بە نەهێشتنی پ ک ک باشوور دەبێت بە دەوڵەت! … ڕێبوار ڕەشید

چیرۆکەکە زۆر درێژە، بەڵام ڕەنگە بتوانرێت کورت بکرێتەوە.

جێێ سەرنجە، بە سی ساڵ دەسەڵاتی ناوخۆ باشوور وێرانەیەکە بایەقووشیش پێی ڕازی نییە لە سەری ئارام بگرێت. سەرەڕای بە هەزاران دەرفەتی نێونەتەوەیی و هاسانکاریی دەوڵەتە زلهێزەکان و دڵسۆزیی خەڵکی باشوور خۆیان و هەروەها بەشەکانی دیکەی کوردستان، باشوور بۆ هەرە زۆرینە لە دڵسۆزانی خەڵک دۆزەخێکە. بە سەدان ملیارد دۆلار بێ سەروشوێنە، بە دەیان و سەدان گرێبەستی نادیار و ناڕوون کە پارەی خەیاڵیی لە سەر باشوور دەکەوێت ئیمزا کراون، بێ لە زوونی زەرد و زوونی سەوز، هەروەها زوونی ناڕاگەیەندراوی مۆر و شین و ترکەمانەکان و سپای تورکیا و حەشدی شەعبی هەیە.
کۆمیکە بەڵام جێی گریانە نەک پێکەینین. لەگەڵ هەموو ئەم زوونانەیشدا کە هیچ لایەک کاخەزی ئەوی تر ناخوێنێتەوە و هیچ کەسێک لای ئەوی دیکە پێنج قڕان ناژی ئەوا هەر سەرۆکی سەرۆکان و سەرۆکی هەرێم و جێگرانی و تەغارێک وەزیر و پارلەمێناتر و ڕاوێژکار بە جێگرانیانەوە هەن.
چیرۆکێکی زۆر درێژە، جلۆن کورت بکرێتەوە؟
ئەگەر کێشەی باشوور قەیرانی دزیی و تاڵانیی و فەرهودی دەسەڵات نەبایە، ئەگەر کێشەی باشوور گەندەڵیی بە هەزاران و داڕمانی ویژدان و ڕەووشتی دەسەڵات نەبوویە، ئەگەر کێشەی داڕمانی ژێرخان و سەرخانی ئابووریی و کەرتی تەندروستیی و کار و پیشە و خزمەتگوزاریی و هتد نەبووایە، ئەوا دەکرا چەناگەت بخورێنیت و بیر لە کێشەیەکی دیکە بکەیتەوە.
ئاخ چەند کۆمیکێکی بە ئازارە.
لە کاتێکدا کە باشوور و ماڵی خەڵکە بەستەزمانە بەدبەختکراوەکەی لە ئاوری بێ ئاییندەییدا دەسووتێت و مرۆڤی باشوور دەیان و بگرە سەدان کێشەی ڕۆژانەی هەیە، دەسەڵاتی زوونێک تەپڵی شەڕ لێ دەدات و پێی وایە پ ک ک هەر دەبێت ئێستا قەندیل بەجێبهێڵێت و زوونەکانی دیکەیش هەندێک بێ دەنگن و هەندێکیش دەڵێن ئێمە لەو شەڕەدا بێ تەرەفین. بە کورتیەکەی ئەوانە ناماقوڵیی دەکەن کە دەڵێن “حکومەتی هەرێم”. لە ڕاستییدا ئەوی پێی دەگوترێت “حکومەتی هەرێم” مۆرێکیش نییە.

سوریالیزم لە پاش جەنگی جیهانیی یەکەم سەری هەڵدا کاتێک کە خەڵک پاش کوشتارێکی بێ وێنە، ماندوو و برسیی و بێکار و بێ ئاییندە لە ژێر ئاسمانێکی نزمدا لە تاریکاییەکدا بە دوای ئاسۆدا دەگەڕا. یەکەم جار بوو مرۆڤ بە گازی کیمیایی یەکتر بکوژێت و فڕۆکەکان لە ئاسمانەوە ئاور لە زەوی بەر بدەەن. مرۆڤ خۆی وەکوو بوونەوەرێکی خوێڕی، بێنرخ و عاشق بە خوێنڕشتن دەبینی. منداڵان و ژنان وەکوو هەمیشە یەکەم قوربانیەکان بوون. پیاوە مل ئەستوورە تووڕە چاو ئاوساوە جوێندەرەکانیش پاڵەوانەکان بوون، ئەو پیاوانەی هەزار سوێند و بەڵێن و سمێڵبادان و خۆبادان و ورگ و قون ڕاوەشاندنیان تورێکی قوڕاوی ناهێنێت.
بزووتنەوەی سوریالیزم دەیویست هزر و بنهزر بە یەک بگەیەنێت و خەون و خەیاڵ لەیەک بدات بەڵکو مرۆڤ، یان ڕاستتر ئاغاواتی شەڕ، حاڵیی ببن کە دەبێت مرۆڤ خۆی بە کامە کێشەوە مەشغوڵ بکات، کە ژن و پیاو مرۆڤ بن، نەک “ژن” و “پیاو” و کە کولتورە باوە ناحەزەکان توور بدرێن.

ئێستا کێشەی منێکی باشووریی، خنکاو لە قووڕولیتەی جەهل و نەزانینی دەسەڵاتێکی ملهوڕدا، ئەوە نییە کە داوای خەزێنەیەکی نیشتیمانیی بکەم، داوای نان و ئاو و ئاشتیی و ئازادیی بکەم، داوای پیشە و کار و فێربوون بکەم، داوای ئازادیی ژنان و ئاییندەی منداڵانم بکەم، داوای سەعاتێک پشوو، خەوی ئارامی شەوێک، بکەم، بەڵکو کێشەی منی باشووریی ئەوەیە کە پ ک ک، واتە کۆمەڵێک کچان و کوڕان و ژنان و پیاوانی سەربەرزی بەشێک لە نیشتیمانە پارەکراوەکەم، دەبێت لە قەندیل نەمێنن.
پێم دەڵێن ئەوە گەورەترین کێشەی منی باشووریە.
خودایە، ئەگەر هەر ناچار بوویت جیهانێک ساز بکەیت، خۆ ناچار نەبوویت بێئابڕووترین و سەربەرزترینیش لەگەڵ یەک تێکەڵاو بکەیت. ئایا نە دەکرا ئەم جیهانە بە سەر کۆمەڵێک زوون بۆ بێ ئابڕووان، دزان، تاڵانکاران، درۆزنان و ساختەکاران دروست بکەیت و ئابڕوومەند و دەستپاک و سەربڵندەکانیش لە زوونێکدا کۆ بکەیتەوە؟
کۆمیک لەم باشوورەدا چەند بە ئازارە!
ئەم چیرۆکە چۆن کورت دەکرێتەوە؟
سی ساڵ لەمەوپێش پ ک ک لە ئەدەبیاتی خۆیدا باشووری بە “باشووری مەزن” ناو دەبرد. ئەو کاتە دەسەڵاتدارانی باشوور نەیدەزانی “باشوور” کوێیە، بەڵام دەیانزانی فافۆن و تەلی مس و دارتەلی کارەبا و ئەشتومەکی سەد و سەربازخانە جێهێڵراوەکان بە تورکیا و ئێران بفرۆشنەوە.

“ڕیفەراندۆم” پاش چوار ساڵ کورد بە دەوڵەت دەگەیەنێت بەڵام مەرجەکەی نەهێشتنی پ ک ک یە. مەرجی دەوڵەت دروستکردنەکە بۆ باشوور ئەوەیە کە داعش و چەتە ئیسلامیستەکا نی سەر بە ئەردۆغان لە قەندیل نیشەجێ بن و ببن بە بەشێک لە سپای حەمیدی نوێ بۆ ئەوڕۆی ئەردۆغان. کاتێک قەندیل بە ڕەسمیی لە ژێر دەسەڵاتی تورکیادا بێت و خراپترین لە خوێنڕێزانی مێژوو تێیدا جێگیر ببن، ئەوا باشوور دەبێت بە دەوڵەت.
ئەگەر بەڵێنەکەی نەهاتە دی، کابرا یان فیشەکێک بە سەری خۆیەوە دەنێت یان هەر بە سەرۆک دەمێنێتەوە!
کێ گوتوویە کۆمیک دەبێت وەپێکەنینت بخات؟
دیمۆکلێس ئێرەیی بە میری خۆی دەبرد. بۆیە ناچار کرا لە ژێر شمشێرێکدا خۆشترین خۆراکی میرانە بخوات کە بە یەک تاڵە مووی کلکی ئەسپ هەڵواسرابوو. دێمۆکڵێس تێگەیشت کە کاری میران هاسان نییە. ڕاستە بە بەردەوامیی لە سەر خوانی ڕەنگاوڕەنگن بەڵام لە ژێر هەڕەشەی گەورەدان.
باشوور لە ژێر شمشێرەکەی دیمۆکڵێسدایە، بەڵام خوانێکیان بۆ دانەناوە بەڵکو ڕووبەڕووی تراویلکەیەکە. باشووریەکی برسی و بێکار و بێخزمەتگوزاریی و بێ ناز و بێ ئاییندە و پارەخوراو و پارەدزراو و ماڵ تاڵانکراو، دەتوانێت سبەی بە دەوڵەتێک شاد ببێت بەو مەرجەی پ ک ک لە قەندیل نەمێنێت.
بەڵام لەم قومارخانەیەی باشووردا کێ گوتوویە کە حەتمەن نەخش دەهێنیت؟
خودایە کە تۆ هەر وەحشیی دروست دەکەیت، بۆ نافەرمووی هەر لە گەوڕێکی خۆتدا دوور لە مرۆڤ بیانژیەنیت؟
چیرۆکەکە چۆن کورت بکرێتەوە؟
ئەردۆغان یەکێکە لە پیاوە دۆڕاوەکانی مێژوو. لیرەکەی خراپتر لە تمەنی ئێرانیی بەرەو هەڵدێر مل دەشکێنێت و لە دونیادا سووک و ڕووسوا بووە. لە ناو تورکیادا بەرەو ئابڕووچوونێکی مێژوویی دەچێت. پارتەکەی بە ڕەسمیی بوو بە سێ بەشەوە و ئێستایش لە ناو ئەوی خۆیدا دووچاری کێشە بووە. لە بەرەکانی جەنگ دەدۆڕێت و گەورەترینی ئەو دۆڕاندنە لە حەفتانین بوو کە کچانی ئازاد و سەربەرزی کورد پێیان دانا.
ئێستا ئەردۆغان بە ئاغاواتەکانی شەڕی سەر بە خۆی فەرمان دەدا کە حەتمەن هەر دەبێت شەڕێک هەڵبگیرسێت. ئەردۆغان دەیەوێت بە دونیا بڵێت کە هەر تورکیا کێشەی لەگەڵ پ ک ک نییە بەڵکو “کوردەکانیش” کیشەیان لەگەڵ پ ک ک هەیە.
ئەمە هەموو چیرۆکەکەیە.
چیرۆکەکە ئاوا کورت دەبێتەوە.
ئاخر لەوەبەر ئازادیخوازانی کورد بۆ جیهانیان سەلماند کە کێشەی تورکیا پ ک ک و کورد نییە بەڵکو کێشەی داگیرکەریی و فراوانخوازیی و کوشتارە. نموونەکانی سووریا و ئێراق و لیبیا و قوبرس و یۆنان و سودان و سۆمال و تونس و ئازربیجان و ڕێکخستنی چەتەی ئیسلامیستییە لە ئاستی جیهاندا.
ئەو گوللـەیە باش ئەردۆغانی سمی. ئیمکانی نییە بێتەوە سەر خۆی!
ئێستا ئەردۆغان داوای شەڕێک دەکات!
چیرۆکەکە ئاوا کورت دەکرێتەوە کە هەموو ئازادیخوازێکی کوردستانیی بۆی هەیە و مافی خۆیەتی هەرچۆنیەک پێی خۆشە و بە دروستی دەزانێت ڕەخنە لە بواری جیاوادا لە پ ک ک بگرێت، بەڵام ئەرکی سەرشانی هەموومانە توند بەرامبەر بە هەڵگیرسانی شەڕ ببینەوە چون ڕاستیەکەی ئەوەیە کە تەنیا خەڵکی کوردستان زەرەرمەندن بەتایبەتیی ئەو بەدبەختە خێرلەخۆنەدیوانەی بە مووچەی چەند سەد دۆلارێک ناچار کراون کە گوللـە بە کەسانێکەوە بنێن کە دڵخوازانە و خۆبەخشانە بۆ نیشتیمانەکەیان تێ دەکۆشن، هەروەها ئەوەیش کە خۆیان دەکوژرین و وەکوو دەیان هەزاری قوربانی شەڕی نێوخۆ بێ ناوونیشان دەمێننەوە و لە بیر دەچنەوە، هاوکات کە منداڵی یەک دانە دەسەڵاتدار خوین لە لووتی نایەت بەڵکو بە دڵنییایەوە لەو کاتەدا کە ئەمان خوێنیان لێ دێت و خوێن دەڕێژن ئەوان، دروست هەروەکوو باووباپیریان لە کەیف و سەفا و قون باداندا دەبن و کاتێکیش دەمرن لە سەر حیسابی خوێنی خەڵک لە نەخۆشخانەی ملوێن دۆلارییدا بەرۆکی خەڵک بەر دەدەن.
ئەوانەی کە بە هەر دەلیلێک چەکیان لە سەر شانە دەبێت بزانن کە لە ئێستا سێ بەرەی شەڕ هەیە کە تورکیا و ئێران و سووریان و کە هەروەها ئێراقیش جێی متمانە نییە.
چیرۆکەکە ئاوایش کورت دەکرێتەوە: قەندیل خاوێنە، خاوەن لێی دەربکەون!

