گابۆڕ، ڕۆمانێکی نەقوستان .. نووسینی: ئەرسەلان چەڵەبی

پێشەکی و شوناسی بەرهەم و نووسەر:
ئەو وتارە یا ئەو نیوە کتێبە هەوڵ دەدا لە چەند ڕەهەندی تایبەت بە زانستی ڕۆمان و ئانالیزی ڕۆمان، خوێندنەوەیەک بۆ ڕۆمانی “گابۆڕ” سەید قادر هیدایەتی بکا ، نووسەر لەو وتارەدا هەوڵ دەدا بیسەلمێنێ کە “گابۆڕ” نەک ڕۆمان، بەڵکوو نۆڤلێکی سەرکەوتوو بووە، هەروەها بەش بە بەش هەموو لایەنەکان و تایبەتمەندییەکانی ژانڕی ڕۆمان دەخاتە ڕوو و لە تەنیشتیشدا ئانالیز و ڕاڤەی “گابۆڕ” دەخاتە ڕوو کە ڕۆمانێکی کێشەدار و نەقوستانە.
سەید قادر هیدایەتی، نووسەر، لەدایکبووی ساڵی ١٣٥٥ی هەتاوی لە بۆکان-کوردستانی ئێران، خاوەنی چەندین وتار و چیرۆک، چوار کتێبی ئەدەبی گێڕانەوە بە ناوەکانی: دەنگی نوختە، تۆقی ئەزازیل، گابۆڕ و دوا بەرهەمی گۆڕەشار، نووسەری ئەو وتارە جگە لە گۆڕە شار، هەموو بەرهەمەکانی تری “گێڕانەوە” هیدایەتی خوێندووەتەوە.

ئەو وتارە لە دوو بەش دا پێشکەش دەکرێت:

بەشی یەکەم:
A book reviews
واتە کورتەیەک و نیشان دانی دیمەنێکی گشتی لە کتێبی بەردەست، بەشی یەکەم دوو جۆر لە خۆ دەگرێت، واتە هەم ڕۆمانەکە ئانالیز دەکات، هەمیش تێم و کورتەیەک لە ڕۆمانەکە و پەیامی ڕۆمانەکە بۆ بەردەنگ ئاشکرا دەکات.

بەشی دووهەم:
A book critiques
واتە رەخنە و شیکاری ڕۆمانەکە و هەڵسەنگاندنی هەموو تایبەتمەندییەکانی ڕۆمان کە لەو کتێبەدا نووسەر هەندێکیانی بەکار هێناوە و لە زۆریشیان غافڵ بووە.

شوناسی کتێب:
ناوی کتێب: گابۆڕ
ژانر: ڕۆمانی کوردی “دیالێکتی سۆرانی”
نووسینی: سەید قادر هیدایەتی
وەشانخانەی گوتار، چاپی ١٣٩٤، کوردستان-ئێران

بەشی یەکەم:

A book reviews

کورتەیەک لە ڕۆمانەکە*:
ڕۆمانی گابۆڕ، بەسەرهاتی دوو مێرمنداڵی کوردە لە یەکێک لە شارەکانی کوردستان، ئەو جووتە لە دە بەش دا لە ناو ڕۆمانەکە کاراکتەرگەلی سەرەکی و دەورگێڕن لە ڕۆمانەکەدا وێڕای کۆمەڵێک نیوەکاراکتێر یا لەتە کاراکتێری تر.
کەڵکەڵەی کڕینی تۆپێک بۆ یاری تۆپی پێی گەڕەک، سەرەتای ڕۆمانەکەیە، کەریم وەک کاراکتەری یەکەم ناوی دێتە ناو ڕۆمانەکە وێڕای موتەلیب، لەو بەشەدا ئاماژە بە پێنج کەس کراوە کە هەموو مێرمنداڵن و بە ئاواتی تۆپ کڕینن.
وەگیرخستنی بڕە پووڵێک بە فێڵ و کەڵەکە لە لایەن متەلیب و کەریم کە دوو کچ ئەو پووڵەیان دیتبۆوە. لە گەڕەکی ئەو مێرمنداڵانە پاسگایەکی پۆلیس و ئەڕتەش هەیە و کێشەیەکی گەورەیە لەبەر دەم ئاسایش و گەمەی ئەو گەڕەکە و مناڵەکانیان.
باوکی کەریم قەساب دەبێت و ناوبەناو لە ناو هەموو بەشەکانی ڕۆمانەکە چیرۆکێکی تر بە جیا دەبیستین و دەخوێنیینەوە کە لە کوشتارگای مانگا و مەڕ و ماڵاتە، جار نا جار و لە ناکاو، لە هەر دە بەشەکەدا دێتە ناو ڕووداوەکانەوە.
ئەو ڕۆمانە لە سەرەتاوە باس لە کێشە و گرفتەکانی ئەو مێرمنداڵانە و خەڵکی ئەو گەڕەکە دەکا کە تووشی کێشە و ناخۆشی بوونەتەوە لەگەڵ پاسگا و پۆلیس، تەنانەت مانگای خەڵک وەبەر ڕەگبار دەدەن. خەڵک ڕادەگرن و ئازاریان دەدەن، لە بەر تۆپێکی میکاسا کە کەریم و موتەلیب دەیدزن و دەیشارنەوە، خەڵک دەگرن، شەوانە هەڕەشە لە خەڵک دەکەن.
لە تۆپ تۆپێنەوە بەرەو سیم و کابل دزین لە حەوشەی چۆڵی ئیدارە بڕقێک، قۆچەقانی و ڕووداوەکانی دواتری، کوژرانی مانگای نەنە عەجەم بە تەقەی پۆلیسەکان، بە پاڵ ویشەوە تیری قۆچەقانی و کەمان هاویشتن بۆ ناو پاسگا و هروژمی سەرباز و پۆلیس بۆ ناو ماڵەکانی گەڕەک بۆ دیتنەوەی خەتابار و تیر و کابل و کەمانی منداڵانی گەڕەک کە دەیانهاویشتە ناو پاسگاکەوە.
چیرۆکەکەمان درێژەی دەبێت هەتا دەگاتە قوتابخانەی ئەو دوو کاراکتەرە سەرەکیە، ناوی دوورودرێژی عەبدولموتەلیب، ئاشنابوونی خوێنەر لە گەڵ کەسێک بە ناوی خەبات کە برای کەریم بووە و دەبێت کوژرابێت. باسی ناوی عەڕەبی و ناوی کوردی، سووتاندنی سجیل و شناسنامە بۆ ئەوەی موتەلیب ناوە دوورودرێژەکەی ڕەش کاتەوە و تەنیا موتەلیب بمێنێتەوە نەک عەبدوڵموتەلیب، تا دەگاتە ئاشکرابوونی هەوڵەکەی لە لای باوکی و کۆمەڵێک کێشەی تر.
بە دوای ئەو ڕووداوانەدا، دیتنی وشە و پیتی کوردی بۆ یەکەمجار لە ڕێگای کابرایەکی شۆڕمەزە فرۆشی بەر دەرگای قوتابخانە، چیرۆکی پاڵەوان فس‌فس و کتێبفرۆشی ناو شار، هەتا دزین و دڕاندنی لاپەڕەکانی گۆڤاری سروە، تا دەگاتە گۆڤار و کتێب بە قەرز کڕین و دارە دارەی کوردی نووسین و کوردبوونیان!
بە پاش ئەو ڕووداوانە، هەر دوو کاراکتەر بەردەوام دەبن لە خوێندنەوەی زۆرتری کتێب کە لە ڕێگەی لەتە کاراکتێری سولەیمان،ی کتێبفرۆش دەیاندی و دەیانکڕی و دەیانخوێندەوە تا دەگەنە کتێب گەلێک وەکوو کتێبەکانی هەژار و هێمن و یەک،دوو نووسەری تر.
ڕۆمانەکە لە بەشی حەوت بەولاوە وەردە وردە لە کۆتایی نزیک دەبێتەوە بە هاتنە گۆڕێی “ژ-ک” کە ناو و واتایەکی قورس و ئاشنا بۆ هەموو خوێنەرێکە، خەونی دامەزراندنی “ژ.ک”ی مناڵانەی خۆیان و خەون و خولیای کوردایەتی، کێشەی سولەیمانی کتێبفرۆش لەگەڵ شارداری و دیسانەوە هاتنەوە سەر نووسەرگەلێک وەکوو هەژار و هێمن، تاریک و ڕوون، ناڵەی جودایی و بۆ کوردستان. جارێکی تر باسی دوو کوژراو دێتە گۆڕێ. خاڵی متەلیب و برای کەریم. ئاوڕێک لە بواری هەستی و ئیحساسی ئەو دوو منداڵە کە بۆ کچی هاوتەمەنی خۆیان هەیانە، هاتنی هاوین و تەواو بوونی قوتابخانە تا بەلال فرۆشتن و کێشەی موتەلیب لەگەڵ پیاوێک لە حەوشەیەکی خەڵوەت و ڕووداوێک کە ئەو کاراکتەرەی هەراسان کرد.
بە پاش ئەو ڕووداوانە، لەتە کاراکتەرێک بە ناوی میرزاهادی دێت کە هەمان باوکی متەلیبە، بە کۆمەڵێک خوڵقیاتی سەیر و تایبەت بە خۆی، باسی خۆی و خەزوری و ژنەکەی و هەروەها موتەلیبی کوڕی، دیتنەوەی کتێبەکانی هەژار و هێمن لە لایەن میرزا هادی و شەڕێکی خەست و خۆڵ لەگەڵ کوڕەکەی لە سەر کتێب و پیتی کوردی، بە سووکەئاوڕیک بۆ سەر بەرسەهاتی هێمنی موکوریانی کە بە دەست حیزبەوە تووشی ببوو.
تەواو بوونی هاوین و یەکگرتنەوەی موتەلیب و کەریم و دەست پپێکردنەوەی قوتابخانە وەکوو سەفی کۆتایی ناوەندی، موتەلیب ناوی خۆی دەنێ هەژیر و دەست دەکا بە نووسینی شیعر، هەتا ئەو کۆمەڵە ڕووداوەی کە لە قوتابخانە لە سەر دروشم و دروشم نووسین ڕووی دەدا، کەوتنە داوی موتەلیب لە توالێت و لەتە کاراکتێری ئاغای سرچشمە کە دەبێت کەسێکی سەر بەدەوڵەت بێت، درێژەی دروشم نووسین و کاری سیاسی ئەو دوو کاراکتەرە هەتا بڕیاری ڕۆشتنیان کە لە کۆتایی ڕۆمانەکەدا واتە بەشی دە، ڕوو دەدا و لە ئاکامدا لە لای سەقز و بانە لێک هەڵدەپچڕێن و موتەلیب ناوێرێ بگەڕێتەوە، بە یەگجاری دەڕوا و کەریمیش بەرەو بۆکان دەبێتەوە.

کاراکتەرگەل*:
زۆر گرینگە بەر لەوەی بچمە سەر کاراکتەرەکان باسێک لە سەر کاراکتەر لە ڕۆماندا بکەم، خودی کاراکتەر لە ڕۆماندا هەڵگری ئانالیز و شیکاری تایبەت بە خۆیەتی، بۆ وێنە:

De vigtigste karakterer kaldes også for hovedkarakterer, mens de mindre vigtige karakterer kaldes biroller/karakterer.
Direkte personkarakteristik
Kendetegn der beskrives og oplyses direkte i teksten.
• Navn
• Køn
• Alder
• Udseende
• Væremåde
• Holdninger
• Sprog (dialekt, slang, normal- eller fagsprog)
• Job
• Sociale forhold
• Bolig
• Miljø
• Familie m.m.

بە کاراکتەرە سەرەکییەکان دەگوترێ:
Hovedkarakterer
بە کاراکتەرە لاوەکییەکان، یان لەتە کاراکتەرەکان، یان وەک لە دانماڕکییەکە دا هاتووە، پشتیوانی کاراکتەرە سەرەکییەکان دەگوترێ:
Biroller/Karakterer

بۆ کاراکتەر و هەڵسەنگاندنی لایەنەکانی کاراکتەر، بە کاراکتەر و لەتە کاراکتەرەوە، کە زۆرتر جەخت لە سەر کاراکتەرە سەرەکییەکان دەکاتەوە. چەندین ڕاڤە و شیکاری تایبەت بە خۆی هەیە کە لە سەرەوە دانە بە دانە هەتا خوارێ دامناون، کە هەر کامیان باس لە لایەنێکی کەسییەتی، کۆمەڵایەتی، چینایەتی و بوارەکانی تری ئەو کاراکتەرە دەکات. ئەگەر کاراکتەرێک لە ڕۆمانێکدا، وەڵامی ئەو پرسیارانە نەداتەوە، یا ناڕوون بێت، یا کەم و کەسری هەبێت. ئەوە نەقوستانە و کێشەی هەیە، هەر دوو کاراکتەری سەرەکی گابۆڕ کێشەیان هەیە، لەتە کاراکتەرەکانی تریش ناڕوون، نەبەگە و نەقوستان تر و پڕ لە لایەنی نەنووسراو و ئاماژەپێنەکراو.
هێنانەوەی ئەو دەستەواژە و وشەگەلە بۆ ئەوەیە کە زۆرتر ڕۆبچینە ناو زانستی ڕۆمان، هەروەها لەو کێشەیە تا ڕادەیەک تێبگەین کە بۆ ئەدەبی کوردی کێشەی زۆرە و ناتوانێ سنوورەکان ببەزێنێ! کە بە بڕوای من وەڵامی بنچینەیی ئەو پرسیارە زمانە، زمانی کوردی بە تایبەت سۆرانی کە چەندەی کێشە هەیە و چەندە ناستاندارە.

ڕۆمانی گابۆڕ لە سەر دەستی دوو کاراکتەر دەور دەگێڕێ، موتەلیب و کەریم، ئەو دوو کاراکتەرە چەقی گێڕانەوەی ناو ڕۆمانەکەن، ڕەسووڵ، ڕێبوار، ئازاد، ئەو ناوانە تەنیا ئەرکی تێر و پڕ کردنی دوو کاراکتەری تریان لە ئەستۆیە دەنا هیچ دەورێکی ئەوتۆیان نییە و تەنانەت ئەگەر وەک منداڵانی گەڕەک ناویان هاتبا زەربەیەک لە ڕۆمانەکە نەدەکەوت، لە سەرەتای ڕۆمانەکە چەند جار ناویان دێت و تەواو.
میرزا هادی باوکی موتەلیب، لەگەڵ باوکی کەریم کە قەسابە، ئەسمەر دایکی موتەلیب، هەروەها سەیدە سوورەی سەللاخ کە وەک هێڵێکی جیا لە ناو ڕۆمانەکەدا، یان وەک فلاشبەکێک کە لە سەر جەم بەشەکان بە پاڕاگڕافێک یا دوو پاڕاگڕاف دێتە ناو چیرۆکەکەوە تا کۆتایی کە بە شاخی جوانەگایەک زگی هەڵدەدڕێت و دەمرێت.
کاک سولەیمانی کتێب‌فرۆش کە لەغاوێکی تری چیرۆکەکەیە و پەیوەندی ڕاستەوخۆی لەگەڵ دوو کاراکتەری سەرەکی ڕۆمانەکە واتە کەریم و موتەلیب هەیە.
ئاغای سرچشمە کە مامۆستایەکە لە قوتابخانە و لەقسان سەر بە دەوڵەتە و هەروەها ئاغای محمدی کە دەبێت خزمی متەلیب بێت، لە کۆتاییەکانی ڕۆمانەکە وێڕای ئاغای سرچشمە دێتە کایەوە لەگەڵ کۆمەڵێک ناوی تر کە لە کۆتاییدا کەسێکی تریشی پێ زێدە بێت، لە کۆتا بەشی ڕۆمانەکەدا لەگەڵ موتەلیب و کەریم و لەتە کاراکتەرێکی تر ڕووبەڕوو دەبێتەو.
جگە لە دوو کاراکتەری سەرەکی ڕۆمانەکە واتە کەریم و موتەلیب، هەروەها سەیدە سوورەی سەللاخ بە تێبینی جدییەوە، ئەوانی تر حیسابی کاراکتەریان بۆ ناکرێت، بەڵکوو کاراکتەر ب یا کاراکتەرگەلی لاوەکین، لەتەکاراکتەر، نیوەکاراکتەر.

