کێ سالە شێتی کوشت؟ .. نووسینی: یوسف عزەدین

گێڕانەوەیەکی نیمچە بێکۆتا لەجوگرافیای گێڕانەوەی کوردیدا

[ مەنووسن؛ بەنووسین دەچنە نێو دنیایەکی پڕلەنەهامەتی و تەنهاییەوە، هەروەها جۆرێکیش لەخۆشاردنەوە لەدنیا.. کردەی نووسین وەک ئەوە وایە لەگروپێکی ئایینییەوە فەرمان وەربگریت.. بەکورتی و پوختی نووسین دەردە…!؟] پۆڵ ئۆستەر

عەلی کەریم دانەری ڕۆمانی ‘کێ سالە شێتی کوشت’، لەدواییەکانی تەمەنیدا بەقەولی پۆڵ ئۆستەر، دەچێتە نێو دنیا پڕ لەنەهامەتی و دەرد ئامێزەکەی نووسینەوەو لەپەنجاو نۆ ساڵیدا لەمۆسکۆ دەبێتە هاوڕێی عومەر بابەکر سەلیم و هەر ئەویش لەپێشەکی بەرگی یەکەمی ڕۆمانەکەدا نووسیویەتی:
{ بەهۆی تامەزرۆیم لەخوێندنەوەی کوردی و کۆڕی شیعری لەو کاتانەدا باسەکان هێنایانە سەر ڕۆمانەکەی دکتۆر عەلی و پێیوتم کەبێتاقەتی شتێکی نووسیوەو حەز دەکات بیخوێنمەوەو بزانم چۆنە، هەر لەم خاڵەوە تا ٢٠١١ ئەگەر بڵێم ئەم ڕۆمانە زیاتر لە ٣٠ جار نووسراوەتەوەو گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە لەلایەن خودی دکتۆر عەلی-یەوەو بۆ خۆشم دەیان جار تۆماری دەنگیم بۆ کردووە تا لەڕستەکان و دەربڕینەکان دڵنیاببمەوەو دەربڕینەکان سادەو بێ کێشەبن. هەر کاتێک تێبینییەکم دەدایە، ئەو نەدەهات ئەو خاڵە ڕاست بکاتەوە یان بیگۆڕێت، بەڵکو لەسەرەتاوە ڕۆمانەکەی دەنووسییەوە، تا هەستم پێکرد، ئیتر وازم لەتێبینییەکان هێناو تا تەواوی نەکرد پێیدا نەچوومەوەو تەنها وشە عەرەبییەکانم کەهەندێک جار هەبوون، لەڕستەکاندا دەگۆڕینەوە بەوشە کوردییەکان}
جێگەی ئاماژە پێدانیشە، کەنامەیەکی عەلی کەمال بۆ عومەر بابەکر سەلیم، لەپێشەکی بەرگی یەکەمدا بڵاوکراوەتەوەو تێیدا هاتووە:
{ یەکەم.. باسی کوشتنی سالە شێت؛ لەکۆتایی بەرگی دووهەمدا تەواو دەبێت.. لەبەرگی سێهەمدا سالە لەئاسمانەو بووە بەمەلائیکەت لەبەهەشت، لەهەموو تەنگ و چەڵەمەیەکدا ڕۆحی سالە پەیا ئەبێت، بۆ یارمەتی دانیشتوانی سلێمانی…. کاک عومەر، بڕوام پێبکە بەرگی سێهەم ئەمەندە بەرزە خۆم سەرم لێدەرناچێ، چۆن شتی واخۆش و پڕ لەنوکتەو پێکەنینم بەخەیاڵدا هاتووە}
لەم سەرەتایەوە، ئەگەر منی نووسەری ئەم کورتە خوێندنەوەیەش شتێکی ئەوتۆ نەدرکێنم؛ ئەوە خوێنەری زیرەک دەتوانێت هێدی هێدی لەپەنهان و نهێنی کۆدەکانی ئەم دانەرەو هاوڕێکەی بگات و کەمێک لەماجەراکانی پشت کەوالیسی کردەی گێڕانەوەی’کێ سالە شێتی کوشت’ حاڵی ببێت!؟
هەروەها دەشێت خوێنەر، چەندین پرسیاری تریشی لا دروست ببێت و ئیدی ئەوەی ئێمەش لێرەدا مەبەستمانە وەک خوێنەرێکی ئەم گێڕانەوە تولانییە، وروژاندنی چەشنە پرسیارێکە؛ دووربێت لەشارچێتی و بەرزکردنەوەو پێداهەڵدانی کوێرانە، یان لێدان و دژایەتی کردنێکی بێمانا!؟
حەقیقەتی ئەم گێڕانەوەیە؛ دواجار قابیل بەهەموو جۆرە خوێندنەوەو تێڕوانین و بگرەو بەردەو قووڵ بوونەوەو گرتنەخۆو ڕەتکردنەوەو هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم چەمکە ئەبستمۆلۆژیی و تەفکیکییەکانە.. سەرباری پێویست بوون بەهەڵسەنگاندێکی جدی و کاریگەر.. چونکە ناکرێت ماندووبوون و هەوڵدانی بەردەوامی دانەرەکەی لەدواییەکانی تەمەنیدا بەهەند وەرنەگیرێت و زۆر بەوردی لەوە تێنەگەین بۆ ئەم پیاوە، لەو کاتەوە کەدەزانێت کەسێک گوێگریەتی یان بابڵیین خوێنەرێتی، بەفیعلی هەوڵی نووسینەوەی گێڕانەوەیەکی نیمچەبێکۆتا دەدات وەک عومەر بابەکر سەلیم-ی هاوڕێی ئاماژەی پێدەدات:
(هەر کاتێک تێبینییەکم دەدایە، ئەو نەدەهات ئەو خاڵە ڕاست بکاتەوە یان بیگۆڕێت، بەڵکو لەسەرەتاوە ڕۆمانەکەی دەنووسییەوە، تا هەستم پێکرد، ئیتر وازم لەتێبینییەکان هێناو تا تەواوی نەکرد پێیدا نەچوومەوەو….)
کەواتە دانەر لەتەمەنێکدا کەزۆرێک لەخەڵکی لەو تەمەندا، تووشی لەبیرچوونەوەو ئەزهایمەر دەبن، کەچی ئەم بەپێچەوانەوە لەبەرزترین ئاستی گەنجێتی یادەوەرییەکانیدا بووەو بەزیادەوە هەموو ئەوەی ساڵانێک لەزاکیرەی خۆیدا پاراستوونی؛ لەمیانی گێڕانەوەی بەسەرهات و ڕووداوەکاندا هەڵیڕشتوون!؟ بەڵام ئاخۆ ئەم هەڵڕشتنە، لەو جۆرە تێکستانەی هێناوەتەبوون کەتەنها لەقاڵبێکدا ڕادەوەستن؛ ئیتر ناشێت دەستکاریان بکەیت و دەبێت لەو فۆرمەدا پارێزراو بن و گونجاو نییە بەشێوەیەکی تر ئەندێشەیان بکەیت.. یان پێچەوانەکەیەتی و ئاشکراشە هەر لەپێشەکی ڕۆمانەکەوە دیارە کەپێچەوانەکەیەتی!؟
دەکرێت ئەم ڕۆمانە وەک تێکستێکی دەرەوەی گێڕانەوەی تائێستا بڵاوکراوەی نێو ئەدەبیاتی کوردی، بخوێنرێتەوەو بەجۆرێک لەجۆرەکان، لەجۆری چەشنی تەنز و گاڵتەوگەپ و قۆشمەچێتییەکی هاوشێوەی ‘ڕشتەی مرواری’ و ‘قووتووی عەتار’ و زۆرێک لەشیعرەکانی ‘شێخ ڕەزا’و کۆمەڵێک لەنوکتەو قسەو باسە نووسراو و نەنووسراوە سێکسییەکانە.. وەک پۆلێنکردنیش هەن ئەم جۆرە تێسکتانە دەخەنە نێو کایەی ئەدەبیاتی میللییەوە؛ ئەگەر دروست بێت وای ناو بنرێت یان…؟!
‘پۆڵ ئۆستەر’ دەڵێت کەمجار خۆم وەک نۆڤێللانووس دێتە پێشچاو و زیاتر خۆم بەگێڕەڕەوەی حیکایەتەکان و خۆم بەحیکایەتخوان دەزانم!؟
دەشێت بەسانایی لەم تێڕوانینەی پۆڵ ئۆستەر-ەوە بگەینە گرنگی و بەرزی توانستی گێڕانەوەو بوون بەگێڕەڕەوە، کەواتە ناو هێنانی ئەم تێکست و ئەو تێکست بە هەر ناوبراوێک، لەکورتە نێرەیتیڤNarrative –سەرد- ەوە تا نۆڤێڵ و نۆڤێللا و ڕۆمان.. هیچ نین، ئەگەر توانای گێڕانەوەو ڕاکێشانی خوێنەر نەگاتە پلەیەکی باڵا، ئەلحەقی ئەمەش بەتەواویی و بەتایبەتیش لەبەرگی یەکەمی کێ سالە شێتی کوشت-دا، بەئاشکرا زاڵەو دەزانیت؛ گێڕەڕەوەکەی بەفیترەت گێڕەڕەوەیەو ئیدی ئامادەیە هەموو کەرستەکانی جەزبکردنی خوێنەر بەکار بهێنێت، ئەگەر بەمەش زمان بهێنێتەوە ئاست زمانی بازاڕ و لگاوخانەو مەلهاو گوزەری نێربازان و چەقۆکێشەکان و خوێڕی و نامەردو ناکەس بەچەکانیش.. بەم ئاماژەیەشمان؛ نەمەبەستمانە ئەم دوو بەرگی ڕۆمانە حەوا بدەین و نەگەرەکیشمانە لەهەڵدێر هەڵیدەینە خوارەوە!؟ بەڵکو دەشێت بڵێین ئەوەی عەلی کەریم کردوویەتی، وەک نووسەرێکی دەرەوەی نووسەرە پرۆفیشناڵ و تەقلیدییەکان، بەتەواویی نووسینەوەیە بەزمانی خەڵکی ئاسایی ڕەشۆک و نەخوێندەوار و سادەو ساکارەوە، بەڕیتمی “ڕشتەی مرواری” و هاوچەشنەکانی کەبەمەش بەناچاری لەزۆربەی جومگەکانی ڕۆمانەکەدا لەپێناو نەدۆڕاندنی ئاستی بازاڕێتی ئاخافتن و دیالۆگەکاندا، قوربانی بەتەکنیک و بەهای ڕۆمانەکەی داوە.. چونکە هەر لەسەرەتاوە مەبەستی نووسەر خستنەپێکەنینی خوێنەر-ەو وەک لەپێشەکییە ئاماژە پێدراوەکەماندا هاتووە:
( کاک عومەر، بڕوام پێبکە بەرگی سێهەم ئەمەندە بەرزە خۆم سەرم لێدەرناچێ، چۆن وا شتی خۆش و پڕ لەنوکتەو پێکەنینم بەخەیاڵدا هاتووە)
باشە ڕەنگە یەکێک بپرسێت؟ ئەی ناشێت ئێمەش ڕۆمانی هەزەلی و کۆمێدی هاوشێوەی گێڕانەوە میللیەکانی هەندێک لەمیللەتانمان هەبێت!؟ بێگومان دنیای نووسین فراوان و دەرکەی نووسینیش واڵایە. ئەم زاتە دانەرە؛ لەکاتی نووسینەوەی ڕۆمانەکەیدا و بەهەڵهێنجان لەبینینی فیلم و خوێندنەوەی گێڕانەوە پۆلیسییەکانی سەردەمانی گەنجێتی خۆی؛ هەر لە شێڕلۆک هۆڵمز-ەوە بۆ ئەجاسا کریستی و ئەوانەی تر، بەتایبەتیش ماجەرەکانی شێڕڵۆک هۆڵمز-ی نووسەری ئۆسکۆتلەندی –ئارسەر کۆنان دوێل- کەبەئاشکراو شاراوە، بەشێوازێکی تر و ئیشپێکردنێکی خۆماڵییەوە هێناویەتە نێو ڕۆمانەکەیەوەو هەرچەندە مەبەستی ئێمە لێرەدا ئەوە نییە کەبڵێین ئەم جۆرە ئەدەبە کەمایەسییە لەچاو ژانرەکانی دیکەی دنیای گێڕانەوەو نووسینی کورتە نەرەیتیڤ-سەرد- و نۆڤێڵ و نۆڤێللا و ڕۆماندا؟! بەڵکو مەبەستمان ئەوەیە بڵێین، ساڵانێکی دوور و درێژی ئەم زاتە لەیەکێتی سۆڤێتی جاران، ئەگەر خوێنەرێکی جدی بووایە، ئەوە بێگومان دەیتوانی لەڕێی خوێندنەوەو دیراسەکردنی هەندێک نموونەی ئەدەبیاتی تەنزئامێزی نووسەرانی ڕووسەوە، بەتایبەتیش گۆگۆڵ-ەوە؛ هەمان بەسەرهات و سەرگوزشتەی سالە شێت و خەڵکەکانی ترمان لەنێو ئەندازەسازییەکی دیکەی تەکنیکە گێڕانەوەیەکی ئەدەبیانەی باڵادا بخاتە پێشچاو!؟
نووسەری ڕۆمانی ناوبراو، زۆر خۆ ڕسکانەو لەتەمەنێکی هەڵکشاوی نزیکە کۆتایدا، دەکەوێتە جۆرە گێڕانەوەیەکی جیاواز و جودا لەگەڵ چەشن و شێوازی گێڕانەوەی باوی ئەدەبیاتداو لەهەمووشی گرنگتر توانای تەواویەتی لەبەکارهێنان و دروستکردنی دیالۆگی بەردەوامدا! باڵانەبوون و پتەونەبوونی دیالۆگ؛ کەموکوڕییەکی زۆربەی گێڕانەوەکانی پێشووتری ئەدەبیاتی کوردی بووە.. واتە ئەدەبیاتی سەردی- نێرەیتیڤ-ی کوردی زیاتر وەسفی بووەو کەمجار توانیویەتی لەڕێی دیالۆگی لۆژیکی و جالیبەوە خوێنەر کەمەندکێش بکات.. ئەم جۆرە دیالۆگەی کەنووسەر لەدوو بەرگی بەردەستی ڕۆمانەکەیدا بەکاری هێناوە، زیاتر لەسیناریۆ دەچێت و زێدەتریش هەر لەو ڕێیەوە دنیایەک بەسەرهاتی بێکۆتاو لەبن نەهاتووت بۆ دەگێڕێتەوەو ئەمەش ڕاستییەکەو ناکرێت نکووڵی لێبکرێت، ئەگەر زۆر هەڵەو کەموکوڕیش لەخۆبگرێت؟! بەڵام دواجار زیندوویەتی دەق لەوەدایە قابیل بەجەدەل و بگرەو بەردە بێت، بەجیا لەپێداهەڵدان و لێدان و بەرزکردنەوەی، شتێکی تر بێت!؟
بەڕاستی ڕۆمانی کێ سالە شێتی کوشت؟! بەهەموو ئەو بێزارییەی کەوەک خوێنەرێک لەخوێندنەوەیەدا ڕووبەڕووی بوومەوە، یاخود لەگەڵ زۆر دیمەن و بەسەرهاتی کاڵوکرچ و نەشاز و بێمانای تێکترنجاوی نێو ڕۆمانەکە نامۆ و تەریک مامەوە!؟ بەڵام ناشێت توانای گێڕانەوەی نیمچە بێکۆتای دانەرەکەی نەبینین.. دانەر؛ لەتوخمی ئەو حیکایەتخوانانەیە، کەبەمنداڵی لەبەساڵاچووەکانەوە بیستبووم، کەچۆن چۆنی لێرەو لەوێی هەندێک لەشوێنەکاندا هەبوون و تەنانەت هەندێکیان لەفڵانە قاوەخانەو فیسارە مەجلیسدا بوونی نیمچە بەردەوامیان هەبووە.. ئیتر وەک بۆیان دەگێرامەوە، هەبوون ئەوەندە ڕۆچوونەتە نێو دنیای گێڕانەوەکان و هێندە بەرجەستەی کەسایەتییەکانیان کردووە.. کەجار جارە گێڕانەوەو نواندنیان تێکەڵ کردووەو جار هەبووە دارعەساکەی دەستیان لێبۆتەوە شمشێر و لەکاتی وەشاندنیاندا گۆزەو شەربەئاوێکی نزیکەدەستیان شکاندووە!؟

