هێزی دەربڕین لە جەنگی ئازادیدا … جەمال کۆشش

بەبێ ئازادی، هەموو شتێکی تر هیچ نی یە – ماریو فیرگاس لوسیا

چاوێک لە دەوروبەرکەن، کۆماری ئیسلامی ئێران لەریزبەندی ١٧٣ یەمین دایە، بەیەكێک لە سەرکوتکەرترینی” ئازادی دەربرین” لە جیهان دادەنرێت. سەدان هەڵسوڕاوی میدیایی سەر پەڕێنراو ئیعدامکراون، زیندانی و ئەشکەنجەدراون وڕاونراون. تورکیا لە ١٥٧” دایە، ٪٩٤ میدیاکان لە ژێر کۆنترۆلی ئەردۆگاندایە. عێراق” بە حکومەتی هەرێمیشەوە” بەپلەی ١٦٢ ەمین دێت. لە ریزی خراپترین ئەو دەوڵەتانەن کە ئازادی ڕۆژنامەگەری لەلایەن ڕێکخراوەی نێونەتەوەیی پەیامنێرانی بێسنوور، لە نێو ١٨٠ دەولەتدا لە ساڵی ٢٠١٩ بڵاویانکردۆتەوە.
ئازادی ڕۆژنامەگەری فاشسترین ڕژێمی دونیا ناتوانێت کۆنترۆڵی بکات. بەدواداچوونە ڕۆژنامەوانیەکان لەسەر گەندەڵی وقۆرخکردنی کۆمپانیاکان وقاچاخبردنی بارزگانی مافیایانەی نەوت، لەسەر پەیوەندی داعش وبە حزبەکانی نێو دەسەڵات و بازرگانیکردنیان لەگەڵ بەرپرسان، لەسەر لەشفرۆشی، هەژاری و بێکاری، بندیوارو موچەی خانەنشینی و چەند موچەیی، تووڕەیی وهەڵسانی جەماوەروسوتاندنی بارەگاکان ، بڵاوکردنەوەیان لە دەزگاکان و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا دەیانیان لەسەری کوژران، سەدان لە زیندانەکانن. ئازادی ڕۆژنامەگەری، دایکی هەموو ئازادییەکانەو یەکێک لەهەرە گرنگترین مافەکانی مروڤە، جەوهەری وبنچینیەیی یە بۆ ئەوەی کۆمەڵگا لە دەوڵەتی دیکتاتۆری بپارێزێت. ئازادی رۆژنامەگەری و ئازادی دەربڕین ناتوانن لێکیانبکەینەوە. هیچ ئازادییەک نیە ، کە ئازادی دەربڕین نەبوو.
سەردەمی دەرنەبڕین
ڕێبوار کەریم وەلی، ئیکس وتارنوسی سیاسی دەزگای ڕاگەیاندنی ڕووداو، وتارێکی بەناوی( ئازادی لەسەردەمی دەرنەبرین دا) بڵاوکردەوە، دوا دێر دەنوسێت: ( ئازادی لە سەردەمی دەرنەبرین دا درۆیەکی شاخدارە/پریس میدیا).
نزیکەی ٥٠٠٠ هەزار کەس لە ٨٥٠ دەزگای ڕاگەیاندندا لە کوردستاندا کاردەکەن هەن، وەک لە ڕاپۆرتی نیشتمانیانەی ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێسنوریشدا هاتووە ” زۆرە بەڵام زۆر بەکەمی بواری میدیای ئازاد هەیە”. ئەم ژمارەیە هەمە ڕەنگ ودەنگی میدیایی نین. ترسی دەسەڵات وکۆنەپەرستانە لە میدیای جددی و بۆ شاردنەوەی خودی ئەو ترسە یە وکۆنترۆڵکردنی دەربڕینە. نابودکردنی دەربڕینە بەناوی دەربڕینەوە.
مەترسیدارتر لە گەندەڵی
پێش دەرچوونی هەر یاسایەک بۆ چاپەمەنی و ڕۆژنامەگەی، هاوشانی دەرچوونی یاساکانیش (١٩٩٣، ٢٠٠١، ٢٠٠٤، ٢٠٠٧، ٢٠١٣ ..) تیرۆر وکوشتن و ڕاودونان وشوێنبزرکردن و فەلاقەو دارکاری هەرهەبووە. کێ فەرهاد فەرەج، سۆرانی مامە حەمە، سەردەشت عوسمان، کاوە گەرمیانی، ویداد حسێن و …تیرۆر کرد، کێ هەوڵی لەنێوبردنی هاوژین ئەمین و سەروەر پێنجوینی و مەریوان هەلبجەیی و دەیانی تر یدا، نامەی هەڕەشە بۆ چەند ڕۆژنامەنوسی ئازاد ” بەشدار عوسمان وفەرمان خێلانی و نیاز عەبدوڵاو کەمال چۆمانی …” نەنارد، کام ڕۆژنامەنوسی ئازادیخواز ماوە پڕ شەق وتیهەڵدانتان نەکردبێت ولەسەر کۆمینتێک “دڵشاد هیمو وهەرێم جاف وزریان محەمەد وئاودێر عومەروهیمن مامەندو شیروان شێروانی و ئەحمەد زاخۆیی گۆهدار بەروشکی. لە زینداندا توندتان نەکردبێت…دەیانتان ڕاکێشاوەتە بەردەم دادگا بەبیانووی ” زڕاندنی نێو بانگی سەرۆک- بەهرۆز جەعفەر..”.
هەرگیزدەسەڵاتداران وبکوژانی رۆژنامەنوسان لە لێپێچینەوەیی دادگایی و سزادانیان لەبەرامبەر ئەو هەموو تاوانە” لەتیرۆر، ڕفاندن و زیندانی وتێهەڵدان ..” نەترساون. بەدرێژایی ٣٠ ساڵی حوکمڕانیان یەک کەس لە تاوانبارانی پلە یەک، لەگوڵ کاڵتریان پێنەوتراوە. بەڵام هەر شکایەتێکی دەسەڵاتداران لە رۆژنامەنوسان یەکسەرە بە زیندانی وغەرامەی گەورەو داخستنی دەزگاکە کۆتاییان دەهات.
چاوڵیکردنی مۆدیلی تورکی لە یاساکانی رۆژنامەگەریدا، پەیڕەوکردنی هەرە خراپترینەکانە .(یاساکانی خراپ بەکارهێنانی میدیا ئەلکترۆنیەکان، یاسای پارێزگاری لە پیرۆزییەکانی ئاڵاو سمبولە نەتەوەییەکان، ئاسایشی نەتەوەیی). لەتەواوی دونیادا هێندەی تورکیا رۆژنامەنوسی زیندانیکراوی نیە(لانی کەم ١١٤)، شکات لێکراوی نیە(١٥٠٠)، بێکارکراوی نیە( ١١ هەزار). تەوەرەکانی” کورد،ئیمان، کۆمۆنیزم ، کۆڤید، نهێنی ئابوری ” وەک پشتیوانی لە تیرۆر بەهانەیان بۆ داتاشیون ولەیاسادا جێگیر کراون. پارتی بە خێرایی بەم ئاراستەیەدا ملدەنێت. کاوە محمەد لەم کابوسە ئاگادارماندەکاتەوە(ئەو ڕەشبگیرییە ی ئیستا زۆر لە گەندەڵی مەترسیدار ترە -سایتی شار پریس ) .
تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ئازادی دەربڕین
بەخاترجەمیەوە، تۆڕی ویکیلیکس” جولیان ئەسەنج وهاوڕێکانی” ، بەئاشکراکردنی تاوانە جەنگییەکانی ئەمەریکا لە عێراق و ئەفغانستان، گەورەترین ئاڵوگۆڕی مێژووییان لە دەربڕین دا خوڵقاند. ئەوان بۆ گەیاندنی زانیارییە گرنگەکان بە ئاگایی گشتی” ڕۆحی کاری میدیا” یی، ژیانی خۆیان خستە بەردەم جەبەرووتی گەورەترین هێز، دەربەدەر بوون، بێخانە ولانەبوون وبەمانگ و ساڵ لە ترانزیت و قونسلییەکان گیریان خوارد، تا حوکمی ١٥٧ ساڵیان بە غیابی بۆ دەرچوو. لەبەرامبەردا تاوانەکانی ئەمەریکا لە ئاستیکی گەورەی نێو نەتەوەیدا ڕیسواکرا، ئەفسەرە جەللادەکان دادگایی کران، بوون بەسەرچاوە بۆ ملێۆنان کتێب ولێکڵینەوەو دەرگای بەڕووی هەموو ڕۆژنامە جیهانیە گرنگەکان کردەوە.” گاردیان، واسنتون پۆست، لئبس، لۆمۆند..”
سەدا ٧٠ تا ٨٠ ی بینەران وبیسەرانی زۆربەی کەناڵەکانی ڕاگەیاندن، لەڕێگای دیجیتالیەوەیە. گروپە ناڕازییەکان ” بەتایبەت لاوان” بەهۆی هەرزانی و خێرایی میدیای ئەلکترۆنی ونەناسینی کەسایەتیانەوە ، ئەم کاناڵانە بەتایبەت فەیس بوک بەکاردەهێنن. لەم ماوانەدا سەران و کاریزما وپێشەواکانی شۆڕشی کورد، لە میدیای دجیتالی و بەتایبەت فەیس بووک، حەشریان پێدەکرێت. چەندین پێشمەرگەی دێرین، مێژوی خۆیان بەرابەرەکانیان شەرمەزار کرد، نەبەردانە داوای لێبوردنیان لە خەڵک کرد. کەڵکەڵەی ئەم پرۆژە یاسایەی فراکسیۆنی پارتی ” پاراستنی ئاڵاو ڕابەرەکان وپێشمەرگە” دەمکوتکردنی ئازادی دەربرین وهەمان سیناریۆی تورکیایە لە کوردستان بەناوی ” بێڕێزی بە سمبولەکان..”.
چۆن ئازادییەکان بە گشتی و دەربرین بەتایبەت بپارێزین؟
ئۆپۆزسێۆنی فەرمی ئیسلامی کە خۆیانیش قوربانی ملهوڕی دەسەڵاتن و لێیان تیرۆرکراوە ، ئێستاش هەندێکیان لە زینداندان، خۆیان هاوبەش وخوڵقێنەری هەمان سیستەمی پێرۆزییەکانن.( لە تیرۆری عەبدولخالق مەعروف وسەلاح هەوارمی وفەرهاد فەرەج وشاپورو قابیل ..وسوتاندنی کتێبخانەکان و و بە قەدەخەکردنی شانۆو ڕاوەدونانی نوسەران وفەتوا لەدژی سەرجەم ئازادییە سەرەتاییەکانی ئینسان…) تا دەگات چوونە پشت ئەردۆگانی فاشیست لە کێشەی ئەم دواییەی تورکیا/فەرەنسادا.
هەروەها بەشێک لە توێژی رۆشنبیران ورۆژنامەنوسان وهەندێک توێژی چەوساوەکان پێیانوایە بە کاری پەرلەمانی دەتوانن ڕێگری لە تێنەپەڕاندنی یاسا کۆنەپەرستەکان بگرن، بزوتنەوەی گۆڕان و نەوەی نوێ یش ئەم کوێرە ڕێیە دەکەنە دەستکەوتی ئۆتۆبان و بە میدیا زەبەلاحەکانیان بیروڕای گشتی دەشێوێنن.
” نەخۆشی شۆ” ، نەخۆشیەکی زگماکی چەپی دابڕاو لە کێشە چینایەتیەکانی کۆمەڵگای کوردستانە. تەواوی هەڵسوڕانی کەمپینی وهستریکی وخۆنوندانێکی بێ بەرنامەو بێستراتیژە، لە ڕاستیدا پەلەقاژەیە بۆ دەنگدانەوەی ” هێشتا نەمردوم”. فەتوای داعشیانەی مەلایەک، کەمپینی ئازادکرنی ڕۆژنامەنوسێک، گؤرانیبێژێک، دەیانباتە پەڕی ئاسمان .ئەم ڕەواڵە لە پراتیک و ئەم شێوازە بۆ خەباتی ئاڵوگۆڕی واقعی لەژیان، بۆئازادییەکان، بۆمافەکان بێمتمانییەکی هەتاهەتایی بە چەپ لە نیو جەماوەردا جێگیرکردووە.
بۆ ئەوەی دەربڕین ببێتە هێز، پێویستە لە ڕەگەی دەربرین دا هیزهەبێت، وەک چۆن مارکس بۆتیۆردەڕوانێت، دەربڕین دەبێت ئەم تواناییە پراتیکیەی هەبێت و ئەویش لەناو دڵی دەربریندایە. سەردەشت عوسمان ، “ووتەنی هەمیشە شتێکت بۆ ووتن هەبێت کە ئەوانی دی/ دەسەڵاتداران” نایانەوێت ببیستن. بوونی ڕێکخراوەی سیاسی کۆمۆنستی کە ئامانجی دابینکردنی ئەوپەڕی ئازادی سیاسیەو سەنگەر بە سەنگەر دەستپێشکەریی بێ و هێزی دەربرین بەبەردەوامی هەمەڕەنگ وفراوانتر بکات ونەداران بۆ ماف وئازادییەکانیان مۆبیلەزە بکات.

جەمال کۆشش
٢٦.١٠.٢٠٢٠




ڕاپەرینی ئوکتۆبەر، “پەڕەی سپی” و نیولیبرالیزم لەعیراقدا گفتوگۆ ی رۆژنامەی “ڕەوت” لەگەڵ موئەیەد ئەحمەد

ڕۆژنامەی ڕەوت: سوپاس هاوڕی موئەیەد کەبوارت بۆ ئەم گفتوگۆیە لەگەڵمان ڕەخساند. دەمانەوێت لەبارەی چەند بابەتێکی سیاسەتی ڕۆژەوە بوچوون و تێڕوانینەکانت بە خوێنەران و خەڵکی کوردستان بگەیەنین. پرسیاری یەکەمان، لەسەر خۆپیشاندانەکانی بەغدا و شارەکانی ترە، بەسرە و دیوانیە و حلە و ناسریە،…دەتوانیت بە گشتی وێنەیکمان لە سەر بارودۆخی ڕاپەرینی ئوکتۆبەر پێبدەیت ؟

موئەیەد: سوپاس بۆ ئیوە. خۆپیشاندانەکانی یادی یەکساڵەی ڕاپەرین کە لە ١ ئوکتۆبەر و دواتر لە ٢٥ ئوکتۆبەری ئەم ساڵدا بەڕێوە چوو، نمایشیکی تری هەمان ئەو ڕاپەرینە نەپچڕاوەی پارە و هەر تەنها یادکردنەوەی نیە، هەر بەوپێیەش خۆپێشاندانی ناو خۆدی راپەرینەکەن. ئەمەش بە سادەیی لە بەر ئەوەیە کە هەموو ئەو هۆکارە ئابوری و کۆمەڵایەتی و سیاسیانەی کە بونەتە هۆی سەرهەڵدانی ئەم ڕاپەڕینە، نەک هەر لە شۆینی خۆیاندان بەڵکو توندو تیژ تر و فراوانتر بونەتەوە، وە هیچ کێشەیەکی ئابوری و کۆمەڵایەتی جەماوەری ڕاپەڕیو و ئامانج و داوکاریەکیان نەهاتۆتە دی.
ئاشکرایە کە هێزی سەرەکی و بزوێنەری ڕاپەرینی ئوکتۆبەر بریتی بوو لە بەشیک لە چینی کریکار، زیاتر کرێکارانی کاری رۆژانە و ناجێگیر، ریزی بەرینی زەحمەتکێشان و بێکارکراوان، گەنجانی کچ و کوڕی ئازادیخواز، ژنان و قوتابیان. ئیستاش هەموو ئەم هیزە کۆمەڵایەتی و چینایەتیانەی ڕاپەرین بە شیوازی جۆراجۆر و لە ئاستی جیاوازدا ناڕەزایەتیاکانیان دەر ئەبڕن و بۆ بەدەستهێنانی ئامانجە سیاسیەکانیان و داواکاریە ئابوری و کۆمەڵایەتیەکانیان تێدەکۆش.
گەشەدان بە ئامادەیی سیاسی و ریکخراوەیی و فیکری ڕاپەرین مەسەلەیەکی هەرەگرنگە، و لە ئیستادا، ئەتوانم بڵیم، لە پرۆسەیەکدا چۆتە پێشەوە، وە بەردەوام بوونی ڕاپەرین خۆی لە خۆیدا بوەتە هۆی بەردەوام بوونی هەوڵەکان و خەبات بۆ خۆریکخستن و یەکخستنی هیزەکانی ڕاپەرین، بە تایبەت لە ناو ئەو گروپانەی کە سوورن لە سەر وەلانانی رژیم و فەراهەم هینانی ئالۆگۆری ریشەیی. ئەمەش بۆ خۆی دەستکەوتێکی بایەخدارە نەک هەر بۆ هێزەکانی ڕاپەرین بەڵکو بۆ سەرجەم بزوتنەوەی شۆرشگیرانە لە عیراقدا.

قەیرانی ئابوری و کۆمەڵایەتی ئیستای عیراق و سیاسەتی نیولیبرالی ئابوری حکومەتی کازمی و هێرشی بۆ سەر ژیان و گوزەرانی کرێکاران و زەحمەتکێشان و کارمەندان و سەرجەم خەڵکی نەداری کومەڵگە، و کارەساتە جوراوجۆرەکانی پەتای کۆرۆنا، نەک هەر زەمینەی کۆمەڵایەتی بەردەوام بوونی راپەرینی فراونتر و ریشەدار تر کردووە، بەڵکو سیما و کارەکتەری ڕاپەرینیشی بە جۆرێک گۆریوە، و بەڕێوەیە ئالۆگۆریکی چۆنایەتی بە سەردا بهێنێت. لە ئیستادا باس کردن لە ڕاپەرین بەدەر لە ئەگەرەکانی ئەم ئالوگۆرە چۆنایەتیە ناتوانی باسێکی دروست بێت و ڕاپەرین بە دیقەتەوە پیناسە بکات لە ساڵی دووهەمیدا. نەک هەر ئەمەش، بەڵکو ناتوانرێ باس لە بەرەوپێشچوونی خەباتی سیاسی شۆرشگێرانە و ڕاپەرین بکرێت بەجیا لە بەرەپێشجوونی بزوتنەوەی کرێکاری و هەوڵ و تەقەلا بۆ بەهیزبوونی ڕیزەکانی و پەرەسەندنی ریکخراو و نەقابە و فیدراسیۆنە کرێکاریەکان ، و گەشەدان بە بزوتنەوەی ئازادیخوازانەی ژنان و گەنجان و قوتابیان.

ڕاپەرین نەک هەر حکومەتی عادل عبدالمهدی روخاند و قەیرانێکی سیاسی گەورەی لە رژێمەکەدا فەراهەم هێنا بەڵکو عەرشی ئیسلامی سیاسی لە عیراقدا لەرزاند، و لەم راستایەشدا دەور و نەخشی دژە شۆرشیی و تەبعیەتی سەدریەکانی بۆ رژیمی ئیسلامی لە ئێران لە ئاستێکی فراواندا ریسوا کرد. هەروەها ڕاپەرین هەڵوێستی شۆرشگێرانەی لە بەرامبەر هەردوو دەوڵەتانی ئەمریكا و ئێڕان لە خۆپێشاندانکانیدا راگەیاند. دەسکەوتە هەرە گرنگەکانی تری ڕاپەرین: بەرجەستە بوونی ڕۆلی ژنان و هاتنە مەیدانی سیاسیان، وەک هیزێکی کۆمەڵایەتی سەربەخۆ ، گۆڕکردنی تایفە گەریەتی و دەمارگیری نەتەوەیی، هیوا پەیداکردن بە خەباتی شۆرشگیرانە، پاراستنی یەکیەتی ریزەکانی ڕاپەرین، و چەندین دەسکەوتی تری سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئەدەبی و هونەری پێشکوتنخوازانە و شۆرشگیڕانەی تر. لە گەڵ ڕاپەرین و بەردەوام بوونی، هەموو ئەمانە بوون بە بەشیک لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و رۆشنبیری کۆمەڵگەی عێراق و کەس ناتوانی ئەم دەستکەوتانە بەئاسانی لە ناو بەرێ.
ئەمرۆ گەر کەسێک بە دروست باسی ڕاپەرین لە عێراقدا بکات ناتوانی هەموو ئەو دەستکەوتانەی ڕاپەرین لە نەزەر نەگرێت، نەک هەر ئەمەش بەڵکو ناتوانی خەباتی سیاسی و کێشمەکێشی چینایەتی لە ناو ئەم کۆمەڵگەیەدا بە دروستی ببینێت بەبێ مۆرکی ئەو ئاکامانەی ڕاپەرین لە سەریان. ئەو دەستکەوتانە بەشێکن لە سیاسەت و دینامیزمی کیشمە كێشی سیاسی و فیکری وکۆمەڵایەتی کۆمەڵگەی ئەمڕۆی عیراق.
ڕیکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عیراق بە دریژایی سالێ رابردوو، بە دەرکردنی نەشریەی رۆژانەی و چالاکی سیاسی و فکری و رێکخراوەیی بەردەوام و بە پلاتفۆرمی رۆشن و شۆرشگیرانەوە و بە شیعاری “هەموو دەسەڵات بۆ جەماوەری ڕاپەریو”، لە جەرگەی ئەم ڕاپەریندا بووە و لە هەوڵی بەرەوپێشچوون و سەرکوتنیدایە.

ڕۆژنامەی ڕەوت: لەم ماوانەدا حکومەتی عیراق نەخشەیەکی بەناوی “پەڕەی سپی” یەوە داڕشتوە، جەوهەریی لەم پلانەدا چیە؟

موئەیەد: ئەم دۆکیومێنتە کە بە ناوی “پەرەی سپی” یەوە بڵاو کراوەتەوە لە ڕاستیدا پلان و نەخشەیەکی دیراسە کراوە بۆ بە یاسایی کردنی سیاسەت و مۆدیلی ئابوری سەرمایەداری نیو لیبرالیزم لە هەموو بوارەکانی ئابووری و خزمەتگوزاری و ژیانی کۆمەڵایەتی ورۆشنبیری لە عیراقدا، و ئەمەش بە ناوی چاکسازی ئاوبوریەوە ئەناسێنن، وە وەک مۆدیلێکی گەشەسەندنی ئابووری بۆ ووڵات لە قەڵەمی ئەدەن.
وەک پیشەی بورژوازی دەسەڵاتدار لە هەر شۆێنیکی تری ئەمرۆی جیهان، حکومەتی کازمی و هێز و ڕەوتەکانی ڕژێم، کە هەر هەموویان هاوڕان لە سەر خاڵە سەرەکیەکانی ئەم دۆکیومینتە، ئەیانەوێت لە بارۆدۆخی قورسی گوزەران و ژیانی ئەمرۆی جەماوەردا فرسەت بهێنن و بیسەپێنن بە سەر كۆمەڵگەدا و فریودەرانە وەک داواکاری ڕاپەرین لە قەڵەمی بدەن. بیانوەکانیشیان ئەوەیە کە گوایا قەیرانی ئابوری و پوڵی رژێم هەیە و نرخی نەوەت دابەزیوە و پارە لە خەزینەی دەولەتدا نیە بۆ دابەشکردنی مووچەی کریکاران و فەرمانبەرانی دامەزراوە پێشەسازی و خزمەتگوزاریە حکومیەکان. هەر لێرشەوە، کازمی و حوکمەتەکەی جەخت لە سەر ئەوە ئەکەن کە ئەبێ عیراق قەرز وەرگرێت لە سندوقی دراوی نیو دەوڵەتی، و لە ئاکامی ئەمش ئەبی مەرجەکانی ئەم دەزگایەی سەرمایەی جیهانی،کە پیادەکردنی سیستمی نیولیبرالی ئابووری و ئەم جۆرە دۆکیومینتەیە، جێبەجێ بکات.
بێگومان “پەرەی سپی” سەرەتای جێخستنی سیاسەتی نیولیبرالیزمی ئابووری نیە لە عیراقدا بەڵکو بە هەمەلایەنەکردنی ئەم سیاسەتەو بە یاسایی کردن و چەسپاندنیەتی بۆ چەندین دەیەی داهاتوو. سەرەتاکانی سیاسەتی نیولیبرالیزم و پرایڤەتایزەکردنی “خەسخەسەکردنی” هەندی لە پرۆژە ئابووریەکانی دەوڵەتی ئەگەرێتەوە بۆ ساڵەکانی ناوەراستی دەیەی هەشتاکان و بە دیاریکراوی ساڵی ١٩٨٧ کاتیک کە ڕژێمی فاشیستی بەعس دەستیکرد بە فرؤشتنی هەندی لە کارگە حکومیەکان بە کەرتی تایبەت و بێمافکردنی کریکارانی کەرتی گشتی لە دروستکردنی نەقابەی خۆیان بە ناوی گۆرینی وەزیفیەوە لە کرێکارەوە بۆ کارمەند. بەڵام ئەوەی کە تەوژمیكی گەورە و هەمەلایەنەی دا بەم مۆدیلە ئابوریە لە عێراقدا داگیرکردنی ئەم ووڵاتە لە لایەن ئەمریکاوە بوو.

ئیدارەی رێگوزەری ئەمریکا لە عیراق لە ژیر فەرمانڕەوایی پۆڵ بریمەر ساڵی ٢٠٠٣ ، و دواتر هەموو حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی رژیمی ئیسلامی و قەومی عیراق وهەتا ئیستاش، ئەم سیاسەتەیان بە چڕوپڕی و هەمەلایەنەیی و بە تیکەڵ لە گەڵ گەندەڵی و بە تاڵان بردنی سەروەت و سامانی کۆمەلگەدا، بەریوەبردووە، لە سەرانسەری عێراقدا و بە تایبەت لە هەریمی کوردستاندا. سیاسەتی ئەم دوایانەی حکومەتی هەریمی کوردستانیش بۆ پرایڤەتایزەکردنی کەرتی بەرهەمهێانان و گواستنەوەوە و دابەشکردنی کارەبا لە کوردستاندا دریژەی هەمان سیاسەتی نیولیبریزمیانەیانە کە کوردستانی بۆ چەندین دەیەیە کردوە بە شۆینگەی تاڵانوبڕۆیی و دژایەتی لە بەرامبەر جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی ئەم کۆمەلگەیەدا.
هەروەک ئاشکرایە بە درێژایی ١٧ساڵی ڕابردوو، حکومەتەکانی ڕژیمی ئێستای عیراق کەوتنەتە سەر لێسەندنەوەی مافەکانی کرێکاران لەوانە دریژە دان بە بێمافکردنی کریکارانی کەرتی گشتی بۆ دروستکردنی نەقابەکانیان، لابردنی هەر سنووردارکردنی نرخی کاڵاکانی بژیوی، بەرزکردنەوەی نرخی سوتەمەنی بە شیوەکی خەیاڵی، پرایڤەتایزەکردنی کەرتی تەندروستی و خۆیندن و کەرتە خزمەتگوزاریەکانی تر و هەر کارگەیەکی سێکتەری پێشەسازی دەوڵەتی کە کاری لە برەودا بووبێت، چەسپاندنی ئەم سیاسەتە ئابوریانە بە سەر هەموو مەیدانە ئابوریەکانی پوڵیی و پێشەسازی و زراعی ووڵات.
“پەڕەی سپی” نەک هەر ئەم هێڕشە بەربڵاوە جێگیر ئەکات بەڵکو دەرگای هەموو ئەو شۆینانەش ئاوەڵا ئەکات کە هێشتا نەکەوتونەتە بەر شاڵاوی درندانەی مۆدیلی نیولیبرالیزم و هەر بەو پێێەش ئەیانکاتە شۆینی وەبەرهینانی سوودی سەرمایە و تاڵان وبڕۆی هیزو حزبەکانی رژێم و سەرمایەدارانی هەڵپێکراو بە رژێمەوە. ئەم دۆکیومێنتە شاڵاۆێكی هەمە لایەنەیە بۆ سەر هەموو بەشەکانی خزمەتگوزاری دەولەتی و راکێشانیانە بۆ ناوجەرگەی پرۆسەی کەڵەکەی سەرمایە وە بەرهێنانی سود وبۆ ژێردەستی گەندەڵکارانی دەسەڵات و تێکشکانی ناوەرۆک و بایەخی کۆمەڵایەتی پێشکەش کردنی ئەو خزمەتگوزاریانە لە لایەن کۆمەڵگە و دەوڵەت خۆیەوە. ئەمە و “پەرەی سپی” دۆکیمێنتێکە بۆ فرۆشتن و فەرهود کردنی موڵک و عەقاراتەکانی دەوڵەت.
لە هەموو ئەم بەرنامە ئابوورییەدا هیچ جێگایەک بۆ گەشەسەندنی تاکەکان نیە بە تایبەت ئینسانی زەحمەتکێش و ژنان و توێژە چەوساوەکانی تری کۆمەڵ، و گەشەی ئابووری پەیوەند کردۆتەوە بەم هێرشە هەمەلایەنە بۆ سەر ئنیسانی کرێکارو زەحمەکێش لەپیناوی کەڵەکەی سەرمایە و گەندەڵی زیاتر و هیچی تر.

