ڕۆمانی میدیا وەک یەکەم ڕۆمانی عیرفانی خۆماڵی خۆی دەنووسێتەوە … دڵشاد کاوانی

ڕۆمانی میدیای یەکێکە لە ڕۆمانە نایابەکانی ساڵی دووهەزار و بیست، وەک ڕۆمانێکی عیرفانی بۆ یەکەم جار خۆی دەخزێنێتە نێو کتێبخانە و ئەدەبیاتی ڕۆمانی کوردی، کە نووسەری ئەو ڕۆمانە ڕۆمانووس هۆشەنگ شێخ محەمەدە دوای دوو ڕۆمانی تری نووسەر، میدیا دێتە نێو جیهانی نووسینی ڕۆمانووس و بە خوێنەرانی کوردی ئاشنا دەبێت.
ئەوەی ئەو ڕۆمانە لەوانەی پێشووتری و تەواوی ڕۆمانەکانی تر جیا دەکاتەوە، زمان، تەکنیک، ناوەڕۆکی فەلسەفی عیرفانی ڕۆژهەڵاتیانەی هەیە، کە پێشووتر لە ئەدەبیاتی کوردیدا عیرفان تەنیا لە ژانرەکانی شعر و پەخشان و لێکۆڵینەوە دەبینرا. وەلێ هۆشەنگی شێخ محەمەد پایەیێکی تری ئەدەبی عیرفانی بۆ نووسینی ڕۆمانی کوردی دامەزراند.
زۆر جار بە هۆی هەندێ خوێنەری قیچکەتەنگ لە تێگەیشتنی هزری ڕەخنەیی ناچار دەبین ئەوە ڕوون بکەینەوە، کاتێ هەر دەقێکی ئەدەبی دەکەوێتە بەرچاوی ڕەخنەیی لێکۆڵەر و ڕەخنەگران، ئەمە باشی و جوانی دەقەکە دەگەیێنێ کە خۆی دەرگای ڕەخنە بەسەر خۆیدا واڵا دەکاتەوە، هەرگیز مانای لاوازی و کورتهێنانی دەق نییە، لەم سۆنگەیەوە من بە چاوێکی ڕەخنەیی لە میدیا دەڕوانم و سەرنجەکانم دەخەمە ڕوو.

بۆ ئەوەی لە فەلسەفەی نووسینی ڕۆمانی میدیا تێبگەین دەبێ سەرەتا خوێنەر هەرسێ کتێبی چاپکراوی نووسەر، (١. کتێبی حیکمەتی ئیشراق. ٢. خوێندنەوەی کتێبی حیکمەتی ئیشراق. ٣.فریشتەی سوور) بخوێنیتەوە، ئینجا لە کۆد و رەمزەکانی ناو ڕۆمانەکە حاڵی دەبێت، هەروەک نووسەر خۆشی لە لا (٥٤) و (٥٨) و (٥٩) و ڕاستەخۆ باسی کتێبەکان دەکات و لە لا (٦٠) بەتەواوی دەچێتە سەر تیۆرییەکانی سەهرەوردی و دەگەڕێتەوە بۆ دەقی ئیشراق. چونکە ئاسان نییە بتوانین بێ گەڕانەوە بۆ ژێدەر و چاڤکانی پێشوو، بە ڕوونی لە پاشخانی فەلسەفی عیرفانی سوهرەوەدی کە چەندین سەدەیە بۆوەتە جێگای مشتومڕ و لێکدانەوەی جیاواز، سەرەدەری بکەین. هەرچەندە لە زۆربەی ڕووداوەکانی ناو ڕۆمانەکە نووسەر ترسی ئەوەی لێ نیشتووە، بۆیە تارادەیەکی باش ئاسانکاری و راڤەی بۆ کردووە، بۆ ئەوەی خوێنەر تووشی هێدمەی تێنەگەیشتن نەبێ و چێژی ڕۆمانەکەی لە کیس نەچێ. بەڵام بە دیدگای من ئەمەشیان هەردوو لایەنی ئەرێنی و نەرێنی هەیە، چونکە بەڕچاوڕوونی گەلێ جار تەمبەڵی بۆ گەڕان بە دوای دۆزینەوەی مەبەستەکان لای خوێنەر دروست دەکات.

ناوی میدیا
هەڵبژاردنی ناونیشانی میدیا بۆ ڕۆمانەکە، مەبەستی نووسەر گەڕانەوەی عیرفانە بۆ جوگرافیایی میسۆپۆتامیا و جارێکی تر بە کوردیکردنەوەی تەسەوف و عیرفانە. لە پاڵ ئەوەشدا ناوی کارەکتەری دڵخوازەکەی مانی پاڵەوانی سەرەکی ناو ڕۆمانەکەیە، بەڵام بەلای منەوە بۆ ئەو ڕۆمانە فەلسەفی و عیرفانییە، ناوێکی لاوازە و دەبوایە ناوێکی عیرفانی و ئەدەبی لێ بنابوایە زیاتر لە خزمەتی ڕۆمانەکە دا دەبوو.

زمان لە میدیا
سەرباری ئەوەی ڕۆمانەکە پڕە لە وشە و تێکستی فکری و فەلسەفی کە بەزمانێکی ئەدەبی بەرز نووسراوەتەوە، ڕۆمانووس زمانی کوردی پاراوە و شارازەییەکی زۆری لە زماندا هەیە، بەڵام ڕۆمانەکەی پڕە لە وشە و زاراوەی عەرەبی ڕووت، هەرچەندە ڕۆمانەکە عیرفانییە و زمانی عیرفانیش زمانێکی ئیسلامییە و عەرەبی بەسەریەوە زاڵە، بۆیە نووسەری ناچار کردووە پەنا بۆ چەمک و زاراوەی عەرەبی بەرێت، لە گەڵ ئەوەشدا زێدەتر لە پێویستی پەنای بۆ بەکار بردنی وشەی عەرەبی بردووە کە بە بینینی من ناپێوست بوون هەر بۆ زانین، لا (٢٠) دەنووسێ “پیرۆز و موقەدەس” لێرە موقەدەس هەر پیرۆزییە و جگە لە درێژکردنەوە، هیچ جوانییەکی بەدەق نەداوە. یاخود لە لا (٢١) “ئیقلیمی هەشتەم” دەکرا و ڕێکتر دەبوو بنووسێ هەرێمی هەشتەم، دەیان و بگرە سەدان وشەی تری هاوشێوەی ئەوانە. لێرە من ئەوەی گەرەکمە بە وردی لەسەری بوەستم کاریگەری زمانی فارسی و بەکارهێنانی وشەی فارسی وەک خۆی لە ڕۆمانی کوردی بە ڕەوا نابینم، وەک هەردوو وشەی گوڵە محمدی بەکارهێناوە کە گوڵ محمدی فارسییە و بە کوردی دەبێتە گوڵە هێرۆ، هەرچەندە نووسەر بە ئەنقەست بۆ ئاماژەکردن بۆ ناوی پێغەمبەری ئیسلامی بەکارهێناوە و ئەمەیان جوانە، بەڵام لە شوێنی تریش چەند بارە دەبێتەوە. هەروەها لە لا (٣٦) لە هەموو ڕۆمانەکەدا نووسەر وشەی بەرابەری فارسی بۆ بەرامبەری کوردی بەکار بردووە. خۆمان دەزانین کورد و فارس پلکزان لە زمان، بۆیە گرنگە (م)ی کوردی نەپەڕێ.

هەرچەند ڕۆمانەکە خاڵی نییە لە وشەی ڕەسەن و جوان. زۆر وشە و زاراوەی شیرین و نەزانراوە لای خوێنەر لە نێویان هەردوو وشەی چێواژوو لا (١٢٩) بۆ زیادکردن و باڵاگرتنی گەنم و لا (١٣١) دەمەزەردە بۆ کوتانەوەی ئاسنی سوورکراوەی نێو کورە بەکاری هێناوە. بۆیە نووسەر توانیویەتی گەمەیەکی زۆر جوان بە وشە و زاراوە و واتاکان بکات، بەڵام لە هەندێ شوێن کورت دێنی وەک لە لا (١٢٣) دەنووسێ “بانی خانووەکە هەمووی داررێژ کرابوو، سەرەوەشی خۆڵڕێژ بوو” ئەم ڕستەیە دوور درێژە بەیەک وشەی کوردی تەواو دەبوو کە بنووسێ “خۆرەبان بوو” یان لە هەندێ شوێن وشە دەسوێنێ وک ئۆتۆمبێل دەکات بە “تۆمبێل” هەرچەندە ئەمەش بیانییە و خوازراوە، وەلێ لە کوردیدا وەک خۆی بەکاردێ یان دەگوترێ ترومبێل، بەمەش ئەم داتاشینە لە هەردوو زمان دووری دەخاتەوە. (ئۆتۆمۆبێل) هەرچەندە ئەسڵی ناوەکە بیانییە و بۆیە بە زۆر شێوە گۆ دەکرێت، دەکرێ بڵێین هەموو شێوەکان راستن، چونکە کۆدەنگی لەسەر نییە، بەڵام من لە نووسین دا لادانی بە باش نازانم.

گێڕانەوە لە میدیا
تەکنیک و گێڕانەوە لە ڕۆمانی میدیادا دەتوانین بڵێین ڕێچکەیەکی تایبەتی و زۆر دەگمەنی گێڕانەوە لای نووسەر پەیڕەو کراوە، ئەمەش رۆڵێکی باڵای هەیە لە جوانکردنی میدیادا، کە لە سێ بەشی سەرەکی و هەشتاو سێ بەشی لاوەکی پێکهاتووە. سەرەتا نووسەر لە ڕێگای عەبدولعەزیز دەبێتە گێڕەوەی هەمووشتزان و بە باسی تەکیە و خانەقا و کۆڕی زکری تەسوفی دەکەوێتە گێڕانەوە. لە بەشی ژمارە (٢) یەکڕاست مێشکی خوێنەر بە کوتکەکی سەرپان دەکوتێتەوە و دەنووسێ” دەیزانی هیچ دادی نادات، بۆیە بە چەقۆکە هێلکە گوونی ڕاستەی خۆی بڕیەوە! لە تاو ئازاری جەستەی هاواری کرد و بە خۆی وت: (ئەی خەسیوی ناپاک هەقەمست بێت!) بەم تێکست و بەشە کورتە گێڕانەوەی دەگاتە ترۆپکی تەسەوفی و توانەوەی خود لە عیرفان و نووسەر گەرەکییەتی باسی چیڕۆکی رابیعەی عەدەویی و حەسەنی بەسڕی و لە نموونەی نەی و مانی دووبارە بکاتەوە، لە تەکنیکیشدا پرسیارێک بۆ خوێنەر دروست دەکات، کە وەڵامەکەی لە لا (٦٠) و بەشی (٥٩) زۆر بە جوانی گرێچنی ئەم ڕووداوە دەکاتەوە کە کێ هێلکەی گونی بڕی و بۆچی بڕیویەتی.

کۆی گێڕانەوەکانی لەیەک ئاست یەک زمان و شوێن و کات و گێڕەوە ناوەستێ، بەڵکو لە گەڵ بەشەکان گێڕەوە و بۆگێڕەوەکان دەگۆڕێن. نمونە لە بەشی (١) تا بەشی (٣) و لە یەک لاپەڕە گێڕەوە لە ئازیز دەبێتە مانی و لە زۆربەی بەشەکان تەنانەت بە یەک ڕستە گێڕەوەرەکان لە یەکێک بۆ یەکێکی تر دەستاودەست دەکرێ، ئەمەش تەکنیکێکی تا ڕادەیەک بە هێزە. وەلێ لە بەشی (٣) گێڕانەوەی وردەکاری شەوی بووک و پەیوەندی زاوایەتی و ژن و مێردایەتی دایکی مانی و مەلا عبداللە ی باوکی کە بۆ ئازیزی هاوڕێ گێڕاوەتەوە، دوو کەماسی دەبینرێ یەکەم وەک خۆی لە سەر زاری ئازیز دەڵێ کە دایکی مانی کەسێکی شەرمنە و دەنووسێ ” من دەمزانی دایکی مانی، حورمەت و حەیای هەموو مەلاژنانی هەڵگرتووە، لە ڕووی نایێت قسە لەم بابەتە بکات…) پرسیارەکە ئەوەیە مانی ئەم زانیارییانەی لە کێ وەرگرتووە؟ خۆ ناشێ باوکی خۆی بۆی گێڕابێتەوە کە لە شەوی زاوایەتی چۆن لەگەڵ دایکی دا گوزەراندوویەتی، هەر بۆیەشە سەرچاوەی زانیارییەکانی مانی بە نادیاری ماوەتەوە، خاڵی دووەم لە خوارەوە دەخەمەڕوو.