ئێمە لێرەدا خوێنەرین و ڕەنگە بتوانین بەپێی ئەم خوێندنەوەی ئێستامان ئەمەی ئێستای لەبارەوە بڵێین و دەشێت لەخوێندنەوەکانی تریشماندا بۆ هەمان ڕۆمان ئەگەر کاتمان بۆ ڕەخسا، شتی نوێ و جیاوازتر بڵێین.. کەواتە ئەوەی خوێنەر دەیڵێت، ناشێت وەستاو بێت و وەک سوێندی خواردبێت؛ تاسەر و دوای چەندین خوێندنەوە هەر ئەوە بێت؟! چونکە ئەم جۆرە دەمارگیرییە لەسەپاندنی ڕاوبۆچوونێکی دیاریکراودا، دۆگمایەو هەر ئەمەشە حاڵی ئەدەبیاتی میلۆدرامییانەی کوردی.. پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە؛ بۆ دەبێت لەدنیای گێڕانەوەدا، هەر ئەوانە هەبن کەهەن و هەر ئەوانەش بخوێنرێنەوەو ناویشیان وەک بەسامترین و جوانترین و گەورەترین گێڕەڕەوەی کورد بهێنرێت و چەند دام و دەزگایەکیش کار بۆ ناساندن و ڕیکلام کردن بۆ ئەو جۆرە نووسەرە پێشتر هەڵبژێردراوو دیاریکراوانە بکەن!؟
ئەوەتا عەلی کەریم؛ ئەم نەخشەیە دەشێوێنێت و بەتەمەنێکی گەورەو لەدەرەوەی ئەم دنیای ڕیکڵام و گەورەکردنەی ئێستای واقیعی چاپوبڵاوکردنەوەی کوردییەوە، دێت و بەچەشن و شێوازێکی جودا، جۆرە گێڕانەوەیەکی تر دەهێنێتە نێو دنیای ئەدەبیاتی گێڕانەوەی کوردییەوە!؟ هەرچەند ئێمەی خوێنەر ناتوانین، هیچ زیاد و کەمێک بخەینە سەر ئەم تێکستە نووسراوە ناوبراوە.. بەڵام دەشێت هەندێک تەمەننامان هەبێت و بتوانین بڵێین خۆزگە دانەر، بەچەشنی گۆگۆڵ، بابەتێکی زۆر سانای وەک پێداویستی کاراکتەری تێکستی پاڵتۆ-ئەکاکی ئەکاکیڤیچ-ی بۆ پاڵتۆیەک کردبایەتە بابەتێکی تەفکیکی زۆر کاریگەر…!؟