ڕۆژنامەی ڕەوت: سیاسەتی ئابوری نیولیبرالیزم، بەتایبەتیکردنی کەرتەکان، ئیراد لەم سیاسەتە چیە؟ ئەگەر هەر سەرمایەدارییە بەرهەم هێنان وپەیوەندییەکانی بەرهەمهینان، جا تیکەڵاو، دەوڵەتی، تایبەتی، بیانی، جیاوازییان چیە، بۆ ئەبێت خەڵک لە دژی ئەم سیاسەتە بوەستنەوە؟

موئەیەد: بێگومان سەرمایەداری دەوڵەتی، سەرمایەداری بازاری ئازاد، وەیا تێکەڵ (مختلط) لە هەردوکیان، هیچ لە جەوهەری سەرمایەداریانەی ئەم مۆدیلە ئابوریانە ناگۆرێت. هەمان پەیوەندیەکانی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری زاڵە بەسەر هەرسێکیاندا، کە بۆ خۆیان پەیوەندیەکی ئەنتاگۆنیستیانەیە لە نیوان چینی کرێکار، وەک بەرهەمهێنەری سەرەکی کۆمەڵ ،لە لایەک، وچینی بورژوازی و تۆیژەکانی و دەولەت، وەک خاوەنی ئامرازەکانی بەرهەمهێنان، لەلایەکی تر . هەر بۆیە، بەرهەمهیێنانی کۆمەڵایەتی لەم سی مۆدیلەدا لەم یەکە دژ بەیەکەدا بەریوە ئەچێ. لە هەرسێ ئەم مۆدیلانەدا پێکهاتەی ئابووری و کۆمەڵایەتی لە سەر هەبوونی سیستمی کاری بەکرێ و پوڵ و خاوەنداریەتی تایبەتی یا دەوڵەتی ئامرازەکانی بەرهەمهێنان و گواستنەوە و کۆمۆنیکەیشن راوەستاوە.
ئەوەندەی پەیوەندی بە مۆدیلی ئابوری نیولیبرالیزمەوە هەبێ، ئەتوانیین بڵیین جۆرێک لە گەڕانەوەیە بۆ شیوازی بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتی سەرمایەداری کلاسیک تا لە چوارچیوەی ئەم مۆدیلەدا جوڵە و کەڵەکەی سەرمایە بە شیوەیەکی ئازاد و بەبێ سنووردار کردن گەشە بکات هەم لە سەر ئاستی بازاری ناوخۆیی و هەم لە سەر ئاستی جیهان. بە واتەیەکی تر ، نیولیبرالیزمی ئابوری کۆمەڵە سیاسەت وپلاتفۆرم و مۆدیلێکی ئابوری سەرمایەداریە کە ڕێگە تەخت ئەکات لە بەردەم جوڵە و کەڵەکەی سەرمایە لە جیهانی ئەمرۆدا بە وەلانانی هەر رێگریەک، لەوانە دەستی دەوڵەت یا ڕیزی یەکگرتووی خەباتی کرێکاران، لە بەردەم ئەم پرۆسەیە و لە بەردەم میکانیزمەکانی بازاری ئازاد و گەشە و جوڵەی سەرمایەی فاینانس. ئەمەش، نەک هەر پرایڤەتایزەکردنی پرۆژە و پیشەسازیە دەوڵەتیەکان و خزمەتگوزاریەکان ئەگرێتەوە، بەڵکو پێش هەموو شتێک بنکەنکردن و لاواز کردنی ڕیکخراوە جەماوەریەکانی کرێکارانە و دەستکۆتا کردنی هەوڵەتەقەلای بە کۆمەڵیانە بۆ بەر گری لە مافە ئابوری و کۆمەلایتیەکانیان لە پرۆسەی بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتیدا.
میژووی نیولیبرالیزم لە تەواوی جیهاندا لە ماوەی زیاتر لە ٤ دەیەی رابردوو ، لە پاڵ مەسەلەکانی تردا، بریتی بووە لە هێرش بردن بۆ سەر ریزی یەکگرتووی کریکاران و ریگری دانان لە سەر هیزو توانا وەرگرتنی بە کۆمەڵیان، بەهەر شیوەیەک بووبێت، لەوانە لە ریگەی تازەگەری لە شیوە و تەکنیک و جوگرافیای پرۆسەی بەرهەمهینان و تەگەرەخستنە بەردەم نەقابە کرێکاریەکان و ریکخراوە جەماوەریەکانیان و فیدراسۆنەکانیان. هەر لەم راستیەشدا میژووی نیولیبرالیزم راوەستانەوە بووە بە ڕووی مانگرتن و خەباتی کرێکاری و هەوڵدان بۆ ڕامکردنی رابەران نەقابە کریکاریەکان و راکێشانیان بۆ ژێر رکیفی پێداویستیەکانی سەرمایەداری نیولیبرالیزم و کول کردنی رادیکالیەتیان.
سەرباری راکێشانی هەموو کەرتەکانی خزمەتگوزاری گشتی و دەوڵەتی بۆ ژیر رکێفی پرۆسەی جولە و کەڵەکەی سەرمایەی تایبەت لە ریگەی پڕایڤەتایزە کردنیانەوە، دەوڵەتە بورژوازیەکانی جیهان بە دریژایی ئەم چەند دەیەیەی رابردوو، هەر یەکە بە پلەی جیاواز، خەریکی بڕین و کەمکردنەوەی بوجەی دەوڵەتی بوون، بە ئیستاشەوە، لە بواری دابین کردنی باشبژێوی و خزمەتگوزاری بۆ جەماوەر. بەم پێیە، بەرنامە و سیاسەتی “تەقەشف” دەوڵەتی بۆ چەندین دەیەیە سەپینراوە بەسەر کۆمەڵگەی بەشەریدا و کارەساتیکی گەورەی خۆڵقاندووە بۆ چەند ملیار ئینسانی سەر گۆیی زەوی هەر لە بێکاری و نەبوونی و بیخزمەتگوزاریەوە بگرە تا پەراوێز خستنی کۆمەڵایەتیان ئەمەش لەراستای قازانجی گەورە سەرمایە و سەرمایەدارن و کەمکردنەوەی باج لە سەریان.
هەر بۆیە نیولیبرالیزمی ئابوری هیرشیکی هەمە لایەنەیە بۆ سەر دەستکەوتەکانی چینی کریکار و چەوساوەکان و نەدارانی کۆمەلگەکان کە بە دریژایی زیاتر لە ٢ سەدە لە خەبات بە دەستیان هیناوە. هەموو ئەم دەستکەوتانە لە بواری باشبژێوی و تەندروستی و رۆشنبیری کریکاران وزەحمەکێشان و نەداران، کەتۆتە بەردەم هێرشی قەلاچۆکارانەی سەرمایەداری سەردەم. ئەمە سەرباری ئەوەی کە لە سەد و یەک ریگاوە کەوتونەتە هێرش بۆ سەر ریزی یەکگرتووی کرێکاران و کارمەندان و ئینسانی زەحمەکێشی کۆمەلگەکان و ریکخراوەکانیان.
ژنانی چینی کرێکار و تۆێژە نەدارەکان لە ژیر سایەی سەرمایەداری نیو لیبرالیزم دا زەرەرمەندی سەرەکی ئەم مۆدێلە ئابوریەن. سەرباری ئەوەی ژنان پشکی سەرەکیان لە ڕیزی بیکاریدا بەرکەوتووە، بە هۆی سیاسەتی تەقشفی دەوڵەتیشەوە بێپەناگا بوون و پەراوێز بوونی کۆمەڵایەتی بە سەریاندا سەپێنراوە. کەرتی تایبەت تەنانەت لە وولاتە گەشەسەندوەکانیشدا جیگەی هەڵواردن و پێشێلکاری جەندەری و جنسیە، ئەم جگە لەوەی لە وولاتانێکی وەک عیراقدا کار بۆ ژنان لە کەرتی تایبەت یا داخراوە یا جیگایەکی پڕ دەردیسەریە. سەرباری ئەمانەش بڕینی بودجەی خزمەتگوازارییەکان و پرایڤەتایزەکردنیان کاریگەری خراپی لە سەر پیر و منداڵ و کەسانی خاوەن پێداویستە تایبەتیەکان داناوە کە زۆربەیان سەر بە چینی کریکارو زەحمەتکێشانن. هەر بۆیە ڕووبەڕووبونەوە لە بەرا مبەر سەرمایەداری نیولیبرالیزم یانی ڕووبەڕووبونەوەی سەرمایەداری هاوچەرخ و بەرگری لە هەموو ئەو دەستکەوتانەی چینی کرێکار و سوشیالیستەکان و ئازادیخوازان و یەکسانیخوازانی کۆمەلگەکان کە بە دریژایی مێژویەک بەدەستهێنراوە.
ناولێنانی ئەم سیاسەتە سۆشیالیستیە و ئەم بەرهەڵستیە چینایەتیەی ئینسانی زەحمەتکێش بە رووی سەرمایەداری نیو لیبرالیزم بەوەی کە یەکسانە بە بەرگری لە سەرمایەداری دەوڵەتی یا مۆدیلی ئابووری تەێکەڵ، کە هەندی لە چەپەکان بە نادروست وای بۆ ئەچن، لە راستیدا شتیك نیە جگە لە دۆگمێکی ووشک و بێگیان و نەزەریکی میکانیکی رەق و تەق لە بەرامبەر میژووی زیندووی خەباتی چیانیەتی کریکاران و نەداران. بەرهەڵستی سەرمایەداری نیولیبرالیزم لە بنەڕەتدا باسی خەباتی چینایەتی و بەرپەرچدانەوەی گەوەرترین هیرشی میژووییە بۆ سەر ژیان و چارەنوسی چەند ملیار ئینسانی دانیشتوی ئەم ئەستێرەیە، هەر بۆیە ژاکاندن و تیکەڵکردنی لە گەڵ مۆدیلی ئابوری سەرمایەداری دەوڵەتی کولکردنی ئەم خەباتەیە.

ئاشکرایە ئەڵتەرنەتیڤی ئابوری وکۆمەڵایەتی سۆشیالستەکان لە بەرامبەر سەرمایەداری هاوچەرخدا سۆشیالیزمە، نەک مۆدیلی ئابوری سەرمایەداری دەوڵەتی یا تێکەڵ. سۆشیالیزم لە قۆناغی باڵایدا یانی “لە هەر کەس بە گۆیرەی توانا و بۆ هەر کەس بە گۆیرەی پیویستی”، وئەم یاسایەش بە بی ڕۆخاندنی سەرمایە و بە بێ ریخستنی نۆیی ژیانی ئابوری لە سەر بنەمای بە کۆمەڵایەتی کردنی ئامرازەکانی بەرهەمهێنان و گواستنەوە و کۆمۆنیکیشن نایەتە دی و نابی بە یاسای سەلمێندراوی کۆمەڵگە. بەدیلی کۆمۆنیستەکان بۆ سەرمایەداری نیولیبرالیزم ئەم سۆشیالیزمەیە نەک سەرمایەداری دەوڵەتی یا هەر شیوازیکی تری تیکەڵ، هەر بۆیە چۆکدادان و واقوڕمان لە بەرامبەر هیرشی ئەمرۆی بورژوازی جیهانی بۆ سەر چینی کریکار و چەوساوەکان و نەوەستانەوە بەرامبەری ئەبێت بە سیاسەتیک کە خزمەت بە بۆرژوازی بکات و هیچ پەیوەندو سەروکارێکی بە بزوتنەوەی کرێکاری وسۆشیالیستیەوە نیە.

هەروەها بۆچونیكی تریش کە پێیوایە پرایڤەتایزەکردنی پرۆژەکان مەسەلەیەکی جیاوازە لە تەقەشفی ئابورری و بێکارکردنی کرێکاران و بڕینی بودجەی خزمەتگوزاریەکان، هەر هەمان بوچونی نادروستە کە لە سەرەوە ئاماژەم پیدا. ئەم جۆرە بۆچوونەش هەر هەمان تێروانینی دەرەوەی خەباتی چینایەتیە و لەباری تیوریەوە میکانیکیە چونکە بە سادەیی بڵیم پرایڤەتیزەکردنی پرۆژە ئابوری و خزمەتگوزارییەکان لە پێکهاتەکانی خودی سیاسەتی نیولیبرالیزمە و بەشێکە لەپایەکانی سەرمایەداری نیولیبرالیزم و بۆ خۆی وەڵامە بە پێداویستیەکانی کەڵەکەی سەرمایە و لەیەک جیاناکرێنەوە. پرایڤەتایزەکردن و بودجە بڕینی خزمەتگوزاریەکان و هیرش بردن بۆ سەر هەر کارێکی ریکخراوی بە کۆمەلێ کریکاران و نەدارن و سڕینەوەی هەر شتیک کە پەیوەندەی بە کۆمەل و کاری کۆمەڵگەوە هەبێت و…هتد بۆ خۆیان یەک پاکێجن و لە یەک جیاناکرێنەوە . ناکرێت بڵێین دژی بڕینی خزمەتگوزاریەکان و دەرکردنی کرێکاران و بڕینی بیمە و یارمەتیە کۆمەڵایەتیەکان و بەرزکردنەوەی نرخی سوتەمەنی و کالاکانی بژیوی ین، بەڵام کارمان بە سەر پرایڤەتایزەکردنەوە نیە و بە دژی ناوەستینەوە، بیانوش بۆ ئەم هەڵوێستە ئەوە بێت کە گەر بە رامبەر پرایڤەتایزەکردن بوەستینەوە وەک ئەوە وایە کە بەدیلی سەرمایەداری دەوڵەتیمان قبوڵ بێت.
لە وەڵامدا بۆ ئەم جۆرە بوچوون و سیاسەتەش ئەڵیم کە ئەمانە تیڕوانینی نا کریکاری و نا سۆشیالیستیە بۆ مەسەلەکە. بۆ نمونە گەر تەرازوی هێز لە بەرژەوەندی بزوتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستی بێت ئەوا بەدیلی پڕایڤەتایزەکردن یەکسەر دامەزراندنی سۆشیالیزمە نەک سەرمایەداری دەوڵەتی. وە هەروەها گەر دەوڵەت کارێکی بە سەرەوە نەبێت و پلەیک لە ئامادەیی بزوتنەوەی کرێکاری هەبێت و رەواجی کالاکانی بەرهەمهاتوو هەبێت ئەوا بەدیل ئەتوانی ئیدارەی خۆبەخۆیی کریکاران و کارمەندان بێت نەک موڵکیەتی دەوڵەتی.

بۆ نمونە، گریمان پرۆژەی پاریڤەتایزەکردنی کەرتی تەندروستی گشتی بە خەباتی جەماوەری رابگیرێت ئەمە یانی فەرزکردنی دابیکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی گشتی بە سەر دەوڵەتی بورژوازیدا کە بۆ خۆی بەشیکە لە داواکاریەکانی چینی کریکار لە سەرتاسەری جیهاندا و هیچ پەیوەندییەکی بە بەرگری لە سەرمایەداری دەوڵەتیەوە نیە، واتە مەسەلەیەکە سەر بە تەرازوی هیز لە مەیدانی خەباتی چینایەتیدا لە نیوان پرۆلیتاریا و بۆرژوازیدا.
بە هەر حاڵ، داخستنی ئەو کارگانەی کەرتی پێشەسازی لە عیراقدا کە سودیان کەمە و یا خۆد پرایڤەتایزەکردنی بەشیکیان کە سوودمەندە هەر مەسەلەی ماتماتیکی ئابووری قازانج و زەرەر نیە کە بۆرژوازی ئیسلامی و قەومی و لیبرالی عیراق ئەیەوێت وای لە قەڵەم بدات. هەر وەک پێشتر باسم کرد هەموو کاریک لەم بوارانەدا بەشیکە لە پاکێجیک و لە سیاسەتی گشتی دەولەت بۆ رێکخستنی ئابووری کۆمەڵگە و پاراستنی بەرژەوەندی چینی بورژوازی دەسەڵاتدار. هەر پڕایڤەتایزەکردنێک بەشیکە لە سیاسەتی گشتی رژیمی لە سەر کاربوو واتە بەشیکە لە سیاسەتی نیولیبرالیزمی ئابوری بورژوازی دەسەڵاتدار و هەر هێرش نیە بۆ سەر کریکارانی پێشەسازی بەڵکو هێرشە بۆ سەر پرۆلیتاریاو سەرجەم نەدارانی کۆمەڵگەدا.

ئەمرۆ لە عیراقدا کەس لە ناو هیزەکانی بورژوازی قەومی و ئیسلامی و لیبرالی و ریفۆرمیستەکان و بورژوا “نیشتمانیەکان” بە دوای مۆدێلی سەرمایەداری دەوڵەتی و تیكەڵەوە نیە، بەڵکو لە ناو دینامیزمی جۆڵە و کەڵەکەی سەرمایەداری نیو لیبرالیزم و سەرمایەی جیهانی و گڵۆبڵایزەیشندا بە دوای بەرنامەی ئابوری و گەندەڵی و تاڵانوبرۆیەکانیانەوەن. لەم سەردەمەدا هەرچی زیاتر وەستانەوە بە رووی نیولیبرالیزم بۆ خۆی وەستانەوەیە بە رووی سەرمایەداری و سیاسەتی ئابوری چینی دەسەڵاتدار و گرتنی خەندەقێکە لە مەیدانی خەباتی زەحمتکێشی کۆمەلگە بۆ رزگاری خۆی لە کوت و بەندی سەرمایە و سەرمایەداری ، هەر بۆیە ئەبێ بە هەموو هێزو تواناوە بەرەوڕووی بوەستینەوە. نیو لیبرالیزم هەر لە بناغەوە لە دریژەی قەیرانی سەرمایداری خۆیدا لە ناوەڕاستی دەیەی هەفتاکانی سەدەی رابردووەوە هاتە ئاراوە، و بەدەر لە هەر شتیکی تر هەوڵی بورژوازی ئیمپریالیستی جیهانیە بۆ گۆرینی تەوازنی هێز لە بەرژەوەندی سەرمایە وسەرمایەداری لە جیهانی ئەمرۆدا بە دژی چینی کرێکارو چەوساوەکان.

کۆتایی ئوکتۆبەر ٢٠٢٠




ئەمەریکا لە زەلکاوی عێراقدا … نووسینی: ستیڤان شەمزینی

(ئێمە دەبێت مامەڵە لەگەڵ ئەو عێراقەدا بکەین کە هەمانە، نەک عێراقێک ئارەزوومان دەکرد هەمانبوایە. عێراقى هەنووکەیى: عێراقێکى وێران، پڕ لە شەڕ و پێکدادانە، ئەگەر نەڵێین تووشى شەڕى ناوخۆیى بووە، لە راستیدا بەرەو ئەو ئاقارە دەڕوات).
هیلاری کلینتۆن