ناوەڕۆک و فۆڕمی میدیا
ڕۆمانی میدیا ناوەڕۆکێکی هزری بە هێز و لێوانلێو لە مەعریفە و وروژاندنی تێزە فەلسەفی و عیرفانی و باڵا بوونی مرۆڤدۆستی و هیومانزمییە، تاکە مانەوە لەو ڕۆمانە عیشقە کە عاشقبوون بە مرۆڤ و خودا و هونەر و حەز و خۆشەویستی ژیان، دەبێتە ناوەڕۆکێک زاڵ دەبێ بەسەر دابڕان و ڕق، دووری و جیاوازی کارەکتەرەکان. هەروەک لە بەشی (١٠) ڕۆمانووس زۆر فەلسەفییانە دەچێتە نێو فۆرم کە لە لا (١٠) ئێژێ ” لە ڕاستیدا دڵانی کوێر، وەک ئەو فتیلانەن، کە لە جیاتی رۆن بە ئاو تەڕکراون. هەرچەند هەوڵ بدەیت ئەم فتیلانە داگیرسێنی هەرگیز داناگیرسێن” چەندین تێکست و دەقی جیاوازی لەم جۆرە دەکەونە پێش چاو. یان لە لا (١٤٩) سەبارەت بە ڕەنگی چاوی مانی کە چاوێکی شینە و چاوێکی زەردە زۆر جوان دەنووسێ “خوا بەو دوو چاوەوە بۆ تۆی ئەفراندووە؟ بۆ ئەوەی نیوەی جیهان بسووتێنیت و نیوەکەی تریشی بکوژێنیتەوە! سەرئەنجام نە ئاگرەکە دەتوانێت هەموو جیهان بسووتێنیت و نە ئاوەکەش دەتوانێت هەموو جیهان بکوژێنیتەوە” لێرەدا نووسەر گەرەکییەتی پێمان بیژێ ئەوە هەر مرۆڤە دەتوانێ ژیان بکات بە بەهەشت و بشیکات بە دۆزەخ، واتە بەختەوەری ئایندەش هەر لەدەست و چاو و بینینی ئێمەدایە، کە هەردوو دونیا و دوارۆژ هاوتا دەکات بە بینینی خودی مرۆڤ.

لە پاڵ ئەوەش لە ناوەڕۆکیشدا لە هەندێ شوێن و هەندێ وشە و ڕستە سرک دەبێ و بە لووسی لەدەستی نووسەر دەردەچن و بەسەریدا تێپەر دەبێ، وەک لە لا (١٠) دەنووسێ ” لەوێ وەک تۆمەتبارێک و تاوانبارێک بپاڕێتەوە، تا مەعشوقەکەی ئاوڕێکی لێبداتەوە و میهرێکی لە گەڵدا بنوێنێت” لێرە و لەم گفتوگۆیەی سۆفییەک لەگەڵ دەردەدڵی بۆ خودای خۆی دەردەخات خۆ بەتاوانبار زانین زۆر ئاسایی و ئەو پەڕی گەیشتنە بە تەسەوف و خۆنەویستی. بەڵام بە وشەی تۆمەتبار لای خوا نووسەر دەکەوێتە هەڵەیەکی هزری عیرفانی چونکە، تۆمەت گۆتەیە، بەسەر دابڕینە، هەروەک پێوەرە یاساییە باوەکەی کە هەیە دەڵێ: تۆمەتبار تاوانبار نییە، تا تاوانەکەی بەسەردا ساغ نەبێتەوە. بەمەش هەموو خودێک بەوە دەزانێ کە چ گوناهێک دەکات و هیچ شاراوەییەک لای دادگای خودای نییە، کە بەندەکەی پێی وابێ تۆمەتبار کراوە بە کارێک کە خودا پێی نەزانێ. بەم جۆرە بە هەردوو ڕووی دوو پێوەری گشتی هەیە لە ڕاستی خوادا پاک و ناپاک، باش و خراپ، زانا و نەزان، ئاگایی و بێ ئاگایی، ڕۆناکایی و تاریکی، بۆیە چەمکی سێهەم لە عیرفاندا نییە.

هەروەها لە لا (٢٠) “… تۆفانی گەواڵە هەورێکی بەهاری دادەبارێتە سەر درەختێکی سەوزی تەڕی تێنو” لێرە درەختێکی سەوز نیشانەی تێر ئاوییە نەوەک بێ ئاوی، چجای ئەوەی کە دەڵێ تەڕی تێنو ئەمە هەرگیز یەک ناگرێتەوە، گەر تەڕ بێ واتە ئاوی لە بن کراوە ئەی چۆن تێنوە! باشتر دەبوو لێرە نازاوی بۆ درەختەکە بەکارهێنابووایە کە بە تەواوی مەبەستی نووسەر بەدەستەوە دەدات، یان ئەوەتە تەنیا تێنوەکەی لابدا بوایە گرفتەکەی چارە دەبوو.

لەلایەکی دیکە لە لا (٣٨) دەنووسێ “سەرزەمینی خواوەندەکان” پەرستێوەکان سەرزەمینیان نییە، ئاسمانیان هەیە، بەڵکو پەرەستشکارانی خواوەندەکان لەسەر زەمین دان، لە هەموو ئایینەکان و تەنانەت بتپەرستەکانی قورەیش کە بتیان دروست دەکرد، بۆ ئەوەی لە خوای ئاسمان نزیکیان بکاتەوە، نەوەک ئەوان خودای سەر زەوی بن، نۆ خواکانی هونەری یۆنانیش لە ئەفسانەی یۆنانی لە ئاسمانی ئۆلۆپیک بوون نەوەک زەوی.
کەچی لە لا (٤٢) کاتێ لەسەر زاری ئازیز باسی خەون گێڕانەوەی خەونێکی مەلا عبداللەی باوکی کە بە مانی کوڕەکەی خۆیەوە بینیویەتی بۆ شێخ محمدی باوکی ئازیزی گێڕاوەتەوە، هەر لەسەر زاری شێخ محمد کە بۆ ئازیزی دەگێڕێتەوە دەڵێ ” مەلا محمد تائێرە قسەی کرد، و چاوی پڕی ئاو بوو. جارێکی دی باسی ئەو خەونەی نەکردەوە” ئەمە شێخ محمدە و باسی خەونی مەلا عبداللە دەکات، کەچی ناوی مەلا عبداللە دەبێ بە مەلا محمد واتە هەمان شێخ محمد بۆوەتە مەلا محمد لە بڕی ئەوەی بنووسرێ مەلا عبداڵلە.

لە لایەکی ترەوە لە لا (٧٥) دا ئەمە خراوەتە ڕوو ” نوور بۆ ئەوانە دادەبەزێت، کە دەمرن ناچنە گۆڕەوە” ئەمە دیدگایەکی گشتییە، کە هەموو مردووێک دەچێتە گۆڕەوە وە جا گەر ئەو کەسە ئەولیا بێت، یان دووڕوو و گاور، چونکە جەستە بۆ گۆڕە و ڕۆح بۆ فڕین، ئاسایی بوو کە بڵێ نوور بۆ ئەو کەسانە دادەبەزێ، کە بەجەستە دەمرن و ڕۆحیان ناچێتە گۆڕەوە. هەرچەندە ئەمە لە تێگەیشتنی دەقێکی سورەوەردی هاتووە، هەروەها تێگەیشتنی هایدێگەر بۆ مردن و دوای مردن و پەڕینەوە و بۆ دوای مردن، کە چەمکێکی زۆر قووڵی فەلسەفی و سۆفیگەرییە. لێرەدا خودی مرۆڤ، ئەو رەوانەیە کە لەجەستەدا غەریبە و بە مردنی ئازاد دەبێت و ئەم دونیایە، وەک ئاسۆیەکی ئەخلاقی، بەجێدێڵێت و لە گۆڕدا، جیهانی ماددی ئاسێ نابێت، بەڵکو دەرباز دەبێتە جیهانی بەرزەک. هەروەها پێوەندی بە فکرەی دۆنادۆنیی بوودیش هەیە، کە دوای مردنی جەستە، رەوان دەچێتە لەشی گیانەوەرێک یان شتێکی دیکەوە و ناچێتە گۆڕەوە، بەڵام بە گشتی گۆڕ ماڵی جەستەی مردووە.

هەم دیسان لە لا (٩٦) لەسەر زاری مامۆستا یونس بە مانی دەڵێ “بۆیە منیش وەک دایکت دەڵێم، پێویستە تۆ لەگەڵ میدیا شوو بکەیت!” شووکردن بۆ ئافرەتە نەوەک پیاو، لە کوردیدا بە هیچ پیاوێک ناڵێن بڕۆ شوو بکە، بەڵکو پێی دەڵێن ژن بێنە و بە ژنیش ئێژن شووبکە، کە ئەم شووەی زیاتر لە چوار جار بۆ مانی بەکاری هێناوە کە پیاوە. لێرەش نووسەر بە ئەنقەست شێوەزارێکی کرمانجی باکووری هەڵبژاردووە، کە شوو بۆ پیاویش بەکاردێنن، کە مەبەستییەتی کە شووکردن وشەیەکی کوردییەکی کۆنە و زیندوو بکرێتەوە، بەڵام نابێ نووسەر ئەمەی لە بیر بچێ کە نووسەر بۆ خوێنەری کوردی سۆرانی دەنووسێ.
لە کۆتاییدا نیازمەندم ئەمە بڵێم وەک ئەلبێر کامۆ لە کتێبی بیرەوەرییەکانیدا دەڵێ “گەر بتەوێ ببیتە فەیلەسوف ئەوە بڕۆ ڕۆمانێک بنووسە” هەر بۆیە منیش دەڵێم نووسینی ڕۆمان ژانرێکی هێندە سەخت و قورسە، زۆر جار نووسەر تائاستی شێتبوون لەگەڵ جیهانی خەیاڵی خۆیدا دەبات.
سەرباری ئەوەی دەستبردن بۆ نووسینی ڕۆمانێکی فەلسەفی، فکری، عیرفانی کارێکی ئاسان نییە، بەڵام دان بەوە دادەنێم لەگەڵ بوونی هەندێ تێبینی و سەرنج، بەڵام هۆشەنگ شێخ محەمەد لە نووسینەوەی میدیا دا زۆر سەرکەوتوو بووە.

دڵشاد کاوانی




خوێندنەوەێك بۆکتێبی(گەیشتن بەڕووبەری شیعر)ی هاورێی خۆشەویستم (ناڵە حەسەن)

نووسینی: ڕۆستەم عەزیز

دەمەوێت دەست خۆشی لەقەڵەم و ماندووبوونی مامۆستا(ناڵە حەسەن)
بەرزبنرخێنم، کەتوانیویەتی حاڵەتەکان بەشێوازێکی زانستییانە بگەێنێتە خوێنەر،کەسەد دەرسەد هەموو ئەوحاڵەتانەی لەبونیادی فکریی مرۆڤدا بەرجەستە دەبێت هەمیشە خەیاڵی مرۆڤ بەودەقە جوانانەوە دەباتەوە بۆ بەردەم بوونیادی نمابوونی ئەفراندن، لەزاتی ئەوئینسانەدا کەڕاستەوخۆ ئەودەنگانە لەزەمەنێکدا یادەوەری و مێژوویەکیان بۆ خۆیان خوڵقاندووە، هەربۆیە حەزدەکەم لەناو شیعری جوان و مۆدێرنی پەتیدا بژیم، و مانایەك بەژیان و دادپەروەری بدەم، دەمەوێ لەڕێگای شیعرەوە ئاڵۆزی و سەختییەکانی ژیان بەتاڵ بکەمەوە ،ژیان بهێنمە ناو زمان و نوسین،مامۆستا
(ناڵە حەسەن) لەلێکۆلینەوەێکدا لەبارەی ئەزموونی شیعری مامۆستا
(فەرید زامدار)دا لەکتێبی (گەیشتن بەڕووبەری شیعر)دا
حەقیقەتی ژیان و شیعری مامۆستا (فەرید زامدار)ی وێنە کردوە ،،ڕوونتر بڵێم ئیشکردن لەسەر زمان و دەق و کردنەوەی کۆدو هێماکان بەجوانی بەرجەستە کردوە،
بابین چەند دەقێك لەئەزموونی شیعری مامۆستا(فەرید زامدار) وەرگرین
لەشیعری(زەماوەندی کۆچ وبرین) بەڕوونی تەعبیر لەمبارە دەروونییە و لەم سەفەری گەڕان بە دوای گەیشتن بەم شوناسەدا دەکات و دەڵێت…

وەك عەشق و وەك شیعر ژیام
وەکو دەوارنشینێکی شەیدا و گەڕۆك
بەدوای خاك و نیشتیمانێ
بەدوای ناسینی خۆمدا گەڕام…!

(فەرید زامدار)ی شاعیر لەوە تێدەگات،شیعر نووسین چ ژانێکی گەورەو چ عەشقێکی گەورەو چ خەونێکی گەورەیە،زمانی شیعریش چ هێزێکی سیحری هەیە و داهێنان و نوێگەریش پێویستییان بە چ هەوڵ و ماندوبوونێك هەیە.

قەسیدەی (ئەسپ و ترس)
ئەم قەسیدەیە یەکێکە لەقەسیدە ناوازەکانی ئەم کتێبەی،پڕێتی لەگەمەی زمانەوانی،زمانێکی چڕ،وشەکان ماناو دیوی ڕەنگاوڕەنگیان هەیە،
هەرجارەی گەمە لەگەڵ دیوێك یان ڕەنگێکی وشەدا دەکات، ڕستەسازییەکان
زێتر بۆ نەخشاندنی جوانکارییە نەك/بۆ داڕشتنی ماناو بیرۆکەیەکی دیاریکراو،هەروەها (گومان) یش لەم دەقەدا گۆشەێکە لە گۆشە ڕووناکەکان،ئەم دەقەقە لە ڕووی شیعرییەت و زمان و پێکهاتەی شیعرەوە
تۆکمەیەو شیعرێکە دەتوانین بڵێن لەسەرەتاوە تاکۆتایی شیلەی شیعری لێدەڕژێ، لەسەرەتای شیعرەکە لەباری دەروونییەوە ڕۆحێکی نائارامە،لەهەوڵداندایە بۆ گەیشتن بە کەنارێکی ئارام،یان گەیشتن بەوڕەهاییەی کەماناێك بە ژیان و بوونی بدات،لەم بارەوە دەڵێ

هەندێ جار ژیان لەبەرچاوت
ئەوەندە بچووك دەبێتەوە
بۆ ڕوانینت دادێیتەوە و دێتە ژێر پێت
گۆڕێکی نوێ و گۆڕێکی بزر
لەژیانی بن پێیەکانتدا
سەری جنۆکەیێکی شێت دەگوازنەوە
کێوێکی ئاگرینی نوێ لە دۆزەخدا دەڕوخێت و
کێوێکی کۆن لە بەهەشتا دادەگیرسێ…!

