هەمووان لەپاڵتۆکەی گۆگۆڵ-ەوە هاتووینەتەدەر .. نووسینی: یوسف عزەدین

{ ئەو بوونەوەرانەی کەلەپشکنەری گشتی- و – دەروونە مردووەکان- ی گۆگۆڵ-دا لەبەرچاوماندا بەرجەستەدەبێت؛ هیچ نین؟! کەهیچیش نەبن، کەواتە هەموو شتێکن!؟} ئەمیل سیۆران-١-

گۆگۆڵ ئەو ئەدیبە کەپوو باریکە قژخاوە سەرنجڕاکێشەیە، وەک لەوێنەکانی گەنجێتیدا بەبزەیەکی شاراوەی سەر لێوەکانییەوە تێمان دەڕوانێ؛ گەر پێشتر نەزانین کەئەوە هەوە، ڕەنگە بەڕوخساریدا وابزانین، یەکێکە لەنیگارکێشە وردبین و باشەکانی یەکێک لەقوتابخانەکانی وێنەکێشان. هەربۆیە ئەوانەی ئەویان لەدنیای گێڕانەوەدا بەنیگارکێشێکی بەسەلیقەو شارەزای وێنەکردنی سیما و ئاکارەکانی مرۆڤی تێکشکاو و تەریک و داماو ناساندووە، بەهەڵەدا نەچوون و بگرە دەتوانم بڵێم؛ گۆگۆڵ لەدنیای گێڕانەوەدا جۆرە نیگارکێش و نەخشێنەرێکی تایبەتی پۆرترێتی کاراکتەرە ئەنتی هێرۆ-کانییەتی، لەگەڵ ئەو ڕیتمە تراژیدییە پەردەپۆشکراوەی کەلەبەرەوپێشچوونی ڕووداوە بەڕووکەش تەنز ئامێزەکانیدا لامان ڕۆشن دەبێتەوە، بێگومان تێکەڵ بەشێوازێکی خستنەڕووی ئیغتیرابی، بەناو ڕیالیستی و کۆمێدی، بەڵام جوداو جیاواز و ترازاو لەزۆربەی چەشنە نووسینەکانی پێشووتری دنیای ئەدەبیاتی ڕوسی و بگرە جیهانیش!

مایەی پرسیاریشە کاتێک چەند بەیتە شیعرێکی پووشکین-م بیردەکەوێتەوە؛ باس لەوە دەکات هەندێک بەیتە شیعر بۆ فڕێدانە نێو ئاگر دەنووسێت؟! واتە هێندە پڕەو لەناخەوە بەدەیان فیکرەو دەربڕین و دەستەواژەو وێنەی شیعری ئێخەی پێدەگرن؛ دەتوانێت هێندێک لەو گوزارشت و دەربڕین و وێنانەی کەلەنێو دێڕو بەیتەکاندا دایان دەڕێژێت و دەیانووسێت، پێش ئەوەی کەس بیانبینێت هەڵیانداتە نێو ئاگرەوە.. بۆیە دەبێت لاشمان سەیر نەبێت، کاتێک پاش خوێندنەوەو قاڵبوونەوەمان لەدنیای گۆگۆڵ-دا دەگەینە ئەو ڕاستییەی کەهەردوو فیکرەی تێکستی، پشکنەری گشتی و دەروونە مردووەکان-ی لەپووشکینەوە وەرگرتووە.. یان بابڵێین پووشکین ویستوویەتی بەرەو ئاڕاستەی ئەو جۆرە نووسینەیدا بەرێت و لەکاتێکدا خۆی بەچەشن وشێوازێکی تر نووسیویەتی و ئەمەش بەشێکە لەبلیمەتی و داهێنانی لەبن نەهاتووی زاتێکی وەک پووشکین و هەر ئەویش بووە کەهەر لەسەرەتاوە بۆتە ناسێنەری سەرەکی گۆگۆڵ و لەبواری نووسیندا دەستگیرۆیی کردووەو هەندێک لەبابەتەکانیشی بۆ بڵاوکردۆتەوە. هەر لەسەرەتاوە درکی بەبلیمەتی گۆگۆڵ؛ لەبواری گێڕانەوەدا کردووە. هەر بۆیە کاتێک گۆگۆڵ تێکستی “پشکنەری گشتی” دەنووسێت، ئەوەی لەیاد ناچێت لەزاری کەسایەتی سەرەکی تێکستەکەیەوە کەناوی خلیستیکۆف-ە، گەورەیی پووشکین نیشان بدات؛ کاتێک بۆ خۆ گەورەکردنی خۆی لای خەڵکەسادەکە، ئاماژە بەوە دەدات کەلەپترسبۆرگ تەنانەت هاوڕێی کەسایەتییەکی مەزنی وەک پووشکین-یشە-٢-
ئەوەی تا ئێستاش لەبارەی پێوەندی پۆزەتیفانەی گۆگۆڵ و پووشکین-ەوە، خراوەتەڕوو، لەلایەن زۆربەی توێژەران و ئەدیبانی ڕوسەوە سەلمێنراوە، تەنها کەسێک کەلەم یاسایە لادەدا، دەرهێنەری بەناوبانگ –ئایزنشتین-ەو ئەو پێی وابووە گۆگۆڵ هەڵگری ئێرەیی و حەسادەتێکی شاراوە بووە بەرانبەر بەپووشکین و هەر ئەوەشە وای لێکردووە، شتێکی دژ و جودا بەشێوازی نووسینی ئەو دابهێنێت؟!-٣-
بەڵام ئەم ڕاوبۆچوونەی ئایزنشتین، تا ئێستا تەنهاو تەریک ماوەتەوەو پێناچێت وابەئاسانی کەسانێکی ئەکادیمی و شارەزا، لەئەدەبیاتی ڕوسیدا؛ بچنەپاڵ ڕاست و دروستی ئەوەی ورووژاندوویەتی؟!
پێش ئەوەی بەتەواویی ڕۆبچینە نێو بابەتەکەمان و سەفەر لەتەک بەسەرهاتی پاڵتۆکەی گۆگۆڵ-دا بکەین، دەشێت کەمێک باسی ڕاستکردنەوە، یان لابردن و جێکردنەوەو تەنانەت سڕینەوەی هەندێک وشەی ناتەواو و دروستکراوی نێو دنیای ئەدەبیاتی کوردی بکەین.

هەژار-ی زمانزان و لێکۆڵەر لەبەرایی هەمبانە بۆرینە-کەیدا دەڵێت:
{ بەناوی کوردایەتی تۆخ، لەزمانە بەستەزمانەکەی، وا لاواز و پەرەوازەو بێ خودانمان بوونە مێمڵ، قل بەقل و چڵ بەچڵی زۆر بەوردی دەپشکنن و هەر وشەیەک بۆنی عارەبییەکی کۆنی یان فارسییەکی مردووی هەزار ساڵەی لێ بێت، ئەو زانا کورد پەروەرانەی پێ شێت دەبن. وەک دزێکیان لەنێو کادێن دا گرتبێ، دوشمنی ڕای ئیمانت بێ، چی پێ دەکەن! هەروا چەقۆیەو لێی دەسوێن، دەیدەنە بەر پلار و جوێن، کارێکی بەسەردا دەهێنن دۆم بەژنی خۆی نەکردبێ. ئاوڕوی وێژەری وشەکەش بەمەردەی کاوڕای پیوازفرۆش ئەوەن! مەڵێ قەڵەم! بێژە پێنوس.. مەێژە کاغەز! بوێژە تێنوس.. نەبێژ دەفتەر! بڵێ پەڕاو….}
ئیتر هەر لەدرێژەی ئەو ڕیتمی دەستکاریکردن و ئاوەژووکردن و هەڵگێڕانەوەو شێواندن و دروستکردنی زاراوەو وشەی نوێی زوبانی کوردیەشدا، کەسێک دێت و مام + وەستا.. لێک دەدات و دەیکاتە مامۆستاو بەبێ ئەوەی بیری لەوە کردبێتەوە، ئەی چۆن دەبێت هەمان وشەش بۆ مێینەش بەکاربهێنرێت؟! کەچی داخەکەم بەبێ پرسیارکردن و هەڵوێستە لەسەرکردنێکی جدی وا ساڵانێکە سەپێنراوەو بەکار دەهێنرێت!؟
کەسێک دێت و وشەیەک بەناوی ڕەخنە-وە فڕێ دەداتە نێوەندی نووسینەوەو بەبێ ئەوەی ئەسڵ و فەسڵی وشەکە ڕۆشن بێت و لەزمانی کوردیدا شوێنجێگەیەکی لەوەو پێشی هەبووبێت، کەچی تا ئێستا بڕیکردووەو ئیدی دیار نییە، کەی دەتوانین شتێکی نوێی لەجێ بەکاربهێنین.

سەبارەت بەوشەی –چی+ڕۆک-یشەوە؛ پێدەچێت بابایەکی نیمچەحیکایەتباز، لەبەروارێکی نەزانراودا هاتبێت و وشەیەکی لێکدراوی لەچی + ناوەڕۆک دروست کردبێت و لەو ڕۆژەوە گێڕانەوەی حیکایەتی بەشێوە تەکنیکییەکەی ئێستای؛ ناو نابێت چی+ ڕۆک و نووسەرەکەشی ناو نابێت، چی- ڕۆک- نووس؟!
کوردێکی بەوبەختی خاوەن سەدان حیکایەت و سەرگوزشتە و ئەفسانەو داستان و بەسەرهاتە گێڕانەوە، بێیت ناوێکی لێکدراوی دروستکراوی ناقۆڵا بەسەر کاریگەرترین ژانرێکی ئەدەبیی نیمچە ئەنتۆلۆژییانەی ئەودا بسەپێنیت.. کوردێک تەنها شوێنەوارێک لەمێژووەکەی ڕاشکاوانە مابێتەوە، زمانەکەیەتی و مانەوەی چەندین ساڵەی زمانەکەشی لەڕێی گێڕانەوەکانییەوە بووەو دەبێت بۆ نەتوانێت وەک فارس؛ کورتە داستان و داستانی درێژ یان باڵا بەکاربهێنێت.. یان گەر وشەی حیکایەت، بەجۆرە گێڕانەوەیەکی کۆن و تەقلیدی دێتە پێشچاو! خۆ دەکرا وشەیەکی کوردیی پڕ مەغزاو مانای وەک – بەسەرهات-ی لەجێی چی+ڕۆک بەکارهێنابا!؟

بۆیە وەک خۆم؛ دەمێکە پێم وایە گەڕانەوە بۆ خودی وشەی گێڕانەوە، سەرد- نێرەیتیڤ Narrative دروستترەو لەزمانی عەرەبیشدا بۆ تێکستە نوێیەکانی ئەم دواییانەی نووسەرانیان زیاتر سەردو بۆ نووسەرەکەشی سارید بەکاردەهێنرێت و ئێمەش دەتوانین ئینگلیزییەکەی Narrator بەکار بهێنین لەجێی گێڕەڕەوەو ئیدی ژانرە ئەدەبییە سەردییەکانیش لە کورتە نێرەیتیڤ و نۆڤڵێت و نۆڤێللاو ڕۆمان-دا بناسینرێت، یان بەهەر شێوازێکی تر کەجودا بێت لەوەی ساڵانێکە سەپێنراوە.
ڕەخنەگری ئەمریکی – جودیت لایبوفیتز- لەکتێبی (سەردو مەبەستدارێتی لەنۆڤێللادا) ئاماژە بەتێکەڵ کردنی نۆڤڵێت و نۆڤێللا و کورتەڕۆمان و بەکارهێنانیان وەک ئەوەی یەک شت بن دەکات! لەکاتێکدا کورتەڕۆمان کورتکراوەی ڕۆمانە و نۆڤڵێت درێژکراوەی کورتە نێرەیتیڤ-ە، بەڵام نۆڤێللا ژانرێکی تایبەت بەخۆیەتی و زیاتریش لەئەدەبیاتی ئەوروپیدا ناسراوترە وەک لەئەدەبیاتی شوێنانی ترو تایبەتە بەڕووداوە کارەساتبار و بابەتە سەرنج ڕاکێشە کاریگەرەکان، بەدەر لەو درێژدادڕی و فێڵ و تەڵەکەیەی لەنووسینی ڕۆماندا بەکاردەهێنرێت، بەمەبەستی درێژکردنەوەی؛ بەشێوەیەک کەدەبێتە حەشووکردن و داگیرکردنی قەبارەی زیاتر!
نۆڤێللا لەئەڵمانیا لەسەردەستی؛ (هنریک ڤۆن کلیست و گێرهارت هۆبتمان و تۆماس مان و کافکا)، گەیشتە ئاستێکی باڵا و لەنمونەی نۆڤێللاش؛ مەسخ-ی کافکاو -لەبارەی پیاوان و مشکەکان-ی جۆن شتاینبێک و –مەزرای ئاژەڵان-ی جۆرج ئۆرویل و –پیرەمێردو دەریا-ی هەمەنگوایی و –کۆلۆنۆێل کەسی نییە نامەی بۆ بنێرێت-ی گابریل گارسیا مارکیز، شایانی ئاماژە پێدانن.

بە هەرحاڵ با لێرەوە بگەڕێینەوە سەر بابەتە سەرەکییەکمان، سەبارەت بەگۆگۆڵ و دەشێت بڵێین، ئەوێکی بەڕەگەز ئۆکرانی، هەر لەسەرەتای نووسینەکانییەوەو تا دواییەکانی تەمەنیشی زۆر تۆختر هەست بەوە دەکرێت، پرسیارگەل و پڕۆبلمە ئینسانی و ئیشکالە فەلسەفی و ئەنتۆلۆژییەکان لەدنیای ئەودا؛ بەپلەی یەکەم جێی خۆیان کردۆتەوەو بەتایبەتیش پاش فەشەل هێنانی لەبڵاوکردنەوەی قەسیدەڕۆمانی ( هانزکولگارتن) و کڕینەوەی سەرجەم نوسخەکانی و هەڵهاتنی بۆ دەرەوەی وڵات و پاشان گەڕانەوەیی و بڵاوکردنەوەی کتێبی( شەوانە ئاهەنگ لەمەزرای نزیک دیکانکا)ی هەڵهێنجراو لەفۆلکلۆری ئۆکرانی و بەپشت بەستن بەزۆر لەگێڕانەوە حیکایەتەکانی دایکی.. بەم کتێبەشی توانی شکستی پێشووتری لەبواری نووسیندا بسڕێتەوەو جدییانە جێی خۆی بکاتەوەو ئیدی لێرەوە ئیدامە بەکارەکانی داهاتووی خۆشی بدات.

دەگمەنن؛ ئەو ئەدیبانەی کەتوانیویانە لەتەمەنێکی کورتدا وەک گۆگۆڵ، بگەنە ئاست داهێنانی شێوازێکی نوێ لەنووسینێکی ڕیالیستییانەی تژی لەتەنز و کۆمێدیایەکی هاوتا لەگەڵ بێتامبوون و وێرانبوونی زیندەگی بنیادەمان و نغرۆبوونی لەڕۆتیناتی دووبارەبوونەوەو سووڕانەوە لەنێو بازنەکانی بیرۆکراتییەت و ڕەهایی دەسەڵاتە تۆتالیتارەکاندا.
کاراکتەری ئەنتی هێرۆ-ی نێرەیتیڤی –پاڵتۆ- ی گۆگۆڵ، ئەکاکی ئەکاکیڤیچ-ی فەرمانبەر، لەبوونە کۆمەڵایەتییەکەدا وەک نەبوو ئەژمار دەکرێت و هەر لەسەرەتای بەسەرهاتی لەدایک بوونییەوە، کێشەیەکی زۆر لەچییەتی ناونانییەوە پەیدا دەبێت و پاش هەڵدانەوەی تەقویمی ئەرسۆزکسی بەمەبەستی دۆزینەوەی ناوێکی گونجاو بۆی، کەچی ناو بۆ ئەو دەبێتە قاتی و لەنێو کۆمەڵێک ناوی ناقۆڵای وەک (تریڤللاو دلاوڤارکاش و بافیکاخی و فاختیسی)، بڕیار دەدرێت جارێکی تر ناوی باوکی لێبنرێتەوەو بەمەش ناوی دەبێتە ئەکاکی ئەکاکیفیچ و لەڕووسیشدا بەپیسایی دەوترێت ئەکاکی و هەروەها نازناوی خێزانەکەشی –باشمچکین- وەک لەخودی گێڕانەوەی پاڵتۆ-دا ئاماژەی پێدراوە: ( بەڕوونی و ئاشکرایی دیارە لەوشەی باشمک-ەوە وەرگیراوە، کەبەواتای پێڵاو دێت لەڕووسیدا..)-٤-
کاتێک ئەم کەسایەتییە لەتێکستە گێڕانەوەی پاڵتۆ-دا بەتەواویی دەخرێتە نێو زەلکاوی هیچ بوون و پەراوێزەو ئیدی ئاکاکی ئەکاکیڤیچ بەجۆرێک لەجۆرەکان ون دەبێت و پاڵتۆ دەبێتە کاراکتەری سەرەکی و ناکرێت لەنێو ئەو سەرما کوشندەیەی ڕوسیادا هیچ شتێک لەپاڵتۆ گرنگتر و بەئەهمیەتتر و جوانتر و گەرمتر و بەقیمەتتربێت، ئەو هەموو شتێکەو تەنانەت کاتێک –بیترۆڤیچ-ی بەرگدروو، پاڵتۆکە بۆ ئەکاکی ئەکاکیڤیچ دەدرووێت و پاش پرۆڤەپێکردن و تەواوبوون و لەبەرکردنی لەلایەن ئەکاکی-یەوە دوور و نزیک وەدووی دەکەوێت و بەشاگەشکەییەوە دەڕوانێتە ئەو توحفەیەی کەپاڵتۆیەو خۆشی وەستا بەرگدرووەکەیەتی!؟

ئیدی هەر ئەم پاڵتۆیەشە دەبێتە سەبەبکاری داوەتکردنی زۆرەملێیانەی بۆ داوەتێکی شەوانەی یەکێک لەکەسایەتییە هەبووەکانی نێو فەرمانگەکەیی و دواجار گەڕانەوەی درەنگ وەختی و دزرانی پاڵتۆکەی لەکۆڵانێکی تاریکدا!؟
پاش دیمەنی دزرانی پاڵتۆکە؛ خوێنەر خۆی لێدەبێتە کاراکتەرە بێ پاڵتۆکەو بەو سەرمایە هاوار بەچوار دەوری خۆیدا دەکات و ناڵەو سەدای دەگاتە هەر گوێیەک کەمەبەستی بێت، گوێڕادێرێت بۆ ئازاری قووڵی هەموو ئەوانەی وەک ئەکاکی ئەکاکیڤیچ، چ پاش دەردەسەرییەکی زۆر دەتوانن ببنە خاوەن پاڵتۆیەکی نوێی شایستەو چ ناشتوانن لەنێو شلۆقی یاساکانی دەوڵەت و خافڵبوون و گوێپێنەدانی پۆلیس و پاسەوانەکاندا، نەهێڵن پاڵتۆکەیان بدزرێت! کاتێکیش بێ پاڵتۆ دەمێنێتەوەو بەمەبەستی دۆزینەوەی دەگاتە لای –کەسایەتییە گرنگەکە- و ئەویش بەجۆرێک تێی دەخووڕێت و دەریدەکات، کەئیدی هیچ هیوایەکی بۆ نامێنێتەوە، جگە لەمەرگ و بۆیە دەمرێت و پاش مردنیشی دەبێتە تارمایی ئەکاکی ئەکاکیڤیچ و پاڵتۆ لەبەر بنیادەمان دادەکەنێت و تا دەگاتە ئەوەی حەقی خۆی لە –کەسایەتییە گرنگەکە-ش دەکاتەوەو پاڵتۆکەی بەری دادەکەنێت.

هەمووان لەپاڵتۆکەی گۆگۆڵ-وە هاتووینەتەدەر!؟

یەکێکە لەو گوزاشتە زۆر کاریگەرو دێرینانەی کەئەوەی خوێنەری ئەدەبیاتی ڕوسی بووبێت، بێشک گوێ بیستی بووە، بەڵام ساغکردنەوەی ئەسڵی بێژەرەکەی، ئێستاشی لەگەڵدا بێت، جێگەی مشتومڕ و قسەوباسە و هەر بۆیە کەسایەتییەکی شارەزاو پسپۆڕ لەئەدەبیاتی ڕوسیدا وەک دکتۆر؛ جەودەت هۆشیار-٥-، پاش قووڵبوونەوەی لەنێو کۆمەڵێک سەرچاوەی کۆن و نوێدا، دەگاتە ئەو ڕاستییەی کەهیچ کام لە(ڤیۆدۆر دۆستۆیڤسکی و ئیڤان تۆرگنێف و دیمتری گریگۆرڤیچ) خاوەنی ئەو گوزارشتە نین و پێی وایە نووسەر و دیپلۆماسی فەڕەنسی – یۆژین میلکبۆر دی فۆگۆ-ی سەفیری فەڕەنسا لەپترسبۆرگی پایتەختی ئەو دەمی ڕوسیای تزاری و لەمیانی وتار و نووسین و کتێبەکانییەوە، ئەو گوتەزایەی کەدەڵێت هەمووان لەپاڵتۆکەی گۆگۆڵ-ەوە هاوتووینەتە دەرێ، داویەتە پاڵ نووسەری ڕۆمانی –لانەوازان- بەبێ ناوهێنانی ئەوەی کەنووسەرەکەی دۆستۆیڤسکی-یە و لەڕاستیشدا دۆستۆیڤسکی فیکرەی ڕۆمانەکەی لەپاڵتۆ-ەوە وەرگرتووەو بەشێوازێکی جودا مامەڵەیەکی داهێنەرانەی لەگەڵ کردووەو لەدیمەنێکیدا کاراکتەری –لانەوازان- دیفوشکین، نێرەیتیڤ-ی پاڵتۆ دەخوێنێتەوە.
یۆژین میلکبۆر دی فۆگۆ، لەنیسانی ١٩٠٩ لەیادی سەد ساڵەی لەدایک بوونی گۆگۆڵ لەمۆسکۆ لەوتارێکیدا دەڵێت:
{ هەموو ئەم نەوانەی ئەدەبیات؛ لەپاڵتۆکەی گۆگۆڵ هاتوونەتەدەر، پاڵتۆکەی ئەکاکی ئەکاکیڤیچ،….}-٦-
بۆ زیاتر ناسینی دنیای ئەدەبیاتی، ناوازەی ئەو گێڕەڕەوە بەنامێیەش؛ لەجوانترین گوزارشتێکیدا – ئەمیل سیۆران- سەبارەت بەگۆگۆڵ وتویەتی:
{ واقیعییەتەکەی هێندە گەورەیە تا ئەو ڕادەیەی ئەو کەسایەتییانەی کەهەڵیان دەسووڕێنێت دەبنە نەبوو، بەڵکو دەبنە ڕمووزاتی جووڵاو کەبەتەواویی ئێمەی تێداین، کەسایەتییەکانی ئەو شکست ناهێنن و ناکەون، چونکە لەسەرەتاوە شکستیان هێناوەو کەوتوون… ئەوەی ئێمە لەودا خۆشمان دەوێت؛ ئەو ڕکەیەتی بۆ خەڵکی.. توندو تیژییەتی.. چەشنی بینینیەتی بۆ دنیایەکی تاوانبار} -٧-

———————————–

سەرچاوەکان:
١-لاپەڕە١٥٣ /وەهم و شوناس/یوسف عزەدین/ چاپخانەی یاد/سلێمانی ٢٠١٢
٢- https://kitabat.com/2013/05/21/%D8%BA%D9%88%D8%BA%D9%88%D9%84-%D9%88%D8%A8%D9%88%D8%B4%D9%83%D9%8A%D9%86/
٣- هەمان سەرچاوەی پێشوو
٤- المعطف و الانف/ ترجمة الدکتور محمد الخزاعی/بحرین ٢٠١٣
٥- https:/www.facebook.com/jawdat.heshyar
٦- هەمان سەرچاوەی پێشوو
٧- لاپەڕە ١٥٤/ وەهم و شوناس/ چاپخانەی یاد/٢٠١٢
سەرنج: لەئەدەب و هونەری/ کوردستانی نوێ/ژ:٨٢٢٦/١٩/١١/٢٠٢٠بڵاوبۆتەوە.
E.mail/izadyusf@gamil.com




(کارینا)، رۆمانی دەستنوسە خوێناوییەکان! .. هێرش رەسوڵ

هەرچەند دەرفەتم زۆر کەم بو، بەڵام هەرچۆنێک بو، لە چەند مانگی رابردودا و لەگەڵ بڵاوبونەوەی ئەلیکترۆنییدا، توانیم نوێترین رۆمانی (نیهاد جامی) بخوێنمەوە.
نیهاد پتر وەک نوسەر و شانۆکار و رەخنەگری شانۆیی ناسراوە، بەڵام ماوەی چەند ساڵێکە کار لە نوسینی چیرۆک و نۆڤلێت و رۆمانیش دەکات.
ئەم کارە تازەیەی ناونیشانی (کارینا)ـی هەڵگرتوە. کارینا بەپێی ئەندێشەسازیی رۆماننوس یەکێکە لە ئەندامانی (بنەماڵەی خەیاڵ). کچێکە، لە دایک و باوکییەوە بە خەیاڵ دەژی، بە خەیاڵ بیردەکاتەوە، بە خەیاڵ رەفتاردەکا و، دەیەوێت هەر بەو خەیاڵەوە ئایندەی خۆی بنەخشێنێت.
ئیشی من نیە لەم کورتەنوسینەدا، چیرۆک یان چیرۆکگەلی نێو رۆمانەکە بگێڕمەوە و روداو و کەسێتییەکانی ئاشکرابکەم، هێندەی دەمەوێ تەنها وەک خوێنەرێک هەست و بینینی خۆم بە کورتیی بخەمەڕو.
سەرەتا، نایشارمەوە هەم چێژم لە خوێندنەوەی (کارینا) وەرگرت، هەم قوڵییم لێ رەچاوکرد.
پەیکەری رۆمانەکە بریتییە لە سێ کتێب لەناو کتێبێکدا، هەریەکەیان گێڕەڕەوەی خۆی هەیە، پاشان هەمایان لە هێڵێکی چیرۆکئامێزدا یەکدەگرنەوە. وەکچۆن کەسێتیی راستینەی رۆماننوسیش (نیهاد) لە کۆتاییدا یەکێکە لەوان.
گێڕانەوە لە (کارینا)ـدا زیاتر بە زمانی کەسی یەکەم و کەسی سێیەمە، کەوا لەلایەن کارەکتەرە سەرەکیی و لاوەکییەکانەوە چیرۆکە جیاوازەکان نمایشدەکرێن.
تەکنیکەکەیشی جادوەواقیعیی (ریالیزمی سیحری)ـیە و شێوازێکی جوان و سەرنجبەرە.
بۆ لایەنی زمانەوانیی، رێنوس و خاڵبەندیی هەست بە جۆرێک لە پەلە دەکرێت، چونکە هەندێ هەڵەی تێدایە، بەڵام کەمیان هەڵەی گەورە و ماناگۆڕن.
ناکرێ من لێرەدا ناوەرۆکی رۆمانەکە بخەمەڕو، بەڵام تەنها دەمەوێ هێندە بڵێم؛ (کارینا) رۆمانی دەستنوسە خوێناوییەکانە، دەفتەری نەخوێنراوەی نەوەی ئازاردراو و بێئومێدی دوای راپەڕینی ۱۹۹۱ـە، یاداشتی رۆژنامەنوسە گەنجە تێرۆرکراوەکانە.
تەوەری رۆمانەکە، تەنها لە دەوری بابەتی سیاسیی ناخولێتەوە، بەڵکو لایەنی ئابوریی، کۆمەڵایەتیی، کەلتوریی_یش دەگرێتەخۆ.
چیرۆکەکانی نێو (کارینا) پڕن لە فڕین و ونبون، سەرڕێژن لە کوشتنی هیوا، بێهودەیی، گەمژاندن، لەسەر دەستی نەوەی دوەمی سیاسەت لەم نیشتمانەدا.
بەو هیوایەی، (کارینا) تەنها لەنێو جاڵجاڵۆکەتۆڕی جیهانییدا نەمێنێتەوە و بە کاغەزییش چاپکرێ و بکەوێتە نێو رەفەی کتێبخانەکانیش.

