هەرێمی شەو .. ڕانانی : عەبدوڵا سڵیێمان(مەشخەڵ)
گەشتی زیاتر لەنیو سەدەی (چاوە)ی شاعیر
هەرێمی شەو، کۆی بەرهەمە شیعرییەکانی چاوە(فاتح) شێخولئیسلامی “ف. پشکۆ” (١)یە کە لە کۆکردنەوە و ئامادەکردنی شاعیر و وەرگێڕ عەزیز ناسری، چاپی یەکەمی لە ٢٠٢٠ دا و لەلایەن ناوەندی غەزەلنووسەوە بڵاو کراوەتەوە. کتێبەکە یەکەمین کتێبە سەبارەت بە چاوە و شیعرەکانی کە لە دوو توێی ١٨٨ لاپەڕەدا، سەرجەم دەقە شیعرییە کوردی و فارسییەکانی چاوە لەخۆ دەگرێت.(چاوە)ی شاعیر یەکێکە لە نوێکەرەوەکانی شیعری کوردی لە کوردستانی ئێران کە شانبەشانی سوارەی ئێلخانیزادە(٢) و عەلی حەسەنیانی(هاوار)(٣)کاریگەرییان بەسەر نوێبوونەوەی شیعری کوردی و ئاراستەی ئەو نوێبوونەوەیە هەبووە. کاروانی ئەدەبیی چاوەی شاعیر لە سەرەتای دەیەی شەستەکانی سەدەی ڕابردووەوە دەست پێدەکات و هەتا ئەمڕۆش ئەو کانییە سازگارەی شیعر هەر فوارە و قەڵبەزەی هەیە. ف. پشکۆ زۆر لەوە ناسراوتر و بەناوبانگترە کە ئێمە بمانەوێت لەم کورتە نووسینە تیشکی بخەینە سەر. چاوە (ف. پشکۆ) وەکچۆن ساڵانێکی زۆرە لەسەنگەری مارکسیم و کۆمۆنیزمەوە بێهەدا تێدەکۆشێت تا ئاسۆی سۆشیالیزم ببێتە پەرچەمی ژیان، لە شیعریشدا هاوتەریب لەگەڵ ژیانی سیاسی‌دا ، جگە لە ڕوحە داهێنانەکەی، لە مەتەرێزی کرێکاران و زەحمەتکێشانی ستەمدیدەوە دێتە دووان.
ئەی خوشکە چاو سووتاوەکەم
خۆزگە ئەمزانی شەوانە
ئەو کاتانە لەگەڵ دایکت
لەبەر نێڵەی گرا هەتا دەمەو بەیان
تەپ تەپ نان ئەکەن بۆ فرۆش،
خۆزگە ئەمزانی چی ئەڵێن!
چۆن باسی ڕزگاربوون ئەکەن
لەم ژیانە بێفەڕەتان! (٤)
چاوەی شاعیر گیانی شۆڕشگێرانەی وەبەر شیعرەکان ناوە و ئەمەش نەک بەتایبەتی شیعرە فارسییەکانی وەک کاک عەزیز ناسری دەڵێت(٥)، بەڵکو تەواوی ئەو ڕێڕەوەی چاوە پیایدا تێپەڕیوە، ڕێڕەوێکی شۆڕشگێرانە بووە. سەنگەری شیعرەکانی چاوە، سەنگەری سۆشیالیزم بووە و باوەڕی بەرزی کۆمۆنیزم بە ڕوونی لەناو دەقەکانی چاوەدا دەبینرێت.
با داڕێژین حوکمی خۆمان، دامەزرێنین خودموختاری
بۆ پێشەوە بۆ سۆشیالیزم، ڕزگاریبەخشی یەکجاری(٦)
پێ بەپێی گەشەی باوەڕی شاعیر، سەرەتا لە کوردایەتییەوە دەست پێدەکات و پاشان بەرەو چەپ و ئینجا مارکسیزمی شۆڕشگێر وەردەچەرخێ و دواتریش کۆمۆنیزمی کرێکاریی دەکاتە پەرچەمی خەبات، ئەم ڕوو لەسەرەی باوەڕی چاوە نیشانەی زیندوویی و وابەستەیی شاعیرە بە سەنگەری خەڵکی ستەمدیدەوە. ئەمە شوناسی شۆڕشگێریی شاعیر و دەقەکانیشە کە تا شیعر و وشە مابن، ئەم دەقانەش زیندوو و جوان دەمێنن. جوانی ئیستاتیکا لەشیعرەکانی چاوە جگە لە وابەستەیی شۆڕشگێرانە کە ڕوحی ئیستاتیکای مارکسیستییە،زمان و خەیاڵ و وێنەی شیعرین. زمانی شیعرەکانی چاوە، زمانێکی سفت و تووند و تۆڵ و بەهێزە. لەئاستێکی بەرزدایە کە بە کوردییەکی ڕەوانەوە وێنەشیعرییەکان جارێ سادە و جارێ ئاڵۆز دەخوڵقێنێ. ڕیتمی شیعرەکان و هارمۆنیای شیعریی زۆر وەستایانە ئیشی لەسەر کردووە و سەلیقەیەکی زۆری تیا بەکار بردووە. ستایڵی داڕشتنی شیعرەکان بەپێی مێژووی نووسینی دەقەکان جیاوازن . چاوە گەرچی بەئاگا بووە لە شیعری نوێی کوردی و فارسی، کەچی لەزۆر دەقدا دەستبەرداری شێوازی کۆنی نووسینی دەقی شیعریی نەبووە. ئەمەش خەوش نییە و گرنگ ئەوەیە شاعیر بتوانێت پەیامە کۆمەڵایەتییەکەی دەق بە جوانترین ئاست بگەێنێتە خوێنەر. بەهەرحاڵ لە دوای خوێندنەوەی (هەرێمی شەو)ی چاوەدا، بۆ ئەوەی مەبەست بپێکم حەز دەکەم بەمجۆرە هەڵسەنگاندنەکەم بخەمە بەر دیدەی ئێوەی هێژا :
یەک : ئامادەکاری کتێبەکە کاک عەزیز ناسری سەرباری کۆششەکانی لەپێناو کۆکردنەوەی شیعرەکانی چاوە ئەو فەرهەنگۆکەی کە لە کۆتایی کتێبەکەدا ئامادەی کردووە کە بەڕاستی جێگای دەستخۆشییە، بەڵام هاتووە شاعیری موجەرەدانە وەرگرتووە و تەنها وەکو شاعیرێک باسی دەکات. بە وتەیەکی تر عەزیز ناسری هاتووە چاوەی شاعیری لە چاوەی خەبانگێڕ و کۆمۆنیست جیا کردۆتەوە. ئەم جیاکردنەوەیەش زیانێکی زۆری لە(چاوە) و ئینجا میسداقییەتی زانستی و ئەکادیمی کتێبەکەش داوە.
دوو : باس نەکردن یان فەرامۆشکردنی قۆناغەکانی ژیانی سیاسی شاعیر جا بەهەر بیانووەیەکەوە بێت، لەژێر تەم هێشتنەوەی برێکی زۆری ژیاننامەی چاوەی کۆمۆنیست کە بۆ خوێنەر و ڕەخنەی ئەدەبیش فرە گرنگ و جێی بایەخە، شایانی هەڵوەستە لەسەرکردن و ڕەخنەی جیددیە.
سێ : ڕیزبەندی کتێبەکە بەمجۆرەیە : شیعرە نوێیەکان، شیعرە کلاسیکییەکان، شیعرە فارسییەکان. لە کاتێکدا دەبووایە ئەو ڕیزبەندییە بەپێی مێژووی نووسینی شیعرەکان بووایە تا خوێنەر لەلایەکەوە گەشەی هونەری شیعر و لەلایەکی تریشەوە بەرەوپێشچوونی بیروباوەڕی شاعیر بەجوانی ببینێت.
چوار : چاوە شاعیرێکی داهێنەری کوردە و بە هەردوو زمانی کوردی و فارسی شیعری شۆڕشگێرانەی نووسیوە. من ڕێک پێچەوانەی کاک عەزیزی ناسری دەڵێـم سیاسەت شەوە نییە تا چاوە لە داوێنی وێژەدا بەرێت(٧)بەڵکو ئەوە پێداویستی خەباتی چینایەتی کرێکاران و زەحمەتکێشانە لەپێناو ئازادی و یەکسانی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی، (چاوە)ی ناچار بەو چارەنووسە کردووە و گیان لەسەر دەست خەبات دەکات. بۆیە ئەو بڕیارەی کە دەڵێ( بەخ لەوەی لە هۆنەرانی ناسک هەستە و ئەخ بۆوەی لە ڕۆنەرانی کۆمۆنیستە)(٨) دەگۆڕم بە (بەخ لە هۆنەرانی ناسک هەستە و گیان لەوەی کە ڕابەرێکی کۆمۆنیستە.)