نائارامییە دەروونیەکەی لەوەدایە،لەنێو ڕووبەرە هاوودژەکان گەمەدەکات،بەومانایەی،نەلێرە دەتوانێ بمێنێتەوە،نەبە ئەوێندەریش دەگات
(ئێرە و ئەوێ) دەکرێ دنیای کۆن و نوێ بێت،(کێوێکن نوێ لە دۆزەخ دەڕووخێ، کێوێکی کۆن لەبەهەشت دادەگیرسێ..)یان دەڵێ / دەنگێکی نوێ بەرەنگاری ئاوازە کۆنەکانی گوێت دەبێتەوە..!

هەموو ڕۆژێ
پارچەیەك لە دڵما دەمرێ
هەموو ڕۆژێ بەشێك لەلەشما دەکووژرێ
هەموو ڕۆژێ لەتێك لەزمانم دەخنکێ
…… تا دەگاتە،
هەموو ڕۆژێ
چەقۆێەك لە گیانما دەڕوێ و
شۆڕشی ناوچەێکی نوێ
لە بەشێکی بیرکردنەوەم دادەمرکێ

شاعیر لەم شیعرەیدا/ چاوی بڕیوەتە بەهەشێك کەبۆ ئەو کەناری ئارامییە، دوای هەموو سووتان وخنکان و مردنێك ئیتر بژیێتەوە و بەبینینی خۆرەتاوێکی نوێ شوێن برین و چەقۆکانی بیرچێتەوە،ڕووناکی شۆڕشێکی نوێ یان دوونیایەکی نوێ لە خەیاڵ و خەون و بیرکردنەوەکانێ هێمن و دامرکێتەوە .بۆ ئەم مەبەستەش سواری پشتی ئەسپێك دەبێ، بەناو تاریکی ڕەت دەبێت و ڕێگا هاتونەهاتەکانی ترس دەبڕێت.. شاعیر تامەزرۆی ڕۆیشتنە بەم ڕێگایە تا بگات بەم دنیایەی کە لەمێشکی خۆی وێنەی کێشاوە، شاعیر دەڵێت،

لەخوارووی ناوچەکانی خۆکوشتنی مندا مەڕۆن و
لەبن مینا شکاوەکانی سەرووی سەرخانی کیسەڵ
هەتك بەڕوانینەکانی
ئاسك بکەن
لەگەڵ کیسەڵ
درەنگ بەخۆتان ڕادەگەن
لەگەڵ ئاسك
زووتر دەگەن..!

شاعیر مەبەستییەتی ئەگەر بەو کەناری ئارامیەش نەگات،یان بەئامانج وخەونە گەورەکانی نەگات، هەرچ نەبێت با کارێکی وابکات لێیان نزیکبێتەوە، بۆیە شاعیردەڵێ..

کرۆشتنی بەردێکی تاڵ
شیرینترە لە خواردنەوەی
شەپۆڵە ئاسۆییەکانی چاوی مەحاڵ…!

بەڵام شاعیر هەر دەست لە ئومێدەکانی بەرنادات،دەبێ ڕۆژێك بەو خەونە ڕەنگاوڕەنگە بەهارییە بگات و دەڵێ/ تەپوتۆزە دوورەکانی جوانە ئەسپێك دێتە بەر گوێم …!یان دەڵێ

نیوەڕۆیە ئاسۆییەکان بپارێزن و
خۆرنشینە نیوەڕۆییەکانیش ڕاگرن…
هەورێك بەغار
دێتە ناو یادەکانمەوە
جوانییەکی شێواویش بەتاو
لەباوەشی داخراوی خەیاڵی نوێم ڕادەپەڕێ…!

ئەو دەست لە ئومێدەکانی بەرنادات،تەپوتۆزە دوورەکانی (جوانە ئەسپێك) هاتۆتە گوێی، لێی نزیك بۆتەوە،گوێی لە حیلەکەیەتی،هەر لەنێو ئەم هەڵچوونە دەروونییە دەمێنێتەوە،ئەو تێڕوانین و ململانێیە لە خزمەتی تازەگەریی و فرەڕەهەندیی مانای شیعرییەتدا دەبێت.
بەشێکیتری تێکستەکەی (فەرید زامدار) جۆریک لەتیڕوانین و بۆچونی جیاوازی تێدا ڕامکردووە و لەهەوڵی گۆڕینی تێڕوانینی دەسەلاتدایە لەفەنتازیای زمانی فیکری ئالۆزەوە بچێتە نیو پانتایی زمانی شعرییەت
لەم دەقەدا گەڕانەوەیە بۆ ئەو مێژوە نەبینراوەیە کە شاعیرحەزەکانی خۆی
بنبەستکردوەو حەزەکانی ئێمەی خوێنەری گەیاندوە بەترۆپکی ئارەزوو.

(فەرید زامدار)لە دەقی (دیدگا ئاسمانییەکانی بافێك) دا سەمای بەوشەکان هێناوەو بەزمانێکی پڕاوپڕ لەجوانکاری و بەوێنەێکی ڕەنگینی شیعری دەڵێت،

خۆم دیتەوە
لەسەر شەقامێکی سپی
بەرامبەر بەوشەو دەپەڕییەوە
پەڕیمەوە
خیوەتی ساڵە مردووەکانم
لەناو دوکەڵی
جگەرەیەکی ئاوارە هەڵدا..!

شاعیر چەند بەناسکی و شاعیرانە قسە دەکات، خوێنەر پڕدەکات لەچێژو،
لەهێزی وشەو هێماو میتافۆر و دەستەواژە شیعرییەکان لەوەدایە کە، چەند
مانایەك لە خۆبگرێت، خۆم دیتەوە لەسەر شەقامێکی سپی، خۆم دەبینییەوە، لەنیو دوکەڵی جگەرەی ئاوارەییدا، (خیوەتی ساڵە مردووەکانم جێهێشت..!) دەستەواژە و دەربڕینێکی شیعری دڵگیر و جوانە، فرەڕەهەند و فرەمانایە ، ئیدی لەژێر خیوەتی ئاوارەیی لەنێو دووکەڵی جگەرە، ڕۆدەچێت بەنێو خەیاڵ و یادەوەرییەکانی..زۆر شتی بیر دێتەوە و دەڵێت

سەرم پرە لەخەونە تاریکەکانی ژنێك
مەمکەکانی پڕن لە پەنجە بازنییەکانی من..!
ئەگەر سەیری ئەو دوو دێرە شیعرەی سەرەوە بکەین
تاشیعرو زمان حەز بکات، پڕە لەجوانی و پڕە لەشیعرییەت و خەیاڵەڕۆمانسییەکانی ئیرۆسییەت..!
هەر بۆیە حەزەکانی خوێنەری پڕکردوە لەترۆپکی جوانی (فرۆم)
دەڵێ (گەڕان بەدوای ژیان گەلێك جوانە لەوەش جوانتر گەڕانە لە نێو
پەرستگاکانی خۆشەویستی لەو شوێنەدا خۆشەویستی هەیە ژیانیش هەیە

دێین شیعرێکی دیکەی شاعیر وەردەگرین شاعیر دەکەوێتە نێو خەیاڵ وخەمەکانی مرۆفایەیی و جوانییەکانی نیشتیمان..

(دوکەڵی گوڵ)

ژێر زەمینە، هەناسییەکانی دووکەڵێکی پەمەیی
پڕبوو
لەهەتاوە چاوشینەکان
پڕبوو..
پڕبوو..
لەناوە بێ بۆنەکانی ژەهر دۆڕاوەکان
پەپوولە ڕەنگ ئێوارەییەکانی ئاسمان
بێدەنگ بوون
تەیر و تواڵی ژێر زەمینەکانی سێو
لەناو ئەستێرە
چاو کاڵەکانی پرتەقاڵ ڕاکشان
چاوە بێ ڕەنگەکانی ئەهریمەن کرانەوە
ڕوانینە بچووکەکان فڕین
گوڵە چیاییەکانی ئێرە لە گۆرانییە بەهارییەکان
تۆران
جەستە کەسکەکانی باران
پڕبوون… پڕبوون
لەبێدەنگییەکانی زمان
پڕبوون ..
لەهاواری خۆڵ و درەختی شێت.. هاواری خاك..!

(فەرید زامدار) زۆر بەڕوونی لەم دەقە شیعرییەئامانجی پێکاوە، جگە لەوەی ناونیشانێکی تابڵێی شیعری ناسك و پڕ لەجوانی هەڵبژاردووە،
ناوەڕۆکەکەشی پڕە لەهەستی ئینسانی و مرۆڤدۆستی ..کەلە دیمەنێکی کورت و لەهەناسەێکی کورتدا، زۆر قسەی کردووە و زۆر وێنەی کێشاوە
باس لەوە دەکات کە لە شوێنێکی ئەم گەردوونە کۆمەڵە مرۆفێکی بێ گوناە لەژیر گەرمایی هەتاوە چاو شینەکان وەك پەپوولە ئێوارەییەکانی ئاسمان خەریکی ژیان بوو..ئیتر کەسە بێ هەستەکان و کەسە دۆراوەکان بۆنە ژەهراوییەکان بەکار دەهینن، ئەو مرۆفانە و تەیرو تاڵ و پەپوولەکان لە هەناسەدان دەکەون و پڕدەبن لە بێدەنگییەکانی زمان و نامرۆڤانە ژیانیان
لێ دەسەننەوە، لەگەڵ ئەم کارەساتە تراژیدییە خەمناکە، گوڵە چیاییەکان لە
گۆرانییەکانی بەهار دەتۆرێن و ئەمناوەش پڕ دەبێ، لەهاواری درەختی شێت و هاواری خاك..!

شیعر و قەڵەم
شیعر کەدەکەوێتە ناو کەشی نووسینی( فەرید زامدار ) وێنە لەپڕدا ڕوو
دەدەن و یەك بەدوای یەکدا وەك شیر لە گوانی پڕدا دەڕژێنە ناو دەفری
نووسینەوە،
دەربارەی (شیعرو قەڵەم ) تاهەتایە بگوترێتەوە، وەك قسە بەناوبانگەکانی زانا و فەیلەسوف و بیرمەندەکان. دەربڕینەکەش دەربارەی قەڵەم ئەمەیە کە
دەڵیت…

قەڵەم نیشتیمانمە، لەهەر شوێنێکی زەمیندا قەڵەمێك بشکێ منیش دەشکێم،
قەڵەمێك زیندانی بکرێ منیش لەوێم، قەڵەمێك ڕاوبندرێ منیش ڕاودەنرێم،
قەڵەمێك ئازار بدرێ ژانەکەی دەگاتە ڕۆحی منیش، قەڵەمێك داگیر بکرێ منیش داگیر دەکرێم، لەهەر کوێیەك قەڵەمێکی خێرخواز بانگم بکا دەچمە
ئەوێ، هەموو قەڵەمەخێرخوازەکانی دونیا بەنیشتیمانی ڕاستەقینەی خۆم
دەزانم و هەموو نووسینە هونەری و داهێنانە ئەدەبیەکانی جیهانیش بەهی خۆم دەبینم…لە هەرکوێیەك قەڵەمێك ئازاد ببێ منیش ئازاد دەبم..!

ئەم قسەیەی (فەرید زامدار)
هێندە لە ئاستێکی بەرزو پڕ واتایە پێویستە ، بۆ تاهەتایە هەر بگوترێتەوە
چونکە/ باوەڕ ناکەم هیچ نوسەرو شاعیرێك و بیرمەندێك، بەم شێوەیەی
(فەرید زامدار) باسی باهای قەڵەم و خۆشەویستی خۆی بۆ قەڵەم پێشان
دابێت، هۆکارەکەش ئەوەیە/ لای ئەو شاعیرەمان (قەڵەم یانی شیعر…!)