سەرکەوتن و بەردەوامیی بۆ نیهاد جامی.




خه‌ونه‌كانی كه‌ژاڵ ڕۆمانێك له‌ فۆڕمی وتاردا! .. سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی

ساڵانێكه‌ وه‌ك خوێنه‌رێك، به‌ تاسه‌وه‌ ڕۆمان ده‌خوێنمه‌وه‌.به‌ تایبه‌تیش ئه‌وانه‌ی نووسه‌ره‌كانیان ده‌سپێكی نووسینیانه‌ له‌وبواره‌. خوێندنه‌وه‌ی ڕۆمان وه‌ك ژانرێكی ئه‌ده‌بی بۆ من له‌ دوو ڕوانگه‌وه‌یه‌. یه‌كه‌میان چێژ وه‌رگرتن و خوێندنه‌وه‌ی تێكستێكی ئه‌ده‌بییه‌، ئه‌وه‌ی تریان به‌ مه‌به‌ستی ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی زمانه‌كه‌م وئاشنابوونی زیاتره‌ به‌ زمانی كوردی كه‌ ده‌بێ ڕۆماننووس شاره‌زایه‌كی ووردو زۆری لێ هه‌بێت. چونكه‌ زانینی زمان و شێوه‌ی داڕشتن و گوزارشتكرن، ئه‌لف و بێی نووسینی ڕۆمانه‌. هه‌ركه‌سێك توانای به‌ سه‌ر زماندا نه‌شكێت، باشتر وایه‌ ڕۆمان نه‌نووسێت.ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجه‌ لام، له‌ میانه‌ی ئه‌زموونی خۆم وه‌ك خوێنه‌رێك له‌ بواری خوێندنه‌وه‌ی ڕۆماندا، تا ئه‌ندازه‌یه‌كی زۆر گه‌یشتوومه‌ته‌ ئه‌و بڕوایه‌ی كه‌ به‌شێكی زۆری ئه‌وانه‌ی خۆیان به‌ نووسینی ڕۆمانه‌وه‌ سه‌رقاڵكردووه‌(نه‌ك ڕۆماننووسن) شاره‌زایه‌كی ئه‌وتۆیان له‌ زمانی كوردی نییه‌. نازانن چۆن چه‌مك وده‌سته‌واژه‌ و ده‌ربڕین و گوزارشته‌ زمانه‌وانییه‌كان، له‌ بونیادی زماندا به‌رجه‌سته‌ بكه‌ن. بۆیه‌ ده‌كه‌ونه‌ هه‌ڵه‌ی سه‌یره‌وه‌ كه‌ خۆشیان هه‌ستی پێ ناكه‌ن. گه‌رچی ئه‌و نووسه‌رانه‌ هه‌وڵده‌ده‌ن له‌ ڕێگه‌ی فه‌نتازیای نووسین و زمانێكی په‌خشان ئامێز، جۆرێك له‌ ئستاتیكا به‌ وشه‌كان بده‌ن تاكو سه‌رنجی خوێنه‌ر ڕابكێشن. به‌ڵام كاتێ ده‌چینه‌ قووڵایی وشه‌ و ماناكان، ئیدی ده‌سته‌پاچه‌یی ئه‌وانمان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت. ئه‌م كاره‌م وه‌ك ئه‌وه‌ دێته‌ به‌رچاو كه‌ خانووێكی له‌ قوڕ دروست كراو، به‌ بۆیه‌یه‌كی جوان بڕازێنییه‌وه‌. خاڵێكی دیكه‌یان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌شێكی زۆر له‌وانه‌ی به‌ خه‌یاڵی خۆیان ڕۆمان ده‌نووسن، تووشی كاوێژكردنه‌وه‌ی وشه‌ و درێژدادڕیی و دووباره‌بوونه‌وه‌ی وێنه‌كان ده‌بن.

بابه‌تی به‌شێكی زۆر له‌و جۆره‌ ڕۆمانانه‌، ده‌كرێ پوخت و چڕوكورت بكرێته‌وه‌ له‌ چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه‌كی كه‌م. یاخود ئه‌وه‌ی ڕۆماننووس به‌و هه‌موو نووسینه‌وه‌یه‌وه‌ گوتویه‌تیی، ده‌توانرێت كورت بكرێته‌وه‌ بۆ چیڕۆكێكی زۆركورت. نموونه‌ی به‌رجه‌سته‌ له‌م ڕووه‌وه‌ زۆرن گه‌رخوێنه‌ر مه‌به‌ستی بێت ئاماژه‌یان پێ بدات. له‌و ڕوانگه‌یه‌وه‌ یه‌كێك له‌و ڕۆمانانه‌ی له‌ زۆرلایه‌نی زمانییه‌وه‌ هه‌ڵه‌ و كێماسی هه‌بوو ڕۆمانی(خه‌ونه‌كانی كه‌ژاڵ)ه‌. ئه‌م ڕۆمانه‌، سه‌رگوزشته‌ی ژنێكی كوردمان بۆ ده‌گێڕێته‌وه‌ كه‌ ناوی(كه‌ژال)ه‌ و له‌كه‌نه‌دا ده‌ژیت. كه‌ژاڵ، دوای ئه‌وه‌ی به‌ خۆشه‌ویستی شوو به‌ كامه‌رانی هونه‌رمه‌ند ده‌كات، له‌گه‌ڵیشیدا ده‌چێته‌ كه‌نه‌داو له‌وێ ده‌ژیت. دوای ماوه‌یه‌ك ناتوانن وه‌ك دوو هاوسه‌ر به‌ یه‌كه‌وه‌ بژین، بۆیه‌ كه‌ژاڵ لێی جیا ده‌بێته‌وه‌ و ئه‌مجاره‌یان شوو به‌ كوردێكی ڕۆژهه‌ڵات ده‌كات به‌ ناوی ئومێد، له‌ویش جیا ده‌بێته‌وه‌و ئه‌مجاره‌یان شوو به‌ كه‌سێكی دیكه‌ ده‌كات به‌ ناوی عه‌باس. كه‌ژاڵ له‌ گه‌ڕانه‌وه‌یه‌كی دا بۆ كه‌ركوك عه‌باس ده‌ناسێت و ئه‌ڵقه‌ی ده‌زگیرانی ده‌گۆڕنه‌وه‌، به‌ڵام له‌ویش جیا ده‌بێته‌وه‌.

كااره‌كته‌ری ڕۆمانه‌كه‌، به‌درێژایی ئه‌و ماوه‌یه‌ی له‌ ژیانی خێزانی دابووه‌، به‌ نهێنیش مامۆستا به‌ ختیاری خۆشویستووه‌ كه‌ چه‌ند ساڵێك له‌ خۆی گه‌وره‌ترو هاوكات هاوسه‌ر و منداڵیشی هه‌یه‌. واتا لێره‌دا ڕۆماننووس، ناڕاسته‌وخۆ ڕه‌وایه‌تی به‌وه‌ ده‌دات، كه‌ كاتێ كه‌سێك له‌ ژیانی تایبه‌تی و خێزانداری خۆیدایه‌، ده‌كرێ به‌ نهێنیش كه‌سێكی دیكه‌ی خۆشبوێت و ناپاكی له‌ هاوسه‌ركه‌ی بكات. له‌ كاتێكدا ئه‌م جۆره‌ په‌یوه‌ندییانه‌، یه‌كێكن له‌ گه‌وره‌ترین ئه‌و گرفته‌ كۆمه‌ڵایه‌تی و كه‌سی و خێزانی و په‌روه‌رده‌ییانه‌ی، سه‌رچاوه‌ی سه‌دان ڕووداوی دڵته‌زێن و تراژیدین له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا، كه‌ زۆرینه‌یان سه‌رده‌كێشن بۆ كوشتن و خوێنڕشتنی مرۆڤ. ئه‌م جۆره‌ تیمانه‌ له‌ نووسینی ڕۆماندا، وه‌ك بابه‌تێكی سواوی لێهاتووه‌ و هه‌میشه‌ ده‌كرێنه‌ كه‌رسته‌ی نووسینی به‌ ناو ڕۆمانی بێ مانا و ته‌نانه‌ت هه‌ندێكییان له‌ په‌راوێزییه‌وه‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی خۆشیان ده‌ده‌ن. هیچ داهێنانێك له‌وه‌دانییه‌، نووسه‌رێك بابه‌تێكی سواو بكاته‌ كه‌رسته‌ی نووسینی ڕۆمانێك. وێرای ئه‌مه‌ش له‌ ڕۆمانه‌كه‌دا، خوێنه‌ر به‌ر چه‌ندین هه‌ڵه‌ی زه‌ق له‌ ڕووی زمان و ده‌ربڕینه‌وه‌ ده‌كه‌وێت كه‌ لێره‌دا ئاماژه‌یان پێ ده‌ده‌ین:_

  • لا-14 -نووسیویه‌تی:_(ستۆدیۆی نیگار كێشان). نووسه‌ری ڕۆمانه‌كه‌ (ستۆدیۆ)و(مه‌رسه‌م)ی له‌یه‌كتر جیا نه‌كردۆته‌وه‌، وا ده‌زانێت هه‌ردووكییان هه‌مان مانایان هه‌یه‌. ستۆدیۆ بۆ تۆماركردنه‌ (مه‌رسه‌م) كه‌ به‌ كوردی (نیگارخان) ه‌ی پێ ده‌گوترێت، شوێنی وێنه‌ كێشانه‌.
  • لا 14_نووسیویه‌تی:_(كامه‌ران كه‌سێكی قرچۆك و چاوچنۆك بوو، نرخی كراس و پێلاوه‌كه‌ی له‌ سه‌رووی هه‌زار دۆلاربوو). سه‌یرم پێدێت كه‌سێك ڕۆمان بنووسێت و خۆی پێ ڕۆماننووس بێت، به‌ڵام هه‌ڵه‌ی وه‌ها كۆمێدی بكات. ئاخر كه‌سێك قرچۆك بێت، چۆن پۆشاكی گران به‌های به‌و نرخه‌ ده‌پۆشێت؟!.
  • لا14 نووسیویه‌تی:(به‌ فیكه‌ لێدان ته‌ماشای تابلۆیه‌كانم كرد). ئه‌گه‌ر بینه‌رێك ته‌ماشای تابلۆیه‌ك بكات، لێی ڕاده‌مێنێت و چێژی لێ وه‌رده‌گرێت، یاخود فیكه‌ی بۆ لێ ئه‌دات؟ ئه‌مه‌ با ڕۆماننووسی وه‌ڵامان بداته‌وه‌؟.
  • لا28_نووسیویه‌تی:_( ئومێد ده‌ڵێ هه‌فته‌ی داهاتوو ده‌چمه‌ حه‌ج) نووسه‌ری ڕۆمانه‌كه‌ واده‌زانێت (حه‌جكردنیش) وه‌ك(عه‌مره‌)یه‌، هه‌ر كاتێك مرۆڤ ئاره‌زووی كرد ده‌توانێت بچێت!؟.
  • لا42-نووسیویه‌تی:_(كه‌ژاڵ قونكی جگه‌ره‌كه‌ی خسته‌ ژێر پێی و پانیكرده‌وه‌). نووسه‌ری ڕۆمان واده‌زانێت وڵاتی كه‌نه‌داش كوردستانه‌، خه‌ڵك به‌ ئاره‌زووی خۆی ژینگه‌ پیس بكات.!
  • لا 65-نووسیویه‌تی:_( پیره‌مێردێكی جوو، خه‌ونه‌كه‌ی بۆ شیكردمه‌وه‌). بنووسی ڕۆمانه‌كه‌ وا ده‌زانێت جووه‌كانیش وه‌ك موسڵمانه‌كان، باوه‌ریان به‌ خه‌ون بینین هه‌یه‌! یه‌كه‌مجاره‌، ئه‌مه‌ ده‌بیستم. دواتر خه‌ون لێك ده‌درێته‌وه‌ شیناكرێته‌وه‌ بۆ زانیاریی نووسه‌ری ڕۆمانه‌كه‌.)!.
  • لا 66_:_(به‌ختیار به‌ نیلۆفه‌ر ده‌ڵێت، ئه‌م جوجكه‌یه‌ كوڕه‌، یان كچ). نووسه‌ری ڕۆمان، واده‌زانێت ژنیش وه‌ك مریشك هێلكه‌ هه‌ڵدێنی و (كورك) ده‌بێت، ده‌نا چۆن به‌ منداڵی ده‌گوت جوجكه‌!؟.
  • لا81-نووسیویه‌تی:_(به‌ پێی شه‌ریعه‌ت، ئه‌گه‌ر ژن و مێرد تا ساڵێك به‌ یه‌كه‌وه‌ نه‌بوون، هاوسه‌رگیرییه‌كه‌یان هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌). نازانم نووسه‌ری ڕۆمان، ئه‌م شه‌ریعه‌ته‌ی له‌كوێ هێناوه‌؟ ئه‌مه‌یه‌ كۆمێدیای به‌شێك له‌ به‌ ناو ڕۆماننووسانی ئێمه‌، كه‌ له‌ هیچ بوارێك شاره‌زانین و قسه‌شی له‌ باره‌وه‌ ده‌كه‌ن. چونكه‌ نووسه‌ری ڕۆمان ده‌بێ بزانێت، له‌ ئیسلامدا، هیچ هاوسه‌رگیرییه‌ك دوای ساڵێك به‌ تاڵ نابێت، بگره‌ هه‌ر هه‌ڵناوه‌شێته‌وه‌، تاكو به‌ته‌ڵاق كۆتایی نێت.).
  • لا93نووسیویه‌تی:_(ژن به‌ سه‌ماواره‌وه‌ جوانه‌). سه‌یری ئه‌و دیده‌ خێڵه‌كییه‌ بكه‌ن بۆ ژن!.
  • لا142نووسیویه‌تی:_(نیو چاره‌گه‌ سعات وه‌رزشم كرد). له‌ڕاستیدا، نیو چاره‌گ عه‌ره‌قم بیستووه‌، به‌ڵام نیو چاره‌گ كاتم نه‌بیستووه‌ !.
  • لا148 نووسیویه‌تی:_(كه‌ژال به‌ به‌ختییار ده‌ڵێت: تۆسه‌گی و من پشیله‌).
  • لا 168(دوای ئه‌وه‌ی به‌ختیار به‌ هۆی ڕووداوی ئوتومبێله‌وه‌ ده‌كه‌وێته‌ حاڵه‌تی كۆماو بێ هۆشییه‌وه‌، كه‌ژاڵ ده‌ڵێت:_ (هیدفۆنی مۆبایله‌كه‌م خسته‌ گوێی به‌ختیارو ئه‌ویش گوێی له‌ گۆرانی ئێمه‌ گیانێكین له‌ دوو جه‌سته‌ دا ده‌گرت). نازانم كه‌سێك له‌ دۆخی غه‌یبوبو دابێت، چۆن ده‌توانێت گوێ له‌ گۆرانی رابگرێت.
    خاڵێكی دیكه‌ كه‌ به‌پێویستی ده‌زانم ئاماژه‌ی پێ بده‌م ئه‌وه‌یه‌، كه‌ نووسه‌ری ڕۆمانه‌كه‌، هاوشێوه‌ی ده‌یانی تر كه‌وتۆته‌ هه‌ڵه‌ی دیاریكردنی ڕۆڵی كاره‌كته‌ره‌كان و پاشخانی هزریی و په‌روه‌رده‌ییان. به‌و مانایه‌ی، گه‌رچی ڕووداوه‌كان له‌ وڵاتی كه‌نه‌دا ڕووده‌ده‌ن و بنه‌ماڵه‌ی به‌ختیاریش زیاتر له‌ بیست ساڵه‌ له‌و وڵاته‌ ده‌ژین، وه‌لێ هێشتا وه‌ك خێزانێكی داخراوی ڕۆژهه‌ڵاتی و میللی بیرده‌كه‌نه‌وه‌. بۆ نموونه‌:- به‌حتیار كه‌ كاره‌كته‌رێكی سه‌ره‌كی رۆمانه‌كه‌یه‌ و هه‌ندێ جار ڕۆڵی بگێڕه‌وه‌ی ڕووداوه‌كانیش ده‌بینێت، له‌ هه‌مان كاتدا نووسه‌رو مامۆستاشه‌، كه‌ چی زمانی ئه‌و كاره‌كته‌ره‌، له‌ زمانی كه‌سانی سه‌ر شه‌قام و بازاڕ ده‌چێت. به‌ختیار ده‌ڵێت:( با سیر بخوات و زوڕنا لێ بدات) یاخود (كه‌رایه‌تی به‌ری داوی). ئه‌م جۆره‌ له‌ زمانی ده‌ربڕین، له‌ زمانی كه‌سانی خێڵه‌كی و میللی ده‌چێت، نه‌ك زمانی نوووسه‌رێك و ئه‌و نووسه‌ره‌ش، بیست ساڵ له‌ كه‌نه‌دا ژیا بێت. سوقرات ده‌ڵێت:(قسه‌ بكه‌ تا بزانم كێی). بیرمان نه‌چێت، زمانی ده‌ربڕین و قسه‌ كردن، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی پاشخانی هزریی و كۆمه‌ڵایه‌تی مرۆڤه‌. چه‌ند، ئه‌و پاشخانه‌ ده‌وڵه‌مه‌ند بێت، ئه‌وه‌نده‌ش زمانی ده‌ربڕین بابه‌تی تر ده‌بێت.

    ئه‌و زمانه‌ی به‌ختیار و كامه‌ران و كه‌ژاڵ و هه‌موو كاره‌كته‌ره‌كانی دیكه‌ش كه‌ پێ ده‌دوێن، له‌ ڕاستیدا یه‌ك ناگرێته‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئاستی هوشیاریی و پێگه‌ی پیشه‌یی و كۆمه‌ڵایه‌تییان. به‌ تایبه‌تی كه‌ ئه‌و كاره‌كته‌رانه‌ له‌ كه‌نه‌دا ده‌ژین و هه‌مووشمان ده‌زانین ئه‌و وڵاته‌ و كوردستان له‌ ڕووی ڕێساكانی ژیانه‌وه‌ چه‌ند له‌ یه‌كتری دوورن. كه‌چی نووسه‌ری ڕۆمانه‌كه‌، هه‌روا ده‌زانێت له‌ كوردستانه‌، ئه‌وها جله‌وی بۆ ڕووداوه‌كان شل كردووه‌. سه‌یرم پێدێت كه‌سێك نووسه‌ر بێت و بیست ساڵیش له‌ كه‌نه‌دا ژیا بێت و كه‌چی زمانی ئاخاوتنی وه‌ك زمانی مرۆڤه‌كانی نێو بازاڕ بێت. ئه‌مه‌ به‌ داخه‌وه‌ گرفتی به‌شێكی زۆری به‌ ناو ڕۆماننووسانی ئێمه‌یه‌، كه‌ نازانن چۆن ڕۆڵی كه‌سایه‌تی و كاره‌كته‌ره‌كان له‌ ڕۆماندا دیاری بكه‌ن.
    وێرای ئه‌مه‌ش، هه‌ر زمانی ڕۆمانه‌كه‌، به‌گشتی زمانێكی ساده‌، حیكایه‌ت ئامێز، بێ چێژو نا هونه‌رییه‌. خوێنه‌ر كه‌ ڕۆمانه‌كه‌ ده‌خوێنێته‌وه‌، وا هه‌ست ده‌كات وتارێكی ساده‌ی ڕۆژانه‌ ده‌خوێنێته‌وه‌، كه‌ گفتوگۆ و ده‌ربڕینه‌كانی هیچ به‌هایه‌كی مه‌عریفی و ئستاتیكییان نییه‌. دواتر بیكاته‌ بابه‌تی به‌ ناو ڕۆمانێك و ده‌زگاكانی چاپیش له‌ پای هه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كه‌وه‌ بێت، بۆی چاپ بكه‌ن هه‌ر له‌ ڕۆمانه‌كه‌دا، ئه‌وه‌نده‌ هه‌ڵه‌ی چاپ هه‌ن، كه‌ واتای هه‌موو وشه‌كانییان شێواندووه‌.ئه‌گه‌ر خوێنه‌ر وردبین نه‌بێت، نازانێت ئه‌و وشه‌ی نووسراوه‌ مانای چییه‌. هه‌ر بۆ نموونه‌ پیتی(گ) له‌ كاتی تایپكردنه‌وه‌، به‌ هه‌موو وشه‌كانه‌وه‌ نووساوه‌. هیوادارم به‌شێك له‌ ده‌زگا ڕاگه‌یاندنه‌كانی ئێمه‌، بزانن ڕۆمان نووسین هونه‌ره‌، مه‌رج نییه‌ ئه‌وه‌ی تیمه‌یه‌كی له‌ خه‌یاڵ دابوو، به‌ شان و باڵی ده‌قه‌كه‌ و نووسه‌ره‌كه‌شی هه‌ڵبده‌ن و ئه‌وانیش چه‌ندین ده‌قی دیكه‌ی له‌و شێوه‌یه‌ چاپ و بڵاو بكه‌نه‌وه‌. ئه‌م جۆره‌ بنووسانه‌، له‌ ڕاستیدا وه‌ك مه‌له‌وانێكی نه‌زان وان له‌ ده‌ریایه‌كی قووڵدا. ئه‌گه‌ركه‌سێك مه‌له‌وانی نه‌زانێت چی لێدێت؟ بێگومان ده‌خنكێ. زمانیش وایه‌، ئه‌گه‌ر نووسه‌ر شاره‌زای هه‌موو سووچێكی نه‌بوو، ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر گوزارشت وده‌ربڕیندا نه‌شكا و ڕۆمانیشی نووسی، ئه‌وا وه‌ك مه‌له‌وانه‌ نه‌زانه‌كه‌ی لێدێت.