پەیوەندییە شەخسی و کۆمەڵایەتییەکان*:
موتەلیب و کەریم وەکوو دوو کاراکتەری سەرەکی ناو ڕۆمانەکە، دوو مێرمنداڵی تەریک‌کەوتووی ناو کۆمەڵگان کە سڕ و تڕیان لەگەڵ یەکە، وێڕای هەموو کێشە و گرفتێک کە لە ناو کۆمەڵگای خۆیاندا بۆیان دوروست دەبێت، بنەماڵە، کۆمەڵگا، قوتابخانە، سەرەتەقەی سیاسی، هێزی دەوڵەتی و هتد، لە ناو هەموو ئەو ناوەندانەدا ئێمە دوو کاراکتەری تەریک‌کەوتوو و تەنیا دەبینین کە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانییان بە پێی جۆر و ڕوانین و خەونی تازەنەمامیان، کەوتۆتە تەنگژە و چەلەحانێوە.

دۆخ و ژینگە*:
ژینگە و دۆخ و شوێنی ئەو کاراکتەرانەی لێی دەژین، شوێن و مەکانی جوگڕافیایی، سروشت یا کۆڵان و شەقام و بازاڕ و ئەو جێگەیەی کە کاراکتەر یا کاراکتەرگەل لێی نیشتەجێن. ئەو تەوەرە لە ڕۆمانی گابۆڕ دا یەگجار لاواز و ناڕوونە و کەمترین کاری لە سەر کراوە. تەنیا بەردەنگ ئەوە دەزانێ کە شار یا شارۆچکەیەکە بە ناوی بۆکان، شاری جێی ڕووداوەکان، ناڕوون، باس‌نەکراو و کز، کزی و لاوازی ڕۆمانەکە لەو بەشەدا زۆر زەقە.

بگێرە و گۆشەنیگای گێڕانەوە*:
ڕەنگە تەنیا بەشێک کە لەو ڕۆمانەدا جێگەی وەستانە و لایەنی بەهێزی ڕۆمانەکەشە، تکنیکی گێڕانەوەیە لەو ڕۆمانەدا کە نووسەر بۆخۆی هەڵیبژاردووە. هەرچەند لە سەرەتاوە بەردەنگ وەڕەز و ماندوو دەکا، بەڵام گەر لەگەڵی بەکاوخۆ بی وردە وردە چەقی گێڕانەوەکە ڕەوان دەبێتەوە و لە پاش بەشێک یا دوو بەش بە ڕوونی بۆت دەردەکەوێ کە نووسەر چۆناوچۆن چیرۆکەکەی دەگێڕێتەوە، چیرۆکەکە هەموو دەم لە زمانی کەسی یەکەمەوە دەگێڕدرێتەوە بە ئاڵۆزییەکی تایبەت بە ڕۆمانەکە. کە هەر ئەوەش تەنیا تایبەتمەندی ئەو ڕۆمانەیە، گۆشە نیگاکە وەک دانماڕکی دەڵێ:
Jeg fortæller
واتە “من دەیگێڕمەوە”، ئەو منە، بەردەوام جێگورکێ دەکا و هەر جارەی دەکەوێتە سەر زمانی یەکێک لە کاراکتەرەکانی ناو ڕۆمانەکە، ئەگەرچی ئەوە تکنیکە لە گێڕانەوە فۆڕمێکی تازەیە بەڵام بە بەشی خۆی پێکهاتە و فنداسیۆنی ڕۆمانەکەشی کز کردووە کە دواتر دێمەوە سەری.

پێکهاتە و مۆدێلی بگێڕەوە*:

ئەو وێنەیەی سەرەوە لە ڕێگەی هەشت بەشی تایبەت بە مۆدێلی بگێڕەوە، تەنیا تەرخان کراوە بۆ پێکهاتەی بەرهەمێکی ئەدەبی وەک ڕۆمان یا ژانڕەکانی تری ئەدەبی گێڕانەوە. دەتوانین پێکهاتە و فنداسیۆنی ڕۆمانەکە شی بکەینەوە:
چۆن دەست پێدەکا؟ کێ تێیدا بەشدارە و چکارەن؟ شوێن و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی کاراکتەرگەل، دواتر هاتنە ئارای ڕووداوەکان و تێکەوەگیرانی کاراکتەرەکان، بە شوێن ویدا ڕووداو یا کێشە سەرەکییەکە کە ڕوو دەدا و سەرجەم کاراکتەرەکان لەگەڵ خۆی پێکەوە گرێ دەدا، شتی تازەتر و ڕووداوی نوێتر دێتە ناو چیرۆکەکە، ڕووداو، کێشە یا باسی سەرەکی ناو ڕۆمانەکە زەقتر دەبێتەوە تا دەگاتە کۆتایی، ڕووداوەکە تەواو دەبێت یا بە جۆرێک دەگاتە کۆتایی خۆی، یا کێشەکە چارەسەر دەبێت و وەک کورد دەڵی: لایەکی وە لایەک دەکەوێ و ڕۆمان دێتەوە سەر حاڵەتی نۆرماڵ و ئاسایی خۆی. واتە جیا لەو باسە و لە دەقی بەردەست، پێکهاتەی گابۆڕ دەبێ لەو جەدوەلەدا بە پێی بنەما تاریف‌بووەکان سەرلەبەری ئانالیز بکرێت و کەم و کۆڕییەکانی نیشان بەردەنگ و خودی نووسەر بدرێت، کە ئەوەش بۆ کاتێکی تر، با ئەو وتارە یا نیوە کتێبەکەمان یەگجار زۆر نەبێت.

موتیڤ و تێم*:
ڕۆمانی گابۆڕ لە سەر تێمێکی سەرەکی وەکوو “سەردەمی منداڵی” و چەندین وردە تێمی تر بونیات نراوە و هەوڵی بۆ گەیاندن و نیشاندانی تا ڕادەیەک سەرکەوتوو بووە و تا ڕادەیەکیش نەقوستان.
شەڕ، شوناس، توندوتیژی و سیاست، وردە تێمەکانی ترن کە بە بڕوای نووسەری ئەو وتارە جگە لە سەردەمی مناڵی، ئەو وردە تێمانەی تر نەقوستان و نیوەکار و پچڕ پچڕە کە لە درێژەدا زۆرتر باسی دەکرێت.

پێرسپێکتیڤ و سەمبۆل و “دیمەنی زمانی،شاعیرانە”:
ئەو سێ بەشە بەشە لە ئانالیزی ڕۆمان جێ دێڵین، نووسەری ئەو وتارە بابەتێکی جیای لە سەر ئەو سێ چمکە نووسیوە بە گشتی لە مەڕ چیرۆکی کوردی کە دواتر بڵاو دەبێتەوە.

زمان:
وەک پێشتر وتارەکانی تر زۆریان جەخت لە سەر زمان کردبۆوە، زمان لە ڕۆمانی گابۆڕ دا بێ گرێ و گۆڵە، ڕەوانە، خاوەنی زمانێکی خاوێن و خێرایە، بەڵام شتیک کە لێرەدا زۆرینەی بیریان چووە یا ئاماژەیان پێ نەکردووە، پێکهاتەی زمانی و پێکهاتەی داڕشتنی زمانەکەیەتی، نووسەری گابۆڕ لە زۆر بواری زمانی غافڵ بووە، پێکهاتەی زمانی و داڕشتنەوەی لە ناو ڕۆمانەکەدا خوێنەر ماندوو دەکات، ئەگەرچی تکنیکی گێڕانەوەکەی نوێیە، لێ فۆڕمی زمانەکەی فۆڕمێکی کۆن و سواوە. ئەوەی ئاگاداری ئەدەبی گێڕانەوە بێت لە سەردەمی مۆدێرن و سەردەمی مینیماڵیزم، دەزانێ و دەبینێ کە ڕۆمان بە تایبەتی لە ئورووپا بە زمانە لاتینەکان لە سەردەمی مۆدێڕن چۆن دەنووسرێت، زمان بەردەوام ڕوو لە سادە بوون و سادە دەربڕینە، بە بەش‌گەلێکی کورت، جێ‌پشوو بۆ خوێنەر لە ڕیگەی جوانکاری و خەلاقییەتی خودی نووسەر، ڕۆمانی گابۆڕ لە دە بەش دا، لە هەر هەموو بەشەکاندا خوێنەر پشووسوار دەکا، دیالۆگ و قسە و باسەکان بە خێراییم بی پشوو، وەک هەڵاتتنی ماڕاتۆن، پەیتا پەیتا، لەکدا لەکدا، دێنە پاڵ یەک، هەر وشە و هەر دەستەواژەی بەردەنگی دەبردە جێگایەک و لە پڕ دا دەیهێنایەوە جێی خۆی، نەیدەهێشت بەردەنگ لەنگەر بگرێت، ئیست بگرێت، لە واتاکان، موتیفەکان تێبگات، ئەوەی گابۆڕ کردبووی، بە ناوی تکنیک و جۆری گێڕانەوە، لایەنەکانی تری ڕۆمانەکەی پێ لەبار بردبوو، زمانی گابۆڕ، جەغزی وشەیی گابۆڕ، هەمووی لە خزمەت تێڕ و پڕ کردنی تکنیکەکە بوو، ئەوەی تر وێڵ کرابوو.
لە هیچ بەشێک دا، هیچ کارێکی نەکرابوو بۆ ستاتیکای زمانی، بۆ فۆڕمی زمانی، هەر جار نا جارێک سەیدەی سەللاخ دەهاتە گۆڕێ، کە ئەو بەشە لە جیات ئەوەی پشوو بە بەردەنگ بدا، هێندەی تری سەر لێ دەشێواند و هێندەی تری ماندوو دەکرد، کتێب یا ڕۆمان، نابێ بەردەنگ ماندوو بکات، دەبێ بەردەنگ سات بە سات و لاپەڕە بە دوای لاپەڕە چێژی لێ ببات. هیچ کارێک لە بواری ستاتیکای زمانی، لە ڕووی فۆڕمەوە، بۆ گابۆڕ نەکراوە.

ڕانان و ڕوانینی نووسەری وتار*:
ئەو بەشە وەک دوایین بەش لە ئانالیزی ڕۆمان کە هەڵگری ڕا و بۆچوونی نووسەری وتار یا بەردەنگە لە دوو توێی چەند خاڵ دا وەک ڕەخنە لە سەر ڕۆمانی گابۆڕ لە بەشی ڕەخنەدا باس دەکەم.

