیان نەبووە ، سادەترین  و سەرەتایترین  خزمەتگوزاریان  پیشکەش نەکردوە، بەڵکو بە پێچەوانەوە  تابێت شکستیەکانیان زۆرتر و زیاتر دەبن .

بە ئاخافتنی   هاوڵاتیاندا لە سۆشیالمیدیاکاندا، دەردەکەوێت کە  ئەم جووت حیزبە تا چ ئەندازەیەک ناشیرەین و ڕسوابوون ، شێوازی  ناڕەزایی و ڕەخنەی هاوڵاتیان  چووەتە قۆناغێکی جیاوازەوە، دەربڕین وگوزارتەکان فۆرمێکی نوێی وەرگرتوە کە پێشتر بوونی نەبووە ،  ئەویش  خاڵیکردنەوەی ناخی تووڕەو بێزاریە بە دەربڕینی تووند  و قسەی ڕەق .وشەگەلی وەک مافیا،وڵات فرۆش، گەندەڵ، دز، جەردە، چەتە، مرۆڤکوژ، ئەمانە تەقریبەن تەجاوزکروان و وشەو داهێنانی نوێ جێگەیانی گرتووتەوە، بۆ نمونە شوبهاندنی  سەران و بەرپرسانی هەردوو حیزب بە تاکی پێڵاو ،پیسایی،تەوالێت ،بێکەرامەت، بێئەخلاق  و شتی دیکە.

پێدەچێت ئەم پێناسە نوێیانەش وەک کۆنەکان کاریگەریان نەبێت لەسەریان،چونکە گەر هات و کۆمەڵە خەڵکێک تەنها بیر لە دزی و تاڵانی بکەنەوە ،ئەو دەمە ئاسایی دەبێت  لایان  گەر بەوجۆرە موخاتەبە بکرێن. واتە  مۆراڵ  و کەرامەت هیچ گرنگیەکی نیە لەکنیان ،چونکە لەمێژە لەدەستیان داوە.  ئەو دەمەی ئەوجۆرەکەسانە بەهەموو قەناعەتیان بڕیاری دزینی پاروی خەڵکی برسیاندا،دزین و داگیرکردنی سەروەت و سامانی وڵاتیان بەلاوە ئاسایی بوو،کەواتە ئەوانە خاڵین لە هەرچی بەهای ئەخلاق و مرۆڤایەتی ودەستپاکی و نیشتمانپەروەریە .

تەنانەت حاڵ گەشتوەتە ئەوەی  گەر یەکێک لەو بەرپرسانە   تێوەگلانی لەگەندەڵیەکدا ئاشکرابوو و لە ،سۆشیال میدیادا ناوی هێنرا ،زۆر بەئاسایی وەری دەگرێت و بێدەنگ دەبێت تا باسەکە خامۆش دەبێت. گەر جاران بوایە کەسەکە هەڕەشەی کووشتنی دەکرد، سکاڵای تۆمار دەکرد، بەرپرسی نووسینگەکەی هەواڵەکەی بەدرۆ دەخستەوە.

ئەوەی کە ڕوونە خەڵکی هەرێم نزیکەی [  30] ساڵە  ئەم ڕەوشە نالەبار و  پڕ   ستتەم و گەندەڵیان لەم دوو حیزبە قەبوڵ کردوە. چەندین دەرفەتیان پێدرا ،ئەویش بە ئومێدی بەخۆداچوونەوەو  و لاکردنەوە لە مەینەتیەکانی هاوڵاتیان ،لێ لە ئاکامدا یەک هەنگاو نەچوونە پێشەوە و هیچ  گۆڕانکاریەکی ئیجابی لە ژیانی خەڵکدا ڕووینەدا ، بەپێچەوانەوە قەیرانەکان قووڵترو ژیانیش سەختر بوو.

کەواتە چاوەڕێکردنی چاکسازی و گۆڕانکاری ئەرێنی لە گوزەرانی خەڵکدا  ،خۆخڵەتاندنە و ڕاکردنە بە دووی سەرابدا.دەسەڵاتی مافیاو گەندەڵ ئامادەنیە دەستبەرداری دەسکەوتە ناشەرعی و نایاساییەکانی ببێت،لەبەرامبەریشدا خەڵکیش ئامادە نیە تاسەر ئەم ڕەوشە قەبوڵ بکات.بە واتایەکی تر  ئەو دیوارەی نێوان دەسەڵات و خەڵکدا هەیە ،ڕۆژ لە دوای ڕۆژ چینەکانی بەرزتردەبێت و دابڕانەکە قوڵتر دەبێتەوە.

چارە چیە؟

بۆ کۆتایی هێنان بەم ژیانە سەختەی خەلكی هەرێم ،بۆ کۆتایی هێنان بەم دەسەڵاتە ستەمکارە کە هەموو سنورێکی بەزاندوە،گەرەکە بیر لە ڕێگەچارەی لۆژیک و دەستەبەر  بکرێتەوە. لەساڵانی ڕابردوودا لەلایەن  زۆرێک لە دڵسۆزان،ڕووناکبیران،چاودێرانی سیاسی و سەرانی هەندێک لە ئەحزابی موعارەزە  هەندێک پێشنیار خرانە ڕوو. لەگەڵ ئەوەی ئەو پێشنیارانە لە سۆنگەی دڵسۆزیەوە  خراونەتە ڕوو، ،بەڵام هەندێکیان نالۆژیکن و جێبەجێکردنیان سەخت و مەحاڵە.

بۆنمونە چارەسەری چەکداری یەکێک بوو لە چارەسەرەکان ، واتە  بەرەنگاربوونەوەی چەکداری لەگەڵ حیزبەکانی دەسەڵاتدا، ئەم  چارەسەرە سەرکەوتوونابێت، چونکە هەردوو حیزب هێز و توانای هەمەجۆری چەکداریان هەیە و مەناعەتیان نیە بۆ مانەوەی خۆیان ئەو هێزانە پێکڕا  بەکار بهێنن وکوردستان نغرۆی خوێن بکەن.

گەواتە دەبێ بگەڕێین بەدووی ئەڵتەرناتیڤێکدا کە جێبەجێ کردنی لەسەر ئەرزی واقیع بەردەست بێت،هاوکات زیان بە سەروماڵی خەڵک نەگەیەنێت.

ئەوەی لەم سەردەمەدا لە  جیهاندا وە بەتایبەتی جیهانی شارستانیدا پەیڕەو دەکرێت  و ئەنجامی باشی هەبووە ، چالاکی مەدەنیە بە هەموو جۆرەکانیەوە.

دەکرێ خۆپیشاندان،گردبوونەوە مانگرتن،بایکۆت و تاد بگرێتەوە .

هەر یەک لەم چالاکیانە گەر هەقی خۆی پێبدرێ و لە ئاستێکی باڵادا ئەنجام بدرێت،ئەوە بێگومان کاریگەری خۆی دەبێت.

گەر خۆپیشاندان بە بۆنمونە وەربگرین ،گەرەکە خۆپیشاندانێک ئەنجام درێت کە زۆرترین ژمارە بەشداری تێدا بکەن.ناکرێ ئێمە چاوەڕێی ئەنجامی کاریگەر لە  خۆپیشاندانێکی چەند سەدکەسی بکەین.گەر خۆپیشاندان سەرتاسەری بێت ،گەر  بەرفراوانبێت،گەر هەرکەس زیاندمەندی ئەم دەسەڵاتەیە بەشداربێت تێیدا ،گەر  هەستی نیشتمانی و نەتەوەیی  دەتبزوێنیت و بەم دۆخە ناڕازیت ،کەواتە لەسەرتە بەشداری لەخۆپیشاندانەکان بکەیت.ناکرێت کەسانێک[کە زۆرینەی خەڵکی هەرێمن] لە ماڵەوە لە شاشاشەی تێڤێکانەوە سەیری ڕووداوەکان بکەن و پاسیڤ دانیشن و چاوەڕێبن خەڵک لە شەقام ڕەوشەکەیان بۆ بگۆڕێت.

هاوکات نادرووست و نالۆژیکە لە بەهاو کاریگەری خۆپیشاندان کەم بکەینەوە ،هەر لەژێر زەبری خۆپیشانداندا چەندین حکومەت و دەسەڵات لەکار کەوتوون.نزیکترین نمونە حکومەتەکەی عادل عبدولمهدی یە کە لەگەڵ ئەو پشتگیریە گەورەی ئەحزابی شیعە، مەلیشیاکانی حەشدی شەعبی، ئێران بەهەموو توانایەوە پشتگیری بوون، بەڵام هێزو بەردەوامی و ئیرادەی خۆپیشاندەران خستیان، نەک هەر ئەو بەڵکو لەدوای ئەویش دووکاندیدیان بۆ هەمان پۆست  ڕەتکردەوە.

کەواتە یەکێک لە ئامرازە کاریگەریەکان خۆپیشاندانە،بەڵام بەوجۆرەی کە ئاماژەم پێدا.

ئامرازی دووەم مانگرتن و بایکۆتە ، گەر ئەمانەش بە شێوەیەکی دراسەبۆکراو، پلان بۆدانراو  ئەنجام بدرێن،هاوکات هەموو بوار و سەکتەر و بزاوتە ئابوری و کۆمەڵایەتیەکان بگرێتەوە ،بەتایبەت ئەو کەرتانەی کە دەسکەوتی ماددیان بۆ جووت حیزب هەیە ،ئەوە بەدڵنیاییەوە  ئومێدی سەرکەوتن و سەرفرازی زیاتر دەبێت و فشارێکی مەزنیش  بۆسەر دەسەڵات درووست دەکات.

کەواتەگەر بێت و ئەم چالاکیانە پێکەوە گرێبدرێن و بکرێنە سەرمەشقی کارو بەرنامەی جەماوەری ناڕازی .هاوکات لەگەڵ ئەم کارانەدا  قۆستنەوەی دەرفەتی میدیا بەهەموو جۆرەکانیەوە،وەگەڕ خستنی لەخزمەت دۆزەکەدا ،بێگومان دەبێتە تەواوکەری ناڕەزاییەکان  و پەرە پێدانی ،کە بەدڵنیاییەوە کاری خۆی دەکات.

دەمێنێتەوە سەر ئەوەی کێن و چ لایەن و حیزبك بەم ئەرکە قوورسە هەڵدەسێت.

خۆپیشاندانی خۆڕسک و غەیرە ڕێکخراو ،لەگەڵ ئەوەی چەند کاراو سەرچڵ و جەربەزە بێت ،هەمووکات سەرکەوتوو نابێت و  ئامانج ناپێکێت. بۆیە گرنگ و پێویستە ئەو بزاف و چالاکیە جەماوەریانە ،پێشڕەویان هەبێت،تا درووشمەکان بەپێی ڕۆژ  و ڕەوش دیاری بکات ،تاکاتیک و جوڵەیان ڕێک بخات ، لیژنەو گرووپی کاریان لێ درووست بکەن، کادێرەکانیان ئامادەبن لەڕیزی پێشەوەی خۆپیشاندان وناڕەزاییەکاندا دەرکەون.

ئەو لایەنانەی دەتوانن بەم ئەرکە هەستن و پێشڕەوایەتی ناڕەزاییەکان بکەن، نوێنەرانی هەژارو چەوساوەکان،چەپەکان، ئەخزابی ئۆپۆزشیۆن[ئەوانەی بەکردار ئۆپۆزشیۆنن]،ئازادیخواز و  مرۆڤدۆستان و هەر لایەن و گرووپ و کەسێک خۆی لەخانەی دژ بە ستەمکاری دەسەڵات دەبینێتەوە.

ئەمانە پێکرا لەبەرەیەکی تۆکمەو خاوەن پلان و بەرنامەیەکی واقیعی  کە خواستی خەڵکی ستەملێکراوی تێدا بەرجەستە بکرێت ،درەنگ یا زوو دەتوانن دەسەڵاتی گەندەڵ بڕوخێنن.

گەر ئیرادە بەهێزبێت، گەر ویست و ئارەزوو بوونی هەبێت ،گە بڕوای تەواو هەبێت بەوەی کە جگە لە نەمانی ئەم دەسەڵاتە هیچ چارەسەرێکی تر بۆ قەیرانەکان نیە،گەر ئەو قەناعەتە درووست ببێت کە  مانەوەی ئەم دەسەڵاتە گەندەڵە ،یانی پتر و پتر هەژار بوونی تۆ و زیاترو زیاتر دەوڵەمەندبوونی دەسەڵاتداران، گەر هەر تاکێک هەست بەوە بکات کە کێشەو قەیرانەکان درەنگ یا زوو ئەویش دەگرێتەوە، گەر هەر هاوڵاتیەک خۆی بە بەشێکی کارا  لە پرۆسەی  خستنی  دەسەڵاتدا ببینێتەوە،ئەوە  گەر  دەسەڵاتی مافیا و گەندەڵی پێ نەرووخێت ، بەدڵنیاییەوە هێندە لاواز دەبێت کە جیتر نەتوانێت وەک پێشتر حکوم بکات، مەرجیشە ئەم بزاوتە ناڕەزاییانە  بەردەوامیەت وەربگرێت و لە نیوەی ڕێگا نەوەستێت ،چونکە بەردەوامیەت و سووربوون لەسەر گەشتن بەئامانج ،ئەویش فڕێدانیانە بۆ نێو زبڵدانی مێژو.

خۆلاسەی کەلام ،گەر پێناسەیەکی درووست بۆ  سەرانی دەسەڵات بکەین دەتوانین بیانشوبهێنین بە ماسی بۆگەن، دیارە ماسیش لەسەرەکەیەوە بۆگەن دەبێ ،بۆگەنیش دەبێ فڕێ بدرێت.کەواتە لەمێژە ماسیەکانی دەسەڵات لەسەرەوە بۆگەن بوون و پێویستە هیمەت بکرێت بۆ  فڕێدانیان..




ئیخوان موسلیمین یان دایکی تیرۆریزمی ئیسلامیی؟ … نووسینی: ستیڤان شەمزینی

سەرەنجام ئەنجوومەنی وەزیرانی میسر، بڕیاری کۆتایی لە بارەی “ئیخوان موسلیمین”ەوە دا، بڕیارەکەش بە زیانی ئەو حزبە ئیسلامییە کۆتایی هات، چوونکە بە پێی ئەو بڕیارەی حکوومەتی میسریی، ئەو رێکخراوە خرایە لیستی تیرۆرەوە، بە پێی ماددەی 86ی یاسای سزادانی ئەو وڵاتەش، هەر ئەندامێکی ئیخوان ئەستۆپاکی خۆی لەلای لایەنە پەیوەندیدارەکان تۆمار نەکات، وەک تیرۆرست مامەڵە لەگەڵ دەکرێت. لەلایەکی ترەوە ئەم بڕیارەی حکوومەتی میسر، بە ستراوەتە بە رێککەوتننامەی وڵاتانی عەرەبی لە هەمبەر تیرۆر، بەم پێیە بێت، لە 14 دەوڵەتی عەرەبی، ئیخوان وەک رێکخراوێکی تیرۆرستی مامەڵەی لە تەکدا دەکرێت. لێ ئەم بڕیارەی حکوومەتی میسر کاردانەوەی جیا جیای بە دوای خۆیدا هێناوە و رەنگبێ فەرتەنەی ئێستای میسر گەورەتر بکات، بەڵام ئەم بڕیارە بە هەنگاوێکی گرنگ دادەنرێت کە هیچ حکوومەتێکی دیکەی عەرەبی نەیوێراوە توخنی بکەوێت.
لە دیدی ئێمەوە، ئەم بڕیارەی حکوومەتی میسر، ئەگەرچی قورس و سەختە و بەر هەڵچوونی زۆری لایەنگرانی ئیخوان دەکەوێت، بەڵام بڕیارێکی مێژوویی و راتسیۆناڵەیە، کردنەوەی دەلاقەیەکیشە بۆ وڵاتانی تری ناوچەکە، بە پێی یاسای دژە تیرۆر، مامەڵە لەگەڵ ئەو رێکخراوە ئیسلامییانە بکەن، هەرا و زەنای جیهاد و دامەزراندنی حکوومەتی خەلافەتیان گوێی هەموو لایەکی کپ و کاس کردووە. پێویستە ئەم هەنگاوەی میسر لەلایەن کۆمەڵی نێودەوڵەتییەوە پشتیوانی لێبکرێت، مامەداکی ئیخوان لە ماوەی یەک ساڵی دەسەڵاتی خۆیدا، لاسایی رژێمی تاڵیبان و ئێرانی کردەوە، هەقوایە بەرەی ئازادیخوازیی ناپاکيی لەگەڵ دروشمەکانی خۆیان نەکەن، ببنە فاکتۆرێکی بەهێز لە وزە بەخشین بە حکومەتی نوێی میسر لە پێنگاڤی بە تیرۆرست ناساندنی ئیخوان، هەرچەندە کاتیش زۆر درەنگ بوو بۆ ئەو بڕیارە.

پاشخانی فیکریی و مێژوویی

رێکخراوی “ئیخوان موسلمین” لە مارتی ساڵی 1928 لەلایەن “حەسەن بەننا” لە شاری “ئیسماعیلیە”ی میسر دروستکرا. ئەم رێکخراوە هەرچەند وەک گروپێکی ریفۆرمخواز خۆی نیشان دەدا، بەڵام بەشێوەیەکی پراگماتیکی مامەڵەیان لەگەڵ بەستێنە سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکان دەکرد، ئامانجیان دروستکردنەوەی حکوومەتی خەلافەت و گەڕانەوە بوو بۆ سەرەتاکانی ئیسلام. ئەم گروپە لەسەر بنەمایەکی بۆش دروست نەببوو، بەڵکو پەرەپێدەری ئەو تێزە ئاینییانە بوو، دەمێک بوو لەلایەن “محەمەدی کوڕی عەبدولوەهاب” و “ئیبن تەیمیە” فۆرمۆڵە کرابوو. لە مێژووی نزیکیشدا شێخ “محەمەد رەشید رەزا” کە قوتابییەکی هەڵگەڕاوەی “محەمەد عەبدە” بوو، لە 1911 بەدواوە زۆر تەرح و فۆرمۆڵەبەندیی لە رێگەی گۆڤاری “مەنار”ەوە پێشکەش کرد، کە یارمەتیدەری گرنگی پێکهاتن و گەڵاڵەبوونی رێکخراوێکی وەک “ئیخوان” بوو، یان بە مانایەکی تر بۆچوونەکانی ئەوان کاریگەریی زۆریان هەبوو لە گەشەکردنی بنەما فیکریی و ئاینییەکانی ئەو رێکخراوە ئاینییە سیاسییە.
حەسەن بەننا، نموونەی ئیسلامخوازێکی تەقلیدیی بوو، هیچ شارەزاییەکی قووڵی لە هەمبەر فیکری هاوچەرخی ئەو کاتەی مرۆڤایەتی نەبوو، تەنیا لە بابەتە ئاینییەکانی ئیسلام شارەزایی هەبوو، کە هەندێک جار لە کۆڕی دەروێشاندا زیکری کردووە، کە ئەمەش بەڵگەی ئەوەیە پەرۆشیی “بەننا” بۆ ئیسلام لەسەر بنەمای فیکرێکی قووڵ نەبووە. “د.ماهر شەریف” دەڵێت “بەننا لە ئاوایی لەسەر دەستی مەلایەکی ئەزهەریی، ئاشنایەتی لەگەڵ ئاین پەیدا کرد، پاش چوونی بۆ خوێندنگەی سەرەتایی لەگەڵ چەند هاوڕێیەکیدا، کۆمەڵەی –نەهی لە مونکەر-ی پێکهێنا و بەناوى ئەو گروپەوە نامەی هەڕەشەئامێز و پڕگەڤ و چاوسوورکردنەوەی بۆ ئەو کەسانە دەنووسی کە گوێیان بە باوەڕەکانی ئاین نەدەدا”.
د.ماهر شەریف، زیاتر کەسێتی “بەننا” روون دەکاتەوە و دەڵێت “حەسەن بەننا وەک رووناکبیرێکی دینداری کلاسیکی دەرکەوت، هەمیشە بێئاگا بوو لە کەلەپووری عەقڵانییەتی عەرەبی ئیسلامی و ئەندێشە و بیر و بۆچوونەکانی رۆشنفکریی ئەوروپایی. بانگەشەکەی حەسەن بەننا، کە پشت ئەستوور بوو بە ئەندێشەی ساکار و وەعزی ئەخلاقی، لە سەردەمێکدا دەستیپێکرد، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتاندا قەیرانێکی ئابووری مەترسیدار تەقییەوە و نازی و فاشیزمی تێدا دەرکەوت، لەسەر ئاستی ناوخۆشدا گیروگرفتە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی وڵات دژوار ببوون و ئەزموونە پەرلەمانییەکەی میسری تێدا تووشی سەرەنگرێ ببوو”.
ئیخوان، سوودی لەو بارودۆخە ئاڵۆزەی دنیا و ناوچەکە وەرگرت، توانی پەل و پۆ بهاوێژێت بۆ وڵاتانی دیکە، لە ماوەیەکی پێوانەییدا گەیشتە ئاستی رێکخراوی تۆکمە و خاوەن ناوبانگ. لێ ئیخوان هەمیشە هێزێکی ئۆپۆرتۆنیست بووە و ویستوویەتی ئامانجە راستەقینەکانی وەک تەڵیسم و بە نهێنی بهێڵێتەوە، بەڵام ئەوە لە کەس شاراوە نییە، ئیخوان لە سەرەتاوە تا ئێستا، ئامانجی گەڕانەوەیە بۆ ئاکاری ئیسلامی پێشین و دامەزراندنی دەوڵەتی خەلافەت. “مەجید مورادی رۆدپشتی” بەشێوەیەکی گشتیی بنەما ئایدۆلۆجییەکانی ئیخوان لەم چوار خاڵەدا کورت دەکاتەوە:
یەکەم: سەرتاپاگیریی ئیسلام و گرتنەخۆی ئاین و دنیا و بایەخی جیانەکردنەوەی نێوان ئاین و دنیا. چوونکە ئیسلام، کۆی عیبادەت و حوکمڕانی، ئاین و دەوڵەت، مەعنەوییەت و کار، نوێژ و جیهاد و قورئان و شمشێرە.

دووەم: گەڕانەوە بۆ پرەنسیپە سەرەتاییەکانی ئیسلام.

سێیەم: یەکێتی جیهانی ئیسلام چوونکە موسڵمانان، میللەتێکی یەکگرتوون، نیشتمانی ئیسلام یەک نیشتمانە.
چوارەم: حکوومەتی ئیسلامی، یەکەم و دوا ئامانجی ئیخوانە. پاشان پەرەپێدانی پرەنسیپ و بنەماکانێتی.
توندوتیژیی ئاینیی لای ئیخوان
ئیخوان یەکەم رێکخراوی ئیسلامی سیاسییە لە دیرۆکدا، پێش “حەسەن بەننا” هیچ کەس نەبووە، بەو فۆرمە کاریگەرە ئاین و سیاسەت تێکەڵاو بکات، یان بە دیوێکی تردا، “بەننا” بە دروستکردنی ئیخوان یەکەم کەس بوو، ئیسلام و کاری حزبایەتی و سیاسەتی پێکەوە گرێدا. لەم سۆنگەوە ئیخوان بە دایکی کۆی رێکخراوە ئیسلامییەکانی دیکە دادەنرێت و هەموویان لە رەحمی ئەم حزبەوە هاتوونەتە دەر. لێ هەوڵی زۆر دەدرێت ئیخوان وەک هێزێکی میانڕۆ بناسێنرێت، بەوەی بڕوای بە “جیهاد” نییە، بەڵام یەکەمین سەرەتاکانی توندوتیژیی لای ئیسلامی سیاسیی هاوکاتە لەگەڵ سەرهەڵدانی ئیخوان.
حەسەن بەننا، تێکۆشانی زۆری کرد، ئەو حەدیسەی پێغەمبەر محەمەد، بە لاواز پێناسە بکات کە باس لەوە دەکات، بەرزترین پلەی جیهاد، جیهاد و رووبەڕووبوونەوەی نەفسە. بەڵکو بە پێچەوانەوە ماندووبوونی زۆری بینیوە بۆ ئەوەی پشتڕاستی بکاتەوە، بەرزترین پلەی جیهاد، بریتییە لە خەباتی چەکدارانە و شمشێر هەڵگرتن.ئەوە بۆ خۆی جێی تێڕامانە کە ساڵی 1938 ئیخوانەکان ناوی “النذير”یان بۆ گۆڤاری هەفتانەی خۆیان هەڵبژارد ناوێک کە لە ناوەڕۆکدا زۆر مانای لە خۆگرتووە، لەوانە کە سامناکترینیانە ئەوەیە، ئەم ناوە لە قورئاندا گوزارشتێکە لە پەیامی خواوەند بۆ وازهێنان لە بت پەرستی و بڕیاردان لەسەر خواپەرستی.ئەوەی ئەم بۆچوونە دەسەلمێنێ ئەوەیە، بەننا لە یەکێ لە وتارەکانیدا، تێکۆشانی حزبەکەی، لەگەڵ تێکۆشانی حەزرەتی پێغەمبەر محەمەددا بەراوورد کردووە و وای بۆچووە کە بانگەوازەکەی حەزرەتی پێغەمبەر محەمەد لە سەدەی حەوتەمی زاینیدا بۆ ئافەرۆزکردنی بتپەرستی “چاخی یەکەم” پێکدێنێ، تێکۆشانی ئیخوانیش “چاخی دووەم”ی ئەو بانگەوازەیە. *
ئیخوان و حەسەن بەننا، نەک بڕوایان بە دیتن و روانگەی ئاینی و سیاسیی جیاواز نەبوو، بەڵکو میتۆدێکی توند و تاکڕەوانەیان هەبوو لە هەمبەر هەر هێزێکی دیکە. بەننا، تەنانەت لە یەکێک لە نووسراوەکانیدا جاڕی قەلاچۆ و تەفروتوناکردنی هەموو حزبە سیاسییەکانی ئەوکاتی میسر دەدات و دەنووسێت “یەکدەنگییەک هەیە کە حزبە میسرییەکان گوناهی گەورەی ئەم نیشتمانە و بنچینەی ئەو گەندەڵییەن کە ئەمڕۆ بە ئاگرەکەی دەسووتێین. شتێکی بەڵگە نەویستە مانەوەی حزبەکان لەسەر ئەم رەوتەدا، وڵات بەسەر گروپ و تاقم و حزبی جیاجیادا دابەش دەکات و تەفرەقە دەخاتە نێو خەڵکەوە. ئیتر لێرەوە چار نییە و هەر دەبێ هەموو ئەم حزبانە لەبەریەک هەڵوەشێنرێنەوە و هێزەکانی گەل لەیەک تاکە حزبدا کۆ بکرێتەوە”. بەننا پێیوایە فرە حزبیی نیشانەیەکە بۆ بڵاوبوونەوەی تەفرەقە و ناکۆکیی لە ناو وڵاتدا، لە جێگەی دیکەش وتوویەتی “هەرچی تەفرەقە دەنێتەوە، هەرچییەک بێت، بە شمشێر لێی بدەن”.
لە بواری توندوتیژیی بەرجەستەشدا، ئیخوان لە سەرەتای چلەکانی سەدەی رابردووەوە، دەستی کرد بە چالاکی چەکدارانە، ئەمەش وا لە “مەحمود فەهمی نەقراشی پاشا”ی سەرۆک وەزیرانی ئەوسای میسر کرد لە 8-12-1948، چالاکی ئیخوان قەدەغە بکات و فەرمانی هەڵوەشاندنەوەی ئەو رێکخراوە دەربکات. بەتایبەت کە لەو ساڵەدا ئەندامانی ئیخوان وەک چەکدار بەشدارییان کرد لە جەنگ دژی جوولەکە. هەر لەو ساڵانە ئیخوان یەکەیەکی چەکداریی تایبەتی بۆ تیرۆر و توندوتیژیی لە ژێر ناوى “تنطيم السري” یان “تنظیم الخاص” دروستکرد و لە مانگی یەکی 1948یشدا پۆلیسی قاهیرە دەستگیرکردنی کۆمەڵێک لاوی راگەیاند کە بەنهێنی مەشقیان کردووە لەسەر چەک و تەقەمەنی لە ناوچەکانی “جبل المقطم” و هاوکات 165 بۆمبی جۆراوجۆریان لەو جێگە دەستبەسەرا گرتووە و ئاشکراش بووە سەرکردەی ئەو گروپە کەسێکە بەناوی “سەید فایز”.
لە 22-3-1948 دوو ئەندامی ئەو گروپە دادوەر “ئەحمەد بەگ خەزنەدار” تیرۆر دەکەن، لەبەرئەوەی حوکمی قورسی بەسەر ئەندامانی ئەو گروپەدا داوە، پاش دەستگیرکردنی ئەنجامدەران، پۆلیس پەیوەندیی نێوان بکوژانی “خەزنەدار” و کۆمەڵەی “جبل المقطم” و دەزگای نهێنی ئیخوانی بۆ ئاشکرا دەبێت. لە 20-6-1948 هەندێک ماڵی جولەکە لە قاهیرە ئاگری تێبەردەدرێت، لە 19-7-1948 چەند فرۆشگەیەک دەتەقێنرێتەوە کە خاوەنەکانی جوو بوون. لە 15-11-1948 پۆلیس دەستدەگرێت بەسەر ئۆتۆمبیلێکی جۆری “جێب” و بەهۆی بەڵگەنامەکانی ناو ئەو ئۆتۆمبیلەوە 32 کادری گرنگی رێکخستنی نهێنی ئیخوان و لەگەڵ چەندین پیلانی تر بۆ کاری تیرۆریستی ئاشکرا دەبن، لەو کاتەدا “حەسەن بەننا” لە حەج دەبێت، بۆیە لەگەڵ گەڕانەوەی پۆلیس دەستگیری دەکات بەهۆی تێوەگلانی لەو کارە تیرۆرستیانەوە.
لە 28-12-1948 و لە هۆڵی وەزارەتی ناوخۆی میسر، ئەندامێکی ئیخوان بە بەرگی ساختەی ئەفسەرییەوە، تەقە لە “نەقراشی پاشا”ی سەرۆکوەزیری میسر دەکات و لە ئەنجامدا دەکوژرێت. لە 13-1-1949 ئەندامێکی ئیخوان بەناوی “شەفیق ئەنەس” لەرێی جانتایەکی بۆمبڕێژکراوەوە هەوڵی تەقاندنەوەی دادگای دەستپێکردنەوە دەدات، بەڵام سەرکەوتوو نابێت، دواتر تۆمەتبار دان بەوەدا دەنێت ئەندامی ئیخوانە و هەوڵیداوە دادگاگە بسووتێنێ بە ئامانجی سووتاندنی ئەو بەڵگەنامانەی کە لەسەر ئەندامانی ئیخوان لە دادگا بەرز کرابووونەوە.** ئیخوان بەم شێوەیە بەردەوام بوو لە توندوتیژیی، تەنانەت لە ساڵی 1954 لە شاری “ئەسکەندەریە” لە هەوڵێکی شکستخواردوودا ویستیان “جەمال عەبدولناسر” سەرۆک کۆماری میسر تیرۆر بکەن.
لە قۆناغی دواتر و لە ناوەڕاستی پەنجاکاندا “سەید قوتب” وەک یەکێک لە سەرکردەکانی ئیخوان، پرسی جیهاد و تەکفیر و تیرۆری ئاینیی دەباتە قۆناغێکی باڵاترەوە، تا ئەو ئەندازەیەی “قوتب” بە باوکی رۆحی تەواوی رێکخراوە ئیسلامییە جیهادیی و تەکفیرییەکانی دنیا دادەنرێت. بەم شێوەیە و لەسەردەستی “سەید قوتب” ئیخوان بووە منداڵدانی دەیان رێکخراوی تیرۆرستی کە تا ئێستاش هەڕەشەن بۆ سەر ئاسایشی جیهان. خۆ ئەگەر ئاوڕێکیش لە مێژوو بدەینەوە، ئەوە هەمیشە ئیخوان کاتێک بێدەسەڵات بووە، باسی لە تولەرانس و پێکەوەیی کردووە، بەڵام لەگەڵ پەیداکردنی کەمترین دەسەڵات لە بچووکترین رووبەردا هەوڵی پاکتاویی ئاینیی و مەزهەبیی داوە و توندوتیژییان بەرانبەر بە خەڵکانی دەرەوەی ئیسلام “بەپێی پێناسەی خۆیان” پیادە کردووە.
ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ سەر ئەزموونی حوکمی یەک ساڵەی مورسی لە 2012-2013 سەرەتاکانی ئەم توندڕەویی و توندوتیژییە ئاینییە لە هەر لایەکی میسرەوە دەرکەوت بەتایبەت بەرانبەر قیبتییەکان. “د.نەجیب جبرائیل” راوێژکاری یاسایی کەنیسەی قیبتی، لە سەردەمی حوکمی “مورسی” بەمشێوەیە گوزارشتی لە چەوساندنەوەی قیبتییەکان کرد “قیبتییەکان لە سەردەمی مبارەک بە خراپترین شێوە هەڵسوکەوتیان لەگەڵ کراوە، بەڵام لە سەردەمی ئێستادا، خەڵتانی خوێن کراون. لە زەمانی رۆمانییەکانەوە تا ئێستا قیبیتییەکان رووبەڕووی کارەساتی وا نەبوونەتەوە وەک ئەوەی ئێستا رووبەڕووی دەبنەوە”. بە کورتی بیۆگرافی ئیخوان لە ماوەی 85 ساڵی رابردوو، ئەوەی سەلماندووە هەر کات ئەم هێزە ئاینییە دەسەڵاتی هەبووبێ، هیچ کات نەسڵەمیوەتەوە لە بەکارهێنانی زەبروزەنگ و پیادەکردنی تیرۆری مەعنەویی و بەرجەستە لە بەرانبەر نەیارەکانی.

کۆتایی ئیسلامی سیاسیی

ئیسلامی سیاسیی، وەک چەند دەیەی پێشوو ئەڵتەرناتیڤی رژێمە سیاسییەکانی دنیای ئیسلامی نییە. خۆ ئەگەر قسە لەسەر هەڵبژاردنی میسر و تونس بێت بە دوای بەهاری عەرەبیدا، ئەوە بارودۆخەکە جیاوازە و ئیسلامییەکان توانیوە لە هەڵبژاردنێک سەرکەوتن بەدەستبهێنن کە لە نیوە کەمتری خەڵک بەشداریی تێدا کردووە، لە باشترین حاڵەتدا هێز و جەماوەری ئیسلامی سیاسیی لەو وڵاتانەش کەمترە لە 20%. ئەمە بێ لەوەی لە رووی فیکرییەوە هەرەسیان هێناوە، بەو پێیەی ناوبانگی ئیسلامی سیاسیی لە دەسەڵاتدا زڕاوە و ناتوانن شتێک لەوە باشتر پێشکەشی کۆمەڵگە بکەن کە تاڵیبان و ئاخوندەکانی ئێران پێشکەشیان کردووە.
هاشم ساڵح، لە خوێندنەوەی کتێبی “جیهاد”ی “جێڵ کێبڵ”دا ئاماژە بۆ ئەوە دەکا: فێندەمێنتالیزم شکستێکی گەورەی هێنا لە چارەسەرکردنی کێشەکانی کۆمەڵدا، لەبەر ئەم هۆیەش ئێمە لە ئێستادا چووینەتە قۆناغی پاش فێندەمێنتالیزمەوە.. تێزی سەرەکی لە کتێبەکەی جێڵ کێبڵ بەمجۆرەیە: ئەو بزووتنەوە ئسوڵیانەی لە ماوەی چارەکە سەدەی رابردوودا لە کۆمەڵگە عەرەبی و ئیسلامییەکاندا شوێنپێی خۆیان قایمکرد و سەرکەوتنی جەماوەریی گەورەیان بەدەستهێنا، لە ئێستادا ئەستێرەی بەختیان لە ئاوابووندایە و بەرەو دواوە دەچنەوە. بەڵام ئاخۆ هۆکاری ئەمە چی بێت؟.
هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو هاوپەیمانییەی لە نێوان ئەم توێژە کۆمەڵایەتییانەدا هەبووە: بۆرژوازییەتێکی ئیماندار لە شارەکان، لەگەڵ ئەو گەنجانەی بە دەست هەژاریی و نەبوونییەوە دەیانناڵاند. هەروەها ئەو توێژەش کە لە گەڕەکە میللی و دوورە دەستەکانی شارە گەورەکانی وەکو قاهیرە و جەزائیر و دار بەیزادا دەژیان، ئەمە سەرەڕای خوێندکارانی زانکۆکان کە لە رۆشنبیرانی بزاوتە ئیسلامییە فێندەمینتالیستەکان بوون.
ئیسلامی سیاسیی وەک رەوتێکی کۆنەخواز کە هیچ شەوقێکی تیا نییە بۆ مرۆڤایەتی نهۆ، ناتوانێت وەڵامی داخوازیی و ویستی مرۆڤی هاوچەرخ بداتەوە، بەڵکو بە هەموو شێوەیەک دوژمنایەتی لەگەڵ دەکات، نموونەشمان یەک ساڵ ئەزموونی حوکمڕانیی ئیخوان بوو لە میسر. ئەو ساڵە لە حکومڕانیی ئیخوان نەک هیچ پێشکەوتنێکی بۆ میسرییەکان دەستەبەر نەکرد، بەڵکو دۆخێکی هێنایە ئارا، هاووڵاتییانی میسریی تەمەنای رژێمێکی تۆتالیتاریی وەک ئەوەی مبارەک بکەنەوە.
ئەوەی لە ئەزموونی یەک ساڵەی حکومی ئیخواندا بینیمان، شکستی پڕۆژەی ئیسلامی بوو لە دەوڵەتداریدا. تەنانەت وتەزاکەی “میشیل کیلۆ”ی بیر هێناینەوە “سیستمە کراوەکان، واتە سیستمەکانی هەڵەی شایستەی چاککردن، چاکی شایستەی هەڵەکردن، ئەمانە دەژین. سیستمە داخراوەکان واتە هەڵە تیایاندا چاک ناکرێ و چاکیش تیایاندا هەڵە ناکات. ئەمانە دەمرن. بۆیە سەیر نییە سیستمەکانی یەکەم وێڕای گیاندانی زۆر دەژین، بەڵام ئەوانەی دووەم لەکاتێکدا دەمرن کە لەوپەڕی لەشساغیدا خۆیان دەنوێنن”.

وتەیەک لە کۆتایدا

بمانەوێ و نەمانەوێ، ئیخوان منداڵدانی کۆی گروپە ئیسلامییە تیرۆرستییەکانە. ئیخوان هێزێکە لەو ساتەی دەسەڵاتی نەبێ میانڕەوە، بەڵام لە دەسەڵاتدا لە ئەلقاعیدە دەچێت. جیاوازیی نێوان ئەلقاعیدە و ئیخوان هێندەی جیاوازییەکی تاکتیکییە نیو هێندە ستراتیجی نییە. بۆیە بڕیاری بە تیرۆرست ناساندنی ئیخوان بڕیارێک نییە وەک هەندێک دەڵێن سوپرایزە و نامۆیە بە کولتووری دیموکراسیی!! لە کاتێکدا پرسیار ئەوەیە ئایا دیموکراتی شوێنی گروپی توندئاژۆ و داینەمۆی تیرۆری تێدا دەبێتەوە؟.
رەنگە خەتای ئیخوان لەوەدا نەبێ دواجار هێزێکە توندوتیژ، چوونکە هەر کات دین کرایە بزووتنەوەیەکی سیاسیی هەر ئەوەی لێدەردەچێت. “د.عەبدولڕەحمان شاکر” دەڵێت “هیچ ئاینێک نییە قسە لەسەر پاوانکردنی هەقیقەت نەکات و ئاینەکانی تر بە هەڵە یان لە خۆی بە کەمتر نەزانێ. هیچ ئاینێک نییە لە دنیادا دیموکراتخواز بێت و رێزی جیاوازیی و یەکسانی و ئازادیی هەمووان وەک یەک بگرێت. هیچ ئاینێک نییە، جیهان رادەستی پیاوانی ئاینی نەکات یان گروهێک بەرهەم نەهێنێت کە خۆیان بە نوێنەری خواوەند نەزانن و لەسەر بنەمای ئەم نوێنەرایەتییە گریمانکراوەش حوکم بەسەر ئازادیی و ژیان و بوونی کەسانی تردا نەدەن”. لەم سۆنگەوە دەتوانم بڵێم، ئیخوان ناتوانێت پەرجوو بخوڵقێنێت و لەلایەک داوای حکوومەتی خەلافەت بکات و لەلاکەی تر بتوانێ رێز لە مافی هەمووان بە یەکسانی بگرێ. ئەو دوو شتە هەرگیز پێکەوە کۆناکرێنەوە.

*فەرید ئەسەسەرد “سەید قوتب و تیۆری تەکفیری کۆمەڵ و دەوڵەت”. چاپی سێیەم، سلێمانی 2002.
**نەبەز تاڵیب “مێشکە بە مینچێنراوەکان”. چاپی یەکەم، سلێمانی 2008. لاپەڕە 403-404.

فەڕەنسا – مارسیلیا

تێبینی: ئەم وتارە چاپتەری دووەمە لە کتێبی “داعش لوتکەی تیرۆریزمی ئیسلامی” کە لە مانگی ئایاری 2015 بە چاپی کاغەز کەوتووەتە بەر دیدی خوێنەران

1-1-2014



هەڵە ڕێزمانیەکانی قورئان … وەرگێڕانی مەحمود عەبدوڵڵا

لەوەڵامی ئەوانەدا کەدەڵێن قورئان پەرجوەو کەس ناتوانێت کتێبێکی ئاوا بنوسێت،یا بێنێت.
زۆربەی موسڵمانان دیعایەی ئەوەدەکەن، کە ئەوقورئانەی ئێستا هەمان ئەو قورئانەیە کە لەسەرزمانی محمد خوێندراوەتەوە.
مەلاکان هەنگاوێک زیاتر دەڕۆن و دەڵێن:”هیچ کەس ناتوانێت تەنانەت سورەتێکی وەک قورئان بنوسێت.”

زۆربەی خەڵکی سادەش باوەڕیان بەو پڕوپاگەندەیەی مەلاکان کردووە.وە وا بیردەکەنەوە کە تەنانەت هیچ عەرەب زمانێکیش ناتوانێت دەقی وەک دەقی قورئان بنوسێت،تائێستا نەبیندراوە و نەبیستراوە کەسێک بتوانێت لە پێکهاتەی یەک زماندا شتێک بنوسێت کە کەس نەتوانێت تەنانەت ڕستەی هاوشێوەی ئەو بنوسێت.ئەو دیعایە غەریبە لە فڵتە فڵت و هەڵیت وپەڵیت زیاتر نیە.زیاتر پشت ئەستورە بە نەبونی توانای زاڵبونی خەڵک بەسەر زمانی عەرەبیدا.
هەر عەرەب زمانێک”ئەگەر بە انصاف بێت و جورئەتیشی هەبێت”زۆر بەسادەیی دەتوانێت باشتر لەقورئان بنوسێت .بەڵام ئەوقورئانەی کە بە معجیزەی دەزانن، دەبێت لانیکەم لەڕوی گرامەر ونحو بێ کەم کوڕی و هەڵەبێت.خۆ ئەگەر لەقورئاندا هەڵەی نحو هەبێت ناچار دەبێت دوگریمان لەبەرچاوبگرین:
یائەوەتە ئەو هەڵانە لەلایەن خوداو پێغەمبەر کراون،کەئەوەش تەواوی ئیسلام دەخاتە ژێر پرسیارەوە.چونکە ئەوکات ئەوپرسیارە دێتە کایەوە کە ئەوە چ خودایەکە کە توانای زاڵبونی بەسەرزمانی عەرەبیدا نییە؟گریمانی دووەم ئەوەیە کە موسڵمانان قبوڵی بکەن کە نوسەرانی قورئان هەڵەیانکردووە و قوڕرئان کتێبێکی تەحریفکراوە .ئاشکرایە کە موسڵمانان گریمانی دووەم لەبەرچاو دەگرن.بەڵا دیسان ئەوپرسیارە دێتە پێشەوە کە چۆن دەتوانرێت کتێبێکی پڕلەهەڵە ی ڕێزمانی “هەڵبەت لەڕوی ناوەڕۆکی ئەدەبی و دەوڵەمەندی کارەساتە تەنانەت لەزۆرجێگا نازانرێ باسی چی دەکات” وەک معجیزە لەقەڵەم بدرێت و کەس نەتوانێت کتێبی ئاوابێنێت.ئەودیعایەی مەلا و مسڵمانانی دەمارگیر بێجگە لە جەهل و نەزانی خەڵکی ساویلکە پشت ئەستور نیە بەهیچ شتێکیتر.خەڵکانێکی ساویلکە کە بێ لێکۆڵینەوە شت وەردەگرن .
با ئێستا ئاماژە بەهەڵەکانی قورئان بکەین

هەڵەی یەکەم

إِنَّ الَّذِينَ آمَنُواْ وَالَّذِينَ هَادُواْ وَالصَّابِؤُونَ وَالنَّصَارَى مَنْ آمَنَ بِاللّهِ وَالْيَوْمِ الآخِرِ وعَمِلَ صَالِحًا فَلاَ خَوْفٌ عَلَيْهِمْ وَلاَ هُمْ يَحْزَنُونَ ﴿ سوره ٥ – آیه ٦۹ ﴾

لەو ئایەتەی سەرەوەدا هەڵەیەک هەیە وشەی ” الصَّابِؤُونَ”هەڵەیە و لەدوو ئایەتی خوارەوەدا وشە ڕاستەکە نوسراوە.

إِنَّ الَّذِينَ آمَنُواْ وَالَّذِينَ هَادُواْ وَالنَّصَارَى وَالصَّابِئِينَ مَنْ آمَنَ بِاللَّهِ وَالْيَوْمِ الآخِرِ وَعَمِلَ صَالِحًا فَلَهُمْ أَجْرُهُمْ عِندَ رَبِّهِمْ وَلاَ خَوْفٌ عَلَيْهِمْ وَلاَ هُمْ يَحْزَنُونَ (سوره۲ – آیه ۶۲)

انَّ الَّذِينَ آمَنُوا وَالَّذِينَ هَادُوا وَالصَّابِئِينَ وَالنَّصَارَى وَالْمَجُوسَ وَالَّذِينَ أَشْرَكُوا إِنَّ اللَّهَ يَفْصِلُ بَيْنَهُمْ يَوْمَ الْقِيَامَةِ إِنَّ اللَّهَ عَلَى كُلِّ شَيْءٍ شَهِيدٌ ( سوره ۲۲- آیه ۱۷)

لەو دوحاڵەتەدا (وَالصَّابِئِينَ و وَالصَّابِؤُونَ) تەنها دەتوانرێت یەکێکیان ڕاستبێت. هەروەها دیقەت بدەن ناوەرۆکی ئەو دوئایەتە کتو مت وەک یەک و دوبارەیە.

هەڵەی دووەم

لَّـكِنِ الرَّاسِخُونَ فِي الْعِلْمِ مِنْهُمْ وَالْمُؤْمِنُونَ يُؤْمِنُونَ بِمَا أُنزِلَ
إِلَيكَ وَمَا أُنزِلَ مِن قَبْلِكَ وَالْمُقِيمِينَ الصَّلاَةَ وَالْمُؤْتُونَ الزَّكَاةَ وَالْمُؤْمِنُونَ بِاللّهِ وَالْيَوْمِ الآخِرِ أُوْلَـئِكَ سَنُؤْتِيهِمْ أَجْرًا عَظِيمًا (سورە ٤- آیه ۱٦۲)

وشه ی وَالْمُقِيمِينَ دەبێت بگۆڕێت بۆ والمقیمون وەک باقی وشەکانی تری ئەم ئایەتە وەک ” َالْمُؤْتُونَ و …” ئەو وشانە دروستن،بەڵام المقیمین هەڵەیە.

هەڵەی سیەم:

قَالُوا إِنْ هَذَانِ لَسَاحِرَانِ يُرِيدَانِ أَن يُخْرِجَاكُم مِّنْ أَرْضِكُم بِسِحْرِهِمَا وَيَذْهَبَا بِطَرِيقَتِكُمُ الْمُثْلَى ﴿سوره ۲۰ – آیه ٤۳﴾

کەلیمەی هذان هەڵەیە و دەبێت منصوب بێت.

هەڵەی چوارەم

لَّيْسَ الْبِرَّ أَن تُوَلُّواْ وُجُوهَكُمْ قِبَلَ الْمَشْرِقِ وَالْمَغْرِبِ وَلَكِنَّ الْبِرَّ مَنْ آمَنَ بِاللّهِ وَالْيَوْمِ الآخِرِ وَالْمَلآئِكَةِ وَالْكِتَابِ وَالنَّبِيِّينَ وَآتَى الْمَالَ عَلَى حُبِّهِ ذَوِي الْقُرْبَى وَالْيَتَامَى وَالْمَسَاكِينَ وَابْنَ السَّبِيلِ وَالسَّآئِلِينَ وَفِي الرِّقَابِ وَأَقَامَ الصَّلاةَ وَآتَى الزَّكَاةَ وَالْمُوفُونَ بِعَهْدِهِمْ إِذَا عَاهَدُواْ وَالصَّابِرِينَ فِي الْبَأْسَاء والضَّرَّاء وَحِينَ الْبَأْسِ أُولَئِكَ الَّذِينَ صَدَقُوا وَأُولَئِكَ هُمُ الْمُتَّقُونَ (سوره ۲- آیه ۱۷۷)

لەم ئایەتەی سەرەوەدا پێنج هەڵەی ڕێزمانی هەیە.. چوار لەفیعلەکان لەڕوی زەمەنیەوە هەڵەن، چونکە ڕستەکە بە وشەی تُوَلُّواْ دەستپێدەکات،که لەڕوی کاتەوەوە بۆ ئێستایە، بەڵام چوارەکەی تر بۆ ڕابردووە.
هەڵەی پێنجەم صابرین -که دەبێت صابرون -بێت

هەڵەی پێنجەم:

إِنَّ مَثَلَ عِيسَى عِندَ اللّهِ كَمَثَلِ آدَمَ خَلَقَهُ مِن تُرَابٍ ثِمَّ قَالَ لَهُ كُن فَيَكُونُ (سوره۳- آیه ٥۹)
وشەی یکون دەبێت کان بێت، تا لەگەڵ حال- ی فیعلی ماضی بگونجێت.

هەڵەی شەشەم

لَاهِيَةً قُلُوبُهُمْ وَأَسَرُّواْ النَّجْوَى الَّذِينَ ظَلَمُواْ هَلْ هَذَا إِلَّا بَشَرٌ مِّثْلُكُمم أَفَتَأْتُونَ السِّحْرَ وَأَنتُمْ تُبْصِرُونَ (سوره ۲۱- آیه
۳
وشەی -وَأَسَرُّواْ – هەڵەیە چونکە فاعل ڕستەکە “مذکر ‌”ە لەبەرئەوە دەبێت ئەو” فعل-“ە بۆ کەسی سیەمی تاک بێت. لەو ئایەتەدا فعل بەشێوەی جمع هاتوە.

هەڵە ی حەوتەم

هَذَانِ خَصْمَانِ اخْتَصَمُوا فِي رَبِّهِمْ فَالَّذِينَ كَفَرُوا قُطِّعَتْ لَهُمْ ثِيَابٌ مِّن نَّارٍ يُصَبُّ مِن فَوْقِ رُؤُوسِهِمُ الْحَمِيمُ (سوره ۲۲- آیه ۱۹)

اخْتَصَمُوا هەڵەیە چونکە فاعل دو کەسن لە عربیدا فعل بۆ دوکەس لەگەڵ جمع جیاوازی هەیە.

هەڵەی هەشتەم

وَإِن طَائِفَتَانِ مِنَ الْمُؤْمِنِينَ اقْتَتَلُوا فَأَصْلِحُوا بَيْنَهُمَا فَإِن بَغَتْ إِحْدَاهُمَا عَلَى الْأُخْرَى فَقَاتِلُوا الَّتِي تَبْغِي حَتَّى تَفِيءَ إِلَى أَمْرِ اللَّهِ فَإِن فَاءتْ فَأَصْلِحُوا بَيْنَهُمَا بِالْعَدْلِ وَأَقْسِطُوا إِنَّ اللَّهَ يُحِبُّ الْمُقْسِطِينَ.

وەک خاڵی حەوتەم ، وشە اقْتَتَلُوا هەڵەیە

هەڵەی نۆیەم

وَأَنفِقُوا مِن مَّا رَزَقْنَاكُم مِّن قَبْلِ أَن يَأْتِيَ أَحَدَكُمُ الْمَوْتُ فَيَقُولَ رَبِّ لَوْلَا أَخَّرْتَنِي إِلَى أَجَلٍ قَرِيبٍ فَأَصَّدَّقَ وَأَكُن مِّنَ الصَّالِحِينَ. (سوره ٤۳- آیه ۱۰
)
وشەی” وَأَكُن ” هەڵەیە و دەبێت وەک فعلی َأَصَّدَّقَ واتا وەک فعلی پێش صرف بێت.

هەڵەی دەیەم

وَالسَّمَاء وَمَا بَنَاهَا (سوره ۹۱- آیه ٥
وشەی” وَمَا ” هەڵەیە چونکە فاعل خدا یە و نه کەسیتر.

هەڵەی یازدەهەم:

ثُمَّ اسْتَوَى إِلَى السَّمَاء وَهِيَ دُخَانٌ فَقَالَ لَهَا وَلِلْأَرْضِ اِئْتِيَا طَوْعًا أَوْ كَرْهًا قَالَتَا أَتَيْنَا طَائِعِينَ (سوره ٤۱- آیه ۱۱)

ئاسمان و زەوی لە زمانی عەرەبیدا مێینەن،لەبەرئەوە فعل قَالَتَا ڕاستە بەڵام وشەی طَائِعِينَ هەڵەیە چونکە مفرەد و” مذکر “ە
هەڵەی دوازدەهەم:

وَلاَ تُفْسِدُواْ فِي الأَرْضِ بَعْدَ إِصْلاَحِهَا وَادْعُوهُ خَوْفًا وَطَمَعًا إِنَّ رَحْمَتَ اللّهِ قَرِيبٌ مِّنَ الْمُحْسِنِينَ (سوره ۷- ایە ٥٦

رَحْمَتَ لە عربیدا مونث – ە و لەبەرئەوە وشەی قَرِيبٌ دەبێت شکڵی مونث ی هەبێت واتا قریبه .