    —————————————-

*په‌راوێز: ڕۆمانی خه‌ونه‌كانی كه‌ژاڵ، نووسینی: جه‌بار قادر، بڵاوكردنه‌وه‌ی:كولتوور ژماره‌ 10 2020.

*ئه‌م بابه‌ته‌ له‌لاپه‌ڕه‌ی ئه‌ده‌بی ڕۆژنامه‌ی خه‌بات بڵاوكراوه‌ته‌وه‌…




دوانەی دەسەڵات و کەلتوری دژی ژن .. گۆناسعید و ئاسۆکمال

بەشێک لە وتاری هاوبەشی گۆناسعید و ئاسۆکمال بەبۆنەی ٢٥ نۆڤەمبەر ڕۆژی جیهانی بەرەنگاری دژی توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان

حزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان لە پاراستنی کەلتوری دژی ژندا دەتوانن سود و قازانجێکی مادی زۆر بەدەست بێنن، کە بەپێی بانکی جیهانی ١٤٪ ژنان لەسەر کارن.*١ ئەم ڕاپۆرتەی ٢٠١٩ ڕادەی بەشداری ژنانی کوردستان لە کاردا بە نزمترین ئاست دەزانێ لە جیهاندا. واتە ٨٦٪ ژنان بێکارن و ئەم ملێون ژنە بێکارەش دەبێ لەباری کۆمەڵایتیەوە لە دۆخێکدابن کە فرسەتی ناڕەزایەتیان بەم ژیانە سەختەیان نەبێ و داوای بیمەی بێکاری و بیمەی کۆمەڵایەتی نەکەن و لە ماڵەوە وەک ژنی بێکار خزمەتی خێزان و پیاو بکەن تاکو وەک ژنی ماڵەوە پێناسە بکرێن و هیچ بەرپرسیاریەتیەکی مادی و مافیاکیان لەلایەن حکومەتەوە بۆ حساب نەکرێ. هەربۆیە کەلتورێک کە دەتوانێ ژن بە ژێردەستەی پیاو و کەم بایەخ و سوک سەیر بکا دەبێتە مایەی قبوڵکردنی بێ مافی نیوەی کۆمەڵگەی کوردستان و بەمەش دەسەڵات لە ناڕەزایەتی نیوەی کۆمەڵگە ڕزگاری دەبێ. هەربۆیە دەبینین بودجەیەکی زۆر بۆ دەزگا ئیسلامیەکان سەرف دەکرێ تا هەڕۆژەی فەتوایەک دژی ژنان بدەن و هەوڵ دەدەن یاسای فرەژنی و دژی ژن زیاتر پەرەپێ بدەن.

بەڵام هۆکاری سەرەکی ئەوەی ئەم کەسانە دەتوانن بە ئاسانی لە کوردستاندا سوکایەتی بکەن بە ژنان ، جگە لە پشتیوانی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی بۆیان ، سەرچاوەکەی وا لە کەلتوری ڕەگداکوتاوی پیاوسالاری لە کۆمەڵگەی کوردستاندا، کە مێژوویەکی درێژتری هەیە لە دەسەڵاتی پارتی ویەکێتی و سەرهەڵدانی هێزە ئیسلامیەکان لە کوردستان .

شەریعەت و یاسا ئیسلامیەکان لەگەڵ کۆمەڵێک دابونەریت و بەهای پیاوسالارانە، پێگەی ژن و پیاوی لە نێو خێزاندا بە قازانجی سەرداری پیاو یەکلاکرۆدتەوە. ئەمەش لەباری کۆمەڵایەتیەوە تەواو قبوڵ کراوە نەک هەر لە لایەن پیاوەوە ، بەڵکو لە لایەن ژنانەوە لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی دەگوێزرێتەوە . ئەم سیستەمە کۆمەڵایەتیەی پیاوسالاری لە خێزاندا کەلتوری گشتی لە کۆمەڵگەدا پێک دێنێ. دەسەڵاتیش لەڕێگەی یاسا و ڕیساکانی بەڕیوەبەردن و دامودەزگای دینی فەرمیەوە هەمان سیستەمی پیاوسالاری لە کۆمەڵگەدا یاسایی دەکاتەوە.

ئەم سێ کوچکەی پیاوسالاری و دەسەڵات و دین، هەمویان بونەتە ئەو زەمینە کۆمەڵایەتی و یاساییە و ئەو داب ونەریتە خێڵەکی و دژی ژنە جێکەوتوە لە کۆمەڵگەدا، کە گوتاری ئەمڕۆی ئیسلامی سیاسی ومەلاکان لە ئەساسەوە پشتیان پێ بەستووە . ئەمەش بوەتە ئەو کەلتور و فەرهەنگ و زانیاریانەی کە زۆربەی کۆمەڵگە هەیانە دەربارەی ژن ، وە تا ئەمڕۆ نەک بەردەوامە ، بەڵکو هێزی بەبەردا دەکرێتەوە و زیندوو دەکرێتەوە . مانەوەی ئەم کەلتورە دواکەتوانە لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا فرسەتی بە هەندێ مەلای کۆنەپەرست و ئیسلامی سیاسی و دەسەڵاتیش داوە کە هێرش و سوکایەتی بۆسەرژنان بکەنە کارێکی ئاسایی، کە ڕۆژانە لە کۆمەڵگەدا دژ بەژنان دەکرێ.

ئەم کەلتوورە گشتی یە جگە لەوەی کە لەبەرژەوەندی پایە و دەسەڵاتی تاکی پیاوە بەگشتی ، کاریگەری خۆی لەسەر تاکی ژنیش داناوە . بە پێی ئەم بەها گشتیە کە دانراوە بۆ ژن ، باشترین نمونەی ژن دایکێکە کە ژنی ماڵەوەیە و خزمەت بەهەموو خێزان دەکات ، دایکێکە کە مێردی نەماوە دانیشتوە بە دیار مندالەکانیەوە بۆ خزمەتکردن پێیان ، ژنێکە کە بێ دەنگە شەرمنە و قسە لە قسەی پیاودا ناکات و ..هتد . ئەم جۆرە لە ژیان تەواو بە دڵی دەزگا دینیەکانە و بە دڵی دەسەلاتیشيە .
سەرمایەداری ژنانی ڕاپێچی کارکردن لەدەرەوە کردوە و لە ماڵ دەری هێناون. بەڵام هێشتا ئاستی هوشیاری بە مافەکانیان و بە بەها کۆمەڵایەتیەکان لە ئاستێکی کەمدایە. هاوکات دەسەڵاتی سیستەمی پیاوسالاری خێزان و سیستەمی عەشیرەتی و میلیشیایی حکومەت و دەسەڵاتی دین بەسەر یاسا و بەڕیوەبردن و ژیانی گشتیدا هێشتا بەهێزە و زاڵە لە کۆمەڵگەدا.
بەڵام ئەو گۆرانکاریانەی بەسەر پێگەی سیاسی وئابووری راستەقینەی ژندا هاتوە لە کۆمەڵگای کوردستاندا، پێچەوانەی خواست و ئارەزووی دەزگای دینی و ئەو نۆرمە کۆمەڵایەتیانەیە کە خوازیاریەتی ، و بەشێکی زۆر لە ژنان پابەند نیین بەو بەهایانە و بە شایەنی خۆیان نازانن ، بەڵکو هەوڵ بۆ ڕێزگرتن لە مافەکانیان دەدەن . کێشەکە لێرەوە دەست پێ دەکات .
ژنان بە هۆی هاتنە مەیدانی کار و فشاری بێکاریەوە دەستیان داوەتە کارکردن لە مەیدانی جۆراوجۆری کۆمەڵگەدا.هاوکات گۆڕان بەسەر کەلتوری کۆمەڵگەدا هاتوە بە هۆی گەورەبونی خێرای شارە گەورەکانیشدا لەئاکامی زیادبونی لەڕادەبەدەری دانیشتوان و دەست ڕاگەیشتنی هەموان بە ئەنتەرنێت و سۆشیال میدیا. ئەم دۆخە تازەیە هوشیاریەکی گلۆباڵی سەبارەت بە ژیانی مۆدێرن دروستکردوە، کە ئیتر ئەو کەلتور و دابونەریتە کۆنانە بونەتە ڕێگر وچیتر ژنان ئەو کەلتورە کۆنە قبوڵ ناکەن و ڕوبەڕوی دەبنەوە.




مێژووی خوێناویی سوپای عێراق لە فەرمانڕەوایی شا فەیسەڵەوە تا نوری مالیکی

نووسین و ئەنالیز: ستیڤان شەمزینی
سوێد

شاراوە نییە لە هیچ کەسێک ئەگەر بۆ یەک رۆژیش لە عێراقدا ژیابێت، سوپا رۆڵێکی بنەڕەتیی و سەرەکیی بینیوە لە نەخشاندنی وێنەی سیاسیی و فەرمانڕەوایی و سەقامگیرکردنی پایەکانی دەسەڵات. لە ماوەی زیاتر لە هەشتا ساڵدا سوپا میکانیزمێکی هەرە کاریگەری دەستی فەرمانڕەوایان بووە لە عێراقدا بۆ سەرکوت و دامرکاندنەوەی هەموو دەنگێکی ناڕازی یان خوازیاری گۆڕان و دەستاودەستکردنی دەسەڵاتی سیاسیی، بە قەبارەی ئەوەش سوپا بۆ هێزە بەرهەڵستکار و قەدەغەکراوەکان میکانیزمێکی ئێجگار هەستەوەر بووە، بە تایبەت بۆ بەکارهێنانی لە کودەتای سەربازییدا، ئەگەرچی کودەتای سەربازیی تەنیا دیاردەیەکی تایبەت نییە بە عێراق و هەر لێرە رووینەداوە، بەڵام دەبێت بڕوایەکی کۆنکرێتی بەو بهێنین کودەتا تەنێ لەو جێگە و جوگرافیا و سەرزەمینانەدا روودەدات، هەموو رێگاکانی ئاشتیی و دیموکراتی تیایاندا کڵۆمدراون بە مەبەستی ئاڵوگۆڕی دەسەڵاتی سیاسیی. بە کورتییەکەی کودەتا سەربازییەکان تەنێ لەو شوێنانە روودەدەن حوکمێکی زۆرەملێ و دیکتاتۆرانەیان تێدا هەیە، ئەگەرنا لە هەر جێگەیەک دیموکراسی هەبێت، ئامڕاز و رێوشوێنی ئاشتیخوازانەش هەن بۆ پرۆسەی دەستاودەستکردنی دەسەڵات.
هەشتا ساڵ لە عێراقدا سوپا تەنیا رۆڵێکی ترسناک و دژی بەرژەوەندیی تەنانەت هاووڵاتیانی ناوخۆی وڵاتیشی گێڕاوە، چوونکە ئەو سوپایە هەموو جەنگێکی دۆڕاندبوو جگە لە جەنگی سەرکوتکردنی هەر “نا”یەکی ناوخۆیی، جگە لە گۆڕی بە کۆمەڵ و کوشتنی هاووڵاتیانی بێتاوانی ناوخۆ لە هەموو پێکهاتە جیاوازەکان شتێکی تۆمار نەکردووە بە سەروەریی یان بە شانازیی بۆی بنووسرێتەوە لە دیرۆکی تایبەتیی خۆیدا. ئەگەرچی سوپای عێراق لە سەرەتاوە بۆ داکۆکیی لە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان و پاراستنی سوود و قازانجی گشتیی عێراقییەکان هێنرایە سەر شانۆی ژیان، بەڵام بێگومان بەرژەوەندیی باڵای عێراق لە یەکپارچەییدا بوو، ئەمەش بەهەموو شێوەیەک بە کارەسات بۆ کورد تەواو دەبوو، بینیشمان هەروا بوو بە کارەساتی گەورە بۆ کورد لە باشووری کوردستان تەواو بوو. جیا لەمەش سروشتی کۆمەڵگەی عێراقیی و هاتنە سەر شانۆی سیاسیی چەند گروهێکی دیکتاتۆر و تاکڕەهەند هەر زۆر زوو ئەو خەونەی بە گۆڕ سپارد کە خوازیار بوو سوپای عێراق ببێتە سوپایەکی بەهێز، داکۆکیی لە ژیان و قازانجی سەرجەم عێراقییەکان بکات، بە پێچەوانەوە لەبری ئەوەی سوپا بچێتە خزمەتی مرۆڤەکانەوە، بەداخەوە ملیۆنەها عێراقیی بە رێگەی جۆراوجۆر بوونە قوربانیی خەونی دزێوی سوپایەکی بەهێز، بە تایبەت لە رۆژانی رەشی حکومڕانیی دیکتاتۆری مەزن “سەدام حسێن”دا.

مێژووی عێراق یان مێژووی جیاوازیی و یەکترسڕینەوە؟

لە بەرەبەیانی مێژووەوە ئەو جێگەیەی ئێستا بەعێراق دەناسرێتەوە “میسۆپۆتامیا” ئاوەدانیی بووە، ئەمەش بەهۆی بەپیتیی خاکەکەی و هەبوونی ژێدەرێکی زۆری ئاوەوە. هەر لەگەڵ ئەو مێژووەدا ناکۆکیی و شەڕ و ئاژاوە بەشێکی دانەبڕاو بووە لە دیرۆکی سەر ئەم جوگرافیایە. بە هەڵدانەوەی لاپەڕەکانی مێژووی دێرینی بەر لە هەزاران ساڵی پێش زایین، ئەم راستییە بە ئاشکرا دەبینین: ناوچەکە بەشێوەیەکی گشتیی و میسۆپۆتامیا بە تایبەتیی ناوچەی نائارام و پڕ لە ئاژاوە و کێشمەکێش بووە، هەر لە سۆمەرییەکانەوە تا دەگاتە ئاکادیی و حیسیی و ئاسووری و بابلی و کلدانی و دەسەڵاتی فارسەکان، ئەو سەرزەمینەی ئەمڕۆ پێیدەوترێت عێراق، گۆڕەپانی سەختترین ململانێی توندوتیژ و شەڕ و کوشتاری بێ بەزەییانە بووە. لە مێژووی دواتریشدا و لە سەردەمی فتوحاتی ئیسلامییەوە تا دەگاتە دوا رۆژەکانی خەلافەتی عەبباسیی و هەرەسهێنانیان لەسەر دەستی مەغۆلەکان، ئەوە نەک پشوویەک بەدی ناکەین، بەڵکو ئەوەی زیاتر لە هەر شتێکی دیکە لەم ماوە مێژووییەدا دەیبینین خوێن و ئازارە، ئەگەر حەججاجی کوڕی یوسفی سەقەفی نموونەیەکی توندوتیژ یان سەدامێکی سەروەختی خۆی بووبێت، ئەوە ئەو هەموو شەڕو کوشتارەی لە نێوخۆی موسڵمانە ئەمەویی و عەبباسییەکاندا روویدا شتێکی کەمتر نییە لەوەی لە مێژووی نوێدا هەستی پێدەکەین و دەیزانین.
جا لە کارەساتە خوێناوییەکانی بزووتنەوە هەڵگەڕاوەکان لە خەلافەت بگەڕێ، چوونکە سوورکردنی دیجلە لە خوێندا لەلایەن مەغۆلەکانەوە بە سەرۆکایەتی هۆلاکۆ رووداوێکی خوێناویی ئەوەندە گەورەیە تا مێژوو هەیە لە بیر ناچێتەوە. ئەگەر چاوێکیش بە قۆناغەکانی دواتر و دیرۆکی عوسمانییەکان هەتا داگیرکاریی ئینگلیزەکاندا بخێشێنین ئەوە دیسان ماوەیەک نابینین پشوویەکی تێدا بێت لە خوێنڕشتن و کاولکاریی و یەکتر سڕینەوە. بێگومانیش داگیرکاریی نوێی ئینگلیزەکان لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا بێ شەڕ و خوێنڕێژیی و کاولکاریی نەبوو. هەروەک چۆن مل پێ کەچکردنی کورد بۆ هەڵبژاردنی عێراقێکی عەرەبیی، بێ ژان و سەرئێشە و کاولکاریی و شەڕ نەبوو. ئەگەر لەهەموو ئەم کارەساتانە ورد بینەوە، راستییەکی رەها و روون هەیە، ئەوەی ئەم مێژووەی وەها پڕ کردووە لە خوێن، تەنیا و تەنیا هێز و لەشکر بووە، بۆیەکا ناماقووڵ نییە بڵێین لەوەتی عێراق هەیە “مەبەستمان لەو جوگرافیایە ئێستا پێیدەوترێ عێراق” ئەوەندەی لەشکر و خاوەن لەشکران رۆڵیان تێدا گێڕاوە هیچ شت و کەسی تر تا هەنووکەش نەیتوانیوە نیوەی ئەوە، رۆڵ ئەدا بکات. لە قۆناغی نوێدا وەختێک لە ژێر سایەی حکوومەتی ئینگلیز دەوڵەتی عێراق دروستدەکرێت و سوپایەکی قانوونی بۆ دادەمەزرێنێت ئیدی بەرە بەرە سوپا رێگەی زیاتری پێدەدرێت دەور لە هاوکێشە سیاسییەکاندا ببینێت، تا دواجار بارودۆخەکە بە جێگەیەک گەیشت سوپا لە عێراقدا کارەساتێکی گەورەی مرۆیی نایەوە، کارەساتێک لە دوای هۆلۆکۆستەوە لە وێنەی نییە لە تەواوی سەدەی بیستەمدا.

مێژووی دامەزراندنی سوپای عێراق

بڕانەوەی یەکەم جەنگی جیهانیی کە تێیدا هەردوو ئیمپریالیزمی فەڕەنسیی– بەریتانیی سەرکەوتن، جیهانی خستە بەردەم چەرخێکی تازەوە، کاریگەرییەکانی ئەو جەنگە بوونە هۆی سەرلەنوێ داڕشتنەوەی نەخشەی جیهان، ئیمپراتۆریای عوسمانلی “پیاوە نەخۆشەکە” لە ئەنجامی شەڕەوە تەواو شەکەت و لاواز ببوو، هەموو ئەو ناوچانەی لە دەستدابوو کەوتبوونە دەرەوەی تورکیای ئێستا. ئەم شکستەی عوسمانلییەکان هەلێکی زێڕینی دایە دەست هەردوو ئیمپریالیزمی براوەی جەنگ، بە ئاسانیی نەخشەی سیاسیی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گوێرەی بەرژەوەندییەکانی خۆیان دابڕێژنەوە. لەم نێوەندەدا حکوومەتی ئینگلتەرە لەسەر جەستەی هەر سێ ویلایەتی بەسرە، کوفە، موسڵ “پێشتر شارەزوو بوو” توانی دەوڵەتێکی نوێ دابمەزرێنێت بەنێوی “عێراق”. ئەگەرچی هەر لە سەرەتاوە ویلایەتی موسڵ یان راستتر بڵێین باشووری کوردستان کێشە و بیروڕای جیاوازی لەسەر بوو لەوەی بلکێنرێت بە عێراقەوە یاخۆ بە تورکیای نوێوە؟، بەڵام سەرەنجام دوا بڕیاری بەریتانیا- فەڕەنسا ئەوەبوو بخرێتە سەر عێراق بەتایبەت بەهۆی دۆزینەوەی نەوت، هاوکات بۆ زیاترکردنی رێژەی سووننە مەزهەب لە عێراقی تازە دروستبوودا.
بەریتانییەکان سەرەنجام عێراقی عەرەبییان دروستکرد و پادشایەکیان لەدەرەوەی عێراق هێنا بۆی، دەستووری تازەی عێراقیش بە هەموو جۆرێک عێراقی وەک وڵاتێک یان بەشێک لە نیشتمانی عەرەب دەناساند و نکۆڵیی لە هەبوونی هەر نەتەوە و گەلێکی دیکە دەکرد. لە ماددەی دووەمی دەستووری ساڵی 1925دا نووسراوە “عێراق دەوڵەتێکی سەربەخۆی ئازادە، بە هیچ جۆرێک خاکەکەی پەرت پەرت ناکرێت و دەست لە هیچ بەشێکی هەڵناگیرێ، حکوومەتەکەشی حکوومەتێکی پاشایەتی نیابییە”، بەڵام لە راستیدا حوکمی راستەقینە لە ژێر چنگی بەریتانیادا بوو، چوونکە هەتا ماوەیەکی زۆر دواتر، عێراق هەر لەژێر سایەی ئینتیدابی ئینگلیزییدا مایەوە. بەریتانییەکان خوازیاربوون عێراق بە گشتیی یەکەیەکی کارگێڕیی بێت و هەموو بەرژەوەندییەکانیان تێیدا پارێزراو بێت، دەسەڵاتی پادشایی دەیخواست بۆ داکۆکییکردن لە پەیکەری فەرمانڕەوایی شانشینەکەی هەموو رێگەکانی خۆی بەکاربهێنێت، لەم چوارچێوەدا بۆ دروستکردنی دامەزراوەکانی حکوومەتێکی پاشایی فەرمیی هەنگاوی پێکهێنانی سوپا بووە پێویستییەکی پلە یەک.
ئەگەرچی لە پێشتریشدا ئیدارەی ئینگلتەرە چەندین هێزی جیاجیای نافەرمییان لە جێگەکانی عێراق دروستکردبوو، بەڵام ئەوە وەڵامی پێویستییەکانی نەدەدایەوە، بە تایبەت لەو سەروەختەدا عێراق دەوڵەتێکی تازە دامەزراو بوو. بەریتانییەکان لە ساڵی 1915 بە دواوە هەوڵەکانیان خستەگەڕ بۆ پێکهێنانی ئەو هێزە نافەرمییانە. لەو نێوەندەدا “هێزی لیڤی” دروستکرا، ئەگەرچی سەرەتا ئەم هێزە تەنیا لە40 پیاو دروستکرا، بەڵام دواتر ژمارەی گەیشتە “6199” پیاو، ئەمە لە مانگی مایسی ساڵی 1922. ئامانجی ئەم سوپایە کە زۆرینەی لە ئاشوورییەکان پێکهاتبوو، بە پلەی یەکەم دژایەتیکردنی کورد و دەسەڵاتی شێخ مەحمودی مەلیکی کوردستان بوو، ئەگەرچی بەریتانیا خوازیار بوو لە زۆر پێناوی تردا بەکاریبهێنێت “1”. بەڵام هەوڵەکانی دامەزراندنی سوپایەکی فەرمیی مەشقپێکراو، تاوەکوو ببێتە سوپای دەوڵەت، بۆ کۆتاییەکانی ساڵی 1920 و سەرەتای ساڵی 1921 دەگەڕێتەوە.
بە پێی سەرچاوە مێژووییەکان هەنگاوی ئەفسەرە عێراقییەکان کە بەشێکی بەرچاویان کورد بوون، لەسەر دەستپێشخەریی بەریتانییەکان بووە. ئەوەبوو سەرەنجام (رۆژی 6-1-1921 لەسەر رۆخی رووباری دیجلە لە شاری بەغداد، کۆمەڵێک ئەفسەری عێراقیی، کە شارەزای تەواوی سوپا بوون و لەلایەن عوسمانلی و بەریتانییەکانەوە مەشقیان پێکرابوو، بە چاودێریی بەریتانیا و لە ماڵی عەبدولقادر ئەلخەزەیری کۆبوونەوە و بڕیاری دامەزراندنی سوپای عێراقیان دا. ئەو ئەفسەرانە دوانزە کەس بوون و لە نێوانیشیاندا بەشێکیان کورد بوون کە بە ئامادەبوونی مێجەر ئایدی راوێژکاری بەریتانیی لە وەزارەتی بەرگریی عێراق و رائیدی سوارە “محێدین عومەر” یەکەمین کۆبوونەوەی سوپا ئەنجامدرا. لە ئەفسەرە کوردەکانیش هەریەکە لە”بەکر سدقی، تۆفیق وەهبی، جەمال بابان، جەلال بابان، بەهادین نوری و چەند کەسێکی تر” ئامادەی کۆبوونەوەکە بوون). “2”.