بەشی دووهەم:
A book critiques
ڕۆمان وەک بەرهەمێکی ڕۆژاوایی کە تەمەنی لە وڵاتی ئێمە گەیشتووەتە نزیک سەد ساڵ هەوراز و لێژییەکی زۆری تێپەڕاندووە، ڕۆمان بەرهەمی ژیان و شارە، هەر ڕۆمانێک ئەو دوو موتیڤە تێیدا کز بێت لەبار چووە، کز و لاوازی ئەو دوو مووتیڤە پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە دەسەڵات و هێزی گێڕانەوە، کرداری کۆمەڵایەتی، جۆری چین و توێژی نووسەرە، نووسەر چەندە لە مەڕ ڕووداوەکان خۆی بە بەرپرس دەزانێ، ئەو ڕووداوانە چەندە هونەریانە دەگێڕێتەوە، تا چ ڕادەیەک هەوڵ دەدا پەیام، سووژە و تێمی خۆی لەبار نەبا، کە دەگوترێت ڕۆمان بەرهەمی ژیانە زۆر پرس لە خۆ دەگرێت.
لە پاش “سێروانتس” و ڕۆمانی “دۆن کیخۆت” ئەو ژانڕە لە هونەر ئاڵوگۆڕی زۆری بەسەر داهاتووە، تا دەگاتە سەردەمی مۆدێرن و سەرەتای چاخی بیستەم، بە هاتنە ئارای هونەری نوێ و مۆدێڕن و دواتریش لە پاش شەڕی جیهانی دووهەم و هاتنە گۆڕێی کۆمەڵێک چەمک وەکوو مۆدێڕنیزم و پۆست مۆدێڕنیزم، ئەو چەمکانەی کە جگە لە هونەر لە ناو بوارەکانی تریش کارکردی هەبووە و بووەتە هۆی گۆڕانکاری لە ناو ڕۆمانیش وەک ژانڕێک لە دونیای پان و بەرینی هونەر.
هاتنی ئەو چەمکانە لە رۆژاواوە بۆ ئێران و دواتر کوردستانیش، کاریگەری کردووەتە سەر جۆری نووسین و ڕوانینی نووسەرانی کوردیش، ئەگەرچی پێویستە ئەوەش زێدە کەم کە چەمکی مۆدێڕنیزم و پۆست مۆدێڕن، هەروەها ئەو زۆرینەی ئەو ڕۆمانانەی بەو ناوانە لە کوردستان دەنووسرێت یا بڵاو دەکرێتەوە خۆی تێبینی زۆر وردیان لە سەرە و تەنانەت ئەو بەرهەمانەی کە ئێستا وەک ڕۆمان بە ناوی ڕۆمانی پۆست مۆدێڕن بڵاو دەبنەوە، لە ڕۆمانێکی سادەی یەک هێڵی واوەتر نەچووە بە بڕیک گۆڕانکاری لە جۆری گێڕانەوە و ئاڵۆزکردنی کۆمەڵێک ڕووداو و جۆری گۆشە نیگاکان.
ئێستا ئەو باسە بۆوەی نییە بیلکێنین بە بەرهەمەکەی هیدایەتییەوە، چۆنە بە بڕوای نووسەری ئەو وتارە، ڕۆمانی گابۆڕ، ئەگەر ڕۆمان بێت، ئەوە ڕۆمانێکی نەقوستانە و کێشەی هەیە و بەرهەمێکی تێر و پڕ نییە، بەڵکوو کۆمەڵێک شت هەن کە بەرهەمەکەی هیدایەتی لە ناو ئەو گەلەکۆمەیەی ڕۆمان جیا دەکاتەوە، بڕیک جوانکاری و شتی تازە بە تایبەتی لە جۆری گێڕانەوە، دیارە بە کۆمەڵێک ڕەخنە و تێبینی زۆر جدییەوە کە درز دەباتە ناو بەرهەمەکەی و هەوڵی منیش لەو وتارە دا ئەوەیە کە ڕێک دەست لە سەر ئەو خاڵە لاوازانە دانێم، چۆن هێندەی پێویست بووە بە سەر ئەو ڕۆمانەدا هەڵگوتراوە، ئەگەرچی من سەرجەم وتارەکانم نەخوێندووەتەوە، واتە ئەو وتارانەی لە سەر “گابۆڕ” نووسراون، بەڵام بە دڵنیاییەوە سەرجەم ئەو وتارانەی لە سەر ئەو بەرهەمە نووسراوە، لە داهاتوو دا ورد دەیانخوێنمەوە، دواتر و بە کاووخۆ و بە وردی دێمەوە سەر دانە بە دانەیان، ئەوانیش دەخوێنمەوە و ئانالیزی ئەو وتارانەش لە داهاتوو دەنووسم و بڵاوی دەکەمەوە.
ئێمە شتێک بە ناوی ڕەخنەمان نییە، ڕەخنەگرمان هەیە، بەڵام ئەوەی من مەبەستمە، گوتاری ڕەخنەیە، بەڵکوو تەنانەت ئەو زمانەی پێی دەنووسین هێشتا زمانی ڕەخنەی لە ناو خۆدا لە کل دەرنەهێناوە و کۆک و پۆشتە و تێر و پڕی نەکردووە، هەر خودی ئەو کێشەیە، فنداسیۆنی سەرجەم ئەو کێشەگەل و لاوازییانەیە کە ڕیک “گابۆڕ”ی هیدایەتی لە خۆیدا حەشاری داون، هەر بیچم نەگرتنی زمانی ڕەخنە و دوروست نەبوونی گوتاری ڕەخنە خۆی بۆتە خێوەتێک کە لاوازییەکانی بەرهەم‌گەلێکی وەکوو “گابۆڕ”ی حەشار داوە و ناهێڵێ ببیندرێن، ئەو خێوەتە ئەو وتارانەش لەخۆ دەگرێت کە لەسەری نووسراون و بۆتە دەمامکێکی ڕووکەش هەتا کزی و لاوازی ڕۆمانی کوردی پێ بشاردرێتەوە. ئەوە بەو واتایە نییە کە ئێمە ڕەخنەگرمان نییە، دیسانیش جەخت دەکەمەوە لە سەری، بەڵام گوتاری ڕەخنە شتیکی تەواو بنچینەیی و جیایە. ڕەخنەگریش گەر هەبێ خۆ بێ کەمایەسی و کەم و کۆڕی نییە، کێشەی سەرەکی تاکی ڕەخنەگرە یا ئەو کەسەی کە لە سەر بەرهەمی ئەدەبی دەنووسێت، ئەو هەوڵانە ئەگەرچی باش و بە سوودن، بەڵام چۆن بابەتەکانیان توێخی زمانی ڕەخنەیی بەسەرەوە دیار نییە، هەر وەک گوتم، زمانی ڕەخنە دوروست نەبووە، زمانی ناو وتار و یادداشتیش، وەکوو ئامێرێک ناچێتە ناو چوارچێوە و تەوەرەکانی تایبەت بە زمانی ڕەخنە، وەکوو مێکانیزمێک.
بۆ خوێندنەوەی بەرهەمێکی ئەدەبی، ئانالیزی ئەو بەرهەمە، بە دەیان و بگرە زۆرتر نەوع و جۆری “ناو” هەیە، کۆمەڵە وشە و ئیستلاح و جۆری نووسین، کە ئەزقەزا هەر هەموویان شێوە ئانالیزی خۆی هەیە.
تەنانەت لە زانستی ڕۆژنامەنووسیش بەو شێوازەیە، یەک دیبەیت کە لە سەر وتار یا وتوێژێک دەنووسرێت، ئەو دیبەیتە کە ڕەنگە لە یەک لاپەڕە زۆرتر نەبێت، یاسا و ڕێسای نووسینی خۆی هەیە، هەروەها یاسا و ڕێسای ئانالیزی خۆشی هەیە. ژانڕگەلێ وەکوو دیبەیت و دەیان جۆری تر کە لە کوردیدا پەپوو لێی دەخوێنێ، زۆرینەی وتار یا یادداشتە، لە سەتا نەوەدیشی نازانستی، نائاکادێمین، جێگەی ئەو ژانرگەلە هێندەی تەمەنی ڕۆمان لە کوردستان بۆشە و بوونی نییە.
ئێستا کە مژاری بەر باسی ئەو وتارە ڕۆمانە، پێویستە چەند شت لە سەر ڕۆمان بۆ بەردەنگ ڕوون بێتەوە.
ڕۆمان بەرهەمی شارە، بەرهەمی چین و توێژ و لایەنە زۆر و زەوەندەکانی کۆمەڵگا و شارە. ڕۆمان بەرهەمی چەند دەنگی و فرە ڕەهەندی و تاکەکانی سەردەمی مۆدێڕنە، ژومارەی لاپەڕەی کتێب، بە ڕۆمان و نۆڤلێل و چیرۆک و کورتە چیرۆک لێک جیا نابنەوە.

پێگەی کۆمەڵایەتی کاراکتەرەکان
کاراکتەری موتەلیب، مێرمنداڵێکی سادەی گەڕەکێکی شاری بۆکان، بە هەموو ئەو بیرەوەری و هات و هووتەی کە هەر مێرمنداڵیک لە گەڕەک و کۆڵانی خۆیان بە دیار تۆپێن و چەندین پرسی تر لە ژیانیدا ئەزموونی کردووە، سەردەمی مێرمنداڵی موتەلیب لە کۆتاییەکانی شەڕی ئێران و ئێراق دایە، هەروەها کشانەوەی تازە بە تازەی هێزە کوردییەکان بۆ سەر سنوورەکان. تایبەتمەندی ئەو سەردەمە وای کردووە کە لەگەڵ ژیانیکی نۆڕماڵ ڕووبەڕوو نەبینەوە، بەڵام لە پەنای ئەوانەدا ئەو سەردەمە لیپاولیپ بووە لە ڕووداوی گرینگی تر کە نووسەری ڕۆمانەکە هەر خۆشی لێ نەداوە، ئەلێرەدا کاراکتەری موتەلیب وەک کاراکتەری سەرەکی بە هاوبەشی لەگەڵ کەریم، لە کزی دەدا، کاراکتەرگەلێکی بێ‌خەبەر لە گەلێ ڕووداوی گرینگ هەر لە چەقی ئەو سەردەمەی ڕۆمانەکەدا.
ئەگەریش کۆمەڵە ڕووداو یا شوێنێک لە ناو ئەو دوو کاراکتەرەدا باس کرابێت، ئەوە کزە و کەمایەسی هەیە، هیچ دیمەنێک لە قوتابخانە، شەقامەکان، ناو قوتابخانە، شەقام و دەوروپشتی کتێبفرۆش، ئەو کاراکتەرانەی کە بە تایبەتی بەو جووتەوە گرێ دراون، لایەنە کۆمەڵایەتی و چینایەتی و زۆر بواری تریان کزە، ناڕوونە، تێر و تەسەل نین و زانستی ڕۆمان ئەوەی لێ ناشاردرێتەوە.
دەکرێت چەندین لاپەڕە لە سەر ژینگە و دۆخی ڕۆمان، ژینگەی کاراکتەرەکان بنووسرێت، کە چەندە گرینگ و چارەنووس‌سازە لە سەر تێروپڕ کردنی کاراکتەر، هەست و نوستیان، ڕۆمانی گابۆڕ لەو بوارەدا لە ئەوپەڕی کزی دایە، ئەوە کاتیک زۆر بەرچاو دەکەوێ کە هەژیر و خەبات لە کۆتاییدا لە جێگایەکن و دەیانهەوێ بڕۆن، ئەسڵەن مەعلووم نییە، ڕوون نییە کوێیە؟ هەر دەڵێ دەچێتەوە بانە، یا دێتەوە سەقز، ئەو ڕۆمانە بەو دەردەوە زۆر دەناڵیێنێ.

دووانەی موتەلیب و کەریم، یا هەوڵێک بۆ بوون بە کاراکتەر!
کەریم هاواڵی موتەلیب، هەر وەک هاواڵەکەی، لەیەک سەردەم و یەک دۆخ و یەک ژینگەدا بە بڕێک جیاوازی بچووک لە ڕووی بنەماڵەوە، کاراکتەری کەریم هەر لەو کاتەوە لە کزی دەدا کە دوو کاراکتەری تری لە خۆی گرێداوە، واتە باوکی و سەیدی سەللاخ! دواتر دەگاتە ئەو هۆکارانەی تر کە بۆ موتەلیب باسم کرد، لەوان هاوبەشن.
خوێنەر هیچ زانیارییەکی لەبەر دەست نییە، سەیدی سەللاخ کێیە؟ باوکی کەریم کێیە؟ بواری چینایەتی، کۆمەڵایەتی، ژینگە و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیان، ئەوانە هەمووی لە کزی دایە و ئیرادن لە سەریان.

سەیدی سەللاخ، سەیدی بێ‌ شوێن و شوناس و کات!
سەیدی سەللاخ، کە بە بڕوای من وێڕای باوکی کەریم، دووانەی بەشی کوشتارگاکەن، کە بەردەوام و بێ پسانەوە لە ناو هەموو بەشەکاندا دەهات و دەچوو، هەر جارەی بە پاڕاگڕافیک، یا زۆرتر، لە هەندیک بەشدا چەندین جار سەری دێنایەوە ژوور، بەڵام ئەو چیرۆکە فەرعییە، وەکوو فلاشبەکی بەردەوام، وەکوو چیرۆکێکی جیا، وەکوو جێ پشوویەک بۆ ناو ڕۆمانەکە، یا نا، گەیاندنی مەبەستێکی تایبەت لە ڕووی واتاییەوە بە تایبەت لە کاتی مەرگیدا، جا هەر مەبەستێکی بووبێت، بە هەموو ئەو شتانەی کە نووسەر وەستۆی ئەو چیرۆکەی خستووە، کێشەی هەیە، کێشەی فۆڕمی و کێشەی ناوەڕۆک، بە ساختارێکی یەگجار پڕش و پڵاو، کە ڕەنگە نووسەر پێی وابێت لە قەستی ئەو کارەی کردووە، ئەوە یەکێک لە هەڵەکانی نووسەر بووە سەبارەت بەو سووژەیە و بەو ڕۆمانەی هەڵیبژاردووە.
کاراکتەرەکانی ناو کوشتارگا کێن؟ وە لە سەر کێ بونیات نراوە؟ سەیدەی سەللاخ، کە دوا ئەکشێنی بە مەرگی خۆی تەواو دەبێت، هیچ خەبەرێک لە دۆخی کۆمەڵایەتی، پێگە و ڕەفتاری کۆمەڵایەتی، ناو بنەماڵە، تەنیایی خۆی، بەردەنگ هیچ زانیارییەکی لە سەر سەیدی سەللاخ نییە کە بۆتە ئەستۆنی ئەو بەشە لە کتێبەکە! باوکی کەریم، وەک دووهەم کەسی ئەو داستانە، وەک باوکی کاراکتەری سەرەکی، هیچ زانیارییەکیش لەوەوە بە بەردەنگ نادرێت. تا کەریم کە بینەری ڕووداوەکە و کوشتارگایە، ئەویش خۆی کاراکتەری سەرەکی هەمووی کتێبەکەیە.
لە زۆرینەی بەشەکان بەردەوام هەر دووپات و دووپاتبوونەوەی کۆمەڵێک دیمەنە لە گرتن و بردن و لە عەرز دان و کەوڵ کردن، هیچ ڕووداوێک لە ناو ئەو کوشتارگایە ڕوو نادا، سەر لەبەری ئەو سەد و نەوەد و چوار لاپەڕەیە کە بەردەوام و بێ پسانەوە، لە ناو هەموو بەشەکاندا بەشی کوشتارگا دێتەوە ڕاستەڕێی بەردەنگ، هەر کۆمەڵە دیمەن و کۆمەڵە دیالۆگی دووپاتەوەبووە تا لە کۆتاییدا سەیدەی سوورەی سەللاخ ورگی بە دڕین دەچێ.

باوکێکی ون
ئەو لەتە کاراکتێرە زۆرتر لە زەینی کوڕەکەیدا دەوری دەگێڕا، ببووە دووانەی سەیدی سەللاخ و مەنتقێک بۆ پەیوەندی ناو چیرۆکەکە بە چیرۆکی ئەسڵی. ئەو ڕۆمانە هێندە لە تکنیک تێوەگلاوە کە زۆر بواری تری ڕۆمانەکەی نەقوستان کردووە، باوکی کەریم دەیتوانی هەر لەو سەد و نەوەد و چوار لاپەڕەیە دا دەوری بگێڕەوەی بیرەوەرییەک لە شەڕی ئێران و ئێراق، یا سەردەمی هێزە کوردییەکان، یا ڕووداوێکی باس کردبا، وەک لە سەرەوە ئاماژەم پێ کرد، ڕۆمانەکە بێ‌خەبەر لە زۆر ڕووداوی مێژوویی، ڕووداوی ئاسایی کە ڕاستەوخۆ گرێ دەدرێت بە سووژە و پەیامی “گابۆڕ” بەڵام نووسەر لێی بە خاوەن دەرنەکەوتووە.
تێبینی:
ئەو چەند ڕستەیەی سەرەوە پێشنیارن، نووسەر ئازادە چ بکا و لە چ ڕووداوێک، یا جەریانێک کەڵک وەرگرێت بۆ ڕۆمانەکەی، بەڵام ئەگەر ڕۆمان بەرهەمی ژیان بێت، ئەگەر ڕۆمان دونیاکەی بەربڵاوتر و چەن دەنگی تر و چەند ڕەهەندیترە، بە دڵنیاییەوە دەبێ گێڕانەوە هەڵگری دەیان ڕووداو و نیوە ڕووداو بێت لە ناو ڕووداوێکی سەرەکیدا!
بۆ پێناسەی نۆڤێل چەند ڕستەی زۆر ئاسان و سادە هەیە:

نۆڤلێل: کاراکتەرێکی سەرەکی، لەگەڵ چەند کاراکتەری فەرعی.
یەکەم:
بواری زەمانی نۆڤلێل لە چەند کاتژمێرەوە بگرە تا دەگاتە چەند ڕۆژ.
دووهەم:
لە نۆڤلێلی درێژ دا، کاراکتەرێکی سەرەکی، جاری وایە دوانیش، بە مەنتقی خۆی، چەند کاراکتەری فەرعی، بە مەودای زەمانی زۆرتر!

