دەرمانخانەی فەلسەفە .. بەشی ..20 ئازاد حەمە

بەشی 20

فەلسەفە دەرمانی دەردە
ماركۆس ئۆرێلیۆس Marcus Aurelius

ئاماژە: بینینی فەلسەفە وەك دەرمان بەرەو ئەو بەشە لە توێژینەوە فەلسەفییەكانمان دەبات كە ویستی فەلسەفە ویستە بۆ چارەسەر(Therapy و Treatment). گەر فەلسەفە ئەم كارە بكات شوێن بە دەروونناسی لەقدەكات. باشە فەلسەفە دەكارێت شوێن بە دەروونناسی لەقبكات؟ مەگەر فەلسەفە لە ساتەوەختی پەتای كۆرۆنادا پتر لە دەروونناسی بەسەر ژیانی تاكەكانەوە كاریگەر نەبوو؟ بۆئەوەی وەڵامی ئەم جۆرە پرسیارانە بدەینەوە قسە لە فەلسەفە دەكەین وەك دەرمان، ئەوەش لە فەلسەفەكردنەوە بەرەو چارەسەرسازیمان دەبات. وەكیتر، ڕوانینی ئەم بەشە لە هەناوی ئەو تەماشاكردنانەشەوە چرۆدەكات كە پێیوایە شێوەی بیركردنەوەی مرۆڤ گرنگی خۆی هەیە. واتە چۆن ئێمە ئەم جیهانە دەبینین و تەماشاكردنمان بۆ شتەكانی ناو ئەم جیهانە بە چ جۆرێكە، بینینی شتەكان و دواتر لێكدانەوەی ئێمە پاش ئەم بینینە جێی سەرنجی فەلسەفەیە. بینینی جیهان وەك شتێك لە هەڵە پەیوەندی تەنیا بەو هەڵەیەوە نییە لە جیهاندا هەیە، بەو بیركردنەوەشەوە هەیە کە هەڵەكە دەبینێت. جەختدەكەینەوە فەلسەفە لە كۆنەوە تا ئێستا مێتۆدی جیاجیای بۆ مامەڵە لەتەك بیركردنەوە پێشنیاركردوە، ئەو جیاوازیەش لە مێتۆدەكان هێندەی لە پێگەی فەلسەفەیان لە دۆزینەوەی شێوازی نوێ لە تێفكرین بەهێزكردووە هێندە مرۆڤیان كۆیلەی فەلسەفە نەكردووە. لە مامەڵەكردن لەتەك فەلسەفە دیدمان بۆ خۆمان، بینینمان بۆ جیهان، بۆ دەوروبەر وەك خۆی نامێنێت. بۆیە فەلسەفە پێماندەڵێت، هەریەك لە ئێمەی مرۆڤ شێوازی بیركردنەوەی خۆی هەیە، هەر لەوێشەوە بیروبۆچوون و تێڕامانە فەلسەفییەكان لێكدی جیادەبنەوە. چۆن سەیری ژیان دەكەین، چۆن ئەو ژیانە دەبینین كە تیایدەژین،دواتر چۆن ژیانەكە لەسەر بناغەی بینین و بیركردنەوەكانمان دەگوزەرێنین بۆ فەلسەفەكردن مانادارن و لە ئاكامی گشت ئەمانەشەوە تێگەیشتن دروستدەبن، لەوێندەرێوە مەیلی فەلسەفە بۆ فەلسەفەكردن چرۆدەكات. كاتێك ئێش و خەم دەستیپێدەكات گەڕان بەدوای دەرمان وەك چارەسەر شوێن بە خۆی دەگرێت. ئەو دەمەی هەستەكان ماندوو دەبن و بێزاری و بێ هیوای باڵ بەسەر بوونی مرۆڤ دا دەكێشن چارەسەر دەبێتە پرسیار و هەر ئەو دەمە گەڕان دەستپێدەكات. گەڕان هەوێنی چارەسەرە و لە پێویستی بۆ بنبڕكردنی ئێش و خەمەوە هەڵدەقوڵێت. گۆمی ئێش و خەم سەرتاپا برینە و لە چاوەڕوانی دەرماندایە. دەرمان وەك فەلسەفە دیرۆكی خۆی هەیە. مرۆڤایەتی ڕاستەوخۆ بەم جۆرە دەرمانە ئاشنانەبووە و كاتێكی زۆریشی خایاندووە تا فەلسەفە توانیویەتی ئەم ڕۆڵە ببینێت. بەشێك لەو ڕۆڵەی فەلسەفە وەك دەرمان دەیبینێت ئەوەیە، فەلسەفە وادەكات خۆت ڕۆڵی چارەسەرسازیەكە ببینیت، خۆت كار لەسەر خۆت بكەیت. بەشێك بەمە دەڵێن فەلسەفە وەك دەرمان. دەرمان لێرە خودی چارەسەرەكەیە. ئەو چارەسەرەی كاری سەرەكی دەرمانەكەی لێپێكدێت كاكڵی فەلسەفەكەش دەسازێنێت. كەچی بەشێكی تر پێیوایە هەندێك لە چارەسەرە ڕەفتارییەكانمان یان ئامرازەپراكتیكیەكانمان سەرچاوە لە فەلسەفەوە دەگرن. لێرە فەلسەفە وەك چارەسەر تەماشادەكرێت. لەبەرئەوەی چارەسەرە دەرمانیشە.
بەمجۆرە، لەم بەشە نووسینە، وشەی چارەسەر بەهەردوو ماناكەی Treatment و Therapy بەكاردەبەین و بایەخیش بەو تێهزرینانە دەدەین فەلسەفە وەك دەرمان دەخەنەڕوو، دەرمانێك کە ئیشی فەلسەفە دەكاتە كردەیەك لە چارەسەرسازی. بۆئەوەی فەلسەفە ئەمە بکات پێویستمان بە دروستكردنی هەڵاوگۆڕانی چۆنایەتی دەبێت لە تەماشاكردنمان بۆ دەرمان. ژەهر لەو شوێنەی بەكاربردنەكەی پێویستە دەرمانە. باشە مێژووی پزیشكی لەم بارەیەوە چیمانپێدەڵێت؟ مێژووی پزیشكی بریتییە لە مێژووی دۆزینەوەی چارەسەر، چارەسەر بە ڕووەك و گژوگیا، تادەگاتە نەشتەرگەرییە سەرەتاییەكان لە شارستانییە دێرینەكان( میسری كۆن، بابلییەكان، هیندی، چینی، یۆنانی، رۆمانی). ئەم مێژووە كە تەندروستی جەستەیی و عەقڵی مرۆڤەكان لەخۆدەگرێت لە قۆناغی پێش توێكاری جەستە و چارەسەركردنی برین و ناساغی بە ئەفسانە و جادووەوە دەستپێدەكات بەرەو تێڕامان و فێرگە فەلسەفییەكانی شارستانیە كۆنەكان ملدەنێت تادەگاتە چارەسەری پزیشكی لە چاخی زانیاری. لە سەردەمی نوێشدا ئارتۆ Artaud زەبری وەك دەرمان لە كارە شانۆییەكانیدا بەكاربردووە. بەشێك خوێندنەوەی نووسینەكانی شۆپێنهاوەر Schopenhauer دەكەنە دەرمانی ڕۆح و بەشەكەی تر نیچە. هەرچی سێنێكاSeneca، ئێپیكتێتۆسEpictetus، ئۆرێلیۆسAurelius و فەیلەسوفە ڕواقییەكانی Stoicism تری شارستانی رۆمانییە گرنگیەكی زۆریان بە بەختەوەری و بە خاوێنڕاگرتنی رۆح داوە. ئێستاش بیرمەندگەلێكی وەك فێری Ferry ،كۆنت-سپۆنڤیل Comte-Sponville و ئۆنفرێ Onfray لە فەرەنسا هەڵگری فێربوونە فەلسەفییەكانی ئێپیكۆر و ڕواقیەكانن و فەلسەفە بەرەو جۆرە تێراپیەك Therapyدەبەن كە وردە وردە خۆی لە تێڕامانێكی عەقڵی-و تێۆری پووخت بەدووردەگرێت. ئەمەش هەنگاوە بەرەو چارەسەرسازیی بە فەلسەفە. هەنگاوی یەكەمی ئەو چارەسەرسازییە لەوێوە دەستپێدەكات كە فەلسەفە لەناوەوەی مرۆڤ كاری خۆی دەستپێدەكات و دواتر والە مرۆڤ دەكات خۆی بێت. ئەمەش دەستپێكی فەلسەفەیە كە هەر لە سەرەتاوە كاری لەسەر خۆبوونی مرۆڤ كردووە. ئەمە ئەوە دەگەیێنێت، فەلسەفە بەجۆرێك ئیش لەسەر مرۆڤ دەكات كە خودی خۆی بیت، خۆی نەك ئەویتر. ئەمەش لەسەر ئەو بنەمایەی گەر مرۆڤ ئاگای لە خودی خۆی نەبێت بەدڵنیاییەوە ئەویتر ئاگای لێدەبێت، كەواتە تۆ ئیتر خۆت نیت و ئەویتریت. خۆبوونت مانای بۆ بوونت هەیە. بوونت واتە خۆت. بوونی تۆ بوونی خۆتە نەک ئەویتر، كە خۆت بیت كەوابێت تۆ خۆتت هەیە، خاوەنی خۆتیت. خۆتت نەبوو بە بێگومان ئەویترێك دەبێتە خاوەنت. كێشەكە چییە كە خاوەنی خۆمان نەبین و ئەویتر خاوەنداریمان بكات؟ كێشەكە لەوەدایە كە هەبوون بەر هەڵوەشانەوە دەكەوێت.
مایەوە ئەوەش بوترێت كە، ساتەوەختی كۆرۆناڤایرۆس ڕەوتی دەمەتەقێ، شیكارییە، فەلسەفییەكانی گۆڕی و جارێكی دی فەلسەفەی كردەوە بە پردی نێوان زانستە ئەزموونییەكان و زانستە مرۆییەكان. لە سەدەكانی پێش زایینیشەوە، لە دەمی سوكرات و گالێنۆس Galenosەوە، كە پزیشكە هەرە دیارەكەی شارستانی یۆنانییە، تادەگاتە مۆنتاین و هەنووكە (میشێل ئۆنفرێ بەنموونە) فەلسەفە مەشقكردنە لەسەر ڕۆح و دروستكردنی دڵگیری بۆ مرۆڤ، چڕینی سترانی مەرگ و تامكردنی ژیان، بەشیفابوونیشە لە ژیان گەر ژیان لەخودیخۆیدا درم بێت.

ئاسكلێپیۆس: خواوەندی شیفا

گەر یۆنانی كۆن بە نموونە وەربگرین دەبینین زۆربەی خواوەند و ئەفسانەكان كاری چارەسەرسازی و دەرمانسازی و شیڤابوونیان بینیووە. ئاسكلێپیۆسAsclepiusیەكێكە لە فیگەرە دیارەكانی ناو ئەفسانەی یۆنانی كۆن و خواوەندی پزیشكی و شیفا بووە و ئەمەشی لە باوكیەوە ،لە خواوەندی ئاپۆلۆن Apolloەوە وەرگرتووە كە خواوەندی خۆر، موزیك، هونەر و شیفابوون بووە. ئێپیۆن Epione ژنی ئاسكلێپیۆس بووە كە خواوەندی ئارامكردنەوە بووە. لە ئێستاشا كە دەچینە هەچ دەرمانخانەیەك گۆچانەكەی ئاسكلێپیۆس دەبینین کە بە مارێكەوە لكاوە و بووە بە هێمای پزیشكی. ئەم خواوەندە چوار كچی هەبووە: هیجێیا Hygeia (خواوەندی پاك و خاوێنی و تەندروستی بووە)، ئاساسۆAceso ( خواوەندی چارەسەركردنی نەخۆشی و شیفابوونبووە لە برین)، ئایاسۆIaso (خواوەندی چارەسەر بووە)، ئاگلایا Aglaea (خواوەندی تەندروستی باش بووە)، پاناسیا Panacea (خواوەندی دەرمان و چارەسەر بووە). لە سەردەمی ئاسكلێپیۆس دا خەڵكی ناساغ ڕۆژانە سەردانی پەرستگای ئێپیدۆرۆسیان Epidaurus کردووە تا لە ناساغی و برینەكانیان بەشیفابن. دووان (Machaon و Podalirius)لە كوڕەكانی ئاسكلێپیۆس لە داستانە شیعری یلیادە Iliáda ی هۆمێرۆس Hómēros ناویان وەك برینپێچ هاتووە. بەپێی گێڕانەوەكانی هۆمێرۆس ئەم كوڕانەی ئاسكلێپیۆس چارەسەری بریندارەكانی جەنگی ترۆیا Troyیان كردووە. ئەمە زۆر بە كورتی هەقایەتی خواوەندی شیفای یۆنانی كۆنە كە پاش یۆنان و لە شارستانی رۆمانی بەردەوامی خۆی هەبووە و پێش یۆنانیش شیفابوون ئیشی خواوەند و داناكان بووە.

فارماكۆن

بۆئەوەی ڕیشەی وشەی دەرمانخانەpharmacy دیاریبكەین پێویستە بە وشەی فارماكیە Pharmakia ئاشنابین كە لە زمانی یۆنانی φαρμακεία بە واتای ژەهراویكردن، جادووگەرایی دێت. فارماكیە دەرمانە. دەرمان لەناو پرۆسەی بەكاربردنی ئەم وشەیە ئامادەبوونی خۆی هەیە. وشەی فارماكیە لە فارماكۆن Pharmakon ەوە سەرچاوەدەگرێت. فارماكۆن φάρμακον یش لە یۆنانیدا بە مانای ژەهر، جادوو، تەلیسم، ئەفسوس، دەرمان دێت. هەموو ئەمانە پێماندەڵێن فارماكۆن لەیەك كاتدا بە واتای دەرمان و چارەسەریش دێت. هەربۆیشە فارماكیە بە واتای تێراپیا Therapeia (چارەسەر) دێت. ژەهر بۆنموونە دەرمانە و چارەسەریشە.وەكیتر ژەهر بكوژە، لێ هەلومەرجی بەكاربردنی چارەسەرسازیشی تێدایە. ئەو شتەی ژەهراویدەبێت لەناودەچێت، دەمرێت، جا ئەوە ڕووەك بێت یان ئاژەڵ و مرۆڤ. تەنانەت ئەو گیراوەیەی سوكرات خواردیەوە بڕیاری دادگا بوو كە لە جۆرە ڕووەكێك hemlock ی ژەهراوی پێكهاتبوو. بەپێی تێگەیشتنی نیچە ئەو كاتەی سوكرات گیراوەكە دەخواتەوە نیازمەندە بەوە خۆی لە ژیان شیفابكات. ژیان لەو حاڵەتە ناساغیە و ژەهر چارەسەرە. خودی دێریداش لە نوسینی” دەرمانخانەی ئەفلاتون”دا وشەی فارماكۆن لە سێ لایەندا قەتیسدەكات: دروگ Drogue (دەرمان یان عەقار) و مێدیسن Médecine (پزیشكی) و رێمید Remède(چارەسەر).