   سەرچاوەکان

 *گەیشتن بەڕووبەری شیعر ( ناڵە حەسەن ) ٢٠٢٠
  لێکۆڵینەوەیەکە لەبارەی ئەزموونی شیعرەوە
 *چوار کتێب لەبارەی شیعر(سەباح ڕەنجدەر )  ل١٠٠
 *ماناودەلالەتە شاراوەکانی دەق(دانا عەسکەر)ل ٥٢چاپی دووەم٢٠١٤



ئەوەی لەو بیست سالە دەتوانرابکرێت بەڵام نەکرا ن … محمد باپیر

من پێم وایە عەرەبی شۆڤێنی بەدرێژای مێژوو ئێستاش چەندە خرابن به رامبەر بەکورد و کێشەی ڕەوای نەتەوەیمان ، بەهەمان شێوە ئێمەی کوردیش تاوانمان زۆرەو زۆریش خرابین بۆنمونە:
دەکرا لەو 20 ساڵەدا:
یەکەم /کوردستان لەزۆر بواری پیشەسازی و ئابوری و کشتوکاڵی زۆر پێشکەوتوباو لەوڵاتانی دەوروبەر ڕوویان لەکوردستان کردبایە نەک ئێمە کورد ،کوردستان جێ بێڵێن و بچینە هەندەران لە ئاوی ئیجە ماسی تەرمی ڕۆڵەکانمان بخۆن بەڵام نەمانکرد.
دووەم/دەکرا یەک سوپای یەکگروتومان هەبایە و هێزی پێشمەرگەمان یەکخستبا بە موالید بانگمان کردبا ئێستا هێزوهەیەتمان ده بوو ،بەڵام نەکرا
سێ/دەبوایە ئێستا 10 بەنداومان دروست کربا لەکوردستان چونکە ئاوی زۆرە ئێستا کێشەی ئاو کارەباو و ماسی و زراعەو هەڵی کارمان نابوو بەڵام مەخابن ئەویشیان نەکرد.
چوار/دەکرا گرنگی زۆرمان بە زراعەو کەرتی کشتوکالی دابایەو چونکە ئێمە لەکوردستان چوار دەشتی بەناوبانگمان هەیە زۆر بەپیتن وەک دەشتی شارەزور و دەشتی هەولێرو دەشتی هەریرو دەشتی بادینا ئێستا دەبوایە هەمو شارو‌شارۆچەکان بانکی زڕاعی هەبوایەو شتمان هاوردەی وڵاتان کربایە بەڵام بەداخەوە ئەویشیان نەکرد.
پێنج/دەبوایە ئێستا کەرتی گەشت و گوزارمان زۆر اهتمام پێ دابایە چونکە کوردستان زۆرشوێنی دلڕفێنی هەیەو ساڵانە داهاتی زۆرمان دەست دەکەوت ئەویشان نەکرد.
شەش/دەکرا ئاسەواری دوو ئیدارەیمان نەهێشتباو و کوردستانمان وەک بەهەشتێک لێکردبایە لەرووی خوشی و جوانی و دیموکراسی و شەفافیەت و دادپەروەرێ ،بەڵام بەداخەوە ئەویش نەکرا.
حەوت/ئەوهەموو گەنجە زۆرەی سالانە تخرج ئەکات لەو 10ساڵەدا ئەکرا هەلی کاریان بۆ بڕەخساندبایە و لەڕووی کۆمبانیاو کارگەو کار زراعی و پڕۆژەی بچوک
کەئەویشیان نەکرد بەداخەوە.
هەشت/ئەو هەموو گەنجە کەناتوانی ژن بێنێ و کاری نیە پارەی نیە سیارەی نیە زەوی نیە بۆیە ناتوانێت پڕۆسەی هاوسەرگیری بکات و بەهەزاران کچ بونەقەیرەو توشی نەخوشی دەرونی بونەو ئێستا سلفەی زەواجیش نیە ،ئیدی نەمانتوانی کێشە کۆمەڵاتیەکانیش چارەسەربکەن .
نویەم /دەکرا چاکسازی بکرێت لەهەموو سێکتەرەکان و پیاوی شیاو لەشوێنی شیاودابنرێت بەداخەوە ئەویش نەکرا
دەیەم/دەکراقەرەبووی مالی شەهیدو ئەنفال و کیمیاباران وو پەککەوتەکرابایەوەو ، ژیانی باشیان لۆ فەراهەم بکرابایە بەڵام بەداخەوەئەویش نەکرا.
لۆیەپێم باشە بزانم چ کراو چی نەکرایە لەکوردستاندا؟

محمد باپیر چاودێری سیاسی
12/11/2020




یەکینەکانی مردن … سامانی وەستا بەکر

دیسانەوە شەڕێکی نەگریس بەر درگای ماڵی کوردی گرتووە و دڵی هەموو کردێکی نیشتمان پەروەر ، خاوەن خاک، مرۆڤ دۆستی بێزار کرووە. هیچ گومانی تیانە کە تورکیا لەپشت ئەم رووبەڕوو بوونەوەیەیە و مەبەستێتی کورد بە کورد قڕ بکات.
تورکیا بەشێکی زۆری ڕۆژئاوای کوردستانی داگیر کردوەو بە ناڕاستەوخۆش باشوری کوردستانیشی لەژێردەستایەو چۆنیان بوێت وائەکەن بێ گەڕانەوە بۆ هیچ کەسێک، ڕۆژانە شاخ و کێو دەشت و دۆڵ و گوندەکان بۆمباران ئەکەن و کەس دەنگی لێوە نایەت و حکومەت و پارتی دەسەڵاتداریش بەو هەموو موڵگە و بنکە سەربازیانەی کە لە دهۆک و هەولێر و تا سلێمانیش جێگیریان کردووە ناڵێن داگیرکەر و بگرە بۆیان دادەتاشرێ و ئەڵێن لەبەر بوونی پەکەکە لەو ناوەن.
بەڵێ ڕاستە پارتی کرێکارانی کوردستان پەکەکە بوونیان هەیە لەباشور بەڵام: یەکەم ئەوان لە وڵاتی خۆیانن و ئەوە تورکەکان کە بێگانەن. دووەم ئەوان لەخۆیانەوە نەهاتوون بەڵکو لەسەری داوای پارتی و یەکێتی هاتنە ئەو ناوچەیە کاتێک ترس هەبوو ئیسلامی توندڕەو لە قەندیل و ئەو ناوچانە جێگیربێت.

میساقی میللی
تورکیا نیازێتی “میساقی میللی” لەڕێگەی گورگە بۆرەکانەوە جێبەجێ بکات. به‌كورتی ئاماژه‌ به‌داگیر كاریه‌كانی رژێمی توركیا ئه‌كه‌ین له‌ته‌واوی ناوچه‌كه‌ ئایا‌ توركیا ئامانجی چیه؟‌
تورکیا بە بیانوی بوونی “پەکەکە”وە زۆرجار هه‌ڵئه‌كوتێته‌ سه‌ر باشوری كوردستان، ئه‌و ده‌وله‌تەی كه‌پێی ئه‌ڵێن توركیا میراتگری ده‌وله‌تی عوسمانیە. ميساقى ميللى توركی له‌28ی كانونی دووه‌می سالی 1920 به‌پێی ئاگربه‌ستی “مه‌نده‌رۆس” له‌30ی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی 1918یا كه ‌له‌نێوان هێزه‌كانی هااوپه‌یماننان: ئیتاڵیا، فرنسا، به‌ریتانیاو ده‌وڵه‌تی عوسمانی واژۆكرا، لەو پەیمان نامەیەیا سنوری توركیا دیاری كرا،كه‌ سنوری توركیای ئێستا تێئه‌په‌رێنێ بۆ سوریا و عیراق و شاره‌كانی حه‌له‌ب و موصل و كه‌ركوك و هه‌ولێرو سلێمانیش ئه‌گرێته‌وە.
بەپێی بەڵێننامەکە توركیا ئه‌و مافه‌ی هه‌بوو نه‌هێڵێت ئه‌و شارانه‌ لە هیچ لاییه‌كه‌وه‌ داگیر بكرێ و سوپای بۆ بجوڵێنرێ. به‌لام دوای تێگه‌یشتنی به‌ریتانییه‌كان له‌سنوری جوگرافیا و هه‌ڵكه‌وته‌ی موسڵ، ئاگربه‌ستی “مه‌نده‌رۆسیان” پشتگوێ خست و په‌لاماری شاری موسڵیاندا و ئه‌و شاره‌یان له‌ده‌ستی عوسمانی ده‌رهێنا.
له‌كۆتایی جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌م ووڵاتانی زلهێز ئه‌یانویست ده‌وله‌تی عوسمانی لاواز بكه‌ن كه ‌ته‌نها چه‌ند ناوچه‌یه‌كی كه‌می له‌ ده‌ستا مابوو، كه ‌ئه‌وانیش سنوری توركیای ئه‌مرۆو رۆژئاواو باشوری كوردستان و به‌شێك له‌خاكی یۆنانی له‌ژێر ده‌ستا مابوو. ده‌ره‌نجام سه‌ره‌تا په‌یمانی سیڤه‌رو دواتر په‌یمانی ميساقى ميللى لة28ى كانونى دووەمى 1920 له‌ مه‌جلسی په‌یمانی ده‌وله‌تی عوسمانی په‌سند كرا و به‌م جۆره‌ش له‌چوارچێوه‌ی كۆماری توركیا بچوكیان كرده‌وه‌.

په‌یماننامه‌ی میساقی میللی توركی له‌ چه‌ند خاڵێكە:
١. له‌كاتی ئاگر به‌ستی مۆندۆرۆس ئه‌وناوچه‌یه‌ی ده‌ستی به‌سه‌ردانه‌گیرابوو به‌دڵنیاییه‌وه‌ خاكی توركیایه‌ و نابێ پارچه‌ بكرێت.
٢. ئه‌گه‌رپێویست بكات له‌هه‌رسێ ویلایه‌تی قه‌رس و ئه‌رده‌هان و باتووم، ریفراندۆم ئه‌نجام بیرێت بۆئه‌وه‌ی له‌ژێرده‌ستی عوسمانی بمێنێته‌وه‌ یان نا.
٣. عه‌ره‌به‌كان مافی خۆیان دیاری ئه‌كه‌ن و ئه‌و شوێنه‌ی له‌ژێرده‌ستی عوسمانیابێت و زۆرینه‌ی عه‌رەب بێت ئه‌وا ریفراندۆمی تیا ئه‌كرێت.
٤. چاره‌نوسی یاسایی رۆژئاوای توركیا به ‌هه‌ڵپه‌سێراوی ئه‌مێنێته‌وه‌، ته‌نها به ‌ریفراندۆم چاره‌نوسی یه‌كلای ئه‌كرێته‌وه‌.
٥. ئاسایشی ئه‌سته‌مبول و ده‌ریای مه‌رمه‌ره‌ له‌لایه‌ن عوسمانیه‌كانه‌وه‌ فه‌راهه‌م ئه‌كرێت و له‌ به‌رامبه‌ر هه‌موو جۆره‌ هێرشێك پارێزراو ئه‌بێت.
٦. كه‌مینه‌كان له‌ووڵاتانی تردا واته‌ ئه‌و شوێنانه‌ی تورك كه‌مینه‌ن ده‌بێ مافیان پارێزراوبێت و به‌فه‌رمیش رابگه‌یه‌نرێت.
ئێستا ئەردۆگان و تورکیا چاویان بڕیوەتە هەموو ئەو ناوچانەی میساقی میللی ئەیانگرێتەوە و بگرە زیاتریش وە بە سێوەی پراکتیکیش دەستاین پێکردوەو لە هەندێک شوێنیش ئامادەکاری بۆئەکەن، بەدیاری کراوی لە باشوری کوردستان چەندین بنکەی سەربازی گەورەیان دامەزرانووە بەڵام ئەوەی کۆسپە و تەگەرەیە لەبەردەمیانا پارتی کرێکارانی کوردستانە “پەکەکە”، هەربۆیە بەنیازن بۆ داگیرکردنی کوردستان ئەو کێشەیە هەر بەخودی کورد چارەسەر بکەن لەڕێی ئەوەی کورد بکەن بە گژی کوردا و خوێنی کورد بەدەستی کورد بڕژێنن، ئەمەش بۆ ئەوان دوو سودی هەیە، یەکەم کورد لاواز ئەکەن لەکاتی جێبەجێ کردنی میساقی میللیا کورد بڕشتی پێ نامێنێ بۆ بەرگری. دووەمیش تا بە خەڵک وڵاتانی جیهان بڵێن کە بۆ گەرانەوەی ئاشتی یەنە ناوەوە و ئیتر وەک نمونەی قوبرس بۆ هەتا هەتایە ئەمێنەوەو کوردستان بۆ ئەبەد داگیرئەکەن.