بێگومان بمانەوێت و نەمانەوێت کۆمێدیا تەڵخەکەی گۆگۆڵ؛ دیوەکەی ئەودیوی شتەکانمان پیشان دەدات و ڕووبەڕووی کۆمەڵێک پرسیاری ویژدانی و ئەخلاقی زۆر کاریگەرمان دەکاتەوە.. بەڵام لە ڕۆمانی کێ سالە شێتی کوشت؛ وەک نووسەرەکەشی ئاماژەی پێدەدات و بۆ خستنەپێکەنینی خوێنەرە.. باشە خۆ دەشێت خوێنەر، بەخوێندنەوەی تێکستە گێڕانەوەکانی عەزیز نەسین-یش پێبکەنێت.. بەڵام ئاخۆ ئەو تێکستانەی ئەو تا چەند لەکۆمەڵە جومگەیەکدا دەبنەوە بەیەکپارچە گێڕانەوەی سەرزارەکی کاڵوکرچ!؟ بێگومان نابن و هیچ زیادو کەمییەک لەبەکار‌هێنانی وشەو دەستەواژەو دیمەن و درێژکردنەوەو یان کورتکردنەوەی گێڕانەوەکاندا نییە، گێلەپیاو-ەکەی عەزیزنەسین و زووربەی تێکستەکانی تریشی.. کاتێک دەتخەنە پێکەنین و وات لێدەکەن لەپێکەنیندا دەست بکەیتە گریان، پێویستیان بەوە نییە، ئەدەب دابەزێنە ئاست نوکتەبازاڕییە سێکسییەکان، یاخود زمانی نووسین پڕ بکەن لەجوێن و جۆرێک لەبەکەم زانین و سووک سەیرکردنی ئەوانی تر!؟ ڕاستە؛ گەر ئەم ڕۆمانەی ‘عەلی کەریم’ یادەوەریی بووایە، ئەوە لەڕووی مێژووییەوە، گواستنەوەی ئەو هەموو جوێن و دزێوی و شزوز و ناشیرینییە، بەجۆرێکی تر مامەڵەی لەگەڵ دەکرا، بەڵام مەسەلەکە لێرەدا، ناو‌هێنانی هەزار و دوسەدو قسوور لاپەڕەی ئەم دوو بەرگەیە بەڕۆمان و دیارە بەرگی سێیەمی تەواوکراو یان نەکراویش؛ درێژەی هەمان گێڕانەوەی دانەرە؟!
لەکۆتایی ئەم کورتەخوێندنەوە سادەیەشماندا دەڵێین؛ ئەوەی لێرەدا وتومانە، نەبۆهێنانە خوارەوەی ئاستی ڕۆمانی کێ سالە شێتی کوشت-و نەبۆ بەرزکردنەوەی بێ زەمینەو لەخۆڕاشیەتی؟! یان با بڵێین، ناشێت خوێندنەوەی ڕاستەقینەو جدی بۆ هیچ کام لەم دوو مەرامە بێت؛ بەڵکو خوێندنەوە هەر ئەوەیە کەتۆی خوێنەر لەماوەیەکی دیاریکراوی خوێندنەوەی خۆتدا پێی دەگەیت و نەڕاستەو نەهەڵەشە، نە عەلی کەریم-یش لەنووسینەوەی زنجیرە گێڕانەوەکانیدا بەهەڵەدا چووە.. بەڵکو ئەوەی ئەو نووسیویەتی، جۆرە گێڕانەوەیەکی نیمچە بێکۆتای نێو جوگرافیای گێڕانەوەی کوردییە و وەک پۆڵ ئۆستەر-یش دەڵێت؛ ئەگەر پاڵنەرێکی توندو پتەوت بۆ نووسین نەبێت، ئەو دەم پێویست ناکات بنووسیت؟!

——————————————
ژێدەر: کێ سالە شێتی کوشت/ ڕۆمان ٢بەرگ/ لەبڵاوکراوەکانی کتێبخانەی وشە/٢٠١٩
تێبینی: لەئەدەب و هونەری کوردستانی نوێ ژمارە ٨٢١١ی ٢٩/١٠/٢٠٢٠ بڵاوبۆتەوە
E.mail/izadyusf@gamil.com




شیعر و ( مارتن هایدگەر ) .. ناڵە حەسەن

با لە چەمکی نیگەرانییەوە دەستپێبکەم ، زۆرجاران گتومانە شاعیر بوونێکی نیگەرانە لەنیو کایە مەعریفییەکاندا ، نیگەرانی شاعیریش لەوێوەیە کە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە داهێنانەوە هەیە ، واتە شاعیر لە هەوڵی ئەوەدایە کە / بتوانێت تا ئاستێکی بڵند داهێنان بەرهەمبهێنێت .. دیارە لێرەدا مەبەستمان لەو شاعیرانەیە کە خەونی گەورەیان هەیە بۆ داهێنان و نیگەرانییەکەشیان هەر لە ڕاستای ئەو خەونە سەرچاوەی گرتووە . ئێمە لە کتێبی ( گەیشتن بە ڕووبەری شیعر ) ، بەجۆرێکی تر باسمان لەو شاعیرە داهێنەرانە کردووە و گتومان ( شاعیربوون شوێنەکەی لە هەورازێکە هەموو شیعرنووسێک ناتوانێ بیگاتێ ..! ) ، شیعرنووس / لەلای ئێمە ئەو کەسانەن کە شیعر دەنووسن و شیعرەکانییان لە دەرەوەی رووبەری شیعر دەمێننەوە ، هاوکات خۆشییان ئەو کەسانەن کە خەونی گەورەیان نییە بۆ داهێنان یان توانای داهێنانییان لە ئاستێکی دیار و بەرچاودا نابێت ، لای ئەمجۆرە شیعرنووسانە ( چەمکی نیگەرانی )ش بەو شێوە تۆخە خۆی دەرناخات ، تەنها وەک کەسێکی ئاسایی ڕێژەیەک لە نیگەرانییان لەلا دەردەکەوێت ئەویش / لەبەرئەوەیە کە نیگەرانی خەسلەتێکی بوونە و لە هەموو کەسێکدا هەیە . لەباری فەلسەفییەوەش ( چەمکی نیگەرانی ) لەسەر هاوکێشەیەک ئیشدەکات ، کە لێکدژی یان ( هاودژی ) ئاشکرای لەبوون دەردەکەوێت ، واتە هێزگەلیک لەناوەوە کە جڵەوی تاک بە دەستەوە دەگرن و جووڵەی ئاراستەکانییان دیاری دەکەن ، ئەم هێزە ناوخۆییانەش ( غەریزەکان و خەون و حەز و ئارەزووەکانی تاکە ) ، یان باری ( ناخودئاگایی ) ، هاوکات کاریگەری هێزگەڵێکی دەرەکیش وەک کاریگەری ( کلتووری ، ئایینی ، سیاسی ، ئایدیۆلۆژی ، قوتابخانە ، خێزان … هتد ) کە زۆربەی کات ئەم دوو هێزگەلە ئاراستەی پێچەوانە وەردەگرن ، واتە هێزە ناوەکییەکان و دەرەکییەکان زۆربەی کات و هەمیشە ئاراستەی هاودژیی و پێچەوانەیی وەردەگرن ، لە ئەنجامی ئەم هاودژی و پێچەوانەییە ، کاریگەرییەک دروست دەبێ ئەم کاریگەرییە باری نیگەرانی لای تاک دروست دەکات ، لەباری ( دەروونزانییەوە )ش لەلای ( سیگمۆند فرۆید )یش هەر بەوجۆرەیە بەڵام ، ئەو بەشێوەیەکیتر تەعبیری لێکردووە ، کە مێشکی مرۆڤی دابەشکردووە بۆ سێبەش ( ئیگۆ ، سوپەر ئیگۆ ، ئێد ) بەمانای ( من ، منی باڵا ، ئێد ) ، واتە ململانێی نێوان ( من و ئێد ) ، ( ئێد ) ئەو بەشەیە تەواو لەژێر هەژموونی ناخودئاگایی دایە و نوێنەرایەتی ( غەریزەکان و ئارەزووەکانی خود ) دەکات ، ( ئیگۆ یان من )یش تەواو لەژێر هەژموونی واقیع دایە نوێنەرایەتی ( هێزە دەرەکییان ) دەکات ، زۆرجاران ئەم دووبەشەی مێشک بە ئاراستەی پێچەوانە دەڕۆن و هەمیشە هاودژ و ناتەبان ، لەباری ( بوونگەراییەوە )ش ، بەو پێیەی لای مارتن هایدگەر ( بوون بنەڕەتی هەموو هەبووەکانە ) هاوکات / بوونی ئاگامەندانەی مرۆڤی بە ( دازاین ) ناوبردووە ، ( دکتۆر محمەمەد کەمال ) لە کتێبی( نیشتیمانی فەلسەفە ) بە ڕۆشنی باس لە چەمکی نیگەرانی دەکات ، وەک ئەوەی مرۆڤ هەمیشە لە جەنگێکی بەردەوام دابێت چونکە / هەروەک دەڵێت ( ئەگەر من ڕێگە بدەم کەسانی دیکە بڕیار لەسەر پڕۆژەیەکی بوونی من بدەن ئەوا لەو حالەتەدا خۆم ناڕەسەن دەکەم و بە نامۆیی دەژیم ، لە کاتێکیشدا نامەوێت واز لە حەز و هەڵبژاردەی خۆم بهێنم تووشی بەرەنگاری دەبمەوە و دەکەومە جەنگی ڕەسەنایەتی و نارەسەنایەتی ..! ) .
( مارتن هایدگەر )یش لە کتێبی ( بوون وکات ) دا لە بەشی شەشەم / نیگەرانی وەکو بوونی دازاین دا ، ئەو پێیوایە ( نیگەرانی شێوازی بوونە لە جیهاندا ..! ) ، نیگەرانیی / لێرەوەیە کە مرۆڤ لە هەوڵی بەخشینی مانا و ناوەڕۆکێکە بە بوون لە نێو جیهاندا ، ئەم ناوەڕۆک و مانایەی بوون لە رێگەی داهێنانەوە بەدەست دێت ، یان مرۆڤ لە ڕێگەی داهێنانەوە تاکو بوونی خۆی بەشێوەی کامڵتر دەربخات . هەر لەو بەشەدا ( هایدگەر ) پێیوایە ( دازاین ئەو هەبووەیە ، کە لە بوونیدا بوون بۆی بووە بە کێشە …! ) ، ئێمە لەسەرەتاوە گوتمان / بوونی مرۆڤ لە نەبوونەوە دێتە بوون یان بوونێکی بێناوەڕۆکی هەیە ، مرۆڤ هەمیشە لە هەوڵداندایە بۆ بەخشینی ناوەڕۆکێک بۆ بوونی خۆی لەنێو جیهاندا ، لەم هەوڵدانە هەمیشە تووشی کێشە و ململانێ دەبێتەوە ، بوون بۆ ( دازاین ) بووە بە کێشە ، کێشەیەک سەرچاوەی ( نیگەرانیی)ە ، ئەوەتا ( مارتن هایدگەر ) بە ڕوونی باری ئەم نیگەرانییەمان بۆ دەردەخات و دەڵێ ( لە دوودڵیدا بوونی سەربەستانەی خۆی ڕووە و توانایی بۆ بوون . ڕەسەنانە و ناڕەسەنانە لەگەڵ توخمە کۆنکریتییەکانیدا دەردەکەوێت .. ) . هەروەها دکتۆر محەمەد کەمال لە کتێبی ( فەلسەفەی بوون ) لە بابەتی ( شێوازی داهێنەرانەی بوونی مرۆڤ ) ، بە ڕۆشنی باس لە چەمکی نیگەرانی دەکات دەڵێت ( بۆ ئێمە دوودڵی یان نیگەرانی ) نەخۆشی دەروونی نییە و پەیوەندی بە بونیادی ئۆنتۆلۆجی مرۆڤەوە هەیە ، مادام مرۆڤ بوونێکی ناتەواوی هەیە و بۆ تەواوکردنی بوونی سەربەستانە ڕوو لە داهاتوو دەکات ، پێویستە دوودڵ بێت ..! ) .