لە کاتى ئامادەکاریى و خۆسازدان بۆ ئەنجامدانى ئۆپەراسیۆنى سەربازیى بۆ سەر عێراق، کاربەدەستانى باڵاى دەوڵەتى ئەمەریکا لەسەرووى هەموویانەوە جۆرج بوش باسیان لە بونیادنانى عێراقێکى نوێى دیموکراتى و لیبرال دەکرد، عێراقێک ببێتە نموونەیەک بۆ رۆژهەڵاتى ناوەڕاست لە پیادەکردنى دیموکراسى و پاراستنى مافەکانى مرۆڤ و پێکەوە ژیانى ئاشتییانە. زۆربەى میدیاکانى سەر بەدەوڵەتى ئەمەریکا و گرێدراو بە هاوپەیمانەکانى لە تەواوى دنیادا مژدەى عێراقێکى نوێیان بە گوێدا دەداین، عێراقێک سەد و هەشتا پلە جیاواز لە عێراقى سەردەمى حکوومەتى دیکتاتۆریى و دەسەڵاتى ملهوڕانەى سەدام حسێن. لە بارى عەمەلیشەوە زۆربەى عێراقییەکان چاویان لە پاشەڕۆژ و ئاسۆیەکى روون بڕیبوو، ئایندەیەک پەردە لەسەر شانۆى گۆڕى بە کۆمەڵ و کاسەسەر و تاوان و هاڕین دابداتەوە. عێراقێک هەموو هاووڵاتییەکانى هەست بە ئارامى و دڵنیایى بکەن و تیایدا بحەسێنەوە، بەڵام لە دواى سێ ساڵى و نیو تێپەڕین بەسەر ئەنجامدانى پرۆسەى ئازادکردنى عێراق، کاتى ئەوە هاتووە بارودۆخى عێراق هەڵبسەنگێنین و پرسیار بکەین، ئایا ئەمەریکا و ئەجینداى کۆشکى سپى لە عێراق سەرکەوتوو بووە؟. پرسیارێکى ئاسانە، بەڵام وەڵامدانەوەى کارێکى قورس و فرە زەحمەتە، بۆیە پێویستمان بە شرۆڤەکارییەکى ورد و بەدیقەتانە هەیە تاکوو بتوانین وەڵامێکى واقیعى و دروست و زانستى و دوور لە روانگەی ئایدلۆجیی و هەستەکی و سۆزدارییانە بەو پرسیارە بدەینەوە.
ئەگەر بڕێک واقیعیبینانە سەیرى ئەو رووداوانە بکەین لە عێراقدا روو دەدەن، ئەوەى ئەمڕۆ لەم وڵاتەدا بەڕێوە دەچێت لە خۆیدا جەنگێکى رانەگەیەندراوى تائیفى و نێوخۆییە. ئەو جەنگەى ریشەیەکى قووڵترى هەیە لە دیرۆکى عێراقدا، ئەویش جەنگى نێوان هەردوو ئاینزای شیعە و سووننەیە. لە ماوەى هەشتا ساڵى رابردووى دەسەڵاتى سووننەدا لە رێى سەرکوت و توندوتیژییەوە هەموو جیاوازییەکان لە عێراقدا کپ کرابوونەوە و لە چوارچێوەى یەک ئیدۆلۆژیدا لە قاڵب درابوون. ساتێک دواى هەرەسى بەعس، دەرگا بە رووى جیاوازییەکانى ناو عێراقدا دەکرێتەوە لە یەکەمین بەریەککەوتن و کاردانەوەدا جیاوازییەکان بە رووى یەکتردا دەتەقنەوە، هەر بۆیە ململانێَ و ناکۆکییە تەقیوەکەى ئەمڕۆی نێوان شیعە و سووننە دەرئەنجامێکى نەخواستراو و گەلێک خوێناویى لێکەوتۆتەوە. هەر ئەمڕۆ لە عێراقدا دەیان کەس بگرە زیاتریش دەبنە قوربانى ئەم ناکۆکى و جەنگە مەزهەبییە. هەزارانى تریش بێ ماڵ و حاڵ و سەرگەردان و ئاوارە و دەربەدەر دەبن. لە راستیشدا ئەو سەقامگیرییەى پێشتر لە سەردەمى بەعسدا هەبوو ئەمڕۆ ئەویش لە کیس چووە!!، لێ سەقامگیرییەکەى بەعس لە ژێر قامچى و دارکوتەکدا بوو، بەڵام هێشتا لە رووى چەندایەتییەوە ژمارەى زیان لێکەوتووان و قوربانیان تا راددەیەک کەمتر بوو. ئەوەى هەنووکە لە گۆڕەپانى عێراقدا لە تیرۆر تەقاندنەوە و لاشەى کوژراو و شێوێنراو دەبینرێ زۆربەى هەرە زۆریان قوربانیانى ناکۆکى مەزهەبین نەک بەرئەنجامى کردەوە بێ بەزەییەکانى جەمسەرى تیرۆرى جیهانى لە عێراقدا. پێم باشە بۆ پاڵپشتی دەربڕینەکانی سەرەوە لێرەدا سەرنجتان بۆ هەندێک داتا و ئاماری بایەخدار و راپۆرتى رۆژنامەنووسان و گۆشەنیگاى سیاسەتمەداران لەمەڕ جەنگى نێوخۆیى راکێشم.
نووسەرى لیبرالی عەرەب (عەدنان حسەین) دەنووسێت (بەپێى سەرژمێرییەکانى سەرچاوە فەرمییە عێراقییەکان و سەرچاوەکانى هێزى هاوپەیمانان، رۆژانە 100 عێراقى دەبنە قوربانى ئەو جەنگە ناوخۆییە تایفییەى لە بەشە عەرەبییەکەى عێراقدا بەڕێوە دەچێت، ئەم قوربانیانەش هەروەک هەمان ئەو سەرژمێرییانە دووپاتی دەکەنەوە، زۆرینەى زۆریان خەڵکى سڤیلن و ژمارەیەکى زۆریشیان منداڵ و ئافرەت و بە تەمەنەکانن). ئەمە جگە لەوەى رۆژانە چوار تا پێنج سەربازى مارێنزى ئەمەریکى دەکوژرێن و تێکڕاى کوژراوەکانى سوپاى ئەمەریکاش لە سەرەتاى پرۆسەکەوە گەیشتۆتە نزیکەى سێ هەزار سەرباز!، بۆیە بەلاى بەشێکى زۆرى چاودێرانى سیاسییەوە خەریکە عێراق بۆ ئەمەریکا دەبێتە چاڵێکی هاوشێوەی ڤێتنام، چوونکە ئەمەریکاییەکان لەو قەناعەتەدا نەبوون رووبەڕووى ئەم سەختگیرییە ببنەوە لە عێراقدا و بەو جۆرە گیر بخۆن بە دەست وڵاتێکى پڕ ئاشووب و گێچەڵى وەک عێراقەوە. بەشێکى تر لە سەرچاوەکانى ئاگادار لە رەوشى عێراق ژمارە قوربانییە عێراقییەکانى ئەم سێ ساڵ و نیوە بە نزیکى سێ چارەگە ملیۆن دەخەمڵێنن. (سابرینا تاڤێرنیس) لە رۆژنامەى “نیۆیۆرک تایمز”دا دەنوسێت (تیمێک لە تۆژەرانى تەندروستى عێراقى و ئەمەریکى، ژمارەى کوژراوە عێراقییەکان بە 600 هەزار هاووڵاتی دەخەمڵێنن!، لە دەرەنجامى بارگرژیى بارودۆخى عێراق لە میانەى داگیرکردنى لەلایەن ئەمەریکاوە لە ساڵى 2003. بەپێى راپۆرتى نەخۆشخانەکانى حکوومەتى عێراقى تەنیا لە ماوەى مانگى تەمموزى ئەمساڵدا 15 هەزار کەس بوونەتە قوربانى کە زۆرترین رێژەى قوربانییە، جۆن هۆپ کینز لە خوێندنگاى تەندروستى گشتیى بەم لێکۆڵینەوەیە هەڵساوە، ئەویش لەبەر لە نزیکەوە سەرنجدانى بارودۆخەکە و تۆمارکردنى کوژراوەکان، چوونکە رۆژانە چەندین توندوتیژیى روودەدات و ژمارەیەکى بەرفرە هاووڵاتی دەبنە قوربانى). ئەمەش وایکردووە دیمەنی مەرگئامێزی عێراقییەکان ببێتە هەواڵی یەکەم تێکڕای میدیا جیهانییەکان.
هەر لەمبارەیەوە و دەربارەى قەبارەى رووداوە خوێناوییەکانى عێراق، ماڵپەڕى (ئەلعەرەب ئۆنلاین) لەسەر تۆڕى ئینتەرنێت، دەنووسێت (سەرچاوە نێودەوڵەتییەکان لە دواهەمین سەرژمێریدا رایانگەیاندووە کە زیاتر لە 6500 عێراقى تەنیا لە دوو مانگى تەمموز و ئابى رابردوودا کوژراون!!!. بەمەش بناغەى جەنگێکى نێوخۆیى درێژخایەنى داناوە کە مەودا تایفییەکە رۆڵێکى گەورەى تێدا دەبینێ). (ئەلوەتەنى سعودى) لەسەر هەمان پرس و ئاستى چۆنایەتى و چەندایەتى بارگرژییەکانى عێراق بڵاویکردەوە (هەر یەک کەس لەنێوان چل عێراقیدا، لە دەستپێکردنى داگیرکاریى ئەمەریکیى لە ئازارى 2003ەوە گیانى لە دەستداوە، واتە نزیکەى لە سەدا دوو و نیوى سەرجەمى دانیشتوانى وڵات. ئەمەش واتاى ئەوەیە مەرگ لە دەرگاى ماڵى گشت عێراقییەکى داوە، بە ماڵى ئەو گەورە بەرپرسانەشەوە کە حوکمى عێراقى ئەمڕۆ دەکەن. ئەوە هەمووى بە پێى تازەترین توێژینەوەیە کە پزیشکەکانى جۆن هۆبکینز و کۆلێژى پزیشکى زانکۆى موستەنسرییەى عێراق بە هاوکاریى پەیمانگاى ماساشوسیش، ئەنجامیان داوە). ئەو ئامار و ژمارانەی لە ناوەندە جیهانییەکانی لێکۆڵینەوە و شیکاریی ستراتیژیی بڵاو دەکرێنەوە دەربارەی کوشتار و لەناوچوونی هاووڵاتیانی عێراقی، بە راددەیەکی وەها تۆقێنەر و خەیاڵییە، بووەتە جێگەی شۆکێکی گەورە لەسەر ئاستی جیهان و سیاسەتی نێودەوڵەتی، بەو پێیەی ئەوەی ئەمڕۆ لە عێراقدا دەگوزەرێ لە خوێنڕێژیی و کوشتن لە دەرەوەی هەموو پێشبینی و چاوەڕوانییەکاندا بوو.
رۆژنامەنووسانى بیانیى و چاودێرانى بوارى ئەمنیى عێراق رۆژانە هەواڵى دۆزینەوەى ئەو تەرمە کوژراوە نەناسراوانە رادەگەیەنن کە دواى دەستبەسەرکردنیان بە دەست و قاچى بەستراوەوە گوللەباران کراون و لە کەنارى شارەکان بە کۆمەڵ و تاک تاک فڕێدراون. ئەم حاڵەتە نەک حاڵەتێکى شازە بەڵکو دیاردەیەکى هەمەرۆژەى شارەکانى بەغداد و دیالە و موسڵ و رومادى و کەرکوکن. رۆژنامەنووسی پسپۆر لە کاروبارى رۆژهەڵاتى نێوین (ریچارد ئینگل) زۆرترین ماوە لە عێراقدا ماوەتەوە دەربارەى ئەو دیمەنە سامناکانەى کوشتن و سەربڕین کە بەچاوی خۆی دیوێتى بە تایبەت لە شارى بەغداد، دەنووسێت (شتێکى قێزەون بوو، سەدان تەرمم بینى، تەرمى بۆگەنکردوو، تەرمگەلێک لە گۆڕى قووڵایى کەمدا نێژرابوون، جارێک سەگێکم بینى کەللەسەرى مرۆڤێکى بە دەمەوە بوو، بۆنى تەرم دەکەیت، خەڵک دەبینیت هەست بە تووڕەیى دەکەن، ئەو کەسانەشی دەکوژرێن کەسە زۆر بە تەمەنەکانن، یان زۆر هەژارەکان یاخۆ منداڵ و زۆر لاوازن، بە جۆرێک ناتوانن وڵات بەجێبهێڵن).
زۆر بەڵگەش هەن تێوەگلانى وەزیر و کاربەدەستانى حکوومى لە جەنگى نێوخۆیدا دەسەلمێنن، تەنانەت دیکۆمێنت لەبەردەستدایە لەسەر تێوەگلانى خودی وەزیرى تەندروستى عێراق لە جەنگى تایفى!، لەمبارەیەوە رۆژنامەنووس (لارا لۆگان) هەواڵنێرى کەناڵى (CBS) راپۆرتێکى سەیر و سەمەرەى لەسەر وەزیرى تەندروستى ئامادە کردووە کە ئەو وەزیرە بە پشتیوانى مەلاى بونیادگەر (موقتەدا سەدر) شیعەگەرێتى دەکات، راپۆرتەکە دەڵێت (دکتۆرى نەخۆشخانەکان لە بەغداد و کەربەلا بە بەرنامەیەکى داڕێژراو، نەخۆشە سووننەکان دەکوژن و لاشەکانیان دەخەنە ناو گۆڕى بە کۆمەڵەوە). جا ئەگەر ئەمە مامەڵەى وەزیرى تەندروستى بێت وەک کار هەڵسوڕێنەرى وەزارەتێکى خزمەتگوزاریى و کاروبارى مرۆیى، ئەوە لەوە مەپرسە وەزیرى ناوخۆ و بەرگریى و سەرۆکى دەزگا سوپاییەکان و هەواڵگریى و نیزامییەکان چۆن مامەڵە دەکەن؟ ئەى دەبێت کۆنە ژەنەراڵ و تازە ئەفسەرى راهاتوو لەسەر توندوتیژیى چۆن بەرپەرچى نەیارەکانیان بدەنەوە؟. دەبینین ئەمڕۆ عێراق لە قەیرانێکى قووڵدا دەژى، جەنگى تایفى هەموو سنوور و پێوەرێکى جەنگ و ململانێى بەزاندووە، لەوەش عەنتیکەتر ئەوەیە ئەمڕۆ لە شارەکانى بەغداد و رومادى و دیالە خەڵکان لەسەر ناسنامە و ناو دەکوژرێن گوایە ناوەکانیان تەعبیر لە مەزهەبێکى دیاریکراو دەکات. دەیان بەڵگەى سەلمێنراو و راپۆرتى رۆژنامەنووسى لە بەردەستدان هێما بۆ ئەو جۆرە لە کوشتن و تیرۆر دەکەن لەسەر ناسنامە و ناو.
رۆژنامەنووسێکى بیانیى راپۆرتێکى لەسەر کوشتن لەسەر ناو ئامادەکردووە، راپۆرتەکە لە ماڵپەڕى ئینتەرنێتى (ئیلاف) بڵاوکراوەتەوە و دەڵێت (لە رێى وتووێژەکانەوە بۆم دەرکەوت هەندێ ناو و نازناوى دیاریکراو هەیە خاوەنەکانیان رووبەڕووى مەترسى دەکاتەوە، ئەمەش لە هیچەوە نەهاتووە. بەڵکو چەندین حاڵەتى کوشتن و فڕاندن لەسەر ناسنامە یان ناو لە زۆربەى ناوچە بارگرژەکاندا روویداوە، بۆ نموونە هەڵگرى ناوەکانى وەک: حسەین، عەلى، عەبدولزەهرە، عەبدولحسەین و نازناوەکانى وەک: ئەلموسەوى، ئەلدەڕاجى، ئەلئەسەدى، شیعە مەزهەبن بە پێچەوانەشەوە هەڵگرى ناوەکانى وەک: عوسمان عەلی، ئەبوبەکر، نازناوەکانى وەک: ئەلمەشهەدانى، ئەلکعێدى، ئەلزەبەعى. نازناوى سووننە مەزهەبن و لە هەندێک شوێن داواکراون). هەر ئەو سەرچاوەیە باسى ئەوە دەکات زۆربەى عێراقییەکان ناچاربوون دوو ناسنامە هەڵبگرن، بۆیە دەڵێت، (ژمارەیەک لە عێراقییەکان ناچارى بەکارهێنانى دوو پێناسن، تا لە ناوچە بارگرژەکاندا هەریەکەیان بە پێى ئەو تایەفەى لەو ناوچەیەدا دەژى بەکاریبهێنێت). ئەمەش دەرخەری تاڵترین واقعییەت و چڵەپۆپەی توندوتیژیی مەزهەبییە لە عێراقدا.
هەر لەبارەى کێشەى ناو نازناوەوە، نووسەرى عەرەبى عێراقى (محەمەد بەغدادى) دەنووسێت (چوینەتەوە ناو دەردێکى دیکەوە کە لە مێژووى عێراقدا بەم قەبارەیە نەبینراوە، ئەویش بریتییە لە تایفەگەریى، گەنجەکانمان گشت رۆژێک لەسەر ناسنامە دەکوژرێن، لە هەواڵەکاندا جگە لە هەواڵى دۆزینەوەى دەیان تەرمى بێ ناسنامە لە شەقامەکانى بەغداد لەلایەن پۆلیسى نێوخۆییەوە. گوێبیستى هیچى دیکە نابین، یاخۆ فڵان کەس لە فڵان پارت یان مەزهەب، یان لە فڵان هۆز لەلایەن، کەسانێکى نەناسراوەوە تیرۆر کراوە!!، ئێستا دیاردەى ناو گۆڕین لە ناوچە عێراقییەکاندا بڵاوبۆتەوە، ناوەکانى وەک عەلی و حسێن لە ناوچە سووننەکاندا گۆڕدراوە، عومەر و عوسمانیش لە ناوچە شیعەکاندا). رۆژنامەى (ریاز)ى سعودى لە ژێر سەردێڕى (سەربڕین بە پێى ناسنامە) بڵاویکردۆتەوە (سەربڕین بەپێى ناسنامە دواترین ناونیشانى ئەو جەنگەیە کە ئێستا لە عێراقدا بەرپا بووە، هەر کەسێک ناوى عەلی، حەسەن، حسەین، زەین لعابدین بێت لەلایەن سووننەکانەوە دەکوژرێت. شیعەکانیش عومەر، عوسمان، موعاویە، یەزید، سەردەبڕن، کارەساتەکە ترسێکى واى ناوەتەوە کە خەڵکى ناچار دەکات ناو و ناسنامەى خۆیان بگۆڕن و مەزهەب و تەنانەت ئاینى خۆشییان –بۆ ئەو کەسانەى لە دەرەوەى ئەو دوو تایفە ئیسلامییەدان– بسڕنەوە، ئەم پێشکەوتنەش لە لوبنان و لە سەردەمى جەنگە ناوخۆییەکەدا، وەرگیراوە).
هەنووکە بازاڕى (مریدى) کە بازاڕى ساختە و تەزویرچییەکانى شارى بەغدادە و دەکەوێتە ناوچەى (سەدر) و چەندان ساڵە ناوبانگى بەوە دەرکردووە، پاسپۆرت و ناسنامە و بڕوانامەى ساختەى تێدا دروست دەکرێت، جمەى دێت و لە تازەترین جۆرى داهێنانى ساختە و تەزویرى ئەم بازاڕەدا ناسنامە دروستکردنە بۆ خەڵکان و پەیڕەوانى هەردوو مەزهەبى شیعە و سووننە، تا بەهۆى گۆڕینى ناوەکانیانەوە لە مەترسی تیرۆر بە دوور بن!!، هەر بۆیە ئەمڕۆ سەرجەم دانیشتوانى شارى بەغداد دوو ناسنامەیان لە باخەڵدایە، لە یەکێکیاندا شیعەى دوانزە ئیمامین و لەویتریاندا سووننەى سەلەفى!!. ئەم چەند مانگەى دوایش مەیدانى عێراقى توندترین و خوێناویترین حاڵەتى بەخۆوە بینى و تاوان و ستەمکاریى مەزهەبیى و سیاسیى تیایدا گەیشتە دوا لوتکە، رەنگە بڵێم دواى تەقینەوەکانى سامەڕا و کاولکردنى مەرقەدى ئیمام عەباس شەپۆلێکى توندوتیژیى و تیرۆرى مەزهەبیى دەستیپێکردووە و عێراقى گەیاندۆتە سەر لێوارى ترسناکترین کارەساتى مرۆیى، ئەم نموونەیەى عێراق رەنگە لە مێژوودا بەرجەستە نەبووبێ، مەگەر لە دارفۆر و روانداى پێشتردا کارەساتى وا خوێناویى روویاندابێت، چوونکە ئەوەی ئەوڕۆ لە عێراق دەگوزەرێ زۆر لە تراژیدیای کاتی شەڕی ناوخۆی لوبنانی تێپەڕاندووە.
رۆژنامەنووسی چاودێر (سابرینا تاڤێرنیس) دەربارەى ئەو شەپۆلە لە توندوتیژیى و تیرۆر، دەنووسێت (بەپێى خەمڵاندنى پسپۆڕانى نەتەوە یەکگرتووەکان لە مانگى ئۆگەستدا عێراق بەرەو رووى توندترین کارى خۆکوژیى بۆتەوە بە تایبەت لە بەغداد و شارەکانى دەوروبەریدا، تەنیا لە رۆژێکدا 97 هاووڵاتی کوژراون و نەخۆشخانەى یەرموک راستیى ئەم قسەیەى سەلماندووە و رایگەیاند رێژەکە لەوە زیاتریشە). نووسەر و پسپۆرى ئەمەریکى بە رەگەز هیندیى (فەرید زەکەریا) سەرنووسەرى گۆڤارى (نیوس ویک ئینتەرناشیۆناڵ) نووسیوویەتى (رێکخراوى نێودەوڵەتى بۆ کۆچکردن هەڵیسەنگاندووە هەفتانە “9” نۆ هەزار کەس لە عێراقدا خانەبەدەر دەکرێن، یەکێتى قوربانیانى عێراقى کە ژمارەى قوربانییەکان لە عێراقدا دەژمێرن و پشت بە رۆژنامە ناوخۆییەکان دەبەستن دەڵێت: مانگى ئۆگەست و ئەیلوول بە خوێناویترین و پڕ مەرگترین مانگ تۆمارکراون بۆ عێراق، هەروەها ئۆکتۆبەریش بە زیادبوونى ئاستى ئەم توندوتیژییانە دادەنرێت). ئەم بارودۆخە ناهەموار و ناسەقامگیرەى عێراق، بە جۆرێک نائومێدیى خوڵقاندووە نەک سیاسەتمەدار و خەڵکانى ئەکادیمى عێراق بەجێدەهێڵن بەڵکو کار گەیشتۆتە ئەوەى یاریزان و وەرزشکارانیش لەدەست ئەم دۆخە هەڵبێن. بە پێى راپۆرتى (میدڵ ئیست ئۆنلاین) پرۆسەى کۆچى یاریزانانى یانە سەرەکییەکانى عێراق، بە ئامانجى گەڕانە بە دواى رەوشى ئاسایشى جێگیر لە تیپەکانى تردا لەلایەک و هەوڵى زاڵبوون بەسەر گرفتە داراییەکاندا لەلایەکى تر، هەر بەپێى هەمان راپۆرت تەنیا لە یانەى (ئەلزەورا) هەشت یاریزان تیپەکەیان بەجێهێشتووە، لە کاتێکدا یانەکەیان بەهێزترین یانەى عێراقە و هەڵگرى چەندین نازناوە و لە مێژووی نوێی عێراقیشدا ئەو یانەیە سەرکەوتووانە بەشداریی چەندان پاڵەوانێتی وەرزشی کردووە چ لەسەر ئاستی ئاسیا، چ لەسەر ئاستی جیهانی عەرەبی و ئیسلامی.
بە کورتى عێراق شوێنێکى پڕ مەترسییە بۆ هەموو هاووڵاتیان نەک تەنیا سیاسیى و کەسانى دیاریکراو و ناسراو. بارودۆخى ئەمنیى و تەنگژەى ئێستاى عێراق جۆرە شڵەژانێکى لاى ناوەندى سیاسیى ئەمەریکى دروستکردووە، لە هەمان کاتدا عێراقییەکانیشى تووشى نائومێدیى و بێ هیوایى کردووە، تەنانەت زۆرێک لە پسپۆڕان و کارناسانى واقیعى عێراقى لەو قەناعەتەدان، پڕۆژەى ئەمەریکیى هەر لە بنەڕەتەوە هەرەسى هێناوە و نەیتوانیوە ئامانجەکانی بپێکێت، بگرە دەستکورت بووە تەنانەت لە راگرتنى بارودۆخ و بەرقەرارکردنى سەقامگیریى. جاکسۆن دیڵ دەڵێت (سەرۆک بوش رایدەگەیەنێت بارودۆخى عێراق دەگۆڕێت و ئاسایشى نەتەوەیى دەپارێزێت، بەڵام سیاسەت بە پێچەوانەوە هەنگاو دەنێت، ستراتیژیى سێ ساڵى پێشوو هاوکاریى ئەوتۆى عێراقییەکانى نەکرد و هەڵبژاردن نەیتوانى ببێتە فاکتۆرێکى سەرەکى بۆ چارەسەرکردنى بارودۆخى ئاسایش). بارودۆخى عێراق بۆتە مایەى واق وڕمانى ئەندامانى کۆنگرێس و سیاسەتمەدارانى سەر بە کۆماریى و بگرە دیموکراتەکانیش، تەنانەت دۆخى عێراق بەهەمان دۆخى دارفۆر و کۆنگۆ بەراورد دەکەن بگرە زیاتریش. دیسان رۆژنامەنووس (سابرینا تاڤێرنیس) دەنووسێت (ئەندامانى کۆنگرێسى ئەمەریکى کوژرانى عێراقییەکان بەم ژمارە زۆرە بە بارودۆخێکى مەترسیدار لە قەڵەم دەدەن و بەردەوام لە هەوڵى ئەوەدان ئاسایشى وڵات چارەسەر بکەن و سەقامگیریى بگێڕننەوە بۆ هاووڵاتیان، هەروەها ئەم بارودۆخەى عێراق بەراوورد دەکەن لەگەڵ دارفۆر و کۆنگۆ لە رووى ژمارەى کوژراوە و تەنگژەى سیاسییەوە).
لاى عێراقییەکانیش هەموو گەشبینى و خەونێکى جوان بە ئایندەیەکى رووناکەوە گۆڕاوە بۆ رەشبینى و بێ هیواییەکى ترسناک، ئارەزوومە ئەم چەند پەرەگرافەى نووسەرى سیاسیى عێراقى (عەقیل ئەلقەفەتان) لەگەڵ مندا بخوێنینەوە: (هەموو ئەو بەڵگانەى ئێستا بەدەستمانەوەیە، گشت ئەوەى دەیزانین و دەیبیستین و دەیبینین و ئەوەى کەسوکارى لە ناوەوەى نیشتمانەوە بۆمان دەگێڕننەوە، بەشێوەیەکى تەواوەتى دەیچەسپێنن ئەو عێراقەى خەونمان پێوە دەبینى و بیرمان لێدەکردەوە ئەم عێراقە نییە!!). ئەوجا دەڵێت (خەونەکانمان زیاتر لە خەونى منداڵى پێنەگەیشتوو دەچێت، ئێمە خەونمان بەهەموو شتێکەوە دەبینی، نەخشەمان بۆ هەموو شتێک بەشێوەیەکى هەڕەمەکى و بێگوناهییەوە دەکێشا). هەموو ئەوانەى لە عێراقدا روودەدەن پێچەوانەى ئەوەن ئەمەریکا بانگەشەى بۆ دەکات، شەمەندەفەرى عێراق بۆ دۆزەخ ملى رێگاى گرتۆتەبەر نەک بۆ باخچەکانى عەدەن، عێراق لە ژێر سێبەری شمشێر و تیرۆر و فەتوادا راگیراوە نەک لە ژێر ساباتى دیموکراسى و پێکەوە ژیانى ئاشتییانە. شەقامى ئەمەریکیش هەستی بەمە کردووە و دەیەوێ لەمە زیاتر نیزامى و هاووڵاتییەکانیان لە بەرداشى خوێناویترین جەنگى دنیادا نەبنە سووتەمەنى و قوربانى، هەر بەم هۆکارەوە کۆمارییەکان لە هەڵبژاردنى کۆنگرێسدا دۆڕان، چوونکە خەڵکى ئەمەریکاش نایانەوێ جارێکى تر سوژنى ڤێتنام لە دڵیان بچەقێنرێتەوە، ئەمەش داواى کشانەوەى هێزەکان لە عێراق دەکاتە داواکارییەکى جەماوەریى و میللى، بەڵام ئیدارە و دەستە راستڕەو و توندڕەوەکەى چواردەورى بوش سوورن لەسەر مانەوەى هێزەکانیان لە عێراق تا کۆتایى هاتنى پرۆسەى سیاسیى لە عێراق و سەرکەوتنى ئەمەریکا و بەدیهێنانى ئامانجەکانیان. بگرە هەندێ قسەى پێکەنینهێنەر دەکەن، گوایە ئامانجی خۆیان پێکاوە لە دروستکردنەوەی عێراقدا و توانیویانە سەرکەوتن بەسەر تیرۆریستەکاندا بەدەست بهێنن.
کارناس و پسپۆڕى ناسراوى ئەمەریکى (دەنیس رۆس) دەنووسێت (..بەڵام ئیدارەى سەرۆک بوش چى دەوێت؟ ئایا توانیوویەتى لەگەڵ ئەو هەڵکەوتە بگونجێت؟ هێشتا بانگەشەى ئەوە دەکات پێشکەوتنى بەرچاوى بە خۆیەوە بینیووە، بەڵام خەریکە عێراق لە ژێر بەرداشى شەڕێکى ناوخۆییدا دەهاڕدرێت. هەروەک پلانەکانى ئاسایش سەرنەکەوتووە لە وەستاندنى توندوتیژیى، هەرچى جارێک رادەگەیەندرێت هێزەکانى لە عێراق کەم دەکاتەوە بەهۆى بەرزبوونەوەى شەڕ و کوشتارەوە پەشیمان دەبێتەوە؟ بۆیە وای لێهاتووە پارێزگاریکردن لەسەر ئەو پەیڕەوەى لە عێراق گرتویەتییە بەر بمێنێتەوە و زیاتر لە واقیع هەڵاتووە لە جیاتى ئەوەى رووبەڕووى بێتەوە). بەم حاڵەشەوە دۆناڵد رامسفێڵد (تا کاتى وازهێنانى لە پۆستەکەى لە وەزارەتی بەرگریی) چارەسەرى لە رەوانەکردنى زیاترى سەربازەکاندا دەبینییەوە، ئەمە لە کاتێکدایە سەد و پەنجا هەزار سەربازى ئەمەریکى تا ئێستا نەیتوانیوە لە قورسایى جەنگى نێوخۆى عێراق کەمبکاتەوە، ئیتر چۆن دەتوانن بەهێزى زیاتر عێراق کۆنترۆڵ بکەن؟، پێموایە نەک دوو سەد هەزار سەرباز بەڵکو دوو ملیۆنیش ناتوانێ عێراقییەکان بخاتە سەربارى ئاشتى ئەگەر خۆیان بە ئاوەز بڕیارى لەسەر نەدەن و هەوڵنەدرێ بە فۆرمی ئاشتیانە ئەو دۆخە شڵەژاوە چارەسەر بکرێت.
(فەرید زەکەریا) رەخنە لە پێشنیارى رەوانەکردنى زیاترى هێزە نیزامییەکان دەگرێ و پێیوایە رۆڵى نابێت لە چارەسەرکردنى تەنگژەى عێراقدا، ئەو دەنووسێت (چاوەڕوانکردنى زیاد لە ئەندازە و ناردنى هێزى سەربازیى زیاتر، دوورە لەوەى کە بتوانێت هەلومەرجى ناوچەکە بگۆڕێت. من لە هەڵەشەیى و سەرەڕۆیى ئەو کەسانە تێگەیشتووم دەیانەوێ هێزێکى سەربازیى زۆر رەوانەى عێراق بکەن بۆ پاراستنى ئاسایشى وڵات، من لە یەکەم هەفتەى هێرشى هاوپەیمانان بۆ سەر عێراق هەوڵى جێبەجێکردنى سیاسەتێکى بەمشێوەم دا، بەڵام ئەمڕۆ ئێمە لەو شوێنەین کە دەستمان پێکرد، بە تێپەڕبوونى سێ ساڵ بەسەر ئەم جەنگەدا توندوتیژیى زیاتر تەشەنەى سەندووە و رێگەى بۆ وڵاتانى دراوسێش خۆشکردووە خۆیان لەو هەلومەرجە هەڵقورتێنن. لە زۆربەى ناوچەکاندا میلیشیا ناوخۆییەکان لەلایەن بەرپرسەکانیان لە بەغدادەوە کۆنترۆڵ ناکرێن، بۆ ئەم جۆرە دابڕانە لە دەسەڵات لە کاتى جەنگ لە شەقامەکاندا زیاتر لە سەد یان دوو سەد هەزار هێزى سەربازیى لە بەغداد جگە لە کاریگەرییەکى کاتى هیچ رۆڵێکى ترى نابێت). هەرچەندە ئەمەریکا لە زۆر رووەوە شکستى هێناوە لە مەیدانى عێراقدا، بەڵام بوش لە کاتى لێدوانەکانیدا زۆر بە دڵنیاییەوە قسە لەسەر سەرکەوتن دەکات و لایوایە پێشڕەویى زۆریان کردووە لە هەلومەرجى عێراقدا و بەردەوامیش لە هەموو دەرکەوتن و پرێس کۆنفرانسەکانیدا پێداگریى لەسەر ئەو پێشکەوتنانە دەکات کە لە عێراقدا کردوویانە، بەڵام کام پێشکەوتن و سەرکەوتن؟ ئەو سەرکەوتنەى هەموو رۆژێ تەرمى سەربازەکانیان لە کیسەدا بۆ دەچێتەوە؟ یان ئەو سەرکەوتنەى عێراقى غەرقى خوێن و کابووس و گریان کردووە؟!!. یان ئەو سەرکەوتنەی عێراق بۆتە گۆڕەپانێکی خوێناویی تەسفیە حساباتی ئەمەریکا و نەیارەکانی؟؟.