هەڵەی سێزدەیەم

وَقَطَّعْنَاهُمُ اثْنَتَيْ عَشْرَةَ أَسْبَاطًا….(سوره ۷- آیه ۱٦۰)

لەجێگای أَسْبَاطًا دەبێت سبطان بێت . دوازده قبیله، لە عەرەبیدا دەبێتە مفرد، چونکە ناوێک که لەدەباڵاتربێت به بە شێوەی مفرد دێت. ئەو قاعیدەیە لەو ئایەتەی خوارەوە دەبیندرێت ( ثَلاَثِينَ لَيلە)

سەرچاوە سایت تریبون زمانە

وەرگێڕانی
مەحمود عەبدوڵڵا




دەرکەوتنی”بەیان”لە وەرزی خەزانی ڕۆژنامەگەریی کوردیدا … هۆمەر نۆریاوی

لە قۆناخێکی هەرە ناسک و هەستیاری مێژوودا کە ڕۆژنامەگەریی کوردی لە ڕۆژهەڵات لە حاڵی گیان کەنشتدایە و تەنێ نووزەیەکی لێوە بەرگوێ دەکەوێت و بەشی فرەی بە ڕەشکردنەوەی ڕووپەلی پاکژەوە مژولە یان نایەوێت یانژی ناوێرێت خۆ لە قەرەی پرسە چارەنووسساز و هەستیارەکانی کۆمەڵگە بدات و کەمتر بڵاڤۆکێکت پێ شک دێت خودانی دەستەیەکی نووسەرانی کارامە و لێزان و پیشەیی و پڕۆفشناڵی بواری ڕۆژنامەگەری بێت،لێ دەرچوونی ژمارەیەک ڕۆژنامە و گۆڤار لێرە و لەوێ،هەندێک تەمەکە دەڕەوێنێتەوە و تۆوی هیوا لە دڵاندا دەچێنێت.
گۆڤاری “بەیان”،یەک لەو گۆڤارانە دێتە ئەژمار کە خۆی بە گۆڤارێکی فەرهەنگی،کۆمەڵایەتی ناودێر دەکات کە بە دوو زمانی کوردی-فارسی هەر دوو مانگ،جارێک چاپ و بڵاو دەبێتەوە. ئەم گۆڤارە،بە هەمان ڕێچکە و ڕێبازەکەی “سروە”ی ئازیز و یادگاردا دەچێت و دەستەی نووسەرانی دەیەوێت بە هەمان بین و هەناسەوە لە پێناو درێژەدان بە خەباتی ڕۆژنامەگەریی کوردی کار بکات و خزمەت و ڕاژەی چاند و کولتووری کوردی بکات.
خودان ئیمتیاز و بەرپرسی گۆڤارەکە،دوکتۆر”ئیسماعیل مستەفازادە”،زانستوەرێکی گەلپەروەرە کە بە هاریکاریی و هەوڵ و خەبات و خەمخۆریی کۆمەڵە مرۆیەکی نیشتمانپەروەر،گۆڤارەکە چاپ و بڵاو دەکاتەوە و لە باری ماددییشەوە ئەوە تەنیا مرۆ دڵسۆزە گەلپەروەرەکانن کە پاڵپشتی دەکەن و لە هیچ ئالی و لایەنێکی فەرمییەوە یارمەتی دراوی وەرناگرێت.
بەیان،گۆڤارێکی سەربەخۆ و بێلایەنە و ئێستا پێی ناوەتە ساڵی سێیەمی تەمەنەوە و هەتا هەنووکەیش، 12ژمارەی لێ چاپ و بڵاو بۆتەوە. ژمارەی یەکەمی ئەم گۆڤارە،مانگی گەڵاڕێزانی ساڵی 1397ی هەتاوی(2018) بڵاو بۆتەوە.
گۆڤارەکە،لە چاو ئەزموونی دوور و درێژی ڕۆژنامەگەریی کوردی،هێشتا لە قۆناخی دەستپێکدایە و بە گۆڤارێکی تازە و ساوا دادەنرێت و پێویستی بە پێنووس و خامەی بەپێزی گشت ڕووناکبیرێکی پەرۆشی چاند و فەرهەنگی کوردی هەیە.
بەیان،هەوڵ دەدات بە بێ جیاوازی،خزمەتی گشت زاراوە سەرەکییەکانی زمانی کوردی بکات و ئەمەیشی لە ماوەی سێ ساڵ کارکردنەدا سەلماندووە. بەڵام پێویستە ئەم پرسە بەوپەڕی وشیارییەوە جێبەجێ بکرێت و ئەرکەکە بخرێتە ئەستۆی کەسانی شارەزا و پسپۆڕ و وەک دەرفەتێک سەیر بکرێت نەک چێکردنی کەند و لەند و تێکدان و شێواندنی زمانی پاکژ و زەنگین و دەوڵەمەندی کوردی.
نوێترین ژمارەی بەیان،ژمارە 12،مانگی خەرمانانی 1399ی هەتاوی(سێپتەمبەری 2020)چاپ و بڵاو بۆتەە. ئەم ژمارەیەی بەیان،ئاوڕ لە مۆسیقای کوردی لە هەر هەموو پار و بەشەکانی کوردستان دەداتەوە و کۆمەڵە بابەتێکی دەوڵەمەند و ڕەنگاڵەیی لە خۆ دەگرێت. شیاوی ئاماژەپێدانە کە بەیان لە شاری پێشەوای کوردان و قەڵای مەردان،مەهاباد،دەردەچێت و لە هەر هەموو ستان و پارێزگە کوردنشینەکانیشدا بڵاو دەبێتەوە.
بەیان،یەک لەو دەگمەن بڵاڤۆک و گۆڤارە کوردییانەیە کە جیهانی زارۆکانی لە بیر نەکردووە و هەر جارە و پاشکۆیەک بە ناوی”گڕ و گاڵی نوێ”بۆ منداڵان بڵاو دەکاتەوە و تا ئێستا 12 پاشکۆی بۆ منداڵی کورد بڵاو کردۆتەوە. پەروەردەکردنی منداڵی کورد لەسەر دوو بنەمای هەرە گرینگی زمان و چاندی کوردی،یەک لە مەبەستە سەرەکییەکانی دەرکردنی ئەم پاشکۆیە دێتە ئەژمار.
بەیان،ئەگەر دەیەوێت ژمارە لە دوای ژمارە زێتر پێش بکەوێت،پێویستە لە بن چاودێری دەستەیەکی نووسەرانی کارامە و خودان ئەزموونی بواری ڕۆژنامەگەرییدا دەربچێت و هەرگیز خۆی پاتە نەکاتەوە و بەردەوام کاژ فڕێ بدات. ژیرانە دەست بۆ پرسە هەستیارەکان ببات و دەوری چرایەکی گەش بۆ سبەی ببینێت؛ئەگینا ئەمیش زۆر زوو گیرۆدەی پەتا گشتییەکە دەبێت و پاش ماوەیەکیش،تەنیا ناوێکی ڕووکەشی لێوە دەمێنێتەوە.
جێی خۆیەتی هەر لێرەوە دەستخۆشی لە سەرپاک ستاف و دەستەی نووسەرانی بەیان بکەم و دادێیەکی درەوشاوەیان بۆ بە ئاوات بخوازم.
لە ژمارە 12ی بەیاندا بابەتێکی توێژینەوەیی نووسەری ئەم دێڕانە لەسەر هونەرمەند ئیسماعیل سابوور لە بن سەردێڕی”سروەی دەنگێک و غوربەتی ناخێک”بخوێننەوە.




مەرگنامەی فەلسەفەی ستۆیسیزم (ڕواقی) لە ساتەوەختی پەتادا … ئازاد حەمە – بەشی 19

ترس لە مەرگ نەبایە نە فەلسەفە دەبوو نە ئاین
شۆپێنهاوەر Schopenhauer

پێشەكی: لەبەرایی ئەم بەشە هێما بۆ ئەوە دەکەین، بەو شێوە شرۆڤەكردنە قایلیین کە پێیوایە فەلسەفە لە گشت سەردەمەكانا پێویستیبووە. هەر فەلسەفە ڕێگایەكیشبووە بۆ گەیشتن بە چارەسەری كێشە سەرەكییە ڕۆژانەییەكانی مرۆڤ و بەرچاوڕوونی بەم مرۆڤەش تا ئەو جێگایە داوە کە ناهەموارییەكان تێدەپەڕن. ڕاستە فەیلەسوفەكان لە بەرەی پێشەوەی پەتای كۆڤید-19 نیین، لێ جۆرە ڕۆڵێكیان هەیە كە دەكارن بیگێڕن. لە هەموو دۆخێكدا فەلسەفە شتێكی بۆ وتن هەیە، لەم ساتەوەختە پەتایاویە فەلسەفەی ستۆیسیزم (ڕواقی) Stoicism گونجاوترین شتە. هەر زووش سێنێكا Senecaی گەورە بیریاری ڕۆمانی و یەكێک لە ڕابەرانی فەلسەفەی ستۆیسیزم ئەوەی بە گوێمانا چرپاندووە كە ناشێت سەبارەت بە شتگەلێك ڕاڕابین سەروی توانا و ویستی ئێمە بێت. داوا لە خواوەندیش دەكات ئارامیی پێببەخشێت، بوێری پێبدات بۆ گۆڕینی ئەوەی لە توانایدا نییە، دانایش تا بكارێت شتەكان لێكدیبكاتەوە. ئەوەش بۆ ئەوەی ئەو شتانە پەسەندبكات توانای گۆڕینیانی نییە.
زۆربەی بیریاران وایدەبینن، فەلسەفەی ستۆیسیزم لەناو زانینگا فەلسەفییەكانا تاكە فێرگەیە مرۆڤەكان ڕادەهێنێت لەسەر ڕووبەڕووبوونەوەی هەستی خراپ و لاواز، لەسەر سنوردانان بۆ ترس لەكاتی تەنگژەكانا. لەم حاڵەتەی ئێستادا، كە پەتای كۆرۆنا داگیریكردوین، ترسەكان ئاقاریان لێبوەتەوە، گەڕانەوە بۆ خوێندنەوەی تێكستی فەلسەفی و بەتایبەت فەلسەفەی ستۆیسیزم (و فەلسەفەی ئێپیكۆریزم Epicureanism ) لە هەڵكشاندایە. سەرباری ئەوە، زانینەكانی فەلسەفەی ستۆیسیزم لە مێژووی فەلسەفە هەمیشە جێی تێڕامان بوونە و بەشێكیش لە بزاڤ و ئاقارە فەلسەفییەكانی ڕۆژئاوا خۆیان لە پەنای ئەم فەلسەفەیەدا مەڵاسداوە و پەیتا پەیتا دید و ڕوانینیان لێوەقەرزکردووە.
لەم بەشە جگەلەوەی مانای فەلسەفەی ستۆیسیزم بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئێش، ناساغی و مەرگ بەكورتی بەرباسدەخەین، كە ئەوەش وێنەیەكمان لەسەر ئەم فەلسەفەیە پێدەبەخشێت كە هەڵگری جۆرە بنەمایەكی فەلسەفی تایبەتە، ئاوڕێكی خێراش لە “تێڕامانەكان”ی ماركۆس ئۆرێلیۆس Marcus Aurelius دەدەینەوە، كە تاكە ئیمپراتۆر و فەیلەسوفە لە شارستانی ڕۆمانی و ئەوروپایی. ماركۆس ئۆرێلیۆس ئەو تاكە سیاسییەیە كە فەیلەسوفی شاریشە. ئەو جۆرە كەسەیە پێشتر ئەفلاتون لە دیالۆگی”كۆمار” پێیوتوین: كارگێڕی سیاسییانەی شار پێویستە بەدەست فەیلەسوفەوە بێت. ئەوەی ئێمە لەم بەشەدا گەرەكمانە قسەهێنانەئارایە لەبارەی مانای فەلسەفەی ستۆیسیزم لە ساتەوەختی پەتای كۆرۆنا، كە لەنێو ڕوناكبیر و هزرەڤانانی جیهان گرنگی بۆ گەڕایەوە (لە ڕاستیدا ئەو گەڕانەوەیە بۆ فەلسەفەی ئێپیكۆریزمیش بوو، كە سەرچاوە لە دیدگا فەلسەفییەكانی ئێپیكۆر Epicurus ەوە هەڵدەگرێت). هەر لەم بەشەشدا بەلای باسی ترس لە مەرگ تێدەپەڕین کە دروستکەری خەمۆکییە و یەكێكیشە لە جۆرە دیارەكانی ترس. فەلسەفە کە وتنی خۆی لەبارەی ترس لە مەرگ هەیە لە ئاستێك ئەو وتنە بۆ ڕەواندنەوەی ترسەکە دەخەینەگەڕ کە مەرگنامەی فەلسەفەی ستۆیسیزم لەخۆبگرێت.

فەلسەفەی ڕواقی (ستۆیسیزم) هەڵگری چ بنەمایەكی فەلسەفییە؟

فەلسەفەی ستۆیسیزم لە سەدەی سێی پێش زایین هاتۆتەكایەوە و پێنج سەدە بەردەوام بووە. ئەم پێنج سەدەیە بەم جۆرە بووە: سێ سەدە لە كۆتای سەدەكانی پێش زایین لە یۆنانی كۆن و دوو سەدەكەی تر لەناو شارستانی ڕۆمانی ،كە سەدە زایینەكانن، پەرەی بەخۆیداوە. دواتر لە سەدەی پێنجی زایین لە شارستانی رۆمانی، كە شوێنی نەشونمای فەلسەفەی ڕواقی بووە، فێرگە فەلسەفییە ڕواقییەكان لەم شارستانیە بەرەو داڕمانڕۆشتوون، ئەمەش دوای گەشەی تووندی تەوژمی مەسیحایی كە لەو دەمەدا ئەم تەوژمە لەتەك بیری بیریارە ڕواقییەكان یەكینەگرتوەتەوە.
فەلسەفەی ستۆیسیزم، كە لەژێركاریگەریی زانینەكانی زێنۆنی ڕواقی Zeno of Citium، پاش ئەریستۆ ،لە ژینگەیەكی ئەسینای، هاتۆتەكایەوە تا دوای ڕوخانی ئیمپراتۆریەتی یۆنانیش، واتە پاش زاین، بە چەند سەدەیەك هەر بەردەوام بووە. ئەڵبەتە گەشە و داڕمانی ئەم فەلسەفەیە پەیوەندیەكی زۆری بە هەل و مەرجی سیاسی و كۆمەڵایەتی ئەو دەمەی یۆنانەوە هەبووە: بڵاوبوونەوەی جەنگ، ناساغی، هەژاری و ناهەمواری. شایانی زانینە، شارستانی یان چاخی هێلێنیستی Hellenistic Age لەگەڵ مەرگی ئەلێكسەندەری گەورە دەستپێدەكات، 323 پێش زاین، و لەگەڵ هێرشی ڕۆمانی بۆسەر یۆنان كۆتایدێت و لەوێوە چاخێكی تر بەناوی ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانی سەرهەڵدەدات. مەبەست چاخی هێلێنیستی لەدەوروخولی 323 ی پێش زایین تا پێش دەركەوتنی زایین بە نیو سەدە بەردەوامدەبێت. بەمە ئەم شارستانیە كاتێك ئاوادەبێت كە یۆنانی كۆن لەناو ئیمپراتۆریەتی رۆمانی دا دەتوێتەوە، كە ئەوەش دەكاتە 146 پێش زایین، واتە دوای داگیركردنی یۆنان لەلایەن رۆمانەكانەوە. شایانی باسە، شارستانی هێلێنیستی كە دەوڵەمەند و ناسراو بووە تایبەتمەندی شارستانی خۆی هەبووە و خۆشی تەنیا لەناو یۆنان گەمارۆنەداوە و هەوڵی چوونەنێویەكدیشی لەتەك كولتوورەكانی تر داوە و ، قۆناغی داگیركاری یۆنانیش لە ئاسیا و ئەفەریقا و ئەوروپا هەر لێرەوە دەستیپێکردووە. لەم ساتەوە كولتووری پووختی یۆنانی ووردە ووردە بەرەو نەمان دەچێت و بە كولتووری بێگانە تێكەڵدەبێت. بەمجۆرە لەم قۆناغەدا كولتووری یۆنانی لە دەرەوەی یۆنان بڵاودەبێتەوە و كاریگەری ئەم كولتوورە سنوری یۆنانی تێدەپەڕێنێت. ئەمەش بەردەوام دەبێت تا دەركەوتنی ئیمپراتۆریەتی رۆمانی. لەو دەمەدا جگەلەوەی پەرەسەندنی هزری لەبواری زانست (بیركاری، فەلەكناسی، فیزیا) و هونەرە جوانەكان شوێنپێیدیاردەبێت خەرمانەی فەلسەفیش دەگاتە ئاستێكی بەرز. هەر لەم قۆناغەدا، لە چاخی هێلێنیستیدا، هەندێك ڕەوتی فەلسەفی (ستۆیسیزم، ئێپیكۆریزم، سینیزم Cynicism) سەرهەڵدەدەن كە تائێستاش كاریگەریان لەسەر فەلسەفەی جیهان بێسلەمینەوە دیارە.
فەلسەفەی ڕواقی (ستۆیسیزم) ڕەوتێكی فەلسەفیی بووە بۆ بایەخدان بە عەقڵ وەك شتە سەرەكیەكەی ژیانی بوونی مرۆڤ. باوەڕی سەرەكی ئەم فەلسەفەیە خۆی لەوەڕا پووختدەكاتەوە كە خۆشی مرۆڤەكان ئەو دەمە دەستپێدەكات باوەڕ بەوە بهێنن کە رووداوەكان لە دەرەوەی توانای ئەوانە و ئەوەش كە لە سروشت دا هەیە بەهۆی عەقڵەوە پێیدەگەین. مرۆڤ بەپێی ئەم فەلسەفەیە پێویستە لە هارمۆنیدا بێت لەتەك سروشت، چونكە ئەوە عەقڵە دادوەری بەسەر سروشتی مرۆڤەوە دەكات و خواوەندیش لەناو ئەم جیهانەدایە كە ئێمەی تەنیوەتەوە و عەقڵیش كار لەسەر جیهانەكەمان دەكات. خواوەند لەناو جیهانی ئێمەدایە. جیهانی ئێمە لە دەرەوەی ئەم خواوەندە نییە. بەم جۆرە بێت بەختەوەری لای فەیلەسوفەكانی ئەم فێرگە فەلسەفییە (ئێپیكتێتۆس، سێنێكا، ماركۆس ئۆرێلیۆس و ..هتد ) دوا ئامانج نییە، تەقەلایەكە بۆ گەیشتن بە ڕاستی. بەپێی تێگەیشتنە فەلسەفییەكانی ئەم فێرگە فەلسەفییە، بەتایبەت زێنۆنی سیتۆمی Zeno of Citium ، (كە دامەزرێنەری فەلسەفەی ستۆیسیزمە، لە 334 ی پێش زاین هاتۆتەدونیا و هاوڵاتیەكی فینیقی بووە و دواتر بەرەو ئەسینا كۆچیكردووە و لەوێ فەلسەفەیكردووە) مرۆڤی باش ناشێت بكەوێتە ژێركاریگەری هەڵچوونەكانی و شەیدای چركە خۆشەكانی بێت. كۆنترۆڵكردنی سۆز و هەڵچوونەكان دەمانگەیێنێتە زانین. فەلسەفەش لەسەر دەستی ئەم بیریارە، زێنۆنی سیتۆمی، بەرەو مەشقكردن لەسەر ژیان دەچێت. لێرەوە فەلسەفە بەشێوەیەک خۆی نمایشدەکات کە خۆشی نییە، هەڵبژاردنی شێوازێكە بۆ ژیانكردن. هاوکات دوركەوتنەوە لە ترس، لە ئازار و لە بەدەستهێنانی چێژ بەشێكە لە فێربوونە فەلسەفییەكانی ئەم ڕەوتە فەلسەفییە. ئەوەش کە فەیلەسوفە ڕواقییە رۆمانییەكان پاكڕەوشتی دەكەن بە بناغە بۆ بەختەوەری. لە دیدی ئەم فەلسەفەیەوە مرۆڤ بۆئەوەی بگات بە پاكڕەوشتی (فەزیلە Virtue) ، كە باشە بەرهەمدەهێنێت، ئەم مرۆڤە پێویستی بەوەیە خۆی لە ترس، بەغیلی، ئەڤینێكی شێتانە بەدووربگرێت. هەرچی چێژ، تەندروستی و دەوڵەمەندییشە، ئەڵبەتە، بەو مەرجە باشە پێكدەهێنن كە پاكڕەوشتی بكارێت بەكاریبهێنێت. پاكڕەوشتی پێش ئەوەی پەیوەندی بە مرۆڤەوە بێت ویستی یەزدانە (ستۆسیزم). مرۆڤی باش ئەو مرۆڤەیە ڕەفتارەكانی باشە نەك قسەكانی.
بەواتایەكی دی، بۆچوونەكانی بیرمەندانی ستۆیسیزمی رۆمانی ڕەهەندی فەلسەفی خۆیان هەیە: ئەوەتا سێنێكا دەڵێت: جەغت لەوەمەكە نیتە، بەختەوەربە بەوەی هەتە یان گەیشتن بە ڕێگری ئاماژەیە لەسەر سەركەوتن، بوونیش بە مرۆڤی پاكڕەوشت مەرجە ببێتە ئامانج بۆ مرۆڤەکان بەپێی ماركۆس ئێرۆلیۆس. لێرەوە بەو تێگەیشتنە فەلسەفییە ئاشنادەبین کە، زانینەكانمان سەبارەت بە جیهان، پێگەی ئێمە لەو جیهانە، لە ئاگامەندیماندا بەشێوەیەك بەرجەستەدەكەن كە پەی بە بوونی خۆمان بەرین. ئەوەش بەمەرجێک ئەو پەیپێبردنە لە پەشێواوی و پەشۆكاوی بەدەربێت. بۆ؟ چونكە دانا ڕواقیەكان خۆیان و خەڵكیشیان لەسەر خۆڕاگری و ڕووبەڕووبوونەوەی ئێش، ناساغی و بەڵاسروشتییەكان ڕادەهێنا. نەك هەر ئەوە بگرە بەپێی بینینی ئەم فێرگەیە بەدەستنەهێنانی چێژ و خۆشیەكان وادەكەن مرۆڤەكان ئازار بچێژن و ئەوەش دووچاری خەمۆكییان دەكات کە لای خوارەوە دێینەوەسەری.

پێگەی فەلسەفەی ستۆیسیزم لە بەرەنگاربوونەوەی ئێش، ناساغی و مەرگ

لە فەلسەفەی ستۆیسیزمەوە فێری ئەوە دەبین، خۆدابڕان لە جیهانی دەرەكی چارەسەرە بۆ زاڵبوون بەسەر ئێش، خەمۆكی و پەشێوی. ئەمە وادەكات بەختەوەری بە جیهانی دەرەكییەوە نەبەسترێتەوە. گرێدانەوەی تەندروستی، خۆشەویستی و پلەوپایە بە بەختەوەرییەوە وادەكات بەختەوەری پابەندی جیهانی دەرەكی مرۆڤ بێت نەك خودی كەسەكان. هەچ گۆڕانێكیش بێتەسەر ئەو جیهانە كاردانەوەی لەسەر بەختەوەری دادەنێت. كێشەكە لێرەوە دەستپێدەكات كە فاكتەری دەرەكی بەختەوەری دیاریدەكات نەک شتێکی تر. بەپێی بۆچوونی فەلسەفەی ستۆیسیزم ئێمە دەسەڵاتمان بەسەر ئەو فاكتەرانەوە، جیهانی دەرەكییەوە، نییە. هەژاری، ناساغی، ئێش، ئاوارەیی، جیابوونەوە یان خیانەتی خێزانی و زۆر شتی تر دەكرێت ڕووبدەن و سەرلەبەری بەختەوەری مرۆڤ تێكدەن، لێ ناشێت پێمانوابێت دەكارین ئاقاری شتەكانی دەرەوەی خۆمان بگۆڕین. ئێپیكتێتۆس Epictetus ، كە لە سەدەی یەكی زایین ژیاوە و یەكێكە لە بیرمەندە دیارەكانی فەلسەفەی ڕواقی یۆنانی- ڕۆمانی، پێیوابووە ئەوەی پاڵپشتی بەختەوەری مرۆڤدەكات ڕۆحە (ناخە) نەك شتە دەرەكییەكان. هاوكات ڕاشكاوانە فێری ئەوەشمان دەكات تەنیا سەبارەت بەو شتانە ڕاڕابین لە چوارچێوەی قەڕاڵستانی (دەسەڵاتی) خۆمان دێتەروودان. ئەوەش كە روودەدات گرنگە، لێ لەوە گرنگتر چۆنیەتی ڕووبەڕووبونەوەی رووداوەکانە. ئازار دێت، چونكە هەیە. ئازار گرنگە، بەڵام زاڵبوون بەسەر ئازار گرنگترە. پەتا كە بڵاودەبێتەوە یان جەنگ كە هەڵدەگیرسێت لە دەرەوەی ویست و تواناكانی ئێمەوەیە، بۆیە خۆپارێزی لە پەتاكە یان جەنگەكە گرنگە. لافاوێك، بوركانێك، هەرەسێكی بەفر هەموو ئەمانە لە دەرەوەی دەسەڵاتی ئێمە دێنە روودان و كاری ئێمەش خۆدەربازكردنە لێیان. بۆیە سەرەكیترین تەوەرەی فەلسەفەی ناوبراو ئەوەیە كە مرۆڤەكان بەوە قایلبن ڕێبەدیدەكەن. لەبەرئەوەی تەندروستی و بەختەوەریمان پەیوەندی بە خودی خۆمانەوەیە ئەمە وادەکات هەموو ڕووبەڕووبوونەوەیەكی خەم و پەژارەیی سەرئێشەمان بۆ دروستبكات. بەدییەكان بە بۆچونی ئەم فەلسەفەیە شتێكی ناوەكەییە و لە بیركردنەوەماندا ئامادەیە. بیركردنەوەمان وایدەبینێت ئێمە هەژارین و پێویستمان بە سامانێكی زۆرترە. واتە بیركردنەوەمان پێماندەڵێت بەدی هەیە و لە كوێ ژیانیشماندا ئەو بەدییە خۆی مەڵاسداوە. بەدیوەكەی تری، ئەم فەلسەفەیە پێیباشە مرۆڤ ئەوە بكات كە پێدەكرێت. بیركردنەوە لەوەی کە پێیناكرێت چاترە دەستبەرداری بێت ئەگەرنا پەرێشانی و شەكەتی بۆدەهێنێت.
بوون بە ڕواقی (stoic) واتە هەڵبژاردنی شێوازێكی تر لە ژیان. باشە ئەو جۆرە ژیانەی ڕواقیەكان هەڵیانبژارد لەتەك ژیانی مۆدێرن، كە ژیانی ئێستامانە، دەگونجێت؟ بۆ هەمووان ڕوونە كە شتێكی سانا نییە ژیانی ئێستامان مۆركی ژیانی ڕواقیەكان لەتەكخۆیڕا هەڵبگرێت، لێ گومانیشیناوێت خودی ژیانە ڕواقیەكە گەلێك تەندروستە. گۆڕینی ژیان بەرەو ژیانێكی ڕواقیانە چەند پێویستە هێندەش سەختە. بوون بە كەسێكی ڕواقی لەلایەك هەڵبژاردنی شێوازێكی ترە بۆ (ژیان، خۆشەویستی، بیركردنەوە)، لەلایەكی دی نزیكبوونەوەشە لە ژیان، لە ژیانە ڕاستەقینەكە، كە لەتەك وڕێنە لە دابڕاندایە. ئەمەش لەو سەرەوە دەبێت بە هەڵبژاردنی ژیانێكی ئاواڵە و سەرەتایەك بۆ پەیمانبەستن لەتەك خودی خۆدا. ئەم پەیمانبەستنە سانای دەخاتە ناو ژیانەوە و بەختەوەریش لەتەكخۆیڕا دەهێنێت. لێرەوە لە ناگرنگەوە بۆ گرنگ دەچین. خۆدەربازكردن لە ناگرنگ سەرەتای ژیانێكی ڕواقییە. ڕەنگە هەموو بپرسین ژیانی ناگرنگ چ جۆرە ژیانێكە؟ ئەو جۆرە ژیانەیە لە چێژ، سانایی و خۆشی لێوانلێوە. چۆنیەتی باشژیان غەمی گەورەی ئەم بزاڤە فەلسەفییە بووە، لێ باشژیانیان بەو جۆرە ڕاڤەكردووە كە ڕێگاچارەیە و دەشكارێت ئاسایشی دەروونی بۆ مرۆڤەكان دروستبكات. بەمە ئامانجی ئەم فەلسەفەیە هەر لە سەرەتاوە خۆشبەختی و ڕۆحخاوێنی مرۆڤ بووە، ئەڵبەتە توانای ئەم مرۆڤەش لە زاڵبوون بەسەر بێهیوای و خەمۆكییەكانی.
ڕەنگە هەموو بپرسین كە هەڵوێستی ڕواقیەك لە ساتەوەختی ئێستادا دژ بەم پەتایە چۆنە؟ دیارە ئەم پەتایە ترس و شڵەژانی لەتەك خۆیڕاهێناوە، فەلسەفەی ڕواقیەكانیش بەوە ناسراوە كە شێوازی خۆی لە مامەڵەكردن لەتەك ترس و شڵەژان هەبووە. بیرمەندە گەورەكانی ئەم فەلسەفەیە ڕۆڵەی ساتە تەنگژاوییەكان بوونە و خورپە و مەترسیەكانیان بینیوە و بەداناییەكانیان خۆیان و خەڵكیشیان لێبەدوورگرتووە. هاوکات بیرمەندە بەتەمەنەكانی ڕێبازی فەلسەفەی ڕواقی (سێنیكا ، ئێپیكتێتۆس، ماركۆس ئۆرێلیۆس) فێربوونەكانیان ڕاستەوخۆ سەبارەت بە ئازار و ناخۆشیەكانی مرۆڤ بووە و کاریشیان لەسەر ئەوە کردووە ئەم مرۆڤە لە نەداری، درم، جەنگ و ئاشووب حاڵیبێت و ، هەچ کارێکیش کە دەستی دەداتێ وەک دوا کاری خۆی تەماشایبکات.
دیدی ڕواقییانەی ماسیمۆ پیگلیۆچی سەبارەت بە كۆڤید-19

نوسەری ئیتاڵی ماسیمۆ پیگلیۆچی Massimo Pigliucci بەخێرهاتنماندەكات بۆ سەدەی كۆڤید-19 لەکاتێکا ئێمە پێمانوایە ئەم پەتایە ناشێت وەک سەدە ببینرێت، ئەوەش بەگوێمانا دەچرپێنێت كە ئەم پەتایە بەجۆرێك هاتووەتەناو ژیانمان خۆی لێکردووین بە واقعێکی نوێ. ڕاستە هەر لەم ساتەدا گەلێك بۆچوونی پووچ تایبەت بەم ڤایرۆسە وترا، بەشێك لە پیاوانی دەوڵەت پێیانوابوو پێویست بە ترس ناكات، بەڵام لەڕاستیدا هۆكاری ڕواقیStoic سەبارەت بە بوونی پەتای كۆڤید-19 لە ئێستا و وەكی تر بۆ هەموو جۆرە پەتایەكی تر لە ئایندە لەئارادایە. لەم بارەیەوە ئەم ڕوناكبیرە ئیتالییە ڕێڕەوێكی ڕواقی سێ لایەنە (فیزیا، لۆجیك و ڕەوشت) بۆ ڕاڤەکردنی ئەم پەتایە دەخاتەڕوو. وشەی فیزیا لای ڕواقییەكان دەمانباتەوە ناو لێكدانەوەیەكی فراوان بۆ تێگەیشتن لە جیهان. هەر ئەوەیە كە ئێستا بە زانستە سروشتیەكان و مێتافیزیك هاتۆتەناساندن. هەرچی لۆجیكە فەلسەفەی ستۆیسیزم تێگەیشتنێكی فراوانتری لەسەر هەیە لە چاو فیزیا. لۆجیك هەموو ئەو تێگەیشتنانە دەگرێتەوە كە گونجاون. هەرچی ڕەوشتە لە دیدی ڕواقیەكان شتێك لە فیزیا و لۆجیك فراوانترە. لەبەرئەوەی ڕەوشتی ڕواقی تەنیا ڕاست و هەڵە ناگرێتەوە، ئەوەی بەلای ئەم فەلسەفەیەوە گرنگە ژیانێكی باشژیانانەی مرۆڤەكانە.
لەسەر بنەمای تێگەیشتنی فەلسەفی دیۆجین Diogenes ئەم بیریارە ئیتالیییە پێماندەڵێت: لە هزری فەلسەفی ڕواقی دا ڕێباز doctrine ی فەلسەفی سێ كوچكەییە: فیزیا، ڕەوشت و لۆجیك. فەلسەفە دەشێت بە ئاژەڵێك بشوبهێنرێت. لۆجیك ئێسك و دەمارەكانیەتی. ڕەوشت گۆشتەكانی لەشیەتی. فیزیاش بریتیە لە ڕۆحی. هەندێكی تر فەلسەفە بە هێلكە دەشوبهێنن. توێكڵكەی ئەم هێلكەیە لۆجیكە. سپێنەكەی ڕەوشتە. زەردێنەكەشی فیزیایە. هەشە فەلسەفە بە كێڵگەیەكی بەپیت دەشوبهێنێت. لۆجیك سیاجی كێڵگەكەیە. ڕەوشت بەروبوومەكەیەتی. فیزیاش خاك یان دارەكانە. بەپێی ئەم هێڵكارییە فەلسەفییەی ڕواقیەكان بێت ڕەوشتی گونجاو لەژێرسایەی لۆجیك و فیزیای باشدا شیاوە. ئەو دەمە ژیانێكی باش، گونجاو، دەژیین كە عەقڵ و گەواهی بەكاردەبەین.
ئەم بیرمەندە ئیتاڵییە، ماسیمۆ پیگلیۆچی، كۆڤید-19 لە ڕوانگەی هێلكارییەكی فەلسەفی ڕواقییانەوە سێکوچکەی (فیزیا، ڕەوشت و لۆجیك) ڕاڤەدەكات. سەرەتا فیزیای كۆڤید-19 باسدەكات. لەو ڕوەشەوە هێما بۆ ئەوە دەكات كە ئەم ڤایرۆسە سەر بە خێزانی Coronaviridae یە ( واتە ڤایرۆسە كۆرۆنادارەکان). ئاشکرایە وشەی كۆرۆنا corona وشەیەكی لاتینیە. ڤایرۆسەكە ئەو فۆڕمە وەردەگرێت كە كۆرۆنا(تاج) هەیەتی. كۆرۆناڤایرۆسەكانی تر، مێرس MERS (Middle East respiratory syndrome ) و سارس، شتی هاوبەشیان هەیە. ئەم نوسەرە پێیوایە ئەنفلۆنزای باو كۆرۆناڤایرۆس نییە، چونكە سەر بە خێزانێكی ترە كە پێیدەوترێت Orthomyxoviridae . ئەم دەستنیشانكردنە بۆ ئەم نوسەرە ئیتالییە مانای خۆی بۆ دیاریكردنی كۆنتێكستی بایۆلۆجی كۆڤید-19 هەیە.
بەشێك لەو ڕاستیانەی ئەم فەیلەسوفە ڕواقییە سەبارەت بە كۆڤید-19 دەیخاتەڕوو بریتیین لە: تائێستا ڤاكسین بەرهەمنەهاتووە. چارەسەرێكی كارا لە هەنووكەدا بوونی نییە. گەلێك شتی پراكتیكی هاتەگۆڕێ كە پێویستكرا بكرێن: دەستشتنی بەردەوام، بەتایبەت كە لە پەیوەندیدا بین بە كەسێكەوە یان لە دەرەوە بووبێتین. مانەوە لە ماڵەوە و پیادەكردنی دووری كۆمەڵایەتی. شلەمەنی زۆر خواردنەوە. پێویست بە ماسك ناكات تەنیا كە نەخۆش بین یان لە پەیوەندی بین بەوی ترەوە. ماسك ڤایرۆس لەناونابات، لێ شیاوی پێوەبوون كەمدەكاتەوە. ئەم نوسەرە گومانناكات كە كۆڤید-19 پتر لە ئەنفلۆنزای وەرزی، سارس، هەڵاوسانی جگەر یاخود HIV تەشەنەكەرترە، بەڵام كەمتر لە سورێژە، دڕكە و مێكوتە یان سیل تەشەنەكەرترە. ڤایرۆسە باوەكان لە ماوەی 3 ڕۆژێك نیشانەكانیان دەردەكەوێت هەرچی كۆڤید-19 یە لە ماوەی 5 بۆ 7 دەردەكەوێت. نیشانەكانی زۆر گشتین و لەتەك ڤایرۆسەكانی تر هاوشێوەییان هەیە: كۆكە، بەرزبونەوەی پلەی گەرما، سكچوون تادەگاتە گرفتكەوتنە هەناسەدانەوە. ئەوەی بۆ ئەم بیریارە ڕواقیناسە گرنگە ئەوەیە كە ڕواقییە كۆنەكان بەم جۆرە ناساغییانە ئاشنا نەبوونە، لێ لە دەمی خۆیاندا مامەڵەیان لەتەك نەخۆشییە تەشەنەكەرەكان کردووە. ئەو ماوەیەی سوكرات لە شاری ئەسینا ژیاوە شارەكە دووچاری تاعون بووە، ئەوەش ساڵی دووەمی شەڕی پێلۆپۆنیسی Peloponnesian (شەڕی نێوان ئەسینا و سپارتا) بووە. ماركۆس ئۆرێلیۆسی ئێمپراتۆری رۆما، كە فەیلەسوفێكی ڕواقی بووە، توانیویەتی ئێمپراتۆریەكەی لە تاعونی ئەنتۆنی بپارێزێت كە ئەوكاتە تاعونی ناوبراو زۆرترین كەسی لەناو ئیمپراتۆریەكە كوشتووە. بەواتایەکیتر، تاعون یەكێك بووە لەو هەڕەشانەی سەدە كۆنەكانی ماندووكردووە.
لەسەر قسەی ئەم ڕوناكبیرە ئیتالییە گرنگە بزانین لۆژیكی ڕواقییانەی كۆڤید-19 لە چی خۆی پووختدەكاتەوە؟ ئایا پێویستە لە كۆڤید-19بترسین؟ترس تێپەڕاندنێكی سۆزئامێزانەی ژیرییە كە لەتەك ڕواقیەكی دونیادیدە و هۆمانییەكی سێكولاردا یەكناگرێتەوە. دۆزەكە شایانی ئەو ترسە گەورەیە نییە کە بەرۆکمانی گرتووە. توشبوون بە ڤایرۆسەكە ئەو ترسە گەورەیە ناهێنێت هیچ نەبێت لەبەر ئەوەی كە ڕێگای چارەسەر زۆرە و ئەوجار كاتێك تەندروستین بێ كێشە تێیدەپەڕێت. ڕواقییانە مامەڵەكردن لەگەڵ ئەم ترسە بە بۆچوونی ئەم نوسەرە ئیتالییە بریتییە لە بەكاربردنی ژییری و زێدەڕۆینەكردن لە مەترسی. ڕاستە ڤایرۆسەكە سەرچاوەی ڕاڕاییە، بەس چاترە مامەڵەیەكی میانەڕەوانە لەتەك ئەو ترسە بكرێت لە ڤایرۆسەكەوە دێت و زێدەڕۆی بە زانیارییەكانەوە نەكرێت. شێوازە ڕواقیەكەی ئەم بیرمەندە ئیتالییە سەبارەت بە ترس لەم ڤایرۆسە بریتییە لە خۆبەدوورگرتن لە زێدەڕۆیی و بەكابردنی ژییری بۆ زاڵبوون بەسەر ئەو ترسەی ڤایرۆسەكە بڵاویدەكاتەوە. هەرچی ڕەوشتی ڕواقییانەی كۆڤید-19ە بەوە پێناسەدەكات كە ڕواقییبون تایبەتمەندی گەردووناویبوون بە مرۆڤ دەبەخشێت. واتە تۆ گرنگی بە گشت مرۆڤایەتی دەدەیت نەک تەنیا بەخۆت. لێرە نووسەر نموونەیەك لەسەر ئەو جۆرە ڕەوشتە دەهێنێتەوە: پێویستناكات ماسكێكی زۆر لە ماڵەوە خەزنبكەین، چونکە ئەوە دەبێتە هۆی كەمبوونی ماسك و ئەوەش کە ئەوانیتر پێویستیان بەو ماسكە هەیە، بەتایبەت كارمەندانی تەندروستی. لایەنێكی تر كە بۆ ئەم بیریارە ڕواقییە شایانی سەرنجە ئەوەیە كە هەوڵدەین لە خەڵك دووربكەوینەوە، ڤایرۆسیان بۆ نەگوازینەوە و تاپێشمانبكرێت ترس لەسەر ڤایرۆسەكە بڵاونەكەینەوە. گەر بتوانین هاریكاری مادیش بۆ ئەو شوێنانە كۆبكەینەوە پێویستیان پێیەتی، بەتایبەت وڵاتانی هەژار (ئەفەریقا بۆ نموونە). ئەو دەمەش دووچاری ڤایرۆسەكە دەبین پێویستمان بەوەیە ڕێكاریەكان پێڕەوبكەین و خۆمان لە ترس بەدووربگرین. تەنانەت كە ناساغیش دەبین دەبێت زۆر بە لوتفەوە مامەڵە لەتەك كارمەندانی پێشیپێشەوەی تەندروستیدا (پزیشكەكان و سستەرەكان) بكەین. گرنگ لە كاتە سەختەكانا پاكدامێنی ڕەوشتی خۆمان نیشاندەین. ئەم جۆرە هەل و مەرجانە، لەژێرسایەی ڤایرۆس، گومانی ناوێت دووچاری سەختی، شپرزەیی، چەرمەسەری و ئازارێكی زۆرماندەكات. كۆتا ئەوەش دەڵێت كە كۆڤید-19 رووداوێك نییە بۆ كۆتایهێنان بە شارستانی ئێستامان. ژیان لە گۆڕاندایە، ئەمە ئەو وانەیەیە كە فەلسەفەی پێش سوكرات لەسەر دەستی هێراكلیتس بۆیبەجێهێشتووین. بەم جۆرە ئەم بیریارە ئیتالیە دەیەوێت بڵێت: جیهانی پاش پەتاكە گۆڕانی دێتەسەر بەس نەك بەجۆرێك كە نەیناسینەوە. پێویستیشە ئیش لەسەر سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی بكەین تا ببینە خاوەنی جیهانێكی باشتر لە ئێستا و لە پێش كۆرۆناش.

تێڕامانەكان”ی ماركۆس ئۆرێلیۆس:
كاتێك فەیلەسوفەكان حوكمدەكەن یان پادشاكان فەلسەفەدەكەن

ماركۆس ئۆرێلیۆس ئەنتۆنیۆس Antoninus Marcus Aurelius ڕێك وتنەكەی ئەفلاتونی بەسەریڕا پێڕەودەكرێت كە پێیوایە ئەو میلەتانەی فەیلەسوفەكانیان حوكمیان ناكەن یان پادشاكانیان فەلسەفەناكەن بەكەڵكی هیچ نایەن. ماركۆس ئۆرێلیۆس پادشا و فەیلەسوفێكی ڕواقیی ڕۆمانییە كە لە ساڵی 121 ی زایین، واتە لە سەدەی دووی زایین، هاتوەتەدونیا. لەماوەی ساڵانی 161 بۆ 180 ی زایین دوا ئیمپراتۆری رۆمانی و فەیلەسوفی ڕواقی ڕۆمانی بووە و یەكێكیش بووە لە شاگردە فەلسەفییەكانی ئێپیكتێتۆس. ماركۆس ئۆرێلیۆس لە نێوان ساڵانی 166-180ی زاییندا ئیمپراتۆریەكەی دووچاری تاعونە گەورەكە بووە، تاعونی ئەنتۆنی، کە بەناوی ئەم ئیمپراتۆرەوە ناونراوە و پتر لە 5 میلیۆنی ئیمپراتۆرەكەی كوشتووە و بەشێكی زۆریش لە مردووەكان لەناو لەشكری ڕۆمانی دا بوونە. جگەلەوەی ماركۆس ئۆرێلیۆس ئیمپراتۆر بووە، سەرقاڵی كاری سیاسی، سوپا و جەنگیش بووە و خاوەنی بیركردنەوەیەكی بەهێزی فەلسەفیش بووە. زۆربەی بۆچوونەكانی لە نووسینێكا بەناوی “تێڕامانەكان Meditations”كۆكردۆتەوە، كە لە 12 بەش پێكهاتووە، بە چۆنیەتی ڕووبەڕووبوونەوەی ئازار، نەخۆشی و مەرگ تایبەتكراوە و بناغەیەكی فەلسەفیشی بۆ فەلسەفەی ستۆیسیزم داناوە. جێی سەرنجە “تێڕامانەكان” لە ناو شارستانی ڕۆمانی بە زمانی یۆنانی نوسراوە. لە “تێڕامانەكان” دا پایەداری ڕەوشتی و هزری دەبینین كە دواتر دەبن بە ڕێچكەی فەلسەفی فەلسەفەی ستۆیسیزم. شاتێڕامانی ئەم فەیلەسوفە خۆی لە چەند تێگەیشتنێكدا پوختكردۆتەوە: چۆنیەتی مامەڵەكردن، زاڵبوون بەسەر ئێش، دانبەخۆداگرتن و هەڵنەچوون. ئەم فەیلەسوفە پادشایە بۆچوونە فەلسەفییەکانی لە ساتی كێشە و ڕووداوەكان هۆنیوەتەوە و كاری لەسەر ئاسوودەكردنی ڕۆح و دەروونی کردووە. پێشیوابووە کە خۆ بەدوورگرتن لە مەترسیەكان بە دووركەوتنەوە لە خودی ترس دەستپێدەكات. پەتاكە كە ترسی بڵاوكردۆتەوە لەتەك وشەی مەرگ خۆی هاوتاكردووە. لەو ساتەوەختەش كە پەتاكە لەناو سوپا و شارەكانی ئیمپراتۆریەتی رۆمانی بڵاوبووەتەوە ئەم پادشایە سەرقاڵی نوسینی تێڕامانە فەلسەفییەكانی بووە، کە بۆ خودی خۆی و كەسە نزیكەكانی سودی زۆریان هەبووە.
ئەم بیریارە لە تێكڕای تێڕامانەكانیدا، كە قووڵ و ناڕووكەشن، وەدووی خودێك دا وێڵە كە لە پەشێویی و شپرزەیی بەدوورە. تێڕامانەكان لەوێوە دەستپێدەكەن كە مرۆڤ بۆ ئەوەی بکارێت بڕیاری باش بدات پێویستی بەوەیە دەستبەرداری شڵەژانەكانی بێت، زەمینە بۆ تێڕامان بسازێنێت و لەناو تێڕامانەكانیشیدا جێیەك بۆ گفتوگۆی ناكۆتا و كۆتا بدۆزێتەوە. بەپێی “تێڕامانەكان” بێت ئەوەی لە سروشتدا ئامادەیە لە خۆڕا بوونی نییە. هاوكات پێویستی بۆ بیركردنەوە لە سروشت، پەیوەندی مرۆڤ بە سروشتەوە گرنگی خۆی لە “تێڕامانەكان” دا هەیە.
هێزی هزری “تێڕامانەكان” لە هەندێك دێڕدا بەرجەستەدەكەین كە مۆركی دونیابینی ئەم بیریارە پادشایە بە سەلیقەوە دەردەخەن: خۆر یەك ڕوناكی هەیە. گشت جیهانیش، بەهەموو شتەكانییەوە، بوونەوەرێكی زیندووی تاكە. شتەكانی ناو جیهان بۆ هەمیشە نامێننەوە. ئەوەی لە جیهاندا، لە سروشتدا، هەیە لە شوێنی خۆیدا نامێنێتەوە، شتەكان لە گۆڕانن و شتی نوێ جێگای ئەوی پێشو دەگرێتەوە. ئێمە وەك بەشێكیش لە ژیان پێویستمان بەوەیە كاتی خۆمان بژین، تەمەنی خۆمان تاقیبكەینەوە و لە چاوەڕوانیدا نەژین. ئەم تەمەن و كاتەی ئێستا بەدەستمانەوەیە دەڕوات و چیدی دووبارەنابێتەوە. ئێستاكێ كە هەیە، با داگیربكرێت، چاترە وەدووی دواتر و ئەڵبەتە ڕابردووش نەكەوین. خواوەند شیاوییەكانی خستۆتەبەردەستمان، ئەوەی كە پێویستمانە باش بەكاربردنی ئەو شیاوییانەیە، ئەڵبەتە بێ لەدەستدانی كات. چاترین شتێك لەم حاڵەتە مەرجە بكرێت بەكاربردنی عەقڵە لەگەڵ بوونی ئامانج و دوركەوتنەوەش لە ڕیاكاری و تۆڵە. با ئەوەش بكەین كە پێویستە بكرێت و كە دواتر بەختەوەریمان پێدەبەخشێت. با بەختەوەریمان نەخەینە چنگ ئەوانیترەوە. گەر عەقڵ، عەقڵێكی تەندروست ، نەخەینەگەڕ ناكارین ئەوە بكەین كە دەبێت بكرێت. ژیانمان بەرهەمی بیركردنەوەمانە، عەقڵیشمان ئەو بیركردنەوانە دروستدەكەن. بەدیهێنانی ژیانێكی بەختەوەر بۆ مرۆڤ پەیوەندی بە شێوازی بیركردنەوەی ئەو مرۆڤەوە هەیە، كە ئەوەش لە ناخیدایە.

مەرگنامەی فەلسەفەی ستۆیسیزم

فەلسەفەی ستۆیسیزم زۆری لەسەر مەرگ وتوە. مەرگ دێت و وەستانی نییە. پێشوازیكردنیش لە مەرگ بۆ ئەم فەلسەفەیە لە دەرەوەی دوودڵییدایە. سەرگوزشتە فەلسەفییەكانی سێنیكا و ماركۆس ئۆرێلیۆس و ئەوانیتر شاكارە فەلسەفییەكان لەمەڕ مەرگ پێكدێنن. ئەوی ئەوان لەوبارەیەوە نوسیویانە مەرگنامەی فەلسەفەی ستۆیسیزم پێكدێنێت. ماركۆس ئۆرێلیۆس “تێڕامانەكان”ی كە 19 ساڵێكی خایاندووە لە شێوەی سەرنج نوسیونی بۆخۆی. بەشێك لە تێڕامانەكانی لە كاتی جەنگ و ناو لەشكركێشی نوسیوە و هەقایەتی ئەزموونی خۆین بۆ خودی خۆی. لەناوجەرگەی شەڕ كە مەرگ ڕاوی ئەم پادشا هزرەڤانەی كردووە ڕۆژانە بەدەم سوپاسالارییەوە تێڕامانە ووردەكانی خۆی تۆماركردووە. تێڕامانەكانی ئەم فەیلەسوفە ڕواقییە لەسەروبەندی مەرگیدا زۆرتر كاریانكردووە و سروشتی مرۆڤیشی بە جۆرێك ڕاڤەكردووە كە جەستەی ئەم مرۆڤە ئاساییە نەخۆشی و ئێش پەلاماریدات و مەرگیش بكاتە دەرئەنجام. ئەو فێربوونانەی لە “تێڕامانەكان” ەوە هەڵیدەهێنجێنین بەوەمان دەگەیێنن کە مەرگ هەر هەیە تەنانەت بەبێ نەخۆشیش.
جگەلەوەی ئایدیای مەرگ لە “تێڕامانەكان” یان لە هزری ماركۆس ئۆرێلیۆس جێی تێڕامانە هاوكات بابەتی مەرگ بەشێكی سەرەكیش لە نوسینی فەلسەفی ‌ڕواقییەکان داگیردەكات. گشت هەوڵی فەلسەفەكەشیان بۆ ڕەوینەوەی ترس بووە لە مەرگ. ‌ڕواقییەکان مەرگ بەو مەرگە دەبینن كە ئێپیكۆرەكان Epicureanism بینیویانە. ئێپیكۆریەكان زرنگانە لەتەك مەرگا دواون. ئەوەتا خودی ئێپیكۆر ئێژێت: مەرگ پێویستە و ناشێت لێیبەدووربین. جا بۆ كوێندەرێ بچین تا لێیبەدوربین؟ هەروەك وتمان ماركۆس ئۆرێلیۆس زۆر شتمان لەسەر مەرگ پێدەڵێت: ئەوەی لە مەرگ بترسێت دەترسێت هەست لەدەستدات. كە هەستیشی لەدەستچوو هەست بە زەرەرمەندی ناكات. گەر جۆرێكی تر لە هەستیشی بەدەستهێنا دەبێتە جۆرێكی تر لە بوونەوەر و لە ژیان ناوەستێت. وەكیتریش، ئایدیای مەرگ لە هزری ماركۆس ئۆرێلیۆس لەوێوە دەستپێدەكات كە مەرگ دوا كردە سروشتییەكەی هەمووانە. هیچ یەكێك لە مەزنەكان (سوكرات، هێراكلیتس، ئەلێكسەندەی گەورە و…) لە مەرگ دەربازیان نەبووە. مەرگ وەك هەموو نەشونماكانی تر، كە دێنەسەر جەستە و گەشەی مرۆڤ، پێویستە سروشتی وەربگیردرێت. بە مەرگمان دەگەڕێینەوە بۆ شتە گشتەكەی لێوەیهاتووین. هەر وەك سەرەتا چۆن بەشێك بووین لە گشت، جیهان، ئاواش بووینەوە بە بەشەكە. پاش مەرگیش ڕۆح ناژێتەوە، گەردوون ئەم ڕۆحە لەخۆیدا بەرجەستەدەكات. لێرە ئەم بیریارە مەرگ وەك گەڕانەوەیەك دەبینێت. ئەو پزیشكانەش دەمرن خەڵكی لە مەرگ ڕزگاردەكەن. فەیلەسوفەكانیش كە بەردەوام قسە لە مەرگ دەكەن هەر دەمرن. كەواتە مەرگ دوا بەختی هەمووانە، ئەو قەدەرەیە پێویستە هەموو بێ دوودڵی پەسەندیبكەین.
سەرئەنجام ئەم پادشا بیریارە لە ڕێگای تێڕامانەكانیەوە دەیەوێت پێمانبڵێت: ترس لە مەرگ دەمانخاتە ناو دۆزێك لە تالوكە و پەرێشانییەوە. مەرگ هاتنی شتێكی بێسلەمینەوەیە. دێت و کاری خۆیدەکات لە هەچ ئانوساتێكدا بێت. گرنگە ئێمە بە مرۆیبوونی خۆمانەوە سەرقاڵبین. مەرگ، لە ڕابردوو و ئێستا و دواڕۆژیش دا، هەقە و هەڵهاتن لێشی دەبەنگییە. هەست یان سۆزە وێرانكارەكانیش سەرچاوەی هەڵە و پەشێویەكانن. ڕۆحمان هێمنترین داڵدەمانە، ڕۆح ڕەنگی هەیە. ڕەنگەكانی پەیوەندی بە بیركردنەوەكانی ڕۆحەوە هەیە. كردەی ڕاستئامێز و وتنی ڕاستئامێزانە پێویستە مەبەستی هەمووان بێت، گفتوگۆی مرۆڤی باش مەكە کە چ جۆرە مرۆڤێکە ببە بەو مرۆڤە باشە. مرۆڤی بێ هەڵە هێشتا بوونی نییە. هێزی باش گەردوون دەباتەڕێوە، مرۆڤەكانیش بۆ یەكتركراون یان بۆ ئەوە هەن كە هاریكاری یەكدی بن. لێرەوە بەوە دەگەین کە: ژیان بۆ داناكان كێشەیە و بۆ دەبەنگەكانیش چارەسەرە.

——————————————

ژێردەر:
Massimo Pigliucci. On COVID-19 and pandemics: a Stoic perspective
https://medium.com/the-philosophers-stone/on-covid-19-and-pandemics-a-stoic-perspective-66a9d800b14
Epiktetos . Anders Håkansson. övers. red. Handbok i livets konst. Lund: Bakhåll.2000.
Marcus Aurelius. Ellen Wester övers.; Vera Silverstolpe. red. Självbetraktelser. Stockholm: Forum.1967.
Meditations / Marcus Aurelius:
http://seinfeld.co/library/meditations.pdf
Massimo Pigliucci. Fieser, James; Dowden, Bradley, red., ”Stoicism”, Internet Encyclopedia of Philosophy.2006.
John Sellars. Stoicism. Ancient philosophies; 1. Chesham, Bucks: Acumen Pub.2006.




کچه‌ هه‌ژاره‌كان خه‌ون به‌چییه‌وه‌ ده‌بینن؟! ..نووسینی: ئه‌میل زۆلا وەرگێڕانی له‌ عه‌ره‌بییه‌وه‌: ئه‌رده‌ڵان عه‌بدوڵڵا

پاش ئه‌وه‌ی ماوه‌ی دوانزه‌ سه‌عات كاری كردووه‌، ته‌نها پانزه‌ سه‌نتی وه‌كو كرێ ده‌ستكه‌وتووه‌. له‌ ئێواراندا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ماڵه‌ هه‌ژار و ناخۆشه‌كه‌ی. به‌سه‌ر شۆسته‌كه‌دا ده‌ڕوات، كه‌ به‌هۆی سه‌رماوه‌ بۆته‌ یه‌ك پارچه‌ سه‌هۆڵ. ئه‌ویش له‌ سه‌رماندا هه‌موو گیانی ده‌له‌رزێت و ته‌نها یه‌ك شاڵی ته‌نكی ره‌شی به‌خۆیدا داوه‌ و هه‌موو جله‌كانی كۆن و دڕاون، له‌شولارێكی لاواز و كزی هه‌یه‌، زۆر به‌هێمنی و كه‌ساسییه‌وه‌ به‌سه‌ر شۆسته‌كه‌دا رێ ده‌كات، ده‌ڵێیت ئه‌و گیانداره‌ له‌ڕ و لاواز و داماوانه‌یه‌، كه‌ هیچ خاوه‌نیان نییه‌ و به‌سه‌ر شه‌قامه‌كاندا به‌ره‌ڵابوون و له‌ برساندا به‌دوای خواردندا ده‌گه‌ڕێن.