ئەم ڕوو لەداهاتووە بۆ تەواوکردنی بوون لەڕیگەی داهێنانەوە بەدەست دێت ، واتە داهێنان مەرج و جەختکردنەوەیە لە ڕۆلی سەرەکی بوونی مرۆڤ لە مێژوودا ، یان داهێنان / ویست و مەیلە ناڕازییەکانی هەبوو دەستنیشان دەکات بۆ تەواوکردنی بوونێکی نوێ لە نەبوونەوە ، لەم راستایەش دوو کێشە دێتە بەردەم داهێنان کە لە هەمانکات / دەبنە سەرچاوەی نیگەرانی لە مرۆڤدا ئەوانیش ( مردن و نامۆبوون ) ، ( مردن ) کۆتایی هاتنە بە داهێنان و بە هەموو پڕۆژەکانی بوون ، واتە مرۆڤ هەر لەسەرەتای بوونیەوە لەگەڵ نیگەرانی ڕووبەڕووە چونکە / بۆ ماوەیەکی کاتی دێتە نێو ژیانەوە ، واتە لە هەر چرکەو ساتێک ئامادەیە ڕووبەڕووی مردن بێتەوە ، نامۆبوونیش / جڵەوشلکردنە بۆ هێزە دەرەکییەکان و ڕازیبوونە بە ناڕەسەنایەتی بوون . مرۆڤە نامۆکان وەک ئەوە وایە ( هەمیشە لە دۆزەخدا بژین چونکە ( دۆزەخ ) لە ئاکامی نا سەربەستی و نا ئازادبوونی مرۆڤ دروست دەبێت ) . ئیتر لێرەوە دێینە سەر / پەیوەندی ( شیعر و مارتن هایدگەر ) ، یان گرینگیدانی ( هایدگەر ) بە شیعر بۆ بنەما ( فەلسەفییە بوونگەراییەکەی ) ، هەروەک زۆرێک لە بیرمەند و فەیلەسوفانیتر کە گرینگیان بە شیعر داوە بۆ نموونە ( جولیا کریستیڤا )ش لە پێناو هەوڵەکانی بۆ ( شیکردنەوە سیمۆلۆجییەکەی ) گرنگی زۆری بە شیکردنەوەی دەروونی داوە ، بۆ ئەم مەبەستەش ئیشی زۆری لەسەر شیعرەکانی ( مالارمێ ) و چەند شاعیرێکی تر کردووە ، ئەمەش لە کتێبەکانی ( لە پێناو شۆڕشێک بۆ زمانی شیعری ) و ( خۆری ڕەش ) و حیکایەتەکانی خۆشەویستی ) و چەند کتێبێکی تری ، ( مارتن هایدگەر ) یش یەکێکە لەو فەیلەسووفانەی ، قسەی زۆری لەسەر شیعر کردووە و گرنگی زۆری بە شیعر داوە . بایەخدانی ( مارتن هایدگەر ) بە شیعر و چاولێکردنی شیعر لەم ئاستە بەرزەدا ، لە ڕوانگە و تێڕوانینە بوونگەراییەکەی بووە بۆ بوونی مرۆڤ . چونکە لای ( هایدگەر ) ، شیعر / تەنها لایەن و پێکهاتەیەکی ئەدەبی و هونەری نییە بەڵکو ، شیعر ڕاستەوخۆ پەیوەندی هەیە بە بوونی مرۆڤەوە ئەمەش بۆ هایدگەر گرنگییەکی زۆری هەبووە ، شیعر هونەرێکە زێتر مامەڵە لەگەڵ بوون و ناوەوەی مرۆڤ دەکات ، ( هایدگەر ) بۆ پڕۆژە فەلسەفی و ئەنتۆلۆژییەکەی خۆی لە زۆر شوێن هانای بۆ شیعر بردووە بە تایبەت شیعرەکانی ( هۆڵدەرلین ) .. تا ئەو ئاستەی پێیوابووە کە شیعر دەتوانێ ( ڕاستی بوون دەربخات ) .

پڕۆژە ئۆنتۆلۆژییەکەی هایدگەریش هەروەک لە کتێبی ( هایدگەر و ئۆنتۆلۆجی شیعر ) دا هاتووە ، ( پڕۆژەی ئۆنتۆلۆژی بنەڕەتی ، گەورەترین پڕۆژەی فەلسەفی هایدگەر بووە ، لە پەرتووکی ( بوون و کات ) دا ، کە ( هایدگەر ) بەدرێژایی تەمەنی ئیشی لەسەر کردووە . ئەم پڕۆژەیە لە شیکردنەوەی بوونگەرانەی مرۆڤەوە بە میتۆدێکی فینۆمینۆلۆجیانەی هێرمینیۆتیک دەستپێدەکات ، تاکو لەوێوە لە تێگەیشتن لە بوونی مرۆڤەوە بوون بە گشتی بگات ) ، شیعر ڕەنگدانەوەی یان ئاوێنەیەکە بۆ دەرخستنی ناوەوەی مرۆڤ .. شیعر لەنێو پانتایی خەیاڵی مرۆڤ لە ژێر کاریگەری غەریزەکان و هەستەکان و خەونەکان دێتە بوون ، غەریزەکان و هەستەکان و خەونەکانیش ، ڕەنگ و شێوەی مرۆڤ ڕەسم دەکەن ، مرۆڤێکی تێکشکاو یان بەرزەفڕ ، یان ڕووخاو ، واتە مرۆڤ خۆی لە چوارچێوەی زەمەنێکی دیاریکراو ، هەموو خەون و هەست و ئارەزووەکانی مرۆڤ ، پەیوەستن بە زەمەنێکی دیاریکراوەوە ، ئەم هاوکێشەیەش بۆ ( هایدگەر ) زۆر گرنگ بووە واتە ( دەرخستنی بوون لە زەمەنێکی دیاریکراوی تەمەن ..! ) ، واتە مرۆڤ ( خۆی لەنێو کات ) ، یان ( بوون و کات ) . بۆیە لای ( مارتن هایدگەر ) شیعر لە ڕیزبەندی هونەرەکاندا لە ئاستی هەرە سەرەوە بووە . چونکە لە توانای هەبووە ڕاستی بوون دەربخات .