گابۆڕ:
دوو کاراکتەری سەرەکی، بە هەرکیان جا کاراکتەرێک ساغ دەکەنەوە، چەندین کاراکتەری فەرعی، دوو کاراکتەرە سەرەکییەکە بە هەرکیان وەک یەک! وەک تاکێک، وەک کاراکتەرێک، لە عۆدەی چیرۆکەکە بەرهاتوون، لەتە کاراکتەرەکانی تر ئەگەر لە ناو ڕۆماندا خوێندنەوەی بۆ بکەین سەرڕێژ لە ئیراد و کێشەی جدین.
مەودای زەمانی گابۆڕ، ڕوون نییە. لە مەودای دووهەمی ڕاهنمایی، هەتا سیکل، یا سێ ساڵەی دەورانی ڕاهنمایی، لە هەر کام لەو مەودا زەمانییە، کە بۆ کتێبەکەی قایل بووە، جێ خاڵی هەیە، کێشە هەیە، کاراکتەرەکان و ڕووداوەکان بە پێی مەودا زەمانییەکە تێر و پڕ نەکراون، لە بواری مەنتقی زەمانی و مەکانییەوە لێک گرێ نەدراون.
ئەگەر نووسەری کتێبەکە پێی وایە ڕووداوی تر هەیە، ئەوە ئەگەر هەشبێ نەقوستانن و لە درێژەدا باسی دەکرێت.
بۆیە نووسەری ئەو وتارە پێی وایە ئەو بەرهەمە لە ناو ژانڕی “نۆڤلێل، یا کورتە ڕۆمان” جێ دەگرێت، نەک ڕۆمانێکی قایم و تەواو و بێ کێشەی جدی!

دووکاندارێکی سووریال یا سەعدی ناسێکی شارەزا، یا باوکێکی دیکتاتۆر، یا سیاسەت‌ناسێکی ڕادیکاڵ؟
ئەو پرسیارانەی سەرەوە هەموو بەربینگی میرزا هادی ئەو لەتە کاراکتەرە دەگرێت، لاوازترین و پڕ‌کێشەترین کەسی ناو ڕۆمانەکە بوو، بە گوفت و لوفتێکی ناباو، ناحەز”بە واتای ستاتیک” بە کۆمەڵێک باس و فتوای سەیر و سەمەرەی ئەو کاراکتەرە لە مەڕ: ئەدەبیات، ژن، شیعر، سیاسەت، حیزب، سەرەخۆشی، دووکانداری و هتد، واتە هەموو شتێکی وەکوو کورد دەڵێ: هەڕەمەکی بوو بۆ جێ‌خستنی ئەو لەتە کاراکتێرە لە ناو مێشکی بەردەنگدا. ئەو دەستەواژە و وشە و جۆری ڕاوێژەی بۆ میرزا هادی هەڵبژاردبوو ڕێک قوربانی گەلی ناو دەقن کە لە پێناو تکنیک دا دراون! وشەکان لە زۆر جێدا، کوردین، جوانن، بەڵام لەجێی خۆیدا نییە و لە کاتی خۆیدا نەنیشتۆتە ناو ڕووداو و دیالۆگەکان.
ئەو باسەش هێندەی تری کاراکتەرەکە لاواز کردبوو، لە هیچ بوارێکی ڕەفتاری و کۆمەڵایەتیدا ئینسانێکی ریئاڵ و مەنتقیت لە میرزا هادی نەدەدی، دەتگوت کۆمەڵێک کاراکتەر بە کۆمەڵێک خوو و خدە و ڕەفتارەوە، هەموانی کۆ کردووەتەوە و خستوویەتە ناو ڕاوێژ و سەرزمانی میرزا هادی. کە ڕەنگە ئەوە لە بواری زمانیدا، تەنیا زمان، بۆ تێروپڕکردنی تکنیک و دەوڵەمەند کردنی جەغزی وشەیی و هێنانە ناوی پاش و پێشی وشە و قسە و داوەری و حوکمی سەیر سەیرەوە.

لەت‌وپەت‌ترین لەتە کاراکتەر!
کاک سولەیمان، وەکوو کتێبفرۆشێک و لەتە کاراکتەرێک، ئەگەر ڕۆمان بەرهەمی شارە، ئەگەر شار لە سەر دەستی کتێب و ڕووناکبیر دەگەڕێ، ئەگەر گواستنەوەی ئەو هەمووە چاوەی ناو شار، ئەویش لە ناو کاراکتەرێکی ڕووناکبیر و دەرگیری کتێب، خۆی شانی نەخاتە بەر شانی بەشێکی گرینگ لە ڕۆمان چ سوودێکی هەیە؟ ئەو بەشە دەیتوانی خۆشترین بەش، چ وەک زاخاوی مێشک، چ وەک ورووژاندنی کۆمەڵێک پرسی ڕووناکبیری جیددی ئەو سەردەمە، بە تام و بۆنی ئەو سەردەمەش. گرێدانی سولەیمان لە یەکێک لە کاراکتەرەکانی تر، مەسەلەن سەرچشمە، یا ئاغای محەممەدی، دەیتوانی تەنانەت ببێتە کاراکتەرێکی سەربەخۆ و ئەو بەشە گرینگەی کە نووسەری گابۆڕ وەستۆی خستووە، واتە بەشی کتێبی کوردی و هێمن و هەژار، پرسی شوناس و هتد! لانیکەم چیرۆکێکی بدایە دەست ئەویش و ئەویش ببوایە بە یەک کورتە چیرۆکی سەربەخۆ وەک کوشتارگا لەو ناوەیدا، یان لانیکەم کاری زۆرتر کردبا بۆ بوون بە کاراکتەرێکی سەربەخۆ نەک لەتە کاراکتێر، هەموو کێشەکان لێرەوە دەست پێ دەکا کە گێڕانەوە لە گابۆڕ دا ئەگەرچی خاوەنی تکنیکێکی نوێیە، بەڵام لە سەر هێڵیکی ڕاست دەڕواتە پێش و بە شوێن یەک چیرۆکەوەیە. تەنانەت بەشی کوشتارگاش بە تەواوی وەک چیرۆکێکی سەربەخۆ کێشەی خۆی هەیە.

نوێنەری فەرمی دەوڵەت بۆ تۆقاندن!
ئێستا کە هاتمە سەر ئەو لەتە کاراکتێرە، شتێک کە لە لەتە کاراکتەرەکاندا بەرچاوە، وەک فارس دەڵێ: باورپذیر بوونی جۆری کەسایەتیانە، هەمووی هەر پشووی سوارە و خەریکن هەڕەشە دەکەن، لە باوکی موتەلیبەوە بگرە تا دەگاتە سرچشمە، نووسەر بە هیچ جۆرێک ڕۆنەچۆتە ناو ژینگەی ڕەفتاری و سایکۆلۆژی ئەو کەسانەوە، بەڵکوو ئەوەی خۆی ویستوویەتی لێی دەرێناون و لە ڕۆمانەکەیدا دایناوە. بە بڕێک پەڕوپۆ خستن بۆ ناو ژیانیان، خستنە سەر شانی چیرۆکێک بۆ هەر کامیان، هەر لەو سەد و نەوەد و چوار لاپەڕەیە دا دەگونجا و دەشبوونە کاراکتەرێکی قابل قەبووڵ و ڕۆمانەکەی پێ کراوەتر دەبوو و دەبووە ڕۆمانێکی قورس و قایم!

ئەوانەی سیزیفی ناو گابۆڕن:
ئەو سیانەی سەرەتا، هاوڕێکانی هەژیر و خەبات، کە سیزیفی ناو گابۆڕیشن، دیارە دوو کچ و دوو ژنی تریشیان لەگەڵە، هەر زۆر زوو وێڵ کران، بەڵام نووسەری گابۆڕ دەیتوانی هەر بەکەڵک وەرگرتن لەو سێ ناوە لە قوتابخانە، یارمەتی چیرۆکی ئاغای سرچشمە و چیرۆکەکانی موتەلیب و کەریم بوایەن، وەکوو موکەمل و تەواو کەر! ئەو باسانەی لە قوتابخانە ڕوویدا، لەگەڵ ئاغای محەممەدی، بە یارمەتی ئەو سێ کاراکتەرەی هەر زۆر زوو وێڵ کران، دەیتوانی ئەو ڕۆمانە هێندەی تر تێر و پڕتر بکا.

ئاغای محەممەدی و ئەو کابرایەی لە ئاخرەوە هەژیر و خەبات پەشیمان دەکاتەوە لە چوون، وا لە سەر سنوور دەبێت، ئەو جووتەش تەنانەت لەتە کاراکتەرێک نەبوون، هێندە کز و کارنەکراو بوون کە بوون و نەبوونیان وەکی یەک وابووە، بەو ئەندازەیەش دەیانتوانی کار بکەن لە ڕۆمانەکەدا کە نووسەری گابۆڕ لێی خافڵ بووە.

دەوری ژن:
ڕەنگە بەهەڵە دا نەچم ئەگەر بڵێم ڕۆمانی گابۆڕ، هەر مێشێکی میوان نەبووە سەبارەت بە ژن، تاکی ژن، دەوری ژن، ئەو چەند کەسە بێ‌سەروشوێنەی کە دەوری ژن یا کچیان لە ڕۆمانەکە دا دەگێڕا، هەڵبەت هەر لە ڕێگەی ئەو ڕۆمانەشەوە دەکرێت بزانین کە ژن لەو سەردەمەدا چ پێگەیەکی هەبووە لە کۆمەڵگای کوردستان، لە باکوورەوە بۆ باشووری رۆژهەڵات. حەزلێکردوویی هەژیر و خەبات، لە ڕۆمانەکەدا وێڵ کرا، دەوری ئەو دوو کچەی سەرەتا وێڵ کرا، دایکی ئەو دوو کاراکتەرەش بۆ دەرمان وەگیرت نەدەکەوتن، دا بزانین چن و چۆنن؟ ئەرێ پێدەکەنن؟ دەگرین؟ جل دەشۆن لەبەر سەرمای زستان یا پاییز لە حەوشەی ماڵەوە، چۆن نان وەردەگرن، جا بۆ ژنی کورد لە بۆکان و شارەکانی تریش چیان نەدی کەڕەی بەیانی، هەر ئەو کاتەی کەریم و باوکی دەچوونە کوشتارگا، ژنانیش وێڕای مێردەکانیان بەو بەیانییە زووە، هێشتا تاریک بوو، بە چارەگەیەک لەو نانەواخانەیە بۆ ئەولا، دەروازە قەبران، ماست فرۆشی و پەنیر فرۆشی، هەتا دەگەیشتە قاپ شۆردنی شایی و زەماوەندان.
کێشە و باسی ژنان لە ناو شار، نانەواخانە و دەیان جێگەی تر، ئەو ڕۆمانە لە بواری نیشاندانی چینایەتی و ڕەفتاری کۆمەڵایەتی هێندە لاوازە کە بە هیچ کام لە کاراکتەرەکان قەرەبوو نەبوونەوە.
خۆ لانیکەم هەژیر و خەبات هەر دەیانتوانی لە ڕێگای قوتابخانە، تووشیان بە تووشی کچەکانی سەرەتای ڕۆمانەکە بوایە و لەو مەجالە کەڵک وەرگیرابا بۆ دەوری ژن و کچ! یانی دایکی ئەو مێرمنداڵانە کە لەو سەردەمی کوردستان وەک کورد دەیگوت:
“پیاو بای دەرێیە”
هەر ژن بوو کار و باری ماڵ و کڕین و دووکان و بازاڕی جێبەجێ دەکرد، لەوێش دەکرا دەوری ژن و ڕەفتاری ژن، کێشەی ژن، چینی ژن زەق کراباوە لە ڕێگەی چەند وردە ڕووداوێک. بەڵام وەک لەسەرەتا دا گوتم ئەو ڕۆمانە خاڵییە لەهەرچی موتیڤی ئیحساسی و مێتافیزیکی ژنانە. ژن لەوێ وەکوو کەرەسەیەک وابووە بۆ فێڵ و فریوەکانی هەژیر و خەبات، کە چیرۆکی هەژیر و خەباتی پێ کۆک و پۆشتە بکا!
دیارە زۆر مژاری تر هەیە وەک زانستی ڕۆمان، دەکرێت ئەو بەرهەمەی پێ شی بکەیەوە، بەڵام لە کۆتاییدا شتیک کە گرینگە و پێویستە وەک کۆتایی باسەکە زێدەی بکەم لە سەر کۆتایی ڕۆمانەکەیە.

نەنە عەجەم:
کاراکتەری نەنەعەجەم لە ناکاو هات و لە ناکاو چوو، کە من پێم وایە دەیتوانی درێژەی هەبێت و بڕێک زۆرتر لە سەری دەوری گێڕابا، شتیک کە گرینگە باسی بکەم، هالیوودی بوونی ئەکشێنەکانی ناو ڕۆمانەکەیە، کەس ناتوانێ حاشا لەوە بکا کە ئەو سەردەمە خەڵک چی چێشت و چی دیت بە دەست نیزام و پۆلیس، بە تایبەت لە پاش کشانەوەی هێزە کوردییەکان، بەڵام ڕووداوی ڕەگبار و تەقە و گرتن و بڕینی خەڵک بە مانگاکەی نەنەعەجەمەوە، لە ناو ڕۆمانەکە زۆر هالیوودی و سەیر باس کرابوو، هەر بینا، ناو بە ناو پۆلیس و سەرباز دەهاتن و خەڵک و دیوار و مانگایان وەبەر گوللە و ڕەگباڕ دەدا.
ئەو کاراکتەرەش بوون و نەبوونی لە ڕۆمانەکەدا وەکی یەک وابوو، بەڵام ئەگەر کاری زۆرتر لە سەر کرابا، بە تایبەت لە سەر جۆری زمان و کوردی قسە کردنی، دەبووە هۆی هەرچی قایم‌تر بوونی کتێبەکەی کە ناوی ڕۆمانی لە سەرە.

SLUTNINGEN، کۆتایی
کۆتایی، کۆتایی چیرۆک، حەکایەت، ڕووداو، کتێب، ئەو ڕۆمانە چۆن تەواو دەبێت؟ تەواو بوون و دەسپێک چەندە لێک نزیکن؟ تەواو بوون بۆخۆی بە تەنیا لە چ جۆرێکە، کۆتاییەکی کراوەیە؟ کۆتاییەکی داخراوە؟ ناڕوونە، یا هەرچی، هەر کام لەوانە مەبەستی نووسەر بووبێت، تێی‌دا سەرکەوتوو نەبوو. ڕەنگە وەک کۆتاییەکی کراوە بێتە بەرچاو، لێ‌ناڕوون، لەناکاو و زۆر کێشەی تر کە لەو وتارەدا باس کراوە.