دوواجار کتێبی هەرێمی شەو و ماندووبوونەکانی کاک عەزیز ناسری سەرباری هەر تێبینی و سەرنجێک. جێی دەستخۆش و باوەش پیاکردنە و ئومێدەوارم بەرهەمی جوانتری ببینین و بە بەختەوەر بژێت جا لەهەر شوێنێک بێت.
پەراوێزەکان :
(١)چاوە(ف پشکۆ)ی شاعیر، نازناوی فاتیح شێخولئیسلامی چۆڕییە و ساڵی ١٩٤١ لە شاری مەریوان لەدایکبووە. ساڵی ١٩٦٠ دەچێتە زانکۆی تاران و ساڵی ١٩٦٧بووەتە مامۆستا. هاوێنی ساڵی ١٩٧١ بە هۆی چالاکی سیاسی ماوەی حەوت مانگ زیندانی دەکرێت. ساڵی ١٩٨١ دەبێتە پێشمەرگە و لە ساڵی ١٩٩٠ەوە لە وڵاتی سوید دەژێت. سەرەتا لەژێر کاریگەری بیروباوەڕی ناسیونالیزم و پاشان بەرەو مارکسیزمی شۆڕشگێرو ئینجا ڕووەو کۆمۆنیزمی کرێکاریی وەردەچەرخێ. چاوە سەرباری ئەوەی شاعیرێکی داهێنەرە، ڕابەرێکی بەرجەستە و لێبراوی بزووتنەوەی کۆمۆنیستی کرێکارییە.
(٢)سوارەی ئێلخانیزادە ساڵی ١٩٣٧ لەگوندی (تورجان)ی سەر بەشاری بۆکان لەدایک بووە. کۆلێژی حقوق تەواو دەکات بەهۆی بیروباوەڕی پێشکەوتنخوازی و هەڵوێستی نیشتمانپەروەرییەوە لەلایەن ڕژێمی پەهلەوییەوە ڕووبەڕووی زیندان و ئەشکەنجە کرایەوە. ساڵی ١٩٦٨ لەبەشی کوردی ڕادیۆی تاران دامەزرا. سوارە جگە لە شیعری کوردی، بە زمانی فارسیش شیعری نووسیوە. بایەخێکی زۆری بەزمان داوە و ناوەڕۆکی هەموو بەرهەمەکانی باس لەئازادی و پاکی و جوانی رۆحی مرۆڤ ئەکات. بەداخەوە لە ١٤-١-١٩٧٦ کۆتایی بە ژیانی دێت.
(٣)عەلی حەسەنیانی (هاوار) ساڵی ١٩٣٩ لە بنەماڵەیەکی مەهابادی لە شاری تاران لە دایک دەبێت. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە شارەکانی هەمەدان، مەهاباد و تاران تەواو دەکات و پاشان لە زانکۆی تاران لە بەشی (یاسا و زانستە سیاسییەکان) درێژە بە خوێندن دەدات. لەو نێوەدا ماوەیەک بە هۆی چالاکی سیاسییەوە دەکەوێتە زیندان. دواتر هاوکات لەگەڵ چالاکی ئەدەبی و نووسین، وەک فەرمانبەر لە چەندین شاری ئێران و کوردستان درێژە بە ژیان دەدات. دوای شۆڕشی ئێران بۆ پەرەپێدانی تێکۆشانی سیاسی و ئەدەبی دەگەڕێتەوە مەهاباد. ساڵی ١٩٨٩ ڕێگای هەندەران دەگرێتە بەر و دەچێتە وڵاتی فینلاند و پاشان لە دانمارک دەگیرسێتەوە. سەرەنجام لە بەهاری ساڵی ١٩٩١ ماڵاوایی لە ژیان دەکات و لە شاری کۆپێنهاگن بە خاک دەسپێردرێت.
(٤)هەرێمی شەو کۆی بەرهەمە شیعرییەکانی چاوە (فاتح) شێخولئیسلامی (ف. پشکۆ) کۆکردنەوە و ئامادەکردنی عەزیز ناسری ناوەندی غەزەلنووس چاپی یەکەم ٢٠١٩ لاپەڕە ٩٠.
(٥)عەزیز ناسری دەنوسێت لەیەکەم ڕوانیندا دەردەکەوێ، لە سەتا حەفتاوپێنجی شیعرە فارسییەکانی چاوە دەچنە خانەی شیعر کرێکارییەوە. بڕوانە هەرێمی شەو کۆی بەرهەمە شیعرییەکانی چاوە (فاتح) شێخولئیسلامی (ف. پشکۆ) کۆکردنەوە و ئامادەکردنی عەزیز ناسری ناوەندی غەزەلنووس چاپی یەکەم ٢٠١٩ لاپەڕە ٢٨.
(٦)هەرێمی شەو کۆی بەرهەمە شیعرییەکانی چاوە (فاتح) شێخولئیسلامی (ف. پشکۆ) کۆکردنەوە و ئامادەکردنی عەزیز ناسری ناوەندی غەزەلنووس چاپی یەکەم ٢٠١٩ لاپەڕە ١٤١.
(٧)هەرێمی شەو کۆی بەرهەمە شیعرییەکانی چاوە (فاتح) شێخولئیسلامی (ف. پشکۆ) کۆکردنەوە و ئامادەکردنی عەزیز ناسری ناوەندی غەزەلنووس چاپی یەکەم ٢٠١٩ لاپەڕە ١٥.
(٨)هەرێمی شەو کۆی بەرهەمە شیعرییەکانی چاوە (فاتح) شێخولئیسلامی (ف. پشکۆ) کۆکردنەوە و ئامادەکردنی عەزیز ناسری ناوەندی غەزەلنووس چاپی یەکەم ٢٠١٩ لاپەڕە ١٥.
“نیشتمانی سارا نیشتمانێکی بێ پەروا و ڕۆمانێکی یاخی” .. دڵشاد کاوانی
ڕۆمانی نیشتمانی سارا ڕۆمانێکی ٤٥٠ لاپەڕیی کوردییە. کە لە نووسینی ڕۆماننووس میران ئەبراهامە و بە هەر دوو چاپی ساڵی ٢٠١٨ و ساڵی ٢٠٢٠ کەوتۆتە بەر دیدگای خوێنەرانی ڕۆمانی کوردی و دەتوانرێت وەک یەکێک لە ڕۆمانە ناوازەکان دەست نیشان بکرێت کە بە تەکنیک و شوازێکی جوان زمانێکی ناوازەیی کوردی نووسراوە و کە باڵایە لە چێژی ئەدەبی گێڕانەوە دا.
نیشتمانی سارا وەک ڕۆمانێکی کوردی باس لە کێشە و گرفتی ئەو کوردانە دەکات کە لەسەر ئایینی جوولەکە بوون، بە هۆی پاکتاویی ئاینییەوە ڕووبەڕووی پاکتاوی ڕەگەزیش بوونەتەوە، لە نیشتمانی سارا‌دا مێژوو، ئایین، شۆڕش، ستەمکاری. ئەو چەمکانەن کە ڕووداوەکانی ناو ڕۆمانەکە لە جوغزیی دا دەسوڕێتەوە.
هەڕچەندە نیشتیمانی سارا بە زمانێکی بەرزی ئەدەبی نووسراوەتەوە و دەق- سەرد- گێڕانەوە، پێکهاتەی سەرەکیین بۆ یەکخستەنەوە و بیرهێنانەوەی ڕووداوێکی مێژوویی مرۆیی، کە نووسەر لێزانانە و بە وردییەوە ڕۆچۆتە نێو ڕووداوەکان و وەک مانافێستێکی تۆمار کردن و یاد هێنانەوەی کەمە ئایینییەکی کوردی لە بیر کراو بۆ بیری خوێنەری کورد دەخرێتە ڕوو، کە دەیەوێت بڵێت لە پێشوودا لە سەر زەمینی ئەم نیشتمانەی کوردان، دەرهەق بە جوولەکەکان لە دابڕان و پاکتاو، جیاکاری، تاوانکاری، چی گوزەراوە، بەمەش نووسەر هۆڵۆکۆستێکی بچووکی لەسەر خاکی نیشتیمان بۆ جوولەکەکان لە سەر ڕووپەڕی کاخەز پیشان داوە.