گورگە بۆرەکان
ناکرێ باسی گورگە بۆرەکان بکەین و کەمێک نەگەڕیینەوە سەرهەڵدانی بیری ناسیۆنالستی تورک.
تۆرانیزم لەسەدەی نۆزدەیا لە ژێر کاریگەریی بزوتنەوە نەتەوەییەکانی ئەوروپا سەریهەڵاوە، بریتیە لە ئایدۆلۆژیای نەتەوە پەرستی تورک کە ئامانجی یەکخستنی هەموو نەتەوەی تورک زمانەو ئەم ئایدۆلۆژییایە ئەکرێت لە چوار چێوەی کەلتوری یاخود سیاسیا بێت. سەبارەت بە ئایدۆلۆژیای پانتورکیزم دەستیان پێکرد، “سابیر زیان بەدرەدین” کە خۆی ئایدۆلۆژیستێکی تورکە ئەڵێت: پانتۆرکیزم هەوڵدانە بۆ یەکخستنی هەموو نەتەوە تورکەکان لە چوارچێوەی یەک دەوڵەتی سەربەخۆ یان لە دەوڵەتێکی فیدراڵیا.
لە کۆتایی سەدەی نۆزدەیا بیری ناسیۆنالیزمی تورکی بە تەواوی ریشەی خۆی لە نێو کۆمەڵگەی تورکیا داکوتاو هەر ئەمەش وای کرد کە حزبی ئیتحادو تەرەقی دابمەزرێت، لە دروستبوونی ئەو حزبەشا جولەکەکانی تورکیا رۆڵێکی گرنگیان بینیوە، چەند کەسێک لە جولەکەکان بوونەتە ئەندامی سەرکردایەتی ئەو حزبە. کاریگەریی فەرهەنگی خۆرئاوا بە تایبەتی فەرەنساو بەریتانیاو ئەمریکاو ئەڵمانیا بۆ سەر تورکیا ناکرێت نادیدە بگیرێت، ئەمەش کاریگەری لەسەر بیرمەندان و روناکبیرانی تورکی داناو سێ رەوتی جیاوازی هێنایە ئاراوە (یەکێتی ئیسلامی، یەکێتی تورکی و یەکێتی عوسمانی) بەڵام سوڵتان عەبدول حەمید تەنها خەمی بەهێزبوونی ئیمپراتۆڕی ئیسلامی ئەخواردو بە توندی دژی یەکێتی تورکی و یەکێتی عوسمانی بوو، هەر ئەمەش بووە یەکێک لە هۆکارەکانی بۆ ئەوەی تۆرانییەکانی ناو حزبی ئیتیحادو تەرەقی لە ساڵی ١٩٠٨ دژی دەسەڵاتی سوڵتان عەبدول حەمید کۆدەتا بکەن و بۆ یەکەمجار دەستور بۆ تورکیا دابڕێژن. چۆنێتی دروستبوون مەهەپەو هۆکارەکانی دروستبوون و ئایدۆلۆژیای دروستبوونی مەهەپەو دەزگاکانی ئایدۆلۆژیای مەهەپە ئوزال و چەند بابەتی پەیوەندیدار بە مەهەپە کە بنچینەدانەری گورگە بۆرەکانن لێرەیا باسی لێوەناکەین، بەڵکو تەنها گورگە بۆرەکان بە نمونە وەرەگرین کە ترسناکترینن لەسەر بوون و نەبوونی کورد.

بۆ ناسینی گورگە بۆرەکان سەرەتا هەندێ خەسڵەتی گورگ باس ئەکەین پاشان بەراوردێک لەنێوانیان:
گورگ کە “کوڕی بەوەفا”ش ئەناسرێت یەکێکە لە ئاژەڵە دڕندەکان و نزیک بوونەوە لێی بێ مەترسی نیە. بەوەفاو بەهێز و نەفس بەرزە. ژیانی گورگ بەشێكی كۆمەڵایەتییەو لەژیانی مرۆڤەوە نزیكە، ئەمە وێڕای ئەوەی بەشێكی تری ژیانی هێرشبەر، کێوی و دڕندەیە.
گورگ هەرگیز گۆشتی مردارەوە بوو، خواردنی پیش بوو، بۆگەن و کۆن ناخوات. هەرگیز لە دایك و خوشكی نزیک نابێتەوە بۆ جووت بوون هەربۆیەش هیچ نەوەیەکی زۆڵ لەناو گورگا بوونی نیە و هەموو بێجووە گورگێک بە دڵنیاییەوە ئەزانێ کێ دایک باوکێتی. گورگەكان تاكو لەژیاندا مابن یەك هاوسەریان هەیە، خیانەتیان لێ ناكەن، بۆیە هەر خێزانێکی گورگ هەموویان ئەندامانی هەمان خێزانن و بێگانەیان تیانیە، ئەگەر یەكێك لەهاوسەران مردن، ئەوا بۆ ماوەی سێ‌ مانگ پرسەیان هەیە، جاری واش هەیە تاكو ساڵێك درێژ دەبێتەوە، لەناو گورگدا فرە خێزانی نییە، ئەگەر گورگێك نیازی پرۆسەیەكی وای هەبێت، ئەبێت لەناوچەكەی دووربكەوێتەوە. کاتێ دایک باوکیان پیرئەبن ئەوا کوڕەکانیان ڕاویان بۆ ئەکەن و خواردنیان بۆ دابین ئەکەن لەکاتێکا ئەوان لەنێو کولانەکانیانا ژیان بەسەرئەبەن. لەكاتی ڕەوكردنیان، سێ‌ گورگی ئازاو هێرش بەر لەپێشەوە ئەڕۆن بۆ هەر ئەگەرێكی چاوەڕوان نەكراو، دوای ئەوانیش پێنج گورگی بەهێز لەدوای ئەوانەوەن، گورگ سەركردەكەیان لە دواوە ئەڕوات، پارێزگاری لەهەر هێرشێكی دواوە ئەكات، گورگە مێینە و مناڵ و بێ هێزەکان ئەخەنە ناوەڕاست و بەهێزەکان لە پێشەوەو سەرکردەش لەدواوە ئەیان پارێزن و خۆیان ئەکەن بە سوپەر و قوربانی تا ئەوانیتر سەلامەت بن. یەکێکی تر لەو شتانەی گورگی پێ جیائەکرێتەوە ئەوەیە کە مرددوکانیان ئەخەنە ژێر گڵەوە وەک مرۆڤ.

ئایا گورگە بۆرەکان هیچ یەکێ لەم ڕەوشتە بەرزانەی گورگیان تیابەدی ئەکرێ؟
گورگە بۆرەکان یان یەکییەنکانی مردن یان لاوە نمونەییەکان “ئۆجاکلاری”
گورگە بۆرەکان لەبری ناشتنی نێچیر و مردووەکان، سەریان لەلاشیان جیائەکەنەوەو و سوکایەتی بە جەستەیان ئەکەن، دەستدرێژی سێکسی ئەکەنە سەر ئەو کچانەی بە زیندووی یان بە مردووی ئەکەونە دەستیان. هێندە پیسخۆرن تەنها لەبەر تێرکردنی حەزی نەژادی و ئارەزووی نەخۆشیان دەست لە هیچ شتێک ناپارێزن و ئامادەن لەهەر شوێنێک بۆیان بگونجێ و توانایان هەبێ بیکەن بە قەسابخانە.گورگە بۆرەکان دەست لە مناڵ و ژن و پیر و پەکەوتە ناپارێزن بە تایبەتی ئەگەر کوردبن ئەوا تەنها دوای کۆمەڵکوژی دەست هەڵەگرن، هیچ بەهایەکی مرۆڤایەتی بوونی نیە لایان و کۆی زەویەکانی بەڵقان تا ناوەڕاستی ئاسیا بە میراتی عوسامنی ئەبینن و داگیری ئەکەن ئەگەر توانایان هەبێ. بە شیوەیەک پیس خۆرن بچنە هەر شوێنێک دوای داگیرکردنی تەنانەت مریشک و قاز و قەل و بگرە تا دارەکانیش ئەدزن وەک دار زەیتونەکانی عەفرین.

دوای بێ دەنگ بوونی ئەم گرووپە بۆ ماوەیەک پاشان لەڕێگەی درگاکانی سوریاوە و لەژێر سەرپەرشتی هەواڵگری تورکیا جارێکی تر سەریان هەڵایەوە، پاش ئەوەی سەرکەوتنەکانی خۆی دژی کورد سەلماند.
سەرەتا بەشێکی زۆری ئەندامانی ئەم گرووپە لەناو سوپای تورکیایا سەریان دەرهێنایەوە لە حەلەب و ئیدلبی سوریا، هەتا ڕوویەکی نەتەوەی بەن بە داگیرکاری تورکیا لەسەر حسابی خاکی سوریا.

ئەم ڕێکخراوە کێیە و تا چ ئاستێک لەسەر ئاستی جیهانی بڵاوبۆتەوانێ؟
ڕێکخراوی گورگەبۆرەکان یان لاوە نمونەییەکان کە دواتر بە یەکیینەکانی مردن ناسران. ڕێکخراوێکی توندڕەوی فاشی ناسیۆنالیستی ڕادیکاڵی ڕاستڕەو ڕەگەزپەرستی تورکی دژە کوردە، لە کۆیاییەکانی ساڵای ١٩٦٠دا دەمەزرێنرا، لەسەر دەستی “عەقید”ی سوپای تورکیا “ئەڵپ ئەرسەلان تورکش” .
ئەم ڕێکخراو بە باڵی سەربازی نافەرمی حیزبی جوڵانەوەی نەتەوەپەرست یان بزوتنەوەی نەتەوەیی تورکیا “مەهەپە” کە “دەولەت باخچەلی” سەرۆکایەتی ئەکات، کە لە ئێستایا هاوپەیمانی پارتی داد و گەشەپێدانە کە ڕەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆکایەتی ئەکات.
هەڵای تێکەڵ کردن و پێکەوەلکاندنی ناسنامەی تورکی و ئاینی ئیسلام زۆر زیاتر بەو ڕێکخراوەوە دیارە و زۆر بە فراوانی کاری لەسەر ئەکرێ کە ئەوەش بە خیتابی ڕێکخراوەکەوە زۆر بەڕوونی ئەبینرێ. ئیسلام بەکار ئەهێنن بۆ ڕاکێشانی سۆزی موسوڵمانانی نەیەوەکانیتر ئەگەرنا دەست لە هیچ مرۆڤێ ناپارێزن کە تورک نەبێ، هەر لەڕێی ئیسلامەوە بە ئاسانی کورد ئەکەوێتە تەڵەکانیانەوە.
کوردیان بە دوژمنی سەرەکی و سەرسەخت و خەتەری سەرخۆیان و بوون و نەبوونی تورک گرێداوە، نەمان و نەهێشتن و توانەوەی کورد کاری لە پێشینەی ئەم ڕێکخراوەیە. ئەمە ویرای دژایەتی کردنی نەتەوەکانی تری وەک ئەرمەن، عەرەب، یۆنان، بوڵگارییەکان، ئەلبانیەکان و ئاینەکانی تری وەک مەسیح و جولەکە و بوزییەکان.
لەگەڵ ئەوەی کە پێشتر بە ڕێکخراوێکی ئیرهابی و تورندڕە و ڕادیکاڵ ناسێنراو بوو بەهۆی کردەوە خراپەکانیانەوە لە ساڵانی هەشتاکانا، بەڵام ئەردۆگان جارێکی تر گورگە بۆرەکانی زیندووی کردەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کورد.
بەجۆریك ئەردۆگان پاڵپشتی ئەو ڕێکخراوە ئیرهابییە نەتەوەپەرست و ڕادیکاڵە فاشیەی کرد کە لە ئێستایا گەشتوونەتە هەریەکە لە “ئەزەبایجان، شیسان، چین، ئەرمینیا، کوردستان، ئێراق، سوریا، کەنارەکانی یۆنان، قوبرس، ڕوسیا، نیمچە دورگەی قرم، تایلاند، فەرەنسا، ئەلمانیا، بەشێکی زۆری وڵاتانی ئەوروپا.