هەندێک سەرچاوەی مێژوویی ناوی ئەو دوانزە ئەفسەرەی سوپای عێراقیان دروستکرد، تۆمارکردووە کە بریتی بوون لە هەریەک “عەقید عەبدولحەمیدی کوڕی ئەحمەد، موقەدەم عەبدولڕەزاق یاسین خواجە، موقەدەم شاکیر عەبدلوەهاب شێخلی، رائید سەعید حەقی عومەر، رائید محێدین سەلیم سوهرەوەردی، رائید بەکر سدقی شەوقی عەسکەری، رائید تۆفیق وەهبی مەعروف بەگ، رائید حیلمی محەمەد، نەقیب موحسین عکوش، نەقیب حەسەن تەحسین مستەفا عەسکەری، نەقیب یوسف پاچەچی، نەقیب یوسف حەنزەڵ”.* هەر لەو سەروەختەدا یەکەمین پڕۆژە یاسا بۆ رێکخستنی کاروباری سوپایی فۆرمۆڵەکرا و ناوی “بڵاوکراوەی سوپای عێراقی ساڵی 1921” بوو، لە سەرەتاوە لێی نووسرابوو ئەم پڕۆژە یاسایە “سێر پریسی کۆکس”ی جەنەراڵ و نوێنەری مەندوبی سامی لە عێراق دوای رەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەریکردووە و ئەم بڵاوکراوەیەش لە رۆژی یانزەی کانوونی دووەمی 1921 لەسەر هەموو تاکێک لە سەربازەکانی سوپای عێراق لە هەموو ناوچەیەکی عێراق پیادە و جێبەجێکراوە. لە 28 تەمووزی هەمان ساڵیش یەکەم فەوجی سوپای عێراقی بەناوی “موسا کازم” دامەزرا.**

هاوکات لەسەر راسپاردەی بەریتانییەکان و پشتگیریی ئەفسەرانی سوپای ئینگلیز “جەعفەر عەسکەری” کرایە یەکەمین وەزیری بەرگریی عێراق کە ئەویش پەیوەندیی کرد بەدۆستە نێزیکەکانییەوە تا هاوکاریی بکەن. *** ئیدی لەم رێکەوتە بە دواوە سوپای عێراقی بە فەرمیی دادەمەزرێت، بە تالیۆنێک پێکدەهێنرێت بە ناوی تیپی هاشمی کە تیپێکی سوارە بوو، بەڵام وردە وردە بە پێی تێپەڕینی کات و لەسەر داخوازیی بەریتانیا سوپای عێراقیی گەشەی کرد هەم لە رووی ژمارە و هەم لە رووی چەک و تەقەمەنی و ئامێرە جەنگییەکانەوە. ئەگەرچی حکوومەتی عێراقی ناچارکرابوو تەنێ لە حکوومەتی ئینگلتەرە چەک و چۆڵ بکڕێت، بەڵام بە بەراوورد بە کات و ژمارە و توانای سەربازیی سوپای عێراق، سوپاکە لە چەکی کەم نەبوو.
نووسەری ناسراو “پیتەر سلاگت” لە بارەی ئەو گەشەکردنەی سوپای عێراقییەوە دەنووسێت: دامەزراندنی سوپای عێراق لە شەشی کانوونی دووەمی 1921 بەرە بەرە لە ژێر رکێفی ئینتیدابدا قەبارەکەی گەورە بوو، لە3500 سەربازەوە بۆ 12 هەزار سەرباز، بەڵام دیسان دامەزراندنی ئەو سوپایە و پەروەردەکردنی بەو شێوەیەی بەریتانیا و مەلیک دەیانویست هەژموونێک بوو بۆ دەسەڵاتی ئەوکاتە.. بەریتانیاش بەشێوەی کرداریی عێراقی بەڕێوە دەبرد و لە هەموو بۆنە و ناخۆشییەکدا هاوکاریی سوپای عێراقی دەکرد لە سەرکوتکردن و راوەدونانی شۆڕشگێڕانی عێراقیدا. “3”. بەپێی هەندێک سەرچاوەی مێژوویی، سوپای عێراق لە ساڵی 1933 لە12 هەزار سەرباز پێکهاتبوو، ئەم ژمارەیە لەساڵی 1935 بەرز دەبێتەوە بۆ 15هەزار سەرباز، تا ئەوەی لە کاتی شۆڕشی چواردەی گەلاوێژی 1958 لەلایەن “ئەفسەرانی ئازادیخواز”ەوە، ژمارەی سەربازانی خۆی لە نزیکەی “20” هەزار سەرباز داوە. بە گوێرەی زانیاریی لیوا “مەنسوور حەفید”یش گەشەکردنی ژمارە و توانای سەربازیی سوپای عێراق بە پێی چەند قۆناغێک بووە. ناوبراو لەلای خۆیەوە بەم جۆرە گەشەکردنی سوپای عێراق ریزبەند دەکات:

  • لە حوزەیرانی ساڵی 1921دا یەکەم فەرمانگەی تەجنیدی گشتیی سوپای عێراق، خۆبەخش دامەزرا.
  • یەکەم فەوجی سوپای عێراقیی “لە سەرەتای دامەزرانیدا” ناوی لێنرابوو فەوجی “موسای ئەلکازم”.
  • 28ی ئازاری 1928 حەڤدە قوتابی عێراقیی بۆ فێربوونی لێخوڕینی فڕۆکەی جەنگیی لە بەریتانیا وەرگیران.
  • 22 نیسانی 1931 یەکەمین وەجبەی فڕۆکەوانانی عێراقیی لە کولێژی کرانویل لە ئینگلتەرە دەرچوون.
  • لە23 تشرینی یەکەمی ساڵی 1937 دامەزراندنی یەکەم مەفرەزەی تانکی سووکی عێراقیی.
  • ساڵی 1937 دامەزراندنی یەکەمین یەکەی هێزی دەریایی عێراقیی.
  • یەکی تشرینی یەکەمی ساڵی 1938 کردنەوەی یەکەمین کولێژی ئەرکان لە شاری بەغداد. “4”.
    رەنگبێ یەکێکیش لە هۆکارەکانی گەشەکردنی سوپای عێراقی جیا لەشەڕ و شۆڕ و سەرکوتی ناوخۆیی، پابەند بێ بەسەپاندنی خزمەتی سەربازیی زۆرەملێیی. یەکەمین کەسێکیش یاسای زۆرملێیی پێڕۆ کردبێت، ژەنەراڵ “جەعفەر عەسکەری” بە رەگەز کورد بوو، چوون ئەو یەکەم کەسێک بوو لە جیاتی تەڕبووش سیدارەی خستە سەری. جەعفەر عەسکەریی کە لە یەکەم کابینەی حکوومەتی عێراقیدا، شالیاری بەرگریی بوو، ئەو یەکێک بوو لە کۆنە ئەفسەرەکانی سوپای عوسمانلیی، عەسکەری یەکەم کەسیش بوو داوای لە کۆنە ئەفسەرەکانی سوپای عوسمانلی کرد یارمەتی بدەن لە دامەزراندنی هێزی ئەرتەشی عێراقیدا. بۆ ئەو مەبەستە لە رۆژی بیست و دووی تشرینی دووەمی ساڵی 1923 پێشنیارێکی پێشکەش کرد بە ئەنجوومەنی دامەزرێنەری سوپا کە لەوێدا دەڵێ: بەرگرییکردن لە عێراق ئەرکێکی نیشتمانییە. ئەم دەربڕینە هاوواتای سەربازیی زۆرەملێی دەگرێتەوە. عەسکەری لە یادداشتنامەکەدا نوسیبووی “سوپا لەنێو گەلاندا رەمزی ژیانە و کۆڵەکەی سەربەخۆییە، هەروەها سەربەخۆیی میللەت و پاراستنی کەرامەتی بە پاڵپشت و ئاواتی سوپای بێگانە نایەتەدی”.

    ئەگەرچی حکوومەتی پادشایی ئەوکاتی عێراق بەهۆی پاشکۆیی بۆ سیاسەتی ئینگلتەرە ئەم خواستەی پشتگوێخست، بەڵام دواجار ئەو حکوومەتە لەرۆژی 12-6-1935 بڕیاریدا یاساکە جێبەجێ بکرێت، کە ئەمەش زنجیرەیەک خۆپیشاندان و ناڕەزایی توندیی جەماوەریی بە دوای خۆیدا هێنا لە سەرجەم ناوچە جیاجیاکانی عێراقدا. دەستووری عێراق یەکێک لەو دەستوورانەیە گرنگیی بەرچاوی داوە بە سوپا، ئەمەش وێنەدانەوەی خواستی دەسەڵاتداران بووە کە خوازیاربوون سوپا وەک شتێکی پیرۆز و بایەخدار سەیر بکرێت و خەڵک لەسەر ئەوە رابهێنرێت بە گرنگییەوە بۆی بڕوانن. (دەستووری کاتیی 1958 کە لە27-7-1958 نوسراوە، لە ماددەی 17دا سوپا بەموڵکی گەل دادەنێ و ئەرکی پاراستنی سەروەریی وڵات و سەلامەتی زەوییەکانی پێ دەسپێردرێ. لە دوای کودەتای 1963 و لە دەستووری کاتیدا کە لە29 نیسانی 1964دا نوسراوە، بایەخی زیاتر بە پێگە و ئەرکەکانی سوپا دراوە و خاڵی سێیەم لە بابی چوارەمی سیستمی حکومڕانیی و لە میانەی شەش ماددەدا “77- 82” بۆ ئەم مەبەستە تەرخانکراوە). “5”.

    لە سەردەمی پاشایەتیدا ئەگەرچی چەند کودەتایەکی سەربازیی روویاندا، بەڵام گەشەکردنی ژمارەی سەربازان و توانای سەربازیی سوپای فەرمیی عێراق، لەسەرخۆ و تاراددەیەک سروشتیی بوو. بەڵام لە دوای شۆڕشی چواردەی گەلاوێژی 1958ەوە، بەرە بەرە هەم سوپا بایەخی زیاتری پێدرا و گەشەیەکی نائاسایی بەخۆوە بینی، ئەمەش بەهۆی ئەوەی رەوشی سیاسیی عێراق تەواو ئاڵۆزیی بەخۆوە گرت، لەلایەک چەندین رەوتی وەک ناسیۆنالیستە توندڕەوەکانی عەرەب لە هەوڵی کودەتادا بوون، لەلاکەی تر لەساڵی 1961 بەولاوە شۆڕشی کورد بە رێبەرایەتی “پارتی دیموکراتی کوردستان”و مەلا مستەفا تاویسەند. ئەم دوو هۆکارە بوونە هۆکاری زیاتر بایەخدان بە یەکە سەربازییەکان لەلایەن حکوومەتی “عەبدولکەریم قاسم”ەوە. لێرە بە دواوە حکوومەتی عێراقی جیا لەوەی چەند هێزێکی تری نافەرمیی دروستدەکات لە وێنەی جاشە کوردەکان، لە هەوڵیشدایە توانا سەربازییەکانی زۆرتر پەرە پێبدات و ئاستی سوپای عێراق بەرز بکاتەوە بۆ ئاستی سوپا ناودارەکانی جیهان. لەم پێناوەدا حکوومەتی عێراق هەوڵدەدات کۆنتاکت لەگەڵ چەندین دەوڵەت ببەستێت بۆ بەدەستهێنانی چەک و تەقەمەنی سەردەم بە مەبەستی بەهێزکردنی سوپاکەی بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر پیلانێکی ناوخۆیی لەلایەن عەرەبە ناسیۆنالیستەکانەوە، هەم بۆ دامرکاندنەوەی شۆڕشی ئەیلوول کە رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر کڵپەی دەسەند و بەهێز دەبوو، بەڵام (سەختترین سەردەمی سوپای عێراق ئەو کاتە بوو بەعسییەکان دەسەڵاتیان بە دەستەوە بووە، چوونکە دوای هاتنە سەرکاری سەدام، سوپای عێراق کرایە 44 فیرقە و لە ساڵی 1990یشدا ئەو ژمارەیە بۆ 63 فیرقە بەرز بووەوە). “6”.
    دروست لەگەڵ هاتنە سەرکاری بەعسییەکان لە رێگەی کودەتایەکی سەربازییەوە “1968”، بایەخی زیاتر درا بە سوپا، بەعسییەکان چوونکە خەونی نیشتمانێکی عەرەبیی گەورە و لەناوبردنی جولەکەیان هەبوو، هاوکات سوپاکەیان بە دۆڕاویی لە جەنگی عەرەب– ئیسرائیل گەڕابووەوە، دەیانویست بەهەر نرخێک بووە عێراق لەرێی بەهێزکردنی سوپاکەیەوە وەها لێبکەن دەسەڵاتی بەسەر تەواوی ناوچەکەدا بشکێت، هەروەک خوازیاربوون لە رەگەوە بزووتنەوەی کوردایەتی و نەژادی گەلی کورد دەربکێشن. بەعسییەکان چەندان بۆندیان لەگەڵ سۆڤێتی سووردا واژۆ کرد بۆ کڕینی نوێترین چەک و لاپاڵم و باڵەفڕی سیخۆی روسیی، بەڵام واقیعی عێراق زۆر لەوە سەختتر ببوو بەم چەکانە کۆنترۆڵ بکرێت یان بتوانرێت بەو چەکانە شۆڕشی کڵپەسەندووی کوردەکان بە هاوکاریی ئێران و ئیسرائیل و ئەمەریکا دابمرکێنرێتەوە. بۆیە سەرانی دەوڵەتی عێراق هەر لە دەیەی شەستەکانی سەدەی رابردووە بیریان لە بەدەستهێنانی چەکی کۆکوژ و کیمیایی دەکردەوە.

    “دەبلیو سیت کاروس” پێیوایە “عێراق بەرنامەی بەرهەمهێنانی چەکی کیمیایی لە ساڵەکانی دەیەی 1960 و زۆر لەپێش لەوەی سەدام بگاتە دەسەڵات دەستپێکردبوو”. جیا لە هەموو ئەمانە قۆناغی باڵابوونی زیاتر و گەیشتنە لوتکەی سوپای عێراقی هاوکاتە لەگەڵ هاتنە سەرکاری سەدام حسێن “1979”، چوونکە سەدام خولیایەکی لە راددەبەدەر و زیاتری لە هەر سەرۆکێکی عێراقیی هەبوو بۆ بەهێزکردنی سوپا هەم لە رووی چەندایەتییەوە، هەم لە رووی چۆنایەتییەوە. ئەوەبوو سوپای عێراق پێشکەوتنی زۆری بەخۆوە بینی، تەنانەت لە ساڵی 1990دا عێراق خاوەنی زیاتر لە یەک ملیۆن سەرباز بووە، ئەمە بێجگە لەوەی خودانی تازەترین تەکنۆلۆژیی چەک و چۆڵ بووە. “ریچارد بێننێت” لەو رووەوە دەڵێت (لەشکری عێراقیی لە ساڵی 1990دا یەکێک بوو لە لەشکرە گەورەکانی جیهان، بەڵام لە کۆتایی یەکەمین جەنگی کەنداودا بەر بەرەڵڵاییەکی تەواو باڵی بەسەر پاشماوەکانی یەکە سەربازییەکانی لەشکرەکەدا کێشا، وایان لێهات لە هەموو لایەکەوە لەلایەن دوژمنەکانیانەوە زەبریان لێدەکەوت).
    حکوومەتی بەعس بەوە رازی نەبوو لە سنوورێکدا سوپاکەی قەتیس بکات، بەڵکو دەیویست سوپاکەی بکاتە سوپایەک پشت ببەستێت بە تەکنۆلۆژیترین چەکی سەردەم، بە تایبەتیی چەکی کۆمەڵکوژ. سەرانی بەعس بە رێبەریی “سەدام حسێن”، هەموو توانا و وزەی خۆیان بەکارهێنا تا وڵاتەکەیان بکەنە خاوەنی چەکی کیمیایی و ئەتۆمی. ئەم هەوڵە لە دەیەی حەفتاکانی سەدەی رابردوودا زۆرتر برەوی سەند. بۆ ئەو مەبەستە وەزارەتی بەرگریی و وەزارەتی پیشەسازیی سەربازیی لە چەندان رێگەی جۆربەجۆرەوە کۆنتاکتیان لەگەڵ دەوڵەتان و چەندین کۆمپانیای جیاجیا گرێدا تاکو ئەو خەونە بهێننەدی. بەڵام ئیسرائیل کە زیاد لە هەمووان هەستی بە مەترسیی عێراقێکی خاوەن چەکی ئەتۆمی دەکرد، زۆر زوو، لە ساڵی 1981 لە رێگەی لێدانی هەواییەوە بنکەکانی کورەی ئەتۆمی عێراقی کاول و تێکوپێکدا، ئەمەش وەهای لە”مەناحیم بێگن”ی سەرۆکی ئەوکاتی ئیسرائیل کرد بە خۆشحاڵییەوە بڵێت وەک خۆی ئامانجەکەمان پێکا و خەونی لەناوبردنی ئیسرائیلمان پووچەڵ کردەوە. لەگەڵ ئەمانەشدا حکوومەتی سەدام هەر بەردەوام لەسەر سەرەڕۆییەکانی تا دواجار توانی عێراق بکاتە خاوەنی چەکی کیمیایی.
    (رژێمی عێراق توانی لە چەندەها بواری هەمەجۆری تەکنۆلۆژیای ناوکییدا مەشق بە کادرە تەکنیکی و ئەندازەییەکانی خۆی بکا تا ئەو راددەیەی کە ژمارەی زاناکان گەیشتە 500 زانا و ژمارەی ئەندازیاران و تەکنیککاران گەیشتە 5-7 هەزار کەس، جگە لە20 هەزار کارکەری تری ئەم بوارە. سەرباری ئەمەش بودجەیەکی زۆر تەرخانکرا کە گەیشتە 12 ملیارد دۆلار کە لەم کەرتەدا خەرجکرا، جگە لەوە، رژێم چەند دەزگایەکیشی دروستکرد پەیوەندییان بە بەرنامە ناوکییەکەیەوە هەبوو، کە ژمارەیان گەیشتە 28 دەزگا و پڕۆژە، لەوانە چەند مەڵبەندێک بۆ لێکۆڵینەوە و نەخشەسازیی و پیتاندنی یۆرانیۆم و چەند ناوەندێکیش بۆ ئەلکترۆنکاریی و تاقیکردنەوە). “7”. ئەوەی زیاتر عێراقی هاندەدا بۆ ئەوەی لە زووترین کاتدا تەکنۆلۆژیی سەردەمی چەک بەدەستبهێنێت بە تایبەت چەکی ناوکیی دوژمنایەتی بوو لەگەڵ ئیسرائیل لەلایەک و شەڕی دەستەویەخەی لەگەڵ ئێران و بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان لەلاکەی تر بوو. رژێمی بەعس لە دەیەی هەشتاکاندا زۆرترین بودجەی لە داهاتی وڵاتەکەی بۆ بەرهەمهێنان و کڕینی چەک و تەقەمەنی تەرخانکرد. هەندێک لە توێژەران و پسپۆران سەرسوڕمانی خۆیان نیشان دەدەن لەوەی بە درێژایی هەشتاکان عێراق زۆرتر لەو بڕە دیاریکراوەی بۆ سەرجەم کەرتەکانی تەندروستی و خزمەتگوزاریی تەرخانی کردبوو، بودجەی بۆ کەرتی سەربازیی و پەرەپێدانی یەکە سەربازییەکانی تەرخان کردبوو.
    Judit Miller، Laurie Mylroie دەربارەی فراوانبوون و خەرجکردنی ژمارەیەکی خەیاڵیی پارە بۆ سوپا لە سەروەختی جەنگی ئێران– عێراقدا دەنووسن “لەم ساڵانەدا بارودۆخی ئابووری ئەم وڵاتە زۆر خراپ ببوو، سەدام هەموو پاشەکەوتە داراییەکانی خۆی بۆ کڕینی چەک و تەقەمەنی سەرفکردبوو. لە دوو ساڵی سەرەتای جەنگ، عێراق 10 ملیارد دۆلاری یارمەتی دارایی لە وڵاتانی عەرەبیی وەرگرت کە هەمووی بۆ کڕینی چەک تەرخانکرا”. “8”. هەر لەمبارە، ئەنیستیتۆی نێودەوڵەتیی ئاشتی ستۆکهۆڵم بەراووردی کردووە: عێراق لە ساڵی 1984 بە بەهای نزیکەی 14 ملیارد دۆلار چەکی کڕیوە و بەکاریهێناوە. بە پێی بەراووردی “ئانتۆنی کوردسمان” کە یەکێکە لە شارەزایانی ئەمەریکیی، حکوومەتی عێراقیی لە نێوان ساڵەکانی 1982- 1985 نزیکەی 27 ملیارد و 300 ملیۆن دۆلار و لەنێوان ساڵەکانی 1986- 1989 نزیکەی 15 ملیارد و 500 ملیۆن دۆلار کە کۆی گشتیی زیاتر لە42 ملیارد دۆلارە لەم حەوت ساڵەدا چەکی هێناوەتە ناو وڵاتەوە. ئەو تەنانەت لەو بڕوایەدایە تینووێتی سەدام بۆ چەک لەماوەی ئەم ساڵانەدا لەم ژمارە سەرسوڕهێنەرەش زیاترە. حەزی سەدام بۆ کڕینی چەک تەنانەت پاش کۆتاییهاتنی جەنگ لەگەڵ ئێرانیشدا کۆتایی نەهات، بەشێوەیەک لە ماوەی پێنج ساڵی پاش تەواوبوونی شەڕ، عێراق گەورەترین وڵاتی کڕیاری چەک و پێداویستیی سەربازیی بووە. بەپێی بەراووردی شارەزایان 9% هەموو چەکە فرۆشراوەکانی جیهان لەلایەن سەدامەوە کڕدراون. “9”.
    ئەگەرچی لە دوای ئۆپەراسیۆنی “گەردەلوولی بیابان” سوپای عێراق لە رووی مەعنەویی و ماددییەوە بە تەواویی تێکشکێنرا، بەڵام سەدام حسێن زۆر لەوە سەرکێشتر بوو بەو گورزوەشاندنە دەست لەو خولیا و حەزە شێتانەیەی خۆی هەڵبگرێت. بۆیە لە ساڵانی ئابڵووقەی ئابووری و بازرگانیی نەوەدەکانی سەدەی رابردوو لەسەر عێراق، لە کاتێکدا بەندی حەوتی نەتەوە یەکگرتووەکان رێگریی دەکرد لە عێراق چەک و چۆڵ بکڕێت، بەڵام رژێم بەرێگەی قاچاغ لە هەوڵدا بوو لە رێگای ئۆکرانیا و روسیا و بە بەرتیلدان لەناو تورکیادا، ژمارەیەکی زۆری چەک و پێداویستیی سەربازیی بهێنێتە ناو عێراقەوە، هەتاکو ئەمەریکا و کۆمەڵی نێودەوڵەتیی پێیانزانی کار لە کار ترازابوو، بەم جۆرە جارێکی دیکە سوپای عێراقیی بەهێز کرایەوە و چەندان یەکەی وەک “گاردی کۆماریی و سوپای قودس و گیانبەختکەرانی سەدام” لە دەرەوەی سوپای فەرمیی بە توانایەکی ماددیی و لۆجیستیی زۆرەوە قووتکرانەوە کە کاریان تەنیا داکۆکیکردن بوو لە رژێم و سەرکوت و لەناوبردنی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کورد و هێزە بەرهەڵستکارە شیعەکانی باشووری عێراق. تا ئەوکاتەی لە پرۆسەی داگیرکردنی عێراق لەلایەن ئەمەریکاوە لە بەهاری 2003دا بە تەواوەتی لەبەریەک هەڵوەشایەوە و هەموو تەکنۆلۆژیا سەربازییەکەشی لە کیس چوو.
    شارەوا نییە سوپا لە عێراقدا جگە لەوەی ئامڕازێکی سەرەکیی بووە بۆ سەرکوتی نەیارە سیاسییەکان و هەمیشە لە بەرژەوەندیی چینی دەسەڵاتداردا بووە، لە هەمان کاتدا نابێت نکۆڵی لەوەش بکەین خودی سوپا و پۆستە هەستیارەکانی سوپا بۆ کەمینەی سووننە مەزهەبی عەرەبیی بووە. ئەم سیاسەتە وەنەبێ تەنیا لە سوپادا رەنگی دابێتەوە، نەخێر ئەم رامیارییە شۆڤێنییە لەسەر هەموو ئاستەکانی بەڕێوەبردن، بە روونی بەرجەستە ببوو. (حکوومەتەکانی عێراق هەر لە دابەشکردنی پۆستەکانەوە مامەڵەیەکی ناواقیعیان لەگەڵ کورددا کردووە، ئەم مامەڵەیە، یەک لە پێدانی دەسەڵاتەکاندا دیاری دەدات، بۆ نموونە لەساڵانی 1921 تا 1936 لە “57” پیاو بۆ بەڕێوەبردنی کابینەکانی حکوومەت دانرابوون، تەنیا “5” کەسیان شیعە و کورد بوون، لە سەرانسەری دەسەڵاتی بنەماڵەدا لە1921- 1958 پێنج وەزارەتە گرنگەکە بە دەست سووننە بوون، ئەم باڵادەستییەی سووننە لە ئاستی ناوخۆشدا رەنگی دابووەوە، بۆ نموونە لەساڵی 1933دا سووننەکان لە14 هەرێم، حوکمی 13یان دەکرد، هەروەها 37 قایمقامیان لە کۆی 43 قایمقام بەدەستەوە بوو). “10”.
    لە ژێر رووناکیی ئەم راستییە سادەیەدا بەو بڕوایە دەگەین، سیاسەتی دوورخستنەوەی کورد و شیعە لە فەرمانڕەوایی و پۆستە هەستیارەکان تەنێ لە سەردەمی بەعسەوە دەستی پێنەکردووە، بەڵکوو مێژوویەکی درێژ و کۆنتری لە دیرۆکی سیاسیی عێراقدا هەیە. لەم رووەوە “پیتەر سلاگت” پێیوایە “ئەگەر بێینەوە سەر لایەنە ئەرێنییەکانی دەوڵەتی نوێی عێراق، کە خۆی لە دەستوور و پرۆسەی دامەزراندنی سوپای نیشتمانیدا دەبینێتەوە کە لە کانوونی دووەمی 1921دا هاتە کایەوە، ئەمەش هەر لە بەرژەوەندیی عەرەبی سووننە بوو کە بەشێکی کەمایەتییان لەو وڵاتەدا پێکدەهێنا”.”11″. بەعس لە هەموو حکوومەتەکانی تری عێراق جیددیتر و کاریگەرانەتر کەوتە داماڵینی کورد و شیعە لە پۆستە هەستیار و گرنگەکانی سوپادا. تەنانەت بەدرێژایی هەشتا ساڵ یەک فڕۆکەوان نەبووە لە ریزەکانی سوپای عێراقیدا بە رەگەز کورد بووبێت، یان نەبیستراوە لەو ماوەیەدا هیچ کام لە وەزیرەکانی بەرگریی سەردەمی حکوومەتی سەدام تەنانەت کوردێکی بەعسیش بووبێت. ئەمەش بۆ گرەنتیکردنی ئەوە بووە سوپا بۆ کودەتای سەربازیی بەکارنەهێنرێت لە دژی دەوڵەتی بەعس.

