ئەو گوندەی پ ک ک ئازادی کردووە! .. ڕێبوار ڕەشید

جێی داخە کە باسەکان تەواو ئاوەژوو بوون.

لە بری ئەوەی باسەکان لە سەر ئازادیی ژنان، بنیاتنانی خوێندنگا و نەخۆشخانە و لێدانی سەدی ئاو و گەیاندنی هەورامان بە بەهدینان و شەنگال بە هەورامان و سلێمانی بە هەولێر و دهۆک بە هەڵەبجە و هەروەها فەراهەمکردنی هەل و دەرفەت و خزمەتگوزاریی بۆ هاووڵاتیان بن، دروست بە پێچەوانەوە، بوون بە لێدان لە یەکیەتیی نەتەوەیی و لە یەکڕیزیی نیشتیمانیی و زیاتر دوورخستنەوەی خەڵکی کوردستان لە یەکتر.

لەو بارەوە هەندێک لە دەسەڵاتدارانی گویا “حکومەتی هەرێم” و بندیوارەکانیان ئەمەیشیان بە کوتانی ئەو دەهۆڵەی شەڕی ناوخۆ زیاد کردوە کە “پ ک ک یەک گوندیشی ئازاد نەکردوە”.

سەیر ئەوەیە پێیان وایە کە ئەوە قسەیەکی بە قەولی خۆیان هەر زۆر زۆر “موهیمە” و بە نرخی زێڕ بە بە کوردی تاڵانکراوی دەفرۆشنەوە. کێشەی تەنیا و سەرەکیی ئەوان بووە بە وەی “پ ک ک گوندێکیشی ئازاد نەکردوە”.

هەموو ئەوانەی لە ناو دەسەڵاتدا ئەو قسەیە دەکەن دزن و بەشێک لە سەرۆک و لە سپای فەرهودی دەسەڵاتن و هەندێکیان بە سەدان هەزار دۆلار نا، بەڵکو بە ملوێن دۆلار لە سەر کوردی باشووری بەدبەخت و بێچارە کەوتوون.

ساڵی 1974 کاتێک مەلا مستەفا خۆی بە تاک و تەنیا بە بڕیاری ئێران و بە دنەی ئیسرائیل بانگەوازی شەڕی دژ بە حکومەتی ئێراق دا، نزیکەی زۆرینەی کوردی باشوور دەست لە سەر سینگ هاتنە پێش و نموونەی گەورەیان لە گیانفیداکاریی پێشکەش کرد چون بە ڕاستیی خەڵکی باشوور عاشق بە ئازادیی و سەربەخۆیین. بەشی هەرە زۆری خاکی باشوور لە ژێر دەستی کورددا بوو. هەر شارەکان، بە کەرکووک و بەشی گەورەی موسڵەوە، لە ژێر دەستی بەغداددا بوون، بەڵام ئەوانیش لە ڕاستییدا لە ژێر حوکمی سەربازییدا بوون دەنا بێ ئەملاولا کورد و کوردستانیی بوون. ڕوون و ئاشکرایە کە حکومەتی ئێراقیی ئەو کاتە زاتی ئەوەی نەبوو بە کەرکووک بڵێت شاری “عەرەب” یان تەنانەت “ئێراقیی” بەڵکو بە ڕەسمیی دەیگوت “شاری برایەتیی/ مدينة التأخي‎”.

لە ماوەی کەمتر لە یەک ساڵدا و سەرەڕای ئەو هەموو تێکۆشانە بێوێنەیەی کوردانی باشوور سەلماندیان، مەلا مستەفا لە دەقیقەیەکدا بانگەوازی ئاشبەتاڵی دا. لێرەدا ناچمە ناو ئەو زیانە هەزاربەهەزارانەی ئێخەی دڵسۆزانی ڕەشوڕووتی باشووریان گرت و ئێمەی باشووریی دووچاری چ بەڵایەک بووین، بەڵکو دەمەوێت ئەوە بڵێم کە مەلا مستەفا نەک هەر یەک گوندیشی ڕزگار نەکرد، بەڵکو خاکێکی ئازاد و گەلێکی ئاگرین و پۆڵایینیی فرۆشت و خۆیشی بە سەلامەتیی بێ ئەوەی دڵۆپێک خوێن لە لووتی خۆی و خانەوادەکەی بێت کە ئێستا جێی ئەویان گرتووەتەوە، تێی چووقاند. لە سەرەتادا بوون بە تاراننشین و پاشان لێیاندا چوون بۆ ئەمریکا. ئەوە فەرامۆش نەکەین کە مەلا مستەفا هەرچی پارەوپولی کوردی باشوور هەبوو لەگەڵ خۆی بردی.
لە مێژوودا پارەی دزرا و بە تاڵانبردراوی خەڵکی کورد داوی ڕەشی سەر بەفری لای ئەم خانەوادەیەیە و دەتوانیت وەدووی بکەویت.

لە باشوور، دووبارە خەڵکی ئازادیخواز و تینوو بە ڕزگاریی و عاشق بە ئازادیی، لە ژێر خۆڵەمێشی ئاشبەتاڵێکی کوشندەدا پشکۆئاسا داخ بوون. کەسایەتیی وەکوو ئارام و شەهاب و ئەنوەر و بە سەدان و بگرە هەزارانی دیکە، لە نموونەی قادری حاجی عەلی، ئەوانەی بە خەباتی خۆبەخشانە گۆش کرابوون، بوون بە نموونەی بەرزی ناو مێژوو.
بەڵام پاش مەرگی ئەو مرۆڤەگەورانە و سەدان و هەزارانی دیکە و سەرەڕای هەموو ئەو دڵسۆزییە بێ نەزیرەی کوردی باشوور، مێژووی نێوان ساڵانی 1976 بۆ لانی کەم 1991 (بخوێنە تا ناوگیریەکەی ئەلبرایت 1998 و ئێستایش!) بە پلەی سەرەکی شەڕی دژ بە بەغداد نەبوو، بەڵکو شەڕی دژبەیەک بوو. لە دوای “مفەوەزاتەکەی ساڵی 1983ی یەکیەتییەوە” سەددام حوسەین لە سەر تەلەڤیزیۆن دادەنیشت و گاڵتەی پێیان دەکرد و دەیگوت: “بڕۆن لەگەڵ یەک رێک بکەون و ئەوجا بێنەوە بۆ لای من”.

لە هەموو ئەو ماوەیەدا نەک هەر یەک گوند، بەڵکو یەک بست خاک ئازاد نەکرا.
یەک بست گوند ئازاد نەکرا بە جێی خۆی، بەڵکو ناشۆڕەسوارانە ئەسپی باشووریان زۆر خراپتر لە 1975 گلاند.
پاش سەرهەڵدان، خەڵکی باشوور خۆیان، ئەو خەڵکەی کە هەمیشە تینووی ئازادیی بووە، لە 5ی ئازاری 1991 لە ڕانییەی سەربەرزەوە ، سپای حکومەتی ئێراقیان لە سەرانسەری باشوور ڕاماڵیی. بۆ یەکەم جار شوێنی وەکوو کەرکووک و گەرمیانی خواروو لە ڕووی سەربازیی و ئیدارییەوە کەوتە دەست کورد. تا ئەو کاتە یەکیەتیی نیشتیمانیی کوردستان بە چەند مەفرەزەیەک نەبێت ئەویش زۆر دوور لە ئاوەدانیی باشوور، نەمابوو. ئەوی پێی دەگوترێت “پارتی دیموکراتی کوردستان” ئاسەواری نەبوو.