كۆیلەبوونی فەلسەفە چارەسەر نییە

فەلسەفە لە دەمی یۆنانەوە تا ئێستا لە گەڕان بەدوای مانای ژیان لە هەڵبەز و دابەزدایە. هەردەم فەلسەفە ویستویەتی خەمڕەوێنمان بێت، ئاستێك بۆ گورزی زەمانە دانێت، پەی بەو ئێستایەمان بەرێت هەنووكەمانە و بێوچانیش لەسەر بەرهەمهێنانی هزر، هزرێكی پێویست بۆ مرۆڤایەتی، ڕامانبهێنێت. ئەمە لەلایەك، لەلایەكی تر بینینی فەلسەفە وەك فەیلەسوف جیایە لە بینینی فەلسەفە وەك هەواداری فەلسەفە. هەوادارانی فەلسەفە جۆراوجۆرن. هەن وەك كۆیلە مامەڵە لەتەك فەلسەفە دەكەن. بوونە كۆیلەی فەلسەفە بە زیانی فەلسەفە دەگەڕێتەوە. كۆیلە وابەستە و بێدەنگ و ژێردەستەیە. لەم حاڵەتە فەلسەفە بەپێی پێویست سودی نابێت و كاریگەریش ناخاتەوە. فەلسەفە لەناو دەمەتەقێ و ڕووبەڕووبوونەوەكان نەشونمادەكات. كەواتە ئەوانەی ڕەخنەی فەلسەفە دەكەن یان فەلسەفە بۆ هەڵوەشانەوەی بۆچوون و تێگەیشتنەكان دەخەنەگەڕ ئەو بەشەن لە هەواداران و خوێنەرانی فەلسەفە كە بەرهەمهێنەری فەلسەفەن. هەشن تەنیا فەلسەفە لە پرسیارسازی و گومانكردن پووختدەكەنەوە و كاری فەلسەفەش لە وتن لەسەر ئەویتر بریتیدەكەن. ڕەنگە سوكرات نموونەیەكی ئەم بوارە و گروپی پێشتریش بێت. هەر ئەم بەشە ئەوە لەبیرناكەن كە فەلسەفە كاركردنە لەسەر خودیخۆ. شیكردنەوەی خودیخۆ و كردنەوەی ناخ بەشێكی سەرەكی لە كردەی فەلسەفەكردن پێكدێنێت. بەشێك لە فەیلەسوفان بەم شێوازە توانیویانە بگەنە ئەویتر. نیچە نموونە بەرچاوییەكەی ئەم لایەنەیە.
لەمیانەی ئەو قسانەی لای سەرەوە بەوە دەگەین، فەیلەسوفەكان كۆیلەی فەلسەفە نیین. فەلسەفە زادەی چرکەی خۆیەتی. چركەی فەلسەفە ئەو کاتەیە كە پیادەدەكرێت. لە ڕابردوودا فەلسەفە كردەی دەمی خۆیبووە. ئێستاش كردەیە بۆ هەنووكە. جگەلەوەی فەلسەفە دەم و ساتی خۆی هەیە، لێ بۆ گشت سات و دەمەكانیش دەشێت. ئەفلاتون، سپینوزا، مۆنتاین یاخود دێكارت، رۆسۆ، كواین بۆ ئەو دەمە و بۆ ئێستاش شیاون. بەپێی ئەوەی فەلسەفە بیركردنەوە و تێڕامانە دەشێت ڕەخنەبكرێت، دەكرێت شیاو بێت یان شیاو نەبێت بۆ ئێستا. ئەمە نییە كەڵكی فەلسەفە، كەڵكی فەلسەفە لە توانای بیركردنەوەیەتی لە سات و دەمە جیاكان. فەلسەفە لە هەموو سەردەم و چاخێكدا، لە گشت كولتوور و كۆمەڵگەیەكدا لەو چركەیە دواوە تیایا وتراوە. لە ئێستادا، لە كاتی كۆرۆناڤایرۆس دا، كێشە كولتووری و كۆمەڵایەتیەكانی مرۆڤ تا دەگاتە سیاسی و ئابووری و ڕۆحیەكانی هەمان ئەوانە نیین پێش ڤایرۆسەكە.وێجا بوونە كۆیلەی فەلسەفە وادەكات نە لە فەلسەفە بگەین نەش دژەكەی. جا ئەوە نا-فەلسەفە بێت تادەگاتە ئاین. هیچ نەبێت لەبەرئەوەی ئەو كۆیلایەتییە ئەو دیالۆگە دەكوژێت فەلسەفە دروستیدەكات. لە پاش كۆیلایەتی دیالۆگ نامێنێت، مشت و مڕ و ڕەخنە جێیان بەتاڵە و كاوێژ و دووبارەسازی جێیان دەگرنەوە. بۆئەوەی فەلسەفە بەرهەمهێنەر بێت پێویستە ڕەخنە و پێكدادانی هزری هەبێت. شتی نوێ و نەوتراویش تەنیا لەو كاتانەدا سەرهەڵدەدەن فەلسەفە مەستی گومان و سلەمینەوەیە.

شەڕی فەلسەفە لەتەك پرسیار چارەسەرە

شەڕی فەلسەفە لەتەك پرسیار بڕانەوەی نییە، چارەسەرە و ئەو دەرمانەشە بۆیدەگەڕێین. شەڕی وا بێكۆتا لە دەمی دەركەوتنی یەكەم ڕوناكی خۆری فەلسەفەوە دەستیپێكردووە و هەر بەردەوامە تا مرۆڤ خاوەنی ئاوەزی خۆی بێت. پرسیارە فەلسەفییەكان(گرنگیشە بزانین چ جۆرە پرسیارێك فەلسەفییە و چ جۆرێكیش نا-فەلسەفییە)لە زیادبووندان و هەر گەشەی بیركردنەوەی مرۆڤ و ئاڵۆزبوونی هەل و مەرجی بووناوی ئەم مرۆڤەشە فەلسەفەی گەیاندۆتە شوێنە سەخت و دژوارە ناكۆتاكان. لە میانەی پرسیارەكانمان تێگەیشتنمان بۆ خۆمان و دەوروبەرمان دەگۆڕێت. كە دەپرسین فەلسەفە چییە بەمە هەنگاوێك لە بیركردنەوەكانمان بەرەو پێشەوە دەچین تەنانەت ئەگەر وەڵامەكەشی دەقاو دەق نەزانین. ئەو وەختەی فەلسەفە لەتەك ئاین یەكدەگرێتەوە بە پرسیارێكی دی ڕووبەڕوودەكرێتەوە كە بەم شێوەیە: فەلسەفە زانستە یان نا-زانستە؟ قەرزاری فەلسەفیی زانست وەڵامە بۆ ئەم پرسیارە. ئەوەی تۆ بیڵێت هەروەك ئەوەی من دەیڵێم ڕاستە؟ نەخێر. ئەمەش لەبەرئەوەی دوو ڕاست پێكەوە هەڵناكەن.تا پتر لە ماهیەتی ئەم شەڕە تێبگەین كە فەلسەفە هەڵیگرساندووە ئەوكات ئەوەمان لاڕووندەبێت بۆ گەیشتن بە ڕاستی بۆتە دەروازە بۆ فەلسەفەكردن؟ بۆ ڕاست، نەك درۆ، دژە جەمسەری هەڵەیە؟ ئەدی باشە لەتەك چی لە جەنگدایە؟ لەتەك خراپە یان نا-باشە؟ بیركاری دایكی زانستەكانە یان فەلسەفە؟ فەلسەفە دەستی لە دروستكردنی زانست نەبووە؟ ئەی ئێستا، بۆ زانست خۆی وەك شتێكی سەرووی فەلسەفە دەبینێت؟ چۆن هۆكار دروستدەبێت؟ لەو جێگایەی هۆكار هەیە دەبێت دەرئەنجام هەبێت؟ هۆكار گرنگە یان دەرئەنجام؟ هۆكار پرسیار بێت كەواتە دەرئەنجام وەڵامە؟ مێژووی وەڵام لە پرسیار كۆنتر نییە؟ گەر پێچەوانەكەی ڕاست بێت كەواتە هۆكار دایكی دەرئەنجامە؟ گەڕانی فەلسەفە بەدوای مانا گەڕان نییە بەدوای واتای بوون؟ لەو شوێنەی بوونمان لە مەترسیدایە چ پرسیارێك دێتەكایەوە؟ ئایا پرسیاری مەرگ ئەو پرسیارە نییە؟ باشە كات دەمرێت؟ كە شوێن هەیە كاتیش لە هەمان شوێن دا بوونی پێویستە؟ كات گرنگترە یان شوێن؟ ئەدی ژیان لەناو بێ كاتیدا شیاوە؟ بۆ ڕزگاربوون لەم دیلێمایە (سەرئێشە) پێویستمان بە پێوانەیە؟ چۆن كات-شوێن بپێوین؟ ئاژەڵ هەست بە كات دەكات؟ یەزدان لە دەرەوەی كاتە؟ ئاژەڵ هەست بە گۆڕینی شوێن دەكات؟ پرسیاركردن لەسەر بوونی یەزدان شتێكی نا-ڕەوشتییە؟نا-ڕەوشتیی دیاردەیەكی مرۆییە یان ئاژەڵیش بۆی هەیە نا-ڕەوشتی بێت؟ بۆ ئاژەڵ بێ عەقڵ لەدایكبووە؟ ئاژەڵ خەودەبینێت یان خەونبینین هەروەك عەقڵ دیاردەیەكی مرۆییە؟ ئاژەڵ كە عەقڵی نییە شێتە یان شێت ئاژەڵە؟ باشە ئەی ئاین، بۆ ئاین بەس بۆ مرۆڤ هەبووە؟ بۆ دیندار و بێ دین لەناو ئاژەڵان بوونی نییە؟ لەبەرئەوە نییە كە ئاژەڵ عەقڵی نییە؟ ئەی ئاین عەقڵییە؟ گومانیناوێت فەلسەفە كە عەقڵییە پیرۆز نییە. هەرچی ئاینە دیاردەیەكی باوەڕییە تا تێڕامانێكی عەقڵی. ئەی كامیان ڕۆڵی چارەسەر دەبینێت ئاین یاخود فەلسەفە؟ئەم شەڕە هەر بەردەوامە و دیدگای، شیكاریی و ڕەخنەیی زۆری لێوەبەردێت و فەلسەفەش دەخاتە دۆزێكی چارەسەرسازی Therapy و بایەخپێدانەوە.

چارەسەر بە فەلسەفە

چۆن فەلسەفە ڕۆڵی چارەسەر ببینێت؟ چارەسەر لە چی؟ فەلسەفە جگەلەوەی كردەیەكی عەقڵییە و پرۆسەی بیركردنەوە بەرهەمیدەهێنێت دەکارێت لەڕێگای بیركردنەوەكانەوە كار لەسەر جەستە و دەروون بكات. مرۆڤی سەردەم لە هەموو كات زیاتر پێویستی بەو كارەیە كە فەلسەفە پێیهەڵدەستێت. پەشێوی دەروونی یان داڕمانی هزری بە گەڕانەوەی بایەخدان بە فەلسەفە دەمانگەیێنێتە قۆناغێكی چارەسەرسازیی. فەلسەفە پێویستی بەوەیە كار لەسەر لایەنی بیرلێنەكراو بكاتەوە لە ژیانی مرۆڤ. بەوەش ناسراوە کە ئاڵۆز و ژیریئامێزە و بە شێوازێكی تر، جیاواز لەوەی پێیناسراوە، خۆینمایشدەكات. ئەمەش لەوسەرەوە وادەكات فەلسەفە زۆرتر كاریگەربێت.
پێشتر هێمامانبۆكرد، لەم بەشە نووسینە،وشەی چارەسەر بەهەردوو ماناكەی بەكاردەبەین: Treatment و Therapy . فەلسەفە كە شوێنی چارەسەر دەگرێتەوە سەرچاوەی ئەم چارەسەرە نوسینە فەلسەفییەكانن. لەم حاڵەتە ناكرێت فەلسەفە جێی پەرتووكی پیرۆز و فەیلەسوفیش جێی پەیامبەر بگرێتەوە، هیچ نەبێت لەبەرئەوەی ئامانج لە فەلسەفە خۆ پیرۆزكردن و فەیلەسوف پیرۆزكردن نییە بەقەدئەوەی ئامانج هەڵوەشانەوەی خودی پیرۆزییە. بۆ زۆرێك شۆپێنهاوەر و نیچە ئەو ڕۆڵەیان بینیووە. كارە فەلسەفییەكانی نیچە ساڵانێك وەك چارەسەری دەروونی تەماشادەكران. تەنانەت ڕۆمانەكانی دەستەێڤسكی و كامۆش. بۆ هەندێك ئێپیكۆر و ئێپیكۆرییەكانی شارستانی رۆمانیش( سێنێكا، ئێپیكتێتۆس، ئۆرێلیۆس) لەو ئاستەدا بوونە.
فەلسەفە هەر لە سەرەتای دەركەوتنیەوە لەسەر ئەو بنەمایە بووەتە چارەسەر كە گفتوگۆی كردۆتە بناغە بۆ قسەكردن لەسەر دیاردە و گرفتەكان. ئەمەش لە بنەڕەتدا شێوازی سەرەكی سوكرات بووە. وەكیتریش، خۆناسی هەنگاوێكی تری سوكرات بووە بۆ بەكاربردنی فەلسەفە بۆ خودچارەسەر. خۆناسی چارەسەرێكی خودییە كە مرۆڤ لە خودی خۆی نزیكدەكاتەوە. ئەوەش هەر شێوازێكە لە چارەسەری فەلسەفیی كاتێك سوكرات هەوڵی گەیشتن بە ڕاستی دەكاتە ئامانج بۆ گۆێگرانی. لە دوای سوكرات ئەریستۆ بووە کە گرنگی بە بەكاربردنی فەلسەفە بۆ چارەسەر خستۆتەگەڕ، وەلێ پاش مەرگی ئەریستۆ شێوازی عەقڵی و لۆژیكی لە فەلسەفە بەرەو چارەسەركردنی فەلسەفی بۆ خۆشژیان، بەختەوەری و دوركەوتنەوە لە ژیانی مادی هەنگاوینا. لەسەر ڕەوتی بیركردنەوەی فەلسەفیی ئێپیكۆریەكان و ڕواقییەكان بەدەستهێنانی چێژ و خۆشی وەك سەرەتایەك بۆ دوركەوتنەوە لە ئازار و خەمۆكی بووە چارەسەر. لەم ساتەوەختەوە ئەم دوو ئاقارە فەلسەفییە وەك جۆرێكی تر لە فەلسەفەی چارەسەر خۆی لە یۆنانی كۆن نمایشدەكات كە دواتر بەرەو شارستانی رۆمانی ملدەنێت. فەلسەفە وەك چارەسەر لە دوای ئەم ساتەشەوە بەردەوامی بە خۆی داوە. بەشێك لەو چارەسەرە خۆی لە چارەسەركردنی كێشە هەنووكەیی و ڕۆژانەییەكانی مرۆڤ چڕكردۆتەوە. كێشەكان كە بەشێكی بووناوی هەمیشەیین لەنێوان مرۆڤەكان لە گشت سەردەم، شارستانی و كولتوورێك دا دووبارە و هاوشێوەن. ئێستا بەزۆری پسپۆڕان لە فەلسەفەی پراكتیك ئەو ڕۆڵە دەبینن. هەوڵی ئەوە دەدەن لەڕێگای كلینیكی تایبەتەوە كار لەسەر ئەوانە بكەن كێشەی موڕالییان یان غەم و پەژارەیان هەیە و تێنەگەیشتنیان لەسەر مەرگ، تەنیای، هاوڕێیەتی و هەندێك دیاردەی تری بووناوی هەیە. بەشێك لەم كارە “”كلینیكی فەلسەفی”” لە ڕۆژئاوا كاری لەسەر دەكات. بۆیە لێرەوە قسەدێتە سەر فەلسەفە وەك دەرمان.