کاریگەریی سوپا لەسەر سیاسەت و شێوەی فەرمانڕەوایی

سوپای عێراق یەکێک لەو سوپایانە بووە بەردەوام کارتێکردن و کاریگەرییەکی راستەوخۆی لەسەر پرۆسەی سیاسیی وڵات هەبووە، یان بەدەربڕینێکی دیکە سوپا بێلایەن نەبووە لە بەرامبەر سیاسەت و پرسەکانی بەڕێوەبردن و حوکمداریی. وەک لە سەرەتاشەوە ئاماژەی پێدرا بەهۆی ئەو چەپاندنە سیاسییەی هەر لە سەرەتای دروستبوونی عێراقەوە لەم وڵاتەدا بەڕێوەچووە و هەروا بەهۆی نەبوونی زەمینەیەکی کراوە و دیموکراسی، تاکو هێز و بزووتنەوە سیاسییەکان چالاکیی تێدا بکەن و کار بکەن بۆ وەدەستهێنان و بە دەستەوەگرتنی دەسەڵاتی سیاسیی، ئەوە رێگەی کودەتای سەربازیی لە زۆرترین بارەکاندا رێگەچارەیەکی ناچاریی و تەنیا بووە بۆ گۆڕینی مۆدیلی حوکم لە عێراقدا. بۆیەکا دەبینین هەر لەسەرەتاوە سوپا بەردەوام لەلایەن بزووتنەوە سیاسییەکانەوە بەکارهێنراوە بۆ گۆڕینی رژێمە فەرمانڕەواکان، بەم هۆیەوە لە ماوەی چەند دەیەی تەمەنی ئەو سوپایەدا چەندان کودەتای سەربازیی سەرکەوتوو و سەرنەکەتووی ئەنجامداوە. بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان تەنیا لەماوەی نێوان ساڵانی 1921- 1979 کە هاوکاتە لەگەڵ هاتنە سەرکاری “سەدام حسێن”، سوپا 13 کودەتای سەربازیی ئەنجامداوە کە بەشێکیان سەرکەوتنیشیان مسۆگەر کردووە.
یەکەمین کودەتای سەربازییش لە مێژووی عێراقی قۆناغی فەرمانڕەوایی پادشایەتیدا، بە فەرماندەیی ژەنەراڵ “بەکر سدقی” بە رەگەز کورد لە ساڵی 1936 ئەنجامدرا و پاش سەرکەوتنی، حکوومەتێکی نوێی بە سەرۆکایەتی “حیکمەت سڵێمان” پێکهێنا و خۆیشی بووە وەزیری بەرگریی ئەو حکوومەتە. بەهۆی ئەوەی “بەکر سدقی” هەستێکی کوردانەی هەبوو و چەندین ئەفسەر و پلەداری کوردی لە دەوری خۆی کۆکردبووەوە و دژی ناسیۆنالیستی عەرەبیی بوو، لە ساڵی 1937 لە کاتێکدا بۆ نمایشێکی سەربازیی سەردانی تورکیای کرد، لە شاری موسڵ کەوتە بۆسەیەکەوە و دوای ئەوەی گوللەیەک لەسەری درا، کوژرا.”12″. هەر لە سەردەمی فەرمانڕەوایی پادشایەتیدا چەندین کودەتای سەربازیی دیکە روویاندا، لەوانە کودەتای ساڵی 1941کە لەلایەن ئەفسەری ناسراو “سەلاحەددین ئەلسەباغ”ەوە لە دژی حکوومەتەکەی “تەها هاشمی” سەریهەڵدا. دوای سەرکەوتنیان دەستەی کودەتاچی حکوومەتێکی نوێیان بە سەرۆکایەتی “رەشید عالی گەیلانی” پێکهێنا، کە نازناوی “حکوومەتی بەرگریی نیشتمانیی” پێدرابوو، وەلیعەهدی وڵات “میر عەبدولئیلاه” لە ترساندا هەڵات و پەنای بۆ یەکەیەکی سەربازیی خۆیان برد لە نزیک شاری “دیوانیە”، بەڵام دواتر حکوومەتە نوێیەکە چوونکە خوازیاربوو لە ژێر رکێفی بەریتانییەکان بێتە دەرەوە، بە هەماهەنگیی بنەماڵەی مەلیکی عێراق و بەریتانییەکان تێکشکێنرا و چوار لە سەرکردە سەربازییەکانی کودەتا لە سێدارەدران، خودی “سەلاحەدین ئەلسەباغ”یش ناچار بە هەڵاتن بوو سەرەتا بۆ تورکیا و پاشان بۆ ئەڵمانیا، دواتریش گەڕایەوە مەمملەکەتی عەرەبیی سعودیە و داوای مافی پەنابەرێتی لەو وڵاتە کرد.”13”.
گەورەترین و کاریگەرترین کودەتایەک لە سەردەمی پادشایەتیدا روویدا بێت، کودەتای ئەفسەرانی ئازادیخواز بە سەرکردەیی “عەبدولکەریم قاسم” بوو لە14 گەلاوێژی ساڵی 1958دا. ئەم کودەتایە تەواو سیمای سیاسیی و فەرهەنگیی کۆمەڵگەی عێراقی گۆڕی و کۆتایی بە رژێمی پادشایەتی هێنا و لە جێگەیدا رژێمی کۆماریی جێگیر کرد. هەر لەو چوارچێوەیەدا کۆمەڵێک چاکسازیی سیاسیی و ئابووری دەستیانپێکرد، بەتایبەت بۆ یەکەمین جار دەستووری عێراقی دانی بە هاوبەشێتی کورد و عەرەبدا نا لە وڵاتی عێراقدا. لە ماوەی پێنج ساڵی حکومی عەبدولکەریم قاسم “1958-1963″دا چەندین هەوڵی کودەتا و تیرۆرکردنی قاسم بەڕێوە چووە، لە هەشتی ئازاری ساڵی 1959 بزووتنەوە هەڵگەڕاوەکەی شەواف “عەقید عەبدولوەهاب شەواف” فەرماندەی لیوای پێنج لە موسڵ، هەوڵی کودەتایەکی سەربازییان دا بە یارمەتی هەندێک ئەفسەری عەرەب و تورکمان، بەڵام لە کۆتاییدا بزووتنەوەکە دامرکێنرایەوە و “شەواف”یش لەلایەن هێزەکانی عێراقەوە کوژرا. بەهۆی ئەوەی حکوومەتی قاسم لە بەڵێنەکانی خۆی پەشیمان ببووەوە لە پێدانی مافەکانی کورد، بە پێچەوانەوە لە شەڕێکی نابەرامبەردا بوو لەگەڵ بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کوردستان، بارودۆخی ناوخۆیی عێراق شڵەژان و ئاڵۆزییەکی سەرسوڕهێنەری بەخۆوە بینی، ئەمەش دەرگای خستە سەر گازارەی پشت بۆ بەعسیی و ناسیۆنالیستە عەرەبەکان لە رۆژی هەشتی شوباتی 1963 کودەتایەکی سەربازیی بەسەر حکوومەتەکەی “قاسم”دا بکەن و خودی سەرۆک کۆمار و چەند وەزیر و هاوەڵێکی، بە دیلیی بکەونە بن دەستی کودەتاچییەکان. سەرکردەکانی کودەتا بە تایبەت “عەبدولسەلام عارف” خوازیاربوون بەهۆی کوشتنی قاسم و هاوڕێکانییەوە کەشێکی تۆقاندن لە عێراقدا نیشان بدەن. ئەوەبوو لە دادگاییەکی سەربازیی خێرا و کارتۆنیدا فەرمانی خنکاندن و لە سێدارەدانی عەبدولکەریم قاسم و هاوکارەکانی پەسندکرا و زۆر بە خێراییش حکومەکە جێبەجێکرا.
سەمیر خەلیل “کەنعان مەکییە” لە کتێبەکەیدا “کۆماری ترس” دەربارەی دیمەنەکانی لە سێدارەدانی کەریم قاسم و هاوکار و دەست و پێوەندەکانی، دەنووسێت “لاشەکەیان هێنا بۆ ناو ستۆدیۆ و لەسەر کورسییەک دایاننا. سەربازێک لە تەنیشت لاشەکەوە بە وەستاویی دەردەکەوت، سەربازەکە بەشە جۆربەجۆرەکانی لاشەی قاسم لەگەڵ هەندێ روونکردنەوەدا پیشانی خەڵکی دەدات. لە ناکاودا ئەم دیمەنانە لا دەچوو و چەند دیمەنێکی تر لە شەڕی قاسم و لایەنگرانی ئەو لەگەڵ کودەتاچییەکان کە لەوەزارەتی زانیارییدا روویدا بوو نیشانی بینەران دەدران”. “14”. دوای کودەتای هەشتی شوبات، حکوومەتێکی نوێ بە سەرۆکایەتی ژەنەراڵ “عەبدولسەلام عارف” پێکهات، بەڵام دیسان ئەم حکوومەتەش لە هەڕەشەی کودەتا دەربازی نەببوو، ساڵی 1966 سەرۆکی عێراق لە رووداوێکی تەمومژاوییدا و لە ئەنجامی کەوتنە خوارەوەی فڕۆکە، گیانی لە دەستدا. بەهۆی ئەم رووداوەوە حکومی وڵات کەوتە بن دەستی براکەی “عەبدولڕەحمان عارف”. تەمەنی ئەمیش لە فەرمانڕەواییدا وەک کاکی کورت بوو، چوونکە زۆری نەخایاند و پاش کەمتر لە دوو ساڵ، بەعسییەکان لە رێگەی کودەتایەکی سەربازییەوە کە لە ئەدەبیاتی بەعسیزمدا بە شۆڕشی 17-30 تەمووز ناوزەد دەکرێ “عەبدولڕەحمان عارف”یان لە ناوەڕاستی ساڵی 1968 لەسەر کار لادا و ناچار بە هەڵاتنیان کرد بۆ دەرەوەی وڵات.

لە ساڵی 1968 بەولاشەوە چەندین هەوڵی تری سەرنەکەتووی کودەتا هاتنە ئارا، بەڵام زۆرینەیان بەهۆی دڵڕەقیی بەعسییەکانەوە بە زوویی دامرکێنرانەوە. لەوانە هەوڵی شکستخواردووی”نازم کەزاز”ی ئەندامی پایە بڵندی ئەمن و دەستی راستی حزبی بەعس لە ساڵی 1973دا. لە سەروەختی دەسەڵاتی بەعسییەکاندا هەموو رێوشوێنێک ئامادە کران بۆ بەرگرتن لە ئەنجامدانی کودەتای سەربازیی، بۆ ئەو مەبەستە یەکە نهێنییەکانی وەک موخابەرات و ئاسایش و چەند دامودەزگایەکی تر بە وردیی چاودێریی تەنانەت هەڵسوکەوتی هاووڵاتیانی ئاساییان دەکرد. هەر لەم ساڵانە بە دواوە بەدەیان هەزار بگرە سەدان هەزار راپۆرتنووسی نهێنی دامەزرێنەران، بۆ ئەوەی بە وردیی چاودێریی جموجۆڵی هەر هاووڵاتییەکی سادەش بکەن. هەر بەم هۆیەوە بوو لە ساڵی 1971 “سەدام حسێن” جێگری سەرۆک کۆماری ئەوکات، توانی بە لووتبەرزییەکەوە بە رۆژنامەنووسان بڵێت “ئەو رۆژانە تێپەڕی چەند کەسێک لە دەوری یەکتر کۆببنەوە و بە چەند ئامادەکارییەک کودەتا بکەن و رژێم بڕوخێنن و خۆیان بگەیەننە دەسەڵات. حزبی ئێمە زۆر بەهێزە و چیتر مۆڵەتی چالاکیی خائینانە بەم جۆرە کەسانە نادات”.
ئەگەر سەرنج بدەین لەوانەیە بگەینە ئەو ئەنجامەی لەمێژووی نوێی رۆژهەڵاتی نێویندا عێراق تاکە وڵاتێک بێت زۆرترین ژمارەی کودەتای سەربازیی تێدا ئەنجامدراوە. هەروەک ئاشکرایە لە بەرەبەیانی مێژووەوە تا بە ئێستا دەگات، لە سۆمەرەوە تا بەعس، زۆرترین ئەو سەرکردە و شا و میرانەی حوکمی عێراقیان کردووە بە کوشتنیان کۆتایی بە دەور و دەسەڵاتیان هێنراوە. بەدەر لە کودەتای سەربازییش سوپای عێراق هەمیشە لە بەرژەوەندیی دەستەبژێری فەرمانڕەوادا بەکارهێنراوە، لە زۆرترین جارەکاندا، سوپا رۆڵێکی ئێجگار دڕندانەی بینیوە لە خامۆشکردنەوەی بزووتنەوە و راپەڕینی گەلانی عێراقدا، هەروەک چۆن سوپا هەمیشە قەڵغانێک بووە بۆ پاراستنی دەسەڵاتی خاوەن شکۆ و میر و دیکتاتۆرە دەسەڵاتدارەکان، ئاواش هەمیشە دژی سەرهەڵدانە سیاسییە گۆڕانخوازەکان رۆڵێکی بێڕەحمانە و ئێجگار هۆڤانەی گێڕاوە.

سوپا وەک دامەزراوەیەکی سەرکوتکاریی ناوخۆیی 1921- 2003

سوپای عێراقیی ئەگەرچی یەکێک بووە لە پڕ چەکترین و قەرەباڵغترین سوپا لەناوچەکەدا، بەڵام هەمیشە هەموو جەنگێکی دەرەکیی دۆڕاندبوو، تەنیا لە جەنگی لەناوبردنی هاووڵاتیانی سڤیلی ناوخۆی وڵات سەرکەوتوو و دلێر بووە. ئەگەر بڕوانین سوپای عێراق لە دەیەی شەستەکانی سەدەی بیستەم “1967” لە جەنگی هەمەلایەنە و گشتیی عەرەب لەگەڵ ئیسرائیل کە زۆرینەی سوپای عێراق لە خاکی وڵاتی “ئوردون”دا بوون، یەکێک بوو لە بەزیوترین سوپاکان!. جەنگی هەشت ساڵەی عێراق– ئێران چی مانایەکی تری نەبوو جگە لە بەزینی سوپای عێراق لە مەیدانی جەنگدا؟!. ئەوە لە هەردوو جەنگی کەنداودا سوپای عێراق نەک هەر نەیتوانی بەرگریی بکات و داکۆکیی لە وڵاتەکەی بکات، بەپێچەوانەوە بە چەند رۆژێکی کەمی شەڕ، سەرلەبەر تێکوپێک شکا و ریزەکانی پەرتەوازە بوو. لە ئاستی ناوخۆیشدا سوپای عێراقیی نەیتوانیوە بە بێ پاڵپشتیی دەرەکیی و بەکارهێنانی چەکی کۆمەڵکوژ بەسەر هێزە بەرهەڵستکارە چەکدارەکاندا زاڵ ببێت!!، بە تایبەت هەمیشە لە بەرامبەر هێزی پێشمەرگەدا خۆڕاگرییەکی ئەوتۆی تۆمار نەکردووە، شیاوی نووسینەوە بێت لە لاپەڕەکانی مێژوودا. ئەگەر یەک ساڵی شەڕی کورد و عێراق بە نموونە وەربگرین “1974- 1975” ئەو راستییەمان لەلا ئاشکراتر دەبێت لە مەیدانی جەنگدا سوپای عێراقی نەک نەیتوانیوە کوردستان کۆنترۆڵ بکات بەڵکو توانای داکۆکییەکی زۆریشی لە خودی خۆی نەبووە، ئاخر بێ هۆ نییە حکوومەتێکی بەهێزی خاوەن توانای ئابووری وەک عێراق لە رێی بەخشینی بەشێک لە وڵاتەکەی بە ئێران و چوونە ژێرباری رێکەوتننامەیەکی مینا رێککەوتنی جەزائیری ساڵی 1975ەوە خوازیار بێت بزووتنەوەی گەلی کورد تووشی نسکۆ و شکست بکات. چوونکە روون بوو بۆی هەرگیز سوپا وزەی نییە رووبەڕووی شۆڕشێکی گەورە و بەهێزی وەک شۆڕشی ئەیلوول ببێتەوە.

سوپای عێراق هەر لەگەڵ لە دایکبوونییەوە تا هەڵوەشاندنەوەی بەرپرسیاری چەندین سەرکوتکاریی ناوخۆیی هاووڵاتیانی هەموو گەلە جیاوازەکانی ناو عێراق بووە، ئەم سوپایە زیاتر لە جارێک پرۆسەی کۆمەڵکوشتن و پەلاماردانی بۆ سەر هاووڵاتیانی سڤیل بەڕێوە بردووە، ئەم پرۆسەیە لە باشووری کوردستان بە سەختترین و کاریگەرترین شێوە تێپەڕیوە، بە ئەندازەیەک کەم ماڵ هەیە لانیکەم قوربانییەکی نەبێت لەسەر دەستی ئەو سوپایە، هەروەک چۆن کەم گوند و شارۆچکە هەیە زیاد لە جارێک نەکەوتبێتە ژێر رەحمەتی تانک و تۆپ و لاپاڵمی رژێمەکانی عێراق، ئەمەش وای کردووە زۆرینەی گوند و ناوچەکانی کەنار، لە باشووری کوردستان چەندان جار رووخێنران و سووتێنراون و خەڵکەکەشی راگوێزراون. سوپای عێراق لە دەیەی بیستەکانی سەدەی رابردوودا “ساڵەکانی 1924، 1926، 1927، 1928″، هەستاوە بە سەرکوتکردنی چەندین بزووتنەوە و راپەڕینی میللیی و ئازادیخوازانە، بۆ نموونە لە هەریەک لەشارەکانی وەک “موسڵ، نەجەف، کەربەلا، بەسرە، ناسرییە، رومادی”، هەروەها لە باکووریش چەندین هەڵمەتی بەڕێوە بردووە بۆ لەناوبردن و سەرکوتکردنی بزووتنەوە سیاسییەکانی گەلی کورد و ئاشوورییەکان، لە ساڵی 1924یش سوپا هەڵمەتێکی دڕندانەی سەرکوتکردنی لە شاری سلێمانی بەڕێوە برد کە تێیدا ژمارەیەکی بێشوومار بوونە قوربانی.**** لە ساڵانی دواتریشدا بە هەمان شێوە سوپا رۆڵی سەرەکیی و هۆڤانەی گێڕاوە لە بەرپەچدانەوەی زۆرینەی شۆڕش و راپەڕینەکانی گەلانی عێراق.

ئەم سەرکوتە زۆر دژوارەی سوپا لەبەرامبەر کورد و نەتەوە و گەلە ناعەرەبەکانی عێراق چەند قات زیاتر بووە. بۆ وێنە لەسەردەمی پاشایەتیدا سوپا دەورێکی وەحشەتناک و توندی هەبوو لە کۆمەڵکوشتنی ئاشوورییەکان لە باکووری عێراق. “لە11ی ئۆگۆستی 1933دا، یەکەیەکی سەربازیی پڕ چەک لە ژێر فەرماندەیی ژەنەراڵ سدقی دا چووە شارۆچکەی سیمێڵەوە. بەشێوەیەکی سیستماتیک دەستکرا بە رەشەکوژیی لە پیاوان و ژنان و مناڵان. کە دانیشتووانەکەی ئاشوورییەکان بوون. لە جیاتی ئەوەی ئەم کۆمەڵکوژییەی ئاشوورییەکان ببووایە بە ریسواییەکی نیشتمانیی، کەچی بووە سیمبۆل بۆ یەکێتی خاک و شانازیی نیشتمانیی. کەوانە ئاڕمی سەرکەوتن لەسەر شەرەفی سوپا لە شاری موسڵ چەقێنرا، لە کاتی گەڕانەوەی سوپاش بۆ بەغداد، لە نمایشێکی سەربازییدا لە شەقامەکاندا گوڵباران کران”. “15”. سەرچاوە مێژووییەکان ژمارەی کوژراوە ئاشوورییەکان لەم قەتلوعامە کوێرانەیەدا بە زیاتر لە4 هەزار کوژراو مەزندە دەکەن و هەندێک ژێدەریش پێیانوایە ژمارەی قوربانییەکانی ئەم پرۆسەی کۆمەڵکوشتنە مێژووییە نزیکەی 5 هەزار کەس بووە. لەئەنجامی ئەم سەرکەوتنەشەوە بوو ژەنەراڵ “بەکر سدقی” بە رەگەز کوردی پاڵەوانی جینۆسایدی ئاشوورییە مەسیحییەکان پلە سەربازییەکەی لە سوپادا لە عەقیدەوە بەرزکرایەوە بۆ فەریق.
هاوکات لەگەڵ کردەوەی هەڵمەتی پاکتاوی ئاشوورییەکاندا، کیوماڵێکی گەورەش لە کوردستان بەڕێوە دەچوو، لەو سەروەختانەدا کە شۆڕشی بارزان لە ژێر سەرکردایەتی “شێخ ئەحمەدی بارزان” لە کڵپەسەندن و تاودا بوو، رژێمی پاشایەتی بە هاوکاریی باڵەفڕ و یەکە تایبەتییەکانی ئەرتەشی ئینگلیز بە خەستی پرۆسەیەکی کاولکاریی و کوشتاریان لە ناوچەکانی بارزان و دەوروبەری بەڕێوە دەبرد، ئەم پرۆسەیە سەختترین پرۆسەی کاولکاریی بوو لە بەرامبەر کورد لە سەرەتای دامەزراندنی دەوڵەتی عێراقەوە تا ئەو رۆژگارە. لە ساڵەکانی 1933-1934 “تەنیا لە ناوچەکانی بەرۆژ، مزووری و شیروان 79 گوند وێران کران، لە سەرجەمی 2382 خانووبەرە 1365 خانوویان سووتاند و رووخاند، واتە 60%ی وێران کرا”. “16”. لە دوای خامۆشبوونەوەی مەشخەڵی شۆڕشەکانی بارزان و زاڵبوونی تەواوەتی حکوومەتی پاشایەتی بەسەر کوردستاندا، سوپا هیچ ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی بەربڵاوی نەکردۆتە سەر ناوچە کوردنشینەکان، بەڵام لەلایەکی ترەوە هەر کات پێویستی کردبێت سوپا ئامادە بووە بۆ سەرکوت و کوژاندنەوەی ئاگری هەر راپەڕینێک لە هەر لایەکی کوردستانەوە سەریهەڵدابێت.