مەسعود بارزانی و خانەوادەکەی سفریش نەبوون.
لە ماوەی سی (30) ساڵدا هەموو ئەو خاکە ڕزگارکراوە کە خەڵک بە چنگی خۆیان لە دەست بەعس دەریان هێنا ئەمان کردیان بە تاپۆی ماڵی بابیان و سەدان جار لە قومارخانەی بێئەدەبیی و بێڕەووشتیی و بێسەوادییدا فرۆشتیان. سەرئەنجامی ڕەنجی ئابڕوومەندانەی بێدرێخی باشووریەکان کە بۆ ڕزگارکردنی خاکی باشوور دایان ئازادکردنی ئەو “گوندە” گەورەیەیە، ئەو باشوورە وێرانە داڕماوەی کە ئێستا هەمووان دەیبینن.

بەڵام بە ڕاستیی پرسی ئازادکردنی گوندێک چۆنە؟
سیاسەت یەکێکە لە گرینگترین زانستەکانی مێژووی مرۆڤایەتیی. ئەوانەی لە زانکۆکان خوێندوویانە و خوێندنەوەیان لە سەر مێژووی مرۆڤایەتیی هەیە، دەزانن کە هیچ زانستێک نییە پێوەست بە سیاسەت نەبێت و لە ژێر کاریگەریی سیاسەتدا نەبێت. دیارە لە باشوور، کە ئێستا قسە لە سەر باشوورە، سیاسەت زانست نییە بەڵکو میراتییە. ئەم دەسەڵاتدارانەی ئەمڕۆی باشوور میراتگری سیاسەتی بابیانن.
میراتگری سیاسیی بابیانن بەڵام خۆیان بە سەرۆکی سەرۆکان و سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی شتی دیکە خۆدەناسێنن. ئەم داستانە بەشی سەدان سکێچی کۆمیک دەکات!
بۆ ئەوەی مرۆڤ لە ئازادکردنی گوندێک تێ بگات دەبێت مێژووی خەباتی ئازادیخوازیی گەلان بخوێنێتەوە و تێ بگات کە ئازادی چییە و لە کام دۆخانەدا بەرجەستە دەبێت. چەمکی ئازادیی هەروەکوو چەمکە گرینگەکانی دیکە سەرئێشەی بە هەزاران لە فەیلەسوفانی پێش ڕۆشنگەریی و دوا ڕۆشنگەریی و بزووتنەوەی سەفرەگەیتی ژنان و تێکۆشەرانی دیکەی ناو سەرەتای لیبرالیزم و کۆمۆنیزم و سۆسیالیزم و سۆسیالدیموکراتیی و هتد بووە.
پێشەوا قازی، ئەو کەسەی بە پێچەوانەی ئەوانەی لە ڕۆژی ڕەشدا کۆماری کوردستانیان جێهێشت و هەڵهاتن، بڕیاری دا بژاردەی سەربڵندیی هەڵبژێرێت. قازی نەیتوانی کۆماری کوردستان لە هەڕەشەی سەربازیی ئێران بپارێزێت. پێشەوا هەم لێهاتوو بوو و هەم جەسوور و خۆڕاگر. بەڵام پێویستیی بە خەڵکێک بوو کە لە ڕووی سیاسیی و نەتەوەییەوە هۆشیار بن، ناسنامەیەکی نەتەوەیی و نیشتیمانیان هەبێت وەکوو لە عەشیرەتیی و لە ناوچەگەریی. پێشەوا تا ڕادەیەکی باڵا تاک باڵ مایەوە. کۆمار چوو بەڵام ئەم تەسلیم نەبوو، هەر لەبەرئەوەیە هەمیشە لە دڵی کوردستانیاندا بە شیرینیی و گەورەیی دەمێنێتەوە.
لە هاتنەسەرکاری حکومەتی خومەینییدا کەسانێک هەن کە هەر لە سەرەتاوە زانیان ئەم دەسەڵاتەی خومەینی ئافاتە و کە هەر مەرگ و زیانی لێ دەکەوێتەوە. یەکێک لەوانە کاک فوئاد بوو. سەرەڕای ئەوەی کە کۆمەڵە بە دەیان هەزار لە کچان و کوڕان و ژنان و پیاوانی تێکۆشەری بۆ یەکەم جار لە مێژووی کوردستاندا ڕێکخست، کە وەکوو ئاگر لە ڕووی کفنپۆشەکانی جەهالەتدا وێستانەوە و داستانی گەورەیان تۆمار کرد، کە کۆچی مێژوویی وەکوو مەریوانی لێکەوتەوە و کە پاشان ڕێپێوانی خاوەندەرکەوتنی شارەکانی دیکەی لە مەریوان بەدوایدا هات، شەڕی سێ مانگە و پاشان شەڕی کۆڵنەدانیان کوچە بە کوچە و گوند بە گوند و کێو بە کێو کرد. هەتا سەرئەنجام ناچار مان لانی کەم لە ڕووی عەسکەرییەوە ڕۆژهەڵات بەجێبهێڵن. حیزبی دیموکرات و ئەوانی دیکەیش بە ئێرانیەکانەوە هەروەها ناچار مان ڕۆژهەڵات بەجێبهێڵن.

ئەی ئەو گوندەی پ ک ک ئازادی کردوە؟
پ ک ک لە مێژووی خەباتی ئازادیخوازی خەڵکی کوردستاندا تەنیا بزووتنەوەیەکی سەرانسەریی کورد و کوردستانییە و هەر لە سەرەتاوە خوێندنەوەی لە سەر ئەزموونی خەباتی ئازادیخوازیی لە جیهان و لە کوردستان هەبووە. ئەمە بەو مانایە نایەت کە لە ستراتیژیی شەڕدا بێ هەڵە و بێ کەموکورتییە، بێگومان نا.
پ ک ک زۆر باش دەزانێت کە بە هەبوونی قازیەک و فوئادێکی سەربڵند ، یان دەیان قازی و فوئاد،کورد بە مەبەست ناگات، بەڵکو کاتێک بە مەبەست دەگات کە بە سەدان هەزار لە نموونەکانی قازی و فوئاد بخاتە نێو مەیدانی تێکۆشانەوە. ئەو کەسایەتییەی بەرژەوەندیی شەخسیی لە خۆی دادەماڵێت و خۆبەخش بە ماڵ و خوێن و گیانی خۆی دەست بە کار دەبێت و نیشانی دەدا کە وەفادار بەو رێبازەیە.