لە پێناسەی فەلسەفەوە بۆ پێناسەی دەرمان

مێژووی دەرمانسازی Pharmacology لەگەڵ مێژووی پزیشكی تێكەڵە. مێژووی پزیشکی مێژووی پەرستیاری و دەرمانسازی لەخۆ دەگرێت. ئاشکراشە هەر لەسەرەتاوە گژوگیا و ڕووەكەكان سەرچاوەی دەرمان یان دەرمانزانی بوونە. دەرمان لە دیدی دەرمانسازییەوە بریتییە لەو مادە كیمیاییەی بۆ دروستكردنی كاردانەوەی بایۆلۆجی یان فیزیۆلۆجی لە خانە و ئۆرگانێك لە لەش بەكاردەبرێت. ئەمە بەو واتایە دێت كە دەرمان بۆ دروستكردنی كارلێكە كە ئەوەش چارەسەری لێدەسازێت. هەرچی فەلسەفەیە بەجۆرێكی تر دەبێتە ئامراز بۆ چارەسەر. ئەڵبەتە چارەسەر بەرەو گۆڕینی ژیانمان. وەكیتریش گەڕان بەدوای دەرمان واتە دۆزینەوەی چارەسەر، بەڵام دەرمان بۆ چ دەردێك؟ دەرد دروستكەری ئازارە و دۆزینەوەی دەرمانیش تەنیا بۆ ئازار نییە، دەرمان ئازارشكێنە و بۆ زۆر شتی تریشە كە ئێش لە مرۆڤدا دروستدەكەن، لێ لێرە كێشەكە لەوەدایە كە ئێشی ددان وەك ئێشی تەنیایی نییە. ئێشی سك وەك ئێشی بێزاریی و بێ حەوسەڵەیی نییە. دەرمانی ترس لە دەرمانی بێ هیوایی و خەمۆكییەوە دوورە. بۆ شكاندنی ئازاری ددان یان چاو دەچینە دەرمانخانە ئەی بۆ شكاندنی ئازاری تەنیایی و بێزاریی بۆ كوێ بچین؟ فەلسەفە لە پاش مەرگی ئەریستۆ و دەركەوتنی فەلسەفەی ڕواقی بووە دەرمان. شوێنی فەلسەفە لە ژیانی مرۆڤ گۆڕانی هاتەسەر. ئەوەش پەیوەندی بە بینینی ڕواقییەكانەوە بووە بۆ فەلسەفە. لێرەوە بەكاربردنی فەلسەفە دژ بە مەرگ و ترس لە ئازار و كارەساتە سرووشتییەكان دەبێتە خواستی مرۆڤەکان.
فەلسەفە دیاردەیەكی عەقڵی و تێڕامانییە پشت بە بەڵگە و ڕەخنە دەبەستێت. سەرەتای دەركەوتنیشی تەقەلایەك بووە لەلایەن مرۆڤەوە بۆ ڕەتكردنەوەی بینین و تێڕامانە ئەفسانەیی و خورافییەكان. وەكیتریش فەلسەفە قەد بەوە نەدەگەیشت كە ئەمڕۆ پێیگەیوە گەر خۆی وەك بابەتێكی عەقڵی و لۆجیكی وەگەڕنەخستایە. بەمە فەلسەفە توانی ئەو تێڕامانانە بەرجەستەبكات مرۆڤ لەسەر گەردوون و بوونی خۆی هەیبووە. فەلسەفە لەم دۆخە زانستی هۆكارەكانە: هۆكاری بوونمان؟ هۆكاری بەدی؟ ناشرینی یان جوانی؟ بێدادی؟ هۆكاری بوونی گەرمای یان لافاو یاخود هەچ دیاردە و كارەساتێكی گەردووناوی؟ بەواتایەكی تر، بوونی بوونەوەرەكان هەر لە سەرەتاوە پرسیارێكی سەرەكی بووە بۆ فەلسەفە، كە ئەوەش بنەمای بۆ بیركردنەوە، بۆ گومان و بۆ جیهانبینیمان داناوە. فێری بیانوهێنانەوە و شیكاریماندەكات و سەلماندن و بەڵگەش دەكاتە بناغەی گفتوگۆ و ڕاڤەكردنەكانمان. بەپێی فەلسەفە دەرد هەیە و دەرمانیش هەیە. گەر دەردی دەرمان فەلسەفە بێت خودی دەردەكە چییە؟ بۆ هەندێك دەردەكە وڕێنەیە و بۆ هەندێكی تر نەزانینە (جەهل). خودی فەلسەفە كە جێی دەرمان دەگرێتەوە دەشێت ببێتە ئامراز بۆ چارەسەركردن یان تیماركردنی دەردەكە. بۆنموونە بەشێك پێیانوایە بەپێیئەوەی فەلسەفە بیركردنەوەیە دەكارێت دەرمانیش بێت ئەڵبەتە لەژێرناوی دانبەخۆداگرتن یان دانایی لە چارەسەركردنی كێشە و گرفت یاخودیش بەدەستهێنانی دڵنیایی بۆ خۆبەهێزكردن.
بەمجۆرە، دەرد هەبێت دەرمانیش دەبێت. وێجا دەردەكە چییە تا دەرمانەكە بەپێی ئەو دەردە دەستنیشانبكرێت؟ لەڕاستیدا دۆزینەوەی شوێنی دەرد دۆزینەوەی شوێنی ئێشیشە. ئەوە دەردە ئێش دروستدەكات. هەموو دەردێكیش ئێشێكی خۆی هەیە. پەیوەندی نێوان ئێش و دەرد كۆنە و لە مرۆڤەوە دەستپێدەكات.مرۆڤ یەكەم بوونەوەرە ئێشی خۆی باسدەكات. زمان ئامرازی باسكردنی ئەو دەردەیە. زمان پێماندەڵێت بۆ و كوێمان دەئێشێت. دوای هەستكردن بە ئێش گەڕان بەدوای چارەسەری ئەو ئێشە دەستپێدەكات كە هەمانە. چارەسەریش بە دەرمان دەبێت. فەلسەفە چ دەرمانێكە؟ ئایا فەلسەفە دەرمانی ئاژەڵ و بوونەوەرەكانی تریشە؟ فەلسەفە دەردی دەرمانی تەنیایی، خەمۆكی، پەژارەی و زۆرێك نەخۆشی و بێزارییە. هاوكات فەلسەفە دەردی دەرمانی تەنیا مرۆڤە. بەپێی ئەوەی مرۆڤ عەقلی هەیە داهێنەری فەلسەفەیە و دۆزەرەوەی دەرمانیشە. نەك هەر ئەوە بگرە فەلسەفە دەرمانێكی بێ گیان و ئامرازێكی نابایۆكیمیاییە. فەلسەفە دەرمانە بۆ كاركردن لەناو خود تا ئەم خودە ناساغ، خەمۆك و پەشێو نەبێت. ئەم خودە دواتر دەكارێت بەشداری لە گۆڕینی ئەوە بكات پێویستە بكرێت. فەلسەفە وەك دەرمان بابەتێكی فەلسەفی پزیشكییە كە بناغەكەی وا لەناو ڕۆح. ڕەنگە زۆربەمان بپرسین فەلسەفە چ جۆرە دەرمانێكە؟ كە وتمان چ جۆرە دەرمانێكە واتە دەرمانەكان لەناوخۆیانا جوداوازن. فەلسەفە بەشێکە لەو جیاوازییە.

لە یۆنانی كۆنەوە تا هەنووكە لە مێژووی فەلسەفە قسە لە مانای پزیشكی ڕۆح (گیان ، ناخ، دەروون) و پزیشكی جەستە (لەش) دەكرێت. پزیشكی ڕۆح بایەخ بە ناخ و دەروونی مرۆڤ دەدات و ئەویتریان، پزیشكی جەستە، گرنگی بە نەخۆشی و ئازارەكانی مرۆڤی ناساغ دەدات. ناساغی ڕۆحی و ناساغی جەستەی لەنێوان فەیلەسوف و پزیشكا كراون بە دوو مرۆڤەوە. نووسینە فەلسەفییەكان و نووسینە پزیشكییەكان لە شارستانییە كۆنەكانی ئەوروپا (یۆنانی، ڕۆمانی) دڵەڕاوكێ، شێتی، بێزاری، خەمۆكی بەرباسخستووە و …ئەوەی ئەمڕۆ پێیدەڵێن پزیشكی دەروونی (Psychiatrist) ،كە چارەسەری نەخۆشی دەروونی بە دەرمان دەكات، مێژووەكەی گەلێك كۆن نییە. كاری پزیشكی دەروونی بریتییە لە چارەسەركردنی پەشێویی دەروونی Mental disorder كە خۆی لەناو هەندێك دیاردەی دەروونی شپرزەئامێزی وەك دڵەڕاوكێ، خەمۆكی و تادەگاتە شیزۆفرێنیا مەڵاسدەدات. چۆنیەتی مامەڵەی یۆنانیەكان، ئەسینا، لە سەدەكانی پێش زایین لەتەك نەخۆشییە عەقڵیەكان، بۆنموونە شێتی، گرنگی خۆی بۆ شیكاریكردنی پەیوەندی نێوان فەلسەفە و پزیشكی و بەتایبەت پزیشكی دەروونی هەیە. لەو دەمەدا، كە دەمووەختی نەشونمای هزری فەلسەفیش بووە،ئەو نەخۆشییانەی دووچاری جەستە بوونە لەو نەخۆشیانە جیاكراونەتەوە دووچاری ڕۆح بوونە. بەشی یەكەم چارەسەرەكەی لە خانەی پزیشكی ئەو سەردەمەدا بووە و بەشی دووەمیش لە خانەی فەلسەفەدا خۆی دیوەتەوە. هەندێك نەخۆشیش دەچێتە خانەی هەردوو بەشەكەوە وەك فێ. چارەسەركردنی نەخۆشییە دەروونییەكان (وەسواسی، ڕاڕایی، خەمۆكی) بۆ بیرمەندانی یۆنانی لەچاو نەخۆشییە عەقڵیەكان(شێتی) ئاسانبووە. كەوابێت دەكرێت بپرسین فەلسەفە لە كوێی مرۆڤ نەخۆشییەكان دەبینێتەوە؟ لە جەستە یان لە هزر(عەقڵ)؟ ئەی پزیشكی لە كوێیا دەیبینێتەوە؟ لە یۆنانی كۆن فەیلەسوف یاخود چاترە بڵێین دانا(حەكیم) كاری پزیشكی دەروونی كردووە. هەر لەو دەمەدا ئەو پزیشكیەی هەبووە گشتیبووە كە شانبەشانی فەلسەفە چارەسەری نەخۆشە دەرونبیمار و شیزۆفرێنیەكانی (ئەوانەی دووچاری كەرتبوونی مێشك دەبن) پێكراوە. بۆنموونە جیاوازی شێت و دەبەنگ (گەوج) كراوە. شێت وەك ترسناكێك سەیركراوە هەرچی دەبەنگە شیاوی چارەسەركردنی لەچاو شێت زۆرتربووە و كەمتریش ترسناك بووە.

فەلسەفە پزیشكی ڕۆحە؟:
پزیشكی و ئەفلاتون

سەرەتا ئاماژە بۆ ئەوە دەكەین كە پزیشكی یان ئاگایی پزیشكی بوارێكی تایبەتە بە نەخۆشی. وەكیتر پزیشكی مامەڵەكردنە لەتەك نەخۆش و درمەكانی كەسی ناساغ. فەلسەفەی پزیشكی و پزیشكیدەروونی دەتوانن لەتەك بایۆلۆجی پێكەوەكاربكەن و زانینی پزیشكی بەو ئاڕاستەیە بەرن پزیشكی بەتەنیا پێیناگات. لێرەوە جۆرە گفتوگۆیەك دێتەپێش كە وامانلێدەكات بپرسین: چی پەیوەندی بە تەندروستی و چی پەیوەندی بە پزیشكییەوە هەیە؟ چی نەخۆشی دەروونی لە نەخۆشی تر جیادەكاتەوە؟ گەر پزیشكی و پزیشكی دەروونی لە سنوری یەكدا كاربكەن نەخۆشیناسی خاڵی هاوبەشیان نابێت؟ ئەم پرسیارانە هەوێنی ئەو تێگەیشتنەن پزیشكی لە هزری تەندروستی و درمناسی(پاتۆلۆجی) ئێمەدا بەرجەستەیكردووە. تەنانەت كە دەشپرسین نەخۆشبوون چییە؟ پێویستمان بەوەیە بپرسین نەخۆشی چییە؟ و نەخۆش كێییە؟ نەخۆش تەنیا مرۆڤ نییە دەكرێت ئاژەڵ یان ڕووەكیش بێت. گەر نەخۆشییەكانی ناو ئاژەڵ یان ڕووەك هاوبەش بن ئەوا ئەو نەخۆشییانەی دووچاری مرۆڤ دەبن لەم ڕێسایە بەدەر نیین. كاتێك پزیشكی بڕیار لەسەر نەخۆشبوونی كەسێك دەدات بەمە پزیشكی لەسەر بناغەی كۆمەڵێك بنەما كاردەكات. بڕیاری پزیشكی Medical Decision بە خودی چییەتی نەخۆشییەكەوە پشتبەستوە. چی ئەو كەسەی نەخۆش كردووە و دیاریكردنی شوێنی نەخۆشیەكە دوو فاكتەری سەرەكین بۆ دەستنیشانكردنی یان جیاكردنەوەی نەخۆشی دەروونی لە نەخۆشی جەستەیی و نادەروونی. ئەو زانیارییە كلینیكیانەی پزیشك سەبارەت بە جەستەی بیماری نەخۆش بەدەستیدەهێنێت بنەمای زانستی دەستنیشانكردنەكە یان بڕیاردانە پزیشكییەكە دروستدەكەن. باشە بڕیاردانی پزیشكی پێش ئەوەی كردەیەكی پزیشكی بێت یاسای یان ڕەوشتی نییە؟ خانمە روناكبیری فەلسەفیی ڤیرۆنیك لۆ ری Véronique Le Ru بە پرسیاری فەلسەفە پزیشكی رۆحە؟ لە دەرگای گەلێك بابەتی خەفەكراو و زەقی فەلسەفی دەدات كە لێرە بەشێك لە دیتنەكانی بەسەردەكەینەوە. ئامانجی سەرەكی ئەم خانمە خوێندنەوەی ئەفلاتونە لە ڕوانگەی پزیشكیەوە. ئەم بایەخپێدانە سەرچاوە لەو گرنگیەوە دەبینێت کە سوكراتی مامۆستای ئەفلاتون بە پیشەی پزیشكی داوە. پزیشكی وەك كار و هونەر. سوكرات لە دیالۆگەكانیدا ئەو گرنگییەی نیشانداوە كە پزیشك بۆ جەستە وەك فەیلەسوف وایە بۆ ڕۆح. هەروەك ئەوەی پزیشك جەستە لە بەدی و نەخۆشیەكان دەربازدەكات ئاواش فەیلەسوف ڕۆح لە بەدی و ناساغییەكان، لە نەزانی و دادوەری پێشوەخت، ڕزگاردەكات. بۆ ئەو مەبەستە ڤیرۆنیك لۆ ری دوو لایەن دەخاتەڕوو. یەكەم شێوازی سوكرات لە فەلسەفەكردن (شێوازی پرسیاركردن) كە زۆر جیاوازبووە. دووەم ئەفسانەی پرۆمێتۆس Prometheus ە،کە لە دیالۆگی پرۆتۆگۆراسی ئەفلاتون دا ناوی هاتووە. ئەمەش بۆ دۆزینەوەی هاوشێوەییە لەنێوان پزیشكی و ئەفسانەدا. ئەم لایەنە ئەم روناكبیرە فەرەنسییە بەرەو هەنگاوی سێهەم دەبات: ئەوەش بریتییە لە دۆزی پزیشكی لە ساتەوەختی سوكرات. ئەڵبەتە ئەمە ئەو هەڵاوگۆڕانەیە لە مۆدێلی پزیشكەوە دەمانبات بەرەو مۆدێلی فەیلەسوف. بۆ سوكرات بایەخدانی پزیشكی بە جەستە، نەك ڕۆح، ئەو مۆدێلەیە پێویستە پزیشكی كاری لەسەربكات.