كچه‌كه‌ زۆری برسییه‌، له‌ یه‌كێك له‌ چێشتخانه‌كاندا، پاشماوه‌ی خواردنی میوانه‌كانی، به‌نرخێكی هه‌رزان كڕیوه‌ و له‌ رۆژنامه‌یه‌كی پێچاوه‌ و خستوویه‌تی ژێر باڵییه‌وه‌ و به‌ره‌وماڵه‌وه‌ ده‌ڕواته‌وه‌. كاتێك گه‌یشته‌وه‌ باڵه‌خانه‌كه‌، به‌سه‌ر پلیكانه‌ زۆره‌كاندا سه‌ركه‌وت بۆ سه‌ره‌وه‌ بۆ كه‌لاوه‌كه‌ی.
ژووره‌كه‌ی كه‌لاوه‌یه‌ك بوو بۆ خۆی، مۆمێك كه‌ به‌شی زۆری سووتابوو ته‌نها بنه‌كه‌ی مابۆوه‌، كه‌مێك كه‌لاوه‌كه‌ی رووناك ده‌كرده‌وه‌، به‌ڵام له‌ژێر ده‌رگاكه‌یه‌وه‌ هه‌وایه‌كی سارد ده‌هات و گڕی مۆمه‌كه‌ی كه‌متر ده‌كرده‌وه‌ و زۆرجاریش خه‌ریكبوو ده‌یكوژانده‌وه‌. سیسه‌م و كورسیی و مێزێكی كۆنیش له‌و ناوه‌دا بوون. ژووره‌كه‌ی هێنده‌ ساردبوو، ئاوی ناو جامی خواردنه‌كه‌ش به‌ستبووی.
به‌په‌له‌ خۆی خسته‌ ناو سیسه‌مه‌كه‌یه‌وه‌ و كۆمه‌ڵێك جله‌ كۆنه‌كه‌ی به‌خۆیدا دا، به‌و هیوایه‌ی كه‌ كه‌مێك گه‌رمی بێته‌وه‌. پاشان له‌به‌رده‌م مێزه‌كه‌دا دانیشت و جله‌ كۆنه‌كانی له‌ خۆی ئاڵاند. كه‌مێك نانی ره‌قی له‌ دۆڵابه‌كه‌ ده‌رهێنا و پاشان ده‌ستی كرد به‌خواردنی نانه‌ ره‌قه‌كه‌ و پاشماوه‌ خواردنه‌كه‌ی ناو رۆژنامه‌كه‌. وه‌كو هه‌موو برسییه‌كیش، هیچ گوێی به‌ شته‌كانی ده‌وروبه‌ری نه‌ده‌دا ته‌نها خواردن نه‌بێت. كاتێكیش تینووی ده‌بوو، ده‌چوو سه‌هۆڵه‌كه‌ی ده‌شكاند و كه‌مێك ده‌می ته‌ڕ ده‌كرد.

هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و هێشتا منداڵه‌، ته‌مه‌نی ناگاته‌ هه‌ژده‌ ساڵ، به‌ڵام سیماكه‌ی ته‌مه‌نی له‌وه‌ زیاتر پیشان ده‌دا. شاڵ و قه‌مسه‌ڵه‌ دڕاوه‌كه‌ی دانه‌كه‌ند، چونكه‌ ناو ژووره‌كه‌ی زۆر ساردبوو، ده‌یویست خۆی گه‌رم بكاته‌وه‌، زوو زووش ده‌سته‌كانی له‌ناو جله‌كانیدا ده‌شارده‌وه‌، چونكه‌ هه‌وایه‌كی سارد دێته‌ ژووره‌كه‌یه‌وه‌ و ده‌سته‌كانی ده‌ته‌زێنن.

گه‌ر له‌ توانایدابووایه‌ پێبكه‌نێت، ئه‌وا سیمایه‌كی زۆر جوانی ده‌بوو، هه‌موو جوانی و ناسكییه‌كانی له‌سه‌ر لێوه‌ جوان و ته‌ڕه‌كانی ده‌رده‌كه‌وت و چاوه‌ خۆڵه‌مێشه‌كانیشی ده‌بریسكانه‌وه‌. به‌ڵام ئازار و مه‌ینه‌تییه‌كانی، لێوه‌كانی قڵیشاندبوو، هه‌موو جوانییه‌كی له‌ ده‌ست دابوو، سیمایه‌كی زۆر غه‌مناكیی هه‌بوو، ده‌مامكێكی هه‌ژارانه‌ ته‌واوی سیما جوانه‌كه‌ی داپۆشیبوو.

به‌چاوه‌ هیلاكه‌كانییه‌وه‌، وه‌كو ئاژه‌ڵێكی برسی ده‌یڕوانییه‌ خواردنه‌كه‌ی. دواتر سه‌یری پارچه‌ رۆژنامه‌كه‌ی كرد، كه‌ چه‌وری خواردنه‌كه‌ی به‌سه‌ردا رژابوو، ده‌ستیكرد به‌خوێندنه‌وه‌ی بابه‌ته‌كه‌ی ناو رۆژنامه‌كه‌، كه‌ چه‌ورییه‌كه‌ی به‌سه‌ردا رژابوو، له‌و كاته‌دا خواردنه‌كه‌ی له‌بیرچووه‌وه‌.
له‌ رۆژنامه‌كه‌دا ئه‌م هه‌واڵه‌ نووسرا بوو:

–له‌ كۆشكی تپیله‌ری ئاهه‌نگێكی گه‌وره‌ ساز كرا، تێیدا میوانێكی زۆر بانگهێشت كرابوون و بڕێكی زۆر خواردن و خواردنه‌وه‌یان خواردووه‌، كه‌ وا ده‌خه‌مه‌ڵێنرێت بڕی نۆ هه‌زار شووشه‌ شه‌مپانیا و سێ هه‌زار پارچه‌ شیرینی و شه‌ش سه‌د كیلۆ گرام گۆشت و بڕێكی تری خواردن و خواردنه‌وه‌ خواره‌وه‌ته‌وه‌.*

كاتێك كچه‌كه‌ ئه‌م هه‌واڵه‌ی خوێنده‌وه‌، زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌كی كرد و دووباره‌ سه‌یری هه‌واڵه‌كه‌ی كرده‌وه‌ و له‌ دڵی خۆیدا وتی: به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌مجۆره‌ كه‌سانه‌، به‌هۆی ئه‌م خواردنه‌ زۆره‌وه‌ قه‌ڵه‌وبوون.
به‌ڵام له‌پڕێكدا وه‌ستا و دووباره‌ چاوی بڕیه‌وه‌ رۆژنامه‌كه‌ و ئه‌مجاره‌یان هه‌واڵی جلوبه‌رگی خانمه‌كانی خوێنده‌وه‌ كه‌ تێیدا هاتبوو:

–خاتوو ماتیرنیك عه‌زیه‌كی سپی له‌به‌ركردبوو، كه‌ خه‌تێكی وه‌نه‌وشه‌یی تۆخی تێدابوو، هه‌روه‌ها ملوانكه‌یه‌كی گرانبه‌های له‌ مل بوو، كه‌ هه‌مووی ئه‌ڵماسێكی جوان و گرانبه‌هابوو، له‌ دووره‌وه‌ له‌ ملیدا ده‌بریسكایه‌وه‌.
له‌وكاته‌دا كچه‌كه‌ ته‌واوبێزاربوو، ده‌موچاوی غه‌مناكتر بوو، له‌ دڵی خۆیدا پرسی:
بۆچی ژنانی تر ملوانه‌كی ئه‌ڵماسیان له‌ مله‌ و ئه‌میش ناتوانێت عه‌زییه‌ك بكڕێت تاوه‌كو گه‌رمی بێته‌وه‌؟
پاشان له‌ خوێندنه‌وه‌ی هه‌واڵه‌كه‌ به‌رده‌وام بوو:
–خانمه‌ ئیمپراتۆریش عه‌زییه‌كی سه‌وزی كاڵی له‌به‌ركردبوو، فه‌روویه‌كی سپیشی دابوو به‌سه‌ر شانه‌كانیدا، كه‌ له‌ كلكه‌ رێوی دروستكراوه‌، پرچه‌كانی چه‌ند گوڵێكی خری سپیان له‌سه‌ربوو، كه‌ ناوه‌ڕاستی گوڵه‌كانیشدا ئه‌ڵماسی بچووكی تێدابوو، ملپێچێكی ره‌شی جوانیشی له‌ ملی پێچا بوو، كه‌ گوڵی یۆنانی له‌سه‌ر نه‌خشێنراوه‌ و ئه‌وانیش ئه‌ڵماسی بچووكیان تێدابوو، كه‌ به‌ملییه‌وه‌ ده‌بریسكانه‌وه‌.

له‌ رۆژنامه‌كه‌ نووسرا بوو:
–ئه‌ڵماس، ئه‌ڵماسێكی زۆر، ئه‌و ئه‌ڵماسه‌ زۆره‌ی كه‌ به‌ ملی ئه‌م ژنانه‌وه‌بوو، به‌شی بژێویی سه‌دان خێزانی برسی ده‌كرد.
كچه‌كه‌ وازی له‌ خوێندنه‌وه‌ هێنا و له‌سه‌ر كورسییه‌ كۆنه‌كه‌ی پاڵیدایه‌وه‌ و خه‌یاڵاتی به‌ره‌و سنوورێكی دوور رۆیشت، كۆمه‌ڵێك فكری خراپ، مێشك و چاوه‌ خۆڵه‌مێشییه‌كانی داگیركرد، چیتر هه‌ستی به‌سه‌رما و برسێتی نه‌ده‌كرد، بگره‌ فكره‌ی شه‌ڕه‌نگێزی هه‌موو جه‌سته‌ی گه‌رم كرده‌وه‌ و به‌سه‌ریدا زاڵبوو. پاشان چاوه‌كانی گه‌رم بوون و خه‌وی لێكه‌وت.
كاتێك له‌ خه‌و هه‌ڵسا سه‌یرێكی ژووره‌ ناشیرین و هه‌ژاره‌كه‌ی كرد و له‌ دڵی خۆیدا وتی: كاركردن چ سوودێكی هه‌یه‌؟ چ سوودێك؟ من ئه‌ڵماسم ده‌وێت، ئه‌ڵماس…

بۆ به‌یانی به‌ ئامانجی خۆی ده‌گات.

نووسینی : ئه‌میل زۆلا
وەرگێڕانی له‌ عه‌ره‌بییه‌وه‌: ئه‌رده‌ڵان عه‌بدوڵڵا

سه‌رچاوه‌:
امیل زولا. الفیچان و منتجات قصصیه‌ اخری. ترجمتها عن الفرنسیه‌. دانیال صالح. مراجعه‌ كاڤم جهاد. هیئه‌ ابو ڤبی للسیاحه‌ و الپقافه‌. مشروع الكلمه‌. الگبعه‌ الاولی. سنه‌ 2014، ابوڤبی. الامرات العربیه‌ المتحده‌.

په‌راوێز
*جێگه‌ی ئاماژه‌یه‌ ئه‌م چیرۆكه‌ له‌هه‌واڵێكی رۆژنامه‌ی» لو فیگارۆ» وه‌رگیراوه‌. كه‌ له‌ 29 یانوه‌ری 1870 بڵاوبۆته‌وه‌و دواتر ئێمیل زۆلا ئه‌م چیرۆكه‌ی لێدروستكردووه‌، جگه‌ له‌وه‌ش پاشتریش هه‌ر ئه‌م هه‌واڵه‌ ده‌بێته‌ كرۆكی سه‌ره‌كی رۆمانی» چاوچنۆك» كه‌ یه‌كێكه‌ له‌رۆمانه‌ جوانه‌كانی زۆلا.




ئه‌ركی گه‌یاندن و زانیاری به‌خشینی هونه‌ری كاریكاتێر … هه‌ندرێن خۆشناو

  • ئه‌ركی گه‌یاندن: كاریكاتێر وه‌كو نیگار بریتیه‌ له‌ یه‌كێك له‌ شێوه‌كانی زمانی شێوه‌كاری، به‌مه‌ش ده‌بێته‌ ئامرازێكی گه‌یاندن له‌ نێوان هونه‌رمه‌ند و جه‌ماوه‌ر له‌ لایه‌ك، و له‌ نێوان رۆژنامه‌ و خوێنه‌ر له‌لایه‌كی تر، و سێیه‌میش له‌ نێوان كۆمه‌ڵه‌ مرۆڤایه‌تیه‌ جیاوازه‌كاندا.
    هونه‌رمه‌ند به‌هۆی ئه‌و هێڵ و شێوانه‌ی كه‌ پێشكه‌شی خوێنه‌ریان ده‌كات، باس له‌ هه‌ڵوه‌سته‌یه‌ك و كارلێكردنێك و رووداوێك و دیارده‌یه‌ك ده‌كات، شتێكیان پێده‌ڵێت به‌ڵام به‌ زمانی كاریكاتێره‌وه‌، به‌مه‌ش له‌ په‌یوه‌ندیدا ده‌بێت له‌ گه‌ڵیاندا به‌ زمانی تایبه‌تی خۆی، رۆژنامه‌ش له‌ رێی كاریكاتێره‌وه‌ له‌ په‌یوه‌ندیدا ده‌بێت له‌گه‌ڵ جه‌ماوه‌ردا، ئه‌گه‌ر هه‌ندێكیش ناڕازیبوون و پێیانوایه‌ كه‌ په‌یوه‌ندی هونه‌رمه‌ند له‌گه‌ڵ جه‌ماوه‌ردا، هه‌ر هه‌مان په‌یوه‌ندی نێوان رۆژنامه‌ و جه‌ماوه‌ره‌، ئێمه‌ دڵنیایان ده‌كه‌ینه‌وه‌، ئه‌گه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كه‌ش له‌ یه‌كه‌م ته‌ماشاكردنه‌وه‌ وادیاره‌، كه‌چی له‌ راستیدا وانیه‌، زۆرێك له‌ رۆژنامه‌كان زۆرجار له‌ رێی كاریكاتێره‌وه‌ به‌تایبه‌ت په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ جه‌ماوه‌ردا ده‌به‌ستن، به‌ تایبه‌تی كاتێك له‌ رێی بابه‌ته‌كانی تره‌وه‌ ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ ئه‌سته‌م ده‌بێت، له‌كاتێكدا كه‌ بابه‌ته‌ ئه‌ده‌بیه‌كان زۆر جار ناتوانن مه‌قه‌ستی چاودێر تێپه‌ڕێنن، كه‌چی كاریكاتێر به‌ زمانی تایبه‌تی خۆیه‌وه‌، ده‌توانێت ئه‌و مه‌قه‌سته‌ تێپه‌ڕێنێت و بگات به‌ خوێنه‌ر، بۆیه‌ زۆرجار رۆژنامه‌كان هانا بۆ كاریكاتێر ده‌به‌ن وه‌كو ئامرازێكی په‌یوه‌ندی و گه‌یاندن له‌گه‌ڵ خوێنه‌ردا.
    گه‌یاندنیش له‌ نێوان گه‌لان و كۆمه‌ڵه‌ مرۆڤایه‌تیه‌كانی تره‌وه‌ له‌ رێی كاریكاتێره‌وه‌، له‌ رێگای ناساندنی ئه‌و گه‌لانه‌ به‌ یه‌كتریه‌وه‌ ده‌بێت، چونكه‌ كاریكاتێر ده‌ربڕی په‌یكه‌ربه‌ندی ده‌روونی كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌و گه‌لانه‌یه‌، زۆرێك له‌ نیگاره‌ كاریكاتێرییه‌كان ئه‌و په‌یكه‌ربه‌ندییه‌ به‌كاردێنن بۆ گه‌یشتن به‌ گه‌لانه‌وه‌، ئه‌گه‌ر چه‌ند هه‌ڵوه‌سته‌یه‌كی گشتی هاوبه‌ش هه‌بێت له‌ نێوان گه‌لاندا بۆ ورووژاندنی پێكه‌نین، ئه‌وا تایبه‌تمه‌ندی زیاتری هه‌یه‌، ئه‌و هه‌ڵوه‌سته‌یه‌ی كه‌ پێكه‌نین دێنێته‌كایه‌وه‌ له‌ به‌رازیل، له‌ به‌نگلادیش وانیه‌، زۆرێك له‌ كاریكاتێره‌كان چیرۆكی میللی و په‌ندی پێشینان و دابونه‌ریت وه‌كو پاڵه‌وان و بابه‌تی خۆی به‌كاردێنێت، ئه‌مه‌ش رێ به‌ كاریكاتێر ده‌دات بۆ تێڕوانینی به‌رهه‌می ده‌وڵه‌مه‌ند و ئه‌فراندنی گه‌لانی تر.
  • ئه‌ركی زانیاری به‌خشین: واباوه‌ كه‌ زۆرێك له‌ كاریكاتێره‌كان زانیاریه‌ك به‌كاربێنن له‌وانه‌یه‌ بۆ خوێنه‌ر نوێ‌ بن، له‌وانه‌شه‌‌ كه‌ به‌ ته‌واوه‌تی نوێ بن، یان بۆ خوێنه‌رێكی دیاركراو نوێ بن، كه‌ به‌هۆی ئه‌م كاریكاتێره‌وه‌ زانیاریه‌كی نوێی ده‌ست ده‌كه‌وێت، بۆ نمونه‌ ئه‌و خوێنه‌ره‌ی كه‌ گوێی له‌ چیرۆكی سێ مه‌یمونه‌كه‌ نه‌بووه‌ (گوێم لێ نه‌بوو، نه‌مدیت، نه‌مگوت)، كاتێك كه‌ خوێنه‌ره‌كه‌ كاریكاتێری سێ پۆلیس ده‌بینێت، په‌نجه‌ مۆری كه‌سێكیان دۆزیوه‌ته‌وه‌، له‌وانه‌یه‌ كه‌سێكی گرنگیش بێت، دوای دیتنی كاریكاتێره‌كه‌، له‌ مانای كاریكاتێره‌كه‌ ده‌پرسێت، و ده‌زانێت كه‌ هونه‌رمه‌نده‌كه‌ ئه‌و چیرۆكه‌ی به‌كارهێناوه‌ وه‌كو سیمبولێك، دوایی چیرۆكه‌كه‌‌ ده‌زانێت، هه‌روه‌ها سه‌باره‌ت به‌ كاریكاتێری (سه‌ندرێلا)، كه‌ كاریكاتێریسته‌كه‌ چیرۆكی سه‌ندرێلای به‌كارهێناوه‌ بۆ ناساندنی كه‌سایه‌تیه‌ سیاسه‌توانه‌كان، مه‌رجیش نیه‌ كه‌وا ئه‌و زانیاریه‌ی كه‌ خرایه‌ سه‌ر زانیاریه‌كانی خوێنه‌ره‌وه‌ له‌ بواری ئه‌ده‌ب یان چیرۆكی میللی یان له‌ بواری ئه‌فراندنه‌وه‌ بێت به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی، له‌وانه‌یه‌ له‌ بواری مێژوو یان پزیشكی یان ماتماتیك یان بوارێكی تر بێت، چونكه‌ له‌وانه‌یه‌ هونه‌رمه‌نده‌كه‌ چه‌ند سیمبولێكی جیاواز له‌ كاریكاتێره‌كانیدا به‌كاربێنێت، له‌هه‌ر بوارێك له‌ بواره‌كانی چالاكی مرۆڤایه‌تی زانستی یان ئه‌فراندن یان بوارێكی دیكه‌ بێت، ده‌توانین چه‌ندین نمونه‌ی دیكه‌ش بێنینه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌و زانیاریانه‌ی كه‌ خوێنه‌ر له‌ دیتنی كاریكاتێره‌وه‌ ده‌ستی ده‌كه‌وێت.
    ئێمه‌ لێره‌دا قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌و زانیاریانه‌ ناكه‌ین كه‌ كاریكاتێریان تێدا به‌كاردێت وه‌ك ئامرازێكی گه‌یاندن، وه‌كو بواری وانه‌گوتنه‌وه‌ و فێركاری، كه‌ ئه‌و زانیاریانه‌ ده‌چنه‌ خانه‌ی ئه‌ركه‌كانی كاریكاتێره‌وه‌، به‌ڵكو قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌و زانیاریانه‌ ده‌كه‌ین كه‌ خوێنه‌ر به‌ رێكه‌وت له‌ كاریكاتێرێكدا ده‌ستی ده‌كه‌وێت، كه‌ زۆرجار له‌ باكگراوندی كاریكاتێرێكه‌وه‌ به‌ده‌رده‌كه‌وێت، بۆ نمونه‌ ناوی كه‌شتیه‌ ئه‌مریكاییه‌ به‌شداربووه‌كانی یه‌كێك له‌ شه‌ڕه‌ ده‌ریاییه‌كانی نێوان كه‌شتگه‌لی به‌ریتانیایی و ئه‌مریكایی، ئامانجی سه‌ره‌كی له‌م كاریكاتێره‌دا گه‌یاندنی ئه‌و زانیارییه‌یه‌ بۆ جه‌ماوه‌ر، به‌ڵكو له‌وانه‌شه‌ كه‌ هونه‌رمه‌نده‌كه‌‌ بیری له‌م شته‌ نه‌كردبێته‌وه‌، و ناوی كه‌شتیه‌كانی وه‌كو ئاماژه‌یه‌ك به‌كارهێناوه‌، به‌ڵام خوێنه‌ر ناوی كه‌شتیه‌كانی به‌هۆی كاریكاتێره‌كه‌وه‌ زانی.

هه‌ندرێن خۆشناو




گەڕانەوەی ڕەنگ … هۆنراوە/ جەلال عەبدوڵا ساڵح

١
دەنگی سەربازی پایز لەدوور دێ

باخ ئابڵووقەیە، دێبەر دەترسێ

گەڵا باڵدەگرێ. لق قۆڵی دەشکێ

باخچه‌ سه‌رپۆشی سه‌وزی ده‌ژاکێ

کیسه‌ڵی پیری ژێر کۆتەرەی تەڕ

نازانێ په‌نا بۆ کام شوێن به‌رێ؟

ڕێوی سڵدەکات، چەقەڵ دەترسێ

گورگ ده‌لوورێنێ، گا ده‌بۆڕینێ

بۆق به‌ چه‌ند بازێ به‌ره‌و گۆم ده‌چێ

واز لە کوشتنی مێشوولە دێنێ

ماری کەنار گۆم،چاوی ده‌خورێنێ

بۆ ژێر گابەردی قەدپاڵ ‌ڕێ دەبڕێ

ده‌نگی بروسکه و‌ ناڵه‌ی هەور دێ

چه‌خماخه‌ ده‌ستی گڕی هەڵده‌بڕێ

کۆتر هێلانەی جوانی ده‌ڕووخێ

لە کۆشی حەوزا بێچووی دەخنکێ

کوونەبەبووی پیر باڵی لێکدەنێ

خۆشی نازانێ بۆ کوێ باڵدەگرێ

لای لووتکەی چیا، لە پاڵ قەدپاڵێ

هەڵۆ بۆ ڕاوی ئاسک دەگەڕێ
٢
لەدووای چەند ڕۆژێ خۆره‌تاو هەڵدێ

تارای بووکێنی سرووشت لادەبرێ

ماسی بۆ گۆمی قوڵ پێده‌که‌نێ

لووتی لە کەفی بەفرائاو دەخشێنێ

لە ژوور سەری باخ، باڵندە دەفڕێ

بۆ نیشتمانی دارستان ده‌چێ

لەبەردەم دەرگای کلۆره‌دارێ

له ته‌نیشت سنگی گابه‌ردی شاخێ

سمۆرە پشتی بۆری دەخورێنێ

بە شانی سەوزی لق پێدەکەنێ


ڕەش و سپی و بۆر کەروێشی لاڕێ

قونە قونە دەڕۆن کلکیان دەلەقێ

تا دەریا و باران، دارستان هەبێ

ژیان ناوەسێ و گۆرانی دەڵێ

پایز نا توانێ چیا ڕووخێنێ

هەموو دارستان لەڕەگ دەربێنێ

هۆنراوە/ جەلال عەبدوڵا ساڵح/ تۆرۆنتۆ




هه‌ڵگرتنی بازۆكا به‌بێ راهێنان … ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب

وانه‌كانی ژیان :

له‌ مانگی كانونی دووه‌م ( جه‌نیوه‌ری) 1980 له‌ زه‌ڵی به‌ره‌و دۆڵی جاڤایه‌تی به‌رێكه‌وتین و له‌ یه‌كه‌مین رۆژدا له‌ دێی بێتوش بووین و له‌ پاش دوو رۆژ گه‌یشتینه‌ چۆخماخ وشه‌و له‌وێ ماینه‌وه‌و، به‌یانی زوو به‌ره‌و قزله‌ر چووین له‌وێ نان و چامان خواردو له‌و رۆژانه‌دا مێرگه‌پان به‌ گوڵ و گولزار زۆر قه‌شه‌نه‌گ و رازاوه‌ بوو له‌پاش قاوه‌ڵتی و پشوودانێكی كورت روومان له‌ شاخی پیره‌مه‌گرون كردو به‌فر هه‌مووی داگیركردبوو زۆر سارد بوو من لوله‌یه‌كم پێ بوو به‌ناو بازۆكا له‌ گه‌ڵ سێ گولله‌ی زۆر قورس و بۆ یارمه‌تیدانم گوله‌ی جواره‌م به‌ هاورێ وه‌ست جه‌مال بوو، زۆر ناخۆش بوو به‌فر تا بینه‌قاقه‌م هاتبوو هاورێ دوكتۆر فارس ره‌حیم قسه‌خۆش بوو بۆ خۆشی له‌ ناوه‌راستی شاخه‌كه‌ بووین وتی ئێستا شوڵێك له‌و شاعیره‌ هه‌ڵنه‌گرین كه‌ وتوویه‌تی { پیره‌مه‌گرون موقه‌ده‌سی} و هه‌رچۆنێك بوو گه‌یشتینه‌ سه‌ر شاخ و گزه‌ بایه‌كی زۆر ساردی هه‌بوو به‌ په‌له‌ سه‌ره‌وخوار بووینه‌وه‌ به‌ره‌و دێی زێوه‌و نانی نیوه‌رۆومان خواردو بۆئیواره‌ بزنێكمان كری و ده‌ستمانكرد به‌ گۆشت پرژاندن وهاورێ عه‌لی بچكۆلی شه‌هید مام عوسمان له‌ گه‌ڵ دوكتۆر فارس به‌ قسه‌ی خۆش دانیشتنه‌كه‌یان خۆش كردبوو.
له‌ زێوێ چووین بۆ دێی قه‌ره‌چه‌تان له‌ نزێك رێگای دۆكان ــ سلێمانی و شه‌و له‌وی خه‌وتین و به‌یانی زوو له‌ دێ ده‌رچووین به‌ره‌و داماێنی شاخی پیره‌مه‌گروون نه‌وه‌ك سوپاو جاش ده‌وری دێكه‌ بگرن و دێكه‌ زۆر له‌ رێی سه‌ره‌كی دۆكان ـ سلێمانی نزیك بوو سوپاو جاش به‌ ئاسانی ده‌وره‌ی دێكه‌یان ئه‌داو ، له‌ شوێنی مانه‌وه‌كه‌مان بووین هاورێ شیخ ره‌سول بانگی كردم و وتی گۆێ بگره‌ و منیش گۆێم گرت و تم گوێم له‌ ده‌نگی كاره‌بزنه‌ و هاورێ مه‌ناف و یه‌كێكی ترمان نارد بۆ ئه‌و شوێنه‌ ده‌نگه‌كه‌ی لێوه‌یێت و له‌ پاش كه‌مێك له‌ گه‌ڵ بێچوه‌ ئاسكێك هاتنه‌وه‌و به‌ هۆێ ئه‌وه‌ی ده‌ستی به‌ر ته‌ڵه‌ كه‌وتبوو ده‌ستی شكابوو، هاورێ حه‌مه‌ كه‌ریم وتی سه‌ری نه‌برن و خاوه‌نی هه‌یه‌ و له‌ ده‌ورو به‌ری نیوه‌رۆ پیاوێك هات و لێمان پرسی بۆ كوێ ئه‌رۆێ و، له‌ وه‌ڵامدا وتی ته‌ڵه‌م ناوه‌ته‌وه‌و ئه‌رۆم بزانم هیچی گرتووه‌ و، هاورێ حه‌مه‌ كه‌ریم وتی ته‌ڵه‌كه‌ ئه‌م ئاسكه‌ی گرتووه‌ فه‌رموو بیبه‌و پیاوه‌كه‌ش یه‌كسه‌ر وتی سوپاستان ئه‌كه‌م سه‌رتان نه‌بریوه‌و بۆ من پاره‌یه‌كی باش ئه‌كات و هه‌ر ئیستا ئه‌چم و نان مه‌خۆن خرتێكتان بۆ ئه‌هێنم و، زۆری پێ نه‌چوو پیاوه‌كه‌ له‌ گه‌ل خرته‌كه‌و نان و خوێ گه‌رایه‌وه‌و خرته‌كه‌ سه‌ربراو ده‌ستمان كرد به‌ گۆشت برژاندن و ئیواره‌ دره‌نگ گه‌راینه‌وه‌ ناو دێی قه‌ره‌چه‌تان و شه‌و خه‌وتین و بۆ بیانێیه‌كه‌ی دیسانه‌وه‌ زوو ده‌رچووین و له‌ دامێنی شاخه‌كه‌ ماینه‌وه‌و له‌ پاش نیوه‌رۆ هه‌واڵێك گه‌یشت كه‌ سوپاو جاش نیازیان وایه‌ ناوچه‌كه‌ كۆنترۆڵ بكه‌ن و ، ئێمه‌ش ژماره‌مان كه‌م بوو و چه‌كه‌كانمان خراپ بوون بۆیه‌ بریاردرا بگه‌رێنه‌وه‌ بۆ دوڵی جافایه‌تی چونكه‌ ئه‌وێ سه‌خت و دوورتره‌ له‌ دوژمن.
به‌ هۆی زۆری به‌فر له‌ سه‌ر شاخی پیره‌مه‌گرون بریاردرا له‌ دوڵی نادر بگه‌رێنه‌وه‌ بۆ قزله‌رو، ناچار بووین ئه‌و بریاره‌ بده‌ێن و، دۆڵی نادر نزیكه‌ له‌ كانه‌ به‌رده‌كانی سه‌رچناری سلێمانی و، ده‌وری كاتژمێر چواری ئێواره‌ له‌ قه‌ره‌چه‌تان كه‌وتینه‌ری و له‌ پاش چوار پینج كاتزمێر گه‌یشتینه‌ دۆڵی نادرو ئه‌وه‌نده‌ دوورو درێژ بوو هه‌ر ئه‌رۆیشتین و كۆتایی نه‌ده‌هات و، هاورێیان زۆر ماندوو شه‌كه‌ت بوون و هاورێ شیخ ره‌سوڵ وریا بوو بانگی كردم و وتی هه‌ندی له‌ هاورێیان خۆیان لێكه‌وتووه‌و رێئه‌كه‌ن و، منیش سه‌یری هاورییانم كرد خه‌وتبوون و به‌ده‌م خه‌وه‌وه‌ رێیان ئه‌كردو به‌و بارودوخه‌ دژواره‌ به‌رده‌وام بووین تا گه‌یشتینه‌ دۆڵی ئه‌باسان له‌ نێوان سه‌رچنارو مێرگه‌ پاان و له‌ كازێوه‌دا ده‌وروبه‌ری كاتژمێر پێنجی به‌یانی كۆمه‌ڵه‌ دارێكمان به‌دیكرد‌و هه‌ندێ پوش و پڵاشمان هێناو ئاگرمان كرده‌وه‌و ئه‌و جۆره‌ كارانه‌ش له‌و كاتانه‌دا مانای شه‌ر هه‌ڵگیرساندنه‌ له‌ گه‌ڵ رژێمی به‌عسی عه‌ره‌بی دوژمنداو خۆمان ئاماده‌ كردو وتمان ئێستا تۆپ باران ئه‌كرێن به‌ڵام هیچ رووی نه‌داو، له‌ ماوه‌ی نیوكاتژمێر خۆمان گرم كرده‌وه‌و درێژه‌مان به‌ رێكردندا تا گه‌یشتینه‌ قزله‌رو و له‌وێ لامان نه‌دا نه‌وه‌ك سوپاو جاش و هه‌لیكۆپته‌ره‌كانیان بگه‌نه‌ ناو دێی وئێمه‌ش شه‌كه‌ت و هیلاك بووین و تاقه‌تی شه‌رمان نه‌مابوو، بؤیه‌ نه‌وه‌ستاین تا گه‌یشتینه‌ دێی چو‌خماخ و له‌وێ له‌ پاش شازده‌ كاتژمێر رێكردن پشوومانداو شه‌ویش هه‌ر له‌وێ ماینه‌وه‌
چه‌ند رۆژێك له‌ ناوچه‌كه‌ ماینه‌وه‌و و سه‌ردانی ئه‌م دێهاته‌مان كود: مێوڵاكه‌، هه‌ردو دێی قه‌یوان ( سه‌روو خوارو)، گاپیلؤن، گه‌ره‌دێ ، مالومه‌، ویاخسه‌مه‌ر، هه‌له‌دن و له‌ پاش جه‌وله‌یه‌كی دوورو درێژ گه‌راینه‌وه‌ بۆ دێی وه‌ڵاغ لوو شه‌و له‌وێ بووین و به‌یانی زوو به‌ دۆڵی سه‌فره‌و زه‌رون گه‌راینه‌وه‌ بۆ هه‌رزنه‌و بیتوش، ده‌رمان ئاوا، بیوران و بنوخه‌ڵه‌ف تا گه‌یشتینه‌وه‌ باره‌گای خۆمان له‌ زه‌ڵێی.
شایانی باسه‌ ماوه‌ی بیست رۆژ لوله‌یه‌ك ( بازۆكا) و سێ گولله‌م هه‌ڵگرتبوو زۆر قورس بوون و، بازۆكه‌ چه‌كێكی كۆنی ئه‌مریكایه‌‌ له‌ جه‌نگی دووه‌می جیهانی به‌كارهێنراوه‌و‌ ، له‌ گه‌رانه‌وه‌وه‌ وتم به‌ هاورێیان من به‌بێ راهێنان و هیچ زانیستییه‌ك ئه‌م لوله‌یه‌م هه‌ڵگرتبوو ده‌با گوله‌یه‌ك بۆ خۆشی بته‌قێنین و، هه‌موو وتیان باشه‌و، كولله‌مان خسته‌ ناو لوله‌كه‌ و فشارم خسته‌ سه‌ر په‌له‌پیتكه‌ی شێره‌ بازۆكاو گولله‌كه‌ چروك بوو به‌و شێوه‌یه‌ش گولله‌كانی تریش چروك بوون و، ئه‌مه‌ش بووه‌ ره‌خنه‌ له‌ سه‌ر ( نوسینگه‌ی سه‌ربازی ــ المكتب العسكري) ماویه‌تی.

7/10/2020




سافـرۆن پلیدگەر کچە ساوایەکی زیرەکی جیهانە … رەزا شـوان

گەلێ لە منـداڵان، هـەر لە تەمـەنێکی بچـووکـدا، زیـرەکی و بلـیمەتیـان دەردەکـەون و پێشبینی ئەوەیان لێدەکرێ، کە لە داهاتوودا هەڵبکەون و ببن بە کەسایەتێیەکی ناسراو. (سافـرۆن پـلیدگەر) کچێکی ساوای جـوان و بەرشەی ئینگـلیزییە. هەر لە کۆرپەییـەوە زیـرەکی دەرکەوت. سافـرۆنی تەمەن سێ ساڵان، هـێشـتا نەچـووبوو بۆ قوتـابخـانە، لە کەنـاڵی چـواری تەلەفـزیـۆنی ئینگلتەراوە، فـێری پیتەکان و خویندنەوە و نووسین بوو. فـێری بە دەیان وشە و کرداری کۆکردنەوە و لێدەرکردن بـوو . تا (٥٠) شی دەژمـارد.
بۆ یەکەمین جار سەردانکەرێکی تەندروستی کە چوو بۆ ماڵی سافرۆن، هەستی کرد کە سافرۆن منداڵێکی زیرەکە، بە دایک و باوکی سافـرۆنی وت، بۆ تاقـیکردنەوەی تێکڕای زیـرەکی ببیـبەن بـۆ لای پـزیشکـێکی دەروونناسی منـداڵان. بە قـسەیان کـرد و بـردیـان بـۆ لای پـزیشکی دەروونناسی منـداڵان. پزیشکەکەش زانی کە سافـرۆن زیرەکە، داوای لە دایک و باوکی کـرد بۆ زانینی رادەی تێکڕای پلەی زیرەکی پەیوەندی بە (مینسا) ەوە بکەن. میـنسا کۆمەڵەیەکە، ئەنـدامەکانی لەو کەسانە پێکهاتـووە کە زیـرەکییەکی باڵایان هەیە و زرنگ و بیـرتیـژن. زیـاتر لە سەد دەوڵـەت لە جـیهانـدا، ئەنـدامیان تێـیدا هـەیە. هـەر ئەم کۆمەڵـەیە پـزیشک و دەروونناسی پسپۆری بواری زیـرەکییان هـەیە، لە دوای زنجـیرە تاقـیکردنەوەیەک، ئینجـا بڕیـاری تێکـڕای زیـرەکی ئەو کەسە دەدەن. بڕیـاری ئەوەش دەدەن ئایا شایـەنی ئەوەیـە، کە لە مینسا ببێت بە ئەنـدام یـا نـا.
کە (پـاپـا پیگ) وێنەی سافـرۆنیان لە شـیۆەی فـیلمی کـارتـۆنی بـزوێن کێشا. سافـرۆن وتی:” من تەنیا کچێکی بچـووکم، بەڵام زۆر شـاد دەبم کە لە تاقیکردنەوەکانی زیرەکیدا دەربچم، گەرچی زۆریش گرانن. زۆر دڵشادتر دەبم بەوەی کە ببم بە ئەندامی کۆمەڵەی میـنسا” وتیشی:” کـە گـەورەبـووم، حەزدەکـەم بـە درێـژایی رۆژ بـە یارییەکـان یـاری بکەم.. بەم نـزیکـانەش دەچـم بۆ قوتـابخانە. وێنە دەکـێشم و وێنە دەکـێشم و رادەکـەم”
سافـرۆن پلیدگەر لە زنجیرە تاقـیکردنەوەکانی کۆمەڵەی مینسا دەرچوو، تێکـڕای پلەی زیـرەکی (١٤٠) پلەیـە، کە (٤٠) پلـە لە سەرووی، تێکـڕای پلەی نـاوەنـدی زیـرەکی گەورەوەیە، کە (١٠٠) پلەیە، پلەی زیرەکی ( ئەلبێرت ئینشتاین) و (ستیڤـن هوكینگ) (١٦٠) پلەیـە، کە لە پلـەی بلـیمەتی دان. تێکـڕای پلـەی زیـرەکی سافـرۆن (٣) پلـە لە پلـەی زیـرەکی سەرۆک کۆمـاری پێشـووی ئەمریکا (بیـل کلینـتون) زیـاتـرە.
سافـرۆن بوو بە بچووکتری ئەندامی کۆمەڵەی مینسا. مینسا ئەوەشیان وت:” سەرەڕای تەمەنەکەی، زیرەکی سافرۆن وای لێدەیکات کە ببێت بە دیاریترین منداڵ لەناو منداڵانی تەمـەن شـەش بۆ حـەوت ساڵان”
سافـرۆنی تەمەن سێ ساڵان.. زۆر حـەزی لە نووسین و لە خوێنـدنەوەیە، بە تایبەتیش زۆر حـەز لە خوێندنەوەی چـیرۆک دەکـا. حەزیشی لە وێنەکێشان هـەیە. رۆژی تـاوێک چـیرۆکی پێش نووستن، چیرۆکی (باشه‌، باوکم پالەوانی ژماردنی دابەزێنە) بۆ خـوشکە بچکـۆلەکەی دەخـوێنێـتەوە.
شایەنی باسیشە نە باوکی و نە دایکی سافـرۆن بڕوانـامەیان لە خوێندن وەرنەگرتـوون. بەوە دەچـێت کە سافـرۆن بە باوکی بکـا. دانی پلیـدگەری باوکی کە تەمەنی (٢٣) ساڵە، دیزاینسازی (ویپ) و چەندین سایتی ئەلیکترۆنییە. (٨) جار بوو بە پاڵەوانی یارییەکانی بەرنەماکانی (کۆنتـداون : ژمـاردنی دابەزیـن) لە تەلـەفـزیـۆنی چـواری ئینگـلتەرا.
دانی پلیـدگەری باوکی دەڵێ:”سافـرۆن لەگەڵ مندا سەیـری بەرنـامەی (كۆنتداون) دەکا، هـەر لـە میانـەی ئـەم بەرنـامەیەشـەوە فـێری پیتەکـان و کۆمەڵـێک لـە وشەکـانی ئـەم بەرنامەیە بـوو” دەشڵێ:”سافـررۆن رووحـێکی پـاکی ملمـلانێی بەرزی تێـدایە. کە پێی دەڵێم من شتێکـم لا هەیە لە حەوت پیت پێکهاتـووە.. ئەو دەڵێت منیش شتێکی جوانترم دەستکەوت کە لە هەشـت پیت پێکهـاتـووە”
دایکی سافرۆن، خاتوو (کیرسی) تەمەنی (٢٣) ساڵە، دیزاینسازی فانیلەی (تی شێرت)ە دەربارەی سافـرۆنی کچیان دەڵێ:”سافـرۆن لە کاتی قسەکردن لەگەڵ کەسانی جـیاوازدا، هەر ناسنامەیەکیان هـەبێ، متمانـەیەکی زۆری بە خـۆی هەیە.. چیرۆکـیش بۆ (ویـلۆ)ی خۆشکی دەخـوێنێتەوە کە تەمـەنی (٧) مانگـانە.
دایک و باوکی سافـرۆن، دەڵێن:”زیـرەکی و تێکـڕای زیـرەکی بـاڵای سافـرۆن، هـەر لە منـداڵیـیەوە، لە تەمـەنێکی بچـووکـدا دیاربـوو”
دایـکی وتیشی:”سافـرۆن دەتـوانێ زۆر بە خـێرایی و بێ دامـان کـرداری کۆکـردنەوە و لێـدەرکـردن ئەنجـام بـدا.. رۆژانـە دەخـوێنێـتەوە و دەنـووسیت.. کە پەرتـووکـێک لە پەرتووکخانە دەخوازم. یەک جار بۆی دەخوێنمەوە. دووەمین جار خۆی دەیخوێنێتەوە”
منـداڵانی کوردیش، لە رووی زیـرەکی باڵا و بلیمەتییەوە، لە منـداڵانی گەلانی تر کەمتر نین، گەلێ منداڵی زیرەک باڵا و بەهرمەند و داهـێنەرمان هـەیە.. بەڵام زۆر بە داخەوە، کە بێـنازن و نە پشتگـیری و نە هانـدەریـان هـەیە و نە هـیچ لایـەن و ریکخـراوێـکی رۆشـنبیری و زانیـاری و هـونەری تایبەت بە منداڵانمان هـەیە، کە بە دڵسۆزییـەوە لە خۆیانی بگرن و هۆیەکان و پێداویستییەکانی پێشکەوتن و دەرکەوتنیان بۆ دابین بکەن. گەر رێکخراوی تایبەت بە منـداڵانیشمان هـەبن، وەکو پێویست پشتگـیرییان لـێناکەن.
نەرویـج: ٨/ ئۆکتۆبەر/ ٢٠٢٠




وەک شیعرێ تێدەپەڕێ …شیعر/ کاوە عوسمان عومەر

وویستی شتێک بڵێ،
گەر نەشگەڕێتەوە،،
بێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە دێ،،
وەک تارماییەک..
لە ماڵێکی چۆڵ،
وەک شیعرێکی نەنوسراو،،،
وەک بەلەمێکی وێڵ،،
بەسەر شەپۆلی بیرەوەری..
شارێکی بیرکراوا،
تێپەڕێ…
پەیمانیدا،،،
گەر باهۆزی سەفەریش…
پۆلە پەپولەی ڕۆحی بەرێ،،
وەک نۆتای گیتارێ لە خەو،،
وەک لێزمە عیشقێ،،
وەک تەمێ، خێوێ، وەک سەرابێ،،
لە بێستانی ئەندێشەیدا،،
بێت و بچێ،
پەیمانی دا،،،
گەر چرپەشی نەگاتە جێ،،
گەر پەنجەشی بەر ڕوخساری..
تەزیوی ژێر هەورێکی ..
چاو پڕ فرمێسکا نەکەوێ،،
لە هەیوانە چۆڵ و جێهێڵراودا،،
وێنەی پەریئاسای دەرکەوێ،،
گەر ڕەشەباش هەواڵی نەهێنا،،
گوڵە تەڕە مەستەکان ..
لە ماڵێکی خەوتوو لە ڕابردوودا،،
بە پەنجە کریستاڵیەکانی بجوڵێنێ ،،،
پەیمانیدا،،
گەر کات و شوێنیش…
بوونە دوو دیوار،،
بوونی ئەفسانەی لە هەموو شوێنێ بی..
لە باخچەکەدا وەک شیعڕێ تێپەڕێ،،
بە شنەبای هەناسەی،،
لقی دارە خەوتوەکان بشەکێنێ،،
لێرەنابێ، ..
بەڵام بە لێوی خونچە قورمزیەکان،،
گوڵاوی بەهارێ…
لە شەوێکی هاوینا بێنێ،،
لێرە نابێ،
بەڵام لە سۆمای مانگێکی مەستا،،
زەردەی لێوی بێ،،
لێرە نابێ،،
لە چنگی زیوینی..
لێزمەی ئێوارەیەکی درەنگا..
بریشکەی پڕ ئەسرینی..
چاوەکانی دەرکەوێ..
هەرگیز لێرە نابێ،،
بەڵام پەیمانیدا،،
بە باڵە فڕێی…
قازە ئەرخەوانیەکانی عیشقا ،،
بگاتەوە هەمان جێژوانێ،،
پەیمانیدا،،،
لە خوڕەی ئاوی فوارەی گزنگێ،،
ڕوخسارێ لە خەیاڵێکا،،
بەرجەستە بێ ،،
ببێتە پەیکەرێ لە جوانی،،
لە نێو گەڵا پەمەییە ڕژاوەکانی …
دارستانێ،،
نوقم لە زوقم و تەما..
هەمیشە چاوەڕوان بێ




مانیفێستی عەشق… بەشی هەژدە… تێکست: ستیڤان شەمزینی

شەرابی هەستت تاکە شەرابە مەستم بکا
بۆم تێکە لەو شەرابە، با ئەشقت نقووم بکا


پێش ئەشقت نەمامێک بووم، ئێستا درەختێکی پەلوپۆدار
پێش ناسینت، کوێرە کانی بووم هەنووکە بووم بە رووبار


تۆ هەر ئەوەندە یەک جار، بڵێ خۆشم ئەوێی
من هەزار پرد لێ ئەدەم رووەو رۆحی ناسکی تۆ


تۆ بە من ئەڵێی، جادووگەری وشە و ئەشقیت
بێ ئاگای لەوە، کانگای وشەکانم دڵی تۆیە


قوڵپی گریانەکەت، ئەکەم بە درێژترین قەسیدە
تۆش موروی پێکەنینەکانم بکە بە ملوانکە بۆ خۆت


بەرلەوەی ئاشق بم، پەڕەسێلکەیەک بووم سست و تۆراو
دوای ئەشقت، بووم کۆترە شینکەی ئاسمانی خۆرەتاو


جوانیی کانییەکی روونە لە دڵی تۆوە هەڵدەقوڵێ
خۆشەویستی شنەبایەکە لە رۆحی تۆوە هەڵدەکا


لێوت بخە سەر لێوم، دڵت بنێ بە دڵمەوە
رۆحت گیر بکە لە رۆحم
ئەمەوێ دڵۆپ دڵۆپ بڕژێمە ناوتەوە


کە تۆم بینی
با ستیانەکەت لە رەنگی چاوم کاڵتر بێ
دەستت بۆنی مێخەکی شیعرەکانی لێبێ
ماچەکانیشت تاڤگە بن ئاوی چێژیان لێ بڕژێ


خودا بیری کردەوە لە چی دروستم بکا؟ زۆر بیری کردەوە
تاکو لە کۆتاییدا منی لە نازی تۆ و گڵی ئەشقت ئافراند


هەست بە حوزنێکی قووڵ ئەکەم لە قوڵپی پێکەنینەکەتا
ئەزانی من تەنانەت ئەو حوزنەشم، زۆر خۆش ئەوێ؟!


من ئەو گووڵە بەهارییەم کە لە پایزی دڵتا ئەڕوێم
بە نەسیمی فێنکی هەناسەت هەموو رۆژ ئەشنێمەوە


هەزار پێناسە و لێکدانەوەیان هەیە بۆ من
کەچی من یەک پێناسە زیاترم نییە:
ئاشقێکی دێوانە و هیچی تر


هەرچەند دوور بڕۆم، لێت نزیک دەبمەوە
هەرچەند لێتەوە نزیک بم، لێت دوور دەکەومەوە!


نامەیەکی زۆر زۆر درێژم بۆ ناردیت
لە رۆحی نیتشە و سەرکەشیی دیدالیۆس
کەچی واتزانی، شێت بووم


لە دووریی هەزاران میلەوە خۆم ون کرد
لە رۆحی تۆدا جارێکی دی خۆم دۆزییەوە





مژده‌ … ستار ئه‌حمه‌د

شه‌كره‌ ژنێك

چێژه‌ عه‌شق و

نوقڵه‌ هیواو

به‌فره‌ سۆزم پێده‌به‌خشێت

ژنێك چوون شیعرو

له‌ئه‌وینا سه‌رمه‌ست و شێت

ئێواران گه‌رمه‌سۆز

شه‌وان شه‌رمه‌ خه‌وو

رووناكی دڵ

له‌ئاسۆی ده‌روونی هه‌ڵدێت

زه‌رده‌ ی به‌یان هه‌ڵده‌سێنێ و

شاباڵی ئه‌مه‌ك توند ده‌گرێت

هه‌تا ده‌گاته‌ ترۆپكی

گه‌رمه‌ هه‌ناوی نیوه‌ڕۆ

وێڵه‌ ژنه‌و

به‌دوای خۆی و رۆحی من و

دوندی ده‌روونا ده‌گه‌ڕێت

پیتێك له‌ئاونگی لێوی

چرپه‌یه‌ك له‌ترپه‌ی دڵی

هه‌ناسه‌یه‌ك له‌ماچێكی

سفرێك له‌گۆی مه‌مكه‌كانی

له‌بریسكه‌ی نیگایه‌كا

به‌گلێنه‌م ده‌شۆمه‌وه‌

چاوانم ده‌كه‌مه‌ ریچكه‌ی

خه‌ونی ئاڵ و

ته‌مه‌نی شه‌نگی ئاواتی

له‌كۆشما هه‌نسك ده‌دات و

عومرێكی نوێم پێده‌نووسێ

یه‌رگی لاویم ده‌كاته‌ یه‌ر

ده‌مبا به‌ره‌و

شه‌و چرای ژوان

گوڵه‌ خۆزگه‌و

لاسكه‌ تاسه‌و

ره‌گی مژده‌م پێ ده‌ڕوێتێ

ژنێك له‌یۆسه‌ی ژیانا

چه‌شنی چیا

بۆ مانه‌وه‌م

بووه‌ته‌ چاكترین سه‌نگه‌ر

ستار ئه‌حمه‌د




بیرەوەری لەگەڵ د. مارف خەزنەداردا … سەباح ڕەنجدەر

خۆم له‌ پێشه‌كی پاراستووه‌، چونكه‌ ثيمه:‌ (ڕامانی سه‌ره‌كی) نووسین ده‌كوژێ و ڕه‌زامه‌ندی خوێنه‌ری نموونه‌یی وه‌رناگرێت، ناشبێته‌ ڕووداو له‌ نووسیندا.

حوزەیرانی 1988 نامیلكەی (زێوان)م چاپ كرد، دانەیەكم پێشكێش بە: (ئیسماعیل بەرزنجی) كرد، گوتی: دوو دانەی تریشم بدەرێ، یەك بۆ كتێبخانەی: (محەمەد مەولوود مەم) و ئەوی تر بۆ: (دكتۆر مارف خەزنەدار).

پێشتر: (محەمەد مەولوود مەم)م بەهۆی: (دكتۆر ئازاد حەمە شەریف)ەوە دەناسی و پیاسەی دوورودرێژمان لە شەقامەكانی هه‌ولێر كردبوو، لە گازینۆی: (شەوانی هەولێر)یش چەند جارێك بە سێ قۆڵی دانیشتبووین و چەند جارێكیش لەماڵەوە نان و نمەكمان كردبوو، (دكتۆر ئازاد حەمە شەریف) لە ژمارە (183)ی ساڵی 2004 لە گۆڤاری (كاروان)، بابەتێكی نووسیوە بەسەرناوی: (چۆن مەمم ناسی) باسی ئەو دانیشتنانە دەكات و بۆچوونی مەمیشی لەبارەی منەوە هێناوەتەوە و دەڵێت: (هەر لەو دانیشتنەدا گفتوگۆیەك دەربارەی چیرۆكی (دۆزینەوە) لە نێوان كاك (سەباح ڕەنجدەر) و (مەم) دروست بوو، كاك سەباح بە وردی پرسیاری لەسەر چیرۆكەكە لە (مەم) كرد و باسی لە لایەنی بەهێز و كاریگەری چیرۆكەكەی
(مەم)ی كرد. (مەم)یش لە كاك (سەباح)ی پرسی: (تەمەنت چەندە). ئەویش گوتی: (نۆزدە ساڵ). (مەم) پێی گوت: (تەمەنی ڕۆشنبیریت پێش تەمەنت كەوتووە و ئومێدی زۆرم بە لاوی وەكو ئێوە هەیە باری ئەدەبیمان بەرەو داهێنان ببەن).

لەو چل و ئه‌وه‌نده‌ ساڵەی تێكەڵ بە ناوەندی ڕۆشنبیری كوردی بوویمە، پیاوی ئاوا لەخۆبووردووی وەك: (محەمەد مەولوود مەم) و (عەبدوڵڵا سەڕاج)م نەناسیوە، بەو شێوە پاكه‌ و له‌ دڵ و گیانه‌وه‌ پاڵپشتی بەهرە و لێهاتوویی لاوان بكەن و دڵ و گیانیان بە داهێنانیان خۆش بێت و پێكهاتەیەكبن لە ویست، جۆر و نموونەن.

دوای چەند ڕۆژێك لەگەڵ: (ئیسماعیل بەرزنجی) ڕێكەوتی یەكمان كرد و گوتی: (دكتۆر مارف خەزنەدار) پێی خۆشه‌ بتبینێت، ناونیشانی ماڵەكەی دامێ، ئەوسا هەولێر شارێكی وه‌ك ئێستا قژ ئاڵۆز نەبوو، بە ئاسانی شوێنە دەستنیشانكراوەكان دەدۆزرانەوە.

عەسرانێك زۆر بە شەرمەوە بەرەو ماڵیان بەڕێ كەوتم، دەرگای حەوشەیان كرابووەوە. بەرانبەر دەرگا لەبەر هەیوانەكەی لەسەر ئەسكەمیلێكی تەختە دانیشتبوو، لبادێكی سپی نەخش قاوەیی، لەسەری ڕاخرا بوو، كۆمەڵێك گوڵدان لە دەوروبەری داندرابوون، دیاربوو تازە ئاودرابوون، لەگەڵ شەربەیەك، كە تافتەیەكی سپی بەسەر دەمی شەربەكەدا دادرابوو، ژێرەوەشی لەناو بارستێك قومی تەڕ دابوو، پیاوێكی پرچ و سەر و سمێڵ، ڕەش زیاتر لە سپی، شكۆدارانە فەرمووی لێ كردم. كتێبێكی بەدەستەوە بوو، بە قەڵەمی سوور هێڵی بە ژێر چەند بڕگەیەكی دادەهێنا. كتێبەكە هی: (حوسێن مەردان) بوو. بەناونیشانی: (الأزهار تورق داخل الصاعقة). دوای بەخێرهاتن و یەكترناسین. گوتی: (چاو و دڵم بە بەهرە و لێهاتوویی لاوان ڕوون و گه‌رمه‌). پێشتریش شاعیرانی لاوی هەولێر بەردەوام سەردانیان كردووم. وەك: (جەمیل ڕەنجبەر و عەبدوڵڵا پەشێو) و زۆرانی تریش.

دیار بوو (زێوان)ی خوێندبووەوە، چەند پارچە كاغەزێكی باریكیشی بڕیبوو لە نێوان لاپەڕەكانی دانابوو، گوتی: له‌دایكبوونی شاعیرێكی داهێنه‌ری تێدا به‌دی ده‌كه‌م، بره‌و به‌ نوێخوازی شیعری كوردیی بدات. نوێخوازیش جووڵێنەر و دیارینەكراوە، هەڵوێست و بۆچوون و كرانەوەی خۆتە، هەرچی ڕێنمایییەكی لەو دانیشتنەدا كردم. دواتر بەپێی هەڵكشانی ئەزموون، هەمووی لە كات و شوێن و جێی خۆیدا ڕاست دەرچوون.

من لەسەر بەرگی زێوان نووسیبووم (چامە). ئەوەی زۆر جێگای سەرنج بوو بۆ من. گوتی: زێوان چامە نییە. (ڕۆمانە شیعر)ـە، هەرچی شتێك لە هەقیقەتەوە بیڵێی زەرەرت پێناگەیەنێ. لە كەم ئەزموونی و ڕۆشنبیریی ساكارم، یەكەم جار بوو دەستەواژەی ڕۆمانە شیعرم گوێ لێ بێت و ببیستم. ئەو كات من چەند ڕۆمانێكی كوردی و چەند ڕۆمانێكی وەرگێڕدراوم بۆ كوردی خوێندبووەوه‌. دیارترینیان
(شار)ی حوسێن عارف و (براكوژی) نیكۆس كازانتزاكی بوو، عەبدولكەریم شێخانی به‌ كوردییه‌ك، كه‌ خولیاكانی زمانی ده‌هێنادی و خه‌یاڵمی هێنادی، كردبووی بە كوردی.