سەرنج بدەن، قازی هەتا دوا ساتەکانی ژیانی هەر لە ناوەندا دەمێنێتەوە بۆ ئەوەی بتوانێت کەسانی خۆبەخشی فریونەخۆر کۆبکاتەوە. کاک فوئاد بە چنگەکڕێ و هەر سەعاتەی لە شوێنێک یەکیەتیی جووتیاران ساز دەکات و ڕێک دەخات و دەستی پێیانەوە دەبێت و پاشان بە هەمان شێوەیش لەگەڵ هاوڕێیانی دڵسۆزی تردا لە سەرەتادا کۆمەڵە بەهێز دەکات. کاک فوئاد دەزانێت هێز لە ڕێکخستنەوە دێت، ڕێکخستنێک کە خەڵکی زەرەرلێکەوتوو و هەژار و نەدار تیایدا هۆشیار و بەئاگا بن و خۆبەخشانە کارامە بن.
لە نموونەی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی باشووریشدا هەمان کاکڵەی شۆڕشگێڕیی ئازادیخوازیی دەبینین. ئارام و شەهاب و جەعفەر و زۆرێک لەوانەی دیکە سیاسەتیان بە میرات بۆ نەمابووەوە، بەڵکو هۆشیار و خۆبەخش هەڵیانبژاردبوو کە خزمەت بە خەڵکی خۆیان بکەن. ئەوان بە پارە و سامانی خۆیان دەستیان پێ کرد، خوێندەوار و بە سەواد و ئاگادار لە دۆخی سیاسیی بوون.

پ ک ک ئاگاداری ئەم کار و خەباتەیە.
پ ک ک هەروەها ئاگاداری ئەزموونە تاڵەکانی مێژووی کوردە، دەزانێت عەشیرەتگەریی و ئاغایەتیی و ناوچەگەریی و مشەخۆریی و بازرگانیی بە خوێن و ژیانی خەڵکەوە دەتوانێت چەند کوشندە بێت، تا ئەو ئاستەی کە نەتەوەیەک بە ژێردەستەیی دەهێڵێتەوە.

لە سەر ئاستی جیهانیی ئەزموون زۆرە. پ ک ک هەروەها زۆر باش دەزانێت کە گاندی نەیدەتووانی هێزێکی گەورەتر لە سپای پیادەی ئینگلیز لە هیندوستانیەکان ساز بکات ئەگەر بێت و پێش هەر شتێک خەڵکی هیندوستان هۆشیار نەکرێنەوە، لە سیستەمی داگیرکەریی تێ نەگەن و لە ترس و وەحشەت و گومان لە خۆ ڕزگاریان نەبێت.

تێکۆشانی پ ک ک، هەروەکوو نموونە دروستەکانی مێژووی کورد، تێکۆشانی هۆشیارکردنەوە و ڕێکخستنە، تێکۆشانی بە نەتەوەکردنی کوردە لە مانای پراکتیکی سیاسییدا، تێکۆشانی یاسایی و ئەوجا تێکۆشانی جەنگاوەریی و ئازادکردنە.
نموونەی گرینگ لە تێکۆشان لە کوردستان و جیهان دەیسەلمێنن کە هەتا ئاستی هۆشیاریی و ڕێکخستنی گەلێک نەگاتە ئاستی سەرانسەریی و هەروەها لە جەوهەردا ئازادیخواز و پێشکەوتووخواز نەبێت، مومکین نییە بتوانێت ناوچەیەک ڕزگار بکات و ئەگەر ڕزگاریشی بکات بتوانێت بیپارێزێت.

پێشەوا قازی بە هەویرێکەوە کە زیاتر یەکیەتیی نەتەوەیی و هۆشیاریی نیشتیمانیی و خۆبەخشیی و خۆڕاگریی تێدا بووایە بێگومان دەیتوانی کۆمار بە پێوە ڕابگرێت. کاک فوئاد و ئەوانی دیکەیش بە هەمان شێوە.

هەتا ئەو کاتەی سوننەیەکی کورد بە گیانی خۆی دیفاع لە مافی شیعە و ئێزییدی و یارسان و کاکەیی و زەردەشتیی و جوو و کریستیانی کورد نەکات (یان بە پێچەوانەوە)، تا ئاتیەستێکی کورد مافی ئاییندارەکان نەپارێزێت، تا زۆرینەی
پیاوانی کورد لە دڵەوە باوەڕیان بە مرۆڤبوونی ژنان نەبێت کە وەکوو پیاوان مرۆڤن، هەتا ئەو کاتەی بە سەر گوند و شار و خێڵدا دابەش بین، و هتد هتد، کورد ناتوانێت نەتەوەیەکی سیاسیی بێت و ناتوانێت بەرژەوەندیی نیشتیمانیی خۆی بپارێزێت و بێگومان ناتوانێت فەرمانڕەواییەکی هاوچەرخ بونیاد بنێت.
تا ئەو کاتەی نەتەوەیەکی سیاسیی نەبین و بۆ مۆدێرنیتەی ئازادیخوازیی تێنەکۆشین هەر ئاغایەکی شەڕ دەتوانێت هەڵبستێت و بە ناوی کوردایەتییەوە خۆی و خانەوادەکەی لە ناوچەیەکی جوگرافییدا بکات بە خودا.

لەبەرئەوەیە پ ک ک هەر لە سەرەتاوە جەختی لە سەر هۆشیارکردنەوە و ڕێکخستن کردووە، گرێدانی بەشەکانی کوردستان بە یەکەوە، گەیاندنی هەرێمە سرووشتیەکانی کوردستان بە یەکتر، گەیاندنی ئایین و ئایینزاکانی کوردستان بەیەکتر، گەیاندنی ژن و پیاوی کورد بە یەکتر، گەیاندنی بیر و ئەندێشەی جیاوازی خەڵک بە یەکتر، کردنەوەی دیالۆگی سیاسیی و ئاوەڵە و هتد هەموو خاڵی سەرەکیی ئەو تێکۆشانەن.

هەنگاوی بڕیاردان بە خەباتی جەنگاوەریی دژ بە دووهەم سپای ناتۆ بە هەموو ئەو دۆست و یارانەوە کە هەیەتیی ئازادکردنی ئەو ”گوندەیە” کە ئاغاواتی شەڕ هەوڵ دەدەن خەڵکی پێ فریو بدەن، دامەزراندنی مەد تێ ڤێ و شکاندنی بایکۆتی مەجازیی و گەیاندنی دەنگ و ڕووخساری کورد بە یەکتر ئازادکردنی ئەو ”گوندەیە”. دامەزراندنی چەندین پارتی سیاسیی لە ناوجەرگەی فاشیزم و داگیرکەریی دەوڵەتی تورکدا ئازادکردنی ئەو ”گوندەیە”، کۆکردنەوەی دەیان کەسایەتیی لە ژن و پیاوی وەکوو ئاگر لە ناوجەرگەی پارلەمانی تورکدا ئازادکردنی ئەو ”گوندەیە”، سازکردنی هێزی گەریلا لە کچان و کوڕانی کوردستان ئازادکردنی ئەو ”گوندەیە”، ڕەگداکوتان لە ناو قووڵایی ستراتیژیی کوردستاندا کە قەندیلە ئازادکردنی ئەو ”گوندەیە”.
ڕاوەستانی کچێکی کورد پێ لە کەوشی دڕاودا بەرامبەر بە دڕندەترین لە سیستەمەکانی داگیریی لە دونیادا ئازادکردنی ئەو ”گوندەیە”.
خۆڕاگرتنی بەردەوامی زیاتر لە 43 ساڵ لە ژێر هێرشی ئێران و تورکیا ئازادکردنی ”گوندەیە”.
خۆڕێکخستنی ئێزیدیەکان و دروستکردنی هێزی بەرگریی خۆماڵیی کە لە ژێر کاریگەریی ئەو هزرەدایە، ئازادکردنی ئەو ”گوندەیە”. خۆڕێکخستنی دانیشتووانی کامپی مەخموور و دروستکردنی هێزی بەرگریی خۆماڵیی کە لە ژێر کاریگەریی ئەو هزرەدایە، ئازادکردنی ئەو ”گوندەیە”. خۆڕێکخستنی کوردانی ڕۆژئاوا و دروستکردنی هێزی بەرگریی خۆماڵیی و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگای رۆژئاوا کە سەرئەنجامی کاریگەریی ئەو هزرەیە، ئازادکردنی ئەو ”گوندەیە”.