ڕێبوار ڕەشید
5/11/2020




لە ستایشی شکستی ترامپدا … ئاسۆکمال

شکستی ترامپ شکستی ڕەمزێک و پەیکەرێکی جیهانی نوێی فاشیزمی بورژوازیە. بورژوازیەکی بێ پەردە لە هێرش کردنە سەر مافی کرێکاران و تەندروستی خەڵک و کەشوهەوای زەوی و زیندوکردنەوە و گەشەپێدانی ڕاسیزم و دەست ئاواڵاکردنی کۆمپانیا و سەرمایەدارانی ئەمریکا بۆ کەڵەکەی سەرمایە لەسەر حسابی ئەم بێ مافیانە، وە نائارام کردنی جیهان تاڕادەی هەڕەشەی ئەتۆمی لەو کۆمپانیا و دەوڵەتانەی کە پێشبڕکێی ئەمریکا دەکەن.
هەربۆیە شکستی ترامپ شکستی ئەو باڵەی بورژوازی ئەمریکایە کە ئاڵاهەڵگری ئاشکرای ئەم بەربەریەتە بوو.
ئەم هەڵبژاردنەی ئەمریکا و شکستی ترامپ بوە مەسەلەی هەموو جیهانیش چونکە ئەم بەربەریزمەی نیولیبرالیزم مەسەلەی هەموو جیهانە. شکستێک کە بەرچاوی هەموو فاشیزمی نوێی بورژوازی وەک ترامپ، پوتین لە ڕوسیا و بۆلسۆنارۆ لە بەرازیل و نایگل فەراج بەریتانیا و لۆپین لە فەرەنسا و وڵاتانی تردا ڕەش کردوە. ئەمە هۆکاری خۆشحاڵیەکی جیهانیە لەلایەن خەڵکی ئازادیخوازەوە بە شکستی ترامپ. ئەمە بەرهەمی گلۆبالیزمی فاشیزمی نوێ و هەروەها گلۆبالیزمی خەباتی کرێکاران و توێژە کەم دەرامەتەکان دژی نیولیبرالیزم و فاشیزمە نوێ یەکەیەتی.
بەڵام لە ستایشی شکستی ترامپدا دەبێ ئاگاداری چاڵی بایدنی نیولیبراڵ بین.فاشیزمی نوێی ترامپ لە منداڵدانی نیولیبرالیزمێکەوە هاتە دەرەوە کە هەردوو حزبی دیموکراتی و کۆماری لە چوار دەیەی ڕابردوودا لە ئەمریکا پێکەوە پیادەیان کردوە بایدن یەکێک لەسەرانی ئەم نیولیبرالیزمە بوە لەم ٤ دەیەدا.
شکستی ترامپ تەنیا شکستی بەرهەم و منداڵێکی هاروهاج و بێ پرەنسیپی ئەم نیولیبرالەیە، کە بۆ دەرکیشانی سەرمایەداری لە ئەزمەی ئابوری و مالی ئەمریکی هەموو کۆنەپەرستیەکی سیاسی و کەلتوری ژیاندۆتەوە و پۆپۆلیزمێکی ڕاستڕەوانەی کردۆتە مۆدی میدیا و بوەتە قیبلەنمای هەمووگروپ و حزب و بزوتنەوە ڕاسیستی و فاشیستیەکان لە ئاستی ئەمریکا و ئەوروپا و جیهاندا.
ئەم شکستەی ترامپیزم لە دەنگدانێکدا خۆی ئاکامی ٤ ساڵ لە خەباتی کرێکار و چەپ و سۆشیالیستی کۆمەڵگەی ئەمریکایە کە لە مانگرتن و خۆپیشاندان و زیندووکردنەوەی باڵی چەپ لە نیو حزبی دیموکرات و هێنانە پێشەوەی قسەکەری وەک ساندێرس دا خۆی نمایش کرد. دەنگدانی کرێکاران و ژنان و بزوتنەوەی دژی ڕاسیستی و یەکێتیە کرێکاریەکان دژی ترامپ خۆی هاتنە مەیدانی سیاسی بوو کە درێژەی ئەم ناڕەزایەتیانەیە. شکست لە هەڵبژرادندا هەرچەند هەنگاوێک بۆپیشەوەی ئەم بزوتنەوە ڕادیکالە یە لە مەیدانی ململانێی سیاسی نێو کۆمەڵگەی ئەمریکیدا دژی نیولیبرالیزم، بەڵام هێشتا بەمانای سەرکەوتن دژی نیولیبرالیزم و ئەو سیاسەتانە نین کە ترامپیزمی گەیاندە دەسەڵات.
بورژوازی نیو لیبرالی ئەمریکا لە ٤ دەیەی ڕابردوودا 47$ ترلیۆن دۆلاریان لە 90٪ کۆمەڵگەوە تەسلیمی 0.1٪ دەوڵەمەندەکانی ئەمریکا کردوە کە سامانەکەیان دوبەرابەر کردۆتەوە تا گەیشتۆتە ٢٠٪ی داهاتی وڵات .
لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا کۆمەڵگەی ئەمریکی جارێکی تر کەلتوری بەرژەوەندی ئەمریکا یەکەمە و لە پێش جیهانەوەیە ، کەلتوری دژی کۆچبەر و دژی خەڵکی ڕەش پێست، وە کەلتوری باڵادەستی نەژادی سپی پێست کە ٤٠٪ کۆمەڵگەی هێنایە سەر ئەو باوەڕەی کە دەبێ یاسا بەدەست ئەم ئەمریکیە نیشتمان پەرەوەرانەوە بێت.
لە ٦٠٪ ئەندامانی کۆنگریسی حزبی کۆماری ترەمپ باوەڕیان بەوە نیە کە ئینسان دەوری هەبێ لە خراپکردنی کەش و هەوای گۆی زەویدا و هێشتاش ملیۆنەها کەس دەنگی بە ترەمپ و حزبەکەی داوە.
شکستی تەواوەتی ئەم هێرشانەی ترامپیزم و نیولیبرالیزم لە سندوقی دەنگدان و هەڵبژاردنە پەرلەمانی و سەرۆکایەتیەکانەوە ئیمکانی نابێ لەبەرئەوەی ئەمانە دوو حزبی سیاسی سازی دەکەن کە پشتیوانی ملیارەها دۆلاری کۆمپانیا سەرمایەداریەکانی ئەمریکا هەموو سیستمی سیاسیان کردۆتە بارمتەی خۆی.
ئەمە لانی کەم لە مێژووی سیاسەتی ٤٧ ساڵەی بایدنی دیموکراتەکاندا بۆمان سەلماوە لە مەسەلەی زیاترکردنی باج و دابین نەکردنی تەندروستی گشتی خۆڕایی و چارەسەرنەکردنی قەرزداری سەر کرێکار و چینە کەم دەرامەتەکان و دۆستایەتی کۆمپانیاکان و پیویستی بەدوبارە خۆشخەیاڵی بەم سەرۆکە تازەیەوە نیە.
شکستی ترامپیزم پێویستی بە درێژەدان بەو خەباتە کرێکاری و ڕادیکاڵەیە کە ئەم چەند ساڵە دژی سیاسەتە نیو فاشی و نیولیبرالیزمەکان توانیان دۆخی سیاسی بەرەو چەپ وەرگێڕن و لە ڕیزەکانی حزبی دیموکراتیشدا فشاری خۆی دابنێ. لابردنی ترامپ قورساییەکی لەسەر سنگی ئەم ئومێدەی خەباتە بۆ گەیشتن بەدنیایەکی باشتری لابردوە کە ئێستا دەتوانین هەناسەیەکی ئازادانە لە کۆمەڵگەیەکدا هەڵکێشین کە ڕەمزێکی فاشیزمی نوێی لە کۆشکی دەسەڵات دەرپەڕاندوە. ئەمە دەورانی سیاسی بونەوەیەکی نوێی و تەجروبەیەکی نوێی چینی کرێکار و چەوساوەکانی کۆمەڵگەیە.
بەڵام پرسیاری سەرەکی لە ئێستادا ئەوەیە ئەگەر نیولیبرالیزم باوکی ڕۆحی ترامپیزم بوە ئەمڕۆ چۆن بەر بە هاتنەوە سەرکاری تراپمەکان و نیولیبرالەکان دەگرین؟
ئێمە پێویستمان بە خەباتێکی سیاسیە کە لەم سنورە بەرتەسکانەی بە هەڵبژاردنی یەکێک لەم کاندیدانەی چینی دەسەڵاتدار تەواو دەبێ. ئەم قەیرانەی هاتنە سەرکاری ترامپ و هیتلەر و پوتین تەواو نابێ کە مرۆڤایەتی ئەمڕۆ دوای دەیان سەدە لەشارستانی و گەشەی فکری و ڕەوشت ئەم جۆرە کەسانە نوینەرایەتی دەکەن.
ئەم ئەزمەی نوێنەرایەتیە ، لە ئێستادا لەهەرکاتێکی تر زیاتر ئەو پرسیارە بنچینەیی و ڕادیکاڵە دەوروژێنێ کە ئایا بۆچی دەوری دەوڵەت و پەرلەمان و حزبی سیاسی چیتر پێویستە؟ بۆچی لەگەڵ شۆڕشی ئینفۆرمەیشن و کۆمینکەیشن دەزگایەکی بیروکراتی وەک دەوڵەت و دامودەزگا یاسایی و پۆلیس و حکومەت و سەرۆک و پەرلەمانتار ئەبەدی بن؟
کاتێک شۆڕشی فەرەنسی دەزگای پاشایەتی و کەنیسەی پێچایەوە ،تەسەور نەدەکرا کە دەزگایەکی هەزار ساڵە ئاوا خێرا ئاوا ببێت و لەجێگای ئەو دەزگای نوێنەرایەتی بورژوازی جێگای بگرێتەوە. ئەوکات پادشا و شاژن و شازادەکان وەک ئەم ترامپ و هیلاریە ببونە مەسخەرە و کەس لە ژیانی ڕۆژانەیدا فکر و ڕەوشتی ئەوانەی بە نوێنەری ئینسانیەتی ڕێنسانس نەدەزانی و پێی شەرم بوو ئەوانە چیتر بە نوێنەر و سەرۆکی خۆی بزانێ.
ئەگەر سەرهەڵدانی ئەم دەزگای دەوڵەتە بۆ سەردەمی عەشیرەت و خاوەن کۆیلە و دەرەبەگ و ئیمپریالیزم پێویستیەک بوو کە دەزگای شەڕ و تاڵانی و هێشتنەوەی بەزۆری خەڵک بەبێ ئەم دەزگایە بەڕیوە نەدەچوو. ئێستا چۆن دەتوانێ تەبریر بکرێ؟
کاتێک بەشداری هەر کەسێک لە ئابوری و ژیانی کۆمەڵایەتیدا پێویستی بە نوێنەرایەتی نیە و ڕاستەوخۆ هەمو کاردەکەین و پێکەوە دەژین،بۆچی لە ژیانی سیاسیدا نوێنەرایەتی ناچاری و ئەبەدیە. مرۆڤەکان چۆن کاردەکەن دەتوانن هەروا بەبێ نوێنەرایەتیش یاسای کارکردن و بەڕیوەبردنی کارەکە داڕێژن. هەردۆزینەوەی کارێک بەناوی نوێنەر و سەرۆک و پەرلەمانتار و دادوەر جگە لە سەپاندنی دەسەڵات بەناوی ئەم شتانەوە بەسەر خەڵکدا هیچی تر نیە. جگە لە هێشتنەوەی سیستەمی کۆیلایەتی هیچی تر نیە.
ئیمکاناتی مادی کۆمەڵگەی بەشەری ئەمڕۆ بەتەواوەتی ئامادەیە کە لە ماوەی چەند دەیەیەکی کەمدا دەزگای بیرۆکراتی و نوێنەرایەتی ناڕاستەوخۆ هەڵوەشێتەوە و نەوەی نوێی ئێستا بتوانێ ئیدارەی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی بە بێ سیستەمی دەوڵەت و پەرلەمان و سەرۆکایەتی بەڕیوەبەرێ. ئاشکرایە کە کەمایەتیەکی سەرمایەدارکە ئێستا کۆنترۆڵی بازاڕ و داهات و هۆیەکانی بەرهەمهێنانی لەژێردەستدایە وەک خاوەن کۆیلە و دەرەبەگەکانی پێشوو ئەمە وەک خەیاڵە کۆمۆنیستیە شکست خواردوەکان وێنادەکەن و لەڕێگەی میدیاوە ئەم پڕوپاگەندەیە بەرهەم دەهێننەوە تا خۆیان لەم قەیرانە دەربازبکەن. بەڵام کاتێ ترامپ و هیتلەر و ئەردۆغان و بارزانی دەبینین دەزانین کە ئەم سیستەمی نوێنەرایەتیە بورژوازیە ناتوانێ تا ئەبەد بە زورنای شەڕی سارد خەڵک فریوبدا.
ئەم دیموکراسیە بورژوازیە لەگەڵ شکستی سیستەمە سیاسیەکەیدا بەرەو ڕوە و ئەگەر ئامادەیی سیاسی و فکری لە خوارەوە لای خەڵکی کرێکار و ژێردەست هەبێ بۆ گۆڕینی سیستەمی نوێنەرایەتی و پەرلەمانی ئێستای بورژوازی ،ئەوا ئەمڕۆ لە هەمو کات زیاتر زەمینە ئامادەیە و ئەم ئازاد بونە لەم سیستەمە سیاسیەی نوێنەرایەتی بورژوازی بوەتە پێویستیەک بۆ ڕزگاربون لەدەست ناچاری هەڵبژاردن لە نێوان ترامپە توندڕەو و بایدنە میانەڕەوەکاندا.
ئاسۆی بەردەم بزوتنەوەی ڕادیکال و شۆڕشگێڕانەی کرێکاران و توێژە کەم دەرامەتەکان لە ئەمریکا و دنیای ئەمڕۆدا ئەوەیە کە چۆن بزوتنەوەیەکی سیاسی جەماوەری و چ ئاندەیەکی سیاسی و ئابوری جیاواز لە سەرمایەداری خەریکین سازدەکەین، کە نەک هەر لە دەنگدانەکان و ململانێی سیاسی نیوان باڵەکانی بورژوازیدا فشاری خۆی دابنێ بەڵکو دژی هەموو حزب و چینی بورژوازی بتوانێ ڕیزێکی جیاواز و خەباتێکی سیاسی جیاواز نمایش دەکەین تا شکست بە هەموو نوێنەرانی بورژوازی و ترامپەکانیان بهێنین لە مەیدانی دەسەڵات و بەڕیوەبردنی کۆمەڵگەدا.