نیشتمانی سارا بە جۆرێک بە دوای ڕووداوەکانی ناو ڕۆمانەکە ڕات دەکیشێ وەک ئەوەی دەستت لە ڕەگی نیشتمان گیر بووبێت و ڕۆحت بۆ ناو خاک کێش دەکات، ناتوانی بە ئاسانی دەستبەرداری دیوی دووەمی ناسۆرییەکانی ناو ڕووداوەکانی ڕۆمانەکە ببیت. لەگەڵ ئەوەشدا نیشتمانی سارا وەک هەر ڕۆمان و دەقێکی تری ئەدەبی شایانی ڕەخنە لێگرتنە و دەبێ بخرێتە ژێر هاوێنەی بینینەکی چڕی ئەدەبی و لایەنە شاراوەکان و کەماسییەکانی ببینرێت.
سەرەتا ناوونیشانی ڕۆمانەکە دەبێتە پرسیارێکی جددی لای خوێنەر و بەدوای دۆزینەوەی هۆکاری ناونانی ڕۆمانەکە دا هەرەتە دەبێ، دواتر لە بەشی (٦) و لا (٢٤٥) سارا وەک کارکتەرێک دەردەکەوێت، دێتە ناو باس و ڕووداوەکانی ڕۆمانەکە و کە وەک دایکی جووکانی جیهان و خێزانی ئیبراهیم پێغەمبەر و دامەزرێنەری وەچەگەری جوو دێتە بەر باس.
نیشتمانی سارا لە پێنج بەشی سەرەکی و چەندین بەشی بچووک پێکهاتووە، لە ڕووی گێڕانەوە بەپێی مێژووی ڕووداوەکان ڕیزبەندی بەشەکانی کراوە، سەرباری وردبینی و دیقەت گرتنەی نووسەر، لە زۆر شوێن نووسەر لە چەمک و بەکار هێنانی زاراوە دا دەکەوێتە نێو هەڵەوە، هەروەک لە بەشی (١) و لاپەرە (١٢) هاوتووە ” ئەو داهۆڵانە پاسەوانن، بۆ ئەوەی پەلەوەرەکان بترسێن و و گەنمەکە نەخۆن” لێرە نووسەر لە بڕی باڵندە پەڵەوەڕی بەکار بردووە، بێ ئاگا لەوەی کە کۆی ئەو گیاندارە دوو پێ و پەڕدارنە دەگرێتەوە کە بەشێکیان تخونی دەغڵ و دان ناکەون، یان هەرلە داهۆڵ ناترسن وەک قاز و مراوی و وشترمەلیش دەچێتە ئەم خانەیە.
یاخود لە بەشی (٢) و لا (١٤) دا دەڵێ ” کوڕگەل گیان، لە بازار لێم دوور نەکەنەوە با لێم ون نەبن” ڕۆماننووس وشەی کورگەڵی لە سەر زاری سلێمان بۆ کور و برازاکەی حیکمەت و خایم کە تەنیا دوو کەسن بەکار هێناوە، هەرچەندە دوو کۆیە و تاک نییە، بەڵام بە ڕوانینی من کورگەڵ کە ئاخێزگەکەی مێگەلە و چۆن هەرگیز بۆ دوو سەرە ماڵات مێگەڵ بەکار نایێت و تەنیا دەگوترێ دوو سەر ئاژەڵ، ئاواش بۆ مرۆڤ شیاو نییە بە دوو کەس بڵی کورگەڵ. بۆ چارەسەریش ئێمە لە کوردی دا دەڵێین کوڕینە ئەمە شیاوترین وشەیە بۆ ئەوەی بەرنەمبەر کەمێکی کۆ بەکار بهێندرێت.
لە هەندێ شوێن بە ریەکەوتن لە بۆچوون و دیدگاکانی کارەکتەرەکان دروست دەبێ هەروەک لە هەمان بەش و لا پەرەی سەرەوە لەسەر زاری خایمی منداڵە جوو، کە دەیەوێ جیاوازیی چینایەتی و نێوان پەیڕەوانی ئایینی لە ناو کورد دا نیشان بدات کە دەڵێ ” هەرچەندە تا ئەمرۆش لە خەیاڵی خۆمدا بەردەوام ئەم پرسیارە لە خۆم دەکەم، ئایا بۆچی بە مەزەندەی مامە سلیمانم ئێمەی منداڵانی جوو جیاواز بووین لە مندالەکانی تری ئەو شارە؟ ” بەم ڕستەیەی “تا ئەمرۆش لە خەیاڵی خۆمدا” بۆمان دەردەکەویت ئەمڕۆی خایم سەردەمی نوێ و گەورە بوون و گەنجیەتیی خایمە، کە بیرەوەری منداڵی خۆی دەگێڕێتەوە بەڵام هەر خۆشی دواتر لە لا (١٧) ئێژێ لە دوای قوتابخانە بە غاردان دەچوونەوە، چونکە منداڵانی هەر دوو گەرەک بەردییان تێدەگرتین تا گەرەکی جوولەکان دوامان دەکەوتن و دەگەیشتەوەی زۆربەی ژن و پیاوی گەرەکیش بەشداریان دەکرد. ئەمە تەنیا بە هۆی ئەوە بووە کە ئەوان جوولەکە بوون یان لە لا (١٩- ٢٠) وای دەیخاتە ڕوو کە ماوەی یەک ساڵ لەگەڵ منداڵێکی هاوپۆڵی قوتابخانەی سەرەتایی لەسەر یەک ڕەحلە و کورسی لە تەینشت یەکەوە دادنیشن، کەچی بە هۆی جیاوازی ئایینییەوە یەکتر نادوێنن تەنانەت دەڵێ ” بەردەوام بیرم لەوە دەکردەوە ئاخۆ چی روو دەدات ئەگەر شانم بەر شانی ئەو کوڕە موسڵمانە بکەوێت” کەواتە ئەو دەبێ هەرزوو جیاوازیی ئایینییەکەی خۆی لەگەڵ زارۆیەکی موسڵمان بینیىێت و نەوەک بێ ئاگایی خۆی نیشان بدات.
دیسان لە لا (١٩) کاتێ فواد مەعروف رازی نابێت لە تەک خایم منداڵەجوو دابنیشێت بەم هۆیەوە بە دەست مامۆستا لێدان دەخوات و دەنووسێ ” ناچار بوو گوێی گرت و بە دەستەکەی تری دوو شەپازەلەی توندی کێشا بە بناملیدا و بە زۆر لە تەنیشتی منەوە دای نا” لیرە من نازانم ابراهام مەبەستی بناملیدا کوێی جەستەیە! بناگوێ ڕوومەتە و پشتمە مل دواوەی ملە و گەردەن پیشەوەی ملە، چەناگە یان زێچەنە سەری گەردەنە و سینگ خوارەوەی ملە، بەڵام سەیر لەوە دایە نووسەر بناگوێ بکاتە مل، گەر مەبەستی هەمان گوێ بێ ئەوە هەڵەیە گوێ بەملەوە نییە بەسەرە وەیە، گەر مەبەستی سەروەی تەنیشتی مل بێ دەکاتە سەر، یان مەبەستی خوارەوەی مل بێ دەکاتە شان. کەواتە بە هەموو پێوەرێک بنا مڵ وشەیەکەی هەڵەیە و لە پێکهاتەی جەستەی مرۆڤ دا نییە.
هەروەها لە لا (٢١) دەنووسێ ” ئەوەندەم نەزانی فواد لەبەردەمم پەیدابوو” لێرەشدا دەبێت بنووسرێ ئەوەندەم زانی واتا کەمێک زانیاری لەسەر پەیدابوونی بەردەستە نەوەک هیچ نەزانین. پاشان لە لا (٢٩) هاتووە کاتێ مەلا کوێر دەیەوێت جوولەکەیەک لە ناو قەڵای بکاتە ئیسلام لەسەر ئەوە دارکاری دەکات کە نازانێ شایەدوئیمان بێ، ئەمە نالۆژیکییە، ئیسلام نەبوون کافییە بۆ ئەوەی کە ئاسایی بێ کەسێک نەزانێ شایەدوو ئیمانی ئیسلامی بێنێ.