ساڵی 2012 دكتۆر عەبدوڵڵا ڕەحمان كتێبێكی بەناونیشانی: (ڕۆمانە شیعر: مێژوو و سەرهەڵدان) چاپ كرد. لەم كتێبەدا (زێوان) بە یەكەم ڕۆمانە شیعری كوردی دەستنیشان كراوە.

كە لەلای هەستام و بڕۆم تا دەرگای حەوشە لەگەڵم هات و خانەدانانە بەڕێی كردم و گوتی: (دیاربە و قەتیش لە دەرگا مەدە). دوای ماوەیەكی كورت ئەو ماڵە بووە ماڵە باوك و تا كۆچی دوایی بەردەوام هاتوچووم كردووە. زووش گوتی: تۆ دووەم ئەدیبی دەبیتە كوڕی ماڵ. یەكەم كوڕی ماڵ: (دڵشاد مەریوانی)یە. ئەو كات شەهید نەكرابوو. گوتیشی: هەر كتێبێكت پێویست لە كتێبخانەكەمدا، به‌ بێ دیاریكردنی كات بیبه‌ و پرسم پێ مەكە. بەس دوای گەڕانەوەی لە شوێنی خۆی دایبنێوە و جێگۆڕكێی پێ مەكە. بۆ ماوەیەكی دوورودرێژ لەو ماڵەدا هەموو چوارشەممان كۆڕی ئەدەبی دەبەسترا. چا و قاوە و خۆشاو و میوە و جۆرەها شیرنەمەنیش ئامادە و پێشكێش دەكرا.

دوای خوێندنەوەی بابەتەكە ئامادەبووان گفتوگۆیان لەبارەی بابەتی پێشكێشكراو دەكرد. یەك لەو چوارشەمموانە بەخت یارم بوو، بێ ئەوەی بۆچوونی من وەربگرێت، دوای كۆڕەكە گوتی: چوارشەممەی داهاتوو سەباح دەقێك دەخوێنێتەوە. بۆ هەموو كۆڕەكانی داهاتوو، لەدوای كۆڕەكان دەیپرسی چوارشەممەی داهاتوو نۆرەی كێیە و كێ ئاماده‌یه‌، ئامادەیی ئەدیبەكەی وەردەگرت، بەڵام ئامادەیی منی وەرنەگرت و یەكسەر ڕایگەیاند چوارشەممەی داهاتوو فڵانە.

لە بەرگی حەفتەمی: (ڕۆژگاری من – 2014) لە لاپەڕەی (212) ئاماژەی بەم كۆڕەی من داوە، لەدوای خوێندنەوەكە: (محەمەد موكری و سەڵاح شوان و فیكرەت عزەت) گفتوگۆیان لەبارەی شیعرەكەمەوە كرد، بۆچوونەكانی سەڵاح شوان لەبارەی زمان و شیعرییه‌ت و شێواز له‌ شیعری درێژدا كامڵ و پێوانەیی و فرە زانیاری بوون. نەك بۆ من، بەڵكو بۆ تەواوی ئامادەبووان.

هەر لەو ماڵەدا چەند ئەدیبێكم ناسی. وەكو باوكێكیش هەمیشە ڕێنمایی ئەدەبی و ژیانی كردووم و سوودمەند بوویمە لە ڕێنمایییەكانی. بەشێك لە ئەدەبی كلاسیكیم به‌ چاوڕوونی ئه‌و و لە ڕێگای كتێبخانه‌ی ئەوەوە ناسی.

لە ناوەڕاستی نەوەدەكان، كە گەمارۆیەكی كوشندە و پەلوپۆشكێن لەسەر خەڵكی كوردستان هەبوو، خواردنی باش لە هەموو ماڵێك دەست نەدەكەوت. ڕۆژێك میوانداری: (پیرباڵ مەحموود) و منی كرد. خوانێكی شاهانە خەمڵابوو. من كە خواردنەكەم بینی پێم نەخورا و هاوسەر و منداڵەكانم هاتنە پێش چاوم. وەك ئەوەی هەستی شەشەمی كاری كردبێت و پێی گوتبێت میوانەكەت لەم حاڵ و بارە لاسەنگەدایە. لەسەر خوانەكە هەستا و دوای ماوەیەكی كورت هاتەوە گوتی: سەباح بە بنیادی بۆ ماڵەوەم نارد. ئەوەی لەسەر خوانەكە بوو، بە زیادەوە بۆ منداڵەكانمی ناردبوو.

دوای نان و چا و قاوە. دیوانی: (محەمەد ساڵح دیلان)ی هێنا و گوتی: هەر یەكەمان شیعرێكی ئەو شاعیرە بلیمەتە بخوێنینەوە، پاشتریش گفتوگۆی لەبارەوە دەكەین. پێش ئەوەی ئێمە بچین، دیاربوو شیعرەكانی ده‌ستنیشان كردبوو. بەوە زانیم لە نێوان هەر شیعرێكدا پارچە كاغەزێكی سپی دانابوو، خۆی شیعری: (سلێمانی)، پیرباڵ مەحموود شیعری: (بێخودی شاعیر). منیش شیعری (شێخ مەحموودی زیندوو).

بە پیرباڵی گوت: تۆ ئیلقات نەرم و بەهێزە، بەڵام ئەو شیعرەت له‌نگ خوێندەوە. ڕای لە خوێندنەوەكەی منیش نەبوو، هەستم كرد ڕێكخستنی ئەم دانیشتنەی بۆ ئەوە بوو توانایی دیلان بە من ئاشنا بكات. هەر لەم دانیشتنەدا بە باشی لەبارەی ئەزموونی: (ئه‌حمه‌د تاقانه ‌و ئەنوەر قادر محەمەد و فەرهاد شاكەلی) دوا، وەك شاعیر و وەك لێكۆڵەر.

بۆ نووسینی: (مێژووی ئەدەبی كوردی)یه‌كه‌ی داوای هەر دوو بەرگی چیرۆكەكانی: (محەمەد مەولوود مەم)ی لێ كردم. گوتیشی خۆم هەمە، بەڵام قوتابییەك بۆ كاری زانستی بردوونی و نەیگەڕاندووەتەوە. ڕێكەوتنەكەمان دەكەوتە 15/1/2001. ئەم ڕێكەوتە منداڵێكمان خودا بەخشی. بەو هۆیەوە لە بەڵێنەكەم دوا كەوتم. 18/1/2001 كتێبەكانم بۆ برد. پێش ئەوەی بەخێرهاتنم بكات و كتێبەكانم لێ وەرگرێت. گوتی: تۆ بیركردنەوە و هەڵكەوتی ئەوروپییانەت هەیە و زۆر پابەندی بە قسە و بڕیاری خۆت، بۆ دوا كەوتی. منیش واقیعەكەم پێگوت و گوتم لەدوای سێ كیژان، كوڕێكمان لە دایك بوو، ئەمەیە هۆی دواكەوتنەكەم. بزەیەكی شادمانی لە دەموچاوی گەڕا و پیرۆزبایی و سوپاسی خودای كرد، برادەرە هەڵبژاردراوەكەی كەسێكی كەمتەرخەم نییە. هەمان كات دایە (سەعدییە) سێ پاكەت شیرینی لە سوپەر ماركێتەكەی نزیك ماڵیان كڕی و گوتی: لەجیاتی من لە كۆڵانی خۆتان، خۆت بەسەر منداڵانی دابەش بكە. ئەمە كوڕەزای منە. خەزنەداریش گوتی: باجی دواكەوتنەكەت ئەوەیە، من ناوی لێ دەنێم، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش بۆچوونی خۆی زاڵ نه‌كرد، ڕه‌زامه‌ندی من و هاوسه‌ره‌كه‌می وه‌رگرت، ئینجا ناوی نا (یاد)، ئێستا ته‌مه‌نی هه‌ژده‌ ساڵه‌ و حه‌زی له‌ فڕۆكه‌وانییه‌.

  • * *

لە ژمارە (43)ی 18/9/1997 لە (برایەتی پاشكۆی ئەدەبی)، عەرزوحاڵنووسێكی ڕاهێندراو و به‌نازپه‌روه‌رده‌كراو به‌ شه‌كر و شیر بۆ په‌لامار و كاری تایبه‌ت و ده‌ستنیشانكراو. نووسینێكی نووسی بەناونیشانی: (زەقبوونەوەی خود لەناو وەهمێكدا). له‌ لایه‌ن ئه‌و و براده‌رانی تریه‌وه‌، زیاتر پازدە نووسینی بەكوردی و عەرەبی بەدوا داهات، دەستەوایی و ڕێكەوتنێك لە نێوانیان كلكی لێك گرێدابوون، لەم نووسینانەدا سەد و حەفتا و دوو قسەی ناقۆڵا و ناشایستەیان پێگوتم. یەك لەو برادەرانە خەسڵەتی مرۆڤیشی لێ ستاندبوومەوە وەك: (ئاژەڵ) دەستنیشانی كردبووم. منیش لە ژیانی ئەدەبیم ڕێكەوتی لەوە دڵخۆشترم ڕووبەڕوو نەبووەتەوە. ئاستی لەم جۆرە و نزیك لەم جۆرە، به‌رهه‌می منیان بەدڵ نەبێت. ئێستاش ئەگەر لە شەقام ڕێكەوتی ئەو برادەرە بكەم بێ ویستی خۆم، لە هێزی ئەدەبی بێگەردەوە خەندەیەكی ڕه‌زامه‌ندی دەمگرێت و تا ئه‌وپه‌ڕی دڵخۆش دەبم، خۆشییه‌كه‌ هیچ خۆشییه‌ك پێی ناگات، ده‌بێ سوپاسی خودا و هه‌ر سه‌د و چل و چوار هه‌زار پێغه‌مبه‌ر بكه‌م. ئەم عەرزوحاڵنووس و ئاستە بازاڕییانە به‌رهه‌می منیان بەدڵ نەبێت، خۆ ئه‌گه‌ر به‌رهه‌می منیان به‌ دڵ بێت، ده‌بێ گومان له‌ توانایی ئه‌ده‌بی خۆم بكه‌م.

ئەم ئاماژەیەم تەنیا بۆ ئەوەدا، دوای ئەوەی قوڕولیتەی ئەم گەلەكۆمەكییە نیشتەوە، 11/11/1997 خەزنەدار تەلەفۆنی بۆ كردم، نیوەڕۆ وەرە لای من نانێك به‌ یه‌كه‌وه‌ بخۆین. كە چووم دوو قوتابی قۆناغی دكتۆرای لا بوون وانه‌ی پێ ده‌گوتن، ناویان: (محەمەد) و (شنۆ) بوو، ئه‌وانیش له‌ خوانه‌كه‌دا به‌شداربوون، هەموو ئەو ڕۆژنامانەی لەسەر یەك كه‌ڵه‌كه‌ كردبوون، كە نووسینەكانی تێدا بڵاوكرابوونەوە. بە زمانێك، زمانی فەرمان گوتی: پێڵاوه‌كانت‌ له‌ پێ مه‌كه‌ره‌‌وه ‌و بڕۆرە سەریان و بەرز ڕاوەستە، منیش زەردەخەنەیەكی شەرمنم بۆ كرد و گوتم، ببوورە، گوتی: ئاخر هەمووی گێره‌شێوێنی ئه‌ده‌بی و به‌دگۆیی و قسه‌هه‌ڵبه‌ستن و تانە و جوێنن بۆ تۆ و ئەدەبی تۆ. گوتم: لەپاڵ به‌دگۆیی و قسه‌هه‌‌ڵبه‌ستن و تانە و جوێنەكانی ئەوان، بابەتی نووسەرانی تری تێدا بڵاوكراوەتەوە به‌ شكۆوه‌ باسی ئەدەبی كوردی دەكەن. یەكپێ لە شوێنی خۆی هەستایەوە و دەستی لەسەر شانم دانا. گوتی ئاوا بە گەورەیی لە ئەدەب گەیشتووی و ڕوونبین و لێبووردەی، بۆیە ئەو بێ (سه‌ره‌تا و كۆتایی)یانه‌ ئاوا تووشی هیستریا بوونە.

لەناو كتێبخانەكەیدا لەگەڵ كتێب، كەلوپەلی بەنرخ و دەگمەنی دانابوون. كووپێكی چای پێشكێش كردم، كە لە ڕووسیا لەگەڵ خۆی هێنابوویەوە و وێنەی پووشكینی لە قەدی نەخش كرابوو، زیاتر لە چل ساڵ بوو پاراستبووی، گوتی: ئەمەش یەكێكە لە ئازاردراوەكانی سەر زەوی و تۆش بەهێزبە تا دەكوژرێی و ئازادانه‌ به‌ دوای خه‌ونه‌كانتدا بڕۆ.

پێش ئەوەی ئەم دانیشتنە ڕێكبخات پەیوەندی بە سەرنووسەر: (فەرهاد عەونی) و جێگری سەرنووسەر: (زاهیر ڕۆژبیانی) كردبوو، ئەوانیش پاكانەی خۆیان واكردبوو، گوتووبیان: (پێڕاگەیان) و (ڕاسپاردە)ی تایبەتمان بۆ هاتووە ناتوانین بڵاوی نەكەینەوە. دەنا (ڕێكخەر و ئامادەكار و نووسەرەوە)ی ئەم بابەتە دەڵێی دەرچووی خولی ڕاهێنانی گوللەبارانكردنی مرۆڤە، دابی ڕەخنە و گفتوگۆی تێدا نییە.

من خۆم ناسیوه‌ و خۆم دۆزیوه‌ته‌وه‌، مرۆڤ كه‌ بڕوای هه‌بوو. هه‌رچی بڕوایه‌ك بێت. خۆی ده‌ناسێت و خۆی ده‌دۆزێته‌وه‌. من بڕوام به‌ شیعری پاراو و بێگه‌رد هێناوه‌. بڕوا وات لێده‌كات بزانی له‌ شوێنه‌كاندا له‌ كوێی و كامه‌ (خۆت)ی.

پاش ماوەیەك كۆشیعری: (ڕووەكەكانی خواوەند)م چاپ كرد. دانەیەكم پێشكێش كرد. تەماشایەكی ورد و هەڵگێڕ و وەرگێڕی كرد و گوتی: شیعرەكان حه‌زی مرۆڤیان تێدایه‌ و كاریگه‌رن. چه‌تری شێوازی ئه‌فسوونكاری به‌سه‌ر خوێنه‌رانیان هه‌ڵده‌ده‌ن و به‌ره‌و قووڵایییان ده‌به‌ن. تۆ شه‌رم له‌ جیهانی شیعری خۆت ده‌كه‌ی، بەڵام چاپەكەی زۆر سادە و سه‌ره‌تایییه‌ و خوێنه‌ر هان نادات بۆ خوێندنه‌وه‌ی.

دوای ماوەیەك نووسینێكی نووسی بەناونیشانی: (خەونی خودایی لە كۆشیعری ڕووەكەكانی خواوەند) دا، لە ژمارە (45)ی 5/3/2000ی گۆڤاری (ڕامان) بڵاوی كردەوە. لەگەڵ شیعری نوێ كۆك نەبوو، لە گۆڤاری (ڕامان)، ژمارە (148)ی 5/9/2009 بابەتێكی نووسیوە بەناونیشانی: (هەندێ بیرەوەری ڕۆژنامەگەری و من و ڕامان) دان بەوە دادەنێ ناوەندی ڕۆشنبیری كوردی چاوەڕوانی ئەوەیان لێ نەكردووە لەبارەی شیعری نوێوە بنووسێت، چونكە تایبەتمەندە لە شیعری كلاسیكی. لە وتارەكەیدا نووسیویەتی: (بەمجۆرە ئەو پارچە شیعرەی (سەباح ڕەنجدەر) كەوتە ناو ئەو چەند شیعرەی لاوانی سەردەم نووسیویانە و شیعرەكەم بەدڵ بوو).

  • * *

سێزدە ساڵ و هەشت مانگ و یازدە ڕۆژ لە گۆڤاری (ڕامان)دا كارم كردووە. لە ژمارە (3) تا (153)، ئەو كاتەی كاركردنەم چ وەك تەمەن و چ وەك توانایی ئەدەبی دەبێتە قۆناغی گەشەی تەمەن و ئەدەب. یاداشتی ئەم ماوەیەم به‌ پڕی نووسیوە و لە نامیلكەیەكی سەربەخۆدا چاپی دەكەم. (ئازاد عەبدولواحید) سەرنووسەری گۆڤارەكە بوو، بەیانی: 10/10/2008 سه‌رێكی كێشا ژوورەكەم و گوتی: وەرە قاوەیەكم لەگەڵدا بخۆرەوە. من ئەو پیاوەم قەت ئاوا بریندار و هه‌ناسه‌ توند نەبینیبوو. دەموچاوی تەواو نائاسایی بوو، لەناخەوە هەژا بوو، هەستی بە پیلان و غەدرێك لە من كردبوو. نموونەی داهێنەرانی بۆ دەهێنامەوە چ تۆڕ و داوێكیان بۆ داندراوەتەوە، نموونەی: (به‌در شاكر سەییاب)ی دەهێنایەوە و دڵیشی نەدەهێنا بابەتەكەم بۆ باس بكات. بەردەوامیش دووبارەی دەكردەوە تۆ شاعیرێكی: (وتو وریای). گوتم چی بووە پێم بڵێ خۆ پلانی كوشتن نییە. بڕێك ڕوون بووە و زانی لەسەرخۆم و بەسەرخۆم زاڵم و له‌ هێزی چاوه‌كانمدا خاوه‌نی بڕوا و ئه‌وه‌م، كه‌ گوتیتم. گوتی: ئەوەیان كوشتنی توانست و ڕۆحە. كۆمەڵێك كاغەزیشی لەسەر مێزەكەی دانا بوو، بۆ من دەدوا و تەماشایەكی كاغەزەكانی دەكرد و دەستی ناڕەزایی لەسەر دادەنان. بە چاوێك سەیری منی دەكرد، وەك ببینێ پەرداخێك ژەهرم بۆ ئامادە كرابێت و ئەو ڕێگری بكات نەهێڵێ بیخۆمەوە، یان ده‌رخواردم بدرێ. گوتی: مرۆڤێك، لەوانەیە برادەریشت بووبێت، زۆركارا و كارامەیە لە كۆمپیوتەر و ئیمێل دروستكردن. بە هەشت ناوی جیا جیای نووسەرانی ناسراو ئیمێلی دروست كردووە و جوێن بە خۆت و ماڵ و منداڵت دەدا و بۆ ئیمێلی گۆڤاری ڕامانی ناردووە، وای كردووە من بیبینم. گوتم: بمدەرێ با بیانخوێنمەوە. گوتی: دڵم نایە نەك خودا نەخواستە جەڵتەی دڵ لێت بدا. گوتیشی هەموو ڕاپۆرته‌كانم لەبەریەكدا ڕاگرتووە، وەك ڕێنووس و شێواز و وشه ‌و فه‌رهه‌نگ و زاراوه ‌یەك كەس، كه‌سێكی كرچوكاڵ و كۆیله‌ و كڵۆڵه‌ له‌ ئه‌ده‌ب نووسیویەتی: خودایە دەبێ من چی بم و چیم كردبێت. مرۆڤێك، ڕه‌نگه‌ ڕۆژگارێك برادەر و هاوكاریشم بوو بێت، ڕێ بە خۆی بدا بە هەشت ئیمێلی جیا جیا جوێنم پێ بدا و بوختانم بۆ هەڵبەستێ. لە كاتێكدا لە ژیانی خۆم نەك خراپەم لەگەڵ مرۆڤێك نەكردووە، بەڵكو كشەم لە مێشێكیش نەكردووە، به‌بێ دوودڵی هه‌میشه‌ش ڕێزی نووسینی باشم گرتووه‌ و ستایشم كردووه، تا سۆما له‌ چاوانیشمدا حوكمی مابێت له‌سه‌ر ئه‌م قه‌ناعه‌ته‌م به‌رده‌وام ده‌بم.

ئاخۆ دەبێ چی ڕقی ئەو مرۆڤەی لەو پلەیەدا كوڵاندبێت، یان چ ڕێوییه‌ك بێت به‌ ناوی نووسه‌رانی ناسراو ئاژاوه‌ و گێره‌شێوێنی بنێته‌وه،‌ تا من له‌گه‌ڵ نووسه‌ره‌كان دووچاری گرفت و مه‌ودای گرژبوون لە نێوانمان دروست بكات. كۆیلەیی لە ناوەوە كلۆری كردووە، خودایە یارمەتی بدە تا ئازاری كەسێكی تر نەدات. ئەنجام دوای چەند ساڵێك پێم زانی عەرزوحاڵنووسێكی بازاڕییە، به‌ خۆی به‌هه‌شتی داهێنانی نییه‌. له‌ به‌هه‌شتی داهێنانی ئه‌وانی تردا ده‌ژی. بە واتایەكی دی، خۆی بۆ خۆی بوونی داهێنانی ئەدەبی نییە. تەنیا لە بوونی ئەدەبیدا ئەوەی بۆ دەمێنێتەوە، (پەلاماری داهێنەرێكی داوە.) دوای ده‌ست و ده‌م به‌ هه‌رمیشك خووساندن و بێ‌ شه‌رم ئاماده‌كراو، بە چاوڕوونی برادەرێكی (شاعیر)م، كە من لە ژمارە (32)ی گۆڤاری (ڕامان)ی 5/2/1999 لە مێزگردێكدا بە ناونیشانی: (كێشەی تێگەیشتن و تێنەگەیشتن لە ئەدەب و هونەردا). بە شاعیری خاوەن ڕوئیا ناوم بردووە. نامەیەكی كراوەم بۆ ئەو برادەرە شاعیرەم نووسیوە و لە نامەكەدا بەدار و بار و دەرزی و دروومانتر بۆچوونی خۆم دەربڕیوە و لە بنی هەمبانەكەم داوە. پێش ئەوەی بڵاویشی بكەمەوە دەیدەم بە خۆی.

له‌ په‌ره‌گرافێكی نامه‌كه‌دا نووسیومه‌: (ئه‌ده‌بی پاراو و بێگه‌رد به‌ سروشتی خۆی دوژمنی دیكتاتۆرانه‌ و ڕه‌نگ و ڕوخسار و كرۆكی واقیع ده‌ستكاری ده‌كات، به‌ڵام له‌ توانایدا نییه‌ بیگۆڕێت، به‌ڵام ده‌توانێت ڕك و كینه‌ی ئازیزان وه‌رگێڕێت بۆ خۆشه‌ویستی، ئه‌گه‌ر ویستت ئازیزان ببینی، هه‌موو برینه‌كانت بكولێنه‌وه‌، ئه‌وجا چاوی بینینت پاراوكه‌).

دەمزانی خەزنەدار كاریگەری بەسەر ئازاد عەبدولواحیدەوە هەیە و ڕێزی داوای یەكتری دەگرن. چوومە لای و بابەتەكەم تێگەیاند، بەڵكو ڕاپۆرته‌كانم بۆ وەربگرێت. به‌ له‌ خۆڕازیبوونێكی پڕ بڕوا و جۆرە ‌تەوسێكەوە گوتی: بەناوی خواستراوەوە جوێنیان پێ داوی، گوتم بەڵێ. گوتی: هەر یەك ناوی خواستراو بۆ كاری ناڕەوا بەكاربهێنێت، (نامەردە). نامەردیش خاوەن ڕەئی نییە، بۆیە داوایه‌كەت جێبەجێ ناكەم. گوتیشی داهێنەر هەڵۆیە، هەڵۆش تەماشای ڕێگا درێژەكان دەكات و ڕێبواران دەپارێزێ. هەڵۆیانی ڕێگای درێژی ئەدەبی كوردیش تۆ دەپارێزن.

  • * *

(دكتۆر لەتیف محەمەد حەسەن) شیعری: (سروودی باران)ی بەدر شاكر سەییابی وەرگێڕا بوو، لە ژمارە (93)ی گۆڤاری كاروان، ئاداری 1992 بڵاوی كردبووەوە. زۆر سەرسام بووم بە شیعرەكە و وەرگێڕانە بێ گرێ و گۆڵەكەی و شیعرییه‌تی تێدا ڕسكاندووه و دنیابینیی شاعیری تێدا كامڵە‌. باسی ئەم وەرگێڕانەم بۆ كرد، كە چۆن خەیاڵی جووڵاندم و دەقە عەرەبییەكەی بە چییەتی خۆیەوە بەستاوەتەوە. ئەویش بە دوورودرێژی تێكەڵاوبوون و ڕۆژگاری خۆی لەگەڵ سەییاب زۆر بەتاسە و لەدڵەوە گێڕایەوە. گوتم: ئەو زانیارییانە بۆ خوێنەری كورد زۆر گرینگ و پێویست و خولگە و مەبەستە، پێشنیاز ده‌كه‌م بیاننووسیت. گوتی: لە سەردانی داهاتووت شتێك دەبینیت. كردی بە بیركردنەوەی خۆی و به‌ شێوازێكی پڕ زانیاری، درێژه‌ به‌ بنه‌ماكانی براده‌رایه‌تی ده‌دا و بابەتێكی نووسی بەناونیشانی: (من و گۆران و سەییاب). لە ژمارە (53)ی 5/11/2000ی گۆڤاری ڕامان بڵاوكرایەوە.

  • * *

22/11/2001 لە گفتوگۆیەكدا باسی: (محەمەد ساڵح دیلان)ی كرد، كە خاوەن تیۆری شیعرییە، هەم داوام لێ كرد ئەم هەست بە تیۆرە و بیركردنەوە وەك نووسینێك تۆمار بكات و ئەندازەی تیۆرەكە بە پێودانگی ئه‌ندازیاریی بگەیەنێت. تێگەیشتنی خۆی بۆ تیۆرەكە كرد بە بابەتێك بەناونیشانی: (شیعر). لە ژمارە (79)ی 5/1/2002ی گۆڤاری ڕامان بڵاوكرایەوە.

  • * *

17/8/1999(حوسێن عارف و خانم)ی خێزانی میوانی بوون، لە گفتوگۆیەكان دیار بوو، بۆ چەند ڕۆژێك دەمانەوە. باسی چیرۆك، بابەتی دانیشتنەكە بوو. منیش لێم پرسی خۆ تۆ لە قۆناغی خۆت چیرۆكنووسێكی باشی، بۆ لە لێكۆڵینەوەی چیرۆكی كوردی وەك پێویست باست ناكرێ. گوتی: لایەنی لێكۆڵینەوەم غەدری لە چیرۆكنووسیم كردووە. ئەگەر ئەوەندە بایەخم بە نووسینی لێكۆڵینەوەی زانستی نەدابوایە. ئەوە وەك چیرۆكنووس، ڕه‌نگه‌ چیرۆكنووسێكی باشیش باس دەكرام. گوتم: بۆ ئەم غەدر لەخۆكردنەت وەك بابەتێك نانووسی بۆ خوێنه‌رانی ڕوون بكه‌یته‌وه‌، بابه‌تێكی نووسی بەناونیشانی: (من و چیرۆكی كوردی). لە ژمارە (41)ی 5/11/1999ی گۆڤاری ڕامان بڵاوكرایەوە.

  • * *

6/8/2006 لە ماڵی خەزنەدار (دكتۆر دڵشاد عەلی) سەرنجی لەبارەی شیعرەكانی منەوە هەبوو، كە خاڵبەندی بەكارناهێنم و بە بۆشاییيەك لە ئەزموونی منی دەزانی و منیش گوتم زانینم بۆ ئەم كارەم هەیە و لە ژمارە (50)ی 5/8/2000ی گۆڤاری ڕامان قسەی خۆم لەم بارەیەوە كردووە و گوتوومە:

(كۆمەڵێك حیكمەت و گیانی پەتی و بیر و مەودای ئێستێتیكم لە كەلەپوور و ڕۆشنبیری كوردی بۆ ماوەتەوە. نموونە: لە حەیراندا خاڵبەندی پەیڕەو نەكراوە، سەربەند و ناوبەند و كرانەوەی دوا بەند هەیە. بە گوێگرتن و هۆشیارییەكی ڕاستەقینەی ترپە و ئاواز، هەستی خاڵبەندی لای حەیرانناس دروست دەبێت. هەروەها لە شیعری میللی كوردی و شیعری كلاسیكی خاڵبەندی پەیڕەو نەكراوە. پەیڕەونەكردنی خاڵبەندی لای من نەزانین نییە. بگرە وەك مەبەست و هونەر گەڕانەوەیە بۆ هەستی سەرەتایی كوردی و ڕەسەنایەتیی كەلەپوور.

لە سپێتی كاغەز و دابەشكردنی وێنەدا، هەست و نیشانەكانی خاڵبەندی لە ئاستەكانی دەربڕین لە خەیاڵ و زەینی خوێنەری خود وریا دەستنیشان دەكەم.

نموونە: ڕستەی بۆ كوێ دەچیت. ئەم ڕستەیە، ئەگەر نیشانەی پرسیار، یان سەرسوڕمانم بۆ دانا. ئەوە بێگومان ڕستەكە دەستنیشان دەكەم. پرسیارە، یان سەرسوڕمان. ئەگەریش هیچ نیشانەیەكم بۆ دانەنا و بە كراوەیی هێشتمەوە لەم باروبوارەدا ڕستەكە دەبێتە ڕستەیەكی ئاستدار و دۆخگۆڕ و زەینی).

خەزنەدار پارێزگاری لە بۆچوونەكەی من كرد، منیش گوتم: با بۆچوونەكانت ببنە بەڵگە و لەبەر دەستی خوێنەراندا بن: بە دوو ئەڵقە بۆچوونەكانی لەبارەی خاڵبەندییەوە تۆمار كرد.

1ـ خاڵبەندی لە شیعری كلاسیكی كوردیدا، لە ژمارە (115)ی گۆڤاری (ڕامان) 5/12/2006 بڵاوكرایەوە.

2ـ خاڵبەندی لە شیعری نوێی كوردیدا، لە ژمارە (119)ی گۆڤاری (ڕامان) 5/4/2007 بڵاوكرایەوە.

  • a * *

17/5/2009 ڕۆژێكی تەواو گەرم بوو، سەردانیم كرد. بینیم پێیەكانی لەناو تەشتێكی نمیچە پڕ قوم دانابوو، گوتم: ئەوە بۆ پێیەكانت جووت كردووە و لەناو ئەو قومە گەرمە دەیانجووڵێنیت. گوتی ناوە ناوە مێروولە دەكەن. ئەمە چارەی ئەم مێروولەیەیە.

فایلەكی پەمبەی لە تەنیشت خۆی دانابوو، دایە دەستم، چیرۆكی: (سڤێتلانە)ی تێدا بوو. گوتی: ئەم چیرۆكەم دوای چل و دوو ساڵ ئەمڕۆ لەناو دەستنووسەكانم دۆزیومەتەوە، ئەگەر بەدڵت بوو، بۆ بڵاوكردنەوە لەگەڵ خۆتی ببە. خوێندمەوە و گوتم: جوانترین چیرۆكتە. بۆچوونەكەمی پێ لە جێی خۆیدا نەبوو، گوتی تۆ، یان لە چیرۆك نازانی، یان چیرۆكی: (ئەڵه‌مان كوردی و بووكەشووشە و دڵ و نەتەوەت) نەخوێندوومەتەوە. هەستم بە ناڕەزایییەك كرد. لە ماڵی خۆی قەت دڵی میوانی نەدەشكاند. هەستا و منی بەجێهێشت و چووە ناو كتێبخانەكەی. زانیم نیشانه‌ی ناڕازیبوونه‌‌. له‌ فایله‌كه‌دا شیعرێكی: (دكتۆر ئیحسان فوئاد)یشی تێدابوو، شیعره‌كه‌م له‌سه‌ر ئه‌سكه‌مبیله‌كه‌دا دانا و چیرۆكەكەم هەڵگرت و ڕۆیشتم، دڵم ئەوەندە گران ببوو، ده‌یگوت بووه‌ته‌ تووره‌گه‌ی بزمار. بەیانی چیرۆكەكەم بردە گۆڤاری (ڕامان). لە ژمارە (145)ی 5/6/2009 دا بڵاوكرایەوە. هەمان ڕۆژ تەلەفۆنی بۆ كردم گوتی: دایكت خواردنی تایبەتی ئامادەكردووە. وەرە ئێرە نانێك بخۆ. نانەكەم خوارد و نە ئەو دەنگ و نە من دەنگ، كە چیرۆكەكە بڵاوكرایەوە لەناو خوێنەران دەنگدانەوەیەكی تایبەتی هەبوو، بە زەردەخەنەیەكەوە گوتی: پێدەچی بۆچوونەكەت ڕاست بووبێ.

  • * *

لە 5/6/1999 كتێبی: (ئەلێكساندەر پووشكین: گەشتێك بۆ ئەرزەڕۆم)ی پێشكێش كردم. كتێبەكە هێشتان لە نێوان دەستی ئەو و مندا بوو، وەرم نەگرتبوو. بە زمانێكی نیمچە دڵه‌ڕاوكێ ئامێز و تاقيكردنەوەوە لێی پرسیم: شیعر چییە. منیش گوتم: (ئەگەر دەمزانی چییە، نەمدەنووسی). كتێبەكەی دایە دەستم و گوتی: (تاكو ئێستا جوانترین پێناسەیە لە هەموو زمانانی دنیا).

كانوونی یه‌كه‌می 2018 هه‌ولێر

تێبینی:

• لە هیچ نووسینێكدا بەڕێز و كاك و مامۆستا و هێژا … تاد، بەكارناهێنم، تەنیا ناوی خۆیان لە هەموو ئاوەڵناوێك گەورەتر و شایان و شایاندارتر دەزانم، (ناو) لە بێگەردی خۆیدا هەموو وزەیەكی كەسایەتی هەڵگرتووە. ناو خودی كەسایەتییە، ئاوەڵناو پێوەر و هێمایە بۆی. ناو بیركردنەوەی كەسایەتییە، ئاوەڵناو بیركردنەوەی ئەویدییە بەرانبەر كەسایەتی. ناو (بوون)ە، ناپاكی لەگەڵ ناسنامەی خۆی ناكات، ئاوەڵناو (چیيەتی)یە، مەودایەك بۆ خۆشدوویی و شێواندن و دەربڕینی دوو لایەنە دروست دەكات، هەروەها (تەقلید) كەموكورتییەكی بنچینەیییە، ڕەگ و تایبەتمەندی نییە. زۆر شتی بەسەر نووسەری كورددا زاڵكردووە. من بژاردەخواز و ڕوانینوانێكم بەرەو ڕەگ و تایبەتمەندی دەڕۆم.




فه‌له‌كناسی و ئه‌ستێره‌ناسی له‌ ڕاگه‌یاندنی كوردیدا!… هه‌رێم عمر كاكل

گه‌ر له‌ ڕاگه‌یاندنه‌كانی كوردی ( بینراو. بیستراو . خوێنراو ) بڕوانێت چه‌ندین ده‌سته‌واژه‌ی تێكه‌ڵ به‌یه‌ك به‌دی ده‌كه‌ین . به‌تایبه‌تی له‌وكاته‌ی دیارده‌یه‌كی فه‌له‌كی یاخود سروشتی كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ هه‌ساره‌كه‌مانه‌وه‌ هه‌بێت ڕووبدات . كۆمه‌ڵێك كه‌س به‌چه‌ندین نازناوه‌وه‌ قسه‌ بۆ دیارده‌كه‌ ده‌كه‌ن . له‌كاتێ بێ ئه‌وه‌ی بزانین كه‌ كامیان راستی دیارده‌ی رووداوه‌كه‌مان بۆ ده‌رده‌خات .
گرنگی دان به‌ لێكۆڵینه‌وه‌ و زانینی پێك هاته‌ی ئه‌ستێره‌كان و هه‌ساره‌كان و گه‌له‌ئه‌ستێره‌كان و گه‌ردوون, پێی ده‌وترێت ( زانستی فه‌له‌كناسی – Astronomy ) وه‌ ئه‌و كه‌سه‌ی كه‌ به‌دواداچوون و لێكۆڵینه‌وه‌ له‌م بواره‌ ده‌كات پێی ده‌وترێت ( فه‌له‌كناس یاخود ئاره‌زوومه‌ندی فه‌له‌كناسی – Astronomer ) . كه‌ زانستێكی كۆنی مرۆڤایه‌تیه‌ له‌سه‌رده‌می سۆمه‌ریه‌كان و بابلیه‌كان هاتۆته‌ كایه‌وه‌ و كه‌ ئیستاكه‌ له‌ جیهانی ئه‌مڕۆكه‌دا ئه‌م زانسته‌ گرنگیه‌كی تایبه‌تی هه‌یه‌ و به‌رده‌وامیش دۆزینه‌وه‌ی گه‌ردوونی زیاتری پێیه‌ به‌هۆی ئه‌و هه‌وڵِدانه‌ی مرۆڤ هه‌یه‌تی له‌م بواره‌دا .
له‌لایه‌كی تره‌وه‌ هه‌ر له‌ كۆنه‌وه‌ ئه‌م بواره‌ی فه‌له‌كناسی تێكه‌ل به‌ كۆمه‌ڵێك بنه‌مای خودی مرۆڤ بوو به‌گومانی ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌ساره‌كان و ئه‌ستێره‌كان كاریگه‌ریان له‌سه‌ر مرۆڤ هه‌یه‌ . به‌مه‌ش ( ئه‌ستێره‌ناسی – Astrology ) هاته‌ كایه‌وه‌ ئه‌و كه‌سه‌ی كه‌ له‌م بواره‌ش كارده‌كات پێی ده‌وتریت ( ئه‌ستێره‌ناس ) كه‌ ئه‌مه‌ش پشت به‌ خودی بیركردنه‌وه‌ی مرۆڤه‌كان ده‌به‌ستێت گوایه‌ كه‌ هه‌موو ته‌نه‌كانی گه‌ردوون كاریگه‌ریان له‌سه‌ر كارو كرده‌وه‌كانی مرۆڤ ده‌بێت وه‌ك پێشهاتێك و هه‌ندی جار تێكه‌ڵ به‌ لێكدانه‌وه‌ی به‌ختی مرۆڤه‌كان و جادوو كه‌للوه‌كان ده‌گرێته‌وه‌ . كه‌وایه‌ له‌مه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ ئه‌ستێره‌ناسی زانست نیه‌ به‌ڵكو بیركردنه‌وه‌ی خودی مرۆڤه‌كه‌یه‌ كه‌ خۆی ناو ناوه‌ به‌ ئه‌ستێره‌ناس .
له‌ ئیستای ڕاگه‌یاندنی كوردیدا زۆر به‌داخه‌وه‌ زۆرێك له‌ راگه‌یاندن كاران (فه‌له‌كناسی به‌ ئه‌ستێره‌ناسی ) ناو ده‌به‌ن كاتێك كه‌ هه‌واڵێك وه‌رئه‌گێرن بۆ زمانی كوردیی . له‌م كاته‌دا وه‌ك ئه‌وه‌ وایه‌ كه‌ كۆمه‌ڵگای كوردی له‌ سه‌رده‌می گه‌لی مایا بژیێت ( ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌ی كه‌ له‌كاتی دیاركه‌وتنی هه‌ساره‌ی زوهره‌ كچێكیان ئه‌كرده‌ قوربانی گوایه‌ ئه‌مه‌ پێویستی پیی هه‌یه‌ ) .
زۆر به‌داخه‌وه‌ له‌م پێشكه‌وتنی ته‌كنه‌لۆژیایه‌ی كه‌ به‌ده‌ستمانه‌وه‌یه‌ و به‌رده‌وام باس ده‌كرێت . كه‌چی زۆربه‌ی راگه‌یاندنه‌كانی كوردی خه‌ریكی ( خه‌ون ناسی و لێكۆڵینه‌وه‌ی كه‌للوه‌كان و ترساندنی تاكی كوردی به‌ كۆتایی ژیانی هه‌ساره‌كه‌مان و یاخود نزیك بوونه‌وه‌ی ده‌نگی گه‌وره‌و …….. كۆمه‌لێك له‌ لێكدانه‌وه‌ ناراسته‌كان ) له‌كاتێك نازانرێت ئه‌م هه‌واڵانه‌ له‌ چ سه‌رچاوه‌یه‌كی نادیار وه‌رئه‌گیریت و به‌ناوی فه‌له‌كناسی بڵاو ئه‌كرێته‌وه‌ ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن پڕفرۆشترین و بینه‌رترین بن له‌ كۆمه‌ڵگادا بی ئه‌وه‌ی ئاسه‌واری ئه‌م هه‌ڵه‌یه‌ بزانن له‌سه‌ر تاكی كوردیدا كه‌ ئه‌م هه‌مووچه‌واشه‌كاریه‌ له‌پای چی بلاوده‌كرێته‌وه‌ ، پێم وایه‌ ڕاگه‌یاندنی كوردیمان ئاوا بڕوات هه‌رگیز تاكی كورد له‌ مانای (ئه‌ستێره‌ناسی و فه‌له‌كناسی ) تێناگه‌ن و ره‌نگه‌ به‌ره‌نجامی تری دواكه‌وتووی به‌دواوه‌بێت .
به‌ڵام گومانم له‌وه‌دانیه‌ تا پێشكه‌وتنی زانست و ته‌كنه‌لۆژیا به‌ره‌وپێش بچێت ڕاگه‌یاندن كارله‌ بواری ئه‌ستێره‌ناسی و خه‌ون زانی و كه‌للوناسی زیاتر ئه‌بن . به‌ڵام ئایا هه‌رگیز ئاماده‌ن بڵێن ئیمه‌ ( ئه‌ستێره‌ناس ) ین !




چەمکە شیعرییەکان و پەنجەرەیەک بۆ ڕوانین … بەشی دووەم :- ناڵە حەسەن

( )

  • شیعر و ( یاخیبوون )
  • شیعر لە نێوان ( فۆرم و ناوەڕۆک ) دا
  • شیعر و ( یاخیبوون )

ئەگەر بمانەوێت بە کورتی قسە لەسەر یاخیبوون یان ( یاخیبوون و شیعر ) دا بەکەین ، دەتوانین بڵێین ، زۆربەی زۆری یاخیبوونەکان چ لە نێو ڕووبەری شیعر یان لەنێو ڕووبەرەکانیتری ژیان ، هەست و کردەیەکە لە هۆشمەندییەوە یان لە پاشخانێکی مەعریفییەوە سەرچاوە دەگرێت . چونکە دواجار / یاخیبوون هەوڵێکە بۆ گوتنی ( نا )یەک بە ڕووی ئێستا و بەڕووی هەموو ئەو هێز و دەسەڵاتانەی کە دەیانەوێت ژیان ناشیرین بکەن و بوون و بەهای مرۆڤبوون بخەنە ژێر پرسیارەوە …! ، هەروەها ژیان ئەوە دەخوازێ کە مرۆڤەکان هەمیشە بوونێکی یاخی بن ، چونکە لە یاخیبووندا / مرۆڤ دژی هەموو هێزێکی دەرەکی ڕادەوەستێت ، نایەوێت بوونی داگیربکرێت و بوون و ڕۆڵی مێژووی خۆی لەدەست بدات و ببێتە کۆیلەیەکی ناکارا. بۆ بەردەوامبوونی ژیان و بوون یان بۆ ئەوەی مرۆڤ ناوەڕۆکێک بە ژیان و بوونی خۆی ببەخشێ پێویستی بە هەوڵدان و داهێنانە ، چونکە داهێنان جەخت لەسەر ڕۆڵی سەرەکی بوونی مرۆڤ دەکاتەوە لەنێو ڕووبەر و ڕەوتی مێژوودا . واتە مرۆڤ بەبێ داهێنان ناتوانێ ناوەڕۆکێک بۆخۆی پەیدا بکات و شوناسێک بەدەستبهێنێ و ببێت بەوەی کە خۆی دەیخوازێت ، تا ئێرە مانایەک بوو بۆ یاخیبوون بە شێوەیەکی گشتی ، بەڵام لە پەیوەند بە شیعر و یاخیبوون / دەتوانین بڵێین ، شاعیری داهێنەر هەمیشە جەخت لە ناڕازیبوون دەکاتەوە و ( نەویستی هەبوو ) دەستنیشان دەکات ، مەبەستییەتی لە نەبوونەوە فۆرم و بوونێکی نوێ بهێنێتە بوون ، دەتوانین بۆ ڕوونکردنەوەی مەبەستەکەمان ( فەرید زامداری ) شاعیر بەنموونە بهێنینەوە ، کە لە کتێبی ( گەیشتن بە ڕووبەری شیعر ) بەدوورودرێژی باسمان لە یاخیبوونەکەیی و ئەزموونە جوودا و نوێخوازییەکەیان کردووە ، ( فەرید زامدار ) لە سەرەتای شیعرێکی بە ناوی ( دان پیانان ) دا دەڵێت ،( ژیان هەمیشە وتوویەتی ” نا ” …! ) ، یان لەسەرەتای کتێبێکی بەناوی ( ئەنیما مۆندی ) لە وتارێکدا دەڵێ ، ( من بەوەی کە هەیە ڕازینیم و بەدوای لەدەرەوەی ئەوەی ” کە هەیە ” دەگەڕێم …! ) ، واتە بەڕۆشنی ( نەویستنی هەبوو ) ی مەبەستە ، واتە ( ڕەتکردنەوەی هەبوو ) یان ( ئەوەی کە هەیە …! ) ، بە مەبەستی بەرهەمهێنانی فۆرم و دەقێکی نوێ ، جیاواز لەوەی کە هەیە …! ئەو دوو دەربڕینەی ( فەرید زامدار ) ، کڕۆکی یاخیبوون و نوێخوازیمان پێشان دەدات . چونکە هەموو شاعیرێکی نوێخواز و جودا لەهەمانکات شاعیر و بوونێکی یاخین ، چونکە گەر ناڕازی نەبن بەوەی کە هەیە ، ناتوانن جیاواز بنووسن و ناتوانن لەنەبوونەوە بوونێکی تر بەرهەمبێنن ، چونکە گەر بەردەوام بن لەسەر ئەوەی کە هەیە ، بە هەمان زمان و فۆرمەوە ، ئیتر بەشیوەیەک لە شێوەکان دەبێتە ( لاساییکردنەوە نەک داهێنان …! ) ، لاساییکرنەوەش / مانای ئەوەیە کە تاکەکان دەسەڵات و توانا و بەهرەی خۆیان خەفە دەکەن و لە چاو و دیدگای کەسانیترەوە دەڕوانن و دەبینن …! ونکردنی توانا و بڕستی خود بەمانای خۆشڵکردنە یان ڕێگەدانە بەوەی کەسانیتر بوونی کۆنترۆل بکەن ، ئەمەش نامۆبوونە و لە بەشی ( شیعر و نامۆبوون ) دا قسەمان لەبارەیەوە کردووە . چونکە لەم باروزروفانەدا مرۆڤ ئازادی و سەربەستی خۆی لەدەست دەدات . وە ئەوەش ڕوونە کە تاکو مرۆڤ ئازاد و سەربەست نەبێت ، توانای زاڵبوونی بەسەر حەز و خەون و ئارەزووەکانیدا نابێت . دەمەوێت پێ لەسەرئەوە دابگرم کە ڕەتکردنەوەی هەبوو ، ئەگەر لاسایکردنەوەش نەبێت ، ( دووبارەکردنەوەی خودە ) ، واتە بەردەوامبوون لەسەر یەک فۆرم و شێوە زمان و یەک شیواز . تەنانەت ئەگەر داهێنانیش لە دەقەکاندا هەبێت بەڵام ، ناچێتە ڕووبەری نوێخوازییەوە ، چونکە دەتوانین بڵێین ( هەموو نوێخوازییەک داهێنانە بەڵام هەموو داهێنانێک مەرچ نییە نوێ بێت ..! ) لەسەر ئاستی ئەدەبی جیهانیش زۆرن ئەوکەسانەی کە جێ پەنجەیان دیارە لە مێژووی شیعر و ئەدەب دا و ڕۆڵیان هەبووە لە بنیاتنان و بەرهەمهێنانی بیرکردنەوە و قۆناغێکی نوێ ، ئەوانەش وەک کەسانی یاخی و ناڕازی و نەویستی هەبوو ، لەوانە ( بۆدلێر ، مالارمێ ، ڕامبۆ ، ئازرا پاوەند ، ئەدۆنیس و زۆرانیتر ..) بۆ نموونە ( ستیڤان مالارمێ ) لە نێو هەوڵ و داهێنانەکانیدا ، ئامانجی ئەوەبوو کە شیعر لە کۆتوبەندی هەموو ئەو ستایل و دەربڕینە تەقلیدییانەی کە شاعیرانە نین ئازاد بکات ، یان گوێی بە فۆڕمی شیعری ئاسایی نەدەدا ..! ئەو زێتر گرینگی بە وشە دەدا ، هەوڵی دەدا وشەی نوێ و ئەفسونئامێز بەکار بهێنێ و جیاواز بنووسێت ، یان ئەدۆنیس ، هەمیشە لەنێو نووسین و دیمانە و داهێنانەکانیدا لە هەوڵی ئەوەدا بوو کە ڕەخنە لە ( هەبوو ) بگرێت و ئاسۆکانی بیرکردنەوە بۆ شیعر و نووسین و داهێنان بگۆڕێت ..! لێرەدا ئەوە دەبینین کە لەنێو ڕووبەری شیعر و داهێناندا ڕەتکردنەوە و ناڕازیبوون بەوەی کە هەیە واتە ( یاخیبوون ) / پێشمەرجی نوێخوازی و داهێنانە ..!