هیپۆكرات Hippocrates ، كە بەدامەزرێنەری پزیشكی دادەنرێت، یەكێكە لە پزیشكە دیارەكانی مێژووی پزیشكی لە یۆنانی كۆن و هاو سەردەمی سوكراتیش بووە. ئەم زانایە بەشێوازی تەكنیكی و فیزیكانە تێگەیشتنی پزیشكی بەرەو ئاستێكی تر بردووە و ئەوەشی یەکلا کردوەتەوە کە جەستەی تاك هێزێكی خودی تیایە سەرچاوەكەی سروشتە. پزیشكی لەسەر دەستی هیپۆكرات ئیشی لەسەر كاریگەریەكانی جیهانی دەرەكی، هێزی سروشت و لەسەر بونیادی جەستەی بوونەوەر كردووە. یەكەم پزیشكیش بووە توانیویەتی پزیشكی لە ئایین و جادووگەرایی جیابكاتەوە و بیشیکاتە زانستی سەرنجدان. بۆیشە تائێستا خوێندكارانی پزیشكی لەكاتی وەرگرتنی بڕوانامەی پزیشكی سوێندی هیپۆكراتی دەخۆن(لەگەڵ هەندێك گۆڕانكاری كەم كە هاتۆتە سەر سوێندەكە). تۆماركردنی دۆزی ناساغی نەخۆش لە پزیشكناسی هیپۆكرات خاڵێكی گرینگە. نەخۆش پێویستی بەوەیە بزانێت لەشی لە چ دۆزێكدایە. لەبەرئەوەی سوكرات پزیشكی ڕۆحە نەخۆشەكانە شێوازیشی جیایە. سوكرات ئەو نەزانین و دادوەرییە پێشوەختە لە نەخۆشا ئاشكرادەكات لەو ڕۆحە ناساغەدا پەنهانە. داوای هیپۆكرات ئەوەیە ئەفلاتون سەرقاڵی پزیشكیی ڕۆح بێت. گومانیش ناكات جیهانی پزیشكی لە هەڵە بەدەر نییە. ئەوەش پەیوەندی بە سروشتی نەخۆشییەكان و سروشتی پزیشكییەوە هەیە. دەكرێت نەزانینی زانستی لە دیاریكردنی نەخۆشی و بێتوانای هونەری لەو بوارە كاردانەوەی لەسەر پیشەی پزیشكی هەبێت. یەك لەو هەڵانەش هەڵەی ڕەوشتییە كە هیپۆكرات بە گرنگییەوە قامكی دەخاتەسەر. بۆنموونە گوێنەگرتن لە نەخۆش. سوكرات گوێگرێكی باش بووە، توانیویەتی لە رۆحی نەخۆشی نەخۆشەكانی گوێبگرێت. كەوابێت فەلسەفە پزیشكیئاسا دەبێت بزانێت چۆن پراكتیزەی كارەكانی دەكات و مامەڵەی نەخۆشەكانی دەكات. فەیلەسوف وەك پزیشك لە هونەری شیفابوون تێدەگات و لە دەجال و فێڵباز جیایە و شارەزای هونەری مایۆتیك maieutics (مامانی، شێوازێكی گفتوگۆی سوكراتییە) و دیالێكتیكە Dialectic (شێوازێكە لە وتوووێژ). واتە شارەزای هونەری گوێگرتنە. ئەو جۆرە مامەڵە سوكراتییە لەتەك نەخۆشەكانی ڕۆح شێوازە سوكراتیەكە پێیوێراوە، هیچ نەبێت لەبەرئەوەی سوكرات ئەو شێوازەی لە دایك و باوكییەوە بۆماوەتەوە. دایكی سوكرات مامان بووە و باوكیشی پەیكەرساز. سوكرات لە گفتوگۆكانیدا لەتەك خەڵك ،لە ڕێگا و بانەكان، هەوڵیداوە گوێگر و چارەسەرسازبێت و لە فەیلەسوفە سۆفیستە هاوسەردەمەكانی (گۆرگیاس Gorgias و پرۆتۆگۆراس Protagoras ) ،كە فەلسەفەفرۆشبوونە، جیاوازبێت. ئەفلاتون لە هەردوو دیالۆگی پرۆتۆگۆراس و گۆرگیاس دا بەجۆرێک تەقەلای گۆڕینی گفتوگۆ فەلسەفییەكانی داوە كە لە دەجالی و فێڵبازی پزیشكییەوە بەرەو دەجالی و فێڵبازی فەلسەفی (سۆفیستیانە) و لەوێشەوە بەرەو پزیشكی هیپۆكرات ملبنێت. لەوێ پزیشكی نوێنەرایەتی جەستە دەكات و فەلسەفەش نوێنەرایەتی رۆح. هەندێك جار پزیشك لەبەر بەرژەوەندی تەندروستی نەخۆش مامەڵەی قێزەوەنانە لەتەك جەستەدا دەكات. هاوكات هەندێك جار فەیلەسوفیش لە بەر بەرژەوەندی تەندروستی نەخۆش واپێویستدەكات مامەڵەیەكی هاوشێوە لەتەك رۆحی نەخۆشەكانیدا بكات. لەبەر هەمان هۆ بیهێنەرەوە پێشچاوت پزیشكێك لە دادگایەكی مناڵان دایە و لەلایەن چێشتلێنەرێكەوە دراوەتە دادگا. گەر فەیلەسوفیش لەلایەن فەیلەسوفێكی سۆفیستەوە بدرێتە دادگای نەزانەكان بەدڵنیاییەوە تاوانباردەكرێت. بابزانین سوكرات لەم بارەیەوە چۆن ڕەفتاردەكات: وەك پزیشكێك لەلایەن چێشتلێنەرێكەوە لە دادگای مناڵان دادگایدەكرێم. چێشتلێنەرەكە بە دادگا دەڵێت: ئەم پزیشكە مناڵەكانتان بریانداردەكات، نەشتەرگەریان بۆدەكات، هەوڵی زەعیفكردنیان دەدات و دەرمانی تاڵیشیان پێدەدات، هەرچی منم خواردنی خۆش و جۆراوجۆریان بۆ دروستدەكەم. لەم حاڵەتە دەبێت ئەم پزیشكە لەم جۆرە دادگایە بە چ جۆرێك بێتەگۆ؟ گومانیناوێت دادگایەكە چارەنووسی هەر وەك چارەنووسی دادگایەكەی سوكرات دەبێت كە لەپێناوی ڕاستی ژەهرەكەی هەڵقوڕاند.

ئازاد حەمە

ژێدەر:

Josephine Selander & Gustav Jonsson. Filosofi som terapi – Verktyg för levnadskonst. Förlag: Roos & Tegnér.2019.
Magnus Helgesson. Äg ditt liv – annars gör någon annan det . Förlag: Roos & Tegnér. 2020.
.https://www.domuni.eu/fr/formations/diplomes/nietzschenbsp-la-philosophie-comme-medecine-/
Nietzsche : la philosophie comme medicine
Véronique Le Ru, CIRLEP EA4299, Université de Reims. Le philosophe est-il le médecin de lâme ?
https://halshs.archives-ouvertes.fr/halshs-02054119/
Michael Grant. Who’s Who in Classical Mythology.Routledge. 2001.
Alexander Stuart Murray. Handbook of World Mythology.Dover Publications . 2005.
Joyce Filer. Disease. Austin, Texas: University of Texas Press. 1996.
Nigel Wilson. Encyclopedia of Ancient Greece. Routledge. 2013.
Michael Boylan. Hippocrates. Internet Encyclopedia of Philosophy. 2006.




سیاسەتی تەنیایی … نووسینی: نۆرینا ‌هێرتز.. و: ئاری زا

کەسانی تەنیا جیهان وەك شوێنێکی دوژمنکارانە ئەبینن. پۆپۆلیستی ڕاستڕەو زیرەکانە ئەم ترسەی تەنیاکان خراپ بەکارئە‌هێنن بۆ ئامانجی خۆیان!
نووسینی: Noreena Hertz
وەرگێرانی : Ari Z
a

دەربارەی مشك و مرۆڤ:
لێکۆڵەرەوەکان ئەوە دەرئەخەن، کە مشکەکان دوای گۆشەگیرکردنیان هێرش ئەکەنە سەر یەکتری، جا ئایا هەمان راستی بەسەر مرۆفیشدا وایە؟
ئەوەندەمان نەماوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمیریکا. ئەوەی کە زۆر گرنگە لە ئێستادا، تێگەیشتنە لە پەیوندی نێوان کەسی تەنیا و سندوقی دەنگدان.
لەگەڵ نزیك بوونەوەمان بۆ شەپۆلی دووەمی COV-19، تەنیایی بەرەو زیاد بوون هەڵئەکشێت ، ئەو ڕێکارانەی کە دانراوان بۆ بەرتەسککردنەوەی چۆنێتی پەیوەندیکردن و مامەلەکردن لەگەڵ یەکتری جێبەجێ ئەکریت. ئەمە بە تەنها کاریگەری لەسەر پیرەکان دانانێت، بەڵکو ئەو لیکۆڵینەوانەی کە کراون بۆ یەکەم شەپۆلی بڵاو بوونەوەی COV-19، ئەوە دەرئەخەن کە گەورەکان لە هەر چوارکەس یەک بەریتانی هەستی بە گۆشەگیری کردوە، لەو ماوەیەی کە کۆمەڵگا داخرابوو. لە ناو گەنجانی تەمەن ١٨ بۆ ٢٩ سالانیش کە خاوەنی داهاتێکی کەمبوون، ڕێژەی گۆشەگیری لەناویانا زۆر لەسەر بوو.
Hannah Arendt لە ساڵەکانی ١٩٠٠ یەکەم کەس بوو کە لەسەر پەیوندی نێوان تەنیایی و سیاسەتی دەمارگیری نووسیوێتی. لە ساڵی ١٩٥١ کتێبێکی دەرکرد بە ناوی (بنیچینەی تۆتالیتاریزم) ” The Origins of Totalitarianism ” . کە زۆر بە فراوانی لەسەری ئەدوێ، هەر لەسەرەتای گەشەی دژە جووەوە Antisemitism و ڕۆڵی پروپاگەندە لەسەر ئەوەی چۆن راسیزم و بیرۆکراتی بڵاو بوونەوە لەژیر سایەی ئیمپریالزمدا. بەڵام لە کۆتاییدا ئەگات بە ئەنجامێك کە هۆکارێکی چاوەروانەکراوە ئەویش: تەنیاییە. نووسەر ئەنووسێت ئەو کەسانەی کە کەوتونەتە حاڵەتی ”تەنیایی و کەمی پەیوەندی کۆمەلایەتی ئاسایی… ئەبیتە هۆی ئەوەی خۆیان بدەنە دەست ئایدیۆلۆجیەکان کە مانای ژیان و ڕێزی خۆیانی تیا ببیننەوە. تەنیایی یان ” ئەزموونی ئەوەی کە تۆ سەر بەم جیهانە نیت بە هیچ جۆرێك”, Arendt ئەنووسێ ” لە جەوهەری حوکمی تۆتالیتاردا … بناغەدانەرن بۆ جەلاد و قوربانی”.
سەرباری ئەوەی کە دنیای ئەمرۆمان جیاوازترە لە ساڵانی١٩٣٠ ی ئەڵمانیا. ، بەڵام ئەمە ئاگاداریەکی میژووییە نابێت چاومانی لێ بنوقێنین. پێش دەرکەوتنی ئەزمەی COV-19 ، تەنهایی ڕێچکەی کردبوو کە ببێتە یەکێك لە هەستەکانی سەدەی ٢١.
بەکاربردنی ئەو دیاردانە بۆ برندنەوەی سیاسی لەلایەن سەرکردە پۆپۆلیستە ڕاستڕەوەکان و هیزە توندڕەوەوەکان لە حاشیەی دیمۆکراتیەتدا. ئەو خاڵە هاوبەشەی کە بە یەکیانەوە ئەبەسێت بۆ کرێکارێکی هێلەکانی شەمەندەفەر Terry لە ئەڵمانیا ، Eric ئەو کرێکارە گەنجەی لە نانەواخانەیکی پاریس کار ئەکات و کابرایەکی کاسب Giorgio لە میلانۆ. ئەو زانیاریانەی دەستم کەوتوون دەربارەیان و بە دواداچوونم بۆ کردون، هەرسێکیان بڕیاریانداوە بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو دەنگ بە سەرۆکە پۆپۆلیستە راسڕەوەکان بدەن. هەرسێکیشیان تەنیان.
بەپێی ئەو پێناسە تەقلیدیەی کە کراوە بۆ کەسی تەنیایی بریتیە لە فەردیەت، بەوە ئەناسرینەوە کە مەحرومن لە ژیانی هاوبەش، خۆشەویستی و تێکەڵاوی کۆمەڵایەتی یان لە نەبوونی پشتگیری لەلایەن هاوڕێیانەوە. پێش ئەم (نەخۆشی کۆرۆنا ڤایرۆس) لێکۆڵینەوەیەك پیشانی ئەدات کە لە هەر پینچ کەس، سێ کەس لە ئەمیریکا USA خۆیان وەك کەسێکی تەنیایی ئەناسێنن. لەهەمان کاتدا دوو لە سێی ئەڵمانەکان ئەڵێن کە تەنیایی کێشەیەکی جدیە. لە بەریتانیا بارەکە زۆر قرسترە کە باسی دانانی وەزیرێك بۆ تەنیایی بکەن لە ٢٠١٨ دا, لە ساڵی ٢٠١٩ لە هەشت کەسی بەریتانی، یەك کەس هیچ هاوڕێیەکی نیە باوەڕی پێبکا، ئەمە لەکاتێکدا پێش پێنج ساڵ ڕێژەکە یەك لە دە کەسدا بوو.