لەلایەکی تر لە لا (٣٠) وادەخاتە سەر زاران ” ئەوە مەلا ئەبوبکر ئەفەندی مانگێکە بۆ ئەستەمبۆڵ چویتە، ” هەرچەندە نووسەر زۆر شێوە زار و بنزاری شارەزایانە بەکارهێناوە، بەڵام ئەم ڕستەیە هەڵەیە دەبێ بنووسرێ : ئەوە مەلا ئەبوبکر ئەفەندی مانگێکە بۆ ئەستەمبۆڵ چووە، یان چۆتە ئەستەمبۆڵ. لە بەشی (٤) و لاپەرە (٣٧) و لە کۆی شوێنەکانی تر لە بڕی ڕۆژی دواتر ڕۆژی دوایی بەکاردێنێت ڕۆژی دوایی لە کوردی دا لە بەرانبەر (یوم القیامە) ڕۆژی پەسڵان یەکلابۆتەوە، بەمەش تێکەڵاوییەکی کردووە کە لە بەرژەوەندی دەقەکە دانییە.
دیسان لە بەشی (٥) و لاپەرە (٤٣) و چەند شوێنیکی دیکە، وشەی عەمبار دەسوێ دەیکات بە عەمار بەمەش لە ناوی شوێنی هەڵگرتنی کەلوپەل دەگۆڕێ بۆ ناوی عەماری کەسی عەرەبی کە بۆ مرۆڤە و لای خوێنەر تێکەڵ دەبێت. ئەمجارە لە لە بەشی (٧) و لاپەرە (٥٦) دەنووسێ ” ئەوانەی تر دوای جەن خەرجی چوونە حەجیان بۆ کرا” لێرەش هەمان کەماسی دێتە بەر چاو کە خەرجی چوونە حەج ناکرێ بەڵکو سەرف دەکرێ، یان خەرج دەکرێ ئەم ڕستەیەشیان هەر هەڵەیە. یاخود لە لا (٦٢) دەڵێ ” دوای ئەوەی دوکانەکەیان گرت” لێرە نووسەر مەبەستی لە گرتن داخستنە، گرتن واتە دەست بەسەرداگەین، یان بە کرێ گرتن دێ، بۆیە دەبووایە لە بڕی گرتن بنووسێ داخستن.
بەهۆی زاڵ بوونی هەستی نووسەر بەسەر ئەبستکرات و گێڕانەوە لە دەقدا، نەیتوانیوە بە تەواوەتی مشتوماڵی نێو ناوەڕک بکات، بەمەش زیاد لە پێویست ڕووداوەکانی گەورە کردووە و دەبووایە نووسەر هەستیارانەتر مامەڵەی لەگەڵ ناوەڕکی ڕۆمانە کەدا کردبووایە، چونکە لە ئەگەری وەرگێڕانی نیشتمانی سارا بۆ سەر زمانەکانی تر، کورد زۆر بەڕبەری و وەحشیەتگەری نیشان دەدات، ئەمەش هەم ئەرکیکی ئەخلاقییە و هەمیش ڕووداوەکان دوورن لە ڕاستی. بۆ نمونە لە بەشی (٩) و لاپەرە (٩٢) سەبارەت بە ستەمکردن لە جوولەکەکان لەسەر زمانی پۆلاکی مێردی پوری خایم دەنووسێ ” چوار جووی لە ڕێگای کەرکوک بەدەستی هەمەوەندییەکان ڕووت کرانەوە و پاشان سەر بڕان” یان لە لا (٩٩) حاخام دەگێڕێتەوە کە مەلاو فەقێکان ئەلیاسی برازایان سەربڕی. بەمەش هەموومان دەزانین سەربڕین تا هاتنی کولتوری تووندڕەوی ئایینی لە نێو فەرهەنگی کوردا نەبووە.
هەرچەندە دەبێت لایەنە جوانییەکانی ناو ڕۆمانەکە فەرامۆش نەکرێ، وەک ئالیکاری سۆفی و دەروێشەکانی سلیمانی و بەهاناوە هاتنی جولەکەکان کە بە وردی لە لا (٢١٩) نووسەر باسی پێکەوە ژیانی کردووە، لە شاری سلێیمانی شایانی هەڵوێستە لەسەر کردنە. بەڵام کاتێ گانجێکی مەسیحی لە سوریاوە بۆ خوێندن لە لا (١٧٤) بەسەلامەتی ئەم هەموو ڕێگایە دەبڕێ و دێتە شاری سلێیمانی لە گەراجی شاری سلێیمانی ڕووت دەکرێت و هەموو شتێکی لێ دەدزن. ئەوەی کە زۆر نیگەرانی کردم بەکار بردنی وشەی زۆرینەیە بۆ شارێک کە نووسەر لە لا (٣١٣) دا باس لە هەڵدانەوەی گۆڕی جوولەکان دەکات کە باهاندانی حکومەت بەوەی پڕوپاگەندەی بوونی زێڕ و زوی لەنێو گۆڕەکان بڵاو کردۆتەوە، بۆیە خەڵکی شاری سلێیمانی دەخاتە داوی حکومەتەوە و دەنووسێ ” زۆرینەی خەڵکی شاری سلێمانی وەکو شار‌و گوندەکانی تری عێراق، شەوان درەنگ بە پاچ و خاکەناز دەهاتن و یەک یەک گۆڕەکانیان هەڵدەدایەوە” بەمەش ناوەستێ دەڵێ ” گۆڕی وا هەبوو زیاتر لە دەجار ژێراو ژور کرابوو” ئەمەش ناهەقییە بەرامبەر گەلێکی ستەم لێکراوی وەک کورد، بەتایبەت شارێک کە بەسەری داببڕێت. لە بەرانبەریشدا کە سلێمانی مامی خایم دەچێتە بەغدا لەوێ دەڵێ گورگ و مەڕ بەیەکەوە ئاویان دەخواردەوە، گەر ئەم دەقە لە نووسینی نووسەرێکی عەرەب و یان فارس و تورک بووایە بەو پەڕی فاشستی و ڕاسیستی نەتەوەیی دژی کورد لە قەڵەم دەدرا.
هەروەها لە لا (١١١) لەیەک تێکستدا دوو هەڵە دەکەویتە بەر دیدگا هەروەک نووسەر دەبێژێ” چاوی لێ داچڕیم و توند لا ڕانی گوشیم، لەژێر لێوەوە و بە گوێم‌دا چپاندی، ئای لە کوێتە قوڕت بەسەر، ” من جارێ نازانم چاو چۆن دادەچڕێ پێوست بوو بڵێ دەنووقێ یان چپاند، لە کۆتایی ڕستەکە چەندین جار هێنام و بردم لێی تێنەگەیشتم مەبەستی نووسەر لە کوێتە چییە؟ ئایە مەبەستی وڵاتی کوێتە یان لە کوێ! واتە بۆ کوێ چووی.
لە لایەکی ترەوە لە بەشی (١٢) و لاپەرە (١٢٥) خایم لە سەر نەخۆش بوونی هاوژینەکەی دا وادەخاتە ڕوو ” کەتانی خوشکم بە ڕۆژدا خزمەتی دەکرد و منیش کاروباری دوکانەکەم بەرێوەدەبرد” لەم تێکستەش دا بە ڕۆژ هەڵەیە دەبێ بنووسرێ لە ڕۆژ دا.
سەبارەت بە هاسەرگیری نێوان حەمەجانی موسڵمان و ساشای کچە جوو لە لا (١٣٧- ١٣٨) هەرچەندە کە حمەجان کە داوای دەستی ساشا لە باوکی دەکات، سلێمانی باوکی ساشا مەرجی ئایین گۆڕین بۆ حەمەجان دادەنێت و حەمەجانیش رازی نابێت شین و واوەیلا بۆ لە دەست دانی یەکییان دەکات، ئایینەکەی یان عەشق. دواتر بێ ئەوەی نووسەر ڕوونی بکاتەوە حەمەجان چۆن ساشا دەخوازێ، ئایا حەمەجان دەبێتە جوو یان هەر موسڵمانە، چونکە لەهەموو هەڵوێستەکانی لەگەڵ ماڵی خەزووران و تیرەکەیەتی، کەچی هەر بە موسڵمانی ماوەتەوە، لە کاتێ هەموو هاوسەرگیرییەکی نێوان دوو ئاین بە تایبەتی ئیسلامی لەگەڵ ئەوانەی تر لە کۆمەڵگای ئێمە ڕوونادات تەنیا بەگۆڕینی ئاین نەبێ، گریمان حەمەجان بۆ کچە جوو بووبێتە جوو، لەو سەردەمە وەک ئەو وێنای دەکات، زیندوو مانەوەی لە شوین و شارەکەی خۆی بە ئاسایی مەحاڵە.