بۆیە پێیوابووە ، شیعر وەک ( فەلسەفە بیرکردنەوەیەکی داهێنەرانەیە ) چونکە ، هەموو بیرکردنەوەیەکی فەلسەفی بەتایبەت بیرکردنەوە قووڵەکان ، لە نێوخۆیاندا شیعرین ، هەروەها بەرهەمە شیعرییەکانی پڕن لە داهێنان ، بەتایبەت ( سروودەکانی هۆڵدەرلین ) و شیعرەکانی ( دانتی و گۆتە ) و زۆرێک لە شاعیرانی تر ، خاوەنی ڕوانین و هزری بەرزن بەڵام فەلسەفە نین ..! هەموو ئەمانەش لە ڕێگەی زمانەوە دێنەبوون ، بۆیە هایدگەر دەیگوت ( زمان ماڵی بوونە ) . یان هەروەک لە کتێبی ( بوون و کات )دا هاتووە ( گوتار لە رێگەی گوتنەوە دەردەبرێت زمانە ، لەمحالەدا ، تێگەیشتن و ڕاڤەکردنەکە لەنیو خودی ئەوەدایە دەریدەبڕین ، تا ئەوەی دەڵێت (ئەمجۆرە وەکو زمان دەبێتە بە بابەتێکی دەرەکی ، بە پیجەوانەشەوە ، بوونی خەسلەتی دازاین هەڵدەگرێت ..! ) ، لێرەوە دەبینین کە زمان لە توانایدا هەیە تەعبیر لەبوون و یان خەسلەتی بوون دیاریبکات ، هەرچەندە لەسەردەمی مۆدێرنە و لە بەرئەنجامی گەشە و پێشکەوتنی تەکنەلۆژیادا ، مرۆڤ تووشی نامۆبوون دەبێت ، نامۆبوونێک تا ئاستی ئەوەی مرۆڤ ڕەسەنایەتی خۆی لەدەست بدات ، بۆ ئەم ( نامۆبوونەی مرۆڤ ) هایدگەر کۆپلە شیعرێکی هۆڵدەرلین دەهێنێتەوە کە دەڵێ ..
ئێمە هەموو هێمایەکی نەخوێندراوەین
لە خاڵێکی بێگانەدا
زمانەکەی خۆشمان بیرچۆتەوە

دیارە هەر لەسەدەمی تەکنەلۆژیاوە مرۆڤ لە بەرئەنجای ئەم نامۆییە تووشی قەیران دەبێت ، قەیرانی فکر و داهێنان و کوشتنی پرسیار .. لەگەڵ هەموو ئەم قەیران و نامۆبوونەش هایدگەر پێیوایە ( مرۆڤ شاعیرانە نیشتەجێ دەبێ ) ، ( هایدگەر ) لەگەڵ ئەوە دایە ، هەموو کەس شاعیرانە بژی ، چونکە شیعر چاوساغی و ڕۆشناییمان دەداتێ بۆ ناسینی غەریزەکان و خەونەکانی خود ئەمەش یارمەتیدانە بۆ ناسینی ڕاستی بوون ، هەروەها ژیانی شاعیرانە ، تێکەڵبوونە بە ڕووبەری گەردوونییەت و مانەوەیە بۆ تاهەتا ، چونکە ( شیعر و زمانی شیعری ) بوون و پێکهاتەیەکی گەردوونییان هەیە . هەربۆیە لای ( هایدگەر ) و لای زۆرێک لە کەسانی بیرمەند ( شاعیران لە ڕیزی فەیلەسوفەکان ) دانراون چونکە هەروەک گوتمان ، ( شیعر وەک فەلسەفە بیرکردنەوەی داهێنەرانەیە ) ، لەلایەک ئیشکردنێکی تۆخە لەسەر ( خود ) لەلایەکیتر / ئیشکردنە لەسەر ( پرسیار و وڕوژاندنی پرسیار ) ئەمەش لەوە نزیکمان دەکاتەوە کە شیعر ئیشکردنە لەسەر دەرخستنی ڕاستی بوون . یان شیعریش ( ناوەڕۆکی فەلسەفیانە )ی هەیە ، هەروەک لە وتاری ،( هایدگەر و ئۆنتۆلۆگی شیعر ) دا بە ڕۆشنی باس لەوە کراوە کە ، دەربارەی بیرکردنەوەی داهێنەرانە تا ئەو ئاستەی ( شیعر و فەلسەفە ) لە زۆرباردا لە یەکترییەوە نزیکن ، ئەویش بە پشتبەستن بە فەلسەفەی یۆنانی کۆن بە تایبەت سەدەی پێنجەمی پێشزایین فەیلەسوفانی وەک ( پارمەنیس و هیراکلیتس ) یان شیعرەکانی ( سۆفۆکلیس ) کە ناوەڕۆکێکی فەلسەفی قووڵیان هەبوو ، ئەم ناوەڕکە فەلسەفەییەش بۆ ( مارتن هایدگەر ) و بۆ ڕوانگە بوونگەراییەکەی هۆکارێک بوو بۆ دەرخستنی راستی بوون ، بێگومان هەموو شیعرێک ئەم ناوەڕۆکە فەلسەفییە لەخۆناگرێت ئێمە مەبەستمان لەو شیعرانەیە کە هەروەک لە پێشدا باسمان کردووە / ئەو شیعرانەی لە نێو رووبەری شیعر دان و ئاستێکی بەرزی داهێنانیان تیایە .

                                                                 نۆڤەمبەری ٢٠٢٠

سەرچاوەکان :

  • کتێبی ( بوون و کات ) .. ( مارتن هایدگەر ) / وەرگێڕانی ( د.محەمەد کەمال )
  • کتێبی ( فەلسەفەی بوون ) .. نووسینی ( د. محەمەد کەمال )
  • کتێبی ( ڕووبەڕوو لەگەڵ شیعر ) .. نووسینی ( ناڵە حەسەن )



رووداوه‌كان له‌ رۆژانی پێشمه‌رگایه‌تیدا .. ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب

وانه‌كانی ژیان :
سیخور : باره‌گای حزبمان له‌ ساڵی 1980 ــ 1981 له‌ مه‌زری نزیك له دێی بێتوش بوو من هاوری حه‌مه‌ كه‌ریم قه‌ره‌چه‌تانی { حه‌مه‌ ساڵح} پێكه‌وه‌ چووین بۆ دێی پێتوش و هه‌ندێ ورده‌واڵه‌مان كریی و له‌ چایخانه‌ی دێكه‌ دانیشتین و له‌ پاش كفتوگۆ كردن له‌ گه‌ڵ دانیشتوانی چایخانه‌كه‌ سه‌باره‌ت به‌ پرس و هه‌واڵه‌كانی رۆژ هه‌ڵساین و به‌ره‌و باره‌گا كه‌وتینه‌رێ و له‌ دووری 50 ــ 100 مه‌ترێك له‌ باره‌گا زه‌لامێكم دی و وتم هاورێ حه‌مه‌ كه‌ریم بروانه‌ ئه‌و زه‌لامه‌ چاكێت و پانتوڵ له‌ به‌ره‌ چۆن سه‌یری باره‌گا ئه‌كات وابزانم تازه‌ هاتوو بۆ پێشمه‌رگایه‌تی یان سیخوره‌ نیردراوه‌ بۆ ئه‌م ناوچه‌یه‌و هاورێ وتی با لێی نزیك ببینه‌وه‌و كه‌ گه‌یشتینه‌ لای سڵاومان لێكردو زمانی ته‌ته‌ڵه‌ی ئه‌كردو وتی ئه‌مه‌ باره‌گای حزبی شیوعی عێراقه؟ وتمان به‌ڵی ئه‌ی تۆ كێێت ؟ وتی له‌ عێراق له‌لایه‌ن سوپاوه‌ گیرا بووم و هه‌لم بۆ ره‌خساو رامكردووه‌و به‌ره‌و ماڵه‌وه بۆ بلوجستانی ئێران ئه‌رۆم.
ــ ئه‌ی ئه‌م كتێبانه‌ی ده‌ستت چین؟ وتی من مامۆستام و حه‌زم له‌ خوێندنه‌وه‌یه‌.
وتمان فه‌رموو كاتی نان خواردنه‌ . وتی سوپاستان ئه‌كه‌م برسیم نییه‌و نیازی وا بروات و، نه‌مانهێشت وگلماندایه‌وه‌و بردمانه‌ باره‌گاو هاوری به‌هادین نوری به‌رپرسمان ئاگادر كرده‌و وتی : به‌ڵگه‌تان چییه‌ ئه‌م كابرایه‌ سیخوره‌و هاورێ حه‌مه‌ كه‌ریم وتی هاوری سیروان {ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب} ئه‌زانێت.
با لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌ گه‌ڵدا بكه‌ین ، من بووم به‌ خاوه‌نی لێپرسینه‌وه‌ به‌ ئاماده‌بوونی هاوریی كۆچكردو به‌رپرسی عه‌سكه‌ری ئیسماعیل دیكتاریۆڤ وتم : راستمان پێ بڵێ له‌ كوێوه‌ هاتووتیت؟ بۆچی هاتوویت؟ ئه‌م كتیبانه‌ی راگه‌یاندنی حزبی به‌عسه‌ و راست ناكه‌یت وئه‌ڵێت حه‌زم له‌ خویندنه‌و چونكه‌ له‌ هه‌ر كتێبێك 6 دانه‌ت پێیه‌ و، چیتر هه‌یه‌ هه‌مووی بخه‌روو پێش ئه‌وه‌ی رووتت بكه‌ێنه‌وه‌.
له‌ وه‌ڵامدا وتی : له‌ سه‌ربازگه‌ی ژاراوا هاتووم و، منیان ناردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بزانم ئه‌و شه‌ره‌ی نێوان حزبی دیموكراتی كوردستان ـ ئێران له‌ گه‌ڵ سوپای ئێران له‌ سه‌ر رێگای شاری بانه‌و شاری سه‌رده‌شت چۆنه‌و زیانیان چه‌نده‌ و، ئه‌فسه‌رێكی عێراقی ئه‌م كتێبانه‌ی پێدام و وتی پرۆپاگه‌نده‌ی شۆرش و حزبی به‌عسه‌ بڵاوی بكه‌ره‌وه‌و هیچی ترم پێ نییه‌و له‌ پاش كه‌مێك وتی رووتم مه‌كه‌نه‌وه‌ ته‌نها پسوڵه‌ی ده‌رچوون و گه‌رانه‌وه‌م بۆ كراوه‌و له‌ ده‌رپێ ژێره‌وه‌‌ هه‌ڵمگرتووه‌.
پرسیاره‌كانمان له‌ گه‌ڵ وه‌ڵامه‌كانی سیخوره‌كه‌ دا به‌ هاورێ به‌هادین نوری و كابرامان هێشته‌وه‌و بۆ رۆژی دووه‌م ئێمه‌ به‌ مه‌فره‌زه‌یه‌ك به‌ره‌و دۆڵی جافایه‌تی رۆشتین و، پاشان بیستمان هاورێ به‌هادین ئاگاداری برایانی حزبی دیموكراتی ئێران ( حدكا) كردووه‌و له‌ سه‌ر داوای ئه‌وان به‌ره‌ڵاكراوه‌.
هاورێ عه‌تا ئه‌ناسم : له‌ گه‌رمه‌ی تێكۆشان دژ به‌ دیكتاتۆرییه‌تی سه‌دام حسین و حزبی به‌عس له‌ دێی زێوه‌یی بناری شاخی پیرمه‌گرون بووین و ژماره‌مان كه‌م بوو له‌ پاش گفت وگۆ بریاردرا كه‌مین دابنێن بۆ ئۆتۆمێلێكی جێب قیاده‌و ئۆتۆمبیلێكی زیل ئێواران سه‌ربازه‌كان كۆ ئه‌كاته‌وه‌و ئه‌یانباته‌وه‌ بۆ سه‌ربازگه‌ی سوسێ ، ئه‌وه‌ بوو له‌ دێ ده‌رچووین به‌ره‌و ‌رێگای گشتی نێوان سلێمانی ــ دۆكان شۆربووینه‌وه‌ و، بریاره‌كه‌ وابوو هاورێیان حه‌مه‌ كه‌ریم و هیوا { محه‌مه‌د قادر} به‌ دوو كلاشینكۆڤ بۆ پردی سه‌ر رێكاكه‌ و ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب به‌ ئار بی كه‌ی — RBK –
و مولازم ماجد { عه‌لی مه‌هدی} كه‌ له‌ ئێستادا ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی حزبی شیوعی عێراقه‌ به‌ كلاشینكۆڤێك له‌ دووری 150 مه‌تر له‌ رێگاكه‌ بۆ پشتگیری ( اسناد) و مامۆستا جه‌مال محه‌مه‌د ئه‌مین و یاسین قادر { له‌ شه‌ری سۆێله‌میش} شه‌هید بوو له‌ گه‌ڵ ستار عه‌ره‌ب كه‌ له‌و رۆژه‌دا نه‌خۆش بوو ـ 2 ـ هاورێی تر (به‌داخه‌وه‌) ناوه‌كانیان له‌ یادم نه‌ماون‌ به‌ چه‌كی جۆراوجۆر له‌ دووری 350 مه‌تر خۆیان قایم كرد.
هاورێیان حه‌مه‌كه‌ریم و هیوا گه‌یشتنه‌ بن پردكه‌ خۆیان حه‌شارداو له‌ پاش 15 ـ 20 خوله‌ك ئۆتۆمیلێكی به‌رازیلی له‌ رێی گشتی سلێمانی ـ دۆكان لایداو هاورێیان زۆر به‌ په‌له‌ چوونه‌ ناو ئۆتۆمبیله‌كه‌و یه‌كێكیان به‌ ده‌ستی ئاماژه‌ی كرد بچین به‌ره‌و لای هاورێیانی ترو له‌وی هه‌مومان یه‌كمان گرته‌وه‌و دڵمان خۆش بوو یه‌كێك له‌ پیاوه‌كانی رژێم و هاوسه‌ره‌كه‌ی كه‌وتنه‌ ده‌ستمان و، یه‌كسه‌ر لیژنه‌یه‌كمان پێك هێنا له‌ 3 من و مامۆستا جه‌مال و ئه‌وی تر له‌ بیرم نه‌ماوه‌و ده‌ستمان كرد به‌ لێكۆڵینه‌وه‌. من كچه‌كه‌م ناسییه‌وه‌و قوتابی زانكۆی سلێمانی بوو پێموت : ئه‌مناسیت وتی نه‌خێر : له‌ پیاوه‌كه‌مان پرسی تۆ كێێت و رۆڵت له‌ حزبی به‌عسدا چییه‌؟
وتی : ناوم (ع . ا) به‌عسی نیم ئاسنگه‌رم ، وتمان ئه‌ی ئه‌گه‌ر به‌عسی نیت چۆن ئه‌توانن له‌ رێی سه‌ره‌كی لابده‌ن و بوه‌ستن و خه‌یره‌ به‌م ئێواره‌یه‌ هاتوویت؟ ، ئه‌م كچه‌ بۆ له‌ گه‌ڵتایه ؟ وتی : من و ئه‌م كچه‌ حه‌زمان له‌ یه‌كتر كردووه‌و جێ شك نابه‌ین له‌ شار روومان له‌م ده‌شته‌ كردووه‌و قه‌ت به‌عسی نه‌بووم و من هاورێ عه‌تا ئه‌ناسم و ئه‌مناسێت ، له‌ ناوخۆمان گفتوگۆمان كردو ئه‌م پیاوه‌ ئه‌ڵێت هاورێ عه‌تا ئه‌مناسێت هه‌ردوكیان ئازاد بكرێن. كه‌ سوار ئۆتۆمبێله‌كه‌ بوو به‌ ده‌نگیكی به‌رز وتی سوپاسی حزبی شیوعی عێراق و هه‌موو شیوعییه‌كان ئه‌كه‌م جگه‌ له‌و ئه‌بو شواربه‌ و به‌ده‌ستی ئاماژه‌ی بۆ هاوری حه‌مه‌ كه‌ریم كرد دیاره‌ هاوری حه‌مه‌ كه‌ریم به‌ ده‌نگی به‌رز قسه‌ی ناشیرینی پێی وتبوو.
2/12/2020




بێ نیشتمان .. شیعر/ کاوە عوسمان عومەر

شەو پەنجەکانی سەرما نەیبا،
منداڵی سواڵکەر،
پێکانی شەختە،
چاوانی پڕگوناح
هی من و تۆ،
شار،
لە شوێنێکی تر..
نیشتمان ،
خەونی کەسانی تر..
شەقامێ پۆخڵ،،
جێ نشینی..
منداڵێ سواڵکەر،،
چرپای ڕزیو
ڕومەت تەزیو
چاو هەڵتۆقیو
قژ هەڵبزرکاو
شارێ دزراو
سەر باڵی داڵاشی..
تاریکی و تاوان،
گورگمرۆڤ،
کۆشک و قەڵا
باڵای بڵند ،
عەرشی ئاسمان
جەردە مرۆڤ ، گورگی برس
کەڵبەیان تێنا
جەستەی دایکێکی سواڵکەر
ڕۆحی ئەویش بوو بە سوتماک..
باوکی منداڵی سواڵکەر
بۆ ئازادی ساختە
شۆڕشی درۆ.