بوش، سەرکەوتنەکانى خۆى لەوەدا دەبینێتەوە لە عێراقدا بمێنێتەوە تاکوو کۆتایى، هەروەک (دان فرومکین) لە رۆژنامەى (واشنتۆن پۆست)دا نووسیوویەتى (یەکێک لە خاڵە سەرنجڕاکێشەکانى سەرۆک بوش لەمەڕ جەنگى عێراق سووربوونییەتى لەسەر بردنەوەى ئێمە کە لە زۆربەى کۆنگرە رۆژنامەنووسییەکاندا جەختى لێدەکاتەوە، بوش دەڵێت: بە دڵنیاییەوە ئێمە سەرکەوتوو دەبین، ئەمەش راستییە!. بە پێى بۆچوونى من کاتێک لە عێراق شکست دەهێنین گەر لەو وڵاتە بکشێینەوە و کارەکانمان بە تەواوەتى جێبەجێ نەکەین. هاوکات لەگەڵ ئەم لێدوانانەدا بارودۆخ ئاڵۆزتر دەبێت و عێراق بەرەو جەنگى ناوخۆ هەنگاو دەنێت، تەنانەت حکوومەتى ناوەندیى ناتوانێت کۆنترۆڵى ئەو بارگرژییە بکات، بوش چۆن دەڵێت لەم جەنگەدا ئێمە براوەین؟!). بە کورتى سەرەڕاى گەرموگوڕیى ئەمەریکا لەمەڕ دروستکردنەوەى عێراقى نوێ کەچى زەمینە و تابلۆ ریالیستییەکەی ناو عێراق پێچەوانەى ئەمەمان پێدەڵێت!. ئایا دەتوانین لەم زەمینە پڕ هەڵبەز و دابەزەدا و لەم زریانى خوێنەدا بانگەشە بۆ دیموکراسیبوون بکەین؟ بێگومان نەخێر، رەنگە گرنگترین کار لە دیموکراسییەتیش راگرتنى ئەم لافاوى کوشتارە بێ بەزەییانە بێ کە ئەمڕۆ عێراقى گرتۆتەوە! گرنگترین کار بەرگرتنە بە رەشەباى تیرۆر و باهۆزى فەتوا و مەیلی مەزهەبگەرایى و وەستاندنی ئەو نەزیفەی خوێن و ئەنفالکردنى ئەوانیتر. بە بۆچوونى من ئەو نەخشەیەى ئەمەریکا هەیەتى بۆ عێراق و تەواوى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست، ئەجیندایەکى کامڵ نییە و تژیەتى لە کەموکورتى و ناواقیعبینى، چوونکە پێش هەرشت ئەمەریکا رەچاوى دۆخى دواکەوتووى رۆژهەڵاتى نەکردووە و خوێندنەوەیەکى قووڵى نەبووە بۆ مێژووى پڕ لە کارەسات و کەللەسەر و کوشتوبڕى رۆژهەڵات، چوونکە دۆخى رۆژهەڵات، دۆخێکى ئاوارتە و تایبەتە، میکانیزم و رێگاکانى چارەسەرکردنى کێشەکانى ئەم ناوچەیە گەلێک هەستیارن.
لە راستیدا نهۆ رۆژهەڵاتى ناوەڕاست لە هەموو روویەکەوە پاشەکشەى بە خۆیەوە بینیووە، لە ماوەیەکى زۆر نزیکدا سەرکەوتنى (حەماس)مان لە فەلەستین بینى، دەتوانم بڵێم سەرکەوتنى حەماس بەشێوەیەک لەشێوەکان گوزارشت لە کەوتنى مەدى دیموکراسى دەکات لەهەموو رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا. تراژیدیاکە لەوەدایە ئیسلامییە توندڕەوەکان سوودمەندترین خەڵکانێکن لە پرۆسەى دیموکراسى و هەڵبژاردن لە ناوچەکەدا، وەک تێبینیش کرا هەر ئەمە میکانیزمە بوو حەماسى هێنایە سەر تەختى دەسەڵاتداریی. محەمەد ئەبو رمان جوانى بۆچووە کاتێک دەنووسێ (لە کۆتاییدا سەرکەوتنى حەماس لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکاندا و دروستکردنى کابینەى حکوومەت لە فەلەستین، دووپاتى ئەو راستییەى کردەوە ئیسلامییەکان لە رێى سندوقەکانى دەنگدانەوە دەبنە یەکەم میراتگرى ئەو رژێمانەى ئەمەریکا دەیەوێ بیانگۆڕێت). کارەساتى رۆژهەڵات لەوەدایە تاکە ئەڵتەرناتیڤ و جێگرەوەى رژێمە تۆتالیتارییەکانى ئەم دەڤەرە بە تەنێ گروپە ئیسلامییەکانن، تەیارى عەلمانى و لیبرال و پرۆ رۆژئاوایی و دیموکراتیک نەک لاواز و بێ پێگەن بەڵکو هەر لە سترۆکتۆرەوە ئەم رەوتانە گەشەیان نەکردووە و لە هەبووندا نین. تەنانەت دۆخى نوێى رۆژهەڵات بە تایبەت دواى سەرکەوتنەکانى حەماس هەمووانى گەیاندە ئەو بڕوایەى گۆدۆى دیموکراسى و پلۆرالیزم روو لە سەرزەمینى رۆژهەڵاتى ناڤین ناکات، تا ئەو سنوورەى لە راددەى گەشبینى ئەمەریکاشى کەم کردۆتەوە. لافرانشى دەڵێت (ئەوەى لەم ماوەیەى دوایدا رۆژهەڵاتى ناوەڕاست بە خۆیەوە بینى، بە تایبەت گەشتنە دەسەڵاتى حەماس لە چوارچێوەى هەڵبژاردنێکدا لەلایەن ئەمەریکاوە پشتگیریى لێدەکرا، هەروەک دەرککردن بە سەختیى و دژواریى چاندنى تۆوى دیموکراسییەت لە عێراقدا، هانى جۆرج بوش-یان داوە تاوەکو چاو بگێڕێتەوە بە گووتارى دیموکراسییەتدا، لە هەمان کاتدا لە راددەى ئەو دڵگەرمییەش بێنێتە خوارێ کە بە هەڵوێستە یەکەمییەکانەوە دیار بوو). ئەمەریکا و خودی بوش تاکو ئێستاش شۆکی دۆڕاندنی فەتح و هاتنە سەر دەسەڵاتی حەماسی دۆستی ئێران بەرینەداون.
فەرید زەکەریا بە وردبوونەوەى قووڵى لە هەلومەرجى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و پسپۆرییەکەى، گەیشتۆتە ئەو بڕوایەى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست بۆتە گۆڕەپانێکى سەرەکیى بۆ نەشونماکردنى ئیسلامى سیاسیى ئەویش لە ئەنجامى پاشەکشەى هزرى سیاسیى عەلمانى و دیموکراسیخوازیى. زەکەریا لە وتارێکدا نوسیویەتى (خۆرهەڵاتى ناوەڕاست یەک لەو بەشانەى جیهانە لە ماوەى سى ساڵى رابردوودا پاشەکشەى بەخۆیەوە بینیوە، خۆرهەڵاتى ناوەڕاست بۆتە شوێنێک بۆ فراوانى دیکتاتۆرییەت و ستەمکاریى و هەڵاوسانى ئابوورى و داخران لە هەموو لایەنێکەوە. ئیسلامى سیاسیی زمانێکى ئامادەکراوى بۆ ناڕەزایى خوڵقاندووە، ئەمەش خەڵکانى دواکەوتوو و رابردووخوازى پێ فریو دەدەن هەروەک چۆن فاشیزم و کۆمۆنیزمى رادیکاڵ توانیان لە رابردوودا بە هەمان شێوە ترس بەرهەم بهێنن). عێراق وەک خانەیەکى دانەبڕاو لە جسمى هەمان ئەو رۆژهەڵاتە نغرۆى ستەمکاریى و کولتوور و دەسەڵاتى دیکتاتۆریى بووە، دیکتاتۆرییەتیش بەرلەوەى سیستمێکى سیاسیى یان کارگێڕیى بێت، عەقڵییەت و تیگەیشتن و بیرکردنەوەیە. چاندنى تۆوى دیموکراسى لە عێراقێکى وا پڕ لە تەنگ و چەڵەمە و کێشمەکێشدا کارێکى ئەستەم و دژوارە، تا ئاستێک هەندێک لە شارەزایان بە موستەحیل لە قەڵەمى دەدەن. دەنیس رۆس کۆنە رێکخەرى کاروبارى ئەمەریکا بۆ رۆژهەڵاتى ناوەڕاست لە نووسینێکدا کە لە رۆژنامەى (واشنتۆن پۆست)دا بڵاوکراوەتەوە دەنووسێ (پێویستە هەموو لایەنەکان بزانن عێراق ناتوانێ ببێتە وڵاتێکى مۆدیل دیموکراتیک و یەکگرتوو بۆ وڵاتانى هەرێمى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست). لە راستیدا عێراق دەتوانێ هەنگاو هەڵگرێ رووەو دیموکراسى و کرانەوە بەڵام بەپێى پرۆسە و چەند قۆناغێک، لەگەڵیدا پێویستى بە ماندووبوونى زۆر و پڕۆژەى جیددى و درێژخایەن هەیە. چوونکە مێژووى کۆن و نوێى عێراق مێژوویەکى پڕ تراژیدیا و رووداوى خوێناویى و توندوتیژانە بووە، لە بەرەبەیانى دەسەڵاتى سۆمەرەوە بیگرە تا ئەمڕۆى عەهدى مالیکى، مێژوو و دیرۆکێک بووە لێوانلێو لە کارەسات و خوێن، ماوەیەک نییە عێراق لە جەنگ و کاولکاریى و کوشت و کوشتار پشووى دابێت. رۆنانی دیموکراسیی لەسەر ئەو باکگراوندە تاریک و تاڵە کارێکی هەرزان نییە بگرە زۆر ماندووکەرە.
تۆ بڕوانە لە سەردەمى غەزەواتی ئیسلامى و هێرشى موسڵمانە بەراییەکان بەهەمان شێوە هێرش و پەلامارەکانى ئەکەدى و بابلى و ئاشوورییەکان عێراق وەک دەربەندێکى پڕ خوێن و کێشە و ململانێکان و گۆڕەپانێکى ترسناکى رووبەڕووبوونەوە دەرکەوت، بەو جۆرەش بە درێژایى دەسەڵاتى ئیسلامى هەر لە راشیدین و ئەمەویى و عەباسییەوە بیگرە بۆ ساتێک چییە عێراق بێ جەنگ و کاولکاریى نەبووە تا دەگات بە هێرشى مەغۆل بۆ سەر بەغداد، هەروا ئەم سەرزەمین و جوگرافیایەى ئەمڕۆ بە عێراق نێو دەبرێ لە سەردەمى دەسەڵاتى عوسمانى و داگیرکاریى نوێ و حکومى پاشایەتى و کۆماریى و دەسەڵاتى بەعس توندترین و سەختترین جەنگ و ماڵوێرانى بە خۆوە بینینوە، بە ئەندازەیەک دڕندایەتى و کوشت و بڕەکان لە ئاستێکدان بە هۆشدا ناچن و لە چوارچێوەى ئەفسانە و حیکایەتى میللیشدا جێگایان نابێتەوە. سڕینەوەی ئەم مۆتیڤە پڕ ئاشووب و خوێناوییە هەروا کارێکی ئاسان نییە. مرۆڤ کاتێک کتێبەکەی “باقر یاسین” بەناوی “مێژووی خوێناویی عێراق” دەخوێنێتەوە، دەمارەکانی گرژ دەبن و تووشی شۆک دەبێت، چوونکە ئەوەی لە میتۆلۆجی و داستانە خەیاڵییەکاندا هەیە لە پیادەکردنی توندوتیژیی لەسەر ئەرزی واقیع لە عێراق پەیڕەو کراوە.
عێراقێک کە بە (کۆمارى ترس) وەسفکراوە و لە واقیعیشدا کۆمارى ترس و داپڵۆسینە، دیموکراتیزەکردنى کارێکى ئاسان نییە و بە بڕیارێکى سیاسیى لەلایەن بوش و بلێرەوە نابێتە کۆمەڵگەیەکى دیموکراسى. خۆ دیموکراسى جلێک نییە عێراقییەکان لەبەرى بکەن هەروەک چۆن دیکتاتۆرییەتیش پۆشاک نییە تاوەکو فڕێى بدەن و بیکەنە تەنەکەى خۆڵەوە. لەبەرئەوە پێویستە دیموکراسى لە نێو بیرکردنەوەى خودى عێراقییەکانەوە لە دایک بێت نەک بە زۆر بەسەریاندا بسەپێنرێ، چوونکە رەنگبێ دیموکراسى تاکە شتێک بێت نەسەپێنرێت و بەتۆپزی نەیەتە دی. د.بورهان گلیۆن دەڵێت (پێویستە دیموکراسى لەناو وەرچەرخانە قووڵەکانى هاوسەنگییە کۆمەڵایەتییە ناوخۆییەکانەوە سەرچاوە بگرێت و هەنگاو بنێت بەرەو پێداگرتن لەسەر سەروەریى جەماوەریى و بە فیعلى گەل بگۆڕێت بۆ سەرچاوەى دەسەڵاتەکان). (ئەدۆنیس)یش هەمان راى لەسەر هەمان مەسەلە هەیە و دەڵێت (گەر وڵاتانى عەرەبى زۆر لەوە بێهیواترن بتوانن خۆیان دیموکراسى قبوڵ بکەن، ئەوە ناتوانن دیموکراسى بن بە هۆى دەستێوەردانى دەرەکى ئەوانیترەوە، ئەگەر ئێمە بمانەوێت دیموکراسى بین بەر لە هەر شت پێویستە پشت بە خۆمان ببەستین، بەڵام سەربارى ئەوەش مەرجەکان بۆ دیموکراسى بوون لە کۆمەڵگەى عەرەبیدا بوونى نییە). بۆیە بیرکردنەوە لە پێشمەرجەکانی دیموکراسی ئەولەویترین کارە لە راستای بینای کۆمەڵگەیەکی دیموکرات و ئازاد. بۆ ئەوەی دیموکراسیی ببێتە سیستم، لە پێشنۆرەدا پێویستە لە تاکەوە دەست پێبکرێت، نەک لە دەسەڵاتەوە. دەبێت خەیاڵدانی تاک بگۆڕدرێت، چوونکە دواجار ئەو تاکانەن گشت پێکدەهێنن.
کەواتە دەبێت دیموکراسى چ وەک بیرۆکە و چ وەک سیستمێکى حوکمڕانى لە پێش هەر شتێکدا لەلایەن خودى عێراقییەکانەوە پەسەند بکرێت، بەبێ ئەوە ئیمکان نییە تۆ بتەوێ بە زەبرى هێز دیموکراسى تیا پراکتیزە بکەیت. لە کاتێکیشدا زۆربەرى خەڵک دەستیان لەوە شۆردووە عێراق ببێتە نموونەیەکى دیموکراسى و رۆژهەڵاتى ناوەڕاست وەرچەرخێ بۆ ئەو دوورگە یۆتۆپییەى ئەمەریکا لە خەیاڵ و ئایدیاڵی ئێمەدا رەنگى بۆ رشتووە، ئاخۆ ئاڕاستەى ئەمەریکا چۆن هەنگاو بە هەنگاو لەگەڵ ئەم کۆمەڵگە دواکەوتووانەدا دەچێتە پێشێ؟ لە وەختێکدا ئەم کۆمەڵانە بە درێژایى مێژوو لە ژێر جەبەڕوتى دیکتاتۆریى و ستەمکارییدا ناڵاندویانە و بێبەش بوون لە سادەترین حەقى دیموکراسى خۆیان. (فرێد هالیدى) دەنووسێت (دیموکراسى لە وڵاتێکدا بەدی نایەت خاوەنى مێژوویەکى درێژخایەن بێت لە دیکتاتۆریى، بۆ نموونە وڵاتێکى وەک ئێران 2500 ساڵ لە ژێر دەسەڵاتى پاشایەتیدا بووە چۆن ئەگەرى ئەوەى لێدەکرێت ببێتە وڵاتێکى دیموکراسى.!؟ عێراقیش هەروەها، بە تەواوى کولتوورەکەیەوە هەر لە حاموڕابییەوە تا دەگاتە دەسەڵاتى هاشمییەکان بە هەمان شێوە..). هەر ئەمەشە وا دەکات پرۆسەکە لە عێراقدا سەخت و نالەبار و قورستر بێت، بەڵام پرسیارەکەى ئێمە لەوێیە کوا پڕۆژە و هەنگاوە کردارییەکانى ئەمەریکا بۆ گۆڕینى عێراق بەرەو دیموکراسى؟ پێم بڵێن لەوەتەى ئەمەریکا لە عێراقە کام هەنگاوى جیددیمان بەو ئاقارەدا هەست پێکردووە؟ بە پێچەوانەوە زۆربەى جار ئەمەریکا لەسەر حیسابى دیموکراسى بەرژەوەندییەکانى خۆى پاراستووە. زۆربەى جار بۆ راستکردنەوەى مەوقیفى لاری ئەمەریکا دیموکراسییەت باجەکەى داوە، وەک ئەو تەوافوقاتە درۆینانەى لە نێوان پێکهاتە عێراقییەکاندا بە فشار و پاڵەپەستۆى ئەمەریکا هاتنە دى!، ئەوە راستە دیموکراسى لە عێراقدا دەبێ لەسەر بنەماى تەوافوق و کۆدەنگى بێت، بەڵام ئەمجۆرە لە تەوافوق، دیموکراسى و گەوهەریى سیستمێکى لەو چەشنە دەخاتە ژێر پرسیار و گومانى زۆرەوە و خاڵى دەکاتەوە لە بنەما و رۆحە راستەقینەکەى.
بەندە نموونەیەکى لەلایە، کاتێک بۆ ماوەى یەک تاکە مانگ (عەبدولعەزیز حەکیم) وەک مەلایەکى بونیادگەر لە کۆتایى ساڵى 2003 کرایە سەرۆکى ئەنجوومەنى حوکمى ئەوسا، یەکەم بڕیار و دوا بڕیارى دەرکردنى بڕیارى 137 بوو لە دژى مافەکانى ژنان، ئەمەریکا جوقەى لێوە نەهات، ئەوەى هاتە دەنگ هەندێک لایەنى عەرەبی و کوردیى بوون، ئەوانیش لە میانەى گەمەیەکى سیاسیى وشکدا. ئەمەریکایەک کە دەیەوێ دیموکراسى بەرقەرار بکات چۆن چاوپۆشى لەوە دەکات نیوەى کۆمەڵگەیەک دیل و پەڕاوێز بخرێت و کەنارگیر بکرێت لە رۆڵگێڕان لە وڵاتدا هێشتاش بانگەشە بۆ دیموکراسیەت بکەین؟ لە کاتێکدا رۆحى دیموکراسى ئەوەیە هەردوو رەگەزەکە شانبەشانى یەکتر رۆڵى چالاکانە و کارا بگێڕن لە وەرچەرخاندنى کۆمەڵگە رووەو ئایندەیەکى باشتر و پاشەکشەپێکردنى سیستمى نەریتیى کۆن و دیکتاتۆریى. کوا دیموکراسییەکەى ئەمەریکا کە چاو لەبێ مافى ژن دەپۆشێ؟ رەنگە منیش رام لەگەڵ هەندێک نووسەرى عەرەبدا بێت کاتێک دەڵێن دیموکراسى ئەمەریکا دیموکراسییەکى دووڕوو و تایبەتمەندە و لەسەر بنەماى بەرژەوەندیى بەندە.
رووناکبیری عەرەب د.عەبدولعەزیز مەقالیع لە وتارێکدا بەناوى (بوش و دیموکراسییەتى تاکڕەهەند) دەربارەى جۆرى دیموکراسیزمى ئەمەریکى دەنووسێت (باوەڕى بەجۆرە دیموکراسییەکى تایبەتى هەیە، دیموکراسییەک لەگەڵ ئارەزووەکانى خۆیدا بسازێت بۆ ئەوەى خۆى ئەوانە هەڵبژێرێت بە فەرمانڕەواى ئەو وڵاتانە وەکو موڵکى تایبەتى خۆى سەیریان دەکات، خۆ ئەگەر گەلان دژى ئیرادەى کۆشکى سپى دەنگیان دا و بەویستى خۆیان ئەوانەیان هەڵبژارد کە خۆیان دەیانەوێت فەرمانڕەواییان بکەن، ئەوکاتە دیموکراسى پەسەند نییە و لە ئەجینداى سیستمى نوێى جیهانیدا جێى نابێتەوە). تا ئەو جێیەى د.مەقالیع دەڵێت (گوومان لەوەدا نییە ئەو مەرج و پێوەرانەى ئیدارەى ئەمەریکا دایاندەنێت بۆ پیادەکردنى دیموکراسییە تایبەتییەکەى خۆى، گەلێک گیروگرفت بۆ ئیدارەکە و بۆ جیهانیش و بۆ ئەو گەلانەش دەنێتەوە کە دەمێکە بە پەرۆشەوە چاویان بڕیوەتە دیموکراسى دروست کە تەنیا ئیرادەى گەلان و سندوقەکانى هەڵبژاردن کۆنترۆڵى دەکەن. کەس واى بۆ نەچووە دیموکراسى وەک بەهایەکى سیاسیى و کۆمەڵایەتى رۆژێک لە رۆژان وای لێدێت ببێت بە ئامانجێک بۆ رازیکردنى ئەم یان ئەو هێزی نێودەوڵەتی، نەک بۆدابینکردنى دادپەروەریى و بەدیهێنانى خەونى گەلان و رزگاربوون لە کابووسى دیکتاتۆران و فەرمانڕەوایکردنى گەلان بە قامچییەکانى توندوتیژیى و هێز و ناچارکردن).
لەلایەکى ترەوە شێوازى مامەڵەى ئەمەریکییەکان لەگەڵ عێراقییەکان شێوازێکى هەڵە و رەق و نادروستانەیە، دیموکراسى بە گوللە و مارێنز و توندوتیژیى ناچەسپێ، دیموکراسى بە ئۆپەراسیۆنى سەربازیى و تەقەکردن لە هاووڵاتیانى سڤیل و هێرشى فڕۆکە و پەمالارى جیمس بۆندییانە پراکتیزە ناکرێ. دیموکراسى وەک کاڵایەک بە سوارى ئۆتۆمبیل و زرێپۆشى دەرعى سەربازیى ئەمەریکا ناهێنرێت بۆ عێراق و بە فشارى هێزە دەرەکییەکان ناسەپێنرێ، بەڵکو دەبێت لە ناوەوەڕا لە گەردە زۆر بچووکەکانەوە دەستپێدەکات نەک لە لوتکە و هەڕەمى دەسەڵاتەوە. گەلێک هێشتا باوەڕى بەوە هەبێ توندوتیژیى و زەبروزەنگ تاکە ئامڕازى راگرتنى دەسەڵات و حکومە و لەگەڵ ئەم فۆرمە لە دەوڵەتداریى راهاتووە، ناکرێت ئەمەریکا بە بڕیارێک سیحرى لێبکات و عەساکەى موسا بەسەریدا بدات و بیکاتە دیموکراسیخوازى عەیارە بیست و چوار. دیموکراسی بە سواری هەمەری سەربازیی ناهێندرێت، دیموکراسی پێش هەر فەرهەنگە. مامەڵەى ئەمەریکا لە شێوازى هەوڵدان بۆ جێخستنى دیموکراسى لە عێراقدا مامەڵەیەکى گونجاو نەبووە بە دەلیلى ئەوەى لەسەرەتاى پرۆسەى ئازادیى عێراقەوە بە بڕیارێکى نێودەوڵەتى شێوەى خۆى گۆڕى بۆ دەسەڵاتى داگیرکەر، هەر ئەمەشە وا دەکات تەواوى گەلى عەرەب لە بەشە عەرەبییەکەى عێراقدا مامەڵەى داگیرکەر لەگەڵ ئەمەریکا بکەن و بە ئیمپریالیزمى نوێ و نیو کۆلۆنیالیزم ناودێرى بکەن، لەواقیعیشدا ئەمەریکا لە تەواوى دنیادا سومعەى شکاوە بە حوکمى ئەوەى هەموو موراڵ و سنوورێکى نێودەوڵەتى بەزاندووە، تەنانەت فۆکۆمایا لە رۆژى 31-8-2006 لە میانەى وتووێژێکدا بە ئەکبەرى گەنجى وتووە (ئەمەریکا مەشروعییەتى خۆى لە دەستداوە، سەرلەنوێ بنیادنانەوەى ئەم ئیعتبارەش کاتێکى زۆرى دەوێت).
هەڵبەتە تۆ ناتوانى خوازیارى شتێک بیت کە دوژمنەکەت یان داگیرکەرەکەت خوازیاریەتى بەسەرتدا بیسەپێنێ، ئەمە جگە لەو هەموو توندوتیژیى و سکەنداڵ و ئابڕووچوونانەى ئاشکرابوون کە مامەڵەى ئەمەریکا لە بەرامبەر عێراقییەکان دەردەخات، ئەوەندەى تر پرۆسەکەى سەختتر کردووە بە تایبەتى دواى ئاشکرابوونى دەستدرێژیى سێکسى و فیزیکى بۆ سەر زیندانییەکان لەلایەن مارێنزەکانەوە ئەمە بە تایبەت لە ئەبوغرێب و هەندێ جێگەى دیکە. بێگومانیش پەرچەکردارى توندوتیژیى جگە لە خودى توندوتیژییەکى سەخت و قورستر چیدى نییە، (نۆم چۆمسکى) پێیوایە (بە مومارەسەکردنى توندوتیژیى، ئێمە یارمەتى تیرۆریستان دەدەین چوونکە کردەوەى توندوتیژیى کاردانەوەى وەهاى لێدەکەوێتەوە کە لەوانەیە کارەسات بخوڵقێنێت). جگە لەوەش هەلومەرجى عەینى و بابەتى نێوخۆى عێراق لەبار نییە بۆ تاقیکردنەوەى ئەزموونى دیموکراسى، لە هەمان کاتدا ئەم وڵاتە کەنداوێکى گەمارۆ دراوە بە دەوڵەتگەلی دیکتاتۆریى و تۆتالیتاریى. بەم هۆیەوە سەرزەمینی عێراق بێروونە بۆ رسکانی خونچەی دیموکراسییەت تێیدا.
لەلاى باشوور سعودیە و کوەیت و وڵاتانى ترى کەنداوى عەرەبى هەیە، ئەم وڵاتانە سەرەڕاى ئاوێتەبوونى دەسەڵاتەکانیان لەگەڵ ئاین، دەوڵەتگەلێکى دیکتاتۆریى و ئیستبدادیى رەهان و هەموو ئازادییەکى سیاسیى و بیروڕا تیایاندا سنووردار کراون. راستە لە رووى ئابوورییەوە ئەم دەوڵەتانە لە ئاستێکى باشدان کە تاک دەخل و بژێویى بەرزە و رەفاه دەژی، بەڵام لە رووى سیاسییەوە دیکتاتۆرییەت زاڵە. لەبەرى رۆژئاواوە هەردوو دەوڵەتى ئوردون و سوریا هەن، ئەوانیش دوو دەوڵەتى دیکتاتۆریى و شانشینین، لێ ئەوەى سوریا ئیدعای سیستمی کۆماریى دەکات بەڵام گوێزرانەوەى دەسەڵات لە حافز ئەسەدەوە بۆ بەشارى کوڕى بەشێوەى بۆماوەیى نیشانەى ئەوەیە هەمان نەریتی دەسەڵاتى پادشایى ناوچەکانى ترى دنیاى عەرەب لەوێش باڵادەستە. ئەو دوو دەوڵەتە تۆمارێکى رەشیان هەیە لە سەرکوتکردن و یاساغکردنى بیروڕاى جیاواز، بە تایبەتى سوریا کە نەزعە و مۆدیلێکى ترى شۆڤێنێزمى عەرەبی شیعەگەریی عەلەوی و دەستێکى تر لە بەعسیزم، رەوڕەوەى دەسەڵات دەباتە پێشەوە، پێویست بە بەڵگەهێنانەوە ناکات ئەگەر سوریا دیکتاتۆرترین دەوڵەتى ناوچەکە نەبێت بێگومان یەکێکە لە دەوڵەتە هەرە دیکتاتۆرەکان.
لە بەشى باکوورى عێراقیشەوە دەوڵەتى تورکیا هەیە، سەرەڕاى ئەوەى لەوێ دەستوورێکى سکۆلارى رادیکاڵ بوونى هەیە و دیموکراسى تێرمێکە هەموو رۆژێک بانگەشەى بۆ دەکرێت، بەڵام لە واقیعى حاڵدا تورکیا هەر ئەوەندە دیموکراسییە دەستەڵات تێیدا دەستاودەست دەکات، دەنا ئەم دیموکراسییە بچووکەش هەموو رۆژێک لە ژێر هەڕەشە و ئیهانەدایە بە تایبەت لەسەر دەستی ئاکپارتی کە حزبێکی پرۆ ئیخوانی خەلافەتخواز و لە نێو نوستالیژیای کۆنی تورکدا ناسنامەی خۆی دۆزیوەتەوە کە ئەویش مەستبوونە بە رۆژانی باڵاکردنی ئیمپراتۆریای عوسمانلییەوە. جیا لەمەش رۆژانە ژەنەراڵەکان سوکایەتى بە جەستە و شکۆی دیموکراسى دەکەن و بەپێى میزاجى عەسکەریى خۆیان ئاڕاستەى سیاسیى حکوومەت و دەسەڵات لەو وڵاتەدا دەگۆڕن. لەلایەکى تریشەوە دیموکراسییەتێک نکۆڵى لە مافى بیست ملیۆن کورد بکات سەرەڕاى ئەوەش قەیرانێکى مرۆیى لە ناوچە کوردنشینەکاندا دروست بکات هەرچییەک بێت دیموکراسى نییە. دەسەڵاتێک هاشا لە کوشتنى یەک ملیۆن ئەرمەن و پەنجا هەزار کورد بکات پێش 90 ساڵێک لەمەوبەر نیشانەى ئەوەیە هەرگیز نەبۆتە دیموکراسى، چوونکە دیموکراسى بە عەیار نییە یان ئەوەتا دیموکراسیت یان پێچەوانەکەى.
لەبەرى لاى رۆژهەڵاتیش دەوڵەتى ئێران هەیە، دەوڵەتێکە لەسەر بنەماى ئاین، بە پوختترین دەربڕین دەوڵەتێکى تیۆکراتییە، لەم دەوڵەتەدا نەک هەر موخالیفن و دژە ئاین و بێ بڕواکان مافیان پارێزراو نییە بەڵکو دەسەڵاتێکى چەوسێنەرى مەزهەبى لەسەر تەختى دەسەڵاتە. تەنانەت موسڵمانانى سووننەش لەژێر چەپۆکى ئەم حکوومەتە ئیسلامییەدا تووشى چەوساندنەوە بوون و بێبەش نەبوون لە شاڵاوى توندوتیژانەى مەزهەبى. ئەم دەوڵەتە سەرچاوەى هەموو نائارامییەکانى ناوچەیەکە و لە پاڵیدا ترسناکترین دەسەڵاتى ئیسلامییە لە واقیعى ئێستاماندا. لەبەرئەوە زەمینەیەکى ناوچەیى و هەرێمى لە ئارادا نییە تا یارمەتى پرۆسەى بنیادنانەوە و پێشخستنى دیموکراسى بدات لە عێراقدا، بەڵکو بەردەوام و رۆژانە ئەم دەوڵەتانە کێشە و نائارامى لە عێراقدا دەخوڵقێنن، دەیان دیکۆمێنت لەبەردەستدان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن هەریەک لەو وڵاتانە بە نۆرەى خۆیان و لەڕێى تۆڕ و گروپى جیاواز جیاواز و دەزگاکانى هەواڵگرییەوە پرۆسەى ئاشتەوایى و دیموکراسى لە عێراق پەکدەخەن، چوونکە دەزانن وەرچەرخانی عێراق بەرەو دیموکراسیی کۆتایی گەمەکە نییە بەڵکو هەموو چرکەیەک بۆی هەیە ئەم باهۆزە روو لە وڵاتەکانیان بکات و پەردە لەسەر شانۆی دەسەڵاتى رەشیان دابداتەوە و کۆتایى بە سیناریۆیەک بهێنێ ئەم جۆرە دەوڵەتە شمولییانەی ناوچەکە چەند دەیەیەکە دەرهێنەرین. ئەوان لە ئێستاوە زەمینەکانی ئەو هەلومەرجە لە رەحمی دایکیدا لەباردەبەن.
هەنووکە دواى سێ ساڵ و حەوت مانگ لە کۆتایى هاتنى پرۆسەى “ئازادکردن”ى عێراق، هێشتا دووکەڵى جەنگ ئاسمانى عێراقى بەرنەداوە و وڵاتەکە بۆتە کەلاوەیەکى وێران و ئەشکەوتى خوێن و کابووس. ئەمەریکاییەکان لە بەردەم دووڕیانێکدان یان ئەوەتا هێزەکانیان بکشێننەوە کە دڵنیام بە کشانەوەى ئەم هێزانە هەرچى زیاتر عێراق روو لە کاولکاریى و جەنگى نێوخۆیى دەکات. یان ئەوەتا هێزى زیاتر رەوانەى عێراق بکەن. رامسفێڵد تا دوا ساتى لە وەزارەتى بەرگریدا بە گەشبینى و متمانە بەخۆبوونەوە رایگەیاند هێزى زیاتر رەوانە دەکەن بۆ چاڵى عێراق، بەڵام لایەنى بەرامبەر (دیموکراتەکان) ئەم هەڵوێستانەیان بە چەواشەکردن و بەلادا رێبردنى راى گشتیى وەسفکرد. هیلاری کلینتۆن لەم رووەوە دەڵێت (ئێستا زیاتر لە سێ ساڵ و نیوێکە هێزە سەربازییەکان لە رێگەى هەوڵە نیزامییەکانەوە تەواوى وزەى خۆیان تەرخانکردووە بۆ جێگیرکردنى ئاشتى و بنبڕکردنى توندوتیژیى، ئەمە لە کاتێکدایە وەزیرى بەرگریى دەڵێت: هیچ کەسێک داواى لە ئێمە نەکردووە هێزى زیاتر رەوانە بکەین.. مەبەستم ئاشکراکردنى راستییەکانە، سێ ساڵە بەردەوام بیروڕاى گشتیى چەواشە دەکرێت). ئێستا دەبینین گووتارى کۆمارییەکان لەمەڕ عێراق بە جۆرێک گۆڕاوە، بوش دەڵێ عێراق مەیدانى جەنگى ئێمەیە تەنیا لەگەڵ تۆڕى تیرۆریستى ئەلقاعیدە و لەم جەنگەشدا سەرکەوتوو بووین، ئەوەتا لە وتەیەکیدا دەڵێت (بێگومان ئێمە شەڕى دژە تیرۆر دەبەینەوە، چوونکە هێزەکانمان زیانى گەورەیان بە ئەلقاعیدە و هێزە دەمارگیرەکان گەیاندووە، شەڕى یەکلاکەرەوەش لە عێراقدایە، بۆیە ناتوانین بەر لە کۆتایى هێنان بەم ئەرکە عێراق بەجێ بهێڵین).