کۆتایی:
بە بڕوای نووسەری ئەو وتارە گابۆڕ ناچێتە خانەی ڕۆمانەوە، ئەگەریش بشچێ بە کۆمەڵێک ئیراد و کێشەی جدییەوە کە هەتا هەیە لە سەر شانییەتی، بەڵکوو نۆڤلێک، یا چیرۆکێکی بڵیند یا کورتە ڕۆمانێکی سەرکەوتووە، چ لە ڕووی فۆڕم، چ لە ڕووی کاراکتەر، چ لە ڕووی تکنیک و چ لە ڕووی ڕووداوەکان، هەروەها زۆر بواری تر. هەر بەو هۆکارانەش ڕۆمانێکی پۆست مۆدێڕن یا مۆدێڕنیش نییە، بەڵکوو نۆڤێلێکی سەرکەوتوو بووە بە تکنیکێکی تازە بەڵام کێشەدوروسکەر کە کێشەکانی بۆ چارەسەر و بۆ کۆنتڕۆڵ نەبووە، کورتە ڕۆمانێک بە کوالیتەی دەرەجە سێ.
مژارێک کە زۆرینەی وتارەکان لەنگەریان لە سەر گرتبوو تکنیکی گێڕانەوە و زمانی نووسەری گابۆڕە کە جێگەی ستایشیان بووە.
دیارە نوو سەری ئەو وتارەش لەو باوەڕە دایە کە زمانی گابۆڕ. زمانێکی جوان و بێ‌گرێ و گۆڵە، ڕەوانە، ڕەنگە شتیک کە زۆرینەی ئەو ستایشانە بە هەڵە دا ببا ئەوەیە کە ئەوە ڕاوێژی چیرۆکە، نەک زمانی نووسەر، هەر کاراکتەرێک بە پێی ژینگەی کولتووری و کۆمەڵایەتی دەبێت ڕاوێژی خۆی هەبێت، شتیک کە نووسەری گابۆڕ لە نووسەرەکانی تر جیا دەکاتەوە، ڕێک ئەلێرە دایە، شتێک ساڵ‌گەلێکە چیرۆکی کوردی لێی کزە، فەیلەسووف، قەساب، کرێکار، دوکتور، پیرێژن و هەموو جۆرە تیپێک، یەک ڕاوێژیان هەبوو، لە چیرۆکی کوردی ڕۆژهەڵات. ئەوەی من دیومە و خوێندوومەتەوە، لە کۆتاییەکانی نەوەدی زایینی تا ئەو دواییانە، زۆرینەی، پێشتریش باسم کردبوو کە ڕاوێژ لە زمانی چیرۆکدا کێشەی هەیە، خوێنەر کە لەو کتێبەدا ڕاوێژە خۆشەکەی خۆی دیتەوە، ستایشی دەکا و دەڵێ ئۆخەیش، ئەوەی کە دەبێ چیرۆک هەیبێ، نەک ئەوەی چیرۆک‌نووس کارێکی سەیری کردبێت، نووسەری گابۆڕ، زیرەکانە ڕاوێژی چیرۆک و هونەری گێڕانەوەی ناسیوە، دەشبێ بیناسێ، هەر ئەو کاتەی کە چیرۆکی “حەکایەتی شەڕی نەکراو”م لێ خوێندەوە، نزیک پازدە ساڵ پێش، ڕاوێژەکەی هەر وا خۆش بوو، ئەوجار لە قەوارەی کتێبێکی گەورەتردا و بە ئەزموونێکی زۆرترەوە، خۆی نیشان داوە، بۆیە هاتووە ڕێک لە زمانە خاکی و خۆڵی و مناڵانەکەی بۆکان کەڵکی وەرگرتووە، هەموو نووسەرێک بەو شەرتەی زمانی کوردی باش بزانێ، دەتوانێ بەو بنزاراوەیەی خۆی لە هەر شارێکی کوردستان، جوانترین و بێ‌گرێ و گۆڵترین زمان لەکل دەربێنێ، کەواتە زمان جوانی لە دەقێکدا شتێکی هێندە سەیر نییە، دەبێت زمانی دەق ڕەوان بێت، ئەوە شاکاری نووسەر نییە، ئەوە یاسا و ڕێسایە.
نووسەری کورد بە تایبەت گەنجەکەی فێرە زمانی خۆی نەبووە بە شێوەی ئاکادێمی، بۆیە ئەو جۆرە زمان‌گەلەش لە پاش ئەزموونێکی درێژخایەن کە دێنە دەر، سەریان بەدەرەوەیە، زمانەکەی خۆشە، جا ئەزقەزا هەر لێرەشدا ڕەخنەیەک ڕووبەڕووی ئەو زمانە خۆشەی هیدایەتی دەبێتەوە، ئەویش قەتیس‌بوونی ئەو زمانەیە لە ناو چەقی بۆکان، ئەگەر بە هەندێک وشە و دەستەواژەی ڕەسەن و جێ‌کەوتووی تر لە زاراوەکانی تر کەڵکی وەرگرتبا، زمانەکەی هێندەی تر بێ‌عەیب تر دەبوو، کەواتە ئەو نەوعە زمانەش ئەگەرچی بێ‌گرێ و گۆڵ و ڕەوانە، بەڵام ئەوەش کەلێنی تری لێ دەردەکەوێ و جێگەی تری لە کزی دەدا.
زۆر شت هەیە لە سەر ئەو ڕۆمانە باسی بکەم، بۆ هەر ڕستەیەک کە سەبارەت بەو ڕۆمانە نووسیومە دەکرێت هەر یەکەی چەندین لاپەڕەی تر بخەیە سەر شانی، دەکرێت لە بەشی پێکهاتە دا وەکوو یەک چیرۆکی سەربەخۆ ئانالیزی کەی و لەوێش بە وردی باس لە سەر ڕووداوەکان بکەی، بەڵام با وتارەکە، یا نیوە کتێبەکە لەوە زیاتر درێژتر نەبێتەوە.

نووسەری ئەو وتارە کۆمەڵێک پرسی لە سەر ئەو بەرهەمەی هیدایەتی ورووژاندووە، لە سەر هەر ڕستە و ڕوانین و ڕانانێکیش کە لەو وتارەدا هاتووە، ئەگەر پرسیارێک یا وەڵامێک هەبێت، ئەگەر لە نامیلکە و وتاری فەرمیدا بڵاو بێتەوە، نووسەری وتارەکە وەڵامی دەداتەوە.


Ressource og fodnote:
http://analysesiden.dk/romananalyse/
Romangenren
Dannelsesromanen:
Udviklingsroman:

romananalyse:
En roman har ofte et mangestrenget handlingsforløb. Det kan være en omfangsrig fortælling med indgående tids- og miljøbeskrivelser. Oftest vil der også være flere temaer at finde i en roman.
Til analysen, kan du se på følgende forhold:
• Titel og forfatter
o Start med at finde ud af, romanens titel, hvem der har skrevet romanen, hvornår og om der er en serie?
• Referat
o Hvad handler romanen om? Giv en kort beskrivelse af handlingen.
o Se referat
• Personer
o Hvem er hovedkarakteren? Beskriv gerne vedkommende i detaljer
o Er der nogle vigtige bikarakterer? Beskriv gerne dem, hvis det er relevant
o Se personkarakteristik
• Personrelationer og fællesskab
o Se på hvilke fællesskaber og relationer især hovedkarakteren indgår i? Har han nogle bedste venner? Er han altid alene
o Beskriv gerne disse med konkrete eksempler
• Miljø
o Hvor foregår fortællingen?
o Hvilken tid er der tale om?
o Kan du lave en miljøbeskrivelse?
• Fortæller og fortælleteknik
o Hvilken fortæller er der tale om? Alvidende, jeg-fortæller osv.?
o Hvilken fortælleteknik er brugt? Forskellige synsvinkler, forfatterkommentarer, bruges der replikker osv.?
• Komposition
o Hvordan er romanen opbygget?
o Her er det altid en god idé at se på berettermodellen, som mange fortællinger er bygget op omkring. Du kan måske også finde inspiration i kontraktmodellen, som flere eventyr er bygget op over.
• Motiv og tema
o Hvilke temaer indgår i fortællingen? Ofte vil der være et overordnet tema, og flere små temaer.
• Symboler
o Bruges der i teksten nogle symboler? Det kunne være fx religiøse symboler.
• Perspektivering
o Den fortælling du lige har læst, minder den dig om noget du tidligere har læst, set eller oplevet på fx. film? Så kan du beskrive det herunder.
• Vurdering
o Hvad er din personlige holdning til og vurdering af romanen. Kom med din egen mening.

Af: Arsalan Chalabi
Den 10 November 2020
KVUC
Danmark




کتێبی (ئەو کاروانەی بۆ هەواری ئێمە نەچوو)م خوێندەوە .. عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

دوای خوێندنەوەی ئەم کتێبەی هاوڕێ سالار ڕەشید، سەرباری چێژێکی زۆر لەناوەڕۆکە دەوڵەمەندەکەی ولە زمان و شێوازی نووسینەکەی، حەز ئەکەم تێبینییەکانم بە شێوەی چەند خاڵێک لە خوارەوە بنووسم.
یەک : کتێبێکی ناوازە و پڕ زانیاری، پڕ لە ڕووداو، کەلەگەڵ دێرەکاندا هەست بە وزەی شۆڕشگێرانە و هەناسەی گەرمی تێکۆشەرەکان دەکەیت. ئەم کتێبە کە خود- یادەوەرییە، ڕۆمانئاسا خوێنەر کەمەندکێش دەکات و دەیەوێت بزانێت ڕووداوەکان بە چ ئاراستەیەک و بەرەو کوێ دەڕۆن. ئەمەش ڕەنگە بەهۆی کەرکووکی بوونی ئێمەوە بێت، کە وەک خوێنەرێک و تەنانەت وەک یەکێک لە ڕێبوارانی نێو ئەو کاروانە و ڕێک لە هەمان سەردەم لە گۆشەیەکی ترەوە خەریکی بردنەپێشەوەی ئەو کاروانە بووین. ڕەنگە بۆ هاوڕێیەکی تر لە شارێکی تر لە کوردستان ئەو کەمەندکێشییە بەوجۆرە نەبێت. کاتێک کتێبەکەم دەخوێندەوە ئەو نائومێدییە گەورەیەم دەبینی کە چۆن ڕێبوارانی ئەو کاروانە، نەوەیەک لە مناڵانی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش بە (کملک)ەوە دەستیان پێکرد و بە(کۆڕەک)ەوە لێی هاتنە دەرەوە. ئەم نائومێدییە لە ئەنجامی بەتاڵکردنەوەی کۆمەڵە لە ناوەڕۆکە مارکسییەکەی (ئەگەر هەیبوبێت) هەرەسێکی سیاسیتر بوو، رووبەڕووی نەوەیەکی نوێ بووە، کە گیان لەسەر دەست ئامادەبوون لە ئەوجی خۆیدا ڕووبەڕووی ستەمی بەعس و هێزە تاریکەکانی حکومەتی عێراق ببنەوە. بە کورتییەکەی ئەم کاروانەی کەلەم شارەدا بۆ هەواری ئێمە نەچوو، هەمان ئەو کاروانەیە کە لە سەرجەم شارەکانی کوردستان بۆ ئەو هەوارە نەچوو کە خەونیان پێوە دەبێنێ.
دوو : ئەم کتێبە وەک گۆران عەبدوڵا ش دەڵێت خود یادەوەرییە (Autobiography) و نووسەر (سالار رەشید) لەڕوانگەی خۆیەوە باسی کۆمیتەکە و ڕووداوەکان و کەسایەتییەکان دەکات و هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکات و ئەنجامگیری بەدەست دەهێنێت. دیارە خود یادەوەری ئەگەر بەشێکی نۆستالیژیا زاڵ بێت بەسەریدا، ئەوا دیوەکەی تری بریتییە لە مێژوو. واتە ناکرێت خود یادەوەری سیاسی بەدەر بێت لە لایەنی مێژوویی. لایەنی مێژووی لەم کتێبە زاڵترە و ئەوەتا دەبینین بە دەیان سەرچاوەی مێژوویی نووسەر هەوڵیداوە زانیارییەکانی پشتڕاست و بەهێز بکات. من ئەوە بە خاڵی بەهێز دەزانم.
سێ : لە چەند جێگایەک زانیاری دووبارەوە بوو هەست پێدەکرێ. ئەمەش تەنها خزمەت بە قەبارەی کتێبەکە دەکات کە دەبوو هاوڕێ سالار سەرباری ئەو پشووە درێژەی کە لە نووسینی ئەم کتێبەدا نیشانیداوە،ئیشی لەسەر ئەو لایەنەش بکردایە.
چوار : دوو هەڵەم بەرچاو کەوت کە ڕەنگە هەڵەی چاپ بن. بۆ نموونە هاوڕێ سالار نووسیویەتی حکومەتی عێراق (بۆ هەر تفەنگێک ٥٠ دیاری دەبەخشی)(١) ڕاستییەکەی ٥ پێنج دینار بوو نەک ٥٠ دینار. هەروەها نووسراوە(لە ڕێکەوتی ٥-١١-١٩٨٧ کۆبوونەوەی فراوانی ڕێبەرایەتی و کادیرانی کۆمەڵە لە گوندی شینێ دەبەسترێت)(٢) وابزانم ئەو مێژووە هەڵەیە و ساڵەکە ١٩٨٧ نییە و ١٩٧٨ە.

پێنج : لە لاپەڕە ٣٨٥ زۆر سەرپێیی(عابر) لەسەر مانگرتنەکەی پەیمانگای تەکنەلۆجی کەرکووک باسکراوە و زانیارییەکانی ناو کتێبەکە هەڵەن. من لێرە هەوڵ ئەدەم کورتەیەکی بنووسمەوە (ساڵی خوێندنی (١٩٨٤- ١٩٨٥) هەر لەپۆلی یەکەمی پەیمانگا بووم، بەعس ئەو ساڵە بڕیارێکی دەرکرد کە دەبێ قوتابیانی زانکۆ و پەیمانگاکان جەیشی شەعبی یان (مەشقی سەربازی)بکەن. قوتابیانی تورکمان و عەرەب و هەندێ خوێندکاری کوردیش ملیان دا و ئەوانی تر کەس ملی بەو سیاسەتە نەدا. ئەوەبوو لە زانکۆکان دەوام ڕاگیرا و خوێندکارەکان فەسڵ کران و گەڕانەوە ماڵەوە. بەڵام پەیمانگای تەکنەلۆجی کەرکووک جیاواز بوو. سەرەتا بەر لەوەش مانگرتنێکی قوتابیانی ئامادەیی لە کەرکووک ڕوویدا و ئەوە بوو خوێندکارێکی شۆڕشگێڕیش لە گەڕەکی شۆڕیجە بەناوی (نەجات ) شەهید کرا. لە پەیمانگاش ٥٨ قوتابی لە بەشە جیاجیاکان فەسڵ کران کە من یەکێک بووم لە قوتابییە دەرکراوەکان(فەسڵکراوەکان). بەو بۆنەیەوە تەبلیغاتێکی زۆرمان کرد و بڕیارماندا مانگرتن بکەین لەناو پەیمانگای تەکنەلۆجی کەرکووک. پەیوەندیمان کرد بە زانکۆی سەلاحەدین و زانکۆی موسڵ و لەولاشەوە چەند قوتابییەک خۆیان کردبۆوە دەم سپی یەکێتیی خوێندکاران و چوون بۆ سەرکردایەتی و چاویان کەوتبوو بە مام جەلال.