سەرۆکی حکومەت، لەکێ و لەکوێ قەرزتکرد؟ .. تاهیرعیسا

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەت لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی چوارشەممەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستاندا رایگەیاند لە سبە ینێوە دەست بە دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران دەکرێت.
بۆ؟ چونکە بەقسەی خۆی کورتهێنانەکەی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی قەرزکردووە!
لەکێ ولەکوێی قەرز کردووە؟ سەرچاوەکەی دیاریی نەکرد!
ئەی بۆ پێشتر قەرزی نەکردوو، هێشتی، موچەخۆران ئەم هەموو مەعاناتە لەدەست هات ونەهاتی ۳۲۰ ملیاردینارەکەی بەغدا بچێژن؟
چونکە وەک بنەماڵەی میری سۆران دەیانگوت، فەقیر بۆ فەقیرە باهەر برنج بەشیر بخوات!
مەسرور بارزانیش، لەکۆشکەکانی مەسیف وسەری ڕەش وبلەو بارزانەوە ئاستەمە، لەژیانی چەرمەسەریانەی خەڵکی هەژارو نەدار تێبگات!
یان، مەسەلەی قەرزکردنەکەیان، کە خەڵکی کوردستان چاک دەزانێت درۆیەکی زلی جەنابیانە و پارەکە هەر هی خەڵک و موچەخۆرانەو لای خۆیان گلیان داوەتەوە و ئێستا بزووتنەوەی ناڕەزایەتیەکانی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێشی کوردستان خەریکە بە ئاستێک دەگات، کە لەوەدەچێت مەترسیی ئەم هەل ومەرجەی ئێستایان بەگوێچەکەی سەرانی بنەماڵەدا چرپاندبێت و لەوە تێگەیشتبن کە خەڵکی چیتر تەحەمولی سێبەریی مافیایانەو چەتەگەریانەیان بەسەر خۆیەوە ناکات. بۆیە باشترین ڕێگا بۆمەسرور، ئەگەرچی پیلانەکەیان کەشفە و ئەو قەسپەی دەیخۆن ناوکەکەی لەگیرفانی خەڵکیدایە، ، بەڵام چاریان ناچاریکردوون، دەستی بۆبەرن و وەک منەتێکیش بۆکپکردنەوەی توڕەیی خەڵک بەناوی قەرزەوە بەموچەخۆرانی بفرۆشنەوە!
ئەوەی سەرنج بداتە لێدوانەکانیان، دەتوانێت سیاسەتی ڕیاکارانەو چەواشەکارانەیان، بەڕۆشنی هەست پێبکات!
مەسرور بارزانی، ڕایگەیاند: (لەم روژانەدا بەردەوام لە سەر هێڵ بووین لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق مستەفا کازمی و ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و بەڵێنیانداوە بابەتی ناردنی مووچە لە چەند رۆژی داهاتوودا چارەسەر بکەن).
هەروەها دیقەت وسەرنجی لێدوانەکانی بدەن، مەسرور بارزانی، سەبارەت بە ئەگەری نەناردنی 320 ملیار دینارەکەی بەغدا بۆ هەرێمی کوردستان وتی : (ئەگەر لە بەر هەر هۆیەک لە کاتی خۆیدا مووچەی هەرێمی کوردستان لە بەغداوە نەگەیشت)….واتە هەتا ئێرەش مەسرور بارزانیی، لە ناردنی ۳۲۰ ملیار دینارەکە دڵنیایی نادات و دەڵێت، (حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو کورتهێنانە بە قەرزدابین دەکات تا بڕە مووچەی تەرخانکراو لە بەغدا دەگات) …..واتە لەلایەک دڵنیا نییە لەهاتنی پارەی بەغداو لەلایەکیش بڕەکەی قەرز دەکات و دواتر یش دەڵێت:( پارەکەی بەغدا لە بری قەرزەکە دەدرێتەوە).” دەشڵێت “بۆیە لە بەیانییەوە دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت!
ئەم هەڵوێستەی ئەمڕۆی حکومەتی بنەماڵەی بارزانی، لەهەمبەر موچە و دابینکردنی لەڕێگای سیناریۆی بەناو قەرزەوە، بێشک سەرچاوەی لە هەل ومەرجی تازەی چونە پێشەوەو پەرەگرتنی بزووتنەوەی ناڕەزایەتیەکان و توڕەیی جەماوەری زەحمەتکێشی کوردستاندایە، لە ئاست دەوری تاڵانچیانەو چەتەگەریانەی ئەم بنەماڵەیەو هاوشەریکەکانیان لە کوردستاندا، کە نزیکەی سێ دەیەیە بوونەتە مۆتەکەو بەڵا بەسەر سەری خەڵکەوە و خەریکن پەتی تەحەمولیان بەتەواوەتی دەپچڕێت و کەواتە، ئەوە کوتەکە دەزانێت قۆناغ لەکوێیە!

تاهیر عیسا /2.12.2020




منداڵان لە گەورەکان ژیرترن .. ن: تۆڵستۆی.. و: رەزا شـوان

لە روسیا وەرزی بـاران بـارین بـو. لە دێیـەکی روسـیادا، ئـاوی بـاران لە جـۆگـەیەکەوە سـەریکـرد و بەسـەر شەقـامەکـەدا دەڕۆیـی. بـاران لـێـیکـردەوە.
دو کچۆڵەی بچـوکی هـاوڕێی یەکـتری، لەناو ئاوی باراناوی شەقـامەکەدا یارییان دەکرد. کاتی گێڕانی ئاهەنگـێک بو کە لە دێیەکەدا دەکرا، دو کچۆڵە بچکوکەکە بۆ ئەم ئاهەنگە، کـراسی تازەیـان لەبەر کردبـون. (مالاشـا) بچـوکەکەیان بـو،(ئاکۆلـیا) لەو گەورەتر بو.
مالاشا پێیەکانی خستبونە ناو ئاوەکەوە. ئاوەکە کەمێک لێخن بو. یاری بە ئاوەکە دەکرد. کەمێک ئاو پرژانە سەر کراسەکەی ئاکۆلـیا. ئاکۆلیا خەریکی سڕینەوەی کراسەکەی بو. لـەم کاتـەدا دایـکی ئاکۆلـیا بـەم شەقـامـەدا هـات، سەیـری کـراسی کچـەکـەی کـرد.

دایـکی ئاکۆلـیا:”چـۆن کـراسە تـازەکـەت پیـس کـردوە ؟”

ئاکۆلـیا:”دایـکە، مالاشـا شەپـە شـەپی بە ئـاوەکە کـرد و ئاو پـرژایە سەر کراسەکەم”
دایـکی ئاکۆلـیا دو سێ چـەپـۆکی کێشا بـە پشـتی مالاشـادا. مالاشـا بەکـوڵ دەسـتی بـە گریـان کرد. دایـکی مالاشـا گـوێی لە گریـانی کچـەکەی بـو. یەکسەر لە مـاڵ دەرپـەڕی.
دایـکی مالاشـا:” کچـەکـەم بـۆ دەگـری؟”
مالاشـا:”دایـکی ئاکۆلـیا، بـە چـەپـۆک کـێشـای بـە پـشـتـم دا”
دایکی مالاشا بە توڕەییەوە، بەرەو دایکی ئاکۆلیا چـو. هەڵمەتی بۆ برد. تێک بەربون و دەستیان خستە قـژەکانی یەکـتری، بو بە هات و هاوار. گەلێ قسەی ناشیرین و سوکیان بە یەکـتری وت. لێکـنەبـونەوە.
هەندێ لە ژنانی خزمانی هەردولایان، بەدەم ئەم شەڕەوە هاتن و تێوەگلان. هەنـدێکیان لەسەر دایکی ئاکۆلیان دەکردەوە، هەندێکی کەشیان لەسەر دایکی مالاشایان دەکردەوە. شەڕ گەورە بۆوە. بون بە دو کۆمەڵەی شەڕکەرەوە، شەڕەکە گەورەتر و گەورەتر بۆە. پیـاوانیش هـاتـن و خـۆیـان تێهـەڵـقـورتـانـد. بـو بە شـەڕێکی گـەورە و لـێکـنابـونـەوە.
لەم کاتەدا داپیرەی ئاکۆلـیا، لە ماڵ هاتە دەرەوە بە پیاوان و بە ژنانی وت:” شەڕمەکەن کـاتی دەستـپـێکـردنی ئاهـەنـگەکـەیە، نابێـت خەڵـکی شـەڕبکـات”
کەسیان گوێیان لـێینەگرت و بە قسەیان نەکرد. لەم ساتەدا مالاشا و ئاکۆلیا شەڕەکەیان لەبیرکرد و دەستیان لە ملی یەکتری کرد، بونەوە بە هاوڕێ، لە شەڕکەران و لە شوێنی شەڕەکە دورکەوتنەوە. چـونە سەر جـۆگە ئاوەکە و بە بەلەمی کاغـەزی رەنگـاوڕەنگ، لەنـاو جـۆگـە ئاوەکـەدا، یـارییـان دەکـرد و قـاقـا پێـدەکـەنـین.
لەم ساتـەدا، داپیـرەی ئاکۆلیا، بە شەڕکەرانی وت:”شـەرم و شورەیی لە خۆتـان ناکەن، سەیـرکەن منداڵەکـان شەڕەکەیـان لەبیـر کرد. وا دیسان پێکەوە یـاری دەکـەن. دوبـارە بونـەوە بە هـاوڕێی یەکتری. بەڵام مەخـابین، ئێـوەی پیاوان و ژنـان، هـێشتا خـەریکی شـەڕکـردنـن وازتـان نەهـێـناوە”
پیاوەکان و ژنەکان کە سەیری هەردو كچۆڵە بچوکەکەیان کرد. کە پێکەوە یاری دەکەن و پێـدەکەنن، هـەستیان بە شەرمەزارییەکی زۆر کـرد و پەشـیمان بونەوە. بە هـێمنی و بە تەریقـیـیەوە گـەڕانـەوە بـۆ ماڵـەکـانیـان.
منـداڵان زۆر بـە ئاسـانی لـە یەکـتری دەبـورن و هـەمو شتـێک لەبـیر دەکـەن. چـونکە رق و بـوغـز و کـینە لـە دڵـە پـاک و قـنجـەکـانیـانـدا جـێگـایـان نـابـێـتەوە.
گـەورەکـان ئـەم وانـەیـە لـە کچـۆڵـە بچـوکـەکـانـەوە فـێربـون.