بوش لە بیرى چووە خۆی و دەوڵەتەکەی نەیانتوانیوە رەوشى عێراق چاک بکەنەوە و سەرەتاکانى دیموکراسیبوون دابمەزرێنن و تەبەنى هزرى دیموکراسى بکەن، بەڵکو عێراق لە دۆخێکى تەواو ناڕەحەت و ناجێگیردایە، لە مێژوودا ماوەیەک نابینین هێندەى ئەمڕۆ عێراق ئاڵۆز و ناسەقامگیر بووبێ، وەلێ گومانیش لەوە دەکەین ئەمەریکییەکان توانیبیان سەرکەوتن بەسەر ئەلقاعیدە و گروپە توندڕەوەکانى تردا بەدەست بهێنن، چوونکە کوشتنى زەرقاوى نەک شەپۆلى توندوتیژیى رانەگرت بەڵکو رەوشەکەى تەواو تەقاندنەوە و مەوجەیەکى بێوێنەى توندوتیژیى عێراقى تەنییەوە. لەم سۆنگەوە ناوەندى رۆشنبیریى و سیاسیى ئەمەریکا بە روونى پێداگریى لە شکستهێنانى کابینەکەى بوشى دووەم دەکەن و پێیانوایە هەڵوێست و پێشڕەوییەکانى بوشی کوڕ ئاکامێکى خەتەرناکتریان لێکەوتۆتەوە، ئەمەش واى کردووە رۆژ لە دواى رۆژ نفوزى سیاسیى کۆمارییەکان روو لە کەمیى بکات. کە بێگومان باجەکەی بە شکستیان لە هەڵبژاردنی داهاتوودا دەدەن.
فۆکۆیاما دەڵێت (پێشوەخت کۆمەڵێک کتێب و وتار چاپکراون کە سەرزەنشتى ویلۆنیالیزمى خۆشباوەڕانى ئەمەریکا دەکەن و هێرش دەکەنە سەر بیرۆکەى هەوڵدان بۆ دیموکراتیزەکردنى جیهان. هەوڵەکانى ئیدارەى دووەمى بوش بۆ دیموکراسى لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستى گەورە بە دروشمە زبر و توندەکانى دەستپێکى سەردەمى دووەمى دەسەڵاتەکەى دەستیپێکرد، ئاکامى پڕ کێشەیان لێکەوتۆتەوە). فەرید زەکەریاش وەک پسپۆرێکى بە توانا و شارەزایەکى ناسراو بۆچوونێکى هاوشێوەى رایەکى فۆکۆمایاى هەیە، پێیوایە ئەمەریکییەکان لە عێراق نەیانتوانیوە سەرکەوتنى بەرچاو بەدەستبهێنن. بەڵکوو هەوڵیانداوە تەنیا بۆ راگرتنى جۆرێک لە هاوسەنگى، ئەو لە News Weekدا نوسیوویەتى (سیاسەتى دەرەوەى ئەمەریکا لە عێراق لەماوەى سێ ساڵ و نیوى رابردوودا تێکەڵەیەک بووە لە بنیاتنانى نەتەوە و بەرەنگاربوونەوەى تیرۆریستەکان، نەک سەرکەوتنێکى بەهێز). بە پێچەوانەشەوە هەلومەرجى عێراق بە جێگەیەک گەیشتووە خەڵکی وڵاتەکە هەست بە جیاوازییەکى ئەوتۆ ناکەن لەگەڵ سەردەمى رژێمى پێشوو چوونکە لە دیتنى ئەواندا پیاوکوژ هەر پیاوکوژە، جا عەمر یان زەید بێت، سەدام حسێن یان موقتەدا سەدر بێت. بە جۆرێک ئەم دۆخە واى لە نووسەرێک کردووە لە رۆژنامەى “ریاز”ى سعودیدا ئەم چەند دێڕە بەوپەڕی نائومێدییەوە بنووسێت (سەدام پاسەوانى دۆزەخ بوو، چەندین جەنگى هەڵگیرساند و چەندین کەسایەتى ناودارى سیاسیى و ئاینیى و تەنانەت زاواکەى و چێشتلێنەرە کریستیانەکەى و مامۆستاکانیشى لە ناوبرد. ئەمانە هەمووى بە بیانووى چەند هۆکارێکەوە کە بە ئەمنیى ناودەبران، بەڵام بارودۆخى نوێى عێراق هیچى کەمتر نییە لە رابردوو، ئەوەندە نەبێت تاکە پیاکوژەکەى جاران ئێستا بووە بە سەدەها پیاوکوژ، میلیشیاکان بوون بە جێگرەوەى گاردى کۆماریى و دەزگاکانى ئاسایش و پاسەوانى تایبەت). دەکرێت رەوشەکە لە دێڕێکدا کورت بکەینەوە، ئەمەریکا لە 2003 دیکتاتۆرێکی مەترسیداری لە عێراق گۆڕی، بەڵام لە هەمان کاتدا دەرگای کردەوە بۆ دەیان دیکتاتۆری مەزهەبی و فاناتیستی عەرەبی شیعی و سوونی.
هەر ئێستا میلیشیاکانى سەدر و بەدر و گروپە جۆر بەجۆرەکانى ترى چەکداریى لە عێراقدا، لە نەگریسترین جەنگى تۆڵەسێنەرەوەدان لە بەرامبەر بە یەکتر، ئەم جەنگە لە ئاسایترین تاکى شیعە یان سووننەوە دەستى پێکردووە تا دەگات بە پێشەوایانى ئاینیى و کاربەدەستانى حکومى. خودى نورى مالیکى سەرۆک شالیارى عێراق بەردەوام ئەوە رەت دەکاتەوە پیاوى ئەمەریکا بێت، بەڵکو دەیەوێ سۆزى مەرجەعە ئاینییەکان و مەلا بونیادگەرەکان بۆ لاى خۆى رابکێشێت. هەرچەند لە واقیعدا مالیکی بە ئەجیندای ئێرانی عێراق بەڕێوە دەبات، بەڵام پێیوایە قۆناغى دووەمى یارى سیاسیى شیعى دەستیپێکردووە، ئەگەر لە قۆناغى یەکەمدا بە هەڵبژاردن و دیپلۆماتییەت و دەنگدان شیعە سەرکەوتنى زۆرى لە عێراقدا تۆمار کردبێت، ئیدى لەم قۆناغەدا کاتى ئەوەیە لەگەڵ باڵى عەسکەریى شیعى پێکبێت بۆ زیاتر سەقامگیرکردنى دەسەڵاتەکەى و کەمپینى پاکتاوکردنى سووننە و بژارکردنى دڕک و داڵى بەردەم خەونە مەزهەبی و شەخسییەکانی کە دڵنیام پریشکی ئەم ئاگرە پێش هەر کەس بەر کورد دەکەوێ. بە ئاشکرا بادانەوەى مالیکى بەلاى مەزهەبگەریى و مەلا توندڕەوەکان و هێزەکانى میلیشیا هەست پێدەکەین، ئەمەش بە هەموو شێوەیەک هەڕەشە لە ئایندەى ئەمنیى و سیاسیى عێراق دەکات، بەڵگەیەکیش دەدات بە دەستەوە لە بارەى ئەوەى پێکهاتەکانى عێراق ناتوانن پێکەوە هەڵبکەن، بەڵکو کۆى هێزەکان لە هەوڵى نەپساوەدان بۆ کۆنترۆڵکردن و لەنێوبردنى ئەویترى دەرەوەى خۆى. ئەوەش بە ریمۆند کۆنترۆڵ و ئیحاى ژێر بە ژێرى مالیکى و ستافە شیعەکەیەتى کە مەرجەعەکان جارێکى تر دەم لە دەسەڵات و حوکمداریى وەردەدەن و دەبنە بەشێک لە دروستکردنى بڕیارى سیاسیى لە وڵاتدا.
دەبینین موقتەدا سەدر کە لە سەرەتاى هاتنى ئەمەریکاوە بانگەشەى جیهادى راگەیاند و بە کرداریى جەنگى لە دژى هێزەکانى هاوپەیمان هەڵگیرساند دواى کەنارگیرییەکى درێژ ئەمڕۆ هاتۆتەوە سەر شانۆى سیاسیى و هەندێ لێدوانى عەنتیکە و سەیر و سەمەرە بۆ کەناڵەکانى راگەیاندن دەدات و بە شەفافى بەهەر چوار لاى خۆیدا هەڕەشە دەبەشێتەوە. ئیدى عێراقێک مەلا و ئاخوند و تیرۆریست و سەرکردەى عەقڵ بەجێماوى دەمارگیریى مەزهەبیى و ژەنەراڵى دەست و پەنجە خوێناویى و دزى بانک و سیاسیى قۆڵبڕ و دیکتاتۆر بەڕێوەی ببەن و ئەمەریکاش پاڵپشت و دۆست و هاوپەیمانیان بێت، ئاخۆ دەبێ چ ئومێدێک هەبێ بە پاشەڕۆژى دیموکراسى لەم وڵاتەدا؟ ئەم سیاسییە لۆمپن و گەندانە جگە لەوەى سەبەبکارى بارى نائەمنیى و تیرۆر و تەقاندنەوەن، هاوزەمان دەستیان لە بینەقاقاى خەڵک گیرکردووە و سەروەت و سامانى وڵات بە هەدەر و فیڕۆ دەدەن. گەندەڵى سەرى هەموو عێراقییەکانى خواردووە و کۆمەڵگەى شەل و ئیفلیج کردووە، دزینى پارەوپول و بە فیڕۆدانى سەروەتى نیشتمانى لە ئاستێکى جادوویى و سەرسوڕهێنەردایە! تەنانەت بە پێى راپۆرتێکى دەوڵەتى ئەمەریکا تەنیا لە ساڵى 2005دا چوار ملیار دۆلارى ئەمەریکى لە عێراقدا دزراوە و دیار نەماوە، ئەمەریکا لە چوارچێوەى داگیرکارییەکەیدا عێراقى یەک دیکتاتۆر و سەرکردەى پێویست (قائد الضرورە)ى گۆڕی بۆ عێراقى سەدان دیکتاتۆرى قەزەم و سەدان حزبى تیرۆریست و پاشڤەڕۆ و کۆنەپەرست. تەنانەت من لەو بروایەدام ئەمەریکا هێشتا لە سەرەتاى پرۆسەیەکدایە بە ناوى لە رەگوڕیشە هەڵکێشانى بەعس، ئەگەر لاشەى بەعس پارچە پارچە کرابێت، بەڵام هێشتا دڵی بەعسیزمی کولتووریی لە ترپەترپدایە. ئەمەریکا لە میانەى پرۆسە و ئۆپەراسیۆنێکى بیست رۆژەدا توانى رژێمى سەدام حسێن لەسەر کار لاببات، بەڵام ئایا بە کەوتنى بتەکەى سەدام لە چەقى شارى بەغداددا بە ماناى کۆتایى یەکجاری بەعسیزم دێت؟ بێگومان نەخێر، راستە ئەمەریکا توانى بەعس وەک دامودەزگاى سەرکوتکەر و تۆڕى هەواڵگریى و سوپا و دامەزراوە ئەمنییەکان هەڵبوەشێنێتەوە، بەڵام نەیتوانى کۆتایى بە سەرلەبەرى بەعسیزم بهێنێت. رەنگە ترسناکترین وەتەرى بەعسیزم لە هەبووندا مابێ کە بەدڵنیاییەوە مەبەستمان ژینگەکەیەتى.