  • شیعر لە نێوان ( فۆرم و ناوەڕۆک ) دا
    هەموو دەقیکی شیعری وەک هەر هەبوویەکیتر لە فۆرم و ناوەڕۆک پێک دێت ، ئەگەر لەڕووی بوونگەرییەوە سەیری بکەین دەتوانین بڵێین / فۆرم بوونێکی دیاری هەیە و ناوەڕۆکیش بوونێکی نادیار ، ناوەڕۆک ئەو بوونە نادیارەیە لە ئەنجامی خوێندنەوە دەردەکەوێت . دەرکەوتنەکەش ( زۆربەیکات ) لە خوێنەرێکەوە بۆ خوێنەرێکی تر جیاواز دەبێ . یان ڕەنگە لای هەندێک خوێنەر هەر دەرنەکەوێت و بە نادیاری بمێنێتەوە . چونکە لە بنەڕەتدا دەقی شیعری لەنێو ڕووبەرێکی نادیار و تاریک دێتە بوون ، شاعیری نوێگەر ( بۆ ڕووناککردنەوەی ئەو تاریکییە ، دێت هەموو تاریکییەکە دەگوازێتەوە بۆ نێو دەقەکەی ..! ) ، ئەوە خوێنەرە لە ڕێگای مەعریفە و تواناکانی خۆیەوە ، لەڕێگای خوێندنەوە و قووڵبوونەوە تیشک دەخاتە سەر ئەو رووبەرە تاریکە و هەوڵی دەرکەوتنی دەدات . چونکە شاعیر / لەنێو ئەم ڕووبەرە نادیار و تاریکە زمان دەخاتە گەڕ بۆ گواستنەوەی مەعریفە و گوتنەکانی نێو ئەو تاریکییە بۆنێو دەق ، خوێنەریش لەسەریەتی مەعریفە و تواناکانی خوی بخاتە گەڕ بۆ ڕوونککردنەوەی ئەو ڕووبەرە ، چونکە شیعر جووڵەیەکی بەردەوامە لەنێو پڕۆسەیەکی ئیستاتیکایی ، بۆیە / ناتوانێ ناوەڕۆکێکی دیار و نەگۆڕی هەبێت . دەکرێ لای هەندێک خوێنەر ناوەڕۆک هەر بە نادیاری و تاریکی بمێنێتەوە ، چونکە هیچ دەقێک وەک بوونێکی سەربەخۆ ، هەڵگری ناوەڕۆکێکی دیار و پێشوەختە نییە ، ئەگەر ژیان وەک دەقێکی شیعری وەربگرین ، لە بنەڕەتەوە ( خاڵییە لە مانا ) و ناوەڕۆک ، ئەوە مرۆڤەکانن لە ڕێگەی بیرکردنەوە و داهێنانەکانییان ، ماناو ناوەڕۆکێک بە ژیان دەبەخشن دیارە بۆ ( جیهان و گەردوونیش ) بە هەمانشێوە ، نەک هەر ئەوەندە / شاعیر بۆ بەرهەمهێنانی دەقێک هەموو وشە و چەمک و دەستەواژە و هێماکان خاڵی دەکاتەوە لە مانا پێشوەختەکان و لە مانا فەرهەنگییەکان . لە پڕۆسەیەکی داهێنەرانە چەمک و وشەکان هەڵدەوەشێنێتەوە و دووبارە بنیادییان دەنێتەوە لە پەیوەندییەکی نوێ و بە ناوەڕۆکێکی نوێوە ، بۆیە دەڵێین / لەوانەیە بەسانایی ناوەڕۆکی دەقەکان دەرنەکەون ، کۆد و هێماکان بە سانایی نەکرێنەوە ، یان دەرکەوتن و ناوەڕۆکەکان لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر جودا دەردەکەوێ ، تەنانەت / جیاواز لە گەڵ دەرکەوتن لەلای خودی نووسەری دەقەکەش ، چونکە نووسەری دەق لە کاتی نووسینی دەقەکە ( ئەوی شاعیرە ) ، لە چرکەی دوای تەواوبوونی دەقەکە دەبێتە ( ئەوی خوێنەر ) ، وەک هەر خوێنەرێکی دی هەوڵ دەدات ناوەڕۆکی دەقەکە بەدیار بخات و خوێندنەوەیەکی بۆ دەقەکە هەبێت ..! پەیوەندی فۆرم و ناوەڕۆک پەیوەندییەکی هاوتەریب و دانەبڕاوە ، هەروەک لای فۆرمالیستەکان ( ئەم دووانەیان واتە ” شێوە و ناوەڕۆک ” یان لە بەرزترین ئاستدا ڕاگرتووە ، بە بڕوای ئەوان ( ناوەڕۆک بە تەواوی بزوێنەری شێوەیە …! ) ، بەبڕوای من دەیانەوێت بڵێن / هەموو ئەو فۆڕمانەی ئاستێکی بەرزی جوانییان بەرجەستە کردووە ، ناوەڕۆکێکی جوانیش بەرجەستە دەکەن هەرچەندە ناوەڕۆکەکە نادیاریش بێت ، کەواتە / هیچ فۆرمێکی جوان نییە ناوەڕۆکێکی جوانیشی نەبێت …! واتە / ناوەڕۆک بە نادیاری بزواندن و کردە و کاریخۆی دەکات ، لە گریمانەیەکدا / ئەگەر دەقێک فۆرمێکی جوانی هەبوو بەڵام ، ناوەڕۆکەکەی بە توانا مەعریفیی و سەلیقە شیعرییەکەی خوێنەرێک دەرنەکەوت و بە نادیاری مایەوە ، ڕەنگە ( ئەو خوێنەرە یان هەندێک لە خوێنەرەکان بڵێن / ئەم دەقە تەمومژاییەوە و هیچ مانا و ناوەڕۆکێکی نییە …! ) ، هەروەکو گوتمان / هیچ دەقێک بێناوەڕۆک نییە بەڵام ، ناوەڕۆک بوونێکی نادیاری هەیە ، ئەگەر لای کەسێک وا دەرکەوت ئەو دەقە بێناوەڕۆک و بێمانایە ، دەکرێ (یەکێک ) لە مانا و ناوەڕۆکەکەی ئەوەبێت کە ( ئەم دەقە بێمانا و بێناوەڕۆکە …! ) ، چونکە ئەوە ( خوێندنەوەی کەسێکە ) یان خوێنەرێکە بۆ ئەو دەقە ..! دەکرێ ئەوەش یەکێک بێت لە خوێندنەوەکان …! یان یەکێک لە مانا و ناوەڕۆکەکەی ئەوە بێت ..! دەکرێ ئاسایی بێ کە نەتوانین تیشک بخەینە سەر تاریکایی دەقێک و ناوەڕۆکەکەی دەربخەین ، بەڵام ئەوە ئاسایی نییە ، کە بڵێین / ئەو دەقە دەقێکی بێمانا و بێ ناوەڕۆکە چونکە تەمومژاوییە ، یان شاعیر ڕەچاوی سیستەمی ڕیزمانی و خاڵبەندی نەکردووە ، بە بڕوای من / بەر لەهەر شتێک دەستەواژەی ( تەمومژ ) ، بۆ دەقی شیعری دەستەواژەیەکی نادروستە ، من دەمێکە لە دیمانەکان و نووسینەکانم زێتر لە جارێک ئەم دەستەواژەم ڕەتکردۆتەوە ، چونکە / هۆکارەکەش ئەوەبووە کە / هیچ دەقێک تەمومژاوەی نییە ، ئەوە ( چڕبوونەوەی زمانە ) لە ئاستێکی بەرزدا نەک تەمومژ …! ، یان ئەوە توندوتۆڵی پەیوەندییەکانی نێوان وشە و چەمک و هێماکانە نەک تەمومژ … ! واتە / داهێنەرانە هونەرکاریکردنە لە زمان ..! دەبێ ئەوەمان لەبیر بێت کە / شیعر لەبنەڕەتدا ئیشکردنە لەسەر زمان و بایەخدانە بە بنیادەکانی زمان بەڵام ، لەچوارچێوەی زمانی شیعری و ڕووبەری شیعردا . هەروەها شاعیر بۆ بەرهەمهێنانی دەقێکی نوێ یان هەردەقێک / تەواو سەربەست و ئازادە لە بەرامبەر زمان ، دەتوانێ پابەند نەبێت بە سیستەمی ڕێزمانی و خاڵبەندی و بە هیچ جۆرە سیستەمێک ، بۆئەوەی تەواو دەست ئاوەڵاو کراوە بێت .. ! وەک چۆن / شاعیر پێویستە ئازاد و سەربەست بێت لە بەرامبەر بەکارهێنانی زمان و یان بوونێکی ئازاد بێت و نەکەوێتە ژێر کاریگەری هیچ دەسەڵات و هێز و بوونێکی دەرەکی ، بەهەمانشێوە / زمانیش بە هەموو وشە و چەمک و دەستەواژە شیعرییەکانەوە دەبێ ئازاد بن و ڕووتببنەوە لە هەموو مانا پێشوەختەکان و مانا فەرهەنگییەکان ، دەمەوێت ئەوە بڵێم / وەکچۆن کۆرپە لە چرکەساتی لەدایکبوون ڕووتوقووت هەڵگری هیچ ناوەڕۆک و شوناسێک نییە ، وشە و چەمکە شیعرییەکانیش لەنێو زمانی شیعریدا بەهەمانشێوە …! چونکە ( ناشێت ناوەڕۆک بە ئاسانی بچەسپێندرێ ، هەروەک ناشێت هەرگیز مانا ئامادەبوونێکی تەواوی هەبێت لە هیچ تاکە ئاماژەیەکدا بەڵکو مانا یان ناوەڕۆک زێتر جۆرێکە لە جووڵە و پڕیشکدانەوەی بەردەوامی نێوان ئامادەبوون و نائامادەبوون …! ) ، هەروەها شیعر بوونێکی گەردوونی هەیە و شاعیر لە ڕێگەی زمانی شیعرییەوە دەتوانێ قسە لەسەر هەر شتێک بکات و هەر وشەیەک بەکاربهێنێ ، هەڵەیەکی گەورە دەکەین گەر وابزانین هەندێک لە وشەکان شیعری نین ، وا پێویست دەکات شاعیر خۆی لە بەکارهێنانی ئەو وشانە بە دووربگرێ ..! یان بەهۆی مانا فەرهەنگی و ناوەڕۆکە پێشوەختەکان خوێندنەوە بۆ وشە و چەمکەکان بکەین . مەبەستمە ئەوە بڵێم / کاتێک لە دەقێکدا وشەی ( حۆری ) ببینین خەیاڵمان بۆ ( بەهەشت ) و وشەی ( جەلاد )یش خەیاڵمان بۆ ( زیندان ) بڕوات …! ئێمە گوتمان / بۆ نووسینی دەقێکی نوێ دەبێت وشەکان لە ناوەڕۆکە کۆنەکان بەتاڵبکەینەوە بۆ ئەوەی پەیوەندییەکی تازە لەنێو وشە و چەمکەکان و دەستەواژەکان دابمەزرێنین …! جا ئەگەر بێت و دەقێک ڕەتکەینەوە بە دەلیلی تەمومژاوی و نادیاری و دەرنەکەوتنی ناوەڕۆك / ئەوە دڵنیاتان دەکەمەوە کە ئێمە لەبەرامبەر ڕەخنەیەکی جدی و ( لە بەرامبەر شەڕێکی فکریدا نین …! ) ، چونکە هەموو تێکستێک بریتییە لە / بونیادێکی ئیستاتیکی نێو ڕووبەر و قەوارەیەکی زمانەوانی ، هەروەک لە کتێبی ( تیۆری ئەدەبی ) تێری ئیگڵتن دا هاتووە ، ( مانای ڕستەیەک بەردەوام شتێکە لە چاوەڕوانی هاتن دایە ، واتە شتێکی دواخراو یان هێشتا چاوەڕێکراو ، ( دالێک ) واتە وشەیەک من دەداتە دەستی دالێکی تر ، ئەویش بە دالێکی ترم دەسپێرێ ، مانا پێشترەکان لەلایەن ماناکانی دواترەوە ( هەموار ) دەکرێنەوە ، سەرباری ئەوەش / کە ڕستەیەک کۆتایی دێت ، بەڵام زمان خۆی کۆتایی نایەت ، هەمیشە مانای زێتر هەیە کە مانای یەکەمی لێیەوە هاتووە…! ) ، بۆ نموونە ئەگەر بڵێین ( شادی ) مانای چییە ؟ دەکرێ بڵێین ( دڵخۆشی ) دەکرێ دڵخۆشی مانایەک بێت بۆ شادی بەڵام ، دڵخۆشیش خۆی وشەیەکە بەدوای مانایتردا دەگەڕێت ، بۆیە لەسەرەوە هاتووە ( دالێک من دەداتە دەستی دالێکی تر و ئەویش بە دالێکیترم دەسپێری …! ) ، چونکە لە بنەڕەتدا ناوەڕۆک و ماناکان کۆتاییان پێنایە ، هەروەها باکڕاوند و مەعریفەی شاعیر دەبێتە چوارچێوەیەکی تیۆریزەکراوی فیکری و فەلسەفی لەنێو ڕووبەری نادیاری دەقدا ، چونکە شاعیر لەنێو پڕۆسەیەکی داهێنان و نوێگەردا لەنێو بونیادی دەق جیهانێکی تازە و جیهانێکی تایبەت بە خۆیمان پێشکەش دەکات . دواجاریش / ئەوە خوێنەرە دەتوانێ ئەو جیهانە نوێیە و نادیارە کەشف بکات . هەروەها هەر دەقێکی شیعریش لەنێو ڕووبەرێکی نادیاردا بوونێکی کراوەو بەردەوامی هەیە .
    ——————————–

تێبینی :- بۆ نووسینی ئەم بەشەش سوودمان لەم سەرچاوانەی خوارەوە بینیوە

  • کتێبی ( بوون و داهێنان ) نووسینی / د.محەمەد کەمال
  • کتێبی ( تیۆری ئەدەبی ) نووسینی / تێری ئیگڵتن ، و / عەتا قەرەداغی
  • کتێبی ( لە دیارەوە بۆ نادیار ) نووسینی / بەختیار عەلی
  • کتێبی ( ئەفسانەی سیزیف ) نووسینی / ئەلبێر کامۆ ، و / ئازاد بەرزنجی سەرەتای ئۆکتۆبەری ٢٠٢٠



مردن شتێک نییە کۆتایی بە عەشق بهێنێت بەڵکو دەيپارێزێت…بەشی کۆتایی…خۆدواندنی: ستیڤان شەمزینی

ستیڤان: ئایا هەمووان دەتوانن عاشق بن؟. ئایا هەمووان دەتوانن ئاڵای عەشق بە دەستەوە بگرن؟. ئاخر چۆن هەمووان ناتوانن ببنە پێغەمبەر، هەمووان ناتوانن ببنە جادووگەر و ئەستێرەناس، ئاوهاش هەمووان ناتوانن ببنە عاشق!. بۆ ئەوەی تۆ ببیتە عاشق، پێویستە رەنج و زەحمەتێکی زۆر بکێشیت و لە پێش هەر شتدا، ئازایەتی رووبەڕووبوونەوەی مەرگ و شەپۆلە سەرشێتەکانی عەشقت هەبێت!!، زۆر گرنگە رۆحێکی سەرکەش و یاخی وەهات هەبێت، سڵ لە هیچ کۆسپ و تەگەرە و تێکشکانێک نەکاتەوە و چاونەترسانە لە بەرامبەر لۆمەی کولتوور و چەقۆی بەدحاڵیان و پیلانی مەرگەوەڕەکان بوەستێتەوە.
لیزا: عەشق پێش هەر شتێک ئامادەبوونێکی رۆحییە بەرلەوەی ئامادەبوونێکی فیزیکیی بێت. رۆحی دیلکراو، رۆحی بەدگوومان، رۆحی ئاخنراو بە رک و قین، ئەگەر هەزاران ساڵیش تەمەن بگوزەرێنێت، نەک هەر نابێتە عاشق، بەڵکو لەسەر رێگەیەش چانسی بینین و چاکوچۆنییەکی لەگەڵ عەشقدا نییە. عەشق هەزاران میل و فرسەخ، هەزاران دۆڵ و نشێو، لەم رۆحانەوە دوورە و هیچ کات لە وەخت و ناوەختدا لە قاپی ئەم جۆرە رۆحانە نادات.
ستیڤان: بەختیار عەلی وتەنی “عەشق جەنگە”. ئازاترین سەرباز و بوێرترێن ژەنەراڵ دەبنە قارەمانی جەنگ، نەک ئەو ترسنۆکانەی لە پەنا و پەساردا بە دوای جێگەیەکی دڵنیادا دەگەڕێن. ئەوەی سنگی دەنێت بە گوللەوە، هەر سنگی ئەو میدالیای پێدا دەکرێت، ئەوەی لە جەنگدا هەڵدێ لە دواوە دەپێکرێت. ئەوەشی عەشق دەباتەوە ئەو عاشقەیە بێ ترس و دڵەڕاوکێ رووبەڕووی دەبێتەوە، ئەوەی عەشق دەباتەوە ئەو کەسەیە بەرگەی ئازارەکانی رێگەی گرتووە و هەزارەها جار بە گوللەی عەشق پێکراوە و بە جەستەی خەڵتانی خوێنەوە نەبەردی تۆمار کردووە.
لیزا: بەڵێ ئەگەر عەشق جەنگ بێت، رایدەگەیەنم من گەورەترین سەروان و ژەنەراڵی ئەو ئیمپراتۆریایەم، لەبەرئەوەی نەک هەر جەنگی عەشقم کردووە و سڵم لە هیچ ئازارێک نەکردۆتەوە، بەڵکو هەمیشە ئەو پرۆسە سەختەم وەک سەیران سەیر کردووە، ئەوەش لەبەرئەوەنا عەشق پرۆسەیەکی سانا و بێزەحمەتە، بەڵکو لەبەرئەوەی بە تەواوی هێز و توانامەوە هاتوومەتە ناو جەڕولحەبلەکەوە و مردنم لەو پێناوەدا سەد جار لە ژیانی بێ مەعشوق، لەلا پەسەند و خۆشەویستر بووە. ئیتر عەشق ئاوهایە، بە تاڵەموویەک بەربەستی لە نێوان ژیان و مەرگدا دروستکردووە. مردن شتێک نییە کۆتایی بە عەشق بهێنێت، مەرگ زۆرینەی جار عەشق دەپارێزێت و لە خۆی دەگرێ، چوونکە عاشق دەکاتە سونبول و پێغەمبەر بۆ عاشقانی پاشین.
ستیڤان: عەشق گەڕان و عەوداڵبوونە، گەڕانی شارە و شار، وڵاتە و وڵات، کیشوەرا و کیشوەر، بە مەبەستی دۆزینەوەی لەتەکەی تری خۆت. ئاخر خوداوەند هەموو مرۆڤێک بە ناتەواویی و نیوەیی دەئافرێنێت، فەلسەفەی ژیانیش بریتییە لە گەڕان بە دوای لەتەکەی تری خۆتدا، بۆئەوەی ببیتە کەسێکی تەواو و ساغڵەم. سەرۆکی سیخەکان جارێک وتبووی “مرۆڤ بە ئازادیی لە دایک نابێت، بەڵکو لە دایک دەبێت بۆ ئەوەی ئازادیی خۆی وەدەستبێنێت”، بەڵام بیری چووە و لەمەدا بە هەڵەدا چووە، چوونکە مرۆڤ بە ناتەوایی لە دایک دەبێت، دەژی بۆ ئەوەی خۆی تەواو بکات، لە رێگەی دۆزینەوەی لەتەکەی تری، کە ئەم گەڕانەش بە عەشق ناوزەد کراوە.
لیزا: هەر کاتێک نیوەکەی تری خۆتت دۆزییەوە، کاری تۆ لەم دونیایەدا تەواو دەبێت، چوونکە ئاسمان گرەوی لەسەر ئەوە کردووە کەس نییە بتوانێت، لەتەکەی تری بدۆزێتەوە. کە تۆ دۆزیتەوە، واتە کۆنکەنەکەت لە ئاسمان بردۆتەوە، بەمەش دەکەویتە بەر قەهر و نەفرەت، ئیتر تۆ کارت لە دونیا تەواو دەبێت، بۆیە پێویستە بمریت، بۆ ئەوەی جاڕی سەرکەوتنت بەسەر ئاسماندا رانەگەیەنیت، هەر ئەمەش نهێنی هەموو عەشقێکە کە سەرەنجام و ئاکامەکەی تەنیا مەرگ و لێکدابڕانە.
ستیڤان: لەگەڵ ئەوەشدا زۆربەی زۆری مرۆڤەکان “جگە لە یەک کەس لە سەدەیەکدا” دەمرن، بێ ئەوەی لەتەکەی خۆیان دۆزیبێتەوە. ئای خودایە دەبێ لەتەکەی من لە کوێ بێت؟. ئاخۆ ئێستا خەریکی وازی کردنە یان لە سووچی ژوورێکی بچووکدا بیر لە من دەکاتەوە بێ ئەوەی بتوانێت وێنەی رووخساری من بکێشێت و ببینێت؟. تۆ بڵێی ئەویش بڕیاری دابێت بە دووی مندا بگەڕێت؟.نازانم ئاگادارییەک لە رۆژنامە و تەلەفزیۆنەکاندا بڵاو بکەمەوە بۆ دۆزینەوەی لەتەکەی خۆم، کە من لە وڵاتی خوێن و گریان، لە شارێکی دڵشکاودا دەژیم، یان ئەو پێش من ئەو کارە دەکات؟. خواوەندی مەزن هەرکاتێک لەتەکەی خۆم دۆزییەوە و گرەوەکەم بردەوە، سزام مەدە، ئەوە مانای دۆڕانی تۆ نییە، بەڵکو هێمایە بۆ کۆڵنەدان و سەرکێشی و لاساریی من. ئەمە بێمنەتی نییە بەرامبەر بە زاتی پیرۆزت کە رووناکترین رووناکییت و ماڵی دڵە تاریکەکانمان ئاوەدان و رووناک دەکەیتەوە. تەنیا سەرکێشییەکە بۆ تەواوکردنی خودی خۆم.
لیزا: ئێستا بیرم لای ئەوە نییە، لەتەکەی من خوێندەوارە یان دکتۆرای هەیە، خەیاڵ ناکەم رەنگی قژی چۆنە. لام گرنگ نییە لە رۆژهەڵاتی زەمین یان لە رۆژئاوایەتی. ناتوانم وێنەی باڵا و چاو و ئەبرۆی بکێشم. هزر ناکەمەوە چاوی چ رەنگێکە. بیر لەوە ناکەمەوە ئەسمەر یان گەنم رەنگە، گەدا یان شالیارزادەیە. ئەوەی بۆ من گرنگە ببمەوە بە بەشێک لە ئەو، ئەویش ببێتە بە بەشێک لە من. ئەمەش کۆتایی هەموو رێگەکەیە و ئاوسا دەتوانم بە ئاسودەیی بمرم.
ستیڤان: نازانم خودایە، هێشتا هیچ نازانم، بەڵام من دەستمکردووە بە گەمەیەکی سەخت، تکایە ئاگاداربە من ئێستا خەریکم وەرەقەکانی خۆم بەکاردەهێنم، جۆکەر و کوپی خۆم هەڵدەدەمە ناو حەوزی ئەم کۆنکەنەوە. من گزیی ناکەم و تۆش غافڵ ناکەم. گرنگ ئەوەیە من یاریی دەکەم. ئەگەر کۆنکەنەکەم بردەوە لەتەکەی خۆم و مەرگ پێکەوە لە باوەش دەگرم، جا بۆم گرنگ نییە لەتەکەی من چۆنە و چییە، گرنگ ئەوەیە بەشێکی تری خۆمە و دەمەوێ لە دەستی هەموو قەدەرێکی دەربهێنم. خۆ ئەگەر نەمدۆزییەوە، رەنج بەخەسار و سەرگەردان بەرگەی سزاکانم دەگرم، کە ئاسمان بە مەرگی من و سزای دۆزەخی هەتاهەتایی گرەوەکە دەباتەوە، بەڵام لە بیرتان نەچێت دۆزەخی عاشقان جیایە، چوونکە تام و رەنگی هەرچی شتە لەم گەردوونە لای عاشقان جیایە، وەک ئەوە نییە کەسانی ئاسایی بە چاوێکی ئاسایی بۆی دەڕوانن.
خودایە، ئەگەر گرەوەکەم دۆڕاند، وەک ملیارەها مرۆڤی تری سەرگەردان و خەڵافاو لە لەتەکەی خۆیان، منیش دەمرم، بەڵام رێگەم بدە لەوە دونیا ئەگەر لە شیوی وەیلی دۆزەخیشدایە، بە دووی لەتەکەی تری خۆمدا بگەڕێم تا لەوێ بیدۆزمەوە، ئەمە خولیایەکە بۆ ئەبەد لە کەللەی داوم. بەوەش بەهەشت حاسڵ دەکەم، ئەگەرچی لە ئەسفەل سافلیندا مەلە دەکەم و ئاگراوی داری زەقوم دەنۆشم.
لیزا: رێبواری رێگایەکم کەسی تر پێدا ناڕوات، من بە تەنها خۆم بە رێگایەکدا دەڕۆم و هەموو خەڵکی تر بە رێگایەکی تردا، رێگەکانمان ناچنەوە سەریەک و “رۆما”یەک نییە پێکیان بگەیەنێت. خەڵک لە دوورەوە دەمبینن بە تاقی تەنها ملی رێگایەکی جیاوازم گرتووە و منیش ئەو حەشیمەتە زەرد و سوورەی خەڵک دەبینم لەسەر یەک تاکە رێگا، رەنگبێ ئەوان پێیانوابێت قەرەباڵغی رێگاکەیان نیشانەی گەیشتن بە ئامانج بێت، لێ من بۆ هیچ ئامانجێک ئەم رێگایەم هەڵنەبژاردووە تەنیا نامەوێ دوای مێگەل بکەوم. بۆی هەیە هەردوو رێگاکە بگاتە بنبەست، بەڵام بۆ من هیچ شۆکێک نییە، یان دەشێ رێگا راستەکە لە نێوان ئەم دوو رێگایەدا بێت کە ئەویش رێگا نییە یان بزنەرێیەکی ترسناکە.
ستیڤان: من بە نامۆیی هاتمە ژیانەوە، دڵنیام پێش ئەوەی تەڵیسمەکانم بشکێنن بە نامۆیش لێی دەردەچم. هیچ کەسێ نەیتوانی بەشێک لە پەناگە تاریکەکانی ناخم بخاتە ژێر رۆشنایی و کەشفی بکات. هیچ کەسێک نەیتوانی ئارکۆلۆژیستانە رەهەندەکانی جیهانبینی و دیدگای من بۆ وجود، بۆ عەشق، بۆ ژیان، بدۆزێتەوە. کەس نەبوو شان بداتە بەر توێکاریی شیعرەکانم وەک زمانی دڵ و هەستەکانم.! خۆ ئەمن پێموانییە شتێکی سەیر و گەورە بم، بەڵام هەست بە جیاوازبوونی خۆم دەکەم، ئەمن لافی رۆشنبیربوون لێنادەم بەڵام پێموایە پێچەوانەی شەپۆلە باوەکان مەلە دەکەم. بۆیەکا پێویستە لێم تێبگەن و بمخوێننەوە، ئەگەرچی تێگەیشتن لە خودی مرۆڤ کارێکی دژوارە، کەچی من ئەو مرۆڤانەم خۆش دەوێ خۆیان لە سەختترین شتەکان دەدەن و زۆرانبازیی ترسناک دەکەن بێ بیرکردنەوە لە ئەنجامەکەی. خوێنێکی سیزیفی لە منا قوڵپ دەدات و هەمیشە بەردە قورسەکەی ژیان بەرەو لوتکە سەر دەخەم و هەمیشەش لێم خلۆر دەبێتەوە، بەڵام کۆڵ نادەم. لەبەرئەوەشی ژیان ناماقووڵ و مایەپووچە شەڕی پێ دەفرۆشم، شەڕی مانەوەی تێدا دەکەم.
لیزا: ئەگەر دەخوازن من زەحمەت بکێشم و خۆمتان بۆ بخوێنمەوە زمانم تەتەڵە دەکات، بەو هۆیەی نازانم بڵێم چی!! لانیکەم لە هونەری خۆناساندن و نەرگسییەتدا کۆڵەوارم. ئەمن نازانم چۆن پێناسەی خۆم بکەم، زۆر سەختە مرۆڤ ئەوەندە رووقایم بێت پەسنی خۆی بکات، ئەمە کارێکە دەمانباتەوە بۆ خودسەرسامیی، چوون هەر ئادەمیزادێک خۆی بە چەقی هەموو شتێک دەزانێت، خۆی بە سەنتەری گەردوون و دنیا و مرۆڤایەتی دەزانێت. پرسیار ئەوەیە، کێیە ئاوێنەکە دەداتە دەستمان و دەڵێت ئەوە تۆیت خۆت ببینە؟. ئەی ئەو ئاوێنە بۆچی بۆ من نەبووە و نییە؟. بۆچی کەسێک نەهات لەبەردەم ئاوێنەیەکی روون رامبگرێ تا وێنای خۆم ببینم بەواقعی؟؟ بۆچی هەمیشە لە پەنجەرە تەڵخەکانی سیاسەتەوە حکومم لەسەر دەدەن؟. لە کاتێکدا وەک “شێخی خاڵ” هەمیشە وتوومە بە جوانیی لێم ورد ببنەوە، ئەوەی لەسەر زار و لە روومایە، هەرئەوەش لە دڵ و ناخمدایە.
ستیڤان: مێژووی من مێژووی پەشیمانبوونەوەیە لە دوێنێ، لەبەرئەوەی نامەوێ ئەمڕۆم لە دوێنێ و سبەینێم لە ئەمڕۆ بچێت. سروشتێکی بزۆز و جیوەییم هەیە، لەسەر هیچ دۆخێک چەق نابەستم، مەیین دژی رۆح و بورکانەکانی ناوەوەی منە. کۆلۆمبۆسانە سەرچڵی دۆزینەوەی نوێ دەکەم، دۆزینەوەیەک بێ هیچ تەماحێکی وەک ئەوەی کۆلۆمبۆس، تەماحم ئەوەیە رۆحم هێور بکەمەوە، هێوربوونەوەی رۆحیشم پێچەوانەی زۆرینەیە، بەو پێیەی زۆرینە جێگیریی و هێمنیی و مانگرتن لە هزرین رۆحیان هێور دەکاتەوە، هەرچی رۆحی منیشە لە شلۆقی و پەشێویی و بیرکردنەوە و یاخیبووندا هێور دەبێتەوە. ئیشم ئەوەیە لە بری وەڵام، تەنیا پرسیارە حەرامەکان بوروژێنم، لە بری یەقین، دنیا پڕ بکەم لە گوومان، لە بری دڵنیایی ژیان پڕ بکەم لە راڕایی، ئاخر وەڵام و یەقین و دڵنیایی مرۆڤ دەکوژن و ئیستی پێ دەگرن لەسەر دۆخێک، ئەمەش دڵخوازیی پیاوانی سیاسەت و ئاینە، منیش “مینی لۆپ”ئاسا رسی پیاوانی ئاینیی و سیاسیی دەکەمەوە بە خوری.

——————————————————
تێبینی:
ئەم تێکستە بریتییە لە مۆنۆلۆگ نەک دیالۆگی دوو کەس، کۆی بەشەکانی ئەم مۆنۆلۆگانە لەنێوان 2010-2017 نووسراون. لە بەرگی دووەمی کتێبی “قوتووی عەتار” لەلاپەڕە 488-522 بەشێوەی کتێبی کاغەز لە ساڵی 2018 چاپ بوون




ساتەوەختێکی لەدەستچوو … شیعر/ کاوە عوسمان عومەر

بەلەمێک لە حەسرەت ،،،
لەسەر پشتی نەهەنگی خەو،،
هێدی هێدی..
رێی گرتوەتە فیردەوسی نیگایەک،،
ماسی گرێک ،،
ویستی بە قولابی خۆشەویستی،،
پرچە زیوینیەکەی مانگێکی مەست..
لە نووری ئەبەدیەت ڕاوکا..
شاعیرێک…
ئێوارەیەکی ساردو تەزیوی..
کردە جامی گڵینی خۆشبەختی وەریو،،
بێدەنگی گیتاری چراوی شار بوو،،
تۆی بە من ناسی..
نیگایەکت کۆترێکی..
لە کەژی خەوتووی دڵا فڕان،،
زەنگی ڕۆح تاسا،،
چرپەیەک تا ئەو شوێنەی..
ئۆقیانووسی فرمێسکەکانی..
بیرەوەری ئەدرەوشێنێتەوە،،
جێت هێشت
………………..
گەر دوو هەسارە ،،
لە ساتە خەوێکی سەفەرا،،
بکەوێتەوە نێوانمان،،
من ئەبمەوە گەڕیدە وێڵ و سەرگەردانەکەی،،
مەدارە شێواوەکانی ئاسمان،
دوودڵ ئەبمەوە لە نیگارکێشە مەستەکە،،
بە جوانیەکی تێپەڕیوی سروشت،،
بروسکەیەک ، لە تیغی خەنجەر تیژتر،،
پەڕی گوڵی هەور، ئەوەرێنێ،
چیا بە دوای ئەسپی بارانەوە وێڵ، چرۆی..
چاوی، چەند ژەهراویە،
کە ئەکرێتەوە،،
شەو دائەکا،،
کە پێڵوەکانی دا ئەخا، لێوت چی..
بەهارێکی بێ زەمەنە، بێ بلێزمە،،
بێستان و مێرگ سەوز و تەڕن،
……………
لە تیشکەکانەوە…
چۆلەکەکان ، تۆڕی خەونی منداڵە..
نوستوەکانیان چنی، ژیانێک لە ..
کاسێکا، وەک شەربەتی پرتەقاڵ ، زوو بیخۆ،،
تا دوا تنۆکە، تا دوا هەناسە، ووتی…
عاشقتە، بەڵام تەنیابە، تا ئەتوانی،،،
وێڵ و سەرگەردان بە،،
ووتی عاشقتە، ىاوەڕمەکە،
لەسەر زەمین عیشق کوا؟ ،،،
ووتی بوونی یەک دیوی ئاوێنەیە،،
لە ئاوو شەونم و چرۆ دروستبوە،،
باوەرڕمەکە، چونکە هەموان..
لە لم دروست بووین،
کوا لم لەگەڵ لم..
عیشق ئەکا،،،
دڵی لمت بینیوە ببێ بە چرۆ؟
سیمرخی ڕۆحێک،
کوا تا ئەبەد…
لە ڕۆحی سیمرخی ترا دیل ئەبێ ؟
بینیوتە، ڕەشەبایەک،،
لە شوشەی کاتا قەتیس بێ؟،
بیستوتە مانگ،،
دەستبەرداری تەنیایی خۆی بێ؟..
خۆت بەسەر خەمی خۆتا بوەرە،،
ڕێگە بە ژیان تیاتا بڕژێ،
شەرابی جوانی بونێک ،،
لە ساتە وەختێکی لە دەستچوا،،
تۆ خەمت چیە، دوای هەمووشتەکان،،
خۆرێک بۆ تۆ ئەگەشێتەوە،
شیعرێک تۆ ئەنوسێ،،
یان ئەبیتە تراجیدیای شیعرێ،،
پاش هەموو شتێ،
کە پاپۆڕی سپی شەو تێپەڕ ئەبێ،،
سپێدەیەک ،،
ئەندێشەی بوونێکی تازە بۆ تۆ دێنێ،،
دارستانێک داگیرساو..
بە چاوی ئەستێرە عاشقەکان..
هەمیشە چاەوەڕێی پیاسەیەکی تۆ یە،،،
گوڵ تا ئێستا ماوە!، گەر نازانی،،،
پاش هەر لافاوێ لە خەمی جوان،،
ئاسمانیش هەمان تابلۆ،،،
بە ڕەنگی شین و سپی ،،،
ڕوبارێکیش، گەر پێ نازانی ،
لە پیرۆزی دڵ خۆیایەتی،
دڵ خۆی نزرگەی ڕۆحە،،
دوور، گەر کەمێک دوورتر ،،
لە گیا خەوتوە تەڕەکانی ژێر کازیوە،
گەر پێ هەڵگری ،،،
هەور هەر ئەتگاتێ




خوێندنه‌وه‌یه‌ك بۆ كۆمه‌ڵه‌ چیڕۆكی دنیا سێ پیته‌ … سه‌دیق سه‌عید رواندزی

چیڕۆكی نوێ،به‌ كۆمه‌ڵێك خاسییه‌تی هونه‌ری و ته‌كنیكی نوێ ده‌ناسرێته‌وه‌،كه‌ جیای ده‌كاته‌وه‌ له‌ چیڕۆكی كۆن.كۆن به‌ مانا مۆپاسانییه‌كه‌ی كه‌ تیایدا بونیادی هونه‌ری چیڕۆك، له‌گرێچن و ناوه‌ڕۆك و كۆتایی ڕووداوه‌كان پێكدێت و ڕه‌نگه‌ خوێنه‌ر به‌ ئاسانی له‌ ناوه‌ڕۆكی چیڕۆكه‌كه‌ بگات.به‌ڵام چیڕۆكی نوێ،جۆرێك له‌ ئاڵۆزی ماناو گه‌مه‌ی زمانه‌وانی و مانایی تێدایه‌،كه‌ خوێنه‌ر ناچار به‌ بیركردنه‌وه‌ و ڕامان ده‌كات. ته‌نانه‌ت له‌ هه‌ندێ كاتدا، كه‌ له‌ خوێنه‌وه‌ی چیڕۆكه‌كان ده‌بێته‌وه‌، چه‌ندین لێكدانه‌وه‌ و خوێندنه‌وه‌ی جیاوازی بۆ چیڕۆكه‌كان لادروست بێت.چونكه‌ ڕووداوه‌كان، كاره‌كته‌رو گێڕانه‌وه‌ و ده‌ربڕینه‌كان، هاوشێوه‌ی بینای هونه‌ری چیڕۆكی كۆن نییه‌. بۆیه‌ ئێستا خوێنه‌ر له‌ به‌رده‌م جۆرێكی دیكه‌ی چیڕۆكدایه‌، كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و فۆڕمه‌ باوه‌ی چیڕۆكه‌ كه‌ پێشتر بونیادی هونه‌ری چیڕۆكه‌كانی پێكده‌هێنا. له‌و ڕوانگه‌یه‌شه‌وه‌ كۆمه‌ڵه‌ چیڕۆكی(دنیا سێ پیته‌) یه‌كێكه‌ له‌و كۆمه‌ڵه‌ چیڕۆكانه‌ی، كه‌ به‌ دنیابینییه‌كی جیاوازو ته‌كنیكێكی جیاواز نووسراوه‌. چیڕۆكه‌كان، چ له‌ ڕووی ناوه‌ڕۆكه‌وه‌ بێت، چ له‌ ڕووی كاره‌كته‌رو ڕووداوه‌كانه‌وه‌ بێت، ئاڵۆزو ته‌مومژاوین، كه‌ به‌ ئاسانی هه‌موو خوێنه‌رێك له‌ ناوه‌ڕۆكه‌كه‌یان ناگات. ئه‌مه‌ش ماهییه‌تی چیڕۆكی نوێیه‌ كه‌ چیتر وه‌ك چیڕۆكی كۆن، به‌ خوێندنه‌وه‌یه‌كی ئاسایی، ماناكان به‌ ده‌سته‌وه‌ نادات. لێره‌دا، له‌ چه‌ند لایه‌نێكی ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ چیڕۆكه‌ ده‌دوێین:_

یه‌كه‌م:فه‌نتازیا و خه‌یاڵسازیی ڕه‌گه‌زی فه‌نتازیا، پانتایه‌كی گه‌وره‌ی له‌و ده‌قانه‌ گرتووه‌، به‌ ڕاده‌یه‌ك هیچ كام له‌و چیڕۆكانه‌ نییه‌ بێ فه‌نتازیا بن. گه‌رچی خوێنه‌ر سه‌ره‌تا كه‌ چیڕۆكه‌كان ده‌خوێنێته‌وه‌، وا هه‌ست ده‌كات له‌ به‌رده‌م گێڕانه‌وه‌یه‌كی واقیعی ڕووداوێك، یان وه‌سفی كاره‌كته‌رو شوێنێك دایه‌، كه‌چی له‌ پڕ هه‌موو ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ واقیعییه‌ ده‌گۆڕێت بۆ خه‌یاڵسازییه‌ك ئه‌وسه‌ری دیار نه‌بێت. چیڕۆكنووس ده‌مانباته‌ نێو گێڕانه‌وه‌یه‌كی هێنده‌ سه‌یرو سه‌مه‌ره‌و فه‌نتازی، كه‌ هه‌موو ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ی له‌ سه‌ره‌تای چیڕۆكه‌كانه‌وه‌ بۆ ڕووداوه‌كان هه‌مان بووده‌گۆڕێت. ئه‌و گه‌مه‌ زمانه‌وانی و خه‌یاڵییه‌ی چیڕۆكنووس زیره‌كانه‌ له‌گه‌ڵ خوێنه‌ری ده‌كات، خوێنه‌ر ناچار ده‌كات له‌گه‌ڵ ئه‌ندێشه‌سازیی چیڕۆكنووس بكه‌وێته‌ ڕامان و بیركردنه‌وه‌. بێگومان ئه‌مه‌ش یه‌كێكه‌ له‌ خه‌سڵه‌ته‌ هونه‌رییه‌كانی چیڕۆكی تازه‌ و سه‌ركه‌وتوو. چونكه‌ چیڕۆكی ئێستا، چیتر له‌و فۆڕمه‌ جێگیره‌ نامێنێته‌وه‌ كه‌ تیایدا خوێنه‌ر به‌ خوێندنه‌وه‌یه‌كی ئاسایی، له‌ ناوه‌ڕۆكی ڕووداوه‌كان بگات. به‌ڵكو ده‌بێ بیر بكاته‌وه‌، گومان و پرسیاری لادروست بكات. بۆ خوێنه‌رێكی ئاسایی چیڕۆكی كۆن، ئه‌م ته‌كنیكه‌ ڕه‌نگه‌ ته‌كنیكێكی ئاڵۆز بێت، وه‌لێ بۆ خوێنه‌رێك كه‌ مه‌به‌ستییه‌تی بچێته‌ قووڵایی چیڕۆكه‌كانه‌وه‌،ئه‌م شێوازه‌ له‌ نووسینی چیڕۆك، جێگه‌ی پرسیاركردن و مایه‌ی چێژ وه‌رگرتنه‌. بۆیه‌ كاتێ وه‌ك خوێنه‌رێك ئه‌و چیڕۆكانه‌م خوێنده‌وه‌، نایشارمه‌وه‌ چێژم له‌ بینینی ئه‌و هه‌موو وێنه‌ فه‌نتازیی و خه‌یاڵسازییه‌ی چیڕۆكنووس بینی.دروست كردنی ڕووداوێكی خه‌یاڵی، له‌ نێو واقیعێكی ئاڵۆزو ناشرین و پڕ له‌ ڕووداوی دڵته‌زێندا، بۆ ماوه‌یه‌ك خوێنه‌ر ده‌باته‌ نێو دنیایێكی دیكه‌ و چێژ له‌و جیهانه‌ خه‌یاڵییه‌ وه‌رده‌گرێت.له‌ چیڕۆكی ماكوانی خه‌راماندا، سه‌ره‌تا ئێمه‌ وێنه‌ی كاره‌كته‌رێك ده‌بینین كه‌ ترسنۆك و بوده‌ڵه‌یه‌، گه‌رچی له‌ جه‌سته‌ و شان و شكۆدا، ماكوان له‌ كه‌سێكی ئاسایی ناكات. به‌رده‌وام ده‌خوات و به‌ هیچ تێر نابێت.
ئه‌و مرۆڤه‌، له‌ شێوه‌ و ڕواڵه‌تدا، وه‌ك هه‌ر مرۆڤێكی دیكه‌ی ئاساییه‌، وه‌لێ له‌ هه‌ڵسوكه‌وت و ڕه‌فتارو ژیانكردندا، چیڕۆكنووس وێنه‌یه‌كی داوته‌ ماكوان، به‌ده‌ر له‌ هه‌ر وێنه‌یه‌كی واقیعی. ماكوان به‌ هۆی بێ كاریی و زۆر خۆرییه‌وه‌، باوكی له‌ ماڵ ده‌ریده‌كات. په‌رته‌وازه‌ی سه‌رشه‌قام و كوچه‌ و كۆڵانه‌كان ده‌بێت، ناچاره‌ له‌ پاشماوه‌ی سه‌تڵی خاشاكی ماڵان، خواردن بدۆزێته‌وه‌ و بیخوات. دایكی به‌ خه‌فه‌تی ئه‌و كوڕه‌وه‌ سه‌ر ده‌نێته‌وه‌. ماكوان سه‌ری خۆی هه‌ڵده‌گرێت و ده‌ڕوات و ڕوو له‌ گوندێك ده‌كات، له‌وێ ده‌كه‌وێته‌ به‌رمه‌ترسی گورگه‌كانه‌وه‌، به‌ڵام دواجار گورگه‌كه‌ ده‌كوژێت.ئه‌و ماكوانه‌ی له‌ منداڵێك ده‌ترسا و خه‌ڵك گاڵته‌ی پێ ده‌كرد، دواجار ده‌بێته‌ ئه‌و مرۆڤه‌ی بتوانێت گیاندارێكی به‌ هێزو دڕنده‌ی وه‌ك گورگ بكوژێت.له‌ (چیڕۆكی كه‌لله‌ زراودا) دوای ئه‌وه‌ی شوفێری ته‌كسییه‌كه‌ ژن و مێردێك ده‌باته‌وه‌ ماڵه‌وه‌یان له‌ ژاڵه‌، هه‌ر كه‌ پێ ده‌نێنه‌ ده‌رگای ده‌ره‌وه‌ی ماڵه‌كه‌یان، له‌ پڕخانووه‌كه‌ ون ده‌بێت و نامێنێت. شوفێری ته‌كسی كه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ نێو شار، له‌ ڕێگه‌دا ڕێكه‌وتی دووبوونه‌وه‌ری سه‌یرو سه‌مه‌ره‌ ده‌كات كه‌ ته‌واو جیاوازن له‌ خه‌ڵكی شار. له‌ (چیڕۆكی منداڵه‌كه‌ی زامبییادا) زامبییا منداڵێكی ده‌بێت سه‌ری نییه‌، به‌ڵام قسه‌ ده‌كات،له‌ (چیڕۆكی دڵم ده‌له‌رزی)پاڵه‌وانی چیڕۆكه‌كه‌ له‌ ناو هه‌ور وێنه‌ی دێوو درنج ده‌بینێت، كه‌ ده‌میان ئه‌وه‌نده‌ گه‌وره‌یه‌ فیلی تێ ده‌چێت. به‌گشتی له‌ هه‌موو چیڕۆكه‌كاندا ڕه‌گه‌زی فه‌نتازییا زاڵه‌ و وێنه‌كان هاوشێوه‌ی وێنه‌یه‌كی سوریالییان لێ دێت كه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی تێگه‌یشتن و ڕوانینی ئێمه‌ن.بڕواناكه‌م هیچ چیڕۆكنووسێك له‌و نه‌وه‌یه‌دا، هێنده‌ی ئه‌م چیڕۆكنووسه‌، بایه‌خی به‌ فه‌نتازییا دابێت، كه‌ بێگومان ئه‌مه‌ش ستایلێكی نوێیه‌ و دابڕانێك له‌ نێوان، خۆی و ئه‌وانی تر دروست ده‌كات. دووه‌م:وه‌سف
یه‌كێك له‌ جوانترین ڕه‌گه‌زه‌ هونه‌رییه‌كانی ئه‌م كۆمه‌ڵه‌ چیڕۆكه‌، وه‌سفه‌. بێگومان وه‌سف، هۆكارێكه‌ بۆ ناسینه‌وه‌ و پیشاندانی وێنه‌ و ڕووداو و كاره‌كته‌ره‌كان به‌ خوێنه‌ر. وه‌لێ له‌ به‌شێكی زۆری چیڕۆك و ڕۆمانی كوردیدا، گه‌لێك جار وه‌سف هاوتای ڕووداوه‌كان و كاره‌كته‌ره‌كان نابێت و بگره‌ هاودژو پێچه‌وانه‌ی یه‌كتریشن. یاخود نووسه‌ر ناتوانێت وه‌سفێكی هونه‌رییانه‌ی وا بكات، كه‌ ببێته‌ جێگه‌ی سه‌رنجی خوێنه‌ر. له‌و ماوانه‌دا چیڕۆكی كه‌سێكم خوێنده‌وه‌، ته‌نها له‌دوو دێڕدا ئه‌مه‌ی نووسیوه‌:( خوشكه‌كه‌م له‌ به‌ر تاریكی كه‌وته‌ خه‌وه‌وه‌، كه‌چی هه‌ر له‌ درێژه‌ی ئه‌و وه‌سفه‌دا ده‌ڵێت: مانگه‌ شه‌وێكی وابوو، هه‌موو شتێكمان ده‌دیت).ئه‌گه‌ر سه‌یری ئه‌و گوزارشتكردنه‌ بكه‌ین، ده‌بینین كه‌ بنووسی چیڕۆكه‌كه‌ چۆن كه‌وتۆته‌ هه‌ڵه‌وه‌.به‌ڵام له‌ كۆمه‌ڵه‌ چیڕۆكی دنیا سێ پیته‌،وه‌سف هاوته‌ریبی ڕه‌گه‌زه‌كانی تره‌.
بۆنموونه‌: ماكوان كه‌سێكی زۆر خۆره‌، به‌رده‌وام ده‌خوات و گه‌ده‌ی تێر نابێت،.چیڕۆكنووس له‌ وه‌سفی ماكوانی خه‌راماندا ده‌نووسێت:(ئێسقان پان، مه‌چه‌ك ئه‌ستوور و كه‌لله‌ زل،پارچه‌ ئێسكێكی گه‌وره‌ بوو،ده‌سته‌ زله‌كه‌ی هه‌ڵمه‌تی ده‌ بۆ دوانزه‌ كه‌وچكی هه‌بوو،ڕۆنی بنی مه‌نجه‌ڵی وه‌كو ئاو ده‌خوارده‌وه‌،له‌فه‌ی گه‌سی به‌ كاغه‌زه‌وه‌ ده‌خوارد). لێره‌دا، ئێمه‌ له‌ به‌رده‌م وه‌سفی كاره‌كته‌رێك داین، كه‌ هه‌ڵسوكه‌وت و ڕه‌فتاره‌كانی، هاوگونجاون له‌گه‌ڵ ئه‌و وه‌سفه‌ی چیڕۆكنووس بۆی كردووه‌ كه‌ ماكوان چ كه‌سێكی زۆر خۆر بووه‌.له‌ چیڕۆكی منداڵه‌كه‌ی زامبییادا، چیڕۆكنووس زۆر به‌ وردی وه‌سفی مرۆڤێك ده‌كات كه‌ بێ كاره‌ و له‌ ماڵ دانیشتووه‌. ئه‌و ڕه‌چاوی ئه‌و بارودۆخه‌ ده‌روونی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ی كردووه‌،كه‌ كه‌سانی بێ كار تێیدا ئه‌ژین له‌ ڕووی ده‌روونی و كۆمه‌ڵایه‌تی و خێزانی.له‌چیرۆكی (به‌ڵای سه‌رشین)دا،كاتێ ئاریۆس پاڵه‌وانی چیڕۆكه‌كه‌ ڕاده‌كات بۆ شاری كه‌ركوك، چیڕۆكنووس به‌ شێوه‌یه‌ك وه‌سفی شه‌قام و كوچه‌ و كۆَلان و گازینۆ و چێشتخانه‌ و شوێنه‌ تایبه‌تی و گشتییه‌كانی كه‌ركوك ده‌كات،وه‌ك ئه‌وه‌ی نووسه‌ر خۆی ئاریۆس بێت.
ئه‌م هه‌موو ورده‌كارییه‌ له‌ وه‌سف، جۆرێك له‌ ئستاتیكای به‌ گێڕانه‌وه‌ی ڕووداوه‌كان داوه‌. وێرای ئه‌مه‌ش، گه‌لێك جار له‌و وه‌سفه‌دا، هه‌ست به‌ شیعرییه‌تی گێڕانه‌وه‌و ده‌ربڕین ده‌كه‌ین وه‌ك ئه‌وه‌ی شیعرێك بخوێنینه‌وه‌. بۆنموونه‌:(خه‌م و جه‌فا له‌ بیر بكه‌م كه‌یف و سه‌ف بكه‌م لا145) یاخود(ورچه‌كه‌ ده‌بۆ بوو، له‌ فیل زل و قه‌به‌تر بوو،حه‌وترینگه‌ خۆی بوو،پیاو چ پیاو گای بنه‌بوو لا153). هاوكات به‌ درێژایی لاپه‌ڕه‌ 141ی كتێبه‌كه‌، له‌ وه‌سفكردنی سیدرادا،له‌ به‌رده‌م گێڕانه‌وه‌یه‌كی هونه‌رییانه‌ی جوانداین، وه‌ك ئه‌وه‌ی په‌خشانێك، یاخود شیعرێكی ئازاد بخوێنینه‌وه‌ وایه‌.
سێیه‌م:زمان یه‌كێكی دیكه‌ له‌لایه‌نه‌ جوانه‌كانی ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ چیڕۆكه‌، زمانه‌.زمانی نووسینی چیڕۆكه‌كان، زمانێكی چڕ، ئاڵۆز ماناداره‌، هاوكات له‌ فۆڕمدا ساده‌یه‌. من كاتێ ئه‌و چیڕۆكانه‌م خوێنده‌وه‌، دركم به‌وه‌ كرد كه‌ محمود نه‌جمه‌ددین، یه‌كێكه‌ له‌و چیڕۆكنووسانه‌ی كه‌ توانایه‌كی باشی له‌ ڕووی زمان و ده‌ربڕینه‌وه‌ هه‌یه‌، به‌ بێ ئه‌وه‌ی جۆرێك له‌ درێژدادڕیی و دووباره‌كردنه‌وه‌ی وێنه‌كان ببینین.له‌ چیڕۆكی ماكواندا، چیڕۆكنووس به‌ جۆره‌ها شێوه‌ وه‌سفی ئه‌و كاره‌كته‌ره‌ ده‌كات، وه‌لێ دواجار هه‌موو ئه‌و سیفه‌ته‌ جیاوازانه‌ له‌ ڕووی زمان و ده‌ربڕینه‌وه‌، گوزارشت له‌ كه‌سیه‌تی ماكوان ده‌كه‌ن.چیڕۆكنووس له‌ كۆی ئه‌و چیڕۆكانه‌دا، به‌ زمانێكی چڕ ڕووداوه‌كان باس ده‌كات. زمانێكه‌، كه‌ له‌ ڕووی پێكهاته‌ی زمانه‌وانی و وشه‌سازییه‌وه‌، چه‌ندین وشه‌و ده‌ربڕین و گوزارشتكردن له‌ خۆ ده‌گرێت. وێرای ئه‌مه‌ش، هه‌مان ئه‌وزمانه‌، جۆرێك له‌ شیعرییه‌ت و گێڕانه‌وه‌ی تێدایه‌، كه‌ چێژێكی دیكه‌یان به‌ ده‌قه‌كه‌داوه‌. چواره‌م:ناوونیشان و ناوی كاره‌كته‌ره‌كان:
به‌ گشتی ناونانی كاره‌كته‌ره‌كانلای ئه‌م چیڕۆكنووسه‌، جێگه‌ی له‌ سه‌ر وه‌ستانه‌. ناوی كاره‌كته‌ره‌كان ناوی باو نین، به‌ڵكو ناوێكن كه‌ زۆر جار نامۆشن به‌ زمانی ئێمه‌. چ ناونیشانی ئه‌م كۆمه‌ڵه‌ چیڕۆكه‌، چ ناونیشانی چیڕۆكه‌كانی ناوی، ناونیشانی كورت، سه‌رنج ڕاكێش و نامۆن. واتا چیڕۆكنووس تاڕاده‌یه‌كی زۆر له‌ بازنه‌ی ئه‌و ناوه‌ سواوانه‌ ده‌رچووه‌ كه‌ ڕه‌نگه‌ له‌چیڕۆك و ڕۆمانی كوردی به‌رده‌وام بیانبینین.كورتكردنه‌وه‌ی دنیا، به‌و هه‌موو بوونه‌وه‌رو پێكهاته‌ زیندوو نازیندووانه‌،به‌و هه‌موو پێكهاته‌ سرووشتی و جوگرافی و مرۆییانه‌، له‌ سێ پیتدا، به‌لای منه‌وه‌ وه‌ك خوێنه‌رێك، ناونیشانێكی جوان و سه‌رنج ڕاكێشه‌. هه‌میشه‌ بۆ من وه‌ك خوێنه‌رێك، ناونیشان ئه‌و ئه‌لقه‌یه‌ كه‌ به‌ ده‌قه‌كانمه‌وه‌ گرێده‌دات. بۆیه‌ ناونیشانی ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ چیڕۆكه‌ش لای من جێگه‌ی سه‌رنج و پرسیاربوو، كه‌ دنیا چۆن سێ پیته‌؟ چیڕۆكنووس له‌و ناونیشانه‌ ده‌بێ مه‌به‌ستی ئاماژه‌دان به‌ په‌روه‌ردیگار نه‌بێت كه‌(خوا)یه‌و ته‌نها له‌ سێ پیت وه‌ك نووسین پێكهاتووه‌ و دنیای دروست كردووه‌؟بۆیه‌ هه‌ڵبژاردنی ناونیشانی جیاواز، كورت و پوخت و مۆزیكی، سیمایه‌كی هونه‌رییانه‌ی جوانی ده‌قه‌. ناونیشانی باو، هیچ داهێنان و جوانییه‌كی تێدا نییه‌.هاوكات ناونیشانی كاره‌كته‌ره‌كانیش ناونیشانی جوان، كورت و مۆزیكین كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و ناوه‌ باوانه‌ن كه‌ ڕه‌نگه‌ به‌رده‌وام له‌ چیڕۆك و ڕۆمانی كوردی دووباره‌ ببنه‌وه‌. بۆ نموونه‌ ناوی كاره‌كته‌ره‌كانی ئه‌و چیڕۆكانه‌، ناوی سه‌رنج ڕاكێشن وه‌ك:(ماكوان/ئاڤار/به‌مۆ/سیدرا/ئاریۆس/زامبییا/جیبۆ/ڕێناس). ئه‌م ناوانه‌، ناوی سنووردارو ده‌گمه‌نن له‌ كۆمه‌لگه‌ی ئێمه‌دا، ئه‌م ناوانه‌ له‌و جۆره‌ ناوانه‌ن كه‌ گۆكردنیان، ئاسان و مۆزیكییه‌ له‌ ڕووی زمان و ده‌ربڕینه‌وه‌. به‌ڵام لێره‌دا به‌ ته‌نها كاره‌كته‌ره‌كان گرنگ نین، به‌ڵكو گونجاندن و پێدانی ڕۆلیش پێیان گرنگه‌، كه‌ به‌رده‌وام به‌شێكی زۆر له‌ ڕۆماننووس و چیڕۆكنووسانی ئێمه‌ له‌م ڕووه‌وه‌ ده‌كه‌ونه‌ هه‌ڵه‌وه‌. كاتێ ناتوانن كاره‌كته‌ره‌كان له‌گه‌ڵ ڕۆڵه‌كان بگونجێنن. له‌ چیڕۆكی (به‌لاقی موفه‌ره‌ح ڕاده‌كات) چیڕۆكنووس باسی كه‌سانێك ده‌كات، كه‌ هیچ له‌ زمانییان نازانێت.ئه‌وان به‌ زمانێك ده‌دوێن، جیاوازه‌ له‌ زمانی مرۆڤ، وه‌ك خۆی ده‌ڵێت:(ئه‌و خه‌ڵكه‌ به‌ زمانێكی نامۆ قسه‌ ده‌كه‌ن،قیقالمقیقژقیلژقلا). ئه‌مه‌ زمانی ئه‌و كه‌سه‌ نامۆیانه‌یه‌، كه‌ كه‌س نازانێت مانای چییه‌. بێگومان چونكه‌ چیڕۆكنووس باسی كه‌سانێكی نامۆ ده‌كات، ده‌بێ زمان و بیركردنه‌وه‌ و تێڕوانینیشیان له‌گه‌ڵ ناسنامه‌ی كه‌سییان یه‌كبگرێته‌وه‌. من كاتێ ئه‌و چیڕۆكه‌م خوێنده‌وه‌، وام هه‌ست كرد له‌ نێوه‌ هۆزه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی ئه‌مه‌زۆندام. ئه‌وه‌نده‌ كاره‌كته‌رو گێڕانه‌وه‌كان سه‌یرو سه‌مه‌ره‌ بوون.(كه‌سه‌كان چوار ده‌ست و سێ قاچیان هه‌یه‌،زمانییان به‌ قه‌د گه‌زێك درێژه‌،سه‌رزه‌مین نییه‌،پیاوه‌كان چوار چاو و دووگلێنه‌یان هه‌بوو،هه‌ر گلێنه‌ی ڕه‌نگێك بوو، قه‌زه‌مێك له‌ نێویان بوو، له‌ پڕ ئه‌وه‌نده‌ كشا، باڵای به‌قه‌د دار چنارێك لێهات).بێگومان كه‌ مرۆڤه‌كانی ئه‌م شوێنه‌ به‌و شێوه‌یه‌ سه‌یرو سه‌مه‌ره‌ بن، ده‌بێ زمانه‌كه‌شییان زمانێكی غه‌ریب و نا ئاشنا بێت كه‌ كه‌س تێی نه‌گات.