ڕێگاگرتن لە دەوڵەتی تورک کە نەتوانێت هیلالی تورکیی بە ناو و بە دەوری کوردستاندا بکێشێت و بەشەکانی کوردستان لە یەک داببڕێت، ئازادکردنی ئەو ”گوندەیە”. ئەو لایەنەی هەتا ئێستا نەیهێشتووە و ناهێڵێت “قەرەباخ” ـێک لە نێوان ڕۆژهەڵات و باشووردا دروست بێت تەنیا و تەنیا پ ک ک یە، ئەوە ئازادکردنی ئەو “گوندەیە”.

لێدانی ڕۆژانە لە سپای تورک لە قووڵایی باکووردا کە سەرئەنجامی ڕێکخستنی خەڵکە ئازادکردنی ئەو ”گوندەیە”.
بەرەنگاربوونەوە دژ بە داعش و چەتەی ئیسلامیستیی و شکاندنیان لە شوێنە ستراتیژیەکانی کوردستان ئازادکردنی ئەو ”گوندەیە”.
کۆکردنەوەی زەخیرەی شەڕی گەورەوگران و پێشخستنی تەکنیکی شەڕ و داڕماندنی باری ئابووری داگیرکەر و ترساندنی سپایان، ئازادکردنی ئەو ”گوندەیە”.

ئەوی هەر ئێستا لە پراکتیکدا و بە شێوەی سیاسیی و کولتوریی و خەباتی چەکداریی پارچەکانی کوردستان پێکەوە گرێ دەدات پ ک ک یە. پێشخستنی خەباتی سیاسیی و یاسایی بە شێوەیەک کە دەوڵەتی تورک ناتوانێت خۆی لە بەردەمدا رابگرێت و کە بە دەیان ملوێن لە خەڵك لە خراپترین بارودۆخی سیاسیی داگیرکەریی و فاشیستییدا داوای سەربەخۆیی و ئازادیی دەکەن و بە ئاڵای ڕەنگین سویند دەخۆن، ئازادکردنی ئەو “گوندەیە”.

ئەوانەی دەهۆڵی شەڕی ناوخۆ بە “ئازادنەکردنی گوندێک” لێ دەدەن لە ڕاستییدا شینی ئەوە دەکەن کە لە تەواوی دەڤەری بەهدینان بە دهۆک و زاخۆ و هەولێرەوە خەڵک بە دوای ئەڵتەرناتیڤدا دەگەڕێن و چیتر لە دزان و تاڵانکاران ناترسن. شەڕفرۆشتن بە پ ک ک هەڵڕشتنی ئەو داخەیە، تێنەگەیشتن لە ئازادکردنی “گوندێک” نییە.

هەر ئێستا لە هەڵبژاردنێکی ئازاددا باکووری کوردستان، وەکوو یەکەیەک لە خاکی کوردستان، دەتوانێت دەنگ بە هەر شتێک بدات کە بە باشی دەزانێت، ئەوە سەرئەنجامی ڕێکخستنی کۆمەڵانی خەڵکە و ئازادکردنی ئەو “گوندەیە”. ئەوی ئەردۆغان و دەوڵەتی تورک هارئاسا حوکمی عەسکەرییان لە هەموو باکوور راگەیاندووە و بە هەزاران لە کەسایەتیی نیشتیمانپەروەر و هەڵبژاردەی ڕەسمیی خەڵک دەهاونە زیندان، ڕێگاگرتن لە ئازادکردنی ئەو “گوندەیە”.

کاتێک خەڵکی کوردستان، ئەو زۆربایەتیەی لە هەموو خزمەتگوزارییەک بێ بەشن، دەیبیستن و دەیبینن و تێ دەگەن کە خەباتێکی ئازادیخوازانەی خۆبەشی دڵخوازانەی کچان و کوڕان و ژنان و پیاوانی کورد بێ هیچ جۆرە بەرابەرێک هەیە و هاوکات ئەو دز و تاڵانچییە بێشەرمە پڕڕووانەش دەبینن کە مۆری سەرۆک و بنسەرۆک و جێگری سەرۆک و سەرۆکی حکومەتیان لە خۆ داوە، ئیتر کەس ناتوانێت گاڵتە بە ئەقڵیان بکات و ئاوەزیان بە کەم بگرێت، ئەوە سەرەتا و کۆتایی ئازادکردنی ئەو “گوندەیە”!

دیارە بە یەکیەتیی نەتەوەیی و نیشتیمانیی کە بە مانای ئەوە دێت وەکوو گەل نەهێڵین دزیمان لێ بکرێت و سامانمان بە تاڵان ببردرێت و کولتوریی دواکەوتووییمان بە سەردا فەرز بکەن، دەتوانین نەک هەر “گوند” بەڵکو تەواوی کوردستان ئازاد بکەین. ئەوە بیرکردنەوە دروستەکەیە!