بەعسیزمى کولتووریى جیددیترین ئامادەیى هەیە و لە بیرکردنەوەى زۆربەى عێراقییەکاندا هێشتا بەعسیزم گیانێکى زیندووە، هەرچەندە ئەم قورساییە زیاتر لەسەر ئەندێشەى خەڵکى سووننە مەزهەبە، لێرە نەک بەعسیزم کۆتایى پێنەهاتووە بەڵکو رۆژانە بەیعەتى خۆیان لەگەڵى نۆژەن دەکەنەوە. هەیئەى عولەماى موسلیمین کە من دڵنیام یەک زانایان تیا نییە و سەرجەمیان مەلاى وشکهەڵاتووى سەلەفى و دەمارگیرن مۆدیلێکى ترن لە بەعسیزم، تەنانەت ئەوان لە پەنا کتێبى قورئاندا پەرتووک و راسپاردەکانى سەدام دەبینین، ئەگەر مانیفێستى کۆمۆنیست کتێبى پیرۆزى کۆمۆنیستەکان بێت، ئەوا بێ دوو دڵى کتێبەکانى میشێل عەفلەقی تیۆریسۆن و مامۆستای عروبە و بەعسیزم مانیفێستى ئەو دەستە بەناو زانایەیە. ئەم دەستەیە جێگرەوەى بەعسن و نووکە درێژە بە روانگە نەتەوەپەرستییەکانى بەعس و سەدام دەدەن، رەنگبێ لەوەشدا لە بەعس کاریگەرتر بن ئەمانە دەستەیەک مەلا و پیاوی ئاینین و دەتوانن بەرگێکى پیرۆز و ئاینیى ببەخشن بە تێزە رەگەزپەرستییەکانیان (وەک لە وتەکانى حارس ئەلزاریدا هەستى پێدەکەین).
ئێمەش لە کوردستان وێڕاى ئەوەى پانزە ساڵ زیاترە بەعس وەک دەسەڵات و دامودەزگا لە نێوماندا نەماوە و هەڵکەندراوە، کەچى کولتوورى بەعسیزم هەژموونى خۆى بەسەرماندا سەپاندووە و بگرە بەعسیزم بەشێکى هەرە گرنگە لە مامەڵەى سیاسیى و کارگێڕیمان، لە پەروەردە و سیمای بیرکردنەوەمان. بەعسیزم جوزئێکە لە خەیاڵ و روانینمان، بەعسیزم رووناکى ئەو لایتەیە بەرپێى خۆمانى پێ دەبینین، جا ئەگەر بەعسیزم پاش ئەم هەموو ماوەیە هێشتا لە کوردستاندا گیانێکى زیندوو بێت، ئەوە هەر باسى ناوەڕاست و باشوور مەکە کە تا ئێستاش سەدام لە بەرگى فریشتە و پێغەمبەرێکدا دەبینن و لێى رادەمێنن. گرفتەکەش ئەوەیە پێمانوابێ بە سووتاندنى تانک و دەبابە و فڕۆکەکانى بەعس و کاولکردنى جبەخانەکانى بەعس کۆتایى هاتووە، کارەساتەکە لەوێیە پێمانوابێ خنکاندنى سەدام و یاریدەدەرە دڕندەکانى خنکاندنى رەگەزپەرستى و وشککردنى تۆوى دیکتاتۆرییەت بوو، نا، بەڵکو سەدام حسێن لە پێست و رەنگێکى تردا ئامادەیى هەیە، رەنگبێ تێفکرینى سەدام لە کەللەى زۆربەى عێراقییەکاندا بێت، دڵى بەعسیزم هێشتان دڵێکى زیندووە و لە بەشی چەپی سینگی زۆربەماندا ترپەترپیەتى. پەروەردەی سیاسیی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیی بەعس، هێشتا باڵادەستە!! بەعسیزم وەک مۆتیڤێکی هەراش و کارا لەپشت تێفکرینی تاک و گشتەوەیە.
بۆیە دووبارە دەڵێم دیموکراتیزەکردنى عێراق کارێکى سەختە، قورسى ئەم پرۆسەیە لەوە ناڕەحەتترە رژێمێک بڕوخێنی، هەموو ئاگادارین رووخانى رژێم وەک دەسەڵات و سوپا هەمووى بیست رۆژى پێ چوو، بەڵام لەوانەیە لە رەگەوە دەرهێنانى بەعسیزم لە کولتوور و دنیابینیماندا بیست ساڵ و رەنگە زیاتریشی پێویست بێت. لێرەدا پرسیارێک دێتە پێشێ: کەواتە رێگا چارەسەر چییە بۆ کۆنترۆڵکردنى ئاسایش و کۆتایهێنان بە تەنگژەى سیاسیى و ئاڵۆزیی و سەرلەنوێ بونیادنانەوەى عێراق؟. بە بڕواى من چارەسەر هەڵوەشاندنەوەى عێراقە وەک یەک دەوڵەتى ناوەندیى و یەکگرتوو، هەروەها دابەشکردنییەتى بۆ سێ دەوڵەت، لەبەرئەوەى عێراق نەک ئەوەى دەوڵەتێکى سروشتى و خۆڕسک نییە بەڵکو سنوورێکى دەستکردى ئیمپریالیزمە و بە زۆرى زۆرداریى خراوەتە ژێر چەپۆک و رکێفى عەرەبەوە. بەریتانیاى مەزن لە سەرەتاى سەدەى رابردووەوە بە گوێرەی ئەجیندا و بەرژەوەندییە کۆلۆنیالیستییەکانى خۆی وێنەى ئەم وڵاتەى کێشا، شیعە و کوردى کردە سووتەمەنى دروستکردنى عێراق، بەڵام عێراق چ وەک دەوڵەتێکى یەکگرتوو چ وەک ئەوەى ئینگلیز بیرى لێدەکردەوە دروست نەبوو. وینستۆن چەرچڵ، سەرۆک وەزیرانی پێشووتری بەریتانیا، لە یادداشتەکانیدا نوسیوویەتى (لە مارسى 1921 کۆنفرانسى قاهیرە بڕیاریدا میسۆپۆتامیا بکرێتە عێراق و دامەزراندنى شانشینێکى عەرەبى، کە سوپایەکى عەرەبى وەک شتێکى بنەڕەتى بپارێزێ و بە پەیماننامەیەکیش ببەسترێ بە بەریتانیاوە، هەروەها کاوربارى ناوخۆشى بخرێتە ژێر کۆنترۆڵى عەرەبەوە، هێزى ئاسمانى پاشایەتیش پارێزگارى بەرژەوەندییەکانى بەریتانیا بێت). تەنانەت دەوڵەت و سەڵتەنەتى عوسمانلى بەو دواکەوتوویى و کۆنەپەرستییەى خۆیەوە هۆشى بەوە دەشکا عێراق پارچەیەکە لە ململانێ و ناکۆکى قووڵ، بۆیە دابەشى کردبوو بەسەر سێ یەکەى ئیداریدا (سێ ویلایەت) کە پێکهاتبوون لە ویلایەتى کوفە و ویلایەتى بەسرە و ویلایەتى شارەزوور (دواتر بوو بە ویلایەتى موسڵ).
ئەم نەخشەیە بەمجۆرە مایەوە هەروەک وتم تاکوو بەریتانیا و براوەکانى جەنگى یەکەمى جیهانە عێراقیان بەمشێوەیەى ئەمڕۆ دامەزراند کە پارچەیەکە لە توندوتیژیى و جەنگى نێوخۆیى نێوان تایفە و نەتەوەکانى ناوى بە درێژایى زێتر لە هەشتا ساڵ. عێراق بە بەرینى ئەم مێژووە وڵاتێکى ساختە و نیشتمانێکى وەهمى بووە و قەت نەبووەتە دەوڵەتێک تیایدا هەمووان هەست بە یەکسانى و کامەرانى بکەن. پێموایە بێ دابەشکردنی عێراق بۆ سێ دەوڵەت، ئەم دەوڵەتە وەک بورکانێک هەمیشە لە تەقینەوەدا دەبێت، ئاگری ئەو گڕکانەش پێش هەر کەس کورد دەسووتێنێ. ئێستا تێدەگەین، دابەشکردنی عێراق کارێکی پێشنۆرەترە وەک لە دیموکراسی هەروەک پێشمەرجێکیشە بۆ چەسپاندنی دیموکراسییەت لە ناوچەکەدا. نموونەى ئەم دەوڵەتانەى وەک عێراق لە تەواوى دنیادا فاشیل بوون و هەڵوەشانەوە، ئەگەر بڕوانین بۆ کۆمارەکانى یەکێتى سۆڤێتى جاران، هەر لە یۆگسلاڤیاوە تا دەگاتە چیکۆسلۆڤاکیا و کوێ و کوێى تر، ئەم دەوڵەتە وەهمی و درۆینانە لە بەریەک هەڵوەشانەوە، سەرەڕاى ئەو هەموو خوێنڕێژیى و تراژیدییە مرۆییانەى لەم وڵاتانە روویاندا دواجار و دوا چارەسەر بریتى بوو لە بژاردەی جیابوونەوە و پێکهێنانى چەند دەوڵەتێکى نوێى سەربەخۆ، هەرێمى مۆنتینیگرۆ نموونەیەکى هەرە نزیکیانە لە رووى کاتەوە.
عێراق نیشتمانێکى رەسەن و واقیعى نییە، بۆیە دواى هەشت دەیە و پتریش لە سیاسەتى توندوتیژانەى دەوڵەتە یەک لە دواى یەکەکانی، ئەمڕۆ لە هەموو کات شەفافتر دیارە عێراق نەبۆتە یەک نیشتمان و هەرگیزیش نابێت، ئەگەر بوش بیەوێ پرۆسەکەى لە سەرکەوتن نزیک بکاتەوە دەبێت هەنگاو لە راستاى دابەشکردنى عێراقدا بنێ، بەڵام بە داخەوە ئیدارەى بوش مکوڕن لەسەر یەکپارچەیى خاکى عێراق، لە کاتێکدا گەلێک پسپۆر و کارناسى رۆژهەڵاتى ناڤین چارەسەرى ئەم دۆخە لە دابەشکردنى عێراقدا دەبیننەوە، بۆ وێنە سیاسەتمەداری ئەمەریکى (هێنرى کیسنجەر) وەک شارەزا و پسپۆڕ لە کاروبارى رۆژهەڵات و خاوەن ئاگاییەکى قووڵ و بێوێنە لە هاوکێشە سیاسییەکانى ناوچەکە لایەنگرى دابەشکردنى عێراقە بۆ سەر سێ کەنتۆنى خۆ بەڕێوەبەریى یان راستتر بڵێم سێ وڵاتى سەربەخۆ لەسەر بنەماى کۆنفیدراڵى. بەڵام بوش لە زۆر بۆنە و جێگەدا دژى ئەم پێشنیارە وەستاوەتەوە بە بیانووى ئەوەى بارودۆخەکە تەواو دەشڵەژێ و دەبێتە ناڕازیبوونى تورکیا و سوریا و ئێران. سوریا کە گرێدراوی ئێرانە لەوە بێهێزترە بتوانێ بەر بە ئەجیندای ئەمەریکی بگرێ بۆ دابەشکردنی عێراق، هەرچی وڵاتانی عەرەبیشە چەند کاردانەوەیان نواند لە پرۆسەی داگیرکردنی عێراق و لەسەر کارلابردنی سەدام و هەڵوەشاندنەوەی دەوڵەتی حزبی بەعس، هەر ئەوەندەش کاردانەوەیان دەبێت لە ئاست دابەشکردنی عێراق، چوونکە ئەمەریکا دەتوانێ ئەو واقیعە بەسەریاندا بسەپێنێ! سەبارەت بە تورکیا، هیچ کات تورکیا ئەم بارودۆخە دیفاکتۆیەی باشووری کوردستانیشی پێ قبووڵ نییە، بەڵام ناشتوانێ هیچ بکات لەدەرەوەی خواستی ئەمەریکا جگە لە هاشوهوشی لەشکرکێشی و میدیایی، رەنگە کاردانەوەی هەر هێندەی کاردانەوەی سێ ساڵ و نیو بەر لە ئێستای بێت کاتێ رێگەی نەدا هێزەکانی ئەمەریکا ئاسمانی وڵاتەکەی بۆ هێرشکردنە سەر عێراق بەکاربهێنێت. لە کۆتایشدا ئەمەریکا دوژمنی سەرەکی ئێرانە، کەوابوو پێویستی بە رازیکردنی دڵی ئێران نییە. ئەی بۆچی بۆ هەنگاو بۆ دابەشبوونی عێراق نانێت؟ هێشتا بەرژەوەندییە کۆلۆنیالیستییەکانی ئەمەریکا لە مانەوەی عێراقدایە بە یەکگرتوویی. نابێ ئەوەش لە یاد بکەین ئەمەریکا نیوئیمپریالیزمە نەک دۆست و فریادڕەسی گەلان.
بوش لە رۆژى دووشەممە 16-10-2006 لە دیدارێکى تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ چەناڵى (فۆکس نیوز)ى ئەمەریکى لەو بارەوە وتى (بەو شێوەیە ئاژاوەیەکى لەمە گەورەتر دەخوڵقێنین کە لە عێراقدا هەیە و دەمانەوێت چارەسەرى بۆ بدۆزینەوە). رۆژنامەى (عوممان) لەسەر هەڵوێستى جۆرج بوش راپۆرتێکى تێروتەسەلی ئامادە کردووە، لە راپۆرتەکەدا هاتووە (سەرۆک بوش دژایەتى دابەشکردنى عێراقى کرد، ئەوەتا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵى فۆکس نیوزى ئەمەریکى ئاماژەى بۆ ئەوە کرد دابەشکردنى عێراق بۆ سێ ناوچەى خاوەن دەسەڵاتى خۆ بەڕێوەبەریى کارێکە نەک دەبێتە هۆی یەکترکوژیى سووننە و دەوڵەتە سووننەکان لەگەڵ شیعەدا، بەڵکو کوردەکانیش تووشى کێشە دەبن لەگەڵ تورکیا و سوریادا، ئەوکاتیش خۆمان لە بێ سەرەوبەرەییەکدا دەبینینەوە گەورەتر لەوەى ئێستا دەیبینین). بێجگە لە بوش زۆربەى هەرە زۆرى سیاسەتمەدارانى ترى سەر بە کۆمارییەکان و کاربەدەستانى کابینەکەى بوش لەسەر هەمان قەناعەت و بڕوان کە عێراق بە یەکپارچەیى بمێنێتەوە بەبیانووى ئەوەى کێشەى گەورەتر دەخولقێنێ، تەنانەت لە کاتى هەڵبژاردنەکانى کۆنگرێس و ئەنجوومەنى پیران، کۆمارییەکان بانگەشەى ئەوەیان دەکرد ئەگەر دیموکراتەکان زۆرینە بهێنن عێراق دابەش دەکەن (وەک ئەوەى کارێکى خراپ بکەن). بۆ نموونە رۆژنامەى (خەبات) لە ژمارە (2312) رۆژى دووى تشرینى دووەمى 2006 لە لاپەڕەى یەکەمدا لەو بارەوە ئەم هەواڵەى بڵاوکردۆتەوە (بەرنامەى دۆسێى ئەمڕۆى کەناڵى جەزیرەى قەتەرى تەرخانکرا بوو بۆ هەڵبژاردنە سەرەتاییەکانى کۆنگرێسى ئەمەریکا و بەپێى راپۆرتێکى ئەم کەناڵە کە لە ئەمەریکاوە ئامادەکرابوو ئاماژە بۆ ئەوە کرا کە جەماوەرى حزبى کۆماریى لە بەرامبەر دیموکراتەکاندا بەرەو لاوازبوون دەچێت).
“هۆکارى سەرەکى ئەم لاوازبوونەش بۆ سیاسەتى جۆرج دەبلیو بوش لە عێراقدا گەڕێنرایەوە، بۆ شرۆڤەکردنى ئەم دۆسێیە بەرنامەى ناوبراو میوانداریى لە خالید سەفورى داڕێژەرى ستراتیژیەتى حزبى کۆماریى و ئەندامى چالاکى ئەم حزبە لە کۆنگرێسى ئەمەریکا کرد، لە میانەى قسەکانیدا خالید سەفورى بە دووری زانى کە دیموکراتەکان بتوانن زۆرینەى کۆنگرێس و ئەنجوومەنى پیرانى ئەمەریکا بەدەستبێنن، بەڵام دووپاتى کردەوە کە تەنیا سەرکەوتنى کۆمارییەکان یەکجارەکى خاکى عێراق دەهێڵێتەوە، ئەگەر دیموکراتەکان سەرکەوتن بەدەست بهێنن ئەوە لە ماوەیەکى کەمدا دواى سەرکەوتنیان دەوڵەتى کوردیى لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا دروست دەبێت و زۆرشتى دیکەى چاوەڕوانکراویش دەبینرێت. لە درێژەى قسەکانیدا داڕێژەرى ستراتیژیەتى حزبى کۆماریى لە کۆنگرێسى ئەمەریکا وتى: کۆمارییەکان جەنگى عێراق بە بەشێک لە شەڕى دژە تیرۆر دەزانن و مەبەستیان نییە نەخشەى ناوچەکە بگۆڕن”. ئەگەر کەمێک بە دیقەتەوە لەو وتانە وردبینەوە، ئەوا لە قسەکانی (سەفورى)دا دووشت بە روونى دەبینرێت:
یەکەم: سەفورى دەیەوێ عەرەبەکان بوروژێنێت یان سوود لە دەنگى رەوەندى عەرەب لە ئەمەریکا وەربگرێ، بەڵام دواتر بینیمان سەرەڕاى ئەم بانگەشانەش کۆمارییەکان دۆڕاندیان.
دووەم: وەعد و بەڵێنەکانى ئەمەریکا بۆ دیموکراتیزەکردنى عێراق بوون بە بڵقى سەر ئاو. ئەوەتا عێراق بۆ ئەوان تەنیا مەیدانى بەرەنگاریى تیرۆرە نەک گۆڕینى نەخشەی ناوچەکە، ئەمەریکا مەیدانى رووبەڕووبوونەوەى لەگەڵ تیرۆریستان لە واشنتۆن و نیۆیۆرکەوە گۆڕیوە بۆ بەغداد و رومادى و سامەڕا و تکریت و قەندەهار و کابوڵ، بە کورتى ئەمەریکا تۆپەکەى لە ساحەى خۆى دوورخستەوە. بۆیە ئەجینداکەى ئەوان خاڵییە لە عێراقێکى دیموکرات و دامەزراندنى کوردستانێکى سەربەخۆ و پانکردنەوەى سەرى دیکتاتۆریەت و لە باربردنى بەستێنى کۆمەڵ بۆ دیکتاتۆرە سەرەمێکوتەکان. بە پێچەوانەوە ئەمەریکا وەک لوتکەی سیستمی سەرمایەداریی بە دوای بەرژەوەندییە نامەشروعەکانییەوەتی لەسەر خوێنی گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. کێ ئوسامەی دروستکرد؟ کێ دەستگیرۆیی ئەو کۆمەڵە خەڵکەی کرد کە پێیان دەوترێ “عەرەب ئەفغانەکان”؟ و ئێستاش هەموو دنیا گیرۆدەی دەستی تاوانکارییەکانیان بووە.
لە بەرامبەردا کیسنگەر و هاوبیرەکانى پێداگریى لەسەر ئەوە دەکەن ئەگەر عێراق دابەش نەکرێت رەنگە ئەزموونى ڤێتنام جارێکى دووبارە بێتەوە، لەولاشەوە باڵى توندڕەو لە کۆنگرێس و حکوومەتى ئەمەریکا چارەسەر لە رەوانەکردنى هێزى سەربازیى زیاتردا دەبینینەوە، ئەوەش مامەڵەیەکى ستالینى و تەسکبینانەیە لەگەڵ ئەم واقیعەى عێراقدا. لە سەروەختێکدا بە دیفاکتۆ ئەمڕۆ عێراق سێ دەوڵەت و سێ دەسەڵاتى جیایە، لە بەشى باشووردا کە لە رووى سوکانییەوە زۆربەى دانیشتوانەکەى شیعە مەزهەبن دەوڵەتێکى تیۆکراتیان لەسەر بنەماکانى مەزهەبى شیعە هەیە، دەوڵەتێک بە هەموو پێوەرێک دەسەڵاتێکى مەزهەبییە و وێنەیەکە لە چەشنى کۆمارى ئیسلامى ئێران، هەر لەم بەشدا حکومەکانى شیعەگەرێتى و ویلایەتى فەقیه بەڕێوە دەچێ و هەر ئەوەیە جەعفەرى سادق لە نێوانیاندا نییە، ئەم پارچەیە لە وڵاتى درۆینەى عێراق تەنێ ناوى باشوورى عێراقە ئەگەر نا بووە بە بەشێک لە کۆمارى ئیسلامى ئێران. لە ناوەڕاستى عێراق بەرەو سەرەوە یان راستتر بڵێم سێگۆشەى سووننەنشین سەربارى نائارامى و ناجێگیریى بارودۆخى ئەمنیى تیایدا، بەڵام دەسەڵاتی یەکەم و سەرەکی بە دەست تیرۆریستان و پاشماوەکانى حزبى بەعسى رووخاوەوەیە. هەروەک ئاشکرایە رێکخراوى ئەلقاعیدە لەم دەڤەرانە حکوومەتى ئیسلامى خۆى راگەیاندووە (ئەمارەتى ئیسلامى عێراق)، هەڵبەتە لە بارى عەمەلیشەوە تێکەڵەیەک لە پاشماوە سەدامییەکان و تیرۆرستەکانى ئەلقاعیدە و قوتابییە دڵسۆزەکانی ناسیۆنالیزمى پەڕگیرى عەرەب بە هاوبەشیى حوکمی ئەو ناوچەیە دەکەن. ئەم بەشەش لە عێراق لە ژێر چەتر و کۆنترۆڵى راستەوخۆى ئەم پێکهاتانەدایە و حکوومەتى عێراق کە زیاتر وەک حکوومەتی شیعە خۆی دەنوێنێ بچووکترین رۆڵى ئیداریى و سیاسیى نییە لەوێ.
لە بەشى باکوورەوە یان هەرێمى کوردستان دەسەڵاتى خۆماڵى کوردیى لە ژێر ناوى حکوومەتى هەرێمى کوردستان هەیە، ئەم پارچەیەش بەشێکى دابڕاوە لەو دوو بەشەى تر، دەسەڵات فۆرم و مۆدیلێکى جیاوازترە لە شێوە دەسەڵاتى ناوەڕاست و باشوور، بۆشایى و کەلێنێکى کولتووریى و عەقڵیى لەنێوان خەڵکى کوردستان و خەڵکانى ناوچەکانى تردا هەیە، لە باشوور زۆرینەی خەڵک خوازیارى دەوڵەتێکى ئیسلامى شیعین. لە ناوچەى ناوەڕاستیش بەشی زۆری خەڵک خەون بە دەوڵەتێکى عەرەبى ئیسلامی سووننەى دەمارگیرەوە دەبینین. بەڵام جەماوەرى کورد بە زۆرینەى دەنگ لەگەڵ دەوڵەتێکى دیموکراتى دادپەروەردان، بەڵام ئەم دەوڵەتە دەوڵەتى کوردستانى سەربەخۆ بێ. ئیتر کوانێ رۆڵ و ماناى حکوومەتى عێراق کە مام جەلال سەرکۆمار و مالیکى سەرۆک وەزیرانییەتى؟. ئایا جگە لە وێنەیەکى وەهمى و درۆیەکى شاخدار شتێک لە ئارادایە بە ناوى حکوومەت و نیشتمانى عێراق؟. سەرەڕاى ئەمانەش ئەم سێ پێکهاتە سەرەکییە ناتوانن بەیەکەوە هەڵبکەن، سووننە ئامادە نییە دەسەڵات و ئیمتیازانى هەشتا ساڵى رابردووى واز لێبێنێ و دەست لە کورسى دەسەڵات هەڵبگرێت، بۆ ئەوەش تاکە رێگەى بەدیهێنانى ئەم خەونە لە لە ناوبردنى کورد و شیعەدا دەبیننەوە، ئەزموونی هەشتا ساڵی رابردووشیان لە دەسەڵاتدا ئەم فاکتەی سەلماندووە، کوردیش حەزەر و گومانى هەیە لە نیەتەکانى عەرەب و ترسى هەیە لەوەى شۆڤڵەکانى ئەنفال جارێکى تر گۆڕ هەڵتەکێنن و خەونى ساڵەها ساڵى بە با بدەن. ئەگەر بەرژەوەندیی سەرانی کورد نەبوایە دەبوو لە 2003دا کورد بۆ ئەبەد عێراقی لە کۆڵ خۆی بکردایەتەوە و دەوڵەتی رابگەیاندایە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی دەوڵەتی عێراق لە سەرەتای دامەزراندییەوە هێندەی ئەوکات لاواز نەبووە و چوارچێوە جوگرافییەکەشی هیچ کات ئەوەندە پاشاگەردانی و ناجێگریی بەخۆوە نەبینیوە.
شیعەش هیچ کام لە کورد و سووننەى قبوڵ نییە، بەڵکو لەگەڵ عێراقێکى یەکگرتووى ئیسلامیدایە لەسەر بنەماى شیعەگەرێتى، تەنانەت ئەلحەکیم (محەمەد باقر ئەلحەکیم) وەک ئایەتوڵڵایەکى بەرهەڵستکارى رژێمى پێشووى عێراق، بەر لەپرۆسەى ئازادیى عێراق لە هەڤپەیڤێنێکدا وتبووى (لە کۆمارى ئیسلامى عێراقى پاش سەدامدا جێگەى کوردسانێک لەو خاکەدا نابێتەوە). ئەمڕۆش بە روونی ئەو دیمەنە دەبینین کە شیعە چۆن لە قوربانییەوە بووە بە جەلاد. ئەمە گرێیەکی سایکۆلۆجیی شیعەی عێراقە، کە بەدرێژایی هەشتا ساڵ لە سایەی سووننەی عەرەبدا چەوساونەتەوە، بەڵام چوونکە دیموکراسی لە عێراقدا فەرهەنگ نییە، بەڵکو مەزهەبگەریی و دیکتاتۆریی و خوێنڕشتن پەروەردەی باڵادەستە، بۆیە بە ئاسانی لە سێ ساڵێکدا شیعە وێنای خۆی لە قوربانییەوە گۆڕی بۆ جەلاد. کورد وتەنیش قسە هەزارە و یەکێکى بە کارە، ئەگەر چارەسەرى کێشەکانى عێراق و کۆتاییهێنان بە قەیرانە قووڵەکانى دەرگایەکى هەبێت، ئەوە یەکێک لە کلیلەکانى کردنەوەى ئەو دەرگایە دابەشکردنى عێراقە بۆ سێ هەرێمى خۆ بەڕێوەبەریى هەروەک ئاماژەم بۆ کرد بەشێوەى سێ دەوڵەتى کۆنفیدراڵ تا ماوەیەکی دیاریکراو لەگەڵ یەکتر بمێننەوە. یان ئەگەر دۆخەکە قبوڵی کرد هەر کەس لە ماڵی خۆی. پێموایە ئەمە بۆ ئەمەریکا و ناوچەکە و جیهانیش، تاکە رێگەچارەیە، بەدەر لەمە هەر رێگاچارەیەکی تر من لای خۆمەوە ناوی دەنێم “چارەسەری درۆزنانە”.
دواى ئەم هەموو شێر و رێوییە هەقە ئەوەش لە خۆمان بپرسین: ئایا بە راست ئەمەریکا بۆ نەوت هێرشى کردۆتە سەر عێراق یان بۆ دیموکراتیزەکردنى؟ ئەمەریکا بۆ پاراستنى بەرژەوەندییەکان و سیاسەتى پاوانخوازیى و فراوانکردنى دەسەڵاتى خۆى سەربازەکانى بە کوشتن دەدا یان لە بەر چاوى کاڵى عێراقییەکان؟. بە بڕواى من شەڕى ئەمەریکا شەڕى مسۆگەرکردنى بیرە نەوتەکان و پاراستنى بەرژەوەندییەکان و درێژەپێدانى پاوانخوازیى خۆیەتى. ئەمەریکا نە سڵ لە جەنگ دەکاتەوە نە لە کوشتار نە لە کاولکاریى، بەڵکو کاری گرنگ و ئەولەویترین شت بۆى بەرژەوەندییە، بەرژەوەندیى بە جۆرێک ئەمەریکای وڕ و گێژ کردووە لە پەیامى گوللەباران و گوڵباران تێناگات، ئەو بەناوی گوڵاوى دیموکراسییەوە سووتێنەرترین چەکى مۆدێرن بەکاردێنێ، ئەو باسى مافەکانى مرۆڤ دەکات و گوانتانامۆشى هەیە، ئەو نموونەی مارلین مۆنرۆ پێشکەش بە ژنی دنیا دەکات وەک نموونەی ژنی ئازادی ئەمەریکی، کەچی دۆستی گیانی بە گیانی سعودیەیە کە ماف بە ژن نادات تەنانەت ئۆتۆمبیلیش لێبخوڕێت.! ئەو بۆى گرنگە لە هەموو شوێنێک بێت و بەرژەوەندییەکانى لە پەڕاوێزترین سوچى دنیادا ئامادەیی هەبێ و پارێزراویش بێت.
مادلین ئۆلبرایت وەزیرى پێشووترى دەرەوەى ئەمەریکا لە وتارێکدا بەناوى (مەشقکردنى دەسەڵاتى دەرەوەى ئەمەریکا)دا نوسیوویەتى (بۆ پاراستنى بەرژەوەندییەکانمان، ئێمە پێویستە بە خۆ بکەوین، رێککەوتن ساز بکەین، دەستوور بێنینە رۆنان، نموونەى وا بێنینە پێشەوە لەسەر بنەماکانى دیموکراسى، بازاڕى کراوە، یاسا، ئاشتى بەرقەرارکردن، جیهان پتر لە یەکدى نزیک بخەینەوە). بوش لەهەڵپەى ئەوەدایە لە زووترین کاتدا دەست بەسەر چاڵە نەوتەکاندا بگرێ و مەترسى تیرۆریستەکانی ئەمڕۆ و دۆستەکانی دوێنێی کۆشکی سپی لەو رووەوە نەهێڵێ، بوش لە بیرى چووە دنیاى ئێمە دنیایەکە پتر گیرۆدەى دەیەها کێشەى ترە، هەڕەشەکانى سروشت، زۆربوونى ژمارەى دانیشتوانى سەر گۆى زەوى، نەخۆشى و درمى کوشندە، ئایدز، بەدڕەوشتى و برسێتى و جەنگ و کاولکاریى، ئەفەریکا تاریکترین بەشى سەر شانۆی جیهانە و کارەساتاویترین جوگرافییە، بوش هەموو ئەمانە پشتگوێ دەخات و دێت دنیا لە شەڕێکى خوێناوییەوە دەئاڵێنێت تەنیا و تەنیا بۆ دەستەبەرکردنى خەونى چەند بازرگانێکى پترۆڵى وەک خۆى، بە تێگەیشتنى من جەنگى عێراق جەنگى نەوت و یەدەگى پترۆڵى ئەم وڵاتەیە و هیچى تر. جەنگەکانی ئەمەریکا هەموو لە یەک خاڵی ستراتیژییدا کورت دەبنەوە، ئەویش فراوانکردنی هەژموون و دەستەبەرکردن و پارێزگارییکردن لە بەرژەوەندییە ئابووری و سیاسییەکانی وڵاتە یەکگرتووەکان وەک سەرداری بێ رکاربەر و تاکە جەمسەری هێز لە جیهاندا.
جیفرى دى.ساش مامۆستاى زانستى ئابوورى و بەڕێوەبەرى پەیمانگاى زەوى لە زانکۆى کۆڵۆمبیا، دەنووسێت (بوش لەم دواییانەدا بۆ رۆژنامەنووسان دوا و داواى ئەوەى لێکردن کە جیهان پاش پەنجا ساڵى دیکە بهێننە بەر چاویان، ئەو کاتێک ئەم داوایە ئاڕاستە دەکات بیرى لە ئایندەى زانست و تەکنۆلۆژیا، یان ژمارەى دانیشتوانى جیهان نەکردۆتەوە کە ژمارەکەیان لە نۆ هەزار ملیۆن کەس تێدەپەڕێت.. یاخۆ بیرى لەو ململانێیە نەکردۆتەوە کە پەیوەستە بە گۆڕانى کەش و هەوا، بەڵکو لە جیاتى ئەوە دەیەوێت بزانێت ئاخۆ توندڕەوەکان لە جیهانى ئیسلامیدا دەستدەگرن بەسەر سەرچاوەکانى نەوتى جیهاندا، لە راستیدا ئەوەى کە پاش پەنجا ساڵى دیکە سەرقاڵمان دەکات و خەونمان لێ تێکدەدات، هەرچییەک بێت پێویستە ئەوە لە کۆتایى لیستەکەدا بێت). راستیش ئەوەیە ئەمەریکا زێرەڤانی بەرژەوەندییەکانى خۆیەتى، بێ سڵەمینەوەش دوژمنى بەرژەوەندییەکانى هەر کێ بێت و لە هەر کوێ بێت تەنانەت ئەگەر لە حەشارگەکانیشدا بێت لە ناویدەبات. ئەمەریکا هەر بۆ ئەو مەبەستە هێرشى کردە سەر عێراق و سەدام حسێنى کۆنە قوتابى و بەندەى گوێڕایەڵى زەمانێکى دوور و درێژى خۆى لەسەر کارلادا، بەڵام ئایا تۆ بڵێى لەم دۆخەدا بەرژەوەندییەکانى ئەمەریکاییەکان لەگەڵ بەرژەوەندیی گشتیى عێراقییەکاندا یەکانگیر بێتەوە؟ ئایا عێراق بە مانەوەى سوپاى ئەمەریکا قازانج دەکات یان نا؟ ئەگەر هێزەکان بۆماوەیەکى دیارینەکراو مانەوە تۆ بڵێى توندوتیژیى لە رادەبەدەر و زێدەتر بەرامبەریان نەکرێت و ناچار بە کشانەوە نەکرێت؟. یان ئەگەر هێزەکانى ئەمەریکا پاشەکشەیان کرد، تۆ بڵێى عێراق لەوە زیاتر نەبێتە مەیدانى تەراتێنى شانە جیهادیی و تیرۆرستییەکان و جەنگى ناوخۆیى درێژخایەن و نەبڕاوە چارەنووسى عێراقییەکان لەمە رەشتتر نەکات؟. من نازانم دەبێ هەمووان چاوەڕوانى سیناریۆ و پێنگاڤەکانى داهاتوو بین. هەرچەندە مرۆڤی هۆشمەند لە هەنووکەوە هیچ ئاسۆیەکی گەش لە ئاسمانی پڕ غوبار و تەمی ئەم وڵاتەدا بەدی ناکات.
کاتى خۆى بوش لە 26-2-2003 واتە تەنیا بیست رۆژ بەر لە هێرش و ئۆپەراسیۆنى سەربازیى بۆ سەر عێراق وتى (هەتا بزانین پێویستە لە عێراق دەمێنینەوە، بەڵام رۆژێک زیاترى لێ نابین). هەروەها وتیشى ئێمە عێراقێکى نوێ و دیموکراتیک دروست دەکەین، بەڵام (بیرژان لویزان)ى شارەزاى فەڕەنسى وتى (سەرلەنوێ بونیادنانەوەى عێراق کارێکە شکست دەهێنێ)! ئایا بوش و بیرژان کامیان راستیان کرد و رووداوەکانى داهاتوو قسەى کامیان دەسەلمێنێت؟. تۆ بڵێى دواى ئەم ماوە تاڵ و تاریکە بۆ سوپاکەى بوش لەسەر هەمان راى خۆی مابێت؟ تۆ بڵێى پێش ئەوەى کاتى پێویست کۆتایى پێبێت ناچار بە کشانەوە نەکرێن؟ کێ ناڵێ عێراق نابێتە ڤێَتنامى دووەم و ئەمەریکا لوتى تیایدا ناشکێ؟ نازانم با بزانین لە رۆژانى داهاتوودا چى روو دەدات؟!!. تاکە شتێک کە بیزانم ئەمەریکا لە دروستکردنەوەی عێراقدا سەرکەوتوو نەبوو. هیچ کاتێکیش مەرجی سەرکەوتن رەوانەکردنی هێزی زیاتر یان کشانەوە نییە، بەڵکو دابەشکردنی ئەم دەوڵەتە ساختەیەیە بە ناوی عێراق کە مایەی ئاشووبە بۆ هەموو دنیا.