زۆر ڕاشکاوانە سمارت تەلەفۆن یەکێکە لە کێشەکان. ئەمە نەك لەبەر ئەوەی بەردەوام لەسەرخەتی کراوەین و سەرنجمان پەرشوبڵاوە، بەڵکو لەبەر ئەوەی بەردەوام هەست بە تەنیایی ئەکەین، لەگەڵ ئەوەشدا بە جەستە لەگەڵ یەکێکداین, بەڵام لەبەرئەوەی بەردەوام گۆرانی ئینزار لە میدیا کۆمەڵایەتیەکانەوە واتای کاریگەریان هەیە لەسەر ڕقوقین و کۆمەنتی شەرئامێز بە تایبەت لەسەر گەنجان.
هۆکاری تریش هەن. لێشاوی کۆچ بۆ شارەکان وای کردوە کە شارنیشینان دراوسیکانیان نەناسن و هەستی ئینتمایان نەبێت، لە کاتێکدا بەردەوام زۆرێك لە ناوچە گوندنشینەکانیش هەست بە تەنیایی ئەکەن بەهۆی ئەوەی کە هیچ پاڵپشتیەك ناکرێن لەلایەن خێزان و هاوڕێکانیانەوە کە یان ئەو پەیوەندیانە هەڵوەشاونەتەوە یانیش هەر نەماون.
ئینجا ئەوەی کە ئێستا هەمانەو بە بیری لیبرالی نوێ (New Libralizm) ئەیناسین: چل ساڵ سەیری خۆمان کردوە وەك ڕکابەر (منافس) لەگەڵ یەکتردا، نەك هاوکاری یەکتر، خەریکی دەستکەوت و بردن بووین، نەك بدەین. ڕق، بێ بەخشندەیی. دەرئەنجامی ئەمانە ئەبێت و جێ پەنجەی خۆی لە کۆمەڵگادا دیار ئەکات. لە تازەترین پشکنین کە لەسەر ٤٦٠٠٠ بەشداربوودا کراوە لە تەواوی دنیادا، ئەوە دەرئەخەن کە ئەوانەی لە کۆمەڵگایەکی فەردیانە دا (Individualistic ) ژیان بەسەر ئەبەن،دیاردەیی تەنیایی بە شێوەیەکی بەرچاو زۆرترە لە کۆمەڵگایەکی تێکەڵاو ( Collectivist) دا.
وەسفکردنی هەستی تەنیایی تەنها بەوەی تا چەند هەست بە پەیوەندی خۆمان بە هاورێ، دراوسێ و هاوکارەکانمان ئەکەین، خۆمان ئەخەینە ناو گێژاوێکی دژوارەوە بۆ شآردنەوەی هێزگەلێك لەسەر تەنیایی. ئەمە هیچ کێشەیەکی کەسێتی نیە، بەڵکو سیاسیە، بە هەمان ڕێژەش کۆمەڵایەتی و ئابووریشە. ئەمە پەیوەستە بەو هەستە داپچراوەوە لە هاونیشتمان و سەرکردە سیاسیەکان و کار و خاوەنکارەکان.
زۆر شت گۆڕاوە لە جیهاندا بە هۆی گلۆبالیزم ، ئەتمەتە (Automation )، تەقەشوف و ئەزمەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و دابەزینی ئاستی ئابووری دنیا، وای کردوە کە کەسی تەنیا بێچارە بن و ئەوەندەی تر گۆشەگیر تر بن لە کۆمەڵگا، دەستیان بە هاوپشتیە کۆمەڵایەتیەکان نەگات، ئەوەندەی تر بێچارە بن، نادیاربن و دەنگیان نەبیسترێت.
تێهەڵکێشکرندن لە نێوان کەسایەتی و سیاسەتی گۆشەگیری نەك نابنە یارمەتیدەرێك بۆ ڕوونکردنەوەی ئەوەی بۆچی ئەمڕۆ ڕێژەی تەنیایی بەرزە لە جیهاندا، بەڵکو هەروەها بۆچی دیاردەی تەنیایی و سیاسەت پەیوندیەکی ڕاستەوخۆیان هەیە لەم سالانەی دواییدا.
زۆر زوو لە ساڵی ١٩٩٢ لێکۆڵەرەوان دەستنیشانی پەیوەندی گۆشەگیری کۆمەڵایتی و دەنگدان بە LePen Jean- Marie کرد کە سەر بە پارتی ڕاستی توندڕەو ”بەرەی نیشتیمانی لە فرەنسا” یە. لەلای ئەوسەری ئۆقیانووسی ئەتلەسیش (ئەمیریکا) ڕاپرسیەك لەلایەن دەزگای Center for the Study of Elections and Democracy کراوە لە ساڵی ٢٠١٦ ، ئەوە نیشان ئەدەن کە دەنگدەرانی Donald Trump زۆربەی زۆریان ئەو کەسانەن کە کەمترین هاوڕێیان هەیە، کەمترین ناسیاویان هەیە و کەمترین کات لەگەڵ هاوڕێ و خزامنیان ئەبەنە سەر لە هەفتەیەکدا، ئەمە بە بەراورد لەگەڵ هەوادارانی هەریەکە لە هیلاری کلینتن و ساندرا.
لە ووتویژەکانمدا لەگەڵ دەنگدەرانی ڕاستی توندڕەو لە هەموو دنیادا، گۆشەگیری بابەتی دووبارە بووە. Eric ئەو کرێکارەی کە لە نانەواخانەیەکی پاریس کار ئەکات، ئەیگێڕایەوە بۆم کە ژیانی شار جەند تەنیاییە، و چەند دڵخۆشە بە بەژداریکردنی لە کۆبونەوەکانی Rassemblement National (RN کە پێشتر بەرەی نیشتمانی لە فرنسا بوون) لە ڕۆژانی چوارشەممە. چۆن پێکەوە ئەچنە دەرەوە بۆ نۆش کردنی پەرداخێك بیرە و دوای ئەوە خەریکی بڵاو کردنەوەی بەیاننامە و هەڵواسینی پلاکاتن پێکەوە. بە ڕێکردن بەرەو لای Le Pen هەندێك پارتی سیاسی تری ناسیوە، لەوانە پۆپۆلیستی چەپ، بەلام ئەو جێ و شوینی خۆی لە ناو RN دا دیتەوە، کە پێشوازیەکی تایبەتیان لێ کردوە.
هەروەها بیر لەو میتینگی هەڵبژاردنە بکەنەوە لە ٢٠١٦ کە دۆنالد ترمپ کردی، چەند سەرکەوتوبوو، و ئێوە تێئەگەن کە بۆچی ئەو زۆر پەرۆشێتی جاریکی تر ئەوانە بەرێتەوە بۆ کەمپینی هەڵبژاردنی ٢٠٢٠. دەریایەك لە خەڵکی پۆشاك سوور بە کلێتەی سوورەوە، باج و کراسی قۆڵ کورت (T-shirt) کە لەسەری نووسراوە ”Make America Great Again”، ئەو ئاهەنگە هاوبەشانە وا لەو خەلکانە ئەکات کە هەست بکەن ئەوان بەشێك بن لە شتێکی گەورە. ئەمەش وایان لێ ئەکات کە هەست بە شوناسی خۆیان بکەن، کە زۆرێك لە دەنگدەرانی بە زەحمەت ئەو هاوخزمایەتیە ئەبیننەوە لە شوێنێکی تردا.
بەڵام ئەمە هەر ئەوندە نیە کە پۆپۆلیستە ڕاستڕەوەکان توانیابێتیان نیمچە عەشیرەتێکیان درووستکرد بێت، کە ببێتە هۆی بوونی ئاوا دەنگدانەوەیەکی گەورە لە نێو ئەو کەسانەدا کە پەیوەندیە ئاسایی و تەقلیدیەکانیان بە جێکار و دامەزراوە ئایینی و کۆمەڵگا بە گشتیەکەی بچراوە.
سەرکەوتنەکە لەوێدایە: ئەوان هەڵئەستن بە گرتنی هەستی دابران و تەهیمیش کە لەم ساڵانەی دوایدا زۆرێك لە هاووڵاتیان ئەزمونیان کردوە، هەستێك کە لە بیرکرابن، هەتا لەلایەن دەسەڵاتدارانی سیاسی و ئابوریەوە وازیان لێهێناون (بە جێیانهێشتون).
”ئەم سیستەمە ئابووریە نادادیە”، ئەمە قسەی Eric کە کرێکارێکە لە پاریس. ”ئیتر تۆ سەخت کار بکەیت بەس نیە، ئەبێ تاقەت پڕوکێن بە سەختی کار بکەیت. ئیتر تەنها ئەوە بەس نیە زیرەك بیت، ئەبێت سوپەرزیرەك بیت و ئەو مرۆڤە ڕاستەقینیە بە دەست بێنیت(ببیتە پیاو) – ئەگینا زۆر زەحمەتە بتوانی ئەوەت دەستکەوێت کە بەشی ژیانت بکات ”.
Terry کە کرێکاری خەتی شەمەندەفەرە، هەست ئەکات بۆتە شتێکی تێکشکاو. باوکی هەشت مندالە و لە ڕۆژهەڵاتی – Tennessee، بیست ساڵ لە هێڵی شەمەندەفەر خزمەتی هەیە، و ژیانی لەسەر ”لەم مووچە بۆ ئەو مووچەیە” لە جیاتی ئەوەی کە ”ژیانێکی زۆر باش” کە پێشتر هەیبوو. وەك هەموو ئەو کرێکاری هێلی شەمندەفەرانەی گوێم لێ گرتون، ئەویش باوەڕی وایە کە Tremp گوێ ئەگرێ و ئەیەوێت ” چاوی لە خەڵکەکەی خۆی بێت”، بەڵام سەرکردە سیاسیەکانی پێش ئەو بە باوەڕی ئەو چاویان پۆشیوە لە داخوازیەکانی خەڵك.
کەواتە تووشی سەرسورمان نەبین کاتێك لێکۆڵەرەوان هەڵدەستن بە لیکۆڵینەوە لە مۆڵگەی ڕاستڕەوە توندرەوەکان لە فرنسا و ئەڵمانیادا، ئەوەیان دۆزیوەتەوە کە ” بەجێهێشتن” ئەو بابەتە زۆر دووبارەیەیە. لەوێدا چەندەها پارتی چەپی مامناوەند چەوت دەرچوون، ئیتر لە دیدگای زۆرێكیاندا ئەوانە وا سەیرناکرێن کە بیر لە بەرژەوەندی ”لەبیرکراو” و ” بەجێهێشتراو” ەکان بکەنەوە. ئەمە بە تایبەتی بۆ کۆمەڵگای چینی کرێکار راستە، و زۆربەی جار لە کۆمەڵگای زۆرینەی سپی پیستدا.

تەنیایی شتێکی تریش ئەکات….
ئاسۆی بینینیان ئەگۆڕێت بۆ جیهان و دەوروبەر. لە لیکۆڵینەوەیەکدا کە لە کۆلیژی King لە لەندەن ساڵی ٢٠١٩ کراوە، داوا لە ٢٠٠٠ خویندکاری ١٨ سالان کراوە، کە ڕوونکردنەوەیەك بنووسن لەسەر دراوسێکانیان و تا چەند هاوڕێیانن. هەمان پرسیار لە خوشك وبرای ئەو بەشداربوانە کرا، کە لە هەمان ناونیشاندا ئەژیان. بە کورتی، ئەو خوشك و برایانەی کە زۆرتر تەنیان، تێڕوانینیان بۆ دراوسێکانیان کەمتر هاوڕێیانە بوو، و کەمترین پەیوەندیان پێوە هەبوون، و کەمتر باوەڕیان بەو خوشك و برایانە هەبووە کە کەمتر هەستی تەنیایان هەبووە.
کەسە تەنیاکان ئاوا سەیری جیهان ئەکەن کە شوێنێکە دوژمنکارن و ترسێنەرن. پۆپۆلیستی ڕاستڕەو زۆر زیرەکانە ئەم ترسەی تەنیاکان ئیسغلال ئەکەن. لە پاڵ ئەوەی کە فۆکوس لەسەر ئینتمایە، هەمووکاتێکیش نامەیەکی ڕوون و ئاشکرایان هەیە لەسەر ئەوەی کە کێ بانگ ناکرێت. بۆ نموونە بیر لەو هەزاران دەنگەی هاواریان ئەکرد ”دیوارەکە درووستکەن” لە کۆبوونەوەی هەڵبژاردنەکەی Tremp . یان چۆن هەوادارانی Alternative für Deutschland (AfD) لە کاتی خۆپیشاندانەکاندا هاواریان ئەکرد ” ئێمە خەڵکین”، وەك بەفری سپی دیارە کە کێن خەڵك، کێش خەڵك نیە.
ئا لێرەدایە یاریکردنی پۆپۆلیستەکان لەسەر تەنیایی و گۆشەگیری دەگرنەدەست بە شێوەیەکی زۆر ناشرینانە و جیاکاریانە. لە ڕێگەی بە‌هێزکردنی هەستی هەوادارانی ”بەجیهێشتراون” و ”لەبیرکراوان” و دانانیان لەبەرمبەر ئەوانەی بە ئاشکرا سیاسەتی ئاواتەخوازی خەلکانێکن کە لەوان ناچن- کەسانی کۆچبەر و هەندێك جار کەسانێك کە ئایینی تر یان رەگنی پێستی تریان هەیە – دەست ئەکەن بە هەڵکردنی ئاگری پروپاگەندەی ترسی پۆپۆلیستیانە لەژێرناوی هەست، دڵەڕاوکێ و نادڵنیایی و یاریکردن بە جیاوازیەکانی ئەتنیکی و ئایینی بۆئەوەی گوێڕایەڵی و پشتیوانی بە دەستبێنن.
لە توێژینەوەیەکی نوێدا کە لە سەر ٣٠،٠٠٠ مرۆڤی خۆبەخش کراوە بۆ لیکۆلینەوەی European Social Survey (پرسیارنامەیەکە کە لە لایەن کۆمەڵناسەکانەوە بەکار دەهێنرێت)، ئەوەیان دیتەوە، ئەوانەی کە زۆرتر دەربڕی دژی کۆچبەرانن، نەك هەر لە رووی دیمۆگرافیەوە خۆیان جیاکردۆتەوە- لە رووی تەمەن، ڕەچەڵەك و پیشە- بەڵکو لە دوای نەمانی دڵنیابوونی ئابووریەوە، دابەزینی ئاستی باوەڕ لە لایەن هاووڵاتیان و دەسەڵاتدار و لە هەموویان گرنگتر، گۆشەگیری.
لە ساڵی ٢٠١٦ ترەمپ وای لە تەنیاکان کرد کە هەست بەوەبکەن ئەبینرێن و ئەبیسترێن. ئەو ڕاستەوخۆ بۆ ترس و بەجێهێشتنی ئەوان ئەدوا، لە هەمان کاتدا ئەو وا خۆی پیشان ئەدان کە ئەو تەنها کەسە لێیان ئەگات و گرنگیان پێ ئەدات. لە کەمپینی هەلبژاردنی ساڵی ٢٠٢٠ دا توانای خۆی دووهەندەی تر ئەکات لە سەر ئەم ستراتیژیە: ”ئێمە خێزانێکی نیشتیمانین” کە لە کۆنگرەی نیشتیمانی پارتی کۆماریدا لە ئۆگۆست ڕایگەیاند.” ئێمە هەردەم پارێزگاری خۆشەویستی و ئاگاداری یەکتر بین”.ئەو ئاگادارمان ئەکاتەوە لەوەی کە” هەموو ئەوانەی بە دەستمان هێناوە، ئێستا لە خەتەردایە” – هەڕەشە لەلایەن نەناسراو (غەریب)، لەلایەن تاوانکاران، لەلایەن هەواڵە درۆکان. ئەمە ئەو ستراتیژەیەیەکە بۆ مشکە تەنهاکە درووستکراوە بۆ ئەوەی خۆی بدا بەدەستەوە (تەسلیم). ئەگەر Joe Biden نەتوانێت ڕووبەڕووی ئەوگووتارە بێتەوە و نەتوانێت پەیوندی بکات بەو ئەمەریکیە تەنیایانەوە – بە تایبەتی بەشی ناوەڕاستی ئەمەریکا، لەوێدا تەنهاکان ئەو کەسانەن کە تاجی هەڵبژارندن ئەبەنەوە.