ڕێبوار ڕەشید
25/11/2020




٩٩ مۆمی خامۆش .. برایم فەڕشی

خۆی١ دەبێژێ، ” خەڵکی بۆکانم، کوردی خوێن پاکم”! بە گوێرەی گوتنی بنەماڵەکەی و پێناسەی ژمارە ٧٣٥ ی ئیدارەی “سەبت و ئەحواڵ”ی بۆکان لە ٢٩/١١/١٩٢١ لە گەڕەکی سەر قەڵا لە شاری بۆکان لە دایک بووە. پەنجا و یەک ساڵ ژیا، چل ساڵ گرێدراوی مۆسیقا، وێژە و زمانی خۆماڵی کوردی بوو. جگە لە زمانی کوردی، ئاشنا بە زمانی فارسی، ئازەری و هێندێک عەرەبی بوو.
لە نێوان سەردەمی کۆن و نوێ بوو بە یەکێک لە دانیشتووانی سەر گۆی زەوی، شەڕی یەکەمی عالەمی کۆتایی پێهاتبوو، ئیمپراتوری پارس و عوسمانی ڕمیا بوو، کوردستان کرابووە چوار پارچە. لە سەردەمی لە دایکبوونی ئەو برسیەتی و نەخۆشی بەرۆکی خەڵکی گرت و گەلێک منداڵ سەریان نایەوە، ئەو زیندوو مایەوە. کۆمەڵگا و سیستەمی کۆنی سیاسی، فەرهەنگی لە ڕێگای مودێرنیزمی سەردەم بەرەو گۆڕان کێشرا، کەرەسەی نوێ، سەنعەت، زانست گەیشتە ناوچەکە و هەموو ئەو گۆڕان و گۆڕانکاریانە شان بەشانی بوونی کۆمەڵگای کۆن، لە ئارادا بوون.
ئەو منداڵی کۆمەڵگایەکی داخراو بوو، کە ژیان و کەسەکان تێیدا دووبارە دەبوونەوە، بەڵام ژیانی ئەو وەک کەسانی تر دووبارە نەبووە. ژیان و کەسایەتی ئەو، مۆری تایبەت بە خۆی وەرگرت. مۆری کەسێک کە نازناوی زیرەکی پێبەخشرا. زیرەکی ئەو، لە ناتەبابوون لە گەڵ پرۆسەی ژیانی ئاسایی سەردەم، خۆی دەرخست. ئەو لە ژیان و کردەوە و تێگەیشتنی باو دەرباز بوو، ڕێگای خۆی گرت، ڕێگایەکی سەخت و ناهەموار و قاقڕ!
بەر لە زیرەک، هەرچی کورد هەیبوو، سینگاوسینگ دەگێڕدرایەوەا، سەربووردە، مێژوو، ڕاز، حەکایەت، بەیت و باو، فەرهەنگ، داب و نەریت، شێوەی ژیان و کار و ئاکار و زمان، لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر ڕادەگوێزدرا. زیرەک گوند بە گوند و شار بەشاری باشوور و ڕۆژهەڵاتی زێدەکەی گەڕا، ڕێک وەک زۆربەی هونەرمەندە گەڕۆکەکانی جیهان، وەک ئەو نووسەر و شاعیرانەی کە بوون بە سیمای نەتەوەیی بواری ئەدەبیات و هونەر و زمانی میللەتەکەیان.
زیرەک لە سەردەمی نوێ لە ڕێگای ڕادیۆ، تۆمارکردنی دەنگ بەشێکی بەرچاو لە مێلۆدی، ئاواز و گۆرانی و کەلام و وشەی کوردی لە فەوتان ڕزگار کرد. لە لای نووسەر ئەم دێڕانە ٧٥٠ گۆرانی تۆمار کراو و نووسراوەی گۆرانییەکان هەیە، کە زیاتر لە ٣٥ هەزار وشەی ڕەسەنی کوردی لەخۆ دەگرن. کاری زیرەک سەرەتایەک بوو بۆ تۆمارکردن و پاراستنی سەرمایەی مانەویی نەتەوەیەک کە زۆری لە ناوچووە. ئەمڕۆ پاش تێپەڕینی چل و هەشت ساڵ لە مەرگ و نەود ونۆساڵ لەدایکبوونی زیرەک، کەسان و ناوەند دەبیندرێن کە درێژە بە تۆمارکردنی ئەو پاشخانە زەنگینەی کورد دەدەن و هونەری نوێی لێدەخوڵقێنن و زمان و ئەدەبیات و فەرهەنگ و هونەری پێدەوڵەمەند دەکەن.
زیرەک لە سەردەمێکدا کتێبی بە زمانی کوردی لە پایتەختی ئێران لە چاپ دا، کە نووسین و خوێندن و چاپکردنی کتێب بە زمانی کوردی زیندان و هەڵپەساردن لە کار و ژیانی لە دوا بوو، ئەو شیعری یاساخی شاعیرانی کوردی لە ڕێگای گۆرانییەکانی و ئیزگەکانی ڕادیۆی ئێران بردە ناو خەڵک. بوونی زیرەک لە ئیزگەکانی ڕادیۆ لە تاران، کرماشان، سنە، تەورێز بوو بە هۆی لە یەک نزیک بوونەوەی شارەزایانی مۆسیقا، ئەدەبیات و هونەر لە دەوری. کارە بێوێنەکانی زیرەک ئەو کاتە تۆمارکراون، کە دەرفەت بۆ ئەو شارەزایانە لە ڕێگای بوونی زیرەکەوە ڕەخساوە.
زیرەک یەک ناو و تاکە کەس بوو، کە توانی ببێتە ڕۆڵەی سەردەمی خۆی و لە سەردەمەکانی دوای خۆیدا بمێنێتەوە. مخابن کار و بەرهەمەکانی، هێشتا لە دەرەوەی لێکۆڵینەوە و توژینەوەکان ماونەتەوە و شوێنی خۆیان لە زانستگاکان و شوێنەکانی زانستی نەگرتووە، ئەوەش کەمتەرخەمی و تێنەگەیشتن لە زیرەک و بەرهەمەکانی پاش مەرگی دەگەیینێت. زیرەک بە پانتای کوردستان لە ناو خەڵکدا ماوەتەوە، بەڵام هێشتا دەرگای زانستگا و یانە زانستییەکانی بە ڕوودا نەکراوەتەوە.
حەسەن زلە بۆکانی کە دواتر بە حەسەن زیرەک ناوبانگی لە کوردستان دەرکرد، کەسێکی ئاسایی بوو کە ژیانی لە کۆڵانەکانی بۆکان لە گەڵ منداڵانی هاوتەمەنی دەستی پێکرد و جیاواز لە منداڵانی تر بە هۆی دەنگخۆشی و لێهاتوویی خۆی و بارودۆخی ژیان و سەردەمەکەی و بارودۆخی بنەماڵە و ژینگەکەی، چارەنووسی جیاواز لە منداڵانی هاوتەمەنی پەیدا کرد. هەر بە منداڵی بە هۆی “شایەر”ەکانی ناو شار ڕێگای کەوتە ناو شایی و زەماوەند لە ناو شاری بۆکان و دێهاتی دەوروبەر و ماڵە دەوڵەمەند و ئاغاواتی ناوچە. .
مردنی باوک و شووکردنەوەی دایک لە سەردەمی منداڵی، لە لایەک حەسەنی هەتیو هێشتەوە و لە نازی دایک و باوک و پەروەردە و پێڕاگەیشتن بێبەشی کرد، لە لایەکی تر ئازادییەکی بەربڵاوی پێبەخشی و لە هەمان کات لە گەرمی و خۆشەویستی بنەماڵە بێ بەری کرا و جێگای دایک و باوک و موونسی ژیان لە لایەن کەسانی ترەوە لە سەردەمی لاوەتی و دواتریش پڕ نەکرایەوە و دڵداری و خۆشەویستییەکانیشی ڕووبەڕووی ناکامی و دابڕان و ترازان بوو. هەمووی ئەوانە لە گۆرانییەکانیدا ڕەنگی داوەتەوە و کۆی گۆرانییەکانی ڕۆمانی نەنووسراوی ژیانی زیرەک لە خۆی دەگرێ، کە بە چەشنێک لە چریکەی کوردستان ڕەنگی داوەتەوە.
بە هۆی ئەوەی زیرەک نەخرابووە بەر خوێندن و دەرگای فێرگەکانی بە ڕوودا نەکراوە، دەرفەتی تاقیکردنەوەی ژیان لەناو سیستەمی ئەو کاتی ئێرانی پەیدا نەکرد، ئەو لە دەرەوەی سیستەمی فێرکردن و بارهێنانی حکوومەت، لە دەرەوەی بنەماڵە و ناکۆک لە گەڵ کۆمەڵگا و بەربەستەکانی، خۆی خۆی پێگەیاند و لەم ڕێگایەدا تووشی گرفت و ئاڵۆزی لە ناوخۆی و کەسانی دەوروبەر و کۆمەڵگا و دام و دەزگاکان بوو.
زیرەک پەروەردەی ناو فەرهەنگ، خوو و خدە، زمان و شێوەی ژیان و داب و نەریتی زاڵی ناو کۆمەڵگا بوو، هاوکات مرۆڤێکی بزێو و بگرە سەرەڕۆ و ناساز لە گەڵ هەمان کۆمەڵگا بوو. ئەو بە پێچەوانەی بۆچوونی بنەماڵەکەی وەشوێن حەز و خوزیای خۆی کەوت و پیشەی گۆرانیبێژی بەرنەدا و لە شوێنێک دانەمرکا و نەکەوتە شوێن ژیان و کار و پێکهێنانی بنەماڵەی ئاسایی باوی ناو کۆمەڵگا.
بە پێچەوانەی داب و نەریت جوڵایەوە و دڵدارەکەی هەڵگرت و خۆی شاربەدەر کرد. بە پێچەوانەی باوی کۆمەڵگای ئیسلامی کوردستان سەری بە مزگەوتدا نەکرد و ڕۆژێک لە ڕۆژان بەرەو پەیڕەوی لە ئیسلام نەچوو، هەرچەند بەردەوام هاتوچۆی شێخانی زەمبیلی دەکرد و دۆستایەتی لە گەڵ بنەماڵەی شێخەکان هەبوو. زیرەک لە کۆمەڵگای داخراوی سەردەمی خۆی باکی لەوە نەبوو مەستی کات و بێتە سەر جادە، باکی لەوەش نەبوو کە مەلا و ویشکە سۆفی و ویشکە موسڵمان و خەڵکی توواوە لە ناو ئیسلام و فەرهەنگی ئیسلامی ، چی پێدەڵێن و چۆنی دەدوێنن. ئەو ئەوەشی باش زانیبوو کە لە ناو قووڵای کۆمەڵگا و لە ناو خەڵک، گوێی لێدەگرن و قسە و گۆرانی و شیعر و ئاواز و مەقامەکانی ڕەنگدانەوەی هەست و ویست و خوزیا و ڕەنج و ئازاری تاکەکانی ناو کۆمەڵگایە. پاڵپشتی زیرەک ئەو داوە نادیارانە بوو کە ئەوی لە گەڵ مێژوو و کۆمەڵگا و خەڵک گرێ دەدا.
زیرەک لە درێژەدا بەو ئاکامە گەیشت سەری خۆی هەڵگرێ، بە بێ ئەوەی بەرچاوڕوونییەکی لە داهاتوی خۆی هەبێ. ئەو بە بێ ئەوەی بزانێ چی لێ بەسەر دێ، سەری لە شارەکانی کوردستان، ئازەربایجان و ئێران دەرهێنا و گەلێک پیشەی تاقی کردەوە و لە هیچ پیشەیەکدا خۆی نەدیتەوە. ئەو ناڕازی، نەحاواوە، جێگیرنەبوو، مایەوە و تووشی قۆرتی گەورە هات و بووە هۆی مردنی کەسێک لە ڕێگای پیشەی شۆفیری و شاگرد شۆفیری!
هەتا ئەو ڕۆژەی تووشی ئەو قۆرتە هات، کەسێک بوو وەک هەر لاوێکی هاوتەمەنی خۆی . دوای ئەو کارەساتە، دەبوو بە تاوانی مرۆڤ کوشتن خۆی لە بەندیخانەدا ببینێتەوە، بەڵام ملی نادا و بە قاچاخ سنووری بەزاند، کارێک کە پاش ئەو بوو بە ڕێگای زۆر لە شاعیر و نووسەر و سیاسی و کەسی ئاسایی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
لە گەرمین گوند بە گوند و شار بە شار گەڕا و تێکەڵ خەڵک و فەرهەنگ و زمان و داب و نەریت و مۆسیقا و هەست و نەستی خەڵک بوو و سەرئەنجام ئەو منداڵە بێ دایک و باوکەی کۆڵانەکانی بۆکان، لە تەمەنی ٣٤ ساڵی، سەری لە ڕادیۆی بەغدا دەرهێنا و لێرەبەدوواوە، حەڤدە ساڵی باقی ژیانی، بوو بە ڕۆمانێکی نەنووسراو، کە دەورگێڕەکانی تارماییان بە سەر ڕووداو و ڕاستییەکانی ژیانیدا کێشاوە.