ئەمە جیا لەوەی حکوومەت بەشێوەیەکی سیستماتیک و پلان بۆداڕێژراو لە هەوڵی تەعریبکردنی ناوچە کوردنشینەکان و داڕنینی مۆرکی کوردیی هەندێک ناوچەیی ستراتیژیی کوردستاندا بوو، ئەم سیاسەتەش درێژەی کێشا هەتا ئەو کاتەی کۆمەڵەی ئەفسەرە ئازادیخوازەکان لە ژێر رێبەریی قاسم– عارف “عەبدولکەریم قاسم– عەبدولسەلام عارف” لە ساڵی 1958، لە رێی کودەتایەکی سەربازییەوە رژێمی پاشایەتیان گۆڕی بۆ رژێمی کۆماریی. لە سەرەتای دەسەڵاتی “قاسم”دا گەلێک هەنگاوی گرنگ لە ریفۆرمی سیاسییەوە تا ریفۆرمی ئابووری و کۆمەڵایەتی و کشاوەرزی نران، لەناو ئەم پانتاییەدا بوارێک بۆ کورد رەخسا تاوەکوو بەشداریی بکات لە ژیانی سیاسییدا، لێرەوە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتییە پیشەییەکانی بە ئاشکرا دەستیانکرد بە کارکردن. لە ساڵی 1959دا بارزانی “مەلا مستەفا 1903-1979” لە تاراوگەوە “سۆڤێت” گەڕایەوە بۆ عێراق و لە رێی کەرنەڤاڵێکی جەماوەرییەوە پێشوازییەکی گەرمی لێکرا، لەولاشەوە دەستووری عێراق بۆ یەکەمین جار دانی نا بە مافی کورد و هاوبەشێتی کورد و عەرەبدا لە چوارچێوەی وڵاتدا.
مانگی هەنگوینی پەیوەندیی دۆستانەی کورد و حکوومەتی قاسم کورت بوو، ساڵی 1961 جارێکی دیکە گرژیی و ئاڵۆزییەکانی کورد و رژێمی بەغدا تەقینەوە و لە کوردستانەوە مەشخەڵی شۆڕش داگیرسایەوە، بەڵام سوپای عێراق بێ هیچ گوێدانە پرنسیپێکی جەنگ و مۆراڵی شەڕکردن، بە فۆرمێکی داپڵۆسێنەرانە کەوتە وێزەی خەڵک، کردەوە و رەفتارە دوور لە پرنسیپە سەربازییەکانی سوپای عێراق هەر بەوەوە نەوەستا هاووڵاتیانی بێ دیفاعیش بکاتە ئامانج، تەنانەت خانووبەرە و مزگەوت و کانی و ئەشکەوتەکانیش بەدەر نەبوون لە پرۆسەی وێرانکردن و لەناوبردن. “هاوینی 1961، رژێمی عەبدولکەریم قاسم، هێرشی کردە سەر کوردستان و نیوەی زیاتری سوپای عێراقیی بە هێرش لە دوای هێرش بەردایە سەر دانیشتووان، تا لە ماوەی ساڵ و نیوێکدا نزیکەی 3000 سێ هەزار کەس کوژران، کە زۆربەیان خەڵکی مەدەنیی بوون. زیاتر لە سەد هەزار کەس ئاوارە بوون و کەوتنە چیا، 150 سەد و پەنجا گوند و شار وێرانکران”. “17”.

لە ماوەی دوو ساڵی شەڕی کورد و عێراق “1961-1963” و تا رمانی رژێمەکەی قاسم لە رێی کودەتای سەربازییەوە، کوردستان لە هەموو لایەکەوە لە ژێر هەڕەشە و مەترسیی سوپادا بوو، بە ئەندازەیەک شوێنێک نەمابوو دەستی وێرانکەرانەی سوپای عێراقی نەیگاتێ، گوندێک، شارێک، شارۆچکەیەک نەمابوو کوشتاری تێدا روونەدات. لەگەڵ هاتنە سەرکاری رژێمی “عەبدولسەلام عارف” لە دوای هەشتی شوباتی 1963، ئەگەرچی بۆ چەند مانگێک لەنێوان پارتی دیموکراتی کوردستان “کە ئەوسا رابەرایەتی شۆڕشی کوردی دەکرد” و رژێم، ئاگربڕ روویدا و چەند خولێکی دانوستان دەستیانپێکردەوە، بەڵام ئەو مفەوەزاتانە لە چەند مانگێک ئاگربڕ بەولاوە چیتریان لێ شین نەبوو، بەپێچەوانەوە بۆ کەڕەتێکی دیکەش جەنگ لەنێوان هەردوولادا هەڵگیرسایەوە. رەنگە خوێناویترین کارەسات لەو قۆناغە لەلایەن سوپای عێراقەوە ئەنجامدرابێت ئەو هەڵمەت و رەشبگیرییە بێت لەژێر فەرماندەیی “زەعیم سدیق”دا لە زۆرینەی ناوچەکانی کوردستاندا ئەنجامدرا. “11-6-1963 دیسانەوە شەڕ هەڵگیرسایەوە و لە مانگی یەکەمی هێرشدا نزیکەی 200 دوو سەد گوند سووتێنران و زیاتر لە 2000 دوو هەزار کەسیش کوژران، لە مانگی 7- 1963 وەفدی یەکێتی سۆڤێت لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند: شەڕی رژێمی عێراق لە دژی کورد، شەڕی جینۆسایدە”. “18”. پێنج ساڵی حوکمی هەردوو عارف “عەبدولسەلام و عەبدولڕەحمان” بە یەکێک لەو وێستگە مێژووییانە دادەنرێت لە مێژووی عێراق و کوردستاندا، کە سوپا زۆرترین کاولکاریی و کشتوبڕی لە ناوچە جۆربەجۆرەکانی کوردستاندا ئەنجامداوە.
هاتنە سەرکاری بەعسییەکان لە هاوینی 1968دا، قۆناغێکی تازەی سیاسیی بوو چ سەبارەت بە کورد، چ سەبارەت بە عێراق و ناوچەکەش، ئەجیندای بەعس لە ئەجیندای تێکڕای حکوومەتەکانی پێشووی عێراق جیاواز بوو، بەعس هەروەک لە خودی ناوەکەیەوە دەردەکەوێت، بزووتنەوەیەکی سیاسیی نەتەوەیی عەرەبیی بوو دەیویست بیری عەرەبچێتی بژێنێتەوە و یەکێتییەکی بەهێزی عەرەبیی لەسەر ئەو جوگرافیایەی ناوی نیشتمانی عەرەبیی لێنراوە پێکبهێنێت، بۆ هێنانەدی ئەم خەونەش سڵی لەهیچ پیلانێکی مەترسیدار و تۆقێنەر و خوێناویی نەدەکردەوە، سەرانی بەعس بە باشی تێگەیشتبوون کارەکەیان ئاسان نییە و تەنانەت تەگەرە و کۆسپی ناوخۆیشیی لە بەردەمدایە، لەم سۆنگەوە بە پێویستیان دەزانی لە سەرەتاوە گرفتە ناوخۆییەکان و نەیارە ناوخۆییەکان ریشەکێش بکەن، ئەوجا هەنگاوەکانی داهاتوویان بنێن، بەم هۆیەوە سەردەمی دەسەڵاتی بەعس و دڕندایەتی سوپای بەعس لە بەرامبەر کورد سەختترین قۆناغە و هەرگیز شایانی بەراووردکردن نییە بە قۆناغەکانی رابردوو. تیۆریسیۆن و پێغەمبەری بەعسییەکان “میشێل عەفلەق” کە وەک مێژوونووسی سوریی “بەسام گیبی” ئاماژەی بۆ کردووە زۆر سەرسام بووە بە هیتلەر و پێیوابووە هیتلەر دواجار بەسەر نەیارەکانیدا سەردەکەوێت، لە زۆرینەی نووسین و گوتارەکانیدا جەخت لەسەر یەکێتی عەرەب و رێنسانسی عەرەبچێتی و لەناوبردنی دوژمنانی ئەم خەونە دەکاتەوە. ئەو دەڵێت “دەبێت تەنیا عەرەبەکان لە وڵاتی خۆیاندا سەرگەورە و بەهێز بن”. ئەم هزرینە لە دوا شیکردنەوەدا ئەوەمان بۆ تەفسیر دەکات لە غەیری عەرەب کەسی تر قبوڵ ناکرێت لە “نیشتمانیی عەرەبییدا” دەستڕۆیشتوو بێت، ئەوەش هاوواتای لەناوبردن و پوکاندنەوەی بە زۆر و جەوری هەموو ئەوانی دیکەی ناعەرەبە.
بەعسییەکان خوازیاربوون سەرەتا لە رێگەی هێنانەدی عێراقێکی سڕف عەرەبییەوە شەقاو بهاوێژن بۆ یەک بە یەکی پلانەکانیان لە سەرتاسەری نیشتمانیی عەرەبدا. ئەوەتا ئەم راستییە لەیەکێک لە بەندەکانی دەستووری عێراقی سەردەمی بەعسدا جەختی لێکراوەتەوە “عێراق بەشێکە لە نیشتمانیی عەرەبی و لە پێناوی وەدیهێنانی یەکبوونێکی گشتیی عەرەبییدا تێدەکۆشێت”. “19” بوونی کوردیش لە عێراقدا لە روانگەی ئایدۆلۆژیای بەعسەوە بەربەستێکی لە راددە بەدەری بەردەم ئەو خەونە بووە، بۆیەکا بەعس بە هەمیشەیی کاری لەسەر داتاشینی وێنەیەکی دزێو و ناهەمواری کورد دەکرد. هەروەک “ئاراس فەتاح” دەڵێت “بەعسیزم ئەو سیستمەیە بوونی کورد لە ناو جەستەی کۆمەڵگا سیاسییەکەیدا وەک هۆکارێکی ناڕەحەتکەر و شێوێنەر تەماشا دەکات و لەوێشەوە وێنەی بێگانەیەکی پێدەبەخشێت کە لە رووی سیاسییەوە دەبێت بە دوژمن”. “20” لێرەوە پڕۆژەی جینۆساید و لەناوبردنی رەگەزیی کورد نەک هەر دەبێتە ئەجیندایەکی سیاسیی بەڵکو بەپێی ئایدۆلۆجیای بەعس رەواییش وەردەگرێت.
بەعس لە دوو ساڵی پێش رێککەوتنی ئاداری 1970ی نێوان کورد و حکوومەت “واتە ساڵانی 1968 و1969″، لە هەموو لایەنێکەوە لە رووی سەربازیی و سیاسییەوە پڕۆژەی لە رەگەوە دەرهێنانی کوردی پەیڕەو دەکرد، هەر لەم رێکەوتە مێژووییەشەوە سێکوچکەی سیاسەتی بەعس دەرهەق بە کورد “تەعریب– تەرحیل – تەبعیس” دەستپێدەکات و پێدەنێتە سەرزەمینی واقیع، پیادەکردنی ئەم سێ سیاسەتەش لە دوا ئاکامدا جگە لە تواندنەوەی کورد هیچی تر نەبوو. سوپا لە بردنەپێشەوەی سێکوچکەی سیاسەتی بەعس رۆڵێکی ئێجگار بایەخداری هەبوو، لەم روانگەشەوە بوو سەرانی رژێم کەوتنە هەوڵی بەهێزکردنی سوپا و خەنیکردنی جبەخانە و تەکنۆلۆژیای سەربازیی دەوڵەتەکەیان. ئەگەرچی لە چوار ساڵی ئاشتی 1970-1974دا سوپا کەمترین دەوری هەبوو لە گۆڕەپانەکەدا، ئەمە مانای ئەوە نییە سیاسەتی سڕینەوەی کورد وەستانی بەخۆوە بینیبێت، بەڵام لەگەڵ دەستپێکردنەوەی خولێکی تری شەڕ، سوپای عێراقی کە سوودی لە پشووی چوار ساڵە وەرگرتبوو، بە یارمەتی نوێباوترین چەکی روسیی لە باڵەفڕ و لاپاڵم و بۆمبی فۆسفۆریی و تۆپی دوورهاوێژ کەوتنە سووتماککردنی کوردستان. لەم بەروارە بە دواوە تا دەگاتە شاڵاوەکانی ئەنفال و راپەڕینی ساڵی 1991 قورسترین پرۆسە سەربازییەکانی سوپای عێراقی لە کوردستاندا تاو دەستێنن، کە ئەمجارەیان سوپای عێراق مێژوویەکی هێندە خوێناویی تۆمار دەکات مەگەر ئەو مێژووە رەشە تەنیا و تەنیا مەغۆلەکان و نازییەکان و ستالین تۆماریان کردبێ.
لە هەنگاوەکانی سەرەتادا پاکتاوی کوردە فەیلییەکان لە دەیەی هەفتاکان و هەشتاکانی سەدەی بیستەمەوە بە خەست و خۆڵیی دەستیپێکرد، لەو پرۆسەیەدا جیا لەوەی دەستگیرا بەسەر سەروەت و دارایی زۆرینەی فەیلییەکاندا، لە هەمان کاتدا بە هەزارانیان لێکوژرا و بە هەزارانیشیان کەوتنە زیندانەکانەوە کە چارەنووسییان دیارە هەر مەرگ بووە، بەپێی هەندێک ئاماری نافەرمیش زۆرتر لە چارەگە ملیۆنێکیشیان دەربەدەر بوون و روویانکردە کۆماری ئیسلامی ئێران. لە دوای هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی نوێی گەلی کوردستان لەساڵی 1976 کە شۆڕشێکی بەرەیی بوو، دیسان سوپای عێراقی وەک جاری جاران، بگرە سەرسەختتر و هۆڤانەتر کەوتە پەلاماردانی کوردستان و کوشتاری هاووڵاتیانی سڤیلیش. رەنگە لە دوای جینۆسایدی فەیلییەکانەوە، رەشبگیریی و لە ناوبردنی بە کۆمەڵی نێرینە بارزانییەکان رووداوێکی مەترسیدار و کارەساتبارترین بێت، گەرچی ژمارەی بارزانییەکان تا بە ئێستاش دەگات بە تەواویی روون نییە چەند بووە، بەڵام گومان لەوە ناکرێ ئەو ژمارەیە لە هەشت هەزار مرۆڤ کەمتر نەبووە و نییە.
“بارزانییەکان تا ساڵی 1981 لە باشوور مانەوە، ئەو ساڵەی سەرلەنوێ بۆ ئۆردوگای قوشتەپە لە دەرەوەی هەولێر گوێزرانەوە.
بارزانییەکان لە پەنجا هەزار کەس تەنیا 20-30 هەزار کەسیان لێمایەوە. لە ساڵی 1983 بەرزان تکریتی نوێنەری عێراق لە نەتەوە یەکگرتووەکان –بەشداریی ئەو چاوپێکەوتنانەی کردووە لەگەڵ لیژنەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافی مرۆڤ بەستراوە- و وەتبانی برای سەدام حسێن و تیپێکی موخابەرات و یەکەیەکی تایبەت لە سوپا چەند هەزار نێرینەیەکیان لە ئۆردوگاکە کۆکردەوە، ئەوانەی تەمەنیان لە سەرووی 12 ساڵەوە بوو، شاهیدێک دەیووت: ئەو خەڵکەیان بە ماشێن بەرەو باشوور گوێزایەوە و دواجاریش لە دەوروبەری شاری بەغداد بینراون، ئینجا بێسەر و شوێن کران”. “21”. تاوانی بە کۆمەڵکوشتنی بارزانییەکان وەڵامدانەوە بوو بۆ ئەو زنجیرە چالاکییەی مەفرەزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بە هاوبەشیی لەگەڵ سوپای ئێران لە سنووری حاجی ئۆمەران ئەنجامیان دابوو، بەڵام هیچکات بەعس رەوایی نەبوو لە بەرامبەر هێرشی پێشمەرگەدا چالاکیی و زەبری تۆڵەسێنی لە بەرامبەر هاووڵاتیانی بێ دیفاع ئەنجامبدا. ئەم پرۆسەیە هەر بەوەوە نەوەستا سنووری ناوچەیەکی دیاریکراو بگرێتەوە بەڵکو لە سەرەتای ساڵی 1988 گەیشتە ترۆپک. ساڵی 1988 بۆ سوپای عێراق رەشتترین ساڵە لە دیرۆکدا، چوون ئەو ساڵە، ساڵی پیادەکردن و بەڕێوەچوونی هەر چوار قۆناغەکەی شاڵاوەکانی ئەنفالی گەلی کوردستانە کە لە رۆژی بیست و سێی شوباتەوە دەستیپێکرد و تاکو شەشی ئەیلوولی هەمان ساڵی خایاند.
لەم پرۆسەیەدا کە دەتوانرێت بە جینۆساید بناسێنرێت و بە هاوشانی قەتڵوعامی ئەرمەنەکانی ساڵی 1915 و هۆلۆکۆستی جووەکان دابنرێت، زیاتر لە100 هەزار مرۆڤی کورد لەناوبران، لە پەنایدا هەزاران گوند و مزگەوت و قوتابخانە و کەنیسە وێرانکران، ئەمە جیا لەوەی بە ملیۆنەها گیانلەبەر و باڵندە قڕکران و زۆرینەی باغ و دارستان و ناوچە سەوزاییەکان کرانە بیابانی کاکی بە کاکی. ئەندرو وایتلی لە پێشەکیی راپۆرتەکەی “میدڵ ئیست وۆچ” کە یەکێکە لە سەرچاوە نایابەکانی ناساندنی ئەنفال بە دنیا، دەنووسێت “بە خەمڵ و بۆچوونی ئێمە لایکەمەکەی 50 هەزار یان 100 هەزار کەس کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون لە نێوان شوبات و ئەیلوولی 1988 کوژرابن”. “22”. هەرچەندە ئامارێکی فەرمیی و کۆنکرێتی لە بەردەستدا نییە ژمارەی ئەنفالکراوەکان ئاشکرا بکات، بەڵام ئەوندەی دەزانرێت ژمارەکە لانیکەمەکەی 100 هەزار کەسە، عەلی حەسەن مەجید “عەلی کیمیایی” سەرپەرشتیاری پرۆسەکە لە دوو جێگەدا، بەڵگەی ئەوە بەدەستەوە دەدات، ژمارەی ئەنفالکراوەکان لە100 هەزار کەس زۆرتر بووە، ناوبراو لە یەکێک لە نامەکانیدا بۆ سەدام ئاماژەی کردووە بەوەی زیاتر لە100 هەزار کەسن و حکوومەت هەر فریا ناکەوێت تەنانەت سابوونیش بەسەریاندا دابەش بکات بۆیە هەموویان لەناوبراون!. لە جاری دووەمدا “لە مایسی 1991دا کاتێ دەسەڵاتداری بێسنووری ئەنفال، عەلی ئەلحەسەن مەجید، کە دواتر بەرز کرایەوە بۆ وەزیری بەرگریی، لە دانوستانێکی نەزۆکدا لەگەڵ سەرکردە کوردەکاندا کۆبووەوە و دەیزانی چۆن قسە دەکات! کاتێ رووبەڕووی داواکاریی کوردەکان بووەوە کە چارەنووسی کوردە سەرنگومکراوەکان روون بکاتەوە –ئەو ژمارەیەی ئەوان دایاننابوو 182 هەزار کەس بوو- ئەم بە تووڕەییەوە وای دەربڕی تێکڕای ئەو ژمارەیەی لە ئەنفالدا کوژراون بە هیچ جۆرێک لە سەد هەزار کەس زیاتر نەبووە”. “23”.
بە جیا لە زیانی گیانیش لە رووی ماددییەوە کوردستان لەلایەن سوپاوە بە تەواوەتی وێرانکرا و ژێرخانە ئابوورییەکەی هەڵتەکێنرا، چەندان ئاوەدانی چۆڵ و وێرانکران، بە بەهای ملیارەها دۆلار زیانی ماددیی بەر تێکڕای کوردستان کەوت کە تاکو هەنووکەش ئاسەوارە خراپ و نێگەتیڤەکانی بەردەوامییان هەیە. بەپێی ئامار و بەڵگەنامەیەک، تەنیا لە ساڵی 1988 و لە میانەی هەڵمەتەکانی ئەنفالدا “یەکەم: 2839 گوند و شار وێران کراون. دووەم: 1757 قوتابخانە کاولکراون. سێیەم: 2457 مزگەوت و جێگەی ئاینیی تر وێران کراون. چوارەم: 271 نەخۆشخانە و تیمارگە وێرانکراون. پێنجەم: 219828 خێزان لە سەرجەم ناوچەکانی کوردستاندا راگوێزراون”. “24”. هەر لە ساڵی 1988 و لە چوارچێوەی پلانی قڕکردنی گەلی کورد هێزە ئاسمانییەکانی سوپای عێراق بە چەکی خنکێنەر شارۆچکەی “هەڵەبجە”یان بۆردومانکرد، جیا لە کاولکردنی شارەکە، نزیکەی پێنج هەزار هاووڵاتی کوژران و دوو بەرابەر بەو ژمارەیەش زامداربوون، لەگەڵ ئەوەشدا هەزاران هەڵەبجەیی ئاوارە و پەڕاگەندەی شارەکانی کوردستان و دیوی ئێران بوون. لە ساڵی 1991، دوای راپەڕینی گەلی کورد لە باشووری کوردستان و شیعەکان لە باشووری عێراق، جارێکی دیکە سوپا رۆڵێکی دڕندانە و توندی هەبوو لە سەرکوتکردنی راپەڕینی گەلانی عێراق. ئەگەر لە کوردستان بەهۆی کۆڕەوی میلۆنیی گەلی کوردەوە زیانە گیانییەکانی کورد کەمتر بووبن بە بەراوورد بە قۆناغەکانی تر، ئەوە لە ناوەڕاست و باشووری عێراق سوپا زۆر بە توندیی شیعەکانی سەرکوتکرد، لەم پرۆسەیەدا هەزاران هاووڵاتی راپەڕیوی شیعە کوژران و سەدان جێگەی ئاینیی و هەزاران ماڵ لەگەڵ زەوی یەکسان کران.
بە کورتییەکەی سوپای عێراقیی لە مێژووی ژیانی تایبەتیی خۆیدا، تۆمارێکی ئێجگار رەش و دزێوی هەیە لە کوشتار و لەناوبردنی هاووڵاتیانی وڵاتەکەیدا، رەنگبێ لە مێژووی میللەتان و دەوڵەتاندا نموونەیەکی تر نەبێت، کە سوپای وڵاتێک بەو قەبارە ترسناکە سەرکوتی هاووڵاتیانی وڵاتەکەی کردبێت. هەروەک چۆن لە تەواوی دیرۆکدا دەستناکەوێت هیچ وڵاتێکی هاوچەرخ بە قەد عێراق زۆرترین پرۆسەی کاولکاریی لەنێو دەوڵەت و ئاوەدانییەکانی خۆیدا بەڕێوە بردێت، ئەم حاڵەتە یەکێک لە دەگمەنترین حاڵەتەکانە کە پێویستیی بەپانتایی زیاتر و فراوانترە بۆ شرۆڤەکردنی ئەکادیمیی و هەمەلایەنە. لە پوختترین دەربڕینیشدا سوپای عێراق لە مەیدانی هیچ جەنگێک لەگەڵ دەوڵەتان سەرکەوتوو نەبووە، تەنێ لە سەرکوتی ناوخۆییدا نەبێ، کە بە بڕوای من دۆڕانی حەتمی و راستەقینە ئەوی دووەمییانە.