یەکێتی چۆن محەمەد حەلاق و هاوڕێکانی تیرۆر کرد؟ …نووسینی: ستیڤان شەمزینی

تەرمەکانیان سووتاندبوون و خستبوویاننە گۆڕێکی بە کۆمەڵەوە

پاش بیست و یەک ساڵ گۆڕەکەشیان شێواند

پێش بیست و پێنج ساڵ و لە رۆژێکی وەک ئەمڕۆدا “2-11-1995” سەرکردەی سیاسیی و سەربازیی چەپڕەو “محەمەد حەلاق” و یانزە لە هاوڕێکانی، لە بازگەی “کۆیە”ی یەکێتی نیشتمانی کوردستان درانە بەر دەستڕێژ و لە ئەنجامدا دوو لە هاوڕێکانی هاوڕێ حەمە گیانیان لە دەستدا و هاوڕێ حەلاقیش بە سووکی بریندار دەبێت، بەڵام هێزێکی سەربازیی یەکێتی کە پێشوەختە لە دەوروبەری لە بازگەکە کۆکرابوونەوە، لە هەر چوارلاوە گەمارۆیان دەدەن و بە دەستبەسەرکراویی دەیانگوێزنەوە سەربازگەی “سەلام” لە شاری سلێمانی کە بارەگای فەرماندەیی یەکێتی بوو، هەر لەوێ بە دڕندانەترین شێوە پاش ئەشکەنجە و ئازاردانێکی زۆر گولەبارانیان دەکەن. ئەگەرچی هەفتەیەک دوای رووداوەکە، کەناڵی گەلی کوردستان، زمانحاڵی یەکێتی، هەواڵی ئەوەی بڵاو کردەوە، بە هەڵەیەکی سەربازیی حەمە حەلاق و یانزە لە هاوڕێکانی لە بازگەی کۆیە شەهید کراون، بەڵام ئەمە بۆ داپۆشین و پاساودانی ئەو تاوانە و کەمکردنەوەی راددەی نەفرەتی هاووڵاتیان بوو لە دژی ئەو کردە تیرۆریستییەی یەکێتی، راستییەکەش بۆ هەموو لایەک روون و ئاشکرا بوو کە بە دیلکراوی لە سەربازگەی سەلام “مەعەسکەر سەلام” بە دڕندانەترین شێوە شەهید کرابوون. ئەمە جگە لەوەی تەرمەکانیان سووتاندبوون و خستبوویاننە گۆڕێکی بە کۆمەڵەوە، بەڵام لە ترسی ناڕەزایەتی جەماوەریی و تووڕەیی کۆمەڵانی خەڵک، تەرمەکانیان رادەستی کەسوکاریی قوربانیان کردەوە.
شەهید محەمەد حەلاق، لە ساڵی 1955 لە شاری کۆیە لە دایک بووە، پەروەردەکراوی دەستی دایکێکی ناسراو و شۆڕشگێڕی خۆشەویستی وەک “ئایشە گوڵ” بوو، لە کۆتایی هەفتاکاندا پەیوەندیی بە پارتی کۆمۆنیست “حزبی شیوعی عێراق”ەوە دەکات، لە ساڵی 1981 روو دەکاتە شاخ و لە ریزەکانی حزبی شیوعیدا دەبێتە پێشمەرگە، هەر لەو ماوەیەدا ناوبانگی چەلەنگی و چالاکییە سەربازییەکانی بە سەرتاسەری کوردستاندا بڵاو دەبێتەوە، بۆیە لە ساڵی 1985 دەبێتە سەر لقی هێزی پێشمەرگەی حزبی شیوعی و پاشتر لە ساڵی 1987 دەبێتە فەرماندەی بەتالیۆنی 31، لە ساڵی 1988 دایکی هاوڕێ حەمە “ئایشە گوڵ” لە سەربازگەی رەشکین لە پاش ئەشکەنجەیەکی زۆر و بێ ئومێدبوونی پیاوانی رژێمی بەعس لە درکاندنی زانیاریی لە بارەی هێزی پێشمەرگە دەدەینە بەر دەستڕێژ و شەهیدی دەکەن. وەک هاوڕێ فەهد گرەدەوانی ئاماژەی بۆ دەکات، لەو کاتەی دایکی شەهید حەمە لە زیندان دەبێت، پیاوانی رژێمی بەعس پەیوەندیی پێوە دەکەن ئەگەر هاوکاریی رژێم بکات لە بەرامبەردا دایکی ئازاد دەکەن، بەڵام هاوڕێ حەمە حەلاق بە هێرشکردنە سەر سوپای عێراق لە رێگەی نێوان کۆیە – هەولێر وەڵامی ئەو داوایەی رژێم دەداتەوە. پاشتر هاوڕێ حەمە پلە بە پلە وەک فەرماندەیەکی شۆڕشگێڕ پۆستی خەباتگێڕیی بەرز دەبێتەوە. لە دوای راپەڕین لە کاروچالاکی سیاسیی بەشداریی کارای هەبووە. دواتر لە جیابوونەوەی شیوعییە کوردستانییەکاندا لە حزبی شیوعی، رۆڵێکی بەرچاوی دەبێت لە پێکهێنانی حزبێکی نوێی چەپڕەوی کوردستانی بەناوی “پارتی کاری سەربەخۆیی کوردستان” لەو حزبە نوێیەشدا پلەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی “بیرۆی سیاسی” پێدەدرێت.
لە سەروبەندی پێکهێنانی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا لە 1992، خودی مام جەلال داوا لە حەمە حەلاق دەکات کار لەگەڵ یەکێتی بکات، لەبەرامبەردا پلەی ئەندامی مەکتەبی سیاسیی و وەزیری پێشمەرگەی یەکەم کابینەی حکوومەتی هەرێم کە پشکی یەکێتی بوو پێدەبەخشن. بەڵام هاوڕێ حەمە بەهەموو شێوەیەک ئەو داوایەی تاڵەبانی رەد دەکاتەوە و پێیوایە کۆمەڵگەی کوردیی پاش راپەڕین زیاد لە هەر شتێک پێویستی بە هێزێکی چەپی کوردستانی هەیە. ئەمەش ترسی لەلای یەکێتی بە پلەی یەکەم دروست کردبوو، کە شەهید حەمە حەلاق ئەو کەسەیە دەتوانێت بەم ئەرکە هەڵبستێت، بۆیە لەو کاتەدا کە هەولێریش لەژێر رکێفی یەکێتیدا بوو، حساب لەسەر کارایی حەمە حەلاق دەکرا، شەڕی کۆنە قینیشی لەگەڵ دەکرا، کە لە قۆناغی شاخدا، شەهید حەمە حەلاق، وەڵامی توند و کەمەرشکێنی هەر دەستدرێژییەکی یەکێتی دەدایەوە بۆ سەر حزبی شیوعی. لەبەرئەمە یەکێتی پیلانی تیرۆر و تەسفیەی شەهید حەمە حەلاق و لە باربردنی حزبێکی چەپی کوردستانیان خستە رۆژەڤی خۆیانەوە، تا دواجار لە رۆژی 2-11-1995 ئەو پیلانە خوێناوییەیان لە زاڵگەی تۆپزاوەی کۆیە ئەنجامدا و دوا تراکتی ئەو تراژیدیایەشیان لە سەربازگەی سەلام کۆتایی پێهێنا.
لە گرتە ڤیدیۆییەکدا کە لە سەربازگەی سەلام لە سلێمانی لەلایەن خودی یەکێتییەوە تۆمارکراوە، داوا لە شەهید حەمە دەکەن دوا قسەی بکات، ئەوان چاوەڕوانی ئەوەی لێدەکەن بچەمێتەوە و بەڵێنی کارکردن بە یەکێتی بدات بەڵام شەهید حەمە دوا پەیڤی بەم جۆرە دەبێت “من داکۆکی لە خۆم ناکەم، ئەگەر من تاوانبار بم، ئەوا ئەو پێشمەرگانەی لەگەڵمدان هیچ تاوانێکیان نییە، هەرچیتان هەیە بەرامبەر خۆم بیکەن” لەدوای ئەم وشانە یەک یەک پێشمەرگەکانی بەبەرچاویەوە شەهید دەکەن و دواتر چەند گولەیەک دەنێن بەسەری شەهید حەمەوە و گیانی پیرۆزی بۆ هەمیشە هەڵدەفڕێت. لەدوای ئەمەش تەرمەکانیان دەشێوێنن و دەیانسووتێن و دەیانخەنە گۆڕێکی بە کۆمەڵەوە. دواتر لە ژێر فشاری جەماوەریی و بەهیمەتی رێکخراوی کورد بۆ مافی مرۆڤ و رێکخراوی مافی مرۆڤ و لیژنەی هاریکاریی نیشتمانی و حزب و رێکخراوە سیاسییە کوردستانی و عێراقییەکاندا، یەکێتی رەزامەندیی دەدات تەرمەکانیان لە گۆڕە بەکۆمەڵەکە دەربهێنێت و بیداتەوە دەستی کەسوکاریان، بەڵام بە نوسراوێکی جەبار فەرمان، ئەم مەرجانە بەسەر کەسوکاری قوربانییەکاندا دەسەپێنرێت: یەکەم: تەرمی شەهیدەکان دانە دانە رادەستی کەسوکارییانە دەکرێنەوە لە رێگەی کۆمیتەیەکی تایبەت بەم کارەوە. دووەم: شەهیدەکان دەبێت یەکسەر بنێژرێن و نابێت ئەو کیسانە بکرێنەوە تەرمەکانیان تێدایە. سێهەم: نابێت بە هیچ شێوەیەک رێورەسمی پرسەیان بۆ ئامادە بکرێت. بەڵام پاش 21 ساڵ و لە ساڵی 2016دا لەلایەن دەستێکی رەشی درێژکراوەی تیرۆریستانی مەعەسکەر سەلامەوە کێلی گۆڕی شەهید حەمەیان شکاند و گۆڕەکەشیان شێواندبوو.
ناوی هاوڕێ گیانبەختکردووەکانی ئەم پرۆسە تاوانکارییە:
1-محەمەد حەلاق
2-ژینۆ سەربەست
3-سەرهەرد کەریم “سورە”
4- خالید ساڵح
5-تۆفیق محەمەد “سەفین”
6-خەسرەو ستار
7-کاوە ئەحمەد رەشید
8-موسەدەق پیرداود
9-ئیسماعیل مراد “شێرۆ”
10-حەمید حوسێن
11-مامە کەریم “پێشڕەو”
12-غازی رەشید “دارا”




ئایدۆلۆژیای تۆتالیتار .. ئاراس سەعید

ئایدۆلۆژیا چەمکێکی مۆدێرنیتەیە، لەهەردوو وشەی لێکدراوی (ئایدیا) و(لۆجی) وەرگیراوە. ئایدیا وشەیەکی یۆنانیە و فەیلەسوفی یۆنانی ئەفلاتون بەواتای فۆڕم بەکاری هێناوە، هەرچەندە ئەو وشەیە فرە ڕەهەندە و هانائارێنت، بەواتایی خەیاڵ یان بیرۆکە ئاماژەی پێکردووە، پاشگری (لۆجی) بەواتای زانست دێت….. حیزبە تۆتالیتار و دیکتاتۆرەکان لەڕێگەی قۆڕخکردنی تاقیگەکانی زانستەوە، بیرۆکەکانی خۆیان بەرهەم دەهێننەوە. بەواتایەکی تر، زانست وەکو؛ ئامڕازێک دەکرێتە خزمەتی بەرژەوەندیەکانی حیزبی سەرکوتکار و فاشیزمەوە.
لەدیدی ئارێنتەوە؛ دیکتاتۆریتەتی سۆڤیەت و نازیزمی فاشیزم، لەڕێگەی مۆنۆپۆڵکردنی زانستەوە توانیان ئایدیا سەرکوتکارەکانی خۆیان بسەپێنن. ئەمە بەئاشکرا لە فاشیزمی نازیزمدا دەبینین کەسود لە تیۆری پەرەسەندن وەردەگرێ بۆ ڕەواجدان و بەرهەمهێناوەی دەسەڵاتەکانی. فەلسەفەی مارکسیزمیش ئامڕازێکی کوشندەیە بەدەست ستالین و سوپای سورەوە.

حیزبی تۆتالیتار بەوتارێکی پۆپۆلیست و زانستی سود لەجڤاتی پەراوێزخراو هەرچی و پەرچیەکانی کۆمەڵگا وەردەگرێت. حیزب کەسە نەفرەتلێکراو و پەراوێزەکانی کۆمەڵگا دەقۆزێتەوەو وەکو ئامڕازێک بەکاریان دەهێنی بۆ دروستکردنی کودەتا و شۆرش. لەکۆتایشدا ئەو مرۆڤانە کەرامەت و مۆڕاڵ و کەسایەتیان بەندە بەمانەوەی حیزبەوە. حیزب کەسە هەرچی و پەرچیەکانی نێوکۆمەڵگا دەکاتە بەرپرسی زیندان و دامەزراوەسەرکوتکارەکانی و ئیمیتاز و پلەو شەخسیاتیان پێ دەبەخشی و لەگەڵ ڕوخانی حیزبیشدا دووبارە دەبنەوە کەسانی نەفرینلێکراو و پەراوێزی کۆمەڵگا. ئەم پرسە زۆرجار لە دۆخی ئاورتەی کوردستاندا دەخوێنینەوە، کەدەڵێن بۆچی زۆرینە ڕازین و بەردەوام ڕەواج بەسەرکوتکاری و تاڵانکارییەکانی دەسەڵات دەدەن، لەدیدی منەوە ئەوانە کەسانێکن کەرامەت و شوناسیان بەندە بەمانەوەی حیزبەوە، حیزب پلەو پۆستیان پێ دەبەخشی و لەگەڵ ڕوخانی دەسەڵاتیشدا وەکو جاش و مستەشارەکانی ڕژێمی بەعسیزمی فاشیزم مێژوو سزایان دەدات.
حیزبی تۆتالیتێر قوربانیەکان دەکەتاوە بەقوربانی و هەمیشە لەڕواڵەتدا وادەردەکەون، کە ئەندامانی حیزب یەکگرتوو و هاوڕێن. بەڵام بەپێچەوانەوە کاهینێکی زۆر تەنها و غەمگینن. تەنانەت لەکاتی بۆنەو ئاهەنگەکانیشدا توانای دەربڕینی ناڕەزاییان نیە، چونکە حیزب دەست وەردەداتە ناو ڕەهەندە تایبەتەکانی ژیانیان و تەواوی ئەقڵیەت و ئازادیەکانیان مۆنۆپۆڵ دەکات. لەکاتی بۆنەی لەدایک بوونی سەرکردە و یادی حیزبدا وەکو بوکەڵە سەمایان پێ دەکات و بەبڕیاڕ وێنەی پڕۆفایلیان پێ دەگۆڕێت.

ئاراس سەعید




جیهان پێویستی بە رێنسانسیکی تری دژی ئاینیە! .. حەمید تەقوایی

ئازادی دەربرێن بەبێ ئازادی ڕەخنەگرتن لە پیرۆزی و چەقبەستویی و تابۆکان هیچ مانایەکی نیە، ئاین بنچەی پیرۆزی و چەقبەستویی وتابۆکانە.ئەگەر ڕەخنە لە ئاین نەگیرایە ئەوە هێشتا ڕاستی و زانست و هونەر لەزیندانە تاریکەکانی سەدەکانی ناوەڕاستتدا دەبون بەڵام ئەگەر لەسەدەکانی ناوەڕاستدا کلێسا کلیل بەدەستی کپکردن ومێشک وشکردن بوو
ئەوە ئەمڕۆ ئیسلامی سیاسی ئەو دەورە دەگێڕێت.ئەمڕۆ حکومەتە ئیسلامیەکان لەوڵاتانی بەئیسلام گیراودا نەک تەنها ئازادی دەربڕین بەڵکو هەناسەدان،واتە ئازادی خودی ژیانیان.کردوەتە قوربانی لە پێناو پیرۆزیەکانی ئیسلامدا.لە کۆماری ئیسلامیدا سزای “بێڕێزی کردن بەپەیامبەر”و سوکایەتی بەوەلی فەقیە و’ئیمامە بێگەردەکان”وە تابۆکانی تری ئیسلام بەفەرمی ویاسایی سزاکەی لەسێدارەدانە.ئەمە تەنها پیشێلی ئازادی دەربڕین نیە بەڵکو پیشێل کردنی ژیانە.ئەمە تاوانی دژی مرۆڤایەتی ومەدەنیەتە.هەر بەوجۆرە کە تاوانی پشکنینی بیروڕا لە ئەورپای سەدەکانی ناوەڕاستدا نەدەتوانرا بە پێشێلکردنی ئازادی دەربڕین ڕونبکرێتەوە،تاوانی ئیسلامیەکان لە پاریس ونیس و ڤێنناش تەنها هیرش نیە بۆسەر ئازادی دەربرین.بەڵکو هێرشێکە بۆسەر خودی ئازادی وخودی پێشکەوتوخوازی وئینسانیەت.بۆبەرگری لە وشک هەڵهاتویی و خورافەت و تاریک بینی دەکوژن و سەر دەبڕن. وە ئەم وشک هەڵهاتویی و تاریک بینیە بەتنها هەڵقوڵاوی هزری وشک هەڵهاتوی ئایەتوڵاکان وئاخوندەکانیە بەڵکو زیاتر لە ئەوان پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە هەژماری بانکیەکانیانەوە هەیە.کاتێک خامنەیی و سەرکردە سەربازیەکانی سوپا و ئایەتوڵا ملیار دێرەکانی پەلاماری ئەوکەسانە دەدەن کە ” بێڕزی بە پەیامبەری ئیسلام”ئەدەن لە ڕاستیدا ئەیانەوێت بەرگری لە کاروکاسپی باوپیران و لەسەروەت وسامان و دەسەڵاتی خۆیان بکەن.تەنها لە ڕێگەی ڕەخنە گرتنی ئازادانە و هەمەلایەنەی لەئاین،بە زانست وفەلسەفەو هونەر وشیعرو پەخشان وکۆمیدی وهەجوەوە ،دەتوانیت شکست بە بازرگانانی نەزانی و وشک هەڵهاتوی بهێنیت.دونیا پێوستی بە ڕینسانسێکی تر هەیە،بەرینسانسێکی سۆسیالیستی لەدژی هەموو چەق بەستوییەکان و تابۆکان وئەخلاقیات وپیرۆزییە ئاینی ورایسیستی ومللی ونەتەوەیی و ئەخلاقی وڕەگەزیەکان،شۆڕشی دژی کۆماری ئیسلامی ئەتوانێت مەشخەڵی ئەم ڕینسانسە بێت لە ئاستی جیهاندا.
٣\١١\٢٠٢٠
وەگێڕانی کاوە عومەر




ده‌نگ … سه‌باح ڕه‌نجده‌ر

برین و بڕین

برین ده‌ڵێی مانگی پڕه‌ به‌سه‌ر ڕێگای نیوه‌چۆڵ كراوه‌ته‌وه‌
ده‌ست به‌سه‌ر دژوارییه‌كان داده‌هێنێ و په‌نجه‌ی گه‌رم ده‌بن
گه‌رمایی په‌نجه‌ گۆرانیی هێمنی و بیره‌وه‌ریی زه‌وییه‌
***
بڕین به‌دوات دادێ
بڕوای به‌ ڕۆیشتن نامێنێ و ده‌رگات له‌دوا داده‌خا
چرای سێبووریت ده‌كوژێنێته‌وه‌ و ده‌تخاته‌ چاوه‌ڕوانییه‌كی سارده‌وه‌

بۆر و بۆڕ

سۆفه‌ له‌ناو عه‌ردێك كه‌ سڵاوی دۆستانی وه‌رگرتووه‌ته‌وه‌
بۆر ده‌چێته‌وه‌ و سه‌ری ده‌جووڵێنێته‌وه‌
له‌ په‌نجه‌ی گه‌وجی سه‌ر په‌لاپیتكه‌ بێپه‌روایه‌
له‌ چاوی یاران به‌ر بینینی هه‌قیقه‌ت كه‌وتووه‌
به‌ ئازاری دانه‌وێڵه‌ په‌روه‌رده‌ بووه‌ و نازی بای ناوباڵه‌
***
تۆوی بۆڕ
له‌ژێر خاكێكدا له‌ جه‌زبه‌ به‌رز بووبێته‌وه‌
ڕایه‌ڵی خۆر به‌سه‌ر خۆیدا هه‌ڵده‌كشێ
ڕه‌نگ له‌چاوی به‌هێز ده‌بێت و هه‌ڵه ناكا
ته‌زووی مردن به‌جه‌سته‌ی زه‌وی نه‌گه‌ڕاوه‌

گۆران و گۆڕان

گۆران خۆی مووتوربه‌ی دره‌خت كرد و به‌لای ڕووبارێكدا ڕۆیشت
گه‌ڵاكانی ڕازیان دركاند و له‌ شێوه‌ی كۆتری په‌ڕگه‌رم جه‌ژنی فڕینیان ڕێكخستووه‌
***
گۆڕان چاودێریی بوون و باشی نه‌كرد
خۆڵی ده‌وری كوارگی كێوی هه‌ڵدایه‌وه‌ و نواندیه‌وه‌