هەم دیسان لە لا (٣١٦) سەبارەت بە تێکچوونی باری دەروونی سارای ژنی سالار کە شەو هەردەستێتەوە و دەست دەخاتە سەر دەمی ئاڕۆنی کوڕی و دە ڵێ ” دەستی برد پشتیەکەی خۆی بەدەستەوە گرت، بەسەر ئارۆنی کوڕیدا نووشتایەوە و توند پشتیەکەی لەسەر دەموچاوی کوڕەکەی دانا و هەر دوو دەستی توند لەسەری راگرت، چەند هەناسەیەک ئارۆنی بێدەنگ کرد” بە هەموو پێوەرێک دەبێ دایکی ئارۆن کۆرپەکەی خۆی خنکاندبێ، بەڵام نووسەر ئارۆن بە زیندووی دەهێڵێتەوە و بێ ئەوەی هیچ سەرە داوێکی ئەم خنکاندنەی بە دەستی دایکی بخاتەبەر باس.
ئەوەی زۆر سەرنجی ڕاکێشام لە بەشی سێیەمی ڕۆمانەکە یادداشتەکانی سارا لە لا (٣٥٠ – ٣٦٦) بە دوانزە بەش زۆر بەجوانی یادداشتەکانی سارا بەشێک لە گرێچنەکانی ناو ڕۆمانەکە دەکاتەوە. ئەوەی ماوە بڵێم ڕۆمانی نیشتمانی سارا ڕۆمانێکە دەرخستەی بیری یاخیی بووی نێو کۆمەڵگای کوردییە.
خاڵبه‌ندی .. سه‌باح ڕه‌نجده‌ر
خاڵ
خاڵ له‌شه‌رمێكی گه‌مژانه‌ی ڕسته ڕاده‌گرێت
زه‌مینیش ده‌خولێته‌وه و به‌دوای خورپه‌یه‌كی به‌هێزه‌وه‌یه
ئه‌ی به‌خشنده چی پێ به‌خشین
دوای كه‌مێكی تر زه‌مین هه‌مووی تاریك ده‌بێت
به ده‌نووكی سووری قه‌قنه‌س گۆڕێك هه‌ڵده‌كه‌نم
دڵ پێی ڕازی نییه و ئاهی تێ نه‌گه‌ڕاوه
گوڵه‌ستێره له‌ناوی نیشانه و ناوه
به نیگا‌یه‌كی ماندوو بیر و پرۆژه‌ی دیواره‌كانی ده‌خوێنێته‌وه
له‌وێ په‌یام ناگا
دووخاڵ
كاته‌كانی ڕۆژی پێشوو دووخاڵبوون له‌سه‌ریه‌ك
دوولێوی به‌بار په‌یامێكیان له‌ناو خۆیاندا سه‌رسامكردووه
هاوهێزی ئه‌ستێره‌ن
گۆچانی كوێرێكیان له‌سه‌ر به‌ردی خز لادا
ئازار یه‌كه‌م ڕوخساری وه‌رگرت
كۆمه‌ڵه خاڵ
خاڵ به‌ڕه‌نگی سوورێكی گه‌رم و به ده‌نگێكی دۆستانه خۆتمان پێ بناسێنه
له پێناو چیدا درێژ ده‌بێته‌وه
چاوی دوێنێ چی به‌دی كردووه
قه‌له‌ڕه‌ش له‌سه‌ر كاغه‌ز سووڕ ده‌خۆن و ده‌نیشنه‌وه
پێیان شوێن بریندار ده‌كات
سه‌یری ئێره بكه و بۆچوونی خۆت بڵێ
كه‌وانه
كه‌وانه دیواری به‌ردینه به ده‌وری كۆشكی پاشا‌كان
به‌خۆشترین ده‌نگ گوێ له‌سروود ناگرێ
هیوای به‌چی ده‌خوازێت
ڕووناكی له‌كونی كلیل نایه‌ته ژوورێ
مرۆڤ له یه‌كه‌م مووچڕكه و بێداربوونه‌وه‌دا سه‌ماده‌كات
ئه‌و ترس و پرس و دوودڵییه‌ت له چییه
ئه‌وها په‌رژینت قایم كردووه
چ تارمایییه‌ك دێته ناو سێبه‌رته‌وه
هێزی خووسان هاته ناو ئه‌و قوڕه‌ی
مرۆڤی لێ دروست بوو
هێڵی لار
هێڵی لار فریوت ده‌دا
شكۆی به‌تاڵ و ستایش وا ده‌ستی پێكرد
لاپه‌ڕه داخه
ڕه‌گه گه‌رمه‌كان گه‌یشتنه‌به‌رد
چاوه‌ڕێی چ به‌روبوومێك مه‌كه
ده‌بێ ئازاری یه‌كتربده‌ین
ته‌قه‌ڵ
ته‌قه‌ڵ ئه‌و پارچه زه‌وییه خۆشكراوه‌یه
فڕۆكه له‌سه‌ری ده‌نیشێته‌وه
زه‌وییه‌كه ده‌بێته حاجی قادری كۆیی به‌ردی سیزیف به‌شانه‌وه
فڕۆكه‌ش گوتم به‌به‌ختی خه‌واڵوو
لاپه‌ڕه‌ی داهاتوو هه‌ڵده‌ده‌مه‌وه
واز له‌گه‌ڕان ده‌هێنم
له‌خۆمدا ده‌ژیم
گه‌ردوون دراوسێیه‌كی به‌كه‌ڵكه
خودا له فڕینی یه‌كه‌مین په‌پووله‌ی ساڵ هاته ماڵم
وێرگوڵ
وێرگوڵ پیاوێكه كرۆشكه‌ی كردووه و ترس ده‌دوێنێ
گومان له‌قۆرتی به‌رپێی خۆی ده‌كات
بۆشایییه‌كی زۆر له‌نێوان پێغه‌مبه‌ره‌كان هه‌یه
پێویسته با ببینم
لێی بپرسم له نێوانه‌كان به‌ره‌و چ چاره‌نووسێك ڕۆیوی
ده‌رگای چ ماڵێكی خانه‌دان نازی ڕاگرتی
ئه‌ستێره
ئه‌ستێره‌یه‌كم له‌سه‌ر باڵی حاجی له‌قله‌قی هه‌ولێر دانا
به‌ناو شاری جه‌نجاڵدا تێپه‌ڕیم و گه‌ڕامه‌وه
تاجه‌گوڵینه‌م له‌سه‌ر گۆڕی یه‌كه‌م شه‌هیدی
جه‌نگی سێیه‌می جیهان دانا
گه‌شتی سامناك كۆتایی هات
ئه‌مه ته‌نیا خه‌ونێك بوو
له‌به‌ره به‌یانێك بینیم و فڕیم بۆ سه‌رزه‌مینێكی ساكار
نیشانه‌ی پرسیار
پرسیار هه‌ڵگری ڕق و قینی خه‌په‌تۆڵه و توێتوێیه
ئای چه‌ند دره‌نگه خۆشه‌ویستیت بیرنه‌چێته‌وه
پێویسته له له‌بیرنه‌چوونه‌وه سه‌رچاوه‌ی شته‌كانم خۆش بوێ
كتوپڕ دڵنیا بووم و چوومه ناو خه‌ونه‌كان
بۆمبی جه‌نگی سێیه‌می جیهانی پووچه‌ڵ بووه‌وه
نیشانه‌ی سه‌رسووڕمان
سه‌رسووڕمان ناكۆكی نێوان نیشانه و گریانی ته‌واونه‌كراوی وشه‌كانه
تێكه‌ڵكردنی خوێن و چۆنیه‌تی برینداركردنه له‌ناو خۆت
چی له‌باره‌ی فریاكه‌وتنه‌وه ده‌زانی
ده‌چیته سه‌ر چیای ئاگاداركراوه و له‌ڕۆحدا ده‌مێنێته‌وه
ڕۆح له ئه‌سپی ڕه‌وهان خێراتر ده‌تگه‌یه‌نێته‌وه یه‌كه‌مین پێگه‌یشتن
تارای ڕاستیی و هه‌ڵه‌كان هه‌ڵده‌ده‌یته‌وه
كانوونی یه‌كه‌می 2020 هه‌ولێر
كاژه به‌ژن بڵنده‌كانی ڕۆژهه‌ڵات .. نه‌ژاد عزیز سورمێ
( ئێواره‌یه‌كی كانوون ،
به‌فر هێشتا
تارای هه‌تاوی فڕێ نه‌دابوو
كوو‌چه و شه‌قام ،
ڕه‌نگی سه‌حه‌ریان ده‌دا
به قه‌مسه‌ڵه‌یه‌كی چڵكن و
- شه‌وڕۆ – یه‌كی بن ڕۆیشتوو و
پشته‌كۆڵێك خه‌می نیشتمان ،
كه ئه‌وسا بۆمان
بنكه‌ی گه‌ردوون بوو
له ده‌رگام دا ..