کێشەکەیان بۆ باس کردبوو و مام جەلال لەبری پشتیوانی قوتابیان گوتبووی (ئینجا بۆ جەیشی شەعبی ناکەن)، ئەم هەڵوێستە نائومێدییەکی زۆری خستە دڵی خوێندکاران، بەڵام ئێمە گوێمان نەدا بە قسەکەی مام جەلال و لە مانگرتنی خۆمان بەردەوام بووین. هەرچەندە مفاوەزات هەر مابوو و یەکێتیی خوێندکارانی کوردستان گەلێ لاوا زبوو و کەس حیسابی بۆ نەدەکردن، هەرچەندەش خۆشم ‌هێشتا پەیوەندیم بە کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستانەوە مابوو، بەڵام تەواوی ئەو سیاسەتە ئینتیهازیەتەی یەکێتیم ڕەت کردەوە و سەرسەختانە تەبلیغم بۆ مانگرتن دەکرد. ڕۆژی مانگرتنەکەمان (هەرچەندە بە وردی ڕۆژ و بەرواری مانگرتنەکەم بیر نەماوە) ناو پەیمانگای تەکنەلۆجی پڕ بوو لە ئەمن و ئیستخبارات و ڕەفیق حیزبی. چواردەوی پەیمانگاش بە هێز تەنرابوو. پارێزگاری ئەوکاتی کەرکووک( محەمەد حمزە) بوو لەگەڵ بەڕێوەبەری ئەمنی کەرکووک و بەرپرسی حیزبی فرقەی کەرکووک و بەرپرسی حیزبی پەیمانگا زۆر هەوڵیاندا بە هەڕەشە و گوڕەشە ساردمان بکەنەوە. بەڵام ئێمە سوور بووین لەسەر مانگرتن و جێبەجێکردنی داخوازییەکانمان. ئێمە لەبەردەم بەشی کارەبا لەناو باخچەکە دانیشتبووین و هەورێکی چڕیش بەئاسمانەوە بوو. دوای ئەوەی هەڕەشە و چاوترسێنەکانی بەعس نەیخوارد، پارێزگار پرسی داواکارییەکانتان چییە. هەرچەندە من لە ڕیزی پێشەوەی قوتابیان بووم و یەکێکیش بووم لە نوێنەران، بەڵام نوێنەرێکی ترمان داخوازییەکانی دایە دەست پارێزگار کە بریتبوون لە یەک : گەڕانەوەی خوێندکارە فەسڵکراوەکان.
دوو : دووبارە کردنەوەی تاقیکردنەوەکان و وانەکانی ئەو ماوەیەی لەدەستمان چووە.

لەگەرمەی موناقەشەی ئێمە و پارێزگار، باران دەستی بە بارین کرد. پارێزگار داوای لێکردن با بچینە قاعەیەک(هۆڵێك) و لەوێ قسە بکەین، ڕەتمان کردەوە لەشوێنی خۆمان بچووڵێین. ناچار پارێزگاری کەرکووک لەوێ و لەژێر ئەو بارانەدا بڕیاریدا داخوازییەکانتان هەمووی جێبەجێ دەکەین. ئێمەش لە خۆشیاندا هەرلەژێر ئەو لێزمەی بارانە دەستمان کردە شایی و پارێزگاریش تێر هەڵپەڕی لەگەڵمان. ئەم سەرکەوتنەی ئێمە لە پەیمانگای کەرکووک بەسەر بەعسدا جۆش و خرۆشی زۆری پێبەخشین و ئەو وانەیەی لێوە فێربووین کە بە یەکگرتن دەتوانین داخوازییەکانمان بەدەست بهێنین.دوای سەرکەوتنمان لە مانگرتنەکەی پەیمانگای تەکنەلۆجی کەرکووک، چووینەوە دەوام و تاقیکردەوەکانیان بۆ دووبارە کردینەوە و تامی سەرکەوتن لە کەللەی داین.)(٣)
شەش : لایەنێک کە بە هاوڕێ سالار ڕەشیدیشم وتووە ئەوەیە کە دەبووایە کۆمەڵی وێنەی جۆراوجۆری ئەو گیانبەختکردووانەی تیا بووایە و هەورەها ئەو دۆکیمێنت ونامیلکانەی کە لە کۆتایی کتێبەکە دانراون و زۆر کاڵ و ناڕوون دەرچوونە، بەجوانی وێنەی بگرتنایە و بڵاوی بکردنایەتەوە.
حەوت : دواجار جگە لەپیرۆزبایی، بە تووندیش دەستی ئەم هاوڕێیە(سالار ڕەشید) دەگووشم کە جارێکی تر بەم بەرهەمە جوان و ناوازەیە، توانی کەلێنێک لە مێژووی نادیار و لایەنە پەنهانەکانی بزووتنەوەیەکمان لە شارێکدا نیشان بدات کە ڕۆژگارێک کاریگەرییەکی زۆری بەسەر زۆربەی تێکۆشەرانی ئەو شارە و کوردستاندا هەبووە.

٢٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠
ڤانکۆڤەر – کەنەدا

———————————–

پەراوێزەکان :
(١)ئەو کاروانەی بۆ هەواری ئێمە نەچوو سالار ڕەشید چاپخانەی تاران، چاپی یەکەم ٢٠٢٠ لاپەڕە ٤٣.
(٢)هەمان سەرچاوەی پێشوو لاپەڕە ٧٨.
(٣)کتێبی لەودیو پەنجەرەی ڕۆژەکانەوە ڕاوەستاوم و دەڕوانم .. یادەوەری شاعیرێکی جەنگاوەری مارکسیست نووسینی عەبدوڵا سلێمان(مەشخەڵ) ئامادە بۆ چاپ.




كاره‌كانی كاریكاتێر له‌ رۆژنامه‌گه‌ری خولاودا -1- هه‌ندرێن خۆشناو

به‌شی -1-

ئه‌رك، ئه‌و رۆڵه‌یه‌ كه‌ كاریكاتێر ده‌یگێڕێت بێ پلاندانێكی پێشوه‌خته‌، به‌ڵام كار ئه‌و رۆڵه‌یه‌ كه‌ پێشتر پلانی بۆ داندراوه‌، ئه‌و رۆڵه‌ی كه‌ بۆ كاریكاتێر داڕێژراوه‌، و داوای لێده‌كرێت كه‌ بیگێڕێت، كه‌ بڵاوكراوه‌یه‌ك كاریكاتێرێك بڵاوده‌كاته‌وه‌ به‌ ئامانجی ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌ره‌نجامێكی دیاركراوی ده‌ست بكه‌وێت. هه‌روه‌ك كاریكاتێر چه‌ندین ئه‌ركی هه‌یه‌، چه‌ندین كاریشی هه‌یه‌ له‌ رۆژنامه‌گه‌ریدا، ئه‌وانیش كاری سیاسی، كاری فێركاری، كاری رێكلامی، كاری كات به‌سه‌ربردن (رابواردن)، هه‌روه‌ها كاری روونكردنه‌وه‌، له‌وانه‌یه‌ گرنگترینیشیان كاری سیاسی بێت:

  • كاری سیاسی:

هه‌ندێكیش حه‌زده‌كات به‌ كاری پروپاگه‌نده‌ و ورووژاندن و ئایدیۆلۆجی یان بیروباوه‌ڕیی ناوی بنێت، یان چه‌ند ده‌سته‌واژه‌یه‌كی دیكه‌ كه‌ هه‌ر هه‌موویان له‌ سیاسه‌تدا یه‌كده‌گرنه‌وه‌، بۆیه‌ دیتمان راستر وایه‌ به‌ كاری سیاسی ناوبنرێت.

كاریكاتێر هه‌ڵگری ترسناكترین چه‌كه‌، ئه‌ویش چه‌كی ره‌خنه‌ی گاڵته‌جاڕییه‌، ترسناكترین چه‌كه‌ به‌هۆی ئه‌و توانا وێرانكارییه‌ی كه‌ گاڵته‌جاڕیی هه‌یه‌تی، بۆیه‌ ئاساییه‌ سیاسه‌ت كه‌ دڵكارترین جۆری چالاكی مرۆڤایه‌تییه‌، هانا بۆ ئه‌و چه‌كه‌ كارایه‌ ببات، به‌تایبه‌تی كه‌ سیاسه‌ت به‌وه‌ ناسراوه‌ كه‌ چالاكییه‌كه‌ پشت به‌ كێبڕكێی به‌گژیه‌كداچوون ده‌به‌ستێت، ئه‌و سروشته‌ به‌گژیه‌كداچوونه‌ش پێشڕه‌وی ده‌كات بۆ گه‌ڕان به‌دوای چه‌كێكی وێرانكار، له‌به‌رئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگا و ره‌وشتی گشتی و یاساكان، رێگرن له‌ به‌كارهێنانی شێوازه‌ وێرانكارییه‌ فسیۆلۆجیه‌كاندا، هه‌روه‌ها ئه‌و شێوازانه‌ش له‌ سیاسه‌تدا ده‌بنه‌ هۆی ده‌ره‌نجامی پێچه‌وانه‌یی، بۆیه‌ كاریكاتێر گونجاوترین چه‌كه‌ له‌م ململانێیانه‌دا، كه‌ نابێته‌ هۆی خوێن ڕشتن، به‌ڵام توانای وێرانكردنی په‌یكه‌ره‌كانی شكۆ و خۆبه‌زلزانین و گه‌وره‌یی هه‌یه‌، چونكه‌ توانای گۆڕینی ئه‌و كه‌سایه‌تیه‌ی هه‌یه‌ (كه‌ هه‌موو كۆمه‌ڵگا لێی ده‌ترسن) بۆ گاڵته‌جاڕیی هه‌مووان، كاریكاتێر توانای ئاشكراكردن و ئابڕووبردن و تێكدان و دژه‌هاندانی هه‌یه‌، و چه‌ندین توانای تریش كه‌ ده‌بنه‌ هۆی تێكشكاندنی مه‌عنه‌وی دوژمن و نه‌یاره‌كان، و ئاشكراكردنی كه‌موكوڕییه‌كانی به‌ شێوه‌یه‌كی ره‌خنه‌گرانه‌ی گاڵته‌جاڕانه‌، كه‌ ئاستی جه‌ماوه‌ریی ئه‌و كه‌سایه‌تیه‌ نز‌متر ده‌بێته‌وه‌ و پشكه‌كانیشی داده‌به‌زێت، یان هه‌ر له‌ناویده‌بات له‌ كاتی ململانێیه‌ سیاسیه‌كاندا، له‌ناوبردنی سیاسه‌تمه‌دارێك وه‌كو پیاوێكی سیاسه‌ت، هه‌روه‌ك كوشتنی وایه‌، لێره‌وه‌ كاریكاتێر و ره‌خنه‌ی گاڵته‌جاڕیی به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی هه‌ڵگری ئه‌و سروشته‌ وێرانكاریه‌ن، كاریكاتێریش له‌نێو جۆره‌كانی تری گاڵته‌جاڕیدا به‌وه‌ جیاده‌كرێته‌وه‌ كه‌ توانای له‌ هه‌مووان زیاتره‌ بۆ گه‌یشتن به‌ جه‌ماوه‌ره‌وه‌، توانای ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ بگات به‌ كه‌سێكی نه‌خوێنده‌وار و كاریگه‌ری تێبكات، وه‌ك ئه‌وه‌ی توانای هه‌یه‌ بگات به‌ زانایه‌كی فیزیای ناوه‌كی، ساده‌ و سانایه‌، و خێرا ده‌خوێندرێته‌وه‌، پێویستی به‌ كۆششێكی زۆر نیه‌ بۆ شیكردنه‌وه‌ی ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی، خوێنه‌ر پێویستی به‌ كاتێكی زۆر نیه‌ بۆ زانینی ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی، و ته‌ماشاكردنێكی خێرا به‌سه‌ بۆ تێگه‌یشتنی كاریكاتێرێك، جا ئه‌گه‌ر له‌ كاركردن بوو یان له‌ ماڵه‌وه‌ یان له‌ناو ئوتومبێڵه‌كه‌ی، ته‌نانه‌ت به‌بێ ئه‌وه‌ی رۆژنامه‌یه‌كیش بكڕێت، له‌ زۆربه‌ی رۆژنامه‌كاندا خوێنه‌ر هه‌ر له‌ كاتی هه‌ڵواسینی رۆژنامه‌كان له‌ دوكانی رۆژنامه‌فرۆشه‌كاندا ده‌توانێت ته‌ماشای كاریكاتێره‌ بڵاوكراوه‌كان بكات، و چه‌ندین تایبه‌تمه‌ندی و جیاكاری تریش كه‌ پێشه‌نگی ده‌به‌خشێته‌ كاریكاتێر له‌م بواره‌دا.

هه‌ندرێن خۆشناو




کتێبی “چۆن خوێندنەوە بکەین بەکولتوور” لە نوسینی ئارام سدیق .. ڕێبین محەمەد ئەحمەد

کتێبی “چۆن خوێندنەوە بکەین بەکولتوور” لە نوسینی ئارام سدیق، ناوەندی ڕەهەند بەچاپی گەیاندوە. کتێبەکە لەسێبەش پێکهاتوە.

نوسەر لەکتێبەکەدا هەوڵ دەدات دەسنیشانی هۆکارەکانی بەکولتوورکردنی خوێندنەوە بکات لەکۆمەڵگای کوردیدا، ئەو هۆکارانەی بونەتەهۆی بێئاگابوونی تاکاکانی کۆمەڵگا لەکتێب و خوێندنەوە چیە؟ ئەوڕێگریو کۆسپانە چین کەدێنە بەردەم تاکەکان، یان ئەو هۆیانەچین کەدەتوانن نەوەیەکی تازە دروستبکەن کەئاشنای کتێب و خوێندنەوەبن.

نوسەر باس لەچەند قۆناغێک دەکات کەدەتوانن بەسەریەکەوە دەسکاری دونیای پێبکرێت و هەوڵی گۆڕانکاری تێدابێتەدی. یەکێک لەقۆناغە سەرەکێکانیش پەروەردەیە. قۆناغەکانی خوێندن لە خوێندنگاکاندا دەتوانن هەنگاو بەهەنگاو نەوەیەک بەرهەمبێن کەئەو نەوەیە شارەزایی تەواویان هەبێت سەبارەت خوێندنەوەو کتێب. بەڵام وەک نوسەردەڵێت سیستمەی پەروەردە نەیتوانیوە بەئەرکی خۆی هەڵبسێت لەپێگەیاندنی نەوەیەکی هۆشیار چاوکراوە کەئاشنای کتێب وخوێندنەوبن. لەبەرامبەردا پەروەردە زیاتر خوێندکارانی لە دونیای کتێب ڕەنجاندوە و فەرامۆشیکردوە. ئەمجۆرە لەپەروەردە خوێندکارێک بەرهەم دێنێت کە دژی کتێب و خوێندنەوەن، تاکە ئارەزویەک کەلە خوێندکاردا دروستی دەکەن، بەدەست هێنای بڕوانامەیە. ئەمەوا لەخوێندکاردەکات بەتەواوکردنی خوێندن ، خوێندکارێکی ناشارەزابێت بەزانستە جۆر بەجۆرەکان، هیچ زانیاریەکی ئەوتۆی پێنەبێت بەڵکو بیرکردنەوەکانی لەدەوری ئەوچەند کتێبانە دەخولێتەوە کە پەروەردە دایناوە.