سوپای نوێی عێراق لە دوای بەعس

پرۆسەی “ئازادیی” عێراق ئەو وێستگەیە بوو سوپای عێراقی دوای هەشتاو دوو ساڵ لە تەمەن بە تەواوەتی هەڵوەشاندەوە، لەگەڵ رووخانی پەیکەرەکەی دیکتاتۆر لە ساحەی فیردەوسی بەغداد و هاتنە ناوەوەی سوپای هاوپەیمانان بۆ ناو شارەکە، ئیدی شتێک نەما پێی بووترێت سوپای عێراق. لە رووی یاساییەوە ئەمەریکا لەگەڵ راگەیاندنی کۆتایی ئۆپەراسیۆنەکەیان، راشیگەیاند بەعس و سوپا و وەزارەتی بەرگریی و دامودەزگاکانی رژێم هەڵوەشاونەتەوە و لەمەو بەدوا بوونیان یاساغە. ئەوە یەکەمجار بوو دوای هەشت دەیە سوپای دەست و چنگ خوێناویی عێراقیی سکوت بکات و لەسەر شانۆی رووداوە گەرمەکان نەک رۆڵی بەڵکو بوونیی فیزیکیشی بسڕێتەوە. دوا بەدوای وەرگرتنەوەی ئیدارە لەلایەن عێراقییەکانەوە، جارێکی دیکە لەژێر رێنمایی و بەئامادەیی ئەمەریکییەکان سوپایەکی نوێی عێراقی دامەزرایەوە. ئەم سوپایە سوپایەکی سنووردارە و گەشەکردن و هەموو جموجۆڵەکانی بە دەستوور پێوەند کراوە. لە ماددەی 14ی دەستووری نوێی هەمیشەیی عێراقدا ئاماژەدانێکی راستەوخۆی تێدایە کە سوپای عێراق دەبێت هەموو پێکهاتە جۆراوجۆرەکانی ناو عێراق لەخۆ بگرێت.
بەپێی راپۆرتی سەنتەری دیراساتی ستراتیژیی نێودەوڵەتیی csis کە لە 16-9-2008دا بڵاویکردۆتەوە، سوپای عێراق لە ئابی ساڵی 2008دا ژمارەکەی بە گشتیی 180296 سەرباز بووە، واتە بە ژمارە لەو هێزەی ئەمەریکا لەوکاتەدا لە عێراق هەیبووە زیاتر بووە “هێزەکانی ئەمەریکا لە تەمووزی 2008، تەنیا 146 هەزار سەرباز بوو”، بەپێی هەمان راپۆرت تەنیا دوو لیوا هەن لە کوردەکان پێکهاتبێت و تێکڕاش ژمارەی سەربازەکانی ئەو دوو لیوایە لە 9010 سەرباز تێناپەڕێت. لە رووی چەک و چۆڵیشەوە وردە وردە سوپای عێراقیی بەرەو پێشکەوتن و خۆ پڕ چەککردن هەنگاو دەنێت، بۆ ئەو مەبەستەش چەندان بۆندی بە بەهای ملیارەها دۆلار لەگەڵ کۆمپانیا ئەمەریکییەکان واژۆ کردووە بە مەبەستی کڕینی چەک و تەقەنیاتی پێشکەوتووی سەربازیی. رۆژنامەی “واڵستریت جۆرناڵ”ی ئەمەریکیی لە راپۆرتێکیدا لە مانگی ئەیلوولی ساڵی پار بڵاویکردۆتەوە، بۆندێک لە نێوان حکوومەتی عێراق و ئەمەریکا واژۆ کراوە بۆ کڕینی 36 فڕۆکەی جەنگیی ئەمەریکیی لە جۆری “F16”. لەلایەکی تریشەوە سوپا لەلایەن ئەمەریکییەکانەوە راهێنانیان پێدەکرێت لەسەر چۆنێتی بەشدارییکردنی جەنگ و رووبەڕووبوونەوەی پەلاماردانی تیرۆریستیی. دیمەنەکە وەهایە: هەوڵێکی چڕوپڕ لە ئارادایە بۆ بوژاندنەوەی سوپای عێراق کە ئێستا سوپاکە بیست و نۆیەمین سوپایە لە ئاستی جیهاندا، بەرپرسانی عێراقیی دەخوازن خێراتر لەوەی هەیە سوپا گەشە بکات و دامەزراوە سەربازییەکانیش بە پەلە بنیات بنرێنەوە بە حوکمی ئەوەی سوپای هاوپەیمانان لە ئامادەکارییدان بۆ کشانەوە، بەم پێیەش ئەرکی سوپای عێراقیی سەختتر و گرانتر دەبێت لە دابینکردنی سەقامگیریی بۆ خەڵک.
“ئەحمەد عەلوانی” ئەندامی لیژنەی بنیاتنانەوە و وەبەرهێنان و ئابووری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە شوباتی رابردوو رایگەیاند: توانای لۆجیستی و پیشەسازیی سەربازیی عێراق لە ئاستێکی نزمدایە و پێویستە حکوومەتی نوری مالیکی کاری جیددی بکات بۆ سەرلەنوێ بوژاندنەوەی پیشەسازیی سەربازیی. عەلوانی بە پێویستی دەزانێ هەمان وەزارەتی پیشەسازیی سەربازیی سەردەمی رژێمی پێشوو زیندوو بکرێتەوە و پێیوایە “هەزاران کادری پێشکەتوو هەیە شارەزاییان لەو بوارەدا هەیە، بەڵام تائێستا سوودیان لێ وەرنەگیراوە، بۆیە دەبێت حکوومەت کار بۆ ئەوە بکات پشت بە شارەزایانی خۆماڵیی ببەستێت و کەرتی پیشەسازیی سەربازیی ببووژێنێتەوە”. چوار ساڵی کابینەکەی “نوری مالیکی” بە چوار ساڵی بنیاتنانەوە و گەشەکردنی سوپای عێراق دێتە هەژمار، مالیکی زیرەکانە توانی پەرە بدات بە توانای سوپاکەی و بارهێنانیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی تێرۆر و بەرپەرچدانەوەی توند بە تیرۆریستان.
ئەگەرچی هەندێک گلەیی و ناڕەزایی هەیە لەسەر پتەوبوونەوەی سوپای عێراق، ئەمەش لەلایەن کوێتییەکانەوە شایانی شاردنەوە نەبووە، بۆیەکا بە ئاشکرا کوێتییەکان ناڕەحەتیی خۆیان نیشان دەدەن لەمەڕ ئەو رۆڵ پەیداکردنەوەی سوپای عێراقیی. لە بەرامبەردا سەرکردە عێراقییەکان رایدەگەیەنن خۆ پڕ چەککردنەوە و پتەوکردنی سوپا پاساوی خۆی هەیە، یەکێک لەهەرە دیارترینیان جەنگانە لەگەڵ شانە تیرۆریستییەکانی ناوخۆ و رووبەڕوبوونەوەی رێکخراوی ئەلقاعیدەیە. ئەمە لەلایەک و لەلایەکی ترەوە کاربەدەستانی عێراق دووپاتی دەکەنەوە ئەم سوپایە نابێتە سوپاکەی بەعس، هەروەک چۆن لە نیەتدا نییە بە رێگاکەی پێشوودا بڕواتەوە. هەندێکیش جەخت دەکەنەوە، دەبێت سەرکردەیی سوپا بەدەستی کەسە مەدەنییەکانەوە بێت، بۆ وێنە “سەلیم جبوری” وتەبێژی بەرەی تەوافقی سووننە پێیوایە “پێویستە سەرکردایەتی سوپای نوێی عێراق بە دەست مەدەنییەکانەوە بمێنێتەوە تاکوو دەستدرێژیی نەکاتە سەر مافی مرۆڤ و گەلانی عێراق”.
کوردەکانی عێراقیش سەرەڕای بەشدارییان لەو سوپا نوێیەدا، ترسیان لە پڕ چەککردنەوە و پتەوبوونی سوپا هەیە، بەرپرسانی باشووری کوردستان نیگەرانیی خۆیان لە چەندین جێگە و بۆنەدا پیشان داوە لە بەهێزیی و رۆڵ پەیداکردنەوەی سوپا، تەنانەت سەرۆکی هەرێم “مەسعوود بارزانی” بە نیگەرانییەوە دەڕوانێتە ئەو پرسە و دەڵێ “پێکهاتەی سوپای عێراقیی مانای پەڕاوێزخستنی کوردە”، چەندان سەرکردەی تری سیاسیی کورد هەمان بۆچوونیان هەیە، لە بەرامبەریشدا گروپی دووەم هەن، لەو بڕوایەدان مادام دەستوورێک هەیە ئەرک و رۆڵی سوپای دیاریکردووە و مافەکانی کوردیشی چەسپاندووە، مادامیش کورد خۆی بەشدارە لە پێکهاتەی سوپادا هیچ مەترسییەکی ئەوتۆ نییە بۆ سەر مافی کورد. فریاد رواندزی ئەندامی کوردی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیی هەمان ئەو بۆچوونەی هەیە و رایدەگەیەنێت “سوپای عێراق سوپایەکە نابێت دەست لە کاروباری ناوخۆی وڵات و ئیدارات و ناکۆکییە سیاسییەکان وەربدات، بۆیە هیچ مەترسییەک لە پڕ چەککردنەوەی سوپای عێراقدا نابینم، بە تایبەتی سوپای ئێستای عێراق سوپایەک نییە لە ژێر دەسەڵاتی تەنیا کەسێکدا بێت، بەڵکو کورد و سووننە و شیعەی تێدایە، هەروەها کورد لە سوپای عێراقییدا چەندین پۆستی گرنگی هەیە، ئەو پۆستە گرنگانەش وا دەکات هیچ مەترسییەکی لێ بەدینەکرێت”. بە بۆچوونی من ئەو زیادەڕەوییە و سەرمەستییە بە دەستووری عێراقی ئاکامەکەی زۆر باش نییە، پێویستە کورد هێندە لە یۆتۆپیای دەستووری نوێی عێراقدا نەژی، چوونکە تاڵترین کارەساتەکانی کەوتۆتە دوای ئەو دەستوورەی ساڵی 1958 کە بە شەفافی هاوبەشێتی کورد و عەرەب لە عێراقدا دان پێدانابوو.
بەشێکی تر لە کوردەکان و تەنانەت عەرەب عێراقییەکان و چاودێران لەوە نیگەرانن بەهێزبوونەوەی سوپا ئەگەری کودەتای سەربازیی دەهێنێتە پێشەوە “بە بڕوای من ئەمە ئەگەرێکی لاوازە” هەروەک “جەیمس دینزلۆ” دەڵێ “بەهێزکردنی سوپای عێراق و ئەگەری کودەتا ئەوەی دەیسەپێنێت تەریبە لەگەڵ دەرچوونی بەریتانیا لەو وڵاتە لە ساڵی 1948دا، شۆڕشی 1958 و هاتنی حکوومەتە سەربازییەکەی عەبدولکەریم قاسم و عەبدولسەلام عارفی بەدوادا هات”. بەدەر لە هەموو ئەم راستییانە نابێت نادیدەی بگرین، جیهان گۆڕاوە و ئێستا نەک پەنجا ساڵ بگرە پێنج ساڵ پێش ئێستا نییە، ئەوەی لە1988 بۆ سوپای عێراق و حکوومەتی سەدام دەچووە سەر مەحاڵە و لە زەحمەت زەحمەتترە بۆ ئەم سوپا نوێیە و نوری مالیکی یان هەر سەرۆک وەزیرێکی تری عێراقیی بچێتە سەر!!. بە بۆچوونی من سوپای عێراق چەندیش بەهێزبێت، لە ئاستی ئەو چاوە تیژەی لەسەر عێراقە هێشتا هەر لاوازە، بەڵام ئەمەش مانای پشتێن کردنەوەی کورد نییە، بەڵکو دەبێت هەمیشە چاوێکی لەسەر شێوازی کاری سوپا بێت کە پێکهاتەیەک مۆنۆپۆڵی نەکات، ئەگەرچی مەترسی ئایندە ئەوەندەی میلیشیاکانن نیو ئەوەندە سوپا نییە، بە تایبەت میلیشیا شیعەکان کە بە پاساوی جەنگی تیرۆرەوە خەریکە شەرعیەتێکی شۆڕشگێڕیی وەردەگرن و رۆڵیان لە گۆڕەپانی ململانێکاندا بەرەو هەڵکشان دەچێت. ئەمە مەترسییە راستەقینەکەی ئایندەی نزیکمانە.

دوایین وتە

لە کاتی خوێندنەوە و تاوتوێکردنی ئەو سەرچاوانەی بۆ ئەم باسە بەکارمهێناون، لەگەڵ رۆیشتنی ئەو هەموو رووداو و کارەساتەی لە ماوەی هەشتا ساڵدا لەسەر دەستی سوپای عێراق بەسەر گەلانی ستەمدیدەدا هێنراوە، لای خۆمەوە و لە دەرەوەی واقیعی کارەساتەکانەوە تووشی جۆرێک لە تۆقین بووم، لە رێگەی ئینتەرنێتەوە چەندین وتار و لێکۆڵینەوەم لەسەر سوپای دەوڵەتانی تر پەیدا کرد و خوێندمەوە، هێشتا نەمبینی هیچ کۆمەڵگەیەک لە تەواوی سەدەی بیستدا بەدەر لە ئەڵمانیای نازی هێندەی عێراق بووبێتە مەیدانی جەنگ و دەستڕۆیشتوویی سوپا و کاولکاریی ناوخۆیی. تەنانەت لە سەردەمی بەعسدا “دروستتر وایە بڵێین سەردەمی سەدام”، عێراق بە تەواویی لەکۆمەڵگەیەکی نۆرماڵەوە گۆڕا بۆ سەربازگەیەکی گەورە، هەڵمەتی بە سەربازکردن تەنێ لە سنوورێکدا نەمایەوە، پیر و منداڵان و ژنان و تەکنۆکرات و هەموو چین و توێژێکی عێراقی گرتەوە، هونەر بوو بە هونەرێکی سەربازیی، شیعر و ئەدەب و تەنانەت ژیانیش رەنگی خۆیانیان لەدەستدا و بوونە کەرەستەیەک بۆ پێگەیاندنی سەرباز.
دایکی هەرە ئازا ئەوە بوو زۆرترین منداڵ یان با بڵێین زۆرترین سەرباز بخاتەوە، فەرمانگەی تەجنید لە هەموو شوێنێک قەرەباڵغتر بوو، بەردەوام جمەی دەهات، ئەم فەرمانگەیە خوازیاربوو ژنە سکپڕەکانیش سەردانی بکەن تا ناوی منداڵە لە دایکنەبووەکەی ناو سکیشیان بنووسن وەک سەربازی “دواڕۆژ”. جەنگ و مانۆڕی سەربازیی تامی هەموو شتێکیان ناخۆش کردبوو و گۆڕیبوویان بۆ تاعوون، جەنگ تەنانەت پارە و پیتاکی منداڵانی قوتابخانەکانی هەڵلووشی، عێراق لە ماوەی ئەو جەنگە هەشت ساڵییەدا لەگەڵ ئێران، تەواو قەرزار بوو، ژمارەی قەرزەکانی لە100 بیلیۆن دۆلار تێپەڕی، کە زیاتر لە40 بیلیۆنیان بۆ چەک و تەقەمەنی بەهەدەر درابوون، ئاکامی جەنگیش جگە لە دۆڕاندنی عێراق و کوژرانی 200 هەزار و برینداربوونی 500 هەزار کەسی دیکەی عێراقیی بەرهەمێکی تری نەبوو. سوپا کارەکتەری هەموو ئەم نەهامەتییانە بوو، لەبەرئەوە وای بە باش دەزانم مێژووی سوپای عێراق ببێتە وانەیەک لە قوتابخانەکاندا بۆ ئەوەی تا دنیا دنیایە لە بیرمان بێت سوپایەک هەبوو لەم رەنگە و لەو چەشنە.

  • کۆتایی –
ستۆکهۆڵم – سۆلنا

سەرچاوە و پەڕاوێزەکان:

1- العميد جي. كيلبرت براون “قوات الليفي العراقية”، الترجمة والتحقيق: د.مؤيد ابراهيم الونداوي. مراجعة: رفيق صالح السليمانية 2006، ص 15.
2- ساڵح رەحمان “شەشی کانون یادی دامەزراندنی سوپای عێراق”. رۆژنامەی “رۆژنامە”، ژمارە “378”، سێشەممە 6-1-2009.
3- بيتر سلاكت “الخيارات الدستورية لعراق مابعد الحرب”. ترجمة: شكور سليمان. 2003.
4- لیوا مەنسوور حەفید، پلەدارێکی سەربازیی ئەکادیمیی کوردە و چەندین پلە و پۆستی جیاجیای سەربازیی وەرگرتووە و تا هەنووکە وەک پلەدارێک لە کاروباری سەربازیی بەردەوامە. بڕوانە: رۆژنامەی “ئاسۆ”، ژمارە “619”، یەکشەممە 13-1-2008.
5- هێمن میرانی “سوپا لە عێراقی کۆن و نوێدا” بەشی یەکەم، رۆژنامەی “خەبات”، ژمارە “2971”، یەکشەممە، 14-9-2008.
6-ساڵح رەحمان “شەشی کانون یادی دامەزراندنی سوپای عێراق”. رۆژنامەی “رۆژنامە”، ژمارە “378”، سێشەممە 6-1-2009.
7- سەیران تەها ئەحمەد “بەرنامەی چەکی ناوکیی عێراق 1969- 2003″، گۆڤاری “سەنتەری لێکۆڵینەوەی ستراتیجی”، ژمارە “2” ساڵی پازدەهەم، ئابی 2007، لاپەڕە 45-46.
8- Judit Miller،Laurie Mylroie “لە تکریتەوە بۆ کوێت”، وەرگێڕانی: مەریوان غەریب– کامەران غەریب، چاپی یەکەم- سلێمانی، 2006، لاپەڕە 125.
9- هەمان سەرچاوە. لاپەڕە 158.
10- هیوا جەمال “عێراقی سوپا ..سوپای سیاسەت”، رۆژنامەی “رۆژنامە”، ژمارە “419”. 4-3-2009.
11- بيتر سلاكت “الخيارات الدستورية لعراق مابعد الحرب”. ترجمة:شكور سليمان. 2003.
12- ساڵح رەحمان، سەرچاوەی پێشووتر.
13- باقر یاسین “مێژووی خوێناویی عێراق”، و:حەمەساڵح گەڵاڵی، چاپی یەکەم – سلێمانی،2004، لا 226.
14- سمير خليل “جمهورية الخوف”، ترجمة: احمد رائف، الزهرا للاعلام العربي، قاهيرة، 1991. سەمیر خەلیل ناوی خواستراوی نووسەری عێراقی ناسراو “کەنعان مەکییە”یە کە کاتی خۆی ئەو کتێبەی بەو ناوە خوازراوەوە بڵاوکردەوە.
15- لیام ئەندەرسن– گاریس ستانسفیڵد “ئایندەی عێراق.. دیکتاتۆریی، دیموکراسیی یان دابەشبوون؟”، وەرگێڕانی: کامیار سابیر– دڵشاد حەمە، چاپخانەی رەنج 2008، لاپەڕە 59.
16- د.مارف عومەر گوڵ “جینۆسایدی گەلی کورد لەبەر رۆشنایی یاسای تازەی نێودەوڵەتاندا”، چاپی دووەم، سلێمانی 2003، لاپەڕە 21.
17- هەمان سەرچاوە.
18- هەمان سەرچاوە.
19- رێبوار سیوەیلی “قەفەسی ئاسنین یان بۆ ببمەوە بە عێراقی؟”. چاپی یەکەم، کوردستان 2003، لا 70.
20- هەمان سەرچاوە، لاپەڕە 71.
21- کەنعان مەکییە “دڵڕەقی و بێدەنگی”. وەرگێڕانی: حەمەڕەشید، چاپی یەکەم، سلێمانی 2005، لا200.
22-میدڵ ئیست وۆچ “جینۆساید لە عێراقدا.. پەلاماری ئەنفال بۆ سەر کورد”، وەرگێڕانی: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق، چاپی دووەم، سلێمانی 2004، لاپەڕە 21.
23- هەمان سەرچاوە، لاپەڕە 26.
24-د.مارف عومەر گوڵ، سەرچاوەی پێشووتر، لاپەڕە 36.

  • د.محمد حسين الزبيدي “صفحات مضيئة في تاريخ الجيش العراقي “، سايتى “جريدة” سالَي 2006.
    ** د. غزوان هادي “الجيش العراقي و متطلبات المرحلة الراهنة”. سايتى “الصباح”.
    *** مازن الياسري “تاريخ الجيش العراقي بين المؤسسة و النظام الحاكم في ذكراه الثامنة و الثمانين”. شبكة النبأ المعلوماتية- الخميس 15/كانون الثاني/2009.
**** سانتا ميخائيل ” محطات في تاريخ الجيش العراقي منذ تأسيسه 1921 وحتى حله في 2003″، وكالة الأنباء التركمانية.

سەرنج: ئەم لێکۆڵینەوەیە پێش یانزە ساڵ، بە هەشت بەش لە ژمارەکانی “630-637″ی رۆژنامەی “کوردستان راپۆرت” لە ناوەڕاستی مانگی ئایاری ساڵی 2009 بڵاوبۆتەوە.

تێبینی: کۆی ئەم شیکارییە وەک بەشی پێنجەمی کتێبی “گەمەی شەیتان” لە لاپەرە 171-212 چاپ و بڵاوکراوەتە. کە ئەو کتێبەش بە چاپی کاغەز لە سەرەتای ساڵی 2018 لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات بڵاوکراوەتەوە




شیعر/ یادێک لە زیندووان .. سروشت نەوزاد

چاو تەمی خۆی بەجێهێشت و
باڵندەکانم ناسین
دەمزانی ئاسمان قەفەزی بچوکی خەونە
کاتیش لەم دەوروبەرە تێپەڕی و
بەسەر لقی درەختێک نەنیشتەوە
__

زمان کە بیر دەخواتەوە
پرسیار لە قوڕ دەئافرێنێ
زیندوان نیشانەی زیندوانن
شەپۆلیش ڕۆحی تەزیوی دەریایە و
ئازادی ئایا باڵی فڕیوی کام کەنارە؟

                                     ____

(أ)
بە دووی گۆرانی دڵخوازم کەوتم و
ئاو لەسەر ڕێگام بوو
گۆرانی چاوانی ڕوونی کردنەوە
دیقەتی چووە سەر باخچە
باخچەش بستێک خاکی تەڕ بوو
جلی شێداری لەبەر با هەڵخست
با بە هێمنی دەهات
ڕوناکی مانگ بەنێو لقە بەرزەکاندا
ڕووناکی مانگ مانگی چیم بوو؟
با بە دڵنیاییەوە دەهات
باڵندەکان بەسەر لقە بەرزەکاندا
درەختەکان درەختی چی بوون؟
ئاگریش کە پێڵاوی ڕازاوەم بوون:
شەقام من بووم
پیاسەی دڵتەنگی بەر کافێکان من بووم
منم بەدووی گۆرانی دڵخوازم دەکەوم
ئاو لەسەرڕێگامە و
پەرژینی دوو دڵ لە تەماشام درەختی بەردارن
وەک پەڵە هەوری قاچاغ
سەما لە ئاسمانی گیانم پەنجەرەیە

(ب)
کەشتیوانەکان دۆستم نەبوون
لە ئاوم دەڕوانی و
ساڵەکانم دەکشانە ژێر خۆڵی خۆیان
دۆستایەتیم تەنیا خۆی بوو
بە دووی گۆرانی دڵخوازم کەوتم و
گەشتی درێژم پرچی سپی کۆکردنەوە
با لەسەر ڕێگام بوو
لە ئاوم دەڕوانی و ئاسمانم دەبینین
کۆلارەکانیش خەونی زڕاو بوون
هۆگری دڕاویان بردە نێو دەریا!
ئەی دەریا
لە کام گۆرانی سەما دەبەیتە نێو ڕەگ؟
خاک لەسەر ڕێگامە و
باران بۆ کێڵگەی میوەکان
بەبێ باران پەخش دەبێت!
زەویش هەسارەی گڕکانە
دیکتاتۆران ڕاوچی دێرین
قولاپ لە یەخەی مانگ دادەنێن…
ئەی دەریا
لە کام ئاهەنگ گۆرانی دەبەیتە نێو ڕەگ؟
خۆڵ لەسەر ڕێگامە و
ئاگریش باوەشی گەرمی ڕسکاوە
شمشێری دێرینی بردەوە ناو کات
ئەی با
لەکام کۆڵان ڕسکانی سەمایت؟
پیاسەم لافاوی ساردی ڕێگایە و
هێندەی بەڕەی درێژو دورت پێت ڕاکێشان…
ئەی هەوای چۆڵ و تاریکم
باران دێت و منیش لێرە دەمێنمەوە
ڕەگم لەژێر خاکی دڕە و
ئۆتۆمبیل لە سەرم ڕواوە.