لە چەندین کەرت جیاوازی وەک ئابوری، کۆمەڵایەتی، وەرزش، پەروەردە و بنکە ڕۆشنبیرییەکانی وەک زانکۆ و فێرگەکانی خوێندن و قوتابخانە ئایینەکان چالاکن و فەقێ و ناوەندە ئایینیەکان باشترینی ئەوانەن کە گەرایان تیا دائەنێن. تۆرە کۆمەڵایەتیەکانیان تەنیوەو کار لەسەر گەنجان و نەوجەوانان ئەکەن بەتایبەت کەم دەرامەت وئاوارە و ئەو خوێندکارانەی کە داخلییەکان نیشتەجێن.
ئاڵای گورگە بۆرەکان یان یەکیینەکانی مردن کە تەختێکی سوری هەیە سێ کەوانەی نیوە مانگی سپی “هلال” لەسەر کێشراوە، بەپێی باوەڕی خۆیان ئەگەڕێتەوە بۆ بڵاوبوونەوەی تورک لە هەرسێ کیشوەری ئاسیا، ئەفریقا وە ئەوروپا .
لە کۆڕ و کۆبوونەوە و دەرکەوتنەکانیانا دەستی ڕاستیان بەرز ئەکەنەوە وەک هێمایەکی شەیتانی، هەردوو پەنجە تووتە و دۆشاو مژە ڕاست بۆسەرەوە لە شێوەی گوێچکەکانی گورگ بەرزئەکەنەوە و ئنجا هەرسێ پەنجەکەی تریان لە شێوەی سەری گورگ پێکەوە ئەلکێنن و بۆ پێشەوە درێژی ئەکەن. کە ئەمە بێچگە لە پیشاندانی سەری گورگ بەڵکو مەبەستێکی شاروەی تریشی لەپاڵایە، واتە لە هەر شوێنێک تورکی لێبێ بۆی ئەچن وەک ئاماژەیەک بۆ هەرسێ نیوە کەوانە یان نیو مانگ “هلال”ی سەر ئاڵا سورەکەیان کە مەبەست لێی “ئاسیا، ئەفریقا و ئەوروپا”یە.
چیرۆکی هەلبژاردنی گورگ وەک ناو وە ناونیشان بۆ ڕێکخراوەکە ئەگەڕێتەوە بۆ ئەفسانەیەک کە تورکەکان باوەڕیان پێیەتی و بڵاوە لە ناوەڕاستی کیشوەری ئاسیایا کە گوایە گورگێکی مێینە کە ناوی “ئەسینا”بووە کە ڕێبەری تورکەکانی کردووە لە ڕووباری “ئەرجەنیکۆن”وە، پاش ئەوەی کە چوار سەدە لەوی ماونەتەوە دوای ئەوەی کە لە جەنگا دۆڕاون، کە هەر ئەم ئەفسانەیەش بنچینەیە بۆ دەرکەوتن و دروست بوونی هەدوو نەتەوەی مەنگۆلی و تورک.
گورگە بۆرەکان باوەڕیان وایە یان ڕاستر ئەوەیە کە بڵێین وا پەروەردە ئەکرێن و باوەڕیان پێئەهێنرێ کە هەموو ئەو زەوییانەی ئەکەوێتە نێوان بەلقان و ئاسیای ناوەڕاست موڵکی خۆیانە و خاوەندارێتی ئەگەڕێتەوە بۆ تورک، کاری ئەمانە هەر فرسەتێک بێتە پێشەوە بیگێڕنەوە بۆخۆیان هەر ئەمەشە وای کردووە کە تورک پێبخاتە خاکی هەر وڵاتێکی ترەوە هەرگیز بە ئارەزوومەندانە و بە ئاشتی لێی ناکشێتەوە نمونەی وڵاتی قوبرس کە لە ٢٠ی مانگی شەشی ساڵی ١٩٧٤ نیوەی خاکی ئەو وڵاتەی داگیرکردوەو تا ئێستاش چۆڵی نەکردووە ، تا ساڵی ١٩٨٣ باکوری قوبرس کە لەلایەن تورکیاوە داگیرکراوە کۆماری باکوری قوبرسی تورکی ڕاگەیاند کە تاکە وڵات تەنها تورکیایە کە دانی پیاناوە، ئەوەی جێگای سەرنج و ئاماژەیە ساڵی ١٩٧٤ تورکیا لەژێر ناوی گەڕانەوەی حوکمی دەستور چووە ناو قوبرسەوە، پاشان دەرکەوت کە مەبەست لێی داگیرکردنی ئەو وڵاتەیە و کردنێتی بە بەشێک لەو خەیاڵەی گورگە بۆرەکان کاری بۆئەکەن کە ئەویش هەموو خاکی نێوان بەلقان و تورکستانی ڕۆژهەڵات خاوەندارێتی بۆ تورک ئەگەڕێتەوە!
گورگە بۆرەکان هەموو دانوستانێکی سیاسی و نا سیاسی لەگەڵ کوردا ڕەت ئەکاتەوە، تاکە چارەسەر بۆ کێشەی کورد لەلای ئەوان نەمان و بوونی کوردە کە وەک خۆیان ئەڵێن (بـــــاشــــتــریــــــن کـــــــورد ئــــــــەوەیــــــە کە مـــــــــردووە) واتە هیچ کوردێک باش نیە تا ڕێبکەوی لەگەڵیا و کاتێ کۆتای بە کێشەی کورد یەت کە وەک نەتەوە بوونی نەمێنێ.
هەر ئەوش وایکرد کە لەسەرەتای هاتنە سەر کاری پارتی داد و گەشە پێدان بە سەرۆکایەتی ئەردۆگان و کرانەوەیەکی تاکیکی بۆ ماوەیەک بەڕووی کوردا ئەم گرووپە واتە گورگە بۆرەکان سەرسەختانە داژایەتی ئەردۆگان و پارتەکەیان ئەکرد هەتا ساڵی ٢٠١٨ کە هەردوو پارتی نەتەوەپەرستی “مەهەپە” و داد و گەشەپێدان “ئەکەپە” ڕێکەوتنێکیان واژۆ کرد و بوون بە هاوپەیمان بۆ هەڵبژاردنەکانی سەۆکایەتی کە ئەردۆگان بوو بە سەرۆکی دەسەڵاتداری تورکیا.

ئەو کارە ناوخۆییە خوێناویانەی کە گورگە بۆرەکان ئەنجامیانداوە
هێرش کردنە سەر بیرمەند و لیبراڵ، و ڕۆشنبران و چەپەکانی تورکیا بوو لە گۆڕەپانی تەقسیم لە ئەستەمبوڵ کە بە ” ١ی پێنچی خوێناوی” لە ئەستەمبوڵ ناسراوە لە ١-٥-١٩٧٧ ئەنجامدرا کە بووە هۆی کوشتنی ٤١ کەس، پاش ئەوەی کە ئەو کارەیان بۆ چووەسەر ئیتر پاش ساڵێک لەو قەسابخانەیە هێرشیان کردوە سەر “عەلەوییەکان” سەدانیان لێکوشتن کە بە “قەسابخانەی مەرعەش” “مذبحة مرعش” ناسراوە لە ساڵی ١٩٧٨.
پاشان هەوڵدان بۆ تیرۆر کردنی پاپای فاتیکان “یوحەنا پۆلسی دووەم” ساڵی ١٩٨١ لەڕێی یەکێک لە ئەندامەکانی گورگە بۆرەکانەوە بەناوی “محەمەد عەلی ئاغا”.
دواتر ٢٨ی ٧ی ساڵی هەوڵی١٩٨٨ تیرۆکردنی “تورگۆت ئۆزال”یاندا کە بە دامەزرێنەری تورکیای مۆدێرن دائەنرێ لەڕێی “کارتال دیمیراغ” ئەندامی گرووپی گورگە بۆرەکان بەڵام سەرکەتوو نەبوون، ئەمەش لەبەر دووهۆکار: هۆکاری یەکەم و گرنگ نزیک بوونەوەی تۆرگۆت ئۆزال لە کورد و کارکردن بۆ نچارەسەری کێشەکەی کە ئەمەش لای تورکەکان کفرێکە و لێخۆشبوونی نیە، هۆکاری دووەمیش سەردانی کردنی ئۆزال بوو بۆ یۆنان تا گرژییەکانی نێوان تورکیا و یۆنان هێور بکاتەوە پەیوەندییەکان ئاسای بێتەوە.

ئیتر لە دوای ساڵەکانی ١٩٨٠وە گورگە بۆرەکان بوون بە نەیاری دەسەڵات ، دوای ئەوەی کە بوون بەخاوەنی زیاتر لە ١٠٠ سەربازگەی ڕاهێنان، زیاتر لە ١٧٠٠ لق، کە زیاتر لە ٢٠٠ هەزار ئەندامیان هەبوو ، ئیتر لێرە بەدواوە گورگە بۆرەکان بوون بە هێزی سەرەکی وڵات و دەسەڵاتدار و بەرپرس و دەستیان کرد بە پشیووی نانەوەو تیرۆرکردن و توندوتیژی سیاسی لە تورکیا، تیرۆر و کوشتن و تەقەکردن لەسەر شەقامەکان بوو بەکارێکی سانا و ئاسان بۆیان.
لە سەرەتای نەوەدەکانا حکومەتی تورکیا دەستپێشخەری کرد و لەبری سزادانی گورگە بۆرەکان بانگی کردن و داوای للێکردن کە بەشداربن لە دژایەتی و شەڕکردن لەگەڵ کورد و پارتی کرێکارانی کوردستان “پەکەکە”، ئەو کار و مەبەستەی کە کاری سەرەکی و دڵخواز و ئامانجی هەموو تورکێکە بەتایبەتی گورگە بۆرەکان، ئیتر لەوەودوا ئەم گروپە بوون بەهاوکاری حکومەتە جیاجیاکانی تورکیا و ئەوانیش بۆ شەڕکردن لەگەڵ کورد بەکاریان ئەهێنن.
وە لە مانگی شەشی ساڵی ٢٠١٦ کاتێ کە پەرلەمانی ئەڵمانیا ئیبادەکردن و جینۆساید کردنی ئەرمەنەکانی لەسەر دەستی تورکەکان پەسەند کرد، بەشێکی زۆر لەو ئەندام پەرلەمانانەی کە پاڵپشتی ئەو بڕیارەی پەرلەمانیان کرد بوو بەشیوەی جیاواز هەڕەشەیان لێکرا لەلایەن تورکە نەتەوەپەرست و ئەردۆگانچییەکانەوە، تا کار گەشتە ئەوەی ١٢ ئەندام پەرلەمان لەژێر چاودێری پۆلیسا بپارێزرێن، ئیتر لەوە کاتەوە ئەندامانی گرووپی گورگە بۆرەکان و لایەنگرانی ئەردۆگان پێکەوە ئەڕژێنە سەر شەقامەکان بۆ ناڕەزایی دەربڕین لەهەر شتێک دڵخوازی ئەوان نەبێ، وە بەتایبەتی کارتێ هەوڵی ئینقلاب درا لە ٣١ی ٧ی ساڵی ٢٠١٦ دژی ئەردۆگان هەردوو لایەن پێکەوە ڕژانە سەرشەقامەکانی ئەڵمانیا لەشاری کۆڵن لە ڕۆژئاوای ئەو وڵاتە و ئیتر بێ ترس و شەرم ئاڵا و شیعارەکانی گورگە بۆرەکان بەرزکرانەوە .
لەوەش سەیرتر هەروەک چۆن ئەردۆگان پشتگیری خۆی بۆ ئێخوانییەکانی میسر دەربڕی و چوار پەنجەکەی بەرزکردوە، هەرواش پشتگیری خۆی بۆ گورگە بۆرەکان دەربڕی سێ پەنجەکەی ئەوانیشی بەرزکردەوە، ئەوەش ئەوە ئەگەیەنێ کە ئەردۆگان بێ شەرم وە بەبەر چاوی کامێرا و هەموو جیهانەوە ڕەوای ئەیا بەکاری ئەو گروپە تیرۆرستیە، فاشییە ناسیۆنالیستە و وەک بەشێک لە سوپاکەی بەکاریان ئەهێنێ و چی بوێت پێێان جێبەجێ ئەکا.
گرنگە تاکی کورد زۆر وشیاربێت و نەکەوێتە ئەو تەڵەیەی تورکیا و گورگە بۆرەکان بۆ داگیرکردنی خاکی کوردان دایان ڕشتوەو خاوەن ماڵ بکەن بەنامۆ لەسەر خاکی خۆی و هانی ‌هێزە کوردیەکان بەن بۆ شەڕکردنی یەکتر کە ئەو شەڕە کورد ماڵوێران و تورک سودمەند و ماڵ ئاوەدان ئەکات.

سامانی وەستا بەکر ١١-١١-٢٠٢٠ سوید- ستۆکهۆڵم




کەژاوەی سووتاوی کەرکووک .. سەبریە نوری خەفاف (دایكی سۆلاڤ)

شـــاری کـەرکــــــــــووکی نـــــــــــازدارم
بـــــــــووکی ژاکـــــــــاوی خـەمـبــــــــارم

  • * * * *
    جــــــــوانی بـەڕێــــــــــزی شـــــــیـریـنـی
    خـــــــــاوەنی تـــــــــــاجی زێــــــــــڕیـنـی
  • * * * *
    دڵ بـەخــــــەم و چـــــــاو بـە گـریــــــــان
    خـەڵــــــکـانـت نیـیــــــــانـە ژیــــــــــــــان
  • * * * *
    تـۆ یـــــــــاری دەســـــــتـی نـاحــــــــەزی
    خـۆڕاگـــــــــــــــریـت و نـابـــــــــــــــەزی
  • * * * *
    تـۆ خــــــــاوەنی گــــــــڕی گـەشــــــــیـت
    تـۆ سـەرچــاوەی زێــــــڕی رەشــــــــیـت
  • * * * *
    دوژمــــــــــــــنـان دەورەیــــــــــــان داوی
    بـێ دەســــــــــــەڵاتی دامــــــــــــــــــــاوی
  • * * * *
    خــــــــاوەنی بـە ســـــــەدان داســــــــتـان
    مـەشــخـەڵی هــــــــیـوای کوردســـــــتـان
  • * * * *
    نـزرگـــــــەی رێـــــــــز و دیــــــــــنـداران
    لانــــــــەی کـــــــــوردانی نـــــــــــاوداران
  • * * * *
    کەرکــووک ئـەی خــاوەن بـەهــــرەمـەنـد
    سـەرچــــاوەی هـــــیـوای، دەوڵــــەمـەنـد
  • * * * *
    گـــــەلـت هـــــــەژار و زۆر بـرســــــیـیـە
    ژيـــــــــانـیـان پــــــڕ لـە مـەتـرســــــیـيـە
  • * * * *
    نــــــــاوت ئـەبـــــــەیـن بـە تـرســــــــەوە
    کـەســـــــــت نـایـــــــــە بـە پـرســــــــەوە
  • * * * *
    تـاجـــــــی زیــــــــڕت لـە ســـــەر دایـــــە
    کــوا ـ کــەی ـ چــــی بـە تـــــۆ رەوایـــــە؟!
  • * * * *
    ژیــــنـی گـــــەلـت مـەمـــــرە و مــــــەژی
    قـەڵاچـــــــۆیـە و کـــــــۆمـەڵ کـــــــــوژی
  • * * * *
    ئـەی پـایـتـەخــــتـەکـەی کوردســـــــــتـان
    ئـەخــــوازیـن بـــۆت ژیـــــن و ژیــــــــان
  • * * * *
    هـەمـیـشـــــە پـەســــــت و خـامــــــۆشـی
    راهــــــــــاتـووی ســــــــزا بـنـــــــــۆشـی

    ٨/ مـــای/٢٠٠٦




پیرۆزترین پیشە پەروەردەی منداڵانە.. رەزا شـوان

(جـۆن دێـوی) ده‌ڵێت:”منـداڵ ئەو خـۆرە گەشـەیە، کە هەمـوو دەزگـا پەروەردەییەکان بە دەوریـدا دەسووڕێنـەوە”
(رووبـارد کلـینک) دەڵـێت:”جـوانترین دیمـەن لـەژێـر ئاسمانـدا، دیمـەنی منـداڵـێکە کە پێـدەکـەنێ”
(تـۆڵستـۆی) دەڵێت:”منـداڵ لە هەموو سەردەمێکـدا، هـێمای بێتاوانی و پاکی و خـێر و راسـتی و جـوانیـیە”
(هـۆمیرۆس) یش دەڵێت:”تاوەرەکان جوانی شارەکانن.. کەشتییەکان جوانی دەریاکانن.. منـداڵانیـش جـوانی ماڵـەکـانن”