یه‌كه‌مین جارم بوو
مانگ له زه‌وی ببینم
به ڕه‌ونه‌ق و هه‌ڵایسانێك
له ئاسمان پێی
ده‌رنه‌كه‌وتبێ .
من كه زه‌مانێك بوو
له شه‌و و ته‌نیایی ئه‌شكه‌وتان و
سه‌ركه‌شی شه‌ڕ ، چیدیم نه‌دیبوو
له ڕێی خه‌مباری وڵات‌دا ،
ئاشنای پارێكی دی نیشتمان بووم ،
قه‌ڵه‌مڕه‌وی چاوجوانان
كاژێكی تازه‌هه‌ڵچووی ڕۆژهه‌ڵات ..
وه‌ك وه‌ستانی
چه‌ند چركه‌یه‌كی هه‌ناسه‌دان
یا نووری له‌پڕی برووسكه
به ناو ڕاستیی و هه‌ڵه‌كاندا
له ئێواره‌یه‌كی كانوون دا
بۆنی خه‌ونێك ، یه‌كه‌م خه‌ون
ختووكه‌ی ئه‌فسووناوی
شه‌وی جه‌سته‌می سووتان
خه‌ونێك ، كه دوایی بوو به وه‌هم
به‌سه‌ر مه‌نفا و تاراوگانه‌وه
به شادی و حوزن به‌راورد نه‌كرێ ..)
به‌شێك له نامه‌یه‌ك
كه نه‌نێردرا
خه‌ونی یه‌كه‌م( گودیئا )
میری( له‌گه‌ش) بینی
میر هه‌ر ئه‌وسا خه‌ونی هاته دی
سه‌رڕه‌شه‌كان خۆیان تێدا بینیه‌وه
خه‌ونی من
ئێستاش كۆڵێكه به پشتمه‌وه
له وێستگه‌گه‌لێكی به‌ڕێكردنی ته‌مه‌ندا
به دار وبه‌ردی داداوم
به ڕووبارانی دا بردووم
له تۆقه‌لانانی هه‌ڵداشتووم ..
له‌و ساوه ده‌گه‌ڕێم
پێكێكی دره‌وشاوه
سه‌مایه‌كی زۆرباییانه‌ی
نیوه‌شه‌وانی سه‌هۆڵبه‌ندان
خۆم
نه‌بینیوه‌ته‌وه ،
له ژێر په‌ردووی ڕووخاو
كه هه‌ڵاوی گریان و
گۆرانیی ته‌واو نه‌كراوی لێ هه‌ڵده‌ستێ
هێللانه‌ی چۆل
كه شوێنه‌واری جریوه‌و ماچی
پاساری و چۆله‌كانی پێوه ماوه ..
په‌نای دیواری خوراو ،
هه‌واری چیله‌مێوان ، جێژوانی ساویلكان
هه‌رچی كۆڵیت و تاوڵ و
بنمیچی سواندان هه‌یه گه‌ڕام
خۆم نه‌دۆزییه‌وه ..
هاوئاوازێكی وێڵم له سنگایه
له ده‌می بوركان و
شینگێڕیی شه‌خته و
سپیلكی چیا
كه‌سی دی ناناسێ
زرنگانه‌وه‌ی
گوزه‌ره به ژاوه‌ژاوه‌كانی مسگه‌ران
به‌لادا هاتنی مه‌ستان
كه له ونگه‌ی ناوخۆیاندا
نه‌قشیان به‌ستووه
مۆسیقای با
وه‌ختێ ژنان
له جه‌نگه‌ی تاساندا
سه‌ری پێ ده‌كه‌ن ..
هاوئاوازی وێڵم ،
ئه‌فسانه‌یه‌كی نوێیه
پیتی جودایی و دابڕان
له شۆسته دێرینه‌كاند
هه‌ڵده‌گرێته‌وه
(سه‌كۆ) ی منیش
له ئێواره‌یه‌كی ساردی كانوون دا
تاجی شازادانی له‌سه‌ر نا
پاشان چه‌ند گه‌ڕام
چه‌ندی له‌به‌ر به‌فر و بارانێدا وه‌ستام
لێم بوو به مرواری
بنی ده‌ریا و ئۆقیانووسان ..
به چرای (دێوجین)
به گه‌شبینی عاریفانه‌وه
له چاوترووكانی ئه‌ستێران
ده‌ست ڕاوه‌شاندنی تاڤگان
خۆ هه‌ڵته‌كاندنی داران
ورد بوومه‌وه
وه‌ك گیای كوێستان
شه‌ونم دایپۆشیم
نه‌مدۆزییه‌وه ..
له‌و ساوه ،
له ده‌سپێكی هه‌ر ڕۆژێكی نوێ‌دا
سۆمای چاوم
له چاوه‌ڕوانی هه‌ڵاتنی ئه‌ودا لێڵ ده‌بێ ..
له‌و ساوه خه‌ون و مۆته‌كه‌م لێ
تێكه‌ڵ بووه ..
( كوا من ) ؟
له مێژووی ڕازاوه‌ی
سه‌رده‌مه ته‌وتمیه‌كان ..
كه به تریفه‌و پڕشنگ و
سه‌وزایم هه‌ڵچنی بوو ؟
كه‌چی
ڕۆژێ
جارێ
گوڵێكی نه‌گرت ..
شایی ئێواره‌دره‌نگانی
دۆمه ددان زێڕه‌كان
پزیسكی دووكه‌ڵكێشه‌كانیان
له زستانی هه‌میشه زستانماندا (سه‌كۆ) !
ئامێزم تێوه‌ردێنێ ..
له‌و ده‌مانه‌دا
هیچ چیایه‌ك
له ناخم بڵندتر نابینم
من له لووتكه‌م
له لووتكه‌م من
( كوا من ) ؟!
وه‌ك به‌ردێكی بێ ڕه‌گ
شێتانه به‌ره‌و خوار
به‌ره‌و دۆڵ و دڕاڵان هه‌ڵدێراوم
سه‌دای هاوارم
له دارستان و به‌نده‌نان
له‌گه‌ڵ ده‌نگی ئاژه‌ڵ و باڵداران
تێكده‌ئاڵێن ..
به‌یانییه‌كی بێگه‌رد
به ڕه‌وتی تاووسێكی باڵكراوه
به په‌یژه‌دا هاتی
سیمام له‌و ساته كورته‌دا
هه‌موو ڕه‌نگه‌كانی تیا كۆ بووه‌وه ..
چرپه‌یه‌كم بیست
شتێك بوو له بابه‌تی پرسیاری
وه‌ختی گه‌ڕانه‌وه‌م ..
زمانم گیرا
تا هاته‌وه گۆ ، تۆ تێپه‌ڕیبووی
لێ خه‌نده‌ی سیحراویم
له‌به‌ر چاو مابوو
به‌خۆم گوت :
نه‌ژاد ئارام به‌وه
ڕۆژ هه‌ر سپێده‌ی تێدا نییه
ئێواره‌شی هه‌یه
كاژه به‌ژن بڵنده‌كان له زه‌رده‌په‌ڕدا
باڵایان ده‌رده‌كه‌وێ
سه‌رچاوه زوڵاڵه‌كان
ئێواران جوانترن
ئێواره ،
دووبانكه و به‌رهه‌ڵانیش
ئاوه‌دان ده‌كاته‌وه ..
وتم
دان به خۆتدا بگره نه‌ژاد
تۆ له كوێ و
یارییه خه‌یاڵاویه‌كانی هه‌رزه‌یی له كوێ ؟
ئه‌دی لانه‌ی دڵ چی لێ ده‌كه‌ی
كه نیشتمانت لێ داناوه ؟
وه‌ك بڵێی عه‌شق
نیشتمانی تێدا نه‌بێ ..
گه‌ڕامه‌وه مناڵی :
ده‌ستم له كانیان ده‌گێڕا
ده‌نگی ورده چه‌و
له ده‌نگی ملوانكه ساده‌كه‌ی تۆ ده‌چوو
كه ڕۆژگاری ژه‌نگاوی
له گه‌ردنی داپچكوڕی
باڵ بگره !
ئه‌ی ئه‌و (خود)ـه‌ی
هێشتا خه‌تی دانه‌ناوه
باڵ بگره !