(پ)
شەقام دەیناسیمەوە
شار وەک چۆن کۆڵانەکانی دەناسێتەوە
دەمناسییەوە، هەوام دەناسییەوە
پەککەوتەکان وەک چۆن کورسیەکانی
قاوشی هەناوییان دەناسییەوە…
ماڵی خۆمم نەناسییەوە
بە ماڵی خۆم ڕانەهاتم
ڕووت لە باوەشیا پاڵکەوتم و
ڕووی وەرگێڕا
بە شاری خۆم ڕانەهاتم
ڕووت لە باوەشیا گەڕام و
ڕووی وەرگێڕا
بە خۆڵی خۆم ڕانەهاتم
ڕووت لە ژێریا ڕاکشام و
ڕووی وەرگێڕا
بە ئەوینم ڕانەهاتیت
ڕووت لە باوەشما گریایت و
ڕووم وەرگێڕا

(ت)
دەشتاییەکان گەورە بوون
ڕێبواران بەڕێگای دۆستایەتی بادا ڕۆیشتن و
بتەکانیان نەشکاندن ئەوان کە خودایا دەناسی…
خۆڵیش بەدحاڵیبوونێک بوو
کۆشکی زێڕینی پیشاندان
ئەی گەڕاڵە شیک پۆشەکان
کڵپەی ناختان تۆڕی دەریایە
بە کام کەشتی ماسی ڕاو ناکەن؟
بتەکانتان لە ڕێگایە و
لە چیرۆکی کام بستەخاک، پیاسەی ئاگر
لە نێو چاوە قوڵەکانتان ناخوێنینەوە؟
ئەوینی تەڕ لە ڕێگایە و
تینوویەکی ڕووت و ڕەجاڵ بە ناو قوڕدا هەنگاو بنێ
ئەوین دەبینێ
ئەوین عابای خۆی وەدەرنێ و
تینویەکی ڕووت و ڕەجاڵ بە ناو قوڕدا هەنگاو بنێ
بەڵام ئایا چی دەبینێ؟

(أ، ب، پ، ت)
ڕستەم بە شیعر دادەگیرسێ و
وشەش تەمی خۆی جێدێڵێت
هەوا تەنگە
خاک دەناسم
با پێڵاومەو
ئاویش گومان
ئاو دەناسم، هۆگری گەرمم باوەشی ڕژاوە، لە نێوان سەمای خامۆش و گۆرانی گەرمی دڵخوازم،
شەپۆلان ڕۆحی تەزیوی دەریان.
دڵنیایش گیانی پەرتی نێو دەریایە، ئاو دەناسم، لە نێوان گۆرانی خامۆش وسەمای دڵخوازم،
ئازادی ئایا باڵی فڕیوی کام کەنارن؟




بوونەوەرێکی سەمەرە*! .. هەورامان عەلی

  • ئاساییە بەلایەوە شکەنجە بدرێت، زیندانی بکرێت، ڕۆژانە کەرامەتی بشکێنرێت لەلایەن موسوڵمانە سەرکوتکەرەکانەوە، بەڵام ڕازی نابێت بە وشەیەکیش ڕخنەیەکی ڕاسگۆیانە لە ئاینەکەی بگیرێت!
  • ئاساییە بەلایەوە ژنێکی بەتەمەن بڕفێندرێت و لە ژێر گوشار و هەڕەشەدا موسوڵمان بکرێت، بەڵام ڕازی نابێت ، کەسێك ئازادانە واز لە ئاینەکەی بهێنێت و فتوای کوشتنی دەدات!
  • ئاساییە “سیسی ” بڵێت ئیسلام لە قەیراندایە، بەڵام ڕازی نابێت ” ماکرۆن” وا بڵێت!
  • ئاساییە بەلایەوە ڕۆژانە دژی ئاینەکانی تر جنێو بدات، دژایەتی و سوکایەتی بە لایەنگرانیان بکات، کەچی شێتگیر دەبێت گەر کەسێك ڕخنەیەکی بابەتی لە ئاینەکەی بگرێت!
  • ئاساییە دەستدرێژی بکاتە سەر ئافرەتانی ئەوانی تر ، بەڵام ژنەکانی خۆیی بە ناموسی خۆی و خێزانەکەی دەزانیت!
  • لە زەلکاوی دوای دواوەی مرۆڤایەتیدا دەژی ، کەچی پێیوایە لەهەموان بەرزترە و باشترین نەوەی سەرزەمینە!
  • خوازیاری جێبەجێکردنی شەریعەتە، شعر و شانامە بەسەر لێبوردەیی و دادوەریەکەیدا هەڵدەدات، کەچی لەو وڵاتانە هەڵدێ کە شەریعەتی تێدا جێبەجێ دەکرێت!
  • خوازیارە ئیسلام تاکە ئاینی فەرمی دەوڵەت بێت ، کەچی لە دەوڵەتانی سۆماڵ، ئەفگانستان و پاکستان کە ئەم خواستەی جێبەجێ دەکەن ، بێزارە!
  • واخۆی نیشاندەدات کە لەسەر چەوسانەوەی ئاینی لە وڵاتەکەی خۆیدا هەڵهاتووە، کەچی سوکایەتی و جنێو بە ئاینی ئەو وڵاتە دەدات کە پەنایداوە و نان و ئازادی بۆ فەراهەم کردووە!
  • واخۆی نیشاندەدات کە ڕێبوارێکی ڕێگەی ئازادیە، بەڵام کە ئازادی بۆ فەراهەمکراوە ، هەوڵدەدات ئەو ژینگەیە وێرانکات!
  • بە چاوێکی سوك تەماشایی وڵاتانی خۆرئاوا دەکات، بەڵام ئامادەیە لە بەلەمە قاچاغەکاندا ڕێگەی هاتوو نەهات بگرێتەبەر و لە دەریادا بخنکێت، بەشکم بگاتە ئەو وڵاتانە!
  • خوازیاری بایکۆدی کاڵای خۆرئاوایەکانە ، کەچی هەموو بەرهەمەکانی ئەوان، لە ژیانی ڕۆژانەیدا بەکار دەهێنێت!
  • پێی شەرم نیە وڵاتەکەی لە لایەن موسوڵمانانەوە داگیر بکرێت، بەڵام توشی هێستریا دەبێت گەر داگیرکارەکە خۆرئاوایی بوو!
  • جەنگ و هەڵمەتی خاچ پەرستەکان سەرکۆنە و شەرمەزار دەکات، بەڵام شانازی بە “غەزا ” و ” فتوحات”ەوە دەکات!
  • پێیوایە تیرۆریستەکان نوێنەرایەتی ئیسلام ناکەن ، هاوکات شانازی بە کار و کردەوە دڕندانەکانیانەوە دەکات!
  • دەزانێ و دەبینێ کە زۆرترین گێچەڵی سێکسی و دەستدرێژی خێزانی ، زۆرترین بینەرانی فلیمە پۆڕنەکان لە وڵاتانی ئیسلامیدایە ، کەچی دەوێت دنیا باوەڕکات وڵاتانی ئیسلامی پاکترین سەرزەمینە کە مرڤ دەبێت لێیەوە فێری ڕەوشت بێت!
  • ئاساییە بەلایەوە ژن بکرێتە کۆیلە و کەنیزە، لە جەنگدا وەك مەڕوماڵات تاڵان و لاقە بکرێت، بەڵام نابێت تەوقە لەگەڵ ئامۆزاکەی خۆیدا بکات، ئاخر تەوقەکردن لەگەڵ ژندا حەرامە!
  • دەڵێت ئاینەکەی فێری بەزەیی و جوانترین ڕەوشتی کردووە، کەچی بۆ بەرگری لەو ئاینەی ،مرۆڤ سەردەبڕێت، بەکاڵی جگەرەکەی دەخوات و گەر بۆشی نەلوا بە ناشیرینترین شێوە جنێو بارانیان دەکات.
  • دەڵێت ئاینەکەم ئاینی ئاشتیە ، کەچی شانازی بە پەلاماردا، کوشتن، ڕفاندن ، تاڵانی ، لاقەکردن و کۆیلەکردنی مرۆڤ بە زەبری شمشێرەوە دەکات و خەو بە “فەتح”ی ڤاتیکانەوە دەبینێت!
  • بە کوشتاری مرۆڤ دەڵێت “جیهاد”. بە کۆیلە و کەنزەکردنی ژن و مناڵی خەڵکی دەڵێت “غەنیمە” . بە داگیرکردن و تاڵانی کردنی وڵاتان دەڵێ “فەتح”….. کەچی پێستی ڕووی هێندە قایمە قبوڵی نیە پێی بڵێیت ، ئەم پێوەرانەی تۆ بۆ ئەم سەردەمە ناشێن.
  • ئەو قوربانی بە تاوانبار دەبینێت ، بکوژ بە پاڵەوان و شەهید. وشە و کاریکاتێر لای ئەو خەتی سورە، بەڵام لەناوبردنی خودی مرۆڤ و پیرۆزی ژیانی، ئاساییە!
  • لە تاو سەرکوت و زیندان هەڵدێ بۆ وڵاتانی خۆرئاوا ، کەچی دەیەوێت ئەوێش بگۆڕێت بۆ ئەو دەولەتە شکستخواردووەی لێوەی هەڵهاتووە!
  • پەلاماردەدات، تەقنەوە ئەنجامدەدات، سەردەپەڕێنێت، وێرانی دەخوڵقێنێت، کەچی پێی وایە هەرکەسێت دژی ئەم تیرۆرە دڕندانەی ئەو بێت ، ئەوە ڕەگەزپەرستە و نەخۆشی فۆبیایی هەیە!
  • کریستیان و جوەکان بە کافر، گومڕا ، سەرلێشێواو ، ڕێگەونکەر و …. پێناسە دەکات و لە ڕیزی مەڕ، مەیمون و بەرازدا دایان دەنێت ! گەر کەسێك ئەم سوکایەتیەی ئەوی قبوڵ نەبێت، بە دژایەتیکردنی ئاینەکەی تاوانباری دەکات و سەنگەری لێدەگرێت!
  • بڕوای وایە کە خودایەکی بەهێزی هەیە، هاوکات خوداکەی پێویستی بەمە تا بەگری لێبکات و خەڵکی ناچاربن بیپەرستن و لێی هەڵنەیەن!
  • پێیوایە جیهان بەهۆی خوادنەوەی کحولەوە نوقمی بێ ڕەوشتی بووە ، کەچی خەون بە بەهەشتێکەوە دەبینێت تا کحولی وەك پاداشت پێ بدەن!
  • پێوایە موی سەری ژن “عەورە”یە و دەرکەوتنی تاوانە، بەڵام ئاساییە بەلایەوە باسی حۆریەکان لە کتێبە فقیەکاندا بخوێنێتەوە کە هێندە ناسك و جوانن مۆخی ئێسقانیان لەژێر گۆشتەکەدا ، دیارە!
  • گەرچی بە چاوێکی سوکەوە دەڕوانێتە ژن ، کەچی گەورەترین ئومێدی ئەوەیە وەك پاداشت لە جیهانێکی تردا چەند ژنی بەرکەوێت!
  • پێی ئاساییە لەژێر پەرچەمەی ئیسلامدا هەزاران تاوانی جۆراوجۆر ئەنجام بدرێت، کیژۆڵەی نۆ ساڵە لاقە بکرێت، سەری مرۆڤ وەك قچکە پیاز بپەڕێنرێت ، ماڵ و موڵکی خەڵکی تاڵان بکرێت، ئەو هیچ هەڵوێستێك نیشان نادات . بەڵام گەر کەسێك بە کێشانی کاریکاتێرێك گۆشەیەکی ئەو دڕندایەتیە بخاتە ڕوو، ئەم بەلەسە دەبێت و دەیەوێت شار وێرانکات و کاریکاتێریست و ڕۆژنامەوان خەڵتانی خوێنکات!

لە کۆتایدا دەبێت بڵێم : قورسە بۆ کەسانێكی ئەشکەوتنشین کە نوقم بووی نێو تاریکین ، بە ئاسانی بێنە جیهانی پڕ لە ڕوناکی و لەزەت لە جوانیەکانی ژیان ببینن.

…..
*
ئەمە وتارێکی نوسەری ناسراوی ئەمەریکی بە ڕەگەز میسری مەجدی خەلیلە ، من بە دەسکاریەوە کردم بە کوردی
http://brotherrachid.com/%D9%85%D9%82%D8%A7%D9%84%D8%A7%D8%AA/ArticleID/3357/%D9%87%D8%B0%D8%A7-%D8%A7%D9%84%D9%83%D8%A7%D8%A6%D9%86-%D8%A7%D9%84%D8%A7%D8%B1%D8%AA%D9%83%D8%A7%D8%B3%D9%8A-%D8%A7%D9%84%D8%B9%D8%AC%D9%8A%D8%A8?fbclid=IwAR3g-5_5xO7i_gpbcwsmwDMGIukzy1Bs-QaMiAsXOTu_XAxIQ7VCg02vQP8




ئەدەبی مناڵان/ دوو کەوی ژیر.. نووسینی: رەزا شـوان

دوو کەوبـاز، دوو کـەوی نـێرەی ئـازایان هـەبـوون. لەنـاو قەفـەزدا بەنـدیان کردبوون. رۆژێک هەردوو کەوبازەکە، گرەویان لەسەر ئەوە کرد، کە کەوەکەی کێیان لەوی تریان ئازاتـرە. رێکـکەوتن کـە کەوەکـانیان بەشـەڕبـدەن. بە هـەردووکیـان کـاسێکی گـەورەی زیـوینیان کڕی. کەوەکـەی کێیان شەڕەکـە بباتـەوە، کـاسە زیوینیـیەکە بـۆ خـاوەنی ئـەو کەوەیـان دەبێـت.
هـەردوو کەوبـازەکە کاتی بەشەڕدانی کەوەکانیان دیاریکـرد، شوێنیش باخچـەیەک بـوو. کـۆمەڵـێک کەسیشیان بـۆ بینـینی ئەم شـەڕە بانگکـردبـوون. هەمـوویان لـەو کاتـەدا لە باخچـەکەدا ئامـادەبـوون. کەوەکانیان لە قەفـەزەکانیان دەرهـێنان. شەڕەکە دەستیـپێکرد. کەوەکان بە دەنـووک و بە نینۆکەکانیان، پەڕێکی زۆریـان لە یەکـتری هەڵکێشا، سەر و دەموچاوی یەکتریان بریندار کرد. هەردووکیان تەواو ماندوو بوون، هـێزی شەڕکردنیان نەما. ئینجا وازیـان لە یەکتری هێنا. لەم شەڕەدا نە سەرکەوتوو و نە بەزیو، نە براوە و نە دۆڕاو هـەبـوون. بـەڵام هـەردوو کـەوەکە ئـازارێکی زۆریـان بـە یەکـتری گەیـانـد.
ئەم کۆتـاییە نە بە دڵی دوو کەوبـازەکە و نە بە دڵی بینەران بـوو. هـەردوو کەوەبـازەکە بـڕیـاریـان دا، کـە لـە هـەمـان کـاتـدا لـە یەکـەمین رۆژی مـانـگی داهـاتـوودا، هـەر لـەو باخچـەیـەدا، دووبـارە کەوەکـانیـان بەشـەڕبـدەن.
هەردوو کەوەکە، بێ ئەوەی بە یەکتری بزانـن، بیریان کردەوە، زۆر پەشیمان بوونەوە.

کەوی یەکـەم:”ئێمە لە پێناوی چیدا، بە هاندانی ئەم دوو کەوبازە، ئەم شەڕەمـان لەگەڵ یەکتریدا کرد و وامـان بەسەر یەکتریدا هـێناوە؟ گەوجـییەکی گەورەمـان کرد. گـریـم مـن بەسـەر کەوەکـەی بەرانبەرمـدا سەرکـەوتـم. ئایـە خاوەنـەکەم ئـازادم دەکـات؟ بێگـومان نەخـێر. چەندین شەڕی ترم پێـدەکات.. تیاش بچـم ئەو چی باکـێتی! بەڵـێنبـێت ئیتر شـەڕ لەگـەڵ هـیچ کـەوێـکـدا نـاکـەم”.

کەوی دووەم:” زۆر پەشیمانـم، لەو شەڕەی کە لەگەڵ ئـەو کەوە هـاوڕەگەزەمـدا کـردم. ئـەو یا مـن سەربکـەوتـمایە. لە زیـان زیـاتـر، چی سـوودێـکی بـۆ ئێـمە هـەیـە؟ ئـازادی و ژیانیان لێـداگـیرکردوویـن.. لە قەفـەزدا بەنـدیان کـردووین.. ئەمە کـەی ژیـانە؟! ئـەم هەڵـەیە دووبـارە نـاکەمەوە.. بیـرم لەوە کـردۆتەوە کە لەو کاتەدا پێکـەوە هەڵـفـڕیـن”
برینەکانی کەوەکان ساڕێـژبـوون، پەڕەکـانی باڵەکـانیشیان دڕێـژتـر بـوون. یـەکی مانگی تـازەیە. هـەردوو کەوبـازەکە و بیـنەرانـێکی زیـاتر لـە هەمـان کـات و لـەو باخچـەیـەدا، ئـامـادەبـوون. کەوەکـانیان بـەرەڵـڵاکـردن. بـە ئـارامییەوە چـوون بـە لای یەکـترییـەوە.
کـەوی دووەم بـە گـۆێی کـەوی یەکـەمـدا چـرپـانـدی و وتی:”براکـەم، دڵـنـیابـە کـە مـن شەڕت لەگەڵدا ناکەم.. بڕیارم داوە کە هەڵـفـڕم.. ئایە تۆش ئامادەی کە پێکەوە یەکسەر هـەڵـفـڕیـن؟”
کـەوی یەکـەم:” منیـش ئـەو بەڵـێـنەم داوە، کـە شـەڕت لەگـەڵـدا نەکـەم. بـەڵی ئامـادەی هـەڵـفـڕیـنم.. بـا رزگـارمـان بێـت”
هـەردوو کەوەکە، دەرفـەتیان لەدەست نـەدا و لەوە زیاتر درێـژەیـان بە قسەکـردن نـەدا. پێکەوە یەکسەر دایـان لە شەقـەی بـاڵ و هەڵـفـڕین.. تـا لەچاو ونبوون.. خۆیان گەیاندە سەر لووتـکەی چـیایەکی بەرزی کوردستان. لە قەفـەز و لە بەنـدی و لە شەڕ ڕزگاریان بـوو. هـەوای ئـازادییـان هـەڵـمـژی.. فـیری پـەنـد و وانـەیـەکی بـاشیش بـوون.

رەزا شـوان
نەرویـج :٢٠٢٠




پەیامی ڕون .. عەلی حەمەڕەشید بەرزنجی

پەیامی ڕون

جار جارێ ، وەک کۆتر
گمەم دێ
حەز دەکەم ، زوو بفڕم
دەستبەجێ
بۆ ئاسمان ، ھەوارگەی
مانگ و خۆر
ئەستێرەی ، پڕ ورشەی
جۆراوجۆر
وەک ھاوڕێ ، لەگەڵیان
تێر بدوێم
بە ڕونی ، پەیامی
خۆم بڵێم
دەڵێم من ، کەسێکی
چالاکم
ژیان و ، ژینگە دۆست
دڵپاکم
وەک ئێوە ، کۆڵنادەم
ڕۆژانە
ھەوڵی من ، بۆ سودی
ھەموانە
…..
٢٠٢٠/٧/٥




نامەیەکی کراوە بۆ سەرجەم پارتە سیاسیەکان لە هەرێمی کوردستان

بابەت: داواکاری بۆ دەستبەجی ئازادکردنی زیندانیانی خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییانەی هەرێمی کوردستان

پاش سڵاو،

هەروەك هەموولایەك ئاگادارن لە ماوەی سێ مانگی ڕابردودا دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان وە بەتایبەتی دەسەڵاتی پارتی دیموکراتی کوردستان، هێرشێکی هەمەلایەنەی گرتۆتەبەر بۆ دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنوسان و چالاکەوانانی  سیاسی  و ومامۆستایان و هەموو ئەوانەی لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەکانی زاخۆ و بادینان هاتنە مەیدان، دژ بە خراپی هەلومەرجی ژیان و بێکاری  وهەژاری وبێمووچەیی و نەبوونی خزمەتگوزاری و هەروەها لە دژی هێڕشی زەمینی سوپای تورکیا و بۆردومانی گوندە سنوریەكان لەلایەن فڕۆکه‌ جەنگیەكانیەوە کە تائێستاش ژماره‌یه‌ک لە دەستگیرکراوان چارەنوسیان نادیارە.

ئەمە  هەڵمەتی گرتن و ڕفاندنە لە کاتێکدایە که‌دەستگیرکراوەکان هیچ تاوانێکیان نه‌‌کردووە،‌ جگه‌ له‌ داواکردنی  مافه‌ ڕەواو  یاساییەكانی خۆیان و ودەربڕینی  ناڕەزایەتی  ونەفرەت وبێزاریان  بەو دۆخە سەخت و  فەلاکەتباری  بەسەریانا سەپێنراوە.

خەڵکی کوردستان مافی ڕەوای خۆیانە داوای موچەو حەقی  خۆیان بکەن، مافی خۆیانە داوای نان و کارو ئاو و کارەبا و خزمەتگوزاری بکەن، مافی خۆیانە داوای پاراستنی کۆمەڵگا بەگشتی بکەن لە مەترسی هەژاری و برسێنتی و ڤایرۆسی کۆرۆنا و لە دژی هێرش و لەشکرکێشی دەوڵەتی فاشیستی تورکیا بۆ سەر خەڵکی سڤیل .

بەڵام بەداخەوە کاربەدەستانی حکومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لەجیاتی ئەوەی وەڵامی داخوازی هاوڵاتیان بدەنەوە و  بەرپرسیارێتی لەئاست ژیان و گیان و سەلامەتی تەندروستیان لەئەستۆ بگرن، دەستیان بردووە بۆ ڕفاندن و زیندانی و سەرکوت كردنی ئەو خەڵكانە، تەنانەت بەناشرینترین شێوە هەڵدەکوتنە سەر ماڵان، چالاكوانان و خەڵکی ناڕازی و ڕۆژنامەنوسان بەبێ ھیچ بڕیارێكی دادگا دەڕفێنن و لەزیندانە حزبیەكان زیندانیان دەکەن، كە تا ئێستاش هەندێکیان بێسەروشوێنن، وە ڕیگا بەپارێزەر و کەسوکاریان نادرێت سەردانیان بکەن تا لە چارەنوسیان ئاگاداربن.

بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی بەدەستمان گەیشتووە بەندکراوان لەژێر ئەشکەنجەی قورسی  جەستەیی و دەرونیدا دانپێدانیان پێکراوە بەکۆمەڵیک تاوان کە ئەنجامیان نەداوە، بەدووری نازانین وەک چەندین کەیسی تر سیناریۆی دانپێدانانی  زۆرەملێیان پێ ئەنجامبدەن و لە کەناڵە ڕاگەیاندنەکانی  خۆیانەوە  بڵاویبکەنەوە  دواتر بەناوی دەزگا ئەمنیەكانی حکومەتەوە ڕاپۆرتە چەواشەكاریەكان بناسێنن. ئەم هەوڵانەی دەستەڵادارانی هەرێمی کوردستان تەنانەت ڕێز نەگرتنە  لە یاساو دادگاو دادوەرێک کە لەکوردستاندا خۆیان دایاناوە بەبێ گەڕانەوە  بۆ ئەو دەزگایانە مامەڵە بە زیندانیانی سیاسی دەکرێت بەبێ  دانی ئەرکەکە بە دادوەر یان رێگەدان بە پارێزەری  دەستگیرکراوەکان کە بتوانن بەرگری  لە زیندانییەکان بکەن.

ئێمه‌ وه‌کو (کۆمیتەی داکۆکی لە ماف و ئازادییەکان/ هەرێمی کوردستان_عێراق) لەم نامە کراوەیەدا داواتان لێدەکەین هەڵوێستی  خۆتان ڕاشکاوانە بە ئێمە و کەسوکاری زیندانیەکان و ڕایگشتی و خەڵکی کوردستان ڕابگەیەنن و بەرامبەر بە پێشێلکردنی ئازادی وستەمکاریەک کە دەرحەق بە خۆپیشاندەران و  وچالاکەوانان دەکرێت هەڵوێستی خۆتان ئاشکرا بکەن، دەنا بێدەنگیتان دەتانکاتە هاوبەش لە تاوانێك کە بەرەو ڕووی ئازادیخوازان کراوەتەوە لەوەش زیاتر مێژوو هیچ لایەکتان نابەخشێت لەم ستەمکاریە کە  لەلایەن  کابینەی نۆهەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە پەیڕەودەکرێت.

داواتان لێدەکەین پەلە بکەن لە هەڵوێستی خۆتان و بەرپرسیاربن لە ئاست سەلامەتی و ئاسایشی هەموو ئەوانەی دەستگیرکراون داوا بکەن دەستبەجێ:

١- چارەنووسی دەستگیرکراوەکان ئاشکرا بکرێت.

٢- ڕێگە  بەپارێزەرو کەسوکاریان بدەن بیانبینن و مافی  پارێزگاری  لەخۆیان هەبێت بێ هیچ بەربەستێک.

٣- دەستبەجێ کاری عەمەلی بکرێت بۆ ئازادکردنی تەواوی دەستگیرکراوەکان.

ئەم کۆمیتەیە ئامادەیە بۆ خستنەڕووی هەر زانیاریەکی پێویست دەربارەی زیندانیەکان .

له‌گه‌‌ڵ ڕێزماندا.

چاوەڕوانی وەڵام و هەڵوێستی بەپەلەی ئێوەین.

هاوپێچ/ بەیانی ڕاگەیاندنی کۆمیتەکە.

.کۆمیتەی داکۆکی لە ماف و ئازادییەکان/ هەرێمی کوردستانعێراق                             

                         

    ١٩ /١١/٢٠٢٠