*ئەم وتارە شیکارییە پێش چواردە ساڵ، بە چوار بەش لە ژمارەکانی (108) و (109) و (110) و (111)ی رۆژنامەی (کوردستان راپۆرت) لە رۆژەکانی 26-27-28-30ی نۆڤەمبەری ساڵی 2006 بڵاوبووەتەوە.

تێبینی: کۆی ئەم شیکارییە وەک بەشی چوارەمی کتێبی “گەمەی شەیتان” لە لاپەرە 130-170 چاپ و بڵاوکراوەتە. کە ئەو کتێبەش بە چاپی کاغەز لە سەرەتای ساڵی 2018 لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات بڵاوکراوەتەوە




بەشێک لە وتاری ( ئەدەب و ئایدیۆلۆژیا و فاشیزم ) … شیعری: ( یەکەمجار کە هاتن ) ناڵە حەسەن

شیعری ( یەکەمجار کە هاتن )

یەکەمجار بۆ کۆمۆنیستەکان هاتن
من هیچ قسەیەکم نەکرد
چونکە من کۆمۆنیست نەبووم
دواتر بۆ سۆشیالیستەکان هاتن
من هیچ قسەیەکم نەکرد
چونکە من سۆشیالیست نەبووم
پاشان بۆ کرێکارەکان هاتن
من هیچ قسەیەکم نەکرد
چونکە من کرێکار نەبووم
پاشان بۆ جولەکەکان هاتن
من هیچ قسەیەکم نەکرد
چونکە من جولەکە نەبووم
دواجار بۆ منیش هاتن
بینیم هیچ کەسێک لەوێدا نەماوە
تا قسەیەک بۆ من بکات …!

مارتن نیمۆلەر
                            

_ تێگەیشتنێک بۆ فاشیزم :
فاشیزم ئایدیۆلۆژییەکی ئالۆز و فرە ڕەهەندە ، فۆرمێکە بۆ بەڕێوەبردنی دەسەڵات ، ڕەگی فاشیزم لە نێو ئایدیۆلۆژییاکان بەتایبەت ، ناسیۆنالیزم و نەتەوەپەرستیی چەکەرە دەکات ، هەر ئایدیۆلۆژیایەک کاتێک دەگاتە ئاستی دۆگمایی فاشیزم بەرهەم دەهێنێ ، بەمانای ( ئایدیۆلۆژیا / دۆگما / فاشیزم ) . دەسەڵاتی فاشیزم دەسەڵاتێکی عەسکەرتاری تاکڕەوانەیە ، باوەڕیان بە یەکسانی و دادپەروەری نییە . لە ڕێگەی توندوتیژییەوە مامەڵە لەگەڵ نەیارەکانییان دەکەن و تاکەکانی کۆمەڵگە سەرکوت دەکەن ، فاشیزم زۆرجاران بۆ یەکلایی کردنەوەی کێشەکان ( شەڕ ) بە باشترین ئۆپشن و چارەڕێگە دەزانن ، کاریان بەوە نییە لە ئاکامدا چ کاولکارییەک و قەسابخانەیەکی لێدەکەوێتەوە لەمبارەوەش / کەمنین نموونەی کاولکارییەکان و کۆمەڵکوژییەکان ، ( هۆلۆکۆست و جینۆساید ) لە مێژووی فاشیزم هەمیشە دووبارە دەبنەوە ، لە سەرەتا لە ساڵی ( ١٩٢٢ _ ١٩٤٥ ) فاشیزم لە ئیالیا بە ڕابەرایەتی مۆسۆلینی سەریهەڵدا ، پارتی فاشیستی نەتەوەیی پێکهێنا ، دواتریش لە ئەلمانیا ، بە دوای جەنگی یەکەمی جیهانی ، لە ٥ی جانیوەری ( پارتی کرێکارانی ئەلمانیا ) دادەمەزرێ ، هیتلەر لە ١٦ی سیپتەمبەر دەبێتە ئەندامی ئەم حیزبە ، لە ٢٤ی فێبروەری ئەم حیزبە لە پلاتفۆرمێک ناوی خۆی دەگۆڕێت بۆ ( پارتی کرێکارانی ناسیۆنال سۆسیالیستی ئەلمانیا ) ، دواتر دەبێت بە ( حیزبی نازی ) ( ١٩٣٠ _ ١٤٣٥ ) . هیتلەر لە ساڵی ١٩٢١ دەبێتە سەرۆکی ئەم حیزبە ، بە شێوەیەکی ئاسایی هەموو فاشیستێک دیکتاتۆرە بەڵام ، مەرج نییە هەموو دیکتاتۆرێک فاشیست بێت . لە سەرەتا فاشیست بوون ناوێک و شوناسێکی ئاسایی بوو بەڵام ، دوای کارەساتی ( هۆلۆکۆستی جولەکەکان ) کە ، شەش ملیۆن مرۆڤ تیابوونە قوربانی ، دوای ئەوە بوو بە شوناسێکی شووم ، بەدوای ئیتالیا و ئەلمانیا ، فاشیزم پەڕییەوە بۆ هەندێک .لە وڵاتانیتر وەک ئیسپانیا ، ئەرجەنتین و زۆریک لە وڵاتی تریش ، فاشیزم تاکو ئەمرۆش بە ماسکی جۆراوجۆر درێژەی هەیە .

_ ئەدەب و فاشیزم
پێشتر لە وتارەکانیترمان / بە درێژی باسی پەیوەندییەکانی ( ئەدەب و ئایدیۆلۆژیا ) مان کردووە ، لەم بەشە زێتر باسی پەیوەندییەکانی نێوان ( ئەدەب و فاشیزم ) دەکەین ، گوتاری ئەدەبی و گوتاری فاشیستی بە دوو ئاراستەی پێچەوانە ڕێدەکەن ، هەروەکو گوتمان ، فاشیزم لەسەر توندوتیژی و سەرکوتکردن و کوشتن و تۆقاندن ، درێژە بە تەمەنی خۆی دەدات ، پەیوەندییەکان لە فاشیزم ناڕێک و نا تەندروستن ، چ پەیوەندی نێوان تاکەکان یان پەیوەندی نێوان دەسەڵات و تاک ، هەروەها بە تێزی حەقیقەتی ڕەها ئیشدەکەن ، واتە هیچ نرخێک بۆ باوەڕی ئەوانیتر دانانێن ، هەروەک ئەوەی کە دەڵێن ( گەر لەگەڵم نەبیت _ دوژمنی منیت ..! ) ئەمە بیرکردنەوە و ئاراستەیەکی فاشیانەی لە پشتە .. بەڵام ئەدەب ڕێک پێجەوانەی فاشیزمە ، ئەدەب ئامانجی گەیشتنە بە جوانی و هەوڵدانە بۆ گەیشتنی ژیان بە کەناری ئارامی، هەروەها گەڕاندنەوەی هەموو سەروەرییەک بۆ مرۆڤ ، لە نێو ئەدەب چ پەیوەندی تاکەکان یان پەیوەندی نێوان دەسەڵات و تاک پەیوەندییەکی تەندروستن ، حەقیقەتی ڕەها بوونی نییە ، بەڵام لە فاشیزم بوارێک بۆ کەناری ئارامی و پێکەوە ژیان نامێنیتەوە ، لە جیاتی پێکەوە ژیان / ملکەچبوون و دەستەمۆیی ڕەواجیان هەیە . هەر نووسەرو شاعیرێک گەر بە ئاگاهانە بەرگری لە فاشیزم بکات ، ئەوا بەبێ هیچ گومانێک ( ئەدەب و شیعر ) و داهێنانەکانی دەکەونە ژێر پرسیارەوە ، تەنانەت گەر لەنێو ئەدەبەکەشی بەم ئاراستە کاریی نەکردبێت .. دەکرێ لەم ڕاستایە باسی ( ئەزرا پاوەند ) بکەین ، کە نووسەر و شاعیرێکە لاینگر و بەرگری لە فاشیزمی ئیتالیا کردووە ، پاوەند قسەیەکی هەیە دەڵیت ( ئەگەر کەسێک ئامادەیی موجازەفەکردنی نەبێت لەنێو بیرکردنەوەکانیدا ، ئەوا ئەوکەسە یان بیرکردنەوەکانی نرخێکی ئەوتۆیان نییە یان خۆی ) ، ئەمجۆرە بیرکردنەوانە لە بنەڕەتدا بیرۆکەی فاشیزمی بەرهەم دەهێنن ، هەرچەندە ( ئەزرا پاوەند ) شاعیرێکی نوێخواز و داهێنەر بووە ، کاریگەری بەرچاوی هەبووە لە نێو ئەدەبی ئەمریکی و پێگەیاندنی زۆرێک لە نووسەرانی سەردەمی خۆی و داهێنانی قوتابخانەی ( وێنەیی ) و .. . لای خۆشمان کەمنەبوون ئەو نووسەر و شاعیرانەی بەباڵای ( سەدام حوسەین ) یان دا هەڵدەدا و هانیاندەدا ، لە کۆمەڵکوژی و توندوتیزییەکانی بەردەوام بێت ، یان ئەو نووسەر و پیاوە ئایینیانەی لە مینبەرەکان بە گوتارەکانییان پاڵپشتییان لە ( ئۆردوگانی فاشیست ) دەکرد ، بۆ کۆمەڵکوژییەکانی کوردانی باکوور و ڕۆژئاوا . ئەوانە پێبزانن یان نا ، بە ئەدەب و گوتارەکانییان خزمەتییان بە فاشیزم کردووە . ڕەنگە ئەو شیعرەی ( مارتن نیمۆلەر ) ، کە لە دەسپێکی ئەم وتارە نووسیومانە ، ئەم ( ڕەشبگیرییە ) و ( کۆمەڵکوژییە ) ، باشترین وێنە بێت ، کە سیمای فاشیزمی بە ڕۆشنی تیا بخوێنینەوە .




شه‌نگال، ئه‌وبرینه‌ی تا ئه‌مڕۆش خوێنی لێ ده‌چۆڕێ ! … عه‌بدوڵا ساڵح

  دانیشتوانی ناوچه‌ی شه‌نگال زوربه‌یان (( یه‌زیدین ((. یه‌زیدیه‌كان‌ له‌ ناوچه‌كانی ( موسڵ ، دهۆك، دیاربه‌كر،، حه‌له‌ب و دورگه‌ی ابن عومه‌ر ) نیشته‌جێن، ئه‌وان‌ وه‌ك جوله‌كه‌ ((ئایین و شوناسی نه‌ته‌وه‌ییان)) تێكه‌ڵ بووه‌، شكانه‌وه‌یان به‌سه‌ر بیروڕا ئایینیه‌كان و دووره‌ په‌رێزی و تێكه‌ڵاو نه‌بوونی خێزانیان له‌ گه‌ڵ ئاینزاكانی تر، ئه‌وانی تا ئه‌ندازه‌یه‌ك خستۆته‌ ناو ‌جوغزێكه‌وه‌‌، ئه‌گه‌رچی زمانی كوردی كرمانجی شێوازی سه‌ره‌كی ئاخاوتنیانه‌، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی ناوچه‌ی به‌عشیقه‌ی نزیك موسڵ به‌زۆری زمانی عه‌ره‌بی وه‌ك زمانی سه‌ره‌كی ئاخاوتن به‌كاردێنن، ئاشكرایه‌ كه‌ قسه‌كردن به‌ زمانێكی دیاریكراو ((شوناسی نه‌ته‌وه‌ییت)) دیاری ناكا، به‌ڵكو هۆكاره‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ هه‌یمه‌نه‌و هه‌ژمونی زمانی باڵا ده‌ست له‌ ڕوی سیاسیه‌وه‌ ‌‌، هه‌روه‌ك چۆن ده‌یان ووڵات زمانی سه‌ره‌كیان ئینگلیزیه‌ بێئه‌وه‌ی خۆیان به‌ ئینگلیز، وه‌ك نه‌ته‌وه‌ ، بناسێنن ، یا زمانی ئیسپانی و ….

ئاوڕدانه‌وه‌یه‌كی خێرا بۆ مێژوو، ڕاستیه‌كمان بۆ ده‌رده‌خا كه‌ یه‌زیدیه‌كان به‌درێژایی مێژوو، له‌سه‌ر بنه‌مای باوه‌ر و ئایینیان جینۆساید كراون ، مێژووی ساڵه‌كانی 1832 / 1844 ئه‌و ڕاستیه‌مان پێده‌ڵێ كه‌ میره‌ كورده‌كان كه‌متریان به‌ یه‌زیدیه‌كان نه‌كردوه‌ له‌وه‌ی داعش پێیكردن، بۆ نمونه‌ ( پاشای كۆر ) كه‌ هه‌ر ئه‌مڕۆ ناسیونالیسته‌‌ كورده‌كان پیا هه‌ڵده‌ڵێن  و به (‌پاشای گه‌وره‌ ) ناوی ده‌به‌ن، و( به‌در خان به‌گ ) میری بۆتان، له‌سه‌رده‌می فه‌رمانڕه‌وایی ئه‌وندا، له‌ قه‌زای شێخان ته‌وه‌ر عابدین و ده‌شتی نه‌ینه‌وا و ناوچه‌ی ئاكرێ، چه‌ندین جار جینۆسایدی‌ یه‌زیدیه‌كانیان كردوه‌‌ و به‌ ده‌یان هه‌زاریان لێكوشتون یا خود ناچاریان كردون ببنه‌ موسوڵمان ! . له‌هه‌مانكاتدا به‌گوێره‌ی پلانێكی داڕێژراو ، هه‌ر ئه‌م پاشا كۆره‌یه‌ به‌فێڵ میری یه‌زیدیه‌كانی به‌ناوی ( عه‌لی به‌گ ) بانگهێشت كردوه‌ بۆ ڕه‌واندز و دواتر له‌گه‌ڕانه‌وه‌یدا له‌ ناوچه‌ی گه‌لی عه‌لی به‌گ بۆسه‌ی بۆداناوه‌ وكوشتویه‌تی ، هه‌ر بۆیه‌ش ئه‌و شوێنه‌ ئێستا به‌ناوی گه‌لی عه‌لی به‌گ ناسراوه‌ .

دوا كوشتاری یه‌زیدیه‌كان له‌سه‌ر ده‌ستی كورده‌كان ساڵی 1915 / 1923 بووه‌ هاوكات له‌گه‌ڵ پاكتاوكردنی ئه‌رمه‌نیه‌كان ، كاتێك مه‌لای خه‌تێ كوشتنی موسڵمانان حه‌رام ده‌كاو كوشتنی غه‌یره‌ موسڵمان حه‌ڵاڵ‌!!  دواتر ساڵی 1918 له‌لایه‌ن برایم پاشاوه‌ په‌لامار ده‌درێن و ئه‌مجا په‌لاماری ساڵی 1935 له‌لایه‌ن سوپای عێڕاقه‌وه‌ و دواتریش له‌لایه‌ن سوپای سه‌دام حوسێنه‌وه‌ .

سه‌رچاوه‌ كان – ((ویكیبیدیا / الموسوعة الحرة))- (( (تاريخ الموصل، الجزء الأول، تأليف  القس سليمان صائغ، طبع الكتاب في مصر.))

 دوا جینۆسایدی یه‌زیدیه‌كان به‌ده‌ستی چه‌كدارانی چه‌نگ به‌خوێنی داعشی ئیسلامی له ‌4 / ئابی / 2014 كاتێك غافڵگیر كه‌وتنه‌ به‌ر په‌لاماری دڕندانه‌ی‌ ئه‌و هێزه‌ لەکاتێکدا نزیکەى پێنج هەزار چەکدار لەپێشمەرگەو ئاسایش‌و پۆلیس‌و پاسەوانى بارەگا حزبییەکان له‌ شه‌نگال و ده‌وروبه‌ری هه‌بوون كه‌ زوربه‌یان سه‌ر به‌پارتی بوون، هه‌مویان ڕایانكرد و یه‌زیدیه‌كانیان ته‌نیا جێهێشت وخستیاننه‌‌ به‌ر كه‌ڵپه‌ی دڕندانه‌ی داعش .

له‌ دوای ساڵی ٢٠٠٣، شەنگال لەڕووی کارگێڕی و سیاسی لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە ئیدارە دەدرا،بەتایبەت لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە،کە کۆنتڕۆڵی هەموو جومگەکانی ئەو قەزایەی کردبوو، وە قسەکەری یەکەم و کۆتایی یه‌زیدیەکان بوو له‌ ڕێگای هه‌ندێك كه‌سایه‌تی یه‌زیدی‌ وه‌ك ( ته‌حسین سه‌عید به‌گ‌ ) كه‌ وه‌ك مۆره‌ی پارتی ناوزه‌د ده‌كرێ و ده‌نگۆی ئه‌وه‌ هه‌بوو چه‌ندین ملیار دۆڵار له‌ بردنه‌ پێشی سیاسه‌تی ( كورداندن و پارتاندنی ) ناوچه‌كه‌ و دانیشتوانه‌كه‌ی سه‌رف كراوه‌.

سه‌رچاوه‌ : (( إضطهاد الايزيديين عبر العصور جريمة يجب ايقافها في القرن الواحد والعشرين د.علاء الجوادي / صفحة مؤسسة النور للثقافة والاعلام )).

ئێستا،  به‌شی هه‌ره‌زۆری یه‌زیدیه‌كان ئاواره‌ن ونه‌گه‌ڕاونه‌وه‌ سه‌ر جێ وشوێنی خۆیان و ژماره‌یان به‌ زیاتر له‌ 300 هه‌زار ئاواره‌ مه‌زنده‌ ده‌كرێ .  دوای تێكشكانی سه‌ربازی داعش ، ئه‌م شاره‌ كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی ده‌بوو له‌ژێر كۆنترۆڵی ده‌وڵه‌تی مه‌ركه‌زیدابێ‌ ، به‌ڵام له‌ ڕاستیدا چه‌كدارانی پارتی دیموكراتی كوردستان و هێزه‌كانی په‌كه‌كه‌ و حه‌شدی شه‌عبی نفوز وهه‌یمه‌نه‌ی خۆیان تیادا سه‌پاند،‌ ئه‌مه‌ش بووه‌‌ هۆكاری ململانێیه‌كی توند له‌ نێوان ئه‌م هێزانه‌دا له‌سه‌ر حیسابی ژیان وگوزه‌ران و ئاسایشی دانیشتوانی ئه‌و شاره‌  .

دوا په‌رده‌ی ئه‌م شانۆگه‌ریه‌، رێکەوتنه‌كه‌ی ھەولێر و بەغدایه‌  له‌سه‌ره‌تای ئۆكتۆبه‌ری ئه‌مساڵدا بۆ (ئاساییکردنەوەی دۆخی شه‌نگال)، کە ھەرێم بە(ھەنگاوێکی نیشتمانیی) و بەغدا بە(مێژوویی)و نەتەوە یەکگرتووەکان بە(ھەنگاوێکی گرنگ) و واشنتۆنیش بە(شایانی پیرۆزبایی) ناویان برد. بە گوێرەی رێککەوتنەکە، دەبێت سەرجەم ‌هێزە چەکدارەکان بچنە دەرەوەی شه‌نگال و دۆسیەی ئەمنیی شارەکەش بە پۆلیسی فیدڕاڵی بسپێردرێت.

 ئه‌م ڕێكه‌وتنه‌ له‌ ڕاستیدا رێكه‌وتنی پارتی دیموكراتی كوردستانه‌ له‌ گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی مه‌ركه‌زی ، پارتی به‌مه‌به‌ستی وه‌ده‌رنانی هێزه‌ نه‌یاره‌كه‌یان له‌ ناوچه‌كه‌ ، واتا په‌كه‌كه‌، و زیاتر جووت بوون و بردنه‌ پێشی سیاسه‌تێك كه‌ له‌گه‌ڵ و به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی ده‌وڵه‌تی كۆنه‌په‌رستی توركیا دێته‌وه‌ . ده‌وڵه‌تی مه‌ركه‌زیش به‌مه‌به‌ستی كه‌م كردنه‌وه‌ی نفوز و ده‌سه‌ڵاتی هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی وه‌ك سیاسه‌تێكی گشتی له‌سه‌رتاسه‌ری عێڕاق و شه‌نگالیش وه‌ك ئه‌ڵقه‌یه‌كی دووره‌ ده‌ست و لاوازتری نفوزی ئه‌م حه‌شدی شه‌عبیه‌‌ .

هه‌ر دوای ڕێكه‌وتنه‌كه،‌ له‌ هه‌واڵێكدا ڕاگه‌یه‌نرا كه‌ وه‌فدێكى سه‌ربازیی حه‌شدى شه‌عبى له‌سنورى پارێزگاى نه‌ینه‌وا سه‌ردانى شنگالیان كردوه‌و له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى باڵاى په‌كه‌كه‌ له‌و ناوچه‌یه‌ كۆبونه‌ته‌وه‌، دەیانەوێت بەم سەردانە ڕێککەوتن‌و هاوکاری لەنێوانیاندا دروستبێت‌و وتویانه‌، “هەر هێرشێک لەلایەن هەرلایەکەوە لەدژی شەنگال ئەنجامبدرێت، لەگەڵ هێزەکانی په‌كه‌كه‌ لەبەرانبەریان دەوەستنەوە”‌‌.

ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌تی مه‌ركه‌زی وپارتی له‌م ئاقاره‌دا به‌رژه‌وه‌ندیان یه‌كی گرتبێته‌وه‌، ئه‌وا په‌كه‌كه‌ و حه‌شدی شه‌عبیش به‌هه‌مان شێوه‌. هه‌ر یه‌ك له‌و هێزانه‌، له‌نێویشیاندا په‌كه‌كه‌، ده‌یانه‌وێ شه‌نگال و ناوچه‌كه‌ بكه‌نه‌‌‌ پێگه‌یه‌كی تری ململانێی خۆیان له‌سه‌ر حیسابی ده‌رد و ڕه‌نچ وئازاری خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ .

سه‌رنجێكی كورت له‌م سیناریۆیه‌ ئه‌وه‌مان بۆ ڕوونده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئه‌م ناوچەیه‌ کراوه‌ بە مەیدانی تەراتێن و خۆسەپاندن و فرە کوێخایی جۆرەھا گروپ و میلیشیای ناوخۆیی و دەرەکیی وەکیلی ئەم و ئەو، . جۆرەھا ئەجیندا و دەنگی ناساز و نامۆ و دوور لە بەرژەوەندی و ویستی شه‌نگالیه‌كان، ھەڵتۆقیون و بونە دەمڕاست، ئەوەی نەبیسترا، تەنھا دەنگ و ویستی خەڵکەكه‌ و خاوەنە راستەقینەکەی شه‌نگال بوو کە ئاواتیان گەڕانەوەیەکی بێ سەریەشە بوو بۆ زێدی خۆیان. ‌ئاکامی ئەو دۆخە نالەبارەش، درێژەکێشانی ئازار و مەینەتیی ئەو خەڵکەیه‌ لە کەمپەکانی ئاوارەییدا. 

ئه‌م سیناریۆیانه‌ ، هه‌ر هه‌مویان ،  جگه‌ له‌ ته‌شه‌نه‌كردنی برینێكی قوڵ به‌سه‌ر جه‌سته‌ی ناوچه‌كه‌ و دانیشتوانه‌كه‌ی ناتوانی هیچی تر بێ ، هه‌ر بۆیه‌ ده‌بێ هه‌موو ده‌نگه‌كان به‌ئاراسته‌یه‌كدا به‌رز بكرێنه‌وه‌ كه‌ خۆی له‌ وه‌ده‌ر نانی هه‌ر هه‌موو ئه‌و هێزانه‌و ‌ سپاردنی به‌ڕێوه‌بردن و پاراستنی ئاسایشی ناوچه‌كه‌ به‌ دانیشتوانه‌كه‌ی ده‌بینێته‌وه‌ .

شایانی باسه‌ هه‌ر ئێستا و‌له‌ درێژه‌ی ئه‌م سیاسه‌ته‌ كۆنه‌په‌رستانه‌ی لایه‌نه‌ چه‌كداره‌كانی ناوچه‌كه‌ ، پارتی و په‌كه‌كه‌ زه‌نگی شه‌ڕێكی ترسناك له‌ كوردستان لێده‌ده‌ن، شه‌ڕێك كه‌ باجه‌‌ ماڵوێرانكه‌ره‌كه‌ی ده‌بێ خه‌ڵكی زه‌حمه‌تكێش و هه‌ژار ونه‌داری كوردستان بیدا، هه‌ر بۆیه‌ ئه‌ركی خه‌ڵكی ئازادیخواز له‌مڕۆدا وه‌ستانه‌وه‌یه‌ به‌ڕوی ئه‌م سیاسه‌تی شه‌ڕانگێزیه‌ و جیاكردنه‌وه‌ به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكی كوردستانه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌م دوو هێزه شه‌ڕكه‌ره‌‌ ، به‌تایبه‌تی پارتی كه‌ بۆته‌ مۆره‌ی ده‌ستی ده‌وڵه‌تی كۆنه‌په‌رستی توركیا بۆ جێبه‌جێكردنی سیاسه‌ته‌كانی له‌ ناوچه‌كه‌دا ‌ .    

5 / 11 / 2020




(S686) … سندی ڕێشاخ

بەفر دەبارێ… لەسەر جادە چاوەڕێم، ڕەنگە کەمێکی تر بگات. پێم وا بوو ئەگەر بزەیەک بکەم، شێوەم لە شێوەی شێرەبەفرینە دەچێت. بزەیەکم کرد. دەستی ڕاستم بۆ پەنجەرەی یەکێک لە ژوورەکانی تابقی دووەمی ئەپارتمانەکەی ئەمبەر بەرز دەکەمەوە، کەسێک لەوێوە بزەم بۆ دەکات و دەستی ڕاستی بە ڕوومدا بەرز دەکاتەوە.

پووتەکەم و کاسکێتەکەم قاوەیین، ڕێینکۆتێکی سوور و بلووزێکی زەردم پۆشیوە، گۆرەوییەکانیشم کە ڕەنگیان سەوزە لە پووتەکەم درێژتر، تا سەر ئەژنۆم هاتوون. ئەو خۆی چاوەکانی سەوزن و سمێڵیشی سوور، لووتێکی زلی هەیە و کەمێکیش ورگنە. حەزی بە پۆشینی ستایلی جلوبەرگمە، هەرکات پێبکەنم دەڵێت: “ئۆوو! شێرە بەفرینەکەم…”

کە دەڵێت: “ئەگەر دوو شەپڵەگووی دوو قوونی جیاوازیش باین حەزم دەکرد لە تەنیشت یەکتری بڕیخێندراباین”، زۆر پێدەکەنم.
هەندێک جار منیش هەمان قسەی بۆ دووبارە دەکەمەوە: “حەزم دەکرد ئەگەر دوو شەپڵەگووی دوو قوونی…” پێدەکەنین.