پێنحه‌م:_ته‌كنیكی چیڕۆك له‌ نێو چیڕۆك.
وه‌كو خوێنه‌رێك،ئه‌وه‌نده‌ی چیڕۆكه‌كانی محمود نه‌جمه‌دینم خوێندبێته‌وه‌ و سه‌رنجم دابن، بڕواناكه‌م هیچ چیڕۆكێكی ئه‌و چیڕۆكنووسه‌ هه‌بێت كه‌ له‌ دووتوێیدا چیڕۆكێكی دیكه‌ دروست نه‌كات. زۆرجار خوێنه‌ر كه‌چیڕۆكێكی ده‌خوێنێته‌وه‌، له‌گه‌ڵ ڕووداو وگێڕانه‌وه‌كان ئاوێته‌ ده‌بێت و له‌ چاوه‌ڕوانی كۆتایی هاتنی ڕووداوه‌كان دایه‌، كه‌چی له‌ پڕ چیڕۆكێكی دیكه‌ له‌ دووتوێی ئه‌و چیڕۆكه‌وه‌ ده‌گێڕێته‌وه‌ و هزری خوێنه‌ر سه‌رقاڵ و په‌ڕش و بڵاو ده‌كات. ئه‌م ته‌كنیكه‌، جۆرێكه‌ له‌ گه‌مه‌ی چیڕۆكنووس له‌ ڕووی گێڕانه‌وه‌ و خوڵقاندنی ڕووداو له‌گه‌ڵ خوێنه‌ردا. وه‌ك ئه‌و وایه‌، له‌ یه‌ك كاتدا،چه‌ند تۆپێك بۆ چه‌ند ئاراسته‌یه‌كی جیاواز فڕێ بده‌ین، كه‌چی نه‌زانین به‌ شوێن كامه‌ تۆپ بكه‌وین.چیڕۆكه‌كانی ئه‌م چیڕۆكنووسه‌ش به‌م شێوه‌یه‌ن. بۆ نموونه‌:له‌چیڕۆكی (كه‌له‌زراودا) وه‌ك هه‌ر گێڕانه‌وه‌یه‌كی دیكه‌، باسی شوفێرێكی ته‌كسی ده‌كات كاتێك ژن وپیاوێك داوای لێ ده‌كه‌ن، بیانگه‌یێنێته‌ شوێنێكی دیاریكراو، تا ئێره‌ ئێمه‌ له‌ به‌رده‌م چیڕۆكێك داین، كه‌چی دوای ئه‌وه‌ی ژن و پیاوه‌كه‌ داده‌به‌زن، دووبوونه‌وه‌ری سه‌یر، له‌ شێوه‌ی مرۆڤی بچووك، وه‌ك تیمه‌یه‌كی دیكه‌ دێنه‌ نێو چیڕۆكه‌كه‌ و خه‌یاڵی خوێنه‌ر ده‌گوازنه‌وه‌ سه‌ر خۆیان.ئه‌م شێوازه‌ له‌ تێكه‌ڵكردنی ڕووداوه‌كان، جۆرێك له‌ هاوبه‌شی له‌ نێوان چیڕۆكنووس و خوێنه‌ر دروست ده‌كات، كه‌ ئه‌ویش به‌شداری ڕووداوه‌كان بكات و لێكدانه‌وه‌یان بۆ بكات.وێرای ئه‌مه‌ش، كۆتاییه‌كی كراوه‌یه‌، كه‌ ده‌شێ چیڕۆكه‌كه‌ به‌ فۆڕمێكی دیكه‌ و گێڕانه‌وه‌یه‌كی جیاواز به‌رده‌وامی هه‌بێت.
ئه‌م گه‌مه‌ی ته‌كنیكییه‌، ڕه‌نگه‌ بۆ خوێنه‌رێكی ئاسایی قورس و ئاڵۆزبێت، ڕه‌نگه‌ بپرسێت ئه‌و چیڕۆكه‌ چ مانایه‌كی هه‌یه‌؟ وه‌لێ بۆ خوێنه‌رانێك كه‌ سه‌ودا و خوێنه‌وه‌ی چیڕۆكییان هه‌یه‌، مایه‌ی چێژ لێ وه‌رگرتنه‌. چونكه‌ وه‌ك باسمان كرد، خوڵقاندنی جیهانێكی فه‌نتازی، له‌ نێو واقیعێكی باودا، جوانییه‌ك به‌ گێڕانه‌وه‌ ده‌دات.ئه‌مه‌ له‌لایه‌ك له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، ئه‌گه‌ر چیڕۆكنووسێك مه‌به‌ستی بێت جیاواز بكه‌وێته‌وه‌ له‌ ئه‌وانیتر، ئه‌وا بێگومان ده‌بێ جیاوازیش بنووسێت. ئه‌و سه‌رده‌مه‌ به‌ سه‌ر چوو، چیڕۆك وه‌ك ژانرێك ته‌نها به‌ خوێنه‌وه‌یه‌كی ئاسایی، هه‌موو ماناكان به‌ده‌سته‌وه‌ بدات.به‌ڵكو بیركردنه‌وه‌ی خوێنه‌ر، گه‌مه‌ی چیڕۆكنووس و په‌یوه‌ندی به‌ هزری خوێنه‌ره‌وه‌، ڕۆڵ ده‌بینن له‌ خوێندنه‌وه‌ و تێگه‌یشتن له‌ مه‌غزاكانی چیڕۆكێك.چونكه‌ ده‌بێ بزانین چیڕۆك حیكایه‌ت نییه‌ تاكو له‌ میانه‌ی گێڕانه‌وه‌یدا، بگێڕه‌وه‌ هه‌موو شتێكمان بۆ باس بكات و هیچ نهێنییه‌ك نه‌هێڵێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بیری لێ بكه‌ینه‌وه‌ و پرسیار بكه‌ین. هه‌ر ئه‌مه‌شه‌ چیڕۆك وه‌ك هونه‌رێكی نوێ، له‌ حیكایه‌ت و ئه‌فسانه‌ جیا ده‌كاته‌وه‌ كه‌ هونه‌رێكی كۆنن.له‌ نێو چیڕۆكیشدا ده‌بێ چیڕۆكنووس به‌ ستایلێك بنووسێت، له‌ ئه‌وانیتر نه‌چێت. بڕوام وایه‌ وه‌ك خوێنه‌رێك، دنیا سێ پیته‌ له‌ ئه‌زموونی هیچ چیڕۆكنووسێك ناچێت، خودی نووسه‌ر خۆی نه‌بێت.من چێژم له‌ خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ چیڕۆكه‌ بینی، كه‌ خوێنه‌ر له‌ نێو ئه‌و هه‌موو فه‌نتازییاو ته‌كنیكی گێڕانه‌وه‌ و ڕووداوه‌ سه‌یروئاڵۆزانه‌، ون ده‌كات وده‌چێته‌ نێو دنیایێكی دیكه‌، كه‌ دنیای تایبه‌تی چیڕۆكه‌.

——————————————————

*په‌راوێز: دنیا سێ پیته‌،كۆمه‌ڵه‌ چیڕۆك،نووسینی: محمود نه‌جمه‌ددین، بڵاوكراوه‌ی:چاپه‌مه‌نی خانی_2019.

*ئه‌م بابه‌ته‌، له‌ ئه‌ده‌ب و هونه‌ری كوردستانی نوێ، ژماره‌ی ڕۆژی پێنچ شه‌ممه‌ ڕێكه‌وتی 10/9/2020 بڵاوكراوه‌ته‌وه‌…

بۆ خوێندنەوەی بابەتەکانی تری نووسەر کلیکی ئێرەبکەن




داری زڕی چاوەڕوانی … شیعر/ کاوە عوسمان عومەر

چاوەڕوانی دارێکی ژەهرینە،،
زیندانی کردنێکی خۆبەخۆیە،،
دەستاڕێکی زەبەلاحە..
هەر چرکەیە و..
پەیکەری بەردینی بوون،،
ئەهاڕێ‌،،
چاوەڕوانی هەورێکی..
ئاوس بە پشکۆو پۆڵای تواویە،،
سۆمای کراوەی تەمەن ..
کون کون ئەکا،،
چاوەڕوانی…
ئاوی ڕەشی بێهودەییە،،
وێنەی سەرابی عیشقیک..
لەسەر پە نجەرەی بەرائەت،،
ئەشواتەوە،،
چاوەڕوانی…
جازێکی ناسازە،،
کۆترە سپیەکانی بیرەوەری،،
هەڵئەفڕێنێ،،
چاوەڕوانی ئافرەتێکی…
جادوگەری مەرگپۆشە..
تەور بەدەستە،،
دەسکە گوڵە ڕیحانەی …
ڕۆح هەڵئەپاچێ..
چاوەڕوانی،،
پیاوێکی ڕوخسار گورگە،،
بە چنگە ڕەشە خوێنلێتکاوەکانی..
ملی ئاسکە پەمەیەکانی..
ژوان ئەچڕێ،،
مارێکی سپی چاو سوورە، چاوەڕوانی،،
ناهێڵی پەنجەکانی ئەڤین بگەنە ..
سێوە پەمەیەکانی..
نێو سەبەتەی عیشق،،
چاوەڕوانی …
نەهەنگێکە نیوە مردوو،،
لەسەر قەراغی زەریای تەنیایی،،،
چاوەڕوانی..
نەگەیشتنە..
لەسەفەرێکا،،
بەرەو شاری کات،،
چاوەڕوانی گوریسێكی چڵکنە،،
بە قۆچی ئاژەڵی..
ترسناکی مەرگەوە بەستراوە،،،
لە ملا ئاڵاوە،
چاوەڕوانی کێکێکی ژەهراویە،،
لەسەر مێزی پلانی دوێنێ و..
ئەمڕۆو سبەینێکان دانراوە،
چاوەڕوانی..
سەربازێکە لە مۆڵگەیەکی دوور،،
نیشانە لە دڵ ئەگرێتەوە، چاوەڕوانی…
شەمەندەفەرێکە،،
لە ناو قوڕ چڵپاوو لیتەی ..
وەرزە تێپەڕیوە ووشک و..
بێ فڕەکانا چەقیوە،،
چاوەڕوانی…
هاوارێکی ترسناکە…
لە چۆڵەوانی گەردونێکی بێ سۆز..
و بێ ئاگاو داڕوخاوا،،
چاوەڕوانی بیرچونەوەیە،،
لەوەی
شنەبایەک هەیە،،،
زەردەپەڕێک لە باڵی…
پەپولەیەکا خۆی حەشارەداوە، ئەستێرەیەک…
نوقم لە گۆمێکی مەنگ لە مانگە،،،
چاوەڕوانی…
کەرەنتینی دڵە،
گەڕانەوەیە…
بۆ نێو ئەشکەوتە ڕەشە مەزنەکانی فەنا..
چاوەڕوانی…
خەوتنێکە…
لەسەر دەرزی و پشکۆ،،
سەمایەکە،،
لە سروتی یاری هییچا

———————————

وێنەکە کارێکی هونەری فۆتۆگرافەری ئەڵمانی
( S. Hermann. F. Richeter)
بە سوپاسەوە لە پەیجی فەرمی خۆی وەرگیراوە




مانیفێستی عەشق… بەشی حەڤدە… تێکست: ستیڤان شەمزینی

من پیاوێکم وەک باران ئەبارێمە سەر رۆحت

تۆش لەناو دڵتا ئەشقێکی شێت ئەدوریتەوە



ئەو رۆژەی من ئەمرم و بۆ ئەبەد ئاوا ئەبم

ئیتر چیدی لە ئاسۆوە خۆری ئەشق هەڵنایە




هەر کات ویستت لە خۆتم دوورخەیتەوە

نیشانە لە جەرگ و دڵی خۆت بگرەوە




چارەیەکم نییە هەر ئەبێ دوای ئەشقت بکەوم

چوون هەموو پردەکانی گەڕانەوەم خاپوور کردووە




وەک پرۆمیسیۆس ئاگرم لە ماڵی ئەشق دزی

تا ئاوڕم دایەوە تەنێ کۆیزوخاڵەکەم مایەوە



بیر و هۆش بەکارمەهێنە چوونکە ئاشقین

ماتماتیکی ئەشق دڵ تێی ئەگات نەک مێشک


وەرە ئەم تەنهاییە سامناکەم پڕبکە لە ئەوینت
وەرە ئەم کابووسەم پڕ بکە لە تریفەی خۆت


وەرە ئەم دەریا مردووەی دڵم پڕبکە لە شەپۆل
وەرە ئەم خەیاڵەم تەژی بکە لە ئەفسوونی خۆت


گەر هاتم لە شیعرێکی نوێدا پیت بە پیت ئەتنووسمەوە
تەنها لە خەڵوەتی ئەشقماندا، بۆ تۆی ئەخوێنمەوە


گەر تۆ بێی، بێڕەنگی ئێستام ئەبێتە زەخرەفەی رەنگ
گەر من بێم دەست ئەگرم بۆ سەر تاڤگەی روونی ئەشق


گەر هاتی پەنجەکانت ئامادەکە بۆ ژەنینی تەمبوری دڵم
گەر هاتم بزانە هەنگاوەکانم لەگەڵم نایەنەوە بۆ رۆشتن


من بۆ تۆم، دنیاش بۆ هەموو خەڵک
تۆش بۆ من بە، با دنیا ببێتە موڵکی خۆم


وەرە تاسەی ئەشقت لە دڵی منا بشکێنە
بەڵێن بێ، دێم خەمی دووریت ئەکەم بە هۆنراوە


وەک تابلۆیەک ئەتگرمە چوارچێوەی شیعرم
مینا کارمامزێکی بریندار توند بمگرە باوەشت


لێوت بە شەرابی لێوم، سوور سوور بکە
تا دڵم پڕ پڕ بێ، لە بۆنی خۆشی هەناسەت


وەک دەریاوانێک راوی توڕەترین شەپۆلم ئەکرد
کەچی ئەشقت ئەمجارە سەرکەشیی راو کردم


بە ماچێک منت خستە ناو بەهەشتی خۆت
منیش بە شیعرێک تۆم بردە ماڵی ئیرۆس


ستوكهولم – سولنا




دوو شیعری نەوزاد بەندی

ژیانێک لە مردن

نەمئەزانی
فێری فڕینم ئەکەیت و ،
لە نیوەی ڕێ ،
باڵم ئەنێری بۆ مقەست ..
فێری گەڕانم ئەکەیت و
لە پێچێکدا ،
ئەمخەیتە ناو هەڵدێرێک و
ناویشم لێ ئەنێی بنبەست ..

بیشمزانیایە ، هەر وا بوو ..
هەر قەزا و
قەدەری خوا بوو ..

لێرە کەس جوڵەی بۆ ناکا ،
هەرچی ڕووبا ، لە خواوەیە ..
چاوەڕوانن چاکی بکا ..
هەر خۆی گەورەی ئەو ناوەیە ..

—————————————————

جەنگی سارد

هەرشتێ
تۆم
بیرخاتەوە ،
گەرنووسراو بێ ، ئەیسڕمەوە
گەر چێنراو بێ ، ئەیبڕمەوە ..

گەر گوڵ بێ ، هەڵیئەوەرێنم
گەر دڵ بێ ، ڕایئەوەستێنم

باڵندە بێ ، هەردوو باڵ و
دەنووک و
نینۆکی ئەکەم
فەیس بوک بێ ، بلۆکی ئەکەم..




هـاوڕێـی پـەپـوولـە … محەمەد بەرزی

هاوڕێکەم پەپوولەیە
لە ناو گوڵ و خونچەیە

باڵی جوان و نەخشینە
خاڵخاڵی سور و شینە

منی زۆر زۆر خۆشدەوێ
هەر بۆیە دوامدەکەوێ

لە دەورم دەخولێتەوە
دڵم دەگەشێتەوە

بە گۆنای سور و ئاڵم
وا دەزانێ من گوڵم

لە ڕوومەتم دەنیشێ
ختووکەم دێ و نایەشێ

١ / ١٠ / ٢٠٢٠




سەرهەڵدانی بیرۆکەی ئایین لە دیدی سەلامە موساوە … ئەردەڵان عەبدوڵڵا

میسر لە سەدەی نۆزدە و بیستدا، بووبوە مەڵبەندێکی گەورەی رۆشنگەری عەرەبیی و ئیسلامیش، دیارە ئەمەش بەهۆی بوونی کۆمەڵێک بیرمەند و رووناکبیری گەورەوە بوو، کە رۆڵی سەرەکیان گێڕا لە بووژانەوەو پێشخستنی فکری پێشکەوتخوازی لە گێتی عەرەبی و ئیسلامیدا، یەکێکیش لەو رووناکبیرە گەورانە « سەلامە موسا» بوو.

سەلامە موسا لە ساڵی 1887 لەدایک بووەو لە ساڵی 1958 کۆچی دواییکردووە. ئەو رۆژنامەنووس، چالاکوانی مەدەنی، جگە لەوەش رووناکبیرو نووسەرێکی مەزنیش بوو، بەتایبەتی لە بواری پێشخستن و بڵاوکردنەوەی فکری پێشکەوتخوازیی و سۆسیالیزمدا، قەڵەمێکی بەتوانا و پڕ بەرهەم بوو.

سەلامە موسا لە ژیانیدا کۆمەڵێک کتێبی لە بواری فکری چەپ و پێشکەوتنخوازیدا هەبووە، یەکێکیش لەو کتێبانەی « سەرهەڵدانی بیرۆکەی خودا « یە ، ئەم کتێبە لە لایەن کاک سەرهەنگ سەرکەوت کراوەتە کوردیی و لە لایەن ناوەندی رەهەندەوە چاپ و بڵاوکراوەتەوە.

ئەم کتێبە لێکۆڵینەوەیەکی زانستیانەیە لە بارەی چۆنێتی دروستبوونی ئایینەکان لە جیهاندا و کاریگەری ئەفسانەکان بەسەریانەوە، لە کۆتایشدا باسی چۆنێتی سەرهەڵدان و بڵاوبوونەوە گەشەسەندنی ئاینی مەسیحی دەکات لە جیهاندا.

ئایین
کرۆکی سەرەکی ئەم کتێبە شرۆڤەکردن و لێکۆڵینەوەیە لە بارەی ئایینەوە، نووسەر هەوڵیداوە بەدوای رەگوریشە و هۆکاری دروستبوونی ئایینەکان لە جیهاندا بگەڕێت، بۆ ئەمەش پشتی بەسەرچاوە مێژووییەکان و کارە زانستییەکان بەتایبەتی لە بواری ئەنترۆپۆلۆژیدا بەستووە.

نووسەر لە سەرەتای کتێبەکەیدا پێناسەیەکی تایبەت بۆ ئایین دەکات و دەڵێت:
ئایین بریتییە لە هێزێکی لەڕادەبەری – میتافیزیکی – دەرەوەی یاساکانی سروشت، کە مرۆڤ ڕێزی گرتووەو پەرستوویەتی.. ل21

ئایینەکان و ئەفسانە

زۆرێک لە مێژوونوس و سۆسیۆلۆژی و نووسەرانی بواری میتۆلۆژی» ئایینزانی» لەو باوەڕەدان کە ئایینەکان سەرچاوەیان دەگەڕێتەوە بۆ ئەفسانە کۆنەکان، لێ سەلامە مووسا دژی ئەم بۆچوونە دەوەستێتەوە و خاوەنی تێزی خۆیەتی.

لەمبارەیەوە دەڵێت:

_وتراوە ئایینەکان لە ئەفسانەکانەوە سەریان هەڵداوە،بەڵام ئەمە هەڵەیە، چونکە ئەفسانەکان تەنیا کۆمەڵە چیرۆکێکن، زیادەڕۆییان تێداکراوەو کۆمەڵێک گێڕانەوەن، لەبارەی ئەو کەسانەی کە مردوون و گیانیان پەرستراوە . ئەفسانە هیچ ڕیشەیەکی لەناو ئاییندا نییە. ل 22

ئەو بە پێچەوانەوە پێی وایە ئایینەکان لە پەرستنی گیانی مردووەکانەوە سەرچاوە دەگرێت.

ئایین و پەرستنی گیانی مردووەکان

نووسەر پێی وایە سەرچاوەی ئایینەکان لە پەرستنی گیانی مردووەکانەوە بووە، لەوانەبێت مردووەکان کەسێکی ناودار یان دەستڕۆیشتوی ناو خێڵکان بوو بێت، لێرەشەوە بیری قووربانی و پاشانیش ئایین سەرچاوەی گرتووە.

لەمبارەیەوە نووسەر دەڵێت:

_سادەترین شێوەی ئایینەکانی ئێستا لای وەحشییەکانن، کە لە هەندێک نەریت زیاتر نییە و مەبەستیان لێی رێزگرتنی کەسانی مردووە. ئەوان جیاوازی لە نێوان گیانی مردوو و خودایەکی دروستکەردا ناکەن. هەندێك لە خێڵەکانی کۆمبامە لە ئەفریقا، لە شوێنێکدا گیانی مردوو دەپەرستن، کە خاوەن گیانەکە لە پێش مردنیدا تێیدا نیشتەجێ بووە، ئەگەر مردووەکە کەسێکی گەورە بوو بێت، بیروباوەڕیان وابووە گیانەکە لە شاخێک یان لە پەڵە هەورێکدا نیشتەجێ بووە، بە چەشنێک ئەگەر بەلایاندا رۆیشتبان، دەیانپەرست و داوای بارانیان لێ دەکردن. بە قووربانیکردن و نوێژکردن لەسەر گۆڕەکەی،گیانی کەسە مردووەکەیان لە خۆیان ڕازیکردووە، لێرەشەوە لە قووربانیکردن و نویژکردن تێدەگەیت. ل 21

نووسەر دواتر دەڵێت:

_پەرستنی گیانی پێشینان پێش پەرستنی خوداوەندەکان بووە. ل62

بت پەرستی

نووسەر پێی وایە کە فکرەی بت پەرستیش لە پەرستنی گیانی مردووەکانەوە سەریهەڵداوە. سێ بەڵگەش دەهێنێتەوە بۆئەوەی کە ئایینەکان لە پەرستنی گیانی مردووەکانەوە پەیدابوون، لەمبارەوە دەڵێت:

1 /ئەو پەرستگایانەی لە بنەڕەتدا گۆڕ بوون و شوێنی پێشكەشكردنی خواردن بوون.
2/ ئەو بتانەی لە بنەڕەتدا، خودی مردووە مۆمیاکراوەکە بوون، کاتێک مۆمیاکردنی هەموو جەستە قوورس بووە، هەناوی مرۆڤیان دەرهێناوەو بە کۆمەڵێک شتی بێگیان کە بۆگەن ناکەن، پڕیان کردوەتەوە بۆئەوەی شێوەی روخساریشی بپارێزن، وەکو موورو بەردیان لە شوێنی چاوی داناوە، دواتر کە زانیویانە بە تەواوی جەستە ناپارێزرێت، کەوتنە کێشانی وێنەی مردووەکە لەسەر قاپی تابووت، یان بتێکیان لەسەر شێوەی مردووەکە دادەتاشی. لەوەش ئاسانتر نییە، بتە تایبەتییەکە ببێت بە بتێکی گشتی.

3/پیاوی ئایینی لە بنەڕەتدا خودی سەرخێڵ بوون، سەرخێڵیش کوڕی گیانی خوداوەند و کۆی خزمەتکارەکانیشن ئەوانە بوون، کە لای گۆڕەکەوە واتە پەرستگەگە قوربانیان پێشکەش بە گیانی دەکرد. ل42

نووسەر لەرێگەی ئەم سێ بەڵگەیەوە، دەیەوێت بڵێت کە فکرەی ئایینەکان سەرچاوەیان لە فکرەی پەرستنی گیانی مردووەکانەوە بووە.

زیندووبونەوەی رۆحەکان

نووسەر باسی لایەنێکی گرنگی تری فکرەی ئایین دەکات، ئەوەش پەیوەندی بە فکرەی زیندووبوونەوەی رۆح یان ژیانی ئەو دونیا دەکات، نووسەر لەمبارەیەوە پێی وایە:

-مرۆڤی سەرەتایی مردنی راستی و بوورانەوەی کاتیی لێک جیا نەکردۆتەوە، ئەگەر یەکێکیان لە هۆش چووبایە، هەناسەی بۆ نەدرایە، بە نووشتە و نزاکان، گیانیان رازی کردووە، کە کەسە بووراوەکە هاتۆتەوە هۆش خۆی، لەوەوە تێبینی ئەوەیان کردووە کە گیان و جەستە دوو شتی جیان. ل 35

پاشان دەڵێت:

-مرۆڤی سەرەتایی وا گومانی بردووە، چۆن لە کاتی بوورانەوەدا مرۆڤ هەناسەی دەبڕێت و پاشان لە کاتی هۆشهاتنەوەشدا هەناسەی بۆ دەگەڕێتەوە، ئاواش دوای مردنی ، گیان بۆ جەستەی دەگەڕێتەوە، ل 36

پاشان نووسەر باسی سووتاندنی مردووەکان دەکات، پێی وایە مرۆڤ لە ترسی زیندووبونەوەی مردووەکان جەستەی مردووەکانین سووتاندوە، لێرەشەوە ژیانی ئەو دونیا پەیدا بووە. لەمبارەیەوە دەڵێت:

-نەریتی سووتاندنی مردووان، بووەتە مایەی باوەڕهێنان بە جیابوونەوەی جەستە لە گیان بە تەواوەتی، لە خەیاڵگەی مرۆڤدا ئەوەی کە ناوی لێنراوە دووەم ( دونیا) گیانە خەیاڵییەکە ، دروست بوو، ل 39

بەرد پەرستن

پاشان نووسەر باسی قۆناغێكی تری مێژوویی ئایینەکان دەکات کە ئەویش چۆنێتی پەیدابوونی بەرپەرستنی بەردە پیرۆزەکانە.

نووسەر پێی وایە: سەرەتا مرۆڤ مردووەکانی پەرستووە، پاشان کاتێک مرۆڤ گەشەی زیاتر دەکات، فێری ناشتنی مردووەکان بووە، ئەمەش لە شارستانی بابلییەوە پەیدا بووە، مرۆڤ ترسی لە زیندووبونەوەی ئەو مرۆڤانە بووە کە پێشتر لێیان ترساوە، هەربۆیە بەشێک لە جەستەی مردوووەکەی بڕیوە یان بەردێکی گەورەیان خستۆتە سەر گۆڕەکەی بۆ ئەوەی نەتوانێت لە گۆڕەکە بێتە دەرەوە، لەمەشەوە بەرد خستنە سەر گۆڕی مردووەکان لای ئایینەکان پەیدا بووە.

سەلامە موسا دەڵێت:

– بتەکان لە مۆمیاکردنی کەسی مردوو، یان وێنەکێشانەوە پەیدا بوون، بە پیرۆز راگرتنی بەردەکانیش، دەشێت لە بەردی سەر گۆڕەکانەوە بێتە ئاراوە، ئەوەی خواردنی پێشکەش بە بەرد کردووە، وای زانیووە سروشتی جەستەی هەیە و دەمی هەیە، خواردنەکەی دەخوات.

پاشان دەڵێت:

لەلای یۆناییە کۆنەکان لەسەرەتای مێژوویانەوە کۆمەڵێک بەردی شێوێنراویان پەرستووە، لەناو عەرەبیشدا «مەنات و لاتیان» پەرستووە، ڤینیقییەکانیش بەردی «بەعل» یان پەرستووە، بەردی کەعبەش لە پێشوودا زۆر لای عەرەبەکان پیرۆز بووە، تەنانەت پێغەمبەری رابەری یەکتاپەرستیش ناچار بوو بەردی کەعبە بخاتە ناو ئاینەکەیەوە.ل52

کشتوکاڵ و خوداپەرستی

خاڵێکی سەرنجراکێشی تر بەلای منەوە سەلامە موسا پێی وایە کە فکرەی کشتوکاڵ کردن، سەرەتا فکرەیەکی ئایینی بووە، چونکە مرۆڤی سەرەتایی کاتێک خواردنی بردۆتە سەر گۆڕەکان بۆ نموونە گەنمی بردووە، پاش ماوەیەکی تر لەسەر گۆڕەکە گەنمەکە سەوز بووە، لێرەشەوە مرۆڤ فێری کشتوکاڵ کردن بووە. ل87/88

وەحشیەکان کۆمەڵێک خواردنی وەک گۆشت و دانەوێڵە و بەربوومیان لەگەڵ مردوودا کە لە ژیانیدا خواردوویەتی، خستوەتە گۆڕەکەیەوە، ناشتنی مردووش پێویستی بەهەڵکەندنی گۆڕە، زەوییەکەیان هەڵدریوەو دواتریش زەوییە هەڵدراوەکە، بۆ چاندنی تۆوەکان ئامادە بوون، چەند رۆژێک بەسەر ئەو رۆژەی مردوووەکەیان تێدا ناشتووە تێپەڕیوە، پاشان بینیویانە تۆوە چێنراوەکان سەوز بووە، ئەمەش وا لێکرداوەتە، کە گیانی مردووەکە بەهۆی ئەوانەی کە پێشکەشیان کردووە، لێیان رازییە. ل 88.87.

مرۆڤ وەکو قوربانی

پاشان نووسەر باسی قۆناغێکی تری مێژووی مرۆڤایەتی دەکات، کە لە زۆر شوێندا بەتایبەتی لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، زۆرجار مرۆڤەکان لەکاتی جەنگدا یان لە کاتی کشتوکاڵکردندا، وەکو قووربانی پێشكەش بە زەوی کراون، بۆئەوەی خێرو بەرەکەت بەسەر ئەو زەویەدا ببارێت، لە کاتی جەنگەکانیشدا مرۆڤێکیان کوشتووە، تاوەکو شانسی گەورەیان هەبێت لەسەرکەوتن بەسەر دوژمنەکانیاندا.

پاشان نووسەر هاتووە باس لە پیرۆز راگرتنی خوێن دەکات و چۆن دواتر خوێن وەکو شەراب وابووە، هەربۆیە لای مەسیحییەکانیش شەراب پیرۆز بوو، کە لای ئەوان وەکو خوێنی مەسیحی دادەنێن.

کاریگەری ئەفسانەی یۆنانی کۆن بەسەر ئایینی مەسیحیەوە

نووسەر لە لێکۆڵینەوەکەیدا باسی کاریگەری گەورەی ئەفسانەکانی یۆنان دەکات بەسەر ئاینی مەسیحییەوە، لە مەشدا پشت بە چەند بەڵگەیەک دەبەستێت، کە نزیکییەکی زۆر لە نێوان مەسیحی و ئەو ئەفسانەدا هەیە.

دەرئەنجام

لە کۆتاییدا سەلامە موسا دەگاتە دوا خاڵ و دەڵێت: بە کورتی دەڵێم، لەو باوەڕەدام پەرستنی جەستەکان، ڕیشەی هەموو پەرستنەکانی ئێستان، باوەڕیشم بەوەیە، گیانەکان ڕیشەی خوداوەنددەکانی ئێستان، لەگەڵ ئەوەشدا لەسەر دروستی دەرئەنجامەکانی سوور نیم، دەشێت لە داهاتوودا توێژینەوەی پێچەوانەی لێ بێتە ئاراوە، ل125

چەند سەرنجێک

دیارە راستە سەلامە موسا یەکێکە لە رووناکبیرە گەورەکانی رۆژهەڵاتی ناڤین و ئەم کتێبەشی یەکێکە لە کتێبە باشەکانی، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا من چەند سەرنجێکم لا دروست بوو، پێمخۆشە لێرەدا بە کورتی باسیان لێوە بکەم.

1/ نووسەر لە سەرەتادا دەڵێت، ئایینەکان هیچ پەیوەندییەکیان بە ئەفسانەکانەوە نییە و ئایین شتێکە و ئەفسانەش شتێکی ترە، کەچی لە دواییدا دەڵێت، ئایینی مەسیحی لە ئەفسانەی یۆناییەوە هاتووە یان نزیکە .

2/کاریگەری گەورەی کتێبەکەی « بنەچەی خێزان»ی فریدریک ئەنجلسی بەسەرەوەیە، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندی بە فکرەی قوورباییەوە هەیە.

دوا قسە

بەدڵنیاییەوە ئەم کتێبە تیشێکی باشی خستۆتە سەر مێژووی ئایینەکان و بەرچاو روونییەک دەداتە خوێنەری کوردی، لەبارەی ئەو نیقاشانەی کە ساڵانێکی زۆرە لەناو فکر و فەلسفەی جیهاندا لەبارەی ئەم مەسەلە گرنگەوە کراوە. لێرەدا جێگەی خۆیەتی کە دەستخۆشی لە کاک سەرهەنگ سەرکەوت بکەین، بۆ وەرگێڕانی ئەم کتێبە و هیوای کاری باشتری بۆ دەخوازین.

———————————–
سەرچاوە:
سەلامە موسا. سەرهەڵدانی بیرۆکەی خودا. وەرگێرانی سەرهەنگ سەرکەوت. چاپی یەکەم، ناوەندی رۆشنبیری رەهەند . سلێمانی . 2019




کوردایەتی چییە؟ – بەشی پێنجەم / کۆتایی-…کاوە جەلال

1
ئاشکرایە کە خێڵەکی-گوندی هیچ لە کاری دامەزراوەیی نازانێت، بۆیە تا بکرێت بە خوێندەوارانی کوردایەتیی شارنشین یان گوندیی دەسپێرێت، لێرەشدا ئاشکرایە کە ئەوان دەبێت لە وەرگرتنی ئەو ئەرکەدا بچنە خزمەتی بەرژەوەندییەکانییەوە. لێ لەبەر ئەوەی کاری دامەزراوەیی بەهۆی کارەکتەری دەوڵەتشێوێنی خێڵەکی-گوندییەوە دەرفەتی پێکەوەنانی خێرای سامانیان بۆ دەڕەخسێنێت، هەروەها لەبەر ئەوەی وەزیفە وەک مایەی چێکردنی پرێستیژی (هەیمەنەی) سۆسیال و جیاکردنەوەیان لە کاسبکاران دەبینن، ئەوا خوێندەوارەکان بەشانازییەوە نەک تەنیا ئەرکی بەو چەشنە لەئەستۆ دەگرن، بەڵکو هاوکات تەشەبوس و تەنانەت شەڕی بۆ دەکەن.

لێ ئەمڕۆ دەشێت خێڵەکی-گوندییەکان هاوکات نەوەی خوێندەواری خۆیان بهێننە نێو کاری دامەزراوەییەوە، یان تەنانەت نەشیاو نییە کە لە خۆیان ڕاببینن ئەرکی بەو چەشنە ڕابپەڕێنن. بێگومان ئەم ڕەوشە بۆ ئەوان خوازراوترە لەوەی تەنیا خوێندەوارانی کوردایەتی کاروبارەکانیان بۆ ڕابپەڕێنن، چونکە ئێستا بەو ڕێیەوە ڕاستەوخۆتر کار بۆ پاراستنی بونیادە سوننەتییەکانی دەسەڵات دەکەن، ڕاستەوخۆتر ئاکار و نەریتی خێڵەکییانەیان پراکتیزە دەکەن. بەم شێوەیە ئەوان ئێستا مەبەستمەندانە سەرجەم دامەزراوەکان کە دەیان ساڵ لەوەوبەر، لە سەردەمانی حکومەتەکانی ناوەندییەوە و سەرەتاش بە یاریدەی بەریتانیا مۆدێرنیزەکرابوون و فەرمانبەرانیان بۆ پێگەیەنرابوون، خێڵەکیزە دەکەن: دامەزراوەکان لەسەر بنەڕەتی لایەنگری / لۆیالێتی (loyality) یان بە ملکەچکردنی فەرمانبەرانی باڵای پێشین، وەردەگۆڕن، ئەویش بەوە کە پۆستە گرنگە باڵاکان ڕاستەوخۆ بە نەوەکانی خۆیان یان بە خوێندەوارانی ملکەچیان پڕدەکەنەوە. خێڵەکی تەنیا دەتوانێت متمانە بە “پیاوان”ی خۆی بکات.

هەروەها ئاشکرایە کە خێڵەکی-شارنشین حەز بە کاری دامەزراوەیی ناکات، چونکە کارەکتەرێکی عەسابانەی خولە-چەخماخەیی هەیە. لێ ئێمە گەرەکە سەرەتا لەم ڕەوشەدا دوو ئەگەری دازنانی کەسێتی دیاربهێنین: کارەکتەری عەسابەیی دەشێت لە بنەڕەتەوە مۆرکی ئەو بووبێت پێش چوونی بۆ “شاخ” کە ئیدی لەوێ بەهۆی کوردایەتیی زەبرمەندەوە هەلی “گەورەبوون”ی بۆ هەڵکەوتبێت، واتا بووبێت بە مەسئول، یان دەشێت ئەو لە شار ئەفەندییەکی سوننەتی بووبێت کە لە “شاخ” بەڕێی مەسئولیەتی نێو پێشمەرگایەتییەوە، هەروەها بەڕێی چێژبینینەوە لە دەسەڵاتی بەزەبر و هاوکات هەڵمەتی ڕابواردنەوە، “بەدجۆر” بووبێت، ئاخر پێگەی مەسئول ی نێو پێشمەرگایەتی، ئەمەش بەواتای: “شێوە پێشمەرگایەتییەکەی کوردایەتی”، کە شارنشینان بە شێوە ژیانی گوندی و زەبرەوە دەبەستێتەوە، زۆرترین شیمانەی بۆ بەدجۆربوونی (دێگێنێڕاسیۆنی) کەسێتی لەخۆگرتووە. ئەوە بێگومان خودی ئاکاری ژێر پرسیار نەخراوی سوننەتییە کە شیمانەکانی بەدجۆربوونی لەخۆ گرتووە، ئەوەش نەک تەنیا بەهۆی کێشە فرەلایەنی و ئاڵۆزەکانەوە کە نزیکەی تەنیا بە یاسای سروشتی چارەسەر دەکرێن (وەک: سوڵح، تۆڵەی کوشتنی تاوانکاران بۆ خاتری ڕێگرتن لە تۆڵەسەندنەوەی خێڵەکی کە دەشێت بەهۆیەوە چەندین کەس لەناوبچن و هتد)، بەڵکو زیاتریش لەوە بەدجۆربوونەکە بەهۆی خۆویستی و برسێتییەوە بۆ دەسەڵات و سامان و سێکسوالێتی ڕوودەدات، کە ئەو جۆرە کەسێتییانەیان تەنیوە، بۆ نموونە: لەناوبردنی ناحەزان یان هاڤرکێکەران، بەکوشتدانی پێشمەرگەی هەڵکەوتوو کە لەنێو گوندنشیناندا خۆشەویست بووە، یان تەنانەت ئەخلاقیان بە چەشنێک دادەوەشێت کە ئیدی پێشمەرگە بۆ خاتری “ژنەکەی” بەکوشت دەدەن، ئەوجا بەدڕەفتارییەکان لە گوندەکاندا تا ئاستی دەستدرێژیکردنە سەر کەرامەتی کەیبانووی ماڵ بڕ دەکەن، کە ئاشکرایە کەسی دەستدرێژیکردوو یەکسەر بەدووی ئەنجامدانی یەکەمین تاوانی بەو چەشنەدا بەتەواوی ئابڕووی دەتکێت و هێدی هێدی بە ڕەفتاری بەد ڕادێت، و هتد.

ئێستا پرسیار لێرەدا ئەوەیە، کە ئایا چاوەڕوانیی چە کارێکی سۆسیال و دەوڵەتداری لە کەسێتیی بەدجۆربووی ئەوها دەکرێت جگە لە چەوساندنەوەی خەڵک و ڕووتاندنەوەی وڵات؟ یان کەشخەچێتی؟ لێ ئەوە لایەنێکی عەسابەی خولە-چەخماخەییە، لایەنەکەی دی کە لەم پەیوەندییەدا گەرەکی جەختلێکردنە، ئەوەیە کە کاتێک عەسابەکانی کوردایەتی بەگوێرەی هەلی سیاسیی ڕەخساو بۆ نێو شار دەگەڕێنەوە، یەکسەر دەکەونە بەردەم پرسیاری کاروباری دامەزراوەیی پێویست، کە لە کرۆکدا هیچی دیکە نییە جگە لە دەوڵەت، لێ ئەوان زۆر بەسووکی لە دامەزراوە، کەواتە لە دەوڵەت دەڕوانن، چونکە ئەوان شەقاوەی خولەچەخماخەیین، ئەمەش بەواتای، ئەوان دەخوازن لە ماڵ-دیوەخانی خۆیاندا دەسەڵات بنوێنن.

بێگومان لە حاڵەتی عەسابەی شارنشینی کوردایەتیشدا نەشیاو نییە کە هەندێکیان بخوازن بێنە نێو کاری دامەزراوەییەوە. لەم پەیوەندییەدا جێی سەرنجە کە ئەمان ئێستا لە زۆر ڕووەوە چەند هەنگاوێک لە خێڵەکی-گوندی تێپەڕ دەکەن، ئەویش بەوە کە ڕەفتاری شەقاوەیەتی دەهێننە نێو ژیانی دامەزراوەییەوە، هەروەها زۆر شەقاوانە سەروەریی خۆیان پێشانی فەرمانبەرە ئەزمووندارەکانی سەردەمی پەیوەندیی دەوڵەتی دەدەن. بە هەر حاڵ، ئێستا لەم پەیوەندییەدا خوێندەواری کوردایەتیش، وەک عەسابەی سیاسی، یەکسەر هاوشێوەی دەسەڵاتدارانی خێڵەکی-گوندی مۆدێلە ناسراوەکەی دەسەڵاتی شێخایەتیی تەریقەت بەگەڕدەخات کە بنەمایەکی سەرەکیی هەیە و دەبێژێت: “من لێرەم وەک دەسەڵاتدار، تۆش فەرموو وەرە خزمەتی منەوە، ئەوجا گەر ئەوە بکەیت، ئەوسا پاداشتت دەدەمەوە”.

ئاشکرایە لە بەدپەیوەندییەکی پێرڤێرزی بەم چەشنەدا عەسابەکانی کوردایەتی بە هیچ شێوەیەک پەکیان لەسەر گوێرایەڵان ناکەوێت، ئاخر لە لایەک وەک مەسئولی دەرکەوتوو هۆردوویەک خوێندەواری دیکەی کوردایەتییان لە بەردەمدایە و دێنە خزمەتیانەوە، کە بێگومان نەشیاو نییە خوێندەواری ساویلکە و دڵساف بن و لەکاتی یاخیبوونەکانی چەکداریدا ڕەنجیان دابێت؛ لێ لە لایەکی دی بەپاڵ ئەوانەوە مشەخۆرانی سیاسی زیتدەبنەوە کە هەردەم بەرژەوەندیی خۆیان لای دەسەڵات بینیوە و دەبینن. ئەم جۆرە خوێندەوارانەی کاری دامەزراوەیی هەردەم خۆیان بە دەسەڵاتەکانەوە هەڵواسیوە، ئەمەش لەم پەیوەندییەی کوردایەتیدا بەواتای، کە هەر ئەوەندەی ڕەوشێکی سیاسیی لەبار بۆ دەسەڵاتدارانی خێڵەکی و خوێندەوارانی سەرکزیان بێتەئاراوە (یانزەی ئازاری 1970، ڕاپەڕینی 1991 و هتد)، یەکسەر ئەوانی چەمەرلەغی پۆستخواز خۆیان بەو شۆڕەسوارانەدا هەڵدەواسن (کە بێگومان زۆر دەشێت تا دوێنێ ڕەفیق حیزبی و ئەمن و ئیستیخبارات بووبن، لێ ئەوە مەرج نییە)، ئەوجا لەبەر ئەوەی زۆر بەتایبەتی کەسانی مەراییکەر و خۆنەوێن و خۆبەرەپێشەوەن، ئەوا چە لای خێڵەکییانی گوندی و چە لای عەسابەکان سەنگی تایبەت وەردەگرن.

بەڵێ، هەردوو لایەنی ناوبراو، خێڵەکی-گوندی و خێڵەکی-شارنشینی، پۆستە باڵاکان و زۆر پۆستی دیکەی کاری دامەزراوەیی بۆ ئەو پیاو و ژنانە تەرخان دەکەن کە خۆیان ڕاستەوخۆ دەخەنە ژێر ڕکێفیانەوە و وەک خزمەتکاری ئامانجەکانی ئەوان چالاک دەبن. ئەوجا لەبەر ئەوەی ئامانجی سەرەکییان پاراستنی دەسەڵاتی ناوچەییانە و وەک بنەڕەتی ئامانجە لاوەکییە سیاسییەکانی کوردایەتی (بۆ نموونە ئۆتۆنۆمی یان فیدرالیزم) دایاندەنێن، ئەوا لە هەر جێیەکەوە هەوڵی دەوڵەتداراییانەی گەل-خواز زیتبێتەوە، ئەوان یەکسەر هەوڵی سەرکوتکردنی دەدەن، چونکە بەگەلبوون لەتەک بەرژەوەندیی خێڵەکییانەی ئەواندا ناگونجێت کە ناوچەگەرییە: ئەوان یەک کوردستان ی نێو ئێراق وەک نیشانەی نەمانی دەسەڵاتیان دەنرخێنن.

ئێمە لێرەوە ڕوونتر لەو تێڕوانینە تێدەگەین کە دەبێژێت، خۆبەڕێوەبردنی سیاسی وەک کردارێکی دەوڵەتی بە کوردایەتی نامۆیە. ئەمە بێگومان هەروەها خوێندەوارانی کوردایەتیش دەگرێتەوە، کە وەک کەسانی سوننەگەرا و خۆمەبەست تەنیا دەتوانن بەرژوەندیی خۆیان و کەسوکاریان ببینن، بۆیە هەر ئەوەندەی هەنگاو دەنێنە نێو دامەزراوەی دەوڵەتییەوە، ئیدی نزیکەی تەنیا پێیان دەکرێت بەسەرپێیی و تەمەڵ بڕێک کار جێبەجێ بکەن. ئاخر ئەوان “کارەکتەری فەرمانبەر”یان نییە، هەروەها چیدی ئێستا لە فەرمانگەدا ئۆتۆرێتیی فەرمانبەرییانە لەگۆڕێ نییە کە بزانێت و بییەوێت کارەکان ئاڕاستە بکات، هاوکات ئەو جۆرە فەرمانبەرانە کە لە سەردەمی دەوڵەتی هێشتا کارای ئێراقدا پێگەیشتبوون، ئێستا خێڵەکییەکان لەکاریانخستوون و پیاوان (و هەروەها ژنان)ی خۆیان خستۆتە جێی ئەوان، ئەمانەش وەک گۆتمان زۆرینەیان چەمەرلەغەکانی کوردایەتین کە بەتایبەتی تامەزرۆی ئەوەن پۆستی فەرمییان هەبێت و ژیانیان رواڵەتگەرایانە بەڕێوەبەرن. ئاخر بۆ ئەم جۆرە کەسێتییانە لە دێرزەمانەوە ئەفەندێتی یان سفوورێتی مۆرکی جیاکەرەوەیان هەبووە، ئەوجا ئەم دیاردەیە پێکەوە لەتەک بروانامەدا پتر پرێستیژی (هەیمەنەی) سۆسیال چێدەکات، بۆیە دەبینین، کە نەک تەنیا کۆلکە خوێندەوارانی کوردایەتی، بەڵکو ئەم خۆهەڵواسیوانەش هەوڵ دەدەن بە نامەی ئەم یان ئەو مەسئولی دەمانچەیی لە زانکۆ و تەنانەت خوێندنی باڵا وەربگیرێن، کە ئاشکرایە تەواوکردنی خوێندنەکەشیان هاوشێوەی وەرگرتنیان سانا و خێرایە و ملهوڕانی بەناو مامۆستای زانکۆکان بەشانازییەوە بڕوانامەیان “پێدەبەخشن”.

بەم شێوەیە دامەزراوەکان پێکڕا بەگوێرەی مێنتالێتیی خێلەکییانە بەڕێوەدەبرێن: واستەکردن بۆ چوونە ژوورەوە و ڕاپەڕاندنی کاروبار دەبێت بە کرداری ناچارەکی، واتا کێ واستە نەکات، پشتگوێ دەخرێت یان تەنانەت مافی دەخورێت. هیچ فەرمانبەرێکی خاوەن ئیدیال کە خواستی کاری گونجاوی بۆ هاوڵاتیان هەبێت، لە فەرمانگە و دامەزراوەکانی وڵاتی کوردایەتیدا جێی نابێتەوە، یان: هەموو کەسێکی خاوەن ئیدیال لەتەک دامەزراندنیدا بە خودی بونیادی خێڵەکییانەی دامەزراوەکان دەبێت بە کەسێتییەکی گەندەڵ – گەر زوو وازنەهێنێت.

2

خوێندەوارانی سوننەگەرای کوردایەتی تەنیا لە دامەزراوە و ڕێکخراوی پارت یان کۆمپانیای ئابوری-سیاسیدا چالاک نابن، بەڵکو هەروەها سەربەخۆ بە نووسین و کاری میدیایی و هتد خۆیان دەخەنە خزمەتی پەیوەندییە هەبووکانی ستەمکارییەوە کە لەنێو کایەکانی سیاسەت و کولتوور و زانستدا سەروەرییان وەرگرتووە. بێگومان ئێمە لێرەدا هەڵوێستێکی ژیانییمان لەنێو ئەمڕۆدا هەیە، کە بە پەلەپڕوزێ کەوتۆتە مشووری دابینکردنی بەرژەوەندییە خۆییەکانی هەر کەس. ئاخر کەس خۆی لەم جۆرە هەڵوێستەدا مەبەستە. بێگومان ئەم شێوەیەی هەڵوێست تەنیا خزمەتکارانی ڕاستەوخۆی خێڵەکییە گوندی و شارنشینەکان ناگرێتەوە کە لەنێو ڕێکخراوە جیاکانی کوردایەتیدا چالاک نابن، بەڵکو هەروەها مۆرکێکی کرۆکییانەی زۆرینەی ئەو کەسانەشە کە گۆیا لە بوارەکانی کولتوور یان میدیادا دژایەتیی دەسەڵاتدارانی ستەمکار دەکەن، لێ سەرەڕای ئەوە ناڕاستەوخۆ پارێزەری ستەمکارین، چونکە ئەو هەڵوێستە ژیانییە لە هەمان مێنتالێتیی خۆرهەڵاتی-ئیسلامییەوە کە “خۆگەرییە” بەرجەستە دەبێت. ئاخر هەموو موسڵمانێک خۆگەرایە، چونکە بەو ئاواتەوە دەژی کە بچێتە بەهەشتەوە، هەروەها هەموو تاکێکی ناخۆڕەخنەیی کولتووری ئیسلامی خۆگەرایە، چونکە بەو ئاواتەوە دەژی کە دوای مردنی پێی بگۆترێت “بەڕاستی پیاوی / ژنی چاک بوو”. سۆسیالێتی، بە پێچەوانەی کۆمەڵایەتێتی، لە جیهانێکی بەم چەشنەدا هێندە لاوازە، کە ئیدی نزیکەی سەنگ وەرناگرێت.

کەواتە لەنێو ئەم بەدپەیوەندییەدا هەروەها نزیکەی سەرجەم ئەو چالاکە سوننەگەرایانەی بواری کولتوور و میدیا خۆیان دەبیننەوە کە بە حوکمی هزرین و شێوەی ژیانیان ناتوانن بە کەمترین شێوە ڕەخنەییانە ڕوو بکەنە ڕیشەی ستەم و بێدادییەکانی کوردایەتی، واتا ستەمکارییەکی ئەوتۆ کە لە “خۆ”ی کوردی-خۆرهەڵاتییەوە بەرجەستە دەبێت و ئەوان خۆیشیان بەشێکی ئەو شێوەیەی خۆیەتیی خۆگەران. لێ ئەمە بە هەمان شێوە ئەو کەسێتیانەش دەگرێتەوە کە خۆیان بە کاری میدیایی بۆ فەزحکردنی شۆڕەسوارانی کوردایەتی تەرخان کردووە، چونکە لەنێو میکانیزمی پەیوەندییەکاندا قەتیس ماون، واتا لێرەش هەر میکانیکی کار و کاردانەوە، کیین و دژەکیین، خەڕەکئاسا چەندپاتدەبێتەوە، ئەوە هاوشێوەی سەرجەم شۆڕەسوارانی کوردایەتی کە ژیاننامەی سیاسییان بۆ خاتری مەزناندنی خۆیان دەنووسن و تۆقیون لەوە کە دوای مردنیان ستایش نەکرێن. مرۆ بۆ نموونە لە شێوەی ئۆپۆزیسیۆندا دەست دەداتە کاری میدیایی، لێ نەک تەنیا سکاڵا و کڕووزانەوەی باوی خەڵک بە وشە دەردەبڕێتەوە، بەڵکو تەنانەت دەشێت ناڕاستەوخۆ ببێت بە ماسی قولاپی ئەو بەرژەوەندچییە موخابەراتییانە کە کار و پیشەیان هۆنینەوەی حیکایەتە بۆ مەزنیی خۆیان یان لەدژی “ئەوبەر”. ئێمە لەم پەیوەندییەشدا هەر خۆزگە هەرە گەورەکەی ستایشی دوای مەرگ دەبینین. یان با ئەم تێڕوانینەمان کۆنکرێتتر بکەین: گەر ئەم جۆرە چالاکانەی بواری میدیای بەناو ئۆپۆزیسیۆن بچنە جێی شۆڕەسوارانی کوردایەتی، ئەوا هەروەک ئەوان سیاسەت دەکەن، چونکە لە بنەڕەتەوە وەک ئەوان پێشبینیی ژیاندنی ژیان بە هەموو چەشنەکانییەوە دەکەن.

دەستەواژەیەکی زۆر بڵاوی نێو ئەم جیهانبینییە بریتییە لە “شەڕی براکان” یان واژەی “براکوژی”. بێگومان ئاشکرایە کە ئەوە درۆیەکی گەورەیە، ئاخر پێشمەرجی “شەڕی براکان” بریتییە لە هەبوونی “ماڵێک ی کوردی” کە ناکۆکییەکانی نێوی تەقیونەتەوە. لێ گەر کرۆکییانە بڕوانین، ئەوا دەبینین کە ئەم “ماڵ”ە لەگۆڕێ نییە، ئاخر شەڕی دڕندەی خانەوادەکان تەنیا بۆ خاتری دەسەڵاتی ئەوان خۆیان هەڵگیرسێنراوە و ئایندەی قەومگەلەکەش بە هەر یەکەی ئەو دەسەڵاتانەوە پابەندکراوە. بێگومان ئەمە واتایەکی ئەوتۆ ناگەیەنێت کە گۆیا ئەوان “خۆسەپێن” بن، بەڵکو ئەو واتایە دەگەیەنێت کە ئەوان بەهۆی ناوبانگ و پێگەی دەسەڵاتەوە لە لایەن هەموو ئەو کەسانەوە قبووڵ دەکرێن و تەنانەت زیتدەکرێنەوە کە لەنێو هەمان کاتیگۆریدا خۆیان دەبیننەوە. هەموو یەکێک لە ژیانی جڤاکیدا وەک خۆگەرا خۆمەبەستە، لێ هەر کەسێکی خۆمەبەست دەسەڵاتێکی باڵاتری گەرەکە تا دەرفەتی بەدیهێنانی ئامانجەکانی بۆ بڕەخسێنێت. بەم شێوەیە پەیوەندیگەلی میکانیکییانەی کردار و پەرچەکردار، پاشقول و دژەپاشقول، غەیبەت و دژەغەیبەت تا دەگات بە پێکدادانی ڕاستەوخۆی فیزیکی، ژیانی قەومگەلەکە دەتەنن. لەم ڕوانگەیەوە ئێمە تەنیا بۆ نموونە گەنجانی بێکارمان نییە کە بۆ خاتری بڕێک مووچە چەک هەڵبگرن و بەناچاری بکەونە شەڕەوە لەدژی گەنجانی دیکەی هەر بەرەیەک، بەڵکو هاوکات ئەو سەرکزە بێکەرامەتانەمان هەن کە ناودەنرێن “سەگەکان ی جەنگ” (The Dogs oft the War).

لەم ڕوانگەیەوە خوێندەوارانی کوردایەتی کە لە بواری کولتوور و میدیادا کاران، مەبەستمەندانە یان بەناچاری ئاکامە زیانبەخشەکانی شەڕی نێوخۆیی خانەوادە خێڵەکییەکان و عەسابە خولەچەخماخەییەکان لە بەهای خۆیان دەخەن، زیانەکانیان بۆ مرۆڤی نێو کوردستان و ئایندەی سەرجەم کوردان دەشارنەوە، چونکە ئەوان خۆیان وەک کوڕانی / کچانی ئەو پەیوەندییانە ناتوانن پێشبینیی ژیانێکی مرۆڤدۆست لە دەرەوەی ستەمکاری بکەن. نەخێر، گەورەترین ئاواتی ئەم جۆرە خوێندەوارەی کوردایەتیش هەر ئەوەیە کە وەک کوڕی / کچی ئەوان بناسێنرێت. لێ ئەمڕۆ مەسەلەکە بەهۆی داوەشانی بەردەوامی پەیوەندییە جڤاکیییەکانەوە لەو جۆرە نیازانە تێپەڕدەکات: ئەمڕۆ کوردایەتی بۆ ئەوان نزیکەی بووە بە دەستوێژێکی پەتیی بژێوی، لەم پەیوەندییەشدا ئاشکرایە کە ئەوە دەستوێژێکی بژێویی نێو قەوارەیەکی دەوڵەتی نییە کە تێیدا فەرمانبەران دەسەڵاتدار بن و بەگوێرەی پۆستەکانیان ئەرکی پێدراوی دامەزراوەییان ڕابپەڕێنن، بەڵکو لە نێوەندێکدایە کە مرۆڤ بە ویستی خۆی یان بەناچاری چۆتە خزمەتی باندە عەسابەییەکانی خێڵەکی-گوندی یان خێڵەکی-شارنشینییەوە.

کەواتە ستەمکارییەکەی کوردایەتی هەموو سنوورەکانی دەستدرێژیکردنی تێپەڕاندووە، ئەمەش بەواتای: کوردایەتی تەنانەت هەموو بنەڕەتە ئەخلاقییەکانی مسۆگەرکردنی بژێوی ی لەکارخستووە کە گرنگترینیان بریتین لە دوو بنەڕەت: یەکەم، بە ڕەنجی شانی خۆت بژی؛ دووەم، کارێک بکە کە توانات بەسەریدا بشکێتەوە. لێ کوردایەتی کە پابەندی “لۆیالێتی”یە، بەناچاری ئەو بنەڕەتانە پێشێل دەکات، چونکە ناتوانێت دەسەڵاتی خۆی بەبێ لایەنگری سەرکز بپارێزێت، بۆیە ئەو کەسانەش کە هەوڵ دەدەن لەو دوو بنەڕەتەوە ژیانیان دابمەزرێنن، دەبن بە بەشێک لە چەوساوەکانی وڵات – ئەو داماوە دا-زناوانەن کە بە کڕووزانەوە و چاو بە فرمێسک چاوەڕوانی دەستی بەزەیی ئەوانن. لێ گومانی تێدا نییە کە لە وڵاتی کوردایەتیدا هیچ کەس بێخەم سەر نانێتە سەر سەرین، چونکە نەک تەنیا خەڵکی داماوی بەردەوام کڕووزاوە، بەڵکو تەنانەت ئەوانە کە هەر سەرسەرین یان ئەوانە کە خۆیان وەک پاشکۆی شۆڕەسوارانی کوردایەتی ساغکردۆتەوە و هەردەم پەنجەیان لەسەر پەلەپیتکەی چەکی بەرەنگارییە، لە ئەوپەڕی ناجەختی و نابەختیاریدا دەژین. کوردایەتی بەختیارییە ڕێژەییە ساویلکەکەی کوردەواریشی لەناوبرد.

3

ڕەخنەی کوردایەتی، وەک وەرگرتنی هەڵوێست بەرانبەر ستەمکاری، لەو ئاگاییەوە سەرهەڵدەدات کە ئێمە هەرگیز لە سەردەمدا، بەتایبەتی لە سەردەمە تەنگژاوییەکاندا، ناتوانین میانەگیر بین، جگە لەوە پرسیاری میانەگیری واتای ئەخلاقییانەی بۆ کردارمان لە جیهاندا هەیە.