ئاسۆکمال. لندن. ٨ نۆڤەمبەری ٢٠٢٠




كام فۆڕمی نوێ وكام زمانی نوێی بورهان به‌رزنجی له‌ شیعردا؟! … سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی

یه‌كێك له‌ خاسیه‌ته‌ دیاره‌كانی تێكستی نه‌مر ئه‌وه‌یه‌،كه‌ هه‌میشه‌ خوێنه‌رده‌توانێت بگه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ری و به‌ر مانای دیكه‌ی جیاوازتر بكه‌وێت.ئه‌م جۆره‌ ده‌قانه‌، سنووری زه‌مه‌ن وشوێن ده‌بڕن وله‌ یه‌ك كاتدا هه‌م ده‌قێكی مێژوویین، هه‌م ئێستایین.ئه‌م خاسیه‌ته‌ به‌ شێوه‌یه‌كی دیار له‌ ئه‌زموونی شیعری كلاسیكی كوردی ده‌بینرێت، كه‌ وێرای تێپه‌ڕبوونی چه‌ند سه‌ده‌یه‌ك به‌ سه‌ر نووسینیان، كه‌چی هێشتا ده‌خوێنرێنه‌وه‌ و بگره‌ هه‌ندێكییان شڕۆڤه‌ش نه‌كراون!.بێگومان هه‌ر ده‌قێك نه‌یتوانی له‌و چوارچێوه‌ زه‌مه‌نی و مێژووییه‌ ده‌رچێت كه‌ ده‌قه‌كه‌ی تیادا نووسراوه‌،ئه‌وا ده‌چێته‌ په‌راوێزی مێژوو.بۆ ئه‌وه‌ی ده‌قێكیش نه‌بێته‌ به‌شێك له‌ مێژوو به‌مانا ئه‌ده‌بییه‌كه‌ی، ئه‌وا ده‌بێ وزه‌ و هێزی ئه‌وه‌ی تێدا بێت به‌رده‌وام بخوێنرێته‌وه‌. ده‌كرێ ئه‌ی ڕه‌قیبی دڵدار نموونه‌یه‌كی دیار بێت له‌و تێكسته‌ نه‌مرانه‌ی كه‌ سنووری مێژوو ده‌بڕن. ئه‌ی ڕه‌قیب كه‌ ده‌یان ساڵه‌ نووسراوه‌، له‌ ئێستادا نه‌ك هه‌ر ده‌خوێنرێته‌وه‌، بگره‌ بۆته‌ ماڕشی نه‌ته‌وه‌یی ئێمه‌ و به‌شێكی دیار له‌ كۆنه‌ستی میللی نه‌ته‌وه‌یی ئێمه‌.بێگومان، هه‌موو ده‌وقێك ناتوانێت شوناسی نه‌مریبوون وه‌ربگرێت و نه‌چێته‌ په‌راوێزی مێژوو.له‌ ئێستادا گوتاری به‌ شێكی زۆری شیعری ئه‌و سه‌رده‌مه‌ نه‌ك هه‌ر نابنه‌ جێگه‌ی تێڕامان و خوێنه‌وه‌ی خوێنه‌ر، به‌ڵكو هه‌ر له‌گه‌ڵ نووسینیشیاندا ده‌قی مردوون. واته‌ هه‌ر ساتی یه‌كه‌می خوێنه‌وه‌ی ده‌قه‌كه‌، خوێنه‌ر درك به‌وه‌ ده‌كات كه‌ له‌ به‌رده‌م تێكستێكدایه‌ كه‌ جگه‌ له‌ یه‌كجار بینین و خوێنه‌وه‌، ناتوانێت كۆنتاكی له‌گه‌ڵ هه‌بێت. چ جای ئه‌وه‌ی دوای چه‌ند ساڵێك وجارێكی تر بگه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ری.

به‌شێك له‌ شیعری ئێستا، له‌ئاستی زمان و گوتاردا، هێنده‌ ساده‌ و ڕووت ده‌كرێته‌وه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ به‌رده‌م ده‌قێكی میللی بین نه‌ك شیعر. كه‌ یه‌كێكه‌ له‌و ژانره‌ جوانانه‌ی چێژو جوانی به‌خوێنه‌ر ده‌به‌خشێت.ئه‌و ساده‌بوونه‌ هه‌ر ته‌نها له‌ ئاستی فۆڕمدا نییه‌، بگره‌ له‌ ڕووی ناوه‌ڕۆكیشه‌وه‌یه‌.زۆرجار ئه‌و ساده‌بوونه‌وه‌یه‌ مانا ون ده‌كات و یان به‌ر مانایه‌ك ده‌كه‌وین، كه‌خاڵی له‌ هه‌موو جۆره‌ جوانی و شیعرییه‌تێك. شیعر یه‌كێكه‌ له‌و ده‌قانه‌ی له‌ یه‌ك كاتدا جوانی و چێژ، په‌یام و مانا به‌ خوێنه‌ر ده‌دات. له‌ خوێنه‌وه‌ی شیعردا،خوێنه‌ر ده‌بێ به‌ر هه‌موو ئه‌و ڕه‌گه‌زانه‌ بكه‌وێت. به‌ڵام له‌ شیعری به‌ شێكی زۆری نه‌وه‌ی ئێستادا،خوێنه‌ر نه‌ك هه‌ر چێژ له‌ شیعره‌كان نابینێت، بگره‌ وه‌ك ئه‌وه‌ وایه‌ ده‌قه‌كه‌ی هه‌ر نه‌خوێنبێته‌وه‌. چونكه‌ له‌ یه‌كه‌مین خوێنه‌وه‌دا ده‌قه‌كه‌ كۆتایی دێت. ئه‌مه‌ وێرای ئه‌وه‌ی به‌ر هیچ مانایه‌ك، یاخود دژه‌ ماناش ده‌كه‌وێت.
به‌شێك له‌ شیعری ئێستا، ئه‌وه‌نده‌ی تر دنیا ناشرین و وێرانتر ده‌كه‌ن له‌ كاتێكدا ئه‌و جوانیانه‌ی خوێنه‌ر له‌ وێنه‌ شیعرییه‌كان ده‌یبینێت، له‌ هیچ ده‌قێكی دیكه‌دا نایبینێت.چێژو جوانی، له‌ ڕووبه‌رێكی گه‌وره‌ی شیعری ئێستادا ونه‌، هه‌ر بۆیه‌ زۆر به‌ده‌گمه‌ن ئه‌و ده‌قانه‌ له‌ هزری خوێنه‌ر ده‌مێننه‌وه‌،بگره‌ هه‌ندێكییان له‌ كاتی خوێنه‌وه‌یان و له‌یه‌كه‌م به‌ركه‌وتنی خوێنه‌ردا، هه‌ست به‌ مردووی ده‌قه‌كه‌ ده‌كه‌ین وهیچ مانایه‌ك لای خوێنه‌ر جێناهێڵێت. بێگومان ئه‌م جۆره‌شیعرانه‌، وزه‌و هێزی مانه‌وه‌ی مێژوویان نه‌ك هه‌ر نییه‌، بگره‌ خوێنه‌وه‌ و نه‌خوێنه‌وه‌یان وه‌ك یه‌كه‌. زۆرجار، وه‌ك خوێنه‌رێك له‌ میانه‌ی باسكردن له‌ شیعرو گوتاری شیعری ئێستا، به‌رچه‌مك و ده‌ربڕینێك ده‌كه‌وین كه‌ له‌لایه‌ن، به‌ شێك له‌ شاعیرانه‌وه‌ ده‌ر ئه‌بڕێت و بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كرێت، ئه‌ویش داهێنانی زمانی تازه‌ و فۆڕمی تازه‌ی شیعرییه‌. كه‌چی كاتێ شیعره‌كانییان ده‌خوێنینه‌وه‌،ده‌بینین هه‌مان زمان و هه‌مان فۆڕمی شیعرییه‌، كه‌ نیو سه‌ده‌ زیاتره‌، بینای هونه‌ری ده‌قی شیعری كوردی پێكدێنێت.نوێبوونه‌وه‌ی شیعری له‌ ڕووی فۆڕم زمان و ناوه‌ڕۆكدا، پێویستی به‌ داهێنانێكه‌ كه‌ مه‌ودایه‌ك له‌ نێوان خۆی و شیعری پێشووتر جێبێڵێت.

به‌ درێژای چه‌ندین ساڵ، شیعری كوردی، له‌ فۆڕمی شیعری كلاسیكی دابوو،كه‌چی گۆرانی نوێكه‌ره‌وه‌و پێشه‌نگی شیعری نوێی كوردی، دوای چه‌ند سه‌ده‌یه‌ك له‌ نووسینی شیعر به‌ فۆڕمی كلاسیكه‌وه‌، فۆڕمێكی دیكه‌ و ئه‌زموونێكی دیكه‌ی شیعری داهێنا، كه‌ به‌ شیعری ئازاد ناو ده‌برێت. گۆران، كه‌ سه‌ره‌تاو ده‌سپێكی به‌ جۆره‌ شیعرێكی نوێ ده‌ست پێكرد، پێشتر هیچ بانگه‌شه‌یه‌كی نوێكرنه‌وه‌ و داهێنانی شیعری نه‌كرد، ته‌نانه‌ت گۆران به‌ به‌راورد له‌ گه‌ڵ شاعیره‌ هاوته‌مه‌نه‌كانی ئه‌وكاتی، به‌ شاعیرێكی كه‌م ئه‌زموون و ساده‌ ده‌ناسراو شیعره‌كانی نه‌ ده‌بوونه‌ جێی سه‌رنج.به‌ڵام دواجار گۆران وه‌ك داهێنه‌رێك و نوێخوزاێك، له‌ مێژووی شیعری كوردی ده‌ركه‌وت و توانی دابڕان له‌ نێوان خۆی و قۆناغه‌كانی شیعری پێشووتركه‌ قۆناغی كلاسیكییه‌، بێنێته‌ ئاراوه‌. له‌و ساته‌وه‌ تاكو ئێستا، گۆران به‌ نوێكه‌ره‌وه‌ی شیعری كوردی له‌ ڕووی فۆڕم و ناوه‌ڕۆك و جێهێشتنی ئه‌زموونی شیعری كلاسیك ده‌ناسرێت. بێگومان له‌ دوو توێی ئه‌زموونی شیعری كوردیدا، له‌دوای گۆرانه‌وه‌ ئه‌زموونی جیاواز ده‌بینین، به‌ڵام نوێكه‌ره‌وه‌ی شیعری به‌و ئاسته‌ی گۆڕانكاریی له‌ بینای هونه‌ری ده‌قی شیعریی بهێنابێته‌ ئاراوه‌، به‌ بڕوای من وه‌ك خوێنه‌رێك كه‌ ساڵانێكی زۆره‌ شیعر ده‌خوێنمه‌وه‌، بوونی نییه‌. هه‌رچه‌نده‌ له‌ سه‌ره‌تای هه‌فتاكان، گرووپی ڕوانگه‌ و شاعیرانی كفری، هه‌وڵی نوێكردنه‌وه‌یه‌كی شیعری و ئه‌زموونێكی جیاواز ده‌ده‌ن، به‌ڵام دواجار ئه‌زموونی ئه‌وانیش، ده‌بێته‌ به‌ شێك له‌ گوتاری شیعری ئه‌و قۆناغه‌، كه‌ قۆناغێكی سیاسی و شۆڕشگێرییه‌ و شیعر ده‌بێته‌ چه‌كێكی دیكه‌ی خه‌بات و تێكۆشان.بۆیه‌ كاتێ دیمانه‌كه‌ی(بورهان به‌رزنجی)م له‌ ژماره‌(169و172)ی گۆڤاری خازر خوێنده‌وه‌، كه‌ باس له‌وه‌ ده‌كات، فۆڕمێكی نوێ و زمانێكی نوێی هێناوه‌ته‌ نێو ئه‌زموونی شیعری كوردی، وه‌ك خوێنه‌رێكی شیعر به‌ پێویستمزانی هه‌ڵوه‌سته‌یه‌ك له‌ ئاست ئه‌و بۆچوونه‌ بكه‌م و ده‌ریبخه‌ین، كه‌ كامه‌یه‌ ئه‌و فۆڕم و زمانه‌ نوێیه‌ی ئه‌م شاعیره‌ بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كات؟ له‌ كوێدا زمانێكی جیاوازه‌ و له‌ كوێدا جیاواز ده‌كه‌وێته‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌زموونی شیعری شاعیرانی ئێمه‌ به‌گشتی؟. ئایا جیاواز كه‌وتنه‌وه‌، ته‌نها به‌ دروشمه‌، یان به‌ ئه‌زموون و دنیابینی جیاواز؟.