() ئەم چـیرۆکە لە نوسینی (لیـو تـۆڵستۆی) یە. لە زمـانی ئینگـلیزییەوە وەرمگـێـڕاوە بـۆ کـوردی. () (لیو تۆڵستۆی: ١٨٢٨ـ١٩١٠) رۆماننوس و چیرۆکنوسێکی بە ناوبانگی روسی و جیهـانییە. نوسـەرێکی ئاشتـیخـواز بـو. لـە شـاکـارە رۆمـانەکـانی “شـەڕ و ئـاشـتی” و “ئەنـا کارنیـنا” یە. گەلێ کورتە چـیرۆکـیشی نوسیوە، کە پشـکی منـداڵانیشـیان تێـدان.
() چـیرۆکی “منـداڵان لە گەورەکـان ژیـرترن” ئەو مەبەسـتە دەردەخـات، کـە زۆر جار منـداڵان لە گەورەکـان ژیـرتـرن. منـداڵان دڵپاکـتر و لێـبوردەتـرن. ئەگـەرچی چـیرۆکەکە زادەی خەیاڵی تۆڵستۆی یە، دەشێ لە بیـنینی روداوێکی راستییەوە، بیرۆکە و ئیلهـامی بۆ نوسینی ئـەم چـیرۆکەی وەرگـرتـوبێـت. () پێـم جـوان بو، کە ناوەکانی دو کچۆڵەکەی چیرۆکەکە ” مالاشـا ، ئاکۆلـیا”، نەگۆڕم و لە وەرگـێڕانەکەم بـۆ کوردی، هەمـان دو نـاو دابنـێن، کە لیـو تـۆڵسـتۆی داینـاون.

رەزا شـوان
نەرویـج: ٢٠٢٠




ڕاگەیاندراوێک لە تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتیەوە لە بارەی ڤاکسینەی ڤایزەر/بایونتیک

ڕاگەیاندراوێک لە تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتیەوە لە بارەی ڤاکسینەی ڤایزەر/بایونتیک:

پێویستە کوردستان بە زوترین کات بڕێک لە ڤاکسینەکە پەیدا بکا
تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی بە خۆشحاڵیەکی زۆرەوە پێشەوازی لە هەواڵی ڕێگەدان بە ڤاکسینەکەی ڤایزەر/بایونتێک دژی کۆرۆنا دەکات لە لایەن دەزگای ڕێکخستنی دەرمان و کەرەستەی پزیشكی بریتانیا. بەم هەنگاوە، بریتانیا یەک وڵاتە لە جیهاندا کە بە فەرمی ڕێگە بە ڤاکسینێک بدا دژی نەخۆشی کۆڤید ١٩.
هەر بە گوێرەی هەواڵەکان، لە هەفتەی داهاتوەوە، وڵاتی بریتانیا دەستدەکات بە دابەشکردنی ڤاکسینەکە. وڵاتەکە تاوەکو ئێستا ٤٠ ملێۆن جۆرعەی لەو ڤاکسینە کڕیوە و هاوکات ئەمریکا ١٠٠ ملیۆن و ئەوروپاش ٢٠٠ ملیۆنی لە ڤاکسینەکە کڕیەوە.
ڤاکسینەکەی ڤایزەر/بایونتیک پێویستە لە پلەی ٧٠ ژێر سفرەوە بپارێزرێ بەڵام دەکرێ بۆ چەند رۆژێک لە پلەی گەرمی ساردکەرەوەی ئاساییش بپارێزرێ بۆ ئەوەی بگوازرێتەوە بۆ ئەو شوێنانەی پێویستە دابەشبکرێ. هاوکات ڤاکسینەکە پێویستە بە دوو جورعە بدرێتە ئەو کەسانەی وەریدەگرن.
بە گوێرەی لێکدانەوەکانی شارەزایانی سەر بە تۆڕەکەمان، وەکو لە پێشتریش بڵاومان کردەوە هەرێمی کوردستان پێویستی بە نزیکەی ١ ملیۆن ئەم ڤاکسینە هەیە بۆ قۆناغی یەکەم (کە لە دوو جورعە پێکهاتوە). بۆ پێدانی دوو جورعەکەش هەرێمی کوردستان پێویستی بە نزیکەی ٤٠ ملیۆن دۆلار هەیە.
ئێمە لە تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی داوادەکەین کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەپەلە کار بۆ بەدەستهێنانی ئەم ڤاکسینە بکات. هاوکات داوا دەکەین کە پشت بە پلانەکەی تۆڕەکەمان ببەستن بۆ چۆنیەتی دابەشکردنی ڤاکسینەکە بەسەر ئەو قۆناغانەی کە لە ڕابوردودا خستمانە پێش چاو. دەکرێ ئەم ڤاکسینە گرانەی ڤایزەر/بایونتک تەنها بۆ قۆناغی یەکەم بەکاربێ و بۆ قۆنا‌غەکانی دیکە ڤاکسینە هەرزانەکەی ئۆکسفۆرد سودی لێوەربگیرێ.
ئێمە لە تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی بڕوای تەواومان هەیە بەوەی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕوی یاسایی و داراییشەوە توانای ئەوەی هەیە کە ئەم ڤاکسینە فەراهەم بکات. دواجار ئەو ٤٠ ملیۆن دۆلارە، پارەیەکی کەمە بە بەراورد بەو بڕە پارەیەی لە قاچاخی نەوت و هێلکە و جگەرە و دەرمان کە بە نایاسایی لە خاڵە سنوریەکانەوە بەهەدەردەدرێ.
بۆیە لێرەوە بانگەوازی پزیشک و کارمەندانی ته ندروستی و خه لکی کوردستان بە گشتی دەکەین که فشار بخەنه سەر حکومەتی هەریم و وەزارەتی ته ندروستی تا ده ست به جی ده ست بکه ن به کرینی فاکسینه که ودابەشکردنی به خوڕایی.
تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی
٢٠٢٠/١٢/٢




خۆشەویستی و ژیان .. عەلی ساڵح ئاریانی

                                   

خۆشەویستی ، هەندێ جار لەگەڵ ڕۆح یەکدەگرێتەوە و باوەش بەیەکدا دەکەن..
هەندێک جاریش لێک دووردەکەونەوە و لە یەکتر ڕادەکەن
هەندێ جار ، ژیان و هەناسە دەبەخشێت بە دڵ
هەندێ جاریش ، دەبێتە شێرپەنجە بۆ ژیان و دڵ
خۆشەویستی ، هەروەکو تاقگە دەڕژێتە خوارەوەی ناخ و دەروون
یان دەبێتە بوڕکان و گەردەلوول بۆ ئەندێشە و دەروون
خۆشەویستی هەندێ جار لەناو زەردی پایزی خەزان
دەبێتە گوڵێکی بۆن خۆش و ڕەنگ جوان
هەندێ جاریش ، لەناو بەهار و گوڵزار ڕەنگی زەرد هەڵدەگەڕێت بۆ دڵ نابێتە میوان
خۆشەویستی هەندێ جار گەردیلەیەک دەکاتە خۆر
هەندێک جاریش خۆر دەتوێنێتەوە و دەیکاتە خۆر
هەندێک جار خۆشەویستی دەبێتە پاشای مەملەکەتی دڵ
هەندێک جاریش ناحەقی دەبێتە پاشا لە مەملەکەتی دڵ
خۆشەویستی زۆر ڕووناکە ، تەنانەت دوورترین دووریەکان نزیک دەکاتەوە
بەڵام زۆر جار ناتوانێت خۆشی ڕووناک بکاتەوە خۆشی بە بێ دەسەڵاتی دەمێنێتەوە
هەندێ جار خۆشەویستی بۆ ئێمە دەپاڕێتەوە و هەوڵمان بۆ دەدات
کەچی ئێمە زۆر جار دەیڕەنجێنین و پارچەکانیمان بۆ لێک نادرێتەوە لە زۆر کات و سات

عەلی ساڵح ئاریانی – هەولێر




دوو خولەک پێش ئەمڕۆ .. نەوزاد بەندی

خۆزگە بارانێ لێــــــــــی بداینایە
پێشتر هیچ کەسـی تەڕ نەکردبێ
ئینجا وێـستگەیەک داڵدەمان بدا
هیچ کەســــێ پەنای بۆ نەبردبێ

لەسەر شەقامێ هەنگاو هەڵبێنین ،
پێشتر هەنگاوی تێــــــدا نەنرا بێ
قاوەخانەیەک فەرموومان لێ بکا ،
بە عومری قاوەی تیدا نەخورا بێ

لەسەر کورسیــــەک تاوێ دانیشین ،
هیچ کەســی لەسەر دانەنیشــتبێ
فرمێسکێکی وا چاومان تەڕ بـــــکا
فرمێسکێ پێشتر کەس نەیڕشتبێ

لە دیار خەمێکی ناوەخت هەڵکوڕمێین ،
نەزانین چی بڵێـــــین بۆ دڵنــــــــەوایی
لە کۆڵانێکی ســــــــــاردی دوور ووڵات ،
شەو بمانـــــخاتە دەریای بۆشــــــــایی

کەنارێ لانکەی ماتــــــــی و بێدەنگیی
چوارچێوەیەکی بمانگرێتــــــــە خۆی
کەشتیەک بێت و وەکو دوو نەورەس ،
سەرکەوین ، نەڵێ ها بۆ کــوێ ئەڕۆی

من ئازادییەک ئازارم ئـــــــــــــــەدا
نیو سەدە ئەبێ لە خەیاڵـــــــــمایە
تا نزیک بمەوە لێی ، دوورترئەبــێ ،
ناگیـــــرێ و کەچــی وا لە پاڵمایــە

—- نەوزاد بەندی ————————-
١/١٢/٢٠٢٠