خاڵێکی تر کتێبەکە لەسەری دەوەستێت، ئەو لەشکرە لەمامۆستای کەم شارەزاو نەخوێندەوار کە دوای تەواوکردنی خوێندنو بەدەست هێنانی بڕوانامە، یەکەم شت کەتەڵاقیان داوە کتێبە. کاتێک ئەم جۆرە لەمامۆستاکان دەست بەکاردەبن لەخوێندگاکاندا توانای پەروەردەکردنی خوێندکارانیان نابێت .لەکاتی وانە وتنەوەشدا بەشێوەیەکی تەقلیدی وکۆن و بێزانیاری وانەکان دەڵێنەوە کە هیچ مەجالێک بۆ خوێندکار ناهێڵنەوە بیربکاتەوە. نوسەر بۆچونی نوسەرێکی وەک پاولۆ فێری دەوروژێنێت کەهوڵێکە بۆتێگەشتن لە شێوازی فێرکردن لەکوردستان ، ئایە ئەو جۆرە لەخوێندنو فێرکردن شێوازێکی سەردەمیانەو مۆدێرنە یان شێوازی بانکیە. نوسەر شێوازی فێرکردنی بانکی ڕووندەکاتەوە، شێوازی بانکی ئەوەیە کاتێک پارە لەبانک دادەنێت بەبێ ئەوەی گۆڕانی بەسەردابێت وەری دەگریتەوە. بێگومان هەریەک لەئێمە دەزانین خوێندن لەکوردستان پێدان و وەرگرتنەوەیە . مامۆستا چیت پێدەڵێت بەهەمان ئەوشێوەیەی کەپێیان گوتویت دەیڵێتەوە. واتا هیچ دیالۆگ و بیرکردنەوەیەک لەفێرکردندا بونی نیە ،بەڵکو خوێندنێکی بانکیە.
Rebin Mahmud Ahmad
لێرەوە ئەوەمان بۆدەردەکەوێت خوێندنگاکان لەهەوڵی جدیانین بۆ پێگەیاندی تاکێکی وریاو چالاک ، تاکێک لایەنی کەم پێش ئەوەی بگاتە زانکۆکان ئاشنای چەند کتێبێک بێت. خوێندنگاکان دەبێت بەڕۆڵی خۆیان هەستن لەئاشناکردنی خوێندکاران بەدونیای کتێب. نوسەر باوەڕی وایە دەبێت لە باغچەی ساوایانەوە دەسبکرێت بەو پڕۆسەیە، هەوڵبدرێت منداڵان ئاشنای خوێندنەوەی چیرۆک بن. بۆئەوی هەرلەسەرەتاوە شارەزای کتێب و خوێندنەوە بکرێت پێویستە سەردانی کتێبخانەکانیان پێبکرێت. دواتر قوتابخانەکان پێویستە هەوڵبدەن لەقۆناغەکانی خوێندندا، بەپێی مەرحەلەکان زیاتر خوێندکار بەکتێب بناسێن. هەروەها ئەندامانی خێزان دەتوانن ڕۆڵی کاریگەرببینن لەتەواوکردنی هەوڵی بەکولتورکردنی خوێندنەوە. خێزان دەتوانێت حەزی خوێندنەوە لەتاکدا دروست بکات. میدیاش ڕۆڵیکی هێجگار گرنگ دەبینێت لە دەرخستنی کتێب، لەئاشناکردنی تازەترین کتێب کە بەچاپ دەگەیندرێت. کورتەیەکی گرنگ لەناوکتێب هەڵبژێرێت کەسرنج ڕاکێشبێت بۆئەوەی دواتر خوێنەر هەوڵی بەدەست هێنانی بدات.

لەبەشەکانی دواتردا نوسەر پرسیاری گرنگ دەکات وەک بۆچی بخوێنینەوە؟ چی بخوێنینەوە ؟ ئەگەر نەخوێنیەوە چی ڕودەدات؟ و چەندان پرسیاری تر.

بۆچی بخوێنینەوە؟ نوسەر لەوەڵامی ئەم پرسیارەدا دەگەڕێتەوە بۆئەزمونی خۆی، کاتێک چەندان خوێنەر پرسیاری ئەویان لێکردوە ئایە ئێمە بۆچی بخوێنینەوە ؟نوسەر پێیوایە خوێندنەوە پێشئەوەی ئەرک بێت حەزە. وتا ئەوە حەزە تۆدەبات بەرەودونیای خوێندنەوە. بەپچەوانەوە نوسەر دەڵێت کاتێک هەندێک خوێنەر پرسیاری ئەوەیان لێکردوە بۆچی بخوێنینەوە ؟ بۆی دەرکەوتوە ئەوجۆرە لەخوێنەر بێزاریەکیان پێوەدیارە، چونکە خوێندنەوەیان زیاتر وەک ئەرکێک دەبینی نەک وەک حەزێک یان بۆئەوەی واخۆیان دەربخەن کەدەخوێننەوە،یان لەبەر هۆکاری تردەخوێننەوە کەپەیوەندی بەحەزی خۆیانەوە نیە. نوسەر دەڵێ دەکرێت هەمووکەس خوێنەر نەبێت، بەڵام دەکرێت زۆربەی کەس کەم تازۆر بەپێی کاتەکانیان بخوێننەوە. خوێندنەوە هەوڵێکە بۆتێگەشتن ودەسکاریکردنی خود و دەسکاریکردنی ئەودونیایەی تێیدا دەژیت . خوێندنەوە کاتێک ئەرکە کە کەسەکە مامۆستابێت یان میدیاکار یان نوسەر کەدەبێت خوێندنەوە لای ئەمانە لەحەز خولیاوە بێت بەئەرک، چونکە پێویستە بەردەوام ئاگاداری تازەترین زانیاری بن . لەهەوڵی خوێندنەوەی زیاتردابن، چونەکە ئەوان ئەرکی پەروەردەکردن فێرکردن و ئاڕەستەکردنی تاکەکانی کۆمەڵگایان لەئەستۆیە.

ڕێبین محەمەد ئەحمەد




ئایا بەڕاست ” بزوتنەوەی گۆڕان” ی ئێستا جیاوازی هەیە لە “گۆڕانی” سەردەمی نەوشیروان موستەفا؟ .. زاهیر باهیر

کەم نین ئەوانەی کە لە ” بزوتنەوەی گۆڕان” وازیانهێناوە یاخود ئەوانەی کە هیشتا لە ناوەوەن و گازەندە و گلەیی ئەوەیانە کە “گۆڕان” گۆرانی سەردەمی کاك نەوشیروان نییە .
ئەوانەی کە ئەمە باوەڕیانە یا ساویلکەن یاخود نایانەوێت لە قودسییەتی نەوشیروان موستەفا بهێننەخوارەوە، یاخود بەرژەوەندیان لەم قسە و بۆچوونانەدا هەیە و بە پاساوی مانەوەیان، کە گوایە دەکرێت گۆڕانکاری لەو بزوتنەوەیەدا بکرێت، بەردەوامن تیایدا.
لە ڕاستیدا مێژوی ” بزوتنەوەی گۆڕان” لە دروستبوونییەوە تاکو ئێستای ئەوەی نیشانداوە و دەدات کە هیچ گۆرانکارییەك بەسەر ئەو بزوتنەوەیەدا نەهاتووە و هەر وابووە چ لەسەردەدمی نەوشیراوان موستەفا و چ لەسەردەمی کوڕەکانی و سەید عومەر-یشدا. هەر بۆ ڕاستی قسەکانم بە بەڵگەوە، تەنها لە چەند لایەنێکی “بزوتنەوەی گۆران” لە سەردەمی نەوشیروان و دوای ئەویش، دەدوێم.
یەکەم: پێکهاتەی ” گۆڕان ” : ئەوانەی کە گۆڕانیان دروستکرد و یا هاتنە ناو گۆڕانەوە، لە ڕیزەکانی یەکێتی نیشتمانی-یەوە هاتوون، کە نەك هەر لە ڕێکخراوێکی گەندەڵەوە هاتوون، بەڵکو خۆشیان یا گەندەڵبوون یاخود بە جۆرێك لە جۆرەکان لە گەندەڵییەوە ئاڵابوون. ئەمە جگە لەوەی کە نەوشیروان موستەفا کەسی دووهەمی یەکێتی بووە، خاوەنی هەموو دەسڕۆییەك [ صەلاحییەت] بووە لە دانانی کەسەکاندا بۆ ئیدارەکان و پۆستەکان . ئەو کەسی سەرەکیش بووە لە دانانی بەرنامە و پلان و سیاسەتی یەکێتیش . ئەوانی دیکەشیان سەرکردەو بەرپرسی گەورە بوون لە یەکێتی نیشتمانی-دا خاوەنی پۆست و پلەو پایە بوون یاخود ئەندامی مەکتەبی سیاسی یا سەرکردایەتی یەکێتی بوون. کەواتە ناکرێت بە کەسەکانی ناوەوەی ڕێکخستنێکی شکستخواردوو کە ساڵەهایەکی دووروو درێژ لە شکستدا بوون ، لەڕێکخراوێکی دیکتاتۆر و گەندەڵ و مشەخۆر بوون، چاوەڕوانی شتێکی نوێی ئاوایان لێبکرێت کە جیاواز بێت لەو پێگەیەی کە لێوەی هاتوون. بە کورتی زۆرینەی کەسانی سەرکردەی ” بزوتنەوەی گۆڕان” و خوارەوە و جەماوەەرەکەیان هەمان کەسانن کە ساڵەهایەكی درێژ یا ڕؤڵی گەوەررەیان هەبووە یاخود چەپڵە لیدەربوون.
دووەم: پرسی گەندەڵیی و چارەسەری: گوایە ئەم کێشەیە خاڵێکی سەرەکی بوو بۆ دروستکردنی ئەو بزوتنەوەیە. ئەوەی ئاشکرایە کەسە سەرەکییەکانی ” بزوتنەوەی گۆڕان” لەناو خودی یەکێتی-دا وەکو باسدەکرێت لە هەوڵی بنەبڕکردنی گەندەڵیی-دا بوون بەڵام نەیان توانی تەڵە پوشێكیش بگۆرن . کاتێکیش کە ڕێکخستنێکی نوێشیان دروستکرد خۆشیان یا بوونە گەندەڵ یاخود لە گەندەڵییەوە ئاڵان. جەنگی ئەمان لەتەك یەکێتی و پارتی-دا بۆ بەرژەوەندی ئەو میللەتە هەژارە نەبوو بەڵکو شەڕی پشکی کوسییەکانی هەرێم و بەغدا و پلە باڵاکانی دیکەی وەکو پارێزگار و بەڕیوەبەریئ گشتی شوێنە هەستیارەکان و بەشە خزمەتگوزارییەکان بوو. کەواتە دروشمەکەی ئەوان کە لەناو یەکێتدا و لە سەرەتای دروستکردنی بزوتنەوەکەیاندا، کە هەمیشە دەیانوتەوە ” خەڵکی شیاو بۆ شوێنی شیاو” درۆیەکی شاخداربوو.
سێیەم: پرسی ماڵباتیی و بنەماڵەیی : ئەمەش خاڵێکی دیکەی ئەجەندەکەی نەوشیروان موستەفاو و هاوەڵەکانی بوو کە هەمیشە پەنجەیان تاوانیان بۆ خانەوادەی تاڵەبانی و بارزانی ڕادەکێشا. بەڵام کە بزوتنەوەکەیان، خۆی گرت و پێگەی سیاسی و ئابووریی و کۆمەڵایەتی بەهێز بوو، نەوشیروان موستەفا و کەسە نزیکەکانی نەیانتوانی جیاوازییەك دروستبکەن، نەیانتوانی خۆیان لە قوتابخانەی کوردایەتی و بۆگەناوی فکری قەومی بهێننە دەرەوە، نەك هەر نەیانتوانی گەنجاێکی متمانە بە خۆ و ڕزگار بوو لە قودسییەتی سەرکردە و حیزب ڕزگار بکەن، بەڵکو پێچەوانەکەی دروست بوو، لە مردنی نەوشیروان موستەفادا ئەمە باشتر دەرکەوت،. هەڵسوکەوتی نەوشیروان و بڕیای تاکڕەوانەی ئەو و وەسییەتنامەکەی، میراتگریی منداڵەکانی، ئەمانەیان سەلماند.
چوارەم دارایی و بوجەی گۆڕان: نەوشیروان موستەفا هەر لە سەرەتادا زیاتر لە 10 ملیۆن دۆلاری لە لایەن تاڵەبانی-یەوە پێبەخشرا، هاوکاتیش سەرچاوەی داهاتی ئەمان وەکو یەکێتی کردنەوەی پرۆژە و پیتاکی خەڵکانی دەوڵەمەند و خاوەن پلە و پایەی کۆمەڵایەتی بوون. کاتێکیش کە مشەخۆریی و گەندەڵی لەناو ڕیزەکانی-دا تەشەنەی کرد ئیدی نەك هەر ئەو پارانە بەشی نەدەکرد بەڵکو کەوتنە داخستنی ڕۆژنامە و کەناڵەکەیان و کەمکردنەوەی بەشە پارەی بەشەکانی دیکەش. کاتێکیش کە نەوشیروان مرد، سەنا و پیاهەڵدانی بە باوکی هەژارانی بۆ کرا کە گوایە لە دوای خۆی تەنها چەرخێک و پاکەتێك جگەرەی بەجێهێڵاوە، بەڵام هەر زوو دەرکەوت کە نەوشیروان بە ملیۆن دۆلاری لە پاڵ موڵك و خانووو کارگەی لە دوای خۆی بۆ منداڵەکانی بەجێهێشت . لە ئێستاشا وەکو دەوترێت منداڵەکانی جێگای باوکیان گرتۆتەتەوە و دەسەڵاتی تەواویان هەیە و ” بزوتنەوەی گۆڕان” یان، کۆنترۆڵکردووە . ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە ئەمانیش هەمان ڕێچكەی ماڵباتی تاڵەبانی و بارزانییان گرتەبەر.
پێنجەم : پرسی ئابووریی و بەرهەم‌هێنان: ڕاستە ” بزوتنەوەی گۆڕان” لیژنەیەکیان یا ژوورێکی تایبەتییان بۆ ئەو مەبەستە تەرخانکردبوو کە جۆرەها لێکۆڵینەوەی ئابووریانەی تیادا دەکرا و ڕاپۆرتی لەسەر دەدرا و وتاری لەسە دەنوسرا، بەڵام لە ڕاستیدا بەرنامەی ئەمانیش جیاواز نەبوو لە سەراپای حیزبە لیبراڵەکانی دوونیا بە یەکێتی و پارتیشەوە . چەقی ڕیفۆرمی ئابوریانە لای ئەمانیش بەخێرهاتنی بازاڕی ئازاد و باوەشکردنەوە بۆ کۆمپانیا گەوەرەکانی ئەمەریکا و وڵاتانی ڕۆژاوا لە بەگەڕخستنی پارە و سەرمایەگوزاریی لە پرۆژە گەورەکانا، بوو، کردنی کەرتەکانی کە موڵکی دەوڵەت بوون بە کەرتی تایبەتی … هەر هەموو ئەمانەش سەرەنجام گەر بیشکرانایە بەتاڵەی زیاتر و بەرزکردنەوەی نرخی پیداویستیەکانی ڕۆژانەی خەڵکی و بێ خانوو و سەرەپانی خەڵکی و زۆر شتی دیکەی بە دووی خۆیدا دەهێنا. بۆ ئەمەش لەپاڵ گورجکردنەوەی یاساکان و دانانی یاسای نوێ زەروورەی جێبەجێکردنیان لەسەر خەڵك بە زۆر و بە خوایشت زەروور بوو لە سەپاندنیا. لە سەرپێچیکردنی خەڵکیشا بەرانبەر بە دەسەڵاتی حکومەت و کۆمپانیاکان و بەڕێوەبەرانی کارگە و شوێنەکانی دیکەی سەر کار، بەو یاسایانە پشتیان دەشکانن. بەم جۆرە کۆنترۆڵکردنی دانیشتوانی کوردستان بە یاسا لە پێناوی دەوڵەمەندبوونی توێژێکی کەمی کۆمەڵ، دەبووە ئەرکێکی گەوەرەی سەرشانیان.
خاڵێکی جیاواز کە هەیان بوو لەتەك پارتی و یەکێتی-دا دانانی خەڵکی تەکنۆکرات بوو لە شوێنەکانا، بەڵام ئەمانە هەر تئیوری و پاگەندەی حیزبی بوو چونکە دەرکەوت لە هەر شوێنێکدا کە پێیاندرابێت کەسانی حیزبی خۆیان یا خود ئەو لایەنانەی کە لە گەڵیانا لە بەرەیەکدا بوون داناوە، بێ ئەوەی کە بچوکترین ئەزموونیا لە بواری کارەکەدا هەبووبێت.
شەشەم: پرسی کۆمەڵایەتیی و پەروەردەیی: لە ڕاستیدا ئەوەی کە بۆ ئێمە ئاشکرا بوو ” بزوتنەوەی گۆڕان” بەرنامەیەکی کۆمەڵایەتی و پەروەەردەیی زۆر جیاوزی لە پارتی و یەکێتی نەبوو. ئەو کێشە کۆمەڵایەتیانەی کە لەناو کۆمەڵدا هەبوون و هەن بە هیچ کام لە بەرنامەکانی هیچ لایەکیان لابەلانەدەبووە. کۆمەڵێك تا بیناقاقەی لە گواوی خێڵایەتی و عەشایەرگەریی و دین و شەریعەتی ئیسلامی کە پایەیەکی سەرەکی کۆمەڵی کوردستان بن و گلابێت، یەکیش تەواوکەری ئەوی تریان بێت لە حەلکردنی کێشەی بوونی زوڵم و زۆر و چەسپاندنی دادوەریی کۆمەڵایەتی و بەدیهێنانی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و ئازادیی تاك و بیروڕا و یەکسانی خەڵکی و لەناوشیاندا یەکسانی جێندەیی، نەك هەر ئەستەم بوو کە بە بەرنامەکەی ئەو بزوتنەوەیە ئەم کێشانە بنەبڕبکرێن، بەڵکو کارێکی نەکردەش بوون. لە کۆمەڵێکی ئاوا قوچکەییدا، لە ئابووریەکی قۆرخکراودا، لە هەبوونی فەرهەنگ و پەروەردەیەکی دواکەوتودا کە زۆر خراپتر لە سەردەمی بەعس، مەحاڵە چارەسەری بنەڕەتی بۆ سەراپای ئەو کێشانە بکرێت کە کۆمەڵ لە هەموو بوارەکانا ڕووبەڕووی بوونەتەوە.
سەبارەت بە پەروەردە و پێگەیاندن و ڕۆشبیریی و چارەسەری تەندروستی ، لەبەر ئەوەی ئەمانیش بەرنامەیەکی لەیەکچووی لایەنەکانی دیکەیان هەبوو، لە ئاوا حاڵەتێکدا زۆر مەحاڵە کە بتوانێت هەنگاوێکی نوێ بنێت. ئەمە جگە لەوەی هەر یەك لە پرسی پەروەردە و پێگەیاندن و پرسی چارەسەری تەندروستیی بە توندی گرێدراونەتەوە بە پرسەکانی ئابووریی و سیاسەتی حیزب و دەوڵەت و دین نەریت و تەواوی سەروبەندی کێشە کۆمەڵایەتییەکانەوە. ناتوانرێت و ناکرێت باس لە ئازادیی ژنان بکرێت لە وڵاتیکدا کە دین و شەریعە و عورف و عادەتی خێڵەکیانە نەك هەر پێوەری باشی و خراپی تاکەکانی کۆمەڵ بێت، بەڵکو ئامرازی حوکمکردنیش بێت. ناتوانرێت قسە لەسەر پرسی چارەسەری بەلاش و خوێندنی خۆرایی بکرێت بەڵام هاوکات بنەمای ئابووری وڵات لەسەر بناخە و ڕێڕەوی ئابووری لیبراڵ بێت. کەواتە سەراپای پرس و کێشەکان وەکو ئەڵقەکانی زنجیرێك زۆر مەحەکەمانە بە یەکەوە گرێدراون.
تۆوی شکستی ” بزوتنەوەی گۆڕان” لەناو ڕەحمی خودی دروستبوونی خۆیدا چەکەرەی کردبوو، ئیدی ئەوە گرنگ نییە کە سەرکردەیەکی حەکیم یا نورانی، بە ئەزوموون، نێتباش…. ڕابەرایەتی بکات یا نەیکات، چونکە سیستەمی سەردەم نەك تەواوی سەرکردەکان بە باش و خراپیانەوە، بەڵکو حکومەتەکانیشیان دەکاتە بورغوویەکی سواوی چەرخی سییستەمە. سیستەمەکە بە بێ ئەو و بە ئەوەوە ، بەباشی دەسوڕێت خۆی دەچەسپێنێت.
ئەوەی کە بەربەستی دروستی سیستەمەکەیە هەوڵدان و کارکردنە لە دەرەوەی خودی سیستەمەکە، ڕێنەکردنە لەسەر نەزم و ڕەوتی ئەو ، ڕێکخستنی خودی جەماوەر خۆیەتی بە دوور لە هەژموونی سەرکردە و حیزب و دین و نەریتی دواکەوتووانە. کارکردنی دەستەجەمعیانەی خەڵكە کە خۆیان نوێنەری ڕاستەقینەی خۆیانن و دەتوانن گۆڕانکاری بنەڕەتی بکەن، نەك حیزب و سەرکردەکان و ئەوانەی کە لە فەلەکی سیستەمی مەوجوددا، دەسوڕێنەوە و بە ئومێدن کە گۆڕانکاری تیادابکەن .