ئایا به‌رپاكردنی شۆڕشی عیشق وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌م شاعیره‌ ده‌یڵێت، مانای نوێكردنه‌وه‌ی شیعره‌ له‌ ڕووی فۆڕم و ناوه‌ڕۆكه‌وه‌؟.ئه‌م دوو چه‌مكه‌ چ په‌یوه‌ندییان به‌ یه‌كترییه‌وه‌ هه‌یه‌؟. بێگومان هه‌موو نوێكردنه‌وه‌یه‌ك، به‌ مانای تێكشكاندنی كۆنه‌كان و بیناكردنێكی جیاواز له‌ فۆڕم وناوه‌ڕۆكدا. نوێكردنه‌وه‌، به‌رهه‌می بیر كردنه‌وه‌ و ڕوانین و داهێنانێكی تازه‌یه‌، كه‌ دابڕانێك له‌ نێوان خۆی و پێشووتر دێنێته‌ ئاراوه‌. نوێكردنه‌وه‌ی شیعریی، كاركردنه‌ له‌ سه‌ر هه‌موو ئه‌و ڕه‌گه‌زه‌ هونه‌رییانه‌ی بینای شیعر پێكده‌هێنن. ئه‌گه‌ر زمان و دنیابینی شاعیرێك، درێژ كراوه‌ی زمان و دنیابینی شاعیرانی پێش خۆی بوو، نازانم نوێكردنه‌وه‌ی شیعریی له‌ كوێدایه‌؟.له‌ دوای گۆرانی شاعیره‌وه‌، ئه‌زموونی جیاوازی شیعری ده‌بینرێت، به‌ڵام زۆر به‌ ده‌گمه‌ن، زمان و فۆڕمی نوێی شیعری دێنه‌ ئاراوه‌. تاكو ئێستا، هیچ شاعیرێكی كورد، به‌ شاعیره‌ داهێنه‌رو دیاره‌كانی نێو ئه‌زموونی شیعری كوردیش له‌ دوای گۆرانه‌وه‌، بوێری ئه‌وه‌یان نه‌بووه‌وه‌ ئه‌و مافه‌یان به‌ خۆیان نه‌داوه‌، كه‌ بڵێن داهێنه‌ری فۆڕمی نوێ و زمانی نوێین له‌ ئه‌زموونی شیعری كوردیدا. ئیدی نازانم بورهان به‌رزنجی ئه‌و بوێرییه‌ و ڕاشكاوییه‌ بێ بنه‌ما و بێ ئه‌رگۆمێنتانه‌ی له‌ كوێوه‌ هێنا، تا بڵێت داهێنه‌ری فۆڕمێكی نوێ و زمانێكی شیعری نوێیه‌؟!. داهێنانی فۆڕم و زمان له‌ شیعردا، قسه‌ و دروشم نییه‌ ده‌ریببڕین و به‌رزی بكه‌ینه‌وه‌، به‌ڵكو ئه‌زموون و ده‌ق و هێنانه‌ ئارای چه‌ندین خاسیه‌تی هونه‌ری شیعرین، كه‌ پێشتر بوونییان نه‌بێت.

ئه‌زموونی (سه‌باح ڕه‌نجده‌ر) له‌ ڕووی زمان و فۆڕم و ناوه‌ڕۆك و گوتاری شیعریشه‌وه‌، ئه‌زموونێكی نوێ و جیاوازه‌، له‌ ئه‌زموونی شیعری شاعیرانی تر، ته‌نانه‌ت زمانی شیعریشی زمانێكی تایبه‌ته‌. ئه‌م شاعیره‌ نوێ وجیاوازنووسه‌، تا ئێستا وێرای ئه‌و هه‌موو جیاوازكه‌وتنه‌وه‌یه‌ و نووسینی شیعر به‌ فۆڕم و ناوه‌ڕۆكی جودا، نه‌مبیستووه‌ خۆی به‌ داهێنه‌ری فۆڕمی نوێ و زمانی نوێ له‌ شیعری كوردی بزانێت. داهێنه‌ره‌كان، به‌ بێ ده‌نگی ده‌نووسن و داهێنان ده‌كه‌ن. ئه‌گه‌ر داهێنان به‌ قسه‌و دروشم بێت، هه‌مووان ده‌بنه‌ داهێنه‌ر.بۆیه‌ داهێنان، به‌رهه‌می ئه‌زموونێكی دوورو درێژی خوێندنه‌وه‌ و جیاوازكه‌وتنه‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌ی دنیابینی و گوتارو ئه‌زموونی شیعرییه‌. بۆیه‌ نازانم چۆن و له‌ كوێ داهێنه‌ری فۆڕمی شیعری تازه‌یه‌ له‌ ئه‌زموونی شیعری كوردیدا. له‌ كاتێكدا ئه‌زموونه‌ جیاوازه‌كان،له‌ نێو ئه‌زموونی دووباره‌ و باودا، وه‌ك داهێنانێكی نوێ و نوێكه‌ره‌وه‌یه‌كی شیعری ده‌بینرێن و ده‌ناسرێنه‌وه‌. ئه‌مه‌ له‌لایه‌ك، له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ بورهان به‌رزنجی كه‌ لافی ئه‌وه‌ لێ ده‌دات فۆڕمی نوێ و زمانی نوێی له‌ شیعری كوردی داهێناوه‌، به‌ یه‌ك ده‌ ق و به‌ یه‌ك كۆپڵه‌ شیعریش، له‌ گۆڤاره‌كه‌دا، نموونه‌ی ئه‌و نوێكارییه‌ی خۆی نه‌هێناوه‌ته‌وه‌ تاكو هیچ نه‌بێت منی خوێنه‌ر، له‌ په‌راوێزی به‌راوردكردنی ئه‌زموونی ئه‌و به‌ ئه‌زموونی شاعیرانی دیكه‌، ئه‌و جیاوازییه‌ و داهێنانه‌ی ئه‌و به‌ تێگه‌یشتنی خۆی ده‌یڵێت بیزانین. جیاواز كه‌وتنه‌وه‌، ده‌بێ له‌ سه‌ر ئاستی دنیابینی و زمان و فۆڕم و ناوه‌ڕۆك و گوتاری شیعرییه‌وه‌ هه‌ڵبسه‌نگیندرێت و شڕۆڤه‌ بكرێت.

به‌رزنجی، له‌ درێژه‌ی هه‌ردوو به‌شی چاوپێكه‌وتنه‌كه‌یدا، به‌یه‌ك وشه‌ و ده‌ربڕینیش، ئاماژه‌ به‌و فۆڕمه‌ نوێیه‌ نادات و به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ وه‌ڵامه‌كانی دوورو نزیك په‌یوه‌ندییان به‌و پرسیاره‌وه‌ نییه‌ كه‌ كامه‌یه‌ فۆڕمی نوێی شیعر، كه‌ ئه‌و بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كات؟. به‌ڵكو وه‌ڵامه‌كانی له‌ چوارچێوه‌ی هێندێك باس و بابه‌تی دووباره‌ و سواو ده‌خولێنه‌وه‌. كه‌ پێشتر هه‌مووان گوێبیستی ئه‌م جۆره‌ وه‌ڵام و گوزارشتكردنانه‌ بووینه‌. باسكردن له‌ عشق و خۆشه‌ویستی و دنیای ڕۆمانسی، باسێكه‌ كه‌م شاعیری كورد هه‌یه‌ به‌ نه‌وه‌ی ئێستاشه‌وه‌، باسییان نه‌كردبێت.بۆیه‌ ئه‌م چه‌مكانه‌، نه‌ مانای فۆڕمی نوێ و نه‌ مانای زمانی نوێش ده‌گه‌یه‌نن. به‌شێكی زۆر له‌ نووسه‌رانی ئێمه‌، چونكه‌ سه‌رپێی و ڕاگوزه‌ر له‌ نوێگه‌ریه‌تی و نوێكردنه‌وه‌ی شیعر گه‌یشتوون، ئیدی به‌ داخه‌وه‌ هه‌ر به‌و تێگه‌یشتنه‌ سه‌ره‌تاییه‌ی خۆشیانه‌وه‌، بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ فۆڕمی نوێ و زمانی نوێیان هێناوه‌ته‌ نێو ئه‌زموونی شیعری كوردی، به‌ بێ ئه‌وی بوێریی و توانای سه‌لماندنی ئه‌و بۆچوونانه‌ی خۆیان هه‌بێت.
نوێكردنه‌وه‌ی شیعر، به‌ ئه‌زموونی شیعری جیاوازو زمان و فۆڕمی جیاوازه‌، نه‌ك به‌ دروشم و قسه‌ی نێو چاوپێكه‌وتنه‌كان. ده‌بووایه‌ بورهان به‌رزنجی، كه‌ ئه‌و بانگه‌شه‌یه‌ ده‌كات، نموونه‌یه‌كیش له‌ شیعره‌كانی خۆی بێنێته‌وه‌، تاكو خوێنه‌ران به‌راوردی ئه‌زموونی شیعری شاعیرانی دیكه‌ی پێ بكه‌ن و له‌ په‌راوێزیشه‌وه‌، ئه‌و فۆڕمه‌ نوێیه‌ ببینن، تاكو بزانن له‌ كوێدا نوێیه‌ و له‌ كوێدا جیاواز كه‌وتۆته‌وه‌ له‌ گه‌ڵ شاعیرانی تر. هیوادارم نووسه‌رانی ئێمه‌، وردترو به‌رپرسیاریانه‌تر،گوزارشت له‌ چه‌مك و ده‌ربڕینه‌كان بكه‌ن و هه‌روه‌ها وه‌ڵامه‌كانییان لۆژیكی و بڕواهێنه‌ر بێت، كاتێ دیمانه‌یه‌كی ڕۆژنامه‌نووسی ئه‌نجام ده‌ده‌ن.

سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی

• ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ ژماره‌(175)ی گۆڤاری خازر تشرینی یه‌كه‌می 2020بڵاو كراوه‌ته‌وه‌…




ئه‌ركی ورووژاندنی ئه‌فراندنی هونه‌ری كاریكاتێر … هه‌ندرێن خۆشناو

ئه‌م ئه‌ركه‌ له‌وه‌دا كورت ده‌بێته‌وه‌، كه‌ نیگاره‌ كاریكاتێرییه‌كان به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی پێكدێن له‌ چه‌ندین نیگار، كه‌ بابه‌تێك له‌چه‌ندین گۆشه‌نیگاوه چاره‌سه‌رده‌كه‌ن ‌، له‌نێو ئه‌م نیگارانه‌شدا نیگارێك یان زیاتر ده‌ستپێشخه‌ربوون له‌ ورووژاندنی ئه‌م بابه‌ته‌، مه‌سه‌له‌كه‌ش ته‌نیا له‌سه‌ر بابه‌ته‌كه‌ ناوه‌ستێت، به‌ڵكو ئه‌و نیگاره‌ كاریكاتێرییه‌ زۆرانه‌ له‌سه‌ر چه‌ندین شتی تر یه‌كانگیرن، بۆ نمونه‌ شێوازی نیگاركێشان و ئه‌و ئامرازانه‌ی به‌كاردێن له‌ نیگاركێشاندا و كه‌سایه‌تیه‌كان و ئاماژه‌ و سیمبوله‌ به‌كارهاتووه‌كان له‌ كاریكاتێره‌كاندا و چه‌ندین شتی هاوشێوه‌ی تریش، كه‌ كۆمه‌ڵێك نیگاری كاریكاتێریی كۆده‌كه‌نه‌وه‌، بۆ نمونه‌ به‌كارهێنانی(حه‌نزه‌ڵه)ی پاڵه‌وان وه‌كو سیمبولێك له‌لایه‌ن (ناجی ئه‌لعلی) كاریكاتێریسته‌وه‌، وایكرد زۆرێك له‌ هونه‌رمه‌ندانی كاریكاتێریست به‌دوای كه‌سایه‌تیه‌كی هاوشێوه‌ بگه‌ڕێن، بۆ به‌كارهێنانیان وه‌كو سیمبولێك له‌ كاره‌كانیاندا، كاریكاتێره‌كه‌ی پاشا (لویس فیلیپ)ی هونه‌رمه‌ند (هێنری دۆمیێ) كه‌ له‌سه‌ر شێوه‌ی هه‌رمێ كێشابووی، هانی زۆرێك له‌ هونه‌رمه‌ندانی دا كه‌ هه‌مان بیرۆكه‌ له‌خۆبگرن، و ئه‌و كاریكاتێرانه‌ی كه‌ وێنای پاشایان ده‌كرد
له‌سه‌ر شێوه‌ی هه‌رمێ رۆژ به‌رۆژ له‌ زیادبووندابوون، تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ی كه‌ بووه‌ هۆی ڕق و تووڕه‌بوونی پاشا، هه‌روه‌ها به‌خشینی ئێسكه‌ كه‌لله‌ی ئاژه‌ڵێكی دیاركراو بۆ مرۆڤێك، كه‌ له‌ ده‌ستپێشخه‌ری هێنرێ دۆمیێ بوو، كه‌ كه‌لله‌ی سه‌ری هه‌ندێك له‌ ناوداره‌كانی كرده‌ ئێسكه‌ كه‌لله‌ی مه‌یمون، ئه‌م نمونانه‌ش ئاشكران له‌ مێژوودا، چونكه‌ یان خاوه‌نی جێكاری دیارن وه‌كو حاڵه‌تی (هه‌رمێ)یه‌كه‌، یان له‌ قۆناغه‌ سه‌ره‌تاكانی پێشكه‌وتنی كاریكاتێرن، وه‌كو حاڵه‌تی ئێسكه‌ كه‌لله‌ی مه‌یمونه‌كه‌، یان چه‌ند هۆیه‌كی تر، ئه‌و بابه‌تانه‌ش كه‌ ناتوانرێت خاوه‌نه‌ ده‌ستپێشخه‌ره‌كانیان دیاریبكرێن نایه‌نه‌ژماردن.
ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر بابه‌تێك به‌ شێوه‌یه‌كی زۆر به‌كاربێت، ئه‌وا هونه‌رمه‌ندی كاریكاتێریست كاتی دیتنی بابه‌تی كاریكاتێرێك، ئه‌وا به‌ شێوه‌یه‌كی خۆڕسكانه‌ به‌دوای ئه‌گه‌ره‌كانی تری بابه‌ته‌كه‌دا ده‌گه‌ڕێت، زۆرجاریش له‌ هه‌مان بابه‌ت به‌ بابه‌تێكی دیكه‌ ده‌رده‌چێت، هه‌تا كاتێك كاریكاتێریست به‌رهه‌مێكی خۆی ده‌بینێت، بابه‌ته‌كه‌ پێشده‌خات و هه‌ڵگێڕ و وه‌رگێڕی ده‌كات، و هه‌وڵ ده‌دات تیشك بخاته‌ سه‌ر هه‌موو گۆشه‌كانی بابه‌ته‌كه‌، بۆیه‌ كاتێك كه‌ كاریكاتێرێك ده‌كێشێت، نیازی ئه‌وه‌ی نیه‌ كه‌ كاریكاتێرێكی دیكه‌ له‌سه‌ر هه‌مان بابه‌ت بكێشێت، ده‌بینیت بێ ئه‌وه‌ی هه‌ستی پێبكات چه‌ندین هێڵ ده‌خاته‌ سه‌ر كاغه‌زه‌كه‌، ئه‌نجام چه‌ندین كاریكاتێر دێنه‌ به‌رهه‌م، كه‌ زۆرجار كاریكاتێری یه‌كه‌میان باشترینیان نیه‌.
به‌ مانایه‌كی تر ئه‌ركی ورووژاندنی ئه‌فراندن، ده‌توانرێت به‌ ئه‌ركی سروشكاریی ناوبنرێت، كاتێك كه‌ كاریكاتێرێك سروش به‌ كاریكاتێریست ده‌به‌خشێت بۆ به‌رهه‌مهێنانی كاریكاتێرێكی دیكه‌، ئه‌و كاریكاتێره‌ نوێیه‌ش سروش ده‌به‌خشێت بۆ كاریكاتێرێكی دیكه‌ و هتد. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌مه‌ شتێكی باوه‌، و له‌سه‌ر زۆربه‌ی كاریكاتێره‌كان جێبه‌جێ ده‌بێت، به‌ڵام ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ناگه‌یه‌نێت كه‌ هه‌موو كاریكاتێرێك كرداری سروش به‌خشین ده‌كات، یان هه‌موو كاریكاتێره‌كان له‌ كاریكاتێری تره‌وه‌ وه‌رگیراون.