برایم فەڕشی
٢٥/١١/٢٠٢٠
١- کتێبی “چریکەی کوردستان” دووهەمین کتێبی چاپکراوی سەردەمی پەهلەویی بوو، کتێبی یەکەم”دیوانی شیعر” لە لایەن حەسەن سەلاح سۆران بەزمانی کوردی لە چاپخانەیەکی شاری تەورێز لە چاپ درا.




ناوی كتێب: زمانەوانی دەروونی و شیکردنەوەی ڕۆمانی .. غازی حەسەن

زمانەوانی دەروونی و شیکردنەوەی ڕۆمانی
)کوێرەی چاوساغ(ی سابیر رەشید
غازی حەسەن
٢٠٢٠

ناوی كتێب: زمانەوانی دەروونی و شیکردنەوەی ڕۆمانی
)کوێرەی چاوساغ (ی سابیر رەشید
نووسەر: غازی حه‌سه‌ن
نهخشهسازی ناوهوه: رۆژگار جه‌عفه‌ر
به‌رگ: رۆژگار جه‌عفه‌ر
پیت چنین: نووسه‌ر
چاپی یەكەم ٢٠٢٠
تیراژ: 1٠٠٠

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن ……..




چەپکە خۆر .. شیعر/ کاوە عوسمان عومەر

( ١)
پێت ووتم، پاش جەنگە…
ڕەنگ خۆڵەمێشیەکان،
گەربینیمیتەوە،..چەپکە..
خۆرێکی ئاڵتونیت بیر نەچێ،
چڵێ گوڵە خۆر،،
بۆ نێو زوڵفی ئەفسوناوی،
چڵێ گوڵە خۆری تر..
ناو چاوە کزەکانم پڕکات
لە نوری تۆ
(٢)
پێش ڕۆژئاوابوون
پەنجەکان لێکئاڵان،،
واهەست ناکەی..
لەگەڵ مۆسیقای هەنگاوەکانتم،
کە سەفەر ئەکەی؟
مانگی سەر لێوتە،
دواهەمین وشەشیعر،،
تێشووی کۆچ..
لە خەوی گەڵاتەڕەکانە..
چاوەڕوانی ڕەنگاڵە شەوێکم..
تا کوانووی ڕوخسارت بگەشێنێتەوە،،
باهۆزی لمی بێهودەییە..
ئێسکەکانی پەیکەری..
بڕیاری سواندوە،،
هەوێنی وشەکان،
پشکۆی کورەی چاوەڕوانیتە،
ژەهری ڕەشی عیشقیشە..
دەوای پەتای مەرگ،،
چەپکە خۆرێک ئەچنمەوە،،
بەڵکو شەختە وەرزێ تێپەڕێ ،،
لە تەنیایی بوونت.