به خه‌نده‌یه‌ك
به چرپه‌یه‌ك
به چاو تروكاندنێك ، وه‌ختییه‌تی !
وه‌ختییه‌تی
له پشكووتنی چرۆیان بگه‌ی
له شه‌ونم ورد بییه‌وه و
ڕاپۆرتی هه‌وران بخوێنییه‌وه ..
باڵ بگره !
ڕێ له‌و ده‌رده خۆشه مه‌گره
با نیشانه‌كانی
یه‌ك به دوای یه‌ك ده‌ربكه‌ون .
چه‌ند ڕۆژگارمان له ده‌ست چوون ..
چه‌ندمان خه‌ون دیتن ..
چه‌ند هه‌ڵه‌تمان به ئاوی چۆكان بڕی
به چه‌ند تونێلاندا تێپه‌ڕین
( كوا من ) ؟
باران بوو
هێشتا ژه‌نگ
به ناوه جۆراوجۆره‌كانییه‌وه
وه‌ك مێرده‌زمه‌یه‌كی ناوه‌خت ،
وه‌رزێكی نامۆ ..
هێرشی نه‌هێنابوو
ئه‌وه‌ی چاوه‌ڕێمان ده‌كرد
كۆنه‌واری چۆل
به باڵای سایه‌ی
كاژه‌كانی یه‌كه‌م دیداره‌وه
له زامێكی دووبه‌ده‌ر ده‌چوو ..
به بیرم ماوه
وتت: ( به قوربانت بم .. ده‌به‌رت مرم )
وتم : خوا نه‌كا
به‌ڵام ترسم له‌وه‌یه
چیرۆكی ئێمه
وه‌ك زستانی نیشتمان
دوایی نه‌یێ .
ژه‌نگ
ژه‌نگ
ژه‌نگ
شایه‌دی زه‌ماوه‌ندی خه‌مبارمان
ده‌نگی زڕی بێده‌نگیمان
ژه‌نگ
ژه‌نگ
قرچه‌ی هاوین
سه‌هه‌ندی زستان
ئایكۆنی جودایی و دابڕان ..
ژه‌نگ ،
ژێی ئاوازی پساندین
گۆرانیی ته‌مه‌نمانی هه‌تیو خست
دارستانی كاژه هه‌ڵچووه‌كان
وه‌ك تووله‌ڕێی نێوانمان كوێر بووه‌وه .
ڕووه‌و باكوور
سه‌ریان پێ هه‌ڵگرتم ،
له گه‌راجێكی لابه‌لای (نه‌غه‌ده)دا
سواری هه‌ژده نه‌فه‌ریه‌كیان كردم
نازانم ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵم بوون
به‌ڵام من دڵم له‌گه‌ڵ خۆم نه‌برد
دڵم به‌جێهێشت ..
ئێستاش هه‌ر له‌وێیه ..
هیوایه‌كیان بۆ بینینه‌وه نه‌هێشت
وه‌ك قه‌له‌ڕه‌شێك به‌سه‌ر وێرانه‌دا
به‌یانیم ون كرد
تۆشم له‌گه‌ڵ به‌یانیدا ون كرد ..
له‌و ساوه
بێ به‌یانی ماومه‌ته‌وه
له‌و ساوه برینێكی قووڵ
كه‌وتووه‌ته جه‌سته‌ی ڕوئیاكانم..
له‌و ساوه ( سه‌كۆ )
تاقی ئاسۆی گۆشه‌گیرییم !
قولله‌ی بابل ،
باخچه هه‌ڵواسراوه‌كانی نه‌ما
پێم چێ نه‌كه‌ن
مه‌نفا نه‌ما پێم نه‌بینن
قاوه‌خانه نه‌ما
سه‌ری غه‌ریبی
به كورسییه شكاوه‌كانیدا نه‌كه‌م .
بیرت ده‌كه‌م
له سه‌رده‌مێك
ده‌ققه و سه‌عاتی بێ مه‌رگ تێناپه‌ڕێ
بیرت ده‌كه‌م
كه زستانێ ده‌ركه‌وتی و
زستانێ ئاوا بووی ..
چوومه به‌ر ئاستانه‌ی ( نیپۆر)
هاوارم برده پێش ( ئینلیل)
خوداوه‌ند (ئانۆ)
له مه‌ینه‌تی جودایی ئاگادار بكاته‌وه
قوربانیم نه‌برد
قوربانی بۆ ببه‌م
كه خۆم ساڵه‌های ساڵه قوربانیم ؟
ده‌كوژرێم و
وه‌ك ئاردی ناو دڕك
به گوند و شاران وه‌ر ده‌كرێم
پاشان له خۆڵه‌مێشی خۆمدا
بۆ مه‌رگێكی دی
تاراوگه‌یه‌كی دی
ژیانێكی پڕ حوزنی دی
زیندوو ده‌بمه‌وه .
ئه‌و به‌یانییه
كه پێمان گوت
(به‌یانییه‌كی ڕه‌ونه‌قدار)
كڵپه‌ی ئاگر له خه‌ونه‌كانماندا
له په‌نجه‌ره واڵاكانی ده‌روونمان
نێڵه نێڵی بوو ..
تا لێك دانه‌بڕاین
هه‌ستمان به چزووی سه‌رما نه‌كرد
له‌و كاته‌وه ڕوو له ده‌رگای خوا
ده‌پرسم
ئه‌وه چ به‌ڵایه‌كه
بۆ عه‌بدی خۆتت ناردووه خالیق!
له خاڵێكی بچووكی گه‌ردوون
ئه‌و هه‌موو خه‌ونانه‌ی پێ ببینی ؟
زۆرم پرسی
له لێزانان
له ژنه قه‌ره‌جه فاڵگره‌وه‌كان
له ده‌روێشه خه‌رقه پۆشه‌كان
وه‌ڵامێكیان پێ نه‌بوو .
شاڵاوی یاده‌ورییه‌كان
كه ته‌نیا به بێده‌نگی ده‌رده‌بڕێ
ڕێی قوتابخانه
كوو‌چه قه‌دبڕه چۆله‌كان
په‌یژه‌ی ماڵه‌وه‌تانم
كه به ڕه‌وتی تاووس پێیدا ده‌هاتی ..
هاوزێده‌كانتم لێره له گه‌رمێنێ
زۆر دیتن
نه زه‌رده‌خه‌نه
نه نیگا
نه باڵای تۆم
تیا دیتن
نه بۆنی سێبه‌ری سنه‌وبه‌رانیان
به بیر هێنامه‌وه .
خه‌یاڵت ده‌كه‌م
كۆمه‌ڵێك منداڵ ده‌وره‌یان داوی
تۆش به كۆمه‌ڵێك
ده‌سته‌خوشكی هاوخه‌مه‌وه
به كۆستی زه‌مانه ژاكاو
به‌ڵام به هه‌موویان
تاڵه قژێكی تۆ ناهێنن
كه به ڕووی شنه‌ی
زه‌رده‌په‌ڕدا سه‌ما ده‌كا ..
هیچم به ده‌سته‌وه نه‌ما
دوای هه‌موو ئه‌و
خه‌نه‌به‌ندان و زه‌ماوه‌ندانه‌ی
به هه‌ناسه و خوێنی ئێمه‌یان به‌رپا كرد
هیچم به ده‌سته‌وه نه‌ما
له چه‌ند قه‌سیده‌یه‌ك به‌ده‌ر
سپێده‌ده‌مان
كه هێشتا دونیا نووستوه
داری نۆستالیژیای پێ ده‌دێرم
شۆسته ته‌نیا و بێ خاوه‌نه‌كانی
پێ گه‌سك ئه‌ده‌م
پاشان ،
به‌پشتی شه‌كه‌تیان سه‌رده‌كه‌وم ..
له ڕێگه‌وبانه بێ ناو و نیشانه‌كان
بۆت گه‌ڕام
( كوا ئێمه) ؟
ئێمه له كوێین ؟
(كوا من)؟
كوا من تیشكی هه‌رده‌م دایساو !
كۆنه هه‌واری
خڵتانی وه‌جد و دره‌وشانه‌وه ؟
بیره‌وه‌ری ده‌نگ و ڕه‌نگ و بۆن ؟
كوا من ؟ ماچی نیوه‌چڵ ،
شیعری نه‌نووسراوم ؟
له‌وه‌ته‌ی تۆم ون كردووه
ژانی په‌یامبه‌ران ده‌چێژم
سه‌رابستان ڕامده‌كێشێ
ڕۆژانه به‌ردی سیزیفم به‌سه‌ردا ده‌كه‌وێته‌وه
قوڵنگم له ده‌ست ده‌په‌ڕێ
ئێستا بێستوون زۆر له جاران ڕه‌قتر بووه
كوا من
ئه‌ستێره‌ی دیتراو و نه‌دیتراوم ؟!