پێویسته‌ ناوبانگی هه‌رێم‌ بپارێزین …ڕه‌سوڵ بۆسكێنی

ناوبانگ په‌یداكردن هه‌ستێكی چێژبه‌خشه‌، له‌سه‌ر ئاستی تاكه‌كه‌س و حزب و هه‌رێم و ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر ئاستی ده‌وڵه‌تیش بایه‌خێكی تایبه‌تی هه‌یه‌، دره‌وشانه‌وه‌ی ناوبانگ له‌لایه‌ن كه‌سانی ده‌وروبه‌ر و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان دۆخێكی گرنگ و پڕ بایه‌خ و هه‌ستێكی چێژ به‌خشه‌ و هه‌موو كه‌س ناتوانێ پێی بگات، دیاره‌ ناوبانگی خراپ كه‌س حه‌سوودی پێ نابا و ئاواتی بۆ ناخوازێت، لە وڵاتە پێشكەوتووەكانی دنیادا بە دەستهێنانی ناوبانگ، بە هیچ شێوەیەك ئاسان نیە، كەسانی نائاسایی و، بێتوانا و بێ بەهرە، ڕێگەیان پێنادرێـت لە ڕێگەی میدیاوە دەربكەون و بەناوبانگ بكرێن. هاوكات كەسایەتیەك تەواو لێهاتوو نەبێت لە بوارەكەی خۆیدا، قبووڵكردنی ئەستەمە.
گەیشتن به‌ ناوبانگ یەكێكە لەو هەنگاوانەی كەم كەس هەیە ئارەزووی نەكات و هەوڵی بۆ نەدابێت، به‌ڵام په‌یداكردنی ناوبانگ هه‌وڵ و ماندووبوونی ده‌وێت، بۆ گه‌شتن بە هیوا و ئاواتەكان ده‌بێ ئه‌م خاڵانه‌ له‌به‌رچاوبگیرێن:

1- هەوڵدان و به‌رده‌وامی لەسەر ئەنجامدانی ئەو كارەی مەبەستتە وادەكات زووتر بگەیت به‌هیواكانت.
2- تێگەیشتن لە مەرامەكانی كەسانی دەوروبەر وا دەكات بۆ ئه‌وه‌ی بگەیت بە ئامانجەكه‌ت تێبگەیت، كه‌ پێویستە یارمەتی كێ بدەیت و سوود لەیارمەتی كێ وەربگریت و لەكێ دووربكەویتەوە.
3- پێویسته‌ به‌وردی مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ بارودۆخه‌كاندا بكرێت و بزانرێت لەكوێدا بڵێیت بەڵێ و لەكوێدا بڵێیت نەخێر، بۆ ئەوەی لەلایەنی به‌رامبه‌ر قۆرخ نەكرێیت و دەنگی خۆتت هەبێت.
4- قبوڵی ڕه‌خنه‌ له‌خۆگرتن بكەیت، كاتێك هەڵە دەكەیت سزا وەربگریت و ئەگەر هەڵەیەك بەرامبەرت كرا، پێویست بوو سزای كەسی بەرامبەر بدەیت .
5- ئاگاداری و خۆگونجاندن به‌پێی ئه‌و بارودۆخه‌ی كه‌ تێیدایت، له‌گه‌ڵ لایه‌نی بەرامبەر تا به‌هۆی هه‌ڵوێست و بیركردنه‌وه‌كانت لێت بێزارنەبێت، هیچ كات سنور مەبەزێنە بۆ ئەوەی بتوانیت ئه‌وه‌ی مه‌به‌سته‌ پێی بگەیت، ڕێگەش مەدە لایه‌نی بەرامبەر لەكاتی ڕەفتاركردنی سنوری تۆ ببەزێنێت.