بێگومان ڕەخنەی کوردایەتی نایەوێت ببێت بە دەرچەی هزرین لە چارەسەر. سەرەتا گومانی تێدا نییە کە کوردایەتی لە گشت ڕوویەکەوە هەمەکییانە (تۆتال) شکستی هێناوە. جگە لەوە ئەمڕۆ، لەپاڵ هەڵپەی پاشکۆیەتی بۆ خانەوادەکان و گەیشتندا بە کاری دامەزراوەیی، جەجاڵێک هەر تاکێکی لەنێو خۆیدا لوولداوە، ئەوە بێگومان لە گشت بوارێکدا، وەک: هەڵپەی ژیانی رواڵەتی، بەرهەمخستنەوەی بەپەلەپڕوزێی هۆشەکی و کولتووری، بیناسازیی سروشت وێرانکەر، دزینی توێژینەوەی زانستی، یان ڕۆمان و وێنە و لاسایی جەرەیانە هونەری و ئەدەبییەکانی خۆرئاوا، لاوازیی ئاگایی فەزای (ڕاومی) گشتی، هەڵپەی پارە کۆکردنەوە عەلسەریع، ئەوجا: خۆراکی نەخۆشخەری مرۆڤ، کڕووزانەوە و خۆخاڵیکردنەوە لە بۆنە و چایخانە و سۆسیال میدیاکاندا و هتد. ئێمە بێگومان ناتوانین نکۆڵی لەو ڕاستییە بکەین، کە لە کەنارەکاندا، یان تەنانەت بە حەزەرەوە لەنێو جەجاڵەکەدا، شێوە ژیانی ناوەرۆکیانە کەم یان زۆر دەرکەوتووە، هەروەها هەردەم هەوڵی هزری و ئەدەبی و هونەریی یان میدیایی ڕەسەن هەبوون و هەن. لێ کێشە کرۆکییەکە لە ڕووی گۆڕانی جڤاکییەوە ئەوەیە کە گەر لە وڵاتێکدا درۆزنیی سیاسییەکان و سەرکزانیان ببێت بە فەزیلە، جاش و قۆنتەراتچیی عەسکەری بەسانایی ببێژن گۆیا پێشمەرگە بوون، خیانەت وەک حەکیمێتی و وڵاتپارێزی ستایش بکرێت، هەروەها دەسەڵاتدارانی کوردایەتی وەک گورگی برسی هەڵمەت بۆ سامانی سەرزەوی و ژێرزەویی ئەو وڵاتە بەرن، ئەوجا بەبێ سڵەمینەوە هەر شتێکی دزراو بۆ خۆیان بکەن بە پارە (کە بێگومان نازانن خەرجی بکەن!)، ئەوا لەو وڵاتەدا هیچ دەروویەک بۆ چاکسازی لەگۆڕێ نییە، بەڵکو تەنیا شۆڕشی خوێناوی چارەسەرە. لێ شۆڕش، واتا ڕێڤۆلوسیۆن، بەبێ شۆڕشگێڕان هەڵناگیرسێت، شۆڕشگێڕانیش لەنێو کوردەکانی ئێراقدا بە ڕادەیەک دەگمەنن کە ئیدی نزیکەی هیچ کێشێکی جڤاکییان نییە. بەڵێ، ئێمە بەگشتی قەومگەلێکی دا-ماو-مان هەیە کە زۆرینەی هەرە زۆری تاکەکانی لەتاو چڵێسی بەردەوام لیک بە لالغاوەیدا دەچۆڕێتەوە، یان وەک کەسێتیی سوننەتی مەمنوونە دەست لەناو دەم بژی.

گومانی تێدا نییە کە لەم پەیوەندییەدا کەمینەیەکی گەلێک بچووک هەیە کە وەک شێوە مۆتۆڕێکی جووڵاندن واتایەک وەردەگرێت، لێ ئەوە کەمینەیەکی پەرتەوازەیە کە بەتووڕەیی خۆی ڕادەژەنێت و دەخواتەوە، دەتەقێتەوە و دادەمرکێتەوە، هاوکات بێپشوو بۆ دۆزینەوەی سەرەداوەکانی ئەگەرێکی کاری گرووپییانە ئاخ هەڵدەکێشێت. لەم پەیوەندییەدا نکۆڵی لەوە ناکرێت کە نەک تەنیا ئەم کەمینەیە، بەڵکو هەروەها زۆرینەی قەومگەلی تووڕەی بەردەوام کڕووزاوە، متمانەی بە خێڵەکی-گوندی و عەسابە خولەچەخماخییەکان نەماوە. گەر سەردەمانێک پرسی نەتەوەیی لای قەومگەلی کوردان شێوەیەکی چاوپۆشیی لە بەدڕەفتارییەکانی کوردایەتی ناچارکردبوو، ئەوا ئەمڕۆ هەمیشە پتر ناکۆکییە چینایەتییەکان زەقدەبنەوە: لە نێوان خانەوادەکانی کوردایەتی و فرە کەسانی شاریی یان تەنانەت شارنشیندا، بەرانبەر ئەوەش حیکایەتەکانی کوردایەتی بەردەوام ڕۆشنتر کاریگەرییان دەدۆڕێنن. لێ ئەوەی ڕاستی بێت ئەم ناکۆکییە چینایەتییە پتر ئەدگاری بۆرژوازییانەی هەیە کە هاوکات چەپ و بەناو چەپەکانیش پێکهاتەیەکی ئەون. ئەوجا گەر بڕوانین کە کوردەکانی ئێراق هاوکات لەنێو پەیوەندیی جیهانیدان، ئەوا دەتوانین گریمانە بکەین کە هەروەها نەشیاو نییە پابەند بە زەمینە هزرییەکانی ئەمڕۆوە کارل مارکس بۆ یەکەم جار لەنێو ئەمانیشدا کوردییانە قسەی خۆی هەبێت – واتا ئەو هزرڤانەی چەند سەدەی ڕابوردوو کە ئەمڕۆ هیچ فەیلەسوفێک هێندەی ئەو هەنووکەیەتیی (ئەکتوالێتیی) لە ئاستی جیهانیدا نییە.

لێ پتر پێدەچێت ڕێگەچارەی دی بۆ کوردەکانی ئێراق کارایی خۆیان لە کردەکێتیدا وەربگرن کە لە بێداربوونەوەی کوردانی سێ کوردستانەکەی دیکەوە دێنە پێشەوە. پێدەچێت جیهانبینی و ئەخلاقناسیی ئەوان کارایی ڕوونتر وەربگرن، چونکە بەردەوام پتر تەشەنە دەسێنن؛ پێدەچێت کوردانی سێ کوردستانەکەی دی کە زۆر بەوردی ڕەچاوی داوەشانی ژیانی کەسی و جڤاکی و سیاسی ی کوردەکانی ئێراق دەکەن، لەم دازنانە کوردییە بەردەوامە هزریبێتن – لە ڕاستیشدا ئەمڕۆ لە ئەوان زیاتر هیچ ئەلتەرناتیڤێک دیار نییە. گۆڕانەکان لە ئایندەدا دەردەکەون.




وانه‌یێك له‌ ڕۆمانی ” ئەو پیاوە ئایینییەی ئۆتۆمبێلە (فیڕاری)یەکەی فرۆشت.”

پیتەرو پەتە زێڕینەکە- چیرۆکێک لەبارەی چێژ وەرگرتنی ئێستای ژیان.
ئاماده‌كردنی: ڕه‌وه‌ند سه‌باح

لە كتێبی ” ئەو پیاوە ئایینییەی ئۆتۆمبێلە (فیڕاری)یەکەی فرۆشت.” ڕۆبین شارمە چیرۆکی پیتەر و پەتە زێرینەکە دەگێڕێتەوە.
پیتەر مێرمنداڵێک بوو, هەرگیز ئۆقرەی گوزەرکردنی ژیانی ئێستای نەدەگرت. هەرکاتێک لە قوتابخانە دەبوو, بە پەلە پروزکێ بوو, تا بچێتەوە لەگەڵ منداڵانی گەڕەک چەند یارییەک بکات. کاتێکیش لە یارکردندا بوو, خەونی بە پشووی هاوینە دەدیت و غەریبی ئیسراحەت و پشووی هاوینەی دەکرد. پیتەر بەردەوام خەونی دەدیت, هەرگیز چێژی لەو ساتەی ژیان وەرنەدەگرت کە تێیدا دەژیا. بەیانیێک پیتەر بەدەم ڕێگاوە بەرەو دارستانە چۆڵەکەی نزیک ماڵەکەی خۆیان ڕۆیشت. کاتێک هەستی بەماندووبوون کرد, لە ژێردارێکێ گەورە و لەسەر گژوگیا سەوزەکەی ژێر دارەکە پشوێکی دا, ئەوەندەی نەبرد, کەوتە ناو خەوێکی قوڵ. پاش چەند خولەکێک لە نوستنە قووڵەکەی, هەستی کرد یەکێک بەدەنگێکی تیژ بانگی دەکات, “پیتەر! پیتەر!” هەرکە چاوەکانی بە هێواشی کردەوە, لە پڕ ئافرەتێکی زەبەلاح و گەورەی دیت, تەمەنی لەسەرووی سەد ساڵێک دەبوو, پرچە درێژوو سپی بەفرییەکەی لەسەر شانی بە چڕی پەخشان ببوو. بەدەستە پڕ چرچ و لۆچەکانی تۆپێکی سحراوی بچوکی هەڵگرتبوو, کونیلکەیەک لەناوەڕاستی تۆپەکە هەبوو, لەناو ئەو کونیلکەیە پەتێکی درێژو و زێڕین شۆڕببوەوە.
“پیتەر,” ئافرەتەکە گووتی, ” ئەم پەتە پەتی ژیانتە, ئەگەر تۆزێک ئەم پەتە ڕابکێشیت, چەند سەعاتێک لە ژیانت بە چەند چرکە ساتێک تێپەڕدەبێت, ئەگەر تۆزێک توندتر ڕابکێشیت, چەند ڕۆژێک بە چەند خولەکێک دەڕوا و تێپەڕدەبێت, ئەگەریش بەو پەڕی توانات پەتەکە ڕابکێشیت, مانگ و ساڵ لەماوەی چەند ڕۆژێک لەپڕ ئاوادەبن و تێپەڕدەبن.
پیتەر بەم دەستکەوتە زۆر دڵخۆش و شادمان بوو.
“دەکرێت ئەم پەتەم دەستکەوێت؟” پیتەر پرسیاری کرد.
پیڕەژنەکە یەکسەر خۆی شۆڕکردەوە تۆپەکە و پەتە جادووییەکەی دادەستی پیتەر.
ڕۆژێ پاش ئەم ڕووداوە پیتەر ڕۆیشتەوە قوتابخانە, هەرکە لەپۆل دانیشتبوو, هەستی بە بێزاری و دڵتەنگی کرد, لە پڕ تۆپەکە و پەتەکەی بیرهاتەوە, تۆزێک پەتەکەی ڕاکێشا, ئەوەندەی نەبرد خۆی لە دەرەوەی قوتابخانە دیتەوە و یاری لەگەڵ هاوڕێکانی دەکرد.
پیتەریش کاتێک بە توانا و قودرەتی پەتە سحراوییەکەی زانی, لەلایەکی تریش ژیانی قوتابخانە زۆر بێزاری کردبوو, پەرۆشی ئەوەبوو, ئەم قۆناغەی ژیانی ببڕێت, بچێتە قۆناغی هەرزەکاری, کە بەو پەڕی حەزەوە هیوای بۆ دەخواست.
بۆیە دووبارە تۆپەکەی گرتە دەست, پەتە زێڕینەکەی بەوپەڕی هێزەوە ڕاکێشا, ئەوەندەی نەبرد خۆی لە ژیانی هەرزەکاری دیتەوە, لەگەڵ خۆشەویستەکەی ئێلیسا دانیشتبوو. بەڵام لەگەڵ ئەوەش هێشتا بەم سات و دەمەی ژیانی دڵی ئاوی نەدەخواردەوە.
پیتەر هەرگیز لەسەر ئەوە ڕانەهاتبوو چۆن چێژ لە ئێستای ژیانی وەربگرێت, هەرگیزیش پەی بە تاڵی و شیرینی قۆناغەکانی ژیانی نەدەبرد. لەجیاتی ئەوەی چێژ لەم دەمەی ژیانی وەرگرێت, پیتەر ئەمجارە خەونی بەگەورەبوون و باڵغ بوون دەدیت, هەربۆیەش دیسان پەتەکه‌ی بەو پەڕێ هێز ڕاکێشا, لە چرکەساتێک چەند ساڵێک لەژیانی ڕۆیشت.
ئەمجارە خۆی لە لەناوەڕاستی تەمەندا دیتەوە, ئێلیسا ئێستا خێزانییەتی, خۆی لەدەوری ماڵێکی پڕ مندال بینیەوە. پیتەر درکی بەشتێکی تر کرد, هەستی کرد, پرچە ڕەنگ ڕەشەکەی, خەریکە ڕەنگی ماش و برنجی دەنوێنێ, لەهەمان کاتیش, دایکە خۆشەویست و میهرەبانەکەی کەنفت و پیرو لاواز دەردەکەوێت.
لەگەڵ هەموو ئەوانەش پیتەر ئۆقرەی ئەو دەم و ساتەی ژیانی نەدەگرت. ئەو هەرگیز فێرنەبوو خۆشی لە تامو چێژی ئێستای ژیان وەرگرێت, پەند لە هەوراز و نشێوەکان وەرگرێت, بیانکاتە وانەیەک لەژیری, تا بە منداڵ و نەوەکانی بڵێتەوە. هەم دیسان پەتەکەی ڕاکێشا, چاوەڕوانی گۆڕانی لە ژیانی دەکرد, ئەمجارە خۆی لە لێواری تەمن و ڕۆخی مردن دۆزییەوە, ئەو ئێستا تەمەنی زیاتر لە نەوەد ساڵە, هەروەها ئەلیسای بەتەمنیش پێش چەند ساڵێک وەفاتی کردوە. پیتەر تاڵە موە ڕەشەکانی سپی سپی وەک بەفر هەڵگەڕاون.
پیتەر کەوتە نێو چێژاوی پیری و تەنیایی, منداڵەکانی گەورەبوون و هەریەکەیان خەریکی ژیانی خۆیان بوون.
بۆیەکەمجار لەژیانی درکی بەو ڕاستییە کرد, کە نەیتوانی تام لە هەڵکشان و داکشانەکانی ژیانی بکات. هەرگیز ڕۆژێک نەیتوانی لەگەڵ منداڵەکانی یان هاوڕێکانی گوزەرێک بکات, گەشتێک بکات, ڕاو و شکارێ بکات, هەرگیز لەگەڵ هاوسەرەکەی لەشەوێکی مانگەشەو پیاسەیەکیان نەکرد, هەرگیز گوڵێک, نەمامێک, دارێکی نەڕواند, هەرگیز لەو پەرتوکانەی دایکی پێی خۆش بوون و دەیخوێندنەوە, بەسەریاندا نەچۆوە.
بەپێچەوانەوە, بەپەلە بەنێو قۆناغەکانی ژیان هەنگاوی نا, هەرگیز ڕۆژێک پشوێکی نەدا, لە جوانییەکانی ژیان تێرابمینێت, هەرگیز چاوەڕوانی کۆتایی ڕێگاکانی نەدەکرد.
پیتەر بەم دەرەنجامە دڵخۆش نەبوو, ڕۆژێک بڕیاریدا پیاسەیەک بەنێو ئەو دارستانەدا بکات, کە لەسەردەمی مێر منداڵی پیاسەی بەنێو دەکرد تاکو هزرو مێشکی لەسیخماخی پەلە پروزکێی ژیان خاوێن بکاتەوە و گەرمییەک بخاتە نێو ڕۆحی تەپیی و ماندویی.
تەماشای کرد چۆن نەمامە بچوکەکان بوون بە داربەڕووی گەورە و بەهێز. دارستانەکە ئێستا بەهەشتێکی پڕ لەجوانی سروشتبوو. ئەمجارە لە بێ هێزی و بێ تاقەتی لە پاڵ دار بەڕووێک ڕاکشاو, حەوسەڵەی ئەوەی نەمابوو وەک جاران بەنێو تەواوی دارستانەکە بڕوات. ئەوەندەی نەبرد, کەوتە ناو خەوێکی قوڵ.
“پیتەر! پیتەر!” دەنگێک هاواری کرد.
حەپەساو و سەرسام بوو, کاتێک دیتی هەمان ئەو ئافرەتە پیرەی پێش چەند ساڵێک تۆپەکە و پەتە زێڕین و سحراوییەکەی پێدابوو, دەرکەوتەوە.
“چۆن چێژت لەدیارییەکە وەرگرت؟”پیرەژنەکە پرسیاری کرد.
“سەره‌تا چێژ بەخش بوو, بەڵام دواتر ڕقم لێی بوەوە.” پیتەر بەخێرای وەڵامی دایەوە. ” هەموو ژیانم وەکو بروسکێک لەبەردەمم ڕۆیشت, بەبێ ئەوەی چاوەکانم هەستیان پێبکات و چێژیان لێ ببینم. لە ژیان تاڵی و شیرینی, خۆشی و ناخۆشی, هەڵکشان و داکشان هەن, بەڵام من هیچ دەرفەتێکم نەبوو, بەنێویاندا بڕۆم. من ئێستا جەستەیەکی بەتاڵم, نەمتوانی ئەو دیارییە بقۆزمەوە, سودی لێببینم.

“تۆ شوکرانە بژێر نەبووی,” پیرەژنەکە گووتی. “لەگەڵ ئەوەش دوا دەرفەتت پێدەدەم”
“حەزدەکەم بگەڕێمەوە سەردەمی مێر منداڵی لە قوتابخانە,” پیتەر بە خێرایی وەڵامی دایەوە.
دوای ئەم گفتوگۆیە, پیتەر کەوتەوە نێو خەوە قوڵەکەی.
گوێی لێبوو, کەسێک بانگی دەکات. ” تۆبڵێی ئەمجارە کێ بێت؟” پرسیاری لەخۆی دەکرد.
هەرکە چاوەکانی کردەوە, زۆر دڵخۆش بوو, کاتێک بینی دایکی لەتەنیشتی ڕاوەستاوە.
ئەمجارە, دایکێکی جوان و چست و چالاک و گەنجی دیت. پیتەر ئەوەی بۆ دەرکەوت پیرەژنەکەی نێو دارستانەکە, دوایین ئارەزووەکانی بەدیهێنایەوە, ئەوی گەڕاندەوە ژیانی جارانی.
“پەلەبکە پیتەر. زۆر خەوتی, درەنگە بۆ قوتابخانە, با چیتر دوانەکەویت,” دایکی واقی وڕمابوو.
ئەوەندەی نەبرد پیتەر لەناو جێگای خەوتنی قیتبووەوە, یەکسەر جلوبەرگی قوتابخانەی گۆڕی, بەرەو قوتابخانە کەوتە ڕێ, بە سوپاسگوزارییەوە ژیانی بردە سەر.
پیتەر بەمجۆرە بەردەوام بوو, ژیانێکی پڕ لە خۆشی و شادی و سەرکەوتنی بردە سەر, ئەمەش هەموو بەهۆی قوربانی دانی ئێستا بۆ داهاتوو و ژیانکردنی بۆ ئێستا بوو.

بەڵێ من ئەم چیرۆکەم پێخۆش بوو, ئەوەی بیرهێنامەوە کە چێژ لە ئێستا وەربگرم, چونکە داهاتوو خۆی زۆر زوو بەرەو پیلمان دێتن, وەمن شوکرانە بژێرم ئەوەی خوای گەورە بۆمنی لە خەزێنەکەیدا هەڵگرتبێت, بۆیە ئەوەی من لەسەرمە چێژ لەم دەمەی ئێستا وەرگرم, بیکەمە وانەیەک بۆ داهاتووم.
ئه‌و چیرۆكه‌ پڕ به‌ پێستی ته‌بیعات و هه‌ڵسوكه‌وتی ڕۆژانه‌ی كورد دوورواوه‌… ئێمه‌ میلله‌تێكین هه‌رگیز چێژ له‌ جه‌م و ده‌می ژیان وه‌رناگرین. نه‌ خۆمان فێرده‌كه‌ین و نه‌ نه‌وه‌كانمان و نه‌فێریش كراوین. كه‌ گه‌رما تاقه‌ت پروكێنه‌كه‌ی هاوین دادێ له‌ تاو گه‌رما ئاخ و ئۆفمانه‌ و ده‌ناڵێنین، كه‌ زستانیش دێت، ده‌ڵێین ئای خوایه‌ ده‌بێ كه‌نگی هاوین بێت و تۆزێك گه‌رممان بكاته‌وه‌، هه‌ربۆیه‌ سه‌رماشمان به‌دڵ نییه‌و لێ ڕاده‌كه‌ین.
له‌ هیچدا ئۆقره‌مان نییه‌، هه‌ندێك جار به‌ په‌له‌ پرۆزكێ ده‌مانه‌وێت بچینه‌ بازار یان چایخانه‌یێك یا هه‌رشوێنێك بێ، دووسێ كه‌سی لێ بێ، له‌وێش له‌ نێو قه‌ره‌باڵغی وه‌ڕس و بێزار ده‌بین. ده‌ڵێین یه‌ڵا با بكه‌ینه‌ شه‌و و بچینه‌ ماڵه‌وه‌، له‌ ته‌نیایی ماڵه‌وه‌ش دڵ پڕ و بێتاقه‌ت ده‌بین.
ڕۆژ به‌ ڕۆژی هه‌فته‌ ده‌ژمێرین تا بگه‌ینه‌ كۆتایی هه‌فته‌ و هه‌ینی، جا ئه‌وكاتیش هه‌ر زوو هێنده‌ی پێناچی ماندوو و شه‌كه‌ت ده‌بین و دڵته‌نگی ته‌نگمان پێ هه‌ڵده‌چنێ. بگره‌ هه‌ندێك جار خێراترین، ده‌قه‌ به‌ ده‌قه‌ یاخود چركه‌ به‌ چركه‌ی ده‌مژمێر ده‌ژمێرین تا له‌ ڕۆژ بگه‌ینه‌ شه‌و، له‌ شه‌ویش بگه‌ینه‌ سپێده‌یه‌كی نوێ. به‌رده‌وام په‌له‌مانه‌ له‌ ته‌واو بوونی ئه‌و ڕۆژانه‌مان، بێ ئاگاین له‌وه‌ی ئه‌و ڕۆژانه‌ باشترین و چاكترین ده‌م و ساته‌كانی ژیانمانن.
خۆ ئێمه‌ له‌ پیته‌ر خراپترین… له‌ هه‌موو قۆناغه‌كانی ژیان بێ وچان بووین و بێ ڕامان و بێ هه‌ڵوێست بووین له‌ توێخ و لوێخ و جۆش و خرۆشی ژیان… ته‌نانه‌ت له‌ گه‌شت و سه‌فره‌ و سیاحه‌تیش بیر و خه‌یاڵمان لای دوا قۆناغ و كۆتا وێستگه‌یه‌. ده‌ڕۆین هه‌ر ده‌ڕۆین بێ ئه‌وه‌ی له‌ په‌نجه‌ره‌ و ده‌لاقه‌یه‌كی گه‌شته‌كه‌ له‌ جیهانی ده‌وروبه‌رمان بڕوانین، بێ ئه‌وه‌ی هیچ چێژێك له‌ ڕێگاكه‌ ببینین بنه‌و بارگه‌مان داده‌نێین و له‌وێش دیسان به‌ هه‌مان تاس و حه‌مام وه‌ك میلی سه‌عات به‌ملا و به‌ولا دا ده‌سوڕێینه‌وه‌. هه‌ربۆیه‌ به‌رگه‌ی بچووكترین شه‌ڕ و هه‌ڵا ناگرین زوو ته‌فروتونا ده‌بین، چونكه‌ پیری بێ ته‌جروبه‌ین.




شاعیران و کۆشکی دەسەڵات … ئەردەڵان عەبدوڵڵا

هەتاوەکو ئێستاش نازاندرێت بۆچی «پلاتۆن» فەیلەسووفی ناسراوی یۆنان هێندە دژی شاعیرەکان بوو، رازی نەبوو لە کۆمارە خەیاڵاوییەکەیدا، شاعیران هەبن. لە کاتێکدا کۆمارەکەی پلاتۆن شتێکی خەیاڵیی بوو، خەیاڵ و شیعریش پەیوەندییەکی قووڵیان بە یەکەوە هەیە، کەچی ئەو دژی شاعیران بوو. بەڵام بە پێچەوانەی پلاتۆنەوە هەمیشە کۆشكی دەسەڵاتدارەکان، شاعیرانی تێدا بووە. لە کاتێکدا سیاسەت و دەسەڵات شتێکی تەواو عەقڵانیی و ئاڵۆزە، گەرچی شیعر و شاعیر زیاتر لایەنی سۆز و خۆشەویستی بەسەریدا زاڵە.

کاتێک سەیری مێژووی دەسەڵاتدارانی جیهان دەکەین، هەمیشە ئەوەمان بەرچاو دەکەوێت پادشا و سەرۆکەکان، حەزیان بە شیعر و شاعیرەکان هەبووە بەتایبەتی ئەوانەی کە شیعری جوانیان پێداهەڵداون، گەرچی ئەوانەی کە دژیان بوون، زیندانی کراون و چەوساندویاننەتەوە. واتە ئێمە پەیوەندییەکی دژ بەیەک دەبینین، لەلایەکەوە ئەو شاعیرانەی کە دۆستی دەسەڵات بوون، رێزیان لێگیراوەو پاداشت و خەڵات کراون، ئەوانەشی دژ بوون، سزادراون و چەوساونەتەوە.

لێرەدا هەوڵ دەدەم باسی چەند حکایەتێکی شاعیران و کۆشكی دەسەڵات بکەم، لە چەند وڵات و سەردەمانێکی جیاواز، کە هەریەکەیان سەر بە کولتوور و ناوچەیەکی جیهانن. سەرەتا لە عیراقەوە دەستپێدەکەین، باسی شای شاعیرانی عەرەب موتەنەبی و جەواهیری دەکەین، دواتریش باسی شاعیرەی کوێتی سوعاد سەباح دەکەین. دواتریش دەچین بۆ ئەوروپا بۆ لای ساڵۆنی میر و نەجیبزادەکانی فەرەنسا، دواتر سەرێک لە روسیا دەدەین و باسی مایکۆفسکی شاعیری شۆڕشی روسی دەکەین، ئینجا لۆرکای ئیسپانیی و بابلۆ نیرۆدای شیللی.

موتەنەبی شای شاعیرانی عەرەب

هەمیشە لە کۆشکی پادشا و میرەکانی وڵاتە عەرەبییەکاندا، شاعیران رۆڵ و پێگەیان هەبووە، تەنانەت لەسەردەمانی زوودا هەر خێڵە و خاوەنی شاعیرێکی خۆی بووەو لەکاتی جەنگدا ئەوانیش بە شیعرەکانیان بەشداری جەنگەکانیان کردووە. یەکێکیش لە شاعیرە بەناوبانگەکانی عەرەب « موتەنەبی « ە. ئەو بە ئوستادی گەورەی شیعری عەرەبی دادەنرێت، لە رووی زمان و مانا و مەنتقیشەوە، لە هەموو شاعیرە عەرەبەکانی تر، بەتوانا تر بووەو کاریگەری گەورەشی بەسەر زۆربەی شاعیرانی عەرەبەوە هەبووە. کۆمەڵێک نازناوی گەورەی هەبووە لەوانە « شاعیری حەکیم، و شانازی زمانی عەرەبی» ، شارەزاییەکی زۆر باشی لە مێژوو ، منطق، زمان و گراماتیکی زمانی عەرەبیدا هەبووە.
موتەبەنی ناوی ئەسڵی « أحمد بن الحسين بن الحسن بن عبد الصمد الجعفي أبو الطيب الكندي الكوفي « لە ساڵی 915 لە کوفە لە خێڵی کندە لەدایک بووەو لە ساڵی 965 کۆچی دواییکردووە. هەر لە منداڵییەوە توانا و بەهرەیەکی بێوێنەی هەبووە، لە تەمەنی نۆ ساڵیدا شیعری نووسیوەو هەر زووش توانای شیعری تێدا چەکەرەی کردووە.
موتەنەبی حەزێکی زۆری بە گەشت و گەڕان و سەرکێشی هەبووە، هەروەها سەردانی کۆشكی زۆر میر و پادشاکانی ناوچەکەی کردووە. بەگشتی شیعرەکانی لە رووی مانا و زمان و منطقیشەوە، بێوێنە بوون. لە ژیانیدا 365 بەیتی شیعری نووسیوە، شیعرەکانیشی مانا و ژیریی و قسەی نەستەقی زۆری تێدایە. لەهەمانکاتیشدا بەشێکی زۆری شیعرەکانیشی بۆ میرو پادشاکان نووسیوە، بەتایبەتی « سيف الدولة الحمداني» کە پادشای ئیمارەتی حەمدانی بووە لە حەلەب. موتەنەبی باشترین ساڵەکانی ژیانی ، لە کۆشكی ئەم پادشایە ژیاوە، هەرچەندە دواتر دژی دەوەستێتەوە.

موتەنەبی و کۆشكی دەسەڵاتداران

موتەنەبی لەسەردەمێکدا دەژیا، دەتوانین بڵێین سەردەمێکی ئاڵۆز و پشێویی بووە، چونکە لەو کاتەدا ئیمپراتۆریەتی عەباسی لە دوا ساتیدا دەژیا، ئەمەش وایکرد کە لە چەندین ناوچەدا، ئیمارەت و دەوڵەتی جیاواز پەیدابێت بەتایبەتی لە عیراق وشام و میسر.

موتەنەبی پەیوەندییەکی ئێجگار سەیر و سەمەرەی لەگەڵ کۆشكی دەسەڵاتداران هەبووە، زۆرجاریش لەلای دەسەڵاتدران خۆشەویست بووە، چونکە خاوەنی زمانێکی شیعری زۆر بەهێزبووە، بەتایبەتی لە رووی وەسفکردنەوە، زۆر بەهێزبووە. هەمیشە پادشا و میرەکانیش، دڵیان بەم ستایش و پێداهەڵدانەی شاعیران خۆشبووە، بەتایبەتی شاعیرێکی پایە بەرزی وەکو موتەنەبی.
پەیوەندی نێوان موتەنەبی و سەیف دەولەی حەمەدانی زۆر تایبەت بووە، هەروەها ئەم میرەش زۆر رێزی موتەنەبی گرتووەو هاوکاری باشیکردووەو هەمیشەش ئەندامێکی چالاکی کۆشکەکەی بووە. بەڵام پاش ماوەیەک ساردی دەکەوێتە نێوان موتەنەبی و سەیف دەولە، ئەمەش دەبێتە مایە‌ی نارەحەتی موتەنەبی، دیارە لەمەشدا وەکو دەڵێن خێڵی بەخیلان رۆڵیان هەبووە، چونکە پێیان ناخۆشبوە، کە سەیف دەولە، هێندە گرنگی بەم شاعیرە دەدات. ئەمیش کابرایەکی بێگانە بووە و لە عیراقە هاتووە. لەپاش نۆ ساڵ درز دەکەوێتە نێوان ئەم پەیوەندییە گەرمەی نێوان شاعیرو میرەوە. دیارە کۆمەڵێک قسەوباس لەبارەی تێکچوونی ئەم پەیوەندییە هەیە، لەوانە دەڵێن گوایە موتەنەبی حەزی لە خوشكەکەی سەیف دەولە بووە، پاشئەوەی پێیدەزانێت، ئیتر زۆری پێ ناخۆش دەبێت و دواتریش پشتگوێی دەخات، لەبەرئەوە موتەنەبی ناچار دەبێت و حەلەب و کۆشكی میر بەجێبهێڵێت.

پاشان روو دەکاتە میسر و ماوەیەکیش لێرە دەمێنێتەوە، لەوکاتەدا میسر لەلایەن کافوورەوە حوکم دەکرێت، ماوەیەکیش لەلای ئەم میرە دەبێت، بەڵام پاش ماوەیەک پەیوەندی لەگەڵیدا زۆر بەخراپی تێکدەچێت و ناچار میسر بەجێدەهێڵیت، لەکۆتایشدا موتەنەبی زۆر بەتوندی هێرش دەکاتە سەر میسر و ئەم پادشایە، تەنانەت شیعرەکانی هێندە ناشیرین دەبێت، کە دەچێتە قاڵبی راسیزمەوە، چونکە کافوور پێست رەشبووە و پێشتر کۆیلە بووە. موتەنەبی زۆر بە ناشیرینی شیعری هەجوی» داشۆرین» لەسەر ئەم میرە نوسیوە.

سادات كل أناس من نفوسهم

وسادة المسلمين الأعبد القزم

لا تشتر العبد إلا والعصـا معـه

دواجار موتەنەبی هەر لەسەر ئەم زمانە تیژ و توندەی دەکوژرێت، کاتێک شیعرێکی هەجو»داشۆرین « لە دژی یەکێک لە پیاوکوژ و دز و چەتەکانی ناوچەکە بەناوی « ضبة بن يزيد الأسدي العيني» دەنووسێت، کاتێک موتەنەبی دەگەڕێتەوە بۆ کوفە، لەرێگادا ضبة و گرووپەکەی رێگای پێدەگرن، دواتریش دەیکوژن.
هەرچەندە نوکتەیەکەیش لەمبارەیەوە هەیە، دەڵێن کاتێک دەکەونە بۆسەی ضبة وە، موتەنەبی دەیەوێت را بکات، غوڵامەکەشی گاڵتەی پێدەکات و دەڵێت: ئەی تۆ نەبوویت جاران دەتگوت :

الخيل والليل والبيداء تعرفني

والسيف والرمح والقرطاس والقلم

ئەویش بە پەشۆکاوییەوە وەڵامی د ەداتەوە:
قتلتني قتلك الله

هەر لە عیراق دەمێنینەوە، بەڵام زەمەنەکە دەگۆڕین و باسی شاعیرێکی ناسراوی تری عیراق دەکەین، کە لە سەدەی بیستەمدا ژیاوە، واتە 10 سەدە دوای موتەنەبی، هەرچەندە حکایەتی ئەویش کەمێک لە حکایەتی موتەنەبییەوە نزیکە، ئەویش شاعیری ناسراوی عیراقی جەواهیرییە.

جەواهیریی و دەسەڵات

هەر لەدێر زەمانەوە عیراق بێ رکابەر پایتەختی شیعری عەرەبییە و کۆمەڵێک شاعیری مەزنی تێدا لەدایک بووە لەوانە : موتەنەبی، بەدر شاکر سەیاب، نازک مەلائکە، عەبدلوەهاب بەیاتی، جەواهیری، موزەفەر نەواب و زۆری تریش.
هەموو ئەدیبان و شاعیرانی عەرەبیش لەسەر ئەوە کۆکن، کە مەهدی جەواهیری ، خاوەن پێگەیەکی بەهێزی شیعری عەرەبییە لە سەدەی نوێیدا.
شیعرەکانی لە رووی ناوەڕۆک و شێوازیشەوە، داهێنان و جوانییەکی زۆری تێدایە. لەهەمانکاتیشدا خاوەنی هەڵوێستی سیاسی بووەو زۆرجاریش هەڵوێستە سیاسییەکانی مایەی رەخنەی توندبوون لەم شاعیرە. لەرووی سیاسییەوە زیاتریش لە پارتی کۆمۆنیستی عیراقەوە نزیک بوو.

مەلایەکی نەجەفی

محەمەد مەهدی جەواهیری لە 27 تەموزی 1899 لە شاری نەجەف لە بنەماڵەیەکی ئایینی و ناوداری نەجەف لەدایک بووە، ساڵی 1997 لە دیمەشقی پایتەختی سوریا کۆچی دوایی کردووە.
سەرەتا جەواهیری زانستی ئایینی خوێندووە، بەڵام پاشان وازی لە مەلایەتی هێناوەو تێکەڵی ژیانی ئەدەبی وسیاسی و رۆژنامەگەری بووە. جێگەی ئاماژەیە جەواهیری جگە لەوەی شاعیرێکی بەتوانا بووە، لەهەمانکاتیشدا رۆژنامەنووسێکی چالاکیش بووە، بەتایبەتی لەسەردەمی لاویدا کۆمەڵێک رۆژنامەی دەرکردووە لەوانە» الفرات،الانقلاب، الراي العام» ساڵی 1923 یەکەمین دیوانی شیعری خۆی بەناوی « حلبة الادب» چاپکردووە. جەواهیری زۆر هۆگر و شەیدای شیعرەکانی موتەنەبیش بووە، هەرچەندە لە رووی پەیوەندی لەگەڵ دەسەڵاتیش، کەمێک لە یەکترییەوە نزیکن.

جەواهیری شاعیری کۆشکی دەسەڵات

نەیارانی جەواهیری زۆرجار بە شاعیری کۆشکی دەسەڵاتی دادەنێن. ئەویش خاوەنی حکایەتی سەیروسەمەرەیە لەگەڵ کۆشكی دەسەڵات، لە سەرەتای ژیانیدا لە کۆشكی دەسەڵات کاریکردووە، بەڵام لە دوا ساتەکانی ژیانیدا دەبێتە دوژمنی سەرسەختی کۆشکی دەسەڵاتی بەغدا.

جەواهیری لەسەرەتای لاویدا لە کۆشکی پاشایەتی مەلیک فەیسەڵ کاریکردووە، بەڵام پاشان بەهۆی قەسیدەی « جربیني» یەوە، لە کۆشک دەردەکرێت، دواتریش تێکەڵی رێکخراوەکانی حزبی شیوعی عیراق دەبێت، هەموو توانا شیعریی و رۆژنامەگەرییەکانی دەخاتە خزمەتی ئەم پارتەوە. لەهەمانکاتیشدا دەبێتە دوژمنی سەرسەختی هەموو نەیارانی ئەم حزبە بەتایبەتی حزبی بەعس.
جەواهیری شیعری بۆ مەلیک فەیسەڵی یەکەم و دووەم وتوە، هەروەها شیعری بۆ میر عەبدوڵڵای وەسی مەلیک فەیسەڵی دووەم و نوری سەعید وتوە، کە دوژمنی سەرسەختی شیوعییەکان بووە.
لە ستایشی مەلیک فەیسەڵی یەکەم دەڵێت:

اعلى المللوك محله نبلا

وشرفوا مكانته فضلا

لە ستایشی میر عەبدوڵڵا وەسی مەلیک فەیسەڵی دووەم دەڵێت:

عبدالإله وفي المكارم شركة

شاركت في خصل المليك الأوحد

يا ابن الهواشم حرة عن حرة

وابن الخلائف أصيدا عن أصيد

بۆ مەلیک فەیسەڵی دووەمیش دەڵێت:

يا أيها الملك الأغر تحية

من شاعر باللطف منك مؤيد

أنا غرسكم أعلى أبوك محلتي

نبلا، وشرف فضل جدك مقعدي

بەعس و جەواهیری

یەکێک لە کێشە گەورەکانی حزبی بەعس ئەوەبوو، بەشێكی زۆری ئەدیبان، نووسەران، شاعیران، گۆرانیبێژان، تابلۆکێش و هونەرمەندانی، لەگەڵ حزبی شیوعیدا بوون، تاک و تەرا، شاعیرێک یان نووسەرێک لەگەڵ بەعسییەکان بوو، ئەمەش خەوش و داخێکی گەورە بوو بۆ سەرانی ئەم حزبە. لە شەستەکانیشەوە جەواهیری یەکێک بوو لە شاعیرە ناودارەکانی عیراق، لە زۆربەی بۆنەکانیشدا دژی بەعس شیعری دەنووسی. ئەمەش وایکرد کە ببێتە دوژمنی سەرەکیان، هەرچەندە دواتر لە سایەی کودەتای ساڵی 1968 دووبارە لەسەر داوای حکومەتی بەعسییەکان دەگەڕێتەوە بۆ بەغدا و مانگانەش 150 دیناری وەکو خانەنشینی بۆ دەبڕنەوە، کە لەوکاتەدا بڕە پارەیەکی زۆر بووە، هەروەها کەمێک لە دوژمنیایەتیی بەعسییەکان کەوت، بەڵام ئەوەش کاتی بوو.

جەواهیری و سەدام

هیچ حاکمێکی عەرەبی هێندەی سەدام شاعیرەکانی نەچەوساندۆتەوە، لەهەمانکاتیشدا هیچکامیان هێندەی ئەو شیعری بۆ نەنووسراوە. سەدام حاکمێکی دیکتاتۆر بوو لەهەمانکاتیشدا خاوەنی سەروەت و سامانێکی زۆریش بوو، وەکو هەموو حاکمێکیش حەزی بەوە هەبوو کە شاعیران شیعری ستایشی بۆ بنووسن، لەمەشدا کۆمەڵێک شاعیری عەرەبی نانیان کەوتە رۆنەوە، بەڵام سەدام شانسی لەگەڵ شاعیرە عیراقییەکان زۆر کەم بوو، چونکە زۆربەیان دژی بوون. لەپاش گەڕانەوەی جەواهیری، سەدام کەمێک دۆستایەتی لەگەڵ پەیدا کرد، لەماوەی پێشووشدا کۆمەڵێک ڤیدیۆ و فۆتۆ بڵاوبوونەوە، کە سەدام لە کۆشکەکەی خۆی پێشوازی لە جەواهیری کردووە، بەڵام ئەم دۆستایەتییە بەردەوام نەبوو، ناچار جەواهیری ساڵی 1980 عیراق بەجێدەهێڵێت و دەچێتە وڵاتی دوژمنە سەرسەختەکەی سەدام کە ئەویش حافیز ئەسەدە، هەتا کۆتایی ژیانی لە دیمەشق دەمێنێتەوە. ساڵی 1994 دووبارە ناسنامەی عیراقی لە جەواهیری دەستێنرێتەوە چونکە بەشداری لە میهرەجانی جادریە لە سعودیە کرد، ئەمەش بە پێی بۆچوونی سەدام خیانەت بووە لە نیشتمان، چونکە سعودیە دوژمنی عیراق بووە، جەواهیریش لەداخی ئەم هەڵوێستەی سەدام، شیعرێکی داشۆرین لە دژی دەنووسێت، تەنانەت قسەی ناشایستەش بە دایکی و بنەچەی سەدام دەڵێت.

جەواهیریی سەرۆک و پادشاکانی عەرەب

بەشێک لە رەخنەگرانی جەواهیری، بە شاعیری پادشا و سەرۆکەکانی عەرەبی دادەنێن، ئەوەش لەبەرئەوەی شیعری زۆری بۆ پیاداهەڵدان و ستایشی حاکمە دیکتاتۆرەکانی عەرەب وتوە. جەواهیری شیعری ستایشی بۆ مەلیک حوسێنی ئورودن، مەلیک حەسەنی دووەمی مەغریب، حافیز ئەسەد، وتوە. پارادۆکس لەوەدایە جەواهیری خۆی بەشاعرێکی شۆڕشگێڕ دادەنا و بۆیە عیراقی بەجێهێشت لەبەرئەوە شیعری ستایش بۆ سەدام نەڵێت و خۆی بەنەیاری رژێمی دیکتاتۆری دادەنا، کەچی شیعری بۆ مەلیک حوسێن دەوت، کە خۆی و مەملەکەتەکەی، بە خێرو سەدەقەی سەدام دەژیا.
بەدڵنیاییەوە ژیانی ئەدەبی جەواهیری پڕیەتی لەلێکدژیی و ئاڵۆزی، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا گەر سەیری شیعرەکانی تری بکەین، جوانیی و بەهرەمەندی و داهێنانی گەورە لە شیعرەکانیدا دەبینینەوە.

هەر لەعیراق دەمێنینەوە، بەڵام ئەمجارەیان باسی ژیانی ژنە شاعیرێک دەکەین، کە ئەویش سەرەتا زۆر عاشقی سەدام دەبێت، بەڵام دوایی دژی دەوەستێتەوە ئەویش ژنە شاعیری کوێتی سوعاد ئال سەباحە.

ژنە شاعیرێک عاشقی دیکتاتۆرێک دەبێت

وەکو پێشتر وتم کاتێک سەدام بووە حاکمی عیراق، زۆر شاعیری عەرەبی کەوتنە ستایش و پیاهەڵدانی، بەتایبەتی لە میهرەجانی شیعری « المربد» دا، زۆر شاعیری عەرەبیمان دەبینی کە ستایشی سەدامیان دەکرد. یەکێکیش لەو شاعیرانە، ژنە شاعیرەی کوێتی سوعاد سەباح بوو. ئەم ژنە کە دەهات بۆ عیراق هەموو دەزگا میدیاکانی عیراق گرنگیان پێدەدا و شیعرەکانیان بڵاودەکردەوە.
سوعاد سەباح لە ساڵی 1942 لە کوێت لەدایک بووە، جگە لەوەی شاعیرەیەکی ناسراو بوو، ئەکادیمییەکی ناسراوی کوێتیش بوو ، ساڵی 1981 بڕوانامەی دکتۆرا لە زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی لەندەن دەهێنێت. سەر بە بنەماڵەی سەباحە کە سەدان ساڵە حوکمی کوێت دەکەن. ژنی شێخ محەمەد موبارک سەباح بوو، کە جێگری حاکمی کوێت بوو، ئەم ژنە شاعیرە پێویستی بە پارەو پوولیش نەبوو، بەڵام میرنشینەکەی پێویستیان بە سەدام بوو.
لەوکاتەشدا سەدام خۆی بە پارێزەری هەموو عەرەب دەزانی بەتایبەتی دەوڵەتانی کەنداوی فارس، جەنگی لەجیاتی هەمووان لە دژی ئێران دەکرد. هیچ دەوڵەتێکی عەرەبی هێندەی کوێت پشتگیری رژێمی سەدامی نەکرد، ئەوان چ لە رووی ئابووری، سیاسی، تەنانەت فەرهەنگیشەوە، زۆر پشتگیری سەدامیان دەکرد. زۆربەی گۆرانیبێژان، شاعیر، نووسەر، رۆژنامەنووسانی کوێتی، هەموویان بە شان و باڵی سەدام و رژێمەکەیان هەڵدەدا.

ساڵی 1985 سوعاد سەباح شیعرێکی بەناوی « حب الى سيف عراقي ، خۆشەویستی بۆ شمشێرێکی عیراقی « نووسی، لەمەشدا زیاتر مەبەستی سەدام بوو کە بە شمشێری عەرەب وەسف دەکرا.

لە شیعرەکەیدا دەڵیت:

انا إمرأة قررت أن تحب العراق

وأن تتزوج منه أمام عيون القبيلة
فمنذ الطفولة كنت أكحل عيني بليل العراق

وكنت أحني يدي بطين العراق

وأترك شعري طويلا ليشبه نخل العراق
لەوکاتەدا قسەی زۆر لە بارەی پەیوەندی ئەم ژنە شاعیرە بەسەدامەوە دەکرا، چونکە چەندینجار سەدام بە تەنها بینیوویەتی، ئەویش هەرچەندە ژنێکی ئەکادیمیی و مێردەکەشی میرێکی کوێتی بوو، بەڵام خۆشەویستی خۆی بۆ سەدام نە دەشاردەوە. ئینجا نازانم ئەمە بە ئاگاداری مێردەکەی بوو یان نا؟!.

پەشیمان بوونەوە
بەڵام کاتێک سەدام لوولەی تۆپەکانی ئاڕاستەی کوێت کرد و داگیریکرد، ئینجا پەنچەی پەشیمانی گەست و لە رادیۆی لەندەنەوە، دەگریا و تووشی شۆک بوو کاتێک سەدام کوێتی داگیرکرد. ئەمان هەموویان لە ئاست تاوانەکانی سەدام کەڕو کاس بوون، هەتا سەدام چووە گیانیان.

لە شیعرێکیدا باسی ئەم شۆک و پەشیمانییەی دەکات و دەڵێت:

أيها الجار الذي هدم داري

وأنا عمرت في قلبي له ركنا ودارا

إنني مكسورة، مقهورة، ذاهلة

تقذف الخيبة أحلامي يمينا ويسارا.

دواتر ئەو شیعرەی لە دیوانەکەی سڕیەوە کە پێشتر بۆ سەدامی وتوە، بەڵام دەردی مەسەلە عەرەبییەکە دەڵێت « دوای وێران بوونی بەسرە»

عیراق و رۆژهەڵات بەجێدەهێڵین و دەچین بەرەو ئەوروپا و سەردانی ساڵۆنەکانی سەدەی حەڤدە و هەژدەی میرو نەجیبزادەکانی فەرەنسا دەکەین، لێرەش شاعیران حکایەتی بەلەزەتیان هەیە.

ساڵۆنە ئەدەبییەکانی فەرەنسا

هەروەک چۆن خێڵ و میرو پادشاکانی عەرەب شاعیری تایبەت بەخۆیان هەبوو، لە فەرەنساش بەهەمانشێوە بوو، بەتایبەتی لەسەدەکانی شانزە و حەڤدە و هەژدەدا دیاردەیەکی سەیر سەرهەڵدەدات ئەویش ساڵۆنە ئەدەبییەکانە. ئەم ساڵۆنانە لەناو مێژووی ئەدەبیاتی فەرەنسیدا، پانتایی گەورە داگیر دەکەن. لەم سەدانەدا، میرو نەجیبزادەکان، کۆشکەکانیان بە رووی شاعیران، شانۆکاران، تابلۆکێش و موزیکژەنەکان دەکردەوە. هەر میرەو کۆمەڵێک شاعیرو نووسەر و هونەرمەندەی تایبەتی بەخۆی هەبوو. لەماوەی پێشوودا چاوم بە وتارێکی نووسەری مەزنی فەرەنسی ئیمیل زۆلا کەوت، ئەو خۆی دژی ئەدەبی ساڵۆنەکان بووە، چونکە پێی وایە کە ئەدەب نابێت تەنها بۆ چینێک قۆرخ بکرێت، بەڵکە دەبێت بۆ هەموو گەل بێت.

زۆلا دەڵێت:

ساڵۆنەکانی نەجیبزادەکان، ئەوان بۆیان هەبوو رۆحی ئەدەبی دیاری بکەن و ئەدەبی باش و خراپ دابنێن و هەر ئەوانیش بۆیان هەبوو، بڕیاری یەکلاکەرەوە لە بارەی ئەدەبەوە بددەن.

دواتریش دەڵێت:

نەجیبزادەکان حەزیان دەکرد، هەروەک چۆن خاوەنی چێشتلێنەر و کارگوزاری تایبەت بوون، ئاواش خاوەنی شاعیری تایبەت بە خۆیان بن، لەوکاتەدا ئەمانە بووبون بە خاوەنی ئەدەب.
دواتریش زۆلا لەو وتارەیەدا تیشكی خستۆتە سەر پەیوەندی نێوان کۆمەڵێک شاعیر و ئەدیبی گەورەی فەرەنسا لەگەڵ ستەمکارترین حاکمی فەرەنسا کە ئەویش لویسی چوارەدە بوو. ئەم پیاوەش پەیوەندی سەیری بە ئەدیب و شاعیرانەوە هەبووە.

لویسی چوارەدەو شاعیرانی فەرەنسا

لویسی چواردە یەکێکە لە پادشا ناسراوەکانی فەرەنسا، لە هەمانکاتیشدا ئەم پادشایە، گوزارشت لە حوکمێکی رەها و دیکتاتۆری دەکات، هەربۆیە زۆرجار لویسی چوارەدە وەکو سیمبۆڵێک بۆ «ئەبسلوتیزم» دادەنرێت و خاوەنی وتەیەکی ناسراوە:

من دەوڵەتم و دەوڵەتیش منم

بەڵام لەپەنا ئەمەشدا فەرەنسا لەسایەی لویسی چوارەدا لە رووی فەرهەنگییەوە، گەشەیەکی گەورەی بەخۆوە بینیووە. ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەم حاکمە زۆر باشبووە لەگەڵ شاعیران و سەخی تەبیعەتانە پارەی پێ بەخشییوون و مووچەی تایبەی بۆ گەلێک شاعیری ناسراوی فەرەنسی بڕیوەتەوە، بۆ نموونە لەو سەردەمەدا بەناوبانگترین شاعیری فەرەنسا کورنی بووە، کە شاعیرێکی شانۆییش بووەو بە یەکێک لە کۆڵکەکانی شیعری فەرەنسی دادەنرێت. ساڵانە 2 هەزار فرانکی هەبووە، «دیمارییە» ی شاعیر و درامانووسی بەناوبانگیش 1200 فرانک، «مۆلێر» شاعیرو شانۆنووس 1000 . هەروەها «ژان راسین» کە ئەویش یەکێکە لە شانۆنووسە مەزنەکانی فەرەنسا، ئەمیش ساڵانە 800 فرانکی لە کۆشكی پادشایەتی بۆ براوەتە.
ئەمەش لە کاتێکدا ئەم ئەدیب و شاعیرانە رۆڵی بەرچاو و گەورەیان هەبووە لە بواری ئەدەبیات و فەرهەنگی فەرەنسیدا، لە کاتێکدا پەیوەندییان لەگەڵ دیکتاتۆرترین حاکمی فەرەنسا هەبووە. جگەلەوەش لە کاتێکدا کە ئەمانە بە لێشا و پارەیان لە کۆشکی شاهانە وەرگرتووە، زۆرینەی خەڵکی فەرەنسا لەوپەڕی هەژاریی و نەداریدا ژیاون.
فەرەنسا بەجێدەهێڵین بەڵام هەر لە ئەوروپا دەمێنینەوەو بەرەو وڵاتە ساردەکەی روسیا دەڕۆین، لێرەش شاعیرێک حکایەتێکی سەیری لەگەڵ کۆشکی دەسەڵاتدا هەیە.

شاعیرەکەی شۆڕشی روسیا

کاتێک سەیری مێژووی ئەدەبیاتی روسیا دەکەین، کۆمەڵێک شاعیری مەزن دەبینین، یەکێکیش لەو شاعیرانە فلادیمیر مایکۆفسکییە کە نازناوی « شاعیری شۆڕش» یان لێنابوو. ئەم شاعیرەش خاوەنی حکایەتێکی ئێجگار سەیرو سەمەرەیە لەگەڵ دەسەڵاتداران، سەرەتا زۆر بە جۆش و خرۆشەوە تێکەڵی شۆڕشەکە دەبێت و تەواوی هێز و تواناکانی بۆ خزمەتکردنی شۆڕشەکە تەرخان دەکات، لێ پاش چەند ساڵێک بێزار دەبێت و دواجاریش کۆتایی بە ژیانی خۆی دەهێنێت.

ئەدیبێکی بێگانە لە مۆسکۆ

مایکۆفسکی لە مانگی تەموزی 1893 لە شارۆچکەی « بەغدادی» لەدایک بووە و لە 14 ئەپریلی 1930 خۆی کوشتووە. ئەوەی جێگەی سەرنجم بوو ناوی شارۆچکەکەیان بوو» بەغدادی»، نازانم لە کوێوە هاتووە، هەرچەندە پاشان دەسەڵاتدرانی سۆڤێتی ناوەکەی دەگۆڕن و دەیکەن بەناوی « مایکۆفسکی» یەوە.
باوکی « رۆسمن» تەتەری بووەو دایکیشی خەڵکی « ئۆکرانیا» بووە. واتە مایکۆفسکی لە بنەماڵەیەکی فرە کولتووریی و نەتەوەیی لەدایک بووە ئەمەش جۆرە هەستێکی کۆسمۆپۆلیتیکی لادروست کردووە. پاشان لە قوتابخانە فێری زمانی جۆرجی و روسی دەبێت.
ساڵی 1906 لەپاش کۆچی دوایی باوکی لەگەڵ دایکی و دوو خوشکەکەی ناچار جۆرجیا بەجێدەهێڵن و دەچن بۆ مۆسکۆ. بەهۆی هەژاری بنەماڵەکەشیانەوە، ساڵی 1908 واز لە خوێندن دەهێنێت،بەڵام پاشان ساڵی 1911 پەیوەندی دەکات بە کۆلیژی هونەرەجوانەکان لە مۆسکۆ و لێرەشەوە تێکەڵی ژیانی سیاسی و ئەدەبی مۆسکۆ دەبێت.
مایکۆفسکی هەژاریی و بێدرامەتیی کاریگەری گەورەی تێکردووە، بەتایبەتی پاشئەوەی باوکی دەمرێت، تەمەنی 13 ساڵان دەبێت، رەوشی ژیانیان تەواو ناخۆش دەبێت. پاشان لە بیرەوەرییەکانیدا باسی ئەو ساتانە دەکات و دەڵێت: لەپاش مردنی باوکم تەنها 10 رۆبڵی خانەنشینی ئەومان هەبوو ئەمەش زۆر کەم بوو، ئێمە ناچاربووین بەرەو مۆسکۆ بڕۆین، لەوێش ئەوپەڕی هەژاریی و برسێتی و نەدرایمان بینی.
بەڵام لەهەمانکاتیشدا ژیانی روسیا و مۆسکۆ، ماگنێتی گەورەی هەبووە، کۆمەڵێک ناخۆشی لەبیربردۆتەوە، وەکو دواتریش لە بیرەوەرییەکانیدا دەڵێت: روسیا ماگنێتێکی گەورەی هەبوو، هەمیشە بەرەو لای خۆی رایدەکێشام.
پاشان تێکەڵی ژیانی سیاسی دەبێت و پەیوەندی بە پارتی بەلشەفییەوە دەکات. ساڵی 1908 بۆ یەکەمجار لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیر دەکرێت، چونکە لە چاپخانەی نهێنی بەلشەفییەکان کاری دەکرد، بەڵام بەهۆی کەمی تەمەنیەوە، ئازادی دەکەن. پاش شەش مانگی تر، لەهەمان ساڵدا دووبارە دەستگیر دەکرێت، ئەوەش بەهۆی بەشداریکردنی لە خۆپیشاندانی بەلشەفییەکان، دیسانەوە بەهۆی کەمی تەمەنیەوە، رەحمی پێدەکەن و تەنها چل رۆژ زیندانی دەکرێت. بەڵام ساڵی 1909 کاتێک هەوڵی ئازادکردنی 13 زیندانی گرتووخانەی نوڤنسکا، نزیکەی ساڵێک د ەستگیر دەکرێت.
مایکۆفسکی هەر لەتەمەنی منداڵییەوە بەهرەی شیعری تێدا لەدایک دەبێت، لە تەمەنی پانزە ساڵیدا یەکەمین شیعری خۆی بەناوی « هەورێک لە شەرواڵ» دا بڵاو دەکاتەوە. پاشانیش کۆمەڵێک شیعری تر دەنووسێت، کە تێیدا دژایەتیکردنی سەرمایەدار و زوڵم و زۆری چینایەتی، دەبێتە ناونیشانی سەرەکی. هەر لەیەکەم شیعریەوە هەست بەمە دەکرێت و داوای رووخانی چوار شت دەکات:

بروخێت خۆشەویستیتان، برووخێت هونەرەکەتان، بروخێت رژێمەکەتان، بروخێت ئاینەکەتان.