بر و بڕ
شتێكی ساده‌یه‌ له‌بری دڵه‌كوتێی مه‌رگ كه‌ ڕێگات نادات بمێنیته‌وه‌
چاوت ته‌واو خاوببێته‌وه و سروودی نیشتیمانیت بیربچێته‌وه‌ ‌
***
له‌بڕی ده‌ستهه‌قی گۆڕ
وه‌ك بوونه‌هه‌ڵمی ئاو
له‌ شوێنێكی تردا ده‌ربكه‌ویته‌وه‌ و خێوه‌تگای په‌نابه‌ران هه‌ڵبژێری

كه‌ر و كه‌ڕ

چاره‌نووسی كه‌ر ڕسكانه‌ به‌رانبه‌ر گردێك
سوپای گیا داگیری كردبێت


كه‌ڕ له‌سه‌ر زه‌مینی حیكمه‌تدا
بێباكه‌ له‌ دڵه‌خورپه‌ی مۆسیقای ماته‌م و پێكه‌نیوه‌ بۆ چرۆی نۆبه‌ره‌

وه‌رین و وه‌ڕین

گوڵێك له‌ بێده‌نگییدا گه‌شه‌ی كرد
له ‌شێی زستانێك وه‌ری
شوێنی ڕسكانی ناسی و ڕسكایه‌وه‌
داوای كرد ده‌ست بێن یه‌كتری بناسن
***
فریشته‌ی دووڕوو
له ‌ڕووی یه‌كه‌می شه‌رابی به‌هێ بوو
له‌ ڕووی دووه‌می سه‌گی وه‌ڕیوی كلكبڕاو

هه‌ڵكران و هه‌ڵكڕان

له ‌ڕوومه‌تی كراوه‌دا ئاڵا هه‌ڵكران
با ده‌می هه‌ڵبزڕكا و چۆكی مه‌یی
لێژی و گرژی له‌ له‌رینه‌وه‌ و سه‌ما مه‌ودایان نییه‌ ده‌فته‌ری ڕێزمانن
***
خۆشه‌ویستان ڕۆیشتن
هیوام خواست وێنه‌ی دزی هه‌زار ئاگرم له‌ به‌رگی دیوانه‌كه‌م هه‌ڵكڕاندا

باراندن و باڕاندن

باراندن ته‌پونم له ‌باڵی باڵنده‌ی هه‌رداوهه‌رد داده‌ته‌كێنێ
فێری بزه‌ی دڵنه‌وایی ده‌كا و ده‌یڕژێنێته‌ ژێر دره‌ختی دووبه‌ر
گه‌شه‌ و ئه‌نوای لێ ون نابێ
***
ئاسكێكی سه‌رتاساو له‌ ئه‌شكه‌وت ماوه‌ته‌وه‌
خودایه‌ ڕێم بده‌ به‌ دوای ئه‌م باڕاندنه‌ دا بچم
پاشان چه‌ترێك هه‌ڵده‌م و به‌ناو تاریكیی شه‌ودا بڕۆم

فریو و فڕیو

به‌ژێر دره‌ختی سه‌ر پڕ جریوه‌ و جووكه‌ی باڵنده‌دا تێپه‌ڕیم
فریوم خوارد ده‌نگی باڵنده‌م له‌ بێده‌نگیی دره‌خت خۆشتر ویست
***
دان و پووشی قه‌قنه‌س له‌ زایه‌ڵه‌یه‌
پاراوی ئاگر ده‌چۆڕێنێته‌وه‌
به‌ره‌و چاوه‌ڕوانی فڕین هێلكه‌ی له‌ ڕازی نه‌بوون به‌ سه‌كۆی زه‌وی ده‌ترووكێ
له‌خۆبایی نییه‌ دژی مرۆڤی گه‌وج دان و پووش و ترووكانی برده‌ ئاسمان
ڕێی نه‌دا هیچ ئاوێنه‌یه‌ك به‌رانبه‌ری خۆی پاك بكاته‌وه‌
دزی هێلانه‌ شوێنپێشی قایم بكات هه‌ڵده‌خلیسكێ

سوور و سووڕ

ڕه‌نگی دڵ به‌سوور بڵێ
تۆ له‌ كوێ بووی ئه‌ی له‌ ئاو پڕ ڕه‌نگتر و سه‌نگه‌رگرتوو له‌ ژماره‌ و ساڵه ‌كه‌وتووه‌كان
***
ئاهه‌نگی چ نسكۆیه‌ك یان ماره‌كردنی خۆر له‌ خۆی بگێڕێ
سووڕی ناو و نیشان و گیان به‌به‌رهێنانه‌وه‌ و به‌ زمان هێنان
ڕه‌نگی دڵ نه‌بووایه‌
ئه‌م دنیایه‌ش نه‌ده‌بوو یان زاری نه‌هه‌نگ ده‌بوو

تشرینی دووه‌می 2020 هه‌ولێر 



کتێب/ میدیای ‌كوردی ‌له بازنه‌ی ‌گه‌مه‌كانی ‌سیاسه‌تدا .. نه‌ژاد‌ عزیز ‌سورمێ

● میدیای ‌كوردی ‌له بازنه‌ی ‌گه‌مه‌كانی ‌سیاسه‌تدا
● تابلۆی ‌به‌رگ‌:‌ كارێكی ‌كۆالژی‌ نووسه‌ر‌خۆی
● دهرهێنان‌ و ‌دیزاین: كاروان‌محه‌مه‌د ‌سینۆ
● چاپی‌یه‌كه‌م 2020
● نرخ‌:‌(١٥٠٠)دینار ‌
بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن …




ژمارە 15ی دەنگی کرێکار

پێگه‌یه‌کی‌ڕۆژنامه‌گه‌ریی ‌کرێکارییه‌‌‌‌‌ ژماره (١٥‌) ساڵی‌دووەم /‌ترشینی‌دووەم/

بۆ خوێندنەوەی ئەم ژمارەیە کلیکی ئێرەبکەن ….




دەمەو بەیانیەکی قەترانی … شیعر/کاوە عوسمان عومەر

( ١)
کە گوڵی زەرنیخی تەمەن ..
پێڵوە مۆرەکانی،،
لەسەر ڕۆخی ڕوباری..
حەزی گەڕانەوەت کردەوە
دەگەمەوە لای شەپۆلە..
ئەفسونیەکانی ڕوخسارت
( ٢)
قورمزین ئەستێرەکانی تۆ ،
بە ڕوخسارما ئەپریشکێنەوە
کە سپێدەش، قەترانی بوو،،
وەک دڵی تۆ،،
من هەر چاوەڕێم،
بۆنیگاکردنی،،
ڕەوە ئەسپی سپی..
کەناری چاوە خومارەکانت
( ٣)
بە پەلە پرسوکێ
گەر فریای عیشق بکەوین،
گەر فریای کاسێ ژینی ڕژاو بکەوین
گەر فریای ئاوێتە بوون
بە مەرگێکی ئەرخەوانی خۆشبەخت کەوین
تۆ وەک تەمێک بە گوێما چرپاندت،
لە کاتێکا ، چارۆکەی دوا کەشتیش
لە دەروازەی مانگێکی شینا وون بوو
شەمەندەفەری پیاوە کۆچەریەکان،
ژنە ووێڵەکان،،
لە هەڵم و تەما بەیەک دەگەن،
کەس کەسی تر ناناسێتەوە
کە لەیەک شارا لە شەقەی باڵیان دا،
لە ویستگە زۆرەکانی..
شەکەتبوون،،
هەڵبەت کەسیان ئارەزوو ناکا
برینی سەر دڵی قەترانی ئەوی تر ببینێ
کەسیان کاتی ووردبونەوەی..
هەڵپروسکانی …
پەڕو باڵی ڕۆحی ئەوی تری نیە،
لەوانەیە لە ویستگەی خەوێکی ترا،
لە دۆزەخێکی جوانی ترا،،
هیجیان لە تەرمە مرۆڤەکان
یەکتر جێ نەهێڵن.
( ٤)
کتێبێکم لە گەڵاکانی ئەڤینت
بۆ بنوسەرەوە، گەر..
شەپۆلە سامناکەکانی..
سەدەیەکی گومڕا ڕەویەوە
قیسارەیەکی نەبینراوە،،
ڕۆشتنت
لە هەر هەنگاوێکا
نۆتای بیرەوەریەکت،،
لە نێو زەنگی دڵما ئەزرنگێنێتەوە

( ٥)
گەر بشڕۆی
پەنجەرەیەک لە نیگام،
ئەنێرم بەدواتا
گەر لە بێ دەنگی بونێکی جێماوی..
نێو گەردونێکی شێواو و پەرشو بڵاوا،
پەپولەی هە ناسەیەکیش هەر نەگەیشت
لە نێو ئامێزی سنەوبەرە سوتاوەکانی..
چیا لە خاچ دراوەکانی شارا ئەخەوم
بەڵکو خەو بە سەرەتا زیوینەکانی..
بێستانە سەرهەڵگرتوەکان ببینمەوە
( ٦)
لە یاساغی نەخشانی هەوری ووشە
لەسەر لەپی ئاسمانێ
لە ڕاموسانی پەپولەو خونچەیەک
وێنەی تیا بکێشە
دیواری ئەو زیندانیانەی
ڕۆژەکانی ئازادی تیا دیل کران
( ٧)
ژوانێ لە ئەفسانەی بینینت
جارێکی تر،
لە سنورێک جەندرمەکانی..
نەفرەتی لێ نەبێ
بڵێی ڕۆژێ ، بێ بوونی ،،
سەربڕەکانی خەلیفەو سوڵتان
تەرمە مرۆڤەکانی شارێکی نغرۆ،
ژوانێکی ئاسودە
لە ژێر دارئەرخەوانەکانی
بوون بکەن؟
( ٨)
ئێرە ئەفسانەی بوونی شارێکە
خەڵکەکەی بەردی سپی مێژووی خۆیان
شکاند، پەیکەرە کریستاڵیەکەی..
بەردەم نزرگەی کۆنی خۆری خۆشیان
زۆر گەمژانە ووردو خاش کرد
زۆر جار، کە شنە بای بیرکردنەوە
لە پەرتبوونی خۆمان
لە پەنجەرەی بێ هودەیی نیشتمانێ
لەتێ لە ڕۆحم ئەبا،
ئەپرسم لە خۆم
کەس هەبێ ئەوەندە بێ ئاگا بێ
بەدەستی خۆی
ڕێگە بدا بایەقوشەکانی بیابان
کچانی مەلەک تاوس سەربڕن و..
جەستەیان هەنجڕ هەنجڕ کەن؟
( ٩)
پارچە مرۆڤەکان،
باپیرە بێ بیرەوەری و ..
جەنگاوەرە دۆڕاو..و..
کچە جەستە هەڵکەنراوەکان و
ژنە بیرچوەکانی…
ڕۆخی سێڵاوی سیانید و خەردەل
لە حەسرەت نەهاتنی تەرزە
ڕیتمە کۆنەکانی پێش هاتنی..
گەردەلوولی فەنا ئەڵێنەوە
( ١٠)
لە تاریکی بوونی ئێستا
و بە تەنیایی حەز ئەکەم
بگەڕێم بەسەر کەنارا
تەلیسمی خواوەندی بێهوەدەیی..
لەسەر ناوچەوانی هەر یەکێکە
لە تەرمە مرۆڤەکانی شار
زۆربوونی تەرمە مرۆڤەکان
نیشنایە بۆ نەبونی دەروازە،
هەر کەسەو لە خەونی ئەوی ترا
بە دوای باخچە سپیە وونەکانی ئاسودە..
سەری خۆی وون کردەوە،،
ترس ، لە وەرینی دڵ،
تەرمە مرۆڤەکان،
لێدانی دڵی یەکتر هەستپێناکەن،،
پڕن لە زەنگی ترس،
خۆڵی چاوەڕوانیش،،
لە ئاسمانی قەترانی پچڕاو
لە داری زەمینێکی زڕ و بێفەڕ
دەڕژێتە نێو چنگە شوشەیەکانی
ئەو کچانەی..
بە مەرجی فریشتە درواست کران
بەلام پاش هاتنیان..
باڵەکانیان لیسەندنەوە
( ١١)
فڕێدراون، پەروانە مردوەکانی ووشە
لەو ڕێگایەی من و تۆ ژوانمان
پێش پارچە پارچەبوون کرد




نیکـۆل بار کچۆڵـەیەکی بلیمەتی جیهـانە .. رەزا شـوان

نیکۆل جێمس بار کچۆڵەیەکی ته‌مه‌ن (١٢) ساڵانی جوان و رووخۆش و خوێن شیرینە. لەدایکبووی ئینگـلتەرایە. لە خێزانێکی قەرەجی کۆچەرییە. باوکیشی هەر لە ئینگـلتەرا لەدایکـبووە. بە ڕەسنیش هـیندین و زۆر لە مێـژەوە بنەماڵەکـەیان هـاتوونەتە بریتـانیا.
نیکـۆل بـار لەگەڵ دایک و باوکی خوشکە بچووکەکەیـدا، لە کەرەڤانەیەکدا، لە کەمپێکی قەرەجەکـان لە (هـارلـۆ) لە (ئیسیکـس) لە بـریتانیـا دەژیـن، کە بەشێکە لە کۆمەڵـگـای قـەرەج و کۆچەرییەکـان. خێزانەکەی نیکۆل لەناو بـرتانیادا بۆ گەلێ شوێن کۆچ دەکەن.
نیکۆلـیش لەگەڵ ئەم ژیانە سەختە و هاتوچۆیە زۆرەدا راهـاتـووە و ئاساییە بەلایـەوە.
نیکۆل بار، وەک هەر منداڵێکی قەرەجەکان، درەنگ چووە قوتابخانە. لە چاو هاوڕێیانی هاوپۆلییەوە زۆر درێژ بوو. بەڵام لە هەموو قوتابییەکانی پۆلەکەی زیرەکتر و زۆرزانتر بـوو. هەر لە یەکـەمین رۆژی قـوتابخـانەیـدا، مامۆستاکـان بۆیـان دەرکەوت، کە نیکـۆل قوتابییەکی زیرەک و چالاکە. زۆر بە پەرۆش و چالاکانە، ئەرک و کارەکانی بە جوانی و بە خێرایی ئەنجام دەدان، گەرچی زۆر لە قوتابخـانە دوادەکەوت و ئامادە نەدەبوو، بەڵام زیرەک بوو. پێش ئەوەی کە تەمەنی بگات بە (١٠) ساڵان لە ئەنجامدانی راهـێنانەکانی (جەبـر) دا زۆر زیرەک و خێرا ئەنجامدەر بوو. جێی سەرسووڕمانی مامۆستاکانی بوو.