هه‌موو ئه‌و خاڵانه‌ی له‌سه‌ره‌وه‌ باسكران بۆ په‌یداكردن یا له‌ده‌ستدانی ناوبانگ، وه‌ك بۆ تاكه‌كه‌س پێویستن، به‌هه‌مان شێوه‌ بۆ هه‌رێم و ده‌وڵه‌تیش پێویستن، له‌م ڕوانگه‌یه‌وه‌ ده‌مه‌وێت بارودۆخی هه‌رێمی كوردستان له‌به‌رچاوبگرین، بۆ په‌یداكردن و پاراستنی ناوبانگی هه‌رێمی كوردستان.
بێگومان به‌درێژایی مێژوو سه‌ره‌ڕای ململانێ و كێشه‌ ناوخۆییه‌كانی كورد، ‌هه‌میشه‌ زیانی زۆری به‌ركه‌وتووه‌ و كێشه‌ و ململانێكانی ناوخۆی بۆته‌ هۆی ئه‌وه‌ی له‌ڕووی سیاسیه‌وه‌ دوژمنه‌كانی به‌سه‌ریدا زاڵ و سه‌ركه‌وتوبن، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش وه‌ك نه‌ته‌وه‌یه‌كی ئازا و قاره‌مان و میواندۆست ناسراوه‌، به‌ڵام دوژمنه‌كانی هه‌میشه‌ هه‌وڵیان داوه‌ كورد وه‌ك نه‌ته‌وه‌یه‌كی دڕنده‌ و تاڵانچی و دواكه‌وتوو دوور له‌شارستانیه‌ت پیشان بده‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی ناوبانگی كورد له‌كه‌دار بكه‌ن، درێغیان نه‌كردووه‌ له‌ چه‌وسانه‌وه‌ و زوڵم و زۆرداری و سه‌ركوتكردن و ڕاگواستن و كۆمه‌ڵكوژی كورد و نه‌یانهێشتووه‌ هه‌رگیز به‌مافی ڕه‌وای خۆی بگات، له‌په‌نا ئه‌وه‌شدا پاره‌ و به‌رتیل و ده‌م چه‌وركردن، خراوه‌ته‌ به‌رده‌م كه‌سه‌ لاواز و بێ ئیراده‌كان، تا هه‌م بیانخه‌نه‌ سنووری خیانه‌ت به‌رامبه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌كه‌یان و هه‌م‌ بڵێن ئه‌وه‌یه‌ ماهیه‌تی كورد، زوڵم چه‌وساندنه‌وه‌ی كورد له‌م به‌شه‌ی كوردستان‌ له‌سه‌ر ده‌ستی ڕژێمی به‌عسی عیراق گه‌یشته‌ لوتكه‌ له‌ كیمیاباران و ئه‌نفال و كۆمه‌ڵكوژی و وێرانكردنی كوردستان، كه‌ دواتر ئه‌نجامه‌كه‌ی به‌ كۆڕه‌وێكی گه‌وره‌ گه‌یشت، هه‌موو ئه‌مانه‌ و كۆڕه‌وی دوای ڕاپه‌ڕێنی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان سه‌رنجی دنیای به‌لای خۆیدا ڕاكێشا، به‌هۆی دیمه‌نه‌ هه‌ست ته‌زێنه‌كانی كۆڕه‌وه‌كه‌ زوڵم و چه‌وسانه‌وه‌ی سه‌رنه‌ته‌وه‌ی كورد له‌ دنیا ده‌نگی دایه‌وه‌ و ناوبانگی به‌دبه‌ختی كورد و دڕنده‌یی دوژمنه‌كانی گه‌یشته‌ گوێی لایه‌نه‌ بڕیاربه‌ده‌سته‌كانی دنیا، ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان و كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی هاتنه‌ ده‌نگ و بۆ به‌ته‌نگه‌وه‌ هاتنی كورد سه‌ره‌تا هاوكاری و پێویستیه‌ مرۆییه‌كان و هۆكاری ژیانیان به‌كه‌موكوڕیش بێت گه‌یانده‌ ئاواره‌ كورده‌كان، دواتریش ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان بڕیاری نه‌وت به‌خۆراك به‌سه‌ر عیراق سه‌پێنرا بۆئه‌وه‌ی فریای به‌شێك له‌نه‌هامه‌تیه‌كانی كورد بكه‌ون، به‌مه‌ش باشووری كوردستان كه‌وته‌ بارودۆخێكی تایبه‌تیه‌وه‌ و چیدی كورد وه‌ك جاران به‌ته‌نیا له‌ گۆڕه‌پانه‌كه‌ نه‌بوو، هه‌ر به‌وه‌ش نه‌وه‌ستان بۆ به‌رگرتن له‌ شاڵاوی به‌عس بڕیار درا ڕێگا بگیرێت له‌ئاسمان و زه‌وی هێرش و په‌لاماره‌كانی به‌عس بۆ سه‌ركورد و وێرانكردنی كوردستان، كورد به‌مه‌ له‌ناوه‌نده‌ جیهانیه‌كان ناوبانگێكی باشی په‌یدا كرد و هه‌ناسه‌یه‌كی ئاسووده‌یی دا و خۆی ئاماده‌كرد بۆ داهاتوو.
دوای پێكهێنانی په‌رله‌مان و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ناوبنگێكی باش بۆ كورد په‌یدابوو، كوردستان بووه‌ جێگای سه‌رنجی ناوه‌نده‌‌كانی جیهان و له‌ هه‌موو بواره‌كانه‌وه‌ ڕووی له‌ گه‌شه‌ و ئاوه‌دان كردنه‌وه‌ كرد، دوای له‌ناوبردنی ڕژێمی سه‌دامیش له‌لایه‌ن ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی پشتیوانی كرا، ئیتر ڕێكخراوه‌ مرۆڤدۆسته‌كان و په‌یامنێر و ڕۆژنامه‌نووسان له‌ وڵاتانی جیهان ڕوویان كرده‌ هه‌رێم و ڕۆژانه‌ هه‌واڵ و ده‌نگوباسه‌كانی كوردستانیان ده‌گه‌یانده‌ وڵاته‌كانیان، ئه‌مه‌ش لایه‌نێكی گرنگ بوو بۆ ئاگاداری جیهان له‌ ده‌نگوباسی كوردستان، له‌م ڕووه‌وه‌ كوردستان ناوبانگی ڕۆژبه‌ڕۆژ له‌ هه‌ڵكشاندابوو، زۆرجار له‌ ته‌له‌فزیۆنی وڵاتانی تره‌وه‌ باسی گه‌شه‌ی ئابووری و سیاسی و په‌روه‌رده‌یی كورد بڵاو ده‌كرایه‌وه‌.
كوردستان بووه‌ جێگای چاوتێبڕینی كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی و وه‌ك پێشبركێیه‌ك وا بوو له‌ هاتنی وه‌فد و لیژنه‌ی وڵاتان، له‌یاد كردنه‌وه‌ی شه‌هیده‌كانمان له‌سه‌ر گۆڕی شه‌هیدان و له‌سه‌ر مۆنۆمێنتی گه‌وره‌ترین قوربانی نه‌ته‌وه‌كه‌مان له‌هه‌ڵه‌بجه‌ و گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌كان سه‌دان دیپلۆماتكاری وڵاتان و نوێنه‌ر و وه‌زیر و كاربه‌ده‌ستانیان له‌گه‌ڵ ئێمه‌ ئاماده‌بوون، بۆ ده‌ربڕینی نیگه‌رانی و ماته‌مینی و هاوخه‌می خۆیان، عمرو موسا سه‌رۆكی كۆمكاری وڵاتانی عه‌ره‌بی و ته‌نانه‌ت كۆڵن پاوڵ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ‌مریكا، گه‌وره‌ترین وڵاتی بڕیاربه‌ده‌ستی دنیا، له‌یادكردنه‌وه‌ی شه‌هیده‌كانمان له‌ته‌ك ئێمه‌دا ئاماده‌بوون و وتاریان خوێنده‌وه‌ و هاوخه‌می خۆیان ده‌بڕی.
ئه‌گه‌رچی كورد خۆی نه‌یتوانی وه‌ك پێویست مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م بارودۆخ و سه‌رده‌مه‌ زێڕینه‌ی خۆیدا بكات، له‌به‌ر ناهوشیاری و نه‌زانی خۆی تووشی كاره‌ساتی شه‌ڕی ناوخۆیان كرد و كاریگه‌ریه‌ خراپه‌كانی تائێستاش درێژه‌ی هه‌یه‌، ئه‌مه‌ش بووه‌ هۆی زڕاندنی ناوبانگی كورد له‌ده‌ره‌وه‌.
شه‌ڕی ناوخۆ كاره‌ساتێك بوو وه‌ك مۆرانه‌ چووه‌ گیانی ناوبانگی كورده‌وه‌، بووه‌ هۆكاری چه‌ندین ڕووداوی نه‌خوازراو و هێنانی سه‌رسه‌خترین دوژمنی كورد بۆ سه‌ر پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان و داگیركردنی په‌رله‌مانه‌كه‌ی، شه‌ڕی ناوخۆ بووه‌ هۆی تاوانباركردنی یه‌كتر و له‌و ڕوانگه‌یه‌شه‌وه‌، سه‌ری كێشا بۆ ئازاردان و بیانوگرتن به‌ خه‌ڵك و لایه‌نگرانی یه‌كتر و پێشێلكردنی مافی مرۆڤ و نه‌پاراستنی ئازادی تاكه‌كه‌س و مافی ڕۆژنامه‌نوسان و ده‌ربه‌ده‌ری خه‌ڵك و پێشێلكردنی مافی ژن و منداڵ و پیرو په‌ككه‌وته‌كان، له‌لایه‌كی تر ڕێگا ته‌خت بوو بۆ ئه‌و هه‌لپه‌رستانه‌ی ده‌مێك بوو خۆیان مه‌ڵاس دابوو، بۆ دزی و تاڵانی و به‌هه‌ده‌ردانی سه‌روه‌ت و سامانی ئه‌م وڵاته‌، هه‌موو ئه‌مانه‌ به‌به‌رچاوی وڵاتانه‌وه‌ ده‌كرا‌، ڕێكخراوه‌كانی مافی مرۆڤ و هاوشێوه‌كانی نیگه‌رانی خۆیان له‌بارودۆخه‌كه‌ ده‌ربڕی، كاتێك چه‌ندین جار ڕێكخراوی (میدڵ ئێست وۆچ) ڕه‌خنه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌گرت له‌سه‌رپێشێل كردنی مافی مرۆڤ و زیندانی كردنی ڕۆژنامه‌نووس و خه‌ڵكانی تر، كاربه‌ده‌ستانی هه‌رێم له‌جیاتی چاره‌سه‌ری ئه‌و كێشانه‌ به‌وه‌ڵامێكی لاواز و باوه‌ڕنه‌هێنه‌ر حاشایان ده‌كرد، گوایه‌ ‌شتی وا ڕووی نه‌داوه‌ و له‌م هه‌رێمه‌ مافی مرۆڤ پارێزراوه‌، له‌كاتێكدا ڕێكخراوه‌كانی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان و ڕێكخراوی مافی مرۆڤی جیهانی و ڕێكخراوی (میدڵ ئێست وۆچ) به‌ واقیعی خۆیان له‌ناو ڕووداوه‌كاندا بوون و ئه‌و پاساوانه‌ی كاربه‌ده‌ستان له‌ بێ متمانه‌یی زیاتر هیچی تری به‌رهه‌م نه‌ده‌هێنا، ئه‌مه‌ ناوبانگی كوردی ئه‌وه‌نده‌ی تر خراپ كرد، به‌ڵام وڵاتان و ڕێكخراوه‌ مرۆڤدۆسته‌كان و كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی وازیان له‌كورد نه‌هێنا و پشتیان له‌ كورد نه‌كرد، دوای چه‌ندان هه‌ولی به‌رده‌وام كۆتایی به‌شه‌ڕی ناوخۆی كورد هێنرا، بۆئه‌وه‌ی كۆتایی به‌م دۆخه‌ بێزراوه‌ بهێنرێ.
له‌لایه‌كی تر ڕاسته‌ به‌هۆی ناوی قاره‌مانێتی پێشمه‌رگه‌ و ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ داعش و تێكشكانی ئه‌و ڕێكخراوه‌ تیرۆریسته‌ و باوه‌ش كردنه‌وه‌ی هه‌رێم بۆ سه‌دان هه‌زار له‌و ئاوارانه‌ی به‌ده‌ستی داعش ئاواره‌ بوون، به‌بێ جیاوازی و له‌به‌رچاوگرتنی دین و مه‌زهه‌ب و ڕه‌گه‌ز و نه‌ته‌وه‌ سه‌رپه‌رشتی كردن ئه‌مه‌ش پشتگیری بۆ هه‌رێم زیادی كرد، له‌ ڕووی تۆماری مافی مرۆڤ و مافی تاكه‌كه‌سی و پاراستنی سه‌ربه‌ستیی و ئازادی ڕاده‌ربڕین و مافی ئافره‌ت و ڕۆژنامه‌نووسان و هه‌موو ئه‌و بنه‌مایانه‌ی كۆمه‌ڵگای سڤیل له‌سه‌ریان داده‌مه‌زرێت، ئه‌مه‌جگه‌له‌ بژێوی ژیانی هاوڵاتیان و سه‌لامه‌تیان، له‌م ڕووه‌وه‌ ناوبانگی هه‌رێم ده‌بێ له‌به‌رچاو بگیرێ، كه‌ ڕێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كانی وه‌كو ئه‌منیستی ئه‌نته‌رناشناڵ و ڕێكخراوی مافی مرۆڤ هه‌میشه‌ پاڵپشتی میلله‌ته‌كه‌مان بوون له‌ خه‌بات دژی ڕژێمی به‌عس و پاش ڕووخاندنیشی.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا تائێستا داهاتوویه‌كی گه‌ش و پڕشنگدار چاوه‌ڕێی ئه‌م هه‌رێمه‌یه،‌ له‌به‌رئه‌وه‌ پێویسته‌ هه‌وڵی پاراستنی مافی مرۆڤ بدرێ و شه‌ری ناوخۆ بۆ هه‌میشه‌ حه‌رام بكرێ و ئاشتی و ته‌بایی و هاوهه‌ڵوێستی لایه‌نه‌ كوردیه‌كان داكۆكی لێ بكرێ، بۆ ئه‌مه‌ش لەلایەن کاربەدەستانی پەیوەندیداری حکومەت و حزبی هەوڵی چارەسەری ئه‌م بارودۆخه‌ بدەن، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن سه‌رنجی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان و لایه‌نه‌ بڕیار به‌ده‌سته‌كانی دنیا به‌لای خۆماندا ڕابكێشین تازیاتر کێشەی گەلەکەمان بەهێزتر بێت لەسەرئاستی جیهانی و پشتگیری لێ بکرێت و بتوانین ناوبانی هه‌رێم له‌سه‌ر ئاستی ڕێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان و جیهان بپارێزین، كه‌ ئه‌وه‌ ئه‌ركی هه‌ره‌ له‌پێشینه‌ی كاربه‌ده‌ستانی ئه‌م هه‌رێمه‌یه‌، مۆدێلێكی حوكمڕانی باش پێشكه‌ش بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی به‌هۆی ناوبانگی به‌رزی هه‌رێمه‌كه‌مان بتوانین مه‌ترسیه‌كانی دوور بخه‌ینه‌وه‌ و داهاتووی ئه‌م وڵاته‌ مسۆگه‌ر بكه‌ین.




جۆبایـدن لە دۆناڵـد ترامپی بـردەوە .. رەزا شـوان

لە دوای کێبڕکێیەکی سەرسەختی دیموکراتییانە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی تازەی ئەمریکا بۆ ماوەی چـوار ساڵی داهاتوو. کانـدیـدی دیموکراتییەکـان جۆبایـدن، تـوانی زۆربـەی کورسییەکان بەدەستبهێنێت (290) كورسی بەدەستهـێنا، بەرانبەر بە (214) کورسی کە دۆناڵـد ترامپی سەرۆک کۆمـار و کانـدیـدی کۆمارییەکان بەدەستهـێنا.
جۆبایدنی تەمەن (77) ساڵان. بە ورەیەکی بەرز و بە متمانەیەکی زۆرەوە، گەورەترین سەرکەوتنێکی بەدەستهـێنا و بوو بە سەرۆکی (46) ـەمین، لە مـێژووی ئەمریکـادا.
بۆ یەکەمین جاریش لە مێژووی ئەمریکادا، ئافرەتێک بە ناوی (کامالا هاریس) کە بە رەسەن ئەمریکیش نییە، دەبێتە جێگری سەرۆکی ئەمریکا.. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە دیموکراتییەت لە ئەمریکـادا بەرجەستە بـووە، جیاوازی لە لەرەگـەز و رەسەنـدا ناکەن. ئەمڕۆ ترامپ لە داخا کۆشکی سپی بەجێهـێشت و رووی لە یانەی گۆڵف کرد.
جۆبایدن وتی:”شەرفمەندییە کە ئەمریکییەکان بۆ سەرۆکی وڵات منیان هەڵـبژارد”
جـۆبایـدن جەخـتی لەسەر ئەوەش کردەوە و وتی:”دەبـم بە سـەرۆکی هەمـوو ئەمریکییەکان” وتیشی:”ئەو کارەی کە چاوەڕوانی دەکا ئاسـان نییە”
جۆبایدن، بۆ ماوەی هەشت ساڵ، جێگری (باراک ئۆباما) ی سەرۆک کوماری پێشووی ئەمریکا بوو.
بە شـێوەیەکی گشتی جۆبـایـدن لایەنگری کـێشەی کـورد بـوو. خاوەنی پـرۆژەی دابەشکردنی عـێراق بوو بۆ سێ هـەریمی سەربەخـۆ.
جۆبایدن خۆشیشی بە سەروسەکوتی ئەردۆگـانی دیکتاۆری رەگەزپـەرست دا نایەت.
ترامپ سەرۆکێکی هەرزەگۆی زۆربڵێی کەم لەبار و کەمکار بوو، لە سیاسەت دا فشۆڵە و نابەڵەد بوو. سیاسەتی ئەمریکای لە رۆژهەڵاتی ناوەراست دا، تووش شکستی هـێنا.
دۆناڵـد ترامپ لەگەڵ کوردا هەڵوێستی باش نەبـوو. گەلێ قسەی ناشیرینی لە دژی کورد کرد. هەر ئەویش گـڵۆپی سەوزی بۆ سوپای دڕندە و خوێنڕێژی تورکیای رەگەزپەرست هەڵکرد، کە بەشێک لە رۆژئـاوای کوردسـتان داگـیربکات و کۆمەڵکـوژی لە کورد بکەن. بۆیە دەڵێم سەد بەرد لە دوای.
ترامپ لە یەکەمین رۆژی هەڵبژاردندا وتی ئاهەنگێکی گەورە بە بۆنەیسەرکەوتنمانەوە دەگێڕین. بەڵام با ئەو ئاهەنگە گەورەیە بە بۆنەی شکستهێنانییەوە بگێڕێت. پێشتریش وتی گەر جۆبایدن بیباتەوە من ئەمریکا بەجـێدەهــێڵم. زۆر قـسەی هـەلەق و بەلـەقی تریـشی کرد.
پێویسـتە دەسەڵاتـداران باش ئەوە بـزانن، کە دەسەڵات و کورسی تا سـەر بۆ کـەس نییە.. بەڵام کار و کـردەوەی باش تا سەرە.
٧/ نۆڤەمبەر/٢٠٢٠




بۆچی بەسەرۆکی ئەمریکا دەڵێن سەرۆکی جیهان؟ … محمد باپیر

سەرۆکی ئەمریکا زۆرجار پێ ئەڵێن مدیری ئەزەمات،چونکە زۆر جار چارەسەری ئەزەماتی جیهان دەکات،زۆربەی کێشەکان لەجیهان هەتا ئەمریکا نێتە ناوێ چارەسەر نابێت
واتە چارەسەری کێشەکان بەخەیاڵ و پلاو نابێت وەک ئەوەی تڕامپ دەیکرد چونکە دەبێت کارەکان ڕیالیزمی بن.
چونکە ئەمریکا لەمێژودا بەژداری هەرکێشەو ئاریشەیەکی کردبێت ،ئەوا ڕایگرتیەو کاریگەری خۆی هەبوەو زۆربەی جاریش یەکلای کردۆتەوە،
ترامپ لەء4 ساڵی ڕاردوو وای دەزانی سەرۆکی کۆمپانیە نەک سەرۆکی ئەمریکا ،چونکە هەڵس و کەوتەکانە ئەوەندە گەمژانی بوو ئەوا شوانێکیش لە گوندی ئەوشتانەناکات.!!