بەر لەوەی دەرگای تڕومبێل دابخەم، دەڵێت: “چی هەیە؟”
دەڵێم: “سڵاو، دەبێ چی هەبێت؟”
دەڵێت: “بەم بەیانییە، لەنێو تەشویشێکی زۆری ڕادیۆ، گوێم لە دەنگی بێژەرەکە بوو دەیگوت: “گۆرێکی تری بە کۆمەڵ دۆزراوەتەوە”.
دەپرسم: “بەم سەرما و بەفربارینە لە خەو بەخەبەرت بێنن ناخۆشە، جا گۆڕ؟! نەفرەتییانە…”
دەڵێت: “هەر کەس بە جۆرێک دەمرێت، سەدان و هەزارەها کەسیش بەم جۆرە. سەدان و هەزارەهای تریش”… دەڵێم: “بە جۆر و شێوازی تر”.
دەڵێم: “ئەگەر مەرگ قبووڵ بکەم لە ژیانم و ددانی پێدا بنێم و ڕاستەوخۆش ڕووبەڕووی ببمەوە، ئەوکات لە دڵەڕاوکێی مردن ڕزگارم دەبێت و خۆم لە ڕق و توڕەییش خاڵی دەکەمەوە؛ مارتن هایدگەر”.
دوای ئەوەی لە پێکەنین دەوەستێت، دەڵێت: “جوانە، بەڵام مارتن هایدگەر نییە، منم… من”. کە ئەوهای گوت، جووڵەی دەموچاوی لە هیی مناڵ دەچوو.
بزەیەک دەکەم، دەڵێم: “هیچ نییە دێڕێکی هەڵەم دووبارە کردەوە”.

ڕێگاکان درێژترن لە هەر شتێک، لە سێبەری پیادەڕەوان، لە وەڕینی سەگ، لە تارمایی چیاکان لەنێو سپییەتی زریانی بەفر…

هەر کە لەدایک بووم، تا ڕۆژی مردنی، یەک تاڵەمووی ڕەشم لە سەری باوکم نەبینی. پیرەپیاوێکی بێدەنگ بوو. بەشی سەرەوەی جەستەی تۆزێک لە دواوە بوو و سمتێکی پووچ و ورگێکی زلیشی هەبوو. پێڵاوەکانی هەمیشە دوو ژمارە بۆ قاچەکانی گەورەتر بوون، کە بە ڕێگادا هەنگاوی دەهاوێشت، دەتگوت مراوییە تووشی پەتا بووە، تا ئاستی ئەوەی خۆی هەستی پێ دەکرد، خەڵک پێی پێدەکەنین.
گوتم: “ئەوەی دەمێکە پرسیار بوو بۆم، ئێستا وەڵامەکەیم زانی”.
دوای ئەوەی گوتی: “ئەمە هۆکارە بۆ ئەوەی لەیبووکێکی وەک تۆم خۆشبوێت”.
دەڵێم: “ڕەنگە منیش بۆیە لووت زلێکی چاوسەوزی وەک تۆم…” بزەیەکی کرد.

پێم وا بێت هێشتان بیری لەوە نەکردیتەوە ماچێکم لێ بکات! دڵنیام لە گەرماویش لە کاتی خۆشووشتن ئەگەر وێنەی کچێک بەسەر دەبەی شامپۆکە ببینێت، ڕووی سوور هەڵدەگەڕێت و دەزریکێنێت و ڕادەکاتە دەرەوە.

“خەڵک بەگشتی و تەنانەت نووسەرانیش سپی وەسفی هەموو شتێک دەکەن لە کاتی بەفربارین، بەڵام من هەست دەکەم هەموو شتێک شینێکی ماتە، ئەی تۆ؟”
دەڵێم: “خەریکم سەیری دوور دەکەم، تارمایی شار لەنێو زریانی بەفربارینەکە، لە ڕاستیدا پێم وایە هەموو شتێک ڕەشە بۆیەش وەک لەیبووکەکان ڕەنگاوڕەنگ دەپۆشم و وەک شێرەبەفرینەش حەز دەکەم بزە بکەم”.
دەڵێت: “ڕەنگە هەموو شتێک ڕەش بێت بەڵام من وا هەست بکەم”.
دەڵێم: “ڕەنگە هەموو شتێک شینێکی مات بێت بەڵام من وا هەست بکەم”.

“ئێستە لەنێوان من و تۆ هیچ شتێک نییە، دەتوانیت لە لاڕێیەک لابدەیت؟ حەز دەکەم کەمێک پەنجە بخەمە ناو کونی ناوکت”. سوور هەڵدەگەڕێ! دڵنیام لە لاڕێیەک لادەدات و سەری لە جامی سەیارەکە دەباتە دەرەوە و دەڕشێتەوە، بۆیە ئەوەی لە دڵم بوو نەمگوت. نەمگوت تا ئێستە بۆ یەک جاریش بیرت لەوە کردیتەوە ماچم بکەیت؟ دەترسم نەخۆش بکەوێت و بە درێژایی ساڵێک هەموو بەیانییەک بڕۆم بۆ نەخۆشخانە و گوڵی سووری بۆ ببەم.

دەڵێت: “کتێبێکم دەخوێندەوە، دێرێک تۆی بیر خستمەوە، ئەمەش هۆکار بوو شەوی ڕابردوو پەیوەندییت پێوە بکەم و داوا بکەم یەکتر ببینین”
.
(دڵشکاو لەخەو هەڵدەستم، پێش هەر شتێک بیر لەتۆ دەکەمەوە…)

بە نزیک وێستگەیەکی کۆنی شەمەندەفەر تێدەپەڕین، سەردەمانێک ئەم شوێنە پڕ بوو لە خەڵکی شەکەت. لەسەر شوێنە بەرزەکان کۆمەڵێک ئاڵا و چەندین دروشمی سەربازی داندرابوون. بێتاقەتی بە شوێن پێی پیادەڕەوان دەردەکەوت، ڕەنگە خەڵکی ئەم ناوچەیە هەر لە سەرەتاوە خەڵکانی ماندوو و بێتاقەت بووبن.
وابزانم لە کۆتایی خوێندنەوەی دێرەکاندا بوو: (دڵشکاو دەخەوم لێرەنیت و بیر لەتۆ دەکەمەوە…) ویستم جڕتێک بۆ تەواوی ئەم دێرانە لێدەم، خۆم گرت. دەڵێم: “دەنگێکی خۆشت هەیە بۆ خوێندنەوە”.

هەرچەند لێرە هیچ کات سیستەمی گەرمکەرەوەی ماڵان ناکوژێنەوە، بەڵام هەمیشە شتانێک هەن ساردن. دەفتەری ڕۆژانەی براکەم پڕ بوو لە ناو و ژمارەی کوژراوانی جەنگ، ئەو کوژراوانەشی دەیناسین خەتێکی سووری بەژێر ناوەکانیاندا دەخشاند. ئەو رۆژەی باوکم تەرمی براکەمی وەرگرتەوە چوار ڕۆژی مابوو خانەنشین بکرێت. تەمەنم شەش ساڵان بوو کە سەیری دەفتەری ڕۆژانەی براکەمم کرد، ناوی خۆیشی لە کۆتایی لاپەڕەکە خەتێکی سووری بەژێردا کێشرابوو.

بەنێو زریانی بەفرەکەدا دەرۆین و نازانین بۆ کوێ! ئەوەی دەکەوێتە سەر ڕێگامان، تارمایی کۆمەڵێک بینا و باڵەخانە و وێستەگەی شەمەندەفەر و باڕ و چێشتخانەی دیزاین کۆنن. ئەو دێڕەی نووسەرێکی سەردەمی جەنگ بە پێشبینییەکی ڕاست دەزانم: (دوای جەنگ، دوای گەڕانەوەی تەرمەکان، بەس کوژراوانی جەنگەکان نامرن…). دوای جەنگ نووسەری ئەم دێڕەیش خۆی کوشت.

دەپرسێت: “هیچ کات بیرت لە خۆکوشتن کردیتەوە؟”
سەیری چاوەکانی دەکەم، دەڵێی دوو ئەستێرەی ڕەنگ سەوزن بە تەنیشت لووتی، لووتیشی دەڵێی دووکەڵکێشی خانوویەکی کۆنە.
درۆم کرد، گوتم: “نا هەرگیز”.
نەمگوت هەندێک جار حەز دەکەم بە چەکی
(S686) کونێک لە جەستەم دروست بکەم، بە جۆرێک حەفت پیاوە کورتەباڵاکەی چیرۆکی دەنکەهەنارە بەناویدا سەما بکەن. گوتم: “ئەگەر لەناو بتڵێکی بچووکی پلاستیکیش بێت، ژیان بۆ ئازاکانە”.
حەزم دەکرد پەنجەم لەنێو کونی ناوکی با. پەنجەی لەنێو کونەلووتی بوو، سەیری کردم و بۆ وەڵامەکەم بزەیەکی کرد.
دەی بڵێ: “ئەگەر دوو شەپڵەگووی دوو قوونی جیاوازیش باین حەزم دەکرد لە تەنیشت یەک بڕیخێندراباین”. تا سوور هەڵدەگەڕێم و هەناسەبڕکێ دەبم، پێدەکەنم… ڕقم لە وەهمە و؛ خەیاڵ دەکەم. دڵنیام بە منداڵیی دایکی زۆر بردوویەتی بۆ لای دکتۆر، لەسەر ڕێگاش دوای گەڕانەوەیان گەنمەشامی کوڵاوی بۆ کڕیوە.

لە فڵچەی جامی سەیارەکە دەڕوانم. تا سەدوشەست دەژمێرم، هەشتا جار بۆ سەرەوە و هەشتا جار بۆ خوارەوە… دەڵێم: “بۆ نەڕۆین بۆ مۆنۆمێنتی پاڵەوانانی جەنگ؟”
پێنج جار بە لای ڕاستدا و دوو جار بە لای چەپ، بە ڕاستەڕێگەیەکدا ڕۆیشت، جارێک بە لای چەپدا و چوار جاریش بە لای ڕاست، لە بەردەم بینایەکی ڕەنگ سووری مامناوەندی لە دار دروستکراو وەستا؛ گوتی: “گەیشتین”. بۆ ئەوەی بگەینە نێو مۆنۆمێنتەکە پێویست بوو کەمێک بە پێ بڕۆین، بەنێو زریانی بەفرەکە سێ چوار هەنگاو لەپێش من دەڕۆیشت، دەتگوت مراوییە توشی پەتا بووە، دەرگاکەی کردەوە و ویستم بڵێم: “ئەوە گەیشتین ترسنۆک، گوتی ئەوە گەیشتین”. بزەیەکم کرد.

وێنەکان بەدوای یەک هەڵواسراون، پاڵەوانانی جەنگ هەموویان شێوەیان لەیەک دەچێت. ناوی براکەم لەژێر وێنەکەی نوسراوە، ژمارە (٧٢٩٨) نەبێت، دەبێت دەمێک بەدوای وێنە هەڵواسراوەکەیدا بگەڕێم. ئەگەر ئێستە هەموو ئەوانەی لەنێو وێنەکاندا هەن زیندوویان بکەیتەوە و داوایان لێ بکەیت کەمێک بەدوای یەکتریدا ڕێ بکەن، دڵنیام وەک کۆمەڵێک مراوی نەخۆش بەدوای یەکتری هەنگاو دەنێن… سەیری چاوەکانی برام دەکەم، دەنگێک لە دواوەم دەڵێت: “بەداخەوە!” دەڵێم: “بەڵێ. دەبوو نەمردبا. بڕۆین؟” دەڵێت: “باشە”.

بەفر دەبارێت… لەسەر جادەکە دادەبەزم. پێم وا بوو ئەگەر بزەیەک بکەم شێوەم لە شێوەی شێرەبەفرینە دەچێت. بزەیەک دەکەم. دەستی ڕاستم بۆ پەنجەرەی یەکێک لە ژوورەکانی تابقی دووەمی ئەپارتمانەکەی ئەمبەر بەرز دەکەمەوە، باوکیشم دەستی ڕاستی بەرز دەکاتەوە و بزەیەک دەکات. دوای ئەوەی خانەنشین بوو شەوان زوو دەخەوێت و بەیانیان زوو خەبەری دەبێتەوە. کە تەرمی کوڕەکەی ناشت، وەک بڵێی سوێندی خواردووە لە شوێنی خۆی نەجووڵێت. بەیانیان زوو کە خەبەری دەبێتەوە، تا شەوان کاتی خەوتن لەبەر پەنجەرەکە دەوەستێت. پووتەکەم و کاسکێتەکەم قاوەیین، رێینکۆتێکی سوور و بلووزێکی زەردم پۆشیوە، گۆرەوییەکانیشم کە ڕەنگیان سەوزە لە پۆتەکەم درێژتر تا سەر ئەژنۆم. جار جارە سەیری وێنە کۆنەکانی دەکەم، باوکم خۆی چاوەکانی سەوزن و کەمێکیش ورگن، لە وێنەکانیشدا بە گەنجی خاوەن ڕیشوسمێڵێکی سوور بووە. دوای مەرگی براکەم حەزی کرد وەک لەیبووک دەربکەوم، حەزی بە ستایلی پۆشینی جلوبەرگمە. دەرگاکە دادەخەم، ئاوڕم لێ دەداتەوە و دەڵێت: “چی هەیە؟”
دەڵێم: “بەفرێکی زۆر”. بزەیەکی بۆ دەکەم. دەڵێت: “ئۆوو! شێرە بەفرینەکەم…”

هەرچەند لێرە هیچ کات سیستەمی گەرمکەرەوەی ماڵان ناکوژێتەوە، بەڵام هەمیشە شتانێک هەن ساردن. دەفتەری ڕۆژانەی براکەم پڕ بوو لە ناو و ژمارەی کوژراوانی جەنگ، ئەو کوژراوانەشی کە دەیناسین خەتێکی سووری بەژێر ناوەکانیاندا دەخشاند. منیش لە دەفتەری ڕۆژانەم زەڕبێکی سوور بەسەر ناوی مراوییەکاندا دەکێشم. چونکە هەمیشە شتانێک لێرەدا ساردن، پێش ئەوەی بە چەکی (S686) کونێک لە جەستەم دروست بکەم، بە جۆرێک هەموو کورتەباڵاکانی جیهان لەناویدا سەما بکەن. بۆ ئەوەی گەرم ببمەوە خەیارێکی درێژ لەگەڵ خۆم دەبەمە ژێر جێگەی خەوتن.

بەفر دەبارێت، کاتژمێر ٢:٣٠ دوای نیوەڕۆیە، زەنگی تەلەفۆنەکە لێ دەدات، لە بیستۆکەکە گوێم لە دەنگی مراوییەک دەبێت، تەلەفۆنەکە دادەخەمەوە.




پرسەیەکی بچووک بۆ پیاوێکی گەورە … پشکۆ ناکام

     

ـ……. ماڵ جۆڵ… شار چۆڵ…….
هەوری ماتەم سەرتاپای ئاسمانی پایتەخەتەکەی ” بابان”ی داپۆشيوە ، فرمێسکی ئەو خەڵکەی لەێ نێوان باوەڕ کردن و باوەڕ نەکردن وون بوون بوونەتە مۆم و سەیری ڕۆشنایی هەر مۆمێکیان ئەکەیت ڕووخساری” قادری حاجی علی” تیا بەدی ئەکەیت…….
چاڵێکی دوو مەتری و جەستەیەک جێی یاد کردنەوەی تیا نابێتەوە، ژیانی نەمریی دواتر دواتر دەست پێ ئەکات ، نەمریی لە چاکە..لە شەهامەت..لە ئینسان دۆستی،،لە ڕۆح سووکی،،لە خۆش مەعشەری،،لە نیشتمان پەرەوەری وەک سیفاتەکانی “کاک قادر” تا هزرمان توانای یادکردنەوەی هەبێ ئەویش نەمرە………………
كاک قادر بە جەستە ماڵ ئاوایی کرد بەڵام وا لەگەڵ هەنوومانا..وا لە ناو هەر پیت و دێڕێکی بۆ ئەو نووسراوە ، وا لە ڕەونەقی ڕەنگی هەر ڤرمێسکێکمان..ئەو لە قوڵترین ڕەگی ناخمانا دەیان چیرۆک و باس و سەرگوزەشتەی هەیە و کاتێک بەجێی هێشتین هەست بیر و ئیحساساتی هەر یەکەمانی هەژان ، بەڵام یاد و یادەوەرییە جوانەکانی،، ئەو کانیاوەن کە تینوێتی شوێنی چۆڵی ئەومان ئەشکێنێ……
كاک قادر ئەوەنە سیاسەتی کردود کە زانیبێتی ئەو سیاسەتە بە خواستی هەژار و لێقەوماوان نیە هەڵوەستەی کردوە و بەشداری تیا نەکردوە ، لە دۆستایەتیشیا کە درکی بەوە کردبێ ئەو دۆستایەیە لاسەنگیەکی خوارە بەرامبەر بە پرسە نیشتمانییەکان دروست ئەکا ئەو دۆستایەتیەی بچڕانوە و کۆتایی پێ هێباوە .. ئەو بەریگارێکی بە جورئەتی دەگمەنی بووکی هەڵمەت و قوربانی بوە لەبەرامبەر سیاسەتی پەراوێز خستن و وێران کردنی لەسەر خۆی شارەکە کە ئەمەش سیفەتێکی بەرزی ئەو کەسانەن کە بۆ خۆیان نا ، بەڵکو بۆ خەڵک ئەژین،،،،
ئەو نیشتمان پەروەر و “کوڕی شار” بوو بە مانا فراوانەکەی…
لە ڕیزی پێشەوەی بەرەی خەڵکی چەوساوە بوو بە وێنە واقیعیەکەی،…
ئەو لە ماڵەوە،،،لە بازاڕ
لەقسەکردن..لە بێ دەنگی
لە شاخ و لە شار هەمان کارەکتەرە پڕ لە میهرەبانییەکەی خۆی بوو بۆیە خۆشەویستی ئێمە بۆ ئەو لە هەموو بوارە جیا جیاکانی ژیانی ئەوایە….. گەر لە هەڵوێستەکانی بدۆیین یەک ئاوڕی بچووک بۆ وێستگە و قۆناغە یەک لە دوای یەکەکانی ژیان و تێکۆشانی وەک سەلماننی خاک و ڕؤژ…
ذەست و قەڵەم…
پیت و ڕۆمان وایە…
ماڵ ئاوا ئەی هاوڕێ بە هەموو مانا جوانە ئینسانیەکانی هاوڕێ و هاوڕێیەتی لە زەمەنی پاشقول و کورسی و خۆڵ کردنە چاو …… ‌هەتا دڵ ووزەی هەبێ لە یادمانای…
پایزی ئەمساڵمان لە هەموو پایزێ تەڵخ تر..
بەفری ئەمساڵمان لە هەموو زستانێ تەزیوو تر،،،
بیر کردنەوە لە تۆ لە هەموو ساتێ گەرم تر…..
تۆ چویتە دونیای ئەبەدی و نەمریی …ئێمەش ڕوو کە دونیای ئاهی سارد و ژیان لەگەڵ یادەوەرییەکانتا مل ئەنێیین…
” سلێمانی” یش جارێکی تر تەسلیم بە بێ خاوەنی ئەکەین…




کوڕی خۆم … کەنعان مدحەت

پێی ووتم: کوڕی خۆم
ئاگات لەم کۆمەکەوانییەی پشتم بێت
ئەم گۆچانەم لێ وەربگرە
ئەو چاوانەی نێو چاویلکەیەیشم بپارێزە
ئەوجار لە کۆڵتم بگرە و
سەربان بە سەربان بمگێڕە
بیریشکەرەوە چۆنم سەردەخەی
چونکو پیپلیکە قوڕاوییەکان ڕزاون
سەرخەرێنە کارەباییەکانیش
لە کار کەوتوون و
بۆڵبەرینەکانیشیان
هەر لە مێژە بە هۆی ژەنگ
خلیسکییان لە دەستداوە

پێی ووتم: کۆڕی خۆم
ئەو چەکە شاڕاوەیەی ناو کادانەکەم
بۆ دەربێنە
نارنجۆکەکانی ناو گونیە شەکەرییەکە و
خەنجەر و دەمانچەی ژێر سەرینەکەشم
کیفەکەیشی لەبیرنەکەی
ئەم چل پاکەتە
سەرو چل مەخزەن و
سەرو چل گوللەیەیشم بۆ سەربخە
بیریشکەرەوە چۆنیان ڕێک و
پاشوپێش دەخەی.. کوڕم
لەبەر ئەوەی گونیە نارنجۆکەکانت لە کۆڵە و
ڕوومەتت بە مشکیی داپۆشراوە و
چاوەکانیشت بەحاڵ
بەرپێت هەڵدێنن

دواتریش پێی ووتم:
کۆڕی خۆم
ئەم هەمو کتێبانە ببە
ئەو هەمو کاغەز و قەڵەمە ڕەنگاوڕەنگانە و
شووشە مەرەکەبەکان و
ووشە جیوەییەکانی بەردەوامی سەر زاریشم
بیریشکەرەوە چۆنیان بۆ سەرەوە
سەردەخەی

پێیم بڕی و
سەیرێکی سەرەوەم کرد و
ووتم: خوایە
دەستێکی بەزەیی بەسەر نەوەکانما بێنە و
من ئاسا به‌ په‌نیان نه‌به‌‌یت‌
گەڕام و
بە باوکیشمم ووت؛
بڵێی لەو بەرزاییه‌ی ڕووه‌ و کازیوەدا
کەس پێویستیی
بەم هه‌مو ووردە واڵاتە
کۆکراوانه‌ت هەبێت؟

مالموێ ٢٠١٠




تینووی ئاڵا … ستار ئه‌حمه‌د

شه‌و گلێنه‌ی ئه‌ستێره‌یه‌كی خوماربوو
زریوه‌ له‌بادا سه‌مای باڵداری ده‌ورژان
شنه‌یه‌ك له‌هێرۆ ده‌تۆراو
گه‌واڵه‌ به‌فرێكی خستبووه‌ سه‌رشان
ئه‌و بانگه‌ی له‌گرمه‌ی هه‌ور ده‌ترسا
سیمرخی هه‌نگاوێك دڕنده‌ی ده‌هاویشت
ده‌روازه‌ی رێیه‌كی تارمایی كۆڕاڵه‌و
بۆ چیا دڵی خستۆته‌ سه‌ر پشت
ئێواران له‌ناڵه‌ی هوزاری باڕه‌ش
گه‌رووی دیواری ژووره‌كه‌م
به‌ئه‌سكڵ ئارایشت ده‌كرد
ده‌موت نه‌خوازه‌ هه‌ڵۆیه‌ك برسی
چڕنووكی بۆ كۆرپه‌ی ئه‌وینی ئاڵم
بۆ عه‌شقێك سروه‌یه‌ك بخاته‌ ماڵم
بكاته‌ په‌یژه‌ی روبارێك بێپرد
لانه‌یه‌ك خوێنه‌هه‌ور ده‌كاته‌ لانكی
تارمایی چڵێكی دارسێوی عومرم
له‌سۆزی ته‌نی چیا وه‌رده‌دا
له‌سۆنگه‌ی شه‌وچرای
خه‌مێكی قه‌ترانی ده‌گه‌ڕێم
بۆ ئه‌وه‌ی ناوكی سه‌حرایه‌ك گه‌رمه‌شین
به‌گاشه‌ به‌ردی لوتكه‌یه‌ك ببڕم
ـ با ـ په‌یامه‌و چقڵه‌زا ده‌ماڵێ‌
ـ رێ‌ ـ خه‌رمانی سۆزه‌و
به‌سته‌ی داد ده‌ڵێ‌
ـ هه‌ور ـ چه‌رمی پاڵتۆی لاڵێكه‌
له‌عه‌شق تێده‌گاو
ناتوانێت نه‌بێته‌ هاوشینی عه‌وداڵێ‌
هه‌ورو سۆز
عه‌شق و با
گلێنه‌ی شه‌وێكن
ئه‌ستێره‌ ده‌كه‌نه‌ شارێكی پڕچرا
گه‌واڵه‌و لوتكه‌ی چیا
باڵدارو هێلانه‌ی په‌رستگا
دروشمی خاكێكن تینووه‌ بۆ ئاڵا

ستار ئه‌حمه‌د




بەرەو کوێ؟!… شيعر : نزار قبانی وەرگێڕانی: پشکۆ ناکام


   چی تر نازانم
     روو لە کوێ بکەم
   هەموو ڕۆژێک.......
          هەست ئەکەم
      نزیکتر ئەبیت لێم
     هەموو ڕۆژێک
       ڕوخسارت ئەبێتە بەشێک
         لە ژیانم
               و
    تەمەن بە بەرەکت تر...
         ئەبێت
                و
       شێوەکان جوانتر ئەبن
                و
       شت و مەکەکانیش
        جوان و بەتامتر ئەبن
        +++++++++
        وەک دڵۆپەکانی  ئاورنگ
                          بە هەموو لەشما
                 بێ دەنگ
       چویتەتە خوارێ....
              خۆ ڕاهێنان
         لەسەر دووریت ، قورسە
                  و
             خۆ ڕاهێنان..
            لەسەر ئامادە بوونت
                  قورستر...
               ++++++++
        ئای چەنم خۆش ئەوێیت
         ئەوەنەم  خۆش ئەوێیت
               کە تەنانەت خۆم
  سەرم لەخۆم  سوڕماوە !!
       شیعر لە باغچەی چاوەکانتا
               نیشتە جێ بوە..
                     بۆیە بێ چاوەکانت
        شیعر نانووسرێتەوە
            بێ چاوەکانت....
             ++++++++
       لەوەتی خۆشم ویستویت
                    ئەستێرەکان
       ڕوویان وەرگێڕاوە....
                 و
              ئاسمانیش
                    پاک تر
                    ڕوون تر
             کراوە ترە....
          +++++++
    لەوەتی خۆشم ویستویت
           هەموو دەریاکان
            لە چاوەکانتەوە
         ئاو ئەخۆنەوە.....
         ئەم خۆشەویستییە
              بێ بەزییە
          لە خۆم گەورە ترە
               ئیتر  بۆچی
             بە قۆڵەکانتا
               لە خاچ بدرێم
                بۆچی..؟
            ++++++++
       خۆشەویستم............
         هەڵە بووم کە وام زانی
                 پاشایەکم
              تووشی دۆڕان نابم
          وەک مناڵێکی بچوک
              ڕەفتارم کرد
           مناڵێک کە بیەوێ
         دوورتر لە ئەستێرەکان
         هەنگاو بنێ.....
       +++++++++
                  حەز ئەکەم
       ببیت بە " بیل بیلەی" چاوم  
             پێت وایە
              داوایەکم کردوە
          کە نابێ داوا بکرێ..؟!
              پێم   بڵێ ،
              تۆ  کێیت!
           هەستم وەک هەستی
                 کەسێکە
              کە  کەروێشک
            ....       ڕاو ئەنێ
                تۆ لە ژیانما
               جوانترین خەرافاتی
                  ئەو کەسەش
           کە دوای خەرافات  ئەکەوێ
                 ئەبێ تامی
               ماندوو بوون بچێژێ...
       +++++++++++++

مارس / 2018