لەپاش سەرهەڵدانی شۆڕش، مایکۆفسکی پەیوەندییەکی زۆر قووڵی لەگەڵ شۆڕش و شۆڕشگێران دەبێت و هەموو توانا شیعرییەکانیشی بۆ خزمەتی شۆڕشەکە بەکاردەهێنێت، هەرئەمەش وادەکات کە نازناوی شاعیری شۆڕشی لێبنێن.

شاعیری شۆڕش

مایکۆفسکی پەیوەندییەکی زۆر پتەویی لەگەڵ سەرانی نوێی شۆڕشەکە هەبوو بەتایبەتی لەگەڵ لینین رابەری یەکەمی شۆڕشەکە. هەرچەندە مایکۆفسکی کەسێکی هەست ناسک بوو، داوای خۆشەویستی بۆ ژیان دەکرد، بەڵام لە کاتی جەنگی ناوخۆدا، بە شیعرەکانی پشتگیری جەنگی ناوخۆی دەکرد. لە رووی ژیانی تایبەتیشەوە، مایکۆفسکی پەیوەندییەکی لەگەڵ کۆمەڵێک ژن هەبووە. بەڵام لەکۆتاییدا شاعیری شۆڕش تووشی بێ ئومێدی دەبێت بەرامبەر بە شۆڕشەکە و دەسەڵات، لەرووی ژیانی تایبەتیشەوە رووبەروی کۆمەڵێک تەنگژەی ئەڤینداری دەبێتەوە. هەرئەمەش وادەکات کە لە کۆتاییدا بڕیارێکی ترسناک بدات و کۆتایی بەژیانی بهێنێت.
هەرچەندە هەتاوەکو ئەمڕۆش قسەوباسێکی زۆر لەبەرامبەر هۆکاری خۆکوشتنەکەی هەیە، هەندێک پێیان وایە کە لە پاش ئەوەی دەسەڵاتدارانی سۆڤێتی پشتگوێیان خست، مایکۆفسکی هەستی بە بێ ئومێدی لە شۆڕشەکە کردووە بەتایبەتی کاتێک ستالین دێتە سەرکار. هەندێکی تریش دەیگەڕێننەوە بۆ شێوازی مایکۆفسکی، کە لەگەڵ کۆمەڵێک ژن و پەیوەندی سۆزداری هەبوو، لەکۆتایشدا هەستی بە شكست کردووە.
جگەلەوەش قسەوباسێکی زۆر لەبارەی ئەوەوە دەکرێت، ئایا ئەوە دەسەڵاتی سۆڤێتی بوو زوڵمی لەم شاعیرە گەنجە کردووە یان شاعیرە گەنجەکە خۆی زوڵمی لە خۆی کرد و هەموو هێز و توانای خستە ناو گیرفانی شۆڕشەوە.
حیکایەتی مایکۆفسکی یەکێکە لە حیكایەتی ئەو شاعیرانەی کە خۆیان بە دەسەڵاتێکەوە هەڵدەواسن، دواتریش زوو هەست دەکەن کە زوڵمیان لە خۆیان و توانا ئەدەبییەکانیان کردووە، زۆرکەسیش رەخنە لە مایکۆفسکی دەگرن، کە لە سەرەتادا بەهەموو شێوەیەک پشتگیری لە دەسەڵات کردووە، لەکاتێکدا ئەو دەسەڵاتە سەدان نووسەر و ئەدیبی زیندانی کردووە یان لە وڵات دەریکردوون، مایکۆفسکیش نەک هەڵوێستی نەبووە، بگرە داکۆکیشی لەو دەسەڵاتە کردووە، بەڵام پاشان کاتێک کە دەسەڵات وەکو جاران گرنگی پێنادات، ئینجا مایکۆفسکی هەست دەکات کە هەڵەی کردووە.

حیکایەتی مایکۆفسکی پێچەوانەی بەشێکی تری شاعیرانی شۆڕشگێر بووە، چونکە دژی دەسەڵاتی سیاسی بوون، بۆ نموونە شاعیری ئیسپانی لۆرکا، کە دوایی بە دەستی دەسەڵاتی سەربازی ئیسپانیی دەکوژرێت.

شاعیر و هونەرمەندە مەزنەکەی ئیسپانیا

فیدریکا گارسیا لۆرکا لە یەک کاتدا شاعیر و شانۆنووس و وێنەکێش و موزیکژەنێکی بەتوانا بوو بەتایبەتی لە پیانۆدا ئوستاز بوو. لە 5 تەموزی 1898 لە گوندێکی هەرێمی غەرناتەی ئیسپانیا لەدایک بووەو لە 19 ئابی 1936 لەلایەن دەسەلاتی سەربازی فاشیستی فرانکۆوە گوللەباران دەکرێت.
لۆرکا یەکێکە لەو شاعیرانەی کە بەشێکی زۆری کارەکانی گوزارشت لە جوانیی، مرۆڤ دۆستی، ئاشتی دەکات، لەهەمانکاتیشدا دژی زوڵم و زۆرداری بووە. بەشێکی زۆری کارەکانی کراوە بە عەرەبی و کوردی، کۆمەڵێک بەرهەمی جوانی هەیە لە پێش هەموویانەوە شانۆگەریی « زەماوەندی خوێنین» و دیوانی شیعری «گۆرانییە قەرەجییەکان» بەتایبەتی زەماوەندی خوێنین، کاتێک کە خوێنمەوە زۆر کاری تێکردم، وام هەست دەکرد کە باسی کوردستان دەکات، لەرووی ناوەڕۆکی حکایەتەکەوە، لە کۆمەڵگای کوردی دەچێت.
حکایەتی لۆرکا زۆر جیاوازە لە حکایەتی مایکۆفسکی، ئەو کەسێکی هونەرمەند بووە، لە زۆر بواری هونەریی و ئەدەبیدا بەتوانا بووە، ئەو لەیەک کاتدا کۆمەڵێک شیعر و شانۆگەری جوانی نووسیوە، هەروەها ژەنیارێکی زۆرباشی پیانۆش بووە و کۆمەڵێک پارچە موزیکی جوانی ژەنیوە، هەروەها کۆمەڵێک تابلۆی جوانیشی کێشاوە. ئەمەش لە کەم کەسدا دەردەکەوێت، بەڵام بەداخەوە ئەم هونەرمەندە مەزنە، شانسی لەگەڵ دەسەڵات نابێت.

منداڵێکی شەرمن و نەخۆش

سەرەتا لۆرکا نەیدەتوانی بە باشی قسە بکات و بجوڵێت، هەتاوەکو تەمەنی چوار ساڵی، بەمشێوەیە مایەوە، پاشان تەندروستی باشبووە. باوکی جووتیارێکی دەوڵەمەندبووەو خاوەنی زەیوزارێکی زۆر بووە، دایکیشی ژنێکی خوێندەوار بووە لە بنەماڵیەکی نەجیبزادە بووە.
هەر لە منداڵییەوە بەهۆی ئەوەی تێکەڵی منداڵان نەبووە، خەیاڵ و بیرکردنەوەی زاڵبووە بەسەریدا، حەزیشی بە شانۆ هەبووە. پاشان دەست دەکات بە شانۆ و وتارنووسین، یەکەمجار لە ساڵی 1918 کتێبێکی بەناونیشانی « سەرنج و دیمەن» بڵاودەکاتەوە. ئەمەش زیاتر وەکو سەفەرنامەیەک وابوو، کە لە ماوەی پێشوودا لە نێوان غەرناتە و مەدریدا کردوویەتی. پاشان ساڵی 1920 یەکەم شانۆگەری خۆی بڵاو دەکاتەوە بەڵام سەرکەوتوو نابێت، ئەمەش کەمێک تووشی بێئومدی دەکات، بەڵام بەپێچەوانەی شانۆوە، لە بواری شیعردا پێشدەکەوێت بەتایبەتی کاتێک دیوانە شیعریە بەناوبانگەکەی « گۆرانییە قەرەجیەکان» بڵاودەکاتەوە، لە تەوای ئیسپانیادا ناوبانگ پەیدا دەکات. پاشان دووبارە دەگەڕێتەوە بۆ شانۆ و کۆمەڵێک شانۆگەری زۆر سەرکەوتوو دەنووسێت لە پێش هەمووشیانەوە› زەماوەندی خوێنین» هێندەی تر بەناوبانگ دەبێت.

لۆرکا نوێنەری ئەدیبە نوێخوازەکانی ئیسپانیا بووە لە سەرەتای سەدەی بیستەم، کەسێکی نوێخواز، ئازاد ، مرۆڤ دۆست بووە، ئەمەش لەکاتێکدا رەوشێکی نامرۆڤیی و جەنگ و شەڕ بەسەر وڵاتدا زاڵبووە. کۆمەڵێک هاوڕێی نووسەر و وینەکێشی بەتوانای هەبوو کە پاشتر ناوبانگیان لەجیهاندا پەیداکردو بوونە نوێنەری نوێخوازی هونەری و ئەدەبی بوون لە جیهاندا بەتایبەتی سیلڤادۆر دالی، پاپلۆ نیرۆدا.
لەوکاتەدا جەنگێکی خوێناوی لە نێوان کۆماریخوازەکان و کودەتاچییە فاشیستەکان بەسەرۆکایەتی فرانکۆ روودەدات، لۆرکاش لەناو خەڵكیدا بە کەسێکی چەپ لەقەڵەمدراوە، هەرئەمەش وادەکات کە ببێتە دوژمنی دەسەڵاتی سەربازی فرانکۆ و پاش ئەوەی دەستگیر دەکرێت، لە 19 ئابی 1936 گوللەباران دەکرێت.

گولەبارانکردنی
هەتاوەکو ئێستاش لە تەواوی جیهاندا قسەوباسی زۆر لەبارەی کوژارن و گوللەبارانکردنی لۆرکا دەکرێت. هەندێک دەڵێن بەهۆی هەڵوێستی سیاسییەوە بووە،هەندێکیش دەڵێن بەهۆی ئەوەبووە کە کەسێکی هۆمۆسێکسواڵ «هاورەگەزباز» بووە، رژێمی فرانکۆش وەکو نازییەکان ڕقیان لە هاوڕەگەزبازەکان بووە.
هەروەها گوللەبارانکردنیشی خۆی لەخۆیدا حکایەتێکی زۆر مەزن و جوانە، لەو ساتەی کە دوو سەربازی رژێمی سەربازی دەست بە پەلەپیتکەی چەکەکایندا دەنێت بۆئەوەی لۆرکا گوللەباران بکەن، ئەو دەستدەکات بە شیعرخوێندنەوەو کۆمەڵێک بەیتی شیعری زۆر جوان دەڵێت، کەهەتاوەکو ئێستاش لەناو ئەدەبیاتی جیهاندا بەناوبانگە و زیندووە. بەڵام ئەوەی مایەی ناخۆشیە، جەستەی لۆرکا فڕێدەدرێت و کەسیش نازانێت لە کوێیە.

جێگەی ئاماژەیە لۆرکا پێشتر پێشبینی ئەم چارەنووسە ناخۆشەی خۆی کردووە ئەمەش لە پارچە شیعرێکدا دەڵێت:

من زانیم کوژراوم

لە قاوەخانە و گۆڕستان و کڵێساکان

بەدوای لاشەکەمدا دەگەڕان

بەرمیل و گەنجینەکان هەڵدرانەوە

سێ لاشەیان دزی

ددانە ئاڵتوونەکانیان دزین

بەڵام هیچ کاتێک منتان نەدۆزییەوە.

بەدڵنیاییەوە لۆرکا پەیوەندییەکی زۆر خراپی لەگەڵ دەسەڵات هەبوو، هەرئەمەش بووە هۆی ئەوەی ببێتە قوربانی یەکێک لە رژێمە دیکتاتۆر و خوێناوییەکانی سەدەی بیستەم کە ئەویش رژێمی فرانکۆی فاشیست بوو.
حکایەتی لۆرکاش لەگەڵ دەسەڵاتی سیاسی، جیاواز نەبوو لەگەڵ حکایەتی شاعیرێکی تری هاوڕێی کە ئەویش بابلۆ نیرۆدا، شاعیری شیلیی بوو.

شاعیرێک لە ئەمریکای لاتینەوە

یەکیک لە هاوڕێ نزیکەکانی لۆرکا، بابلۆ نیرۆدا شاعیری شیلی بوو، پەیوەندی ئەم دوانە زۆر پتەو بوو، بەداخەوە لەرووی چارەنووسیشەوە وەکو یەک بوون. بابلۆ نیرۆدا شاعیر و ئەدیب و دیبلۆماتکارێکی بەتوانا بوو. ساڵی 1904 لە دایک بووەو ساڵی 1973 کۆچی دواییکردووە، هەندێکیش دەڵێن لەلایەن حکومەتی دیکتاتۆری پینۆشێوە، دەرمانخوارد کراوەو کوژراوە. ساڵی 1971 خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاداب وەردەگرێت.
نیرۆدا نەک لە شیلی بگرە لە تەواوی جیهاندا ناوبانگێکی گەورەی هەبوو، لەمبارەیەوە رەخنەگر و بیرمەندی ناسراوی ئەمریکی هارۆلد بلوم دەڵێت: بەهیچ شێوەیەک ناتوانین بەرواردی شاعیرێکی رۆژئاوایی لەگەڵ نیرۆدا دا بکەین. نووسەری ناسراوی کۆڵۆمبیی و جیهانی گابرێل مارکیز کە هاوڕێیەکی نزیکی نیرۆدا بوو، لەبارەیەوە دەڵێت:
بابلۆ نیرۆدا باشترین شاعیری سەدەی بیستەم بووە

دیارە نیرۆداش خاوەنی حکایەتێکی زۆرە لە بارەی سیاسەت و شۆڕش و دەسەڵاتەوە، لەجیهانیشدا چ شیعرەکانی چ کتێبی بیرەوەرییەکانی، مایەی سەرنجی جیهان بووە لە کوردوستانیش شاعیری کۆچکردوو شێرکۆ بێکەس، زۆر هۆگری شیعر و کتێبی بیرەوەرییەکانی بوو، تەنانەت لە دیدارێکیدا دەڵێت: دەمەوێت بیرەوەرییەکانم وەکو ئەوانەی نیرۆدا بنووسمەوە.
ساڵی 1920 لە قوتابخانە «گابریلا میستراڵ» دەناسێت، ئەم ژنە نووسەر و ئەدیب و دیپلۆماتکارێکی ناسراوی شیلییە و ساڵی1945 خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاداب وەردەگرێت. ئەم ژنە دەرگایەکی گەورەی ژیان و ئەدەب و سیاسەت بۆ نیرۆدا دەکاتەوەو کاریگەری گەورەی بەسەرەوە دەبێت.
نیرۆدا ساڵی 1919 یەکەم قەسیدەی خۆی دەنووسێت و ساڵی 1921 یش دیوانی شیعری « بیست شیعری خۆشەویستی» بڵاودەکاتەوە، ئیتر لێرەوە ئەم نووسەرە نەک لە شیلی بگرە لە تەواوی ئەمریکای لاتین دەناسرێت. پاش تەواوکردنی بەشی زمانی فەرەنسی لە زانکۆی سانتیاگۆ، ئەم زمانەش هێندەی تر دەرگای تر بە رووی ئەم نووسەرەوە دەکاتەوە.

نیرۆدا و سیاسەت

نیرۆدا لە سەردەمی خوێندکارییەوە لە زانکۆی سانتیاگۆ، پەیوەندی لەگەڵ گرووپ و کەسایەتییە چەپەکان دەبێت، پاشانیش تێکەڵی ژیانی سیاسیی و ئیداری وڵاتەکەی دەبێت و لە ساڵی 1927 ەوە دەچێتە بواری دیپلۆماتیی و لە کونسوڵگەریی و باڵیۆزخانەکانی وڵاتەکەی کار دەکات، لێرەشەوە جیهانبینی زیاتر دەبێت و سەردانی وڵاتانی ئاسیا و ئەوروپا و ئەمریکای لاتین دەکات و خەڵكی نوێ دەناسێت.
لە ساڵی 1933 لە ئیسپانیا لۆرکا و گرووپی ئەدیب و هونەرمەندانی نوێخوازی دەناسێت و لەگەڵ لۆرکا پەیوەندییەکی ئێجگار بەتینی دەبێت. نیرۆدا لەکاتی جەنگی ناوخۆی ئیسپانیادا، پشتگیری کۆمارییەکان دەکات و دژی حوکمی فرانکۆ دەوەستێتەوە.

نیرۆدا و کۆشکی دەسەڵات

ئەوەی جێگەی سەرنجی منە هەڵوێستی سیاسی ئەم شاعیرە مەزنەیە بەرامبەر بە دەسەڵات. لەکاتێکدا ئەو لە دژی رژێمی دیکتاتۆری و فاشیستی خەباتی دەکرد، لەهەمانکاتیشدا لەبەر هەڵوێستی شۆڕشگێرانەی چەندیجار زیندانی کراوەو ئاوارە بووە، کەچی دۆستی نزیکی کۆمەڵێک رژێمی دیکتاتۆر بوو لەوانە» ئەڵمانیا رۆژهەڵات و یەکێتی سۆڤێت». هەر ئەمەش وایکردووە کە لە بەشێکی زۆری وڵاتانی رۆژئاوادا هێندە خۆشەویست نەبێت. ئەو هێندە لە دەسەڵاتدارانی ئەڵمانیای رۆژهەڵات نزیک بوو، ساڵی 1949 تەواوی بەرهەمەکانی لەسەر بودجەی حکومەت بۆ چاپ دەکەن، کاتێکیش مرد، وێنەی ئەویان بە پوولی پۆستەوە کردبوو، ئەمەش زیاتر وەکو هاوسۆزی خۆیان بۆ ئەو شاعیرە دەربڕیی و بە شاعیری خۆیانیان دەزانی. لەهەمووی ناخۆشتر ئەوەیە، کاتێک ستالین ساڵی 1953 دەمرێت، یەک قەسیدە بۆ ستالین دەڵێت و دواتریش دەکرێتە گۆرانی، زۆر ستایشی ستالین دەکات، ئەمەش لەکاتێکدا کە ستالین ملیۆنان هاوڵاتی خۆی کوشتووەو حاکمێکی دیکتاتۆر و ستەمکار بوو، دژی بەشیکی زۆری نووسەرو شاعیرو هونەرمەندانی روسیا بوو. . ئەم هەڵوێستەشی دەبێتە لەکەیەکی ناشیرین بۆ کەسایەتی ئەم شاعیرە هەست ناسکە.
هەتاوەکو مردنی هێندە لە ئەوروپا و ئەمریکادا گرنگی بەکارەکانی نەدرا، بەڵام پاشئەوەی پینۆشی کودەتای بەسەر ئالیندی کردو کۆتایی بە ژیانی دیموکراسی هێنا، ئینجا رۆژئاوا گرنگی بە کارو بەرهەمەکانی نریۆدا دا.

ئەو نزیکییەی لە دەسەڵاتی سیاسی وڵاتەکەیەوە، وایکرد دواجار ببێتە قووربانی، ئەوەبوو کاتێک جەنەڕاڵ پینۆشێ کودەتا سەربازییەکەی کرد، دەستیکرد بە پاکتاوکردنی تەواوی ئەوکەسانەی کە لە پارتی کۆمۆنیست و چەپەکانەوە نزیک بوون، نیرۆداش جگەلەوەی کەسێکی چەپ بوو، هەروەها هاوڕێ و دۆستی نزیکی سیلڤادۆر ئەلیندی سەرۆکی هەڵبژێراو بوو، هەربۆیە کەوتە بەر هەڵمەتەکە. هەرچەندە کاتێک ساڵی 1973 دەمرێت، حکومەت وای رادەگەیەنێت کە بەهۆی جەلدەی دڵەوە مردووە، بەڵام پاشان ساڵی 2013 کاتێک تەرمەکەی هەڵدەدەنەوە دەیپشکنن، ئینجا دەردەکەوێت کە رژێمی سەربازی پینۆشێ رۆڵی لە کوشتنیدا هەبووە.

دوا قسە
هەموو ئەو شاعیرانەی کە باسمکردن، بەرهەمەکانیان جگە لە شیعرە سیاسییەکانیان، مایە‌ی جوانی و گرنگی پێدان بوون لەلای جیهانەوە.
بەدڵنیاییەوە گەر سەیری مێژووی ئەدەبیاتی جیهانی بکەیت، پڕیەتی لە حکایەتی سەیرو سەمەرەی شاعیران لەگەڵ کۆشكی دەسەڵات، من تەنها باسی ئەم شەش شاعیرەم کرد، شاعیری زۆریش ماون کە باسیانم نەکردووە، هەوڵ دەدەم لە کاتێکی تردا، باسی شاعیرانی کورد و دەسەڵاتی سیاسی بکەم.

سەرچاوەکان:

1 . خبراء: الشاعر التشيلي بابلو نيرودا «لم يمت بالسرطان. www.bbc.com/arabic
www.whoswho.de /pablo-nerudal.2
Suche nach dem Grab des Poeten Garca Lorca/www.dw.com/de.3
4 .ماياكوفسكي: لغته، ثورته، موته//www.bidayatmag.com
5.الجواهري .. شاعر مداح ومتناقض ومتقلب المزاج/ جهاد فاضل www.raya.com

  1. سعاد الصباح اعدمت قصائدها في عشق صدام . www.watan.com
    7.ماياكوفسكي… الناطق الشعري باسم ثورة أكتوبر الروسية/ جریدة الشرق الاوسط. الاثنين – 29 شوال 1438 هـ – 24 يوليو 2017 مـ رقم العدد [ 14118]
  2. من هو المتنبي/ www.arageek.com
  3. امیل زولا. في الروایة و مسائل أخری.ترجمها عن فرنسیة. حسین عجة. الطبعة الاولی. هیئة ابو ظبي للسیاحن و الثقافة. 2015



دووشیعری سروە ساڵەیی

تێـنوسێکی قەبارەبچوك شتگەلێکم تیا نـوسی
کەم کەمە قسەی خۆش
لە تەنگژەکان لاپەڕەکانیم شین ومۆر دەکردەوە بە
گازاندەی بێ چارە وهۆ ،لەبری چاکەی سەربەخۆ
بۆ نمونە جارێکیان نەخۆش بووم
نامەیەکی دوورو درێژم نوسی..
نوسیبووم
تاییەکی گەرمم لێیە،خۆزگە لەلام بووایەی
وتـایە گەرمەکەمت ساردوهێورکردبایەوە بە ڕوخساری
ئارامت ،و مەرهەمی پەنجەکانت ،
بەهەنیە ونێو تاڵەکانی پرچم گوزەریان کردبایە ،هێندەی نەبرد
لەرز جەستەی شەکەت کردم …کوا لێرەبوای
ملپێچێك.. یا بلوزێکی شیعرت لەبەرکردبام
تا جیڕەجیڕ و شەقەی ددانەکانم
وشەی ناوتیان نەقرتاندبووایە ،یا نیگایە گەرمەکانت وەك
فەرویەکی جەمسەرەکان بیانپێچابووایەم
لەبری ناردنی نامەکە لەژێر سەرینەکەم دامنا
لەخەونمدا ..هاتی،و نەهاتی
ئاگام لە خەونیش نەما،
چما!
تەنیایی بەغیلی بە خەونیش دەبا،
ئادەمی مەخڵوقێکی چلورەییە
بەستەڵەکە
هەست کێشمەکێشی لەگەڵ ناکا،
ناساغیش بۆلای یەکمان نابا وڕامانناچڵەكێنێ…
دوورکەوتمەوە ساڵانێکە هەموو وەرزەکان وڕەنگەکانی گەڵا ،گۆڕان
یەك لە دوای یەك
تەمەن گرژبوو و هەستەکانم لەناو بران،
نەپرسیت ونەهاتی ونەگووتت
بۆ نەهاتی
کە سەرسەختە ئادەمی لەدووری ئازیزانیشی بێباكە..
لە شار بووم
زانیت ونەتزانی
درمە ،هەراسانە
هامشووم
زانیت لە کۆڵانە تەنگەبەرەکەی پزیشکان کاغەزی
چارەسەرم بۆ نوسرایە وبە تەماشاییەکی
بە نوکی پەنجە و ڕۆیشتی..
نەتزانی پەنجەی دەست هەژمار
تیشکی هەتاو دەبینم وخەو بە ئومێد و
پرچی ئەندێشە دادەهێنم ..
هەر عەیامێکە وڕادەکشێم جەستەیەکی شەکەت ناپرژێمە سەر ماڵئاوایی …
بونیادەم دڵ ڕەقە لە دەردە کوشندەکانیش لایەك لەئازیزانی ناکاتەوە…
بە نامرادی دەنوێ چاوی ماندوویتیشی هەر لەڕێی..
لە ڕێستوڕانتەکە دانیشتبووی
نەهاتیە ئەو دیوی مێزەکە بۆ هەواڵێکم بەڵام دزەی دەکرد
نیگاکانت
دەستەکانی هەردووکمان وەك تاڵە سپیەکانی سەرمان
پڕ بوون و نەبوونی بەرامی بێ یەکیمان
نەهاتی..
کەواتە ئادەمی سندوقێکی بەتاڵە
نە ناساغی
نە چەرمەسەری
نە دووری ئازیزێك
پڕی ناکاتەوە لە سۆز
ئەوەی دەتوانێ ئەو ئامێرە بێ تەلە
وئەو تارە بێ تۆنە
بژەنێ وبەئاگای بهێنێت ..
پڕاو پڕی بکا لە نزیکبوونەوە وفێرمانبکا لە خۆشەویستی
مـەرگـە و بەس
بۆیە کەمردم وەرە لە تەنیشت چراکەی لای سەرینەکەم
نامە نەنێردراوەکان ببە …و
سەردانم بکە ..تەنیا
وەرە ..
ئەوەی بونیادەم فێری خۆشەویستی وسڕینەوەی
ڕق دەکا
مەرگە …مەرگ

——————————————-

یەکەم جار ،
یەکەم نیگا،

کەبینیتم دڵەخورپە دایگرتم،
نەمدەزانی بۆ ..
بەڵام زانیم شتگەلێکی سەروو هێزەو دەگوزەرێ
دەمزانی
ئەو ڕۆژە ڕەنگەکان ئاوێتەبوونە
وەك پایز جوانی لە پەڕێك و
خەزان لەپەڕی ئەودیوی بە پەنهایی دەمانبینێ و زوو دەردەکەوێ…
دەمزانی سەوزەڵانـێ لە بارستایی گەورە ڕەگ دادەکوتێ لە دڵمەوەو
بەرگەی ناگرم و زوو هەڵدەوەرێ…
بەڵام نەمدەزانی وا زوو لەپەلوپۆ هاوێشتن بازنەیی
دەمکەوێنێ،
ئەو ڕۆژە بڕێك بێ حەوسەڵە دیار بووی
بەڵام دانسقە پر سەلیقە
هاتیە گۆ ،
کاتژمێرێکی قەبەت لە دەستبوو
میلەکانی وەك ڕۆژگار پەلەیان بوو ،لێدەڕوانی و دیسان بێباکانە
دەهاتیەوە گۆ،
منیش بێ یەك نوقە سەرم دادەخست و
کەم ،کەمە ..
وەك دڕندەیەکی کێوی ڕاوی نیگاکانتم دەکرد،
دەمزانی ئەو ڕۆژە… جیاواز بوو
بەجیاوازی دەڕوات و
گەرنەمێنتەوەش
جیاواز مشتی یادەوەری پڕ جێدەهێڵێت..
ئەوەی نەمزانی بۆ تێپەڕی و ڕووخا
پردی نێوان دوو نیگا،
ئەو ڕۆژی کراسێکی سپیت پۆشی بوو
هێندە بە پەرتەوازەیی ،پەڕی کورسیەکەت گرتبوو
دڵۆپە قاوەکانی کە دەڕژانە یەخەی کراسەکەت
شایەتحاڵی ئەو شڵەژانەتبوون ،
گەمەی… دەست وکاتژمێرەکەت،
داکردن وپۆشینەوەی …چاکەتە نەرمۆکە بەهاریەکەت،
شتگەلێك عەیارانە درکم پێدەکرد
توند …
خۆت دەگرت..پێی نەزانم ..منیش
تەواو وەستاو بێ جمەیەك واق وڕماو
وەلێ،
بڵقی گڕکانێك سارد …سارد
ڕوومەتەکانی گەرمدەکردم ،
ڕۆژگەلێكن
جوانی دەبارێنـن
پڕوشك دەهاوێـژن
بەرکەوتەی هیچ نابن ،هەوێنێك جێدەهێـڵــن و
وەك دوو جەمسەر ،هەرگیز ناتگەیەنن…
زۆر شت هەن جیاواز بگرە مرۆڤەکانیش هەن لەهیچ کەس ناچن،
ڕۆژگەلێکیش هەن ..وان ..
ڕۆژگار هەیە…. لەسەرووی هەموو ڕۆژەکانەوەن
بەروارەکەی
ڕوانینی دووری ..خۆرەکەی
تریفەی سەرلێوی.. مانگەکەی
ئەو کزەبایەی لەشۆشتەکانی یاری بە عەترەکەی دەکا
ئەو تەنیاییەی کە لەناو مرۆڤگەلێك پەرتەوازە هۆشت دەبا،
ئەو ڕۆژە لەیاد دەرناچێ
لە سوچێکی ناخەوە تەرا..
قەدەر..قەدەر
سەرێك هەڵدەبڕێ و لە تاریکی کپ دەکرێ
بەبەرچاوا پەیکەرئاسا لەنگەردەگریت هێندە نابا وەك
شێرەبەفرینە دەتوێتەوە و بێ ئەرزش بەڵام هەرگیز
بۆ هەتا ون نابێت.

سروە ساڵەیی




ناوی كتێب: زمان و بیركردنه‌وه‌ی شیعری … نووسه‌ر: حه‌كیم مه‌لا ساڵح

بابه‌ت: لێكۆڵینه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی
تایپ و هه‌ڵه‌گری و ڕێنووس: نووسه‌ر
نه‌خشه‌سازی ناوه‌رۆك: سامی عه‌لی بندیان
نه‌خشه‌سازی به‌رگ: میدیا ئیبراهیم شكاك
چاپ: چاپخانه‌ی ڕۆشنبیری – هه‌ولێر/ 2016

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن …




نامەی پەریدۆخت، بۆ سەید مەحموود…نووسین: حامید عەسکەری وەرگێڕان: دادیار ئازاد

بە ناوی گوڵـاوی خۆشەویستییەوە

لەدەورت گەڕێم.
دەردت لە گیانم بکەوێ.
مردم و ژیامەوە، تا نامەکەت گەیشت.
ئەم دوورییە بێ دین و ئامانە، هەر بەجارێک ماڵی وێران کردووم!
ژن کاری نێوماڵ و چێشتلێنان و گسکدان و پاکردنەوە و هەڵگرە و دانێش، نەیکوژێت، ئەم بێهاودەمی و دوورییە هەر دەیکوژێت.

لە نامەکەتدا گوتبووت: دە بەندێ کراویت.
ڕاست بەندی دڵم پسا!
دەک پەریدۆختت دەبەر بمرێ. مێردی کەوتۆتە دەست پۆلیسان و ئەویش بێخەبەر بووە و لە ژوورەکەیدا قژی هۆنیوەتەوە!
ئەوەی گیانی من و تۆی بەدەستە، خۆی شایەدە و ئاگای لێیە،
کە حاڵوباڵی دڵی منیش، هیچی لە ژوورەکەی زیندانی تۆ کەمتر نەبووە.

بارودۆخی وڵـات هیچ باش نییە.
مەشروتەچی، کۆڵـان بە کۆڵـان وەک پرتەقاڵە چرچ و داوەریوەکان، بەسەر درەخت و دارەڕاکانی شاردا هەڵتۆقیون.
وەڵـامی ئازدایخوازان ئاگر و ئاسنە، شاربەدەرکردن و دارکاری و فەلـاقەیە!
ئەم ڕۆژانە دڵم هەر بەو شووشە گوڵـاوە خۆشە، کە لە ئەوڕوپا بۆت ڕەوانەکردووم.
شەوانە لە بسک و کەزیمی هەڵدەسووم.

سەید مەحموود گیان…
بوومەتە ماینێکی سەرکێش و بزێو.
نە قامچی، نە تانەوتەشەری باوکم دەستەمۆم دەکات،
نە گفتولفت و دڵدانەوەی دادەشم.
ئارەقەی شینومۆرم پێ کردوون و بە کەسیشیان ڕکێف ناکرێم.
سەرباری ئەوەی خۆشم هیلـاکم و هۆنهۆن ئارەقە دەردەدەم.

سەید گیان دەزانیت:
ژن کە پێگەیشت،
دەبێت دڵی بە کەسێک خۆشبێت و هاودەمێکی هەبێت.
دڵی بێهاودەم هەر زوو؛
لەبەریەک هەڵدەوەشێتەوە.
سیس دەبێت.
بۆگەن دەبێت.
دادەڕزێت.
دڵ ناسکە، ڕێک دەڵێی ئاوریشمە!

نە دەست و دڵم دەچێتە ئەوەی؛ بە دارچین سەر حەڵوا و شلەزەرد بنەخشێنم،
نە شەوق و زەوقی وەسمە و سوراو و سپیاوم هەیە.
دوێنی دادەم دەیگوت، برۆکانت دەڵێی پێچکی بزنن.
حەقی ئەوە وا دەڵێت؛ مادام بە برۆ ناچن.
چ جیاوازییێکی هەیە، لە پشتی چاوم دوو پێچکەبزن هەبن، یانیش کلکەمشک و تاڵە زێڕ!
بە قەولی باوکم: چاو هەر بەکەڵکی ئەوە دێت، “دلبەر”ی پێ ببینیت.

تۆ لێرە نیت، کوپەی ئەسکەنەجەبینی قەزوینی؛ کە زۆرت پێ خۆشبوو. لە ژێرزەمینی چێشتخانەدا بمێنێتەوە و نەبێتە ژەقنەبوت، ئەدی ئەمە کاری خوا نییە!
جا چلەشی بەسەردا تێپەڕیوە.
هەروها بەسەر دڵی منیش.

تەمەنم بێتە سەر تەمەنتان ئاغا سەید.
بە سەری پێغەمبەری باپیرەگەورەتان،
نیازی بێڕوویی و پرتەوبۆڵەم نییە، بەڵـام بە خوا سەبرم نەما!
گومانم هەیە، لە کۆلێژی پزیشکیی پاریسدا، بەشی ئەوە فێرە پزیشکی بووبیت، کە لە چارەی دەردی دووری و دابڕان تێبگەیت! بەسە بیبڕەوە.
سەرێک لە “یەزد” بدەوە و بە هاواری دڵم بگە.
برینانم ساڕێژ بکە و دواتر بگەڕێوە ئەوێ.

سەبوریی من هەر ئەو نامەیە بوو، کە بەدرەنگەوە گەیشتە دەستم، لەگەڵ ئەو شووشە گوڵاوەی؛ کە خەریکە وا تەواودەبێت.

کە دەڵێن ژن (ناقسیول عەقڵ)ە،
ڕاست دەکەن، وایە!
ئەگەر عەقڵم هەبووایە؛ کراسەکەتم بەسەر سەرینەکەدا نەدەکێشا، کەزییەکانیشم بکەمەوە و سەری پێدا بکەم!
ئەوەنییە تۆ پیاویت!
ئێوە کە عەقڵتان تەواوە و بێـعەیبـە.
ئێوە کە ئەوڕوپاتان بینوە و پزیشکیتان خوێندووە.
بفەرموو وەڵـامم لێ بگێڕەوە: بزانم ئەو “زەعیفە” و “ناقیسول عەقڵ”ە قوڕی کوێ بە سەری خۆیدا بکات!

بەڵاگێڕت پەریدۆخت.
ماچێکیشم ڕەگەڵ داوە.

نووسین: حامید عەسکەری
وەرگێڕان: دادیار ئازاد

کتێبی (پریدوخت، مراسلات پاریس/ طهران)، بریتییە لە (٤٠) نامەی ئەدەبی و عاشقانەی نێوان دوو کەسی خەیاڵی.
(پەریدۆخت) کە لە ئێرانە و، (سەید مەحموود) کە بۆ خوێندنی پزیشکی لە فەڕەنسایە.
بنووسی کتێبەکە (حامید عەسکەری)ـیە. کە نامەکان زادەی خەیاڵ و هەستی ئەون، بە شێوە و سەبکی زمان و ئەدەبی سەردەمی قاجارەکان نووسراون.
لەپاڵ هەستی خۆشەویستیی ژنومێردانە و دەردی دووری و دابڕانیان، هەندێک بابەتی سیاسی و کۆمەڵـایەتیی ئەو ڕۆژگاریشمان بۆ دەخاتەڕوو.




ناوی كتێب- له‌قینی به‌رده‌كان … نووسینی- سه‌لام عومه‌ر

ناوی كتێب- له‌قینی به‌رده‌كان
بابه‌ت- رۆمان
نووسینی- سه‌لام عومه‌ر
پیت چنین- نووسه‌ر
دیزاینی به‌رگ‌و ناوه‌رۆك- هێرش مه‌غدید
چاپخانه‌: تاران
چاپی یه‌كه‌م 2020

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن ….




تازەترین پێناسە بۆ عەشق ئەوەیە عەشق پێناسە ناکرێت .. بەشی دوانزە…خۆدواندنی: ستیڤان شەمزینی

ستیڤان: خۆشم دەوێی، بیرت بێت لە چ سەختییەکی ژیاندا عەشقی تۆم لە بیر نەکردووە، تۆ دەبێت نەهێڵیت بمرم، زۆر ئیشم ماوە و هیچ خەونێکم نەهاتۆتە دی!!. ئاخر هەمیشە لە شەودام و رۆژی من مەرگە بۆیە نامەوێ هەڵبێ!!، ئێستا وەرە تەنیشتم یەک ماچم بکە، تاکوو هەزاران ساڵ تامی بکەم.
لیزا: لەسەر هەموو شوێنێکی جەستەت سروودی ماچ دەنووسمەوە، لەناو تۆدا وەک پشکۆیەک بەهێمنی گەشاومەتەوە.
ستیڤان: بیرمە یەکەم سات نیگای گەرمت دڵی منی وەک تەنوور گەرم کرد، بیرمە یەکەم چرکە سیحری چاوەکانت تۆوی عەشقی لەناو رۆحمدا چاند.
لیزا: ژیانی هاوچەرخ عەشق تەنانەت سێکسیشی خاڵی کردۆتە لە بەها و مانا راستەقینەکەی خۆی!.
ستیڤان: مرۆڤی هاوچەرخ چەند لە رووی تەکنۆلۆژییەوە گەشەی سەندووە هێندەش لە بەها بەرزەکان پاشەکشەی کردووە! عەشق بووەتە حکایەتێکی گوێ ئاگردان و زۆرترین پرۆسەکانی سێکسیش بریتین لە پرۆسەیەکی میکانیکی رووت کە لە بری چێژ بەخشین، مرۆڤ ماندوو دەکەن.
لیزا: چۆن دەکرێت عەشق سێکسی تیا نەبێت یان سێکس عەشقی تێدا نەبێت؟.
ستیڤان: سێکسی بێ عەشق تاوانە و عەشقی بێ سێکس پووچە. ئەمەش تازەترین پێناسەی منە بۆ عەشق.
لیزا: تازەترین پێناسە بۆ عەشق ئەوەیە، عەشق پێناسە ناکرێت!.
ستیڤان: پێناسەکردنێکی جوان بوو، خۆی لە خۆیدا ئەمەش پێناسەیەک بوو. بەڵام من عاشقی تۆم، ئەو گوڵە بەهارییەم لە پایزی دڵتدا دەڕوێم. ناهێڵم کریستاڵی دڵت درزی تێبکەوێت.
لیزا: لە شکاندنی شوشەی دڵمدا، تاکە زیانمەند هەر خۆتیت.
ستیڤان: وایە، دڵ وەک بلوری چرا وایە، وریای نەبیت نەک هەر دەشکێت بەڵکو خۆت ئامادە بکە بۆ تیغبوون بە پارچە شکاوەکانی ئەو بلورە ناسکە! دڵی منیش لەو بلورە ناسکترە، بەڵام زۆر سامناکانە تیغت دەکات و زامی قووڵ لە تۆدا دروست دەکات!!.
لیزا: گوومان لە عەشقت دەکەم، ئاخر چۆن دەتوانیت کەسێک تیغ بکەیت بەشێک بووە لە وجودی تۆ؟! .
ستیڤان: من وردوخاش دەبم و تۆش یاریی بە پارچەکانم دەکەیت، ئەوە دەتبڕێت!! شووشەی شکاو چ گوناهێکی هەیە لە کاتێکدا خۆت وردوخاشت کردبێت؟!.
لیزا: کەواتە کاتێک هەموو شتەکان دەدۆڕێنیت تەنیا عەشق دەتهێنێتەوە مایە، کاتێکیش لە عەشقدا دەدۆڕێیت هیچ سەرکەوتنێکی تر ناتهێنێتە مایە!.
ستیڤان: نیتچەی فەیلەسووفی ئەڵمانی هەمیشە ئەمەی دەگووتەوە “مرۆڤ بوونەوەرێکی ناتەواوە، هەر کاتێک خۆشم بووێت، خۆشەویستییەکەی دەمکوژێت!” ئەوەتا منیش ئەوەندە تۆم خۆشدەوێت و هێندە قووڵ رۆچووم لە ئەوینتدا بواری گەڕانەوەم نەماوە، هەروەک ئەوەی لە بەرزاییەکەوە فڕێدرابمە خەرەندێکەوە، بەدەم ئازاری ئەو عەشقەوە دەمرم. ئەمە قسەیەکی تۆقێنەرە، بەڵام چەندیش ترسناک بێت قسەی مێشکی خۆم دەکەم.
لیزا: منیش لەسەر چوار رێسا چینییەکە خۆشمدەوێی! ئەوانیش بریتین لە: مایتری واتە هونەری دڵخۆشکردنی خۆشەویستەکەت. کارۆنا واتە لابردنی لابردنی ناخۆشییەکانی سەر رێی خۆشەویستەکەت. مۆدێتا واتە هەستکردنی بەردەوام بە خۆشی خۆشەویستییەکەم. ئۆپیشکا، واتە هاوسەنگی لە نێوان خۆم و خۆت، بەو جۆرەی من هەر تۆم و تۆش هەر من. کەواتە هەرگیز مەڕۆ لە جوگرافیای دڵی من.
ستیڤان: بە من مەڵێ مەڕۆ، چوونکە نە قاچی رۆشتنم ماوە، نە باڵی فڕین. تۆ پێتوایە لەو گەردوونەی خۆم کە هەر تۆیت دەتوانم بۆ کوێی تر بڕۆم؟ گەردوونێکی تر لە کوێ بدۆزمەوە؟.
لیزا: لە عەشقدا دوو مرۆڤ بوونی نییە، یەک مرۆڤ هەیە، یەک جەستە و هەست و نەست و رۆح هەیە. ئەگەر عاشق هەست بە ئازارەکانی مەعشوق نەکات و ئازاری پێوە نەکێشێت، ئەگەر غەمەکانی عاشق دڵی مەعشوق دانەخورپێنێ، ئەو پەیوەندییە هەرچییەک بێت عەشق نییە. کافکا وتەنی “سەری هەر سەدەیەک تەنیا یەک عاشق دەردەکەوێت”. لەبەرئەوە عەشق کردەیەکی دەگمەن و شازە، بۆیە مەرج نییە هەموو پەیوەندییەک سەرەنجام بگاتە عەشق، ئەگەر پەیوەندیی لە دامێنی پرۆسەکەدا بێت، عەشق دوا پلە و خاڵی کۆتا و باڵایە.
ستیڤان: عەشق دەبێت بەرچوو “موعجیزە” بخوڵقێنێت، ئەگەر وا نەبوو لە شوێنێکی تر و لە ژێر ناونیشانێکی دیکەدا بۆ پەیوەندییەکەت بگەڕێ. عەشق دەبێتە تاڵاوت لا بکاتە شەربەتی ژیان، دەبێت مازۆخی بیت و ئازار بە خۆشیی لێکبدەیتەوە و وەک بادە بینۆشیت. عەشق بە حوزن و کارەسات کۆتایی دێت، ئەگەر هەموو لەحزەکانت هەر شادیی و ئاهەنگ و قاقا بێت، ئەوە بزانە عەشقت دۆڕاندووە، لە مەملەکەتی ئاهەنگ و کەیف و سەما مافی پەنابەرێتی هەمیشەییت وەرگرتووە. عەشق چاوبازیی و دەستبازیی نییە، وەلێ لە نیگایەکەوە دەستپێدەکات و بە ئازارێکی جاویدانی و فەوتانێکی پڕ لە سوێ کۆتایی پێدێت.
لیزا: عەشق چییە و چیش نییە؟ عەشق هەموو شتێکە و هیچ شتێکیش، عەشق بە دەست ناگیرێ، بە چاو نابینرێ و بۆن ناکرێت، کەچی باری قورسترین ئەرک لە ئەستۆمان دەنێ!!، بێ ئەوەی هەست بە لەرینەوە و بزاوتنی بکەین، پاڵمان پێوە دەنێت بۆ دروستکردنی ئەفسانە و خوڵقاندنی بەرچوو، بێ ئەوەی رەنگی دیار بێت، رەنگی خۆیمان پێدەبەخشێت، بێ ئەوەی تامی لە توانای وەسفکردندا بێت، هەموو ئازارێک دەکاتە باسوق، هەموو رێگەیەکی پڕ کۆسپ و کەندەڵان لە بەردەمماندا دەکاتە ساباتێکی دڵگیر و کەژێکی تژ لە گوڵ و دیمەنی دڵڕفێنی ژیان.
ستیڤان: عەشق دەمانکاتە کۆیلە و دیلی مەعشوق، وەلێ ئازایەتییەکی تەواومان پێدەبەخشێت. لە عەشقدا هێندە ئازا دەبین، سڵ لە هیچ ناهەموارییەک ناکەینەوە، کەچی هێند سەیرە، ئەوەندەش ترسنۆک دەبین، وا دەزانین کۆتایی عەشق، کۆتایی هەموو شتێکە لە پێشیانەوە کۆتایی خۆمان، واتە کۆتایی فیزیکیی و رۆحی خۆمان وەک بوونەوەرێک.
لیزا: عەشق پێناسە لە خۆ ناگرێت و کورت ناکرێتەوە بۆ چوارچێوەی یەک پێناساندن، ئەمەش پێچەوانەیە لەگەڵ خووی ئەکادیمییە شارەزاکان کە فێربوون پێناسەیەکی دیاریکراو ببڕن بە باڵای هەموو شتێکدا. قەتیسکردنی عەشق لە بۆتەی یەک پێناسەدا، هەوڵێکە بۆ تیرۆرکردنی، تەقەلایە بۆ سنووربەندکردنی لە میانەی یەک چێوەدا، ئەوەش پەلوپۆکردن و رووتکردنەوەیەتی لەو مانا و تان و پۆ بەربڵاو و گشتگیرەی هەیەتی.

——————————————————
تێبینی:
ئەم تێکستە بریتییە لە مۆنۆلۆگ نەک دیالۆگی دوو کەس، کۆی بەشەکانی ئەم مۆنۆلۆگانە لەنێوان 2010-2017 نووسراون. لە بەرگی دووەمی کتێبی “قوتووی عەتار” لەلاپەڕە 488-522 بەشێوەی کتێبی کاغەز لە ساڵی 2018 چاپ بوون




ئاشووبی کاتژمێری بوون … شیعر/ کاوە عوسمان عومەر

تۆ لە پرسیار ناوەستی
کێ تیشکی یەکەمی بوونی نارد،،
کێ لە کاژێرەکان جەستەی دروست کرد،،
کێ لەسەر قەڵای کاتژمیری بێ هودەیی…
چاودێری هاتنەوەی…
خێڵە گەڕاوەکانی مەرگی کرد؟
خۆت ئەبیتە گۆرانیەکی بیرچوو،،
کاتێک کاسێك لە ڕۆح،،
وا خەریکە لە شەرابی ..
خۆشبەختی بەتاڵ ئەبێ،،
عوودی زەمەن، لە ئامادەیی،،،
هەستی مرۆڤە پەرتبوەکان بەجۆشە،،
بۆ ئاوێزانی گڕێک..
لە دڵێک،،
لە خۆڵەمێش،
بۆ دڵیکی تر..
لە خؤڵ و زیخ ،،
گڕی دڵە کەم تەمەنەکان،،،
هێندەی خۆر،،
بەجۆشن بۆ خۆسوتان،،
گڕکانێکە لە حەز،
لە ناو چاوی گەردوونی بوون،،
هەر بوونێک خۆی،،
داهاتوشی هەر سەرابە ،،
بوونەکان، بەڵام لە پەلە قاژێی…
گاڵتەجاریانە ناوەستێ،،
بە چنگە لمێک لە وشەو…
خەو، تەنها چرای کزی..
بەردەم چەڕەدوکەڵی..
چارەنوسیان دائەگیرسێنن،
پاشان سەوڵەکان،،،
لە قەڕاغ ڕوبارا چیدەکەن،
کە باڵی فلەیمنگۆی دەربازبوون سوتابێ،،
بەلەم خۆی دیار نەبێ؟
مرۆڤیش خودی خۆی،،
کتێبی بیرەوەریە،،،
کەچی لە کتێبخانەی ئەفسانەی…
دارستانەکانی ئەندێشەدا،،
بە دوای شیعری گوڵە لەیلەک..و..
شەونمە مانگ و گزنگە ترێ،،،
نێرگزە لێو ئەگەڕی،،
هەربۆیەکیشە من شەپۆلەکانی..
ژیانم بەلا داوە،،،
تا هییچ نەبێ…
لەم چەند ساتە دۆزەخیە قەشەنگە،،
لە ژێر کاتژمێری مەزنی بوونا،،
چنگێ ئاورینگی ئەبەدیەت بگرم،،،
ئەی پلیکانە کریستاڵیەکە،،
بەرەو تارای پەمەیی مانگ،،،
ئیتر دەروازەیەک پیشاندە،،
ڕێیەک، باڵە فڕێک، هانایەک..
بەڵام لەبەردەم قەڵای کاتژمێرا..
هەمیشە مەترسی پەرتبوونە،،،
گەر خەیاڵ نەبێ
لە فیردەوسێ لە سروتی سەمای خۆسوتان،،
پشویەکی فێنکەرەوەی ڕۆح ،،
هەرگیز نابێ،،
ئای ئەبەدیەتی شیعر،،،
ئای شەپۆلی زەریا،،،
تەنها تارای پیرۆزتە..
ڕووی سەرابیم لە جوانی …
گزنگێکا وون ئەکا،،
نزرگەیەک لە شیعری ماچی کازیوەیەک ،،
بۆ گوڵە لەیلەکی عیشقێک،
گەرچی تەمەنی ،،
لە باڵەفڕەی پەپولەیەکی…
ئاوی کەمتربێ،،
تەنها مێرگی ڕەنگینی..
ناو دڵی مەستە،،،
ئەبەدیەت هەڵهاتنە بەرەو..
کێڵگەی گەنمە سەرخۆشەکان،،
لە ژێر گیتاری شینی خۆرا!
بەڵام لە بەردەم قەڵای کاتژمێرا،
کەس ڕۆحی شەکەتی ئەوی تر نابات،،
هەرکەسەو لەم شانۆ تراجید کۆمیدیایە..
بەردەم قەڵای مەزنی کاتژمێری بوون،
بەشی هەڵگرتنی پریاسکەی..
ئێسک و پروسکی خۆی ئەکات،،
باشترە تەنیا بیت،
کاپتنە نادیارەکە،،
لەسەر قۆقیانووسی بێ سەرەتاو کۆتایی ووتی،،
بێ ئەوەی کەشتیش دیاربێ،،
سەرکەوتن و نشستیش،،
لە نێو جەنگەڵی بوون،،
لە یەک وشە و یەک فرمێسک و یەک خەندەیە،
من بە کاپتنی ئازیزم ووت،،
گەر دوا ئاراستەی سەفەر دیارنەبێ،،
کەشتی خۆی وون نەبێ،،
مەی ئەبەدیەت..
تەنها لە گۆزەی ڕژاوی منداڵی بێ،،
جوانی تەنها لێزمەی ..
بەهارێکی بە پەلە بێ،،،
ئەمە چی دادێکە،،
چی ئافاتێکە

وێنەکە کارێکی هونەری فۆتۆگرافەری ئەڵمانی
(Stefan Keller)
بە سوپاسەوە لە پەیجی فەرمی خۆی وەرگیراوە.




جەژنی دڵتەنگی … شیعر : ایرج جنتی عطایی…وەرگێڕانی : پشکۆ ناکام

” جشن دلتنگی “
ئاواز : آندرانیک
گۆرانی: ذاریوش اقبالی

—————-
شەوی دەست پێکردنی
كۆچی تۆ
شەوی شکستم
لە خودی خۆما بوو
شەوی نا میهرەبانی تۆ
شەوی لە پەل و پۆ کەوتن
و
دانیشتنم بوو
شەوی بێ تۆ
شەوی بێ من
شەوی دڵە مردوووەکانی تەنهایی بوو
شەوی ڕۆشتن
شەوی مردن
شەوی دڵ هەڵکەننی من
لە ئێمە بوو

بە هەڵاتنی عەشقی من و تۆ
هەم زەمین ، هەم ئەستێرە
بەخشندە نەبوو
لە کۆچی تۆیا
ئەشکەنجەم خوارد
كۆچی تۆ
لووتکەی خۆڕاگریم بوو
چەن بە باوەڕەوە
خۆم تێپەڕان
كۆچی من
كۆتاییم بوو لە خۆم

بگە فریام
بگە فریام
تۆ ئەی ڕزگارکەری
ڕەگ و ڕیشەم
بگە فریام
بگە فریام
تۆ ئەی دڵەی ماتەمی من
لە هێرشی شەوانەی زەمین
جگە لە دۆڕان
چیتر نەبوو بەشی من
بە پەڕ و باڵی خاکی من
ئارەزووی دوا فڕین نیە
بێ تۆ، دووبارە گەڕانەوەیەتی
بۆ شەوی بێ پەنایی
سەنگەری ترسم لە خۆم
مەڵحەنی زامی دێرینی من
لە کوێ..!
بۆ دۆزینەوە لە ئاوێنەیا
جادەی سەوزی وون کردن
لە کوێ..!

بێ تۆ لە تۆزی وێرانەییا
دووبارە وون بوو
لەگەڵما خواستی خاکی
زەوی بوو
بە سەرکەوتنی ئەستێرە
تۆ پردت داخست
گەر دۆڕاووم لە تۆیا دۆڕاووم
گەر دۆڕاوویت لە خۆتا دۆڕاوویت

بگە فریام
بگە فریام
تۆ ئەی ڕزگارکەری
ڕەگ و ڕیشەی من
بگە فریام
بگە فریام
ئەی دڵەی ماتەمی من
شەوی بێ تۆ
شەوی بێ من
شەوی دڵە مردووەکانی تەنهای بوو
شەوی ڕۆشتن
شەوی مردن
شەوی دڵهەڵکەننی
من لە ئێمە بوو