بەڕای خۆم 20 سێفەت هەبون‌وای لە ترامپ کرد توشی ئەوشکستە‌ مێژوویە بێت وەک:

1=سەرشێتانە معاملە کردنی ڕۆژانە
2=پرس نەکردن بە ڕاوێژکاران و گوێ نەکردن بۆیان
3==درۆکردنی ڕۆژانە
4=غروری و دیکتاتۆری زور بەکەساتی ترامپ دیاربوو
5=ئەتەکێتی سەرۆکاتی نازانی لەکاتی گۆبونەوەکان
6=تێکدانی سەروەری ئەمریکا لە شرق الاوسط
7=تێکدانی پەیوەندی لەگەل پەوروپا
8=لەدەستدانی لایەنکرەکانی ئەمریکا لە جیهان وەک افغان و کورد و عربی
9=زیندو کردنەوەی تعسبی ڕه ش و سپی
10=هەلسو کەوتی زور دکتاتۆرانی بوو
11=کەمی شارەزای لەسیات و بیرکردنەوە تەنها لەپارەو‌کۆمپانیاو دەوڵەمەندی
12=نەرمی نواندن بەرامبەر دیکتاتۆرەکان وەک اردۆغان و چەندانی تر
13=پشت کردن لە کورد لەڕۆژئاوا و لەکەرکوک
14=خەریکی ئەوسیاسەتە بوو، دەی ویست دەست دەکلاوی خۆ بگرە بای نەبا زیاتر ئەی ویست جیشی امریکاسحب بکات لەزۆربەی شوێنەکان.
15= کۆمەلگەی نێو دەولەتی رد فعلی باشیان هەبوو بۆ سەرکەوتنی بایدن چونکە پیان باشتربوولە تڕامپ .
16=ترامپ‌لەزۆربەی اتفاقیەکان پاشەکشەی کرد وەک کۆنگرە ژینگەو ئەتۆمی ئێرانی و ململانێ روسیا
17=تڕامپ بەرامبەرهەندێ وڵات زۆر توند هەندێ وڵاتیش زۆرشل بوو نەی ئەتوانی توازن ڕابکرێت
17=لەرووی ئاراستەی ختابی و بایدن باش تربوو لەترامپ ، چونکە گشتی بوو سەرنجی هەمو چین و توێژی ڕا ئەکێشا بەڵام خیتابی ترامپ زیاتر قەتیس کرابوو لۆ لایەنگرەکانی
18=لەرووی ڕاگەیاندن وکەناڵە تەلەفزیونەکان زیاتر لە بایدن ڕازی بون چونکە تڕامپ بەینی لەگەلیان زۆرخۆش نەبوو
19=تڕەمپ نەی توانی چارەسەری کۆڕۆنا بکات و کەمتەرخەمی پێوە دیاربوو
20= تڕامپ هۆکاری زۆری بێکاری بوو لەجیهان لەو4ساڵەدا.
هەربۆیەش ململانێ تونددروست بوو لە هەڵمەت هەلبژادن بۆ ئەوەی شکست بە تڕامپ بێنن و جۆ بایدن دەربچێت .ئەمەو‌چەندان خالی تر هۆکاری راستەقینە بون بۆ شکستی ترامپ.

محمد باپیر
چاودێری سیاسی




تۆ بەڵێنی ژوانێک بدە … شیعری: ستیڤان شەمزینی

بەڵێنی یەک ژوانم لێت ئەوێ
تاکو لەئێوارەیەکی نارنجیدا
بە دەم رێگایەکی نەبڕاوەوە
مژدەی‌ هەڵاتن بدەین بە گوێی غروبا
دڵی دەریا لە شەپۆلەکاندا بدۆزینەوە
خەونێک لەگەڵ واقیع ئاشت بکەینەوە
ئاڕاستەی بەلەمە جارۆگەدارەکان بگۆڕین
لە رۆحی تاشەبەرد قومێ لە ئاوی ئەشق هەڵهێنجین
نەوڕەسەکان بکەین بە پاسەوانی جێژوان
کۆترەکان نامەی ئەوینمان بگەینە دڵی خودا
تۆ بەڵێنی ژوانێک بدە
تاکو ئەستێرەیەک لە ئاسمانا زیاتر بدرەوشێتەوە
درەختێکی زەردهەڵگەڕاو دەستی لە خەزان بێتەوە
شاخێک چاوێکی شەرمنانە لە شاخێکی تر دابگرێ
لاولاوێک غیرەت بکا یاخی بێ و باخ جێبهێڵێ
هەورێک لە کاتی خۆی پەلە بکا و زووتر ببارێ
ئاسمان چاوی خۆی داخا و خێرا خۆر هەڵبێ
سپێدە بە پەلە خۆی کۆبکاتەوە بەرەو ئێرە بێ
تۆ بەڵێنی ژوانێک بدە
با دەستی وڕێنەکانم بگرم بۆ سەر رووباری شێتی
دەستی شێتییەکانم بگرم بۆ ئۆقیانووسی دڵ
دەستی دڵم بگرم رووەو ئاوی ئاموونی تۆ
با دەستی خەیاڵم بگرم رووەو واقیعی تۆ
دەستی واقیعی تۆ بگرم رووەو چارەنووسی خۆم
دەستی چارەنووسیشم بگرم بۆ تونی بابای دڵی تۆ
با دەستی خۆزگەکانم بگرم بەرەو لای تۆ
دەستی تۆش بگرم بەرەو دڵی کون کونی خۆم
دەستی دڵیشم بگرم بۆ دەریای بێ بنی دڵی تۆ
تۆ بەڵێنی ژوانێک بدە
من حکایەتێک لە ئەوینی تۆ دادەتاشم
سەدای تاکو چین و سەمەرقەند بڕوا
بە لەززەتی ماچێکت ئاشنا ئەکەم
وەک چیرۆکی هەزار شەو و شەوێک کۆتایی نەیێ
لە جەنگەڵی ئەقڵ بۆ هەمیشە رزگارت ئەکەم
ئەبمە چاوساغت بۆ دۆزینەوەی ئیمپراتۆریای دڵ
تۆ بەڵێنی ژوانێک بدە
با من لە دەنگی تۆ ئاوازێکی قەرەجانە دروست بکەم
لە هەناسە نەرمەکانت تەونێک لە شیعری تەڕ بچنم
لە پێکەنینە خەمبارەکەت شارێک لە خامۆشی رۆنێم
بە ئاوی سازگاری چاوەکانت مەزرای رۆحم ئاو بدەم
لە هەنسکی شەوانت دووزلەیەک بۆ خەمباریی بژەنم
لە شادییەکانی رۆژانت جیهانێک لە خەندە بخوڵقێنم
تۆ بەڵێی ژوانێک بدە
با گووڵە قەرسیلەکان لە بەردەمماندا شکۆفە بکەن
رووناکی لەنێوان دڵ و رۆحی شەیدامان بدرەوشێتەوە
رووبارەکان ئاڕاستەی رۆشتنیان بیر بچێتەوە
لولەی تقەنگی سەربازەکان گوڵی سووری تیا بڕوێ
رەشەبای تووڕە ماندووێتی دەرچێ، ساتێ بنوێ
هێمنیش بەیانییەکی بێدەنگ، توند لە ئامێز بگرێ
تۆ بەڵێنی ژوانێک بدە
با دنیای من رەنگی وەنەوشەیی ناخت بگرێ
خەیاڵم وەک ئەسپسوارێ بۆ بەرزایی دڵت سەرکەوێ
ژیانم لە مەراق و بێهودەیی و تێکشکان داشۆرێ
پەپولەی شیعرم لەسەر رەیحانەی دڵت بۆ ئەبەد بنوێ
ئەوسا بە ئارامی و بێ چرپە بڕۆ
بەڵام ئاگات لێ بێ، پەپولەی شیعرم هەڵنەفڕێ
تۆ بەڵێنی ژوانێک بدە و
تەنیا بەڵێنی یەک ژوانم ئەوێ




“گوڵ نیسا” سێ خەڵاتی سەرەکی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی کۆزۆڤۆی بەدەستهێنا

مەنسوور جیهانی ـ فیلمی سینەمایی “گوڵ نیسا” لە دەرهێنانی “سەتار چەمەنی گوڵ”، سێ خەڵاتی سەرەکی باشترین فیلم، باشترین دەرهێنان و باشترین ئەکتەریی لە سێزدەیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی Goddess On The Throne لە وڵاتی کۆزۆڤۆ بەدەستهێنا.

فیلمی سینەمایی “گوڵ نیسا” Golnesa یەکەمین فیلمی بڵندی سینەماکاری کورد “سەتار چەمەنی گوڵ” و لە نووسینی سیناریۆی سینەماکاری کورد “ڤیدا ساڵحی”، بە بەڕێوەبەرایەتی وێنەگرتنی “محەمەد فەکووری” و بە ڕۆڵ بینینی سەعید داخ، عەلی محەمەد ڕادمەنێش، یەگانە رەجەبی، ساقی زینەتی، مەسعوود محەمەدی، ویدا عەموویی، کە تا ئێستا زیاتر لە 30 فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلم لە ئاستی جیهان بەشداریی کردووە و 18 خەڵاتی لە بەشە جۆراوجۆرەکاندا بەدەستهێناوە، لە نوێترین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا لە بەشی پێشبڕکێی سێزدەیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی Goddess On The Throne لە شاری پریستینا لە وڵاتی کۆماری کۆزۆڤۆ نمایشکرا و لە بەشەکەکانی باشترین بەڕێوبەریی وێنەگرتن، باشترین سیناریۆ، باشترین فیلم، باشترین دەرهێنان و باشترین ئەکتەر؛ کاندیدی وەرگرتنی خەڵات بوو کە لە دەرئەنجامدا سێ خەڵاتی سەرەکی باشترین فیلم، باشترین دەرهێنان بۆ “سەتار چەمەنی گوڵ” و هەروەها باشترین ئەکتەریی ئەم فێستیڤاڵە بە شێوەی هاوبەش بە “یەگانە رەجەبی” و “عەلی محەمەد ڕادمەنێش” ئەکتەرانی ئەم بەرهەمە سینەماییە بەخشرا.

ئەم خولەی فێستیڤاڵ، بە نمایشی کۆمەڵێک بەرهەم لە بەشە جۆراوجۆرەکان؛ بە هۆی بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆڕۆنا لە رۆژانی 30ی ئۆکتۆبەر تا 2ی نۆڤەمبەری 2020 بە شێوەی ئۆنلاین لە شاری پریستینا Pristina لە وڵاتی کۆماری کۆزۆڤۆ بەڕێوەچوو.

ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی کورتە فیلم و فیلمی دیکۆمێنتاریی و فیلمە بڵیندەکانی سێزدەیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی Goddess On The Throne بریتی بوون لە: خاتوو “مەریەم زەهیری مێهر” دەرهێنەری ئێرانی دانیشتووی وڵاتی ئەمەریکا، “کۆرای دەمیر” Koray Demir دەرهێنەر لە وڵاتی تورکیا و “کاورۆ کاجیتانی” Kaoru Kajitani دەرهێنەر لە وڵاتی بەریتانیا.

ئەم فێستیڤاڵە کە لە ساڵی 2002 لە لایەن “بێسیم ئاجیتی” Besim Ajeti دامەزراوە؛ لە خولەکانی رابردوودا خانەخێوی دەرهێنەرانی ناوداریی جیهان، لەوانە: “فاتیح ئاکین” Fatih Akin فیلمسازی تورکی دانیشتووی وڵاتی ئەڵمانیا، “میشێل لێکلێرک” Michel Leclerc فیلمسازی فەڕەنسی کە بە فیلمی “ناوی خەڵکی” و بە رۆڵ بینینی “لیوونێل ژۆزبین” Lionel Jospin سەرۆک وەزیری پێشووی فەڕەنسا ناوبانگی نێونەتەوەیی دەرکرد و هەروەها فیلمسازانی دیکەی دنیا کە بە بەرهەمەکانیان لەم رووداوە سینەماییەدا ئامادەبوون.

بێجگە لە بەشە جۆراوجۆرەکانی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی Goddess On The Throne کۆزۆڤۆ، یەکێک لە بەشە گرینگەکانی ئەم رووداوە هونەرییە، نمایشی فیلمەکانی بەشی پێشبڕکێی لە شەمەندەفڕەکانی ناو شارەکانی وڵاتی کۆزۆڤۆیە کە بە مەبەستی پێکهێنان دەرفەت و پەرەپێدانی وێنەگرتن لە کۆزۆڤۆ لە سەرتاسەری جیهان، لە رێگای پەیوەندیی لەگەڵ بەرهەمهێنەرانی فیلم لە وڵاتانی دنیا، بەڕپاکردنی رێوڕەسمی نمایشی فیلمەکان و سازدانی کارگەی فێرکاریی بە رەسەنترین شێوەکان، لە دەرئەنجامی کۆکردنەوەی دەرهێنەران، فیلمسازان و هونەرمەندان بە هاوبەشدانانی بایخەکان و هاندان و پشتیوانی لە کارەکانی دوایی ئەوان بەڕێوەدەچێت.

فیلمی سینەمایی “گوڵ نیسا” لە دوایین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “عەشق” لە وڵاتی ئەمەریکا نمایشکرا و “یەگانە رەجەبی” ئەکتەری سەرەکی ئەم فیلمە توانی خەڵاتی باشترین ئەکتەری ئەم فێستیڤاڵە بەدەستبێنێت.