منداڵ بەردی بناغـە و یەکەمین خشتە، لە بنیادنانی هەر کۆمەڵگایەک کە داهاتـوویەکی گەشی هەبێت. منـداڵ تۆوێکە، گەر بە شێوەیـەکی دروست بـڕوێنرێ و تۆکـەرەکەی بە جـوانی خـزمەتی بکات و بیپارێـزێت. دەبێت بە دارێکی گەورە و بـەری باش دەگـرێت.
دەشێ ئامانجەکانی دایکان و باوکان لە پێگەیانـدنی منداڵەکـانیان جـیاوازبن. رەنگە هەر دایک و باوکێک شێواز و رێبازی خۆیان لە پەروەردەکـردنی منداڵەکـانیان هـەبێ، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی، هەمـوو دایک و باوکـێک حەزدەکەن، کە منداڵەکـانیان زیـرەکبن و لە چالاکییە جیاوازەکانی قوتابخانەکەیان بەشداری بکەن. گەورەببن و ببن بە کەسایەتی رێزلێگـیراوی ناو کۆمەڵ و زۆر بە دڵسۆزییەوە خـزمەتی گەل و نیشتمانەکەیان بکەن.
(ئه‌رستـۆ) دەڵـێت:” رەگـی پـەروەردە تـاڵـە.. بـەڵام بـەرەکـەی شـیـرینـە”
(ئه‌فـلاتـوون) یش دەڵێت:” هـونەرێکی تـر بـوونی نییە، کە لە پەروەردە پیـرۆزتر بێ”
(دانتـۆن) دەڵـێت:” لە دوای پـارووی ژیـان.. یەکەمـین پێـویستی گـەلان پەروەردەیـە”
کوردیش دەڵـێت” منـداڵ شـیـرینـە.. بـەڵام پـەروەردە شـیریـنـترە”
پەروەردەکـردنی منـداڵان بە پوخـتی و دروستی، قـورسترین ئـەرک و کـارە لـە هەمـوو جـیهـانـدا، لە هەمان کاتیشدا پیـرۆزترین ئەرک و کـار و خـزمەتە. بە رادەی گرنگـیدان بە پەروەردەی منداڵان، دەتوانین پێشبینی چارەنـووس و داهـاتووی هەر گەل و وڵاتێک بکەین. واتە ئەمـڕۆ و داهـاتووی هەر گەلێک بە چۆنییەتی پەروەردەی منداڵەکانیانەوە بەسـتراوە. ئەمەش راستیـیەکە و بـووە بە پێـوەر بۆ گـەلانی پێشکەوتوو و دواکەوتوو.
کـورد وتەنیش:” چـی بچـێنـین.. ئـەوە دروێنـە دەکـەین”.
پەروەردەکـردنی منـداڵان هـونەر و زانستیە، پێـویستی بە زانیـاری و هـۆشیاری و بە لـێهاتـوویی هـەیە. پێویستە پەروەردەکـاران، دایکـان و باوکـان و مامۆستاکـان یا هەر پەروەردەکارێکی تر، شارەزایی لە قـۆناغـەکانی منـداڵی و هەراشـبوون و گەشەکـردنی جەستەیی و دەروونی و ژیری و جیاوازییەکانی نێوان منداڵان بن. پەروەردەی منـداڵان پێویستی بە ئارامی و هێمنی و خۆڕاگری و پشوودرێژی و دەمارخاوی و سنگ فراوانی هـەیە. چونکە پەروەردەی منداڵان، کار و پـرۆژەی چەنـد رۆژ و مانگ و ساڵێک نییە، بەڵکو لەدایکبوونەوە دەستپێدەکات تا پێگـەیشتن درێـژەی هـەیە. بەڵام لەگـەڵ ئەوەشدا پـەروەردەی منـداڵان کارێکی ئەسـتەم نییە. گەر بتـوانن کـۆدی بنـەمـا سەرەکییەکـان و پرەنسیپەکان و رەهەندەکانی سەرکەوتن و شارەزایی پەروەردەی منداڵان بەدەستبهێنن.