21/11/2020
Zaherbaher.com




کێ هەواڵی شارم بۆ دێنێتەوە؟ .. شیعری: ستیڤان شەمزینی

خودایا چەند بیری شار ئەکەم
شار چەند بیری پیاسەی ئێوارانی من ئەکا؟
کێ دەتوانێت شار و من بخاتە رستەیەکەوە؟
کێ دەتوانێ خەیاڵم لە جەستەی شار بکاتەوە؟
کێ وەنەوزی منی دیوە بۆ حەسرەتی شار؟
کێ لەم خەوە قووڵە رامدەچەڵەکێنێ لەدووری شار؟
خودایا چەند بیری شار ئەکەم
چەند بیری زەردەخەنەی شەرمنانەی کچانی شار ئەکەم
چەند تامەزرۆی بینینی نیگای نەرمی ئاشقانی شارم
چەند ئاه هەڵدەکێشم لە ژانی دابڕانی شار
چەند جار بە خەون بە کۆڵانەکانی “حاجیحان”دا شۆڕبوومەتەوە؟
چەند بیری دۆڕانی دۆمینەکانم دەکەم لە “چایخانەی شەعب”
چەند بیری سەرەتاتکێی مناڵانی گەڕەک دەکەم
چەند جار یادی “سەهۆڵەکە” ئاگری لە دەروونم بەرداوە؟
چەند جار با گالیسکەی ئەندێشە گەڕاومەتەوە “عەقاری”؟
چەند جار بە بوراقی داڵغە چوومەتەوە “باخی گشتی”؟
چەند جار لە زیندە خەوندا کتێبم لە “ئەنوەر برزۆ” کڕیوەتەوە؟
ئاه خودایا چەند بیری شار ئەکەم
کێ هەواڵێکی شارم بۆ دێنێتەوە؟
کێ دڵی من لە کۆڵانە تەسکەکانی “سابونکەران” ئەدۆزێتەوە؟
کێ شوشەی شکاوی رۆحم لە جادەی “کاوە” کۆ دەکاتەوە؟
کێ پێکەنینە نەپساوەکانی من لەگەڵ شار ئاشت ئەکاتەوە؟
کێ هەیە سڵاوی من بگەیەنێتە “حەمە شێت” گیان؟
کێ هەیە بە کڵافەی خەونێک من و رۆحی شار پێکەوە بدورێتەوە؟
کێ هەیە شیعرێکی من لە “هۆڵی رۆشنبیری” بخوێنێتەوە؟
کێ هەیە تۆزێک بۆنی خۆڵبارانی شارم بۆ بهێنێ بۆ ئەم غوربەتە؟
کێ هەیە چنگێ ئاوی سازگاری شار بکاتە سەر ئاگری غەریبیم؟
کێ هەیە خەبەری شاری لا بێت؟
کێ دەبێت بە “سالم”ی من، تا وەک “نالی” چامەیەکی بۆ بنێرم؟
کێ هەیە باری قورسی ئەم بیرکردنەی شارم لەگەڵ هەڵگرێت؟
کێ هەیە چەند گرام تامی هەنگوینی شاری لا دەستکەوێ؟
کێ ئازاری ئەم دوورییەم لە شار بۆ ئەکاتە بە رۆمان؟
کێ هەیە رەشەباکەی شارم بە پۆستا بۆ بنێرێ؟
کێ هەیە گەرمای شارم بۆ رەوانە بکا بۆ ئەم سەهۆڵستانە؟
کێ هەیە هەواڵی شاری لا بێت؟
کێ هەیە فرمێسکەکانی من بگەیەنێت بە شار؟
کێ هەیە بە شار بڵێ کەمێک لەسەر ئەم شاعیرە بوەستە؟
ئاخ لە دووری شار
شار و شەکرە شار، سلێمانی

6-2-2016
ئەڵمانیا- شتاینهاگن

ئەم شیعرە پێش چوارساڵ و نۆ مانگ نوسراوە و لە یادی بیناکردنی شاری سلێمانی پێشکەشی دەکەمەوە بە خوێنەران. بەڵام خوێنەر دەبێت بزانێت ئەمە نەک ختوکەدانی هەستی ناوچەگەریی نییە بەڵکو من هەر بڕوام بە ناسیۆنالیزمیش نییە. تەنیا مامەڵەیەکی شیعرییە لەگەڵ لەگەڵ نوستالیژیاکانم لەو شارە.




پێنج ‌هەستی جیاواز .. شیعر/ کاوە عوسمان عومەر

(١ )

لە چاوەڕوانی دەرگا لێدانێکی..

 درەنگ وەختە،

کورسیەکەم هێنایە..

 ژێر نوری ئاوریشمی

مانگێکی وێڵ  وتەنیا،،

شوشە شەرابێکی کۆنیشم

لە بەفرگرەگە دەرهێنا،

پیکێ،،

دوو پێک،،

 لەوانەیە شەویش دابێ،

 پێکەکانیش..

یەک لە دوای یەک،

وەک ترپە لاوازەکانی دڵ،

 کۆتاییان بێ،

 لەوانەشە لە ژێر پرچی..

 زیوینی مانگیشا ..

خەوم لێ کەوتبێ،

 هێشتا نووری هاتنی ئەو

هەر دیار نەبێ

(٢ )

لەوێ نیشتمانێ…

 لەت لەت ئەکرێ

من دەفتەرە نە نوسراوەکان

توڕ ئەدەمە نێو زەریاوە

بڵێی ماسی و نەهەنگ

 حەزیان بە خوێندنەوەی..

  شیعری کۆچەرێ بێ

بڵێی نەورەسەکان

هۆنراوەکان

بەرنە لای مانگێکی خەمگین

بڵێی وشەکان،،

 ببنە یاقیق و مرواری،،

بۆ جەستەی ئەو هاوڕێیانەی

باوەشی گەرمی نیشتمانیان لێ دزرا

پێشڕانەگەیشتن

لێویی شەختەیان

وەک پەپولەیەکی …

بێ لانەو سەرگەردان

لەسەر ڕومەتی …

کچێکی تەنیای وڵات

نەخشەی ماچێ بکێشێ

(٣ )

لە ژێر دار ئەرخەوانەکان ..

پیاسەمان کرد،،

 منداڵ ترو شادترو پاکتر  بوینەوە

چرۆی گوڵە ئەرخەوانیەکان،

 لە ڕومەتی ئەو ئەچوون،

 گەرچی هەموو شار..

 لە ژێر  بەیداخی خەوا ڕاکشابوو،

بەڵام ئێمە بەئاگابوین

لە جوانی گوڵە ئەرخەوانە…

 تەڕو درەوشاوەکان

ئێوارەیەک لە هەموو ڕەنگێ

ئێمە لە ژێر دار ئەرخەوانە درەوشاوەکان

پیاسەمان کرد،،

وشەکان بوونە چرا،،

گەڵاکان بڵێسە،

فڕەی سوێسکەیەک..

لە ئاسمانی شینی بێگەردا..

بڵند هەڵکشا

 بوە دێڕە شیعرێکی باڵگرتوو،

(٤ )

بێزار نیم لەو گڵۆپانەی..

لە ژێر بارانەکەدا

وەک خۆری ووردیلە دەگەشێنەوە

هەربۆیەکیشە تا درەنگانی شەو ،

لە پەنجەرەی نوقم لە تەما

تەماشای وردە ئاوی وەریوی..

 بەهەشتم کرد

(٥ )

زەنگی تەلەفونەکەش،،

 بێدەنگئەکەم،

 ڕادیۆکەش …

لە شوێنی خۆی ..

با کوژاوەبێ،

ڕۆژنامەیەک..

 ئەخەمە سەر چاوم،

 دەزانم دەرەوە جەنگە،

 ماڵوێرانیە،

تەلەفزێۆن و ئینتەرنێتیش،،

لە سوچی دیوارەکە..

 جێ دەهێڵم 

من هەست ئەکەم..

 خەو بردوومی،

لە خەوی تۆدام،

بەدڵنیایی،  ئازیز..

لە خەوی تۆدا..

نە جەنگ هەیە،

نە ماڵوێرانی و نە هەڵهاتن

 نە درۆی سیاسیەکان،

نەئاگادارکردنەوەی بڵندگۆی..

 نزرگە زۆرەکانی شار

دەربارەی ئازاری …

ڕۆحهەلکیشان و..

 سزای سوتانی..

بەردەم خواوەندە دڵڕەقەکان

وێنەکە کارێکی هونەری فۆتۆگرافەری ڕۆمانی
(Adina Voicu)
بە سوپاسەوە لە پەیجی فەرمی خۆی وەرگیراوە