بۆ زانیاریی زیاتر:
http://festfilmkosova.com

بەڕێوەبەرایه‌تی ڕاگەیاندنی گشتیی فیلمی سینەمایی “گوڵ نیسا”.




نابێ ڕێگابدەین بەڵای شەڕێکی تری حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی یەخەی خەڵکی کوردستان بگرێتەوە!

هەریەک لە پارتی دیموکراتی کوردستان و پارتی کرێکارانی کوردستان(پەکەکە)، بەجیا لەوەی ماوەیەکە هێرشێکی فراوانی میدیایی لەبەرامبەر یەکتردا ڕەخساندووە، لەهەمان کاتدا هێز لە دژی یەک دەجوڵێنن و ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕێکی ناوخۆ خەریکە یەخەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستانی عێراق دەگرێتەوە. ئەم شەڕە بەهەر بەهانەو نەخشەو سیاسەتێک لەهەر لایەنێکیانەوە بێت، شەڕی ناڕەوای نێوان دوو هێزی میلیشیایی و کۆنەپەرستی بزوتنەوەی کوردایەتیە کە چەندین دەیەیە ژیانی کرێکاران و زەحمەتکێشانی کوردستانیان لە ناوگێژاوێکی سیاسیدا کردۆتە تراژیدیاو کارەساتێکی هەمیشەیی.
واقعیەتی بونی حزب و هێزە میلیشیاکانی بزوتنەوەی کوردایەتی بە تایبەتی لەدوای ساڵی ١٩٩١ وەک هێزی دەسەڵاتدار، چەتە ئاسا لە پێناو تاڵانی و قۆرخکردنی سەروەت و سامانی کوردستان هەمیشە خەڵکیان لە ژێر چەتری کێشمەکێش و مەترسی شەڕی نێوان خۆیاندا ژیاندووەو بۆ ساتێکیش هەلی ئارامی و ئاسودەییان نەهێشتۆتەوە، هەمیشە ئەولەویەت بۆیان خزمەتچی و نۆکەری پاراستنی بەرژەوەندیەکانی ووڵاتانی زلهێزی دنیاو ووڵاتانی ناوچەکە بووە، کێشمەکێش و شەڕەکانی نێوان خۆشیان هەر لە چوارچێوەی ئەو نۆکەرایەتیەوە بووە.
دوای نزیک بە سی ساڵ لەدەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی لەسایەی سێبەری نەخشەو سیاسەتەکانی دەوڵەتی ئەمریکاو دەخالەت و کێشمەکێشی ووڵاتانی تری ئیمپریالی و ووڵاتانی ناوچەکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئاڵوگۆرێک لە ناوچەکەدا پێش هاتووەو پێشبینی دەکرێت کە هاوکێشەی سیاسی دەورانێکی تازەتر لە دەخالەت و دەورو نەخشە و کێشمەکێشی لایەنەکانی دەخالەتگەر لە ناوچەکەدا ئایندەو دەورانێکی تر بەخۆیەو بگرێت، کە لەم دەورە تازەیەدا بە جۆرێک خزمەتچێتی و چارەنوسی هێزەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی خستۆتە ژێر پرسیار و ئایندەیەکی ناڕۆشن، کە هەر ئێستا لە قەیرانێکی قوڵی وەهادا قەراریان گرتوە، بەهەر قیمەت لەهەوڵی ڕزگارکردن و پاراستن و مانەوەی هێزەکانیاندان. لەم بارەیەوە جگە لە مانۆڕی سیاسی و ڕێکەوتنی ژێربەژێر و پیلانگێڕی لە یەکترو مل شۆڕی زیاتر بۆ زلهێزەکان و تورکیا و ئێران چارەیەکی تریان نیە، بۆیە فەزای ترسی شەڕی ناوخۆ بانگەشەدەکەن و تەواو نابەرپرسیارێتی خۆیان لە بەرامبەر ژیان و گوزەران و پێداویستیە تەندروستی و خزمەتگوزاریەکاندا بە ئاشکرا ڕادەگەیەنن.
پارتی دیموکراتی کوردستان لەلایەک بۆ دەربازکردنی خۆی و کابینەی حکومەتەکەی لەقەیران و بنبەستێک کەتێیدا چەقیوەو لەلایەکی تریشەوە بۆ سەرکوتی ناڕەزایەتی جەماوەری کرێکاران و زەحمەتکێشان و بردنە دواوەی ڕق و بێزاریان لەبەرامبەر دەسەڵاتدا، هەروەها بۆ وەڵامدانەوە بەمەرامی حکومەتەکەی کازمی و دەوڵەتی تورکیا، لەپێناو وەرگرتنی ئیمتیازاتی پارەو پۆست، کە لەڕێکەوتنی ئەم دواییانەی لەسەر شەنگاڵدا وەک ئامانجێکی گڵاوو سەوز بووە، سیاسەتی داسەپاندنی جەنگێک بەسەر خەڵکی کوردستاندا هەڵبژاردووە، تالەم ڕێگایەوە هەم پەکەکە ناچار بکات بەقەبوڵکردنی مەرجەکانی پارتی، هەم گرێ کوێرەی کێشەکانی لەگەڵ بەغدا بکاتەوە و لەئاکامیشدا وەک هێزێکی باڵادەست جێگاو ڕێگای خۆی جێگیرکات.
ئەم سیاسەتە شەڕخوازیەی پارتی و حزبە دەسەڵاتدارەکانی بۆرژوازی کورد ، لەکاتێکدایە کەخەڵکی کوردستانیان توشی کۆمەڵێک قەیران کردوە، هەر لەنەدانی موچەو نەبونی سەرەتایی ترین خزمەتگوزاریەکان و پێداویستیەکانی ژیان وهەوڵنەدان بۆ پێشەکەش کردنی خزمەتگوزاریەکی تەندروستی گونجاو بۆ توشبوانی ڤایرۆسی کۆرۆنا، جارێکی تر لە پێناو بەرژەوندی هێزەکانیان بە شەڕێکی ناوخۆ کە هەر بۆ خۆیان حەرامیان کردووە دەیانەوێت کارەسات و بەڵای زیاتر بەسەر خەڵکی کوردستاندا بسەپێنن.
ئەوە ئاشکرایە کە ململانێ و کێشمەکێشی نێوان ئەم دوو هێزە میلیشیا کۆنەپەرستەی بزوتنەوەی کوردایەتی، نەک هیچ پەیوەندیەکی بە بەرژەوەندی ژیان و گوزەرانی خەڵکی کوردستانەوە نەبوەو نیە، بەڵكو مایەی کارەسات و نائەمنی و ترس و دڵە ڕاوکێیەو نابێ ڕێگە بەهیچ لایەکیان بدرێت ئەم شەڕە بخولقێنن و مەترسی بۆ سەر ژیانی خەڵکی دروست بکەن. پێویستە تەواوی ئەو هێزە سیاسیانەی لە کوردستاندا هەڵسورانی سیاسی دەکەن پابەندبن بەوەی کە نابێت بە هیچ جۆرێک کێشەی سیاسی نێوانیان بکێشەنە توندوتیژی و شەڕ لەبەرامبەر یەکتردا.
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان لەگەڵ ئەوەدا کەجەخەت دەکاتەوە کە بەبێ کۆتایی هێنان بە دەسەڵاتی ئەم حزبە میلیشیا ناسیۆنالستانە خەڵکی کوردستان نەک هیچ ئاشتی وئارامی و خۆشگوزەرانی بەخۆیەوە نابینێت، بەڵکو هەمیشە لە ناو گێژاوی سیاسی و نائەمنی و شەڕو کارەسات و ئاوارەیدا ژیان بەسەر دەبەن. هاوکات بانگه‌وازی هه‌موو دەستەو کەسایەتی و هەڵسوڕاوانی چەپ و ئازادیخوازو هه‌ر لایه‌نێك دەکات ،که‌خۆی به‌به‌رپرس دەزانێ بەرامبەر بە ژیان و گوزەرانی خەڵکی کوردستان، بێنە مەیدان وچیتر ڕێگا نەدەن ئەم حزبانە یاری بە ژیان وگوزەران و چارەنوسی خەڵکی کوردستانەوە بکەن . حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان جارێکیتر ئەو ڕاستیە دوپات دەکاتەوە کە هاتنە مەیدانی جەماوەری ناڕازی و رێکخراو بە ئاسۆی وەلانانی دەسەڵاتی ئەحزابی بۆرژواناسیۆنالسیتی کورد و دابینکردنی دەسەڵاتدارێتی جەماوەری پێداویستیەکی دەست بەجێ و هەر ئێستایە، بەئاڕاستەی هێنانەکایەی کۆمەڵگایەکی ئارام و یەکسان وخۆشگوزەران.

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
٥/١١/٢٠٢٠




هارمۆنیکای فەنابوون … شیعر/ كاوە عوسمان عومەر

وونبوونت، هارمۆنیکای..
فەنابوونمە، لە کاتێکا خۆر ..
پەلەیەتی لە ئامێزگرتنی..
هەورێکی قورمزی سەرخۆش
لە خوێنی کازیوەدا، بیرچوونی..
خەندەی بەیانیانی ئاورینگێ
لەسەر لێوی شەماڵێ،
پێخەفی خەوت بە هێواشی..لا ئەبا،
دەرزی چاوی سپێدەش، درەوشانەوەی…
گیاکان ئەباتە لای فریشتە ..
دەربازبوەکانی ووشە پەرتبوەکانی شیعرێ،
دەنگی هاتنی پایزە بارانە، زەردبوونی…
شەقام، ئاڵتونبوونی…
ئاسمان، پرتەقاڵێ بوونی ڕوخساری ئەو،،
ئەرخەوانیبونی بەرگی دارستان


چاوی ڕێگا
زەڕەبینی ڵێڵی ژاکانی
خونچەی ئاوی بینینتە
کێ شەپۆلەکانی کۆکردەوە
دوای ڕۆشتنت
من نەبێ؟
کەنارم من،
کە تۆ زەریای پڕ لە هاژەی،،
کێ فرمێسکەکانی
مانگی سەر ڕومەتی نەسڕیەوە
من نەبم؟


بە دوای هێنانەوەی تنۆکە ئەڤینێ
گەڕا، تا سنووری ئەوشنەبایەی
قژی ئەو لەسەر ڕۆخی شەوێ
بوە تۆڕێک ،
ماسیە ڕەنگاوڕەنگەکانی
حەزێکی بیرچووی دیل کرد
هارمۆنیکای فەنابوونمی تۆ، بەڵام..
ئارەزوومە نۆتای سیمفۆنیای بوونت بم
وەک هارمۆنیکای فەنابوونیش، هەردوکمان..
بە خوێنپژانی شیعری یەکترەوە قەشەنگین،


هەرکە کۆڕەوی..
مەلە ئەرخەوانیەکانی تەمەن،
لە بێئاگایماندا تێئەپەڕن،
پێت ووتم..
میوەکانی بەهەشتێکی وێرانە،
تاڵ و تفت و بێ ڕەنگن
قامووسی ووشەكانی خۆشەویستیش..
لەوانەیە پیرەمێردێکی دانای خەمگین
لە کتێبخانەی خەوو ئازار و شەونخونی
بۆ مرۆڤە سەرابیەکانی هەڵگرتبێ،


ئەفسونگەر تۆی،،
هەر ڕۆژێک ئەکەیتە پێکێ شیعری ڕژاو،،
تەرزەی هاتنتە، هانم ئەدا..
پێکێ لە بیرەوەری تۆ هەڵدەم، چیای..
سەرگوزشتەی وونبوونی خەڵکی شارێ..
ئەکەمە شاکارنامەی..
ڕێیەکی دوور بەرەو مەنفا
گەرچی کەسێ نیە ،
لە سەرپردی نێوان..
مەرگ و ژیان،
سنورێ نیە..
نێوان عیشق وناعیشق
جەنگ و ئاشتی
باران ..و
بیابان
تۆ و..ئەوان
من و
ڕۆژ،،
شەو..و
ساڵە بیرچوەکان


لە ڕۆژانی تر ناچێ
ئەمڕۆ، مەستر و بێئاگاتر
لە شکانی گەڵای دارە کۆنەکانی هەیوانی
ماڵێ لە نوور
و
هاڕینی
ئەو کەموڵە شوشانەی
جگە لە ڕەگی بوونی ئێمە
خۆڵی عیشقی نیشتمانیشی تیا بوو

وێنەکە کارێکی هونەری فۆتۆگرافەری هۆڵەندی
(George Becker)
بە سوپاسەوە لە پەیجی فەرمی خۆی وەرگیراوە




شیعر/ منداڵێکی خاوەن پێداویستی…عەلی حەمەڕەشید بەرزنجی

ھەرچەندە من خـاوەنی
پێداویستی تـایبەتم
بەڵام منیش وەک ئێوە
چــــالاک و بلیمەتم

خاوەنی بەھرە و توانام
وەک منداڵی ئاســـایی
ئاســـودە و بەختەوەرم
دەژیم بــــە دڵنیایی

وەک ئێوە ھــــەوڵدەدەم
وەک ئێوەش کۆشش دەکەم
ناخم پڕ لــــــە ھیوایە
تا بــە جوانی پێی بگەم
….
تــــا وەک منداڵانی تر
دەرکەوێ توانا و بەھرەم
پێداویستی تـــایبەتیم
زوو زوو بخـــەنە بەردەم

ئەوســـــا دەزانن منیش
بۆ بەرزی گەل و خـــاکم
چۆن لـــە ئاستی خۆمەوە
مرۆڤێکی چـــــــالاکم
٢٠٠٨/٤/١٥