نکیۆل بار، هەردەم گەشبین بوو، متمانەیەکی زۆری بەخۆی هەبوو، زۆر سەرسەخـتانە هەوڵی دەدا و سووربوو لەسەر ئەوەی، کە خۆی بسەلمێنێ و تواناکانی خۆی دەربخـات و سەرنجی مامۆستاکـان و هـاوڕێکانی بەلای خـۆیـدا رابکـێشێت. کێ بـڕوای دەکـرد کە کچۆڵە قەرەجێکی هەژار، کە لە کەمپـدا بژی، هەڵـدەکەوێت و دەبێت بە یەکێک لە هەرە بلیمەتەکـانی جیهـان و تێکڕای پلەی زیـرەکی لە ئەنشـتاین و لە هـۆکینگ باڵاتر دەبێت.
نیکۆل باری تەمەن (١٢) ساڵان، لە پۆلی حەوتەم لە ئاکادیمیای (بیرنت میـل) وەرگيرا، ئەمەش هـیوای دایکی بوو کە لەم قوتابخانەدا وەربگیرێت، ئەم قوتابخـانەیە بە تەواوی ژیانی نیکۆلی گـۆڕی. بەڕێوەبەر و مامۆستاکان بە ئەوپەری رێـزەوە پێشوازیان لێکرد.
سەرۆکی ئاکادیمیای (بیرت میل) خاتوو (هێلینا میلز) دەڵێت:”نیکۆل قوتابییەکی زیرەکی بـاڵایە، هەر لە یەکەمین ساڵی خوێندنـدا، لە زۆربەی چالاکییە جیاوازییەکانـدا بەشـداری دەکرد. بە گـوڕ و تینێکی ئەوتۆوە، لەو بڕوایەدا نەبـووین وابێت. بۆ نموونە بەشـداری لە خێوەتگای دیدەوانی و بەشداری لە پێشبڕکێی نووسینی قورسی بیرکاری و هەر کار و چالاکییەی تری قورسدا دەکـرد” کاتێک کە مامۆستاکـان بەهـرە و لێهاتـوویی نیکۆل باریان لە چارەسەری کێشەکان زانی، هەموویان یارمەتیان دا و هـانیان دا بۆ ئەوی کە زیاتـر هـەست و بەهـرە و تـوانـاکـانی خـۆی دەربخـات.
نیکۆل بار، بە بڕوابەخۆبوونەوە بەشداری لە تاقیکردنەوەکانی (مینسا) کرد، بۆ زانینی تێکـڕای پلەی زیـرەکی. وەڵامی هەموو پرسیارە قورسەکانی دانەوە. توانی (١٦٢) پلە بە دەستبهـێنێت کە لە پلەی بلیمەتـیش زیاتـرە. ئەمـەش گەورەتـرین ئەنجـامە، بە (٢) پلـەش بەسـەر هـەردوو زانـای فـیزیـاوی (ئەلـبێرت ئەنشـتاین) و پـرۆفـیسۆر (ستـیڤـن هـۆکینگ) دا باڵاتـر بێت. تێکـڕای پلەی بلیـمەتی ئەنشـتاین و هـۆلینگ (١٦٠) پلـەیە.
بەم ئەنجامە نیکـۆل بـار بوو بە یەکێک لە هەرە بلیمەتەکـانی جیهـان. بوو بە ئەنـدامی (مینـسا) و چـووە ریـژی لە (١%)، کە رێـژەی زیـرەکەکانی هەمـوو جیهـانە. ناوەنـدی تێکـڕای زیرەکی (١٠٠) پلەیە. هەر کەسێک تێکـڕای پلەی زیـرەکی لە سەرووی پلەی (١٤٠) پلـەوە بێت. دەچـێـتە ئاسـتی بلـیمەتی. مینـسا تا ئێـستا (١١٠) هـەزار ئەنـدامی زیرەکیان لە هەموو جیهاندا هەیە. کە (٢٠) هـەزاریان لە بـریتانیا دایە. لە (٣٥%)ی ئەندامەکانی مینسا مێینەن. تەنیا لە (٨%) ی ئەندامەکانی تەمەنیان لەژێر (١٦) ساڵان دایـە. بەڵام نیکـۆڵی تەمەن (١٢) وایکـردووە، کە لـەو یاسـایە بەدەربێـت.
(ئـان کلاکـسۆن) وتەبێـژ بە ناوی (مینسا)ەوە، وتی:”تەنیا منـداڵان دەتوانن پلەی زیاتر لە (١٦١) پلە بەدەستبهێنن” چونکە ئەم پلەیە ئەوپەڕی پلەی بلیمەتی کەسێکی کامڵە.
(مینـسا) ئەوەشـیان وت:”منـداڵە بلـیمەتـە ئـەکـادیمـیەکـان، لـە رووی تـەمـەنیـانـەوە پێگەیشـتوون. شارەزاییـەکی باشـیان لە بابەتێکی دیـاری کـراودا هـەیە. بیرتیـژییـەکی ئەوتۆیـان هـەیە، کە رەنگە جـێی بـڕوا نەبـن. ئەو منـداڵانە حەزیش دەکـەن کە لەگـەڵ گەورەکانـدا گـفـتۆگـۆ بکـەن و کـات بەسەربـەرن”.
نیکـۆل بـار، لە لێدوانێکـیدا بۆ رۆژنـامەی (ویسـترن دێـلی) وتی:”کـاتێ کە زانـیم ئـەم پلەیـەم بەدەستهـێـناوە، سەرسـام بـووم، ئەنجـامـێکی چـاوەڕوان نـەکـراوبـوو”
نیکۆل بار، بۆ رۆژنامەی (دێـلی میـل) دوا و وتی:”لە قوتابخانەی سەرەتاییدا، بە رێکی دەوامـم نەدەکرد. هەر لە یەکەمین رۆژەوە، دایـکم هـەوڵی ئەوەی دەدا، کە بمگەیەنێـتە ئەکـادیمـیای (بـیرنـت میـل) ئـەم قـوتـابخـانەیە ژیـانی گـوڕیـم”.
نیکـۆل بـار وتیـشی:” لـە بیـرمە کە لە قـوتـابخـانەی سەرەتـاییـدا بـووم، بەشـداریـم لـە شانـۆیەکـدا کـرد، رۆڵـی فـریشـتەیـەکم دەنـوانـد، کچـێکی تر، رۆڵـی فـریشـتەیـەکی تری پێ درابـوو، لە کـاتی نمـایـشـدا ئـەو نەهـاتبـوو. رۆڵـەکـەی ئەویـش هـەر مـن نـوانـد”
نیکۆل بار، ئـارەزووی خوێنـدنەوە و گۆرانی و شانـۆیە، هـۆگری شانۆکانی شکـسپیرە. چـێژێکی زۆریـش لە یـاری تـۆپی پـێ وەردەگـرێ. خەونیش بەوەوە دەبینێ، کە بچـێتە زانکـۆی ئـۆکسفـۆرد و کۆلـێژی پـزیشکی تەواو بکات و ببـێت بە پـزیشکی منـداڵان و خۆبـەخـشانە چـارەسەری ئـازارەکـانی هـەژاران بکـات.
کە لە نیکـۆل بـار بـڕوانیـت، کچـۆڵـەیەکی ئاسـایی و خـاکی و سـادە و رووخـۆشە، زۆر حـەزی لە قـسەی خـۆش و سوعـبەت و پێـکەنیـنە.
نیکۆل لەسەر داوا و خەرجـیی پەرلەمانی ئەوروپا، بۆ کۆنگرەی رۆمـا بۆ لاوان بانکرا و بەشداری کرد و بە گەرمی پێشوازییان لـێکرد. لەو کۆنگرەیەدا قسەی بـۆ لاوان کرد.
نیکۆل بار، دوای بەدەستهـێنانی ئەو پلە باڵایە لە زیرەکی و بلیمەتیدا، بوو بە مانشـێتی گەلێ لە رۆژنـامە و گۆڤـار و میدیـا و راگەیانـدنەکانی بـریتانیا. بووش بە وێـردی سـەر زمـانی کۆمەڵگـەی قـەرەج و کۆچـەرییـەکـان و بە مایـەی شـانـازی بـۆیـان.
لە راستیشدا، تا ئەمڕۆش گەلێ لە خەڵکی رەگەزپەرست و خۆ بە باڵازانتر و جیاواز، لە ئەوروپا و لە هەموو کێشوەرەکـانی تریش، بە چاوێکی کەمتر لە قەرەجەکـان دەڕوانـن، بە شێوازێکی ناشیرین رەفـتاریان لەگەڵـدا دەکەن و سووکایەتیان پێدەکەن. بە نـاڕەواش گەلێ قسەی نەرێنی دوور لە راستی دەدەنە پاڵیان. تەنانەت لە هەنـدێ لە قوتابخانەکاندا جیاوازی لەگەڵ منداڵەکانیان دەکەن و بە ئاشکرا پەراوێـزیان دەکـەن. ئەم رەفـتارانـەش پەڵەیەکی قـێزەوەن و ناشـیرینن بە نێوچـەوانی رەگەزپەرستان و نـازییەکـانی ئەمـڕۆە.
زۆر لە قەرەجەکان و کۆچەرییەکان، بە هەژاری و کوێرەوەری ژیان بەسەر دەبەن. بە کەمیـش دەرفـەتی چـوونە قـوتابخـانە بـۆ منـداڵەکـانیـان دەڕەخـسێ. لەبـەر جیـاوازی و مـووبەکـردن، بەشـێک لە منـداڵە قـوتابییەکـانیان وازیـان لە خـوێنـدن هـێناون و کـاری قـورس دەکەن، یا کەوتوونەتە سەر شەقـامەکان و خەریکی درۆزەکردنن. بۆیە سەختە کە منـداڵانی قەرەجـەکـان بتـوانـن خـۆڕاگـربـن و درێـژە بە خـۆێنـدن بـدەن.
با بـزانین دایک و باوکی نیکۆل لە بارەی ژیان و زیرەکی کچـۆڵەکەیانەوە چی دەڵـێن.
دایكی نیكۆل، خاتوو (دۆللی بوکلانـد)ی تەمەن (٣٤) ساڵ، یاریـدەدەری سەرپەرشتیاری هـوتێـلە و بە شەوانیـش خەریکی جـوانکاری ئارایشـتی ژنـانە. تا قـۆنـاغی سەرەتـایی خوینـدووە. دەرباری نیکۆلی کچی دەڵێ:”کچێکی منـداڵی کۆششکەری زیـرەکە، زۆر بە پەرۆشەوە کاردەکا، لە دوای قوتابخانە لە یانەی قوتابخانەکەیدا دەمێنێتەوە، ئەرکەکانی ماڵەوەی جێـبەجێ دەکا. هـیچ رۆژێکیش بە فـێڕۆ لە دەست نادا” خاتوو دۆللی وتیشی:
” لە منداڵـییەوە بـژاری هەڵەکانی ئەو پەرتووک و گۆڤارانەی دەکرد. کە دەیخوێندنەوە. کچـێکی رووخـۆشە و حەزی لە خۆشییە. هەمیشە داوای ئەرکی ماڵەوەی زیـاتر دەکا”
دۆللی بوکلاند وتیشی:”لە قـوتابخانەدا، رووبەڕووی جـیاوازی رەگەزی بوومەوە. زۆر لە هاوڕێ کچەکانم لە تەمەنی (١٢) ساڵاندا، بە هۆی جیاوازی و دڕندەییەوە وازیان لە قوتابخانە هـێنا. بە داخەوە کە نیکـۆلیش لە قـوتابخـانەی سەرەتاییـدا، بە هەمان دۆخـدا تێـپەڕی و دەردی مووبەکـردن و جـیاوازی چـێشت، لـە پـۆلـدا پەراوێـز کـرابـوو.. هـیچ هـاوڕێیەکی لە پـۆلـدا نەبـوو”
دایکی وتیشی:”ئەوپەڕی شانازی بە نیکۆلی کچمەوە دەکەم.. سوورە لەسەر ئەوەی کە قوتابخـانە تـەواو بکـات و لە زانکـۆدا وەربگـیرێت و کۆلـێژی پـزیشکی تـەواو بکـات و ببـێت بە پـزیـشکی منـداڵان”
باوکی نیکۆل، نـاوی (جـێمـس) ە و نازناویان (بـار)ە، تەمەنی (٣٦) ساڵە، تـا قـۆنـاغی سه‌ره‌تـایی خوێنـدووە. لە تەمـەنی (١٢) ساڵیـیەوە، کرێکـاری پـاکـردنەوەی ئـاوەڕۆگە (زێـراب) و رێـڕەوەکانە. هەستی بە تەگەژەیی دەکـرد کە نیکۆلی کچۆڵەکەی بۆ ماوەی پێـنج سـاڵ لە تـاقـیکـردنـەوەدا بـوو.
جـێمس وتی:”چـیرۆکەکە ئەوەبوو، کە باس لە کۆمەڵێک قەرەج دەکرا، بە تایبەتیش لە بەشداریکـردنی نیکـۆل لە تاقـیکردنەوەکانی (میـنسا) دا. بەلای ئێمەوە مایـەی خۆشی و شادییە، کە بچینە تاقیکردنەوەوە بۆ بەدەستهێنانی شتێک کە سوودمەن بێت بۆ گۆڕیـن. ئەمەش ئەوە دەردەخـا، کە هـیچ جیـاوازییەک لەوەدا نییە کە لە کوێ لەدایک بـوویتە و پێـگەیشـتوویت. دەشـێ هـەرکەسێک لە خـوێنـدنـدا هـەڵکـەوتـووبێـت”
جێمس بـار وتیشی:” نیکـۆل پرسیاری زۆری لێدەکـردم و پرسیارەکـانی تەواو نابـوون. زۆر جـاریـش دەیبـەزانـدم”
جـێمس بار وتی:”هەردەم حـەزی لە ژمـارە و مەتـەڵ بوو، لە بیرکاریـدا زۆر زیـرەکە. لە تـەمەنی دوو ساڵیدا، زۆر بە ئاسانی و خێرا کاری بیرکاری ئەنجام دەدا. بە ئاسانیش مامەڵەی لەگەڵ هەرشتێکی تەکـنیکیدا دەکرد” باوکی نیکۆل هـێشتا هەر سەرسامە، کە ئەوەی زانی کچەکەی خاوەنی ئەقـڵێکی ئەوتـۆیە، کە بلـیمەترە لە (٩٩%) ی خەڵکی.
جێمس بار شانازی بەوەشەوە دەکا، کە کچۆلە بلیمەتەکەی، بووە بە وێـردی سەر زاری کۆمەڵـگەی قـەرەج. رێـز و پێـگەی بەرزکـردوونەتـەوە.
حەزدەکەین ئەوەش بزانن، کە خودی (جێمس بار)ی باوکی نیکۆل، لە تاقیکردنەوەکانی (مینسا) دا بۆ پلەی زیرەکی، بەشداری کرد، توانی ئاستی (زۆر باشە) بەدەستبهـێنـێت.
نیکـۆل بـار، ئەقـڵییەتێکی بازرگـانیـشی هـەیە. هـەردەم بیـر لە قـازانـجکـردن دەکـاتەوە.
نیکۆڵ دەڵێت:”پێـش ئەوەی کە بچـم بۆ پێشانگایەکی ناوخۆیی، راپۆرتی کەش و هەوام شیکـردەوە، ئەوەم زانی کە بـاران دەبارێ. لە فرۆشگایەکدا چەتـرێکی هەرزانکراوم بە (٢٠) جونەیهـ کڕی. دوایی فـرۆشتم بە (٦٠) جونـەهـ . (٤٠) جونەیهـم قـازانج کرد”
بێجگە لە نیکـۆل بـار، هەر لە هەمان هەرێمـدا لە (ئیسیکـس) لە بریتانیا، کچـۆڵەیـەکی بلیمـەتی تری (١٢) ساڵان هـەیە، کە نـاوی (لیـدیا سیـباستیان) ە. لیدیا لە تەمەنی (٦) مانگانـدا قسەی دەکـرد. لـە تەمەنی (٤) ساڵانـدا ئامـێری مـوزیکی کەمـانجـەی لێـدەدا. لیـدیا سیباستیان هـەموو بەرگەکانی پەرتـووکی رۆمانی (هـاری پوتـه‌ر)ی خوێندۆتەوە. شایـەنی باسیشە، لیـدیـا سیباستیان و نیکـۆل بـار، دوو هـاوڕێی دڵسـۆزی یەکـترین. لە تاقـیکردنەوەکانی (مینسـا) دا، لیـدیا سیباستیان تـوانی (١٦٢) پلـە بەدەستبهـێنـێت. بەم ئەنجامەش لیـدیـا دوو پـلە لـە سەرەوەی پلەی بلیمەتی دایە. لیـدیاش بـوو بە ئەنـدامی میـنسا و بە یـەکـێک لە هـەرە بلیـمەتـەکـانی جـیهـان.
(*) بۆ نووسیـنی ئەم بابـەتە، سـوودم لە چـەنـد سایتـێکی ئینگـلـیزی وەرگـرتـووە.
رەزا شـوان
٤/ نۆڤـەمبـەر/٢٠٢٠




بکوژی خۆرەتاو … فەرەیدوون سامان

هەر زوو
دەمزانی
ئێوە تاریکی پەرستن
هەرگیز عاشقی بەرەبەیان نین،
بە ناوی ئەڤیندارانی خۆرەتاو
رۆژێک دێت…
شەوەزەنگمان بۆ دێنن،
رووباری ئەڤین سەر بەرەوخوار دەگەڕێننەوە،
کێوی هیواکانمان تەخت دەکەن.
عیشق لەسەر مێزی قوماری
شەوە سوورەکانتان
دەخەنە نێو پیاڵەیەک
بە بکوژانی خۆرەتاو
پێشکەش دەکەن…
هەر زوو
دەمزانی چراکان دەکوژێننەوە
ژوانگەکان دەکەن
بە لانەی شوومی کوندە پەپوو.

فەرەیدوون سامان
2.11.2020