بەڵام بە داخەوە، کە تا ئەمـڕۆش بەشێکی زۆر لە دایکان و باوکانی ئەمڕۆمـان، بەپـێی میزاجی خۆیان لەگەڵ منداڵەکانیاندا رەفتار و هەڵسوکەوت دەکەن. هەروەکو چۆن پەنجا سـاڵ بەر لە ئەمـڕۆ دایکـان و باوکـانیان رەفـتاریان لەگـەڵـدا کـردوون. ئەوە نـازانن کە نە منداڵانی ئەمڕۆ و نە پەروەردەی نـوێ، وەکو منداڵان و پەروەردەی سەدەی رابردوو نین. زیرەکی و ئاست و خواست و ئارەزووەکانیشیان هەمان زیرەکی و ئاست و خواست و ئارەزوو نین. منداڵانی ئەمڕۆ زیرەکتر و هـۆشیارتر و زۆرزانتـرن لە منـداڵانی نەوەی پێشوویان. لە ئەمڕۆدا دایکان و باوکان پانتاییەکی زۆریان، لە توێـژینەوە و لێکۆڵینەوە و لە زانیارییە کۆمەڵایـەتییەکـاندا گرتـوونەتـەوە. چـونکە بە پلـەی یەکـەم گۆشکـردن و پەروەردەکـردنی منـداڵان لە ئەسـتۆی دایکـان و باوکـان دایـە.
(سیمۆنـز) دەڵـێت:”پەروەردەی منـداڵ، بیست ساڵ بەر لەدایکـبوونی دەست پێـدەکات.. ئەوەیش بە پـەروەردەکـردنی دایـک و بـاوک “مەبەسـتی سیمـۆنـز، پەروەردەکـردن و شارەزاییـە لە پەروەردەکـردنی منـداڵ، بـەر لـەوەی کە هـاوسەرگـیری بکەن و ببـن بە دایک و باوک. پێویستە دایکان و باوکان بە منـداڵی بە دروستی پەروەردە کـرابـن.. تا بەڵـەدبن و بزانـن کە چـۆن بە دروسـتی منـداڵـەکـانیان پـەروەردە و ئاراستە دەکـەن.
ئەمانەی خوارەوە، هەنـدێ لە بنەما سەرەکییەکانی پەروەردەی دروست و ئاراسەکردنی راستی منـداڵانـن، کە دایکـان و باوکـان و مامۆستاکـان دەتوانن سوودیان لێوەربگـرن:
١ـ پێویستە دایکان و باوکان و مامۆستاکان، ببن بە پێشەنگ و نموونە و سەرمەشق:
چونکە منـداڵان چاولێکەر و لاساییکەرەوەن. چاو لە رەفـتار و لە خووی ئەوان دەکەن.
(ویـن دایـەر) دەڵـێت:” منـداڵەکانت دەڕواننە ئەو کارانەی لە ژیانتـدا دەیانکەیت.. نەک ئـەو قـسانەی کە دەیـانکەیـت”
(یوسف جۆبێرت) دەڵـێت:”منـداڵان زۆر پێویستییان بە چـاولێکردنی کەسانی نموونەیی هـەیە.. نەک بە رەخـنەگـرتـن”
کوردیـش دەڵـێت:” گـەورە ئـاو دەڕێـژێ و.. بچـووک پـێی تێـدەخـا” واتـە پێـویسـتە، گەورەکان بە تایبەتیش دایک و باوک، ببن بە پێشەنگ و سەرمەشق بۆ منداڵەکانیان.
بۆ نموونە ئەم خەسڵەتە جوانـانەتان پێـشان بـدەن، تا منداڵەکـانتان لێـتانەوە فـێرببن و چـاوتـان لێبکەن، وەکـو: خۆشـەویستی، کوردسـتان پـەروەری، رێـزگـرتـن، تەبـایی، دڵسۆزی، سۆزداری، نەرم و نیانی، لێبووردەیی، راستگۆیی، هاوکاری، چاکەخوازی، سنگـفـراوانی، خـوێنـدنەوە و پەرتـووکـدۆستی، پیـاوەتی، ژینگەپـارێـزی،…هتد.
٢ـ زیادەڕۆیی لە خۆشەویستی و نازپێدان منداڵان لە رێ دەردەکەن و دەبن بە نێرگزی:
سۆز و خۆشەویستی و نـازپێـدان، زۆر پێویستن بۆ منداڵان. بەڵام گەر خۆشەویستی و نـازپێـدان لە رادەبـەدەربـن. زیـان بە منداڵەکـانتان دەگەیـەنن، کە لای ئێـوە نـەبێ، لای کەسانی تـر، هـەست بـەو رادە سـۆز و خۆشـەویستی و نـازە ناکەن. بەرگـەی رەخـنە ناگـرن. لەوانـەشە کە ببـن بە کەسایـەتی نێـرگـزی. کەواتە مامناوەنـدبن لـەم رووەوە.
٣ـ ریـز لە منـداڵەکانتـان بگرن و بە هـەنـدیان بزانـن: منـداڵان هـەست بە گەشەکردنی خۆیان دەکەن. لە دیـدی ئێوەی دایک و باوکدا، شکۆ و کەسایەتی خۆیان بەدی دەکەن.
لە شـێوازی دەنگ و لە روانیـن و لە زمـانی جەسـتە و لە هەمـوو دەربـڕینێکی ئێوەی دایـک و بـاوک تێـدەگەن. گەر ئەرێنـیبن کاریـان تێـدەکەن و پـێزانینیان بۆتـان دەبێت.
٤ـ ستایش و هـەڵنان و هاندان و پاداشتکـردنی منداڵەکانتان: لە ئەنجامی هەر کارێکی ئەرێنیدا کە دەیکەن گەر کارێکی ساکار و بچووکیش بێت، لای ئەوان کارێکی گەورەیە.
ئافـەرین و دەستخۆشیان لـێبکەن، جاروبار بە دیارییەک پاداشتیان بکەن. یا بە وشە و رسـتەی هـانـدەری وەکو: باشـە، زۆر باشـە، نایـابە، جـوانە، زۆر جـوانە. هـەر بـژین، هـیوادارم کە داهـاتـوویەکی گـەش و باڵاتـان ببێت. ببن بە زانـای گەورەی گەلـەکەمان. یا بە زەردەخـەنەیـەکی نـاسک، یا بە چەپـڵەلـێدانـێک، یا بـاوەش لێـدانـێـك، …هـتد.
منداڵەکانتان هەستی شانازی و رێـز و پێـزانینی کارەکانیان لایـان دروست دەبـن. دەبنە هـانـدان بـۆ گەشەکـردن و داهـێنان و درێـژەدان، بە هـرە و بە توانـا و ئارەزووەکـانیان.
پەیوەندی و خۆشەویسی و رێزیش لە نێوان ئێوە منداڵەکانتان شیرینتر و بەهێزتر دەبن.
بە پێچەوانەش گەر پێزانیتان بۆ کارەکانیان نەبێ و بە هەند وەریان نەگرن. منداڵەکەتان ئەو هەستە لایان دروسـت دەبێـت، کە پێـگە و سـەنگ و و رێـزیـان لاتـان نیـیە.
٥ـ هەرگیز منـداڵەکەتان لەگـەڵ منـداڵێکی لە خـۆی زیرەکـتر و باڵاتـر بەراورد مەکەن. ئەمە هـەڵەیەکی گەورەیـە، ئیـرەیی و رق لێـبوونـەوە و ناحـەزی لێـدەکەوێتـەوە.
٦ـ بە قسەی سووک و ناشیرین و نەشیاو و توانج هەستی منداڵەکانتان بریندار مەکەن:
دەڵێن:”زامی خەنجـەر ساڕێژ دەبێت. بەڵام زامی قسەی ناخۆش هەرگیز ساڕێژ نابێت” قـسەی ناخـۆش، ئازار بە هەست و دەروونی منداڵەکـانتان دەگەیەنێت، زیـاتر لە ئازاری جەستەیی. هەرگیزیش ناو و ناتۆرەی ناشیرین لێیان مەنێن. گەر هەڵەیەکیشیان کرد، کە بە ئەنقةەست نەبـوو، لـێیان تـووڕە مەبـن. تـا وا هـەست بکەن هـەر خۆشـیان دەوێـن.
٧ـ لێدان و هەڕەشە و دڵڕەقی و تووڕەیی و توندوتیژی و مۆڕەلێکردن و سەرکوتکردن و دەمکوتکردن و چـاو زەقکردنەوە و قـژ و گۆێ ڕاکێشان و تـفـلێکرن و چەمۆڵەلێنان، هەمـوو ئەمـانە دەچـنە بـواری تونـدوتیـژییەوە. کە پـەروەردەی نـوێ رەتیان دەکـاتەوە. هەموو ئەو کارە نەرێنیـیانە، زیانی جەستەیی و دەروونی بە منـداڵەکـانتـان دەگەیەنـن، لە ماڵـدابن یا لە قـوتـابخـانـەدابن. بـۆیـە پێـویسـتە منداڵـەکـانتان سەرکـوێـر نەکـەن. لە هەموو هەڵەیەکیشدا، سەرزەنشت و لۆمەیان مەکەن و تەریقیان مەکەنەوە و رەخنەیان لێ مەگـرن و سزایـان مـەدەن و قـسەی ناشیرینیان پێ مەڵـێن و مەیـان شکـێننەوە، بە تایبەتیش لە بـەردەم هـاوڕێکـانیـان دا.
ئەو منـداڵانەی کە رووبـەڕووی لێـدان و تونـدوتیـژی و کەم سـۆزی نا خۆشـەویستی و دڵـڕەقی بوونەتـەوە، باجـی ئەم پەروەردە سەقـەتە دەدەنـەوە.. کارتێکردێکی خراپیان تێکردوون، بوونەتە شەڕانگـێز و مووبـەکار و کەڵەگا و چەقاوەسوو و لەڕیـدەچـوو. گەر دەتانەوێ منداڵەکانتان تووشی ئەم بەد ڕەفـتارییانە نەبـن. لیان مـەدەن. دەتـوانن ئەڵتەرنـاتیـڤـێکی ئەرێنی بـۆ سـزادان و راستکردنـەوەی هـەڵـەکـانیان بـدۆزنـەوە.
٨ـ یاسا و سنووردان و کۆنترۆڵکردنی منداڵەکانتان پێویستن. چونکە بێسەرە و بەرەیی زیـان بەسەرجەم ئەنـدامانی خـێزان دەگـەیەنێت. شـیرازەی خـێزانی تێکـدەچێت. لە هەر ماڵـێکـدا یاسـا و رێـسـا و رێـز و خـۆشـەویستـیی دوولایـی و تـەبـایی هـەبـن. شـادی و کامەرانی و بەخـتەوەری لەو ماڵە دایە. مەبەستیش لە کـۆنترۆڵکردن و سـنوور دانـان، سەرکوتکردنی ئازادی نییە، مەبەست ئەوەیـە کە منـداڵان رەفـتار و رەوشتی ئەرێنی و گـونجـاو و دروسـت هـەڵـبژێـرن و فـێری رێـزگـرتـن لـە یاسـا و بەهـاکـان ببـن. تـا کە گـەورەش بـوون رێـز لە دەسـتوور و یاسا بگرن و بەرپرسیارێتی هەڵبگـرن. پێویستە دایک و باوک هاوڕا و هاوهەڵـوێست و هاوشێوازبن لە پەروەردەکردنی منداڵەکانیان. چونکە دوو شێوازی جـیاوازی پەروەردەی منـداڵ زیانی هـەیە، بۆ نموونە: یەکێکیان نەرمـڕەو و ئـەوی تریـان تـونـدڕەو، پەروەردەیـەکی سەقـەتیـان لێـدێتـە ئـاراوە.
٩ـ کاتێک بۆ بەسەربـردن لەگـەڵ منداڵـەکانتانـدا دیاری بکەن: راستە بەشێکی زۆر لە ئێوەی باوکان و دایکان سەرقـاڵی کارکـردنـن. بەڵام نابێـت ئەمـە بکەن بە بیانوو و بە پاسـاو بۆ فەرامـۆشکـردنی منداڵەکـانتان. هەر ئەوە پێویست و بەس نیـیە کە تەنیـا بە سـۆزداری لەگـەڵ منـداڵەکـانتان دابن، بەڵکو بە جەسـتەییش لەگەڵیـانـدابن. پێـویستە لایـەنی کەمەوە هەفـتەی رۆژێـک یا ئێـوارەیەک، بە گـردی لە شوێنێکـدا پێکـەوە نـان بخـۆن، یا پێکـەوە بـۆ پیاسەکـردنێـک، بـۆ سـەردانێـک، بـۆ پێشانگایـەک، بـۆ بینـینی فـیلمێک، بۆ سەیـرکـردنی شانـۆیەک، بۆ سەیـرانێک،…هـتد. پێـویستە لەم بـارەیـەوە منداڵـەکـانیشتان بەشێکـبن لە هـەڵـبژاردن و بـڕیـاردان و لە پلانـدان و بەرنامەدانـان.
(جاكسۆن بـراون) دەڵـێت:” کاتی گـەڕان و یـاری لەگـەڵ منداڵەکـانتـدا دوامـەخە.. ئەو کـاتانە چـۆن بۆ تـۆ گـرنگـن، ئەوهـاش بـۆ ئەوانیـش گـرنگـن”
١٠ـ زۆر دایکان و باوکان ئەرکەکانی ماڵەوە، خۆیان بۆ منداڵەکانیان جێبەجێیان دەکەن.
ئەمە هەڵەیە. مەبەستی مامۆستاکان لەم ئەرکانەدا، ئەوەیە تا بزانن قوتابییەکانیان فێری بابەتەکان بوونە یا نا. لێیان تێبگەن و یارمەتیان بدەن. خاڵی ئەرێنی و نەرێنیان بزانن.
١١ـ جەخـتکـردن لەسەر ئـەوەی کە منـداڵەکـانتان بە بـاشی لە قـوتابخـانەدا فێردەبن: فێربوون بەشێکی گـرنگە لە پەروەردەی منداڵان، بەڵکو پەروەردە و فێرکردن دوانەن و تەواکەری یەکـترین. تەنـانەت وەزارەتی فـێرکردن ناوەکەشیـان گـۆڕی بە وەزارەتی پـەروەردە. فـێربـوونێکی بـاش نـەک تەنیـا لە پێـناوی فـێربـوونێکی ئاکـادیمی، بەڵکو فـێربـوونیش لە چـۆنییەتی رەفـاتـرکردنیان لەگـەڵ کەسوکـار و کەسانی تـر و ژینگەی دەور و بەریانـدا. پـەروەردەی بـاش ئەوە دەردەخـات کە چـۆن منـداڵان بە شـێوەیەکی دروسـت رەفـتار لەگـەڵ مامۆستاکـانیـانـدا دەکەن و رێـزیـان لێـدەگـرن. بـە دڵـنیایی و پەرۆشیشەوە دەچـن بۆ قـوتابخـانە و بە باشیش ئەرکەکـانیان جـێبەجێ دەکـەن.
١٢ـ ئـازادی بۆ منـداڵان و گەورەکان پێویستە و هـیچ جێگـرەوەیەکی تری نییە: ئـازادی بە رادەی ئاو و نان و ژیان پێویستە. مرۆڤ بەبێ ئـازادی ژیانی ناتەواوە. پێویستە هەر لە منداڵییەوە، منداڵان ئـازادبن لە گوزارشتکـردن لە راو و هـزر و لە ناخی دەروونیان. ئەگەرچی لە هیچ شوێنێکی جیهانـدا ئازادییەکی رەهـا نییە و سـنووردارە. مرۆڤ تا ئەو سنوورە ئـازادە، کە سـنووری ئـازادی کەسانی تر نـەبـەزێنێـت. ئـازادی بـڕوا و متـمانە بەخـۆبـوون بە منـداڵان دەبەخـشـێت. هـۆکـارێکی سەرەکی داهـێنان و پێـشکەوتنـە.
١٣ـ پەروەردەیەکی باشی منـداڵان، لە زۆر شت دەیـانپارێزێت:(ستاینبـێرگ) مامۆستای دەروونناسی جـیاواز لە زانکۆی (تمـبل) لە ڤـیلادلـڤیا لە ئەمریکا، دەڵێیت:”پەروەردەی بـاش، منـداڵان لە تـووشـبوون بە دڵـەڕاوکێ و خەمـۆکی و ئارەزوونەبوونی خواردن و دژە ڕەفـتار بە کۆمـەڵ و ئاڵـوودەبـوون بە مـەی و بە مـاددە سڕکەرەکـان دەپـارێـزێ”
١٤ـ بە داخەوە تا ئەمڕۆش کۆمەڵێک لە دایکان و باوکانی کۆنەپەرست و پیـاوسالاری و عەشایری بە ئەقـڵەتێکی کلاسێکی دواکەوتووەوە.. جیاوازی دەکەن و وەکو یەک لە کچ و کوڕ ناڕوانن. کوڕانیان لا لەپێشترە لە کچان. پاوەنی ئازادی کچەکـانیان کردوون.
١٥ـ بە جـوانی گـوێ لە راز و نیـازی منداڵەکـانتان بگـرن و قـسەیان پێ مەبـڕن. با بە ئەوپـەڕی ئـازادی و بەبێ تـرس ئـەوەی دیانـەوێت دەری ببـڕن و گوزارشـتی لـێبکەن.
دایکان و باوکان و مامۆستا دڵسۆزەکان. بە لەبەرچاوگرتنی ئەو پانزە خاڵەی سەرەوە و چەنـدین خاڵی تریش، ئـەوە دەزانن، کە چ ئەرکێکی پیرۆز و هەستیار و چارەنووساز و داهاتوویەکی گەشتر لە ئەستۆی ئێوە دایە، لە سایە و میانەی پەروەردەیەکی دروست و ئاراستەکردنێکی راستی جگەرگۆشەکانـتان، کە هـیوای داهاتـووی کورد و کوردسـتانن.
(هـێنری وارد بیتشەر) دەڵـێت:” ئێـمە هەرگیز لە واتای خۆشەویسی دایکـان و باوکـان بۆ منـداڵەکـانیان نـازانیـن.. تـا نەبـین بـە دایـک و بـاوک”.

رەزا شوان
نەرویـج:١١/ نۆڤەمـبەر/٢٠٢٠




پێنج کورتە شیعری ستیڤان شەمزینی

1
توانەوە
ئێوارەیەک مەستی عەشق ئەبم
دلبەرەکەم ئەگرمە ئامێز و
بە ناخی ماچی لێوەکانیدا رۆ ئەچم
بەیانییەک تێر عەشق ئەبم
دلبەرەکەم ئەگرمە باوەش و
جەستە سپییەکەى هەڵدەکرۆژم
نیوەڕۆیەک شەڵاڵی عەشق ئەبم و
ئاوێتەی دلبەرەکەم ئەبم
تێر رایدەموسێنم بەجەستەی سڕمەوە
رۆژێک پڕ دەبم لە عەشق و
وەک گەڵای رووت لەگەڵ دلبەرەکەمدا
یەکتر ئەگرینە باوەش

2
ئەمەوێ
ئەمەوێ دڵۆپەکانی بارانت یەک یەک بۆ تەفسیر بکەم
بە مەرگی ناوادەی گەڵاکانی پایز ئاشنات بکەم
هاوار و ناڵەناڵی رەشەباکانت بۆ شی بکەمەوە
بێ ئۆقرەیی و سەرشێتی دەریاکانت بۆ حنجە بکەم
هەر دڵۆپە بارانێک قەترەیەک ئەشکی منە
لە چاوەڕوانی گەڕانەوەتا دادەبارێ
خەزانی هەر گەڵایەکی رەنگ زەردهەڵگەڕاو
بزەیەکی منە لە تاسەی بێ تۆییدا دەوەرێ
لەرینەوەی ژێی تووڕەی هەر رەشەبایەک
نرکە نرکی دڵمە شینی دووریت ئەگێڕێ
شەپۆلی یاخی هەر دەریایەک
هەڵچوونی رۆحمە بۆ نیگایەکت شاڵاو دەهێنێ

3
بەختگرەوە
هەر ئەو ساتەی بەختگرەوەکە
دڵی بلووری منی لە مرواری رۆحتا بەدی کرد
لە تەوێڵی منا رەنگی فریشتەیی تۆی دۆزییەوە
تەڵیسمی خەونەکانمی ورد ورد شی کردەوە
مزگێنی هەڵاتنی خۆری لەنێو شەوەزەنگی دڵما پێدام
لە نیشتنەوەی کۆترە سرکەکە لە سەرشانم بێداری کردمەوە
هەر ئەو ساتەی بەختگرەوەکە
راماڵینی منی وەک بەردێکی کەنار رووبار لێکدایەوە
هێرۆگلیفیای ئاورنگی سەر پەلکە گیای بۆ خوێندمەوە
گزنک و کازیوەی هەموو رۆژەکانمی تەفسیر کرد
لەو ساتەوە بێ پشوودان لە سەفەردام و
بەڕێوەم بەرەو دوورگەی ئەوینی تۆ

4
ئەمەوێ لەگەڵ تۆ بم
لەگەڵ تۆ
شار بە موزیکی ئەوین خەبەر بکەینەوە
ئاسمان بە پەلکەزێڕینەی ئەشق رەنگ بکەین
شەوەکان بسپێرین بە تریفەی مانگ و
رۆژەکانیش بە ئەمانەت بدەینە دەست ئەستێرەناسێک
باخچەکان تەژی بکەین لە لاولاوی باڵامان
ئەستێرەکان بکەین بە شایەت بەسەر یەکەوە
دەریاکان بە سەوڵی خۆشەویستی ببڕین و
لە ئامێزی یەکتردا تەرمی خۆمان بنێژین

5
دەستگرتن
دەستم بگرە بەرەو مەملەکەتی جەستەت
دەستم بگرە بۆ سەرچاوەکانی چێژ
دەستم بگرە بەرەو کانگای ماچ
دەستم بگرە بۆ دنیای رامووسان
دەستم بگرە بەرەو چرکەکانی ئاوێتەبوون
دەستم بگرە بۆ قووڵاییەکانی دڵت
دەستم بگرە بەرەو مەرگی پێکەوەیی
دەستم بگرە توند توند دەستم بگرە
تەنها بۆ دابڕان دەستم مەگرە