———————————–

وێنەکە کارێکی هونەری فۆتۆگرافەری ئەڵمانی
(kerstine Riemer)
بە سوپاسەوە لە پەیجی فەرمی خۆی وەرگیراوە




با ڕێكخراوه‌كانی ژنان دابخرێن! .. ڕه‌سوڵ بۆسكێنی

له‌م چه‌ند ڕۆژه‌ی ڕابردوو كه‌ به‌بۆنه‌ی رۆژی جیهانیی ریشه‌كێشكردنی توندوتیژیی دژی ژنان، هه‌ندێك له‌ كه‌ناڵه‌كانی ڕاگه‌یاندن له‌ڕێگای ته‌له‌فۆنه‌وه‌ گفتوگۆیان له‌گه‌ڵ هاووڵاتیان ده‌كرد، زۆری ئه‌وانه‌ی گفتوگۆیان له‌گه‌ڵ ده‌كردن، ته‌نانه‌ت ژنه‌كانیش له‌ په‌یامه‌كانیاندا ده‌یانگوت: (با ڕێكخراوه‌كانی ژنان دابخرێن، چونكه‌: ڕێزی به‌ها كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانیان نه‌هێشتووه‌، كێشه‌یان خستۆته‌ نێوان هاوسه‌ره‌كان، ئاڵۆزیان له‌ خێزانه‌كان دروست كردووه‌، كێشه‌كانی دادگا و جیابوونه‌وه‌ی هاوسه‌ره‌كان زۆربه‌ی به‌هۆی ڕێكخراوه‌كانی ژنانه‌وه‌یه‌…هتد)، ئه‌و بێ بتمانه‌ییه‌ مایه‌ی نیگه‌رانیه‌، له‌كاتێكدا چه‌ندین ڕێكخراوی ژنان و ئافره‌تان و خۆشكان و هی تریش له‌ كوردستان هه‌ن و خۆیان به‌داكۆكیكا‌ری مافی ژنان ده‌زانن و زۆر هه‌وڵیان داوه‌ بۆ پاراستن و هوشیاركردنه‌وه‌ی ژنانی كوردستان بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافه‌كانیان، به‌تایبه‌ت یه‌كێتی ژنانی كوردستان، به پاڵشتی (ی، ن، ك) كه‌ هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ باوه‌ڕی وابووه‌ ژنان به‌شێكی دانه‌بڕاوی خه‌باتی سیاسی و مه‌ده‌نی و پێشخستنی هه‌موو كایه‌كانی ژیانی كۆمه‌ڵگای كوردستانن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ هه‌ر له‌سه‌رده‌می شاخ و له‌كاتی پێشمه‌رگایه‌تیدا ژنان وێڕای خزمه‌تی پێشه‌مه‌رگایه‌تی و ئه‌ركه‌كانی تری ڕۆژانه‌یان دروست كردنی یه‌كێتی ژنانی كوردستانیان كرده‌ خه‌می خۆیان و چالاكانه‌ تێكۆشان بۆ به‌ره‌وپێش بردنی چاره‌نووسی ژنانی كوردستان و داكۆكی كردن له‌مافه‌كانیان، له‌ دوای ڕاپه‌ڕین و له‌ ناو شاریش په‌ره‌یان به‌ چالاكیه‌كانیان داو یه‌كێتی نیشتمانی كوردستانیش هاوكار و پشتیوانیان بوو بۆ سه‌ركه‌وتنی كاره‌كانیا‌ن، زه‌مینه‌ی ڕه‌خساندووه‌ بۆ ژنانی به‌ توانا و خاوه‌ن باوه‌ڕ‌، له‌ پێگه‌‌ حزبی و حوكمڕانییه‌ باڵاكانی كوردستان رابه‌رایه‌تی بگرنه‌ده‌ست، به‌تایبه‌ت مامی گه‌وره‌مان ڕۆڵی زۆرگرنگی له‌و باره‌یه‌وه‌ گێڕاوه‌، له‌ سه‌رانسه‌ری عیراق و به‌تایبه‌ت له‌ كوردستان،هەمیشە داكۆكیكار و پشتیوانێكی تەواوی مافەكانی ژنان بووە و داكۆكی و پشتیوانییەكەشی نه‌ك به‌قسه‌ بە كردار سەلماندووه‌. له‌ هه‌مواركردنی یاسای باری كه‌سێتی و ده‌ركردنی هەردوو بڕیاری ژمارە ٦٢ و ٥٩ كە دوو یاسای زۆر گرنگ و دیاربوون لەناوخۆ و دەرەوە، دەنگدانەوەیەكی زۆری هەبوو، كه‌ ڕێگربوون لە کوشتنی ژنان بەناوی شەرەف پارێزییەوە، هەروەها كارکردن بۆ بەدیهێنانی مافەكانی ژنان لەسەرجەم بوارەكانی پەیوەندیدار بە یاسای باری كەسێتی و هەمواركردنەوەی ئەو یاسایانەی كە (ی ن. ک) كاری لەسەركردبێت، له‌ هەمواركردنەوەی یاسای باری كەسێتی و یاسای سزادانی عیراقی.
سه‌ره‌ڕای هه‌موو كه‌موكوڕیه‌كان پیاوی كورد زیاتر له‌ دراوسێكانی ڕێز و پایه‌ی ژنی به‌رز نرخاندووه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ ژنانی كورد جیاواز له‌ ژنانی تری ناوچه‌كه‌، له‌ هه‌موو بارودۆخه‌ جیاوازه‌كاندا ژنانی ئازارچه‌شتوی ده‌روونی و جه‌سته‌یی ده‌ست كلتووری كۆن و ناپه‌سه‌ندی كۆمه‌ڵگا له‌ژێركاریگه‌ری نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ست، به‌ڵام سروشتی ژنانی كورد وایكردووه‌، هه‌رگیز نادادی و جیاكاریی و پاشكۆییه‌تی و سته‌می كۆمه‌ڵایه‌تی قبوڵ نه‌كه‌ن.
وه‌ك ئاماژه‌مان پێدا له‌م سه‌رده‌مه‌ی ئێستاشدا ژنی كورد زۆر چالاكانه‌ هاتۆته‌ مه‌یدان و له‌ڕێگای ڕێكخراوه‌كانی ژنانه‌وه‌ هه‌وڵی شێلگیرانه‌ و به‌رده‌وام هه‌یه‌ بۆ په‌روه‌رده‌ و پاراستنی ژنان و ده‌سته‌به‌ركردنی مافه‌كانیان، له‌كاتێكدا هێشتا زۆر له‌ ژنانی نه‌ته‌وه‌كانی ده‌وروبه‌ر ئازادی و ڕای خۆیان له‌ بواره‌كانی باری كه‌سێتی و هاوسه‌رگیری و گه‌شت و سه‌فه‌ر و ته‌نانه‌ت شوفێریش مافی تایبه‌تی خۆیان وه‌ك پێویست نیه‌، به‌ڵام ژنانی وڵاتی ئێمه‌ به‌هۆی چالاكی و تێكۆشانی ڕێكخراوه‌كانی ژنان هه‌ر نه‌بێت، له‌م پارچه‌یه‌، له‌‌هه‌رێمی كوردستاندا ژنان له‌ زۆربه‌ی كایه‌كانی ژیاندا به‌شدارن و پێگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و كارگێڕی و سیاسیان هه‌میشه‌ له هه‌ڵكشان و به‌ره‌و پێش چوون دایه‌، كه‌چی جێی داخه‌ هێشتا خه‌ڵك هه‌بێت به‌تایبه‌ت له‌ناو ژناندا داوای داخستنی ڕێكخراوه‌كانی ژنان بكات، بێگومان ڕێكخراوه‌كانی ژنان ده‌بێ به‌جدی له‌و مه‌سه‌له‌یه‌ بڕوانن، بۆ متمانه‌ به‌خشین و ڕاست كردنه‌وه‌ی ئه‌م نیگه‌رانیه‌، ده‌بێ ڕێكخراوه‌كانی ژنان به‌كاره‌كانی خۆیاندا بچنه‌وه‌ و زیاتر هه‌وڵ بده‌ن له‌ پاراستن و داكۆكی كردن له‌ مافه‌كانی ژنان، پێویسته‌ شێوه‌ی كاریان بگۆڕن، خۆیان له‌گه‌ڵ بارودۆخه‌كان بگونجێنن و زیاتر له‌ ژنان نزیك ببنه‌وه‌و پیاوانیش ئاراسته‌ بكه‌ن، به‌ شێوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ ژیانی سه‌رده‌م بگونجێ له‌ پێناوی ئه‌و تێكۆشانه‌ی خه‌باتیان بۆی كردووه‌، بێگومان ئه‌وه‌ی كردوویانه‌ مایه‌ی ڕێز و پێزانینه‌ له‌ داكۆكی له‌ مافی ڕه‌وای ژنانی نه‌ته‌وه‌كه‌مان، هه‌ربۆیه‌ پێویسته‌ ئه‌رك و ماندووبوونی ڕێكخراوه‌كانی ژنان ڕێزی لێ بگیرێت.




حەوتەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی “یۆتۆبۆری” لە وڵاتی سوید بەڕێوەدەچێت

مەنسوور جیهانی ـ حەوتەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی “یۆتۆبۆری” بە نمایشی بەرهەمی سینەماکارانی کورد و بیانی بە شێوەی ئۆنلاین لە شاری یۆتۆبۆری لە وڵاتی سوید بەڕێوەدەچێت.

حەوتەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی “یۆتۆبۆری” Goteborg بە بەڕێوەبەرایەتی “دڵشاد ئەحمەد” سەرۆکی کۆمەڵەی هونەرە جوانەکانی یۆتۆبۆری و بە نمایشی بەرهەمی سینەماکارانی کوردستانی ئێران، هەرێمی کوردستان و سینەماکارانی کورد لە ئەورووپا و هەروەها چەندین کۆڕیی پسپۆڕانەی هونەریی سینەما لە ڕۆژانی 27 و 28 و 29ی نۆڤەمبەری 2020 لە ڕێگای لاپەڕەی فەیسبووکی کۆمەڵەی هونەرە جوانەکانی یۆتۆبۆری بە ناونیشانی https://www.facebook.com/kurdiskafilmtraffen بە هۆی بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆڕۆنا بە شێوەی ئۆنلاین لە شاری یۆتۆبۆری لە وڵاتی سوید بەڕێوەدەچێت.

لە یەکەمین ڕۆژیی ئەم ڕووداوە سینەماییەدا و لە کاتژمێر 4ی ئێوارێی ڕۆژی هەینی 27ی نۆڤەمبەری 2020 بە کاتی ئەورووپا سمینارێکی پسپۆڕانەی سینەمایی بە ناونیشانی “خوێندن و بواریی فیلمسازی لە هەرێمی کوردستان” بە ئامادەبوونی دکتۆر “دڵشاد مستەفا” مامۆستای زانکۆی سلێمانی و زانکۆی بەریتانیا و خاوەن بڕوانامەی دکتۆڕا لە بواریی فیلمسازیدا و بە بەشداریی “هاوڕێ مستەفا” دەرهێنەر و سینەماکار لە وڵاتی فینلاندا بەڕێوەدەچێت و لە درێژەدا کورتە فیلمی “گاڕاژ” Garag لە دەرهێنانی “یاد دێن” Yad Denn بە ماوەی 10 خولەک، کورتە فیلمی “دوا وێنە” لە دەرهێنانی “مەریوان ئیبڕاهیم” بە ماوەی 16 خولەک لە هەرێمی کوردستان، کورتە فیلمی “تارا” لە دەرهێنانی “فاتمە دەستمەرد” بە ماوەی 6 خولەک لە کوردستانی ئێران و کورتە فیلمی “هەرمان” لە دەرهێنانی “مەهدی جەودەت / ئاسۆ” بە ماوەی 10 خولەک لە هەرێمی کوردستان، بە شێوەی ئۆنلاین نمایش دەکرێن.

لە دووهەمین ڕۆژیی حەوتەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی “یۆتۆبۆری” و لە کاتژمێر 4ی ئێوارێی ڕۆژی شەمە 28ی نۆڤەمبەری 2020 بە کاتی ئەورووپا سمینارێکی پسپۆڕانەی سینەمایی بە ناونیشانی “فێستیڤاڵ و ئیڤێنتەکان لە کوردستان” بە ئامادەبوونی “دانەر عومەر” بەڕێوەبەری هونەریی فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی سلێمانی بەڕێوەدەچێت و پاشان کورتە فیلمی “ماڵی خاڵی” Empty Home لە دەرهێنانی “هەوراز محەمەد” بە ماوەی 19 خولەک لە هەرێمی کوردستان، کورتە فیلمی “رۆزا” Roza لە دەرهێنانی “محەمەد فریا” بە ماوەی 16 خولەک لە هەرێمی کوردستان، کورتە فیلمی “ژۆڕنالیست” لە دەرهێنانی “فاتمە ئەحمەد” و “مێهران مەجدۆ” بە ماوەی 19 خولەک لە هەرێمی کوردستان و کورتە فیلمی “هاواری کەلەوانشین” The Screm of Slium لە دەرهێنانی “سروشت عەبەڕەش” بە ماوەی 19 خولەک لە هەرێمی کوردستان، بە شێوەی ئۆنلاین نمایش دەکرێن.

لە سێیەمین و دوایین ڕۆژی حەوتەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی “یۆتۆبۆری” و لە کاتژمێر 4ی ئێوارێی ڕۆژی یەکشەمە 29ی نۆڤەمبەری 2020 بە کاتی ئەورووپا سمینارێکی پسپۆڕانەی سینەمایی بە ناونیشانی “پێگە، گرینگی و کاریگەریی بەڵگەفیلم” بە ئامادەبوونی “سالار سەعید” خاوەنی بڕوانامەی ماستەر لە بواریی فیلمدا و مامۆستای کۆلێژی هونەرە جوانەکانی سلێمانی و “عومەر محەمەد” بەکالۆریۆس لە بواری فیلم و ڕۆژنامەوانی و سەرنووسەری گۆڤاری ئەنفالستان بەڕێوەدەچێت و لە درێژەدا کورتە فیلمی “پێڵاوی گەرم” Warm sho لە دەرهێنانی “عەدنان عوسمان” بە ماوەی 22 خولەک لە هەرێمی کوردستان، کورتە فیلمی “دەست لێدان” Touch لە دەرهێنانی “وەرمان سەعید” بە ماوەی 22 خولەک لە هەرێمی کوردستان و کورتە فیلمی “پیاوێک لە ئاڵتوون” لە دەرهێنانی “مەریوان ئیبڕاهیم” لە هەرێمی کوردستان، بە شێوەی ئۆنلاین نمایش دەکرێن.