ئابی 2020
دوو شیعری عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)
بۆنی گوڵ و خوێنی شەقام .. عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)
ئێمە فێرین هەتا بۆنی گوڵێک دەکەین
دەیان دڵۆپە خوێنی سوور دەڕژێنینە سەر شەقام و
ناو کوچە و کۆڵانی برسی
ئێمە فێرین هەتا ماچی عەشقێک دەکەین
سەدەها جار دەکوژرێین و
دەئاخنرێینە کونجی زیندان
جەستەی ورەمان ورد دەکرێ زۆر بە قورسی
کوێمان هەیە ڕووی تێبکەین سەر شەقام و
ناو بازاڕ و بن سێبەری کتێبی سووری خەم نەبێ
چیمان هەیە لێی بترسین، لەدەستی دەین
چەوسانەوە و ستەم نەبێ
ئێمە دێین و مەرگی خۆمان
وەکو چەکی خەباتی سوور دەکەینە شان
بۆ سەرکەوتن لەم جەنگە چینایەتییەمان
دەبین بە روحی شوناس و بە زەردەخەنەی تێکۆشان
٣-١٢-٢٠٢٠
ئۆکسجین .. عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)
هەناسەیەکم بدەرێ ، بەقەرزیش بێت
با لەناو ئەم مەحشەرخانە چاو لێک نەنێم
لەختوو و خۆڕایی بوومە نێچیرێکی بێدەربەستی ئەو چەتانە
هەتا درەنگتر نەبووە ئازیزانم
خەمێ لە خۆتان و ماڵ و منداڵ بخۆن
دەنا دەبنە پارووی چەوری ئەو بیرڕەش و لەش کەتانە(*)
چ غەددارە سەرمایەدار چەند دڵ ساردە
ئەوەی بۆی جێی بایەخ نەبێ ژینی منە
ئای داخەکەم وا وردە وردە دەبینە خۆراکی مەرگ
چەندە سەختە لەم پێچە مێژووە تاریکە مەرگ هەیە
ئازار هەیە
ستەم هەیە
بەڵام بەهای ئینسان ونە.
(*)کەتە.. گەورە، زل
)
٢٠٢٠
لە سۆراخت .. شیعر/ کاوە عوسمان عومەر
جگە لە من
کێ شەوێکی ئەنگوستەچاو
لە کەنارە ،
کێ جەستەی..
وەک مەلی تەریو،،
بێ بلانەیە، بێ بڕیارە،،
کێ وەکو من،،
وشەی گوڵە..
بۆ ڕوخسارت،،
چاوی سۆمای ئەستێرەیە،
بۆ تاریکی شەوی تاڵت
کێ هێندەی من،
ڕەنگی زەردە..
بۆ شێوەی نامۆت،،
بۆ لێوی ئاڵت،،
کێ هێندەی من ..
لە کۆچایە ،،
بە دوای خۆری..
نێو چاوانت.
سزا .. ن: ئەحمەد شاملو .. و: هێمن ئەمانی
لێرە دا چوار زیندانە
بۆ هەر زیندان دووهێند داڵان
لە هەر داڵان چەند هێندە ژوور
لە هەر ژوورێک کۆمەڵێك پیاو پێ بەست کراو…
ئەلەم پێ بەست کراوانە، کەسێک،
ژنەکەی خۆی لە گەرمەی ڕەشی بوختانێک
بە زەوری خەنجەرێک کوشتووە.
کەسێک لەم پیاوە بەندیانە
بە گەرمای نیوەڕۆی هاوین، لەسەر کۆڵان،
ژەمە نانی کۆرپەکانی لە خوێنی نان فرۆشی چیڕی زێدە خواز
خەڵتاندووە.
لەمانە چەند کەسانێکیان
لە ڕۆژێکی تەریکی باراناویدا،
لەسەر ڕێگەی بەهرە خۆرێک دانیشتبوون.
کەسانێکیان، لە بێدەنگی کۆڵانێکا
بەسەر دیوارێکی کورت‌دا
بۆسەر سەربان بازیان دابوو.
کەس گەلێکیان، نیوە شەوان،
ددانی زێڕی تازە مردوویان، لە گۆڕستانەکان دەشکاند.
بەڵام من هیچ کەسم بە تاریکی و شەوی زریان نەکشتووە
من سەر ڕێگام لە هیچ پیاوێکی بەهرە خۆر نەگرتووە
بەڵام من نیوەکانی شەو
لە سەربانێک بۆ سەربانێک، هەنگاوێکم نەبزاوتووە.
لێرە دا چوار زیندانە
بۆ هەر زیندان دووهێند داڵان
لە هەر داڵان چەند هێندە ژوور
لە هەر ژوورێک کۆمەڵێك پیاو پێ بەست کراو…
ئەلەم پێ بەست کراوانە
کەسانێک هەن
جەستەی بێ گیانی ژنانیان خۆشتر دەوێ.
ئەلەم پێ بەست کراوانە
کەسانێک هەن
لە بیریاندا ژنێک هەر شەو
لە ترسی مەرگ، بە ناخی دڵ دەکا هاوار.
من ئەمما لە ژناندا هیچ نابینم
ئەگەر ئەم نیوەیەی کۆمەڵ نەبینم من لە پڕ، بێدەنگ.
بەڵام من
لەناو دڵی کوێستانانی خەیاڵی خۆم،
جگە لە زایەڵەی بەستووی ئەهوەندی بانگی ئەم سەوزە گیا کێویانە
کە شین دەبن و دەژاکێن و وشک هەڵدێن و دەوەرێن،
هیچ نابیستم.
من ئەگەر
ئەم کۆت و بەندە نەبووایە
لە کازیوەی بەیانێکدا، لەوانەیە
وەک تارمایی یادەوەریەکی دوور،
تێدەپەڕیم
بە پانتایی بێ بەرهەمی ئەم خاکە سارد و سڕە دا…
تاوان ئەمەیە!
ئەمەیە تاوان!
ن:ئەحمەد شاملو
وەرگێڕان: هێمن ئەمانی
پووكانه‌وه .. ستار ئه‌حمه‌د
له تاریكی مه‌دوێ
شه‌وه‌كان له بێزاربوونتا ده‌له‌رزن
روانگه‌ت ژوانگه‌كان به‌دڵ ده‌پێچێته‌وه
ژاڵه‌یه‌كی رۆخی لوتكه‌یه‌كی سیای
بیرۆكه‌ی عه‌شقێك په‌روه‌رده‌ی كردی
له به‌هاری دیمه‌نا
به‌سه‌ر شه‌ماڵدا هه‌ڵیانوه‌راندی
له گه‌رمه‌ی سه‌رچۆپی كۆڕاڵی فڕینا
كوێستانت جێهێڵا
ترێیه‌ك نه‌بووه گلێنه‌ت
گه‌ڵای سێوێك برۆی كچێنیتی نه‌ماڵی
بۆ له چركه‌ی یه‌كتر ژانێكا
به سمێڵی پیاوه‌تی ئه‌و ركێف كرایت
به ژه‌هری وته‌ی زه‌ردباوی
كۆمه‌ڵێك خولیا
تاڤگه‌یه‌ك سۆز
ده‌ریایه‌ك رێز
وڵاتێك سه‌ربه‌رزی
پایته‌ختێك له خۆزگه‌و
به‌هه‌شتێك ژوانگه‌ت كوێر كرده‌وه
تكات لێناكه‌م
له پاڵ سێبه‌ری شكاو ,
دره‌ختی كرمێ ,
لارێتی ته‌فره‌دا
چاوه‌كانت به پێڵووی برین دامه‌خه
تۆ دیووته
بۆشاییه‌ك له نزمی
بانێژه‌یه‌ك له خۆزگه
سه‌فه‌رێك له به‌دینه‌هاتن
له چرۆی ئه‌ستێره‌یه‌كا
چۆن ده‌خزێ بۆ لوتكه‌ی سینه‌ت ,
له تاریكستانی بۆچوونتا
بوونت بۆ چاره‌نووسی توانه‌وه‌ده‌برێ
ته‌مه‌نت به‌ره‌و گۆڕستانی پووكانه‌وه
گه‌ردنت ده‌گرێ
ستار ئه‌حمه‌د